پێکەنینی سادەی منداڵیم.. شیعری بابان ئیبراهیم
دەچمەوە ناو خەیاڵی منداڵیم
دەبمە دۆستی باڵندە و
دەست دەخەمە ملی با و
بە باوەشی هەورەکانەوە کۆچ دەکەم
دەست بۆ باڵی پەپوولە و
پەڕەی ناسکی گوڵ دەبەم
لەناو تیشکی بەیانیدا پێچ دەخۆم
دەست لەناو دەستی لاولاو ڕێ دەکەم
تا لەباوەشی درەختەکان نەبمەوە
بەرگی سەوزی ئەم بەهارە دەپۆشم
تا بێپەروایی مرۆڤەکان بەدڵمەوە نەنووسێت
پەنجە بەسەر پشتی مێروولەکان دەخشێنم
تا ناری ئەم زامە نەمسووتێنێ
بەفر گرمۆڵە دەکەم و
لەناویدا دەخەوم…
بیرت دەکەم؛ ئەی پێکەنینی سادەی منداڵیم
بیرت دەکەم؛ ئەی دوایین کەس کە لەدڵەوە پێکەنیت
بەسەر پشکۆی ئەم جادانەوە ڕادەکەم
پەلەمە بگەڕێمەوە ناو پێخەفی زستانەت
بۆ ئەو شەوانەی مانگ نزیکتر بوو لێمانەوە
بۆ ئەو ڕۆژانەی زەوی خاوتر دەسووڕایەوە
ئەم ئاسمانە تاریکە و ڕێگاکەم ون دەکەم
دەمەوێت ئەستێرە خامۆشبووەکانت بژمێرمەوە
گەورەبوون جەنگە لەگەڵ یادەوەری
لەگەڵ تاریکوتەمی ئەم ڕۆژگارە تاڵانە
برینە بچووکەکانتم خۆشتر دەوێت
لە ژانی ئەم دڵە کە ساڕێژ نابێت
تەپوتۆزی سەر شۆستەکان و
گەردو خەوشی جلەکانتم خۆشتر دەوێت
لەو پێستەی وا باران نایشواتەوە
لالە و چرای شەوەزەنگەکانتم خۆشتر دەوێت
لە ڕووناکی ئەم شارە کە وا دەمسووتێنێت…
بیرت دەکەم؛ ئەی پێکەنینی سادەی منداڵیم
بیرت دەکەم؛ ئەی دوایین کەس کە بە سادەیی مایتەوە
تا ئەم قیامەتە دوابخەم
لەبەر هەتاوی بەیانیەک ڕادەکشێم و
بیر لە ئێوارەیەک دەکەمەوە بەبێ جەنگ
تا کینەی ئەم ڕۆژگارە دامرکێتەوە
خەونە دێرینەکان دێنمەوە بیر خۆم
لەناو پێڕی هاوڕێکانمدا
بە سادەیی پێدەکەنم
لە جوجکە زەردەکانی حەوشە و
کەوتنی بەفر و
تەموومژی شەو ڕادەمێنم
ئەم کاتژمێرە لە دەستم دەکەمەوە و
لەسەر قۆڵی دارگوێزێکدا دەخەوم
هێمن هێمن، بە دوای کیسەڵەکانەوە دەڕۆم
بیرت دەکەم؛ ئەی پێکەنینی سادەی منداڵیم
بیرت دەکەم؛ ئەی دوایین کەس لەگەڵتدا پێکەنیم
بمبوورە منداڵیم
ژیان ئەو ڕەنگە نەبوو کە دەتبینی
نە چۆلەکەی جوانی سەر درەختەکان و
نە کرمی ئارامی ژێر لیتەکان بوو
لەسەر ڕێی تۆفانی گەورەبووندا وەستام
دەبینم هەموو شتێک بە باوەشی خۆیەوە دەبات
خەونە ڕەنگاوڕەنگەکانت نەبێت لە چاوانتدا
قەڵەم ڕەنگەکانت نەبێت لە گیرفانتدا
ئەبەدیەتی ئازارێک نەبێت لە دەروونتدا
کە تۆ لەسەر باڵی پەپوولەکان خەوتوویت
من ڕێبواری ڕێی ئەم جەنگەم
نە تۆ هەنسکەکانم دەناسیتەوە و
نە من دەست بۆ پەڕەی ناسکی تیشکی بەیانی دەبەم
جیهان؛ سەرتاپا ئێوارەیەکی غەمگینە
وێنەیەکی منداڵیم بەدیارمەوە دەگریت
بمبوورە؛ ئەی بزەی سادەی پڕ لەتین
تا لێرەنەبوونت بە گەورەبوونمەوە دیار نەبێت
ماسکی پێکەنینەکانت دەپۆشم..
بەسەر ئەم شارە سارد و ماندووانەوە
دیسانەوە کۆلارەکانت دەفڕێنم
بەدەم جەنگی نێوان مێروولەکان و
ژاوەژاوی پشیلەکان و
بێدەنگی ئەم گەڕەکانەوە پێدەکەنم
ئەم کینە لە دڵمدا دەردەکەم و
بیر لە شۆڕشێک دەکەمەوە
بیر لە گۆڕینی نەخشەی شارەکە و
گەڕانەوە بۆ شەقامەکانی منداڵی و
گێڕانەوەی پێکەنین دەکەمەوە
دەبینم لەناو ئەم شۆڕشەدا
ئەم شارە بە قوڵی پێدەکەنێت
لەگەڵیدا پێدەکەنم…
ئەم جیهانە پاکژتر دەبێت و
لەناویدا پێدەکەنم…