زیرەکی دەستکرد؛ قەیرانێکی نوێ لە پەروەردەدا.. فێنک تەلعەت
ئایا تەکنەلۆژیا پەرە بە بیرکردنەوەمان دەدات، یان بە هێواشی جێگەی بیرکردنەوەمان دەگرێتەوە؟
زیرەکی دەستکرد ئەمڕۆ بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ؛ لە ماڵەوە، قوتابخانە، زانکۆ و شوێنی کاردا بەکاردەهێنرێت. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە، لەگەڵ ئەو دەرفەت و سوودانەی پێشکەشی مرۆڤی کردووە، پرسیارێکی گرنگیشی لەبارەی داهاتووی پەروەردەوە دروست کردووە: ئەگەر AI لە جیاتی مرۆڤ بیر بکاتەوە، داهاتووی توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ چی بەسەر دێت؟
کاتێک خوێندکار لە بەرامبەر پرسیارێکدا دادەمێنێت، بێگومان دەتوانێت داوای یارمەتی لە زیرەکی دەستکرد بکات. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئەو تاکە تەنها وەڵامەکە وەردەگرێت و کۆپی دەکات، یان فێری چۆنیەتی گەیشتن بە وەڵامەکەش دەبێت؟ ئایا زیرەکی دەستکرد هاوکاری دەکات، یان لە جیاتی ئەو بڕیار دەدات؟
ڕێکخراوی یونسکۆ بۆ پەروەردە و فێرکردن، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەکنەلۆژیا دەبێت خزمەتی مرۆڤ و ڕێگاکانی فێربوونی بکات، نەک توانای مرۆڤ و ڕۆڵی پەروەردە لاواز بکات (UNESCO, 2023).
یونیسێف لەبارەی زیرەکی دەستکردەوە ڕێنمایی دەدات و جەخت لەسەر پاراستنی ماف، سەلامەتی، نهێنی و گەشەی منداڵان دەکاتەوە؛ هەروەها هانی کۆمەڵگە دەدات بۆ هۆشیارکردنەوە و بەرپرسیاریەتیی هاوبەش، وە ئەرکی سەرەکی خێزانی دادەنێت (UNICEF, 2025).
بێگومان، زیرەکی دەستکرد گرینگی زۆری هەیە لە پەروەردەدا؛ دەتوانێت لە ڕوونکردنەوەی بابەتە ئاڵۆزەکان، ئامادەکردنی وانە، گەشەپێدانی چالاکییەکان و ئاسانکردنی فێربوون یارمەتیدەر بێت. بەڵام ناتوانین چاوپۆشی لە مەترسییەکانی بکەین، بە تایبەتی کاتێک بەبێ ڕێنمایی، لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەکاردەهێنرێت.
یەکێک لە کێشە گرنگەکانی بەکارهێنانی نادروستی زیرەکی دەستکرد، کاریگەرییەکەیەتی لەسەر متمانە و هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی توانای قوتابی.
بۆ نموونە، کاتێک مامۆستا ئەرکێکی ماڵەوە بۆ قوتابی دیاری دەکات، ئامانجی تەنها تەواوکردنی ئەرکەکە نییە؛ بەڵکو دەیەوێت ئاستی تێگەیشتن، توانای شیکردنەوە و پێشکەوتنی قوتابی بزانێت. بەڵام ئەگەر قوتابی وەڵامەکان ڕاستەوخۆ لە زیرەکی دەستکرد وەربگرێت و وەک کاری خۆی پێشکەشی بکات، مامۆستا ناتوانێت بە دروستی هەڵسەنگاندنی توانای ئەو بکات.
بەڵام چارەسەرەکە قەدەغەکردنی هەموو بەکارهێنانێکی زیرەکی دەستکرد نییە؛ بەڵکو پێویستە مامۆستا جۆرێک لە ئەرک و هەڵسەنگاندن بەکاربهێنێت کە بیرکردنەوە، ڕوونکردنەوەی وەڵام و تێگەیشتنی ڕاستەقینەی قوتابی تێدا دیار بێت.
کێشەیەکی تری زیرەکی دەستکرد ئەوەیە کە هەندێک جار زانیاریی نادروست، ناتەواو یان سەرچاوەی پشتڕاستنەکراو پێشکەش دەکات. ئەگەر قوتابی بەبێ پشکنین و بەڵگە پشت بەو زانیارییانە ببەستێت، لەوانەیە هەڵەیەک بە ڕاستی دابنێت و لەسەر بنەمای ئەوە بیر بکاتەوە یان بڕیار بدات.
لێرەدا زیرەکی دەستکرد ئەمەمان بیردەخاتەوە کە ئەرکی پەروەردە تەنها گەیاندنی زانست و زانیاری نییە؛ بەڵکو فێرکردنی قوتابییە بە چۆنیەتیی پرسیارکردن، گومانکردنی زانستی، بەراوردکردنی سەرچاوەکان و دۆزینەوەی بەڵگە.
قوتابی واچاکە فێر بێت بپرسێت: ئەم زانیارییە لە کوێوە هاتووە؟ ئایا سەرچاوەکە باوەڕپێکراوە؟ ئایا سەرچاوەیەکی سەربەخۆی تر هەمان زانیاری پشتڕاست دەکاتەوە؟
کاتێک قوتابی ئەم توانایانەی پێ نەبەخشرا، زۆربەی کات توشی سەرلێشێواوی دەبێت.
هەروەها، یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەکارهێنانی بێ سنوور و بێ ئامانجی پەروەردەییی زیرەکی دەستکرد، لەوانەیە ببێتە هۆی پشتبەستن بە وەڵامی ئامادە، لەبری ئەوەی قوتابی خۆی لە پرۆسەی بیرکردنەوە، لێکدانەوە و چارەسەرکردنی کێشەدا بەشدار بێت.
کاتێک قوتابی بۆ هەر پرسیارێک بە خێرایی داوای وەڵام دەکات، بێ ئەوەی خۆی هەوڵ بدات، دەرفەتی ڕاهێنانی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و دروستکردنی بیرۆکەی کەسی کەم دەبێتەوە.
نیگەرانییەکی تری پەروەردەیی ئەوەیە کە هەندێک کەس بەهۆی دەستگەیشتنی ئاسان بە زانیاری، پێیان وایە بوونی مامۆستا و فێرکاریی ڕاستەوخۆ چیتر پێویست نییە.
بەڵام ڕۆڵی مامۆستا تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە؛ ڕۆڵی لە ڕێنماییکردن، پەرەپێدانی کەسایەتی، دروستکردنی متمانە، تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی قوتابی و فێرکردنی بەها و بەرپرسیاریەتییەکانە.
لەبەر ئەوە، پێویستە تەکنەلۆژیا ببێتە یاریدەدەری مامۆستا، نەک هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی بایەخی ڕۆڵی پەروەردەکار.
چارەسەر لە قەدەغەکردنی تەکنەلۆژیا نییە؛ بەڵکو لە دروستکردنی کەلتوورێکی دروستی بەکارهێنانی AI دایە. بە چەند هەنگاوێک دەتوانین ڕۆڵەکانی کۆمەڵگەکەمان بپارێزین، وەک:
یەکەم: هۆشیارکردنەوەی منداڵان و قوتابیان
پێویستە قوتابیان فێر بکرێن کە زیرەکی دەستکرد ئامرازێکە بۆ یارمەتیدانی قوتابی، نەک سەرچاوەیەکی ڕاست و باوەڕپێکراو. واباشترە قوتابیان فێری پشتڕاستکردنەوەی زانیاری، پاراستنی نهێنی و بەکارهێنانی بیرۆکەی ڕەخنەگرانە بن.
دووەم: خول و ڕاهێنان بۆ مامۆستایان
دامەزراوە پەروەردەییەکان پێویستە خولی بەردەوام بۆ مامۆستایان دابین بکەن، بۆ ئەوەی فێری چۆنیەتیی بەکارهێنانی AI لە ئامادەکردنی وانە، گەشەپێدانی چالاکی و هەڵسەنگاندنی تێگەیشتنی قوتابیان ببن. گرنگتر لەوەش، فێری ناسینەوەی سنوور و مەترسییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە بن.
سێیەم: دانانی ڕێسا بۆ پاراستنی منداڵان
قوتابخانەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان پێویستە سیاسەتی ڕوون بۆ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دابنێن؛ لەوانە ڕێنمایی تەمەنی گونجاو، پاراستنی زانیاریی کەسی، ڕێگری لە بەکارهێنانی نادروست و دیاریکردنی سنووری بەکارهێنان لە ئەرک و تاقیکردنەوەکاندا. مەبەست نابێت سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە زانیاریی بەسوود بێت، بەڵکو پاراستنی منداڵ و دڵنیابوونەوە لە بەکارهێنانی بەرپرسیارانەیە.
چوارەم: هۆشیاریی دایک و باوک
ئەرکی پەروەردە تەنها لەسەر شانی قوتابخانە نییە. دایک و باوکیش پێویستە لە شێوازی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەلایەن منداڵەکانیانەوە ئاگادار بن، لەگەڵیان گفتوگۆ بکەن و فێریان بکەن چۆن سەرچاوەی باوەڕپێکراو بناسنەوە. چاودێری دەبێت لەگەڵ متمانە، گفتوگۆ و ڕێنمایی هاوبەش بێت.
پێنجەم: بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری
سۆشیال میدیا دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی کاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی پەروەردەیی. مامۆستایان، پسپۆڕان، ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەکان دەتوانن ڤیدیۆی کورت، وتاری زانستی و ڕێنماییی سادە بڵاو بکەنەوە لەبارەی سوود و مەترسییەکانی زیرەکی دەستکرد. بەڵام پێویستە ئەو هۆشیارییە پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو ببەستێت و خۆی نەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە.
لە کۆتاییدا، زیرەکی دەستکرد دەتوانرێت وەک سەرچاوەیەک بۆ گەیشتن بە زانیاری و وەرگرتنی ڕێنمایی بەکاربهێنرێت، بە مەرجێک قوتابی ڕێنمایی تەواو بکرێت، پشت بەخۆی ببەستێت و AI وەک یارمەتیدەرێک بەکاربهێنێت.
چونکە ئەرکی پەروەردە ئەوە نییە تەنها نەوەیەک پەروەردە بکات کە بتوانێت بە زیرەکی دەستکرد چالاکییەکانی ئەنجام بدات؛ بەڵکو نەوەیەک پەروەردە بکات کە بتوانێت بەبێ AI بیر بکاتەوە، بڕیار بدات و بەرپرسیار بێت.
مەترسیی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە AI زیرەکترە لە ئێمە؛ بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە بەهۆی پشتبەستنی بەردەوام، کاتی بیرکردنەوەمان نەمێنێت .
پەروەردەکار: فێنک تەڵعەت