لە ئاگرەوە بۆ ژیریی دەستکرد: ئایاکۆتایی شارستانییەتە؟!.. هەورامان عەلی
شارستانیەتی مرۆڤ بە شۆڕشی دۆزینەوەی ئاگر دەستیپێکرد؛ پێدەچێت بە شۆڕشی ژیریی دەستکردیش کۆتایی پێبێت، ئەگەر ئێمە بەبێ بیرکردنەوە بەدوایدا بڕۆین!
بەشێوەیەکی گشتی، شارستانیەتی مرۆڤ لە مێژووی خۆیدا شەش شۆڕشی گەورەی بەرپا کردووە، کە لە هەر شۆڕشێکیاندا وەرچەرخانێکی گەورەی خوڵقاندووە و بەمڕۆی گەیاندووین. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، تەنیا وەرچەرخانێکی گەورە نییە، تەنیا شۆڕشێک نییە کە قۆناغێکی ژیانی مرۆڤ بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی تر.
گەر بەهۆی بازدانی جینات و هەڵبژاردنی سروشتییەوە توانیمان لەو نزیکەی ٨.٧ ملیۆن جۆرە زیندەوەرەی سەر گۆی زەوی جیاببینەوە و ملی ڕێگەی چارەنوسی خۆمان بگرینەبەر، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات لەو ڕووداوە گەورەترە.
بۆ ئەوەی لە قەبارەی ئەم شۆڕشەی مرۆڤ تێبگەین، دەبێت بە کورتی ئاوڕێک لە ڕابردوومان بدەینەوە:
١. شەش شۆڕشەکەی مێژوو
- شۆڕشی یەکەم، دۆزینەوەی ئاگر: کە مرۆڤی کردە خاوەنی ڕووناکی، گەرمی و پاراستن.
- شۆڕشی دووەم، داهێنانی کشتوکاڵ: تا داهێنانی کشتوکاڵ، مرۆڤ لە ئەشکەوتدا دەژیا و وەک هەر زیندەوەرێکی سەر زەوی بۆ زیندومانەوە پشتی بە ڕنینەوەی بەری درەخت و ڕاوی ئاژەڵەکانی تر دەبەست. ئەم ئاڵوگۆرە گەورەیە مرۆڤی لە کۆچەرەوە کردە بوونەوەرێکی نیشتەجێ و دەستی بە بەرهەمهێنانی خۆراک کرد.
- شۆڕشی سێیەم، نووسین و شارستانییەت: لەم قۆناغەدا، زانیاری لە سنووری مێشکەوە گواسترایەوە سەر تابلۆ قۆڕینەکان، تاشەبەرد، چەرم و کاغەز.
- شۆڕشی چوارەم، پیشەسازی: لەم قۆناغەدا، مرۆڤ وزەی لە دەرەوەی ماسولکەکانی خۆی داهێنا و مەکینە و ئامێری خستە گەڕ.
- شۆڕشی پێنجەم، زانیاری و ئینتەرنێت: جیهان بچووک بووەوە و سنووری کات و شوێن شکێنرا.
- شۆڕشی شەشەم، ژیریی دەستکرد: جیاوازیی ئەم شۆڕشە لەگەڵ هەموو ئەوانی تر ئەوەیە؛ پێنج شۆڕشەکەی پێشوو مرۆڤ خۆی دروستکردن، بەڵام ئەمە یەکەم شۆڕشە شتێک دروست دەکات کە دەتوانێت خۆی شت دروست بکات و بڕیار بدات.
٢. خێرایی مێژوو و بازدانی زەمەن
لە دۆزینەوەی ئاگرەوە تا هاتنی کشتوکاڵ، نزیکەی یەک ملیۆن ساڵی خایاند. ئەو قۆناغە درێژترین قۆناغی ژیانی مرۆڤی نیمچە هۆشمەندە؛ ئەم باوباپیرانەمان ژمارەیان کەم بوو، لە یەکدی دابڕابوون، تۆماریان نەدەزانی و زانیاری لەگەڵ مردنی هەر مرۆڤێکدا دەمرد.
بەڵام سەیری خێرایی سەردەمی نوێ بکە: لە شۆڕشی پیشەسازییەوە بۆ کۆمپیوتەر تەنها نزیکەی ٢٠٠ ساڵ، لە کۆمپیوتەرەوە بۆ ژیریی دەستکرد تەنها نزیکەی ٥٠ ساڵ، و لە ژیریی دەستکردیشەوە بۆ وەشانێکی بەهێزتر تەنها چەند ساڵێکی کەم. مێژوو خێراتر دەبێت، چونکە هەر شۆڕشێک ئامێری شۆڕشی داهاتوو دروست دەکات.
ئەم خێراییە لە داتادا زۆر بە ڕوونی دیارە. ئێریک شمیت، سەرۆکی پێشووی گووگڵ، لە ساڵی ٢٠١٠ دا گوتبووی:
«لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە تا ساڵی ٢٠٠٣، مرۆڤایەتی بە گشتی نزیکەی ٥ ئێگزابایت داتای بەرهەمهێناوە. ئێستا ئێمە هەر دوو ڕۆژ جارێک ئەوەندە داتا بەرهەم دەهێنین!»
ئێستا ئەو ژمارەیە زۆر زۆر لەوە گەورەتر بووە. بەپێی خەمڵاندنەکان، لە ساڵی ٢٠٢٤ دا ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ ئێگزابایت داتا دروست دەکرێت، واتە لە تەنیا یەک کاتژمێردا زیاتر لەو ٥ ئێگزابایتە بەرهەم دەهێنین کە مرۆڤایەتی لە هەزاران ساڵدا بەرهەمی هێنابوو!
جگە لەوەش، لە سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازیدا، ژمارەی مرۆڤ لەسەر زەوی کەمتر بوو لە یەک ملیار کەس، کەچی دوای ئەو شۆڕشە، تەنها لە ماوەی کەمتر لە ٢٥٠ ساڵدا، ژمارەمان بازی دا بۆ سەرووی ٨.٣ ملیار کەس. شۆڕشی پیشەسازی توانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەر سیستەمی خۆراک و چاودێریی تەندروستیدا بهێنێت.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا ژمارەی مرۆڤ کە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە تەقینەوەی بەخۆیەوە بینی، دواجار بەهۆی هەمان تەکنەلۆژیاوە لە کارکردن و ژیاندا پەراوێز ناکرێت؟٣. پارادۆکسی کار و قەیرانی دابەشکردن
ئەگەر ئامێرەکان و ژیریی دەستکرد شوێنی مرۆڤ بگرنەوە، ڕاستە بازاڕەکان پڕ دەبن لە کاڵای هەرزان و هەمەجۆر، بەڵام بەو سیستەمە ئابوورییەی ئێستا، مرۆڤ توانای کڕینی دەبێت؟!
لە سیستەمی کۆندا، مەکینە کارێکی جەستەیی دەکرد، بەڵام مرۆڤ وەک کرێکار مووچەی وەردەگرت و دەبوو بە کڕیار. کەچی لە ژیریی دەستکرددا، ڕۆبۆت نە پشوو دەوێت، نە مووچە و نە ماف. ئەوکات مەترسیدارترین پێکدادانی کۆمەڵایەتی ڕوودەدات؛ جیهانێک کە پڕە لە سامان و بەرهەم، بەڵام زۆرینەی مرۆڤەکان بێکار و بێبەشن، لە کاتێکدا ساڵانەش نزیکەی ٦٩ ملیۆن کەسی تریش بۆ دانیشتوانی گۆی زەوی زیاد دەبن.٤. ئەو ژیرییەی ئێمە نایبینین
ئەو ژیرییە دەستکردەی ئێمە بەکاری دەهێنین، لەوانەیە تەنیا بەشێکی بچووکی ئەوە بێت کە لە تاقیگە نهێنییەکانی دەوڵەتە گەورەکان و کۆمپانیا گەورەکاندا هەیە. ئەمە وەک شەڕی سارد وایە، بەڵام لە جیاتی بۆمبی ئەتۆمی، ژیریی دەستکردە.
ئەگەر هەردوولا نەزانن ئەوەی تر چی هەیە، هەردوولا لە ترسدا خێراتر پەرەی پێدەدەن. لەم حاڵەتەدا، بڕیار لە دەستی خەڵکی ئاسایی نامێنێت و دەکەوێتە دەستی چەند کۆمپانیا و چەند بڕیاربدەستێکەوە کە ئێمە ناویان نابیستین.
بۆیە درەنگە بۆ گەڕانەوە؛ ئێمە ناچارین ببینە بەشێک لەم تەکنەلۆژیایە. ئێستاش بەشێکین؛ ئەم وێنەیەی داهاتومان ترسناکە، مۆبایلەکەمان بووەتە بەشێک لە بیرکردنەوەمان. بۆیە داهاتوومان نیوە ڕۆبۆت و نیوە مرۆڤە. بەڵام لەو نیوە مرۆڤەدا، دەبێت پەراوێزێک بۆ بڕیار بهێڵینەوە.
٥. شۆڕشی هۆشیاری: لە کاری ناچارییەوە بۆ بەختەوەری
لە سیستەمی ئەمڕۆدا، کار تەنها تەقەلایەکی ناچاریی مرۆڤە بۆ زیدومانەوە، مرۆڤ کاتژمێرەکانی تەمەنی دەفرۆشێت بۆ پاروویەک نان. بەڵام ئەم بەهای کارە دەبێت لە داهاتوودا بگۆڕێت بۆ هەوڵدانێکی هۆشیارانە لە پێناو بەختەوەریی هەموواندا.
بۆ ئەم مەبەستە، سامانی جیهان دەبێت بە پێوەرێکی نوێ و بە یاسایەکی جیهانی دابەش بکرێتەوە، وەک دابینکردنی داهاتی بنەڕەتیی گشتگیر (UBI)، نەک قۆرخکاری لە دەستی چەند کۆمپانیایەکی کەمدا.
٦. پێویستمان بە مانیفاستۆیەکی نوێیە
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە یاسا کۆنەکان ناتوانن داهاتوو بپارێزن. بۆیە مرۆڤایەتی ئەمڕۆ پێویستی بە جاڕنامەی مافە بوونگەراییەکانی مرۆڤ هەیە؛ جاڕنامەیەک کە مسۆگەریی ئەوە بکات کە بوونی مرۆڤ خۆی بەسە بۆ وەرگرتنی پشکی لە سامان و خێروبێری زەوی، نەک تەنها توانا جەستەیی یان فیکرییەکەی بۆ فرۆشتن لە بازاڕدا.
ئەم مانیفاستۆیە دەبێت سێ شت بپارێزێت: دەبێت کارێك بکەین مافی «نەخێر»مان هەبێت لە بەرامبەر بڕیارێکی لۆژیکی بەڵام نامرۆیی ئامێرەکاندا ، مافی هەست و مانا، و مافی هەڵەکردن، ئاخر مێشکی مرۆڤ هەڵەدەکات بۆیە دەتوانێت داهێنانیش بکات.
مافی هەڵەکردن لەوانەیە گرنگترینیان بێت. ژیریی دەستکرد بۆ ئەوە دروستکراوە کە هەڵە نەکات، کە خێراترین و وردترین وەڵام بداتەوە. بەڵام مێژووی مرۆڤ پڕە لە هەڵەگەلێک کە بوونە بە داهێنان: پێنیسیلین بە هەڵە دۆزرایەوە، چەسپە لاوازەکەی پۆست-ئیت بە هەڵە دروستکرا، زۆرێک لە داهێنانە گەورەکان لە تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووەوە نەهاتوون، بەڵکو لە تاقیکردنەوەیەکی شکستییەوە هاتوون.
ئەگەر سیستەمێک دروست بکەین کە تەنیا ڕێگە بە وەڵامی ڕاست بدات و هەڵە قەدەغە بکات، ئەوا داهێنان خۆی قەدەغە دەکەین. مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە هەڵە بکات، دوودڵ بێت، ڕێگەیەکی هەڵە بگرێتەبەر و دووبارە بگەڕێتەوە. چونکە هەڵەکردن خۆی سەرچاوەی داهێنانە.
ئەگەر ژیریی دەستکرد دوا داهێنانی دەستی مرۆڤ بێت، ئەوا دوا پرسیار ئەمەیە: ئێمە دەبینە چی؟ دەبینە ئاژەڵێکی ماڵی لە جیهانێکدا کە ژیریی دەستکرد بەڕێوەی دەبات، یان دەبینە خاوەنی بڕیار و بەشێک لە بەختەوەرییەکی هەمەگیر؟
مرۆڤ لەو کاتەی ئاوەزی کردووەتەوە، خۆی بەسەرداری گۆی زەوی زانیوە، لە باوەڕە ئاینییەکاندا خەلیفەی خوداوەند بووە لەسەر زەوی. نەک هەر چارەنووسی خۆی دیاریکردووە، بەڵکو چارەنوسی زیندەوەر و درەختەکانیشی دیاری کردووە. ئەمڕۆ چیدی ئەو ڕۆڵەمان نەماوە، یان لە باشترین حاڵەتدا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ڕۆڵە لەدەست دەدەین. گرنگە بیربکەینەوە و ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە. مێژوو چاوەڕوانی کەس ناکات، وە ئەمجارە مێژوو لە ئێمە زۆر خێراتر تێدەپەڕێت.…………………………………………
سەرچاوەکان١. ژمارەی جۆرە زیندەوەرەکان:
خەمڵاندنە زانستییە بەناوبانگەکە (Mora et al., 2011) دەڵێت نزیکەی ٨.٧ ملیۆن جۆری یوکاریۆت (ئاژەڵ، ڕوەک، کەڕوو) لەسەر زەوی هەیە، بەڵام بەبێ بەکتریا و ڤایرۆس.
٢. ژمارەی دانیشتوانی جیهان:
بەپێی پڕۆژەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN World Population Prospects 2024)، دانیشتوانی جیهان لە ٢٠٢٦ دا نزیکەی ٨.٣ ملیار کەسە و ساڵانە بە نزیکەی ٦٩ ملیۆن کەس زیاد دەبێت.
٣. وتەکەی ئێریک شمیت:
لە ئابی ٢٠١٠ دا لە کۆنفرانسی Techonomy گوتی: “هەر دوو ڕۆژ جارێک ئێمە ئەوەندە زانیاری دروست دەکەین کە لە سەرەتای شارستانییەتەوە تا ٢٠٠٣ دروستمان کردبوو، کە ئەوە نزیکەی ٥ ئێگزابایتە.”
٤. داتای ڕۆژانە:
بەپێی خەمڵاندنی IDC بۆ Global DataSphere لە ٢٠٢٤ دا، ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٨ ئێگزابایت داتا دروست، کۆپی و بەکاردەهێنرێت. خەمڵاندنەکانی تر لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٤٦٣ ئێگزابایتن، بۆیە ژمارەکە خەمڵاندنە نەک ژماردنی ورد.
تێبینی لەسەر ژمارەکان: هەموو ژمارەکانی ئەم بابەتە خەمڵاندنی زانستی و ئاماریین، نەک ژماردنی یەکلاکەرەوە. بەتایبەتی ژمارەی داتا و ژمارەی جۆرە زیندەوەرەکان بەپێی شێوازی ژماردن دەگۆڕێن.