ئەدەبی منداڵان — ساڵی تازە …. فەرهادئەحمەدبەرزنجی

سەری ساڵی تازەیە
لێومان پڕ لەخەندەیە
بۆیە شادو بەختیارین
سەرگەرمی بەزم ویارین۰

تەماشاکەن ئەم ناوە
بەگوڵی جوان ڕازاوە
میزەڵانی ڕەنگاو ڕەنگ
فوی تێکراوە بۆ ئاهەنگ۰

لەهەموو لا خۆشییە
سرودو گۆرانییە
دنیایەکی ڕازاوە
بۆئێمە سازکراوە۰

ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین
پیرۆزبایی دەنێرین
بەسڵاوێکی بۆنخۆش
دەرونتان دێنینە جۆش۰

پیرۆزبێ ساڵی تازە
پڕخەندەوخۆشی و ڕازە
ئاواتی هەموومانە
کوردستان ئاوەدانە۰