تێڕامانە یاساییەکانم.. دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد

تێڕامانی یەکەم

پەیامی قوربانییەک بۆ مێژوو

من لێرەوە لە ناو کڕنۆشی غەریبانەی ئەم تاریکییە دا، کە تەنها هاودەمم تیشکی کزی مانگ و بێدەنگیی شەوە، هێمنانە دڵۆپە کانییەکانی ناخم ئاڕاستەی ویژدانی مێژوو دەکەم. پێم دەڵێی: تۆ لە یاسای نوسراوی ئێمە لاداوە. بەڵام من لە سۆمای ئەستێرەکان دەڕوانم و دەپرسم: چۆن دەکرێت پێنووسێکی دارینی فانی سنوور بۆ ڕۆحێک بکێشێت کە لە حەقیقەتێکی گەردوونی و لە نەفخەیەکی خوداییەوە لەدایکبووە؟
چەند پەژارەیەکی قووڵە کاتێک دەبینم ئەو دەقانەی کە دەبوو ببنە سایە و سێبەرێک بۆ ڕۆحی ماندووی مرۆڤەکان، دەبنە پەردەیەکی پۆڵایین بۆ شاردنەوەی بێبەزەییی دڵی ستەمکاران. ئەوان لە پشتی دێڕە ساردەکانەوە بە ناوی دادپەروەرییەوە حەشارگە بۆ خۆیان ڕێک دەخەن و باڵی فڕین دەشکێنن و بە ناوی پاراستنی ڕێساکانەوە، گۆرانی لەسەر لێوی ئازادیخوازان دەتۆرێنن. یاساکانی ئەوان وەک تۆڕێکی لاواز وایە تەنها پەپوولە ناسکەکان دەگرێت، لە کاتێکدا دڕندەکانی شەو بە ئازادی لەسەر زەوی دەگەڕێن.
بەڵام با دڵە تاریکەکان بزانن، مێژوو بە مەرەکەبی ئەوان خولگەی خۆی تەواو ناکات. حەسرەتێکی بچووک کە لە ناخی بێدەنگاندا دەچەکەرێ، لای خودای ئەوین قورسترە لە هەموو ئەو کتێبە ئەستوورانەی کە ئەوان ڕەوایەتیی بە زەبروزەنگی خۆیانی پێ دەدەن. ڕۆحی مرۆڤ لە ڕەگەزی نەمرییە، وەک باران و با وایە، ڕەنگە بۆ ماوەیەک لە قەفەسی دەقەکاندا گیری بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێت بە ئازادی ببارێت. یاسای ڕاستەقینە تەنها یاسای لێبوردن، جوانی و ئەوینە، و هەر سێبەرێک لە دەرەوەی ئەمە بێت، لە بەردەم تیشکی گزنگی حەقیقەتدا وەک بەفر دەتوێتەوە.

تێڕامانی دووەم
فەلسەفەی یاسا لەنێوان هەق و دەق

کاتێک لە مێژووی فەلسەفەی یاسادا لەپەیوەندی نێوان چەمکی هەق و دەق دەکۆڵینەوە، ڕووبەڕووی ململانێیەکی قووڵی پێکهاتەیی دەبینەوە کە تێیدا یاسا لە ئامرازێکی ڕێکخستنەوە دەگۆڕێت بۆ بونیادێکی دەسەڵاتخوازی توند. هەق لە کرۆکی خۆیدا چەمکێکی ئەزەلی بابەتی و پێشوەختەیە کە هۆشیاریی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان پێی گەیشتووە. لە بەرامبەردا دەقی یاسایی وەک بەرهەمێکی دەستکردی مرۆڤ دەردەکەوێت، کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی و یاساییەوە کێشراوە بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی فەرمی بەسەر واقیعی کۆمەڵایەتیدا بسەپێنێت. مەترسییە گەورەکە لە کایەی فقهی و ئەکادیمیدا کاتێک سەرهەڵدەدات کە دەقی نووسراو، پیرۆزییەکی ڕەهای پێدەبەخشرێت و دەبێتە تاکە سەرچاوەی شەرعییەت. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی فۆرمێک لە نامۆبوونی یاسایی کە تێیدا مرۆڤی سادە چیتر لە ناو کایە فەرمییەکاندا وەک خاوەن مافێکی سروشتی نابینرێت، بەڵکو کورت دەکرێتەوە بۆ خودێکی یاسایی کە پێویستە لەگەڵ مەرجە ڕووکەشییەکانی دەقەکەدا بگونجێت. زۆرجار بونیادی یاسا مرۆڤکردەکان بە جۆرێک دادەڕژێن کە لە بری پیادەکردنی کرۆکی دادپەروەریی، تەنها پارێزگاری لە سەقامگیریی پێکهاتەی دەسەڵات و بەرژەوەندیی چینە باڵادەستەکان دەکەن. دادپەروەریی ڕاستەقینە کاتێک لە ناو دەقە وشکەکاندا دەمرێت کە دامەزراوەی دادوەری تەنها لێکدانەوەی لۆژیکی و دەقاودەق بۆ یاسا بنەڕەتییەکان دەکات، بێ ئەوەی ڕەهەندە ئەخلاقی و مرۆییەکانی پشت یاساکە لەبەرچاو بگرێت. بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە پێویستە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ مێژووی یاسادانان بکرێت، بە جۆرێک کە چەمکی هەق لە ژێر هەژموونی قۆرخکاریی دەق ڕزگار بکرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ پێگەی بنەڕەتی خۆی وەک بەهایەکی باڵای بوون کە لەسەروو دادگاکانەوە بن.

دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد