لە بنیات و شێوازەوە تا خوێندنەوەی کلتووریی.. ئاری عوسمان خەیات*

(بەرەو دامەزراندنی قۆناغی شیعریی پاش نۆ شاعیرەکە)

کورتە:
ئەم توێژینەوەیە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی زانستی و میتۆدگەرایە بۆ دەقی شاعیرانی بەشداربووی کۆڕی شیعریی (با تاوێک دانیشین)، کە بریتی بوون لە بەڕێزان: (سەردار نۆڕێ، سەلام خەلیفە، شکار محەمەد، عومەری مەلا، هیوا موسا، ئارام حاجی، ئەکرەم هەواس، پەروێز هوما و عەلی نارێنی)، کە لە ڕێکەوتی (١٠-١٠-٢٠٢٦) لە هۆڵی (بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان) بەڕێوەچوو.
پێش ئەوەى پوختەی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە بخەینە ڕوو، پێویستە ئەوە بڵێین، کە مەبەست لە ئامادەکردنی ئەم توێژینەوەیە، دەستپێکی هەنگاوێکە بۆ دامەزراندنی قۆناغێکی شیعریی نوێ لە گەرمیان، کە دەشێ بە (قۆناغی شیعریی پاش نۆ شاعیرەکە) ناوزەد بکرێت، ئەمەش لەپێناو تێپەڕاندنی فەزای سۆشیال میدیای ڕووکەشگەرا و بردنی دەقەکان بۆ ناو پانتایی پرۆسەی ڕەخنەی ئەکادیمی، کە بەوەش ڕەگەزەکانی سێگۆشەی (دەق- خوێنەر-ڕەخنە) بەیەکەوە دەبەسترێتەوە. هەڵبەت هەوڵ و هەنگاوێکی وەها، بە تەنها کەسێک و بە تەنها یەک توێژینەوەیش مەیسەر نابێت، بەڵکوو پێویستمان بە کاری جدیی و پشوودرێژیی هەموو دڵسۆزێکی وشەی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە، بەتایبەت شاعیران، خوێنەرانی شیعر و ئەدەبدۆستان و ئەو ڕەخنەگرانەی کە لە بواری توێژینەوەی ئەدەبیدا دەتوانن جێدەستێکیان هەبێت. هەر لەم ڕوانگەوە ئەم توێژینەوەیە هاوکات دەبێت لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (سەکۆی ڕەخنەی ئەدەبیی گەرمیان)، کە سەکۆیەکی بەردەوام و کراوە دەبێت بۆ سەرجەم ڕەخنەگران، مامۆستایان و قەڵەمە ئەکادیمییەکانی ناوچەکە تا لەڕێگەی خوێندنەوەی زانستیی خولییەوە بۆ شیعر، ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسەر و شاعیرانی ناوچەکە، فەزای تاکلایەنەی (بیستن، چەپڵەلێدان و لایککردن) بگوێزنەوە بۆ فەزایەکی کراوەی دیالۆگ و کارلێکی زانستی دوور لە مەرایی و ڕووگیریی.
لە توێژینەوەکەدا پلەبەندییەکی زانستیمان گرتووەتەبەر، کە لە خوێندنەوەیەکی گشتیی دەقی شیعرەکانەوە دەست پێ دەکات و دواتر لەڕوانگەی بنیاتگەریی و شێوازگەرییەوە تا دەگاتە ڕەخنەی کلتووریی شیکارییان بۆ دەکرێت.
لە ئاستی تیۆریی فۆڕمالیزمدا، ڕەگەزی (بەهای زاڵ) لەناو دەقەکاندا دەستنیشان کراوەو بەسەر چوار ئاراستەی شیعریدا پۆلێن کراون: (ساتیری ڕەش، تراژیدیای تراوماتیک، وێنەگەرایی دیجیتاڵی و هەڵوەشاندنەوەی زمانیی هێماکان).
لە ئاستی شیکاریی کلتووریشدا، توێژینەوەکە ڕوونی دەکاتەوە، کە (تێمای جەنگ، تراومای ئەنفال و دەرئەنجامە دیجیتاڵییەکانی) بووەتە بڕبڕەی پشتی ئاگایی شاعیرانەی شاعیرانی ناوچەکە.
لە کۆتاییشدا لەڕێگەی دەقە شیکارکراوەکانەوە (وەک نموونەیەک لە شیعری هاوچەرخی کوردیی لە دەڤەری گەرمیاندا) سێ قەیرانی بونیادیمان لە ئەزموونی شیعریی شاعرەکاندا دەستنیشان کردووە، کە تێپەڕاندنیان مەرجێکی بنەڕەتییە تا زەمینەی ڕاستەقینە بۆ لەدایکبوونی (قۆناغی پاش نۆ شاعیرەکە) بڕەخسێنرێ.

لەبری پێشەکی:
هەڵبەت چالاکییەکی لەو جۆرەی کۆڕە شیعرییەکەی (١٠-١٠-٢٠٢٦)، کە لە یەک کات و لەناو یەک هۆڵدا ئەزموونی نۆ شاعیری دیاری یەک ناوچەی کوردستان کۆببێتەوە، هەر لە سەرەتاوە بەلای منەوە وەک ڕووداوێکی ئەدەبی و کلتووریی گرنگ تەماشاکراوە، هەر بۆیەش بڕیاری ئامادەبوونم دا. بڕیارەکە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو تێڕوانینە ڕەخنەئامێزەی کە مێژوویەکی هەیە لەلای من لەبارەی دۆخی ئەدەب و شیعر بەتایبەتی لە گەرمیان و بەگشتی لە تەواوی کوردستانیشدا، کە هەمیشە جێی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنم بووە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، کە فەزای سۆشیال میدیای چاوبەستکەر، بەسەر تەواوی ژیانی ئێمەدا زاڵ بووەو خەریکە شیعر و ئەدەبیش لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکات!
خـۆ من لەوە تێدەگەم، کە ئەم دۆخە ئەدەبییە، بەشێکە لەو فەزا گشتییە نەرێنییەی بەسەر جیهانی ئەمڕۆماندا داسەپاوە، بەڵام ڕاستییەکەی من لەو جۆرە کەسانەم، کە بڕوام وایە (دەستگرتنی ئاوبردوو بە پووشەوە، ئەوپەڕی یاخیبوونە لە دۆخی داسەپاو)، هەر لەم ڕوانگەوە پاش کۆتاییهاتنی کۆڕەکە، داوام لە نۆ شاعیرە ئازیزەکە کرد، کە دەقی شیعرەکانی خۆیانم پێ ببەخشن تا خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی زانستییان بۆ ئەنجام بدم. ئەم هەنگاوەم لە لای خۆمەوە ناولێنا (قۆناغی شیعریی پاش نۆ شاعیرەکە)، بەوهیوایەی ببێتە زەمینەیەک بۆ دامەزراندنی ڕەخنەی ئەدەبی لە فۆرمە زانستییەکەیدا، چونکە زیندوێتیی هەر دەقێک بەندە بەو کاریگەرییەی کە لەسەر خوێنەر بەجێی دەهێڵێت و ئەرکی سەرەکیی ڕەخنەیش ڕێک لەم خاڵەوە دەست پێ دەکات تا سێگۆشەی (دەق- خوێنەر- ڕەخنە) پڕبکاتەوەو کردەی بەرهەمهێنانی دەق بباتە ئاستی داهێنان و گیانێکی نوێی پێ ببەخشێت.
لە هەنگاوی یەکەمدا، وەک خوێنەرێکی ئاسایی و لە ئاستێکدا، کە چێژی ئیستاتیکیی خوێنەرانەم بەر هۆشیاریی پرسیاری ڕەخنەگرانەم نەکەوێت، توانیم دەقەکان بخوێنمەوە، لەم ئاستەدا ڕووبەڕووی نەخشەیەکی فرەڕەنگ و پڕ لە بڕستی شیعری بوومەوە، کە تێیدا هەشت دەقی دیاری ئەم دەڤەرە سەرنجمیان ڕاکێشا، بەشێوەیەکی ئەوتۆ، کە هەستم بە پشکۆیەکی گەش لە ئاگردانی شیعریی گەرمیاندا کرد. نووسینگەلێک، کە نە تەنها نیشانەی زیندوویەتیی هۆشیاریی شاعیران و بەخشندەیی ڕەسەنی ئەم دەڤەرەن، بەڵکوو بەڵگەی کرانەوەی ئاسۆیەکی نوێن بۆ تێپەڕاندنی خەمۆکیی باو و نوێکردنەوەی زمانی ئەدەبی. ئەم دەقانە ئومێدێکی گەورەیان لە ناخمدا ژیاندەوە، کە شیعری هاوچەرخی ناوچەکە (وەک بەشێکی دانەبڕاوی شیعری هاوچەرخی کوردی) خاوەنی دەنگ، ڕووخسار و توانایەکی بەهێزی خۆڕسکەو شایستەی ئەوەیە بە سەربەرزییەوە ببرێتە بەر تاقیکردنەوەی خوێندنەوەی ڕەخنەیی زانستییانەی جدی، نەک تەنها پیاهەڵگوتن و وەسفکردنی کوێرانە.
لە هەنگاوی دواتردا، بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە، کە ئیتر هۆشیاریی پرسیار و کونجکۆڵیی دۆزینەوەی کەلێنەکان پاڵنەر بوون بۆم، چوومە ناو جیهانی دەقەکانەوە، تا بتوانم وەک نموونەیەکی زیندووی هۆشیاریی ئەدەبی، بیانخەمە بەر پرۆسەی شیکارییەوە.
کاتێک لە ڕوانگەی شیکارییەکی پانۆراماییەوە تەماشای کۆی ئەم دەقانە دەکەین، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئەزموونی جیاواز دەبینەوە، کە لەنێوان یاخیبوونی زمانەوانی، هەوڵی بنیاتگەریی و داخورانی شێوازیی و زمانیدا دەخولێنەوە. لەم هەنگاوەیاندا هەوڵ دەدەین بە بێلایەنییەوە دەستنیشانی خاڵەکانی بەهێزیی و لاوازیی ئەم دەقانە بکەین، تا وێنەیەکی دروست لەسەر حەقیقەتی ئاستی شیعر لە ناوچەکەدا بخەینە ڕوو.

یەکەم/ خوێندنەوەی گشتیی دەقەکان:
لەم تەوەرەدا، پێش چوونەناو شیکاریی ورد و پارچەپارچەکردنی ڕەگەزە شێوازی و زمانییەکان، خوێندنەوەیەکی گشتی و سەروو-دەقی بۆ کۆی دەقە هەڵبژێردراوەکان دەکەین. ئامانج لەم خوێندنەوە گشتییە، بەرکەوتنی یەکەمینە لەگەڵ جیهانبینیی شاعیران و ناسینەوەی ئەو فەزا ئیستاتیکی و فیکرییە بەرفراوانەی کە دەقەکانی تێدا بەرهەم هاتوون. لەم ئاستەدا، هەوڵ دەدرێت دەقەکان وەک یەکەیەکی بونیادیی سەربەخۆ سەیر بکرێن، تا ڕووبەری لادانە زمانییەکان، وێنە شیعرەییە دیارەکان و شێوازی ئامادەیی ڕەمزەکان دەستنیشان بكرێن، ئەمەش وەک زەمینەسازییەکی پێویست و ڕێخۆشکەر بۆ بەئاکامگەیاندنی شیکارییە وردەکانی تر لە ئاستەکانی فۆڕمالیزم، شێوازگەریی و ڕەخنەی کلتووریدا.
دەقی (گوو) لە ژینگەیەکی ئەدەبیی یاخیـدا لەلایەن (سەردار نۆڕێ)ی شاعیرەوە بەرهەم هێنراوە، کە تێیدا دەستکاریی چەمکی جوانی و سەرچاوەی بەهای مرۆیی دەکات، تا لەڕێگەی زەبرێکی زمانەوانییەوە، شۆکێک لە هۆشیاریی خوێنەردا دروست بکات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەقەکە ڕووەو بنیاتێکی کراوە ئاراستە دەکات و لەبری بەکارهێنانی زمانی شیعریی، زمانێکی توند بەکاردەخات و چەمکی پاشەڕۆ (گـوو) دەکاتە تەوەرەی سەرەکی بۆ پووچکردنەوەی جەنگ و سەرمایەداریی و درۆکانی ڕاگەیاندن و شوناسی دەستکرد و درۆیینەی مرۆڤی سەردەم.
ڕەهەندی قووڵی ئەم شیعرە، لەڕووی تێما و شێوازەوە، لە دوو بڕگەی یەکەم و دووەمی سەرەتای دەقەکەدا کۆدەبێتەوە. لە بڕگەی یەکەمدا، شاعیر پرسیار لە جەوهەری بەرهەمی مرۆڤ لەسەر زەوی دەکات و جیهانبینیی خۆی لەڕێگەی بێدەنگیی قووڵی منداڵەکەیەوە (ڕۆڤار) و بە شێوازی ساتیری ڕەش لەبەرانبەر جەنجاڵیی جیهانی جەنگ و ماددەگەراییدا دەکاتە بنەمای بیرکردنەوە. لە بڕگەی دووەمیشدا ڕەخنەیەکی زۆر توند لە سیستەمی ئابووریی، سیاسی و میدیای سەردەم (سۆشیال میدیا، پاسپۆرت، عەتر، خەڵاتەکانی جەنگ و بڕوانامەی ئەکادیمی) دەگرێت.
لەڕاستیدا شاعیر جەسارەتێکی زۆری نواندووە، لە چۆنێتیی بەکارهێنانی دەستەواژەی شۆکهێنەر و گۆڕینی ئەو شۆکە بۆ وێنەیەکی فەلسەفی، ئەمەش لەڕێگەی بەراوردکارییەکی بەهێز لەنێوان (فۆتۆگرافەری جەنگ)، کە جەنگ جوان دەکات و (فۆتۆگرافەری گـوو)، کە حەقیقەتی مرۆڤ ڕووت دەکاتەوە و دەیخاتەوە بەردەم ئاوێنەی جەوهەریی خۆی.
شاعیر دەڵێت: (واز لە فۆتۆی جەنگ بهێنە/ … …/ ئەوان جەنگ جوان دەکەن/ جەنگ موهیم نیشان دەدەن/ جەنگ ئەرشیف دەکەن بۆئەوەی گەر بە دڵیان نەبوو/ دواتر جوانتر و بەهێزتر و ماڵوێرانکەرانەتر هەڵیگیرسێننەوە…)
وەک سەرنجێکی ڕەخنەیی لەبارەی ئەم دەقەوە، دەتوانین ئاماژە بە درێژبوونەوەی بەشەکانی ناوەڕاست بدەین، کە زنجیرەیەک نموونەی هاوشێوەی تێدا دووبارە دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە لەوەی کە بڕستی شۆکهێنەرانەی دەقەکەی سست ببێتەوە. بە مانایەکی تر، ڕاستە ئەو دووبارەکارییە وەک میکانیزمێکی گاڵتەجاڕانەی ساتیریی دەردەکەوێت، بەڵام بە دیوێکی تردا ڕیتمی فیکریی شیعرەکەیان تووشی جۆرێک لە پچڕان و درێژدادڕیی کردووە. خاڵێکی دیکەش ئەو هاوشێوەییە زەقەیە لە پێکهاتە و فۆرمی بنیاتگەریی دەقەکەی (نۆڕێ) لەگەڵ بنیاتی دراماتیکی و ڕوانینی فۆرمالیستیی دەقی (بۆ ڕۆدانی کوڕم) فەرهاد پیرباڵ، کە لێرەدا ئەو دەرفەتەمان نییە تا بەوردیی ئەم هاوشێوەییە ڕوون بکەینەوە.
دەقی (خودا)ی سەلام خەلیفە، بەرهەمی فەزای گوند و تراژیدیای جەرگبڕی ئەنفال و داگیرکارییە. شاعیر چەمکی (تەقدیری ئیلاهی و خێرۆمەندیی سروشت) بەراورد دەکات لەگەڵ (توندوتیژیی و زۆرداریی مرۆڤەکان/ دەسەڵاتدارانی بەناو ئاینی.) لێرەشەوە دەقەکە بەرەو بنیاتێکی ڕوونی واقیعی، وێنەیی و دامەزراو لەسەر ڕیتمێکی هاودژ بەڕێوە دەچێت. لە هەر بەشێکدا، سروشت و خودا (ژیان و بەرەکەت) دەبەخشن، بەڵام هێزی تاریکی و زۆرداریی ئەو دیارییانە دەکەنە ئامرازی کوشتن، وێرانکاريی و ئەنفال.
پوختەی شیعرەکە لە یەک بڕگەی سەرەکیدا چڕدەبێتەوە، کە ئەویش بڕگەی سێیەمی دەقەکەیە و شاعیر ڕاستەوخۆ ئازارەکانی گوند، ئەنفال، وێرانبوونی ژینگەی سروشتی و تراژیدیای خێزانی گەرمیانی تێدا ئاوێتە کردووە، ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵە وشەیەکی ناوچەیی ڕەسەن: (چەخماغە، گاسنگ، چیخ، وەتەشە، کەنۆکە، قاڵچک، کۆڵەکە و… هتد)، کە شیعرییەتێکی بەرزی بە زمانەکەی بەخشیوە. بەگشتی دەقی (خودا) ڕیتمێکی دراماتیکیی زەنجیرەیی لەخۆگرتووە، کە ئەم هێڵە دراماتیکییە بەدرێژایی شیعرەکە حەسرەت و تراژیدیا بەرهەم دەهێنێتەوە.
شاعیر دەڵێت: (خودا بە پەلی شاخەکاندا/ بەقەی باوەشی خۆی، هەوری بۆ دایکم نارد/ دایکم وە تەشێکەی ڕێسای/ ڕێسای/ ڕێسای تا جووتێ کڵاش بۆ باوکم و/ بەرماڵێک بۆ سەر بەردەنوێژەکەی کانێکە و/ فانیلەیەک بۆ خوشکە تویلەکەکەم و/ ڕەشکەیەک بۆ هێنانەوەی قرچە و/ هۆڕێک بۆ سەر قاترەکەمانی لێ چنی و/ تۆزێکی مایەوە بەخشی بە هاوسێکەی بەرانبەرمان/ دوای دوو ڕۆژ ڕێسایان/ ڕێسایان/ ڕێسایان کردیان بە پەتی سێدارەو باوکمیان لە قەنارە دا..!)
ئەوەی کە سەرنجی ڕەخنەییە بۆ سەر ئەم دەقە، شێوازی بنیاتی کۆپلەکانە، کە تا ڕادەیەک بەلای خوێنەرەوە پێشبینیکراو دەبێتەوە، چونکە لە کوپلەی سێیەمەوە دەزانێت کۆتایی هەر بڕگەیەک بە کارساتێک و تێکدانی نیعمەتێک دەبڕێتەوە. ئەگەر لە هەندێک بەشدا ئەم ڕیتمە دراماتیکییە بە ئاراستەیەکی چاوەڕوان-نەکراو بشکێنرایەتەوە، بێگومان کاریگەرییەکی قووڵتری لەسەر وەرگر بەجێ دەهێشت.
شکار محەمەد، لە (سەرم مزراحی ژیانە)دا، هەوڵی داوە بچێتە نێو فەزایەکی دەروونناسیی فەلسەفییەوە. شاعیر لەڕێگەی هێمای (مزراح)ـەوە، چەمکی بیرکردنەوە و قوڵبوونەوە لە ژیان بەراورد دەکات بە کردەی کێڵانی بەردەوامی برینەکانی ناخ و بوون، بەڵام ئەم هەوڵە بەئاگا یان بێئاگا، دەقەکەی بەرەو بنیاتێکی داخراوی هێمایی بردووەو پرسیارێکی جەوهەریی لەو میانەدا ورووژاندووە، ئەویش: ئایا شیعر دەتوانێت ببێتە پەناگەیەک بۆ ڕامکردن و چاککردنەوەی ژیانێک، کە پر بووە لە وێرانکاریی و ئازار و لەبیرچوونەوە؟
چڕبوونەوەی پەیامی شاعیر، لە بڕگەی دووەمی شیعرەکەیدا دەردەکەوێت، ئەوکاتەی کە دەقەکەی بەتەواویی لەسەر تێڕامان لە چەمکەکانی (بوون، نەبوون، ژیان، مردن، تەمەن و بیرچوونەوە) ڕادەگرێت و لەڕێگەی هاودژیی و هاوتەریبیی وشەکانەوە (کانییەکان/ مرۆڤ، هەنگاوەکان/ لوگۆ، ئەشکەوت/ دیوار) هەوڵی جێگیرکردنی دنیابینیی شیعرییانەی خۆی دەدات.
هەروەک دەڵێت: (تا شوێنپێی ڕابردوو پڕ نەکەمەوە، بە نائاگاییەوە هەنگاو دەنێم/ شوێنپێیەک جێدێڵم مردن پڕی ناکاتەوە/ هەنگاوەکانم دەبنە لوگۆی تەمەن/ لەسەر تەپوتۆزی بەیانییەکدا/ دەبنە ئەو پەپوولانەی، بەسەر دیواری بیرەوەریمدا/ بونەتە بەرد)
بەم جۆرە ململانێی مرۆڤ لەگەڵ شوێنپێی زەمەن و هێزی پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لە سیاقی دەقەکەدا زەق دەبێتەوە و شاعیر دەیەوێت بڵێت: ژیان بەردەوام لە هەڵکەندن و وێرانکردندایە، بەڵام شیعر تاکە ئامرازی دەستی مرۆڤە تا خۆی لە کارەساتی لەبیرچوونەوەو داڕووخان بپارێزێت و ژیانمان بۆ چاک بکاتەوە.
لە بنیاتی زمانەوە، دەقەکە لە هەندێک شوێندا دەکەوێتە ناو داوی ڕستەسازیی ڕاستەوخۆی وتارییەوە، کە لە بنیاتی زمانی شیعریی دووری دەخاتەوە. ئەگەر شاعیر هەندێک لە دەستەواژە ڕوونەکان بەرەو وێنەی ئاڵۆزتر یان چڕتر بگوازێتەوە، هەڵبەتە بەهای هونەریی شیعرەکە بەرزتر دەبێتەوە.
عومەری مەلا لە دەقی (لە ئاستانەی مناڵێکی گرینۆکدا)، ڕوانینی منداڵێک دەکاتە دەلاقەیەک بۆ ڕەخنەکردنی تەواوی سیستمی فیکریی، ئابووریی، فیزیکی و سیاسیی جیهان، لەم ڕوانگەیشەوە ئاراستەی دەق بەرەو بونیادێکی کراوەی فرەڕەهەند و وێنەگەراییەکی چڕی فەلسەفی دەچێت. پرسیاری بنەڕەتیی شیعرەکە خۆی دەبینێتەوە لە: چۆن دەکرێت لەڕێگەی بێتاوانی و نیگای منداڵێکەوە، تەواوی ماناکانی جەنگ، سەرمایەداریی و ئازار هەڵبوەشێنرێنەوەو لە شوێنی ئەوانەدا بە فۆرمێکی مۆسیقی، سەرزەمینێکی پڕ لە ئاشتی بینابکرێتەوە؟ بۆ دەربڕینی ئەم مەبەستەش، دەقەکە وەک تێکەڵەیەک لە دوو بڕگەی سەرەکی بەر خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەمان دەکەوێت، کە ئەوانیش بڕگەی یەکەم و دووەمی شیعرەکەن.
بڕگەی یەکەم پڕە لە ئەلیگۆریی ئاڵۆز و وێنەسازیی سووریالییانە، زمانەکەی ئاماژەییە و پشت بە تێکشکاندنی سنووری باوی وشە و چەمکەکان دەبەستێت، هەرچی بڕگەی دووەمە، سەرڕێژە لە ناوهێنانی چەمک و کارەکتەرە فیکرییەکان، لە نموونەی (کافکا، نیچە و سالوومی… هتد)و زاراوەگەلی وەک (فیزیا و کاپیتاڵیزم و… هتد). لەگەڵ ئەمانەشدا شاعیر یارییەکی جوان بە مۆرفۆلۆژیی و ڕێزمانی وشەکان دەکات بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆی. (کە دواتر ڕوونی دەکەینەوە.)
شاعیر دەڵێت: (دەنگێک دەستی سێبەرەکەم دەگرێت و تا دەربەندی کامەرانی بەری نادات/
نزگرەیەکی پەشیمانیی زەمینی جەستە ڕادەچەڵەکێنێت و ڕق و کینە بە بارمتە دەگرێت/
دووکەڵی هیچ سەربوردەیەک ڕاناماڵرێت، تا بارانی گێڕانەوەی بەسەردا نەبارێت)
بەم جۆرە شاعیر ڕەمزکارییەکی قووڵی بۆ پاکبوونەوەی ڕۆحی بەرجەستە دەکات. هاوکات گێڕانەوە وەک تاقە ئامرازی کلتووریی و سایکۆلۆجی بۆ سڕینەوەی تراوما و شۆردنەوەی مێژووی سووتاوی جەنگ بەیان دەکات. لێرەدا ڕەخنەی دیار لە کۆی پێکهاتی دەقەکەدا، ئەو کەڵەکەبوونە زۆرەی ناو و چەمکە فەلسەفی و ڕووناکبیرییەکانە، کە بارستاییەکی تیۆریی زیادەیان خستووەتە سەر شیعرەکە و لە زۆر شوێندا لە شیعرییەت دایانبڕیوە.
(دێوڵکەیەک لە سەرمدا) شیعری (هیوا موسا)یە. دەقی ئەم شاعیرەمان سەر بە دنیایەکی سۆفیگەریی- فەلسەفیی هاوچەرخە، تێیدا هەوڵی ڕاکردن لە پەیوەستبوون بە ماددە و جەستە دەدات بەرەو فەزایەکی ڕۆحیی بەرزتر. شاعیر بنیاتی دەقەکەی لەسەر زەمینەیەکی کراوەی مەجازیی دامەزراندووەو پرسیارێکی جەوهەریی تێدا خستووەتە ڕوو، ئەویش: ئاخۆ مرۆڤ دەتوانێت کاتێک لە بەرکەوتنی بەردەوامی سەختییەکانی زەمەن و جەستە ماندوو دەبێت، لەڕێگەی دۆڕاندنی منداڵی و گەڕانەوە بۆ پەناگەی خەیاڵ و ڕۆح، خۆی لە کەوتنی ماددیی ڕزگار بکات؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، بڕگەی دووەمی شیعرەکە کۆمەکمان دەکات، بەوەى کە لێوڕێژە لە بەکارهێنانی هێمای زمانیی لە جۆری (کیسەڵ، سیمورغ، زەوی، زیندان، ئاسمان، منداڵی…) شاعیر لەسەر هاودژیی نێوان (ماددە/زەمەن) و (پەڕینەوە/ئازادیی) بونیادی پارادۆکسییانەی شیعرەکەی ڕاگرتووەو وێنەی هێمایی و مێتافۆریی لەڕێگەی گۆڕینی لایەنە جەستەییەکانەوە بۆ هێمای باڵدار، لە وێنەی کیسەڵەوە بۆ هێمای سیمورغ و… هەروەک دەڵێت:
(هەنگاوەکان لە قاچەکانم وەردەگرمەوە/ دەیانسپێرم بە کیسەڵ…./ باڵەکانم لە جەستەم وەردەگرمەوە/ دەیانبەخشم بە سیمورغ/ هیچ نابێت چیتر دەستمان ناچێتە برینی یەکەوە…)
لەگەڵ ئەوەى لایەنی ئیستاتیکی لە دەقەکەدا گەش و دیارە، بەڵام هاوکات خوێنەر هەست بە جۆرێک لە پارچەپارچەبوونی لۆجیکی دەکات، کە ئەوەش ڕیتمی ڕۆحی و ڕەهەندی هێماگەریی دوو بەشی یەکەمی شیعرەکەی لەیەکتر دابڕاندووە. ئەگەر شاعیر یەکگرتوویی وێنەکان تا کۆتایی بپارێزێت، کاریگەرییە سۆفیگەرییەکەی گەلێک بەهێزتر دەبێت.
ئارام حاجی بە خوێندنەوەی دەقی (تا خوار بە دووریتدا دێمە شیعر) بەشدارە. تێکستەکەی (حاجی) لەدایکبوونی فەزای ئەدەبیی پۆستمۆدێرنە، کە لەسەر زەمینەیەکی وێنەگەرایی هاوچەرخ فۆرمەلە بووە. شاعیر تێیدا چەمکی (دووریی و دابڕان) لە قاوغە تەقلیدیی و ڕۆمانسییە باوەکەی خۆی دەردەهێنێت و دەیگۆڕێتە سەر ئەزموونێکی زمانەوانی/ جەستەیی و لەو ڕێگەوە بەدوای وەڵامی پرسیارێکدا دەچێت، بەوەی ئاخۆ شیعر خۆی دەتوانێت ببێتە شوێن یان هێزی کێشکردن تا شوێنی دووریی جەستەیی بگرێتەوە و دابڕان دابپۆشێت؟

پێکهاتی شیعرەکە ئاوێتەیەکە لە دوو بڕگەی سەرەکیی بنیاتی دەقەکە. لە بڕگەی یەکەمدا شاعیر، بەکارهێنانی کەرەستە و یەکەی زمانی ژیانی ڕۆژانەی وەک: (ئۆنلاین، هۆڕن، بڕانی کارەبا، کلکی مشک، هێڵکاریی و… هتد) دەکاتە پانتاییەکی ئەلیگۆرییانەی ناو شیعرەکەی تا حەسرەتی دووریی پێ بپێوێت، لە بڕگەی دووەمیشدا یاریی بە ڕووبەر، خاڵبەندیی، کۆپلەبەندیی و ڕاستەوخۆیی دەکات و لەڕێگەیانەوە پەیوەندیی دەق و خوێنەر تۆکمە دەکات، تەنانەت سوود لە تۆپۆگرافیای شیعرەکە وەردەگرێت بە دروستکردنی بۆشایی نێوان دێڕەکان، ڕەهەندێکی فەلسەفیی بە چەمکی (دووری) دەبەخشێت و ئەمەشی بە ئەندازەیەکی شیعریی جوان لەڕێگەی هاوتەریبیی فۆڕمی دەرەوەی دەق، لەگەڵ ناوەڕۆکی فیکریی شیعرەکەدا بەرهەم هێناوە.
ئەو دەڵێت: (پزیشکێک لێم دەپرسێ: چیتە؟/ دەڵێم: دوورییمە./ دووری هەیە و شوێنی نییە/ پزیشکەکان زانستیان خوێندووە،/ بەڵام نازانن ئێشی دووری دەکەوێتە کوێی جەستەوە.)
بە مانایەکی تر، شاعیر دەیەوێت بڵێت: دووریی تەنها دووریی جوگرافی و ڕێگاوبان نییە، بەڵکوو دۆخێکی دەروونی و جەستەییە، کە زانستی پزیشکی ناتوانێت دەستنیشانی بکات و تەنها لە پەناگەی شیعردا شێوە دەگرێت.
ئەگەرچی بنیاتی دەقەکە زۆر تۆکمەیە، بەڵام خوێنەر هەست دەکات لە بەشی دووەمدا (کە باسی کەشتی و فڕۆکە و ئۆتۆمبێلەکان دەکات) تا ڕادەیەک ڕوونکردنەوەی زیاد، بەسەر شیعرەکەدا زاڵ دەبێت، کە بەراورد بە دەستپێک و کۆتاییە دراماتیکییەکەی، هێزی وێنەسازیی شیعرەکەی کەمێک خاو کردووەتەوە.
(ئەکرەم هەواس) دەقی (ئاسمانێکی تەڵخ و باڵێکی ڕوون بۆ فڕین)ی لە کۆڕەکەدا خوێندەوە. دەقەکەی (هەواس)، بەرهەمهاتووی فەزایەکی ڕەخنەیی-کۆمەڵایەتییە. شاعیر لەڕێگەی بەرهەمهێنانی هێمای (برین و بێهیوایی لە ئامرازەکانی ڕزگاربوون)ەوە هەڵسەنگاندن بۆ بێهودەیی هەوڵەکانی مرۆڤ و تێپەڕبوونی زەمەنێک دەکات، کە تێیدا هەموو شتێک جەوهەری خۆی لەدەست داوە. ئەم دنیابینییە شیعرییە، دەقەکەی بەرەو بنیادێکی تاڕادەیەک ڕادیکاڵ و نائومێدانە پەلکێش کردووە، هەربۆیە تێ دەگەین لەوەی کە پرسیاری شاعیر دەچێتەوە سەر ئەوەی کە ئاخۆ کاتێک زمان، نوێژ، ئاین، نیشتمان و ژیان توانای ساڕێژکردنی برینەکانی مرۆڤیان نامێنێت، ئایا کۆتاییەکە تەنها تەسلیمبوونە بە مردن یان مردن خۆی دەبێتە دوا ڕێگای ئارامی؟
بە شێوەیەکی گشتی پەیامی سەرەکی شیعرەکە، دەکەوێتە ناو بڕگەی دووەمەوە، کە بەتەواویی لەسەر پارادۆکس و ڕەتکردنەوەی جەوهەری ئامرازە ئاساییەکان ڕاوەستاوە: (زمان توانای دەربڕینی نییە، دەریا ئاوی تێدا نییە، دەست بۆ نان و جەنگ وەکوو یەک درێژ دەکرێت.) هەموو ئەمانەش وایان کردووە لەوەی هاریکاریی لە پێکهێنانی وێنەی هاودژیی زەقدا بکەن، لەڕێگەی بەکارهێنانی داڕشتنگەلی زمانیی ئەوتۆ، کە گوزارشت لە پووچیی واقیع دەکەن و شاعیر بە گوێی خوێنەریدا دەدات.
ئەوەتا دەڵێت: (ئەوەی سەرت بە بڕین دەبا، وشە نییە، زمانە/ ئەوەی زمانت بە بڕین دەبا، چەقۆ نییە، گومانە…) یان: (گەر چارۆکەی زمان بخەیتە سەر ڕەوتی فڕین/ هەر بە چەواشە چوارمێخەت ئەدەن/ ئیتر لە هەر لایەکەوە بــا هەڵکا شیتاڵ شیتاڵ دەبێتەوە).
بەم جۆرە وێنای داڕمانی بنەماکانی باوەڕمان بۆ دەکات و دەڵێت: مرۆڤی ئەم سەردەمە لەڕێگەی ئایدیۆلۆژیا، ئاین و درووشمەکانەوە گەیشتووەتە بێدەربەستییەکی گەورە، کە تێیدا تاوانبار و بێتاوان، یان مردن و ژیان هاوسەنگ بوونەتەوە.
لەپاڵ ئەوانەدا، دەشێ ڕەخنەی ئەوە ئاراستەی ئەم دەقە بکرێت، کە بە هۆی کەڵەکەبوونی بەردەوامی وێنەکانی بێهیوایی، هەندێک جار دەکەوێتە ناو دووبارەکردنەوەی دۆخی نەرێنییەوە، کە وا دەکات کێشکردنی دراماتیکی لە بەشی دووەمدا تا ڕادەیەک یەکسان ببێتەوە و ڕیتمی شیعرەکە دووچاری جۆرێک لە خاوبوونەوە و هەندێ جاریش وەستان ببێتەوە.
پەروێز هوما، دەقی (یەک گۆڕ و دوو مردوو)ی لە گۆشەنیگایەکی پۆستمۆدێرنەوە داهێناوە. شاعیر چەمکەکانی (نامۆبوون، پەرتەوازەیی شوناس، بوونی دووفاقیی مرۆڤ و مەرگی سیمبولییانەی لە قاڵبە تەقلیدییەکەوە ڕاپسکاندووە و کردوونی بە ئەزموونێکی زیندووی فیزیکی، جەستەیی و سایکۆلۆجییانە.
بنیاتی دەقەکە فەزایەکی کراوەی هەیە، فرە-کوپلەیە، بە زمانێکی مۆدێرنی ڕۆژانە چڕ چنراوە. پرسیاری جەوهەریی دەقەکە ئەوەیە: ئایا مرۆڤی هاوچەرخ، کاتێک لەنێوان واقیعی جەستەیی و فەزای دیجیتاڵیدا پارچەپارچە دەبێت، تا چ ئاستێک دەتوانێت شوناسی یەکپارچەی خۆی بپارێزێت بەرانبەر مەرگی هێواش و فەرامۆشبوونی کۆمەڵایەتی؟
دەقەکە تەواوکارییەکی چڕە لەنێوان دوو بڕگەی سەرەکیدا: بڕگەی یەکەم شیکاریی وجودیی و نامۆبوونی فیزیکی لەخۆگرتووە، شاعیر بەکارهێنانی کەرەستە ڕاستەوخۆ و واقیعییەکانی دەوروبەر (پێڵاو، ئاوێنە، فنجان، کلیل، کورسی، پەردە و خاک) دەکاتە مەجازی شیعریی تا ئاستی نامۆبوونی مرۆڤ لەگەڵ ماڵ، جەستە و زەمەنی خۆیدا هەڵبسەنگێنێت و بیپێوێت.
بڕگەی دووەم، لە بابەتی نامۆبوونی دیجیتاڵی و هەڵوەشاندنەوەی شوناسەوە دەدوێت، دەقەکە لەڕێگەی زاراوەکانی (ئەکاونت، پڕۆفایل، پاسۆرد، شاشە و دوگمەی سڕینەوە) گەمەیەکی شیعریی بە فۆڕمی شوناسی هاوچەرخ دەکات، کە تێیدا مرۆڤ لەسەر شاشە دەژێت، بەڵام لە واقیعدا زیندەبەچاڵ کراوە!
شاعیر توانیویەتی داهێنانێکی زۆر بەرز بکات، لە چۆنێتیی خوڵقاندنی وێنەی شیعریی زۆر چڕ، تیژو شۆکهێنەر، کە هەندێ جاریش لە شێوەی حیكمەت یان وتەیەکی بەپێزدا، لەناو ڕستە یان دێڕێکی زۆر کورتدا جێگیر دەکرێت، هەروەها هاوتەریبکردنی فۆڕمی کورتی کۆپلەکان (٦٩ کۆپلە) لەگەڵ پچڕپچڕیی هۆشیاریی مرۆڤی هاوچەرخدا ڕێک و گونجاو دێتەوە.
هوما، دەڵێت: (یەک گۆڕ،/ دوو مردوو،/ خاک؛/ بۆ هیچ پرسیارێکی/ نەکرد.)
ئەمە لوتکەی پارادۆکسی وجودییە، پارچەبوونی شوناسی ئەو مرۆڤەیە، کە لەناو شیعرەکەدا وەک سێبەرێک تراومای خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
هەروەها دەڵێت: (دەرگا/ / بە هەمان کلیل/ دەکرایەوە،/ بەڵام/ هیچ ژوورێک/ ئەو ژوورە نەبوو/ کە لێی هاتبوومە دەرەوە.)
هەر هەمان مرۆڤەکەی ناو شیعرەکە، وەک هەر مرۆڤێکی تری هاوچەرخ کاتێک لە شوێنێک (ماڵ، نیشتمان یان پەیوەندییەک) دەچێتە دەرەوە و دەگەڕێتەوە، هەرچەندە کەرەستە ڕووکەشەکان (کلیلەکە) وەک خۆیان مابنەوە، بەڵام گۆڕانکاریی دەروونی و زەمەنی، وا دەکات کە ئیتر شوێنەکە هەمان هەستی ئارامی و ئاشنایی جاران نەبەخشێت.
ئەگەر تاقە ڕەخنەیەک لەم شیعرە بگیرێت ئەوەیە، کە بنیاتی دەقەکە بەهۆی زۆریی ژمارەی کۆپلەکانییەوە (٦٩ کوپلە)، لە هەندێک جێگەدا (لەنێوان کۆپلەکانی ٣٠ تا ٤٥) دەکەوێتە ناو تەڵەی ڕستەی ئاسایی و دووبارەکردنەوەی بیرۆکەی (دابڕان لە شوێن و زمان)، کە وا دەکات گونجانی دراماتیکی و زەبری شۆکهێنەری وێنەکان تا ڕادەیەک خاوببێتەوە و لە کەشی شیعریی دوور بکەوێتەوە.

دووەم/ ئاراستەی شیعریی دەقەکان بەپێی چەمکی بەهای زاڵ:
پاش خستنەڕووی خوێندنەوەى سەروو-دەقی بۆ بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان، ئێستا ئیتر دەتوانین لەڕوانگەی چەمکی فۆرمالیستیی (بەهای زاڵ)ەوە، ئەم هەشت دەقە، بەسەر چوار ئاراستەی شیعریدا دابەش بکەین. پێش ئەوەیش پێویستە ئەگەر بەکورتیش بێت مەبەست لە چەمکی بەهای زاڵ ڕوون بکەینەوە.
لە تیۆریی فۆڕمالیزمدا، بەها یان ڕەگەزی زاڵ بریتییە لەو پێکهاتە، تەکنیک یان کەرەستە دیارەی زمان و فۆڕم، کە کۆی ڕەگەزەکانی تری دەقەکە بەرزەفت دەکات، واتە وەک ناوەندێکی هێز کار دەکات، کە تەواوی پێکهاتەکانی تر (وێنە، ڕیتم، ڕێزمان و تێما) لەژێر ڕکێف و سایەی خۆیدا ڕێک دەخاتەوە و ئاراستەیان دەکات.
کەواتە، پەیوەندیی نێوان ئاراستەی شیعریی و بەهای زاڵ، پەیوەندییەکی دیالێکتیکیی دوولایەنەیە، بەڵام لەڕوانگەی تیۆریی فۆڕمالیزمەوە، (بەهای زاڵ) بڕیار لەسەر ئاڕاستەی شیعریی دەق دەدات و فۆرمی پێ دەبەخشێت، چونکە ئاڕاستەی شیعریی، سەربەخۆ و پێشوەختە لە دەرەوەی دەقەوە بوونی نییە، بەڵکوو بەرهەمی کارپێکردن و یەکگرتنی بەهای زاڵە لەناو دەقەکاندا، کە نەخشەی ئاراستە شیعرییەکانمان بۆ دەستنیشان دەکات. لێرەوە چوار ئاراستەی سەرەکیی شیعریی، بەپێی بەهای زاڵی هەر هەشت دەقەکە، بەم شێوەیە دەستنیشان دەکەین:
١- ساتیری ڕەش و دەقئاوێزان: لەم ئاستەدا، دەقی (گوو) بە تەنها دێت، دەقێک لە ژینگەیەکی ئەدەبیی یاخی، کە تێیدا شاعیر بە زەبرێکی زمانەوانی، شۆکێک لە هۆشیاریی خوێنەر جێدەهێڵێت تا چەمکی جوانی و بەهای مرۆیی جارێکی تر پێناسە بکاتەوە.
٢- تراژیدیای مێژوویی و واقیعی تراوماتیکیی گەرمیان: لەم ئاستەشدا دەقێک بە تەنها دادەنرێت، ئەویش دەقی (خودا)یە، کە ڕەسەنایەتی ژینگەی گوند و ئازاری ئەنفال لە بەرگی هاودژییەکی دراماتیکیدا بەرجەستە دەکات.
٣- فەزای پۆستمۆدێرن و وێنەگەرایی هاوچەرخ: لەم ئاستەدا دوو دەقی سەرەکی بەیەکەوە کۆدەبنەوە، ئەوانیش: (تا خوار بە دووریتدا دێمە شیعر) لەگەڵ (یەک گۆڕ و دوو مردوو). لە هەردوو دەقەکەدا، چەمکەکانی دووریی، نامۆبوون و مەرگ لە قاڵبە ڕۆمانسی و تەقلیدییەکەی خۆیان دەرهێنراون و گوێزراونەتەوە سەر ئەزموونێکی فیزیکی و بەرهەست، بەومانایەی بەکارهێنانی هێما و یەکە زمانییەکان، وایان کردووە لەوەی جۆرێک لە هاوتەریبیی فۆڕمی دەرەوەی دەقەکان لەگەڵ ناوەڕۆکی فیکریی مرۆڤی هاوچەرخدا ڕێک و گونجاو بێتەوە.
٤- مەزراندنی هێما و هەڵوەشاندنەوەی زمان: لەم ئاستەیاندا چوار دەق کۆدەبنەوە، کە هەریەکەیان بە شێوازێک گەمەی شیعریی بە کەرەستەکانی زمان و ڕێزمانەوە دەکەن، ئەمیش بەم شێوەیە ڕوون دەکەینەوە: لە (سەرم مزراحی ژیانە)دا (مزراح) هێمای قوڵبوونەوەیە لە برینەکانی بوون و هۆیەکە بۆ ڕۆچوون بەناو وردەکارییەکانی ئازاری مرۆییدا. دەقی (لە ئاستانەی مناڵێکی گرینۆکدا)، ڕوانینی بێتاوانانەی منداڵێکە، جەنگ و کاپیتاڵیزم و پێشکەوتنی زانست دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەنجا (دێوڵکەیەک لە سەرمدا)، هەوڵی دەربازبوونە لە ماددە و جەستە، ڕووەو ئازادیی ڕۆح، دواجاریش (ئاسمانێکی تەڵخ و باڵێکی ڕوون بۆ فڕین)، تێڕوانینێکی ڕادیکاڵە لەمەڕ داڕمانی بنەماکانی باوەڕ، کە دەقەکەی گەیاندووەتە ئاستی پارادۆکسێکی شیعریی توند.

سێیەم/ شیکاری بنیات و شێوازی دەقەکان:
مەبەست لە ناونیشانی ئەم تەوەرەی گەشتە ڕەخنەییەکەمان، شیکارکردنی بنیات و شێوازی دەقە شیعرییەکانە. بنیاتی دەق بریتییە لەو ئەندازیارییە زمانییەی کە شاعیر لەڕێگەیەوە تۆڕی پەیوەندییە ناوەکییەکانی نێوان یەکە و کەرەستە پێکهێنەرەکانی دەقەکەی (وشە، ڕستە، وێنە و کۆپلەکان)ی پێ دادەمەزرێنێت، بەڵام شێوازی دەق، چۆنێتیی بەکارهێنانی تایبەتیی زمانە لەلایەن شاعیر یان نووسەرەوە، کە دەقێک لە دەقێکی تری پێ جیا دەکرێتەوە، شێواز بەپێی ئاستی مەعریفی و دنیابینیی شاعیرەکە گۆڕانی بەسەردا دێت.
کەواتە کاتێک بمانەوێت خوێندنەوە بۆ بنیات و شێوازی دەقێکی ئەدەبی بکەین، پێویستە کۆمەک لە میکانیزمەکانی میتۆدی ڕەخنەی بنیاتگەریی و شێوازگەریی وەربگرین. هەر لێرەوە پێویستە ئەوەش بڵێین، کە ئەم جۆرە شیکارییەی ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرانە لە میانی ئەم دەقانەى لەبەردەستماندان، بە واتای ئەوە نایەت، کە بێین تەماشای ئەوە بکەین، ئاخۆ چییان گووتووە، واتە لەوە ناڕوانین چ سۆز، پەیام یان ئایدیۆلۆژیایەکیان لە دەقەکانیاندا بەرجەستە کردووە، بەڵکوو تەماشای ئەوە دەکەین، کە چۆن زمانیان لە کردەی بنیاتنانی دەقەکانیاندا بەرکەڵک خستووە، واتە گرنگی بە تۆڕی پەیوەندییە ناوەکییەکان، ڕێکخستنی زمان و لادانە شێوازگەرییەکانی ناو دەقەکان دەدەین و بەدوای چۆنێتیی بەرجەستبوونی خودی زمان خۆیدا دەچین… لەم ڕوانگەوە گرنگترین سەرنجە گشتییەکان، بەپێی ئەم دوو میتۆدەی ڕەخنە دەخەینەڕوو:
کە لەڕوانگەی بنیاتگەرییەوە سەرنج لە کۆی دەقەکان دەدەین، دەبینین بنەمای دووانە هاودژە بنەڕەتییەکان لە پێکهاتەی زۆربەیاندا کارایی وەرگرتووە: (ژیان/ مردن، دیاریی خودا/ تاوانی مرۆڤ، ماددە/ ڕۆح، نزیكی/ دووریی، جەنگ/ ئاشتی…) جگە لەوەش تەواوی دەقەکان، دووچاری کێشەی ڕەخنەیی لە بنیاتدا بوونەتەوە، کە دەتوانین ناوی بنێین کێشەی (کەڵەکەبوون و درێژدادڕیی). بەپێی میکانیزمە ڕەخنەییەکانی ئەم میتۆدە، پێویستە هەر بەشێک لە دەق خزمەت بە یەکگرتوویی کۆی بنیاتەکە بکات، بەڵام بەگشتی کەڵەکردنی ناوەکان و تێرمە فەلسەفییەکان و وێنە نەرێنییەکان، بەش و پارچە و کۆپلەی زیادەیان لە جەستەی دەقەکاندا بەرهەم هێناوە. ئەمەش دۆخێکە زنجیرەی بونیادی ناوەکیی دەقەکانی تا ڕادەیەک تێک داوە و تووشی خاوبوونەوەی ڕیتمی کردوون. ڕاستە شاعیرەکان، لە بنیاتنانی دەقەکانیاندا، خاوەنی جەسارەتێکی بەرزن لە لادانی زمانی و دروستکردنی شێوازی تایبەت بە خۆیان، بەڵام لە ڕووی ئەندازەسازیی زمانەوە، زۆربەی دەقەکان پێویستیان بە داڕشتن و چڕکردنەوەی زۆرتر هەیە تا لە درێژدادڕیی و وتاردانی ڕاستەوخۆ ڕزگاریان بێت.
تێڕوانینی شێوازگەرانە بۆ دەقەکان، تەکەزیی دەخاتەسەر (لادانی زمانی، هەڵبژاردنی وشەکان و فۆرماتی دەرەوەی دەق (گرافۆلۆجی). لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە چەند نموونەیەک بدەین، وەک دیارترین لادانی شێوازیی لە دەقی (لە ئاستانەی مناڵێکی گرینۆکدا) دەردەکەوێت، کاتێک شاعیر بە ئەنقەست دەستکاریی مۆرفۆلۆژیی و ڕێزمانیی هەندێ وشەی کردووە، وەک: داماڵینی پاشگری «ەنگ» لە تفەنگ، یان گۆڕینی پیتی «جەنگ» بۆ «چەنگ»، ئەمەش لووتکەی لادانی شێوازگەرانەیە لەپێناو ئافراندنی مانایەکی نوێدا. هەروەها لەبارەی لادانی چەمکسازیی و بەکارهێنانی دەستەواژەی شۆکهێنەرەوە، لە دەقی (گوو)دا، بەکارهێنانی وشەی ناشیعریی (گوو)، کە (٧٩ جار) دووبارە کراوەتەوە، ئەمە وەک لادانێکی شێوازیی سەیر دەکرێت بۆ تێکشکاندنی نەریتی باوی شیعر. شاعیر شێوازی زمانەکەی لە زمانێکی ڕەوانبێژانەی ڕازێنراوەوە گۆڕیوە بۆ زمانێکی ڕووتکەرەوەی زبر، کە زۆرجار هەڵێنجراوی زمانی ڕۆژانەیشە.
لە دەقی (تا خوار بە دووریتدا دێمە شیعر)، شێوازی ڕیزکردنی وشەکان و خستنەناوەوەی بۆشایی لەنێوان دێڕەکاندا تەنها ڕێککەوت نییە، بەڵکوو شێوازێکی گرافیکییە تا ئازاری دووریی بە شێوەیەکی بینراو (ڤیژوەل) بە خوێنەر بگەیەنرێت، هەڵبەت ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی شێوازی گرافیكی و گۆڕینی فۆڕمەوە لە شیعردا.
لە (یەک گۆڕ و دوو مردوو)دا، درەنگگەیشتنی (بکەر) یان گۆڕینی کارکردی (ئامراز)ەکان لەناو ڕستەدا، بۆ نموونە لە کوپلەی (٢٢)دا، ناوەکانی (گۆڕ، مردوو، خاک) دەبنە جەمسەری سەرەکیی ڕستەکە و کارەکان دەخرێنە پەراوێزەوە، تا وەک ئاماژەیەک دەربکەوێت بۆ بێدەنگیی سروشت و بێباکیی زەمەن بەرانبەر کارەساتی مرۆڤ.
ئەمەو بەکارهێنانی یەکەی زمانیی ڕەسەن لە دەقی (خوا)دا، هەر بە تەنها هەڵبژاردنێکی فەرهەنگی نییە، بەڵکوو ستراتیژێکی شێوازگەرییە، کە تێیدا ڕەسەنایەتیی زمانی گەرمیان دەبێتە ئامرازی بەرجەستەکردنی تراژیدیا و زیندووکردنەوەی برینی ئەنفال لە فۆڕمێکی شیعریی دراماتیکدا.
لەلایەکی ترەوە، بەشێوەیەکی گشتی لە تەواوی دەقەکاندا، کێشەی زاڵبوونی زمانی وتاریی یان زمانی ڕاستەوخۆ، تێبینی دەکرێت، واتە لەڕوانگەی شێوازگەرییەوە زمانی دەقەکان لە ئاستی میتافۆریی و مەجازییەوە دادەبەزێت بۆ زمانی ڕاستەوخۆی وتاریی، بەوەی کە شاعیرەکان لەڕێگەی هێنانی ڕستەی ڕوونکردنەوەییەوە، هێزی وێنە شیعرییەکانیان کەم کردووەتەوە.

چوارەم/ خوێندنەوەی دەقەکان لەڕوانگەی ڕەخنەى کلتورییەوە
ئەوەى بۆ من لەم پرۆسەدا ئەزموونێکی نوێیە، خوێندنەوەی کلتورییانەی دەقەکانە، چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ پاش ئەوە دێت، کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کتێبێکم لەبارەی ڕەخنەی کلتورییەوە پەرچڤە کردووە، کە هێشتا نەکەوتووەتە بەر ڕووناکیی چاپ و بڵاوکردنەوە.
ڕەنگە بەم دەمودەستە پێناسەکردنی ڕەخنەی کلتوریی ئاسان نەبێت، بەڵام بۆ ئەم وتارە دەتوانین بەوەندە بیبڕێنینەوە، کە بڵێین: ڕەخنەى کلتوریی بریتییە لە دیسیپلینێکی فرەڕەهەندی ئەکادیمی و میتۆدێکی ڕەخنەیی-شیکاریی، کە لە بەیەکگەیشتنی تیۆریی کۆمەڵایەتی، کلتوریی، نیشانەناسی و فەلسەفەی سیاسیدا گەڵاڵە دەبێت و ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕەوتەی ڕەخنە، شیکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەها، هێما، دەق، نەریت، دامەزراوەو مۆدێلانەی ڕەفتار و بەرخۆرییەیە، کە کلتوری کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنن و لەخۆی دەگرن.
لەم ڕوانگەوە ڕەخنەگری کلتوریی هەوڵ دەدات، شیکاریی بۆ خاڵی پەردەپۆشکراوی ناو دەقەکان بکات و ئەوەیان لەڕێگەوە بخاتە ڕوو، کە چۆن کلتوری باو، میدیا و پیشەسازیی کلتوریی، کار لەسەر بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات، باڵادەستیی ئایدیۆلۆجی (هەژموون)و ئاڕاستەکردنی هۆشیاریی گشتی دەکەن، هەڵبەتە لەم نێوەندەدا نیشانەناسی (سیمیۆتیک) وەک میکانیزمێکی زانستیی بۆ شیکاریی نیشانە و ڕەمز و هێماکان، ڕۆڵی گەورەی خۆی دەگێڕێت.
لێرەوە بە گەڕانەوە بۆ ئەو چوار ئاراستە شیعرییەی کە لە تەوەری پێشتری ئەم توێژینەوەدا، دەقەکانمان بەسەریاندا دابەش کرد، جارێکی تر چاودەبڕینەوە شیعرەکان، لەپێناو ئەنجامدانی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی-کلتووریی قووڵ، کە بەمەیش بۆمان ڕوون دەبێتەوە، دەقەکان تەنها ڕێکخستنی بنیاتگەرایی و شێوازگەراییانەی وشە نین، بەڵکوو لەڕاستیدا کۆمەڵێک ئامرازی کلتووریین، کە گوزارشت لە قەیرانە فیکری، سیاسی و دەروونییەکانی کۆمەڵگەی کوردی-بەگشتی و گەرمیان وەک بەشێک لەو کۆمەڵگەیە- لە سەردەمی دوای کارەساتدا دەکەن.
لە دەقی (نۆڕێ)دا، بەکارهێنانی وشەی (گوو) بۆ گوزارشت لە چەمکی (پاشەڕۆ) و شکاندنی سنوورە تەقلیدییەکانی زمان، هەوڵێکە بۆ ڕووتکردنەوەی دامەزراوە کلتووریی، ئابووریی و سیاسییەکان لە درۆکانی مۆدێرنێتە و جەنگ. بەکاربردنی ئەم هێما زمانییە، دەلالەتە لە داڕمانی بەها بەرخۆرییەکان لە جیهانێکدا، کە مرۆڤ تێیدا لەبری بەرهەمهێنانی مەعریفە، تەنها پاشەڕۆ لەدوای خۆیەوە بەجێ دەهێڵێت!
ڕەخنەی جەوهەریی کلتووریی لەم دەقەدا ئەوەیە، کە سەرەڕای یاخیبوونە فۆرمگەراکەی، بەڵام بونیادی دەقەکە و ڕیتمی ئاڕاستەکردنی وتارەکە هەمان مۆدێلسازیی و تەکنیکییانەی دەقی (بۆ ڕۆدانی کوڕم)ی فەرهاد پیرباڵە! ئەمەش نیشانەی گیرخواردنی کلتوری ئەدەبیی ناوچەکەیە لەژێر سێبەری هەژموونی ئەدەبیی پێش خۆیدا، واتە دەتوانین بڵێین: دەقەکە نەیتوانیوە بەتەواویی لە مۆدێلی دەسەڵاتداری پێش خۆی جیاببێتەوە.
دەقی (خودا)، لەڕێگەی زاراوە ڕەسەنەکانی گوندەوە جەنگ و ئەنفالی بەرجەستە کردووە. لەڕوانگەی ڕەخنەی کلتوورییەوە، دەقەکە بەرکەوتنی ئاین و ئایدیۆلۆژیا دەخاتە ڕوو، بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات، کە چۆن نیشانە پیرۆزەکان (ئاین/ چاکە) لەلایەن دەسەڵاتی زۆردارەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەکرێنە ئامرازی سەرکوتکردن و ئەنفال. هەر لەم میانەیەوە، دەقەکە ئاماژەیەکە بۆ پەککەوتنی (کلتوری ئومێد)، بە واتایەکی دیکە، دووبارەبوونەوەی بەردەوامی وێنەی تراژیدیا و کارەسات بە شێوازێکی پێشبینیکراو، شیعرەکەی لە ئامرازی ڕاچڵەکاندن و دروستکردنی ئاگاییەوە گواستووەتەوە بۆ دەنگدەرەوەیەکی پاسیڤی ئازارەکان، ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن گەرمیان وەک ناوچەیەکی تراوماتیک لەبری دەربازبوون لە ڕابردوو، تووشی جۆرێک لە بێزاربوونی کلتووریی بووەتەوە، کە تێیدا بێهیوایی دەبێتە مۆدێلی زاڵ و بەهای باڵادەستی تەنانەت ناو دەقە ئەدەبییەکانیش!
وێنەگەرایی هاوچەرخ و تەنیایی دیجیتاڵی لە دەقی (تا خوار بە دووریتدا دێمە شیعر)، مۆدێلێکی نوێی بەرکەوتنی ئەدەبە لەگەڵ تەکنۆلۆجیادا، پەرتەوازەیی لەنێوان نەریت و دیجیتاڵیزمدا، شاعیری گەیاندووەتە ئەو ئاستەی کە چەمکی (دووری) لە قالبە ڕۆمانسییە کۆنەکەی دابماڵێت و بیکات بە ئەزموونێکی دیجیتاڵی (ئۆنلاین) و گرافیکییانە!
سەرەڕای ئەمە، دامەزراندنی هێما، هەڵوەشاندنەوەی بنیاتی ڕێزمانی و بەرکەوتن لەگەڵ داخورانی شێوازیدا لە هەناوی هەر چوار دەقی (سەرم مزراحی ژیانە، دێوڵکەیەک لە سەرمدا، لە ئاستانەی مناڵێکی گرینۆکدا، ئاسمانێکی تەڵخ و باڵێکی ڕوون بۆ فڕین)دا، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ هەوڵێکی گشتیی شاعیران بەرەو هەڵهاتن لە واقیعی جەستەیی و پەنادان بۆ فەزای هێماگەرایی و فەلسەفی.
لە ڕوانگەی ڕەخنەی کلتوورییەوە، ئەم گەمە زمانی و هێماییانە تەنها مەشق و ڕاهێنانێکی ئیستاتیکی یان داهێنان و ئافراندنێکی شێوازگەرایی ڕووکەشی نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی کاردانەوەی هۆشیاریی شاعیرانن بەرانبەر داسەپاندنی ئایدیۆلۆجیا و نۆرمە کلتوورییە باوەکان.
شاعیرەکان لەڕێگەی یاخیبوون لە لۆژیکی زمانیی باو، کۆشاون کۆد و هێما جێگیرەکانی کۆمەڵگە هەڵبوەشێننەوە، وەک لە هەوڵەکەی (عومەری مەلا)دا بەرجەستە دەبێت کاتێک بە لادانێکی بچووکی فۆنەتیکی (گۆڕینی «جەنگ» بۆ «چەنگ») لادانێکی جۆریی لە سیمیۆتیکادا دروست کردووە. لەم گۆڕانکارییەدا، زمانی دەسەڵات و دیسپڵینی چەکداریی (جەنگ) دەگۆڕێت بۆ زمانی هونەر و موزیكی ئاشتیخوازانە (چەنگ)، ئەمەش بەکارهێنانی ستراتیژیی ڕەخنەی کلتوورییە بۆ داماڵینی ڕەوایەتی لە کلتووری توندوتیژیی و سەربازگەرایی. هاوکات (هیوا موسا) بە ڕاکێشانی هێمای عیرفانیی (سیمورغ) بۆ ناو دەقەکەی، هەوڵێکی کلتوورییانە دەدات بۆ دەربازکردنی مانای شوناس لە زەبر و قەیرانی جەستە و ماددە بەرەو ئازادیی ڕۆحی.
لە ئاستی دوا-شیكاریی کلتووریدا، ئەم داتاشین و هەڵوەشاندنەوە هێماییە دەرئەنجامی سەرپێکەوتنی قەیرانی بوونگەرایی مرۆڤی هاوچەرخە، مرۆڤێک کە لەژێر پەستانی کلتووری نەریتی و باڵادەستیی کاپیتالیزمی نوێ و نامۆبوونی قووڵ لە فەزای سۆشیال میدیادا، تووشی پەرتەوازەیی شوناس و (تەنیایی جەماوەریی) بووەتەوە، بەمەش شاعیر هەوڵی داهێنان و خوڵقاندنی پەناگەیەکی بێگەرد لە هەناوی زماندا دەدات.
هاوزەمان هەر لەم ئاستەی خوێندنەوەی کلتوریدا، دەقی (یەک گۆڕ و دوو مردوو)، مانیفێستێکی سیمیۆتیکی و کلتووریی قووڵە لەسەر پەرتەوازەیی شوناس و مەرگی دووفاقیی مرۆڤی هاوچەرخی کورد و گەرمیانی، لە سەردەمی دوای کارەسات و سەرده‌می داسەپاندنی فەزای دیجیتاڵیدا. دەقەکە لەڕێگەی دەلالەتە نیشانەناسییەکانەوە ار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی چەندین پێکهاتە و نۆرمی کلتووریی دەکات، بە مانایەکی تر ئەم تێکستەی هوما، لەڕوانگەی ڕەخنەی کلتوورییەوە، نمایندەی قەیرانی مرۆڤی سەردەمە لە نێوان کەڵەکەبوونی تەکنۆلۆجیا و تەنیایی جەماوەریدا، دەقەکە ڕەخنە لە و هەژموونە دیجیتاڵییە دەگرێت، کە مرۆڤی لە حەقیقەتی خۆی و لە پەیوەندییە زیندووەکان دابڕیوە و گەیاندوویەتییە ئاستی پووچگەرایی و نامۆبوون لەگەڵ جەستە، ناو و شوناسی خۆیدا.

پێنجەم/ تێمای جەنگ و مەرگ لەڕوانگەی ڕەخنەی کلتوورییەوە

کاتێک سەرنج لە بەرکەوتنی دەقەکان لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی گەرمیاندا دەدەین، تێبینی دەکەین، کە تێمای جەنگ، مەرگی جەماوەریی و دەرئەنجامە تراوماتیکییەکانی ماڵوێرانی، تەنها وەک مۆتیڤێکی لاوەکی دەرنەکەوتوون، بەڵکوو وەک جەمسەرێکی کلتووریی زاڵ و بڕبڕەی پشتی هۆشیاریی شیعریی لە تەواوی دەقەکاندا ئامادەییان هەیە.
لە دەڤەری گەرمیاندا -کە بە قووڵی لەگەڵ مێژووی جینۆساید، تاوانی ئەنفال و وێرانکاریی ڕژێمی تۆتالیتاردا گۆش بووە- جەنگ لە دەقی ئەم شاعیرانەدا ڕووداوێکی مێژوویی بەسەرچوو یان زەمەنێکی کۆتایی-پێ-هاتوو نییە، بەڵکوو تراومایەکی کلتووریی زیندووی بەردەوامە، کە لە هەناوی زمان و ڕەفتاری ڕۆژانەدا بەردەوام دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. جەنگ لێرەدا بووەتە دیسپلینێکی کلتووریی، کە هۆشیاریی خوێنەر ئاراستە دەکات و بنەماکانی مرۆڤبوونی سەردەم دەخاتە ژێر پرسیاری ڕەخنەئامێزەوە:
نۆڕێ (دەقی گوو)، جەنگ وەک پیشەسازیی مۆدێرنێتە و بازاڕی سەرمایەداریی دەخاتەڕوو، جەنگ لە فۆڕمە نەریتییەکەی دەردەهێنێت و وەک سنعەتێکی مۆدێرن و درۆیەکی ئایدیۆلۆجیی دامەزراو لە هەر پۆشاکێک، کە خۆی تێدا مات داوە، ڕووتی دەکاتەوە. شاعیر بە زمانێکی ڕادیکاڵ و دژە-دیسپڵین، دەست بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی دەسەڵاتی ئابووریی و میدیایی دەبات. ڕەخنەی قووڵی دەقەکە ئاڕاستەی (فۆتۆگرافەری جەنگ) و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن دەکرێت، کە ئازاری قوربانییان دەڕازێننەوە و جوانی دەکەن و دەیکەنە وێنەی فۆتۆگرافیی ئەرشیفکراو تا وەک کاڵایەک لە بازاڕی سەرمایەداریدا مامەڵەی پێوە بکەن. لە ڕوانگەی خوێندنەوەی کلتوورییەوە، جەنگ لێرەدا دادەماڵرێت لە هەر پیرۆزییەک و وەک داڕمان و کەوتنی بەها ئەخلاقییەکانی مۆدێرنێتە، لە دەقەکەدا، بەرجەستە دەکرێت.
خەلیفە، دەقی (خودا)، بە ڕاستەوخۆییەکی بەئازارەوە، باسی تاوانکاریی ئایدیۆلۆجی، وێرانکاریی گوندەکان، چەخماغەی چەک و لەسێدارەدانی باوکی دەکات. لە ئاستی ڕەخنەی کلتووریدا، دەقەکە بەرکەوتنی نێوان (ئاین) و (زۆرداریی سیاسی) ڕوون دەکاتەوە، کاتێک هێزی فاشیست و دەسەڵاتی تاریک، نیشانە پیرۆزەکان (خودا، سروشت و خێرۆمەندیی زەمین) دەستبەسەر دەکەن و دەیانکەنە ئامرازی کوشتن و پاکتاوی نەژادیی. دەقەکە مانیفێستکردنەوەی برینی قووڵی ئەنفالە، ئەودەمەی کە تاوانکارییەکە تەنها جەستەکان لەناونابات، بەڵکوو جیهانبینیی ئاینی و ئارامیی پیرۆزییەکانیش لە ناخی مرۆڤەکاندا دەتەقێنێتەوە.
عومەر مەلا، دەقی (لە ئاستانەی مناڵێکی گرینۆکدا)، جەنگ وەک دیوێکی زەقی کاپیتالیزم و ئەقڵانییەتی ساردی جیهانی نوێ نمایش دەکات. دەقەکە بە هێنانی چەمکەکانی سەربازیی و تەکنۆلۆژیا، مێژووی خوێناویی جەنگ ڕووبەڕووی بێتاوانیی منداڵێک دەکاتەوە. شاعیر یاخیبوونێکی نیشانەناسیی لە ئاستێکی جۆریی بەرزدا ئەنجام دەدات، کاتێک بە دەستکارییەکی بچووکی زمانی، گۆڕانکاریی لە وشەکاندا دەکات، ئەوە زمان لە کلتووری چەکداریی و ئامرازی کوشتنەوە دەگوێزێتەوە بۆ کەرەستەیەکی موزیكیی ئاشتیخوازانە. ئەمە هەوڵێکی کلتووریی سەرکەوتووە بۆ داماڵینی دەسەڵات لە فەرهەنگی شەڕ و باڵادەستکردنی گوتاری ئاشتی.
هەواس، دەقی (ئاسمانێکی تەڵخ و باڵێکی ڕوون بۆ فڕین)، بە شێوازێکی پارادۆکس-ئامێز، دەست دەخاتە سەر داڕمانی بنەماکانی باوەڕ و نیشتمان. لەم دەقەدا جەنگ ئیتر ڕووداوێکی نائاسایی نییە، بەڵکوو دەبێتە واقیعێکی نۆرماڵ، واقیعێکی ڕۆژانەی ئاساییبووەوە، ئەویش کاتێک دەست بۆ نان و جەنگ وەکوو یەک درێژ دەکرێت! لە ڕوانگەی کلتوورییەوە، ئەم وێنەیە نیشانەی گەیشتنی کۆمەڵگەی دوای کارەساتە بە ئاستی نهیلیزمی ڕەها و (بێدەربەستیی بوونگەرایانە)، کاتێک سنوورەکانی نێوان ئامرازی ژیان (نان) و ئامرازی مەرگ (جەنگ) بەتەواوی دەسڕێنەوە.
هیوا موسا، دەقی (دێوڵکەیەک لە سەرمدا)، کاتێک شاعیر تێ دەگات جیهانی واقیعی بەتەواویی لەلایەن وێرانکاریی شەڕەوە داگیرکراوە (ئیتر ناچینەوە بەردەم هیچ شتێ، جەنگ نەبێت!)، ستراتیژێکی کلتووریی نوێ دەگرێتە بەر، کە ئەویش پەڕینەوەیە لە جەنگی جەستەوە بەرەو ئەلیگۆریای ڕۆح. لەڕاستیدا ئەمە هەوڵێکی سۆفیگەرانەی هاوچەرخە، شاعیر دەیەوێت لەڕێگەی هێمای عیرفانیی (سیمورغ)ەوە، لە جەنگی ماددیی سەر زەوی داببڕێت و بەرەو ئازادیی ڕۆحی هەڵبێت، تا وا لە بوون بکات دەستی هیچ کەسێک نەچێتە برینی ئەویترەوە.
حاجی، دەقی (تا خوار بە دووریتدا دێمە شیعر)، جەنگی تەنیایی لە فەزای دیجیتاڵیدا بەرپا دەکات، ئەو ناڕاستەوخۆ جەنگی نێوان (دابڕانی جەستەیی) و (تەنیایی دیجیتاڵی) دەخاتەڕوو. دەقەکە تێڕوانینێکی پۆستمۆدێرنانەی هەیە کاتێک جەنگ تەنها وەک ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نابینێت، بەڵکوو وەک هۆکاری سەرەکیی پەرتەوازەیی، دابڕان و نامۆبوونی مرۆڤ مانیفێستی دەکاتەوە. شاعیر ئازاری جەنگ و دووریی نیشتمان دەگوێزێتەوە بۆ ناو فەزای ئۆنلاین، کاتێک تەنانەت زانستی پزیشکیش ناتوانێت شوێنی برینەکە لە جەستەدا دیاریی بکات، چونکە برینەکە برینێکی کلتووریی و دەروونیی قووڵە.
شکار محەمەد، دەقی (سەرم مزراحی ژیانە)، جەنگی ناوەکی و کێڵانی برینەکانی بوونی بەرهەم دەهێنێتەوەو جەنگ لە بەرە دایساوەکانەوە دەگوێزێتەوە بۆ ناو ناخ و دەروونی مرۆڤ. جەنگ لێرەدا بریتییە لە وێرانکاریی ناخەکی، کێڵانی بەردەوامی برینەکانی بوون و پارچەبوونی تەمەن لەژێر زەبری زەمەندا. لێرەدا شیعر لە ئاستی کلتووریدا دەبێتە (دوا سەنگەر) بۆ بەرگریکردن لە خۆ لەهەمبەر داڕوخان، ڕووخان و لەبیرچوونەوە، سەنگەرێک کە تێیدا مرۆڤی زەبرلێکەوتوو هۆشیاریی خۆی لەبەرانبەر بێباکیی جیهاندا دەپارێزێت.
دواجاریش هوما، دەقی (یەک گۆڕ و دوو مردوو)، مەرگی دووفاقی و تراومای بێدەنگ لە زەینی خۆی و وەرگردا وێنا دەکاتەوە، لێرەدا جەنگ بە فۆڕمی ڕاستەوخۆی سەربازیی یان گوتاری سیاسی ئامادەیی نییە، بەڵکوو وەک دەرئەنجامە نەبینراو و شاراوەکانی تراومای جەنگ لە ناخی مرۆڤی دوای شەڕدا ئامادەیە، واتە جەنگێک کە لە سەنگەرەکانەوە گوێزراوەتەوە بۆ ناو ژوورەکان، جەستە و ئەکاونتە دیجیتاڵییەکان!
دەقەکە ڕەخنەیەکی کلتووریی قووڵە لە جیهانێک، کە تێیدا جەنگ تەنها جەستەکان ناکوژێت، بەڵکوو شوناس، متمانە بە زەمەن و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ ماڵ و تەنانەت لەگەڵ ناوی خۆیشیدا هەڵدوەشێنێتەوە، کاتێک مرۆڤێک لە خاکدا دەنێژرێت، بەڵام لە ماڵەوە (منێکی تر) دەمێنێتەوە، کە لەبیریان چووە بینێژن!
بەم جۆرە، تێمای جەنگ و مەرگ لە هەر هەشت دەقەکە و لاى هەر هەشت شاعیرەکە، بەڵگەنامەیەکی حاشاهەڵنەگری کلتوورییە لەسەر تراومای بەردەوامی دەڤەرەکە. جەنگ لەم دەقانەدا لە دیاردەیەکی سیاسی/سەربازییەوە گۆڕدراوە بۆ نەخۆشییەکی وجودیی و کلتووریی، شاعیرەکانمان لەڕێگەی تێکشکاندنی زمان، ڕاکردن بەرەو فەلسەفە، ڕەخنە لە کاپیتالیزم و پەنادان بۆ فەزای مەجازیی، هەوڵی دەربازبوون لەم قەفەسە کلتوورییە دەدەن و هاواری مرۆڤی زەبرلێکەوتووی دوای ئەنفال و جەنگەکان لە گەرمیانەوە بەگوێی جیهاندا دەدەن.

شەشەم/ قەیرانی بونیادیی دەقەکان لە ئاستی کلتووریدا
لە کۆتایی ئەم خوێندنەوە ڕەخنەییەدا و لە کۆی شیكاریی ئەزموونی شیعریی ئەم هەشت دەقەی لە بەردەستماندان، سەرەڕای جەسارەتی زمانی، داهێنانی وێنەیی و بوێریی لە تێکشکاندن و ئاڵۆزکردنی فۆڕمی شیعریدا، بەڵام لە ئاستی ڕەخنەی کلتووریدا دەبێت بە ئاگاییەکی تیۆریی و میتۆدییەوە لە سێ قەیرانی بونیادیی و جەوهەریی بکۆڵینەوە، تا ئەزموونی شیعریی نوێی ناوچەکە لە وەستان و دووبارەبوونەوە و داخورانی شێوازیی بپارێزرێت:
١- قەیرانی سەربەخۆیی بونیاد و ترسی کاریگەریی: هەرچەندە لە هەندێک لە دەقەکاندا (وەک دەقەکەی نۆڕێ) لەڕێگەی دەقئاوێزانی دراماتیکەوە، یاخیبوون لە ڕێزمان و فۆڕمی باو بەدی دەکرێت، بەڵام بە قووڵبوونەوەی ڕەخنەیی لە کۆی دەقەکان، دەبینین جۆرێک لە قەیرانی سەربەخۆیی بنیات ئامادەیی هەیە.
لە سەرچاوە ڕەخنەییەکاندا ئەم دیاردەیە بە (ترسی کاریگەریی) ناودەبرێت، کاتێک شاعیرانی نوێ ناتوانن بەتەواویی لە سێبەری دەقی ڕابەران و مۆدێلە باوەکانی پێش خۆیان جیاببنەوە. بەشێکی بەرچاوی ئەم دەقانە لەبری داهێنانی ئەندازیارییەکی بونیادیی نوێ بۆ زمان و فۆڕم، مۆدێلە تاقیکراوەکانی پێشوو (وەک: کورتبڕیی ئایپۆگراماتیک، گەشەی پچڕپچڕی وێنەکان و تێکشکاندنی ڕێزمان) دووبارە بەرهەم دەهێننەوە. ئەمەش سەربەخۆیی بونیادیی لە دەقە نوێیەکان دەسێنێتەوەو دەیانکاتەوە بە درێژکراوەی هەمان گوتاری ئەدەبیی مۆدێرن. دیارە سەلماندنی تەواوەتیی ئەم داوەریکردنە بە بەڵگەی سەلمێندراو، پێویستی بە توێژینەوەیەکی بەراوردکاریی سەربەخۆ هەیە لەنێوان بونیادی ئەم دەقانە و بەرهەمی نەوەکانی پێشووتردا. (کە ڕەنگە وەک پرۆژەی داهاتوومان بیری لێ بکەینەوە!)
٢- گەمارۆدانی ئومێدی کلتووریی لە هەناوی نهیلیزمی ڕەهادا: سەرەڕای ئەوەی شاعیرانی ئەم ئەزموونە توانایەکی دیاریان لە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتە نەریتی، سیاسی، ئایدیۆلۆجی و تەکنۆلۆجییەکاندا نیشان داوە، بەڵام کارکردی ڕەخنەی کلتووریی تەنها بە داڕوخاندن کۆتایی نایەت. کاتێک دەق بە بەردەوامی جەخت لەسەر (پووچی، مەرگ و تراژیدیای دووبارەکراوە) دەکاتەوەو هیچ ئاسۆیەکی ئومێدبەخش بۆ ڕزگاربوون واڵا ناکات، دەقەکە تووشی جۆرێک لە (نهیلیزمی ڕەها)و (تەقلیدیبوونی نەرێنی) دەبێتەوە. لە ئاستی تیۆریی کلتووریدا، شیعر جگە لە هەڵوەشاندنەوەی فۆڕمە دەسەڵاتدارەکان، ئەرکێکی بونیادنەرانەشی لە ئەستۆدایە، کە ئەویش ئازادکردنی (ئومێدی کلتووریی)و بەخشینی ئاسۆیەکی مانادارە بە مرۆڤی زەبرلێکەوتوو-ی گەرمیانی- تا شیعر لە ئامرازێکی ڕادەستبوون بە بێهیواییەوە، ببێتە بزوێنەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی.
٣- ئاڵۆزکاریی زاراوەیی و دابڕانی ئۆرگانیک لە بەردەنگ: بۆ دەربڕینی هەستی هاوچەرخبوون و ئاڵۆزیی جیهانی نوێ، بەشێک لە شاعیران کەڵەکەیەکی زۆری زاراوە ئەکادیمی، فەلسەفی و تیۆرییەکانیان ئاخنیوەتە ناو بونیادی دەقەکەیانەوە. لە ڕوانگەی هێرمێنۆتیک و سیمیۆتیکای وەرگرتنەوە، ئەم جۆرە ئاڵۆزکردنە نادڵنیا و زیادەڕەوانەیە، دەق لە ئەزموونێکی زیندووی بەرکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئینسانییەوە دەگوێزێتەوە بۆ ئەدەبێکی ڕۆشنبیریی تیۆریزەکراوی وشک.
ئەم ڕەفتارە زمانییە شوێنەواری نەرێنی لەسەر کارکردی کۆمەڵایەتیی شیعر بەجێ دەهێڵێت، چونکە دیواری دابڕان لەنێوان دەق و بەردەنگی واقیعیدا قایمتر دەکات و پەیوەندیی ئۆرگانیکی نێوان دەقی شیعریی و هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگە، دووچاری گۆشەگیریی و فەرامۆشبوون دەکاتەوە.
ئەنجامی بەدەستهاتووی ئەم سێ قەیرانە بونیادییە، بەئاگاهێنەرەوەیەکی بەپەلەن بۆ زەروورەتی واڵاکردنی قۆناغێکی نوێی خۆ-ڕەخنەیی و بازدانی هۆشیارانە لە ئەزموونی شیعریی نوێی شاعیرانی ناوچەکەدا.
لە ئاستی داڕشتنەوەی گوتاردا، ئەم شاعیرانە بۆ پاراستنی جەسارەت و هێزی شیعریی خۆیان لە داخوران، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگریان بە ڕێکخستنەوەی ئەندازیاریی ڕەسەنی فۆڕم و زمان هەیە، ئەندازیارییەک کە توانای دروستکردنی هاوسەنگییەکی دیالێکتیکی هەبێت لە نێوان سێ جەمسەرە سەرەکییەکەی قەیرانەکەدا.
دواجار ئەم ڕەخنە کلتوورییە هەوڵێکە بۆ بەئاگاهێنانەوەی ڕەوتی شیعریی گەرمیان تا لە بەرهەمهێنانەوەی تراژیدیا و شێوازی هەمان مۆدێلەکانی ڕابردوو بوەستێت، و بەرەو پێکهێنانی گوتارێکی ئەدەبیی کراوە، ڕەسەن و کاریگەر هەنگاو بنێت، کە هاوشانی ئازارەکانی مرۆڤی هاوچەرخ، هۆشیاریی ئایندەسازیی تێدا بەرجەستە بێت.

ئەنجامەکانی توێژینەوەکە:
لە کۆتایی ئەم توێژینەوە ڕەخنەییەدا -کە تێیدا لەڕوانگەی شێوازگەریی، فۆڕمالیزم و ڕەخنەی کلتوورییەوە توێژینەوە لە هەشت دەقی شیعریی شاعیرانی گەرمیان کرا- دەتوانین کۆمەڵێک ئەنجامی جەوهەریی بەدەستهاتوو لە چەند پەرەگرافێکی زنجیرەییدا دەستنیشان بكەین:
١- یەکەمین ئەنجامی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە سەلماندنی پەیوەندیی دیالێکتیکیی نێوان یەکێتیی تێما و فرەیی تەکنیکە شێوازگەرییەکان. وێڕای بوونی جیاوازیی دیار لە شێوازی داڕشتن، داڕشتنی گرافیكی و تێڕوانینی هونەریی نێوان شاعیران، بەڵام تەواوی دەقەکان لە دەوری جەمسەرێکی کلتووریی و سایکۆلۆجیی هاوبەشدا کۆدەبنەوە، کە ئەویش (تێمای جەنگ، تراومای بەردەوام و دەرکەوتە بوونگەرایی و دیجیتاڵییەکانی مەرگ)ـە. ئەم ئەنجامە ئەو ڕوون دەکاتەوە، کە جەنگ و وێرانکاریی لە فەزای گەرمیاندا لە دیاردەیەکی مێژوویی یان ڕووداوێکی بەسەرچووی ڕابردووەوە گۆڕاوە بۆ پێکهاتەیەکی دانەبڕاو و زیندووی ناو ئاگایی شیعریی، بە شێوازێک کە تەواوی وێنە، ڕەمز و لادانە زمانییەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە سەر ئەم زەمینە تراوماتیکە.
٢- لە ئاستی شیکاریی فۆڕمالیستیدا، توێژینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە (بەهای زاڵ) لەناو تەواوی دەقەکاندا ئامرازی بنەڕەتیی دروستکردن و دیاریکردنی ئاراستەی شیعرییە، چونکە ئاراستەی شیعریی چەمکێکی پێشوەختەی دەرەکی نییە، بەڵکوو بەرهەمی یەکگرتنی بەها زاڵەکانە لەناو هێڵەکانی دەقدا. بە هۆی وەگەڕخستنی بەها زاڵە زمانی و شێوازییەکانی وەک: ساتیری ڕەش، لادانی فۆنێتیکی و مۆرفۆلۆجی، داڕشتنی گرافیكیی وێنەکان و پارادۆکسی ڕادیکاڵ، شاعیرەکان توانیویانە ئاگاییەکی هونەریی باڵا لە بەکارهێنانی کەرەستە زمانییەکاندا نیشان بدەن تا شۆکی مەعریفی لە ئاگایی خوێنەردا دروست بکەن و پەیامە فەلسەفی و ڕەخنەییەکانی خۆیان مانیفێست بکەن.
٣- لە تێڕوانینی ڕەخنەی کلتووریدا، توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات، کە سەرەڕای جەسارەتی زمانی و بوێریی شاعیران لە تێکشکاندنی فۆڕمی باو، بەڵام دەقەکان ڕووبەڕووی سێ قەیرانی بونیادیی بوونەتەوە، کە بریتین لە (ترسی کاریگەریی، نوقومبوون لە نهیلیزمی ڕەها و فەرامۆشکردنی ئومێدی کلتووریی، لەگەڵ دابڕانی ئۆرگانیک لە بەردەنگ بەهۆی ئاڵۆزکاریی زاراوەییەوە)، ئەم قەیرانانە ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی دیاردەی داخورانی شێوازیی، واتە بەتاڵبوونەوەی تەکنیکە دووبارەبووەکان لە کاریگەریی و زەبری هونەرییان، کە ئەمەش پێویستیی بەئاگاهێنانەوەی هۆشیاریی خۆ-ڕەخنەیی شاعیران دەسەلمێنێت.
٤- سەرئەنجام، توێژینەوەکە بەوە کۆتایی دێت، کە ئەزموونی شیعریی ناوچەکە لە قۆناغی (یاخیبوون، هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی فۆڕمە ئایدیۆلۆجی و نەریتییەکاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، بەڵام بۆ بەردەوامی و پاراستنی سەربەخۆیی بونیادی خۆی، پێویستی بە گواستنەوە هەیە بەرەو (قۆناغی بونیادنانەوە)، بۆ بەئاکامگەیاندنی ئەم ئامانجەش، پێویستە پرۆسەی بەرهەمهێنانی شیعریی لە سێگۆشەی ئۆرگانیکی (دەق– خوێنەر– ڕەخنە)دا ڕێک بخرێتەوە، تا شیعر لە ئامرازێکی ڕادەستبوون بە بێهیوایی و پووچییەوە، ببێتە هۆکاری دروستکردنی ئاگایی گشتی، ئازادکردنی ئومێدی کلتووریی و بەخشینی ئاسۆیەکی مانابەخش بە کۆمەڵگە و مرۆڤی زەبرلێکەوتووی کوردی گەرمیانی.

چەند تێبینییەکی گرنگ:
١- ناوهێنانی شاعیرانی بەشداربوو و دەقەکانیان لە سەرتاپای ئەم توێژینەوەدا، بەپێی هیچ ڕیزبەندییەکی ئامانجدار یان لەپێشینە (ئەسبەقییەت) یان پلەبەندیی ئەدەبی و شەخسیی نەبووە، بەڵکوو تەنها لەسەر بنەمای ئاسانکاریی و ڕێکخستنی تەوەره‌کان و شیکاریی دەقەکان داڕێژراوە.
٢- ئەگەرچی لە کۆی ئەو نۆ شاعیرە بەشداربووە، دەقی هەشتیان خرایە بەر شیکاریی ڕەخنەی زانستییەوە، بەڵام هێشتنەوەی ژمارە (نۆ) لە ناونیشانی سەرەکیی توێژینەوەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ پاراستنی حەقیقەتی مێژوویی و کلتووریی ئەو ڕووداوە ئەدەبییە، کە لە سەرەتادا وەک کۆڕێکی تایبەت بۆ نۆ شاعیر دەستی پێ کرد، هاوکات ئامادەیی یان بێدەنگیی شاعیری نۆیەم خۆی لەخۆیدا بەشێکە لەهەمان فەزای ئەدەبی و جوگرافیای ڕەخنەیی، کە ناتوانرێت لە سیاقی گشتیی ئەزموونەکە پەراوێز بخرێت.
٣- پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، کە شاعیر (عومەری مەلا)، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆڕەکەدا بە خوێندنەوەی دەقێکی لیریکی بەشدار بوو، بەڵام دواتر و لەسەر خواستی تایبەتیی خۆی، دەقی (لە ئاستانەی مناڵێکی گرینۆکدا)ی بۆ ئەم خوێندنەوە ڕەخنەییە نارد. لە ڕوانگەی ئامانجی زانستیی پڕۆژەکە و ڕێزگرتن لە ویست و بڕیاری شاعیر، داواکارییەکەیمان پەسەند کرد و دەقە نوێیەکەیمان خستە بەر پرۆسەی شیکاریی و هەڵسەنگاندن.
٤- بۆ گوێگرتن لە خوێندنەوەی ڕاستەوخۆی دەقەکان لەلایەن شاعیران خۆیانەوە، ڤیدیۆی چالاکییەکە، لە کەناڵی فەرمیی (ئازادیی گەرمیان) لە یوتیوب، ئەرشیف کراوە و لەڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە بەردەستە: https://www.youtube.com/@azadigarmian1146

  • دکتۆرا لە فەلسەفەی ئەدەب و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان.