میدیای کۆیلە و کایەی سیاسی؛ بۆچی لە کوردستاندا ئازادی بوونی نییە؟.. نووسینی: کارزان عزیز

کاتێک چاوێک بە مێژووی هزری و دۆخی گشتگیر و ئاڵۆزی کۆمەڵگاکانی ژێر دەسەڵاتی ناتەواو و ستەمکاردا دخشێنین، لەبەردەم پرسیارێکی قووڵ و فەلسەفیدا دەبینینەوە کە ئایا بەڕاستی ئازادی دیاردەیەکی سروشتییە کە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا هاتووە و لەگەڵیدا گەشە دەکات، یان تەنها مۆڵەت و ڕێگەپێدانێکی کاتی و ڕووکەشە کە دەسەڵاتداران بە گوێرەی قەبارەی بەرژەوەندی و کاتی خۆیان دەیبەخشن و هەر کاتێکیش پێویست بکات و هەست بە مەترسی بکەن لێمان دەسەننەوە، چونکە ئازادیی ڕادەربڕین لە بنەڕەتدا تەنها ئامرازێک نییە بۆ خۆدەرخستن و درووشمدانی هەڵواسراو، بەڵکو پێوەرێکی ڕه‌هایە بۆ تێگەیشتن، و تێگەیشتن لە ئازادیی ئەوی ترە کە مرۆڤ لەو تەوق و زنجیرە مێژووییانەی کە خۆی دەیانکاتە ملی کەسانی تریش، بە تەواوی ئازاد دەکات، بەڵام کێشەی سەرەکی و وێرانکەری ئێمە لێرەدا لە ناوەڕۆکی ڕووپۆشکراوی تێکستەکاندا نییە، بەڵکو لەو بناغە کۆمەڵایەتی و فیکرییە نەخۆشەدایە کە تێکستەکەی لەسەر هەڵچنراوە، چونکە هەتا بینای کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای ستەم، قۆرخکاری و ململانێی حزبی بنیاد بنرێت، هەموو دەربڕین و نوسینێک تەنها ڕەنگدانەوەیەک دەبێت لەو فەزایەی کە دەسەڵات بۆی کێشاویەتی و تێیدا دەسووڕێتەوە، لە بەرامبەردا شتەکان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان لە کاتی گەرمەی قەیرانە گەورەکاندا دەردەخەن و لە ژینگەی ئێمەدا کە بێ سیستەمێکی دیموکراسیی ڕاستەقینەیە، ئازادیی ڕادەربڕین هیچ بوونی مادیی نییە و تەنها دەبێتە ڕای ڕێگەپێدراو واتە ئەو ڕادەیەی کە دەسەڵات خۆی پێی خۆشە و ڕێگەی پێدەدات و قەت ئازادییەکی خاوەن بڕیار نییە، لە کاتێکدا دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەمیشە پێویستیان بە جۆرێک لە دەنگی ناڕەزایی هەیە وەک سێفتی ڤالڤ و ئەمەش لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی فێلبازانەوە دەکرێت وەک زوخاودانەوە و خۆبەتاڵکردنەوەی جەماوەر لەسەر جنێو و هێرشی سەرپێیی کە هیچ زیانێک بە پایەکانی دەسەڵات ناگەیەنێت، لەگەڵ دامەزراندنی میدیایەک کە بەحساب ئازادە بەڵام لەژێر باڵی دەسەڵاتدایە بۆ بەخشینی سیمایەکی فێلبازانەی دیموکراتی و دابینکردنی هێڵە سوورەکان کە ڕێگە بە ڕەخنە دەدات تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەسەڵات نەتەقێنێتەوە و ئەگەر لەو سنوورە تێپەڕی ئەوا بە توندوتیژی یان کڕین و بەلاڕێدابردنەوە لەناودەبرێت، چونکە کاتێک ڕووداوی دڵتەزێن وەک لەناوبردنی ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان ڕوو دەدەن، کێشەکە تەنها تاوانی چەند کەسێکی جێبەجێکار نییە، بەڵکو تاوانی سیستەمێکی زۆردارییە کە کۆمەڵگا لە ڕێگەی بێدەنگی و ملکەچییەوە بەخێوی کردووە و لە سێبەری ئەو یاسا قورسانەدا کە دەڵێت ئەوەی من نەتدەمێ ناتبی بیخۆیت، مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی خۆی، بە شێوازێک کە پارتە سیاسییەکان وەک دوو بەرداشی دستاڕ نەک تەنها مرۆڤ، بەڵکو موراڵی سیاسیشیان لەناوبردووە و لایەنگری حزبی تەنها یەک پرسیار لە هەر ڕووداوێک دەکات کە ئایا ئەمە لە بەرژەوەندیی حزبی مندایە یان دژە، و ئەمەش واتای تەواوی نەبوونی کایەی زانیاریی سەربەخۆیە، و لەم پانتاییە چەقبەستووەدا کە مێژوویەکی تاڵ لە ملکەچی و بێدەنگی بەرهەمی هێناوە، تاکەکەس دەبێتە کەرەستەیەکی بێگیان لە دەستی ئارەزووە حزبییەکاندا و متمانە بە هەموو بنەمایەکی مەدەنی دەفەوتێت، چونکە کاتێک بنەمای بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای ترس و سەپاندنی ئیرادەی هێز دەبێت، مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە دەست دەدات و فێیر دەبێت کە چۆن لە سایەی ستەمدا بژێت بێ ئەوەی هەوڵی گۆڕانکاری بدات، و ئەمەش قووڵترین قەیرانی دەروونی و فیکری دروست دەکات کە تێیدا کۆمەڵگا خۆی دەبێتە پاسەوانی ئەو سیستەمەی کە ستەمی لێ دەکات و دژایەتی هەر دەنگێکی ئازاد دەکات کە هەوڵی بیدارکردنەوەی بدات، بۆیە بۆ دەربازبوون لەم کابووسە مێژووییە و تێکشکاندنی ئەم بازنە داخراوە، دەبێت پێش هەموو شتێک بزانین یەکەم شەهید لەم پڕۆسەیەدا زانیارییە چونکە تا پانتاییەک نەبێت بۆ زانیاریی بێگەرد و ڕاستەقینە، هیچ کات ئازادیی هەڵبژاردن دروست نابێت و زانیاری دەبێت لە سەرووی ململانێ حزبییەکانەوە بێت، هەروەها شکاندنی تەوقی بێدەنگی کاتێک بەدەست دێت کە مرۆڤی کورد لەبری چاوەڕێکردنی ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵات، بگەڕێتەوە سەر مافە سروشتییەکانی خۆی و بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات، چونکە لە کۆتاییدا خەباتی ڕاستەقینە لە کوردستاندا پێویستی بە تێگەیشتنێکی قوڵ هەیە لە چەمکی دیموکراسی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی کە تیایدا یاسا و زانیاری سەروور بن، نەک ئارەزووی حزبی و ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵاتداران، و تاوەکو زانیاری نەبێتە سەروەر، هەمیشە لە سایەی ڕای ڕێگەپێدراوی دەسەڵاتدا دەژین بێ ئەوەی ئازادییەکی ڕاستەقینە بونیاد بنرێت، و ئەمەش ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی لە سەرشانی تاک بە تاکی کۆمەڵگا دەبێت کە لەپێناو بەدیهێنانی کایەیەکی سیاسی و مەدەنیی ئازاددا، کۆششی بێوچان بکەن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆڤ و سەروەری بۆ زانیاریی بێگەرد.

نووسینی : کارزان عزیز