بەرگری…. ڕێناس مستەفا
گەڵا وتی
بۆ ئەوەی ڕەگی ئومێدم
تۆکمە تر و
قەدی باڵام پاراوتر و
چڵەپۆپەم سەوز تربێ
قەیچیەکا من بشوەرم
کانی وتی
بۆ ئەوەی ڕونتر دەرکەوم
بۆ ئەوەی مانگ جوانتر لە ڕازەکانی من بگا
کەزی سەدان جۆگەلەشم ببڕنەوە
سەدان بەربەست لەنێوگەروی پر ھاژەما
قیت کەنەوە
بە ھەزاران دڕک و دڕی
بدەن لە چەمی بەخوڕم
قەیچیەکا خۆ لە دواجار
ھەر ئەڕژێمەوە نێو ڕووبار
کوردستانیش
کە گوێی لە گەڵا و کانی بوو
وتی منیش بۆ ئەوەی ھەر
لەبەر چاوتان شیرینتر بم
قەیچیەکا لاوکی چەندین دێھاتیشم بخنکێنن
مەمکەکانی چەندین جۆگەم ببڕنەوە
جەستەی چەندین دار چنارم ڕووت کەنەوە
قژی پەلکەگیام ببرن و
بەرۆکی شاخم دادرن
خۆ لە دواجار بەژنی کورتە چیرۆکی زەیتونم باڵاتر و
گەردەنی پەخشانی خەباتم
سپی تر و
ناوقەدی ڕۆمانی بەیبونم قیت ترو
قامکی شیعری بەرخۆدانم
ئە ستورترن
ڕێناس مستەفا
ھەولێر
١٦/٢/٢٠١٨