فەلسەفە و شانۆ/ گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی-6-
فەلسەفە و شانۆ
بەشی شەشەم
-لەم ساڵانەی ڕابردوو کتێبێکت چاپکرد لەبارەی شانۆ وفەلسەفە، لە سەردەمی کلاسیکەوە بۆ پۆست مۆدێرنە، هەڵبەت ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەپەیوەندی شانۆ و فەلسەفە، ئایا ئەو کتێبە دەبێت بەسەرەتایەکی گرنگی پەیوەندیی ئەو دوانە بەیەکەوە؟
-ئەو کتێبە درەنگ چاپکرا، من لەدواهەمین ساڵی ژیانم کە لە کوردستان بووم کتێبەکەم نووسی، بەداخەوە ئەو کات تەنیا سەرچاوەکانی دەمتوانی بەکاریان بێنم عەرەبی بوون، بۆیە کتێبێکی ناتەواوە، بۆ ئەوەی ناتەواوی ئەو کتێبە تەواو بکەین، پێویستمان بەوە دەبێت کتێبێکیتر بنووسین، ئەو کات زۆر سەرچاوەی فەڕەنسی هەبوو لەبارەی ئەو پەیوەندیە من نەمخوێندبۆوە، ناکرێت بەبێ هەندێک کتێب و وتاری زانستی و توێژینەوەی شانۆیی قسە لەو پەیوەندیە بکەین، ئێستە وێنەکە تەواو بۆ من ڕوونە، ئەو گفتوگۆیە بیانویەکی باشە بۆ ئەوەی بتوانم هەندێک لەبارەی ئەو پەیوەندیەوە قسە بکەم، با ئەوەش تەواو بکەم بۆ سەر قسەکانم، ژیل دولوز گرنگی تایبەتی هەیە بۆ پەیوەندی نێوان فەلسەفە و شانۆ، من ئەو سەرچاوە گرنگانەم نەخوێندبۆوە کە کتێبەکەم نووسی، تەنیا توانیبووم لەسەر چەمکی تراژیدیا بۆ ئەو بۆ فەیلەسووفە بگەڕێمەوە، ئدەویش بۆ کتێبەکەی لەژێر ناوی «نیتچە و فەلسەفە» دیارە ئەو کتێبە بە عەرەبی لەبەردەست بوو دەمتوانی قسەی لەبارەوە بکەم، بەڵام کتێبێک نەبوو ڕاستەوخۆ لەبارەی فەلسەفە و شانۆ، بەڵکو کتێبەکە لەبارەی نیتچەوە بوو، بەهۆی ئەوەی باوەر ناکەم خولیای نووسینی کتێبی توێژینەوەی شانۆییم هەبێت، بۆیە لەم گفتوگۆیەدا دەمەوێت لەبارەی ئەو پەیوەندیە بدوێم، دەنا لەبنەرەتدا پێویستە من کتێبێکی نوێ بنووسم، بەڵام چونکە نانووسم، بۆیە لێرەدا هەندێک روانینیتر لەسەر بابەتەکە دەخەمە ڕوو. لەخۆرئاوا ئەوانەی باس لەپەیوەندیی نێوان فەلسەفە و شانۆ دەکەن، ئەوە شانۆکاران نەبوون،. بەڵکوفەیلەسووفەکان بوون باسیان لەو پەیوەندیە دەکرد، لە ئەرستۆ و ئەفلاتونەوە تا دەگات بە دیدرۆ و هیگل و هۆلدرین و کیێر کیگارد و نیتچە، بەدوای ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ئەو پرسە سەر لەنوێ گرنگی تایبەتی خۆی هەبووە بەتایبەت لەلای فەیلەسوفانی فەڕەنسی، بۆیە لەتوێژینەوە فەلسەفیەکانیاندا بە بایەخەوە لەسەری دەوەستن و جێی قسەکردنی زۆریانە لەلای سارتەر و ژۆلیا کریستیڤا و ژاک دێرێدا و میشێل فۆکۆ و ژیل دولوز و فلیکس گوتاری، دولۆز و گوتاری لەچەندین نووسینی هاوبەشدا بەگرنگیەوە باسیان کردووە، هەڵبەت من ناگەڕێمەوە سەر ئەو قسانەی کە پێشتر لەکتێبی «فەلسەفەی شانۆ و شانۆی فەلسەفی» کردوومە بۆ چەمکی تراژیدیای نیتچەیی لای دولوز و هەروەها روانینی کریستیڤا و دێرێدا، ئەوەی زیاتر جێی قسەکردنمە لەئێستا لەبارەی دولوزە، کە هەندێک لەنووسینەکانی بە هاوبەشی گوتاری نووسیوە، جگە لە وتارێکی دێرێدا لەبارەی ئارتۆ و ڕوانینی شانۆییەکانی، فەیلەسووفانیتر لەقسەکردنیان لەسەر شانۆ باس لەکردەی دەرهێنان و نواندن ناکەن، هێندەی لەسەر شانۆنامەو کارەکتەرەکانیان قسە دەکەن، تەنانەت ژۆلیا کریستیڤا لەکتێبی «خۆری ڕەش» وتارێکی درێژ دەنووسێت لەبارەی شانۆنامەی هاملێت لەژێرناوی ژیان و مردن لەووشەکاندا، کە قسەکردنی فەلسەفیانەیە بۆ هاملێت و لەڕوانگەی دەروونشیکاریەوە باس لەو کارەکتەرە دەکات، بەشێوەیەک باسی دەکات وەک تێکستێکی فەلسەفی دەیخاتە ڕوو، جا ئێمەی کورد دێین دەڵێین دیدی نوێ بەهاملێت دەبەخشین لەڕێی گۆڕانکاری لەتێکستەوە یان شانۆی وێنەیی عێراقی دێت قسە لەزەمەنی فەلسەفی هاملێت دەکات لەڕێگەی گۆڕینی شانۆنامەکەوە بۆ دیدگای وێنەیی، گرفتەکە لەوەدایە ئێمە گوتارە فەلسەفیەکە لەڕێی ووشەوە نەبینین و ووشە بە مردنی داهێنان وەسف بکەین، وەک شانۆی ئەزموونگەری عێراقی بانگەشەی بۆ کرد و کوردیەکەش کەوتە ژێر کاریگەری، جا بێین لەڕێی جولەو مۆم و قوماشەوە بیکەین بە فەلسەفە، ئەوەکەمبینی تێگەیشتنی فەلسەفی و نەخوێندنەوەی تێکستە فەلسەفیەکانە بەرەو ئەو کونجە تاریکەمان دەبات.
*ئاماژەتان بۆ ئەوە کرد دولوز تەواو لەفەیلەسوفانی تر جیاوازە کە قسەیان لەشانۆ کردووە، ئەو جیاوازیانە چین؟
-نەمانووت جیاوازە، بەڵکو ئەوەمان خستە ڕوو دەمانەوێت قسەی زیاتر لەبارەی ئەو بکەین، چونکە گرنگیەکی زۆری هەیە لەو پەیوەندیەدا، ئەوە بەتەنیا ئەویش نیە، بەڵکو بەر لەو ئەو گرنگیە لای فەیلەسوفانیتریش دەرکەوتووە، شانۆنامەی ئەنتیگۆنا بۆ هیگل و ئاڕتۆ بۆ دێرێدا و هاملێت بۆ کریستیڤا، ئەوانیش قسەیان لەکارەکتەرە شانۆییەکان کردووەو لەڕوانگەی پەیوەندیی فەلسەفەو شانۆ لەسەر بنەمای دیالۆگ ڕوانینی خۆیان خستۆتە ڕوو، من لەکتێبی پێشووم قسەم لەسەر ئەو سێ فەیلەسووفە کرد، هەڵبەت وەک ئاماژەم بۆ کرد، باسمان لە دولوزیش کردووە، بەڵام تەنیا لەڕوانگەی قسەکردنی بۆ تراژیدیای نیتچەییەوە، بۆیە لێرەدا دەمەوێت قسە لەڕوانینە فەلسەفیەکانی بکەم بۆ شانۆ، ئەو گرنگیەی ئەو لەو پەیوەندیە دەیخاتە ڕوو، بە باوەری من تا ئێستا لەشانۆی عەرەبی و کوردیی و دەوروبەر باس لەو بابەتەی دولوز نەکراوە، هەڵبەت فەیلەسوفانیتر نەهاتن قسە لەشانۆ بکەن، بەڵکو بەهۆی گرنگی هونەری شانۆ، بەشێک لە تێکستە فەلسەفیەکانیان بەشانۆنامە نووسیوە لەوانە ئەفڵاتون و دیدرۆ و ڕۆسۆ و سارتەرو کامۆ، کە لەکتێبی «فەلسەفەی شانۆ و شانۆی فەلسەفی» لەسەر بەشێکیان قسەمان کردووە، بۆیە لێرەدا دەمەوێت ڕووبەرێکی فراوان و تایبەت بە دولوز تەرخان بکەین، بەڵام بەهیچ جۆرێک قسەی من لەسێنترالکردنی دولوز نیە بۆ ئەو پەیوەندیە، وەک دەبینن، من دژی بە سێنترالکردنی شانۆم، کۆی قسەکانیشم لەو ئاقارەدا دەردەکەوێت، وا مەزانە من هونەری شانۆت لێ سەخت دەکەم، بە پێچەوانەوە دەیبەینەوە سەر ڕێچکەکەی خۆی، دەمەوێت بڵێم شانۆکاران پێویستە واز لەو ئاڵۆزیە بێنن کە گیرۆدەی دەبن و نە تێیدەگەن و نە دەتوانن وێنەیەکی ڕوونی پێ ببەخشن، ئەو کارە لەئەستۆی فەیلەسووفەکانە، هەروەها توێژەرانی بواری فەلسەفە یاخود شانۆ، ئەوانەی ئارەزووی قسەکردن دەکەن لەو پەیوەندیە، بەڵام لەبنەرەتدا دەبێت بەر لەوەی خوێنەری شانۆیی بێت، خوێنەرێکی بەتوانای تێکستە فەلسەفیەکان بێت، ئەوەش لە دکتۆراو ماستەرەکانی هەندێک خوێندکاری زانکۆی سۆربۆن دەیبینین، وەک لەتێزی دکتۆراکەی فلۆرا گارسین-مارۆ دەیخوێنینەوە، لەژێر ناوی «دولوز و گوتاری: لەنێوان شانۆ و فەلسەفە بۆ شانۆی ئایندە» سالی ٢٠١١ لە زانکۆی سۆربۆن گفتوگۆی کراوە، لەژێر سەرپەرشتی دینیس گینۆن. هەر بۆ زانیاری گینۆن نووسەرو دەرهێنەرێکی ناسراوی شانۆی فەڕەنسیە، دەرهێنەری ٣٣ شانۆگەری بووە، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی شکسپیر و ڤیکتۆر هۆگۆ و ئەسخیلۆس، لە شانزە کاری شانۆیی وەک ئەکتەر بەشداری کردووە، پانزە کتێبی تیۆریی شانۆیی نوسیوە، خاوەنی بیست کتێبی ئەدەبیە.
پێمباشە قسە لەهەندێک لایەنی دکتۆراکەی فلۆرا بکەین، بەڵام سەرەتا دەمەوێت ئەوە بلێم، ئەو خانمە لەئێستادا مامۆستای وانەبێژە لەزانکۆی تولوز، دوای وەرگرتنی دکتۆراکەی جگە سێ توێژینەوەی شانۆیی بڵاو کردۆتەوە لەبارەی پەیوەندیی شانۆ و فەلسەفە.
فلۆرا لەنامەی ماستەرەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو دوو فەیلەسووفە ڕاستەوخۆ نەیانویستووە قسە لەشانۆ بکەن، هێندەی لەناو بەڵگەکانەوە دەگەڕێنەوە بۆ شانۆ، بۆ ئەوەش ئەو دێرەی دولوز دێنێتەوە «شانۆ زۆر درێژ و دیسپلین کراوە»
ئەو ووتەیەی دولوز لەبنەرەتدا لەگفتوگۆیەکی تۆمارکراو وەرگیراوە، هەڵبەت بۆ ئاشنابوون بەو گفتوگۆیە دەمانەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، گفتوگۆکە دیالۆگی نێوان دولوز و کلێر پارنێتە، پارنێت خوێندکار و هاورێی دولوز بوو، ساڵی ١٩٨٨ تەلەفزیۆنی فەرەنسی گفتوگۆکەی تۆمار کردووە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٩٦ لەکەناڵی Arte پەخشکراوە، لەدەرهێنانی میشێل پامار، ماوەی فلمەکە هەشت کاتژمێرە، ئەگەر قسەکە لەوە بێت بۆچی دوای هەشت ساڵ لەتۆمارکردنی بڵاو کرایەوە؟ ئەوە لەسەر داوای دولوز بوو کە داوای کرد دوای مردنی بڵاو بکرێتەوە، یەکەم گفتوگۆی تەلەفزیۆنی فەیلەسوفەکەمانە، پێشتر ڕەتی دەکردەوە قسە بۆ تەلەفزیۆنەکان بکات، بۆیە هەوڵ دەدات لێرەدا وەک تاکە دۆکۆمێنتێک بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەش قسە لە بیست و پێنج تەوەری جیاواز دەکات، کە وابەستەی بینین و دیگاکانیەتی، لەوێدا ئاماژە بۆ هەندێک لەکتێبەکانی دەکات و لەڕوانگەی ناو کتێبەکانیەوە قسە دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ کتێبی «دژە ئۆدیب» هەروەها بۆ کتێبی «فەلسەفە چیە» کە تا ئەو کاتەی گفتوگۆکە کتێبەکە چاپ نەکرابوو.
ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە لەو گفتوگۆیەدا گرنگە قسەکردنیەتی لەبارەی شانۆوە، چونکە ئێمە دەبینین ئەو شانۆ وەک نمایش وەرناگرێت، هێندەی وەک دەقی نوسراوی شانۆنامە بۆی گرنگە، بۆیە دەلێت «چوار کاتژمێر دانیشتن لەسەر کورسیەک بۆ من خۆش نیە، بەهۆکاری تەندروستیمەوە ناتوانم ئەو کاتە بمێنمەوە، ئەمە من وێران دەکات».
فلۆرا لەسەر تێگەیشتنەکانی ناو ئەو گفتوگۆ درێژخایەنە، بڕوای وایە دولوز دەیەوێت لەڕوانگەی دیدگاکانیدا شانۆ بنبڕ بکات، لە ماستەرنامەکەیدا لەسەر ووشەی بنبڕ دەوەستێت و ئاماژە بۆ ژانرێکی ڕۆمان دەکات، ئەوانەی ناو دەبرێن بە تاوانە ڕەشەکان، لێرەدا بۆ ووشەی بنبڕ باس لەو ووشەیە دەکات لەناو ئەو ژانرەی ڕۆمان بەوەی گوزارشت لە کووشتنی کەسێک یاخود ڕزگاربوون دەکات لێی، وەک دانەوەی قەرزێک و خۆ یەکلاکردنەوە لەگەڵیدا.
ئەوەش پچڕانی هەر جۆرە پەیوەندیەکی دۆلوزیە لەگەڵ هونەری شانۆدا وەک نمایش، خۆ یەکلاکردنەوەیەتی لەگەڵ شانۆ، بۆیە لەڕوانگەی فلۆرا بۆ ئەو فەیلەسووفە، دابڕانی پەیوەندی نێوان شانۆ وفەلسەفەیە بە مانا دولوزیەکەی، توێژەر لەماستەرنامەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ ژێدەرێک کە توێژینەوەیەکی ژان باپتیستە، لەوێدا باپتیست نووسیویەتی «دەبێت ئەوە بەهەند بگرین کاتێک باس لە فلیکس گوتاری دەکەین ، بەدەست نیشان کراوی بەداخەوە نیگەرانیمان لەوەدایە ئەو پیاوی نمایشی شانۆیی نیە».
ئێمە گەر واز لەشیکاری فلۆرا بێنین بۆ ئەو دەستەواژەیە، تەنیا ڕوانینی خۆمان لێرەدا بخەینە ڕوو، دەتوانین فلیکس گوتاری هاوشێوەی دولوز بە دژە نمایشی شانۆیی ناو بەرین، بە واتایەکی تر ئەوان ئەو پەیوەندیەی نێوان شانو و فەلسەفە لەیەکتر دەترازێنن و لەیەکی جیا دەکەنەوە، بەڵام ڕەنگە قسەکە لەوە بێت ئەی بۆچی دولوز لەکتێبی «نیتچە و فەلسەفەدا» لەبارەی چەمکی تراژیدیا دەوەستێت؟
گەڕانەوەی بۆ تراژیدیا لەڕوانگەی نمایشی شانۆییەوە نیە، هێندەی وابەستەی کارەکتەرە شانۆییەکانی ناو شانۆنامە گریکیەکانە، ئەوە لەو تێگەیشتنە دەمانگەیەنێتە سەر ئەو دۆخەی کە فەلسەفە لەشانۆدا بۆ دولوز، تەنیا وابەستەی کاری دراماتۆرگیە، نەک کاری دەرهێنەر و ئەکتەرەکان، واتە فەلسەفە لەناو نمایشدا بوونی نیە، ئەوە دراماتۆرگە لەنووسیندا توانای خولقاندنی هەیە، وەک لای سۆفۆکلیس و ئەسخیلۆس و شکسپیر و سترێندبێری و چێخۆڤ و مۆلێردا ئامادەبوونی هەیە.
دولوز جیاوازیەکە لەنێوان درۆکردن و حەقیقەت دەخاتە ڕوو، بەوەی فەلسەفە بەرەو حەقیقەتمان دەبات، بەڵام شانۆ هونەرێکە بەرەو درۆکردن دەمانبات، شانۆ وەک هونەری درۆکردن سەیر دەکات، درۆکردن لەبنەرەتدا وەک جۆرێکی فریوودانە، بۆ ئەوەش توێژەر دەگەڕێتەوە بۆ کتێبەکەی دولوز لەژێرناوی «جیاوازی و دووبارە بوونەوە».
دولوز لەوێدا باس لەچەمکی شانۆی ئایندە دەکات کە ئەوە ناو دەبات بە پێشنیاری نیتچە و کیرد کیگارد، بەوەی ئەو دوو فەیلەسوفە بروایان بە بوونی شانۆ هەیە لەناو فەلسەفەدا، هەڵبەت ئەوە بابەتێکی ڕواڵەتی نیە، هێندەی تێگەیشتنێکە لەسەر هۆکارەکەی دەوەستێت، بەوەی کە نیتچە دەگات بەو شوێنە هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو ئایندەیەی لەلای ڤاگنەر دۆزیوەتەوە، بەڵام دواتر لەو ڕوانگەیەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە، ڕوو دەکاتە شانۆنامەکانی سترێندبێری و ژۆرژ بیزیت، هۆکاری پاشگەزبوونەوەی لە ڤاگنەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەو ساتەی لەبارەیەوە دەینووسی و ڤاگنەر چاوەڕێ بوو نووسینی زیاتری لەبارەوە بنووسێت، ئەو لە نووسین وەستا لەو بارەیە، چونکە پێی وا بوو ڤاگنەر گەشە ناکات ولەشوێنی خۆی وەستاوە، ئەمڕۆ ئەو دیدەی نیتچە بۆ توێژەرانی فەلسەفە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەو ڕوانگەیەوە بریان ماگی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوە ڤاگنەر نەبوو کە لەشوێنی خۆی وەستابوو، بەڵکو ئەو گەشەسەندنە قووڵ و خێرایەی نیتچە بوو، ئەو دەیویست ڤاگنەر وەک ئەو گەشە بکات، بۆیە کە وای نەدەبینی بەوەستاو سەیری دەکرد، بۆ ئەوەش ماگی ئاماژە بۆ ئەو گەشەسەندنەی نیتچە دەکات لەبارەی تراژیدیاوە، کە هێندە تواناکانی بەرز دەبێتەوە، دەیەوێت ڤاگنەر لەو ئاستە بەرزەی ئەودا بێت، بەڵام ئەو هاوشێوەی نیتچە تواناکانی بەرز نابێتەوە، دەنا لەبنەرەتدا ڤاگنەر گەشەی دەکرد و لەشوێنی خۆی نەوەستابوو.
فلۆرا بەدوای ئەو تێگەیشتنەی دولوز، باوەری وایە ئەوەی دولوز گەشەی پێ دەدات وابەستەی شانۆی فکرەکانە، بەوەی بەتەنیا وابەستەی ئەو تیۆر و ڕوانینە شانۆییانەی وەک ئارتۆ نەبێت، بە باوەری ئێمە ئەوەش جیاوازبونی دولوزە لەگەل دێرێدا، چونکە دێرێدا راستەوخۆ قسە لەتواناکانی ئارتۆ و پێشنیارەکەی دەکات لەشانۆدا، بەڵام دولوز دێت کارکردنی لەتەک شانۆنامەکان ئەنجام دەدات، ئەوەی ئەو قسەی لەبارەوە دەکات خودی شانۆنامەکان و گەرانەوەیە بۆیان، بەتایبەت بۆ نووسینەکانی سامۆئیل بیکیت و کارمێلۆ بێنی، بۆ ئەوەش قسە لە دەست نیشان کردنی درامی دەکات، هەڵبەت لێرەدا فلۆرا پرسیارەکەی ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو دەست نیشانکردنە دەیگەینێت بەدارشتنەوەی فەلسەفەی ئایندە؟ لێرەدا توێژەر ئاماژە بۆ ئایندەو ئەوەی دێت دەکات، ئەوەش بە خاسیەتی زەمەنی کرنۆلۆژی دەبەستێتەوە، بەوەی ئایندە بەواتای ئەوەی دێت، بەمەبەستی تازەکردنەوە، لێرەدا ئەو ئاگاییەمان پێ دەبەخشێت بەوەی ئەو تێگەیشتنە لەگەڵ بیرکردنەوەی دۆلۆزیی ناگونجێت، بۆیە ئەوەی دێت نەسەپێندراوەتە سەرمان کە دەبێت نوێ بێت، بەڵام دەشێت دیدێکی فەلسەفیانەی تر بێت بۆ ئەوەی دێت، بەڵکو وەک کردەیەکی دیالێکتیکی دەیبینێت، بەڵام بە ڕەتکردنەوەی مانا هیگلیەکە بۆ چەمکەکە، بۆیە دولوز بڕوای وایە ئەو دیالێکتیکە شانۆییە گەشە بە جوولەیەکی ساختەکاری دەدات، لێرەدا لێکترازانی پەیوەندی نێوان شانۆ و فەلسەفە، لەلای دولوز و گوتاری سەر هەڵدەدات، بەڵام بە میکانیزمی جیاوازەوە، دولوز لەڕێگەی کۆمەڵە دەمامک و دۆخەوە نیشانی دەدات هەرچی لای گوتاریە لەڕێگەی شوێنەکانەوە خۆی نیشان دەدات، بەم شێوەیە فلۆرا میکانیزمەکانیان لەیەکتری جیا دەکاتەوە، ئەوەش ئەو دووانە دەباتە ناو دوو دەرەنجام، دولوز ئاسۆیەکی نوێ بۆ چەمکی درامی دەکاتەوە، بەڵام فلیکس گوتاری بەرەو کرانەوەی شانۆی دوای دراما دەمانبات، ئەوەش بۆ فلۆرا رامانێکە لەبەردەم قەیرانی دراما لەناو درامای نوێدا.
درێژەی هەیە…