ئایەتی زەیتون …. یوسف عەبدوڵڵا

تۆ کە لە بۆتانی و
خانی ناگەیت،
تەفسیری ئەم سورەتانەت چۆن پێدەکرێ!

ئەم ئایەتانە مەخوێنەوە..
ئەو کاتەی میحرابەکان دەبنە تونێلی بارووت،
ئەم بەرماڵی نوێژە، دەبێتە سفرەی هەژاران!

تۆ کە هێشتا..
خوێنی قەتڵی فریشتەکان..
بەناوچاوانتەوەیە،
سوژدەی چی دەبەیت!

ناترسی سەیدە پیرەکەی عەفرین،
لە کێوی هەوارەوە..
خودا بکات بەگژتا!

بەمزی و تورتی زەیتون قەسەم
ئەم بەهەشتی زەمینە
بێ درەختی سەوز و
ئاسمانی حەز و
زەوی پڕ چێژ هەڵناکات