گفتوگۆی ئارام حاجی لەگەڵ کاروان کاکەسوور لەبارەی ڕۆمانی دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکانەوە

ئەم گفتۆگۆیەی لێرەدا بە نووسین بڵاو دەکرێتەوە، بەرهەمی گفتوگۆیەکی دەنگیی نێوان من و «کاروان عومەر کاکەسوور»ە لەبارەی ڕۆمانی «دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان«ەوە. دیارە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام چڕمان کردووەتەوە و بەم شێوەیەی ئێستا دامانڕشتووەتەوە.
کاکەسوور دوور لە قەرەباڵغی خەریکی نووسینی ڕۆمان و بواری توێژینەوەیە. لەو نووسەرانە نییە میدیایان لە پشتە و بەرهەمەکانیان بەسەر خوێنەردا ساغ دەکرێنەوە. ڕۆمانەکانی بە تەکنیکی نوێ دەنووسێت و خاوەنی شێوازێکی تایبەتە بە خۆی. کۆمەڵێک بابەتی فکری و فەلسەفی جێگای بایەخی ئەون، بۆیە زمانەکەی لە ئاستی باودا نەماوە. ئەو نووسەری بەرهەمە ناڕاستەوخۆکانە. لە ڕۆمانەکانیدا بۆچوونی خوێنەر و دەق یەک ناگرنەوە، بەڵکوو ململانێ دەبێتە توخمێکی دیار. ململانێی تێگەیشتن و بۆچوونەکان، هیی ڕاڤە و ئاڕاستەکان شوێنی وەرگرتن و پەسەندکردن دەگرنەوە. ئەگەر ڕۆمانەکانی پڕن لە گرێ، ئەوە بۆ کردنەوەیان تەنیا یەک ڕێگە نییە، بەڵکوو چەندان ڕێگە خۆیان دەردەخەن. یەک چیرۆک بەشێوەی ڕوون ناخرێتە بەردەستی خوێنەر، بەڵکوو ئاماژە و سەرەداو هەن کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. هەمیشە لەبەردەم سەرەداوی زیاتر لە چیرۆکێکیت.
کارەکتەرەکانی کاکەسوور ئەوانە نین لای خەڵک ناسراون، ئەوانەیش نین پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەڵکوو کەسانی ناباو، بێزراو و پەراوێزخراون. ئەوانەن جووڵە دەخەنە کردەی گێڕانەوەوە و دەتوانن ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان بگۆڕن. هەموو ئەمانەیش لە ڕێگەی زمانێکی چالاکەوە جێبەجێ دەکرێن. ڕیتمی زمان خێرایە و ڕستەکان کورتن، کە لە ڕێی ئەو وشە و دەنگانەی هەڵیاندەبژێرێت هێز بەو ڕێتمە دەدات. خوێندنەوەی بەرهەمی کاکەسوور پێویستی بە پشووی درێژ، ڕامان و قووڵبوونەوەیە. بەشێک لە خوێنەرانیش دەڵێن ناتوانین بڵێین ڕۆمانەکانی بەگشتی باسی چی دەکەن. ئەوە ڕاستە، چونکە ئەو لە گشتەوە بۆ تایبەت دەپەڕێتەوە. خۆی لەو شتانە دەپارێزێت کە خوێنەر خۆی دەیانزانێت؛ تیشک دەخاتە سەر لایەنی شاراوەی ئەو شتانە. ئەرکی کۆکردنەوەی پارچە بڵاوەکان دەخاتە سەر شانی خوێنەر. ئایا ڕۆمانەکانی بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن سەختن؟ بەڵێ. بەڵام ئایا خوێنەر ئەگەر خۆی لەگەڵیاندا ماندوو بکات، ناتوانێت ئەو سەرەداوانە بدۆزێتەوە و چیرۆکەکان بگەیەنێتەوە یەک؟ دەتوانێت و چێژیشیان لێ دەبینێت. من لێرەدا باس لە ئەزموونی خۆم دەکەم کە لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیدا ئەو چیژەم بینیوە. گەیشتمە ئەو باوەڕەی، کارکردن لەسەر ڕۆمانی «کاکەسوور» بۆ لێکۆڵینەوەی ئەکادیمییش ئاسان بە دەست نایەت. خوێنەر بە ڕوونی دەرک بەو تیۆرییانە دەکات کە لە بەرهەمەکانیدا کاریان پێ کراوە.
ڕۆمانی دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکانیش وەک ئەوانەی تر خوێندنەوە و تێگەیشتی سەختە، بەڵام ناکرێت دەقێکی لەم شێوەیە بە ئاسانی بنووسرێت، هەتا خوێنەریش بە ئاسانی وەریبگرێت. لە دوای خوێندنەوەی هەر چەند لاپەڕەیەک کۆمەڵێک پرسیارم دەهاتنە بەردەم و ڕاستەوخۆ لە کاکەسوورم دەکردن. ئەویش وەڵامی دەدامەوە. گفتوگۆکە بەو شێوەیە دەستی پێ کرد و ئەمەی لێ بەرهەم هات.
ئارام حاجی

ئارام حاجی:
ناونیشانی ڕۆمانەکە، دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان، دژایەتییەک دەردەخات. دەکرێت بڵێین پارادۆکسێکی سیمۆنتیکایی نیشاندەدات. سەرباز کاتێ پێی دەگوترێت هەڵاتوو کە لە دەوڵەت ڕا دەکات، بەڵام لێرەدا سەربازە هەڵاتووەکان دەوڵەتێک دادەمەزرێنن. بەوەیشەوە ناوەستن، هەموو ئەوانە سزا دەدەن کە ملکەچی یاساکانی ئەم دەوڵەتە نابن. وەک دەبینین ئەم ناونیشانە پارادۆکسێک دەخاتەڕوو و زانیارییەکیش دەگەیەنێت، کە ئەو زانیارییە لە هیی تێگەیشتنی گشتی جیاوازە. ئاماژەی ئەوەیش بە خوێنەر دەدات سیاسەت بابەتێکی ڕۆمانەکەیە. دیارە ململانێ توخمە زەقەکەی سیاسەتە. چۆن ناونیشان بەگشتی و هیی ئەم ڕۆمانە بەتایبەتی دەتوانێت ببێتە چاوگێک بۆ بەرهەمهێنانی واتا؟ چۆن بەو توخمانەی سنووری نێوان خۆی و تەواوی دەقەکە دەسڕێتەوە، هەتا لەوە دەربچێت بڵێین تەنیا دەروازەیەکە بۆ چوونەناوەوەی دەق، بەڵکوو وەک کردارێکی سیمۆنتیکاییش لە بزواندنی ئەو توخمانەدا بەشدارە؟

کاروان کاکەسوور:
نەک تەنیا ناونیشان، بەڵکوو تێکڕای توخمەکانی تری وەک کارەکتەر، ڕووداو، گرێچن، پێگەی ڤەبێژەر (نارەتەر)، کات، شوێن و ئەوانەی تریش لە ڕۆمانی فرەدەنگدا، کە ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەوەی ڕەهەندی ئەزموونگەری (experimental dimension) دەگرێتە خۆی، کە ڕووبەڕووی هەموو قاڵب و کڵێشەکان دەبێتەوە. ئەو توخمانەی دەیانخاتە ڕوو، بزۆکن و لە جووڵەی بەردەوامیاندا مانای نوێ بەرهەم دەهێنن، بە ڕادەیەک نەتوانیت لە چێوەیان بگریت و تەنیا لە مانایەکی دیاریکراودا قەتیسیان بکەیت، بەڵکوو گومان و پرسیار وا دەکەن لە هەر دۆخێکدا بە شێوەیەکی جیاواز لە هیی پێشوو لێکیان بدەیتەوە. هەموو ئەمانە لە زماندا ڕەنگ دەدەنەوە، بەوەی زمان مەڵبەندی بەریەککەوتنی توخمە جیاوازەکانە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمانی فرەدەنگ هەم فرەییی توخمەکان دەگرێتە خۆی و هەم ڕەهەندی ئاڵۆزییش. ئاڵۆزی بەرهەمی ئاوێتەبوونی توخمە جیاوازەکانە. دەکرێت بڵێم ئەوە تەنیا ڕۆماننووس نییە لە ڕێی کردەی پێکهێنانی دەقەوە ڕووبەڕووی پرسیارە بوونگەراکان دەبێتەوە، بەڵکوو خوێنەری نموونەییشە، کە دەست دەداتە گەمەی هەڵوەشاندنەوە و پێکهێنانەوە.
ناونیشان وەک ئاماژەیەکی زمانەوانی (linguistic sign) تەنیا ڕەهەندی تامەزرۆیی (suspense) و تەفرەدان لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو ڕەهەندی چڕکردنەوە، هێنانەبەرچاو، پێشبینی، خستنەڕووی گریمانەکان، دژبەیەکیی نێوان شتەکان و هیی دیکەیش پێشان دەدات، کە ئەوانە تێگەیشتنێکی سەرەتایی لای خوێنەر پێک دەهێنن، تا لە ڕێیەوە بچێتە ناو ئەو دایەڵۆگەی لەگەڵ دەقەکە دایدەمەزرێنێت، کە بەوەدا شپرزەیی و ڕاڕایی خەسڵەتی دیاری دەقی فرەدەنگن، ئەوە ئەم تێگەیشتنە لە هەر بەریەککەوتنێکدا گۆڕانی بەسەردا دێت. لێرەدا هێزی ناونیشانی ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت و لە هیی ڕاستەوخۆ جودا دەبێتەوە، کە لە دووەمیاندا ڕۆماننووس خۆی دەکاتە چاوساغ و ڕێپێشاندەری خوێنەر، بەوەی هەر لە سەرەتاوە پێی گوتووە دەقەکە بە کوێ دەگات، یان لانی کەم لە ڕێی هەندێک ئاماژەی سادەی زەقەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە ململانێی هێزی چاکە و خراپە دەگرێتە خۆی. بۆ نموونە دەکرێت ڕەنگی سپی، فریشتە، پەپوولە، لە بەرانبەریشدا ڕەنگی ڕەش، ئیبلیس، مار و هیی دیکە ئەوە دەربخەن ڕۆماننووس هەر لە سەرەتاوە لایەنگری لایەکە و دژی لایەکی ترە. ئەمەیش وەها دەخوازێت پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) لە بەرچاو بگیرێت. پێویستە تێکڕای شتەکان بەو ئامانجە بگەن، کە بە پێوەری کۆمەڵگە پەسەندە. مانای وایە خوێنەر دەیناسێت. زمان سادەیە و لە ڕێی گوتەی ڕەونەقدارەوە خۆی دەردەبڕێت، بەڵام ناونیشانی ناڕاستەوخۆ وەک گوترا هەڵگری خەسڵەتی ڕاڕایی و شپرزەیییە، ئاڵۆزە و شیفرە لە خۆی دەگرێت، کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی هەوڵی کردنەوەی شیفرەکان بدات و مانای جیاواز نەک لە هیی خوێنەرێکی دیکە پێک بهێنێت، بەڵکوو ئەو مانایە لەوەیش جیاواز بێت، کە لای ڕۆماننووس هەیە.
ناونیشان لە ڕۆمانی نوێدا بایەخی زۆری پێ دەدرێت، کە (جیرار جینێت) بە تێکستی هاوتەریب (Parallel texts) ناوی دەبات، بەو مانایەی ئەو کەناڵەیە دەرەوە و ناوەوە پێک دەگەیەنێت، کە نەک تەنیا ئەرکی گەیاندن و ناساندنی دەق، بەڵکوو هیی پێدانی کۆمەڵێک ئاماژەیش دەگرێتە ئەستۆ. لە پۆلی شەشەمی ئامادەییدا مامۆستا (بەندەر عەلی مەندەلاوی) ئەدەبی عەرەبیی پێ دەگوتین. لە کۆتاییی کتێبەکەدا بەشێک بۆ هونەری چیرۆک تەرخان کرابوو. بەوەدا ئەو مامۆستایە خۆی نووسەر بوو، ئەوە زۆر بایەخی پێ دەدا. دەیویست زیاتر لەوەمان پێ بڵێت، کە لە کتێبەکەدا هەیە. من خۆیشم تازە دەستم دابووە نووسینی چیرۆک. لەبارەی ناونیشانەوە گوتم لە تارای بووک دەچێت، کە وا دەردەکەوێت ڕووی داپۆشیوە، بەڵام نەک هەر نەیشاردووەتەوە، بەڵکوو جوانتریش دەریخستووە.
هەوڵم داوە لەم ڕۆمانەدا ڕووبەڕووی چەند بابەتێک ببمەوە، کە تەنیا بەشێکیان دیارە و دەبینرێت، دەنا بەشەکەی تریان نادیارە، بەو مانایەی واقیعێک هەیە و شتەکانی خۆی خستوونەتە ڕوو، بەڵام هونەری ڕۆمانی فرەنگ ئەوە دەخوازێت لە بەرانبەر ئەو دیارەدا، نادیار پێشان بدرێت، کە ئەم نادیارە دژی دیارەکە نییە، بەڵکوو سنووری نێوانیان هەڵدەگیڕێت و ئەمیان هێز بەویان دەدات، بگرە نادیار وا دەکات دیار چالاک ببێت، بەو مانایەی بکەوێتە جووڵە و مانای تری لێ بەرهەم بێت. بە مانایەکی دی، واقیع و خەیاڵ وەک دوو ڕووبەری جیاوازی دژبەیەک دەرناکەون، بەڵکوو ئەو توخمە بزۆکانە هەردووکیان دەکەنە یەک. واقیعەکە ئەوەی پێ گوتووین، کە دەوڵەتێک هەیە و موجاهیدەکان پێکیان هێناوە. ئێمە داعشمان دیوە و ئاگامان لە وردەکارییەکانیەتی، بەڵام لێرەدا چەمکی دەوڵەت دەخزێت و گۆڕانی بەسەردا دێت. واتە لە هیی موجاهیدەکانەوە دەبێتە هیی سەربازە هەڵاتووەکان. بە مانایەکی دی، ئەگەر ئێمە مێژوویەکی زانراومان هەیە و داعش دروستی کردووە، ئەوە پێویستمان بە دروستکردنی مێژوویەکی تری نەزانراو هەیە، کە دەبێت سەربازە هەڵاتووەکان ببنە بکەری. پارادۆکسێکی تر ئەوەیە چەپەکان دەیانەوێت دەوڵەتێک لەسەر شێوازی موجاهیدەکان پێک بهێنن، بە مەرجێ ئەوان وا ناسراون دژی دەوڵەتن و بە ئامرازی سەرکوتکردنی دادەنێن. ئەمە بواری خەیاڵە و تێیدا فانتازیا ڕۆڵ دەبینێت. لێرەوە سەرنجت بۆ ڕەهەندی چڕکردنەوە، هێنانەبەرچاو، پێشبینی، خستنەڕووی گریمانەکان، دژبەیەکیی نێوان شتەکان ڕادەکێشم، کە پێشتر گوتم لە ناونیشاندا هەن. زەوینەی ئەوە ڕەخساوە، تا بە درێژاییی دەقەکە خوێنەر لە ڕێی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە بگاتە ئەوەی لە کوێدا پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی کورتیان هێناون، کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا توخمی ناکاوی (Sudden) بایەخی گەورەی پێ دەدرێت. ئەو فیلۆسۆف و بیرمەندانەی ڕەخنەیان لە چەمکی حەتمیەتی مێژوویی گرتووە، کە لە بەشێکی بەرهەمەکانی پێشوومدا نووسینی هەندێکیانم بە سەر کردووەتەوە و بۆچوونیانم هێناوەتەوە، هێزی گەورەیان بەم شێوازە داوە، بەوەی پێیان وایە مێژوو بریتی نییە لە هێڵی ڕاست، تا بەپێی قۆناغەکان بچێتە پێشێ، بەڵکوو پڕە لە وەستان، پێچکردنەوە، لادان، نووشتانەوە، گەڕانەوە و هیی دیکە. چەمکی کاتیش گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لەوە دەرچووە بەپێی سیستەمێکی ڕێک ببزوێت، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی پێچەوانە دەگرێت. هەر ئەمە وای کردووە ناونیشان بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات و لە یەک مانادا کورت نەکرێتەوە، بەوەدا ئەو ناونیشانە ڕاستەوخۆ و زەق نییە، ئەوە توانای توانەوەی هەیە و دەکرێت تێکەڵی سەرتاپێی دەقەکە ببێت. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم چەمکی دەوڵەت تەنیا لەم سنوورەدا نامێنێتەوە، بەڵکوو بە کۆمەڵێک چەمکی دیکەوە پێوەست دەبێت، کە یەکێکیان شۆڕش و ئەوەی دیکەیان یاخیبوونە. لێرەیشەوە چەمکی سەردار و کۆیلە دێتە گۆڕەپان (سپەیس)ی دەقەکەوە، کە لە کارەکتەری وەک (مەیسوون چەلەنگ)، (ماریلۆک) و ئەوانەی ترەوە بەرجەستە دەبن، تا ڕوانینی جیاواز لەو بارەیەوە بخرێتە ڕوو. بە هەمان شێوە سەرباز و سەربازی هەڵاتوو دووچەمکی دیکەن، کە لێرە و لەوێدا دێنە پێشێ و دۆخیان دەگۆڕێت. هەموو ئەم چەمکانە لە شوێن و کاتی جیاوازدا دەردەکەون، تا بەردەوام مانای نوێ بە خۆیانەوە بگرن. وەک دەبینیت دەقەکە بە قووڵاییی مێژوودا ڕۆ دەچێت و لە ڕێی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە چەند نەوەیەک دەهێنێتە سەر شانۆ.

ئارام حاجی:
بەڵێ، لەم ڕۆمانەیشدا وەک بەشێکی زۆری ئەوانەی ترت تاکهێڵ ون دەبێت و ڕووداوەکان بە یەک ئاڕاستەدا ناچنە پێشەوە. شێوازی گێڕانەوە فرەجەمسەرە و ئەو جەمسەرانە بە ناو یەکدا دەچن. دەقەکە بە دوو کارەکتەر دەست پێ دەکات. پزیشک زێوێ بە ڕێشاری کوڕی دەڵێت پێویستە ئەم شارە بە جێ بهێڵێت. لێرەیشدا ئەو پارادۆکسە دێتە پێشەوە و ڕووبەڕووی تێگەیشتنی باو دەبێتەوە. وا زانراوە دایک دەست بە ڕۆڵەیەوە دەگرێت و نایەوێت لێی دوور بکەوێتەوە، بەڵام لێرەدا ئەو دایکە دەیەوێت کوڕەکەی خۆی و شارەکەیش بە جێ بهێڵێت، بێ ئەوەی ئەو شوێنە دیاری بکات کە پێویستە بۆی بچێت. ئەم گوتەیەی پزیشک زێوێ ئاماژەیە بە هەبوونی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەو واتایەی کێشەکە جارێک لەگەڵ خۆیدایە و جارێک لەگەڵ ئەوانەی تردا. دەمانخاتە بەردەم پێوەندیی مرۆڤ بە ژینگەکەیەوە. بەر لەوەی بچینە ناو دەقەکەوە، ئاماژەی ئەوە دراوە ئەم ژینگەیە کەوتووەتە بەر مەترسی، بەڵام مەترسییەکان جارێ دیار نین. تەنیا لە ئاستی ئاماژەدا هەن. پرسیاری ئەوەی بۆچی دایک سورە لەسەر ئەوەی کوڕەکەی بڕوات و بە جێی بهێڵێت تەنیا یەخەی ڕێشار ناگرێت، بەڵکوو دەپەڕێتەوە و دەبێتە هیی زۆر خەڵکی شاریش. دەیانکاتە دوو بەشەوە. بەشێک پێشبینی دەکەن سەر هەڵبگرێت و بەشێکیان بەپێچەوانەوە. جادووگەرەکانیش وەک هەمیشە دێنە پێشەوە. ئەوانیش دەبنە دوو بەش. دیارە ئەمە دەبێتە پێشبینیی خوێنەریش. لەبارەی دەستپێکی ڕۆمانەوە بۆچوونی جۆراوجۆر هەن کە جەخت لەسەر کاریگەرییەکەی دەکەنەوە. تۆ خۆت لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟ ئەو دەستپێکە تا چەند کۆمەکی کردەی گێڕانەوە دەکات، تا پێشبینییەکان تێک بشکێنێت و ڕێگایەکی پێچەوانەی هەردوو لا بگرێت؟

کاروان کاکەسوور:
پێم وایە دەستپێک لە ڕۆمانی فرەدەنگدا یەکێکە لە کێشە سەختەکان و هەر لە سەرەتاوە یەخەی ڕۆماننووس دەگرێت. ڕۆمانی فرەدەنگ وەک هیی باو نییە، تا لە یەک ئاڕاستەی ڕوون پێک هاتبێت، بەڵکوو بریتییە لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی نادیار. چۆن ئەو دەستپێکە سنووردار نەکرێت و نەبێتە هیی یەک ئاڕاستە؟ من لێرەدا پێ لەسەر چەمکی دایەڵۆگ دادەگرم، کە ئەم چەمکە زۆر لەوە فرەوانترە وا لە تێگەیشتنی باودا هەیە و لە نووسینی میلـلیدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکوو بریتییە لە هەبوونی ئەو دەنگەی بانگەوازی دەنگەکانی تری دەرەوەی خۆی دەکات، کە ئەمە گۆڕینی دۆخێکی داخراوە بۆ دۆخێکی کراوە. ئەم دەنگە توانای هەیە گوتارە جیاوازەکان بەر یەک دابدات و هیی نوێیان لێ پێک بهێنێت. لێرەوە جۆری پێوەندییەکەی نێوان خوێنەر و دەق دیاری دەکرێت، بەو مانایەی کاتێ ئەو دەستپێکە دایەڵۆگئامێزە و ڕووی لە کرانەوەیییە، ئەوە خوێنەر بەرەو نەزانراو ئاڕاستە دەکات و دەیخاتە بەردەم لێکدانەوەی دراوەکان و پێکهێنانی تێگەیشتنی جیاوازی خۆی.
بەگشتی لە ڕۆمانی مندا، کە پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) تێک شکاوە و کات بازنەیییە، ئەوە وەک چۆن کۆتایییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو دەشێت کۆمەڵێک کۆتایی هەبن، بە هەمان شێوە ناکرێت یەک سەرەتای بۆ دابنێیت. بەم شێوەیە خودی دەستپێک دەبێتە کێشە و پێویستی بەوە هەیە لێک بدرێتەوە. (جیرار جینێت) لە کتێبی (گوتاری حیکایەت… توێژینەوەیەک لەبارەی مێتۆدەوە)دا کاتێ لە ڕۆمانی (گەڕان بە دوای کاتی گومبوو)ی (مارسێل پرۆست) دەکۆڵێتەوە، ئاماژە بەو کێشەیە دەکات و لانی کەم حەوت سەرەتای بۆ دادەنێت. ئەمە خەسڵەتی ڕۆمانی نوێیە و لە هیی باوی جودا دەکاتەوە، کە بە گشتی هەم سەرەتای زەقە و هەم کۆتاییشی.
هەڵبژاردنی ئەم دەستپێکە دەشێت بەشێکی پێوەندیی بە نائاگایییەوە هەبێت، بەوەی ئەدەب پشت بە خەیاڵ دەبەستێت و خەیاڵیش سنووری نییە، تا لێکدانەوەی تەواوی بۆ بکەیت، بەڵام لە ڕێکخستنەوەی خەیاڵدا ئاگایی ڕۆڵ دەبینێت، کە ڕۆماننووسی ئەزموونگەر بەپێی تێگەیشتنی ئێستای دایدەڕێژێتەوە. چ وشەیەک بە کار بهێنێت، چۆن لەگەڵ بیرۆکەی تردا ئاوێتەی بکات، بە چ شێوازێک بیگەیەنێت و هیی دیکە. لەبارەی ئەو بەشەی پرسیارەکەتەوە، ئایا دەستپێک چەند هێز بە کردەی گێڕانەوە دەدات، تا پێشبینییەکان تێک بشکێنێت و ڕێیەکی پێچەوانەی هەردوو لا بگرێت، ئەوە وەک پێشتر گوترا ناکاوی خەسڵەتی دیاری ڕۆمانی فرەدەنگە، بەو مانایەی هەبوونی فرەییی توخمەکان وا دەکات بۆ هەر بابەتێک ڕوانینی جیاواز بخرێتە ڕوو. کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن و هیی دیکەی جیاواز هەن. ئەوەی لای کارەکتەرێک پەسەندە، لای یەکێکی دیکە پێچەوانەیە. ئەوەی لە سەردەمێکدا بایەخی هەیە، لە سەردەمێکی دیکەدا پووچ دەبێتەوە. ئەو بەهایانەی لە شوێنێکدا بەرز سەرنج دەدرێن، ئەوە لە شوێنێکی تردا وا نین. بەم شێوەیە شتەکە لەوە دەردەچێت تەنیا پێوەندیی بە دوو لایەنەوە هەبێت، بەڵکوو کۆمەڵێک لایەنی تریش لەو ناوەڕاستەدا دەردەکەون. گەشەکردنی ڕووداوەکانیش پێوەندییان بە دەرکەوتنی ئەو دەنگە جیاوازانەوە هەیە. بۆ نموونە لەبارەی چەمکی شۆڕشەوە ڕوانینی جۆراوجۆر دەخرێنە ڕوو. ئایا (کەیدارا چەلەنگ) وەک (ئازاد شکۆمیرسی) و (ئاری سوارچاک)ـە؟ ئایا (پاڵەوان پاڵاو)یش لە هەرسێکیان جیاواز نییە؟ ناکرێت بڵێین ئاڕاستەی (مەیسوون چەلەنگ) پێچەوانەی ئاڕاستەی هەمووانە؟ لێرەدا پێویستە بگوترێت، کە پێشبینییەکان نە بە دی دێن و بە تەواوییش کورت دەهێنن، بەو مانایەی شێوازی فرەدەنگی ڕێ نادات شتەکان بە ڕەهایی دەربکەون و بە خاڵێکی دیاریکراو بگەن، مادام بێژمار ئاڕاستەی تر هەن. ئایا ئەو ئەنجامەی (ڕێشار) پێی دەگات، مانەوەیە لە شار، یان دەرچوونە لێی؟ ئایا ناکرێت بڵێین هەردووکیان و زیاتریش لە خۆ دەگرێت؟ شتەکان لە دنیای پۆستمۆدێرندا بێگەرد نین، بەڵکوو فرەڕەنگ، فرەڕەگ، فرەشێوە، فرەڕەهەند و فرەئاڕاستەن. ئەو تیۆریستانەی لەبارەی تیۆریی خوێنەرەوە نوسوویانە، کە (ئایزەر) یەکێکیانە، پێ لەسەر ئەو کاریگەرییە دادەگرن، کە لە خوێندنەوەی دەقەوە بەرهەم دێت، نەوەک بەدیهاتنی پێشبینییەکانی خوێنەر، بگرە پێویستە دەق نائومێدی بۆ ئەو وەرگرە بهێنێت. ئەوەی پێ نەڵێت، کە دەیزانێت و چاوەڕێیەتی لە دەقدا پێی بگاتەوە، بەڵکوو پێویستە بیخاتە بەردەم ئەنجامی چاوەڕواننەکراوەوە، تا هەم باوەڕەکەی تێک بشكێت و هەم بچێتە ئاستی ڕاڤەیشەوە. ڕۆمانی فرەدەنگ نەک تەنیا کردەی تێکشکاندنی باوەڕەکانی ڕۆماننووسە، بەڵکوو هیی خوێنەریشە. ئایا من خۆم وەک نووسەری دەقەکە دەمزانی ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە کوێ دەگەن؟ نەخێر، بەڵکوو ڕووم لەو نەزانراوە بوو و لە ئەنجامی ململانێی چیرۆکە جیاوازەکانەوە بەردەوام ئەو باوەڕەم گۆڕانی بەسەردا دەهات، بگرە گەلێجار پێشبیننەکانم کورتیان دەهێنا. لەم ڕۆمانەیشدا هەوڵم داوە ئەنجام بە لاوە بنێم و شتەکان بە کراوەیی بهێڵمەوە، کە ئەوانە لای خۆیشم کۆتایییان دیار نییە.
ئارام حاجی:
خوێنەر کاتێک پێرستی ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، چوار وشە، یان دوو جووت وشە سەرنجی ڕادەکێشن کە زۆر پاتە دەبنەوە: ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەیی. بۆ نموونە بەرەو شارێکی نموونەیی، گەڕانەوە بۆ شارێکی نانموونەیی، ماڵێکی نائاسایی لە شارێکی نانموونەییدا، بووک و زاوایەکی نائاسایی لە شەوێکی ئاساییدا و هیی تریش. هەر لە دەروازەی ڕۆمانەکەدا گوتەیەک لەبارەی ئەو چوار چەمکەوە هەیە. شتەکانی ڕۆمانەکە لەنێوان ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەییدان، بەڵام ئاسایی چییە و نائاسایی کامەیە؟ کێ نموونەیی و کێ نانموونەیییە؟ بۆ نموونە یاوەر و پاوەر هەر برا نین، جمکیشن، بەڵام نازانین کامیان ئاساییە و کامیان نائاسایی، کامیان نموونەیی و کامیان نانموونەییە. لە ڕێگای هاوڕێیەکی باوکیانەوە دەزانین ئەوەی بە یاوەر ناسراوە و لە شاردا ماوەتەوە، پاوەرە، بە مەرجێ ئەو برایە خۆیشی تازە ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە دەبێتەوە. دوو کەسێتیی زۆر جیاوازن و لە دوو ماڵی جیاوازیشدا گەورە کراون. ئەوەی لە شاردا ماوەتەوە و دووکانی خەڵووزی هەیە، بە ڕواڵەت مرۆڤێکی نەریتییە و ترسی لەوەیە تێکەڵی خەڵک ببێت، بەڵام لەناوەوە خاوەنی ڕوانینێکی پێچەوانەیە. فەلسەفەیەکی تایبەتی بۆ ژیان داڕشتووە. پێی وایە مرۆڤ بۆ ئەوە شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت، تاج بە دەست بهێنێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئامانجی لستنەوەی پێڵاوە. ئەگەر ناتوانێت ئەوە بە ئاشکرا دەرببڕێت، مانای ئەوە نییە دەستی لێ هەڵگرتووە. تەنیا پێڵاوی مرۆڤ دەبینێت، تەنانەت چاو دەبڕێتە پێڵاوەکانی پووری و هەست بە ئازاری ویژدان دەکات، وەک بڵێی پێڵاو خودی کەسەکە بێت. ئەوی زاوا ناچێتە لای پرچسیای بووک، تا ناو شەرواڵی پڕ خەڵووز نەکات. شەوێک بەڕێ دەکەن کە خاڵی نییە لە کۆمیدیا. ناکرێت ئەم کارەکتەرە بخەینە ژێر چەتری یەکێ لەو چوار ناونیشانەوە. ئەمە لە کارەکتەرەکانی تریشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە پارێزا کە دواتر دەبێتە ڕۆماننووس و ژیاننامەی خۆی دەنووسێتەوە، سەختە بزانرێت کام لەو چوار خەسڵەتەی هەیە. خوێنەرەکانیشی لەوە ناگەن. ئەو بەشەی ڕۆمانەکەتت لەژێر ناونیشانی ژیانێکی نانموونەیی و ژیاننامەیەکی نائاساییدا نووسیوە. ئایا ئەم ناجێگیرییە بەر لەوەی هیی ڕۆمانەکە بێت، هیی واقیعەکەیە، یان ئەدەب بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی زیادەڕۆیی لە پیشاندانەوەی دیاردەکانی واقیعدا دەکات؟
کاروان کاکەسوور:
پێشتر گوتم واقیع و خەیاڵ دوو ڕووبەری جیاواز و دژبەیەک نین، بەڵکوو دەکرێت وەک یەک کایە بیانبینین، بەڵام ئەمە کاتێ ڕوو دەدات، کە دواڵیزمەکان تێدەپەڕێنین و بەو ئەنجامانەدا دەچینەوە وا تا ئێستا پێیان گەیشتووین. بە مانایەکی دی، کاتێ ئەم تێگەیشتنە جێ دەهێڵین، کە لەوەدا بەرجەستەیە شتەکان لە خودی خۆیاندا خراپ، یان چاکن و ئەوە دەخەینە بەرچاو، کە دەشێت لە هەر جووڵەیەکدا چیەتییان بگۆڕێت، ئەوسا پێناسەی دیکە بۆ هەر یەکێ لەو توخمانە دەکەینەوە، بێ ئەوەی بهێڵین ئەم پێناسەیە بە جێگیری بمێنێتەوە. لەمەوە دەگەینە ئاستی شاراوەی شتەکان و بە شێوازی جیاوازتر دەریاندەبڕینەوە، کە ڕۆمانی فرەدەنگ بەو تەکنیکانەی دایهێناون، توانای بەڕێوەبردنی ئەم کردەیەی هەیە، کردەی گواستنەوەی وێنەکان لە واقیعەوە بۆ خەیاڵ و لەوێوە بۆ نووسین. لێرەدا بە خوێندنەوەی خۆم سێ ئاست هەن و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە یەکتر جیاوازن، بۆیە سەختە وێنەی نووسراو دەقاودەق وێنەی خەیاڵ بێت و هیی خەیاڵیش ڕێک هەمان ئەوەی واقیع نییە، بەڵکوو هیی نووسراو تێپەڕێنراوی دووانەکەی ترە. لەبەر ئەوەیشە ناجێگیرە و دەکرێت بە زۆر شێوە لێک بدرێتەوە.
هونەری پێداچوونەی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان هەر بە تەواوی لە ڕۆمانی فرەدەنگدا بەرجەستەیە، بەوەی واقیع هەڵدەوەشێنێتەوە و بەپێی ڕوانینی کارەکتەرەکان دایدەڕێژێتەوە، کە هیی ئەمیان لە هیی ئەویان جیاوازە. بە مانایەکی دی، ئەو واقیعە نەک هەر بە ڕێی جۆراوجۆر تێک دەشکێنرێت، بەڵکوو بە شێوازی جیاوازجیاوازیش دادەڕێژرێتەوە، بە ڕادەیەک بە قەدەر ژمارەی کارەکتەرەکان واقیع دەردەکەوێت، کە هەموویان لە واقیعە زانراوەکە جیاوازن. زمان بەوەدا مێتافۆر و ڕەوانبێژی دەگرێتە خۆی، ئەوە شتەکانی واقیعی تێدا دەخزێن و بە شێوازی تر دەردەخرێنەوە، بۆیە ئیکزۆتیک، یان سەمەرەیی توخمێکی دیاری ئەم شێوازەی ڕۆمانە. لێرەدا سنوور لەنێوان ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەییدا دەسرێتەوە. هیچ یەکێ لەو چەمکانە جێگیر نییە، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕاندایە، کە ئەمەیش وا دەکات لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆتایی هەڵبگیرێت، یان وەک گوترا زیاتر لە کۆتایییەک هەبن.
تۆ (یاوەر) و (پاوەر) بە نموونە دەهێنیتەوە، کە سەختە بزانرێت کامیان نموونەیی و کامیان نانموونەیییە، وەک چۆن ناتوانین بگەینە ئەوەی، ئاخۆ کامیان ئاسایی و کامیان نائاسایییە. ئەگەر سەختە لەم ڕووەوە ئەنجامێکی ڕوون بە دەست بهێنینن، ئەوە مانای ئەوە نییە کۆمەڵێک چیرۆکی جیاوازی هەردووکیان نایەنە ناو گۆڕەپان (سپەیس)ی دەقەکەوە. خراپتێگەیشتن، یان لێکحاڵینەبوون (misunderstanding) یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەم شێوازەی من، بەوەی ئاڕاستە جیاوازەکان یەکتر دەبڕن و جۆرێک لە پاشاگەردانی دێتە کایەوە، کە هونەری ڕۆمان بریتییە لە پاشاگەردانی. لە ڕۆمانی فرەدەنگدا چیرۆکە وردەکان جێگەی بایەخن و هەر ئەوانیشن کردەی گێڕانەوە بە زیندوویی ڕادەگرن، بگرە هێز دەدەنە ڕیتمی ئەو گێڕانەوەیە. پێشتریش گوتوومە هۆکار و ئەنجام لە دنیای پۆستمۆدێرندا بایەخیان نامێنێت. ئەوەی لە شاردا ماوەتەوە، (یاوەر)ـە، یان (پاوەر)، شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەو کارەکتەرە ژیانێکی جیاواز لە هیی ئەوانەی تر تاقی دەکاتەوە، کە نە لە هیی (هێزدار)ی باوکی دەچێت و نە لە هیی (فەرەیدوون)ی کوڕیشی، وەک چۆن تەواو لە هیی (پرچسیا)ی هاوسەر و (هێلانە)ی کچیشی جیاوازە. خۆت ئاماژەت پێ کرد ناوەوە و دەرەوەی (یاوەر) لە یەکتر جیاوازن. بەڵێ، جیاوازن، بەڵام دژی یەک نین، بەڵکوو هەردووکیان کەسێتییەکەی پێک دەهێنن. دیسان ئەوە دەخەمەوە بەرچاوە، کە شڵەژان، ڕاڕایی، نیگەرانی و دوودڵی خەسڵەتی ڕۆمانی فرەدەنگن، مادام گوتە و هەڵسوکەوتی هەر یەکەیان پێوەستە بە تۆڕێکی فرەوان و چڕی پێوەندییەوە. من خۆم هەمیشە هەوڵ دەدەم سنووری نێوان مەنەڵۆگ و دایەڵۆگ بسڕمەوە، بەو مانایەی گەردوونێک هەیە و هەموو ئەو دەنگانەی تێدا دەبیسترێن.

ئارام حاجی:
من وەک خوێنەرێک لە سەرەتای ئەم ڕۆمانەدا ڕووبەڕووی ڕیتم بوومەوە. کاتێکیش دەڵێم ڕیتم مەبەستم ئەو زمانەیە کە ئەو هەموو شتە جیاوازەی لێ بار کراون و بەو ڕێگە پێچاوپێچانەیەدا دەبات، بێ ئەوەی لە خاڵێکدا بوەستێت. ڕیتمی گێڕانەوە بە شێوازی جیاواز ڕۆ دەچێتە نێو کایە جیاوازەکانی مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کولتووری و زۆری ترەوە. کات و شوێنی جیاواز دەبڕێت. سەردەمەکان دەگەیەنێتەوە یەک. هێڵی ڕووداوەکان تۆڕێک پێک دەهێنن لە هیی جاڵجاڵۆکە دەچێت. ئەو ڕیتمە بەردەوام و بە شێوەی خێرا بابەت لە دوای بابەت دەخاتە ڕوو. ئەمانە وایان کردووە ئەگەر خوێنەر تەنیا سێ دێڕ بپەڕێنێت یان بۆ ماوەیەکی کورت خەیاڵی لای نەمێنێت، چیرۆکێکی لە دەست دەچێت و لە جووڵەی ڕووداوەکان دادەبڕێت، چونکە هەر چیرۆکێک پێوەندیی بەوانەی تریشەوە هەیە. وەک دەڵێن تێگەیشتن لە ڕۆمانی تۆ زەحمەتە کە من پێم وایە ئەم ڕیتمی گێڕانەوەیە پێویستی بە ڕیتمی تایبەتی خوێندنەوەیە. ئەم کردەیە زیاتر لە تەقینەوە دەچێت کە هێشتا شوێنەواری تەقینەوەیەک کاڵ نەبووەتەوە، دەنگی دانەیەکی تر دەبیستین. بۆ نموونە لەگەڵ گەیشتنی پڵنگەکەدا تەقینەوەیەکی گەورە هەم لە دەرەوە و هەم لەناوەوەی کارەکتەرەکاندا ڕوو دەدات. مێژووی خانەوادەکە دەچێتە دۆخێکی ترەوە. فەرەیدوون دوای ئەو هەموو ساڵە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و دیسان ون دەبێتەوە، بەڵام پزیشک زێوێ بە جێ دەمێنێت و ژیانی خۆی لەم شارەدا دەست پێ دەکات. سکیشی بە ڕێشارەوە هەیە. وەک بڵێی پڵنگەکە کە ناوی نامۆکۆی لێ دەنرێت، شوێنی فەرەیدوون بگرێتەوە. هەر بە ڕاستی ڕێشار بە کوڕی نامۆکۆ دادەنێن. ژیرکۆ هۆشکۆزادە ناوی کەرێکە و هەڵسوکەوتەکانیشی هیی مرۆڤن. دەکرێت لە ڕۆمانەکەدا زۆر نموونەی تر بهێنینەوە کە ئاماژە بەو تەقینەوانە دەکەن. ئایا ئەم شڵەژان و هەڵچوونە، ئەم هەڵبەزیون و دابەزینە بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە هەم بابەتەکان ئاسایی نین و هەم کارەکتەرەکانیش؟ لەپشت ئەم هونەری ڕیتمەوە چ ئەزموونێکی تایبەتت هەیە؟

کاروان کاکەسوور:
لای من ڕیتم بایەخێکی زۆری هەیە، ئەگەر نەڵێم خەیاڵ، بیرکردنەوە، خوێندنەوە و نووسین ڕیتمن، تەنانەت ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم ڕۆمانی فرەدەنگ بریتییە لە ڕیتم. کاتێ دەستم دایە نووسینی چیرۆک، دوو کۆسپ، یان دوو پرسیارم هاتنە ڕێ. یەکەم، چۆن بنووسم؟ دووەم، چۆن کات بە کار بهێنم؟ پێشتر هەر بۆ خۆشی هەندێک شتم دەنووسی، بەڵام ناوی چیرۆکم لێ نەدەنان، بەڵکوو زیاتر لە شێوەی نوکتەدا دەرمدەبڕین. بۆ هاوڕێ و هاوپۆلەکانمم دەگێڕانەوە. هەر هێندە بڕیارم دا چیرۆک بنووسم، ئەو دوو پرسیارە ڕایانگرتم. خێرا تێگەیشتم چیرۆک وەک نوکتە نییە، تا ڕاستەوخۆ بیگێڕمەوە، بەڵکوو دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و لەتکردنی کات دەخوازێت. کۆمەڵێک سەرچاوەم لەبارەی زمان و کاتەوە بە دەست هێنان. ئەگەر پێشتر هەم بە کوردی و هەم بە عەرەبی وەک خوێنەرێک ئەوانەم دەخوێندەوە، ئێستا دەمەوێت وەک چیرۆکنووسێک زیاتر لەو بارەیەوە بزانم.
لە سەرەتای حەفتاکانەوە چەند نووسەرێکی کورد لەوە بە ئاگا هاتنەوە، کە شێوازی گێڕانەوەی زنجیرەیی بە سەر چووە و دەبێت گۆڕانی تێدا بکەن. هونەری گێڕانەوە چووە ئاستێکی ترەوە و مێژووی چیرۆکمان پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە، تەنانەت هەندێک چیرۆکنووس دەستکاریی بەرهەمەکانی پێشووی خۆیان دەکرد و بە شێوازێکی کاریگەرتر دایاندەڕشتنەوە. لە دووی ناوەندیدا بووم، کاتێ (ڕستێک زەنگیانەی ئاوی)ی (حەمەفەریق حەسەن) دەرچوو، کە نەک شێوازی گێڕانەوەی، بەڵکوو ناونیشانەکەیشی ئاماژەیەکی ڕوونە و پێمان دەڵێت هونەری نووسین بایەخی پێ دەدرێت. زمانی گێڕانەوە چووەتە ئاستێکی باڵاتر. چیرۆکەکە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە موور و زەنگیانەوە نییە، وەک ئەوەی لە کۆتاییی هەشتاکاندا نووسەرێکی سەر بە دەستگەی بەعس گاڵتەی پێ دەکرد، بەڵکوو ئاماژەیە بە دڵۆپەفرمێسکەکانی (نازەنینی حەمە گەرمیانی). لە دنیای ئەدەبدا، کە دنیای ئاماژەیە، شتەکان بەسەر گەورە و بچووک، بایەخدار و بێبایەخ دابەش نابن، بەڵکوو هونەری نووسین، کە خاوەنی لۆجیکێکی تاکانەیە، هەڵیاندەوەشێنێتەوە و بە شێوازی خۆی دایاندەڕێژێتەوە. لێرەدا شتە ورد و بەلاوەنراوەکان زیاتر دەبنە جێگەی سەرنجی هونەرمەند. ئایا نووسەری داهێنەر ناتوانێت لە ڕێی زەنگیانەوە داهێنانی گەورە بکات؟ ئەو چیرۆکنووسە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا بایەخی بە ئاماژەناسی داوە، بەڵام دیارە لە هەر سەردەمێکدا کەسانێک هەن ئاوا بڕواننە داهێنان، تا دنیای شمەک و هیی ئاماژەیان لێ تێکەڵ ببن. سەرەتا ئەو کۆمەڵەچیرۆکەم تەنیا وەک ئەوە دەخوێندەوە، کە بە زمانێکی جیاواز نووسراوە، دەنا لە تەکنیکەکانی نەدەگەیشتم، بەڵام دواتر پێیان ئاشنا بووم. بەشێکی ئەو چیرۆکانەی لە گۆڤاری نووسەری کورددا بڵاو کراونەتەوە، تا ئەمڕۆیش هێزی هونەریی خۆیان پاراستووە. (دووربین)، (جیهانێکی تایبەت) و (قاوغەشقارتە) هەژاندمیان. دەتوانم (ئەحلام مەنسوور)، (حسێن عارف)، (ڕەووف بێگەرد)، (عەبدولڵا سەراج)، (محەمەد موکری)، (شێرزاد حەسەن) و (سەڵاح عومەر) بە نموونە بهێنمەوە، کە بایەخیان بە هونەری گێڕانەوە داوە، بەڵام دواتر چەند هێزیان خستووەتە بەر ئەو ئەزموونەیان و تا چ ئەندازەیەک گۆڕانیان بەسەردا هێناوە، ئەوە قسەی تر هەڵدەگرێت.
پێچەوانەی ئەوانەی پێیان وایە خوێندنەوەی کتێبی تیۆری لە نووسینی ئەدەبیدا بایەخی نییە، من زۆر سوودم لە هەندێکیان بینی. ئایا بەرهەمەکانی (جیرار جینێت)، (تۆدۆرۆڤ) و (ئومبێرتۆ ئیکۆ) هەر لەبارەی ڕیتمەوە گرنگ نین و کۆمەکی ڕۆماننووس ناکەن، تا جیاواز بنووسێت؟
ئەوەی لەو سەرەتایەدا پێی گەیشتم، ئەوە بوو، کە ڕیتمی خێرا واتە بازدان بەسەر ئەو ڕووداوانەی بایەخێکی ئەوتۆیان نییە، لە کاتێکدا ڕیتمی خاو بریتییە لە هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو بابەتانەی گرنگن و نووسەر دەیەوێت تیشکیان بخاتە سەر، بەڵام هەوڵم دا ئەم ئاستەیش تێبپەڕێنم و مانای دیکە هەر لە چەمکەکەدا بدۆزمەوە. گەیشتمە ئەوەی بڵێم ڕیتم بریتییە لە تێکڕای ئەو جووڵەیەی توخمە جیاوازەکان دەیخەنە دەقەکەوە، بەو مانایەی تا ژمارەی ئەو توخمانە زیاتر بێت و لە ئاستی زماندا جیاوازتر دەیانببڕم، ڕیتمەکە پتر هێز پەیدا دەکات و زیاتر بابەتەکان دەهەژێنێت. بە مانایەکی دی، ڕیتم هونەری ئاوێتەکردنی توخمە جیاوازەکانە، کە ئەمە تەنیا لە ڕێی جووڵەوە دێتە دی. ئەو جووڵەیە گۆڕان بەسەر شێوە و ئەرکی توخمەکاندا دەهێنێت. هێزی جووڵە پێوەستە بە شێوازی بەکارهێنانی زمان و گۆڕینی ڕێڕۆی کات لە ئاستی فیزیکییەوە بۆ ئاستی دەروونی، یان دەکرێت بڵێم لە دۆخی گشتییەوە بۆ دۆخی تایبەت. هەوڵم دا ئەم دوو خاڵە لە بەرچاو بگرم. خۆشبەختانە ئەو نووسەرانەی پێیان سەرسام بووم، تا ئەمڕۆیش لە بواری زماندا شارەزان و بە کوردییەکی پوخت دەنووسن. کاتێ دەمویست ڕستەیەک دابڕێژم، وشەی گونجاوم بە کار دەهێنا. چەند جارێک دەمخوێندەوە، ئاخۆ هیچ گرێیەک دروست ناکات. وشەیەکم بە یەکێکی دی دەگۆڕی، یان کار دەگەیشتە ئەوەی تەواوی ڕستەکە لا ببەم و دانەیەکی تری بخەمە شوێن. ئەگەر بۆ نموونە دوو وشەی (بەڵام) لە نزیک یەکەوە بن، ڕیتم دەشێوێنن. وشەی (کە) زووزوو یەخەم دەگرێت. پێویستە ڕێ لەم گرفتە بگرم، تەنانەت وشەی (چونکە) دەکەمە (چونکوو)، یان (چونکێ)، تا دەنگی (کە) لەوە زیاتر ڕیتم خاو نەکاتەوە. کاتێ ناو لە کارەکتەر دەنێم، خۆم لەوانە دەپارێزم، کە (سەر)، (بە) و (کە)یان تێدان، چونکێ هەرسێکیانمان زۆرن. پریپۆزیشنی وەک (لە)، (بە)، (پێ)، (لێ) زووزوو دەردەکەون. چاکترە ڕستەکانم وا دابڕێژم، زۆر ئەوانە لە خۆ نەگرن. ئینجا ئەزموونەکەم گەیشتە ئەوەی چیرۆک بە ڕابوردووی دوور نەگێڕمەوە، بەڵکوو پەنا ببەمە بەر ڕانەبوردوو، چونکێ (چووبوو)، (خواردبوو)، (نووستبوو) و هیی دیکە ڕیتم خاو دەکەنەوە، لە کاتێکدا لە دۆخی ڕانەبوردوودا ئەو (بوو)انە نامێنن. (دەچێت)، (دەخوات)، (دەنوێت) و… هتد.
ئەمە لە بواری زماندا، بەڵام لە بواری کاتیشدا ئەزموونێکی تایبەتم بە دەست هێنا و هەوڵم دەدا زیاتر پەرەی پێ بدەم. گوتارێکم لەژێر ناونیشانی (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)دا نووسیوە و تێیدا باسم لەوە کردووە چۆن ئەم تێگەیشتنە لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە. ویستوومە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ چەمکی کاتدا بکەم، کە هەر لە سەرەتاوە تەکنیکی لەتلەتکردنم بە کار هێناوە. ئەوە بە فراگمەنتەیشن ناسراوە و لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بایەخێکی بەرچاوی هەیە. (باشلار) لە کتێبی (دایەڵەکتیکی کات)دا وا دەڕوانێتە ڕیتمی کات، کە هەبوونی پێوەندییە لەنێوان دیاردەکاندا. پێ لەسەر ئیستاتیکای میوزیک و شیعریەت دادەگرێت، کە فرەیی بەرهەم دەهێنن.
لە ڕێی خوێندنەوەی تیۆریی گێڕانەوەوە چەمکی قرتاندن، یان بڕین (Elision)، دیمەن (Scene)، وەستان (Pause)، چڕکردنەوە، یان کورتکردنەوە (Summary)، فلاشباک، فلاشفۆوەرد و زۆری ترم ناسین، کە هەر یەکێ لەوانە یاریمەتیدەرە لەوەی چۆن نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە کردەی گێڕانەوە بە شێوەی هونەری بباتە ڕێوە، بەڵام ئەوانە قاڵب و کڵێشە نین، بەڵکوو پێویستە هەر نووسەرێک بە ڕێی تایبەتی خۆی کاریان پێ بکات. بۆ نموونە سوودی زۆرم لە هونەری قرتاندن بینی، کە سێ جۆری هەن، ئاشکرا، نهێنی و گریمانی. من زیاتر پەنا بۆ دووەم و سێیەمیان دەبەم. هەوڵ دەدەم هەمیشە بۆشایییەکی گەورە بۆ خوێنەر جێ بهێڵم، تا خۆی شتەکان بهێنێتە بەرچاو و لێکیان بداتەوە. ئەو تێگەیشتنە کۆمەکی ڕۆماننووس دەکات چۆن بابەتە بەلاوەنراو و کارەکتەرە پەراوێزخراوەکان بخاتە ئاستی هونەرییەوە، تا مانای تریان تێدا بدۆزێتەوە. ڕیتم تەنیا هەڵچوون نییە، بەڵکوو داچوونیشە. وەک چۆن هاوار و قیژەیە، ئاوها بێدەنگی و هێمنییشە. (ئیکۆ) لە کتێبی (پیاسە بە دارستانی گێڕانەوە)دا بایەخ بە چەمکی (ئارامبوونەوە) دەدات لە کردەی گێڕانەوەدا، کە زەوینە بۆ خوێنەر خۆش دەکات، تا چاکتر ڕۆ بچێت و لە شڵەژانی ناپێویست ڕزگار ببێت. ئەگەر بڕیارە شتێکی گرنگ و کاریگەر ڕوو بدات، با بایەخ بە هونەری ئارامبوونەوە بدەین. لەگەڵ ئەو بۆچوونەی (ئیکۆ)دا هاوڕام. دەڵێم دەقی فرەدەنگ و فرەئاڕاستە بە ئەندازەی هەڵچوون ئارامییش دەگرێتە خۆی. من خۆم لە سەرەتای تەمەنی نووسینمەوە تا ئەمڕۆ بایەخ بە کۆمیدیا دەدەم. جاری وا هەیە لە گەرمەی تراجیدیادا پەنا بۆ توخمی گاڵتە دەبەم، کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەموو چەقەکان تێک دەشکێنرێن. هەر کاتێ لایەنی ڕژدی دەبێتە چەق و دەیەوێت دەقەکە دابپۆشێت، لە ڕێی گاڵتەوە گۆڕان بەسەر ئەو دۆخەدا دەهێنم. لێرەدا هونەری دایەڵۆگ دەردەکەوێت، کە پێشتر یەکێ لەو چەمکانەی ئاماژەمان پێ کرد، دیمەن بوو. کاتێ دەڵێین دیمەن، زیاتر مەبەستمان لە دایەڵۆگە، کە ڤەبێژەر (نارەتەر) بە لاوە دەنرێت و کارەکتەرەکان خۆیان چ لە ڕێی دایەڵۆگی دەرەکی و چ لە ڕێی مەنەڵۆگەوە خۆیان دەردەبڕن.
ڕۆماننووسی ئەزموونگەر سوود لە هەموو دۆخە جیاوازەکان دەبینێت و هەر لێرەیشدا شتە شاراوەکان دەدۆزێتەوە. ئەو شتانەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زەقن و مانایان ئاشکرایە، لە نووسینی ڕۆمانی هونەریدا جێگەی بایەخ نین و خزمەتی ڕیتم ناکەن، بەڵکوو هونەری ڕۆمان ئەوە دەخوازێت لایەنی شاراوەی ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە ئەمەیشە گۆڕان بەسەر زماندا دەهێنێت، بەوەی نهێنییەکان دەردەبڕێت و ئەوانەیش لای خوێنەر ناسراو نین. هەر لێرەیشدا پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر دەگۆڕێت. بە مانایەکی دی، خوێنەر لەوە دەردەچێت پەیامێکی ڕوونی لەو نووسەرەوە پێ بگات، بەڵکوو بە ناچاری دەچێتە ئاستی ڕەخنەوە و دراوەکان لێک دەداتەوە. (ماریۆ بارگاس یۆسا) لە کتێبی (ددانپێدانانی ڕۆماننووسێکی لاو)دا دەڵێت ئەگەر پێت بڵێن ڕۆمانی (مێتامۆرفۆسیس)ی (کافکا) باس لەوە دەکات چۆن فەرمانبەرێک بۆ زیندەوەر دەگۆڕێت، ڕەنگە بە دەم باوێشکەوە بڵێیت ئینجا کاتی خۆم بە خوێندنەوەی ئەم شتە پووچە ناکوژم، بەڵام کاتێک دەیخوێنیتەوە، هونەری باڵای ئەو دەقەت بۆ دەردەکەوێت.
تۆ لە پرسیارەکەتدا ڕیتمی ڕۆمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنیتەوە، کە نە بابەتەکان ئاسایین و نە کارەکتەرەکانیش. کارەکتەری پەراوێزخراو وەک ڕەخنەدۆزی ئایرلەندی (فرانک ئۆکۆنۆر) لە کتێبی (دەنگی تاک)، یان (دەنگی تەنیا)دا، کە لە سەرەتای شەستەکاندا نووسیویەتی، پێی وایە ئەوانە بزوێنەری چیرۆکی نوێن. هەوڵی داوە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بایەخ بۆ ئەو کارەکتەرە بەلاوەنراوانە بگەڕێنێتەوە. لەم ڕووەوە نموونە لە بەرهەمی (چیخۆڤ)، (تۆرگنێڤ)، (جۆیس)، (فۆکنەر)، (هەمینگوای) و هیی دیکە دەهێنێتەوە. دواتر ڕەخنەدۆز و توێژەران بە تایبەتی لەگەڵ بەهێزبوونی شەپۆلی پۆستمۆدێرندا زیاتر بایەخی ئەوانەیان لە بەرچاو گرت. لە بەرهەمەکانی پێشوومدا کەموزۆر لەوە دواوم، بەڵام هێندەی پێوەندیی بە ڕیتمەوە هەبێت، دەڵێم بەوەدا ئەو کارەکتەرانە سەر بە دامودەستگەی فەرمی نین و دەکەونە دەرەوەی سیستەمەکانەوە، ئەوە بە خەسڵەتی ڕاڕایی، دڵەڕاوکێ، نیگەرانی، شڵەژان و هیی دیکە دەناسرێنەوە، بۆیە ئەمانە جووڵە دەخەنە هەر ئاڕاستەیەک، کە پێوەستە بە سیستەمی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانەوە. بوونی ئەوانە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا وا دەکات گۆڕان بەسەر سیستەمی کات و شوێندا بێت، بەوەی لە دەرەوەی شوێنی ئاسایی و ناسراودان. ئینجا پێبەندی کاتی دەرەکی نین، بەڵکوو بەپێی کاتی ناوەوەیان دەجووڵێن. شڵەژان و نیگەرانی پێوەندییان بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە کارەکتەر لەگەڵ ئەو ئەنجامانە ڕێک ناکەوێت وا بە دەست هاتوون، بەڵکوو هەوڵ دەدات گومانیان تێ بخات و هەڵیانبوەشێنێتەوە.
من خۆم هەر لە سەرەتای تەمەنی نووسینمەوە بایەخم بەم جۆرەی کارەکتەر داوە، بۆیە گەلێجار تێگەیشتن لە دنیایان وەک لە پرسیارەکەتدا هاتووە سەختە. دیارە ئەو بەرهەمەی بە سەختی دەنووسرێت، بە سەختییش دەخوێنرێتەوە. ئەرێ خوێندنەوەی ڕۆمانی نوێ کەی سەخت نەبووە؟ واز لە (جۆیس) بهێنە، کە دەستگەکانی چاپ ئامادە نەبوون ڕۆمانەکانی چاپ بکەن، بەڵکوو وەرە لای (فۆکنەر)، کە شانزدە ساڵ دوای چاپکردنی ڕۆمانی (ژاوەژاو و تووڕەیی)دا ناچار دەبێت پاشکۆی کۆمپسۆن (Compson Appendix) بخاتە بەرچاوی خوێنەر، تا هەندێک شت لەبارەی دەقەکەوە بڵێت، چونکێ بۆی دەرکەوتووە تێگەیشتنی ئاسان نییە. ژمارەیەکی کەمی لێ فرۆشراوە. ڕۆمانی (گەڕان بە دوای کاتی گومبوو)ی (پرۆست) سەرەتا چاپ نەدەکرا، گۆیە لە وەسفدا نغرۆیە، بەڵام ئەو وەسفە بەوە دەناسرێتەوە، کە ڕیتمی ژیان دەگرێتە خۆی. دەکرێت سەرجەم بەرهەمی (پرۆست) لەژێر ناونیشانی ڕیتمدا جێ بکەینەوە، کە وەک گوترا ڕیتم خودی ژیانە. ئەگەر کتێبی (بەرەو ڕۆمانی نوێ)ی (ئالان ڕۆب گرێ) بخوێنینەوە، دەبینین ئەم شێوازە سەرەتا لە فرەنسادا دراوەتە بەر توانج و پەسەند نەکراوە. ئەمە بە مێژووی ڕۆماندا تێدەپەڕێت و دەگاتە ئەمڕۆ. ناکرێت ڕۆمانی فرەدەنگ، کە ئەو هەموو ئاڕاستە جیاوازە پێکی دەهێنن، بە ئاسانی خۆی بە دەست خوێنەرەوە بدات. لای ئێمە گەلێجار ڕۆماننووس بە شانازییەوە دەڵێت ڕۆمانەکانم زۆریان لێ فرۆشراون، بە مەرجێ ئێمە هێشتا مێژوویەکی درێژمان لەم ڕووەوە بە ڕێ نەکردووە و ئەزموونی گەورەمان بە دەست نەهێناوە، بەو مانایەی خوێندنەوەی ڕۆمان کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی نەگرتوون و شتی جۆراوجۆری تاقی نەکردوونەتەوە. هەڵەیەکی لۆجیکییە، کاتێ زۆریی ژمارەی خوێنەر دەکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی چ ڕۆمانێک داهێنانە. ئایا ئەو خوێنەرانەی ڕۆمانێک بە داهێنان دەزانن، کاتێ بۆ نموونە دەگەنە (گورگی دەشت)ی (هێرمان هەسە) چی دەڵێن؟ ئەرێ مانای وایە ئەم ڕۆمانە لاوازە، بۆیە ئەو خوێنەرانە گوتەیان لێ وەرنەگرتووە و بڵاویان نەکردووەتەوە؟ هەندێجار گوێت لە ڕۆماننووسان دەبێت، کاتێ دەڵێن پێویستیان بە لایەنی تیۆری نییە و دەتوانن بەبێ ئەوەیش بنووسن. ڕاستییەکەی ئەوانە حیکایەت و ڕۆمانیان تێکەڵ کردوون، کە ئەگەر بۆ (جینێت) و ئەوانەی تریش بگەڕێینەوە، دەبینین هونەری ڕۆمان بریتییە لە تێکشکاندنی پایەکانی حیکایەت و داڕشتنەوەی لە دنیای ئاماژەدا، نەوەک دەستپێوەگرتنی. ئەم تێکشکاندنە بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنیک و فێڵەکانی گێڕانەوە، کە ئەو کردەیە زمانێکی ئاڵۆز دەهێنێتە گۆڕێ و خوێنەرێکی وریایش دەخوازێت، خوێنەرێک توانای دایەڵۆگی هەیە و بەو تێگەیشتنە جیاوازەی توخمەکان ڕاڤە دەکات. بە مانایەکی دی، ڕیتمی دەق ئەوە دەسەپێنێت خوێنەر چۆن و لە چ ئاستێکدا بیخوێنێتەوە.
لەم ڕۆمانەیشدا هەوڵم داوە ئەم ڕیتمە بپارێزم. تۆ نموونەی (نامۆکۆ) و (ژیرکۆ هۆشکۆزادە)ت هێناونەتەوە، کە ئەمیان پڵنگ و ئەویان کەرە؛ گۆڕانکاری بەسەر ڕێتمی گێڕانەوەدا دەهێنن و دۆخێکی تری کارەکتەرەکان پێشان دەدەن. ڕۆمانی فرەدەنگ دایەڵۆگییە. هەر بە ڕاستی (باختین) چەمکی دایەڵۆگیزم بەو مانایە بە کار دەهێنێت، کە بریتییە لە بەریەککەوتنی دەنگە جیاوازەکان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. ئەمەیش وا دەکات شتەکان یەک مانا وەرنەگرن، بەڵکوو لە ڕێی ئەو پێوەندییانەوە مانای جۆراوجۆر بە دەست بهێنن. ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەی چەمکی حەقیقەتە، کە بە تایبەتی لە (نیتشە) و (هایدیگەر)ـەوە تێگەیشتنی جیاواز لەم ڕووەوە دێتە پێشێ، کاتێ هەر یەکەی بە شێوازی خۆی ڕەخنە لەو تێگەیشتنەی (ئەریستۆ) دەگرێت، کە لە هاوڕێکیی نێوان شتەکاندا بەرجەستەیە و بە مێژووی فەرمیی فەلسەفەدا ڕۆ چووە. لە کتێبی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی)دا هەوڵم داوە بەو وردی ئەم چەمکانە لێک بدەمەوە. گۆڕەپانی ڕۆمانی فرەدەنگ وەک بەردەوام گوترا دەتوانێت زۆرترین توخمی جیاوازجیاواز بگرێتە خۆی. دنیای مرۆڤ و هیی ئاژەڵ دژی یەک نین، بەڵکوو پڕن لە خاڵی هاوبەش. ئەگەر بۆ تیۆریی پەرەسەندن بگەڕێینەوە و چەمکی (لوکا: LUCA) بخەینە بەرچاو، کە پێمان دەڵێت هەمووان یەک باوانی هاوبەشیان هەیە، ئەوە دەکرێت بڵێین مرۆڤ و ئاژەڵ لە یەک دانەبڕاون. لە گفتوگۆیەکی دیکەی تۆدا گوتوومە (نیتشە) پێی وایە غەریزەی ئاژەڵییانە بوونێکی بنەڕەتییانەیە لە مرۆڤدا. بە حەقیقەتی سەرەتایی لە سروشت (primal truth in nature) ناوی دەبات. شارستانیەت لەپێناوی بەهای ساختەدا ئەم غەریزەیەی سەرکوت کردووە. ئەمە مانای ئەوەیە مرۆڤ حەقیقەتی خۆی لە دەست داوە و دەستی بە حەقیقەتی ساختەوە گرتووە. هەر یەک لە (فرۆید) و (دولووز)یش بە شێوازی خۆی لەم بابەتەی کۆڵیوەتەوە، کە لێرەدا بە پێویستی نازانم لەوە زیاتر بڵێم، مادام پێشتر هەوڵم داوە بە وردی باسی بکەم. هێندەی پێوەندیی بەم ڕۆمانەوە هەبێت، ئەوە هەبوونی ئاژەڵەکان ئەو چەقە تێک دەشکێنێت، کە لە مرۆڤدا بەرجەستەیە و هەموو بوونەوەرەکانی دی بە لاوە دەنێت. ئاژەڵ لەم ڕۆمانە و ئەوانەی دیکەیشمدا کارەکتەرن، کە مانای وایە ئەرکیان لە ئەستۆدایە و دەنگیان دەبیسترێت. ئەو دەنگانە بەر هیی تر دەکەون و جیاوازی دەخەنە دەقەکەوە. لە بەریەککەوتنی دەنگەکاندا حەقیقەت تێک دەشكێت و پارچەکانی لەو گۆڕەپانەی دەقدا بڵاو دەبنەوە، کە لەمەوە خوێندنەوەی جیاواز دەهێننە گۆڕێ. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەم گفتوگۆیە بدەم، کە لەنێوان (پارێزا) و (هێلانە)دا دەکرێت:
_ ئەرێ شتێکی سەیر نییە، دادە هێلی، مرۆڤ مەڕ بۆ پڵنگ سەر ببڕێت و کەوڵی بکات؟
(هێلانە) وەڵامی دایەوە:
_ پڵنگێک کێو جێ بهێڵێت و بگاتە شار، پێویستە لە بیری بچێتەوە ئاژەڵە.
کەمێک بیری کردەوە و گوتەکەی بە شێوەیەکی دی داڕشتەوە:
_ دەی، شتەکە وەهایە، پارێزا. دەبێت ئەو هەندێک دەست لە ئاژەڵبوونی خۆی هەڵبگرێت و ئێمەیش کەمێک دەستبەرداری مرۆڤبوونی خۆمان ببین، تا لەو ناوەڕاستەدا بە یەک دەگەین، دەنا لە یەک ناگەین.




بەرەواژ لە ناونیشانەوە بۆ شێواز.. کاروان کاکەسوور

ئەگەر (نارین ڕۆستەم)ی شاعیر بە ئاگایییەوە وشەی (بەرەواژ)ی بۆ ناونیشانی دیوانەشیعرییەکەی هەڵبژاردبێت، یان بە نائاگایی، ئەوە شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی کاتێ دەتوانێت وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی دەرببڕێت، کە مانای شتەکان بەرەواژ دەکاتەوە. بەرەواژکردنەوە پرۆسێسی گواستنەوەیە لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە. ئەگەر شتەکان لە دنیای شمەکدا تاکڕەهەندن و ڕاستەوخۆ لە ڕێی سەرچاوەوە ماناکانیان دەگەیەنن، ئەوە لە دنیای ئاماژەدا ئازادیی خۆیان بە دەست دەهێنن و لەژێر دەستەڵاتی سەرچاوە ڕزگاریان دەبێت، بەو مانایەی کڵێشە و قاڵبەکان لە ئارادا نامێنن، تا مانای پێشوەختە بەو شتانە بدەن، بەڵکوو هەر توخمێک دەتوانێت لەو بۆشایییەدا خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات، بگرە توانای ئەوەی هەیە بەردەوام ناسنامەکەی تێک بشکێنێت و هیی تری لێ پێک بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو ناسنامەیە بچێتە دۆخێکی جێگیرەوە، بەڵکوو دەکرێت لە بێژمار دۆخی دیکەدا خۆی دابڕێژێتەوە، مادام لە بەرانبەر خوێندنەوە و ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. بەم شێوەیە وێنەی شیعری (Poetic image) لە (بەرەواژ)دا بەرهەمی بەریەککەوتنی کۆمەڵێک پارگۆ (enunciation)ی جیاوازە، کە لە ڕێی ئەو بەریەککەوتنەوە شتەکان لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە دەپەڕنەوە. ئەگەر ئەدەبی ئاسایی، کە بە زمانی ڕۆژانە دەنووسرێت، لەبارەی بابەتەوە دەدوێت و ڕاستەوخۆ مانا زانراوەکان دەگەیەنێت، بەو واتایەی ئاڕاستەکە تاکڕەهەندە و تەنیا لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە، ئەوە لێرەدا، لە (بەرەواژ)دا شتەکان خۆیان دەبنە زمان و ناڕاستەوخۆ خۆیان دەردەبڕن، کە فرەدەنگی و فرەڕەهەندی بەرهەمی ئەو ناڕاستەوخۆیییەن. واتە ئاڕاستەکان لە ناوەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ ناوەوەن، بگرە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز هەن و لە ئاسمانی دەقدا بەر یەک دەکەون.
وێنەی شیعری لە (بەرەواژ)دا بەرەواژکردنەوەی هەردوو چەمکی مێژوو و جیۆگرافیایە، بەو مانایەی کات لە خەسڵەتی زنجیرەیی دادەماڵێت و خەسڵەتی بازنەییی پێ دەدات، کە لەمەوە دووری و نزیکی مانای فیزیکیی خۆیان لە دەست دەدەن، توخمە جۆراوجۆرەکان لەناو ئەو بۆشایییەدا توانای ئەوەیان دەبێت بە هەموو لایەکدا بجووڵێن و بەر یەکتر بکەون. ئەمە نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییەیە، کە ڕێزمان سەپاندوویەتی، بەڵکوو ئازادکردنی ئەو پارگۆیانەیشە، تا بکەونە جووڵە و مانای دیکە بەرهەم بهێنن.
لە (بەرەواژ)دا زمان لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە دەچێتە ئاستی تاک، کە وەک چۆن خۆی مانای جیاوازتر لەوەی هەیە، بە شتەکان دەدات، بە هەمان شێوە وا دەکات هەر خوێنەرێکیش وێنەی دیکەیان لێ پێک بهێنێت. (بەرەواژ) لەوە دەردەچێت، کە تەنیا بە ناونیشانێک دابنرێت بۆ کتێبێک، بەڵکوو دەبێتە شێواز، شێوازێکی تایبەت.
(پەردە) نوێترین شیعری (نارین ڕۆستەم)ـە، کە بە شێوازی بەرەواژ نووسراوە و کۆمەڵێک توخمی جیاوازی وەک پەردە، پەنجەرە، نەخشی گوڵەبەڕۆژە، عەبا، دەزوو، دەرزی، جلشۆر، کارگەی پەردەدرووین و هیی دیکە لە پاڵ کارەکتەری کچ، دایک، منداڵانی گەڕەک و هیی دیکە دەگرێتە خۆی.
پەردەکە
گوڵەبەڕۆژەیەکی تێدا بوو
چاوەڕوان بوویت
ڕۆژێک بدڕێت و
ئەو منداڵانەی گەڕەک،
کە تۆپیان دەگرتە پەنجەرەکەتان،
بناسیت.
هێزی زمان توانیویەتی هەموو ئەوانە بۆ وێنە بگۆڕێت، بەو مانایەی بوونەتە ئاماژە و ئەرکی دیکەی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ. واتە دۆخەکە لە (بینین)ـەوە گۆڕاوە بۆ (هێنانەبەرچاو). لە هێنانەبەرچاودا بەربەستە فیزیکییەکان تێک دەشكێن و توخمەکان لەوە دەردەچن پێبەندی جیۆگرافیا و مێژوویەکی دیاریکراو ببن، بەڵکوو لە بۆشاییدا دەخولێنەوە، تا سنووری کات و شوێن ببڕن، کە ئەو داینامیکییە وا دەکات لە هەر جووڵەیەکدا مانای نوێ بە دەست بێت. لێرەدا توخمی ناکاوی دەردەکەوێت، بەوەی وێنەکان ئەوەمان پێ ناڵێن، کە چاوەڕێمان کردووە، بەڵکوو دەمانخەنە بەردەم کۆمەڵێک گریمانەوە.
ساڵێکیان
پەردەکە چڵکن بوو و
گوڵەبەڕۆژەکە لەناو جلشۆردا
مەلەی دەکرد.
بەرەو پەنجەرەکە ڕات کرد.
عەبا ڕەشەکەی دایکت
بووبوو بە پەردە!
لێرەدا توخمی گێڕانەوە بەشدارە لەوەی سنووری کۆنکریتبەندیی نێوان توخمەکان هەڵبگیرێت، تا (کات) لە زنجیرەیییەوە بۆ بازنەیی بگۆڕێت، هاوکات (شوێن) ئەو ڕەقێتییەی نەمێنێت و بە هەموو لایەکدا بکشێت، کە لێرەوە لادان، یان تێپەڕاندن (Displacement) دێتە کایەوە و شتەکان لە شێوەی سیمبۆڵدا دەردەخات. بە مانایەکی دی، کاتێ پێکهاتەیان دەگۆڕێت و لە شێوەی دیکەدا پێشان دەدرێنەوە، ئەوە زمان بە ناچاری دەچێتە ئاستێکی دیکە و مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕاوەدا دەکات، کە جیاوازە لەوەی زمانی ڕۆژانە دەریدەبڕێت، بۆیە وێنەکان سەیر دێنە بەرچاو و ڕاڤەی جیاواز دەخوازن.
ساڵێکی دیکە
هەژاری کونێکی کردە پەردەکەوە،
لەو کونەوە:
خۆر چاوی لێ داگرتیت.
دایکت پێی زانی…
لە قوتووە شۆکوڵاتەکەدا
دەرزی و دەزووی دەرهێنا و
کونەکەی دوورییەوە.
دەقی ئەدەبی کاتێ دەتوانێت کاریگەر بێت و وێنەی جیاواز بخاتە ڕوو، کە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەبڕێت. واتە بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت، نەوەک بە زمانی کۆمەڵایەتی، کە مانای وایە شتەکانی دنیایەکی ئاسایی ناگوێزێتەوە، بەڵکوو بە شێوازی نائاسایی دنیایەکی نائاسایی دەئافرێنێت.
ئێستا
لە کارگەیەکی پەردەدووریندا کار
دەکەیت
هەمووان وا دەزانن
مۆدێلێکی تازەت داهێناوە
کاتێک لە ناوەڕاستی پەردەکاندا
کونێک دروست دەکەیت.




نامە بۆ گۆران سەباح لەلایەن کاروان کاکەسوورەوە

بە خۆشەویستی دەست پێ دەکەم:
گوتاری (بێکەڵکترین پرسیار و حەفت وەڵامی سەیر)تم خوێندەوە، کە لەبارەی کتێبی (ڕۆمان و خوێنەرە جیاوازەکانی)ی (شاخەوان سدیق)ـەوە نووسیوتە. من خۆم بە تایبەتی لەم نووسینانەی ئەم دوایییەمدا پێم لەسەر بایەخی ڕووبەڕووبوونەوە داگرتووە و گوتوومە لەو جووڵەیەدا شتەکان بەر یەک دەکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە وا دەکات کولتووری نووسینمان لە قۆناغی کەڵەکەکردنەوە بگاتە قۆناغی پێداچوونەوەوە. واتە پێداچوونەوەی ئەو شتانەی لەم سێ دەیەی ڕابردوودا فڕێمان داونەتە سەر یەک، کە ئەوە دیدێكی ڕەخنەیی دەخوازێت. بەریەککەوتن نەک هەر دۆخی شت دەگۆڕێت، بەوەی دەیترازێنێت و ئەو ڕووانەی دەردەخات، کە بەبێ ئەو جووڵەیە نەدەکرا بیانبینین، بەڵکوو بواری ئەوەیشمان بۆ دەڕەخسێنێت، تا لە گۆشەنیگای دیکەوە بۆیان بڕوانین. لێرەوە من بایەخی ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرچاو دەگرم، کە نەک هەر خوێنەر چالاک دەکات، بگرە دەیخاتە بەردەم ڕوانینی جیاوازجیاوازیشەوە. دیارە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکان وەک یەک نین، بۆیە دەکرێت هەر یەکەیان بە جودا بخوێنینەوە.
من خۆم، کە لەم کتێبەی (شاخەوان سدیق)دا بەشدارم و تۆ لەبارەی بۆچوونەکانمەوە نووسیوتە، نایشارمەوە هەم بە بایەخەوە خوێندمەوە و هەم بۆ بابەتەکەم گەڕامەوە، تا بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لێی بڕوانم. ئەمە بۆ من جووڵەیەکی کاریگەرە. خۆ ئەگەر هەر بۆچوونێکی جیاواز لەم ڕووەوە بخەمە ڕوو، بە مانای سڕینەوەی ئەوەی تۆ نایەت، بەڵکوو وەک هەمیشە گوتوومە و لێرەیشدا دەیڵێمەوە، کە دەنگی من دەبێتە دەنگێکی جیاواز لە پاڵ ئەوەی ڕووبەڕووم بووەتەوە. دەکرێت کۆمەڵێک دەنگی دیکەی جیاوازتریش لە دەرەوەی ئێمەوە بێن، تا لەناو ئەم ڕووبەرەدا دەربکەون.
دیارە من زیاتر لەبارەی وەڵامەکەی خۆمەوە دەنووسم، کە دەکرێت ئەو شەش نووسەرەی دیکەیش، ئەگەر ئارەزوویان لێیە، بۆچوونی خۆیان بخەنە ڕوو.
با لە ناونیشانەکەوە دەست پێ بکەین: (بێکەڵکترین پرسیار و حەفت وەڵامی سەیر). وشەی (بێکەڵکترین) بۆ منی خوێنەر دەربڕینێکی ڕەهایانەیە. ئایا چۆن بەو ئەنجامە گەیشتیت؟ لەو هەموو پرسیارەی مرۆڤ تا ئێستا کردوونی، ئەمەی (شاخی) بێکەڵکترینیانە؟ تۆ هەر لە سەرەتاوە دیاریت کردووە بە کوێ بگەیت، کە ئەمە هەڵەی لۆجیکییە و بە (hasty generalization) و (jumping to conclusions) ناسراوە. واتە دەتەوێت خێرا ئەنجامێک بە دەستەوە بدەیت. ئینجا بۆ ئەوەی پێی بگەیت، پێویستە ئەو خاڵانە بدۆزیتەوە، کە ڕێت بۆ کورت دەکەنەوە. حەوت نووسەر بەشدارن و حەوت وەڵامی جیاوازیشیان داوەتەوە. چۆن هەر لە ناونیشانەکەوە هەموویان دەکرێنە یەک؟
لەوەدا هاوڕاتم، کە پرسیارەکەی (شاخی) لە ڕووی داڕشتنەوە تۆکمە نییە، بەڵام من وا لە پرسیار ناڕوانم، بەڵکوو تێیدا بە دوای چەمکدا دەگەڕێم. لێرەوە ئەو پرسیارە بە گرنگ دەزانم، کە ئەم چەمکانە لە خۆی دەگرێت: دەق، نووسەر بە گشتی، ڕۆماننووس بە تایبەتی، ڕۆمان، خوێندنەوە، خوێنەر، کاریگەری و هیی دیکە، کە هەر یەکەیان کۆمەڵێ ڕایەڵ (کۆنتێکست)ی لەناو فەلسەفەدا هەن، بەو مانایەی ئەو چەمکانە بەر لەوەی هیی ڕۆمان بن، هیی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤن و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کراوە. کاتێ تۆ دەڵێیت: (باسی پێوەندیی ڕۆمان و خوێنەر و چەمکی خوێنەر دەکات. بابەتەکە، وەک هەموو جار، دەباتەوە سەر فەلسەفە)، ڕاستییەکەی نەمبردووە، بەڵکوو هەر خۆی لە بنەڕەتەوە فەلسەفییە. فەلسەفە سنوورێکی کۆنکریتبەندیی نییە، تا لە نافەلسەفە جودا بکرێتەوە، بەڵکوو هەر کاتێ ئاستی زانراوی چەمک جێ دەهێڵین و ڕوومان لە نەزانراوە، ئەوە لە دۆخی شمەکەوە بۆ دۆخی ئاماژە دەپەڕینەوە و فەلسەفەی تایبەت بە خۆمان دادەمەزرێنین، کە لێرەدا بوارم نییە لەم ڕووەوە بۆ کۆمەڵێک سەرچاوە بگەڕێمەوە و نموونە بهێنمەوە، بەڵام هێندە دەڵێم قسەکردن لەبارەی ئەو چەمکانەوە ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت دایەڵۆگی فەلسەفییانە دابمەزرێنین. ئەو دایەڵۆگە بووەتە پێشڕۆی وەڵامەکەی من، کە دەتوانم بڵێم هەوڵم داوە ئەو چەمکانە لەو ڕێیەوە بخەمە ڕوو.
نووسیوتە: (پێم حەیفە، کاروان بیرۆکە و تێڕوانینە جوانەکانی لەپاڵ بیرمەندانی ئەوڕوپا دەشارێتەوە، بۆ هەر ڕایەکی خۆی، ڕای بیرمەندێکی بیانی دەکاتە بەڵگە. هەردەم ڕای خۆی بەسوودترە لە ڕای ئەو بیانییانەی ڕیزیان دەکات. کاتی هاتووە، تاکی کورد باوەڕ بە بیرۆکە و تێڕوانینی خۆی هەبێت، لە کاروان ڕادەبینم ئەو ڕچەیە بشکێنێت. ئەو ئازادە چۆن کار دەکات. ئەگەر حەزی لەو جۆرەیە، با وتارەکانی بنێرێت بۆ گۆڤارە ئەکادیمییەکان، ڕەنگە سوودی بۆ ئەوان هەبێت).
من پێشتریش گوتوومە لە ڕێی دایەڵۆگەوە بە سەرچاوەکان گەیشتووم، بەو مانایەی وەک نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە کاتێ ویستوومە بۆ نموونە لە چەمکی (کات: Time) بگەم، ئەوە گەڕاوم و ئەو گەڕانە وای لێ کردووم ڕووم لە نەزانراو بێت. واتە نەمزانیوە چی دەدۆزمەوە. لەو گەڕانەدا بە (ئۆگستین)، (کانت)، (بێرگسۆن)، (نیتشە)، (هایدیگەر) و هیی دیکە گەیشتووم، کە لە گوتاری (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا) هەوڵم داوە ئەو ئەزموونەی خۆم بنووسمەوە. دەمەوێت بڵێم من لەگەڵ ئەو سەرچاوانە بیر دەکەمەوە، نەوەک لە ڕێیانەوە، چونکێ ئەگەر لە ڕێیانەوە بیر بکەمەوە، هەر ئەوە بەرهەم دێنمەوە، کە هەیە، بەڵام کاتێ لەگەڵیان بیر دەکەمەوە، ئەوە ئەو (منە دایەڵۆگییە)م ون نابێت، بەڵکوو دەبێتە هاوکاتی ئەوانە. ئەو (من)ـەی گفتوگۆی دامەزراندووە، نە منێکی بەرزگەرایە، تا ئەوانەی دی بسڕێتەوە، نە منێکی خۆبەکەمزانیشە، لە ئاستی ئەوانەدا بچەمێتەوە، بەڵکوو کاتێ دایەڵۆگ هەیە، ئەوە بەرزی و نزمی نامێنن، بەڵکوو دۆخێکی دی دەردەکەوێت، کە تێیدا هەموو ئاڕاستەکان ڕوویان لە نەزانراوە و خاوەندارێتی گوم دەبێت. هیچ کەسێک خاوەنی هیچ شتێک نییە، بەڵکوو شتەکان لە بەردەمی هەموواندا ئاواڵان. ئەوانەی من لەم گەڕانەدا دەستم کەوتوون، بەرهەمی گەڕانەکەمە، کە ئەو سەرچاوانەی، تۆ ناوت ناون ئەورووپی، خۆیشیان هەر لە ڕێی ئەو گەڕانەوە دروست بوون. کتێبێکی وەک (هەزارویەک شەو)ی خۆرهەڵات دەگاتە ناو دڵی خۆرئاوا. سەرنجی (بۆرخیس)ێکی ئەرجەنتینی ڕادەکێشێت و بە شاکارێکی مەزنی دەزانێت. دەتوانم دەیان نموونەی دیکە لەم ڕووەوە بهێنمەوە، کە هزری مرۆڤایەتی پێکهاتەیەکی بێسنوور و بێناسنامەیە. هەر داهێنەرێک بە شێوازی خۆی تایبەتمەندیی پێ دەدات. واتە (جیاوازی) دەکەوێتە پێش (ناسنامە)وە، نەوەک بە پێچەوانەوە. لەبەر ئەوەیشە ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرن ئەوە دەدەنە دواوە، کە شتەکان بێگەردن و یەک ڕەگیان هەیە، بەڵکوو پێیان وایە هەمەڕەگن و لە بێژمار کەناڵی جیاوازەوە هاتوون. توخمەکانی ئاگر، هەوا، خۆڵ و ئاو، کە (ئەریستۆ) بە کاریان دەهێنێت و لێکیان دەداتەوە، مەبەستی تەنیا ئەوانەی ئەسینا نین، بەڵکوو مەبەستی هیی هەموو گەردوونە. (گاستۆن باشولار)ی فیلۆسۆف کاتێ هەمان ئەو توخمانە بە شێوازی خۆی ڕاڤە دەکاتەوە، تەنیا لەگەڵ ئەوانەی پاریسی نین، بەڵکوو ئەویش مەبەستی هیی هەموو شوێنێکە.
لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هیچ چەمکێکم نەهێناوە، ئەگەر ڕایەڵەکانی ئەو چەمکەم لێک نەدابنەوە. ئێمە دەتوانین چ لە گوتار و چ لە گفتوگۆدا ئەو دایەڵۆگە دابمەزرێنین و هەر لەو ڕێیەوە چەمکەکان لێک بدەینەوە، کە ئەو لێکدانەوەیە شێواز و تایبەتمەندیی ئێمە پێک دەهێنێت. لەم ڕووەوە هەم کتێبم هەیە و هەم گوتاری جیاوازجیاوازیش. نوێترین گوتارم ناو ناوە (چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان)، کە لەوێدا وەک ئەوەی تۆ گوتووتە لەبارەی ئەو چەمکەوە نووسیومە و دایەڵۆگم لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکدا کردووە.
ئەم پەرەگرافەت لە نووسینەکەم وەرگرتووە: (پێم وایە ئێمەیش کاتێ بمانەوێت بە گشتی لە ئەدەب و بە تایبەت لە ڕۆمان بگەین، پێویستمان بەوەیە جینیالۆجیا بۆ ئەو چەمکە بکەین، تا ئەم ئاستە سادەیەی ئەمڕۆی تێبپەڕێنین و بیخەینە ئاستی دیکەوە. دەکرێت پرسیاری (خوێنەر چییە؟) بۆ ئەو جینیالۆجیایە ببێتە پێشڕۆمان). ئینجا پرسیوتە: (ئەرێ “… جینیالۆجیا بۆ ئەو چەمکە بکەین . . .” مانای چییە؟ ئەرێ کام ئاستی سادەی ئەمڕۆ؟ ئەرێ کام ئاستی دیکە؟).
ئەو پرسیارانە دڵیان کردمەوە، کە ڕێیان لە حوکمدان گرتووە. ڕەگی وشەی جینیالۆجیا بۆ کولتووری یۆنانی دەگەڕێتەوە. بە مانای بنەچەی خێزان و بنەماڵە هاتووە. (داروین) بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە بواری بایۆلۆجیدا بە کاری هێناوە، تا لەو ڕێیەوە ڕاڤەی گیانەوەر بکات، کە لە کتێبی (بنەچەی جۆرەکان: On the Origin of Species)دا دەیەوێت ڕیشەی ڕاستینەیان بدۆزێتەوە. چۆن گۆڕاون، چۆن گەشەیان کردووە و شتی دیکەی لەم بابەتە. واتە لە ڕێی هەردوو چەمکی (Evolutionism) و (Phylogenesis)ـەوە پەرەسەندنی گیانەوەری لە ڕووی مێژوویییەوە لێک داوەتەوە. (نیتشە) بۆ فەلسەفەی گواستووەتەوە و لە بواری ڕاڤەکردنی بەهادا خستوویەتیە کار. ڕەخنەی ئەو لە مێتافیزیکا پێوەستە بە بەهاوە، چونکێ ڕەخنە حەقیقەت دەردەخات، کە ئەو حەقیقەتە بەهای تێدا شاردراوەتەوە. لەو ڕەخنەیەیشیدا پەنا بۆ جینیالۆجیا دەبات، بەو مانایەی ڕێگەی تێکشکانی حەقیقەت و دەرکەوتنی بەهای ڕاستییە، کە ئەمەیش لە دوو ئاستدا دەردەکەوێت: ئاستی یەکەم، ئەو بەهایە، یان ئەو بیرۆکەیە لە ڕووی مێژوویییەوە چۆن سەری هەڵداوە و چۆن گەشەی کردووە، بەڵام ئاستی دووەم، ڕەخنەیە لەو بەهایە و لابردنی ئەو چینە پیرۆزییەی سەری، تا ناوەوەی بکرێتەوە. بە مانایەکی دی، گومانکردن لە حەقیقەتی ئەو بەهایە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی. لێرەدا لە ئاستی ڕەهاوە دەچێتە ئاستی ڕێژەیییەوە. ڕووکەش لا دەچێت و ڕەسەن دەگەڕێتەوە، کە یەکەمیان لەسەر مێتافیزیکا دامەزراوە و لاوازە، بەڵام دووەمیان خاوەنی هێزە و توانای بەردەوامیی هەیە. (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ). کەواتە بەهاکان بە دەستەڵاتەکان داپۆشراون و پێویستە هەڵیانبکۆڵین، تا بۆ سروشتی خۆیان بگەڕێنەوە. جینیالۆجیا لای (مێشێل فۆکۆ) دەبێتە ئارکیۆلۆجیا، کە دەیەوێت لەو ڕێیەوە بە مێژووی هزری خۆرئاوادا بچێتەوە. لەو پێداچوونەوەیەدا لێکدانەوەی جیاواز بۆ کۆمەڵێک چەمکی وەک سێکسواڵیتی، شێتی، زیندان، سزا، پێوەری بەها و هیی دیکە دەکات. واتە ڕۆ دەچێتە نەستی کولتوور، ئەو ڕووەی بە درێژاییی مێژوو داپۆشراوە، بەڵام بە نهێنی کاری خۆی دەکات.
بەم شێوەیە کاتێ دەڵێم جینیالۆجیا بۆ چەمکی خوێنەر بکەین، واتە بەو تێگەیشتنانەی تا ئیستا لەم ڕووەوە خراونەتە ڕوو، ڕازی نەبین، بەڵکوو خۆی هەڵبکۆڵین و شتی دیکەی نوێی تێدا بدۆزینەوە، کە هەوڵم داوە کارێکی لەم شێوەیە بکەم. بە مانایەکی دی، دەبێت ئەم ئاستە سادەیەی ئەمڕۆی تێبپەڕێنین و بیخەینە ئاستی دیکەوە. (ئاستی دیکە)، ئاستێکی نەزانراوە و تێیدا بەهای نوێ و تێگەیشتنی جیاواز دەردەکەون.
من یەکێک نیم لەو نووسەرانەی پێیان وایە هیچ شتێک نەکراوە، بەڵام دەڵێم بەشێکی زۆری ئەوانەی بە ناوی ڕاڤەی توخمەکانی ڕۆمانەوە خراونەتە ڕوو، سادەن. ئایا لەم شوێنەدا بۆچوونی هەردووکمان پێک ناگەنەوە؟
نووسیوتە (“لە کتێبی (ڕۆمانی نوێ … پێشەکییەکی کورت)دا پێی وایە ڕۆمان هەمیشە مۆدێرن بووە، . . . ” (لا١٨). قسەیەکی وا هەبێ و نەبێ، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ڕای ئەو (ماتز)ە و ئەوانی دیش بۆ خوێنەری ڕۆمانی کوردی گرنگ نیین. ڕای کاروان خۆی گرنگە، کە شەرمنانە لە پاڵ بیانییەکان بەکزی دەریاندەبڕێت. خۆزگە بە دوو پەرەگراف، سێ، چوار گێسی ماتز ، وەڵامێکی پوختی خۆی دەدایەوە و ئەو هەموو بیانییە مردوو و زیندووەی ڕیز نەدەکرد. ئەو کاتە، ئێمە باشتر لە تێڕوانین و بیر و پڕۆژەی کاروان دەگەیشتین.)
لێت ناشارمەوە ئێستا کاتێ ئەم ڕستەیە (ماتز پێی وایە ڕۆمان هەمیشە مۆدێرن بووە) دەخوێنمەوە، خۆیشم دەڵێم هیچ نییە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەگەر هەموو پەرەگرافەکەت دابنابووایە، دەردەکەوت بە شێوەیەکی دیکەیە. ئەمە پەرەگرافەکەیە: {(گێسی ماتز: Jesse Matz) لە کتێبی (ڕۆمانی نوێ… پێشەکییەکی کورت)دا پێی وایە ڕۆمان هەمیشە مۆدێرن بووە، بەو مانایەی بایەخی سەرەکیی بە ژیانی هاوچەرخ داوە و وەک ناوەکەی (Novel) دەریدەخات، هەموو کاتێ شتی نوێی لا گرنگ بووە. نۆڤێل لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای (نوێ)یش دێت، بۆیە وا دەڵێت. ئەویش وەک (داڤید لۆج) و زۆر ڕەخنەدۆزی دی، سەرەتای سەدەی بیستەم بە تایبەت دەزانێت، بەوەی مۆدێرنیتی لە ناکاو وای لێ هات هەموو شتێک بگرێتەوە، بە ڕادەیەک جیهان ببێتە دوو بەش. بەم شێوەیە تەقینەوەکە ڕووی دا و ژیانی مرۆڤ چووە دۆخێکی دیکەی جیاوازەوە. ئینجا بۆ ئەوەی ڕۆمان بیتوانیایە هاوشانی ئەو گۆڕانکارییانە بچێتە پێشەوە، دەبووایە هەمان تەقینەوە لە خۆیدا بکات و پێوەندیی بە ڕابردووەوە بپچڕێنێت، کە ئەمە شێوازێکی تری دەخواست، تا ڕێ لە بەردەم مۆدێرنیتیی ئاییندەدا خۆش بکات. لە ڕێی شێوازی ‌(هێنری جیمس)، (جۆیس)، (ولف)، (جین تۆمەر)، (جۆزیف کۆنراد) و ئەوانەی ترەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سەردەمەکە هەر لە سەرەتاوە شێوازێکی دیکەی دەربڕین و تەکنیکی گێڕانەوەی سەپاندووە، کە پێشتر (گۆستاڤ فلۆبێر)، (ئیڤان تۆرگنێڤ)، (جۆرج ئیلیۆت) و ئەوانەی دیکە هەوڵی گرنگیان لەم ڕووەوە داوە. بەم شێوەیە ڕۆماننووسانی دواتر هەر بە داهێنانی زمانی نوێ و تەکنیکی نوێ ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی دنیا بوونەتەوە}.
وەک گوترا پرسیارەکەی (شاخی) ئەم چەمکانە لە خۆی دەگرێت: دەق، نووسەر بە گشتی، ڕۆماننووس بە تایبەتی، ڕۆمان، خوێندنەوە، خوێنەر، کاریگەری و هیی دیکە. ئایا ئەگەر لە بەشێکی وەڵامەکەمدا ئاماژە بە کتێبێکی گرنگ بکەم و پوختەیەکی لێ وەربگرم، مانای وایە بۆچوونی خۆمم دەرنەبڕیوە؟ من لەم وەڵامەدا گوتەی نووسەرانم وەرنەگرتووە، بەڵکوو ڕوانگەی ئەوانم لەم ڕووەوە دەرخستووە. بۆ من خوێندنەوە و نووسین دوو پرۆسێسی دژبەیەک نین، بەڵکوو پێوەندیی ڕایزۆمانەیان پێکەوە هەیە. خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە بەشێکی وەڵامەکەمدا ڕەنگی داوەتەوە و فرەدەنگیی دروست کردووە. من نە (ماتز) بە بیانی دەزانم و نە هیچ نووسەرێکی دیکەیش، بەڵکوو خۆم بە هاوکات و هاوشوێنیان دادەنیم. بۆ من (لیندا هۆتچیۆن)ی کەنەدی لە سیاسەتسازێکی کوردی نزیکترە، بەوەی هەردووکمان لەناو ڕووبەری بێسنووری زماندا پێک دەگەینەوە. ئینجا نووسەر بەسەر زیندوو و مردوو دابەش ناکرێت، بەوەی ئێمە دنیای شمەکمان جێ هێشتووە و چووینەتە دنیای ئاماژەوە، کە لەوێدا سنوورێک لەنێوان مەرگ و ژیاندا نەماوە. من خۆم وا لە مرۆڤ ناڕوانم، کە تەنیا لایەنی فیزیکییە. پێم وایە ئەمە لایەنێکی تەسکە، بەڵکوو لایە نادیارەکەیم زیاتر بۆ گرنگە. ئایا (سێرڤانتس)، (دانتی)، (شەکسپێر)، (نالی)، (گۆران)، (ئیبراهیم ئەمین باڵدار) و زۆری دی ئەگەر لایەنە فیزیکییەکەیان دیار نەماوە، مانای وایە لایەنە نادیارەکەیشیان سڕاوەتەوە؟ لایەنی نادیاری گەردوون زۆر لە لایەنی دیاری فرەوانترە.
نووسیوتە: (ئەو هەموو چەمکە بیانییانەی ڕیزی کردوون: سەمیۆسیسی بێکۆتا، پرینسیپی هۆکاری، ڕهەندی ئامانجداری، ئاسۆی چاوەڕوانی، دیدگەی بزۆک، عە قلی تاکانەی خوێنەر، پڕۆسێسی چاوەڕێکردن و بەبیرهاتنەوە، هاوئاهەنگی پێکەوەیی، فۆکەلایزەیشن، دەنگی تاک، هتد).
ئەوانە چەمکی بیانی نین، بەڵکوو گەردوونین، کە وەک پێشتر گوترا دەکرێت بڵێین هیی ئێمەیشن. ئێمە ئەگەر خۆمان لەم گەردوونە دابڕیوە، ئەوە هەوڵی من و ئەوانەی تریش بۆ ئەوەیە پێی بگەینەوە. وەک گوترا بەبێ دامەزراندنی ئەو دایەڵۆگە پێی ناگەینەوە. ئەم چەمکانە ڕیز نەکراون، بەڵکوو هەر یەکەیان لە شوێنێ خۆیی دەرخستووە و لێک دراوەتەوە. بۆ نموونە چەمکی (سەمیۆسیسی بێکۆتا) لەم پەرەگرافەدا ناوی هاتووە:
{بەو مەبەستەی بزانین ڕۆمانمان چ جۆرە خوێنەرێکی دواندووە، پێویستە ڕوومان لە چەمکی تێکست وەرنەگێڕین، بەوەی تێکست مەڵبەندی بەیەکگەیشتنی نووسەر و خوێنەرە، کە (ئومبێرتۆ ئیکۆ) بە (کاری کراوە: Open Work) ناوی دەبات، بەو مانایەی هەر کارێک دەکرێت کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاواز لە خۆ بگرێت، کە ئەو زۆرییە هەم دژبەیەکی و هەم بەریەککەوتن دەردەخات. هەر ئەوەیشە ئازادیی خوێنەر لە ڕاڤەکردندا مسۆگەر دەکات، بەوەی تێکست خاوەنی یاسا و یاریی خۆیەتی، کە ئەو خوێنەرە بە ڕێگەی خۆی دەیاندۆزێتەوە. پێی وایە هەتا تێکست پتر بە ئاڕاستەی کرانەوەدا بجووڵێت، ئاماژە و نیشانەی زیاتر لە خۆ دەگرێت، کە ئەو چەمکی سەمیۆسیسی بێکۆتا (infinite semiosis)ی بۆ بە کار دەهێنێت، بەو مانایەی ئەو نیشانە و ئاماژانە جۆراوجۆرن و خوێندنەوەی جۆراوجۆریش هەڵدەگرن. ئینجا مادام زمان پشت بە مێتافۆر دەبەستێت، ئەوە بەو ئەندازەیەی ئاڵۆز و هەمەڕەنگە، هاوکات دەوڵەمەندە بە سیمبۆل و شیفرەیش. لێرەوەیە زمان ڕوانینێکی سیمۆتیکییانە دەخوازێت}.
لەبارەی (ئاسۆی چاوەڕوانی)یەوە ئەمەم نووسیوە: {پێم وایە خەسڵەتی تێکستی داهێنەرانە لە ڕێی خوێنەری چاوکراوەوە دەردەکەوێت، ئەو خوێنەرەی مشەخۆر نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنەری مانای جیاوازە. (هانس ڕۆبەرت یاوس) ناو لەو پرۆسێسە دەنێت ئاسۆی چاوەڕوانی (Horizon of Expectation). واتە کارلێکی نێوان تێکست و خوێنەر بە مەرجی سەرەکی دادەنێت بۆ بەرهەمهێنانی مانا، کە ئەمە لەوەدا دێتە دی توانای خوێنەر هاوشانی هیی نووسەرە، بگرە هەر ئەویشە نهێنییەکانی ئەو تێکستە دەدۆزێتەوە، تا لەوێوە دنیای هونەری بە دنیای ڕیاڵ ببەستێتەوە، کە وەک لە پێشەوە گوترا بوونی بۆشایی لە تێکستدا ئەو پێوەندییە پێک دەهێنێت}.
هیوادارم دیسان بۆ وەڵامەکەم بگەڕێیتەوە، تا بزانیت هیچ یەکێکیان لە خۆیەوە ناوی نەهاتووە، بەڵکوو سروشتی باسەکە ویستوونی. وەڵامی ئەدەبی وەک وەڵامی ماتماتیکی نییە، کە هەر دەبێت هاوڕێکی پرسیار بێت، لە کاتێکدا نووسەری ئەدەبی پشت بە زمانێک دەبەستێت، لەسەر ڕیتۆریک و میتافۆر دامەزراوە، کە ئەو خەسڵەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ بواری ڕاڤەیش دەپەڕێتەوە. (شاخی) دەپرسێت ئایا ڕۆمانی ئێمە خوێنەری جیاوازجیاوازی دروست کردووە؟ هەر ئەوەی خەسڵەتی (جیاوازجیاواز)ی داوەتە پاڵ (خوێنەر)ـەوە، مانایەکی بێسنووری پێ داوە، بەوەی (جیاوازی) وەک (جاک دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت ڕووبەرێکی تێپەڕێنراوە و هەمان ئەوەی پێشوو نییە. ئەگەر من بە (ئا)، یان بە (نا) وەڵامی بدەمەوە، ئەوە بازم هەڵداوە بۆ ئەنجام، بێ ئەوەی لە هیچ شتێک بکۆڵمەوە. واتە ئەگەر بڵێم (بەڵێ، دروستی کردووە)، یان (نەخێر، دروستی نەکردووە)، ئەوە مانای وایە لە جیاتیی ئەوەی ڕاڤەی شتەکان بکەم، هاتووم بڕیارم داوە. ئەمەیش نەک هەر سادەکردنەوەیە، بەڵکوو هەڵەی لۆجیکییشە، بۆیە دەبێت گەڕان و بەردەوامی لە وەڵامەکەمدا هەبن، نەوەک وەستان.
دیسان بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێمەوە، کە تێیدا گوترا ناکرێت ئێمە لە دەرەوەی فەلسەفەدا باس لە چەمکی خوێنەر بکەین، کە ئەو چەمکە دەیان فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزی بە خۆیەوە خەریک کردووە. ئەوەتە وەک لە نووسینەکەی تۆدا دەیخوێنمەوە (هاشم ئەحمەدزادە)یش لە وەڵامەکەیدا بۆ لای تیۆریی خوێنەر دەچێت و ئاماژە بە (مەرگی نووسەر)ی (ڕۆڵان بارت)یش دەکات. من خۆیشم دایەڵۆگەکە بەوێی گەیاندووم و نووسیومە: {(ڕۆلان بارت) لە کتێبی (ڕەخنەی بنیادگەرانەی حیکایەت)دا دەڵێت پرۆسێسی نووسین بەبێ بێدەنگبوونی نووسەر نایەتە کایەوە، هەر ڕێک وەک ئەوەی نووسەر مردبێت. ئەو کاتێ دەنووسێت، وەڵامی کۆتاییی بە لاوە ناوە، بەڵکوو هەر لە سەرەتاوە وەڵامی کۆتاییی بۆ ئەوەی تر جێ هێشتووە. لێرەدا مەبەستی خوێنەرە، کە دەڵێت نووسەر تەنیا گریمانەی مانا دادەمەزرێنێت}.
مادام لەبارەی چەمکی خوێنەرەوە دەدوێین، باسکردنی ئەوانە کارێکی ئاسایییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆنمان باس کردوون؟ کاتێ ئەو دایەڵۆگە دانامەزرێنین و بەرەو فەلسەفە ناچین، ئەوە لە ئاستی میلـلیدا دەمێنینەوە و هەمان ئەو زانیارییانە دەگوازینەوە، کە هیی خەڵکن، بگرە لە خوار ئەو زمانەی ڕۆژانەیشن. ئەوەتە وەڵامەکەی (ئارام کاکەی فەلاح) لەم ڕووەوە نموونەیەکی زەقە. تۆ ئەم پەرەگرافەت لێ وەرگرتووە: (لە ڕاستیدا نەک تەنیا لەناو ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا، بەڵکو خوێندنەوەی ڕۆمان لە ئاستی جیهاندا لە پلەی یەکەمدایە چووەتە هەموو شوێنێکی ژیانی خوێنەرەوە، وەک ئەوەی ڕۆمان تاقە ڕێگایەک بێت مرۆڤ لە ڕێگەوە دونیا و ئازارەکانی ببینێت، تاقە چاوێک بێت هەموو شتێک ببینێت و تاقە گوێیەک بێت دەنگی کپ کراوی خۆی ببیستێت).
لەوانە سەیرتر ئەوەیە، لە شوێنێکدا نووسیویەتی، گۆیە عەقڵیەتی شەڕکەر (ئامادەیە دەیەها نامەت بۆ بنووسێ تا ڕەخنەیەکی لێ نەگری. دەپاڕێتەوە). من بەوەدا خۆم چەند جارێک ڕووبەڕووی نووسینەکانی بوومەتەوە، بۆ نموونە لە پاشکۆی کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام) و لە گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)دا، بۆیە هێندە دەڵێم نامەی لەم شێوەیەم نە بۆ ئەم ناردووە و نە بۆ هیچ کەسێکی تریش. هیوادارم ئەگەر مەبەستی منە، بڵاویان بکاتەوە! بە هیچ شێوەیەک لە کەسێتیی ئەو نزیک نەبوومەتەوە، بەڵکوو تەنیا لەبارەی نووسینیەوە پرسیارم لێ کردووە و بۆچوونی خۆمم نووسیوە. بەر لەوەی بابەتەکەم بڵاو بکەمەوە، بە ئیمەیڵ بۆیم ناردووە، کە بێگومان بەوەدا کێشەی کەسێتیم لەگەڵیدا نییە، سڵاو و خۆشەویستیم بۆ نووسیوە. ئەوەم لەگەڵ نووسەرانی تریشدا کردووە. واتە بەر لەوەی بڵاویان بکەمەوە، بۆم ناردوون، تا بزانن لەبارەی بەرهەمیانەوە نووسیومە. ئەو بابەتەی پێی گەیشتووە، ڕەخنەی توندە و بە پرسیار ڕووبەڕووی بوومەتەوە، تەنانەت داوام لێ کردووە وەڵامم بداتەوە. ئیمەیڵەکە لای خۆم پارێزراوە. ئەگەر ئەوەی بە پاڕانەوە داناوە، ئەوە با بڵاوی بکاتەوە! ئایا ئەم دانەیەیە بووەتە دەیەها؟ دەیەها؟ زۆر نییە؟ دیارە پێشتریش نامەمان گۆڕیوەتەوە، بەڵام پێوەندییان بە بابەتی لەم شێوەیەوە نەبووە. دەتوانێت ئەوانیش بڵاو بکاتەوە. پاڕانەوە؟ (LOL). ئایا لەمەودوا کێ هەست بە دڵنیایی دەکات، کاتێ نامەی بۆ دەنێرێت؟ (ئەمانە دەنووسن و ئەگەر تۆیش بتەوێت بێیتە دەنگ، بەو مەبەستەی چەمکە فڕێدراوەکانیان هەڵبگریتەوە و بە ئاڕاستەی دیکەیاندا ببەیت، بگرە لەم ڕووەوە کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگ بە خوێنەر بناسێنیت، بەوە تۆمەتبارت دەکەن، گۆیە بەرگەی ڕەخنە ناگریت. ئایا ئەمە ڕەخنەیە؟ ئایا هەرگیز ڕەخنەیان گرتووە؟). خۆشحاڵم، کە پێویستم بەوە نییە پەنا بۆ کاری لەم شێوەیە ببەم.
لێرەدا بایەخی پرسیارەکەی (شاخی) دەردەکەوێت، کە پێشانی خوێنەری دەدات نووسەرێک نزیکەی چل ساڵ ئەزموونی نووسینی هەیە و ئەم وشانە دەنووسێت. دەڵێت نووسەران لە ترسان نامەم بۆ دەنێرن و دەپاڕێنەوە، نەبادا ڕەخنەیان لێ بگرم. ئەمە پێوەندیی بە پرسیارەکەوە هەیە؟
دوای ئەم پەرەگرافەی (ئارام کاکەی فەلاح) نووسیوتە: (نەک هەر ئەم حەفت بەڕێزەی نێو ئەم کتێبە، زۆربەی کورد وا قسە دەکەن کاتێ وەڵامی پرسیارێک دەدەنەوە. تکایە با هەموومان فێر بین، واز لەو زمانە دڵدارییە بێنین. با تەنیا وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە، نەپەڕینەوە سەر باسی تر. ئەگەریش وەڵاممان نەزانی، با بڵێین نازانین. نەزانین عەیب نییە. تکایە، با واز لە “پێشەکی” بێنین. بۆ هەموو شتێک پێشەکییەکی درێژ و بێزارکەر و بێسوودمان هەیە).
دیسان ئەو هەڵە لۆجیکییە دووبارە بووەتەوە، کە هەمووان وەک یەک دەبینیت. من خۆم لە سەرەتای نووسینمەوە تا ئەمڕۆ ئەم شێوازەم بە کار نەهێناوە. لای پێنج نووسەرەکەی تریشدا نەمانبینی.
ماوەتەوە بڵێم دەستەکانت دەگوشم. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هێزی دیکەی پێ دام. تا ئەودەمەی زەمینە بۆ دایەڵۆگ هەیە، فرەدەنگییش لە ئارادایە.
سەرنج: بەوەدا شێوازی نامەیە، ڕێم بە خۆم داوە هەندێک شت بڵێم، کە ڕەنگە لە گوتاردا نەگوترێن، یان بە شێوەی تر بخرێنە ڕوو.
بە خۆشەویستی کۆتاییی پێ دە‌هێنم.
کاروان کاکەسوور




ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان.. کاروان کاکەسوور

تەنیا لەم سەد ساڵەی ڕابردوو و لە بواری گەردوونناسیی فیزیایی (Physical cosmology)دا کۆمەڵێک تیۆریی جیاواز بۆ ئەوە دامەزراون، تا لێی بکۆڵنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی چەندان بەڵگەی زانستییان بە دەستەوە داون، بەڵام هێشتا کەموکورتییان هەیە و نایشکرێت نەیانبێت، مادام گەردوون هەم ئاڵۆزە و هەم مەتەڵئامێز.
گەردوونی بینراو بەشێکی گەردوونە، نەوەک هەمووی. گەردوونی نەبینراو (Invisible Universe) ڕووبەرەکەی زیاترە، بگرە بێسنوورە. گەردوون ماددە (مەتێریەڵ) و وزە دەگرێتەوە. بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان تەمەنی (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە و لە کشانی بەردەوامیشدایە. ئەم کشانە پێوەندیی بە سروشت و شێوەیەوە هەیە، کە کێشکردن (Gravity) و وزەی تاریک (dark energy) هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن ئەو هێزەیە، ماددە ڕادەکێشێت و دەیەوێت کشانی گەردوون خاو بکاتەوە، لە کاتێکدا وزەی تاریک بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدات ئەو کشانە درێژەی هەبێت.
تیۆریی دۆخی چەسپاو (steady state theory)، کە لە ساڵی (1948)دا دەرکەوتووە، پێی وایە گەردوون وەک چۆن بێسەرەتایە، ئاوا بێکۆتاییشە، بەو مانایەی نە لە ڕووی کاتەوە سنووری هەیە و نە لە ڕووی شوێنیشەوە. پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ماددە بەردەوام لە گەردووندا دەردەکەوێت. لە ساڵی (1964)دا ڕووداوێک ئەم تیۆرییە دەهەژێنێت، کاتێ شەپۆلێکی کارۆمۆگناتیسی (Electromagnetic radiation) لە قووڵاییی گەردوونەوە دێت و وا لێک دەدرێتەوە، کە پاشماوەی لەدایکبوونیەتی. بۆ میلیاردان ساڵ دەگەڕێتەوە و بە تیشکی پاشخانی گەردوونی (cosmic background radiation) ناوی دەبەن. دواتریش بە تەقینەوە مەزنەکە (Big Bang) دەناسرێت. ڕاستییەکەی پێشتر (جۆرج لۆمتەر) لە ساڵی (1927)دا ڕایگەیاندبوو. لەمەوە گوترا گەردوون ئەزەلی نییە، بەڵکوو لە کۆندا، دروستتر (3.7) میلیارد ساڵ لەمەوبەر لە خاڵێکی کاڵەوە، وەک ئەوەی هیی نووکی قەڵەمی ڕەساس بووبێت، دەستی پێ کردووە. چووەتە دۆخێکی زۆر گەرمەوە و تەقیوەتەوە، بەو مانایەی لەوێدا پاڵەپەستۆ بێکۆتا بووە و بارستاییش لە سفر نزیک کەوتووەتەوە، تا ئەم تەقینەوەیە ڕووی داوە و گەردوونی لێ هاتووەتە بەرهەم. لەو ساتەوە دەستی بە کشان کردووە. ئەمڕۆ وا مەزەندە دەکرێت ئەمسەر و ئەوسەری، کە لە شێوەی چەترێکی کراوەدا خۆی دەردەخات، بریتی بێت لە (92) میلیارد ساڵی ڕووناکی. واتە نیوەتیرەی ئەو فرەوانبوونە (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە.
تیۆریی گەردوونی کوانتیکی (Quantic universe) پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەم دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم (quantum void). بەپێی یاسای کوانتۆم (quantum law) دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. بۆ نموونە پشیلەیەک دەتوانێت لە یەک ساتدا هەم مردوو بێت و هەم زیندوو، بگرە کەسێک لە سەندووقێکدا بیبینێت. بە پشیلەی شرۆیدینگەر (Schrödinger’s cat) ناسراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئەگەر بیخەیتە سەندووقێکەوە و سەری دابخەیت، ئەوە وەک ئەزموونێکی هزری (thought experiment) لەم ساتەوە تا دەیکەیتەوە، نازانیت، ئاخۆ هێشتا دەژی، یان مردووە. بەم شێوەیە ئەو لە هەردوو دۆخەکەدایە. عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. لێرەدا ماددە و دژەماددە دەردەکەون. دووەمیان لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەکەمیان دەچێت، تەنیا جیاوازیی ئەوەیە، بارگەی ئەلیکترۆنی (electric charge)ی هەیە. ئەوەیش بە سەرەتای تەقینەوە مەزنەکە دادەنرێت، کە وەک گوترا ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە گەردوون لە خاڵێکی وردی کاڵەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام گەرمایییەکەی سنووری نەناسیوە، بە ڕادەیەک بووەتە سەرچاوەی هەموو شتەکان، بە کات و شوێنیشەوە. بەم شێوەیە گەردوون لە فرەوانبوونی بەردەوامدایە، کە دووریی ئەستێرە، هەسارە و گەلەگسییەکان بە جۆرێکی ڕێک دەهێڵێتەوە.
ئەمجارە تیۆریی زنجیرەیی، یان یەکبەدواییەکی گەردوون (The cyclic universe theory)مان هەیە، کە پێی وایە ئەم گەردوونە یەکێکە لە بێژمار گەردوونەکان. هەم لە پێشیەوە هیی دیکە هەیە و هەم لە دوایەوە هیی تر دێت. واتە لە هەر تەقینەوەیەکدا گەردوونێکی دی پەیدا دەبێت، کە خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی. لە ناو دەچێت و دانەیەکی دی لە ڕێی تەقینەوەیەکی ترەوە شوێنی دەگرێتەوە. دەکرێت بگوترێت هەر گەردوونێک بەپێی ئەو خولە بێپسانەوەیەی لە کشان و ساردبوونەوە (expansion and cooling)دا، بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە تێکشکانی مەزن، یان پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت.
وەک گوترا ئەوانە تیۆرین و لە کەموکورتی بە دەر نین. زانینی ئێستای مرۆڤ لە سنووری گەردوونی بینراودایە، بەڵام بەردەوام هەوڵ دەدات زیاتر بدۆزێتەوە. واتە هەمیشە ڕووی لە نەزانراوە.
ئەوەی من لێرەدا خستوومەتە ڕوو، ئەلفبێی ئەو تیۆرییانەیە، دەنا بابەتەکە زۆر لەوە زیاتر و قووڵترە. بەو مەبەستە ئەو کورتەیەم لەو بارەیەوە نووسیوە، تا لەم ڕووەوە وێنەیەکی گشتی بخەمە بەر چاو. نایشکرێت وەک سەرچاوەی زانستی لێی بڕوانرێت، ئەگەرچی هەوڵم داوە زانیارییەکان بە دروستی بخەمە ڕوو. ئەوەی گرنگە، بەردەوامیی لێکدانەوەی گەردوونە. خاڵی هاوبەشی تیۆرییەکان، ئەوەیە، کە گەردوون ئاڵۆزە، سەرەتایەکی ڕوونی نییە، ناکرێت ڕاڤەکان لە خاڵێکدا بوەستن و ئەنجامێکی دیاریکراو بە دەستەوە بدەن.
ناتوانین بڵێین لێکدانەوەی گەردوون تەنیا تایبەتە بە زانایان، بەڵکوو هیی هەر کەسێکە، ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئایا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین؟ بەڵێ، مادام ئەو ڕاڤەیە تایبەتە بە خۆمان و بەسەر ئەوانی دیکەیدا ناسەپێنین.
ڕۆمان، کە مەبەست ئەو ڕۆمانەیە ئاستی واقیعی زانراو و زمانی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە، لە گەردوون دەچێت، بگرە هەر خودی گەردوونە، بەوەی گەردوون لە ڕووی کات و شوێنەوە بێسنوورە. ڕۆمان کاتێ فرەئاڕاستە و فرەدەنگە، دەستنیشان ناکرێت، تا بڕیاری کۆتاییی لەسەر بدرێت. وەک چۆن گەردوون لە تێکڕای تیۆرییەکان گەورەتر و فرەوانترە، ئەوە ڕۆمانیش بە هەمان شێوە توانای هەیە دەیان تیۆری و ئاڕاستەی فەلسەفی بهێنێتە دی، بێ ئەوەی هیچ یەکێ لەو ڕاڤانە، بگرە تێکڕای ڕاڤەکانیش بتوانن وا خۆیان دەربخەن بەشی زۆری نهێنییەکانی ئەویان دۆزیوەتەوە، بەڵام بایەخی ئەم هەوڵانە لە بەردەوامییاندایە.
لێکدانەوەی دەقی ڕۆمانیش تایبەت نییە بە کەسانێکی دیاریکراو، بەڵکوو هیی هەر خوێنەرێکە بەری دەکەوێت، تەنانەت ئەو خوێنەرە گریمانەیییەی ڕۆماننووسیش، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆماننووسەکەیە. ئەگەر زانست لە ڕێی پێوەرە پۆڵایین و سەختەکانیەوە لێکدانەوەی گەردوون تەنیا بە هیی کەسانی پسپۆڕ دەزانێت، ئەوە ڕۆمان بەوەدا نە پێوەری هەیە و نە یاسای دیاریکراو، ڕێی هەر خوێنەرێک دەدات بە شێوازی خۆی بیخوێنێتەوە و لێکی بداتەوە. ئەو خوێنەرە دەتوانێت خوێندنەوە تایبەتەکەی ئاڕاستەی گەردوونیش بکات و بەو شێوەیەی ببینێت، کە لەگەڵ بۆچوونیدا ڕێک دەکەوێت. کاتێک زانست ناکەینە پێوەر، شتێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی چی ڕاستە و چی چەوت، مادام وەک گوترا نیازمان نییە ئەو ئەنجامەمان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنین.
چەند پێمان وا بێت تەواو لە گەردوون گەیشتووین و بەشێکی زۆری نهێنییەکانیمان دۆزیوەتەوە، هێشتا کەمی لێ دەزانین. کاتێ دەڵێین گەردوون بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەیە، بە هەڵەدا دەچین، بەڵکوو وەک دەقی ڕۆمانی فرەدەنگ ناڕاستەوخۆیە، کە پێشتر گوترا (گەردوونی نەبینراو) بێسنوورە. ڕۆمان چەشنی گەردوون هێزی کێشکردن و وزەی تاریک هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ، تا ماددە ڕابکێشێت و کشانی دەق خاو بکاتەوە، لە بەرانبەردا وزەی تاریک بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە و دەیەوێت کشان درێژەی هەبێت، کە ئەوانە ناهێڵن سەرەتایەکی ڕوونی بۆ دیاری بکەین و بە خاڵی کۆتاییی بگەین. ڕۆمان وێنەی گەردوون خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی، کە دەکرێت بڵێین، نایاسا، یان ناپێوەر (non-standard)ن، نەوەک یاسا و پێوەر. لۆجیکەکان هیی ناوەوەی خۆین، نەوەک لە دەرەوە بۆی هاتبن.

ئەو ڕۆمانەی ئاستی زانراو تێدەپەڕێنێت، هاوکات لۆجیکی تایبەتی خۆیشی دەخاتە ڕوو، کە ڕێ نادات بە لۆجیکی زانراو بخوێنرێتەوە، بگرە هەر خوێندنەوەیەک لە ئاستیدا کورت دەهێنێت، ئەگەر بیەوێت بۆ ئاستی زانراوی بگەڕێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕۆمان کاتێ دەتوانێت داهێنەر بێت، کە واقیعێک بە هەموو وردەکارییەکانیەوە تێک دەشکێنێت و لە ئاستێکی دیکەی جیاوازدا دەریدەخاتەوە. ناکرێت بۆ ئەو واقیعەی بگەڕێنینەوە، لە کاتێکدا خودی واقیعەکە تێپەڕێنراوە و نەماوە. ڕۆمانی داهێنەرانە بەرگەی هێرشی ئەو خوێندنەوانە دەگرێت، کە واقیعی زانراویان کردووەتە پێوەر و دەیانەوێت لەوێوە ڕووبەڕووی ببنەوە. واتە ئەو خوێندنەوانە زمانی ڕۆژانەیان تێدا بەرجەستەیە و خۆیان لە ئاستی زمانێکدا دەبیننەوە، کە چووەتە دۆخی ئاماژەوە و کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. لێرەدا ئاستی میلـلی دەکەوێتە بەرانبەر ئاستی فەلسەفییەوە، کە دووەمیان نەدەهاتە کایەوە، ئەگەر یەکەمیانی تێک نەشکاندایە. ئەو ئاڕاستانەیش وایان کردووە دەقەکە کورت نەکرێتەوە، تا لە شێوەی ڕۆمانی ئاساییدا بخرێتە دۆخی ئایکۆنەوە و ماناکانی لە چەند دێڕێکدا پێشان بدرێن. ڕۆمانی فرەدەنگ بەو خەسڵەتە گەردوونییانەی هەیەتی، لە بینراو و نەبینراو پێک دێت، کە تەنیا توێژینەوەی بارگاوی بە فکری ڕەخنەیی دەتوانێت هەوڵی ئاشکراکردنی نەبینراوەکانی بدات، بێ ئەوەی بە خاڵێکی دیاریکراو بگات و ئەنجامێک بە دەست بهێنێت. ڕۆمانی جەماوەری بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا ماوەتەوە، دەکرێت بە هەمان زمانی ڕۆژانە بخوێنرێتەوە، تا بگوترێت کوێی باشە و کوێی خراپ، وەک ئەوەی لە ڕەخنەی میلـلیدا هەیە، چونکێ لە یەک ئاڕاستە، یان لە یەک چیرۆکی زەبەلاحی ڕوون پێک هاتووە و بە ئاسانی کورت دەکرێتەوە، بگرە وەک تەنێکی فیزیکی لێی دەڕوانرێت، بەوەی تەنیا بریتییە لەوەی وا لەسەر کاغەزدا فۆرمی وەرگرتووە، بەڵام ڕۆمانی فرەدەنگ بێژمار چیرۆکی ورد و دیمەن لە خۆی دەگرێت. ئاستی جەماوەری تێپەڕاندووە و توانای هەیە خوێنەری جیاواز بدوێنێت، کە لێرەدا هۆشیاریی نووسەر و خوێنەر بەر یەک دەکەون. لەو بەریەککەوتنەدا وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم دێن، تا بەردەوام یەکتر نوێ بکەنەوە. گوترا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین، بە مەرجێ ئەو ئەنجامەمان تایبەت بێت بە خۆمان و بەسەر ئەوانەی دیکەیدا نەسەپێنین، کە ئەمە بۆ ڕۆمانیش دروستە. بەگشتی خوێندنەوەکان لە هەر ئاستێکدا بن، جووڵەن و بایەخیان هەیە، مادام لە بۆشاییی گەردوونی ڕۆمانی فرەدەنگ و فرەئاڕاستەدا شوێنیان دەبێتەوە. هەر ڕاڤەیەک دەیانی دیکەی جیاوازی لێ دەکەونەوە و ئەوانە ململانێ دێننە گۆڕێ. هێزی نووسین دەتوانێت درێژە بەو ململانێیە بدات، کە ڕۆمانی ئەمڕۆ بەرهەمی ململانێکانی ڕابردووە. شێوازەکانی نووسینیشی هەر ئەو پرۆسێسە هێناونی. من خۆم ئەو ئاڕاستانەی هێز بەو پرۆسێسە دەدەن، بە گرنگ دەزانم، هەتا ئەگەر لە دژیان بوەستم و بە ڕەخنەیش ڕووبەڕوویان ببمەوە. بەبێ بوونی ئاڕاستەی جیاواز، ململانێ نایەتە کایەوە، تا بکەوێتە گەڕ و لەو بەردەوامییەیدا هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بە تایبەتی کاتێ ململانێکە فۆکەسی لەسەر پێکهاتەی دەقە، نەوەک لەسەر ژیاننامەی نووسەر. بە مانایەکی دی، چەمکەکان لێک دەداتەوە و ئاڕاستەی نوێیان تێدا دەدۆزێتەوە، نەوەک باز بەسەر ئەوانەدا هەڵبدات و ڕوو لە نیازی نووسەر بکات. هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی دەق و تەنیا لەوێدا دەتوانین ئاڕاستەی نوێ بهێنین. کاتێ ڕوومان لە نووسەرە، ئەوە پەنامان بۆ پێوەری ڕەوشت بردووە، تا بەوە هەڵیبسەنگێنین، ئاخۆ باشە، یان خراپ. پرۆسێسێکی ئاسانە و ناتوانێت هیچ شتێکی نوێ بە دەستەوە بدات، بگرە دوور و نزیک پێوەندیی بە دەقەوە نییە. بۆ نموونە من دێم و بە زمانی ڕۆژانە، ئەو زمانەی هەر ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵگە دەتوانێت پێی بنووسێت، دەنووسم (داوەزی داهۆز) نووسەرێکی تووڕەیە، بۆشە، ساختەیە، خەیاڵی لە کار کەوتووە، توانای داڕشتنی چوار ڕستەی سادەی نییە و هیی دیکەی لەم بابەتە، هاوکات و بە هەمان زمانی ڕۆژانەی جەماوەر بە (ماوەزی ماهۆز)دا هەڵدەڵێم، گۆیە داهێنەرە، خەیاڵی گەورەیە، قووڵە و وشەگەلی دیکەی لەم چەشنە. بۆ هەردووکیان بێژمار شایەت دەهێنمەوە و لەشکرێک پێک دەهێنم، بەڵام ئایا لەبارەی چەمکەوە قسەم کردووە؟ نموونەم لێ هێناونەتەوە؟ یەکێکیانم لێک داوەتەوە؟ ئایا لەو گوتانەمەدا وزەیەک بەرهەم دێت؟ ئەرێ ئەوە لە دەست هەر کەسێکی دیکەیش نایەت؟ ئایا ناتوانم بە هەمان مێتۆد تێکڕای داهێنەرانی گێتی بسڕمەوە و بە دەیان نووسەری سادەنووسیشدا هەڵبدەم، مادام خۆم لەوە دوور دەگرم یەک نموونە لە بەرهەمیان بهێنمەوە و لێکی بدەمەوە؟ تا ئەو کاتەی لەسەر چەمکەکان ناوەستین و ئاستی دیکەیان تێدا نادۆزینەوە، ئەوە لە ئاستی زانراودا ماوینەتەوە و شتێکی نوێمان بە دەستەوە نەداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم مامەڵەیەکی دیکەی تەواو جیاواز لەگەڵ ئەو جۆرە نووسینەدا دەکەم و کردوویشمە. نایسڕمەوە، بەڵکوو لە ڕێی ئەو چەمکانەوە، کە تێیدا فڕێ دراون، نەوەک کاریان پێ کراوە، دایەڵۆگ دادەمەزرێنم، بەو مانایەی هەڵیاندەگرمەوە و ئاستی دیکەیان تێدا دەدۆزمەوە، کە ئەوە وام لێ دەکات دایەڵۆگەکە بە ئاڕاستەی کۆمەڵێک سەرچاوەی فکری، فەلسەفی و هونەریدا ببەم. ئایا ئەوانە بۆ من گرنگن؟ بەڵێ، مادام دەرفەتم پێ دەدەن بە تێگەیشتن و شێوازی خۆم ڕووبەڕوویان ببمەوە. هەمیشە گوتوومە بە بایەخەوە لەو دەنگانەی دەرەوەم دەڕوانم. هیی ناو گەردوونی ئێمەن و ناتوانین نکووڵی لە بوونیان بکەین، بگرە ڕەسەنن و ڕاستگۆیانە توانای ئەمڕۆی کولتوورمان دەردەبڕن. ئەوانە واقیعی زانراو لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن و زەمینە بۆ تێپەڕاندن دەهێننە گۆڕێ. ئەم جووڵەیە بۆ ئەو ململانێیە پێویستە، هەتا ئەگەر ئەوان خۆیشیان وا لێی نەڕوانن. لەم ڕووەوە چەند نووسینێکم هەن، کە بریتین لە لێکدانەوەی چەمکەکان، بێ ئەوەی بە ئاماژەیش بە لای ژیانی نووسەراندا چووبێتم. نەمشاردووەتەوە ئەوان تێیاندا بەشدارن و بەبێ بوونی ئەوان لە دایک نەدەبوون. لێرەوەیە من بە ڕقەوە لێیان ناڕوانم و ململانێکە لەوە دوور دەخەمەوە، کە پێوەندیی بە کەسێتیمانەوە هەبێت، بگرە دەیانخەمە سەرووی ئەوانەی ئەم جووڵەیە ناهێنن. کاتێ ڕۆمان وەک گەردوونی نەبینراو دەبینین، لەوە دەگەین، کە نەک هەر بەرگەی هێزی ململانێ دەگرێت، بەڵکوو وزەی ئەو ململانێیەیش تێکەڵی وزەی خۆی دەکات. ساتێ لە دەق دوور دەکەوینەوە و یەخەی نووسەر دەگرین، وەک ئەوە وایە نرخ بۆ دەق دانەنێین و ئەوە بدەینە دواوە، کە دەق خاوەنی هێزێکی گەورەیە و بواری ئەوەمان دەدات وزەی خۆمانی تێدا بخەینە گەڕ، بگرە ددانمان بەوەدا ناوە، کە خاوەنی ئەو وزەیە نین، تا بەر هێزی دەقی دابدەین. دەق گەردوونمانە و هەموومان لە خۆی دەگرێت، تا تێیدا هێز بخەینە بەر ئەو ململانێیەوە. تەنیا لە ململانێدا هێزی خۆمان دەبینین و دەزانین چیی دیکەمان بۆ ئەو بەردەوامییە پێویستە.

ئەوەی لەبارەی ڕۆمانەوە گوترا، بۆ هەر جۆرێکی دیکەی ئەدەبیش دروستە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هێشتا دەقی ئەدەبی، کە توانای تێکشکاندنی یاسا و پێوەرەکانی هەیە، لە گەردوونی ئاسایی فرەوانترە. ئەگەر گەردوون بەپێی یاسا تایبەتەکانی بە ڕێوە دەچێت، ئەوە ئەدەب توانای هەیە زیاتر لە یاسایەک بۆ ئەوانە دابنێت. ئەدەب پێی دەکرێت خۆر، زەوی، مانگ و ئەستێرە بە هەموو لایەکدا بجووڵێنێت. باران، بەفر، تەرزە و کڕێوە بە شێوازی جۆراوجۆر ببارێنێت. لە بەستەڵەکدا ئاسن بتوێنێتەوە و لەناو کوورەی ئاگردا بێژمار پەپوولە بخاتە باڵەفڕەوە.

لە پێشەوە گوترا عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی لە دۆخی زانراو دوور دەکەوێتەوە، تا هەمان ئەو گۆڕانکارییە بەرپا بکات، کە عەدەمی کوانتۆم بەرپای کردووە. بە مانایەکی دی، داهێنانی ڕۆمان پێوەستە بە مەودای جودابوونەوەی لە تێگەیشتنی باو، کە لەمەوە دنیای تایبەتی خۆی لە ڕێی پێوەندیی دایەلێکتیکییانەی نێوان وزە و ماددەوە دروست دەکات. هەر ماددە نا، بەڵکوو دژەماددەیش، کە ڕاستییەکەی ئەوەیان کاریگەرییە مەزنەکە دێنێتە گۆڕێ، بەوەی خاوەنی بارگەی ئەلیکترۆنییە. ئەو کارلێکە بەردەوام دەبێت و لە خاڵێکدا ناوەستێت. دەکرێت بگوترێت ڕۆمان بە هێزی ناوەوەی خۆی گەردوونێکی تایبەت بەرهەم دێنێت، کە بۆ ئەوەی بتوانین لێکی بدەینەوە، پێویستمان تەنیا بە هێزی ناوەوەی خۆمانە. دەگەینە ئەوەی بڵێین خوێنەری ڕۆمانی فرەدەنگ، کە متمانەی لەسەر وزە و ماددەی ناوەوەیەتی، توانای تەقینەوە مەزنەکەی هەیە.

گوتمان تیۆریی گەردوونی کوانتیکی پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەمەوە دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم. بەپێی یاسای کوانتۆم دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. ئەگەر لێرەدا (ڕۆمانی فرەدەنگ) بخەینە شوێنی (گەردوون)ـەوە، ئەوسا ڕێ بە خۆمان دەدەین بڵێین ڕۆمان توانای هەیە لە عەدەمێکی کوانتۆم هەموو ڕەگەزەکانی خۆی لە کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن، بابەت و ئەوانەی دیکەیش دروست بکات. بەپێی (یاسای کوانتۆمی ڕۆمان) دەکرێت سەرجەم تەنەکان لە چەند کات و شوێنی جیاوازدا دەربکەون و بەردەوام جیاوازی دەربخەن، بەوەی ڕۆمان دەتوانێت وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم بهێنێت. ڕۆمانی داهێنەرانە بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت، کە وەک بینیمان ئەم کۆتایییە ڕێخۆشکەری تەقینەوەیەکی تری مەزن و دەستپێکێکی نوێیە. بە مانایەکی دی، ئەو دوو ڕووداوە مەزنە بزوێنەری دەقن و دەتوانن ڕۆمانی فرەدەنگ لە هیی جەماوەری، یان لە هیی میلـلی جودا بکەنەوە. ئەوە ڕێمان لێ دەگرێت لە دەرەوە خاڵ بۆ سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی دابنێین، مادام ڕۆمان تەنیا بەپێی یاسا و لۆجیکەکانی ناوەوەی کار دەکات. لێرەوەیە پێوەر و یاسای واقیعی زانراو نە بۆ نووسینی ڕۆمان لە بەرچاو دەگیرێن و نە بۆ خوێندنەوەی دەقی ڕۆمانیش. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت هەم ڕۆمان و هەم خوێندنەوە بە شێوازی خۆیان تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بەرپا بکەن، تا بوارێک بۆ حوکمی ڕەها نەمێنێتەوە. هەر کاتێ زمانی نووسین چ لە دەقی ڕۆمان و چ لەو گوتارانەی لە بارەیەوە دەنووسرێن، هەمان ئاستی زمانی ڕۆژانەیە و بە ئاسانی لێی تێدەگەین، ئەوە مانای وایە لە تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بێبەشە. لێرەدا جیاوازیی نێوان ئاستی میلـلی و ئاستی فەلسەفی دەردەکەوێت.




کاروان کاکەسوور لە وەڵامی دەنگەکان دا سەبارەت بە ئەنفا ل و رۆڵی ئەدەب

لە ئەرشیڤی دەنگەکان ەوە ١٤/٤/٢٠٠٧

دەنگەکان:

دوای تێپەڕبوونی ١٩ ساڵ بەسەر کردەی ئەنفالدا، ئایا ئەدەب توانیویەتی لە ناو خەیاڵ و فەنتازیا و زماندا ئەنفالێک دابمەزرێنێ جیاوازبێت لەو ئەنفالەی هەتا ئێستا زمانی سیاسی و ئایدیۆلۆژیا پێیان ناساندووین؟ تایبەمەتمەندیی ئەو زمانە ئەدەبییە چۆنە کە ئەدەبی کوردی بۆ بەرجەستەکردنەوەی ئەنفال بەرهەمی هێناوە؟ ئاخۆ ئەدەب دەتوانێت زمانێک بێت بۆ بەجیهانیکردنی کردەی ئەنفال؟

کاروان کاکەسوور:

ئه‌و پرسیاره ‌به ‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک و له‌ هه‌ر ئاستێکدا بکرێت، ئه‌وە هه‌ر ده‌مانخاته‌وه‌ به‌رده‌م بیرکردنه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و مێژوو. ئه‌نفال وه‌کوو ئیراده‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی به‌سه‌ر واقیعی ئێمه‌دا سه‌پێنراوه‌. ئه‌و ئیراده‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ هه‌موو بیرکردنه‌وه ‌و خه‌یاڵێک بخاته ‌ژێر ده‌ستەڵاتی خۆیه‌وه‌. ئه‌مه تەنیا پێوه‌ندیی به ‌ئه‌نفاله‌وه ‌نییه‌، بەڵکوو هه‌موو ڕووداوه ‌گه‌وره‌کانی مێژوو ئاوان. پێوه‌ندیی نێوان خه‌یاڵ و واقیعیش هه‌میشه‌ پێوه‌ندییه‌کی شه‌ڕانگێز بووه‌. مه‌رج نییه ‌خه‌یاڵ تەنیا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌رهه‌م بهێنێت، بەڵکوو زۆر جار واقیع به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌. ده‌شێ خه‌یاڵێکی جوان لە جیاتیی ئه‌وه‌ی ببێته‌ شیعر، چیرۆک، ڕۆمان یان تابلۆیه‌کی هونه‌ری، ببێته ‌دروستکردنی تفه‌نگێکی دوورهاوێژ، تۆپێکی گه‌وره‌، یان ڕۆکێتێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر. که‌واته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موویان هه‌ر خه‌یاڵه‌. پێم وایه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چین، کاتێک ده‌مانه‌وێت ئه‌نفال و هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ی مرۆیی له ‌خه‌یاڵ و فه‌نتازیا داببڕین. ئه‌نفال پێش ئه‌وه‌ی بکرێته واقیع، ‌تێکست بوو. پێش ئه‌وه‌ی بکرێته ‌تێکستیش، خه‌یاڵ بوو. کاتێک خه‌یاڵ و ئایدیۆلۆجیا ئاوێته ‌ده‌بن، ڕووداوی وه‌کوو ئه‌نفال ده‌هێننه ‌کایه‌وه‌. مەبەست لە ئایدیۆلۆجیا هەر سەرچاوەیەکی زانراوە، کە لە ڕێیەوە بیر دەکرێتەوە و دەڕوانرێت. واتە کڵێشەی ئامادە هەن و وا خۆیان دەردەخەن بۆ هەموو دۆخەکان دەست دەدەن. کێشه‌ی گه‌وره ‌لێرەدایه‌، کاتێک نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌و واقیعه‌ بکاته‌وه ‌خه‌یاڵ. ئه‌و تێگه‌یشتنه ‌هه‌تا ئێستایش به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا زاڵه‌. ده‌بێت لێره ‌ئاماژه ‌به‌وه ‌بکه‌م، که ‌ئه‌نفال به ‌نهێنی له‌ناو بەشێکی زۆری تێکسته‌کانماندا کار ده‌کات، بۆیه‌ کاتێک ‌ده‌مانه‌وێت قسه ‌له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه ‌بکه‌ین، مه‌به‌ستمان ناوی ئه‌نفال نییه‌، مه‌به‌ستمان ئه‌و تێکسته ‌ئه‌ده‌بی و هونه‌رییانه نین، که ‌باس له ‌ئۆپه‌ڕاشیۆنی ئه‌نفال ده‌که‌ن، بەڵکوو مه‌به‌ستمان ئه‌و دیسکۆرسه‌یه‌‌، که ‌له‌ پشت بیرکردنه‌وه‌ی نووسه‌ره‌وه ئاماده‌ییی هه‌یه‌‌. مه‌به‌ستمان گرێی ئه‌نفاله‌، که‌ به ‌درێژاییی ته‌مه‌نی خۆی خه‌یاڵمانی ڕه‌نگڕێژ کردووه‌. ئه‌نفال دۆستایه‌تییه‌کی زۆر به‌تینی له‌نێوان نووسه‌ر و مێژوودا پێک هێناوە‌. ئیشی ئه‌و نووسه‌ره ‌به‌رده‌وام ئه‌وه‌ بووه ‌دڵنه‌واییی ئه‌و مێژووه ‌برینداره ‌بداته‌وه‌.
لێره‌وه ‌زمانی نووسه‌ری ئه‌ده‌بی نه‌ک هه‌ر تێکه‌ڵی زمانی ئایدیۆلۆجیا و سیاسه‌ت ده‌بێت، بەڵکوو ڕه‌وایه‌تییشیان پێ ده‌دات. سه‌یر نییه‌ کاتێک ده‌بینین هه‌موو ساڵێک شیعر و په‌خشان شانبه‌شانی گوتاری سیاسی یادی ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌ڕین ده‌که‌نه‌وه‌. به ‌هه‌مان تێڕوانین و به‌ هه‌مان زمان. یه‌کێک له ‌خەسڵە‌ته‌کانی ئایدیۆلۆجیا ئه‌وه‌یه‌، که ‌به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ‌واقیع دیاری بکات، یان به‌ مانایه‌کی دیکه‌ بیخاته ‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی سنووردارەوە‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ری له ‌ئه‌رکه‌کانی خۆی ده‌ربچێت، بەڵام نووسه‌ری ئه‌ده‌بی، ئەو نووسەرەی ویستی تێپەڕاندنی هەیە، به‌ پێچه‌وانه‌وه ‌واقیعێکی گریمانه‌یی ده‌خوڵقێنێت، که ‌ته‌واو جیاواز بێت له‌و واقیعه‌ی ئایدیۆلۆجیا دیاری ده‌کات. لای ئێمه‌ مه‌سه‌له‌که‌ ڕێچکه‌یه‌کی دیکه‌ی گرتووه‌. بەگشتی نووسه‌ران ‌یارمه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆجیایان داوه‌، که‌ واقیع پێناسه‌ بکات. به ‌مانایه‌کی دیکه‌، ئه‌و له ‌ڕێگەی ئایدیۆلۆجیاوه پێوەندی بە واقیعەوە ده‌کات.
ئه‌و نووسه‌ره‌ وا بۆ بیست ساڵ ده‌چێت خۆشحاڵانه ‌له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا ده‌ژی، که ‌ئایدیۆلۆجیا خوڵقاندوویه‌تی، به ‌ڕاده‌یه‌ک، جیاوازی له‌نیوان خودی نووسه‌ر و ئه‌و واقیعه‌دا نه‌ماوه‌. به ‌مانایه‌کی دیکه‌، هه‌موو ته‌عبیرکردنێک له‌ خودی خۆیشی، هه‌ر ته‌عبیره‌ له‌و واقیعه ‌چه‌سپاوه‌. لێره‌وه‌یه‌ ئه‌و نووسه‌ره ‌ئیشی به ‌داهێنانی زمان نامێنێت، که‌ گرنگترین ڕێگەیه‌ بۆ گه‌یشتن به ‌نهێنییه‌کانی مێژوو. ئه‌مه‌ هۆیه‌که ‌له‌و هۆیانه‌ی، که‌ وای کردووه‌ تێکسته‌کان ئه‌وه‌نده ‌له ‌یه‌ک بچن، چونکه ‌وه‌ک گوتمان هه‌موو خوده‌کان له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا بوونه‌ته‌ یه‌ک خودی هاوبه‌ش. گوتیشمان ئه‌و واقیعه‌ پێناسه‌ کراوه ‌و له‌لایه‌ن ئایدیۆلۆجیاوه ‌سنووره‌کانی بۆ کێشراون‌. له ‌تێڕوانینی ئه‌ر‌یستۆوه‌ مێژوو خۆی ناته‌واوه‌، چونکه ‌به‌شێک له ‌واقیع ده‌رده‌خات، نه‌وه‌ک هه‌مووی. بەم شێوەیە ‌ئه‌و مامه‌ڵه ‌میکانیکییه‌ی نووسه‌ری ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداو، هه‌ر له ‌بنه‌ره‌ته‌وه‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست نییه ‌و ناتوانێت هیچ نهێنییه‌ک له ‌مێژوو ده‌ربخات.
تاکه ‌ڕێگەی ئه‌و نووسه‌ره‌مان ‌بۆ هێنانه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌کوو ڕووداوێکی مێژوویی، تەنیا تراجیدیایه‌. تراجیدیا بە مانا میلـلییەکەی، نەوەک بە مانا فەلسەفییەکەی. به‌مه‌یش له ‌لایه‌ک سنوورێکی ته‌سک بۆ خه‌یاڵ داده‌نێت و له ‌لایه‌کی دیکەیش‌ هه‌موو جیاوازییه‌کان له‌نێوان ئه‌نفالی فاکتوال و ئه‌نفالی هونه‌ریدا ده‌سڕێته‌وه‌. لێره‌وه‌ نووسین نابێته‌ پرۆسێسێک بۆ تێکشکانی واقیع، چونکه‌ هه‌ڵگری هیچ دژایه‌تییه‌کی واقیع نییه‌، بەڵکوو هه‌ر خۆی ده‌بێته‌وه‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ئه‌و واقیعه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یش دیسان پێوه‌ندیی به‌ ئایدیۆلۆجیاوه‌ هه‌یه‌، چونکه ‌ئایدیۆلۆجیا به‌پێی ئه‌رکه‌کانی خۆی سیمای واقیع پێشان ده‌دات.
سه‌رده‌مێک ئه‌و واقیعه‌ به ‌شێوه‌یه‌کی زۆر تاریک ده‌رده‌خات، به‌و مه‌به‌سته‌ی کۆمه‌ڵگا بخاته ‌حاڵه‌تێکی نیگه‌رانه‌وه ‌و داوای خێراترین چاره‌سه‌ری لێ بکات. هه‌ر ئه‌و ئایدیۆلۆجیایه ‌له ‌سه‌رده‌مێکی دیکه‌دا ئه‌م سیما په‌شێوییه‌ی واقیع به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه ‌پێشان ده‌دات، به ‌ڕاده‌یه‌ک وای دەردەخات هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جیاواز له ‌خۆی و هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک، که‌ به‌بێ ئه‌و بکرێت، جارێکی دیکه ‌ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ‌به‌ره‌و وێرانی ده‌باته‌وه‌. ئه‌گه‌ر لە جیاتیی ئه‌نفال هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌یش دابنێین، ئه‌وە هیچ له ‌مه‌سه‌له‌که ‌ناگۆڕێت. مه‌به‌ستمانه‌ بڵێین ئه‌و نووسه‌ره‌ له ‌ڕێگەی تراجیدیایه‌کی هه‌ژارانه‌وه‌‌، که تەنیا پشت به ‌یاده‌وه‌ری و بینینێکی ڕووکه‌ش ‌ده‌به‌ستێت، نه‌ک به ‌تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانه‌، بۆ ناو مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌وێیشه‌وه‌ مژده‌ی ژیانێکی ئاسووده ‌و به‌خته‌وه‌رمان ده‌داتێ.
سه‌رنج ده‌ده‌ین تێڕوانین و ئیشکردنی ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌مان تێڕوانین و ئیشکردنی ئایدیۆلۆجیایه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌ هه‌مان زه‌مه‌نی فیزیکی بۆ ناو مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا ده‌بێت زه‌مه‌نێکی پێچه‌وانه‌ بخوڵقێنێت، که‌ ئه‌مه‌یان خۆی له‌ کۆمه‌ڵێک ته‌کنیک و فێڵی هونه‌ریدا ده‌بینێته‌وه‌. لێره‌ جارێکی دیکه‌یش هه‌ست به‌ پاشکۆیه‌تیی ئه‌ده‌ب ده‌که‌ین، چونکه‌ ئه‌مه‌ لاساییکردنه‌وه‌ی کتومتی ئایدیۆلۆجیایه‌، که‌ هه‌میشه‌ خێراترین ڕێگە ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ لێکدانه‌وه‌ی واقیع. لێره‌یشه‌وه‌یه‌ ڕووداو تەنیا له‌ ئاستی هه‌قایه‌تدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ناگاته‌ ئاستی چیرۆک، که‌ هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی زه‌مه‌نی خۆیانن و لای ئێمه‌ تێکه‌ڵی یه‌کتر کراون. من پێشتریش له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتوومه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ ناو مێژوو زۆر جار گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی نۆستالژییانه‌یه‌، نەوە‌ک دڵڕەقانه‌. گه‌ڕانه‌وه‌یه‌که‌ پڕه‌ له‌ سۆز و میهره‌بانی، بۆیه‌ ناتوانین مێژوویه‌کی جیاواز له‌و مێژووه‌ فەرمییه‌ بخوڵقێنین. ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ هه‌ڵگری چاوێکه‌، که‌ هه‌موو ڕابردوو به‌ پیرۆز ده‌بینێت، بگره‌ زۆر جار ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌ر خودی نووسین به‌ شتێکی گڵاو ده‌زانێت و ڕێگەی نادات به‌بێ پاککردنه‌وه له‌ گومان و پرسیاره‌ به‌ده‌کان بچێته‌ ناو هه‌ندێک زۆنه‌وه‌، که‌ لای ئه‌و پیرۆزن و به‌ تابوو داده‌نرێن‌. ئه‌و ته‌ماهیکردنه‌ له‌گه‌ڵ مێژوو ئه‌ده‌بی نووسراوی ئێمه‌ی کردووەته‌ پاشکۆی‌ ئه‌ده‌بی زاره‌کی. به‌کورتی تێکڕای ئه‌رکی ئه‌و نووسه‌ره ‌له‌وه‌دا کۆ ده‌بێته‌وه‌، که ‌پێمان بڵێت ڕووداوێک هه‌یه‌ به ‌ناوی ئه‌نفال، ڕووداوێکی دیکه‌ هه‌یه ‌به ‌ناوی هه‌ره‌س، ڕووداوێکی دیکەیش ‌هه‌یه ‌به ‌ناوی کۆڕه‌و. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و پڕۆسێسه ‌به ‌زمانی ئه‌لیکترۆنی بنووسینه‌وه‌، ئاوای لێ دێت: نووسه‌ر کۆپییه‌ک له ‌لینکی واقیع وه‌رده‌گرێت و بۆمانی په‌یست ده‌کات. لێره‌ ناکرێت نه‌ڵێین ئه‌و نووسه‌ره تەنیا کاتێک ده‌زانێت له ‌کۆمه‌ڵگادا چه‌وسانه‌وه‌ هه‌یه‌، که ‌زمان زۆر ئاسان و شه‌فاف ده‌کرێته‌وه ‌و شته‌کان له‌ شێوه‌ی کۆمه‌ڵێک ئایکۆندا ده‌رده‌خرێن.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پێ له‌سه‌ر ئه‌وه ‌دابگرین، که زمانی ئه‌ده‌بیمان بووه‌ته‌ پاشکۆی زمانی سیاسه‌ت، ئه‌وە ده‌بێ بزانین ئاست و مه‌ودای زمانی سیاسه‌تمان چۆنه، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانین سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نووسه‌ره ‌ئه‌ده‌بییه‌ چه‌ند هه‌ژاره‌‌. ‌من پێم وایه ‌ئه‌و زمانه‌ی سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ پێوه‌ره‌کانی سیاسه‌ت خۆیشیه‌وه ‌لێک بده‌ینه‌وه‌، هه‌ر زمانێکی لاوازه‌. زمانێکه‌ تەنیا له‌ سنووری ناسینه‌وه‌ی لایه‌نگر و ده‌ستنیشانکردنی دوژمندا به ‌کار هاتووه‌. هێنده‌‌ی ئێمه‌ له‌ دوای ئه‌نفاله‌وه‌ سه‌رنجمان له‌ ئه‌ده‌بی خۆمان داوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ ئه‌وه‌ی له ‌پشت ئه‌و ئه‌ده‌به‌وه‌یه‌ ئایدیۆلۆجیایه‌کی هه‌ژاره‌، نه‌وه‌ک فکری ڕەخنەیی و فه‌لسه‌فه‌. ئه‌وه‌ی ناهێڵێت ئه‌نفال و هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ی مێژوویی بسوێنه‌وه‌، ئه‌و گوتار و لێکۆڵینه‌وانه‌ن، که‌ له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا بڵاو ده‌کرێنه‌وه و باس له‌ گه‌وره‌ییی ئه‌و تێکستانه‌ ده‌که‌ن، ئەو تێکستانەی ئەنفال و ڕووداوەکانی دیکەی مێژوویان وەک خۆی گوێزاوەتەوە‌. هه‌تا ئه‌مڕۆیش لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موو جوانییه‌کانی تێکستێک له‌وه‌دا کۆ ده‌کاته‌وه‌، که پڕیه‌تی له‌‌ ئێش و ئازار. ئازار بە مانا میلـلییەکەی، نەوەک بە مانا فەلسەفییەکەی. لێره‌وه‌یه‌ من باوه‌ڕم نییه‌، که‌ مه‌سه‌له‌که‌ تەنیا نه‌بوونی تێڕوانینی قووڵ بێت‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع، بەڵکوو به‌ پله‌ی یه‌که‌م نه‌بوونی شێوازێکی جیاواز و سه‌ربه‌خۆی هه‌ر نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌نفال له‌ واقیعدا کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌ی تێک شکاندبێت، ئه‌وە له‌ناو نووسیندا به‌رده‌وام ئیستاتیکامانی شێواندووه‌.

http://www.dengekan.com/doc/2007/4/anfal2007/karwan_kakaSwr.pdf




لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی.. کاروان عومەر کاکەسوور

پێشەکی:
لە بەرهەمەکانی پێشوومدا چەند جارێ ئاماژەم بە فەلسەفەی (کارڵ پۆپەر) کردووە. بۆ نموونە لەو گفتوگۆیەی (گۆران عەبدولڵا)ی بەڕێوەبەری (دەنگەکان) لەبارەی (کارڵ مارکس)ـەوە لەگەڵیدا کردووم، گوتوومە: {(کارڵ پۆپه‌ر) ئایدیۆلۆجیاکانی به‌ دوژمنی کۆمه‌ڵگەی کراوه‌ زانیون‌، به‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ڵگری حه‌قیقه‌تی ڕه‌هان و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ڕه‌هایه‌ش به ‌زۆر و له‌ ڕێگای زه‌بروزه‌نگه‌وه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەکاندا ده‌سه‌پێنن، وه‌ک له‌ کتێبی (کۆمه‌ڵگەی کراوه‌ و دوژمنانی)دا ده‌یبینین. (پۆپه‌ر) ڕه‌خنه‌ی توند له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مێژووگه‌رایی ده‌گرێت، که بە شێوە‌یه‌کی کۆنکریتی مه‌به‌ستی فه‌لسه‌فه‌ی (پلاتۆن)، (هیگڵ) و‌ (مارکس)ـه‌. واته‌ ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی وا له‌ مێژوو ده‌ڕوانن، که‌ ڕه‌وتێکی ڕێک و ڕاسته‌ و له‌ژێر زه‌بری حه‌تمیه‌تدایە‌، به‌و مانایه‌ی هه‌ر ده‌بێت به‌پێی ئه‌و پێشبینییه‌ی ئه‌وان بچێته‌ پێشه‌وه‌. له‌ کتێبی (هه‌ژاریی مێژووگەرایی)دا ئه‌و پێشبینییانه‌ به‌ خورافه‌ ده‌زانێت و پێی وایه‌ ناکرێت نه‌ له‌سه‌ر ئاستی عەقڵ و نه‌ له‌سه‌ر ئاستی زانستدا پێشبینیی چۆنیه‌تیی ڕه‌وتی مێژوو بکرێت، به‌و پێیه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ لایه‌ک پێوه‌ندیی به‌ خێراییی گه‌شه‌کردنی مه‌عریفه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌یش مه‌حاڵه‌ نه‌ له‌ ڕێگای زانست و نه‌ له‌ ڕێگای عەقڵه‌وه‌ پێشبینیی ئه‌وه‌ بکرێت، که‌ مه‌عریفه‌ی زانستیی مرۆڤ له‌ ئایینده‌دا چۆن گه‌شه‌ ده‌کات}. لە شوێنێکی دیکەی هەمان گفتوگۆدا ئاماژە بەوە دەکەم، کە {ئێمه‌ نه‌مانده‌توانی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گرێکی وه‌کو (کارڵ پۆپه‌ر) به‌ هه‌ند هه‌ڵبگرین و ناومان لێ ده‌نا ڕه‌خنه‌گری بۆرجوازی}.

مەبەست لەو ڕۆژگارەی سەردەمی بەعسە، کە کۆمەڵێک لاوی یاخی بووین و فەلسەفەی (مارکس) کۆی دەکردینەوە. هەر بە ڕاستی خۆم لەو ڕۆژگارەدا (پۆپەر)م ناسی، کە دەمویست بزانم ئەو ڕەخنەگرەی (مارکس) چیی نووسیوە و چۆن تیۆرییەکانی داڕشتوون. لە گفتوگۆکاندا بەردەوام ناوی دەهات و هەوڵ دەدرا بەرپەرچی ڕەخنەکانی بدرێتەوە، بگرە دەمانگوت ئەو کۆمەڵگە کراوەیەی دەیهێنێتە بەر چاو، هەر ئەو یۆتۆپیایانەیە، کە (مارکس) خۆی ڕەخنەی توندی لێ گرتوون. بۆ نموونە ئەو شەوەم لە بیرە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک فێرخوازی دیکەی چەپی زانکۆی مووسڵ لە ماڵی فێرخوازان (student houses)دا بە سەر برد و بەشداریم لەو گفتوگۆیەدا کرد، کە لەبارەی (مارکس)ـەوە کرا. وەک هەمیشە ناوی (پۆپەر)یش هات. یەکێ لەو هاوڕێیانە لە کاتی گفتوگۆکەدا تێبینییەکانی خۆی لەسەر کاغەزێکدا دەنووسینەوە، بەو مەبەستەی ئەو دەمەی نۆرەی دێت، لە بیری نەچنەوە و بە چاکی دەریانببڕێت. ئینجا چونکێ هەر لە قۆناغی سەرەتایییەوە بە عەرەبی خوێندبووی، بەو زمانە تۆماری دەکردن. ئەوەی تەنیشتی ملی ڕادەکێشێت و دەیانخوێنێتەوە. وا ڕێک دەکەوێت لە پێش ئەوەوە قسە بکات. دەڵێت: (کارڵ بووبووز ڕەخنەی زۆری لە مارکس گرتووە). واتە (پۆپەر)ی لێ دەبێتە (بووبووز). بۆمان دەرکەوت ئەو برادەرە یەکەمجارە ناوی (پۆپەر) دەبیستێت، ئەویش بە هەڵە.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نووسەر و ڕەخنەگرە میلـلییەکان بەردەوام کۆمەڵێک چەمکیان فڕێ داون و ناوی زۆر فیلۆسۆفیان هێناون، بێ ئەوەی ئاگایییەکی ئەوتۆیان لە بارەیانەوە هەبێت، کە خۆم لە ڕێی پرسیارەوە ڕووبەڕووی هەندێکیان بوومەتەوە. نوێترین بەرهەمم، گوتارێکە لە ژێر ناونیشانی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا بڵاو کراوەتەوە.
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم دەقی گوتوبێژێکی (ئارام کاکەی فەلاح)ی بۆ ناردووم، کە وەک ئەوەی پێی ڕاهاتووە بە زمانی میلـلی، ئەو زمانەی ڕۆژانە خەڵک لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا پێی دەدوێن، چەند شتێکی لەبارەی نووسینەوە گوتووە. ناوی کۆمەڵێک نووسەر و فیلۆسۆفی هێناون، کە یەکێکیان (پۆپەر)ـە. لێیان پرسیوە چ کتێبێک بۆچوونی گۆڕیوە. ناوی ئەوی لە پاڵ سێ نووسەری دیکەدا هێناوە. لێرەدا پەرەگرافەکەی وەک خۆی دەنووسینەوە:
(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی- کارڵ پۆپەر کە ساڵی 1945 نووسیوێتی لە دوو بەشی کتێبێکی گەورەدا کە ڕەخنەی گرنگ لە فیکری پڵاتۆن و هیگڵ و مارکس دەگرێ بۆ پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا و چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە، زۆر شت لەو کتێبەوە فێر بووم).

بۆ کەسێک کەمێک ئاگای لە فیکری (پۆپەر) بێت، دەزانێت نووسەری ئەم وشانە شتێکی ئەوتۆی لەو بارەیەوە نەگوتووە. با بۆ ئەو پەرەگرافە بگەڕێینەوە، کە من لە سەرەتای ئەم نووسینەمدا لەو گفتوگۆیەی خۆمەوە وەرمگرت، کە دە ساڵ لەمەبەر لە (دەنگەکان)دا بڵاو کراوەتەوە و دواتریش لەگەڵ گفتوگۆی کۆمەڵێک نووسەری تر لە شێوەی کتێبدا چاپ کراوە. ئەمڕۆ لەوە ئاسانتر نییە هەر کەسێک ئەم چەند وشەیەی لەبارەی (پۆپەر) و چەمکی (کۆمەڵگەی کراوە)وە دەست بکەون: (ڕەخنەی گرنگ لە فیکری پڵاتۆن و هیگڵ و مارکس دەگرێ). چاکە، بەڵام دوای ئەوە چیی دیکە هەیە؟ ئایا ئەو پەرەگرافەی بە دروستی داڕشتووەتەوە؟ نووسیویەتی: (بۆ پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا و چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە). (پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا)؟ (پۆپەر) ئەوەی کردووە؟ ئەوە زمانی نووسینە؟ (چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە)؟ ئەوە دەربڕینی نووسەرێکە، ئاگای لە (پۆپەر) و ئەو فیلۆسۆفانەی تر بێت، کە لەم گوتوبێژەدا ناوی هێناون؟ گوتوویەتی: (زۆر شت لەو کتێبەوە فێر بووم). ئایا وایە؟
لەم نووسینەمدا تەوەرەیەک بۆ ناساندنی فەلسەفەی (پۆپەر) تەرخان دەکەم و دواتر بۆ ئەم پەرەگرافە دەگەڕێمەوە، بەڵام ئێستا پێم خۆشە ئەوە بڵێمەوە، کە هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەی فیکری میلـلیدا دوو ڕێگە دەگرمە بەر. یەکەمیان، لە ئاستی بابەتەکەدا هەندێ پرسیار دەورووژێنم. وا پێویست دەکات پەنا بۆ ڕەگەزی پارۆدی ببەم. واتە گاڵتە بەو بیرۆکە ڕووکەشانە دەکەم، کە هەن. دیارە مەبەست لە نووسینی نووسەرە، نەوەک نووسەر خۆی، لە کاتێکدا هەر فیکرێک، ئینجا هیی سەرۆکی حیزبە، یان هیی سەرۆکی دەستگەیەکی کولتووری، هیی ڕۆماننووسی بەناوبانگە، یان هیی شاعیری ناسراو، بۆ ئەوەیە بکرێتە بابەتی نوکتە و پێکەنین. ئەوەی لە لای من نەکراوە و ناکرێت، گۆڕینی بوونی مرۆڤە بۆ بابەت، کە پێشتریش گوتوومە ئەوەی بوونی کەسێک دەکاتە بابەت، هاوکات بەوە ڕازییە بوونی خۆیشی بۆ بابەت بگۆڕێت. (ئەوەتە لێرەیشدا جەختم لێ کردەوە). دووەم، هەوڵ دەدەم ئەو چەمکانەی فڕێ دراون، کە زۆرینەی کات بۆ فریودانی خوێنەرە، دروستتر بۆ فریودانی جەماوەرە، هەڵبگرمەوە و لە ڕێی دایەلۆگەوە ڕەهەندەکانیان دەربخەم. مەبەست لە دایەلۆگ، بەسەرکردنەوەی ئەو کەناڵە فیکرییانەیە، کە لەو بارەیەوە دواون. دەمەوێت بڵێم چۆن ئەو چەمکانەی لە کاتێکدا کۆمەڵێک ڕەگیان لەناو فەلسەفەدا هەن و کۆمەڵێک بیرمەندیش پێوەیانەوە خەریک بوون، لە لای ڕەخنەگری میلـلی، یان نووسەری میلـلی دەچنە ئاستی میلـلی و بە زمانی ڕۆژانە وەسف دەکرێن.

لێرەدا بیرەوەرییەکی منداڵیم دەگێڕمەوە:

سەرەتای حەفتاکانە و تەمەنم شەش ساڵە. لەسەر شەقامی شەستمەتری بە پۆلێک یاریکەر دەگەم، کە بە شۆرت و فانێلاوە ڕا دەکەن. ژنێک دەبینم، لە ژنێکی دیکە دەپرسێت، کە لە بەردەرگەی خۆیاندا وەستاوە، ئاخۆ ئەوانە کێن و چی دەکەن. ئەو بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: یاریکەرن (لاعیبن). ئەگەر دەیانبینی لە تەلەڤیزیۆنیشدا چۆن گۆڵ دەکەن!
ژنی یەکەم مستێک بە سینگیدا دەکێشێت و بە خەمبارییەوە دەڵێت: هەی کوێراییم دابێت! هەی بمرم! وای نەمێنم!
هەندێک نووسەر و ڕەخنەگری میلـلی بێ ئەوەی بزانن ئەو چەمکانە چین و چۆن کاریان پێ کراوە، وەسفیان دەکەن و دەیانەوێت وامان پێشان بدەن، کە خۆیان پێوە ماندوو کردوون و بۆ هەر یەکێکیان چەند کتێبێکیان خوێندوونەتەوە. ئایا ئێمە ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی (ئارام کاکەی فەلاح) بگەڕێینەوە، هەم ئەوەی لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا نووسیونی، هەم گوتوبێژ و هەم گوتارەکانی، ئاماژەیەکی کاڵیش دەبینین، کە دەریبخات ئەو نووسەرە پێوەندیی بە خوێندنەوەی فەلسەفەوە هەیە؟ پاشکۆی کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)م بۆ بابەتێکی ئەو تەرخان کردووە و خوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە. ئەو پرسیارانەم لە لا نەدەورووژان، ئەگەر پێشتر بەو زمانە ڕۆژانەیییەی نەنووسیبووایە.
وەک گوترا دواتر بۆ ئەو پەرەگرافە دەگەڕێینەوە.

  • * * *
    کارڵ پۆپەر فیلۆسۆفی عەقڵ

    ئەو فیلۆسۆفی عەقڵە، بگرە بە یەکێک لە فیلۆسۆفە دیارەکانی عەقڵ دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، کە (92) ساڵی تێدا ژییا، بەڵام لەو بوارەیشدا ڕێگەیەکی تایبەت دەگرێتە بەر و فەلسەفەیەکی تایبەتیش دادەمەزرێنێت، بە ڕادەیەک لە هیچ کۆمەڵناسێکی دیکە ناچێت. (پۆپەر) نەک هەر مەبەستی نییە لە ڕێی توێژینەوەی زانستییەوە بە حەقیقەتی ڕەها بگات، بەڵکوو دەیەوێت ئەوەیش دەربخات، کە هەر عەقڵانیەتێکی زانستی بەرهەمی مێژوویەکی دیاریکراوە، بۆیە ناکرێت لە سەردەمێکی دیکەدا پەنای بۆ ببرێت، بەوەی زانین لە پەرەسەندنی بەردەوام و خێرادایە، کە ئەو گۆڕانکارییانە وامان لێ دەکەن گومان بە پێشڕۆی خۆمان بزانین و هەمیشە تیۆرییەکان بخەینە بەردەم تاقیکردنەوەی سەختەوە، ئاخۆ دەردەچن، یان دەکەون؟ ئەوە هەر تاقیکردنەوەکانن پەرە بە تیۆرییەکان دەدەن و دەیانخەنە ئاستی بەرزترەوە، بێ ئەوەی بهێڵن بگەنە خاڵی کۆتایی، تا خۆیان بە حەقیقەتی ڕەها دابنێن. بەم شێوەیە تیۆرییەکان کاتێ دەتوانن درێژە بە خۆیان بدەن، کە لە تاقیکردنەوە بەردەوامەکان دەردەچن، دەنا لە کەڵک دەکەون و بە هیچ پاساوێک ناتوانرێت ژیانیان بە بەردا بکرێتەوە. ئەم پرۆسێسە ناوی پووچەڵکردنەوە، یان ڕەتکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)ـەیە، کە ڕاستییەکەی مەبەست لە بوونی توانای بەدرۆخستنەوەیە و پێوەرە بۆ ئەوەی چی زانستی و چی نازانستییە. دواتر بەشێکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەین.
    دەکرێت بگوترێت (پۆپەر) مێتۆدێکی ڕەخنەییی تایبەت بە خۆی لە فەلسەفەی زانستدا دەگرێتە بەر، کە لەسەر پرینسیپی عەقڵانیەت دامەزراوە و لەوەدا بەرجەستەیە، ئایا چی ڕووی لە کرانەوەیییە و چی داخراوی بەرهەم دێنێت؟ بە مانایەکی دی، زانین (مەعریفە)ی زانستی لەو زانینە جودا دەکاتەوە، کە نەیتوانیوە بەو تاقیکردنەوانەدا تێبپەڕێت، تا زانستێتیی خۆی دەربخات.
    پرسیاری (پۆپەر) ئەوە نییە، ئاخۆ زانین سەرچاوەکەی عەقڵە، یان هەستەکان، بەڵکوو ئەوەیە، ئایا دروستە، یان نادروست؟ زانستییە، یان نازانستی؟ لە ڕێی لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی (The Logic of Scientific Discovery)یەوە دژی هەر لۆجیکێک دەوەستێتەوە، کە مەبەستیەتی بە شێوەی نازانستی پاساو بۆ ڕاستیی تیۆرییەکان بێنێتەوە. ئەو دەیەوێت بەو پێوەرە ڕاستگۆیانە بگات، کە بۆ عەقڵانیەت و زانست دەست دەدەن. ئینجا بەوەدا مێژووی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی سەیر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی پەرەسەندنی زانینەوە، ئەوە سەختە چۆنیەتیی گەشەکردنی ئەو زانینە بیهێنینە بەر چاو، لە کاتێکدا سروشتی زانین وایە، لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی قووڵتر گەشە دەکات، بێ ئەوەی بوەستێت، بۆیە هەر پێشبینییەکی ئاییندە لەم ڕووەوە کورت دەهێنێت و هیی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێت. کاتێکیش ڕێگەکانی گەشەکردنی زانین نازانین، ئەوە حەتمیەتی مێژوویی (historical determinism) جۆرێکە لە خورافە، بگرە تێگەیشتنێکی تیۆلۆجییە و ئەویش بە هەمان شێوەی حەقیقەتی ڕەها دەداتە دواوە. ئەو ئەگەر بە گشتی دژی حەتمیەتە، ئەوە لە بەرانبەردا ناحەتمیەت (indeterminism) دەخاتە ڕوو، کە زانینی زانستییانە دەیخوازێت، بەوەی زانینی زانستی پێویستە خاوەنی خەسڵەتی نزیکەیی بێت، نەوەک ڕەهایی، بگرە لەوەیش دوورتر دەچێت و بەردەمی بە کراوەیی جێ دەهێڵێت، تا هیچ شتێک ڕێ لە گەشەکردنی نەگرێت. وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت. واتە سنووری بۆ دانانرێت و ڕێ نادات پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین. لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمانانی)دا ڕەخنەی توند لە چەمکی حەتمیەت (determinism) دەگرێت، کە لە فەلسەفەی (پلاتۆ)، (هیگڵ)، (مارکس) و هیی دیکەدا بە زەقی دەبینرێت و بە مێژووگەرایی (historicism)یەوە گرێ دراوە. واتە مێژوو بە هێڵی ڕێکدا دەڕوات و قۆناغەکان بەپێی ئەو پێشبینییە دەبڕێت، بۆی کراوە. (پۆپەر) پێی وایە ئەمە دژی خوێندنەوەی ڕەخنەیییانەیە و ئەوانە دەیانەوێت بە شێوەیەک مێژوو ببینن، تەنیا بە یەک شێواز دەچێتە پێشەوە. دواتر بۆ ئەم چەمکە دەگەڕێینەوە و قسەی زیاتری لێوە دەکەین، کە بەشێکی گرنگی فەلسەفەی (پۆپەر)ی لەسەر دامەزراوە.

    ئەو بەوەدا فیلۆسۆفی ئەنتیگەوهەرگەرا (anti-essentialism)یە، نەوەک گەوهەرگەرا (essentialism)، ئەوە چەمکەکان ناخاتە ناو چوارچێوەی دیاریکراوەوە، تا لە گەوهەریان بکۆڵێتەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئەرک و ئامانجەوە لێیان دەڕوانێت. لە کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین: Conjectures and Refutations: The Growth of Scientific Knowledge)دا دەڵێت گەوهەرگەرا وا لە دنیای ئاسایی (ordinary world) دەڕوانێت، کە تەنیا ڕووخسارە و لە پشتیەوە دنیای ڕاستینە (real world) دەدۆزرێتەوە. ڕەگی گەوهەرگەرا بۆ (ئەرستۆ) دەگەڕێنێتەوە، کە پێی وایە ئەم ئاڕاستەیە بەرپرسیارە لەوەی زانستی کۆمەڵایەتی بە بەراورد لەگەڵ زانستی فیزیادا گەشەی نەکردووە. بەم شێوەیە چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، کۆمەڵگە، نەتەوە، دەوڵەت و زۆری دیکە لە لای ئەو لەو شوێنەوە گرنگن، کە چ کارێک لە تاک دەکەن و بە چ ئەنجامێکی دەگەیەنن. واتە ئامانجی زانستی کۆمەڵایەتی توێژینەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتییە.
    پۆپەر و کێشەی ئیندەکشن (The Problem of Induction)
    ئیندەکشن واتە سەرنجدانی توێژەر لە دیاردە و ڕووداو، بەو مەبەستەی لە ڕێیانەوە بە ئەنجامێک بگات. لەو ئەنجامەوە تیۆرییەک دادەمەزرێنێت و بە هۆیەوە هەوڵی توێژینەوەی ئەو شتانە دەدات، تا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. بە مانایەکی دی، لەو بەشە سەرنجدراوانەوە گشتێک پێک دەهێنێت. بەکورتی خوێندنەوەی گشت بە هۆی ئەو ئەنجامە تایبەتەی توێژەر لە ڕێی سەرنج و ئەزموون (observation and experiment)ـەوە بە دەستی هێناوە. وەک لە سەرەتای کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا دەڵێت بەو بەئەنجامگەیاندن (inference)ـە دەگوترێت ئیندەکتیڤ (inductive)، کاتێ لە باری کەسێتیی (singular statements)ـەوە گوازرایەوە، کە هەندێجار باری تایبەت (particular’ statements)یشی پێ دەگوترێت، وەک ئەوەی ئەنجامی سەرنج و ئەزموون لە ئاستی بابەتە گشتییەکاندا لە شێوەی گریمان (hypotheses) و تیۆری دەردەخات.

    دیدەکتیڤ (deductive) پێچەوانەی ئیندەکشن لە گشتەوە بۆ تایبەت ئاڕاستەیە، بەو مانایەی ئەو ئەنجامەی پێی دەگەین، لە پێوەرێکی لۆجیکییەوە هاتووە و کەمتر گشتییە لەو پێشەکییە گەورەیەی، کە لێیەوە دەرچووبووین. دیدەکتیڤ ناوەرۆکی ئاڕاستەی فەلسەفەی عەقڵ (rationalism) پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ئیندەکتیڤ هیی ئاڕاستەی فەلسەفەی ئەزموونگەریی (empiricism)ـە. (پۆپەر) ڕەخنەی توند لە دووەمیان دەگرێت و بە ڕێی تایبەتی خۆی دیدەکتیڤ پەسەند دەکات. ئەگەرچی سەرنج و ئەزموون بە تەواوی دوور ناخاتەوە، بەڵام بە سەرەکییان نازانێت، بەڵکوو بە شێوەیەک لێیان دەڕوانێت، کە یارمەتیدەرن لەوەی تیۆرییەکان تۆکمەتر بکەن. پێی وایە پرینسیپی ئیندەکشن (induction principle) نایەوێت یاسا گشتییەکان لە بەرچاو بگرێت، بەڵکوو دووریان دەخاتەوە. بەکورتی کێشەی ئیندەکشن، ئەوەیە، کە ئاییندە وەک ئێستا دەبینێت و وای دادەنێت هەمان ئەو بارودۆخەی لەم ئێستایەدا هەیە، لە ئاییندەیشدا دەمێنێت، لە کاتێکدا زانینی مرۆڤ لە گۆڕاندایە، کە مانای وایە بارودۆخ نەگۆڕ نییە. وەک لە کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا ئاماژە بە (نیوتن) و (ئاینیشتاین) دەکات، کە هەردووکیان لە بواری فیزیادا تیۆرییان داڕشتووە، بەڵام لە دوو بارودۆخی جیاوازدا. ئەوەی دووەمیان لە بواری کێشکردندا ئەوەی یەکەمیانی کردە گریمانەیەکی ڕووت. دەگوترا خۆر لە بیستوچوار سەعاتدا جارێک هەڵدێت و ئاوا دەبێت، کەچی دەرکەوت ئەو خۆرە لە زەریای بەستەڵەکی باکووردا لە نیوەی شەودا دەردەکەوێت. دەگوترا ئەنجامی تێکڕای بوونەوەران مردنە، کەچی دەرکەوت بەکتریا نامرێت، بەڵکوو لە شێوەی دابەشبووندا زۆر دەبێت.
    ڕاستییەکەی (داڤید هیۆم) پێشتر بە چڕی خۆی لە قەرەی ئیندەکشن داوە و لەم ڕووەوە دوو کێشەی دیاری کردوون: یەکەم، کێشەی لۆجیکی و دووەم، کێشەی سایکۆلۆجی. یەکەمیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە پێی وایە هەمان ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ دووبارە دەبنەوە و ئێمە سەرنجیان دەدەینێ، لە ئاییندەیشدا ئەو سیستەمی دووبارەبوونەوەیەی خۆیان دەپارێزن، لە کاتێکدا ئەمە تەنیا باوەڕی ئێمەیە و لەسەر بنەمای خوو (habits)، یان ڕاهاتن (customs) دامەزراوە. واتە پەنابردن بۆ پرینسیپی یەکێتیی سروشت (principle of Uniformity of Nature)، بەو مانایەی یاسا و میکانیزمەکانی سروشت ئێستا چۆنن، لە ڕابردوودا هەر وا بوون و لە ئاییندەیشدا هەر وا دەمێنێنەوە، هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە بەڵگەی بازنەیی (circular argument) ناسراوە. مەبەست ئەوەیە بۆ ئەوەی ڕاستێتیی شتێک بسەلمێنێت، لە ناو خۆیدا بەڵگەی بۆ دەهێنێتەوە. بۆ نموونە ئەم دەرمانە باشە، چونکە لەسەر پاکەتەکەیدا وا نووسراوە. کێشەی دووەمیان، کە سایکۆلۆجییە، (هیۆم) بۆ پرینسیپی پێوەندگەرایی (principles of association)ی دەگەڕێنێتەوە. وا ڕاهاتووین شتەکان پێکەوە دەبەستینەوە. لەبەر ئەوە نا پرسینسپی هۆکار دەیخوازێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێی ڕاهاتووین. ناکرێت بەبێ دووکەڵ، بیر لە ئاگر بکەینەوە، کە (هیوم) پێی وایە لێرەدا خەسڵەتی عەقڵ ونە. واتە دۆخی هۆکاری (causation) بریتییە لەو ڕاهاتنە هزرییەی، کە بەرهەمی پێکبەستنەوەیە، دەنا هیچ ڕاستییەکی ئۆنتۆلۆجیی لە پشتەوە نییە. بەم شێوەیە هەر مەعریفەیەک لەم هۆکارییەوە سەرچاوە بگرێت، دوورە لەوەی خاوەنی خەسڵەتی حەقیقەت بێت. ئەو فیلۆسۆفەی سەدەی هەژدەم ئەوە نییە بڵێت ئەزموون هەر بە هیچ شێوەیەک لە پێکهێنانی بیرۆکەکانماندا گرنگ نییە، بەڵام ئایا کاریگەرییە هەستییەکان (sense impressions)، کە ئەزموونی خۆمانیان لەسەر دادەمەزرێنین، تەنیا وێنەی هزریی ئەو شتانەن، دەیانبینین و حەقیقەت نانوێنن، یان هەر زانینی ڕاستی پێشان دەدەن؟ ئایا دەکرێت ئەو دۆخە ئەزموونکراوانە بەسەر ئەوانەیشدا بگشتێنین، کە هێشتا ئەزموون نەکراون؟ نەخێر، لە ڕووی لۆجیکییەوە ناکرێت، چونکە شتەکان زۆرینەی کات پێکەوە نەبەستراونەتەوە، مەگەر ئەوانەی لە ڕێی دووبارەکردنەوەوە پێیان ڕاهاتووین، بۆیە (هیۆم) لە ڕووی لۆجیکییەوە ئیندەکشن دەداتە دواوە و تەنیا لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە دەیهێڵێتەوە، کە بە هۆشیاریی کەسێتیمانەوە بەندە. هەرچی (پۆپەر)ـە لە ڕووی ئەپستمۆلۆجییەوە، واتە لە ڕووی تیۆریی زانینەوە ڕەخنەی لێ دەگرێت، کە هاوکات ئەوەی (هیۆم)یش بە ناعەقڵانی (irrational) دادەنێت.

    (پۆپەر) لەم ڕووەوە سوود لە بۆچوونەکانی (هیۆم) دەبینێت و پەرەیان پێ دەدات، کە یەکەم فیلۆسۆفە گومانی لە پرینسیپی ئیندەکشن کردبێت، بەڵام ڕەخنەی توندیشی لێ دەگرێت، بەوەی لە ئاستی سایکۆلۆجیدا دەیهێڵێتەوە.
    دەکرێت بگوترێت لە لای (پۆپەر) مێتۆدی زانستی بە پلەی یەکەم پشت بە گریمان دەبەستێت، نەوەک بە سەرنج و ئەزموون، چونکە ئەوەی ڕێمان دەدات ڕاستی و چەوتیی شتەکان دەربخەین، گریمانەیە، بەوەی هەر تیۆرییەک کاتێ وەک زانست دەناسرێت، کە توانای هەبێت بخرێتە بەر تاقیکردنەوەوە، بێ ئەوەی خۆی لە دەست بدات. ساتێ دەگوترێت گریمانە، واتە ئێمە بۆ سەلماندنی ڕاستیی تیۆرییەک ڕێگەیەکی دیاریکراومان نییە، بەڵکوو لە دۆخی دۆزینەوەی ڕێی گونجاوداین، کە دەشێ زیاتر لە تیۆرییەک بدۆزینەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی پشت بە ئیندەکشن دەبەستن، پێیان وایە تیۆریی زانستی، ئەوەیە، لە ڕووی ئەزموونەوە دەرکەوتووە، زانستییە، کە بە بڕوای (پۆپەر) ئەوانە دەرگە لە بەردەم کرانەوەی زانست دادەخەن و ڕێ نادەن قسەی دیکەی لێوە بکرێت. ئەزموون دەتوانێت لایەکی ئەو شتەمان پێشان بدات، بەڵام لاکانی دیکە دەشارێتەوە. واتە ئەگەر بێژمار بەڵگەمان دەست کەوت و سەلمێنرا لایەکی ئەم تیۆرییە دروستە، هێشتا لاکانی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە و نەسەلمێنراون. وەک لە سەرەتای کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا نموونە بە مەلی قوڵینگ (swan) دێنێتەوە، کە دەگوترێت هەموویان سپین، بەڵام کاتێک ڕەنگێکی دیکەمان دەست دەکەوێت، ئەوە تێکڕای ئەو بەڵگانەی بۆ ئەوە دەهێنرانەوە، گۆیە تەنیا قوڵینگی سپی هەیە، بەو دانەیە پووچ دەبێتەوە. بەکورتی هەزار قوڵینگی سپی ناتوانن بیسەلمێنن سەرجەم قوڵینگەکان سپین، بەڵام یەک قوڵینگی ڕەش دەتوانێت (یاسای گشت قوڵینگەکان سپین) بە درۆ بخاتەوە. پێی وایە لەم دۆخەدا پێویستە تیۆریست هەوڵ بدات تیۆرییەکەی بە لاوە بنێت (disprove) لە جیاتیی ئەوەی بیەوێت بەردەوام بیسەلـمێنێت. لەو ڕووەوە دەڵێت زانست یارمەتیمان دەدات وردەوردە (progressively) لە حەقیقەت نزیک ببینەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانین دڵنیا ببین بە ڕاڤەی کۆتایی (final explanation) گەیشتووین.
    پۆپەر و پرینسیپی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)

    لە سەرەوە کەموزۆر ڕوانینی (پۆپەر)مان لە مەڕ تیۆریی زانستییەوە دەرخست، بەڵام لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین وردتر لەبارەی ئەو میکانیزمانەوە بدوێین، کە ئەو لە پێکهێنانی تیۆریدا لە بەرچاویان دەگرێت. کاتێ دەڵێین تیۆری، ئەوە هاوکات ئاماژە بە کێشەیەک، یان چەند کێشەیەک هەیە، بەوەی تیۆرییەکان لە پێناوی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان دادەمەزرێن، تا چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە. لە لای (پۆپەر) شتەکە سەیر و تایبەت دێتە بەر چاو. پێشتر گوترا ئاڕاستەی ئیندەکشن مەبەستیەتی لە ڕێی سەرنج و ئەزموونەوە ڕاستێتیی تیۆرییەک بسەلمێنێت، کە لەم ڕووەوە بەردەوام بەڵگەی بۆ دێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕێیەکی پۆزەتیڤ دەگرێتە بەر و پشت بە پرینسیپی بەدروستزانین (verification) دەبەستێت، لە کاتێکدا (پۆپەر) نایەوێت ئەو بەڵگانە بدۆزێتەوە، کە تیۆرییەکە بە دروست دەزانن، بەڵکوو بە دوای ئەوانەدا دەگەڕێت، توانایان هەیە بە درۆی بخەنەوە. تا ئەودەمەی نەیدۆزیونەتەوە، ئەوە تیۆرییەکە زانستییە و بە دروست دادەنرێت. هەر تیۆرییەک ئەو پرینسیپە هەڵنەگرێت و نەتوانێت پێشبینیی ئەوە بکات ڕۆژگارێک بە درۆ دەخرێتەوە، مانای وایە نازانستییە. واتە بوونی ئەگەرەکانی بەدرۆخستنەوە (Potential falsifiers) تیۆریی زانستی لە هیی نازانستی جودا دەکەنەوە. وەک دەبینین بە شێوەی نەگەتیڤ مامەڵە دەکات، تا نەگاتە یەقین، بەڵکوو بەردەوام لەناو گریمانەدا بمێنێتەوە، چونکێ هیچ سەرچاوەیەک بە جێگەی بڕوای تەواو نازانێت، تا زانینی لێ وەربگرێت. وەک پێشتر گوترا ئەو سەرنج و ئەزموون بە تەواوی بە لاوە نانێت، بەڵکوو بەپێی پێویست و وەک ڕەگەزی یارمەتیدەر بۆ تۆکمەکردنی تیۆری پەنایان بۆ دەبات. واتە عەقڵ و ئەزموون پێکڕا بە سەرچاوەی زانین دەزانێت، بەڵام دەست لە گومان و ڕەخنە هەڵناگرێت. ئەوەی پرینسیپی بەدرۆخستنەوەی پەسەند کرد، زانستە و ئەوەی نەیکرد، مێتافیزیکە. دەکرێت بگوترێت بەدرۆخستنەوە، یان پووچەڵکردنەوە (Falsifiability) سنووری نێوان زانست و نازانست، یان زانست و مێتافیزیکا دیاری دەکات. وەک گوترا لە دژی پرینسیپی بەدروستزانین (verification) دەوەستێتەوە. ڕاستییەکەی بیرمەندانی ئاڕاستەی پۆزیتیڤیزمی لۆجیکی (Logical positivism)، کە دواتر ناویان بۆ ئەزموونگەراییی لۆجیکی (Logical empiricism) گۆڕا، لە بیستەکان و سییەکان لە نەمسا و ئەڵمانیادا چالاک بوون، پشتیان بەو پرینسیپە دەبەست. ئەوانی ئەندامی بازنەی ڤییەنا (Vienna Circle) وا لە زانینی زانستییان دەڕوانی، کە بریتییە لە کۆمەڵێک گشتاندنی ئەزمونییانە (empirical generalization). واتە چەند شێواز و سیستەمێکن، لە بارودۆخی جۆراوجۆردا دووبارە دەبنەوە و بە ڕێگەی ماتماتیکی، گرافیکی، یان سیمبۆلی وەسف دەکرێن. بە مانایەکی دی، یاساکانیان بەپێی لۆجیکی بەدروستزانین لە پوختەی پێکهاتە بەشییەکانەوە، کە بە پرۆسێسی کەڵەکەبووندا تێپەڕیون، وەردەگرن، بەو مانایەی ڕەزامەندی، یان جەختکردنەوە (confirmability)ی زۆریان بە دەست هێناون. لێرەدا پشت بە سەرنج (observation) دەبەستن، کە تێیدا هەستەکان ڕۆڵ دەبینن و بایەخیش بە پێوان (measurement) دەدەن. ئەوان بەوەدا توند پێ لەسەر مانای شت دادەگرن، ئەو ڕەزامەندی و جەختکردنەوەیە بە گرنگ دەزانن. دەیانگوت هیچ دەربڕینێک دروست نییە، ئەگەر بە پرۆسێسی بەدروستزانیندا تێنەپەڕێت، بەو مانایەی پێویستە بزانرێت، ئاخۆ دروستە، یان نا، کە هەر ئەوەیشیان بە پێوەری زانستی و نازانستی، لۆجیکی و نالۆجیکی دەزانی. واتە مانای ڕەهای شتیان دەخستە سەرووی هەر بابەتێکی دیکەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش پەنایان بۆ ڕاڤەی زمانی زانست دەبرد، کە کاریگەریی کتێبی (نامەی لۆجیکی فەلسەفی: Tractatus Logico-Philosophicus)ی (لودڤیگ ڤیتگینیشتاین)یان بەسەرەوە بوو، لەوەی ئەو دەڵێت ئامانجی فەلسەفە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی لۆجیکی بیرۆکەکان، بەو مانایەی فەلسەفە پراکتیکە، نەوەک تیۆری، کە ڕوونکردنەوەی لۆجیکی مانای بیرۆکەکان هاوکات ڕوونکردنەوەی بابەتە فەلسەفییەکانە. (پۆپەر) کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)ی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانە تەرخان کردووە و پێی وایە ئەرکی فەلسەفە نە ڕاڤەکردنی لوغزەکانی زمانە و نە ڕوونکردنەوەی دەربڕین و دەستەواژەکانیشیەتی، بەڵکوو ئەرکەکەی گەڕانە بە دوای تیۆرییە دروستەکان. ڕاستە (پۆپەر) ڕۆژگارێک بە شێوەیەک لە شێوەکان لەو ئاڕاستەیەوە نزیک بووە، بە تایبەتی خۆی بە هاوڕێی (هێربەرت فیگل)، (ڤیکتۆر کرافت)، (فریدرێک وەیزمان) و (کورت جیودل)ی ئەندامانی زانیوە، بەڵام بەوەدا ئەو ئاڕاستەیە وا لە زانست دەڕوانێت، ڕەهایە، ئەوە لەگەڵی ڕێک ناکەوێت، لە کاتێکدا ئەو پێی وایە زانست هەمیشە پێویستی بە گەشەکردن هەیە و ناگاتە خاڵی کۆتایی، بۆیە گریمانە و قەبڵاندن (guessing) خەسڵەتی زانستی ڕاستینەن. لە گوتاری زانست وەک بەدرۆخستنەوە (Science as Falsification)دا، کە پێشتر لە کۆرسێکدا پێشکەشی کردووە و لە (1963) لەگەڵ چەند گوتاری دیکە لە کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین)دا چاپ کراوە، دەڵێت لە پاییزی (1919)ـەوە ویستوویەتی ڕووبەڕووی ئەو گرفتە ببێتەوە: (کەی دەکرێت تیۆرییەک وەک زانستی پۆلێن بکرێت؟: When should a theory be ranked as scientific?)، یان (ئایا پێوەرێک بۆ خەسڵەتی زانستییانە و پایەی تیۆرییەک هەیە؟: “Is there a criterion for the scientific character or status of a theory?). دەڵێت ئەوەی ئەوسا تووشی نیگەرانیی کردووە، ئەوە نەبووە، ئاخۆ (کەی تیۆرییەک دروستە؟)، یان (کەی تیۆرییەک پەسەندکراوە؟)، بەڵکوو ئەو پرسیارانەی سەرەوەن، کە لەوێوە ڕەخنەی لە ئیندەکشن گرتووە و هەوڵی داوە تیۆریی زانستی لە هیی نازانستی جودا بکاتەوە. لە کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە: The Myth of the Framework)دا، کە دوا بەرهەمیەتی و تێیدا باس لەو تاوانانە دەکات، بە هۆی بوونی باوەڕی ڕەهاوە ڕووبەڕووی داهێنەرانی زانست بوونەتەوە و هاوکات پێ لەسەر بایەخی زانست دادەگرێت، کە چۆن لە ڕێی ڕەخنەوە بەرپەرچی هەموو جۆرە ئەفسانەیەکی داوەتەوە. لەوێدا دەڵێت: (ئێمە ئەگەر تیۆرییەکەمان تاقی کردەوە و دەرمانخست چەوتە، پێویستە دیاری بکەین چ بەشێک لەو بەشانەی پێکیان هێناوە، لە سەرنەکەوتنەکەیدا بەرپرسیارە). بەم پێیە ئێمە لە ڕێی بەدرۆخستنەوەوە زانینمان پێش دەخەین، کاتێ لە کێشە کۆنەکانەوە بەرەو کێشە نوێیەکان دەچین، بەو مانایەی لە هەڵەکانمانەوە فێر دەبین و ئەوەیشە هێزی بەردەوامیمان پێ دەبەخشێت).

    (پۆپەر) لە ڕێی ئەم چوار هێمایەوە بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو: (P1 » TT » EE » P2.). (P) واتە کێشە (problem). (TT) کورتکراوەی تیۆریی کاتی (tentative theory)یە. (EE)ی بە مانای بنەبڕکردنی هەڵە (error-elimination) دێت، کە ڕاستییەکەی واتای هەوڵە بۆ نەهێشتنی هەڵە ( stands for ’attempted’ error-elimination)، بە تایبەتی لە ڕێی گفتوگۆی ڕەخنەیییەوە. مەبەست لە (P2) دانانی کێشەیەکی نوێیە، کە پێویستە چارەسەری نوێیشی بۆ بدۆزرێتەوە. بەکورتی مەبەست لەوەیە چۆن زانین گەشە دەکات و لە وەستان ناکەوێت. پێچەوانەی ئاڕاستەی ئەزموونگەراییی لۆجیکی، کە وای دەبینێت ڕەوتی زانست بریتییە لە کەڵەکەبوون، ئەو پێی وایە شۆڕشگێڕییە، بەو مانایەی پێشکەوتنی زانست تیۆرییەک دەخاتە شوێنی یەکێکی ترەوە و ئامانجیشی نزیکبوونەوەیە لە حەقیقەت. نزیکبوونەوە، نەوەک گەیشتن. واتە گەڕانی بەردەوام بە دوای ئەو تیۆرییانەی پتر لەگەڵ واقیعدا دەگونجێن و دەتوانن گۆڕانی تێدا بکەن. لێرەوەیە پێ لەسەر زانینی بابەتییانە (Objective knowledge) دادەگرێت، کە لەسەر بنەمای قەبڵاندن دادەمەزرێت و ڕێ دەدات بخرێتە بەردەم تاقیکردنەوەوە. زمان تێیدا خاڵی گەوهەرییە، بەوەی زانین تەنیا کاتێ لە بواری خودەوە بۆ بواری بابەتی دەگوازرێتەوە، کە لە شێوەی زمان دادەڕێژرێتەوە، بە مەرجێ تاقیکردنەوە و ڕەخنە لەو پرۆسێسەدا چالاک ببن. پێی وایە لەم ڕووەوە (کانت)ی فیلۆسۆف یەکەمجار پێی لەسەر بابەتێتی بابەتی زانستی داگرتووە، کە ئەوەیش پێوەندییەکی پتەوی بە دامەزراندنی تیۆرییەوە هەیە، لە ڕێی گریمان و بابەتی گشتی (universal statements)یەوە، لە کاتێکدا (پۆپەر) لە کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا دەڵێت خۆی بە شێوەیەکی جیاواز چەمکی بابەتی (objective) و تایبەتی (‘subjective)ی لە هیی (کانت) بە کار دەهێنێت. لە لای (کانت) وشەی (تایبەتی) ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە زانینی زانستی پێویستە پاساوی هەبێت (justifiable) و تەواو لە هەوەس (whim)ی کەس سەربەخۆ بێت. پاساو پێویستە بابەتی بێت، ئەگەر لەسەر ئاستی پرینسیپدا بگونجێت لەلایەن کەسەوە ئەزموون بکرێت و لێی تێبگەیشترێت. (کانت) دەنووسێت: (ئەگەر شتێک ڕاست بوو) لە لای هەر کەسێک بە گوێرەی ئەو بیرۆکەیەی هەیەتی، ئەوە بنەماکەی بابەتی و تەواوە. (پۆپەر) هەر لێرەدا دەڵێت بەڵام تیۆریی زانستی هەرگیز بە تەواوی قەبووڵی ناکات پاساوی بۆ بهێنرێتەوە و بەدروستزانین (verifiable)ی بۆ بکرێت، بەڵکوو تەنیا تاقیکردنەوە دەخوازێت.

    (پۆپەر) لەم ڕووەوە پشت بە تیۆریی هەوڵ و هەڵە (trial and error) دەبەستێت، کە پێشتر (ئێدوارد تۆرەندایک: Edward Lee Thorndike)ی دەروونناس لە بواری سایکۆلۆجیای پەروەردەیی (Educational psychology)دا پەنای بۆ بردووە. مەبەست ئەوەیە چۆن بوونەوەر لە ڕێی هەڵەکانیەوە فێر دەبێت چارەسەر بدۆزێتەوە. پرۆسێسێکە، دەکەوێتە پێش سەرنجەوە، بەوەی هەر کاتێ هەستمان کرد هەڵەیەک هەیە، هەوڵێکی تر دەدەین، تا هیی ڕاست دەدۆزینەوە. لێرەدا سوودی لە هەڵبژاردنی سروشتی (natural selection)ی (چارلز داروین)یش بینیوە، کە چەمکێکی بنەڕەتییە لە تیۆریی پەرەسەندندا و مەبەستی ئەوەیە سروشت پەنا بۆ کرداری هەڵبژاردن دەبات، تا لە ڕێی بۆماوەوە ئەوانە بهێڵێتەوە، کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا توانای خۆگونجانیان هەیە و هاوکات ئەوانەی لەم خەسڵەتە بێبەشن، بە لاوەیان دەنێت. لەمەوە بوونەوەر دۆخێک جێ دەهێڵێت و دەچێتە دۆخێکی باڵاترەوە. لە کتێبی (گەڕان بە دوای جیهانێکی باشتردا: In Search of a Better World)دا دەنووسێت: (بەپێی داروینیزم بوونەوەر لە ڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە خۆی لەگەڵ ژینگەکەیدا دەگونجێنێت، کە ئەوەمان فێر دەکات ڕۆڵی بوونەوەر لەم پرۆسێسەدا نەگەتیڤە، بەڵام لێرەدا ئەوەی زۆر گرنگ دێتە بەر چاوم، ئەوەیە، کە بوونەوەر لە ژیانێکی باشتر دەگەڕێت. بەم شێوەیە داهێنان دەکات و ڕێکخستنێکی نوێ لە ژینگەدا دێنێتە دی). (پۆپەر) بە هەمان شێوە لە پرینسیپی هەوڵ و هەڵەدا ئەوە دەبینێت، کە تیۆرییە گونجاوەکان دەمێنێنەوە و گەشە دەکەن. پێی وایە لەمەدا هەم مرۆڤ و هەم ئاژەڵ هاوبەشن، بەوەی لە ئەمیبای یەکخانەوە بیگرە تا مرۆڤی بەرزترین ئۆرگانیزم پەنای بۆ دەبەن. ئەمیان بە شێوەی میکانیکی و ئەویان بە شێوەی هۆشیاری. بەوەدا مرۆڤ خاوەنی زمانە، ئەو زانینەی خۆی بابەتییانە و لە شێوەی بیردۆزە دادەڕێژێت. لەو گوتارەی ناوی ناوە (دایەلکتیک چییە؟)، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە لە ڕێی (هەوڵ و هەڵە)وە بیری مرۆڤایەتی گەشە دەکات، بۆیە هەر کاتێ ئەو دۆخە ونە، ئەوە تیۆرییەکان بە شێوەی دۆگمایانە پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان دەکەن.

    (پۆپەر) لە بواری زانینی بابەتییانە (Objective knowledge)دا باسی سێ جیهان دێنێتە گۆڕێ و مەبەستیش لە ڕێگەی پەرەسەندن (evolutionary approach)ـە، بەو مانایەی زانینیش وێنەی بوونەوەر بە پرۆسێسی هەڵبژاردنی سروشتیدا تێدەپەڕێت، کە ڕاستییەکەیشی لە بەرهەمە درەنگەکانی ئەو فیلۆسۆفەیە. سێ جیهانەکە ئەمانەن:
    جیهانی یەکەم، جیهانی شتی ماددی (physical objects)یە، کە ئەوانەن، هەستیان پێ دەکرێت، چ زیندوو و چ بێگیان. جیهانی دووەم، ئەزموونی خودی (subjective experiences)یە، کە لایەنی هەست و نەست دەگرێتەوە. لە پاڵ هەست و سۆزدا، کرداری عەقڵییش سەر بەم دنیایەیە. دەکرێت بگوترێت لایەنی سایکۆلۆجیایە. جیهانی سێیەم، هیی فیکرە، بەو مانایەی بەرهەمی مرۆڤە و ڕەگەزی زمانی تێدا دەردەکەوێت. داهێنانی هونەری، ئەدەبی، فەلسەفی، زانستی، مۆڕاڵی و زۆری دیکە لەم دنیایەدا سەر هەڵدەدەن و گەشە دەکەن. جیهانی کولتوورە. ئەو سێ جیهانە نەک سنووری کۆنکریتبەندییان لە نێواندا نییە، بەڵکوو بەسەر یەکیشدا کراوەن و ئەمیان کار لەویان دەکات. جیهانی دووەم ئەڵقەی پێکبەستنەوەی جیهانی یەکەم و جیهانی سێیەمە، بەو مانایەی جیهانی خودە، کە لە ڕێی هەست و عەقڵەوە جیهانی یەکەمی ناسیوە و هەر خۆیشی جیهانی سێیەمی بە پێکهاتەی جیهانی یەکەم ئەفراندووە. لە جیهانی یەکەمدا مرۆڤ ڕووبەڕووی کێشەکان دەبێتەوە و بە سروشتی خۆی بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت، کە لێرەوە بۆ جیهانی دووەم دەپەڕێتەوە، کە جیهانی ئەزموونی خودی (subjective experiences)یە. ئەو ئەزموونە بەردەوام گەورە دەبێت، مادام پاڵی پێوە دەنێت لە حەقیقەت نزیک ببێتەوە. هۆشیاریی زیاتر پەیدا دەکات و دەبێتە خاوەنی یادەوەریی تایبەتی خۆی. ئینجا جیهانی سێیەم دەردەکەوێت، کە تێیدا لە ڕێی زمانەوە تیۆری دادەڕێژێت و بە هۆیەوە ڕووبەڕووی جیهانی ماددی، واتە ڕووبەڕووی جیهانی یەکەم دەبێتەوە.
    (پۆپەر) تیۆریی زانستیی لە شێوەی هیی (ئاینیشتاین) لە هیی کۆمەڵایەتیی (مارکس) بە نموونە و هیی سایکۆلۆجیی (فرۆید) و (ئەدلەر) بە نموونە جودا دەکاتەوە، کە ئەوەی (ئاینیشتاین) دەخرێتە بەر تاقیکردنەوەوە، بەڵام هیی ئەوانەی دی نا. دەشێ ململانێی کۆمەڵگە لە چینایەتییەوە سەرچاوە نەگرێت، یان فڵان کێشە دەروونی نەبێت، بەڵام بەوەدا ناخرێنە بەردەمی ئەو تاقیکردنەوەیەوە، ئەوە سەختە بە لاوە بنرێن، بەوەی هەمیشە لایەنگرانیان پاساویان بۆ دێننەوە. دەروونشیکاری (psychoanalysis) لە لای (پۆپەر) زانست نییە، با لە ئاستی فرەواندا کاری پێ بکرێت و لایەنگرانیشی زۆر بن. تیۆریی (ئاینیشتاین) لەگەڵ ماددەدا مامەڵە دەکات، کە ڕووناکایییە، بۆیە ئاسانە بخرێتە بەردەم تاقیکردنەوەوە و ئەنجامەکەی ببینیت، یان ڕاستی و ناڕاستیی تیۆریی ڕێژەیی بسەلمێنرێت. کاتێ دەڵێت تیشک لار دەبێتەوە، ئەگەر بە تەنێکی قورسدا بڕوات، زانست سەلماندوویەتی، کە دروست بۆی چووە، لە کاتێکدا بابەتی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و هیی تیۆریی سایکۆلۆجی ماددە نییە، بەڵکوو مۆڕاڵە، کە ڕێگرن لەوەی تاقی بکرێنەوە. هەر ئەوە وا لە (پۆپەر) دەکات بە نازانستییان لە قەڵەم بدات. ئەوانە دەتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنن و درێژە بە ژیانیان بدەن. پێیان دەکرێت وەهم لە لای مرۆڤ دروست بکەن و هەر بەو وەهمەیشەوە لێیان بڕوانن. هەندێک لەو تیۆرییانە کاتێ لە تاقیکردنەوەدا کورت دەهێنن، هێشتا لایەنگرانیان بەرگرییان لێ دەکەن و هەوڵ دەدەن هەندێک گریمانەی یارمەتیدەریان بۆ دابنێن، یان بە شێوازی وا ڕاڤەیان بکەنەوە، کە بە لاوە نەنرێن. ئەوە بە فێڵی کۆنەخوازانە (conventionalist twist) ناو دەبات. ئەو سەرەڕای سەرسامیی بە تیۆریی (پەرەسەندن)ی (داروین)، کە دەڵێت تیۆرییەکی بەهێزە، بەڵام هێشتا پێی وایە چوارچێوەیەکی مێتافیزیکیی هەیە و ناکرێت بڕوا بێنین بە شێوەی زانستی پەرەسەندنی لێک داوەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بە پرینسیپی مانەوە بۆ گونجاوترینەکان (survival of the fittest) سەرسامە، بەوەی دەکرێت لێیەوە بڕوانینە تیۆرییەکان، تا بزانین کامیان زیاتر بەرگەی تاقیکردنەوەکان دەگرێت و پتر مانەوەی خۆی دەسەلمێنێت. ڕاستییەکەی (پۆپەر) بەو مەبەستەی زانست لە نازانست جودا بکاتەوە، هەمیشە دڵڕەقانە لە تیۆرییەکان دەڕوانێت.

    ئەگەر (پۆپەر) ڕەخنەی توند لە (پلاتۆ) دەگرێت و پێی وایە بیرۆکەکانی (سۆکرات)ی شێواندووە، بگرە ناپاکیی لە فێرکارییەکانی کردووە، ئەوە لایەنگرێتیی خۆی بۆ (سۆکرات) ناشارێتەوە، بە تایبەتی لەوەدا، کە ڕوانینێکی زانستییانەی بۆ زانین هەیە و پێی وایە هەموو زانینەکەی لەوەدا کۆ دەبێتەوە، دەزانێت نەزانە. واتە بەردەوام پێویستی بە گەڕان، لێکدانەوە و فێربوون هەیە. ئەوە هەر ئەوەیە (پۆپەر)یش پێی لەسەر دادەگرێت و لەو تێگەیشتنەوە دەیەوێت تیۆرییەکان هەمیشە تاقی بکرێنەوە و هەرگیز بە خاڵی کۆتایی نەگەن. ئایدیۆلۆجیاکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کلیلی زانینی گەردوونیان دۆزیوەتەوە و چارەسەری هەموو گرفتەکانیان لە لایە، لە کاتێکدا ڕێ نادەن بخرێنە بەردەم تاقیکردنەوەوە. بەر لەوەی نەمسا جێ بهێڵێت و ڕوو لە نیوزلاند بکات و دواییش لە لەندەن بگیرسێتەوە، بە هۆی نەدارییەوە لە دارتاشخانەیەکدا کاری دەکرد. دەڵێت هێندەی لە (وەستا ئۆلبێرت)ـەوە فێری تیۆریی زانین بووە، لە هیچ یەکێ لە مامۆستاکانی تری فێر نەبووە، لە کاتێکدا ڕۆڵەی خانەوادەیەکی ڕۆشنبیری ئۆرستۆکراتی بووە، کە هەم دایکی و هەم باوکی بە کەسانی ئەکادیمی و هونەردۆست دادەنران. ئەو وەستایە وای کردووە هەست بکات شاگردی (سۆکرات)ـە. ئەوەی (سۆکرات) دەڵێت پێویستە مرۆڤی دەوڵەتدار، واتە ئەوەی لە سیاسەتدا کار دەکات، زانا بێت، وای لێک دەداتەوە، کە دەبێت ددان بەوەدا بنێت هیچ نازانێت. (پۆپەر) لە پێشەکیی کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە: The Myth of the Framework)دا دەنووسێت: (خۆمم بە پسپۆر دانەناوە، نە لە زانست و نە لە فەلسەفەیشدا، بەڵام بە درێژاییی تەمەنم هەوڵی ڕاستیم داوە شتێک لەم دنیایە بگەم، کە تێیدا دەژین. باوەڕم وایە زانینی زانستی و عەقڵانیەتی مرۆڤایەتی، کە هەمیشە ئەو زانینە بەرهەم دێنن، هەمیشە هیی ئەوەن بکەونە هەڵەوە). ئەو بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت زانین فریومان نەدات و بەردەوام چاومان لە ئاستی هەڵەدا کراوە بێت. هەر لەو کتێبەدا دەڵێت: (دەکرێت من هەڵە بم و دەشێ تۆ ڕاست بیت. بە هەوڵدان زیاتر لە حەقیقەت نزیک دەبینەوە). ئینجا ئاماژە بەوە دەدات، کە لە ساڵی (1945) ئەو دوو دێڕەی بە هێڵی لار لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا نووسیوە. ئەوە دەڵێت، بەڵام لە بیریەتی، کە نابێت هەرگیز بە حەقیقەت بگەین. ئینجا ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەخنەگرانی ئەو کتێبە هیچ کاتێ نەیانویستووە ئەو دوو دێڕە ببینن، بەڵکوو هەندێکیان گوتوویانە ئەو کتێبە خاڵییە لە ڕەوشت، یان لە تیۆریزەی ڕەوشت. هەندێکیشیان دەڵێن ئەو کتێبە دۆگماتیزمی هێناوە.
    لە کتێبی (گەڕان بە دوای جیهانێکی باشتردا)دا ڕەخنە لە چەمکی ڕێژەیی (Relativism)یش دەگرێت و پێی وایە ناپاکییە لە ئاستی حەقیقەت و مرۆڤایەتی (betrayal of reason and of humanity)دا، بگرە یەکێکە لەو تاوانانەی ڕۆشنبیران کردوویانن، کە مانای حەقیقەت و مانای یەقینیان تێکەڵ کردووە. هەر لە کتێبەدا خۆی وا دەناسێنێت، کە کەسێکی عەقڵانییە و باوەڕی بە عەقڵی مرۆڤایەتی هەیە. ئەگەر خۆی بە دوایین عەقڵانی دەزانێت، کە پاشماوەکەی مابێتەوە، ئەوە مەبەستی ئەوەیە بە ئاسانترین ڕێگەی زمان دەدوێت، وەک ئەوەی مامۆستای مەزن (بێرتراند راسێل) پێی دەدوا، چونکێ ئامانجی سادەییی زمان، ڕۆشنگەرییە، نەوەک پاوانخوازی. هەر لەو کتێبەدا
    لەگەڵ ئەوەیشدا زمانی (پۆپەر) ئەگەر سادەیە، وەک خۆی دەڵێت، مانای وا نییە ڕووکەشە، بەڵکوو بەوەدا بە مەبەستی ڕەخنەیەکی توند ڕۆ دەچێتە ناو بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، مێژوو، فیزیا، بایۆلۆجیا و ئەوانەی دیکەوە، ئەوە ئەم زمانە ئاستی زانراو جێ دەهێڵێت، بۆیە تێگەیشتنی بابەتەکانی، وردبوونەوەی قووڵ دەخوازێت. هەندێک لەگەڵ (گاستۆن باشولار)ی فیلۆسۆفی فرانسیدا بەراوردی دەکەن، بەوەی ئەویش فیلۆسۆفی عەقڵە، بەڵام من لە ڕێی خوێندنەوەی بەرهەمەکانیەوە (پۆول ڕیکۆر)م هاتووەتە بەر چاو، کە ئەویش بە شێوەیەکی چڕ مێژووی زانینی مرۆڤایەتی لە گریکەوە تا سەردەمەکەی بە سەر کردووەتەوە. دیارە ڕێگە و ئامانجی هەر یەکەیان لە هیی ئەوەی تریان جیاوازن.

    پۆپەر و ڕەخنە لە مێژووگەرایی

    لە بەشەکانی پێشوودا بە شێوەیەک لە شێوەکان بینیمان (پۆپەر) ددان بە ڕاستێتیی فەلسەفەی (پلاتۆ)، (هیگڵ) و (مارکس) دانانێت، بەوەی هەر یەکەی بە ڕێی خۆی پێی وایە ئەو یاسایانەی دۆزیونەتەوە، کە مێژوو دەبزووێنن و بەرەو ئەنجامی دیاریکراو (certain outcomes) ئاڕاستەی دەکەن. لە دیدی ئەودا یاساکانی مێژوو لە هیی سروشت (laws of nature) جیاوازن و ڕوانینێکی لەم شێوەیەی هیی ئەوان لەسەر بنەمای دۆگماتیزم دامەزراوە، کە هەموو شتێک ڕەها دەبینێت، بگرە ملکەچی حەتمیەتە مێتافیزیکییەکانیان دەکات. ئەوان باوەڕیان وایە، کە دەکرێت هاوشێوەی بواری سروشتی لە بواری کۆمەڵایەتیدا پێشبینی بکرێت و بە ڕوونی بێتە دی، لە کاتێکدا (پۆپەر) بە توندی لە دژی ئەو باوەڕەدا دەوەستێتەوە، بۆیە دەیەوێت جینیالۆجیا بۆ فیکری سیاسیی هەر یەک لەو فیلۆسۆفانە بکات، کە ئەوە پێوەستە بە ڕەخنەی توند، بە مەبەستی هەڵتەکاندنی پایەی تیۆرییەکانیان. لە سەرەتای کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا دەنووسێت باوەڕهێنان بە چارەنووسی مێژوو، خورافەی ڕووت (sheer superstition)ـە، کە ناکرێت بە ڕێی زانستی و عەقڵی ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی پێشبینی بکرێت. بۆ نموونە لە دیدی (مارکس)دا دەتوانیت پێشبینیی شۆڕشی سۆشالیستی بکەیت، وەک ئەوەی لە زانستی ئەسترۆنۆمیی نیوتنی (Newtonian Astronomy)دا پێشبینیی خۆرگیران و مانگیران دەکرێت. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بە زانستی ساختە (pseudoscience) دادەنێت، کە تۆتالیتاریانیزم هان دەدات دەست بەسەر کۆمەڵگەدا بگرێت و تاکەکان بچەوسێنێتەوە. ئەو کتێبەی پێشکەش بە سەرجەم مرۆڤی جیهان کردووە، کە بوونەتە قوربانیی باوەڕی کۆمۆنیزم و فاشیزم. هەر لە پێشەکییەکەدا دەڵێت چەمکی ناباوی مێژوگەرایی (هیسترۆسیزم) خۆی دایهێناوە، تا بتوانێت لە ڕێیەوە ئەوەی پێ دەرببڕێت، کە مەبەستیەتی.
    لەو کتێبەدا (پلاتۆ) بە باوکی ئەو باوەڕە میلیتاریستییە مۆدێرنە دادەنێت، کە نازیزمی ئەڵمانیا، فاشیزمی ئیتاڵیا، میلیتاریزمی ژاپۆن، ستالینزمی سۆڤیەتی پێ دەناسرێتەوە. ئەو فیلۆسۆفەی گریک لە پێناوی پاراستن و هێشتنەوەی دەوڵەتدا قوربانی بە تاک دەدات، کە ئەو تێگەیشتنە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتاریانیزم پێک دەهێنێت. لە کۆمارەکەیدا پاشا فیلۆسۆفەکان دەخاتە سەرەوە، کە بە هۆی سەربازی دەستەبژێر و بە یارمەتیی چینی فرەوانی کرێکاران دەپارێزرێن. ئەوانی هەمووشتزان لەو جیهانە ئایدیالەدا لە یاساکانی کۆمەڵگە دەزانن و هەر خۆیشیان پلانی سیاسەت دادەڕێژن. لێرەدا زانین بەرهەمی سروشت و کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو بە بوونەوەری ئایدیالییەوە پێوەستە، کە لە دنیای ڕووت (ئەبستراکت)، واتە دنیای ئایدیالی ئەبەدیدا هەیە. بەپێی تیۆریی شێوەکان (theory of forms) شتەکانی دنیای مەتێریەل و هەستەکان لە گۆڕاندان، بەڵام لە دنیای ئایدیالدا وەک خۆیان پارێزراون، چونکێ ئەوەیان دنیای ڕاستینەیە و ئەوانەی دنیای هەستپێکراو وێنەی لاساییکەرەوەی ئەوانن. لەم دنیایەدا پێویستە تاک دەست لە ئازادیی خۆی هەڵبگرێت و ملکەچی سەرۆکەکانی ببێت، دەنا ئارەزووە نەگریسەکانی، کە بە کۆکردنەوەی سامان و دەستەڵاتەوە پێوەستن، ململانێیان لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی نەمانی کۆمەڵگە. بەم شێوەیە (پلاتۆ) بەو ڕوانینە بەرزگەرایییە خوداوەندییەی دژایەتیی ڕوونی خۆی بۆ بیرکردنەوەی ئازادیی تاک ڕادەگەیەنێت و بە ڕەوای دەزانێت تاکەکان بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، کە لە دیدی (پۆپەر)دا (پلاتۆ) نایەوێت ئەندامانی چینی ژێرەوە بگۆڕێن، بەڵکوو دەیەوێت هەر لەم دۆخەدا بمێنێنەوە، کە بەم شێوەیە مێژوو ملکەچی یاسای پۆڵاین دەکات، بە جۆرێک مرۆڤ لە سایەیدا زەلیل ببێت. پێی وایە شتەکان چەسپاو و ڕاستین، کە هیچ گومان هەڵناگرن. هەر لەو کتێبەدا، واتە لە (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پرسیاری (پێویستە کێ فەرمانڕەوایی بکات؟)ی (پلاتۆ) بۆ {چۆن دەتوانین دامودەستگەی سیاسی بە شێوەیەک ڕێک بخەین، کە ڕێ لە فەرمانڕەوا بەدەکان، یان فەرمانڕەوا دەستەپاچەکان (incompetent rulers) بگرین، زیانی زۆر بگەیەنن؟} دەگۆڕێت.

    (پۆپەر) کاتێ دەگاتە لای (هیگڵ)، ڕەخنەکانی توندتر دەبن، کە لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پێی وایە نوێنەرایەتیی ئەڵقەی ونبوو (missing link)ی نێوان (پلاتۆ) و فۆرمی مۆدێرنی تۆتالیتاریانیزم دەکات. زۆرینەی تۆتالیتاریەنە نوێیەکان (modern totalitarians) نازانن بۆچوونیان بۆ (پلاتۆ) دەگەڕێتەوە، بەڵام گەلێکیشیان دەزانن قەرزداری (هیگڵ)ن. بەم شێوەیە (هیگڵ) بە باوکی ئەو باوەڕە نەتەوەیییەیە دادەنێت، کە دواتر تۆتالیتاریانیزمی لێ بەرهەم دێت. گوتەگەلی وەک (گەل تەنیا بەوە خودی خۆی دروست دەکات، کاتێ جەنگ لە دژی گەلێکی دیدا هەڵدەگیرسێنێت)، (بیری گەلان ئەوپەڕی دەربڕینی خۆی لە دەوڵەتدا دەبینێتەوە، کە لە سەرووی هەموو ڕەوشت و دادپەروەرییەکەوەیە)، (تاک تەنیا ئامێرێکە لە خزمەتکردنی دەوڵەتی نیشتمانیدا)، (نکووڵی ناکرێت جەنگ لە پەرەسەندنی مرۆڤدا گرنگە) و هیی دیکەی لەم شێوەیە ڕۆڵی بەرچاویان لە هەردوو جەنگی گێتیدا بینیوە. ئەوانە بە شێوەیەک (پۆپەر) تووڕە دەکەن، کە لە (هیگڵ)دا مەترسیی گەورە ببینێت.

    (هیگڵ) پێی وایە ڕووداوە مێژوویییەکان ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئامانجی عەقڵانی (rational aim)، کە عەقڵی گشتگیر هەڵیاندەسووڕێنێت. عەقڵی گشتگیر خواوەندە و دەستەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هەیە، بۆیە چاکە و خراپە وەک یەک بەشداری لە بزوواندنی ڕەوتی مێژوودا دەکەن، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانیش بە چاک و بە خراپیانەوە لەلایەن ئەو عەقڵە گشتگیرەوە ڕۆڵیان پێ دراوە. مێژوو بە شانۆی تراجیدی دەزانێت، نەوەک بە شانۆی بەختیاری، بەڵام هاوکات وای دەبینێت هەموو ئەو ڕووداوە تراجیدییانە بە ئاڕاستەی ئازادیدا دەجووڵێن. هەر لە سەرەتای کتێبی (فەلسەفەی مێژوو)دا ڕایدەگەیەنێت، کە مێژووی جیهان شتێک نییە، جگە لە پەرەسەندنی هۆشیاریی پێوەست بە ئازادییەوە. مێژوو بۆ ئەوە دەچێتە پێشەوە، تا بە ئازادیی زیاتر بگات. ئەو ڕووداوانە ئەگەرچی بۆ‌ ماوەیەک وەک فاکتەری نەگەتیڤ لە مێژوودا دەردەکەون، بەڵام دواجار ڕۆڵ لە جووڵاندنی ڕەوتی ئەو مێژووەدا دەبینن و هۆشیاری دێننە ئاراوە، بۆیە پێی وایە مێژوو بوونەوەرێکە و گیانی لە بەرە، کە ئەو گیانە لە لایەک ئازادییەکەیەتی و لە لایەکی دیکەیش تێگەیشتنی ئەوە بۆ ئەو ئازادییە. بەم شێوەیە ڕەوتی مێژوو بەرەو ئازادیی زیاترە، کە هەر ئەم ڕووداوە تراجیدییانەن ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەن، بەڵام بەوە‌دا مێژوو گیانلەبەرە، تووشی وەستان، لادان، لێژی و هەورازی دێت، کە وەک گوترا لەوانەوە هۆشیاریی خۆی بە دەست دەهێنێت. دیارە ئەو تێگەیشتنەی (هیگڵ) دواتر بە گشتی دەکەوێتە بەر ڕەخنە، بەوەی سەروەریی (بیری مێژوو) بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤی هاوچەرخدا کۆمۆنیزم و فاشیزمی بەرهەم هێنا، یەکەمیان وەک لایەنی عەقڵ و دووەمیان وەک لایەنی ناعەقڵ، بەڵام ڕەخنەی (پۆپەر) لەوەدا چڕ دەبێتەوە، کە ئەو ڕۆڵی گەورەی لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەی داخراودا بینیوە، بەوەی پێی وایە دەوڵەت هەموو شتێکە و تاک هیچ نییە. تاک هەم لە ڕووی ماددی و هەم لە ڕووی ڕۆحییەوە قەرزداری دەوڵەتە، بۆیە نابێت هیچ ڕەخنەیەک لەو خوداوەندە بگرێت، مادام ئەو ڕەخنەیە وەک ئەوە وایە ناتەواوێک لە تەواوێکی گرتبێت. ئەوە دەوڵەتە تاک و هەموو شتێکی دیکە لە خۆی دەگرێت، نەوەک تاک بێت دەوڵەت لە خۆی بگرێت. تاک بەو ملکەچییەی بەشداری لە بەدیهێنانی دادپەروەریدا دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕەها لە دەوڵەتدا بەرجەستەیە. (پۆپەر) بەشی پانزدەی کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین)ی بۆ چەمکی دایەلەکتیک تەرخان کردووە و لە ژێر چوار ناونیشانی وەک (دایەلەکتیک چییە؟: What is Dialectic?)، (ڕوونکردنەوەی دایەلەکتیک: Dialectic Explained)، (دایەلەکتیکی هیگڵییانە: Hegelian Dialectic) و (دایەلەکتیک پاش هیگڵ: Dialectic After Hegel)دا تاوتوێی دەکات. لەوێدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی سێکوچکەی دایەلەکتیک (dialectic triad) دەدات و بە داخراوی دەزانێت، کە لەسەر بنەمای تێز (thesis)، دژەتێز (antithesis) و ئەنجام، یان (synthesis) دامەزراوە. سەرەتا بیرۆکەیەک، یان بیردۆزێک، یان جووڵەیەک هەیە، کە پێی دەگوترێت تێز و زۆرینەی کات دژەکەی بەرهەم دێنێت، چونکێ وەک نزیکەی هەموو شتەکانی دیکەی دنیا خاوەنی بەهای سنووردارە و خاڵی لاوازی هەیە، کە ئەوەیان بە دژەتێز ناسراوە، چونکێ دژی ئەو تێزەیە. ململانێی ئەو دووانە بە ئەنجامێک دەگات، بەو مانایەی ددان بە بەهای یەکتردا دەنێن و دەست لە سنووردارکردنی یەکتر هەڵدەگرن. بەم شێوەیە هەردووکیان لە ڕایەڵێکی دیکەدا یەک دەگرن، تا لەگەڵ دژەتێزێکی دیکەدا بکەونە ململانێیەوە. لەم ڕوانگەیەوە زانست و زانین بەپێی ئەو پرینسیپە گەشە دەکەن. لێرەوە ڕوانینی بۆ مێژوو لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کە هەر قۆناغێکی نوێ لە ڕێی ئەو ململانێیەوە دێتە دی، کە بەرهەمی دژایەتی و ڕەتکردنەوەی قۆناغی پێشووە. مێژووی جیهان بریتییە لە دەرخستنی ئەوەی بە ڕۆح ناسراوە، کە لە ڕێی دایەلەکتیکەوە بەرهەم دێت. وەک گوترا (هیگڵ) پێی وایە مێژوو چارەنووسێکی حەتمی (predetermined)ی هەیە و تێکڕای مرۆڤایەتی هەر لە سەرەتاوە بەرەو ئەو چارەنووسە بە ڕێوەیە. لێرەدا دوو خاڵی بنەڕەتی هەن: یەکەم، ململانێیەک، کە زنجیرەیەک قۆناغ دەبڕێت. دووەم، هەر ڕووداوێک هۆکاری هەیە. واتە ئەو دوو خاڵە ناوەرۆکی حەتمیەتی مێژوو پێک دەهێنن. ڕەگەزەکانیشی دەوڵەت، جەنگ و پاڵەوانی مەزنن. ڕەوشتی بەرزی تاک لەوەدایە لە پێناوی سەروەریی دەوڵەتدا بجەنگێت و پاڵەوانبازێتیی نموونەییی خۆی پێشان بدات. لە بەشی (دایەلەکتیکی هیگڵییانە)دا دەڵێت فەلسەفەی (هیگڵ) تایبەتە بە شوناس، کە بە فەلسەفەی شوناسی عەقڵ و ڕاستینە (philosophy of the identity of reason and reality) ناسراوە، یان ئەگەر کورت بکرێتەوە، دەبێتە فەلسەفەی شوناس (philosophy of identity)، کە دەڵێت عەقڵ دنیایە (the mind is the world)، بەوەی مەعقووڵ ڕاستییە، چونکێ ڕاستینە و عەقڵ هاوڕێکن (the reasonable is the real; because reality and reason are identical). واتە فیکر بە حەقیقەتەوە پێوەست دەکات. هەر شتێ فیکر نەبێت، حەقیقەتیش نییە و ئەوەی فیکر دەرک بە قووڵایییەکەی ناکات، دەکەوێتە دەرەوەی بواری ئەپستمۆلۆجییەوە. بە مانایەکی دی، پێی وایە، ئەوەی فیکرییە واقیعییشە، ئەوەی واقیعییە فیکرییشە. بەم شێوەیە حەقیقەت خەسڵەتی کۆتایییانەی هەیە و ڕۆحیش، کە هاوواتای عەقڵە، سەرچاوەی هەموو حەقیقەتەکانە. ئەو ڕوانینەی (هیگڵ) لە چەمکی دەوڵەتدا ڕەنگ دەداتەوە، کە بەرژەوەندیی بەش بە لاوە دەنێت و بەرژوەندیی کۆ دەخاتە سەروی هەموو شتێکەوە. ئەوە وا دەکات (پۆپەر) بە تۆتالیتاریەنی بزانێت، بەوەی شوناسی تاکەکان لەناو ئەو گشتەدا دەشارێتەوە.

    (پۆپەر) لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پشتگیریی خۆی بۆ (شۆپنهاوەر) دەردەخات، کاتێ گوتوویەتی (هیگڵ) (لە پیاوێكی فریودەر زیاتر، شتێکی دی نییە، کە توانیویەتی نەوەیەک بە تەواوی بشێوێنێت). خۆیشی بەوە تۆمەتباری دەکات، کە مرۆڤێکی بێباکە و لە پێناوی خزمەتکردنی (فریدرێکی سێیەم)دا، ویژدانی خۆیی فرۆشتووە. شۆڕشگێڕیش نییە، بەڵکوو چەوسێنەرە. دەسا ئەگەر ئەنجامی فەلسەفە وێرانکەرەکەی نەبووایە، هەر بە شایەنی ئەوەی نەدەزانی لێی بکۆڵێتەوە، کە ئەوە وای لێ دەکات بپرسێت چەند ئاسانە قەشمەرێک ببێە دروستکەری مێژوو (how easily a clown may be a ‘maker of history’).
    ئەمجارەیان ڕەخنەی (پۆپەر) ئاڕاستەی (مارکس) دەکرێت. فەلسەفەی ئەو لەوەدا بەرجەستەیە، کە سەرمایەداری قۆناغێکە و دەبێت وەک قۆناغەکانی پێش خۆی تێبپەڕێنرێت، چونکێ لە سایەیدا دۆخی کرێکار ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، بۆیە بەم شێوەیە ڕووخانی خۆی لە کۆڵ کردووە. واتە مێژوو بەپێی پرینسیپی حەتمیەت هەر بەو شتانە دەگات، کە زانینی مرۆڤ پێشبینییان دەکات، لە کاتێکدا (پۆپەر) پێی وایە ڕەوتی مێژوو بە شێوەی بەرچاو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی زانینمانەوە. بەوەدا ناتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین ئەو زانینەمان بە کوێ دەگات و چەند گەشە دەکات، ئەوە سەختە پێشبینیی مێژوویشمان بکەین. کۆمەڵگەی داخراویش بەرهەمی ئەم تێگەیشتنەیە، کە ڕاستییەکەی ئەو کۆمەڵگەیە لە بوونەوەرێکی ئۆرگانیکی بایۆلۆجی دەچێت و تا ڕادەیەکی زۆریش تیۆریی ئۆرگانی، یان تیۆریی بایۆلۆجیی دەوڵەت (organic theory of the state)ی لەسەر جێبەجێ دەبێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگەی داخراو لە مێگەل، یان خێڵ دەچێت، بەوەی یەکەیەکی نیمچە ئۆرگانیکە و ئەندامانی بە شێوەی نیمچەبایۆلۆجی پێک بەستراونەتەوە. لە دیدی (پۆپەر)دا (مارکس) یەکێکە لە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕی بە حەتمیەتی مێژوو هەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیش عەقڵی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی خستووەتە خزمەتی بیرۆکەی پێشبینیی ئاییندەوە، گۆیە ڕێگەیەکی زانستییانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. لەبەر ئەوەیشە پەنا بۆ شۆڕش دەبات، لە کاتێکدا لای (پۆپەر) شۆڕش ئاشووب و گێرەشێوێنی دەهێنێت. (پۆپەر) خۆی باوەڕی بە گۆڕانی هێواش هەیە. پێی وایە (مارکس) لە لایەک یۆتۆپیا دادەمەزرێنێت، بەوەی مژدەی کۆمەڵگەیەک دەدات، تێیدا جیاوازیی چینایەتی نەماوە و مرۆڤەکان یەکسان دەژین، لە لایەکی دی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەسەپێنێت، کە بینرا چ ستەمێکی گەورە لە ژێر ئەو ناوەدا لە مرۆڤ کرا. کەواتە تیۆرییەکی گشتگیرییانەی مێژووە. لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا دەگاتە ئەوەی بڵێت پێویست ناکات لێکدانەوەی (مارکس) بۆ مەتێریەلیزمی دایەلەکتیک بە هەند وەربگرین، بەڵکوو دەکرێت وا لێی بڕوانین پێشنیازێکی بەهادارە و لەوەدا یارمەتیمان دەدات، کاتێ لە شتەکان دەڕوانین، بزانین ئەوانە پاشخانی ئابوورییان هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕەخنەیەی لە (مارکس)ی دەگرێت، بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی (هیگڵ)دا، سووکترە، بەوەی ددانی پێدا دەنێت، (مارکس) لە پێناوی مرۆڤی چەوساوەدا کاری کردووە و ئەوەیش لە بەرچاو دەگرێت، کە ڕاڤەی ئەو بۆ کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەم، بایەخدارە، بگرە هەوڵی داوە پەنا بۆ مێتۆدی عەقڵانی ببات.

    ڕەخنەی توندی (پۆپەر) لە ئاڕاستەی مێژووگەرایی لە سنووری ئەو سێ فیلۆسۆفەدا ناوەستێت، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو ئاڕاستانەیش دەپەڕێتەوە، کە ئەوان تێیدا کاریگەرن. لێرەوەیە (فێرگەی فرانکفۆرت)یش پڕیشکی ئەو ڕەخنەیەی بەر دەکەوێت، بەوەی هەر لە سەرەتاوە بە (هیگڵ) و (مارکس) سەرسامن. بۆ نموونە لە کۆنگرەی کۆمەڵناسانی ئەڵمان لە ساڵی (1961)دا بەشدار دەبێت و ڕووبەڕووی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ)ی هیگڵی و مارکسی دەبێتەوە. لە کتێبی (ناکۆکی پۆزیڤیستەکان لە کۆمەڵناسیی ئەڵماندا: The Positivist Dispute in German Sociology)دا، کە لەم ناوانە: (تیۆدۆر ئادۆرنۆ، هانس ئەلبێرت، ڕالف داریندرۆف، یۆرگن هابرماس، هارالد پیلۆت و کارڵ ر. پۆپەر) پێک هاتووە و (گلین ئەدێی: Glyn Adey) و (داڤید فریسبی: David Frisby) بۆ ئینگلیزی وەریانگێڕاوە، (پۆپەر) باس لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی خۆی و ئەندامانی ئەو فێرگەیە دەکات. دەڵێت تێزی خۆی بە شێوەیەک داڕشتووە، کە سەخت بووە هیگڵی و مارکسییەکی وەک (ئادۆرنۆ) پەسەندی بکات. ڕاستییەکەیشی ڕەخنەی لە دایەلەکتیک گرتووە. کار بەوە گەیشتووە (ڕالف داریندرۆف)ی کۆمەڵناس نائومێدیی خۆی ڕابگەیەنێت، کە دوو تەوەرەی دژبەیەکی بواری کۆمەڵناسیی لەم کۆنگرەیەدا بانگهێشت کردووە و ئەم ململانێیە ئایدیۆلۆجییەی لێ کەوتووەتەوە. (پۆپەر) خۆی بەشی سێیەمی کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە)، کە ناوی ناوە (عەقڵ یان شۆڕش) بۆ ئەو باسە تەرخان دەکات. دەڵێت دەمەوێت مێژووی ئەو کتێبە و ناونیشانە فریودەرەکەی بگێڕمەوە. ساڵی (1960) بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی (لۆجیکی زانستی کۆمەڵایەتی)یەوە بانگهێشت دەکرێت. پێی ڕادەگەیەنرێت (ئادۆرنۆ)ی پرۆفیسۆری فرانکفۆرتی لەبارەی باسەکەی ئەوەوە قسەی دەبێت. ئەوە بوو وەک پێشتر گوترا لە (1961)دا بەشدار دەبێت. دیارە پێویست نییە ئێمە لێرەدا هەموو ئەو شتانە بنووسینەوە، کە (پۆپەر) دەیانگێڕێتەوە، چونکێ باسێکی سەربەخۆی دەوێت، بەڵام گرنگە بگوترێت، کە ئەم دەڵێت هەوڵی داوە باسەکەی بە بەڵگەی تۆکمە بخاتە ڕوو، بە شێوەیەک ئەوێکی هیگڵی و مارکسی نەتوانێت پەسەندی بکات، لە کاتێکدا ئەم، واتە (پۆپەر) بەهایەکی گەورەی بۆ ئەندامانی فێرگەی فرانکفۆرت لە چەشنی (ئادۆرنۆ)، (هۆرکهایمەر)، (هابرماس) و ئەوانەی دی دانەناوە، بەڵکوو تەنیا ویستوویەتی لە بواری سیاسەتدا ئاوڕیان لێ بداتەوە. هەر لەوێدا (هابرماس) هێرش دەکاتە سەر (پۆپەر) و بە فیلۆسۆفێکی پۆزیتیڤیستی دادەنێت، کە لەگەڵ ئەوەدایە دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بە مەرجێ (پۆپەر) خۆی لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا ڕەخنەی توندی لە پۆزیتیڤیزم گرتووە و فەلسەفەی (هیگڵ)ی لە ژێردا ناونووس کردووە. وەک گوترا پێی وایە ناونیشانی کتێبەکە، (ناکۆکی پۆزیڤیستەکان لە کۆمەڵناسیی ئەڵماندا)، فریودەرانەیە.

    پۆپەر و کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی

    هەموو ئەوانەی لەم بەشانەی سەرەوەدا گوتران، لەبارەی کۆمەڵگەی کراوە و کۆمەڵگەی داخراوەوەن. واتە بۆچوونی (پۆپەر) لەبارەی ئەو دوو چەمکەوە تەنیا بریتی نییە لەو کتێبەی ناوی ناوە (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)، کە لە ساڵی (1945)دا چاپی کردووە، بەڵکوو سەرجەم بەرهەمەکانی، بە گفتوگۆکانیشیەوە تایبەتن بەو دوو چەمکە. مەبەستیەتی لە ڕێی ئەو کتێبەوە چارەسەر بۆ لیبرالیزم بدۆزێتەوە، کە ئەودەم بە هۆی سەرکەوتنی کۆمۆنیزم، نازیزم و فاشیزم کەوتبووە بەر هەڕەشە. ئەو کۆمەڵگەی کراوە وا دێنێتە بەر چاوی، کە ڕووبەرێکی ئازادە و تێیدا تاک ناکرێتە قوربانیی ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتاریانیزم، بەڵکوو هەموو ئازادن و دەتوانن ڕەخنە لە هەر دامودەستگەیەکی دەوڵەت بگرن. ئەوان مافی پرسیار و ڕەخنەیان هەیە. ڕێیان دراوە هەر دەستەڵاتێک بدەنە دواوە، ئینجا ئەو دەستەڵاتە بە میرات ماوەتەوە، یان لە ڕێی پرۆسێسی سیاسییەوە هاتووە. بەوەدا پانتاییەکی فرەوانی بۆ ڕەخنە جێ هێشتووە، کۆمەڵگەیەکی دینامیکییە، بەو مانایەی لە ڕێی پرینسیپی هەوڵ و هەڵەوە گەشە دەکات. گۆڕانەکەی سروشتییە و بە شێوەی هێواش ڕوو دەدات. بە مانایەکی دی، گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەداتە دواوە. شۆڕش و کودەتاکان لەم کۆمەڵگەیەدا شوێنیان نییە، بەوەی تەنیا ئاشووب و گێرەشێوێنی دەهێنن، وەک چۆن لە ئاستی ئاڕاستە ڕەگەزپەرستییەکانیشدا بەرگری دەکات. واتە باوەڕی بە ئەندازەی پارچەپارچەی کۆمەڵایەتی (Piecemeal social engineering) هەیە، بەو مانایەی ڕێفۆرمی دامودەستگەکانی کۆمەڵگە لە ڕێی پلانەوە بکرێت، زانست پشتیوانیی بکات و ڕەخنە تێیدا چالاک بببیت، پێچەوانەی ئەندازەی گشتگیرییانەی کۆمەڵایەتی (holistic social engineering)، کە دەیەوێت بە زۆر و خێرا دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت، کە پێی وایە ڕێیەکی یۆتۆپییانەیە و هەڵەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. لە کۆمەڵگەی کراوەدا هیچ پێشبینییەک لەسەر بنەمای تیۆرییە نازانستییەکان بۆ ئاییندە ناکرێت. لەو کتێبەدا بەرگری لە بنەماکانی دیمۆکراتیزم و لیبرالیزم کراوە، کە زەمینە بۆ گۆڕانکاریی هێواش خۆش دەکەن و ڕێگرن لە خوێنڕشتن. کۆمەڵگەی کراوە وەک کۆمەڵگەی داخراو نییە، تەنیا یەک بۆچوون تێیدا زاڵ ببێت، بەڵکوو گفتوگۆ لەبارەی هەموو کێشەکانەوە دەکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت، کە ئەمە هەر خۆی توانای تاکەکان دەتەقێنێتەوە و داهێنانی لێ دەکەوێتەوە.

  • * * *
    لەم نووسینەدا مەبەستمان نەبووە ئەوە دەربخەین، ئاخۆ ئەو ڕەخنانەی (پۆپەر) ئاڕاستەی فیلۆسۆفانی دیکەی کردوون، دروستن، یان نادروست، لە کاتێکدا کەم نین، ئەوانەی ڕەخنەی توندیان لە فەلسەفەکەی گرتووە، بەڵام ئێمە لێرەدا بە لای ئەو باسەدا نەچووین، بەڵکوو مەبەستی سەرەکیمان ناساندنی فیکری ئەو بووە، تەنانەت نەمانویستووە وەک توێژینەوەیەکی فەلسەفەکەی بیخەینە ڕوو. هەوڵی ناساندیمان داوە، تا لەوێوە بڕوانینە ئەو پەرەگرافەی (ئارام کاکەی فەلاح) و بزانین، ئاخۆ کەموزۆر پێوەندیی بەو فەلسەفەیەوە هەیە. ئەگەر لە ئاییندەدا پێویستی کرد، بە خۆشحاڵییەوە بۆی دەگەڕێینەوە. خاڵێکی دیکە گرنگە، هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، کە ئەویش، ئەوەیە، (پۆپەر) لە ڕووی پرینسیپی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوەوە لەو فیلۆسۆفانەی ڕوانیوە، دەنا سەرسامیی خۆی بە ئاشکرا، یان بە ئاماژە بۆ هەر یەکێکیان دەربڕیوە. سروشتی فەلسەفە وایە، کە ئاڕاستەی قووڵ و جیاواز لە فیکری مرۆڤایەتیدا پێک دەهێنێت، بە ڕادەیەک ئاڕاستەکان چەند دژی یەک بن، هێشتا بەشداریی ئەو ئاڕاستە جیاوازانە دەمێنێن و لە کۆنتێکستی دیکەدا دەردەکەونەوە. بۆ نموونە فەلسەفەی فیلۆسۆفێکی وەک (مارکس) دوای ڕەخنەکانی (پۆپەر)یش هێشتا توانای خۆی لە دەست نەداوە. تا ئەمڕۆیش (هیگڵ) بە هێزێکی گەورەوە لەناو فیکری فیلۆسۆفانی دیکەدا ئامادەیە. ئەوە بۆ (فرۆید)، (ئەدلەر)، (ئادۆرنۆ) و ئەوانەی دیکەیش هەر دروستە. ئەوە فیکری میلـلی و زمانی میلـلین ناتوانن شتێکی جیاواز لەوەی هەیە، دەرببڕن. ئێمە ئەگەر جاروبار نموونەیان لێ دەهێنینەوە و لەسەریان هەڵوێستە دەکەین، لەبەر ئەوەیە بوونەتە بەشێک لە کەلتووری بیرکردنەوەی گشتی، دەنا لەبەر ئەوە نییە ئاڕاستەی جیاوازن و لە ڕێی هەوڵەوە پێ گەیشتوون. بەو مەبەستەیش ڕووبەڕوویان دەبینەوە، تا نەک خۆیان، بەڵکوو ئەو دۆخەیش تێبپەڕێنین، کە ڕایگرتوون. (ئارام کاکەی فەلاح) وێنەی زۆرینەی نووسەرە میلـلییەکانی دیکە ئەوانەی گوتوون، کە هەر کەسێکی تریش، بێ ئەوەی وەک ڕۆشنبیر خۆی ناساندبێت، دەتوانێت بیانڵێت، بەڵام بەوەدا دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی لە شێوەی گۆڤار، ڕۆژنامە، تیڤی و هیی دیکە هەن و ئەو وشە ڕووکەشانە دادەڕێژنەوە، کە هەمان قسەی خەڵکی ئاسایین، بەو مەبەستەی وەک شتی جیاواز پێشانیان بدەن، ئەوە دەکرێت لە ڕێی مێتۆدی پرسیارەوە ڕووبەڕووی خۆیان و ئەو دامودەستگە کۆمەڵایەتییانەیش ببینەوە، کە برەویان پێ دەدەن. لەم نێوەدا نووسەری و میلـلی و ڕەخنەگری میلـلی هاوپەیمانێتییان پێک هێناوە، تا لە لایەک یەکتر لە ئاستی ڕەخنەدا بپارێزن و لە لایەکی دی بە یەکدا هەڵبڵێن. دیارە تۆ کاتێ دەتەوێت شتی ڕووکەش تێبپەڕێنیت، ئەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو ڕووکەشییە لە زمان و مێتۆتدا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام مادام دەست لە ویستی تێپەڕاندن هەڵناگریت، ئەوە بوارێک دەڕەخسێنیت بۆ گوتنی شتی جیاواز، بە مەرجێ ئەو چەمکانە هەڵبگریتەوە، کە فڕێ دراون، بەو مەبەستەی لە ڕێی دایەلۆگەوە ڕایەڵەکانیان بدۆزیتەوە و ڕەهەندەکانیان دەربخەیت، بە شێوەیەک نەهێڵیت ئەو نووسەرە فڕێدەرە (thrower) بۆ هەمان ئاستت بباتەوە، بەو مانایەی ئەو تەنیا کاتێ بتوانێت بۆ ئەو چەمکە بگەڕێتەوە، کە بیەوێت ئەوەی تۆ تێبپەڕێنێت، نەوەک ئەوەی خۆی پاتە بکاتەوە. لێرەدا من خۆمم لە ئاستی تێکستێکدا بینیوەتەوە، کە نووسەرەکەی بە هەمان زمانی خەڵک، بەڵام فریودەرانە دەیەوێت پێم بڵێت (پۆپەر)ی نەک ناسیوە، بەڵکوو فەلسەفەکەی ئەو لە پاڵ هیی فیلۆسۆفانی دیکەدا زۆر شتی فێر کردووە، لە کاتێکدا ئەوەی نایبینین، ئەو فیلۆسۆفە و کاریگەریی فەلسەفەکەیەتی. ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ دەیەی ڕابردوودا فەلسەفەی (پۆپەر) بووبووایەتە ئاڕاستەیەک لە ئاڕاستەکانی فیکری ئێمە، ئایا ئەمڕۆ کاریگەرییەکەیمان نەک لەسەر ئاستی نووسین، بەڵکوو لەسەر ئاستی واقیعیشدا نەدەبینی؟ ئایا خوێندنەوەی فەلسەفەی (پۆپەر) وامان لێ ناکات دەست لە فڕێدانی چەمک هەڵبگرین؟ ئایا ڕێگر نییە لەوەی بە ئاسانی بۆچوونی نووسەرانمان بەسەردا تێبپەڕێت؟ ئایا دەهێڵێت دەست بە خورافەوە بگرین، لە کاتێکدا دنیای نووسینمانی داپۆشیوە؟ ئایا نووسینی ئەو نووسەرە بەناوبانگ و دیارانە کاتێ دەخرێنە بەردەمی تاقیکردنەوەوە، دەردەچن؟ ئایا بەشێکی زۆری نووسینی ئەوانە لە ماوەی سی ساڵدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر عەقڵی ئێمەدا جێ هێشتووە؟ لە کاتێکدا (پۆپەر) لە ڕێی ڕەخنەی عەقڵانییەوە ڕووبەڕووی سەرجەم فیکری فەلسەفی بە گشتی و ئاڕاستەی مێژووگەرایی بەتایبەتی دەبێتەوە، کە لە (پلاتۆ)، (هیگڵ)، (مارکس) و ئەوانەی دیکەدا بەرجەستەیە، ئایا لەو سێ دەیەیەدا فیکری ڕەخنەیی لەناو نووسینماندا دەرکەوتووە؟ ئایا ئەو گومانە چڕەی (پۆپەر)، کە دەگاتە ئەوەی تیۆریی سایکۆلۆجیی (فرۆید)، (ئەدلەر) و ئەوانەی دیکە بە نازانستی بزانێت، وای لە ئێمە کردووە پرسیار لەو تێگەیشتنەی نووسەرانمان بکەین، ئاخۆ داهێنەرانەیە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، یان هەمان فیکریی میلـلییە و بەو چەمکە فڕێدراوانە ڕازێنراوەتەوە؟ ئایا بە گشتی لە لای ڕۆشنبیری ئێمە هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگەی کراوە هەیە؟ ئایا بەشێکی زۆریان دوای پڕۆژەی سیاسەتمەداران، یان فەرمانڕەوا دەستەپاچەکان (incompetent rulers) بە دەربڕینی (پۆپەر)، نەکەوتوون؟

    لێرەدا بۆ پرسیارەکانی تەوەرەی یەکەمم دەگەڕێمەوە و هەندێکی دیکەیشیان دەخەمە پاڵ. ئەگەر (ئارام کاکەی فەلاح) بە ڕاستی ئەو نووسەر و فیلۆسۆفانە دەناسێت و بەرهەمەکانی خوێندوونەتەوە، بۆچی هێشتا زمانی نووسینەکانی هێندە سادەن؟ لەبەر چی کاریگەریی بۆچوونی ئەو نووسەرانەی بەسەرەوە نابینین؟ ئایا تازەبەتازە دەڵێت فڵان ڕۆمانم خوێندووەتەوە و گریاندوومی؟ کوا ڕەخنەی عەقڵانیی (پۆپەر) و کوا شەپۆلی گومانی؟ وەک لە سەرەتادا گوترا ئایا ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی بەر لەم گوتوبێژەی بگەڕێینەوە، هیچ ئاماژەیەک دەبینین، کە پێشانی بدات ئەو خوێنەری فەلسەفە بە گشتی و هیی (پۆپەر)ـە بە تایبەتی؟ ئایا خوێنەری سەرەتاییش لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەودا تووشی بەربەست دەبێت، یان وەک هەر تێکستێکی دیکەی فۆلکلۆری لێیان تێدەگات؟ ئایا دەتوانم وەک خوێنەرێک داوای لێ بکەم بە ئارەزووی خۆی یەکێ لەو نووسەر و فیلۆسۆفانە هەڵببژێرێت و چەند دێڕێکیان لە بارەوە بنووسێت؟
    لێیان پرسیوە: (تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟) ئەمە وەڵامەکەیەتی: {پیاوان تایبەتمەندیی باشەیان زۆر کەمە و لای من پیاو بوونەوەرێکی زۆر مشەخۆر و خۆویست (ئەنانی) و نەگبەتە، هەرچی نەگبەتیی ئەم گۆی زەوییەیە هی پیاوانە و تەواو دونیای خۆرهەڵاتیان داگیر و ناخۆش کردووە، بەڵام بەختەوەرە ئەو کەسەی باوکێکی باش، یان بە ڕێکەوت مێردێکی باش، یان برایەکی باشی هەیە، ئەوەیان شتێکە ئینسان ناتوانێ لە کەسی بسەنێت. وەک یانسیب وایە}.
    دوای ئەوە وەڵامی پرسیاری (تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟) دەداتەوە و دەڵێت: (ڕاستت بوێ ئەم دونیایە ژن ڕایگرتووە، بە جوانی و میهرەبانی و ناسکیی خۆیەوە هەموومانی بەم دونیایەوە بەستووەتەوە، گەر ژن نەبووایە دونیا دەبووە چایخانەیەکی گەورەی پڕ لە دووکەڵ و قیژەقیژ).

    وەک پێشتر گوترا گوتوویەتی زۆر شت لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)ی (کارڵ پۆپەر)ەوە فێر بووە، لە کاتێکدا ئەوانەی گوتوون، بە مەرجێ کەسێ چەند دێڕێکی ئەو فیلۆسۆفەی خوێندبێتەوە، قوڵینگەکانی دەناسێت و دەزانێت ئەوە پێچەوانەی فەلسەفەی ئەوە. وەک گوترا (پۆپەر) بەشی زۆری تەمەنی بۆ تێکشکاندنی پرینسیپی ئیندەکشن تەرخان کرد. ئەو نووسەرەی ئێمە لە چ ڕێیەکەوە بۆی دەرکەوت ژن و پیاو بەو خەسڵەتانە دەناسرێنەوە؟ لە ڕێی سەرنج و ئەزموونەوە، کە تێکڕای ڕەخنەی (پۆپەر) لەوانەیە. وەک گوترا ئەو دووانە شتی سەرەکی نین لە پێکهێنانی تیۆریدا، بەڵکوو تەنیا یارمەتیدەرن. لە قۆناغی ئامادەییدا ئەوەمان دەزانی، چونکێ ئەلفبێی فەلسەفەی ئەو فیلۆسۆفەیە. کوا گریمان و قەبڵاندن؟ کوا پرینسیپی هەوڵ و هەڵە؟ چەمکی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە بۆچی دیار نییە؟ ئەگەر یەک ژنمان دۆزییەوە وەک پیاو بە لای دووکەڵ و قیژەقیژدا چوو، ئەودەم ئەو گریمانەیەی تێک دەشکێت و هەڵناستێتەوە، هەتا ئەگەر بێژمار پیاوی تر بە نموونە بێنێتەوە. گوتمان (پۆپەر) نموونە بە مەلی قوڵینگ دێنێتەوە، کە دەگوترێت هەموویان سپین، بەڵام کاتێک ڕەنگێکی دیکەمان دەست دەکەوێت، ئەوە تێکڕای ئەو بەڵگانەی بۆ ئەوە دەهێنرانەوە، گۆیە تەنیا قوڵینگی سپی هەیە، بەو دانەیە پووچ دەبێتەوە. بەکورتی هەزار قوڵینگی سپی ناتوانن بیسەلمێنن سەرجەم قوڵینگەکان سپین، بەڵام یەک قوڵینگی ڕەش دەتوانێت (یاسای گشت قوڵینگەکان سپین) بە درۆ بخاتەوە، یان پووچەڵ بکاتەوە.

    دابەشکردنی ژن و پیاو بۆ دوو بەرەی جیاوازی دژبەیەک، پێوەندیی بە دوالیزمەوە هەیە، کە هەر دەبێت شتەکان لە یەک جودا بکاتەوە، تا بە ئاسانی سەری لێیان دەربچێت و وەسفیان بکات. ئایا هەموو ئەو خەسڵەتە خراپانەی داونیەتیە پاڵ پیاو، ناکرێت لە هەندێک ژنیشدا هەبن، بە لاکەی دیکەیشدا ناکرێت هەموو ئەو خەسڵەتانەی بۆ ژنی ڕیز کردوون، لە هەندێک پیاویشدا دەربکەون؟ ئەم گوتانە نوێ نین، بەڵکوو بەردەوام لە ئاستی میلـلیدا گوتراوە ژنان خراپ و پیاوان باشن، یان پیاوان بەد و ژنان چاکن. من خۆم زیاتر لە جارێک گوتوومە ژن لە دنیای مندا هەموو ئەو شتانەی لە دەست دێت، کە پیاوی پێ دەناسرێتەوە. وەک پیاو دەتوانن تاوان بکەن و وەک پیاویش نەیکەن. ئەگەر ژنان و پیاوان بەو شێوەیەیەن، لە تێگەیشتنی گشتیی میلـلیدا هەیە و (ئارام کاکەی فەلاح)یش لێی وەرگرتووە، مانای وایە هیچ ویستێکی خۆیانی تێدا نییە، کە ئاوان، بەڵکوو هەر لە ئەزەلەوە وا هاتوون. ئەوە نەک هەر بەرگریکردن نییە لە ژن، بەڵکوو کەمکردنەوەی بەهایشیەتی. من کاتێ بە ڕاستی دژی کوشتنم، کە توانای ئەوەم هەیە بیشکوژم. واتە هەردوو هەڵبژاردەم لە بەردەمدان و خۆم یەکێکیان هەڵدەبژێرم، دەنا کاتێ سەرچاوەیەک پێی گوتووم نابێت بکوژم، یان توانای ئەوەم نییە بکوژم، یان نامەوێت ڕووبەڕووی سزا ببمەوە، بۆیە ناکوژم، ئەوە من کۆیلەم و ئەوەی دەیکەم، تەعبیر نییە لە ویست (will)م. (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف و تیۆلۆجن (Theologian) ئەوە لە ڕێی هه‌ردوو چه‌مکی (ڕه‌وشت) و (نیگه‌رانی)یه‌وه‌ لێک دەداتەوە. پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی شێوازی ژیانی تاک دیاری ده‌کات، هه‌ڵسوکه‌وتیه‌تی‌، که‌ هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ ده‌یخاته‌ به‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ بڕیاردان له‌ لایه‌ک پێوه‌ندیی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی خود (self-gratifying) و له‌ لایه‌کی دیکه‌‌ به‌ ڕه‌وشت (Ethical)ـه‌وه‌ هه‌یه‌. واتە تاک خاوه‌نی ئازادیی ته‌واوه‌ له‌وه‌ی‌ چی هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ بڕیاره‌کانی‌ دیاری ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌‌ هاوکات له‌گه‌ڵ خۆیدا نیگه‌رانی ده‌هێنێت. وه‌ختێ که‌سێک له‌سه‌ر لووتکه‌ی شاخێکدا ده‌وه‌ستێت و بۆ خواری خواره‌وه‌ ده‌ڕوانێت، دوو جۆر ترسی لا دروست ده‌بن، ترس له‌ که‌وتن و ترس له‌وه‌ی هۆکارێک پاڵی پێوه‌ بنێت خۆی هه‌ڵبدات. ترسی دووه‌میان له‌وه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ ئازادیی ته‌واوی هه‌یه‌ چی هه‌ڵببژێرێت. واته‌ خۆی هه‌ڵبدات، یان نا؟ خۆی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات و یه‌کێکیان هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ ناوی (سه‌ره‌سووڕه‌ی، یان ماخۆلانی ئازادی: dizziness of freedom)ی لێ ده‌نێت، به‌وه‌ی دوودڵه‌ کامیان هه‌ڵببژێرێت. واته‌ تاک بوونێکی مۆڕاڵیی هه‌یه‌. پێی وایە نیگەرانی حەقیەتی ئازادییە، بەو مانایەی نیگەرانی بەو شتەوە پێوەستە، کە مرۆڤ دەیکات. لێرەدا تەنیا ئەو خواری خوارەوەیە نییە نیگەرانیی بۆ دەهێنێت، بەڵکوو چاوی خۆیشیەتی. با وای دابنێین لە خوارەوە ناڕوانێت. کەواتە سەرەسووڕێ کاتێ دروست دەبێت، کە مرۆڤ ئەگەرەکانی خۆی دەبینێت. لەو سەرەسووڕێیەدا ئازادی دادەبەزێت و هەر لەم کاتەیشدا هەموو شتێک ڕوو دەدات. کاتێ ئازادی بەرز دەبێتەوە، بۆی دەردەکەوێت گوناهبارە. مرۆڤ لە دۆخی نیگەرانیدا بە شێوەیەکی دووفاقییانە گوناهـ دەکات. بە مانایەکی دی، لە کاتی لەهۆشچووندا دەست بۆ گوناهـ دەبات.

    (ئه‌لبێرت کامیۆ) لە سەرەتای کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا لەبارەی ڕۆمانی (به‌رزایییە‌کانی وێزه‌رینگ)ی (ئیمیلی برۆنتی)یەوە دەنووسێت: (هیسکلیف ئاماده‌یه‌ له ‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی کاترینی خۆشه‌ویستیدا هه‌ر که‌سێکی گێتی بکوژێت، بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆی بپرسێت ئاخۆ ئه‌و کوشتنه‌ ڕه‌وایه‌، یان بیه‌وێت به‌ پاڵپشتی تیۆرییه‌که‌وه‌ پاساوی بۆ بهێنێته‌وه‌). ڕاستییەکەی (هیسکلیف: Heathcliff) ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ (ئیزابێلا لینتۆن)ـه‌وه‌ خۆی و خانه‌واده‌که‌ی تێک بشکێنێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تۆڵه‌ له‌ (ئێدگارد لینتۆن)ی برای بکاته‌وه‌، که ئێستا مێردی‌ (کاترین ئیرنشۆ)ی خۆشه‌ویستیه‌تی و هه‌ر له‌ منداڵییشه‌وه‌ پێکه‌وه له‌ ماڵێکدا‌ گه‌وره‌ بوون، به‌وه‌ی (میسته‌ر ئیرنشۆ)ی باوکی (کاترین) کاتێ زانیویه‌تی (هیسکلیف) منداڵێکی بێکه‌سه‌، یان فڕێدراوە‌ و له‌ شه‌قامه‌کانی لیڤه‌رپوولدا ده‌سووڕێته‌وه‌، هه‌ڵیگرتووه‌ته‌وه‌‌ و وه‌ک دیاری بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی هێناوه‌ته‌وه‌. لێرەدا (کامیۆ) بەرگری لە کوشتن ناکات، بەڵکوو دەیەوێت ئەوە پێشان بدات، کاتێ ئێمە تیۆرییەکمان لە بەرچاو گرتووە و ئەو تیۆرییە فەرمانمان پێ دەکات، چی بکەین و چی نەکەین، ئازادیمان لە دەست داوە. بۆ ئەوەی تۆ خەسڵەتی مۆڕاڵی بدەیتە پاڵ کەسێک، وەک ئەوەی (ئارام کاکەی فەلاح) کردوویەتی، ئەوە سەرچاوەت لە بەرچاو گرتووە و پێوەرەکانت لەو سەرچاوەیە هێناون. باشە و خراپە تەنیا لە ڕێگەی پێوەرەوە دەستنیشان دەکرێن، کە سەرجەم بەرهەمە فەلسەفییەکانی (نیتشە) بریتین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سەرچاوە و پێوەرانە. بەگشتی فەلسەفە لانی کەم لەوەوە دژی هەموو دابەشکردنێک وەستاوەتەوە، بەوەی لە هەر دابەشکردنێکدا کۆمەڵێک مانا لە پێناوی دەستەڵاتدا دەکوژرێن، تا حەقیقەتی چەسپاوی ئەو دەستەڵاتە بمێنێتەوە. ئەو پرۆسێسی جوداکردنەوەیە دەیەوێت هەموو شتێک ئاسان بکاتەوە و بە خێرایی بە ئەنجامێک بگات، کە پێشتر لای جەماوەر زانراوە. لە ئەفۆریسمی پێنجی کتێبی یەکەمی (مرۆڤی قاڵبوو لە مرۆڤایەتیدا: Human, All Too Human)، لە ژێر ناونیشانی (خراپتێگەیشتنی خەون)دا دەنووسێت: (مرۆڤی شارستانیەتە سەرەتایییە زبرەکان وای دەزانی لە خەوندا دنیای دووەمی ڕاستی دەدۆزێتەوە. ڕێک ئێرە بنکەی سەرجەم مێتافیزیکایە. بەبێ خەون نەدەکرا مرۆڤ پاساو بۆ دابەشکردنی جیهان بدۆزێتەوە. جوداکردنەوەی ڕۆح و جەستەیش هەر پێوەندیی بەم ڕاڤە کۆنەی خەونەوە هەیە).

    لە بەرهەمەکانی پێشوومدا بۆ نموونە لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بنووسم، بۆیە نامەوێت لێرەدا بۆچوونەکان پاتە بکەمەوە.
    تۆ لەم هەڵسەنگاندنەدا تەنیا ئەوانە سنووردار ناکەیت، کە هەڵیاندەسەنگێنیت، بەڵکوو ئازادیی لە خۆیشت دەستێنیتەوە و بەو سەرچاوەیەی دەدەیت، وا پێوەرەکانت لێ هەڵهێنجاون. ئەو پرۆسێسی جوداکردنەوەیە دەیەوێت هەموو شتێک ئاسان بکاتەوە و بە خێرایی بە ئەنجامێک بگات، کە پێشتر لای جەماوەر زانراوە. (ژنەکان بێگەرد و پیاوەکان بەدن)، بەرهەمی ئەو دابەشکارییەیە و تێیدا پێوەر خراوەتە گەڕ، کە نەک لە ئاستی میلـلیمان دوور ناخەنەوە، بەڵکوو پتر بەوێمان گرێ دەدەنەوە.
    ئەم گوتوبێژەی (ئارام کاکەی فەلاح) دەربڕینێکی سادەی فیکری میلـلییە، با ناوی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و نووسەریشی تێدا هاتبن. ئەوەی دەڵێت، گۆیە پیاوان (خۆرهەڵاتیان داگیر و ناخۆش کردووە)، هەمان هەڵەی لۆجیکییە و فیکری میلـلی سەپاندوویەتی، هەمان دابەشکارییە و بە مەبەستی ئاسانکردنەوە، پەنای بۆ برراوە، دەنا ئایا نموونەی ئەو پیاوانە لە خۆرئاوایش نین؟ دابەشکردنی دنیا بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، بەو مەبەستەی یەکێکیان بەرز بکەیتەوە و ئەوەی دیکەیان نەوی، ئەو هەڵە لۆجیکییەیە، کە بە (جەختکردنەوەی لایەنگرانە: confirmation bias) ناسراوە. واتە پێشتر بڕیارەکە دراوە و سەرچاوە لە بەرچاو گیراوە.

    یەکێ لەو پرسیارانەی لێ کراون، لەبارەی ڕەنگەوەیە، کە حەزی لە کامیانە. ئەمە وەڵامەکەیەتی: (من هەموو ڕەنگەکانم پێ جوانە، بەڵام لە ناویاندا گەر هەر دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرم، ئەوا شەکەری هەڵدەبژێرم). یان پرسیاری: (زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟)، وەڵامەکەی: (لە درۆ)یە.
    لە سەرەتای هەشتاکاندا بەرنامەیەکی تیڤی هەبوو، کە دەچووە ماڵان و کۆمەڵێک پرسیاری لە خەڵک دەکرد. دووانیان ئەوانە بوون، وا لەم نووسەرەی ئێمە کراون و هەمان وەڵامی ئەوانیشی داونەتەوە. جیاوازەکە لەوەدایە، ئەوان ناوی یەک نووسەر و فیلۆسۆفیان نەدەهێنا. لە بیرمە بینەران بە گشتی ڕەخنەیان لەو بەرنامەیە دەگرت و دەیانپرسی: (ئەرێ ئەو پرسیارانە نەسووانەوە؟).

    دیارە من نەمدەویست لەسەر ئەم وەڵامانەی دواییدا بوەستم، ئەگەر ناوی ئەو هەموو نووسەر و فیلۆسۆفەی لە گوتوبێژەکەیدا نەهێنابوونایە، چونکێ ئەم زمانەی لەگەڵ زمانی بەرهەمەکانی پێشوویدا ڕێک دێتەوە. ئایا مرۆڤ بەو مەبەستەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، پێویستی بە خوێندنەوە دەبێت؟ ئایا نووسەری ئەم گوتانە، (پۆپەر) و فیلۆسۆفانی دیکەی ناسیون؟ بۆ خوێنەرێکی فەلسەفە سەختە بڵێت من بە فڵان فیلۆسۆف سەرسامم و لە فەلسەفەکەی ئەوەوە فێر بووم. ئاڕاستە فەلسەفییەکان چەند دژی یەکیش بن، هێشتا پێوەندییان پێکەوە هەیە، بەوەی فەلسەفە لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ ئەوانەی ترەوە دادەمەزرێت. (پۆپەر) هەر خۆی ئەوەی کردووە. وەک بینیمان کۆمەڵێک فیلۆسۆف و نووسەری بوارە جیاوازەکان، هەم هیی پێش خۆی و هەم هاوچەرخەکانی لە پێکهێنانی فەلسەفەکەیدا بەشدارن، با ڕەخنەی توندیشی لێ گرتبن. من لەو ناگەم، ئەگەر هاوکات لەگەڵ ئەوانیشدا ئەو پێوەندییە دایەلۆگییەم نەبێت. ئێمە لە دایەلۆگی فەلسەفییەوە فێر دەبین، نەوەک لە فیلۆسۆفێکی دیاریکراو.

سەرچاوەکان:

  • Popper, Karl R. The Open Society and Its Enemies, Complete: Volumes I and II, Fifth edition (revised) 1966.
  • Popper, Karl, The Logic of Scientific Discovery, Routledge classics London and New York, 2002
  • Popper, Karl R., Conjectures & Refutations, Growth of Scientific Knowledge, Karl R. Popper, 1962.
  • Popper, Karl, The Poverty of Historicism, ARK PAPERBACKS, London and New York
  • Popper, Karl, The Myth of the Framework: In Defence of Science and Rationality, Edited by M. A. Notturno, Routledge London and New York, 1995.
  • Popper, Karl, In Search of a Better World: Lectures and Essays from Thirty Years, 1995.
  • Adorno, Theodor W.; et al. The Positivist Dispute in German Sociology, translated by Glyn Adey and David Frisby. London: Heinemann, 1977.
  • Brandt, Frithiof, Søren Kierkegaard, 1813-1855; HIS LIFE – His Works, (Danes of the Present and Past), Copenhagen, 1963.
  • Camus Albert, The Rebel, translated by Anthony Bower WITH A FOREWORD BY SIR HERBERT READ , Penguin Modern Classics, 1982.
  • Nietzsche, Friedrich, Human, All Too Human, Part I, translation of Helen Zimmern with an introduction by J. M. Kennedy, T.N. Foulis (13 & 15 Frederick Street, Edinburgh and London 1910.



ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر.. کاروان عومەر کاکەسوور

لە دوو هاوڕێی جیاوازەوە پەرەگرافێکم پێ گەیشتووە، کە هیی نووسینێکی (ئارام سدیق)ـە و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوەیە. ئەگەرچی لە لام سەیر نییە، ئەو ڕەخنەگرە بە زمانی میلـلی، ئەو زمانەی ڕۆژانە خەڵک لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا بە کاری دێنن، لەبارەی چەمکەکانەوە بدوێت، کە هەر خۆم هەوڵم داوە لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا هەموو ئەو چەمکانە هەڵبگرمەوە و ئاستە شاراوەکانیان دەربخەم، کە ئەو فڕێی داون، بەڵام بەوەدا هێشتا بەردەوامە، بگرە دەستی لەوە هەڵنەگرتووە بە پێوەری چاکە و خراپە، کە ناوم ناوە (پێوەری چوخ)، نووسەران هەڵبسەنگێنێت، تا بەمیان بڵێت داهێنەری مەزن و ئەویان بە مایەپووچ بزانێت، بۆیە بە پێویستی دەزانم وەک خوێنەرێک لەسەر ئەم پەرەگرافەیشیدا هەڵوێستە بکەم و هاوکات لە دیدگەی خۆمەوە باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە بنووسم. دیارە لە بەرهەمەکانی پێشوویشمدا ئەو چەمکە ڕووبەڕووم بووەتەوە و دەتوانم بڵێم لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگەوە لێوەی دواوم، بە تایبەتی لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا، کە دەبێتە پاڵپشتی ئەم بابەتەیشم.

سەرەتا با پەرەگرافەکەی (سدیق) وەک خۆی بنووسینەوە:

{بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}.

لە ژێرەوە ناوی خۆی نووسیوە و ئاماژەی بەوە داوە، گۆیە لە وتارێکیەوە وەرگیراوە.

هەوڵ دەدەم لەم ڕووەوە نووسینەکەم بۆ دوو تەوەرە دابەش بکەم. لە تەوەرەی یەکەمدا ناوەرۆکی پەرەگرافەکە بە هەمان زمانی کۆمەڵایەتی لێک دەدەمەوە. واتە زمانی منیش لێرەدا سادەیە و بۆ ئەوەیە لایەنە پێکەنیناوییەکەی پێشان بدرێت. لە تەوەرەی دووەمدا، کە بنەڕەتییە و پێشتریش گوترا باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەنووسم. مەبەستمە بڵێم چۆن ئەو چەمکەی لە کاتێکدا کۆمەڵێک ڕەگی لەناو فەلسەفەدا هەن و کۆمەڵێک بیرمەندیش پێوەی خەریک بوون، لە لای ڕەخنەگری میلـلی دەچێتە ئاستی میلـلی و بە زمانی ڕۆژانە وەسف دەکرێت.

لێرەدا دەمەوێت بڵێم وشەی (پەزپەزە)م لە جیاتیی وشەی (کۆمیدیا) لە ناونیشانەکەدا نووسیوە. لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەشتاکاندا کۆمەڵێک هاوڕێ بووین، لە (پارکی ڕووناکی)دا کۆ دەبووینەوە، گۆیە خەریکی خوێندنی کتێبی فێرگەین، بەڵام زیاتر کاتمان بە گفتوگۆوە دەبردە سەر. (هۆشەنگ وەزیری)، (سائیب ئەکرەم)، (فەتحی کەریم)، (ئازاد ئەحمەد)، (کاروان کۆیی) و هیی تر ڕۆژانە دەهاتن. هەندێجار دەنگی بەرزمان ئەوانەی دیکەی بێزار دەکرد. ئێوارەیەک یەکێ لە باخەوانەکان تووڕە بوو: (ئەو پەزپەزەیەتان لە چییە؟ خۆیشتان نازان چی دەڵێن). لەمەوە کاتێ یەکێکمان بەبێ هیچ زانیارییەک بۆچوونی دەردەبڕی، ئەوانەی دیکە پێیان دەگوت: (پەزپەزەیە)، یان (واز لە پەزپەزە بێنە!) و هیی دیکە.

*    *    *    *

تەوەرەی یەکەم:

(سدیق) نووسیویەتی: (بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

ئایا لە توێژینەوەدا وشەی (بێگومان) بایەخی هەیە؟ ئایا ناکرێت گومان پێشڕۆ بێت، تا لە زانراوەوە بەرەو نەزانراو ئاڕاستە ببێت؟ (سدیق) پێشتریش گوتوویەتی پرسیار گرنگ نییە و ئەوەی پرسیار بکات، مایەپووچ دەبێت، وەک لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا باسم کردووە و لەو بارەیەوە بەشێکی تایبەتم نووسیوە. ئایا بووە نووسەرێک پرسیاری لە لا بێنرخ بێت و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)یشەوە بدوێت؟ بەڵێ، ئەگەر بەو زمانە بنووسێت. دواتر لە تەوەرەی دووەمدا پێشانی دەدەین ئەو چەمکە چ شەڕێکی بە فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان فرۆشتووە، کە لێرەدا خراوەتە ئاستی شمەک و هەڕاج کراوە.

دەڵێت: (پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

جارێ با بڵێین پۆلێنکردن لە فیکری ڕەخنەییدا شوێنی نییە. پۆستمۆدێرنیزم سنووری نێوان ژانرەکانی سڕییەوە و هەموو بنەماکانی تێک شکاندن، کە لەمەوە پۆلێن هێندەی دیکە هێزی لە دەست دا. وەک (جاک دێریدا) پێی وایە تێکستەکان بە شێوەک بە یەکدا ڕۆ چوون، شتەکە لەوە دەرچووە ماناکانیان دەستنیشان بکرێن. چەمکی دەقئاوێزان (intentionality)یش هەر لێرەوە هاتووەتە کایەوە و گەشەی کردووە. (مۆریس بلانشۆ) وا لە چەمکی (ژانری ئەدەبی) دەڕوانێت، کە بەتاڵە و ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی هەبێت، بەو مانایەی پۆلێن پێوەندیی بە پێکهاتەی تێکستەوە نییە. مادام ناواخنی تێکست خاوەنی بونیادی تایبەتی خۆیەتی، ئەوە توخمی ڕەتکردنەوەی پۆلێنکردنی هەڵگرتووە و وەریناگرێت، چونکێ هیی دەرەوەیە.

 ئایا  سەیر نییە تۆ پێشتر ناوی کۆمەڵێک لەو فیلۆسۆفانەت هێنابن، کە دژی پۆلێنکارین، لەولایشەوە ئەو چەمکە زەق بکەیتەوە، بێ ئەوەی هیچ لە بارەیەوە بڵێیت؟ شتی سەیرتر لەوەدایە، کە ئەوەی لێرەدا پۆلێن دەکرێت، ژانری ئەدەبی نییە، بەڵکوو خوێنەرە. دواتر دەگوترێت سەیرەکەی لە کوێدایە. من هەر لەو کتێبەی خۆمدا یەک بەشم بۆ ئەو باسە تەرخان کردووە. بۆچوونی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزم هێناوەتەوە، بە تایبەتی هیی (ڕۆلان بارت)، کە (سدیق) خۆی چەند جارێک ناوی هێناوە، بێ ئەوەی دوو دێڕی گرنگی لەو بارەیەوە نووسیبێت، بگرە بە پێچەوانەوە شتی هێندە سەیری گوتووە، دەتهێنێتە پێکەنین. (ئەگەر وا نییە، با بێتە دەنگ!)… ڕەخنەدۆزی ئەمەریکی، (جۆناتان کولەر: Jonathan Culler) لە کتێبی (بارت: پێشەکییەکی زۆرکورت: Barthes: A Very Short Introduction)دا دەڵێت: (بەشێکی زۆری کارەکانی بارت ڕەنگاوڕەنگ و خاوەنی شێوازی ناوازەن. هەڵگری تایبەتمەندێتیی دەگمەنن و دەکەونە دەرەوەی سنووری ژانرەکانەوە). (بارت) خۆیشی لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە پێوەندیی بە سیستەمی کتێبخانەوە هەیە، بەوەی نازانرێت بەرهەمەکانی بخەنە چ خانەیەکەوە، بگرە هەیانە لە زیاتر لە خانەیەک دانراوە؛ شتی نزیک لەوانەی گوتوون. گفتوگۆکە لە پاڵ کۆمەڵێک گفتوگۆی دیکەی لە کتێبی ( Roland Barthes: The Grain of the Voice, Interviews 1962–1980)دا بڵاو کراوەتەوە. پرسیارەکە بەم شێوەیەیە: (سەرنجم داوە کتێبەکانت لە یەک شوێنی کتێبخانەدا نمایش ناکرێن، بەڵکوو لە شوێنی جۆراوجۆر دانراون، وەک زمانەوانی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، ئەدەب و هیی دیکە. ئایا ئەو پۆلێنە ئالۆزکاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە شێوازی لەیەکنزیکردنەوەی بابەتەکان دەگریتە بەر؟)… بە (بەڵێ) وەڵام دەداتەوە و ئاماژە بە (ژان پۆول سارتەر) دەکات، بەوەی ئەویش فیلۆسۆف، ڕەخنەدۆز، شانۆنامەنووس، گوتارنووس و هیی دیکە بووە.

من لە (سدیق) دەپرسم، ئاخۆ دەتوانێت لەبارەی پۆلێنکارییەوە چەند دێڕێک بنووسێت، تا بزانین چۆنی لێ تێگەیشتووە؟ دەکرێت لانی کەم بە هاوڕێیەکی نزیکی خۆی بڵێت مەبەستی لەو وشەیە چییە؟ ئایا لێرەدا هیچ شتێکی لەو بارەیەوە گوتووە؟ ئایا تەنانەت لە ئاستی ڕستەسازییشدا دروست دەریبڕیوە؟

(پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان). ئێمە وشەیەکمان هەیە، ناوی (پۆلێن)ـە و دەمانەوێت پێناسەی بکەین. ئایا دەکرێت بڵێین (پۆلێن پۆلێن)ـە؟ نەدەکرا بیگوتبووایە (یەکێکە لە سەختترین کارەکان)، یان لانی کەم بینووسیبووایە (پۆلێنکردنی خوێنەر لە پۆلێنکردنی هەر شتێکی دیکە سەختترە)؟ بەوەدا ئاوەڵناوی (سەخت)ی داوەتە پاڵ، مانای وایە دەیزانێت، بۆیە هیوادارم پێمانی بڵێت. نازانم بۆچی لێی شاردووینەتەوە! پۆلێنکاری پێوەندیی بە سیستەمی ڕێکخستنی کتێبخانەوە هەیە. چ کتێبێک لە کوێ دابنرێت و چ ژمارەیەکی پێ بدرێت؟ بۆ ئەوانەی قاڵب و کڵێشە لە بەرچاو دەگرن، دەشێ گرنگ بێت بزانن شیعر چۆن بنووسرێت و ڕۆمان لە چەند وشە پێک بێت، دەنا وەک گوترا لای ڕەخنەدۆزانی جیاوازی، کە ڕەخنەیان لە شوناس گرتووە، سنووری ژانرەکان کاڵ بووەتەوە و ئەمیان لەویان وەردەگرێت. هەم لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و هەم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، هەوڵم داوە بە وردی لەو باسە بدوێم.

ئینجا (سدیق) نووسیویەتی: (خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە). کاتێ دەگوترێت (خوێنەر بوونەوەرێکە)، واتە تاکە، بۆیە (کۆ بکرێنەوە) هەڵەیە. پێویستە سەرتاپێی وشەکان دابڕێژرێنەوە، تا سروشتی خۆیان لە دەست نەدەن، بە مەرجێ هەتا بۆ سروشتی خۆیشیان بگەڕێنەوە، هێشتا لە ڕووی تێگەیشتنی ڕەخنەیییەوە پرسیارمان دەمێنێت. تۆ ڕەخنەگر بیت و کۆمەڵێک کتێبت چاپ کردبن، ئینجا بێیت و خوێنەر بە (بوونەوەر) بزانیت، بۆ من پێکەنیناوییە، کە وەک دواتر دەبینین هەر بە ڕاستی بە بوونەوەری زانیوە و بە شێوەی مۆرفۆلۆجی بینیویەتی. بوونەوەر واتە (Organism)، کە مرۆڤ، ئاژەڵ، ڕووەک و هیی دیکە دەگرێتەوە. لێرەدا مەبەستی مرۆڤە. ئەوەتە نووسیویەتی: (بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین).

لە فەلسەفەدا چەمک واتە لایەنی نادیاری شت، کە بێسنوورە و لە بێژمار ئاڕاستە پێک دێت. ئایا بۆ نموونە چەمکی (دەستەڵات) لای (فۆکۆ) بریتییە لەو کەرەستانەی حوکمیان پێ دەکرێت؟ (سدیق) خوێنەری لە مرۆڤدا بەرجەستە کردووە. واتە ئەوانە بە شێوەی فیزیکی هەن و کتێب بە دەستەوە دەگرن، کە دەتوانیت بیانژمێریت. ئینجا وشەگەلی وەک (لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان) تەنیا بە مەبەستی فریودانی خوێنەر نا، بەڵکوو فریودانی جەماوەر ڕیز کراون، دەنا هیچ ئەرکێکیان لە ئەستۆدا نییە. دەسا ئەگەر هەیانە، خۆزگە دەهات و لەو بارەیەوە بۆمان دەدوا! با بزانین ئەو سێ شێوەیە چین، کە پۆلێنی کردوون: {یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”}.

دەیگوت پۆلێنکردنیان کارێکی سەختە، کەچی دەبینین هەر زۆر ئاسانە. ئەرێ مرۆڤ بەو مەبەستەی ئەم پەرەگرافە، بگرە هەزاران پەرەگرافی لەم شێوەیە بنووسێت، پێویستی بە وردبوونەوە هەیە؟ بۆیە دەپرسم، چونکە نووسیویەتی: (بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان). وردبوونەوەی بۆ چییە؟ هەر کەسێکت بینی، کتێبی پێیە، خوێنەرە و ئەوەی پێی نییە، فت. ئەوەی زووزوو بە دەستیەوە دەگرێت و دەیهێنێتە قەرەباڵغی، ”خوێنەری هەمیشەیی”یە، ئەوەی ناوەناوە هەڵیدەگرێت، ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر) و ئەوەی کەمجار پێی دەبینرێت، ”خوێنەری کاتی”یە.

ئایا لە پەنجاکاندا خاوەنی کتێبخانەیەک نا، بەڵکوو خەڵووزفرۆشەکەی بەرانبەری، یان نانەواکەی تەنیشتی نەیدەتوانی بەو ئەنجامە بگات، کە هەندێک کەس بە شێوەی کاتی کتێب دەکڕن، هەندێک جاروبار و هەندێکیش بەردەوام؟ یەکێ لە خەسڵەتەکانی ڕەخنەی میلـلی، ئەوەیە، کە تۆ دەتوانیت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ هەر شتێکی دیکەی بە کار بهێنیت. لە پەنجاکان دوور ناکەوینەوە و پیاوێکی هەژار دێنینە بەر چاومان، کە دەیەوێت نۆکاو بفرۆشێت. دەچێتە گەڕەکەکەی ئەوبەر و سەرنج لەو نۆکاوفرۆشەی ئەوێ دەدات. بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە و بە هاوسەری دەڵێت: {بێگومان پۆلێنکردنی نۆکخۆر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی نۆکخۆر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”نۆکخۆری کاتی”. دووەم ”نۆکخۆری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”نۆکخۆری هەمیشەیی”.}.

ئایا هاوسەری لێی ناپرسێت: (بۆچی، گیانەکەم، تۆ بەبێ ئەوەیش ئەمەت نەدەزانی؟)؟ ڕەنگە ئەو پیاوە هەر بە سروشتی خۆی زمانی کوردی بزانێت و ئەو هەڵانە نەکات، کە (سدیق) کردوونی. بۆ نموونە وشەی (پچڕپچڕ) وەک ئەو لە یەک جودا ناکاتەوە، مادام ئاوەڵناوە. هەروەها ئەو پێشەکییە ناڵێت، کە وەک بینیمان یەک ئەرکی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵکوو تەنیا بۆ فریودان نووسراوە. خۆزگە ئەوانەی بەو پەرەگرافە سەرسامن، وەک هاوسەری نۆکاوفرۆش لێیان دەپرسی، ئەرێ تۆ شتێکت گوتووە، ئێمە نەیزانین؟  ئایا وشەی (پچڕپچڕ: intermittent) لە شێوەی ناو، یان ئاوەڵناودا بە کار دێت؟ دەگوترێت: (مام پچڕپچڕ لە دەرگەی دا)؟ (منداڵێکی پچڕپچڕە و لە دایکە پچڕپچڕەکەی دەچێت)؟ (کتێبە پچڕپچڕەکە دەنگی داوەتەوە و بە دڵی خەڵکە). تا ئێستا نەمزانیوە بەندبێژێک گوتبێتی: (جاران پیاوێکی درێژ بووم، ئێستا هەر وەک تۆپ خڕم… کەوتوومەتە بەر شەقی یاری پچڕپچڕم. فش نابمەوە بە هیچ کەس، چونکە تا بڵێی پڕم). ئەرێ (پچڕپچڕ) هاوواتای (ڕاگوزەر: transient)ـە؟

من لەو کەسانە نیم سنوور بۆ زمان و دەربڕین دادەنێن، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە لەسەر گرفتی زمانەوانیدا دەوەستم، ئەوە تەنیا دەمەوێت پێشانی بدەم ئەم تێگەیشتنە تا چ ئەندازەیەک ڕووکەشە و چۆنیش ڕێ بە خۆی دەدات لەبارەی ئەو چەمکانەوە زانیاریی ساختە بخاتە ڕوو. زمانی ئەم نووسینە لە پێناوی (شت) لە سروشتی خۆی دوور کەوتووەتەوە، بەڵام زمانی ئەو نۆکاوفرۆشە بەوەدا پێوەندیی بە (ژیان)ـەوە هەیە، سروشتی خۆی لە دەست نەداوە. زانیاریی هەڵەی نۆکاوفرۆشەکەمان هیچ زیانێک ناگەیەنێت، بەڵام زانیاریی هەڵەی ئەم نووسینە بیرکردنەوە بە لاڕێدا دەبات.

ئایا (سدیق) تا ئێستا ناوی چەمکێکی هێناوە، کە ئێمە خۆمان پێشتر باسمان لێوە نەکردبێت؟ فیکری یەک فیلۆسۆف، یان هیی ڕەخنەدۆزێکی ئەدەبیی پێ ناساندووین، بڵێین ئەوە یەکەمجارە لە بارەیەوە دەخوێنینەوە؟ ئایا بەو زمانە میلـلییەی هەر ئەوانە ناڵێتەوە، کە خۆمان پێشتر نووسیومانن؟ دیارە دوای ئەوەی لە ناوەرۆکیانی بەتاڵ کردوون. دوای ئەوەی لە ئاوی میلـلییان هەڵدەکێشێت، ئینجا بۆمانی دێنێتەوە. دەکرا ئەو وەک ڕەخنەدۆزانی دی هەم چەند کتێبێکی گرنگی لە زمانەکانی دیکەوە وەربگێڕابوونایە و هەم ورد لەبارەی کۆمەڵێک چەمکەوە بینووسیایە، کەچی ئەوەتە نەیتوانیوە بە زمانی خۆی پەرەگرافێکی هێندە ڕووکەش دابڕێژێت!

ئەوە یەک پەرەگرافە لەو گوتارەی. ئایا لە خۆی ڕادەبینێت تەواوی گوتارەکەم بۆ بنێرێت، تا بەم شێوەیە بیخوێنمەوە؟

ئێستا دوو پرسیاری زۆر سادە دەکەین، کە تەواو لە ئاستی پەرەگرافەکەدان: ئایا مەرجە هەر کەسێک زۆر کتێب بکڕێت، خوێنەرێکی قووڵ بێت؟ بە لاکەی دیکەیشدا ئایا ناشێ کەسانێک کەم بخوێننەوە، بەڵام خاوەنی تێگەیشتنی زیندوو و فرەوان بن؟ ئەرێ مەرجە ئەوانەی لە دەرەوە کتێبیان پێ نابینرێت، لە ماڵەوە نەیانبێت و نەخوێننەوە؟ ئایا زۆریی ژمارەی کتێب گرنگە، یان جۆری ئەو کتێبانەی دەخوێنرێنەوە؟ ئەوە هەڵەی لۆجیکییە و بە (Style over Substance Fallacy) ناسراوە. واتە هەڵەی لۆجیکیی زاڵکردنی شێوە بەسەر ناوەرۆکدا. ئەو کاتەیە، کە ڕووخساری بریقەداری شت فریومان دەدات. مرۆڤی ئێمە بێ ئەوەی وەک (سدیق) بانگەشەی ئەوە بکات (هایدیگەر) و فیلۆسۆفانی تری ناسیون، خۆی لەو هەڵە لۆجیکییە دوور گرتووە و گوتوویەتی: (هەر شتێک بدرەوشێتەوە، مەرج نییە زێڕ بێت). لە کتێبی منداڵیمدا نووسیومە بە مەبەستی فریودانی باوکم، بەردەوام کتێبی فێرگەم بە دەستەوە گرتووە، بێ ئەوەی هەر بیخوێنمەوە، کە ئەوەم بە شێوەیەکی دی لە چیرۆکی (جیهان لە فنجانی قاوە)یشدا بە کار هێناوە. ئایا گوتار و کتێبی ئەو هەموو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەی لە بەرهەمەکانیدا ناوی هێناون، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم پەرەگرافە نەنووسێت؟ ئەرێ ئەگەر چوار دێڕی یەکێ لەو فیلۆسۆفانەی خوێندبێتەوە، ئەم پرسیارانە دەورووژێنێت؟ کوا کاریگەریی ئەو کتێبە کوردییانەی، کە پێی گوتووین داهێنانی مەزنن؟ ئایا نەیخوێندوونەتەوە، یان ئەوانیش لە هەمان ئاستی تێگەیشتنی خۆیدا نووسراون؟ با بڵێین دروست بۆی چووە و ئەو سێ شێوە خوێنەرەمان هەن. دەیەوێت چی بەو ئەنجامە بکات؟ ئەوە کێیە، پێویستی بە زانینی ئەم ئەنجامەیە؟ هەر بە ڕاستی گرنگە ئێمە ئەوە بزانین؟ ئەگەر وایە، سیخوڕانی ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان لە پێش هەموومانەوە داهێنەرن، بەوەی دەیانەوێت بزانن کێ چی و چەند دەخوێنێتەوە.

لەو ماوەیەدا هەندێک خوێنەری ئاسایی کۆمەڵێک نووسین و ڤیدیۆی نووسەرانیان هەر بە مەبەستی پێکەنین بۆ ناردووم. هەندێکیان هیی (ئارام سدیق) و سێ دانەیان هیی (ئارام کاکەی فەلاح)ن، کە ئەگەر پێیان خۆشە بزانن ئەو بابەتانە چین، ئامادەم پێیان بڵێم. یەکێکیان ئەم پەرەگرافەیە، کە ئەوەتە قسەی لێوە دەکەین. هیی نووسەرانی دیکەیشیان ناردووە. ڕەنگە هەندێک نەزانن ئەمڕۆ لەلایەن خوێنەری وریا و چاوکراوەوە ئەو بابەتانەی، خۆیان پێیان وایە داهێنانی مەزنن، وەک نوکتە سەرنجیان دەدرێتێ و بۆ یەکتری دەنێرن. بۆ نموونە (دلێر سەلیم) ئەوە نزیکەی دوو دەیەیە خەریکی ئەم کارەیە. دیارە مەبەست لە نووسینی نووسەرە، نەوەک نووسەر خۆی، لە کاتێکدا هەر فیکرێک، ئینجا هیی سەرۆکی حیزبە، یان هیی سەرۆکی دەستگەیەکی کولتووری، هیی ڕۆماننووسی بەناوبانگە، یان هیی شاعیری ناسراو، بۆ ئەوەیە بکرێتە بابەتی نوکتە و پێکەنین. ئەوەی لە لای من نەکراوە و ناکرێت، گۆڕینی بوونی مرۆڤە بۆ بابەت، کە پێشتریش گوتوومە ئەوەی بوونی کەسێک دەکاتە بابەت، هاوکات بەوە ڕازییە بوونی خۆیشی بۆ بابەت بگۆڕێت.

ئایا بۆچوونی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە گرنگە، چ کاتێ پێتدا هەڵدەڵێت و چ کاتێ دەتشکێنێت؟ ئایا ئەو نووسەرانەی بە داهێنەری زانیون، هەر بە ڕاستی داهێنەرن؟ ئایا بەو تێگەیشتنەی هەندێک نووسەری وای وەک داهێنەر پێ نەناساندووین، کە بەرهەمەکانیان بۆ خوێنەری سەرەتاییش سادەن؟

(حسێن عارف) لە سەرەتای حەفتاکاندا چەند گوتارێکی لەبارەی شەپۆلی هۆشەوە نووسیون و کتێبێکی وەک (شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی نوێدا)ی (ڕۆبێرت هەمفری)ی بە خوێنەر ناساندووە، کە تا ئەمڕۆیش ئەو کتێبە بایەخی خۆی لە دەست نەداوە. پاش پەنجاودوو ساڵ (ئارام سدیق) بەم زمانە لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەدوێت! هەر لە سەرەتای حەفتاکاندا ئەدەبی ڕوانگە و گرووپی کفری چاو هەڵدێنن و لە بەرانبەریاندا کۆمەڵێک گوتاری ڕەخنەیی دەنووسرێن، کە بە هەموو سادەییی خۆیان، دەکرا ببنە سەرەتای گرنگ بۆ دامەزراندنی فیکری ڕەخنەیی، کەچی ئەوەتە (سدیق) لە دوای نیو سەدە و بە زمانی میلـلی، بگرە لە خوار زمانی ڕۆژانەی خەڵکیشەوە دەنووسێت! (حەمید عەزیز) لە ساڵی (1979)دا کتێبی (سەرەتایەک لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنان)ی چاپ کردووە، کە نزیکەی دە ساڵ پێشتر وەک زنجیرەگوتار لە ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا بڵاو کراوەتەوە.

ئەگەر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بگەڕێینەوە، کۆمەڵێک ڕیپۆرتاجمان بەر چاو دەکەون، کە بۆ ئەوە کراون، ئاخۆ کتێب چەند دەفرۆشێت و چەند جۆر خوێنەر هەن. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لەوەی (سدیق) جوانتر نووسراون، کە وەک توێژینەوەی ئەدەبی بڵاوی کردووەتەوە.

فیلمێکی کۆمیدیی میسری هەیە، ناوی (دۆکتۆر فەرەحات)ـە و (فەوزی جەزایرلی) ڕۆڵەکە دەبینێت. دەرهێنەری ئیتاڵی، (تۆگۆ میزراحی) لە ناوەڕاستی سییەکاندا دەریهێناوە، کە باس لە پیاوێکی هەژارە و بە هەڵە لە هۆتێلێکدا وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەپێی لێکدانەوەی هاوسەری وشەی (ترجمان: وەرگێڕ) واتە قاپشۆر و خۆیشی هەر وا تێگەیشتووە. (دۆکتۆر حیلمی)یش لە لەندەن دەگەڕێتەوە و لەو هۆتێلە دادەبەزێت. داهێنانی زۆری لە بواری پزیشکیدا کردووە و ڕۆژنامەنووسان دەیانەوێت بیدوێنن، لە کاتێکدا دەزانن بە دزی گەڕاوەتەوە و بە ناوێکی خوازراویش لە هۆتێل دابەزیوە، بۆیە دەڵێن دیارە ئەو پیاوە سەیرەی ناوی (فەرەحات)ـە، لەو زیاتر، کەسی دی نییە. گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن و ئەویش وەڵامی سەیریان دەداتەوە، بەوەی هیچ شتێک لەبارەی پزیشکییەوە نازانێت و هاوسەریشی پێی گوتووە بۆ ئەوەی وەک قاپشۆر لەو هۆتێلەدا وەربگیرێت، پێویستە هەر شتێکی لێ دەپرسن، بڵێت دەزانێت و وەڵام بداتەوە. (دۆکتۆر حیلمی) بۆی دەردەکەوێت ئەو پیاوە بە شێوەیەکی زۆر پێکەنیناوی هەڵسوکەوت دەکات. ئینجا لە دوورەوە پێوەندیی دڵداریی لەگەڵ کچێکدا بەستووە، لە کاتێکدا لە لای ڕوون نییە، ئاخۆ کچە لە دڵەوەیەتی، یان لەبەر ناوبانگ و سامانەکەی دەیەوێت ببێتە هاوسەری. وای بە چاک دەزانێت ئەو پیاوە دەشتەکییە هەژارە لە جیاتیی خۆی بنێرێت، بەو مەبەستەی تاقیی بکاتەوە. هەر بە ڕاستی باوکی کچە پێی ڕازییە و خەڵکیش تەنیا لەبەر ئەوەی، گۆیە پزیشکە و خاوەنی سامانە، ڕێزی لێ دەگرن، بگرە سەرسامیی خۆیان لە ئاستی گوتە ساکارەکانیدا دەردەبڕن، لە کاتێکدا کچەکە هەست بە نائومێدی دەکات.

دیارە نامەوێت لەوە زیاتر لەبارەی فیلمەکەوە بدوێم، بەڵام مەبەستمە بڵێم، کە ئەمڕۆ لەناو دنیای نووسینماندا نموونەی ئەم (دۆکتۆر فەرەحات)انە زۆرن. جیاوازیی نێوان (دۆکتۆر فەرەحات)ی فیلمەکە و ئەوانەی خۆمان، ئەوەیە، کە ئەم بێ ئەوەی ویستبێتی، ئەو ڕۆڵەی پێ دراوە، لە کاتێکدا ئەوانەی ئێرە بە ئارەزووی خۆیان پێی گەیشتوون. (فەرەحات) کاتێ وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت و بە ڕێکەوت لە هەندێک هەڵوێست ڕزگاری دەبێت، دەڵێت: (من وام دەزانی پیشەی وەرگێڕی زۆر سەختە، کەچی دەرکەوت تا بڵێی ئاسانە). بە ڕاستی ئەمڕۆ نووسین هێندە ئاسان بووە، کە ساڵانە دەتوانیت بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک چەند کتێبێک بنووسیت و کەسانێکی زۆریش، وەک ئەوانەی بە گوتەکانی (دۆکتۆر فەرەحات) سەرسام بوون، پێیان سەرسام ببن. ناوەناوەیش بڵاوکردنەوەی پەرەگرافی لەم شێوەیە پێویستە. کۆمەڵێک لایک و کۆمێنتی جەماوەر بە دەست دەهێنیت و دەبیتە ناوێکی دیار. تۆیش کاتێ ڕووبەڕووی ئەم تێگەیشتنە دەبیتەوە، بە ناچاری دەبێت لەو ئاستەدا بدوێیت. ئایا دەکرێت چاو لەم نووسینانە بپۆشین، کە زانیاریی ساختە دەگەیەنن؟

*  *  *

تەوەرەی دووەم:

تیۆریی خوێنەر/وەرگر لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەم لە فێرگەی کۆنستانس (Constance School)ی ئەڵمانیای خۆرئاوادا چاو هەڵدێنێت، کە (هانس ڕۆبێرت یاوس: Hans Robert Jauss) و (ڤۆلفگانگ ئایزەر: Wolfgang Iser) وەک دوو ڕەخنەدۆز و تیۆریستی ئەدەبی ڕۆڵی گەورە لە پێکهێنانیدا دەبینن. یەکەمیان بایەخی بە ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception) و دووەمیان بە خوێنەری ناوەکی (implied-reader) داوە. ئەم دووانە و ئەوانەی تریش، کە دواتر ناویان دەهێنرێت، ئەگەر لە هەندێک ڕووەوە جیاواز بن، ئەوە لە گەوهەردا لەسەر ئەوە کۆکن، کە دەبێت خوێنەر بەهای پێ بدرێت و ئەو بەهایانەیشی بۆ بگەڕێنرێنەوە، پێشتر لەسەر حیسابی نووسەر، بگرە لەسەر حیسابی تێکستیشدا لێی سەندراونەتەوە.

پێویستە هەر لە سەرەتاوە بگوترێت ئێمە بە گشتی باسی چەمکی خوێنەر دەکەین و کەمتر ڕۆ دەچینە قووڵاییی تیۆرییەکانەوە، کە وەک پێشتر گوترا مەبەستمانە بە پلەی یەکەم ئەوە پێشان بدەین ئەم چەمکە چ قورسایییەکی لە لای فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان هەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەگری میلـلی تا ئاستی زمانی تێگەیشتنی ڕۆژانەی خەڵک، بگرە خوارتریشی دابەزاندووە. خۆ ئەگەر پێویستی کرد بە تایبەت لەبارەی هەر یەکێ لەو تیۆرییانەوە قسەی زیاتر بکەین، ئەوە لە ئاییندەدا بە خۆشحاڵییەوە بۆ باسێکی لەم شێوەیە دەگەڕێینەوە. وەک گوترا پێشتریش لەو بارەیەوە کارمان کردووە.

بەوەدا ئەو تیۆرییە، یان دروستتر ئەو تیۆرییانە لە کتوپڕێکدا نەهاتوون، بەڵکوو لە کۆمەڵێک سەرچاوەی گەورەوە هەڵقوڵاون، ئەوە ناکرێت ئەگەر بە کورتییش بێت، ئاوڕیان لێ نەدەینەوە. ڕاستییەکەیشی وا پێویست دەکات تیشک بخەینە سەر بەشێک لەو سەرچاوانە، تا پتر قووڵاییی چەمکەکەمان بۆ دەربکەوێت.

ئەو چەمکە هەر لە سەردەمی فەلسەفەی یۆنانیدا ئاماژەی پێ دراوە، بە تایبەتی لە لای (ئەریستۆ)، کە هەرسێ توخمی تێکست، نووسەر و وەرگری باس کردوون، لە کاتێکدا ڕۆڵی هەر یەکەیانی دەرخستووە. پێی وایە شاعیر لە لایەک بە حەقیقەت و واقیعەوە پێوەستە و لە لایەکی دی بە وەرگرەوە. ئەو لە کتێبی (هونەری شیعر)، لە چوارچێوەی شیعری شانۆییدا، کە پێوەستە بە تراجیدیا و کۆمیدیاوە، بایەخ بە چەمکی وەرگر و ئێستاتیکای وەرگر لە وەرگرتنی تێکست دەدات، بەوەی بینەرانی شانۆ ڕۆڵی گرنگ لە تاوتوێکردنی کاری هونەریدا دەبینن. لەچاوکردنەوە (Imitation) لایەنی دەروونی دەگرێتە خۆی، کە ورووژاندن و ناکاوی (Surprise) دەهێنێت. ئەوانە لە شێوەی ترس (fear) و بەزەیی (pity)دا دەردەکەون. بەوەدا ئەرکی شیعر ئەوە نییە واقیع ڕێک وەک ئەوەی هەیە، بگوازێتەوە، لێرەدا ناچاوەڕوانکراوی (unexpected)ی لێ دەکەوێتەوە، کە بە ورووژان و سەرسامییەوە پێوەستە. واتە بایەخ بە لایەنی چێژ دەدات، بەوەی لە ئێستاتیکادا بەرجەستەیە. لەبارەی ترجیدیاوە دەڵێت کۆتاییی دڵخۆشکەر (happy ending) دڵخۆشمان ناکات، بەو مانایەی وەرگر زیاتر بە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو دەورووژێت و چێژ دەبینێت.

لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان ئاوڕیان لەو چەمکە، چەمکی خوێنەر داوەتەوە و پێوەی خەریکن. (سارتەر) لە کتێبی (ئەدەب چییە؟)دا هەوڵی داوە بە شێوازی خۆی لە چەمکی خوێندنەوە بکۆڵێتەوە و دەپرسێت بۆچی دەنووسین؟ دەڵێت پرۆسێسی خوێندنەوە وا دەکات کاری ئەدەبی بێتە کایەوە. واتە بە هاوکاریی نووسەر و خوێنەر بەرهەم دێت. ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە بە گشتی ڕێبازە فەلسەفییەکان لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە زەمینەیان بۆ دەرکەوتنەوەی خۆش کرد و وردەوردە دەستەڵاتی نووسەر خرایە ژێر پرسیارەوە، کە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی نووسەر (Author) بە وشەی دەستەڵات (Authority)ـەوە پێوەستە. بۆ نموونە لە بیرۆکەی (مەرگی خواوەند)ی (فریدرێک نیتشە)وە بیرۆکەی (مەرگی نووسەر) لە لای (ڕۆلان بارت) و (مێشێل فۆکۆ) دێتە کایەوە، کە (بارت) لە (مەرگی نووسەر)دا دەڵێت پێویستە لەدایکبوونی خوێنەر لەسەر حیسابی مەرگی نووسەر بێت. لە کتێبی (چێژی تێکست)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە خوێنەر لە جیاتیی ئەوەی ببێتە بەکاربەری تێکست، دەبێتە بەشدارێکی چالاک لە بەرهەمهێنانیدا. پێوەندییەکەی بە تێکستەوە وەک پێوەندیی دڵدارە بە دڵبەرەکەیەوە. (بارت) بەم شێوەیە خۆی وەک خوێنەر پێناسە دەکات: (من عاشقی زمانم، کەواتە عیشقی خۆم بۆ نووسراو ڕادەگەیەنم). خوێنەر لە ڕێگەی چێژەوە یاخی دەبێت و لە یاسا دەردەچێت، بەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی جیاوازە. بۆیە چێژ دەبینێت، چونکە تاکە و خاوەنی جەستەی خۆیەتی. لە کتێبی (ڕەخنە و حەقیقەت)دا پێی وایە ئەوە تەنیا خوێندنەوەیە شەیدای کاری ئەدەبییە و پێوەندیی شەهوەتئامێزی لەگەڵ دادەمەزرێنێت. کاتێ دەخوێنینەوە، مانای وایە شەهوەتمان بۆ کاری هونەری بزوواوە. هەروەها دەڵێت نووسین بنەبڕکردنی هەموو دەنگ و سەرچاوەیەکە، ئەو بێلایەنییەیە، ئەو پێکهاتە و پێچ (oblique)ـەیە، کە خودە چالاکەکانمانی تێدا وێڵ دەبن. ئەو ڕەشایی و سپێتییەیە، کە هەموو شوناسێکی تێدا ون دەبێت، لە شوناسی ئەو جەستەیەوە دەست پێ دەکات، کە دەنووسێت. مەبەستی ئەوەیە ئێمە نازانین کێیە لەناو تێکستدا، واتە لەو شوێنە بێلایەنەدا دەدوێت. پێشتر هەم (ستیفان مالارمێ) و هەم (پۆول ڤالێری)یش بە شێوەیەک لە شێوەکان (دانەر)، یان (نووسەر)یان بە گرنگ نەزانیوە. (فۆکۆ) خۆی (بوونی زمان) دەخاتە پێش (existential primacy of language) مرۆڤەوە، بەو مانایەی زمان لە مرۆڤدا دەدوێت، بۆیە لە ڕاڤەکردنی چەمکدا، گەڕانەوە بۆ نووسەر بە پێویست نازانێت، بەوەی لەناو تۆڕی فرەوانی چەمکەکاندا ئەو مرۆڤە هەر ونە. ئەوە چەمکەکانیشن (خود)یان پێک هێناوە، نەوەک (خود) ئەوانەی دروست کردبن، کە (بارت) جەخت دەکاتەوە هەر تێکستێک لە کۆمەڵێک تێکستی دی وەرگیراوە، بۆیە لەوەی دوور دەخاتەوە بە پێوەری ڕەوشت بخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا بکەرەکەی بە لاوە نراوە. واتە لەگەڵ ئەوەدا نییە بگوترێت، ئاخۆ ڕاستە، یان درۆیە، کە ئەوەیشە وا دەکات تێکست لە نووسەر داببڕێنرێت و توانای ئەوەی هەبێت دەقئاوێزان (intentionality) پێک بهێنێت. بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە مەرگی نووسەر، واتە لەدایکبوونی خوێنەر. مەبەستی ئەوەیە کاتێ نووسین بە هیی نووسەر دەزانین، ئەوە سنووری بۆ دادەنێین و مانای کۆتاییی پێ دەدەین. لێرەدا بایەخ بە کرانەوەییی تێکست دەدات، بەو مانایەی ئەو تێکستە نەکرێتە ڕووبەرێک بۆ حوکمی ڕەها و ئاڕاستەکان لە خاڵێکدا کۆتایییان نەیەت، بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێتە کارێکی داهێنەرانە و بەشداریی خوێنەر لەو پرۆسێسەدا دەربکەوێت. (هیچ حەقیقەتێکی بابەتی و خودی بۆ خوێندنەوە نین، بەڵکوو تەنیا حەقیقەتێکی یاریکەر هەیە). ئەو حەقیقەتە یاریکەرە چەسپاو نییە و لە جووڵەدایە، کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی لێکی بداتەوە. ئەو حەقیقەتە یاریکەرە یارمەتیمان دەدات دوالیزمەکان تێبپەڕێنین.

(جیل دولووز) بە شێوازی خۆی ڕەخنە لە دەستەڵاتی نووسەر دەگرێت، کە لە شێوازی نووسینی کلاسیکدا بەرجەستەیە، بەوەی شێوەیەکی چەسپاو و تاکڕەهەندە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری) نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی  ڕایزۆم (rhizome)وە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی  ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. ( ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فیکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام  ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە.  ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆری (Principles of connection and heterogeneity)یە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا  ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنترالیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی  ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی  ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی  ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات.

سەرەڕای ئەو بایەخە گەورەیەی (بارت) و ئەوانەی دی بە خوێنەری دەدەن، کەچی هێشتا لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر (reception theory) کەمە، بەوەی زیاتر بۆ تێکست ئاڕاستە کراوە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕەخنەدۆزی وەک (هانز ڕۆبێرت یاوس)، (ولفگانگ ئایزەر)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (جاک ڕیفاتێر) و هیی دیکە پێوەی خەریک دەبن و لەم ڕووەوە چەند چەمکی وەک (خوێنەری ناوەکی)، (خوێنەری نموونەیی)، (خوێنەری باڵا)، (خوێنەری ڕاستی) و زۆری تر دێنە کایەوە. هەر لەم نێوەدا ناکرێت چەمکی هەڵوەشاندنەوەی (جاک دێریدا) فەرامۆش بکەین، کە ئەو فیلۆسۆفە بە شێوازی خۆی بایەخ بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە. هەر ئەوەی ڕەخنە لە مێتافیزیکای ئامادە (metaphysics of presence)، یان (سەنترالیزمی عەقڵ) (Logocentrism) دەگرێت، مانای وایە مەبەستی تێکشکاندنی دەنگی نووسەرە، تا دەنگی خوێنەر دەربکەوێت. پێی وایە هەمیشە لە ئاستی تێکستەکاندا ڕووبەڕووی دوالیزمە دژەکان (Binary Oppositions) دەبینەوە، وەک ڕۆح/ جەستە، عەقڵ/ ناعەقڵ، قسە/ نووسین، گەرم/ سارد، ڕەش/ سپی، ژیان/ مردن، چاک/ خراپ، جوان/ ناشیرین و زۆری تر، کە مێتافیزیکا لەو ڕێگەیەوە مانای پێشوەختی خۆی دەسەپێنێت، مانایەک، وا خۆی دەردەخات قەوارەیەکی یەکگرتوو (Coherent) و هاوتوخم (Homogeneous)ی هەیە و بووەتە سەنترالی عەقڵ، دواجار لە شێوەی حەقیقەتێکی نەگۆڕدا دەردەکەوێت. لەم دیدگەیەوە نووسەر/خوێنەر وەک دوالیزم سەیر کراون و دووەم لە ڕێی یەکەمەوە بە بیر هاتووەتەوە، بەڵام بە پلەیەکی نزمتر، کە تێکشکاندنی ئەو سەنترالیتییەی نووسەر، گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ خوێنەر. لە کتێبی (نووسین و جیاوازی)دا بە شێوازی خۆی جەخت لە چەمکی یاری دەکاتەوە، بەو مانایەی یاری بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە، کە یاریی بەردەوامی ماناکان سڕینەوەی سنووری نێوان چەمکەکان و دەرکەوتنی ڕاڤەکانە، تا لەوێوە هەر ڕاڤەیەک بتوانێت تێکستەکە بە شێوەی خۆی پێک بهێنێتەوە (reshaping). پێی وایە (هیچ شتێک لە دەرەوەی تێکستدا نییە)، بەو مانایەی تێکست لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە. پڕە لە دژایەتی، دوورە لەوەی چەسپاو بێت و هیچ چەق (سەنترال)ێکیشی تێدا نییە. بەم شێوەیە کراوەیە و بە خاڵی کۆتایی ناگات، کە هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی دەیخوێنێتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت و هەر ئەویشە مانای جیاواز بەرهەم دەهێنێت. لە ڕێی یاریی بێکۆتایی (infinite play)یەوە ڕاڤە بێکۆتایی (infinite interpretations)ـەکان دێنە دی و نادیار (absence) دەردەکەوێتەوە، بەوەی ئەو پرۆسێسە کارلێکی نێوان دیار و نادیار پێک دەهێنێت.

تەوژمە ڕەخنەیییەکانی پۆستمۆدێرنیزم بە گشتی و پۆستسترەکچرالیزم بە تایبەتی وەک هەڵوەشانەوە (deconstruction)، هێرمۆنتیکا (hermeneutics)، ئاماژەناسی (semiology) و تیۆریی وەرگر (reception theory) بایەخیان بە وەرگر، یان خوێنەر داوە.

تیۆریستانی تیۆریی وەرگر بە گشتی ئەو بۆچوونەیان بە لاوە نا، کە پێی وایە تێکستی ئەدەبی ڕەنگدانەوەی ژێرخانە، بەو مانایەی بونیادی تێکست لەگەڵ بونیادی کۆمەڵایەتیدا هاوڕێکە. ئەو تێگەیشتنە بایەخ بە ژیاننامەی نووسەر دەدات و مەبەستیەتی لە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی بکۆڵێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕەهەندی ئامانجداری (teleological dimension) بایەخی یەکەمی هەیە، کە دەیەوێت هونەر بە بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە گرێ بدات و هەر لەوێیشەوە لێکی بداتەوە.

*  *  *  *

ئێستا دەگەینە ئەوەی بڵێین تیۆری، یان تیۆرییەکانی وەرگر لە خوێندنەوە، پێداچوونەوە و ڕەخنەی بۆچوونەکانی پێشووی ئەو ئاڕاستە ئەدەبی و فەلسەفییانەوە هاتوونەتە کایەوە و گەشەیان کردووە. دەکرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە هەندێک سەرچاوەی دیکەیش بکەین:

فۆرمالیستەکانی ڕووس ئیلهامبەخشی ئەو تیۆرییانەن. ئەوان لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوتن. بەوەدا پێیان وایە ئەدەب بەرهەمێکی سەربەخۆیە (Autonomous Product)، ئەوە شێوە بایەخی بەرچاوی هەیە و هەموو کاریگەرییە دەرەکییەکان بە لاوە دەنێن، بەوەی ئەوانە بە ناوەرۆکەوە پێوەستن، لە کاتێکدا ئەوان ناوەرۆک دەدەنە دواوە. واتە فاکتەری مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سایکۆلۆجی و ئەوانەی دیکە بە گرنگ نازانن، بۆیە دژی ئەو تیۆرییە وەستانەوە، کە (جۆرج لۆکاچ) نوێنەرایەتیی دەکرد و وا لە ئەدەبی دەڕوانی، ڕەنگدانەوەی واقیعە. ئەوە دەخەنە ڕوو، کە مێژووی شێوازە ئەدەبییەکان لە مێژووی واقیعەوە دەگوازرێتەوە. واتە ئەو ئاستە چییە، شێوەی هونەر پێی گەیشتووە؟ نەوەک ئەو هونەرە چۆن دامەزراوە؟ بەم شێوەیە لە لای ئەوان ئەدەب هیچ پەیامێکی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجیی نییە. هەر لەم دیدگەیەوە چۆنیەتیی پارچەپارچەکردنی ڕووداو و داڕشتنەوەی لە ئاستی هونەریدا گرنگە، نەوەک خودی ڕووداوەکە خۆی. لێرەوە بایەخی خۆیان ئاڕاستەی ئەو بابەتانە کرد، کە بە بونیاد و زمانەوانی (Linguistics)یەوە پێوەستن، تا گەیشتنە ئەوەی زمانی ڕۆژانە تێک بشکێنن و بیخەنە ئاستێکی دیکەی جیاوازەوە. دیارە هەر بایەخێک بە وردەکارییەکانی زمان، هاوکات بایەخە بە شیعریەتیش. بەم شێوەیە فۆرمالیستە ڕووسەکان بایەخیان بە تێکست دا، کە دواتر لای (بارت) و ئەوانەی تر ئەو بایەخە زیاتر کرا، تیۆریستانی تیۆریی وەرگریش سوودیان لەو ئەزموونانە وەرگرت.

فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. فینۆمینۆلۆجیا واتە ئەوەی ڕاستەوخۆ لە هەستدا دەردەکەوێت. تەنیا ئینتیوشن (حەدەس) هەیە، نە بیرکردنەوە لە ئارادایە و نە حوکم. لێکدانەوەی واقیع وەک ئەوەی لە هۆشیاریی ئێمەدا دەردەکەوێت، بەڵام هەر هۆشیارییەک بریتییە لە هۆشیاری لەبارەی شتێکەوە. کاتێ بیر دەکەمەوە، ئەوە بیرم لەم دۆخەدا ئاماژە بە شتێک دەدات. واتە پێوەندییەکی ناوەکی لەنێوان پرۆسێسی بیرکردنەوە و بابەتی بیرکردنەوەدا هەیە، بەو مانایەی هەستی من بە شێوەی نەگەتیڤ شتەکانی دەرەوەم تۆمار ناکات، بەڵکوو وێنەیان دەکێشێت. کەواتە زانینی ئەو شتانە لەوەوە دێتە کایەوە، کە بەر هەستم دەکەون. ئەو شتانە بوونەتە دیاردە و کاریان تێ کردووم. ئەو هۆشیارییە لە لای ئەو هەمیشە مەبەستگەرا (ئینتێنشنالیتی: intentionality)یە، بەوەی ڕووی لە بابەت (object)ـە. بەم شێوەیە مەبەستگەرایی واتە گۆڕینی دیاردە دەرەکییەکان بۆ بابەتی مەبەستدار، بەو مانایەی بابەت تەنیا بە بڕی مەبەستی هۆشیاری دەردەکەوێت و لە ڕێی کرداری هۆشەکییەوە بۆ ئەو بابەتە ئاڕاستە دەبێت، کە مەبەستە. لێرەوە چەمکی ترانسێندەنتەل (transcendental) دەردەکەوێت، کە مانا لە هەستدا بە شێوەی بێگەرد پێک دێت. واتە کاتێ لە دنیای ماتێریەلی دەرەکییەوە بۆ دنیای بێگەردی ناوەوە دەپەڕێتەوە. ئەو مانایە تایبەتە بە تاک و خەسڵەتەکانیشی هەر تایبەتن بەو تاکە، بە ڕادەیەک هیچ شتێکی دەرەکی لە بەرچاو ناگیرێت. بەم شێوەیە ترانسێندەنتەل وا دەکات بابەتی هەستپێکراو (object perceived) لەو شتانە دوور بخرێتەوە، کە پێوەی پێوەستن، بەو واتایەی تێگەیشتنی دیاردە ملکەچی توانای خودی و هەستی بێگەردی تاکە. واتە ڕوانین لە خودەوە بۆ بابەت، بەو مانایەی لە دەرەوەی چوارچێوەی خودزانین (self-perceived)دا نە هیچ زانین و تێگەیشتنێکی بابەتییانە و نە هیچ دیاردەیەک لە ئارادایە. هەر مانایەک پوختەی تێگەیشتنی بێگەردی ئەو تاکەیە، کە وەک گوترا ئەمە بە ترانسێندەنتەل ناو دەبات.

پێویستە بگوترێت فینۆمینۆلۆجیا هەر لە بنەڕەتەوە لە ڕەخنەگرتن لە کۆجیتۆی (دیکارت)ـەوە سەری هەڵدا، کە (هۆسێرل) پێی وایە داخراوە و لە بەرانبەردا پێ لەسەر هۆشیاریی مەبەستگەرا دادەگرێت. کاتێ باس لە هۆشیارییە، وەک ئەوەیە باس لە خودیش بێت، کە پێی وایە لە زانستەکانی ئەمڕۆدا ئەو خودە لە بیر کراوە. ئەمە بۆ نووسەری ئەدەبی گرنگە. ئەوە مێتۆدی ڕەخنەیە لە مەعریفە. لێرەوە ئەو هۆشیارییە سروشتییە وێنە بەرهەم دەهێنێت، کە (هۆسێرل) بە فەنتازیا ناوی دەبات و خەیاڵێکی ئازادانەیە، بۆیە ئەو دیاردەیە زیاتر بەو مانایەیە، کە لە خەیاڵدا پێک دێت، نەوەک لە ئاستی فیزیکدا، بە مەرجێ ئەویش دەگرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سەرەتا و بنەمای مەعریفە، کە لێرەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بە هەڵگێڕانەوەی بەهای (نیتشە) دەگاتەوە. کەواتە فینۆمینۆلۆجیا لە ڕێی هۆشیاری و ئەزموونی مرۆڤەوە ئەوەی هەیە، دەخوێنێتەوە، بێ ئەوەی پەنا بۆ دەرەوە ببات. بەم شێوەیە فینۆمینۆلۆجیا پێچەوانەی زانستی سروشتی و بەشێکی زۆری زانستی کۆمەڵایەتییش ڕاڤەی خۆی لە خودەوە دەست پێ دەکات و بۆ دنیای دەرەوە ئاڕاستە دەبێت، نەوەک لە دنیای دەرەوەوە بەرەو خود بچێت. ڕاستییەکەی پێشتریش گوترا وەک کاردانەوەیەک لە دژی فەلسەفەی عەقڵ هاتە کایەوە، کە دەیویست حەقیقەتی ڕەها دابمەزرێنێت. بەپێچەوانەوە هەوڵی دا حەقیقەت لەو ڕەهایییە دابماڵێت و بە شێوەی ڕێژەیی مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا بکات، کە لێرەوە ئەدەب بە سروشتی خۆی لەگەڵیدا ڕێک دەکەوێت. پێی وایە زانینی تەواوی جیهان بەوە نایەتە دی، هەوڵ بدرێت شتەکان لە دەرەوەی خوددا ڕاڤە بکرێن، بەڵکوو بەوە دەبێت خود خۆی شی بکرێتەوە، کە ئەو جیهان دەناسێت.

ناکرێت باس لە فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) بکەین، ئەگەر هاوکات بۆچوونەکانی (ڕۆمان ئینگاردن)ی لە بەرچاو نەگرین. ئەوەی لەم ڕووەوە (ئینگاردن) لە (هۆسێرل)ی تێدەپەڕێنێت، ئەوەیە، کە بایەخ بە ئۆنتۆلۆجیای فینۆمینۆلۆجی دەدات و ڕوو لە فەلسەفەی هونەر دەکات، بەو مانایەی دیاردەی هونەری مرۆڤ بە دنیای واقیعەوە گرێ دەدات، تا لەوێ ئامانجەکانی بێنێتە دی. وەک چۆن لە دیدی (هۆسێرل)دا فینۆمینۆلۆجیا مرۆڤ بە گەردوون دەبەستێتەوە، بە مەرجێ دەرەوە بریتی نییە لە شتگەل و واقیعێکی ئامادەکراو، (ئینگاردن)یش پێی وایە کاتێ لە هەر دیاردەیەک دەکۆڵینەوە، پێویستە لە هەموو ئەو شتانەی دوور بخەینەوە، کە پێوەی پێوەستن. واتە بەلاوەنانی ئەو بۆچوونانەی پێشوەخت لەو بارەیەوە هەمانن. ئەوە ڕوانینێکی ئێستاتیکییانەیە بۆ کاری هونەری. ڕەخنە لە (هۆسێرل) دەگرێت لەوەی پێوەندیی بە ئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل (Transcendental idealism)ـەوە هەیە، کە پێی وایە مەرج نییە فینۆمینۆلۆجیا هەر بە ئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل بگات. لەم ڕووەوە هەوڵ دەدات بۆچوونەکانی (هۆسێرل) تێبپەڕێنێت، کە لەو تێپەڕاندنەدا دۆخی هەندێک لەو چەمکانە دەگۆڕێت، بەوەی پێی وایە ئەو تێگەیشتنی دروستی بۆیان نەبووە. بەر لە هەرچی ئەو ترانسێندەنتەلەی (هۆسێرل) دەخاتە ئاستی پراکتیزەی کاری ئەدەبییەوە، کە ئەوەیان بریتییە لە کارلێکی نێوان بونیادی تێکست و کرداری تێگەیشتن. ئەو دوالیزمەی واقیع و ئایدیال لە ڕاڤەی مەعریفەدا دەداتە دواوە. لەم نێوەدا چوار چین دەردەخات: یەکەم، دەنگی وشە. دووەم، مانای وشە. سێیەم، ئەو شتانەی تێکست نوێنەرایەتییان دەکات. چوارەم، نەخشەگەرایی. (ئینگاردن) هەر لە سییەکانەوە بایەخ بە پێوەندیی نێوان تێکست و خوێنەر دەدات، کە پێی وایە مادام تێکست وەک پڕۆژەیەکی ئاماژەیی و جوانکاری بە تەواوی لە نووسەرەوە نایەت، ئەوە خوێندنەوە، (خوێندنەوەی چالاکی مەبەستە)، دەتوانێت بۆشایییەکانی پڕ بکاتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت، بەوەی لەسەر شێوازی خۆی هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایییەکان دەدات و لەو ڕێیەوە کاری هونەری پێک دەهێنێت.

لە فینۆمینۆلۆجیادا فیکر و بوونی دیاردەی شت پێک دەبەسترێنەوە، بەو مانایەی خود و بابەت لە ڕێی دایەلۆگەوە کار لە یەک دەکەن، بە ڕادەیەک نەتوانرێت ئەمیان لەویان جودا بکرێتەوە، کە ئەمە زەمینە بۆ لەدایکبوونی مانا خۆش دەکات. ئەوە هەمان پرۆسێسی خوێندنەوەی تێکستە لەلایەن خوێنەرەوە، کە لە ڕێی تێگەیشتن و ڕاڤەوە مانای نوێ بەرهەم دێنێت. لەو نێوەدا ئێستاتیکا دەردەکەوێت. خوێندنەوە بەو مانایەی خود و تێکست لە بابەتدا یەک دەگرن، تا تێگەیشتن و ڕاڤە لە دایک ببن.

هێرمۆنتیکای (هانز جۆرج گادامێر)یش سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. لە دیدی ئەو فیلۆسۆفەدا هێرمۆنتیکا بریتییە لە تێگەیشتن و ڕاڤەی مانا. لەو ڕێیەوە بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرێت، بەوەی بەرهەمهێنانەوەی مانا و دامەزراندنی مانا دەگرێتە خۆی. لەم ڕووەوە چەمکی پێکبەستنەوەی ئاسۆیی (Fusion of horizons) بە کار دەهێنێت، تا ئەوە پێشان بدات تێگەیشتن توانای هەیە ڕابردوو و ئێستا پێک ببەستێتەوە، بگرە بیانکاتە یەک، چونکێ بەبێ ڕابردوو ئێستا نایەتە کایەوە، ئەوە ئێستایشە وا دەکات ڕابردوو هەبێت. بەم شێوەیە (ئێستا) دۆخی خۆی جێ دەهێڵێت و بە (ڕابردوو) دەگات، بگرە بەها بەو (ئێستا)یە دەبەخشێت، تا تێگەیشتن دروست ببێت. لەنێوان گەیەنەر و وەرگردا ئەو تێگەیشتنە بە ڕوونی دەردەکەوێت. بە هەمان شێوە خوێنەر لە خوێندنەوەی تێکستدا ئەو تێگەیشتنە پێک دەهێنێت، کە وەک گوترا بە (پێکبەستنەوەی ئاسۆیی) ناوی دەبات. لەو پرۆسێسە هاوبەشەدا خوێنەر مانا بە تێکست دەبەخشێت و تێکست مانا بە خوێنەر دەگەیەنێت. جەخت لەسەر خودی خوێنەر دەکاتەوە وەک هێزێکی کاریگەر لە تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی مانادا. تێگەیشتن کردارێکی مێژوویییانەیە و بە درێژاییی کات پێوەندیی دایەلۆگییانەی تێکستەکان لە خۆی دەگرێت. لێرەدا بایەخی (گادامێر) بە مێژوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێی وایە تێگەیشتنی هەر فاکتێک، بەستراوەتەوە بەو ئەنجامانەی لێیەوە هاتوون، چونکێ مێژووی ئەو ڕاڤە و ئاماژە تایبەتانەی بە ڕووداوێک، یان بە کارێکەوە پێوەستن، توانامان پێ دەبەخشێت وەک ڕاستییەک و بە شێوەی جیاواز لەوەی هاوچەرخەکان لێی تێگەیشتوون، لێی تێبگەین، کە خاوەنی خەسڵەتی فرەمانایییە. ئەوە کەی؟ کاتێ کارەکە تەواو بووە و بووەتە ڕابردوو. لێرەدا ئەزموونی ژیانی تایبەتی تاک بڕیار دەدات چۆن هەست بە بابەتەکانی دەرەوەی بکات. بەم شێوەیە مێژووی ئەو تاکە لەو تێگەیشتنەدا ڕۆڵی هەیە، کە ئەو ئەزموونەی بۆ پێک هێناوە. هەر مانایەک پابەندی هەڵوێستی مێژوویییانەی ئەو کەسەیە، کە کرداری ڕاڤەی کارەکە دەگرێتە ئەستۆ، بەوەی هەر ڕاڤەیەکی ئەدەبی ڕابردوو، لە دایەلۆگی نێوان ڕابردوو و ئێستاوە هەڵدەقوڵێت. بەم شێوەیە ڕاڤە توانای هەیە ڕابردوو ملکەچی تێگەیشتنی تایبەتی خود بکات، بەوەی ئەو خودە پێوەندیی بە ڕابردووەوە نەپچڕاوە و تێگەیشتنی ئەو ڕابردووەیش تەنیا لە ڕێی فاکتەکانی ئەم ئێستایەوە بە دەست دێت.

ئەو تێگەیشتنەی (گادامێر) بۆ مێژوو بووە یەکێک لە کۆڵەگەکانی تیۆریی وەرگر/خوێنەر. تیۆریستانی ئەو تیۆرییە، بە تایبەتی (یاوس) بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرن. ئەگەر سترەکچرالیزم گرنگیی بە هاوکاتی (synchronicity) دەدا و لەوێوە دەیڕوانییە زمان، بەوەی هەموو فاکتەرێکی دەرەوەی تێکستی بە لاوە دەنا، گۆیە ڕایەڵی پێوەندییەکانی ناوەوەی تێکست خۆیان حەقیقەتی خۆیان دادەمەزرێنن، بێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ سەرچاوەیەک ببەن، ئەوە تیۆریی وەرگر/خوێنەر مێژوو بە پێکهاتەیەکی گرنگی ئەو پێوەندییە دادەنێت، بەوەی هەم نووسەر و هەم خوێنەر دەگەنەوە تێکستەکانی پێشوو، کە بە هەمان ڕەگەزی ئەدەبییەوە پێوەستن. پێویستە لێرەدا بگوترێت تیۆریی وەرگر وەستانەوەیە لە دژی حوکمی بابەتییانە و پێشوەختەی مێژوو، کە هەر کاتێ ئەو تێگەیشتنە خودییە دەردەکەوێت، حوکمەکانی مێژوو هێزی خۆیان لە دەست دەدەن و ئەو پێوەندییەی نێوان ئەدەب و مێژوو گۆڕانی بەسەردا دێت، بگرە دەچێتە دۆخێکی دیکەی جیاوازەوە. (یاوس) چەمکی (ئاسۆ) لە (گادامێر) وەردەگرێت و وشەی (چاوەڕوانی)ی دەخاتە پاڵ، تا ببێتە (ئاسۆی چاوەڕوانی). بەم شێوەیە چەمکی ئاسۆی چاوەڕوانی (Horizon of Expectation) واتە ئەو کاریگەرییەی کاری ئەدەبی لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. کارلێکی نێوان تێکست و خوێنەر لە لای (یاوس) مەرجی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی مانا، بۆیە وا پێویست دەکات هەم نووسەر و هەم خوێنەر خاوەنی خەیاڵی بەپیت و ئاگاییی فرەوان بن. لێرەدا مەبەست مانای کڵێشەدار و ئامادە نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی تێکست بتوانێت خەیاڵی خوێنەر ببزووێنێت و بیخاتە ئاستی دینامیکییەوە. خوێندنەوەکانیش بەپێی کات و شوێن گۆڕانیان بەسەردا دێت. تێکست هەیە لە سەردەمی خۆیدا سەرنجڕاکێش نەبووە، بەڵام لە کات و شوێنی تردا پێچەوانە کەوتووەتەوە. پێی وایە تێکستی ڕوون ناتوانێت سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و بەرهەمدار نابێت. پێویستە کاری ئەدەبی بتوانێت ئاستی تێگەیشتنی خوێنەر هەڵبکشێنێت و وای لێ بکات بەو ڕووبەرانە بگات، کە پێشتر پێیان نەگەیشتبوو. بەوەدا لایەنی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایدیۆلۆجی و سۆمبۆلیی کۆمەڵگە لە پێکهێنانی تێکستدا بەشدارن، ئەوە تێیدا ڕەنگ دەدەنەوە و دەچنە باری ڕاڤەی دیکەوە، بۆیە ئەو پێکگەیشتنەی نووسەر و خوێنەر لە تێکستدا توانای گۆڕانکاریی هەیە. (ئایزەر) پێی وایە ئەو کاریگەریی (effect)ـە گرنگە، کە تێکست لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. واتە لە دەروونی خوێنەردا چ گۆڕانێک بەرپا دەکات. بەوەدا ئەو خوێنەرە ئەزموونی ئەدەبیی هەیە، ئەوە کاتێ بەر تێکست دەکەوێت، شتی نوێ دێتە کایەوە. خوێنەری زیرەکی ڕەخنەدۆز دوای خوێندنەوەی تێکستێکی قووڵ ئاستی ئێستای جێ دەهێڵێت و دەگاتە ئاستێکی تر، وەک چۆن هەر ئەو پێوەندییە ئاستی تێگەیشتنی نووسەر بەرز دەکاتەوە. لێرەدا مەبەست لەو کارە ئەدەبییەیە، کە سەرسامی دەهێنێت، ئەو شتانە دەڵێت، کە نوێن، تا وەرگر بخەنە دۆخی ڕاچەنینەوە، بگرە پێویستە نائومێدی بۆ ئەو وەرگرە بهێنێت. (لە حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ بیستوومانە و دەیبیستین چۆن ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت نووسەر قسەی ناو دڵی منی کردووە، بۆیە بەرهەمەکەی داهێنانێکی گەورەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەدۆزان دەڵێن پێویستە کاری ئەدەبی نائومێدی بۆ خوێنەر بهێنێت).

(فێرگەی فرانکفۆرت)یش کەموزۆر کاریگەریی بەسەر تیۆریی وەرگرەوە هەیە. بۆ نموونە سوودی لە ئێستاتیکای نەگەتیڤی (تیۆدۆر و. ئادۆرنۆ) (The Negative Aesthetics of Adorno) وەرگرتووە، کە دژی هەموو مانایەکی ئامادەیە و پشتگیری لە سەربەخۆییی هونەر دەکات، بەوەی پێی وایە تا ئەو کاتەی هونەر ملکەچی یاسا باوەکان نییە و خاوەنی یاساکانی خۆیەتی، زیندووە و توانای هەیە لە ڕێی ڕەخنەوە بە گژ عەقڵی ئامێرگەرا (instrumental mind)دا بچێتەوە. بەم شێوەیە هونەری نەگەتیڤ هەر ساتێ دەستی لە سەربەخۆییی خۆی هەڵگرت، ئەوە دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر ئەوە دامەزراوە چۆن هەموو شتێک بۆ شمەک بگۆڕێت، وەک چۆن کاتێ بەسەر خۆیشیدا دادەخرێت، دەشێ دیسان لەو دامودەستگەیانەدا بتوێتەوە و بکەوێتە ژێر ڕکێفی بازاڕەوە، بۆیە لە دژی ئەو تێگەیشتنە دەوەستێتەوە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە، گۆیە هونەر تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی کاڵی واقیعە، بەڵکوو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە هونەر پێویستە ئەو شتە دابهێنێت، پێشتر نەبووە و دەبێت پێوەندیی خۆی لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا ببڕێت، کە هەن، بەو مانایەی واقیعێکی دی دروست بکات، تێیدا ئازاد ببێت، نەوەک نامۆ. ئەو لەگەڵ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی هونەرییانەیە، کە لە دژی مێتافیزیکادا بجەنگێت، وەک ئەوەی (نیتشە) لە دژیدا جەنگا، لە کاتێکدا ئەوەی (نیتشە) بە هونەری دەزانێت. ڕەخنەی ئەو لە شوناس و هەموو بیرکردنەوەیەکی شوناسییانەیە (identity thinking)، بەو مانایەی هونەر پابەندی شوناس نییە، بەڵکوو خاوەنی خەسڵەتێکی ناشوناسییانە (non-identity)یە، بۆیە حەقیقەتی ڕەها بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو هەمیشە مەودایەک لەنێوان مرۆڤ و شتەکاندا جێ دەهێڵێت.

ئینجا بەوەدا تیۆرییەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەگاتەوە تیۆریی گەیاندن، ئەوە کاریگەریی ئەو فێرگەیە لێرەیشدا دەردەکەوێت، بەوەی ڕەخنەدۆزانی توانیویانە تیۆریی ڕەخنەیی دابمەزرێنن، کە هەر لەناویدا تیۆریی کرداری گەیاندن (The Theory of Communicative Action) چاوی هەڵهێناوە، بە تایبەتی لە لای (یۆرگن هابرماس)، کە ویستوویەتی لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی عەقڵی ئامێرگەرا ببێتەوە و لە بەرانبەردا عەقڵێک لەسەر بنەمای گەیاندن و پێوەندیی ڕەخنەیییانە دابمەزرێنێت، تا توانای هەبێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لێکتێگەیشتنی عەقڵانی پەرە پێ بدات.

لە لایەکی دیکەوە ناکرێت کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر تێکڕای ئاڕاستە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەم و بیستویەکەم لە بیر بکەین، کە تیۆریی وەرگریش لەو کاریگەرییە بە دەر نییە. ڕەخنەی ئەو فیلۆسۆفە لە حەقیقەت، کە پێوەستە بە چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) و جینیالۆجیای ڕەوشتەوە، ڕوانینێکی دیکەی بۆ هونەر هێنایە کایەوە، چونکێ کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. لە کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality)دا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕەسەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت (moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە. لە ڕێی هونەرەوە ڕووبەڕووی دۆخی مۆدێرنیتی دەبێتەوە و تێیدەپەڕێنێت، کە ئەوەیە ناهێڵێت مەعریفەی عەقڵانی دەست بەسەر غەریزەماندا بگرێت. ئەو دەیویست لە هونەردا حەقیقەت بدۆزێتەوە، نەوەک لە زانستدا، چونکێ ئەو حەقیقەتەی هونەر پێکی دەهێنێت، هیی ژیانە و بێسنوورە، پێچەوانەی هیی زانست، کە سنووردارە و ناتوانێت ڕووخسار تێبپەڕێنێت، تا بۆ ئەودیوی ئەو ڕووخسارە بپەڕێتەوە، بەوەی زانست هەر ئەو کارە دەکات، کە مێتافیزیکایش کردوویەتی و وەک ئەو ملکەچی پرینسیپی ئایدیالیزمە. بەم شێوەیە هونەر لاساییکردنەوەی سروشت نییە، بگرە لاساییی هیچ شتێک ناکاتەوە، بەڵکوو چالاکییەکی مێتافیزیکییە و سروشت تێدەپەڕێنێت. پێی وایە هونەر بریتییە لە هێزی دایۆنایسز (Dionysus) و جوانیی ئەپۆلۆ (Apollon). دایۆنایسز، کە سۆمبۆلی خۆشی و نەشوە (ecstasy)یە، توانای سەما و چێژبینینی هەیە، بەوەی ئازادە و ژیان بە قووڵی دەردەبڕێت، بۆیە خاوەنی هێزی نوێبوونەوەی بەردەوامە و نامرێت. ئەو وزەیەیە، کە مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سروشت پێک دەگەیەنێتەوە. هەر ئەویشە لە عەدەم (Nothingness)مان دوور دەخاتەوە و تەنیا لە ڕێی هونەریشەوە دەکرێت جیهان ڕاڤە بکەین، دەنا هەر ڕاڤەیەکی دیکەی ناهونەری، بێکەڵکە. لەمەوە هونەر بە جەستەوە پێوەست دەکات، بەوەی توانای هەیە مانای ڕاستینە و بێگەرد لە خۆی بگرێت، وەک چۆن لە دەستی دێت حەقیقەت دەربخات، بۆیە پێ لەسەر لایەنی فیزیۆلۆجی دادەگرێت، بەو مانایەی بڕوای بە دوالیزمی جەستە/ڕۆح نییە، بگرە پێی وایە دایۆنایسز فیلۆسۆفێکە و خۆی بە شاگردی دادەنێت. دایۆنایسز نوێنەری گێرەشێوێنی، ناڕێکی، ناهاوسەنگی، ناشێوە، تەوژمی ژیانێکی سەختە، لە کاتێکدا ئەپۆلۆ هونەری شێوەسازی، ڕوونی، ڕووناکی، پێشبینی، میوزیک و پێوەری تێدا بەرجەستەن، کە (نیتشە) ئارامی و عەقڵی تێدا دەبینێت.

گەشەکردنی هونەر پێوەستە بە دوالیزمی دایۆنیسز و ئەپۆلۆوە، کە ئەو دوو غەریزە جیاوازەی لە سروشتەوە هەڵقوڵاون، شانبەشانی یەک دەچنە پێشێ و لە ململانێدان. واتە بەرزکردنەوەی غەریزە و ژیان لە پێناوی پاراستنی جۆرەکە. بە یەکگرتنی ئەو دوو غەریزە جیاوازە، هونەری باڵا لە دایک دەبێت، کە ئەوە دەربڕینی قووڵاییی تراجیدیایە. تیکەڵبوونی پیاوەتیی زبری ئەمیان و ژنێتیی هێمنی ئەویانە. ئەپۆلۆ دەتوانێت ئەو شتانەی دایۆنایسز لە شێوەی جواندا دەربخات، بەوەی هونەرمەندی شێوەسازە. ئەمەیە هێز بە هونەر دەدات، تا بەهای جوانی بە شتە ناشیرین و بەدڕەوشتەکانیش ببەخشێت، وەک لە کتێبی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا دەڵێت. هەر لەوێدا ئەوە دەردەبڕێت، کە مەگەر تەنیا وەک دیاردەیەکی جوانیناسییانە پاساو بۆ ڕەوایەتیی هەتاهەتایەی بوون و جیهان بێنینەوە. (it is only as an aesthetic phenomenon that existence and the world are eternally justified). واتە ئەو جوانییە وامان لێ دەکات چاو لەو هەموو ناشیرینییەی دنیا بپۆشین، لە کاتێکدا جوانی پێویستی بەوە نییە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.

پێی وایە ئەو چێژە مێتافیزیکییەی لە تراجیدیادا هەستی پێ دەکەین، حیکمەتی غەریزەی ناهۆشیاریییانە (unconscious)ی دایۆنیسیەتە و بۆ زمانی وێنە گۆڕاوە. ئەوە لە ویست (Will)دا بەرجەستەیە، کە دەیەوێت لە پێناوی ئاسوودەییماندا خۆی لە ناو ببات. ئینجا ئەپۆلۆ، بەوەدا نوێنەری هونەری شێوەسازییە و لایەنی جوانکاری لە خۆی دەگرێت، لە ڕێی ئەو جوانییەیەوە بەسەر ناخۆشییەکانی ژیانماندا زاڵ دەبێت، کە لە لای (نیتشە) ژیان دەکەوێتە سەرووی حەقیقەت و هەر شتێکی دیکەیشەوە. لە بەشی (354)ی لەژێر ناونیشانی (زیرەکیی جۆرەکان: genius of the species) لە کتێبی (زانستی هۆژی: The Gay Science)دا دەڵێت هۆشیاری تەنیا لەژێر فشاری پێویستیی بۆ گەیاندن (the need for communication)دا گەشە دەکات. سەرەتا ئەو هۆشیارییە پێویست و بەسوود نییە، تا ئەو کاتەی دەچێتە نێو پێوەندیی مرۆڤەکانەوە، بە تایبەتی لەنێوان ئەوانەی فەرمان دەردەکەن و ئەوانەی بە جێی دەهێنن (those who commanded and those who obeyed). هۆشیاری بەپێی ڕادەی ئەو پێویستییە گەشە دەکات. واتە هۆشیاری تەنیا بۆ پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەوەی لەو ڕێیەوە هەستی دڵنیاییی بۆ دابین دەبێت. هەر لێرەیشەوە زمان هاتووەتە دی، بەوەی زمان ئەو ڕووبەرەیە، کە مێتافیزیکا تێیدا دەردەکەوێت وا دەکات مانا ئەزەلیەتی خۆی بپارێزێت. واتە مێتافیزیکا مەبەستیەتی شوناس و تاکڕەهەندیی مانا لەسەر حیسابی جیاوازی، درێژە پێ بدات. بەم شێوەیە هۆشیاری بە ژیانەوە پێوەست دەکات و لەو پێناوەدا ڕووبەڕووی حەقیقەت دەبێتەوە. بنەمای حەقیقەت بۆشە، بەوەی تا ئەو کاتە درێژەی دەبێت، کە سوود بە ژیان دەگەیەنێت. کاتێ حەقیقەت بە ژیانەوە پێوەست دەکەین، ئەوە ئەو حەقیقەتە لە پێناوی خۆیدا حەقیقەتە، نەوەک لە پێناوی شتی تردا، کە سوود خۆی دەخزێنێتە ناویەوە. پێی وایە حەقیقەت لە وەهم زیاتر شتێکی دی نییە، بەڵام ئێمە لە بیرمان چووەتەوە، کە بەم شێوەیەیە. بەو مەبەستەی ئەوەمان بۆ دەربکەوێت، پێویستە پەنا بۆ جینیالۆجیای بەهاکان ببەین.

ئایا ڕوانینی (هایدیگەر) بە تایبەتی ئەوەی پێوەندیی بە (کاری هونەری)یەوە هەیە، یەکێک نییە لەو سەرچاوانەی، تیۆریی وەرگریان لێ هەڵقوڵاوە؟ بەوەدا هەوڵم داوە لە هەردوو کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم باس لە کاریگەریی ئەو فیلۆسۆفە بکەم بە گشتی لەسەر تیۆرییەکانی ئەدەب و بە تایبەتی لەسەر تیۆریییەکانی خوێنەردا.

وەک سەرنج دەدەین تیۆریستانی تیۆریی وەرگر هەوڵیان داوە هەموو ئەو تەوژمە ئەدەبی و فەلسەفییانە بەسەر بکەنەوە، تا لە داڕشتنەوەی تیۆرییەکەدا بیانخەنە ڕوو. بەم شێوەیە ئەو تیۆرییە لە لایەک ڕەخنەیییە و بۆچوونەکان دەداتە دواوە، لە لایەکی دی لێیان وەردەگرێت، بەو مەبەستەی ڕوانگەیەکی تۆکمە، بەڵام ڕوون دابمەزرێنێت. مەبەستیەتی لەوێوە بڕوانێتە هەموو ڕەهەندەکانی ئەو چەمکە و هەوڵ بدات گۆڕانی گەورەی بەسەردا بهێنێت.

بەم شێوەیە ئەو خوێنەرەی پێشتر، (واتە پێش دەرکەوتنی ئاڕاستە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم، کە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامییان هەیە و کاریگەرییان لە تیۆرییەکانی وەرگردا بەرجەستەن) لە دەرەوە بوو و تەنیا پەیامی پێ دەگەیشت، ئێستا لە ناوەوەیە و وردەکارییەکان دەبینێت. هەوڵی تێگەیشتن دەدات، لێکدانەوە دەکات و بۆچوون دەردەبڕێت، کە ئەوە بە (realization) ناسراوە، بەو مانایەی خوێنەر لەو ڕێیەوە لایەنی ئیستاتیکیی تێکست دەگرێتە ئەستۆ (aesthetic)، لە کاتێکدا ئەوەی نووسەر لایەنی هونەرییە (artistic). واتە خوێنەر لەسەر هەردوو ئاستی تیۆری و پراکتیدا چالاکە. هەموو ئەو خرۆشان، چێژبینین، هەڵچوون، سەرسامی و ئەوانەی دیکە، کە لای خوێنەر دروست دەبن، خۆیان لە لایەنی ئێستاتیکادا دەبیننەوە. بەم شێوەیە خوێنەر جەخت لەسەر ماناکانی نووسەر ناکاتەوە، بەڵکوو خۆی مانا دادەمەزرێنێت، بگرە تێکست وەک گوتارێکی گەیاندن (communication) هەر خۆی لەناو هۆشیاریی خوێنەردا هەڵدەچنرێت. بە مانایەکی دی، کاری ئەدەبی تەنیا ساتێ بە دەست دێت، کە بەر زانینی خوێنەر دەکەوێت، چونکێ ژیان کاتێ دەخزێتە نێو کاری ئەدەبییەوە، کە دەبێتە بابەتی تێگەیشتن. (یاوس) ناو لەمە دەنێت ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception)، بەوەی ئەو خوێنەرە لە دیدگەی خۆیەوە کاری ئەدەبی دادەڕێژێتەوە. واتە بەرهەمهێنانەوەی تێکست (text reproduction) بە شێوەیەکی جیاواز، کە دوورە لە خواستی نووسەر. دەسا نووسەر هەر خۆی خوێنەرە، خوێنەری تێکستەکانی پێشووە، کە سەر بە هەمان توخمن. دەکرێت بگوترێت لایەنی هونەری، کە نووسەر نوێنەریەتی، بریتییە لە بونیادی زمانەوانی، مانای شاراوە، ئاماژە مەعریفی و ئایدیۆلۆجیاکان، لە کاتێکدا لایەنی ئیستاتیکی، ئەوەی خوێنەر دەگرێتەوە، خۆی لە خوێندنەوە، ڕاڤە و پڕکردنەوەی بۆشایییەکاندا دەبینێتەوە، کە دەتوانێت تێکست لە دۆخی ڕووتەوە بباتە دۆخی هەستپێکراوەوە، بەوەی هەم بینین و هەم هۆش لەو پرۆسێسەدا بە کار دەهێنێت. واتە چەمکی خوێندنەوە فرەڕەهەندە، کە ڕەهەندەکانی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئێستاتیکی، جەستەیی و زۆری دی لە خۆی دەگرێت. بەم شێوەیە خوێندنەوە جۆرێکە لە نووسینەوەی دەق و هەر ئەویشە بەرهەمهێنانەکەی واڵا دەکات. خوێنەر لەناو تێکستدا دوو ڕۆڵ دەبینێت، ڕۆڵی خوێنەر و ڕۆڵی نووسەر، نووسەرێکی جیاواز لە نووسەری پێشوو، هاوکات دەبێتە خوێنەرێکی جیاوازیش لەوەی هەبوو. دیارە لێرەدا هۆشیاریی خوێنەر ڕۆڵی هەیە لەوەدا پێوەندی بە چ تێکستێکەوە بکات، چۆن ئاماژەکان بخوێنێتەوە و چییان لێ پێک بهێنێت. واتە پرۆسێسی هەڵبژاردن، گەڕان و هەڵکۆڵین دەگرێتە ئەستۆ. خوێندنەوە واتە خود، تێکستیش واتە بابەت. یەکگرتنی خود و بابەت (خوێندنەوە و تێکست) ڕاڤە بەرهەم دێنێت.

نووسەری داهێنەر بە سروشتی خۆی پێی خۆشە بەر خوێنەری نموونەیی بکەوێت، ئەو خوێنەرەی (ئیکۆ) هیوای بۆ دەخوازێت، کە تواناکەی لە هیی نووسەر کەمتر نییە و خاوەنی ئەزموونی گەورەیە. دەگەینە ئەوەی بڵێین لەو پرۆسێسی گەیاندن (communication process)ـەدا پاشخانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خوێنەر و تێکست ئامادە دەبن و بەر یەک دەکەون، تا ڕەهەندی مێژوویی دەربکەوێت، بەو مانایەی ڕابردوو و ئێستا لە هەمان ئاسۆدا پێک دەگەنەوە. لەناو تێکستدا نووسەر وەک ڕابردوو و خوێنەر وەک ئاییندە بەر یەک دەکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە سڕینەوەی نێوان دۆخەکانی کاتە. لێرەدا مێژوو بە مانای ڕووداوی زنجیرەیی نایەت، بەڵکوو بریتییە لە بەسەرکردنەوەی تێکستە جۆراوجۆرەکان. ئەو نووسەرەی تێکستێک بەرهەم دەهێنێت، خوێنەری کۆمەڵێک تێکستی دیکەیشە، وەک چۆن ئەو خوێنەرەی دەخوێنێتەوە، ئەزموونی لەگەڵ چەند خوێندنەوەی دیکەدا هەیە. لەم ڕووەوە (یاوس) پێی وایە ئەزموونە ئێستاتیکییەکانی ڕابردوو دەتوانن ببنە پاڵپشت بۆ نەوەکانی دواتر و دەوڵەمەندیان بکەن. واتە ئەو خوێنەرە لە یەک گۆشەنیگاوە ناڕوانێت، بەڵکوو لە چەند لایەکەوە سەرنجی دەداتێ، بۆیە توانای هەیە لە ڕێی ڕاڤەوە بە ئەنجامی جۆراوجۆریش بگات. لەبەر ئەوەیشە ئەوەی بە دەست دێت، کاری ئەدەبییە، کە تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە. واتە ئەوەی لەنێوان هەردوو تەوەرەی هونەری و ئێستاتیکادا بەرهەم دێت، کاری ئەدەبییە، کە لە تێکست ترازاوە، بەو مانایەی لەگەڵ تێکست و دەرکەوتەکانی هاوڕێک نییە، بۆیە کاری ئەدەبی بە شێوەیەکی دینامیکییانە ئاستێکی دیکەی نێوان هەردوو تەوەرەکە پێک دەهێنێت. تێکستی فرەئاڕاستە هەر جارێ خوێنەری ڕەخنەدۆزی بەر بکەوێت، تازە دەبێتەوە و پتر لە ئاستی خوێندنەوەدا خۆی دەکاتەوە، کە ئەو ئازادییەی خوێنەر لەو فرەئاڕاستەیییەوە دێتە کایەوە. خوێنەری ئازاد مانای ئازاد بەرهەم دێنێت، کە ئەو مانا ئازادە توانای جووڵەی هەیە و لە دۆخێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو لە هەر کات و شوێنێکدا خۆی نوێ دەکاتەوە. وەک گوترا لە کاری هونەریدا تەنیا نووسەر نییە داهێنەرە، بەڵکوو خوێنەریشە. بە مانایەکی دی، تێکست بەو ئەندازەیەی کەناڵێکە بۆ دەرخستنی تواناکانی نووسەر، ڕووبەرێکیشە بۆ دەرکەوتنی بەهرەی خوێنەری ڕەخنەدۆز، کە لەو بەریەککەوتنەدا تواناکان بەر یەک دەکەون و تەقینەوە گەورەکە دروست دەکەن. ئینجا تێکشکانی قاڵب و کڵێشەکان لە لایەک و کاڵبوونەوەی سنووری نێوان ژانرەکان لە لایەکی دیکەوە وایان کرد خوێنەر پتر ئازادی بە دەست بێنێت لەوەی چۆن تێکست بخوێنێتەوە و چۆنیش مانای لێ پێک بهێنێت.

دەگەینە ئەوەی بپرسین چ تێکستێک دەتوانێت خوێنەر لە دەرەوە بهێنێتە ناوەوەی خۆی؟ ئەو تێکستەی خاوەنی نهێنییە، نەوەک ئەو تێکستەی ڕوونە. چ خوێنەرێک دەرەوە جێ دەهێڵێت و بەرەو ناوەوە دێت؟ ئەو خوێنەرەی توانای دۆزینەوەی نهێنیی هەیە. دەکرێت بەم شێوەیە دایبڕێژینەوە: ئەو تێکستەی ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و چووەتە ئاستی ئاماژەوە، ڕێ بە خوێنەری داهێنەر دەدات مانای جیاواز و فرەڕەهەند بدۆزێتەوە. نە تێکستی سادە دەتوانێت خوێنەری داهێنەر ببزووێنێت و نە تێکستی قووڵیش سەرنجی خوێنەری سادە ڕادەکێشێت. بەلاوەنانی مەبەستگەرایی لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر واتە گۆڕینی دەستەڵاتی نووسەر بە دەستەڵاتی خوێنەر، بەو مانایەی دەکرێت ڕاڤەی جیاواز بۆ تێکست بکرێت. هەر تێکستێک ئەوە هەڵدەگرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی بڕوانرێت و مانای جیاوازی تێدا بدۆزرێتەوە. (ئیکۆ) ئەوە دەخاتە ڕوو، کە تێکست هەموو شتێک ناڵێت، بۆیە خوێنەری نموونەیی ئەو شتانە دەدۆزێتەوە، کە نەگوتراون، بەوەی هەر ئەوانەیشن توانایان هەیە کارلێکەکە بێننە دی. بە بڕوای (ڕیفاتێر) پرۆسێسی گەیاندن، کە لەنێوان تێکست و خوێنەردا دەردەکەوێت، هەمان ئەوەیان نییە، کە لە پرۆسێسی گەیاندنی ئاساییدا هەیە. گەیشتنی خوێنەر بە تێکستی ئەدەبی هەر خۆی ئەزموونی شتێکی تاقانەیە، کە ئەمە ئەنجامە سەرەکییەکەی شێوازە. شێواز بۆ خوێنەر لە ڕێی ناڕێزمان (ungrammaticalities)ەوە دەردەکەوێت. واتە تێکست لە شێوەی کۆد و ئاماژەدایە و خوێنەر خۆی دەیاندۆزێتەوە، کە ئەوە ڕێگەی لەدایکبوونی شێوازە. ئەوە یاساکانی ڕێزمان نین شێواز دێننە کایەوە، بەڵکوو ئەو بیرۆکانەن بە ناڕاستەوخۆیی لەو تێکستەدا شوێنیان هەیە. (ئایزەر)یش پێی وایە هەر تێکستێک شیوازێکی خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی دەخوازێت.

دەکرێت بگوترێت تیۆریی وەرگر بایەخی خۆی ئاڕاستەی چوار تەوەرە دەکات: یەکەم، نووسەر وەک بەرهەمهێنەری تێکست. دووەم، وەرگر وەک ئەوەی لەو بەرهەمەدا بەشدار دەبێت. سێیەم، ژینگە وەک ئەوەی بواری کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایدیۆلۆجی دەگرێتە خۆی. چوارەم، مێژوو وەک ئەوەی توانای پێکبەستنەوەی هەموو توخمەکانی هەیە و دەتوانێت بەرەو تێگەیشتن و ڕاڤە ئاڕاستەیان بکات، کە لەوێوە کاری هونەری پێک دێت، بەو مانایەی تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە.

خوێنەری ڕەخنەدۆز، یان خوێنەری ڕاڤەکەر خۆی نە بە لایەنەگر و نە بە دژی نووسەر دەزانێت. دەستەڵاتی خوێنەریش لێرەوە دێتە کایەوە، کە ئەو تێکستە ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و مانای جیاوازی لە خۆی گرتووە. بە دەربڕینێکی دی، خوێنەر کاتێ ڕووبەڕووی تێکست دەبێتەوە، پەنا بۆ تواناکانی خۆی دەبات، تا مانا شاراوەکان لێک بداتەوە. بەم شێوەیە مەبەستی گەیەنەر و وەرگر بە ناچاری لە یەک دەترازێن، مادام مانا شاراوەکان هەم زیاتر لە خوێنەرێک دەهێننە گۆڕێ و هەم کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازیشیان لێ دەبێتەوە. شێوازی دەستەڵاتەکەیش دەگۆڕێت، کە ئەگەر پێشتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو، واتە لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر دادەبەزی، ئێستا ئەو هەرەمە تێک شکاوە. هیچ سەنترالیتییەک نەماوە، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی بێسنوور هەن. بەرزی و نزمی سڕاونەتەوە و ڕاڤەکان ئازادانە دەجووڵێنەوە. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم تێکستی کراوە توانای هەیە خوێنەر و نووسەر پێکەوە کۆ بکاتەوە، تا هەم جیاوازی و هەم ڕێککەوتنەکانیان بخەنە ڕوو. زۆریی خوێنەر ناهێڵێت تێکست چەسپاو بێت، بەڵکوو دەیخاتە ئاستی بەردەوامی و دینامیکییەوە، کە ئەوە پێدانی ژیانە بە تێکست. وەک ڕەخنەدۆزی کەنەدی (نۆترۆپ فرای: Northrop Frye) پێی وایە ئەدەب دوو جۆر هێز دەخوازێت، یەکەمیان، خوڵقاندنی لەلایەن نووسەر و دووەمیان، تێگەیشتنی لەلایەن خوێنەرەوە. هەر (فرای) پێ لەسەر چەمکی (ترازان: displacement) دادەگرێت، کە تەکنیکێکە و بۆ ئەوەیە دڵنیامان بکاتەوە خوێنەری ئەفسانە و فەنتاسیا پەیامی دروستی چیرۆکی پێ گەیشتووە. بە مانایەکی دی، ترازاندن بە ڕاستی دێتە کایەوە، کاتێ خوێنەر لە جیاتیی بەشێکی ئایدیۆلۆجی (partial ideology)، کۆخەیاڵ (complete fiction)ی بە دەست هێناوە.

*  *  *  *

ئێستا لێرەوە بۆ تەوەرەی یەکەم دەگەڕێینەوە و دەپرسین: ئایا ئەوانەی (ئارام سدیق) و زۆرینەی ڕەخنەگرە میلـلییەکانی دیکە لەبارەی چەمکەکان بە گشتی و چەمکی خوێنەرەوە بە تایبەتی، دەیانڵێن، لە ڕێی دایەلۆگەوە هاتوون، (دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانەوە)، یان تەنیا وەرگرتنی چەمکەکانە بە هۆی هەستەوە، تا بۆ ئاستی میلـلییان بگەڕێننەوە و لەوێدا بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک وەسفیان بکەن؟ ئایا سەختە ئەوان بزانن چەمکێک هەیە و ناوی (خوێنەر)ـە، یان هەر شتێکی دیکەیە؟ ئایا لەوە ئاسانتر هەیە بەم زمانە کۆمەڵێک کتێب لە ماوەیەکی کورتدا بنووسن؟ ئەرێ سەختە ناوی بێژمار فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز ڕیز بکەن، بێ ئەوەی ویستبێتیان لێیان تێبگەن؟ ئایا بەبێ دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانە، دەکرێت ئێمە ئەدەبی داهێنەرانە بنووسین؟ ئەو پرسیارەی تەوەرەی یەکەمیش دووبارە دەکەینەوە: ئایا ئەو ناوانەی ڕەخنەگری میلـلی زەقی کردوونەتەوە، لە کاتێکدا وەک خۆیان بە هەمان زمانی جەماوەر دەنووسن، داهێنەرن؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت فڵان چەمک زۆر سەختە، بێ ئەوەی بە چەند وشەیەک لێوەی بدوێت، فریودان نییە؟ ئەرێ ئەوانە کەی لەبارەی ئەو چەمکانەوە دەنووسن؟ بۆ نموونە کەی نۆرەی چەمکی (پۆلێن) دێت و ئێمەی خوێنەر دەزانین هەر بە ڕاستی کارێکی سەختە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕەخنەگرە ڕووبەڕووی بووەتەوە؟

بەگشتی نووسین لە لای ڕەخنەگری میلـلی ڕیچوەڵە و تێیدا ئەوە گرنگ نییە، ئاخۆ زانین پێوەندیی بە بەهای ژیانەوە هەیە، یان نا، بەڵکوو گرنگە ئەو شتانە دووبارە بکاتەوە، کە هەن. بۆ نموونە کاتێ گوتەیەکی (هایدیگەر)ی لە شوێنێکدا بەر چاو دەکەوێت و بۆ ناو گوتارێکی دەگوازێتەوە، هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکات، هەتا ئەگەر لە مەبەستی گوتەکەیش نەگەیشتبێت، یان هەر لە بنەڕەتەوە ئەو گوتەیە هیی سەرچاوەی حەوت و هەشت بێت، بە ڕادەیەک خودی ئەو نووسەرەی لێیشی وەرگرتووە، شتێکی ئەوتۆ لە بارەیەوە نەزانێت. هێندەی بەسە، کە زانیویەتی (هایدیگەر) فیلۆسۆفێکی مەزنە. ئینجا ئەو گوتەیە چ گۆڕانکارییەک لە هۆشیاریی ئەودا دێنێتە کایەوە و چیی نوێ بۆ ناو ژیانی دەهێنێت؟ ئەوانە هێشتا نەبوونەتە پرسیار.

ڕەنگە بپرسرێت، ئاخۆ پەرەگرافێک دەتوانێت بابەتێکی لەم شێوەیەت پێ بنووسێت. ڕاستییەکەی پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە و ئێستایش دەیڵێمەوە، کاتێ لە بەردەم چەمکداین، هیچ سنوورێکمان نییە، ئایا بە چەند وشە لەو بارەیەوە دەدوێین و چ مێتۆدێک دەگرینە بەر. هیچ چەمکێک تەواو نەبووە، بەوەی نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایی، بەڵکوو هەر یەکەی خۆی لە بەردەم ڕاڤەی بێپسانەوەدا دەکاتەوە، بە تایبەتی کاتێ ئێمە ئارەزووی ڕاڤەمان لە دەست نەداوە. ڕۆژانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ماڵ، فێرگە، کۆڵان، بازاڕ و ئەوانەی دیکەدا چەمکی خوێنەر دەبیستین، کە شتێکی سەیر نییە ڕەخنەگری میلـلییش وەک هەر کەسێکی دیکە بیزانێت و چەند وشەیەکی سادە لە نووسینەوەیدا بە کار بهێنێت، بەڵام هەر هێندە بەو ئاستەی ڕازی نەبووین و ویستمان بە دوای ئاست و ڕەهەندی دیکەیدا بگەڕێین، ئەوە ئێمە لە زانراوەوە و بەرەو نەزانراو دەچین و لەوێدا بە زمانێکی دی، بە تێگەیشتنێکی تر و بە ڕوانینێکی دیکەی جیاوازەوە دەدوێین. لەم نووسینەمدا هەوڵم داوە بڵێم (ئارام سدیق) ئەوانەی گوتوون، کە هەر کەسێکی دیکەی کۆمەڵگە، بێ ئەوەی خۆی وەک نووسەر ناساندبێت، دەیانزانێت، بەڵام ئەوانەی نەگوتوون، وا من لێرەدا پێشانم داون. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا نووسیومە: {خەڵکی ئاسایی هەم بەر لە (ئەریستۆ) و هەم دوای ئەویش ڕۆژانە باسی ئاو، خاک، ئاگر و هەوایان کردووە، بەڵام ئایا وەک ئەو لێیان ورد بوونەتەوە و توانیویانە بەو شێوەیە قووڵایییان ببینن؟ ئەو شتانەی فیلۆسۆفەکان لە بارەیانەوە دەنووسن و مانای نوێیان تێدا دەدۆزنەوە، هەر ئەوانەن، کە خەڵکی تریش دەیانناسن، بۆیە ئەوە ناوی شتەکان نییە، بەڵکوو ئەو مانا نوێیانەن، کە لێیانەوە بەرهەم دێن، زمان و تێگەیشتنی کەسێک لە هیی کەسێکی تر جودا دەکەنەوە}. ئەو چەمکانەی (ئەریستۆ) لێکی داونەتەوە، تا ئەمڕۆیش بە شێوەی جیاوازتر ڕاڤە دەکرێن، بێ ئەوەی تەواو ببن. پێناسەی فەلسەفە لە لای من بریتییە لەو جووڵەیەی بە هێزی پرسیار لە (زانین)مانـەوە دەستی پێ دەکەین، تا بەرەو ڕووبەری (نەزانین)مان ببات. لێرەوە ئێمە بەو شتانە دەگەین، کە پێشتر نەماندەزانین. ئەو پرۆسێسە بێپسانەوەیە و ناگاتە ئەنجامێک، بەڵکوو بەردەوام ئەو (نەزانین)ـە بۆ (زانین) دەگۆڕێت، بێ ئەوەی ڕووی لە (نەزانین) وەربگێڕێت. من لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانمە چەمکی خوێنەر و هەر چەمکێکی دیکەیش.

نووسەرێکی بەتەمەن دەچێتە کتێبخانەیەکی گەورە و باسکەکانی لە یەک گرێ دەدات، تا بڕوانێتە قووڵاییی کتێبخانەکەوە. بە وێنەگرێکی شارەزایشی گوتووە، وێنەیەکی بگرێت، بە مەرجێ زۆرترین کتێبی لەگەڵ دەربچووێنێت. هەر بە ڕاستی وێنەگرەکە دەتوانێت وێنەیەکی لەم شێوەیەی بۆ بگرێت. ئەم وێنەیە بەتاڵ دەبێتەوە، کاتێ ئەو نووسەرە دەستەکانی لە یەک دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا کتێبێکیان پێ دەگرێت، تا بە چاوێکی جیاواز بیخوێنێتەوە. دەسا ئەگەر لە کتێبخانەکە هاتە دەرێ و کتێبی بە دەستەوە نەگرت، ئەوە لە ژێر وێنەکەدا دەنووسێت: (من نووسەرێکی داهێنەری مەزنم و ئەوانەی دی چاویان پێم هەڵنایەت).

ئەمڕۆ زۆرن ئەو وێنانەی پێشان دەدرێن و شتیان لە ژێردا دەنووسرێت.




کورتکردنەوەی ڕۆمان.. کاروان عومەر کاکەسوور

دەکرێت بەم پرسیارە سادەیە دەست پێ بکەین: ئایا ڕۆمان کورت دەکرێتەوە؟ ئەم پرسیارە لانی کەم دوو پرسیاری دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت: یەکەم، چ جۆرە ڕۆمانێک کورت دەکرێتەوە؟ دووەم، کێ ڕۆمان کورت دەکاتەوە؟ ئەو (کێ)یە ئاماژە نییە بۆ کەس، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن.

لانی کەم لە (دۆستەیەڤسکی)یەوە تا ئەمڕۆ دوو جۆر ڕۆمان هەن: ڕۆمانی تاکدەنگ (homophony) و ڕۆمانی فرەدەنگ (polyphony). تا دەرکەوتنی چەمکی ڕۆمانی فرەدەنگ لەلایەن (میکایل باختین)ـەوە، شتێکمان نییە بە ناوی ڕۆمانی تاکدەنگ، بەڵکوو ڕۆمان ناوێکی گشتییە و هەر تێکستێک دەگرێتەوە، کە لە شێوەی گێڕانەوەدا نووسراوە و سنووری چیرۆکی درێژی تێپەڕاندووە. لەم نێوەدا (دۆنکیشۆت)ی (میگێل دی سێرڤانتس)، (سێ سوارچاکەکە)ی (ئەلیکساندەر دۆماس)، (ئۆلیڤەر تویست)ی (چارڵز دیکینز)، (مۆبی دیک)ی (هێرمان مێرڤڵ)، (تۆم سۆیەر)ی (مارک توەین) نموونەی زەقی ڕۆمانن. (باختین) لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی)یەوە چەمکی فرەدەنگی، یان پۆلیفۆنی دادەهێنێت و خەسڵەتەکانی دەردەخات، کە دواتر ئەو چەمکە لەلایەن ڕەخنەدۆزانی دیکەوە پتر بایەخی پێ دەدرێت و زیاتری لە بارەوە دەنووسرێت. واتە ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی) لەگەڵ ئەوەیشدا فرەدەنگن، بەڵام تا (باختین) لە ڕووی تیۆرییەوە تایبەتمەندییەکانی دەرنەخستن، هەر بە ناوە گشتییەکەی ڕۆمان دەناسرانەوە.

کاتێ ئاماژە بەم دوو جۆرە دەدەین، ئەوە هاوکات لە بیریشمانە، کە نە سنووری کۆنکریتبەندیان لە نێواندایە و نە هیچ پێوەرێکی دیاریکراویش هەیە، تا بۆ ناسینەوەیان بیخەینە کار، بەڵکوو دەکرێت بێژمار جۆری ڕۆمان هەبن، بە ڕادەیەک هەر ڕۆمانێک چەندیش سادە بێت، جۆرێکی تایبەتی تاکدەنگ لە خۆی بگرێت. هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەریش لەسەر شێوازی خۆی ڕۆمانی فرەدەنگ دەنووسێت.

*    *    *

ڕۆمانی تاکدەنگ لە پێناوی بیرۆکەیەکی دیاریکراودا دەنووسرێت، کە هەموو توخمەکانی وەک کارەکتەر، ڕووداو، گفتوگۆ، زمان، شێوازی گێڕانەوە و ئایدیۆلۆجیا بە دەوری ئەو بیرۆکەیەدا دەخولێنەوە. ڤیبێژەر (نارەتەر)ێکی هەمووشتزان تێکڕای ئەوانە هەڵدەسووڕێنێت. بە مانایەکی دی، یەک بیرۆکەی سەرەکی هەیە و ئەو بیرۆکەیش بە ڕوونی ئاماژە بە نووسەر دەدات. واتە نووسەر بابەتێکی دیاریکراو زەق دەکاتەوە و هەر لە سەرەتاوە دەزانێت بە کوێ دەگات. بەم شێوەیە نووسین نابێتە کەناڵی بیرکردنەوەی جیاواز و بە گومان بارگاوی ناکرێت، تا هۆشیاریی نووسەر بسووتێنێت و بەردەوام هیی دیکەی لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵکوو نەخشەڕێگەی لە بەردەمدایە و دوای دەکەوێت. لەم جۆرە ڕۆمانەدا کارەکتەری سەرەکی و ناسەرەکی هەن، تەنانەت بە شێوەی هەرەمی کارەکتەرەکان ڕیز دەکرێن. کارەکتەری یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و هتد. کارەکتەری یەکەم لە دووەم و دووەم لە سێیەم و سێیەم لە چوارەم بە گرنگتر دادەنرێت و دەنگی نووسەریش بەسەر تێکڕایاندا زاڵە، بگرە هەر خۆی تاکە دەنگی ڕۆمانەکەیە. لێرەدا زۆریی دەرکەوتنی کارەکتەر لە بەرچاو دەگیرێت، نەوەک ئەو کارەکتەرە چ جیاوازییەک دەهێنێت و چۆن کاریگەریی خۆی دەردەخات.

دەکرێت بگوترێت خەسڵەتی زەقی ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەرە، کە دەستەڵاتی بێسنووری هەیە، بۆیە تێکشکاندنی ئەو دەستەڵاتە زەمینە بۆ دەرکەوتنی دەنگی کارەکتەرەکان خۆش دەکات. لەم ڕووەوە (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (نووسەری مشەخۆر: The Intrusive Author) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان: دەرخستنی لە تێکستی کلاسیک و مۆدێرندا)دا نووسیویەتی، دەڵێت: لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە (مەبەستی سەدەی بیستەمە) دەنگی نووسەر بووە شتێکی نەخوازراو (disfavour)، بەوەی بانگەشەی جۆرێکی دەستەڵات دەکات، کە وەک خوداوەندێکی هەمووشتزان (a God-like omniscience) وایە، لە کاتێکدا سەردەمەکەمان، کە خاوەنی خەسڵەتی گومان و ڕێژەیییە، ناهێڵێت ئەو دەستەڵاتە بە هیچ کەسێک بدرێت، بۆیە لە ڕۆمانی مۆدێرندا دەنگی نووسەر کپ دەکرێت، بگرە بە لاوە دەنرێت.

کاتێ دەستەڵاتی ڕەها لە نووسەر دەستێنرێتەوە و بە کارەکتەرەکان دەدرێت، بێ ئەوەی یەکێکیان لەوەی دیکەی پتر بەر بکەوێت، دۆخەکەیش بە سروشتی خۆی لە تاکدەنگی (homophonic)یەوە بۆ فرەدەنگی (polyphonic) دەگۆڕێت. ئەوەی (لۆج) دەیڵێت، لە بەرهەمەکانی (دۆستەیەڤسکی)دا بە ڕوونی دەرکەوتووە و لە توێژینەوەکانی (باختین)یشدا وەک تیۆرییەکی کاریگەر دامەزراوە. 

دیارە کاتێ باسی ڕۆمانی پۆلیفۆنی لە لای (دۆستەیەڤسکی) دەکەین، ناکرێت بڵێین پێشتر بە هیچ شێوەیەک ئەو شێوازە نەبووە، بەڵکوو مەبەستمانە بڵێین لەسەر دەستی ئەودا چاکتر پێ دەگات، دەنا ڕەخنەدۆزان بۆ نموونە لە بەرهەمەکانی (ژان ژاک ڕۆسۆ)دا، کە سەدەیەک پێشتر ژیاوە، فرەدەنگی دەبینن، بە تایبەتی لە ڕۆمانی (جوولی، یان هێلۆیزی نوێدا)، کە بە شێوەی نامەئامێز (ئەپیستۆلەری) باس لە دڵدارییەکی قەدەغەکراو دەکات. ئەو شێوازەی (ڕۆسۆ)، واتە ئەوەی (هێلۆیزی نوێ)، لە سەدەی هەژدەدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. وەک (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی نامەئامێز: The Epistolary Novel) لە هەمان کتێبی ناوبراودا نووسیویەتی، دەڵێت (ساموێل ڕیچاردسەن) هەردوو ڕۆمانی (پامیلا: 1741) و (کلاریسا: 1747)ی پێ دەنووسێت.

*    *    *

لە ڕۆمانی فرەدەنگدا ئەو هەرەمە تێک دەشکێت، کە نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ خۆیی لە سەرەوەی داناوە لەوێوە هەموو توخمەکان هەڵدەسووڕێنێت. بەم شێوەیە کارەکتەرەکان ئازادن و بۆچوونی دژبەیەک دەردەبڕن. کات و شوێن دەچنە ئاستی ئاماژەوە. واتە بایەخی گەورە بە کرۆنۆتۆپ (Chronotope) دەدرێت، کە وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی (میکایل باختین و پرینسیپی گفتوگۆ)دا دەڵێت لە لای (باختین) کرۆنۆتۆپ بریتییە لە شوێنکات و بە شێوەیەک لە شێوەکان بە تیۆریی ڕێژەییی (ئاینیشاتین) دەگاتەوە، بۆیە ئەو شۆڕشەی (دۆستەیەڤسکی) لە بواری ڕۆماندا کردوویەتی، بەو شۆڕشە بەراورد دەکات، کە (ئاینیشتاین) لە بواری فیزیادا هەڵیگیرساندووە. ئەو گرفتانەی (دۆستەیەڤسکی) ڕووبەڕوویان بووەتەوە، زۆر لەوانە ئاڵۆزترن، کە لە ڕۆمانی تاکدەنگ (homophonic)، یان  ڕۆمانی مۆنۆلۆگیک (monologic)دا هەن، بەو پێیەی جیهانی (ئاینیشتاین) زۆر لە جیهانی (نیوتن) ئاڵۆزترە.

لێرەدا (تۆدۆرۆڤ) لەسەر ئەم تێگەیشتنەی (باختین)دا دەوەستێت، بەوەی ڕۆمانی فرەدەنگ هیی دنیایەکی جیاوازترە لەو دنیایەی ڕۆمانی تاکدەنگ. دەکرێت بڵێین ئەو گرفتانەی ڕۆماننووسانی وەک (ڤێرجینا ولف)، (جیمس جۆیس)، (مارسێل پرۆست)، (ولیام فۆکنەر)، (فرانز کافکا) و دواتریش (ئالان ڕۆب گرێ)، (ئایرێس مەردۆک)، (گوینتەر گراس)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئاڵۆزترن لەوانەی (دیکینز)، (بەلزاک)، (ڤیکتۆر هیگۆ) و ئەوانەی دی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون، بۆیە دەبینین شێوازی دەربڕین و تەکنیکەکانی گێڕانەوە گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتوون. زمانیش ئاستێکی دیکەی هەیە، چونکێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دنیایەکی هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستە، زمان بەردەوام پێویستی بە هێزی دیکە هەیە. وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی ناوبراودا پێی وایە ئەو بایەخی تایبەتی بە زمان داوە، کە ئەو بایەخە گۆکردن (utterance)یش دەگرێتەوە. واتە گۆکردنی مرۆڤانە لە لایەک بەرهەمی کارلێکی زمانە و لە لایەکی دی ڕایەڵی ئەو گۆکردنە (context of the utterance) بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. لە گۆکردندا گفتوگۆگەرایی (dialogism) دێتە کایەوە. بە مانایەکی دی، دەقئاوێزان (Intertextual) بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە. سەرجەم شتەکان ناویان هەیە و هیچ وشەیەک نییە، بە کار نەهێنرێت. هەر چەمکێک چ بە مەبەست و چ بێمەبەست بریتییە لە گفتوگۆ لەگەڵ چەمکەکانی پێشوودا، کە بە هەمان بابەتەوە پێوەستن. هەروەها لەگەڵ ئەو چەمکانەی لە دوای دێن، یان پێشبینی کراون. وەک گوترا لایەنێکی ئەو گۆکردنە بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. واتە مێژوو دەردەبڕێت.

بەم پێیە هەر دەنگێک کاتێ لەلایەن خەڵکەوە گۆ دەکرێت، چ بە دەم و چ بە نووسین، لە توانایدایە ڕۆ بچێتە ناو قووڵاییی کۆمەڵگە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بەر دەنگەکانی تر بکەوێت، کە لێرەدا جیاوازی و هەمەڕەنگی دێنە کایەوە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمان لە لای باختین دەبێتە شێوەیەک لە شێوەکانی ئەنترۆپۆلۆجیا. بوونی مرۆڤ بوونێکە لە گۆڕاندایە. واتە خەسڵەتی هەمەڕەنگی (heterogeneous)ی هەیە و ناکرێت کورت بکرێتەوە، بەڵکوو ئەو بوونە تەنیا لە دۆخی گفتوگۆدا بەرجەستەیە. لە گفتوگۆدا بوون دەردەکەوێت و لە بووندا ئەوەی تر دەدۆزرێتەوە، بەو مانایەی تا ئەو ساتەی گفتوگۆ بەردەوام ببێت، بوونی مرۆڤ پتر دەچیتە ئاستی جیاوازی و هەمەڕەنگییەوە.

ئەگەر ڕۆمانی فرەدەنگ لە لای (باختین) پشت بە گۆکردن دەبەستێت، ئەوە ئەو گۆکردنە کاتێ کاریگەریی هەیە، کە کارەکتەرەکان ئازادن و نووسەر سەرکوتیان ناکات. واتە ئەو گۆکردنە هیی کەسی سەربەخۆیە و بیرۆکەی جیاوازی لێ بار کراوە، بەو مانایەی ئەو جیاوازییانە بەر یەک دەکەون و شتی نوێ بە دەستەوە دەدەن، کە زمان توانای هەیە بە وردی ململانێی کۆمەڵایەتی دەرببڕێت و هەموو ئەو گۆڕانکارییانە دەربخات، کۆمەڵگە پێیاندا تێدەپەڕێت. وەک گوترا گفتوگۆ بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە و تێیدا مرۆڤ نەک تەنیا جەستەی، بەڵکوو ڕۆحیشی بە کار دەهێنێت. زوبان، لێو، چاو، دەستەکان و ئەوانەی دیکەیش لەو پرۆسێسەدا بەشدار دەبن. پرسیاریش هەر لێرەدا دێتە کایەوە. مادام هەر کەسێک بۆچوونی جیاوازی هەیە، ئەوە لە ڕێی ئەو گفتوگۆیەوە دەیانخاتە ڕوو، بەو مەبەستەی لەوانەی دیکە بگات. بە مانایەکی دی، گفتوگۆ بزوێنەری پرسیارە، کە لە ڕێی پرسیارەوە هەم ئەو ئاسمان (سپەیس)ـە گەورەتر دەبێت و هەم زمانی دەربڕینی کارەکتەرەکان پتر قووڵ دەبێتەوە.

*    *    *

ڕۆمان بەوەدا خاوەنی خەسڵەتی شلکی (flexibility)یە، توانیویەتی لەگەڵ سەرجەم بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا و هیی دیکەدا بکەوێتە گفتوگۆوە و لەگەڵ بوارەکانی وەک شیعر، شانۆ، هونەری شێوەکاری، میوزیک، میتۆلۆژیا و ئەوانەی دیکەیشدا پێوەندی ببەستێت، بە ڕادەیەک هەم شوێنی هەموویان لە لای خۆی بکاتەوە و هەم لە لای سەرجەمیشیان شوێنی پێ بدرێت. ئەو فرەدەنگییە بەرهەمی ئەو شلکییەیەتی. بەم شێوەیە ڕەخنەدۆزان لە ڕێی چەمکەکانی وەک دەقئاوێزان (ئەنتەرتێکستواڵیتی)، کەرنەڤاڵ، کرۆنۆتۆپ، ئاسمان، پارۆدی، شێوازگەرایی (Stylisation)، لەتلەتی (Fragmentation)، فرەڕەگی (Hybridization) و هیی دیکەوە ڕۆمانی فرەدەنگی دەناسنەوە و ئاستەکانی لێک دەدەنەوە.

ئاڕاستە فیکری و فەلسەفییەکان بە تایبەت لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ لەدایکبوونی ئەدەبی فرەدەنگ، کە بەرهەمەکانی هەر یەک لە (کارل مارکس)، (فرێردریک نیتشە)، (سیگمۆند فرۆید) و دواتر (هێنری برگسۆن)، (مارتین هایدیگەر)، (گاستۆن باشولار) و ئەوانەی دیکە لەو فرەیییەدا بەشدارن. بۆ نموونە کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر ڕۆمانی فردەنگەوە بە ڕوونی دیارە، کە من خۆم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، فرەدەنگیم بۆ ئەوێ گەڕاندووەتەوە، بەوەی ڕەخنەی دڵڕەقانەی ئەو فیلۆسۆفە لە مێتافیزیکا، وای کردووە چەمکەکان تێک بشکێن و هەر یەکەی کۆمەڵێک ئاڕاستەی دیکەی لێ ببنەوە. بە مانایەکی دی،  چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) بەر لە هەرچی وەستانەوەیە لە ئاستی حەقیقەتدا. کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality) سێ ساڵ بەر لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا چاپ کراوە و تێیدا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕەسەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت (moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە. لە پارچەی (62)ی کتێبی (زانستی هۆژی) لە ژێر ناونیشانی (ئەوەیە مرۆڤ: Ecce Homo)دا دەنووسێت: (بەڵێ، من دەزانم لە کوێوە هاتووم. هەمیشە وەک بڵێسە تینووم. خۆم دەخۆمەوە و دەدرەوشێمەوە. ڕووناک دەبێتەوە، هەر شتێ دەیهێنمە بەر چاو. ئەوەی جێی دەهێڵم، خۆڵەمێشە. من هەر بە دڵنیایی بڵێسەم). واتە مرۆڤی یاخی، کە لە لای ئەو بە مرۆڤی باڵا ناسراوە، لە ڕێی ئەو بەها ساختانەوە خۆی نابینێت، بەڵکوو وەک بڵێسەی ئاگر وایە، کە خۆراکی خۆی لە خودی خۆی وەردەگرێت و هەر بەوەیش دەدرەوشێتەوە. بەردەوامە و ئامانجی دیاریکراوی نییە.

*    *    *

پێوەری بەها بەو دابەشکارییەوە پێوەستە، کە دنیا دەکاتە بەشی چاکە و بەشی خراپە، جوان و ناشیرین، بەرز و نزم… هتد. لێرەدا ڕەوشت، دابونەریت، ئایین و شتی دیکە ڕۆڵ لەو دابەشکاری و دامەزراندنی ئەو هەرەمەدا دەبینن. جینیالۆجیا، کە هەم ڕەخنەیە و هەم لێکدانەوەی ئۆنتۆلۆجی، ئەو دابەشکارییە تێک دەشکێنێت و بەهاکان بە شێوەی دیکەی جیاواز ڕێک دەخاتەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕێی ڕەخنەوە ماسکەکان، وەهمەکان و چینە پیرۆزەکان لا دەدرێن و بنەماکانی ئەو بەهایانە دەدۆزرێنەوە، کە ئەو پرۆسێسە بە سروشتی خۆی کرانەوەیییە. لێرەوەیە ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین.

چەمکی (مەرگی خوداوەند)یش هەر لەمەوە چاو هەڵدێنێت، کە مەبەست لەو خوداوەندە نییە، لە خەیاڵی مرۆڤی باوەڕداردایە، بەڵکوو زۆر لەوە فرەوانترە، بە ڕادەیەک ئەو مەرگە لە بەردەوامیی خۆی نەکەوتووە. وەک (جیل دولووز) لە کتێبی (نیتشە و فەلسەفە)دا پێی وایە {مەرگی خواوەند، یاخود (خوداوەند مرد) بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکوو بابەتێکی درامیی (dramatic proposition)ـە زۆر بە چاکی، بگرە فرەیییە، بەوەی ناکرێت خوداوەند بکرێتە ئامانجی زانینێکی پێکەوەبەستراو (synthetic knowledge)، ئەگەر مەرگی تێ نەئاخنرێت. کاتێ خوداوەند دەمرێت، هەمیشە کۆمەڵێک جۆری مردنیش دەمرن}، کە ئەو گوتەیەی دوایییانی لە کتێبی (زەردەشت ئاوا دوا)وە وەرگرتووە: (When gods die, they always die many sorts of death). کۆمەڵێک مردن دەمرن و لە بەرانبەردا کۆمەڵێک ژیان لە دایک دەبن. مەرگی خوداوەند واتە مەرگی هەموو ئەو بەهایانەی پێوەی پێوەست بوون. بەکورتی مەرگی ڕەوشتی کریستیانیتییە، کە بە داخراوی و سنوورداری دەناسرێنەوە، تا لەوێوە ئەو بەهایانە لە دایک ببن، توانای بەردەوامی و نوێبوونەوەیان هەیە. ئەو بیرۆکەیە دەبێتە پرۆبلەماتیکێکی گەورەی فەلسەفی و بە مێژووی فیکردا تێدەپەڕێت، کە ئەدەب و هونەریش دەگرێتەوە. (مارتین هایدیگەر) دەیباتە ناو مێتافیزیکا و مەرگی کات ڕادەگەیەنێت. (مێشێل فۆکۆ) مەرگی مرۆڤ، (ڕۆڵان بارت) مەرگی نووسەر و (جاک دێریدا) مەرگی قسە. (واڵتەر بینیامێن)یش هەر زوو جاڕی مەرگی هونەری سەردەمی عەقڵی ئامێرگەرای دا. ڕێبازە هونەری و ئەدەبییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لە دادائی و سوریالییەوە تا ئەمڕۆ مەرگی ئەو شێوازە ڕاستەوخۆیەیان ڕاگەیاند، کە تێیدا زمان یەکسان دەکرا بە شت، تا ئاماژەکان لە دایک ببن و لەمەوە هیچ تێگەیشتنێک نەتوانێت ماناکان بخاتە ناو چوارچێوەوە. لە لایەکی دیکەوە (مەرگی خوداوەند) مەرگی سێنترالیزمیشە، کە لەسەر دوالیزمەکاندا خۆی جێگیر کردووە، بەو مانایەی نموونەیەکی باڵا و سەرەکی هەیە، کە تێکڕای زانین و چالاکییەکان بە دەوریدا دەخولێنەوە. ئەو نموونە باڵایە وەک هێزێکی مێتافیزیکی مەبەستیەتی زمان سنووردار بکات و ماناکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەم شێوەیە زمان تەنیا ئەوە دەردەبڕێت، کە ئەو نموونە باڵایە دەیەوێت. لێرەدا نووسەر ڕۆڵی بانگخوازی ئایینی (preacher) دەبینێت و ئەرکی خوێنەر تەنیا وەرگرتنی ئەو پەیامانەیە، لە دەمی ئەو بانگخوازەوە دەردەچن. لێی تێدەگات، چونکێ زانراون و پێشتر بیستوونی. دەکرێت بگوترێت زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن. ئەو تێگەیشتنە هێزێکی گەورە بە ئەدەب و هونەر دەبەخشێت و تەقینەوەی گەورەیان تێدا بەرپا دەکات، وەک چۆن خودی فەلسەفە وزەیەکی لەبننەهاتوو لە ئەدەب و هونەر وەردەگرێت، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان کاڵ بووەتەوە. ئەمڕۆ هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەر فیلۆسۆفێک و هەر فیلۆسۆفێکیش ڕۆماننووسێکی فرەدەنگە. (کامۆ)، (ئایرێس مەردۆک)، (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە بەو ئەندازەیەی ڕۆماننووسن، فیلۆسۆفیشن.

بایەخی جەستەیش هەر لە تێکشکاندنی ئەو سێترالیتییەدا خۆی دەسەپێنێت، کە پێشتر بە هۆی میراتی (پلاتۆ) و (دێکارت)ـەوە بە لاوە نرابوو. لە لای ئەو بە هێزێکی گەورەوە دەردەکەوێتەوە. دواتر (مۆریس مێرلۆپۆنتی) و (فۆکۆ)یش بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی ئەو چەمکە دەبنەوە، بگرە دەبێتە بابەتێکی گرنگی فەلسەفی و لە ئەدەب و هونەری ئەو چەند دەیەی ڕابردوو بە ئێستایشەوە شوێنی گرنگ دەگرێت. بایەخی (نیتشە) بە جەستە و بە هونەری سەمای ئەو جەستەیە، کردنەوەی دەنگەکانی ئەو جەستەیەیە وەک لە زمانی (زەردەشت)ـەوە دەریدەبڕێت: (جەستە بریتییە لە کۆمەڵێک ئامێری هاوبەشی عەقڵ. بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنم، پێویستە سەماکەر بێت). جەستەی سەماکەر جەستەیەکی ئازادە و توانای بەرهەمهێنانی ئاماژەی جیاوازجیاوازی هەیە، کە دەستەڵاتی هیچ تیۆرییەک ناتوانێت سنوورداری بکات و چوارچێوەی بۆ دابڕێژێت. بە مانایەکی دی، جەستەی بەهێز توانای بەرگریی هەیە و ڕێ نادات کورت بکرێتەوە.

 (نیتشە) تێکڕای ئەو تێگەیشتنانە قڵپ دەکاتەوە، کە پێشتر لەبارەی جەستەوە خرابوونە ڕوو، تا ئەو چەمکە لە ژێر دەستەڵاتی مەعریفەی زانستیدا دەربهێنێت و بە ژیانەوە گرێی بداتەوە، کە بەوەدا ژیان هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستەیە، جەستە دەبێتە کۆمەڵێک کەناڵی دەربڕین.

*    *    *

دەکرێت تێکڕای فەلسەفەی (نیتشە) لە کرانەوەییدا بەرجەستە بکەین، بەوەی ڕەخنەی ئەو لە مێتافیزیکا تەنیا کۆمەڵێک چەمکی وەک حەقیقەت، جەستە، مۆراڵ، بەها، زمان، کات و هیی دیکە ناگرێتەوە، بەڵکوو سەرجەم فەلسەفە لە (سۆکرات)ـەوە بۆ (دێکارت) و لەوێوە تا (کانت)، (هیگڵ) و ئەوانەی تر دەکەونە بەر زەبری ئەو ڕەخنەیە و تێک دەشکێنرێن، کە تێکشکاندن لە فەلسەفەدا هاوواتای کرانەوەیە. مێژووی فەلسەفە بریتییە لە پرۆسێسی تێکشکان و کرانەوە. لە ژێر زەبری ئەو ڕەخنەیەدا چەمکە جیاوازەکانی وەک مرۆڤی باڵا، گەڕانەوەی هەمیشەیی، نیهلیزم، ویستی هێز، ئێرەیی، هزری مێگەل (herd mentality) و زۆری دیکە ڕەوتی فەلسەفەیان گۆڕی و دەیان کەناڵی دیکەیان کردەوە، کە ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا توانیویەتی گفتوگۆی کاریگەر دابمەزرێنێت.

ئەو ڕەخنەیەی (نیتشە) لە سەدەی بیستەمدا ئاڕاستەی جۆراوجۆری لێ دەبنەوە، کە هەر یەک لە فیلۆسۆفانی وەک (هایدیگەر)، (ئادۆرنۆ)، (فۆکۆ)، (دولووز)، (دێریدا)، (لیوتار) و زۆری تر فەلسەفەی جیاوازیی خۆیان دادەمەزرێنن. بەم شێوەیە (فەلسەفەی جیاوازی) دەبێتە ناونیشانێکی فرەوان بۆ سەرجەم ئەو فەلسەفانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن و تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. دەرکەوتنی چەمکی (جیاوازی) بە هۆی ڕەخنەگرتن لە چەمکی (شوناس)ـەوە سەری هەڵدا، کە ئەوەیان ناوەرۆکی مۆدێرنیتییە. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی توانیویەتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکات و ئەو هەرەمە تێک بشکێنێت، کە ڕۆماننووسی تاکدەنگ پەنای بۆ بردووە. بەوەدا ڕۆمانی فرەدەنگ ڕەگی لەناو هەموو کایەکاندا هەیە، بەرگەی ئەو هێزە دەرەکییانە دەگرێت، کە مەبەستیانە بیخەنە چوارچێوەوە و لە یەک گۆشەنیگاوە بیخوێننەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەرەم ون دەبێت.

ئەو هەرەمە بەپێی پرینسیپی پێوەری بەهاکان دامەزراوە، کە دوالیزمی چاکە و خراپە نەخشاندوویەتی. چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ کارەکتەری چاکەخواز لایەنگری چاکە و کارەکتەری خراپەکار نوێنەری بەها ناپەسەندەکانە، کە وەک گوترا کاتێ ئەو بەهایانە جینیالۆجیایان بۆ دەکرێت، خودی هەرەمەکە هەرەس دێنێت، تا بە شێوەیەکی جیاواز ڕێک بخرێتەوە. لەمەوە چاکە چاکە و خراپە خراپە نییە. وەک گوترا ئەو کرانەوەیییەی (نیتشە) لە فیکری دوای خۆیدا کاریگەریی گەورەی دەبێت، کە ڕۆمانی فرەدەنگ تێیدا گەشەی کردووە. بۆ نموونە لە لای (فۆکۆ) چەمکی ئارکیۆلۆجیا دەردەکەوێت، کە ڕستەی (ئارکیۆلۆجیایەکی زانستە مرۆیییەکان: An archaeology of the human sciences) وەک ناونیشانێکی لۆکاڵی بۆ کتێبی (وشەکان و شتەکان) دادەنێت و لێیەوە بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز چەمکگەلی وەک (شێتی)، (سێکسواڵیتی)، (زمان)، (مەرگ)، (ئەشکەنجە)، (زیندان) و زۆری دیکە دەخوێنێتەوە. پێی وایە لە سەدەی نۆزدەوە پێوەر لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خرایە گەڕ، بەو مانایەی وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاند. واتە خرایە ناو چوارچێوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتییەوە، تا جەستە ملکەچی دامودەستگەکان بکات، کە لێرەدا پاداشت و سزا دەرکەوتن. ئەگەر لە کۆمەڵگە کلاسیکییەکاندا یاسا ئەو پاداشت و سزایەی جێبەجێ دەکرد، ئەوە لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا پێوەری بەهاکان شوێنی ئەو یاسایە دەگرێتەوە، بەوەی چی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ڕێی پێ دراوە و چی قەدەغەیە. لەمەوە بەو دوالیزمی (چاکە و خراپە)یە هەموو کردار و هەڵسوکەوتێکیان لێک دەدرێتەوە. چی ئەمیانە و چی ئەویان؟ کامیان پەسەند و کامیان ناپەسەندە؟ یاسای نووسراو دەتوانێت ئەوانە سزا بدات، کە بەپێی فڵان بەند لایان داوە، بەڵام هەرچی پێوەری بەهاکانە، ڕۆ دەچێتە ناو وردەکارییەکانی تاک و مەبەستیەتی بوونی داگیر بکات. لەمەوە ئەو پێوەرە دەچێتە ناو دامودەستگەی زانین (مەعریفی)ییەوە، کە ئەرکی ئەو دامودەستگایانە بریتییە لە برەودان بەو بەهایانە و بە حەقیقەتەوە پێوەستیان دەکەن، تا لەو ڕێیەوە هەر شتێکی دیکەی لەو پێوەرە جیاوازە، بدەنە دواوە. واتە ئەو پێوەرە شوناس دروست دەکات و ئەو شوناسە بۆ سەرکوت دەخرێتە گەڕ.

*    *    *

ڕۆمانی فرەدەنگ لەناو ئەو ئەتمۆسفێرەدا ڕووبەڕووی ئەو پێوەرانە دەبێتەوە، کە بۆ بەهاکان دانراون. بەوەدا توانای داهێنانی ڕێگە و تەکنیکی نوێی هەیە، ئەوە هەڵکۆڵین بۆ ئەو بەهایانە دەکات و ئاستە شاراوەکانیان دەردەخات، بە ڕادەیەک ئەوەی دەردەخرێت ئاستی ترازاوی بەهاکانە، نەوەک ئاستە زانراوەکانیان. لەم نێوەدا دەنگی جۆراوجۆر و ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە بونیادی ڕۆماندا دەردەکەون. بەم شێوەیە ڤیبێژەری هەمووشتزان بە سروشتی خۆی گوم دەبێت، کە کۆڵەگەی پشتی ڕۆمانی تاکدەنگە، بگرە وەک گوترا خواوەندیەتی، چونکە سەرچاوەکانی زانیاری گۆڕاون. وەک (جیل دۆلۆز)  لە هەمان کتێبی ناوبراودا دەڵێت (نیتشە) لەسەر شێوازی (فرۆید) پێی وایە {هۆشیاری ناوچەی من (ئیگۆ) دەگرێتەوە، کە دنیای دەرەوە کاریگەریی لەسەر دادەنێت}. بەم شێوەیە هەر کارەکتەرێک خاوەنی (من)ی خۆیەتی و ئەو سێنتراڵیتییە کاریگەریی نامێنێت. لەمەیشەوە نووسەری تاکدەنگ، کە شوێنی خوداوەندی گرتووەتەوە، دەمرێت و ژیان بە کارەکتەرە جیاوازەکان دەبەخشرێت. مردنی نووسەری تاکدەنگ، واتە مەرگی بەها و ڕەوشتە باوەکان، تا کارەکتەرە جیاوازەکان بە ڕەوشتی جیاواز و بەهای جیاوازەوە شوێنی بگرنەوە.  هەر لێرەوە لایەنی ڕۆحی ئەو بایەخەی نامێنێت، مادام کارەکتەر لە ڕێی جەستەیەوە پێوەندی بە واقیعەوە دەکات، بگرە جەستە دەبێتە زمانی کارەکتەر. وەک پێشتر گوترا جەستە ڕێ نادات کورتی بکەنەوە، بۆیە جەستەی ڕۆمانی فرەدەنگ بەرەو نەزانراو ئاڕاستەیە و ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەبڕێت، نەوەک شتێکی زانراوی دیاریکراو، تا کورت بکرێتەوە.

ئاڕاستەی (نیتشە) و هیی ئەوانەی تریش وایان کرد ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی پشت لە ڕاستەوخۆیی بکات و بەرەو نەزانراو مل بنێت، بێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، کە هەر لێرەدا وێنە شوێنی وشەی گرتەوە. واتە بۆ لێکدانەوەی تێکستی ڕۆمانی فرەدەنگ، ناکرێت وشەیەک بگرین، تا جارێک لەگەڵ وشەکانی بەردەمی و جارێک لەگەڵ ئەوانەی دواوەیدا پێوەستی بکەین، بەو مەبەستەی مانایەکی دیاریکراوی لێ پێک بهێنین، بەڵکوو وێنەکان هەن، کە ناتەواو و تێکشکاون، بە ڕادەیەک هەر خوێنەرێک دەتوانێت لەسەر شێوازی خۆی پێکیان ببەستێتەوە. ڕاستییەکەی چەمکی خوێنەر بە مانا جیاوازەکانیەوە لێرەدا لە دایک بووە و پێ گەیشتووە، کە لەم شەشت حەفتا ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک تیۆریستی داهێنەر کاریان لەسەر کردووە و لە کرانەوەییی ڕۆماندا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە. دەکرێت بگوترێت خودی ئەو تێکستە ڕێگرە لەوەی خوێنەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ بیخوێنێتەوە و مانای ئامادەکراوی لێ وەربگرێت. ئایا بۆ نموونە بەرهەمەکانی (جیمس جۆیس) ڕێی خوێنەر دەدەن بە شێوازی وشەبەوشە بیانخوێنێتەوە و تێیاندا ئەو مانا زانراوەی بە دوایاندا دەگەڕێت، بدۆزێتەوە؟ هەمان شت بۆ ڕۆمانەکانی (ئەندرێ جید)، (ئەلبێر کامۆ)، (کامیلۆ خۆزیە تێلا)،  (خۆزیە سەراماگوای)، (تۆنی مۆریسۆن) و زۆری دیکەیش دروستە. هەموو ئەو تەکنیک و فێڵانەی ڕۆمان لە (جۆیس)ـەوە تا ئەمڕۆ دایهێناون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێوەری بەها بووە، کە ئەوانە وایان کردووە زمان فرەڕەهەند، بگرە ئاڵۆز ببێت و بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات.

 ئەگەر ڕەخنەدۆزان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، یان ڕۆمانی فرەدەنگ بە پەشێوی (Turbulent) ناو دەبەن، مەبەستیان ئەوەیە لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز پێک هاتووە و ناکرێت گرێچنێک پێکەوەیان گرێ بدات. ئەو پەشێوییە بەرهەمی ئەو گومان و دڵەڕاوکێیەی مرۆڤی ئەمڕۆیە، کە لە جیهانێکی هەمەئاڕاستەدا دەژی و ڕووبەڕووی گرفتە ئاڵۆزەکان دەبێتەوە، بە ڕادەیەک زیاتر لە ڕەهەندێکی هەیە. هیچ ئاڕاستەیەک، هیچ هێڵێک، هیچ بیرۆکەیەک و هیچ وێنەیەک ناتوانێت لەناو ئەو پەشێوییەدا بە زەقی دەربکەوێت و ئەوانەی دیکە بسڕێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەر ئاڕاستەیەک گومان دەخاتە ئاڕاستەیەکی دیکەوە، هەر هێڵێک هێڵێکی دیکە تێک دەشکێنێت، هەر بیرۆکەیەک بیرۆکەیەکی دیکە ناتەواو پێشان دەدات و هەر وێنەیەک وێنەیەکی دیکە لەتلەت دەکات. بەم شێوەیە ڕۆمانی فرەدەنگ، فرەڕەنگ، فرەئاڕاستە، فرەوێنە و فرەڕوو کورت ناکرێتەوە. کام ئاڕاستەیە، کام هێڵە، کام بیرۆکەیە، کام وێنەیە کورت بکرێتەوە؟ وەک (داڤید لۆج) لە کتێبی ناوبراودا جەخت لەسەر هێزی ڕۆمان دەکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ حوکمی مێژوودا.

*    *    *

کورتکردنەوە تایبەتە بە ڕۆمانی تاکدەنگ، کە جۆرێکی سادەیە. بە زمانی ڕاستەوخۆ نووسراوە و تێیدا هۆشیاریی نووسەر لەسەر هێڵێکی ڕاستدا بە هۆشیاریی خوێنەر دەگاتەوە. بەهاکان هەڵکۆڵینیان بۆ نەکراوە، بەڵکوو بە هەمان قاڵب داڕێژراونەتەوە، چینەکانی سەریان لا نەدراون و دەستەڵاتەکانیان پارێزراون. خوێنەر بە ئاسانی دەیانناسێتەوە، بەوەی لەگەڵیان گەورە بووە و هێندەی نووسەریان لە بارەوە دەزانێت، بۆیە هەم دەتوانێت کورتیان بکاتەوە و هەم گوتەیان لێ وەربگرێت، کە ئەگەر بە دیدی ڕەخنەیییانە هەر کام لەو گوتانە بخوێنیتەوە، وەک پێشتر گوتوومە و کردوومە، لە سادەیی و ڕووکەشی بەولاوە، هیچی دی نابینیت. هەر لەبەر ئەوەیشە ئەو جەماوەرە لێیان تێگەیشتووە و هێندە پێیان سەرسامە. ئەمڕۆ ڕۆمانەکە دەرچووەوە و سبەی کورت کراوەتەوە، دەیان گوتەی لێ وەرگیراون و بێژمار خەڵک سەرسامییان لە ئاستدا دەربڕیوە.

لە پێشەوە لە لای (نیتشە) گوترا ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین، لە کاتێکدا زمانی ڕۆمانی تاکدەنگ زمانێکی ناسراوی ڕۆژانەیە و ڕاستەوخۆ حەقیقەتی زانراوی شتەکان دەردەبڕێت، کە پێشتر جەماوەر ناسیویەتی. ڕۆمانی تاکدەنگ بابەتە زەقەکانی وەک شۆڕش، زیندان، ڕاونان، کۆچ و شتی دیکەی لەم بابەتە دەورووژێنێت و بە هەمان زمانی جەماوەر دەیانگوازێتەوە، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەو بابەتانە کاڵ دەکاتەوە، تا ڕووناکی بخاتە سەر وردەکارییە بەلاوەنراوەکانیان. واتە دیوە شاراوەکانیان دەردەخات و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کۆمەڵێک وێنەی جیاوازدا پێشانیان دەداتەوە، بۆیە ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت. ئەوەی لە لە لای (فۆکۆ) بینیمان، کە پێی وایە پێوەری بەهاکان لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خراوەتە گەڕ و وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاندووە، تا جەستە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ڕووبەڕووی سزای بکاتەوە، ئەوە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا دەردەکەوێت، بەوەی شتە زەقەکان بە لاوە دەنێت و شتە وردەکان لێک دەداتەوە. لەمەوە ڕۆ دەچێتە ناو کەناڵەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی (socialization) لە چەشنی خێزان، فێرگە، حیزب، پەرستگە، بنکەی کەلتووری و ئەوانەی دیکە، تا نهێنییەکانیان دەربخات. ئەوە پێوەری بەهاکانە، کە دەستەڵاتەکان پاڵپشتین، ئەو بابەتانەی زەق کردوونەتەوە و ڕۆماننووسی سادەنووسیان پێ فریو دەدات، تا وێنەی دەرەوەیان بگرێت و لە ڕێی وەسفەوە چینی دیکەیان بخاتە سەر. ڕۆماننووسی فرەدەنگ پێچەوانەی ڕۆماننووسی تاکدەنگ وا لە دەستەڵات ناڕوانێت، لە شوێنی دیاریکراودا هەیە و بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکوو وەک (فۆکۆ) و (دولووز) لە گفتوگۆی (ڕۆشنبیر و دەستەڵات)دا پێی لەسەر دادەگرن لە هەموو شوێنێکدا بەرجەستەیە. یەکەمیان دەڵێت: (دەستەڵات تەنیا خۆی لە سانسۆرێکی ڕووندا مانیفێست ناکات، بەڵکوو بە قووڵی و لێزانانە ڕۆ دەچێتە نێو تەواوی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، بگرە خودی ڕۆشنبیران دەبنە بەشێکی ئەم دەستەڵاتە). هەرچی دووەمیانە پێی وایە (ئەوە هەر زیندانییەکان نین وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵکوو منداڵیش وەک زیندانی لێی دەڕوانرێت. منداڵ منداڵییەک بە سەر دەبات، کە هیی خۆی نییە. بەم پێیە ناکرێت نکووڵی لەوە بکەین، کە فێرگە وەک زیندان وایە. خۆ ڕاستییەکەی کارگە هەر زۆر لە زیندان دەچێت). (ڕۆڵان بارت)یش هەر لەم ڕووەوە دەنووسێت: (دەستەڵات ئەمڕۆ لە زیاتر لە میکانیزمێکدا ئامادەیە و بە ناسکی ئاڵوێری کۆمەڵایەتی لە دەوڵەت و لە لای چینە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵدەسووڕێنێت، بەڵام بە هەمان شێوە لە مۆدێلەکان، بۆچوونە باوەکان، فێستیڤاڵەکان، یارییەکان، یانە وەرزشییەکان، هەواڵەکان، پێوەندییە تایبەتەکانی خێزان، تەنانەت لە لای بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیشدا دەردەکەوێت). لە ڕێی خوێندنەوەی ئەو سێ بیرمەندەدا دەگەینە ئەوەی بڵێین ناکرێت ڕۆماننووس بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەستەڵات ببێتەوە، لە بابەتە زەقەکاندا پێشانی بدات، ئەو بابەتانەی سۆزی جەماوەر دەورووژێنن، کە لەم دۆخەدا زمان شێوەی ڕاستەوخۆ وەردەگرێت، بەڵکوو پێویستە ڕۆ بچێتە ناو شتە وردەکانەوە، کە ئەو ڕۆچوونە تەنیا گۆڕینی ئاڕاستەی ڕەخنە نییە، بەڵکوو گۆڕینی سیستەمی زمانیشە. واتە گۆڕینە لە وشەی ڕووتەوە بۆ ئاماژە. گۆڕینە لە جەختکردنەوەی مانای پێشوەختەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانای نوێ و کراوە.

*    *    *

ڕۆماننووس لە ڕۆمانی تاکدەنگدا پشت بە چەمکێکی زەق  دەدات و دژی چەمکێکی دیکەی زەق دەوەستێتەوە. بۆ نموونە وا خۆی دەردەخات لایەنگری ئازادییە و دژی چەوسانەوەیە، لە کاتێکدا ئەو چەمکە زەقانە هەر خۆیان لە ژێر گومانی گەورەدان و دەبێت هەڵبوەشرێنەوە، تا ڕەهەندی دیکە وەربگرن و ئاڕاستەی تری نەزانراویان لێ ببنەوە. چۆن دڵنیا ببین ئەوەی ئەو بە ئازادیی دەزانێت، ئازادییە و ئەوەی بە چەوسانەوەی دادەنێت، چەوسانەوەیە؟ ڕۆماننووسی ڕۆمانی فرەدەنگ بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لە هەموو ئەو چەمکانە دەڕوانێت. با وای دابنێین ئەو چەمکانە کۆمەڵێک درەختن و بە شێوەی بازنەیی ڕوێنراون. منداڵێک لەناو بازنەکەدا یاری دەکات، بەڵام یاسای یارییەکە ئەوەیە، ئەگەر جەستەی بەر هەر یەکێ لەم درەختانە بکەوێت، دەدۆڕێت و یارییەکە کۆتاییی دێت. گوتمان هەموو درەختەکان وەک یەک کۆتاییی بە یارییەکە دەهێنن و نەمانگوت درەختێکی دیاریکراو. کەواتە بۆ ئەوەی یارییەکە بەردەوام ببێت، هەمیشە لەم ناوەڕاستەدا هەڵدەبەزێتەوە. ئەو بۆشایییە مەودای داهێنانی ڕۆماننووسە، کە مانای ئەوە نییە چەمکەکانیش نابینێت. دەیانبینێت، بەڵام بە گومانی زۆرەوە. ئەگەر درەختەکان نەبوونایە، منداڵەکە نەیدەتوانی یارییەکە بکات، وەک چۆن بەبێ ئەو چەمکانە ڕۆماننووس ناتوانێت بنووسێت. لەم دۆخەدا یاریی منداڵەکە تێپەڕاندنی ئاستی زانراوی درەختەکانە، وەک چۆن نووسینی ڕۆمانی فرەدەنگ تێپەڕاندنی ئاستی ناسراوی چەمکەکانە. کاتێک چەمکەکان بە زەقی لە لای ڕۆماننووسی تاکدەنگ هەن، ئەوە یاریی تێپەڕاندن لە ئارادا نییە، بەڵکوو لایەنگری پێشوەختی ئەمیانە و دژی ئەویان وەستاوەتەوە.

*    *    *

ڕۆمانی فرەدەنگ لە بێژمار چیرۆکی وردوردی جیاواز پێک دێت، کە بە دەربڕینی (دولووز) هاوڕەگن، بەڵام لە یەک جیاوازن، بە ڕادەیەک ناکرێت چیرۆکێک بەسەر ئەوەی دیکەیاندا زاڵ بکەیت، بەڵام لە ڕۆمانی تاکدەنگدا گوتەی ئامادەکراو هەن و بە زمانی ڕۆژانە دەربڕراون، کە وەک یەقین لە دەمی نووسەرەوە دەردەچن و بە خوێنەر دەگەن.  لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆمەڵێک ڤیبێژەری جیاواز دەردەکەون و هیچ یەکێکیان جێگەی باوەڕی تەواو نییە، بەوەی دەکرێت بە هەڵەدا بچن، یان تەنیا دیوێکی ئەو بابەتە ببینن، کە دەیگێڕنەوە، یان نەتوانن بە دروستی بیگڕێنەوە، یاخود هەر شتێکی دیکە، ئەوە خوێنەر بە گومانەوە لە هەموویان دەڕوانێت و بە لێکدانەوەی خۆی وێنەیەکی گشتی لە سەرجەمیان پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەری بەسەردا زاڵە، دروستتر تەنیا دەنگی نووسەری تێدا دەبیسترێت، کە هەمان دەنگی زانراوی جەماوەرە، بۆیە ئەو خوێنەرە بەبێ هیچ گومانێک باوەڕی پێ دەکات و لێی وەردەگرێت. بەپێی پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) داڕێژراون و پرینسیپی (هۆکار و ئەنجام) هەڵیاندەسووڕێنێت، کە فەلسەفە لانی کەم لە (نیتشە)وە ڕووبەڕووی ئەو دوو پرینسیپە بووەتەوە و هەوڵی تێکشکاندنی داون. جەماوەر لەو ڕۆمانەدا ئەوە دەدۆزێتەوە، کە بە دوایدا گەڕاوە. شاگەشکە دەبێت و دەتوانێت لە بەری بکات، یان بە دەربڕینی (هێنری برگسۆن) ڕاستەوخۆ دەچێتە یادەوەریی عادەتی (habits memory)ی ئەو جەماوەرەوە و بە ئاسانی دەیڵێتەوە. ڕەخنەگری میلـلییش، کە خاوەنی توانایەکی سنووردارە و لەسەر هەمان هێڵدا هەم بە ڕۆماننووسی تاکدەنگ و هەم بە جەماوەری ئەو ڕۆماننووسە دەگاتەوە، بە هەمان زمانی ڕۆژانە پێیدا هەڵدەڵێت. ڕۆمانەکە کورت دەکاتەوە، بەوەی لەسەر یەک بیرۆکەی زانراو دامەزراوە و بۆ کورتکردنەوە ئامادەیە، تا لەوێوە وەک داهێنانێکی مەزن پێشانی بدات. ئایا هەمان ڕەخنەگری میلـلی دەتوانێت ڕۆمانی یەکێ لەو ڕۆماننووسە فرەدەنگانەی ئاماژەیان پێ درا، کورت بکاتەوە؟ دیارە لێرەدا بە شێوەی ڕەها ناڵێین ڕۆمانی فرەدەنگ گوتەی لێ وەرناگیرێت، بەڵکوو دەڵێین کورت ناکرێتەوە و ئەو گوتانەی ڕەخنەدۆزانیش لێی وەردەگرن، زەق و زانراو نین، بەڵکوو لە ئاستی ئاماژەدان، لە کاتێکدا جەماوەر هەم دەتوانێت ڕۆمانی تاکدەنگی ڕۆماننووسە جەماوەرییەکان کورت بکاتەوە و هەم گوتەیشیان لێ وەربگرێت. ڕەخنەگری میلـلی جاڕی مۆیبەلایزەیشن بۆ نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ دەدات، تا جەماوەری بۆ کۆ بکاتەوە و بەرهەمەکانی بکڕن. بۆ ئەم مەبەستە مێدیای حیزبی و ناحیزبیی لە پێناودا دەخاتە گەڕ. بەم شێوەیە ڕۆمانی مەزن ئەوەیە، ئەو جەماوەرە زیاترین ژمارەی لێ کڕیوە و زۆرترین گوتەی لێ وەرگرتووە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆمان هەڵدەسەنگێنێت، جەماوەرە، کە ڕۆمانی ڕۆماننووسی تاکدەنگ خۆی ڕێی داون هەڵیبسەنگێنن. لە گوتاری (لە ڕەخنەگر کێیەوە بۆ ڕەخنە چییە)دا هەوڵم داوە ئەوە پێشان بدەم، کە هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەموو تواناکانی لێ دەسەنرێنەوە و لەم ساتەوە خاوەنی زمان نییە. ڕۆماننووسی تاکدەنگ هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەدا نییە، بگرە هەوڵی زۆر دەدات ئەو جەماوەرە هەڵیبسەنگێنن.

————

بۆ نووسینی ئەم بابەتە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەم کەناڵانەدا کراوە:

 _ Lodge, David, The Art of Fiction, London, Penguin, 1992.

 _ Todorov, Tzvetan, Mikhail Bakhtin The Dialogical Principle, Translated by Wlad Godish, Manchester University Press, 1984.

_   Nietzsche, Friedrich- On the Genealogy of Morals, Translated by Carol Diethe, Edited by Keith Ansell-Pearson, Cambridge Texts in the History of Political Thought, 2007.

_  Deleuze, Gilles, Nietzsche and Philosophy, Translated by Hugh Tomlinson, Continuum, LONDON – NEW YORK, 2002.

 _ Foucault, Michel, The Order of Things, An archaeology of the human sciences, A translation of Les Mots et les choses, VINTAGE BOOKS, A Division of Random House, Inc. New York, 1994.

_ Intellectuals and power: A conversation between Michel Foucault and Gilles Deleuze. Available at:

https://libcom.org/article/intellectuals-and-power-conversation-between-michel-foucault-and-gilles-deleuze

_ بارت، رولان: درس السيميولوجيا، ترجمة: عبد السلام بنعبد العالي، تقدیم: عبد الفتاح کیلیطو، دار توبقال للنشر، الدار البيضاء، الطبعة الثالثة، ١٩٩٣.

 _ ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا.

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات. (کتێبی ئەلیکترۆنی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، ڕاگەردان، پاشکۆی بەرهەمەکانم. (پێشەکییەکەی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). (لە وەڵامی پرسیاری تەوەرەی ژنەفتندا).




زۆرایه‌تی و جاگلەر.. کاروان کاکه‌سوور

هه‌وڵێک بۆ لێکدانه‌وه‌ی سێکوچکه‌ی ڕۆشنبیر، ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه

سەرنج!
ئه‌م باسه ساڵی (2015) له‌ دوو سێمینار چ له‌ سوێد و چ له‌ دانمارکدا پێشکه‌ش کراوه‌. ڕاستییەکەی تەنیا خاڵە بنەڕەتییەکانی دیاری کرابوون، دەنا نەنووسرابووەوە. ساڵی دواتر لە (دەنگەکان)دا بڵاوم کردەوە. هاوڕێی ئازیزم (دلاوەر ڕەحیمی) وای پێ باش بوو دیسان بڵاو بکرێتەوە، بۆیە پێیدا چوومەوە و چەند پەراوێزێکم بۆ نووسیوە. پەراوێزەکانی پێشوویشم هێشتوونەتەوە. ئه‌وده‌م وشه‌ی (زۆرینه‌)م به‌ کار بردبوو، به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م (زۆرایه‌تی) دروستتره‌. وشەی (ڕەخنەگر)یش بۆ (ڕەخنەدۆز) گۆڕاوە. (04.12.2021)

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




کێ شار داده‌مه‌زرێنێت؟ فریشته‌، یان ئیبلیس؟.. کاروان کاکەسوور

لێکۆڵینەوە

ماوه‌یه‌که‌ لێره‌ و له‌وێ ده‌بیستیت، یان ده‌خوێنیته‌وه‌، که‌ عه‌ره‌به‌ ئاواره‌کان مه‌ترسیی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شاره‌کانی کوردستاندا په‌یدا کردووه‌، بگره‌ کار به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ بۆ ده‌رکردنیان که‌مپین به‌ ڕێ بخرێت. ئه‌مه نه‌ک هه‌ر قسه‌ی خه‌ڵکی ئاسایییه‌، به‌ڵکو‌ بۆچوونی به‌شێکی زۆری ڕۆشنبیرانیشمانه‌، که‌ پێیان وایه‌ بوونی عه‌ره‌ب له‌ شاره‌کانی کوردستاندا مانای ده‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی نەگەتیڤه‌. ئه‌وه‌ی من وه‌ک نووسه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ مه‌به‌ستمه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ سه‌ری بوه‌ستم و قسه‌ی لێوه‌ بکه‌م تێڕوانینی ئه‌و ڕۆشنبیره‌یه‌ بۆ چه‌مکی شار، به‌وه‌ی پێی وایه‌ شار به‌ نیازی چاک و به‌ که‌ره‌سته‌ی پاک داده‌مه‌زرێت، له‌ کاتێکدا مێژووی دروستبوونی هه‌موو شاره‌کان، بگره‌ هیی تێکڕای ئاوه‌دانییه‌کان پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ ته‌نیا نیازی خراپ و که‌ره‌سته‌ی پیسه‌ توانایان هه‌یه‌ شار دروست بکه‌ن و سیمای شارستانیی پێ بده‌ن. هەروەها مەبەستی من لە چەمکی شار تەنیا لایە فیزیکییەکەی نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لایە مێتافیزیکییەکەیم بە لاوە گرنگە. بە مانایەکی دی شار وەک چۆن بریتییە لە ڕووبەر و قەبارە، بە هەمان شێوە هەموو ئەو ئاڕاستە نەبینراوانەیش دەگرێتەوە، کە لەناو ئەو ڕووبەر و قەبارەیەدا دەجووڵێن، به‌ڵام ناکرێت باز به‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌دا هه‌ڵبده‌م: بۆچی که‌لتووری ئێمه‌ ناتوانێت وه‌ک مرۆڤی ئاسایی له‌ عه‌ره‌ب بڕوانێت؟ بۆچی یان به‌ پیرۆزی ده‌زانێت و یان به‌ نه‌فره‌تی ده‌کات؟ ڕاستییه‌که‌یشی لێره‌دا دوو ئایدۆلۆجیای جیاواز خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، که‌ مێژووی دوورودرێژیان هه‌یه‌، یه‌که‌میان، ئایدۆلۆجیای دینی و دووه‌میان ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیستی هه‌ڵیده‌سووڕێنێت، ئەوە ئەگەر بتوانین ناوی ناسیۆنالیستیی لێ بنێین. هه‌ردووکیشیان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئایدۆلۆجیای ڕه‌یسزمن، لەگەڵ پارێزی زۆرم بۆ تێرمی (ڕەیسیزم)، کە هەست دەکەم هێشتا ئەم ئەقڵە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی (ڕەیسیزم)ی بە مانا فراوانەکەی لێ بکەوێتەوە. بە هەرحاڵ ئێمە لێرەدا لە بەردەم دوو تێڕوانینداین، یه‌که‌میان عه‌ره‌ب ده‌خاته‌ سه‌رووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌وه‌، که‌ خه‌لیفه‌یش هه‌ر ده‌بێت عه‌ره‌ب بێت و له‌وه‌یش وردتتر قوڕه‌یشی بێت، بگرە زۆر جار مەبەستی لە (ئۆمەتی ئیسلام) تەنیا عەرەبە، له‌ کاتێکدا دووه‌میان پێی وایه‌ عه‌ره‌ب نه‌ته‌وه‌یه‌کی نزمه‌.

له‌ نه‌وه‌دویه‌که‌وه‌ بۆ ئه‌مساڵ به‌ هۆی شکستی پارتی و یه‌کییه‌تی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هه‌ستی ناسیۆنالیزمی کاڵ بووه‌ته‌‌وه‌ و هه‌ستی دینی به‌هێز بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی ئه‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی دواییدا، ڕاستتر له‌گه‌ڵ تێکشکانی ئیخوان موسلمین و ده‌رکه‌وتنی جموجۆڵی داعشدا (هه‌ستی ناسیۆنالیستی!) له‌ کوردستاندا بووژاوه‌ته‌‌وه‌، یان ڕاستتر له‌ خه‌و هه‌ستاوه‌ته‌‌وه و له‌ژێر چه‌پۆکی ئه‌و هه‌سته‌ دینییه‌دا هاتووه‌ته‌ ده‌رێ‌. که‌واته‌ هه‌ردوو هه‌سته‌که‌ پێوه‌ندییان به‌ ڕووداوی ڕۆژانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ لاواز و ڕووکه‌شن و له‌گه‌ڵ گۆڕانی دۆخی ڕووداوه‌کاندا پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ن. له‌پشت هه‌ردووکیاندا‌ کۆمه‌ڵێک ڕۆشنبیری میللی هه‌ن و به‌ زمانی ڕۆژانه‌، به‌و زمانه‌ی نزمترین ئاستی فیکریی هه‌یه‌، ئه‌و جووته‌ هه‌سته‌ جۆش پێ ده‌ده‌ن.

ئایینه‌کان به‌ گشتی شاریان وه‌ک شوێنی نەگەتیڤ سه‌یر کردووه‌. له (کتێبی هه‌بکووک 2:12)ی بایبڵدا‌ نووسراوه‌: (وای بۆ ئه‌و کەسه‌ی شار به‌ خوێن داده‌مه‌زرێنێت و گوند به‌ گوناهـ!). له‌ ئیسلامدا هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی شار پێک ده‌هێنن، حه‌رام کراون وه‌ک وێنه‌، نەخشونیگار، په‌یکه‌ر، خانووی به‌رز و زۆری دی. هه‌ر ئایینه‌کانیشن کۆمه‌ڵێک یاسایان داناوه‌، تاکو خه‌ڵک له‌و شوێنه‌ گڵاوه‌دا ئازاد نه‌بێت ئاره‌زووه‌کانی تێر بکات. واته له‌ دیدی ئایینه‌کاندا‌‌ شار دیفاکتۆ (امر واقع)ێکه‌ و ناکرێت دانه‌مه‌زرێت، به‌ڵام کاتێ دامه‌زرا، ئه‌وا پێویسته‌ دانیشتووانی پێڕه‌وی پرینسیپه‌کانی خواوه‌ند بکه‌ن، دەنا ڕووبه‌ڕووی سزای قورس ده‌بنه‌وه‌. لە بەهەشتدا شار نییە و سزا بە هەموو شێوەکانیەوە هەڵدەگیرێت، بەو مانایەی ئیبلیس هیچ کاریگەرییەکی بەسەر مرۆڤەوە نامێنێت. ژنی مێرددار (محصنة) کاتێ زینا ده‌کات، به‌ردباران ده‌کرێت، یان پیاوێک هاوسه‌ری هه‌یه (محصن)‌ و په‌نا بۆ ئه‌و کاره‌ ده‌بات، سه‌د جه‌ڵده‌ی به‌ ئاشکرا لێ ده‌درێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌‌ ئه‌وانه‌ له‌و یاسایه‌ لایان داوه‌، ئه‌و یاسایه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ دانراوه‌ مرۆڤ له‌ ئاوه‌دانی بپارێزێت و نه‌هێڵێت ئازادانه‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دی بکه‌وێت، به‌ڵام ئاخۆ مرۆڤ به‌رگه‌ی ته‌فره (Temptation)‌کانی شار دەگرێت؟ به‌ مانایه‌کی دی ئایا مرۆڤ تا که‌ی ده‌توانێت له‌ به‌رانبه‌ر هێزی شاردا بوه‌ستێت، که‌ وه‌ک گوترا هێزی شه‌یتانه‌، نه‌وه‌ک فریشته‌؟ ئینجیل ددان به‌وه‌دا ده‌نێت، که‌ په‌یا‌مبه‌رانی سەردەمی زوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌یان کردووه‌. مێژوونووسانی ئیسلام به‌ وردی ڕووداوی شه‌ڕه خوێناوییه‌کانی خه‌لیفه‌ی یه‌که‌می ڕاشیدی (ئه‌بوبه‌کر سەدیق) له‌گه‌ڵ ئه‌و موسڵمانانه‌ی زه‌کاتیان نه‌دا، جه‌نگی جه‌مه‌لی نێوان ‌(عائیشه)ی دایکی موسڵمانان‌ و (عه‌لیی کوڕی ئه‌بوتاڵیب)، تیرۆرکردنی خه‌لیفه‌ی سێیه‌م به‌ ده‌ستی موسڵمانان، شه‌ڕی سه‌فێنی نێوان (عه‌لی) و (مه‌عاویه‌ی کوڕی ئه‌بوسوفیان) و زۆری دیکه‌یان بۆ تۆمار کردووین. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا موسڵمان موسڵمانی کوشتووه‌، بگره‌ ته‌رمی یه‌کتریان شێواندووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌ زمانی په‌یامبه‌ره‌وه‌ بیستوویانه:‌ (إذا التقى المسلمان بسيفيهما فالقاتل والمقتول في النار)‌. واته‌ ئه‌گه‌ر دوو موسڵمان به‌ شمشێر ڕووبه‌ڕووی یه‌ک بوونه‌وه‌، ئه‌وا چ بکوژ و چ کوژراو بۆ دۆزه‌خه‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌، که‌ شاره‌کان له‌وپه‌ڕی ساده‌ییدان. ئەد‌ی کاتێ شار پڕی‌ پارچه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیا دەبێت؟ کاتێ باس له‌و شاره‌ ده‌که‌ین، که‌ له‌گه‌ڵ شۆڕشی پیشه‌سازیدا چاوی هه‌ڵهێناوه‌ و گه‌شه‌ی کردووه‌، ئه‌وا هێنده‌ دیکه‌ هه‌ست به‌ ئاماده‌ییی شه‌یتان و نه‌بوونی فریشته‌ ده‌که‌ین. ئه‌و شارانه‌ خاوه‌نی دوو شه‌ڕی گه‌وره‌ی جیهانی و سه‌دانی لۆکاڵین. (ئیتاڵیۆ کالفینۆ) له‌ ڕۆمانی (شاره‌ نه‌بینراوه‌کان)دا هه‌ر ده‌ڵێی ویستوویه‌تی بڵێ شار و شه‌یتان یه‌ک مانایان هه‌یه‌. دیار نییه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جووڵه‌یه‌کی بەد و شەڕانگێزە. هه‌ر بۆیه‌ شار شوێنی مرۆڤی گرتووه‌ته‌وه‌. نۆ به‌شی بۆ داناوه‌، که‌ هه‌ر به‌شه‌ی له‌ژێر ناونیشانێکدا کۆ کردووه‌ته‌وه‌. هیچ یه‌کێ له‌و ناونیشانانه‌ ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ مرۆڤ ناده‌ن وەک (شار و یاده‌وه‌ری)، (شار و ئاره‌زوو)، (شار و نیشانه‌)، (شار و ناو) و شتی له‌م بابه‌ته‌.

ئەوەی لێرەدا گرنگە بگوترێت ئەوەیە هەمیشە زۆریینە دەیەوێت لە ڕێی پیرۆزییەوە بەرەنگاری مەیلی شەیتان ببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێ لە هەوڵە سەرکێشەکانی بگرێت و دڵنیایی و ئاساییش بە دەست بهێنێت. هەر لێرەدا ئەوەیش دەڵێم چۆن وردە وردە ئەو زۆریینەیە خۆی لەگەڵ مەیلی شەیتاندا ڕادەهێنێت و دەیەوێت بەرگی پیرۆزیی لە بەر بکات. بەم شێوەیە هەردوو ڕەگەزی مێژوو و دەستەڵاتی مێژوو خۆیان دەسەپێنن، بەوەی هەتا ئەو مەیلە ئیبلیسییە زیاتر کاتی بە سەردا تێبپەڕێت و پتر بمێنێتەوە، کەمتر دەبێزرێت، بگرە دەبێتە بەشێک لە پیرۆزی، بەوەی زۆریینە پەسەندی دەکەن. دەکرێت لێرەدا نموونە بهێنینەوە. تاوەکو سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەمیش لە شارێکی وەک هەولێردا فرۆشتنی نان بە خەوشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی زانراوە، بۆیە خەڵک لە مووسڵەوە هاتوون و لەوێ نانەواخانەیان دامەزراندووە. ئەمە لانی کەم دوو شتمان پێ دەڵێت، یەکەم، هەولێر لە ڕووی مێژووییەوە لە مووسڵ دواکەوتووتر بووە. بە مانایەکی دی لەو سەردەمەدا پیشەی نانەوایی لە هەولێر نوێ بووە و هێشتا نەیتوانیوە دەنگی زۆریینە بە دەست بهێنێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پەسەند کراوە و چووەتە ناو بازنەی پیرۆزییەوە. ئەمڕۆ کەمیینەیەکیش نییە فرۆشتنی نانی لا خەوش بێت. دووەم، ئەو ڕەگەزە نوێیانەی لە ڕووبەرێکەوە دێنە ناو ڕووبەرێکی دیکەوە، توانای گۆڕانکارییان هەیە، بەوەی ئەوانە لە لایەک لە گرووپە گەورەکانی خۆیان دادەبڕێن و ترسی سزایان نامێنێت، بەمەیش شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان دەگۆڕێت، مادام لەژێر ئەو کۆنتڕۆڵە کۆمەڵایەتییە دێنە دەرێ و شەرمیان لێ هەڵدەگیرێت. لە لایەکی دی لەو ڕووبەرە نوێیەدا کاتێ هەست بە تەنیایی دەکەن، پتر بە ناوەوەی خۆیاندا ڕوو دەچن، کە ئەوێ سەرچاوەی هەموو داهێنانێکە. سەیر نییە ئەگەر زۆربەی داهێنەرە گەورەکان چ لە بواری فیزیکی و چ لە بواری مۆڕاڵیدا، کەسانی ئاوارە بن. بۆ نموونە زۆربەی دامەزرێنەرانی سینەمای ئەمریکی و میسری لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەم خەڵکی خۆیان نین. هەندێکیان لە شوێنی واوە چوون، کە تاکو ئەمڕۆیش سینەمای نەناسیوە. زۆربەی فەیلەسووف و نووسەرە گەورەکان بەرهەمی خۆیان لە دەرەوە نووسیوە. بەشێکی بەرچاوی هونەرمەندان لە مەنفادا شانۆ و موزیکی نوێیان داهێناوە و گۆڕانکاریی سەیریان کردووە. لەناو ئەو نەوە نوێیانەی پەناهەندەی کورد لە ڕۆژئاودا کۆمەڵێک داهێنەر لە بواری موزیک، شانۆ، سینەما، وەرزش و هیی دیکەدا دەرکەوتوون. ئەمڕۆ ترسی دانیشتووانی باشووری کوردستان لە هاتنی عەرەب پێوەندیی توندوتۆڵی بەم خاڵە جەوهەرییەوە هەیە. بەڵێ، ئەوان ترسی گەورەیان لەوەیە بە هۆی هاتنی ڕەگەزی جیاوازەوە گۆڕانکاری لە سیستێمی ژیانیاندا ڕوو بدات و ئەو پیرۆزییەی چەند ساڵە کەڵەکەیان کردووە درزی تێ بکەوێت. دیارە بەشێکی زۆری ڕۆشنبیر و کەسانی سیاسی بە مەبەستی خۆیان قەبارەی شتەکەیان گەورەتر کردووە و وایان دەرخستووە خەڵک تا ئەو ڕادەیە لەوانە ناڕازین، بەڵام ئەمە پێوەندیی بەم باسەوە نییە. تاکو ناوەڕاستی حەفتاکانیش پیاوانی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پشتبەستن بە قورئان و حەدیس بوونی ئامێری تەلەڤزیۆنیان لە ماڵدا بە حەرام دەزانی، بەڵام ئەمڕۆ حزبە ئیسلامییەکان خاوەنی کەناڵی ئاسمانیی خۆیانن، بگرە هەندێک وا دەزانن ئەو کەناڵانە بەرەکەت دەخەنە ماڵیانەوە. وەک دەرکەوتووە هیچ ئامرێکی دی وەک تەلەڤزیۆن ناتوانێت لە ڕەمەزاندا یارمەتیی موسڵمان بدات لەوەی بەرگەی برسییەتی، تینووییەتی و ماندووبوون بگرێت. ئەوەی گۆڕاوە ئەو تێکستە دینییانە نین، کە پشتیان پێ بەستراوە، بەڵکو گۆڕانی سیمای ئەو ئامێرەیە، کە بە هۆی کۆنبوون و مانەوەی وردە وردە شێوەی ئیبلیسی پێوە نەماوە و ڕەنگی فریشتەی گرتووە. لە ئیسلامدا خانووبەرە بە نەگەتیڤ سەیر کراوە، بە تایبەتی خانووبەرەی بەرز، وەک لە حەدیسی (يؤجر المسلم في كل شيء إلا في شيء يضعه في التراب)دا دەیبینین، کە لە (سەحیحی بوخاری)دا پارێزراوە و ماناکەی ئەوەیە موسڵمان ماڵی خۆی بۆ هەر شتێک ببەخشێت پاداشتی دەدرێتەوە، جگە لەوەی بۆ خۆڵی خەرج دەکات. واتە هەر پارەیەک بە خانووبەرە بدرێت، وەک ئەوە وایە بە خۆڵ درابێت و هیچ خێرێکی نییە. زۆر نموونەی دیکە هەن بە ڕوونی ئەوە پێشان دەدەن پەیامبەری ئیسلام و هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانی دوژمنی خانووبەرە بوون، کەچی ئەمڕۆ شێخە ناسراوەکان لە ئاپارتمانە زۆر بەرزەکاندا دەژین و لەوێ فەتوا دەردەکەن.

ئه‌و شه‌ڕانه‌ی نێوان موسڵمانان لە سەرەتای سەدەی یەکەمدا نه‌ک هه‌ر بوونه‌ هۆی ئاکتیڤبوونی شار، به‌ڵکو شاری دیکه‌یش دامه‌زران و ڕۆڵی گه‌وره‌یان له‌ بواره‌ جیاوازه‌کانی ژیاندا بینی، بۆ نموونه خه‌لیفه‌ی چواره‌م به‌ مه‌به‌ستی قایمکردنی ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی کووفه‌ی کرده‌ پایته‌ختی خیلافه‌ی ئیسلامی و (مه‌عاویه‌ی کوڕی ئەبو سوفیان) له‌ شام، دروستتر له‌ دیمه‌شقی کۆنه‌پایته‌ختی بایزه‌نتیدا ئێمپایه‌رێکی گه‌وره‌ی دامه‌زراند. ئه‌مانه‌ نموونه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شار هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی شه‌ڕ داده‌مه‌زرێت، نه‌وه‌ک بۆ ئاشتی و ته‌بایی. ڕاستییه‌که‌یشی شار هه‌ر به‌ خوێن و گوناهـ دەست پێ دەکات، بۆیه‌ (پێته‌ر فارب) له‌ کتێبی (نه‌وه‌کانی ئاده‌م)دا ده‌ڵێت: (شاری مردووه‌کان پێش شاری زیندووه‌کان دامه‌زراوه‌). هه‌ر شارێک ده‌گریت، به‌ چاوپۆشین له‌ قه‌باره‌ و شوێنکه‌وته‌ی جیۆگرافیی سه‌ره‌تا وه‌ک سه‌نگه‌رێک هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌ و دواتر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ خۆیه‌وه‌ گرتووه‌. دەکرێت بگوترێت مێژووی ئاوەدانییەکان بە تراژیدیا دەستی پێ کردووە. بە دەگمەن ناوی گوندێک، یان گەڕەکێک دەبینیت مانایەکی خۆش و گەشبینانەی هەبێت، بەڵکو زۆربەیان ئاماژە بە تراژیدیا دەدەن، هەر بۆیە دواتر بە فەرمی ناویان دەگۆڕێت، بەو مەبەستەی لەگەڵ تێڕوانینی فریشتەکاندا ڕێک بێنەوە. لەم ڕووەوە ناوی بەشێک لە گوند و گەڕەکەکانی هەولێر پشتگیریی ئەم بۆچوونەم دەکەن. کەواتە لە قووڵاییی یادەوەرییی هەر تاکێکدا ئیبلیس بەئاگایە، بۆیە وەک میکانیزمێکی بەرگری پاڵ بە پیرۆزییەوە دەدات، بەوەی پیرۆزی ئەو هێزەیە دەتوانێت زۆریینە لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە و دڵنیاییان پێ ببەخشێت، ئەنجام نەهێڵێت دۆخی ژیانە ئارامەکەیان بشێوێت و گۆڕانکاریی تێدا بەرپا ببێت.

کەواتە لە شاردا هەمیشە دوو مەیلی دژبەیەک هەن و بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا دەڕۆن، مەیلی شەیتان و مەیلی فریشتە، کە یەکەمیان کەمیینە و دووەمیان زۆریینەیە. دەکرێت بگوترێت مێژووی فیکر بریتییە لە شەڕی ئەو دوو ئاڕاستەیە، کە ئەمە لە ئەدەب و هونەردا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. هەموو گۆڕانکارییەکان سەر بە ئاڕاستەی یەکەمن. بە مانایەکی دی شەیتان لەپشت هەر کارێکی داهێنەرانەدایە وەک لە حەدیسی (کل بدعة ضلالة وکل ضلالة في النار: هەموو داهێنانێک گومڕاییە و هەموو گومڕاییەک بۆ دۆزەخە)دا دەیبینین، بۆیە سەیر نییە داهێنەرەکان هەم کەمیینەن و هەم بەنەفرەتکراون، بە ڕادەیەک هیچ داهێنەرێک نەیتوانیوە ڕۆڵەی سەردەمی خۆی بێت. زۆربەی ئەو پەیکەرانەی هیی داهێنەرەکانن و لە سێنتەری شارەکان دانراون، خاوەنەکانیان لە سەردەمی خۆیاندا بە نەفرەت کراون و بستێک زەویی ئەو شارەیان پێ ڕەوا نەبینراوە. ئێستا بۆیە ڕێزیان لێ دەگیرێت، چونکە زۆریینە پەسەندی کردوون و چوونەتە ناو بازنەی پیرۆزییەوە. بە کورتی هەموو ئەوانەی دوێنێ وەک شەیتان سەیر دەکران، ئەمڕۆ ئەو زۆریینەیە بە بەشێک لە خۆیانی دەزانێت، بۆیە ئەو شارانەی بەردەوام شەیتان نایانهەژێنێت، خامۆشن و لە هەموو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەک، ڕاستتر لە هەموو گۆڕانکارییەک دوورن وەک شارەکانی باشووری کوردستان بە تایبەتی لە دوای ڕاپەڕینەوە. بە مانایەکی دی توانای هەر داهێنانێک بەندە بەوەی تا چ ئەندازەیەک نایەوێت ببێتە فریشتە و ناهێڵێت زۆریینە پەسەندی بکات. کاتێ (دیکارت)ی تەنیا ده‌ڵێت (له‌مڕۆوه‌ هیچ بیرۆکه‌یه‌ک په‌سه‌ند ناکه‌ین، تاکو له‌ ڕووی ئه‌قڵه‌وه‌ نه‌یپشکنین و وه‌ک میتۆد له‌ بێژنگی نه‌ده‌ین، گومان له‌ هه‌موو شتێک ده‌که‌ین، تا ئه‌و ساته‌ی ڕاستییه‌که‌ی ده‌چه‌سپێنین)، ئه‌وه‌ ڕێک مانای ئه‌وه‌یه‌ هیچ باوه‌ڕێک به‌ فریشته‌ ناکه‌ین و ڕێی شەیتان دەدەین ڕێنوێنیمان بکات. سەیر نییە ئەگەر (دیکارت) نەک لە شارەکەی، بەڵکو لە کێشوەرەکەی و لە سەرتاپێی دنیایشدا لەناو هەموو فریشتەکاندا تاکە ئیبلیس بووبێت. هەر لەبەر ئەوەیشە فرەنسا جێ دەهێڵێت و ڕوو لە هۆڵاند دەکات. ئەمڕۆ فرەنسا بە (دیکارت) دەناسرێتەوە، بۆیە دەرکەوتنی (دیکارت)ێکی دی لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی نییە، مادام (دیکارت) بووەتە فریشتە، بەڵکو بە پێچەوانەوە (ئەنتی دیکارت)، کە ئاڕاستەی شەیتانە، دەتوانێت کاریگەریی هەبێت. ئەوەتا (نیتشه‌) دێت و هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵه‌ی (دیکارت) دایمەزراندووە، ده‌داته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌، بگره‌ بۆ پێش (سۆکرات) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، تاوه‌کو هه‌موو ئه‌و مێژووه‌ هه‌ڵته‌کێنێته‌وه‌، که‌ تێیدا هه‌وڵ بۆ سه‌روه‌ریی ئه‌قڵ دراوه،‌ هاوکات هێرشی بۆ سه‌ر کریستیانیتی ده‌ست پێ بکات، به‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵێک چیرۆکی جوو به‌ولاوه‌ شتێکی دی نییه، ئەوسا دیسان هێزی کەمیینە، کە ئیبلیس نوێنەریەتی، بەگژ هێزی ئەو زۆریینەیەدا دەچێتەوە‌. ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ جاڕی ئه‌وه‌ ده‌دات ژیان بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگیرێت و بپارێزرێت، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یه‌ تێبپه‌ڕێنرێت، که‌ ئه‌مه‌یش ته‌نیا به‌ (ویستی هێز) ده‌کرێت. پێی وایە هه‌ردوو شارستانیی یۆنانی و ئه‌ورووپی له‌پاڵ کریستیانیتیدا ته‌نیا عه‌ده‌من. ئەمە بیرۆکەیەکی شەیتانانەیە و زیاتر لە سەدەیەکە دنیای فریشتەکانی ڕۆژئاوا دەهەژێنێت. لێرەدا کاتێ دەڵێین زۆریینە فریشتە و کەمیینە ئیبلیسە، مانای وا نییە هەموو کەمیینەیەک دەتوانێت ببێتە ئیبلیس، بەڵکو کەمیینە هەیە لە ئەنجامی بەرگریکردنی ئێکستریمییانەی لە فریشتەوە کەوتووەتە ئەو سەنگەرەوە. هەر یەکێ لە تەوژمە ئیسلامییەکانی وەک ئیخوان موسلمین، داعش، قاعیدە و ئەوانەی دیکە بگریت لەناو خودی ئەو سێنتەرەی ئیسلامدا کەمیینەن. بە کورتی ئەو کەمیینەیە خۆی بە تاکە لایەنگری زۆریینە و پیرۆزی دەزانێت و هەر بۆ ئەوەیش تێدەکۆشێت. هەروەها دەشێ لەناو ڕووبەرێکی دیاریکراودا زیاتر لە زۆریینەیەکمان هەبن. بۆ نموونە لە دوای ڕاپەڕینەوە هەر کام لە پارتی، یەکییەتی، گۆڕان و ئیسلامییەکان دەگریت زۆریینەی سەربەخۆن، بەڵام خاڵی هاوبەشیان هەیە، کە هەندێک لەو ڕۆشنبیرە کۆمپرۆمایسانەی بە نیازی فریشتە دەنووسن، لە هەوڵی ئەوەدان تەباییان لەنێواندا دروست بکەن، بۆیە دەبینین ڕۆشنبیر هەیە لای هەندێک لەو زۆریینانە، یان زۆر جار لای هەموویان پەسەند کراوە، بەوەی پاڵپشتی ئەو خاڵە هاوبەشانەیە. بۆ نموونە تێکڕای ئەو زۆریینانە لەوەدا یەک دەگرنەوە، کە ئایینی ئیسلام پێویستە تاکە ئایینی فەرمی بێت و لە دامودەستگاکاندا کاری پێ بکرێت. ئەو ڕۆشنبیرە ئەم دەروازەیە دەدۆزێتەوە و دەتوانێت لێیەوە بچێتە ناو دڵی هەموویان، کە دواتر بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێینەوە.

بەم شێوەیە لە مێژووی فیکری ڕۆژئاوادا دوو ئاڕاستە بە دی دەکرێن، کە یەکەمیان بە مۆدێرنیتی و دووەمیان بە پۆستمۆدێرنیتی ناسراوە. ئیبلیس لەپشت هه‌ردوو ئاڕاسته‌کەدایە، بۆیە‌ له‌سه‌ر گومان دامه‌زراون. ئه‌میان گومان له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ دەکات، کە ئه‌قڵ وەریان ناگرێت و ئه‌ویان گومان له‌ خودی ئه‌قڵ دەکات. هه‌ردوو ئاڕاسته‌که‌ درێژبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌، یەکەمیان، له‌ (دیکارت)ـه‌وه‌ بۆ (هیگڵ)، بۆ (مارکس)، بۆ (هابێرماس) و هتد. دووەمیان، له‌ (نیتشه)‌وه‌ بۆ (هایدیگه‌ر)، بۆ (فۆکۆ)، بۆ (دۆلۆز)، بۆ (دێریدا) و هتد. لە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتدا پیرۆزی دەستەڵاتێکی گەورەی هەیە، بەوەی خاوەنی زۆریینەیە، بۆیە شتەکان تاکو کۆن دەبن، زیاتر سیمای پیرۆزی بە خۆیانەوە دەگرن. کاتێکیش شتەکان پیرۆز دەکرێن، ئیدی دەستیان پێوە دەگیرێت و ناهێڵن بمرن. هیچ هێزێک ڕێی نەدەدرا یەکێ لە خشتەکانی ئەو مزگەوت و مەرقەدانەی باشووری کوردستان نەک بشکێنێت، بەڵکو بۆی نەبوو وشەیەکی خراپیان لەبارەیەوە بڵێت، ئەگەر داعش خۆی نەیڕووخاندنایە. بە کورتی لە ڕۆژهەڵات ڕێ نادرێت شتەکان بمرن، بۆیە هەموویان بە جارێ هەن، کە ئەمە لە کارەکتەریستی تاکی ڕۆژهەڵاتی، بە تایبەتی لە هیی تاکی موسڵماندا بە ڕوونی دەبینرێت، بەوەی پێکهاتەیەکە لە هەموو شتە کۆن و نوێیەکان. لە یەک کاتدا باوەڕی بە خیلافە و سیستێمی پەرلەمان هەیە. جلوبەرگی شەرعیی ئیسلامی و هیی بێباوەڕەکانی ڕۆژئاوا پێکەوە دەپۆشێت. درووشمی سەربەخۆییی کوردستان دەڵێتەوە و بۆ گەڕانەوەی خیلافەی عوسمانییش دەگریی. لە زانکۆدا دوو تیۆری جیاواز لەبارەی دروستبوونی گەردوون، قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆرپەلە، نەخۆشی و چارەسەر دەخوێنێت. لە ماڵەکەیدا حەرام و حەڵاڵ بە تەنیشت یەکەوەن. نووسەری کورد لە یەک گوتاردا بە باڵای (نیتشە) و (کامیۆ)دا هەڵدەڵێت و ستاییشی هویمانیزیم و ئایینیش دەکات. لە فڕۆکەخانەی ئیستانبۆڵدا قورئان، کە لای موسڵمان بە نوێنەری پیرۆزی دەزانرێت و وێسکی، کە نیشانەی گڵاوییە، لە تەنیشت یەک دانراون و بە گەشتیاران دەفرۆشرێن، کە هەندێک چاوی سادە وەک نیشانەی تۆلەرانسی دەیخوێننەوە، بەڵام ڕاستییەکەی پێوەندیی بەوەوە هەیە شتە نوێیەکان دەشێ بە ناچاری بێنە پاڵ شتە کۆنەکانەوە، بەڵام ئەو کۆنانە نەک هەر نامرن، بەڵکو هێندەی دی تەمەنیان درێژ دەبێت و بەرگەی مەرگ دەگرن، بگرە ئەو شتە نوێیانە دەکرێنە ئامێر بۆ خزمەتی شتە کۆنەکان، وەک ئەمڕۆ چۆن سەتەڵایت، فەیسبووک، یوتیووب و کەناڵەکانی دیکەی تەکنەلۆجیا بۆ خزمەتی ئایین دەخرێنە گەڕ. گۆڤاری (ڕەهەند) لە کاتی خۆیدا بە نەفرەت دەکرا، کەچی کەم نین ئەوانەی ئەمڕۆ پێیان وایە (ڕەهەند) چاکترین گۆڤارە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو گوتارانەی لەو چەند ژمارەیەدا بڵاو کراونەتەوە هێندە سادەن، کە دوورن لەوەی هیچ ئاڕاستەیەکی بەد و شەڕانگێزیان هەبێت. سەیر ئەوەیە دە ساڵیش زیاترە یەک ژمارەی نەبینراوە، بەڵام مادام زۆریینە پەسەندی کردووە و چووەتە ناو بازنەی پیرۆزییەوە، ئەوا هەر چاکترین گۆڤارە و پێیان وایە مانگانە دەردەچێت. بە کورتی وەک هەموو ئەو شتانەی کۆن بوون و کاتی زۆریان بە سەردا تێپەڕیوە، بۆ فریشتە گۆڕاون و نەمرن. بەشێکی زۆری نووسینی ئێمە لەسەر هه‌ستی خوێنەر کار ده‌کات، که‌ (هه‌ست) هه‌میشه‌ ڕێگره‌ له‌وه‌ی پرسیار له‌باره‌ی ئه‌قڵه‌وه‌ بکرێت. بەم شێوەیە (هه‌ست) چاکترین و دڵسۆزترین پاسه‌وانی ئه‌قڵه‌، کە ڕێ نادات ڕه‌خنه‌ی پێ بگات و بیجووڵێنێت. فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەسەر مردن دامەزراوە. بۆ ئەوەی شتێک لە دایک ببێت، پێویستە ئەوەی پێش خۆی بمرێت، کە ئەمە بە تایبەت لە (شۆپنهاوێر)ـەوە دەست پێ دەکات، بە (نیتشە) و هەموو ڕەخنەگرانی دیکەی مۆدێرنیتیدا تێدەپەڕێت. یه‌کێک له‌ ماناکانی مۆدێرنیتی‌ زه‌قکردنه‌وه‌ی تاکه‌ له‌سه‌ر حیسابی کۆ و دانانی (ئێستا)یه‌ له‌ شوێنی (ڕابردوو)دا، بگرە تێکشکاندنی بەردەوامی ئەو (ئێستا)یەیشە وەک بە تایبەت لە فەلسەفەی هەڵوەشاندنەوەی (دێریدا)دا دەبینرێت، که‌ ئه‌مه‌ مانای سڕینه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی پیرۆزییه‌، به‌وه‌ی پیرۆزی ته‌نیا کاتێک ده‌توانێت ئاکتیڤ ببێت، که‌ زۆریینه‌ به‌ ده‌وریدا کۆ ده‌بنه‌وه و ڕابردوو ‌ده‌کەنه‌ ئامانج.

وه‌ک چۆن هه‌میشه‌ شه‌یتان شار داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌وه‌ هه‌ر شەیتانیشه‌ هونه‌ر، ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ داده‌هێنێت، به‌ڵام به‌رده‌وامیش زۆریینە هەوڵ دەدات ئه‌وه‌ پێشان بدات، که‌ ده‌شێ ئه‌مانه‌ فریشته‌یش بن. بۆ نموونه‌ سینه‌مای عەرەبی، بە تایبەتی هیی میسری، که‌ کەمیینەیەک بە پاڵپشتی شه‌یتان دایمه‌زراند و هه‌موو شته‌کانی پێچه‌وانه‌ی فریشتە بوون، بەڵام ورده‌ ورده‌ هه‌ندێک هونه‌رمه‌ند ویستوویانه‌ بڵێن فریشته‌یش به‌شی خۆی له‌وانه‌دا هه‌یه‌، بگرە دەکرێت تەنیا هیی فریشتە بێت وه‌ک ئه‌و فیلمانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌که‌ن چۆن مرۆڤ ده‌ست له‌ گوناهه‌کانی هه‌ڵده‌گرێت و بۆ قاپیی خودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یان ئەوانەی گەڕانەوەی سەردەمی زێڕینی خیلافەیان کردووەتە بابەتی سەرەکیی خۆیان، که‌ ئه‌مه‌ سادەترین شێوازی هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌. پارادۆکس ئەوەیە لە بەشێکی زۆری ئەو فیلمانەدا هونەر وەک کارێکی سووک و هونەرمەند لە شێوەی کەسێکی درۆزن و ساختەچی پێشان دراوە، کە یان ئەوەتا تۆبە دەکات و بۆ لای زۆریینە دەگەڕێتەوە، یان ڕیسوا دەبێت. ئەمڕۆ بە گشتی سینەمای عەرەبی ئەرکێکی پیرۆزی لە ئەستۆدایە، کە لە لایەک ناهێڵێت موسڵمان ئاگای لە مێژووی خۆی ببڕێت و لە لایەکی دی لە بنەماکانی ئەو دینەی تێدەگەیەنێت. لە ڕەمەزانیشدا باری سەر شانی سووک دەکات، تاکو بە دڵنیایی و لە ئێتمۆسفێری ئارامدا ڕۆژوو بگرێت. لێرەدا گرنگ نییە ئەو ئەکتەر و دەرهێنەرانە ڕۆژانە جلوبەرگی مۆدێرن دەپۆشن و ژیانێکی مۆدێرنانە بە سەر دەبەن، بەڵکو ئەو پەیامە گرنگە لە ڕێی هونەرەوە دەیگەیەنن. ئەوان لە گەڕاندنەوەی خەونی خیلافەتدا بە پێشەنگ دادەنرێن، بەوەی لە ماوەی ئەو چەند دێکەیدەی ڕابردوودا بەردەوام ئاکتی ئەو کارەکتەرانەی ڕابردوویان کردووە و هەستی نۆستالگیای جەماوەریان ورووژاندووە. ئەمڕۆ سیمای داعشەکان هەمان سیمای ئەوانەن لەو فیلمانەدا، جلوبەرگیان لەگەڵ هیی ئەوان جیاواز نین و زمانیان تەواو لە زمانی ئەوان دەچێت. وەک ئەوان ئازا و دەستوەشێنن و بەزەییان بە دوژمندا نایەتەوە، مادام لەسەر هەقن و پەیامی خودا دەگەیەنن. هەمان دۆخ لای ئەو ڕۆشنبیرە ناسراوانەی ئێمەدا بە دی دەکرێت. بۆ نموونە یەکێکیان لە گفتوگۆی تیڤیدا دەڵێت بە فڵان سەرکردەی ئیسلامی سەرسامم، یان ئەوەی تریان بە کۆنگرەی فڵان حزبی ئیسلامیدا هەڵدەڵێت و دانەیەکیان دەنووسێت یەک خاڵی هاوبەش لەنێوان داعش و مێژووی ئیسلامدا نییە. هەیانە ڕۆژانە دوعا بۆ پەرلەمانتاران دەکات و لە ڕەخنەی عەلمانییەکانیان دەپارێزێت. ئەو ڕۆشنبیرانە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا تەواو خۆیان لەگەڵ زۆریینەدا سازاندووە و دەستیان لە مەیلە شەیتانییەکانیان هەڵگرتووە. بە مانایەکی دی خۆیان و بەرهەمەکانیان چوونەتە بازنەی فریشتەوە، بەوەی گوێ لە داخوازییەکانی جەماوەر دەگرن. ئەمڕۆ زۆریینەی موسڵمانی میللی، واتە ئەو موسڵمانانەی بە ئیسلامی لە دایک بوون، بەڵام بە لای جیهاد و چەمکەکانی دیکەی کوشتاردا ناچن؛ دژی داعشن، کە وەک گوترا داعش کەمیینەیە، بەڵام هەرگیز شەیتان نییە، بۆیە ئەو ڕۆشنبیرانە وەک ئەرکی سەر شانیان بەرگری لەو زۆریینەیە دەکەن. دەشێ ئەوانە لەنێوان خۆیاندا بە سادەیی لەسەر هەندێک چەمک ڕێک نەکەون، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لەوەدا یەک دەگرنەوە، کە هەستی ئەو زۆریینەیە گرنگە و پێویستە لە بەرچاو بگیرێت. لەبارەی داعشەوە پێیان وایە ئەوانە خەواریجن. داعشیزم ستایلێکی نوێی بیرکردنەوەی ئیسلامی سیاسییە و دوور و نزیک درێژکراوەی مێژووی پێش خۆی نییە. بەردەوام پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە، کە داعش دەیەوێت ئایینی ئیسلام لە بەها ڕۆحانییەکانی دابماڵێت. ڕاستە بە پێویستی نازانن بڵێن درێژکراوەی کام مێژووە نییە و لە چ سەردەمێکدا ئیسلام خاوەنی ئەو بەها ڕۆحانییانە بووە، بەڵام چونکە دڵسۆزانە بەرگرییان لە زۆریینە کردووە و بە زمانی ئەوان دواون، ئەوا کاردانەوەی گەورەیان هەبووە، بە ڕادەیەک لە زۆربەی ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی ئەوەی (ئاخۆ داعش پێوەندیی بە ئیسلامەوە هەیە) کراون، لە لایەن زۆریینەی ئەو موسڵمانە میللییانەی بە داعش ڕازی نین؛ پشتیان پێ بەستراوە. لە نووسراوەکانی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوویاندا کەم و زۆر ئەوە بە دی ناکرێت بایەخیان بە بابەتی ئیسلام دابێت، تەنانەت ئایەتێکیان بە نموونە نەهێناوەتەوە، بەڵام بەوەدا ئەمڕۆ شەڕی داعش بووەتە خەمی زۆریینە و ئەوانیش ڕۆڵەی سەردەمی خۆیانن، ئەوا نەیانتوانیوە بێدەنگ ببن و پشتگیری لە زۆریینە نەکەن. دەیان کەس لە فەیسبووک بابەتەکانیان شەیر کردوون و سەدان لاییکیان بۆ کراوە. نووسەرانی وەک (ئومێد قەرەداغی)، (سەروەر پێنجوێنی)، (ئیبراهیم مەلازادە)، (وەلید عومەر)، (ئاراس وەهاب) و یەک دووانێکی دی ئەوە چەند ساڵە خۆیان بۆ ئەو باسە تەرخان کردووە، بەڵام چونکە وەک ئەمان ڕوویان لە زۆریینە نەبووە، نەیانتوانیوە بۆ تێڕوانینی جەماوەر ببنە پاڵپشت. ئەوان ئەوەیش دەزانن بۆ ئەو زۆریینەیە گرنگ نییە تۆ کاتێ لەبارەی بابەتێکەوە دەنووسیت لێی قووڵ بووبێتیەوە و شارەزاییت لێیەوە هەبێت، بەڵکو ئەو گرنگە بزانیت چۆن دەبیتە پاڵپشتی و دڵنەواییی دەدەیتەوە. بەو مەبەستەی زیاتر لە لایەن جەماوەرەوە پەسەند بکرێن، ئەوا پێویستە بەردەوام دەربکەون. هەیانە لە حەفتەیەکدا فریای ئەوە دەکەوێت گوتار بۆ دوو ڕۆژنامە بنووسێت، لەگەڵ گۆڤارێکدا گفتوگۆ بکات، لە سێ کەناڵی تیڤیدا دەربکەوێت و ساڵانەیش کتێب بخاتە بازاڕی چاپەمەنییەوە. دەتوانن لەبارەی هەموو شتێکەوە بنووسن و قسە بکەن. بە کورتی ئەو نووسەرە ناسراوانە مەبەستیانە بڵێن مەرج نییە فیکر هەر هیی شەیتان بێت و لە کەمیینەیەکدا بەرجەستە ببێت، بەڵکو دەشێ ببێتە فریشتە و زۆریینە پەسەندی بکات. نەخێر، مەرج نییە ڕۆشنبیر کەسێکی گۆشەگیر بێت، زۆربەی کاتی بە خوێندنەوەی کتێبە قەبەکانەوە بە سەر ببات و لەناکاو لە ڕێی پڕۆژەوە دەربکەوێت، بەڵکو دەشێ وەک جەنگاوەری حەقیقەتپارێز بەردەوام لەناو جەماوەردا بێت و ڕۆژانە لەو کەناڵانەدا درووشمەکانیان بڵێتەوە. هەر ئەو ڕۆشنبیرانە زۆر بە ئاسانی دەڵێن و دەنووسن ڕەگوڕیشەی هەموو دیکتاتۆرەکان دەچنەوە سەر (مارکس)، یان دەشێ بنووسن هەرچی ڕەیسیزم لەو ڕۆژئاوایە هەن لە (نیتشە) و (هایدیگەر)ـەوە سەرچاوە دەگرن. بە کورتی ئەو ڕۆشنبیرانە بۆیە دەتوانن بە ئاسانی ئەوانە دەرببڕن، چونکە ئەو سێ فەیلەسووفە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە سەر بە ئاڕاستەی کەمیینەن، بەڵام کاتێ شتەکە پێوەندیی بە زۆریینەوە، ڕاستتر بە فریشتەوە هەیە، ئەوا زیرەکانە و بە هەموو شێوەیەک خۆیانی لەگەڵدا دەگونجێنن. مرۆڤ بۆ ئەوەی نموونەی زەق لەناو ئەو ڕۆشنبیرانەدا بدۆزێتەوە، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە‌ حه‌ڤده‌ی فێبریوه‌ریەوە پاڵپشتی فریشتە بوون، دروستتر لایەنگری خەون و بۆچوونی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بوون، ئەوا لەوە ئاسانتر نییە لەناو گرووپی ڕەهەنددا بۆیان بگەڕێت، ئەگەرچی ئەو گرووپە بە ڕاستی هەڵوەشاوەتەوە و تەنیا ناوی لای زۆریینە ماوە. ئەوانە دەیانەوێ بڵێن ڕۆشنبیر ئەو بوونەوەرە نییە گۆڕانکاری دەکات، بەڵکو کەسێکە دەتوانێت ئارامی و دڵنیایی بە زۆریینە ببەخشێت و بەخشیویشیانە. گرنگ ئەوەیە سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگا بزانن ڕۆشنبیری گەورەیان هەیە و زانیویشیانە. بەم شێوەیە زۆربەی ئەو ڕۆشنبیرانە لەگەڵ خاوەنی هەموو ئەو بۆچوونە باوانەی ناو کۆمەڵگادا لە پەیمانی کۆمەڵایەتیی پیرۆزدان، کە زۆریینە خۆی سەپاندوویەتی. بۆ نموونە ئەو حزبە ئیسلامییانەی سیستێمی پەرلەمانیان پەسەند کردووە، کە لە بنەڕەتەوە سیستێمی سێکۆلاریزمە، ئەمڕۆ دەستبەرداری ئایەتەکانی جیهاد بوون، یان هیچ نەبێت بۆ ئاییندەیان هەڵگرتووە، چونکە ئەگەر وا نەکەن، ئەوا دەچنە خانەی داعشەوە و دەبێت جاڕی دامەزراندنی خیلافە بدەن، بەوەی ئەوان، داعشەکان، فۆکووسی سەرەکییان لەسەر ئەو ئایەتانەیە، کە باس لە جیهاد و سەپاندنی جزییە بەسەر ناموسڵماناندا دەکەن، بۆیە بوونەتە کەمیینە و لای موسڵمانی میللی قەبووڵ ناکرێن، بەڵام هەر ئەوانە، مەبەست لە ئەندامی حزبە ئیسلامییەکانی پەرلەمانە، کاتێ قسە دێتە سەر ئەو ئایەتانەی پێوەندییان بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بۆ نموونە فرەژنی، ئەوا زۆر بوێرانە بەگرییان لێ دەکەن و دەڵێن ئەمانە سەوابتن، کە ئەمە چ لەگەڵ خواستی زۆریینە و چ لەگەڵ تێڕوانینی ئەو ڕۆشنبیرە ناسراوانەدا ڕێکە، بۆیە سەیر نییە لای هەندێک لە ڕووناکبیرە ناسراوەکانی ناو ڕەهەند ستاییش دەکرێن. بە مانایەکی دی ئەوە زۆریینەیە ئەوەی سەپاندووە حزبە ئیسلامییەکان و ڕۆشنبیرە ناسراوەکان چی بڵێن و چی بنووسن. خۆ بەردبارانکردنی ژن و پیاویش، کاتێ زینا دەکەن، سەوابتی دینە. دەستبڕینی دز و کوشتنی ئەوەی واز لە نوێژیش دەهێنێت (تارك الصلاة) هەر سەوابتە، بەڵام ئەمڕۆ زۆریینە لەو ئاستەدا نییە ئەمانە پەسەند بکات، بۆیە خۆیانی لێ دوور دەخەنەوە. ئەگەر زۆریینە ئەوانەیش پەسەند بکات، ئەوا ئەوان کاریان پێ دەکەن و ئەوسا بێگومان ڕۆشنبیرە ناسراوەکانیش وەک فرەژنی و زۆری دی هیچ ناڕەزاییەکیان نابێت، مادام بووەتە کۆدەنگی زۆریینە و لە بەرژەوەندیی ئارامیی شاردایە. مەبەست ئەوەیە لەبەر خاتری ئەو زۆریینەیە هەموو لایەک، چ حزبەکان و چ ڕۆشنبیرە ناسراوەکان ئەو کۆنتراکتەیان کردووە، بەو مەبەستەی نەک هەر بەگژ یەکدا نەچن، بەڵکو تەبایی و ئارامیی نێوانیشیان بپارێزن. له‌ سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕیندا ئه‌ده‌بێک خۆی نمایش کرد، که‌ ده‌یویست به‌ ڕاستی شه‌یتان بێت، بەڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌شێکی زۆری نووسه‌ری ئێمه‌ ده‌یا‌نەوێت به‌ نیازی فریشته‌کان، ڕاستتر وه‌ک فریشته‌کان بنووسن. ئەمڕۆ هێنده‌ی وشه‌ی فریشته‌، په‌پووله‌، گوڵ، سپی، پیرۆز و به‌هه‌شت ده‌خوێنینه‌وه‌، هێنده‌ شه‌یتان، گوناهـ، ڕەش، دڕک، دۆزه‌خ و کوفر نابینین. به‌ مانایه‌کی دی ئه‌و ئه‌ده‌به بە شێوەیەک‌ ساده‌ بووه‌ته‌وه، کە زۆریینەی خەڵک پێی ڕازین و لێی تێدەگەن، بگرە بە سەرچاوەی ئارامیی خۆیانی دەزانن. لە سەرەتای ڕاپەڕیندا خەڵک گلەییی ئەوەیان لە ڕۆشنبیرە ناسراوەکان دەکرد، گوایە زمانیان ئاڵۆزە و لێیان تێناگەن، بەڵام ئەمڕۆ ئەو گلەییانە نەماون و بەشێکی زۆری ئەوانە بە زمانی خەڵکی ئاسایی، بگرە هەندێجار لە هیی ئەو خەڵکەیش سادەتر دەنووسن. ئەگەر ئەمڕۆ سیمای ئەو نووسینانەیان بە هۆی لاوازیی ڕەخنەوە بە ڕوونی دەرناکەون، ئەوا لە ئاییندەدا ڕووبەڕووی هەموو ئەو میتۆدانە دەبنەوە، کە مەبەستیانە بە نیازی ئیبلیسییانە دنیای فریشتەکان بشڵەقێنن. ئێستایش سیگناڵەکانی دەرکەوتوون، بەوەی نەوەیەکی نوێی شەڕانگێزی ڕەخنەگر دەیەوێت بە شێوەی جیاواز هەموو ئەوانە بخوێنێتەوە و بەو حوکمە ڕازی نەبێ، کە زۆریینە بۆی دەرکردوون.

ئێمە پێمان لەسەر ئەوە داگرت، کە شەیتان شار دادەمەزرێنێت، بەڵام بەردەوام زۆریینە دەیەوێت ئەو شیەتانە بۆ فریشتە بگۆڕێت، کە وەک گوترا هەردوو ڕەگەزی مێژوو و دەستەڵاتی مێژوو لەم ڕووەوە ڕۆڵی کاریگەر دەبینن. ئێستا ناکرێت باس لە دوو جۆر شار نەکەین، یەکەمیان، ئەوانەی زوو زوو شەیتانی جۆراوجۆریان تێدا دەردەکەوێت و دووەم، ئەو شارانەی درەنگ شەیتان ڕوویان تێ دەکات و شەیتانەکانیشیان لە یەکدی دەچن. شارەکانی ئێمە لە جۆری دووەمیانن، بەوەی‌ هیچ یه‌کێ له‌و دوو ئاڕاسته‌یه‌یان به‌ خۆیانه‌وه‌ نه‌دیوه‌، کە لە شارەکانی ڕۆژئاوا و هەندێک شاری ڕۆژهەڵاتدا هەن، بۆیه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م شاری فریشته‌کانن و ڕۆشنبیره‌که‌یشی دڵسۆزترین پاسه‌وانیانه‌. له‌ناو شاری ئێمەدا ئەقڵێک هەیە ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌ی فریشتانه‌ مامەڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانی ته‌کنیکدا بکات. واته‌ ده‌یه‌وێت له‌ شاردا مۆدێرنیزه‌یشن هه‌بێت، دروستتر پارچه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیا لە ئاستی فراواندا به‌ کار بهێنێت و هاوکات ڕێ له‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک بگرێت، که‌ شه‌یتان ده‌یهێنێته‌ کایه‌وه‌. به‌ مانایه‌کی دی ئه‌گه‌ر ته‌کنیک که‌ره‌ستە‌ی شه‌یتانه‌ و بۆ مه‌به‌ستی گۆڕانکاری به‌ کار دێت، ئەوا ئه‌و ئه‌قڵه‌ دەیەوێت بە نیازی فریشته‌ دەستیان بۆ ببات. واتە گەرەکیەتی (نیازی فریشتە) و (که‌ره‌سته‌ی شه‌یتان) پێکه‌وه‌ گرێ بدات. بوونی بێژمار که‌ناڵی سه‌ته‌ڵایتی دینی و ئه‌کاونتی مه‌لا و شێخه‌کان له‌ فه‌یسبووک و تویته‌ردا ته‌نیا مانای کۆکردنەوەی ئەو دو ڕەگەزە ناکۆکەیە، تاکو دواجار سیمای یەکەمیان بسڕێتەوە‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌ که‌ره‌سته‌ی شه‌یتان په‌یامی خودا بگه‌یه‌نن، بەو مەبەستەی لە ڕێی بەکارهێنانەوە خودی کەرەستەکەیش پاک بکەنەوە و سیمای پیرۆزیی پێ بدەن. تێکڕای فەیلەسووف و بیرمەندان لە ماوەی ئەو سەدوپەنجا ساڵەی ڕابردوودا بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی پرسیاری پێوەندیی نێوان تەکنیک و مرۆڤ بوونەتەوە، لەوانە (دۆرکهایم)، (ڤیبه‌ر)، (مارکس)، (نیتشە)، (فرۆید)، (هایدیگەر)، (هابێرماس) و زۆری دی، بەوەی تەکنیک گۆڕانکاریی گەورە بەسەر بیرکردنەوەدا دەهێنێت، بگرە دەتوانێت شوێنی خواوەند بگرێتەوە، بۆ نموونە (هایدیگەر) هێندە لە ئاست تەکنیکدا ڕەشبینە، دەگاتە ئەو باوەڕەی زانست و ئەو شێوازە بەکارهێنانە هەڵەیەی تەکنیک مەترسییەکی گەورەیان پێک هێناوە و لەپێناوی قازانجدا سرووشتیان بۆ بابەت گۆڕیوە، لە کاتێکدا لەو شارانەی وەک هیی ئێمە فریشتە باڵی بە سەردا کێشاون تەکنیک هیچ پرسیارێک ناورووژێنێت. بە کورتی تەکنیک نیگەرانیی وجوودی (Existential anxiety) ناهێنێتە کایەوە، بەڵکو تەنیا ترسێکی ڕووکەشانە دەخوڵقێنێت، ترسی ئەوەی ئاخۆ دەتوانرێت بکرێتە هۆکارێک بۆ خزمەتکردنی پیرۆزی و بۆ وەستانەوە لە دژی بەرهەمهێنەرانی ئەو تەکنیکە! کەم نین ئەو گرووپە چەکدارە جیهادیانەی بە چەکی ڕۆژئاوا هەڕەشە لە خودی ڕۆژئاوا دەکەن. دەگەینە ئەوەی بڵێین لەو شارانەی وەک هیی ئێمە وان، داهێنان شتێک نییە لە ناوەوە ڕوو بدات، بەڵکو لە دەرەوە دێت، بۆیە لەجیاتی ئەوەی پرسیاری ئۆنتۆلۆگی بورووژێنێت، ئەوا وەک گوترا ترسێکی سادە دەهێنێتە کایەوە ئاخۆ چۆن بە کار بهێنرێت. ئەمە تەنیا داهێنانی فیزیکی ناگرێتەوە، بەڵکو بۆ داهێنانی مۆڕاڵییش هەمان شتە. واتە زۆر ئاساییە ڕۆمان، کە بەرهەمی شاری پیشەسازییە و مێژووی دەرکەوتنی بۆ سەدەی حەڤدەهەم دەگەڕێتەوە، لە سەدەی هەژدەهەم گەورە بووە و لە سەدەی نۆزدەهەم و دواتر پێگەیشتووە، واتە بەرهەمی ڕێنەیسانس، شۆڕشی پیشەسازی و کۆمەڵێک وەرچەرانی دیکەی مێژووە و کەناڵی دەربڕینی شەیتانە، کەچی لای ئێمە ببێتە ئامێرێکی سادە بۆ دەربڕینی هەستی فریشتەکان. لای ئەو زۆریینەیە چاکترین ڕۆمان ئەوەیە باس لە دڵداری، تەبایی، خۆشگوزەرانی و ئارامی دەکات، کە ئەمەیشی ئاسان دەست دەکەوێت. لە بەرانبەردا هەر ڕۆمانێک بە نەفرەت دەکرێت و ناسنامەی داهێنانی لێ دەستێنرێتەوە، ئەگەر نەیەوێت بەو سادەییە باس لە کارەکتەر، شوێن، کات، ڕووداو و ئێڵەمێنتەکانی دی بکات. بە کورتی چاکترین ڕۆمان ئەوەیە بە زمانی سادە و بە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ نووسراوە، زۆریینە لێی تێگەیشتووە، پەسەندی کردووە و دەنگی بۆ داوە، نەوەک ئەوەی کەمیینەیەک لە ڕەخنەگران هەڵیانسەنگاندووە. لە شاری فریشتەکاندا خودی ڕەخنە لە میتۆدی (گەڕانی بەردەوام بە دوای کێشەکان و قووڵکردنەوەیان)ـەوە دەبێتە (دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و سادەکردنەوەیان). ئەگەر زانیمان ڕەخنەگرە گەورەکانی دنیا وەک (باختین)، (بارت)، (تۆدۆرۆڤ)، (گۆڵدمان) و زۆری دیکە لە پشت فەیلەسووف و بیرمەندانی وەک (دیکارت)، (کانت)، (هیگڵ) (کیەرکەگۆرد)، (مارکس)، (نیتشە)، (فرۆید)، (برجسۆن) و زۆری تردا پێگەیشتوون، ئەوسا دەزانین ڕەخنە ڕێگای قووڵکردنەوەی بیرۆکەکانە، لە کاتێکدا لای ئێمە بۆ هەستێکی ویژدانی گۆڕاوە، کە ڕەخنەگری دیمۆتیک بە میتۆدی تیۆلۆجی کار دەکات و ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت خێر و شەڕی نووسەر هەڵبسەنگێنێت، تاکو بزانێت تای کامیان قورسترە، کە ئەمە بێ کەم و زیاد میتۆدێکی ئایینییە و لەناو ڕیچوەڵێکی ئایینییشدا بە ڕێوە دەچێت. لەم دۆخەدا تێکست زۆر بە سادەیی بریتییە لە ژیانی نووسەر. لەو ماوەیەدا چەند خێری کردووە و چەند گوناهـ؟ ئەمەیش مانای وایە تێکست لە سەبجێکتەوە بۆ ئۆبجێکت دەگۆڕێت. کەواتە تێکست تەنیا ئاوێنەی چاکەوخراپەی نووسەرە و هیچ ڕۆڵێکی دیکەی نییە، بەڵام لەگەڵ تێڕوانینی فریشتەکاندا بە چاکی ڕێک دەکەوێت.

دەرکەوتنی دیاردەی تونێڵه‌کان له‌ دنیای ڕۆژهه‌ڵات، دروستتر لای موجاهیدەکاندا مانایه‌کی سیمبۆڵیی هه‌یه‌ و دەربڕینێکی نه‌ستییانه (Unconscious expression)‌یه‌ له‌ شه‌یتان، به‌وه‌ی دینه‌کان ده‌ڵێن شه‌یتان له‌ قیامه‌تدا ده‌که‌وێته‌ خواری خواره‌وه‌ی دۆزه‌خ. ئه‌و هێزانه‌ چ حه‌ماس له‌ فه‌ڵه‌ستین و چ چه‌کدارانی دیکه‌ی ئیسلامی له‌ سووریا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن په‌نایان بۆ تونێڵ بردووه‌ وه‌ک بڵێی له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆڵدا له‌ دژی شه‌یتان بجه‌نگن و بەرگری لە فریشتەکان بکەن. ئەمڕۆ دەبینین لەو شارانەدا سیمای شارستانی بە تەواوی سڕاوەتەوە. دەگەینە ئەوەی بڵێین جیاوازیی نێوان شاری ڕۆژئاوا، ڕاستتر شاره‌ پیشه‌سازییه‌کان له‌گه‌ڵ شار‌ی نامێژوویی، واته‌ ئه‌و شارانه‌ی به‌ قۆناغی شۆڕشی پیشه‌سازیدا تێنه‌په‌ڕیون وەک ئەوانەی ئێمە، ئه‌وه‌یه‌، له‌ یه‌که‌میاندا شه‌یتان حوکمڕانه‌ و فریشته‌ ده‌رده‌کات، به‌ڵام له‌ دووه‌میاندا فریشته‌ ده‌سته‌ڵاتدارن‌ و ڕێی شه‌یتان نادەن بێنه‌ ناویانەوە. ڕه‌یسیستی ڕۆژئاوا په‌ناهه‌نده‌ی ڕۆژهه‌ڵات لە شێوەی فریشتەدا دەبینێت. پێی وایە بە هاتنی فریشتە بۆ وڵاتەکەی دۆخی ژیانی تێک دەچێت و لە گۆڕانکاری دوور دەکەوێتەوە، لە کاتێکدا ڕه‌یسیستی ڕۆژهه‌ڵاتی (دیسان لەگەڵ پارێزی زۆرم بۆ چەمکی ڕەیسیستی ڕۆژهەڵاتی) خۆی به‌ فریشته‌ ده‌زانێت و له‌ ئاستی هه‌ر شه‌یتانێکدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر لێی نزیک ببێته‌وه‌، بەوەی ترسی هەیە بە هاتنی ئەو ڕەگەزە نوێیە گۆڕانکاری لە ژیانیدا ڕوو بدات. (ڕەیسیستی ڕۆژهه‌ڵاتی!) به‌ ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می کۆ ده‌دوێت و ده‌ڵێت: (مه‌یه‌ره‌ ناومانه‌وه‌، یان مه‌یه‌نه‌ ناومانه‌وه‌)، به‌ڵام رەیسیستی ڕۆژئاوا به‌ شێوازی که‌سی یه‌که‌می تاک دەدوێت: (مه‌یه‌ره‌ ناومه‌وه، یان مەیەنە ناومەوە‌). بەم شێوەیە له‌ ڕۆژئاوا شار بریتییه‌ له‌ تاک، له‌کاتێکدا شار بۆ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، ڕاستتر بۆ دانیشتووانی ئەو شارانەی لە هیی ئێمە دەچن و خاوەنی ڕۆشنبیری وەک هیی ئێمەن، کۆیه‌ و هیی هه‌مووانه، بە مەرجێ بە گیانی فریشتانەوە تێیدا بژین‌. سەیر نییە ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی عەرەبە ئاوارەکاندا ترسێکی کۆلێکتیڤ دەرکەوتووە و بۆ دەرکردنیان گەلەکۆمەکێ دەکرێت.

گوتمان لەو شارانەی وەک هیی ئێمەن زۆریینە لە ڕێی پیرۆزییەوە ڕووبەڕووی شەیتان دەبێتەوە، بەو مەبەستەی خۆی لەگەڵ بەرهەمەکانی ڕابهێنێت و دواجار بە گیانی فریشتانەوە بە کاریان بهێنێت، لە کاتێکدا لەو شارە مێژووییانەدا شەیتان خۆی ڕووبەڕووی شەیتان دەبێتەوە. هەموو ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی لەسەرەوە ناومان هێنان، شەیتانن، یان بە مانایەکی دی لە ڕێی شەیتانی خۆیانەوە ڕووبەڕووی شەیتان بوونەتەوە، بێ ئەوەی نە بانگەشەی ئەوەیان کردبێت کۆنفلیکتەکەیان کۆتاییی دێت و نە مژدەی سەرکەوتنیشیان دابێت. لەو شارانەی ئەواندا شەیتان بە ڕووتی دەردەکەوێت و پێویستتی بە پۆشین و شاردنەوە نییە. زۆربەی فیکری ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانە لەسەر ئەوە دامەزراون لە شاردا بستێک زەوی بۆ فریشتە نەماوە. (هابێرماس) لەناو هەموو ئەو شەیتانە گەورانەدا تاقانەیە، کە لە ئاستی شاری ڕۆژئاوادا هەندێک گەشبین بێت، لە کاتێکدا ئەویش باوەڕی وایە مۆدێرنیتی، کە هاوواتای شارە، لە قەیرانی گەورەدایە و ئەگەر فریای خۆی نه‌که‌وێت، ئه‌وا به‌ره‌و ڕووخان مل ده‌نێت‌. بە گشتی لەو شارانەدا مرۆڤ لەگەڵ کێشەی گەورە گەورەدا ڕووبەڕووە و ڕۆشنبیرەکەی هیچ مژدە و هیوایەکی پێ نابەخشێت، کە ئەمە خەسڵەتی فیکر و فەلسەفەیە، بۆ ئەوە هەن کێشە بخوڵقێنن، نەوەک چارەسەری ئەوانە بکەن، دەرکەوتوون، بەڵام لە شارەکانی ئێمەدا مرۆڤ لە کێشە دوورە، مادام پشتی بە زۆریینە داوە و ڕۆشنبیرەکەیشی دڵنەواییی دەداتەوە. ئەمڕۆ شارەکانی ئێمەن پڕن لە فریشتە و ناهێڵن ئەو ئارامییە بە هیچ شێوەیەک بشێوێت.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج:
درافتی ئەم باسە وەک هەندێک لە هاوڕێیانم دەزانن لە گەرمەی ئاوارەبوونی خەڵکی مووسڵ و دەوروبەریدا نووسرا، بەڵام بە هۆی خەریکبوونم بە شتی دیکەوە، پاکنووسەکەی درەنگ کەوت.




نامە بۆ (ڕێبوار سه‌عید)ی هونەرمەند.. کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

بیست ساڵ زیاترە له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌تناسم. پێشتر به‌رهه‌مه‌کانتم دیبوون و ده‌مزانی یه‌کێکیت له‌ هونه‌رمه‌نده‌ جیاوازه‌کانمان. له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان له‌ هه‌ولێر به‌ هه‌ندێک له‌ تابلۆکانت ئاشنا بووم. لە ساڵی (1998) کۆمەڵەچیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)م لە ڕێگای پۆستەوە بۆ ناردیت. هەر ئەودەم پارچەیەکی ڕۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا!)مت لەسەر یەکێک لە بەرهەمەکانتدا نووسییەوە، کە هێشتا بۆ چاپم نەناردبوو. ساڵی (2001) له‌ کۆپینهاگن یه‌کترمان بینی، که‌ ئه‌ودەم پیشانگایه‌کت بۆ به‌رهه‌مه‌کانت کردبووه‌وه‌. له‌وێ له‌باره‌ی هونه‌ره‌وه‌ گفتوگۆمان دامەزراند. لە هاوینی (2009) جارێکی تر لە کۆپینهاگندا پیشانگات کردەوە، کە لەگەڵ هاوڕێیان (میدیا بێگەرد)، (ئاڤان فەتاح)، (ئەنیتا ئێسپاندەر)، (ساکار جەمال)، (نیاز بەیاتی)، (ئاراس وەهاب)، (گۆران هەڵەبجەیی)، (کامەران ئیبراهیم)، (ئالان پەری) و زۆری تردا کاتێکی خۆشمان بە سەر برد. هەر دەمودەست بابەتێکم لەبارەی پیشانگاکەتەوە نووسی و لە کۆڕێکدا پێشکەشم کرد، کە دەبێتە ناوەرۆکی ئەم نامەیەم.
تۆ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یت‌، که‌ چ له‌ هونه‌ره‌که‌ی خۆیان و چ له‌ هونه‌ره‌کانی دیکەیش‌ ئاگادارن. هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌توانم به‌بێ دوودڵی بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم. ئه‌و هێمنییه‌ت وام لێ ده‌کات، به ‌ئاسانی سه‌رنجه‌کانمت پێ بڵێم، به ‌تایبه‌تی کاتێک ئه‌و سه‌رنجانه‌ پێوه‌ندییان به‌ به‌رهه‌مه‌کانی خۆته‌وه‌ هه‌یه‌. زیاتر گوێ ده‌گریت، له‌وه‌ی بدوێیت، مه‌گه‌ر جارجار له‌باره‌ی سه‌رنجه‌کانمه‌وه‌ شتێک ڕوون بکەیته‌وه‌. وه‌ک بڵێی به ‌چاکی له‌وه‌ تێگه‌یشتبێتی، که‌ تۆ له‌ ڕێگای ڕه‌نگ و هێڵه‌وه‌ قسه‌ی خۆتت کردووه‌ و ئینجا نۆره‌ی منه‌ له‌ باره‌یانه‌وه‌ بدوێم. له‌ به‌رهه‌مه‌کانتدا هیچ شتێک نابینم، جیاواز نه‌بێت. هیچ خاڵێکم به‌ر چاو ناکه‌وێت، هیی ئه‌وه‌ بێت به ‌ئاسانی لێی تێبپه‌ڕم و به ‌قووڵی بیری لێ نه‌که‌مه‌وه‌. ئه‌م جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ جۆرێک پارادۆکسی لای هه‌ندێک بینه‌ر دروست کردووه‌، که‌ وا بزانن به‌رهه‌مه‌کانت بە ‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ یه‌کتر ده‌چن. لای تۆ ته‌کنیکێک هه‌یه‌، که‌ ده‌توانم ناوی زۆربوون (Reproduction)ی لێ بنێم.

من ئه‌گه‌ر (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین) کۆمه‌کی نه‌کردبام، له‌و پرۆسێسه‌ نه‌ده‌گه‌یشتم و وام ده‌زانی جۆرێک له‌یه‌کچوون له‌ کاره‌کانتدا هه‌یه‌. له‌ (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا ئه‌وه‌ تێده‌گه‌ین، که‌ هه‌ر گیاندارێک له‌ گیاندارێکی دیکه‌ جیاوازه‌، با ئێمه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌و جیاوازییه‌ به ‌ڕوونییش هه‌ست پێ نه‌که‌ین. هه‌موو زۆربوونێکیش شێوه‌یه‌کی ئه‌ندازه‌ییی هه‌یه‌. واته‌ دوو ده‌بێته‌ چوار و چوار ده‌بێته‌ هه‌شت و هه‌شت ده‌بێته‌ شانزده‌ و… هتد. لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ تۆ له‌ کاتی به‌رهه‌مهێناندا پشتت به‌و تیۆرییه‌ به‌ستووه‌، به‌ڵکوو ده‌مانه‌وێت بڵێین هونه‌ر ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پرۆسێسێکی ڕوواڵایی (Spontaneous)یانه‌یه‌، بەڵام ئه‌وه‌ی کار ده‌کاته‌ سه‌ر قووڵیی ئه‌و هونه‌ره‌، بوونی دیدگای فه‌لسه‌فییه‌. کاتێک به‌ قووڵی سه‌رنج له‌ دنیا ده‌ده‌ین، سه‌رنجه‌کانمان له‌گه‌ڵ سه‌رنجی هه‌موو ئه‌وانه‌دا به‌ر یه‌ک ده‌که‌ون، که‌ به‌ قووڵی له‌ هه‌مان دنیایان ڕوانیوه‌. لێره‌وه‌یه‌ سه‌یر نییه‌، کاتێک ده‌بینین شێوه‌کارێک و شاعیرێک و ڕۆماننووسێک و فه‌یله‌سووفێک به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له‌ یه‌کتر بێت، سه‌رنجیان له‌ بابه‌تێکی هاوبه‌ش داوه‌، بەڵام هه‌ر یه‌که‌یان بۆ گه‌یشتن به‌ قووڵاییی ئه‌و بابه‌ته‌، کەرەستە‌ی خۆی به ‌کار هێناوه‌. وه‌کوو چۆن له‌یه‌کچوون له‌ ساده‌ییدا هه‌یه‌، له‌ قووڵاییشدا چ له‌یه‌کچوون و چ جیاوازی هه‌ن‌، بەڵام ئه‌وه‌ی قووڵایی له‌ ساده‌یی جیا ده‌کاته‌وه‌، بوونی جیاوازییه‌ له‌نێوان قووڵایییه‌ک و قووڵایییه‌کی دیکه‌دا، له‌ کاتێکدا ئاسان نییه‌ تۆ جیاوازی له‌نێوان ساده‌ییه‌ک و ساده‌ییه‌کی دیکه‌دا بدۆزیته‌وه‌. ئەمەیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌ ساده‌یی له‌ جووڵه‌ و ئاڕاسته‌ بێبه‌شه‌. ساده‌یی له‌ ئاستی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و کارلێک له‌گه‌ڵ شته‌کانی دیکه‌دا دروست ناکات، بەڵام قووڵایی به‌رهه‌می جووڵه‌ و ئاڕاسته‌‌ی شته جیاوازه‌کانه‌‌، که‌‌ دیدگای داهێنه‌ر بزوێنه‌ریانه‌، بۆیه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو قووڵایییه‌کیش، هه‌ر ساده‌ییه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه،‌ ساده‌یی له‌ ڕێگای کۆمه‌ڵێک پڕۆسه‌سی گۆڕانه‌وه‌ ده‌بێته‌ قووڵایی. ئه‌گه‌ر داهێنه‌ر‌ ده‌توانێت له‌ ساده‌یییه‌وه‌ به‌ره‌و قووڵایی هه‌نگاو بنێت، بەڵام هیچ ڕێگایه‌ک له‌ قووڵایییه‌وه‌ نامانباته‌وه‌ ناو ساده‌یی. کاتێک له‌ ڕێگای هونه‌ری تۆه‌وه‌‌ (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)مان بیر ده‌که‌وێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ گیانله‌به‌ر و چه‌مکی زۆربووندا، ئه‌وه‌ ئه‌نجامی ڕوانینی قووڵی تۆ‌یه‌ بۆ ئه‌م دنیایه، دەنا له‌ به‌رهه‌مه‌کانتدا جه‌سته‌ له‌ژێر دەستەڵاتی بایۆلۆژیادا نه‌ماوه‌ و وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵده‌سووڕێت‌. (داروین) ئه‌و زۆربوونه‌‌ به‌ (هه‌ڵبژاردنی سروشتی Natural Selection)ه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌‌، به‌وه‌ی هه‌ر گیاندارێک له ‌پێناو مانه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ (ئه‌ویدیکه)‌دا ده‌که‌وێته‌ شه‌ڕه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی شوێن و خۆراک. ئه‌نجام ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری جۆره‌ خەسڵەتێکن، که‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا گونجاوە‌، ده‌مێننه‌وه‌. لای تۆ مانه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌یه‌، که‌ زیاترین ڕه‌گه‌زی هونه‌ری له‌ خۆیان ده‌گرن. له‌م تێگه‌یشتنه‌وه‌ زیاتر له‌ گیانله‌به‌ره‌

هونه‌رییه‌کانت نزیک ده‌بینه‌وه‌ و جیاوازیی نێوان هه‌ر یه‌کێکیان له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکه‌یاندا هه‌ست پێ ده‌که‌ین. ده‌توانین ئه‌وه‌ بێنینه‌ به‌ر چاومان، که‌ تۆ خۆت زۆر خۆڕسکانه‌ پرۆسێسی (هه‌ڵبژاردنی سروشتی Natural Selection)ت گرتووەته‌ ئه‌ستۆ و هه‌ر خۆیشت ویستوو‌تە چ جۆرێکی‌ گیاندار له‌ ناو ببەیت‌ و چ جۆرێک بهێڵیته‌وه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه،‌ چی پیشانی ئێمه‌ بدەیت و چیمان لێ بشاریته‌وه‌. لای (داروین) گۆڕان خاوه‌‌. گیانداره‌کان نه‌وه‌ لە دوای نه‌وه‌ ده‌گۆڕێن. که‌واته‌ له ‌پاڵ شوێندا، کاتیش ڕۆڵێکی گه‌وره‌ له‌م گۆڕانه‌دا ده‌بینێت. هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی کات و شوێن له‌ به‌رهه‌مه‌کانتدا کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر پرۆسێسی ئه‌و گۆڕانه‌دا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێک‌ خاڵێک نیشان بکه‌ین و له‌ شوێنێکی دوورتر خاڵێکی دیکه‌، ئه‌وه‌ بێگومان جیاوازیی ئه‌و دوو خاڵه‌ به‌ ئاشکرا هه‌ست پێ ده‌که‌ین، له‌ کاتێکدا ئه‌و جیاوازییه‌ له‌نێوان خاڵێک و خاڵه‌که‌ی ته‌نیشتی، یان به‌ مانایه‌کی دیکه‌ گیاندارێک و گیانداره‌که‌ی ته‌نیشتیه‌وه‌، که‌متر ده‌دۆزینه‌وه‌. بۆیه‌یش ده‌ڵێین خاڵێک له‌ شوێنێکه‌وه‌ دیاری بکه‌ین و خاڵێکی دیکه‌ له‌ شوێنێکی دوورتر و ناڵێین سه‌ره‌تا و کۆتایی، چونکه‌ لای تۆ سیسته‌می کرۆنۆلۆژییانەی مێژوو تێک شکاوه‌ و له‌ شوێنیدا کاتی بازنه‌یی دامه‌زراوه‌، که‌ دواتر بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌. له‌ (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا شه‌ڕی گیانله‌به‌ر له‌گه‌ڵ سروشت له ‌لایه‌ک و له‌گه‌ڵ جۆره‌که‌ی خۆی له ‌لایه‌کی دیکه‌دا‌، به‌نده‌ به‌وه‌ی ئه‌و گیانداره‌ چ خەسڵەتێکی تایبه‌تی له‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، تا بتوانێت له‌م شه‌ڕه‌دا به ‌هۆیه‌وه‌ سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنێت. لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ک ده‌که‌ین، به‌وه‌ی له‌م پڕۆسێسی سه‌رکه‌وتنه‌دا خەسڵەتی جیاوازجیاوازی وه‌کوو هێز، خێرایی، زیره‌کی، ئازایه‌تی، ڕه‌قیی ئێسقان، نه‌رمیی جه‌سته‌، جوانی و زۆری دیکه‌ ڕۆڵ ده‌بینن، که‌ ده‌شێت یه‌کێک له‌و خەسڵەتانه‌ له‌ ده‌وروبه‌رێکی دیاریکراودا سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنێت و مانه‌وه‌ مسۆگه‌ر بکات. لای تۆ ئه‌گه‌رچی وه‌کوو پێشوو ئاماژه‌مان پێ کرد، زۆربوون هه‌یه‌ و به‌نده‌ به‌ خەسڵەتی هونه‌ره‌وه‌، بەڵام شه‌ڕ له ‌پێناو مانه‌وه‌دا نییه‌، بگره‌ هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ی هه‌موو جۆر و ڕه‌گه‌زه‌کان.

دیسان مه‌به‌ستمان ئه‌و جۆر و ڕه‌گه‌زانه‌ن‌، که‌ هه‌ڵگری توخمی ئیستاتیکان، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و توخمه‌ نه‌بن، له‌ژێر کۆنترۆڵی هونه‌ردا ده‌رناچن و ناگه‌نه‌ لای ئێمه‌. ئه‌گه‌ر لای (پلاتۆن) جه‌سته‌ له ‌ناو ده‌چێت و ڕۆح ده‌مێنێته‌وه، ده‌مێنێته‌وه‌ ‌و دوای گه‌یشتنی به‌ دنیای ئایدیاڵ بۆ جه‌سته‌یه‌کی دیکه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ دنیای تۆدا جه‌سته‌ له‌ ناو ناچێت، کاتێک هه‌ڵگری توخمی ئیستاتیکایه‌. که‌واته‌ (جه‌سته‌ گۆڕستانی ڕۆح‌) نییه‌ وه‌کوو (پلاتۆن) به‌ گۆڕستانی ڕۆحی ده‌زانێت‌، به‌ڵکوو جه‌سته‌ خۆی زمانی ڕۆحه‌ و له‌گه‌ڵماندا ده‌دوێت. یان وه‌کوو (مێرلۆپۆنتی) پێی وایه‌ جه‌سته‌ نه‌ک شتێک نییه‌ له خۆمان جیاواز بێت، بگره‌ هه‌ر خۆمانین و ئه‌و ڕێگایه‌مانه‌، که‌ ته‌عبیری پێ له‌ خۆمان ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر جیاوازی له‌نێوان ئێمه‌ و جه‌سته‌ماندا نییه‌، به ‌هه‌مان شێوه‌ له‌نێوان جه‌سته‌ و شته‌کانیشدا نزیکی و له‌یه‌کچوون هه‌یه و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن‌. له‌ ڕێگای تێگه‌یشتن له‌ جه‌سته‌ی خۆمانه‌وه،‌ له‌ ده‌وربه‌رمان تێده‌گه‌ین. هه‌ر دەربڕینێک له‌ جه‌سته‌، هاوکاته‌ له‌ دەربڕین له‌ ده‌وروبه‌ر، بۆیه‌ هونه‌ر وه‌کوو شێوازێکی ده‌ربڕین، به‌رهه‌می ئه‌و کۆنتاکت و ئه‌زموونه‌یه‌. ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین جه‌سته لای تۆ‌ ڕێگایه‌ک نییه‌ بۆ دەربڕینی خود، به‌ڵکوو هه‌ر خۆی خوده‌. له‌ یه‌ک کاتدا (من) و (ئه‌ویدیکه‌)یشه‌. که‌واته‌ جه‌سته‌ مانایه، به‌وه‌ی ڕووبه‌رێکه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاترین وێنه‌‌. جووڵه‌ی جه‌سته‌ تەنیا بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ جیاوازییه‌کانی خۆی نمایش بکات و له‌ بوونی خۆیمان ئاگادار بکاته‌وه‌، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یشه‌ ڕووبه‌رێکی نه‌زانراو له‌ ده‌وروبه‌ر ئاشکرا بکات. سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر تۆ‌ زۆربه‌ی کات‌ جه‌سته‌ به ‌ڕووتی، یاخود با بڵێین له‌ دۆخی سروشتیی خۆیدا پیشان ده‌دەیت، به‌و مه‌به‌سته‌ی ڕاسته‌وخۆ جه‌سته‌یه‌ک له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا بدوێنیت، به‌بێ په‌نابردنه‌ به‌ر هیچ ئامڕازێکی پۆشینی وه‌کوو قوماش. به‌پێی ڕوانینی (مێرلۆپۆنتی) ئه‌زموونی جه‌سته‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هیی جه‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا هه‌مان شته‌ و بۆ ئه‌وه‌یه‌، که بڵێن‌ هه‌ردووکیان بوونیان هه‌یه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ کۆنتاکتی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ (ئه‌ویدیکه)‌دا، کۆنتاکته‌ له‌گه‌ڵ خۆماندا.‌ ڕوانینی تۆ بۆ جه‌سته‌ زیاتر له‌ ڕوانینی فینۆمینۆلۆجییانه‌ی (میرلۆپۆنتی)یه‌وه‌ نزیکه، به‌وه‌ی به‌رده‌وامبوونی جه‌سته له‌ناو گه‌ردووندا‌ به‌رده‌وامبوونێکی سه‌بجێکتیڤه‌‌، نه‌وه‌ک ئۆبجێکتیڤ‌ وه‌کوو ئه‌وسا له‌گه‌ڵ (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا به‌راوردمان کرد، به ‌تایبه‌تی له‌ چه‌مکی (زۆربوون)دا‌.‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ لای تۆ زۆربه‌ی کات جه‌سته‌مان هه‌یه‌ و پۆشینمان نییه‌، ئه‌وە ڕێک له‌ بەرانبەر ئه‌و کۆنسێپته‌دا خۆمان ده‌بینینه‌وه‌، که‌ ده‌ڵێت جه‌سته‌ هه‌ر خۆی زمانه‌. به‌کارهێنانی گه‌ڵا به‌ مه‌به‌ستی پۆشین له ‌جیاتیی قوماش و هه‌ر مەتێریەڵکی دیکه‌ی کیماوی، له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا پیشاندانی جه‌سته‌یه‌ له‌ دۆخی سروشتیی خۆیدا، وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌مان پێ کرد. له‌و دۆخه‌ی، که‌ جه‌سته هێشتا‌ له‌ سروشت جیا نه‌بووبووه‌وه و به‌شێکی دانه‌بڕاو بوو لێی‌‌. وه‌کوو ئه‌وه‌ی لای (داروین) باس کراوه‌. ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین ناکرێت باس له‌ به‌رهه‌می تۆ بکه‌ین و باز به‌سه‌ر چه‌مکی جه‌سته‌دا هه‌ڵبده‌ین.

پیشاندانی جیاوازیی سه‌ر، یاخود ده‌موچاو له‌گه‌ڵ باقیی جه‌سته‌دا‌، یه‌کێکه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونەری تۆ، که‌ ده‌توانم بڵێم له‌ پشت ئه‌م پرۆسێسه‌وه‌ ئاگایییه‌کی فه‌لسه‌فی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ پرۆسێسی گواستنه‌وه‌ی دەستەڵاته‌ له‌ بایۆلۆژییاوه‌ بۆ وێنه‌. لێرەوە جه‌سته‌ به‌پێی یاساکانی بایۆلۆژیا به ‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ڵکوو ده‌که‌وێته‌ ژێر دەستەڵاتی وێنه‌وه‌. له‌ ڕێگای ئه‌و پارادۆکسه‌ی نێوان ده‌موچاو و باقیی جه‌سته‌وه‌ خۆمان له‌ به‌رده‌م ڕاچه‌نین و تێڕامانێکی قووڵدا ده‌بینیه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ناو له‌ ده‌موچاو بنێین (به‌شی سه‌ره‌وه)‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌ (به‌شی خواره‌وه)‌ی جیا بکه‌ینه‌وه‌، که‌ له‌ مله‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، ئه‌وا ده‌ڵێین کاتێک هه‌وڵ بده‌ین له ڕێگای‌ به‌شی خواره‌وه‌وه‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ بهێنینه‌ به‌ر چاو، بێگومان به‌ لاڕێدا ده‌چین، به‌وه‌ی له‌ به‌شی خواره‌وه‌دا هێز و چالاکی به‌ دی ده‌که‌ین، له‌ کاتێکدا له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌دا بێهێزی و خه‌مناکی دەبینین، هه‌ر ده‌ڵێی له‌گه‌ڵ ده‌موچاوێکی دیکه‌دا جێگۆڕکێی پێ کراوه و وه‌کوو حاڵه‌تێکی میتامۆرفۆزی ده‌رخراوه‌‌‌. ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی له‌م پرۆسێسه‌دا به‌ کار هاتوون،‌ ڕنگ و هێڵن، که‌ جیاوازییه‌کانیان له‌سه‌ر جه‌سته‌دا پیشان داوه‌. له‌ به‌شی خواره‌وه‌ی جه‌سته‌یشدا هه‌ڵوێسته‌یه‌ک ده‌که‌ین، که‌ تۆ زۆرینه‌ی کات سنووره‌کانی جه‌سته‌ ده‌سڕیته‌وه‌، به‌وه‌ی شته‌کان له‌ ئاستی بینینی فیزیکییه‌وه‌ بۆ ئاستی خه‌یاڵ ده‌گوازیته‌وه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه،‌ ڕێگا نادەیت جه‌سته‌ بخه‌ینه‌ ناو چوارچێوه‌ی بینینمانه‌وه‌، له‌ کاتێکدا خۆت نه‌تخستووەته‌ ناو هیچ چوارچێوه‌یه‌که‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌ر تایبه‌ت نییه‌ به‌ جه‌سته‌ی گیانله‌به‌ره‌وه‌، به‌ڵکوو جه‌سته‌ی شته‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌، وه‌کوو پێشتر گوتمان له‌ ڕوانگه‌ی (مێرلۆپۆنتی)ـه‌وه‌ جیاوازی له‌نێوان جه‌سته‌ و شته‌کاندا نییه‌.

لێره‌وه‌یه‌‌ مێژوو لای تۆ پێکهاته‌یه‌کی هه‌مه‌ئاڕاسته‌ی هه‌یه‌. واته‌ ئه‌و سیسته‌می کرۆنۆلۆژییایه‌ی، که‌ مێژووی فه‌رمی له‌سه‌ری وه‌ستاوه‌، له‌ژێر زه‌بری هێڵ و ڕه‌نگدا تێک ده‌شکێت و بێژمار ئاڕاسته‌ی دیکه‌ به‌رهه‌م دێت. به‌ مانایه‌کی دیکه‌، ناکرێت خاڵێک بۆ سه‌ره‌تا و یه‌کێک بۆ کۆتایی ده‌ستنیشان بکه‌ین، به‌ڵکوو وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌مان پێ کرد، له‌ناو ئه‌و کاته‌ بازنه‌یییه‌دا شتێک نامێنێت به‌ مانای گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئاڕاسته‌یه‌ له‌ وێنه‌یه‌که‌وه‌ بۆ یه‌کێکی دیکه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ ڕووی مێژوویییەوه‌ یه‌کێکیان بخه‌ینه‌ پێش ئه‌وه‌ی دیکه‌یانه‌وه‌. ئه‌و ته‌کنیکی (زۆربوون)ـه‌، واته‌ بوونی ئاڕاسته‌ له‌ وێنه‌یه‌که‌وه‌ بۆ هه‌ر وێنه‌یه‌ک له‌ وێنه‌کانی ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا، ده‌مانخاته‌ ناو سیسته‌می گێڕانه‌وه‌وه‌‌، وه‌کوو ئه‌وه‌ی له‌ ئەدەبی گێڕانەوەدا ده‌یبینین. جیاوازییه‌که‌ له‌ ئایکۆندایه‌، که‌ له‌ نووسیندا تیپه‌کان و له‌ هونه‌ری شێوه‌کاریدا هێڵ و ڕه‌نگ و فیگه‌ره‌کانن. سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌ کاره‌کانت‌ دووانزده‌ تابلۆی له‌ شێوه‌ی لووله‌ی وه‌کوو قوماش بێت، که‌ به‌ مانای یاده‌وریی ساڵێک کێشاوتن. هه‌ر ئه‌م شێوه‌ لووله‌یییه‌ خۆی ده‌لاله‌تی بێسنووریی کاته‌، به‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕووی لووله‌کدا ناتوانین شوێنێک بۆ سه‌ره‌تا و یه‌کێک بۆ کۆتایی ده‌ستنیشان بکه‌ین. لێره‌دا ئێمه له‌ به‌رده‌م شێوازی گێڕانه‌وه‌ی فره‌ده‌نگی (پۆلیفۆنی Polyphony)‌داین، به‌وه‌ی هه‌ر کاره‌کته‌رێک ده‌نگی سه‌ربه‌خۆی خۆیی هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا هیچ نه‌وه‌یه‌ک له‌ نه‌وه‌ی پێش خۆی و هیچ لقێک له‌ سه‌رچاوه‌که‌ی ناچێت، ئه‌وا ئه‌و چه‌مکه‌ لای تۆ له‌ شێوه‌ی عیشقدا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ به‌ مانا پلاتۆیییه‌که‌ی ئه‌و عیشقه‌ به‌ جارێ هه‌ڵگری دژایه‌تی (Contradiction) و ململانێ (Conflict)یه‌. وه‌ک سه‌رنج ده‌ده‌ین له‌ هه‌ر زۆربوونێکدا دوو توخم له‌ناو یه‌کدا دروست ده‌کەیت، که‌ له ‌لایه‌ک له‌ یه‌کتر ده‌چن و له‌ لایه‌کی دیکه‌ جیاوازن. ئه‌و دووانه‌ باوه‌ش به‌ یه‌کدا ده‌که‌ن و له‌ ڕێگای ئاماژه‌کانی جه‌سته‌وه‌‌ دایەڵۆگمان له‌گه‌ڵ داده‌مه‌زرێنن، که‌ ئه‌م دایەڵۆگه‌ وه‌کوو (میکایل باختین) ده‌ڵێت مه‌رجی بوونی فره‌ده‌نگییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئێمه‌دا‌ هه‌میشه‌ جه‌سته‌ی مێیینه‌ له‌ ڕێگای خه‌یاڵی نێرینه‌وه‌ ئاماده‌ کراوه‌، یاخود هێنراوەتە بەر چاو، ئه‌وه‌ لای تۆ هه‌ردوو ئاڕاسته‌که له‌ناو ئه‌و سیسته‌می فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگییه‌دا‌ پێکه‌وه‌ هه‌ن، به ‌ڕاده‌یه‌ک ئاسان نییه‌ سنووری جه‌سته‌ی مێیینه‌ و نێرینه‌ له‌ یه‌کتر جیا بکه‌یه‌ته‌وه‌، که‌ وه‌کوو گوتمان له‌ناو گوتاری عیشقدا بوونه‌ته‌ یه‌ک.

سه‌رچاوه‌کان:
1- Darwin, Charles, Arternes Oprindelse, oversat af J. P. Jacobsen, Jørgen Paludans Forlag, 1990.
2- Merleau-Ponty, Maurice, Om sprogets fænomenologi, Udvalgte tekster, Oversættelse, forord og indledning ved Per Aage Brandt, København, 1999.
3- Thøgersen, Ulla, Krop og fænomenologi, En introduktion til Maurice Merleau-Ponty filosofi, Danmark, 2004


کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
بۆ خوێندنەوەی بەشێکی تر بابەتەکانی تری نووسەر کلیکی ئێرەبکەن..



گفتوگۆی د. هاوژین سڵیوە لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا

کاروان عومەر کاکەسوور، دەنگێکى دیارى دنیاى ئەدەبیاتى کوردییە، سەرەتا بە چیرۆک دەستى بە نووسین کرد، دواتر ڕووى کردە ڕۆمان نووسین، تا ئێستا هەشت ڕۆمانى بڵاوکراوەى هەیە، لەو ماوەیەدا دوو ڕۆمانى دیکەى بڵاو کردەوە، لە نووسینە بەراییەکانى هەست بە هونەر و جوانکارى و جۆرە ئەزموونێکی تایبەتی ئەو دەکرێ، ئەزموون بەو مانایەى لە ڕووى هونەریی و پێکهاتە و تەکنیکەوە لە ئاستێکی بەرزدان، هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێ کە بەردەوام ئەزموونەکەى هەڵبکشێت، ئەگەرچى لە ڕۆمانەکانى کاروان عومەر کاکەسوور ئیشیان لەسەر کراوە و چەندان نامە و تێزى ئەکادیمى لەبارەیانەوە نووسراون، بەاڵم دنیاى ئەو نووسەرە فراوانە، دەکرێ لە زۆر ڕووى دیکەوە قسەیان لە بارەوە بکرێ و وردتر بچینە نێو ناواخن و پێکهاتەى ڕۆمانەکانی، چونکە ڕەهەندى کۆمەڵایەتى و سیاسییان هەیە و بە دیدێکى ڕەخنەگرانە و بە شێوازێکى سەرنجڕاکێش نووسراون.
بێگومان سازدانی دیمانە لەگەڵی بە چوار پێنج پرسیار کۆتایى نایەت، بەڵکوو دەبێ بۆ چوونە نێو جیهانى ئەو ڕۆماننووسە کتێبى چەند سەد لاپەڕەیى بنووسرێ، بەڵام لێرە، لە گۆشەنیگایەکى دیاریکراوەوە تیشک دەخەینە سەر ڕۆمانێکى مێردمندااڵنەی و چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکەین، لەبەر ئەوەی ڕۆمانى مێردمنداڵان لە نێو ئەدەبى کوردیدا ئەوەندە بایەخى پێ نەدراوە، لەپاڵ ئەو ڕۆمانەى کاروان عومەر کاکەسوور)، (عەزیزى مەلاى ڕەش)یش ڕۆمانى )بۆرە)ى نووسیوە، ڕەنگە یەک دوو دانەى دیکەش هەبن کە من نەمبینیبن، بۆیە بە پێویستم زانى لەم ڕووەوە لە ڕێى چەند پرسیارێکەوە بیدوێنم، پرسیارەکانم ڕووبەڕوو لێ نەکردووە تا لەنێو پرسیارە وەڵامدراوەکان پرسیارى دیکە دەربهێنم و ئاراستەى بکەم، خۆشم بەو هەناسەیە پرسیارەکانم کردووە، کە وەڵامەکان بایی ئەوەندە بن لە گۆڤارێکدا بڵاویان بکەمەوە، بۆ بڵاوکردنەوەشى گۆڤارى (ڕامان)م بەشایستە زانى.

یەکەم: تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی مێردمنداڵان چییە؟

کاروان کاکەسوور: پێویسته‌ به‌ر له‌وه‌ی باس له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی بکه‌ین، ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر چاو، که‌ ئه‌ده‌ب هه‌ر ئه‌ده‌به‌. ئێمه‌ کاتێ له‌ به‌رده‌م تێکستێکداین، ئه‌وه‌ی کارمان پێیه‌تی و لێی ده‌گه‌ڕێین، تەنیا مانایه‌. ئه‌و مانایانه‌ن وامان لێ ده‌که‌ن چۆنیان بخوێنینه‌وه و چ لێکدانەوەیەکیان بۆ بکەین‌. تێکست هه‌یه‌ ساده‌یه‌ و تێکستیش هه‌یه‌ قووڵه‌، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی کێ نووسیویه‌تی و نووسه‌ره‌که‌ی سه‌ر به‌ چ ڕه‌گه‌زێکه‌، یان ته‌مه‌نی چه‌نده‌. ئەوانەی ئێمە لە هەر تێکستێکدا بەریان دەکەوین، کۆمەڵێک ئاماژەن، کە ئەو ئاماژانە دەکرێت ببنە کلیلی کردنەوەی زۆر دەرگە، تا لێیانەوە بچینە ژوورەوە. لە پیشەنگەیەکدا (ئێدگار دیگا)ی نیگارکێش بە (ستیفان مالارمێ)ی شاعیر دەڵێت:
(هەوڵم دا شیعرێک بنووسم، بەڵام لە ئەنجامەکەی ڕازی نەبووم. لەگەڵ ئەوەیشدا ئایدیای مەزنی هەبوون، کەچی نەمزامی بۆچی ئەوەم لە دەست نەهات).
(مالارمێ) پێی دەڵێت: (دێگای ئازیزم، شیعر لە وشە پێک دێت، نەوەک لە ئایدیاکان). لێرەدا مەبەستی (مالارمێ) لە (وشە) ئاماژەیە. بێگومان جۆرەکانی ئەدەب (Literary Genres) هەن، بەڵام سنووری گەورەیان لەنێواندا نییە، کە هەر لە ڕۆژگاری فەلسەفەی یۆنانییەوە تا ئەمڕۆ جێگەی بایەخ بووە و ڕەخنەدۆزان ڕووبەڕووی بوونەتەوە. هەموویان لە یەک وەردەگرن و بە یەکەتری دەدەن، بە ڕادەیەک خاڵی هاوبەش لەنێوان هەر ژانرێک و یەکێکی تردا هەیە. ڕاستییەکەیشی ئەو چەمکە پشت بە بایۆلۆجیا دەبەستێت، کە بوونەوەر بۆ ڕەگەز، جۆر و شێوە پۆلێن دەکات.
گرنگە ئەوە بزانین، کە تیۆریستانی ئەدەب زۆر بە ترس و گومانەوە خۆیان لە قەرەی چەمکی (تیۆریی جۆرەکان) دەدەن، چونکە پێیان وایە دانانی سنوور لەنێوان جۆرێک و جۆرێکی تردا سەختە، بۆیە نەیشیانتوانیوە، یان نەیانویستووە پێناسەیەکی کۆنکریتی بۆ بکەن، تەنانەت (جیرار جینێت) دابەشکردنی جۆرەکانی ئەدەب بە کێشەیەکی سەخت دەزانێت. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو فەلسەفانەی بەگژ سێنتراڵیزمدا دەچنەوە، جۆرەکانی ئەدەب بایەخی گەورەتری پێ درا، بەوەی ئەوانە پێیان وایە هەر دابەشکردنێک لە لایەک سڕینەوەی کۆمەڵێک ڕەهەندە و لە لایەکی تریش دەرخستنی هەندێک ڕەگەزە لەسەر حیسابی شاردنەوەی هەندێکی تردا. بە مانایەکی تر سێنتراڵیزمی عەقڵ، کە بە کەلەپووری (دێکارت) دادەنرێت و لە (نیتشە)وە دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توند، هەمیشە دابەشکاریی هێناوەتە کایەوە، بۆیە ئەدەبیش شانبەشانی فەلسەفە هەوڵی تێکشکاندنی سێنتراڵیزمی داوە و بایەخی بۆ ئەو چەمکانە گەڕاندووەتەوە، کە ئەو سێنتراڵیزمە بە لاوەی ناون. بۆ نموونە (ڕۆڵان بارت) بە تایبەتی لە (ڕاڤەی بونیادگەرانەی گێڕانەوە)دا ڕەخنەی گەورە لەو دابەشکارییە دەگرێت و پێی وایە فرەدیدگەیی پرسیاری داهێنەرە. واتە هەمەڕەنگیی جۆرەکان وا دەکات جۆرەکانی گێڕانەوە بێژمار و بێسنوور بن. بەم شێوەیە هەمەڕەنگی مانای دابەشکاری نییە و نابێت سنوور لەنێوان چیرۆک و ڕۆمان، شیعر و دراما، یان هەر ژانرێکی تر دابنرێت، کە دامودەستگەکان هەمیشە دەیانەوێت ئەوانە لە یەک جودا بکەنەوە. کەواتە بایەخدان بە ئەدەبی مێردمنداڵان لەوەوە نایەت، کە سنوور لەنێوان ژانرەکان دادەنرێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە کردنەوەی کەناڵی تری ئەدەبییە. بێگومان ئه‌ده‌بی مێردمنداڵان هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندێتیی هەن‌، به‌وه‌ی مێردمنداڵ خاوه‌نی کۆمەڵێک خه‌سڵه‌تی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجییه‌. کۆمەڵگەی کوردی پیاوی دەرخستووە و ژنی شاردووەتەوە، گەورەی هێناوەتە پێشەوە و منداڵ و لاوی بە لاوە ناون، بۆیە بەشێکی گەورەی ئەدەبی کوردی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو تێگەیشتنەوە. واتە ڕەگەزی نێر لە ڕەگەزی مێ و گەورە لە منداڵ و مێردمنداڵ پتر ئامادەییان هەیە. لێرەدا بایەخدان بە منداڵ و مێردمنداڵ مانای بەگژداچوونەوەی ئەو سێنتراڵیزمەیە، کە هاوکات کردنەوەی کەناڵی ترە لەناو ئەدەبدا.

دووەم: بۆچی لە ئەدەبی کوردیدا زۆر گرنگیی پێ نەدراوە؟

کاروان کاکەسوور: ئەدەبی کوردی زۆر کەم بە دوای نادیاردا گەڕاوە، بەڵکوو زیاتر خۆی لەو بابەتە دیارانە داوە، کە زۆرینە ناسیوینی. بەم شێوەیە چەمکە زەقەکانی وەک ئایین، نیشتمان، نەتەوە، چین و هیی دیکەی لەم بابەتە ئەدەبی ئێمەیان داپۆشیوە. نووسەری کورد لە تەنیایی ترساوە و هەمیشە دڵنیاییی لەو زۆرینەیە وەرگرتووە. بە مانایەکی تر، ئەو شتانەی نووسیون، کە خواستیان لەسەر بووە، بۆیە سەیر نییە ئەگەر ڕەنگی سپی، فریشتە و پاکیزە بووبێتنە ناونیشانی بەشێکی زۆری تێکستی ئەدەبی و هونەری، بەوەی ئەوانە لای زۆرینە خۆشەویست و پیرۆزن، تەنانەت نووسەری کورد لە جەستەیشدا ئەو ئەندامانەی هەڵبژاردوون، کە زەقن. لە حەفتاکاندا لە نووسەرێک دەپرسن لووتی ژن لای تۆ چ مانایەکی هەیە، ئەو دەڵێت کاتێ لووتی ژن دەبینم، لە چاوی دەڕوانم، تا بزانم ئاخۆ چاوی جوانە. بەوەدا لووت ئەندامێکی زەقی جەستە نییە و قسەی لێوە نەکراوە، ئەو ناتوانێت هیچی لەبارەیەوە بڵێت و ئەو ئەندامەی لە شوێن دادەنێت، کە زەقە و زۆرینە لای پەسەندە. شتێکی ئاساییە ئەگەر منداڵ و مێردمنداڵ لە ئەدەبی کوردیدا ئامادەییان کەم بێت، یان هەر نەیانبێت، بەوەی وەک پێشتر گوترا سێنتراڵیزمی گەورە و نێرینە وایان کردووە منداڵ و مێیینە بشاردرێنەوە.
نووسەر کاتێ لەبارەی دیارەوە دەنووسێت، ئەوانە دەڵێتەوە، کە زانراون و خوێنەریش لێیان تێدەگات، بەڵام ئەگەر لەبارەی نادیارەوە بنووسیت، ئەوا پێویستی بە قووڵبوونەوەیە، چونکە ئەو پرۆسەسە ئەوەی بەسەردا دەسەپێنێت خۆی واقیعێکی تر دابمەزرێنێت، واقیعێکی گریمانی. بە مانایەکی دیکە پێویستی بە کەرەستەی ترە، کە ئەمە مانای وایە دەبێت زمانێکی تر و شێوازێکی تری دەربڕین دابهێنێت. لێرەدا بەربەستێک لەنێوان نووسەر و زۆرینەدا دێتە کایەوە، چونکە ئەوەی لێرەدا زۆرینە بەری دەکەوێت، شتێکی جیاوازە لەوەی هەتا ئێستا ناسیویەتی. دەگەمە ئەوەی بڵێم دەرنەکەوتنی منداڵ و مێردمنداڵ وەک کارەکتەری دانپێدانراو لە ئەدەبی ئێمەدا بۆ ئەو تێگەیشتنە میلـلییە دەگەڕێتەوە، کە بۆ چەمکی کات هەیە و زاڵە. ئەو تێگەیشتنە هیراکتیکەڵە و لەسەر ئەوە دامەزراوە، کە مرۆڤی به‌ته‌مه‌ن دەخاتە سەرووی منداڵەوە، بگرە پێی وایە منداڵ تەنیا لە ڕێگەی گەورەوە دەتوانێت هەبێت. بەوەدا ئەدەبی کوردی بە گشتی پابەندی ئەو تێگەیشتنەیە، کارەکتەری منداڵ و مێردمنداڵ ڕووبەرێکی کەمیان بەر دەکەوێت. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هەر لە سەرەتاوە ئەو تێگەیشتنەم تێک شکاندووە. منداڵ و مێردمنداڵ لە دنیای مندا زیاتر لە گەورە بایەخیان پێ دراوە.

سێیەم: ئایا حیکایەتی فۆلکلۆری کوردی تا چەند خزمەتی بواری مێردمنداڵی کردووە؟

کاروان کاکەسوور: من لێرەدا چەمکی فۆلکلۆر بە مانا فرەوانەکەی وەردەگرم، کە میتۆلۆجیا، سوپەرستەیشن، ئەفسانە، نوکتە، پەند و هیی تر دەگرێتەوە. هەندێکیان لە شێوەی شیعر و هەندێکیان لە شێوەی چیرۆکدان. هاوکاتی ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنیتی و دەرخستنی ئاکامەکانی، کە لانی کەم ئەو ڕەخنەیە لە (نیتشە)وە دەست پێ دەکات، بە (هایدیگەر)دا تێدەپەڕێت و دەگاتە (فۆکۆ)، (دۆڵۆز)، (دێریدا)، بگرە هەندێک ئەندامی قوتابخانەی فرانکفۆرتیش دەگرێتەوە، بە تایبەتی (هۆرکاهایمەر) و (ئەدۆرنۆ)، بایەخدان بە فۆلکلۆر زیادی کرد. بەرهەمەکانی ئانترۆپۆلۆجیستانی وەک (جیمس فرەیزەر)، (برۆنسیلاڤ مالینۆڤسکی)، (کلود لیڤی شتراوس) و ئەوانەی تر لە لایەک و ئەوانەی سایکۆلۆجیستانی وەک (فرۆید)، (ئەدلەر)، (یۆنگ) و ئەوانەی دیکە لە لایەکی ترەوە دەرگەی گەورەیان بەسەر دنیای فۆلکلۆردا کردەوە، کە پێشتر لە ململانێی عەقڵ و ناعەقڵدا بە لاوە دەنرا و بایەخی کەم دەکرایەوە. دیارە ئەمە باسێکی چڕ و قووڵە، کە ئێمە لێرەدا بوارمان نییە بچینە ناویەوە، بەڵام هەر دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە ئەو هەوڵانە بوونە هۆی دەرکەوتنی ئاڕاستەی نوێ لە ئەدەب و هونەردا، بەوەی دەستەڵاتی عەقڵ تێک شکا و دنیای خەیاڵ فرەوانتر کرا. هەر لە سەرەتاوە ئەو ئاڕاستە نوێیە لە بەرهەمی نووسەرانی وەک (جۆیس)، (فۆکنەر)، (ئیلیەت)، (کامیۆ)، (سارتەر) و ئەوانەی تردا ڕەنگی دایەوە. ئەو نووسەرانە و زۆری تر بایەخیان بە میتۆلۆجیا دا و لە بەرهەمەکانیاندا ئیمپلۆیەینگیان کردن، بە ڕادەیەک ناونیشانی زۆر لەو کارانە و ناوی کارەکتەرەکانیشیانی گرتەوە، وەک بۆ نموونە لە سەرجەم بەرهەمەکانی (جۆیس)دا دەیبینین. ئەمە زمانێکی تری سەپاند، کە جیاواز بوو لەو زمانە ڕاستەوخۆییەی پێشتر لە ئەدەبدا بە کار دەهات، بەوەی دیوێکی تری مرۆڤ ئاشکرا بوو، کە هیی ناوەوەیەتی و بە نەست ناسراوە.
سۆمبۆل ئەو ڕەگەزەیە، کە بەشێکی گەورەی میتۆلۆجیا پێک دەهێنێت و ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە کاری ئەدەبیدا دەهێنێتە دی، بەوەی بە شێوەی مێتافۆر بیرۆکەکان دەردەبڕێت، بۆیە ئەو ڕەگەزە بەشدارییەکی گەورەی لە نوێکردنەوەی ئەدەبدا کرد. هەر لێرەیشدا بایەخی زمان هاتە پێشێ، کە بووە هۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک ئاڕاستەی نوێ لە بواری لینگویستیگدا. بەوەدا میتۆلۆجیا پێوەندیی نێوان مرۆڤ و خواوەند لە خۆی دەگرێت، کۆمەڵێک کێشەی ئێکزێستێنشەڵ (وجودی) و ئیتیکەڵ (ڕەوشتی) دەردەهاوێژێت، بۆیە چەمکی وەک خەڵق، مەرگ، ژیان، نەمری، زیندووبوونەوە و هیی دیکە لە ئەدەبدا دەرکەوتن، کە نەدەکرا بەبێ گەڕانەوە بۆ بواری فەلسەفە و سایکۆلۆجیا لێیان نزیک ببێتەوە. لەو ڕێگەیەوە تێکستی ئەدەبی توانای پەیدا کرد پێوەندیی بە تێکستی سەردەمە زووەکانەوە بکات، بەو مەبەستەی لێیان وەربگرێت و بە شێوازی تر دەریانبخاتەوە، کە ئەوە بە دەقئاوێزان (ئێنتەرتێکستواڵیتی) ناسراوە. سەیر نییە، کە ئەدەب لە سەدەی بیستەمەوە لە فەلسەفە جودا ناکرێتەوە، وەک بۆ نموونە لە سەرجەم بەرهەمەکانی (کامیۆ)دا دەیبینین. با بۆ پرسیارەکەی تۆ بگەڕێینەوە و ئاوای لێ بکەین:
ئایا ئەدەبی کوردی سوودی لە فۆلکلۆر وەرگرتووە؟ من پێم وایە فیکری کوردی سادەیە و بەشێکی زۆری ئەدەبی کوردی هەر خۆی فۆلکلۆرە. پێشتریش لەم ڕووەوە نووسیومە و ئەوەم دەرخستووە، کە فیکری میلـلی چۆن دژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە، کاتێ دەیەوێت بە ئاڕاستەی جیاوازدا بجووڵێت. ئەو نووسەرە داهێنەرانەی دەرەوەی ئێمە لە دیدێکی فەلسەفییەوە بۆ فۆلکلۆر گەڕانەوە، بەڵام بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە هێشتا نەیانتوانیوە لەژێر دەستەڵاتی فیکری میللی بێنە دەرێ، تا ببنە خاوەنی فیکری فەلسەفی و لەوێوە بۆ کەلەپووری کوردی و هیی دەرەوەی کوردی بڕوانن. ئەو هەوڵانەی لەم بوارەدا دراون، هێشتا پێ نەگەیشتوون، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو هەوڵانە فەرامۆش دەکەم.

چوارەم: بۆ گەشەپێدانی ئەم بوارە چی بکرێت؟

کاروان کاکەسوور: کاتێ بایه‌خ به‌ ئه‌ده‌بی منداڵان و مێردمنداڵان ده‌ده‌ین، ده‌رگە له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک به‌هره‌ی نوێ ده‌که‌ینه‌وه‌. ئه‌مه‌ وا ده‌کات مرۆڤی ئێمه‌ له‌ تەمەنێکی زووه‌وه‌ خه‌ریکی خۆده‌ربڕین ببێت، که‌ لەمەوە‌ ئه‌زموونی گەورەتر بەرهەم دێت. بایه‌خدان به‌ ئه‌ده‌بی منداڵ و لاوان جۆریکه‌ له‌ تێکشکاندنی سێنتراڵ و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌ زاڵه‌یه‌، که‌ پێی وایه‌ ئه‌ده‌ب ته‌نیا هیی گه‌وره‌یه‌. بە مانایەکی دیکە، گەشەکردنی ئه‌ده‌بی لاوان واته‌ ده‌رکه‌وتنی که‌ناڵی دیکه‌ی ده‌ربڕین، که‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێکشکانی ئه‌و سێنتراڵیزمه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌ورانی له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌. وەک پێشتر گوترا دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی تێپه‌ڕاندن ناسراون، ئه‌ده‌ب زیاتر ئازادیی به‌ ده‌ست هێنا و له‌ قاڵب و کڵێشه‌کان دوور که‌وته‌وه‌. وای لێ هات نووسه‌ری داهێنه‌ر و ئه‌زموونگه‌ر خۆی له‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ بدات و به‌ شێوازی جۆراوجۆر باسیان بکات، که‌ پێشتر به‌ لایدا نه‌چووبوون. من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌ییدا گۆڤاری تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌بوونایه‌، ده‌مانتوانی ته‌عبیر له‌ خواسته‌کانمان بکه‌ین و ئارەزووەکانمان بستووێنین، تا هیی دیکەی گەورەتریان لێ بەرهەم بێت، نه‌وه‌ک بیانکه‌ینه‌ تۆپەڵی ڕق و بۆ ئایینده‌یان هه‌ڵبگرین.
ئەودەم هه‌ندێکمان تێر ده‌بووین و هه‌ندێکمان تینوویه‌تیمان نه‌ده‌شکا، بەڵکوو به‌ شێوه‌ی چاکتر به‌رده‌وام ده‌بووین. به‌شی زۆری نووسه‌ری ئێمه‌ به‌ گه‌وره‌یی دەردەکەون، بۆیه‌ ئه‌و شتە سادانه‌ ده‌ڵێن، که‌ ده‌کرا له‌ سه‌ره‌تایی و ئاماده‌ییدا بیانگوتنایه‌. زۆرجار به‌ هاوڕێکانمم گوتووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌بینن ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌جنێوه‌ له‌نێو نووسه‌رانی ئێمه‌دا هه‌ن‌، ئه‌وه‌ به‌شێکی پێوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ به‌ گه‌وره‌یی ڕێیان کەوتووەتە ناو دنیای نووسین. نه‌یانتوانیوه ئاره‌زووه‌ ساده‌کانیان لە کاتی خۆیدا دەرببڕن، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا بۆ ئەمڕۆ‌یان هێناون. خوێندنه‌وه‌ و نووسین کاتێ له‌ ته‌مه‌نی زووه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ن، پاڵ به‌ نووسه‌ره‌وه‌ ده‌نێن به‌رده‌وام بخوێنێته‌وه‌ و خۆی ماندوو بکات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ گه‌وره‌یی که‌م فێر ده‌بێت، لە کاتێکدا ئاره‌زووی زۆریشی بۆ ده‌ربڕین هه‌یه‌، چونکە بەردەوام دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، قوتابخانە و ئەوانەی تر سەرکوتیان کردوون، بگرە بە چاوی نزم لێیان ڕوانین و وزەیان کوشتوون. هەتا چەند ساڵ لەمەوبەریش ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی لە لاپەڕەکانی کۆتاییان گاڵتەیان بە بەرهەمی لاوان دەکرد و هەوڵیان دەدا تێکیان بشکێنن. ئەمڕۆ ئەو کەلتوورە بە شێوەی تر درێژەی هەیە.
لێره‌دا خاڵێکی گرنگتر له‌وانه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت ئاماژه‌ی پێ بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، کاتێ له‌ ته‌مه‌نێکی زوودا ده‌ست به‌ نووسین ده‌که‌ین، ورده‌ورده‌ خۆمان له‌ بوارێکدا ده‌بینینه‌وه‌، که‌ بتوانین خۆمانی بۆ ته‌رخان بکه‌ین و تێیدا قووڵ ببینه‌وه‌، بێ ئەوەی لە بوارەکانی تریش دوور بکەوینەوە، بەوەی هەموویان پێوەندییان پێکەوە هەیە. به‌شی زۆری نووسه‌ری ئێمه‌ چونکه‌ به‌ گه‌وره‌یی ده‌ستیان پێ کردووه‌، بواری خۆیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ هه‌موو بوارێکدا کار ده‌که‌ن، ئه‌مڕۆ ڕۆماننووسه‌، سبه‌ی شاعیر و دووسبه‌ی چیرۆکنووس و دواتریش ڕه‌خنه‌گر، بێ ئه‌وه‌ی له‌ هیچیاندا قووڵ بووبێته‌وه‌، به‌ڵکوو به‌ شێوه‌ی کیریۆسیتی (فزوڵی) هه‌ندێک زانیاری په‌یدا ده‌کات و به‌ ساده‌یی به‌ کاریان ده‌هێنێت. لەو کەلتوورانەی لە ئێمە زیاتر هەنگاویان ناوە، خوێندنی گشتی ئاستێکی بەرزتری لەوەی ئێمەی هەیە.
هەر قوتابییەک تا دەگاتە کڵاسی هەشت و نۆ دەیان کتێبی گرنگ لە بواری جۆراوجۆردا دەخوێنێتەوە و کۆمەڵێک باسیش دەنووسێت، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە تەنانەت لە بوارەکەی خۆیشیاندا دوو کتێبی گرنگیان نەدیوە، بۆیە کاتێ لە گوتار و گفتوگۆکانیاندا دێنە دەنگ، بە زمانی خەڵک کۆمەڵێک ڕستەی سادە دەردەبڕن، کە هەندێجار دەتخەنە پێکەنین. واتە تا ئێستا قوتابخانە هیچ ڕۆڵێکی لەوەدا نەدیوە قوتابی بخوێنێتەوە و هەوڵی نووسین بدات. دواجار پێم وایە ئەدەبی مێردمنداڵ دەکرێت هەم خۆیان بینووسن و هەم نووسەری بەتەمەنیش.

دەتەوێت لەبارەی ڕۆمانی (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش)ەوە چی بڵێیت. کە نموونەیەکی ئەدەبی لاوانە؟

کاروان کاکەسوور: کاتێ تەمەنم گەیشتە شانزدە، دروستتر کاتێ گەیشتمە قۆناغی ئامادەیی، هەستم کرد منداڵیمم تەواو لە دەست داوە و وا خەریکە قۆناغی هەرزەکارییشم بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر دەچێت، بۆیە ڕەشبینییەکی کوشندە گەمارۆی دام. بیری هەموو شتێکی منداڵیمم دەکرد. بە مانایەکی دیکە وام دەزانی منداڵێکم و ون بووم، بگرە خۆمم لە دەوروبەرێکدا دۆزیوەتەوە، کەسی تێدا ناناسم، تەنانەت ناتوانم لەگەڵیاندا بدوێم، بەوەی نە لێم تێ دەگەن و نە لێیان تێ دەگەم. لە خۆمم دەپرسی ئایا ڕابردووم بە جێ ماوە، یان پێشم کەوتووە؟ نەمدەزانی ئاخۆ دەبێت بۆ ئەو ڕابردووە بگەڕێمەوە، یان بەرەو پێشەوە ڕا بکەم، تا پێی بگەمەوە، یان هەوڵ بدەم لە بیر خۆمی ببەمەوە؟ ئەگەر پێی گەیشتمەوە، پێویستە بیکوژم، یا لەگەڵ خۆمی بهێنم، یان بیکەمە جلێکی ئاودامان و تا ماوم بیپۆشم؟ ڕاستییەکەی سەرم لەو هەستە سەیرە دەرنەدەچوو، بۆیە پەنام ناوەوەم دەبرد. وام دەزانی لە دەرەوە شتێک نەماوە دڵنەواییی خۆمی پێ بدەمەوە. دەتوانم بڵێم ئەدەبی بایۆگرافیا بە شێوەیەکی خۆڕسکانە لای من سەری هەڵدا، بەوەی نەدەکرا ئەو هەستەم لە ڕێگەی نووسینەوە دەرنەبڕم. بەر لەوەی یەک دێڕی (شۆپێنهاوێر)، (نیتشە)، (هایدیگەر)، (کامیۆ) و ئەوانەی ترم خوێندبێتەوە، چەمکی ئازار ڕووبەڕووم بووەوە.
من لێرەدا هەمیشە دوو جۆر نووسەرم لە یەکتر جودا کردوونەتەوە، کە یەکەمیان، ئەوەی ئازاری خۆی دەنووسێتەوە و دووەمیان، بە شێوەی کیریۆسیتی لەبارەی ئازاری ئەوانەی ترەوە دەدوێت. یەکەمیان تەعبیر لە وجودی خۆی و دووەمیان تەعبیر لە شت دەکات، بۆیە ئەوەی دووەمیان شتێکی ڕووکەشە و ئاستی زمانی ڕۆژانە تێ ناپەڕێنێت، بەڵام یەکەمیان قووڵە. بۆچی قووڵە؟ چونکە تاکە. ئەوەی ئێمە لە کۆمەڵ جودا دەکاتەوە و بۆ (تاک)مان دەگۆڕێت، ئازارە، بۆیە تاک مێژووی هەیە، کە ئەو مێژووەی لەناو ئازار دامەزراندووە. هەر ئەویشە خاوەنی ئەزموونە. بێگومان ئازار شێوازیش دەدۆزێتەوە. ئەو نووسەرەی بە شێوەی کیریۆسیتی ئازاری ئەوانەی تر هەست پێ دەکات و دەینووسێتەوە، نابێتە خاوەنی شێوازی خۆی، بەڵکوو هەر جارێ شێوازێک قەرز دەکات. لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم بە بیری هێنامەوە، کە لە پۆلی پێنجەمی ئامادەییدا گوتەی (ئازار مرۆڤ فێر دەکات)ی (ئیسکیلیۆس)ی شانۆنووسی یۆنانیم، لەسەر بەرگی یەکێک لە کتێبەکانمدا نووسیبوو، کە بە لووتکەی ترجیدیا ناسراوە.
لە سەدەی نۆزدەمەوە چ فەلسەفە و چ سایکۆلۆجیایش ئەوەی بایەخیان پێ داوە، ئازار بووە، نەوەک ئاسوودەیی، کە هەر لێرەدا ئاڕاستەی ئێکسێستێنشالیزم چاو هەڵدەهێنێت، تەنانەت (ئەدۆرنۆ) دەگاتە ئەوەی بڵێت: (با بهێڵین ئازار بدوێت). پێشتر (نیتشە) هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردووە قووڵاییی ئازار دەرببڕێت، بە تایبەتی لە کتێبی (جینالۆجیای مۆڕاڵ)دا. لەو سەردەمەدا کۆمەڵێک نووسەرم ناسین، کە (دۆستۆیەڤسکی) و (کافکا)م لە هەموویان جودا کردەوە. دواتر بە دنیای (جۆیس)، (بیکیت) و کۆمەڵێکی تر ئاشان بووم. بۆم دەرکەوت نووسەرە داهێنەرەکان ئەوانەن ڕێگەیان داوە ئازار لە جیاتیی خۆیان بدوێت.
وەک گوتم نەمدەزانی منداڵیم لە ڕابردوو جێ ماوە، یان پێشم کەوتووە و جێی هێشتم، کە ئەمە ڕووبەڕووی پرسیاری (کات چییە)ی کردمەوە و پاڵی پێوە نام ئەو چەمکە تەنیا لەناو فیزیادا نەبینم، بەڵکوو لە فەلسەفەیشدا بە دوایدا بگەڕێم. پێم وایە هەر خوێنەرێک بەرهەمەکانم بخوێنێتەوە، ئەو دوو خاڵە بە زەقی هەست پێ دەکات. واتە دەربڕینی قووڵاییی ئازار و تێکشکاندنی زەمەن. ئەگەر بە تایبەت باس لە ڕۆمانی (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش) بکەم، دەڵێم وەک سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەم لەناو ئەو ئازارەدا چاوی هەڵهێنا و ئەو تێگەیشتنەی بۆ کاتم هەبووە، تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. ڕاستییەکەی وەک لە پێشەکییەکەیدا نووسیومە سەرەتا چیرۆکێکی تەواونەکراو بوو، بەڵام دواتر پێیدا چوومەوە و بۆ ڕۆمان گۆڕا. زۆرینەی کارەکتەرەکان منداڵ ومێردمنداڵن، بەڵام مانای ئەوە نییە بە لای گەورەییشدا نەچووە. هێندە هەیە گەورەکان بە ژیانی منداڵ و مێردمنداڵەکانەوە خەریک کراون. بە مانایەکی دی، پێچەوانەی زۆرینەی ئەدەبی کوردی، کە منداڵ و مێردمنداڵ لە پەراوێزی دنیای گەورەدا دەردەکەون، لێرەدا ئەو پەراوێزە هەڵگیراوە. هەندێک پێیان وایە زمان و تەکنیکی ڕۆمانەکە هیی گەورانن، کە من لەگەڵیاندا هاوڕام، بەڵام دەڵێم ئەمە بایەخە بە دنیای منداڵ و مێردمنداڵ. ئەگەر لەسەر بەرگی نووسراوە (ڕۆمانی لاوان)، مانای وا نییە بۆ تەمەنێکی دیاریکراو نووسراوە.

سەرنج:
کاتێ لە گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاو کراوەتەوە، بە هەڵە وشەی (تێکستواڵیتی) نووسراوە، کە ڕاستییەکەی (ئینتەرتێکستواڵیتی)یە و لە بەرهەمەکانی پێشووشمدا هەر ئەوەیان نووسراوە. (کاروان)

د. هاوژین سڵیوە

د. هاوژین سڵیوە



سەرچاوەکانی خوێندنەوەی ڕۆماننووس.. کاروان عومەر کاکەسوور

ئەگەر بۆ ساتێ ئەو تێگەیشتنە باوە لە بەرچاو بگرین، کە ڕۆمان بۆ کارەکتەر، زمان، ڕووداو، کات و شوێن دابەش دەکات، ئەوە هێشتا بوار بۆ ئەوە دەمێنێتەوە بڵێین هەر یەکێ لەو چەمکانە ڕایەڵیان لەناو بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا، ئابووریناسی، کەلتوور و هیی دیکەدا هەیە. ئایا ڕۆماننووس پێویستی بەوە دەبێت بۆ نووسینی هەر ڕۆمانێکی، لەو بوارانەدا قووڵ ببێتەوە؟ دیارە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی لەم شێوەیە ئاسان نییە. سەرەتا پێویستە پرسیارەکە بە ئاقارێکی دیکەدا ببەین و ئاوای لێ بکەین: مەبەستمان لە کام ڕۆماننووسەیە و چ ڕۆمانێک ئەوە بەسەر نووسەرەکەیدا دەسەپێنێت ئەو بوارانە بخوێنێتەوە؟
لێرەدا لانی کەم دوو جۆر ڕۆمان هەن: یەکەم، ئەو ڕۆمانەی بۆ جەماوەر دەنووسرێت. واتە تێگەیشتنی ڕۆماننووس هەمان تێگەیشتنی جەماوەرە و زمانی دەربڕینیشی هەر لەو ئاستەدایە، بەوەی پێوەندییەکی دایەلێکتیکی لەنێوان فیکر و زماندا هەیە. هەتا ئەو وێنانەی ڕۆماننووس مەبەستیەتی لە خەیاڵی خۆیدا پێکیان بهێنێت و بیانگەیەنێت، قووڵتر بن، زمانەکەیشی هەر بە سروشتی خۆی قوڵتر دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەیشەوە وێنەی سادە، ئەو وێنەیەی هەم لای ڕۆماننووس و هەم لای جەماوەر ناسراوە و نوێ نییە، زمانی سادە دەخوازێت. لێرەدا ڕۆماننووس و جەماوەر هاوبیر و هاوئاستی یەکترن. هێندە هەیە یەکەمیان دەنووسێت، بەڵام دووەمیان دەخوێنێتەوە و نانووسێت، ئەگەرچی دەتوانێت وەک ڕۆماننووسەکە بنووسێت. لەم جۆرە ڕۆمانەدا تەکنیکەکان سادەن و شێوازی گێڕانەوە زنجیرەیییە. ڕۆماننووس پەیامی دیاریکراو و ناسراوی هەیە، کە بە ئاسانی دەگاتە خوێنەر. ئەم جۆرە ڕۆماننووسە پێویستی بە خوێندنەوەی ئەو بوارانە نییە، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، چونکە ئەو زانیارییانەی لە ڕێی هەستەکانەوە بە دەستی هێناون، بەشی دروستکردنی ئەو وێنانە دەکەن و لە ئاستی جەماوەریشدا کێشەی گەیاندنی نییە، بگرە هەندێجار بەرهەمەکانی لە بازاڕدا ڕەواجی زۆریان هەیە. ڕەخنەگریش، (هەمیشە مەبەستم ڕەخنەگری میلـلییە)، بایەخی زۆری پێ دەدات، بەوەی خودی ڕەخنەگر لە هەمان ئاستی تێگەیشتنی ڕۆماننووسەکەدایە.
جۆری دووەمی ڕۆماننووس بۆ خوێنەرێکی گریمانی دەنووسێت، ئەو خوێنەرەیش هیی ناوەوەی خۆیەتی، بگرە هەر خۆیەتی، بەو مانایەی ڕۆماننووس بەو ئەندازەیەی نووسەرە، خوێنەریشە. لای ئەو ڕۆماننووسە خوێندنەوە و نووسین یەک پرۆسێسن و جودا ناکرێنەوە. هەر خوێندنەوەیەکی نوێ ئاستێکی دیکەی نووسین بەرهەم دەهێنێت و هەر ئاستێکی نوێی نووسینیش ئەوە بەسەر ڕۆماننووسدا دەسەپێنێت، سنووری تێگەیشتنی فرەوانتر بکات. ئەمە تەنیا لە ڕێگەی ئەو بوارانەوە دەکرێت، کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا. لێرەدا مەبەست دایەڵۆگە لەگەڵ فیکری ئەوانەی تردا، نەوەک گواستنەوەیان، کە هەر پرۆسێسی نووسینی ڕۆمان خۆی دایەڵۆگییە.
پێویستە بڵێین سنووری کۆنکرێتبەند لەنێوان ئەو دوو جۆرەدا نییە، بۆیە لێرەدا دەبێت دوو خاڵ لە بەر چاو بگرین: یەکەم، لەنێوان هەردوو جۆرەکەدا چەند ئاستی جیاواز هەن. دووەم، دەشێ ڕۆماننووس سەرەتا لە ئاستی جەماوەر بنووسێت و دواتر ئەزموون پەیدا بکات، تا دەبێتە خاوەنی دەنگی خۆی و کەناڵێکی جیاواز. ئەوەی لێرەدا گرنگە، خوێندنەوەیە، کە خوێندنەوە تەنیا تیپ، یاخود وشە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ڕوانینێکی جیاواز چ بۆ خود و چ بۆ دەرەوە، خوێندنەوەیە، بەڵام وشە هێزێکی گەورە و کاریگەری لە دروستکردنی دایەڵۆگدا هەیە، کە ئەو دایەڵۆگە جارێک لەنێوان خود و خوددایە و جارێک لەنێوان خود و بابەتدا. سروشتی دایەڵۆگ وایە هەستی تینووێتیی زانین دەورووژێنێت، کە هەر ئەو تینووێتییەیشە درێژە بەو پرۆسێسە دەدات و ناهێڵێت لە خاڵێکدا بوەستێت، بۆیە ڕۆماننووسی داهێنەر خوێنەرێکی چالاکی سەرجەم بوارەکانە و خاوەنی هەستێکی دایەڵۆگییانەیشە.

ڕۆمانی ئەمڕۆ بە پلەی یەکەم بایەخ بە خود دەدات و کەمتر بە لای دەرەوەدا دەچێت. واتە بواری ئۆنتۆلۆجی، نەوەک بواری ئەپستیمۆلۆجی دەکاتە شوێنی بایەخ، کە یەکەمیان بواری مێتافیزیکایە و تێیدا (بوون) دەبێتە پرسیار. ڕیشەی بۆ فەلسەفەی یۆنانی دەگەڕێتەوە، بەڵام بە درێژاییی مێژووی فەلسەفە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تا لای (هۆسێرڵ)، (هایدیگەر)، (دێریدا) و ئەوانەی تر مانای دیکەی بە خۆیەوە گرتووە، لە کاتێکدا بواری دووەمیان ئاڕاستەیە بۆ پرسیاری زانین (مەعریفە)، کە بریتییە لە زانین چییە؟ چۆن بە دەستی دەهێنین؟ سەرچاوەکانی چین؟ و هیی دیکەی لەم بابەتە. ڕۆمان لەو ڕێگەیەوە دنیای تایبەتی خۆی لەناو دنیای گشتیدا پێک دەهێنێت.
ئەو دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەی ڕۆماننووس ڕێی نادەن بە چارەسەری دەرەوە ڕازی ببێت، بەڵکوو لە دنیای خۆیدا بە دوای مانای جیاوازی شتەکاندا دەگەڕێت. دڵەڕاوکێ و نیگەرانی وا دەکەن خودی ڕۆماننووس لەسەر یەک مانا و یەک چارەسەردا نەوەستێت، بەڵکوو لەم ماناوە بۆ ئەو مانا، لەو چارەسەرەوە بۆ ئەو چارەسەر باز هەڵبدات، کە ئەو ناجێگیری (Instability)یە ئاسمان (Space)ی ڕۆمان فرەوانتر دەکات، بەوەی دنیای ناوەوە لاساییکردنەوەی دنیای دەرەوە نییە وەک ئەوەی (ئەریستۆ) بانگەشەی بۆ کردووە، بەڵکوو دروستکردنی فۆرمێکی دیکەیە، وەک ڕەخنەدۆزی کەنەدی (لیندا هۆتچیۆن) لە هەردوو کتێبی (شیعریەتی پۆستمۆدێرنیزم: A Poetics of Postmodernism) و (سیاسەتی پۆستمۆدێرنیزم: The Politics of Postmodernism)دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە پۆستمۆدێرنیزم ڕووبەڕووی ئەو حەقیقەتانە دەبێتەوە، کە ئایدیۆلۆجیا چوارچێوەی بۆ کێشاون، بۆیە گریمانەکانی وێناندن (Representation) دەداتە دواوە، کە لێرەدا و بەپێی ئەو ڕوانینە ڕۆمان لاساییی دنیای دەرەوە ناکاتەوە، ئەو دنیایەی وەک حەقیقەت خۆی ناساندووە، چونکە لە لایەک وێناندن واقیعێکی شێواو دەگوازێتەوە و لە لایەکی دیکەیش لە پشت هەر وێناندنێکی واقیعی دەرەوەدا دەستەڵات ئامادەیە، بۆیە ناکرێت شتەکانی دەرەوە و نیشانەکانی ناوەوە هاوواتا و یەکسان بن، بەڵکوو پێویستە ئەو پێوەندییە تێک بشکێنرێت، تا مانای نوێ و جیاواز بەرهەم بێن، بۆیە زمانەکەی پشت بە مێتافۆر دەبەستێت و بە سروشتی خۆی لەوە دەردەچێت ڕاستەوخۆ خۆی دەرببڕێت، پێچەوانەی ڕۆمانی باو، کە پێشتر چارەسەری ئامادە کردووە، بەوەی خاڵی کۆتاییی هەیە و لەوێوە پەیام دەگەیەنێت. خۆیشی پێشتر پەیامەکەی پێ گەیشتووە و ئێستا ئەرکی گەیاندنی لە ئەستۆ دەگرێت، کە لەو ڕێگەیەوە زیاتر ڕەوایەتیی بە حەقیقەت دەدات، بەوەی پەیامەکە هەڕەمییە و بەردەوام لە سەرەوە بۆ خوارەوە دادەبەزێت، کە بێگومان پەیامی دەستەڵاتە بە سەرجەم فۆرمەکانیەوە. (هۆتچیۆن) جەخت لەسەر چەمکی (Historiographic Metafiction) دەکاتەوە، کە بە مانای (ئەودیوگێڕانەوەی مێژوو) دێت، بریتییە لە چاوگێڕانەوە بە ڕابردوو و بینینی بە شێوەی جیاواز، بەوەی ناکرێت وا لە ڕووداوەکان بڕوانین، حەقیقەتن، بەڵکوو دەبێت بزانین ڕەوتی مێژوو لە سروشتی خۆی دادەماڵرێت و دیوێکی تری پێشان دەدرێت. بەم شێوەیە ڕۆماننووسی فرەدەنگ ئەو حەقیەتانە تێک دەشکێنێت و حەقیقەتی شیعریی خۆی دادەمەزرێنێت.

هەر بە گشتی ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرنیزم پێ لەسەر هۆشیاریی خودیی ڕۆماننووس دادەگرن، نەوەک ئەو هۆشیارییەی لە واقیعدا هەیە، بەوەی ئەو هۆشیارییەی واقیع هیی ئاڕاستەیەکی دیاریکراوە، نەوەک هیی سەرجەم واقیع، بەڵام هۆشیاریی خود شتێکی دیکەی جیاوازە، بێ ئەوەی تەواو لێی دابڕاو بێت، بەڵکوو تەنیا فرەوانتر و بەرزترە، کە وەک (هایدیگەر) لە کتێبی (سەرچاوەکانی کاری هونەری)دا پێی لەسەر دادەگرێت، شتەکان لە هونەردا زیاتر لە هیی واقیع ڕاستین، بەوەی هونەر حەقیقەتی شت دروست دەکات و شتبوون (Thinghood)ی شت دەردەخات. یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنیزم سڕینەوەی سنووری نێوان خەیاڵ و واقیعە، کە لێرەدا ڕەخنەدۆزانی وەک (ژان بۆدریار: Jean Baudrillard)، (مێشێل فۆکۆ)، (لیندا هۆتچیۆن) و هیی دیکە چەمکی (ئەودیوی گێڕانەوە)، یان (مێتاگێڕانەوە: Métafiction)یان داهێناوە، بەوەی خەیاڵ سنووری نییە و دەکرێت هەر لەوێدا ئاستی دیکە، یان چین (Layer)ی دیکە دەربکەون. بە مانایەکی تر، تێکشکاندنی دواڵیزمی واقیع/خەیاڵ، کە خەیاڵ دژی واقیع نییە، بەڵکوو ڕووبەرێکی تری جیاوازە و لەناو ئەو ڕووبەرەدا کارەکتەرەکان ئازادن لە گێڕانەوە و چۆنیەتیی گێڕانەوەی چیرۆکی خۆیان، کە ماناکان لە ڕەها (Certainty)وە بۆ ناڕەها (Uncertainty) دەگۆڕێن، ئاڕاستەکان دێنە کایەوە و دەنگەکان دەکرێنەوە. مێتاگێڕانەوە دەستی ڕۆماننووس ئاوەڵا دەکات ناوەناوە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، تەکنیکی جۆراوجۆر بە کار بهێنێت، کارەکتەر و ڕووداوە مێژوویییەکان بهێنێتە ئاستی ئەمڕۆ و تێکەڵی دنیای نوێیان بکات. کاتێ ڕۆماننووس پابەندی ئەو قاڵب و کڵێشانەی دەرەوە نییە، زیاتر پشت بە دنیای ناوەوەی خۆی دەبەستێت و پتر نهێنییەکانی ئاشکرا دەکات، کە هاوکات ئەو ئازادییە بۆ خوێنەریش دەپەڕێتەوە، بۆیە هەم ئازادانە دەیخوێنێتەوە و هەم بواری ئەوەیشی بۆ دەڕەخسێت بچێتە ناو کونوکەلەبەری تێکستەکەوە.
هەروەها (کۆلاج) تەکنیكێکی دیکەی ئەم شێوازی فرەدەنگییەیە، کە بریتییە لە لکاندنی کۆمەڵێک وێنەی جۆراوجۆر پێکەوە. یەکێکی دیکە لەو خەسڵەتانەی ڕۆمانی نوێ، یان ڕۆمانی پۆلیفۆنییان پێ دەناسرێنەوە، دەقئاوێزان، یاخود تێکستواڵیتیە، کە چەمکەکە لای (باختین) دەردەکەوێت و لای (جۆلیا کریستیڤا) پتر بایەخی پێ دەدرێت، بگرە ڕەخنەدۆزانی وەک (بارت)، (جیرار جینێت)، (تۆدۆرۆڤ)، (ڕیفاتێر) و زۆری دیکە خۆیانی پێوە خەریک دەکەن. چەمکێکی دایەڵۆگییە و ئەو دایەڵۆگەیش هیی نێوان چەمکەکانە. هەر کارەکتەرێک خاوەنی دەنگی خۆیەتی، کە جیاوازە لە دەنگی ڕۆماننووس. بوونی دەنگی جیاواز واتە بوونی هۆشیاریی جیاواز، کە (باختین) پێی وایە لە ڕۆمانەکانی (دۆستۆیەڤسکی)دا هۆشیاریی جۆراوجۆر هەن. لەو شێوازەی ڕۆماندا دەستەڵاتی گێڕەوەری هەمووشتزان تێک دەشکێنرێت، کە دەنگی کارەکتەرەکانی سەرکوت کردووە، تا ئازادیی دەربڕین و جووڵەیان هەبێت. بایەخی (باختین) بۆ فرەدەنگی بایەخە بە خودی زمان، کە پێی وایە زمان ئەو ڕوانگەیەیە، لێیەوە دەڕوانینە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە و هەر ئەویشە دەتوانێت ململانێی کۆمەڵایەتی دەرببڕێت.

لێرەدا چه‌مکی شوێنکات (کۆرۆنۆتوپ Coronotup ) به ‌کار ده‌هێنێت، که‌ له‌ناویدا شته‌کان له‌سه‌ر ئاستی ڕه‌گه‌ز، جۆر، شێوه‌، قه‌باره و زۆری دیکه‌‌دا پێکه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌. واته‌ ئایدیۆلۆجیاکان، نیشانه‌کان، شێوازه‌کانی ژیان و زۆری دیکه‌ لە ئاسمانی تێکستدا دەردەکەون. (باختین) پێی وایه‌ فره‌ده‌نگی له‌ناو تێکستی گێڕانه‌وه‌دا وه‌کو بوونی کۆمه‌ڵێک ئاوێنه‌ وایه‌، که‌ له‌ به‌رانبه‌ر یه‌کتر دانرابن، به‌وه‌ی‌ هه‌ر یه‌که‌یان لایه‌کی بچووکی ئه‌م دنیایه‌ ده‌رده‌خات. ئەمە بە چه‌مکی کەرنەڤاڵ (Carnival)ـەوە پێوەست دەکات، به‌وه‌ی ڕۆمان ڕووبه‌رێکه‌ بۆ دایەڵۆگی جۆراوجۆر، که‌ سه‌رچاوه‌کانیان جیاوازن له‌ یه‌کتره‌وه، چونکه‌ کەرنەڤاڵ‌ هه‌ڵگری به‌های دوولایه‌نه‌یه‌ و له‌ ڕووسیای سه‌رده‌می تزاردا جۆرێک بووه‌ له‌ پڕۆتێستی خه‌ڵک به‌رانبه‌ر ده‌ستەڵات. له‌ کەرنەڤاڵدا گوتاری دەستەڵات له‌ ڕێگەی گێڕانه‌وه‌وه‌ به‌ر واقیع ده‌که‌وێت و بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌کی دیکه‌ دابه‌ش ده‌بێت.‌ له‌ کەرنەڤاڵدا پله‌وپایه‌ی کۆمەڵایه‌تی تێک ده‌شکێت و هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌رده‌که‌ون، که له‌لایه‌ن‌ تاکه‌ده‌نگه‌وه‌ سه‌رکوت کرابوون. ئینجا دایەڵۆگ هه‌موویان پێکه‌وه‌ گرێ ده‌داته‌وه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ هه‌ر ده‌نگێک چ وه‌کوو بۆچوون و چ وه‌کوو زمان سه‌ربه‌خۆییی خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌ ژێرده‌سته‌یی ڕزگاری ده‌بێت. وەک (کریستیڤا) پێی وایە لە ئاسمانی هەر تێکستێکدا دەنگی جۆراوجۆر هەن، کە لە تێکستی تر بڕاون، بەو مانایەی تێکستەکان کار لە یەک دەکەن و پێوەندییان پێکەوە هەیە، بگرە هەندێکیان هاوئاستی یەکن، بەوەی خەسڵەتی بونیاد و ئەرکی مانا (The Function of Connotation)یان لە یەکەوە نزیکن. چەمکی لەتلەتی، یان فراگمێنتەیشن (Fragmentation)یش هەر دەچێتە ناو بازنەی فرەدەنگییەوە، کە ڕۆماننووس هەر جارێ پارچەیەکی وێنەکان دەردەخات، بەو مانایەی هیچ وێنەیەک لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا جێگیر نییە، بەڵکوو لە کات و شوێنی تردا درێژبوونەوەیان هەیە، بەڵام هەموویان لە بونیادی ڕۆماندا ڕێک دەخرێنەوە، بەو مانایەی پێوەندیی هاوبەشیان پێکەوە هەیە. وێنەکان بە هۆی پارچەپارچەبوونیانەوە مانای تر لە خۆیان دەگرن، بەوەی پێوەندیی بە کۆمەڵێک وێنەی ترەوە دەکەن. لێرەدا چەمکی فرەڕەگی (Hybridization) سەر هەڵدەدات، کە بەوەدا ئەو وێنانە بەر یەک دەکەون و کار لە یەک دەکەن، بەردەوام ناسنامەی خۆیان دادەڕێژنەوە. بە مانایەکی دیکە، فرەڕەگی پێکدادانی دەنگی کەلتوورەکانە لە شێوەی دایەڵۆگدا. واتە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک نیشانەی وەک جلوبەرگ، زمانی ئاخاوتن، خانووبەرە، خواردەمەنی و هیی دیکە لە بونیادی تێکستی ڕۆماندا.

ڕۆمانی فرەدەنگ دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو زمانە مێتافۆری و تەکنیکانەوە باز بەسەر حەقیقەتی ئێستادا هەڵبدات و دەیان حەقیقەتی دیکە بدۆزێتەوە، بێ ئەوەی دەست بە هیچیانەوە بگرێت، یان حەقیقەتی یەکێکیان بەسەر هیی ئەوەی تریاندا زاڵ بکات. لەو ڕێگەیەوە پرۆسێسی دایەڵۆگ بەردەوامی وەردەگرێت و ناگاتە خاڵی کۆتایی، کە پێویستە هەمیشە بەردەمی دایەڵۆگ کراوە بێت، تا ئەوەی بە دەستی دەهێنێت، بیخاتە ئاسمانی تێکستەوە. بە مانایەکی دیکە، کاتێ پرۆسێسی دایەڵۆگ بۆ نەزانراو ئاڕاستەیە و مەبەستی دیاریکراو و پێشوەختەی نییە، بیرۆکەی نوێ و وێنەی نوێ لە دایک دەبن. هەر لێرەدا یاسای (کات، شوێن، ڕووداو) تێک دەشكێت. واتە لە ڕاستەهێڵی کات (linear time)ـەوە بۆ ناڕاستەهێڵی کات (Non-linear time) دەگۆڕێت، کە ڕووداوەکان بە شێوەی کاتی دەرەکی، یان کاتی ماتماتیکی ناچنە پێشەوە، بەڵکوو بە شێوەی ئۆتۆماتیکی و لەخۆڕایی (Indiscriminate) بە هەموو لایەکدا دەجووڵێن. ئەمە گواستنەوەیە لە یادەوەرییەوە بۆ (دژەیادەوەری: Counter – Memory)، کە ئەمەیان بە دەربڕینی (فۆکۆ) هیی ئەو چین و توێژانەیە، پەراوێز خراون و سەر بە دەستەی حوکـمڕان نین. ئەوەی ئەوانە دەیگێڕنەوە، جیاوازە لە گێڕانەوەی فۆرماڵ. ڕۆمانی فرەدەنگ دەنگی ئەوانە دەکاتەوە، کە لەو ڕێگەیەوە سیمای جیاواز بە ئاسمانی تێکست دەدات، بەوەی نیشانەکانی ئەوانە، کە بە هۆی سێنترالیزمەوە شاردراونەتەوە، لێرەدا دەردەکەونەوە و جۆرێک جوانکاری دەبەخشن.

لەم پەنجا شەست ساڵەی ڕابردوودا ڕەخنەدۆزان هەوڵیان داوە سنووری نێوان ژانر و بوارەکان بسڕنەوە، کە ئەمە وای کردووە ئەو وێنانەی ڕۆماننووس دەیانگەیەنێت، لە کۆمەڵێک شتی جیاواز پێک بێن. بە مانایەکی دیکە، کاتێ بەردەمی پرۆسێسی دایەڵۆگ کراوەیە، ئەوە ئازادانە پەل بۆ ناو سەرجەم بوارەکان دەهاوێت و دەتوانێت وێنەکان لە ڕەگەزی جۆراوجۆر دروست بکات. کاتێکیش کارەکتەر بۆ هیی سەرەکی و هیی لاوەکی دابەش نابێت، ئەوە ڕۆماننووس بایەخی گەورە بە هەر کارەکتەرێک دەدات، کە پڕۆسێسی لەخۆڕایییانە (Indiscriminately)ی گێڕانەوە پێویستی کردووە بێنە ئاسمانی تێکستەوە. هەتا ئەگەر ئەو کارەکتەرە تەنیا یەک جاریش دەربکەوێت، مافی کەمتر نییە لەو کارەکتەرەی دەیان جار دەرکەوتووە، چونکە ئەو بایەخە وا دەکات سێنترالیتیی کارەکتەری سەرەکی دروست نەبێت و مانای ئەوانەی تر نەشارێتەوە. هەر لێرەدا بایەخدان بە مەل و ئاژەڵ دەبێتە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنیزم، کە ئەمە پاڵ بە ڕۆماننووسەوە دەنێت بچێتە ناو دنیای سروشت و زانیارییەکانی فرەوان بکات، کە ئەوانە لە ئاسمانی ڕۆماندا دەردەکەون و فرەڕەنگی پێک دەهێنن.

ڕۆمانی فرەدەنگ، فرەمانا و فرەئاڕاستە بە سروشتی خۆی دەبێتە ئەو ئاسمانەی بواری جیاواز لە خۆی دەگرێت، بگرە لەوێدا هەموویان تێکەڵی یەکتر دەبن، بۆیە خوێندنەوەی ڕۆماننووس لە بوارێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو سەرجەم بوارەکان دەگرێتەوە، کە ئەو هەستی تینووێتییەی پاڵی پێوە دەنێت پتر بخوێنێتەوە و بەردەوام دیدگەی فرەوان بکات. کەواتە هەتا نووسەر زیاتر لە هەوڵی قووڵکردنەوە و ڕەنگاوڕەنگکردنی وێنەکانی بێت، پتر خوێندنەوە خۆی دەسپێنێت و زیاتریش دەچێتە ناو بوارە جۆراوجۆرەکانەوە، بەوەی هەر لەو پرۆسێسەدا سنووری کۆنکرێتبەندیی نێوان ژانر و بوارەکان تێک دەشکێت. (دولووز) و (گاتەری) لە کتێبی (فەلسەفە چییە؟)دا دەنووسن: چەمکەکان لەسەر هەمان ئاستدا پێوەندییان پێکەوە هەیە. لێرەدا چەمکەکان بە یەک دەگەن، کۆمەکی یەکتر دەکەن، سیمای یەکتر ڕێک دەخەن، دەچنەوە سەر هەمان فەلسەفە (belong to the same philosophy)، هەتا ئەگەر مێژوویشیان جیاواز بێت. واتە بەپێی تێگەیشتنی ئەوان دەشێ چەمکێکی فەلسەفی و یەکێکی سایکۆلۆجی، یان چەمکێکی ئەدەبی و یەکێکی سۆسیۆلۆجی بە شێوەیەک لە شێوەکان بە یەک بگەنەوە، با لە کاتی جیاوازیشدا دەرکەوتبێتن، کە بۆ تێگەیشتنیان پێویستمان بەوە دەبێت لە هەموو کایەکاندا بۆیان بگەڕێین و لێیان بکۆڵینەوە. وەک گوترا خوێندنەوە لە بواری جۆراوجۆردا وێنەی ڕەنگاوڕەنگ بەرهەم دەهێنێت، کە جیاوازە لەو وێنەیەی ڕۆماننووس تەنیا لە یەک سەرچاوەوە وەریدەگرێت. ئەو وێنەیەی لە یەک سەرچاوەوە وەردەگیرێت، وێنەیەکی ناسراوە و لە کۆخەیاڵ (Collective Imagination)ی جەماوەردا بە زەقی ئامادەیە. بووەتە حەقیقەتی چەسپاو و ئەرکی ڕۆماننووسی باو تەنیا تۆخکردنەوەیەتی. ڕۆماننووسی داهێنەر ئەو وێنەیە تێک دەشکێنێت، چونکە وێنەیەکە، دەستەڵات پاڵپشتیەتی و بێژمار وێنەی تری شاردوونەتەوە. ئەمە خاڵی جودابوونەوەی ڕۆماننووسی داهێنەرە لە ڕۆماننووسی باودا، کە هەر لێرەیشەوەیە دەبێتە خاوەنی ئەزموون و دەتوانێت بە شێوەی جیاواز باس لەو ئەزموونەی بکات، پێچەوانەی ڕۆماننووسی باو، کە تەنیا لە ئاستی میللیدا هەندێک گوتەی سادەی ئامادەکراو دەڵێتەوە. ئەزموونەکەی هاوشانی ئەزموونی جەماوەرە. خوێندنەوەی ڕۆماننووسی باو ئاسۆیییە، بەو مانایەی ئەو شتانە دەخوێنێتەوە، کە هاوئاستین، لە کاتێکدا هیی ڕۆماننووسی ئەزموونگەر شاقووڵی، بگرە فرەئاڕاستەیە. تێکست ئەو ڕووبەرەیە، کە چالاکیی خوێندنەوە و نووسینی بە جارێ تێدا دەردەکەوێت. لە گوتار و گفتوگۆکاندا ڕۆماننووسی باو ڕوونتر دەردەکەوێت، کە بە هەمان زمانی جەماوەر وەسفی ئەو چەمکانە دەکات، ڕەخنەدۆزان بەشێکی تەمەنیان بۆ لێکدانەوەیان تەرخان کردووە.

دیسان بۆ ئەو خاڵە دەگەڕێمەوە، کە تێیدا گوترا پرۆسێسی خوێندنەوە و نووسین هاوکاتن و لە یەک جودا ناکرێنەوە، بۆیە خوێندنەوەیش وەک نووسین لای ڕۆماننووسی فرەدەنگ مەبەستدار نییە، بەڵکوو دایەڵۆگییە و بەردەمی کراوەیە، بۆیە هەموو ئەو قاڵب و کڵێشانەی هەندێک ڕەخنەگری میلـلی دایاندەنێن، کە نووسەر چۆن بنووسێت و خوێنەر چۆن بخوێنێتەوە، لە بەردەم ئەو پرۆسێسەدا خۆیان ناگرن و تیۆرییەکانی ڕەخنەی وەڵامدانەوەی خوێنەر (Reader-response criticism) لەم پەنجا شەست ساڵەی ڕابردوودا شەڕیان لە دژی ئەو تێگەیشتنە ڕووکەشەدا کردووە. هەر بە گشتی فەلسەفە لە (نیتشە)وە تا (دولووز) و دواتر لە دژی ئەو قاڵب و کڵێشانە وەستاوەتەوە، کە مەبەستیانە ڕێ لە (ئارەزوو: Desire) بگرن. پرۆسێسی خوێندنەوە هەم لای نووسەر و هەم لای خوێنەر ئازادانەیە، مەبەستدار نییە و بە هەموو ئاڕاستەیەکدا دەجووڵێت، تا بەو مانایانە نەگاتەوە، کە ناسراون و پێشتر هەبوون، بەڵکوو لەو گەڕانەدا مانای نوێ و چاوەڕواننەکراو دەردەکەون، بێ ئەوەی وا لێیان بڕوانرێت کۆتاییین و چوارچێوەیان هەیە. ئەو چەمکانە لە ناوەوە پاڵ بە ڕۆماننووسەوە دەنێن لە بواری جۆراوجۆردا بۆیان بگەڕێت، کە ئەمە لە شێوازی گێڕانەوەیشدا دەردەکەوێت، بەوەی دەتوانێت زانیارییەکانی ڕەنگاوڕەنگ بکات و بۆ هەر دەنگێک سەربەخۆیی بێنێتە دی. لە ڕۆمانی باودا یەک دەنگ زاڵە، کە دەنگی نووسەرە. نووسەری ڕۆمانی باو وەک ئەوە وایە لە پشت مایکرۆفۆنەوە دانیشتبێت و بە ناوی کارەکتەرەکانیەوە بدوێت، دروستتر وەسفیان بکات.

ئایا هەموو ڕۆماننووسێک پێویستی بە خوێندنەوەی بواری جۆراوجۆرە؟ ئایا ئەوانەی لە بواری جۆراوجۆدا دەخوێننەوە، وەک ئەوانەی تر دەنووسن؟ چ جۆرە ڕۆمانێک پاڵ بە ڕۆماننووسەوە دەنێت لە بواری جۆراوجۆدا بخوێنێتەوە؟

  • ئەگەر مەبەستتە زیاتر لەبارەی ئەم چەمکانەوە بخوێنیتەوە، دەکرێت بۆ ئەم بەرهەمانەم بگەڕێیتەوە:
    _ گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام.
    _ منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە.
    _ ئەردەڵان عەبدولڵا و من لە کازینۆی منداڵاندا.
    _ لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). بۆ تەوەرەی (ڕەخنە)ی (ژنەفتن) نووسراوە.
    _ کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا. (گێڕانەوەی ئەزموونی خۆمە لەبارەی چەمکی کاتەوە، کە لەم نزیکانە گۆڤاری گێڕانەوە بڵاوی دەکاتەوە).
    _ ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا.
    _ پەیامی ڕۆمان و ڕۆمانی پەیام.

کاروان عومەر کاکەسوور




ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا.. کاروان عومەر کاکەسوور

(کۆندێرا) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان)دا دەنووسێت: (لای من دامەزرێنەری سەردەمی نوێ، تەنیا دێکارت نییە، بەڵکوو سێرڤانتسیشە). دەیەوێت بڵێت ئەوەی ڕۆماننووس لە چاوی خۆیەوە دەیبینێت، هەمان ئەو دنیایەیە، کە فیلۆسۆفیش دەیبینێت، بۆیە ئەوەی (سێرڤانتس)ی ڕۆماننووس، نووسەری (دۆنکیشۆت) لە ڕووی ئێستاتیکاوە بەرهەمی هێناوە، کەمتر نییە لەوەی (دێکارت)ی فیلۆسۆف لە ڕووی فەلسەفییەوە پێی گەیشتووە.

ڕۆمان لە دوای بڵاوبوونەوەی بە دوو ئاڕاستەدا دەڕوات: یەکەم، ئاڕاستەی جەماوەر و دووەم، ئاڕاستەی خوێنەر. پێویستە بزانین جیاوازیی نێوان جەماوەر (Audience) و خوێنەر (Reader) چییە. جەماوەر ئەو زۆرایەتییە دەگرێتەوە، کە بە ڕێکەوت و لە بۆنەکاندا دەبنە بینەری چالاکییەک. مەبەستی دیاریکراویان هەیە و ئەوانە هەڵدەبژێرن، لێیانەوە نزیکن و دەتوانن ئارەزوویان تێر بکەن. شەڕەکەڵەشێر، یاریی فوتبۆڵ، کۆنسێرت و شتی لەم بابەتە سەرنجیان ڕادەکێشن و هەستی خۆیان، کە زۆربەی کات ئەو هەستە کاتییە، لە ڕێی چەپڵە، فیکە، قیژە، قاقای پێکەنین، گریان، هەلهەلە و هیی دیکەی لەم شێوەیەوە دەردەبڕن. دڵنیایییەکی زۆر لە قەرەباڵغیدا وەردەگرن، بۆیە هەمیشە خۆیان لەو شوێنانەدا دەبیننەوە، کە تێیاندا زۆرایەتی پشتگیریی هەست و بۆچوونیان دەکەن. هەر بەو هەستەوە دێنە ناو دنیای خوێندنەوەوە، بگرە هەندێکیان دەبنە نووسەر، نووسەری ناسراویش، بەوەی هەمان ئاستی جەماوەریان هەیە. ئەو بەرهەمانە سەرنجیان ڕادەکێشن، کە ئاسانن. ئەمەیش مانای وایە لەوێیشدا ئەو زۆرایەتییە دەدۆزنەوە، بەوەی زۆرایەتی لە دەوری شتە زەقەکاندا کۆ دەبنەوە. جەماوەر لە خوێندنەوەدا بە دوای ئەو نووسراوانەدا دەگەڕێن، کە یاساکانی وەک هیی شەڕەکەڵەشێر ڕوونن. ئەوەیان لا گرنگە تێگەیشتنەکەیان هەمان تێگەیشتنی ئەوانەی تر بێت، تا دڵنیا ببن لەوەی پێوەندییان پێکەوە ماوە. نووسەرە سادەنووسەکان دەچنە دڵی جەماوەرەوە، بەوەی هەمان تێگەیشتنی ئەوانیان هەیە و گوتەکانیان گوتەی خۆیانن. مێدیای حیزبی و ناحیزبییش لێرەدا ڕۆڵی خۆیان دەبینن، چونکە خودی ئەو مێدیایانە جەماوەرین.

بەڵام خوێنەر چییە؟ خوێنەر بوونەوەرێکی تاکانەیە. تێگەیشتنێکی جیاوازی هەیە و لە ڕێی ئەو تێگەیشتنەوە دنیایەکی دیکەی سەربەخۆی دروست کردووە. لەناو ئەو دنیایەدا خاوەنی سیستەمێکی دیکەی زمانەوانییە، بۆیە نەک هەر مانا ئاشکراکانی تێپەڕاندووە، بەڵکوو بە یەک ڕێگەی لێکدانەوەی ماناکانی دنیای خۆیشی ڕازی نییە. دەستی لە بڕیاردانی پێشوەختە هەڵگرتووە و متمانەی تەواوی لەسەر تواناکانی خۆیەتی. خوێنەر ئەو چەمکەیە، کە لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی بە خۆیەوە خەریک کردووە، بەڵام ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە بە گشتی ڕێبازە فەلسەفییەکان لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە ڕێگەیان بۆ لەدایکبوونی چەمکی خوێنەر خۆش کرد. بۆ نموونە لە بیرۆکەی (مەرگی خواوەند)ی (نیتشە)وە بیرۆکەی (مەرگی نووسەر) لای (بارت) و (فۆکۆ) دێتە کایەوە، کە (بارت) لە کتێبی (مەرگی نووسەر)دا دەڵێت پێویستە لەدایکبوونی خوێنەر لەسەر حیسابی مەرگی نووسەر بێت. لە کتێبی (چێژی تێکست)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە خوێنەر ئەو بوونەوەرەیە لە جیاتیی ئەوەی ببێتە بەکاربەری تێکست، دەبێتە بەشدارێکی چالاک لە بەرهەمهێنانیدا. پێوەندییەکەی بە تێکستەوە وەک پێوەندیی دڵدارە بە دڵبەرەکەیەوە. (بارت) بەم شێوەیە خۆی وەک خوێنەر پێناسە دەکات: (من عاشقی زمانم، کەواتە عیشقی خۆم بۆ نووسراو ڕادەگەیەنم). خوێنەر لە ڕێگەی چێژەوە یاخی دەبێت و لە یاسا دەردەچێت، بەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی جیاوازە. بۆیە چێژ دەبینێت، چونکە تاکە و خاوەنی جەستەی خۆیەتی.

سەرەڕای ئەو بایەخە گەورەیەی (بارت) بە خوێنەری دەدات، کەچی هێشتا لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر (Reception theory) ئەو بایەخە کەمە، بەوەی زیاتر بۆ تێکست ئاڕاستە کراوە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕەخنەدۆزی وەک (یاوس)، (ئایزەر)، (ئیکۆ)، (ڕیفاتێر) و هیی دیکە پێوەی خەریک دەبن و لەم ڕووەوە چەند چەمکی وەک (خوێنەری ناوەکی)، (خوێنەری نموونەیی)، (خوێنەری باڵا)، (خوێنەری ڕاستی) و زۆری تر دێنە کایەوە. هەر لەم نێوەدا ناکرێت چەمکی هەڵوەشاندنەوەی (دێریدا) فەرامۆش بکەین، کە ئەو فیلۆسۆفە بە شێوازی خۆی بایەخ بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە. مەبەستم نییە بە درێژی لەبارەی ئەو تیۆرییانەوە بنووسم، کە پێشتر نووسیمە، بەڵکوو تەنیا دەمەوێت وێنەیەکی چەمکی (خوێنەر) بە دەستەوە بدەم، تا جیاوازییەکەی لە ئاست چەمکی (جەماوەر)دا دەربکەوێت.

ئایا بۆچوونی جەماوەر لە هەڵسەنگاندنی چەمکێکی وەک ڕۆماندا بایەخی هەیە؟ بەر لەوەی خۆم بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەوە خەریک بکەم، پێویستە بپرسم ئایا (جەماوەر) چەمکێکی چەسپاوە و چوارچێوەی کۆنکرێتبەندیی هەیە؟ دەکرێت بڵێم بەشێکی ئەوانەی ئەمڕۆ خوێنەرن، دوێنێ جەماوەر بوون. هەر کاتێ تاکێک دەست لە بڕیاری پێشوەخت هەڵدەگرێت و لە ڕێی پرسیاری خۆیەوە ڕووبەڕووی تێکست دەبێتەوە، بەو مەبەستەی مانای شاراوە بدۆزێتەوە و لێکی بداتەوە، ئەوە لە ئاستی جەماوەرەوە دەچێتە ئاستی خوێنەر.

ئەگەر بۆ دەربڕینەکەی (کۆندێرا) بگەڕێینەوە و لە گۆشەیەکی دیکەوە بیخوێنینەوە، ئەوەیشمان بۆ دەردەکەوێت، کە ڕۆمان وەک فەلسەفە لە گەشەکردنی بەردەوامدایە. با (نیتشە)، (فرۆید) و (بێرجسۆن) بە نموونە بهێنینەوە، کە هەرسێکیان لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا دەردەکەون و گۆڕانی گەورە لە بیرکردنەوەدا دەکەن. کاریگەریی ئەوانە هەر خێرا لە ئەدەب بە گشتی و لە ڕۆمان بە تایبەتیدا دەردەکەوێت. خاڵی هاوبەشی هەرسێکیان، ئەوەیە، دەروونی مرۆڤ هەڵدەکۆڵن و مانای دیکەی تێدا دەدۆزنەوە. مەبەستم نییە بە وردی باسیان لێوە بکەم، لە کاتێکدا پێشتر کردوومە و ئەگەر پێویستیش بکات، بۆیان دەگەڕێمەوە، بەڵکوو تەنیا ئەو کاریگەرییەیان دەردەخەم، کە لەسەر ڕۆماندا جێیان هێشتووە. چەمکی (کات) و (زمان) وەردەگرین، کە لای ئەوان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا دێت. ئەو دوو چەمکە ڕۆمانی نوێیان لەسەر دامەزراوە. بە هۆی ئەو دووانەوە گێڕانەوە دەگاتە ئاستێکی تر، کە بەرهەمەکانی (جۆیس)، (پرۆست)، (ڤێرجینا ۆلف)، (فۆکنەر) و زۆری دیکە دابڕانی گەورە لەگەڵ هیی پێش خۆیان دروست دەکەن. لەمەوە وێنەی ئەدەبی لە ئاستی دیار (Visible)ـەوە دەچێتە ئاستی نادیار (Invisible).

بە مانایەکی دیکە، ماناکان ئەوە نین بە زەقی هەن و لە خوێنەر دیارن، بەڵکوو لە ناوەوەن و تێکچڕژاون. وێنەی بێچوارچێوەن و سنووریان دیار نییە، بەڵکوو ئەوە خوێنەرە لە ڕێی خوێندنەوە و لێکدانەوەوە پێکیان دەبەستێتەوە، لە کاتێکدا ئەو پرۆسێسە تایبەتە بەو خوێنەرە، بە ڕادەیەک هەم لە هیی نووسەر جیاوازە و هەم لە هیی خوێنەرێکی دیکەیش.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو ڕۆمانەی جەماوەری ئێمە، نەوەک خوێنەرمان هەڵیدەسەنگێنن و پێی شاگەشکە دەبن، لەبەر ئەوە نییە هەمان ئاستی خۆیانی هەیە؟ ئایا من دژی ئازادیی ئەو جەماوەرەم؟ نەخێر، بەڵام قسەم هەیە، کاتێ ئەو حوکمەی جەماوەر دەگاتە لای ڕەخنەگری میلـلی و هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ، کە بایەخی فڵان ڕۆمان لەوەدا دەبیننەوە جەماوەر پەسەندی کردووە. زۆری لێ فرۆشراوە و زۆری لە بارەوە گوتراوە.

  • ئەگەر مەبەستتە زیاتر لەبارەی ئەم چەمکانەوە بخوێنیتەوە، دەکرێت بۆ ئەم بەرهەمانەم بگەڕێیتەوە:
    _ گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام.
    _ منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە.
    _ لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). بۆ تەوەرەی (ڕەخنە)ی (ژنەفتن) نووسراوە.
    _ کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا. (گێڕانەوەی ئەزموونی خۆمە لەبارەی چەمکی کاتەوە، کە لەم نزیکانە گۆڤاری گێڕانەوەناسی بڵاوی دەکاتەوە).



لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە).. کاروان عومەر کاکەسوور

لانی کەم لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، هەر جارێ پرسیار لەبارەی چەمکی ڕەخنەوە دەکرێت، چەند گوتەیەک هەن، خێرا لە دەمی هەندێک نووسەرەوە دەردەچن، کە گەلێجار بەپێی ژمارەیش ڕیزبەند دەکرێن. دەتوانم بڵێم ئەمانەن: نەبوونی هۆشیارییەکی گەورە، هەبوونی هەستی شارچێتی و ناوچەگەری، دابەشبوونی نووسەران بەسەر ئایدیۆلۆجیای جیاوازدا، زاڵبوونی فیکری دۆگمایییانەی نووسەر و هیی دیکەی لەم بابەتە. گوتنەوەی ئەو گوتانە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا پێوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە هەر لە سەرەتاوە بە سادەیی سەری هەڵداوە و بەردەوام درێژەی پێ دراوە. بە مانایەکی تر، ئەو پێناسەیەی بۆ چەمکی ڕەخنە کراوە، لە وەسفەوە هاتووە، نەوەک لە قووڵبوونەوەوە. بەوەدا لای ئێمە تا ئەم ساتەیش وەسف شوێنی ڕەخنەی گرتووەتەوە، ئەوە بە ناچاری دەبێت هەردوو چەمکەکە پێکەوە باس بکرێن، بگرە دەڵێم کاتێ چەمکی وەسف بە لاوە دەنێین و وردی ناکەینەوە، دیسان درێژە بە هەمان تێگەیشتن دەدەینەوە. پێشتریش لە بەرهەمەکانمدا کەموزۆر خۆم لە قەرەی ئەو باسە داوە، بەڵام ئێستا پرسیارەکانی ئێوە هەلی ترم بۆ دەڕەخسێنن، تا لە گۆشەی دیکەیشەوە لێی بڕوانم. گرنگە هەر لە سەرەتایشەوە ئەوە بڵێم، کە ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانتان دەداتەوە، نووسەری ئەدەبی گێڕانەوەیە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕەخنەی نەکردووەتە بابەتی سەرەکیی خۆی.
هەر جارێ وشەی (ڕەخنەگر)یش بە کار دەهێنم، مەبەستم لەو ڕەخنەگرە میلـلییەیە، بە پێوەری (چاکە و خراپە) کار دەکات و بەپێی ڕوانینی خۆی نووسەران دەخاتە یەکێ لەو دوو خانەیەوە، کە لای من لە (ڕەخنەدۆز) جودایە، بەوەی ئەوەی دوایییان هەوڵی لێکدانەوەی تێکست دەدات. لە ڕێی دایەڵۆگ لەگەڵ فیکری ڕەخنەییی دەرەوەی خۆیدا بووەتە خاوەنی دیدگەی ڕەخنەیی و ئەو هۆشیارییەی بەردەوام بە دەستی دەهێنێت، لە ڕێگەی خوێندنەوەی تێکستەکانەوە دەیسووتێنێت، بەو مەبەستەی شتی نوێیان لێ بەرهەم بهێنێت. ماوەتەوە بڵێم مەبەستم لە چەمکی وەسف ئەوە نییە، کە لە ئەدەب، بە تایبەتی لە ئەدەبی گێڕانەوە لە پاڵ چەمکی (گێڕانەوە)دا بە کار دێت، بەڵکوو مەبەستم ئەو وەسفەیە، کە سەرچاوەکەی پێوەری (چاکە و خراپە)یە. واتە ئەو ڕەخنەگرە هەموو شتێک بەو پێوەرە دەخوێنێتەوە و وەسفی دەکات، چ کاتێک بەرهەمی ئەدەبی دەنووسێت و چ کاتێ لەبارەی بەرهەمی ئەدەبییەوە دەدوێت، تەنانەت لە ئەدەبی نوێدا وەسف ئەو هێزەی جارانی نەماوە، بەوەی وەسف نەجووڵانە و جووڵەی گێڕانەوە ڕادەگرێت. بۆ نموونە وەسف لای (ئالان ڕۆب گرێ) تەواو لە وەسفی (بەلزاک) و (فلۆبێر) جیاوازە.
هەر خودی ئەو دابەشکارییە، واتە ئەوەی کێ خاوەنی هۆشیاریی گەورەیە و کێ لێی بێبەشە؟ کێ شارچێتی دەکات و کێ نایکات؟ کێ دۆگماتیستە و کێ دۆگماتیست نییە؟ پێوەندیی بەو سیستەمی وەسفییەوە هەیە، کە هەمیشە چەمکەکان ئاسان دەکاتەوە و دەیانخاتە ئاستی زمانی میلـلییەوە، تا ئەنجامێکی ڕوون بە دەست بهێنێت.
لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، (ڕەخنە) کراوەتە هاوواتای (هەڵسەنگاندن). هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەموو تواناکانی لێ دەسەنرێنەوە و لەم ساتەوە خاوەنی زمان نییە. ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدات، ڕەخنەگرە. ئەو ڕەخنەگرە ڕەوایەتیی خۆی لە هێزە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ، حیزب، دامودەستگەی کەلتووری و شتی هاوشێوەی ئەمانە وەردەگرێت. هەتا پایەی کۆمەڵایەتیی ئەو ڕەخنەگرە بەرزتر بێت، زیاتر مافی ئەوە بە خۆی دەدات، بگرە مافی پێ دەدرێت وەک هەڵسەنگێنەر نەک هەر تێکست، بەڵکوو نووسەریش لە شوێنی تێکستەکەی هەڵبسەنگێنێت. بە مانایەکی دیکە، دادگاییی بکات. ئەمە بە دەربڕینی (پیر بۆردیۆ) بووەتە (هەبیتووس) و بەشێکی زۆری نووسەران، لە شاعیر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووس وا لایان چەسپیوە، کە ڕەخنە بریتییە لەوەی ئەوان بنووسن و وەک دەفتەری تاقیکردنەوەی قوتابخانە بیاندەنە ڕەخنەگر، تا هەڵیانبسەنگێنێت، ئاخۆ چەندیان پێ دەدات! کاتێ لای ئەو ڕەخنەگرە نمرەی بەرز دەهێنن، خۆیان لێ دەبێتە داهێنەر و پەلاماری هەر نووسەرێکی تر دەدەن، کە هەمان ڕەخنەگر نمرەی نزمی بۆ داناوە. فیلۆسۆفانی ئێکزێستەنشالیزم شەڕی گەورەیان لە دژی ئەو تێگەیشتنەدا کردووە، کە مرۆڤ بۆ بابەت دەگۆڕێت، چونکە هەر کاتێ دەکرێتە بابەت، ئەوە وەک شت، نەک وەک بوون حیسابی لەگەڵدا دەکرێت.

لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا کۆمەڵێک ڕێبازی ڕەخنەیی هاتوون و بە شێوازی خۆیان چەمکی ڕەخنەیان لێک داوەتەوە، کەچی ئەو تێگەیشتنەی لەگەڵ بەیانی یانزدەی ئاداری حەفتادا لەلایەن هەندێک ڕەخنەگری سادەوە سەری هەڵداوە، گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بگرە لە ڕێگەی وەسفەوە تۆختر کراوەتەوە، کە لە میانەی وەڵامەکەمدا لەسەری دەوەستم. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم بە گشتی جووڵەی ڕەخنەی حەفتاکان و هەشتاکان لە ڕەخنەی نەوەدەکانەوە بۆ ئەمڕۆ گەورەتر بوو، کە نووسەرانی ئەودەم بە هەموو سادەییی خۆیان نەک دڵی زۆرینەیان ڕازی نەدەکرد، بەڵکوو ئەو زۆرینەیەیان دەتۆراند، پێچەوانەی ڕەخنەی ئەو سی ساڵەی ڕابردوو، کە تا هاتووە زیاتر سیمای کۆمپرۆمایەسانەی بە خۆیەوە گرتووە، بەو مانایەی ڕەخنەگران ویستوویانە بە هەموو ڕێگەیەک سۆزی ئەو زۆرینەیە بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، بۆیە خزاونەتە ناو ئەو دوو بوارەی زۆرینەی تێدان، بواری ئایینیی فەرمی و سیاسەت.
هەر کاتێ مایکرۆفۆنی ئۆپۆزیسۆن هێزی لە دەست داوە، بۆ ناو مێدیای حیزبەکانی دەستەڵات گەڕاونەتەوە. من ئەو ڕەخنەگرەم بە جاگلەر چوواندووە، کە جاگلەر کەسێکە لە هونەری هەڵدان و گرتنەوەی شتدا شارەزایە. دەتوانێت بە جارێ چەند شتێک هەڵبدات و بیانگرێتەوە. واتە ئەوەی لێرەدا گرنگە هەڵدانی شتە، نەوەک خودی شتەکە، بۆیە گۆڕینی سێوێک بە بەردێک، یان دانانی کەروێشکێک لە شوێنی تۆپێکدا، هیچ لە پرۆسەسی هەڵدانەکە ناگۆڕێت، تەنانەت بایەخی شوێنیش لەوەدایە، چەند جەماوەری تەماشاکەر لە خۆی دەگرێت. لای جاگلەر گرنگە لە ڕێی جاگلینگەوە خۆی پێشانی زۆرترین کەس بدات. ڕێک دەکەوێت ڕەخنەگرێک لە ماوەی ساڵێکدا مێدیای چوار پێنج حیزب بگۆڕێت و بەپێی دۆخەکە قسەکانی بکات. هەر لێرەدا پێویستە بزانیت مەبەستم لە ڕەخنە، فیکری ڕەخنەیییە. واتە چ ئەوەی لە شێوەی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و هیی ترەوە دەردەبڕرێت، چ ئەوەی لە شێوەی خوێندنەوەی تێکستەوە دەنووسرێت. دواتر لەسەر ئەوە دەوەستم، کە ڕەخنەی ئەدەبی لە فیکری ڕەخنەیییەوە دەست پێ دەکات، بۆیە شاعیر، چیرۆکنووس، ڕۆماننووس و ئەوانەی تریش وەک ڕەخنەدۆز کاری ڕەخنەیی دەکەن.

بەوەدا ڕەخنە بووەتە هاوواتای هەڵسەنگاندن، پرۆسەسی نووسین ئاسان کراوەتەوە، کە هەر یەکێ لەو ڕەخنەگرانە دەتوانێت هەر بابەتێکی بێتە بەر دەم، وەسفی بکات. چاکە، یان خراپ؟ ڕەخنەگر (مەبەستم هەم نووسەری ئەدەبی و هەم هەڵسەنگێنەری تێکستی ئەدەبییە)، بە زیادبوونی ژمارەی بەرهەمەکانی، پایەی کۆمەڵایەتیی بۆ سەرەوە هەڵدەکشێت، کە بە گشتی دامودەستگە چاپەمەنییەکان، چ هیی حیزبی و چ هیی ناحیزبی بایەخی پتری پێ دەدەن. ژۆرنالیستی حیزبی و ناحیزبی بە گشتی لە کەناڵەکاندا دەکەونە پێداهەڵگوتنی، کە ئەو ڕەواجپێدانە بە (بەڵگەی کۆمەڵایەتی: Social Proof) ناسراوە. واتە فیکری ئەو نووسەرە جەماوەرییە دەبرێتە ئاستی مارکێتینگەوە و خەڵک زیاتر ناچار دەکرێت بەرهەمەکانی بکڕن، بگرە گۆرانیی بەسەردا هەڵبڵێن. واتە دەیانەوێت هێزێکی کۆمەڵایەتیی بۆ مسۆگەر بکەن، تا زیاتر ڕەوایەتی پەیدا بکات و بڵێن جەماوەر گەواهیی داوە ئەو بەرهەمە چاکە. لێرەدا مەرجە فیکری ئەو نووسەرەی ڕەواجی پێ دەدرێت، لە هیی جەماوەرەوە نزیک بێت، بگرە هەر هەمان شت بێت، دەنا ئەو پرۆسەسە سەر ناگرێت. بۆ نموونە ناکرێت ڕۆمانێکی (گوینتەر گراس)، یان یەکێکی (هێرتا میولەر)، یان کتێبێكی تیۆریی (پۆول ڕیکۆر) بخەیتە ناو ئەو پرۆسەسەوە، چونکە ئاستی زمانیان لە ئاستی زمانی جەماوەردا نییە. پێشتر لە بابەتی زۆرینە و کەمینەوە دواین، کە بووەتە پێوەری داهێنان. پێت دەڵێن ئەگەر ئەو نووسەرەی ئێمە گەلێ گەورە نییە، چۆن ئەو هەموو خەڵکە دەیناسن؟
ئایا هەر ئەو هەموو خەڵکە بۆ نموونە نەک هەر فیلۆسۆفێکی وەک (جۆرج باتای) دەناسن، بەڵکوو ناویشیان بیستووە؟ ئایا ئەوە هەڵەیەکی لۆژیکی نییە، کە بە (جەختکردنەوەی لایەنگرانە: Confirmation Bias) ناسراوە؟ واتە هەڵبژاردنی ئەو نووسەرە گەورەیە لەلایەن جەماوەرەوە، پێوەندیی بەوەوە نییە، کە هاوزمان، هاوشار، هاوخوێن، هاوبیر و هاودەردیانە، بگرە لە ئاستی تێگەیشتنی ئەواندا دەنووسێت؟ ئایا هەر بە ڕاستی ئەوانە بە دوای نووسەری داهێنەردا دەگەڕێن؟ هەر ئەوانە نین سیاسەتمەدارەکانیشیان بە هەمان پێوەر وەک ڕزگارکەر هەڵبژاردووە؟ (هایدیگەر) لە شیعرێکیدا، کە ناوی (لە ڕێگە)یە، دەڵێت: (ئامانجەکان ناناسین و تەنیا کاروانین. پێویستمان بە جەماوەر نییە، کە تای پیشەسازییەکان لە زووەوە هێزی لێ بڕیون). ئەو جەماوەرە لای ئێمە داهێنەری زۆر گەورەی پێ ناساندووین و دڵنەواییی نووسەرە دیارەکانمانی داوەتەوە.
ئەو تێگەیشتنە باوە وای کردووە بەشێکی زۆری نووسەرانمان وا بزانن، بگرە باوەڕیان وا بێت، ڕەخنە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە بەرهەمەکەیان بڵاو دەکەنەوە و دەکەوێتە بەر دەستی ڕەخنەگرەوە. ئێمە پێویستە بەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە ببینەوە، کە پەنجا مۆمی تەمەنی کوژاندووەتەوە: (ڕەخنە کەی دەست پێ دەکات؟). ئەم پرسیارە لانی کەم پرسیارێکی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت: (ڕەخنە چییە؟)، نەوەک (ڕەخنەگر کێیە؟). ئەو دوو پرسیارە بەسەرماندا دەسەپێنن پشت لەو تێگەیشتنە بکەین، هەتا ئەگەر ئێستا نەتوانین هیچ شتێکی نوێیش بڵێین. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم هەوڵ دەدەم لەو بارەیەوە هەندێک شت بۆ تۆ هەر دەرببڕم. لە بەرهەمەکانی پێشوویشمدا هەوڵی وەڵامدانەوەی، دروستتر بڵێم هەوڵی قووڵکردنەوەی ئەو پرسیارانەم داوە، بە تایبەتی لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا، بەڵام وەک گوتم ئەمەیش دەرفەتێکی ترە بۆ قووڵکردنەوەی بۆچوونەکانم.
پێم وایە ڕەخنە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە جیاواز بیر دەکەینەوە، نەوەک کاتێ دەنووسین، بەوەی ڕەخنە لەناو زماندایە، نەوەک لە دەرەوەیدا. نووسین کاتێ دەتوانێت جیاوازی لە خۆی بگرێت، کە بیرۆکەی جیاوازی بەر دەکەوێت. (ڕۆلان بارت) لە کتێبی (پلەی سفری نووسین)دا وا پێناسەی ئەو نووسینە دەکات، کە لە کۆت و (پێوەند)ی سەرجەم بۆچوون و باوەڕە باوەکان ڕزگاری بووە. بە مانایەکی تر، بووەتە تاک. مرۆڤی تاک بە سروشتی خۆی ڕەخنەدۆزە، ئینجا بنووسێت، یان نەنووسێت، چونکە تەنیا لە ڕێگەی ڕەخنەوە تاک دروست دەبێت، بەوەی لەو ڕێگەیەوە خۆی لە فیکری کۆمەڵگە جودا دەکاتەوە. مرۆڤ کاتێ وەک تاک خۆی دادەمەزرێنێت، لە پرۆسەسێکی ڕەخنەییدایە. ئەو تاکە دەبێتە سەرچاوەیەکی، یان جیهانێکی سەربەخۆ بۆ زمان، کە نووسین یەکێکە لە کەناڵەکانی زمان. گرنگیی نووسین لەوەدایە، کە زمان هەیە و شتی بۆ گوتن پێیە. (هایدیگەر) لە کتێبی (سەرچاوەی کاری هونەری)دا دەڵێت (بوون بە هۆی زمانەوە لە ڕێگەی مرۆڤەوە دەدوێت. مرۆڤ بە زمان نادوێت، بەڵکوو ئەوە زمانە دەیدوێنێت). ئەو تاکە زمانی خۆی هەیە بەر لەوەی یەک دێڕی نووسیبێت، بەڵام کاتێ ڕوو لە بواری هونەر، یان ئەدەب، یان لە هەر بوارێکی تر دەکات، وەک ڕەخنەدۆز دێتە ناوی، نەوەک بە پێچەوانەوە. زۆرن ئەوانەی دوای نووسینی کۆمەڵێک کتێبی ڕەخنەیی، هێشتا نەبوونەتە ڕەخنەدۆز. لەبەر ئەوەیشە پرسیاری (ڕەخنە چییە؟)، نەوەک (ڕەخنەگر کێیە؟) وامان لێ دەکات گومان لە هەموو ئەو ڕەخنەگرانەی پەنجا ساڵی ڕابردوو بکەین، بگرە خودی چەمکەکە، واتە چەمکی (ڕەخنەگر) بخەینە ژێر گومانی گەورەوە.
هەروەها بۆ چەمکی (ڕەخنە) بگەڕێینەوە و بە شێوەی جیاواز لە پێشوو لێکی بدەینەوە. تا ئێستا (ڕەخنەگر) لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بووە و بەو گوتانەی چ بە شێوەی زارەکی و چ بە نووسین دەریبڕیون، گوتراوە (ڕەخنە). واتە ئەو (ڕەخنەگر)ـە بە پاڵپشتی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ، حیزب، ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی شار و هیی دیکە بووەتە ناوێک و گوتەکانی وەک (ڕەخنە) وەرگیراون، بەڵام کاتێ ئاڕاستەکە پێچەوانەوە دەکەینەوە و ئەمجارە لە (ڕەخنە)وە هەنگاو دەنێین، ئەوە دەبینین زمانی مرۆڤی تاکە و ئەوەی پێوەی خەریکە، (ڕەخنەدۆز)ـە، کە نەک هەر پشتیوانیی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە دەست ناهێنێت، بەڵکوو دەکەوێتە بەر شاڵاویشیان، بەوەی ئاڕاستەیە بۆ تێگەیشتنی ئەوان، تا پایەکانیان تێک بشکێنێت و کەناڵی دیکەی جیاواز لەو تێکشکاندنەدا بکاتەوە. دواتر لەسەر ئەوە دەوەستین، کە ڕەخنە دەنگی (تاک)ـە بۆ ڕووبەڕووبوونەی (کۆ)، پێچەوانەی (ڕەخنەگر)، کە مەبەست (ڕەخنەگری میلـلییە) دەنگی (کۆ)یە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سەرکوتکردنی ئارەزووی (تاک). (ڕەخنەگر) هەمیشە زۆرینە پەسەندی کردووە. نووسەرە دیارەکانمان ڕەخنەگری ناسراون و ژمارەیەکی زۆر خوێنەریان هەن، کتێبەکانیان بەر لەوەی چاپ بکرێن، دەبنە مایەی خۆشحاڵیی بۆ زۆرینە، لە کاتێکدا (ڕەخنەدۆز) هەتا ئەگەر بیشناسرێت، خاوەنی خوێنەری کەمە. (مێشێل فۆکۆ) و (ژیل دولووز: Gilles Deleuze) لەناو فرەنسادا هێندەی نووسەرێکی سادەنووس خوێنەریان نەبووە. خوێنەری ئێمە بە گشتی (پاولۆ کۆیلۆ)ی ناسیوە، بەڵام ئایا شتێکی ئەوتۆ لەبارەی (ئومبێرتۆ ئیکۆ)وە دەزانێت؟ لە کاتێکدا هەم ڕۆماننووسێکی داهێنەر و هەم ڕەخنەدۆزێکی قووڵیشە. ئێستا ئەم پرسیارە خۆی دەسەپێنێت: ئایا ڕەخنەگرمان دەوێت، یان ڕەخنە؟ ئێمە فۆکەسمان لەسەر ڕەخنەیە، کە گوترا ڕەخنە دەنگی تاکە.
ئەو تاکە وەک ڕەخنەدۆز هاتووەتە ناو بواری نووسینەوە، چونکە تینووی دەربڕینی خۆیەتی، نەوەک بیەوێت لاساییی بەرهەمی ئەوانەی تر بکاتەوە. تاک هەر بە سروشتی خۆی لاساییکەرەوە نییە، چونکە ئازارەکانی خۆی دەردەبڕێت، نەوەک هیی ئەوانەی تر. بە دەربڕینی (نیتشە) دروستبوونی ئەو تاکە پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە وەک چۆن منداڵ خۆی لە شیری دایک دەبڕێتەوە، ئاوا خۆی لە شیری مژدەدەرەکان بڕیوەتەوە و متمانەی بە هیچ هێزێکی دەرەوەی نییە. هیچ دامودەستگەیەکی کۆمەڵایەتی لە چەشنی خێزان، قوتابخانە، حیزب، پەرستگە و هیی تر هەڵیناسووڕێنن. دەگەینە ئەوەی بڵێین ڕەخنە ئەو ڕەگەزەیە، کە جوداکردنەوەی لە تاک مەحاڵە، بەوەی ئەو تاکە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدایە، کە وەک (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف ئەو دڵەڕاوکێیە بە جەوهەری ئازادیی تاک دەزانێت. بۆچی دڵەڕاوکێی هەیە؟ چونکە لە بەردەم هەڵبژاردەکاندا حەپەساوە. بۆچی حەپەساوە؟ چونکە توانای هەڵبژاردنی هەیە. دڵەڕاوکێ ئەوی خستووەتە بەردەم ئەوەی چی هەڵببژێرێت. هەر بۆیە (کیەرکەگۆرد) پێی وایە مرۆڤی تاک خۆیی هەڵبژاردووە. ئەو مرۆڤەی لە ڕووی بیرکردنەوەوە خۆی لە کۆمەڵ جودا نەکردووەتەوە، لە پرۆسەسی هەڵبژاردن، واتە لەوەی چی هەڵببژێرێت و چی نا، دوورە، مادام پێشتر بۆی هەڵبژێردراوە. ڕەخنەگر (بێگومان ڕەخنەگری میلـلیم مەبەستە) لە ڕێگەی وەسفەوە بەرگری لەو بەهایانە دەکات، کە بۆی ماونەتەوە. مرۆڤی پابەندی کۆمەڵ دەستی بە حەقیقەتی چەسپاوەوە گرتووە، لە کاتێکدا مرۆڤی تاک بە دوای حەقیقەتی تردا دەگەڕێت.

لانی کەم لە (نیتشە)وە، کە پێی وایە حەقیقەت وەستاو نییە، بەڵکوو بەردەوام پێویستمان بە حەقیقەتی تر هەیە، گەڕان بە دوای حەقیقەتی نوێ بووەتە ڕەگەزێکی گرنگ و خۆی خزاندووەتە ناو دنیای فیکری فەلسەفییەوە، بە ڕادەیەک ئەمە بووەتە جەوهەری فەلسەفەکانی پۆستمۆدێنیزم، کە ڕەخنەدۆزان بە پلەی یەکەم ڕەخنەیان لە سێنترالیزم گرت، بەوەی هەموو ئەو شتانەی بە لاوە ناوە، گوایە لەگەڵ حەقیقەتی زانست و ڕۆشنگەریدا ناگونجێن. (ژین هێرش: Jeanne Hersch)ی فیلۆسۆف لە کتێبی (سەرسامیی فەلسەفی)دا پێی وایە بایەخدان بە حەقیقەت پاڵی بە (نیتشە)وە نا بپرسێت حەقیقەت چۆن پێک دێت؟ چۆن پێی دەگەین؟ کاتێ ڕەوتەکەی دەگرین، بۆمان دەردەکەوێت مەحاڵە بە تەواوی بە دەستی بهێنین. ئەودەم بۆ بابەتی تێپەڕاندن خۆمان ئامادە دەکەین، کە حەقیقەت هەر خۆی لە کرداری تێپەڕاندندا دەژی، تێپەڕاندنی هەموو حەقیقەتێکی بانگەشەکراو.
مەبەستی ئەو ژنە فیلۆسۆفە، ئەوەیە، کاتێ خۆمان لە حەقیقەت دەدەین، وا پێویست دەکات هەمیشە لە ئاستیدا هەست بە تینووێتی بکەین و لێی تێر نەبین، تا ئەو برسێتییەمان بەردەوام ببێت و لە خاڵێکدا نەوەستین، بەڵکوو هیی تر و هیی تر بدۆزینەوە. (نیتشە) بە تایبەت لە کتێبی (لەودیو چاکە و خراپەوە)دا حەقیقەت بە بت دەچووێنێت، کە دەبێت بە کوتەک لێی بدرێت. پێی وایە ژیان لە پێش حەقیقەتەوەیە، بۆیە پێویستە ژیان فەرمانڕەوای حەقیقەت بێت، بڕیاری هەموو کردار و فیکرێک بدات، نەوەک بە پێچەوانەوە. بنەمای حەقیقەت بۆشە، بەوەی تا ئەو کاتە درێژەی دەبێت، کە سوود بە ژیان دەگەیەنێت. کاتێ حەقیقەت بە ژیانەوە پێوەست دەکەین، ئەوە ئەو حەقیقەتە لە پێناوی خۆیدا حەقیقەتە، نەوەک لە پێناوی شتی تردا، کە سوود خۆی دەخزێنێتە ناویەوە. بەم شێوەیە هەر شتێک، چ مەتێریاڵی و چ مۆراڵی، بکەوێتە بەر چاو و بە زمان بگوترێت، دەبێتە حەقیقەت، بەڵام حەقیقەتی تەواو نا. کاتێ چاو کۆمەڵێک بەرد دەبینێت، زمان دەڵێت ئەو هەموو بەردە جوانە! ئایا بەردەکان هەموویان یەک قەبارە، یەک کێش، یەک ڕەنگ و یەک پێکهاتەیان هەیە؟ ئەو بیرۆکانە چەند وردن! ئایا هەموو بیرۆکەکان وەک یەک وان؟ ئایا هەر لەبارەی بەردەکان و بیرۆکەکانەوە پێویستمان بە بینینی تر و گوتنی تریش نییە؟ ئایا ئەو وەسفانە دروستن؟ ئەرێ کاتێ (پرسیار) شوێنی ئەو (وەسف)ـانە دەگرێتەوە، چی ڕوو دەدات؟ حەقیقەتی دوو گوتەکە وەک خۆیان دەمێننەوە؟ ئەو تێگەیشتنە لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیدا ڕەنگی داوەتەوە، کە خاڵی هاوبەشی ڕێبازە ڕەخنەیییەکان دۆزینەوەی حەقیقەتی تری مرۆڤ و شتەکانیشە.
لێرەوە فرەشێواز، فرەدەنگ، فرەڕەهەند، فرەلۆژیک شوێنی تاکشێواز، تاکدەنگ، تاکڕەهەند، تاکلۆژیکیان گرتەوە. (ژیل دولووز) وەک یەکێ لە ڕەخنەدۆزانی مۆدێرنیزم لە کتێبی (جیاوازی و دووبارە: Difference and Repetition)دا دەنووسێت ئەمڕۆ مەحاڵە بتوانین کتێبێکی فەلسەفی بەو شێوەیە بنووسین، کە کتێبی فەلسەفیی پێشووی پێ دەنووسرا، بۆیە هەوڵ دەدات فەلسەفەیەک دابمەزرێنێت، دوور لە کۆت و پێوەندی دەستەڵاتی ئۆفیشەڵ. (مارکیز) لە ڕۆمانی (پاییزی پەیتریارک)دا دەڵێت (هەر حەقیقەتێک حەقیقەتێکی تر دەشارێتەوە). لە دنیای فرەڕەنگدا هیچ حەقیقەتێک نە تەواوە و نە دەشتوانێت خۆی بگرێت. پرسیار ئەوەیە شێوازی نوێ، یان شێوازی تر لە کوێوە دێن؟ دیسان بۆ ڕەخنە دەگەڕێینەوە، کە زمانی تاکە، نەوەک هیی کۆ. دیسان پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە، کە هیچ حەقیقەتێک ناتوانێت بمێنێتەوە، تا فۆرمی کۆتایی وەربگرێت. هەر شێوازێک بەرهەمی قووڵبوونەوەیە لە پرسیاردا. کەواتە هێشتا لە دڵەڕاوکێ دوور نەکەوتووینەتەوە، کە وەک گوترا جەوهەری ئازادیی تاکە. تەنیا تاک مێژوو و زمانی هەن، بۆیە هەر ئەویش خاوەنی بەرهەمی جیاوازە، کە لێرەدا شێواز لە دایک دەبێت. ڕەخنەگر ناوەناوە دەنووسێت فڵان توانیویەتی شێوازێکی نوێ بهێنێت، بەڵام پێمان ناڵێت ئەو شێوازە نوێیە لە کوێوە هات، لە کاتێکدا ئەو نووسەرەی، گوایە شێوازی نوێی هێناوە، هەمان بیرکردنەوە و زمانی ئەوانەی تری هەن.
لە گوتار و گفتوگۆکانیدا هەمان ئەو گوتانە دەڵێتەوە، کە لەم پەنجا ساڵەی ڕابردوودا بەردەوام گوتراون. خەمی یەکەمی ئەوەیە بەرهەمەکانی بگەنە جەماوەر و زۆرترین کەس بیانخوێننەوە، بگرە نەیانخوێننەوە، بەڵکوو بگەنە ماڵەکانیان. دەستی بەو حەقیقەتەوە گرتووە و لە دژی هەر دەنگێکی دیکەدا دەوەستێتەوە، کە دەیەوێت تێکی بشکێنێت. ئەو ڕەخنەگرە لە ژیان و حەقیقەت، دووەمیانی هەڵبژاردووە و پەلاماری هەر جوانییەک دەدات، کە یەکەمیان لە خۆی دەگرێت. شتێکی سەیر نییە ئەو ڕەخنەگرە نەبێتە خاوەنی مێتۆدێکی سەربەخۆ و تۆکمە، تا تێکستی پێ بخوێنێتەوە و ڕاڤەی بکات، بەڵکوو هەر جارێ شتێک دەڵێت، لەوەی پێشووی جودایە، تەنیا لەوەدا وەک یەک وان، کە وەسفن و چەند بڵێی سادەن. لە هەشتاکاندا لەبارەی ڕەخنەی خۆمانەوە دەمانگوت ڕەخنەگر لە چەرچی دەچێت. کاتێ شتێک لە کەسێک دەکڕێت، دەیشکێنێت، بەڵام کاتێ بە کەسێکی تری دەفرۆشێتەوە، پێیدا هەڵدەدات. ئەگەر ئەمڕۆ جووتێ پێڵاوی وەرزش بفرۆشێتەوە، باسی سوودی ڕۆیشتن دەکات. سبەی کاتێ کورسی دەفرۆشێت، سوودەکانی دانیشتن و زیانەکانی ڕۆیشتن دەژمێرێت، بە مەرجێ ئەودەمەی جووتە پێڵاوەکەی کڕیوەتەوە، بە دانیشتنیدا هەڵداوە و ساتێ کورسییەکەی لە ژێر دەستی کڕیار دەرهێناوە، باسی چاکییەکانی ڕۆیشتنی کردووە. وەسف لەو ڕەخنەگرە بستێنیتەوە، شتێکی وای بۆ گوتن پێ نامێنێت.
لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، چەمکی (ڕاستگۆیی) بە چەمکی (حەقیقەت)ـەوە گرێ دراوە. هەر جارێ ڕەخنەگر شتێکی نەبووە بۆ گوتن، خێرا پەلاماری ئەو گوتە بەستەزمانەی داوە: (ئەدەب دەبێت ڕاستگۆ بێت). لە نووسینی ساڵی حەفتاوە تا نووسینی ساڵی (2016) ئەو ڕستەیەم دەقاودەق خوێندووەتەوە. هەمان شتە، کاتێ قوتابی ناچار دەکرێت داڕشتن بۆ مامۆستا بنووسێت، کۆمەڵێک گوتەی سواوی وەک (هەموو لە پێناوی نیشتماندا گیانمان فیدا دەکەین)، (ئەگەر گوڵ نییت، دڕکیش مەبە!)، (داری ئازادی بە خوێن ئاو دەدرێت) و هیی دیکە بە دوای یەکدا ڕیز دەکات، تا ژمارەی وشەکان بگاتە ئەو ئاستەی، مامۆستا دەیەوێت. لانی کەم من جارێک لە ساڵی (2017)دا داوام لە نووسەرێک کردووە لەبارەی ئەو گوتەیەوە چەند دێڕێکم بۆ بنووسێت، بەڵام نەیتوانیوە، ئەگەرچی خۆم پێشەکی لەو بارەیەوە بۆچوونمم دەربڕیوە. ناتوانێت، چونکوو کۆنسێپتەکە خۆی هەر لەو ڕستە سادەیە پێک هاتووە، کە بەردەوام گوتراوەتەوە و گوتراوەتەوە. وەسفێکە، لە فۆلکلۆر وەرگیراوە و لانی کەم پەنجا ساڵە نووسراوەتەوە، بەڵام وەک خۆی ماوەتەوە. دارەبازەیە و لە مزگەوت دانراوە. لە کاتی ناشتنی مردوودا، دەیهێنن و دوایی بۆ شوێنی خۆیی دەگەڕێننەوە، چونکە کەسانی تریش پێویستیان پێی دەبێت. دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم بۆ ئەوەی بە چەمکی ڕەخنەدا بچینەوە، هاوکات بەسەرماندا دەسەپێت چاو بە چەمکی (حەقیقەت)دا بخشێنینەوە.
(فۆکۆ) له‌ (سیسته‌می چه‌مک)دا پێی وایه‌ چه‌مکه‌کان به‌ ده‌سته‌ڵا‌ته‌وه‌ پێوه‌ستن، بگره‌ هه‌ر خۆیان ده‌سته‌ڵاتن‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر چه‌مکێک ملکه‌چی یاساکانی چاودێری، هه‌ڵبژاردن (Selection) و ڕێکخستنه‌. که‌واته‌ پێوه‌سته‌ به‌ سه‌رچاوه‌کانی ئایین، سیاسه‌ت، که‌لتوور، دابونه‌ریت و شتی له‌م بابه‌ته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر چه‌مکێک ده‌یه‌وێت ببێته‌ حه‌قیقه‌ت و بمێنێته‌وه‌. (فۆکۆ) هه‌ر له‌و نووسراوه‌دا ده‌ڵێت چاک ده‌ز‌انین بۆمان نییه‌ هه‌موو شتێک بڵێین و له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێکه‌وه‌ و له‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌کدا قسه‌ی خۆمان بکه‌ین، به‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پیرۆزن. واته‌ ده‌بێت گوێ بدرێته‌ ئه‌وه‌ی، ئاخۆ ڕیچوه‌ڵی بۆ ساز کراوه‌. هه‌روه‌ها مافی گوتن له‌ به‌ر چاو گیراوه‌، که‌ به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌که‌ر مافێکی تایبه‌تی گوتنی هه‌یه‌. هه‌موو بۆیان نییه‌ ببنه‌ خاوه‌نی ئه‌و مافه‌.
لەمەوە‌ گوتن قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت، به‌وه‌ی ده‌چێته‌ ناو سیسته‌مەوە‌ و ده‌سته‌ڵات به‌ هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت. بۆ نموونه‌ بۆمان نییه‌ له‌باره‌ی سێکسواڵیتییه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین. ڕێگه‌مان نادرێت له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ بدوێین. پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت، کاتێ خۆمان له‌ناو چه‌مکێکی دیاریکراودا قه‌تیس ده‌که‌ین، ئه‌و میراته‌ دابه‌شکراوه‌مان له‌ به‌رده‌مدا قوت ده‌بێته‌وه‌، که‌ له‌نێوان ڕاستگۆیی و درۆدایه‌.‌ له‌ ڕوواڵه‌تدا وا خۆی ده‌نوێنێت نه‌ سته‌مگه‌رانه‌یه‌ و نه‌ به‌ شێوه‌ی یاساییشه‌، به‌ڵام کاتێ له‌باره‌ی ویستی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ ده‌پرسین، یان به‌ مانایه‌کی تر، کاتێ له‌ ڕێگه‌ی چه‌مکی خۆمانه‌وه‌ ده‌پرسین نموونه‌ی ئه‌و میراته‌ شاراوه‌یه‌ی ڕاستگۆیی و درۆ له‌ شێوه‌ گشتییه‌که‌یدا چییه‌، ئه‌وده‌م ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌م سیسته‌می به‌لاوه‌نان. مه‌به‌ستی (فۆکۆ) ئه‌وه‌یه چه‌مکی‌ ڕاستگۆیی و درۆ به‌و که‌لتووره‌وه‌ پێوه‌ست کراون، که‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌و دووانه‌ی لێک جودا کردوونه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت، یان ڕێ بدات قسه‌ی تریان لێوه‌ بکرێت.
ئینجا به‌ وردی باس له‌وه‌ ده‌کات بۆ نموونه‌ لای یۆنانییه‌کان ڕاستگۆیی چۆن بۆ حه‌قیقه‌ت گۆڕاوه‌. ئەو نووسەرەی ئێمە، ئەو ڕەخنەگرە لە حەفتاوە تا ئەمڕۆ ده‌ڵێت نووسین ده‌بێت ڕاستگۆ بێت. ئایا ئەگەر نووسین بیه‌وێت ڕاستگۆ بێت، ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ ناگوێزێته‌وه‌، که‌ هه‌ن؟ ئایا مانای وا نییە ئەرکی نووسەر لەناو وەسفدا قەتیس دەکرێت؟ ئەوە جەختکردنەوە نییە لەسەر حەقیقەتی ڕەهای ئەو شتانە؟ کاتێ ده‌رەبه‌گێک ده‌ڵێت (پێویسته و کارێکی باشە‌ زه‌وی بکێڵرێت)، ئه‌وه‌ ڕاستگۆیییه‌ و زۆر پێویسته‌ زه‌وی بکێڵرێت. کارێکی چاکیشە، به‌ڵام بێگومان ئه‌و ده‌ره‌به‌گه‌ ده‌یه‌وێت زه‌وی بۆ خۆی بکێڵرێت و به‌و شێوه‌یه‌ش بکێڵرێت، که‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت. لێره‌دایه‌ وه‌ک (فۆکۆ) ده‌ڵێت و پێشتریش (نیتشه‌) گوتوویه‌تی نابێت به‌و حه‌قیقه‌ته‌ ڕازی ببین. ئه‌گه‌ر (نیتشه‌) پێی وایه‌ پێویستە به‌رده‌وام حه‌قیقه‌تی نوێ به‌رهه‌م بهێنین، ئه‌وه‌ (فۆکۆ) پێ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وامی چه‌مک داده‌گرێت. به‌ هه‌مان شێوه‌ (دولووز) لە کتێبی (فەلسەفە چییە؟)دا وا پێناسه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ده‌کات، که‌ بریتییه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی چه‌مکی تازه، بەو مانایەی فەلسەفە هونەری داهێنانی چەمکی نوێیە‌. مامۆستا کاتێ داوا له‌ قوتابییه‌کانی ده‌کات داڕشتن له‌باره‌ی (دڵسۆزی)یه‌وه‌ بنووسن، ئه‌وه‌ مه‌به‌ستیه‌تی ده‌وڵه‌ت، حیزب، ئایین، دابونه‌ریت و ‌هیی دیکە له‌ به‌ر چاو بگیرێن. واته‌ دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئه‌وانه‌ دووپات بکه‌نه‌وه‌. ئەو نووسەرەی ئێمە، ئەو ڕەخنەگرە ده‌یه‌وێت بڵێت پێویستە ئه‌ده‌ب وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، ڕاستگۆ بێت. واته‌ خۆی له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ چه‌مکی (ڕاستگۆیی)ی فڕێ داوه‌ و کردوویه‌تیه‌ حه‌قیقه‌ت. به‌ مانا‌یەکی تر، بووه‌ته‌ ده‌سته‌ڵات. ئه‌و نووسه‌ره‌ی وه‌ک ئه‌و نانووسێت، ناڕاستگۆیه‌ و به‌ لاوه‌ ده‌نرێت.

ڕەخنەدۆز، کە ڕەخنەگر نییە و جودایە به ‌گژ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌دا ده‌چێته‌وه‌. واته‌ له‌ هه‌مان کۆنتێکستدا، نه‌وه‌ک هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دژی ڕاستگۆیییە. ئینجا په‌نا بۆ پرسیار دەبات‌، تا هه‌مان حه‌قیقه‌ت به‌رهه‌م نه‌هێنێتەوە‌. کاتێ دەپرسیت چۆن دەبێت ئەدەب ڕاستگۆ بێت، بەوە تۆمەتبار دەکرێیت، گوایە دەتەوێت ئەدەب درۆ، نەوەک ڕاستی لە خۆی بگرێت، لە کاتێکدا شتەکە پێوەندیی بە ڕاستی و درۆوە نییە، بەڵکوو پرسیار، پێچەوانەی وەسف ڕێ نادات هیچ چەمکێک وەک حەقیقەتی ئەزەلی خۆی دەربخات و ئەدەبیش تەنیا بە لۆژیکی ناوەوەی، نەک هیی دەرەوەی، دەخوێنرێتەوە. ئەدەب نە درۆزنە و نە ڕاستگۆیشە، بەڵکوو ئەدەبە. ئەدەب خۆیەتی و هیچ بوونێکی تر نییە. ئەدەب ئەو ڕووبەرە سیحرییەیە، کە هەر شتێکی بخرێتە سەر، ماناکەی لێ دەستێنێت و بێژمار مانای تری دەداتێ. لەوێدا نە درۆ دەناسیتەوە و نە ڕاستییش. ئەدەب شتی دەخرێتە سەر، بەڵام ناخرێتە سەر شت، چونکە دنیایەکی دامەزراوی تەواو و بێسنوورە. وەک پێشتر گوترا تێکست زەوییە. دیارە مەبەستم لەو ئەدەبە نییە، کە لەسەر داخوازیی جەماوەر نووسراوە. لەو ئەدەبەدا دەتوانیت ئاسان شتەکان بناسیتەوە، مادام بە پرۆسەسی گۆڕاندا تێ ناپەڕن.
مێژووی فەلسەفە مێژووی ڕەخنەیە، چونکە پرسیار هەر لە سەرەتاوە بزووێنەری فەلسەفە بووە، لە کاتێکدا وەسف بەلاوەنانی خودی پرسیارە. بە مانایەکی تر، ڕەخنە لەگەڵ فەلسەفەدا سەری هەڵداوە. هەر لە ڕێی ڕەخنەوە ئاڕاستە فیکرییە جیاوازەکان دروست بوون. (پلاتۆن) لە ڕێگەی ڕەخنەوە پێوەندیی لەنێوان فەلسەفە و هونەردا دۆزییەوە. (ئەریستۆ) لە ڕێگەی ڕەخنەوە (پلاتۆن) تێ دەپەڕێنێت. ڕەخنەدۆزان بەرهەمەکانی (ئەریستۆ) بە قۆناغی دامەزراندنی ڕەخنە دادەنێن، کە لە کۆمەڵێک چەمکی وەک هونەری شیعر، ڕێتۆریک، مێتافۆر و هیی دیکەی کۆڵیوەتەوە. (دێکارت) لە سەدەی حەڤدەدا ڕەخنە لە میراتی (ئەریستۆ) و تێکڕای ڕێبازە فەلسەفییەکانی پێشوو دەگرێت، تا مێتۆدێکی دیکەی جیاواز لەسەر گومان دادەمەزرێنێت و هەموو شتێک لە خەونەوە بۆ هەست، لە یادەوەرییەوە بۆ خەیاڵ، بگرە سەرتاپێی جیهانی دەرەوە دەخاتە ناو ئەو گومانەوە. لە سەدەی هەژدەدا (کانت) بە شێوەیەک بایەخ بە ڕەخنە دەدات، دەگاتە ئەوەی سەردەمەکەی بە سەردەمی ڕەخنە بناسرێتەوە و کتێبە گرنگەکەی ناو بنێت (ڕەخنە لە عەقڵی پەتی)، لە کاتێکدا ئەو ڕەخنەیە بۆ ناوەوە ئاڕاستەیە، بەو مانایەی ڕووبەڕووی خودی عەقڵی فەلسەفی دەبێتەوە. (هیگڵ) شێوازێکی تری ڕەخنە دەهێنێت و بە گژ میراتی (کانت)دا دەچێتەوە، بەڵام لەگەڵ (نیتشە)دا ڕەخنە دەچێتە ئاستێکی تری تەواو جیاوازەوە. سەدەی نۆزدەم، کە بە (هیگڵ) دەست پێ دەکات، سەدەی ڕەخنەیە. بە خۆڕایی نییە (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی لە ژێر ناونیشانی (نیتشە، فرۆید و مارکس)دا بۆ کتێبی (فەلسەفە لە سەردەمی تراجیدیای گریکیدا)ی (نیتشە)ی نووسیوە، ئەو سێ ڕەخنەدۆزەی کردووەتە ناونیشان، کە هەتا ئەمڕۆیش بە هێزەوە لەناو فیکری ڕەخنەییدا ئامادەن.
قوتابخانەی فرانکفۆرت وەک قوتابخانەیەکی ڕەخنەیی لە کۆتاییی دەیەکانی سەدەی بیستەم دادەمەزرێت. (تیۆریی ڕەخنەیی) دەبێتە هاوواتای ئەو قوتابخانەیە، کە لە سەرەتاوە بۆ ئەوە هاتووە ڕەخنە لە میراتی (کانت)، ئایدیالیزمی (هیگڵ)، دیالەکتیکی (مارکس) بگرێت، بەو ئامانجەی تیۆرییەکی کۆمەڵایەتیی فرەسەرچاوە لە خۆیدا بەرجەستە بکات، کە لەم ڕووەوە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە پەنایان بۆ مارکسیزم، تیۆریی دەروونشیکاری و لێکۆڵینەوەی ئیمپریکەڵ بردووە. (هۆرکایمەر)، وەک قوتابییەکی ئەم قوتابخانەیە بەر لە شەڕی دووەمی گێتی کتێبی (تیۆریی ترادیشناڵ و تیۆریی ڕەخنەیی) دەنووسێت، کە دەیەوێت دوو جۆر ڕەخنە لە یەک جودا بکاتەوە: ئەو ڕەخنەیەی بە مێتۆدی پۆزیتیڤیزمەوە پێوەستە، لە ژێر کاریگەریی مێتۆدی زانستیی سروشتیدایە، لە کاتێکدا تیۆریی ڕەخنەیی پێ لەسەر ڕەخنە دادەگرێت، بە مەبەستی ڕزگارکردنی لە کۆت و پێوەندەکان. لەبەر ئەوەیە فۆکەس لەسەر مارکسیزم و فرۆیدیزم دەکات، تا بە شێوەی تر بیانخوێنێتەوە و لە ژێر دەستەڵاتی ئایدیۆلۆجیایان ڕزگار بکات.

کاتێ ئەم چەند نموونەیە بە شێوەی کرۆنۆلۆجی دەهێنمەوە، مەبەستم نییە باس لە مێژووی گەشەکردنی ڕەخنە بکەم، لە کاتێکدا خودی مێژووەکە لەوە قووڵتر و هەمەلایەنەترە، کە هەر بۆ نموونە لەناو جیهانی ئیسلامیدا مێژوویەکی تری ڕەخنەمان هەیە، بە ڕادەیەک کۆمەڵێک ڕەخنەدۆز بە هۆی ڕەخنەوە گیانیان لە دەست داوە و کتێبەکانیان سووتێنراون. بۆ نموونە بەرهەمە ڕەخنەیییەکانی (ئیبن خەلدوون) لە بواری مێژوو و سۆسیۆلۆجیادا تا ئەمڕۆیش هێزی خۆیان پاراستووە. ئەوەی مەبەستمە لەم شوێنەوە پێی بگەم، ئەوەیە، ئایا ئێمە ڕەخنەمان هەیە؟ پێم وایە ئەو پرسیارە ئەگەر بە ڕوواڵەت ئاسان بێتە بەر چاو، ئەوە لە جەوهەردا پرۆبلەماتیکەڵ و ئاڵۆزە، بەوەی دەبێت بپرسم ئایا تەنیا ئەوانە بە ڕەخنەی من دادەنرێن، کە بە زمانەکەم دەنووسرێن؟ ئایا بەرهەمەکانی (بارت) بۆ نموونە هیی منیش نین؟ ئایا ئەوانەی (عەلی حەرب) پێوەندییان بە منەوە نییە؟ هەتا ئەگەر مەبەست لەو تێکستە ڕەخنەیییانە بن، کە بە کوردی دەنووسرێن، دیسان وەڵامدانەوەی سەختە، بەوەی ناکرێت بە شێوەی ڕەها بڵێم ڕەخنەمان نییە، وەک چۆن ناتوانم بە شێوەی ڕەها بڵێم هەمانە. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم ئەگەر هەندێک هەوڵی کەمی لێ دەربکەین، کە ئەو هەوڵانە هەندێکیان لەناو زانکۆ و هەندێکیان لە دەرەوەیدان، ئەوە ئێمە تا ئەم ساتەیش نەک هەر لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیکری ڕەخنەییدا نیین، بەڵکوو نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بمانەوێت لە فیکری ڕەخنەییی دەرەوەی خۆیشمان بگەین، بۆیە پێم وایە قسەکردن لەبارەی ڕەخنەی خۆمانەوە (ئەو ڕەخنەیەی کوردزمان نووسیویەتی) بۆ ئێستا سەختە، بەڵام وەک گوتم دەکرێت ئەو ڕوانینە دەربخەین، کە بە گشتی نووسەرانی ئێمە بۆ چەمکی ڕەخنەیان هەیە، کە ئەمە بۆ ئەوەمان دەباتەوە چۆن لە چەمکی وەسف بدوێین، بەوەی وەک گوترا وەسف دەستەڵاتی گەورەی بەسەر بیرکردنەوەی ئێمەدا هەیە.

ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕەخنەی فەلسەفی جودا ناکرێتەوە، بەوەی هەمیشە فەلسەفە چوارچێوەی ئەدەب بووە، وەک چۆن ئەدەب بەردەوام پەناگەی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانە. بەگشتی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابردوو هەوڵی زۆریان داوە دیواری نێوان ژانرەکان بڕووخێنن، کە مۆدێرنیتی هەڵیچنیبوون، بەو مەبەستەی دوای ڕووخانیان، ئەو کرانەوەیییە بێتە دی و ڕەگەزەکان بتوانن کۆمەکی یەکتر بکەن. ڕۆمان لە شێوەی شیعر، شیعر لە شێوەی چیرۆک، چیرۆک لە شێوەی فەلسەفە، فەلسەفە لە شێوەی ئەدەبی گێڕانەوە و هیی دیکە پەرەیان پێ درا. ئەمە باسێکی سەربەخۆیە و پێشتریش لەسەری وەستاوم، کە ئێستا لەوە زیاتری پێویست نییە. ئەگەر تەنیا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە دەست پێ بکەین، کە چۆن ڕەخنەی ئەدەبی گەشەی کردووە و چەند قوتابخانەی ڕەخنەییی لێ کەوتووەتەوە، لە ئێمپرێشینیزمەوە هەنگاو دەنێین تا دەگەینە سترەکچرالیزم، پۆستسترەکچرالیزم، گێنەتیکسترەکچرالیزم، تیۆریی خوێنەر، یان وەرگر (Reader Response Theory) و کۆمەڵێکی دیکە. هاوکات چەند ناوی وەک (ئەناتۆل فرانس)، (ئەندرێ جید)، (جۆرج لۆکاچ)، (لۆسیان گۆڵدمان)، (باختین)، (جاکۆبسۆن)، (ڕۆلان بارت)، (تۆدۆرۆڤ)، (ئۆمبیرتۆ ئیکۆ)، (ولفگانگ ئایزەر) و زۆری ترمان دەکەونە بەر چاو. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانە ڕەخنەیە لەوەی تا ئێستا بەرهەم هاتووە. واتە پرسیار، نەوەک وەسف، بۆیە کۆمەڵێک چەمکی وەک ڕاڤە، هەڵوەشاندنەوە، ئیستاتیکای وەرگر، کۆنتێکست، شیعریەت، سێمیۆتیکا، خوێندنەوە، خوێنەری ناواخن (The Implied Reader) و هیی دیکە لە دایک بوون. وەسف تەنیا لە نەبوونی پرسیاردا دەتوانێت دەربکەوێت. هەر کاتێ وەسف هەیە، خوێندنەوە و وردبوونەوە گومن. کاتێ سەرنج لە تیۆرییە ڕەخنەیییەکانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابردوو دەدەین، دەبینین چەمکی تێکست خاڵی هاوبەشی هەموویانە. (نیتشە) لەسەر زمانی (زەردەشت)دا مرۆڤی باڵا بە (زەوی) دەچووێنێت، بەو مانایەی‌ پێوەندیی بەتین لەنێوان مرۆڤی باڵا و ژیاندا هەیە، کە ژیان شتێکی واقیعییە. من پێوەندییەک لەنێوان ئەو تێگەیشتنەی (نیتشە) و سەرجەم تیۆریی ئەو ڕەخنەدۆزانەدا دەبینم، کە بایەخی گەورە بە تێکست دەدەن، وەک بڵێی تێکست زەوی بێت، بە مانایەکی تر ژیان بێت، تەنانەت ئەو ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنەیان لەوە گرتووە، کە تێکست مافی زۆری پێ دراوە و فۆکەسیان لەسەر چەمکی خوێنەر کردووە، وەک تیۆریی وەرگری (ئایزەر) و ئەوانەی تر، هێشتا مانای وا نییە تێکستیان بە لاوە ناوە، بگرە لای ئەوانیش هەمان قورساییی هەیە. ئەگەر لە دیدی (نیتشە)دا ژیان هێزێکە، بە شێوەی ڕەمەکی (ڕاندەملی) ڕێ دەکات، بێ ئەوەی هیچ ئامانج و مەبەستێکی دەرەکی هەڵیبسووڕێنێت، ئەوە تێکستیش وایە.

ڕەخنەدۆزانی سترەکچرالیزم پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی تێکستەوە، بەڵکوو تێکست دنیایەکی سەربەخۆیە و بە کەرەستەکانی خۆیشی دەخوێنرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە لای ئەو ڕەخنەدۆزانەیشدا ماوە، کە هێندەی تێکست بایەخ بە چەمکی خوێنەریش دەدەن. ئایا لای (ئیکۆ) لە پاڵ چەمکی خوێنەردا، چەمکی تێکست بایەخی گەورەی نییە؟ تۆخکردنەوەی ڕۆڵی خوێنەر بەو مانایەیە، ئەرکی ڕاڤە لە ئەستۆ بگرێت و مانا شاراوەکانی تێکست بدۆزێتەوە، بەوەی ئەو مانایانە فرەڕەهەندن. ئەمە پێچەوانەی وەسفە، کە لە دوورەوە شتە زانراوەکان دەڵێتەوە، بە ڕادەیەک ئەو شتانە دەکرێت لەبارەی هەر تێکستێکی ترەوە بگوترێن. دیارە ئێمە لێرەدا بواری ئەوەمان نییە باس لەوە بکەین هەر یەک لەو تیۆرییانە چۆن لەو چەمکە دەڕوانێت، بەڵام دەڵێین ئەوە تێکستە بووەتە جێگەی ڕامان. هەر بە ڕاستی تێکست زەوییە، بەوەی هەم دەکرێت بە کەرەستەکانی خۆی خانوو و تەلاری لەسەر هەڵبچنیت، هەمیش دەکرێت هەڵیبکۆڵیت و بە دوای نهێنییەکانیدا بگەڕێیت. بۆ ئەوەی لە تێکست بگەین، بەسەرماندا دەسەپێت پێی بگەین، کە ئەوەی پێمانی دەگەیەنێت، پرسیارە، بەوەی تەنیا لە ڕێگەی پرسیارەوە دەتوانین بنەماکانی تێک بشکێنین و بە دەربڕینی (دێریدا) دایبمەزرێنینەوە، بەو مەبەستەی هەم پرۆسەسی تێکشکاندن و هەم پرۆسەسی دامەزراندنەوەیش بەردەوام ببن، لە کاتێکدا وەسف نەک ناگاتە قووڵاییی تێکست، بەڵکوو ناگاتە سەر ڕوویشی. ناگات و هەر لە دووریەوە دەوەستێت.
ڕەخنەگر بەو زمانە میلـلییەی چۆن لە خەڵکی وەرگرتووە، ئاوا هێناویەتی و دەستکاریی نەکردووە؛ لە بارەیەوە دەدوێت، ئینجا یان پێیدا هەڵدەڵێت، یانیش دەیشکێنێت. لە هەردوو بارەکەیشدا پشتی بەو تێگەیشتنە باوە بەستووە، کە لە نەوەکانی ترەوە بۆی ماوەتەوە. بۆ نموونە ئەو دەزانێت لە ڕوانینی خەڵکدا ڕەنگی سپی و فریشتە جوانن. چینێکی تر دەخاتە سەر ئەو ڕوانینە و دەڵێت (لە سپی سپیترە)، (لە فریشتەی تێ پەڕاندووە)، (گیانێکی فریشتەیییانەی سپیی هەیە)، (دڵی وەک شووشە وایە) و هیی دیکەی لەم چەشنە. بە لاکەی تریشدا ڕەنگی ڕەش و ئیبلیس بەپێی هەمان ڕوانین، ناشیرین و قێزەونن. هەردووکیان بە نەفرەت دەکات. واتە کاری ئەو ڕەخنەیە، چ لە شێوەی نووسینی ئەدەبدا و چ لە شێوەی قسەکردن لەبارەی ئەو ئەدەبەوە، تۆخکردنەوەی ئەو ڕوانینە میلـلییەیە. لای ڕەخنەگر ئەو تێکستانەی هەمان تێگەیشتنی ئەویان هەیە و لە ئاستی چاوەڕوانیی خۆیدان، گرنگن و ئەوانەی تر بێبایەخن. (ئومبێرتۆ ئیکۆ) لە کتێبی (خوێنەر لە ئەفسانەدا)دا چوار ئاستی بۆ بەریەککەوتنی خوێنەر و تێکست دەستنیشان کردوون، کە لە ڕووی فۆرمەوە (گرەوی پاسکال: Pascal’s Wager)م بە بیر دەهێنێتەوە. ئاستەکان ئەمانەن:
یەکەم، تێکستی کراوە و خوێندنەوەی کراوە. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵە و بە وردی دەخوێنرێتەوە. دووەم، تێکستی کراوە و خوێندنەوەی داخراو. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵە، بەڵام بە سادەیی دەخوێنرێتەوە. سێیەم، تێکستی داخراو و خوێندنەوەی داخراو. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵ نییە و خوێندنەوەکەیشی سادەیە. چوارەم، تێکستی داخراو و خوێندنەوەی کراوە. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵ نییە، بەڵام لە ئاستیدا خوێندنەوەی ورد ئامادەیە. ئامادەیە، ئەگەرچی هیچی شاراوەی لێ دەست ناکەوێت، تا لێکیان بداتەوە. ڕەخنەگری ئێمە (ڕەخنەگری میلـلی) پێوەندیی بە دووەم و سێیەمەوە هەیە. هەر کاتێ خۆی لە ئاستی تێکستی کراوەدا دەبینێتەوە، بەو خوێندنەوە ساکارەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەڵێت هیچ نییە، بەڵام کاتێ تێکستی سادە دەخوێنێتەوە، کە هەمان ئەو شتانەی گوتوون، خۆیشی دەیانزانێت و لەگەڵیاندا گەورە بووە؛ گەشکە دەیگرێت و بەو زمانە وەسفییەی دەڵێت داهێنانە. ئەگەر بۆ ئەو تێگەیشتنە بگەڕێینەوە، وا لە کتێبی (پلەی سفری نووسین)ی (بارت)ـەوە هەڵمانهێنجاوە، کە پێی وایە نووسینی پلەسفر لە کۆت و پێوەندی سەرجەم بۆچوون و باوەڕە باوەکان ڕزگاری بووە و بووەتە تاک، مانای وایە شتی نوێ و نەزانراو لەو نووسینەدا هەن، بۆیە کردوویانەتە تاک. بەم شێوەیە خوێندنەوەی ڕەخنەگر بە زمانی کۆ، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی بە ئامڕازی وەسف، جۆرێکە لە شێروخەت. باشە، یان خراپە؟
بە ڕوونی هەر نووسینێکی تاک بە تێگەیشتنی کۆ جۆرێکە لە لادان، بۆیە لەو شێروخەتەدا، دووەمیان دەهێنێت، پێچەوانەوەی ئەو نووسینەی هەمان تێگەیشتنی کۆی دووپات کردووەتەوە، کە ئۆڵرەدی یەکەمیانی بەر کەوتووە. بێبایەخکردنی تێکست و ڕاڤەنەکردنی، بێبایەخکردنی ژیانە. ئەو چێژەیە بۆ ژیان وامان لێ دەکات، پێوەی بلکێین و قووڵاییی ئەو ژیانە ببینین. (پۆول ڕیکۆر) لە کتێبی (لە تێکستەوە بۆ کردار)دا پێی وایە تێکست دیسکۆرسێکە، نووسین سەپاندوویەتی، بەو مانایەی چەمکێکە، دەکرا بە دڵنیایییەوە بیڵێین، بەڵام دەینووسین، چونکە نایڵێین. بەم شێوەیە نووسین شوێنی قسە دەگرێتەوە. لە دیدی (ڕیکۆر)دا بەهای نووسین لەوەدایە بخوێنرێتەوە و لێک بدرێتەوە. هەر ئەو پێی وایە کۆنتێکستی زمان شاراوەیە و لە دەرەوەی کاتدایە. ئەوەی ئامادەیە، نووسینە. وەک گوترا وەسف دوورمان دەخاتەوە ئێمە بەو نووسینە بگەین، تا لێکی بدەینەوە و مانا شاراوەکانی دەربخەین. تێکستی سادە، یان بە دەربڕینی (ئیکۆ) تێکستی داخراو ماناکانی ئاشکران و بۆ دەرەوەن، بەوەی ئاڕاستەن بۆ شتێکی زانراو، کە کراوەتە ئامانج، بەڵام تێکستی قووڵ، واتە تێکستی کراوە ماناکانی هەم بۆ ناوەوە و هەم بۆ دەرەوەن، چونکە ناوەوە دنیایەکی دامەزراوە و لە ڕێی زمانەوە هاتووەتە بوون، بۆیە توانای ئەوەی هەیە دایەڵۆگ لەگەڵ دەرەوەیدا بکات، بەو مانایەی بگاتە خوێنەر، کە (ڕیکۆر) لە کتێبی (ململانێی ڕاڤەکان)دا بە تەقاندنەوەی زمانی دەچووێنێت، بەو مانایەی دەکرێتەوە و ڕوو لە دەرەوەی خۆی دەکات.
وەسف ڕێگەیەکە بۆ کوشتنی ئارەزوو (Desire)، بەوەی لە جیاتیی ئەوەی ئاڕاستەکە بۆ خودی تێکست بێت، بۆ دەرەوەیەتی و لەوێوە هەموو ئەو شتە سواوانە دووبارە دەکرێنەوە، کە لە زووەوە لەسەر ئاستی میلـلیدا ناسراون و گوتراون. بە مانایەکی تر، بوونەتە دەستەڵات. (دولووز) و (گاتاری) بە تایبەتی لە کتێبی (سکیزۆفرینا و کاپیتالیزم)، بە هەردوو بەشی (ئەنتی ئۆدیپ) و (هەزار بان)دا بایەخی گەورە بە چەمکی (ئارەزوو) دەدەن، بەوەی ئارەزوو ئەوە نییە (فرۆید) لە چوارچێوەی خێزان و لەناو سێگۆشەی (کوڕ، دایک و باوک)دا قەتیسی کردووە، بەڵکوو زۆر لەوە گەورەترە، بە ڕادەیەک پەل بۆ بوارەکانی کۆمەڵایەتی، پۆلیتیکس، ئابووری و هیی دیکەیش دەهاوێت. (ئارەزوو) بوونێکی تەواوە، بۆیە لە خاڵێکدا ناوەستێت، بگرە دەبێتە ئامڕازی بەرهەمهێنان، مادام نەست پێچەوانەی بۆچوونی (فرۆید) شانۆی بەرهەمهێنانە و سنووری نییە. ئارەزوو هێزی هەیە بە گژ هەموو سەرکوتکردن و پەلاماردانێکی دەرەوەدا بچێتەوە، بۆیە ئارەزوو بە پلەی یەکەم دژی دەستەڵاتە. بە مانایەکی دیکە، دەستەڵات بە هەموو فۆرمەکانیەوە بەردەوام ویستوویەتی (ئارەزوو) کپ بکات و سنووری بۆ دابنێت. ئەو تێگەیەشتنە، کە (دولووز) لە ئەنجامی خوێندنەوەی ڕەخنەیییانەی (سپینۆزا)، (مارکس)، (نیتشە)، (بێرگسۆن)ـەوە هەڵیهێنجاوە، هەمیشە لەناو ئەدەبدا هەبووە و گەشەی کردووە. ڕاستییەکەی چەمکی (ئارەزوو) لە (پلاتۆن)ـەوە بۆ (سپینۆزا)، بۆ (کانت) و بۆ (هیگڵ) بۆ (سارتەر) و تا (لاکان) و دواتریش بەردەوام بە بزووێنەری داهێنان دانراوە، لە کاتێکدا ڕەخنەگری ئێمە لە ڕێگەی وەسفەوە هەوڵی سەرکوتکردنی دەدات. بەگشتی ڕەخنەی کوردی لە ڕوانگەوە بۆ ئەمڕۆ، لە دژی (ئارەزوو) وەستاوەتەوە و ویستوویەتی ملکەچی هەندێ حوکم و بڕیاری دەستەڵاتدارانەی بکات. بەسەریەوە بووەتە چاودێر و مەبەستیەتی دووری بخاتەوە. سەرجەم ئەو نووسەرانەی لە دنیای ئێمەدا بایەخیان بە (ئارەزوو) داوە و دەیدەن، بە لاوە نراون و خراونەتە پەراوێزەوە، بگرە گوم کراون.
ئەمڕۆ بەشێکی ڕۆماننووسە دیارەکانمان لەسەر داواکاریی خوێنەر بایەخی یەکەم بە وەسف دەدەن. ئەگەر وەسف لەو ڕۆمانە قەبانە بستێنیتەوە، چەند لاپەڕەیەکی کەمیان لێ دەمێنێتەوە. وەسف هەر بە سروشتی خۆی درێژدادڕە، کە (نیتشە) لە دژی وەستاوەتەوە، بۆیە لە زۆرینەی بەرهەمەکانیدا پەنای بۆ شێوازی ئەفۆریسم (Aphorism) بردووە، بگرە گاڵتەی بەو نووسەرانە کردووە، کە قەبارەی فیکریان بچووکە، بەڵام وا تێ گەیشتوون قووڵاییی شت لە درێژی و مەزنییەکەی لە فرەوانیدایە. پێی وایە ئەو شتەی بە کورتی دەگوترێت، بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی درێژە. ئەمڕۆ هۆکاری بەشێکی درێژبوونەوەی هەندێک لەو کتێبانەی ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە نووسەرەکانیان زمانی نووسین نازانن و لە یارییەکانی گراماتیک بێئاگان. لە تەکنیکەکانی گێڕانەوە قووڵ نەبوونەتەوە، بەوەی وەسف هەمیشە پێویستی بە دەربڕینی ڕاستەوخۆیانە هەیە. ئەوان بایەخ بە ڕازاندنەوەی مانای ناسراوی ئەو چەمکانە دەدەن، کە زۆرینە پەسەندی کردوون. فریشتەیەکی بدەرێ و دوای ماوەیەکی کورت لەگەڵ کتێبێکی قەبەدا بۆتی دەگەڕێنێتەوە. ئینجا نۆرەی ڕەخنەگر دێت، تا بە زمانی میلـلی وەسفی بکات. ئەرکی هەندێک مێدیای حیزبی و ناحیزبییش، ئەوەیە، پێیدا هەڵبڵێن و مژدە بە جەماوەر بدەن، کە هەزاران دانەی لێ فرۆشراوە. (نیتشە) بەشی یەکەمی کتێبی (زەردەشت ئاوا دوا)ی لە ماوەی دە ساڵدا نووسی. هەندێک لەو نووسەرانە ساڵانە لە پاڵ کۆمەڵێک گفتوگۆ و کۆڕدا، لە پاڵ چەند گوتارێکی وەسفاویدا، کتێبێک دووانیش هەر دەنووسن، چونکە وەسف ئاسانکارییان بۆ دەکات لە ماوەیەکی کورتدا سەدان لاپەڕە ڕەش بکەنەوە. هەیە بە سواری وەسف دەگاتە ئەوروپا و دەیان کەس کۆ دەکاتەوە، تا ئەو گوتانەیان بۆ بڵێتەوە، کە سی ساڵە دەیانجووێتەوە و لێیان بێزار نابێت. وەک (نیتشە) دەڵێت ئەوانە نەک تەنیا شتەکانی خۆیان، بەڵکوو هیی ئەوانەی تریش دەگوێزنەوە.
ئەو نووسەرانە لەسەر بەرهەمی ئەوانەی تر دەژین، بەوەی بیرۆکەکانیان وەردەگرن و دەیانخەنە ئاستی میلـلییەوە، تا جەماوەر ئاسان لێیان تێ بگات. شتێکی سەیر نییە، کە ئەو خوێنەرانەی هەمان ڕوانینیان هەیە، لەو ڕۆمانانەدا بە دوای گوتەی نەستەقدا دەگەڕێن، تا لە سۆشیالمێدیادا بڵاویان بکەنەوە. هاوڕێکانم جاروبار هەندێک لەو گوتانەم بۆ دەنێرن، کە هەمان قسەی ناو دڵی جەماوەرن. (مۆریس بلانشۆ) لە کتێبی (پرسیاری نووسین)دا نووسیویەتی پرسیار توێژینەوەیە، توێژینەوەیش توێژینەوەی ڕەگەکانە، لێکۆڵینەوە و ڕۆچوونە بۆ قووڵایی، هەڵکۆڵینی بناغە و دۆزینەوەی بنەماکانە. هەر ئەو لە هەمان کتێبدا دەڵێت پرسیار ئارەزووی فیکرە. دوو ڕستە بە نموونە دەهێنێتەوە. یەکەمیان، (ئاسمان شینە) و دووەمیان، (ئایا ئاسمان شینە؟)یە. دەڵێت پرسیار وا دەکات (شیناییی ئاسمان) شوێنی چۆڵ ببێت، بە مەرجێ (شیناییی ئاسمان) لە ناو نەچووە و نەسڕاوەتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەڵکشاوە، تا ئەوەی تواناکەی پێ گەیشتووە، کە پێشتر (شینایی) ئەو توانایەی نەبوو. ئێستا پێوەندییەکەی لەگەڵ ئاسمان بەهێزترە. ئەو ڕەخنەگرەی ئێمە دەزانێت لای خەڵک ئاسمانی شین جوانە، بۆیە چینێکی تری دەخاتە سەر و دەنووسێت (ئاسمان زۆر شینە، لەوە شینترە، کە تۆ دەیهێنیتە بەر چاو. شینایییەکەی لەڕادەبەدەرە. وای ئەو شینایییە چەند جوانە! ئەو شینایییە مەگەر… هەر ئەو شینایییەیە، کە وا دەکات… ئای شینایی، بتخۆم…). ئەمە لە تێکستی ئەدەبیدا، بەڵام بە هەمان شێوە لە ڕەخنەدا ڕەخنەگر دەنووسێت: (بە ڕاستی جوان باسی شیناییی ئاسمانی کردووە. نووسەر یان ئاوا باسی شیناییی ئاسمان بکات، یان ئەگەر بۆی ناکرێت، با دەمی دابخات.
داخستنی دەم لە ئاستی شیناییی ئاسماندا، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. ئاخر شیناییی لەم شێوەیە هەر بۆ ئەوە باشە… ئەوانەی نازانن باسی شیناییی ئاسمان بکەن، پێویستە خۆیان و…). بەم شێوەیە وەسف مانا زانراوەکانی تێکست نەک هەر دەپارێزێت، بەڵکوو تۆختریان دەکاتەوە، لە کاتێکدا پرسیار ئەو مانا زانراوانە تێک دەشکێنێت و هیی دیکە دەدۆزێتەوە. چەمکی (ترس) لە ئاستی میلـلیدا بە نەگەتیڤ سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا لە فەلسەفەی (کیەرکەگۆرد)دا دەبێتە بزووێنەری ئازادی. (خەم) لای (شۆپێنهاوێر) و (نیتشە) ئەو مانایەی نامێنێت، کە پێشتر هەیبووە. نووسەری شەیدای وەسف هەمیشە لای (چاکە)یە، چونکە زۆرینە (چاکە)ی پەسەند کردووە و ماناکانی دەرکەوتوون، پێچەوانەی (خراپە)، کە بە لاوە نراوە و ماناکانی شاراوەن. ئەوەتە (جۆرج باتای)ی فیلۆسۆفی فرانسی لە کتێبی (ئەدەب و خراپە)دا بۆ ئەو نووسەرانە دەگەڕێتەوە، کە لە ڕێگەی (خراپە)وە داهێنانیان کردووە. (ئیمیلی برۆنتێ)، (بۆدلێر)، (ولیام بلێک)، (کافکا)، (پرۆست) و هیی دیکەی بە نموونە هێناونەتەوە و لە بەرهەمەکانیاندا بە دوای ئەو چەمکەدا گەڕاوە. واتە (خراپە) لە ئەدەبدا ئەو مانایەی لە دەست دەدات، کە جەماوەر ناسیویەتی. (باتای) پێی وایە ئەدەب بێوەی نییە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە کردوویانەتە ڕێگەی لاواندنەوەی ئەو جەماوەرە.
بەگشتی ڕەخنەدۆزان لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕێی پرسیارەوە مانای تر لە هەر شتێکدا بدۆزنەوە، چونکە ئەو مانایە بووەتە دەستەڵات، تەنانەت دەستەڵاتی سیاسی لە مانەوەی ئەو مانایەدا ڕەوایەتی وەردەگرێت و لەوێوە هەر مانایەکی تر سەرکوت دەکات، کە جیاوازە. دیکتاتۆرەکان ڕۆڵەی ڕاستەقینەی تاکمانان و پارێزگاریی لێ دەکەن. نووسەرانی وەک (دۆیستۆیڤسکی)، (نیتشە)، (فرۆید) و زۆری تر نەخۆشییە دەروونییەکانی خۆیان کردووەتە سەرچاوەی داهێنانی گەورە، کەچی ئەمڕۆ ڕەخنەگر هێرش دەکاتە سەر نووسەرانی خۆمان، گوایە نەخۆشن و بە دەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەتلێنەوە. هەر بەو زمانە وەسفییەیشی ناوی دەیان لەو داهێنەرە نەخۆشانەی هێناون و پێیدا هەڵگوتوون.
شتێکی سەیر نییە هەموو ئەوانەی بایەخی یەکەم بە وەسف دەدەن، هەر ئەوانیش بن بڵێین زمان گرنگ نییە، لە کاتێکدا زمان پرسیاری فەلسەفە بووە لە (پلاتۆن)ـەوە تا ئەمڕۆ، کە لە بەرهەمەکانی پێشوومدا هەوڵم داوە لەسەر ئەو بابەتە بوەستم.
وەک دەبینین ڕەخنە لەناو فەلسەفەدا چاوی هەڵهێناوە، لە کاتێکدا ڕەخنەی ئێمە لەناو حوجرەدا لە دایک بووە و لەوێوە چووەتە قوتابخانە، کە ئەو سەرەتایە بایەخی هەیە، بەڵام بەوەدا پرسیار نەبووەتە بەشێکی گرنگی ئەو ڕەخنەیە، لە گەشە کەوتووە و تا ئەمڕۆ درێژە بە وەسف دەدات. لە کەلتووری ئایینیدا پرسیار قەدەغەیە، بەوەی شتەکان و حوکمەکان چەسپاون، کە ئەمە هاتووەتە ناو قوتابخانەی فەرمییشەوە. قوتابی بۆی نییە بە پرسیار ڕووبەڕووی مامۆستای ببێتەوە، مادام بابەتەکان بۆ ئەوەن لە بەر بکرێن. لە ڕەخنەی کوردیدا ئەو تێگەیشتنە هەمیشە زاڵ بووە. سەرجەم ئەو شەڕەجنێوەی لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کراون، پێوەندییان بەو وەسفەوە هەبووە. بە مانایەکی تر، وەسف یارمەتیدەری ڕەخنەگرە، تا لە جیاتیی ئەوەی لەسەر چەمکەکاندا بوەستێت و لێکیان بداتەوە، وەک چەکێکی فیزیکی لە دژی نەیارەکانیدا بە کاریان بهێنێت. چەند ساڵ لەمەوبەر ڕەخنەگرێک لە ڕێگەی وەسفەوە پەلاماری نووسەرێکی دیاری ئێمەی دا. ئەو نووسەرە دیارەمان بە هەمان زمان ڕووبەڕووی بووەوەوە، کە لە نووسینەکەیدا گوتەیەک سەرنجی خوێنەری ڕاکێشا: (گیرفانی خوێنەرەکانم لە ناو سەری تۆی زیاتر مەعریفە تێدایە). ڕەنگە گوتەکەم دەقاودەق، بە هەمان ڕێنووسی خۆی دانەڕشتبێتەوە، بەڵام دڵنیام وای پێ گوت. ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی (مەعریفە)، کە لانی کەم لە (نیتشە)وە تا ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە تێرمە ئاڵۆزەکان و کۆمەڵێک شەڕی گەورەی فیکریی لێ کەوتووەتەوە. هەردوو ئاڕاستەی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزمی بە دوای خۆیدا هێناون. هەر بۆ نموونە لای (فۆکۆ) پێوەست دەکرێت بە دەستەڵاتەوە، بەوەی دەستەڵات هاوشێوەی حەقیقەت، مەعریفەیش بەرهەم دەهێنێت. ئەو چەمکە شەڕانگێزەی سەرجەم فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی بە خۆیەوە خەریک کردووە، لای ئەو نووسەرە ناسراوەی ئێمەدا دەبێتە چەمکێکی پاسیڤ، بە ڕادەیەک وەسفەکە (گیرفانی خوێنەرەکانم لە ناو سەری تۆی زیاتر… تێدایە) لە خودی چەمکەکە گەورەترە.
کاتێ ئەوە لە بەر چاو دەگرین، کە هەر چەمکێک لەسەر کۆمەڵێک دژایەتی دامەزراوە و ڕەخنە ئەو پایانەی تێک دەشکێنێت، تا هیچی دیکە وەک حەقیقەت نەمێنێتەوە، بەو مانایەی دەستەڵاتی نەهێڵێت، ئەوە وەسف بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئەو حەقیقەتە بمێنێت و دەستەڵاتی لێ نەسەنرێتەوە. ئایا ئەگەر ئەو نووسەرە دیارە بۆ ساتێک دەستی لە وەسف هەڵبگرتایە و لەسەر پرسیار بوەستایە، بەو شێوازە ئەو شەڕەی دەکرد و پەنای بۆ ئەو زمانە میلـلییە دەبرد؟ نەخێر، بەڵام بەشێکی زۆری خوێنەرەکانی لە دەست دەدا، چونکە هەتا ئاستی زمان پتر بۆ سەرەوە هەڵبکشێت، ژمارەی خوێنەر کەمتر دەبێتەوە. من خۆم چەند جارێک بە هەمان شێوە، بگرە توندتر پەلامار دراوم. چەمکەکانم هەڵگرتوونەتەوە و لەسەریان وەستاوم. کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی)م بۆ ئەو شەڕە فیکرییە تەرخانە. ئەو نووسەرە دیارە بە پێوەری (چاکە و خراپە) چەمکی مەعریفەی هەڵسەنگاندووە. بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا (مەعریفە) دژی (نەزانی)یە و شتێکی باشە، لای بووەتە حەقیقەت و بەبێ هیچ دوودڵییەک بە کاری هێناوە، بگرە وەک جەنگاوەرێک شەڕی لە پێناودا کردووە. ئەوە زمانی بەشێکی زۆری نووسەرە دیارەکانمانە، کە هەمیشە لە نووسیندا پەنایان بۆ کەلتووری میلـلی بردووە. سەیر نییە وشەی (زبڵ) و هاوشێوەکانی، کە لە زمانی خەڵکەوە بیستوومانن؛ ڕووبەری فرەوانیان لە نووسینی ئەوانە داگیر کردبێت. ئەو وەسفە بۆ هەموو شتێک بە کار دەهێنن. ئایا (زبڵ) تەنیا ئەو مانایەی هەیە، کە جەماوەر وەک شتی خراپ دیویانە و لە شێوەی جوێندا بە کاریان هێناوە؟ ئەرێ ئەو چەمکە داخراوە و هیچ مانایەکی تری تێدا نادۆزرێتەوە؟ ئایا (خراپ) تاکە خەسڵەتی زبڵە؟ ئایا حەقیقەت بنەمای هەیە، یان وەک (نیتشە) پێی وایە بێبنەمایە؟ ئەو گوتانەی، کە لە دەمی ئەو نووسەرانەوە دەرچوون و سەرنجی جەماوەریان ڕاکێشاوە، کاتێ لەسەریان دەوەستیت، لایەکی تری تەواو جیاوازیان دەبینیت.
چەند ساڵ لەمەوبەر گوتاری نووسەرێکی دیکەی دیاری خۆمانم لەبارەی (فاشیزم)ـەوە خوێندەوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لە سەرەتای هەشتاکاندا ئەگەر داوات لە هەر لاوێک لەو لاوە خوێنگەرمانە بکردایە لەبارەی ئەو چەمکەوە بنووسن، وردتر دەیاننووسی. چۆن خوێندنەوەی (فۆکۆ) و ئەوانەی دیکە، کە ئەو نووسەرە دیارە بەردەوام ناوی هێناون، نەیانتوانیوە زمانی لەو ئاستە میلـلییە ڕزگار بکەن؟ ئایا ئەو زمانە لە هیی (ئەدۆرنۆ)، (فۆکۆ)، (هانا ئەرنێت)، (دولووز) و ئەوانەی ترەوە (نزیک!)ـە، کە باسیان لە فاشیزم کردووە، یان لە هیی ئەو سەرکردانەی ئیسلامی سیاسی، کە نەیشاردووەتەوە پێیان سەرسامە؟ (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی بۆ چاپی ئینگلیزیی کتێبی (ئەنتی ئۆدیپ)ی نووسیوە، دەڵێت (ئەنتی ئۆدیپ) ڕاگەیاندنێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە، بەرەنگاری سەرجەم شێوازەکانی فاشیزم دەبێتەوە، بەوەی ئەوەیان دوژمنی سەرەکی و دژێکی سترەیتیجیکی ئارەزووە. شتەکە پێوەندیی بە فاشیزمی مێژوویییەوە نییە، وەک ئەوەی ناسیومانە، کە لە (هێتلەر)، (مۆسۆلینی) و ئەوانەی تردا بەرجەستەیە، بەڵکوو بەو فاشیزمەی ناوەوەی خۆمانەوە پێوەستە، کە لە عەقڵ و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەماندایە.
ئەو فاشیزمەیە، کە وامان لێ دەکات دەستەڵاتمان خۆش بوێت، ئارەزوو دەکەین دەستمان بەسەردا بگرێت و بمانچەوسێنێتەوە… نووسەرە دیارەکەی ئێمە بە سەرکردەکانی ئیسلامی سیاسی سەرسامە و بە زمانی میلـلییش باس لە فاشیزم دەکات.
نەبوونی پرسیار وای کردووە هۆشیاریی ڕەخنەییی ئێمە دروست نەبێت و نەچێتە ئاستی دایەڵۆگەوە، دایەڵۆگ هەم لەگەڵ خۆی و هەم لەگەڵ دەرەوەیدا. پرسیار بزووێنەری ململانێیە، کە تەنیا لە ململانێدا هۆشیاری دەسووتێت، تا هۆشیاریی گەورەتری لێ بێتە دی. بەشێکی زۆری نووسەری کورد، تەنانەت لەبارەی ژانرەکەی خۆیانەوە ناتوانن چوار دێڕی تۆکمە بنووسن. کاتێکیش نووسییان، دەبنە مایەی پێکەنین. ئەگەر گوتار و گفتوگۆی هەندێک لەو نووسەرانە بۆ قوتابییانی قوتابخانەیەکی سەرەتاییی یەکێ لەو وڵاتانەی، تێیاندا ڕەخنە بایەخی هەیە، بخوێنیتەوە و بڵێی ئەوانە نووسەر نووسیونی، وا دەزانن گاڵتە دەکەیت. ئەدی ئەگەر بڵێیت هەر یەکەیان خاوەنی چەند کتێبێکی قەبەیە؟
ڕەخنەی کوردی بە گشتی سادە بووە، بەڵام لە هەندێک قۆناغی تەمەنیدا ویستوویەتی بەگژ ئەو بەها سواوانەدا بچێتەوە. وەک گوترا لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر پارێزگاریی لەو بەهایانە کراوە. (ژیل دولووز) لە کتێبی (نیتشە و فەلسەفە)دا دەڵێت (نیتشە) ڕۆژێک نەترسا بڵێت فەلسەفەی (مانا و بەها) دەبێت ڕەخنەیی بێت، لە کاتێکدا (کانت) بە ڕاستی ڕەخنەی نەگرت، چونکە نەیدەزانی کێشەکەی لە شێوەی بەهادا دەرببڕێت. (دولووز) پێی وایە فەلسەفەی بەها، کە (نیتشە) دایمەزراندووە و هێناویەتیە بەر چاو، دەستکەوتی ڕاستەقینەی ڕەخنەیە. تاکە ڕێگەی ڕەخنەی هەمەلایەنەیە. واتە دروستکردنی فەلسەفە بە کوتەکوەشاندن. بەگشتی ڕەخنەی کوردی نەک هەر بە کوتەک لە بەهاکانی نەداوە، بەڵکوو دەستی پێوە گرتوون و لە پێناوی بەدەستهێنانی سۆزی زۆرینەدا پێیدا هەڵداون.
لە پێشەوە گوترا ڕەخنە زمانی تاکە و لە دژی کۆ دەوەستێتەوە.
نموونەی ڕەخنەدۆزانمان هێنایەوە، کە خوێنەریان کەمە و لە بەرانبەردا نووسەری سادەنووس خاوەنی جەماوەری فرەوانە. ئەگەر وایە، کاریگەریی ڕەخنە چۆن دەردەکەوێت؟ کاتێ لە (نیتشە)وە بۆ ئەمڕۆ دەگرین، دەبینین ڕەخنەدۆزان لە ڕۆژگاری خۆیاندا لە ئاستی فرەواندا نەناسراون، ئەوە نووسەری ئەدەبییش دەگرێتەوە، کە لە (سێرڤانتس)ـەوە بۆ (جۆیس)، لەوێوە بۆ (ئالان ڕۆب گرێ) و دواتریش، جەماوەر ئەگەر ناسیبێتیشنی، چارەی نەویستوون، بگرە دامودەستگە چاپەمەنییەکان بە لاوەیان ناون، بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوەندێکەوە بۆ یەکێکی تر هەیە. بۆ نموونە لە دنیای کوردیدا ڕەخنەدۆز کەمتر لە دنیایەکی وەک هیی پاریس، یان هیی ئەسکەندەرییە دەناسرێت و بەرهەمەکانی دەخوێنرێتەوە.
دواجار ئەوەی کاریگەریی هەیە، فیکری ڕەخنەدۆزە، نەوەک هیی ڕەخنەگر، چونکە وەک گوترا فیکری تاک، فیکرێکی دامەزراوە، دروست بووە و خاوەنی هێز (Power).ـە، پێچەوانەی کەلتووری کۆ، کە بەوەدا لە ڕێی وەسفەوە هاتووە و ئەوانەی پێش خۆی دووپات کردووەتەوە، ئەوە لەگەڵ نەمانی فاکتەرە دەرەکییەکان، دەپووکێتەوە. ئەگەر لە ساڵانی پێش سەدەی بیستەم، لەو ڕۆژگارەی (نیتشە) دەژیا، لە دەوروبەرەکەیدا بتپرسیایە ئێوە ڕەخنەدۆزێک بەو ناوە دەناسن، بێگومان دەیانگوت نەخێر، بەڵام ئەوە فیکری ئەو ڕەخنەدۆزەیە دنیای ئەمڕۆمانی هەژاندووە. هەمان شت بۆ (کافکا) و زۆری تر دروستە. هەموو ئەوانەی لە یەک دەچن، وەک یەکیش لە ناو دەچن، بگرە هاوکاتی یەکتریش گوم دەبن. کەم نین ئەو شیعرانەی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا زۆرترین چەپڵەیان بۆ لێ دراوە و دەیان ملیان گەیاندووەتە پەتی سێدارە، کە ئەمڕۆ لای خودی ئەو جەماوەرە دەنگدانەوەی ناخۆشیان هەیە. ئێمە لە هەشتاکاندا دەیان کتێب و نامیلکەی شاخمان بە دەست دەنووسینەوە، کە ئەمڕۆ ئەگەر بە جوانترین شێوە چاپ بکرێنەوە و بۆمانیان بهێننەوە، زۆرینەیان ناخوێنینەوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا بەشێکم بۆ ئەوە تەرخان کردووە.
جەماوەر خاوەنی یادەوەرییەکی زۆر کورتە، چونکە ئەوانەی لەو یادەوەرییەیدا شوێنی کردوونەتەوە، شتی کاتی و ڕووکەشن. ئەوەی دەتوانێت یادەوەریی تاک بپارێزێت، ئازارە. ئەو شتانەی لە ڕێگەی ئازارەوە پێمان گەیشتوون، هێزی مانەوەیان هەیە. دیسان بۆ پرسیار دەگەڕێینەوە، کە پێچەوانەی وەسف، ئازاراوییە.
پێشتریش گوتوومە ڕەخنە بەرهەمی نووسینە، بۆیە پرۆسەسێکی هێمنە و بەو هێمنییەی نهێنییەکانی تێکست دەدۆزێتەوە، تاکوو لێکدانەوەی جیاواز لەوەی نووسەر مەبەستی بووە، بکات. لەبەر ئەوەیە ڕەخنە هەمیشە سەرسامی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. دیارە سەرسامی لە شتی نوێوە دێت، کە هیچ نوێیەک بەبێ ئازار نایەتە کایەوە، بۆیە هێزێکی گەورەی هەیە. چەند ڕۆژێ لەمەوبەر هاوڕێیەکم ئەو بۆچوونەی منی بە مەبەستی گفتوگۆ لە فەیسبوکدا ورووژاند. هاوکات پێی خۆش بوو چەند وشەیەکی تری لەو بارەیەوە پێ بڵێم. ڕاستییەکەی هەر کاتێ ئێمە بەو تێگەیشتنە ڕازی نین، کە هەتا ئێستا بۆ هەر بابەتێک کراوە و دەمانەوێت لێکدانەوەی تری بۆ بکەین، ئەوە مەبەستمانە ئەو بابەتە تێک بشکێنین، کە لە هەر تێکشکاندنێکدا شتی نوێ دێتە کایەوە. ڕەخنەی کوردی هێشتا بیرۆکەی (ڕووخاندن)ی نەناسیوە، یان لانی کەم چاکی نەناسیوە.
ڕووخاندن پێچەوانەی دامەزراندن پرۆسەسێکی تاکانەیە، واتە ئێمە کاتێ دەڕووخێنین، پێویستمان بە هیچ پلان و نەخشەیەک نییە، ڕەچاویان بکەین، بەڵکوو بە ناچاری شێوازی خۆمان دەگرین، لە کاتێکدا (دامەزراندن) پێویستی بە نەخشەیە. بە مانایەکی تر ڕووخاندنی هیچ تاکێک لە هیی ئەوەی دیکە ناچێت. من بە شێوازی خۆم و تۆیش بە شێوازی خۆت دەڕووخێنیت، بەڵام دەکرێت دامەرزاندنەکانمان ئەگەر کتومتیش لە یەک نەچن، لە زۆر ڕووەوە پێک بگەنەوە. (دێریدا) کاتێ پێ لەسەر چەمکی (تێکشکاندن) دادەگرێت، وەک ئەوە وایە خودی (دامەزراندن)یش لەگەڵ (ڕووخاندن)دا یەکسان بکات، بۆیە وەک پێشتر گوترا لەگەڵ بەردەوامیی ئەو پرۆسەسەدایە. تێکشکاندن و دامەزراندنەوە، تێکشکاندن و دامەزراندنەوە، تێکشکاندن و…

پرسیاری من ئەوەیە، ئایا کاتێ ئاستی ڕەخنەی خۆمان بەو شێوەیە دەبینین، ناکرێت گومان لە تێکڕای مێژووی ئەو پەنجا ساڵە بکەین؟ ئایا ئەو ڕەخنەیەی هەندێک ناوی زەق کردوونەتەوە و هەندێکی بە لاوە ناون، حوکمەکانی لە شوێنی خۆیاندان؟ ئایا نووسینی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و هەر ژانرەیەکی تر بەرهەمی ئەو تێگەیشتنەی نووسەر نین؟ ئایا ڕاستە ئەو نووسەرەی بایەخی یەکەمی بە وەسف داوە، داهێنەری گەورەیە؟ ئایا بەبێ بواری فەلسەفە لە تواناماندا هەیە بەرهەمی گەورە بنووسین؟ ئایا ئەو نووسەرانەی جەماوەر بە ڕووناکبیر، بگرە بە فیلۆسۆفی داناون، کاتێ بە چاوی ڕەخنەگرانە دەیانخوێنینەوە، بە هەمان ئەنجامی ئەو جەماوەرە دەگەینەوە؟ ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری تر بە کراوەیی جێ دەهێڵم. ئەوەیش دەڵێم، کە هەر کاتێ نموونەم لە نووسەرە دیارەکانی خۆمان هێناوەتەوە، ناویم نەهێناون، لەبەر ئەوەیە وەک دیاردە باسم کردوون. هەست دەکەم ناوهێنان لە شوێنێکی ئاوادا جۆرێک چوارچێوە دروست دەکات، کە پێم وا نییە نووسینی ئەو نووسەرانە تەنیا هێندەن. لە گوتارەکانمدا ناوی نووسەرانم هێناون، کاتێ دەستم خستووەتە سەر بەرهەمیان و بۆچوونی خۆمم لەبارەیانەوە دەربڕیوە. ئەوەی من هەوڵم داوە لەو نووسەرانەی تێک بشكێنم، ئەو وێنانەن، کە جەماوەر بۆی دروست کردوون، تا بە شێوازی خۆم ئەو وێنانەیان بکێشمەوە. بەوەدا ڕەخنە هیی تاکە، ئەو وێنەیەی، کە بە دەستیشی دەهێنێت، تاکە و تایبەتە بە خۆی. هیچ وێنەیەک ناخرێتە ناو چوارچێوەوە، چونکە هیچ وێنەیەک تەواو نەبووە. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە دایەڵۆگم بە ڕێی خۆم زانیوە و دەیزانم. لە ناوەڕاستی هەشتاکانیشەوە بۆم دەرکەوتووە، کاتێ هاوار دەکەیت: ئێوە زۆر گەورەن، داهێنەری مەزنن، داوات لێ ناکرێت یەک بەڵگە بۆ گوتەکانت بهێنیتەوە، بگرە پێویست نییە چوار دێڕت لە کتێبێکی گرنگ خوێندبێتەوە، بەڵام کاتێ بە پرسیار ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، هەر پێش نووسەرە دیارەکان، لایەنگرانیان بەوە تۆمەتبارت دەکەن، گوایە کەسێکی بێئاگایت. واتە لەسەرتە دەیان کتێبی گەورەت لە کۆمەڵێک بواردا خوێندبێتەوە، ئینجا لەبارەی نووسینەکانیانەوە بپرسیت. ئایا لایەنگرانی ئەو نووسەرە دیارانە هەمان پێوەریان بۆ ئەو نووسەرانەیان هەیە؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگرانی میلـلی بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک لە بارەیانەوە دەنووسن و پێیاندا هەڵدەدەن، بەوە تۆمەتباریان دەکەن، گوایە کەسانی بێئاگان؟

ئەوەی من قسەم لێوە کردووە، ڕەخنەی زاڵی ئێمەیە، دەنا وەک گوتم لێرە و لەوێ هەوڵی گرنگمان هەن، کە بە گشتی هیی ئەو نووسەرانە نین، ناوی ناسراون و خاوەنی جەماوەرن. نەخێر، نووسەرانی ترن. ئەو لاوانەیشن، خەریکی وەرگێڕانی کتێبی فیکریی ڕەخنەییی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەکانن. ئەوانەن، گوتاری تۆکمە لەبارەی کۆمەڵێک چەمکەوە دەنووسن. بە داخەوە هەندێکیان هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە ژێر دەستەڵاتی ئەو نووسەرانە ڕزگار بکەن، کە لە ڕێی وەسف و بە پاڵپشتی جەماوەر گەورە کراون، بەڵام هەندێکیان ئەو هەنگاوەیشیان ناوە. چەند ساڵ لەمەوبەر نووسەرێکی لاو نامەیەکی ئاڕاستەی نووسەرێکی دیار کرد، کە بۆ من ئەو نامەیە زەنگێک بوو، پێی گوتم بە مێژووی نووسینی ئەم پەنجا ساڵەدا بچووەرەوە! هەڵوێستی نووسەرە دیارەکە هێندەی تر دەنگدانەوەی ئەو زەنگەی لە ناو سەرمدا گەورە کرد.

  • ئەم باسە بۆ تەوەرەی ڕەخنە نووسراوە، کە (دلاوەر ڕەحیمی) لە (ژنەفتن)دا ئامادەی کردبوو.



چۆن بۆ ڕزگاری دەگەڕێمەوە؟ گفتوگۆ لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوور لەبارەی (ئامادەییی ڕزگاری)یەوە … سازدانی: د. شوان سلێمان

د. شوان: چەند ساڵ لەمەوبەر گوتت ڕزگاری قۆناغێکی تەمەنە، کە نازانیت هێشتا ماوتە پێی بگەیت، یان بڕیوتە و دەتەوێت بۆی بگەڕێیتەوە. ئێستا لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟

کاروان: هەر کاتێ ناوی (ڕزگاری) دێت، کۆمەڵێک پرسیار ڕووبەڕوومان دەبنەوە، کە گرنگترینیان ئەم دووانەن: چی وای کردووە ئەو قوتابخانەیە ئاوا بەو هێزە گەورەیەوە لە یادەوەری (میمۆری)ماندا بمێنێت؟ بۆچی زۆرینەمان دوای تەواوکردنی زانکۆ، بگرە دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵایش هێشتا وا دەزانین قوتابیی ئەو قوتابخانەیەین؟ دیارە ناکرێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینە، ئەگەر بە شێوەی جیاواز بۆی نەگەڕێینەوە و بە چاوی جیاوازیش لەو ڕابردووە نەڕوانین، بەڵام ئایا دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە؟ ئایا ئێمە واقیع وەک ئەوەی هەیە، دەبینین، تا وەک ئەوەی هەیشە لە یادەوەریماندا بیپارێزین و بیگێڕینەوە، یان وەک خەون وایە، کە بە بڕوای (فرۆید) کۆمەڵێک فاکتەر وا دەکەن خەونمان دەقاودەق بیر نەکەوێتەوە؟ ئایا ئێمە (ڕزگاری)مان وەک خۆی لە بیر ماوه؟
(هێنری بێرگسۆن)ی فیلۆسۆف، کە بایەخی گەورەی بە چەمکی (کات) داوە، بە شێوازی خۆی ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە بووەتەوە. لە بەشی پێنجەمی کتێبی (وزەی ڕۆحی، یان وزه- ڕۆحی: Mind-energy)دا، کە لەژێر ناونیشانی (یادەوەریی ئێستا و پێزانینی ساختە: Memory of the present and false recognition)دا نووسیویەتی، (یادەوەری) بە هاوواتای (هۆشیاری) دەزانێت، چونکە پێی وایە بەبێ یەکەمیان، بوونی دووەمیان مەحاڵە. بە بڕوای (بێرگسۆن) یادەوەری وەک وەهمیش دەردەکەوێت. نموونە بەوە دەهێنێتە کاتێ دیمەنێک دەبینین، یان گوێمان لە گوتەیەک دەبێت، وا دەزانین پێشتر ئەو دیمەنەمان دیوە، یان ئەو گوتەیەمان بیستووە، بگرە ئەو وەهمە دەمانگەیەنێتە ئەوەی وا هەست بکەین توانای پێشبینیکردنی ئاییندەمان هەیە. مرۆڤ کاتێ دنیای دەرەوە بەم شێوەیە دەبینێت، لەژێر کاریگەریی ئەو وەهمەدا خودی خۆی بە نامۆ دەزانێت، بەڵکوو هەست بە دووفاقییش دەکات. بەم شێوەیە (یادەوەری) بە دیاردەی سایکۆڵۆجیی دەزانێت، نەوەک بە دیاردەی فیزیۆڵۆجی، کە هەستەکانی مرۆڤ دەردەبڕێت، بۆیە پێی وایە یادەوەری دوورە لەوەی مەتێریاڵی بێت، وەک لە کتێبی (ماددە و یادەوەری: Matter and Memory)دا پێی لەسەر دادەگرێت. لە دیدی (هێنری بێرگسۆن)دا ئەو وێنەیەی لامان دروست دەبێت، پێوەندیی بە هۆشمـانەوە هەیە، بۆیە دەچێتە ئاستی (دیورەیشن: Duration) و (ئینتیوەیشن: Intuition)ـەوە، کە ئەم چەمکانە لای ئەو مانای تایبەتیان هەیە، بەوەی پێوەستن بە زەمەنەوە و زەمەنیش بریتییە لە کەڵەکەکردن و بەردەوامی. بە مانایەکی تر، بەردەوامبوونی ڕابردوو و گەشەکردنی، تاکوو ئەوەی دەبێتە داهاتوو، کە ئەمە هاوشانی دۆخە دەروونییەکانیشە. لێرەیشدا یادەوەری بە هۆی ئەو بەردەوامییەوە گەورە دەبێت و گەشە دەکات. بەم شێوەیە (ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو) بەشی سەربەخۆ نین، بەڵکوو پێکەوەن و لە یەک سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێن. (دیورەیشن) کاتی ناوەوەی خۆمانە، ژیانی سایکۆڵۆجیمانە و هەر ئەویش کاتی ڕاستەقینەیە، بەڵام شوێن خەسڵەتی ماتێریەڵیی هەیە و دنیای دەرەوەمانە. هەر لێرەدا دوو جۆر یادەوەری لە یەکدی جودا دەکاتەوە، یادەوەریی عادەتی (Habits memory) و یادەوەریی ڕووت، یان یادەوەریی بێگەرد (Pure memory). یەکەمیان، پێوەندیی بە سیستەمی دەمارەوە هەیە، کە بە شێوەی میکانیکی ڕابردوو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانەوە دەگەڕێنێتەوە. بە هۆیەوە شیعر، داستان و شتی لەم بابەتە لە بەر دەکەین، بەڵام دووەمیان، دەروونییە و لە ناوەوە ڕوو دەدات، بەوەی خاوەنی خەسڵەتی بەردەوامییە و لەگەڵ ئیدراکی جەستەیی (Bodily perception)دا هاوشانە، کە شتەکان و مێژوویشیان دەپارێزێت و دەیانخاتە دۆخی بەردەوامییەوە. ئەمجارە بە شێوەیەکی دیکە دەپرسم من چیی (ڕزگاری)م دیوە و ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە کوێی یادەوەریمەوە؟ ئایا ئەوەی لەو یادەوەریمدا ماوە، ڕزگارییە؟ ئەوەی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەستم دەکەوێت، هەر ئەوەیە، کە ئاسان نییە (ڕزگاری) بخەمە شوێنێکی دیاریکراوی یادەوەریم، بەڵکوو دەتوانم بڵێم لە هەرسێ دۆخی (ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو)مدا هەیە. ئەو بەردەوامییە وەک (بێرگسۆن) پێی لەسەر دادەگرێت، سەر بە کاتی ناوەوەی خۆمە.

د. شوان: تۆ لە سەرەتای هەشتاکانەوە تا ناوەڕاستی لە ڕزگاری بوویت. ئایا ئەو ماوەیە هیچ کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر یادەوەریتدا هەیە؟ ئایا ڕزگاری شتێکی نوێی خستە سەر ئەو ئەزموونەی پێشتر هەم لە قوتابخانە و هەم لە دەرەوەی قوتابخانەدا هەتبوو؟

کاروان: من کاتێ پێم خستە ناو (ڕزگاری)یەوە، وەک زۆرینەی لاوانی ئەو سەردەمە گیرۆدەی کۆمەڵێک دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی لە شێوەی خێزان، گەڕەک، قوتابخانە و هیی دیکە بووم، بەڵام دەتوانم بڵێم لە هەموویان یاخی بووم و هەمیشە خەونم بە ئازادیی خۆمەوە دەبینی. لە بیرم نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان لای هیچ یەکێ لەو بەرپرسانەی پەروەردە کەسێکی پەسەندکراو بووبێتم، نە لای باوک، نە لای دانیشتووانی گەڕەک و نە لای مامۆستاکانیشم، بەڵکوو لە چاکترین حاڵدا منداڵێکی، دواتریش هەرزەکارێکی پەراوێزخراو بووم. بۆ ئەوەی پەسەند بکرایتایە، دەبووایە دەست لە ئازادیی خۆت هەڵبگریت و ملت کەچ بکەیت. ڕاستییەکەیشی نەمدەویست وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت، پەسەند بکرێم. دەستم بۆ هەر چی بردبێت، لە بەخێوکردنی باڵندەیەکەوە تا بەشداریکردنم لە یاریی تۆپی پێدا، قەدەغە بوو، کە لە کتێبی (منداڵیم ئاسکێک بوو بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد)دا ئەو دیمەنانەم لە شێوەی گێڕانەوەدا پیشان داون و دواتر لە ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)دا بە شێوازێکی تر دەرمخستوونەتەوە. بەوەدا لە دەرەوە دەرفەتی دەربڕینی ئازارەکانمم نەبوو، هەمیشە پەنام بۆ ناوەوەم دەبرد. ئەگەر وەک (ماکس شتیرنەر)ی فیلۆسۆف پێی وایە هەر تاکێک جیهانی تایبەتی خۆی دروست دەکات، ئەوە من هەر بە ڕاستی ئەو جیهانە تایبەتەی خۆمم لە منداڵییەوە دروست کردبوو، بەڵام کەمێک جیاواز لەوەی (شتیرنەر) دەیڵێت، بەڵکوو نزیک لەوەی (نیتشە) دەیهێنێتە بەر چاو. هەر زوو، دەتوانم بڵێم لە قۆناغی سەرەتاییەوە، شیعر بۆ لای خۆیی ڕاکێشام، کە وەک پێشتر بە تایبەتی لە پێشەکیی کتێبی (ڕاگەردان)دا نووسیومە، شیعری پارۆدی (هەجوو)م لەبارەی کەسانی دەوروبەرمەوە هەڵدەبەست و بە شێوەی زارەکی بڵاوم دەکردنەوە، کە ئەمە هێزێکی گەورەی پێ دەبەخشیم، چونکوو هەستم دەکرد چەناڵێکی گرنگم دۆزیوەتەوە، تا لێیەوە هەستی پەنگخواردووی خۆم دەرببڕم و ڕووبەڕووی ئەو هێزانە ببمەوە، کە سەرکوتیان کردووم. ڕاستە شتی سادە بوون، بەڵام سەرەتای ئەزموونی من لەوانەوە دەست پێ دەکات. تۆ خۆت یەکێکی لە هاوڕێیانی منداڵیم و ئەمانەت لە بیرن. لە پۆلدا هەمیشە ئاژاوەم دەنایەوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم کەسێکی توندوتیژ نەبووم، بەڵام لەگەڵ هیچ سیستەمێکدا ڕێک نەدەکەوتم، با ئەو سیستەمە هیی خوێندنیش بووایە و لەسەری سزا بدرامایە. سیستەمەکان بە دەربڕینی (دۆلۆز)ی فیلۆسۆف لەسەر کوشتنی ئارەزووی تاک دامەزراون. بەوەدا ئامانجی هەر سیستەمێک فەراهەمکردنی ڕێکییە، ئەوە بەر لە هەرچی زمان لە هەمووان دەستێنێتەوە و زمانی خۆیان بەسەردا دەسەپێنێت، بە سیستەمی خوێندنیشەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات کارێکی چاک و بەسوود ڕادەپەڕێنێت، بۆیە تۆ لە ڕێگەی ناڕێکییەوە بەگژ ئەو سیستەمەدا دەچیتەوە. وەک قوتابییش ئەوەی هەتە، تەنیا دەربڕینی گوتەیەکە، کە سیستەم قەدەغەی کردووە، یان گاڵتەکردنە بە بابەتێک، وا مامۆستا بۆتی باس دەکات. (ئینزێنسبێرگەر: Enzensberger)ی شاعیر و بیرمەندی ئەڵمان گوتارێکی لەژێر ناونیشانی (پێهەڵدانی نەخوێنەواری: In praise of illiteracy)دا نووسیوە، کە باس لەوە دەکات چۆن کەمایەتی لە پەنا خوێنەوارییەوە دەیەوێت بەشێکی زۆری دانیشتووانی سەر زەمین بە بیانووی نەخوێنەواری بسڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە نەخوێنەوارەکانن یادەوەریی گەورەیان هەیە و وردبینن. ئەوە ئەوانیشن ئەدەبیان داهێناوە، بگرە دەگاتە ئەوەی بڵێت ئێرەیی بە نەخوێنەوار دەبات، کە خاوەنی ئەو یادەوەرییە مەزنەیە. دیارە ئەو نووسەرە دژی خوێنەواری نییە، بە قەدەر ئەوەی دەیەوێت لاکەی دیکەی سیستەمی خوێندن ببینێت، کە مەرجدارە. لە ڕێگەی خوێندنەوە دامودەستگەکان دەیانەوێت توانامان داگیر بکەن و بە ئارەزووی خۆیان هەڵمانبسووڕێنن. پابەندبوون بە سیستەمی خوێندن و لەبەرکردنی وانەکان پێوەرە بۆ زیرەکی و تەمبەڵیی قوتابی، بە مەرجێ وەک (بێرگسۆن) دەڵێت ئەوە یادەوەریی عادەتییە، بە شێوەی میکانیکی ئەو شتانە لە بەر دەکات و قووتیان دەدات. لەبەرکردن قوتابی لەسەر ئەوە ڕادەهێنێت گوتەی دەستەڵاتداران بە پیرۆز بزانێت و لە بەریان بکات، بگرە هەموو فەرمانێکیان بە جێ بهێنێت، کە خۆشبەختانە هەر بە زگماک دژی ئەو سیستەمی لەبەرکردنە بووم. بەو پێوەرە من بە لاوە دەنرام، بەڵام هەر ئەو بەلاوەنانە هێزی دەدامێ پەنا بۆ کەناڵی تری دەربڕین ببەم، کە جگە لە نووسین، ئەو سەردەمە خووم دابووە ئەو هونەرەی بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Stand-up comedy). چیرۆکێکی کۆمیدیم هەڵدەبەست و لە پۆل، یان لە گۆڕەپانی قوتابخانەدا لە شێوەی نواندن دەمگێڕایەوە. بەکورتی بەر لەوەی بێمە (ڕزگاری)، هەموو ئەزموونەکەم هەر ئەوە بوو. لە (ڕزگاری)دا بۆم دەرکەوت ئەوانەی وەک من وان، ژمارەیان زۆرە، بۆیە هەستم کرد ژینگەی خۆمم دۆزیوەتەوە. ئەوەتە هەر یەکەی بە شێوەیەک ئازادیی لێ زەوت کراوە و لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەیەتی. کاریگەریی ئەوانەم هەر زوو لە ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودوودا بۆ دەرکەوت، کە ئەو ڕووداوە هەموومانی هەژاند و بە ڕوونی پیشانی داین یاخیبوونمان بەرهەمی هەیە و سنووری ئازادیمان فرەوانتر دەکات.

د. شوان: ڕاستییەکەی پێم خۆشە ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودووی قوتابییان، کە ڕزگاری ڕۆڵی گەورەی تێدا بینی، بە جودا باس بکەیت. بۆچی ئەو ڕاپەڕینە گرنگە؟ چی وای کردووە لە بەرهەمەکانتدا بایەخی تایبەتی پێ بدەیت؟

کاروان: (لاوانی ڕزگاری) وەک سەرجەم لاوانی تری باشووری کوردستان، لەناو ڕووداوە خوێناویییەکاندا چاویان کردبووەوە و شانبەشانی ئەو ڕووداوانەیش هاتبوون، لە کودەتای شوباتی شەستوسێی شۆڤەنیستەکانەوە بۆ دەرکەوتنی چەتەکانی حەرەسقەومی، لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولەوە تا کوژانەوەی، لە دەستپێکردنەوەی شۆرشی نوێوە بۆ شەڕی عێراق و ئیران، کە ئەوانە ئەگەرچی وایان کردبوو ئەو نەوەیە منداڵیی خۆی لە دەست بدات و سەردەمی لاوێتییشی نەبینێت، بەڵام بە هەمان ئەندازەیش هۆشیارییان پێ بەخشیبوو. (هیگڵ)ی فیلۆسۆف پێی وایە ڕووداوە مێژوویییەکان ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئامانجی عەقڵانی (rational aim)، کە عەقڵی گشتگیر هەڵیاندەسووڕێنێت. عەقڵی گشتگیر خواوەندە و دەستەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هەیە، بۆیە چاکە و خراپە وەک یەک بەشداری لە بزوواندنی ڕەوتی مێژوودا دەکەن، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانیش بە چاک و بە خراپیانەوە لەلایەن ئەو عەقڵە گشتگیرەوە ڕۆڵیان پێ دراوە. (هیگڵ) مێژوو بە شانۆی تراجیدی دەزانێت، نەوەک بە شانۆی بەختیاری، بەڵام هاوکات وای دەبینێت هەموو ئەو ڕووداوە تراجیدییانە بە ئاڕاستەی ئازادیدا دەجووڵێن. هەر لە سەرەتای کتێبی (فەلسەفەی مێژوو)دا ڕایدەگەیەنێت، کە مێژووی جیهان شتێک نییە، جگە لە پەرەسەندنی هۆشیاریی پێوەست بە ئازادییەوە. مێژوو بۆ ئەوە دەچێتە پێشەوە، تا بە ئازادیی زیاتر بگات. ئەو ڕووداوانە ئەگەرچی بۆ ماوەیەک وەک فاکتەری نەگەتیڤ لە مێژوودا دەردەکەون، بەڵام دواجار ڕۆڵ لە جووڵاندنی ڕەوتی ئەو مێژووەدا دەبینن و هۆشیاری دێننە ئاراوە، بۆیە پێی وایە مێژوو بوونەوەرێکە و گیانی لە بەرە، کە ئەو گیانە لە لایەک ئازادییەکەیەتی و لە لایەکی دیکەیش تێگەیشتنی ئەوە بۆ ئەو ئازادییە. بەم شێوەیە ڕەوتی مێژوو بەرەو ئازادیی زیاترە، کە هەر ئەم ڕووداوە تراجیدییانەن ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەن، بەڵام بەوەدا مێژوو گیانلەبەرە، تووشی وەستان، لادان، لێژی و هەورازی دێت، کە وەک گوترا لەوانەوە هۆشیاریی خۆی بە دەست دەهێنێت. دیارە ئەو تێگەیشتنەی (هیگڵ) دواتر دەکەوێتە بەر ڕەخنە، بەوەی سەروەریی (بیری مێژوو) بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤی هاوچەرخدا کۆمۆنیزم و فاشیزمی بەرهەم هێنا، یەکەمیان وەک لایەنی عەقڵ و دووەمیان وەک لایەنی ناعەقڵ، بەڵام مانای ئەوە نییە لە کاریگەریی خۆی دەکەوێت، کە ئەمە خەسڵەتی بیری فەلسەفییە و لێرەدا بە پێویستی نازانم بە لایدا بچم. ئەگەر لە دیدی (هیگڵ)ـەوە بۆ ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودووی لاوان بە گشتی و هیی (قوتابییانی ڕزگاری) بە تایبەتی بڕوانین، بەشێکی بەرهەمی مێژووی خۆمان دەبینین. (لاوانی ڕزگاری) بە جیاوازیی باوەڕ، ئەو ئەکتەرانەن بۆ ئەوە دەجووڵێن، تا ئازادیی زیاتر بە دەست بهێنن. ڕاپەڕینی ئەوان تەنیا لە ئاستی پێویستییە غەریزییەکاندا نییە، بەڵکوو بەر لە هەرچی وەستانەوەیە لە ئاستی تێکڕای سیستەمەکاندا، بە سیستەمی سیاسییشەوە، کە ئازادییان لێ زەوت کردوون. بە دەربڕینی (ئەلبێرت کامیۆ) (نا)ی ئەوان ئەگەر لە ڕوواڵەتدا بۆ فەرمانێکی دیاریکراوی دەستەڵاتە، ئەوە لە جەوهەردا (نا)یە بۆ تەواوی سیستەمی کۆیلایەتی. هەرگیز ناکرێت دوای ڕاپەڕینەکان وا لە مێژوو بڕوانین، هەمان مێژووی پێشووە، مادام لە ڕێگەی ململانێ و پێکدادانەوە هەژێنراوە. قوتابییانی فرەنسا پێشتر لە ڕاپەڕینی ئایاری شەستوهەشتدا ئەوەیان بە ڕوونی پیشان دا، کە ڕاپەڕین مانای پێداچوونەوەیە بە سەرجەم چەمکەکاندا، بگرە تێکشکاندنیانە، بەوەی کۆن بوون و لەوە زیاتر بەرگەی ئەم نەوە نوێیە ناگرن. سەیر نییە، ئەگەر گوتەکەی (ڕامبیۆ)ی شاعیریان کردبێتە درووشمی خۆیان: (پێویستە ژیان بگۆڕێت، ئەو ژیانە بێزراوە کۆنەی، ئیدی شایانمان نییە). سەردەمەکان لەگەڵ خۆیاندا وەهمی تر دەهێنن و لە ڕێگەی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، قوتابخانە، پەرستگە، گەڕەک و ئەوانەی ترەوە دەیسەپێنن، کە مێدیای حزب و دەوڵەت لەو نێوەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، بەڵام ڕاپەڕین ئەو وەهمە تێک دەشکێنێت، بەوەی دەیانخاتە بەردەم واقیعەوە. هەر خودی فەلسەفە پڕە لە وەهم، بۆیە فیلۆسۆفان لەگەڵ هەر تەکانێکی مێژوودا بە چەمکەکانیاندا دەچنەوە. هاوکاتی شۆڕشی فرەنسی (هیگڵ)، (فرێدریک ڤۆن شێلینگ)ی فیلۆسۆف و (فرێدریک هۆلدرێن)ی شاعیر درەختێک دەڕوێنن و ناوی (ئازادی)ی لێ دەنێن. سەرسامیی (کانت)ی فیلۆسۆفیش بە هەمان شۆڕش لە هیی ئەوان کەمتر نەبوو. ڕاپەڕینی ئایاری قوتابییانی فرەنسا فیلۆسۆفانی وەک (سیمۆن دی بۆڤار)، (ژان پۆل سارتەر)، (جیل دۆلۆز) و کۆمەڵێکی دیکەی هێنانە سەر شەقام. ئەو جووڵانەوەیە دەریخست، کە نەک هەر مارکسیزمی ئەرسۆدۆکسی، بەڵکوو تەوژمە فەلسەفییە باوەکانی دیکەی وەک ئێکزیستێنشالیزم و سترەکچەرالیزمیش لەو ئاستەدا نین و دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە، کە کاریگەرییەکەی بە ڕوونی لە ڕوانینی (سارتەر)، (مێشێل فۆکۆ)، (ژان بۆدریار)، (جاک دێریدا) و زۆری دیکەدا دەرکەوت، بگرە ئەو گۆڕانکارییە چووە ناو هەموو بوارێکی ژیانەوە، لەوانە ئەدەب و هونەر، کە هەر بۆ نموونە مێژوویەکی نوێ لە سینەمای فرەنساییدا دەستی پێ کرد، تا لە ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤی ئەو سەردەمەدا بێت. ئایا ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودووی قوتابییان بە گشتی و هیی (ڕزگاری) بە تایبەتی گۆڕانکاریی هێنا؟ ناکرێت ئەو گۆڕانکارییە تەنیا لەوەدا کورت بکەینەوە، کە خوێندن لە عەرەبییەوە کرایە کوردی، بەڵکوو پێویستە لایەنە گەورەکەی بخەینە بەر چاو، کە بەدەستهێنانی ئازادی و گەیشتنە بە هۆشیارییەکی دیکە. ئەو ئازادی و هۆشیارییە بە ڕوونی هەستیان پێ دەکرا، بە ڕادەیەک یەکێتیی قوتابییانی بەعسی نەک هەر هەڵگیرا، بەڵکوو قوتابی بە ئازادییەکی زیاتر و بوێرییەکی گەورەترەوە بۆچوونی خۆی دەردەبڕی، بێ ئەوەی بتوانن کەسێک دەمکوت بکەن. کاتێ دوو مامۆستای بەشدار لەو ڕاپەڕینەیان لە (ڕزگاری)یەوە بۆ شوێنی تر گواستەوە، کە (محەمەد ئیسماعیل) و (جەلال عەلی شا) بوون، ناڕەزاییی گەورەی لێ کەوتەوە و بە چەپڵەڕێزان هێنایاننەوە، بگرە کار گەیشتە ئەوەی بەڕێوەبەرێکی بەعسی هەر بە هووها دەربکەن و یەکێکی تر بە ئارەزووی خۆیان دابنێن. ئەوە لە مێژووی خوێندنی کوردستان و عێراقدا یەکەمجار بوو ڕوو بدات. لە پشووی نێوان وانەکاندا میوزیک لە ژووری (مامۆستا ئەسغەر)ی بەڕێوەبەرەوە پەخش دەکرا و لەو گۆڕەپانەدا هەڵپەڕکێ بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە دەستی پێ دەکرد، کە یەکێک لە داخوازییەکانی قوتابییە ڕاپەڕیوەکانی فرەنسا تێکەڵکردنی هونەر بوو بە ژیانی ڕۆژانە. بایەخی من هەر لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا ئەمڕۆ بەو قوتابخانەیە و بە ڕاپەڕینەکەی بۆ ئەو تێگەیشتنەم دەگەڕێتەوە، کە بۆ چەمکی مێژوو هەمە. یەکەم چیرۆکم بە ناونیشانی (خولەکانی فێرکردن) هەر لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا نووسیوە، کە یەکێکە لە کۆمەڵەی (سەدەی یەکەمی خەیاڵ). دواتریش بە شێوەی تر بۆی گەڕاومەتەوە، بەڵام لە ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)دا ڕووبەرێکی زیاترم بۆ تەرخان کردووە.

د. شوان: بەڵێ، لەو سەردەمەدا قوتابخانەی ڕزگاری وەک بنکەی یاخیبوون و قوتابیی ڕزگاری وەک سیمبۆڵی ئەو یاخیبوونە سەیر دەکرا، بەڵام ئایا ئەو وەسفە لە شوێنی خۆیدا بوو. ئەگەر ئەو گیانی یاخیبوونە هەر بە ڕاستی دروست بووبوو، جگە لە فاکتەری دەرەکی، فاکتەری دیکەی ناوەوەیشی هەبوون؟

کاروان: ناکرێت باس لە لاوانی ڕاپەڕیوی هەشتاکان بە گشتی و (قوتابییانی ڕزگاری) بە تایبەتی بکەین، ئەگەر پێشتر لەبارەی مرۆڤی یاخییەوە نەدوێین، کە بەشێکی پرسیارەکەت ئەوە دەخوازێت سەرەتا لە چەمکی مرۆڤی یاخی بگەین و ڕووناکی بخەینە سەر ڕەهەندەکانی. بەبێ گەڕانەوەیش بۆ فەلسەفە کارێکی وا مەحاڵە. لەو گەڕانەوەیەیشدا هەر دەبێت لای (نیتشە) بوەستین، کە ئەو ناوی (مرۆڤی باڵا: Superman)ی لێ دەنێت و هەر ئەویشە لەسەر زمانی (زەردەشت)دا دەڵێت: (ئەوا من هەواڵی مرۆڤی باڵام بۆ هێناون. دەسا مرۆڤی ئاسایی شتێک نییە، جگە لە بوونەوەرێک، کە دەبێت تێی بپەڕێنین). وەک خۆی پێی لەسەر دادەگرێت پێشبینیی هەورەتریشقە دەکات. هەورەتریشقەیەیش خودی مرۆڤی باڵایە. مرۆڤی باڵا شەیدای ژیانە، بۆیە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی هەڵناکات. پێی وایە هەتا ژیان بەهێزتر بێت، بە هەمان ئەندازەیش ئەو جیهانەی هەیە، بەپیتتر دەبێت. مرۆڤی باڵا خاوەنی (ویستی هێز: The Will to Power)ـە، کە ئەو چەمکە لای (نیتشە) چەشنی زۆر چەمکی دیکەی وەک (گەڕانەوەی ئەبەدی)، (مەرگی خواوەند)، (نیهل: عەدەم) و ئەوانەی تر مانایەکی قووڵی هەیە و بەشێکی زۆری فیلۆسۆفانی دوای خۆی، لەوانە (دۆلۆز) و (فۆکۆ)، خەریکی لێکدانەوەی بوون. لەسەر زمانی (زەردەشت)دا ئەوە ڕادەگەیەنێت، کە مرۆڤی باڵا ڕێک مانای (زەوی)یە. مەبەستیەتی پێوەندیی بەتین لەنێوان مرۆڤی باڵا و ژیاندا دروست بکات، بەوەی ژیان شتێکی واقیعییە. واتە لەسەر زەوییە و دوورە لەوەی وەهم بێت. مرۆڤی باڵا پێچەوانەی مرۆڤی ئاسایی، نرخی بەرز بۆ ژیان دادەنێت، بگرە جوانی لەو ژیانە دەبینێت و بە ئەبەدیی دەزانێت، بۆیە ڕق، ئێرەیی و تۆڵەسەندنەوە، کە بەشێکی گەورەی ڕەوشتی مێگەل پێک دەهێنن، لای مرۆڤی باڵا نرخیان نییە. ئەو بەهایانە تێک دەشکێنێت، کە مێگەل دەستی پێوە گرتوون، بێ ئەوەی بەهای دیکە دابهێنێت، چونکە هەموو شتێک لە ئاست گەورەییی مرۆڤی باڵادا بێنرخە. ماسکەکان دادەماڵێت، مادام لە پشت ماسکدا هیچ شتێک نییە، بەڵکوو ماسک ڕووبەرێکە و جگە لە خودی خۆی، هیچی دیکە ناشارێتەوە. (نیتشە) کاتێ جاڕی مەرگی خواوەند دەدات، ڕێک دەیەوێت ئەو مرۆڤە باڵایە لە دایک ببێت، کە هەتا ئێستا ئایدیالیزم بە تایبەتی کریستیانەتی لەژێر ناوی گوناە و تۆبەدا ویستی لێ داگیر کردبوو. مرۆڤی یاخی، یان مرۆڤی باڵا بەوەدا شەیدای ژیانە، لە دژی تاریکی و کزی دەوەستێتەوە، کە میراتی فەلسەفەی پلاتۆنی و کریستیانەتی سەپاندوویانە و لووتکەی نیهلن. (زەردەشت) دوای دە ساڵ دابڕانی لە خەڵک، بۆ لایان دەگەڕێتەوە و لە جیاتیی خۆڵەمێش، ئاگریان بۆ دەهێنێت. بەڵێ، ژیان، نەوەک وەهمی ژیان. مرۆڤی باڵا ڕووناکی، شادی و چێژی کردووەتە بەشێکی گەورەی ژیانی، بۆیە بە ئاسوودەییی بچووک ڕازی نییە و تینووی ئاسوودەییی مەزنە. لەپێناوی ژیاندا پەنا بۆ سەرچڵی (Adventure) دەبات، بگرە ئەوە سەرچڵییە ئەوی پێ لە مرۆڤی ئاسایی جودا دەکرێتەوە. لێرەدا نموونەیەک دەهێنێتەوە، تا بیرۆکەکەی پێ ڕوون بکاتەوە: خەڵک گوێیان لە (زەردەشت) نەدەگرت و لەو ئەکرۆباتەیان دەڕوانی، کاتێ بەسەر پەتێکدا دەڕۆیشت، بەڵام هەر هێندە ئەکرۆبات لەو بەرزایییەوە کەوتە خوارێ، (زەردەشت) هەڵیگرتەوە و لەسەر دەستەکانی خۆیی دانا. ئینجا پێی ڕاگەیاند دەیخاتە سەروو هەموو ئەو خەڵکەوە، بەوەی ئازایانە ژیا و ژیانی خستە مەترسییەوە. (نیتشە) دەیەوێت بڵێت (ویستی هێز) پێویستە پێکەنین، سەما و شادیی لێ بچۆڕێتەوە. لەم ڕووەوە کریستیانەتی دەداتە بەر ڕەخنەی توند، بەوەی داوا لە مرۆڤ دەکات لەپێناوی بەدەستهێنانی مەلەکۆتدا، واز لە ئێستا و واقیعی ئەمڕۆی بهێنێت. مرۆڤی باڵا گوێ بەو مژدانە نادات، کە باوەڕە ئایدیالیستەکان پێی دەدەن، بەڵکوو پێی وایە چۆن منداڵ خۆی لە شیری دایک دەبڕێتەوە، ئاوا پێویستە ئەویش خۆی لە شیری ئەو مژدەدەرانە ببڕێتەوە و متمانە بە هیچ هێزێکی دەرەوەی خۆی نەکات. ئەوانە لە ئاستی مرۆڤی باڵادا چەند (ئەسپێ)یەکن و دەخشێن، کە ئەگەر قێزکردنەوە ڕێی لێ نەگرتایە، دەیفلیقاندنەوە. ئەوەی پێویستە لای مرۆڤی باڵا شکۆی هەبێت، هەر خودی خۆیەتی، چونکە ئەگەر ئەو خودەی خۆی نەبێت، دەتوانێت چی ببینێت؟ مژدەدەران مەبەستیانە (خود) لە مرۆڤ بستێننەوە و وای لێ بکەن وەک شتێکی بێبەها لێی بڕوانێت. لێرەدا ماوەتەوە ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ بکەم، کە پێوەندییان بە مرۆڤی باڵاوە هەیە و (نیتشە) لە هەر فیلۆسۆفێکی پێش خۆی جودا دەکەنەوە: یەکەم، پێدانی مانایەکی دیکەی تەواو جیاوازە بە چەمکی (نیهل)، کە بۆ نموونە لای (ماکس شتیرنەر) مانایەکی نەگەتیڤی دەگەیاند، بەوەی (نیتشە) پێی وایە حەقیقەت وەستاو نییە، بەڵکوو بەردەوام پێویستمان بە حەقیقەتی تر هەیە. بەم شێوەیە حەقیقەت دەخاتە باری دینامیکییەوە. دووەم، ڕزگارکردنی فەلسەفەکەی لە ڕەشبینیی (شۆپێنهاوێر). (نیتشە) بە تایبەتی لە کتێبی (جینالۆجیای مۆڕاڵ)دا ئەو ئاستەی تێپەڕاند، کە (شۆپێنهاوێر) لە چەمکی (ئازار)دا پێی گەیشتبوو، بەڵکوو لە ڕێگەی پرسیاری (ئازار چییە؟)وە مانایەکی دیکەی بەو چەمکە دا و لەو ئازارەی جودا کردەوە، کە مرۆڤی باوەڕدار لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانی جەستەیەوە دەریدەبڕێت، بەوەی ئەو جەستەیەی لا بێنرخە. هەر لێرەدا تراجیدیا لە خەفەت جودا دەکاتەوە. پێی وایە ڕەشبینیی (شۆپێنهاوێر) دەستهەڵگرتنە لە ژیان و عەدەمیەتێکی نەگەتیڤە، لە کاتێکدا خۆی، واتە (نیتشە) لە تراجیدیاکانی یۆناندا خودی ژیان دەبینێت. پێشتر لە بارەی تراجیدیاوە نووسیومە، کە ئەو فیلۆسۆفە چەند شەیدایەتی. بە پێویستی نازانم ئێستا بۆی بگەڕێمەوە. ئەو تێڕوانینەی (نیتشە) لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام لە مێژووی فەلسەفەدا بووەتە مایەی مشتومڕ، کە ئێمە لێرەدا نە بواری ئەوەمان هەیە باسیان بکەین و نە بە پێویستیشی دەزانین، بەڵام ناکرێت ئاماژە بە فیلۆسۆفێکی دیکە نەکەین، کە ئەویش (ئەلبێرت کامیۆ)یە و ژیانی بۆ ئەوە تەرخان کردووە، پێناسەی مرۆڤی یاخی بکات، بە تایبەتی لە کتێبی (مرۆڤی یاخی: The Rebel)دا. مرۆڤی یاخی دژی ڕۆتینی ڕۆژانە و ژیانی ساردوسڕ لە جەنگدایە. بە هیچ لێکدانەوەیەکی ئەم گەردوونە ڕازی نییە، چونکە ئەو لێکدانەوانە خێرا بۆ وەهم دەگۆڕێن و بەرگە ناگرن، بۆیە وەک کەسێکی نامۆ خۆی دەبینێتەوە و هاوکات پرسیاری (ئایا ئەم ژیانە شایانی ئەوەیە تێیدا بمێنمەوە؟) لە بەردەمیدا قوت دەبێتەوە، کە هەر لێرەدا هەستی بێهوودەیی (Absurdity)ی لا سەر هەڵدەدات. کەواتە بێهوودەیی لەو بۆشایی و ماندووێتییەدا دەرفەت دەهێنێت و خۆی دەخزێنێتە ناو هۆشیاریی مرۆڤەوە. ئەوەی پێوەندیی نێوان مرۆڤ و گەردوون دادەمەزرێنێت، بێهوودەییە. هەر کاتێ هۆشیاریی مرۆڤ کەوتە گەڕ، خێرا بێهوودەییی ئەم گەردوونەی بۆ دەردەکەوێت و چارەنووسی خۆی بە تاریکی دەبینێت، بەڵام هەر ئەوەیش یاخیبوون بەرهەم دەهێنێت و ئارەزووی گۆڕنکاری لای ئەو مرۆڤە دێنێتە دی، لە کاتێکدا (کامیۆ) پێی وایە تەنیا مرۆڤە لەم گەردوونەدا ئەو دۆخەی ناوێت، کە تێیدایە و (بوون: وجوود)ی خۆی لە یاخیبووندا دەدۆزێتەوە. (من یاخیم، کەواتە هەم). ئایا (بوون) لە پێش (یاخیبوون)ـەوەیە، یان بە پێچەوانەوە؟ وەڵامەکەی: هەردووکیان پێکەوە هەن. ئاماژە بە چەند جۆرێکی یاخیبوون دەکات: یەکەمیان، یاخیبوونی میتافیزیکی، کە یاخیبوونیەتی لە چارەنووسی خۆی و تێکڕای گەردوون. کۆیلە (نا) بەو سەردارە دەڵێت، دەیچەوسێنێتەوە و مافی زەوت کردووە، بەڵام دووەمیان، یاخیبوونی مێژوویییە، کە بۆ ئازادی و دادپەروەری ئاڕاستەیە. یاخیبوونی سێیەم، یاخیبوونی هونەرییە، کە هونەرمەند لە ڕێگەی هونەرەوە هەست بە ناتەواویییەکانی گەردوون دەکات، ئەو گەردوونەی هەمیشە ناتەواوە و بە هیچ شتێک پڕ نابێتەوە. یاخیبوون لە شۆڕش گەورەتر و فرەوانترە، کە (کامیۆ) هەوڵی داوە بە وردی ئەوە لە بەرژەوەندیی مرۆڤی یاخیدا یەکلا بکاتەوە. مرۆڤی یاخی زۆر لە شۆڕشگێڕ هۆشیارترە، بگرە خودی شۆڕشگێڕ تێدەپەڕێنێت. ئەگەر شۆڕش لە ناو بیرۆکەیەکدا چەکەرە دەکات، ئەوە یاخیبوون جووڵەیە و لە ئەزموونی کەسێتییەوە سەر هەڵدەدات، تا لەوێوە بۆ بیرۆکە بگۆڕێت. شۆڕش مرۆڤ دەکاتە ماتێریەڵێک بۆ مێژوو، لە کاتێکدا یاخیبوون جەخت لەسەر مرۆڤایەتی دەکاتەوە و ناهێڵێت سروشتی مرۆڤ ملکەچی هیچ هێزێک ببێت. بەم شێوەیە یاخیبوون کارێکی داهێنەرانەیە و بۆ دامەرزاندنی خودی مرۆڤە، بەڵام شۆڕش بۆ (نیهل) ئاڕاستەیە و پەنا بۆ تیرۆر دەبات، بگرە دەگاتە ئەوەی مرۆڤ بکاتە کۆیلە. هەر لە کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا ڕەخنە لە چەمکی شۆڕش دەگرێت، کە تێیدا ماناکان ئاوەژوو دەکرێنەوە، بەوەی لە جیاتیی ئەوەی ئازادیی مرۆڤ فرەوان بکات، سنووری بۆ دادەنێت. بەم شێوەیە ڕەخنەی توند لە ئایدیۆڵۆجیای کۆمۆنیزم و فاشیزم دەگرێت. وەک دەبینین مرۆڤی یاخیی (کامیۆ) ڕوویەکی دیکەی (مرۆڤی باڵا)ی (نیتشە)یە و هەردووکیان لەوەدا یەک دەگرنەوە، کە دژی ئەو هێزانەن، دەکەونە دەرەوەی خۆیانەوە و دەیانەوێت ویستیان لێ بستێننەوە. لێرەوە دەڕوانینە (قوتابیی ڕزگاری)، کە بۆ یەکەمجار وەک بوونەوەرێکی یاخی لە مێژووماندا دەردەکەوێت. بێگومان بە شێوەی گشتی مەبەستم سەرجەم لاوی یاخیی هەشتاکانە لە هەموو شارەکاندا، بەڵام لێرەدا (قوتابیی ڕزگاری) تایبەت کراوە. ئەوانە ئاستی (مرۆڤی شۆڕشگێڕ)ی چەکداری شاخەکان تێدەپەڕێنن و دەگەنە ئاستی (مرۆڤی یاخی)ی سەر شەقامەکان. واتە یاخیبوونی ئەوان تەنیا لە ئاستی فۆرمی سیاسیدا نییە، بەڵکوو یاخیبوونە لە کەلتوورێکی داڕزاو بە هەموو فۆرم و ئاڕاستەکانیەوە. ئەوە خۆشەویستیی ژیانە، نەوەک ڕق لە ژیان، پاڵ بە (قوتابیی ڕزگاری)یەوە دەنێت ڕووبەڕووی هێزێکی دڕندەی وەک بەعس ببێتەوە. ئەو هێزەی (قوتابیی ڕزگاری) بە دەستی هێناوە، سەرچاوەکەی هەر ئەو خۆشەویستییەیە بۆ ژیان، بەڵام ئەو خۆشەویستییە ئەگەر لە لایەک بەرهەمی هۆشیارییەکەی بێت، ئەوە هاوکات خۆیشی هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هۆشیاریی زیاتر. ئەو هۆشیاری و خۆشەویستییە دوو فاکتەرن، کە وایان کردووە (قوتابیی ڕزگاری) خودی خۆی دوور لە وەهمی مژدەدەرەکان دابمەزرێنێت. (قوتابیی ڕزگاری) کاتێ ڕاپەڕی، ئاگرەکەی (زەردەشت)ی بە دەستەوە گرتبوو، نەوەک خۆڵەمێش، پێچەوانەی داعش و سەرجەم ڕەوتە هاوشێوەکانی، کە خۆڵەمێشیان هێنا، تا ئاگری پێ بکوژێننەوە و جوانیی ژیان بە چادری مەرگ دابپۆشن. (ئەمڕۆ)یان بێنرخ کرد و مژدەی (سبەی)یەکی نادیاریان پێ داین. ڕاپەڕینی لاوانی بەهاری هەشتاودوو ئاماژەیەکی زەقە، کە ئێمە هۆشیارییەکی نوێمان هەیە و دەبێت مێژوویەکی جیاوازی پێ دروست بکەین. ئەوانە بەوە دەناسرێنەوە، کە لە کەلتووری پەرستن و پیرۆزی دوور کەوتوونەتەوە. هەموو ئەو سیمبۆڵانەی پێشتر تا ئاستی خواوەندەکان بەرز دەکرانەوە، لای ئەوانە نەک هەر بەر ڕەخنەی توند دەکەون، بەڵکوو دەبنە بابەت بۆ گاڵتەجارییش. (قوتابیی ڕزگاری) کارەکتەرێکی دڵخۆشی ڕووگەشی ژیاندۆستە و هەر بە ڕاستی لەسەر زەویدا سەما دەکات. (کامیۆ) پێی وایە ئەو یاخیبوونە لە ئاستی تاکەوە بۆ ئاستی کۆمەڵیش دەگوزارێتەوە، بێ ئەوەی تاکەکان خودی خۆیان لە دەست بدەن، بۆیە (من یاخیم، کەواتە هەم) دەچێتە ئاستی (من یاخیم، کەواتە ئێمە هەین). ئەو خەسڵەتە لە (ڕزگاری)دا بە دی دەکرا و ئەو ئەتمۆسفێرە ئازادەی دروست بووبوو، بەرهەمی (ویستی هێز)ی (قوتابیی ڕزگاری) بوو.

د. شوان: با لەو ئەتمۆسفێرە دوور نەکەوینەوە و ڕێم بدە لێت بپرسم تۆ وەک ئەوەی ڕۆماننووسیت، چۆن دەتوانیت وێنەیەکی ئەودەمی قوتابخانەی ڕزگاری و قوتابیی ڕزگاریمان بخەیتەوە بەر چاو؟

کاروان: ئێمە کاتێ دەڵێین ئەو ئەتمۆسفێرە بەرهەمی یاخیبوونە، هاوکاتیش دەبینین، کە لەناو ئەو ئەتمۆسفێرەدا دیسان گیانی یاخیبوون دروست دەبێت و پتر گەشە دەکات. هەموو جووڵەیەک جیاوازی بەرهەم دەهێنێت، بۆیە دوای هەر جووڵەیەک ئێمە پێ دەخەینە قۆناغێکی نوێوە. بە مانایەکی دیکە، تەنیا لە ڕێی جووڵەوە دەتوانین بە ڕووبەری دیکەی نەزانراو بگەین. هەتا جووڵەکان گەورەتر بن، بەرهەمیشیان گەورەتر دەبێت. لاوی هەشتاکان لە ڕێگەی ڕاپەڕینەوە ڕووبەرێکی تەواو نەزانراویان دەرخست. ئەو بەعسەی لانی کەم لە بەهاری حەفتاوپێنجەوە وای پیشان دەدا کێوێکە و هێز نییە جارێکی تر لە دەنکێ چەوی نزیک ببێتەوە، لەسەر شەقامەکاندا کرایە گاڵتەجاڕ. گرنگە لێرەدا بڵێین ڕاپەڕین تێکڕای باشووری کوردستانی گرتەوە و قوتابیی ئەو شارانە لە زانکۆی سەڵاحەدیندا ڕۆڵی گەورەیان تێدا بینی. سلێمانی، کە مێژوویەکی نەپساوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمدا هەبووە، هاوکاتی هەولێر ڕاپەڕی. (شاری من جوانە و شاری تۆ ناشیرینە)، لەو سەردەمەدا نەک هەر نەبوو، بگرە پێچەوانەکەی دەبینرا. بیرکردنەوەیەکی وا لە مرۆڤی یاخیی ئەو ڕۆژگارە زۆر دوور بوو، کە ئەمڕۆ جەماوەری دەستەمۆکراوی پارتییە سیاسییەکان پێوەی خەریکن. نووسەر و ڕۆژنامەنووسە مووچەخۆرەکانیش لێرە و لەوێ ئەو جەماوەرە لە دژی یەک هان دەدەن. لاوانی ڕاپەڕیو بۆ یەکەمجار لەو ڕۆژگارەدا بە ڕاستی زانییان تامی ئازادی چییە، چونکوو ڕاپەڕین تەعبیری لەو تینوویەتییە دەکرد، کە بۆ ئازادییان هەبوو. وەک پێشتر گوترا ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودوو قوتابخانەی ڕزگاریی کردە ناوچەیەکی ئازادکراو و یەکێتیی قوتابییانی بەعسی هەڵگرت. کاتێ دەڵێین ڕاپەڕین جیاوازیی هێنا، مەبەستمان هەموو ئاستەکانی جیاوازییە. بەر لە هەرچی ئەو سنووربەندییەی نێوان قوتابی و مامۆستا نەما. واتە پێوەندییەکە لە فۆرماڵەوە بۆ هاوڕێیەتی گۆڕا. نەدەکرا مامۆستا بەهایەکی بەرز بۆ قوتابییەک دانەنێت، کە بە دەستی ڕووت ڕووبەڕووی یەکێک لە دڕندەترین ڕێژیمەکانی دنیا بووبێتەوە و تێکی شکاندبێت. هاوکات قوتابی زیاتر متمانەی بە مامۆستایەک دەکرد، کە نەک هەر لە دژی نەوەستاوەتەوە، بەڵکوو پشتگیرییشی کردووە. بەشداریی هەندێک مامۆستا لە سنووری قسە دەرچوو و گەیشتە ئەوەی بە کردەوە ناڕەزاییی خۆیان دەرببڕن. ئاستی خوێندن زۆر هەڵکشا، چونکە هۆشیارییەکی نوێ لای قوتابی و مامۆستا هاتە کایەوە. ئەو ئازادییە وای کرد لە سنوورێکی فرەوانتردا گفتوگۆ بکەین، بگرە خۆمان تەنیا بەو کتێبانەوە نەبەستینەوە، کە وەزارەتی پەروەردە سەپاندوونی، بەڵکوو زیاتر پشت بە کتێبی تر ببەستین. لە هەندێک قوتابخانەدا قوتابی تەنیا ئەو کاتە بەڕێوەبەری دەبینی، کە یاسای خوێندنی دەشکاند و مامۆستا بە مەبەستی سزادانی دەیناردە ژوورەکەی، بەڵام بەڕێوەبەری ئێمە وەک گوترا بە دەستی خۆی کاسێتی گۆرانیی دەخستە سەر ڕیکۆردەر، تا قوتابییان بە بۆنەی ڕاپەڕینەوە هەڵبپەڕن. من و هاوڕێکانم لە گۆڕەپانی قوتابخانەدا نوکتەمان بۆ بەڕێوەبەر گێڕاوەتەوە. لەبارەی ئەدەب و سیاسەتەوە گفتوگۆمان لەگەڵدا کردووە. هەمان شت لە پۆل لەگەڵ مامۆستاکانیشدا. بۆ نموونە جارێکیان لەبارەی شیعرێکی (جەمیل ڕەنجبەر)ەوە گفتوگۆمان دەکرد، کە (یووسف دەرگەڵەیی) لە گۆڤارێکدا سەرنجی خۆی لەبارەیەوە نووسیبوو. ئەمیان لە شاخ گیانی بەخت کردبوو، ئەویان لە سێدارە درابوو، کە هیچ کەس بۆی نەبوو ناویان بهێنێت. (مامۆستا قاسم کۆییی فیزیا)، (مامۆستا ئیسماعیل شوکری مێژوو)، (مامۆستا موحسینی ئینگلیزی)، (مامۆستا نوورەدەینی عەرەبی)، (مامۆستا محەمەد ئیسماعیلی مێژوو)، (مامۆستا پەترۆس فرەنسیسی ماتماتیک)، (مامۆستا مۆفەقی ئینگلیزی)، (مامۆستا ڕۆستەم باجەلانی کوردی)، (مامۆستا عەلی بەگ باییزی فیزیا)، (مامۆستا بەندەر عەلی ئەکبەری عەرەبی)، (مامۆستا سەڵاحی وەرزش)، (مامۆستا ئەفرامی مێژوو)، (مامۆستا وریا بەهائەدینی ماتماتیک)، (مامۆستا عەبدولسەلامی کیمیا) و کۆمەڵێکی تر بە ئاشکرا دژی بەعس و هەموو سیمایەکی کەلتووری داڕزاوی کۆمەڵگە بوون. (مامۆستا فریاد بیلال) بە شێوەیەک باسی دڕندەییی ڕێژیمی دەکرد، وات دەزانی لەو شاخانەیە و لە ڕادیۆوە دەنگی دەبیستیت. شتێکی سەیر نییە، کە لە ڕاپەڕینی (1991)دا یەکێ لەو مامۆستایانەی سنگیان دەدەنە بەر گولـلەی بەعس و گیانیان بەخت دەکەن، (مامۆستا بەهرام جەمیل)ی (ڕزگاری) بێت. وەک گوتمان هەر جووڵەیەک دەبێتە هۆی دروستبوونی هۆشیاری، بەڵام هەر ئەو هۆشیارییە بەرهەمهاتووە جارێکی تر بۆ هۆکار دەگۆڕێت و جووڵەی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ململانێی فیکری وای کردبوو بۆچوونەکانمان بەر یەکتر بکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە دەبووە هۆی ئەوەی خودی خۆمان ڕوونتر ببینین، چونکوو وەک (هیگڵ) پێی وایە هۆشیاری لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە گەشە دەکات، مادام بەر هۆشیارییەکی تر دەکەوێت، کە لێوەی جیاوازە. لێرەدا دەکەوینە بەردەم پێوەندیی تاک بە دەوروبەرەوە. هەتا ئەو دەوروبەرە زیاتر هەڵگری ڕەگەزەکانی ململانێ بێت، ئەو تاکە زیاتر دەجووڵێت و پتر لەگەڵ هۆشیاریی خۆی و هیی (ئەوانەی تر)دا ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە. من خۆم هەر کاتێ لەو گفتوگۆیانەدا هەستم دەکرد ئاگاییی ترم پێویستە، دەچووم بیرم دەکردەوە و بە دوای سەرچاوەدا دەگەڕام. ناوی کۆمەڵێک کتێبی گرنگم زانین و باسی دەیانیشم لە زمانی هاوڕێکانمەوە بیستن. بۆ نموونە جارێکیان لەبارەی (ئێکزیستێنشالیزم مرۆڤایەتییە)ی (سارتەر)ـەوە گفتوگۆ دەکرا. چووم ئەو کتێبەم بە عەرەبی پەیدا کرد و چەند ڕۆژ خەریکی خوێندنەوەی بووم، کە دەتوانم بڵێم شتێکی وای لێ تێنەگەیشتم، بەڵام سەرەتایەکی گرنگ بوو، تا زیاتر لە فەلسەفە نزیک ببمەوە و بە چاوێکی جیاوازتر بخوێنمەوە، بگرە جیاوازتر لە خۆم و لە دەوروبەرم بڕوانم، کە ئەمە لە نووسیندا بۆم بووە پاڵپشتێکی گەورە. قوتابیی ئەو سەردەمە زۆر لە هەندێک نووسەری ئەمڕۆی زیاتر دەخوێندەوە و قووڵتر بیری دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا جیاوازیی فیکریمان هەبوو، کە هەندێجار دەگەیشتە ئاستی تووڕەییش، بەڵام وەک لە پێشەکیی کتێبی (ڕاگەردان)دا نووسیومە ئەو جیاوازییە بە ئاڕاستەی دروستدا دەچووە پێشێ. ئەمە ئەوەی دەگەیاند لاوی ئەو سەردەمە هۆشیاریی بەرز و خەونی گەورەی هەبوو. هەر یەکەی دەیزانی دژەکەی خەریکی چییە و ماڵەکەی، بگرە گیرفانەکانی پڕن لەو نووسینانەی قەدەغە کراون، بەڵام ڕێژیم لە هاوکێشەکەدا هەر تەواو کرابووە دەرێ. ئەو دۆخە لانی کەم تا ناوەڕاستی هەشتاکان درێژەی کێشا.

د. شوان: وەک ئەودەمیش سەرنج دەدرا قوتابیی ڕزگاری زۆر پابەندی خوێندنی فەرمی نەبوو، بەڵکوو پتر بە لای ڕابواردن و گاڵتەوگەپدا دەچوو. خۆیشت ئاماژەت پێ کرد زیاتر خەریکی هەڵپەڕین و گۆرانی بوو لەوەی مشووری خوێندن بخوات. بە لاکەی تریشدا خوێندنەوە و گفتوگۆ چ لەناو قوتابخانە و چ لە دەرەوەیشدا دوو خەسڵەت بوون، قوتابیی ڕزگارییان پێ دەناسرانەوە. ئەمانە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

کاروان: بەگشتی لاوانی ئەو سەردەمە بەو خەسڵەتانە دەناسرانەوە، بەڵام ڕزگاری تایبەتمەندێتیی خۆی هەبوو. چەند ساڵێ لەمەوبەر (دڵشاد خدر)ی هاوڕێی منداڵیم لە دانیشتنێکدا پرسیارێکی نزیک لەمەی لێ کردم، کە ڕەنگە ئێستا وەڵامەکەم گۆڕانێکی وای بەسەردا نەهاتبێت. ڕاستییەکەی من بەشێکی هۆکارەکەی بۆ لایەنی سۆسیۆڵۆجی دەگەڕێنمەوە، کە زۆرینەی (قوتابیی ڕزگاری) سەر بە چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگە بوون. ئەو چینە لانی کەم لە سەدەی نۆزدەمەوە تا ئەمڕۆ بووەتە جێگەی سەرنجی فیلۆسۆف و کۆمەڵناسان. بەوەدا ئەندامانی ئەو چینە پێگەی جێگیریان نییە، کە هەمیشە لەنێوان چینی هەرەژێرەوەی کۆمەڵ و چینی هەرەباڵادەستیدا لە جووڵەدان، ئاگایی و هۆشیاریی فرەوان بە دەست دەهێنن. خۆیان لە زۆر بواری وەک ئەدەب، هونەر، سیاسەت، وەرزش، ئابووری و هیی تر دەدەن. گیانی سەرچڵییان گەورەیە. ژنانی ئەو چینە بوون لە کوردستاندا هاتنە دەرێ و پەنایان بۆ خوێندن برد. بوونە مامۆستا و فەرمانبەر. خۆیان خزاندە ناو بواری وەرزش و هونەرەوە. ئەو جووڵەیە هەمیشە وای کردووە ئەوان ترس و نیگەرانییان هەبێت، کە ئەو دوو ڕەگەزە پاڵنەری گۆڕانکارین، چ لە ئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆمەڵدا. ئەندامانی چینی ناوەڕاست بە ترسەوە لە ڕابردوو دەڕوانن، بەڵام هاوکات گەشبینانەیش چاو دەبڕنە ئاییندە، بۆیە بە جارێ هەرسێ ڕەهەندی کاتیان لە بەر چاوە. لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا دۆخی ئەوان دەگۆڕێت. وەک بینیمان لە سەرەتای ڕاپەڕین و لە گەرمەی ئابلۆقەی ئابووریدا بەشی زۆری مامۆستا، فەرمانبەر، پزیشک و ئەندازیار لە بازاڕەکاندا بوونە دەستگێڕ، بەڵام بەشێکیشیان لە حزبەکاندا پلەیان پێ درا و خێرا بۆ سەرەوە هەڵکشان. مێدیای حزبەکان ئەوان بە دەستیانەوە گرت. واتە تیڤی، ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیان هەر بەوان سپێردران، چونکە شارەزان و لە فریودان (دێمەگۆگی) دەزانن. پێشتر لە کاتی شەڕی عێراق و ئیراندا گورزی گەورەیان بەر کەوت، بەوەی بۆ بەرەکانی شەڕیان بردن، کە ئەنجام بەشێکیان گیانیان لە دەست دا، بەشێکیان لە کار دەرکران و خۆیان شاردەوە، بەڵام هەندێکیشیان لە دامودەستگەکانی دەوڵەت و حزبدا پێگەیان بەرز بووەوە. بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەو چینە یاخی دەبن و شۆڕش هەڵدەگیرسێنن، بەوەی ئارەزووی گۆڕانکارییان هەیە، بەڵام هەر ئەندامانی ئەو چینەیشن دەبنە پاڵپشتی گەورەی دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکان، بەوەی خاوەنی شارەزایین و دامودەستگەکان پێویستیان پێیانە. وەک سەرنج دەدەین ئەو چینە بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە، کە ئەوە بزوێنەری ئەندامەکانیەتی، بەوەی دۆخی جیاوازی سایکۆڵۆجی دەبینن و لە هەر جووڵەیەکدا ئاگایی و هۆشیارییان گەورەتر دەبێت. ئەندامانی چینی ناوەڕاست خۆیان دەخزێننە ناو بواری پەروەردە و خوێندنەوە، چونکە لەوێدا دەتوانن کار بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانیان بکەن. (پییر بۆردیۆ)ی کۆمەڵناس پێی وایە بەشێکی زۆرکەم لە ئەندامانی چینی ژێرەوە دەتوانن لە خوێندن بەردەوام ببن و بگەنە زانکۆ، بەڵام ئەندامانی چینی ناوەڕاست و هیی چینی باڵادەست دەست بەسەر ئەو بوارەدا دەگرن و ئەوەی دەیشخوێنرێت، هەر کەلتووری ئەوانە، کە بە (دەستەڵاتی سیمبۆڵی: Symbolic power) ناوی دەبات. ئەوانە هەر وەک (بۆردیۆ) پێی لەسەر دادەگرێت باری دارایییان باشە و وەک ئەندامی چینەکانی ژێرەوە گرفتی خوێندنیان نییە. بەم شێوەیە دامودەستگەی خوێندن شێوازی زمان و کەلتووری چینە نەدارەکان پشتگوێ دەخات، کە ئەمە (توندوتیژیی سیمبۆڵی: Symbolic violence)یە، بەوەی نەک هەر شێوازی زمان و کەلتووری چینە باڵادەستەکانیان بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵکوو ڕەوایەتییشیان پێ دەدات. ئەگەر لێرەوە بۆ (قوتابییانی ڕزگاری) بڕوانین، دەبینین زۆرینەیان ڕۆڵەی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵن، کە تا ڕادەیەک لە ڕووی ئابوورییەوە بێگرفتن و دەتوانن بخوێنن. وەک گوترا ئەندامانی ئەو چینە دەکرێت یەکێ لەو دوو ئاڕاستەیە بگرن، یاخیبوون لە دامودەستگەکانی دەوڵەت، یان بەدەستەوەگرتنیان، کە لە هەردووکیان شارەزان. (قوتابییانی ڕزگاری) بە گشتی ئاڕاستەی یەکەمیان هەڵبژاردبوو. یاخیبوونی ئەوان تەنیا لە سنووری سیاسەتدا نەبوو. بە مانەیەکی تر، ئەوان تەنیا لە فۆرمێکی دیاریکراوی کەلتووری کۆمەڵ یاخی نەبوون، بەڵکوو فۆرمی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری، مێژوویی و ئەوانەی تریشیان بە کۆن دەزانی و دەیاندایە دواوە. وەک پێشتر گوترا تینوێتیی ئەوان بۆ ئازادی، هەڵسوڕێنەری ئەو یاخیبوونە بوو. لێرەدا پێم خۆشە نموونەیەک بهێنمەوە. لە ئاهەنگێکی قوتابخانەدا هاوپۆلێکمان بە (شیعر!)ێکی پێکەنیناوی هێرشی کردە سەر ئەو لاوانەی لە دابونەریتی باپیران لایان داوە. دەیگوت ستایڵی جلوبەرگ، هیی قژ و هیی قسەکردنیان مایەی شەرمەزارییە. (شیعر!)ـەکە هەر بە ڕاستی پێکەنیناوی بوو، بەڵام نەک هەر نەیخستنە پێکەنین، بەڵکوو ناڕەزاییی زۆری لێ کەوتەوە. (شوان چاوشین)، کە یەکێک بوو لە قوتابییە یاخییەکان و لە ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودوودا ڕۆڵی گەورەی هەبوو، گوتی: (تەنیا ئەوانە دەتوانن ڕێز لە ئازادیی تاک بگرن، کە نرخی ئازادییان زانیوە، دەنا مرۆڤی کۆیلە مادام ئازادی ناناسێت، ئاسانە بەر لەوەی شەق لە ئازادیی ئەوانەی تر هەڵبدات، هیی خۆی بێنرخ بکات). من ئەگەر لە ژیانمدا چەند گوتەیەک ڕایانگرتبێتم و وایان لێ کردبم قووڵ بیر بکەمەوە، ئەوە یەکێکیانە. دواتر زانیم (شوان چاوشین) بەر پەلاماری بەعس کەوتووە و شاری جێ هێشتووە. مەبەستم لە هێنانەوەی نموونەکە، ئەوەیە، کە (قوتابیی ڕزگاری) هۆشیار بوو و هۆشیارییەکەیشی بەرهەمی خوێندنی فەرمی نەبوو، بەڵکوو هیی خوێندنەوەی خۆی بوو.
پێشتریش گوتم گفتوگۆکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر من و هاوڕێکانمدا هەبوو. (ئەنوەر عومەر سلێمان)، (وەلی مەحموود)، (ئەحمەد جەواد)، (بەختیار ئەحمەد شێخۆ)، (هەژار ئەحمەد شێخۆ)، (سەرهەنگ ئەحمەد)، (یووسف کەریم)، (عیسا تاهیر سوڵتان)، (ئومێد گۆمەشینی)، (نەجات فاتیح)، (حسێن ڕەشید)، (ئاسۆ مەلیک)، (پشتیوان بەکر)، (ئەحمەد محەمەد هەرتەلی)، (هەمزە ڕەشید)، (خەلیل ساڵح)، (ئاسۆ حامیدی)، (دڵشاد سدیق)، (خەسرەو کاوێس) و کۆمەڵێکی تر جگە لەوەی هۆشیاریی بەرزیان هەبوو، لە خۆپیشاندانەکانیشدا بوێریی گەورەیان دەنواند. بۆچی (قوتابیی ڕزگاری) هێندە شەیدای پێکەنین، هەڵپەڕکێ و گاڵتەوگەپ بوو؟ چونکە ئەوانە وەک لای (نیتشە)ی فیلۆسۆف بینیمان خەسڵەتی مرۆڤی یاخین. جارێکیان (مامۆستا نەبیل)، کە یەکێک بوو لە مرۆڤە ڕۆشنبیر و یاخییەکانی ئەو سەردەمە، لە (کازینۆی دڵزار)دا بە (فرسەت زوبێر ڕۆژبەیانی)، (ئازاد ئەحمەد) و منی گوت (قوتابیی ڕزگاری) بەو پێکەنین و قسەخۆشییە دەناسێتەوە. ڕاستییەکەی ئەو دوو خەسڵەتە وایان کردبوو بەشێک لە قوتابیی قوتابخانەکانی تریش خۆیان بە هیی ڕزگاری بزانن، کە هەندێکیان کچ بوون. (گولیزار سەلیم) و دەستەخوشکەکانی ڕۆڵی کاریگەریان لە خۆپیشاندانەکانی ڕزگاریدا بینی. (سەڵاح جەوهەر)، کە یەکێک بوو لە ڕۆشنبیرە دیارەکانی ئەو سەردەمە و لە خۆپیشانداندا گیانی بەخت کرد، خۆیی بە (قوتابیی ڕزگاری) دەزانی. (دلێر ڕەسووڵ)ی یاریکەری ناسراوی باسکیتبۆل یەکێک بوو لەوانەی بە کردەوە پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی (قوتابییانی ڕزگاری)دا دەکرد. (ئاسۆ حەیدەری)یش بە هەمان شێوە. دایکی (بەختیار ڕەحمان)ی هاوڕێی منداڵیم هاوکاتی خۆپیشاندان ئاڵایەکی هەڵکردبوو و بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی هوتافی دەکێشا. هەندێک لەو قوتابییانە تەمەنیان نەدەگەیشتە شانزدە و ڕووبەڕووی چەکدارانی بەعس دەبوونەوە. (نەوزاد حەمەشەریف: نەوزاد زانکۆ)، (دلۆڤان محەمەد سەرسپی)، (زیاد سەعید خدر)، (بەدران عەزیز فەرحان)، (مەریوان نووری دزەیی) و زۆری تر هێشتا سیمای منداڵانەیان پێوە دیار بوو، کەچی سینگیان دەدایە بەر گولـلە. ژنانی گەڕەکمان دەیانگێڕایەوە، چۆن حەوت هەشت ئەمن ڕووبەڕووی (یاسین عەزیز عەزیز) بوونەتەوە، کە ئەودەم لە پۆلی چوارەمی ئامادەییدا بوو. (قوتابیی ڕزگاری) لە گەرمەی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لە گاڵتەوگەپی خۆی نەدەکەوت، کە هەر یەکەمان کۆمەڵێک نوکتەی ئەو سەردەمەمان لە بیر ماون. بەڵێ، تۆ چاک سەرنجت داوە، کە (قوتابیی ڕزگاری) پێبەندی خوێندنی فەرمی نەبوو، چونکێ ئەو خوێندنە تەنیا ژیانی ساردوسڕی دەگەیاند، کە ئەوە لەگەڵ ئارەزووی مرۆڤی یاخیدا نایەتەوە، بەڵام وەک پێشتریش گوتم لە ئەتمۆسفێری ڕاپەڕینی هەشتاودوودا دەیان کتێبم ناسین و لە گفتوگۆکاندا بەر زۆر چەمکی نوێ کەوتم. لەو قوتابییە هۆشیارانەی ئەودەم هەم لە قوتابخانە و هەم لە دەرەوەدا دەمبینین و گفتوگۆم لەگەڵدا دەکردن، (هێور ئەبوبەکر سدیق)، (ڕۆستەم حەمەد)، (خدر عەبدولڵا)، (موئەیەد عەبدولڵای هونەرمەند)، (خەلیل محەمەد ڕەزا)، (محەمەد کرمانج)، (وریا ساڵەیی)، (ئازاد کەریم چاوشینی شێوەکار)، (فەرهاد هەیواز)، (ڕێبین شەمامکی)، (هاوار قادر)، (ئیدریس عەباس)، (گەیلان حەسەن)، (ئازاد محەمەد حەسەن)، (پشتیوان حسێن)، (دڵشاد مەجید)، (نەوشاد محەمەد)، (حەمید ساڵح)، (ڕۆستەم یاسین)، (ئەحمەد عەزیز)، (مەغدید قومبەلە)، (مەجید عەبدولڵا)، (سەرکەوت عەوڵا)، (سەرکەوت عەزیز)، (حسێن واحێد)، (فەریق ئەبوبەکر)، (بەحری حەسەن)، (فەلاح حەسەن)، (ڕەمەزان محەمەد)، (جەبار عەوڵا)، (سەلام عەوڵا)، (فارس هەمزە)، (فەتحی کەریم)، (فەیسەڵ حەسەن)، (عومەر عەبدولڵا)، (زەیتۆ شەمسەدین)، (محەمەد جەواد)، (شوان محەمەد)، (موسلیح ئیسماعیل)، (شۆڕش دەرگەڵەیی)، (نەجات محێدین)، (ئیبراهیم حەسەن)، (سوداد کەمال)، (عیماد کەمال)، (وشیار مەولوود)، (ڕەشاد جەلال)، (فەتحولڵا شێخانی)، (شێرکۆ حەمید)، (ئومێد مستەفا)، (فەرهاد مەولوود)، (کەمال عوسمان خدر)، (سەمەد محەمەد عەلی)، (تەنیا عەبدولکەریم)، (ئەنوەر ئیبراهیم)، (ماجید سەعید)، (فوئاد ئەبوبەکر)، (ئەحمەد قەندیل)، (قەرەنی ئەحمەد)، (قاسم جەعفەر)، (فەرهاد دیبەگەیی)، (فەتحی مودەریس)، (کامەران تاهیر)، (کامەران خالید)، (دلێر فەرحان) و زۆری تر بوون. بێگومان لەگەڵ بەشێک لەوانەی پێشتریش ناویان هات. هەندێکیان لە ڕێکخستنەکانی ناو شاردا لەگەڵم بوون. چیرۆکی (خولەکانی فێرکردن)م، کە وەک گوترا لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا نووسیوە، پێشکەشی زۆر لەو قوتابییانەم کردووە. ئەوەی من لەبارەیانەوە دەیڵێم، پێوەندیی بەو کاتەوە هەیە، کە دواتر هەر یەکەی چ گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە، ئەوە باسێکی دیکەیە. وەک سەرنجیش دراوە بەشێکی قوتابییە یاخییەکانی (ڕزگاری) تا ئەمڕۆیش بەو جوانییەیان دەناسرێنەوە. دەزانم زۆریشیانم لەم کاتەدا نایەنەوە یاد.

د. شوان: لە چیرۆک و ڕۆمانەکانتدا بایەخی زۆرت بە ناوی کارەکتەر داوە، تەنانەت لە گفتوگۆ و گوتارەکانیشتدا لەبارەی گرنگیی ناو لە ئەدەبی گێڕانەوەوە دواویت. جگە لەو ناوانەی ئاماژەت پێ کردن، چەندی ترت هەر لە ئامادەییی ڕزگاریدا لە بیر ماون؟

کاروان: وەک گوتم (ڕزگاری) ڕووبەرێکی گەورەی یادەوەریی منی داگیر کردووە. لەو چوار ساڵەدا زۆر کەسم ناسین. هەندێکیان لە نزیکەوە و هەندێکیان لە دوورەوە. بۆ من (ڕزگاری) بریتییە لە منداڵی و گەورەییم. هەندێک لەو قوتابییانە هاوڕێی منداڵیم بوون، لەوانە (ڕزگار عەبدولڵا)، (وشیار عەبدولڵا)، (کەمال عوسمان تەها)، (ئەکرەم حسێن)، (سەرکەوت حەوێز کۆیی)، (سامان سلێمان)، (کەمال ڕێناس)، (بارام کەریم)، (ئەبوبەکر کەریم)، (سەمەد کەریم)، (بژار ئەنوەر)، (حەمەدەمین هیرانی)، (شوان سابیر)، (فازیل عەباس)، (موحسین محەمەد)، (کەریم حسێن)، (ڕزگار ئەنوەر)، (سەرهەنگ ئەنوەر)، (مەجید عەبدولڵا)، (زیاد کاکۆ) لە گەڕەکی سەیداوە و (برووسک حەیدەر) لە گەڕەکی جمهوری، کە ماڵی نەنکمی لێ بوو. هەندێکیان لە (قوتابخانەی زێوەری سەرەتایی) لەگەڵم بوون، لەوانە (تاریق ئەحمەد سەراج)، (سەردار ئەحمەد سۆفی)، (زۆسگ حەمەساڵح)، (عەبدولستار محەمەد وەیسی)، (نەوزاد عوسمان)، (ئازاد حەمید سەبری)، (کەریم کاکە)، (هەژار عەزیز)، (کامیل عەبدولڵا) و (کامەران سلێمان). هەندێکیانم لە ڕێگەی هونەرەوە دەناسین، لەوانە (نەجمەدین بابەکر) و (غازی عوسمان). هەندێکیانم لە دوورەوە دەناسین، لەوانە (قەیس حسێن ڕەسووڵ)، (وریا سەعدی)، (نزار کەمال)، (ڕزگار قادر)، (حەیدەر مەولوود)، (سالم سەلمان)، (وەلی ڕەشید)، (عەباس کەریم) و زۆری دیکە.




پرۆبله‌ماتیکی (من) و (ئه‌وه‌ی تر)… ململانێ، یان ئاوێزان؟ … کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

بۆ تەوەرەی (من و ئەوەی تر)ی (بڕوا عەلائەدین) نووسراوە.
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

پرسیاری (من) و (ئه‌وه‌ی تر)لەسەر پرۆبلەماتیکێکی گەورە دامەزراوە. هەر ئەو پرۆبلەماتیکەیش بەردەوامیی پێ دەدات‌ و ناهێڵێت فۆرمی کۆتایی وەربگرێت. ئایا خودی (من)‌ قه‌باره‌یه‌کی یه‌کگرتووه‌؟ ئایا پڕ نییه‌ له‌ هه‌ستی دژبه‌یه‌ک؟ ئایا ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌مدان، هیچ ڕه‌گێکیان له‌ناومدا نییه‌؟ ئایا (من) به‌ ته‌واوی ده‌که‌ومه‌ ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌وه‌؟ ئایا (من) منم و (ئەو)یش ئەوە؟
هه‌ر هێنده‌ خۆمان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه‌دا بینییه‌وه، کۆمه‌ڵێک پرسیاری له‌م شێوه‌یه‌ ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌‌. ساوا هه‌م وه‌ک دۆستی میهره‌بان و هه‌م وه‌ک ناحه‌زیش دایک ده‌بینێت.
میهره‌بانه‌، کاتێ توند له‌ باوه‌شی ده‌گرێت و مه‌مکی ده‌خاته‌ ده‌م، به‌ڵام ناحه‌زه،‌ هه‌ر هێنده‌ مه‌مکی له‌ ده‌م ده‌رهێنا، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ (ئه‌وه‌ی تر)ی لا ده‌بێته‌ پرسیار. منداڵ کاتێ چ به‌ر گیاندار و چ بێگیان ده‌که‌وێت، تووشی حاڵه‌تی سه‌رسووڕمان دێت، به‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان خۆی و ئه‌واندا ده‌بینێت، به‌ڵام کاتێ ده‌گاته‌ به‌ر ئاوێنه‌، هه‌م ده‌ترسێت و هه‌م ئاسووده‌یش ده‌بێت، مادام له‌ لایه‌ک خودێک ده‌دۆزێته‌وه‌ خۆیه‌تی، له‌ لایه‌کی تر ئه‌و خوده‌‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌، که‌ مانای وایه‌ خۆی نییه‌، وه‌ک بڵێی ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی هه‌ستی غوربه‌تی بێت.به‌م شێوه‌یه‌ خودی مرۆڤ له‌ منداڵییه‌وه‌، هه‌ر له‌ناو خێزاندا به‌ر ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ ده‌که‌وێت و ئه‌و هۆشیارییه‌ی لا دروست ده‌بێت، که‌ ته‌نیا نییه‌، به‌ڵکوو له‌و شوێنه‌دا له‌گه‌ڵ (ئه‌وه‌ی تر)، چ له‌ شێوه‌ی تاک و چ له‌ شێوه‌ی کۆدا، هاوبه‌شه‌.

جارێک وه‌ک لایه‌نی چاکه‌ و جارێک وه‌ک لایه‌نی شه‌ڕ ئه‌و‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌، یان ئه‌و (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌ ده‌بینێت، که‌ وه‌ک گوترا ئه‌مه‌ هاوکات ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌م هه‌ستی غوربه‌ته‌. ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین هۆشیاری له‌ ڕێگه‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌ویشه‌ ده‌یخاته‌ ناو ململانێوه‌.
ساوا کاتێ دایکی مه‌مکه‌که‌ی لێ ده‌کێشێته‌وه‌، هه‌ر خێراله‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌یدا ده‌که‌وێته‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و ده‌یه‌وێت به‌رگریبکات، ئینجا چ به‌ گریان بێت و چ به‌ ڕاوه‌شاندنی ده‌ست و قاچه‌کانی، که‌ ئه‌مه‌ هه‌ستێکی دووفاقییانه‌ی لا ده‌هێنێته‌ دی، به‌وه‌ی چۆن له‌گه‌ڵ که‌سێکدا چووه‌ته‌ ململانێوه‌،‌ له‌ لایه‌ک دۆسته‌ و له‌ لایه‌ک دوژمن! ئه‌و هه‌سته‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خێزانیش ده‌گوازرێته‌وه‌، بگره‌ له‌وێدا هه‌م گه‌وره‌تر ده‌بێت و هه‌م پێوه‌ندییشی به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ ده‌چێته‌ دۆخێکی دژوارتره‌وه‌.

له‌ (گێنه‌سیس)دا نووسراوه‌ خودا له‌سه‌ر شێوازی خۆی مرۆڤی ئه‌فراندووه‌، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ مرۆڤ له‌ خودادا خودێکی دروست کردووه‌، هه‌م خۆیه‌تی و هه‌م خۆیشی نییه، به‌ جۆرێک‌ پرۆسێسی ئه‌فراندنه‌که‌یشی هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌. لێره‌دا نه‌ک ترس و دڵه‌ڕاوکێ، بگره‌ غوربه‌ته‌که‌یشی ده‌چێته‌ دۆخێکی باڵاتره‌وه‌، به‌وه‌ی مرۆڤ هه‌رگیز وێنه‌یه‌کی ته‌واو و ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بۆ نادۆزرێته‌وه‌، تاکوو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌دا خوداوه‌ندیش وێنه‌ بکێشێت. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر وێنه‌یه‌ک ناڕۆشن و ناته‌واوه‌، که‌ مرۆڤ کێشاویه‌تی، مادام خودی خۆی کردووه‌ته‌ پێوه‌ر، له‌ کاتێکدا که‌مترین شاره‌زایی و زانیاریی له‌باره‌ی ئه‌و خوده‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. ئەمە داینەمۆی بەردەوامیی پرسیار و گومانە.

به‌وه‌دا ئه‌و خوده‌ جێگیر نییه‌ و له‌ جووڵه‌ی به‌رده‌وامدایه‌، ئه‌وا هیچ وێنه‌یه‌کی (ئه‌وه‌ی تر)ی له‌ لا وه‌ک خۆی نامێنێته‌وه‌، به‌ڵکوو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ پێوه‌ندیی (من) به‌ (ئه‌وه‌ی تره‌)‌وه‌له‌ دۆخێکی چه‌سپاودا قه‌تیس نابێت.
فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی که‌موزۆر خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ داوه‌، بۆ نموونه‌ لای (ئه‌ریستۆ)دا به‌رچاو ده‌که‌وێت، که‌ پێی وایه‌ (من) و (ئه‌و)سه‌رجه‌م گه‌ردوون له‌ شێوه‌ی خودی خۆماندا ده‌بینین. به‌ مانایه‌کی تر (من) پێم وایه‌ هه‌موو شتێک له‌گه‌ڵ خودمدا هاوڕێک و هاوواتایه‌، به‌ڵام کاتێ (ئه‌وه‌ی تر)یش وای ده‌بینێت، لێره‌وه‌ دژایه‌تی دێته‌ کایه‌وه‌. به‌کورتی لای (ئه‌ریستۆ) هه‌ر شتێک بگریت له‌ به‌رانبه‌ر دژه‌که‌یدایه‌، چاک/ خراپ، گه‌رم/ سارد، ڕه‌ق/ نه‌رم،… هتد، به‌ڵام ئه‌و به‌وه‌دا پێ له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مکی ڕه‌وشت و چاکه‌(Ethics and Virtues) داده‌گرێت، ئه‌وا بانگه‌شه‌ بۆ هاوڕێیه‌تی، یان‌ پێکه‌وه‌گونجانی دژه‌کان ده‌کات.هه‌مان چه‌مکی دژایه‌تی پێشتر لای (هیراکلیتس)دا جێگه‌ی بایه‌خه‌، بەوەی پێی وایە گەردوون لەسەر ناکۆکیی دژەکان (Conflict of Opposites)دا وەستاوە، کە بە یەکگرتن و هاوئاهەنگیی ئەوانە کۆتاییی دێت.

ئەو گەردوونەیش خولی سروشتیی خۆی هەیە و دوو هێز هەڵیدەسووڕێنن، خۆشەویستی و خەبات، کە هەموو شتەکان لە ئەنجامی ئەو دژایەتییەوە دێنە کایەوە، بۆ ئەوەی دوایی یەک بگرن.ده‌کرێت بگوترێت پێوه‌ندیی (من) به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ وه‌ک پرسیاری ئۆنتۆلۆجی به‌رده‌وام له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیدا خۆی ده‌ر خستووه‌، به‌ڵام بۆ یه‌که‌مجار لای (دێکارت)دا به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بێته‌ کێشه‌یه‌کی ئیپستمۆلۆجی. ئه‌و فیلۆسۆفه‌ له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ یه‌قینی ئه‌قڵیی ڕووندا، هه‌موو شتێکی ده‌ره‌وه‌ی خود، چ ماتریاڵی و چ مۆراڵی، به‌ لاوه‌ ده‌نێت و پشت به‌ گومان ده‌به‌ستێت، هاوکات پێ له‌سه‌ر زانینی ڕوون و بێگه‌ردیش داده‌گرێت، که‌ مه‌به‌ستی له‌و زانینه‌یه‌ له‌ لایه‌ک به‌ ته‌واوی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌قڵه‌دا دیار و ئاماده‌یه، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ هه‌ر زانینێکی تر جیاوازه‌‌.

به‌م شێوه‌یه‌ له‌ دیدی ئه‌ودا بوونی (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود گرنگ نییه‌، تاکوو له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆی بناسێت. ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌ر شتێک بکه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خودی منه‌وه‌، پێوه‌ندیی پێمه‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ ناتوانم به‌و شێوه‌یه‌ بیناسم، که‌ خۆم ده‌ناسم. ئه‌مه‌ له‌ کۆجیتۆی (من بیر ده‌که‌مه‌وه‌، که‌واته‌ هه‌م)دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌قڵ لای ئه‌و ده‌بێته‌ سێنتراڵ، که‌ دواتر ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ی لێ ده‌گیرێت، به‌تایبه‌تی له‌ به‌رهه‌مه‌کانی (نیتشه‌)دا. ئه‌گه‌ر (نیتشه‌) به‌گشتی ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رجه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ڕاشناڵیتی ده‌گرێت، ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی تایبه‌تی ئه‌و له‌ (دێکارت)دا له‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، که‌ ڕۆح و ماتریاڵ له‌ یه‌کدی جوودا ده‌کاته‌وه و خۆی به‌ یه‌قینه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، که‌ دواتر ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی (نیتشه‌) له‌ (دێکارت) به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ده‌گاته‌ ئه‌و فیلۆسۆفانه‌ی تریش، که‌ به‌ ڕه‌خنه‌گری پۆسمۆدێرنیته‌ ناسراون له‌وانه‌ (فۆکۆ)، کاتێ له‌ پێوه‌ندیی ئه‌قڵ و نائه‌قڵ ده‌کۆڵێته‌وه‌‌. وه‌ک گوتمان (دێکارت) پێ له‌سه‌ر ڕوونی داده‌گرێت، له‌ کاتێکدا ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌، هه‌رچییه‌ک بێت، ئاڵۆزه‌ و ناگاته‌ ئاستی یه‌قین.

به‌ مانایه‌کی تر لای (من) وه‌ک وه‌هم وایه‌، به‌وه‌ی ناخرێته‌ ژێر گومانه‌وه‌. ده‌کرێت بڵێین بیرۆکه‌ی (من)ی بێگه‌رد، ئه‌و (من)ـه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ر خۆی ده‌که‌وێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ربه‌ستێک بکه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆیش له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌زانێت، له‌ (دێکارت)ـه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات و دواتر (ئیدمۆند هوسێرل) گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت. ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ی لای (دێکارت)دا ته‌نیا تارماییه‌،لای ئه‌مدا بۆ بوونه‌وه‌رێک ده‌گۆڕێت، خاوه‌نی هۆشیاری و جه‌سته‌یه‌.
واته‌ به‌ بڕوای (هوسێرل)‌ خود له‌پێناوی پێکهێنانی دنیا به‌ شێوه‌ی بابه‌تیدا، پێویستی به‌ (ئه‌وه‌ی تر) هه‌یه‌. پێی وایه‌ ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ خودێکه‌ له‌ (من) ده‌چێت، با له‌ ڕووی خه‌سڵه‌تیشه‌وه‌ جیاواز بێت، به‌ڵام هێنده‌ هه‌یه‌ (من) به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌ست به‌ خۆی و به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆیش هه‌ست به‌و ده‌کات، دروستتر به‌ شێوه‌ی حه‌دس (ئینتیوه‌یشن: Intuition) ئه‌و (من)ـه‌ به‌ری ده‌که‌وێت. که‌واته‌ نه‌ بابه‌ته‌ و نه‌ خودێکی سه‌ربه‌خۆیشه‌، به‌ڵکوو خودێکی هاوشێوه‌ی (من)ـه‌.
ئه‌و بیرۆکه‌یه‌، بیرۆکه‌ی (من)ی بێگه‌رد‌ ده‌گاته‌ (سارته‌ر)یش و ده‌چێته‌ ئاستی تره‌وه‌. که‌واته‌‌ (دێکارت) هۆشیاریی خود له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ شتی بنه‌ڕه‌تی ده‌زانێت له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی دواتر لای (هیگڵ)دا گۆڕانی ڕیشه‌ییی به‌سه‌ردا دێت، به‌وه‌ی پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر بوونی (ئه‌وه‌ی تر) نه‌بێت، خود هیچ زانینێکی له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ست ناکه‌وێت، مادام ئه‌و خوده‌ به‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی تره‌وه‌ ددانی پێدا بنرێت. به‌وه‌دا له‌ هه‌ر شتێکدا دژه‌که‌ی ده‌بینێت، که‌ ئه‌مه‌ به‌ مه‌رجی بوون و به‌رده‌وامیی ئه‌و بوونه‌ ده‌زانێت، ئه‌وا پێی وایه‌ (من) ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی دژه‌که‌یه‌وه‌، که‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌؛ دێته‌ دی.
که‌واته‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و (من)ـه‌ له‌و گۆشه‌گیرییه‌ ئۆنتۆڵۆجییه‌ ڕزگار بکات و بیهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ پێی وایه‌ بوونی (ئاره‌زووی دداپێدانان) نه‌ک هه‌ر خود دروست ده‌کات، به‌ڵکوو وزه‌یشی پێ ده‌به‌خشێت، به‌وه‌ی ده‌یخاته‌ ململانێوه‌، ململانێ له‌گه‌ڵ خوده‌کانی تردا. لێره‌یشه‌وه‌ دیالێکتیکی سه‌ردار و کۆیله‌ (Master–slave dialectic) لای ئه‌و فیلۆسۆفه‌دا له‌ دایک ده‌بێت، که‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕوونی جیاوازیی نێوان ئه‌م و (دێکارت) پێشان ده‌دات، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و، واته‌ (دێکارت) بوونی (ئه‌وه‌ی تر)ی ده‌دایه‌ دواوه‌، ئه‌وا لای ئه‌مدا (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود پێویسته‌، مادامده‌بێته‌ هۆی په‌یدابوونی زانینی ئه‌و خوده‌ له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌. پێی وایه‌ بوونی (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود گرنگه‌، چونکه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌، واته‌ له‌ ڕێی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ خود هه‌ست به‌ خۆی ده‌کات. به‌ مانایه‌کی تر خود له‌ ڕێی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ خۆیه‌وه‌ داده‌مه‌زرێنێت.

لێره‌یشدا ئه‌و جیاوازییه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌رکه‌وتنی ململانێ.ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بڵێت‌ خودناسین ته‌نیا له‌ ڕێی غوربه‌ته‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، غوربه‌ت له‌ سروشتدا، به‌وه‌ی خود له‌ (من) داده‌بڕێت، تاکوو بۆی ببێته‌ (ئه‌وه‌ی تر). به‌م شێوه‌یه غوربه‌ت مانای‌ دابڕانی (به‌ش)ـه‌ له‌ (گشت)، که‌ له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ئه‌قڵی ڕه‌ها، یاخود ڕۆح مرۆڤ و سروشتی پێکه‌وه‌ ئه‌فراندووه‌.ئینجا هه‌ر کاتێ ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سروشته‌وه‌، دابڕانی خود و بابه‌تی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ڕووی هۆشیارییه‌وه‌ هه‌ست به‌ غوربه‌ت ده‌کات.
ده‌کرێت بگوترێت ڕۆح داهێنه‌ری دنیایه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی خۆی لێ زه‌وت کراوه‌ و دوور خراوه‌ته‌وه‌، بگره‌ هه‌موو دیارده‌کانی سروشت (Natural phenomena) و هیی کۆمه‌ڵگه‌، که‌ به‌شێکن له‌ خودی خۆی، ئێستا بۆی بوونه‌ته‌ (ئه‌وه‌ی تر). ئه‌مه به‌‌ کرۆکی غوربه‌ت داده‌نێت‌.
(هایدیگه‌ر) پێی وایه‌ ئه‌و خوده‌ خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات، کاتێ له‌گه‌ڵ (ئه‌و‌انه‌ی تر)دا خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش په‌یدا ده‌کات. به‌ مانایه‌کی تر، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ جیاوازییه‌کانی ون ده‌بن و ئه‌وانه‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، که‌ به‌وانی ده‌به‌ستنه‌وه‌. له‌مه‌وه‌ ئه‌و خوده‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر کۆنترۆڵی (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو یاسا نووسراو و نه‌نوو‌سراوه‌کان له‌ شێوه‌ی دابونه‌ریتدا ڕۆڵ له‌ سه‌رکوتکردنی ئه‌و خوده‌دا ده‌یبینن و به‌ره‌و ناو خوده‌کانی تری ده‌به‌ن. که‌واته‌ بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر (من)، به‌وه‌ی جیاوازییه‌کانی ده‌کوژێت و له‌ دنیایه‌کدا وێڵی ده‌کات، که‌ هه‌مان خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌وی هه‌یه‌، وه‌ک بڵێی جمک بن. واته‌ ده‌یخاته‌ ناو دنیای شته‌کانه‌وه، که‌ ناوی ده‌نێت (به‌شتبوون: Reification)‌.

ئه‌و پێوه‌ندییه‌ لای (سارته‌ر)دا ده‌چێته‌ ئاستێکی ترسناکه‌وه‌، کاتێ (ئه‌وه‌ی تر) له‌ شانۆی (لەپشت ده‌رگه‌ داخراوه‌کان)دا به‌ دۆزه‌خ پێناسه‌ ده‌کات و پێی وایه‌ (من) به‌ لاوه‌ ده‌نێت، ده‌یه‌وێت بیکاته‌ بابه‌ت، ئازادیی لێ بستێنێته‌وه و ده‌ست به‌سه‌ر ویستیدا بگرێت‌، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ مه‌رجی بوونی هه‌ر (خود)ێک سڕینه‌وه‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه. به‌کورتی پێوه‌ندیی نێوان (من) و (ئه‌وه‌ی تر) پێوه‌ندیی نێوان (خود) و (بابه‌ت)ـه‌.
هه‌ر یه‌که‌ی سنوور بۆ ئازادیی ئه‌وه‌ی دیکه‌یان داده‌نێت و به‌سه‌ریه‌وه‌ ده‌بێته‌ چاودێر، به‌و مانایه‌ی هه‌ر ڕوانینێکی ئه‌میان بۆ ئه‌ویان، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی هه‌ستی شه‌رم و خۆبه‌که‌مزانین، که‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی ڕوانینی (مێرلۆ پۆنتی)ی هاوچه‌رخیه‌تی‌، به‌وه‌ی‌ پێی وا نییه‌ (من) و (ئه‌وه‌ی تر) یه‌کتر بۆ بابه‌ت ده‌گۆڕن، مادام ده‌کرێت دایه‌لۆگ له‌ نێوانیاندا بێته‌ دی و هه‌سته‌کانیان بگۆڕنه‌وه، به‌وه‌ی دایەلۆگ پرۆسەسێکه‌ توانای گه‌یاندنی خود و (ئه‌وه‌ی تر)ی هه‌یه‌ و تێیدا بۆچوونه‌کانی هه‌ردوو لا له‌ زه‌مینه‌یه‌کی هاوبه‌شدا به‌ یه‌ک ده‌گه‌ن‌‌. ئه‌و دوو جۆر بوون ده‌بینێت:
یه‌که‌م، بوون له‌ خودی خۆی، که‌ شته‌کان ده‌گرێته‌وه له‌ شوێندا‌.
دووه‌م، بوون بۆ خودی خۆی، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ هۆشیاری. واته‌ کاتێ من له‌ به‌رانبه‌ر بوونێکدام، پێویسته‌ به‌ هه‌ردوو شێوه‌که‌ بیبینم، جارێ وه‌ک شت و جارێک وه‌ک هۆشیاری، بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌م، که‌ له‌مه‌دا ته‌واو له‌ (سارته‌ر) جودا ده‌بێته‌وه‌، له‌ کاتێکدائه‌و، واته‌ (سارته‌ر) له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ خود و جه‌سته‌ی له‌ یه‌کتر جودا کردووه‌ته‌وه‌، که‌ پێی وایه‌ ئه‌وانه‌ خۆیان له‌ ململانێدان، ئینجا ململانێیه‌کی دیکه‌یش له‌پاڵ ئه‌وه‌دا هه‌یه‌، هیی (من) و (ئه‌وه‌ی تر)ـه، به‌تایبه‌تی له‌ کتێبی (بوون و هیچ: Being and Nothingness)دا ئه‌وه‌ی تر به‌ نه‌گه‌تیڤ ده‌زانێت. له‌وێدا پێ له‌سه‌ر چه‌مکی (شه‌رم) داده‌گرێت، به‌وه‌ی وه‌ک پێشتر گوترا شه‌رم هه‌ستێکی ناڕاسته‌وخۆی (خود)ـه‌ له‌ ئاست (ئه‌وه‌ی تر)دا ‌و پێوه‌ندیی ناوه‌کی له‌نێوان (من) و (خود)دا ده‌هێنێته‌ کایه‌وه‌.

(من) و (ئه‌وه‌ی تر) ته‌نیا وه‌ک جه‌سته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کدا ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌میان ئه‌ویان به‌ شت، دروستتر به‌ بابه‌ت ده‌زانیت، که‌ ئه‌مه‌یش وا ده‌کات پێوه‌ندییه‌که‌ له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌دا بمێنێته‌وه‌ و بۆ ناوه‌وه‌ ڕۆ نه‌چێت. واته‌ زیاتر دابڕانه‌، نه‌وه‌ک تێکه‌ڵبوون.به‌وه‌دا لای ئه‌م (بوون ده‌که‌وێته‌ پێش جه‌وهه‌ره‌وه‌: Existence precedes essence)، واته‌ سه‌ره‌تا بوون هه‌یه‌ و دواتر په‌یتاپه‌یتا له‌ ڕێی پێوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌داجه‌وهه‌ر به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، ئه‌وا خۆی خه‌سڵه‌ته‌کانی ژیانی دیاری ده‌کات.
به‌ مانایه‌کی تر ده‌ستی هیچ هێزێکی مێتافیزیکی له‌پشت دروستکردنی مرۆڤه‌وه‌ نییه‌ و خۆی ئازادانه‌ خۆی ده‌خوڵقێنێت، ئینجا ده‌یه‌وێت ببێته‌ مرۆڤ، یان شت! که‌واته‌ سه‌ربه‌سته‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێ خۆی ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ هه‌ڵببژێرێت، به‌وه‌ی ته‌نیا سه‌ربه‌ستی وا ده‌کات ئه‌و مرۆڤه‌ بوونی هه‌بێت.
هه‌موو ئه‌مانه‌ هێشتا مانای وا نییه‌ (ئه‌وه‌ی تر) لای (سارته‌ر)بێبایه‌خه‌‌، هیچ نه‌بێ له‌پێناوی ده‌رکه‌وتنی هۆشیاریی خود و به‌ده‌ستهێنانی ئازادیدا. وه‌ک ده‌بینین بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر‌)ـه‌ له‌ فیلۆسۆفێکه‌وه‌ بۆ یه‌کێکی تر جیاوازه‌، به‌ڵام هه‌موویان له‌وه‌دا یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌، که‌ ئه‌و بوونه‌ گرنگه‌، ته‌نانه‌ت لای (دێکارت)دا، که‌ به‌ ته‌واوی به‌ لاوه‌ ده‌نرێت، هێشتا مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بایه‌خی پێ نادرێت‌. لای (نیتشه‌) و (هایدیگه‌ر)یشدا به‌ هه‌مان شێوه‌، که‌ ئه‌گه‌رچی (ئه‌وه‌ی تر) هۆکاره‌ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی خود، که‌چی ئه‌وه‌ هێشتا مانای گرنگیی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ده‌نا پرۆسێسی دابڕان و تێپه‌ڕاندن نایه‌ته‌ کایه‌وه‌.

ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ له‌وه‌دا له‌ من ده‌چێت، که‌ خودی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌وێدا (من) وه‌ک (ئه‌وه‌ی تر) ده‌بینێت، به‌ڵام مادام ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی (من)ـه‌وه‌، جیاوازه‌، که‌ هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌یشه‌ وام لێ ده‌کات هه‌ست بکه‌م پێوه‌ندیی پێمه‌وه‌ هه‌یه‌. لێره‌دا دوو ڕه‌هه‌ند بۆ (من) هه‌ن: یه‌که‌میان،ماتریاڵییه‌، واته‌ جه‌سته‌ی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یه‌، به‌ڵام دووه‌میان، هۆشیارییه‌که‌یه‌تی، که‌ وه‌ک (مێرلۆ پۆنتی) پێی وایه‌ ئه‌مه‌یان جه‌وهه‌ره‌ و ناکرێت به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ لێی تێبگه‌ین، بۆیه‌ زمان وه‌ک ڕه‌گه‌ز (ئێڵه‌مێنت)ی دایەلۆگ به‌ مه‌رجی سه‌ره‌کی ده‌زانێت بۆ تێگه‌یشتن، بگره‌ پێی وایه‌ زمان نوێنه‌ری جه‌سته‌یه‌، به‌وه‌ی ئه‌و ده‌رده‌بڕێت، بۆیه‌ مرۆڤ له‌ ڕێی جه‌سته‌وه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ (ئه‌وه‌ی تر)، به‌ڵکوو له‌ شته‌کانیش ده‌گات.
به‌ بڕوای من ئه‌و پێوه‌ندییه کاتێ له‌ دۆخی سه‌ره‌تاییدایه‌، هیچ کاکڵ (ماهییه‌ت)ی نییه‌، به‌ڵام کاتێ ده‌که‌وێته‌ جووڵه‌، ئه‌وده‌م کاکڵ بۆ هه‌ردوو لامان په‌یدا ده‌کات. ده‌شێ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ئاڕاسته‌ی‌ خۆشه‌ویستی، یان ڕق، یاخود هه‌ر شتێکی تر بگرێت. که‌واته‌ ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی پێویستییه‌کی ئۆنتۆڵۆجییه‌، تاکوو له‌ ڕێیه‌وه بزانم هه‌م و بیر له‌ ده‌وروبه‌رم ده‌که‌مه‌وه، به‌ هه‌مان شێوه‌ ‌پێویستییه‌کی مه‌عریفییشه‌، ‌مادام به‌بێ بوونی ئه‌و ناتوانم له‌ خۆم بگه‌م. ده‌کرێت بڵێم هۆشیاریی من به‌ بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ به‌نده‌، بۆیه‌ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ لایه‌نی سایکۆلۆجی و مۆراڵی له‌ خۆی ده‌گرێت.

که‌واته‌ لێره‌دا هه‌م ویست و هه‌م هۆشیاری ڕۆڵی گه‌وره‌ له‌و هاوکێشه‌یه‌دا ده‌بینن، که‌ ئه‌و دووانه‌یش پێوه‌ندیی دیالێکتیکه‌ڵیان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌. هۆشیاری به‌رهه‌می ویسته و هه‌ر ئه‌و هۆشیارییه‌ به‌رهه‌مهاتووه‌یش دیسان ویست ده‌خاته‌وه‌ گه‌ڕ‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ نایه‌نه‌ د‌ی، تاکوو نه‌چنه‌ بواری جووڵه‌ و کارکردنه‌وه، که‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌‌ گه‌وره‌تر ده‌بن و به‌رده‌وامیبه‌ خۆیان ده‌ده‌ن.‌ مرۆڤ ته‌نیا له‌ جووڵه‌دا به‌ر (ئه‌وه‌ی تر) ده‌که‌وێت و جیاوازییه‌کانی خۆی ده‌بینێت. کاتێ گوناهـ ده‌کات، یان هه‌ڵه‌یه‌کی لێ ڕوو ده‌دات، زیاتر بوونی (ئه‌وانه‌ی تر)یلا ده‌بێته‌ پرسیار، ئاخۆ چۆن لێی ده‌ڕوانن! له‌ هه‌ر کاتێکی دیکه‌ ڕوونتر خه‌سڵه‌ته‌ جیاوازه‌کانی خۆی ده‌بینێت، به‌ڵام ئایا ده‌یانپارێزێت و به‌رگرییان لێ ده‌کات، یان له‌پێناوی خۆگونجاندا ده‌ستیان لێ هه‌ڵده‌گرێت و به‌وانه‌یان ده‌گۆڕێته‌وه‌، که‌ ده‌بنه‌ هۆی ڕازیکردنی (ئه‌وانه‌ی تر)؟دیاره‌ ئه‌وه‌ هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێت له‌گه‌ڵ هۆشیارییه‌کی نوێدا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌.(هیگڵ) پێی وایه‌ هۆشیاری‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه‌وه‌ گه‌شه‌ ده‌کات، مادام به‌ر هۆشیارییه‌کی تر ده‌که‌وێت، که‌ لێوه‌ی جیاوازه‌. لێره‌دا ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌مپێوه‌ندیی تاک به‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌.
هه‌تا ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ زیاتر هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زه‌کانی ململانێ بێت، ئه‌و تاکه‌ زیاتر ده‌جووڵێت و پتر له‌گه‌ڵ هۆشیاریی خۆی و هیی (ئه‌وانه‌ی تر)دا ڕووبه‌ڕووی گرفت ده‌بێته‌وه‌. له‌مه‌یشه‌وه‌ بایه‌خی زمان ده‌رده‌که‌وێت، مادام‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵه‌یه‌کدا زمان گه‌وره‌تر ده‌بێت و توانای زیاتر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، چونکه‌ وه‌ک (مێرلۆ پۆنتی) پێی وایه‌ (من) و (ئه‌وه‌ی تر) به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌ یه‌کتر جیاوازن، به‌ڵام دایەلۆگ ده‌توانێت زه‌مینه‌ی هاوبه‌شیان بۆ فه‌راهه‌م بکات.ئه‌مه‌ بۆچوونی (پۆنتی)یه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ زمان هه‌میشه‌ ناڕۆشنی (ئه‌مبیگویتی) له‌ خۆی ده‌گرێت، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانێت تێگه‌یشتنی ته‌واو له‌نێوان تاکه‌کاندا بهێنێته‌ دی، ئه‌گه‌رچی ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌کییه‌ بۆ لێککنزیکردنه‌وه‌یان.
به‌م شێوه‌یه‌ شته‌کان کاتێ مانا په‌یدا ده‌که‌ن، که‌ جگه‌ له‌ من که‌سانی تریش لێیان ده‌ڕوانن. واته‌ من نازانم خۆشه‌ویستی چییه‌، تاکوو نه‌زانم لای ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌دا چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. من وه‌ک نووسه‌ر ده‌بێت هه‌ست بکه‌م له‌ ده‌وروبه‌رمدا هه‌م نووسه‌ری تر هه‌ن و هه‌م به‌رهه‌مه‌کانم به‌ر خوێنه‌ر ده‌که‌ون، که‌ ئه‌وانه‌ مادام ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی منه‌وه‌، مایه‌ی نیگه‌رانین، به‌وه‌ی لام ڕوون نییه‌ ئاخۆ‌ چۆن ده‌مبینن و چۆن له‌و پێوه‌ندییه‌ ده‌ڕوانن. ئایا کارێ ده‌که‌م دڵیان ڕابگرم، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یانتۆرێنم؟ ئایا ده‌مه‌وێت له‌و نێوه‌دا جیاوازییه‌کانی خۆم بپارێزم و له‌ ڕێی ئه‌و جیاوازییانه‌یشه‌وه‌ خۆمیان پێ بناسێنم؟ ئایا کاتێ ده‌بینم نووسه‌رێک به‌ زمانێکی ساده‌ ده‌نووسێت و هه‌مان بۆچوونی (ئه‌وانه‌ی تر)ی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌کانی ده‌گه‌نه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر، ده‌توانم به‌رگه‌ی ئازارێکی وا بگرم و نه‌هێڵم ئه‌وه‌ کارم تێ بکات؟ ئایا هه‌میشه‌ کۆمه‌ڵێک شت نین (تاک) فریو ده‌ده‌ن خۆی له‌ (کۆ)دا ببینێته‌وه‌ و تێیدا بتوێته‌وه‌؟ده‌گه‌مه‌ ئه‌وه‌ی بڵێم پێوه‌ندیی خود به‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ دیاری ده‌کات له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا چۆن بێت و چ جۆره‌ پێوه‌ندییه‌ک دابمه‌زرێنێت.

هه‌میشه‌ خودی ساده‌ (ئه‌وه‌ی تر) له‌ شێوه‌ی دۆست، یان له‌ شێوه‌ی دوژمندا ده‌بینێت. هه‌ر کاتێ دابه‌شکردن هه‌یه‌، ئه‌وا خود له‌ به‌رده‌م ئاسانکاریدایه‌ و پێویستی به‌ جووڵه‌ نییه‌. منی نووسه‌ر ناتوانم وشه‌یه‌ک ده‌رببڕم، ئه‌گه‌ر‌ خوێنه‌رێکی گریمانی نه‌خوڵقێنم، که‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌ هه‌م خۆمه‌ و هه‌م جیاوازه‌. هه‌م خودی (من)ـه‌‌ و هه‌م (ئه‌وی تر)یشه‌. من وا له‌ واقیع ده‌ڕوانم (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌، که‌ ده‌مه‌وێت تێی بپه‌ڕێنم. کاتێ وه‌ک دژ ده‌یبینم، ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵیدا بکه‌ومه‌ ململانێ وه‌ک ئه‌وه‌ی (هیگڵ) ده‌یڵێت. ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندی بکه‌م، ده‌بمه‌ به‌شێک له‌و و له‌ خۆیدا ده‌متوێنێته‌وه‌. که‌واته‌ هه‌رچییه‌ک بڵێم، جیاواز نییه‌، به‌ڵکوو ده‌ربڕینه‌ له‌و، نه‌وه‌ک له‌ (من)ێکی سه‌ربه‌خۆ.به‌وه‌دا زانینی ئێمه‌ له‌باره‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ له‌ سنووری گریمان و خه‌مڵاندندا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وا بایه‌خی ئه‌ده‌ب لێره‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت چۆن کار له‌سه‌ر ئه‌و گریمان و خه‌مڵاندنه‌دا بکات.
ئه‌ده‌ب پرۆبله‌ماتیکی (من) و (ئه‌وه‌ی تر) به‌ شێوازێکی جیاواز له‌ فه‌لسه‌فه‌ و سایکۆلۆجیا ده‌بینێت، به‌وه‌ی زمانی ئه‌ده‌ب ڕێتۆریک و مێتافۆر له‌ خۆی ده‌گرێت. دروستکردنی جیهانێکی تر له‌ ئاستی فه‌نتازیادا. له‌ ئه‌ده‌بدا شته‌کان مانای تری جیاواز له‌وه‌ی پێی ڕاهاتووین، وه‌رده‌گرن. مه‌رج نییه‌ گریان مانای خه‌م و پێکه‌نین نیشانه‌ی شادی بێت، به‌ڵکوو هه‌م کۆنتێکسته‌کانیان ده‌گۆڕێن و هه‌م مانایان.
هه‌میشه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خود له‌ ئێستادا هه‌یه‌تی، هه‌م ناته‌واوه‌ و هه‌م به‌ وه‌هم ته‌نراوه‌، بۆیه‌ کاتێ گومان وه‌ک پرۆسێسێکی دینامیکی له‌باره‌ی ئه‌و خوده‌وه‌ ده‌وه‌ستێت، ئه‌وا وه‌همه‌که‌ پتر ده‌سته‌ڵات په‌یدا ده‌کات و ڕوانین بۆ (ئه‌وه‌ی تر) یه‌کێ له‌و دوو ئاڕاسته‌یه‌ ده‌گرێت: به‌که‌مزانین و سڕینه‌وه‌، یان پێسه‌رسامبوون وپه‌رستن. وه‌ک پێشتر گوترا هه‌میشه‌ خودی ساده‌، ئه‌و خوده‌ی نه‌چووه‌ته‌ ناو ململانێوه‌ و نه‌جووڵاوه‌،(ئه‌وه‌ی تر) له‌ شێوه‌ی دۆست، یان له‌ شێوه‌ی دوژمندا ده‌بینێت. ئه‌و خوده‌ له‌ سنووری توانا که‌مه‌که‌ی خۆیدا ده‌وروبه‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و شه‌ڕه‌کانیشی له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌رناچن.
جه‌نگی نێوان نووسه‌ری شاره‌کان به‌ ناوی فیکر له‌ بڵاوکراوه‌کاندا چ به‌ نهێنی و چ به‌ ئاشکرا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، که‌ ئه‌مه‌ تایبه‌ته‌ به‌و که‌لتوورانه‌ی وه‌ک هیی ئێمه‌ هێشتا بایه‌خی نووسینیان نه‌زانیوه‌ و له‌ ئاستی زاره‌کیدا ماونه‌ته‌وه‌. داهێنه‌ر هه‌یه‌، به‌ر نه‌فره‌ت ده‌که‌وێت، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوور له‌ خواستی خۆی له‌ فڵان شاردا له‌ دایک بووه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا نووسه‌ری ساده‌ گه‌وره‌ ده‌کرێت، چونکه‌ ڕۆڵه‌ی فیسار شاره‌. له‌ پێشه‌کیی کتێبی (ڕاگه‌ردان)دا به‌شێکم بۆ ئه‌و باسه‌ ته‌رخان کردووه‌، بۆیه‌ ئێستا نامه‌وێت له‌وه‌ زیاتری له‌باره‌یه‌وه‌ بڵێم.هه‌ندێک له‌ ده‌ستگه‌ چاپه‌مه‌نییه‌کان ڕۆماننووس و شاعیری زۆر ساده‌ وه‌ک داهێنه‌ری گه‌وره‌ به‌ خوێنه‌ر ده‌ناسێنن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ به‌ زمانێکی تر نووسیویانه‌، له‌ کاتێکدا به‌ چاوی نزم له‌ به‌شێکی زۆری ئه‌ده‌بی خۆماڵی ده‌ڕوانن و ده‌رگه‌یان لێ داده‌خه‌ن، له‌ به‌رانبه‌ریشدا که‌م نین ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ هه‌ر شتێک بکه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه‌، پووچه‌.

گەلێجار وێنەگرتن لەگەڵ نووسەرێکی ئەوروپاییدا لە چەند گوتارێکی نووسەری خۆماڵی بە گرنگتر دادەنرێت. واته‌ نیشانه‌کانی وه‌ک ڕه‌نگی قژ، هیی چاو، ناو و شته‌کانی تری ئه‌و نووسەره‌ بایه‌خیان هه‌یه‌، نه‌وه‌ک بۆچوونه‌کانی، بگره‌ بۆچوونه‌کانی له‌به‌ر ئه‌وانه‌ سه‌رنجڕاکێشن و قسه‌ هه‌ڵناگرن.(تۆدۆرۆڤ) له‌ کتێبی (په‌لاماردانی ئه‌مه‌ریکا: پرسیارله‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تره‌وه‌)دا باس له‌وه‌ ده‌کات چۆن (کۆلۆمبه‌س) له‌ هیندییه‌ سووره‌کانی ڕوانیوه‌، که‌ بوونه‌وه‌ری بێکه‌ڵکن و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ده‌ست ده‌ده‌ن بکرێنه‌ کۆیله‌ی ئه‌وروپاییه‌کان. هه‌ر له‌ دیدی (تۆدۆرۆڤ)دا ئه‌و نیشانه‌ و وێنانه‌ی هه‌ن، ده‌چنه‌ ناو ئه‌و پێوه‌ندییه‌وه‌. واته‌ هه‌ر کاتێ مرۆڤ به‌رانبه‌ر هه‌ندێک نیشانه‌ و ئاماژه‌ی جیاوازدا ده‌وه‌ستێت، حوکمیان له‌سه‌ر ده‌دات و به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خۆی په‌سه‌ندیان ده‌کات، یان ده‌یانداته‌ دواوه‌.

که‌واته‌ لێره‌دا (ئه‌وه‌ی تر) له‌ شێوه‌ی بابه‌ت، نه‌وه‌ک وه‌کوو خود لێی ده‌ڕوانرێت.له‌شکری ئیسلام سه‌ره‌تا له‌ نیمچه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و دواتر کاتێ‌ دێته‌ ده‌رێ، په‌لاماری هه‌ر خودێک ده‌دات هه‌ڵگری ئه‌و نیشانانه‌ بێت، که‌ جیاوازن، وه‌ک زمان، جلوبه‌رگ، خانووبه‌ره‌ و هیی دیکه، به‌و مه‌به‌سته‌ی زمانی عه‌ره‌بی و دینی ئیسلامیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، که‌ ئه‌مه‌ به‌ خودگه‌رایی (Egocentrism)‌ ناسراوه‌. واته‌ مرۆڤ، یان گروپ، یاخود نه‌ته‌وه‌ کاتێ پێی وایه‌ ته‌نیا خۆی خاوه‌نی ژیانه‌ و هه‌ر خۆی خاوه‌نی گه‌ردوونه‌، ئه‌وا‌ هه‌ر بوونه‌وه‌رێک بکه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، مافی ژیانی پێ ڕه‌وا نابینێت‌.‌ دواتر ئه‌وروپاییه‌کان به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی که‌لتووره‌کانی تر ده‌ده‌ن‌، مادام له‌ هیی خۆیان ناچن.

ئه‌مه‌ ئه‌نجام ده‌بێته‌ ڕاستییه‌کی چه‌سپاو و هه‌تاهه‌تایی. بۆ نموونه‌ کاتێ باس له‌ داگیرکاریی فرانسا بۆ جه‌زائیر ده‌کرێت، ته‌نیا لایه‌ک ده‌بینرێت، که‌ هێزێکی ناموسڵمان ویستوویه‌تی شوناسی خه‌ڵکێک بسڕێته‌وه،‌ موسڵمانن، به‌ڵام به‌ لای ئه‌وه‌دا ناچن چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێشتر شوناسێکی تر هه‌بووه به‌ ناوی شوناسی ئه‌مازیگ‌، ئیسلام سڕیویه‌تیه‌وه‌. هه‌مان شت بۆ کورد، سیریانی، کۆپتی و ئه‌وانه‌ی تریش، که‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی شوناسیان دراوه‌، دروسته‌. هیچ هێزێک پێک نایه‌ت، ئه‌گه‌ر خود له‌و تاکانه‌ نه‌ستێنێته‌وه‌ و هه‌موویان له‌ خودێکی دیکه‌دا نه‌توێنێته‌وه‌. لێره‌وه‌ ئیتر تێکڕایان به‌ یه‌ک چاو (له‌وه‌ی تر) و (له‌وانه‌ی تر) ده‌ڕوانن، به‌وه‌ی‌ ئایدیۆلۆگی چ له‌ فۆرمی ئایین، چ له‌ فۆرمی حزب، نه‌ته‌وه‌ و قه‌واره‌کانی تردا کار له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی خودی ئه‌و تاکانه‌دا ده‌کات. به‌ مانایه‌کی تر ته‌نیا ئه‌وانه‌ خودی سەربەخۆی خۆیان هه‌یه‌، که‌ ناچنه‌ ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆگییه‌وه‌.

ئه‌و هێزه‌ ده‌شێ له‌پێناوی ڕزگاربوون بێت له‌ ژێرده‌سته‌ڵاتی هێزێکی تردا و ده‌شێ بۆ سه‌رکوتکردنی هێزێکی تریش بێت، به‌ڵام له‌ هه‌ردوو باره‌که‌دا تاکه‌کان به‌ شێوه‌ی ڕێژه‌یی خودی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و جیاوازییه‌کانیان له‌ ناو ده‌به‌ن، تاکوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تردا یه‌ک بگرن، که‌ ئه‌مه‌ ده‌کرێت به‌(خودی ئایدیاڵ) ناو ببه‌ین، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئاییندا ده‌یبینین، به‌وه‌ی مرۆڤ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و خوده‌ی خۆی له‌سه‌ر شێوازی خواوه‌ند دامەزراندووه‌، تاکوو بۆ قڕکردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بیخاته‌ کار. سڕینەوە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی مۆدێرنیزم، کە هەر لە سەدەی نۆزدەهەمەوە فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستەکان لێی بە ئاگا دێن و لایەنە شاراوەکانی ئاشکرا دەکەن.(من)ی کوردی به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ناو (ئه‌وه‌ی تر)دا تواوه‌ته‌وه‌‌، که‌ ئیسلامه‌.

ئه‌و خۆی پێی وایه‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ئه‌و ئایینه‌یه‌‌.ڕووبه‌رێکی زۆری ئه‌ده‌بی کوردی له‌ناو ئه‌و شوناسه‌دا چاوی هه‌ڵهێناوه‌ و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ته‌عبیریش هه‌ر له‌و شوناسه‌ ده‌کات. (پیره‌مێرد: حاجی تۆفیقی مه‌سره‌ف)ی شاعیر ئیسلامی به‌ شوناسی سه‌ره‌کیی خۆی زانیوه‌ و له‌وێوه‌ وه‌ک (ئه‌وه‌ی تر)ێکی په‌سه‌ندکراو له‌ کوردی ڕوانیوه‌. لەپێش ئه‌ویشدا (حاجی قادری کۆیی) هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌و دوو حاجییه‌ به‌ نموونه‌ ده‌هێنرێنه‌وه‌، چونکه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ پتر ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یان قه‌بووڵ کردووه‌، واته هێنده‌ی نووسه‌رانی دیکه‌‌ کوردبوونیان بە لاوە نەناوە، که‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و ڕوانینه، (کوردبوون وه‌ک نه‌بوو)،‌ تۆختر ده‌بێته‌وه و درزێکی گه‌وره‌تر ده‌که‌وێته‌ نێوان کورد و کوردبوونه‌وه‌‌.
به‌ مانایه‌کی تر له‌و چاره‌که‌سه‌ده‌یه‌ی ڕابوردوودائیسلام، دروستتر ڤێرشنی سەرکەوتوو و باڵای ناو ئیسلام بە شێوەیەک لە شێوەکان ده‌بێته‌ تاکه‌ شوناسی کورد، بە ڕادەیەک ئەو ڤێرشنە شەعبییەیش، کە بە سۆفیزم ناسراوە، دەسڕێتەوە.کار بەوە دەگات بەشێکی زۆری ئەو ڕۆشنبیرانەی لە سەرەتای نەوەدەکاندا وایان پێشان دەدا، پڕۆژەی فیکریی جیاوازیان هەیە، دەست لە (پڕۆژە!)کانیان هەڵدەگرن و دەبنە بەشێکی جیانەکراوەی ئەو ڤێرشنە باڵادەست و سەرکەوتووە. به‌م شێوه‌یه‌ کوردبوون لێوه‌ی ناڕوانرێت، به‌ڵکوو لێی ده‌ڕوانرێت، ئینجا ئه‌و ڕوانینه‌ په‌سه‌ندکردنه‌، یان سڕینه‌وه‌؟ دەگەینە ئەوەی بڵێین‌ پێوه‌ندیی (من) به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ له‌ فیکری ئێمه‌دا خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکێکی وا نییه‌، به‌وه‌ی هه‌م ساده‌یه و هه‌م تێکه‌ڵی (من)ێکی تر بووه‌، که‌ له‌وێوه‌ خۆی به‌ (من) نا، به‌ڵکوو به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ده‌بینێت‌.
————————————
نیسانی 2017
تێبینی: ئەم بابەتە وەڵامە بۆ تەوەری (من و ئەوەی تر)، کە بڕوا عەلائەدین لە نیسانی 2017 ئامادەی کردووە، بەڵام ئەوکات بڵاونەکراوەتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە بەباشمانزانی ێرە بڵاوی بکەینەوە. (شاخەوان سدیق، هاوڵاتی)




مه‌لا به‌ڕێزه‌کان،کێ تۆبه‌ بکات؟ … کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

هەر جارەو بابەتێک لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە ……
http://dengekan.com/doc/2010/5/karwanOmarKakaSwr30.htm

——————————

داواتان له‌ نووسه‌ران کردووه‌ تۆبه‌ بکه‌ن. باشه‌ من ئه‌وه‌ یه‌که‌مین که‌سم ئاماده‌م تۆبه‌ بکه‌م، به‌ڵام ئێوه‌ مه‌به‌ستتان له‌ تۆبه‌ چییه‌؟ ئایا مه‌به‌ستتان له‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤ له‌ ئه‌نجامی گوناهه‌وه‌ له‌ خوای خۆی دوور که‌وتووه‌ته‌وه و ده‌بێت به‌ هۆی په‌شیمانییه‌وه‌ بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌‌؟ ئێوه‌ چۆن و به‌ چ پێوه‌رێک گوناهه‌کانی ئێمه‌ ده‌ستنیشان ده‌که‌ن؟ به‌ پێی قورئان و حه‌دیس؟ ئۆکه‌ی، من ڕازیم، به‌ مه‌رجێ ئێوه‌ خۆتان له‌و قورئان و حه‌دیسه‌تان لانه‌دابێت. با بۆ سه‌ره‌تاییترین شت بگه‌ڕێینه‌وه‌. به‌ پێی حه‌دیس فریشته‌ نا‌چنه‌ ماڵێکه‌وه‌، ئه‌گه‌ر‌ وێنه‌ و په‌یکه‌ری تێدابێت.

پێم ناڵێن له‌ناو ماڵ و مزگه‌و‌ته‌کانی ئێوه‌دا، که‌ پڕه‌ له‌م ده‌عبایانه‌، چۆن نوێژتان قه‌بووڵه‌، مادام یه‌ک فریشته‌ ڕوویان تێ ناکات؟ ئه‌رێ چۆن‌ فریشته‌تان بۆ هات و پێی وتن ئه‌و نووسه‌رانه‌ له‌ خوا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه، له‌ کاتێکدا ئێوه‌ به‌و بتانه‌ هه‌موو ڕێگاکانتان لێ گرتوون‌؟ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌ی له‌باره‌ی (ئه‌نفال)ه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا کراوه‌، وتوومه‌، که‌ له‌ سه‌رده‌می (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب) له‌ کووفه‌ ڕه‌شماڵه‌کانیان فڕێ دا و خانوویان دروست کرد، به‌ڵام (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب) هه‌موویانی سووتاند. پاشان به‌و مه‌رجه‌ ڕێگای دروستکردنی خانووی دا، که‌ له سنووری خۆیان ده‌رنه‌چن. واته‌ نه‌وی بن و ڕووبه‌ریان که‌م بێت.

وه‌رن‌ مه‌لا به‌ڕێزه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌ و هه‌موو مه‌لاکانی دیکه‌ی دنیا من تۆبه‌ ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌کانی ئیسلام له‌ خانوو و جلوبه‌رگ و که‌لوپه‌لی ناوماڵ و شته‌کانی دیکه‌تاندا هه‌بوو. من کوڕی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێوه‌م و به‌شی خۆشم قورئان و حه‌دیس و مێژووی ئیسلامم خوێندووه‌. له‌ هه‌رزه‌کاریم قوتابیی سێ چوارێک له‌ مه‌لاکان بووم، که‌ ئه‌مڕۆ زۆر ناسراون. هه‌مووشیان ده‌زانن باوکم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پیاوێکی خواپه‌رسته‌، به‌ڵام ڕێگای نه‌ده‌دام له‌ مزگه‌وت بخوێنم، بۆیه‌ به‌ دزییه‌وه‌ ده‌چووم. ئێستاش هاوڕێکانم بیریان ماوه‌، که‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چ جنێوێکی سه‌یری پێ داوم و به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ ده‌یگێڕنه‌وه‌.

ئێوه‌ ناتوانن به‌و قسانه‌تان من فریو بده‌ن، چجای داوای تۆبه‌م لێ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ پێوه‌ری قورئان و حه‌دیس و کرده‌وه‌ی ئه‌سحابان من به‌ کافر ده‌زانن، ئه‌دی خۆتان چین، له‌ کاتێکدا‌ شته‌کانتان هه‌ر له‌ مۆبایل، ته‌له‌ڤزیۆن، سه‌ته‌لایت، کۆمپیوته‌ر و نازانم چی و چیتان کتومت له‌ هیی من ده‌چن، ته‌نیا فیکرتان نه‌بێت؟ خۆزگه‌ چاره‌کی (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب) ڕاستگۆ بوونایه‌ و به ‌بێ پێچوپه‌نا دینه‌که‌تان پێ بگوتمایه‌، نه‌وه‌ک دنیای کافرانتان قه‌بووڵ بێت و خۆتانی تێدا غه‌رق بکه‌ن، به‌ڵام وای پێشان بده‌ن، که‌ دژی فیکری کافرانن. کێ فریو ده‌ده‌ن مه‌لا به‌ڕێزه‌کان؟ من؟ تۆ‌ بڵێی هه‌موو مه‌عریفه‌که‌م به‌شی ئه‌وه‌ نه‌کات له‌وه‌ تێبگه‌م، که‌ چ پێوه‌ندییه‌ک له‌نێوان فیکر و شته‌کاندا هه‌یه‌؟ ئێوه‌ به‌رهه‌می فیکری کافرانتان قه‌بووڵ کردووه‌، ناتوانن پێم بڵێن سه‌رچاوه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌تان داوه‌ته‌ به‌ر نه‌فره‌ت، که‌ فیکره‌.

ئێوه‌ له‌ناو ئه‌و بتانه‌دا ده‌ژیین، که‌ (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب) خانووی سووتاندن. هه‌تا ئێوه‌ خاوه‌نی ئه‌و بتانه‌ بن، من تۆبه‌ ناکه‌م. ئێوه‌ نه‌ ڕێگای (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب) ده‌گرن و نه‌ ڕێگای هه‌ندێک له‌ میره‌کانی ئه‌نده‌لووسیش، که‌ له‌پاڵ کردنه‌وه‌ی مزگه‌وت و که‌نیسه‌دا، بایه‌خیان به‌ فه‌لسه‌فه‌، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، ئه‌ندازه‌، موزیک و بواری دیکه‌ ده‌دا. نه‌ داخراویی (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب)تان قه‌بووڵه‌ و نه‌ کرانه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌و میرانه‌ی ئه‌نده‌لووسیش.

ئێوه‌ کائینی سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆجیای کافرانن. ئێوه‌ له‌ بابه‌تی ئه‌و مه‌لایانه‌ن، که‌ نه‌فره‌ت بۆ جوو و کافران ده‌نێرن و له‌ کۆمپانیای (یاهوو) و (گمه‌یل) و (هۆتمه‌یل)ی ئه‌وانیشدا ئیمه‌یل ده‌که‌نه‌وه‌. به‌ مانا ئێلکترۆنییه‌که‌ی ماڵ له‌وێ داده‌مه‌زرێنن.
ئه‌و مه‌لایانه هه‌ر به‌ پێوه‌ره‌که‌ی خۆیان‌ کرێچیی جوو و کافرانن و ئێمه‌ به‌وه‌ تاوانبار ده‌که‌ن، که‌ چاو له‌ ڕۆژئاوا ده‌که‌ین. ئێوه‌ له‌ بابه‌تی ئه‌و مه‌لایانه‌ن، که‌ داوا له‌ موسڵمانان ده‌که‌ن له‌ ڕێگای ئیمه‌یلی جوو و کافرانه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ر بپارێزن. ئه‌مه‌ کفری مه‌لاکانه، که‌چی ئه‌وان نووسه‌ر و ڕۆشنبیران به‌ کافر ده‌زانن‌. ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ تۆبه‌ بکرێت، ئه‌وا ده‌بێت ئێوه‌ له‌پێش هه‌ر که‌سێکی دیکه‌وه‌ بیکه‌ن.

ئێوه‌ چۆن پێغه‌مبه‌ر ده‌پارێزن؟ بیرتان چوو، که‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌ن پێمان ده‌ڵێن هه‌ر که‌سێک قسه‌ به‌ پیاوچاکێک بڵێت، خوا ڕووی ڕه‌ش ده‌کات؟ (نازانم بۆچی هێنده‌ دوژمنی پێستی ڕه‌شیشن، له‌ کاتێکدا به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌سحابه‌کان ڕه‌شپێست بوون). ئه‌گه‌ر پیاوچاکێکی نۆرماڵ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر شێوازی فۆتۆشۆپ ڕووی خه‌ڵک له‌ ڕه‌نگێکه‌وه‌ بۆ ڕه‌نگێکی دیکه‌ بگۆڕێت و ده‌ست و قاچیان به‌ قنگیانه‌وه‌ بنووسێنێت، چۆن ئێوه‌ پێغه‌مبه‌ری ئه‌و پیاوچاکانه‌ ده‌پارێزن؟ نه‌خێر، ئێوه‌ش پشتتان له‌ قورئان و حه‌دیس کردووه‌ و وه‌کو ئێمه‌ له‌م دنیایه‌ی کافراندا ده‌ژیین. ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ ئێمه‌ ئه‌م دنیایه‌ به‌ هیی هه‌مووان ده‌زانین و ئێوه‌ ته‌نیا به‌ هیی که‌سانێکی دیاریکراو.

ئه‌گه‌ر (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب) جووی له‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌ب ده‌رده‌کرد، ڕاستگۆییی خۆی نیشان ده‌دا، چونکه‌‌ ده‌یویست ناوه‌رۆکی دینه‌که‌ی پراکتیزه‌ بکات. کاتێکیش هه‌ندێک له‌ میره‌کانی ئه‌نده‌لووس هه‌وڵیان ده‌دا مافی جوو و کریستانه‌کان بپارێزن، ئه‌وا ئه‌وانیش ڕاستگۆ بوون، چونکه‌ ده‌یانویست ڕاستگۆییی خۆیان پێشانی سه‌رده‌م بده‌ن و به‌رانبه‌ر به‌ دین و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ لێبورده‌ بن.

مرۆڤ کاتێ له‌ به‌رانبه‌ر لایه‌نێکدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌، که‌ ڕاستگۆیه‌، ئه‌وا هاوکات سه‌ره‌ڕای بوونی جیاوازییه‌کان، له‌ به‌رده‌م ئه‌خلاقیشدایه‌، به‌ڵام کاتێ لایه‌نی به‌رانبه‌رت ڕاستگۆ نییه و ده‌بڵمۆڕاڵه‌‌، ئه‌وا تۆ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقدا مامه‌ڵه‌ ناکه‌یت. ئێوه‌ تا سه‌ر ئێسقان دوژمنی کافرانن‌ و له‌ خوتبه‌ ئاگراوییه‌کانتاندا هه‌زارویه‌ک جنێویان بۆ ده‌نێرن، به‌ڵام خۆتان له‌پێش هه‌ر که‌سێکی دیکه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌کڕن.

هه‌ر به‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئه‌وانیش له‌ تیڤی و سایته‌ ئێلکترۆنییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وانه‌ غه‌یره‌دینن، خوا غه‌زه‌بی لێ گرتوون، له‌ په‌لوپۆی خستوون و هیچیان له‌ ده‌ست نایه‌ت… سه‌یره‌! بۆ تاقه‌ جارێکیش بیری خۆتان و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ناخه‌نه‌وه‌، که به‌ هۆی بیرکردنه‌وه‌ی ته‌سکتانه‌وه‌‌ هه‌ر له‌
جلوبه‌رگه‌وه‌ هه‌تا خانووبه‌ره‌ی به‌رزتان جوو و کافر بۆیان دابین کردوون‌. ئه‌گه‌ر هه‌ندێک له‌ میره‌کانی ئه‌نده‌لووس، که‌ له‌گه‌ڵ کرانه‌وه‌دا بوون، نوێترین ته‌کنه‌لۆجیایان به‌ کار ده‌هێنا، ئه‌وا هاوکات دژی فیکر و فه‌لسه‌فه‌ی بێگانه‌ش نه‌بوون، بگره‌ ئه‌وان خۆیان پاڵپشتی ئه‌وانه‌یان ده‌کرد، بۆیه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن ڕاستگۆ و له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه‌شدا به‌هێز بوون.

ئێوه‌ قاچێکتان له‌ سه‌رده‌می کۆن و قاچێکتان له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنتی داناوه‌، جا چۆن هاوسه‌نگیی خۆتان پێ ڕاده‌گیرێت!! چۆن تووڕه‌ نابن و هێرش ناهێنن!! ئه‌مه‌ حاڵه‌تێکی سایکۆلۆجییه‌، میکانیزمێکی به‌رگرییه‌،
کاتێ مرۆڤ هه‌ست به‌ گوناهه‌کانی خۆی ده‌کات و ده‌یخاته‌ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌.

ئه‌گه‌ر به‌ نیازن ئیمانی خۆتان له‌ناو کۆمپیوته‌ر و مۆبایلی کافراندا سه‌یڤ بکه‌ن، واته‌ بیپارێزن، ئه‌وا دڵنیا بن، به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چن و به‌رگه‌ی چه‌ند ساڵێکی دیکه‌ ناگرن.
ئه‌و (مارکس)ه‌ی ئێوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک دێڕتان له‌ کتێبه‌کانی خوێندبێته‌وه‌ و به‌ دوژمنی خۆتانی ده‌زانن، سه‌د و شه‌ست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتوویه‌تی ته‌کنه‌لۆجیا ئه‌خلاق ده‌گۆڕێت. ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت ئه‌و بتانه‌مان هه‌بێت و ئه‌خلاق و بیرکردنه‌وه‌شمان وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ی یه‌ک دێڕی له‌ کتێبێکی فیکری خوێندبێته‌وه‌، ده‌زانێت شتی وا مه‌حاڵه‌. بۆ نایه‌ن له‌ ئاستی حوکومه‌تی هه‌رێمدا ناڕه‌زایی ده‌رببڕن، که‌ چیتر ئه‌و بتانه‌ هاورده‌ نه‌کات و له‌ خوتبه‌کانیشتاندا به‌ خه‌ڵک بڵێن نه‌یانکڕن، چونکه‌ کافر و جوو له‌ فرۆشتنیان قازانج ده‌که‌ن.

ئایا ده‌توانن؟ نه‌خێر. بۆچی ناتوانن؟ وه‌ڵامه‌که‌ی دیاره‌. بزانن ئه‌و کۆمپیوته‌ر و مۆبایل و شته‌کانی دیکه‌ی ناو ماڵتان چه‌ند ساڵێکی دیکه‌ چ کاریگه‌رییه‌کی له‌وه‌ گه‌وره‌تری له‌سه‌ر خۆتان و نه‌وه‌کانتاندا ده‌بێت، که‌ له‌ ئێستاشه‌وه‌ هه‌یانه‌. ئه‌و شێوه‌ دیندارییه‌ی ئێوه‌ به‌م کۆمپیوته‌ر و مۆبایله‌ ناکرێت و من له‌وه‌ زیاترتان پێ ناڵێم.

ئێوه‌ وه‌کو ئێمه‌ وان، به‌ڵام ئێمه‌ له‌مڕۆدا ده‌ژیین و ئێوه‌ نازانن له‌ کوێدا. با ئه‌مه‌تان به‌ نموونه‌ بۆ ڕوون بکه‌مه‌وه مه‌لا به‌ڕێزه‌کان‌. له‌ شه‌سته‌کان و حه‌فاتاکان، که‌ تازه‌ ئامێری تلیڤیژن، یان با بۆ خاتری ئێوه‌ بیکه‌مه‌ عه‌ره‌بی، ته‌لفاز هاتبوو، ئێوه‌ ده‌تانوت هه‌ر که‌سێک ئه‌و بته‌ی له‌ ماڵدابێت، نوێژ و عیباده‌تی قه‌بووڵ نییه‌، به‌ڵام کاتێ خه‌ڵک هه‌ر سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بیکڕن، ئینجا ئێوه‌ش کڕییتان، یاخود با بڵێین به‌ دیاری له‌ سه‌رۆکی فه‌رمانده‌وه‌ بۆتان هات (بێگومان مه‌به‌ستم هه‌مووتان نییه‌).
ئێستا نه‌ک ته‌لفاز، به‌ڵکو سه‌ته‌لایت و کۆمپیوته‌ر و له‌وانه‌ خراپتریشتان هه‌یه‌. دینه‌که‌ هه‌مان دینی جارانه‌ و ئه‌مانه‌ش چیتر به‌ حه‌رام نازانن، به‌ڵکو له‌ ڕێگای ئه‌و شته‌ حه‌رامانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن.

ئه‌مجاره‌یان شتی ترتان خستۆته‌ لیستی حه‌رامه‌کانه‌وه‌. سبیه‌نێ خۆشتان هه‌مان شت ده‌که‌ن و ئینجا شتی تر‌ به‌ حه‌رام ده‌زانن. نه‌که‌ن پێم بڵێن سه‌رده‌م گۆڕاوه‌ و ده‌بێت خۆمان له‌گه‌ڵ واقیعه‌ نوێیه‌که‌دا بگونجێنین، ئه‌گینا پێتان ده‌ڵێم بۆچی ئێوه‌ ئه‌و هه‌قه‌تان هه‌یه‌ و من نیمه‌؟ تێکستی دینی بۆ زه‌مه‌نی دیاریکراو نییه‌، به‌ڵکو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌. بۆچی ده‌بێت من چاوه‌ڕێ بکه‌م ئێوه‌ کفر بکه‌ن و ئینجا من دواتان بکه‌وم؟ ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب) حه‌رام بووه‌، ئێستا و دواتریش هه‌ر حه‌رامه‌، ئه‌وه‌یان ناڵێم ئه‌گه‌ر به‌ پێی په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕێک بکه‌وین، که‌ له‌م دنیایه‌ که‌سمان ده‌ست نه‌خاته‌‌ ناو ژیانی ئه‌ویدیکه‌مانه‌وه‌. ئێوه‌ خه‌ڵکێکی ده‌بڵمۆڕاڵیشتان دروست کردووه‌.

ئه‌مڕۆ که‌سانێک په‌یدا بوون له‌ ڕۆژێکدا دیندار و بێدینن. کرده‌وه‌کانیان، جلوبه‌رگ و ستایلی قژیان هیی کافرانه‌، که‌چی له‌پڕ لێت ده‌بنه‌ مه‌لا و وه‌عزت بۆ ده‌ده‌ن. له‌ کتێبخانه‌ کارمه‌ند بووم. کێشه‌ی گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجه‌ موسڵمانانه‌دا بوو، که‌ کۆمپیوته‌ریان بۆ شتی سێکسی به‌ کار ده‌هێنا و به‌ پێی ڕێنوێنییه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کتێبخانه‌ی گشتیی دانمارکیش ئه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌.

کاتێکیش له‌ ده‌ره‌وه‌ قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کردن، تۆمه‌تی کافربوونیان ده‌دایته‌ پاڵ. وێنه‌ی (سه‌دام حسێن) و (بن لادن)یان هه‌ڵده‌واسی و له‌سه‌ر دیواره‌کان درووشمی دژ به‌ ڕۆژئاوایان ده‌نووسی. ئه‌مڕۆ له‌ دنیای ئیسلامیدا که‌سانی له‌م شێوه‌یه‌ دروست بوون، بۆیه‌ هیچ کاتێک وه‌کو ئێستا ئیسلام لاواز نه‌بووه‌. ((بڕۆ چی ده‌که‌یت، بیکه‌، به‌ مه‌رجێ بیرت بێت تۆ موسڵمانیت)). ئه‌مه‌یه‌ درووشمیان. کابرا پیتزامانه‌ و له‌ پیتزا گۆشتی به‌راز ده‌فرۆشێت، له‌پڕ له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتێکت لێت تووڕه‌ ده‌بێت و به‌ کافر له‌ قه‌ڵه‌مت ده‌دات:
((_ بۆ به‌ قاچی ڕاست نایه‌یته‌ ژووره‌وه‌؟ تۆ موسڵمان نیت؟
_ ئه‌ی تۆ بۆ ئه‌مه‌ به‌ دانمارکییه‌کان ناڵێیت؟
_ ئه‌وان خه‌نزیرن، به‌ڵام خۆ تۆ خه‌نزیر نیت. تۆ خه‌ڵکی کوێیت؟
_ کوردستان!
_ کوردستانی چی؟ بڵێ شیمالی عێراق. هه‌ر سه‌دام حسێن بۆ ئێوه‌ باش بوو)).

ئه‌مه‌ به‌سه‌رهاتی هاوڕێیه‌کمانه‌ له‌گه‌ڵ پیتزامانێکی ئیسلامدا و پیتزامانه‌که‌ش ده‌ناسین. سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌مان نه‌چووه‌ پیتزای لێ بکڕێت، چونکه‌ ئه‌و موسڵمانی ئاساییه‌ و گۆشتی به‌راز ناخوات، به‌ڵکو له‌ پۆستخانه‌ کار ده‌کات و نامه‌ی بۆ بردوون. ڕۆژانه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌. هه‌ر زوو زوو مه‌لاکان له‌ سایت و ڕۆژنامه‌کاندا ده‌ڵێن دوو میلیارد موسڵمان له‌ جیهاندا هه‌یه و نابێت شعوریان بریندار بکرێت‌.

ناڵێن به‌شێکی زۆری ئه‌وانه‌ خۆیان شعوری خۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌ر تیغ، ئه‌گینا که‌س ناتوانێت له‌ گوڵ کاڵتریان پێ بڵێت. ناڵێن به‌شێکی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و دوو میلیارده‌ کرده‌وه‌ی ڕۆژانه‌یان له‌ناو ئه‌م دنیا ئێلیکترۆنییه‌دا به‌ موو له‌ کرده‌وه‌ی کافران جیا ناکرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ هه‌ستی قه‌ومییه‌، نه‌وه‌ک دینی ده‌یانجووڵێنێت.

ناڵێن به‌شێکی ئه‌و دوو میلیارده‌ سه‌دان سایتی سێکسییان به‌ زمانی عه‌ره‌بی و تورکی داناوه‌ و ئه‌وانه‌ی سه‌ردانیان ده‌که‌ن، له‌ ژماره‌ نایه‌ن. ناڵێن به‌شی تایبه‌ت له‌و سایتانه‌دا بۆ ژنی له‌چکبه‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه. ناڵێن به‌شێکی زۆر له‌و دوو میلیارده‌ باوه‌ڕی به‌ عیباده‌تمان نییه‌، چونکه‌ سوننه‌ین و به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان به‌ کافرمان ده‌زانن، چونکه‌ کوردین. هه‌ر له‌ چوارده‌و‌ری خۆماندا ده‌یان میلیۆن موسڵمان ئاماده‌ن به‌ قورسترین چه‌کی کافران هێرشمان بکه‌نه‌ سه‌ر و به‌ ناوی ئه‌نفال و غه‌زا و جیهاده‌وه‌ منداڵی ساوا و پیره‌کانیشمان قڕ بکه‌ن و کردووشیانه‌. من لێره‌‌ به‌ هه‌ر مه‌لایه‌ک ده‌ڵێم بلێتی فڕۆکه‌ و هۆتێل و ته‌واوی مه‌سروفی له‌سه‌ر من، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت بچێته‌ هه‌ر یه‌كێک له‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییانه‌ و له‌ خوتبه‌یه‌کیدا به‌ خراپه‌ باسی (سه‌دام حسێن) و (عه‌لی کیماوی) بکات، یه‌ک جار ناوی کورد بهێنێت. من ته‌نیا بلیتی چوونی بۆ ده‌بڕم، چونکه‌ سوور ده‌زانم به‌ ساغی نایه‌ته‌وه‌.

لێره‌دا هه‌رگیز مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێتمی خۆیان دژایه‌تییان بکه‌ین، بگره‌ باوه‌ڕم وایه‌ ده‌بێت ئێمه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین، که‌ ئه‌وانه‌ خۆیان قوربانیی ده‌ستی جه‌هل و بیری ته‌سکی شۆڤینیزمن. زۆرترین ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری، هه‌ژاری، نه‌خۆشی، بیکاری و بێشوێنی له‌ناو ئه‌و دوو میلیارده‌دایه‌ و هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌ بۆ بوونی ئه‌قڵییه‌تی هاوشێوه‌ی ئه‌قڵییه‌تی ئێوه‌ به‌سه‌ر سیستمه‌کانی ئیکۆنۆمی و سیاسی و که‌لتووریدا.

ئه‌گه‌ر وایه‌، له‌مه‌و‌دوا باسی ئه‌و دوو میلیارد‌ موسڵمانه‌ بۆ ئێمه‌ مه‌که‌ن. ئه‌رێ ئێوه‌ بۆ له‌جیاتی نووسه‌ران، ئه‌وانه‌ لغاو ناکه‌ن، که‌ ئه‌و دوو میلیارده‌ ده‌که‌نه‌ سووته‌مه‌نی و به‌ گژ ئێمه‌ و ئه‌وانی دیکه‌یاندا ده‌به‌ن؟
پێمان ده‌ڵێن دنیای ئیسلامی بۆیه‌ دوژمنمانن، چونکه‌‌ کورد سووکایه‌تیی به‌ ئیسلام ده‌کات. یان ده‌ڵێن ئه‌وان دوژمنی کورد نیین، به‌ڵکو دوژمنی پارتی و یه‌کییه‌تیین، گوایه‌ له‌پاڵ ئه‌مریکادا شه‌ڕی موجاهیده‌کانی فه‌لووجه‌یان کردووه‌. ئه‌گه‌ر وایه‌ هه‌ر ئه‌و سه‌رکرده‌ ئیسلامییانه‌ بۆچی نه‌ک هه‌ر دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و تورک نیین، که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌ڵکی ئێمه‌ و زیاتریان کردووه، به‌ڵکو پێیان وایه‌ ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ فه‌زڵیان به‌ سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا هه‌یه‌‌؟ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌کان له‌پێش حوکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌‌ شان به‌ شانی ئه‌مریکا و ئیسرائیل شه‌ڕی یه‌کتریان کردووه‌ و که‌سیش ناڵێت ئێمه‌ ده‌بێت دوژمنی عه‌ره‌ب بین.

پێوه‌ندیی تورکیاش له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئیسرائیل له‌ که‌سمان شاراوه‌ نییه‌. ئایا ئێوه‌ تورکیاتان دیوه‌؟ ئایا له‌و وڵاته‌ شتێک هه‌یه‌ سیمای ئیسلامی پێوه‌ بێت؟ بۆ به‌راوردێکی ئه‌ستانبۆل و هه‌ولێر ناکه‌ن؟ له‌و ئه‌ستانبۆله‌ی پایته‌ختی ئیسلام هه‌ندێک دیارده‌ هه‌ن‌، هه‌ندێک شوێنی ڕابواردن هه‌ن‌، هێشتا له‌ ستۆکهۆڵم، به‌رلین، کۆپنهاگن و شاره‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپا ده‌رنه‌که‌وتوون.

باسی میسر و سوریا و لوبنانیش هه‌ر ناکه‌م، به‌ڵام له‌و هه‌ولێره‌ به‌شێکی یه‌کجار یه‌کجار که‌می خه‌ڵکی لێ ده‌ربچێت، ئه‌وی دیکه‌ی وازی له‌ هونه‌ر، موزیک، شانۆ، خوێندنه‌وه‌ و هه‌موو شتێک هێناوه‌ و خه‌ریکی خواپه‌رستییه‌. له‌و هه‌ولێره‌ نه‌ک وشه‌ی سه‌هیۆنی، به‌ڵکو ناوی جوویش وه‌کو کفرێکی گه‌وره‌ گوێی لێ ده‌گیرێت. بۆچی ئه‌و سه‌رکرده‌ ئیسلامییانه له‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌ نابنه‌‌ دوژمنی عه‌ره‌ب و تورک، بگره‌ شه‌ڕیان بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵام دوژمنی کوردن و ئێوه‌ش پاساویان بۆ ده‌هێننه‌وه‌؟ داوایان لێ ده‌که‌ن به‌ خێرایی ده‌ست بخه‌نه‌ ناو کوردستانه‌وه‌، گوایه‌ بووه‌ته‌ کافرستان، له‌ کاتێکدا ئه‌وه‌نده‌ی دین له‌ کوردستان هه‌یه‌، له‌ هیچ وڵاتێکی عه‌ره‌بیی ئیسلامیدا نییه‌.

فرمێسک بۆ فه‌لوجه‌ مه‌ڕێژن مه‌لا به‌ڕێزه‌کان، له‌ کاتێکدا هه‌ر ئه‌و موجاهیدانه‌ کورد به‌ مرۆڤ نازانن و ده‌ڵێن (سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی) بۆیه‌ وه‌کو کورده‌کانی دیکه‌ نه‌بووه‌ته‌ دڕنده‌، چونکه‌ له‌ تکریت له‌ دایک بووه‌، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ شاخه‌کان له‌ دایک بووبووایه‌، ئه‌ویش وه‌ک ئه‌وان ده‌رده‌چوو.

هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر له‌ فه‌لووجه زیاتر‌ ئیسلامی بوو مه‌لا به‌ڕێزه‌کان، بۆچی ئه‌و سه‌رکرده‌ ئیسلامییانه‌ نه‌ک هه‌ر به‌ قسه‌ به‌رگرییان لێ نه‌کرد، به‌ڵکو به‌ کرده‌وه‌ش له‌پاڵ به‌عسدا وه‌ستان و تاوانه‌کانیشیان شارده‌وه‌، بگره‌ سوێندیان به‌ خوا و پێغه‌مبه‌ر خوارد، که‌ (ئه‌بو عوده‌ی) خوا بیپارێزێت، چه‌کی کیماویی به‌ کار نه‌هێناوه‌؟ بۆچی مه‌لا به‌ڕێزه‌کان، بۆچی؟ ئێستا ئه‌و سه‌رکرده‌ ئیسلامییانه‌ی ئێوه‌ داوایان لێ ده‌که‌ن بێن له‌ فه‌ساد بمانپارێزن، خۆیان لێ کردووینه‌ته‌ زانای حه‌وتڕه‌نگ و ده‌یانه‌وێت به‌ به‌ڵگه‌ی زانستییه‌وه‌ بیسه‌لمێنن، که‌ ئه‌وه‌ (سه‌دام حسێن) و (عه‌لی کیماوی) نه‌بوون هه‌ڵه‌بجه‌یان گازڕشێن کرد، به‌ڵکو ئێرانی سه‌فه‌وی بوو. من یه‌کێکم له‌وانه‌ی پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵکی فه‌لووجه‌ کرا، تاوانه‌، به‌ڵام بۆ ده‌بێت شارێکی کوردی و یه‌کێکی عه‌ره‌بی له‌ دیدگای ئه‌و سه‌رکرده‌ ئیسلامییانه‌ و هیی ئێوه‌شدا ئه‌و هه‌موو جیاوازییه‌یان له‌نێواندا بکرێت؟ باسی دنیای ئیسلامیمان بۆ مه‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌کێک له‌ مه‌رجه‌کانی ئیسلامبوون ئه‌وه‌بێت، که‌ کورد به‌ دوژمن و (سه‌دام حسین) به‌ شه‌هید و ئه‌ندامانی حزبی به‌عس به‌و موجاهیدانه‌ بزانرێت، که‌ شه‌ڕی ئه‌مریکای کافر و ئیسرائیلی زایۆنی ده‌که‌ن.

به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی ئێمه‌ له‌مێژه‌ پێیان وایه‌ ئه‌مریکا و ئیسرائیل دوو ده‌وڵه‌تن، که‌ له‌سه‌ر عه‌داله‌ت دانه‌مه‌زراون و من خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌، به‌ڵام به‌عس به‌ چه‌کی ئه‌وانه‌ ئه‌نفالی کرد و به‌رده‌وامیش لای سه‌رکرده‌کانی عه‌ره‌بیی ئیسلامی کراوه‌ته‌ دوژمنی ئه‌مریکا و پارێزه‌ری ماڵی ئیسلام. کورد له‌ سه‌رده‌می به‌عس کاتێ کیمیاباران کرا نه‌ قورئانی سووتاندبوو و نه‌ ئیسرائیلی هێنابوو، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ڕژێمی (سه‌دام حسێن) بوو قورئانی ده‌سووتاند و دۆستی ئیسرائیل و ئه‌مریکا بوو.

له‌ هه‌شتاکان خه‌ڵک‌ ده‌گیران و بێسه‌روشوێن ده‌کران‌، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یان له‌ ئه‌مریکا بگرتایه، چونکه ئه‌وانه‌یان به‌ کۆمۆنیست، یان‌ به‌ دۆستی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران تۆمه‌تبار ده‌کرد‌. ئه‌دی بۆچی ئه‌وساش ئه‌و سه‌رکرده‌ ئیسلامییه‌ عه‌ره‌بییانه هه‌ر (سه‌دام حسێن)یان به‌ ڕابه‌ری خۆیان و‌ ئێمه‌یان به‌ دوژمن و کافر ده‌زانیی؟ ئایا هه‌ق نییه‌ ئیتر واز له‌وه‌ بێنن ئه‌م قسانه‌ بۆ خه‌ڵکی ساویلکه‌ بکه‌ن و له‌وه‌ زیاتر فریویان بده‌ن؟ هه‌روه‌ها واز له‌وه‌ش بێنن، که‌ له‌ Paltalk به‌و خه‌ڵکه‌ ساده و‌ بێگوناهه‌ بڵێن فکری ڕۆژئاوا هه‌مووی نه‌زۆکه‌.

لانی که‌م ئه‌وه‌نده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گوێگرانه‌ ڕاستگۆ بن، که‌ پێیان بڵێن ئه‌وه‌ ئه‌و کافرانه‌ن توانییویانه‌ من بگه‌یه‌ننه‌ ئێوه‌، هه‌تا بتوانم به‌ ئاره‌زووی خۆم جنێویان پێ بده‌م و بڵێم فاشیلن. له‌ خۆتانه‌وه‌ باسی (هیگڵ)، (فرۆید)، (نیچه‌)، (مارکس) و زۆری دیکه‌ مه‌که‌ن مه‌لا به‌ڕێزه‌کان، مادام دوور و نزیک نایانناسن. ئێوه‌ شتی وایان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن، که‌ مرۆڤی هۆشیار له‌ قاقای پێکه‌نین ده‌دات.
ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن و ئێوه‌ له‌وانه‌ تێگه‌یشتوون، فه‌رموون وه‌رن له‌ کتێب، یان له‌ سایته‌کاندا بۆمان بنووسن و با ئێمه‌ش باوه‌ڕتان پێ بکه‌ین، که‌ به‌رهه‌می ئه‌وانه‌تان خوێندووه‌ته‌وه‌ و تواناتان هه‌یه‌ ڕه‌خنه‌یان لێ بگرن. با ئه‌و موسڵمانانه‌ی دیکه‌ش له‌و ڕه‌خنانه‌ی ئێوه‌ سوودمه‌ند ببن.

ئایا ڕاسته‌ (لینین) له‌ خوارووی ئه‌فریکا (ترۆتسکی)ی تیرۆر کردووه‌؟ ئایا ڕاسته‌ مرۆڤێک له‌ ساڵی 1924 بمرێت، ده‌توانێت ساڵی 1940 که‌سێک بکوژێت؟ یان ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ (ستالین) له‌ مه‌کسیک، نه‌وه‌ک له‌ خوارووی ئه‌فریکا، شانزده‌ ساڵ دوای مه‌رگی (لینین) ئه‌و پیاوه‌ی تیرۆر کرد؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژئاوا هه‌مووی وه‌کو (ستالین) بووایه‌ مه‌لا به‌ڕێزه‌کان، ئێوه‌ نه‌تانده‌توانی ئێستا ئاوا ئازادانه‌ ته‌عبیر له‌ خۆتان بکه‌ن.

ئه‌گه‌ر هه‌رچی بیروباوه‌ڕی ڕۆژئاوا هه‌یه‌ هه‌مووی نه‌زۆکه‌، ئه‌دی چۆن ئێوه‌ له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه‌ی هه‌تا ئێستا له‌و ڕۆژئاوایه‌ به‌ ده‌ست هاتووه‌، حه‌واونه‌ته‌وه‌؟ نه‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆماندا هێناومانه‌، چونکه‌ ئێمه‌ کاتێک له‌ چنگی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دیکتاتۆرییانه‌ ده‌رباز ده‌بین، سه‌دان کیلۆمه‌تر به‌ پێ ده‌بڕین، له‌ برسان ناڵه‌مان لێوه‌ دێت، زۆرجار به‌ ڕووتی ده‌گه‌ین، چونکه‌ جلوبه‌رگ و پێڵاوه‌کانمان دڕوان. ئه‌گه‌ر هه‌ر کۆڵ ناده‌ین و ده‌مانه‌وێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت بگه‌ینه‌ ڕۆژئاوا، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، که‌ سوور ده‌زانین ڕۆژئاوا له‌ سایه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سووف و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئێوه‌‌ به‌ هیچیان ده‌زانن، توانیویه‌تی به‌ هه‌ندێک خۆشگوزه‌رانی بگات، که‌ لای خۆمان له‌ خه‌ونیشدا نایبینین.

که‌واتا ده‌بێت بزانن هه‌رچی ئه‌مڕۆ به‌ ده‌ست هاتبێت،‌ ئه‌وه هه‌مووی‌ به‌رهه‌می ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌یه‌، که‌ ئێوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک دێڕتان له کتێبه‌کانیان خوێندبێته‌وه‌، به‌ جاهیلیان ده‌زانن. ئێوه‌ به‌م بیرکردنه‌وه‌ و خوتبه‌ ئێلیکترۆنیانه‌تان ته‌نیا مرۆڤی ده‌بڵمۆڕاڵ به‌رهه‌م ده‌هێنن مه‌لا به‌ڕێزه‌کان. مرۆڤێک، هه‌موو سیماکانی هیی کافرانه‌ و تا بینه‌قاقای له‌ کفردا نقووم بووه‌، که‌چی له‌ناکاو ده‌بێته‌ موجاهید و هێرش بۆ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ ده‌بات.

هه‌ر یه‌کێکمان هه‌زاران نموونه‌ی سه‌یری له‌باره‌ی ئیسلامیی ئه‌مڕۆوه‌‌ هه‌یه‌. ئیسلام به‌وانه‌ ده‌پارێزن مه‌لا به‌ڕێزه‌کان؟ ئێمه‌ له‌ ڕه‌وشت و ئادابمان لاداوه‌، یان ئه‌وانه‌؟ کاتێکیش نووسه‌رێکی وه‌کو (ئه‌حمه‌د ئه‌لبه‌غدادی) دێت و باس له‌و ده‌بڵمۆراڵییه‌ ده‌کات، به‌ زه‌ندیق له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت و ده‌یده‌نه‌ دادگا. ئه‌و پرینسێپه‌، که‌ ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و تورکیی له‌ پشته‌وه‌یه‌، زۆر ترسناکه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ پراکتیزه‌کردنی عه‌قیده‌ی سیاسه‌ته‌، نه‌وه‌ک عه‌قیده‌ی دین. سووکایه‌تییه‌ به‌ عه‌قیده‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ ڕاستی خواپه‌رستن، نه‌وه‌ک له‌به‌ر خاتری لایه‌نێکی سیاسیی دیاریکراو.

مه‌لا به‌ڕێزه‌کان به‌شێکی زۆرتان له‌ ڕێگای ئه‌و دینه‌وه‌ پاره‌ و سامان په‌یدا ده‌که‌ن و خۆتانی پێ ده‌ژ‌ییه‌نن، له‌ کاتێکدا پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ پاره‌ قورئان ده‌خوێنن، به‌و بلبلانه‌ ده‌چووێنێت، که‌ له‌سه‌ر زبڵدان ده‌خوێنن. (ئه‌مه‌م له‌ سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاری له‌ هاوڕێیه‌کمه‌وه‌ بیستووه‌، که‌ ئه‌مڕۆ یه‌کێکه‌ له‌ مه‌لا ناسراوه‌کان).

که‌واته‌ داوای تۆبه‌ له‌ کێ ده‌که‌ن مه‌لا به‌ڕێزه‌کان؟ من وه‌کو نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌، که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ فانتازیادا ده‌که‌م، له‌جیاتی تۆبه،‌ پێشنیارێکی دیکه‌م بۆتان هه‌یه‌. وه‌رن‌ ده‌تاننێرمه‌وه‌ بۆ ساڵی حه‌فتا و به‌و خه‌ڵکه‌ بڵێن‌، که‌ ئێوه‌ کۆمپیوته‌رتان به‌ کار هێناوه‌.

چاتتان کردووه‌. له‌ ماسینجه‌ر ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ دانیشتووی ئه‌ورووپادا قسه‌تان کردووه. باسی ئه‌و ماڵ و که‌لوپه‌لانه‌ی خۆتانیان بۆ بکه‌ن. ئایا‌ به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌تان نازانن؟ داوای تۆبه‌تان لێ ناکه‌ن؟ مادام دنیای فانتازیایه‌، ئه‌وا ده‌توانن بچنه‌وه‌ لای خۆتان و ئه‌و قسانه‌ بۆ خۆتانی ئه‌وسا بکه‌ن، بزانن چیتان پێ ده‌ڵێن.

ناڵێن ئێوه‌ له‌سه‌ر دینی ئێمه‌ نه‌ماون؟ ئه‌گه‌ر له‌وێ هاتنی ئامێرێکی ته‌له‌ڤزیۆن بۆ ماڵ، خه‌ڵکی پێ کافر ببێت، ئه‌ی به‌ ئێوه‌ بڵێن چی، که‌ ئه‌مانه‌تان هه‌ن‌؟ ئه‌وسا ده‌بێت (شێرکۆ بێکه‌س)، (حسێن عارف)، (ڕه‌فیق سابیر)، (محه‌مه‌د حه‌مه‌ باقی) و (کاکه‌مه‌می بۆتانی)، که‌‌ نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی ڕوانگه‌ن و له‌ولاشه‌وه‌ (فوئاد مه‌جید میسری)، (فازیلی مه‌لا مه‌حموود)، (فوئاد قه‌ره‌داغی)، (محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم) و (که‌مال غه‌مبار)یش له‌ ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی ڕوانگه‌ واز له‌ مشتومڕی ئه‌ده‌بی بێنن و به‌رگری له‌ ئازادیی ئێوه‌ بکه‌ن.

دڵنیام زۆر به‌و به‌سه‌رهاته‌ش سه‌رسام ده‌بن، که‌ ئێوه‌ له‌ ساڵی دووهه‌زاروده‌وه‌ بۆ ساڵی حه‌فتا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تی چیرۆک و ڕۆمانه‌.

مه‌لا به‌ڕێزه‌کان ئه‌وه‌ ئێوه‌ن به‌و کرده‌وانه‌تان خه‌ڵکی ساده‌ و نه‌فام بۆ دژایه‌تیی قورئان و سوو‌تاندنی هان ده‌ده‌ن، ئه‌گینا سووتاندنی کتێب، ئینجا هیی ئاسمان بێت یان هیی زه‌و‌ی، تاوانه‌ و هه‌ر له‌ ئێوه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌.

(بێگومان مه‌به‌ستم له‌ هه‌مووتان نییه‌). باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ که‌سێک، چه‌ندیش بێدین بێت، له‌ داخی ئه‌و مه‌لایانه‌ی، که‌ دوور له‌ توندوتیژی خواپه‌رستیی خۆیان ده‌که‌ن، بێڕێزی به‌ قورئان و دین بکات. ئه‌وه‌ ئێوه‌ن به‌رپرسیاری ئه‌و شته‌ ناشیرینانه‌. هاوڕێیه‌کی لوبنانیم هه‌یه‌، ڕاستییه‌که‌ی فه‌ڵه‌ستینییه‌ و له‌ لوبنان له‌ دایک بووه‌.

ئه‌و هاوڕێیه‌م ڕۆشنبیرێکی ئیسلامییه‌، به‌ڵام له‌ بواره‌کانی دیکه‌ی مه‌عریفه‌ش به‌ ئاگایه‌. زۆرجار پێم ده‌ڵێت: ((مارکس و نیچه‌ و فرۆید فێری خواپه‌رستییان کردووم)).
ڕه‌نگه‌ ئه‌و وته‌یه‌ سه‌ره‌تا سه‌یر بێته‌ به‌رگوێ، کاتێک ده‌زانین هه‌ر یه‌کێ له‌و سێ بیرمه‌نده‌ هه‌ڵوێستی زۆر تایبه‌تیان له‌ ئاستی دیندا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و خۆی وه‌ڵامی پێیه‌ و ده‌ڵێت: ((ئه‌وانه‌ ڕووبه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی منیان گه‌وره‌تر کرد. هه‌تا ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی بیرکردنه‌وه‌شم گه‌وره‌تر بێت، من زیاتر هه‌ست به‌ نزیکیی خودا و خۆم ده‌که‌م)). باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ که‌سێ له‌به‌ر ئه‌و هاوڕێیه‌م دژایه‌تیی ئیسلامی کردبێت، چجای قورئان بسووتێنێت!! هه‌ر کاتێ بێته‌ ماڵه‌که‌م، من هه‌وڵ ده‌ده‌م پێش گه‌یشتنی، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ لاببه‌م، که‌ له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی ئه‌ودا ناگونجێن، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و له‌ لای خۆیه‌وه‌ ویستوویه‌تی به‌ شێوه‌یه‌ک سه‌ردانم بکات، که‌ نه‌بێته‌ هۆی بێزارکردنم. ناتوانم خۆشم نه‌وێت و ڕێز له‌ خۆی و بیروباوه‌ڕی نه‌گرم، مادام ئه‌و له‌ لایه‌ک ڕێز له‌ خۆی و له‌ بیروباوه‌ڕی خۆی ده‌گرێت و له‌ لایه‌کی دیکه‌ له‌ من و له‌ بیروباوه‌ریشم.

نایشارمه‌وه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌وه‌ زیاتر فێری ئه‌وه‌ بووم، که‌ بیروباوه‌ڕی به‌رانبه‌رم‌ چه‌ند له‌ هیی خۆم جیاواز بێت، هه‌ر ڕێزی لێ بگرم و به‌رگری لێ بکه‌م، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ترسم له‌ ده‌ربڕینی بیروباوه‌ڕی خۆشم هه‌بێت. له‌و گفتوگۆیه‌ی له‌باره‌ی (ئه‌نفال)ه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا کراوه‌، وته‌یه‌کی ئه‌و هاوڕێیه‌مم هێناوه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌ڵێت: ((ئیسلامییه‌کانی ده‌سته‌ڵات و ئیسلامییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات نه‌ک هه‌ر له‌ دنیای عه‌ره‌بی، به‌ڵکو له‌ سه‌رتاپای دنیای ئیسلامیدا، له ‌زۆر مه‌سه‌له‌ی تاکتیکی و ستراتیژی ڕێکن، به‌ڵام له‌ هه‌موو شتێک زیاتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێکن، که‌ سه‌ددام حسێن موجاهیدێکی پیرۆز‌ و ڕژێمی به‌هێزی به‌عس گه‌وره‌ترین دوژمنی کوفر و کافران بوو)).

مه‌لا به‌ڕێزه‌کان بۆ یه‌کێک له‌ خوتبه‌کانتان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ تایبه‌ت ناکه‌ن؟ ده‌زانم نایکه‌ن، چونکه‌ نه‌ ئێوه‌ و نه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌کو ئێوه‌ن ده‌یانه‌وێت به‌ لای باسی ئاوادا بچن. ئه‌مه‌ گوتارێکی یه‌کگرتووی گشتیی دنیای ئیسلامیی ئه‌مڕۆیه‌ و نابێت لێی لابده‌ن. چاک ده‌زانن دڵی ئه‌و هه‌موو سه‌رکرده‌ ئیسلامییانه‌ی فه‌ڵه‌ستین، عێراق، میسر، ئورده‌ن و باقیی دنیای ئیسلامیتان لێ ده‌ڕه‌نجێت، که‌ هه‌تا ئێستا وازیان له‌وه‌ نه‌هێناوه‌ سووکایه‌تی به‌ کورد بکه‌ن.

ناوی کوردستان ناهێنم، چونکه‌ لای ئه‌وان ئه‌مه‌ قێزه‌ونترین وشه‌یه‌. هه‌ر ئێمه‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌زانین ئه‌و برا ئیسلامییانه‌ چه‌ند جار له‌سه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ سووکایه‌تییان پێ کردووین. به‌ ده‌گمه‌ن که‌سێکی وه‌کو ئه‌و هاوڕێیه‌ی من ده‌بینیت باوه‌ڕی وابێت کوردیش نه‌ته‌وه‌یه‌ و زوڵمی لێ کراوه‌. ئێوه‌ پشت
له‌و هه‌موو شته ناشیرینه‌‌ ده‌که‌ن و په‌لاماری‌ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ران ده‌ده‌ن. زنجیره‌ دراما ڕاده‌گرن. بۆچی؟ چونکه‌ دژی ڕه‌وشته‌.

مه‌لا به‌ڕێزه‌کان، ئێوه‌ پێتان وایه‌ ئێمه‌ ئاگامان له‌ دنیا نییه‌؟ له‌ فیلمی میسری ژنه‌ سه‌ماکه‌ره‌کان ده‌ڵێن: ((خوا پشتیوانمانه‌، بۆیه‌ خاوه‌نی ئه‌و هونه‌ره‌ین)). له‌و فیلمانه‌دا ژنی نیمچه‌ڕووت، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ژنی ڕووتی ته‌واومان به‌رچاو ده‌که‌وێت. (مه‌لا به‌ڕێزه‌کان لێم مه‌گرن، که‌ ئه‌مانه‌م بینیوه‌، چونکه‌ منیش وه‌کو ئێوه‌ ته‌له‌ڤزیۆن و سه‌ته‌لایتم هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ و له‌مانه‌ش خراپتر ده‌بینم.

ئه‌گه‌ر خانووه‌که‌م به‌ پێی شه‌رع و ڕێنوێنییه‌کانی عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب دروست بکرایه‌، ئه‌وسا بێگومان شوێنی ئه‌و بتانه‌ی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه‌ و گوناهبار نه‌ده‌بووم. ئایا به‌و تۆبه‌یه‌ی داواتان لێ کردووم بیکه‌م، ئه‌و گوناهانه‌شم پاک ده‌بنه‌وه‌؟ یان گوناهم له‌ ئه‌ستۆی ئه‌و حوکومه‌ته‌یه‌، که‌ ئه‌م بتانه‌ هاورده‌ ده‌کات و که‌س نییه‌ فه‌توایان له‌ دژ ده‌ربکات؟ ئه‌وه‌ بۆ که‌س ناوێرێت نه‌ک ئه‌وانه خۆیان، به‌ڵکو ئاژه‌ڵه‌کانیشیان‌ لغاو بکات؟ ساڵی‌ حه‌فتاونۆ مه‌لاو خه‌تیبی مزگه‌وتی ئازادی ده‌یوت شتێک هه‌یه‌ به‌ ناوی زینای چاو. واته‌ زینا هه‌ر‌ ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ تۆ له‌گه‌ڵ ژنێکدا جووت ببیت، به‌ڵکو سه‌یرکردنی قژی ژنێکیش زینایه‌.

ئه‌رێ ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ له‌و سه‌ته‌لایتانه‌ ده‌یانبینین، چیین؟). له‌ زنجیره‌ دراماکانی سوریدا، به‌تایبه‌تی له‌وانه‌ی باس له‌ مێژووی ئیسلام ده‌که‌ن، ژنان به‌ ڕووتی له‌گه‌ڵ پیاواندا سه‌رگه‌رمی سه‌مان. ئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ بۆ حه‌رام نه‌کراون و له‌ که‌ناڵه‌کانی سعودیه‌ و یه‌مه‌ن و کوه‌یتدا پێشان ده‌درێن؟ بۆ که‌س هه‌ڕه‌شه‌ له‌ (حاته‌م عه‌لی)، (باسل ئه‌لخه‌تیب)، (عارف ئه‌لته‌ویل) و ئه‌وانی دیکه‌ ناکات؟ هیوادارم هه‌رگیز نه‌شیکه‌ن، چونکه‌ کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندی زۆر داهێنه‌رن.

ئه‌وه‌ ئێوه‌ بۆ له‌ یه‌کێک له‌ خوتبه‌کانتاندا ناڵێن دنیای عه‌ره‌بی بۆته‌ کافرستان و فیلم و زنجیره ‌درامای به‌دڕه‌وشتی ده‌رده‌هێنن؟ ئێوه‌ له‌ شه‌سته‌کان و حه‌فتاکان، که‌ خه‌ریکی قه‌ده‌غه‌کردنی ئامێری ته‌لفاز بوون، ئه‌وان له‌ بیسته‌کانه‌وه‌ زۆرترین فیلمیان به‌رهه‌م هێنابوو. له‌ بیسته‌کان سێ ده‌رهێنه‌ری ژنیان هه‌بوو و ژماره‌ی ژنی ئه‌کته‌ر له‌ ژماردن نه‌ده‌هات، له‌ کاتێکدا ئێمه‌ هه‌تا حه‌فتاکان و هه‌شتاکانیش پیاومان ده‌کرده‌ ژن. ماڵی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک (عومه‌ر چاوشین) و (ڕه‌سمی جه‌لال) و ئه‌وانی دیکه‌ش ئاوا بێت.

ئه‌وه زاناکانی‌ ئه‌زهه‌ری شه‌ریف، که‌ ئێوه‌ به‌ ڕابه‌ری خۆتانیان ده‌زانن، بۆ قه‌ده‌غه‌یان نه‌ده‌کردن و نایانکه‌ن؟ ئه‌دی‌ ئه‌و سه‌کرده‌ ئیسلامییانه‌ی دنیای عه‌ره‌بی بۆ له‌ ئاستی ئه‌و کافرستانییه‌ بێده‌نگن؟ وه‌ک ده‌رکه‌وتووه‌ له‌ دنیای عه‌ره‌بیی ئیسلامیدا ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی یه‌که‌م قه‌ده‌‌غه‌ ده‌کرێت، ئه‌و فیکره‌یه‌، که‌ ده‌یه‌وێت ئیسلام به‌ شێوه‌یه‌کی جیاواز له‌وه‌ی هه‌یه،‌ بخوێنێته‌وه‌‌، ئه‌گینا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕێگا دراوه‌ له‌ فیلم و زنجیره‌ دراماکاندا ژن به‌ جلی ته‌نکی شه‌وه‌وه‌ به‌ ڕووتی ده‌ربکه‌وێت و له‌سه‌ر ته‌ختی نووستندا له‌پاڵ پیاودا بخه‌وێت.

له‌ بیرمه‌ له‌ یه‌کێک له‌و ‌فیلمانه‌دا پیاوێک له‌ حه‌ج ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، (عه‌باس فارس)ی ئه‌کته‌ر و (نه‌عیمه‌ عاکف)ی سه‌ماکه‌ر به‌ موزیک و سه‌ماوه‌ پێشوازییان لێ کرد. کاتێ حاجییه‌که‌ ویستی پاداشتیان بداتێ، وتیان ئه‌سته‌غفیره‌لڵا چۆن پاره‌ له‌ که‌سێک وه‌رده‌گرین، که‌ له‌ ماڵی خواوه‌ گه‌ڕابێته‌وه‌. ئه‌ویش زۆری دووعا بۆ کردن.

به‌و منداڵییه‌ی خۆم ده‌متوانی جیاوازیی له‌نێوان خۆمان و ئه‌واندا بکه‌م. بۆ ده‌بێت لای ئێمه‌ هه‌موو شتێک حه‌رام بێت، که‌چی لای ئه‌وان هه‌موو شتێک، ته‌نانه‌ت سه‌مای ژنی ڕووتیش ده‌چێته‌ ڕیزی خواپه‌رستییه‌وه‌؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌تا: مه‌لا به‌ڕێزه‌کان. به‌ڵێ، مه‌لا به‌ڕێزه‌کان و ده‌سته‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی. ئه‌و دوو حزبه‌ ته‌نیا ئاسایشی خۆیان مه‌به‌سته‌، ئه‌گینا هیچ به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ند هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌کرێت و به‌ شه‌ڕێکه‌وه‌ خه‌ریک ده‌کرێن، که‌ دوور و نزیک پێوه‌ندیی به‌ داهێنانه‌وه‌ نییه‌.

مه‌لا به‌ڕێزه‌کان ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یکه‌ن، نیشانه‌ی به‌هێزییتان نییه‌، به‌ڵکو مانای ئه‌وه‌یه‌ بێهێزن. وه‌ک (ئیبن خه‌لدوون) ده‌ڵێت کاتێک کۆته‌ره‌دارێکی سووتاو دوا گڕی خۆی نیشان ده‌دات، ئه‌وه‌ مانا‌ی کوژانه‌وه‌یه‌تی. مه‌به‌ستم کوژانه‌وه‌ی که‌سانی وه‌کو ئێوه‌یه‌، نه‌وه‌ک هیی ئیسلام، چونکه‌ هه‌رگیز ئێوه ‌نین به‌م قسه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌تان ئیسلام ده‌پارێزن و له‌گه‌ڵ کوژانه‌وه‌ی هیچ بیروباوه‌ڕێکیشدا نیم.

ئه‌و حیکمه‌ته‌ چییه‌ ئێوه‌ په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن؟ له‌ مزگه‌وته‌کان به‌ خه‌ڵک ده‌ڵێن ئیسلامه‌تی نه‌ماوه‌ و له‌به‌ر خراپه‌کاریی موسڵمانان، ئیسلام زۆر بێهێز بووه‌، که‌چی له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن ئیسلام زۆر به‌هێزه‌ و له‌ سه‌دا نه‌وه‌د و قسووری خه‌ڵکی ئێمه‌ موسڵمانن؟
مه‌لا به‌ڕێزه‌کان ئێوه‌ هه‌ندێکتان خه‌ریکی ئه‌م شتانه‌ن، بۆیه‌ به‌رده‌وام قسه‌کانتان وه‌کو نوکته‌ ده‌خرێنه‌ سه‌ر یوتووب و ده‌بنه‌ مایه‌ی سه‌رگه‌رمیی خه‌ڵک. هه‌تانه‌ به‌هه‌شتی به‌ شێوه‌یه‌ک بۆ خه‌ڵک وه‌سف کردووه‌، که‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ چیرۆک و شیعردا بیکه‌ین، به‌ هه‌شت و نۆ فه‌توای کوشتنمان بۆ ده‌رده‌که‌ن. (به‌ که‌یفی خۆتان عه‌للاگه‌ له‌ ئێسقانمان پڕ ده‌که‌ن).

ئه‌گه‌ر هه‌زاران خه‌ڵک بۆ ئه‌و قسه‌ بێتامانه‌ ده‌گرین، ئه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئێوه‌ له‌باره‌ی دین و مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلامه‌وه‌ هیچ شتێکتان پێ نه‌وتوون. هه‌موویتان بۆ دوو ڕسته‌ کورت کردووه‌ته‌وه‌: ئه‌وه‌ی خراپه‌ بکات، خۆی له‌‌ دۆزه‌خ ده‌بینێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی چاکه‌ بکات، ده‌چێته‌ به‌هه‌شت. ئه‌و چاکه‌ و خراپه‌یه‌ چیین؟ ئه‌وا هه‌ر خۆتان ده‌یزانن و پێوه‌ره‌که‌تان بۆ داناوه‌. به‌شێکی زۆری له‌و سه‌دا نه‌وه‌د و قسوور و له‌و دوو میلیارده‌ی به‌رده‌وام ده‌یڵێنه‌وه‌ هیچ له‌باره‌ی دین و مێژووی خۆیانه‌وه‌ نازانن، بۆیه‌ قسه‌ی ئێوه‌ گوێی لێ ده‌گیرێت، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌لایه‌ له‌باره‌ی به‌هه‌شته‌وه‌ وتوویه‌تی، له‌ کوێی قورئان و حه‌دیسدا نووسراوه‌؟

ڕێزم بۆ هه‌ر که‌سێک هه‌یه، که‌‌ به‌ هێمنی خه‌ریکی خواپه‌رستییه‌. ئه‌وه‌ ئێمه‌ی ڕۆشنبیرین، که‌ به‌رگری له‌ ئیمانی ئه‌وانه‌ ده‌که‌ین و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش هه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌ی پێشتر ئاماژه‌م بۆ کرد، پێم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرتووه‌.
ده‌مه‌وێ وه‌ک تێبینییه‌کیش ئه‌وه‌ بڵێم، که‌ من لێره‌دا به‌ ناوی ئازادیی نووسه‌رانه‌وه‌ قسه‌م کردووه‌ و به‌رگری له‌و ئازادییه‌ ده‌که‌م، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌و نووسه‌رانه‌دا نیم، که‌ به‌ هه‌مان شێوازی ئێوه ده‌نووسن و له‌ تیڤییه‌کانیش له‌سه‌ر ڕێتمی ئێوه‌‌ قسه‌ ده‌که‌ن. ئێمه‌ که‌ هه‌تا ئێستا به‌ زمانی ئاوا ڕوون و ساده‌، وه‌کو ئه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌ی منی پێ نووسراوه‌، قسه‌مان نه‌کردووه‌، ئه‌وا ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئاستی خۆمانمان نه‌زانیوه‌. هیوادارم ناچارمان نه‌که‌ن چیتر به‌م زمانه‌ وه‌ڵامتان بده‌ینه‌وه‌.

—————————-

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌گه‌رچی پێشتر له‌ سایتی (ئاوێنه‌)دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌م ڤێرژنه‌دا هه‌ندێک شتی دیکه‌ی بۆ زیاد کراوه‌.




ئاگادارییەک لە (کاروان عومەر کاکەسوور)ـەوە بۆ سەرجەم خوێنەران

من (کاروان عومەر کاکەسوور)م… تاکوو ئەمڕۆ کۆمەڵێک کتێبم چاپ کردوون، بڕیارم دا واز لە نووسین بهێنم، یان دروستتر بڵێم یەک وشەی دیکە بڵاو نەکەمەوە.
دیارە بیرۆکەی وازهێنانم نوێ نییە، بەڵکوو لانی کەم بۆ سەرەتای ئەم سەدەیە دەگەڕێتەوە. لە گوتارێکیشمدا، کە پێوەندیی بە نووسەرێکی لاوەوە هەیە و لە (08.07.2011)، لە ماڵپەڕێکدا بڵاو کراوەتەوە؛ گوتوومە: (من هیچ کاتێک ترسم لە وازهێنان نەبووە و زۆر جار ویستوومە ئاگادارییەک بۆ مێدیاکان بنووسم و بڵێم ئیتر واز لە نووسین دەهێنم).
بەوەدا ئەزموونێکی دوور و درێژم لەگەڵ نائومێدیدا هەیە، پێم وایە دوو جۆری هەن: یەکەمیان، بۆ ناو بیرکردنەوە ئاڕاستە دەبێت، خەیاڵت دەجووڵێنێت و دەتخاتە بەردەمی شتی نوێوە، ئەنجام بەرهەمی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام دووەمیان، بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەت دەخزێت، بۆیە کاتت بە فیڕۆ دەدات و خەیاڵت تەسک دەکاتەوە. ئەو نائومێدییەی لە دنیای کوردیدا بەری دەکەویت، لە جۆری دووەمیانە. هەمیشە وا هەست دەکەیت ماڵەکەت پڕە لە نووسەر و تەنیاییت لێ داگیر کراوە، لە کاتێکدا من بە زگماک شێتی تەنیاییم و بەرگەی قەرەباڵغی ناگرم.
((بەوەدا لەو کەسانە نیم، کە هەموو گوناهێک دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی ترەوە، ئەوە دەمەوێت بڵێم دەشێ منیش بۆ ئەوانەی تر بووبێتمە هۆکاری نائومێدی. ڕەنگە هێزی منیش هەر هێندە بووبێت، کە بتوانم بەرگەی ئەو دۆخەی پێ بگرم. کەواتە مەبەستەکەم دوورە لەوەی خۆم بە دروست دابنێم و ئەوانەی تریش بە چەوت)). ڕاستییەکەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)ی کوردی نائومێد دەبووم، تاکوو گەیشتە ئەوەی ئەم ئاگادارییە بنووسم، کە مەبەستی سەرەکیم تێیدا ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و هیچ پێوەندییەکم بەو دنیایەوە نەماوە.

بە پێویستی دەزانم ئەم سەرنجانە بخەمە ڕوو:

یەکەم: لە هەندێک نووسەرەوە بابەتم پێ گەیشتوون، بەو مەبەستەی بۆیان بخوێنمەوە و سەرنجیان بۆ بنووسم. بەوەدا بەڵێنم پێ داون، ناکرێت ئەو بەڵێنە نەبەمە سەر، بەڵام هیوادارم لەمەودوا یەک بابەتی ترم پێ نەگات. تکام وایە هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێک ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنمی لایە، کاتێ پێوەندیم پێوە دەکات، لەبارەی ئەم بڕیارەوە هیچم لەگەڵدا نەڵێت. بەگشتی پێم خۆش نییە کەس لەبارەی ئەدەب، هونەر، فکر و هەر چەمکێکی تری لەم بابەتەوە بمدوێنێت، بەڵام لەبارەی ڕووەکانی دیکەی ژیانەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئامادەی گفتوگۆم. وەک پێشتر گوترا مەبەستی سەرەکیم لەم ڕاگەیاندنە ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و ئیدی نامەوێت لەبارەی ئەو شتانەوە قسە بکەم.

دووەم: لەگەڵ هەر دەستگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، یان لەگەڵ هەر کەسێک ڕێک کەوتووم کتێبم بۆ چاپ بکات، لە ڕێکەوتنەکەم پاشگەز نابمەوە، مەگەر ئەوان خۆیان هەڵیانوەشێننەوە. هەر ئێستایش کتێبی (ڕاگەردان) و (ڕێگەکانی ژەهر)م چاپ کراون و لەم نزیکانەیش (منارەی ئاوەدانی)م چاپ دەکرێتەوە. بۆ چاپکردنەوەی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) و ئەوانەی تریشم پار گفتم بە کەسێک داوە، کە تاکوو ئێستا دوو ئەزموونم لەگەڵی هەن. ئەگەر ویستی پەشیوان بێتەوە، گرفت نییە. ئەوە سەرجەم گفتوگۆ و گوتارەکانیشم دەگرێتەوە، کە بۆ چاپکردنیان بەڵێنم لێ وەرگیراوە.

سێیەم: هەر نووسەرێک گفتوگۆی لەگەڵدا کردووم و هێشتا بڵاوی نەکردووەتەوە، مافی خۆیەتی بڵاوی بکاتەوە، بەڵام خۆزگە لە پەراوێزدا دەنووسێت پێش بڕیاری وازهێنانەکە بووە!
چوارەم: نووسەر و وەرگێڕێک لە ڕۆژهەڵات خەریکی وەرگێڕانی سەرجەم کتێبەکانمە بۆ زمانی فارسی، کە تاکوو ئێستا (کازینۆی منداڵان)، (منارەی ئاوەدانی) و (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش)ی وەرگێڕاوە. بەوەدا بەڵێنم پێی داوە لەم ڕووەوە هەر پرسیارێکی هەبێت، وەڵامی دەدەمەوە، ئەوا ئەو بەڵێنەیشم دەبەمە سەر.

پێنجەم: داوای لێبوردن لە هەر نووسەر و خوێنەرێک دەکەم، ئەگەر بە هۆی وشەیەکی منەوە دڵی بریندار بووبێت. هەوڵم داوە کاتێ لەبارەی بابەتی نووسەرانەوە بنووسم، چ دوور و چ نزیک بە لای ژیانی تایبەتیاندا نەچم، بەڵام بەوەدا زمان ئاڵۆزترین شتە، ئەوا ڕەنگە جارێک لە جاران شتەکە بە شێوەیەک کەوتبێتەوە، کە لە مەبەستی من دوور بووبێت. هیچ بابەتێکم بڵاو نەکردووەتەوە، ئەگەر پێشتر بۆ هاوڕێ نزیکەکانمم نەناردبێت، بەو مەبەستەی بیخوێننەوە و لە هەر شوێنێکدا هەستیان کرد وشەیەک بە نووسەرێک گوتراوە، زبرە، لای ببەم و بە یەکێکی تری بگۆڕم.

شەشەم: وا ڕاهاتووم بەر لە بڵاوکردنەوە بەرهەمم بۆ چەند نووسەر و ڕۆشنبیرێک دەنێرم، بەو مەبەستەی گوێ لە سەرنجیان بگرم و تا دەکرێت بە چاکی بکەونە بەرچاوی خوێنەر، بەڵام لەمەیاندا وام نەکردووە، بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە هیچ شتێک نەڵێم. هێندە هەیە جارێکیان وا پێویستی کرد ڤێرژنە سەرەتاییەکە بۆ هاوڕێیەکی ئازیزم بنێرم، کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابوردوودا ئەزموونی هاوبەشمان پێکەوە هەبووە. دەبێت ئەوەیش بگوترێت سێ چوار مانگ پێش بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنە، بیرۆکەکەم بە هەندێک هاوڕێی نزیکم گوتووە. واتە گوتوومە زۆر نائومێدم و ئەو نائومێدییەم لە ڕێگەیەکەوە دەردەبڕم، کە ڕەنگە نەزانن چییە، بەڵام لەم مانگەی ڕابوردوودا پێم گوتن ئەم ڕاگەیاندنەم نووسیوە، بێ ئەوەی بۆیان بنێرم.

حەوتەم: هەوڵم داوە ئەم ئاگادارییە بە سادەیی بنووسم. ویستوومە لەو سنوورەدا بمێنێتەوە، کە ئاگادارییەکە و هیچی تر. بە مانایەکی دیکە بە پێویستم نەزانیوە بۆچوونی خۆم لەو ڕووەوە بگەیەنم، مەگەر لێرە و لەوێ بە ناچاری یەک دوو وشەم گوتبن. چاکترە بگوترێت ئەوەی ئەم ئاگادارییەی نووسیوە، مرۆڤێکی ئاساییە، نەوەک نووسەر. هەر هەڵسەنگاندنێکی بۆ دەکرێت، با بۆی بکرێت! وەڵامی من، وەڵامی منی دەرەوەی بواری نووسین و بڵاوکردنەوە لە ئێستاوە ئەوەیە: نووسەر و ڕۆشنبیر بووم، نەوەک جەنگاوەر. بەڵێنم بە هیچ کەسێک نەداوە ڕزگاری بکەم، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ویستوومە ئەو تیۆرییانە بە درۆ بخەمەوە، کە مژدەی ڕزگاری دەدەن. ئەوەی ئێستا پەنام بۆی بردووە، ئازادییە، کە وەک هەر کەسێکی تر هەمە. بەپێی ئەو ئازادییە دەمنووسی و ئەمڕۆ هەر بەپێی ئەو ئازادییەیش واز دەهێنم. لەم دەلاقەیەیشەوە هێندە دەڵێم دنیای کوردی ئەدەب و هونەرێکی دەوێت و دەیانپارێزێت، هاوشانی سیاسەتەکەی بن. بە مانایەکی تر، چارەی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی ناوێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سیاسەتمەدارەکانی جیاوازن. مرۆڤ لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)دا بەر هەمان ئەو مۆڕاڵە دەکەوێت، کە لە دنیای سیاسەتدا بەری کەوتووە. بەشێکی زۆری ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە چەند گلەییان لە سیاسەتمەداران هەیە وا خۆیان پێشان دەدەن جیاوازن، بەڵام لە دنیای خۆیاندا، واتە لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)دا شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرتووە و خاوەنی هەمان خەسڵەتەکانی ئەوانن.
دەیڵێمەوە دنیای ئەمڕۆی کەلتووریی کوردی بە دەگمەن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە دەهێڵێتەوە، کە تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ئەستەتیک هەیە، بەڵکوو ئەوانە دەپارێزێت، وا بە هەمان چاوی خەڵک لە چەمکەکانی ئەدەب و هونەر دەڕوانن و بە زمانی میللییش دەنووسن. ((دیسان نامەوێت خۆم بێگونا‌هـ بزانم و ئەوانەی تر وەک گوناهبار سەیر بکەم. دەشێ خۆیشم بووبێتمە بەشێک لەو دۆخە)). لام ڕوونە هەر من نیم لەم ڕووەوە ئەزموونی تاڵم هەیە، بەڵام خۆم بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەبمەوە و دەشێ ئەوانەی تریش هەر یەکەی شێوازێک بە گونجاو بزانێت.

ئێستا کاتێک وەک نووسەر نا، بەڵکوو وەک مرۆڤێکی ئاسایی ئاوڕ لە ڕابوردووم دەدەمەوە، بەوە خۆشحاڵم، کە بۆ ساتێک سەرم بۆ هیچ حزب و سەرکردەیەک شۆڕ نەکردووە و لەمەودوایش هەر نایکەم، بە مەرجێ لەناو سیاسەتدا چاوم کردووەتەوە و تاکوو هاوینی (1992)یش ئامادە بووم خوێنم لەپێناوی ئایدۆڵۆگیدا بڕێژم. لە گوتارێکیشدا ئەوەم گوتووە: (کورتترین دێڕی نووسینەکانی خۆمم پێ لە هەموو حزب، گروپ، حوکوومەت، کۆمپانیای بازرگانی و سەرکردەی دنیا گەورەترە).

هەرگیز چاوم لە یەک دیناری دەستەڵاتی کوردی نەبوو، وەک چۆن پێشتریش چاوم لە هیی بەعس نەبوو. قەرزاری یەک بەرپرسی کورد نیم، تەنانەت چایەکی یەکێکیانم نەخواردووەتەوە. ناوم لە هیچ یەکێ لەو لیستانەدا نییە، کە بۆ وەرگرتنی پارە، زەوی، خانوو و شتی تر کراون. هەر کەسێکیش پێی وایە ڕاست ناکەم، با بێت ڕووبەڕووم ببێتەوە! ((ئەمانە تەنیا پێوەندییان بە خۆمەوە هەیە و ئارەزوی خۆمن، دەنا مەرج نییە ئەو خەسڵەتانە مرۆڤ بکەنە ڕۆشنبیری قووڵ و گەورە.
دەشێ هەبێت هەر لەم ڕووەوە بە شێوەی جیاواز لەمانە بڕوانێت)). جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بوێر لێی پرسیم: (ئەگەر لیستێک بۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بکەم، کە سەریان بۆ دەستەڵات شۆڕ نەکردووە، دەوێریت ناوی خۆت بنووسیت؟)… وەڵامی من ئەوە بوو: (تاکوو ئێستا هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە ناوم لە لیستەکاندا چەندەمە، بەڵام هیوادارم بۆ ئەم لیستەی تۆ یەکەمم بەر بکەوێت!).

ناوی ڕۆژنامەنووسەکە ناهێنم، چونکە نامەوێت هیچ ناوێک لەم ڕاگەیاندنەدا هەبێت، نەبادا وا بکەوێتەوە لەبەر کەسێکی دیاریکراو بڕیاری وازهێنانم داوە. ڕاستە دیاردەکان ئەنجامی هەڵسوکەوت و تێڕوانینی تاکەکانن، بەڵام لەم کاتەدا کەسێکی دیاریکراوم لە خەیاڵدا نییە. پێی لەسەر دادەگرمەوە چ لە بواری نووسین و چ لە دەرەوەی بواری نووسیندا کەسێک نادۆزمەوە، ناخۆشیم لەگەڵیدا هەبێت.
ڕێگەم بە خۆم نەداوە لەبارەی یەکێکیانەوە وشەیەکی نەگەتیڤ لای یەکێکی تریانەوە بڵێم. ئەمانە بۆیە ئاوا بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز دەردەبڕم، چونکە لام ڕوونە یەک کەس نییە بە درۆم بخاتەوە. دیارە ئەگەر ویستبێتم لەبارەی بەرهەمی هەر نووسەرێکەوە بدوێم، بۆچوونی خۆمم ڕاشکاوانە دەربڕیوە، کە هەرگیز تێکەڵی کەسایەتییەکەیم نەکردووە. ئەوەی بە گرنگم زانیوە، تەنیا ئەو بابەتە بووە، کە ویستوومە لێی قووڵ ببمەوە، بۆیە هەمیشە گوتوومە لە هەر وشە، ڕستە و پەرەگرافێکم بەرپرسیارم و ئاماژەم بە سەرچاوە و کۆنتێکستەکانیشیان داوە، بگرە ئامادە بوومە لەبارەی هەر یەکێکیانەوە زیاتر بنووسم، ئەگەر پێویستی کردبێت… ڕەنگە هاوڕێ نزیکەکانم بزانن لە هەشتاکانەوە تاکوو ئەمڕۆ گوتوومە لە دنیایەکی گەرم و خنکێنەردا دەژیم، بۆیە هەموو ڕابوردووم دەکەمە باخچە! بەڵێ، باخچە، شتێکی تر نا. واتە لەگەڵ هیچ کەسێکی دیاریکراودا ناخۆشی دروست ناکەم، بەڵکوو خۆمی لێ دەپارێزم، نەبادا ڕۆژێک بێت نەتوانم هەناسە بدەم. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە باخچەیەکم هەیە و بۆی دەگەڕێمەوە، تاکوو بە ئارامی ژیانمی تێدا ببەمە سەر، کە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەگەڵ دنیادا ململانێ ناکەم. ئەوەی خۆمم لێی دوور گرتووە و خۆمی لێ دوور دەگرم، تەنیا ململانێیە لە ئاستی کەسێتیدا، دەنا هەمیشە لە ململانێدام.
لەمەودوایش هاوڕێکانم هەمان ئەوان، پێشتر هەمبوون و شانازیم پێوە کردوون، یەک دانەیشیان کەمی نەکردووە، بەڵام لە ئاستێکی تردا، بەوەی پێوەندییەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، مادام لە بواری نووسین و بڵاوکردنەوەدا نەماوم. بەگشتی هاوڕێ و ناسیاوەکانم دەستکەوتی ئەو ڕابوردووەمن.

بەوەیش خۆشحاڵم، کە لە کاتێکدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵم دا دیناری حزبێکی کوردی لە شێوەی مووچەیشدا نەچێتە گیرفانمەوە، بەڵام هەرگیز بۆچوونی خۆمم بەسەر نووسەر و ڕۆشنبیرانی تردا زاڵ نەکرد. جارێ وشەیەکی ناشیرینم نەخستە پاڵ یەکێکیانەوە، کاتێ لە دەستگەی ئەو حزبانەدا کاری کردبێت. باوەڕم وا بووە ئازادی سنووری بۆ دانانرێت و جیاوازییش شتێکە، دەکرێت لە هەموو کات و شوێنێکدا خۆی دەربخات. ئەوەیش دەڵێم جیاوازیم کەم هەست پێ کردووە. ((دەشێ ئەوانەی تریش هیچ جیاوازییەکیان لە مندا نەدیبێت. مەبەستمە بڵێم نامەوێت لە ڕێگەی ئەم وشانەوە خۆم پاک و بێگەرد پێشان بدەم)).

لای من دەستەڵات تەنیا لە فۆرمی سیاسەتدا نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵێک فۆرمی دیکەیشدایە، کە ملم بۆ هیچ یەکێکیان کەچ نەکردووە. ((ئەمەیش تەنیا ئارەزووی خۆمە و پێوەندیی بە کەسێکی دیکەوە نییە، کە دەشێ ئەوانەی تر لەو بارەیەوە ڕوانینی جیاوازیان هەبێت)).
بەکورتی لە یەک وشەی خۆم پەشیوان نیم.

من بۆیە پەنام بۆ نووسین برد، تاکوو لەوەی هەم، ئازادتر بم، بەڵام بەداخەوە بۆم دەرکەوت نووسین، دروستتر بڵاوکردنەوە ئازادیم لێ دەستێنێتەوە، بۆیە هەر شتێک ئازادیم لێ داگیر بکات، تێکی دەشكێنم، بەو هیوایەی لەودیو زۆر لەوە پتر بە دەست بهێنمەوە. ((کەواتە ژیانم ئەوەی لێ داوا کردووم، بۆیە مەرج نییە ئەم بڕیارەم بۆ ئەوانەی تر نرخێکی هەبێت)). گوتوومە بۆ ئەوە نووسیم، تاکوو بە ژەهری ناوەوەم بگەم، بەڵام بۆ ئەوە دەستم دایە بڵاوکردنەوە، بەو مەبەستەی ژەهرەکە بگەیەنمە دەرەوە. ئێستا دەزانم ژەهرەکە لە دەرەوە دەگۆڕێت و هەمان ئەو پێکهاتەیەی نامێنێت، کە لە ناوەوە هەیەتی. لەمەودوا، لە باخچەکەمدا تەنیا لەگەڵ ژەهری ناوەوەی خۆمدا دەژیم.
لەم ساتەوە هەست بە سەربەستییەکی بێسنوور دەکەم و لە ڕێگەی ئەو پێوەندییەوە ئازادیم لێ داگیر ناکرێت. ((ڕەنگە منیش ئازادیم لەوانەی تر داگیر کردبێت)).
ئازیزان، من خۆمم ڕزگار کرد! دەمێکیشە گوتوومە ئەوەی دەمکاتە کۆیلە، هەر خۆمم و ئەوەی ڕزگارم دەکات، هەر خۆمم. مادام هەموو بڕیارەکان لە دەست خۆمدان، چاو بۆ هیچ هێزێکی دەرەوەم ناگێڕم.
سەرنج: بڕیار بوو نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر ئەم ڕاگەیاندنە بڵاو بکەمەوە، بەڵام لەبەر یەک دوو هۆکار گەیشتە ئەمڕۆ، کە بەوە دڵخۆشم، چونکە هەمیشە هەوڵم داوە چاکتری بکەم.




نووسه‌ری گوتاری (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌) چۆن له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌؟ … کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

له‌ (04.11.2016)دا گوتاری (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌)م که‌وته‌ به‌رچاو. له‌و خوێنه‌رانه‌م بایه‌خ به‌ ناونیشان ده‌ده‌ن. له‌م سی چل ساڵه‌ی ڕابوردوودا به‌ هۆی لێکۆڵینه‌وه‌ چڕه‌کانی هه‌ندێک له‌ تێیۆرێست و ڕه‌خنه‌سازانی وه‌ک (جیرار جینێت)، (کلود دوشی)، (رۆبێرت شۆلز)، (لیۆ هۆک) و ئه‌وانه‌ی تر چه‌مکی ناونیشان بایه‌خی زیاتری پێ درا، بگره‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی وه‌ک زانست لێی بڕوانرێت، که‌ به‌ ناونیشانناسی (Titrologie) ناسراوه‌. (جیرار جینێت) ناونیشان به‌ به‌شێکی گرنگی (پاراتێکست: Paratext) داده‌نێت. له‌ کتێبی (پالیمپسێست: ئه‌ده‌ب له‌ پله‌ی دووه‌مداPalimpsests: Literature in the Second Degree)دا، که‌ له‌ ساڵی (1982)دا چاپ کراوه‌، به‌شێکی تایبه‌تی بۆ ئه‌و چه‌مکه‌، چه‌مکی (پاراتێکست) ته‌رخان کردووه‌. ده‌کرێت به‌ کوردی بیکه‌ینه‌ هاوشانی تێکست، یاخود ده‌قهاوشانی. ڕاستییه‌که‌ی (پالیمپسێست) هه‌ر ماتریالێکه‌ شتی له‌سه‌ر نووسرابێت و سڕابێته‌وه‌، تاکوو بۆ نووسینی تر به‌ کار بهێنرێت. وشه‌که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا لاتینییه‌ و له‌ زمانه‌کانی تردا گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا نایه‌ت، بۆیه‌ ئێمه‌یش وه‌ک خۆی ده‌ینووسینه‌وه‌. هێنده‌ هه‌یه‌ له‌ ئینگلیزییه‌که‌دا به‌ کۆ هاتووه‌ و له‌ کوردیدا ده‌بێته‌ تاک، به‌وه‌ی گرامه‌ری ئێمه‌ وا ده‌خوازێت. (جینێت) به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی (پاراتێکست) ده‌کات، که‌ بریتییه‌ له‌و نیشانه‌ و ئایکۆنه‌ لاوه‌کییانه‌ی، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی تێکسته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌که‌دا هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ ده‌گرێته‌وه‌: ناونیشان (title)، ناونیشانی لاوه‌کی (subtitle)، ناونیشانی ناوه‌کی (intertitles)، ده‌روازه‌ (prefaces)، پاشکۆ (postfaces)، سه‌رنج (notices)، پێشه‌کی (forwards) و زۆری دیکه‌.(1)
وه‌ک گوتم یه‌کێکم له‌وانه‌ی بایه‌خ به‌ ناونیشان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ کاتێ گوتاری (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌)م بینی، سه‌یرم لێ هات و له‌ خۆمم پرسی باشه‌، (یاده‌وه‌ری)، که‌ به‌ عه‌ره‌بی‌ (ذاکره‌) و به‌ ئینگلیزی (Memory)یه‌، بۆچی ده‌که‌وێته‌ ته‌نیشت ڕۆمانه‌وه‌؟ تۆ بڵێی ئه‌و نووسه‌ره‌ ویستبێتی یارییه‌کی زمانه‌وانی بکات و به‌ هۆشیارییه‌وه‌ وای نووسیبێت، بۆیه‌ ئه‌و ناونیشانه سه‌یره‌‌ی داناوه‌؟ به‌ڵام کاتێ گوتاره‌که‌م خوێنده‌وه‌، هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت هه‌ڵه‌یه‌کی مه‌عریفییه‌ و تێی که‌وتووه‌. ڕاستییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌ک دوو ڕسته‌ی سه‌ره‌تادا گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی نووسه‌ری گوتار مادام به‌ زمانی ڕۆژانه‌ ده‌نووسێت، له‌و دوو چه‌مکه‌ نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵکوو له‌ ده‌می ئه‌م و ئه‌وه‌وه‌ وه‌ری گرتوون‌، یان وه‌ک خۆی ده‌ڵێت‌ (گوته‌ی گوتیاران)ن‌ و بیستوونی‌‌. به‌پێی ئه‌و مێتۆده‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ هه‌مه‌، هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مکانه‌دا ده‌وه‌ستم و لێیان ورد ده‌بمه‌وه‌، کاتێ ده‌که‌ونه‌ به‌رچاوم، بۆیه‌ ده‌مه‌وێت بپرسم یاده‌وه‌ری چییه‌؟ دیاره‌ ئێمه‌ لێره‌دا نامانه‌وێت به‌ وردی باسی لێوه‌ بکه‌ین، له‌ کاتێکدا ئه‌و چه‌مکه‌ هه‌میشه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستان بووه‌، وه‌ک لای‌ (پلاتۆن)، (ئه‌ریستۆ)، (ئۆگستین) و زۆری دیکه‌دا ده‌یبینین، بگره‌ به‌ ده‌گمه‌ن هه‌یانه‌ خۆی له‌ قه‌ره‌ی نه‌دابێت، به‌ڵام مادام مه‌به‌ستمانه‌ وێنه‌یه‌کی گشتیی لێ به‌ ده‌سته‌وه بده‌ین‌، ئه‌وا ده‌کرێت لای (هێنری برگسۆن)دا بوه‌ستین، مادام ئه‌و فیلۆسۆفه‌ به‌شێکی زۆری ته‌مه‌نی بۆ ئه‌و چه‌مکه‌ ته‌رخان کردووه‌. که‌واته‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ لای ئه‌و فیلۆسۆفه‌دا ده‌دۆزینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ به‌شی پێنجه‌می کتێبی (وزه‌ی ڕۆحی، یان وزه‌- ڕۆحی: Mind-energy)(2)دا، که‌ له‌ ژێر ناونیشانی (یاده‌وه‌ریی ئێستا و پێزانینی ساخته‌: Memory of the present and false recognition)‌دا نووسیویه‌تی. به‌گشتی لای (برگسۆن)دا (یاده‌وه‌ری) هاوواتای (هۆشیاری)یه‌، چونکه‌ به‌بێ یه‌که‌میان بوونی دووه‌میان مه‌حاڵه‌. هه‌روه‌ها پێی وایه‌ یاده‌وه‌ری وه‌ک وه‌همیش ده‌رده‌که‌وێت.

نموونه‌ به‌وه‌ ده‌هێنێته‌ کاتێ دیمه‌نێک ده‌بینین، یان گوێمان له‌ گوته‌یه‌ک ده‌بێت، وا ده‌زانین پێشتر ئه‌و دیمه‌نه‌مان دیوه‌، یان ئه‌و گوته‌یه‌مان بیستووه، بگره‌‌ ئه‌و وه‌همه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی وا هه‌ست بکه‌ین توانای پێشبینیکردنی ئایینده‌مان هه‌یه‌‌. مرۆڤ کاتێ دنیای ده‌ره‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینێت، ئه‌وا له‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و وه‌همه‌دا خودی خۆی به‌ نامۆ ده‌زانێت، به‌ڵکوو هه‌ست به‌ دووفاقییش ده‌کات.‌(3) به‌م شێوه‌یه‌ (یاده‌وه‌ری) به‌ دیارده‌ی سایکۆلۆجی ده‌زانێت، نه‌وه‌ک به‌ دیارده‌ی فیزیۆلۆجی، که‌ هه‌سته‌کانی مرۆڤ ده‌رده‌بڕێت، بۆیه‌ پێی وایه‌ یاده‌وه‌ری دووره‌ له‌وه‌ی ماتریاڵی بێت وه‌ک له‌ کتێبی (مادده‌ و یاده‌وه‌ری:Matter and Memory)دا پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت.(4) به‌ڵێ، له‌ دیدی ئه‌مدا ئه‌و وێنه‌یه‌ی لامان دروست ده‌بێت پێوه‌ندیی به‌ هۆشمـانه‌وه‌ هه‌یه، بۆیه‌ ده‌چێته‌ ئاستی (دیوره‌یشن: Duration)(5) و (ئینتیوه‌یشن: Intuition)ـه‌وه‌، که‌ ئه‌م چه‌مکانه‌ لای ‌ئه‌ودا مانای تایبه‌تیان هه‌یه‌، به‌وه‌ی پێوه‌ستن به‌ زه‌مه‌نه‌وه‌ و زه‌مه‌نیش بریتییه‌ له‌ که‌ڵه‌که‌کردن و به‌رده‌وامی. به‌ مانایه‌کی تر به‌رده‌وامبوونی ڕابوردوو و گه‌شه‌کردنی، تاکوو ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ داهاتوو، که‌ ئه‌مه‌ هاوشانی دۆخه‌ ده‌روونییه‌کانیشه‌. لێره‌یشدا یاده‌وه‌ری به‌ هۆی ئه‌و به‌رده‌وامییه‌وه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و گه‌شه‌ ده‌کات. ده‌کرێت زۆر له‌وه‌ زیاتر له‌باره‌ی (یاده‌وه‌ری)یه‌وه‌ لای ئه‌و فیلۆسۆفه‌دا بدۆزینه‌وه‌، که‌ پێشتریش له‌ گفتوگۆکانمدا لێوه‌ی دواوم، به‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ کۆمه‌کی کردووم، خۆ ئه‌گه‌ر پێویستی کرد، بۆی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام هێنده‌ به‌سه‌ بزانین (یاده‌وه‌ری) هاوواتای (هۆشیاری)یه‌. باشه‌، مادام وایه‌، چۆن ده‌که‌وێته‌ ته‌نیشت ڕۆمانه‌وه‌؟ ئه‌و نووسه‌ره‌ چۆن به‌و شێوه‌یه‌ له‌و چه‌مکه‌ گه‌یشتووه‌؟

گوتاره‌که‌م ته‌واو کرد‌، بێ ئه‌وه‌ی نه‌ک تێیدا ڕووبه‌ڕووی هیچ زانیارییه‌کی نوێ ببمه‌وه‌، به‌ڵکوو هه‌ر خێرا بۆم ده‌رکه‌وت نووسه‌ره‌که‌ی ئه‌و زانیارییه‌ سواو و کۆنانه‌یشی به‌ نیوه‌چڵی گواستووه‌ته‌وه‌. نایشارمه‌وه‌ هه‌ندێک ڕسته‌م هاتنه‌ به‌رده‌م، که‌ باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد ڕۆژێک له‌ ڕۆژان هیچ نووسه‌رێک بیاننووسێت. بۆ نموونه‌ ده‌ڵێت یاده‌وه‌ری ده‌قه، دواتر له‌وه‌یش دوورتر ده‌ڕوات و ده‌یکاته‌ ژانر‌، بێ ئه‌وه‌ی دوور، یان نزیک به‌ لای پێناسه‌ی ده‌ق و ژانردا بچێت، تاکوو بزانین مه‌به‌ستی له‌وانه‌ چییه‌. هه‌ر شتێک ئێستا بیڵێت، که‌مێک دواتر پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌خاته‌ شوێنی، بێ ئه‌وه‌ی بزانێت بۆچی وای کردووه‌‌، که‌ ئه‌مه‌ مێتۆدی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ به‌ تێگه‌یشتنی میللی و به‌ زمانی ڕۆژانه‌ له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌وه‌ ده‌نووسن، به‌وه‌ی ته‌نیا بیستوویانن و ئاگایان لێ نییه‌ چۆن کاریان پێ کراوه‌. به‌ پێویستم زانی به‌ مێتۆدی پرسیار ڕووبه‌ڕووی ببمه‌وه‌، چونکه‌ باوه‌ڕم نییه‌ هیچ شتێکی دیکه‌ هێنده‌ی پرسیار هێزی هه‌بێت ئه‌و چه‌مکانه‌ له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی تێگه‌یشتنی میللیدا ده‌ربهێنێت و بیانخاته‌ ئاستی تره‌وه‌. هه‌ر خێرا نامه‌یه‌کم له‌ ڕێی ئیمه‌یڵه‌وه‌ بۆ نارد، که‌ کۆمه‌ڵێک پرسیاری له‌ خۆ ده‌گرت، به‌ڵام چوار مانگ زیاتری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بداته‌وه‌، بۆیه‌ نه‌مویست بگاته‌ پێنج مانگ و یه‌ک دوو جاری دیکه‌ بۆیم نارده‌وه‌. هێشتا وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. {بڕیارم دا له‌ ڕێی (گۆران عه‌بدولڵا)ی هاوڕێمانه‌وه‌ بۆی بنێرم. پێی گه‌یشت و نامه‌یه‌کی کورتی بۆ نووسیم، که‌ ئه‌مه‌ی تێدا هاتووه‌: ده‌مێکه‌ ئاگای له‌ ئیمه‌یڵه‌که‌ی نییه‌، بۆیه‌ نه‌یزانیوه‌ نامه‌یه‌کی وای پێ گه‌یشتبێت…. ئه‌وه‌ بوو منیش نه‌ک هه‌ر نامه‌که، به‌ڵکوو ئه‌م پێشه‌کییه‌یشم بۆ نارد و چه‌ند دێڕێکیشم هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسی. ئه‌ویش دوای خوێندنه‌وه‌ی، نامه‌یه‌کی بۆ ناردووم و تێیدا ده‌ڵێت، که‌ ده‌توانم ئه‌م نامه‌یه‌م، مه‌به‌ست له‌م گوتاره‌یه‌، بڵاو بکه‌مه‌وه.

له‌وێدا باسی ئه‌وه‌ی کردووه‌ ئاماده‌یه‌ کاتێ ده‌مبینێته‌وه‌، باوه‌شم پێدا بکات، چونکه‌ من له‌ نامه‌که‌مدا هیوایه‌کی وام خواستووه‌. واته‌ ئه‌و پرسیارانه‌ نه‌بنه‌ هۆی تێکچوونی پێوه‌ندیی نێوانمان. لێره‌یشدا سوپاسی ئه‌و هه‌سته‌ جوانه‌ی ده‌که‌م، که‌ ئه‌مه‌ لای من مانایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ حه‌زم ده‌کرد لانی که‌م له‌باره‌ی ئه‌و پرسیارانه‌وه‌ هه‌ندێک قسه‌ی هه‌بن، له‌ کاتێکدا نه‌ک هه‌ر پێوه‌ندییان به‌ گوتاره‌که‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵکوو پێوه‌ستیشن به‌ کۆمه‌ڵێک چه‌مکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌وه‌. هیوام ده‌خواست پێش بڵاوکردنه‌وه‌ گفتوگۆیه‌کی قووڵ له‌باره‌ی ئه‌و تێرمانه‌وه‌ بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌م به‌ شێوازێکی تر بچووایه‌ته‌ به‌رده‌می خوێنه‌ر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و هه‌سته‌ی وه‌ک گوتم جوانه‌، بگره‌ ده‌ڵێم له‌ که‌لتووری ئێمه‌دا ده‌گمه‌نه‌. پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر نه‌وه‌کانی پێشوو بابه‌ته‌کانی خۆیانیان به‌ر له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ بۆ یه‌کتر بناردایه‌، له‌ ئاستی باڵاتر و به‌ شێوازی چاکتر چاپ ده‌کران و ئه‌مڕۆ ئێمه‌ هه‌م له‌ لایه‌ک نه‌ده‌که‌وتینه‌ ژێر باری ئه‌و که‌لتووره‌ ناشیرین و دواکه‌وتووه‌ی شه‌ڕه‌جوێن و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ ئاستێکی به‌رزتری بیرکردنه‌وه‌دا ده‌ماننووسی}.

ئه‌م پێشه‌کییه‌م له‌به‌ر سێ خاڵ به‌ پێویست زانی: یه‌که‌م، تاکوو ئه‌گه‌ر به‌ کورتییش بێت هه‌ردوو چه‌مکی (ناونیشان) و (یاده‌وه‌ری)ی تێدا ڕاڤه‌ بکه‌م، ئه‌گه‌رچی له‌ نامه‌که‌یشدا که‌موزۆر باسیان لێوه‌ کراوه‌. دووه‌م، له‌باره‌ی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و پرسیارانه‌وه‌ چه‌ند وشه‌یه‌ک بڵێم، که‌ چۆن ناردوومن و وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه‌. {دواتریش چۆن له‌ ڕێی (گۆران عه‌بدولڵا)ـه‌وه‌ توانیومه‌ پێی بگه‌یه‌نم}. سێیه‌م، پێم خۆشه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌م بخه‌مه‌ به‌رده‌م ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی نایانه‌وێت به‌ ئاسانی نووسینی وایان به‌سه‌ردا تێ بپه‌ڕێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی ببێته‌ جێگه‌ی گفتوگۆیان، بۆیه‌ نامه‌که‌ وه‌ک خۆی بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌، له‌ کاتێکدا ته‌نیا پێوه‌ندیی به‌ گوتاره‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌ لای که‌سایه‌تیی نووسه‌ره‌که‌یدا ناچێت.

ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ر بپرسێت ئاخۆ گوتارێکی له‌م شێوه‌یه‌‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێت له‌باره‌یه‌وه‌ بنووسیت. وه‌ڵامی من ئه‌وه‌یه‌ له‌باره‌یه‌وه‌م نه‌نووسیوه‌، به‌ڵکوو پرسیارم لێ کردووه‌. هه‌موو ئه‌و چه‌مکانه‌ی لێره‌دا فڕێ دراون و هێنراونه‌ته‌ ئاستی میللییه‌وه‌، لای فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازاندا به‌ شێوه‌ی ترن و کاری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر کراوه‌. واته‌ خاڵی هاوبه‌شیان ته‌نیا ناویانه‌، که‌ هه‌ر نووسه‌رێک چه‌ند ساده‌یش بێت ده‌توانێت به‌ شێوه‌ی کیریۆسیتی (فزووڵی) ناوی ده‌یان چه‌مک ببیستێت و به‌ زمانی ساده‌ لێیانه‌وه‌ بدوێت، به‌ڵام ئایا ئه‌و چه‌مکانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ن؟ ئه‌مه‌ پرسیاره‌که‌یه‌! به‌ڵێ، ویستوومه‌ له‌ ڕێی پرسیاره‌وه‌ ڕایه‌ڵ (لینک) و کۆنتێکست (سیاق)ـه‌کانیان بدۆزمه‌وه‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی مه‌ودایه‌ک له‌نێوان ئه‌مانه‌ و ئه‌واندا دروست بکه‌م. مادام پرسیار بۆی هه‌یه‌ بگاته‌ هه‌موو کونجێک، بێ ئه‌وه‌ی هێزی خۆی له‌ ده‌ست بدات، ئه‌وا له‌و دیدگه‌یه‌وه‌ ئه‌م نامه‌یه‌م نووسیوه‌. هه‌موو فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازانی دنیایش پێوه‌ستی تێگه‌یشتنی هاوچه‌رخی خۆیانن. به‌ مانایه‌کی تر، ئاستی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ باوه‌ ئه‌وه‌ دیاری ده‌کات تۆ کار له‌گه‌ڵ چیدا ده‌که‌یت، ڕه‌خنه‌ له‌ چی ده‌گریت و چی تێ ده‌په‌ڕێنیت، بۆیه‌ پێم وایه‌ ناکرێت ئێمه‌ خۆمان له‌و گوتارانه‌ دوور بگرین، مادام بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت به‌شێکی گه‌وره‌ی تێگه‌یشتنی ئه‌مڕۆمان پێک ده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ گرنگه‌ چۆن ڕووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم نووسه‌ری گوتاره‌که‌ ناوی (که‌ریم کاکه‌)یه‌، که‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا کۆمه‌ڵێک کتێبی له‌ بواری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا‌ نووسیوه‌.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) Gerard Gallant, Palimpsests. Literature in the Second Degree, translated by Channa Newman and Claude Doubinsky, Published by University of Nebraska Press, 1997, p.3
(2) ئه‌گه‌رچی وشه‌ی (Mind) له‌ به‌رانبه‌ر (ئه‌قڵ)، یان (هۆش)ی کوردیدایه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ وه‌رگێڕانی وشه‌ی (spirituelle)ی فرانسی بۆ کوردی له‌ (Mind) گونجاوتره‌، که‌ مانای (ڕۆحی) ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ مه‌به‌ستی (برگسۆن). کتێبه‌که‌ خۆیشی له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌و زمانه‌ نووسراوه‌.
(3) Henri Bergson, Mind-Energy, lectures and essays, translated by H. Wildon Carr; lectures and essays, Edition, reprint, Publisher,Greenwood Press, London, 1975, p.134
(4) Henri Bergson, Matter and Memory, translated by Nancy Margaret Paul and W. Scott Palmer , Published November 8th 1990 by Zone Books (NYC).
(5) ڕاسته‌ (دیوره‌یشن: Duration) زیاتر به‌ مانای (ماوه‌ی زه‌مه‌نی) دێت، به‌ڵام لای (برگسۆن)دا فۆکه‌س ده‌که‌وێته‌ سه‌ر مانای دووه‌م، که‌‌ (به‌رده‌وامی)یه‌.‌ ئه‌زموونێکی سایکۆلۆجییه‌ و پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌. (یاده‌وه‌ری)یش به‌شێکی دانه‌بڕاوی ئه‌و پرۆسێسه‌یه‌.

نامه‌یه‌ک بۆ نووسه‌ری گوتاری (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌)
تۆ چۆن له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ گه‌یشتوویت‌؟

برای خۆشه‌ویستم، کاک که‌ریم کاکه‌!
ڕێم بده‌ وه‌ک هاوپۆل و هاوڕێیه‌کی دێرینت سه‌ڵاو و خۆشه‌ویستیت بۆ بنێرم، هاوکات وه‌ک خوێنه‌رێکیش هه‌ندێک پرسیارت له‌باره‌ی ئه‌و گوتاره‌وه‌ ئاڕاسته‌ بکه‌م، که‌ ئێستا له‌ ژێر ناونیشانی (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌)، له‌ (ده‌نگه‌کان)دا بڵاوت کردووه‌‌ته‌وه‌.(1) ڕه‌نگه‌ وایش پێویست بکات پێشه‌کی هه‌ندێک سه‌رنج له‌باره‌ی مێتۆدی ئه‌م پرسیارانه‌مه‌وه‌ بنووسم. وه‌ک خۆت ده‌زانیت تۆ باسی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ت کردووه‌، که‌ من له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانه‌وه‌ خه‌ریکیم و تاکوو ئه‌مڕۆیش به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانمی داگیر کردووه‌. ده‌کرێت بڵێم له‌ ڕۆژگاری ئاماده‌ییدا و به‌ شێوه‌ی خۆڕسکانه‌ ده‌ستم دایه‌‌ گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری. هه‌وڵم دا تێکه‌ڵی خه‌یاڵی بکه‌م و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ژیاننامه‌ی خۆم و ده‌وروبه‌ره‌که‌م بنووسمه‌وه‌. وه‌ک ده‌زانیت تا ئه‌م ساته‌یش وازم له‌و ستایڵه‌ نه‌هێناوه و به‌ شێوه‌ی جیاوازجیاواز درێژه‌ی پێ ده‌ده‌م‌.

له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا هه‌ر جارێ بابه‌تێکم خوێندبێته‌وه‌ و هه‌ستم کردبێت پێویسته‌ له‌باره‌یه‌وه‌ پرسیار ئاڕاسته‌ی نووسه‌ره‌که‌ی بکه‌م، درێغیم نه‌کردووه‌، که‌ له‌م ڕووه‌وه‌ بوومه‌ته‌ خاوه‌نی ئه‌زموونێکی باش و نایشارمه‌وه‌ زۆر سوودم له‌م ئه‌زموونه‌م بینیوه‌.(2) بۆچی به‌ مێتۆدی پرسیار ڕووبه‌ڕووی نووسه‌ران ده‌بمه‌وه‌؟ یه‌که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی خۆم له‌وه‌ دوور بگرم له‌باره‌ی هیچ شتێکه‌وه‌ بڕیار ده‌ر بکه‌م، که‌ پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا دنیای نووسه‌ر بچووک ده‌کاته‌وه‌. دووه‌م، پرسیار نه‌ک ئازادی له‌ نووسه‌ر ناستێنێته‌وه‌، به‌ڵکوو وای لێ ده‌کات ئازادیی خۆی له‌ ڕووبه‌ری فراوانتردا پراکتیزه‌ بکات. سێیه‌م، پرسیار پیرۆزی ناهێڵێت، مادام بۆی هه‌یه‌ بگاته‌ هه‌ر خاڵێکی ئه‌و ئۆبجێکت (بابه‌ت)ـه‌وه‌، که‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ئێستا ئه‌م گوتاره‌ی تۆ له‌ ئاستی ده‌سته‌ڵاتی پرسیاری منی خوێنه‌ردا خاوه‌نی هیچ کۆنترۆڵێک نییه‌، وه‌ک چۆن به‌رهه‌مه‌کانی من له‌ ئاستی پرسیاری هه‌ر خوێنه‌رێکدا باڵانسی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا پرسیار له‌ ده‌ستی دێت دۆخی هه‌ر تێکستێک بگۆڕێت و ئه‌و به‌شانه‌ی ده‌ر بخات، که‌ شاراوه‌ن. ده‌توانم بڵێم زۆربه‌ی تێیۆرێست و ڕه‌خنه‌سازه‌‌ گه‌وره‌کانی ئه‌م په‌نجا شه‌ست ساڵه‌ی ڕابوردوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێکن، که‌ خوێنه‌ر ئێڵه‌مێنت (ڕه‌گه‌ز)ێکی ئاکتیڤ و گرنگه‌ و پێوه‌ندیی ناوه‌کیی به‌ تێکسته‌وه‌ هه‌یه، به‌ ڕاده‌یه‌ک هه‌یانه‌ ده‌یخاته‌ سه‌رووی نووسه‌ره‌وه‌، وه‌ک لای (رۆڵان بارت)دا ده‌یبینین‌. دیاره‌ هیچ شتێک‌ ڕێمان لێ ناگرێت له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێکه‌وه‌ بنووسین و ڕه‌خنه‌ی لێ بگرین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت و به‌ پێویستی بزانین، به‌ڵام پێم وایه‌ مێتۆدی پرسیاری ڕووبه‌ڕووی له‌م شێوه‌یه‌ کاریگه‌ریی زیاتری هه‌یه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌وڵم داوه‌ به ‌وردی بدوێم، بۆ نموونه‌ ده‌کرێت له‌ گوتاری (کارزان ڕه‌حمان و من به‌ ئاڕاسته‌ی دایه‌ڵۆگدا)(3) و نامیلکه‌ی (ئه‌رده‌ڵان عه‌بدولڵا و من له‌ کازینۆی منداڵاندا)دا بۆچوونه‌کانم بخوێنیته‌وه‌، که‌ تێیاندا به‌ شێوازی خۆم ڕووبه‌ڕووی بڕیاره‌کانیان بوومه‌ته‌وه‌، هاوکات سیماکانی ڕه‌خنه‌ی میلـلی و زمانی ڕۆژانه‌م پێشان داون‌.(4) واته‌‌ ده‌رم خستووه‌‌‌ ڕه‌خنه‌گری میلـلی ‌چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تێکستدا ده‌کات و چۆن بۆ ‌ ئاستی میلـلی دای ده‌گرێت‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ری لێ ده‌ر بچێت و به‌ پێوه‌ری (چاکه‌وخراپه‌) هه‌ڵی بسه‌نگێنێت، ئه‌و پێوه‌ره‌ی پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به‌ مۆراڵه‌وه‌ هه‌یه‌ و لانی که‌م له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مه‌کانی (نیتشه‌)دا له‌ کار که‌وتووه‌. به‌ڵێ، ئه‌و پێوه‌ره‌ له‌سه‌ر ئاستی فه‌لسه‌فیدا تێک شکاوه‌ و به‌سه‌ر چووه‌، چجای له‌ ئاستی میللیدا، که‌ ئه‌مڕۆ ڕه‌خنه‌گری میللیی ئێمه‌ ده‌ستی پێوه‌ گرتووه‌. نایشارمه‌وه‌ پرسیاره‌کانم دیسپۆتیکن، واته‌ دڵڕه‌ق و توندوتیژن، که‌ له‌ لایه‌ک سروشتی پرسیار وایه‌، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ پێوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت بۆ قووڵایی ئاڕاسته‌ بن و توانای تێپه‌ڕاندنیان هه‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر گفتوگۆیه‌ک دابمه‌زرێنم، تێیدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم ئه‌و ئۆبجێکته‌یه‌، که‌ له‌باره‌یه‌وه‌ پرسیار ده‌که‌م، نه‌وه‌ک ئه‌و سه‌بجێکته‌ی خاوه‌نیه‌تی. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ژیانی نووسه‌ر هیچ پێوه‌ندیی به‌م پرسیارانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکوو تێپه‌ڕاندنی ئاستی ئه‌و ئۆبجێکته‌ له‌ ڕێگه‌ی دایه‌ڵۆگه‌وه،‌ ئامانجه‌که‌یه‌. وه‌ک چۆن ڕێ به‌ خۆم ده‌ده‌م له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێکه‌وه‌ پرسیار بکه‌م و سه‌رنج بنووسم، ئاوایش به‌ مافی‌ خوێنه‌ری ده‌زانم له‌باره‌ی هه‌ر وشه‌یه‌که‌وه‌ به‌ پرسیار ڕووبه‌ڕووم ببێته‌وه‌. به‌وه‌یش ڕا هاتووم دوای پرسیاره‌کانم یه‌ک دوو پێشنیاز ده‌خه‌مه‌ به‌رچاوانه‌وه‌، که‌ له‌گه‌ڵ تۆی ئازیزیشدا ئه‌مه‌م پێڕۆیی کردووه‌. دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ له‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی زیاترم بۆت نییه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ پرسیاره‌کانمن:

نووسیوته‌: (دوور نیه‌ تۆش تووشی كتێبێكی وا بووبیت، كتێبێك تێدامابیت داخوا رۆمانه‌ یان یاده‌وه‌ری).
ئایا لای تۆ ڕۆمان و یاده‌وه‌ری دوو کایه‌ی جیاوازن؟ ئایا تۆ ده‌زانیت یاده‌وه‌ری، به‌ عه‌ره‌بی‌ (ذاکره‌) و به‌ ئینگلیزی (Memory)یه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ چۆن ده‌نووسیت: (هه‌رچی یاده‌وه‌رییه‌ وه‌ك هه‌ر ده‌قێكیتری ئه‌ده‌بی ده‌قه‌)؟ ئایا یاده‌وه‌ری ده‌قه‌؟ ده‌قی ئه‌ده‌بییشه‌؟ ده‌کرێت لێت بپرسم یاده‌وه‌ری لای تۆ چییه‌ و له‌ پرۆسێسی گێڕانه‌وه‌دا چ ئه‌رکێکی هه‌یه‌؟ ده‌ق به‌ چی تێده‌گه‌یت؟ به‌ چی ده‌گوترێت ده‌ق؟ ده‌توانیت نموونه‌م لای ئه‌و فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازانه‌دا بۆ بهێنیته‌وه‌، که‌ له‌باره‌ی ده‌قه‌وه‌ نووسیویانه‌؟ ئه‌گه‌ر ده‌ق وه‌ک (پۆل ریکۆر) به‌شێکی ژیانی بۆ تێگه‌یشتنی ته‌رخان کردبێت و له‌ کتێبی (له‌ تێکسته‌وه‌ بۆ کردار: From Text to Action)دا بڵێت: (دیسکۆرسێکه‌ به‌ هۆی نووسینه‌وه‌ داڕێژراوه‌‌: a discourse fixed by writing)، ئایا یاده‌وه‌ری ئه‌وه‌یه‌؟ ئاخۆ یاده‌وه‌ری ڕه‌گه‌زێکی گرنگه‌ له‌ پێکهێنانی تێکستدا، یان هه‌ر خۆی تێکسته‌؟ ده‌توانیت له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆت ته‌نیا یه‌ک نموونه‌م له‌ ئه‌ده‌بی کوردی، یان له‌‌ ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌دا بۆ بهێنیته‌وه‌؟ له‌ بیرته‌ کاتێ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی بووین، یه‌کێ له‌ قوتابییه‌کان فیکه‌یه‌کی لێ ده‌دا و له‌ هاوپۆله‌که‌ی ده‌پرسی، ئه‌گه‌ر تۆ زیره‌کیت، ده‌توانیت ئه‌مه‌ بنووسیته‌وه‌؟ له‌ بیرته‌ ئه‌ویش پێده‌که‌نی و ده‌یگوت: فیکه‌ نانووسرێته‌وه‌؟(5)
نووسیوته‌: (چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌ چه‌مكی یاداشت جیاده‌كه‌مه‌وه‌).

بۆچی، برای ئازیزم، پێت وایه‌ هیچ که‌سێک هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی تێکه‌ڵ کردبێت، یان له‌ یه‌کدیی جوودا کردبنه‌وه‌؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ هیچ نووسه‌رێک هه‌یه‌ له‌م دنیایه‌دا خۆی به‌ کارێکی واوه‌ خه‌ریک بکات و بڵێ چه‌مکه‌کانی یاده‌وه‌ری و یاداشت پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستمه‌وه‌، یان جوودایان ده‌که‌مه‌وه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ک له (ڤلادیمه‌یر پروپ)، (بارت)،‌ (تۆدۆرۆڤ)، (ئیکۆ)، (جیرار جینێت)، (پۆل ڕیکۆر) و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ کاری وایان کردووه‌، ده‌توانیت‌ سه‌رچاوه‌کانم بۆ بنووسیت؟ ئه‌رێ یاده‌وه‌ری هه‌ر خۆی به‌شێک نییه‌ له‌ پرۆسێسی گێڕانه‌وه‌؟ ئایا یاداشت خۆیشی به‌ که‌ناڵێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ دانانرێت‌؟ باشه‌، هه‌ر له‌ ڕووی تێرمێنۆڵۆجییشه‌وه‌ (یاداشت) مانای (بیره‌وه‌ری) نییه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌، چۆن یاده‌وه‌ری شتێکه‌ له‌ یاداشت، یان با بڵێین له‌ بیره‌وه‌ری جوودا ده‌کرێته‌وه‌‌؟ ده‌توانم بپرسم تۆ بۆچی یاده‌وه‌ری له‌ یاداشت جوودا ده‌که‌یته‌وه و به‌ چ تیۆرییه‌کی ڕه‌خنه‌یی پشتقایمیت‌؟ ده‌کرێت که‌سێک به‌بێ یاده‌وه‌ری یاداشت تۆمار بکات؟ ئایا له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مه‌کانی هه‌ر یه‌ک له‌ (فرۆید)، (هێنری برگسۆن) و (هایدیگه‌ر)دا یاده‌وه‌ری نه‌بووه‌ گرنگترین ئێڵه‌مێنتی ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌تایبه‌تی‌؟ ئایا هه‌ر بۆ نموونه‌ هه‌ردوو چه‌مکی (دیوره‌یشن: Duration) و (ئینتیوه‌یشن: Intuition)ی (هێنری برگسۆن)، واته‌ (به‌رده‌وامی) و (حه‌دس)، ئاڕاسته‌ی ئه‌ده‌ب و هو‌نه‌ریان ته‌واو نه‌گۆڕی؟ ده‌توانیت له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌وڵه‌کانی (فرۆید) و (هایدیگه‌ر) فه‌رامۆش بکه‌یت؟ ئایا بۆ نموونه‌ به‌رهه‌مه‌کانی (جۆیس) و (فۆکنه‌ر)ت له‌ بیر نین، که‌ چۆن به‌ شێوه‌ی جیاوازتر له‌ نووسه‌رانی پێشوو کار به‌ یاده‌وه‌ری ده‌که‌ن‌؟ ئایا تابلۆی (جه‌ختکردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری: The Persistence of Memory)ی (سه‌لڤادۆر دالی)ت نایه‌ته‌وه‌ به‌رچاو؟ دیسان ده‌پرسم تۆ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک یاده‌وه‌ری له‌ یاداشت جوودا ده‌که‌یته‌وه‌؟ ئایا هیچ هێزێک هه‌یه‌ ئه‌و دووانه‌ له‌ یه‌کدی جوودا بکاته‌وه‌؟ ئه‌رێ چه‌مکی (شه‌پۆلی هۆش) که‌ی و له‌ کوێ سه‌ری هه‌ڵدا، چۆن گه‌شه‌ی کرد، که‌ پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به‌ یاده‌وه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئێتمۆسفێری ڕۆمانی (گه‌ڕان به‌ دوای کاتی ونبوودا)ی (مارسێل پرۆست)ت نایه‌ته‌وه‌ به‌رچاو؟ تۆ بڵێی ئه‌وه‌ ڕێکه‌وت بێت (تۆماس ئیڵیه‌ت) له‌ دوای شه‌ڕی یه‌که‌می گێتییه‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌تا‌ی (خاکی وێران)دا‌ پێ له‌سه‌ر (یاده‌وه‌ری) داده‌گرێت؟ چه‌مکێکی وا بۆ ئه‌وه‌یه نووسه‌ر‌ کاری نوێ و جیاوازی پێ بکات، یان بڵێ له‌ یاداشتی داده‌بڕم؟ ئایا ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گوتاره‌که‌تت له‌سه‌ر سێ پایه‌دا هه‌ڵچنیبێت، که‌ هه‌رسێکیانت به‌ هه‌ڵه‌ به‌ کار هێنابێت، ڕێی تێ ده‌چێت شتی نوێ و کاریگه‌رت به‌ ده‌سته‌وه‌ دابێت؟ ئایا ده‌کرێت نووسه‌ر به‌م زمان و تێگه‌یشتنه‌ گوتار له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌وه‌ بنووسێت، که‌ لینکیان له‌ناو فه‌لسه‌فه‌، لینگویستیک و کۆمه‌ڵێک کایه‌ی تردا هه‌یه‌ و له‌سه‌ر پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره‌ دامه‌زراون؟ ئایا زمانی میلـلی ده‌ره‌قه‌تی بابه‌تی وا دێت؟ نووسه‌رێکی گه‌وره‌ی ئه‌م دنیایه‌ ده‌ناسیت به‌ زمانی میلـلی باسی یه‌ک چه‌مکی کردبێت؟ ئایا زمانی میللی بۆ تێکشکان و تێپه‌ڕاندنه‌، یان بۆ به‌ به‌کارهێنان وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ کردووته‌؟
نووسیوته‌: (دیاره‌ قسه‌ له‌و یاده‌وه‌ریانه‌یه‌ كه‌ به‌ گۆته‌ی گۆتیاران بێت هێند له‌ رۆمان نزیكبوونه‌ته‌وه‌، ده‌ستی هونه‌ركاری تخووبی نێوانیانی سڕیوه‌ته‌وه‌).

ده‌کرێت ناوی یه‌کێ له‌و گوتیارانه‌م پێ بڵێیت، که‌ گوتوویانه‌ یاده‌وه‌ری له‌ ڕۆمان نزیک بووه‌ته‌وه، یان دوور که‌وتووه‌ته‌وه‌‌؟ ئایا هێشتا سووریت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری به‌ ده‌ق بزانیت و له‌ یاداشتی جوودا بکه‌یته‌وه، که‌ هاوکاتیش پێت وایه‌ هه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ له‌ ڕۆمان نزیک ده‌بێته‌وه‌‌؟ هێشتا ده‌ڵێیت‌ یاده‌وه‌ری له‌ یاداشت جوودا ده‌کرێته‌وه، یان پێکه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌‌؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌م پرۆسێسه‌ بنه‌مای هه‌یه‌ و مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌و دووانه‌ له‌ یه‌کدی جوودا، یان نزیک بکاته‌وه؟ ئایا تۆ دوای چاپکردنی کۆمه‌ڵێک کتێب له ‌بوار‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌ی سه‌رچاوه‌کان به‌ ئاسانترین شێوه‌ ده‌گه‌نه‌ ده‌ستت، بگره‌ وه‌ک (دۆڵۆز) ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت ناچارت بکه‌ن بێیته‌ ده‌نگ؛ هێشتا له‌ نووسینی گوتاردا پشت به‌ (گوته‌ی گوتیاران) ده‌به‌ستیت؟ (گوته‌ی گوتیاران)، ئازیزم؟ ئایا جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ له ‌نێوان ئه‌ده‌بی فۆلکلۆر و ئه‌ده‌بی تاکدا نییه‌؟ باشه‌، (گوته‌ی گوتیاران) ئه‌گه‌ر له‌ بواری کۆکردنه‌وه‌ی شیعر و هه‌قایه‌تی فۆلکلۆریدا نرخی هه‌بێت، له‌ ڕه‌خنه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیدا ڕۆڵێکی ده‌مێنێت؟ تۆ گوته‌ی گوتیاران کۆ ده‌که‌یته‌وه‌، یان له‌باره‌ی چه‌مکه‌کانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌وه‌ ده‌نووسیت، که‌ هه‌ر یه‌که‌یان بگریت پێویستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕ و کاتی زۆر هه‌یه‌؟ {دیاره‌ مه‌به‌ستم له‌ بواری ئه‌نترۆپۆلۆجیا نییه‌، که‌ بۆ نموونه‌ (کلود لیڤی شتراوس) له‌ ڕێگه‌ی ڕاڤه‌کردنی ده‌قی فۆلکلۆرییه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌وره‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی تاک و که‌لتووری جۆراوجۆر داوه و قوتابخانه‌که‌ی به‌ (Structural Anthropology) ناسراوه‌‌}. به‌کورتی مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م زمانه‌ی پێت نووسیوه‌ نه‌ک له زمانی‌ حه‌فتاکان و هه‌شتاکان، به‌ڵکوو له‌ هیی سییه‌کان و چله‌کانیشی تێ په‌ڕاندووه‌؟ پێت وایه‌ ڕسته‌ی له‌ شێوه‌ی (ده‌ستی هونه‌ركاری تخووبی نێوانیانی سڕیوه‌ته‌وه‌)، هیچ هێزێکی ئێستاتیکیی تێدا بێت و بتوانێت شتێک بخاته‌ سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خوێنه‌ری زۆر سه‌ره‌تایی هه‌یه‌تی؟ ئایا ئه‌مه‌ که‌موزۆر له‌گه‌ڵ چێژی خوێنه‌ری ئه‌مڕۆدا دێته‌وه‌؟ ئایا پێت وایه‌ هیچ که‌سێک، به‌ چاوپۆشین له‌ ئاستی تێگه‌یشتنی، له‌ نووسینی ڕسته‌یه‌کی وادا په‌کی بکه‌وێت؟ ئه‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕسته‌ی له‌م شێوه‌یه‌ بنووسێت، پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ چوار دێڕ له‌ هیچ کتێبێکدا بخوێنێته‌وه‌؟
نووسیوته‌: (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌ زمانی ره‌ق و ته‌ق، یان به‌ زمانی سیاسه‌ت و مێژوو، دوور له‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ و هونه‌ركاری نووسراون).

ئایا کاتێ پێناسه‌ی بابه‌ت (ئۆبجێکت)ێک ده‌که‌ین، نابێت خودی بابه‌ته‌که‌ له‌ کۆنتێکست (سیاق)ی خۆی دوور بخه‌ینه‌وه‌ و بیهاوێینه‌‌ کۆنتێکستی دیکه‌وه‌، تاکوو له‌ ئه‌نجامدا مانای نوێمان بۆ ده‌ر بکه‌وێت، که‌ به‌ هۆی ئه‌و مانا نوێیانه‌وه‌ له‌ خودی بابه‌ته‌ پێناسه‌کراوه‌که‌ ده‌گه‌ین؟ ئه‌گه‌ر وایه،‌ چۆن ده‌نووسیت (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌)؟ ئایا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مانزانیبێت یاداشت چییه‌ و تۆ به‌ نیاز بیت پێمانی بڵێیت، چۆن ده‌کرێت خۆی به‌ خۆی پێناسه‌ بکه‌یت؟ چۆله‌که‌ چییه‌؟ چۆله‌که‌ هه‌موو ئه‌و چۆله‌کانه‌ن، که‌ چۆله‌که‌ن. ئایا ئه‌مه‌ پێناسه‌ی چۆله‌که‌یه‌؟ ئایا ده‌بێت دوای ئه‌وه‌ بڵێیت من چۆله‌که‌ له‌ فڕین جوودا ده‌که‌مه‌وه‌؟ کاتێکیش لێت بپرسن بۆچی، تۆ بڵێیت چونکه‌ چۆله‌که‌ خراپ ده‌فڕێت؟ ئایا له‌م حاڵه‌دا تۆ هیچ شتێکت له‌باره‌ی چۆله‌که‌وه‌ پێ گوتووین و ئێمه‌ زانیومانه‌ ئه‌وه‌ چ بوونه‌وه‌رێکه‌، تا له‌ جۆری فڕینی ده‌عبایه‌‌کی وه‌ها تێبگه‌ین؟ (دلێر ڕه‌سووڵ)ی هاوڕێمان، یاریکه‌ری ناسراوی باسکیتبۆڵ، له‌ ساڵی حه‌فتاونۆ، که‌ ئه‌وده‌م گه‌یشتبووینه‌ سێیه‌می‌ ناوه‌ندی، له‌و ستادیۆمه‌ی هه‌ولێردا ئه‌م نوکته‌یه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه‌: (کابرایه‌ک به‌رده‌وام ده‌ڵێت پرته‌قاڵ خۆشه‌. له‌ کوێ وا ده‌ڵێت؟ لای ئه‌وانه‌ی هه‌رگیز پرته‌قاڵیان نه‌دیوه‌. ڕۆژێکیان منداڵێک ده‌پرسێت: ئه‌رێ، مامه‌، ئه‌و پرته‌قاڵانه‌ی به‌رده‌وام‌ باسیان ده‌که‌یت، چۆنن؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت: ئه‌و پرته‌قاڵانه‌ هه‌ر یه‌که‌ی هێنده‌ی پرته‌قاڵێکه، ڕۆڵه‌‌… توومه‌ز کابرا ته‌نیا ناوی پرته‌قاڵی بیستووه‌…. با گوته‌کانمان سه‌رتاپێیان جیددی نه‌بن، به‌ڵکوو نوکته‌یشیان تێ بکه‌وێت، که‌ هه‌ردووکمان کوڕی گه‌ڕه‌کی نوکته‌ین! هه‌رچه‌ند پێم وایه‌ نوکته‌ لووتکه‌ی جیددییه‌ته وه‌ک لای فرۆیددا ده‌یبینین‌).
ئه‌وه‌ گریمان (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌)، به‌ڵام (زمانی ره‌ق و ته‌ق) چییه‌؟ کام له‌و ڕه‌خنه‌ساز و زمانناسانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ نووسیویانه‌، به‌م شێوه‌یه‌ له‌ زمان‌ دواون؟ زمانی ئه‌م گوتاره‌ت تا چه‌ند به‌ فلێکسه‌بڵ ده‌زانیت؟ تا چه‌ند زمانێکه‌ توانای جووڵه‌ی هه‌یه‌ و ئاڕاسته‌ی نوێ ده‌دۆزێته‌وه‌؟ بۆچی پێت وایه‌ (یاداشت هه‌موو ئه‌و یاداشتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌ زمانی ره‌ق و ته‌ق، یان به‌ زمانی سیاسه‌ت و مێژوو، دوور له‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ و هونه‌ركاری نووسراون)؟
ده‌توانی یه‌ک نووسه‌ری ئه‌م دنیایه‌م پێ بڵێیت له‌ نووسیندا پشتی به‌ یاداشت نه‌به‌ستبێت؟ ئایا هه‌ر بۆ نموونه‌ چی به‌ یاداشته‌کانی (ناوی گوڵ) و (دوڕگه‌ی ڕۆژی پێشوو)ی (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ) ده‌ڵێیت؟ زمانی ڕه‌قوته‌قن؟ ئایا کتێبی (ترس و برووسکه‌)ی (سۆرێن کیه‌کاگۆرد: Søren Kierkegård)ی تیۆلۆجن و فیلۆسۆف زمانێکی ڕه‌قوته‌قی هه‌یه‌؟ ئایا ئه‌ویش بیره‌وه‌ری نییه‌، به‌ڵام له‌ فۆرمی فه‌لسه‌فیدا دایڕشتوونه‌ته‌وه‌؟ ده‌کرێت واز له‌مانه‌ بهێنیت و باسی خۆتمان بۆ بکه‌یت، ئاخۆ پشتت به‌ یاداشت‌ نه‌به‌ستووه‌؟ (زمانی سیاسه‌ت و مێژوو) چییه، چاوه‌کانی من‌؟ ئایا ئه‌وانه‌یش دوو چه‌مکی گه‌وره‌ی دنیای فکر نین و ده‌یان فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازیان به‌ خۆیانه‌وه‌ خه‌ریک نه‌کردووه‌؟ ئایا ساده‌ییه‌که‌ له‌ خودی ئه‌و چه‌مکانه‌دایه‌، یان له‌ به‌کارهێنانیاندا؟ ده‌توانیت ناوی یه‌ک داهێنه‌رم پێ بڵێیت خۆی له‌و دوو چه‌مکه‌ نه‌دابێت؟ هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌دا (فۆکۆ) و له‌ بواری ئه‌ده‌بدا (جۆرج ئۆرێڵ)ت له‌ خه‌یاڵ نییه‌؟ ئایا (هیگڵ)، (مارکس)، (ماکس ڤیبه‌ر)، (گرامشی) و زۆری دیکه‌یشمان نین؟ له‌ پێش ئه‌وانیشه‌وه‌ ده‌یانی وه‌ک (پلاتۆ) و (ئه‌ریستۆ)ت ناکه‌وێته‌وه‌ خه‌یاڵ؟ ئه‌رێ زمانی ئه‌وانه‌ ڕه‌قوته‌قه‌‌؟ ئایا یاده‌وه‌ریت ناوی ڕۆمانی (1984)ی (ئۆرێڵ)ی بۆ هه‌ڵنه‌گرتوویت؟ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ چییه‌؟ ده‌توانیت پێناسه‌یه‌کی ئه‌و چه‌مکه‌ بکه‌یت؟ کێن ئه‌وانه‌ی ده‌توانن پێمان بڵێن ئه‌و هونه‌ره‌ له‌ چ تێکستێکدا هه‌یه‌ و له‌ چ تێکستێکیشدا نییه‌؟ ئایا ئه‌وانه‌ پێویسته‌ له‌ بواری ئه‌ده‌ب و فکردا شاره‌زا بن و به‌شێکی زۆری کاتی خۆیانیان بۆ ته‌رخان کردبن، یان هه‌ر که‌سێک ده‌توانێت کاری وا بکات، هه‌تا ئه‌گه‌ر نه‌ دوور و نه‌ نزیک ئاگای له‌ ناراتۆلۆگی (زانستی گێڕانه‌وه‌)‌ هه‌بێت؟ به‌ چی ئه‌و شاره‌زاییه‌ بناسینه‌وه‌؟ تۆ خۆت ئه‌و شاره‌زاییه‌ت هه‌یه‌ و له‌م گوتاره‌تدا ده‌رت خستووه‌؟

نووسیوته‌: (ئه‌و جۆره‌ یاده‌وه‌ریانه‌ له‌ ناو كورد ناڵێم نیه‌، چونكێ پێڕانه‌گه‌یشتووم هه‌رچی هه‌یه‌ بیخوێنمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌شبێ زۆر ده‌گمه‌نه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌ بخوێنینه‌وه‌). کام یاده‌وه‌رییه‌ له‌ناو کورددا نییه‌؟ چۆنت بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ له‌ناو کورددا نین؟ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێک بکه‌وین یاده‌وه‌ری میمۆرییه‌ و میمۆرییش یاده‌وه‌رییه‌، ئایا یاده‌وه‌ری له‌ناو کورددا نییه‌؟ ئایا مرۆڤ‌، یان کۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ میمۆریی نه‌بێت؟ ده‌توانیت له‌ گوتارێکی سه‌ربه‌خۆدا پێمان بڵێیت (له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌) چۆنن؟ ده‌توانم وه‌ک خوێنه‌رێک داوات لێ بکه‌م ته‌نیا یه‌ک نموونه‌م له‌ ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌ی کورددا بۆ بهێنیته‌وه، مادام خۆت گوتووته‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بکرێت‌؟ یان ئه‌گه‌ر پێشتر گوتاری له‌م شێوه‌یه‌ت هه‌یه‌، ده‌توانیت سه‌رچاوه‌که‌یم پێ بڵێیت؟(6)
نووسیوته‌: (به‌ پرسیارێكه‌وه‌ ده‌چمه‌ نێوان قسان و به‌ ده‌وری ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ ده‌سووڕێمه‌وه‌ و هه‌وڵی لێ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ده‌م: داخوا ده‌قێكی دیاریكراو هه‌یه‌ هه‌م رۆمان بێ هه‌م یاده‌وه‌ری؟).

ئایا ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی دیکه‌ پێی بگوتیتایه‌ تۆ به‌ ده‌وری ناونیشاندا ده‌سووڕێیته‌وه‌، هه‌ستت نه‌ده‌کرد تۆمه‌تی خستووه‌ته‌ پاڵت؟ ئه‌مه‌ زمانی نووسینه‌؟ بۆ ده‌پرسیت (داخوا ده‌قێكی دیاریكراو هه‌یه‌ هه‌م رۆمان بێ هه‌م یاده‌وه‌ری)؟
ئایا هیچ تێکستێک، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی چۆنه‌ و چییه‌، ده‌کرێت به‌بێ یاده‌وه‌ری بێته‌ کایه‌وه‌؟ ئایا (باشلا‌ر)ی فیلۆسۆفت له‌ بیر چوو، که‌ ته‌نانه‌ت پێی وایه‌ زانستیش یاده‌وه‌ری ڕای گرتووه‌، ده‌نا له‌ ناو ده‌چێت؟ ئه‌رێ تۆ تاکوو ئێستایش پێت وایه‌ ڕۆمان شتێکه‌ و یاده‌وه‌ری شتێکی دیکه‌یه‌؟ باشه‌، نه‌مانگوت یاده‌وه‌ری به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕۆمان و هه‌ر جانره‌یه‌کی تره‌؟

نووسیوته‌: (له‌ به‌رایی ده‌ڵێم قسه‌ی من له‌وه‌ نیه‌ رۆمان تا كوێ كه‌لك له‌ یاده‌وه‌ری وه‌رده‌گرێ، یان یاده‌وه‌ری تا چه‌ند باڵ به‌ سه‌ر پانتایی رۆماندا ده‌كێشێ).
ئه‌رێ تۆ له‌ بیرت چوو، که‌ یاده‌وه‌ریت له‌ یاداشت جوودا کرده‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ چۆن ڕۆمان که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێت و باڵ به‌سه‌ر پانتاییه‌که‌یدا ده‌کێشێت؟ ئایا ڕۆمانیش یاداشت نییه‌؟ ئه‌گه‌ر یاداشت نییه‌، ده‌توانیت بڵێیت چییه‌؟ ئه‌رێ ڕۆمان به‌ مانا هه‌ره‌ ساده‌که‌ی یاداشتی کۆمه‌ڵێک کاره‌کته‌ر نییه، که‌ له‌ یاده‌وه‌ریی خۆیاندا پاراستوویانه‌ و له‌ ڕێی ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ر ده‌گه‌ن‌؟ ئایا تۆ (یاده‌وه‌ری)ت به‌ چاکی و له‌ شوێنی خۆیدا به‌ کار هێناوه، تاکوو پێمان بڵێیت ڕۆمان که‌ڵکی لێ وه‌ر ده‌گرێت، یان نا‌؟ ئایا نه‌ک ڕۆمان، به‌ڵکوو هیچ جانره‌یه‌کی دیکه‌ هه‌یه‌ به‌بێ یاده‌وه‌ری دروست ببێت؟ که‌واته‌ گرنگیی ئه‌و پرسیاره‌ی تۆ له‌ کوێدایه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌کێ ئه‌مه‌ت بۆ بنووسێت: (له‌ به‌رایی ده‌ڵێم قسه‌ی من له‌وه‌ نیه‌ چۆله‌که‌ تا كوێ كه‌لك له‌ فڕین وه‌رده‌گرێ، یان فڕین تا چه‌ند باڵ به‌ سه‌ر پانتایی چۆله‌که‌دا ده‌كێشێ)، چیی پێ ده‌ڵێیت؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژگارێک یه‌کێ له‌و نووسه‌ره‌ لاوانه‌ لێت بپرسێت، کاک که‌ریم، تۆ وه‌ک نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌، که‌ ئه‌زموونت هه‌یه‌، ده‌توانیت به‌ کورتی پێناسه‌یه‌کی ڕۆمانم بۆ بکه‌یت؛ چ وه‌ڵامێکی ده‌ده‌یته‌وه‌؟ ئاخۆ پێی ده‌ڵێیت ڕۆمان چییه‌؟ پێی ده‌ڵێیت بۆ ئه‌م گوتاره‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌؟
نووسیوته‌: (قسه‌ی من له‌وه‌یه‌ تا چه‌ند یاده‌وه‌ری وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی له‌ ناو رۆمان كه‌ ژانرێكیتره‌ ده‌توێته‌وه‌ و وه‌ك ژانرێكی جیا نامینێته‌وه‌، له‌ قسان خۆی له‌ ده‌ستده‌دات، یان تێكه‌ڵ نابێت و خۆی ده‌پارێزێت.).

ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی دیکه‌ ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ بنووسێت، تۆ هه‌ست ده‌که‌یت وشه‌کان به‌ چاکی ده‌ربڕاون؟ ئه‌گه‌ر خودی نووسین دروستکردنی جیاوازی بێت، وه‌ک (دێریدا) پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت، ئایا له‌ گوتاره‌که‌تدا به‌گشتی و له‌م په‌ره‌گرافه‌تدا به‌تایبه‌تی هیچ جیاوازییه‌ک به‌ دی هاتووه‌؟ شتێکی له‌ زمانی ڕۆژانه‌ (Vulgar language) تێ په‌ڕاندووه‌؟ ئایا هێشتا سووریت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێیت یاده‌وه‌ری ژانره‌ و ژانرێکی سه‌ربه‌خۆیشه‌؟ ده‌کرێت پێم بڵێت چۆن ژانرێکه، دروستتر چۆن جانره (genre)‌‌‌یه‌که‌‌؟ له‌ بیرته‌ پێشتر گوتت یاده‌وه‌ری تێکسته‌؟ ئه‌رێ یاده‌وه‌ری جارێک تێکسته‌ و جارێکی دیکه‌ له‌وه‌یش دوورتر ده‌ڕۆیت و ده‌یکه‌یته‌ ژانر؟ ده‌کرێت له‌م ڕووه‌وه‌ ته‌نیا یه‌ک نموونه‌م بۆ بهێنیته‌وه‌؟ کامیانه‌؟ تێکسته‌، یان جانره‌یه‌؟ مادام قسه‌ت له‌وه‌یه‌ (تا چه‌ند یاده‌وه‌ری وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی له‌ ناو رۆمان كه‌ ژانرێكیتره‌ ده‌توێته‌وه‌ و وه‌ك ژانرێكی جیا نامینێته‌وه‌، له‌ قسان خۆی له‌ ده‌ستده‌دات، یان تێكه‌ڵ نابێت و خۆی ده‌پارێزێت)، بۆچی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی خۆتت نه‌داوه‌ته‌وه‌؟ ده‌توانم داوات لێ بکه‌م له‌ گوتارێکی سه‌ربه‌خۆدا وه‌ڵامی بده‌یته‌وه‌؟ ئایا هه‌ر به‌گشتی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ هیچ شتێکی نوێمان پێ ده‌ڵێت؟ پرسیارێکمان لا ده‌ورووژێنێت؟ ئایا (خۆی له‌ ده‌ستده‌دات، یان تێكه‌ڵ نابێت و خۆی ده‌پارێزێت)‌؟ ئه‌رێ ئه‌م پرسیاره‌ گرنگه‌، که‌ کردووته‌؟ ئایا ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ له‌ ئه‌نجامی وردبوونه‌وه‌ و پرسیاره‌وه‌ هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌، یان بۆ ئه‌وه‌یه شتێک له‌باره‌ی ڕۆمان، یاداشت و یاده‌وه‌رییه‌وه‌ بنووسرێت؟‌ ئه‌رێ تۆ پێشتر نه‌تگوت ئه‌وانه‌ جیاوازن؟ ئه‌دی ئه‌و پرسیاره‌ بۆچی، مادام هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ جوودات کردوونه‌ته‌وه‌؟
نووسیوته‌: (ئه‌وه‌ی رۆمان و یاده‌وه‌ری لێكنزیك ده‌كاته‌وه‌ هه‌ندێ ره‌گه‌ز و ته‌كنیكن).
ئه‌دی بۆچی باسی ئه‌و ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیکانه‌ت بۆ نه‌کردووین؟ ده‌کرێت له‌ داهاتوودا ئه‌و ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیکانه‌مان بۆ باس بکه‌یت؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ یاده‌وه‌ری جانره‌ نه‌بێت، به‌ڵکوو مه‌له‌کووتی خه‌یاڵ بێت و به‌ به‌شێکی جوودانه‌کراوه‌ی پرۆسێسی گه‌یاندن و گێڕانه‌وه‌ دابنرێت، (وه‌ک پێشتر من گوتم، نه‌وه‌ک تۆ)، چۆن هه‌ندێک ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیک له‌ ڕۆمانی نزیک، یان دوور ده‌که‌نه‌وه‌؟ بۆ هیچ کاتێک هه‌بووه‌ لێی جوودا بووبێته‌وه‌، تاکوو ئێستا هه‌ندێک ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیک لێی نزیک بکه‌نه‌وه‌؟(7) ئایا هیچ جووڵه‌یه‌ک به‌بێ یاده‌وه‌ری ده‌کرێت؟ هیچ وشه‌یه‌ک به‌بێ یاده‌وه‌ری ده‌گوترێت؟ مادام هه‌بوونی مرۆڤی بێیاده‌وه‌ری مه‌حاڵه‌ و ڕۆمانیش وه‌ک هه‌ر جانره‌یه‌کی دیکه‌ به‌رهه‌می خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌یه‌، ئه‌م گوته‌یه‌ی تۆ بنه‌مای هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر پێت بڵێم یه‌ک ده‌نک له‌مه‌ ناگه‌م، گوناهی منی خوێنه‌ره‌، یان هیی تۆی نووسه‌ر؟
نووسیوته‌: (تۆ چاودێ زمانی یاده‌وه‌ری نه‌ زمانی مێژووه‌ نه‌ زمانی سیاسه‌ت، رێك زمانی رۆمانه‌، زمانێكه‌ كه‌م و زۆر شیعرێتی تێیدا زاڵه‌، به‌ ئاگا له‌وه‌ی شیعرێتی له‌ رۆماندا رێژه‌ییه‌، به‌ ئاسایی وه‌رگره‌ زمانی یاده‌وه‌ری له‌ زمانی رۆمان سه‌رتریش بێ، ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئاستی یاده‌وه‌رنووسه‌كه‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌ رێی زمانه‌وه‌ ئه‌و دوو ژانره‌ ئه‌ده‌بیه‌ لێك جیا بكه‌یته‌وه‌، كاری نه‌كرده‌یه‌.).

ئه‌وده‌م پرسیم و دیسان ده‌پرسمه‌وه‌ زمانی مێژوو چییه‌ و زمانی سیاسه‌ت چۆنه‌؟ ئایا ئه‌وانه‌ خۆیان هه‌ر به‌ زگماک زمانیان هه‌یه‌، یان کاتێک زمان په‌یدا ده‌که‌ن، که‌ ده‌بنه‌ بابه‌ت و له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤدا پێوه‌ندی داده‌مه‌زرێنن؟ ئایا ئه‌و مێژوو و سیاسه‌ته‌ی لای (فۆکۆ)دا کاریان پێ ده‌کرێت، هه‌مان ئه‌و مێژوو و سیاسه‌ته‌ن، که‌ لای (فۆکۆیاما)، یان لای (ئۆباما)دا هه‌ن؟ ئایا مێژوو و سیاسه‌ت وه‌ک هه‌موو ئۆبجێکته‌کانی دیکه‌ ناکه‌ونه‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و تێڕوانینه‌وه‌، که‌ تۆ بۆیانت هه‌یه‌؟ ئه‌و تێڕوانینه‌ له‌ زمان جوودا ده‌کرێته‌وه‌؟ ده‌توانیت ناوی یه‌ک فیلۆسۆفم پێ بڵێیت له‌ (سۆکرات)ـه‌وه‌ بۆ (پلاتۆن) و (ئه‌ریستۆ)، له‌ (دێکارت)ـه‌وه‌ بۆ (نیتشه‌)، (برگسۆن)، (هایدیگه‌ر)، (ڤیتگینیستاین)، (دۆلۆز)، (دێریدا) و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ خۆی له‌و پرۆبله‌ماتیکه‌ نه‌دابێت، که‌ هه‌یانه‌ سه‌رجه‌م ژیانی بۆ ته‌رخان کردووه‌، له‌ کاتێکدا‌ لای تۆ تا ئاستی زمانی میلـلی، بگره‌ خوارتریش دابه‌زیوه‌؟ ئایا شته‌کان هه‌ر خۆیان زمانیان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌، ده‌توانیت پێم بڵێیت چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک؟ ئه‌وه‌ گریمان (زمانی یاده‌وه‌ری نه‌ زمانی مێژووه‌ نه‌ زمانی سیاسه‌ت، رێك زمانی رۆمانه‌)، به‌ڵام ده‌توانیت پێمان بڵێیت زمانی ڕۆمان چییه‌؟ ئایا ڕۆمان چه‌مکێکی گشتی نییه‌ و کاتێ تایبه‌تمه‌ندی وه‌ر ده‌گرێت، که‌ نووسه‌ر به‌ زمان و تێڕوانینی خۆی پراکتیزه‌ی ده‌کات؟ ئایا ئه‌م بۆچوونه‌ی تۆ مانای وا نییه‌ ڕۆمان شتێکی فیزیکه‌ڵه‌ و مرۆڤ ده‌توانێت به‌ ئاماده‌کراوی به‌ ده‌ستی بهێنێت؟ باشه‌، یاده‌وه‌ری ئێڵه‌مێنته‌ و به‌ کار ده‌هێنرێت، یان وه‌ک ڕۆمان ده‌نووسرێت؟ ده‌توانیت دوو نموونه‌م بۆ بهێنیته‌وه‌، ئینجا چ ‌له‌ ئه‌ده‌بی خۆمان بێت و چ له‌ هیی ده‌ره‌وه‌ی خۆماندا، تاکوو پێمان بڵێیت ئه‌مه‌یان یاده‌وه‌رییه‌ و ئه‌وه‌یان ڕۆمانه‌؟ ده‌ی‌، تۆ ناڵێیت زمانی یاده‌وه‌ری ڕێک زمانی ڕۆمانه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌مان شتن، بۆچی خۆتت به‌وه‌وه‌ ماندوو کردووه‌ جوودایان بکه‌یته‌وه‌؟ مه‌به‌ستت له‌ (شیعرییه‌ت) چییه‌؟ ئایا ئه‌وه‌یه‌، که‌ بۆ نموونه‌ لای (بارت) و (تۆدۆرۆڤ)دا هه‌یه‌، یان جیاوازه‌؟ ئایا چه‌مکی شیعرییه‌ت له‌م ڕسته‌یه‌دا هیچ ئه‌رکێکی له‌ ئه‌ستۆدایه‌؟ ئایا به‌ دروستی و له‌ شوێنی خۆیدا به‌ کارت هێناوه‌؟ مه‌به‌ستت له‌ (به‌ ئاگا له‌وه‌ی شیعرێتی له‌ رۆماندا رێژه‌ییه‌) چییه‌؟ بۆچی هیچ شتێک هه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بدا ڕێژه‌یی نه‌بێت؟ له‌م گه‌ردوونه‌دا شتێک شک ده‌به‌یت، ڕێژه‌یی نه‌بێت؟ ئایا ئه‌م ڕسته‌یه‌ پێویسته‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان پێت وایه‌ ڕۆمان و یاده‌وه‌ری یه‌ک شتن، بۆ دوای ئه‌وه‌ ده‌نووسیت: (به‌ ئاسایی وه‌رگره‌ زمانی یاده‌وه‌ری له‌ زمانی رۆمان سه‌رتریش بێ).

ئه‌رێ تۆ نه‌بوویت گوتت ئه‌وانه‌ ڕێک وه‌ک یه‌کن؟ بۆچی زمانی یاده‌وه‌ری ده‌که‌وێته‌ سه‌رووی زمانی ڕۆمانیشه‌وه‌؟ ئایا تۆ لێره‌یشدا پێت وایه‌ ڕۆمان خۆی هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ زمانی هه‌یه‌، یان جانره‌یه‌که‌ و له‌ ئه‌نجامی پرۆسێسی ئاکتیڤبوونی خه‌یاڵ و زمانه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌؟ مادام تۆ باوه‌ڕت وایه‌ ڕۆمان هه‌ر به‌ زگماک زمانی هه‌یه‌، ده‌توانیت پێم بڵێیت چۆن ئه‌و باوه‌ڕه‌ت لا دروست بووه‌؟ ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ری میمۆری بێت، ئایا ئه‌م گوته‌یه‌ هیچ کاریگه‌رییه‌کی ده‌مێنێت؟ زمانی یاده‌وه‌ری مانای چییه‌؟ ده‌توانیت یه‌ک دوو نموونه‌ هه‌ر له‌ به‌رهه‌مه‌کانی خۆت بهێنیته‌وه و پێم بڵێیت زمانی یاده‌وه‌ری ڕێک ئه‌مه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ نییه‌‌؟ ئه‌مجاره‌یان بۆچی گوتووته‌: (كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌ رێی زمانه‌وه‌ ئه‌و دوو ژانره‌ ئه‌ده‌بیه‌ لێك جیا بكه‌یته‌وه‌، كاری نه‌كرده‌یه‌)؟ مادام تۆ ئه‌وه‌ باوه‌ڕته‌، بۆچی جوودایان ده‌که‌یته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆچی پێشتر پێت گوتین زمانی یاده‌وه‌ری له‌ زمانی ڕۆمانیش باڵاتره‌؟ ئه‌رێ وه‌ک یه‌ک وان، یان له‌ یه‌که‌وه‌ نزیکن، یاخود له‌ یه‌کدی جیاوازن؟ له‌م سێ شته‌ جیاوازه‌، کامیان هه‌ڵده‌بژێریت و چی له‌ دووانه‌که‌ی دیکه‌ ده‌که‌یت؟ بێگومان تۆ وه‌ک نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ ده‌زانیت چه‌مکێک هه‌یه‌ و ناوی ناونیشانناسی (Titrologie)یه‌، که‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بواری سیمۆلۆجیادا به‌ کار ده‌هێنرێت، واته‌ بوونی پێوه‌ندیی ناوه‌کیی ناونیشان به‌ تێکسته‌وه‌، بۆیه‌ لێت ده‌پرسم ئایا ئه‌و ناونیشانه‌ی هه‌ڵتبژاردووه‌ (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه) له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانتدا هیچ هارمۆنییه‌ک دروست ده‌کات؟ ئایا ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، واته‌ له‌ ناونیشانه‌وه‌ بڵێیت ڕۆمان و یاده‌وه‌ری دوو چه‌مکی جیاوازن، به‌ڵام له‌ ته‌نیشت یه‌کترن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا چۆن دێته‌وه‌، که‌ جارێک ده‌بنه‌ یه‌ک، جارێک له‌ یه‌ک نزیک ده‌بنه‌وه‌ و جارێکیش جیاوازن؟ ئه‌رێ ئه‌وه‌یشمان نه‌گوت، که‌ یاده‌وه‌ری به‌شێکی دانه‌بڕاوی فکر و خه‌یاڵه، به‌لام لێره‌دا به‌ هه‌ڵه‌ به‌ کار هاتووه‌‌؟
ئه‌گه‌ر من ئه‌م گوتانه‌م بنووسیایه‌، تۆ لێم تێده‌گه‌یشتیت؟ ده‌متوانی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی بیرۆکه‌یه‌کت بکه‌مه‌وه‌، که‌ نوێ بێت و ڕامانت بگۆڕێت؟ ئه‌گه‌ر من له‌ گه‌ڕه‌کی (ئه‌لف)ـه‌وه‌ به‌ پێ بێم بۆ لای تۆ، که‌ له‌ گه‌ڕه‌کی (بێ)دا نیشته‌جێیت، به‌ڵام پێت بڵێم به‌ فڕۆکه‌ هاتووم، ئایا له‌م حاڵه‌دا هه‌ر شتێکی ناو ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ت بۆ بگێڕمه‌وه‌، به‌ که‌ڵکی ئه‌وه‌ دێت هیچ زانیارییه‌کی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنیت؟ ئه‌گه‌ر تۆ هه‌رسێ چه‌مکه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ی لاوه‌کیت به‌ هه‌ڵه‌ پێناسه‌ کردبێت و به‌ زمانی میلـلی لێیانه‌وه‌ دوا بیت، ئه‌و زمانه‌ی ‌ خه‌ڵک له‌ کاروباری ڕۆژانه‌یاندا به‌ کاری ده‌هێنن، ئایا هه‌ر زانیارییه‌ک له‌م گوتاره‌تدا هه‌یه‌، لای منی خوێنه‌ر کاریگه‌ریی ده‌بێت؟ باشه‌، ئه‌و زمانه‌ت چ دوور و چ نزیک پێوه‌ندیی به‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌؟

کاک که‌ریمی ئازیز، له‌باره‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و وشانه‌ی له‌م گوتاره‌تدا نووسیوتن، پرسیارم هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی چه‌مکی (ڕاستگۆیی)ـه‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ هیی بواری ئایینه‌، نه‌وه‌ک هیی بواری ئه‌ده‌ب و فکر، بگره‌ ئه‌ده‌ب و فکر دوو چه‌کی مێتافیزیکین بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی (ڕاستگۆیی)، که‌ وه‌ک سێنترالێک خۆی سه‌پاندووه‌. له‌ ئاییندا (ڕاستگۆیی) پێوه‌ره‌ و ده‌سته‌ڵاتداریشه‌‌، بگره‌ توانای سڕینه‌وه‌ی هه‌ر شتێکی دیکه‌ی هه‌یه‌، که‌ به‌ (ڕاستگۆیی) دانانرێت، به‌ڵام له‌ ڕه‌خنه‌دا (ڕاستگۆیی) وه‌ک هه‌ر چه‌مکێکی تر ده‌که‌وێته‌ به‌ر زه‌بری پرسیاری دیسپۆتیک‌ و ده‌سته‌ڵاتی لێ ده‌سه‌نرێته‌وه‌. ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ ڕوونی لای (دێریدا)دا ده‌بینین، به‌وه‌ی پێی وایه‌ هه‌موو دیوالیزمه‌کان له‌ سه‌پاندنی سێنترالیزمدا به‌شدارن‌ و ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌. (ڕاستگۆیی) چه‌مکێکی فریوده‌ره‌. بۆ ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ حه‌قیقه‌ت و ڕووبه‌رێکی گه‌وره‌ی گه‌ردوون بسڕێته‌وه‌، گوایه‌ ئه‌و ڕووبه‌ره‌ (ناڕاستگۆیی)ـه‌. ئه‌وه‌ ڕاستگۆییه‌ وا ده‌کات حه‌قیقه‌ت وه‌ک شتێکی یه‌قین خۆی ده‌ر بخات و وامان پێشان بدات له‌سه‌ر دژایه‌تی دانه‌مه‌زراوه‌. له‌سه‌ر ئاستی میلـلیدا (ڕاستگۆیی) زۆرترین ده‌نگ ده‌هێنێت و له‌ به‌رانبه‌ردا (ناڕاستگۆیی) به‌ر نه‌فره‌ت ده‌که‌وێت. له‌مه‌یشدا چ‌ ئایین و چ باوه‌ڕه‌ زاڵه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ پاڵپشتی ئه‌و تێڕوانینه‌ میلـلییه‌ن.‌ لێره‌دایه‌ ئه‌ده‌ب گرنگه‌، که‌ توانای تێکشکاندنی ئه‌و (ڕاستگۆیی)ـه‌ی هه‌یه‌ و ده‌یخاته‌ ژێر گومانه‌وه، به‌وه‌ی دژایه‌تییه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌دۆزێته‌وه‌ و پایه‌کانی حه‌قیقه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌‌، مادام تێکستی ئه‌ده‌بی په‌نا بۆ مێتافۆر و ڕێتۆریک ده‌بات، که‌ ئه‌و دووانه‌ وا ده‌که‌ن وشه‌ هه‌مان ئه‌و مانایه‌ی نه‌بێت،‌ وا تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ کاتێکی دیاریکراودا له‌سه‌ری ڕێک که‌وتوون، به‌ڵکوو ئیمبیگویتی (التباس، غموض) دروست ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنن به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر لێک بدرێنه‌وه‌. (پۆل دیمان) ئەم پرۆبلەماتیکە لە ڕووی سیمۆلۆجیاوە ڕاڤە دەکات، واتە پرۆبلەماتیکی نێوان ڕێزمان و ڕەوانبێژی (گرامەر و ڕێتۆریک)، کە ڕێزمان ڕێگەمان دەدات پرسیارەکان بخەینە ڕوو، بەڵام ڕەوانبێژی وا دەکات بوونی ئەو پرسیارانە ببێتە کێشە. بەوەدا هەر ڕستەیەک لانی کەم دوو مانای هەن، مانای لێتراڵ و مانای مێتافۆر، (واتە مانای حەرفی و مانای مەجازی)، ئەوا بونیادی ڕێزمانییانەی تێکست بۆ بونیادی ڕەوانبێژی دەگۆڕێت و ئەوده‌م دەستنیشانکردنی ئەوەی کام لەو دوو مانایە زاڵە، دەبێتە مەحاڵ.(8) به‌م شێوه‌یه‌ سنووری نێوان (ڕاستگۆیی) و (ناڕاستگۆیی)ش وه‌ک سنووری نێوان هه‌موو دیوالیزمه‌کانی دیکه‌ ده‌سڕێته‌وه‌.

ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین مادام ئه‌ده‌ب زمانێکی دیکه‌ی جیاوازتر له‌ هیی واقیع داده‌هێنێت، ئه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌وه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و ڕووبه‌ره‌ ده‌ر ده‌خات، که‌ پێشتر ڕاستگۆیی و چه‌مکه‌کانی دیکه‌ی حه‌قیقه‌ت شاردبوویانه‌وه‌. به‌کورتی ئه‌ده‌بی داهێنه‌ر له‌و ساته‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ به‌ شێوازی خۆی له‌ دژی (ڕاستگۆیی)دا ده‌جه‌نگێت و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌دات. ئه‌وه‌یش سه‌یر نییه‌، که‌ نووسه‌ری میلـلی هێنده‌ به‌ (ڕاستگۆیی) سه‌رسامه‌ و به‌رگریی لێ ده‌کات، چونکه‌ خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه‌‌، که‌ لای خه‌ڵکی ئاساییدا هه‌یه، مادام ئه‌و نووسه‌ره‌ له‌ سه‌رچاوه‌ فه‌لسه‌فی و فکرییه‌کانه‌وه‌ دووره‌ و به‌ پله‌ی سه‌ره‌کی پشت به‌و زانیارییانه‌ ده‌به‌ستێت، که‌ ڕۆژانه‌ له‌ ده‌می ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ وه‌ری گرتوون‌. (ڕاستگۆیی) خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کیی ئه‌ده‌بی سه‌ره‌تاییه‌، ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌ و شتێکی ئه‌وتۆی له‌ ئه‌ده‌بی زاره‌کی تێ نه‌په‌ڕاندووه‌‌.‌ به‌وه‌دا ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی (ڕاستگۆیی) تێک ده‌شکێنێت و ئه‌و ڕووبه‌ره‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ پێشتر به‌ ناوی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ داگیر کرابوو، ئه‌وا زمان به‌ هه‌موو ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ ده‌به‌خشێت، که‌ حه‌قیقه‌ت لێ سه‌ندبوونه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه سێنترالیزم نامێنێت و فره‌ده‌نگی دێته‌ کایه‌وه، بگره‌ ئه‌و ده‌نگه‌ جیاوازانه‌ وه‌ک هێزی جۆراوجۆری دژ به‌ تاکه‌حه‌قیقه‌ت ده‌ر ده‌که‌ون، که‌ (باختین) ئه‌و چه‌مکه‌ی داهێناوه‌ و بنه‌ماکانی داڕشتووه‌.
گرنگیی ئه‌ده‌بی بیره‌وه‌ری، یاخود بایۆگرافیا، تۆ بڵێ ئاوتۆبایۆگرافیا هه‌ر له‌م شوێنه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ نووسه‌ر ڕێگه‌ به‌ ده‌رکه‌وتنی ده‌نگه‌ فه‌رامۆشکراوه‌کان ده‌دات، ئه‌وانه‌ی پێشتر حه‌قیقه‌ت له‌ به‌رده‌می ده‌رکه‌وتنیاندا به‌ربه‌ست بوو. (باختین) به‌رده‌وام له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانیدا ئه‌و جۆره‌ ئه‌ده‌به‌ وه‌ک داهێنانی گه‌وره‌ و کاریگه‌ر ده‌ناسێنێت. ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ تێده‌گه‌ن و ئه‌زموونیان له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ چاکی نرخی ئه‌و تێزانه‌ی (باختین) ده‌زانن، که‌ له‌ چه‌مکگه‌لی وه‌ک (که‌رنه‌ڤاڵ)، (پۆلیفۆنی)، (ئێنته‌رتێکستواڵ)، (سپه‌یس) و هیی تردا‌ به‌رجه‌سته‌ بوونه‌. {ئه‌گه‌رچی چه‌مکی ئێنته‌رتێکستوالیتی یه‌که‌مجار لای (جۆلیا کریستیڤا)دا به‌ کار هاتووه‌، به‌ڵام (باختین) به‌تایبه‌تی له‌ (شیعرییه‌تی دۆیستۆیڤسکی)دا چوارچێوه‌ تیۆرییه‌که‌ی داڕشتووه‌}. سه‌یر نییه‌ هاوکاتی ده‌رکه‌وتنی فیلۆسۆفانی پۆستمۆدێرنیزم له‌ (نیتشه‌)وه‌ بۆ (هایدگه‌ر) و له‌وێوه‌ بۆ (دۆلۆز)، (فۆکۆ)، (دێریدا) و ئه‌وانه‌ی دیکه،‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ له‌ شیعر زیاتر بایه‌خ په‌یدا ده‌کات و ئه‌ده‌بی بایۆگرافیایش، که‌ به‌شێکی دانه‌بڕاوی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه،‌ ده‌بێته‌ که‌ناڵێکی گرنگی ده‌ربڕین بۆ ده‌نگه‌ فه‌رامۆشکراوه‌کان، به‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ توانایه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌ی له‌ تێکشکاندنی سێنترالیزمدا هه‌یه‌، که‌ له‌سه‌ر پایه‌ی حه‌قیقه‌ت و ڕاستگۆییدا وه‌ستاوه‌‌، مادام له‌ به‌رهه‌مهێنانی فره‌ده‌نگیدا ده‌ستی کراوه‌یه‌. با جارێ ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ به‌س بن له‌باره‌ی چه‌مکی (ڕاستگۆیی)ـه‌وه‌، کاک که‌ریمی خۆشه‌ویست، به‌ڵام کاتێ پێویستی کرد، بۆی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌. پێشتریش به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان لێوه‌ی دواوم. هێنده‌ ده‌پرسم تۆ بۆچی پێت وایه‌ (ڕاستگۆیی) له‌ ئه‌ده‌بدا گرنگه‌؟ ده‌توانی نموونه‌ی داهێنه‌رێکم بۆ بهێنیته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌م سه‌د ساڵه‌ی ڕابوردوودا به‌ (ڕاستگۆیی) سه‌رسام بووبێت، بگره‌ له‌ دژی نه‌وه‌ستابێته‌وه‌؟ هه‌ر بۆ نموونه‌ (ساموێڵ بێکیت)ت له‌ بیر چوو؟ له‌ بیرته‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ چۆن له‌ دژی ڕاستگۆییدا ده‌جه‌نگا؟

ئه‌گه‌ر داوام لێ بکه‌یت، ئاماده‌م درێژه‌ به‌و پرسیارانه‌ بده‌م. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ده‌توانم له‌باره‌ی باقیی گوتاره‌که‌ته‌وه‌ پرسیارت ڕووبه‌ڕوو بکه‌مه‌وه‌.
ده‌متوانی پرسیاره‌کانت له‌ (ده‌نگه‌کان)دا ئاڕاسته‌ بکه‌م، به‌ڵام وام به‌ چاکتر زانی به‌ نامه‌ی داخراو بۆتیان بنێرم، چونکه‌ هه‌موو هاوڕێ نزیکه‌کانم ده‌زانن هه‌میشه‌ هه‌وڵم داوه‌ یه‌کێک نه‌بم له‌و نووسه‌رانه‌ی خوێنه‌ر به‌ شتێکه‌وه‌ خه‌ریک ده‌که‌ن، که‌ هیچ پرسیارێکی نوێی لا ناورووژێنێت، بگره‌ کاتی به‌ فیڕۆ ده‌دات و به‌ لاڕێیدا ده‌بات. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ کاتێ بڵاو بکرێته‌وه‌، که‌ له‌ ئه‌نجامی دایه‌ڵۆگه‌وه‌ چووه‌ته‌ ئاستێکی باڵاتره‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م دایه‌ڵۆگه‌یش له ‌نێوان تۆ و مندا ده‌ست پێ ده‌کات. تاکوو ئه‌و کاته‌ی بزانم تێیدا ڕووبه‌ڕووی پرسیاری نوێ ده‌بمه‌وه و به‌ر شتی کاریگه‌ر ده‌که‌وم‌، به‌ خۆشحاڵی و ئارامییه‌وه‌ درێژه‌ی پێ ده‌ده‌م. خۆیشت دواتر بڕیار ده‌ده‌یت‌، که‌ ئه‌و گفتوگۆیه‌ به‌ نامه‌ی داخراو بکه‌ین، یان به‌ ئاشکرا، ئینجا چ له‌ (ده‌نگه‌کان)دا بێت، چ له‌ که‌ناڵێکی تردا.
به‌وه‌یش ڕازیم ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی نامه‌ی داخراودا بکرێت، تۆ له‌ لای خۆت‌ و منیش له‌ لای خۆمه‌وه‌ هه‌ندێک نووسه‌ر و ڕۆشنبیری دیکه‌ بۆ ئه‌و گفتوگۆیه‌ بانگهێشت بکه‌ین، که‌ ئامانجم له‌وه‌دا ته‌نیا به‌رهه‌مهێنانی پرسیاری نوێیه‌. هیوادارم لای تۆیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بکه‌وێته‌وه‌. تۆ چ ڕێگه‌یه‌کت بۆ گفتوگۆ پێ باشه‌؟ ئه‌وه‌یان بۆ خۆت جێ ده‌هێڵم، چونکه‌ لای من خودی گفتوگۆکه‌ ئامانجه‌.
ئه‌وه‌یش گرنگه‌ بگوترێت، که‌ پرسیاره‌کانم پرسیاری دادگا نین. واته‌ کاتێ ده‌پرسم: بۆچی وات نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌مویست وات بکردایه‌، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یه‌ زیاتر خۆت له‌ ئاستی منی خوێنه‌ردا بکه‌یته‌وه‌. کاتێکیش ده‌پرسم: ئایا ده‌توانیت وا بکه‌یت، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ پێم وایه‌ له‌ توانات به‌ ده‌ره‌، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و توانایه‌ی هه‌ته‌، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و پرسیاره‌وه،‌ بجووڵێت. ئایا هیچ شتێکی دیکه‌ هێنده‌ی پرسیار توانای جووڵاندنی چ جه‌سته‌، چ فکر و چ خه‌یاڵی هه‌یه‌؟
کاک که‌ریمی خۆشه‌ویست!
دوای ئه‌وه‌ی پرسیاره‌کانم ئاڕاسته‌ کردیت، ڕێ به‌ خۆم ده‌ده‌م جارێک وه‌ک خوێنه‌ر و جارێک وه‌ک هاوڕێیه‌ک پێشنیازێکت بخه‌مه‌ به‌رچاو، که‌ ئه‌ویش هه‌ر له‌ شێوه‌ی پرسیاردایه‌:
ده‌کرێت جارێکی دیکه‌ به‌م گوتاره‌تدا بچیته‌وه‌ و دایبڕێژیته‌وه‌؟

پێنج پرسیاری دیکه‌:

یه‌که‌م: ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ت دابڕێژیته‌وه‌، فریای ڕزگارکردنی هه‌ر جوانییه‌کت ناکه‌ویت، که‌ له‌ ڕابوردوودا به‌ ده‌ستت هێناوه‌؟
دووه‌م: ئه‌گه‌ر خۆت وه‌ک خوێنه‌رێک ئه‌م گوتاره‌ت بخوێنیته‌وه‌ و جوانترین په‌ره‌گرافی تێدا هه‌ڵبژێریت، ده‌ست ده‌خه‌یته‌ سه‌ر کامیان؟
سێیه‌م: پێت وایه‌ ئه‌گه‌ر نووسه‌رێکی داهێنه‌ر بیه‌وێت له‌باره‌ی هه‌ر یه‌ک له‌ چه‌مکه‌کانی ڕۆمان، یاداشت و یاده‌وه‌رییه‌وه‌ باسێک بنووسێت، ئه‌و گوتاره‌ی تۆی بۆ ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ؟
چواره‌م: ئایا ئه‌م گوتاره‌ هیچ شتێک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ پێشتر به‌ ده‌ستت هێناوه‌‌؟ به‌ مانایه‌کی دیکه:‌ تۆ پێویستت به‌م بابه‌ته‌ هه‌یه، بۆیه‌ نووسیوته‌ و بڵاوت کردووه‌ته‌وه‌‌؟
پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌م گوتاره‌ت پێش بڵاوکردنه‌وه‌ پێشانی یه‌کێ له‌و نووسه‌ره‌ لاوانه‌ی ده‌وروبه‌رت بدابووایه‌، یان ئه‌گه‌ر بۆ یه‌کێ له‌و مرۆڤه‌ هۆشیارانه‌ت بناردایه‌، که‌ نانووسن، به‌ڵام له‌ زۆر نووسه‌ری ناسراوی خۆمان زیاتر ده‌خوێننه‌وه‌ و قووڵتر له‌ دنیا ده‌ڕوانن؛ کۆمه‌ڵێ سه‌رنجی وردی له‌باره‌یه‌وه‌ بۆ نه‌ده‌نووسیت‌؟ ئایا ئه‌و سه‌رنجانه‌ وایان لێ نه‌ده‌کردیت به‌ سه‌رتاپێیدا بچیته‌وه‌، بگره‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ست له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یشی هه‌ڵبگریت؟
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم ئه‌م پرسیارانه‌م ته‌نیا پێوه‌ندییان به‌م گوتاره‌ی تۆوه‌ هه‌یه‌، ده‌نا نه‌ دوور و نه‌ نزیک به‌ لای به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌تدا ده‌چن. هه‌ر تێکستێک پرسیاری جیاوازی خۆی ده‌سه‌پێنێت. پێویسته‌ ئه‌وه‌یش بزانیت، که‌ ئه‌و پرسیارانه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ئاڕاسته‌ی تۆن، ئاڕاسته‌ی خۆیشمن، مادام له‌ ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌ی خۆمه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌. ده‌بێت هه‌رچۆنێکه‌ سوپاست بکه‌م، که‌ ئه‌و گوتاره‌ی تۆ هێنده‌ی دی له‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ ترساندمی. پێویسته‌ من له‌مه‌ودوا زیاتر ئاگام له‌ خۆم بێت چی به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێم. هیوادارم به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ پرسیاره‌کانی منیش ترسیان لای تۆ خوڵقاندبێت. باوه‌ڕ ده‌که‌م وه‌ک زۆر نووسه‌ری دیکه‌ گوتبێتت پێم خۆشه‌ خوێنه‌ر به‌ پرسیار ڕووبه‌ڕووم ببێته‌وه‌. فه‌رموو، ئه‌وه‌ خوێنه‌رێک و کۆمه‌ڵێک پرسیار!(9)
ڕێز و خۆشه‌ویستیی زیاتر بۆ تۆی ئازیز، کاک که‌ریم گیان!

کاروان کاکه‌سوور

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) بۆم ده‌رکه‌وتووه‌ گوتاره‌که‌ پێشتر له‌ یه‌کێ له‌ ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی (هیچ)یشدا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

(2) بۆ نموونه‌ یه‌کێ له‌ ڕه‌خنه‌گره‌ میلـلییه‌کان، که‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ به‌رده‌وام گوتار له‌ دوای گوتار ده‌نووسێت، به‌ پێوه‌ری (چاکه‌وخراپه‌) بڕیار له‌سه‌ر تێکست ده‌دات و هه‌ر به‌ زمانی ڕۆژانه‌ لێیانه‌وه‌ ده‌دوێت، ماوه‌یه‌ک هه‌ر بابه‌تێکی بڵاو بکردایه‌ته‌وه‌، به‌ پرسیار ڕووبه‌ڕووی ده‌بوومه‌وه‌. سه‌ره‌تا وه‌ڵامی هه‌ندێک له‌ پرسیاره‌کانمی ده‌دایه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ نا، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ هه‌ندێک شت بکات، به‌ڵام دواجار ته‌واو ده‌نگی بڕا. ئه‌م ئه‌زموونه‌یش بۆ من گرنگه‌ و ڕۆژگارێک بۆی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

(3) خوێنه‌ر ده‌توانێت گوتاره‌که‌ له‌ (ده‌نگه‌کان)، یان له‌ (ماڵێک له‌ ئاسمان)دا بخوێنێته‌وه‌.

(4) خوێنه‌ر ده‌توانێت نامیلکه‌که‌ له‌ یه‌كێ له‌و دوو ماڵپه‌ڕه‌ی پێشوودا بخوێنیته‌وه‌.

(5) به‌ بڕوای (پۆل ریکۆر) تێکست نووسینه‌وه‌ی قسه‌ (speech) نییه‌، به‌ڵکوو نووسینه‌وه‌ی مانا و مه‌به‌ستی قسه‌یه‌. ئه‌گه‌ر خودی قسه‌، یان گوته‌ نه‌نووسرێته‌وه‌، ئایا یاده‌وه‌ری ده‌نووسرێته‌وه‌؟ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ڕێ به‌ خۆم ده‌ده‌م بڵێم‌ فیکه‌ نانووسرێته‌وه‌، به‌ڵام مانا و مه‌به‌ستی فیکه‌ ده‌نووسرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌: (کوڕه‌که‌ فیکه‌یه‌کی بۆ هاوڕێکه‌ی لێ دا، تاکوو به‌ ئاگای بهێنێته‌وه‌ و پێی بڵێت سه‌یرم بکه‌!). من لانی که‌م به‌ هۆی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ به‌رهه‌مه‌کانی (ریکۆر)ـه‌وه‌ تێڕوانینێکم له‌باره‌ی تێکسته‌وه‌ لا دروست بووه‌. هیوادارم (که‌ریم کاکه)‌یش بمخاته‌ به‌رده‌م تێڕوانینێکی دیکه‌ی جیاوازه‌وه‌ و پێم بڵێت تێکست لای ئه‌و چۆنه‌. خوێنه‌ر ده‌توانێت له‌م ڕووه‌وه‌ ئه‌م گوتاره‌ بخوێنێته‌وه‌: (Ricouer: “What is text?” and “Metaphor and the problem of Interpretation”)، که‌ ئه‌مه‌ لینکه‌که‌یه‌تی:

Ricouer: “What is text?” and “Metaphor and the problem of Interpretation”

(6) سه‌رنجم داوه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ زمانی ڕۆژانه‌ باس له‌ چه‌مکه‌ فکری و ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌که‌ن، وا له‌ خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نن، که‌ ڕۆژگارێک زیاتر له‌ باره‌یانه‌وه‌ ده‌نووسن، بێ ئه‌وه‌ی وا بکه‌ن، به‌ڵام خۆزگه‌ (که‌ریم کاکه‌) له‌وان نه‌چێت و بۆ یه‌که‌مجار ئه‌و به‌ڵێنه‌ بباته‌ سه‌ر! واته‌ لانی که‌م پێمان بڵێت ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کورددا چۆنن! من خۆم له‌ ئێستاوه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و بابه‌ته‌یم. (دیاره‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت‌ باوه‌ڕم وایه‌ یاده‌وه‌ری ده‌نووسرێته‌وه‌ و ده‌کرێته‌ ده‌ق، وه‌ک ئه‌م وای گوتووه‌ و پۆل ریکۆریش پێچه‌وانه‌که‌ی. پێم وایه‌ هه‌ر کاتێ فیکه‌ نووسرایه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌م ده‌یڵێت‌، ئه‌وده‌م نۆره‌ی یاده‌وه‌رییش دێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌گه‌ر نموونه‌ی بۆ هێنامه‌وه وه‌ک گوتوویه‌تی ده‌بێت کارێکی وا بکرێت‌، به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌).

(7) خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ زمانی ڕۆژانه‌ ده‌نووسن، باسکردنی ته‌کنیک (Technique)ـه‌، بێ ئه‌وه‌ی بۆ جارێکیش بڵێن مه‌به‌ستیان له‌و چه‌مکه‌ چییه‌، چونکه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌و گوته‌یه‌یان وه‌ک فۆلکلۆر له‌ زاری ئه‌م و ئه‌وه‌وه‌ وه‌ر گرتووه‌ و کۆنتێکسته‌کانی ناناسن. ئایا ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌و تێرمه‌ له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا خاوه‌نی چ پرۆبله‌ماتیکێکی گه‌وره‌یه‌، هێنده‌ به‌ ئاسانی لێوه‌ی ده‌دوێن؟ هیوادارم (که‌ریم کاکه‌) له‌وانه‌ نه‌بێت و ڕۆژگارێک لانی که‌م له‌م ڕووه‌وه‌ گوتارێکمان بۆ بنووسێت. خۆ ئه‌گه‌ر پێشتر نووسیویه‌تی، ئه‌وا کاتێ بۆمی ده‌نێرێت، سوپاسی ده‌که‌م و به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌. له‌ ئێستاوه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و گوتاره‌یم. ڕاستییه‌که‌یشی، که‌ له‌و شوێنه‌دا نووسیویه‌تی: (ئه‌وه‌ی رۆمان و یاده‌وه‌ری لێكنزیك ده‌كاته‌وه‌ هه‌ندێ ره‌گه‌ز و ته‌كنیكن)، مانای وایه‌ ته‌نانه‌ت ڕوانینێکی دروستی نه‌ بۆ (ڕه‌گه‌ز) و نه‌ بۆ‌ (ته‌کنیک)یش هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌و وای پێشان داوه‌ (ڕه‌گه‌ز) له‌ لایه‌ک و (ته‌کنیک) له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ڕۆمان و یاده‌وه‌ری له‌ یه‌ک نزیک ده‌که‌نه‌وه‌. گوتمان یاده‌وه‌ری نه‌ له‌ ڕۆمان دوور ده‌که‌وێته‌وه‌ و نه‌ نزیکیش، که‌ ئه‌مه‌ گوته‌یه‌کی‌ بێبنه‌مایه و له‌ ده‌می ده‌رچووه‌‌، به‌ڵام ئایا ته‌کنیک خۆی ڕه‌گه‌ز نییه؟ دیاره‌ چه‌مکی ڕه‌گه‌ز (Element)یش وه‌ک هیی ته‌کنیک له‌ناو زماندا خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره‌یه‌‌ و کۆمه‌ڵێک مانای زۆر جیاوازی هه‌ن‌، که‌ به‌پێی کۆنتێکسته‌کان ئه‌و مانایانه‌ ده‌گۆڕێن. باوه‌ڕ ناکه‌م (که‌ریم کاکه)‌ بتوانێت دوو لیست دروست بکات، یه‌کێ بۆ ڕه‌گه‌زه‌کان و ئه‌وه‌ی تریان بۆ ته‌کنیکه‌کان، گوایه‌ ئه‌وانه‌ ڕۆمان و یاده‌وه‌ری له‌ یه‌ک نزیک ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌گه‌ر وای کرد، به‌ بایه‌خه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانم. کاتێکیش ده‌ڵێم ناتوانێت، مه‌به‌ستم نییه‌ له‌ توانای که‌م بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌زانم ته‌کنیک خۆی ڕه‌گه‌زه‌… به‌ڵام ڕه‌گه‌زی چییه‌؟ ئه‌وه‌ به‌پێی کۆنتێکسته‌که‌ی ده‌یزانین. به‌کورتی شته‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌: له‌ لایه‌ک به‌ هه‌ڵه‌ گوتوویه‌تی هه‌ندێک ڕه‌گه‌ز و ته‌کنیک ڕۆمان و یاده‌وه‌ری له‌ یه‌ک نزیک ده‌که‌نه‌وه‌، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌ دروستی‌ وشه‌کانی ڕه‌گه‌ز و ته‌کنکی به‌ کار نه‌هێناوه‌. من، که‌ به‌رده‌وام گوتوومه‌ ڕه‌خنه‌ی میللی توانای دروستکردنی هیچ ئاڕاسته‌یه‌کی نییه‌ له‌ناو فکر و تێڕوانیندا، له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ نموونه‌یه‌مه‌. ئه‌وه‌تا ئه‌و چه‌مکانه‌ی دنیای ئه‌ده‌ب و فکر، که‌ فیلۆسۆف و ڕه‌خنه‌سازه‌ گه‌وره‌کانیان به‌ خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردووه‌، که‌چی لێره‌دا سووکوئاسان ده‌هێنرێنه‌ ئاستی میللییه‌وه‌ و به‌ زمانی ڕۆژانه‌ قسه‌یان لێوه‌ ده‌کرێت.

(8) John Phillips, Paul de Man’s ’’Semiology and Rhetoric:
https://courses.nus.edu.sg/course/elljwp/deMan.htm

(9) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ نامه‌یه و ئاڕاسته‌ی که‌سێکی ڕاسته‌قینه‌یه‌‌، نه‌وه‌ک گریمانی، بۆیه‌ نه‌مویستووه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌ربچم. واته‌ ڕه‌چاوی مێتۆدی نامه‌‌م کردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ وشه‌ی (کاک)م خستووه‌ته‌ به‌رده‌می ناوه‌که‌ی، له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ شتێکی پێویست نییه‌ له‌ نووسیندا.




پێشه‌کییه‌ک بۆ کتێبی (ڕاگه‌ردان) … کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

کتێبی (ڕاگه‌ردان) له‌ چیرۆک، تێکستی شانۆ و شیعر پێک هاتووه‌، که‌ پێشه‌کییه‌کم بۆی نووسیوه‌ و نیاز وایه‌ ئه‌مساڵ (غه‌زه‌لنووس) چاپی بکات. وام به‌ چاک زانی ئه‌و پێشه‌کییه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆیش بڵاو بکه‌مه‌وه‌.

ڕاگه‌ردان

(پاشکۆی به‌رهه‌مه‌کانم)

کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

پێشکەشە بە (سەڵاح جەوهەر)، ئەو مرۆڤەی بە (نا) لە دایک بوو، بە (نا) زمانی پژا. بە هەمان (نا) پێی گرت و بە هەمان (نا) چووە قوتابخانە. بە هەمان (نا) خوێندییەوە و بە هەمان (نا)ی نووسی. لە (16.11.1982) بە هەمان (نا) ڕووبەڕووی (ئا)ی ستەمی بەعس بووەوە و هەمان (نا)ی لە دوای خۆیدا جێ هێشت… به‌ڵێ، (ئا)کان‌ خوێنی (نا)یه‌کیان ڕشت و ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای چیرۆکه‌ بێکۆتاییه‌که‌یه‌:….

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرە بکەن ……….




زۆرایه‌تی و جاگلەر … کاروان کاکه‌سوور

 

هه‌وڵێک بۆ لێکدانه‌وه‌ی سێکوچکه‌ی ڕۆشنبیر، ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه

چه‌مکی ڕۆشنبیر هه‌میشه‌ ئه‌و چه‌مکه‌ بزێو و‌ یاخییه‌ بووه‌، که‌ ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفانی به‌ خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌، بۆیه‌ ته‌نیا له‌ بواری سیاسه‌تدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و چووه‌ته‌ ناو هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌یشه‌وه‌.‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ده‌بینین زۆرترین پێناسه‌ی بۆ کراوه‌. له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی کێیسی دریفوس‌ (Dreyfus)‌ له‌ ساڵی (1894)دا‌ چه‌مکی ڕۆشنبیر زیاتر خۆی به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفاندا ده‌سه‌پێنێت. کاتێ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ جووه‌ی سوپای فره‌نسا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کرێت، گوایه‌ ناپاکه‌ و سزای کوشتنی بۆ ده‌رده‌چێت، (ئه‌میل زۆلا) به‌ بابه‌تێک، یاخود به‌ نامه‌یه‌ک به‌رگریی لێ ده‌کات و به‌رگرییه‌که‌ی کاردانه‌وه‌ و کاریگه‌ریی به‌رچاوی ده‌بێت، بگره‌ ئه‌وه‌ ڕێگاردێکی گه‌وره‌ به‌ ناوی ڕۆشنبیر ده‌به‌خشێت، که‌ چۆن وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ڕه‌خنه‌گر و یاخی ده‌توانێت له‌ ئاستی ده‌سته‌ڵاته‌کاندا بوه‌ستێته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی جیاواز له‌ هه‌ر کێیسێکدا بهێنێته‌ کایه‌وه‌، که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ورووژێت.
به‌وه‌دا چه‌مکی ڕۆشنبیر ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌ چه‌مکێکی دیکه‌وه‌ به‌نده‌، که‌ ئه‌ویش چه‌مکی ده‌سته‌ڵاته‌، ئاڵۆزتر بووه‌، به‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌یش هه‌ر خۆی خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره‌یه‌. ئه‌و دوو چه‌مکه‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ر ڕۆشنبیرێکدا ده‌سه‌پێنن، که‌ تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی بۆیان هه‌بێت، وه‌ک بڵێی هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوو به‌ که‌ڵکی ئه‌م نه‌یه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌یه‌ ناچار ده‌بێت پێناسه‌ی نوێ بۆ ئه‌و دوو چه‌مکه‌ بکات، که‌ له‌ لایه‌ک به‌ قووڵی و ئازاره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ لایه‌کی دی ئاستی هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ی دی تێده‌په‌ڕێنێت، که‌ پێشتر خراونه‌ته‌ ڕوو. ده‌کرێت له‌وه‌ ڕوونتر ده‌ریببڕین و بڵێین کاتێ ڕۆشنبیر له‌سه‌ر شێوازی تایبه‌تی خۆی و به‌ مێتۆدی ڕه‌خنه‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، نایه‌وێت به‌ هیچ تێگه‌یشتن و پێناسه‌یه‌کی پێشتر و هیی هاوکاتی خۆی ڕازی ببێت، به‌ڵکوو تێگه‌یشتن و پێناسه‌ی نوێ و سه‌ربه‌خۆ داده‌هێنێت. که‌واته ڕوانینی هه‌ر ڕۆشنبیرێک بۆ چه‌مکه‌کانی (ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵات) له‌ هیی یه‌کێکی دی جیاوازه‌ و هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌یشه‌ پێگه‌که‌ی‌ دیاری ده‌کات. ئه‌و دوو چه‌مکه‌یش به‌ چه‌مکێکی دیکه‌وه‌ پێوه‌ستن، که‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌. ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ داده‌پۆشێت، زۆرایه‌تی (Majority)یه‌‌. به‌کورتی له‌نێوان ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵاتدا زۆرایه‌تییه‌‌ک هه‌یه‌، که‌ ڕۆڵی گه‌وره‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌بینێت، بگره‌ ته‌نیا ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌یه‌ پێوه‌ندیی نێوانیان دێنێته‌ ئاراوه‌، ئینجا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ چ له‌ شێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا بێت، چ له‌ شێوه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌داندا و چ له‌ شێوه‌ی دیکه‌دا.
کاتێ ده‌گه‌ینه‌ چه‌مکی (زۆرایه‌تی‌)، ناکرێت خێرا و به‌ ئاسانی لێی تێبپه‌ڕین، به‌وه‌ی له‌وێدا کۆمه‌ڵێک پرسیار پێشمان لێ ده‌گرن، که‌ گرنگترینیان ئه‌و داموده‌ستگه‌یانه‌ له خێزان،‌ قوتابخانه‌، په‌رستگه‌وه‌‌ تاکو ده‌گاته‌ حزب چۆنن و له‌ چ ئاستێکدان، که‌ ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ پێوه‌ندیی پێیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و وزه‌یان لێ وه‌رده‌گرێت؟ کاریگه‌ریی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ چ له‌سه‌ر ئه‌و داموده‌ستگه‌یانه‌ و چ له‌سه‌ر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌دا چۆنه‌ و به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌رکه‌وتووه‌؟
زۆرایه‌تی‌ بۆیه‌ زۆرایه‌تییه‌‌، چونکه‌ له‌ دۆخی جێگیریدایه‌. له‌ ئاستێکدا چه‌قی به‌ستووه‌، نه‌ جووڵه‌ و نه‌ ئاڕاسته‌ی جیاوازی هه‌یه‌. به‌ مانایه‌کی دی زۆرایه‌تی‌ له‌و بوونه‌وه‌رانه‌ پێک دێت، که‌ به‌ ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه‌‌ زه‌قه‌کانی وه‌ک ئایین، نه‌ته‌وه‌، نیشتمان، خاک، شه‌ره‌ف و هیی دیکه‌ ڕێکن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵیی گه‌وره‌ پێک ده‌هێنن. ئه‌وانه‌ له‌ کاتێکدا به‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی شێلگیر (ئیکستریم) ده‌ست به‌و چه‌مکه‌ زه‌قانه‌وه‌ ده‌گرن، به‌ڵام هاوکات نه‌ک ئاره‌زوویان نییه‌ له‌ پێکهاته‌یان‌ بکۆڵنه‌وه‌ و هه‌ڵیانبوه‌شێننه‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ ئاستی هه‌ر هێزێکی ڕه‌خنه‌ییشدا ده‌وه‌ستنه‌وه‌، کاتێ به‌ مه‌به‌ستی پرسیار و گومان لێیان نزیک ده‌بێته‌وه‌. به‌کورتی ئه‌وانه‌ که‌مترین شاره‌زاییان له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ باوه‌ڕ‌یان پێیان هێناون، بگره‌ ‌هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ وای کردووه‌ هێنده‌ پێیانه‌وه‌ پێوه‌ست ببن.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئایین، دروستتر ئایینی ئیسلام ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ی ئێمه‌ داده‌پۆشێت و ده‌بێته‌ چه‌ترێکی گه‌وره‌ بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان، بگره‌ بۆ هه‌موو ئاڕاسته‌کانی بیرکردنه‌وه‌ و تێڕوانینیش، که‌ ئامانجی سه‌ره‌کیی ئه‌وه‌یه‌ تێکڕایان بکاته‌ یه‌ک و ته‌باییان له‌نێواندا بهێنێته‌ گۆڕێ. به‌ مانایه‌کی دی خۆی هه‌ڵیانبسووڕێنێت و ڕێگه‌ نه‌دات هیچ ئاڕاسته‌یه‌ک به‌ جیاواز و سه‌ربه‌خۆ له‌وانه‌ی دی بجووڵێت. به‌م شێوه‌یه‌ ڕیچوه‌ڵی ئایینی ورده‌ورده‌ خۆی ده‌خزێنێته‌ ناو هه‌موو کایه‌کانی وه‌ک سیاسه‌ت، به‌ڕێوه‌بردن، مێدیا، ئه‌ده‌ب و بگره‌ هونه‌ریشه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ناو ئه‌م ڕیچوه‌ڵه‌دا بیه‌وێت له‌ پرینسیپه‌کانی ئه‌و ئایینه‌ بکۆڵێته‌وه و به‌ دوای ورده‌کارییه‌کانیدا بگه‌ڕێت‌. هێنده‌ هه‌یه‌ ئایینی به‌ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ساده‌یه‌ی خۆیدا ڕێک خستووه‌، که‌ سه‌قامگیرییه‌که‌ی لێ نه‌شێوێنێت و ڕووبه‌ڕووی پێکدادانی نه‌کاته‌وه‌‌‌‌، چونکوو ترسی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ر هێزێکه‌ ئه‌و دۆخه‌ی لێ تێک بدات و بیخاته‌ دۆخێکی دیکه‌ی جیاوازه‌وه‌، بۆیه‌ خۆی له‌و تاک و گرووپانه‌ دوور ده‌گرێت، کاتێ ده‌یانه‌وێت به‌ لای کارێکی وه‌هادا بچن. به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی سه‌رسام نابێت‌‌، ساتێ ده‌بینێت تێیدا مرۆڤ به‌ردباران ده‌کرێت، ده‌ستی دز ده‌بڕێت، ژن ده‌کرێته‌ که‌نیزه‌ و له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێت، زیندوو ده‌ستووتێنرێت، جزیه‌ به‌سه‌ر‌ کریستیه‌ن و ئێزیدیدا ده‌سه‌پێنرێت و زۆری دی، به‌ مه‌رجێ هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ تێکست هه‌ن‌ و له سه‌ره‌تاوه‌ پراکتیزه‌ کراون، بگره‌ له‌ کتێبه‌کانی خوێندنگه‌دا ده‌خوێنرێن. به‌ ڕوونی ده‌بینین داعشییه‌کان لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ په‌سه‌ند نین و به‌ گێره‌شێوێن داده‌نرێن. زووتریش کۆمۆنیزمی کرێکاری له‌به‌ر هه‌مان هۆکار نه‌یتوانی سه‌رنجی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ڕابکێشێت.
پێشتر گوترا زۆرایه‌تی‌‌ له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکه زه‌قانه‌وه‌ که‌مترین شاره‌زاییی هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداریشیان نابێت، چونکه‌ ده‌ستبه‌رداربوون خۆی یه‌کێکه‌ له‌و ترسانه‌ی نایه‌وێت ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌. به‌ ئاسانی واز له‌ هیچ باوه‌ڕێک ناهێنێت، که‌ پێشتر په‌سه‌ندی کردووه‌.‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆمان‌ هه‌موو شتێک که‌ڵه‌که‌ ده‌کات. به‌م شێوه‌یه‌ (پیرۆزی) و (که‌ڵه‌که‌کردن) دوو سیمای سه‌ره‌کیی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ن. سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌کانی قه‌بووڵه‌. له‌ یه‌ک کاتدا پارتی و ئیسلامییه‌کانی ده‌وێت‌. یه‌کێتی و گۆڕانی لا په‌سه‌نده‌، مادام ئه‌وانه‌ هه‌موویان له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا شوێنیان گرتووه‌ و نابنه‌ هۆی تێکچوونی ئارامییه‌که‌ی. ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ به‌ جلوبه‌رگی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و موزیکی هه‌ڵپه‌ڕکێوه‌ نه‌ورۆز ده‌کات و له‌ ڕه‌مه‌زانیشدا به‌ ڕۆژوو ده‌بێت. جبه‌ی خه‌لیجی ده‌پۆشێت، له‌چه‌ک ده‌به‌ستێت و په‌نا بۆ هه‌موو ته‌کنیکه‌کانی جوانکاری ماکیاژیش ده‌بات. دوژمنی سه‌رسه‌ختی سیکۆله‌ریزمه‌ و تێکڕای به‌رهه‌مه‌کانیشی نه‌ک به‌ کار ده‌هێنێت، بگره‌ تاکو ڕاده‌ی په‌رستن خۆشی ده‌وێن. ژماره‌ی مزگه‌وتی به‌ شێوه‌ی خه‌یاڵی زیاد ده‌کات و له‌ وڵاتێکی وه‌ک دانمارکیش پتر ئه‌لکوهوول له‌ شاره‌کانیدا ده‌فرۆشرێت. داتاکانیش به‌رده‌وام ئه‌وه‌ پێشان ده‌ده‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌یرکردنی فیلمی پۆرنۆگرافیدا له‌ پێشی پێشه‌وه‌ن‌.
گوتمان ئه‌وانه‌ به‌ ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه‌ گه‌وره‌کان ڕێکن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت‌ تێڕوانینی جیاوازیان نییه‌. هێنده‌ هه‌یه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ ته‌نیا پێوه‌ندیی به‌ فۆرمی ئه‌و چه‌مکانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌وه‌ک به‌ ناوه‌رۆکیانه‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌دا هه‌ر حزبێکی سیاسی سوود له‌و جیاوازییانه‌ ده‌بینێت و شوێنی خۆی لایان ده‌کاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌ر یه‌کێ له‌و چه‌مکانه‌وه‌ ده‌یڵێت، ته‌نیا له‌ شێوه‌دا له‌گه‌ڵ هیی پارتی جیاوازه‌، ده‌نا له‌ ناوه‌رۆکدا هه‌مان شته‌. هه‌ردوو لایان له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوکردنی ئه‌و باوه‌ڕانه‌دان، که‌ لای زۆرایه‌تی‌ پیرۆزن، به‌ڵام هه‌ر یه‌که‌ی له‌سه‌ر شێوازی خۆی، که‌ لێره‌دا هه‌موو حزبه‌کانی دیکه‌یش وه‌ک‌ گۆڕان و پارتی وان. له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا هیچ شتێک ون نابێت، به‌ڵکوو شوێنه‌که‌ی ده‌گۆڕێت. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا به‌ لێشاو بابه‌ت له‌باره‌ی لاوازبوونی یه‌کگرتووه‌وه‌‌ نووسراون، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی یه‌کگرتوو لاواز نه‌بووه‌، یان دروستتر به‌و شێوه‌یه‌ لاواز نه‌بووه‌، که‌ ئه‌وان ده‌یبینن، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ ناتوانێت له‌وه‌ گه‌وره‌تر ببێت، به‌وه‌ی وه‌ک هه‌ر لایه‌نێکی دی له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا پێگه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک چه‌سپاوی هه‌یه‌ و له‌وه‌ تێناپه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر یه‌کگرتوو به‌شێکی ئه‌ندامه‌کانی له‌ ده‌ست داون‌،‌ مانای وا نییه‌ ئه‌وانه‌ له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا نه‌ماون، به‌ڵکوو ته‌نیا جێگۆڕکێیان کردووه‌، به‌وه‌ی چوونه‌ته‌ ناو گۆڕانه‌وه‌، یان خۆیان له‌ ڕیزی سه‌له‌فییه‌کاندا دۆزیوه‌ته‌وه، که‌ ئه‌وانیش ئه‌مڕۆ ‌لای زۆرایه‌تی‌ خۆشه‌ویستن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیشی فۆرمێکی چه‌سپاوی وه‌رگرتووه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ یه‌کگرتوو له‌وه‌ زیاتر تێناپه‌ڕێت، بگره‌ پێویستیشی به‌وه‌ نییه‌ له‌وه‌ زیاتر په‌ره‌ بستێنێت. به‌ مانایه‌کی دی هه‌ر لایه‌نێک له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا سنوورێکی بۆ خۆی کێشاوه‌، که‌ نایه‌وێت بیبه‌زێنێت، چونکه‌ به‌زاندنی سنووره‌که‌ تووڕه‌بوونی خودی زۆرایه‌تییه‌که‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. مرۆڤ کاتێ سه‌رنج له‌ پێوه‌ندیی ئه‌و حزبه‌ سیاسییانه‌ ده‌دات، به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌بینێت، چۆن هه‌ر کاتێ ده‌گه‌نه‌ ئاستی تووڕه‌بوون، خێرا هێمن ده‌بنه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ داده‌نیشن، بگره‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌وه‌ی به‌ شانوباڵی یه‌کدیدا هه‌ڵبده‌ن، نه‌بادا ئه‌و گرژییه‌ ببێته‌ هۆی تێکچوونی ئارامیی زۆرایه‌تی‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ناوی یاسای سه‌رۆکایه‌تییه‌وه‌ ورووژاوه‌، له‌ گه‌مه‌یه‌کی سیاسی به‌ولاوه‌، شتێکی دیکه‌ نییه‌.( ) هه‌ندێک له‌ گه‌رمه‌ی حه‌ڤده‌ی شوباتدا وایان ده‌زانی جارێکی دی ببڕای ببڕای گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی ئاشت نابنه‌وه‌، وه‌ک چۆن باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد ڕۆشنبیران به‌ لای داموده‌ستگه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌دا بچنه‌وه‌، که‌چی ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بینرا. پێشبینی ده‌کرا یه‌کێتی لانی که‌م شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بتوێته‌وه‌ و شوێنه‌واری نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌ویش له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا هه‌مان ئه‌و قورساییه‌ی هه‌یه‌، که‌ پێش حه‌وت ساڵ هه‌یبوو. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌ ده‌ستی داون، هێشتا له‌ژێر چه‌تره‌که‌دان. به‌کورتی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ دایکێکی میهره‌بانه‌ و هه‌موو ڕۆڵه‌کانی خۆی خۆش ده‌وێت و ده‌یانپارێزێت، بگره‌ هه‌وڵی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات له‌ ده‌ستیان نه‌دات.
زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆ، دروستتر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ فۆرمێکی دیاریکراوی وه‌رگرتووه‌ و تاکو ئێستایش له‌ناویدا ماوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ له‌ زۆرایه‌تیی شه‌سته‌کان، حه‌فتاکان و هه‌شتاکان جوودا ده‌کرێته‌وه‌، که وه‌ک پێشتر گوترا له‌ژێر چه‌تری ئیسلامیدایه، به‌ڵام ئه‌وان له‌ژێر چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی، چه‌پگه‌رایی و لیبرالیدا بوون (له‌گه‌ڵ پارێزی زۆرم بۆ هه‌رسێ چه‌مکه‌که‌). زۆرایه‌تیی ئه‌وده‌م‌ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکاندا پارتیی هه‌ڵدایه‌ ده‌رێ، که‌چی له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کاندا‌ ئه‌م زۆرایه‌تییه‌‌ هێنایه‌وه‌، چونکه‌ له‌و کاته‌وه‌ زۆرایه‌تی‌ موڵکی لایه‌نێکی دیاریکراو نییه‌، به‌ڵکوو هیی سه‌رجه‌م لایه‌ن و ئاڕاسته‌کانه‌. زۆرایه‌تیی هه‌شتاکان له‌ ڕاپه‌ڕیندا به‌عسی له‌ شاره‌کانی کوردستان به‌ ده‌ر نا و له‌و پێناوه‌دا ڕووبارێک خوێنی ڕشت، که‌چی زۆرایه‌تیی دوای ڕاپه‌ڕین به‌ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ هێنایه‌وه‌. ئه‌مڕۆ مرۆڤ ده‌توانێت به‌ ئاسانی له‌ پاڵ حزبه‌کانی دیکه‌دا به‌عسیش ببینێت، بگره‌ ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ مێدیای یه‌کگرتوودا (سه‌دام حسێن) وه‌ک موجاهیدێکی شه‌هید پێشان بدرێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناڕه‌زاییه‌ک لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ دروست ببێت. له‌ فه‌یسبووکدا زووزوو جوانترین وێنه‌ی ئه‌و سه‌رۆکه‌ به‌ قورئانێکه‌وه‌ ده‌بینرێت و ئامۆژگاری و گوته‌ نه‌سته‌قه‌کانی به‌ زمانی کوردی بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌. دیسان ده‌یڵێینه‌وه‌، که‌ زۆرایه‌تیی هه‌موو حزب و لایه‌نه‌کان له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا په‌یمانیان به‌ستووه‌ شه‌ڕ به‌ یه‌کدی نه‌فرۆشن. هێنده‌ی حزب و ڕێکخراوه‌کان‌ ڕۆڵیان له‌وه‌دا هه‌بووه‌ زۆرایه‌تی‌‌ یه‌کڕه‌نگ و هاوئاهه‌نگ بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ زۆرایه‌تییش وای کردووه‌ ئه‌وان به‌ چه‌سپاوی بمێننه‌وه‌ و گۆڕانکاری له‌ خۆیاندا نه‌که‌ن. واته‌ به‌ بیری نوێ و سیستێمی نوێ ڕووبه‌ڕووی نه‌بنه‌وه‌. دیسان جه‌خت له‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان یه‌ک سیستێمی بیرکردنه‌وه‌ و یه‌ک شێوازی ڕاگه‌یاندن پێڕۆیی ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت گۆڕان گوایه‌ هاتووه‌ ئه‌و ستایله‌ بگۆڕێت، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر نه‌یگۆڕیوه‌، به‌ڵکوو له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دی زیاتر پابه‌ندی خواستی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌یه‌، بگره‌ پێی وایه‌ ئه‌وان که‌مته‌رخه‌من و خۆی له‌پێناوی پڕکردنه‌وه‌ی که‌موکووڕییه‌کاندا تێده‌کۆشێت. به‌م شێوه‌یه‌ بایه‌خی سه‌ره‌کیی گۆڕان بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی نۆرمی ئایینی و نماییشی کاره‌کته‌ری ئایینییه‌، که‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ سیمای زۆرایه‌تییان پێوه‌ دیاره‌. هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا پێگه‌ی پیاوی ئایینی زۆر به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ و له‌ بوونه‌وه‌رێکه‌وه‌، که‌ پێش ڕاپه‌ڕین نه‌یتوانیوه‌، یان ڕێگه‌ی پێ نه‌دراوه‌ له‌ ڕۆڵی ئامۆژگاری زیاتر بگێڕێت (ئه‌ویش له‌ سنوورێکی ته‌سکدا)‌، بۆ بوونه‌وه‌رێکی دی ده‌گۆڕێت، که‌ بڕیار له‌سه‌ر شێوازی حوکمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن ده‌دات. واته‌ ده‌سته‌ڵاتی پیاوی ئایینی ته‌نیا له‌ سنووری کۆمه‌ڵایه‌تیدا نامێنێته‌وه‌، به‌ڵکوو ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر که‌ناڵه گرنگه‌‌کانی سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌واییشدا بگرێت، که‌ ئه‌مه‌یش ته‌واو له‌گه‌ڵ خواستی زۆرایه‌تیدا ڕێکه‌.
هه‌میشه ئه‌ندامانی‌ زۆرایه‌تی‌ به‌ زمانی ئه‌و ئیدۆلۆگییه‌ ده‌ده‌وێن، که‌ زاڵه‌‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشیان نه‌بێت. له‌ پێش ڕاپه‌ڕیندا هه‌ر ڕسته‌یه‌ک وشه‌ی هه‌ژاری، برسێتی، جیاوازیی چینایه‌تی و هیی له‌م بابه‌ته‌ی تێدا بووایه‌، وا لێک ده‌درایه‌وه‌ له‌پێناوی کۆمۆنیزمدا گوتراوه‌. ئه‌مڕۆیش هه‌ر زمانێک توانای تێپه‌ڕاندنی نه‌بێت، له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی زمانی زۆرایه‌تی‌. به‌ ناوی (یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان)ـه‌وه‌ تێکستێکی ناڕه‌زایی له‌باره‌ی کوژرانی مامۆستایه‌کی زانکۆوه‌ نووسراوه‌‌، به‌ڵام به‌ زمانێکی میللی، که‌ پڕه‌ له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی مرۆڤ له‌ ده‌می پیاوانی ئایینییه‌وه‌ ده‌یانبیستێت. تێکسته‌که‌ به‌م دوو ڕسته‌یه‌ کۆتاییی پێ هێنراوه‌: (نەفرەت لە ئەنجامدەری ئەو تاوانەو جەهەنەم جێگای ئەبەدی بێت).( ) له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی که‌لتووری زاره‌کییان تێپه‌ڕاندووه‌ و بایه‌خی نووسینیان زانیوه‌، منداڵی باخچه‌ی ساوایانیشیان ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ به‌ کار ناهێنن. ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ دۆخێکدا ده‌ژین، که‌ هه‌موو تاکه‌کان به‌ یه‌ک زمان ده‌دوێن و یه‌ک بیرکردنه‌وه‌یان هه‌یه‌. زمانه‌که‌ میللی‌ و بیرکردنه‌وه‌که‌یش چه‌ند بڵێی سه‌ره‌تاییه‌. تاکو کۆتاییی هه‌شتاکانیش مرۆڤ ده‌یتوانی به‌ ئاسانی ئاستی زمانی تاکه‌کان له‌ یه‌کدی جوودا بکاته‌وه‌ و به‌ ڕوونی جیاوازییه‌کان ببینێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ کارێکی له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌سته‌مه، بۆیه‌ زمانی ئه‌ندامانی (یه‌کێتیی مامۆستایان) هه‌مان زمانی ئه‌وانه‌ی دیکه‌یه‌‌. سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت ناوی ڕێکخراوه‌که‌یشیان به‌ دروستی بنووسن.( ) ئه‌وه‌یش سه‌یر نییه‌، که‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ زمان و نووسین بایه‌خیان نامێنێت و که‌مترین قسه‌یان لێوه‌ ده‌کرێت، له‌ کاتێکدا به‌ درێژاییی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ و لینگویستک ئه‌مانه‌ وه‌ک دوو قورسترین پرسیار خۆیان به‌سه‌ر فه‌یله‌سووف و زمانناساندا سه‌پاندووه‌.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ پرسیاری (تۆ باوه‌ڕداریت، یان بێباوه‌ڕ؟)، دروستتر (تۆ موسڵمانیت، یان کافر) لای زۆرایه‌تی‌ دێته‌ ئاراوه‌، که‌ مه‌به‌ستیه‌تی به‌ر له‌ هه‌ر ڕه‌گه‌زێکی شه‌ڕانگێز و جیاواز بگرێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ پرسیاری دیسپۆتیکی ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه‌ و گومانی له‌ دڵدا بڕووێنێت. ئه‌مه‌ به‌ گرنگترین پرسیار ده‌زانێت، چونکه‌ هه‌مووان له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا کۆ ده‌کاته‌وه‌ و سنووری نێوان تاکه‌کان ده‌سڕێته‌وه‌. ده‌شێت هه‌ڤاڵێکی پارتی، ئه‌ندامێکی یه‌کێتی، گۆڕانخوازێک، بانگخوازێکی یه‌کگرتوو، مه‌لایه‌کی کۆمه‌ڵ، کادیرێکی شیوعی و ڕه‌فیقێکی به‌عس پێکه‌وه‌ کۆ بکاته‌وه‌، که‌ بێگومان هه‌ر وایشی کردووه‌. وه‌ک گوترا هه‌موویان به‌ ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه‌ گه‌وره‌کان ڕێکن، به‌ڵام له‌باره‌ی فۆرمیانه‌وه‌ بینینی جیاوازیان هه‌یه‌. ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی که‌مایه‌تین، چونکه‌ لایان ڕوونه‌ ئه‌وه‌ی ئارامییان لێ ده‌شێوێنێت، هه‌ر که‌مایه‌تییه‌‌. ئاماده‌ن‌ له‌پێناوی سزادانی نووسه‌رێک، یان هونه‌رمه‌ندێکدا ده‌ست له‌ ئیشوکار هه‌ڵبگرن و مانگێک له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا بهاڕێنن.( )
ئێستا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بپرسین‌: ئایا ڕۆشنبیرمان‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ چۆن له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیماندا‌ ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌؟ زۆرایه‌تیمان‌ توانای جووڵاندنی ڕۆشنبیرمانی هه‌یه‌؟ ڕۆشنبیرمان گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی زۆرایه‌تیمان بورووژێنێت و ئاڕاسته‌ی نوێی تێدا دروست بکات؟
به‌گشتی کۆمه‌ڵگه‌کان به‌ر دوو جۆر ڕۆشنبیر ده‌که‌ون:
یه‌که‌میان، ڕۆشنبیرێکی ساده‌یه‌ و هه‌مان تێڕوانینی خه‌ڵکی بۆ چه‌مکه‌‌کان هه‌یه‌. به‌ مانایه‌کی دی‌ ئاستی جه‌ماوه‌ر تێناپه‌ڕێنێت، بۆیه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی نییه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێک له‌و زۆرایه‌تییه‌‌. ژماره‌یان زۆره‌ و له‌ هه‌موو شوێنێکدا به‌رچاو ده‌که‌ون. هه‌میشه‌ لایه‌نه‌گری شتێک و دژی شتێکی دیکه‌ن‌. زووزوو ده‌رده‌که‌ون و ناسراون، به‌ڵام هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نییه‌. پێوه‌ندیی سه‌ره‌کییان به‌ ڕووداوی ڕۆژانه‌وه‌ هه‌یه‌ و که‌متر به‌ لای شته‌ شاراوه‌کاندا ده‌چن. به‌شێکیان ده‌رچووی‌ زانکۆکان و به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان ئه‌ماچه‌رن‌، واته‌ ئاره‌زوویان لێیه‌ ئه‌رکی ڕۆشنبیر ببینن. لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌ بڵێین، که‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ساده‌ نییه‌، ده‌رچووی زانکۆیه‌، به‌ڵام به‌گشتی زانکۆکان ڕۆشنبیری ڕووکه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنن. کاتێکیش هه‌ندێک ڕۆشنبیری ده‌رچووی زانکۆ ئه‌م ئاسته ساده‌یه‌‌ تێده‌په‌ڕێنن،‌ ئه‌و تێپه‌ڕاندنه‌ به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی خۆیانه‌.
دووه‌میان، ڕۆشنبیرێکی ڕه‌خنه‌گره‌. نه‌ دژه‌ و نه‌ دۆسته‌، به‌ڵکوو که‌سێکی ڕاڤه‌کاره‌‌. له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ ئه‌رکی ڕه‌خنه‌ تێپه‌ڕاندن و کردنه‌وه‌ی که‌ناڵی نوێیه‌ له‌ هه‌ر بابه‌تێکدا، که‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌‌. به‌وه‌دا سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ی فکرییه‌، که‌م ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌رکه‌وتنێکیدا ئایدیای نوێ ده‌هێنێت و پرسیاری دڵڕه‌قانه‌ ده‌ورووژێنێت. زمانێکی ئاسانی نییه‌، چونکه‌ ئاستی تێگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ری تێپه‌ڕاندووه‌. ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ خۆشیان ناوێت‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه‌ کاریگه‌ریی هه‌یه‌.
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یش به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان‌ خاوه‌نی ئه‌و دوو جۆره‌ ڕۆشنبیره‌یه‌، به‌ڵام کاتێ ئه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاو، که‌ زمانی ڕۆژانه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ڕۆڵی گه‌وره‌ له‌ دروستبوونی ڕۆشنبیردا ده‌گێڕێت، ئه‌وا ده‌کرێت بڵێین هه‌ردوو جۆره‌که‌ لاوازن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ر ده‌رنه‌که‌وتووه‌، به‌وه‌ی زمانی ڕۆژانه‌مان‌ هێشتا هه‌ژاره‌ و له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڕۆشنبیری جیاواز و داهێنه‌ردا توانای که‌مه‌. ڕۆشنبیر داهێنانی خۆی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و زمانه‌ داده‌مه‌زرێنێت، که‌ کۆمه‌ڵگه‌ پێی گه‌یشتووه‌، به‌و مانایه‌ی ئه‌و ئاسته‌ تێده‌په‌ڕێنێت و مه‌ودا له‌نێوان زمانی خۆی و زمانی ڕۆژانه‌دا دروست ده‌کات. به‌م شێوه‌یه‌ زمانی ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر نه‌ک هه‌ر هه‌مان زمانی کۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵکوو زۆریش باڵاتره‌‌. هه‌تا ئاستی زمانی ڕۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی‌ زیاتر به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبکشێت، ئه‌رکی ئه‌و قورستر، به‌ڵام ئاستی به‌رهه‌می به‌رزتر ده‌بێت. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌ ڕووی گوزه‌ران، خوێندن، په‌روه‌ر‌ده‌، ته‌ندروستی، ڕێگه‌وبان، ئاساییش و هیی دیکه‌وه‌ هه‌ژار بێت، مانای وایه‌ زمانی ڕۆژانه‌ی ساده‌یه‌ و توانای جووڵه‌ی که‌مه‌‌‌. ڕۆشنبیری گه‌وره‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ئه‌و‌ بوارانه‌ی له‌ ئاستی نزمدا نین، چونکه‌ پێوه‌ندییه‌کی دیاڵیکتیکه‌ڵ له‌نێوان دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌ و دروستکردنی ڕۆشنبیردا هه‌یه‌. ئه‌میان ئه‌ویان دروست ده‌کات. تاکو ئه‌مڕۆیش ڕۆشنبیری ئێمه‌ نه‌ توانیویه‌تی ببێته‌ مۆدێلێکی وه‌ک ئه‌و مۆدێلانه‌ی له‌ جیهاندا هه‌ن، بۆ نموونه‌ مۆدێلی وه‌ک ڕۆشنبیری ئۆرگانیک، ڕۆشنبیری مولته‌زیم (کومیتد) و هی دیکه‌ و نه‌ مۆدێلێکی سه‌ربه‌خۆیشی داهێناوه‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی به‌ زه‌قی ده‌بینرێت‌، ڕۆشنبیری میللییه‌، که‌ لێره‌دا به‌ (جاگله‌ر Jaggler) ناوی ده‌هێنین. جاگله‌ر ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه‌‌، که‌ یاریی جاگلینگ (Jaggling) ده‌کات. ده‌توانێت له‌ یه‌ک کاتدا و زۆر به‌ خێرایی چه‌ند شتێک هه‌ڵبدات و هه‌ر جارێ یه‌کێکیان بگرێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌. ئیتر به‌م شێوه‌یه‌! جاگله‌ر به‌ سیستێمێکی نه‌گۆڕ کار ده‌کات.‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر سیستێمه‌که‌یدا بێت، یارییه‌که‌ی تێک ده‌چێت و ڕۆڵه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت. لای بینه‌ری جاگلینگ ئه‌و ماتێریه‌له‌ هێنده‌ گرنگ نییه‌، که‌ جاگله‌ر به‌ کاری ده‌هێنێت، به‌ڵکوو لێره‌دا ژماره‌ و خێرایی بایه‌خی زیاتریان هه‌یه‌. واته‌ تاکو ژماره‌ی ئه‌و ماتێریه‌لانه‌‌ی هه‌ڵیان ده‌دات، زۆرتر بێت و خێراتر جێگۆڕکێیان پێ بکات، یارییه‌که‌ چاکتر سه‌رنج ڕاده‌کێشێت و زیاتر درێژه‌ ده‌کێشێت.( ) جاگله‌ر خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا مرۆڤێکی یاخییه‌ و له‌ ڕێی هونه‌ره‌که‌یه‌وه‌ جۆرێک له‌ تراجیدیا نماییش ده‌کات، به‌ڵام کاتێ ڕۆشنبیر ده‌یه‌وێت هه‌مان ڕۆڵی ئه‌و له‌ بواری فکریدا ببینێت، پرۆسێسه‌که‌ بۆ کۆمیدیا ده‌گۆڕێت. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر بوونه‌وه‌رێکی په‌سه‌ندکراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌. نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌و‌ نۆرم و به‌هایانه‌ ناگرێت‌، که‌ خه‌ڵک به‌ پیرۆزیان ده‌زانن، به‌ڵکوو ده‌شیانپارێزێت. پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌ربکه‌وێت و به‌ زمانی میللی بدوێت. به‌ پێوه‌ری ویژدان ڕووداوه‌کان هه‌ڵبسه‌نگێنێت، چی باشه‌ و چی خراپ؟! ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌ی نێوان ده‌سته‌ڵات و ڕۆشنبیری هێنده‌ ساده‌ کردووه‌‌ته‌وه‌، که‌ ده‌یه‌وێت بڵێ ڕۆشنبیر ئه‌وه‌یه‌ زۆر له‌ مێدیاکاندا ده‌رده‌که‌وێت، پشتی زۆرایه‌تییه‌‌ک ده‌گرێت و دژی زۆرایه‌تییه‌‌کی دی ده‌وه‌ستێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئایدیایه‌کی نوێ بناسێنێت، یان ستایلێکی دیکه‌ی بیرکردنه‌وه‌ دابهێنێت‌. به‌کورتی نه‌ توانا و نه‌ ئاره‌زووی تێپه‌ڕاندنی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ ئاستی زمانی خه‌ڵکدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ شێوازێک ده‌نووسێت، که‌ هیچ جیاوازییه‌ک دروست نه‌کات.
ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ زۆر که‌م ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ری به‌رهه‌م هێناوه‌، که‌ ده‌کرێت به‌ دیوه‌که‌ی دیکه‌یشدا بگوترێت ڕۆشنبیرانمان نه‌یانتوانیوه‌ کۆمه‌ڵگه‌ بهه‌ژێنن و بیکه‌نه‌ ناوه‌ندێکی به‌رهه‌مهێن. پێوه‌ندیی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕازیکردنی یه‌کدی دامه‌زراوه‌‌، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای تێکشکاندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆچوون و ئاڕاسته‌کانی یه‌کتر.
ڕۆشنبیری جاگله‌ر، که‌ بوونه‌وه‌رێکی ساده‌ی میللییه‌، زۆر دووره‌ له‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی فکریی ڕه‌خنه‌یی‌. هه‌مان تێگه‌یشتنی سیاسه‌تمه‌داری بۆ کێشه‌کان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ خۆی له‌ بواری سیاسه‌تدا قایم ده‌کات. یه‌ک ده‌سته‌ڵات ده‌ناسێت، ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاتی سیاسییه‌، چونکوو‌ زه‌قترین ده‌سته‌ڵاته‌، له‌ کاتێکدا ده‌سته‌ڵاته‌کانی دی لای ئه‌و نه‌ بوونیان هه‌یه‌ و نه‌ هیچ کاریگه‌رییه‌ک. مادام ڕاسته‌وخۆ و به‌ زمانی میللی له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ ده‌دوێت، لای زۆرایه‌تی‌ خۆشه‌ویسته‌ و ناوبانگی هه‌یه‌، چونکه‌ هه‌ر زۆرایه‌تی‌ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ریشی لا په‌سه‌نده‌. زۆرایه‌تی‌ شێتی ڕۆشنبیری ڕووکه‌شه‌‌، چونکه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌کات، که‌ خۆیشی ده‌یانزانێت. مرۆڤ له‌و کۆمێنتانه‌ی ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌‌ بۆ ڕۆشنبیری جاگله‌ری ده‌نووسن، به‌ ڕوونی ده‌بینێت چه‌ند ئاسووده‌ن، که‌ هه‌مان بۆچوونی ئه‌وانی هه‌یه‌. ڕۆشنبیری جاگله‌ر‌ وای کردووه‌ سیاسه‌ت لای زۆرایه‌تی‌‌ ببێته‌ گرنگترین بوار، چونکه‌ له‌ هیچ بوارێکی دیکه‌دا ناتوانێت هێنده‌ ده‌نگ به‌ ده‌ست بهێنێت و هێنده‌یش به‌ ئاسانی بۆچوونه‌کانی ده‌رببڕێت. سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بواری ئه‌ده‌ب، فه‌لسه‌فه‌، سایکۆلۆجی، سۆسیۆلۆجیا و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ چۆڵ بووبن، که‌ ئه‌مه‌ هه‌ر خۆی مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان نه‌ ئه‌و بوارانه‌یان ناسیوه‌ و نه‌ به‌ جیددییش کاریان تێدا کردوون، ده‌نا بۆچی پێیان وایه‌ ئه‌مانه‌ توانای گۆڕانکارییان نییه‌، به‌ڵکوو ته‌نیا سیاسه‌ت له‌ ده‌ستی دێت دنیا بگۆڕێت؟ هه‌ر هێنده گوتاری سیاسی شه‌قام ده‌ورووژێنێت، زۆربه‌ی ڕۆماننووس، شاعیر، چیرۆکنووس و ڕه‌خنه‌گر کاری خۆیان جێ ده‌هێڵن و دوای ترۆمپێتی سیاسه‌تمه‌داران ده‌که‌ون، تاکو به‌ هه‌مان زمانی ئه‌وان، بگره‌ هه‌ندێجار نزمتریش بدوێن و به‌ زۆرایه‌تی‌ بڵێن ئێمه‌یش ماوین. خۆ ئه‌گه‌ر فریای نووسینی گوتار نه‌که‌ون، ئه‌وا په‌نا بۆ شێوازی نامه‌ ده‌به‌ن، که‌ بۆ سه‌رکرده‌ و به‌رپرسه‌کانی ده‌نێرن و ئامۆژگارییان ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌وانه‌‌ دوای ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌قام، بۆ دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و مرۆڤ ده‌توانێت هه‌ندێکیان له‌ فێستیڤاڵه‌کاندا ببینێت، ئینجا له‌وێ چ خه‌ڵات دابه‌ش بکه‌ن و چ هه‌ر خۆیان وه‌ریبگرن. ڕۆشنبیری جاگله‌ر‌ پێی وایه‌ گۆڕانکاری کاتێ دێته‌ دی، که‌ بواری سیاسی ده‌گۆڕێت.‌ ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنێکه‌ چه‌ند بڵێی ساکاره‌. ئه‌وه‌ هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ن سیاسه‌ت ئاڕاسته‌ ده‌که‌ن، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌. ڕه‌خنه‌ خۆی به‌رهه‌می قووڵبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیره‌ له‌و بوارانه‌دا. هه‌ر ڕه‌خنه‌یشه‌ گوتاری سیاسی ده‌خاته‌ ژێر گومانه‌وه‌ و ناهێڵێت ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها په‌یدا بکات. ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌یه‌ بواری سیاسی و بواره‌کانی دی ده‌گۆڕێت و به‌ره‌و ئاستی باڵاتریان ده‌بات، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه‌ له‌ خاڵێکدا کۆتاییی پێ بێت. له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر نه‌بێت‌، سیاسه‌ت شوێنی هه‌موو شتێک ده‌گرێته‌وه‌ و بواری ئازادی ته‌واو ته‌سک ده‌بێته‌وه‌، بگره‌ هه‌ر نامێنێت، هاوکات ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌ شێوه‌ی به‌رچاو زۆر ده‌بن. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی ته‌قلیدی خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری ڕه‌خنه‌گره‌، به‌وه‌ی چه‌مکی ڕه‌خنه‌ له‌ کۆنتێکستی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئاستی میللی داگیراوه‌. واته‌ کراوه‌ته‌ کارێکی ئاسان، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یشه‌ له‌ ڕووی به‌رهه‌می فکری و ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ هێنده‌ هه‌ژاره‌. ئه‌و چه‌ند نووسه‌ره‌یش، که‌ زۆرایه‌تی‌ به‌ گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌گری خۆمان، بگره‌ به‌ گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌گری دنیایشیان ده‌زانێت، له‌ چه‌ند گوتارێکی ساده‌ زیاتریان نه‌نووسیوه‌. تێیاندا هه‌یه‌ هه‌موو ئه‌رکه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ دۆعا بۆ هه‌ندێک و له‌ هه‌ندێکی دیکه‌ی بکات. تێکه‌ڵبوونی ژانره‌کان، واته‌ ڕۆشنبیر له‌ ئارامیدا ڕۆمان، شیعر چیرۆک و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌نووسێت، به‌ڵام له‌ کاتی ورووژانی شه‌قامدا هه‌موویان جێ ده‌هێڵێت و په‌نا بۆ گوتاری ئاگراوی ده‌بات، خه‌سڵه‌تی دیاری ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یه‌ وه‌ک هیی ئێمه‌ هێشتا تاکه‌کانی نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌نی خۆیان، به‌ڵکوو پابه‌ندی‌ خواستی زۆرایه‌تین‌. فه‌یله‌سووفانی (تیۆریی ڕه‌خنه‌یی) له‌ نموونه‌ی (هۆرکهایمه‌ر)، (ئه‌دۆرنۆ) و (مارکیوز) پێ له‌سه‌ر تێکچڕژانی بواره‌ جیاوازه‌کان داده‌گرن، بگره‌ ئه‌مه‌ له‌ دیدگای فه‌لسه‌فیدا به‌ پێویست ده‌زانن، به‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ له‌سه‌ریه‌تی به‌رهه‌می ئابووریناس، مێژووناس و ده‌روونناسان له‌ داڕشتنی پرسیاردا پێکه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌که‌ن ڕه‌خنه‌ کاریگه‌رتر ببێت،( ) به‌ڵام لای ڕۆشنبیری جاگله‌ر شته‌که‌ ته‌واو جیاوازه‌، چونکوو ئه‌و به‌ شێوه‌ی کیریۆسیتی، واته‌ زۆر ڕووکه‌شانه‌ له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌وه‌ ده‌نووسێت، که‌‌ شه‌قام به‌ گرنگیان ده‌زانێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێکی نوێ بورووژێنێت.
زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆ ده‌رگه‌ی بۆ هه‌ر ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دارێک کردووه‌ته‌وه‌، به‌ مه‌رجێ ئه‌و سیگناڵانه‌ی پێوه‌ دیار بێت، که‌ ئه‌م حه‌زی لێیانه‌ و نابنه‌ هۆی تێکچوونی‌ دۆخه ئارامه‌‌که‌ی. واته‌ کاتێ په‌سه‌ندیان ده‌کات، که‌ ده‌بنه‌ جاگله‌ر و ده‌زانن چۆن جاگلینگ بکه‌ن. وای لێ هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ نووسه‌رێکی داهێنه‌ر‌، یان سیاسه‌تمه‌دارێکی گه‌وره‌ بزانرێت، هێنده‌ی به‌سه‌ له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا زووزوو ده‌ربکه‌وێت و وێنه‌ی جاگله‌رێکی شاره‌زا تۆپه‌کان له‌ هه‌وادا بخولێنێته‌وه‌. ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر به‌رگری له‌ باوه‌ڕی زۆرایه‌تی‌ ناکات، به‌ڵام له‌پێناوی مافه‌کانیدا تێده‌کۆشێت، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌ باوه‌ڕه‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێت، که‌چی مافه‌کانی لا گرنگ نییه‌، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک تۆپ هه‌ڵیانده‌دات. زۆرایه‌تی‌ خۆیشی‌ ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌ڵدانی تۆپه‌که‌یه‌، نه‌وه‌ک به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی. لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ به‌ڵێنی به‌ ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌ داوه‌، ئه‌گه‌ر پشتی بگرن، ده‌ستکاریی سروودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)یان بۆ ده‌کات. ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ داخوازییه‌کانی زۆرایه‌تی‌‌ و حزبیش وه‌ک‌ ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ پێی ده‌فرۆشێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌کیان له‌وه‌دا ڕژد (جیددی) بن. واته‌ نه‌ ئه‌م ده‌یهێنێته‌ دی و نه‌ ئه‌ویش ده‌یه‌وێت بێته‌ دی، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک یه‌کێک له‌ تۆپه‌کان لێی ده‌ڕوانن. له‌ پێشه‌وه‌ گوترا زۆرایه‌تی‌‌ حه‌ز ناکات‌ له‌ پێکهاته‌ی شت بکۆڵێته‌وه‌. نووسه‌ر هه‌یه‌ لانی که‌م پانزده‌ ساڵه‌ له‌باره‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ ده‌نووسێت، جنێوی پێ ده‌دات و به‌ نه‌فره‌تی ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک جاریش گوتبێتی ده‌سته‌ڵات چییه‌، به‌ڵکوو پێی وایه‌ ده‌سته‌ڵات بریتییه‌ له‌ که‌سانێکی دیاریکراو و ئه‌وانه‌ هۆکاری نادادپه‌روه‌ری و گه‌نده‌ڵین، که‌چی وه‌ک ڕووناکبیری گه‌وره‌ ناسراوه، مادام به‌ زمانی زۆرایه‌تی‌‌ ده‌دوێت و خۆی له‌و شتانه‌ نادات، که‌ ده‌بنه‌ هۆی تێکچوونی ئارامییه‌که‌ی‌. به‌م شێوه‌یه‌ چه‌مکی ده‌سته‌ڵات، که بۆ نموونه‌‌ لای فه‌یله‌سووفێکی وه‌ک (مێشێل فۆکۆ)دا ئاڵۆزترین و قورسترین چه‌مکه‌، بگره‌ ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ته‌مه‌نی بۆ ته‌رخان بکات و هێشتا فریای ناکه‌وێت، که‌چی لای ڕۆشنبیری جاگله‌ردا ده‌بێته‌ یه‌کێک له‌ شته‌ هه‌ر ئاسان و ساده‌کانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌. هێنده‌ بیرکردنه‌وه‌ و ده‌ربڕینی ئاسان کردووه‌ته‌وه‌، به‌ ڕاده‌یه‌ک ڕووناکبیری ئه‌رکێکه‌ وه‌ک هه‌ر ئه‌رکێکی دیکه‌ی ساده‌ و هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت له‌ ئه‌ستۆی بگرێت، به‌ مه‌رجێک وریای خۆی بێت به‌ لای بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ، خوێندنه‌وه‌، کتێب، ته‌نیایی، ڕه‌خنه‌ی دڵڕه‌ق و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا نه‌چێت، به‌ڵکوو به‌ زمانی خه‌ڵک بدوێت و زووزوو ئه‌و شتانه‌یان به‌ بیر بێنێته‌وه‌، که‌ خۆیان ده‌یانزانن. پێشتریش گوتمان ئه‌مه‌ وای کردووه‌ ژماره‌ی ڕۆشنبیر له‌ زۆربووندا بێت. هه‌میشه‌ کۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی وه‌ک هیی ئێمه‌، ئه‌وانه‌ی پشت به‌ که‌لتووری زاره‌کی ده‌به‌ستن و بایه‌خی نووسینیان نه‌زانیوه‌‌، خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی ڕۆشنبیرن. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ڕوونی ده‌رکه‌وتووه، ئه‌وه‌یه‌،‌ هه‌تا ژماره‌ی ڕۆشنبیر زیاتر به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبکشێت، ڕێژه‌‌ی خوێندنه‌وه‌ داده‌به‌زێت و کتێبخانه‌کان داهاتیان که‌متر ده‌بێته‌وه‌، ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێکیان‌ کرێی شوێنه‌که‌یان بۆ نه‌درێت. نکووڵی له‌وه‌ ناکرێت ئێمه‌ ئه‌مڕۆ خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری ڕۆشنبیرین. گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی‌ کاتێ بۆ پشتگیریی پڕۆژه‌یه‌کی خۆی پێویستی به‌ ڕۆشنبیر بێت، له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زه‌حمه‌تێک بکێشێت، هه‌زارانیان کۆ بکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ پارتی، به‌ڵکوو هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌یش کردوویانه‌. ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه، دروستتر له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌‌ وه‌ک ڕووناکبیر خۆیان ناساندبووو، گوایه‌ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی فکری و فه‌لسه‌فییان هه‌ن‌، ئه‌مڕۆ چ له‌ ڕۆژنامه‌ی حزبه‌کان و چ له‌و ڕۆژنامانه‌ی، گوایه‌ سه‌ربه‌خۆن، بوونه‌ته‌ ‌ڕۆژنامه‌نووسی زۆر ساده‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ ئاسانترین ڕێگه‌یه‌، تاکو لای زۆرایه‌تی‌ خۆشه‌ویست ببن. له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیدا زمانێکی هاوبه‌شی پێک هێناوه‌، که‌ به‌ ئاسانی له‌ یه‌کدی تێده‌گه‌ن. زۆرایه‌تی‌ هێنده‌ی به‌سه‌ تیۆریی په‌ره‌سه‌ندن (ئیڤه‌لویشن)ی (داروین) به‌ چه‌ند وشه‌یه‌کی وه‌ک‌ (چۆن ڕازی بین به‌‌ نه‌وه‌ی مه‌یموون دابنرێین؟) بسڕێته‌وه‌، یان سه‌رتاپێی سیکۆله‌ریزم، که‌ خۆی به‌ عه‌لمانییه‌ت ناوی ده‌بات، له‌ کوفر و به‌دڕه‌وشتیدا کورت بکاته‌وه‌، بگره‌ سه‌رجه‌م فکری دنیا له‌ کۆمێنتی ژێر گوتاری ڕۆژنامه‌ ئێلیکترۆنییه‌کاندا به‌ وڕێنه‌ بزانێت، بێ ئه‌وه‌ی چ له‌ دوور و چ له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ لایاندا تێپه‌ڕیبێت. هه‌م ڕۆشنبیری جاگله‌ر و هه‌م سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر‌یش سوود له‌و دۆخه‌ ده‌بینن، چونکه‌ ئه‌وان ترسیان له‌ هیچ ده‌مێک نییه‌، که‌ به‌ پرسیاری نوێ ڕووبه‌ڕوویان نابێته‌وه‌. هه‌ردووکیان له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا فێری هونه‌رێک بوونه‌، که‌ ده‌کرێت ناوی (هونه‌ری خوگۆنجاندن‌ له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیدا)ی لێ بنێین. له‌وه‌دا هاوپه‌یمانن چۆن له‌ ڕێگه‌ی هه‌ندێک چه‌مکی ڕه‌وشتبازییه‌وه‌‌ هه‌رچی ئاره‌زووی یاخیبوون هه‌یه‌ له‌ مرۆڤیدا بکوژن و بیکه‌نه‌ کۆیله‌. (نیتشه‌) له‌ کتێبی (ئاوابوونی بته‌کان)دا ڕه‌خنه‌ له‌ که‌نیسه‌ ده‌گرێت، که‌ هه‌وڵی له‌ناوبردنی هه‌وه‌س و غه‌ریزه‌ ده‌دات، له‌ کاتێکدا ڕیشه‌کێشکردنی هه‌وه‌س مانای ڕیشه‌کێشکردنی خودی ژیانه‌. گوته‌ ناسراوه‌که‌ی (مه‌سیح) ده‌هێنێته‌وه:‌ (ئه‌گه‌ر چاوت به‌ره‌و گوناهـ په‌لکێشت ده‌کات، ده‌ریبهێنه‌)، بۆیه‌ پێی وایه‌ ڕه‌وشت دژی سرووشته‌، بگره‌ ئه‌مه‌ ده‌کاته‌ یه‌کێک له‌ تایتڵه‌کانی کتێبه‌که‌ی.( ) به‌گشتی (نیتشه‌) له‌و کتێبه‌یدا ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ له‌ تێکڕای ئه‌وانه‌ ده‌گرێت ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌وشتبازییه‌وه‌ سرووشتی مرۆڤ بکوژن و کۆیله‌ی بکه‌ن، بۆیه‌ وه‌ک پارادۆکس به‌ (به‌دڕه‌وشته‌ ناشیرینه‌کان) ناویان ده‌بات. به‌م شێوه‌یه‌ پێی وایه‌ (هه‌موو له‌ دژی له‌ناوبردنی هه‌وه‌سدا په‌یمان ده‌به‌ستن).( )
بۆ نموونه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ میللییانه، یاخود ئه‌و ڕۆشنبیره‌ جاگله‌رانه له‌ هه‌ندێک ماڵپه‌ڕی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا‌‌ ده‌یانگوت پارتی پارکی کردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دڕه‌وشتی له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا بڵاو بکاته‌وه‌، به‌ڵام کاتێ بۆیان ده‌رکه‌وت ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ به‌ جلوبه‌رگی ئیسلامییه‌وه‌ ده‌چێته‌ پارکه‌کان و مانا ئۆرگیناڵه‌که‌ی پارکی ته‌واو گۆڕیوه‌،‌ بگره‌ شوێنی خواپه‌رستیی تێدا کردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ک نوێژی نه‌چێت، به‌ مانایه‌کی دی وای ڕێک خستووه‌ له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی خۆیدا بگونجێت، ئه‌وده‌م ئه‌و تۆپه‌یان فڕی دا و دانه‌یه‌کی دیکه‌یان هه‌ڵگرت.( ) به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕۆژنامه‌ی (….)ی ده‌نگی بزاڤێکی ئیسلامی ته‌نیا ڕۆژێک دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ ڕیپۆرتاژێک ئاماده‌ ده‌که‌ن و ڕایده‌گه‌یه‌نن ئه‌و شاره‌ بووه‌ته‌ به‌هه‌شت. بازاڕ هه‌یه‌ و که‌س ده‌ستی لێ نه‌دراوه‌، چونکه‌ وا ده‌زانن زۆرایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان‌ ئه‌وه‌ی ده‌وێت، به‌ڵام کاتێ بۆیان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌مه‌ ئه‌و ڤێرژنه‌ نییه له‌وێدا زۆرایه‌تیی له‌گه‌ڵه‌‌، به‌ڵکوو ڤێرژنێکی تری نزیکی ئه‌وه‌یه‌، ئینجا خێرا زمانی خۆیان ده‌گۆڕن و به‌ شێوه‌یه‌کی دی دوای ڤێرژنه‌ په‌سه‌ندکراوه‌که‌ ده‌که‌ون.( ) جیاوازیی داعش له‌گه‌ڵ حزبه‌ ئیسلامییه‌کانی حوکوومه‌تی هه‌رێمدا، ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌م هه‌موو تۆپه‌کانی فڕێ داوه‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌یانی هێشتووه‌ته‌وه‌، که‌ ناوی خیلافه‌ته،‌ به‌ڵام‌ ئه‌وان دوای ئه‌وه‌ی چوونه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانی کافریش، وازیان له‌وه‌ نه‌هێناوه‌ به‌ خه‌ڵک بڵێن ئامانجیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خیلافه‌ته‌، چونکه‌ چاک ده‌زانن ئه‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ له‌وه‌ ده‌گه‌ن ئه‌مه‌ ته‌نیا هه‌ڵدانی تۆپه‌که‌یه‌، ده‌نا کاری وایان لێ ناوه‌شێته‌وه‌.( ) هه‌روه‌ها داعش خاوه‌نی هێزێکی گه‌وره‌تر و زۆرایه‌تییه‌کی فراوانتریشه‌، بۆیه‌ توانای هه‌یه‌ ڕاشکاوانه‌تر بۆچوونه‌کانی ده‌رببڕێت و پێویستی به‌ ته‌قیه‌ نییه‌. حزبی ئیسلامی هه‌یه‌ تاکو دوانزده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گوتوویه‌تی په‌رله‌مان شوێنی کافرانه‌، که‌چی کاتێ زانیویه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ زۆرایه‌تی له‌ ده‌ست ده‌دات و توانای ئه‌وه‌یشی نییه‌ وه‌ک داعش قه‌واره‌یه‌ک دابمه‌زرێنێت، ئه‌وده‌م چووه‌ته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام وه‌ک گوترا هه‌وڵی داوه‌ له‌ شه‌یتانه‌وه‌ بۆ فریشته‌ی بگۆڕێت( ) که‌واته‌ چ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر و چ ڕۆشنبیری جاگله‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زۆرایه‌تی‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن، پێویسته‌ خۆیان له‌وه‌ بپارێزن به‌ ڕوونی بۆچوونه‌کانیان ده‌رببڕن و ئه‌وه‌یش گرنگه‌ له‌ یه‌ک کاتدا کۆمه‌ڵێک تۆپ به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی لانی که‌م له‌ ڕێی یه‌کێ له‌و تۆپانه‌وه‌ پێیان بڵێن پێوه‌ندییان پێیانه‌وه‌ ماون‌ و لێیان دانه‌بڕاون. خه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر و سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زۆرایه‌تی‌ دانه‌بڕێن، پێویسته‌ له‌ ئاستی ئاماژه‌داندا بوه‌ستن و نه‌چنه‌ ناو ورده‌کارییه‌وه‌. کاتێ سه‌رکرده‌ و کادیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێن، بگره‌ هاوار ده‌که‌ن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ سه‌وابتی ئیسلام لا ناده‌ن، خۆیان له‌ ورده‌کارییه‌کان ده‌پارێزن و پێیان ناڵێن مه‌به‌ستیان له‌ سه‌وابت چییه‌، چونکه‌ هه‌ر کاتێ ئه‌وه‌یان گوت، ئه‌وا ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. ئایا ئه‌گه‌ر بڵێن له‌ سه‌وابتی وه‌ک به‌ردبارانکردنی ژنی مێرددار و پیاوی ژنداری (زیناکه‌ر!)، بڕینی ده‌ستی دز، کوشتنی‌ ئه‌وانه‌ی واز له‌ نوێژ ده‌هێنن (تارك الصلاة) و شتی له‌م بابه‌ته‌ لا ناده‌ن، ده‌توانن له‌ په‌رله‌ماندا، بگره‌ له‌ناو خودی کۆمه‌ڵگه‌یشدا بمێننه‌وه‌ و وه‌ک داعش نه‌کرێنه‌ ده‌ره‌وه‌؟ که‌واته‌ ئه‌مڕۆ به‌لاڕێدابردنی هزری (Intellectual prevarication) یه‌کێکه‌ له‌ پێداویستییه‌کانی هه‌ر سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیرێکی جاگله‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو زۆرایه‌تیدا شوێنی خۆی بگرێت و خۆشه‌ویست ببێت.( )
سه‌ره‌تا له‌ بڵاوکراوه‌کانی (ڕه‌هه‌ند)دا نه‌ک هه‌ر لایه‌نگری بۆ پیاوانی ئایینی به‌رچاو ناکه‌وێت، به‌ڵکوو ‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینرێت‌، به‌وه‌ی هێشتا کۆده‌کانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌یان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ و نه‌یانزانیوه‌ چۆن په‌سه‌ند ده‌کرێن. له‌ لایه‌کی دیکه‌ تاکو سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانیش ئیدۆلۆگیی چه‌پ، نه‌ته‌وه‌یی و لیبراڵ زاڵ بوون و دواتر ورده‌ورده‌ هه‌موو شتێک که‌وته‌ ژێر چه‌تری ئیسلامه‌وه، که‌ ئه‌وده‌م وه‌ک ئه‌مڕۆ چ ڕۆشنبیر و چ سیاسه‌تمه‌دار نه‌یانده‌توانی ‌به‌ ئاسانی شوێنی خۆیان له‌ناو ئه‌و جیاوازییه‌دا بگرن. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیرانی (ڕه‌هه‌ند) ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک پیاوسالاری، خێڵه‌کی، ئیلیت، دۆگما، تازه‌گه‌ری، سیکۆله‌ریزم، ده‌سته‌ڵاتی پیاوانی ئایینی و زۆری دیکه‌ی هاوشێوه‌‌ی ئه‌مانه‌یان به‌ کار ده‌هێنا، که‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌دا ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ڕه‌خنه‌ له‌ زۆرایه‌تی‌ بگرن، بێ ئه‌وه‌ی تێیاندا قووڵ ببنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر ورده‌ورده‌ ده‌سته‌واژه‌ی ئایینی شوێنیان گرتنه‌وه‌‌، یان دروستتر ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ شوێنیان گرتنه‌وه‌، زۆرایه‌تی‌ پێیان ڕازین‌، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ حه‌ڤده‌ی شوباتدا، که‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی بانگ بده‌ن. ئه‌گه‌ر نووسه‌رانی (ڕه‌هه‌ند) نه‌چوونایه‌ته‌ ناو خه‌ڵک، له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری حزبه‌کاندا به‌رهه‌میان بڵاو نه‌کردایه‌ته‌وه‌، له‌ تیڤییه‌کانیاندا ده‌رنه‌که‌وتنایه‌، به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ده‌ناسران. کاتێ زۆرده‌رکه‌وتن پێوه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕۆشنبیرێکی گه‌وره‌ بێت، ئه‌وا زمانی میللی فریای ده‌که‌وێت. زمانی هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕۆشنبیرانه‌ ڕۆژبه‌ڕۆژ ساده‌تر بووه‌ته‌وه‌، تاکو گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ر نووسه‌رێکی دیکه‌ی ئاسایی بتوانێت وه‌ک ئه‌وان بنووسێت و نووسیویشیانه‌. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه‌ی له‌ (ئێستا) نه‌گرتووه‌ و هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی نه‌داوه‌، بگره‌ هه‌موو شته ‌دژبه‌یه‌که‌کان (Contradiction)ی ئایین و سیاسه‌تی له‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌ و به‌ زمانی میللی به‌رگرییان لێ ده‌کات، بگره‌ به‌رده‌وام له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌وره‌کردنی ناوبانگی خۆی ده‌دات.( )
ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین‌ چ ڕۆشنبیری جاگله‌ر و چ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر دوای زۆرایه‌تی‌ ده‌که‌ون، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌، که‌ هه‌ندێجار بۆچوونه‌کان کورت ده‌هێنن و خێرا ڕاست ده‌کرێنه‌وه‌. به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له‌ناو ئایینه‌وه‌ هاتوون، زۆر زیاتر له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی زۆرایه‌تی‌ به‌‌ گه‌وره‌یان ده‌زانێت، هه‌وڵیان داوه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ دیارده‌ و ده‌رکه‌وته‌کانی ئایین بگرن‌.
هه‌ندێک له‌و جاگله‌رانه‌ پێشبینییان ده‌کرد له‌دوای سیویه‌کی ئابه‌وه‌ پارتی ده‌که‌وێت و تا ماوه‌ هه‌ڵناستێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام به‌ زمانی میللی له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ ده‌یاننووسی، به‌ڵام پارتی به‌ هێزێکی گه‌وره‌تره‌وه‌ ده‌رکه‌وته‌وه‌، بگره‌ ئه‌وانه‌ی پێشبینیی ڕووخانیان ده‌کرد، به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌ داموده‌ستگه‌کانیدا وه‌ک موچه‌خۆری گوێڕایه‌ڵ دامه‌زران و له‌ ئۆرگانه‌کانیدا گوتاریان بۆ نووسی، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ جاگلینگ هه‌ڵبگرن. هه‌ندێک جاگله‌ری دیکه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا گوتیان ئێمه‌ هێنده‌ جوێن به‌ پارتی ده‌ده‌ین، تاکو لای خه‌ڵک ناشیرینی ده‌که‌ین و ئه‌نجام ده‌یڕووخێنین، به‌ڵام دوای پانزده‌ ساڵ هێشتا بۆیان نه‌کراوه‌، چونکه‌ ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نییه‌ ده‌ست له‌ هیچ شتێکی خۆی هه‌ڵبگرێت، بۆیه‌ هه‌ندێکیان کاتێ بۆ کوردستانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی پارتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ناچارن له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌کانیدا ڕێک بکه‌ون، نه‌یانگرن و ئازاریان نه‌ده‌ن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌مان بۆچوونی بۆ ڕووخاندنی پارتی هه‌بوو، گوایه‌ له‌ ڕێی ئاشکراکردنی نهێنییه‌کانیه‌وه‌ بێهێزی ده‌کات و دواتر له‌ ناوی ده‌بات، به‌ڵام ئه‌ویش هه‌ر زوو ئاڕاسته‌که‌ی گۆڕی، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌ی زۆرایه‌تیدا نه‌ده‌هاته‌وه‌. چ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی جوێنیان ده‌دا و چ گۆڕانیش توانییان لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ بناسرێن و په‌سه‌ند بکرێن، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی پارتی لاواز ببێت، چونکه‌ وه‌ک گوترا ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ هه‌موو شتێک که‌ڵه‌که‌ ده‌کات، به‌ مه‌رجێ سیمای ئایینیی پێوه‌ بێت. پێشتریش‌ گوترا هیچ ڕه‌گه‌زێکی دی وه‌ک ئایین ناتوانێت خاڵی هاوبه‌شی ئاڕاسته‌ جیاوازه‌کان بدۆزێته‌وه‌ و له‌ یه‌کدییان نزیک بکاته‌وه‌، بگره‌ له‌ناو یه‌کدیاندا بتوێنێته‌وه‌.
ڕه‌نگه‌ سیویه‌کی ئاب نموونه‌یه‌کی زه‌ق بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ڕۆشنبیری جاگله‌ر، کاتێک کێیسێک وه‌ک‌ تۆپ هه‌ڵده‌گرێت و جاگلینگی پێ ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ بگرێت و ئایدیای نوێ بهێنێت، به‌ڵکوو ته‌نیا مه‌به‌ستیه‌تی وه‌ک یاریکه‌رێکی لێهاتوو به‌رده‌وام له‌ به‌رچاو بێت و له‌ بیر نه‌چێته‌وه، چونکه‌ ئه‌و به‌رگه‌ی هه‌موو شتێک ده‌گرێت، به‌ڵام هیی ئه‌وه‌ نا له‌ به‌رچاوان ون ببێت و له‌ بیر زۆرایه‌تی‌ بچێته‌وه‌‌.‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یش بزانین، که‌ ده‌بێت جاگله‌ر زووزوو ئاڵوگۆڕ به‌ ماتێریاله‌کانی بکات. واته‌ ڕه‌نگ، شێوه‌ و قه‌باره‌ی تۆپه‌کانی‌ بگۆڕێت و له‌ فۆرمی دیکه‌دا پێشانیان بداته‌وه‌، چونکه‌ بێزاری یه‌کێکه‌ له‌ سیماکانی زۆرایه‌تی و شێتی گۆڕینی فۆرمی شتومه‌که‌‌‌ وه‌ک چۆن که‌لوپه‌لی ناوماڵ، جلوبه‌رگ، ئۆتۆمۆبیل و شتی دیکه‌یش هه‌ر به‌م شێوازه‌ ده‌گۆڕێت. تاکو چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ریش ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ته‌نیا ژماره‌ی سیویه‌ک (31) و وشه‌ی (ئاب)ی له‌ هه‌ر شوێنێکدا بدیایه‌، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌یخوێندنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و ئاره‌زووه‌ی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر تۆپێکی دیکه‌ بهێنێت، وه‌ک تۆپی ده‌ستوور، هیی یاسای سه‌رۆکایه‌تی و شتی له‌م بابه‌ته‌. بۆ ڕۆشنبیر هیچ گرنگ نییه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ چ سوود و زیانێکی هه‌یه‌، به‌ڵکوو وه‌ک پێشتر گوترا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بیکاته‌ تۆپ و هه‌ڵیبدات. هه‌ندێک له‌و جاگله‌رانه‌ له‌ گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوباتدا په‌لاماری هه‌ر ڕۆشنبیرێکیان ده‌دا، ئه‌گه‌ر ملی بۆ خواسته‌کانی زۆرایه‌تی‌ که‌چ نه‌کردایه‌. به‌وه‌ تاوانباریان ده‌کرد، گوایه‌ سه‌ر به‌ پارتی و یه‌کێتییه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆشنبیره‌‌ ده‌ستی له‌وه‌ هه‌ڵنه‌گرتبایه‌ ڕه‌خنه‌ی جیددی له‌و دوو حزبه‌ بگرێت، که‌چی دوای ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌قام هه‌ر خۆیان له‌ مێدیا و داموده‌ستگه‌کانی ئه‌واندا ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ و له‌ فێستیڤاڵه‌کانیاندا بانگهێشت کران، بگره‌ ئه‌وانه‌یان به‌ داهێنه‌ر نه‌ده‌زانی، که‌ به‌شدارییان تێدا نه‌کردوون.( ) سه‌یر نییه‌ جاگله‌ره‌کان هاوکاتی هه‌ر ڕووداوێک به‌ لێشاو ده‌رده‌که‌ون و بۆچوونی خۆیان ده‌ڵێن، بێ ئه‌وه‌ی پێشتر له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ شاره‌زاییه‌کیان په‌یدا کردبێت. بۆ نموونه‌ هه‌ر هێنده‌ داعش ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وان له‌باره‌ی ئیسلام و مێژووه‌که‌یه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ قسه‌کردن، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌کانیان سنووری تێگه‌یشتنی مرۆڤی ئاسایی ببڕێت، چونکه‌ له‌باره‌ی هه‌ر هێزێکه‌وه‌ ده‌دوێن، که‌ خاوه‌نی زۆرایه‌تییه‌‌. ڕۆشنبیره‌‌ ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ره‌کانی دنیا هه‌میشه‌ له‌ دژی سێنترالیزمدا جه‌نگاون، له‌ (نیتشه‌)وه‌ کاتێ سێنترالیزمی ئه‌قڵ و زانستی خستووه‌ته‌ ژێر گه‌وره‌ترین پرسیاره‌وه‌ تاکو (فۆکۆ)، (دێریدا) و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیکه‌، هه‌ر یه‌که‌ی به‌ شێوازی خۆی ڕه‌خنه‌ی له‌ سێنترالیزم گرتووه‌ و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داوه‌، بگره‌ که‌ناڵی دیکه‌ی جیاوازی کردووه‌ته‌وه‌، که‌چی ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌و زمانه‌ میللییه‌ی هوتاف بۆ سێنترالیزم ده‌کێشێت و دژایه‌تیی هه‌ر که‌ناڵێکی جیاواز ده‌کات، که‌ ده‌رده‌که‌وێت.( )
ڕۆشنبیری جاگله‌ر ئه‌وه‌‌ چه‌ند ساڵه‌ نه‌ک هه‌ر موجامه‌له‌ی پیاوانی ئایینی ده‌کات‌، به‌ڵکوو پێیاندا هه‌ڵده‌ڵێت‌، چونکوو وا ده‌زانێت به‌و ڕێگه‌یه‌ خۆی له‌ هێرشی ئه‌وانه‌ ده‌پارێزێت، که‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی کورتبینییه‌تی. ئه‌مه‌یش خاڵێکی دیکه‌یه‌، که‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ به‌ سیاسه‌تمه‌داره‌وه‌ گرێ ده‌دات، به‌وه‌ی ئه‌ویش ته‌نیا ئاساییشی خۆی مه‌به‌سته. بۆ پارتی و یه‌کێتی گرنگ نییه‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌که‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ڵگری فکری چه‌قبه‌ستوون و هه‌رچی جوانی هه‌یه‌، له‌ ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئاساییشی ئه‌وان تێک نه‌ده‌ن، بگره‌ چ به‌ نهێنی و چ به‌ ئاشکرا په‌یمانیشیان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستن و کۆمه‌کیان ده‌که‌ن. ڕۆشنبیری جاگله‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌کیی له‌وه‌دا هه‌بووه‌ له‌پێناوی ئاساییشی خۆی و فراوانکردنی ناوبانگیدا هه‌مان ڕۆڵی حزبه‌ سیاسییه‌کان ببینێت، به‌ڵکوو گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌وان زیاتر خۆی له‌و هێزانه‌ نزیک ده‌کاته‌وه‌.( )
ئه‌و ڕۆشنبیره‌ پێش هه‌موو شتێک تێگه‌یشتنێکی زۆر ساکارانه‌ی بۆ زه‌مه‌ن هه‌یه‌ و پێی وایه‌ ئه‌م زه‌مه‌نه‌ جێگیره‌ و ئه‌زه‌لییه‌. واته‌ ئه‌م دۆخه‌ هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و ناگۆڕێت. به‌شێکی زۆری ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ پاڵیان به‌ ڕێژیمی (ئه‌سه‌د) داوه‌ و ژیانیان به‌ هۆی تیرۆره‌وه‌ که‌وتووه‌ته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌، ده‌پرسن ئه‌وه‌ داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ کوێوه‌ هاتن، له‌ کاتێکدا خۆیان چه‌ند ساڵه‌ مێژوو ده‌شێوێنن و جوانکاریی تێدا ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی موجاهیده‌کان جوان و شیرین پێشان بده‌ن، به‌ ڕاده‌یه‌ک گه‌نجه‌کان بیانه‌وێت شوێنپێیان هه‌ڵبگرن. ئه‌کته‌ره‌کان له‌ فیلم و زنجیره‌دراماکانیاندا زۆر له‌ پێش مه‌لاکانه‌وه‌ خه‌ونیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خیلافه‌ته‌وه‌ ده‌بینی و سه‌ده‌ی حه‌وته‌میان به‌ باشترین سه‌ده‌ی زه‌مه‌ن پێشان ده‌دا، به‌ڵام کاتێک خه‌ڵک به‌پێی ئه‌و که‌ته‌لۆکه‌ی خۆیان بۆیان داناون؛ چه‌ک هه‌ڵده‌گرن و ڕووبه‌ڕووی هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وده‌م ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری دنیایان لێ دێته‌وه‌ یه‌ک و به‌ لاده‌ر و خه‌وارج ناویان ده‌به‌ن. خیلافه‌ت له‌ سه‌ده‌ی بیست و بیستویه‌کدا به‌ر له‌وه‌ی له‌ واقیعدا پراکتیزه‌ بکرێت، له‌ سه‌ر شاشه‌دا پراکتیزه‌ کرا، بگره‌ ئه‌وانه‌ ئه‌و وێنانه‌ی مرۆڤی باوه‌ڕدار به‌ ته‌ڵخی و وه‌ک تارمایی له‌ کتێبه‌ مێژووییه‌کاندا وه‌ریگرتبوون، به‌رجه‌سته‌یان کرد و وێنه‌ی زۆر ڕوونتریان لێ پێک هێنان، به‌ ڕاده‌یه‌ک ئه‌وان بتوانن بیانبینن و دوایان بکه‌ون، بگره‌ چاویان لێ بکه‌ن، به‌وه‌ی هه‌موو ورده‌کارییه‌کانیان ده‌بینرا.( ) له‌دوای ڕووداوی حه‌ڤده‌ی شوبا‌ته‌وه‌، دروستتر له‌و کاته‌وه‌ ڕۆشنبیری هاوارکه‌ر و بانگده‌ر سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ی خۆی له‌ هوتاف، بانگ، جوێن و دۆعادا کورت کردووه‌ته‌وه‌، به‌ ئاشکرا هه‌ست به‌ ده‌رکه‌وتنی هه‌ندێک دیارده‌ ده‌کرێت، که‌ نیو سه‌ده‌ زیاتر بوو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ هۆی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی سه‌رده‌می پێشووه‌وه‌ تێی په‌ڕاندبوون.
له‌ شۆڕشی بیسته‌وه‌ تاکو حه‌ڤده‌ی شوبات هه‌ر ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێک بگریت، ویستوویه‌تی هێزه‌کانی دژه‌گۆڕان بورووژێنێت و بیانکاته‌ هێزی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵی، تاکو له‌ دژی گۆڕانکاری به‌ کاریان بهێنێت. به‌ ده‌ربڕینی (ئیبن خه‌لدوون) تێکڕایان زاڵکردنی هێزی کۆچه‌رییانه‌ بوونه‌ به‌سه‌ر هێزی شارستانه‌تیدا. له‌م ده‌وروبه‌ره‌ی ئێمه‌دا هیچ کاتێک ڕێک نه‌که‌وتووه‌ دوای شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان گۆڕانکاری ڕووی دابێت، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ بواری سیاسه‌ت، دروستتر داموده‌ستگه‌ی حزبی ده‌ستی خستووه‌ته‌ ناو بواره‌کانی دیکه‌وه‌ و ئازادیی له‌ مرۆڤ سه‌ندووه‌ته‌وه‌. ناکرێت ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانمان گۆڕانکاری به‌ دوای خۆیاندا بهێنن‌، له‌ کاتێکدا‌ چ سیاسه‌تمه‌دار و چ ڕۆشنبیر نه‌ک ڕێگه‌ی دروستبوونی تاک و مرۆڤی سه‌ربه‌خۆیان نه‌داوه‌، به‌ڵکوو هه‌میشه‌ له‌ ڕوووی هزرییه‌وه‌ به‌ لاڕێیاندا بردووه‌ و هه‌موو ئه‌و ئێڵه‌مێنتانه‌یان لێ سه‌ندووه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌کرێت ببنه‌‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئازادانه‌ بیر بکاته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی جیاواز له‌ هیی زۆرایه‌تی‌ بگرێت. به‌م شێوه‌یه‌ توانای تاک نه‌ک هه‌ر به‌ ئاڕاسته‌ی یاخیبووندا نه‌جووڵاوه‌، به‌ڵکوو خودی ئه‌و توانایه‌ بووه‌ته‌ به‌شێک له‌و ده‌سته‌ڵاته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵییه‌ی زۆرایه‌تی‌ و له‌ سه‌رکوتکردنی خۆی (واته‌ له‌ سه‌رکوتکردنی ئه‌و توانایه‌ی خۆی) و ئه‌وانه‌ی دیکه‌یشدا به‌ کار هێنراوه‌. چوارده‌ی ته‌مووز جووتیاری په‌رشوبڵاوی له‌ کێڵگه‌کانه‌وه هێنا و‌ کۆی کردنه‌وه‌. هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی لێ پێک هێنان، تاکو‌ به‌سه‌ر بۆرژوای تازه‌پێگه‌یشتووی شاردا زاڵی بکات. به‌یاننامه‌ی یانزده‌ی ئادار جارێکی دیکه‌ شاری خسته‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی جووتیاری چه‌کداره‌وه‌. ڕاپه‌ڕین به‌ شێوازێکی دی جووتیاری چه‌کداری په‌رته‌وازه‌ی له‌ شاخه‌وه‌ بۆ ناو شار گه‌ڕانده‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رچی له‌ ماوه‌ی ئه‌و پانزده‌ شانزده ساڵه‌ی ڕابوردوو دامه‌زرابوو، ورده‌ورده‌ له‌ ناو چوو. شانۆ، سینه‌ما، کتێبخانه‌ و هه‌موو سیمبۆڵه‌کانی دی تێک شکێنران و ئایکۆنی ئایینی شوێنی گرتنه‌وه‌. ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می حه‌ڤده‌ی شوبات به‌ ڕوونی ده‌بینین، به‌تایبه‌تی له‌ سلێمانیدا، ئه‌و شاره‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا به‌ ته‌نیا خۆی له‌ به‌رانبه‌ر شاڵاوی ئیسلامییه‌کاندا گرت، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌وه‌‌ به‌ هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر توانرا دایبڕووخێنن. هیچ کاتێ وه‌ک قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین، به‌تایبه‌تی له‌ حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ ڕۆشنبیری ئێمه‌ له‌ زۆرایه‌تیدا نه‌تواوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری جاگله‌ر ده‌ستی به‌سه‌ر تێکڕای بواره‌کانی ده‌ربڕین و گه‌یاندندا گرتووه‌. وه‌ک بینیمان ڕۆشنبیرێکی کۆمپرۆمایسه‌. واته‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ هێزه‌ چه‌قبه‌ستووه‌کاندا ڕێک ده‌که‌وێت و به‌ یارمه‌تیی ئه‌وانه‌وه‌ دژی هه‌ر ده‌نگێک ده‌وه‌ستێته‌وه‌، که‌ جیاوازه‌ و نیازی گۆڕانکاریی هه‌یه‌. به‌ هه‌ردووکیان ئه‌و زۆرایه‌تییه‌ به‌ لاڕێدا ده‌به‌ن و ئه‌و وه‌همه‌ی لا ده‌که‌نه‌ ڕاستی، گوایه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌ شه‌ڕانگێزه‌کان لێیان بگه‌ڕێن دنیایان بۆ ده‌که‌نه‌ به‌هه‌شت. ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ یارمه‌تیی حزبه‌ ئیسلامییه‌کان له‌ پاڵ زۆرایه‌تییه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا دێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و له‌ دژی کاریکاتێرستێکی بێبه‌هره‌ی دانمارکی ده‌هاڕێنێت، بگره‌ داوا ده‌کات هیچ که‌سێک که‌لوپه‌لی دانمارکی نه‌کڕێت، تاکو نه‌وه‌‌ی مه‌یموون و به‌راز (احفاد القرده‌ والخنازیر) له‌ برسان بمرن، که‌چی ئه‌مڕۆ په‌نایان بۆ ده‌هێنێت و داوایان لێ ده‌کات شوێنی بکه‌نه‌وه‌. له‌ کۆپنهاگن ته‌نیا له‌ یه‌ک ڕۆژدا میلیۆنێک تاک دێنه‌ سه‌ر شه‌قام، تاکو تێکڕا به‌و که‌سانه‌ بڵێین (به‌ خێر بێن)، که‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ خوا ده‌پاڕانه‌وه‌ له‌ برسانیان بکوژێت. هه‌ر ئه‌مانه‌ هه‌شتاوشه‌ش میلیۆن کرۆنی دانمارکییشیان بۆ کۆ ده‌که‌نه‌وه‌.( )
ڕۆشنبیری جاگله‌ر له‌ خاڵێکی دیکه‌ی جه‌وهه‌ریدا هه‌م له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و هه‌م له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داردا یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌، که‌ هه‌رچی گوناهـ هه‌ن‌ ده‌یانخاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی له‌ نۆرم و به‌ها‌کانی دوێنێ لایان داوه‌ و گوێ له‌ خواستی زۆرایه‌تی‌ ناگرن. به‌ مانایه‌کی دی له‌ به‌رده‌م به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانیدا ڕێگرن. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ هه‌ندێک چه‌مکی لاستیکییانه‌ی وه‌ک دادپه‌روه‌ری، چاکسازی، پاکسازی و شتی دیکه‌ی به‌ ده‌مه‌وه‌ گرتووه‌، که‌ نه‌ له‌گه‌ڵ په‌یامی سیاسه‌تمه‌دار و نه‌ له‌گه‌ڵ هیی پیاوانی ئایینیدا ناکۆکن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر هه‌ر بوونه‌وه‌رێک، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌دا بیر ده‌کاته‌وه‌ و ده‌دوێت. به‌وه‌دا ده‌ستی به‌سه‌ر هۆیه‌کانی ڕاگه‌یاندندا گرتووه‌، هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر ده‌نگێک بخنکێنێت، که‌ له‌ ده‌نگی ئه‌و ناچێت و سانسۆر بخاته‌ سه‌ر نووسینی هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی پڕۆژه‌ی فکریی جیاوازیان هه‌یه‌. وا باوه‌ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی زیاتر له‌ ئایین نزیک ده‌بێته‌وه‌، که‌چی له‌و زۆنه‌ی ناوی (هه‌رێمی کوردستان)ـه‌، ئه‌وه‌ ڕۆشنبیره‌که‌یه‌ زۆر له‌ سیاسه‌تمه‌دار پتر خه‌می ڕاگرتنی دڵی پیاوانی ئایینییه‌تی.
ڕۆشنبیری میللی هه‌تا ئه‌مڕۆیش له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و فکره‌ پریماتیڤه‌دا‌‌ ده‌رنه‌چووه‌، که‌ حاکم یان زۆردار، یان چاکه‌خواز پێشان بدات. ئه‌مه‌ بینینی چه‌مکی ده‌سته‌ڵاته‌ به‌ شێوه‌ی مۆرفۆلۆجی. واته قسه‌کردنه‌ له‌باره‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ چاوی ئاسایی ده‌بینرێت.‌ وردنه‌کردنه‌وه‌ و تێکنه‌شکاندنیه‌تی، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر له‌و خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، که‌ به‌و تێگه‌یشتنه‌ ڕازی نابێت و به‌ دوای ورده‌کاری و نهێنییه‌کانی ئه‌و چه‌مکه‌دا ده‌گه‌ڕێت. له‌ چیرۆکه فۆلکلۆرییه‌‌کاندا پاشاکان یان زۆر دادپه‌روه‌رن، یان زۆر چه‌وسێنه‌رن، که‌ هه‌ردوو وێنه‌که‌ به‌رهه‌می ترسن. حاڵه‌تی سایکۆلۆژییه‌، که‌ مرۆڤی سه‌ره‌تایی ده‌سته‌ڵاتدار به‌ شێوه‌ی ئاسایی نابینێت. سه‌یر نییه‌ کاتێک ده‌بینین‌ مێژوومان هێنده‌ که‌وتووه‌ته‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی میتۆلۆژیاوه‌‌. مرۆڤه‌کان چیرۆکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ بۆ سه‌رکرده‌کان هه‌ڵده‌به‌ستن و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ترسی خۆیان ده‌ڕه‌وێننه‌وه‌.( ) له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هیچ ڕۆشنبیرێکی جاگله‌ر ده‌رنه‌که‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ده‌یان چیرۆکی ئه‌فسانه‌ییان بۆ هه‌ڵنه‌به‌ستبێت، وه‌ک (فڵان شایانی خه‌ڵاتی نۆبێڵه‌)، (به‌رهه‌می فیسار ئه‌گه‌ر بکرێته‌ زمانی ئینگلیزی، ده‌بێت هه‌رچی نووسه‌ر هه‌ن، کتێبه‌کانیان له‌ کتێبخانه‌کاندا ده‌ربهێنن و بۆ ماڵه‌وه‌یان ببه‌نه‌وه‌)، (فڵانه‌ فه‌یله‌سووفی ڕۆژئاوا له‌باره‌ی فیسار نووسه‌ری ئێمه‌وه‌‌ گوتوویه‌تی ده‌بێت هه‌موو داهێنه‌رانی دنیا لێیه‌وه‌ فێر ببن چۆن ده‌نووسن) و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌. هه‌ر به‌گشتی گه‌وره‌کردنی قه‌باره‌ی توانای کاره‌کته‌ری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی، له‌ پاڵ پێشبینیکردنی ڕووداوی دڵخۆشکه‌ردا به‌رماوه‌ی ئیدۆلۆگییه‌کانی وه‌ک کۆمۆنیزم و نازیزمه‌‌، که پێیان وایه‌ مێژوو به‌ شێوه‌ی ڕێکوڕاست ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌.‌ به‌م شێوه‌یه‌ گه‌وره‌کردنی ڕووداو یه‌کێکه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانی ڕۆشنبیری جاگله‌ر، چونکه‌ ئه‌و وا ڕاهاتووه‌ ته‌نیا ده‌توانێت له‌باره‌ی فۆرمی ڕووداوه‌وه‌ بدوێت، بۆیه‌ تاکو قه‌باره‌ی ڕووداوه‌که‌ گه‌وره‌تر بکات، چاکتر سه‌ری لێ ده‌رده‌چێت، به‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه‌ ورووژان (Excitement) و خرۆشان (Enthusiasm) ده‌هێنێته‌ دی. که‌م نین ئه‌و ڕۆشنبیره‌ جاگله‌رانه‌ی به‌رده‌وام مژده‌ی ڕووخانی فڵان ده‌سته‌ڵات و ده‌رکه‌وتنی فڵان سیستێم ده‌ده‌ن، که‌ ئه‌مه‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا زۆر به‌ ڕوونی بینرا. (کارل پۆپه‌ر) به‌تایبه‌ت له‌ کتێبی (هه‌ژاریی مێژووگه‌رایی)دا ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ له‌ ئاڕاسته‌ی مێژووگه‌را (Historism) ده‌گرێت. ئه‌و ده‌پرسێت ئایا په‌ره‌سه‌ندن یاسای هه‌یه‌؟ هه‌ر خۆیشی به‌ (نا) وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و باوه‌ڕی وایه‌ گه‌ڕان به‌ دوای یاسایه‌ک بۆ (سیستێمی چه‌سپاو) له‌ مێتۆدی زانستیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک بوونی نییه‌ چ له‌ بواری بایۆلۆجی و چ له‌ بواری سۆسیۆلۆجیدا.( )
ئه‌گه‌ر (پۆپه‌ر) ڕه‌خنه‌ له‌ فۆرمه‌ فه‌لسه‌فییه‌که‌ی (مێژووگه‌رایی) بگرێت، ده‌بێت ئێمه‌ چی به‌ ڕۆشنبیری میللیی خۆمان بڵێین، که‌ هه‌ر هێنده‌ جه‌ماوه‌رێکی ساده‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا ده‌بینێت، خێرا مژده‌ی ڕووخانی فڵان سیستێم و دامه‌زراندنی فڵان سیستێم ده‌دات؟
ئه‌و ڕۆشنبیره‌ نایه‌وێت و ناشتوانێت جیاوازی له‌نێوان دوو جۆر تاکدا ببینێت: یه‌که‌میان، به‌ شێوه‌ی غه‌ریزه‌ داوای مافه‌کانی ده‌کات. واته‌ له‌پێناوی پێویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی وه‌ک نان، ئاو، جلوبه‌رگ، کاره‌با و هیی دیکه‌دا دێته‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام دووه‌میان، ئاستی غه‌ریزه‌ تێده‌په‌ڕێنێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ی هه‌ن‌ و ده‌ستیشی له‌ ناڕه‌زایی هه‌ڵنه‌گرتووه‌. ئه‌وه‌یان خاوه‌نی هۆشیارییه‌، به‌وه‌ی هۆشیارییه‌که‌ی کێشه‌ی بۆ ده‌خوڵقێنێت و ڕێگه‌ی نادات ملکه‌چی هیچ ده‌سته‌ڵاتێک ببێت. به‌م شێوه‌یه‌ تاقه‌ پێوه‌رێک بۆ ده‌رکه‌وتنی هۆشیاریی تاک ئه‌وه‌یه‌، که‌ ناهێڵێت به‌ ژێرده‌سته‌ییی ده‌سته‌ڵاته‌کان، چ ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی له‌ چه‌شنی حزب و چ ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ نموونه‌ی خێزان، قوتابخانه‌، په‌رستگه‌ و ئه‌وانه‌ی دی ڕازی ببێت، چونکه‌ وه‌ک (کامیۆ) پێی وایه‌ هۆشیاری به‌رهه‌می ئاکتی یاخیبوونه‌.( ) ئه‌و تاکه‌ی دووه‌میان لای ئێمه‌ هێشتا دروست نه‌بووه‌، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌مان‌ به‌ پیرۆزی داپۆشراوه‌. هه‌ر (کامیۆ) ده‌نووسێت: {له‌ بیری مرۆڤدا دوو جۆر جیهان هه‌ن، جیهانی پیرۆزی، یان به‌ ده‌ربڕینی مه‌سیحی جیهانی گرێس (نیعمه‌ت) و جیهانی یاخیبوون. ونبوونی ئه‌میان ده‌رکه‌وتنی ئه‌ویانه‌}( ). مه‌به‌ستی (کامیۆ) ئه‌وه‌یه‌ ناکرێت ئه‌و دوو جیهانه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ربکه‌ون، به‌ڵکوو هه‌ر ده‌بێت یه‌کێکیان دیار و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان نادیار بێت.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ مرۆڤی ئێمه‌ له‌ لایه‌ک به‌ هۆی سیاسته‌مه‌دار و کاره‌کته‌ری ئایینییه‌وه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌ به‌ هۆی ڕۆشنبیری بانگده‌ر و میللییه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌ پیرۆزی داپۆشراوه‌. هێنده‌ به‌سه‌ مرۆڤی وردبین چاوێک به‌ کتێبه‌کانی خوێندن و په‌روه‌رده‌دا بخشێنێت، تاکو به‌ ئاسانی بۆی ده‌ربکه‌وێت چۆن خۆشه‌ویستیی ئیدۆلۆگیی حزبی ده‌سته‌ڵات و سیمبۆڵه‌کانی وه‌ک شته‌ هه‌ره‌ پیرۆزه‌کان سه‌یر ده‌کرێن و له‌ولایشه‌وه‌ کاره‌کته‌ری ئایینی به‌ یارمه‌تیی ڕۆشنبیری میللی هه‌موو کونوکه‌له‌به‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی‌ به‌ پیرۆزی پڕ کردووه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتدا ده‌گاته‌ لووتکه‌ و ئه‌مڕۆ به‌ ڕوونی کاریگه‌رییه‌که‌ی ده‌بینین، بۆیه‌ هه‌ر که‌سێک باوه‌ڕی وا بێت مرۆڤی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ دێته‌ سه‌ر شه‌قام، تاکو دنیا بگۆڕێت، له‌ ساده‌یی و ساکاریی خۆی زیاتر شتێکی دیکه‌مان پێ ناڵێت.( ) به‌رگریکردن له‌ مافی تاک نه‌ک هه‌ر له‌ کاتی ورووژانی شه‌قامدا، به‌ڵکوو هه‌موو کاتێ ئه‌رکی ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گره‌، به‌ڵام تێکه‌ڵکردنی باوه‌ڕ و ماف جارێکی دیکه‌ ساکاریی ڕۆشنبیری میللیمان بۆ ده‌رده‌خات. وه‌ک پێشتر گوترا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر به‌رگری له‌ مافه‌کانی تاک ده‌کات، نه‌وه‌ک له‌ باوه‌ڕی، بگره‌ باوه‌ڕه‌کانی تێک ده‌شکێنێت، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری میللی به‌ باوه‌ڕه‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێت، بێ ئه‌وه‌ی مافه‌کانی لا گرنگ بن، به‌ڵکوو ته‌نیا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆی له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا نماییش ده‌کات. من پێم وایه‌ ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر، ڕۆشنبیرێک هه‌موو کاتێ سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ی فکریی ڕه‌خنه‌ییه‌، نه‌ به‌ ورووژانی شه‌قام حه‌ماس ده‌یگرێت و نه‌ له‌‌ ئارامیی دۆخدا پشوو ده‌دات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ خودی شه‌قام و دۆخن ده‌که‌ونه‌ ژێر کاریگه‌ریی ڕه‌خنه‌کانیه‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌. هیچ‌ گرنگ نییه‌ ئێمه‌ هێشتا نه‌چووینه‌ته‌ ناو زه‌مه‌نێکه‌وه‌ تێیدا ڕۆشنبیر به‌ به‌رهه‌مه‌کانیه‌وه‌ بناسرێته‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌ دۆعا، هوتاف، جنێو، درووشم و گوته‌ ساده‌کانی، به‌ڵام گرنگه‌ ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر بزانێت هه‌میشه‌ زه‌مه‌نێکی دیکه‌ی جیاوازی هه‌یه‌، زه‌مه‌نێک، که‌ هێشتا ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی‌‌ پێی نه‌گه‌یشتوون‌. خۆ کاتێ پێی گه‌یشتن، ئه‌وا ئه‌و تێیدا نه‌ماوه‌ و جێی هێشتووه‌.( )
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه،‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی زاره‌کییه‌ و که‌مترین لێکدانه‌وه بۆ دیارده‌ و ده‌رکه‌وته‌کانی کراون‌، ئه‌وا مرۆڤی هاوارکه‌ر و جوێنده‌ر به‌ ئازا وه‌سف ده‌کات، له‌ کاتێکدا سایکۆلۆجی ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت. ئه‌مه‌ میکانیزمی به‌رگرییه‌. مرۆڤ کاتێ ده‌زانێت ئازا نییه‌، پێویسته‌ خۆی ئازا پێشان بدات، به‌و مه‌به‌سته‌ی شوێنی خۆی له‌ناو زۆرایه‌تیدا بکاته‌وه‌ و به‌ لاوه‌ نه‌نرێت. به‌م شێوه‌یه‌ ئازایه‌تی دیوه‌ هه‌ره‌ ساخته‌که‌ی مرۆڤه‌، مادام هۆکاره‌ بۆ خۆگونجاندن.( ) ئه‌و دیوه‌، که‌ به‌ مۆڕاڵه‌وه‌ پێوه‌سته‌، هه‌ر یه‌ک له‌ (نیتشه‌) و (فرۆید) له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا به‌ شێوازی خۆیان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی جیاواز و نوێ له‌ فکر و سایکۆلۆجیدا ده‌هێننه‌ گۆڕێ، که‌ دواتر ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بیشدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌وه‌ی فۆکه‌سی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌کرێت، که‌ شه‌ڕه‌، نه‌وه‌ک چاکه. تراجیدیایه‌، نه‌وه‌ک گه‌شبینی. قووڵبوونه‌وه و بینینی ئازاره‌‌، نه‌وه‌ک پێدانی مژده‌ی خۆشبه‌ختی.‌‌( )
چ گه‌وره‌کردنی ده‌سته‌ڵات و چ بچووکردنه‌وه‌ی خۆی له‌ پێوه‌ندیی کوڕ و باوکدا ده‌بینێته‌وه‌، که‌ به‌ گرێی ئۆدیپ و خه‌ساندن ناسراوه‌. ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری میللی کاتێ له‌ ئه‌وروپاوه‌ جوێن و نه‌فره‌ت بۆ‌ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ده‌نێرێت و وه‌ بیرمان دێنێته‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ تاوان ده‌کات، پاره‌ی زۆری هه‌یه‌، کۆشکه‌کانی به‌ پاسه‌وانی زۆر تایبه‌ت ته‌نراون، ئه‌وه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌ دوور ده‌گرێت. به‌ لاکه‌ی دیکه‌یشدا کاتێ ده‌سته‌ڵات وا پێشان ده‌دات به‌هه‌شتی له‌سه‌ر زه‌وی دامه‌زراندووه‌، دیسان هه‌مان ترسی ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه‌ی هه‌یه، به‌وه‌ی چۆن ده‌بێت به‌هه‌شت تێک بدرێت‌. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا شتی جه‌وهه‌ری ونه‌، که‌ ڕه‌خنه‌یه‌. ته‌نیا ڕه‌خنه‌یش ده‌توانێت نهێنییه‌کانی ده‌سته‌ڵات بدۆزێته‌وه‌ و ئاسته‌کانی تێبپه‌ڕێنێت. وه‌ک پێشتر گوترا لای ڕۆشنبیری میللی ده‌سته‌ڵات بریتییه‌ له‌ که‌سانێکی دیاریکراو، که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی یان زۆر خۆش ده‌وێن، یان زۆر ڕقی لێیانه‌‌. ئه‌گه‌ر ده‌بینین ئه‌و ڕۆشنبیره‌ هێنده‌ له‌ ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ ئاگا‌یه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر پێوه‌ندیی به‌و ترسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌: ئه‌میان قه‌ڵه‌وه‌، ئه‌ویان له‌ مه‌یموون ده‌چێت، فڵان قژی بۆیه‌ ده‌کات، فیسار تاقمی ددانی به‌ چه‌ند ده‌فته‌ر دۆلار کردووه‌، تێچووی نه‌شته‌رگه‌ریی لووتی ئه‌میان هێنده‌ هه‌زار یۆرۆ بووه‌، کۆشک و ئۆتۆمۆبیلی ئه‌ویان به‌ بانکی سویسرا ناکڕێت و شتی له‌و بابه‌ته‌، نیشانه‌ی ترسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌. ئه‌و زانیارییانه‌ به‌شێکیان ڕاستن، به‌ڵام به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان هه‌ڵبه‌ستراون، چونکه‌ وه‌ک پێشتر گوترا ئه‌و نووسه‌ره‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ ده‌سته‌ڵات به‌ شێوه‌ی نائاسایی ببینێت و به‌ هه‌مان شێوه‌یش پێشانی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی بدات. هه‌موو هاوار ده‌که‌ن فڵان و فیسار بده‌نه‌ دادگا، بگره‌ هه‌ر خۆیان ده‌بنه‌ دادوه‌ر، دادگای تایبه‌تی خۆیان داده‌مه‌زرێنن و بڕیار له‌ چاره‌نووسیان ده‌ده‌ن. هه‌ر به‌گشتی ئه‌م شێوازی نووسینه‌، واته‌ ئه‌وه‌ی باس له‌ تاوان و گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسانی حوکوومه‌ت ده‌کات و هاوکات دادگایان بۆ داده‌نێت، تایبه‌ته‌ به‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی پشت به‌ فه‌رهه‌نگی زاره‌کی ده‌به‌ستن، ده‌نا له‌و که‌لتوورانه‌ی بایه‌خی نووسینیان زانیوه‌، ده‌مێکه‌ تێپه‌ڕێنراون. ئه‌وه‌ ته‌نیا ڕۆژنامه‌نووسی پرۆفیشیناڵه‌ له‌وێ‌ ده‌ست بۆ کاری ئاوا ده‌بات، که‌چی لای ئێمه‌ بووه‌ته‌ ئه‌رکی ڕووناکبیران. که‌م نین ئه‌و ڕۆشنبیره‌‌ به‌ناوبانگانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی جوێندان به‌ به‌رپرس و باسکردنی ژیانی تایبه‌تیانه‌وه‌ ده‌رکه‌وتوون و لای ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی ئومێدی گه‌وره‌.
ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌ی زۆر ساده‌یان بۆ ڕووداو هه‌یه‌، که‌ پێیان وایه‌ هه‌ر ڕووداوێک سه‌ربه‌خۆیه‌ و هیچ کۆنتێکستێکی نییه‌. هه‌ر هێنده‌ داعش دێت، تێکڕا ده‌که‌ونه‌ نووسینی گوتار له‌و باره‌یه‌وه‌. به‌ڵام ئایا هه‌ر بۆ نموونه‌ داعش ڕوداوێکی نوێیه‌؟ درێژکراوه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشوو نییه‌ و به‌ هه‌مان ئێڵه‌مێنتی ئه‌وانیش‌ فۆرمی وه‌رنه‌گرتووه‌؟ بۆچی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ پێی وایه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ یان هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ نوێیه‌ و به ‌جیا لێی ده‌کۆڵێته‌وه‌، ڕاستتر بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات؟ چونکه‌ خۆی بۆ ئاماده‌ نه‌کردووه‌ و ناتوانێت ئه‌و کۆننێکشنه‌ له‌نێوان ئه‌و ڕووداوه‌ و کایه‌کانی مه‌عریفه‌دا دروست بکات. وه‌ک کایه‌ی مێژوو، سۆسیۆلۆجیا، سایکۆلۆجی و هیی دیکه‌. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ که‌مترین کاتی بۆ بیرکردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌م که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیکه‌یان جرتوفرتیه‌تی، نه‌بادا له‌ به‌رچاوان ون ببێت، بۆیه به‌ زمانی میللی‌ له‌باره‌ی هه‌موو شتێکه‌وه‌ ده‌دوێت و ئه‌وه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستێت، که‌لتووری زاره‌کییه‌. ڕۆشنبیر کاتێ ڕێگه‌ به‌ خۆی ده‌دات ئامۆژگاریی خه‌ڵک بکات، یان ببێته‌ پێشڕه‌وی، ئه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌ک گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ته‌واوی به‌ ده‌ست هێناوه‌ و پێویستی به‌وه‌یه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ به‌وانی دیکه‌یش بگه‌یه‌نێت، له‌ لایه‌کی دیکه‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ توانای ده‌رچوونی له‌م دۆخه‌ی ئێستای نییه‌. وا ده‌زانێت ئه‌و ئاسته‌ی پێی گه‌یشتووه،‌ ئه‌زه‌لییه‌ و پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی دیکه‌یش بیگه‌نێ. له‌ مێژووی ژیانی ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفاندا خاڵێکی جه‌وهه‌ری سه‌رنجڕاکێش هه‌یه‌، که‌ هه‌موویان پێک ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ تێکڕایان ته‌نیایی به‌ ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌زانن و له‌وێوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕوانن، که‌چی ڕۆشنبیری جاگله‌ر له‌ ئاوه‌دانی و قه‌ره‌باڵغیدا نه‌بێت، هه‌ڵناکات. ته‌نیایی لای ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر هه‌رگیز مانای دابڕان نییه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بینینی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌و شوێنه‌وه‌، که‌ هه‌موو ڕووه‌کانی لێ دیاره‌، بگره‌ له‌وێ نه‌بێت، ناگاته‌ قووڵاییه‌کانی.
له‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی ڕه‌خنه و که‌میی ویستی تێپه‌ڕاندندا خه‌ریکه‌ ئیدۆلۆگیی حزبی باڵاده‌ست به‌ هاوکاریی ئایین خۆی ده‌خزێنێته‌ ناو هه‌موو کایه‌کانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی کایه‌ی خوێندن. لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی ئه‌و پرۆسێسه‌مان چاکتر له‌ به‌رچاو بێت، ده‌کرێت په‌نا بۆ چه‌مکی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ (Reproduction)ی (پیر بۆردیۆ) ببه‌ین‌، که‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌لتووره‌ی‌ خوێندکار له‌ خوێندنگه‌ وه‌ریده‌گرێت، بێلایه‌ن نییه‌، به‌ڵکوو ئیدۆلۆگیی زاڵ هه‌ڵیده‌سووڕێنێت. نموونه‌ی خوێندنگه‌کانی فره‌نسا ده‌هێنێته‌وه‌ چۆن تێیاندا سۆسیالیزه‌یشن، واته‌ په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ تاک وا ڕابهێنێت نه‌ک هه‌ر به‌و ئیدۆلۆگییه‌ زاڵه‌‌ قایل ببێت، به‌ڵکوو لای ببێته‌ ڕاستی و خۆی له‌گه‌ڵدا بگونجێنێت، بگره‌ ته‌واو پێوه‌ی پێوه‌ست ببێت. به‌م شێوه‌یه‌ چینی باڵاده‌ست له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌مان تێگه‌یشتن درێژه‌ پێ بدات. لێره‌دا خوێندن ئاسانکاری بۆ منداڵی چینی سه‌رده‌ست ده‌کات و هاوکات ته‌گه‌ره‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م منداڵی چینی ژێرده‌سته‌وه‌، به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ خوێندگه‌دا ده‌خوێنرێت، که‌لتووری یه‌که‌میانه‌ و به‌ ئاسانی لێی تێده‌گات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م ده‌بێت له‌ که‌لتووری چینی خۆی داببڕێت و به‌ر که‌لتوورێکی دیکه‌ی نامۆ بکه‌وێت، که‌ مادام‌ هیی خۆی نییه‌، وزه‌یه‌کی زۆری ده‌وێت، تاکو لێی تێبگات، بۆیه‌ هه‌مان توانای منداڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی نابێت و دوا ده‌که‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ فێرکردن ده‌بێته‌ ده‌سته‌ڵاتێکی سیمبۆڵی و به‌ نهێنی ده‌ست به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌گرێت، که‌ (بۆردیۆ) خۆی پێی وایه‌ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ نه‌بینراوه‌ کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌.( ) ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ ته‌نیا له‌ فۆرمدا جیاوازه‌، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هێشتا ئاستی سه‌ره‌تاییی نه‌بڕیوه‌، به‌ڵام له‌ ناوه‌رۆکدا هه‌مان شته‌، که‌ ئه‌وه‌ی مرۆڤی پێ په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت، ئه‌و ئیدۆلۆگییه‌یه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ باڵی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه‌دا کێشاوه‌. پێکهاته‌یه‌که‌ له‌ سیاسه‌تی حزبی ده‌سته‌ڵاتدار و ئایین. مرۆڤ به‌ ئاسانی له‌و کتێبانه‌ی له‌ خوێندنگه‌کاندا ده‌خوێنرێن، هه‌ست به‌ چه‌واشه‌کاری ده‌کات و تێده‌گات چۆن خوێندن بووه‌ته‌ ڕێگه‌یه‌ک بۆ خوشه‌ویستکردنی ده‌سته‌ڵات و ئیدۆلۆگیی زاڵ. له‌ولایشه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر خوێندکاری سه‌ره‌تایی، به‌ڵکوو منداڵی باخچه‌ی ساوایانیش به‌ زۆر هه‌ندێک بابه‌تی ئایینیی پێ له‌ به‌ر ده‌کرێت، له‌ کاتێکدا ڕاڤه‌کاره‌ ناسراوه‌‌کانی ئیسلام کێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ریان هه‌ن.
ده‌کرێت لێره‌دا ئه‌و کۆنسێپته‌ی (بۆردیۆ) له‌ به‌رچاو بگرین و جارێکی دیکه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌، که‌ تێیدا گوترا سلێمانی له‌ نه‌وه‌ده‌کان، له‌ کاتێکدا هه‌موو شاره‌کانی ده‌وروبه‌ری به‌ ده‌ستی ئیسلامییه‌کان ده‌ڕووخێن، به‌ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌ و خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات، که‌چی له‌ حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ به‌ره‌و داڕووخان مل ده‌نێت. له‌ ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه، که‌ ئیدۆلۆگیی حزبی ده‌سته‌ڵاتدار و ئایین ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌، هه‌روه‌ها به‌ هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر و بانگده‌ر نه‌وه‌یه‌کی نوێ پێ ده‌گات. ئه‌و نه‌وه‌یه‌‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و یاخیبوونه‌ دانه‌مه‌زراوه‌، که‌ نه‌وه‌کانی پێشوو به‌رهه‌میان هێناوه‌، به‌ڵکوو ته‌واو له‌و مێژووه‌ی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه‌. دیسان ده‌ڵێین مرۆڤ ده‌توانێت له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ کاریگه‌ریی ئه‌و خوێندنه‌ به‌ ڕوونی ببینێت. ئه‌وه‌تا خه‌ریکه‌ کۆمه‌ڵگه‌ به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی دابه‌ش ده‌بێت، لایه‌نی سیاسی، که‌ تێیدا پارتی باڵاده‌سته‌ و لایه‌نی ئایینی، که‌ وا ورده‌ورده‌ سه‌له‌فییه‌کان ده‌بنه‌ ڕابه‌ری. ڕێگه‌ به‌ خۆم ده‌ده‌م بڵێم وا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌و زۆنه‌ی ناوی (هه‌رێمی کوردستان)ـه،‌ وه‌ک‌ کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بستانی سعوودیی لێ دێت. له‌وێدا ڕێککه‌وتن له‌نێوان دین و سیاسه‌تدا کراوه‌. پاشا و داروده‌سته‌که‌ی بۆیان هه‌یه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بژین، به‌و مه‌رجه‌ی ڕێ له‌ پیاوانی ئایینی نه‌گرن چۆن له‌ ناوه‌وه‌ وڵات به‌ ڕێوه‌ ده‌به‌ن. ئه‌مان بۆیان هه‌یه‌ بچن له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌ کافره‌کانی جیهان دابنیشن، ده‌ست بخه‌نه‌ ناو ده‌ستیان، بگره‌ پێکه‌وه‌یش مه‌ی بنۆشن، ئه‌وه‌یش قه‌یدی ناکات له‌ فره‌نسادا به‌شداری له‌ پرۆتێستی دژی تیرۆریستان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش مافی خۆیانه‌‌ له‌و کاته‌دا به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ ده‌ستی دز ببڕن و جه‌ڵده‌ له‌ هه‌ر که‌سێک بده‌ن، که‌ گوێ به‌ یاساکانیان نادات. له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌مه‌ خه‌ریکه‌ به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت. ئێستا بۆ پارتی ئه‌وه‌ گرنگه‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی له‌ ده‌ست نه‌چێت و خۆی وه‌ک سه‌رۆک بمێنێته‌وه‌. لێره‌یشدا دۆستی دڵسۆزی وه‌ک سه‌له‌فییه‌کان نادۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ خودی حزبه‌ ئیسلامییه‌کانی ترن کێشه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌له‌فیدا هه‌یه و ده‌رکه‌وتنی به‌ مه‌ترسی ده‌زانن‌، نه‌وه‌ک پارتی، چونکه‌ وه‌ک گوترا ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ بۆ پارتی، (ده‌ڵێم ئه‌مڕۆ و ناڵێم سبه‌ی)، جێگه‌ی دڵنیایین، مادام نابنه‌ تێکچوونی دۆخه‌که‌ی، بگره‌ ده‌بنه‌ پاڵپشتی و هێزی ده‌ده‌نێ. ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی جیاوازدا نییه‌، به‌ڵکوو پێوه‌ندیی به‌و زۆرایه‌تییه‌‌وه‌ هه‌یه‌. واته‌ له‌ ئه‌نجامی به‌رهه‌مهێنانه‌وه،‌ چ به‌رهه‌مهێنانی فیزیکی و چ به‌رهه‌مهێنانی هزرییه‌وه‌ نییه‌، که‌ دابه‌ش ده‌بێت، به‌ڵکوو ئاڕاسته‌ی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت چۆن دابه‌ش ببێت، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و دابه‌شکارییه‌‌ دۆخی ژێر چه‌تره‌که‌ بگۆڕێت. ئه‌و بۆچوونه‌ی ڕۆشنبیری جاگله‌ر هه‌ر زوو کورتی هێنا، که‌ پێی وا بوو به‌هێزبوونی پایه‌ی پیاوانی ئایینی ده‌بێته‌ هۆی بێهێزبوونی پارتی. جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ئه‌مڕۆ خه‌ریکه‌ کۆمه‌ڵگه‌ به‌سه‌ر پارتی و سه‌له‌فی دابه‌ش ده‌بێت، یان لانی که‌م ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌ به‌ زه‌قی ده‌رده‌که‌ون و ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر پێوه‌ندیی دۆستانه‌یان ده‌رده‌که‌وێت. پارتی له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌زموونی زۆره‌ و له‌وانی دی چاکتر ده‌زانێت چۆن له‌گه‌ڵ ته‌وژمی ئیسلامیدا مامه‌ڵه‌ بکات. هه‌ر له‌ شاخه‌وه‌ ئه‌مه‌ی پێڕۆیی کردووه‌ و درێژه‌ی پێ داوه‌. له‌ ده‌ره‌وه‌یش پارتی له‌گه‌ڵ هه‌موو حوکوومه‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ردا پێوه‌ندیی پته‌وی دامه‌زراندووه، به‌وه‌ی خاوه‌نی نه‌وتێکی زۆره‌ و بواری فرۆشتنی به‌ چاکی بۆ ڕه‌خساوه‌‌. لای تورکیای (ئه‌ردۆگان) په‌سه‌نده‌ و له‌گه‌ڵ ئێرانیشیدا پێوه‌ندیی دێرینه‌ی هه‌یه‌، بگره‌ توانیویه‌تی لای عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌یش به‌ دۆست بزانرێت‌.( ) لێره‌دا ڕۆشنبیری جاگله‌ر هیچ ڕۆڵێکی نییه‌، مادام ئه‌وه‌ خواستی زۆرایه‌تییه‌‌ و ئێتمۆسفێری ژێر چه‌تره‌که‌ خۆی ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه، بگره‌ ئه‌مه‌ به‌رهه‌می هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر و سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ره‌‌. ئێستا بۆ ئه‌و شوێنه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، که‌ تێیدا گوترا هه‌ر لایه‌نێک له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا سنوورێکی بۆ خۆی داناوه‌،‌ لێی تێنه‌په‌ڕێت، چونکوو به‌زاندنی سنووره‌که‌ تووڕه‌بوونی خودی زۆرایه‌تییه‌که‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری خاوه‌نپه‌یام ڕۆشنبیرێکی کۆنی ته‌قلیدییه‌. ڕۆشنبیرێکه‌ وه‌ک سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌دار پابه‌ندی خواسته‌کانی زۆرایه‌تییه‌‌. ڕۆشنبیرێکه‌ نه‌ توانای تێپه‌ڕاندنی هه‌یه‌ و نه‌ ده‌شیه‌وێت له‌و زۆرایه‌تییه‌‌ داببڕێت. ڕۆشنبیرێکه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌ربکه‌وێت و به‌ جه‌ماوه‌ره‌که‌ی بڵێت پشتی تێ نه‌کردوون، به‌ڵکوو هه‌میشه‌ له‌ناویاندایه‌. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ ڕۆژنامه‌ و که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کان به‌ چاکترین ڕێگه‌ ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام خۆی به‌و جه‌ماوه‌ره‌ پێشان بدات. کاتێ ڕۆشنبیر په‌یامی هه‌یه‌، مانای وایه‌ هه‌م بابه‌تی په‌یامه‌که‌ی دیاری کردووه‌‌ و هه‌م ئه‌وانه‌یش په‌یامیان ئاڕاسته‌ ده‌کات، ناسراون، که‌ ئه‌مه‌ مانای مانه‌وه‌ی ڕۆشنبیره‌ له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی خۆی بۆ خۆی کێشاوه‌.
ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفێک دروست ده‌کات، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داڕووخان و تێکشکانی کۆمه‌ڵگه‌دا، نه‌وه‌ک خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی، که‌ هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ ده‌بێته‌ فاکته‌ری دۆزینه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی نوێی بیرکردنه‌وه‌.‌ ده‌کرێت لێره‌دا ئێمه‌ ته‌نیا (هیگڵ) به‌ نموونه‌ بهێنینه‌وه‌ چۆن به‌ هۆی شۆڕشی فرانسی و بارودۆخی ئه‌ڵمانیای سه‌رده‌مه‌که‌یه‌وه‌ گه‌وره‌ترین گۆڕانکاری له‌ بیرکردنه‌وه‌ی خۆیدا ده‌کات، بگره‌ له‌مه‌وه‌ زیاتر تینوێتیی بۆ ئازادی تاو ده‌ستێنێت و قووڵتر له‌ دنیا ده‌ڕوانێت. له‌م ڕووه‌وه‌ کۆنسێپتی نێگه‌یشن (Negation) داده‌هێنێت، که‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی دیالێکتیکه و ئه‌مه‌‌یان تاکه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ هۆشیاری‌. نێگه‌یشن واته‌ گواستنه‌وه‌ له‌ بیرۆکه‌یه‌که‌وه‌ بۆ دژه‌که‌ی. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ گواستنه‌وه‌ له‌ پۆزێتیڤه‌وه‌ بۆ نێگه‌تیڤ، بۆیه‌ پێی وایه‌ نێگه‌تیڤ به‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی نێگه‌تیڤه‌، پۆزێتیڤیشه‌، که‌ دواتر هه‌ردووکیان یه‌ک ده‌گرن، به‌ڵام له‌ دۆخێکی باڵاتردا. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م شێوازی نه‌فیکردنه‌وه‌یه‌ نه‌فیکردنه‌وه‌ی ته‌واو نییه‌، به‌ڵکوو نه‌فیکردنه‌وه‌ی به‌شێکی دیارکراوه‌، که‌ هه‌ر خۆی خه‌ریکه‌ ده‌توێته‌وه‌. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و نه‌فیکردنه‌وه‌یه‌یشدا ناوه‌رۆک ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌و نێوه‌دا به‌ ده‌ست دێت، نوێیه‌، به‌ڵام باڵاتره و له‌و کۆنسێپته‌ی پێشوو ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌‌. که‌واته‌ له‌ ڕێگه‌ی پرۆسێسی نه‌فیکردنه‌وه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌. به‌ هه‌رحاڵ ئه‌مه‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه‌، که‌ (هیگڵ) ده‌یه‌وێت واقیعی پێ ڕاڤه‌ بکات، به‌وه‌ی نێگه‌یشن چه‌مکێکی کراوه‌یه‌، دۆگما نییه‌ و توانای به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. وه‌ک (هێربێرت مارکیوز) جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌ (هیگڵ) ده‌یه‌وێت له‌و کۆنسێپته‌وه‌ واقیعی تێکشکاو و داڕووخاوی ئه‌ڵمانیا بخوێنێته‌وه‌. واته‌ هه‌ر ده‌بێت سیستێمی سیاسی تێک بشکێت و بۆ سیستێمێکی نوێی عه‌قڵانی (a new rational order) بگۆڕێت. گۆڕانکارییه‌کی له‌م شێوه‌یه‌یش به‌بێ توندوتیژی نایه‌ته‌ کایه‌وه‌.( )
ڕۆشنبیری جاگله‌ر دووره‌ له‌وه‌ی گۆڕانکاری بکات، مادام له‌ ڕێگه‌ی‌ ئازاره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی واقیع نابێته‌وه‌، له‌ کاتێکدا‌ ته‌نیا ئازاره‌ ئه‌و توانایه‌ به‌ ڕۆشنبیر ده‌به‌خشێت له‌ خۆی و له‌ ده‌وروبه‌ری قووڵ ببێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی زۆرایه‌تی‌ ده‌جووڵێنێت و گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت، ئاڕاسته‌ی جیاواز و پێچه‌وانه‌یه‌. داعش، که‌ هێزێکی نه‌خوازراوه‌، کاتێ به‌ر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ده‌که‌وێت، به‌ توندی به‌ لاوه‌ ده‌نرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه‌ ده‌یهه‌ژێنێت. قورس نییه‌ به‌رهه‌می ئه‌و هه‌ژانه‌ ئه‌گه‌ر که‌میش بێت، ببینین، که‌ ئه‌مه‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌و زۆرایه‌تییه‌‌ ته‌نیا به‌ ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌ورووژێت و ده‌گۆڕێت، نه‌وه‌ک به‌و فکرانه‌ی دڵنه‌واییی ده‌ده‌نه‌وه، که‌ هێشتا ڕۆشنبیری ئێمه‌ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی نه‌گرتووه‌‌. خۆ ئه‌وانه‌ی ویستوویشیانه‌ به‌ مێتۆدی ڕه‌خنه‌ ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌‌، تاکو ئه‌مڕۆ ژماره‌یان که‌مه‌ و هه‌وڵه‌کانیان سه‌ره‌تایین.
(گرامشی) باوه‌ڕی و‌ایه‌‌ هه‌موو خه‌ڵک به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ڕۆشنبیرن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی فکری باڵان‌ و کاریگه‌رییان هه‌یه‌، به‌ ڕۆشنبیر داده‌نرێن. مه‌به‌ستی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکه‌،‌ له‌ ڕۆشنبیری ترادیشیۆنه‌ڵی جیا ده‌کاته‌وه.‌( ) وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێت ڕۆشنبیر کاتێ ده‌توانێت ڕۆڵی کاریگه‌ر له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا ببینێت، که‌ ئاستی میللی تێده‌په‌ڕێنێت‌ و ده‌بێته‌ خاوه‌نی تێگه‌یشتنێکی تایبه‌ت و ڕه‌خنه‌گرانه‌، به‌وه‌ی ته‌نیا له‌ ڕێی دابڕانه‌وه‌ پێوه‌ندیی خۆی به‌ داموده‌ستگه‌کانه‌وه‌ ده‌پچڕێنێت و ئازادانه‌ له‌ کونوکه‌له‌به‌ره‌کانیان ده‌ڕوانێت. واته‌ به‌بێ ئه‌و ئازادییه‌ ئه‌سته‌مه‌ ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر ببینێت. ده‌کرێت بگوترێت ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر نه‌ک هه‌ر ئاستی خه‌ڵک، به‌ڵکوو ئاستی خۆیشی تێده‌په‌ڕێنێت، که‌ ته‌نیا پرسیاری نوێ و وردبوونه‌وه‌ی زیاتره‌ ئه‌و تێپه‌ڕاندنه‌ ده‌هێننه‌ دی.
مرۆڤی ئێمه وه‌ک چۆن‌ نه‌یتوانیوه‌ ژیانی خۆی وا بێنێته‌ به‌رچاو،‌ سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌داری نییه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ده‌ستیشی نه‌هاتووه‌ ڕۆشنبیر له‌ دنیای خۆی بکاته‌‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵکوو ترسی له‌ده‌ستدان‌ وای لێ کردووه‌ له‌سه‌ر شێوازی ئه‌فسانه‌کاندا وێنه‌یان بکێشێت و قه‌باره‌یان زۆر گه‌وره‌تر له‌وه‌ی هه‌ن، پێشان بدات، به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و شۆکه‌ بگرین، که‌ زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی دوێنێ به‌ گه‌وره‌مان ده‌زانین، جاگله‌ر ده‌رچوون و ئه‌مڕۆ هیچ پڕۆژه‌یه‌کی فکریی ڕه‌خنه‌ییان نییه‌. پێم وایه‌ ته‌نیا شۆکێکی له‌م شێوه‌یه‌‌ ده‌توانێت وامان لێ بکات نه‌ک هه‌ر ئاستی ئه‌م ڕۆشنبیره‌، به‌ڵکوو ئه‌و دۆخه‌ی ئێستایش تێبپه‌ڕێنین.
یه‌کێ له‌و خاڵانه‌ی هه‌ر ڕۆشنبیرێکی ڕه‌خنه‌گر، که‌ خواستی تێپه‌ڕاندنی مۆدێلی ڕۆشنبیری جاگله‌ری هه‌یه‌، لێیان تێده‌گات، ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌رکی ڕۆشنبیر ئه‌رکێکی قورسه‌ و بیرکردنه‌وه‌ پرۆسێسێکی سه‌خته‌. هه‌میشه‌ کاری ده‌سته‌ڵات چ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی، چ ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ شێوه‌ی خێزان، قوتابخانه‌، په‌رستگه‌ و ئه‌وانه‌ی دی ئاسانه‌، به‌وه‌ی ئه‌وان نه‌ک مه‌به‌ستیان نییه‌ زۆرایه‌تی‌ تێبپه‌ڕێنن، به‌ڵکوو تا بۆیشیان بکرێت شه‌ڕ له‌پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ جێگیره‌دا ده‌که‌ن. ئیدۆلۆگی، هه‌م ئیدۆلۆگیی سیاسی و هه‌م ئیدۆلۆگیی ئایینی له‌سه‌ر ئاسانکاری دامه‌زراون‌. چه‌ند پرینسیپێکیان هه‌ن‌، که‌ به‌ ئاسانی له‌ به‌ر ده‌کرێن و ده‌گوترێنه‌وه‌. هه‌موو داموده‌ستگه‌کانی وه‌ک خێزان، په‌رستگه‌، قوتابخانه‌ و زۆری تریش ده‌یانڵێنه‌وه‌ و به‌ ئاسانی له‌ مێشکدا ده‌چه‌سپێن، به‌ڵام کاری ڕۆشنبیر قورسه‌، به‌وه‌ی ده‌بێت گومان له‌و پرینسیپانه‌ بکات و هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه، بگره‌ به‌ ئایدیای نوێ ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌ شته‌ گه‌وره‌ و زه‌قه‌کانه‌وه‌ ده‌لکێت، به‌ڵام ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر بۆ ناو شته‌ ورده‌کان ڕوو ده‌چێت و ئاڕاسته‌ی نوێیان تێدا ده‌دۆزێته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆشنبیر ئه‌وه‌ نییه‌ کێشه‌ی له‌ قه‌باره‌ی خۆی بچووکتر، یان هێنده‌ی قه‌باره‌ی خۆی دروست ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ کێشه‌ی گه‌وره‌تر له‌ قه‌باره‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت. ڕۆشنبیری میللی، که‌ هێنده‌ ڕووی له‌ زۆرایه‌تییه‌‌ و لێی جوودا نابێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کانیدا بژی، وه‌ک ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ توانای نییه‌ ئه‌و ئاسته‌ جێ بهێڵێت، به‌وه‌ی له‌ داڕشتنی پرسیاری نوێدا ده‌سته‌وستانه‌، له‌ کاتێکدا ته‌نیا له‌ ڕێی پرسیاری نوێوه‌ ڕۆشنبیر ده‌توانێت مه‌ودا (Distance)ی نێوان خۆی و جه‌ماوه‌ر دروست بکات، که‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیی داهێنانه‌. (عه‌لی حه‌رب) پێی وایه‌ (له‌ پیتاگۆراسه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ بریتییه‌ له‌ فێرکردنی تایبه‌ت، نه‌ک هیی گشت، مادام گشت به‌رگه‌ی ناگرێت و لێی تێناگات، بگره‌ تێکیشی ده‌دات. که‌واته‌ چاک نییه‌ ڕاستییه‌کان له‌ به‌رانبه‌ر جه‌ماوه‌ردا بگوترێن، به‌ڵکوو پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌ک تۆمار بکرێن له‌ گرێ و سیمبۆڵ خاڵی نه‌بن، به‌ ڕاده‌یه‌ک ته‌نیا ئه‌وانه‌ ده‌ستیان بگه‌نێ، که‌ شایانیانن و هه‌قی خۆیانیان پێ ده‌ده‌ن).( )
تێڕوانینی ڕۆشنبیری میللی بۆ جه‌ور و سته‌م له‌ سنووری هاوکێشه‌ی (سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست و کۆتایی) تێناپه‌ڕێت. واته‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ پێی وایه‌ جه‌ور و سته‌م سه‌ربه‌خۆن و لینکی جۆراوجۆریان نییه‌، تاکو به ‌دوایاندا بگه‌ڕێت و لێکیان بداته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ک شتی فیزیکه‌ڵ لێیان ده‌ڕوانێت. پێی وایه‌ زوڵم سه‌ره‌تای هه‌یه‌، ده‌گاته‌ ناوه‌ڕاست، دواتر تێک ده‌شكێت و کۆتاییی دێت، بۆیه‌ زمانێکی ئاسانی پێویسته‌، ئه‌و زمانه‌ی ڕۆژانه‌ خه‌ڵک به‌ کاری ده‌هێنن، له‌ کاتێکدا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر پشت له‌و تێگه‌یشته‌ ساده‌یه‌ ده‌کات و له ‌ناوه‌وه‌ چ له‌ چه‌مکی زۆرداری و چ له‌ هه‌ر چه‌مکێکی دی ده‌ڕوانێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تێیانبپه‌ڕێنێت، نه‌وه‌ک ده‌ستیان پێوه‌ بگرێت. واته‌ ئه‌و تاکه‌ ئاڕاسته‌یه‌ تێک ده‌شکێنێت و ده‌یان ئاڕاسته‌ی دیکه‌ی جیاواز داده‌هێنێت. (ژیل دۆلۆز) و (کلێر پارنێ) له‌ کتێبی (دایه‌ڵۆگه‌کان)دا ده‌نووسن: (ئامانج وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان نییه‌، به‌ڵکوو ده‌رچوونه‌ لێیان. خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ن باوه‌ڕیان وایه‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ی پرسیار مانای ده‌رچوونه‌…. به‌ڵام ده‌رچوون هه‌رگیز ئاوا نایه‌ته‌ دی).( )
ده‌شێ ئه‌مڕۆ له‌ ئێتمۆسفێرێکی ئاوادا جوێنێک، دۆعایه‌ک، سلۆگه‌نێک، یان هاوارێکی ڕۆشنبیری جاگله‌ر له‌ ده‌یان شیعر و ڕۆمان گرنگتر بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر شیعر، ڕۆمان، چیرۆک، شانۆ، موزیک، هونه‌ری شێوه‌کاری و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ن ده‌توانن زه‌مه‌نه‌کان ببڕن، مادام له‌سه‌ر جیاوازی دامه‌زراون و له‌ توانایاندا هه‌یه‌ جیاوازی به‌رهه‌م بهێنن.( )