لۆبیکردن چییە و بۆچی کوردستان پێویستی پێیە؟.. هێمن عەلی
وشەی «Lobbaus» کە لە زمانی فینلەندیدا بەکاردێت، هەمان چەمکی «Lobbying»ی ئینگلیزی دەگەیەنێت. بە واتایەکی سادە، لۆبیکردن هەوڵێکی ڕێکخراوکراوە بۆ کاریگەرکردن لەسەر بڕیاردەران، سیاسەتمەداران و یاسادانەران.
کۆمپانیاکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپە جیاوازەکانی دیکە دەتوانن لۆبی بکەن. ئامانجیان ئەوەیە بەرژەوەندی و داواکارییەکانی خۆیان بگەیەننە بڕیاردەران و کاریگەری لەسەر یاسا، سیاسەت و بڕیارە حکومییەکان دابنێن.
لۆبیکردن بەخۆی بەرتیلدان نییە. جیاوازییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە لۆبیکردنی یاسایی دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و شەفافیەتدا بێت، لەکاتێکدا بەرتیلدان بە پارە یان بەرژەوەندی تایبەت هەوڵی کڕینی بڕیار دەدات، نەک قەناعەتپێکردن.
لۆبیکردن لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا
لۆبیکردن لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا گرنگیێکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە حکومەتی هاوپەیمانی پێکدەهێنن.
لەم قۆناغەدا، پارتە سیاسییەکان خەریکی دانوستان و نووسینی بەرنامەی حکومەتی نوێن. لە هەمان کاتدا، سەندیکاکان، کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵ دەدەن داواکاری و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بگەیەننە ئەو کەسانەی کە بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکەن.
بۆ نموونە، ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزی دەتوانێت داوا بکات حکومەتی نوێ سیاسەتێکی توندتر بۆ پاراستنی ژینگە دابنێت. لە بەرامبەردا، کۆمپانیایەکی وزە دەتوانێت هەوڵ بدات سیاسەتێک پەسەند بکرێت کە کاریگەری دارایی کەمتری لەسەر کاروبارەکەی هەبێت.
واتە، گرووپە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن دەنگ و بۆچوونی خۆیان بگەیەننە شوێنی بڕیاردان، بۆ ئەوەی بەرنامەی حکومەتی نوێ بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو بگرێت.
لۆبیکردن لە جیهاندا
لە زۆر وڵاتی دیموکراسیدا لۆبیکردن بەشێکی ئاسایی لە ژیانی سیاسی و ئابووریدایە. لە ناوەندە سیاسییە گەورەکان، وەک واشنتن و برۆکسل، کۆمپانیا، ڕێکخراو و پسپۆڕانی تایبەت بە لۆبیکردنەوە کاردەکەن.
بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەگەر ئەم کاریگەرکردنە بە نهێنی و بەبێ چاودێری ئەنجام بدرێت، سنووری نێوان لۆبیکردن و گەندەڵی لاواز دەبێت.
بۆیە لە ژمارەیەک وڵات و دامەزراوەی دیموکراسیدا یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ زیادکردنی شەفافیەت هەیە. مەبەست لەوەیە هاووڵاتیان بتوانن بزانن کێ هەوڵی کاریگەرکردن لەسەر بڕیاردەران دەدات و نوێنەرایەتی چ بەرژەوەندییەک دەکات.
فینلەندا؛ نموونەیەک بۆ شەفافیەت
لە فینلەندا لۆبیکردن، یان «Lobbaus»، بەشێکی ناسراوی پرۆسەی بڕیاردانە. سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی خاوەنکاران، کۆمپانیاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پسپۆڕان هەوڵ دەدەن بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان بگەیەننە بڕیاردەران.
لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا، کە بە فینلەندی پێی دەوترێت «Hallitusneuvottelut»، نوێنەرانی گرووپ و ڕێکخراوە جیاوازەکان دەتوانن زانیاری و بۆچوونی پسپۆڕانەی خۆیان بگەیەننە ئەو لایەنانەی بەرنامەی حکومەت دادەڕێژن.
فینلەندا بۆ زیادکردنی شەفافیەت، لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە سیستەمی «Avoimuusrekisteri»، واتە تۆماری شەفافیەت، جێبەجێ کرد. ئامانجی ئەم سیستەمە ئەوەیە کاریگەرکردن لەسەر پەرلەمان و وەزارەتەکان زیاتر بخرێتە بەرچاوی گشتی، تاکو خەڵک بتوانن زانیاری زیاتر لەسەر چالاکییەکانی لۆبیکردن بەدەستبهێنن.
ئایا کوردستان پێویستی بە لۆبیکردنی یاسایی هەیە؟
لە هەرێمی کوردستاندا کاریگەرکردن لەسەر بڕیارە سیاسی و ئیدارییەکان بابەتێکی نوێ نییە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەشێک لەم کاریگەرکردنە لە ڕێگەی پەیوەندیی کەسی، حزبی، خێڵەکی، «واستە» و مەحسوبیەتەوە ئەنجام دەدرێت، نەک لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ڕوون و ئاشکرا.
ئەگەر کاریگەرکردن لەسەر بڕیارەکان لە پشت دەرگای داخراوەوە بێت، ئەوا هاووڵاتی نازانێت کێ لەسەر بڕیارێک کاریگەری داناوە و بۆ بەرژەوەندیی کێ.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: بۆچی ئەم کاریگەرکردنە نەخرێتە چوارچێوەیەکی یاسایی و شەفافەوە؟
ئەگەر لۆبیکردن بە یاسا ڕێکبخرێت، ئەوا:
• هاووڵاتیان دەتوانن بزانن کێ لەگەڵ بڕیاردەران دانیشتووە و چ داواکارییەکی هەیە،
• کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان ڕێگەیەکی ڕوونیان دەبێت بۆ گەیاندنی بۆچوونیان، بەبێ پێویستی بە پەیوەندی کەسی یان حزبی،
• سنووری نێوان کاریگەرکردنی یاسایی و گەندەڵی ڕوونتر دەبێتەوە.
بەم شێوەیە، خستنەڕووی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ لۆبیکردن دەتوانێت هەنگاوێک بێت بەرەو زیادکردنی متمانەی گشتی بە پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستاندا.
لۆبیکردنی یاسایی: هەنگاوێک بۆ ڕاستکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی
لۆبیکردن خۆی نە باشە و نە خراپ؛ چۆنیەتی ڕێکخستن و بەکارهێنانی دیاری دەکات کە ببێتە ئامرازێک بۆ دیموکراسی یان دەرگایەک بۆ گەندەڵی.
ئەگەر لۆبیکردن بە نهێنی، بەبێ یاسا و بەبێ چاودێری ئەنجام بدرێت، مەترسی هەیە ببێتە بەشێک لە گەندەڵی و نادادپەروەری. بەڵام ئەگەر بە یاسا ڕێکبخرێت و شەفاف بێت، دەتوانێت ببێتە ڕێگایەک بۆ بەشداریی زیاتر، بڕیاردانی باشتر و حوکمڕانیی دیموکراتیکتر.
بۆ کوردستان، هەنگاوی گرنگ ئەوەیە کە لە کەلتووری «کێ دەناسیت؟» بگوازرێتەوە بۆ سیستەمێک کە پرسیار بکات: «نوێنەرایەتی کێ دەکەیت، چی داوا دەکەیت و بۆچی؟»
ئەم گۆڕانە تەنها گۆڕینی وشەی «واستە» بە «لۆبیکردن» نییە؛ بەڵکو گۆڕانێکە لە شێوازی حوکمڕانی.