ڕۆحی حیکایەتخوان لە ڕێگەی شتە سادەکانەوە دەردەکەوێتەوە.. ئەحمەد ڕەسوڵ


بۆ یادی کۆچی دوایی مامۆستا حسین عارف

ئەستێرەیەکی هەرە گەشی هونەری چیرۆکنووسین و حیکایەتخوانیی ئێمە، بۆ هەمیشە لە ئاسمانی ئەدەبیاتدا بە ئارامیی لە خاڵێکدا بۆ هەتا هەتایی جێگیر بوو.
مامۆستا حسێن عارف، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی مەزن و سەردەستەی هونەری گێڕانەوە و حیکایەتخوانیی، کۆچی دوایی کورد و خەرمانێک لە چیرۆکی ئەفسووناویی بۆ جێهێشتنین.
هەردەم لە یادەوەریی ئەهلی ئەدەبیاتدا، یادی مامۆستا حسێن عارف، گەش و هەرمان دەمێنێتەوە.

لە سەرەتای منداڵیی و نەرجەوانیمانەوە بە ناوە جوانەکەی حسێن عارف ئاشنا بووین.
یەکێک لەو کتێبانەی لە منداڵییەوە، چووە نێو یادەوەریمانەوە، کتێبی کۆمەڵە چیرۆکی گەلەگورگی مامۆستا حسین عارف بوو. بە وردیی نازانم لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی یان ناوەندیم بوو کە ئەو کۆمەڵە چیرۆکەم خوێندەوە و خەیاڵی منداڵانەی منی چەند هێندەی دیکە فراوانتر و ئەفسووناویتر کرد.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە چایخانەیەکی لاچەپەک لە ناوبازاڕی سلێمانی دانیشتبووم و چایەکم خواردەوە، لەگەڵ ئەوەی چایەکەی من دیشلەمە بوو، “چای شیرین” ی مامۆستا حسین عارفم هاتەوە یاد. چای شیرینی ئافتاو بۆ مەحمود. هەستی پاکی خۆشەویسیتی گەنجێکی ١٩ ساڵان بۆ کچێکی گەنج، کە هەردووکیان پڕن لە ئیحساس و هەیەجانی خۆشەویستییەکی سادە و ڕاستەقینە کە بۆ یەکەم جار لە ژیانیاندا ئەو هەستە دەژین.

مەزنیی شاعیر، حیکایەتخوان و ئەدیبان لەوەدایە، ڕۆحیان دەچێتە نێو هەموو ئەو کاڵا و شتە ماددییانەی دەوروبەرمان و هەموو دیاردە و دەرکەوت و بوونێکی نێو سروشتەوە. هونەرێک کە بۆ ئەم کارە لەبەردەستی ئەواندایە، تەنها ئەدەبیاتە و هیچیتر.
کاتێک دەچینە سەر کانییەک یان سەردەریایەک و سەرنج لە شەپۆلە بەهێزەکانی دەدەین یان مانگەشەوێک، خۆبەخۆ شیعرەکەی مامۆستا گۆران دیتەوە یادمان.
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو
لەبنیا بلەرزێ، مرواری زیخ و چەو.
جوانترە لەلای من، لە دەریای بێسنوور
شەپلۆ باتە بەر تیشکی ڕۆژ شڵپ و هوڕ.
یان کاتێک ساڵانە دەگەینەوە، یادی ئەنفال، تێکستە قووڵ و ئەفسووناویی و نەمرەکەی شێرکۆ بێکەسمان لەبارەی ئەنفالەوە دێتەوە یاد:
وەی بۆ سووتانی ڕۆحی ئازیزێ.
یان مانگەشەو، دەمانباتەوە لای شیعری “ئەی مانگ” ی فایەق بێکەس کە بە دەنگە نایاب و هونەرە نەمرەکەی مامۆستا عەلی مەردان، کراوە بە مەقام.
ئەی مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین.
یان من وەکو خۆم هەر کاتێک گوێ لە گۆرانیی “ئاتەشەم” ی ئەفخەم موهاجیر دەگرم، ڕاستەوخۆ شیعری “ئاگرەکەم مەسڕنەوە” ئ ئازاد سوبحی دێتەوە یادم.
یان هەروەکو شێرکۆ بێکەس خۆی لە دانیشتنێکی سادە و ئاساییدا، باسی ئەوە دەکات، ئەگەر تەماشای زنجیرە شاخی گۆیژە بکەین و بە وردیی سەرنجیان بدەین بە قەدپاڵی هەر لوتکەیەکەوە، وێنەی یەکێک لە کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی دەبینین، لە وێنەی پیرەمێرد، فایەق بێکەس، … هتد.
ڕۆحی شاعیران و چیرۆکنووسان و حیکایەتخوانەکان، دەچێتە نێو شەقام و باخچەکانەوە، دەچێتە نێو کاڵا و کەلوپەلەکانەوە، دەچێتە نێو دیاردە سروشتییەکانەوە، دەچێتە نێو بوون و دەرکەوتە سروشتییەکانەوە، دەچێتتە نێو شتە هەرە سادەکانی ژیانی ڕۆژانەمانەوە و لە ڕێگەی ئەو شت، دیاردە، دەرکەوتە، کەلوپەل، کاڵا و شتە سادانەوە هەردەم شاعیران، چیرۆکنووسان و حیکایەتخوانەکانی ڕۆمانەکانمان دێنەوە یاد.

ڕۆحی مامۆستا حسین عارف، بۆ هەمیشە شاد و لە ئاشتیی و ئارامییدا، لە چایەکی شیرین، لە بینینی گەلەگورگێکدا با لە ڕێگەی شاشەی تیڤی یان مۆبایلەکانیشمانەوە بێت، یان لە خودی شاردا دەردەکەوێتەوە و دێتەوە بەر دیدەمان ودێتەوە نێو خەیاڵ و یادەوەریمان.

ئەحمەد ڕەسوڵ




نەخوێندنەوە یان تێنەگەیشتن.. وەڵام بۆ هۆمەر محەممەد.. ئەحمەد ڕەسوڵ

بەڕێز هۆمەر محەممەد نووسینێکی بە ناونیشانی “پشیلەی مردوو یان ئەژدیهای زیندوو؟” وەکو وەڵامێک بۆ وتارێکی پێشتری من بە ناونیشانی “تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو” بڵاوکردووەتەوە.
من کاک هۆمەر ناناسم و هیچ لەبارەی پاشخانی سیاسیی ئەو بەڕێزە نازانم و گرنگیش نییە بۆم، بەڵکو من مامەڵە لەگەڵ دەقی نووسینەکەی دەکەم. هەڵبەت ئەوە دەزانم کە نووسەرێکی بواری پڕۆسەی ئەنفالە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئێستا کۆمەڵێک هاوڕێی فەیسبووک لە مەسنجەرەوە لینکی وتارەکەیان بۆ ناردووم و پرسیاریان کردووە ئایا هیچ وەڵامێکم دەبێت لە کاتێکدا پێش ئەو هاوڕێیانە، خۆم بینیم. دوای ئەوەی بە وردیی وتارەکەم خوێندەوە تێنەگەیشتم ئایا کاک هۆمەر وتارەکەی منی بەو شێوەیەی کە هەیە نەخوێندووەتەوە یان تێینەگەیشتووە لە کاتێکدا ڕوون و سادە بە خوێندنەوەیەکی ورد لە مانا و مەبەستە دروستەکانی وتارەکە تێدەگەیت. سەرەتا نەمویست وەڵامی بدەمەوە لەبەرئەوەی پێم وابوو کاک هۆمەر وتارێکی نووسیوە کەمترین وەڵامدانەوەی تێدایە بۆ وتارەکەی من سەرباری ئەوەش کە هەڵەی لۆژیکی زۆری تێدایە، بەڵام دوای سەرنجی چەند هاوڕێیەکم کە وتارەکەشیان بۆ ناردبووم، ئەوەم بە باشتر زانی کە وەڵامی بدەمەوە.

هەڵە لۆژیکییەکان

ڕاستە نووسینەکەی کاک هۆمەر، هەندێ کۆتەیشنی “کۆتەیشن واتا وەرگرتنی واژەیەک، دەستەواژەیەک، ڕستەیەک، دێڕێک یان چەند دێڕێک یان بەشێک لە نووسینێک و لە نێو کەوانەدا دایدەنێین بۆ پشتگیریکردن یان وەڵامدانەوە یان ڕەخنەکردنی نووسینێک” وتارەکەی منی تێدایە، بەڵام لە پەیوەند بە کۆتەیشنەکانەوە چەندین جۆر هەڵەی لۆژیکی تێدایە کە ئەمانەن:

یەکەم: لە هەندێکیاندا مانای پێچەوانەی پێداون “misrepresenting” و لەسەر ئەو مانا پێچەوانانە بینای گوایا ئارگیومێنتەکانی خۆی کردووە، ئەمەش پێی دەگوترێ “Straw man” واتا داهۆڵ کە یەکێک لە هەڵە لۆژیکییەکانە “Logical Fallacies” واتا بیناکردنی ئەرگیومێنت لەسەر مانا و تێگەیشتنی هەڵە، کە دەرئەنجام ئارگیومێنتێکی نادروستی لێدەکەوێتەوە.
نموونە: کاتێک دەڵێت: “پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: تۆ بۆ لۆژیکی پشیلەی مردوو دەکەیتە ئارگیومێنت لەکاتێکدا ئەوەی مەترسییە ئەژدیهای زیندووە. “
هەر لە بنەماوە کاک هۆمەر کێشەی تێگەیشتنی هەیە لە کڕۆکیترین بەشی وتارەکەی من و لە ستراتیجی پشیلەی مردوو. من لە وتارەکەمدا بە وردیی و ڕوونیی هەم ستراتیجی پشیلەی مردووم باسکردووە و هەم هۆکار و ئامانجی بەکارهێنانی ئەو ستراتیجەم باسکردووە و هەم ئەوەشم ئاماژە پێداوە کە ئەوانە کێن کە ئەم ستراتیجە وەکو تاکتیک بەکاردەهێنن و هەروەها لە چ کاتێکدا و کەی بەکاریدەهێنن. هەر کەسێک بگەڕێتەوە بۆ وتارەکەی من و بە سادەیی بیخوێنیتەوە لێی تێدەگات.
ستراتیجی پشیلەی مردوو، چەمکێکە یان ناوێکە بۆ هەر پرس و بابەتێک بەکاردەهێنرێت لە نێو چێوەی سەرقاڵکردنە سیاسییەکان و بە ئامانجی دابەشکردنی کۆمەڵگای سیاسیی بەکاردەهێنرێت کە وەکو تاکتیک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پەنای دەبرێتە بەر بە ئامانجی لابردنی سەرنجی دەستەبژێری کۆمەڵگا و ڕووبەری میدیایی و هاونیشتمانیان بە گشتی لەسەر ئەو پرس و بابەتانەی کە دەسەڵاتداران لاواز و دۆڕاون تێیاندا و نیگەرانن بە باسکردنیان. لینتن کڕۆسبی ئەو ستراتیجەی ناوناوە پشیلەی مردوو کە مەبەست لە وروژاندنی هەستی خەڵکە و ڕاکێشانی سەرنج و بیرکردنەوەی ئەوانە بۆ ئەو بابەتێکی سیاریکراو و لابردنی سەرنجیان لەسەر بابەتێک یان بابەتگەلی دیاریکراوی دیکە.
بە کورتیی، ئەگەر ئەم کێشەیەی کە ئێستا بە تەعریب لەلایەن کاک هۆمەر و ئەوانیدیکەوە باسی لێوە دەکرێت و دەیانەوێت هاونیشتمانیان و میدیا و ڕووبەری گشتی کۆمەڵگای ئێمەی پێوە سەرقاڵ ببێت و دابەشکاریی سیاسیی بهێنێتە ئاراوە، تەنانەت ئەگەر بە ئەژدیهای زیندووش ناویبەرین هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و لەو کاتەدا ئەوە ئەژدیهای زیندووە کە دەسەڵاتداران لە ژێرەوە و ناڕاستەوخۆ هەڵیانداوەتە سەر مێزی گفتوگۆی دەستەبژێران و میدیا و کۆمەڵگا بەگشتیی و هەمووانیان پێوە سەرقاڵکردووە لە کاتێکدا بابەت و پرسی سەرەکیی و گرنگی خەڵک پشیلەی مردوو یان ئەژدیهای زیندوو نەبووە بەڵکو پرس و بابەتگەلی دیکە بوون کە مایەی گفتوگۆ و پێوەسەرقاڵبوونی خەڵک بوون بەڵام ئەوان بەو پرس و بابەتانە نیگەران بوون و تێیاندا لاواز و دۆڕاو بوون و بابەتەکان لە دژی ئەوان بوون کە واقعییەتیان هەبووە. لە وتارەکەمدا باسی ئەو پرسە گرنگ و کاریگەرە واقعیی و ڕاستەقینانەم کردووە کە بابەتی ئێستایی خەڵکن و لە دژی دەسەڵاتدارانن و بەڵام بەهۆی پشیلەی مردوو یان تۆ بڵێ ئەژدیهای زیندووەوە هەوڵدەدرێت کە خەڵک بابەتە گرنگ و ڕۆژانەیی و واقعییەکانی خۆی لە بیرببرێتەوە و بە بابەتێکی ترەوە سەرقاڵ بکرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی کە کاک هۆمەر دەستەواژەی ئەژدیهای زیندووی لە شوێنی ترەوە وەرگرتووە بەبێ ئەوەی ئاماژەی پێبکات.
واتا کاک هۆمەر ئەوەی فەرامۆش کردووە یان تێینەگەیشتووە کە ستراتیجی پشیلەی مردوو، تاکتیکی دەسەڵاتدارانە بۆ سەقاڵکردنی کۆمەڵگا بە بابەتێکەوە و لابردنی سەرنج و بیرکردنەوەی گشتی لەسەر بابەتێکی تر. واتا ئەوە دەسەڵاتدارانن کە گەمەکەیان دیاریکردووە و کاک هۆمەر و ئەو بەڕێزانەی دیکەش کە وەکو کاک هۆمەر هەموو وزەی خۆیان خۆیان خسووەتە گەڕ لەو پێناوەدا و لە بەرئەنجامدا منیش و زۆری دیکەشی پێوە سەرقاڵ کراوە. ناوی ستراتیجەکە هەرچییەک بێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەمە تاکتیکی سەرقاڵکردنی نوخبە و فەزای میدیایی و ڕووبەری گشتی کۆمەڵگایە بەو پرس و بابەتانەوە کە دەسەڵاتداران لە پشتییانەوەن، کە من لە وتارەکەمدا بە دروستکراو یان بەرهەمهێنراوە سیاسییەکان “مانیفاکتۆرکراوە سیاسییەکان” ناومهێناون.
واتا ئەگەر تەعریب وەکو ئەوەی کاک هۆمەر و ئەو بەڕێزانەی دیکەش کە باسی لێوە دەکەن ڕاستییەک و ڕەوایەتییەکی لە نێو خۆیدا هەڵگرتبێت، هێشتا هەر وەکو تاکتیک یان ستراتیجی پشیلەی مردوو یان بەو شێوەیەی کە کاک هۆمەر دەیخوازێت ئەژدیهای زیندوو، بەکارهێنراوە و مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بریکارە بەر سێبەرەکانیانەوە توڕهەڵدراوەتە سەر مێزەکە و هەمووانی پێوە سەرقاڵکراوە و لێرەوە دەستەبژێڕ و میدیا و کۆمەڵگا دوورخراوەتەوە لە بابەتە ڕۆژانەیی، واقعیی و ڕاستەقینەکان.
کاتێکیش کۆمەڵگا بەو بابەتەوە سەرقاڵکراوە، خۆ ئەمە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نییە، یان ڕێگە گرتن لە زیاتر گەورەبوونی کێشەکە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. تەنها سەرقاڵکردنە و هیچی تر. لە وتارەکەشمدا ئاماژەم بەوە کردووە کە دەشێت دەرئەنجام دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی، بیکاتە دەستمایەی خۆی بۆ ساتوسەودا لەگەڵ بەغدا بۆ خۆ دەربازکردن لە هەندێ کێشەی شەخصیی و حزبیی و بنەماڵەیی خۆیان و بەدەستهێنانی هەندێ دەستکەوتی شەخصیی، سیاسیی و بنەماڵەیی.
نموونەیەکی دیکە: کاتێک کاک هۆمەر دەنووسێت: “ئەوەی دێت بۆ بازرگانی و سپیکردنەوەی پارە دەیفرۆشێتەوە” کە مەبەستی خەڵکی هاتووی عەرەبە بۆ کوردستان، کە گوایا ئەمەی لە وتارەکەی منەوە وەرگرتووە و دەرئەنجامگیریی کردووە و گوایا بەڵگەیەکە لە دژی خۆم. بەڵام ئەمە پێچەوانەی مانا و مەبەستی ڕوونی نێو نووسینەکەی منە لەبارەی سپیکردنەوەی پارە کە من لە وتارەکەمدا باس لە بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانی کورد دەکەم کە بەشێکیان “ڕەنگە ئەگەر بڵێم زۆرینە هەڵە نەبێت” بە هاوبەشیی لەگەڵ دەسەڵاتداران یان وەکو بریکارێکی ئەوان، پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بونیاد دەنێن و ئەمەش لە بەشێکی زۆریدا سپیکردنەوەی پارەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە.
ئەمە لە وتارەکەی مندا کە ماناکەی سادە و ڕوونە، بەڵام کاک هۆمەر مانایەکی پێچەوانەی دەداتە پاڵ، کە هەڵەیەکی لۆژیکییە.
ئەم دوو نموونەی سەرەوە، هەڵەی لۆژیکی نێو وتارەکەی ئەو بەڕێزەن کە مانای پێچەوانە “misrepresenting” دەداتە پاڵ دەستەواژە یان دەربرێنەکانی نێو وتارەکەی من. جا هەڵە لۆژیکییەکە بە مەبەستەوە بێت یان بەبێ مەبەست و لە تێنەگەیشتنەوە بێت هیچ جیاوازی نییە. لەنێو هەڵە لۆژیکییەکاندا ئەم هەڵە لۆژیکییە پێی دەگوترێ داهۆڵ “Straw man” و تۆ دێیت لە دەستەواژە و ڕستەکانی نووسینی ئەو کەسەی کە بە ئامانجت گرتووە، مانای پێچەوانە دەسازێنیت و ڕەخنەیان دەکەیت. واتا داهۆڵێک دروست دەکەیت و دەیکوتی لە جێگای مانا دروست و ئارگیومێنتە ڕاستەقینەکان. ئەمەش لەبەرئەوەی ئاسانترە و ناتوانیت مانا دروست و ئارگیومێنتە ڕاستەقینەکانی نووسینەکە ڕەخنە بکەیت و پووچەڵیان بکەیتەوە.

دووەم: لەهەندێک کۆتەیشنی دیکەدا، هەندێ واژە یان دەستەواژەی بەکارهێناوە کە وایدادەنێت “assuming” و وەها پیشاندەدرێت کە من وام نووسیوە یان مەبەستم ئەوە بووە لە کاتێکدا وتارەکەی من هیچ واژەیەک و دەستەواژەیەکی وەهای تێدا نییە و بە تێگەیشتنێکی سادە و خوێندنەوەیەکی سادەش ناگەیت بە وەها مەبەستێک ، کە دیسانەوە ئەمەش هەڵەیەکی تری لۆژیکییە.
نموونە: کاتێک دەڵێت: “من نە حزبییم نە شۆڤێنیی” یان لە شوێنێکی تردا دەڵێت: “لە کاتی دەنگ بەرزکردنەوەم لە دژی ئەم نادادییە بکرێم بە شۆڤێنیی” لە چەند شوێنێکی تریشدا واژەی شۆڤێنی یان شۆڤێنیستی بەکارهێناوە کە لە کۆنتێکستی نووسینەکەیدا ئەوە پیشان دەدات و ئەو مانایە دەدات کە گوایا وەکو ئەوەی من لە وتارەکەمدا وەهام نووسیوە یان مەبەستێکی وەهام هەبووە و ئەویش هاتووە وەڵامی داوەتەوە.
لە کاتێکدا لە وتارەکەی مندا، بەهیچ جۆرێک ووشەی شۆڤێنی یان شۆڤێنیست نەهاتووە و لە هیچ شوێنێکی وتارەکەشمدا ئەو مانایە یان ئەو مەبەستە نادۆزیتەوە لە ئاست ئەو کەسانەی باسی تەعریب دەکەن.
واتا کاک هۆمەر، هەر بە خەیاڵی خۆی واژەیەک دەداتە پاڵ نووسینەکەی من، چ ئەوەی وەهام نووسیبێت یان مەبەستم ئەوە بێت، و دواتر دێت وەڵامی دەداتەوە. لێرەدا دەردەکەوێت، کاک هۆمەر وەڵامی خەیاڵ و لێکدانەوەی خۆی دەداتەوە نەوەکو نووسینەکەی من و مانا و مەبەستەکانی. کاک هۆمەر هێندە ترس و خەیاڵی لای ئەوە بووە بە شۆڤێنی لە قەڵەم بدرێت، هاتووە ئەمەی بەسەر نووسینەکەی من و مانا و مەبەستەکەیدا شکاندووەتەوە و ئینجا وەڵامی داوەتەوە و بەرگری لە خۆی کردووە، گوایا شۆڤێنی نییە. ئەمە هەڵەیەکی لۆژیکییە کە پێی دەگوترێت: وەها دانان “assuming”

سێیەم: لە هەندێک شوێنی تردا هەمان ئارگیومێنتی نێو وتارەکەی من دەهێنێت و دەیکاتەوە بە گژ مندا. لە کاتێکدا من ئەو ئارگیومێنتەم بونیاد ناوە و دەرئەنجامی وتارەکەی منی لەسەر بینا کراوە، چۆن دەکرێت لە بەرانبەر مندا بەکاربهێنرێتەوە، کە ئەمەش هەڵەیەکی تری لۆژیکییە.
نموونە: کاک هۆمەر باسی ئەوە دەکات کە منیش هەر وەکو ئەو هیچ ئامارێکی ورد و ڕاستەقینەم لەبەردەست نییە. واتا وەکو ئەوەیە کە چۆن من داوای ئامار لە ئەوان دەکەم؟ ئەوانیش داوای ئامار لە من دەکەن؟
بەڵام ئەمە چ بێمانایییەکە! ئەوانەی بانگەشەی مەترسیی گەورەی! تەعریب! لە نێو هەرێمی کوردستان دەکەن، داوای ئامار لەو کەسانە بکەن کە ئەو بانگەشەیە لەم کاتەدا و بەو قەبارەیە و لەلایەن گروپێک لە دەستەبژێرانەوە، بە سیناریۆیەکی تاکتیکیی سیاسیی و حزبیی بزانن.
ئەوە کاک هۆمەر و هاوبانگەشەکارانی کاک هۆمەرن کە باسی تەعریب دەکەن، دەبێت ئامارێکی ورد و ڕاستەقینە و باوەڕپێکراویان لەبەردەست بێت و بیخەنە پێش چاوی ئێمە و خەڵکی کوردستان و بەمەش بەڵگەی بەهێز بۆ ئارگیومێنتی خۆیان دەستەبەر بکەن و قەناعەت بە خەڵک بهێنن.
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە، من لە وتارەکەدا باسی ئەوەم کردووە کە هیچ ئامارێکی وورد و ڕاستەقینە لەبەردەست ئەو بەڕێزانەدا نییە، بەڵام کاک هۆمەر هەمان ئارگیومێنتەکەی خۆم دەکاتەوە بە گژ مندا. ئەمەش هەڵەیەکی تری لۆژیکییە.

هەندێک هەڵەی لۆژیکی دیکە

کاک هۆمەر هەندێک بابەت باس دەکات کە لە وتارەکەی مندا باس نەکراون لەسەر ئەمەش حوکم دەدات. ئایا دەبێت وتارێک بخرێتە ژێر لێپرسینەوە لەسەر ئەوەی کە باسی بابەتێک یان کۆمەڵە بابەتێکی نەکردووە؟ لە دوای ئەوەش بڕیار بدەین کە ئەو کەسە دیارە ئاگاداری ئەو بابەتە یان بابەتانە نییە. چۆن ئەزانی و چۆن بڕیارتدا کە دیارە ئاگاداری ئەو بابەتە یان بابەتانە نییە؟ هیچ و هەر لە خۆڕا بەبێ هیچ بەڵگەیەک و تەنها لەبەر ئەوەی لە وتارەکەیدا باسی نەکردوون؟ ئاخر ئەمە چ لۆژیکێکە بەبێ بنەما وایدابنێی کەسێک ئاگاداری بابەتێک یان بابەتگەلێک نییە، تەنها لەبەرئەوەی باسی نەکردوون؟ ئەمە هەڵەیەکی گەورەی لۆژیکییە کاتێک لە ڕەخنەکردن، گفتوگۆکردن و وەڵامدانەوەی وتارێکدا، بابەت یان بابەتگەلێک بکەیتە بنەمای بڕیاردان و حوکمدان لەبەر ئەوەی باسیان لێوە نەکراوە.
نموونە: دەنووسێت: “دیارە ئاگادار نییە کە تەعریب وەک دیاردە لە سەردەمی فتوحاتەوە نەک تەنها دژی کورد، بەڵکو دژی هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستی سوپای ئیسلام دەستیپێکردووە. بەڵام ئەگەر باس لە تەعریبی چڕی دەوڵەتی عێراق بکەین، ئەوا بە پراکتیکی لە ساڵی ١٩٢٤ ەوە دەستیپێکردووە، نەک تەنها لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ کە ئەو ئاماژەی پێداوە. تەنانەت مێژووی نزیکیشی لە دەرکردنی کوردە فەیلییەکانەوە دەستپێدەکات کە تەواوی شارەکانی کوت و عەلی غەربی و عەلی شەرقی و بەشێکی گرنگی بازاڕەکانی بەسرەو بەغدا و دیالەیان بەدەستەوە بووە. تۆبڵێی کاک ئەحمەد لە سێدارەدانی (٤٠٠) بازرگانی فەیلی لەساڵی ١٩٨٠دا نەبیستبێ ؟!”
ئاخر ئەو بەشە لە نووسینەکەی ئەم نووسەرە، کوا پەیوەندی بە تەوەری سەرەکیی بابەتەکەی منەوە هەیە کە برێتییە لە بانگەشەی ئەو بەڕێزانە لە مەترسیی گەورەی تەعریبکردنی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و منیش باسی ئەوەم کردووە. هەروەها لە وتارەکەمدا ئاماژەم بەوە کردووە کە بە ئامانجگیراوی من بۆ قسەلێکردن چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستانە “چوار پارێزگاکە: هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و هەروەها چوار ئیدارە سەربەخۆکەش: گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ” و تەنانەت ناوچە دابڕێنراوەکان یان ناوچە کێشە لەسەرەکان یان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان “کەرکوک، خانەقین، جەلەولا … هتد” ناگرێتەوە، ئەمەش لەبەر هۆیەکی سادە و ڕوون، ئەویش ئەوەیە لەبەر ئەوەی هەموو ئەوانەی باس لەو مەترسییە گەورەیەی تەعریب دەکەن، ئاماژە بە چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستان دەکەن و منیش وەڵامی ئەوانم داوەتەوە.
بۆیە ئەوە هەڵەیەکی گەورەی لۆژیکییە کە کاک هۆمەر ئەو بابەتانەی لە چەند دێڕێکدا ڕیز کردووە و دواتر بڕیاریداوە دیارە من ئاگاداریان نیم. کاک هۆمەر هەر بەو لۆژیکە هەڵەیەی خۆی دەیتوانی چەندین بابەتی دیکە ڕیز بکات جا تەنها بە ناونیشان بێت، یان چەند دەستەواژە و ڕستەیەک لەبارەیانەوە بنووسێت و بڕیاریبدایە کە ئاگاداری ئەوانەش نیم، بە کورتییەکەی لە کۆتاییدا بڵێت کە من ئاگاداری هیچ نیم.

تەنها ڕاستییەک و ڕەوایەتییەکی سادە

ڕەنگە تەنها ڕاستییەک و ڕەوایەتییەک لە نێو وتارەکەی کاک هۆمەردا ئەوە بێت کە باس لەوە دەکات کە ئەو نە حزبییە و نە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەر بە دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکییەکەی کوردستانە و بگرە لە دژیشیان وەستاوەتەوە. ئەو مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرانبەر ئەو پەرەگرافەی مندا کە وتومە ئەوانەی بانگەشەی تەعریب دەکەن لە پەرلەمانتار و وەزیری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراق، نووسەر و شیکەرەوەی سیاسیی و میدیاکارانە و … هتد، پێکڕا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەر بە دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین یان بە ناڕاستەوخۆ و بە دەستی دوو و سێ و لە سێبەردا سەر بە ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین.
لە ڕاستییدا، ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێم بەبڕی هەرە گەورە وتارەکەی کاک هۆمەر لەبەر ئەم خاڵە نووسراوە و ئەمە هەرە گرنگ و لەپێشینە بووە بۆ ئەو بۆ وەڵامدانەوە. لەمەشدا مافی خۆیەتیی و ڕەنگە ڕەوایەتیی و ڕاستییەکی تێدا بێت. هەروەها ڕەنگە کەسانی دیکەش هەبن وەکو کاک هۆمەر، کە ئەو گروپە لە دەستەبژێری کۆمەڵگای ئێمە کە من ئاماژەم پێکردوون، نەیانگرێتەوە. بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە زۆرینەی ئەوانەی باس لە تەعریب دەکەن لەو تایپە لە دەستەبژێرن کە من باسم کردوون.
بەڵام ئەم تەوەرەیەش هێشتا خاڵی نییە لە کێشە. کاتێک کۆتەیشنی لە وتارەکەی منەوە وەرگرتووە ئەو دەستەواژەیەی فەرامۆش کردووە کە ووتوومە سەر بە ئایدیۆلۆژیای دوو خێڵەکەی کوردایەتیین. واتا مەرج نییە ئەو کەسانەی ئەم بانگەشەیە دەکەن ڕاستەوخۆ سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کورایەتیی بن بەڵکو دەکریت سەر بە ئایۆلۆژیای کوردایەتیی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە بن. لێرەدا مەبەست ئەوەیە نووسەرێک یان چالاکوانێک ڕەنگە لە ئاستە ڕاستەوخۆ و ڕواڵەتییەکەدا دژ و ناکۆک بێت بە سیاسەت و کار و کردەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و ئەکتی بەرەنگاریشی هەبێت لەبەرانبەریاندا. بەڵام لە ئاستێکی قووڵی فیکریی سیاسییدا سەر بە هەمان دەزگا گوتارییەکەی ئەوان بێت و بۆ ئەمەش لە نێو هەمان چێوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی ئەواندا چالاک بێت و ڕۆڵ بگێڕێت. واتا ڕەنگە کەسێک دژ بە سیاسەتی ڕاستەوخۆ و ڕواڵەتییانەی دەسەڵاتداران بێت بەڵام لەسەر ئاستە قووڵە فیکرییەکەیدا هەر لە هەمان فەلەکی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداراندا خول بخوات. ئەمەش وا دەکات بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات و دەرکی بکات، بەشێکی گەورەی وزە و چالاکیی و هەڵوێستوەرگرتنی ئەو کەسە بڕژێتەوە نێو جۆگەی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانەوە و دەچێتەوە خزمەتی ئەجێنداکانی ئەوانەوە.
هەڵبەت لە نێو ئەو گروپەی دەستەبژێری کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوانەش هەن، کە خۆیان وەکو نەتەوەپەروەر نمایشدەکەن و لەسەر شاشەکان خۆیان توڕە دەکەن بەڵام لە ژێرەوە بە ئاغاکانی دەسەڵاتدارانی کوردایەتییەوە گرێدراون.

تێکەڵکردن یان دیسانەوە هەڵەتێگەیشتن

کاک هۆمەر پرسیار لەبارەی ئیسلامیی ساسییەوە دەکات لە پەیوەند بە مەەسەلەی تەعریبەوە.

من لە بارەی تەعریبەوە لە وتارەکەمدا بە وردیی قسەم کردووە و شەش خاڵم لەو بارەیەوە ڕیز کردووە و هەروەها ئەوەی لە کەیەوە دەستپێدەکات و هەروەها بۆچی پرسی تەعریب لەم کاتەدا کراوە بە ڕۆژەڤ و هەمووانی پێوە سەرقاڵکراوە و هۆکار و ئامانجی ئەم ماجەرایە چییە و بە پێویستی نازانم لێرەدا و لەم وتارەشدا دووبارەیان بکەمەوە و خوێنەر بۆ خوێندنەوەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتاری “تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو”
ئێستا با بێمە سەر ئەو تەوەرەیەی کە کاک هۆمەر باسیدەکات، ئەویش پەیوەندیی نێوان ئیسلامی سیاسیی و پرسی تەعریبە.
لەمەشدا کاک هۆمەر کەتووەتە هەڵەوە و هەردوو پرسی تەعریب و داگیکاریی کولتوریی تێکەڵ کردووە لە کاتێکدا ئەو دوو پرسە جیاوازیی گەورە لە نێوانیاندایە.

داگیرکاریی کولتوریی “Cultural Conquest”

ئیسلامیزم ئادیلۆژیایەکە وەکو هەر یەک لە ئایدیۆلۆژیاکانی لەدایکبووی مۆدێرنیتی وەکو ئایدیۆلۆژیای نازیزم و فاشیزم. ئیسلامیزم سەرەتای سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم. ئیسلامیزم واتا ئایدیۆلۆژیزەکردنی ئیسلام کە هەردوو ئیخوانیزم و سەلەفیزم دەگرێتەوە.
ئیخوانیزم لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە میصر سەریهەڵدا وەکو بە ڕووداوەستانەوەی خۆرئاوا و داگیرکارییەکانی پیاوی سپی “White Man” بۆ دنیا. سەلەفیزمیش بە مەبەستی بەڕووداوەستانەوەی ئیخوانیزم و بەرگرتن لە هەژموونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئیخوانیزم لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامییدا، لە سعودییە سەریهەڵدا.
ئیخوانیزم و سەلەفیزم سەرباری ناکۆکیی و دژبەرییەکی قووڵ لەنێوانیاندا بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە ئیسلام لە دینێکی ترانسدێنتاڵەوە دەگۆڕن بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی مێژوویی و زەمینی. ئیسلامیزم واتا مامەڵەکردنێکی ئایدیۆلۆژیی لەتەک دینی ئیسلام. ئیسلامیزم، لە دین خستنی ئیسلامە و کردنییەتی بە ئایدیۆلۆژیا. ئیسلامیزم لە ئاستە دەسەڵاتدارێتیی و سیاسییەکەیدا هەوڵدانە بۆ هەژموونکردنێکی ستوونیی “ڤێرتیکاڵ” کە بریتییە لە ئیخوانیزم. ئیسلامیزم لە ئاستە میللیە کۆمەڵایەتییە جڤاکییەکەیدا کە هەوڵدانە بۆ هەژمووونکردنێکی ئاسۆیی “هۆریزۆنتاڵ” بریتییە لە سەلەفیزم.
لێرە لە هەرێمی کوردستان، دوای هاتنی ئیسلامیزم وەکو ئایدیۆلۆژیایەک “ئیخوانیزم بە تەمەنی پەنجا ساڵە و سەلەفیزم بە تەمەنی سی و شتێک ساڵەی خۆیەوە لە هەرێمی کوردستان” بکەرانی پلە یەک و پلە دوو و سێی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم “ئیخوانیزم و سەلەفیزم” خەڵکی کوردن و بە کڵاو و جامانە و جلوبەرگی کوردییەوە هەوڵ بۆ ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان دەدەن.
بەڵام ئەوەی ئیسلامیستەکان “ئیسلامیست واتا بکەر و چالاکوان و قسەکەرانی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم” دەیکەن و ئەنجامی دەدەن بەرانبەر بە کۆمەڵگای کوردستان، پێی ناگوترێ تەعریب، بەڵکو پێی دەگوترێ داگیرکاری کولتوریی “Cultural Conquest”
ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم، لە نێو خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک بەها و نۆڕمە. شێوە ژیانێکی دیاریکراو و فەرهەنگ و کولتورێکی تایبەت بە خۆی هەیە و سیستمێک لە بونیادی کۆمەڵایەتیی و هیرارکییەتی هەیە، کە هەڵگران و باوەڕداارانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە لەگەڵ بکەران و ئایکۆنەکانیدا، هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو کولتورە و ئەو بەها و نۆڕمانە دەدەن لە کۆمەڵگای ئێمەدا و دەیانەوێت بە کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە مێژووی دێرینی دینی ئیسلام لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕێگە خۆشبکەن و زەمینەسازیی بکەن بۆ ئەو هەژموونە ئایدیۆلۆژییەی ئیسلامیزم بەسەر کۆمەڵگای ئێمەوە.
بۆیە گرنگە لە ناونان و ناسینەوەی دیاردەکاندا ووریا و هۆشیار بین و چەمکەکان تێکەڵ نەکەین.
واتا ئەوەی ئیسلامیزم دەیکات، داگیرکارییەکی کولتورییە و هەڕەشەیە لەسەر کولتور و شوناسی کولتوریی و فەرهەنگیی کۆمەڵگای ئێمە و بەها و نۆڕمەکانی کە هەر ئێستا مەترسییەکەی لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگای ئێمەدا و لەسەر هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەرکەوتووە. بەڵێ هاوڕام لەگەڵ کاک هۆمەر کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، بەڵام ئەمە جیاوازە لە تەعریب وەکو ئەوەی کاک هۆمەر دەیڵێت و ناوی دەنێت.
واتا داگیرکاریی کولتوریی لەلایەن ئیسلامیزمەوە بۆ سەر کۆمەڵگای ئێمە هەژموونی بەسەر هەموو توێژ و پنتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێمەوە دەرکەوتووە کە جیاوازە لە تەعریب و هەموو ئەوانەی ژێر ئەم هەژموونکاریی یان داگیرکارییە کولتورییە کەوتوون هەموویان کوردن و قسە لە ڕەسەنێتیی کوردبوونی خۆیان دەکەن. لەبەرئەوە ناونانی دەرکەوتە و دیاردەکان و بەکارهێنانی دروستی چەمکەکان بۆ مەبەستی دیاریکراوی خۆیان بەشێکی گرنگە لە توانای تێگەیشتنمان وشیکردنەوەی ئەو دیاردە و دەرکەوتانە.

پرسی هەنووکەیی خەڵکی کوردستان

قسەکردنی کاک هۆمەر بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە کە هاتوونەتە دەنگ لە دژی تەعریبی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، زێدەڕۆییکردنە ” Exaggeration” و کە ئەمەش هەڵەیەکی لۆژیکییە، بەڵام بەڕاستی با بپرسین، خەڵکی کوردستان لە تەعریب هاتوونەتە دەنگ یان لە کەمئاویی ماڵان، قەیرانی مووچە، قەیرانی سووتەمەنی “بەنزین، گاز و نەوت” و نرخ بەرزیی لە ڕاددەبەدەری کارەبا و … هتد.
بەڕاستی خەڵکی کوردستان داد و بێدادیانە لە دەست تەعریب یان لە دەست قەیرانە دروستکراوەکانی دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتی و گەندەڵیی بێسەروبن و تاڵانکردنی سەر لەبەری سەرزەویی و ژێرزەویی کوردستان؟!
بەڕاستی بابەتی گرنگ، ڕۆژانەیی و واقعیی بۆ خەڵکی کوردستان بابەتە هێما بۆکراوەکانی پێشترن یان تەعریب؟
کاتێک بابەتی هەرە گرنگ و لەپێش بۆ خەڵکی کوردستان بابەتە واقعیی و ڕۆژانەییەکانی قەیرانگەلی دروستکراوی دەسەڵاتدارانی دوو حزبخێڵەکەی بزووتنەوەی کوردایەتین، خێرە گروپێک لە دەستەبژێران لە نووسەر، ئەکادێمیست، چالاکوان، میدیاکار و شیکەرەوە سیاسییەکان و وەزیر و پەرلەمانتارە خانەنشینکراوەکانی کوردستان و عێراق، قسەیەکیان لەسەر بابەتە ژیانییەکانی خەڵکی کوردستان نییە و بەڵام نووسین و شرۆڤە لەسەر تەعریب بە ڕیز بڵاودەکەنەوە؟
بەڕاست، ئەوە چ جۆرێک بەرپرسیارێتیی، گروپێک لە دەستەبژێر “ئێلیت” ە لە ئاست خەڵکی کوردستان و هاونیشتمانییەکانی خۆیاندا، کاتێک قسەیەک لە وێرانبوونی ژیانی خەڵک ناکەن بە دەست دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی؟ قسەیەک لە هەڵلوشینی داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان ناکەن لەلایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە و ئەم هەموو ستەم و فەقر و فەلاکەتەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندوویانە؟

ئەحمەد ڕەسوڵ




تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو.. ئەحمەد ڕەسوڵ

                      

ئەم ماوەیە بابەتی بەعەرەبکردنی کوردستان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیای کوردیی تەنیوە.
بە پارلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراقەوە، بە وەزیری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراقەوە، بە نووسەر و شیکەرەوەی سیاسییەوە، بە ئەکادیمیی و مامۆستایانی زانکۆوە، بە سەرمایەدار و بەڵێندەرەوە، بە کادێری حزبیی و تەنانەت بە میدیاکارەکانیشەوە، پێکڕا کە ڕاستەوخۆ سەر بە دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین یان بە ناڕاستەوخۆ و بە دەستی دوو و سێ و لە سێبەردا سەر بە ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین، باسی تەعریبکردنی کوردستان دەکەن.
ئایا تەعریبی شارەکانی کوردستان، وەکو شۆڕشگێڕەکانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمڕۆ و ئەم ماوەیە دەستیپێکردووە یان ئێستا گەیشتبێتە بەرزترین ئاستی خۆی؟
واتا ئەگەر پرسێک بە ناونیشانی “بەعەرەبکردنی کوردستان” هەبێت! و کەمترین بڕی ڕەوایەتی! هەبێت، یەکەم پرسیاری هەرە سادە کە لەبەردەم پرسەکەدایە، ئەوەیە، ئایا بەعەرەبکردنی کوردستان، لە کەیەوە دەستپێدەکات، ئەم چەند ڕۆژ و مانگەی ڕابردوو ڕوویداوە و لە پڕ وەکو پرسێکی گرنگ! و چارەنوسساز! هاتووەتە بەردەممان؟
وەڵامەکەی ئاشکرایە، نەخێر. ئەو دیاردەیەی کە تیۆریسیۆنەکانی! ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی باسی دەکەن و بە تەعریب ناوی دەبەن و هاواریان لێبەرز بووەتەوە لەبارەیەوە، لە چەند ڕۆژ و مانگی ڕابردووەوە نییە و لەپڕ نەبووە.
ئەی کەواتە بۆچی ئەو بەڕێزانە لە پڕ بیریان کەوتەوە؟!
ئایا ئەوەی ناودەبرێت بە تەعریب، چۆن و لە کەیەوە دەستیپێکردووە؟
پڕۆسەی هاتنی بە لێشاوی خەڵکی عەرەبی ناوچەکانی ناوەڕاست و هەندێک لە ڕۆژئاوای عێراق و هەندێکیش لە خەڵکی شارەکانی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە لە دوای کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری بەعسەوە لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە سەرەتاکەی دەستپێدەکات و لە دوای شەپۆلە توندوتیژییەکان و نائارامییەکانی ناوەڕاستی عێراق و ناوچە سووننەنشینەکان لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ ەوە زۆر زیاتری کرد، بەهۆی ئەوەی کە هەڕەشە لەسەر گیان و کار و ژیانیان هەبوو. هەروەها لە دوای سەرهەڵدانی داعش “دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام” و کەوتنی موسڵ و ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادییەوە لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و تا نزیکەی سێ ساڵێک دواتر، ئەو کۆچە بەلێشاوەی خەڵکی عەرەب هەر بەردەوام بوو.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ وە و ئەو جێگیریی و ئارامییەی گەڕایەوە بۆ بۆ شارەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق، بەشی زۆری ئەو عەرەبانەی پەنایان هێنابووە بەر شارەکانی کوردستان، گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان.
هەروەها بەشی زۆری ئەوانەش کە لە دوای کەوتنی موسڵ و بە دەسەڵات گەیشتنی داعشەوە هاتبوون بۆ شارەکانی کوردستان، لە دوای ڕووخانی خەلافەتە ئیسلامییەکەی داعش و ئەبوبەکر بەغدادییەوە بە پڕۆسەیەکی درێژخایەن گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان.
بە کورتی هەموو ئەو عەرەبانەی کە بە کۆچی بەلێشاو بە هۆکاری نائارامیی هاتنە کوردستان، گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان تەنیا بەشێکی زۆر کەمیان بە هۆکارێک یان پتر، لە کوردستان مانەوە.

ئەوەی ئێستا باسدەکرێت، ئەوەیە کە گوایا پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە ڕێگەی کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوونەوە بەڕێوەدەچێت، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی بەڵێندەرەکان و سەرمایەدارانەوە کە دەگمەنیان تێدایە لە نێو سەرمایەداران و بەڵێندەران، هاوبەشی دەسەڵاتدارێک نەبێت و پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکەی وەکو ڕێگایەک بۆ سپیکردنەوەی سامانی گوماناویی و سەرچاوەنەزانراو بەکارنەهێنابێت.
واتا کاتێک سەرمایەدارانی کوردستان لەپێناوی قازانج و بەدەستهێنانی دارایی تایبەتی خۆیاندا، هەموو کوردستان نقوم دەکەن لە پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبووندا کە بەشێکیان پارە سپیکردنەوەی تاڵانچێتیی دەسەڵاتدارانن کە داهاتی گشتی کوردستانیان هەڵلوشیوە و بەردەوامیشن “ڕەنگە ئەگەر بڵێم بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەو جۆرەی سپیکردنەوەی پارەن، هەڵە نەبێت”، دێن لە پێناوی ساغکردنەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی خۆیاندا بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان کە دیسانەوە بڕیاری هاوبەشی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران خۆیانە، بڕیار دەدرێت ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە بفرۆشرێن بە خەڵکی عەرەب، ئایا ئەم پڕۆسەی نیشتەجێکردنەی خەڵکی عەرەب لە کوردستان جگە لە کاری دەسەڵاتداران و سەرمایەداران کێیە؟ هەڵبەت کە ئەوە دەسەڵاتداران و سەمایەدارانی هاوبەشیانن کە یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ خەڵکی عەرەب دروستکردووە و پێیان فرۆشتوون و دەفرۆشن.
ئێستا با بپرسین تەعریب چییە؟
تەعریب، بریتییە لە پڕۆسەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراوی تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوە و ئیتنیک و کەمینە زمانیی و ئاینییەکانی دیکەی عێراق جگە لە خەڵکی سەر بە نەتەوەی عەرەب، بۆ کۆچکردن و بەجێهێشتنی شوێنی ژیان و زێدی باب و باپیرانیان و لە جێگایاندا نیشتەجێکردنی خەڵکی عەرەبی شار و ناوچەکانی دیکە بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای شار یان ناوچەکە. ئەم پڕۆسەیە بە سەرپەرشتیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و سوپا و دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان بەڕێوەدەچوو هەروەکو لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتداری پێشوو بۆ ماوەی چەندین دەیە ئەنجامدرا.
جا لێرەدا باسەکەی ئێمە لەبارەی کوردەوەیە. واتا پڕۆسەی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراوی تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوەی کورد و کورد زمان، بە جێهێشتنی شوێنی ژیان و زێدی باب و باپیرانیان لە ناوچەکانی ئەوەی ناودەبرێن بە “ناوچە کێشە لەسەرەکان – جاران، هەروەها بە زمانی عەرەبیش “مناطق متنازع علیها” کە لەو دەستوورەی عێراقدا هاتووە کە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە کاتی خۆیدا خەڵکی کوردستانیان ئاڕاستەکرد و هاندا لە ڕاپرسییەکی گشتییدا دەنگی پێبدەن و هەر ئەوەش ڕوویدا” و “ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم – ئێستا و لە چەند ساڵێک پێشترەوە” وەکو کەرکوک، خانەقین، جەلەولا، … هتد و لە بەرانبەردا نیشتەجێکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوەی عەرەب لە جێگایاندا کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە دەهێنران بە شێوەیەکی دەزگایی و سیستماتیک بە سەرپەرشتی دەوڵەت.
واتا پڕۆسەی تەعریب ناچاریی و لە ژێر فشاردا بووە و لەو ناوچانە بووە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بە گوێرەی دەستوور ناویان لێناون ناوچە کێشە لەسەرەکان.
بەڵام ئاشکرایە ئەوەی ئەو بەڕێزانەی بانگەشەکارانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی باسی دەکەن، ئەو ناوچانە نیین، بەڵکو مەبەستیان لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستانە. ئایا دەکرێت و ڕاستە، پڕۆسەی هاتنی خەڵکی عەرەب و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی کوردستان بە تەعریب، یان بە عەرەبکردن ناوببرێت.
هەڵبەت کە ناوبردنی پڕۆسەی هاتنی خەڵکی عەرەب بۆ کوردستان و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون، بە تەعریب هەڵەیە و هێندەی مەبەستێکی ئایدیۆلۆژییە، هێندە ناونانێکی دروست نییە.
بۆچی ناوبردنی ئەم پڕۆسەیە بە تەعریب، هەڵەیە؟ لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم: ئەمە پڕۆسەیەک نییە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی داگیرکەری بێگانەدا ڕووبدات، بەڵکو لە ژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتدارێییەکی کوردیی خۆماڵییدا، ڕوودەدات. ئایا هیچ دەسەڵاتدارێتییەک هەیە لە قەڵەمڕەوییەکەیدا دژ بە میللەت و نەتەوەکەی خۆی، پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیی بەڕێوەبچێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە نەخێرە، کەواتە هەر لە بنەماوە پڕۆسەیەک بە ناوی تەعریب لە گۆڕێ نییە و ئەگەریش وەڵامەکەی بەڵێیە، ئەوا لایەنی تاوانبار، دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتییە نەوەکو عەرەب یان عێراق.
دووەم: ئەمە پڕۆسەیەک نییە بەسەرپەرشتی دەوڵەت و دەزگاکانی، بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراو بەڕێوەبچێت، بەڵکو هەڕەمەکییە و هەندێکیان دوای ماوەیەک یەکەی نیشتەجێبوونەکەیان دەفرۆشنەوە.
سێیەم: لەم پڕۆسەیەدا هیچ کەسێکی کورد ناچار نەکراوە بە هەرزانفرۆش یان چۆڵکردنی خانوو و ماڵەکەی یان لێی زەوت و داگیرکرابێت و ناچار بە جێهێشتنی شار و ناوچەکەی خۆی کرابێت.
چوارەم: دەوڵەتی عێراق پارەی نەداوە و پاڵپشتیی دارایی هیچ کەسێکی عەرەبی نەکردووە و هانی نەداون لە ناوچە و شارەکانی ناوەڕاست و باشوورەوە بێن و لە شار و ناوچەکانی هەرێم نیشتەجێ ببن، هەروەکو لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار دەیکرد.
بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئەو بەڕێزانە بە تەعریب ناوی دەبەن، دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی کردووە و هاندانی زۆری هەیە هاوشانی بەڵێندەران، کۆمپانیاکان و ژوورەکانی بازرگانیی و پیشەسازیی و یەکێتی بەڵێندەران، لەژێر ناوی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاریی و جووڵەی ئابووریی و بازاڕ.
پێنجەم: ئایا ژمارەی هاتنی عەرەب و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون و جێگیربوونیان لە شارەکانی هەرێم، هێندە زۆرە، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت و ڕێژەیەکی هێندە بەرز بێت کە مەترسی گۆڕینی دیموگرافیی شارەکانی هەرێمی لە نێو خۆیدا هەڵگرتبێت. من هیچ ئامارێکی ورد و ڕاستەقینە شک نابەم. وا دەزانم ئەو بەڕێزانەش کە هاواریان لێبەرز بووەتەوە، ئامارێکی ورد و ڕاستەقینەیان لەبەردەست نەبێت.
ئەگەر ئامارێکیش لەبەردەست نییە، ئایا لە بازاڕەکانی شارەکانی هەرێم، پرسیاریان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لە هەر خاوەن ١٠٠ دوکان و مۆڵ و باڵەخانەی بازرگانیی و تەنانەت خانوو و شووقەیەکیش، یەکێکیان کەسێکی عەرەب بێت و ئەمەش ترسی گۆڕینی دیمۆگرافیی دروستکردبێت لەلای ئەو بەڕێزە نەتەوەپەروەرانە!
شەشەم: تەعریب چۆن دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوانە سوڕەت قەید و کارتی نیشتمانیی و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی دیکەیان لە شارەکانی دیکەی عێراقە نەوەکو شارەکانی هەرێم. لە کاتێکدا، نە مافی دەنگدان و ڕاپرسییەکی گشتییان لێرە لە هەرێم و شارەکانی هەیە و دەبێت. نە دەتوانن نوێنەرایەتیی و ڕێژەی نوێنەرایەتیی لە پەرلەمان و دەزگاکان بەدەستبهێنن.
ئایا ئەم خاڵانەی سەرەوە و چەندین خاڵی دیکەش کە دەکرێت ڕیز بکرێن، بەس نیین بۆ ئەوەی کە بانگەشە و هاواری بەعەرەبکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پووچەڵ بکەنەوە و بە بانگەشەیەکی ئایدیۆلۆژیی و سیناریۆیەک لە کاتێکی دیاریکراودا و بۆ هەندێک ئامانجی تایبەتی سیاسیی و حزبیی، دایبنێین و لێکیبدەینەوە!
خاڵێکی تریش کە لێرەدا پێویستە بەبیر ئەو بەڕێزانەیدا بهێنینەوە، ئەوەیە کە یاساکان و بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتەکانی هەرێم “لەوانە ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ناوخۆ و دەستەی وەبەرهێنان” ن کە ڕێگەیان بە وەها کارێک داوە و یاسایی و بێگرفتە. هەروەها یاساکانی عێراق و دەستوورەکەشی ئەو مافەی بە هەموو عێراقییەکان داوە کە ئازادن و دەتوانن لە هەر شوێنێک، ناوچەیەک و شارێکی عێراق نیشتەجێ ببن و مافی کڕین و خاوەندارێتییکردنی خانوو و زەوی و دوکان و باڵەخانەیان هەیە. ئەمە بۆ هەموو عێراقییەکان مافی هاونیشتمانییبوونە، بەبێ جیاوازی نەتەوە و دین و زمان و ئیتنیک، مافێکی بنەڕەتییە.
ئایا ئێوە ئەگەر ئەمە بە تەعریب دادەنێن، دەتوانن یاساکانی هەرێم و عێراق بگۆڕن و ئەو مافەی هاونیشتمانییان نەهێڵن! ئایا کە ناتوانن ئەوە بکەن، دەتانەوێت لەم هەڵڵا و هەنگامەیە چی سەوز ببێت! دەتانەوێت بە ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، دژایەتی عەرەب و بەغدا بکەن و دواتریش لە عێراق جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ پێک بهێنن؟! ئایا ئەمە دەکرێت؟!
من نازانم ئایا بەڕاستی ئەمەتان دەوێت و کاری بۆ دەکەن یان نا! بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر لەوە دڵنیام کە هەموو ئەو کۆڕاڵە گەورەیە، پێکڕا و لەم کاتەدا، جگە لە تاکتیکێکی دیکەی دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی و ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی چیتر نییە کە توانیویەتی لە ڕێگەی دەستی یەک و دوو و سێوە لە ڕێگەی کەسایەتییە هێما بۆ کراوەکانی پێشترەوە و بە وەگەڕخستنی ئیمپراتۆرێتییە میدیاییەکەیان مۆبەڵایزی بەشێکی گەورەی دەستەبژێر “ئیلیت” ی سیاسیی، ڕووناکبیریی، ئەکادیمیی و میدیایی کۆمەڵگای ئێمە بکەن و بیانخەنە خزمەت ئەجێنداکانی خۆیانەوە.
ئێستا با باسی “ستراتیجی پشیلەی مردوو” بکەین و دواتر دێینەوە سەر باسەکە بە تێکهەڵکێش لەگەڵ ئەم ستراتیجەدا.

ستراتیجی پشیلەی مردوو (Dead Cat Strategy)*

(با وەهای دابنێین کە تۆ لە گفتوگۆیەکدا خەریکە دەدۆڕێیت، ڕاستییەکان بە شێوەیەکی سەرسەختانە دژی تۆن و تا خەڵک زیاتر سەرنجیان لەسەر واقیع بێت، بۆ تۆ و کەیسەکەت خراپترە. باشترین گرەو لەم بارودۆخانەدا ئەوەیە کە مانۆڕێک ئەنجام بدەیت، کە ستراتیجیستێکی سیاسیی و کەمپەینکارێکی گەورەی ئوستوڕالیی بە ناوی “لینتن کڕۆسبی”، چارەی دۆخەکە بەم شێوەیە باس دەکات: “فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزەکە” چارەسەرەکەیە.
ئەم کارە لەبەر ئەوەیە کە شتێک هەیە کە بە تەواوی لێی دڵنیایە، لە فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزی ژووری نان خواردن، مەبەست ئەوە نییە کە خەڵک تووڕە ببن، زەنگ لێبدەن و بێزار ببن. ئەوانە ڕاستن و دەرئەنجامن، بەڵام مەبەستەکە ئەوە نییە. بەڵکو خاڵە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەمووان ڕاستەوخۆ و دەمودەست هاوار دەکەن “پشیلەیەکی مردوو لەسەر مێزەکەیە!”؛ بە واتایەکی تر باسی پشیلە مردووەکە دەکەن، ئەو شتەی کە تۆ دەتەوێت باسی بکەن و باسی ئەو بابەتە یان بابەتانە ناکەن کە لە دژی تۆن و پێیان نیگەرانیت.)**
واتا ئیتر باسی ئەو بابەتە یان بابەتانە ناکەن کە تێیاندا لاواز و دۆڕاویت و نیگەرانیت بە باسکردنیان. کەواتە هەمووان پێکڕا، هەم لایەنگرەکانت و هەم ڕکابەرەکانت و نەیارەکانت، باسی ئەو بابەتە دەکەن کە تۆ پێشنیارت کردووە و خستووتەتە بەردەمیان و بەمەش باری لاری خۆت ڕاست دەکەیتەوە.
ستراتیجی پشیلەی مردوو، لە نێو چێوەی سەرقاڵکردنە سیاسییەکان و دابەشکردنی کۆمەڵگای سیاسیی و گۆڕینی ئاڕاستەی بابەتە سیاسییە بەرهەمهێنراوەکان یان دروستکراوەکان “مانیفاکتۆرکراوە سیاسییەکان” وەکو تاکتیک “Tactic” هەژمار دەکرێت.
دەسەڵاتدارانی سیاسیی و کارگێڕیی لە پلەی باڵادا پەنا دەبەنە بەر ستراتیجی پشیلەی مردوو وەکو تاکتیک لە کاتێکدا کە گەندەڵییەکانیان، سەروەت و سامانی سەرچاوە نەزانراو و گوماناوییان، ناپاکیی نەتەوەییان، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان، یان شکستی بەڕێوەبردن، یان قەیرانی ئابووریی و سیاسیی و کارگێڕیی یان سەرکوت و ستەمکارییەکەیان دەبێتە گفتوگۆی گشتی کۆمەڵگا یان بابەتی گەرمی ڕاگەیاندن و بابەتی چالاکییەکانی توێژی چالاکوانان “ئەکتیڤیست” ی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و شیکەرەوە سیاسییەکان و تەنانەت بابەتی گفتوگۆی ڕۆژانەی هاونیشتمانیان لە ڕووبەری گشتی کۆمەڵگادا.
لێرەدا ئەم دەسەڵاتدارانە بە ئامانجی گۆڕینی ئاڕاستەی باری سەرنجی فەزای گشتیی و دەستەبژێری سیاسیی و ڕۆشنبیریی و دواتریش تاکە تاکەی هاونیشتمانیییان، پشیلەی مردوو، وەکو بابەتێکی هەستیار و سەرنجڕاکێش، فڕێدەدەنە نێو فەزای گشتییەوە لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە کە بۆ ئەمەش کۆمەڵێک لە بکەرە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی خۆیان ڕادەسپێرن و بابەتەکە لە ڕوانگەی جیاوازەوە و لە ڕێگەی کەسایەتییە جیاوازەکانەوە دەخەنە سەر مێزەکە و بەردەمی ڕای گشتیی و کۆمەڵگا. لێرەوە ئەم بابەتە سەرنجڕاکێش و هەستەوەر و ناسکە لە کاتێکدا دەوروژێنن کە ڕکابەر و نەیارەکانیان نەتوانن کەمترین پێشگیری لێبکەن و تەنانەت تا ئەو ئاستەی کە ڕکابەر و نەیارەکانیشیان هەستی پێناکەن و دەبنە بەشێک لە یارییەکە و مشتومڕەکە.
واتا پشیلەی مردوو، تاکتیکی لابردنی تەرکیز و سەرنجی خەڵک و دەستەبژێری سیاسیی، فەرهەنگیی و مێدیایی و تەنانەت هاونیشتمانییانە بە ڕکابەر و نەیارەکانیشەوە لەسەر ئەو ڕاستییانە و ئەو بابەتە واقعییانەی کە دەسەڵاتداران نیگەرانن لە باسکردنیان و لاواز و دۆڕاون تێیاندا، هەروەها ڕاکێشانی تەرکیز و سەرنجی هەموو ئەو گشتەیە بۆ بابەتێک کە دەسەڵاتداران تێیدا سەلامەتن و تەنانەت نەوەکو تەنها سەلامەت بەڵکو هەژموونگەرن تێیدا، واتا بابەتەکە و کاریگەرییەکانی لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتداراندایە و بۆ ئەمەش هەمووان ناچار دەکەن، ناچارکردنێکی تاکتیکی و ناراستەوخۆ، لەسەر ئەو بابەتە قسە و گفتوگۆ بکەن کە لە بەرهەمهێنراو و دروستکراوی سیاسیی ئەوانە.
ئێستا ئەگەر وردببینەوە لە هەڵڵا و هەنگامەی مێدیا و سۆشیاڵ مێدیا لەبارەی بەعەرەبکردنی شارەکانی کوردستانەوە، تێدەگەین دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی چۆن لە ڕێگەی وەکیلەکانیانەوە، لە نێو نێوەندی ڕوناکبیریی و نێوەندیی سیاسیی کوردستاندا چۆن هەموو ئەو کەسانەی بەکارهێناوە کە لە نێو چێوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتییەکەی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتییدا جێگا دەگرن.
سەرنجبدە، چۆن پشیلەی مردووی بەعەرەبکردنی شارەکانی کوردستان، بەشێکی زۆر لە چالاکوانانی مەدەنیی، نووسەران و شیکەرەوە سیاسییەکان، نێوەندی ڕوناکبیریی، ئەکادیمیی، فەرهەنگیی و کەناڵە جۆراوجۆرە مێدیاییەکان و سۆشیاڵ میدیاشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و سەرنجی هەموو ئەو گشتەی لەسەر گەندەڵییە گەورە و خەیاڵییەکەی دەسەڵاتدارانی دوو حزبخێڵی کوردایەتیی لابردووە، سەرنجی هەمووانی لەسەر قەیرانی دروستکراوی کەمئاویی لەم ساڵەی باران و ئاو زۆرییەدا کە هەموو پۆند و بەنداوەکان پڕ بوون لابردووە، سەرنجی هەمووانی لەسەر قەیرانی گەورەی کەمیی و نرخ گرانیی بەنزین و غاز و نەوت و مووچە و دروستکردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە لابردووە.
لابردنی سەرنج لەسەر جیاکاریی ناوچەیی لە هەرێم. لابردنی سەرنج لەسەر زیندانییکردنی ڕۆژنامەنووسان. لابردنی سەرنج لەسەر بێکارەبایی و بەڵام لە هەمان کاتدا نرخێکی خەیاڵیی بۆ کارەبا.
لابردنی سەرنج لەسەر پەکخستنی پەرلەمان و نەمانی بودجە و دیاریکردنی بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ شار و ناوچەکان هەر بە میزاج. لابردنی سەرنج لەسەر تەقدیسکردنی بنەماڵە و سیمبول و مێژووی خۆیان. لابردنی سەرنج لەسەر ئەوەی هەر منداڵێکی بنەماڵەی دەسەڵاتدار خاوەنی کۆشکی شاهانە لە وڵاتانی خۆرئاوا، خاوەنی زانکۆ، دەزگای فەرهەنگیی، دەزگای خێرخوازیی، کەناڵ و دامەزراوەی زەبەلاحی مێدیایی، پاڵاوگەی نەوت، بانک و گروپی کۆمپانیاکانن. لابردنی سەرنج لەسەر شکستی سیاسیی و کارگێڕیی سەراپاگیر.
بۆچی پشیلەی مردووی بەعەرەبکردن لەم کاتەدا!
ڕاستە قەیرانگەلی پێشتر هێما بۆکراو لەمێژە هەن و بەردەوامن بەڵام بەڕێخستنی دیبەیت، کۆڕ و کۆنفڕانس بۆ پشیلەی مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستان و فەرمانپێدان بە هەموو کەناڵە جۆراوجۆرەکانی میدیا و پەیج و ماڵپەڕە بێشومارەکانیان بە سێبەر و بەرتاوەوە کە بیکەن بە بابەتی هەرە گرنگ و لەپێش، بۆچی لەم کاتەدا؟!
بەهۆی شکستهێنان لە بەغدا و نەمانی هەژموونیان، هەروەها لەم ماوەیەدا کە هەڵمەتی ئەوەی کە ناودەبرێت بە پاکتاوکردنی گەندەڵیی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و دەستەبەسەرداگرتنی سامانەکانیان، بەڕێوەدەچێت لەلایەن کابینە نوێیەکەی حکومەتی عێراقەوە و بە پاڵپشتییکردنی زۆرینەی هاوپەیمانێتیی و هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەروەها پشتیوانیی ئەمریکا و خودی ترەمپ لە عەلی زەیدی سەرۆکی حکومەتی عێراق، ترسی لە دڵی دەسەڵاتدارانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا دروستکردووە.
ترسی کەمبوونەوەی هێز و هەژموونیان، ترسی لەدەستچوونی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتیان، ترسی قۆناغ بە قۆناغ دەرخستنی گەندەڵییەکانیان و بەرەو لێژبوونەوەی ڕەوڕەوەی دەسەڵات و ملنەدانیان بە بڕیارەکانی بەغدا، هەروەکو لە ڕابردوو کردوویانە. ترسی نەمانی پاڵپشتیی نێو دەوڵەتیی و لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا. ترسی بە دادگا گەیاندنی هەندێک لە نزیکەکانیان کە ئەمەش خۆ بەخۆ یەکسانە بە شکانی شکۆ و جەبەڕووتیان کە لە درێژایی سی و ئەوەندە ساڵەی ڕابردوودا لەسەر شکاندنی شکۆی ئینسانی کورد و شکستپێهێنانی سایکۆلۆژیای گشتی کۆمەڵگای کوردیی و ئیرادەی ئینسانی کورد، بونیادیان ناوە.
ترس لە چارەنووسی دەسەڵات و داهاتووی سامانی بێشوماریان کە لەسەر تاڵانکردنی داهاتی گشتیی و وێرانکردنی کوردستان کەڵەکەیان کردووە.
ئێستا لە ڕێگەی پشیلە مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستانەوە، دەیانەوێت ئەگەری شکانی شکۆی خۆیان یەکسان بکەن بە ئەگەری شکانی شکۆی میللەت و نەتەوەی کورد.
هەر لە ماوەی ڕابردوو، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەیاندنی سەر بە یەکێک لە دوو خێڵە دەسەڵاتدارەکە، سزادانی کۆمپانیاکەی لەلایەن وەزارەتی گەیاندنی عێراقەوە بە سزادان لەسەر کوردایەتیی و کورد و کوردستان، ناوبرد.
ئەوان “دەسەڵاتداران و سەرمایەدارە هاوبەشەکانیان” لە ڕێگەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە بۆ سپیکردنەوەی سەروەت و سامانە گوماناویی و سەرچاوە نەزانراوەکانیان و قازانجی خەیاڵیی خۆیان و تێکدانی عیمرانی شارەکان، پشیلەی مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستانیان وەکو پڕۆسەیەک جێبەجێکردووە، ئێستا دەبێت خەڵکی قوربانیی و ستەملێکراوی کوردستان، شەڕ لە دژی بە عەرەبکردن! بەرپا بکات و ببێتە سەربازی خۆبەختکەری ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی!. دەیانەوێت لە ڕێگەی پشیلەی مردووی بەعەرەبکردنەوە، مۆبەڵایزی ڕای گشتیی سیاسیی و خەڵکی کوردستان بکەن بە ئاڕاستەی دژایەتییکردنی حکومەتی عێراق و سیناریۆی پووچ و بێناوەڕۆکی هەڕەشەی خۆجیاکردنەوە لە عێراق و دەوڵەتی سەربەخۆ!
دەیانەوێت نمایشەکە وەها بکەن، کە ئەوە خەڵکی کوردستانە کە ئەمجارەیان دژی عێراقە و خواستی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە نەوەکو پلان و ئەکتی سەرکردە سیاسییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان.
دواتریش ئەم کارتە بەکاربهێنن وەکو ڕێگەیەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ خۆ دەربازکردن لە ئەگەری دەرخستنی گەندەڵییەکانیان و ئەگەری دەستگیرکردن و دادگاییکردنی هەندێک لە نزیک و دەستوپێوەندەکانیان.
لێرەوەیە، تێدەگەین خێڵە دەسەڵاتدارەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیی و ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی، دەتوانن تا چەند کاریگەر بن لە ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوەی گشتییدا و هەردەم لەڕێگەی بابەتە هەستیار و وروژێنەرەوەکانەوە، دەست بەسەر عەقڵی نەوەکو ئاپۆڕای جەماوەرییدا بگرن، بەڵکو دەستەبژێرەکانی نێو کایە جیاوازەکانیشدا بگرن لە مەنگەنەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیاندا لە قاڵبی بدەن.
پشیلە مردووەکانی سەرانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی، هێندە زۆرن هەرگیز دواییان نایەت و کۆمەڵگاش هەزار جاری دیکە لە هەمان کونەوە، هەمان مار پێوەی دەداتەوە.

ئەحمەد ڕەسوڵ
………………
تێبینی١: * ستراتیجی پشیلەی مردوو دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیجیستی سیاسیی ئوستوڕالیی، لینتن کڕۆسبی.
تێبینی٢: ** ئەو دوو پەرەگرافەی نێوان دوو کەوانەکان، دەقی دوو کورتە پەرەگرافی نێو ستوونێکی بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیایە کە لە هەندێک بەشی وتارەکەدا لەبارەی ستراتیجی پشیلەی مردوو دەدوێت، کە لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕی زە تەلەگرافی بەریتانییدا لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە، کە لە کاتی نووسین و بڵاوکردنەوەی ستوونەکەدا لە ساڵی ٢٠١٣ ،بۆریس جۆنسن، پارێزگار “مایەر” ی شاری لەندەن بوو. ئەمەی خوارەوەش لینکی وتارەکەیە:
This cap on bankers’ bonuses is like a dead cat – pure distraction




ئاکاری نزم و فاشیزم، فاشیزمی خێڵ و فاشیزمی ئاپۆڕایی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

فاروق ڕەفیق، یەکێک لە عەقڵە فەلسەفییەکانی کۆمەڵگای ئێمە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیانە فەلسەفییەکەی کرد و پڕۆژەکانی بە تەواونەکراوی بەجێهێشتن.

ناو و یادی ئەو هەمیشەیی و پڕشنگدار.

بیربکەرەوە و وێنای بکە، لە غیابی عەقڵە فەلسەفییەکانی و ئایکۆنە ڕۆشنبیریی و ئەدەبییەکانیدا، فاروق وەکو یەکێک لەوان، کۆمەڵگای ئێمە لەسەر دەستی ئاپۆڕای خێڵگەرایی حزبیی و ئیسلامیزمدا، دەبێتە چ بیابانێکی بەرەهوت.

ئادۆرنۆ و کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازی
فاشیزم، ئاکاری نزم و ژیانی خراپ

کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازیی دنیایەکی ڕێکخراو و دیسپلینکراوە بەجۆرێک عەقڵی کردووەتە ئامێریی و ئاکاریش لە بەرهەمهێنراوی ئەو تەکنیکە پەرەسەندووە و ئەو عەقڵە ئامێرییەدا بووەتە ئاکارێکی نائینسانی. ئادۆرنۆ دەڵێت ژیانێکی باش و ڕاستگۆیانە چیدی لە کۆمەڵگای پیشەسازیی پێشکەوتوودا نەماوە، لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگایەکی نائینسانییدا دەژین. کتێبەکە خۆی لە ڕەهەندێکیدا هەوڵدەدات پێمان بڵێت ژیانێکی باش و ڕاستگۆیانە چییە و چۆن دەتوانین ئەو ژیانە بژین. کە هەموو ئەمانە لەڕێگەی ووردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی ئینسانەوە لە بەرکەوتنی بە مرۆڤەکانیدی و ئاکارە گشتییە کۆمەڵایەتییەکان، بە دەزگاکان و بە یاسا و ڕێساکانەوە، باس دەکات. هەروەها باس لە یۆتۆپیای دنیای پێشکەوتووی پیشەسازیی دەکات هەمان شێوەی ئاین دنیایەکی یۆتۆپیی لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤدا دەچێنێت. کتێبەکە باس لەو ژیانە دەکات کە ووردەکارییەکانی ئاکاری نزم تانوپۆی دەتەنێت و دواجار لە بەرهەمهێنانی فاشیزمدا دەردەکەوێت. واتا فاشیزم بەبێ بوونی ئاکاری نزم و ژیانێکی خراپ ناتوانێت ببێت. ئاکاری نزم و ژیانی خراپ زەمینەی لەدایکبوونی مرۆڤی فاشیست و سەرهەڵدانی فاشیزمن. کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازیی و دنیای پەرەسەندووی تەکنیک، ئەو دنیایەن کە فاشیزم وەکو گوتار و دەستەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئاکاری فاشیستی تێیدا لەدایکدەبێت.

ئەمەی سەرەوە، لە کتێبی “مینیما مۆڕاڵیا؛ شکانەوەکان لە ژیانی زیانبەرکەوتووەوە” ی ثیۆدۆر ئادۆرنۆ٫ فەیلەسوف، کۆمەڵناس و دەروونشیکاری سەر بە قوتابخانەی فرانکفۆرت. هەڵبەت بەو جۆرە نییە کە بە دەق وەرگیرابێت بەڵکو ئایدیایەکی گشتی کتێبەکەیە.

ئەم ماوەیە هەڵمەتێکی فراوان لە ڕووبەرەکانی سۆشیاڵ میدیادا لە دژی د. فاروق ڕەفیق بەڕێوەدەچێت لەسەر هەندێ قسەی “وا تەسەور دەکەم” کە لە سیاقی لێکچەرێکدا بێت و لە میانەی کۆرسە فەلسەفییەکانی و بەشێکی زۆر کەم لە قسەکانی بڕدراوە و بڵاوکراوەتەوە کە ئاشکرایە زۆربەی جار کاتێک چەند ڕستەیەک لە کۆی گشتی ووتەکانی کەسێک بە تەنها وەردەگیرێت و لە سیاق دادەبڕێنرێت ئاساییە مانای جیاواز و پێچەوانە بە مانای گشتی کۆی ووتەکانی ئەو کەسە بە دەستەوە بدەن، لەبارەی شارۆچکەی زەڕایەن، کە بۆچوونە ڕەخنەییەکانی لە بنەمادا لەبارەی پەروەردە بە گشتیی و خوێندنی باڵایە بە تایبەتیی و لەو چوارچێوەیەشدا ڕەخنەکردنی کۆلێژێک لە شارۆچکەی زەڕایەن وەکو نموونەیەک. ئەوەی لە پشت ئەم هەڵمەتەوەیە هەم فەندەمێنتالیزمیی دینیی “سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسیی” و هەم ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی بە دەستلەملانی عەشیرەتگەریی و دیوەخان. لە ڕاستییدا ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی هەر لە بنەماوە لەسەر ئاوێزانبوون بە بونیادەکانی خێڵگەرایی و مێنتاڵیتیی ئاغاواتی خۆی بیناکردووە. بەڵام لە نزیکەی دوو دەیەی ڕابردوودا باوەشێکی گەورەشی کردووە بە فەندەمێنتاڵیزمی دینییدا. ئەوە بێچەندوچوونە کە لای من و زۆرینەی ئینسانەکانیش خەڵکی زەڕایەن و هەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستان و هەر ناوچەیەک وەکو تاکەکەسەکان و گروپی کۆمەڵایەتیی، ئینسانی پاک، سادە، خاوەن ڕۆحی جوانی هاریکاریین و مایەی ڕێز و خۆشەویستین نەوەکو هیچ شتێکیتر.

ئاشکرایە، ئەمە یەکەم جار نییە، بە هەژموونی فەندەمێنتالیزمی دینیی یان دەستلەپشتدانی حزب-خێڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیی هەڵمەتێکی فراوان بەڕێدەخرێت لە دژی ڕۆشنبیر، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانی مافەکانی ژنان، ئەدیب و شاعیران تەنها لەبەرئەوەی تێگەیشتن و جیهانبینی ئەوان بە عەقڵی بچووک و داخراوی ئەوان نایاتەوە و بگرە ترسە تا ئاستی فۆبیا لە کاریگەریی گوتاری فیکریی و جیهانبینی ئازادانە و یەکسانیخوازانەی ئەوان و لەوێشەوە گۆڕانکاریی ڕیشەیی سیاسیی، فیکریی، کۆمەڵایەتیی، کولتوریی و بەهایی لە نێو کۆمەڵگادا. لە ڕاستییدا ئەوەی هەر جارە و بە بیانوویەک و بە پاساوێکی بێناوەڕۆک، هەر سێ ئاپۆڕای کوردایەتیی، فەندەمێنتالیزمی دینیی و خێڵ بەڕێیانخستووە گوایا وەڵامدانەوە بە سوکایەتیی و بێڕێزی بووە، تەنها لە یەک خانەدا جێگا دەگرێت، ئەویش خانەی تێرۆری کەسێتییە. هەڵبەت ئەوەش بە ئامانجی زاڵکردنی کەشوهەوای ترس، ترس لە دەربڕینی ئازادانەی بیرکردنەوەکانت، کە ئەمەش جگە لە فاشیزمی ئاپۆڕایی چیدیکە نییە.

پرسیار ئەوەیە، ئایا ڕۆشنبیر ئەگەر ڕەخنەی سیستمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نەکات، قسەیەک لەسەر سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسیی نەکات، ڕەخنەی بونیادە قەبەلییەکانی کۆمەڵگای ئێمە نەکات، قسەیەک لەسەر سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکو کایەی ڕازیکردنی ئەو مێنتاڵیتییە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئاینییە دواکەوتووخوازانەیەی کۆمەڵگای ئێمە نەکات و قسەیەک لە توێژێک و چینێکی کۆمەڵایەتیی نەکات، ئەی چی بکات؟ ئایا تەنها سەرقاڵ بێت بە فەلسەفەوە لە ئاستێکی موتەعال و وەکو کێڵگەی موناقەشەیەکی نەبڕاوە لەبارەی بوون و دەرکەوتنەکانی بوون؟ تەنها سەرقاڵ بێت بە فینۆمینە و نۆمینە؟ تەنها سەرقاڵ بێت بە عەقڵی ڕەها و ئامانجی بوونەوە؟ تەنها سەرقاڵ بێت بەوەی کە هەر شتێک لەنێو خۆیدا هەڵگری دژەکەی خۆیەتیی؟ …هتد

هەڵبەت وەڵامەکە بۆ زۆرینەمان زانراو و ڕوونە. خواستی ئەم سێ ئاپۆڕایە ئەوەیە، ڕۆشنبیر سەرقاڵ بێت بە موناقەشەیەکی بێزەنتی کە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی واقعی و ڕاستەقینەی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگاوە نەبێت و ئەو موناقەشەیە و ڕۆشنبیرانیش بوون و نەبوونیان وەکو یەک بێت، هیچ کاتێک هەڵگری هیچ ئەگەرێک، هەرچەندە لاوازیش ، نەبێت بۆ گۆڕانکاری لە میانەی ئەو گفتوگۆ و دیبەیت و نووسینانەوە هەم لە عەقڵییەتی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگادا هەم لە سیستمی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، کولتوریی و بەهاییدا.
ئەگەر لە هەمبەر قسەیەک، لێدوانێک و ڕەخنەیەکی ڕۆشنبیر، چالاکوان و ئەدیبان ئەم هەموو هێرشە ئاست نزمانە لە مینبەر، سۆشیاڵ مێدیا، مێدیا و تەنانەت ڕێپێوانیش بەڕێدەخرێت لەلایەن ئاپۆڕای کوردایەتیی، ئاپۆڕای فەندەمێنتالیزمی دینیی و ئاپۆڕای خێڵ، هەرجارەی بەبیانوویەکەوە، جارێک بەبیانووی ئەوەی قسە بە توێژێک وتراوە و جارێک بە بیانووی ئەوەی قسە بە حزبێک و بە ڕەمزێک وتراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی سووکایەتی بە مێژوومان و سیمبولەکانمان کراوە، جارێک بەبیانووی ئەوەی قسە بە پێشمەرگە وتراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی کارێکی هونەری جلوبەرگی ژێرەوەی ژنانی تێدا بەکارهێنراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی سەما لە شوێنی گشتییدا کراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە پارکی ئازادی کچ و کوڕێک بە ئاشکرا یەکتریان ماچ کردووە لە ڕۆژی خۆشەویستیدا و لەبەردەم پەیکەری خۆشەویستیدا، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە درامایەکدا باس لە مەلا بە خراپە کراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە شانۆییەکدا هێڵی سوور بەزێنراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی قسە بە شارێک، شارۆچکەیەک و ناوچەیەک وتراوە … هتد

ئەی ئەو کاتەی کە مەلایەک قسە بە تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەڵێت ئێوە بۆ مێدیا و سۆشیاڵ مێدیاتان لێ پڕ نەکرد؟! ئەی کە مەلایەک ژنی بە دایناسۆڕ شوبهاند، کێ لە ئێوە هاتە دەنگ هیچ نەبێت وەکو ڕێزگرتن لە دایک و خوشک و کچی خۆتان. ئەی کە مەلایەک ووتی زانکۆ هەمووی فەسادیی و بێئەخلاقییە و ئەستەمە کچێک لە زانکۆ بە ساغی دەربچێت، کێ لە ئێوە نقەی لێوەهات هیچ نەبێت بۆ داکۆکی کردن لە کچ و خوشکەکانی خۆتان؟! ئەی کە مەلایەک ووتی پەیمانگای هونەرە جوانەکان پڕە لە بەدڕەوشتیی، کێ لە ئێوە هاتە دەنگ، بۆ ئەوەی مەلایەک تێبگەیەنن بێڕێزیی و سوکایەتی بە دەزگایەکی هونەریی پەروەردەیی ڕەوا نییە و مافی ئەوەی نییە هەرچی بێت بە خەیاڵیدا لە دەمییەوە هەڵیڕێژێت؟! یان کاتێک مەلایەک ووتی لە سەدا ٩٥ ی کۆمەڵگای کوردیی کافرە، بۆ کەس لە ئێوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڵویستێکتان نەبوو لانیکەم بۆ داکۆکی و ڕێزگرتن لە خودی خۆتان و بنەماڵە و کەسوکارتان کە خۆتان بە موسڵمان و دیندار دەزانن؟ ئەی بۆ ئەو کاتەی مەلایەک ووتی هەر ژنێک بۆنی خۆش لە خۆی بدات و بڕواتە دەرەوە لە ماڵ، بێڕەوشتە و وەکو ئەوەیە زینای کردبێت، بۆ هەمووتان گوێی خۆتان لێ خەواند و خۆتان لە گێلیی دا، مەگەر دایک، خوشک، کچ و هاوسەرتان بۆنی خۆش بەکارناهێنێت یان بەکاری نەهێناوە؟!

ئەم هەموو پرسیارانەم ڕووبەڕووی ئاپۆڕای کوردایەتیی، ئاپۆڕای فەندەمێنتالیزمی دینیی و ئاپۆڕای خێڵە، بە بانگەشەکاران، نووسەران و شوێنکەوتووانیانەوە.

من وەکو خۆم ڕەخنە بە جەوهەری بیرکردنەوەی ئازادانە و هەڵوێستی ئازادانەی مرۆڤ تێدەگەم. ڕەخنەی جدیی و قووڵ لە بونیادە جێگیر و نەگۆڕەکانەوە تا دەگات بە پیرۆزییەکانیش بە مافی هەر ئینسانێک دەزانم و ناشبێت لەسەر ئەم مافە و بەکارهێنانی، هیچ کەسێک تووشی هیچ شێوازێکی سزای یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ببێت. ڕەخنە لە توێژە کۆمەڵایەتییە فراوانەکانەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە سیستمی سیاسیی و حوکمڕانیی، ڕەخنە لە مێژووی دوور و نزیکی کۆمەڵگای خۆمانەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە ئەوەی ناودەبرێن بە سیمبول و هێماکانی نەتەوەیی و نیشتمانیی و …هتد. ڕەخنە لە ستراکتوری کۆمەڵایەتیی و کولتوریی کۆمەڵگای ئیمەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە کایەی پەروەردە، سێکتەری تەندروستیی و …هتد واتا لە یەک قسەدا هێچ کەس، دەزگا و توێژی کۆمەڵایەتیی، مێژوو، ئایدیا و باوەڕێک پیرۆز نییە و لە دەرەوەی بەگرفتئامێزکردن و ڕەخنەکردن نییە، ئەوەی پیرۆزە ئینسان و ئازادییەکانییەتی، ئەوەی پیرۆزە مافی بیرکردنەوە، قسەکردن، وەژێرپرسیارخستن و ڕەخنەکردنە.
ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە بە گوێرەی لانیکەمی پێوەرەکانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بهاتایاتەوە، دەبوایە یەکێک لەو دەنگانەی گوێی لێدەگرێت، دەنگی د. فاروق ڕەفیق بوایە. یەکێک لەو عەقڵانەی کە دەبوایە گفتوگۆ بکرایە فاروق ڕەفیقە، نەوەکو چەندین جار تێرۆری کەسێتیی بکرێت. دەبایە مەریوان وریا قانع و فاروق ڕەفیق گوێیانلێبگیرایە، نەوەکو سۆشیاڵ مێدیا پڕ ببوایە لە ڤیدیۆی ئەو هەموو مەلا و بانگخوازانە (هەڵبەت هەموویان نا، بەڵام بەداخەوە زۆرینەیان) کە جگە لە دژایەتییکردنێکی بێچەندوچوونی ئازادیی و داماڵینیی ئینسان لە عەقڵ و ئیرادە هیچیتر ناڵێن. ئەو لێشاوە لە ڤیدیۆی مەلاکان و بانگخوازەکان (دیسانەوە دەڵێم نەوەکو هەموویان، بەڵکو زۆرینەیان، بەتایبەت ئەوانەیان کە لە چوارچێوەی سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسییدان) کە لە هەر کونجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکیان بە نەڕەنەڕ، هەڕەشە، غەزەب و قەهر و هەرچی ڕستە و تەعبیری ئاست نزمە ڕیزی دەکەن و فراوانکردنی سنوری حەرام و قەدەغەکان تا ناکۆتا دەبەن و کردنی ئینسان بە بوونەوەرێکی تاوانبار و قێزەون کە نەوەکو مرۆڤگەلی دەرەوەی بازنەی دیندارییەکەی ئەوان بەڵکو موسڵمانەکان و هەندێجار مەلا یان بانگخوازەکە خۆیشی لێی دەرباز نابێت. پرسیارێکی لانیکەمی عەقڵانیی و لۆژیکیی ئەوەیە بەڕاست دەبێت ئەو هەموو هاوار هاوارە دژ بە پیرۆزیی ئینسان و ئازادییەکانی گوێی لێبگیرێت یان سیمینارەکانی فاروق و مەریوان؟! بەڕاست دەبێت ئەو هەموو نەڕەنەڕە کە فۆبیایەکی ڕووتە لە ژیان، ئازادیی و گۆڕانکاریی، کە عەقڵ تا دواهەمین سنورەکان پاشەکشێی پێکراوە، گوێی لێبگیرێت، یان ڕۆشنبیران؟!

ئەگەر ئاکار لە کۆمەڵگای پیشەسازی پێشکەوتوو بە گوێرەی ئادۆرنۆ، وەها بێت، ئەی ئاکاری ئۆتۆریتەی حزب-خێڵ، میدیا و میدیاکارانی نزمی حزب-خێڵ، نووسەر “گوایا سەربەخۆ و نەتەوەیی بەڵام لە پشتی پەردە و ژێربەژێر ملپان و ملکەچی حزب-خێڵ”، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ “زوڕناژەنی گەعدەی پانێڵی فیکریی خاڵی لە فیکر و گەعدەی دیداری حەماقەتی سیاسیی و سەماکاری گەعدەی سەرانی مەغروری ناوبۆشی حزب-خێڵ” دەبێ چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!
ئەی ئاکار لە سایەی مێنتاڵیتی سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسییدا ئەبێت چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!
ئەی ئاکار لە سایەی خێڵ و قەبەلیەتی ژێر هەژموونکەوتووی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی و فەندەمێنتاڵیزمی دینیی، ئەبێت چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!

تێبینی؛ وتارەکە لە ماوەی هەڵمەتێکی فراوانی نێو سۆشیاڵ میدیا دژ بە فاروق ڕەفیق، سێ ساڵ پێشتر نووسراوە. لە پەیوەند بە مەرگی ئەو توێژەرەی فەلسەفەوە دووبارە بڵاوکردنەوەیم بە باش زانی.

ئەحمەد ڕەسوڵ




ساوێربروخ و نەخۆشخانەی بەخشین.. ئەحمەد ڕەسوڵ

غەزال، قوربانییەک لە پڕۆسێسی بەتاڵبوونەوەی کایەی پزیشکیی لە نێوەڕۆکی بەهاداریی مرۆیی

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، کاتێک ئەڵمانیا لە شکانە گەورە و یەک بە دوای یەکەکانیدا لەلایەن ڕووسییەکانەوە، جەنگ گەیشتبووە دەوروبەری بەرلین، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکاندا کە دکتۆر ساوێربروخ، کاری پزیشکیی و نەشتەرگەریی تێدا ئەنجام دەدا و چارەی سەربازە بریندارە ئەڵمانییەکانی دەکرد، بەڵام بەڕێکەوت بووە یان بە نهێنیی یان هەر جۆرێک، یەکێک لە سەربازە ڕووسییە بریندارەکان دەگاتە نەخۆشخانەکە و بۆ بەردەستی دکتۆر ساوێربروخ بۆ چارەکردن.
ساوێربروخ بەبێ دوودڵیی و بەبێ پرسیارکردن و داواکردنی مۆڵەتی پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار یان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەربازە ڕووسییەکە لە بەرەی دوژمنە و هەر ئێستا دوژمن ئاگر دەبارێنی بەسەر گەل و نیشتمانەکەیدا، داو و دەرمانی پێویستی بۆ دەکات و بە ئەرکی چارەسازیی خۆی هەڵدەستێت.

ساوێربروخ، زانایەکی بواری پزیشکیی گەورە و پزیشکێکی نەشتەگەریی بەنێوبانگ و کاریگەری ئەڵمانییە، کە ژمارەیەک دۆزینەوە و داهێنانی کاریگەری ئەنجامداون لە بواری پزیشکیی و نوژدارییدا.

ساوێربروخ، باوەڕی وەها بووە و چەندین جار بە شێوازی جیاواز و لە ڕوانگەی جوداوە باسی کردووە و چەند پاتەی کردووەتەوە کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی و نوژداریی بە مرۆڤ، بنەمایەکی مرۆیی و گەردوونیی هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلە و پێگەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابووریی کەسەکان و هەروەها بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و نەتەوە و ئاین و ئاینزا، دەبێت هەر ئیمکاناتێک کە لە بواری پەرەستاریی، پزیشکیی و نوژدارییدا بەردەستە، لە بەرزترین ئاستی خۆیدا پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە پێویستیان پێیەتی لە چارەخوازان.

ساوێربروخ، هێندە پزیشکێکی ڕاستەقینە و بەباوەڕ بوو بۆ کارەکەی، کە هەندێجار ئەو پێداویستیی و کەلوپەل و دەوا و دەرمانانەی بە پارەی گیرفانی خۆی دەکڕی و لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەندێک لە چارەخوازانی هەژار و بێپارەی، بە خۆڕایی پێشکەشدەکردن و تەنانەت تا ئاستی نەشتەرگەریی لابردنی ڕیشاڵە شێرپەنجەییەکان و نەخۆشییە قورسەکانی دی.

کاتێک نەخۆخانەیەک یان پزیشکێک “نەخۆشخانەی بەخشین و ئەو پزیشکەی لەو کاتەدا لەوێ بووە” چاوەڕێی کاغەزێک و ڕێپێذانی پۆلیس یان هەر لایەنێک دەکەن بۆ چارەکردنی بریندارێک کە لە لەلێواری مەرگدایە، هیچمان پێناڵێت جگە لە ڕێزنەگرتن لە بنەما ئینسانییەکانی کاری پزیشکیی و چارەسازیی.

هەڵبەت نەخۆشخانەی بەخشین کە بەشێکە لە پڕۆسێسی بە بازرگانییکردنی کەرتی تەندروستیی و کایەی پزیشکیی و چارەسازیی بە تەنیشت هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەکانی دیکەوە، جگە لەوەی لێدانێکی گەورەیە لە خزمەتگوزارییەکی گرنگیی وەکو خزمەتگوزاریی تەندروستیی و پزیشکیی وەکو خزمەتگوزارییەکی گشتیی بۆ کۆمەڵگا، هەروەها لێدانە لە بەها و ناوەڕۆکی مرۆییانەی کەرتی تەندروستیی و پزیشکیی و هەروەها لێدانە لە پیشە و کاری پزیشکیی و تەندروستیی وەکو کار و پیشەیەکی مرۆیی باڵا و خاوەن بنەمای بەهاداری گەردوونیی.




نووسەران لە نێو ڕایەڵەیەکی نادیاردا.. ئەحمەد ڕەسوڵ

نووسەران، ئەو گرۆیە لە مرۆڤن، کە جیهانێکی تایبەتی و ناوەکیی خۆیان هەیە، جیهانێک تایبەت بە هەر یەکێک لەوان و تاکەکەسیی، لە هەمان کاتدا هاوبەش و گرێدراو بە ئەوانیدیکەوە. نووسەران، جیاواز لە هەموو توێژەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگای مرۆیی، بەجێی فەزای کۆمەڵایەتیی و کاری پێکەوەیی و کۆمەڵیی، دنیایەکی تایبەت و تاکەکەسیی سەرلەبەری خوێندنەوە، بیرکردنەوە و کاری نووسینی ئەوان پێکدەهێنێت. خوێندنەوە و نووسین، جیاواز لە هەر کارێکی دیکەی مرۆڤ، بە پلەی ئیمتیاز کارێکی تاکەکەسیی و تایبەتە. بەڵام ڕەنگبێ زێدەڕۆیی تێدا نەبێت ئەگەر بڵێم گرێدراوترین و کارلێککارترین کایەیەک لە نێو هەموو کایەکاندا، کایەی نووسین و ڕوناکبیرییە.
نووسەران سەرباری دنیای تایبەتی خۆیان و فەزای کارکردنی خۆیان و ئەو پانتاییانەی خوێندنەوە و نووسین کە بۆ هەر یەکێکیان، بوارێک و کایەیەک تایبەت و جێگای بایەخە و لەپێشترینە، بەڵام هێشتا تۆڕێکی نەبینراو و ناڕاستەوخۆ، هەمووان پێکەوە گرێدەدات و هەستی نزیکایەتیی بە هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەوانی دی، دەبەخشێت.
فەزای خوێندنەوە و نووسین لەلای نووسەران، تایبەتمەندییە ناوازەکەی لەوەدایە، کە هەریەکێک لەوان هێندەی وەکو ئەوە وەهایە کە بە تەواوی دابڕاو و سەربەخۆ لەو کایەیە و لە نووسەرانی دیکە بێت، بەڵام هاوکات، لە ڕەهەند و ڕوانگەی دیکەوە دەبینین کە هێندە پێکەوە گرێدراو و نزیک لە یەکدین، وەکو ئەوەی هەمووان لە پەیوەندییەکی تایبەتی و نزیکدا بن لەگەڵ یەکتری.
لەوانەیە نهێنێییەکە ئەمەبێت کە وادەکات ڕۆشنبیرێک (بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنێکدا) بڵێت: نووسەرێک هەرچەندە خراپ و حزبییش بێت، بەروارد بە هەر سیاسییەک، سەد هێندە بە باشتر دەزانم و نزیکتر لە خۆمەوەی دەبینم.
نووسەران، سەرباری دوورییان لە یەکدی و تەنانەت یەکتر نەناسینیان، کاریگەرییان هەیە لە ڕەگڕێژکردنی جیهانی تایبەتی یەکدی و شێوە وەرگرتنی بیرکردنەوە و ڕوانگەی یەکدی.
تەنانەت کاتێک دوو نووسەر یان زیاتر لە نێوانیاندا ناکۆکیی و مشتومڕ لەبارەی بابەتێک یان زیاتر دروست دەبێت و بیرکردنەوە و ڕوانگەیان بۆ بابەتەکە یان پرسەکە نەوەکو تەنها جیاواز و پێکدژە، بەڵکو ئاسمان و ڕێسمانە و ئەمەش ناکۆکیی قووڵیی فیکریی و ئەدەبیی لەنێوانیادا دێنێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا لە نێو ئەو ڕایەڵە نەبینراو و ناڕاستەوخۆیەی فەزای ڕوناکبیرییدا، نزیک لە یەکتری و پێکەوە گرێدراون.
لێرەدا چەمکی نووسەر، بەهیچ شێوەیەک ئەوانە ناگرێتەوە کە خزمەتکاری عەقڵییەتی ئاپۆڕایین و بیرکردنەوە و تێگەیشتنی کۆیی پەرەپێدەدەن و خزمەتدەکەن، جا با تەنانەت خاوەنی زۆرترین ژمارەی پەڕتوک و درێژترین نووسین و چەندین وتار و چاوپێکەوتنیش بێت.
لێرەدا، نووسەر و ڕۆشنبیر، ئەوانە دەگرێتەوە کە لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە، جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگا بۆ پرسێک یان بابەتێک لە بوارێک یان کایەیەکی دیاریکراودا، پێسکەشدەکەن. چەمکی نووسەر، لێرەدا ئەو کەسە دەگرێتەوە کە سەرقاڵی بیرکردنەوەیە و جیهانی بیرکردنەوە و نووسین بە جدی دەگرێت و وزەی بیرکردنەوە و نووسینی خۆی لە ڕەخنەکردنی ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنە کۆییەدا “تفکیر و تفهیم جماعی” ئاڕاستە دەکات.
نووسەر و ڕۆشنبیر لێرەدا، تەنها ئاماژە نییە بۆ کەسێک کە سەروکاری لەگەڵ کتێب و نووسیندا هەبێت، بەڵکو تایبەتمەندیی لە بیرکردنەوە و نووسیندا هاوتای جیابوونەوە لە عەقڵی ئاپۆڕایی و ڕەخنەکردنی، بنەمایەکی سادەی نێو فەزای ڕوناکنبیریی و هەموو ئەوانەیە کە لەو کایەیەدا کاردەکەن.

ئەم نووسینە لە پەیوەند بە کۆچی دوایی نووسەر و ڕۆشنبیر، خەلات عومەر، نووسراوە.
خەڵات عومەر یەکێک لە دەنگە تایبەتی و ناوازەکانی نێو کایەی نووسین و ڕوناکبیریی کۆمەڵگای ئیمە، هەمیشە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لەبارەی هەر پرس و بابەتێکەوە دەینووسی.
سەرباری ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ناوەڕۆک و ماناکانی ئەو وتارانەی “بە تایبەتی وتارە سیاسیی-فیکرییەکانی” کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەینووسین ناکۆکیی و سەرنجی زۆرم هەبوو، بەڵام هێشتا ڕوانگەی تایبەت و ناوازەیان تێدابوو کە تایبەت ڤێرژنی خەڵات عومەر خۆی بوون.
من هیچ پەیوەندیی و نزیکایەتیی و یەکترناسینێکم نەبوو لەگەڵ کاک خەڵات، تەنها لێرە لە فەیسبووک هاوڕی “فرێند” بووین بەڵام هەروەکو چۆن بۆ هەموو نووسەران و ئەدیبان بە بڕ و ئاستی جیاواز هەمە، هەستی پەیوەندییەکی تایبەت و نزیکایەتیی و یەکترناسینم بۆ خەڵات عومەریش هەبوو.
تەنها یەک جار، دوای دەستخۆشیی سەرنجێکی کورتی لەسەر یەکێک لە بابەتەکانم دەربڕیی و کورتە گفتوگۆیەکی لە نێوانماندا دروستکرد.
کۆچی دوایی کاک خەڵات، نیگەران و غەمباری کردم.
ڕۆحت بۆ هەمیشە لە ئاشتیی و ئارامییدا.
ناو و یادت، هەمیشەیی و درەوشاوە.
….
تێبینی: لە کاتی ئەم نووسینەدا ئەو ڕستەیەی نێو چاوپێکەوتنێکی بەختیار عەلیم هاتەوە یاد و بە تەواوی لە یادم نەماوە چاوپێکەوتنەکە کەی و لە کام شوێندا خوێدوومەتەوە هەروەها شێوازی داڕشتنەکەی دڵنیا نیم بە تەواوی وەکو خۆیەتی یان نا، بەڵام هەمان ناوەڕۆک و مانایە.




ڕۆژئاڤا، پانتاییەک لە وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنیی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دەسەڵاتدارێتیی و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیدان لەگەڵ یەکتری.
کاتێک دەسەڵاتدارێتییەک، ڕۆحی دەستەجەمعیی لەنێو خۆیدا نوێنەرایەتی دەکات، کۆمەڵگا دەبێتە یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی پتەو و یەکگرتوو. هۆشیاریی تاکە کەس لە پڕۆسێسی پەرەسەندنی خۆیدا دەگاتە ئاستی بەرجەستەبوونی لەنێو ڕۆحێکی گشتگیر و یەکگرتوودا. هیگڵ ئەمە ناودەنیت ویستخوازیی ڕۆح “ارادە الروح”.
واتا دەسەڵاتدارێتی کاتێک دەتوانێت هاوئاهەنگییەکی “التناغم” کۆیی و یەکگرتوو لە تاکەکان و کۆمەڵگا بەدیبهێنێت کە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و بەرجەستەبوویەکی ڕۆح و وێژدان و ئاگاییی ئەوان بێت.
لە ڕۆژئاڤا دەسەڵاتدارێتییەک لە ڕەوتی گەشسەندنی خۆیدا هاتووەتە کایەوە، کە نوێنەرایەتی ڕۆح و ویژدان و ئاگایی گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و تاکە تاکەی هاونیشتمانییان دەکات و لێرەوە ویستخوازیی ڕۆح “ارادە الروح” ی تاکە کەسەکان و ڕۆحی گشتی کۆمەڵگای لە نێو خۆیدا مانیفێست کردووە.
ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتیی، هاوئاهەنگیی و هاوگوتاریی لە نێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا دەگەیەنێت بە بەرزترین ئاستی خۆی. واتا دەسەڵاتداران و پیاوانی ئاینیی و نوخبەی ڕۆشنبیران و توێژی ئەکادیمیستان و کۆمەڵگا بە گشتیی هاوئاهەنگیی و هاوگوتارییەکیان لێوە بەرهەم دێت کە هەمووان پێکڕا دەبنە ئاوێنەی یەکتری و وێنەدانەوەیان بۆ یەکتری هەمان ئاست و هەمان شێوە دەبێت.
لە ڕۆژئاڤا، زمان و نەتەوە جیاوازەکان پێکڕا بەشێکن لەو هاوئاهەنگییە. واتا سیستمە سیاسیی و ئیدارییەکە لەسەر بنەمایەکی مرۆیی دامەزراوە کە هەمووان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەمووان دەکات.
لە ڕۆژئاڤا گاپی نێوان بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی لە نزمترین ئاستدایە. گەندەڵیی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی لە نزمترین ئاستدایە. ئازادیی تاکە کەسیی و ئازادیی گروپە کۆمەڵایەتیی، ئیتنیکی، دینیی و نەتەوەییە جیاوازەکان لە ئەوپەڕی ئیمکانی خۆیدایە. لە ڕۆژئاڤا تاکە کەس بە تواناکانی و دڵسۆزیی و لێهاتوویییەکانیەوە سێنتەرە. داگیرکاریی بۆ پانتایی گشتیی لە نزمترین ئاستیدایە.
وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنی
وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنی لە دەسەڵاتدارێتییەکەی ڕۆژئاڤادا بە گوێرەی کۆنتێکستە مێژوویی، جیۆگرافیی و کۆمەڵایەتییەکەی لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە. بە گوێرەی ولیەم ڕایش وزەی ئۆرگۆنی، واتا وزەی ژیان و خۆشەویستی، وزەی ئازادیی و وزەی داهێنان.
لێرەوەیە کاتێک پیاوێکی ئاینی خاوەن کاریگەریی وەکو شێخ موڕشید مەعشوق خەزنەوی لەبارەی جەنگی دژ بە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەئاخڤێت، وزەی خواست بۆ ئازادیی و وزەی ژیان، سەرلەبەری گوتارەکەی پێکدەهێنێت.
کاتێک شەڕڤانانی پێکهاتوو لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاواز، بۆ مانەوە دەجەنگن، پڕن لە هێزی ئەرێنیی ژیان و وزەی ویستخوازی ئازادیی. لە ئاستی سەرکردە سیاسیی و سەربازییەکاندا، هەمانشێوە و بگرە لە ئاستێکی بەرزتردا بە وزەیەکی گەورەی ئەڤینەوە بۆ ژیان و ئازادیی، گوتار و ئەکت و پەیوەندییەکانیان بەرجەستە بووە. ئاوێزانیی و هاوئاهەنگییەکی بێوێنە لە نێوان پێکهاتە و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاڤادا پایەدارە، کە لەسەر هاوبەندییەکی گەورەی ویست بۆ ئازادیی و هێزی ژیان و وزەی داهێنان بونیادنراوە.
ڕۆژئاڤا، ئەزموونێکی ناوازە و تاکانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکەدا، لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە ناعەدالەتیی، نایەکسانیی، چەوساندنەوە و ستەم.
پشتیوانی لە ڕۆژئاڤا، پشتیوانییە لە ئینسانییەت و جوانیی، لە عەدالەت و یەکسانیی. پشتیوانییە لە وزەی پۆزەتیڤی ژیان و ئازادیی و وزەی داهێنەرانە. پشتگیریی لە ڕۆژئاڤا، پشتگیریکردنە لە ئەزموونێک کە مۆدێلێکی باڵایە بۆ کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دەوروبەرمان.




من کاندیدم، دەتپەرستم ئەی پەرلەمان.. ئەحمەد ڕەسوڵ

من کاندیدم، دەنووشتێمەوە بۆ پۆست و پارە. سوژدەت بۆ دەبەم، ئەی کورسیی پەرلەمان. دەتپەرستم، ئەی مووچەی خەیاڵی. کڕنووشت بۆ دەبەم ئەی ژیانی ڤی ئای پی.

ئەگەر دەربچم، سوپاستان دەکەم.
ئەگەر دەرنەچم، ئێوە تەنها شایان بە دەسەڵاتی دوو بنەماڵەن

تەنها من دەرچم، ئیدی هەموو شتێک بە جەهەننەم.

هەر کاندیدێک، هەرچەندە لیستەکەی یان حزبەکەی دۆڕابێت یان پاشەکشەی کردبێت، بەڵام خۆی دەرچووبێت، دەڵێت پیرۆزە ئەم سەرکەوتنە.

ڕاستە ململانێی لایەنە گەورەکان لە گۆڕێیە، بەڵام لە بنەمادا یارییەکە بە تەواوی بەرژەوەندیی تایبەتیی و کەسییە.

هیچ کاندیدێک نییە، بە ووردیی پلان و بەرنامەی بۆ مووچە و ئیمتیازاتە ماددیەکانی دوای دەرچوونی دانەنابێت. هەر کەسێکیان لە خەمی دەستڕاگەیشتن بەو مووچە خەیاڵیی و سەرمایە مەعنەوی و ڕەمزییەی پەرلەمانە بۆ شەخسی خۆیان.

ئەم قسانە مانای ئەوە ناگەیەنن کە فڵان کاندید دوای دەرچوونی هەندێک قسە لە پەرلەمان ناکات و هەندێ هەڵوێستی میدیایی و گشتی نابێت لە بارەی مووچەی گورگانخواردوو کراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یان لە هەندێک ڕێپێوان و خۆپیشاندان بەشدار نابێت یان بە مۆبایلەکەی هەندێک موداخەلەی خۆی لە پەرلەمان تۆمار ناکات و بڵاوی بکاتەوە.

بەڵێ ئەشێت هەموو ئەوانە بکات، بەڵام لە بنەمادا ئەوانە بۆ ئەو هەڵوێستی ئیختیاریین و هیچی تر نا. واتا دەکرێت هەموویان بکات، دەکرێت هەندێکیان بکات، یان دەکرێت کەمترینیان ئەنجام بدات و دواجار هیچ کەسێکیش ناتوانێت یەخەی بگرێت و بڵێت تۆ بێ هەڵوێست بوویت و داکۆکیکار نەبوویت لە بەرژەوەندی خەڵک. لیست و حزب و ئەم هەموو دەنگەی خەڵکت بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆت بەکارهێنا و هەموویت کرد بە بەردەبازی پەڕینەوە و گەیشتن بە ژیانێکی باش بۆ خۆت و خانەوادەکەت و هیچی تر نا.

پلە و پۆستە باڵا و تایبەتییەکانی حکومەت و دەزگا قەزاییەکان و ئەندامێتی لە پەرلەمان و هاوتاکانیان لە نێو دەزگا دەوڵەتییەکانی دیکە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە هۆکاری مووچەی قەبە و ئیمتیازاتەکانیانەوە، سەرباری ئەوەی بوونەتە بارگرانییەکی کەمەرشکێن لەسەر داهاتی گشتیی و کۆمەڵگا، هەروەها بوونەتە ئەو شوێنەی بوون و بەهای مرۆیی لە ئینسانەکان پایەماڵ دەکەن.

واتا ئەو هەموو قیژە قیژەی بەناوی داکۆکیی لە خەڵک و شەڕی گەندەڵیی، مووچەی مووچەخۆران و … هتد لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دنیای لێ پڕ دەکەن، چەند کاتژمێرێکی کەم لە دوای تەواو بوونی دەنگدان و دەرکەوتنی ئەنجامەکان و دڵنیابوونی هەندێک لە بەربژێرەکان لە دەرچوونیان، هێواش و لەسەرخۆ بەهەڵمبوونیان دەسپێدەکەن و ئەوەی جێگیر دەبیت لە شوێنی ئەو هەموو بەڵێنە سواوەی کاندیدان و سەرۆک حزبەکان، تەنها مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتار و پۆستە وەزاریی و سیادییەکان و ڕێککەوتنە سیاسییەکانن، ئەمە ئەگەر سەفەقاتە ژێربەژیرەکان و لیست گۆڕین و سەنگەر گواستنەوەکانیش فەرامۆش بکەین.
لە یەک قسەدا کارەساتە گەورەکەی کوردستان و عێراق جگە لە وەزارەتخانە و پەرلەمان و دەزگا سیادیی و پلە تایبەت و باڵاکان و پەرلەمان، هیچی دیکە نییە.

ئەم نووسینە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نووسراوە بەڵام لەبەر لێکنەدانەوەی نووسینەکە و هەڵوێستەکە وەکو بانگەشە بۆ بایکۆت لەلایەن ئەوانەی ناویان ئۆپۆزیسیۆنە و بە هەمان عەقڵییەتی کادێرە مێدیایی و حزبییەکانی دوو حزبخێڵەکە ئاسان و خێرا دەکەونە تۆمەت بەخشینەوە، بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم هەستی خۆبەشتزانین و ئیگۆ هەڵئاوساوەی کادێرە حزبییەکان و پەرلەمانتار و وەزیر و پلەدارە باڵاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە جگە لە قاوغێکی بەتاڵ و بێناوەڕۆک چیدیکە نین، کارەساتی ڕاستەقینەی ئەم مەملەکەتەن. تەنها لێرە لە کوردستان و عێراق شتی سەیری وەها دەبینرێت.

لە تەواوی دەوڵەتانی ئەسکەندناڤی و ئەوروپیی و … هتد، پەرلەمانتار و وەزیر و … هتد جگە لە هاونیشتمانی سادە و ئاسایی پتر هیچیدی نین تەنها بە بڕێکی زۆر کەم مووچەی زیاترەوە و بەبێ هیچ ئیمتیازاتێک و بەبێ خانەنشینبوون. بەبێ ئوتومبیل و شۆفێر و پاسەوان و خانوو و ڤیللا و مینحە و … هتد.

لێرە، کوردستان و عێراق، چوار ساڵ جارێک کەڕنەڤاڵی کارەساتبارترکردنی کۆمەڵگا و داماڵینی زیاتری سیاسەت لە مانا ڕاستەقینەکانی و کەوتنی زیاتری ئینسانییەت و بە خوداکردنی زیاتری پلە و پۆست و پارە، بەڕێوەدەچێت.

هەتا چوار ساڵی دیکەی داهێنانی چەمک و دەستەواژە وروژێنەرەکانی چەواشەکردن و لەخشتەبردنی خەڵک، هەتا چوار ساڵی دیکە و تا کەڕنەڤاڵێکی دیکەی کردنی کۆمەڵگا بە چەند بەشێک لە ڕانە مرۆڤ و ڕەوە ئینسان و ئاپۆڕای ژمارەیی و زیاتر نا، دانیشن بەخێر.

ئەحمەد ڕەسوڵ




بانگەشەی هەڵبژاردن، نائامادەیی ڕەهای لۆگۆس و ئیتۆس.. ئەحمەد ڕەسوڵ

لەم کۆمەڵگایەدا، سیاسەت هەروەکچۆن لەمێژە پیشەیەکی هەرزان و سووک بووە هەتا سووکتر و پووچتر ببێت، زیاتر خەڵکی لێ کۆدەبێتەوە. *

لە سەردەمی ئەسینای دەوڵەت-شاردا وتاردان لە ئاستێکی مێتافۆڕیی و ڕیتۆریکی بەرزدا لە فەزای گشتییدا، هەم دیاردەیەکی باو و گرنگ بووە هەم ناوەڕۆکی لۆژیکیی و عەقڵیی ئەو وتارانە گرنگییەکی زۆریان پێدراوە. ئەرستۆ لە کتێبەکەیدا لەبارەی ڕیتۆریکەوە لە کتێبی دووەم و چاپتەری دوو تا چاپتەری یانزە، باس لە پێکهاتە و ناوەڕۆکی وتار دەکات.
وتار سەرباری ئەوەی کە دەبێت یەکگرتووییەکی ناوەکیی هەبێت هەروەها دەبێت چێوەیەکی گشتیی و ئامانجداری هەبێت کە تەواوی تەوەرە جیاوازەکانی لە خۆ بگرێت و دواجار لە ڕووبەرێکدا هەمووان پێکەوە ئاوێتە ببن.
فەیلەسووفی مەزنی ئەسینایی، ئەرستۆ بۆ هەر وتارێک کە ناوەڕۆکێکی لۆژیکی و عەقڵیی هەبێت و هاوکات توانای ڕازیکردنی جەماوەری هەبێت و سەرکەوتوو بێت، سێ ڕەگەزی سەرەکی دیاریدەکات. ئەم سێ ڕەگەزە دەکاتە مەرج و بنەمای سەرەکی هەر وتارێک، کاتێک لە فەزای گشتییدا لەلایەن کەسێکەوە پێشکەشدەکرێت، جا ئەو کەسە، سیاسیی بێت یان فەیلەسووف و ڕۆشنبیر یان کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی یان سەربازیی بێت هەمان شتە.
یەکەم، ئیتۆس: بریتییە لە ئەو لایەنەی وتار کە پەیوەندیدارە بە کاراکتەری قسەکەرەوە کە ڕاستگۆیی و توانا و دەسەڵاتی قسەکەر لە وتارداندا دەبێتە دروستبوونی متمانە لەلای ئامادەبووان. واتا ڕێز و متمانە لەلای گوێگران دروستدەبێت بۆ قسەکەر بەهۆی ڕاستگۆیی و توانای دەسەڵاتی لە وتارداندا و هەروەها ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە کەسێتیی قسەکەردا هەیە و بەهۆیانەوە دەناسرێتەوە.
دووەم، لۆگۆس: ئەو لایەنەی وتار دەگرێتەوە کە گرنگی دەدات بە عەقڵ و لۆژیک. واتا ئەو مەبەست و ئامانجەی کە قسەکەر دەیەوێت بیگەیەنێت یان بەدیبهێنێت یان بۆ قەناعەتپێهێنان و ڕازیکردنی گوێگر و جەماوەر لەپێناویدا پەنا دەباتە بەر بەڵگاندنی لۆژیکیی و ئەرگیومێنت و سەلماندنی عەقڵیی.
سێیەم، پاتۆس: بریتییە لە ئەو بەشەی وتار کە کاریگەریی دادەنێت لەسەر هەست و سۆزیی گوێگر و جەماوەر. واتا قسەکەر هەوڵدەدات لە ڕێگەی وروژاندنی هەست و سۆزی گوێگرەوە، دەروون و ئاوەزی ئاراستە بکات. ئەمەش لایەنە هەڵچونییەکانی وەکو “توڕەیی، ڕق، بەزەیی، ترس و … هتد” دەگرێتەوە.
لێرەوە و لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ئەرستۆ بۆ وتاردان لە فەزای گشتییدا بۆ جەماوەر کە هەتا ئێستاش تێگەیشتنێکی بنەماییە، ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی خێرا بکەین بۆ وتارەکانی سەرکردە و سەرۆکی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، بە تایبەتی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە و کاندیدەکانی چوار لیستی هەرە سەرەکیی ناو ئۆپۆزیسیۆن!. دەگەینە ئەو ڕاستییە و یان لانیکەم ئەو باوەڕەی کە سەرەڕای خاڵیبوونەوەی کایەی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتیی لە کوردستان لە مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەت و ڕۆحی دەزگایی و چاکەی گشتیی و بە سێنتەر کردنی ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانییان، هەروەها بەتاڵییەکی کوشندە لە تێگەیشتن و جیهابینیی فیکریی و سیاسیی بکەرە سیاسییەکاندا سەرەتا دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە و دواتریش حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبینین و هەستپێدەکەین.
هەڵبەت، بۆ من و هەر کەسێکی دیکە، بە لانیکەمی چاودێریی و خوێندنەوە و تێگەیشتنەوە بۆ پێکهاتەی کایەی سیاسیی و دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیی، لەمێژە ئەوە ڕۆشنە کە ئەو مێنتاڵیتییەی لە تێگەیشتنییدا بۆ دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی، دەزگا کارگێڕیی و قەزاییەکان و پێکهاتە و شوناسە فەرهەنگیی و کولتورییەکان لە پشت تەواوی سیستمەکەوە ئامادەیە و ئاڕاستەی دەکات لێرە لە هەرێمی کوردستان، دوور و نزیک هیچ نزیکایەتیی و ئاشنایەتییەکی نییە نەوەکو تەنها لەگەڵ مافە سیاسیی و مەدەنیی، کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکانی هاونیشتمانییان وەکو تاک، ئیندیڤید، یان میدیای ئازاد و سەربەخۆی ڕاستەقینە و ئازادیی ڕادەبڕین یان چاکەی گشتیی و ڕۆحی دەزگایی و یاسایی دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتیی هەروەکو لە دەوڵەتی سەر بە دنیای مۆدێرن و پیشکەوتوو ئامادەیە، بەڵکو تەنانەت نائاشنایە بە ڕیتۆریکی سەرکردە سیاسییەکانی دەوڵەت و میرنشین و ئیمپراتۆرێتییەکانی سەردەمانی بەر لە دنیای مۆدێرنیش.
بەڵام هێشتا بۆ جەختکردنەوە لەسەر پیشاندانی بێلیاقەیی فیکریی و سیاسیی سەرۆک و دەسەڵاتداران، پێویستمان بە خوێندنەوەی مێنتاڵیتیی و جیهانبینییەکەیان هەیە لە ڕوانگەی جیاواز و گۆشەی دیکەوە.
من بە درێژایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە وردیی گوێم بۆ هەر یەک لە وتارەکانی سەرۆک و سەرکردە سیاسییەکانی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە بە پلەی یەک و دواتریش چوار لایەنی ئۆپۆزیسیۆن گرت.
وتارەکان نەوەکو لە پەنابردنە بە ئیستدلالی عەقڵیی و خستنەڕووی ئارگومێنتدا لاواز بوون بەڵکو زیادەڕەویی تێدا نییە ئەگەر بڵێم تەنانەت کەمترین ئاست لە لۆژیک و لۆگۆس لە وتارەکاندا نەبوو.
واتا لە پەیوەند بە ڕەگەزی لۆگۆسەوە بۆ ناوەڕۆکی وتار، ڕەگەزی لۆگۆس نائامادەییەکی ڕەهای لە نێو وتارەکاندا هەبوو.
هەروەها لە پەیوەند بە ڕەگەزی ئیتۆسەوە، وتارەکان کەمترین بڕی هەستکردن بە ڕاستگۆیی و متمانەیان لەلای گوێگر دروستنەدەکرد لە پەیوەند بە ڕاستگۆیی و کەسایەتیی قسەکەرەکانەوە. چونکە لە چەندین بۆنەی حزبی و نیشتمانیی و لە چەندین هەڵبژاردنی دیکەی کوردستان و عێراقدا، ئێمە ئەزموونی درێژمان هەیە لەگەڵ بەڵێن و مژدە زۆرەکانی دەسەڵاتداراندا و کەمترینیان لێ جێبەجێنەکرد و نەیانتوانی خاوەنی کەمترینی قسەکانی خۆیان بن. ئەمەش ئەزموونێکە بۆ تێگەیشتن لە کەسێتیی و کاراکتەری دەسەڵاتداران و قسەکەران کە هیچ تایبەتمەندییەکی ڕاستگۆییان تێدا نابینین و هەستپێناکەین. هەڵبەت لێرەوە ڕایەڵە و پردی متمانەش لە گەڵ وەها کەسانێکدا ناتوانێت دروستببێت.
واتا لە پەیوەند بە ڕەگەزی ئیتۆسەوە، لەسەر بنەمای کەسێتیی قسەکەرانەوە، کاتێک هیچ ڕێز و متمانەیەک لای گوێگران بۆ دەقی وتارەکان دروست نابێت، هەڵبەت ئەمەش وادەکات کە ڕەگەزی ئیتۆسیش لە نائامادەییەکی ڕەهادا بێت.
بەڵام لە پەیوەند بە ڕەگەزی پاتۆسەوە، وتارەکان هەڵئاوسابوون بە دەربڕینە سۆزەکییەکان و گوزارشە وروژێنەرەکان بۆ کاریگەرییدانان لەسەر هەڵچوونەکانی گوێگران. هەڵبەت جەماوەری حزبی کە ئاپۆڕایەکە خاڵیی لە ئاوەز و بیرکردنەوەی عەقڵیی، خاڵیی لە لۆژیک و ئارگیومێنت، ئاساییە و دەبێت لەسەر بنەمای سۆز و هەڵچوونەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. لێرەوە قسەکەران واتا سەرۆک و سەرکردەکان، بە ڕستە وروژێنەرەکان و ستەیتمێنتە سۆزەکییەکان کاریگەریی لەسەر ئاپۆڕای حزبیی دادەنێن. تاکی حزبی، وەکو بوونەوەرێکی خاڵیی لە لۆگۆس و کاراکتەرێکی بەتاڵکراوە لە ئازادیی و شکۆمەندیی، تەنها هەڵچوونەکانی کاردەکەن. ئەم مرۆڤە دەبێت بەردەوام بوروژێنرێت و بە وروژێنەرەکان دەجوڵێت و حەماسەت و جۆش و خرۆشیی بەرز دەبێتەوە. ئەم جۆرە بوونەوەرە بە ئیمتیاز بوونەوەرێکی حزبییە و حزب وەکو پێویستییەک لێی دەڕوانێت.
لێرەوە، قسەکەری حزبیی و بەتایبەت لە ساتەوەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەبێتە داهێنەر لە ڕستە وروژێنەرەکاندا. هاوار کردن لە کاتی وتارەکاندا و قیژە و نەڕە دەبنە پێوەری کاریگەریی وتارەکان بە تەنیشت دەستەواژە کورتە ئاست نزمەکانەوە. لە ڕاستییدا، هێندەی زمانێک کە ڤەڵگەریزم تانوپۆی تەنیبوو بەشی زۆری وتارەکانی داپۆشیبوو، هێندە تەنانەت پاتۆسیش زاڵ نەبوو. واتا لە ڕەگەزی پاتۆسیش نزمتر بوون تا ئاستی ڤەڵگەریزم**.

  • ڕستەیەکی نێو ڕۆمانی “دەریاس و لاشەکان” دا ، ئێستا لە یادم نییە بە تەواوی، لەلایەن ژەنەڕاڵ بیلالی ئەشکزادەوە یان هاوڕێ هەرە نزیکەکەیەوە لە نێوکۆیی گفتوگۆیەکدا دەبێژرێت.
    ** ڤەڵگەریزم، بریتییە لە زمانێکی ئاست نزم بە هەندێک ووشە و دەستەواژەی هەرزەکارانەی ئاست نزمەوە لەگەڵ ڕستەی کورت و شکاو، کە زیاتر لەنێو نەوجەواناندا بەکاردێت.



جڤاتیک لە دۆخی کەوتندا.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دۆخی کەوتن، بە مانایەکی فەلسەفیی و ئۆنتۆلۆژیی، ئەوەیە کە کۆمەلگایەک لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە نەوەکو تەنها لە پڕۆژە ستراتیژیی و خەونەکانی لە گەشە و هەڵکشان، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت لە هەلومەرجی خراپی خۆیدا خۆی ڕابگرێت وبوەستێت لە داگەڕانی زیاتر. داگەڕانێک کە نازانێت و ناتوانێت پێشبینی و وێنای ئەوە بکات بەرەو چ خەرەندێکی قووڵ و بەرەو چ تاریکایی و داخراوییەکی ترسناکی دەبات، داگەڕانێکی خێرا و بەردەوام.

سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناک
جڤاتێک لە سەرەولێژبوونەوەیەکی بەردەوامدایە و بەردەوام پارچە پارچە دەبێت بە ئەندازەیەک هیچ هێزێک ناتوانێت جارێکی دیکە ڕۆحی هاوبەشیی و هاوپشتیی تێدا زیندوو بکاتەوە، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیی و فیکریی ناتوانێت هەستی پێکەوەبوون و پێکەوەگرێدراویی بە تاکە تاکەی ئەندامان و بە ڕۆحی جڤات ببەخشێتەوە. بە کورتیی هیچ پەڕجوویەک ناتوانێت ئەم پارچەپارچە بوون و ووردوخاشبوونە کۆبکاتەوە و پێکەوەی ببەستێتەوە.

دەسەڵاتدارێتییەکی بە تەواوی ستەمکار
دەسەڵاتدارێتییەکی بێشوناس لە ناونان “تسمیە” دا بەرمەبنای پۆڵێن و میتۆدە سیاسییەکان. دەسەڵاتدارێتییەک بە تەواوی “completely” ستەمکار، گەندەڵ و داگیرکەر بۆ کۆی سامان و بونیادی ئابووریی، داگیرکەر بۆ کۆی دەزگا و جومگەکانی حوکمڕانێتیی و دەسەڵاتدارێتیی، دەسەڵاتدارێتییەک بە خواست و میزاجی نەخۆشخانەی ئەندامانی دوو بنەماڵەی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک ئەندامی خۆبەشتزانی بچووک بچووکی دەسەڵاتخواز و پڕ لە گرێی سایکۆلۆژیی و پڕ لە غروری بۆش.
دەسەڵاتدارێتییەک بونیادنراو لەسەر تیۆریای لێدان لە ئینسانی کورد، لێدان لە جڤاتی کوردیی، لێدان لە هەر ڕەنگ و ڕوخسارێکی شارستانیی و مەدەنیی.
دەسەڵاتدارێتییەک و دەسەڵاتدارانێک چێژ لە لاوازیی و کەوتویی کۆمەڵگا و تاکەکانی دەبینن و لێرەوە هەست بە دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. ئەم دەسەڵاتدارانە سایکۆلۆژیا نەخۆشانە، چەند کۆمەڵگای کوردیی لە دۆخی وێرانەیی و ئینسانی کورد لە دۆخی کەوتووییدا ببینن هێندە ئەو هەەستەیان هەیە بەرامبەر بە خۆیان کە گوایا ئەوان فریادڕەسن. چەند خەڵک لاواز بێت ئەوان پتر هەست بە دەسەڵات و هێزی خۆیان دەکەن.

پاتاڵیی مێدیا و قەرەقۆزەکانی نووسین
ئەو مێدیاکارانەی لە هەر شکۆ و ئیرادەیەکی ئینسانی کەوتوون بە تەواوی بوونەتە پاتاڵی مێدیایی لەگەڵ ئەو نووسەرانەی! تەنها میکیاژی ئەو بوونەوەرە دزێوەی ناوی دەسەڵاتدارە دەکەن و کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕ کردووە لە نووسین! کە بۆ هەموو تاڵانکاریی و ستەمکارییەکیان دەیان پاساوی نالۆژیکیی و نزمترین ئاستی گوزارش و فیکر بڵاودەکەنەوە، جگە لەوەی کە لە پڕۆسێسی فووتێکردنی ئیگۆی دوو خێڵە سیاسییەکە، ئەندامان و منداڵەکانیان بکەری سەرەکیی و هاوکات تاوانباری ڕاستەقینەن، چیدیکە نین و چیدیکە ناکەن.
ئیگۆی فووتێکراوی دەسەڵاتدارانی پووچ و منداڵە نزم و پووچەکانیان، یەکەم فیگەر کە بە بچووک و نزم دەیبینێت، خودی مێدیاکارانی کەناڵە نەوتاوییە پارەدارە خەیاڵییەکان و نووسەرە هەزیلەکانیانن.

پۆپۆلیزمی ئۆپۆزیسیۆنی! سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە – پاسیفیزم و ئۆپۆرتۆنیستێکی ترسنۆک

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕێک و ڕەوان بە تەواوی دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە. لە هەر ئاکار و شێوازێکی مامەڵەیاندا لە تەک کۆمەڵگای ئێمەدا، هەمان دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتیی بەرجەستە دەکەن. غرورێکی پووچ لە ناخی هەر یەکێکیاندا و ئیگۆیەکی هەڵئاوساو، کە ڕێگەی گرتووە لە ئەندامانی سەرەوەی ئەو هێزانە و کەسانی سەرەوەی ئەو لایەنانە کە ڕاستەوخۆ بێنە نێو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لە خولەکی یەکەم و سەرەتاوە تا خولەکی کۆتایی لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادە بن و چالاک بن و بەشێکی زیندوو، ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییە فراوانەکانی کۆمەڵگای ئێمە بن. تەنها ئەوەندە نا، بەڵکو ئەگەر دیوی پێچەوانەی دەسەڵات نەبووبان، دەبایە، خۆیان ڕێکخەری خۆپیشاندان بوونایە، خۆیان دروستکەری توڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی بووبان. دەبایە لە وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێمەدا و نابوودبوونی ژیانی تاکە تاکەی ئینسانەکاندا، پاسیفیزمێکی ڕووت و هەڵوێستی ترسنۆکانەیان هەڵنەبژاردایە.

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە، نمایشکار، ساختە و شوێنکەوتووی ڕووداو
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، ئەو هێزەیە کە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵی هەیە بۆ گۆڕانکاریی و ئەکتێکی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوە و کۆمەڵایەتیی فراوانی هەیە بۆ جێگا پێ لێژکردنی دەسەڵاتدارێتیی و لەرزاندنی دەسەڵاتداران. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ڕاستەقینە، بوێریی و جورئەتیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بە کۆمەڵگا گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەبەخشێت و بیرکردنەوەی قووڵی ڕەخنەیی و ڕیشەدار لە کۆی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداران و وە ژێر پرسیارخستنی حیکایەت و دۆکترینەکانی دەسەڵاتدارێتییدا، پێشەنگایەتی کۆمەڵگا دەکات. ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا دێنێتە سەرەوە و دەبێتە داگیرسێنەر و بزوێنەری ڕۆحی شۆڕشگێڕیی و تیشکخستنە سەر تەواوی مافە هەمە لایەنەکانی تاک بە تاکی ئیسانەکان و کۆمەڵگا بە گشتی.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، جگە لەوەی هیچ یەک لەوانەی سەرەوەی تێدا نییە و ناتوانێت هەیبێت، هەروەها بەردەوام لە پەڕاوێزی ڕووداوەکاندا، خۆی پیشانی خەڵک دەدات، واتا ئۆپۆزیسیۆنی ساختە خۆی پیشانی دەسەڵات نادات، بەڵکو خۆی پیشانی خەڵک دەدات بە ئامانجی ڕاکێشانی هەست و لایەنگیریی ئەوان. ئۆپۆزیسیۆنی ساختە ناتوانێت دیدگای ڕوونی هەبێت و خاوەندارێتیی لێبکات و پلانی کرداریی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. هەروەها هێندەی خەرێکی نمایشە بۆ چەواشەکردن و خەڵەتاندنی کۆمەڵگا و جەماوەر، هێندە خەریکی کاری ڕاستەقینە و کرداریی نییە بۆ پاشەکشەپێکردنی دەسەڵات.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، ئۆپۆرتیونیستە، واتا دەخوازێت هەلێک بێتە پێشەوە کە کۆمەڵگا یان ئەوانیدی هێناویانەتە کایەوە، و ئەو خۆی بکاتە خاوەنی و کەلکئاوەژوو لە توانا و هێزی خەڵک وەربگرێت.
هەر ئێستا، کۆمەڵگای ئێمە لە دۆخی سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناکدایە، ئەگەر ئێستا و لەم دۆخە قورسەدا ئۆپۆزیسیۆن، بەرپرسیار و خاوەندار لە کۆمەڵگا، نەیاتە مەیدان، کەی دێت؟!
ئەگەر لە پەڕاوێزی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا قسەیەکی ترسنۆکانەی کردووە و بەلاغ و بەیاننامەی بێ هیچ ناوەڕۆکێک دەرکردووە، ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵگای ئێمە جگە لە ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک چدیکەیە؟!
ئەگەر نابوودبوونی ئابووریی خەڵک و وەستانی تەواوی کایەکان بۆ ئۆپۆزیسیۆن بابەت و گرنگ نەبێت، بەڕاست چی شتێک بۆ ئەو بابەت و گرنگە؟!
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئیمتیاز، پاسیڤ، ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک، لاواز و بێ ئیرادەیە. واتا ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە، بە هەمان بونیاد و گوتار و سایکۆلۆژیاوە.

جڤاتێک لاوازکراو و نووزەلێبڕاو
کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو

ڕووبەرە گشتییەکان لە هەر جڤاتێکی ئازاد و زیندوودا، ڕووبەری پڕ ووزە و پڕ ئەگەری جیاوازن بۆ چالاکیی کۆمەڵایەتیی هەمەجۆر. لە دۆخی نارەزایەتیی سیاسیی کۆمەڵایەتییدا، ڕووبەرە گشتییەکان، دەبنە ئەو ڕووبەرانەی ووزەی ناوەکیی کۆمەڵگایان تێدا چڕ دەبنەوە و وەکو ئەکتی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران چالاک دەبن. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە هەر پنتێکی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەشێک لە ئیرادە و هێزی تێدایە و هەردەم دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لێی ترساون و هەرگیزیش نەتوانراوە ڕام و کۆنترۆڵبکرێت. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە دۆخی داگەڕاندا توانای خۆگرتنەوە و خۆ هەڵساندنەوەی هەیە. لە دۆخی داگیرکارییەکانی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداراندا، توانا و ووزەی بەرگری لە خۆ کردن و پارێزگاری لە خۆ کردنی تێدایە.
لە کۆمەڵگای ئازاد و زیندوودا، هاوپشتیی و هاوبەشیی کۆمەڵایەتیی لە پرسە گشتیی جڤاتییەکاندا لە فەزای گشتییدا، لە ئەوج و ئەوپەڕی خۆیدایە. لە وەها کۆمەڵگایەکدا، تاکە کەسەکان چەندە ئازاد و سەربەخۆن و ژیانی تایبەتیی و کەسیی خۆیان دەژین، هێندەش هەستی پێکەوەگرێدراویی و هاوچارەنووسیی لە تەک ئەوانیدیکەدا و هێندە هەست وبیری هاوجڤاتیی تێیاندا بەهێزە.

کۆمەڵگای نائازاد و دەستبەسەرداگیراو
کۆمەڵگای بەحزبییکراو

لە دوای ڕاپەرینەوە، کۆمەڵگای ئێمە لە ژێر خواستێکی فاشیستیانەی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ داگیرکردن. ئەم دوو هێزە، هەمان خواستی داگیرکردنی کۆمەڵگایان هەبووە کە لەلای هەر هێزێکی دیکتاتۆریی تۆتالیتار هەیە. داگیرکردنی تەواوی دەزگا کارگێڕیی و قەزاییەکان تا بە داگیرکردنی هێزی چەکدار و دەزگا سیاسیی و ڕێکخراوەییەکان دەگات. لە دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی و تەواوی سامان و داهات تا دەگات بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کایەکان. بە حزبییکردنی ڕووبەری گشتیی لێکەوتووەتەوە. واتا بە حزبییکردنی کۆمەڵگا و تەواوی دەزگاکانی.
لەو سۆنگەیەوەش کە حزب لەسەر دەستی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەوە، بەتاڵکراوەتەوە لە هەر ووزەیەکی ڕەخنەیی و توانا و هێزێکی خۆ دروستکەر. حزب خراوەتە ژێر خواست، میزاج، بڕیار و بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە. واتا حزب و ئەندامانی حزب لە ئەندامێکی سادەوە تا دەگات بە ئەندامانی سەرکردایەتیی، مەکتەبی سیاسیی و سەرکردە سەربازییەکان، کراونەتە بوونەوەری لاواز و بێئیرادە و کراونەتە بوونەوەری بێ فیکر و بێ کاراکتەر. لێرەوە و لەم پڕۆسێسەدا، دەرئەنجام حزب بووەتە بۆدییەکی بۆش و بەتاڵ، بەتاڵ لە فیکر و ستراتیژ، بەتاڵ لە هێز و ئیرادە، بەتاڵ لە توانای خۆ بونیادنان و خۆ بەرهەمهێنان، خاڵی لە شوناس و کاراکتەر.
ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵگای ئێمە تێیدا دەژی، بەرهەمی ئەو پڕۆسێسی بە حزبییکردنەیە. کۆمەڵگایەک، تەواوی کایە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لەسەر لێواری وەستانی تەواوەتین و بێدەنگە. تەواوی کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی دەکرێنە کەرتی تایبەتی بەڵام بێدەنگ و بێباکە. کۆمەڵگایەک بینەری پارچەپارچەبووبی خۆیەتی و ناتوانێت جووڵەیەک بکات و قسەیەک بکات. تەواوی خاک و ئاوی داگیردەکرێت و تاڵان دەکرێت بۆ هەتایە و وێران دەکرێت لەلایەن دووحزبخێڵی چاوچنۆکەوە، بەڵام بێهەڵوێستە. تەنانەت جووڵەی بازرگانیی وەستاوە و مووچە بە دوو مانگ نادرێت و هێشتا ناتوانێت خۆپیشاندانێکی کاریگەر و ناڕەزایەتییەکی گەورە و فراوان بەڕێبخا.
ئیدی لە دوا دەرئەنجامدا، کۆمەڵگای بە حزبییکراو، دەبێتە کۆمەڵگایەکی خاڵیکراوە لە ووزەی ڕەخنەیی و لە توانای خۆ بەرهەمهێنان و خۆ دروستکردن. خاڵی لە هێزی پێکەوە گرێدراوی ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوبەشی و هاوپشتیی لە نێوان ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوچارەنووسیی و هاوجڤاتیی تاکەکانی. خاڵی لە هێزی بەرگریکردن و پارێزگاریکردن لە خۆی. کۆمەڵگای بەحزبییکراو دواجار دەبێتە کۆمەڵگایەکی زەلیل کراو، لاواز و بێئیرادە. دەکرێتە جڤاتێکی نووزەلێبڕاو. کۆمەڵگایەک، هیچ پڕۆژەیەکی نییە و بینەری مردنی هێواشی خۆیەتی.
………………….
ئەم وتارە نووسراوە لە پەڕاوێز و لە پەیوەند بە ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیار بوو ئەنجامبدرێت لە ڕۆژەی ٥ شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٦-٢٠٢٥ لە کاتژمێر ١٠ ی سەر لە بەیانی لە بەردەمی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژاوا-سلێمانی لە شاری سلێمانی کە لەلایەن دەستە و ئەنجومەنەکانی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکەوە بانگەشەی بۆ کرا، دواتر لە کاتی هێما بۆ کراودا هیزە ئەمنییەکان بە سەرکوتێکی زۆر زاڵکردنی کەشوهەوایەکی سەربازیی و دەستگیرکردنی چەندین کەس و لە ڕۆژی پێشتریش دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی خۆپیشاندەران و دوو ئەندام پەرلەمانی کوردستان و دوو ئەندام پەرلەمانی عێراقی پێشتر.




ڕۆژئاڤا و هەرێم.. ئەحمەد ڕەسوڵ

هەر سیستمێکی ئیداری سیاسیی کە هاونیشتمانیبوون و مرۆڤبوونی کرد بە پرەنسیپی سەرەکی کارکردن و بنەمای پێکهێنەری خۆی، دەبێتە ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی بۆ بەرجەستەبوونی هێز و ویستی ئینسان و تەعبیرکردنی لە خۆی. سیستمێکی لەو جۆرە بە ڕاددەیەکی زۆر دەبێتە فەزای خۆبونیاتنانی مرۆڤ و بەرجەستەبوونی توانا و ووزە ناوەکییەکانی. سیستمێک کە تا ئاستێکی بەرز لەسەر یەکسانیی، سەروەری یاسا و ڕۆحی دەزگایی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بونیادنرابێت، یەکگرتوویی ناوەکی جڤات دەپارێزێت و بەهێزتری دەکات.
هەڵوێستی گشتی کۆمەڵگای ئێمە لە ئاست ڕووداوە نێوخۆیی و ناوچەییەکان، بە تایبەت ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە پەیوەند بە هەرێمی کوردستان لەلایەک و ڕۆژاڤا “کوردستانی سوریا” لەلایەکی تر، هەڵوێستێکی مایەی تێڕامان بووە. هەندێجار مێدیاکار و نووسەرانی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم وەکو پرسیارکردنێکی گرفتئامێز ئەوەیان دەربڕیوە کە بۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی فەزای گشتی کۆمەڵگا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوێستێکی لایەنگیرانە و پشتگیریکارانەی هەبووە بۆ ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی خۆڕێڤەبەریی لە هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکدا، بەڵام لە ئاست ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە نێوخۆی هەرێم هەڵوێستی ڕەخنەگرانە و دژبەرانەی نواندووە لە ئاست دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێم!

ڕۆژئاڤا
ئیدارە و سیاسەت لە ڕۆژئاڤا بەڕێژەیەکی بەرز لەسەر بەرجەستەبوونی ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ بیناکراوە. ئیرادەی کۆیی ڕاستەقینە بەنێو بەرجەستەبوونی ئیرادەی تاکە تاکەی ئیسانەکاندا تێپەڕدەبێت. واتا ئەوە کۆبوونەوەی هێز و ئیرادەی تاکە کەسەکانن و فۆڕمیولەبوونی هێزێک و ئیرادەیەکی دەستەجەمعییە کە لە توانایدایە هەم بەربەستە گەورەکان تێکبشکێنێت “لە نموونەی تۆمارکردنی داستانی کۆبانی” هەم ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
دەسەڵاتدارێتی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاڤا، لە تەمەنی خۆیدا جگە لەوەی پرەنسیپی هاونیشتمانیی لە نێوان گروپە جیاوازە ئایینی، نەتەوەیی، ئیتنیکی، زمانیی و مەزهەبییەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا سەرباری گوتاری سیاسیی ڕاستەقینە و گوتاری مێدیایی خۆی بە کردەییش جێبەجێکرد.
خۆڕێڤەبەریی ڕۆژئاڤا، ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا تەواوی گروپە نەتەوەیی، ئیتنیکی و ئاینییە جیاوازەکان توانیویانە گوزارشت لە بوونی خۆیان بکەن، واتا بە کردەیی پرەنسیپی هاونیشتمانی بەرجەستە کراوە. دەسپاکیی و پەرێزپاکیی دەسەڵاتداران و بەرپرسان لە ئاستێکی بەرزدایە، داهات لە پێناو خزمەتگوزارییە گشتییەکاندایە و کەمترین دابەشبوونی چینایەتی هەستی پێدەکرێت لە نێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. دەسەڵاتداران بە نزیکەیی لە هەمان شێوە و دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ئاساییدا دەژین. ستراتیژێکی نیشتمانی ڕاستەقینە لە بەهێزکردنی کۆمەڵگا و سەربەخۆکردنی کۆمەڵگادا کاری بۆ دەکرێت. گەلێک تایبەتمەندیی دیکەی بەهێزکردنی ڕووبەرە گشتییەکان و پایەدارکردنی چاکەی گشتی، کە هەموو ئەمانە وایان کردووە، ووزەی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤات بە ئاڕاستەی دەسەڵاتدارێتیی خۆبەڕێوەبەریی بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندا بێت و ئەمەش یەکێک لە پایەکانی هێز و مانەوەیەتی سەرباری لێشاوی ئەو لەمپەر و کێشانەی بۆی دروستدەکرێت لە ووڵاتانی دەوروبەرییەوە تا دەگات بە جەنگ و داگیرکارییەکانی تورکیاش. ئەو تایبەتمەتمەندییانەیە وایکردووە جیهانی خۆراوا هاودەست و هاوکار و پاڵپشتی بن.

هەرێم
پێکهاتەی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەڵیی تاکەکەسی حزبی بۆ سەرووی خۆی تا دەگات بە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵات داڕێژراوە، بۆیە ئینسان لە نێو کایەی سیاسیی لەسەر مۆدێلی ڕۆبۆت بەرهەمهێنراوە، کە نەک هەر ئازاد و خاوەن ئیرادە نیە، بەڵکو لە ئینسانییەتی سەلب کراوە بە مانا ئاڕێنتییەکەی “هانا ئاڕێنت پێیوایە کاتێک ئازادیی مرۆڤ زەوت دەکرێت و ئینسان لە ئیرادە دەخرێت، چیدی ئیختیار و توانای هەڵبژاردن مانایەکی نامێنێت و لێرەوەیە مرۆڤ لە ئینسانییەت دەکەوێت و دەبێتە ئامرازێکی گیانلەبەری پڕۆگرامکراو”. لێرەوە ئەم مرۆڤە جگە لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرووتری خۆی هیچ ئاکت و چالاکییەکی ئیرادەگەرانە، ئاوەزدارانە و ئارەزوومەندانەی خۆی لێچاوەڕوان ناکرێت. پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان، جگە لەوەی دەزگاکانیان ماشێنی لەنێوبردنی ئینسانییەتی مرۆڤ بوون بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بە تایبەت و خەڵکیش بە گشتی، هەروەها خۆیان هێزی بێئیرادە و چەماوە بوون لە ئاست دەوڵەتە داگیرکارەکانی دراوسێ. بۆیە هێزێکی ڕاستەقینەی ئیرادەگەر بۆ هەر ئەکتێکی سیاسی یان هەر پڕۆسەیەکی جڤاتیی مەزن نەبوون و بەردەوامیش دژ وەستاونەتەوە بۆ ئەو هێز و بەرگرییە ناوەکییەی کۆمەڵگاش کە ئەگەرچی لاوازیش بووبێت بەڵام ڕاستەقینە و ئازادانە بووە. لێرەوە هەر جوڵەیەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هێندەی گوزارشت بووە لە خواست و ئیرادەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر یان هێزە جیهانیەکان هێندە دەربڕی ویست و گوزارشتکردن نەبووە لە هێز و خواستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە.
تێگەیشتنی ئەم دەسەڵاتدارێتیە بۆ هێز، هاتنەسەرەوەی ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا و هێزی ناوەکیانەی جڤات نیە، هێز نیە لە هاوپشتی و هاریکاری کۆمەڵایەتی و هەستی پێکەوە گرێدراویی نێو کۆمەڵگاوە سەرچاوەبگرێت، بەڵکو تێگەیشتنێکی هێندە پریمیتیڤ و ناشارستانییە کە جگە لە هێزی ڕووتی نەوت و پارە لەگەڵ خۆ گرێدانەوە بەبەرژەوەندی ئابورییانەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر، پشتدەبەستێت بە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونی هێزی چەکدار وەک ئاپۆڕای گەورە کە وەک نیشانەی هێز خۆی دەربخات.
لێرەوە ئەم دەسەڵاتدارێتییە جگە لە پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا و کردنی کۆمەڵگا و ئینسانەکان بە ملیۆن دوورگەی لەیەکدی دابڕاو، هێزی ناوەکیانەی جڤات و ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگاشی لەنێوبردووە.
دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان، جگە لە تاڵانکردنی داهاتی ژێر زەوی و سەرزەوی هەرێمی کوردستان، هێزی چەکداری نەوەکو حزبیی خێڵەکیی بەڵکو تاکەکەسیی دامەزراندووە، دابەشکاریی و تەفرەقەی نەوەکو تەنها لە نێوان بوونە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکاندا لەسەر ئاستی عێراق دروستکردووە، بەڵکو تەنانەت لە هەرێم جیاوازیی و دابەشکاریی لە نێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دروستکردووە و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مێدیاکار و نووسەرەکانییەوە کاری لەسەر دەکات. دابەشکاریی چینایەتیی و پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی گەیاندووەتە ئاستێک لە مێژووی ئەم کۆمەڵگایە و تەواوی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەدا وێنەی نەبووە. کێرڤی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی دەسەڵاتدارێتیی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە بەردەوام لە داگەڕان و نزمبوونەوەیەکی خێرادایە. کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی نەوەکو بەهێزکراون بەڵکو فەرامۆشکراون بە ئامانجی هەرچی فراوانتربوونی ئەم خزمەتگوزراییە گشتییانە لە کەرتی تایبەتدا. فووتێکردنی گوتارێکی ڕووکەش و بێناوەڕۆکی ناسیونالیستی نامۆ بە هەر پرەنسیپێکی سادە و سەرەتایی ناسیونالیزم تەنها بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی و خوسەپاندن وەکو نوێنەری بزووتنەوەی ڕزگاری! نەتەوەیی! کۆمەڵگای ئێمە کە هەردەم جگە لە کێشە و قەیرانی قووڵ لەگەڵ دەسەڵاتدارێتییەکانی دەوروبەر هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووە.
دەسەڵادارێتییەک بە ستراتیژ کاریکردووە لەسەر لاوازکردن و بێئیرادەکردنی ئینسانی کورد و لێرەوەش نەوەکو هێزی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤاتی تا نزمترین ئاستی خۆی بردووە، بەڵکو ئەم ووزەیە ئەگەر شتێکی لێمابێتەوە و خۆی بەرجەستە کردبێت لە دۆخە جیاوازەکاندا ئەوا دژ بە خودی ئەو سەرچاوەیەی تۆپەڵبوونی دەسەڵات و کەڵەکەبوونەی دەسەڵات لە نێو خێڵ و بنەماڵە سیاسییەکاندا بووە. دەسەڵاتدارێتییەک کە بە تەواوی لە پەیوەندیی ئاغا و ڕەعییەتدایە لەگەڵ کۆمەڵگا، دوو بنەماڵە و خێڵی دەسەڵاتدار وەکو سوڵتان وئاغا و تەواوی میللەتیش وەکو ڕەعیەت.
دەسەڵاتدارێتییەک کە لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، ژیان و کەینونەی ئینسانی کوردی لە داگەڕان و داخزانێکی بەردەوامدا ڕاگرتووە و بووە بە سەرچاوەی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر وجودی هەمەلایەنەی ئەو، وەکو دەرئەنجامێکی سروشتیی و ئاسایی خەڵک لە هەر هەلێک، ڕووداوێک و گۆڕانکارییەکدا ڕۆحی نارەزیەتی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی ئەکتی بەرەنگاریی ڕووبەڕووی وەها دەسەڵاتدارێتییەک دەکاتەوە تا دەگات بە ئەوەی کە بخوازێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە، و کۆتاییهێنان بە ستەمی قورسی هەمەلایەنەی وەها دەسەڵاتدارێتییەک، ڕوو بکاتەوە بەغدا.

دەرئەنجام
جیاوازی نێوان خۆبەڕێوەبەریی لە ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێم، ئاسمان ڕێسمانە. ئەوانەی سەرەوەی مشتێک بوون لە خەروارێک. دەرئەنجام، هەڵبەت کە جیاوازی نێوان هەڵویستگیرییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو دوو دەسەڵاتدارێتییەش، ئاسمان و ڕێسمان دەبێت.




فیاسکۆ*- کۆمەڵگای ئێمە لەسەر سێ ئاست لە هەرەسی گەورەی خۆیدا دەژی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

یەکەم: ئاستی سیاسی
کۆمەڵگای ئێمە، لە دوای چەند دەیە لە ئەزموونکردنی دەسەڵاتدارێتییەک کە بە مانای ووشە ستەمکار، تاڵانکار، خێڵەکیی و دژە خەڵکییە، ئەڵتەرناتیڤەکەی ئەو خاشاکە سیاسیی و مێدیاییە بوو. هەرەسی فیکر و سیاسەت لە فەزای سیاسییدا و لە بەرامبەردا پۆپیولیزم، دیماگۆجییەت و ڤەڵگەریزم تانوپۆی فەزای سیاسیی و گوتاری سیاسیی تەنیوە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە فەزای سیاسییدا، جگە لە هەرەسی گەورە و داڕمان، ناتوانێت هیچیدی بێت.
شاخ، ژان گرتی و مشکی بوو.
دووەم: ئاستی فەزای دینی
کۆمەڵگای ئێمە لە دوای ئەزموونکردنی چەند ڕووداو و ڕەوتی ئاینی توندڕەو و تێرۆریست، دەبایە ڕەوتێکی فراوانی نوێکردنەوەی خوێندنەوە، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی تێکستە دینییەکانی لە نێو نێوەندی ئاینیی و مەلاکان خۆیاندا سەرپێخستبایە کە تا ئێستا قۆناغی باشی بڕیبایە، بەڵام ئەڵتەرناتیڤەکەی چی بوو، ئەم هەموو مەلا و باگخوازە خۆنمایشکەر و خۆ بە پێغەمبەرزانەی کە ئاینیان لە نێو دەست و مێشکی خۆیاندا کەلەپچە کردووە. لە ئاینێکی فرە ڕەهەند و کراوەوە دەیانەوێت بیکەن بە ئاینێکی تاک ڕەهەند و داخراو. لە ئاینێکەوە بۆ ژیان، ئارامیی و خۆشەویستییەوە دەیانەوێت بیگۆڕن بۆ ئاینێک کە فۆبیایەکی ڕووتە بەرامبەر ژیان و هیستیریایەکی شێتانە بۆ ڕقلێبوونەوە لە هەموو شتێک. ئەم داگەڕانە ترسناکەی تێگەیشتن لە دین، جگە لە هەرەس و داڕمان ناتوانێت هیچیدیکەی پێبێت بۆ کۆمەڵگا.
سێیەم: ئاستی ڕوناکبیری
جگە لە داڕمانی گەورە دەتوانێت چیدیکە بێت کە ڕۆشنبیر بیت و گوتاری فیکریی خۆت لەسەر گوتاری سیاسیی و مێدیایی ساختە و بەتاڵی حزب موتوربە بکەیت. ئەوەی کە بە پشکی گەورە یان بچووک، لایەنداریی و تەرەفگیریی ڕۆشنبیران و ئەدیبان لە نێوەندی ڕووناکبیرییدا بووەتە ئاسایی، جگە لە هەرەسی ئەم کایەیەش هاوشانی کایەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێمە چیدیکەیە؟

  • فیاسکۆ، بۆ یەکەم جار ئەم ووشەیەم لە فاروق ڕەفیقەوە بیست، ڕەنگە ٢٢ بۆ ٢٣ ساڵیک پێشتر.
  • فیاسکۆ: بەتەواوەتی شکست. شکستی سەرتاپاگیر. داڕمانی گشتی یان شکستی گشتی.



ڕووتبوونەوەی سیاسەت.. ئەحمەد ڕەسوڵ

هەر دەسەڵاتێک، حیکایەتێک یان زیاتری هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەروون و عەقڵی ئینسانەکان. ئەو لۆژیکەی کە ئەو حیکایەتە لە هەناوی خۆیدا هەڵگرێتی، دەرئەنجام دۆکترینێکی تایبەت بە ئەو حیکایەتانە بەرهەمدەهێنێت. ئەمەش وەکو ڕاستییەکی باوەڕپێکراو لەلای خەڵک (ئاپۆڕای شوێنکەوتووی ئەو هێز و لایەنە سیاسییە یان ئەوانەی کە لە ژێر هەژموونی گوتاری ئەو دەسەڵاتدارێتییەدان) جێگەدەگرێت. واتا دەسەڵاتداران لە ڕێگەی ئەو حیکایەتانەوە، ڕەوایەتیی لەنێو ئاگایی گشتییدا بەدەەستدەهێنن.
خاڵیبوونەوەی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان لە هەر حیکایەتێک و ڕووتبوونەوەی سیاسەت لە هەر جۆرە کردەیەک و چالاکییەک کە پەیوەندی هەبێت بە چاکەی گشتیی و ویستی گەشەپێدانی کۆمەڵگاوە، سەرەڕای پەککەوتوویی تەواوی دامەزراوەکان “لە نموونەی هەڵپەساردنی پەرلەمان، دواکەوتنی هەڵبژاردنە پڕ لە گزیکارییەکەش و بەسەرچوویی حکومەت و … هتد” وایکردووە ڕەوایەتیی هەم لە ڕەهەندی یاسایی و دەستوورییدا لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکییشدا، هەم لە ڕەهەندی ئاگایی گشتیی و دەروونی کۆمەڵگادا تا نزمترین پلەی خۆی دابەزێت.
کەوتنی هەموو حیکایەتەکانی لە بابەتی “ڕژێمی دیکتاتۆریی و دروشمەکانی یەکسانیی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییان، ڕزگاریی و ئازادیی مرۆڤی کورد … هتد لە سەردەمی شۆڕش! و شاخدا” و “داعش، سەربەخۆیی ئابووریی، ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، سەروەری یاسا و بە دەزگاییکردنی حکومەت، دادگەری کۆمەڵایەتیی، … هتد لە سەردەمی شار و دەسەڵاتدارێتییدا” و لە دواجاردا ئەوەی وەکو زانراوێکی سادەی ئەزموونکراو بۆ خەڵک مایەوە ئەوەبوو کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە و دەسەڵاتداران، خۆیان سەرچاوەی نادادیی ئابووریی و کۆمەڵایەتیین، سەرچاوەی ژێرپێخستنی یاسا و بێبەهاکردنی دادگا و دامەزراوەکانن، سەرچاوەی تاڵانکاریی، وێرانکاریی و داگیرکاریین لەبەرامبەر تەواوی داهاتی گشتیی، زەوی و خاکی وڵاتەکە و سەرچاوەی شکاندنی شکۆ و ئیرادەی ئینسانی کوردن، سەرچاوەی بێمافکردنی هاوڵاتیان و برسییکردنی خەڵکن. ئیدی لێرەوە هیچ حیکایەتێک نەمایەوە بۆ هەژموون بەسەر ئاگایی گشتییدا و دەسەڵاتدارێتیی بەسەر ژیانی خەڵکدا تا گەیشتە ئەوەی هەموو شەڕی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە لە پڕۆژەی “هەژماری من!” دا خۆی ببینێتەوە.
ئەم دەسەڵاتدارێتییە هەموو هێز و ووزەی خۆی لەوەدا چڕ کردووەتەوە کە پڕۆژەی “هەژماری من!” بەسەر کۆمەڵگای کوردستان و حکومەتی ناوەندیشدا بسەپێنێت. ئینسانی ئێمە ئاستی متمانەی بە دەسەڵاتداران بۆ هەر کارێکی چاک، نییەتێکی باش و بەڵێنێکی ڕاست نەوەکو دابەزیوە بۆ پلەی سفر، بگرە نزمتریش. خەڵک هیچ متمانەیەکی بە هیچ پڕۆژە و هەنگاوێکی دەسەڵاتداران نەماوە کە لە بەرژەوەندی ژیانی گشتیی کۆمەڵگا و هاوڵاتییان بێت. خەڵک تا ئەویدیو یەقین، گەیشتووەتە دڵنیایی کە هەر پڕۆژە و هەنگاوێکی دەسەڵات و دەسەڵاتداران جگە لەوەی کە لە بەرژەوەندی خۆیان و بەهێزکردنی زیاتری خۆیانە بە دیوەکەی تریدا لە دژی بەرژەوەندی کۆمەڵگا و تاکە تاکەی هاوڵاتییانە و لاوازکردنی زیاتریانە. بە کورتی، بەرژەوەندیی، هێز، دڵنیایی و ئارامیی دەسەڵات و دەسەڵاتداران لەلایەک و کۆمەڵگا و هاوڵاتییان لەلایەکیدی، لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدایە. تا چەند دەسەڵات لە ڕێی دەزگا مێدیاییە بێشومارەکانییەوە و بە نووسەر و ڕۆژنامەنووسە سێبەر و بەرتاوەکانییەوە، بانگەشە و ڕیکلام بۆ پڕۆژەی “هەژماری من!” بکات، هاوڵاتییان زیاتر بەدگومان دەبن بەرانبەری و توندتر ڕەتیدەکەنەوە و جار دوای جار زیاتر دڵنیا دەبنەوە کە پڕۆژەیەکە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتدارانە و دژ بە بەرژەوەندی کۆمەڵگا و هاوڵاتییان. ئەم تێگەیشتنە تا نێو ئەندامانی ئۆرگانە حزبییەکان و ئەندامانی نێو دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە ڕۆیشتووە و ئەوانیش هەمان تێگەیشتن و بیرکردنەوەی هاوڵاتیانی سیڤیل و کارمەندی دەزگا حکومییەکانیان هەیە.
ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتییەک لە هەر حیکایەتێک داماڵرابێت و لە هەر جۆرە رەوایەتییەک کەوتبن و تەنها ڕێگەی خۆسەپاندن و هەژموونیان بەسەر هاوڵاتیان و کۆمەڵگادا هاتبێتە سەر دەسەڵاتداربوونیان بەسەر مووچەی خەڵکدا، ئیتر ئەمە ڕووتبوونەوەی بێشەرمانەی سیاسەتە لە هەر ڕەهەندێکی فەزیلەتخوازیی و چاکەخوازیی، کەوتنی دواهەمین ئەگەرە لاوازەکانی گۆڕانکاریی جەوهەریی لە چۆنێتیی کارکردنی دەزگایی و یاسایی دەسەڵاتداراندا و کەوتنی دواهەمین ئەگەرە لاوازەکانی گۆڕانکارییە لە بونیادیی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی دەسەڵاتداراندا دەربارەی دەسەڵات، هاوڵاتیی، ماف و ئازادیی.

ئەحمەد ڕەسوڵ




خۆڕاپسکاندنی پدک.. ئەحمەد ڕەسوڵ

تەنها م.س. پدک لە بەیاننامەیەکدا باسی بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردن دەکات. واتا بەبێ لێدوان و بڕیاری سێ بارزانییەکە “سەرۆک و دوو جێگرەکەی” ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە خولەکی کۆتایی یان بۆ زیادکراودا، بارزانی سەرۆکی پدک بڕیاردەدات لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا.
پدک وورد جوڵەکان و گەمەکەی ذیاریکردووە. بۆ نموونە لە بەیاننامەکەدا ناڵێت بایکۆت بەڵکو بەشدارینەکردن، چونکە گەر بایکۆت بیت مانای یاخیبوونە و ئەمەش باجی قورسی لە دوایە. لە بەیاننامەکەدا دەڵیت بە لوبنانییکردن، واتا هەڕەشەی تێکدان و نائارامیی.
پدک، بەشداری هەڵبژاردن دەکات
بەیاننامەکەی م.س. پدک لەبارەی بەشدارینەکردنەوە لە هەڵبژاردنە بڕیارلێدراو و چاوەڕوانکراوەکەی حوزەیران و چەند بە ئامانجگیراوێک و چەند ئەگەرێک:
یەکەم: لاساییکردنەوەی جوڵەی موقتەدایی. خۆبەسەنتەرکردن لە دیمەنی سیاسیی عێراقدا. لێسەندنەوەی بەسەنتەربوون لە دادگای فیدراڵی. پدک تا ئێستا بەرکار بوو، بەم جوڵەیە دەیەوێت خۆی بکاتە بکەر. لە ژێرهەژموون کەوتووەوە بۆ هەژموونگەر.
❶ بە سەنتەرکردنەوەی “بارەگای بارزانی”: هەمووان، لە نوێنەرانی ئەمریکا، ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەگەڵ حزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی بەغدا، ملی ڕێگا بگرنە بەر بەرەو بارەگاکەی.
❷ چرکردنەوەی سەرنجی ئەمریکا، ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەسەر خۆی. خۆنمایشکردن وەکو هێزێکی کاریگەر لە تێکدانی گەمەکەدا بە ئامانجی ووتنی: دەبێت حسابم بۆ بکەن لە هەر یاسا و بڕیارێکدا کە لە بەغدا “دادگای فیدراڵیی، حکومەت و پەرلەمانەوە” دەردەچێت. واتا فشار بخەنە سەر بەغدا.
❸ فشاردانان لەسەر دادگای فیراڵیی تاوەکو هەم جەخت نەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمەوە و هەروەها دەستهەڵگرتن لەوەی ئەگەر نیازی دەرکردنی بڕیاری دیکەی هاوشێوەی ئەوانەی پێشتری هەبێت.
❹ خۆ نمایشکردن لەنێوخۆی هەرێم لە بەرامبەر هێزەکان وەکو هێزێک کە دەتوانێت بەربەرەکانیی لە تەک بەغدا و برێارەکانییدا بکات.
❺ بۆ ڕێگرتن لە توطینی مووچە لە بانکە فیدراڵییە حکومییەکان و بەرگریکردن لە پڕۆژەی “هەژماری من!”. هەڕەشەکردن بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئەوەی ئێستا بەردەستە.

دووەم: تۆقین لە ناسێنتڕاڵبوون
پدک نەوەکو تەنها هێزی یەکەم بەڵکو بڕیاری سەرەتا و کۆتایی لە وورد و درشتی پەیوەندیدار بە هەرێم و عێراقەوە لە هەموو ئاستێکدا، لە دەستی خۆیدا نەمێنێتەوە و لە هێزێکی سەنتراڵەوە ببێتە هێزێکی ناسنتڕاڵ، لەمە تۆقیوە.
هۆکارەکانی ناسێنتڕاڵبوون:
❶ نەمانی کۆتای پێکهاتەکان، ١١ کورسیی مسۆگەریی ئاسان و خۆشدەستی پدک بوون.
❷ نەمانی کۆمیسیۆنی کوردستانی ژێرهەژموونی پدک.
❸چواربازنەەیی بونی هەڵبژاردن.
❹ ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە ڕێی بانکە حکومییە فیدراڵییەکان “توطینی مووچە”.
پڕۆژەی “هەژماری من!” دواهەمین سەنگەر یان ڕەگی ژیان
پدک هەموو مڕاوەغەکانی بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئەوەیە کە هەتا ئێستا بەردەست بووە بۆی. لەدەستدانی دەسەڵاتی پدک بەسەر مووچەی خەڵکدا واتا لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر توانای دەنگدانی خەڵکدا، واتا لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر تەنانەت بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگداندا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا و تەنانەت لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر ئەندامانی سادە و لایەنگرانیدا، تەنانەت بەسەر هێزە چەکدارە مووچەخۆرە کوردییەکانی کوردستانی سوریا و کوردستانی ئێران.
بۆیە لە گەمەکەدا هەموو سەنگەرەکان چۆڵ دەکات و پاشەکشە دەکات بە ئامانجی پاراستنی پڕۆژەی “هەژماری من!” کە دواهەمین سەنگەر و دواهەمین سنوورە.
هەموو ئەو گوتارە پفدراوەی پدک بەناوی کوردستانییبوون، شکۆی هەرێم، هەڵوەشانەوەی هەرێم، کوردایەتیی و کوردبوون، جگە لە گوتارێکی موزەیەف و بەرگێکی ساختە هێچیتر نییە کە نێوەڕۆک و کڕۆکەکەی ترسە لە ناسێنتڕاڵبوون و دەستگرتنێکی شێتانەیە بە دەستەڵاتداربوون بەسەر مووچەی خەڵکی هەڕێمەوە و دەستگرتنی توندە بە پڕۆژەی “هەژماری من!” کە ئەو دەسەڵاتدارێتییەی بەسەر قووتی خەڵکی کوردستانەوە بۆ تەحقیق دەکات جگە لە قازانجە خەیاڵییەکەی کە بۆ بنەماڵەی بارزانی خۆیەتیی و لە نێو بنەماڵەکەشدا لقێکی. ئاشکرایە چەکێکی کاریگەریش دەبێت بە دەستیانەوە بەرامبەر هەر کەسێک کە ئەوان ئارەزووی نەکەن و نەیانەوێت.




لۆمپنیزم دژ بە ڕۆحی ناڕەزایەتیی و بەرەنگاریی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دەسەڵاتدارێتیی بەرپرسیار – خزمەتگوزارییە گشتییەکان

لە درێژایی مێژووی دەزگای دەوڵەت لە فۆڕمە مۆدێرنەکەیدا بە دامەزراوە گشتییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە، بەشێک لە شوناسی خۆی لە ڕێگەی نێوەڕۆک و سیمای نوێگەرانە و پێشکەوتووی چەندین کایەی خزمەتگوزاری گشتییەوە بەرجەستەدەکات. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکو پەروەردە و خوێندن “باخچەی ساوایان تا خوێندنی باڵا”، تەندروستیی، شەقام و ڕێگەوبانەکان، پارک و ڕووبەرەکانی سەوزایی، خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ووزەی کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە، چاودێری کۆمەڵایەتیی “سەرپەرشتییکردن، هاوکاریی و پشتگیریکردنی بەساڵاچووان، منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان”.
چەندێتیی و جۆرێتیی “Quantity and Quality” ئەم خزمەتگوزارییە گشتییە بنەڕەتییانە پێوەری ئاستی بەرپرسیارێتیی و پێشکەوتوویی دەسەڵاتدارێتیی ڕامیاریی و کارگێریی هەر کۆمەڵگایەکە. ئاستی بەرپرسیارێتیی و کارایی هەر دەسەڵاتدارێتییەک بە تایبەتی نێوەندی بڕیاردانی سیاسیی و کارگێریی “حکومەت و حزبەکان”، بە گوێرەی بڕ و شێوازی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاستی داهات و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان و دواجار کۆمەڵگا بەگشتیی، دەپێورێت.
هەڵەی گەورەی سیاسیی یەک بە دوای یەک، گەندەڵیی بێسنوور و ویستی هەژموونێکی گشتگیری حزبیی لە هەر جومگەیەکی حوکمڕانییدا، مامەڵەکردنی خێڵەکییانە لە تەک سیاسەت و حوکمڕانیی، بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵاتدارێتیی و … هتد ئەو ڕیزە هۆکار و ئەنجامە یەک بە دوای یەکانە بوون کە کوردستانی گەیاند بە دۆخێک لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوام لە دابەزین و نزمبوونەوەدان تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە داڕمان و هەرەسهێنان. لاوازبوونی کوشندەی خزمەتگوزاری تەندروستیی و پزیشکیی لە کەرتی گشتییدا تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە نەمان، شەقام و ڕێگەوبان نەوەکو زیادنەکراون و بونیادنەنراون بەڵکو ئەوەشی هەبووە بەرەو وێرانەیی و هەڵوەشانەوە دەڕوات، خزمەتگوزاریی دابینکردنی کارەبا دابەزیوە تا نزمترین ئاستی خۆی لە ئەم وەرزی سەرمایەدا و کە لە هاویندا کێشەی کەمئاوییشی سەربار دەبێت. سیستمی پەروەردە و خوێندن لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە لە پاشەکشەی بەردەوام و بەرەودوا گەڕانەوەدا بووە لە سەر هەموو ئاستەکانی.
داهاتی تاکەکەس – ئابووریی گشتیی
پێوەرێکی دیکە لە هەڵسەنگاندن و نمرەپێدان، هەوڵە بەردەوامەکان و پڕۆژە ئێستایی و ستراتیژییەکانی هەر دەسەڵاتدارێتییەکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس و توانایی ئابووریی کۆمەڵگا بە گشتیی.
دەسەڵاتدارێتییەک کە هەردەم سەرقاڵ بێت بە گەورەکردنی ڕووبەرەکانی توانایی ئابووریی و دەستکراوەیی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان لەسەر شانی حزب، حزبیش لەسەر شان و ملی حکومەت و لە بەرامبەریشدا بچووککردنەوەی ڕووبەرەکانی ئازادیی، ئیرادە و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای گشتیی کۆمەڵگا جگە لەوەی دەبێتە کابووس لە ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا هیچیدی لێبەرهەم نایەت. دەسەڵاتدارێتییەک کاتێک ڕوئیا و بەرنامەیەکی ڕاستەقینە و واقعیی بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی تاکەکەس و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکەی نەبێت و بگرە هەردەم لە هێرشکردنە سەر ژیانی خەڵک و قورسترکردنی گوزەرانییاندا بێت، هەڵبەت کە بۆشایی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک دەبێتە خەرەندێکی قووڵ و فراوان بە ئەندازەیەک دنیای خەڵک و دنیای دەسەڵاتداران دەبنە دوو دنیای بە تەواوی لێکدابڕاو و بگرە دژبەیەکتری وەکو ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردووەوە کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و ئەو هەموو مووچەیەی کە نەدراوە کە وا مووچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵیشی دێتە سەر بە ئەو هەموو لێبڕین و پاشەکەوت و ئەو قسە بێمانایانەی داهێنراوی دەسەڵاتدارێتیی حزب-خێڵەکانی کوردایەتیی، سەرباری زیادکردنی چەند هێندەی هەموو جۆرەکانی باج و ڕسومات، سەرباری زیادکردن و داهێنانی چەندین جۆری باج و سەرانەسەندن، ئەوە سەرباری بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی “غاز و نەوت و بەنزین” و کارەبا و … هتد، جگە لە دابەزینی کەمەرشکێنی داهاتی تاکەکەس و داڕمانی ئابووریی گشتیی کۆمەڵگا هیچیدی لێ بەدینایێت هەروەکو ئەوەی ئێستا کۆمەڵگای ئێمەی پێدا تێپەڕدەبێت.

لۆمپن – لۆمپنیزم
واژەی لۆمپن “Lumpen” بۆ یەکەم جار لەلایەن کارڵ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) و فرێدریک ئەنگڵز (١٨٢٠-١٨٩٥) لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستدا “The Communist Manifesto” بەکار هێنرا کە لە زمانی ئەڵمانییەوە گواستییانەوە نێو زمانی ئینگلیزی “Lumpenproletariat”، بە واتای ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە دێت کە لە ڕووی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و چینایەتییەوە لە خوار چینی پڕۆلیتاریا “چینی کرێکار” وەن. لۆمپن، ئەو بەشەی کۆمەڵگا دەگرێتەوە کە پێکدێت لە سواڵکەر، لەشفرۆش، دز و تاوانکار. لۆمپن تا ئاستێک لە ملکەچیی و بێئیرادەیی دابەزیوە کە چیدی نەوەکو ئیمکانی بەرەنگاربوونەوەی تێدا مردووە بەڵکو دژی هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی و ڕۆحێکی یاخییبوون و ئیرادەتمەندیی دەوەستێتەوە. لۆمپن تا ئاستێک تەسلیمبووە بە وەزعی مەوجود و قەدەری ڕەشی خۆی، کە وایلێهاتووە دژ بە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاریی لە دۆخی هەنوکەییدا دەوەستێتەوە. لۆمپن بە سروشتیی پێکهاتەی چینایەتیی خۆیان و بەهۆکاری نزمیی ئاستیی خوێندەواریی، تێگەیشتن و بیرکردنەوەیان نەوەکو نابنە بەشێک لە شۆڕشی چینی کرێکار دژی خاوەنکار و سیستمی سەرمایەداریی بەڵکو ڕۆڵی دژەشۆڕش دەگێڕن.
لە دۆخی کۆمەڵگای ئێمەدا، لۆمپنیزم، ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە مێنتاڵیتیی و بیرکردنەوەیەی کە دژ بە هەر ڕۆحێکی تەسلیمنەبوو و ئیرادەخواز دەوەستێتەوە. لۆمپنیزم، ئەو ڕۆحییەت و عەقڵییەتە دەستەمۆ، ملکەچ، بێدەنگ و بێهەڵویستەیە دەشێت لای کەسێکی بڕوانامەدار یان تەنانەت نووسەر یان پلەدار و پێگەدار لە هیرارکییەتی ئیداریی و سیاسییدا، یان خاوەن بڕوانامەی باڵا “ماستەر و دکتۆرا” بێت، کە بە نووسین و ڕەخنە دژ بە ڕۆحی بەرەنگاریی و توانای دەربڕینی ناڕەزایەتیی توێژێک یان بەشیکی کۆمەڵگا دەوەستێتەوە یان هەندێجار بە سوخرییەت و گاڵتەجاڕیی.

تۆمەت و ڕەخنە لە سەر بنەمایەکی هیچ یان لۆمپنیزم
مامۆستایان لەپێناوی داواکارییە سەرەتایی، ڕەوا و یاساییەکانی خۆیان، فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران بەرەوڕووی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران بوونەتەوە بە شێوازە مەدەنییەکان. بایکۆت لە دوای گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەباتی مەدەنییەوە پەنای بۆ براوە. ئاساییە هەر جۆرە خەبات و ئیرادەکردنێک ڕووبەڕووی چەندین جۆری تانەلێدان، ڕەخنە و تەنانەت گاڵتەجاڕیی ببێتەوە. سروشتیی هەر سەرکێشیی و ئیرادەردنێک وەهایە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی و لەمپەرە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە.
لە پەیوەند بە ناڕەزایەتیی، خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایانەوە چەندین سەرنج و ڕەخنە خرانە ڕوو. بۆ نموونە سەرنجێک ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات لەم دەڤەرە لە کاری ژێربەژێری پارتییە بۆ تێکدانی دۆخی (زۆنی سەوز) کە ئەم بۆچوونە لەوکەسانەوە دەبیسترا کە لایەنگیری یەکێتیین ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بێبنەمایی و پووچێتیی ئەم تۆمەتە لەوێدا دەرکەوت کاتێک وەزیری پەروەردە “کە لە پشکی پارتییە” هەوڵیدا بۆ شکاندنی بایکۆت و کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتی مامۆستایان تەنانەت بە ووشەی “دەبێت” فەرمانیکرد و نەوەکو سەرینەگرت بەڵکو ناڕەزایەتیی مامۆستایان توندتر بووەوە، سەرنجێکی دیکە ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات دروستکراوی یەکێتییە و بۆ فشاردانانە لەسەر پارتیی و کارتێکی سووتاوە و کاریگەری نابێت، ئەم بۆچوونەش لەو کەسانەوە دەبیسترا کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لایەنگیری پارتیی یان گوتارە سیاسییەکەی پارتیین. پووچیی و بێبنەمایی ئەم تۆمەتەش لەوێدا دەرکەوت کە جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانیی داوای لە مامۆستایان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دواهەمین هەوڵی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیی بە هەموو توانایانەوە بۆ شکاندنی بایکۆت، بەڵام بە ناڕەزایەتیی توندتری مامۆستایان و خۆپیشاندنی فراوانتر وەڵامدرانەوە. هەروەها هەبوون دەیانگوت نەوەی نوێی لە پشتە، ئەمەیان نەوەکو پووچ و بێنەما بەڵکو تۆمەتێکی هێند ئاست نزمە شایان بە قسە لەسەرکردن نییە کە ئەمانە تێیاندا هەبوو لایەنگیری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی یەکێتیی و پارتییش.
هەموو ئەو تۆمەت ڕیزکارانە لە نێو بازنەی لۆمپنیزمدا جێگادەگرن. لۆمپنیزم ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنەیە، بۆ ئەوەی لە ئیرادەکەوتن و ڕۆحە تەسلیمبووەکەی خۆی پاساو بداتەوە، دەبێت لە بەهای ڕۆحی تەسلیمنەبوو و ئیرادەتمەندیی ئەوانیتر کەم بکاتەوە بە تۆمەتی پووچ و قسەی هەڵیت و پەڵیت. لۆمپن و لۆمپنیزم دژ بە هەر ئەکتێکی بەرەنگاریی دەوەستێتەوە.

ناڕەزایەتیی گشتیی – بەرئەنجامێکی حەتمیی
مامۆستایان وەکو توێژێکی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە، لە چەند ساڵی ڕابردووەوە بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لەو دۆخە سەختە و لە ناڕەزایەتیی گشتیی کۆمەڵگا کردووە و هەردەم بە فشاری جیاوازی مەدەنیی و نەرم، بەڕێخستنی چەندین خۆپیشاندان و تادەگات سکاڵا تۆمارکردن لە دادگا و … هتد هەردەم لە ڕووبەڕوونەوەدا بوون لە دژی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتداران، تا گەیشتووەتە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن و ڕاوەستانی پەروەردە. پەروەردە، یەکێک لە پڕۆسە هەرە گرنگەکانی هێمای زیندووێتیی و بەردەوامیی ژیان و گەشە و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگایەکە. دۆخی ئێستا سەرباری هەموو ئەوەی پێشتر هێمای بۆ کرا، بایکۆتی مامۆستایان و پەککەوتنی پەروەردە و خوێندنیشی هاتووەتە سەر.

دۆخێکی کارەساتباری بەو شێوەیە کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کردووەتەوە، هەڵبەت بۆ هەر کۆمەڵگایەک گەر لە نزمترین ئاستی زێندووێتیی و هۆشیار بە ماف و ئازادییەکانیدا بێت، ناڕەزایەتیی لە هەموو جۆر و ئاستەکانیی، خۆپیشاندان و هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی بە دەستەوەدەگرێت و پەنای بۆ دەبات لە دژی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران.
لە وەها دۆخێکی کارەساتبار. کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان تا نزمترین ئاست دابەزیون، باج و رسومات تا بەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە، مووچەش بە ئەو جۆرەیە، مرۆڤ ئاخێزێک نەکا و دەنگ هەڵنەبڕێت، ناڕەزایەتیی توندی خۆی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە دەرنەبڕێت و توڕەیی خۆی لە خۆپیشاندان و هەر ئەکتێکی دیکەی بەرەنگارییدا بەرجەستە نەکات، دەتوانێت چ ئومێد و خەونێکی هەبێت و دەتوانێت قسە لە چ ئیرادە و ئازادییەک بکات! بێهەڵوێستیی و بێدەنگیی لە ئاست وەها دۆخێکدا دەتوانێت جگە لە کەوتن، بیماریی و کەوتنی بوون و کەینوونەی مرۆیی، چ ناوێکی دیکە و چ تەفسیرێکی دیکەی هەبێت!




ئاوابوونی بتەکان.. ئەحمەد ڕەسوڵ

ناونیشانی ئەم وتارە، ناونیشانی پەڕتوکێکی فەیلەسوفی بەنێوبانگی ئەڵمانی (فرێدریک نیتشە “نیچە”) یە، بەبێ ئەوەی کە ناوەڕۆکی ئەم وتارە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەڕۆکی پەڕتوکەکەوە هەبێت. لە بەشی چوارەمی پەڕتوکەکەدا ناونیشانێکی بەمجۆرە هەیە (هەتا کۆتایی پێنەهێنین، چۆن بەیانی؟ جیهانی ڕاستەقینە، خورافەیەک – مێژوویەکی هەڵە) وەرگێڕدراوە عەرەبییەکەی.
لە دەستەواژەی مێژوویەکی هەڵە، خەیاڵم ڕۆیشت بۆ مێژوویەکی درێژی خەبات و قوربانییدانی خەڵکی کوردستان “ئەوەی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی بە شۆڕش و شۆڕشگێڕیی خۆیان ناوی دەبەن” کە زیاتر لە سەدەیەک دەبێت و دواتریش مێژووی ٣٢ ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی و قەوارەی هەرێمی کوردستان. بەڕاست چ مێژوویەک بوو؟! ئەگەر داوەرییەکی خێرا و سەرپێی نەکەین لە ئاستییدا و قووڵتر و لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەرنجی بدەین هەر ئاوا ئاسان نابێت ئەو ناونان و داوەرییەی تا ئێستا وەکو قەوانێک هەزاران بارە کراوەتەوە.
بیرکردنەوەیەکی جیاواز و پێرسپێکتیڤی جیاواز، مێژوویەکی هەڵە.
سەرنجڕاکێشە و ڕاتدەگرێت، “مێژوویەکی هەڵە”
دواتر لە ناونیشانی کتێبەکەوە “ئاوابوونی بتەکان”، کە ئێستا ناونیشانی ئەم وتارەشە، سەرنجم ڕۆیشت بەرەو ئاوابوونی حیکایەتەکانی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان، ئاوابوونی ئەو بتانەی بۆ هەموو شتێک دروستیان کردبوون. لە ٣٢ ساڵ لەمەوپێشەوە هەر ڕۆژەی بەشیک لەو بتانە هەڵوەریوە. ئاوابوونی بتەکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی، ئاوا بوونی بتی کوردایەتیی،. ئاوابوونی بتی دروشمە قەبەکانی دیموکراسیی، هەڵبژاردن، ئازادیی، پێکەوەژیان، یاسا و دادپەروەریی. ئاوابوونی بتی دنیا لە پشتمانە، ئاوابوونی حیکایەتی پێشمەرگە، شەهیدبوون و گیانفیدایی. ئاوابوونی بتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دەیان بت و حیکایەتی دیکەی دەسەڵاتدارێتیی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی.
هەر کەسێک ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانێت، کە دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتدارێتیی سیاسییە پلە یەکەکانی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی بووە نەوەکو دەسەڵاتدارێتیی خەڵکی کوردستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بپرسین ئایا لاوازبوون یان ئاوابوونی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان لە کەیەوە و لە چییەوە دێت؟
جوبران خەلیل جوبران دەڵێت، مردن بە یەک جار ڕوونادات. بەڵکو هێواش و بە چەندەها جار ڕوودەدات. هەر خەمێک و ئازارێک مردنێکی بچووک و بەشیی “جزئی”ە، بە جیابوونەوە لە خۆشەویستێکمان بەشێکمان لێ دەمرێت، بە ڕۆیشتنی هاوڕێیەک بەشێکی دیکەمان لێ دەمرێت، بە مردنی ئازیزێک بەشێکیترمان لێ دەمرێت … هتد دواجار هەموو مردنە بچووک و بەشییەکان پێکڕا مردنە گەورە و گشتییەکە پێکدەهێنن.
هەر کۆمەڵگایەک پێویستییەکی حەیاتی بە ئەو دەزگا و عەقڵە قووڵە شیکەرەوە و ڕەخنەگرانە هەیە، کە جیا لەو چاوەی کۆمەڵگای تەماشای خۆی پێدەکات، چاوێکی دیکە بە کۆمەڵگا دەبەخشێت کە لە دەرەوەی خۆی سەرنجی ووردی دەدات. ئەو دەزگایانە و ئەو ناوەندانە بە عەقڵە بیرکەرەوە و سەربەخۆکانیانەوە، لە سەرووی ئینتیما لۆکاڵیی، ناوچەیی، ئایینیی، ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەکانەوە ڕەخنەی کۆی کایەکانی کۆمەڵگا دەکەن، لە کایەی سیاسیی و سیستمی حوکمڕانییەوە بۆ کایەی ڕۆشنبیریی و کلتوریی، لە سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە بۆ سیستمی تەندروستیی و … هتد. ڕەخنەکردنی هەر کایە و بوارێکی دەزگایی و ئیداریی کۆمەڵگا جگە لە هەوڵی پێبەخشینی ئەو چاوەی دیکە بە کۆمەڵگا و بە خودی ئەو کایە و بوارە بۆ بینینێکی ڕاستەقینەی خۆی چیدیکە نییە.
هەموو سیسستمێکی حوکمڕانیی لە ڕێگای ئەو ناوەند و دەزگایانە و ئەو عەقڵە بیرکەرەوە و ئاگاییە ڕەخنەکارەوەیە، بەردەوام چێکی خۆی دەکاتەوە و هەمیشە ئەو ئەگەرەی بەرەو هەڵدێر و هەڵەی گەورەی دەبات، لاوازتر و بچووکتر دەکاتەوە.
دەسەڵاتدارێتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەسەر نەریتێک دەژی، نەریتی ڕەتکردنەوەی چاوی دەرەوە و ڕەخنەکانی، نەریتی نەبینینی ئەگەرەکان و نەریتی دژوەستانەوە بە ئازادیی و گۆڕان.ئازادیی لەسەر هەموو ئاستەکان و گۆڕانیش لە ئاستێکی قووڵ و ڕیشەییدا وەکو پڕۆسێسی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا. لێرەوە سیستمی حوکمڕانێتیی، خۆی پارێزەرێکی کۆنەپارێزیی چەقبەستوویی دەزگایی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بووە.
ئەم دەسەڵاتدارێتییە نەوەکو بەوەوە نەوەستا کە بۆ هەر نووسینێک و وتارێکی ڕەخنەیی ڕۆشنبیران، هەر چالاکیی و میتینگێکی ناڕەزایەتی چالاکوانانی مەدەنیی و کەمپەینە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوە مەدەنییە نێوخۆییەکان کۆمەڵێک لە کادێر و جنێونووسەکانی خۆی بە چەندین دەزگای مێدیایی جۆراوجۆرەوە تەرخان کردبوو بە ئێستاشەوە، بۆ سووکایەتیپێکردن، ڕیزکردنی تۆمەت و تەشهیر، بەڵکو دەستەیەکی لە ئاستی وەزارەتدا دامەزراند بۆ وەڵامدانەوە و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان و هەر ڕاگەیاندن و بەیاننامەیەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کە سەرنج و ڕەخنەیەکی تێدا هاتبێت دەربارەی پێشێلکاریی مافە ئینسانیی، یاسایی و مەدەنییەکان، گەندەڵکاریی و ئەدای خراپی دەسەڵاتداران. ئەو ڕێکخراو و ناوەندە سیاسیی، کولتوریی، ژینگەیی و مرۆییە جیهانییانەی کە خۆیان بەشیک لە پاڵپشتیی و هێزی دروستبوونی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان بوون.
لاوازبوون و ئاوابوونی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارێتییەکەی نە لە نووسین و ووتاری ڕەخنەکارانەی نووسەران و ڕۆشنبیرانەوە، نە لە خۆپیشاندانی چین و توێژەکان و کەمپەینی چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە، نە لە ناڕەزایەتی گشتییەوە لە مێدیا و سۆشیاڵمیدیاوە، نە لە حزبی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنەوە لە هەندێ قۆناغدا بە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانییشەوە و نە لە لێدوانی پەرلەمانتارانی بەغدا بۆ هەندێ مێدیای قەومیی عەرەبیی عێراقیی و نە لە سکاڵای پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغداشەوە لەسەر دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستانەوە هاتووە و دەستیپێکردووە.
لاوازبوون و ئاوابوونی ئەم دەسەڵاتدارێتییە لە ٣٢ ساڵ لەمەو بەرەوە دەستیپێکردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ و هەنگاو بە هەنگاو تا بە ئەمڕۆ دەگات کە خەریکە لاوازبوون و ئاوابوونی دەگاتە دوا قۆناغی کۆتایی خۆی.
لاوازبوون و ئاوابوونی دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ئەمانەی خوارەوە هاتووە، تەنها بۆ بیرهێنانەوە. ئەگەر دەسەڵاتداران، ماستاوچیی و ئینشانووسەکانیان بیریان نەماوە، ئەوا با بزانن خەڵکی کوردستان زۆر بە باشی هەمووی لە بیرماون و وەکو نەخشی سەر بەرد لە یاداوەریی خەڵکدا هەڵکۆڵراون. هەڵوەرینی بتەکانی دەسەڵاتدارێتیی کوردایەتیی و کەوتنی حیکاتەکانی، بەشبەش و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئەمانەی خوارەوە هاتووە:

  • لە ئاودیوکردنی شۆفڵ و ئامێرە پیشەسازییەکانی کارگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە قاچاغ، بەشێکی لێ ئاوابوو
  • لە دەستبەسەرداگرتنی خاڵە گومرگییەکان و مەرزەکان و بە حزبییکردنیان و بگرە بە بنەماڵەییکردنیشیان، بەشێک لە کەسێتیی و کاریزمای خۆیان دۆڕاند.
  • لە شەڕی نێوخۆدا، بەکوشتدانی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە و جەرگسووتانی دایک و باوکیان و بێباوک کردنی منداڵەکانیان تەنها بە میزاجی سیاسییە پلە یەکەکانی حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکان، بەشێکیتری گەورەی پاڵپشتیی و خۆشەویستیی خەڵکیان بۆ خۆیان لەدەستدا.
  • لە پێشلەشکرییکردنی سوپای وڵاتانی دەوروبەر و داگیرکەرانی کوردستان، بەشێکی گرنگی دیکەی قورسایی و پاکیی خۆیان لەدەستدا.
  • لە پاڵپێوەنان و دەرگا بەڕوودا داخستنی بنەماڵەی شەهیدانی هاوسەنگەریان، لایەک لە مۆڕاڵ و بەهای خۆیان لێکەوت.
  • لە فەرامۆشکردن و نەناسینەوەی کەمئەندامانی هاوسەنگەری خەباتیان، بەشێکی دیکەی وەفا و ئەمەکداریییان لێبزربوو.
  • لە بێئەمەکیی و بێنمەکیی لە بەرامبەر ماڵە هەژارەکان و گوندەکانی کوردستان کە جگە لەوەی نان و خوانیان لەبەردەمی منداڵەکانیان هەڵدەگرت و دەیانخستە بەردەمی مەفرەزە و پۆلە پێشمەرگەکانی نیوە شەوان و بۆیان دەکردنە تێشوو و بۆیان دەپێچانەوە بۆ ڕێگا و دواتریش بوون بە سووتەمەنیی شۆڕش و خەبات بەوەی کە ماڵ و ژیان و گوندەکانیان سووتێنران ، خاپور و چۆڵکران، بەشێکی بەهاداریی دیکەی جوانیی، سادەیی و ڕەوایەتییان لەدەستدا.
  • لە تێرۆرکردنی بەکر عەلییەوە لە سلێمانی، شاپور عبدالقادر، قابیل عادل، صلاح هەورامی و سەردەشت عوسمان لە هەولێر، سۆرانی مامە حەمە و د.عبدالستار طاهر شریف لە کەرکوک، ویداد حسین لە دهۆک و کاوە گەرمیانی لە کەلار بەشێکی زۆر گەورەی ئەخلاقی بەپرسیارێتیی و مرۆڤبوونیان دۆڕاند.
  • لە سوکایەتیپێکردن، لێدان و گرتنی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانەوە بەشێکی گەورەی دیکەی ڕۆحی سەردەمیانەی بەرپرسیارێتیی لە ڕێزگرتنی جیاوازیی و ئازادیی بیروڕایان لەدەستدا.
  • لە چەند ساڵ زیندانییکردنی چەندین چالاکوان تەنها بەهۆکاری خۆپیشاندانی هێمنانە و مەدەنییانە بەشێکی گەورەی متمانەی نێوخۆیی و دەرەکییان لەدەستدا.
  • لە تراژیدیای خانەنشیان لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیاندا، چەندین جار بە دڵشکاوی و دەستبەتاڵیی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، پاڵەپەستۆی قرچە قرچی گەرمای هاوین و سەرما و سۆڵەی زستان و تا ڕاددەی بوررانەوە و لەهۆشخۆچوون و تەنانەت مردنیش، بەشێکی هەرە گەورەی دیکەی ئینسانییەت، پێزانین و وەفادارییتان لەدەستدا.
  • لە بێزاریی زۆری خەڵک لە ئەو هەموو بازگەیەی نێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەشێکی دیکەی بەرپرسیارێتیی لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامییان لەدەستدا
  • لە ئەو هەموو جیاکارییەی نێوان کادێر و ئەندامە حزبییەکانتان لە بەرامبەر هاونیشتمانییانی سەربەخۆی کوردستان لە هەر فەرمانگەیەک و دەزگایەکی حکومییەوە بیگرە تا دەگات بە وەزارەتەکان، بەشێکی دیکەی ڕۆحی بەرپرسیارێتیی لە مافی یەکسانیی هاونیشتانییانیان لەدەستدا.
  • لە قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانیی و پڕکردنی کوردستان بە خۆراک و کاڵای خراپ و بێکواڵیتیی و بوونی کوردستان بە زۆنی باڵادەستبوونی نەخۆشیی شیرپەنجە و نەخۆشییە قورس و درێژ خایەنەکان، بەشێکی دیکەی بتەکانیان هەڵوەرین.
  • لە فەرامۆشکردنی و بەرەو وێرانەیی بردنی کەرتی گشتی لە بواری تەندروستیی و ئەو هەموو سەنتەر و نەخۆشخانە ئەهلییە سێبەرەی لێپرسراوە تێرنەخۆر و چاوچنۆکەکان بە نرخی خەیاڵیی و قۆرخکردنی بازرگانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، ڕاستگۆیی و ڕەوایەتییان درزی گەورەی تێکەوت.
  • لە خاوەندارێتییکردنی بەرپرسان و منداڵە کۆمپرادۆرەکانیان لە زانکۆی تایبەتیی و کۆرپۆرەیشنەکان، بتی بێتەماحیی، خۆنەویستیی و پارە نەویستییان بەتەواوی هاڕەی کرد.
  • لە دیقە دیقپێکردنی مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنشینان و هەموو مووچەخۆرانی کوردستان لانیکەم لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا و ئەو هەموو پاشەکەوت و لێبرین و فەوتانی مووچەی تەواوە، ئیتر چییان لێمایەوە نەیدۆڕێنن!
  • لە کردنی لایەکی هێزی چەکدار بە پاسەوانی خۆیان و خێزان و منداڵەکانیان، کردنیان بە پاسەوان و باخەوانی باخ و ڤێللاکانتان، ئیتر دەسەڵاتداران جگە لە بوونیان بە مۆتەکەیەک بەسەر ژیانی خەڵکەوە هیچیدیان لێمایەوە!
  • لە داگیرکردن و دابەشکردنی هەر بە ئارەزووی خۆیان، هەرچی زەوی ناوشارەکان و تەنانەت دەوروبەری شارەکان و بەشێکی زۆری دەرەوەی شارەکانیش، جگە لەوەی بوون بە تاڵانکار و داگیرکار چیدیکەیان لێمایەوە!
  • لە زەلیلکردنی یاسا و دادگاکانەوە بیگرە تا بە خوێندنی باڵا و بە نوقڵکردنی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا دەگات. چییان لێپەیدابوو!
  • لە دامەزراندنی ئەو ئمپراتۆرێتییە ئیعلامییانە لەسەر داهاتی گشتی کوردستان و بودجە زەبەلاحەکانیان و مووچەی قەبەی هەر کارمەندێکی ئاساییان تا دەگات بە مووچەی خەیاڵیی پێشکەشکار و بێژەرە زمان نەزانەکانیان و داهێنەرانی ڕستەی شێواو و ئاست نزم و تەعبیری تێکشکاو. چ بوونەوەرێکیان لێ خولقا!
  • لە وەڵامدانەوەی هەر ناوەناوەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەمنستیی ئینتەرناسیۆنال، ڕۆژانەمەنووسانی بێسنوور، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێتیی و ئەوروپا … هتد، ناوهێنانیان بە ناڕاست و چەواشەکراو … هتد هیچ ڕاستیی و ڕاستبێژییەکیان لێمایەوە!
  • لە سەرو برۆ تاشینی چەندین کەس، لێدان و زەلیلکردنی چەندینی تر لەبەر زوومی کامێرا و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵمێدیا، لێدانی پزیشک لەنێو حەرەمی نەخۆشخانە، لێدانی مەلا لە نێو حەرەمی مزگەوت، لێدانی مامۆستا لەسەر شەقام … هتد، ئیتر بت لە دوای بتیان هەڵدەوەری.
  • لە هەر خۆپیشاندانێکی هێمنانە و مەدەنییانەی خەڵک، بە تێڵا و کوتەک مامەڵەکردن، بە پێداڕشاندنی غازی جۆراوجۆر و دواتریش تەقەلێکردنیان بە فیشەک وبریندارکردن و شەهید کردنی گەنجانی خاوەن هیوا و ئاوات، ئیتر جگە لە بوونیان بە جەللاد و خوێنڕێژ چیدیکەیان لێ هاتەدەر!
  • لە گەندەڵیی بێشومار لە هەر بوار و سێکتەرێکدا، بە ملیاردلێر بوونی ئەوانەی لە بڕیاربەدەستانەوە نزیکن، جگە لە بوونیان بە کلیپتۆکرات هیچیدیکەیان لێ سەوز بوو!
  • لە کردنی کادێری حزبەکانتان و کادێری دەزگا مێدیاییەکانتان بە بوونەوەی بێکاراکتەر، ماستاوچیی و پێداهەڵدەر، چگە لە وێرانکەری ڕۆحی ئینسانی کورد چیدیکەیان لێمایەوە!
    من هەر ئەوەندەم ڕیزکردن کە دڵنیام هەر خوێنەرێک چەندین خاڵی دیکەی لە یادە لەلای گرنگن و ڕیزیان دەکات کە لەگەڵ هەر یەکێک لەوانە، هەروەها لەگەڵ هەر یەکێک لەو خاڵانەی لەسەرەوەش ڕیز کراون بەشێک لە سیحری دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتیی بەتاڵ بووەتەوە. لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێک لە ڕەوایەتیی لەدەستداوە و لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێکی لێ مردووە، لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێک لە بتەکانی هەڵوەریوە، لەگەڵ هەر یەکێکیان بتێکی ئاوا بووە. ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدا خەریکە مردن دەبێتە گشتێکی تەواو و خەریکە هەموو بتەکانی بە تەواوی هەڵدەورن و هەموو بتەکانی ئاوا دەبن.



کوندێرا و سووکیی بوون.. ئەحمەد ڕەسوڵ

ڕۆماننووس لە پشتی کاراکتەرانی ڕۆمانەکەیەوە خۆی حەشاردەدات. “گۆستاڤ فلۆبێر- ڕۆماننووسی گەورەی فەڕەنسیی، نووسەری ڕۆمانی بەنێوبانگی مادام بۆڤاری”
ژیانی کاراکتەرانی ڕۆمان، ئەگەری هێشتا بەدینەهاتووی ژیانی ڕۆماننووسن.” میلان کوندێرا”

لەسەر ڕێزنەگرتنی تەواوی بۆ شەممەی پیرۆز، سەرزەنشتیان کرد. شەممەی پیرۆزیان بۆ مرۆڤ دروستکردووە نەوەکو مرۆڤ بۆ شەممەی پیرۆز. “ڕۆمانی ئاهەنگی ماڵئاوایی”
هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکییەوە خەوتووە. “تۆماس، پاڵەوانی ڕۆمانی سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون”

ڕۆمانی “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”

تاۆتالیتاریانیزم، نادڵنیاییەکی بەردەوام
تۆتالیتاریانیزم لە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیدا ئەوەیە کە بە دیوێکدا جۆرێک لە ژیان زاڵ دەکات بەسەر مرۆڤەکاندا لە فەزای گشتییدا کە هەمیشە هەست بە نادڵنیایی بکەن و ئەمەش نائارامیی و ترس لە ژیانیاندا دەکاتە دۆخێکی بەردەوام. لە ڕاستییدا مرۆڤەکان بۆیە لە نادڵنیایی بەردەوامدان چونکە بەردەوام دەیانەوێت دڵنیایی لە پەیوەند بە دەوڵەتەوە بەدەستبهێنن، واتا بەردەوام دەیانەوێت دڵنیا بن لەوەی دەوڵەت هیچ گومانێکی لێیان نییە، نەوەکو گومانی لێیان نەبێت، بەڵکو دەیانەوێت لەوە دڵنیا بن کە دەوڵەت لە دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی ئەوان لە ئاست دەوڵەتدا دڵنیایە، کە دەوڵەت، تەنها کۆمەڵێک دەزگا نییە، بەڵکو هەر کەسێکە، کەسێک ئەگەر بیناسیت و نەیناسیت، کەسێک تەنانەت ئەگەر منداڵێکیش بێت کە لە ڕاڕەوی باڵاخانەکەتدا کە تیایدا نیشتەجێی ڕێکەوتی بکەیت، یان تەنانەت ئەو بێدەنگیی و تەنیاییەی لە ژوورێکی ئاپارتمانەکەتدا دەروی داویت هەندێجار هێندەی دڵسۆزانە نوێنەرایەتیی دەسەڵات و دەزگا و سەرۆکەکانی دەکات هێندە ڕەنگدانەوەی تاینەتمەندیی ژیانی خۆت و خواست و بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی خۆت نییە. لە کورتیدا دەوڵەت لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک و هەر کەسێکە.
تۆماس، پزیشکێکە، لە کۆمەڵگایەکدا دەژی کە تێیدا دەسەڵاتدارێتییەکی تۆتالیتار پایەدارە و ڕۆچووەتە هەموو کونج و کەلەبەرێکی نەوەکو فەزای گشتیی و دەزگا دەوڵەتییەکانەوە بەڵکو ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکانیشەوە. تۆماس دوای ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە تێدەگات، کە جۆری کەسێتیی ئەو بۆ هاوسەرگیریی و ژیانێکی پابەند و سۆزدارانەی هەمیشەییی نابێت، بۆیە لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە. لە ڕاستییدا تۆماس ئارەزووی ژیانێکی ناپابەند دەکات و دەیەوێت ژیانێکی زۆر تایبەتیی هەبێت بە پێچەوانەی شێوە ژیانی داسەپێنراوی کۆمەڵگاکەیەوە کە هیچ نهێنییەک و گۆشەیەکی نادیاری لە ژیانی تاکەکەسەکاندا نەهێشتووەتەوە.

تۆماس، تاکگەرا و ناپابەند
تۆماس دەڵێت: هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکیی خەوتووە. یان ئەوەی کاتێک سەرتناوە بەسەر کتێبێکەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ بە دنیای نێو کتێبەکە ئاوێتە بوویت و لە ناکاوێک سەر هەڵدەبڕیت و دەبینی کەسێک لە ژوورەکەتدا بە لاموبالاتییەوە دانیشتووە. لەو دۆخانەدا پرسیارێک، کە غەمگینیی و تووڕەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بە مێشکی تۆماسدا بێت ئەوەیە کە ئەم کەسە لە کەیەوە لەم ژوورەدا دانیشتووە یان خەوتووە و من ئاگام لێی نەبووە؟!، یان پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆ بەبێ مۆڵەتی من و بێ ئاگای خۆم هاتووە لە ژوورەکەم دانیشتووە یان خەوتووە؟! هەمیشە لەو دۆخانەدا تۆماس هەستی بە غەریبیی خۆی دەکرد لەو ماڵە و لەو ژوورە. لە ماڵێکدا و لە ژوورێکدا ئەگەر بەردەوام کەسێکی غەریب بە تەنیشتمانەوە و لە نزیکمانەوە بوو ئەوا خۆمان دەبینە غەریب، بە ئەو ماڵە غەریب دەبین و ژیانێکی غەریبانە دەژین.
تۆماس خانمێک بە نێوی سابیناوە دەناسێت و پەیوەندیی ئیرۆتیکی و سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت. شەوێک تۆماس لە ماڵەکەی خۆی لە دوای خواردنەوەی، شوشەی بوتڵە شەرابەکە دەکێشێت بە زەوی ژوورەکەدا و داوا لە سابینا دەکات بەسەر پارچە شکاوە تیژەکانیدا بە پێخواسی بڕوات. سابینا کە خۆی عاشق بە تۆماسە، وای لێکدەداتەوە ئەم داواکارییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆماسیش عاشقی ئەو بووە و دەیەوێت بە ئەم داواکارییە سەختە خۆی لەو پەیوەندییە عاشقانەیە، کە کۆتوبەندێکە، ئازاد بکات یان ئەوەبێت ڕاددەی عاشقبوونی سابینا تاقیبکاتەوە، بە دیوەکەیتریشدا لەوانەیە لە بێزاریی و ڕقی تۆماسەوە بێت لە سابینا.
وەفاداریی ڕۆشنایی و خیانەت تاریکیی
سابینا سەرسامە بە ناپاکیی. واتا ئارەزوو دەکات هەر کەسێک کە خۆشیدەوێت و ئارەزووی لەگەڵدابوونی دەکات، ئەم خیانەتی لێبکات، دەزانێت کە تۆماس بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کچان و ژنانی دیکەش. شەوێک کە دەزانێت تۆماس ئاگادارە، سابینا لەگەڵ یەکێک لەو پیاوانەدا دەخەوێت کە لە نێوەندی ڕۆژنامەگەرییدا کاردەکات بەڵام لە ڕاستییدا ئەندامی دەزگا نهێنیی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتە بۆ سیخوڕییکردن بەسەر هاونیشتمانییانەوە. ئیتر دواتر کە دەگەڕێتەوە بۆ لای تۆماس لە ماڵەکەی خۆی، تۆماس توڕە دەبێت و داوادەکات پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێ بهێنن و چیتر یەکدی نەبیننەوە. سابینا وا تێدەگات کە تۆماس هێندە ئەڤیداری بووە نەیتوانیوە بەرگەی خیانەتەکەی بگرێت و لێی جیابووەتەوە، بەڵام لە ڕاستییدا تۆماس بەو هۆکارە پەیوەندییەکەی لەگەڵ سابینا پچڕاند، چونکە هەستیکرد ئەو پیاوە سیخوڕەی دەوڵەت بەهۆی سابیناوە هاتووەتە نێو ژیانی تۆماسەوە و سیخوڕی بەسەرەوە کردووە. واتا سابینا بووە بە ئەو درزەی کە دەزگاکانی دەوڵەت و پیاوە سیخوڕەکانیان لێیەوە بێنە نێو ژیانی تایبەتیی تۆماسەوە و نهێنییەکانی بزانن.
سابینا لە باسکردنی پەرۆشیی خۆی بۆ ناپاکیی و قێزهاتنەوەی لە وەفاداریی، ئەوە دەگێڕێتەوە کاتێک تەمەنی چواردە ساڵان بووە عاشق بە کوڕێک بووە، باوکی کە بە پەیوەندییەکە دەزانێت چیدی لە ماڵەوە ناهێڵێت بێتە دەرەوە و هەر کاتێکیش بهاتبایەتە دەرەوە لە ژێر چاودرێرییەکی توندی باوکیدا بوو. واتا ژیانی تایبەتیی و نهێنی بۆ نەمابووەوە و هەمووی ئاسکرا و زانراو بووە لەلای باوکیی و هەمیشە چاودێر بووە بەسەریەوە. هەڵبەت گوایا باوکی زۆری خۆشویستووە و نەیویستووە تووشی دڵشکان و هەڵەی کوشندە ببێت بە ئەو تەمەنەیەوە کە بۆ هەموو ژیانی کاریگەریی خراپی لەسەر دابنێت. باوکی ئەندامێکی حزبی کۆمۆنیست و هاونیشتمانییەکی دڵسۆزی دەوڵەت بووە. ئەویش کە هەر لە منداڵییەوە بەهرەی نیگارکێشانی تێدا بووە، بەردەوام وێنەی گوڵەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پابلۆ پیکاسۆ کێشاوەتەوە. بەڵام دواتردەچێتە پڕاگ بۆ خوێندنی هونەرە جوانەکان، لەوێش ڕێگای لێدەگرن بە دڵخوازی خۆی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ نیگاربکێشێت، بەڵکو دەبێت لەسەر مۆدێلی ڕیالیزمی سۆشیالیستی وێنەبکێشێت. لێرەوە دەوڵەت دەبێتەوە بە نموونەی باوکی لە ڕێگریکردن لێی بۆ وێنەکێشانی دڵخوازانەی خۆی هەروەکو چۆن باوکیشی ڕێگربوو لەبەردەمییدا بۆ عاشق و دڵخوازەکەی. دایکی سابینا دەمرێت و باوکی لە قەهر و خەمی لەدەستدانی هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت، کە ئەمەش نیشانەی وەفاداریی باوکی سابینایە بۆ هاوسەرەکەی، کە نەیتوانی بەبێ ئەو هەڵبکات و بژی. بۆیە لێرەوە لە داخی باوکی، قێزهاتنەوە لە وەفاداریی و پەرۆشیی بۆ خیانەت لە ناخیدا چەکەرەی کرد و ڕەگی داکوتا. بۆ خیانەت لە دەوڵەت، بە دزییەوە وێنەی گوڵەکان و گوڵدانەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ دەکێشا. دواتر هاوسەرگیریی کرد و کە زانیی مێردەکەی خۆشیدەوێت، خیانەتی لێکرد و لێی جیابووەوە. لە قۆناغێکدا تۆماس دەناسێت و پەیوەندییان بۆ دروست دەبێت بەو شێوەیەی پێشتر باسکرا.
دواتر پیاوێک بەنێوی فڕانز دەناسێت، کە پیاوێکی شان و قۆڵ ئەستور و بەهێز و ماسولکە گەورە و هەروەها پێشتر پاڵەوانێکی کاراتێی و تایکواندۆ بوو. پەیوەندییەکی سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت، کە لە ڕاستییدا ئەوە فڕانزە زێتر عاشق بە سابینایە و سابینا ئەسڵەن هیچ خۆشی ناوێت و بەڵام ڕقیشی لێی نییە. بەڵام ئەو فڕانز هێندە توند عاشق بە سابینایە، سابینا ئەمە بە هەلێکی باش دەزانێت تا پەیوەندیی لەگەڵ دروست بکات و زێتر وابەستەی بکات بە خۆیەوە و فڕانز بخاتە نێو خیانەتێکی درێژ مەوداوە لە بەرامبەر ژنەکەیدا، ماری کلود کە زۆر فرانزی خۆشدەوێت. سابینا چێژ لەوە وەردەگرێت کە فڕانز ناپاکیی لە هاوسەرە باش و ئەڤیندارەکەی خۆی بکات و لە پێناوی ئەمدا و بە فشاری سابینا فڕانز لە ژنەکەی، ماری کلود جیاببێتەوە. دواتر لە یەکێک لە گفتوگۆکانیاندا سابینا بە فڕانز دەڵێت تۆ کە ئەو هەموو ماسولکە بەهێزەت هەیە، هێزەکەی تۆ ڕووی لە دەرەوەیە نەوەکو ناوەوە، لە ناوەوە کەسێکی بێهێزی و لاوازیت. فڕانزیش دەڵێت لە ڕاستییدا ئەم هێزەی کە من هەمە چۆن ڕوو لە ناوەوە نییە، ڕوو لە دەرەوەش نییە، چونکە هەتاوەکو ئێستا نە شەڕم لەگەڵ کەس بووە و نە دەمولوتی کەسێکم شکاندووە، بۆیە ئەم هێزەی من بوون و نەبوونی وەکو یەکە و لە ڕاستییدا ئەەوەی من هەمە هێز نییە. لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا سابینا دەڵێت تەنانەت لە پەیوەندیی نێوانیشماندا ئەو هێزەی تۆ هیچ سوودێکت پێنانەبەخشێت. فڕانز دەڵێت، خۆشەویستی ئەوەیە چاوپۆشیی لە هێزی خۆمان بکەین.
فڕاانز زۆر سەرسامە بە چەمکی وەفاداریی لە ژیانی مرۆڤدا. فڕانز کاتێک پێش هاوسەرگیرییەکەیان لە پەیوەندییدا بووە لەگەڵ ماری کلود، ویستویەتی ماری کلود بەجێبهێڵێت، بەڵام ماری کلود هەڕەشەی خۆکوشتنی لێدەکات ئەگەر بەجێیبهێڵێت. بۆیە لە ئاست ئەو عەشقە توند و قووڵەی ماری خۆی پێناگیرێت و دادەنوێتە سەر ئەژنۆکانی و دەستەکانی ماچ دەکات و دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. هەرچەندە تەنها ئەو جارە بوو دەربڕینی ئەو سۆز و خۆشەویستییە زۆرە لەلایەن ماری کلودەوە بۆ فڕانز و هەرگیز جارێکی تر دووبارەینەکردەوە و سۆز و خۆشەویستییەکی ئەوتۆی بۆ دەرنەبڕییەوە.

سابینا، بوون وەکو نادیاریی و خەڵوەت
فڕانز ئەو پرسیار و وەڵامە ڕستەییەی کافکای هەردەم لە یادە کە دەڵێت مانای ژیان چییە؟ درۆنەکردن و نەشاردنەوە لە ڕاستییدا ژیانە. بەردەوام ئەو ئەنجامگیرییەش کە ڕاستەوخۆ بە دوای ئەمەدا بە مێشکیدا دەهات ئەوە بوو کە لەو کاتەوەی بە سابینا ئاشنا بووە لە درۆدا دەژی. بەڵام سابینا بۆچوونێکی پێچەوانەی هەبوو، هەر کات و بە هەر شێوەیەکی جیاواز و لە گۆشەی جۆراوجۆرەوە بەیانی دەکرد و بە توندی داکۆکی لێدەکرد و ئارگیومێنتەکانیشی بۆی گەلێک بەهێز و پتەو بوون. بەبۆچوونی سابینا. لەگەڵ خۆ و خەڵکیتر درۆنەکردن، تەنیا کاتێک دەکرێ کە مرۆڤ لەگەڵ خەڵک نەژی. هەر کە زانیمان کەسێک ئاگاداری کارەکانمانە، بمانەوێت و نەمانەوێت لەگەڵ ئەو چاوە بینەر و چاودێرانەدا ڕێکدەکەوین، ئیتر لەو ساتەوە هیچ کام لە کارەکانمان ڕاسستگۆیانە نین. سابینا، ئەدەب و هونەرێکی بە سووک و ئاستنزم دەزانی کە هەموو کون و کەلەبەری ژیانی تایبەتیی و تەنیایی ئەدیب و هونەرمەندی ئاشکرا بکردایە. سابینا باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو کە هەر کەس خەڵوەتی خۆی بدۆڕێنێت، هەموو شتێکی دۆڕاندووە. هەمیشە دەیگووت: کەسێک بە خواستی خۆی واز لە خەڵوەتەکەی بهێنێت و بەبێ فشار و ئاسان دەستبەرداریی تەنیایی خۆی ببێت، لە ڕاستییدا غوولە، یان شتێکی کەمتر لە ئینسانە.

پیریی و لاوازیی، دڵنیایی لە پێکەوەبووندا
تۆماس کە چەند جارێک ڕوودەکاتە شارۆچکەیەکی باشوری ووڵاتەکە کە هەندێ گەڕاوی لێیە و خەڵکی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوویتێدەکەن. لەوێ کچێکی گەنج بەنێوی تێریزا، کە کارمەندە، دەناسێت و لە درێژەی چەند جار سەردانکردنەوەی بۆ ئەو شارۆچکەیە، پەیوەندی لەنێوانیاندا دروست دەبێت. ئیدی بەردەوام لە گرفتی قووڵی ناپابەندیی و بێهەستیی تۆماس و پابەندیی و هەستەوەریی تێرێزادا پەیوەندییەکەیان درێژە دەکێشێت و تا لە شوێنێکدا کە بەبێ هیچ مەبەستێک و نائاگایانە لە ئاهەنگێکدا تێرێزا لەگەڵ کەسێکی دیکە بۆ ماوەیەکی کەم سەما دەکات. دواتر و لە ماڵەوە تۆماس پێی دەڵێت کە هەستی بە غیرە و ئیرەیی کردووە کاتێک تێرێزا لەگەڵ هاوکارەکەیدا سەمای کردووە. تێرێزا کە ئەمە دەبیستێت زۆر دڵخۆش بێت و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەشی سووک دەبێت و باری ژیانی هێندە سووک دەبێت کە خەرکە بفڕێت. باوەش بە تۆماسدا دەکات و بە سەمایەکی شێتانە و کێویانە بۆ هەر چوار سووچی ژوورەکەی دەبات. بەڵام تۆماس نەوەکو بە غیرە و ئیرەیی پێبردنەکانی تێریزا لە بەرامبەر خۆیدا دڵخۆش نابێت بەڵکو هەستدەکات باری ژیانی قورس دەبێت و لەشی هێندە قورس دەبێت کە تەنانەت توانای جوڵەی بە پاڵکەوتنیشەوە نامێنێت.
لە قۆناغێکدا تۆماس لە کاری پزیشکیی دەردەکرێت و لەگەڵ تێرێزا دەچنە گوندێک لەوێ سەرقاڵی کشتوکاڵ دەبن و لێرەوە تێرێزا ‌هێواش هێواش هەستی دڵنیایی بۆ پێکەوەژیان دایدەگرێت تا ئەو کاتەی ڕۆژێک تۆماس دەبینێت کە خەریکی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبیلەکەیەتی، کە ئۆتۆمبیلێکی کۆنە، و دەستەکانی دەلەرزێت و لە دوورەوە لاوازیی و پیربوونی تۆماس دەبینێت و هەست پێدەکات و ئەمەش خاڵی دڵنیایی تەواوەتیی تێرێزایە لە پێکەوەبوونی تاهەتایی لەگەڵ تۆماس.
پیربوون و لاوازیی دەبێتە دڵنیایی لە پێکەوەژیان و خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی تۆماس و تێرێزا و دەکرێت هەمان شت، بۆ ژیان و مرۆڤەکانی تریش بە گشتیی ڕاست بێت.

ئەوەی سەرەوە هەندێ سەرنج و گوزارش بوو بۆ هەندێ بۆچوون، وێستگە و کاراکتەری سەرنجڕاکێشی نێو ڕۆمانی “سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون” ی “ڕۆماننوسی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسی، میلان کوندێرا”، کە لەلایەن “عەتا نەهایی” ەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردیی، ئەگەر هەندێ لە گوزارشەکان جیاوازییەکیان هەبێت لەگەڵ ڕۆمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دە ساڵ زیاتر دەبێت ڕۆمانەکەم خوێندووەتەوە و لە نووسینی ئەم سەرنجانە تەنها بە خێرایی ڕۆمانەکەم چاوپێداخشاندەوە. جگە لەم ڕۆمانەی میلان کوندێرا، هەردوو ڕۆمانی “نەمریی” و “ئاهەنگی ماڵئاوایی” شم خوێندووەتەوە.

میلان کوندێرا، ڕۆماننوسیی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسیی، لە ساڵی ١٩٢٩ لە شاری برنۆی لە چیکوسلۆڤاکیا “جاران” لەدایکبووە. باوکی “لودڤیک کوندێرا” پیانۆژەن و میوزیسیانێکی بەنێوبانگ بووە. کوندێرا سەرەتا میوزیکی خوێندووە و دواتریش لە زانکۆ سینەمای خوێندووە. چەندین نووسینی فیکریی هەیە سەرباری بەرهەمەکانی لە بواری شیعر و چیرۆکدا، هەروەها ڕۆمانەکانی لەوانە “نەمریی”، “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”، ئاهەنگی ماڵئاوایی”، “هێواشیی”، “نەزانیی”، “گاڵتە”، “ژیان لە شوێنێکی ترە” و …هتد. تا ساڵی ١٩٧٠ دوو جار دەبێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیست و دوو جار دەردەکرێت و پاشان لە ساڵی ١٩٧٥ وڵاتی چیک بەجێدەهێڵێت و لە فەڕەنسا نیشتەجێ دەبێت. لە بەشێک لە ڕۆمان و نووسینەکانیدا ڕەخنەگرێکی وورد و قووڵی سیستمە تۆتالیتارەکانە کە وڵاتەکەی خۆی بەدەستی وەها سیستمێکەوە بۆ زەمەنێکی درێژ دەیناڵاند. ڕۆمانەکانی کوندێرا ڕووبەرێکی فراوانن بۆ گفتوگۆیەکی فەلسەفیی قووڵ لە نێوان کاراکتەرەکاندا. خاوەنی چەندین خەڵاتە بۆ ڕۆمانەکانی. ڕێکەوتی ١٢-٧-٢٠٢٣ ڕۆژی چوارشەممە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان، نوسین و ڕۆمان کرد و بۆ هەتایە وەکو ناوێکی درەوشاوەی دنیای ئەدەبیات لە جیهاندا دەمێنێتەوە.




چەند ترسناکە، پێکەنین.. ئەحمەد ڕەسوڵ

لەم زەمینە پان و بەرینەدا،
کە هەمووی لەسەر ڕەوشتپاکیی ئێوە طاپۆ کراوە،
تەنیا ماڵۆچکەیەکیان بۆ مابووەوە،
لەوێش دەرتان کردن.
چەند سەیرە،
زەمینە پان و بەرینەکەی ڕەوشتپاکیی ئێوە،
تەحەممولی ماڵۆچکەیەک، تەنانەت ئەگەر بۆ بەدڕەوشتییش بێت، نەکات!
لە مەملەکەتە ئاکار بەرزەکەی ئێوەدا،
تەنیا ئەو کوخەیان هەبوو تێیدا لاواز و شکاو بژین،
کوخەکەتان بەسەردا ڕووخاندن.
چەند سەیرە،
لە مەملەکەتی ئاکاربەرزیی ئێوەدا،
کوخێک تەنانەت ئەگەر بۆ بەدئاکارییش بێت، جێی نەبێتەوە!
ئەو شەوە،
ئاه ئەو شەوە،
کە سەرۆکەکەتان بە ئاپۆڕای چەکدارەکانییەوە،
بە هەموو ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی خۆیانەوە،
هەڵیانکوتایە سەر کوخەکانی بەد ڕەوشتیی،
بۆ ئەوەی ئەوانە تێکبشکێنن کە خۆیان لە بنەڕەتدا تێکشکاو بوون،
من گریام،
ئەو شەوە زۆر گریام.
گریام بۆ ئەو کچانەی کە کەوتنە سەر شەقامەکانی ئاکاربەرزیی ئێوە،
بۆ ئەو ژنانەی ڕوخساری خۆیان دەشاردەوە لە کامێرا بەڕەوشتەکانی ئێوە.
ئەو شەوە من چاوم ماندوو و بینینم تەڵخ بوو بوو.
بەڵام ڕوون دەمبینین، ئەوان دایک و خوشکی من و تۆ بوون،
خودایە، ئەی خودای بە ڕەوشتەکان، چەند شکاو و غەمگین بوون.
دایک و خوشکەکانمان، تۆش تەنانەت تۆش خۆت بۆ نەدەگیرا و دەگریای، ئەگەر بتبینیبان.
من بە ڕوونی دەمبینین، ئەوان کچ و هاوسەری من و تۆ بوون،
خودایە، ئەی خودای ئاکار بەرزەکان، چەند تەنیا و بێکەس بوون،
کچ و هاوسەرەکانمان، تۆش تەنانەت تۆش خۆت بۆ نەدەگیرا و دەتدا لە پڕمەی گریان، ئەگەر بتبینیبان.
ئەوان مەعشوقەکانی من و تۆ بوون،
ئەوان هاوڕێکانی زانکۆی من و تۆ بوون.

ئەوان ئاوارە و دەربەدەر بوون،
ئەو شەوە لە هەموو ژیانیان ئاوارەتر و دەربەدەرتر.
ئەوان ترساو، بێداڵدە و بێپەناگا بوون،
ئەو شەوە لە هەموو ژیانیان ترساوتر، بێداڵدەتر و بێپەناگاتر.
ئەو شەوە،
ئاه ئەو شەوە،
تۆم بینی پێدەکەنیت،
تۆم بینی وەکو جیهادییەک وەها بوویت بۆ یەکەم جار بە دەم تەکبیرەوە پێدەکەنیت،
تۆم بینی سەلەفییەک بوویت، دەستت بە ڕیشتدا دەهێنا و بە غرورەوە پێدەکەنیت،
تۆم بینی بانگخوازێک بوویت، دکتۆرێک بوویت چەپڵەتلێدەدا و پێدەکەنیت،
تۆم بینی نووسەرێک بوویت،
لەوێنەیەکدا بەدەستێکت قەڵەم و دەستەکەی ترت وەکو مشتەکۆڵە بەرزکردبوونەوە و پێدەکەنیت.
تۆم بینی خوێندکاری زانکۆ بوویت،
دەرچوویەکی بێکار بوویت،
گەنجێک بوویت،
گیرفان گەرم، پۆشتە و پەرداخ، مێشک بەتاڵ،
یان شڕۆڵە و گیرفان سارد و بە بێئومێدیی و بێخەیاڵ،
پێدەکەنیت.
تۆم بینی مامۆستای زانکۆ و پڕۆفیسۆر بوویت،
تۆم بینی سیاسیی لە پلە یەکەوە تا پلە دە بوویت،
چالاکوان و میدیاکار بوویت،
پێدەکەنیت.
لە تیڤی و ڕادیۆوە هەر قاقای پێکەنین بوو،
لەسۆشیاڵ میدیاوە هەر وێنە، ڤیدیۆ و ئیمۆجیی پێکەنین بوو،
خودایە چ پەتایەک بوو ئەو شەوە بڵاوبووەوە!
پەتای پێکەنین!
ئێوە هەموو پێکڕا بە دەم پێکەنینەوە هاوارتان دەکرد:
بژی ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی.
بمرێ بەدڕەوشتیی و ئاکارنزمیی.
ئێوە بە هەموو ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی خۆتانەوە،
هیستیرییانە پێدەکەنین.
ئەو شەوە بۆم دەرکەوت،
چ ئاپۆڕایەکە پێکەنین،
چەند تەڵخ و کوێرە پێکەنین،
چەند ترسناکە پێکەنین!

ئەحمەد ڕەسوڵ




ژینا، مەرگێک بە ووزەیەکی گەورەوە.. ئەحمەد ڕەسوڵ

خۆپیشاندانەکان و دروشمبازیی کامپنشیینان

زۆرینەمان ئەو دەستەواژەیەمان بیستووە کە دەڵێت فەلسەفاندن واتا فێربوونی ئەوەی چۆن بژیین، بەڵام ڕێک لە پێچەوانەی ئەمەدا سیسرۆ یان سیسرۆن “فەیلەسوف و وتاربێژی گەورەی ڕۆمانیی ١٠٦ پ.ز. – ٤٣ پ.ز.” لەبارەی فەلسەفە و مەرگەوە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، دەڵێت: “فەلسەفاندن ئەوەیە فێر ببیت چۆن بمریت” هەرچەندە لە ڕواڵەتدا ئەم دوو دەستەواژەیە لەبارەی فەلسەفەوە پێچەوانەن بەڵکو لە ناواخندا هەمان شتمان پێذەڵێن. ئەگەر فەلسەفە ئەوە بێت فێرببین چۆن بژیین هەڵبەت ئەوەش فێر دەبین چۆن بمرین. سیسرۆن لە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی دیکەیدا دەڵێت: “با مردن ژیانت بگۆڕێت” بە واتای ئەوەی کە مرۆڤ نەوەکو لە ژیاندابوونی گۆڕانکاری بسازێنێت ڕووداو دروستکەر بێت و کاریگەی بەسەر تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکانەوە و کۆمەڵگاوە بە گشتی دابنێت، بەڵکو مردنیشی گۆڕانکاری و ڕووداو بێت هەم بۆ خودی خۆی و هەم بۆ ئەوانیدیکەش. مەرگێک کە مێژوو دروستبکات یان وەرچەرخان دروست بکات لە نێو مێژوودا.

ئەوەی ئێمە بەرەوڕووی بووینەتەوە مەرگێکە بەبێ بیرلێکردنەوە و بەبێ فەلسەفاندن. هێزی ئەم مەرگە و ئەو ووزەیەی دەیخاتە نێو جڤات و مێژووەوە لە بەرائەت و پاکیییەکی بێئەندازە لەلایەکەوە و زوڵم و ناحەقییەکی بێئەندازە لەلایەکیترەوە سەرچاوە دەگرێت. ژینا ئەمینیی، مەرگی بوونێکی پڕ لە بەرائەت و مەرگێکی هێندە ستەمگەرانە و بە زوڵمێکی هێندە گەورەوە، لە مێژوودا دەنگدانەوە و تێپەڕینی بە نێو زەمەن و شوێندا ناکۆتا و ئەبەدییە.

خۆپیشاندانی ئازایانە و ئازادییخوازانەی خەڵکی کوردستان و تەواوی گەلانی ئێران دژ بە کۆماری کۆنەپەرستیی دژە مرۆڤ و دژە ئازادیی سێدارەی ئێران، سەرباری ڕەوایەتیی و حەققانییەتی بێئەملا و ئەولای، بۆ هەر ئینسانێکی داکۆکییکار لە ئازادیی و دادپەروەریی و وەکیەکیی مرۆڤەکان، پشتگیریی و هاوسۆزیی دەربڕین لە تەکییدا بێچەندوچوونە.

خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران نە دەرگیرن بە شەڕێکی قەومیی و نە شەڕێکی مەزهەبیی. بەڵکو لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدان دژ بە سەرانی بازرگانانی مەوادی موخەدیر و مەزهەب لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی جمهوریی سێدارەی ئیسلامیی و دەستوپێوەندەکانیان. هاوبەشیی و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران وەکو ئاوی کانیاوەکانی کوێستانەکانی کوردستان ڕوون و وەکو خۆری نیوەڕۆ ڕۆشنە.
ئەوانەی دەیانەوێت ئاسۆی ئەم هاوبەشیی و هاوچارەنووسییە لێڵ و تاریک بکەن بە دروشمبازیی ناسیۆنالیستیی و شۆڤێنیی نەوەکو هاودەرد و هاوخەمی خەڵکی کوردستان نیین و بە بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک ناکۆکن، بەڵکو هێندەی کۆماری شەللاق و سێدارە دژ بە ئازادیی، ژیان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانن.
گرنگە خەڵکی هۆشیار و ئازای کوردستانی ئێران لەسەرووی هوتافاتی کۆنەپەرستانە و چەواشەکارانەی قەومیی شۆڤێنییانەی بەشێک لە تاقمە سیاسییە چەکدارە پڵاوخۆر و ویسکییخۆرەوە کامپنشینەکان جێگەبگرن. هەروەک گرنگە بە شیعاراتی سیاسیی ئەو حزب و گروپانەش فریو نەخۆن کە بەیاننامە و نەخشەڕێگای ڕاپەڕین و ۺۆڕش دەخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و بە دەستەواژەگەلی لەبابەت “چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان” دەستپێدەکات.
هەموو ئەو کۆمەڵە و گروپە سیاسییە لە ڕواڵەتدا جیاوازانە، نەوەکو خۆشخەیاڵن بە دەستگرتن بەسەر “بە ئەگەرێک” شۆڕش و ڕاپەڕینی بەئاکام گەیشتووی خەڵکی کوردستان و جێگە و ڕێگە سازکردن بۆ خۆیان لەسەرەوەی کۆمەڵگا و مامەڵەکردنی خەڵک وەکو ڕەشەخەڵک، عەوام و ڕەعیەت و سەپاندنی ژێردەستەیی و ژیانێکی نە ئازاد و شکۆمەندانە و نە خۆشگوزەرانانەش بەسەریاندا و لە بەرامبەردا خۆیان ژیانێکی شاهانە و ئەریستۆکراتیک، بگرە هەر ئێستا لەم ڕۆژگاری کامپنشینییەیاندا سەرانی زل و سەرەوەی ئەو حزبانە لە ژیانێکی ئەریستۆکراتیی هەر لە خواردن، خواردنەوە و پۆشاکی گرانبەها و گەشتە ڤی ئای پییەکانیان بۆ ووڵاتانی خۆرئاوا و ماڵ و خانەوادەشیان هەمانشێوە بەڵام لە مامەڵەیەکی سەردار و کۆیلە ئاسادان لەگەڵ خودی ئەو چەکدارانەی کە پاسەوانیی دەکەن لە خۆیان و ژیانە خۆشگوزەرانەکەیان و کامپ و شۆڕشە کامپنشیینییەکەیان و ئەو پێشمەرگانەیان “بە قەولی خۆیان” لە بێپارەیی و بێئاسۆیی کۆمەڵایەتیی و بەڵکو لە برسێتییدا ڕاگرتووە تا ڕاددەی ئەوەی کە تەنها صەمونە ڕەقە و شۆربایەکی نیسکێنە لەگەڵ بڕێک پووڵ کە بەشی جگەرەکانیان دەکا و ناکا. ئەم پێکهاتە و مامەڵە ئەریستۆکراتیک و عەقڵییەتە شێخایەتیی و ئاغاواتییە وێنەیەکی ڕۆشن بە هەرکەسێک کە لانیکەمی ئاگایی و سەرنجدانی هەبێت لە شێوازی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتییان پیشاندەدا ئەگەر لە ئاییندەدا شتێک لە دەسەڵات و هەژموونیان بەسەر خەڵکدا هەبێت.
هەروەها گرنگە خەڵکی ڕاپەڕیو و خۆپیشاندەر نەکەونە ژێر کاریگەریی گوتاری پفدراوی لەلایەک زوڕناژەنە ناسازەکانی کەناڵە نەوتییەکان و خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکیی، ئاغاواتییە تاڵانچییەکەی کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانەوە کە ناسیۆنالیزمێک دەڕشێنەوە لە فاشیزمێکی ڕووت زێدەتر چیدیکە نییە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەمە سەرباری بووقی دڕاوی ئەو دەیان و بگرە سەدان بڕوانامەدارانەی خەڵکی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران و نیشتەجێی وڵاتانی خۆراوا “ئەمریکا، کانەدا و ئەوروپا” و ئوستڕالیا کە لە مووچەی قەبەی بندیواریی دەسەڵاتدارێتییە کلیپتۆکراسییە ئۆلیگارشییەکەی کوردایەتیی مشەخۆرن و دەلەوەڕێن و لەبەرامبەردا سەرقاڵ بە حەقارەت و تەحقیریی ناسیۆنالیستیین.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران جگە لە ڕەوایەتیی و بەرحەقبوونیان، لە ئەگەری بەئاکام گەیشتنیان گرنگە خەڵک فۆڕمێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتیی لەبەرچاوبگرن کە لێوە بەرهەمهێنانی ستەم و بێمافیی و پلەبەندیی هاونیشتمانییان و مشەخۆربوون و بەئاغابوونی دەستە و تاقمێک یان چەند دەستە و تاقمێک بەسەر خەڵکەوە، ئەگەرێکی هەرە لاواز بێت، هەروەها بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەکان لەگەڵ تەواوی گەلانی دیکەی ئێران.
نە حزب و گروپە کامپنشیینەکان و نە کەڕەنا دەنگ نەشازە خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە ئاغاواتییەکەی هەرێم و نە بڕوانامەدارەکانی نیشتەجێی ئەوروپا و ئەمریکا بۆیان نییە ڕێگە چارە و نەخشە و پلان بخەنە بەردەمی ئێوە و فۆڕمی ئایندەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاتان بۆ بخەنە ڕوو، هەڵبەت منیش وەکو نووسەری ئەم نووسینە نە ڕێگە بە خۆم ئەدەم و نە ئەو مافەشم هەیە بەدیل و پلاتفۆڕمی سیاسیی و ئیداریی بۆ بەڕێوەبردن بخەمە بەردەمتان.
ئەوە ئێوەن خۆتان لە ڕووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ ئاگر و ئاسنی سوپای کۆماری ئیسلامیی و ئەوە ئێوەن بە خوێنی خۆتان و قوربانییدانی خۆتان ئەگەرێک بۆ باشترکردنی ژیانتان دەسازێنن. ئەوە ئێوە خۆتانن لەگەڵ ووردەکارییەکانی ژیانی پڕ لە قەساوەت و هەژارانەی خۆتان دەرگیرن. ئەوە ئێوەن لەگەڵ ستەم و نادادیی و ڕەشەکوژیی دەسەڵاتداران بەرەوڕوون.
لەبەر هەموو ئەوانە، هەر ئێوەش بۆتان هەیە بیربکەنەوە و گفتوگۆ بکەن و شێوازێک لە بەڕێوەبردنی جڤاتتیانە بۆ ئاییندەی خۆتان و منداڵەکانتان هەڵبژێرن کە ئەگەری لێوە فەرامەهەمبوونی ژیانێکی باشتر، شارستانییتر و دادپەروانەتر ئەگەرێکی بەهێز بێت.
هەموو خۆپیشاندانە جەماوەرییە فراوانەکان لە هەموو شار و ووڵاتێک لە دنیادا دژ بە هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک کە بەبێچەندوچوون ڕەوا و حەقخوازانەن لەسەر بنەمای ئەو ئارگیومێنتەی هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک بەرمەبنای کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتیی و دابەشبوونە چینایەتیی و بونیادە خۆسەپێنیی و هەژموونگەرەکەی دەکەونە خانەی دژەحق و خەڵکیش جا کۆی گروپ و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا بن پێکەوە یان توێژێک و چێنێک وە یان چەند چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی پێکەوە لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانیاندا لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێک و دەسەڵاتدارێتییەکدا لە خانەی حەقخوازانن، کۆمەڵێک ئەگەر و شەیمانە بەڕوویاندا کراوەیە، هەروەک چۆن لە بەرئەنجامی پێکدادان و ململانێی هێزەکان و سەنگی هێزەکان و ئەگەرەکان، هەمیشە ئەگەرێکیان ڕوودەدات و ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە دواتر دین بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە ئەگەرەکە هەڵگریێتیی. خۆپیشاندانەکانی شارەکانی کوردستانی ئێرانیش، بە ئەگەرێکی دیکە ئەگەر لە هەمان دۆخی ئێستای خەڵکدا کۆتاییان بێت، هێشتا سەرکەوتنێکی گەورە و قۆناغێکی نوێ دەبێت لە پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییەکەیاندا. سەرکەوتن لە پاشەکشەپێکردنی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لە هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئازادیی، ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت، ئەمە سەرباری پیشاندانی خواستە کۆمەڵایەتتیە فراوانەکەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیی و ژیانێکی شکۆمەندانە و بەرجەستەبوونی ئیرادە و هێزی دەستەجەمعیی خەڵک.

ئەحمەد ڕەسوڵ




توندوتیژیی لە نێوان دەوڵەت و هاونیشتمانیی لەلای ڤیبەر.. ئەحمەد ڕەسوڵ

لە هەر قۆناغێکی دەربڕینی ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی ناوەناوەی هەر توێژێک یان چەند توێژێکی کۆمەڵایەتیی جیاواز دژ بە خۆسەپێنیی، تاڵانیی و بێمافکردنە گەورەکەی دەسەڵاتدارێتییە بنەماڵەییەکەی کوردستان بەسەر خەڵکییەوە، گوتارێکی چنراو بە دیماگۆجییەتێکی پوخت لەپێناو خزمەتکردن بە ماکیاژکردن و ڕەوایەتییدان بە دەسەڵاتداران و سایکۆلۆژیا دەسەڵاتخوازییەکەی دەسەڵاتداران، دەکەوێتە گەڕ لەسەر چەندین ئاستی جیاواز و بە زمان و گوزارشکردنی جیاوازەوە. هەڵبەت ئەو جۆرە گوتارە کە ئاشکرایە لەسەر هیچ پێدراوێکی فیکریی دروست و هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی یان مێژوویی بینانەکراوە و جگە لە پاساوهێنانەوەی ئاستنزمانە بۆ دەسەڵاتدارێتییەکە، هیچ ئەرگیومێنت و ئەنجامێکی نییە و نەوەکو کەمترین گوێگر و لایەنگر لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ خۆی ڕاناکێشێت بەڵکو لە هەندێ حاڵەتدا هەر لەجێدا قسەکەرانی ئەو بۆچوون و گوتارە خۆشیان بڕوایان پێی نییە.
ئەو بابەت و تەوەرانەی کە ئەم جۆرە گوتارە چەواشەکارە هەڵگریەتی و مایەی لەسەر وەستانن زۆرن، بەڵام ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت هەندێک قسەی لەبارەوە بکەم، مەسەلەی توندوتیژییە. لە بچوکترین دەربڕینی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتییانە و گشتییانەی هەر چینێکی کۆمەڵگای ئێمەدا، زنجیرەیەک لە گرتن، ئەشکەنجەدان و توندوتێژیی لەلایەن دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتییەوە ئەنجامدراوە دژ بە هاونیشتمانییان.

ئەوەی ئێمە وەکو زانراوێک هەمیشە لەبەردەمماندا ڕوون و ڕۆشن بووە ئەوە بووە کە (گوتەبێژانی دەزگا حکومییەکان، گوتەبێژانی حزب و کادێرانی لەگەڵ گوتاری مێدیایی دەزگا مێدیاییە حزبییەکان و نووسەرانیان) لەگەڵ دەمکردنەوەیاندا زانیومانە کە جگە لە ڕیزکردنی کۆمەڵێک پاساوی نالۆژیکیی بۆ توندوتیژییە هەمەڵایەنەکەی دەسەڵاتدارێتیی هیچیدیکە ناڵێن، بەڵام ئەوەی بابەتی ئەم نوسینەیە، هەندێک لەوانەن کە گوایا نووسەر و ڕۆشنبیری سەربەخۆ یان ئەکادیمیستی بێلایەنن و خۆیان وەکو ناپابەند بە دەسەڵاتدارێتیی، حزب و سیاسەتەکانی، بە کۆمەڵگا پیشاندەدەن. لە مەسەلەی بەکارهێنانی توندوتیژییدا تاکە کەسەکان و دەزگا حکومییەکان دەخەنە تایەکی تەرازووەوە بەبەکارهێنانی ئەم جۆرە گوزارشانە “نابێت خۆپیشاندەران و هێزەچەکدارەکان پەنا ببەنە بەر توندوتیژی، گرنگە خۆپیشاندەران خۆیان بپارێزن لە بەکارهێنانی توندوتیژی و وێرانکاریی لە بەرامبەر شوێنە گشتییەکان، پێویستە خوێندکاران لە تەک حکومەت و هێزە چەنکدارەکاندا زمانی زبر و توندوتیژیی بەکارنەهێنن، توندوتیژیی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە خزمەت بە ئامانجەکانی خۆپیشاندان ناکات، ناکرێت خۆپیشاندەر بییەوێت بە توندوتیژیی و خۆسەپاندن داواکارییەکانی بۆ جێبەجێبکرێت، توندوتیژیی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە زیانی خۆیان و خۆپیشاندانەکەیان دەشکێتەوە و ڕەوایەتی لەدەستدەدەن، … هتد”
ئەمجۆرە گوزارشانە و دەیان گوزارشی دیکەی لەوجۆرە ئەوەی پێماندەڵێت ئەوەیە دەربڕی ئەم جۆرە بۆچوونە یان بەدەست هەژارییەکی قووڵ و بونیادییەوە گیریخواردووە لە تێگەیشتنییدا بۆ هەریەک لە چەمکەکانی، توندوتیژیی، دەسەڵاتدارێتیی، دەزگا دەوڵەتییە مۆدێرنەکان و تاکە کەس وەکو هاونیشتمانی یان بەمەبەست و ئاگاوە خەریکی خزمەتکردنێکی زەلیلانەیە لە ئاست دەسەڵاتدارێتییەکدا کە کەمترین ئاکاری بەرپرسیارێتیی لە ئاست هاونیشتمانییان و کۆمەڵگادا تیادا نەماوە.
ماکس ڤیبەر “کۆمەڵناس و فەیلەسووفی ئەڵمانی ١٨٦٤-١٩٢٠” لە نوسینێکیدا بە ناوونیشانی “سیاسەت وەکو پیشە Politics as vocation” بە گوێرەی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکەی، دەسەڵاتدارێتیی پۆلێندەکات بۆ سێ جۆر:
دەسەڵاتدارێتیی کاریزمایی “لە نموونەی دەسەڵاتدارێتیی ئاینیی و دەسەڵاتدارێتیی پاڵەوانان”
دەسەڵاتدارێتیی ترادیسیۆناڵ “لە نموونەی دەسەڵاتدارێتیی فیۆداڵیی و پاتریارکیی”
دەسەڵاتدارێتیی یاسایی یان دەسەڵاتدارێتیی عەقڵانیی-یاسایی “لە نموونەی دەوڵەتی یاسایی مۆدێرن و بیرۆکراسیی”
لەباسکردنی دەسەڵاتدارێتیی عەقڵانیی-یاساییدا لە پەیوەند بە توندوتیژییەوە و پێناسەکردنی دەوڵەتدا دەڵێت: (دەوڵەت کۆمیونیتییەکی مرۆییە کە لە مۆنۆپۆلکردنی هێزبەکارهێنانی فیزیکییدا ڕەوایەتیی بەتەنها بە خۆی دەدات.) هەروەها لە وەسفکردنی سۆسیۆلۆژیانەی دەوڵەتدا دەڵێت: (قۆرخکردنی ڕەوایەتی بۆ بەکارهێنانی هێز، چەمکە جەوهەرییەکەی یاسای گشتیی مۆدێرنە.) واتا دەزگاکان و یاساکانی دەوڵەت تاکە بەکارهێنەری هێزی فیزیکیین. لێرەوە لە دنیای مۆدێرندا کە دەوڵەت وەکو پێکهاتەیەک لە کۆمەڵێک دەزگا و گورزەیەک لە یاسا ئۆرگانیزەکردن، کۆنتڕۆڵکردنی سیاسییانەی کۆمەڵگایە و لەمەشەوە جگە لە هیرارکیەڵکردنی دەسەڵات قۆرخکردنی هەر جۆرێکی زەبروزەنگی دەزگایی و یاساییە. بە کورتیی لە دنیای مۆدێرن و هاوچەرخدا، دەوڵەت بە دەزگاکان و یاساکانییەوە، ڕەوایەتیی بەکارهێنانی توندوتیژیی لە تەواوی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا دەسەنێتەوە و دەیبەخشێتە خۆی. واتا یاسا و دەزگا دەوڵەتییەکان قۆرخی رەوایەتیی بەکارهێنانی هەر جۆرە زەبروزەنگ و توندوتیژییەک بەتەنها بۆ خۆیان دەکەن.

هەڵبەت پێش ڤیبەر فەیلەسووفانی دیکەش باسییان لە ڕەوایەتیی پەنابردنە بر توندوتیژیی لەلایەن دەوڵەتەوە کردووە، لە نموونەی فەیلەسووفی ئینگلیزیی “تۆماس هۆبز ١٥٨٨-١٦٧٩” لە پەیوەند بە سروشتی مرۆییەوە لە وتە بەناوبانگەکەیدا کە دەڵێت: مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ. باوەڕی وایە بۆ جلەوکردنی سروشتیی شەڕەنگێزانە و دڕندانەی مرۆڤ، دەوڵەت دەبێت بە زەبروزەنگ بێت. بەڵام ئەو جۆرە دەوڵەتەی کە هۆبز تەواو جودایە لەو دەوڵەتە عەقڵانییە-یاساییە مۆدێرنەی کە ڤیبەر باسی لێوەدەکات. هەروەها پێشتریش فەیلەسووفی ئیتالیایی “نیکۆڵۆی ماکیاڤیللی ١٤٦٩ – ١٥٢٧ ” باس لە جۆرێک لە دەوڵەت لە سایەی میرێکەوە دەکات کە سڵ ناکاتەوە لە هیچ جۆرە زەبروزەنگێک بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا، هەڵبەت لە سەرەتادا بە ئامانجی یەکخستنەوەی هەموو بەشە پارچە پارچەکراوەکانی ئیتالیا و یەکگرتنیان لە چێوەی دەوڵەتێک یان ئیمپراتۆریەتێکی بەهێزدا و دواتریش پەنابردنە بە هەر جۆرێکی توندوتیژیی لەلایەن میرەوە لەپێناو هێشتنەوە، کۆنتڕۆڵکردن و بە یەکگرتوویی مانەوەی ئەو دەوڵەتە یان ئیمپراتۆرێتتییەدا کە هەندێک، تێزەکانی ماکیاڤیللی “بۆ نموونە لە کتێبەکانی “میر، هونەری گفتوگۆ و جەنگ” دا بە سەرەتای زانستی سیاسەت دادەنێن. هەڵبەت کە ماکیاڤیللی هەر جۆرێکی درۆ و فێڵکردن یان ناڕستگۆیی، هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاریی و بە ڕێویی بوون بۆ میر لە ئاست هاونیشتمانییان و کۆمەڵگادا بە ڕەوا دەزانێت ئەگەر پێویست بوو لە هەندێ دۆخدا، هەروەک چۆن دەرخستنی کەڵبە تیژەکانی و بەگورگبوونی میر لەگەڵ بەکارهێنانی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەڕەوا دادەنێت ئەگەر پێویست بوو لە هەنفێ دۆخی دیکەدا. بەڵام ئەو جۆرە دەوڵەت و میرەی ماکیاڤیللیش وێنەی دەکێشیت تەواو جودایە لە جۆری دەوڵەتە مۆدێرنەکەی ڤیبەر.
ماکس ڤیبەر لە پەیوەند بە توندوتیژیی بەدەزگاییکراو و بە یاساییکراوی دەوڵەتەوە دژ بە هاونیشتمانییان، ئەەوەمان ڕوون و ڕۆشن پێدەڵێت کە ئەوەی بۆی هەیە و لە توانایدایە توندوتیژ بێت و توندوتیژی بەکاربهێنێت تەنها دەوڵەتە و بەس. تاکە کەسەکان و هاونیشتمانییان نە بۆیان هەیە و نە دەتوانن توندوتیژ بن و توندوتیژیی بەکاربهێنن. بەگوێرەی ڤیبەر هاونیشتمانییان کە خۆیان دەسەڵاتدارێتییان قبوڵکردووە و پێکیان هێناوە، دەبنە بابەتی کۆنتڕۆڵکردن و بەسەردا سەپاندنی دەسەڵات لەلایەن دەسەڵاتدارێتییەکەوە. هاونیشتمانییان کە خۆیان دەسەڵاتیان پێکهێناوە و قبوڵیان کردووە دەبنە ئەو بابەتەی کە دەسەڵاتدارێتییەکە توندوتیژییان بەسەردا ئەنجام دەدات.

بە کورتی ئەوە دەوڵەتە کە بە یاسا و دەزگاکانی پڕاکتیزەی توندوتیژی دەکات بەسەر هاونیشتمانییاندا. ئەوە هاونیشتمانیانن کە بیانەوێت و نەیانەوێت، تاک بن یان کۆ، ناتوانن توندوتیژی پڕاکتیزە بکەن. دەوڵەت هەر خۆی لە هەر دۆخێکدا، لە ئارامییدا بێت یان نائارامیی، توندوتیژە بەرامبەر هاونیشتمانییان. ئەوە هاونیشتمانیانن لە هەر دۆخێکدا بێت، ئارامیی بێت یان نائارامیی، ناتوانن توندوتیژ بن. تەنها لە ساتی داڕمانی دەوڵەت و هەرەسهێنانی تەواوەتیی دەزگاکانیدا لەوە دەکەوێت بتوانێت توندوتیژ بێت و توندوتیژیی پڕاکتیزە بکات.




گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات و دەزگای هەواڵگریی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

یەکەم: ڕەگێکی مێژوویی
زۆر بۆ دواوە نەگەڕێینەوە و لە سەدەی هەژدە و نۆزدەوە واتا لە سەردەمی میرنشینەکانەوە، ململانێی نێوان ئامۆزاکان یان براکان لەسەر دەسەڵات لە دەسەڵاتدارێتییە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، زنجێرێکی نەپساوە تا ڕۆژگاری ئێستامان. هەر جۆرە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونێکی دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێبەری نەبووە لەو جۆرە ململانێ بنەماڵەییەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی. هەر مۆدێل و فۆڕمێکی دەسەڵات وەکو شێخایەتی، ئاغایەتیی، خێڵەکیی و حزبیی یان تێکەڵە و تێکهەڵکێشی ئەمانە، گواستنەوەی دەسەڵات تیایاندا میراتگرانەی خوێن، پشت و بۆماوەیی بووە، سەرباری هەر بانگەشەیەکی ڕووکەشانەی هەندێکیان بۆ میکانیزمێکی مۆدێرنانەی دیموکراتییانە. واتا ئەم ململانێیەی نێوان ئەندامانی “ئامۆزاکان یان براکان” بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەسەر دەسەڵات و یەکلاییکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی بە هێزی ڕووت، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و تا ئێستا کۆمەڵگای ئێمە بە هەر فۆڕمێکی ڕێکخستن و دەزگایی مۆدێرن نەیتوانیوە تێیپەڕێنێت و دابڕانێک لەگەڵ ئەو مێژووە درێژەیدا دروست بکات.

دووەم: فۆڕمی خێڵەکیی-ئایینیانەی حزب
حزبی سیاسیی وەکو پێکهاتەیەکی مۆدێرن بۆ ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگا،دەسەڵات و دەزگاکان، مێژوویەکی کەمتر لە سەدەیەکی هەیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. لە دوای حکومەتەکەی مەلیک مەحمودەوە، حزبی هیوا و دواتریش کۆمەڵەی ژێ کاف کە دواتریش بوو بە حزبی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن خوێندەواران و توێژی پێشکەوتووخوازانی ئەو کاتەوە، سەرەتای مێژووی حزبی سیاسیی و فۆڕمێکی دیکەی نوێی کایەی سیاسییە لە کوردستاندا، بەڵام هەر زوو ئەوانیش بە جۆرێک کەوتنە ژێر کاریگەریی هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا. واتا هەر لە سەرەتاوە هەوڵەکانی مۆدێرنیزەبوونی کایەی سیاسیی کە شکستی خوارد و کەوتە ژێر هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و وەکو خانەیەکی کانسەریی بە سەراپای جەستەی کایەی سیاسییدا بڵاوبووەتەوە.

سێیەم: ڕەگی خێڵەکیی-ئایینیانەی بۆماوەییبوونی دەسەڵات
تووشبوونی کایەی سیاسیی کوردیی بە ڤایرۆسی گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات ڕیشەکەی لەنێو بونیادی دەسەڵاتی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە. هیرارکیەت و گواستنەوەی دەسەڵات لە پێکهاتەکانی وەکو ئاغایەتیی و شێخایەتیی لە کۆمەڵگا بەر لە مۆدێرنەکاندا، ئاشکرایە شانداداو لەسەر خوێن و ڕەچەڵەک بووە. ئەم عەقڵییەتە و میکانیزمەی پشتاوپشت گواستنەوەی دەسەڵاتی ماددی و ڕەمزی لە سیستمە کۆمەڵایەتییە نامۆدێرنە ئاغایەتیی و شێخایەتییەکەی کۆمەڵگای کوردییەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو حزبی سیاسیی و کایەی سیاسیی لە سەدەی بیستدا. واتا بۆماوەییبوونی دەسەڵات لە حزبی سیاسیی کوردیدا، ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر مێژوویەکی کۆنتر لە حزبی سیاسیی و لە نێو مێنتاڵیتیی و بونیادەکانی سیستمە دەسەڵاتدارێتییەکانی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە.
سەرنجبدە لە بازنەی یەکەمی دەسەڵاتدارانی هەر حزبێکی سیاسیی لە سەدەی بیستدا لە کۆمەڵگای کوردییدا، لە بنەماڵەی شێخ، ئاغا، سەید، مەلا، خان و بەگ، …هتد، بوون، کە ئەو جۆرە لە پاشناو هێمایە بۆ هەژموون بەسەر مێنتاڵیتیی و کۆنەستی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا و هەروەها هێمایە بۆ درێژە کێشانی هەژموونی بونیادەکانی مێنتاڵیتیی ئاغا، شێخ و ..هتد بەسەر فۆڕم و پێکهاتە مۆدێرنەکەی سیاسەتەوە کە حزبە. بەدیوێکیتریشدا ئەوەمان پێدەڵێت کە گواستنەوەی بۆماوەییانەی هێز و هەژموون لە حزبیشدا ناتوانێت ئاغایانە و شێخانە نەبێت. واتا تێکهەڵکێشی بونیادە خێڵەکییەکەی مێنتاڵیتیی ئاغایەتیی و بونیادە ئایینییەکەی شێخایەتیی، بونیادەکانیی مێنتاڵیتی حزبی سیاسیی پێکهێناوە و لێرەوەیە گواستنەوەی بۆماوەییانەوەی هێز، هەژموون و دەسەڵات لە حزبی سیاسییدا، ڕەگێکی خێڵەکیی-ئایینیانەی هەیە کە لە مێژوویەکی دێرین و درێژی ئاغاواتیانە و شێخایەتییانەی کۆمەڵگای ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت.

چوارەم: دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان
دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان لە هەر ووڵاتێکی دنیادا لە بەشێکی کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە بەسەر هاوڵاتییانەوە و خزمەت بە هێشتنەوەی دۆخی جێگیر و باوی سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارێتیی دەکەن. لە بەشەکەیتری کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە لە پێناوی دەوڵەت و کۆمەڵگادا و دژ بە دەوڵەتانی دیکە و نەیارانیان.
لە دۆخی کوردستاندا، دوو دەزگای هەواڵگریی و سیخوڕیی کە سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانن لە هەر دەزگایەکی دیکەی حکومەتیی و ئەمنیی دیکە بەمەسرەفتر و پڕبودجەتر و گرنگترن بۆ دەسەڵاتدارانی یەکەمی حزب “یان ڕاستتر بۆ دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە”. ئەم گرنگیی و بایەخپێدانە گەورەیەی ئەم دەزگایانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکەمی دوو حزبخێڵەوە، لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەسەڵاتداران بۆ هێزی ڕووتی سەربازیی، ڕووبەری مێدیایی و ئازادیی دەربڕین، ململانێی سیاسیی نێوخۆیی لە نێوخۆی حزبدا و هەم لەتەک حزبەکانیتردا، چۆنێتیی دەستگرتن بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیی و تەواوی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، هەیانە. واتا لە بنەڕەتدا بەشە سەرەکییەکەی کاری ئەم دەزگایانە لە بەرئەنجامی تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانەوە بۆ کۆی پرسەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیی سیاسیی و دەزگاییەکانی کۆمەڵگاوە، بووەتە هەواڵگرییکردن بەسەر، سیخوڕییکردن بەسەر، هەڕەشەلێکردن، گرتن و ئەشکەنجەدانی هاونیشتمانییان جا ئەو هاونیشتمانییە چ ئەوەی کەسێکی نوسەر و ڕەخنەگری سەربەخۆ بێت، چ ئەوەی ئەکتیڤیستێکی کۆمەڵایەتی دەرەوەی چێوەی حزب بێت، چ ئەوەی ئەندام، لایەنگر و کادێری حزبە سیاسییەکانی دیکە و بەتایبەت دژبەران و ڕکابەرە سەرەکییەکانی بێت یان تەنانەت چ ئەوەی بازرگان و سەرمایەدارێکی دەرەوەی چێوە حزبیی و سیاسییەکان بێت. واتا بەبەشی گەورە و سەرەکیی، کاری ئەم دەزگایانە دژ بە هاونیشتمانییانە، بەبەشە بچوک و کەمەکەی کاریان لە دژی بۆ نمونە تاوانباران و تێرۆریستانە.
دەرئەنجام، ئەم دەزگایانە لە ژێر دەسەڵاتی، دەسەڵاتدارانێکی مێنتاڵێتیی خێڵەکیی-ئایینیانە، ناتوانن دەزگای پارێزەری هاونیشتمانیی، بە ئازادییە هەمەلایەنەکەیەوە لەگەڵ ڕێز و کەرامەتە ئینسانییەکەی بن.

ئەحمەد ڕەسوڵ




هەر بۆ بیرهێنانەوە، بە سادەیی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

ئەم سەرۆک حزب و دەوڵەتانەی خوارەوە، مشتێکن لە خەرواری ئەوانەی خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی سەربازیی، ئابوریی و کارگێڕیی بوون بە دیپلۆماسییەت و پەیوەندیشیان بە ووڵاتانی دنیاوە و دەسەڵاتدارێتتییەکی لە شکان نەهاتووی ئاسنینیان دامەزراندبوو سەرباری لایەنگیریی ملیۆنیی لەلایەن دانیشتوانەوە بۆیان. بۆ هەموویان ڕووخان و نووچدانی دەسەڵاتدارێتییەکەیان و دواتر بە دادگایی گەیاندن یان تیربارانکردن و تەفروتونا بوونیان، لەلای خۆیان، خەڵک و تۆ بڵێ دنیاش لە وەهمێک یان خەیاڵێک زیاتر نەبوو. ئەمانە سەرباری جیاوازییان لە ئایدیۆلۆژیای سیاسیی و شێوازی بەدەسەڵات گەیشتنیان و جۆری حوکمڕانێتییان، هەموویان هاوبەش بوون لە ئەشکەنجەدان “بە ئاست و شێوازی جیاواز” ی هاونیشتمانییان و داسەپاندنی دەسەڵاتدارێتییەکی دیکتاتۆریی بەبەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی و فشاردانان لەسەر خەڵک و هەژموونکردن بەسەر ڕۆح و سایکۆلۆژیای هاونیشتمانییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
هەموویان پێکڕا، دەزگاکانی خوێندن و پەروەردەیان بەکارهێنابوو وەکو ڕێگایەک بۆ خۆبەرهەمهێنانەوە لە دەروون و زەینی تاک و گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا نەوە لە دوای نەوەدا بە خۆ بە گەورە و پاڵەوان کردن تا ئاستی خۆ بە پیرۆزکردن. هەموویان ناعەدالەتییان تا نێو هەناوی کۆمەڵگا و نێو قووڵایی دەزگاکان بردبوو. لە نێو هەموو سیستمە جۆراوجۆرەکانی سایەی ئەم مرۆڤە نەخۆشە دەسەڵاتخوازانەدا، گاپی نێوان خەڵک بە گشتی لەلایەک و سەرانی سەرەوەی حزب، حکومەت و دەسەڵاتدارێتیی یان بنەماڵەی ئەم عاشقە هیستیرییانەی دەسەڵات لەلایەکیترەوە هێندە گەورە بوو لە هەموو ڕووەکانی ئابووریی، سیاسیی، ئیداریی، شێوەی ژیان و ئاستی گوزەران، بەها و کەرامەتی ئینسانیی لە دەرەوەی هەر پێوانە، هەڵسەندگاندن و بەراوردکردنێک بوو.
هەموویان پێیانوابوو “هەروەها ڕایانگەیاندبوو بە دەیان شێواز و ڕێگەی جیاواز و هەروەها بە گوزارش و گوتاری جۆراوجۆر هەزاران پاتەیان کردبووەوە” کە هیچ کەس و لایەنێک لە نێو کۆمەڵگادا لە ئەوان دڵسۆزتر و بە ویژدانتر نییە لە پێناوی هاونیشتمانییان و نیشتماندا. هیچ کەس و لایەنێک لە ئەوان باشتر، داناتر و حەکیمتر نییە لە پێناوی خەڵک و خاکدا. هیچ کەس و لایەنێک لە ئەوان ووریاتر، ئازاتر، بەهێزتر و خاوەن دەسەڵاتتر نییە.
هەموویان هەرچی یاسا و دەستوری وڵاتەکە هەیە خستیانە ژێر پێیانەوە، یان یاسا و دەستورێکیان دانا و نووسییەوە کە لە خزمەت دەسەڵات و مانەوەی هەمیشەیی خۆیان و نەوەکانیاندا بێت لە جاهو جەلالی دەسەڵاتدارێتییەکانیاندا. هەموویان هێزی سەربازیی و چەکداری حزب یان ووڵاتییان کرد بە هێزی پارێزەری خۆیان، بەرژەوەندیەکانیان، دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییەکەیان.
تێیاندایە، ڕەوایەتی شۆڕشگێڕیی و خەباتی ڕزگاریی نەتەوە، گەل و هاونیشتمانییانی ووڵاتەکەی وەکو مێداڵی زێڕین و ئەڵماس لە ئێخەی خۆی دابوو و بەو هۆیەوە دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی ووڵاتەکەیدا سەپاندبوو. تێیاندایە بە ناوی شۆڕشی کۆمیونیستی و خەبات بۆ یەکسانیی و ئازادیی، دۆزەخێکی بۆ خەڵکەکەی بەرپا کردبوو.
تێیاندایە لە ژێر ناوی نەتەوەچێتییەوە، سوار سەروملی نەتەوەکەی بوو بوو و وڵاتەکەی بۆ کردبوون بە زیندانێکی گەورە. تێیاندایە لە ژێر ناونیشانی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزمی جیهانی، سەرمایەداری و …هتد ووڵاتەکەی بە خاک و ئاو، سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی و تۆ بڵێ بە خەڵکەکەشییەوە لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی یان حزبەکەی “هەڵبەت سەرانی زلی حزب و بازنەیەکی هەرە تەسکی سەرەوەی حزب و دەوڵەت” تاپۆ کردبوو.
تێیاندایە بە دروشمگەلی قەبەی وەکو پارێزەری ئایین، یەکپارچەیی ووڵات، زمان و نەتەوە یان خۆشگوزەرانیی و ئازادیی گەل و نیشتمانەکەی، هەژاریی و گوزەرانێکی خراپ، ستەم، زیندان و سێدارەی بە هاونیشتمانییانی پێشکەشکردبوو.
تێیاندایە لە هەموو بۆنە گەورە و گرنگە جیهانییەکاندا وەکو پیاوێکی گەورە و بەهێزی جیهان و سەرۆکی دەوڵەت یان ئیمپراتۆریەتێکی گەورە ڕێز و ستایشی پێشکەشدەکرا و هەموو دنیا دۆست و دلسۆزی بوو، بەڵام هەر ئەوەندەی خەڵک لێی هەستا و ڕاپەڕی، هەموو دنیا بە دۆستان و دڵسۆزانییەوە نەوەکو هاوکارییان نەکرد و پشتیان تێکرد بەڵکو تەنانەت خۆیان لێ نەبان کرد و پیرۆزباییان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ووڵاتەکە و شۆڕشەکەیان کرد و تەنانەت هیچ ووڵاتێک ئامادە نەبوو بیگرێتە خۆی و مافی مانەوە و پەنابەریی پێببەخشێت.
تێیاندایە لە دوای سەرەولێژبوونەوەی دەسەڵاتدارێتتیە ستەمگەرە گوایا لە شکان نەهاتووەکەی، نەوەک ئەندامان و لایەنگرانی حزب و حکومەتەکەی یان هەوادارانی خۆی و بنەماڵەکەی پشتییان تێکرد و لە پێناویدا خۆیان بەخت نەکرد، بەڵکو لە خەڵکە ڕاپەڕیوە داخ لە دڵەکە زیاتر ئاگری شۆڕشیان بڵێشە پێدەدا و زیاتر لە ڕاماڵین و کۆتاییپێهێنانی بەپەلەتر بوون.
تێیاندایە لە دوای نووچدان و کەوتنی دەسەڵاتدارێتییە هەواڵگرییە سەربازییە پۆڵایینەکەیدا، نەوەکو تەنها خۆی و بنەماڵەکەی، بەڵکو بەشێک لە وەزیر، دەستڕۆیشتووە حزبی و حکومییەکان، ژەنەڕاڵ و پلەدارە سەربازییەکانی چوار دەوریشی بە دادگا و سزای خۆیان گەیێنران.
• پۆڵ پۆتی سکرتێری حزبی شیوعیی و سەرۆکی کەمبۆدیا سەرباری ئەو هەموو جەبەڕوت و مێژووە درێژەی لە جەنگ و بواری سەربازیی، سەرباری ئەو هەموو هەژموونەی بەسەر دەزگا حزبیی و دەوڵەتییەکان و خەڵکی وڵاتەکەیدا، دوای ئەوەش کە بە هەزاران و تۆ بڵێ بە ملیۆن خەڵکی لە ئافرەت، پیر و منداڵ کۆمەڵکوژ کرد، دواجار بە دیل گیرا و خرایە زیندانەوە و لە زینداندا بە زەلیلی و بە نەخۆشیی دڵ مرد.
• ئۆگۆستۆ پێنۆشێی – جەنەڕاڵی سەربازیی- سەرۆکی دیکتاتۆریی چیڵڵیی، سەرباری دەسەڵاتە ئاسنینە تۆقێنەرەکەی کە چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، دواجار سەرباری هەڵاتنی بۆ بەریتانیا، ماوەیەک لە مانەوەی ناچارییدا لە ماڵەکەی خۆیدا “اقامە جبریە House arrest” و دواتر گەڕانەوەی بۆ چیڵڵی و لەوێش لە مانەوەی ناچارییدا، بە زەلیلیی دووچاری دڵوەستان هات و مرد.
• نیکۆڵای چاوسیسکۆ سەرۆکی خۆداسەپاوی ڕۆمانیا لە دوای ئەوەی خۆپیشاندانی خەڵک فراوان بوو لە دژی، لە ووتەیەکیدا بۆ خەڵکی خۆپیشاندەر ووتی کە ئەوانە گێرە شێوێن و یاخیین و دەیانەوێت شکست بە کۆمارە سۆشیالیستییەکەی بهێنن، بەڵام نەوەکو گوێی لێنەگیرا بەڵکو خۆپیشاندان فراوانتر و گشتگیرتر بوو. کە ویستی بە هێلیکۆپتەرێک لەگەڵ هاوسەرەکەی هەڵبێت، لەلایەن هێزی هەوایی و سەربازیی ووڵاتەکەوە ناچار بە نیشتنەوە کرا و دەستگیرکرا. لە داداگاییکردنیدا هێشتا خۆی بە سەرۆکی ووڵات دەزانیی و باوەڕی بە داداگاکە و دادگاییکردنەکەی نەدەکرد و دانیپێدانەدەنا، تا سزای مەرگی بەسەردا درا و تیرباران کرا.
• موعەممەر قەزافی، سەرۆکی دیکتاتۆریی لیبیا، بە پلەیەک مەغرور بوو لە دوا ساتەکانی دەسەڵاتییدا کە ڕاپەڕینی خەڵک سەرکەوتنی مسۆگەر کردبوو، لە دواهەمین وتاریدا هێشتا خۆی بە سەرکردەی شۆڕش دەزانیی و دەیگوت شۆڕش بەردەوامە و هەموو خەڵکی ڕاپەڕیوی بە دەستی دەرەکی و بێگانە و تەڵەی دوژمنانی گەل و نیشتمانی لیبیا دادەنا. تەنانەت ئەم سەرۆکە لە خۆڕازییە بە ڕاددەیەک مەغرور بوو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاریانا ڤالاچێی ڕۆژنامەنووس و نووسەری بەنێوبانگی ئیتالیی و جیهانی دەیگووت: هەموو ئەوروپا و ووڵاتانی ڕۆژاوا دەتوانن کتێبی سەوز وەکو کەتەلۆگێک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی وەکو لیبیا پێشبکەون. هەڵبەت کە کتێبی سەوز لە نوسینی خۆیەتی “موعەممەر قەزفییە” و پڕە لە وڕێنە و قسەی هەڵیت و پەڵیت وەکو زۆربەی کتێب و یاداشتەکانی سەرۆکە دیکتاتۆر، خۆسەپێن و نارسیستەکان. ئەوە بوو دواجار کەوتە دەستی خەڵک و بوو بە ژێر دەست و پێی منداڵان و گەنجانەوە و لێیان دەپاڕایەوە کە ئازاری نەدەن و لێی نەدەن و سەرئەنجام دوای ئازارپێگەیاندنێکی زۆری بە فیشەکێک کوشتیان.
• عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەنیش تا دواجار ڕایکرد و لە ترسی خەڵک و خۆپیشاندەران بەجێی هێشت.
• زین العابدین بن علی سەرۆکی تونس فریا کەوت هەڵبێت بەرەو سعودیە.
• حوسنی موبارەکی سەرۆکی سی ساڵەی میسر، لەبەرئەنجامی خۆپیشاندانی درێژ ماوەی خەڵک ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا و دواتر دادگایی کرا و ئەویش سەرئەنجام بە زەلیلی و زەبوونی مرد.
• محمد ڕەزا شای ئێران لە بەرئەنجامی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی دیکتاتۆرێتیی ئیمپراتۆرێتییەکەی لەگەڵ هەژارییەکەی کە بەسەر خەڵکدا دایسەپاندبوو، ناچار بە جێهێشتنی تەختی پادشایی کرا و کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆرێتتیە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵییەکەی. پێی سەیر بوو کە ئەو خەڵکەی تا دوێنێ دەست و قاچییان ماچ دەکرد و بە هاتوهاوار بەسەر شاهەنشاهدا “شاهەنشاه واتا پادشای پادشاکان کە ئەو نازناوەی لە خۆی نابوو” دنیایان کاس کردبوو، بەڵام وا ئێستا دژ بە دەسەڵات و تەخت و تاراجی ئەو هوتاف دەکێشن و ىڕوخێ بڕوخێ دروشمی نەبڕاوەیانە. هیچ ووڵاتێکی دنیا وەرینەگرت و ئامادەنەبوو مافی مانەوەی بداتێ بە ئەمریکای دۆست و هاوپەیمانیشییەوە، تا میسر ڕێگای پێدا بچێتە ووڵاتەکەی، هەڵات بۆ میسر و دوای ساڵێک لە ناکاو بە دڵوەستان مرد.
• سەدام حسین دیکتاتۆری بە زەبروزەنگ و خاوەنی سوپایەکی یەک ملیۆن سەربازیی و هێزێکی گەورەی چەکدار و چەکوچۆڵەی جەنگیی لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و خاوەنی هێزێکی گەورەی خۆبەختکەرانی سەددام “فیدائیین صدام” و شەڕکەر، ئەوە بوو لە کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا بە ڕاپەڕینێک دەسەڵات و سوپاکەی ڕاماڵرا لەلایەن ئەو خەڵکەوە کە بەردەوام چەپڵەیان بۆ لێدەدا و گۆرانی و سروودیان پێدا هەڵدەگوت. دواتر و سەرئەنجام بێکەس و بە تەنیا لە کونە مشکێکدا دۆزرایەوە و بەدیل گیرا و سەرئەنجام دادگاییکرا و لە سێدارە درا.
• بێنیتۆ مۆسۆلینی، سەرۆکی دیکتاتۆریی فاشیستیی ئیتالیا، کە لە خۆڕازییبوون و غروریی وایلێکردبوو خۆی بە پیاوی هەرە گەورە و بەهێزی جیهان و تەنانەت مێژووش بزانێت و دەیگوت کە ئەو لەپێناو ئیتالیا و خەڵکەکەیدا بووەتە سەرۆک و خەڵکی ئیتالیا بەختەوەر و شەرەفمەندن کە سەرۆکێکی وەکو ئەویان هەیە. سەرئەنجام کە لەگەڵ هاوسەرەکەی و چەند ئەندامێکی پارتیی فاشیست ویستیان هەڵبێن بۆ ئسپانیا، بەڵام دەستگیرکران و گوللـەباران کران، خەڵک هێندە لێی پڕ بوو بوو دوای ئەوەی کەوتنە دەستیان لاشەکانیان بە شەقامەکاندا ڕادەکێشا و دواتر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە هەڵواسراویی هێشتیاننەوە.

هەموو ئەمانە کە دەڵێی کۆمەڵێک منداڵی لەدایکبووی هەمان منداڵدان، گۆشکراوی هەمان ئامێز، پەروەردەکراوی هەمان ئاکار و مێنتاڵێتیی و هەمان شیریان دەرخوارد دراوە، چەند نموونەیەک و بەشێک بوون لەو جۆرە سیستم، سەرۆک و بنەماڵانەی کە پێیان وابوو هەموو خەڵک و ووڵاتانی دنیا لە پشتیانن و دەیانپارێزن و خۆشیان دەوێن و دەسەڵاتیی ئەوان هەتا هەتاییە و بۆ سەرەولێژبوونەوە و ڕووخان نییە، لە مێژووی نزیکی حەفتا ساڵی ڕابردوودا.
گرنگ و پێویستە ئاگاداربوون لە مێژوو و خۆ گێلنەکردن لە ئاستییدا.




ستەمکاریی و گەمژەیی .. ئەحمەد ڕەسوڵ

دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییە ستەمکارەکان، وەک ئەوەی لە هەمان منداڵدانەوە هاتبن و بە هەمان شیر گەورە بووبن،
هەموویان هەمان حەماقەت و هەمان غروری بۆش داگیریان دەکات.
هەموویان تا دواهەمین خولەکەکانی دەسەڵاتیان، پێیان وایە:
تەنها ئەوان دڵسۆزی ڕاستەقینەی گەل و نیشتمانن،
تەنها ئەوان خۆشەویست و سیمبولی پیرۆزی تێکڕا یان زۆرینەی خەڵکن،
تەنها ئەوان فریادڕەسی ژیانی کۆمەڵگا یان ڕاگری چەتری ئارامیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکن،
تەنها ئەوان پارێزەری گەل و نیشتمانن،
تەنها ئەوانن خاوەن دانایی و بلیمەتییەکی بێوێنە،
تەنها ئەوانن قارەمان و ئازا و چاونەترس،
تەنها ئەوانن خاوەن هێز و قودرەت، هێز و قودرەتێکی لەشکان نەهاتوو.

ئەوەی سەرەوە هەست و تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و خۆسەپێنە سەبارەت بە خۆیان و کۆمەڵگاش.

لە کاتێکدا ئەوان ناپاکی ڕاستەقینەن بە گەل و نیشتمان،
ئەوان بێزراو و مایەی نەفرەتی زۆرینەی خەڵکن،
ئەوان وێرانکەری ژیانی کۆمەڵگا و ڕوخێنەری چەتری ئارامیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکن،
ئەوان سەرچاوەی هەڕەشەی داڕمانی هەمەلایەنەی گەل و نیشتمانن،
ئەوان لە نێو نادانیی و گەمژەییەکی بێوێنەدا گیریان خواردووە،
ئەوانن ترسنۆک و خۆحەشاردەر،
ئەوانن خاوەن هێزێکی فشۆڵ و ساختە، هێزێک کە هەرسات لە ئەگەریی شکان و هەڵاتندایە.

واتا لە وەهمێکدا دەژین کە ڕێک پێچەوانەی ژیانی واقعیی و ڕاستەقینەی خۆیان و کۆمەڵگایە.

بازنە هەرە بچووکەکەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتی بە چەند بازنەیەکی کەمێک فروانتر دەورەدراوە و ئیشی ئەو بازنانە لەو جۆرە سیستم و حوکمڕانێتییانەدا ئەوەیە کە هەم بەرهەمهێنەری ئەو هەست و تێگەیشتنە وەهمییەی دەسەڵاتدارانن لە هەمبەر خۆیان و جڤات، هەم تیۆریزەکەری ئەو وەهمەن ڕووە و دەسەڵاتداران و جڤات بەو ئامانجەی بەرگی حەقیقەتی بەباڵادا ببڕن. ئەو بازنانە لە پلەدارە بەرزە سەربازییەکانەوە بیگرە بۆ شیکەرەوە و نووسەرە سیاسیی و ئابوورییەکان کە تەواوی لۆژیکی نێو کایە مۆنۆپۆڵکراوەکانی ئابووریی، سیاسیی و دەزگاکانی پڕوپاگەندە “لەم جۆرە سیستمانەدا دەزگا مێدیاییەکانی سێبەر و خزمەتکاری دەسەڵاتداران لەوە دەکەون پێیان بگوترێ مێدیا، بەڵکو دەبنە دەزگای پڕوپاگەندە” دەگرێتەوە. کە هەڵبەت لە خوار ئەو چەند بازنەیەشەوە چەند بازنەیەکی دیکە دێن کە کاریان ووردکردنەوەی ئەو حیکایەت و وەهمانەیە کە خۆیان لە کادێرە ناوەندییە سیاسیی و ئابووریەکان لەگەڵ بەرپرسە مێدیایی، هەواڵگریی و چەکدارییەکاندا دەبینێتەوە.
ئەمانە هەموو پێکڕا بەشداریدەکەن لە هەڵچنینی ئەو کۆشکی وەهمەی کە هەست و دەروونی دەسەڵاتداران لە ئارامییدا ڕادەگرێت. واتا ئارامیی و ئاسوودەییەک کە لە خۆگێلکردن لە ژیانی واقعیی جڤاتەوە و لە وەهمی بینین و تێگەیشتنەوە لە خواستی ڕاستەقینەی هاونیشتمانییانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە لەم جۆرە سیستمانەدا ئەوەی دەسەڵاتداران و ئەو چەند بازنەیەی دەوریان داگیردەکات، گێلێتیی و وەهمێکە کە تا ئاستی حەماقەت و گەمژەیی دەیانبات.
لێرەوەیە لە نێو سیستمە سیاسییە ستەمگەرەکاندا، هەر جۆرێکی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی لەوێشەوە سەربازیی، ئیداریی و تەنانەت ئابوورییش، جۆرێک لە حەماقەت یان گەمژەیی بۆ کەسی دەسەڵاتدار دەهێنێت. درێژەکێشانی هەرچی زیاتری زەمەنی هەر کەسێک لە نێو ئەتمۆسفیری دەسەڵاتدارێتییدا، دواجار دەبێتە هەرچی زیاتر گەورەتر بوونی بڕی ئەو حەماقەت و گەمژەییە. زەقترین نموونەی ئەم جۆرە لە حەماقەت و گەمژەییش ڕستە بەنیوبانگەکەی ماری ئەنتۆینێت “١٧٥٥-١٧٩٣” شاژنی فەڕەنسایە، کاتێک لە وەڵام بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاونیشتمانییانی برسییدا، دەڵێت: با کێک بخۆن”Let them eat cake”.

جۆرج ئۆروێل “١٩٠٣-١٩٥٠” لە ڕۆمانە بەنێوبانگەکەیدا “١٩٨٤” وورد و جوان تابلۆی ئەو سیستمە ستەمگەرەمان بۆ دەکێشێت کە دەزگاکانی و بەرپرسەکانییان “هەڵبەت بە کاری کارمەند و کادێرانییان” لە هەڵگێڕانەوەی حەقیقەت و ئاوەژووکردنەوەی هەموو شتێکدا لە نێوکۆیی گوتارە سیاسیی و مێذیاییەکەی سیستم، حزب و بیگ برەزەدا چۆن “ئاشتی، ئازادیی و هێز دەبنە جەنگ، کۆیلایەتیی و نەزانیی”*.

چیرۆکی کەوتنی بن عەلی لە تونس، موبارەک لە میسر، قەزافی لە لیبیا لەم چەرخەدا و مۆسۆلۆلینی لە ئیتالیا، چاوسیسکۆ لە ڕۆمانیا، حەمەڕەزا شا لە ئێران، پینۆشێ لە چیللی و پۆڵپۆت لە کەمبۆدیا، لە سەدەی بیستدا چەند نموونەیەکی کەمن لە مێژووی دەسەڵتدارێتییە سیاسییە ستەمکارەکاندا کە چیرۆکی کەوتنی هەموویان وەک ئەوەی هەمان چیرۆک بن و هەمان کەس نوسیبێتی چونکە هەمان حەماقەت و گەمژەیی بەرهەمهاتووی وەهمی دەسەڵاتدارێتیەکەیان تانوپۆی تەنیون.

دەسەڵاتدارانی ستەمکار، نەوەکو تا دواهەمین ساتی داڕمانی ئیمپراتۆرێتییەکەیان، هێشتا بە قووڵی لەنێو ئەو وەهمەدا چەقیون کە سەرلەبەری تێگەیشتنییان ئاوەژووەدەکاتەوە، بەڵکو لە ساتی کەوتنیشیاندا و دواتریش لە ساتی دادگاییکردن و تیربارانکردنیشیاندا هەموو ئەو ماجەرایە وەکو خەو دەبینن و باوەڕ بە چاو و گوێی خۆیان ناکەن.

………………………………………………

*”ئاشتیی جەنگە – کۆیلایەتی ئازادییە – نەزانیی هێزە war is peace – freedom is slavery – ignorance is strength ” سێ دروشمە سەرەکییەکەی نێو سیستمە سیاسییەکەی بیگ برەزە “برا گەورە” ن.




ئارکۆن و ڕەخنەی عەقڵی دینی … ئەحمەد ڕەسوڵ

کۆمەڵگای کوردستان وەکو بەشێک لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییە “کە ناودەبرێن بە” ئیسلامییەکان، دەرگیرە لەگەڵ کێشەگەلی بونیادیی پەیوەندیدار بە عەقڵ و ڕۆشنبیریی دینییەوە. بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ئێمەش هەمانشێوەی بەشێکی زۆر لە کێشەکانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانە لەسەر ئاستگەلی جودا، لەوانە: کێشەی نوێکردنەوەی بەها و نۆڕم، ڕۆڵی عەقڵ بە مانا ڕەخنەییە زانستییەکەی لە بەرهەمهێناندا لە نێو تەواوی لقە جیاواز و سەربەخۆکانی زانستدا، بە تایبەتی کایەی زانستە مرۆییەکاندا، کێشەی مێنتاڵێتیی کۆنزەرڤاتیڤانەی نێو کایەی سیاسی، کارگێڕیی، دەزگایی و دەوڵەتداریی بە گشتی. واتا زۆرینەی بوار و کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمە کێشەی چەقبەستوویی و دواکەوتوویی لە پەیوەند بە عەقڵیەتێکەوەیە کە ڕەگەکانی بە قووڵی لە سەرزەمینی عەقڵیی دینیی چەقیون.

تێگەیشتنی لاهووتی

لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقەکانی هەر کتێبێکی “کە ناودەبرێن بە” ئاسمانی بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی هەر دەوڵەت، هەرێم یان ناوچەیەکەوە. لەو چێوەیەشدا لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقەکانی قورئان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارانی ووڵاتانی دنیای عەرەبی و “ئەوەی ناودەبرێ بە” دنیای ئیسلامیی. واتا دەسەڵات لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقە دینییەکان قۆرخدەکات بۆ خۆی و بەگوێرەی جۆری تێگەیشتنی دەسەڵات کە هەڵبەت لە خزمەت بەرژەوەندیەکانیدا، جۆرێکی دین دەکاتە تاکە تێگەیشتنی سەرەکیی و زاڵ هەم لە پەیوەند بە نێوخۆی ئەو کۆمەڵگایەوە کە ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتدارە بەسەریدا هەم لە پەیوەند بە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە. واتا ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە دینداین کە جۆری تێگەیشتن، لێکدانەوە و ڕاڤەی دەسەڵاتدارانە بۆ دین زیاتر لەوەی مانا و کڕۆکی خودی دین بێت کە هەڵبەت بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە هەر جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن بۆ دین کڕۆکی ڕاستەقینە و بێچەندوچوونی مانای تاک و تەنهای دین بێت ئەوە هیچ نیە جگە لە لێدان لە فرەمانایی تێکستە دینیەکان و دابڕینیی دین لە قووڵاییە فرە ڕەهەندییەکەی لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دین و لە قاڵبدان و بەرتەسکردنەوەی جیهانیی ناوەکیی و دەرەکیی دین و ماناکانی . ئەوەش ئاشکرایە کە لێکدانەوە، ڕاڤە و تێگەیشتنێک بۆ دین سەروەر کراوە کە هیچ نییە جگە لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێکی لاهووتیی بۆ دین و لەمەشەوە بەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی لاهووتیی لە ئاستێکی هەم جەماوەریی بەرفراوان و هەم چاندنی لەنێو وە هەم بونیادنانی تەواوی دەزگا و ئامرازەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی لەسەر ئەو تێگەیشتن، ڕاڤە و لێکدانەوە لاهووتییە بۆ دین و دواتریش ناردنە دەرەوە و بڵاوەپێکردنی ئەم جۆرە لە دینو ئەم جۆرە لە تێگەیشتن بۆ دین بە تەواوی دنیادا. تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین ڕێگە بە ئازادییی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی دین و تێکستە دینییەکان نادات و هەر جۆرە تێگەیشتنێکی دیکە بۆ دین دەخاتە خانەی کوفر و بە تەکفیرکردن وەڵام بە هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ دین دەداتەوە. واتا تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین، لێکدانەوە و ڕاڤە بۆ دین قۆرخدەکات و ڕێگە بە ئازادیی تێگەیشتن لە دین نادات و ئەمەش لە دۆخی دنیای عەرەبی و ئیسلامییدا دەسەڵات ئەنجامی ئەدات، لە نموونەی وەهابیزم و سەلەفیزم وەکو تێگەیشتنێکی لاهووتی بۆ دین و بەرهەمهێنانەوەی لە ئاستێکی بەرفراوانی جیهانییدا.
زۆرینەی زۆری توێژەرانی فیکری دینی، مانا پێکدژەکانی دەق، مێژووی ئیسلامی، ئاماژە زمانەوانییەکانی نێو دەق، خوێندنەوەی دەق لەنێو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتیی مێژووییەکەیدا و لێکۆڵەرانی دەقە مێژووییەکان لە تەواوی جیهانی عەرەبی و ئیسلامییدا، لە خالێکدا یەکدەگرنەوە و لە چەقێکدا هەمان ئامانج دیاریدەکەن، ئەویش گەڕانە بە دوای ڕەسەنێتییدا “اصالە”. ڕەسەنێتی چییە؟ واتا گەڕانەوە بۆ ئەو دەقە مێژووییانەی جیهانی عەرەبیی ئیسلامیی کە شوناسی ئینسانی عەرەبیی ئیسلامییان لەسەر بونیادنراوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو دەقە مێژوویانە “دەقە فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، ئاکاریی، سیاسیی، ئەدەبی و زانستییەکان” بە کام ئامراز و کام کەرەستانە؟ بە کام مێتۆد؟ ئایا مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، ئەنثرۆپۆلۆژییەکان ڕەچاودەکەن؟ هەڵبەت نەخێر. ئایا توێژینەوە لە دەقگەلێکی مێژوویی پاڵپشت بە مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی و ئەنثرۆپۆلۆژییەکان نەبێت دەرئەنجام دەبێتە چی؟ ئایا هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی دەقگەلیی مێژوویی بە مێتۆد، کەرەستە و ئامرازە زانستییە مرۆییە هاوچەرخەکانی دنیای مۆدێرن نەبێت دەرئەنجام بە چی دەگات؟

داستانئامێزیی یان چیرۆکئامێزیی

تەواوی دینەکان پێکهاتەیەکی چیرۆکئامێز “قصصی” یان هەیە. ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی “myth” و بە زمانی فەرەنسی ” le mythe ” ی پێدەگوترێ “کە دەتوانین لە زمانی کوردیدا بە داستان وەریبگرین نەوەک ئەفسانە” کاتێک بۆ زمانی عەرەبی وەردەگێڕدرێت دەبێت بگوترێ “قصص نەوەک اسطورە” چونکە ووشەی اسطورە کە لە قورئاندا هاتووە بەمانای درۆ و ناڕاستیی دێت و مانایەکی نێگەتیڤی هەیە “{إنْ هَذَا إلاَّ أَسَاطِيرُ الأَوَّلِينَ} “. هەروەها لە قورئاندا هاتووە “{نَحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ أَحْسَنَ القَصَصِ} ” بۆیە ئەوە ڕاستە کە گوتاری دینی لەسەر چیرۆکگەل بینا کراوە. هەر لە سەرەتاکانەوە فەلسەفە “فەلسەفەی کلاسیک لە یۆنان” لە خوێندنەوەی میتۆلۆژیای یۆنانییەوە پەنا دەباتە بەر سەرجەم ئامرازەکانی کە عەقڵ دەستەبەریان دەکات لە بیرکردنەوە و شیکردنەوە و بەڵگاندن و سەلماندن لە پێناو ئەنجامگیری و تێگەیشتندا لە کاتێکدا و لە بەرامبەردا مێتافۆڕ، هێما و ئاماژەکان کە لە نێو ئەدەبدا هەیە و هەروەها لە نێو پانتایی گوتاری دینییشدا بە شێوەیەکی گشتی.
ئەو سێ پەرەگرافەی سەرەوە، سێ لە چەندین تەوەری نێو ئەو گفتوگۆیەی محمد ئارکۆنن لە بەرنامەی مەسارات لە کەناڵی ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەبارەی ئەو جۆرەی توێژینەوەی ئەکادیمی و لێکۆڵەرانی دنیای عەرەبیی ئیسلامییەوە بۆ مێژووی عەرەبیی ئیسلامیی و هەروەها سەروەر و باڵادەستکردنی جۆرێک لە تێگەیشتنی وەهابییانەی سەلەفیی سعودیی بۆ دین و هەژمونکردنی لە ئاستێکی جیهانییدا.

زمان، یادگە و خەیاڵگەی کۆیی

فێربوونی هەر زمانێک سەرباری جۆراوجۆرێتی لە زماندا لەلای هەر کەسێک، کرانەوەی کلتوری و فەرهەنگی لەگەڵ فەزیلەتی شارستانیی و ئاشنابوون بە یەکێک لە ڕێگەکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی مرۆیی و یەکێک لە ڕێگەکانی داهێنان و بەشێک لە کەلەپوری مرۆییە. ئارکون سەبارەت بە کەمینەکان دەڵێت “هەر تاکێک لە کەمینەیەکی زمانیی لە هەر ووڵاتێکدا ناچارە سەرباری زمانی باوانیی وەکو کەمینەیەک، زمانی فەرمی ووڵاتەکەش بزانێت کە زمانی خوێندن و زمانی دەوڵەتە. زمان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەوڵەتەوە. فێربوونی زمانێک جگە لە زمانی باوان، بەدەستهێنانی سامانێکی کلتوری و شارستانییە بۆ هەر کەسێک. زمان یادگەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵە مرۆڤێکە. فێربوونی هەر زمانێک، ئاشنابوونە بە جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن و بیرکردنەوە، ڕێگەیەکی دیاریکراوی داهێنان لەلای کۆمەڵێکی مرۆیی، هەر بۆیە یونسکۆ داکۆکی لە مانەوەی زمانەکان و ڕێگریکردن لە لەناوچوونیان دەکات وەک بەشێک لە توراسی مرۆیی”

چواردەی ئەم مانگە “سێپتەمبەر” دەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی بیرمەندی گەورەی “جەزائیری-ئەمازیغی” دنیای عەرەبی و ئەوەی ناودەبرێت بە جیهانی ئیسلامیی، محمد ئارکۆنە، توێژەرێک بە پاشخانێکی توێژینەوەی فیکریی ڕەخنەیی ئەکادیمیی زیاتر لە چل ساڵییەوە لە مێژوو، گوتار و بونیادە فیکرییەکانی دنیای عەرەبی و مێژووی ئیسلامیی بە خوێندنەوەیەک و تێگەیشتنێکی جیاوازەوە لە خودی دەقی قورئانیش. ئارکون، سەرەڕای زمانی ئەمازیغی کە زمانی باوانی بووە وەکو کەمینەیەک، زمانی عەرەبی، زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزیشی زانیوە. زۆرینەی کتێبەکانی بە زمانی فەڕەنسی نوسیوە و هەندێکی کەمیانی بە زمانی ئینگلیزی نوسیوە.
ئارکۆن خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەندی ئەنترۆپۆلۆژیی بۆ بەشێکی گەورە لە مێژووی فیکری ئیسلامیی و بۆ هەندێک لە تێکستەکانی وەکو”الحکمە الخالدە بە فارسی جاودان خرد”ی ئبن میسکەوەی “ئیبن میسکەوەی، زانایەکی گەورەی ئیسلامیی-ئێرانیی سەدەی دەیەمی زایینییە” دەکات. فرە ڕەهەندیی توێژینەوە و نوسین و کتێبەکانی ئارکۆن، وایکردووە ببێتە یەکێک لە زانا و توێژەرە “یەکەمەکان” گەورەکان لە خوێندنەوەی مێژووی فیکری ئیسلامی، ڕەخنەی گوتاری دینیی، شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی بونیادە عەقڵییەکانی دنیای سیاسی عەرەبیی و بە تایبەتی ڕەخنەی شیکارییانەی بۆ توێژینەوە و خوێندن لە ئاستی زانکۆیی و ئەکادیمی لە دنیای عەرەبییدا. ئەم نوسینە وەکو یادخستنەوەیەکە لە توێژەرێکی گەورەی مێژووی ئیسلامی و دنیای عەرەبی کە نزیکایەتیەکی ئێجگار زۆری بە دنیای ئێمەشەوە هەیە. قسەکردن لە مێژووی زیاتر لە چل ساڵیی توێژەرێکی وەها گەورە کات و ڕووبەری نوسینی فراوانتری گەرەکە. تەنها ئاماژەکردن بە کتێبەکانی و ڕانانییان، بۆ خۆی لە نوسینی کتێب نزیکدەبێتەوە. گرنگە جەدەل و مشتومڕێک کە نوسینەکانی ئارکون لە نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی عەرەبییدا دروستیدەکات، لە دنیای ڕۆشنبیری و فیکریی ئێمەشدا دەنگدانەوە و گفتوگۆی لەبارەوە هەبێت.
خوێندنەوەی ئارکون یەکێک لە پێویستیەکانی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە و دنیای ئەکادیمی و کایەکانی بەرهەمهێنانی زانستیی ئێمەیە. تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئارکون، هیچی کەمتر نییە “ئەگەر زیاتریش نەبێت” لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی فەیلەسوفان، کۆمەڵناسان و نوسەرانی خۆراوایی.




منم، کاوەی جوانیی … ئێوەش، مۆرانەی بێشەرەفیی … ئەحمەد ڕەسوڵ

ئەگەر ئێوە نە تەنێ زەوی، بەڵکو ئاسمانیشتان تاریک نەکردایە،
من بەشی خۆم تیشکم دەبوو.
ئەگەر ئێوە هێندە دڵرەقییتان نەباراندایە،
دڵی منیش وەک سارایەکی بێکەران لە نەرمییدا نەدەبوو.
ئەگەر ئێوە، هێندەی گەردی سەر ڕوومەتی بێگەردی منداڵێک
ئاکارتان لە نێو ئێمەدا دەهێشتەوە،
منیش ئێستا هێندە بێڕەحمانە لە دووریی منداڵەکان و
منداڵەکانیش هێندە دڵهەڵقرچێنەرانە لە دووریی من
نەدەسووتان.

ئای چەند بە سەخاوەتەوە پێشوازیمان لێکردن ئێمە و
چ میهرەبانانە هەموو میهری خۆمان پێشکەشکردن.
ئای چەند بەد هاتن ئێوە و چ دزێویتان لە ڕۆحماندا ڕوواند.
ئای چ حیلەبازانە هاتن ئێوە و چ دڕندانە ئەژنۆتان لەسەر سنگمان چەقاند.

من بەم هەموو ناسکییەوە کوا تاقەتی شەڕی ئەو هەموو دڵڕەقییەم هەیە،
من بەم هەموو جوانییەوە کوا حەوسەڵەی جەنگ لە دژی ئەو هەموو دزێویەی ئێوەم هەیە.
ئێوە چۆن توانییتان تخوبە دوورەکانی دزێوییش تێپەڕێنن!
ئێوە چ جۆرێک بوون لە خراپیی، کە ئیتر خراپیی لە دەرەوەی تەعریف مایەوە.
ئێوە کوڕی کام پیشەگەرانەی دڵشکاندن بوون، کە هێندە بلووری جوانیی ووردوخاش کەن.
ئێوە چ ڕۆڵەیەکی زۆڵی بێوەفایی بوون،کە هێندە بتوانن خائینانە بژین.
ئاخر خیانەت و دڵشکاندن تا سنورێک دەتوانن هەبن،
ئێوە لەوەشتان تێپەڕاند.
ئێوە چ ئەهریمەنزادەیەک بوون کە ئەهریمەنیش حاشاتان لێبکات.
ئاخر خراپەش تا سنورێک ئەریمەنانەیە،
ئێوە لەوەشتان تێپەڕاند.

من کاوەم، هێندە جوانم، لە جوانییدا دەمرم.
من کاوەم، هێندە ناسکم، لە ناسکییدا هەڵدەوەرێم.

لە ناسکییدا هەڵوەریین، وەک هەڵوەرینی گەڵا بە شنەیەک،
کێ لە ئێوە دەتوانێ!
لە جوانییدا لە مردن، وەک ئاوابوونی غوباریی دەنگ، دەنگی چڕینی ئەوین،
کێ لە ئێوە دەتوانێ!
توانەوەی من، وەک توانەوەی ئێوارە بە بێدەنگیی لە شەودا،
کێ لە ئێوە دەتوانێ!
من توانیم، لە ناسکییدا، لە جوانییدا، لە توانەوەدا.

ئەگەر ئێوە تۆزقاڵێک غیرەت و کەرامەت، هێندەی سەرە دەرزییەک جوامێرییتان بوو بووایە،
من بەم هەموو شەهامەت و جەسارەتەوە، بەم هەموو عیزەتی نەفسەوە نەدەمردم.
……………………………………………………………………………………………….
کاوە، ناوی ئەو کەسەی کە لە هەڵەبجە ڕۆژی ٢٦ ی جولای ٢٠٢٠ لە باخی گشتی خۆی خنکاند، ناوێکی سیمبولیکە بۆ هەموو ئەوانەی دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە کۆتاییهێنان بە ژیانیان بە ئارامیی و ڕزگاربوون لە ماندووبوون و تراژیدیای زیندەگییان دەگەیەنێت. جا ئەو هۆکارانەی لە پشت ئەو خودلەناوبردنە چ دەسەڵاتدارێتییە بێباک و نابەپرسیارەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی بێت، چ دڵڕەقیی و فشاری کۆمەڵگا بێت یان بێئومێد بوون و بێهێوابوون لە نزیکان و دۆستانێک کە ڕۆژانێک جێگای ئومێد و متمانە بووبن. واتا لە هەر دۆخێکدا کاتێک ئینسان لە دۆخی بێچارەییدا خودکوژی بەبێ هیچ زیانێک بۆ ئەوانیدی دەکاتە ڕێگاچارە بۆ دەربازبوون لە بێئومێدی و ذڵتەنگییە قووڵە بێکۆتاییەکەی جۆرێک لە ئیستاتیکا یان جۆرێک لە بەرائەتی تێدا دەردەکەوێت وەک ئەوەی هەموو ئەوانیتر بەرپرسیار و تاوانبار بن لە ئاستیدا. بەهەرحاڵ ئەم تێکستە دەرکێشانی ئەو ڕەگەزە ئیستاتیکی و ئەو ڕووبەرە لە ناسکیی و پاکییەیە کە دەشێت لە نێو خودی کردەکەدا و هەروەها دەکرێت لە نێو خودی بکەرەکەدا هەبێت. ئەمە ستایشی کردەی خۆکوژی یان هیچ کردەیەکی توندوتیژانە نییە، بەڵکو هەرخۆی ئەو کۆتاییهێنانە بە خود وەک جۆرێک لە غەدر دەبینێت کە هەمووان لە بەرامبەر خۆکوژدا تیایدا بەشدارن بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ. دیسانەوە وەک دووبارەکردنەوە ستایشی خۆکوژی یان هیچ جۆرێکی توندوتیژی نیە ئەم تێکستە هێندەی نیگایەکی شیعرییە لەو تەنها کەوتنەوەیەی ئینسان لە دۆخی دوورکەوتنەوەی تەواوەتی لە هەمووان و بە ڕاددەیەک کە ئیتر ڕێگای ڕەهای دەربازبوونی لە کۆتی زیندەگی، تەنها لەو کردەیەدا دەبینێت.

ئەحمەد ڕەسوڵ




سیستم لە ئاست جددیەت و گاڵتەجاڕیی … ئەحمەد ڕەسوڵ

ئۆتۆرێتی لەسەر دیسپلین و یاسا بینادەکرێت.

کە دەڵێین یاسا دەبێت هێما بۆ ئەوە بکەین چ ڕستێک لە یاسا؟!

یاساگەلێک کە کەشوهەوای فەزای گشتی دەکەنە کەشوهەوای نێو دەزگاکان، دەزگاکانیش قاندراو بە هەوایەکی خنکێنەر. هەوای یاسا توندەکانی چاودێری و سزا. واتا هەواڵدان بۆ سیمیلاریزەکردنی فەزای گشتی “جا فەزای گشتی- واقعیی وەک شوێنەکانی پێکگەیشتن و کۆبوونەوەی هاونیشتمانییان لە بابەت پارک، ناوەندە کلتوری و فەرهەنگییەکان، شەقام و قاوەخانەکان …هتد بێت یان فەزای گشتی- مەجازی وەک تۆڕەکانی پێکگەشتنی کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕ و ڕووبەرەکانی دەربڕینی بیروڕا و گفتوگۆی خەڵک لە ڕێگای هێڵەکانی ئینتەرنێت و ئامێرە تەکنۆلۆژیەکانەوە بێت” بە فەزای نێو دەزگا بیرۆکراتیەکانی جەستەی ئۆتۆرێتی خۆی. یاساگەلێک کە نوێنەرایەتی ئۆتۆرێتی دەکەن دژ بە هەناسەدانی ئازادانەی تاکەکەسەکان.
لێرەدا یاسا بەجێی ئەوەی ئازادیی فەراهەم بکات و بیپارێزێت خۆی دەبێتە مۆتەکە دژ بە ئازادیی تاکەکەسەکان. کەسەکان دەبێت ڕەفتار و گوفتاریان لە چوارچێوەی یاسا و دیسپلین بێت، هەڵبەت یاسا و دیسپلین کە لە خزمەت ئۆتۆرێتیدایە. واتا یاساکان و ڕێنماییەکان کە بەسەر دەزگاکاندا دادەسپێنرێت و دواتریش هەوڵدەدرێت هەمان ئەو ئەتمۆسفیرە کۆنتڕۆڵکراو و دەستبەسەرداگیراوەی نێو دەزگاکان بگوازرێتەوە بۆ نێو فەزای گشتی. واتا هەمانشێوەی ئەتمۆسفیری نێو دەزگاکان، ئەتمۆسفیری فەزای گشتییش کۆنتڕۆڵبکرێت و دەستیبەسەردابگیرێت.

لەم جۆرە سیستمەدا ئۆتۆرێتی هیچ نیە جگە لە دەسەڵاتدارێتی بەسەر کۆمەڵگا وەک ڕووبەرێکی گشتیی کۆمەڵایەتی، گروپ و تاکەکەسەکاندا بەمەبەستی هەرچی زیاتر بێدەنگکردنیان کاتێک سیستم پێویستی بەبێدەنگییە “هەڵبەت لەم دۆخەدا بێدەنگیی مانای نەبوونی بەرەنگاری و ناڕەزایەتی دەگەیەنێت” وە دەنگپێهەڵبڕینی کۆڕاڵئاسایان کاتێک سیستم پێویستی بە ماڕشی گەورەیە بۆ نمایشیی هێز، توانایی و گەورەیی خۆی. واتا لە نێو ئەم جۆرە سیستمەدا نەبێدەنگیی، بێدەنگیی ئینسانەکان خۆیانە و نە دەنگهەڵبڕینیان، هاتنەدەنگیی ڕاستەقینەی ئینسانەکان خۆیانە. بەڵکو هەم بێدەنگیی و هەم دەنگهەڵبڕینی خەڵک “لەم دۆخەدا”، بێدەنگیی و دەنگهەڵبڕینی سیستم خۆیەتی، بۆیە ئیتر شتێک نامێنێت بەنێوی دەنگ و بەرجەستەکردنی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی لە نێو هەناویدایە، بۆیە شتێک بەنێوی ئازادیی تاک و گروپەکان لەمجۆرە سیستمەدا نەک ناتوانێت هەبێت بەڵکو دەبێتە هەڕەشە بەسەر سیستمەوە.
بۆیە ئەم جۆرە لە سیستم بەگشتی، دۆخی جدییەت و وابەستەیی دەکاتە دۆخی باو و زاڵ لە ژیانی ڕۆژانەییدا. دەزگاکان و فەزای گشتیی دەبنە شوێنی نمایشی یاساکان و دیسپلینەکان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردن و بەڕۆبۆتکردنی تاکەکەسەکان.
ئۆتۆرێتی “لەمجۆرە سیستمەدا” واتا دەسەڵاتی بێسنوور و لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵ و چاودێریی بازنەیەک لە کەسانی سەروویاسا و سەروولێپرسینەوە بەسەر تەواوی دەزگاکاندا، بەسەر دەسەڵاتدارێتی خۆشیدا. واتا ئەم جۆرە لە سیستم نە کۆمەڵگا و تاکەکەسەکانی کردووە بە ئامانجی خۆی بەمەبەستی لە خزمەتدابوون و پاراستنیان، وە نە بەرژەوەندی گشتیی و ژیانی پێکەوەیی ئینسانەکانی کردووە بە ئامانج، تەنانەت نە یاساکان و دەزگاکانیشی کردووەتە ئامانجی خۆی، بەڵکو ئەوەی لە ئامانجیدایە و لە هەناویدا چێنراوە بۆ لەخزمەتدابوون و پاراستن، دەسەڵات و ئۆتۆرێتیی بازنەیەکی بچوکە کە دەشێت بنەماڵەیەک بێت یان زیاتر وە یان گروپێکی پێکهاتوو لەگەڵیەکدا یان هەندێجار تەنها کەسێکە لە لوتکەی هەڕەمەکەدا.

سیستم وەک ڕوخسارێکی گرژومۆن، گاڵتەجاڕیی وەک دژوەستانەوە بە سیستم

ئیتر لێرەدا سیستم و ئۆتۆرێتی دەیانەوێت بچنە هەر کونج و کەلەبەرێکەوە و هیچ پنتێک نەمێنێتەوە لە ژیانی کۆمەڵگا و ڕووبەری گشتییدا دەستیانپێڕانەگەیشتبێت و بە یاسا و ئەمر و نەهییەکان دیسپلین و کۆنتڕۆڵنەکرابێت. بۆیە سیستم هەموو ڕووبەرێک بە جددیەت و ڕەسمییەتی خۆی دادەپۆشێت. واتا سیستم، هەم دەزگاکان و هەم فەزای گشتی “واقعی و مەجازی” دەکاتە شوێنی بەلاغە ڕەسمییەکان و قسە و گوتارە جددیەکانی دەسەڵات خۆی. بەڵام لێرەدا دەبێت هێما بۆ ئەوە بکرێت، کە پێشتر باسلەوەکرا کە بێدەنگی و دەنگهەڵبڕینی خەڵک ئەو کاتەیە کە سیستم دەیەوێت، واتا سیستم دیاریدەکات کەی ئینسان بێدەنگ بێت و کەی دەنگی هەبێت. بەهەمانشێوە سیستم خۆی ئەوەش دیاریدەکات کە چۆن و کەی و تا چەند بۆمان هەیە کۆمیدی و نوکتەباز بین. واتا ئەوە سیستمە کە دەمانکاتە بوقی دەنگدانەوەی نوکتە و گاڵتەجاڕییەکانی خۆی. ئۆتۆرێتی لە هەندێ ساتدا “کە زۆر نیین” نوکتەیەک و کۆمیدیایەک دێنێتە گۆڕێ و لە دوای ئەوەوە ئێمە بۆمان هەیە پێبکەنین و نوکتە و فشقیاتەکەی ئەو چەندین جار بڵێینەوە و سەرسام ببین پێی لە شادیهێنیی و خەندەزاییدا. تەنانەت لەم دۆخەدا ئەگەر تاکەکەسەکان پێکەنینان نەیات و نوکتەکەی ئۆتۆرێتیی و سیستم بە نوکتەکی خۆش و خەندەهێن نەزانن و دانەنێن، دەکەونە بەرەی دژ بە دیسپلین و دژ بە یاسا و لەوێوە دژ بە سیستم.
بەوپێیەی ئەم جۆرە لە سیستم هەر ناجددییبونێک بە دەرچوون لە دیسپلین دادەنێت و هەر جۆرە گاڵتەجاڕییەک بە لەقبوونی دەسەڵاتی خۆی دەزانێت، هەڵبەت جگە لەو ساتانەی کە خۆی بەرهەمهێنی ناجددییبوونە وەک پێشتر هێمای بۆ کرا، بۆیە هەموو کات و لە هەر شوێنێک سیستم لە ڕێگای یاسا ڕاگەیەنراو و ڕانەگەیەنراوەکانیەوە، لە ڕێگای دیسپلینە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانیەوە، شوناسیی جدییبوون و ڕەسمییەت وەردەگرێت. جدییەت و ڕەسمییبوون سەر بە سیستم و ناجددییبون و نارەسمییبوون دەبێتە لاساریی و بێگوێیی لە ئاست سیستمدا. لێرەوە گاڵتەجاڕیی و فوکاهەت مانای یاساشکێنیی و لادەریی “لادان” وەردەگرن و دەبنە دوژمنی سیستم. لە دۆخێکی وەهادا هەر جۆرە فشقیات، نوکتە و گاڵتەجاڕییەک کە بەدەر لە ڕێپێدان و مۆڵەتی دەسەڵات و سیستم بێت “واتا لە دەرەوەی ئەو سات و مەبەستە بێت کە سیستم و ئۆتۆریتی خۆی بەرهەمهێنی ئەو فشقیات و گاڵتەجاڕییەیە” و وەک کردەیەکی یاخیگەرانە و دژ بە سیستم لەلایەن سیستمەوە و وەک کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی ئازایانە و ئازادانە لەلایەن خەڵکەوە هەژماردەکرێت.
کاتێک باس لەمجۆرە لە سیستم دەکرێت و ئەو خواستە توندەی دەسەڵاتخوازیی ئاماژەی پێدەکرێت، خۆبەخۆ مەرج نیە کە سیستم و دەسەڵاتدارێتیەک لە بەردەمماندا بێت لە بابەت کۆریای باکوور و بەدەر لەوە نەتوانین بۆ ناونانی هیچ سیستم و ئۆتۆرێتییەکیدی بەکاریبهێنین. سیستمێک و دەسەڵاتدارێتیەک کە لە کوردستان لە دوای ڕاپەڕێنەوە “بە تایبەت و بە دیاریکراوی لە دوای کەوتنی بەعسەوە لە ٢٠٠٣” پایەدارە و کاری بۆ دەکرێت لەمجۆرە سیستمەیە بەڵام هێشتا توانایی داپۆشینی هەموو درز و کەلەبەرێکی نێو کۆمەڵگای ئێمەی نییە و هێزی لەنێوبردنی ئەو پەڕاوێزەی خۆبەرجەستەکردنی خەڵک “بە هەموو شێوازەکانیەوە” ی نەبووە. واتا خواستێکی توندی دەسەڵاتخوازیی و هیرارکیەتێکی ئۆتۆرێتی کە هەنگاو بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی لەوجۆرە دەنێن ئامادەن، بەڵام هێشتا توانایی سەراپاگیری و دیسپلینی نەگەیشتۆتە ئاستی کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ڕووبەری گشتی و هەموو کۆمەڵگا.
کۆمەڵگای کوردی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ ەوە “هەڵبەت پێشتریش ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی سیستم بە جۆری جیاواز و لە وێستگەی جیاواز و لەسەر ڕووداو و بڕیاری جیاواز هەبوون، بەڵام مەودایەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانیان نەبووە، بەڵکو ئەوە لە دوای ٢٠٠٥ ەوەیە کە نارەزایەتی و توڕەیی خەڵک بە جۆری جیاواز تەعبیر لە خۆی دەکات و لەسەر ئاستێکی گشتیی و کۆمەڵایەتیی بەرفراوان خۆی بەرجەستە دەکات” دەستیکردووە بە ئەزموونکردنی هەموو ڕێگاکانی بەرەنگاریی و بەرجەستەکردنی ناڕەزایەتی و توڕەبوونەکانی خۆی لە ئاست دەسەڵاتدارێتیەک کە جگە لە بەرژەوەندییەکانی خۆی و پترکردنی هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە هیچیدیکە نازانێت. لە ساڵی ٢٠٠٦ و سوتاندنی مۆنیومێنتی شەهیدانی کیمیاباران لە هەڵەبجەوە تا ئێستا ڕێگاکانی نارەزایەتی توندوتیژانە، سوتاندن، خۆپیشاندانی بەردەوام و گردبوونەوەی بێشومار و تا دەگات بە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی و دواتر بە هاوار و توڕەبوونەکانی سەر تیڤی و وتار و نوسین لە مێدیا و ئەم چەند ساڵەی دواییش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا. بەڵام بە درێژایی ئەم هەموو ساڵانە و لە تەنیشت هەموو جۆرەکانی نارەزایەتی و کردەی بەرەنگارییەوە، شێوازێکی دیکەی بەرەنگاریی و دژوەستانەوە بە سیستم، بە دەسەڵاتدارێتی و بە تاکەتاکەی دەسەڵاتدارانیش و لەسەر هەر ڕووداو و دیاردەیەک، شێوازێکی کاریگەر و زوو بڵاوبووەوە بە نێو کۆمەڵگادا، شێوازی شیعری ساتیری، نوسینی کۆمیدی، کاریکاتێری ڕەخنەگرانە و فشقییات بە یاسا و دیسپلیەکان، ڤۆیسی قەشمەریکردن بە سیستم و ڤیدیۆی گاڵتەپێکردن و پێڕابواردنی هەندێجار، بە سیستم و دەسەڵاتدارێتیەکە، هەندێجار بە دەزگاکان و دەسەڵاتداران بووە. ڤیدیۆی گاڵتەجاڕانەی زۆر بڵاوبووەوە بە نێو خەڵکدا لە نموونەی ڤیدیۆکانی کۆچکردوو کاک عەبدوڵڵا هەڵەبجەیی، چەند ڤیدیۆکەی کاک سەردار “لەبەینی دوو کەوانەیا” لە ماوەی پێشوو، هەروەها لەم چەند ڕۆژەی پێشوو ڤیدیۆی کەسێکە لە پشت “وابزانم” بلۆکێکەوە بەشێوازی چاوشارکێ لە سەر کەمپەینی “کوا٤٠٠ملیارەکە؟”.
لەوانەیە هەندێک وابزانن یان وایڕادەگەیەنن کە گوایا ئەو شێوازە لە ڕەخنە و دژوەستانەوە بە ڕووی دەسەڵاتداراندا، بێکاریگەر و تەنانەت جۆرێکە لە خۆخاڵیکردنەوەی بێئەنجام کە کاریگەریی لەسەر هێوربوونەوەی توڕەیی خەڵک دادەنێت لە پەنانەبردنە بەر ڕێگاکانیتری بەرەنگاریی. بەڵام من بەپێچەوانەوە دەیبینم، جگە لەوەی یەکێک لە ئامرازە گرنگ و ئاسانەکانە بەدەست خەڵکەوە بۆ فشاردانان لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران و تەنانەت بەڕاددەیەک دەتوانین بڵێین کاریگەرە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی میللیی و کۆیی لە بەڕووداوەستانەوەی دەسەڵات و دەسەڵاتداراندا، ڕێگایەکی کاریگەریشە لەسەر دەسەڵاتداران بەڕاددەیەک هێندەی وێنەی دەزگایەک یان دەسەڵاتدارێک بە چەند ڕستە و گوزارشێکی قەشمەرجاڕانەوە دەزگاکان و دەسەڵاتداران بێزار و نیگەران دەکات، لەوانەیە بە چەندین ئامرازی دیکەی فشاردانان نەتوانن ئەو کاریگەریە جێبهێڵن لەسەر دەسەڵاتداران. قەشمەریپێکردن و تانەلێدانی دەزگاکان بە گوزارش و وێنەی گەپئامێز و فشقیاتئامێزەوە دەتوانێ زەبرێکی کاریگەرتر بێت کە لە شکۆی ڕەسمیی ساختەچییانە و قاوغی بەتاڵی جدییانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بدرێت.




گەڕان بەنێو جەنگەڵەکاندا … ئەحمەد ڕەسوڵ

دەڕۆم تا فەرامۆشیی لە هەموو شتێک،
دەڕۆم تا شلبوونەوە، تا بەهەڵمبوون،
دەڕۆم بۆ نێو جەنگەڵەکانی ڕۆح،
بە دوای قالۆنچەیەکدا کە بێتاقەتە لە خۆی، دەگەڕێم.
بە دوای کرمێکدا کە نیگەرانیی دایگرتووە،
بە دوای گەڵایەکدا کە بەر لە وادەی خۆی کەوتە خوارەوە،
بە دوای ژیژکێکدا، کە نەرم نەرم لەنێو ئارامییدا،
گلەییەکانی دەرهەق بە دڵرەقیی باران،
لە سەر ڕێگای یادەوەری خۆی دەنوسێتەوە، دەگەڕێم.
بە دوای ڕەشەبایەکدا، کە وەکو چەقەڵ دەلوورێنێ لە تاو ئازار، دەگەڕێم.
تاقەتی ئەوەم نییە، بچمە بەر تاڤگەی جەنگەڵەکان،
ئاسودە لە پەرشبوونەوەی تیشک و دڵۆپە بێخەیاڵەکانی ئاو بنۆڕم.
دەچمە نێو جەگەڵەکان تا لە قووڵاییدا بگەمەوە بە لمی ناکۆتای ئەندێشەکان،
بگەمەوە بە سەراب و بگەمەوە بە دڵی سەوزیی بیابان.
تا سەوزایی دەخەمەوە نێو دڵی ژیان، دەگەڕێم.

ناچمە نێو جەنگەڵەکانەوە، تا لە پای دۆزینەوەی
گوڵێکی دەگمەنیی پەڕخەندەزا*،
هەستی ناوازەیی بچێژم.
ناچم تا بەنێو مەستیی شنەی بادا تێپەڕ ببم.
ناچم تا خۆم لە شێ و بۆنی تەڕی درەختان هەڵکێشم.

دەچمە نێو جەنگەڵەکانی دەروون
بەدوای ڕازی خۆحەشاردان و
نهێنییەکانی ڕاکردندا، دەگەڕێم.
خۆحەشاردانی ئینسان لە خۆی و
ڕاکردنی لە ئەوانیدی.
بە دوای کەشفی خۆفریودانی شادمانیی
بە تێپەڕ بوون بە زەماندا، دەگەڕێم
بە دوای تێگەیشتن لە ڕاستەقینەی دڵتەنگیی و
حەقیقەتبوونی تراژیدیادا بە تێدابوون
لە نێو کاتدا، لە هەر شوێندا، دەگەڕێم.
دەچمە نێو قووڵایی جەنگەڵەکانی دەروونم،
تا ڕۆشنایی، تنۆک تنۆک
هەڵڕێژمە نێو دەروونی شەو.
بەڵام هەر تێپەڕیین بە جەنگەڵەکەندا
تێپەڕیینە بە شەودا، تا دوایی شەو، هەر شەو.
دەچمە نێو جەنگەڵەکانی نائاگایی،
تا ئاسۆیەکی ڕووناک بدەم بە
دڵی تاریکی بوون.
بەڵام بوون لە نێو تاریکیدا
دەتوانێ چ پەنجەرەیەک و چ ئاسۆیەکی هەبێت
ڕەش نەبێ؟!

دەچمە نێو جەنگەڵەکان
جەنگەڵەکانی خەیاڵ و جەنگەڵەکانی زمان.
بە دوای ووشە دروستکراوەکانی نێو خەیاڵی ئەهریمەن و
ڕستە کوژراوەکانی نێو سەری جەنگدا، دەگەڕێم.
بە دوای تیشکە تاریکەکانی ئاسمانیی ساردیی خەیاڵ و
دیمەنە ترسناکەکانی داڵغەدا دەگەڕێم.
بە دوای مانادا لە نێو خەیاڵیی بێڕەنگیی زماندا، دەگەڕێم.
دەگەرێم لە نێو قووڵایی جەنگەڵەکانی زمان و تاریکستانە چڕەکانی خەیاڵ.
دەچم تا لە نێو خەیاڵێکیدی و زمانێکیدی
وون دەبم تا بگەڕێم.
دەگەڕێم بۆ مانایەکیتر.
تا مانایەکیدی بە زمان و مانایەکیدی بە خەیاڵ بدەم،
لە نێو خەیاڵ و لە نێو زمان، مانایەکیدی بدۆزمەوە.
تا دۆزینەوەی مانایەکیدی، وون دەبم.

دەڕۆم بۆ نێو جەنگەڵەکان، دەگەڕێم.
دەگەڕێم تا وونبوون.
…………………………………………………………………………………………………………………………………….

  • پەڕخەندەزا: ووشەیەکی داتاشراوی هەر سێ ووشەی پەڕ “پەڕەی گوڵ” ، خەندە و تێزانە. واتا پەڕەی گوڵ کە خەندەی تێزابێت.



ڕیۆ … کۆرۆنا … ئەحمەد ڕەسوڵ

“بازرگانی و هەر جۆرە چالاکی و جوڵەیەکی مرۆیی پەکی کەوتبوو. خەڵکی بە توندی نیگەران بوون بەرامبەر دەردێک کە بووەتە هۆی تێکدانی ئەو شێوە ژیانەی کە دەقیان پێوەگرتبوو لەگەڵ ئەو خوو و نەریتە باوانەی کە هەست و دەروونی ئەوانی لەسەر ڕاهاتبوو. بۆیە خەڵک تووشی شڵەژان، ترس و توڕەیی لەو پەتا تازەیە هاتبوون چونکە تاعون بووبووە لەمپەر لەبەردەم هەست و خوویاندا لەلایەک و بەرژەوەندیەکانیشیان لەلایەکی دیکەوە. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی تاعون کوا بە گوێرەی هەست و بەرژەوەندیەکان بەڕێوەدەبرێ؟!”
ئەوەی سەرەوە پەرەگرافێک لە نێو ڕۆمانی “تاعون The Plague” ی ئەلبێر کامۆیە لە ساڵی ١٩٤٧ بڵاوکراوەتەوە کە باس لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی تاعون دەکات لە شاری کەناردەریایی “وەهران Oran”ی جەزائیر لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستدا. شاری وەهران “ئۆران” لە مێژووی خۆیدا چەندین جار بڵاوبوونەوەی پەتا و تاعونی بە خۆیەوە بینیوە کە دواهەمینیان لە ساڵی ١٩٤٤ دا بووە. هەڵبەت کە هەموو ئەو جارانەی پەتا یان تاعون لەو شارە بڵاوبووەتەوە، ژمارەی توشبووان و قوربانییان ڕێژەیەکی زۆر نەبووە.

ڕۆمانەکە چەندین کارەکتەری جودا و دژبەیەکی تێدایە لە باری بۆچوون و جیهانبینییەوە لە ئاست کێشەگەلی وجودی و هەم لەباری بەرپرسیارێتی و ڕژدبوون “جدییەت” ەوە لە ئاست ژیانی کۆمەڵایەتی و فەزای گشتییدا. ئەم بیر و تێگەیشتنە جیاوازانە لە گفتوگۆیەکی قووڵ و درێژدان لەمەڕ پرسگەلی جوداوە، بەڵام ئەوەی کە هەمووان دەخاتە نێو یەک بەرەوە و وادەکات هەمووان هاوشانی یەکدی ڕاوەستن، بڵاوبوونەوەی تاعونە.

دکتۆر بێرنارد ڕیۆ کە پاڵەوانی سەرەکی نێو ڕۆمانەکەیە، کەسێکی بیرفراوان و ڕۆشنبیرە کە پیشە و زانستی پزیشکیی وەک ڕێگایەک بۆ بەرجەستەکردنی لەخەمدابوونی ئینسان و بەتەنگەوە چوونی مرۆڤ دەبینێت و فریاکەوتنی ژیان و ڕزگارکردنی ژیان بە کاری هەرە سەرەکی و لەپێشینەی خۆی وەک ئینسانێک بە تەنیشت هەموو ئینسانەکانی دیکەوە، هەم وەک پزیشک کە پیشەیەکە بە تەنیشت هەموو پیشەکانی دیکەوە و پتر نیە و زانستی پزیشکییش زانستێکە بە تەنیشت هەموو زانستەکانی دیکەوە، دەبینێت. دکتۆر ڕیۆ لە پەیوەندیەکی قووڵ و پڕ گوتوبێژدایە لە تەک کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی کە لە دەوروبەریدا دەژین، کە پیشەی جیاواز و پلەی خوێندەواری و بڕوانامەی جیاوازیان هەیە. دکتۆر ڕیۆ لە سەردان و دەواکردنەکانیدا بۆ نەخۆشەکانی هێندەی ژیانپێبەخشینەوە و چاککردنەوەیانی بۆ گرنگە هێندە ئەوەی بۆ گرنگ نیە کە وەک پزیشکێکی زیرەک و دانا ببینرێت، هێندەی پێبەخشینی ئاسودەیی و ئارامیی دەروونیی بە نەخۆشەکانی و پێشکەشکردنی ڕێز و خۆشەویستی بە ئەوانی پێ گرنگە هێندە کەڵەکە کردنی سەروەت و سامانی بۆ گرنگ نیە. هێندەی زیندەگیی، جا هی هەر کەس بێت، بۆ گرنگە هێندە پارەوپوڵی بۆ گرنگ نیە.

ڕیۆ هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و کەم کەم بڵاوبوونەوەی تاعونەوە، کە کەم کەم و دواتر زیاتر و زیاتر هاتنەوە دەرەوەی مشک و جرجەکان بەنیوە مردوویی و لە دۆخی گیانەڵادا لە زێراب و سەرەنوێلک و شوێنەکانی دیکەوە و دەرکەوتنیان بە مردوویی لە هەر کون و قوژبنێکدا هێمای سەرهەڵدان، دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتایەک بوو کە دواتر بوو بە تاعونێکی ترسناک و کوشندە، ڕیۆ هەر زوو دەرکی بە گەورەیی و دڕندەیی تاعونەکە کرد و بۆیە تەواوی ووزە و توانای خۆی کۆکردەوە و خۆی بۆ تەرخانکرد کە بەو هۆیەوە پێڕانەدەگەیشت بە دەواکردن و ئاگالێبوون لە هاوسەرەکەی خۆی کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبوو.
“یەکەمین شتێک کە تاعون بە دیاری بۆ هاووڵاتییانی ئێمە هێنای، نامۆبوون بوو. واتا غەریب بوونی مرۆڤ بە شار، شەقام، شتەکان و مرۆڤەکانیدی”
دوای ماوەیەک، گشت دەروازەکانی شارەکە داخران و شارەکە بەتەواوی دابڕێنرا “بە قەولی ئێستا کۆرەنتینquarantine یان کەرەنتایم quarantime کرا” لە شوێنەکانیدی، کە ئەمەش بوو بە هۆی لێکدابڕانی خەڵک لە نزیکان و خۆشەویستانیان. واتا تاعون بوو بە هۆی لێکدابڕان و ئاگالێنەمانی خەڵکی لەیەکدی تا ڕاددەی نامۆ بوونی خەڵک بە یەکدی و تەنانەت نامۆبوون بە شوێن و شتەکانیش.

ڕیۆ لە گفتوگۆکانیدا هێندە بە قووڵی ئەرگیومێنتسازیی دەکات دەربارەی هاوکاری و هاودەردی بۆ مرۆڤ تا ئەوەندەی ئیمکان و لە توانا و تێگەیشتنماندا بێت نابێت کەمتەرخەمی بکەین بۆ هەر کەسێک کە پێویستی پێمانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێداهەڵگوتن و ستاییش یان پاداشت و سوپاسێک کە بەدەستی بێنین لەوپێوەندەدا. ئەنجامی گوتوبێژەکان بەو بارەدا دەکەوێتەوە کە هاوڕێیانی ڕیۆ خۆبەخشانە چەندین گروپ و تیمی تەندروستی پێکدەهێنن بۆ هاوکاریکردن و فریاکەوتنی ئەوانەی تووشی تاعون دەبن و کارئاسانییکردن بۆ پزیشک و پەرستاران لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی چارەسازییدا. هێندە ژمارەی تاعونلێدراوان زۆر دەبن تا وایلێدێت بواری خواردن و خەوتن هێندە کەم دەبێتەوە بۆ پزیشک و پەرستاران هەروا بۆ خۆبەخشانی تیمە فریاگوزارییە تەندروستیەکان بە ڕاددەیەک تەنها چەند کاژێری کەم خەوتن و تەنها دوو ژەم خواردنی بەپەلە، بەڵام ڕیۆ هەندێ شەو هیچ ناخەوێت و هەندێ شەویدی تەنها جەند کاژیرێکی زۆر کەم هەروەها خواردنیش تەنها ژەمێک.

لە وەها دۆخێکدا، یەکێک لە خۆبەخشانی تیمە فریاگوزارییەکان کە هاوڕێیەکی ڕیۆیە و لە گفتوگۆکانیاندا بیروبۆچونی جودا و هەندێکجار دژ بە بیروبۆچونی ڕیۆی هەیە، لە کاتی سەرقاڵبوون بە تاعونلێدراوێکی زۆر بەتەمەن کە خۆی لە بنەمادا نەخۆشیی دیکەشی هەبوون، وە بەو هۆکارەی کە تاعونلێدراوان گەلێک زۆرن و فریاناکەون، هەروەها هەمووان ڕوون دەزانن کە کابرای زۆر بەتەمەن دەمرێت، بەجۆرێک هەر خۆ پێوە سەرقاڵکردنێک و دەواکردنێکی نەک نایگەیەنێتە چاکبوونەوە بەڵکو ناتوانێت چەند ڕۆژێکیتر زیاتر بخاتە سەر ژیانی ئازاراویی و واوەتریش هیچ چارەسەر و تێدا مەسرەفکردنێکی دەوا و دەرمان تەنانەت نەک ڕۆژێک بەڵکو چەند کاژێرێکیش ناخاتە سەر تەمەنیی، بۆیە هاوڕێکەی ڕیۆ دەڵێت با واز لەوانە بێنین بۆ خۆیان بمرن کە هەر دەمرن هەرچی بکەین و نەکەین، بەجێی ئەوە بە خەڵکی دیکەوە سەرقاڵ بین و ئەو دەواودەرمانە کە هاتۆتە کزی و زۆر کەم بووەتەوە بۆ ئەوانی دیکە بەکاربێنین کە ڕەنگە ئەنجامێکی هەبێت. بەڵام ڕیۆ وەک هەمیشە بۆچونە نەگۆڕەکەی خۆی پاتە دەکاتەوە و دەڵێت:
هەرچی دانایی و زانستێک کە دەیزانین لەگەڵ دەواودەرمانێک کە بەردەستە و هەر ووزە، کات و تواناییەک کە لە ئیمکانماندایە دەبێت لەهەر کەسێکدا بەخەرج بدەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەمەنی هەرچەندێک بێت و هەر نەخۆشیی و دەردێکی هەیە و تەنانەت ئەگەر نەک کاژێرێک بەڵکو خولەکێکیش بۆ لەژیاندا مانەوەی زێتر نەکات.

لە کۆتاییدا کە تاعون پاشەکشە دەکات و شارەکە بەرەو ڕزگاربوونی تەواوەتی دەچێت لەو پەتا دڕندەیە، خەڵک دەکەونە ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی شادمانیی خۆیان وسوپاسگوزاریی پێشکەش بە ڕیۆ دەکەن، بەڵام ڕیۆ بەو هۆیەی کە بەو سوپاسگوزاریی و ڕێزلێنانە کەیفساز نیە، بۆیە هەر زوو لەگەڵ هاوڕێکانی و ئەوانەی لە دەوروبەریدان بابەتی قسەکردن و گفتوگۆ دێنێتە گۆڕێ و لە پەیوەند بەو گیانی هاوکاری و هاودەردییەی کە هاوڕێکانی و خۆبەخشانیدی لە نێو گروپ و تیمە فریاگوزارییە تەندروستیەکاندا پێشانیاندا “هەڵبەت کە دەبێ هێما بۆ ئەوە بکەین کە ڕیۆ باوەڕی نەگۆڕی بەوە هەبوو کە ڕەگەزەکانی ئاکاری بەرزی مرۆیی لە وێنەی چاکەخوازی، ژیاندۆستی، هاوکاری و هاودەردی مرۆڤ لە هەمبەر مرۆڤدا، ڕەگەزە زاڵ و بەهێزەکانی نێو سروشت و دەروونی ئینسانن سەرباری هەر بارودۆخێک و هەر ژینگەیەکی فەرهەنگی و کلتوری، واتا ئەم ڕەگەزانەی بە بنەمایی و نەگۆڕ دادەنان لە نێو وجودی ئینساندا لە هەر جێیەکی ئەم دنیایەدا” دەڵێت: “ئەوەی لە نێو نەهامەتییەکاندا مرۆڤ فێری دەبێ، ئەوەیە کە لەنێو کەسەکاندا ئەوەی شایان بە ستاییش و پێداهەڵگوتنە زیاترە لەوەی شایان بە سەرزەنشتکردنە. “




زۆڵێتیی و حەرامزادەیی سیاسەت، پەرلەمان و دەسەڵاتدارێتی …. ئەحمەد ڕەسوڵ


ئاڵۆزی و سادەیی یان حەقیقەت

پێچاوپێچکردن لەنێو زماندا و دروستکردنی ئاڵۆزیی لە مانادا لە هەندێ باردا دەکرێت خۆی بەشێک بێت لە پڕۆسێسێکی فراوان بۆ بەرهەمهێنانی ڕێژەیی تێگەیشتن و ئەستەمبوونی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی ڕەها و بڕەر، واتا ڕێگر بێت لە زاڵکردنی فۆڕمێکی دیاریکراوی داوەریکردن و ڕێگربێت لە سەروەربوونی نۆڕمێک یان چەند نۆڕمێکی دیاریکراو، بەڵکو ئەم ئاڵۆزیە هەمیشە زەمینە خۆشبکات بۆ فرە تێگەیشتنی جیاواز و بۆ نۆڕمگەلی جیاواز. واتا پێچاوپێچیی زمان و ئاڵۆزیی مانا دەکرێت ڕێگای گەیشتن بێت بە پلوراڵیزمی ڕاستەقینە و سەروەرنەبوون و زاڵنەبوونی هیچ تێگەیشتنێکی دیاریکراو، بەڵکو هاوشانبوونی تێگەیشتنگەلی جیاواز و بەتەنیشت یەکدیەوە ڕاوەستانی نۆڕمگەلی تەواو لێکجودا. واتا ئاڵۆزیی دەشێت ڕێگایەک بێت بۆ گەرانتیکردنی فرەیی، جیاوازیەکان و هاوشانبوونیان.

هەروەکچۆن دەکرێت لە زۆر باریشدا پێچاوپێچکردن لە نێو زماندا و دروستکردنی ئاڵۆزیی لە مانادا، بەشێک بێت لە پڕۆسێسی شێواندن ، ونکردن و لێدان لە حەقیقەت. کۆتەیشتنی ناپێویست و ناپەیوەندیدار لەگەڵ ووردکردنەوەیان لە چێوەی نوسینێکدا جگە لەوەی گەمەیەکە بۆ ڕێگرتن لە ئەنجامگیریەکی سیسیتماتیک، گەمەیەکیشە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزیی و بەژێر خۆڵەوەکردنی حەقیقەت. ڕیزکردنی ناوی فەیلەسوفان و کتێبان، ڕیزکردنی چەندین چەمک گوایا بابەتەکە چەمکسازی و بەرهەمهێنی چەمکی نوێیە، ڕیزکردنی چەندین تێما و ئایدیا کە بەشێکن لە پڕۆسەی ئالۆزکاندن، جگە لە شێواندن و لێدان لە حەقیقەت، کردنیشیەتی بەباتێک بۆ دەستپێڕانەگەیشتن و بە بابەتێک بۆ تێنەگەیشتن. واتا ئەو جۆرە لە نوسین هێندەی هەوڵە بۆ بەژێر خۆڵەوەکردنی حەقیقەت و کردنی حەقیقەت بە موعەممایەک کە قابیلی دەستپێڕاگەیشتن و تێگەیشتن نیە، هێندە هەوڵ بۆ تێگەشتن و ڕۆشنکردنەوەی نیە.
هەڵبەت حەقیقەت وەک بابەتێکی ئەبستراکت و ئەبستمۆلۆجی جگەلەوەی خاوەنی ڕوخسارگەلێکی زۆر و لێکجودایە، هەروەها بابەتێک کە هەم پێویستی بە ئاڵۆزیی و چەمکسازیی هەیە و قۆناغبەندیی لە ئەنجامگیریدا. سەرباری ئەوانەش حەقیقەتێکی نەگۆڕ و دیاریکراو یان بەرجەستە و هەستپێکراو بوونی نیە، بەڵکو دەتوانین بڵێین حەقیقەتگەلی جودامان هەیە و دەکرێت بە هێندەی دیکەش و بگرە زێدەتریش لە حەقیقەتی جیاواز بگەین. واتا دەتوانین حەقیقەتگەلی زۆری دیکەی جودا بەرهەم بهێنین.

حەقیقەت لە ڕیاڵەوە

ئەوەی من لێرە لەم ڕووبەرە کورتەی نوسیندا دەمەوێ قسەی لەبارەوە بکەم، حەقیقەت نیە لە ناوەڕاستی کێڵگەیەکی ئەبستمۆلۆجیدا، حەقیقەت نیە وەک بەئامانجگیراوێکی ئەبستراکت، بەڵکو حەقیقەت وەک ئەزمون و ڕیاڵ. حەقیقەت وەک بەرکەوتن و هەستپێکردن. واتا حەقیقەت لە ڕێگای ژیان خۆیەوە.
حەقیقەت لە ڕێگای ژیان خۆیەوە ، سادە و ڕوونە. ئەگەر لە دەرەوەی چێوە تەسکەکانی ئایدیۆلۆژیا و بازنە بەتاڵەکانی سیاسەتەوە جێمان گرتبێت، سادە و ئاسان دەتوانین ئەو حەقیقەتە ببینین و لێیتێبگەین کە لە ژیانی خۆمانەوە بەریدەکەوین و هەستی پێدەکەین. حەقیقەتی ئەزمونکراو لە فەزای گشتی کۆمەڵگای ئێمەدا نە پێویستی بە کاری تیۆری درێژ و نە چەمکگەلی قەبە و نامەفهوم هەیە.
واتا ئەو ڕێگەیەی کە دەتوانین حەقیقەتی فەزای گشتی و کایەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێنیشانبدەین و بیخەینە ڕوو پێچاوپێچی زمان و ئاڵۆزیی مانای نەگەرەکە، بەڵکو زمانێکی ساف و مانای سادەیە. واتا هەم سادە نوسین و هەم سادەگۆیی ڕاستترین، ڕاستەوخۆترین و ڕوونترین ڕێگای پێشاندانی حەقیقەتە. لەم دۆخەدا سادەنوسین و سادەگۆیی نە سادەکردنەوەی حەقیقەتە بەمەبەستی شێواندن و لێدانی، نە مەبەست لە زاڵکردنی فۆڕمێکی دیاریکراوێتی، بەڵکو ڕێک لێتێگەیشتنێتی وەکو خۆی و بینین و پیشاندانیێتی وەکو خۆی، بێکەم وزیاد بە ڕەنگ، تام و بۆنی خۆیەوە.

زۆڵێتی و حەرامزادەیی بە مانای دیکەوە

“زۆڵێتی و حەرامزادەیی” لە نێو زماندا و بەگوێرەی ئەو مەدلول و مانایانەی لە پشتیانەوە وەستاون، بە بوونێک دەگوترێت کە بوونێکی ڕەوا و دانپێدانراو نەبێت. واتا ئەوەی لە نێو زماندا پێیاندراوە بە مانای ناشەرعی و نایاساییبوونی منداڵ یان هەر بوونێکە کە لە دەرەوەی چێوەی باو و زاڵی شەرعیەت و ڕەوایەتی هاتبێتە بوون. بۆ نمونە ئەگەر منداڵێک دایک یان باوک یان هەردووکیانی نەزانراوبن ئەوا بە زۆڵ یان حەرامزادە ناودەبرێت.

هەڵبەت ئەوە ڕاستیەکی سادەیە کە سروشت، ماهییەت و ئاکاری مرۆڤانەی ئینسانێکی لەو جۆرە مەرج نیە ڕاستەوخۆ وێنەدانەوەی چۆنێتی هاتنە بوونەکەی بێت. واتا ڕاستیەکی سادە لەم پەیوەندەدا ئەوەیە مرۆڤێک کە جۆرێتی هاتنە بوونەکەی بەوشێوەیە بێت کە پێشتر هێمای بۆکرا، دەشێت سروشت، چییەتی و ئاکاری مرۆڤانەی لە فۆڕمێکی هەرە جوان و بەرزدا بێت، هەروەک دەشێت بوونێکی دزێو و نزم بێت. هەمانشێوە بۆ هەر مرۆڤێک کە هاتنە نێو بوونەکەی هاتنەبوونێکی ئاسایی و دانپێدانراوی نێو چێوەی زاڵ و باوی تێگەیشتنی کۆیی بێت، دەشێت سروشت، چییەتی و ئاکاری مرۆڤانەی لە ئاستی بوونێکی جوان و بەرزدا بێت و هەروەک دەشێت بوونێکی دزێو نزم بێت. بەڵام ئەو مانایەی لێرەدا من دەمەوێ بیدەمە پاڵ هەر یەک لە ووشەکانی (زۆڵێتی و حەرامزادەیی)، خیانەتە لە ژینگەی هاتنەبوونمان و ناپاکیە لەو دنیایەی ئێمە سەربە ئەوین. واتا کاتێک ئێمە لە سەرزەمینێکی هەژارانە و لە ڕووبەرێکی ستەملێکراوەوە دێینە بوونەوە و لەوێوە دنیا دەستپێدەکەین، دواتر خیانەت بەو سەرزەمینە و ناپاکیی بەو ڕووبەرە بکەین، جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەیی چیدیکە نیە. ئێمە لەسەر زەمینێکەوە دێین هەژاری تەنها ڕوخساری ڕاستەقینە و جێگیریەتی، بەڵام دواتر کاتێک تۆ دەتەوێ دژ بە ڕەگی خۆت بجەنگیت و خیانەت بەو سەرزەمینە بکەیت و پێبنێتە سەرزەمینی تاڵانچیە ئەرستۆکراتەکانەوە، دەتوانین چی ناولێبنێین جگە لە زۆڵێتی؟ کاتێک تۆ ناپاکیی لە ڕووبەری بنەڕەتیی هاتنەبوونت دەکەیت کە ڕووبەرێکی ستەملێکراوی کارەساتبارە و دەتەوێت بچیتە نێو ڕووبەری ستەمکارانەوە و لە تەنیشتی ستەمکارانەوە جێبگریت، جگە لە حەرامزادەیی دەتوانین چیدیکەی ناولێبنێین؟
ڕوون و سادە، تۆ لە ناوجەرگەی هەژاری و تراژیدیاوە لە ناو دڵی گەرمیانەوە دێیت و دەتەوێت لە سیتیەکان و گوندە ئەوروپییەکان نیشتەجێببیت و بە پارەی تاڵانچێتی پەرلەمان و ڕاوێژکاریی، بڕوانامە بەرزەکان بخوێنیت و لە سێکیوریتی، ئاو و کارەبای بەردەوام، خوێندنگەی تایبەت بۆ منداڵەکانت، شەقامی پاک، پڕ لە گوڵ و سەوزاییدا بژیت و لە نێو شورا و چێوەکانی سیتی و گوندە شاهانەییاکاندا بژیت. بۆ ئەمە تەنها مانایەک کە لە خۆی بگرێت بتوانین لە ناونانیدا هەڵەمان نەکردبێت، جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەییمان زێتر چیدیکە بەردەست نیە.

تێگەیشتن لە هێزێک بە گوتارەکەیدا یان بکەرەکانی

بەڕاست ئەوە چ داکۆکیکردنێک لە هەژارانە کە خۆت لەهەژاران و شوێنی ژیان و گوزەرانیان جیاکردبێتەوە؟ ئاخر فەرمانبەرێکی خاوەن بڕوانامە دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ خزمەت ئینجا بتوانێت ببێتە خاوەنی تەنها زەویەکی ١٠٠ بۆ ١٥٠ مەتری لە گەڕەکێکی بێتاپۆ بەبێکەمترین خزمەتگوزارییش، جەنابیشت بەو تەمەنە کەمەوە و بەو خزمەتە کەمەوە ببیتە خاوەنی خانووی ١٠ بۆ ١٥ دەفتەری لە پڕۆژەکانی سیتی و گوندەکان، چ دادپەروەریەکی کۆمەڵایەتیە، چ یاسا و پەرلەمانێکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خەڵک؟ جگە لە تاڵانچێتی بە ناوی موچەی یاسایی و خانەنشینی یاساییەوە کە جگە لە خۆتان هیچ کەسێک نادۆزنەوە ئەوەی پێقبوڵ بێت و بە کارێکی وێژدانی و ئەخلاقی دابنێت.
ئاخر بەڕێزێک کە شەوانە لە تیڤیەکانەوە هەموان لە عەدالەتخوازی و هەژاردۆستیدا بۆڕدەدا، بەڵام بە موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان و بە خانەنشینیەکەی نەک هەر لە نێو گەرمیانە هەژار و دڵقرچاوەکەی خۆی و لە تەنیشت هەژارانەوە ناژی، بەڵکو لە سلێمانی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی سلێمانی “کە نرخی هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون تێیدا، ژمارەیەکی خەیاڵیە بۆ خەڵکی هەژاری گەرمیان و سلێمانی” نیشتەجێدەبێت، ئەمە چیە جگە لە بارکردنی چەمکی عەدالەت، وەکیەکی ئینسانەکان و داکۆکیکردن لە هەژاران بە ماناکانی پووچیی و بێهودەیی.

بەڕێزێک کە خانمە پەرلەمانتارێک بوو لە ماوەی پێشوودا فەرمووی کە پەرلەمانتار حەقی خۆیەتی بە مووچەیەکی شایستە خانەنشین بکرێ. ئاخر بەڕێزێک کە لە بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیدا دەیفەرموو کە بەهەژاری خۆی پێگەیاندووە و داکۆکیکەری هەژاران و دابینکەری هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت، دواتر لە نێو گەراجی ماڵەکەیدا بە موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان پڕادۆ ئاخر مۆدێلەکەی ڕادەگرێت و شەرمدەکات لە هێنانە دەرەوە و لێخوڕینی بە هۆکاری دژبەرێتیکردنی لەگەڵ قسە، گوفتار و بەڵێنەکانیدا، ئەمە چیە لە دەبڵ مۆڕاڵیی و جگە لە ناشیریکردنی هەر خەمخۆرێەک بۆ جڤات و بێماناکردنی هەر بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتیش.
ئاخر بەڕێزێک کە لەپەرلەمان پڕ بە گەرووی هاواریدەکرد (بودجەکەتان لە قوڕگ دەردێنین) و دواتریش وەک ئاوی نەرم و شل و خۆ گونجێن بایدایەوە و بە پێچێک نەک پشتی کردە هەموو بەڵێنەکانی و هەموو کاروکردەوەی ڕابردووی و هێزە سیاسیەکەشی بەڵکو هەر جۆرێکی ئەکتی بەرەنگاری و داکۆکی لە بەرژەوەندی گشتی کردە ئەکێکی پووچ و بێمانا. زۆر بەڕێزی دیکە کە هەموویان شوناسی ئەو هێزە و بکەرەکانی بەیاندەکات کە لێرەدا ڕیزکردنیان بەپێویست نازانم ئەوانە چەند نمونەیەک بوون.

ئاخر هێزێک ئەگەر بە بکەرەکانیدا نەیاناسینەوە و لەڕیی ئەکت و ڕیاڵیتی ژیانی بکەرەکانیەوە تێینەگەین ئەی بەچیدا بیناسینەوە و تێیبگەین؟ بە گوتاری فووتێکراو و قاندراو بە چەمکگەل و دەستەواژەی بریقەدار؟ بە هوتافات و دروشمە ئیعلامیە بێناوەڕۆک و بەتاڵەکانیدا؟ نا بۆ من ئەوانە ناخوات، ئەوانە با بۆ ئەو کەسانە بن کە بەهەوا دەژین و دۆگماتیزمی حزبی-سیاسی لە عەقڵ و لە پڕۆسەی داوەریکردنی عەقڵانی و لۆژیکی خستوون. ئەوانە با بۆ کەسانێک بن کە تەنها تا ئاستی دروشم لە دادپەروەری و وەکیەکی ئینسانەکان تێگەیشتوون.

ئاخر هێزێک بووبێتە پلە و پەیژەی سەرکەوتنی کۆمەڵێک کەس بۆ نهۆمی سەرەوەی شاهانەی ژیان و جێ بۆخۆکردنەوەیان لەسەرەوەی کۆمەڵگا و پێرەوابینینی خۆیان موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان، وەزارەتخانەو دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان و عێراقیشدا چۆن بە پولێکی قەڵب لێیان وەردەگیرێت کە گوایا پەرلەمان بۆ گۆڕانکاری هێشتا تاکە ڕێگایە؟ چ گۆڕانکاریەک؟ هەمان موچە و هەمان خانەنشینی وەک سەرانی دوو خێڵەکە ئۆلیگارشیەکەی کوردایەتی؟ ئاخر کامە بوو جیاوازی نێوانتان کە هەمان بڕی موچە و هەمان ژمارەی پاسەوان و هەمان ئیمتیازات؟
ئەوەی تروسکاییەکی ئومێدی لەئاست ئێوە و ئیسلامیەکان و دووخێڵەکەی کوردایەتی مابێت بۆ گۆرانکاری لەبەرژەوەندی هەژاران، بۆ وەکیەکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، بۆ دادپەروەری و بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی نێوان چینە ئەرستۆکراتیە مشەخۆر و تاڵانچیەکە لەلایەک و زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک لەلایەکیتر ئەوە بەڕاستی دەبێت گومان لە ئاستی ژیریی و پڕۆسەی داوەریکردنی ئاوەزدارانەی بکەین.

نۆڕمەڵایزی سووکیی و لە شکۆمەندیی خستنی مرۆڤ لەوێوە دەستیپێکرد، کە پەرلەمانتاری، مووچەی قەبە و ئیمتیازاتی زۆروزەوەند، کورسی وەزارەت و بەڕێوەبەرێتیە گشتیەکان، پۆستەکانی ڕاوێژکاری و وەکیل وەزیری … هتد بوونە خودایەک بۆ پەرستن. لە پێناوی گەیشتن بە جاه و جەلالی نێو دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی هەموو هەڵویست و کار و ژیانی خۆتانتان بۆ لەقاڵبدا و بەو ئامانجە ئاڕاستەتان کرد. بڕوانامەی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و وەزارەتخانە، بەشداریکردنی لە خۆپیشاندان بەکارهێنا بەو مەبەستە، قوربانیبوونی کەسوکاری خۆی بەکارهێنا بەو ئامانجە. هەرچی کەیس و دەردەداریەکانی نێو کایە و کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمەتان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بەو پلە و پێگەیەی کە چاوتان تێبڕیوە و خۆتانی بۆ دەپسێنن. ئاخر لە دوای گەیشتنتان بە پەرلەمان و وەزارەتەکان بەگوێرەی چ لۆژیک و بە چ پێودانگێک گێچی خۆپەرستیی و بەرژەوەندیخوازیتان تا دواپلە نافڕێت و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بەو هەموو بەڵێنە قۆڕ و سواوانە؟ ئەوەی نەتوانێت ئەزمونی ڕابردوو بۆ تێگەیشتن شەنوکەوبکات، هەرگیز تێناگات و بۆ سەدان جار و بگرە زیاتریش لە هەمان کونەوە، هەمان مار پێوەی دەدات.

ئاخر کامتان هەیە پلانی بۆ دوای گەیشتن بە چەوری، غەز و بەزی پەرلەمان و وەزارەتەکان دانەنابێت بە مەبەستی چۆنێتی گۆڕینی ژیانی خۆتان، هەر لە خانوو،ئوتومبیل، شێوە ژیانی ماڵ و مناڵتان و چاوبڕینە سەفەر و گەشتە بێسەمەرەکانی سەر حساب و شانی خەڵکی هەژار و دەردەدار؟
ئاخر دوڕوویی و درۆڕیزکردنی بەردەوامتان ژیان، کەسێتی و هەڵویستتان ڕەنگڕێژدەکات. ئاخر ئەو جۆرە کەسێتیە چەماوە و دەبڵ مۆڕاڵیەیە کە دواتر وەک ئاو نەرم و خۆگونجێن دەبێت و دەتانکاتە ڕۆبۆتێکی حزبی لە نێو پەرلەمان، نەک داکۆکیکەری ژیانی گشتی کۆمەڵگا و هەژاران. ئاخر ئەمانەمان هەموو لە ڕابردوو بینی کە ئەوانەی بانگەشەی پاڵەوانبوونیان بۆ بەرپاکردنی عەدالەت دەکرد، جگە لەوەی کە بوون بە بارێکی قورسی دیکەی سەر شانی کۆمەڵگا و گەورەترکردنی گاپی نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە چیدیکە نەبوون.
من دەزانم کە ئێوە تەنها دەتانەوێ ژیانی خۆتان بگۆڕن نەک خەڵک.

مرۆڤێک بە هوتافات و دروشمی قەبەوە، بە ڕیزە درۆ و سەرمایەگوزاریکردنەوە لەسەر هەر ڕەفتار و هەڵویستێکی کە ئەم خواستەی بۆ دەستەبەر بکات لە کۆمەڵگەیەکی هەژار و دەردەدارەوە خۆی دەگەیەنێتە پەرلەمان و دواتر خۆ دەوڵەمەندکردن و نیشتەجێبوون لە سیتی و گوندە ئەوروپیەکان، خانووی گرانبەها و ئوتومبیلی مۆدێلبەرزی گرانبەها، خانەنشینیەکی قەبە، واتا جێهێشتنی ژینگەی هەژاران و جێبۆخۆکردنەوە لە نێو ژینگەی ئەرستۆکراتیە تاڵانچیەکان، جێهێشتنی ژینگەی بێخزمەتگوزاری خەڵک و جێگرتن لە ژینگەی پڕ خزمەتگوزاری و بە شورا چواردەوردراو و بە سێکیوریتی و کامێرا تەنراوەکان. خوێندنگە و شوێنی تایبەت و پشتکردنە خوێندنگە گشتی و شوێنە گشتیەکان، بۆ من هیچ مانایەکی نیە جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەیی. ئەمەیە سیاسەت، پەرلەمان، وەزارەت و دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان. ئەمەیە زۆڵێتی و حەرامزادەیی.




قاوغێکی مۆدێرن و ڕۆحێکی ترادیسیۆنال … ئەحمەد ڕەسوڵ

لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا لەمسەر تا ئەوسەری کوردستان، کۆمەڵێک دەسەڵاتدارێتی بچوکی لۆکاڵی بەناوی میرنشین لەلایەن کۆمەڵێک ئاغا، شێخ، بەگ و بەگزادەوە وەکو نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵاتدارێتیە گەورە دەرەکیەکان و ئیمپراتۆرێتیەکان بەسەر خەڵکی ناوچەکانیانەوە، بوونی کورد بەرجەستە دەکات کە خۆی ئەم دەسەڵاتدارێتیە ناوچەییە ئاغاواتیانە بەربەستی گەورەی بەردەم پەرەسەندنی سروشتیی کۆمەڵایەتی جڤات و گەشەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردی بوون.

سەدەی بیست و ناسیۆنالیزم

لە سەدەی بیستدا جۆرێک لە هۆشیاری لەبارەی بوونێکی کوردیانەی گشتگیر سەرهەڵدەدات، کە هۆشیاریەکی ناسیۆنالیستیە، بەڵام هەمان شێوە فۆڕمی ئەم هۆشیاریە، فۆڕمێکی خێڵەکیانەی لۆکاڵی، هۆشیاریەک لە ڕواڵەتدا باس لە ناسیۆنالیزم وەکو تێزەیەکی مۆدێرن بۆ تەعبیر لە ڕۆحی دەستەجەمعیانەی ئینسانی کورد دەکات، بەڵام ئەم گوتارە لە ڕەگەوە بە توندی بەستراوەیە بە ستراکتوری خێڵ و قەبەلیەتەوە. ئیشکردنی ناسیۆنالیزم لە دروشم و شیعریەتی سیاسی تێناپەڕێت، بەو مانایەی تەنها گوتاری سیاسی-شیعری و هەندێ فۆڕمی سیاسەتکردن “وەک پەیکەری حزب و ناونانی کۆمەڵە و گروپەکان” شتێک لە ناسیۆنالیزم و دنیای مۆدێرنەوە وەردەگرن، بەڵام کۆی پڕاکتیکی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی هەم لەنێو حزب و هەم لە نێو شۆڕشەکاندا، هەمان هەژمونی کۆلێکتڤیی خێڵگەرایانەی ئەنتی ئیندیڤیدە.

ناسیۆنالیزم خۆی هۆشیاریەکی ئیندیڤیدە “واتا هۆشیاری تاکەکانە سەبارەت بە بوونی خۆیان لە چوارچێوەی کۆیەکدا”، هەڵبەت مەبەست لەم قسەیە ئەوە نیە کە ناسیۆنالیزم بە سروشتی لە نێو هۆشیاری تاکدا بێ بوونی هیچ سپۆتێک و هیچ سەرچاوەیەک بەرهەم دێت، بەڵکو مەبەست لەوەیە کە ناسیۆنالیزم چاندنی جۆرێک لە بیرکردنەوەیە لە نێو تاکەکاندا کە هەست بکەن ئەوان سەر بە کۆیەکن و بەبێ ئەو کۆیە ئەویش نابێت و ئیتیمایەکی توند بیبەستێتەوە بە کۆی جڤاتەوە لەسەر کۆمەڵێک هاوبەش و تایبەتمەندێتی کە سەرچاوەی تیشکدانەوەی ئەم هۆشیاریە نوخبەیەکە لە بەرهەمهێنەرانی بیری ناسیۆنالیزم، هەڵگر و وەرگێڕانی ئەم بیرەش لەسەر دەستی ئەکتیڤیستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ حزب و گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوەیە. واتا ناسیۆنالیزم بەبوونی ئیندیڤیدەوە مانا پەیدا دەکات، لێرەوە هەر ناسیۆنالیزمێک بێ بوونی ڕاستەقینەی ئیندیڤید ناسیۆنالیزمێکی فەیک و شکڵیە ناتوانێت هەڵگری ڕۆحی ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزم بێت. قەبەلیەت و خێڵگەراییش بە توندی دژ بە سەرهەڵدانی مرۆڤە وەک تاک. لێرەوە ئێمە لەسەدەی بیستدا لەبەردەم ناسیۆنالیزمێکی قاوغیی و شکڵیداین، بە کۆنتێنت و ڕۆحێکی پڕاوپڕ خێڵەکیانەی فیۆداڵیەوە. ئەم ناسیۆنالیزمە خێڵەکی و فیۆداڵیە لەسەدەی بیستدا ناودەنرێت بە کوردایەتی، بزووتنەوەی کوردایەتی یان بزووتنەوەی سیاسیی کوردی.

بزووتنەوەی کوردایەتی وەک دوالیزم

بزووتنەوەی کوردایەتی لە سەدەی بیستدا بە مێنتاڵیتیە سیاسی و بونیادە گوتاریەکەی خۆیەوە بزووتنەوەیەکی سیاسی ئاغاواتی و خێڵەکیانەیە کە بە توندی دژ بە لەدایکبوونی مرۆڤە وەکو بوون و کەینونەیەکی سەربەخۆ، خاوەن ئیرادە و بڕیاری سەربەخۆ، خاوەن خواست و هۆشیاری تاکگەرایانەی خۆی، چونکە لەدایکبوونی سروشتی و ڕاستەقینەی ئیندیڤید لە کۆمەڵگای ئێمەدا دژ بە ڕۆحی بزووتنەوەکەیە “بزووتنەوەی کوردایەتی” کەلەسەر کۆگەلیی خێڵ و بێئیرادەیی تاک ڕاوەستاوە. بزووتنەوەی کوردایەتی لەسەر ئاستی ڕیتۆریکی سیاسی و گوتارە مێدیاییەکەی وەکو ناسیۆنالیزم و وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی نەتەوەیی خۆی نمایشدەکات و لەسەر ئاستی ئەکت و پڕاکتیکی سیاسی و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئیدارە و ئابوریدا، تێگەیشتن و کارکردنی لەهەمبەر هێزی جەنگاوەرانەی خۆیدا، هەم مامەڵەکەکردنی لەگەڵ ئینسان وەکو تاک، بزووتنەیەکە بە توندی گرێدراو بە ڕۆحی خێڵ و بە توندی گرێدراو بە بنەما ستراکتوریەکانی هیرارکیەتی دەسەڵاتەوە لە نێو خێڵدا.

لێرەوە بزووتنەوەی کوردایەتی، بە هەمانشێوەی میرنشینەکانی کۆمەڵگای ئێمە و بگرە زیاتر “ئەگەر میرنشینەکان لەسەردەمێکدا بوون کە کرانەوەی عەقڵی و مۆدێرنیزەبوونی بەها و نۆڕمەکان لە کۆمەڵگا خۆراواییەکاندا تازە بوون و هەم دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم هێشتا نەگەیشتبوو بە ئەوجی خۆی ئەوا لەسەدەی بیستدا و بە گوێرەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردییەوە ئەو بەها و نۆڕمە مۆدێرنانە و هەم کرانەوەی عەقڵیی لە دنیای خۆراوا و لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەریشماندا قۆناغ و زەمەنی زۆری بڕیبوو” هەم هێزێک و دەسەڵاتێکی دژ بە بوونی تاکگەرایانەی ئینسان بووە و هەم دژ بە سەرهەڵدانیەتی ئەمە سەرباری دژایەتیکردنی بۆ هەر ژینگە و زەمینەیەک کە هەوڵ بۆ سازدانی بدرێت بەئامانجی سەرهەڵدانی تاک. بۆیە بزووتنەوەی کوردایەتی لەسەر بێمافی و ڤیکتیمایزی تاک ڕاوەستاوە. کۆگەلیەک کە بوونی هەبێت لە تێگەیشتنی ئەم بزووتنەوە سیاسیەوە، تەنها وەکو بوونێکی کۆیی بۆ قوربانی و قوربانیدانە.

سەرنجێکی خێرا کە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە هەڵبەت کە سەرەتای ئەو هۆشیاریە ناسیۆنالیستیە مۆدێرنە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا بە تایبەت لە باشوری کوردستان لەسەر دەستی کۆمەڵێک خوێندەواری خاوەن هۆشیاری مۆدێرنەوە سەرهەڵدەدات بەڵام هەر زوو دەکەوێتەوە ژێر هەژمونی خێڵ و فیۆداڵیزمەوە.

کوردبوون قوربانیەکی دوو دیو

لە درێژایی سەدەی بیستدا لە نێو دەوڵەتە پۆست کۆلۆنیاڵیەکانی داگیرکاری چواردەور، کورد بوونێکی فیزیکیە بە پەڕاوێزێکی کلتوری و هونەریەوە. هەر هەوڵ و سەردەرهێنانێکی کورد بۆ تەعبیر لە بوونێکی دیکەی جیاواز گۆڕاوە بۆ تراژیدیا و هەمیشە وەک بوویەکی ڤیکتم لە نێو چێوەی ئەو دەوڵەتانەدا ستاتۆی هەبووە. واتا ئەم بوونە بەردەوامەی کورد وەک سەکریفایس و قوربانی، هەمیشە لەسەر دوو ئاست کاریگەری قوڵی هەبووە:

یەکەمیان: بەردەوام کودبوون لە دۆخێکی بێمەرجدا سوتەمەنیەکی بێنرخ بووە بۆ هەموو ئەو شۆڕش و بزووتنەوە چەکداریانەی لەلایەن بزووتنەوەی کوردایەتیەوە، دژ بەو سۆڤرێنیتیە دەوڵەتیەی لە سەنتەردا “سێنترالیزەی بوون، هێز و دەسەڵات لە پایتەختەکاندا، هەر چوار پایتەختەکە” بەرپاکراون.

دووەمیان: لە درێژایی ئەو بزووتنەوەی چەکداری و شۆڕشانەدا، بوونی کورد بەبەردەوامی تارگێتی خالێکردنەوەی توندوتیژی و ڕەوایەتیپێدانی ئەو هێزە ئەگرێسیڤە بووە کە لە نێو خودی پاشڤەڕۆیی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەوە سەریهەڵداوە.

لە سەدەی بیستدا عێراق وەکو دەوڵەتێکی نوێ بە دەزگا مۆدێرنەکانی دنیای هاوچەرخەوە “وەکو هەموو دەوڵەتە پۆست کۆلۆنیاڵیەکانی ئەم ناوچەیە” نەک نەیتوانی کۆمەڵگا لەسەر بەها و نۆڕمەکانی بەرهەمهاتووی مۆدێرنیتی موتوربە بکات بەڵکو دەوڵەت بە دەزگا مۆدێرنە ئەمنی و هەواڵگریەکانی و بە سوپایەکی مۆدێرنی پڕ چەکی پێشکەوتوو و بە‌هێز، بوو بە سیستمێکی کۆنتڕۆڵ بەسەر کۆمەڵگاوە تا گەیشتنی بە ترۆپک لە دەیەی هەشتاکانی عێراقی سەدام حسێندا، هەڵبەت هاوشانی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا و هەم کۆنتڕۆڵکردنی، پڕۆسە سیستماتیکیانەی لەنێوبردنی بوونی کورد گەیشت بە ئەوپەڕی بەربەریەت و دڕندەیی خۆی. ئەو سیستمە دڵڕەق و کۆنتڕۆڵکردنە میلتاریستیەی کۆمەڵگای عێراقی و کردنی دەوڵەت بە دەزگایەکی هەواڵگری و سوپایەکی گەورە نەک هەر ڕێگەی لە گەشەکردنیی سروشتیانەی کۆمەڵگا گرت بەڵکو کۆمەڵگای کردە کۆمەڵێک پێکهاتەی ناهۆمۆجینی چەپێنراو.

ڕاپەڕین و دەسەڵاتدارێتی بزووتنەوەی کوردایەتی

داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق و لە ئاکامدا هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، تێکشکانی سوپا، لاوازبوونی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا و لاوازبوونی دەزگا هەواڵگریەکان بوو بە هۆکاری دروستبوونی بۆشایی گەورەی ئەمنی و کەلێنی گەورەی لە نێو سیستمدا دروستکرد، ئەمەش وایکرد ئەو چەپاندنەی چەندین دەیە بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە بوو، هەم درزی تێکەوێت و هەم ببێتە دەرچەیەک بۆ دەرچوونی ئەو ووزە چەپێنراوەی توندوتیژی کە دەرئەنجام بووە هۆی ڕاماڵینی دەزگاکانی دەوڵەت لە کوردستان و دواتر خۆسەپاندنی دوو جەمسەرە سەرەکیەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی “پارتی و یەکێتی” بەسەر کۆمەڵگادا.

دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕین، ئەو دەزگایانەی کە وەکو ڕوخساری دەسەڵاتدارێتیەکی دیموکراتیک و مۆدێرن دەرکەوتوون، وەکو ڕوخساری خۆی ڕوو بە دنیا دەرەوە دامەزراند. هەروەکچۆن بووتنەوەی کوردایەتی لە درێژایی تەمەنی خۆیدا لەسەر هەردوو دوالیزمی مۆدێرن و ترادیسیۆن وەستاوە، گوتاری سیاسی و مێدیایی لەگەڵ دروشمگەلی ناسیۆنالیستی و دیموکراتیکی مۆدێرن لەسەر ئاستی شکڵ و قاوغ هەروەها ناوەڕۆکێکی ترادیسۆناڵ و ئەکت و پڕاکتیکی سیاسی و حزبیی خێڵەگەرایانە لەگەڵ پەیوەندیەکی قەبەلی بە دنیای کوردی خۆیەوە و دنیای دەرەوەش، بەهەمانشێوە دەزگا مۆدێرن و دیموکراتیکەکانی وەکو پەرلەمان، دەسەڵاتی قەزایی، حکومەت، وەزارەتەکان و سێکتەرەکانی نێو هەر کۆمەڵگایەکی مۆدێرن وەکو ڕوخسارێکی مۆدێرن و دیموکراتیک بەڵام شکڵی و تەنها وەک قاوغ. چونکە کارکردنی ئەم دەزگایانە لە ناوەوە بەپێی بنەما ستراکتوریەکانی خێڵ بەڕێوەدەبرێن و هەڵگری هەمان بەها و نۆڕمە ترادیسیۆناڵەکانن. ئەم دەزگایانە بەتاڵکراونەتەوە لە شوناس و نۆڕمی مۆدێرنی تایبەت بەو دەزگا و کایانە خۆیان، بەڵکو موتوربە کراون بە شوناسی دیوەخانی و ئاغاواتیانە، بە کارکردنی خێڵەکیانە و بە نۆڕمی ترادیسۆناڵ.

لێرەوە بزووتنەوەی کوردایەتی هەروەک سروشتی خۆی، دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیشی لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر قاوغێکی مۆدێرن و ڕۆحێکی خێڵەکیانەدا دابەشکردووە، قاوغە مۆدێرنەکە وەکو ماسکێک ڕوو بەدنیای دەرەوە و کارکردن و شوناس و نۆڕمەکانیشی وەکو ناوەڕۆکێکی ترادیسیۆناڵی خێڵەکیی ڕووبە دنیای ناوەوەی کوردی. واتا بزووتنەوەی کوردایەتی هەم خۆی لە درێژایی نزیکەی ٧٠ ساڵەی تەمەنی خۆیدا بەسەر دوالیزمی مۆدێرن و ترادیسیۆندا دابەشبووە کە قاوغەکەی بۆ دەرەوە و نێوەڕۆک و ڕۆحەکەی بۆ ناوەوە بووە، بەهەمان شێوە لە دوای ڕاپەڕین دەسەڵاتدارێتیشی لەسەر هەمان ستاندارد و هەمان دوالیزم دامەزراند.

دیموکراسیەت وەک پڕۆسێسێکی فرە ڕەهەند، جگە لەوەی هەڵبژاردنی پاک و ئازادی گەرەکە، بەڵام بە کۆمەڵێک نۆڕم و بەهای دیکەوە بەستراوە، کە یەکێک لەوانە تاکگەرایی ” Indvidualism ” ە. تاکگەرایی یەکێک لە پایە گرنگەکانی هەم هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و ڕاستەقینەیە، هەم دەزگا مۆدێرنەکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسیە. لێدان لە هەموو ئەو بنەما و پرەنسیپانەی کە دەشێت تاکی ئازد و خاوەن ئیرادەی لێوەبەرهەمبێت، لێدان لەو میکانیزمانەی ئیشکردنی دەزگاکانی نێو دەسەڵاتدارێتی کە دیسانەوە دەشێت تاکگەرایی لە نێو سیستەمێکی یاسایی و دیموکراتیکدا بێنێتە بوون، لێدانە لە پەرەسەندنی سروشتیی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، کە لە درێژایی تەمەنی خۆیدا دەسەڵاتدارێتیەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی وەک پلان و ستراتیژ کاری لەسەر کردووە. . دەسەڵاتدارێتی بزووتنەوەی کوردایەتی وەک قاوغێکی مۆدێرن و دیموکراتی و ڕۆحێکی خێڵەکی ترادیسیۆناڵ دژ بە لەدایکبوونی مرۆڤە وەک تاکی خاوەن ئیرادە و بڕیار، وەک تاکی خاوەن هۆشیاری تاکیی و سەربەخۆ لە خێڵ. بەوپێیەی کە شکۆی ساختە و درۆزنانەی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان لەسەر بێشکۆیی و بێئیرادەیی تاک ڕاوەستاوە، ئەوا زەمینەی ئیشکردن بۆ دیموکراتیزەکردنی دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی و مۆدێرنیزەکردنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە بە پلەی یەکەم و سەرەکی کارکردنە بۆ لەدایکبوونی ئینسان وەک تاک.




کەمتیارەکانیش لە نێو خۆیاندا بەشەڕ دێن … ئەحمەد ڕەسوڵ

ئایا هەڵوێستوەرگرتن دەبێت لە چ ڕوانگەیەکەوە بێت؟ ئایا دەبێت داکۆکی لە کێ بکەین و پشتی کێ بگرین؟ دەبێت لە دژی چی و کێ بین؟ سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاران.
بەشە گەورەکەی نوسەرانی ئازاد و ڕۆشنبیران لە کۆمەڵگا خۆراواییەکاندا نەک لە هەڵوێستوەرگرتنی ڕۆژانەییاندا لە ئاست ئەو دیاردە و ئەم ڕووداو، داکۆکیان لە فەزای گشتی، ئازادی و شکۆی هاوڵاتیانی سادە و کۆمەڵگا بەگشتی کردووە و لە بەرامبەردا هەمیشە وەک بەربەستێک لەبەردەم پاوانخوازی و سەرەڕۆییەکانی دەسەڵاتداران وەستاونەتەوە، بەڵکو بەشێکی گەورەی ووزەی فیکری و ڕووبەرێکی فراوانی توێژینەوە ئەکادیمی و مەعریفیەکانی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە بونیاد و ستراکتوری دەسەڵات و خواستە سایکۆلۆژی و کەسییەکانی دەسەڵاتداران بووە، ئەوە سەرەڕای هەوڵدانی بەردەوام بۆ دۆزینەوە و داهێنانی ئەو تەکنیک و ئامرازانەی کە دەکرێت لە ڕیگەیانەوە هەم سنورێک بۆ چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران دابنرێت و هەم بەرگری لە فەزای گشتی و ژیانی ئازاد و شکۆمەندانەی هاوڵاتیانی سادە و ئاسایی بکرێت. لەسۆنگەی ئەم تێگەیشتنەوە نوسین و فیکر وە هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردن لای من شێوە پەیدا دەکات “شکڵ دەگرێت”، بۆیە هەر کەسێک ئاگاداری نوسینەکانی من بوبێت، کەم تا زۆر، سێ خاڵ بە گشتی دەتوانێت دەرکپێبکات کە ئەوانیش:
یەکەم: بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی “کە هەڵبەت ئاشکرایە دەسەڵاتی ئابوری، ئیداری و سەربازیشی لەخۆی گرتووە” کە بەپلەی یەک پارتی و یەکێتی دەگرێتەوە و دواتریش حزبەکانیدی کەم تا زۆر، ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت. هەڵبەت بەرەنگاربوونەوەکە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی فیکریی-سیاسیی هەم بۆ سروشت و جۆری دەسەڵاتدارێتی و هەم بۆ پایە و ڕاگرەکانی بەسەرێکدا و بونیاد و ستراکتوری دەسەڵات بەسەرێکیتردا.

من هەرگیز پێم وانەبووە کەمتیارەکان تەنها ئەوانەبن کە لەنێو دەسەڵاتە کلیپتۆکراسیە میلیتاریستیەکەی دوو جەمسەرە گەورەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیدان بەو گروپە مشەخۆر و ملپانانەشەوە کەدەکەونە نێو بزنس و مارکێتینگی سیاسیەوە لەپەڕاوێز و بەدەوریانەوە، بەڵکو هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە دوور و نزیک لە خزمەتی وەها دەسەڵاتێک و لە خەم و هەوڵی سیستماتیزەکردنیدا بوون.
خاڵی یەکەم/ واتا بە کورتی شەڕی من لە بەرامبەر، دەسەڵاتدارێتی سیاسی بە تایبەتی و کایەی سیاسیی کوردستاندا بە گشتی، بووە. ئەوەی نێوەندەکەیان “نێوەندی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی” تەنیوە کەمتیارەکانن، گرنگ نیە چ ڕەنگێکن. شەڕی من لە دژی کەمتیارەکانە.
دووەم/ نوسین و هەڵویستی من هەمیشە شەڕ بووە لە پێناو فەزای گشتی، ماف و ئازادیەکانی هاوڵاتیانی سادە. واتا ئەوەی لە تێڕوانینی مندا هەم ڕەوایەتی و هەم پڕایۆریتی هەیە بۆ قسەلێکردن و داکۆکیکردن ژیانی ئینسانی ئاسایی و بێپلە و پۆستە.
لەلای من “نەک لەلای من بەتەنها بەڵکو وەک پێدراوێکی واقعی” پەرلەمانتار یان هەر کەسێکیتری خاوەن پلە و پێگەی هاوشێوە، خۆ کەمێ خوارتر و کەمێ سەروتر گرنگیەکی نیە، لە نێو حکومەت، پەرلەمان و هەر دەزگایەکی گشتی ئیداری و دەوڵەتی بێت وە یان تەنانەت لە دەزگای حزبییشدا بێت، دەسەڵاتدارە. زۆر بە سادەیی و دوور لە تەعقیدات، دەسەڵاتدارە بەوپێیەی، هەم پێگەکەی کەسێتیەکی مەعنەوی دەسەڵاتداری داوەتێ هەم بەپێی پلەکەی دەسەڵاتێکی یاسایی هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە شۆفێر و پاسەوانی هەیە، کە ئینسانێکی سادە و ئاسایی هیچ یەک لەوانەی نیە.
بەوپێیەش کە لە تێڕوانینی مندا نوسین و کارکردن لە نێو فیکردا لەگەڵ هەڵویستوەرگرتن هەمیشە لەپێناو فراوانترکردنی ئازادیەکانی فەزای گشتی و گێڕانەوەی شکۆ و ئیرادەیە بۆ تاکەکان “تاکی سادە و ئاسایی نێو کۆمەڵگا” بۆیە هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردن لە پەرلەمانتاران و هاوشێوەکانیان، نەک ناچێتە خانەی داکۆکیکردن لە ئازادی، فەزای گشتی و کەرامەتی ئینسانەکانەوە بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە دەسەڵاتدارانەوە. جا ئەو دەسەڵاتدارە هەر ڕەنگێک بێت گرنگ نیە.

خاڵی دووەم/ واتا بە کورتی لەتێڕوانینی مندا هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردنێک ئەگەر لە گۆڕێ بێت لەلایەن منەوە یان هەرکەسێکیدی، دەبێت هەمیشە لە بەرژەوەندی تاکی سادە و ئاسایی و هاوڵاتیانی بێپلە و پایە بێت، وە لە دژی دەسەڵاتداران ” سەرۆک، وەزیر، پەرلەمانتاران و …هتد” بێت.
سێیەم/ بابەتێک کە هەمیشە لە تێڕوانینی مندا بە ئامانج گیراوە مەسەلەی ئیمتیازاتی ماددی و دەستکەوتە ئابووریەکانی دەسەڵاتدارانە. هەڵبەت ئەوە ئاشکرایە دەسەڵاتدار، ئەو کاتە دەسەڵاتدارە و لە خەڵکی ئاسایی جودا و سەرووترە کە ئەو ئیمتیازاتە ماددیانەی هەیە کە خەڵکی ئاسایی نیەتی، دەستکەوتێکی ئابوری وای هەیە کە دیسانەوە خەڵک نیەتی. من لێرەدا باسی ئەو دەستکەوتە ماددیە نایاسایی و دزی و بەکارهێنانەی دەسەڵات ناکەم بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و خۆدەوڵەمەندکردنێکی خێرا لە ڕێگەی ئەو پۆست و پلەیەوە کە کردوویەتی بە دەسەڵاتدار، لەلایەن زۆرینەی دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگای ئێمەوە، بەڵکو باس لەو موچە زەبەلاح و ئیمتیازاتە ماددیانە دەکەم کە یاسایان بۆ داتاشراوە و بە پێی یاسا بۆیان ڕێکخراوە، واتا دزی و تاڵانیی بە پێی یاسا.
بەتێگەیشتنی من، کاری مرۆڤی ڕۆشنبیر و بەرپرسیار لە ئاست کێشە جڤاتیەکان، هەوڵی بەردەوام و سەنگەرگرتنی سەرسەختانەیە نە تەنێ بۆ ئازادی و فروانکردنی فەزای گشتی لەگەڵ بەردەوام بەرجەستە و گەورەکردنی شکۆ و کەرامەتی تاکەتاکەی ئیسانەکان و هاوڵاتیانی سادە و ئاسایی، بەڵکو جەنگێکی بەردەوامیشە لە دژی ئەو گاپەی نێوان هەردوو چینی دەوڵەمەندان و هەژاران کە هەر ڕۆژ لە گەورەبوون و فراوانبوونی زیاتردایە. ئەوەش ئاسکرایە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هەموو دەوڵەمەند بوونێکی دەسەڵاتداران، چ یاسایی و چ نایاسایی، لەسەر شانی خەڵکی سادە و ئاساییە و باجەکەی هەژاربوونی زیاتری هاوڵاتیانە.

دەسەڵاتداران، بە پەرلەمانتارانیشەوە، بونەتە بارێکی زۆر قورسی ماددی و چینێکی مشەخۆر بەسەر داهاتی گشتیەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی چینێکی مشەخۆری دەسەڵاتداری ئەرستۆکرات کە هەر خودی پۆزیشنی ئەوان بەراورد بە خەڵکی سادە و ئاسایی کۆمەڵگا، بۆ خۆی مایەی بێڕێزی و سوکایەتیە بە هاوڵاتیان. تا دێت بۆشایی نێوان ئەو چینە و خەڵکیش فروانتر دەبێت. بۆیە ئەگەر هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیلێکردنێک لەلایەن منەوە یان هەرکەسێکیدی لە گۆڕێ بێت دەبێت دژایەتیکردنی ئەو چینە مشەخۆرە ئەرستۆکراتیە سیاسیە بێت ئەوەش بەوەی کە هەوڵبدرێت موچە و ئیمتیازاتە ماددیەکانیان لیبسەنرێتەوە یان کەمبکرێتەوە تا ئەو ڕاددەیەی بێنەوە هاوشان یان نزیک لە خەڵکی سادە و ئاسایی.
خاڵی سێیەم/ واتا بە کورتی لە تێڕوانینی مندا هەر کەسێکی بە ئاگا و خاوەن هەستێکی قوڵ و ئینسانی دەبێت هەڵوێست وەربگرێت دژ بە موچەی زەبەلاح و ئیمتیازاتە ماددیەکانی دەسەڵاتداران “بە پەرلەمانتارانیشەوە” تا ئەوەی کە لێیان بسەنرێتەوە یان کەمبکرێتەوە و ئەمەش ببێتە هۆی کەمبوونەوە و بچوکبونەوەی گاپی “بۆشایی” نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە.

……………………………………………………………………………………………………………………………………

تێبینی/ ئەم نوسینە زادەی پرسیاری دوو هاوڕێیە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە دوو شێوازی جیاواز لێیان کردم، سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاران، گوایا بۆ بێدەنگم لەو بارەیەوە و هیچ هەڵوێستێکم نیە.




ئێستای جیهان و ڕێگەیەک … ئەحمەد ڕەسوڵ

خەباتی ئینسان بە درێژایی مێژوو لە هەر شوێنێکی دنیادا بە پلەی یەک دژ بە دەسەڵاتدارێتی سیاسی هەژمونگەر “کە تەواوی کایەکان شوێنکەوتە و ژێرهەژمونی دەسەڵاتدارێتی سیاسین” بەسەر کۆی ژیاندا و دواتریش و بەشێوەیەکی لاوەکی دژ بە ئایدیای باو و باڵادەستی ئایدۆلۆژی و دینی و کۆمەڵایەتی بووە لە پێناو باشترکردنی ژیان و فراوانترکردنی ئەگەرەکانی گەشەکردنی زیاتری ژیاری و وجودیی خۆیدا.
دینامیکیەتی ژیان لەهەر کۆمەڵگایەکی سەر ئەم هەسارەیەدا ،کە دەڵێێن دینامیکیەتی ژیان لەهەر کۆمەڵگایەکدا خۆبەخۆ مانای دینامیکیەتی ژیانی ئینسان دەگرێتەوە، وایکردووە هەمیشە ئەگەرەکانی گۆڕانکاری و نوێبونەوە کراوەتربن “نەک هەر ئەوەندە بەڵکو دەتوانین بڵێین حەتمیش بن”. لێرەوە هەر چەقبەستنێک یان داگەڕانێک بەرەودوا دژ بە ڕەوتی دینامیکیەتی ژیان بووە، ئیتر ئەمە خۆی بووەتە زەمینەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، یاخیبوون و شۆڕشەکان.

سەدەی بیست … کاپیتالیزم

ئاشکرایە سەدەی بیست، سەدەی خێرا گەشەکردنی کاپیتالیزمە “هەڵبەت دەبێت ئەوەش ڕوون بێت کە کاپیتالیزم بەرئەنجامی ڕەوتی بەرەوپێشەوەچونی مێژووی ئینسانە” وەک سیستمێکی لەدایکبوی نێو هەناوی مۆدێرنیتی. خۆرئاوا کە زادگەی مۆدێرنیتی و بەها گەردونیە بنەماییە ئینسانیەکانە، بەهەمان شێوەش زادگەی سەرهەڵدانی کاپیتالیزمە وەک سیستمێکی ئابوری سیاسی کە دواترلەبەرئەنجامی بڵاوبونەوەی تەکنیک و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و دەزگا کۆمەڵایەتیە مۆدێرنەکانەوە بە سەرانسەری جیهاندا لەسەدەی بیستدا سەرمایەداری بوو بە سیستمێکی جیهانداگر و لە نزیکەی دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیست و ئەم سەرەتایەی سەدەی بیستویەکیشدا دەرکەوتن و پەرەگرتنی نیۆلیبراڵیزم و باڵادەستبونی بەسەر سیاسەت و ئابوری جیهاندا. سیستمی ئابوری سەرمایەداری بەنێو هەموو کۆمەڵگاکانی دنیادا بڵاوبووەوە بێئەوەی نۆڕم و بەها گەردوونیە ئینسانیەکانی بەرهەمهاتووی مۆدێرنیتی و جێگیربووی نێو سیستمی سەرمایەداری خۆراوایی لەگەڵ خۆیدا بگوازێتەوە.

دۆخی ئێستای جیهان

ئەگەر نیگایەک لە دۆخی ئێستای سیاسەت و ئابوری جیهان بکەین، دەبینین کە جەنگ و نائارامی نزیکەی تەواوی دنیای گرتۆتەوە، هاوشانی داکەوتنی بەشی زۆرینەی ئینسان لە کۆمەڵگاکاندا بەرەو بێبەشی و دەستڕانەگەیشتن بە هۆکارەکانی خۆشگوزەرانی و بارودۆخی ژیانێکی هاوچەرخانە و هەژاربونی بەشێکی گەورەتری مرۆڤ لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا بەڕاددەی بێبەشبون لە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕووت. بەتەنیشت ئەمەشەوە فراوانتر بوون و گەورەتربوونی هەرڕۆژەی گاپی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی سیاسی “کە گروپ و بازنەیەکی زۆر بچوک و بەرتەسکی هەر کۆمەڵگایەک پێکدەهێنن” لەلایەک و سەرجەمی خەڵك لەلایەکی تر لە هەر کۆمەڵگایەکدا. دیسانەوە بە ووردبونەوە لە شوناسی ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی سیاسەت ئاڕاستە دەکەن و نەخشە و هێڵی پەیوەندی و ململانێکان دەکێشن، بە ئاسانی تێدەگەین کە لەهەر کاتێکی ڕابردوو زیاتر بەها ئینسانیە گەردونیەکان و ماف و ئازادیە تاکی و بەکۆمەڵەکان لە تەواوی کۆمەڵگاکانی دنیادا لە ژێر هەڕەشە و پێشێلکاریدان ئەمەش بەهۆکاری هەرچی زیاتر باڵادەستبونی بزوتنەوە شۆڤێنیست و ڕەیسیستەکان و هێزە پۆپۆلیستە دینی و ناسیۆنالیستەکانەوە.

چ ڕێگەیەک!

لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا ئەم ڕۆژگارانە، شاهیدی هەڵکشانی رۆژبەڕۆژ زیاتری هێزە ڕاستڕەو و ئیکستریمستەکانین، هەروەک چۆن لە خۆرهەڵات بڵاوبونەوەی پەتای مەزهەبی و دینی گەیشتوتە ئاستێکی ترسناک و هاوتەریب لەگەڵ جەنگە نەژادی و ئیتنیکیەکان. ئایا هیچ ڕێگەیەکی دی نیە و تەنها ڕێگەچارە بەسەرا خۆهەڵدانە بۆ نێو ئەو زەلکاوی ململانێ توندەی فەندەمێنتالیزمی دینی و ناسیۆنالیزم خولقاندویانە؟ ئایا بۆ ئەو دۆخەی ئەم ناوچەیەی خۆمان “کوردستان بە وڵاتانی دەوروبەریەوە” و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بە گشتی تێیکەوتوە و هەر ڕۆژ توندبونەوەی زیاتری مڵملانێی مەزهەبگەرایی و ناسیۆنالیستی پەڕگیر و شۆڤێنیزم و ڕەیسیزم چ ڕێگەیەکی دەربازبون و چ پەناگایەکی فیکریی ئینسانی هەیە و چ بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی دەتوانێ وەڵامدەرەوەیەکی جدی بێت؟

مارکسیزم وەک بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی کۆلێکتیڤ

لەسەدەی بیستدا لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا و تایبەتتریش ئەوروپیەکاندا لەبەرامبەر شەپۆلی نازیزم و فاشیزم و ناسیۆنالیزمی پەڕگیر، ڕەوتی چەپ و مارکسیزم وەک وەڵامدەرەوەیەک شانۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوکاتەی کۆمەڵگاکانی ڕەنگکردبوو. مارکسیزم و چەپگەرایی وەک فەلسەفەیەکی ئینسانی و لەسەروی دین و نەتەوە و ئیتنیکەوە، هەم ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکی قوڵ لە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و ململانێ توندەکان و دابەشکاریە کێشەدارەکان و هەم ئەڵەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ لە ئاست کاپیتالیزمدایە.

بەشێکی زۆر لە قوتابخانە فەلسەفیەکان و فەیەلسوفانی سەدەی بیست یان ژێرکاریگەری مارکسیزم بوون وەک کۆمەڵناسان و فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفانی فەڕەنسی، جا یان لە بەشێکی ژیانیاندا لەگەڵ هێزە مارکسیستەکاندا ئەکتیڤیست بوون یان لایەنگری ناڕەزایەتیە جەماوەری و بزوتنەوە چەپگەراکان بوون. بۆیە ئەم دۆخەی ئێستا ئەم ناوچەیەی خۆمان و جیهان بەگشتی پیایدا تێپەڕدەبێت، تەنها بە ڕێگەی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی مارکسیستی و دروستبوونی بەرەی فراوانی جەماوەری چەپگەرا ئەگەری تێپەڕاندنی هەیە. هەڵبەت کە دەڵێین بەرەی فراوانی جەماوەری چەپ، مەبەست لە دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێکی چەپگەرای فراوانی جەماوەریە، کە ئەم بیرکردنەوە کۆلێکتیڤە مارکسیستیە ڕێگەبگرێت لە هەڵکشانی هەرچی زیاتری ڕەوتە شۆڤێنی و ڕەیسیستی و بزوتنەوە دینی و ناسیۆنالیستە پۆپۆلیستە توندڕەوەکان. وە هەروەها ئەگەری ئەوەش بێنێتە بەردەم کۆمەڵگا کە کاپیتالیزم بە گشتی و دەسەڵاتدارێتیە سیاسیەکان بەتایبەتی ناچاربکەن بە ڕیفۆرمی ئابوری و گەڕاندنەوەی هەلومەرجێکی باشتری ژیان بۆ ئینسانەکان. واتا ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت بیڵێین بیرکردنەوەیەکی مارکسیستی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆنی چەپگەرا گەرەنتی هەم پاشەکشەکردنی هێزە دینی و ناسیۆنالیستە پەڕگیر و شۆڤێنیستەکانە، هەم باشتر بوونی هەلومەرجی ئابوری و دۆخی ژیانی کۆمەڵگایە بۆ ژیانێکی هاوچەرخانە و مرۆڤانەتر. ئەمە بۆ ئەم ناوچەیە و جیهانیش بە گشتی ڕاستە. بۆیە ئێستا دۆخی کوردستان و ئەم ناوچەیە کە بەشێکن لە دۆخی جیهانی هەم وەک پێویستیەک، هەم وەک ئەگەرێکی بەهێز لە بەردەمی مارکس و مارکسیزمدایە.




کوردایەتی، پڕۆژەی ئەرستۆکراتیەتی سیاسی و ستەمکاریەکی ڕووت … ئەحمەد ڕەسوڵ


کوردایەتی چیە و چی بوو؟!

کوردایەتی و بزوتنەوەی سیاسی کوردی لێک جیاناکرێنەوە و هەمان شتن. کاتێک دەڵێین کوردایەتی، بزوتنەوەی کوردایەتی یان بزوتنەوەی سیاسی کوردی ڕێک و ڕاستەوخۆ حزبە سیاسیەکانی مێژووی سیاسی کورد دەگرێتەوە.
نابێت وێنەی خەیاڵی لە کوردایەتی دابتاشین، نابێت تێزە و تیۆرەی وەهمی لە کوردایەتی بخەینە ڕوو. کوردایەتی واتا ئەوەی هەبووە و هەیە. واتا یەکێتی و پارتی و هیزەکانی کە لەفەلەکی ئەم دوانەدا دەسوڕێنەوە. کوردایەتی لەوە زیاتر ناتوانێت ببێت کە هەبووە و هەیە. هەم سادە هەم قوڵ تێگەیشتن، ئەوەیە کوردایەتی وەک لاکە تۆپیوێک جگە لە زەرەر و بۆگەن هیچی تری نیە و نابێت و بۆمان. بزوتنەوەی کوردایەتی لە ڕابردوودا خەڵکی ئیدمان کرد، هەروەک مەوادی موخەدیر، بە ئەوهام و خەیاڵات. هەڵبەت بۆ خەڵکێک لانی کەمی قوڵایی لە بینین و تێگەیشتنیدا هەبووبێت لەمیژە دەرکی ئەو حەقیقەتەی کردووە و جەوهەری هەم بزوتنەوەی کوردایەتی ناسیوە هەم تاک بە تاکی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک خۆیان تێگەیشتووە.

وێناکردنی پێکەوە ژیانی تەیفە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی وەک کوردایەتی جگە لەوەی تێنەگەیشتنە لەهیچ یان بە نائاگاوە بەشێکبوونە لە کوردایەتی و داکۆکیکردنە لێی بەمەبستی تایبەتی هەروەها هەوڵێکی ئاست نزمی مەعریفیشە بۆ تێکەڵکردنی چەمکەکان و دروستکردنی تەپوتۆزە بە دەوری چەمکەکەدا بە مەبەستی ئاڵۆزکردن و شێواندنی. ئەو پڕۆژە فاشیستیەی کە ناوی کوردایەتیە نەک هەر توانای بەرهەمهێنانی ئازادی و مرۆڤدۆستی و تۆلێرانسی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبووە بەڵکو بە توندی هەم لە دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و بەردەوامدا بووە لە ئاستیاندا و هەم بەرهەمهێنی تەفرەقەی قەومی و دینی و ئیتنیکی و ناوچەیی بووە ئەمە سەرەڕای بونیادنانی ڕۆحێکی دەستەمۆی سەرکز و ملکەچ و سایکۆلۆژیایەکی خەسیو و شکستخواردوو لە نێو گروپ و ئەندامانی حزب و نێو کایەی سیاسی و ئیداریدا بە تایبەتی و لە نێو تاک بە تاکی کۆمەڵگادا بەگشتی.

هێشتا دەیانەوێت بە ئەوهام و سەفسەتەی کوردایەتی وەڵامی یەئس و بێزاری کوشندەی ملیۆنەها ئینسان بدەنەوە.

کادێرە نەخوێنەوارە حزبیەکان و زوڕناژەنە “نوسەر و میدیاکارە” توتیئاساکانیان، کە موچەی مفت و زۆری لە ئینسان کەوتنیان دەخۆن، ئێستاش بە گوتاری پفدراو و قاندراوی کوردایەتی و دەوڵەت، خەبات و شۆڕشگێڕی، جەنگ و داعش، دوژمنان و ئەزمونەکەمان، سەربەخۆیی ئابوری و ئەمنیەت…هتد و دەیان زاراوە و قسەی پووچی تر و دەیان مەقولەی بۆش و بەتاڵی تر بۆ چەندەمین جار بێسەوادی و بەئامێربوونی خۆیان دەسەلمێنن.
کوردایەتی هەر ئەوەبوو کە بینرا و ئەزمون کرا، تێنەگەیشتن و کاڵفامیە هێشتا چاوەڕوانیەک لە کوردایەتی لەگۆڕی بێ.

کوردایەتی، پڕۆژەی تەماشاکردنی تەواوی کۆمەڵگایە وەک بوویەکی هەمیشە قوربانی لە پێناو نوخبەیەکی زۆر بچوکی هەمیشە سەردەست و ئاوساو هەم بە غروری خۆ بەشت زانین و هەم بە گرێی هەستکردن بە کەمیی.
ئەوەی ئێستا پێیگەیشتوین، جگە لەوەی ئەنجامێکی سروشتی کوردایەتی و بەرهەم و تێگەیشتن لە حەقیقەتی بەربەریەتی ئەم هێزانەیە هیچی دی نیە. هیچ ڕیگەیەکی دی نەماوەتەوە جگە لە ڕیشەکێشکردنی کوردایەتی، ئەگەر نا سەرەتانێکە و هیچی تر.




ڕەنگە ئاگایی بچێتەوە سەر عەدەم … ئەحمەد ڕەسوڵ

ئەگەر بتوانین بە ناو سوپای سیسرکەکاندا تێپەڕ ببین
لەوانەیە لەوسەر بەشێک لە حەقیقەتمان چنگ بکەوێت.
ئەگەر بتوانین بەناو ئەم هەموو وەهمە ڕژاو و
ئەم هەموو بزمارە چەقیوانەی سەر ڕێگادا بڕۆین
لەوانەیە لەوسەر شتێک لە ئاسودەیمان بەربکەوێت.
ئینجا ئێستا پرسیار ئەوەیە:
من چۆن بێمەوە بۆ لای خۆم؟
ئەی تۆ چۆن ئەگەیتەوە بە خۆت؟
ئەگەر گرەوی خۆشبەختی لە ناو ئەم ئاگرەدا بێت
ئەی بۆ دووکەڵ لە دەممانەوە دەهاتە دەر
ئەی بۆ پشکۆ لە خوێنمانا بوو
بەڵام مەراق لەسەرمانەوە فوارەی دەکرد؟!
ئەوەش بزانە:
نیشتەجێیە لە ناو دڵما کەمێک حەقیقەت.
لە ناو سەریشما یەک دنیا خۆشەویستی.
شتێکی گرنگ کە ئەمەوێ بیڵێم:
هەمیشە کاتێک بە نێو کۆڵانەکانی یادەوەریما تێپەڕ ئەبم
بەر هەموو شتێک ئەکەوم جگە لە خۆم،
لە یادەوەریما زۆر غەریبم.
من ئەمە وەک ڕاستییەک ئەڵێم:
لەوانەیە هەموو تەنیاییەک بچێتەوە سەر ئاگایی
ئاگایی بچێتەوە سەر عەدەم،
بۆیە ئەو خەڵکە هێندە پێکەوە نوساوە.
ئەگەر نەیەینە سەر شەقامەکان و
دەستبەرز نەکەینەوە و هاوار نەکەین
ڕەنگە لە شوێنی خۆماندا بڕوێینەوە.
بەڵام ئەبێت دان بەوەدا بنێم:
من زەمەنم بەرەو پێشەوە ناڕوات.
ئەگەر بتوانین بە ناو ئەم جادوگەرانەدا تێپەڕ ببین
لەوانەیە شتێک لە ئەفسونی زیندەگیمان بۆ بگەڕێتەوە
ئەگەر بتوانین بە ناو ئەم هەموو خەسیوانەدا تێپەڕببین
لەوانەیە شتێک لە شکۆمەندیمان بۆ بگەڕێتەوە.
———————–
ئەحمەد ڕەسوڵ – سلێمانی
ئۆکتۆبەری ٢٠١٦




نوێنەری تراژیدیا نەک کوردبوون، تێگەیشتنێکی جیاواز لە نادیە موراد … ئەحمەد ڕەسوڵ

ئیماژی کوردبوون

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو تاکە ئیماژ بۆ پڕۆژەی سیاسیانەی کوردبوون لەلایەن بزوتنەوەی کوردایەتیەوە لە نێوەندە جیهانیەکاندا وەک بویەکی ڤیکتم ،لەلایەک لەسەر دەستی هێزە گەورەکانی جیهان و لەلایەکی تر لەسەر دەستی ڕژێم و دەوڵەتانی داگیرکەری دەوروبەر، لە خۆنمایشکردنێکی بەردەوامدا بووە بۆ بەدەستهێنانی هەست و سۆزی کۆمەڵگای بەشەری. نوێنەرایەتیکردنی سیاسیانەی کوردبون وەک وێنەی قوربانیەک و ستەملێکراوێک و دەستپانکردنەوە بۆ سۆز و بەزەیی، تەواوی مێژووی بەریەککەوتنی ئێمەیە بە دنیا. هەڵبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا ئیماژی کوردبوون “وەک وێنەی کوردبوون لەم هەرێمەی ئێمەدا – کوردستانی باشور” لە نێو جیهاندا دەگۆڕێت بۆ وێنەیەکی تر. لەم چەند ساڵەی دواییدا وێنەی زاڵ و سەرەکی خۆ نمایشکردنی دەسەڵاتدارێتی ئۆلیگارشی بزوتنەوەی کوردایەتی لە پەیوەندیەکانیدا بە دنیای دەرەوە لە وێنەی جوگرافیایەکی نەوتاوی پارەدار و قازانجێکی خێرا و خەیاڵیدا بووە.
هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە ماهییەت و پێکهاتەی خۆیانەوە بە توندی دژ و ناکۆک بوون بە ئێرادەی سەربەخۆ و ئازادانەی کۆمەڵگا، بۆیە جگە لەوەی کە بوونەتە هۆکاری لاوازکردنی ڕۆحی دەستەجەمعی کۆمەڵگای ئێمە و بێئیرادە کردنی تاک و گروپەکانی ناوی، هاوکات وەکو نوێنەری سیاسیانەی کوردبوون لە نێو جیهاندا، جگە لەوەی کە وێنەی لاوازی و بێئیرادەیی بوون، هاوکات وەک ئیماژێکی ڤیکتیمایزکراویش ڕوخساری سەرەکی بوون بۆ کوردبوون. ئەم پاڕانەوە و دەڕۆزەکردنەی هەست و سۆز لە کۆمەڵگای مرۆیی بەبەکارهێنانی کارەسات و تراژیدیاکانی مێژووی ئێمە و ئینڤێستمێنتکردنیان لە کێڵگەی سیاسەتدا لەلایەن بزوتنەوەی کوردایەتیەوە جگە لە تێکشکانی سایکۆلۆژی و جێگیربوونی لاوازی و بێئیرادەیی لە کۆنەستی کۆمەڵایەتیدا، هاوکات خاڵیکردنەوەی تراژیدیاکانی ئێمەش بووە لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیان.
بە درێژایی مێژووهەر تراژیدیا و کارەساتێک ئەو کاتە ڕەهەندێکی یونیڤێرسالی وەرگرتوە و هاوسۆزی و پاڵپشتی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە کە تەواوی وزەی کارکردن تیایدا چڕکرابێتەوە لەسەر ڕەهەندە ئینسانیەکەی. لێرەوە کۆمەڵگای بەشەری خاوەندارێتی لە کارەسات یان تراژیدیایەک دەکات کە ڕەهەندە ئیسانیەکەی تەواوی ڕەهەندەکانی تری شاردبێتەوە و شوناسی ئینسانبون، تەواوی شوناسە بچوک و لۆکاڵیەکانی کردبێت بە ژێرەوە.

هۆلۆکۆست و هێرۆشیما

یابانیەکان بە جەختکردنەوە لەسەر ڕەهەندە ئینسانیەکەی، بێئەوەی ئینڤێستمێنتی پێوە بکەن بۆ شوناسی لۆکاڵی لە نێو بازنەی تەسکی سیاسەتدا، توانیان کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی وەک کارەساتێکی ئینسانی بە درێژایی زەمان بە زیندوویی بهێڵنەوە و بیکەنە یەکێک لە تراژیدیا گەورەکان لە مێژووی کۆمەڵگای بەشەریدا کە سەدای لەگەڵ تێپەڕینی زەمەن تادێت گەورەتر دەبێت. جولەکەکانیش بەهەمان شێوە بە جەختکردنەوە لەسەر ڕەهەندی ئینسانیبونی هۆلۆکۆست، نەوەک بە قەتیسکردنی لە جوغزی بەرتەسکی گروپێکی مرۆییدا، توانییان وەک تراژیدیایەکی جیهانی و کارەساتێک لەسەر شانی ئینسان جێی بۆ بکەنەوە. هەڵبەت یابانیەکان و جولەکەکانیش بەمێژوویەکی درێژ بەرلە تراژیدیاکانیان بە هەموو قورسایی خۆیانەوە ئامادەگیەکی بەردەوامیان لە مێژوودا هەبووە. بۆیە پێوستیان بەوە نەبووە ئینڤستمێنت بە تراژیدیاکانیانەوە بکەن لەنێو کێڵگەی سیاسەتدا و بەخشینی شوناسی بچوک و لۆکاڵی پێیان بۆ ئەوەی بێنە ناو مێژووەوە.
پاساوی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و تیۆریزەکارانی لە ئاست وێنەی خۆ بەقوربانی پیشاندانی نوێنەرایەتی سیاسیانەی کوردبوون و ئینڤێستمێنتی کارەسات و تراژیدیاکانمان لە نێو کێڵگەی سیاسەتدا و قەتیسکردنیان لە جوغزێکی بەرتەسکدا ئەوەیە گوایا کورد نائامادەگیەکی ڕەهای هەیە لە نێو مێژوودا وە جگە لەو بەکاربردنە سیاسیە هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکەی بەدەستەوە نیە هەربۆیە ئەمانە وەک ئامرازێک بەکاردەبات بۆ هاتنە ناو مێژووەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بزوتنەوەی کوردایەتی جگە لەوەی کە تراژیدیا گەورەکان (هەڵەبجە و ئەنفال) ی ئێمەیان لەهەر بۆنە و بەریەککەوتنێکدا بە جیهان، وەک کاڵایەک یان بابەتێکی هەرزانی نێو کێڵگەی سیاسەت بەکاربردووە و تەنانەت لەوەش زیاتر وەک ڕێگایەکی ئاسان لە پێناو بەرژەوەندیە زۆر کاتی و بچوکە حزبیەکاندا مامەڵەکردووە و ئەمەش جگە لە بچوککردنەوەی قەبارە و لێدان لە گەورەیی کارەساتەکان و دابەزاندنیان بۆ ئاستێکی هەرە نزم و بەخشینی شوناسی لۆکاڵی پێیان، هاوکات خاڵیکردنەوەی تراژیدیاکان بووە لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیان و ڕێگریش بووە لە بەجیهانیبون و ئینسانیبونی ئەو تراژیدیایانە و دەنگدانەوەی یونیڤێرسالیانەیان.

نادیە موراد

تێگەیشتنی هەرە سادە و باو لە نێو ڕوبەری میدیایی ئێمەدا ئەوەیە کە نادیە موراد نوێنەرایەتی کوردبون دەکات. خانمێک کە ناونیشانی باڵیۆزی نیازپاکی لە نەتەوەئەکگرتوەکان پێبەخشراوە و کاندیدکراوە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نمایشکردنی وێنەیەکی جیاوازی کوردبوونە لە نێو جیهاندا. هەروەکچۆن تێگەیشتنێکی تر ئەوەیە کە نادیە موراد درێژکراوەی هەمان وێنەی خۆ بەقوربانی پیشاندەری کورد و وازیکردنی هەمان ڕۆڵی پاڕانەوە و دەستپانکردنەوەیە بۆ سۆز و بەزەیی لە کۆمەڵگای بەشەری.
بەبڕوای من هەردوو ئەو بۆچون و تێگەیشتنە، بەهەمان بڕ هەڵە و بە هەمان ئەندازە لاوازن لە تێگەیشتندا. ئێزیدیەکان وەک کەڵتێکی ئاینی لە ناوچەیەکدا کە چواردەوردراوە بە فاشیزمی نەتەوەیی و تێرۆریزمی دینی لە لەحزەیەکدا بێخاوەن و بێپارێزەر جێدەهێلرێن و دەکەونە ناو یەکێک لە گەورەترین تراژیدیاکانی مێژووی هاوچەرخی دنیا کە نوێترینیانە.
نادیە موراد لە نێو قوڵایی تراژیدیاکەوە، لە ناو دڵی دۆزەخەوە دێتەوە و بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئازار و سوتان و وێرانبونی گروهێکی گەورەی بەشەر بە ناو دڵی دنیادا تێپەڕ دەبێت. نادیە موراد هێندەی بوونێکە وەک چڕبونەوەی تراژیدیای کۆمەڵێکی مرۆیی هێندە بونێک نیە وەک نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵە کەسێک. نادیە موراد هێندەی سیمبۆلایزی ئازار و تراژیدیایە، هێندە ڕەمزی ئیتنێکی دیاریکراوی ئینسان نیە. هەڵەیەکی بونیادی گەورەیە لە تێگەیشتنماندا ئەگەر وابزانین، وێنەی نادیە موراد وەک سیمبولی یەکێک لە تراژیدیا مرۆییە گەورەکانی ناو مێژوو، هەمان وێنەی ڤیکتیمایزکراوی کوردبوونە. نادیە موراد، کوردە یان نا، گرنگ نیە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە نادیە وەک سیمبولی گروهێکی گەورەی بەشەر گێڕەرەوەی چیرۆکی ئەو ئازار و تراژیدیا قورسەیە لە نێو جیهاندا. نادیە موراد، سەدای کۆمەڵێکی گەورەی ئینسانە کە تادێت دەبێتە سەدایەکی گەورەتر و گەورەتر بە ناو دنیادا بەردەوام دێت و دەچێت. بەبۆچونی من ئەوە گرنگ نیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدەدرێت یان نا، ئەوە گرنگ نیە کە کراوەتە باڵیۆزی نیازپاکی جیهان لە نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەوەی گرنگە دەنگدانەوەی هاوار و ئازاری ئینسانە لە ناو مێژوودا بە وزەیەکی ناکۆتا و نەبڕاوەوە کە تا ئەبەد درێژ دەبێتەوە. دواتریش ئەبێت ئەوە بزانین ئێستا نادیە موراد و دنیاش، نادیە وەک نوێنەری کوردبوون نابینن، چونکە کورد خاوەن! و پارێزەری! هەیە کە دوو خێڵەکەی بزوتنەوەی کوردایەتین. نادیە موراد، لای خۆی و دنیاش، نوێنەری ئێزیدیەکانە، وەک کەڵتێکی ئاینی بێخاوەن و بێپارێزەر لە ناوچەیەکی پڕ لە فاشیزم و تێرۆر و ستەمکاریدا. نادیە داوا لە دنیا دەکات بۆ پاراستنی یەزیدیەکان “ئەوە گرنگ نیە کە یەزیدین وەک دینێک یان ئیتنیک، بەڵکو لەبەر تایبەتمەند بوونیان و جیاوازبونیان لە دەروروبەر و ناوچەکەی خۆیان و بەمەش کەوتونەتە ناو تراژیدیایەکەوە و هێشتا لە ژێر هەڕەشەی نەمان و لەناوچوندان” نەک کورد. داوا دەکات بۆ دانپیانان بە جینۆساید ناساندی کەتەسترۆفی یەزیدیەکان نەک کورد. لە دنیادا تەنها کوردە کە وەک تورک بە پلەی یەکەم و وەک عەرەبیش تا ڕاددەیەک پشتگیری و پاڵپشتی و هاوسۆزی و هاودەردی بە نادیە نەبەخشیوە.