بنەما لیبراڵیەکانی دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» لە فەلسەفەی ئۆچەلاندا!.. سابیر محەمەد

سەرەتا:
هەلومەرجی جیهانی، پرۆسەی دەستگیرکردن و وەرچەرخانی فکریی عەبدوڵا ئۆجەلان

پڕاگماتیزمی سیاسیی بۆرژواییانەی حیزب و بزووتنەوە چەکدارییەکانی کوردایەتی—چ لە تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران—هەمیشە لەنێوان هاوکێشەی «شەڕ، گفتوگۆ و موفاوەزات»دا لەگەڵ ڕژێمەکانی ئەم وڵاتانەدا خولاونەتەوە و قەتیس ماون، وە بوونەتە داردەستی بردنەپێشەوەی ستراتیژییە سیاسییەکانی وڵاتانی دەرەوە و ناوچەکە.
پڕاگماتیزمی بۆرژواییانەی عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە توانییان هێزەکانی خۆیان لەژێر سایەی حوکومەتی حافز ئەسەد لە سوریا لە ساڵی ١٩٨٠ تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ داڵدە بدەن و بحەوێننەوە، هەروەها جێگەی تایبەت بۆ پەروەردە و پارێزگاریکردن لێیان تەرخان بکەن لە ناوچەکانی دیمەشق و دۆڵی بیقاع لە لوبنان. هەموو ئەم دەستگیرۆییە لەپێناو سوود لێوەرگرتنیان بوو بۆ فشاردانان و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانی ڕژێمی سوریا دژ بە دەوڵەتی تورکیا، لە پەیوەند بە کێشەی دابەشکردنی ئاوی دجلە و فورات و پارێزگای ئەسکەندەرۆنە.
پاش کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٩١دا، هەلومەرجێکی نوێ لە سوریاش هاتە پێشەوە؛ چونکە پێش ئەو گۆڕانکارییە مەزنە، سوریا سەر بە بلۆکی دەوڵەتانی سەر بە شورەوی بوو. دەوڵەتی تورکیاش، وێڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆ بوو، تا ئەو کاتە بە ووریاییەوە بەرخورد و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی حافز ئەسەد لە سوریا دەبردە پێشەوە، چونکە مەترسیی ئەوەی هەبوو ئەگەر دەستوەردانێک بکات لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی سوریا، ڕەنگە ببێتە مایەی سەرهەڵدانی کێشەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی لەنێوان ئەو دوو بلۆکە زلهێزەدا.
بێگومان تا ڕۆژی دەستبەسەرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، دامودەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتی تورکیا چەندین هەوڵی کوشتنی ئۆجەلانیان دابوو؛ لەوانە ئەو هەوڵەی کە لە ئایاری ساڵی ١٩٩٦ لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە کردیان—کە نزیکەی یەک تۆن تەقەمەنییان لێبەستبوو—لەنزیک قوتابخانەیەکی دیمەشق کە ئۆجەلانی تێدا بوو، بەڵام وا ڕێکەوت ئۆجەلان بەر لە چەند خولەکێک ئەو شوێنەی جێهێشتبوو و بەر ئەم تەقینەوەیە نەکەوت.
ئەوە بوو لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٨دا، فەرماندەی هێزی سەربازیی تورکیا چووە سەر سنوورەکانی سوریا و ڕایگەیاند: ئەگەر ڕژێمی ئەسەد ئۆجەلان لە وڵاتەکەی نەکاتە دەرەوە، ئەوا ئەوان ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کە هێرشی سەربازی بکەنە سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا.
بە هەرحاڵ، لەسەروبەندی لاوازیی یەکێتیی سۆڤییەت و بەر لە کۆتاییهاتنی، توانای ئەوەی نەمابوو کە پشتگیری لە حکومەتەکەی حافز ئەسەد بکات، بە ناچاری لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨دا حکومەتی سوریا بڕیاری دا کە عەبدوڵا ئۆجەلان خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.
دوای دەرچوونی ئۆجەلان لە سوریا، تەواوی دامودەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان، لەوانە میت (MIT)ی تورکیا و سی ئای ئەی (CIA)ی ئەمریکی، کەوتنە شوێنپێهەڵگرتنی بەوەی بەرەو کوێ دەڕوات. هەروەها بڕیاری وەرگرتنی ئەویان وەک پەنابەر قەدەغە کرد تا هیچ وڵاتێک مافی پەنابەریی نەداتێ، تا سەرەنجام لە ڕۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا، دەستبەسەر و دواتر دەستگیر کرا.

بۆچی سزای لەسێدارەدانی ئۆجەلان گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی؟
دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، ناتۆ و دەوڵەتی تورکیا گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە بە زیندویی هێشتنەوەی ئۆجەلان زۆر سوودمەندترە بۆیان، وەک لەوەی بیکوژن و لەسێدارەی بدەن و بیکەن بە ڕەمزێکی خەباتکارانەی نەمر.
ئەو فاکتەر و ستراتیژییە سەرەکییانەی کە ئەمریکا و ئەوروپا هەر لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە لە سیاسەتەکانی خۆیاندا لەبەرچاویان دەگرت—بەتایبەت سەبارەت بە مەسەلەی لەسێدارەنەدانی ئۆجەلان—بریتی بوون لەم فاکتەرانەی خوارەوە:

فاکتەری یەکەم:

دەرکردنی بڕیاری «دژایەتیکردنی کۆمۆنیزم» کە سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا (هاری ترۆمان) لە ١٢ی مارسی ساڵی ١٩٤٧دا دەریکرد و چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرت:
A. ئیحتواکردن و ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆمۆنیزم، و قەتیس هێشتنەوەی (Containment) لە چوارچێوەی یەکێتیی سۆڤییەتدا.
B. سەرۆکی ئەمریکا، هاری ترۆمان، داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکی کرد کە کۆمەکی دارایی بە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی یۆنان و تورکیا تەرخان بکات، کە شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ شیوعییەکانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤییەتدا تەنگەتاوی کردبوون.
C. بڕیاری پڕۆژەیاسای (مارشاڵ) لە ساڵی ١٩٤٨ دەرکرا، کە پێویستی دەکرد ژیانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا سەرلەنوێ ڕێک بخرێتەوە و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی سۆسیال دیمۆکراسی دروست بکەن؛ ئەویش لەپێناو زیادکردنی توانای بژێویی جەماوەری خەڵک، و بەم پێیە توانییان بەرگریکردنی هەمەلایەنەی ئەوان لە بەرامبەر کۆمۆنیزمدا زیاد بکەن.
D. دروستکردنی هاوپەیمانیی سەربازیی ڕۆژئاوایی (ناتۆ) لە ساڵی ١٩٤٩دا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژی و هاتنەپێشەوەیەکی یەکێتیی سۆڤییەت.
E. کۆمەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ پشتیوانیکردنی کۆریای باشوور لە بەرامبەر هەر داگیرکارییەکی سەربازیی کۆریای باکوور لە ساڵی ١٩٥٠دا.
ئەوە بوو لە ئاکامی ئەم گۆڕانکارییە جیهانییەی دوای دروستبوونی یەکێتیی سۆڤییەت، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورەی تر لە جیهاندا ڕوویان دا دژ بە هەر بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی و ڕێگەنەدان بە تەشەنەکردنی کۆمۆنیزمێک کە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا بڵاو بووەوە، کە پێش هەر شوێن و جێگەیەک، مەترسیی گەورەیان لەسەر ئەوروپا دانابوو.

فاکتەری دووەم:
ترسی گەورەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیان—وەک ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەلجیکا—کە پەکەکە تێیاندا بەهێزە و پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوە پۆپۆلیستی، چریکی و کرێکارییە (بۆرژوا-چەپ)ە جۆربەجۆرە ستالینییەکان و ڕێکخراوە بەناو ترۆتسکییەکانیشدا هەیە؛ بەو پێیەی فریوی ئەوەیان خواردووە و لەو باوەڕەدان کە پەکەکە پارتێکی دژە ئیمپریالیستە، و ڕەنگە دواتر ببنە مایەی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی و بەیەکدادانێکی گەورە لەناو ئەم وڵاتانەدا.

فاکتەری سێیەم:
ترس و نیگەرانیی خودی دەوڵەتی تورکیاش لە تێکچوونی سەقامگیری و ئارامیی ناوخۆی وڵات و هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی میللی بەهۆی لەسێدارەدانی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە.

فاکتەری چوارەم:
خواستی سەرەکیی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا، و کاریگەریی فشاری دەوڵەتانی ئەوروپا لەسەر تورکیا بۆ لابردنی سزای لەسێدارەدان؛ کە خۆی لە خۆیدا پێشمەرجێک بوو بۆ ڕازیبوونی یەکێتیی ئەوروپا لە وەرگرتنی تورکیا وەک وڵاتێکی ئەندام.

فاکتەری پێنجەم:
هۆکارێکی گرنگ و سەرەکیی تری هێشتنەوەی ئۆجەلان بە شێوەی زیندانی ئەوە بوو کە لەپێناو ئامانجی گەورەتری وەک گۆڕینی تەواوی ڕێچکە و ڕێبازی فکریی پەکەکە (PKK) لە پارتێکی (مارکسیست-لێنینیست)ی ستالینیی «بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی چەکدارانە»وە بۆ ڕەوتێکی سۆسیال دیمۆکراسیانەی میانڕەوی ئاشتیخوازانە بەکاری بهێنن؛ کە بتوانێت باشتر سازان و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکەدا بکات؛ دواتریش بەکارهێنانی کاریگەریی ئۆجەلان بەسەر تەواوی بزووتنەوە چەکدارییە جۆربەجۆرەکانی کوردایەتی و ڕێکخراوە ناسیۆناڵ-چەپەکان (بۆرژوا-چەپەکان) لە ناوچەکەدا.

سابیر. م
٢١ / ١٠ / ٢٠٢٦
ماویەتی