تێكشكانی دوالیزمه له شیعری «شێوه‌كان»ی مەوجود سامان.. لێکۆڵینەوە عەلی شێخ عومەر
گوتاری شیعری بابه‌تێكه له ئاست ئیستێتیكا و هونه‌ردا، پێكهاته‌ی ده‌ق ده‌رخه‌ی ڕووداوه‌كان دیاریده‌كات، وه‌رگر له چۆنییه‌تی به‌ریوه‌بردنی ململانییدا، نزیك ده‌خاته‌وه، بیرۆكه‌و ڕووخساری ئاوێنه‌یه‌كه، زۆربه‌ی خه‌ڵك خۆی تێدا ده‌بینێ، جوڵه‌یه‌كی ئۆرگانییه له‌نێو زمانێكی باڵادا، به جێناوی ئه‌وی دیكه منی خود به‌ده‌م شیعربوونه‌وه خۆی ده‌نوێنێ، وشه، دیمه‌ن، گرته‌و وێنه‌ی زمانه‌وانی، به پرینسیپی دژه‌وابوون گه‌شه به ده‌ق ده‌كات، به چه‌ندان شێوه هه‌ڵگۆزینی ماته‌ئه‌گه‌ر، وێناكردنی دیدگه‌ی جیاواز به كێشده‌كات، كه زمانی شیعریی له زمانی گشتی جیاده‌كاته‌وه، “مه‌وجود سامان” له هۆنراوه‌یه‌كی نیمچه درێژدا، به‌نێوی “شێوه‌كان”1، بێ ناوبه‌ین له هه‌ر به‌راییه‌كه‌و حه‌ڤده‌جار به وشه‌ی شێوه لادان ئه‌نجامده‌دات، پێداگری له دووباره كردنه‌وه‌ی وشه‌ی شێوه‌یه‌ك، پێداویستییه‌كی شیعرییه، له‌نێو پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌و داپۆشیندا، شوێن په‌نجه‌یه‌كی ئاسۆیی ده‌به‌خشێته جوانناسی، جیا له دنیایی باو، گریمانه‌ی جیهانێكی نۆی فه‌راهه‌مده‌كات، چه‌مكی هاوڕێكی نێوان خود وبابه‌ت، ئاوه‌زو فاكت، تێكده‌شكێنێ، ملكه‌چی حه‌قیقه‌تێ جیگیر نا‌بێت “حه‌قیقه‌ت ده‌توانێت هاوڕێكی نێوان دوو شت ده‌ربخات كه له ڕووی شێوه وسروشت وخه‌سڵه‌ته‌وه هاوڕێكن”2، پێكهاته‌ی وێنه شیعرییه‌كان پارچه‌پارچه‌ن، هه‌رجاره‌و به كرده‌ی لادان، پاژێك له بازنه‌ی حه‌قیقه‌ت داده‌بڕێ، له ڕیچكه‌ی بازنه‌ی فۆرمه‌وه، بازنه‌ی ماناكان ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌ی كۆی په‌یوه‌ندی شیعره‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێ، ڤیزای سنووره جیاوازه‌كانی ڕیاڵ له وێنه‌یه‌كه‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی تر تێده‌په‌ڕێنێ، گه‌شتێكه، هه‌ر جاره‌و به هه‌ناسه‌دانی شێوه‌یه‌ك، گوزارشت له ڕاپه‌راندنی دنیایه‌ك له مانا‌و وشه ده‌كات، به دیوێكی دیكه ڕیزبه‌ندی وشه‌ی شێوه له پاژه‌كانی شیعره‌كه، دالێكی ده‌ستپێكه، به لێكچواندن وجیاوازی، به‌كرانه‌وه‌و داپۆشین، فشار ده‌خاته سه‌ر زمان، شاعیر ناچار ده‌كات شیعره‌كه‌ی به‌نێو بكات شێوه سه‌نته‌ره، وه‌ك سیمیۆلۆجیا له زماندا به دیوێك نیشانكاره، به‌دیوێكی دیكه، له‌گه‌ڵ مرۆڤدا په‌یوه‌ندی ئاماژه‌كان ده‌سته‌به‌رده‌كه‌ن، به پرینسیپی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه، ده‌كرێ داگه‌ڕان له كرانه‌وه‌ی ئاماژه‌ی هه‌ندێ شێوه بكه‌ین، به چ مانایه‌ك داده‌پۆشرێن، له سه‌ره‌تا‌وه شاعیر به‌م شێوه‌یه نیشته‌جێی ده‌قی شیعره‌كه‌یمان ده‌كات.
شێوه‌یه‌ك نیازمه بتوانێ شكۆی نسكۆ
بكاته په‌یكه‌ری ئاوه‌دانی
ئه‌م بوونه له هه‌ناسه‌بڕكێ هیورتركات
ئه‌م گه‌ردوونه ساده‌تركا
جوانی وێرانكراو له كه‌ناره فه‌رامۆشكراوه‌كان
له‌نگه‌ر بگرێ
ده‌نگ بگۆڕێ به ڕه‌نگ
ڕه‌نگیش مانایه‌كی نوێ وه‌رگرێ
“مه‌وجود سامان” سه‌ره‌تای ده‌ق وشه‌ی نیاز به شێوه‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێ، كرانه‌وه‌ی نیاز ئاواتێكه، خه‌ونێكه ئه‌ركێ ده‌روونی ده‌بینێ، ده‌رخستنی حه‌زێكه شاردنه‌وه‌ی ژانێكه، ئێستا به پاشخانی ئه‌زموونێكی ڕابردووه‌وه گرێده‌دات، ده‌یه‌وێت هاوكێشه باوه‌كانی نسكۆ‌و كه‌ناركه‌وتن تێكبشكێنێ، له په‌یوه‌ندییه‌كی دژه‌وابووندا، خه‌سڵه‌تی واتایی شكۆی نه‌بینراو‌و هه‌ستپێكراو، نسكۆ بگۆڕێت بۆ شتێكی به‌رجه‌سته‌و بینراو، له دالی نسكۆدا، ڕه‌چاوی مه‌دلولی هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزتر له مانه‌وه‌ی په‌یكه‌ردا ده‌دۆزێته‌وه، له گه‌رووی كه‌ناركه‌وتن ده‌رچه‌ی ڕاده‌ستنه‌بوون، ئه‌گه‌ری مانه‌وه ده‌خوڵقێنێ، گه‌ر له بنه‌وڕا فشاره‌كانی خوێندنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ی ژانه‌كانی هه‌ست له دڵه‌ڕاوكێدا ده‌رخه‌ی ماندووبوون وهه‌ناسه‌بڕكێ بێت، به لادان، جێگۆركێ به ده‌قی شاراوه ده‌كات، كه گوزارشت له ئاڵۆزی دیارده وشێوه‌كانی ریاڵ ده‌كات، به كرانه‌وه‌ی ده‌قی دیار له په‌یكه‌ردا ئه‌م گه‌ردوون وداكه‌وتانه ساده‌تر‌كات، بابه‌تی په‌یكه‌ر له‌چاو هه‌ڵقوڵانی هه‌ستی گه‌رمی شاعیرانه، گوزارشتـێكی ساردوسڕه، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان خه‌سڵه‌تێكی ناوه‌كییه، به‌شداربوونێكی ڕه‌وانیی سۆزدارییه، هه‌ڵچوون و هه‌ناسه‌بڕكێیه، ته‌نگژه‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆجیی ناجێگری هه‌ستی شاعیرانه‌یه، ئه‌وه‌ی دووه‌م واتا په‌یكه‌ر مامڵه‌یه‌كی ده‌ركییه، وینه‌ێه‌كی دۆگمایه، شاعیر هیواداره له‌نێو په‌یكه‌ردا ئه‌و ئاوه‌دانییه ببینرێت كه له ده‌رچه‌ی خه‌مه‌وه پۆلیانگرتووه، گه‌ر وه‌رگر جێنشینی ده‌ق نه‌بێت، كلێنه‌كانی پڕنه‌كاته‌وه، هه‌ست به جوانی ژانوژۆی شاعیر نه‌كات، ئه‌وا ئه‌و جوانییه هه‌ر له كه‌نار ده‌مێنیته‌وه، وێران ده‌بێ په‌یكه‌ر ئاسا ڕه‌نگه یه‌ك خوێندنه‌وه هه‌ڵگرێت، ده‌قی یه‌كده‌نگ وه‌ك په‌یكه‌ری یه‌ك ڕه‌نگی لێدێت، ناتوانێ بگاته ئاستی نوێبوونه‌وه‌ی مانا‌و فره‌خوێندنه‌وه، له خانه‌ی فه‌رامۆشی وه‌ستاندا له‌نگه‌رده‌گرێ، گۆڕینی ده‌نگ به ڕه‌نگ، له‌گه‌ڵ داواكاری گوتاری هۆنراوه‌كه‌دایه، به‌وه‌ی ده‌نگ له خنكاندنی مانادا ناتوانێت مانایه‌كی نوێ وه‌رگرێت، به‌سه‌ر ڕه‌نگه‌كانی نووسیندا زاڵ بێت ” ده‌نگ ئه‌و شته‌یه كه له په‌نتایی دال دا به ڕووی مانادا ده‌وستێته‌وه، گوزارشته له‌و سره‌وته مات و لیقینه‌ی كه ناتوانێت له ڕێگای ماناوه به‌ده‌ستیبێنێته‌وه ئه‌وه ته‌نیا پانتایی نووسینه ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری مانا” 3.
شێوەیەك دەدەمە سێ‌و
دوو گوناهی رووت
لەزەتە تیشك ئەستێرە كوژاوەكان دابپۆشن
سێ‌و شێوه‌ی ئه‌و سێوه زانراوه نییه، پێشوه‌خته ماهییه‌تی دیاریكرابێت، ئه‌م به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له ڕیچكه‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه پێناسه‌یه‌كی نوێی وه‌رده‌گرێت، به پڕۆسه‌ی به‌لاڕێبردن مانایه‌كی دیكه دروستده‌كات، ئاسۆی چاوه‌ڕوانی وه‌رگر ده‌گۆڕێت، درهووشاندنهوهی خه‌یاڵ له مانادا ڕووبه‌رێكه تێڕوانینی شاعیر ڕه‌نگێكی جیاوازی ده‌خاته‌سه‌ر، كرانه‌وه‌ی مانای تازه، داپۆشینی مانای كۆنه، داهێنانه، جوانی سێ‌و ئه‌و بێگه‌ردییه ده‌دۆڕێنێ كاتێ هه‌ست دابه‌ش به دوو گوناهی ڕووتده‌كات، یه‌كه‌م گوناهی چێژه، ڕۆنانی له‌زه‌ته، دووه‌م به‌رجه‌سته‌كردنی تام وبۆنه، كه‌شفكردنی نه‌زانراو، هانده‌رێكی ئه‌كتیڤه له كوشتن ودامركاندنه‌وه‌ی زانراودا، ڕۆڵی خۆی له‌یه‌كه‌م تاوانی كوشتن وخاڵیكردنی چێژ‌و تامدا ده‌بینێت، لاقه‌ی سێكسی باوكه ئاده‌م به دایكه حه‌واوه، به هۆكارو كه‌مه‌ندكێشی سێوه‌یه‌كه‌وه ڕوویداوه، ده‌ركه‌وتن وكرانه‌وه‌ی هه‌ستی سێكسی داپۆشینی له‌زه‌تێكه، ده‌م ناده‌مێك له داخرانی مردن وكرانه‌وه‌ی له‌دایكبوونێكی نوێ‌دا، ئه‌ستێره ئاسا له كوژانه‌وه‌و تیشكدانه‌وه دا، به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌م كرده‌یه كاتێ له له ئاسمانی په‌یوه‌ندیدا، ده‌رده‌كه‌وێت، میكانیزمی كوژانه‌وه له گوناه خاڵیده‌كات، خه‌می چاوه‌ڕوانی و پاشگه‌زبوونه‌وه كازیوه‌ی ژوان نا‌پێكێ، پێكاندن واتا ڕێكی، گونجاندن وته‌واوكارییه، ئه‌مه‌ش له‌ته‌ك چه‌مكی ئه‌ویندا یه‌كنایه‌ته‌وه، كه له ناڕیكی وكه‌موكوڕییدا خۆی به‌رجه‌سته‌ده‌كات، هه‌روابێته‌وه هه‌ردوو گوناهی باسكرا‌و، له ڕووتبوون په‌تیبووندا، له چه‌مكی ته‌واوبووندا ڕێكن، له‌تك چه‌مكی ئه‌ویندا یه‌كنایه‌ته‌وه، له‌ته‌واونه‌بوون و ناڕیكیدا هه‌میشه نوێده‌بنه‌وه، وه‌ك كرده‌ی سێكس هه‌رگیز دانامركێن.
. شێوەیەك دەبەخشمە سەفەر
بەو كۆلارەیەی كە لە منداڵیم
ئێوارەیەكیان لێم ون بوو
دوایی چەندان ئێوارە چاوەڕوانی
ئێستاش هەر نەمدۆزییەوە
له‌نێوان وێنه‌و نیگا، كرده‌ی سه‌فه‌ر یان له دووی سه‌قامگیرییه یان ناچارییه، له ده‌رووندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی داگه‌ڕانه، گۆڕینه له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر، به ده‌ر له چوارچێوه‌ی شوێن، به جوڵه‌ی زه‌مه‌ن وجێگیركردنی شوێن، سه‌فه‌ری واتایی و خه‌یاڵی گه‌وهه‌رێكه، پرۆژه‌یه‌كه، سوبێكت ده‌یه‌وێت بگات به منێكی كراوه، له‌نێو چینه چپكراوه‌كانی هه‌ستدا، وه‌ك ده‌قی شیعری فره‌ده‌نگه، تینووی شكاندنی محاڵه، ده‌یه‌وێت به ته‌لیسمی هونه‌ر فاكته‌كانی دیدار په‌رتبكات، نۆستۆلۆجیایه، هه‌رگیز ناگات به مه‌به‌ست وكۆتایی، له ده‌ره‌وه‌ی ویستگه‌ی ڕه‌هایه، ژانێكه بنكۆڵی ڕه‌هه‌ندێكی ساده‌ی مرۆییه، لێكچواندنێكه له‌نێوان خه‌یاڵی شاعیر وقۆناغی منداڵی، له تاكده‌نگی ئێستای نووسیندا، ونبوونی جڵه‌وی ده‌قی شیعرییه، له منداڵی‌دا كۆلاره‌یه، له‌نێوان سه‌فه‌ری منداڵی و گه‌وره‌بووندا، هه‌مه ڕه‌نگ وفره‌وێنه‌یه، ده‌توانێ هه‌رجاره‌و به شێوه‌یه‌ك خۆی له چاوه‌روانێدا ببینێ، گه‌ر له قۆناغی منداڵی‌دا زه‌مه‌نی ئێواره ئاماژه به تاقه خه‌مێكی ونبوون بدات، ئه‌وا له‌ته‌ك ڕه‌وتی گه‌وره‌بوونی ته‌مه‌ندا، پێداگری فاكته‌ره‌كانی هه‌ستی نووسین و ده‌ربڕین، خودی شاعیر له ده‌رچه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆوه ناتوانێت بگات به خۆی، گوزارشت له‌وێنه‌ی خۆی بكات، له نامۆبوونێكی ئه‌نتۆلۆجییدا، خه‌می چاوه‌ڕوانییه، خۆی به چه‌ندان ئێواره‌وه گرێده‌دات، ئێواره‌یه‌ك به خه‌یاڵی منداڵیه‌وه، وێنه‌ی ئێستای خۆی تێدا نمایش ده‌كات، ئێواره‌یه‌كی تر له خه‌می نامۆبوون و ونبووندا بۆ وێنه‌یه‌كی جوودا ده‌گه‌ڕێت، نایگاتێ، یه‌كێكی تر له چاوه‌ڕوانی و بێهووده‌یی ئێواره‌یه‌كی دیكه نه‌گه‌یشتنه به‌كرانه‌وه، نه‌دۆزینه‌وه‌ی داپۆشینه، له په‌یوه‌ندییه‌كی دیالێكتیدا به ئێواره‌یه‌ك، ئێواره‌ی پێشتر ڕه‌تده‌كاته‌وه، نایه‌وێت له‌زه‌تی داگه‌ڕان كۆتایی پێبێنێ، ئه‌مه‌ش له‌ته‌ك دنیایی مانای سه‌فه‌ری شیعردا یه‌كدێته‌وه كه ده‌توانێت چه‌مكی نوێ و بێكۆتا به مانای سه‌فه‌ر ببخشێت.
شێوەیەك دەبەخشمە رۆژەكان
كە ئیدی لەگەڵ شەوگار
دوژمنایەتییان زیندەبەچاڵ كەن
شێوەیەك دەبەخشمە تەماشا
كە هەر دیدارێ ئاشنا بوون نییە
مه‌وجود سامان له‌نێوان ڕۆژو شه‌ودا، د‌رك به درزێك ده‌كات، له داخرانی ئه‌و درزه شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌كاته‌وه، به‌رجه‌سته‌ی مانای ده‌كات، ڕۆژه‌كان و شه‌وگار ده‌رخه‌ی شتێكن، زه‌مه‌نێكن، سیمبۆڵی شاردنه‌وه له بۆشاییه‌ك هه‌ڵده‌گرن، له‌ته‌ك هه‌ر پڕكردنه‌وه‌یه‌ك بۆشاییه‌كی نۆی دروست ده‌كه‌ن، پاژه‌كانی نێوان ڕێكخستن وجیابوونه‌وه، خۆشه‌ویستی ودوژمنایه‌تی له شێوه‌یه‌كی جوودا، به كرده‌ی لادان چه‌مكی دوالیزمه ده‌شكێنێ، ئه‌و چه‌مكه باوه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك زینده‌به‌چاڵ ده‌كات، مه‌رج نییه یه‌كه‌ی شه‌و وڕۆژ له‌تاقه كڵێشه‌یه‌كدا پابه‌ندی دوژمنایه‌تی و دۆستایه‌تی بێ، یان نه‌مانی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی، ئه‌وه‌ندی به په‌راوێزه‌وه به‌نده، به ڕقه‌وه په‌یوه‌ست نییه، هه‌میشه درزێك، جێگایه‌كی خاڵی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی مانا، كرانه‌وه‌ی ڕه‌مزی جیاواز هه‌یه، به‌گوێره‌ی داكه‌وته‌كان گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا دێت، پڕكردنه‌وه‌ی ته‌واوی مانا‌و سیمبۆڵ له‌نیو بردنی بۆشاییه‌كانه، زینده‌به‌چاڵكردنی جوڵه‌یه، ئه‌مه‌ش له‌ته‌ك تێگه‌ی شیعری زیندوودا پارادۆكسه. له‌ته‌ك تێڕوانینی شاعیردا یه‌كنایه‌ته‌وه.
چ كاتێ خه‌سڵه‌ته‌كانی فاكت ته‌ماشا به‌تاڵ ده‌كات، شێوه‌و ڕووخساری وه‌ڵام له‌خۆناگرێت، نه‌خوێندنه‌وه‌ی ته‌ماشا له به‌رایی پێش ئه‌زمووندا، دڵه‌ڕاوكێ شاعیر ده‌خاته چوارچێوه‌ی شێوه‌یه‌ك، كه‌موكوڕی له ئه‌زموونی نۆرماڵ به‌ده‌ی ده‌كات، ناچاریده‌كات به كرده‌ی لادان ئه‌وه‌ی له داكه‌وته‌كانی ئه‌زموونی دیدار ئاشنای بووه، بیخاته ده‌ره‌وه، جێكه‌وتی هه‌ر وه‌ده‌رنانێك وه‌رگرتنێكی دیكه‌و ته‌ماشایه‌كی تر له‌خۆده‌گرێت، له بنیادی دیداردا ده‌رهاویشته‌كه‌ی یه‌قدانه‌وه‌ی هه‌سته، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاشنابوون مه‌یسه‌رده‌كات، مامڵه‌ی شاعیر له‌نێو تێگه‌ی سروشت به كه‌ناركه‌وتنی هۆگری، مه‌حاڵ ده‌كاته شیاو، بینراوی دركپێكراو، پێناسه‌ی ته‌ماشا له زمانی ڕۆح‌دا ده‌بێ شووناس بێت، شیعر ئاسا نیشانكه‌ری ئامرازێكی ئۆرگانی گه‌یاندن بێت، درهووشاندنهوهی ئه‌زموونێك بێت، وه‌رگر جێنیشینی ده‌ق بكات، نه‌گه‌یشتن له ده‌ق، نه‌گه‌یشتنه له‌دیدار، ره‌تكردنه‌وه‌ی چه‌مكی فره‌نیگای ته‌ماشایه، نه‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه.
شێوەیەك دەبەخشمە یەئس
كە چۆن لە نێو هێڵە قەترانییەكانی هزر
شادی لێ بڕژێ
شیعر كە چۆن لە هەموو رێگایەك رێبین بێ
لەگەڵ مۆسیقای نغرۆ بوون
ئاهەنگ بۆ رووخسارەكانی خۆڵەمێش بگێڕێ
مانگ كە بە هەر تریفەیەكی مەستانەی
دڵان كوێر بكان
بیابان چۆن بەدەریا تێپەڕێ و تەڕ نەبێ
هه‌ڵگرانه‌وه له چه‌مك جۆرێكه له یاخیبوون، تێپه‌راندنی ترسه له ونبوون، لاوازی ململانیی نادیاره، هه‌ڵاتنه له قه‌ده‌ر، گۆڕینه به قه‌ده‌رێكی هاودژ، كه له ئه‌نجامی بێئومێدی وگومانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ده‌توانێت ده‌رهاویشته‌كانی یه‌ئس له ده‌رووی پووچگه‌راییه‌وه تێپه‌ڕێنێ، بوون به هیچ نازانێت، له هه‌موو هه‌ستێكی خۆشی به‌تاڵی بكات، بوارێك بۆ ڕزگاربوون ناهێڵیته‌وه، شاعیر به كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی مۆدرنه، ده‌توانێ هێزی خه‌یاڵ له‌نێو جیاكاری هێڵه‌كانی سنوور، شێوه‌كانی لۆجیكی هزری ناماقوڵی، بوون ڕه‌تكاته‌وه، له هه‌ڵگۆرانی داپۆشینی بێمانایی دا، كرانه‌وه به شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی مانا بدات، له‌بری ڕاده‌ستبوون، به چه‌مكی ئازادی، یاخیبوونێ هه‌ڵبژێرێت، به پێداچوونه‌وه‌ی بوون، یه‌ئس هه‌ڵوه‌شێنێ، بوون بریاره، هه‌وێنی گرتنه‌وه‌ی ئازادییه، په‌یوه‌ندیكردنه به ماناوه، هه‌ستكردنه به كاریگه‌ریبوون، باڵابوونه وڕژانی شادییه وه‌ك هه‌بوون ونووسینی ده‌ق، هه‌یت، زیندوویت، ده‌قی شیعری له پرۆسه‌یه‌كی دینامیكی دژ به چه‌قبه‌ستنی مردن و تاك ماناییه، له‌نێو زانراودا ئیخگرتن نازانێ، ئاهه‌نگ بۆ مردنی خۆڵه‌مێشی ده‌گێڕێت، فره ڕێگایه، ئۆغرێكه له تراجیادیایی شێوه‌كانی یه‌ئس وشادیی، تۆراندن وئاشتبوونه‌وه، تووره‌بوون وهێوربوونه‌وه، خه‌م وخۆشییه، داهێنانه نامرێت، له هه‌ستدا ڕێبینی نغرۆبوونی ده‌نگ به مۆسیقا ئاوێته ده‌كات، په‌رچڤه له ئه‌فراندنی حیرسی سیحرێك، بوونه‌یه‌كێك ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ده‌نگ له به‌ندكردنی ئۆبێكتی چپێنراو قوتارده‌كات، ده‌یگۆرێت بۆ زمانی بیستنی هه‌ست وئازادی خه‌یاڵ، مۆسیقا زمانی ڕۆحه، له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی وشه ده‌مانپارێزێت، ئه‌و به‌دحاڵییه‌ی ده‌نگی بێده‌سه‌ڵاتی وشه له پڕكردنه‌وه‌ی خه‌یاڵ ئاشكرا ده‌كات، به دڵی خۆمان توخنی وێنه‌كانی هه‌ست وئه‌فسوون ده‌بین، مۆسیقا خه‌ونێكه له ترۆپكی نه‌هامه‌تی وماندووبووندا، له هێووربوونه‌وه‌ی ده‌رووندا، پێچه‌وانه‌ی ریاڵه، له بێئومێدی ویه‌ئسدا، ده‌توانێ ئاهه‌نگ بۆ پارچه به‌جێماوه‌كانی هیوا بگێڕێت سیمرخ ئاسا له‌خۆڵه‌مێشی یه‌ئس جارێكی‌تر به ئاوازی مانه‌وه‌یه‌كی تر زیندوو ده‌بێته‌وه، بازدان و په‌ڕاندن له ناكاوی ده‌قی شیعری، ده‌رخه‌ی ناسه‌قامگیری ده‌روونی و وه‌ڕگه‌ڕانی ژیان و ژانوژۆی شاعیره، گه‌مه‌ی گۆشه‌نیگایه، په‌نابردنه بۆ شوێنی ڕه‌مزی، گه‌شتی شیعرییه، شاعیر به‌ركه‌وتن له‌ته‌ك نالۆجیكدا ده‌كات، چۆن ده‌كرێت مه‌ستبوون به تریفه‌وه، ڕۆشنای به كوێربوونی دڵانه‌وه گرێبدرێت، وێنه‌كان پارادۆكسن، وێنه‌یه‌كی ناماقوڵ وه‌رده‌گه‌ڕێنێته سه‌ر وێنه‌یه‌كی ماقوڵ، مه‌حاڵ ده‌كاته شیاو، خوڵقاندنی ئه‌م جۆره وێنه‌یه له‌ناوكۆی هیوادا، ئاماژه‌یه‌كه به ونبوون ونامۆبوون، دیاریكردنی مانگ له ساتێكی دیاریكراودا، له داكشانی وینه‌ی تریفه، له ئێستا‌و داهاتوودا، بوونێكی جوڵاوه، لادانه له گۆڕینی وێنه، شێوه‌ی تریفه سورێكه له كزبوون و دره‌ووشاندنه‌وه، جێكه‌وته له‌سه‌ر منی بینه‌ر، به‌پێی گۆڕینی زه‌مه‌ن له شوێندا ونبوونه، هه‌ر گۆڕینێكی ئه‌پستمۆلۆجی له وێنه‌ی بابه‌تدا گۆڕانێكی ئه‌نتۆلۆجی له سووژه‌دا پێشانده‌داته‌وه، شاعیر ئاوێته‌ی جووڵه‌ی ناجێگیر ده‌كات، له ئاست هه‌ستكردندا جۆرێكه له گه‌ڕانه‌وه‌ی نیگای مه‌ستبوون، وێنه‌ی تریفه له مه‌ستبووندایه، وه‌لێ شاعیر خۆشی له وێنه‌كه‌دایه، مه‌سته، به‌ئاگا نه‌بوونه‌وه‌ی هۆش، دیاریكردنی مانا وبیره‌وه‌ری، جارێكی‌تر سه‌نگی شوێن ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كوێری له نه‌بینی شوێن نووقسانی نییه، ئه‌وه مستبوون بێئاگاییه له گۆڕینی شوینكاتدا، له نامۆبووندا، چۆن تریفه به مه‌ستبوون ئاگابوون كوێر ده‌كات، له ئۆبێكت زیاتر هیچ نابینێت، به هه‌مانشێوه دڵان كویرده‌كات، ”مه‌وجود سامان” له گه‌مه‌یه‌كی دیكه وێنه‌ی هاوكێشه‌كانی سروشت ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه، بیابان پێش شوێن بابه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵنه‌بژاردووه، پێش ڕووداو كه‌وتووه، له‌نێوان قۆناغی ده‌روونی شاعیر و شوێنی ڕووداوه‌كه هاوشێوه‌یه‌ك هه‌یه، پێكهاته‌ی وێنه‌ی شیعری به گوێره‌ی بیرۆكه‌یه‌كی دژبه‌رو ئاوه‌ژوو فه‌راهه‌مده‌كات، تێكشكاندنی سیمبۆڵی باوه، هه‌ڵچوونێكی پێداگره، له هه‌سته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئاڵنگاریی مه‌حاڵ وخۆسه‌لماندنی دنیای شیعره، بیابان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی له كاركه‌وتووی زیندگی، به‌رجه‌سته‌ی دژبه‌رێك كراوه، گه‌ر له وێنه‌یه‌كی ناماقوڵدا بتوانێ به ده‌ریا دنیایی كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی شاعیردا تێپه‌ڕێ، ناتوانێ كاریگه‌ری به‌جێبهێڵێت، ته‌ڕ بێت، تێپه‌ڕاندنی بیابان له ئه‌ده‌بی سوونه‌تی باو، ئاماژه‌یه به دۆگمابوون، تاكڕه‌نگی وتاكده‌نگی، ناكریت به كرده‌ی به‌ركه‌وتن، ئه‌ده‌بی مۆدرنه ته‌ڕ بكات، له‌ته‌ك جوڵه‌ی شیعری مۆدرنه و شه‌پۆڵی ده‌ریادا یه‌كنایه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی بتوانێ خۆی له ده‌قی چه‌قبه‌ستوو ڕزگاربكات ده‌شتوانێ بیابان به ده‌ریادا تێپه‌ڕێنێ بێئه‌وه‌ی ته‌ڕ بێت. شاعیر له گۆشه‌نیگایه‌كی گشتگیره‌وه، دوا شێوه به كۆتایی شیعره‌كه‌ی ده‌به‌خشێت.
شێوەیەك دەبەخشمە وڵات
كە تێ‌بگا ئەویش دەتوانێ
ببێتە مەزنترین تاراوگە
دابه‌شبوونی وڵات له‌نێوان دوو شێوه‌دا، ده‌كرێ له هه‌ناوی شوێندا ئاماژه‌یه‌ی گۆڕینی مانا بێت، پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك بێت، به وه‌درنانی مانایه‌ك، مانا‌و تێڕوانینێكی دیكه ته‌قه‌ڵڕیژ بكات، به‌خشینی شێوه به وڵات، به‌خشینی وێنه‌یه به خود، وڵات وێنه‌ی خۆیه‌تی، دابڕانێك له‌نێوان خۆی وده‌ره‌وه‌ی خۆیدا له ده‌قدا دروستده‌كات، ناتوانێت هه‌ردووكیان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا كۆبكاته‌وه، شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه نه‌ك وه‌ك نامۆ سه‌یری دنیا‌و وڵات ده‌كات، به‌ڵكو له كاتی نووسینی ده‌قێكیشدا، به چاوێك سه‌یری ده‌ق ده‌كات كه به‌شێكه له نامن، ئه‌و له‌تبوونه‌ی ناخی له‌نێوان نامۆبوون و هاتنه‌ریزیدا دێته‌كایه‌وه، پاژێكه له‌نێوان خود و ناخوددا، وڵات وتاراوگه، له دۆخی نامۆبووندا نه وڵات، نه تاراوگه وه‌ك شوێن وناشوێن، خود‌و ناخود، ناتوانن وه‌ڵامی خه‌م، خه‌ون وحه‌زه‌كانی شاعیر بده‌نه‌وه، قوتاربوون له‌م ته‌نگژه ده‌روونییه، له دۆڕاندنی شێوه‌یه‌كه، بردنه‌وه‌و به ده‌ستهێنانی شێوه‌یه‌كی تره، به كرده‌ی سه‌پاندنی خه‌سڵه‌تی تاراوگه به وڵات، له هاوشێوه‌بوونێكدا، دوالیزمه‌ی شوێن وناشوێن، چه‌مكی وڵات وتاراوگه، تێكده‌شكێنێ، هه‌ردووكیان به نه‌بوونی به‌هه‌شتی وڵات ودۆزه‌خی تاراوگه، خود‌و ناخود، من و نامن گرێده‌دات، هیچیان شوێنی ئاسووده‌ی نین، كرده‌ی نووسین خۆی سه‌فه‌ریكی ئازار به‌خشه، یاخیبوونه له نه‌وه‌ستانی مانای هه‌ردوو شوێنه‌كه، داگه‌ڕانێكه به دوای شوێنێكی دیكه‌ی نێوان من ونامندا ده‌گه‌رێت، كاتێ ده‌ق له‌نێوان داكه‌وت وخه‌یاڵ، خود‌و ناخود، من ونامن، وڵات وتاراوگه، مانا له نامۆبوونێكدا بنبه‌ست ده‌بێ، په‌نا ده‌باته به‌ر فانتازیاو تێكشكاندنی شێوه‌و دوالیزمه‌ی وڵات وتاراوگه، من و نامن، خود‌و ناخود، شاعیر وه‌ك مرۆ به هه‌موو لوغه‌زه‌كانییه‌وه، له یه‌قدانه‌وه‌ی ده‌قه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ده‌كرێ سنووری وڵات نه‌به‌زێنێت هه‌ست به نامۆبوونی تاراوگه بكات، له‌نێوان منی نامۆ‌و وڵاتی ده‌ق، له‌نێوان ئه‌م دوو دنیایه، دژواره نیشته‌جێ بێ و بسره‌وێ، شوێنی خۆی بدۆزێته‌وه، بۆیه ناچاره په‌یوه‌ندی خود به شوێنه‌وه بگۆڕێت، له په‌یوه‌ندیه‌كی تازه‌دا، شێوه‌یه‌كی ئاوه‌ژوو ببخشێت به وڵات، بیكاته مه‌زنترین تاراوگه.
له كۆتاییدا هه‌موو شیعرێك كۆكراوه‌ی چه‌ندان جۆره له نامۆبوونی نیوان من و نامن، خود و بابه‌ت، به هه‌ماهه‌نگی هه‌ریه‌كیان ڕێگای ئه‌ویدی ڕۆشنده‌كاته‌وه، ده‌كرێ دانه‌ری ده‌ق له ده‌ره‌وه‌ی زه‌من و سنوور په‌یره‌وی بوونێكی ڕاسته‌قینه بكات، بۆ ده‌رخستنی ئه‌م ڕاستییانه، بێ ڕیزبه‌ندی گرته‌كان كه له‌سه‌ر ته‌وه‌رێكی هاوبه‌ش دامه‌زراوه، له خه‌یاڵێكه‌وه به چه‌ندان شێوه ئاڵنگاری دیفاكتۆی وێنه‌و لێكه‌وته‌كان ده‌كات.
كه‌ركوك نه‌ورۆزی 2026
ژێده‌ره‌كان
1ـ مه‌وجود سامان ـ شیعری شێوه‌كان ـ گۆڤاری ڕامان، ژماره 24، ساڵی 1998 ـ لا 130
2 ـ كاروان عومه‌ر كاكه‌سوورـ ئاماژه فه‌لسه‌فییه‌كانی شێواز‌و شێوازناسی ـ له زنجیره بڵاوكراوه‌كانی كتێبی نووسیارـ وه‌شانی نووسیارـ چاپی یه‌كه‌م 2024 ـ لا 26
3 ـ سلاڤۆی ژیژه‌ك ـ وه‌رگێڕان و شرۆڤه وه‌لید عومه‌رـ به چاوه‌كانم ده‌تبیستم ـ ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ڕه‌هه‌ند بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ـ چاپی یه‌كه‌م 2022 ـ لا57