کتێبێکی نوێی شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ لەژێر ناوونیشانی ناسنامە بڵاوکرایەوە
دێپاچەی : بزێنی تاریق/ تۆرینۆ – ئیتاڵیا ئۆکتۆبەری 2026
ئەم شیعرانە بە زمانی ئیتاڵی لە بۆتەی هەشتاو نۆ لاپەڕە بە چاپگەیەندراوە ، لەگەڵ پێشەکیەکی تایبەت بە سەڕگورشتەی شاعیرو شیکردنەوەی هەندێ لە بیرۆکە شیعریەکانی و ئەو شێوە زمانە سادەو پاراوەی کە پێی داڕشتووەو دەڵێ : وەکوو ڕووبارێکی بێگەردە و بە ئاسانی بە خوێنەران ئەگات ، ئەو نووسەرە ئیتاڵیە ناوی لۆرێنسۆ گوێللە یە و نزیکەی دوانزە لاپەڕەی تەرخانکردوە بۆ داڕشتنی دێپاچەکەی . شۆڕش عەزیز سورمێ لەگەڵ شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961 هاتۆتە ژیانەوەو هەر لەبەر ئەوەش بووەتە هەڵگری ناوی شۆڕش . دوای تەواوکردنی هەر سێ قۆناغەکەی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر ، جانتای گەشتێکی دوورو درێژ دەگرێتە بەرو ماڵئاوایی لە زێدو نیشتمان و کەس و کاری دەکات و بە ئازارێکی پیرۆزەوە دوا باوەشی بەو دایکە خۆشەویستەیدا ئەکات کە هەرگیز لێی جیانابێتەوە . لە ساڵی هەشتای سەدەی ڕابووردو پێ ئەنێتە ناو خاکی ئیتاڵیاو لە شاری پادۆڤا کە دەکەوێتە نێوانی شاری میلانۆو ڤێنێسیا دەگیرسێتەوە . شۆڕش وەکوو هەر کوردێکی تاراوگە و دوورە وڵات تێکەڵاوی ئازاری نیشتمانە زوڵملێکراوەی دەبێتەوەو لەپاڵ سەختی ژیانی جیایی و دابڕان ، خەمی گەل و هەواڵە دڵتەزێنەکانی ناچاری بەرەنگاربوونەوەی ئەکەن لەگەڵ ڕاستیەکی نوێ . بۆیە شۆڕش لە پادۆڤا جێ پێگەی خۆی دیاری دەکاو ئەکەوێتە چالاکی بەردەوام لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی مێژووی دێرین و کولتوورو شاعیرانی کورد ، هەتا گەلی ئیتاڵی زیاتر ئاشنایەتی لەسەر نەتەوەی دێرینی کورد پەیدا بکەن . شۆڕش سورمێ دوای هاوسەر گیری لەگەڵ ئافرەتێکی کورد ئیستە خاوەنی سێ کوڕەو لە بوواری ڕۆژنامەوانی و دیدەنی بەرنامەو کەناڵە تەلەفزیۆنەکان و کۆڕو سیمینار لەگەڵ خوێندکارانی قوتابخانەکان کاری خۆی ئەکات و بە کەسێکی هەرە چالاک ناسراوە چی لەناو کوردەکانی ئیتاڵیا و چی لەلایەنی ئیتاڵیەکانیشەوە . ئەم کتێبە شیعرە بە دڵنیایەوە شوێنێکی تایبەتی لە دەروونی خوێنەرە ئیتاڵیەکان ئەکاتەوە ، چی لەبەر ئەوەی پڕە لە پەیامی خۆشەویستی ، لە هیواو گەشبینی و خۆ ڕاگری کە بە باشترین چەکی داناوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ساتە سەختەکانی ژیان . ئەمەوێ لێرەوە بە خوێنەرانی کورد بەتایبەتی ئەوانەی ناوەوەی وڵات کە ئیتاڵی نازانن زڵێم : ئەم شاعیرە کوردە توانیویەتی زۆر بە کاریگەریەوە بیرۆکەی شیعری کوردی و نەریت و خۆشەویستی پڕ تین و تاو بەرامبەر بە دایک و نیشتمان و هەموو شتە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەو چەپکە شیعرانە بە خوێنەرانی ئیتاڵی بگەیەنێ . خۆزگە تواناو دەرفەتی ئەوە دەڕەخسا لە داهاتوویەکی نزیکدا ، سەرتاسەری ئەو شیعرانە بکرایەن بە زمانی کوردی . هەروەکوو ئاشکرایە شۆڕش هەنگاوێکی گرنگی ناوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی خۆی و کتێبەکەشی لە ژێر ئەو ناوەدا بڵاوکردۆتەوە . بۆیە وەکوو کەسێکی شەنسپێدراو کە ئەرکی ئەم دێپاچە کوردیەم گرتۆتە ئەستۆ پێم ڕەوایە بەلایەنی کەمەوە خوێنەرانی کورد هەر هیچ نەبێ چێژێکی کەم لە دوو شیعری کاکە شۆڕش وەرگرن و هەوڵی وەرگێڕانم بۆ داون و چەند کۆپڵەیەکم کردوە بە کوردی . هەڵبەتە ئەم کتێبە ڕەنگدانەوەی ژیانی تایبەتی شاعیرەو بابەتەکانی هەمەڕەنگە ، بۆیە تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە تەنیا سەرناوی هەندێ لە شیعرەکانتان بۆ وەردەگێڕم بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کتێبی ناسنامە. ناوەڕۆکی کیتابەکە لەم شیعرانە پێکهاتووە : دایە – ناسنامە- دڵێکی بریندار- شاخی ئەرارات – بێ بەختی – خاکی خۆم – سیمای خۆشەویستەکەم – هەڵەبجە ئەو شارەی هەناسە ئەدات – لە نێو بێدەنگیدا – هیوا – خەزان – شەهید – ئەنفال – سێبەر – باو – گریان و خەون و هتد کتێبەکەی شاعیر کاک شۆڕش سورمێ سەرەتا بە شیعرێکی ناختەزێن دەستپێدەکات کە هەوڵی ئەوەم داوە ئەو هەستەی بە خوێنەرە کوردەکان بگەیەنم . دایە دایە گیان – ژیان وایلێکردی زۆر ئازار بچێژی ، منیش هێزم نەبوو نە بەختێکی باش – هەتا لە دوا ساتەکانتدا لە تەنیشتتەوە بم ، دەستت بگرم ، یان بۆ دووا جار پێت بڵێم : ” خۆشم دەوێی ” . من ئەم ئازارە لە دڵمدا هەڵدەگرم ، بەڵام تۆش هەڵدەگرم ، دەنگەکەت کە ڕێنمایی کردم ، قوربانیە بێدەنگەکانت و میهرەبانیت کە له بەرامبەردا هەرگیز داوای هیچی نە ئەکرد . من نەمتووانی بۆ دووا جار بتبینم دایە ، بەڵام هەموو ڕۆژێ دەتبینم ، لەو چاکەیەی کە هەوڵی بۆ ئەدەم ، لەو بوێریەی کە هەوڵی بانگێشتکردنی دەدەم ، لەو یادەوەریانەی کە هەرگیز جێم ناهێڵن . تۆ ڕەگ و ڕیشەو برین و هێزی منی . هەتا من دەژیم ،تۆش لەگەڵمدا دەژیت . لە شێعری ناسنامە کاکە شۆڕش هەنگاوەکانی خۆی ڕوونتر دەکاتەوەو ناسنامەی خۆی وەکوو ڕەگێکی ڕۆچوو بە ناخی خاکدا دائەنێ . گوێدێری ئەم کۆپڵانە بن چەند بە سۆزەوە پێمان دەڵێ:
ناسنامە ناسنامە ناو نییە ، ئەوە گەشتێکە و ئەو شوێنەوارەیە جێی دێڵی کاتێ کەس تەمەشات ناکات ئەو هەنگاوەیە کە دەینێیت تەنانەت کاتێ جیهان ئەیەوێ ڕاتبگرێ ، ئەو دەنگەیە کە بانگت ئەکاو لە ناوەوە – لە ئازار کۆنترە ، بەهێز ترە لە ترس . ناسنامە ڕەگێکە : بە قووڵایی زەوی دا ڕۆچووە بینیوویە کە لە دایک بوویت، بەڵام بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێ و تۆ نیشتەجێبوونت هەڵبژاردوە . لە هەندێ کاتدا برینێکە ، لە هەندێکی تردا ئاڵایەک و رۆرجاریش بێدەنگیە کە کەس تێیناگات ، بەڵام کە هەڵیدەگریت ، وەک ڕاستیەکی نەدۆڕاوە . خوێنەرانی ئەم چەپکە شیعرانە گەرچی بە زمانی ئیتاڵی داڕێژراون بەڵام بۆو بەرامی کوردەواری و سۆزی نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی دایکان و ئەو شەوانی تەنیایی و جیایی و نامۆییەیان پێوەیەو بۆن و بەرامیان وەکوو عەترێکی سرووشتی بڵاو ئەبێتەوە و هیوادارم کاک شۆڕش سورمێ بەردەوام بێت لە نووسین و شیعرو چالاکیە ڕۆژنامەوانیەکانی ، ئێمەی کورد پێویستمان بە پێنووسی نەبەردی وەکوو شۆڕش سورمێ هەیە لە دەرەوەی وڵات ، بە هیوای ئەوەی بە هەردوو زمانی کوردی و ئیتاڵی بەردەوام بێت و خوێنەرانیش سوود وەرگرن لەو ئەزموونە دوورو دێژەی کە پەیدای کردوە لە نێوانی دوو کولتووری جیاوازدا .