بەشی دووی تیرۆژە چیرۆکەکانی پێشوو.. نەوزاد بەندی

ــــ ــــ

     ـــ گەروی هورموز 2 ـــ

سەری مانگی داهاتوو، لەگەڵ مژدەی دابەزینی لیستی موچەدا، دوو سەد دۆلارەکەی بۆ دەرمانخانەکەی کاک دکتۆر ژمارد و خۆی گەیاندەوە کلینیکەکەی کاک دکتۆر بۆ ئەوەی ڕێنمایی خواردنی ئەم دەرمانە گەوهەرە گرانبەهایانە لە شەخسی خۆیەوە وەربگرێ..
کاک دکتۆر ووتی : زۆر باشە، ڤایرۆسی جگەری جۆری A ت هەبوو، زۆر ئاسانە، وابزانم ئێستا خۆت بە تەبیعەت چاک بوویتەتەوە، چونکە ئەم دەرمانانە پێش مانگێک بۆم نوسیت، لەگەڵ ئەوەیشدا، قەیناکا بیانخۆ ..
مامۆستا ووتی: واتا ئەتوانم نەیخۆم و بیگەڕێنمەوە بۆ سەیدەلیەکە ؟
ــ نا ..نا .. لێت وەرناگرنەوە، تازە لێیان نوسیوە، بیانخۆ قەینا ..زەرەری نییە !
هێڵکارییەکی جگەریشت بۆ ئەکەم، دڵنیایشم چاک بوویتەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیا بینەوە، ئەو هێڵکارییەیشت بۆ ئەکەم ..
وایزانی هێڵکاری تەنها وەک سکێچی مۆدێلێک وایە، دوو سێ هێڵ و خاڵ و کەوانەیە …
کە لە سکرتێری کاک دکتۆری پرسی : هێڵکاری جگەر چۆنە و به چەنە ؟
ــ نرخەکەی دوو سەد و حەفتاو پێنج هەزارە ..
مامۆستا تاسێکی بردەوە و سەری کەوتە خولخواردن و … دای بە زەویدا.

   ـــــ خانەنشین 2 ـــ

لەگەڵ ئەوەیشدا نەیدەویست دان بەو بێ ئامانجییەی خۆیدا بنێت، سەیرێکی چوار دەوری خۆی کرد، بۆی دەرکەوت بۆیاخی خانووەکە لە مێژە کاڵ بۆتەوە و ئەم ئاگای لێ نەبووە یان ڕاستتر دەوامی ڕۆژانە نەیهێشتووە هەست بەوە بکات .. هەروەها لەزگەی کەوانتەرە باڵۆن پرێسەکە هەڵیداوە و .. ژمارەیەکی زۆر لە سپۆت لایتەکانی بنمیچەکان سووتاون و .. ڕاخەری کەپسی ماڵەکەیش تەواو کۆن و زبر بووە و کاتی گۆڕینی هاتووە ..
بەو جۆرە خۆی له بێداریی و نەخەوتن قوتار کرد.

  ــــ ماندوو  2 ــــ

ویستیان تاکسییەک بگرن، بە ڕێکەوت پزیشکێکی هاوڕێیان بینی، لە دواوە هەردوو بن باڵی توند گرت و بە هێزێکی زۆرەوە پاڵەپەستۆی خستە سەر پشتی، خواردنەکەی قوڕگی دەرپەڕی ..
سوپاس بۆ خوا ..
بەڵام لەو پاڵە پەستۆیەدا تۆپی قۆڵێکی دەرچوو، بە پەللە گەیاندیانە فریاکەوتنی خێرا، ئیتر نازانم چی لێ بەسەرهات.

   ــــ شتی سەیر 2 ـــــ

بڕیاری دا ئیتر نەچێتە ئەو باخە و لە کافیتریاکەی دانەنیشێ.. ئێ ئاخر ڕاست و لۆژیکیی نییە بەو هەموو نەخۆشیی و تەمەن و نەهامەتییەوە، وەک سەردەمی زانکۆ ببێت بە داوی نیگاکانەوە..
دوای دوو ڕۆژ، خۆی نەگرت و گەڕایەوە بۆ باخەکە .. کەچی ئەوی نەبینی ..
دوای ئەوەیش بە هەفتەیەک، بەردەوام ئەچووە باخ و کافیتریاکە، ئەو دیار نەبوو ..
ووتی : سوپاس بۆ خوا، لەوەیش ڕزگارمان بوو!
بەڵام چاوی و دڵی شتێکی تریان ئەووت، شتێکی تەواو جیاواز .. تۆبڵێی کارەساتێکی بەسەر نەهاتبێ؟ یان گەشتێکی خێرا ..نەخۆشییەک ..پرسە و ..نەهامەتییەک ؟ !!

   ـــــ  دوو پڵتە 2 ـــ

لە دڵی خۆیدا ووتی : دەی قەیناکا، هەندێ کەس هەن کەسایەتییان بەو جۆرەیه، وشک و کەمچیکڵدانن .. تاقەتی کەسیان نییە و ناتوانن هیچ ڕەخنەیەک قبوڵ بکەن، ناتوانن دوو قسەی خۆش بکەن و لەناو تەنیایی و گۆشەگیرییدا ژیان ئەگوزەرێنن ..
لەو کاتەدا پیاوێکی تر هاتە ژوورەوە، لەوە ئەچوو ناسیاوی بێ، بە پێچەوانەی لێکدانەوەکەی ئەمەوە، خانمی بەڕێوەبەری خانەنشینی دەست بە موستیلە و ئۆیه و ئایفۆن حەڤدە، ڕاستە پێ ڕاپەڕی و ڕوخساری گەشایەوە:
— بەخێر بێی کاک توانا، سەرچاومان هاتیت، فەرموو دانیشه ..هەموو لایەک باشن، بۆچی خۆت هاتیت، خۆم بۆم تەواو ئەکردیت، یاخوا بە خێر بێی، چا ئەخۆیتەوە یان قاوە؟

کە سەیری ئەو توانا ناوەی کرد، نیو تەمەنی ئەمی نەبوو، نیشاندانی ئەو هەموو ڕێزە، پەراوێزخستن و به ڕوودا هەڵشاخانەکەی ئەمی کرد بە دوو ئەوەندە و زیاتر ..
ویستی پێی بڵێ : ئایا نەدەکرا نیو ئەوەندە یان چارەکە ئەوەندەیەکی ڕێزت لەو کاک توانایه گرت، لە منیشت بگرتایه؟ من کە یەکەم و دواجارمە بێمە ژوورەکەت و ئیشم پێت بێ ؟

بەڵام هیچی نەووت.

    ـــــ شەڕە جنێو 2  ـــــ

خوا بەوە ڕەحمی کرد، شەڕەجنێوی ئەو زانایانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی و لەسەر ئینتەرنێت بوو، ئەگینا ئەگەر ئەمانە لە ژوورێک یان لە هۆڵێکدا بوونایە، یەکتریان قەتڵ و عام ئەکرد و لافاوی خوێن هەڵئەستا ..
یەکێکیان لە بەریتانیا و ..یەکێکیان لە هۆڵندا و ..یەکێکیان لە قەیەفەری و .. چوارەم و پێنجەمیان لە چەمچەماڵ و کفرییەوە هاتبوونە سەر هێڵی گەرمی شەڕه جنێو.

  ـــــ ئەو ڕۆژە 2 ــــ

ئیتر بڕیاری دا بە تەنیا بچێ بۆ پیاسە، بە تەنیا بچێ بۆ گەشت.. بە تەنیا لە کافیتریا و چێشتخانە دانیشێ و .. بچێ بۆ شانۆ و سینەما و گەلەری..
هەستی کرد بەو جۆرە پارە و کاتێکی زۆری بۆ ئەگەڕێتەوە ..پێشتر ئەگەر کاتی کۆبوونەوە یان گەشتەکەیان سەعات حەوت بووایە، ئەم چارەک کەم حەوت لەوێ بوو، کەچی ئەوان حەوت و نیو یان چارەک بۆ هەشت یان نۆ و دە خولەک پەیدا ئەبوون، تەنانەت ڕۆژێکیان ئەوەندە زوو بوو، لە ڕێ سەگەلی پڕۆژەیەکی حیزبیی چنگ لەسەر شان هەڵیانبڕیبوو، خوا ڕەحمی کردبوو نەبوو بوو‌ بە ددانیانەوە ..
هەروەها پارەی خواردن و ئۆتۆبیس و زۆرشتی تر بەسەر ئەمدا ساغ بۆوە و ئەوان خۆیانیان لێ کەڕ ئەکرد.

         ــــ تەنازول 2 ـــ

ئیتر گەشتەکانیان بۆ هەتا هەتایە کۆتایی هات..بەرە بەرە پیر ئەبوون و ..بەڵام هەربە گوڕ و تینەوە سەرقاڵی پەڕاوێزخستنی یەکتری و بە هیچ نەزانینی یەکتری و ..کاری فیرعەونیی و قارونیی ڕۆژانەی خۆیان بوون.

نەوزاد بەندی