بەربەستە عەقڵییەکان و لایەنگرییە مەعریفییەکان: کاتێک مێشک ڕێگری لە خۆی دەکات.. نووسینی: کارزان عزیز
مێشکی مرۆڤ هەمیشە وەک ئاشناترین و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزترین پەناگەی بڕیاردان ناسراوە، وا باوە کە دەتوانێت ملیۆنان کردار و لێکدانەوەی خێرا لە چرکەیەکدا ئەنجام بدات، کە ئەمەش بە دڵنیاییەوە لە خێرایی و توانای پێشکەوتووترین کۆمپیوتەری سەردەمیش تێپەڕ دەبێت. بەڵام ئەم خێرایی و پێشکەوتنە مێشک بێگەرد ناکات لە کەموکوڕی و هەڵەی سروشتی، بەو پێیەی سیستمی دەماریی مرۆڤ بۆ ئەوە دیاری نەکراوە کە هەمیشە لە ڕوانگەی لۆژیکی پەتبووەوە شیکاری بۆ ڕووداوەکان بکات، بەڵکو لە پێناوی پاراستنی وزە و ڕزگاربوون لە ماندووبوونی بەردەوام، مێشک هەمیشە پەنا بۆ کورتەبڕی هزری دەبات. ئەم کورتەبڕانەش لە زۆربەی کاتەکاندا دەبنە هۆی دروستبوونی لادان و هەڵەی کوشندە لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی ژیاندا، کە مرۆڤ بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات، دەکەوێتە ناو بازنەیەک لە بڕیاری نالۆژیکییەوە.
پێش ئەوەی قووڵتر بچینە ناو ناساندنی ئەم لایەنگرییە مەعریفییانە، پێویستە لە ڕووی زانستی و زاراوەناسییەوە جیاوازیمان هەبێت لە نێوان دوو چەمکی جیاواز کە زۆر جار لەلایەن خوێنەرانەوە تێکەڵ دەکرێن؛ یەکەمیان بەهەڵەبردنی لۆژیکی کە بریتییە لە جۆرێک لە هەڵە یان فێڵکردن لە شێوازی بەڵگەهێنانەوەدا کە وا دەکات بابەتێک لە ڕواڵەتدا بە ڕاست و پتەو دەربکەوێت لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا پووچ و هەڵەیە. دووەمیان لایەنگری مەعریفییە کە پێکهاتەیەکی قووڵترە و بریتییە لە تێکچوون و کەموکوڕییەکی ڕاستەقینە و ناوەکی لە پڕۆسەی بڕیارداندا، کە بەهۆی کێشەکانی بیرگە، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، شیکارییە هەژمارییە هەڵەکان، یان دروستکردنی هەستێکی درۆینە بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو دروست دەبێت. هەندێک لە زاناکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی پێیان وایە کە دەشێ ئەم لایەنگرییانە لە کاتی مەترسیدا وەک میکانیزمێکی خێرا بۆ مانەوە کار بکەن، بەڵام لە ژیانی هاوچەرخدا زۆر جار بەرەو هەڵەی گەورەمان دەبەن.
دیارترین ئەم لایەنگرییە مەعریفییانە کە مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەیدا و بێئاگایانە دەکەوێتە ناو تەڵەیانەوە، فرەوان و هەمەجۆرن؛ لەوانە لایەنگریی پشتڕاستکردنەوە کە تێیدا مرۆڤ لە ڕووی دەروونییەوە حەز دەکات هەمیشە هاوڕای ئەو کەسانە بێت کە هەمان جیهانبینی و باوەڕی ئەویان هەیە. مرۆڤ بە شێوەیەکی نائاگایی حەز دەکات تەنها سەردانی ئەو دەزگا و پلاتفۆرمانە بکات کە کۆکن لەگەڵ هزریدا، و بە شێوەیەکی بەرنامەبۆکراو خۆی لەو دەزگایانە دەدزێتەوە که دژی تێڕوانینەکانیانن. سکینەر ئەمە بە ناتەبایی مەعریفی دەناسێنێت و پێی وایە مرۆڤ هان دەدات بۆ پەنابردنە بەر ئەو بۆچوونانەی کە لەگەڵ ڕای پێشینەیدا گونجاون، تەنانەت ئەگەر ڕای دژبەر ڕاستیش بێت. لە سەردەمی ئەمڕۆدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەڵگۆریتمەکان ئەم دیاردەیەیان زۆر زیاتر قووڵ کردووەتەوە.
لە پاڵ ئەمەشدا، لایەنگری کۆمەڵەی ناوەکی وەک مەیلێکی خێڵەکی سروشتی و زگماکی دەردەکەوێت بۆ لایەنگریکردنی بێمرجانەی ئەو کەس و گروپەی کە مرۆڤ خۆی تێیدا ئەندامە، چ لە ئاستی خێزان، گروپ، یان نەتەوە و پارتدا. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم لایەنگرییە بەستراوە بە هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسینەوە کە ناسراوە بە تەنۆلکەی خۆشەویستی، و کاریگەرییەکی دووانەیی هەیە؛ واتە لە لایەکەوە متمانە و هاوسۆزی لەناو گروپەکەدا دروست دەکات، و لە لایەکی ترەوە دەبێتە هۆی گومان و بێمتمانەیی توند بەرانبەر بە بێگانەکان و کەسانی دەرەوەی کۆمەڵەکە، کە ئەمەش دەرەنجام دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای گروپی خۆی بە بێ بنەما و سووکایەتیکردن بە ئەوانی تر.
هەروەها بەهەڵەبردنی قومارچی یەکێکی ترە لەو کەموکوڕییە هزرییانەی کە تێیدا مرۆڤ پشت بە ڕووداوەکانی ڕابردوو دەبەستێت بۆ پێشبینیکردنی داهاتوو لەو بارودۆخانەی کە لە بنەڕەتدا سەربەخۆن. بۆ نموونە، کاتێک دراوێکی کانزایی چەند جارێک هەڵدەدەیت و هەمیشە لایەکی دێتەوە، مێشک وا بیر دەکاتەوە کە لە جاری داهاتوودا مەرجە لایەکەی تری بێت، لە کاتێکدا زانستی ئەگەرەکان سەلماندوویەتی کە هەر هەڵدانێک ڕووداوێکی سەربەخۆیە و پێشینەکەی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نییە. ئەم هەڵە دەروونییە هۆکاری سەرەکیی ئالوودەبوونە بە قومار و باوەڕهێنان بەوەی بەخت هەمیشە لە بەرژەوەندیی ئەودا دەشکێتەوە. هاوکات بیانووی پاش کڕین میکانیزمێکی دەروونییە کە تێیدا مرۆڤ کاتێک شتێکی گرانبەها یان بێکەڵک دەکڕێت، بۆ ئەوەی دان بە هەڵەی بڕیارەکەی خۆیدا نەنێت، پاساو و لۆژیکی ساختە بۆ کڕینەکەی دەهێنیتەوە تاوەکو هاوسەنگیی دەروونیی خود بپارێزێت و لە سەرزەنشتی خود دوور بکەوێتەوە، کە دەروونناسان ئەمە بە نەخۆشیی ستۆکهۆڵمی کڕین نادەن.
لە لایەکی ترەوە، پشتگوێخستنی ڕێژەی ئەگەر وای لێ دەکات کە مرۆڤ ترسی زێدەڕۆی هەبێت لەو شتانەی کە مەترسییەکی کەمیان هەیە، وەک ترسان لە فڕۆکە، لە کاتێکدا مەترسییە گەورە و کوشندەکان وەک ڕووداوی هاتوچۆی ئۆتۆمۆبیل کە ساڵانە ملیۆنان قوربانی هەیە پشتگوێ بخات، کە کاس سەنستاین ئەم دیاردەیە بە فەرامۆشکردنی ئەگەرەکان ناو دەبات و دەڵێت مرۆڤ لەو شتانە دەترسێت کە تەنها لە ڕووی دەروونییەوە قورس دیارن نەک لە ڕووی ئاماریی ڕاستەقینەوە. لە هەمانبەردا، لایەنگری هەڵبژاردەی چاودێریکراو وای لێ دەکات کە مرۆڤ هەست بە زۆربوونی لەمڕادید لە شتێک بکات کە تازە سەرنجی ڕاکێشاوە، وەک کڕینی ئۆتۆمۆبیلێکی نوێ کە وای لێ دەکات وا هەست بکات شەقامەکان پڕ بوون لەو جۆرە، لە کاتێکدا ژمارەیان نەگۆڕاوە و تەنها مێشکی مرۆڤەکە ئێستا زیاتر تیشکی خستووەتەسەر.
سەبارەت بە لایەنگری دۆخی ئێستە، ئەمە ترسێکی قووڵە لە گۆڕانکاری و پەسندکردنی هێشتنەوەی بارودۆخەکە بە شێوەی ئێستەی خۆی بە بێ گوێدانە پێویستیی ڕاستەقینە بە چاکسازی، کە لە سیاسەت و ئابووریدا زۆر باوە و وەک بەربەستێک لەبەردەم پەرەسەندنەکاندا دەوەستێت. هەروەها لایەنگری هەنووکە دژواریی تێڕامانە لە ئایندە و تەنها تەرخانکردنی هەموو سەرنجەکان بۆ چێژ و بڕیارەکانی ساتی ئێستا، کە دەبێتە هۆی نائارامیی ئابووری و دوورکەوتنەوە لە پاشەکەوتکردن یان پابەندبوون بە نەخشەی تەندروستیی درێژخایەنەوە.
لە کۆتاییی ئەم زنجیرە بەربەستانەدا، لایەنگری بیرکردنەوەی نەرێنی وای لێ دەکات کە مێشکی مرۆڤ هەمیشە بایەخێکی قووڵتر بە هەواڵ و ڕووداوە خراپەکان بدات بەراورد بە لایەنە ئەرێنییەکان، وەک ئەوەی ستیڤن پینکەر ئاماژەی پێ دەکات کە سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی توندوتیژی لە جیهاندا، خەڵک هێشتا باوەڕیان وایە جیهان بەرەو دۆزەخ دەچێت. لە تەنیشت ئەمەشەوە، کاریگەری مێگەل وا دەکات تاک سەربەخۆییی هزریی خۆی لەدەست بدات و شوێن تەوژمی گشتی بکەوێت بە بێ بوونی بەڵگەی لۆژیکی، کە ئەمەش فاکتەری لاوازیی ڕاپرسییەکانە. هەروەها لایەنگری خستنەپاڵ وای لێ دەکات کە مرۆڤ بیرکردنەوە و ترسی خۆی بخاتە پاڵ دەوروبەری بەو پێیەی هەمووان هەمان شت بیر دەکەنەوە (لایەنگری کۆدەنگی ساختە). دواجار، کاریگەری لەنگەرگرتن بەراوردکردنی شتەکانە تەنها لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە سەرەتایییەی کە لەبەردەستیدایە، وەک بەکارهێنانی نرخی بەرز و داشکاندنی ساختە لە فرۆشگاکاندا بۆ خەڵەتاندنی مێشکی کڕیار.
ئەم لایەنگرییە مەعریفییانە هەموویان پێکەوە نەخشەیەکی ڕوون لە کەموکوڕییەکانی بیری مرۆڤ نیشان دەەن، و تێگەیشتن و ناسینی قووڵی ئەم بەربەستانە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هۆشیارانەتر و لەسەر بنەمای لۆژیکێکی پتەو بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووسمان بدەین.
سەرچاوە
https://gizmodo.com/the-12-cognitive-biases-that-prevent-you-from-being-rat-5974468
https://arabatheistbroadcasting.com/essay/042730253484