کوشتنی ژن، کوشتنی کۆمەڵگایە.. ئەحمەد کامەران
لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی،سەرەتا سەری ڕێز و نەوازشت بۆ قارەمانێتیەکەیان دەنوێنم.
ژینا توانی بە ئازایەتی و بوێری خۆی ببێتە پێشەنگی هەموو ژنانی چەوساوەی نێو کۆمەڵگای پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا. تەنیا دەنگێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شۆڕشگێڕێکی چاونەترسی ئازادی خواز بوو، توانی لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی چەندین ساڵەی وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران ، کە تێیدا دەستی سورە بە کوشتنی هەزاران ژنی ئازادیخواز بە چەندین هۆکاری جیاوازەوە. بەڵام ژینا دەنگی ناڕەزایەتی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەکو ڕەشەبایەک گەیاند بە گوێی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری ئاینی دا. ئەگەرچی دەسەڵات ویستی لەڕێگای کوشتنی ژیناوە، دەنگی ئازادی ژنان بەتەواوەتی سەرکوت بکات. بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، داجار شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بوو بە وەچەرخان و ڕێبازێکی نوێی شۆڕشی ژن، ژیان،ئازادی.
دواجار سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە تەنیا لەسنورێکی دیاری کراودا قەتیس نەکرایەوە، هەرزوو بە بوێری ژنانی ئازاد توانی سنورەکان بشکێنێت و هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهانی بەخۆیەوە تەنی. لەئێستادا هەمووژنان بەیەک دەنگ و یەک ئامانج خەبات بۆ شۆڕشی پیرۆزی ژن ، ژیان ، ئازادی دەکەن.
جێگای باسە ئەم شۆڕشە هزریە، تەنیا پەیوەست نەکراوە بە ئازادی ژنان، بەڵکو پیاوانیش دەبێت شان بەشانی ژنانی ئازادیخواز ڕۆڵی گرنگی خۆیان تێدا بگێڕن، لە ڕێگای ئازادکردنی هزر و بۆچونەکانیان لەبارەی بچوک بینینی ژنان لەنێو کۆمەڵگادا و سەپاندنی دەسەڵات و هێزی خۆیان بەسەر هەموو مافەکانی ژنان. پێویستە پیاوان چیتر دەسەڵاتی پیاوسالاری لەخۆیاندا نەبینن، بەڵکو هەوڵی کوشتنی ئەو دەسەڵاتە کۆنەپارێزییە لەهزریان بدەن، خۆیان بە یەکجاری ئازاد بکەن. پیاو سالاری بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتداریدا بۆتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ نایەکسانی کۆمەڵایەتی و تێکدانی تەواوی ئاراستەی کۆمەڵگا. کۆتایی هێنان بە هزری پیاوسالاری، واتە کۆتایی هێنانە بە کوشتنی تەواوەتی ژنان.
بە کوشتنی یەک ژن لە کۆمەڵگادا ، بەواتای کوشتنی کۆمەڵگایەک دێت. چونکە دواجار ژن خاوەن پێگەیەکی گرنگی کۆمەڵگایە، کاتێک تۆی پیاو هەوڵی کوشتنی ژنێک دەدەی کەواتە تۆ هەستای بە ئازاردانی گرنگترین بەشی کۆمەڵگای مڕۆڤایەتی. دەبێت ئەو پیاوانەی دەستیان بە خوێنی ژن سورە، دادگا قورسترین سزا بەسەریاندا بسەپێنرێت، ببن بە پەندێک بۆ پیاوانی دیکە، چیتر بوێری ئەوەیان نەبێت پەنجە بۆ ژنێک درێژ بکەن. جێگای داخە دەبینین ئەو یاسایانەی دانراون زۆربەیان لە بەرژەوەندی پیاودایە، تەنانەت لەلایەن پیاوانەوە یاساکان نووسراون. پیاوێک بە هۆکاری ناموس ژن و خوشکی خۆی دەکوژێت. ماوەیەک زیندانی دەکرێت،کەچی پاش ماوەیەکی دیکە دەبینین بە هۆکاری پاکردنەوەی ناموس لەلایەن دادوەر ئازادی دەکرێت.
لە کۆتایی دا دەڵێم؛ سەردەم سەردەمی ژنە ئیتر، سەرکەوتن بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. بڕووخێت دەسەڵاتی کۆنەپارێزی و چەوسانەوەی ژنان. ڕووحی هەموو ژنانی ئازادیخواز شاد و ئاسودە بێت.
ئەحمەد کامەران
نووسەر و ڕۆژنامەنووس