شیشۆق … سه‌لام عومه‌ر

شیشۆقێك
بە دەماری بیرەوەریەكانمەوە چەقیوەو
ئەو خەتخەتێنانەی بیربردوومەوە
كە وێنەی منداڵیمی كێشابوو
ئەو شیشۆقە
بەناو خەونەكاندا
بەری ئەو شاخوێنهێنەرانەی گرتووم
كە لەكۆكردنەوەی ساڵەكانی تۆ
رژابوونە بینینمەوە،
تادێ‌
هۆنینەوەی ئەو وشانەم بیر دەباتەوە
كە بڕیار بوو بەر لەپیری
هەڵیاندەمە نێو سەبەتەی لاویتەوە،
ئاخر شیشۆقێكی دی
بەپەنجەكانی پاڕانەوەی تۆوە نوساوەو
لێناگەڕێ‌
كاسە پڕ شیرنیەكانی بوكێنیت
بگاتە ئەو ماڵۆچكانەی
بە وردە بەرد دروستمان دەكردن
لێناگەڕێ‌
شاباشەكان هەڵوەرێنە سەر شایی گەمانەكان و
لەژێر پێماندا بشكێن
تا
خەیاڵە شوشەیی و
خەونە كرستاڵەییەكانمان
نەبنە شیشۆق.