سەمفۆنیای نا مردنێ.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

بەرد جێگەی لەق بوو . . . ئاوارە دەبێ
کوێستان و گەرمیانی حەزلێیە
رۆحی من

شوشە کە درزێ دەدا . . . ساف نابێتەوە
تەمەن هەڵدەکشێ . . . جغز دەبن بە درز
دەرەقەت نایەن
کون ناکەن . . . هێشتا . . . ناخی من

شیعر دەنووسم
ئەگەرنا
ئۆخخەی ناکەم . . . ئۆقرەی لێ هەڵدەگیڕێ
دەروونی من

عەباس ئیسماعیل حەمەد
2026-10-13




سوناتای شیعری ژمارە دووم.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

(١)
شیعرێ دەنووسم
جوامێرە
خورتە
وەک خۆم وایە
خۆی بەکەس ناگۆڕیتەوە . . . شیعری من
بێ وەیە
شان بە شانی خۆی شەقاوان داوێ . . . شیعری من

(2)
ساباتیان ڕوخاد . . . سارنجیان کۆرکردەوە

(٣)
شیعری من
چیدی ناچێتە بەر سۆپای کەس
دیوەخانی لەخۆ حەرامکردیە
قیچکە جغارەی کەس هەڵناگرتەوە
باراشی لە ئاشی کەس ناکات
سەوەشیری هەڵگێرایتەوە
فەرەقەتێی کەوی بووینە
دێینەوە … نایێنەوە
ماڵ … ماڵی خۆیانە

(٤)
لەسەر باسکێ وەسەرکەتی
لە برندیت لێ دیارە
شیعری من ماڵی هەموانە

(٥)
لە ماڵی شیعری من
قاسپەی کەوێ
بۆ داوی دووژمن . . . لێیان ناکەوێ
عەشق ناکەن
سۆلۆی شیعر دەژەنن

2026-10-11
نهۆمی دەیەمی بەختیاری
عەباس ئیسماعیل حەمەد




سۆناتای ژمارە یەک.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

(١)
هەموو کۆمەڵگە بۆ ئێوە . . . نەهامەتیەکانیشی.
حوکم بۆ من . . . خۆشیەکانیشی.
خۆ تێ هەرناقورتێنم
خۆم تێ هەرسووە
سەر دانەوێنە
سەردانم بکەن

(٢)
تۆنەکان . . . بسک و پەرچەمان
هەر هەمووم بێدارکردینەوە
توولەڕێم لە ئاودایە
لە دەرەشیرێ تازە وەسەرەکەوم
سەمەر و ساوسێوکانم لێ ئاوا نابی
ئەمن
لە نیتشەم لۆ مایتەوە . . . ئەوێ سوخەتان
سێ سۆلۆیان بژەنم
ئەمن.
رووباری شەهیدانم . . . شاعیرم . . . دڵۆپەبارانم
ناگیرێمەوە

(٣)
بە دەستوبازووی داکم . . . لەسەر عارەبانەکەی بابم . . . راکشایمە

(٤)
ئەستێرەکان
هەندەکم ئاوابووینە
هەندەکانیشم
هوردە هوردە
خۆ داوێنەوە ئامێزی

(٥)
یەزدانی مەزن
کێ بی لەمن بەختەوەرتر
بە پێپلیکانێدا وەسەرکەوی
لە پەرستگاکان گەرێ
پیرۆزیەکان لە هەوکی کاتەوە
پێلووی چاوەکانی بە دارێ وەکا . . . جارێ
گەردوون لەخۆ گری

2026-10-01




عەشق ڕاوکەیە.. شیعر عەباس ئیسماعیل حەمەد

ئەمن لەوێم
قوتکەکانم لەبیرە
ئێستاش هەر لەوێم
قەت نەبوو سەردانی گڵکۆی پیرۆزم کەی
لە خۆتم بگرە توند توند
رێی کانیێم لێ ناکەوی ئەمن
لەوێم و دەچۆڕێمەوە
ئەمن گۆلمە ئاوێکی نێو پەنجەکانتم
سەر دانەوێنەوە و قومی لێدە
ئەمن بە حەزرەتی ناخم
ناخی زەوی
هەناسەی خانمێکی کەوی
لە خۆتم بگرە توند توند
رێی کانیێم لێ ناکەوی ئەمن
بە گولمێک ماچ . . . بڕم ناشکێ ئەمن
فەریکەگیزەکانم لە بیرە
ئەمن لە ئامێزێتدا دەچەمێمەوە

عەباس ئیسماعیل حەمەد
2026-09-29




من و ئاو دڵۆپێکمان بەینە.. شیعری عەباس ئیسماعیل حەمەد

ئاو لە منە!
ڕێڕەو دەگۆڕین
سڵ ناکەینەوە
بەسەر زەمەندا دەنووشتێینەوە
سوخەتمانە
دڵنیاین
پەردەی بەرد هەڵدەتلۆقێنین
ئەگەر لێمگەڕێن
دەبم بە هەڵم
ئەگەر لێمگەڕێن
موژدەی بەفرم پێیە.
دەبم بە دڵۆپ
هێدی هێدی
لە ترپەی دڵ دەچم
ئۆخژنی بەرد لە جەرگم بەردەبی
ئاو لە مندا دەتوێتەوە
سەربردەی ئەشکەفتم پێیە
تارمایی سەر دیوارەکانم لەبەرە
پشتم لە ڕووناکی نەکردیە
تیشکێک لەوێ هەڵدێ
هەڵبەستم پێیە
لە ساوسێوەکانم
ژووانم هەیە
ئاو لە من فێری عەشق بوو
عەشق لە مندا قەتماخەی گرت
قەتماخەی من ماکی عیشقە
کەس پەی پێ نەبردیە
خۆزگەی من ڕامانە
چۆڕینەوەیە
دەبارم، من تاڤگەی بەفرم
من هاژەی تەواوبوونم
هاژەم
لە ورشەی با دەچێ
لە گمەی کۆتر
لە پسکەی گوڵ
لە خەرمانەی پێشوەختە
جۆخینەی نەکردیە
ئەزەل

لە هەورازیدا دێم دەنیشمەوە
من بەرزەفڕەم
فڕین لە مندا درۆپەی دەکات
پەپولە
بەفر
کنێر
تارا
نرکەی هەناوم
ڕەشماڵێ هەڵدەدەن
قەف قەف
پەپکەی سەر درزەکان ماچ دەکەن
ماچم دەکەن
فڕین لە منە
هەڵدەنیشمەوە
ڕێڕەو
بارین
شەو و شەونم
بەرزەزێ . . . خوناو
ماچ دەکەم!

ئەوێ شەوێ
خودام هاتە خەوێ
سرووشی نوێ دەنووسمەوە
خەونێ بەخۆم دەبینم،
خودا نیم
خودا لە منە
حریتەمان دەڕوات
خۆزگەم بەوەی ئاگای لێیە
شیعرم نێرکی کردیە ئەوڕۆ
لە ئەشکەفتێ ڕووم وەرگێڕایە
عیشق ئەوهایە
دانامرکێمەوە

عەباس ئیسماعیل حەمەد
هەولێر
22-09-2026




دابەشکردن بەسەر سفر!.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




ئەو پرتەوبۆڵەیەت لەچیە؟ … عەباس ئیسماعیل حەمەد

کوردستان 2015-2-4

سەراسۆی بانیم لێمەگرە چیدی!
خۆت مەگرمخێنە ئیدی!
بێرەوە سەر عەرز!
خۆت لێنەگۆڕێ!
ئەمن نەبام،
تۆ نەدەبووی!
کەڵەبابی سەربارەدارێ‌ نی
وەرەوە خوارێ!

تۆ کۆتایی سەرەتایەکی
چەقت بەستووە.
تۆ تابلۆیەکی سەرەخۆرەی!

من بیر نەکەمەوە، ئەتو ئەو زمانەی لە کێندەرێ دینی؟
من کتێبەکان دەنووسمەوە!
تۆ بازدەدەیتە نێودێڕەکان.

من هەگبەی پێوەرەکانم بەتوو دەسپێرم‌، نەک خۆم.
تۆ وێنەیەکی ئەودیوی منی.
با تۆ بابیت یان لەگەڵدا بیت،
هێشتا نەتتوانیوە ببی بەیەک‌
من هەر لەوێت دەتهێلمەوە.
دەزانم دەگەیت بەوێ،
دەستت دەگا بەوێ،
بەڵام نەک ئەو ئەوێیەی من لەوێم!

ئەتوو دەبی بە بیر لە مندا
ناتوانی ببی بە زمان!
یا زەمەنەکانم دەستکاری بکەیت‌و ببی بە کردار.
ئەتوو:
بیرم،
زمانم،
کردارم دەهۆنیتەوە،
دەبی بە دەق،
لەنێو دێڕەکانمدا سەرهەڵدێنی
هێشتا نابیت بە قسە.
چونکە من نەبم تۆ نابیت!

تۆ ئەودیوی منی، من دیوەکەی تر
تۆ پیرۆزی منی، تۆ بیری،
تۆ لەمنی!
تۆ جیامدەکەیتەوە لەوانی دی.
تۆ لە روخسارمدا دەبیندرێی‌،
بە ئادگارمدا دەردەکەوی:
من ئەو نیم‌و منم،
لە خۆم نەبێ،
لە تۆ نەبێ،
لە چی دی ناچم.

بێ هودەیە، لێگەڕێ!
وازبهێنە!
هەوڵیش بدەی
پەلکێشی ناو تۆ نابم،
من لە ناوەوەم، تۆ لەدەرەوەی.

من خۆم چم!()
من ئەسڵم.
لەگەڵ مندا دەبیت بە چ!(
).
تۆ هەر لە خۆم دەچیت‌‌،
وێنەکەی ئەو دیوی منیت!

سەرقاڵم بە تۆ
نەک هێندە بەخۆم.
من نەبم، تۆ نیت‌!
تۆش نەبی
لە مۆنۆمێنت،
لە پەیکەری سەر سەکۆیەک دەچم،
نە بە بارانێ زیندودەبمەوە،
نە بەرەونەقی سەردانێ،
نە بەنزا،
نە بەگریانێ،
نە لەگەڵ هەناسەش دێمەوە!

تۆ هی من نیت
تۆ لەمنی!
تۆ هەردەمێ رەنگێکی
تۆ دەنگی.

تا من بیر نەکەمەوە
نەتکەم بە وێنە‌،
نەتکەم بە ئاواز،
تۆ لەدەرەوەی سنورەکانی!
من لێرەم،
تۆ لەوێ‌ی.

تۆ بووی بەبار
لەمندا،
لەناخمدا،
لەبیرمدا.
نە بەبێ‌ی تۆ هەڵدەکەم
نەتۆش بێ‌ی من ئەوی تری!

مردن تۆ داتهێناوە!
من تۆ.
تۆ ئەهرێمەنت داهێنا
من ئەهرۆمزدا!
من خەون، گەڕان بەناو ئۆقرەیی ئەبەدیدا
گەڕان بەناو ناخی خۆمدا
هەڵاتن لەدەست تۆ.

تۆ دەبیت بە وەهم‌،
بە گێرە.
تۆ بە وشەوە دەنووسێیت،
هەندێ جار دەبی بە مانا
جاروبار لێم هەڵدەگەڕێیتەوە،
دەبیت بە رەهەندەکەی ئەودیو.
لەوەتەی من هەم
لە ئەزەلەوە
من‌و تۆ کێشمەکێشممانە
لەسەر تۆ، لەسەر من!
من چم؟ یا تۆ چی؟

لە یەکەم تەقینەوە
من سەرەتاو کۆتا
یا تۆ کۆتا‌و سەرەتایت؟
من وزەبووم؟ تۆ بوویت بە مادە؟
یا من ماددە بووم‌؟ تۆ خۆت کرد بە وزە؟

لێم عەیانە:
من وزەم،
من ماددەم،
من سەرەتام
کۆتا بەدەست خۆمە
نەک بە دەست تۆ.
من چم،(*) ئەتوو وەنی.
من ئێرەم،
من لێرەم
من ئێستاکەم
تۆ دووای ئەوی
من هەوکانەم،
تۆ هێشتا نی.

من نە بام‌و نە لەگەڵیشدام
من کەس زەفەرم پێ نابا
دەتگۆڕن، خۆت لێدەگۆڕێ
من هەر وەک خۆمم ئەمن
من لە ناوەوەم.
تۆ لەوێندەرێ نی.
تۆ لەوانی دی ناچی
تۆ، هەرجارێ رەنگێکی
دەنگێکی
ئەوانیش وەک خۆیانن
رەنگێکن
دەنگێکن
هیچتان لە هیچتان ناچن
ئەگەر ئەوان نەبن
ئێوە چ(*) نین.

” هەستیدەروونم قسەی زمانم… ”
زۆر لەیەک نزیکن دەزانم! (**)

(سوید 2019-6-22 )

عەباس ئیسماعیل حەمەد
. . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . .
() (چ) خۆی لەخۆیدا دەربڕینە، وشەیە، بە ماناکانی Entity, Being لە زۆردەربڕین بەکارمهێناون. (*) دێڕی یەکەم لە گۆرانیەکی کوردی وەرگیراوە،
دێڕی دووەمیش هەر هی ئەوێیە، خۆی دەستکاری خۆی کردووە.