هاوڕێیەتیی و موچەی کەمئەندامان و ڕۆشنبیری زۆڵ.. نەوزاد بەندی
ناچارین دیسان بە جوملە چەند ووتارێک بنوسین، چونکە ئێستا خەڵکەکە تاقەتی موفرەدی نەماوە .. به سندوق هەنار و لالەنگیی و تەماتە ئەکڕن ..بە دەستە فڵچە و هەویری ددان شتن و بە کارتۆنیش سابون ئەبەنەوە بۆ ماڵەوە .. وای لێهاتووە نووسەرەکانیش سێ چوار کتێب پێکەوە چاپ ئەکەن و .. بە خۆڕایی پێشکەشی هاوڕێ و هاوئاوازەکانیانی ئەکەن، هێشتا خەڵکەکە لە ڕوو دانامێنن و نایانخوێننەوە، ئیتر وەک دەڵێن سەردەمی هیچ و پوچیی و گەمژەییە، بۆ نمونە لەم ماوەیەدا خانووفرۆشێک لەو دەشتی شارەزوورە پەیدا بووە لە ڕیکلامەکانیدا ووشەی ( ئەشەنەوبیللا ) زۆر دووبارە ئەکاتەوە، ئەمەیش وایکردووە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی و پارتی و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرەی بۆ بگرن بۆ چاوپێکەوتن و مێزگرد و دیبەیت سەبارەت بەو داهێنانە سەقەتەی کە لە بنچینەدا ئەشهەدوبیلایه، بە جۆرێ کابرایان گەیاندە حاڵێک هۆن هۆن ئەگریا، چونکە قەت چاوەڕێی ئەو هەموو مایک و ڕاگەیاندنەی نەدەکرد بێنە حزوری لە کاتێکدا سەدان داهێنەر لەو دەشتی شارەزوورە کەڕوو تێی داون، کەناڵێک بەسەریان ناکاتەوە ..
ـــــ هاوڕێیەتیی ــــ
برادەرێک لە ڕێی تۆڕی مەسنجەرەوە داوای لێکردم دەربارەی هاورێیەتیی ووتارێک بنوسم ..
سەرەتا هەستم کرد هاوڕییەتیی وەک ئۆکسجین و ئاو وایه، لەسەر نوسینی شتێکی زیادەیە، چونکە هەموومان دوور و نزیک هاوڕێیەتییمان بە کارهێناوە یان هاوڕێیەتیی بەکاری هێناوین ..بەڵام کە لێی وورد بوومەوە، بۆم دەرکەوت هاوڕێیەتییش بار و دۆخی جیاجیای تێدایە، کە دەکرێ لە چەند گۆشەنیگایەکەوە تێی بڕوانین.
دوایین پێغەمبەر ئاماژەی بە هاوڕێیەتیی داوە بەوەی کە پێویستە ئاگادار بین کێ دەکەین بە هاوڕێ، چونکە هاوڕێ لەسەر ئایینی هاوڕێکەیەتی.
فریدریک نیتشە ئەڵێ : مرۆڤ پێویستی بە هاوڕێیەکە ڕزگاری بکات چونکە کاتێ کە تەنیایە لەناو خۆیدا نقوم ئەبێ.
لە پێش سەربەخۆیی و ئازادیی نیشتمانییدا، هاوڕێیەتیی بریتییە لە کۆبوونەوە بە مەبەستی شوڕش و تەقینەوە ..هەر بۆیە لە سەردەمی بەعس و هەموو سەردەمەکانی دیکتاتۆرەکاندا، چەند گەنجێک کۆبووبێتنەوە، بڵاوەیان پێکراوە و بە گومانەوە تەماشای هاوڕێیەتییان کردووە ..
هەموو شۆڕشەکان لە ڕێی هاوڕێکانەوە و بەسەر پردی هاوڕێیەتیدا تێپەڕبوون، تەنانەت پێغەمبەرانیش بە هۆی هاوڕێکانیانەوە توانیویانە پەیامەکانیان بگەیەنن، یوحەنا و ئەندراوس و یەهوزا هاوڕێی نزیکی عیسا بوون هەتا پەیامەکەیان سەرخست و بڵاو کردەوە ..
یوشەع و هارون و شوعەیب هاوڕێی نزیکی موسا بوون لە پێناوی سەرخستنی پەیامەکەی..
ئەبوبەکر و حەمزە و عەلی و عومەر و بیلال یش هاوڕێی نزیکی موحەمەد بوون لە شۆڕشە ئاینییە مەزنەکەیدا بەسەر زوڵم و کۆیلایەتیی و بت پەرستیدا ..
شۆڕشی ڕێنیسانسی ئەوروپا، لە ڕێی کۆمەڵێ هاوڕێوە ڕاگەیەنرا، دانتی و ڤێرگیلی و بۆکاشیۆ و تۆماس مۆر و ئەوانی تر..
کەواتە لەسەردەمی زوڵم و ژێر چەپۆکیی و نەهامەتییدا، هاوڕێیەتیی ئەبێتە پەیام بۆ شۆڕش و گۆڕانکارییەکان .. هەر بۆیە ئەو هاوڕێیەتییە ئەبێتە گەورەترین پەیوەندیی مرۆڤایەتیی، زیاتر لە هەموو پەیوەندییەک، چونکە هیوای ڕزگارکردنی کۆمەڵگاکانی تێدا سەرهەڵدەدات و مژدەی ئازادیی و دادپەروەریی بە گوێی ملیۆنەها کەسدا ئەدات.
کاتێ هەموو گەلانی هیند دەبنە پشت و پەنا و هاوڕێی سەرکردەیەکی خۆبەخشی وەک گاندی ..کاتێ هەموو ڕوسیا ئەبنە پشت و پەنای سەرکردەیەکی وەکو لینین ..هەموو مالیزیا ئەبنە هاوڕێی گیانی به گیانیی مەهاتیر محەمەد، ئیدی ئەو ووڵاتانە ئازادی و سەربەخۆیی و دادپەروەریی ئەبنە نزیکترین دەستکەوتیان ..
بەڵام لە کۆمەڵگا نەخۆشەکاندا، وەکو کۆمەڵگای خۆمان، هاوڕێیەتییش ئەکەوێتە ناو زۆنگاوی خیانەت و براکوژییەوە، وەک چۆن ئایین و زانست و هونەریش بەو لاڕێیانەدا براون.. تەماشا ئەکەی هاوڕێکان خیانەت لە یەکتری دەکەن و ..لێک دەترازێن و شەڕی ناوخۆ ڕادەگەیەنن و …برسێتیی و قات و قڕیی ڕادەگەیەنن .. جۆرەها دەستە و تاقم و حیزب و هۆز و تیرە و بنەماڵەی دژ به یەکتری قوت ئەبنەوە، لێرەدا ئیتر هاوڕێیەتیی ئەبێتە تەڵەیەک و بە قاچی مرۆڤە خۆشباوەڕ و سادەکاندا ئەتەقێ.. زۆرن ئەوانەی بە دەستی خیانەتی هاوڕێ بێ شەرەفەکانیان، ئیخباریی و قەتڵ و عام کران.
هەر بۆیە لە قۆناغی پێش ئازادیی و سەربەخۆیی و دادپەروەرییدا، هاوڕێیەتیی ڕاستەقینە لە دەوری مێزی نەخشەکێشانی شۆڕش و گۆڕانگارییدا ئەسوڕێتەوە، بێجگە لەوە، هاوڕێیەتییەکی نابەکام و هەرزە و مناڵانە هەیە، لە کاتێکدا نیشتمانەکەت لە ژێر پێی مافیا و داگیرکەرەکاندایە، کەچی هاوڕێکان خەریکی نێرگەلەکێشان و شەونخونیین بە دیار فیلم و فتبۆڵ و شەراب و حەز و ئارەزووەکانیانەوە..
بێگومان دەسەڵاتی دیکتاتۆری دز و مافیا، هەمیشە گرنگی بەو کەناڵ و جێگایانە دەدات کە هاوڕێیەتیی دژە شۆڕش دروست ئەکەن، هاوڕێیەتیی مۆدێل و سێکس و غەریزە ئاژەڵییەکان و دوکەڵ و خواردنەوە و خولە وەرزشیی و دراما دوور ودرێژە بێسوودەکان ..
هەر بۆیە پێویستە کۆمەڵگا بەدبەخت و گیرفانبڕاوەکان زۆر ئاگاداری ئەو دوو جۆرە هاوڕێیەتییە بن و ..بزانن کامیان سەریان بەرز دەکات و .. کامیان ملیان کەچتر و کەچتر ئەکات، تاکو بتوانن هاوڕێیەتیی گۆڕانکاریی و شۆڕش هەڵبژێرن لە پێناوی بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە و شەرەفەمەندانەدا.
ــــ موچەی کەمئەندامان ــــ
توێژێک لە کۆمەڵگادا هەیە، پێیان ئەوترێت کەمئەندامان یان کەمتوانا یان خاوەن پێداویستیی تایبەت . . ئەمانە بە هۆکاری زگماک و جەنگ و کارەساتەکان ئەندامێک یان کۆئەندامێکیان لە دەست داوە ..لەبەر ئەوە حوکمەتی بەڕەحمی!! کوردستان موچەی 150هەزار دیناری بۆ بڕیونەتەوە، کە بە نرخی ئەمڕۆ، کەمتر لە نیو بەرمیل نەوت دەکات.
ئەم موچەیە مانگانە لە شوێنێکی چاڵ و نشێوی قەراغ شار دابەش ئەکرا، کە هیچ هۆکارێکی حەسانەوە و دانیشتنی تێدا نەبوو، تەنانەت تەوالێت و بەلوعەیەکی ئاوخواردنەوەیشی تێدا نەبوو، هەتاوی هاوین و بارانی زستان ڕاستەوخۆ بەر سەر و پۆتەڵاکی ئەو مرۆڤە ناساغانە ئەکەوتن ..
ساڵێک پێش ئێستا، بە ووردیی ئەو شوێنە ناخۆش و پڕ لە ئازار و نەهامەتییەم لە ووتارێکدا وێناکرد و لە چەند ڕۆژنامەیەکدا بڵاوم کردەوە، هەروەکو چۆن باسی فەرمانگەی خانەنشین بوونم کرد کە بە 25 پلیکانە، ئینجا ئەگەیتە لایان ئەوەیش دیاری دەستی دەسەڵاتە بۆ خانەنشینە پیر و پەککەوتە و نەخۆشەکان، کە ئەبێ 25 پلیکانە ببڕن جا ئەگەنە فەرمانگەکەیان.
بە هەرحاڵ بیستم فەرمانگەی دابەشکردنی موچەی کەمئەندامان گواستراوەتەوە بۆ گەڕەکی خەبات . . لە دڵی خۆمدا ووتم سوپاس بۆخوا، وا دیارە پارێزگاره دڵسۆزەکەی سلێمانی و کاربەدەستەکانی جێگایەکی مۆدێرن و شیاویان بۆ ئەو کەمتوانایانە دروست کردووە تاکو بە ئارامیی و حەوانەوە، موچەکانیان وەربگرن ..
بەڵام کە چوومە شوێنەکە، هەزار ڕەحمەتم بۆ شوێنەکەی پێشوو نارد ..
مارکێتی کابرایەکی سیاسییان بە کرێگرتووە، لە شوێنێکی نشێوی کۆڵانێکی قڕگەدا، بەرامبەر گەڕەکی خەبات .. لەبەردەم مارکێتەکەدا پۆلیسێ وەستاوە ، سەدان کەمئەندام دەورەیان داوە، کابرای پۆلیس هاوار ئەکا : هەویەکانتان بێنن وبڕۆن لەسەر ئەو گردە چاوەڕوان بن !! ..لەسەر گردەکەیش سەدان کەمتوانا چاوەڕوانە ..
کورت و کرمانج، زۆربەیان زیاتر لە چوار جار، بە تەکسی هاتوونەتە ئەو شوێنە و..بە دەستی بەتاڵ و بە بێ موچە گەڕاونەتەوە ، چۆن موچەیەک؟ تەنها سەد و پەنجا هەزار..
هەوڵ بدەن، بار و دۆخیی جەستەیی و دەروونیی ئەو مرۆڤە خاوە پێداویستییە تایبەتانە بهێننە بەرچاوی خۆتان لەبەرامبەر ڕەشۆکییەت و دڵڕەقی ئیدارەیەکی هاکەزایی و بێخەم و بێبەزەیی و بێ پلان و بێ هەموو بەهایەکی مرۆیی.
ڕەبی موی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ
هەرکەسێ گوڵشەن به دەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ
ــــ ڕۆشنبیری زۆڵ ــــ
جیاکەرەوە و سیفەتەکانی ئەم جۆرە زۆڵانە یان ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانە زۆرن، دیارترینیان :
یەکەم : هیچ ئیشێک ناکەن، کەچی ژیانێکی شاهانە ئەژین، کۆشک و تەلارو ئوتومبیلی گرانبەها و گەشتی ووڵاتان و هەموو هەڵس و کەوتێکی دەوڵەمەندەکانیان تێدایە به بێ ئەوەی پوشێک بخەنە سەر پوشێک، بە بێ ئەوەی بەیانییەکی زوو لە خەو هەڵستن بچن بۆ کرێکاریی یان بچن بۆ فەرمانگەیەک و لەسەر کورسی و مێزێک ئیش و مامەڵەی هاووڵاتیان ڕابپەڕێنن .. هەرگیز .. ئەمانە هیچ جۆرە ئیشێکی ماسولکەیی و هزری ئەنجام نادەن.
دووەم : قسەت لەگەڵدا ئەکەن، بەڵام چاویان بە گۆشەی 180 پله و هەندێ جاریش بە گۆشەی 360 پلە ئەسوڕێتەوە و چاودێریی چواردەور و پێشهات و کەسایەتیی و ڕوداوەکان ئەکەن.. ئەوە بۆ ئەوەیە کەسێکی تۆزێک لە تۆ شت بەدەستتر ببینن، یەکسەر ئەڕۆنە حزوری و تۆ پشتگوێ ئەخەن .. ئەو چاو هێنان و چاوبردن و تەقلەدان بەچاو و مەلەکردن بەچاو و دەستڕێژکردن بە چاوە، مۆرکێکی گرنگی ڕۆشنبیرە زۆڵەکانە، پێی ئەووترێ چاووڕاو.
سێیەم : ئەم زۆڵانە یان ئەم ڕۆشنبیرانە بە بێ مایکی کەناڵەکان ناژین ..تەنگەنەفەس ئەبن، وەکو ئامێری ڤێنتلەیتەر وایە بۆیان .. ئەبێ بەردەوام لە بەرنامە و مێزگرد و دیبەیت و چاوپێکەوتنەکاندا دەربکەون و کورسیەکیان بۆ تەرخان بکرێ .. ئەمانە وەک چۆن ماسی بە بێ ئاو ئەخنکێ، به بێ مایک و بەرنامە و کەناڵەکان ئەخنکێن ..خۆیشیان ئەزانن ئەبنە جێی بێزاریی و جڕت و هاوهوکێشانی بینەران، بەڵام ئەم زۆڵانە زۆر دوورتر ئەڕوانن، ئەمان ئەزانن بەم مایک و دەرکەوتنانە بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبنە هاوڕێ و هاوسۆز و کۆیلەی خاوەن کەناڵە پارەدارەکان .. بەو جۆرە بەرە بەرە ئەبنە توێژەری ڕۆشنبیریی و لێکڵۆڵەری سیاسیی و ڕێنیشاندەر و ڕاۆێژکاری دەسەڵاتداران..جا پارە و ڤێلا و گەشت و دیاریی لەو پۆستانەدایە ..
چوارەم : ئەم ڕۆشنبیره زۆڵانە هیچ کەسێک دەرەقەتی دەمیان نایەت، چونکە دەم لای ئەم زۆڵانە تاکە ئەندامێکیانە کە ئیش ئەکات و پارە و سامانێکی زۆر پەیدا ئەکات، هەر بۆیە ئەتوانن بۆ چەندەها سەعات قسە بکەن به بێ وەستان بە بێ هەڵەی چاپ و هەڵەی ڕێزمانیی .. لەم ڕووەوە زۆر بەتوانان.. ئەتوانن لە ماوەی پێنج خولەکدا کەسێکت بۆ بکەن بە دوژمنی گەل و نیشتمان، دوای ئەو پێنج خولەکە ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە لای ئەو کەسە، یەکسەر بۆت ئەکەن بە کاریزما و سەرکردەی نیشتمانیی و سیمبوڵی نەتەوەیەک..ئەمانە شەرم ناکەن، لە هەموو گۆڕانکارییە گەورەکاندا، هەر لە تەڕ ئەخۆن و لە ووشک ئەنوون .. تەنانەت دوای کۆدەتا و جەنگ و شۆڕشەکان، بە شێوەیەکی زۆر خێرا خۆیان ئەگۆڕن و وای نیشان دەدەن کە لە دەسەڵاتە ڕوخاوەکەدا، شانەی نهێنیی بووبن و بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، کاسە لێسیی و سەماکەریی و زوڕناژەنییان کردووە .. واتا خیانەتەکانیشیانت بە نرخێکی زۆر گران پێ دەفرۆشنەوە..به کورت و کرمانجیی، ئەمانە بە هیچ جۆرێک دەمیانت بۆ ناگیرێت، تەنانەت لە ناو لەشفرۆشەکانیشدا بە ڕووت و قوتیی بیانگریت، یەکسەر وات تێدەگەیەنن کە ئەوان بە مەبەستی دەرس دادان و ئامۆژگارییکردنی لەشفرۆشەکان لەو جێگایەدا بوون، ئێ هەتاکو خۆیشیان ڕووت نەکەنەوە، گوێیان لێ ناگرن، هەر بۆیە ناچار بوون خۆیان ڕووت بکەنەوە..!
پێنجەم : ڕۆشنبیره زۆڵەکان کتێب و چاپکراویان زۆرە، بەڵام لە کتێبەکانیاندا هیچ شتێک نادۆزیتەوە تازە بێ، یان سەرنجت ڕابکێشێ، تەنها ڕیزکردنی پیت و وشە و ڕستەکانن، ئەیانخوێنیتەوە، هەست ئەکەیت نەووشەکان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و نە ڕستەکانیش یەکتری تەواو ئەکەن.. لە هەمووی خۆشتر، لە چاپکردنی هەموو ئەو کتێبانەدا دینارێکی خۆیان خەرج نەکردووە، تێکڕایان لەلایەن دەزگاکانی حیزب و دەسەڵاتەوە بۆ چاپکراون، ئیتر تۆ تێیان دەگەیت یان نا، ئەوەیان کێشەی خۆتە.
شەشەم : دەرکەوتنی ئەم زۆڵانە بە جل و بەرگی جۆرا و جۆرەوە .. چەندین جلی کوردی، ڕانک و چۆغە و موڕادخانیی و کەوا وسەڵتە و فەقیانە و فەرەنجی و کوڵەباڵ و کەوش و کڵاش و جۆرەها جامانە و مشکی و چیت و گۆچان و خەنجەری دەبان و شتی کولتورییان هەیە، ئەمانە جلی ئیش و پارە پەیدا کردنن، بۆ هەموو بۆنەیەک جلی تایبەتیان ئامادەیە و یەکسەر بۆ بەردەم مایک و سکرینەکان ..تاکو زیاتر و زیاتر بڕۆنە ناو دڵی سەرۆک حیزب و سەرۆک تیرە و هۆزە خاوەن پارە و پلە و پۆستەکانەوە.
حەوتەم : ئەم ڕۆشنبیرە زۆڵانە بەردەوام منەت ئەکەن بەسەر خەڵکدا، گوایا هەموو ژیانی خۆیان لە پێناوی سیاسەت و ڕۆشنبیریی نیشتمانیی و نەتەوایەتیدا خەرج کردووە.. گوایا هەموو لاوییان له زیندانەکانی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی پێشوودا خەسار کردووە و چەندین جار لە ژێر ئەشکەنجەدا ، مردوون و بەلام خوا نەیکوشتوون ..
ئەمانە بەردەوامن له نیشاندانی خۆیاندا وەک قوربانیی و شەهیدی زیندوو، بەردەوامن لە منەتکردن بەسەر خەڵکیدا کە ئەگەر ئەمان نەبوونایە هەرگیز ئەمڕۆ دروست نەدەبوو، هەرگیز ئەو میللەتە ئازادیی و سەربەخۆیی بە خۆیەوە نەدەدی، لە کاتێکدا ئەم زۆڵانە خۆیان جاش و داردەست و کاسەلێسی ڕژێمەکانی پێشوو بوون، بەڵام وەک ووتمان کێ ئەوێرێ دەم بخاتە دەمیان و پێیان بڵێ وانییە، هەر بە بزووتنەوەی دەم و گفت وگۆ و هونەرەکانی قسە و ووتاردان و سوێندی درۆ و زاراوەکانی شەهیدان و نیشتمان، کارێکت پێدەکەن، پێیان بڵێی داوای لێبوردن دەکەین جیڤاراکان، ماندێلاکان،فریاڕەسانی نیشتمان .
هەشتەم : سیفەتێکی تری ئەم ڕۆشنبیرە زۆڵانە ئەوەیە کە لە هیچ شوێنێ دەرناکەون پارە و خەڵات و بەراتی تێدا نەبێ.. هەرگیز ووشەیەک بە خۆڕایی ناڵێن، ووشەیەک بێ بەرامبەر نانوسن .. هەرگیز لە بڵاوکراوەیەکی میللیدا دەرناکەون و . .لایک و کۆمێنت وڕوون کردنەوە بۆ بەرهەمی لاوێک نانوسن .. هەرگیز ڕێنمایی کەسێک ناکەن کە پێویستی بە ڕێنمایی و ڕێنیشاندانە، بە پێچەوانەیشەوە کاتێ بۆنەیەکی حیزبیی و سیاسیی دێتە ئاراوە، بە سنگەخشکێیش بێ خۆیانی پێ دەگەیەنن و ..وەکو قارچک لەبەردەم بڵندگۆ و سکرینی ڕاگەیاندنە چەور و پارەدارەکاندا قوت ئەبنەوە و بە سەعات قسە ئەکەن و خۆیان شین و مۆر ئەکەنەوە و ..بنەماڵە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان ئەگەیەننە کەشکەلانی فەلەک .. بە ڕاستی زۆڵ و حەرمزادەن ئەم ڕۆشنبیرانە.
ئینجا سەیرێکی چواردەوری خۆتان و کەناڵ و ڕاگەیاندنەکان بکەن، بزانن ڕێژەی ئەو ڕۆشنبیرە زۆڵانە چەند زۆرن …