کورتە چیرۆک\ هێلکە ڕەنگکراوەکان.. وریا مەعروف گەردی
لە گوندێکدا، کەڵەشێرێکی پیر و لێزان دەژیا. جیاواز لە کەڵەشێرەکانی دیکە، هەموو ڕۆژێک لەسەر بەرزایییەکە بە دەنگێکی بەرز بانگی دەدا و باڵندەکانی دیکەی هۆشیار دەکردەوە، هەمیشە دەیگووت:
«ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین تەنیا دانەوێڵە بەدەستبهێنین و سەردابنەوێنین؛ ئێمە هاتووین تا کێڵگەکە پاک بکەینەوە و سەربەستی بۆ هێلکە و بێچووەکانمان بەدەست بێنین.»
ساڵانێکی درێژ باڵندە بێئومێد و وەڕسەکان دەوری ئەم کەڵەشێرەیان دا. کۆمەڵێک جووجەڵە و مریشکی دیکەش لە دەوری کۆبووبوونەوە، هەمیشە لای ڕاست و چەپیبوون، پەڕەکانیان هەڵدەماڵی و وەکو ڕابەرێکی نەمر سەیریان دەکرد. لە سایەی ئەم کەڵەشێرە بەتەمەنەدا، بزووتنەوەیەکی گەورە لە کێڵگەدا دروستبوو کە خەونی بە گۆڕانکارییەوە دەبینی.
بەتێپەڕبوونی کات، کەڵەشێرە گەورەکەیان بێهێز بوو و رۆژێک چاوەکانی بۆ هەمیشە لێکنا.
شۆکێکی گەورە باڵی بەسەر کێڵگەکەدا کێشا. بەڵام پێش ئەوەی تەپوتۆزی ماتەمینی بڕەوێتەوە، بڕیار کەوتە دەست ئەو شوێنکەوتووانەی کە بەردەوام لە دەوری بوون و بانگەشەی هەمان ڕێگایان دەکرد.
روژانی یەکەم، شوێنکەوتووەکان لەسەر سەکۆکە دەوەستان و بانگیان دەدا، بەڵام دەنگیان وەک دەنگی مامۆستا پیرەکەیان زوڵاڵ نهبوو.
لەو لاشەوە، دوو کەلەشێری گەورەی دەسەڵاتدار لە گۆڕەپانە دەوڵەمەندەکەدا هەبوون کە بەسەر کێڵگەکەدا زاڵبوون و خاوەنی خەرمانی زێڕینی دانەوێڵە بوون. ئەوان بە پێکەنینەوە سەیری ئەم دۆخەیان دەکرد و دەیانزانی بەشێک لە شوێنکەوتووانی بریتیین لە گەدە و گەروو!
ڕۆژێک، دەسەڵاتدارانی خەرمانەکە تەنیا چەند پەنگێک (مشتێک) دانەوێڵەی زێڕینیان فرێدایە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە.
بەشێک لە شوێنکەوتووە دیارەکانی کەڵەشێرەکە، کە ڕۆژێک دەیانگووت «ئێمە نانی حەرام ناخۆین»، لەپڕ چاوەکانیان درەوشایەوە. یەک بە دوای یەکدا، ڕێڕەوی خۆیان گۆڕی. هەندێکیان قونیان بادا و بەرەو خەرمانی لاپەڕی ڕاست ڕایانکرد، هەندێکی دیکەشیان بەرەو خەرمانی لای چەپ چوون.
کاتی کۆبوونەوەی سەر سەکۆکە چۆڵ بوو. ئەو کەسانەی دوێنێ دەیانگووت “ڕێبازەکەی دەپارێزین”، ئێستا لەسەر خوان و دانەوێڵەی دەسەڵاتدارە کۆنەکان دانیشتبوون و سنگیان دەرپەڕاندبوو، تەنانەت فێربووبوون وەک ئەوانیش دەنگ دەربکەن.
باڵندە بچووکەکان بە مەلوولی و داماوییەوە سەیری ئەم دیمەنەیان دەکرد. مریشکێکی بەتەمەن و ژیر لەبەر دەرگای کەپرەکە دانیشتبوو، سەیری ئەم هاتوچۆ و خۆفروشتنەی جووجەڵە دەسەڵاتخوازەکانی کرد، ئاهێکی ساردی هەڵکێشا و ڕووی کردە جووجەڵە خەمبارەکان و گووتی:
(بچکۆڵەکانم، دڵگران مەبن و لەمە زیاتر سەرتان سووڕنەمێنێ… درۆیە، باوەڕ بەم ڕەنگ و بۆیانە مەکەن. ئەمانە هەرگیز جیاواز نەبوون؛ هەموویان هەر هەمان هێلکەن، تەنیا کاتێک لە هێلانە دەرچوون، ڕەنگیان گۆڕی تا ئێمە بێخەڵەتێنن. کاتێک ڕۆژ هەڵات، ڕەنگە دەستکردەکان تیشکیان لێبڕا و هەموویان گەڕانەوە بۆ سەر هەمان زەوی و ژێر هەمان باڵ!)