هه‌ژاری په‌روه‌رده‌ و شكستی خوێندن.. نووسینی: گه‌شاو عبدلقادر

په‌روه‌رده‌ی تاك كارێكی گرنگه‌ بۆ پێگه‌یاندنی تاكێكی ته‌ندروست ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌ش یه‌كه‌م جار له‌ ژینگه‌ی خێزانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ یه‌كه‌م قوتابخانه‌ ماڵه‌ و یه‌كه‌م مامۆستا و به‌ڕێوبه‌ر دایك و باوكه‌، دواتر قوتابخانه‌ و پاشانیش كۆمه‌ڵگا و ڕاگه‌یاندن بۆیه‌ وه‌ك دایك و باوك و مامۆستا تا بتوانین تاك‌ به‌ چاكی و به‌ باشی په‌روه‌رده‌ بكه‌ین هێشتا كه‌مه‌.
بۆیه‌ به‌پێویستم زانی وه‌ك مامۆستایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌ گشتییه‌كانی پۆلی دوانزه‌ی ئه‌مساڵی هه‌ژاری په‌روه‌رده‌ بنوسم.
( Educational Policy ) ئه‌و ودۆخه‌یه‌ كه‌ تاك یان كۆمه‌ڵگا ده‌رفه‌تی پێویستی بۆ په‌روه‌رده‌كردن و فێركردن نیه‌
كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی خوێندییه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ بڵێی هه‌ژاری ئابوری و كه‌م ده‌رامه‌تیم بینیوه‌ به‌ڵام هه‌ژاری په‌روه‌رده‌یم نه‌بینیوه‌ كه‌واته‌ بابزانین چیه‌ و چه‌ند جۆرهۆكاری هه‌ژاری په‌روه‌رده‌یی هه‌یه‌؟

1 – هۆكاره‌ خێزانیه‌كان:
دیاره‌ هۆكاری خێزانی زۆر زۆره‌ بۆ په‌روه‌رده‌ كردنێكی هه‌ژاری یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ كه‌م ده‌رامه‌تیه‌ باری ئابوری و بژێوی خێزان كه‌ ده‌توانێت به‌پێی پێویست داواكاری منداڵه‌كه‌ی به‌ هه‌ند وه‌ر بگرێت، بۆنمونه‌ له‌ پۆلی دوانزه‌ مامۆستای تایبه‌ت و خول و موچه‌ و داهات فێرگه‌ و هاتو چۆ و جل و به‌رگی پیویست ناتوانێت دابین بكات.
نه‌خوێنده‌واری دایك و باوك – ئه‌م خاڵه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ دایك و باوك نازانن بنوسن یان بخوێننه‌وه‌ نا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ئێستادا زۆرینه‌ی دایكان و باوكان توانای نوسین و خوێننه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵكو ئاستی ڕۆشنبیری و گرنگی دانیان به‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان و فێركردنیان نیه‌، هه‌موان ده‌زانین به‌شێكی دایكان و باوكان ته‌نها له‌كۆتایی ساڵ كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی گرنگی به‌منداڵه‌كانیان ده‌ده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مو ئامانجی خوێندنی ئه‌و ساڵه‌ له‌و تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ كۆ كرابێته‌وه‌، زۆر له‌ دایكان و باوكان به‌پێی پێویست كاتی ته‌واو بۆ په‌روه‌رده‌ و فێر كردنی منداڵه‌كانیان دانانێن و بیر له‌ په‌ره‌وه‌رده‌ كردنیان ناكنه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێوه‌یسته‌ كاتی دیاری كراو و گونجاویان بۆ دابنێن و پێویستی خوێندنیان بۆ دابین بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌شێكی په‌روه‌رده‌یی و ئارامیان بۆ بڕه‌خسێنێت گه‌ڕان و میوانداری كه‌م بكه‌نه‌وه‌، له‌هه‌موی گرنگتره‌ په‌روه‌ده‌یان بكه‌ن نه‌ك ترس و دڵه‌ ڕاوكێ یان تیا بچه‌سپێنن و له‌كاتی خراپی ده‌ر نه‌چونیان دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ به‌راورد و لۆمه‌كردن و شه‌رمه‌زار كردنیان و ژیانیان لێ تاڵ بكه‌ن و قسه‌كانیان تۆقێنه‌ر بێت، ئه‌مانه‌ هه‌موی هۆكاری دواكه‌وتنی خوێندكاری پۆلی دوانزه‌یه‌، وه‌ نه‌بونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان خوێندكار و و خوێندگا.

2 – هۆكارێكی دیكه‌ی شكستی خوێندنی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی
دیاره‌ ئه‌مساڵ له‌هه‌مو ساڵێكی خوێندنی ساڵانی ڕابردو ڕێژه‌ی ده‌رنه‌چون و مانه‌وه‌یان زۆر زۆر بوو ئه‌وه‌ش ته‌نها یه‌ك هۆكار نیه‌:
یه‌كه‌م : مامۆستا:
پێم ناخۆشه‌ وه‌ك مامۆستایه‌ك هێرش بكه‌مه‌ سه‌ر مامۆستایان به‌گشتی و مامۆستایانی پۆلی دوانزه‌ به‌تایبه‌تی هه‌ندێك مامۆستا ته‌نها مه‌به‌ستیانه‌ بازاڕ گه‌رم بكه‌ن به‌ ڕیكلام كردن به‌ناو و به‌ وانه‌كه‌یان بۆنمونه‌ (شێخی زینده‌وه‌ر زانی) یان ( ئه‌نیشتاینی كورد) یان لۆگاریتم و زۆر ناونیشانی دیكه‌ تۆ بڵێی ئه‌وه‌نده‌ به‌توانا و خه‌م خۆریان هه‌بێت كه‌ خوێندكارێكی مامناوه‌ند یان خوار مام ناوه‌ند بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێكی به‌رز؟
یان ناو و ناوبانگیان ته‌نها بۆ ڕیكلام بێت یان بوون و دروستكردنی چه‌ندین مه‌لزه‌مه‌ ئه‌مه‌ شان و باڵی وایه‌ ئه‌وه‌یان پار وابو ئه‌مساڵ وایه‌ و ته‌نها خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن بێت یان به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و په‌روه‌ده‌یی كه‌واته‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده‌ بۆچی هه‌مو كتێبه‌كانی پرۆگرامی وه‌لا نانێ خۆ فێرخواز به‌كاری ناهێنێت.
یان مامۆستای (بێ ئه‌زمون) پۆلی دوانزه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ خۆی و ئاستی زانستی له‌سه‌ر ئه‌وان تاقی ده‌كاته‌وه‌ هه‌شیانه‌ له‌ منه‌تكردن به‌سه‌ر خوێندكاراندا هیچی تری پێنیه‌.
واهه‌سته‌كه‌م ئه‌و مامۆستایانه‌ی كاریگه‌ری ته‌واویان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌ بردنی پۆل و هه‌ڵسوكه‌وتی خوێندكار هه‌یه‌ خوێندن له‌لایان خۆشه‌ویست ده‌كات زۆر كه‌من، چونكه‌ چه‌قبه‌ستویی و نه‌بوونی زانیاری و به‌پێی سیسته‌می كۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چن واناكه‌ن خوێندن له‌لایان جوان و خۆشه‌ویست ببێت.

دووه‌م : كێشه‌ په‌روه‌ده‌ییه‌كانی تایبه‌ت به‌ وه‌زارتی په‌روه‌رده‌
بێگومان كێشه‌ په‌روه‌ده‌ییه‌كان به‌ده‌ر نیه‌ له‌ هۆكاری شكستی خوێندكار
❖ نه‌بونی پلانێكی باش و سه‌ركه‌وتوو
❖ بونی هه‌ڵه‌ی زۆر و سه‌ر تێكده‌ر له‌خوێندكاران و بێ متمانه‌یی له‌ پرسیاره‌ وزارییه‌كان
❖ گۆڕینی شێوازی پرسیاری وزاری
❖ قورسی پرسیاره‌كان و كه‌می پرسیاری ئاسان
❖ داخڵ كردنی وانه‌ی كوردی و عربی كه‌ ساڵانی ڕابردوو ئه‌م دوو وانه‌یه‌ داخڵ نه‌كراوه‌ بۆ به‌شه‌ زانستیه‌ كان
❖ زۆری پشووه‌كان به‌تایبه‌ت كاتی شه‌ڕی (ئه‌مریكا-ئیسرائیل و ئێران) نه‌بونی جێگروه‌ی خوێندن له‌زۆربه‌ی خوێندنگاكان
❖ نزمی ئاستی فێر خوازان به‌هۆی یارمه‌تی دانیان له‌ساڵانی ڕابردوو وه‌ك بونی نمره‌ی بڕیار و ده‌رچون به‌ نمره‌ی (40) و په‌ڕێنه‌وه‌ی خوێندكاران و زۆر شتی دیكه‌

سێیه‌م : فێرخواز
هه‌مو ئه‌وانه‌ی پێشتر باسمان لێوه‌كرد هۆكاری شكسته‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌ و كه‌م و كورتیه‌كانی به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێندكاران مه‌به‌ستیان بێت سه‌ركه‌وتو ده‌بن به‌ڵام له‌ ئێستادا نه‌بونی جۆش و خرۆشی خوێندكار ڕكابه‌ری له‌سه‌ر ئاستی زیره‌كی و نمره‌ له‌ نێوان خوێنكاران بۆ فێر بوون وه‌رگرتن و گه‌ڕان به‌دوای زانیاریه‌كان ڕوو له‌ كه‌م بوونه‌، وه‌ ‌بونی مه‌لزه‌مه‌ و مامۆستای تایبه‌ت و خوێندنی ناحوكمی هه‌مو ئه‌مانه‌ جه‌نجاڵی و ئاڵۆزی دروستكردوه‌ و سه‌رله‌ خوێنكاران ده‌شێوێنێت، نه‌مانی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به‌خوێندن ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ داگیر كردنی مێشكیان به‌ به‌كار هێنانی سۆشیال میدیا و لێ بردنی كاتیان ئه‌مه‌ش واده‌كات ئاستیان زۆر زۆر خراپ بێت، نه‌بونی هیوایان به‌ دووا ڕۆژ كه‌ ده‌زانن پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌گشتی له‌خزمه‌ت منداڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندایه‌، وه‌ نه‌بونی دامه‌زراندن و نه‌ڕخساندنی هه‌لی كار و زۆر شتی تر هه‌مو ده‌بێته‌ هۆكارێكی دیكه‌ی شكست، متمانه‌ به‌خۆ نه‌بوون و هۆكارێكی تره‌‌ ترس و دڵه‌ ڕاوكێ زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ریاندا كه‌ ساڵانی ڕابردووتر ئاستیان زۆر زۆر باشتر بووه‌ به‌ڵام له‌ پۆلی دوانزه‌ ورده‌ ورده‌ داده‌به‌زیت به‌تایبه‌ت له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی وزاری وه‌ نازانن كات به‌ڕێوه‌ به‌رن و پلان بۆ كاتیان دابنێن بۆ چاره‌ سه‌ر و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندكار.
ئه‌م سێ كوچكه‌یه‌ (خوێندن – خوێندكار – قوتابخانه‌ كۆمه‌ڵگا) هه‌رسێكیان كاری باش ئه‌نجام بده‌ن بۆیه‌ ئه‌مه‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

نووسینی:
گه‌شاو عبدلقادر
ڕاهه‌ێنه‌ری په‌روه‌رده‌یی