گیرفان بڕینی هەژاران.. ئەحمەد رەزا

جۆن پیێر کێنزی هەڵگەڕاوە لە سی ئای ئەی، لە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی سریلانکای پێشوو، ئەڵێ: هەرچی خۆت و خزم ە کەس و کارو ئەوی تۆ ناویمان بدەیتێ، خوێندنیان لە ئەمەریکا ئەبێ و پیاسەو گەڕانیان لە ئەوروپا، باج لەسەر دەوڵەمەندو پرۆژەکانیان ڕەمزیی ئەبێ و لەسەر ئەوانیتری زیاد ئەکەی، پێنج ملیار دۆلارت ئەدەینێ و وڵاتەکەت ئەکەین بەنمونەی جوانترین وڵاتی جیهان، ئاو و ئاوەڕۆو کارەبات بە نوێترین تەرزی جیهانیی دابین ئەکەین.. سەرۆکی وڵاتیش پێی ئەڵێ: جا ئێوە لەم خزمەتکردنە چ سوودێکتان دەست ئەکەوێ، ئەوەی ئەمێنێتەوە گیرفانی بەتاڵەو هیچی تیا نییە، کێنز ئەڵێ: ئێمە ئەو هیچەمان بەسە.
(( ئەمە ڕێککەوتنی بانکی نێو دەوڵەتیی و سریلانکابوو، ئەنجامی بە هەڵهاتنی بەرپرسانی سریلانکا کۆتایی هات، کە بینیمان))
پرۆژە نوێیەکانی ئەم وڵاتەش هەمان ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەو بانکە کە بە ئەژدیهاکە ناسراوەو دوای سی ساڵ لە سەپاندنی مەرجەکانی، پلانەکانی پیادە ئەکا.
پرۆژەکانی پۆینت تو پۆینت و هەژماری من و ڕووناکیی و هەناردە کردنەوەی نەوت، بە کۆمپانیاکانی ئەژدیهاکەو بە کرێچی کردنی هاونیشتیمانیی و خوێندنە ئەهلییەکان و نەخۆشخانەو پەیوەندیی و گواستنەوەو بەرەڵاکردنی بازاڕو نەک بازاڕی ئازاد زۆریتریش بۆ بڕینی گیرفانی بەتاڵ مەحروم کردنییەتی لە ژیانی شایستە وەک مرۆڤ.
لە هەرێم هەموو ئەو نادادییە زۆرەملێییانەی بەسەر خەڵکدا بە زەبری چەک و چاو سوورکردنەوە ئەسەپێنرێ، بەرامبەر مانەوەی ئەو حزبانەی لە ڕێککەوتنەکەدان ئەکرێ.. چ شتێکیتر لە گۆڕێ نییە، بەڵام لە هەرێم ژمارەی پێوانەیی زەبرو زەنگ، گەیشتووەتە بەرزترین پلەی باڵا.




سروت و سیمبول و ئایکۆنی ژمارە 40:.. ئەحمەد ڕەزا

گرنگترین ئەو وێنە هونەرییانەی خەیاڵ ئەیچنێ، نزیک کردنەوەی شتە دوور لەیەک و دژ بەیەکەکانە، خەیاڵی هونەریی بە تەنها بینینەوەو کۆپی کردنی هەست پێکراوەکان نییە، بەڵکو داڕشتنەوەو چنینی درک پێکراوەکانە، بە پێی ئاستی جوانبینیی هونەرمەند/ شاعیرەکە، لەو جوانکارییانەی بۆ خۆی گرنگە، تا لەڕێگەیەوە، هەم وێنە ئیستاتیکییەکانی خۆی گەشە پێبدات و بەوجۆرەش چێژە ئیستاتیکییەکە بگوێزێتەوە بۆ وەرگر.. لەم بارەیەوە د. جابر العصفور پێی وایە ” چەشن و تواناو کاریگەرێتیی خەیاڵ پێوەری بەهای شاعیرە، کە چۆن بتوانێت لەنێوان ڕەگەزەکاندا گونجاندن و پەیوەندیی نوێ بدۆزێتەوە.. ئێمە بەهۆی پێدراوەکانی واقیعەوە خەیاڵی شاعیر بە ئەفرێنەری شیعر ئەزانین، بەڵام بە چنینێک تەواو جیاواز لە بەکارهێنانە واقیعیەکەی، بە مەبەستی گەڕان بە شوێن پێشکەش کردنی دنیابینییەکی نوێدا” . ئەمەش پێچەوانەی میتۆدە کۆنەکانی ڕەخنەیە، لە ڕەخنەی هاوچەرخی ئەدەبیدا خەیاڵ بنچینەی وێنەی هونەرییە.
بونیادی کارە ئەقڵانییە پەتییەکانیش خەیاڵە، خۆسەرقاڵ کردن و بەردەوام خسنەگەڕی خەیاڵ، بنچینەی سیمبۆلیزم بەهێز ئەکات، کە لەڕێگەیەوە گەشە بە سروت/ ” طقس” ە تایبەت و کۆمەڵایەتییەکان ئەدات، هەر بەو هۆیەشەوە باوەڕهێنان بە جۆری ڕێوڕەسم/ ” شعائر” پەیدا ئەبێت و سیمبولەکان کە مەعنەویین * نەک ماددی- ، ئەکەونە ناو تۆڕی واتاکانەوە.
لە کۆمەڵگەی نوێدا، سروتەکان بەهۆی بەرفراوانبوونی ئەقڵانیەت و زانست و تەکنۆلۆژیاوە، تەواو لە کزییداوەو لە بۆنە ئاینییە بەرتەسکەکاندا نەبێت – بە مانا تەقلیدییەکەی- شوێنێکی بۆ نەماوەتەوە، گەر ئەو سرووتە نەگوێزرابێتە ناو بواری سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی..
گەر وەک دورکهێیم/ David Émile Durkheim ئەڵێت” بەردەوام ئایین لەڕێگەی سروتەکانیەوە بەرجەستە ئەبێت” بە مانایەکیتر پێدانی تایبەتمەندیی پیرۆزیی لە سروتەکاندا بە ئایین و وردەکارییەکانی، بەو جۆرەی زەینی مرۆڤەکان ئەگوازێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەیەکی گەورەی سیمبول، ئەم حاڵەتە لە ڕێگەی بە پیرۆز تەماشاکردنی دیاردە نائاینییەکانیش لە نەستدا هەمان واتا بەرهەم ئەهێنێتەوە، بە تایبەت لە ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا، سیستمێکی سیمبولیی نوێ بەرهەمدێت وەک: ڕێوڕەسمەکانی مردن و چلەی مردووان و لەدایکبوون و ڕێوڕەسمە ئایدیۆلۆژییەکان و زۆریتریش…
بەم چەشنە سیستمە سیمبولییەکان ناتوانن خۆیان بەسەر بونیادەکاندا بسەپێنن، ئەگەر خۆیان وەک بونیاد ڕێکنەخرابن، دەسەڵاتی سیمبولیزم دەسەڵاتی بونیادنانی واقیعە و هەوڵ ئەدات بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئەبستمۆلۆژیی. .. کەواتە دووبارە سیمبولەکان دەگەڕێنەوە بۆ خەیاڵدان و زەبروزەنگی خەیاڵیش ناهێڵن ئەقڵ و سۆز بەمانا پەتییەکەیان لە خزمەتی سیمبولدا نەبێ، بە هیچ جۆرێکیتر کار بکەن، بەوەش ” شیعر لە ڕێگە ڕاستەوخۆگەرییەکەی/ المباشریة لائەدات و سیمبولەکان ئەجوڵێنێت، کە لە کۆتاییدا بیرۆکە، یان سۆزێک ئەگەیەنێت”
لە دەقی ” مردووان گۆرانی زەوی دووەمیان دەڵێن” بە جۆرێک شاعیر مومارەسەی سیمبولەکان ئەکات، وەک ئەوەی جیهانی ماددی و مەعنەویی ئەو تەنها بریتی بێت لە سیمبول.. دروست ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنێت کە ” مرۆڤ ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژیاوە بوونەوەرێکی سیمبولی/ سروتییە بە پلە یەک، بەهۆی خەیاڵگەیەکی سیمبولییەوە پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و خۆی و خۆی و ئەوانیترو خۆی و شتەکان ڕێکئەخات، بەوجۆرەش تۆڕێک لەماما دروست ئەکات” .
ئەم لێشاوی سیمبولانە بە جۆرێک ئەگوزەرێن کە بونیادێکی سروتیی پێکئەهێنن و دواتر لە تەواوی دەقەکەدا ئاسۆیەکی میتۆلۆژیی دەرئەکەوێت.. لەوێشدا یەکێک لە سیمبولە دیارەکای میتۆلۆژیا ژمارە ” 40″ ە، کە بە درێژایی مێژووی نوسراو لە سروت و بۆنە مێژووییەکاندا ئامادەیی هەیە.
سەباح ڕەنجدەر شاعیرێکی نوێخوازە، یەکێکە لە دیارترینی ئەو شاعیرانەی لە دنیای وێنەو سیمبولدا، بە ڕەهایی تیایدا قاڵ ئەبێت و گرنگترین خوێندنەوەش بۆ دەقەکانی ڕەنجدەر، تەنها دۆزینەوەی کۆدی خوێندنەوەی دەقەکانییەتی، لەبەرئەوەی بەو ڕێگە تەقلیدییە نانووسێت، کە لە دەقی هەموو شاعیرێکدا ئەبینرێتەوەو ڕاهاتووین لەسەر ئەو شێوازگەرییەی کە شآعیری کورد پێی ئەنووسێت، هەروەک پێکهاتەی بونیادی دەقەکانیش لەوانیتر ناچێت، کەواتە باشترە بڵێین خوێنەری تایبەتی خۆی پێویستە، لەبەر ئەم هۆکارەش هەندێک لە خوێنەران بە گشتیی ئەو جیهانە بە ئاڵۆزو تەمومژاویی وەسف ئەکەن.. پێشنیازی چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە دۆزینەوەی مەدلوولی ڕاستەقینەیە بۆ دالەکان و تێڕامانە لە هەر وێنەیەک بە تەنها بۆ چنینەوەی مانا لە تەواوی وێنەکانی دوای خۆی.. هەرچەند ئەم جۆرە خوێندنەوەیە نزیکە لەوەی بۆ دەقە کلاسیکیەکان ئەکرێت، بەڵام وەک چارەسەرێک لەبەردەم کەشفکردنی ئەو جیهانە پڕ لە سیمبولەدا، ئەبێتە ئەرک.
ژمارە ” 40″ بەناو دەقەکەدا هەڵڕژاوە، ژمارەکە لە میتۆلۆژیای کۆن و نوێدا ئاماژەیە بۆ زۆرترین، وەک لە ئێستادا ملیارو ترلیۆن بەکار ئەهێنرێت.. بۆ نموونە ئەمە چەند بەکارهێنانێکی جیاوازیەتی لە مێژوودا:

لە میتۆلۆژیای سۆمەرییەکاندا، ” ئین- کی” خواوەندی پیرۆز، ژمارە 40 ی پێدراوەو ” باسمۆ”ش یان ” ماری ژەهرڕێژ” کە بوونەوەرێکی میتۆلۆژییەو لەدوایەوە دێت، درێژییەکەی 40 باڵ بووە.

لە شارستانێتیی بابلییەکانیشدا. ئەستێرەی هێشوویی ” سورەیا” 40 ڕۆژ لە پشتی خۆردا خۆی شاردووەتەوە، بەهۆیەوە باران و تۆف زریان هەڵیکردووەو بە دەرکەوتنەوەشی خەڵکەکە، 40 ڕۆژ ئاهەنگی کۆتایی کارەساتەکانیان گێڕاوەو قامیش و زەلیان سووتاندووە.

لە شارستانێتیی فیرعەونەکانیشدا، باوەڕیان وابووە، گیانی مرۆڤ بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لە جەستەی جیا نابێتەوە.

لە تەوراتیشدا لەبارەی زریانەکەی نوحەوە ئەڵێت: کاشکای 40 هەبووایە، لەبەرئەوەی دوای 7 ڕۆژ 40 شەو و 40 ڕۆژ باران و تۆف ئەخوڵقێنم و هەرچی لەسەر زەوی بێت ئەیسڕمەوە.

یونسی پێغەمبەریش خەڵکەکەی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەگەر تا 40 ڕۆژیتر باوەڕ نەهێنن و تۆبە نەکەن، شاری نەینەوا وێران ئەبێت.

(وإذ واعدنا موسى أربعين ليلة ثم اتخذتم العجل من بعده وأنتم ظالمون) ” المائدة”

عیسا 40 ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، کاتێ پەیامی پێگەیشت.

نەوەی ئیسرائیل 40 ساڵ لە بیابانی سینا ون بوون.

جالوت 40 ڕۆژ بەرەنگاری نەوەی ئیسرائیل بووەوە، تا دواتر داود پێغەمبەر تێکیشکاند.
دەیان چیرۆکیتر هەن لە شارستانێتییە جیاوازەکان و تەورات و ئینجیل و قورئان و لە ئیدیۆمە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، تا ئەگاتە ئەوەی ژمارە 40 وەک ژمارەیەکی میتۆلۆژیی تەماشا بکرێت، تەنانەت بەو پەندەشەوە کە دەوترێت خودا 40 هاوشێوەی بۆ هەر کەسێک دروستکردووە.
ئاهەنگسازییەک و جۆرێک کەشی کەرنەڤاڵیی بە دەقەکەوە دیارە، کە گەرچی داهێنانێکی تاکەکەسییە، بەڵام پەیوەندییەکان لەگەڵ گروپیشدا ڕێکخراون و بە گشتیی وێنەی سروتێکی بە کۆمەڵ ئەگوێزنەوە.. ئەمەش لە چەندین وێنەدا دەرخراوە:
(( لە ئاهەنگی چل ساڵه‌دا
چەندین گۆرانیبێژ بەشداربوون
یەکیان لەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا
مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا
گۆرانی چاوه‌ڕوانی گۆرانیبێژه گه‌رووی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ.))
‘ بۆ بەڕێوەچوونی سروتەکان پێویستە سێ خاڵی سەرەکی ڕەچاو بکرێت، ئەوانیش چۆنێتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان و بارگە سیمبولیەکان و دوبارە بونەوەیە’ جگە لەوەش هیچ سروتێک بەبێ بوونی کەسی پیرۆز ” سەرکردە/ هەڵکەوتوو” بەڕێوە ناچێت.
لەم دەقەشدا هەرسێ خاڵە سەرەکییەکە ڕەچاو کراوە، ئەوانیش: ڕێکخستنی سروتەکەیە لە شێوە ئاهەنگی تەقلیدیداو بارگاویی کردنی دەقەکەیە بە لێشاوێکی سیمبول و دووبارە کردنەوەی ژمارە 40 ە.. لە ناویشیاندا، سەرکردە یاخود هەڵکەوتوو، مەستانە ئاوازو تەزووی بە بەردیش دەدا.. مەبەست لەوەیە تەواوی ئامادەبووان بەر کاریگەرێتیی دەنگی ئەو کەوتوون، لە کاتێکدا ئەو کاری کردبێتە بەردیشو تەزووی پێدابێت.
گۆرانیبێژێك ده‌نگ لێی یاخی بوو
باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات


یەکەم بونه‌وه‌ر مێروولەیە بۆنی پەڵە دەکات
خۆی توند ده‌گرێ و باراناو له‌ شاری لا ده‌دا
ئەم دوو وێنەیە خاڵی هاوبەش و لێکچوویان هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەکەیان لە دۆخێکی جیاوازدان.. لێرەدا دوو وێنەی جیاواز لە بارەی ڕوودانی کارەساتەوە هەیە.. یەکەمیان ڕوودانی پەڵەو تەنیاییە بێ فریادڕەسەکەی مێروولەیە، کە پێشتریش بە هۆی بۆنکردنی پەڵەوە ئەزانێت بارانی پەڵە ئەیبات و بە ناچاریش لە دەرکی شارەکەدا، یان جێماوە، یان ناچارە، لە هەردوو بارەکەشدا شتێک بە هانایەوە نایەت.. لە وێنەی دووەمیشدا کە وێنەی سروتەکەیەو کاتێ گۆرانیبێژێک/ سەرکردەیەک دەنگی ئەنووسێت، باڵندەی چلئاواز پێی ڕائاگات.
باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات
لەناو لەپی دوو هێلکەی چلخاڵی دانا
باڵی سووك لێكدا و چل جار له‌ هێلکەکانى خشاند
خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ
دەبیەوە منداڵی دەست بە ترش و شيرينى به‌رات
هەر بۆ خۆی بوونەوەی گۆرانیبێژ بە منداڵی دەست بە ترش و نوقڵ و شیرینیی بەرات، ئاماژەدانە بە جۆرێکیتر لە سروتەکان.. لەو کاتەیدا کە دەنگی لێی یاخی ئەبێت و باڵندەی چلئاواز پێی ڕائەگات، بە تروکاندنی هێلکەکان لەبەر تینی گەرمی سروتەکەدا، جوجەڵە تروکاوەکە ئەبێتەوە بەو مناڵەی سروتی بەراتی بەڕێوە بردووە، بەو مانا سیمبولییەی، نەک هیوا بگێڕێتەوەبۆ گۆرانیبێژ، بەڵکو ئەیکاتەوە بە مناڵەکەی بەرات و دەنگی بۆ ئەگێڕێتەوە.. بەمەش مەرجێکیتری سروت دووپات ئەکاتەوە کە جیاوازیی شوێنە لە دووبارە بوونەوەی کاتدا.. – وەک بەخۆدا کێشانی شیعەکان و گەڕانەوە بۆ زەمەنی کوژرانی ئیمامی حسێن وەک خۆی، لەبەرئەوە بەو هەموو گوژم و حەماسەوە بەخۆدا ئەکێشنەوە، شوێنەکان ئەگۆڕێن، لە دووبارە بوونەوەی زەمەندا.
” کۆمەڵگە بە وێنەی سیمبولیی، نەک ماددیی گوزارشت لە جوڵەی ئەکات، ئەوەش لە ڕێگەی نەریت و سروت و دامەزراوەکانییەوە” لەم دەقەدا گوزارشتێکی ڕەوان لە جوڵەی کۆمەڵگە کراوە، ئەو کۆمەڵگە گریمانەییەی لە دەقەکەدا خەمڵێنراوە.. بۆ نمونە، بەم وێنەیە گوزارشت لە دامەزراوەیەکی پڕ کینەو بوغز ئەکات، کاتێ دێو و دوژمن لە کەسێک پەیدا ئەبن، کە لە ئەزەلەوە بە ئاشقیی خوڵقابێت، لەبەرئەوە گۆشەگیرو مەلولی ئەکەن:
په‌ڕی چلباڵ و ئه‌نگوستیله‌‌ى چلنقێم
لە ماتى و مه‌لوولیم وردمەبنەوە
خودا ئاشقی كردم پێناسه‌م پێنه‌كرا
دێو و دوژمنیشم لەزۆربوونن
دەستم خسته‌ دەستی ڕووناکی چلپه‌ڕی شیعر
دروشمێکم بۆ دێو و دوژمن زۆربوون نەدۆزییەوە.
هانا بردنە بەر شیعر، دەستەوسانییە بەرامبەر بە دۆزینەوەی چارەسەرێک، تا لە دێو و دوژمنەکان بگەیەنێت، کە ئەشق چییە.. بەمەش لە ڕێگەی دامەزراوەکەوە جوڵە کۆمەڵایەتیەکە ڕوون ئەکاتەوە، کە تۆڕێکی سیمبولییە.. هەروەک بەو لێشاوی سیمبول و بونیادە سروتییەوە، تەواو جوڵە کۆمەڵایەتیەکە ئەگەیەنێتە وەرگر.
” لە پشتی هەر زمانێکی شیعرییەوە، چینێک لە ئاماژەو سیمبول و ئەفسانەو بەشێک لە زمانی مرۆڤی سەرەتا هەیە، یەکەیەکە ئەبێتە بەشێک لە قەوارەی زیندووی نەمر، شیعریش لە چنینە ناوەکی و پەیکەرە گشتییەکەی و هەڵوێست و ڕووداو و پاڵەوانەکانیدا بەو یەکەیە کاریگەر ئەبێت” لەبەرئەوەی ڕەگێکی هاوبەش لە نێوان چیرۆکە میللی و خورافیی و میتۆلۆژیی و دۆنکیشۆتییەکاندا هەیە.
بەهێمنی و بێدەنگیش ماومەتەوە و هه‌سته‌كانم له‌ ئاگرن
باڵندەی چلئاواز وەڵامی پێ بوو
ڕەگ لە گەڵا و گوڵ جوانترە
زەویش دەیشارێتەوە
ڕەگ سۆراخ ده‌كا و ناز به‌ به‌روبووم ده‌دا
وەک بیابان ناولەپی بەتاڵ نییە.
هەستەکان لە ئاگرن، خۆخواردنەوەیە دژی ئەو دامەزراوە سیمبولییەی کە جوڵەی کۆمەڵگەکەی دەرخست، بەڵام ئەو باڵندە چلئاوازەی لە شوێنێکدا فریادڕەسی گۆرانیبێژە دەنگ خنکاوەکەو لە شوێنێکیتردا وەڵامدەرەوەی پرسیارە چەپێنراوەکانە، ئەو قارەمانێکی توانا لەڕاددەبەدەری خورافییە، کە لە هەموو تەنگژەکاندا وەڵامی پێیەو ئامادەیە..
ڕەگ لە گەڵاو گوڵ جوانترە.. ئەم جیهانبینییە، جگە لەوەی مانایەکی واقیعیی پەتیی هەیە، بە گۆڕانی جوانترە بۆ بنەڕەتترە.. هەروەها گوزارشتە لە ” هێمنیی و مەلولیی و بێدەنگییەکان” ی خود لە دەقەکەدا.. ئەوەتا ڕەگ چەند جوانترە لە گەڵاو گوڵ کەچی زەوی ئەیشارێتەوە، لەم گوزارشتەدا سێ مانای پێچەوانە ئەخوێنینەوە:
یەکەم لەبەر مانەوەو پاراستنی.. دووەم: پەراوێز خستنی جوانییەکان لە هەموو شوێنێکدا.. سێیەم بێئاگایی زەوی لە شاردنەوەی ڕەگ.. کە ڕەنجدەر خوێندنەوەی سێیەمی بۆ کردووە:
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
دوای ئەوەی سێوەکە لە ئادەم وەرئەگرێت، ئەکەوێتەسەر زەوی و لەو نادادییە ئاگاداری ئەکاتەوە.
ئەوەی گرنگە بەم وێنەیەیتر لەسەر شاردنەوەی ڕەگ، ئەگاتە بونیادی جیهانە سروتییە خەمڵێنراوەکەو جیهانە میتۆلۆژییەکە بە ڕەوانیی ئەگەیەنێتە ئێمە:
ئادەم ئەگەر سێوەکەت تەواو نەخواردووە
شتێکی بدە من
نائومێدیی دەکوژم و هەستم تینی تێدەکەوێت
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
لەگەڵ ئادەمدا لە بەهەشت بوون و پێکەوە دەرکردن بۆ سەر زەوی.. کۆتایی هێنان بە نەمریی و سەرەتای دەست پێکردنی کۆتایی و مردن.
ئەمڕۆ یەکەم زەنگم لێدا
چل شه‌و و ڕۆژ بەسەر مردووەوە نامێنمه‌وه‌
باخچەیەکم به‌ دیواری گۆڕستانه‌وه‌ هەیە


ژیان درێژبێتەوە لە کۆمەڵە یادگارییەک زیاتر نابێ
دەفتەری خامۆشییت دەکرێتەوە و هێڵەکانی درێژنابنەوە
ئاگر فریوخواردووی به‌خته‌وه‌رییه‌.
سیمبول و ئاماژەکانی مەرگ لە زۆر وێنەیتری دەقەکەدا بە ڕوونیی دیارن.




کۆستی کچ لە نێوان گۆران و شێخ حەسیبدا.. ئەحمەد ڕەزا

” هیرمنیوتیک/ التأویلیة”

ژێدەری دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان” بە پێی تیۆری ( پەیوەندیگیریی/ Communication/ التواصل)، کە بەناوی ” ڕۆمان یاکۆبسۆن “ەوە لکێنراوە، ماتەمگێڕییە..
شیعری ماتەمگێڕیی/ الرثاء:
خوێنەر لە ئاستی هەر دەقێکی شیعریی ماتەمگێڕیدا، کە جۆرێکە لە هونەری شیعریی، پێش هەر شتێک چاوی لەسەر نزیکایەتی دانەر/ شاعیری دەقەکەیە، ئەوەش بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی ئەو پەیامەی ئەیگاتێ و لەڕێگەیەوە باوەڕ بە هەڵچوونی ڕاستەقینەی ناو دەقەکە ئەهێنت لەڕووی قووڵایی ئەو خەم و ناسۆرەی بە لەدەستدانی ئازیزێکیەوە بەسەری هاتووە.. بۆ ئەوەی لە گەیاندنی ئەو هەستە ماتەمگێڕییەی دەلالەتە ونەکانی کارەساتەکە بدۆزێتەوە.. هەڵبەت ئەوەش بە پێی تێگەیشتنی هەر وەرگرێک بە جیا.. بەمەش وەرگر ئەگاتە ئاستی ڕێژەیی ئاوێتە بوونی لەگەڵ قەبارەی ئەو کارەساتەی بەسەر شآعیرەکەدا هاتووە.
شیعری ماتەمگێڕیی چەند تایبەتمەندێتییەکی دیاری هەیە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
١-شیعرێکی ویژدانییە، بە ڕاستگۆیی و توانای سۆزی ئەناسرێتەوە.
٢-بەپێی شێوازو ئامانجەکەی ئەناسرێتەوە، وەک: ماتەمباریی، دڵتەنگیی، شیوەن و گریان، دەربڕینی هەستێکی قووڵی غەم و پەژارە.
٣-بەهۆی دڵگەرمیی و هەناسەسواریی شاعیرەوە، دێڕەکان کورتن، لە گریانی بەکوڵی واقیعیی کاتی نووسیندا نەبێت.
٤-دەربڕینی هەندێک دەلالەتی دوور.
٥- ناوهێنانی ئایین و باسکردنی – بەهەر بیروڕایەک-
هەموو ئەم تایبەتمەندێتییانە لە دەقی شیعریی ” بۆ کەژاڵی جوان”دا بە ڕوونیی ئەبینرێتەوەو بابەتێکی پەتییە لە دەربڕینی غەم و پەژارەو شیوەنی گەرم بۆ کەژاڵی جوان.
دیمەنی وێنەیی، یان نووسینی پڕ دیمەن:
لە ڕووی جۆرەوە، جۆری دیمەنی وێنەیی هەڵبژێرراوە بۆ گەیاندنی تەواوی ئەو ئازارو هەستە پەنگ خواردووەی باوکێک دوای لە دەستدانی کچە بیست و یەک ساڵەکەی..
” حەبیب مونسيی” ڕەخنەگر بەمجۆرە پێناسەی نووسینی پڕ دیمەن ئەکات: ” ئەو نووسینەیە کە کۆمەڵە وێنەیەکی بەدوایەکی تیا هەڵڕێژراوە، هەروەک ئەوەی شریتێکی جوڵەیی نمایش بکات، پڕە لەو پاشخانانەی سیمبۆلەکان ئەجوڵێنێت ” بەپێی ئەم پێناسەیەو چەندین پێناسەی جیاوازیتری ڕەخنەگران، کە پوختەکەی لە پێناسەکەی حەبیب مونسییدایە، دەقی شیعریی ” بۆ کەژاڵی جوان” شیعرێکی پڕ دیمەنی وێنەییە، کە بە وشە دەرخراوە.. هەڵبژاردنی دیمەنە وێنەییەکانیش لە ڕەگەزێکی دراما نزیک ئەبێتەوە.
لەبەرئەوەی دراما کاریگەرێتیی لەسەر وەرگر زیاترە، بەهۆی ئەوەوە کە دیدو بۆچوون لە کارەکەدا بابەتییترەو گێڕانەوەسازییەکە لە ” جووڵە/ وێنە”دا ئەگاتە بەرامبەر، بەوەش ئەو ڕووپۆشە خودگەرایی و ڕا تاکگەراییە لە دەقەکەدا ون ئەبێت.. بە خواستنی چەند دیمەنێکی سینەمایی، وێنە شیعرییەکان بەرجەستە ئەبن و زەینی وەرگر لە خوێندنەوەی دەقەوە، ئەگۆڕن بۆ بینینی دیمەنەکان، کە ئەمەش تازەکی لە دەقی نوێگەریدا سەری هەڵداوە، بۆ نمونە لای عەرەبەکان لە ساڵی 2000 ەوە، زیاتر دەرئەکەوێت .. کەچی ئەم دەقە ساڵی 1983 بەرهەم هاتووەو بەوجۆرەو شێخ حەسیب قەرەداخی کۆچکردوو بە ” شێواز/ اسلوب” ی باوی خۆی نووسیویەتی.. لە پێشتریشدا وێنە شیعرییەکان دیمەنێکیان بەو شێوەیە نیشانداوە، یان شانۆیی شیعریی هەبووە، بەڵام بە ئامانجگرتنی دیمەنی وێنەیی لە شیعری هاوچەرخدا سەری هەڵداوە، بەوەی کە دەقێک بە تەواوی بونیادی پێکهاتەییەوە لە کۆتاییدا ببێێتە چەند گرتەیەکی وێنەگیراوی سینەمایی لە زەینی خوێنەردا.
دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان” بە ڕووی ڕەگەزەکانیتردا کراوەیە.. دەقەکە بیرۆکەیەکی تەواوکراوی کورتە فیلمێکی سەرکەوتووە، تەنها سیناریۆیەکی پێویستە بۆ ئەوەی دەستبدات ببێتە کورتە فیلم، هەرچەندە لە سەرەتاوە، بەشێک لە سیناریۆکەو کات و لۆکەیشن و کارەکتەرەکان و سینۆگرافیاکەشی تۆمار کردووە:
چوار شەممە 15ی حوزەیرانی 1983،
دەمەوبەیانی … کەژاڵی جوان،
کەژاڵی شۆخ، دێت و دەچێت،
چاوەڕێیە
ژیان وەکو ساوایەکی بەر مەمکانە
لە باوەشی چاوەکانیا پێ ئەکەنێ،


دوای نیوەڕۆی 15ی حوزەیران
کەژاڵی جوان وەکو مەلێ
بڕوانامەی کرد بە باڵ و بەرەو شاری سلێمانی
ڕێگەی کرد بە شریتێکی تازە تۆماری گۆرانی
لە پێشوازیی چاوەکانیا ئەمبەرەو بەر
ڕاوەستابوون نێرگز فرۆشی ڕێی تەمەن
چەپڵە ڕێزان (( زۆر نموونەی دیاریتریش وەک سیناریۆ لە دەقەکەدا هەن))
دەقی مێژوویی:
” ڕووداوە مێژووییەکان، لە ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان ناچن، گەر نەچنە چوارچێوەی گێڕانەوەسازیی مێژووییەوەو دووبارە نابنەوە ” ئەگەر بە چەمکە هێراکلیتۆسییەکە چەمکی مردنی کەژاڵ و بەهاری کچانی شێخ لێک بدەینەوە، هەڵبەت دووبارەبوونەوەی مێژوو نییە.. لەبەرئەوە لە ئاست دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان”دا، وەرگر لەبەردەم پێشوازیی دەقێکی مێژووییدایە، چوون دەقەکە ئەدەبییە، وەرگریش پێشوازیکەرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەدوای مەدلولدا وێڵە.. وەک ئەوەی کە هەموو کەسێک پێشوازیکەرە، بەڵام هەمووی ئامادەیی تێگەیشتن و لێکدانەوە نییە.
لادان یان هەڵخزانی زمانەوانیی:
ئەم دەقە لەڕووی لادان یان خزانی زمانەوانییەوە، هەردوو جۆرەکەی لادان ” دەلالیی و پێکهاتەیی” لەخۆی گرتووە.. ” دکتۆر صلاح فضل” لەبارەی ئەم دوو جۆرەی لادانی زمانەوانییەوە ئەڵێت:
” لادانی دەلالیی: دەرچوونە لە ڕێساکانی هەڵبژاردنی سیمبۆلە زمانەوانییەکان، وەک دانانی کەسێک لە بری کۆمەڵ، یان وتەیەکی نامۆ لەبری وشەی باو، یان ئاوەڵناوێک لەبری ناو ” لەم دەقەشدا نموونەی زۆری ئەمجۆرە لادانە بەکارهاتووە:
بە ناو هێڵی تەلەفۆن دا ڕۆڵەڕۆیەک گەیشتە لام


جگەر سووتاوی خاکی خەم


من باوکی سۆز و خەم بووم
لادانی پێکهاتەیی:
دکتۆر صلاح لە بارەی ئەمجۆرە لادانەشەوە ئەڵێ:
” پەیوەندیی بە ڕەوتی ئاماژە زمانەوانییەکانەوە هەیە، کاتێ لە ڕێساکانی پێکهاتنی سیستمەکان دەرئەچن، وەک جیاوازیی لە ڕێکخستنی وشەکان، گەر زمان چەشن یان یاسایەکی دیاریکراوی سەپاندبێت، لادان لەم یاسایە پێی ئەوترێت لادانی پێکهاتەیی، گەر دەرچوونیش بێت لە زنجیرەی ئاخاوتنی ڕێکخراویش؛ واتە پێشخستن و دواخستنیش بێت. “
نموونە لە دەقەکەدا:
دەستەوسانی! دەستەوسانی!
هەتا ئەمڕۆ،
لە شیعریشا بە قورسایی تۆم نەزانی


ئەی ڕۆڵە گیان خەم بڕیمی و پەنا ئەبەم بۆ دەفتەرم
بۆ دیوانم، بۆ سەفەرم
بۆ وەڵامی پرسیارێکم
بۆ چیرۆکی ئازارێکم
دەستم چزا بە داماویی دەربڕینا
دووام لە تەک هەزار چامەی ماتەمینا.

لە نێوان ” بۆ کەژاڵی جوان” و دەقی ” شیوەنی گوڵاڵە”ی گۆراندا:
ئەم دێڕەی دوایی ” دووام لەگەڵ هەزار چامەی ماتەمینا” بە دوو دێڕی دوای خۆی، بەبێ ئەوەی تەنها دێڕێک لە دەقی شیوەنی گوڵاڵەی گۆرانی مەزن وەرگرێ، تەواوی دەقەکە ئەهێنێتەوە زەینی وەگر.. دوو دێڕەکەش بەمجۆرەیە:
من دەروێشی مەولەوییم و
شەیدای شیوەنی گۆرانم
بەڵام دواتر ناوی گوڵاڵەو عەنبەر خان ئەهێنێت، کە کەژاڵیان پێ ئەچوێنێت و خۆیشی بە گۆران و مەولەوی.
لێکچوونێکی زۆر لە نێوانی هەردوو دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان و شیوەنی گوڵاڵە”دا هەیە، بە تایبەت لە ئاستی نەبینینی سەبەبکاری ڕاستەقینە لە هۆکاری مردنەکە.. هەرچی گۆرانە هانا ئەباتە بەر هەموو شتێک ” ئەجەل، ئاسمان، عەرشی خوا، حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا” دواتریش یەخەی چەرخ و زەمانە ئەگرێت، وەک خۆی ئەڵێت ” گریان سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردنە” لە کۆی دەقەکەیدا ئەوە ئەزانرێت کە نازانێ یەخەی کێ بگرێت لەسەر مەرگی گوڵاڵە:
کچم خۆ تۆ نەماوی تا ببینی
کە باوکت چەن بە ناسۆرە برینی!
نە تۆی پێ دێتەوە نە عەقڵی ئەبڕێ،
لە سەر تۆ کام یەخە، کام ئەستۆ بگرێ؟
دواتریش هەندێ سەبەبکار دیاری ئەکات و هانایان بەر ئەبات، کە خۆی بە گومانیشە لە هەر یەکێکیان:
ئەجەل داد! ئاسمان داد! عەرشی خوا داد!
حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا داد!
کچێکم بوو، کچــــــێ، تەنیا کچێ، بەس!
ئەویشت ئاخری کوشت چەرخی ناکەس!
شێخ حەسیبیش بە هەمان شێوە نازانێ یەخەی کێ بگرێت و داد بباتە بەر کێ، لە دوواییدا لە گەورەیی ئازاری خۆی بەرۆکی دائەدڕێ:
ئۆف ڕۆڵە گیان بۆ داخی دڵ
عەرشێ نەبوو بیلەرزێنم
گڕ گڕ بۆ خۆم گەڕامەوە
با یەخەی خۆم دادڕێنم.
شێخ جارێکیتر ئەگەڕێتەوە سەر وەحدەی وجود، کە تیایدا سەرقاڵی لێکدانەوەی یەکێتیی سروشت و خواوەند بووەو پێیەکی لە جیهانی سۆفیزم گیربووە، کاتێ ئەم کارەساتە ڕوویداوە، لەو کاتەدا لە ڕەتکردنەوەی جیهانی دەرکەوتوو بووە وەک ابن العربي، یان لە لێکدانەوەی باوەڕی سپینۆزادا نقوم بووە ” هیچ شتێک لە بووندا نییە، جگە لە خودا، خودا هەبووی هەقە، هیچ هەبوویەکیتری هاوشێوەی ئەو بوونی نییە ” لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکە:
من باوەڕی وەحدەی وجود گێژی پێدام
کاتێ کە هۆشم کردەوە
لە ناو گۆمی مەنگی تۆدا، شەخڵی لێدام.
ئەمەش جۆرە گلەیی و نادادییەکە لەو ئایکۆنەی گێژی پێداوە لە وەحدەی وجوددا، واتە گلەیی کردنێکی ناوەکییە لە خودا.. واتە پرۆتستۆ کردنیەتی، بە بێ ئەوەی بە ڕوونیی ئاماژەی پێ بدات.
گۆرانیش دوای ئەوەی بەرۆکی خاک و قەبر ئەگرێت لەسەر ئەم کۆستەی:
قەبر! ئەی خاکی ڕەش، ئەی چاڵی تاریک
دڕنـــــدەی لاشــەخـــــۆری بــــــاوک و داییک!
دوابەدوای ئەوە ئەگەڕێتەوە، بۆلای ئەو کەسەی کاروباری خاک بەڕێوە ئەبات، کە خۆی ناوی ئەهێنێت و ئەڵێت ئەگەر ئاسمان و ئەگەر خوایە، پرۆتستۆی ئەکات:
ئەگەر، ئەی خاکی زاڵم، ئیختیارت
نییە، ناچارییە تۆیش کاروبارت،
لە کردارت ئەگەر مەسئوول سەمایە،
تەبیعەت، هەرچی… حەتتا زاتی خوایە
بەڵێ: هەرچی و هەچ کەس بێ سەبەب کار،
پرۆتستۆی ئەوم مەتڵووبە ئێجگار
ئەڕێژم ئەشک، ئەکێشم ئاهی بێ بن؛
سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردن!
تێبینیی ئەکەین لە دوا دێڕدا، گەڕانەوەیە بۆ یەخە دادڕینی خۆی و دان بە عجزو بێدەسەڵاتیی خۆیدا ئەنێت.. بە واتا لە هەردوو دەقەکەدا تەنها هەڵکێشانی ئاهی بێ بن و یەخە دادڕینی خودە.. لێرەدا هەریەک لە گۆران و شێخ حەسیب ئەبن بە پرۆتستۆکار، نەک کەسی بێ باوەڕ بە میتافیزیک.
هەر دەقێک تا خوێنەر هۆگری نەبێت – جا بە تەنها جارێکی خوێندنەوە، یان چەند جار دووبارە کردنەوەی- نابێتە ئەو دەقەی تۆپۆگرافیاو دەلالەتەکانی دیاریی بکرێت و جوڵەی مەدلولەکانی بناسرێتەوە.. لەبەرئەوە هەردەقێک لە هۆگر بوونیدا ئەبێتە ئەو دەقەی لێکبدرێتەوە/ تەئویلی بۆ بکرێت و مەبەستگەراییەکەی ئاشکرا بێت.

هیرمنیۆتیک و مەبەستگەرایی/ المقصدیة:
دوو چەشن لە مەبەستگەراییدا، لە واقیعی خوێندنەوەدا، جیاوازییان هەیە.. یەکەمینیان پێیوایە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیی، دۆزینەوەی مەدلولە ڕاستەقینەکان و دۆزینەوەی مانایە.. بەڵام چەشنی دووەم باوەڕی وایە، کە خوێندنەوە لێکدانەوەی دەقی ئەدەبییە بەپێی توانای تێگەیشتن لەو دەقە ( واتە ئاستەکانی وەرگرتن لەلایەن وەرگرەوە) یان بەپێی نیەت و مەبەستگەرایی ئەو خوێنەرە، ئەمەش بەواتای ئەوەی ئەو خوێنەرە چۆن لە مەدلولەکانی دەقەکە ئەگات و چەند لە بنەڕەتی فیعلیی دەقەکە تێ ئەگات و چەند لێی دوور ئەکەوێتەوە.
” حمید لحمداني” ئەڵێت: ” بنەڕەت چەشنی یەکەمەو چەشنی دووەم لادان و خوێندنەوەی لابەلایە.. بەوپێیەش ئەم ئاسەوارانە لەسەر خوێندنەوەو لێکدانەوەی چەشنی یەکەم کەڵەکە ئەبێت:
١- مەدلولەکان لە دەقدا جێگیرن لە هەموو کاتێکدا.
٢- مەدلولەکان هەن، پێش ئەوەی لە دەقێکی ئەدەبیدا بجوڵێن و دەربکەون.
٣- مەدلولەکان مەبەستدارن و پابەندن بە ئیرادەی بگۆوە، واتە نوسەرەکەی.
٤- خوێنەریش ئەبێت مەبەستی ڕاستەقینە بدۆزێتەوەو تێبگات، بتوانێ شیکردنەوەی واقعیشی هەبێت بۆ دالەکان و لە لێکدانەوە/ تأویلدا سوودیان لێوەرگرێت . “
ئەو نزیکایەتیی و کارتێکردنەی دەقی ” شیوەنی گوڵاڵە” لە دەقەکەدا، وایئەبینم کاریگەرێتیی دەقێکی زیندووە لە زەینی هەموو وەرگرێکدا ئەمێنێتەوەو هەر کەسێکی داهێنەریتر بکەوێتەوە ئەو هەڵوێستەوە، هەمان دەقی لا زیندوو ئەبێتەوە، کە ئەمەش کاریگەرێتییەکی ئاساییە وەک فرۆید ئەڵێت: ” هەرگیز نکوڵیم لەوە نەکردووە، کە لە ئەدەبدا ڕەگەزی واقیعیی هەن، گەر وا نەبووایە نووسەر نەیئەتوانی سوود لە یادەوەریی خۆی وەرگرێت لە نووسیندا، ئەگەر سەرەتا لای نووسەر پرۆژەیەک گەڵاڵە بێت، نائاگایی بە شێوەیەکی ڕازییکەر، بە سیمبۆلەکان و وێنەکانیەوە بەشداریی ئەم پرۆژەیە ئەکات، مانای ” شاراوەی گشتیی” پێ ئەبەخشێت و بەوەش دەقی داهێنەرانە چۆن ئەبێتە پێگەیەک بۆ ئبستمۆلۆژیا، ئاواش ئەبێتە ماددەیەک لە پێناوی ئبستمۆلۆژیاد.ا “
بەم لێکدانەوەیەو بەهۆی کاریگەرێتیی کۆستی گەورەی شاعیرو ئازارە قورسەکەیەوە، ئەتوانین بڵێین ئەو کاریگەرێتییە تەواو جوڵەی یادەوەریی و بیرکەوتنەوەی دەقە دیارەکەی گۆرانە، نەک ئینتەرتێکست/ intertext ێک بێ و بە کاریگەرێتیی ئەو دەقە نووسرابێت.
مەبەستگەرایی لە تەواوی ئەم دەقەدا دەرخستنی هەستی باوکێکە لە ئاست کۆستێکی گەورەیدا، بەڵام بەردەوام ” من” ئامادەییەکی بەرفراوانی هەیە، وەک پەیکەرێکی بنەڕەتیی، کاریگەر بە هەموو ڕۆشنبیریی زمانەوانیی و ژیانی خۆی.
لەم دەقەدا شێخ حەسیب و لە دەقی ” شیوەنی گوڵاڵە” شدا گۆران، ” من” ئامادەیی بەردەوامی زیاترە لە ” کەژاڵ و گوڵاڵە” واتە ئەوەندەی دەقەکە لاواندنەوەی خودە، زۆر کەمتر یادەوەریی ” کەژاڵ و گوڵاڵەیە” واتە بابەت لکێنراوە بە هەڵچوونی شاعیرەکانەوەو لەناو هەڵچوونی خۆیاندا کاردانەوە لەسەر بابەتەکە نووسراوەتەوە، بەمەش هەردوو دەقەکە ئەبن بە دەقی ماتەمگێڕیی، بە تۆمارکردنی ئەو بارە دەروونییەی دوو باوک تیایدا ژیاون لە ساتە وەختی کۆستە گەورەکاندا.
ناکرێت شاعیر خودگەریی خۆی لەدەست بدات، چ لە ڕووی شێوازگەرییەوە، چ لە ڕووی داڕشتنی پێکهاتەییەوە، چ لە ڕووی تێکەڵ نەبوون بە بیروڕای ئەوانیترەوە، بەمەش سەربەخۆیی خۆی ڕەوانتر ئەپارێزێت.. لەبەرئەوەی دەقیش پەیوەندیی سەرەکی بە هەڵچوونەکانی خودی دانەرەوە هەیە- نیتچە – کەواتە ڕەواترە لە کۆستێکی وا گەورەدا، دانەر وەک هەر کەسێکی ئاساییتر کاردانەوەو دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکە دەربڕێت.




عادل عەزیز: ڕووبەرێکی دەنگیی فراوان:… ئەحمەد رەزا

کاتێ گوێ لە گۆرانییەکی ئەگرین، یان بەیادماندا ئەگوزەرێ و ئەیڵێینەوە، ڕاستەوخۆ هەستتێک ئەمانخرۆشێنێ، هەستکردن بێ بە جۆش یان غەمباریی، وەک ئەوەی چێژ لە دەسکەوتنی یەکێک لە پێداویستیە گرنگە بیۆلۆژییەکان وەرگرین و غەریزەیەکمان تێر ببێت.. ئەو چێژ وەرگرتن و گوێگرتن لە موزیک یان گۆرانییە، لە کۆمەڵە بازنەیەکی دەماری مێشکەوە سەرچاوە ئەگرن، کە لێکۆڵەرە فسیۆلۆژییەکانی مێشک ئەیگێڕنەوە بۆ ئەو بازنە دەمارییانەی مێشک، کە بەشداریی ئەکات لە هەڵسەنگاندن و هاندان و پاداشتی مێشک، بە تێپەڕین بە چەند کەناڵێکدا، ئەمەش واتە ئەو گۆرانیی و میوزیکە ئەو بازنانە چالاک ئەکەن، بە جۆرێک کە مرۆڤ هەست بە خۆشیی بکات، تەواو وەک هەر تێرکردنێکی فسیۆلۆژیی تر.. لە ئێستاشدا کاری سەرەکی پزیشکە ئەنترۆپۆلۆژیی و بیۆلۆژییەکان، گەڕانە بەشوێن سەرچاوەی ئەو کارتێکردن و هاندانەی لەسەر مێشکەو بەهۆیەوە چالاک ئەبێت و دەرەنجامی باشیشیان دەستکەوتووە.
گۆرانیی یان موزیک، ئەو کاریگەرێتیانەی لەسەر هەستی مرۆڤ هەیە.. کەواتە پێش هەر شتێک یەکگرتنەوەیەتی لەگەڵ چەشنی ئەو بابەتەی لەگەڵ هەر کەسێکدا وێک دێتەوە.

مەبەستی سەرەکیی ئێمە لەم باسەدا، زیاتر ستایل و پێکهاتەی گۆرانییە.. بابەتەکەش دروست لەسەر تەواوی گۆرانییەکانی هونەرمەند عادل عەزیزە، کە بۆ ئەم باسە گۆرانیی ” ناڵەی شەوگار” دیاریکراوە، بەڵام باسەکە بە گشتیی، سەرجەم گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەیە.
لە پێناسە دەروونزانییەکەیدا گۆرانیی و موزیک: ئامرازێکن بۆ گوزارشتکردن لەو هەڵچوونە دەروونییە جیاوازانەی مرۆڤ، کە پیایدا تێپەڕ ئەبێت و جۆرێکن لە جۆرە دەروونییە خۆڕسکەکانی، کە لە هەندێک ورتەی کاردانەوەو ڕستەو دەستەواژە پێکدێت، بۆ گوزارشتکردن لە بیری خۆی.”
گۆرانیی دەرپەڕاندنی دەنگ و ئاخاوتنە بەشێوەیەکی ڕێکخراو.. میوزیک لە گۆرانیدا پابەندە بە هەستە وتراوەکەوە.. واتە میوزیک و دەنگی گۆرانیبێژ، کە هەندێجار جێی میوزیک ئەگرێتەوەو هەم ڕیتم و وتراوەکە، هەموو پێکەوە پابەندن و پێکەوە بەرهەمێک ئەگەیەننە دواپلەو کۆتایی بەرهەمهێنراو.

تایبەتمەندێتییە سەرەکییەکانی گۆرانیی بریتین لە:

  • گرنگترین ڕەگەزی بەربڵاو ” میلۆدی و گونجاندن و کێشەکان و تۆن و مەقام و پەیژە میوزیکیەکان، کە لە زانستی میوزیکی کوردیدا لەبری مەقام”ە.
  • ڕیتم و ئەو چەمکانەی لەگەڵ خۆیدان، وەک خێرایی ڕیتم/تیمپۆو نوارو کرۆش و باڕەکان و وتنی میوزیکی/ النطق الموسیقي.
  • جوڵەی دەنگ: قەراو جەواب.. یان ڕیزبەندییەکەی خۆی، کە دواتر باسی ئەکەین.
  • سیفەتە دەنگییەکانی چنراوە میوزیکیەکە، لە زۆرباردا بە چەشن یان بە ڕەنگی دەنگەکە ئەناسرێتەوە.
    بەڵام ئەوی دەربارەی چینەکانی دەنگی مرۆڤە، بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بوون و ئەو پۆلینکردنە ئامرازی گۆرانیبێژو کۆمپۆزەرەکان و شوێن و تەنانەت ئامادەیی وەرگریشە.. بەمجۆرەش دابەش ئەبن:
    دەنگی ژنان:
    1- soprano
    2- mezzo soprano
    3- contralto
    دەنگە پیاوانەکانیش بەسەر چوار جۆردا دابەش ئەبن:
    1- countertenor
    2- tenor
    3- baritone
    4- bass ئەم ڕوونکردنەوانە تایبەتن بە پێرفۆرمانس/ أداء ی گۆرانبیژەوە، کە لە ڕاستیدا یەکێک نییە لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی موزیک و ڕەگەزەکان بریتین لە: ئاوازو ڕیتم و گونجاندن، یان هاوئاوازیی.. بەڵام دەنگی گۆرانیبێژ گرنگترین کاریگەرێتیی هەیەو بەلانی وەرگرەوە ڕەگەزی یەکەمینە لە پێکهاتەی گۆرانییدا. ” هەرچەندە هەموو ڕەگەزەکانیترو بە ئامێرە میوزیکییەکەشەوە ئەکەونە پێش وتن، لە دروستبوونی ماددە میوزیکیەکەدا”
    هیگڵیش لە بارەی پێرفۆرمانسەوە ڕای وایە: دوو چەشنی هەیە، یەکێکیان پڕاوپڕی ئەو کارە ئەدای خۆی ئەکا، کە ڕەنگڕێژ کراوەو وەزیفەی سەرەکیی ئەو تەنها وتنەوەیەو لەوە بترازێ بەهیچ جۆرێک گوزارشت لە هیچ شتێکیتر ناکات، هەرچی چەشنی دووەمە، هونەرمەندەکە تەنها بەو ئەدایە ڕازیی نابێت کە بۆی دیاریکراوە، بەڵکو لە گوزارشتە میوزیکیەکەوە نەک تەنها لە مانایەوە، بەڵکو لە ماناکانی خودی خۆشیەوە ئەیەوێت بە ڕێگە تایبەتییەکانی خۆی ژیان پەخش بکات”.. بەڵام ئارۆن کۆبلاندو دواتریش سەعید تۆفیق کە هەمان ڕای کۆبلاندی هەیە، پێیانوایە ” پێرفۆرمانسی گۆرانیبێژ پەیوەندیی بە سەبکی دەنگییەوە هەیە، پوختەی چەمکی کردە میوزیکییەکە لە میانەی کردەی چێژی میوزیکییەوە ئەگەیەنێت، بە گونجاندنی لەگەڵ ئەو ئامێرە میوزیکیانەی بەکارئەهێنرێت بۆ کارەکە” بەڵام تەکنیکی هونەرمەند خۆی، کە جووڵە دەنگییەکانی ڕێک ئەخا، ئەوەش یەکێکە لە پێکهێنەرە بنەڕەتیەکانی ئەداو شارەزایی خۆی لەوێدا ڕۆڵی گرنگی هەیە، ئاوازەکە جوانتر ئەکا بە بێ ئەوەی لە ڕەوتی بنەڕەتی ئاوازەکەش دەربچێت.

    بۆ نمونە گۆرانیی ” ناڵەی شەوگار” ی هونەرمەند عادل عەزیز، لە بنەڕەتدا ئاوازێکی فۆلکلۆریی ناوچەی لوڕستانە، بەڵام لە وتنەوەو شێوازی ئەدا کردنیدا، بە جۆرێک جوانکاریی تیاکراوە، کە کەمێک ئەستەمە ڕەخنەگر بە خێرایی ئەو ئاوازە بناسێتەوە.. هەڵبەت دیارە لە ناوچەی لوڕستاندا زۆرترین گۆرانیی و ئاواز لەسەر مەقامی ” عەجەم” دانرابێت و ئیشی تیاکرابێت.. لە کاتێکدا ئەم گۆرانییە، لەسەر مەقامی ” نهاوەند”ەو بە گوێرەی وتەی ڕەخنەگرانیش وەک ” محمد صابر عبید” یەکێکە لە مەقامە قورسەکان بۆ ئەدا کردن، بەڵام بۆ هەردوو جۆر لە گۆرانی شادو غەمگین ئەشێ سوودی لێوەرنگیرێت. لەم گۆرانییەو زۆرینە ئەگەر نەڵێم تەواوی گۆرانییەکانی هونەرمەند عادل عەزیزدا، بە گشتی جۆرێک لە غەمگینیی ئەبینرێتەوە، کە دروست پەیوەستە بە بارودۆخی ژیانی خەڵکەوە.. هەرچەند هەوڵ بدرێت دۆخەکە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕیی نیشان بدرێت و کاریکاتێرو گۆرانیی سەیروسەمەرەی بۆ بەرهەم بهێنرێت، لە هەمانکاتدا ئەو هونەرمەندانەی لەگەڵ خەمی خەڵکیدا یەکانگیرن، ڕێچکە ڕاستەقینەکە ئەگرن و بە بیانووە جۆراوجۆرەکان لە خشتە نابرێن.

    ڕەنگە دەنگی عادل عەزیزو شارەزایی لە لەرە دەنگییەکەیدا، ئەو ئەتمۆسفیرە بخوڵقێنن، کە بەردەوام وەرگر توشی شۆک بکات و لەگەڵ بیستنی هەر گۆرانییەکیدا بەر واقیعی حاڵی خۆی بکەوێتەوە.. لە بوارە دەنگییەکەی خۆیدا زەخرەفەیەکی هونەریی تەواوی بەکارهێناوە، بەڵام لە ڕووی هەڵبژاردنی ماناوە، دەست بۆ شیعری لیریکیی ڕاستەقینە ئەبات، کە هیچ گرێ و گۆڵێکی تیانییەو وەرگر بە ئاسانیی لێی تێ ئەگات.. ئەمەش بۆ خۆی یەکێکیترە لە پێکهێنەرەکانی گۆرانیی و کۆمپۆزەر یان گۆرانیبێژ، پێویستە کاتێ شیعرێکی لیریک هەڵئەبژێرێت، بنەماکانی ئەو جۆرە شیعرەش لەبەرچاو بگرێت.
    ناڵەی شەوگار، شیعری محمد پاکژی شاعیرەو بە زمانێکی شیعریی باش و مانای سادە، چەمکی حاڵەتەکە ئەگەیەنێت، لەگەڵ ئاوازەکەشدا بە کارامەییەکی باشەوە، عادل عەزیز توانای بەسەر ئەوەدا هەبووە، هەم بیگونجێنێ و هەم بیکاتە ڕووبەرێکی فراوان بۆ گەمەی لەرەو جووڵە دەنگییەکانی:
    شەو کە ناڵەی زامی سەختم دەشت و کێو ئاوا دەکا
    بولبولی سەرچڵ لە داخـــــا تەرکی باخ، سەفا دەکا
    من کە دیلی داوی زوڵف و زامداری تیری ئەبرۆم
    بمکوژە نامەوێت بژیـــم دەروێشی ڕێی خاڵی تۆم
    تۆ کە ناپرسی لە حاڵم بۆچییە وا زاریـدەکەی؟
    شاهیــــــدن یارو یاوەران تۆ بریندام دەکـــــــەی.
    چینی دەنگیی عادل عەزیز، ڕووبەری فراوانەو لە گۆرانییەکانیدا جیاواز نیشانی ئەدات تا ئەگاتە ئاستی تینۆر، لە سەرەتاوە وا ئەناسرێت کە bass بێت، بەڵام بەپێی پێداویستیی ئاوازەکە، لە گۆرانییەکانی ” کۆنە هەواران و مەخلوق و لەیلی و هەندێکیتردا، چینیتر بەر گوێمان ئەکەوێت و هەمان ئەو هەستەشمان لادروست ئەکاتەوە، کە تەواوی گۆرانییەکانی ئەوی گرتووەتەوە.. ئەمەش پەیوەندی بە ئیمپرۆڤیزەیشن/ ارتجال ی هونەرمەندەکەوە هەیە، کە لە هەندێباردا پەنا ئەباتە بەر پاشخانی ئاوازی خۆی کاتێک ڕێچکەو ڕستەکانی ئاوازەکە پێکەوە ئەبەستێتەوە، ” چونکە کۆمپۆزەر/ “ئاوازدانەر” لە توانایدا نییە بە تەواوەتی مەودای دەنگە سروشتییەکان بچەسپێنێ، بەوجۆرە گۆرانیبێژ ئەبێتە هۆی دەرخستنی جوانکاریی کەسیی خۆی لە ئاوازە بڕیار لەسەردراوەکەدا.. بەهۆی ئەوەشەوە کە لە گۆرانیی کوردییدا دووبارە کردنەوە زۆرە، ڕووبەرێکی بەرفراوانتر هەیە بۆ دەرخستنی تەکنیکی گۆرانیبێژو ئەتوانێت لە دینامیکیەتی گوزارشتی دەنگیی و شیرینکردن و زەخرەفەی ئاوازەکە، بە پشوودرێژییەوە کار بکات” عادل عەزیز بەم چەشنە سوودی لە مەوداکانی ڕووبەری وتن و پێرفۆرمانس وەرگرتووەو بە کۆی گشتیی، لە دەرەوەی ئەو کۆدەنگییەدایە، کە گۆرانیی کوردی وەک بنەمایەک سەقامگیر وەریگرتووە.
    بەشبەحاڵی خۆم، لەگەڵ هەر گۆرانییەکی عادل عەزیزدا، شیعرەکەی گۆران داگیرم ئەکات و پڕ ئەبم لە حوزن و ماتەم و بەر تەواوی ڕەهەندەکانی ژیان ئەکەومەوە:
    بە رەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمــشاڵی کزا، دەروێـــش
    حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بـێ
    لە سیماتا بەدیم کرد هەیــــــکەلی عومرێکی حەسرەتـکێـش
    وەهــا دیارە کــــە بەختــت ئاشـــیانی بولــبولی خەم بــــێ!
    ـــــ گۆران ــــــ

    دەنگی عادل عەزیز، لە قەرارو جەوابدا بە ڕەوانیی جێی خۆی کردووەتەوەو وەرگر هاوسەنگ ئەکاتەوە لەگەڵ ترپەو ئاراستەکانی گۆرانییەکانیدا، لەبەرئەوە پێگەی لە گۆرانیی کوردیدا جێگیرە.
    کلیپ کردنیش بۆ خۆی یەکێکیترە لە پێداویستیەکانی سەردەم و ئەبێتە پێکهێنەرێکی لاوەکیی لە گۆرانیی تەلەفزیۆنیدا.. لە هەردوو گۆرانیی ” کۆنە هەواران و مەخلوق” دا کلیپەکان لە ئاستی نوێگەریدان و بە خێرایی سەرنج لەسەر خۆیان کۆئەکەنەوە، بەو هیوایەی لە داهاتووشدا، سیناریۆی گۆرانییەکانی ببێتە بەشێک لە گرتە سینەماییە مۆدێرنەکان.

    ————————————————————
    سەرچاوەکان:
    1- محمد منصور- علم الاعصاب/ الموسیقی تحفز دوائر الدماغ- موقع للعلم- ٢٩/ ٣/ ٢٠٢١
    2 – علي بدر- تعریف الغناء- موقع مقالة- ١٨/ ٥/ ٢٠٢١
    3- أساسيات الغناء ومقامات وطبقات وخصائص الصوت | دليل شامل لعلم الموسيقى والغناء- قسم الدراسة والتعلیم لموقع مسار انثی-
    4- انواع ونطاقات الصوت- موقع- التقدیر الموسیقي Lumenتصنیف الاصوات البشریة- موقع
    5- طارق حسون فرید- تأریخ الفنون الموسیقیة- وزارة التعلیم العالي- بغداد
    6 – هیگڵ- فن الموسیقی- ص٩٧
    7- ارون کوبلاند- کیف تتذوق الموسیقی- ت: محمد رشاد بدران- الشرکة العربیة للطباعة والنشر- القاهرة- ط٤ سنة ٢٠٢٢
    8- محمد پاکژ- کۆمەڵە شیعری ” ئیمپراتۆری ماچ”
    9- قەسیدەی دەروێش عبدالله- دیوانی گۆران.
    10- أ.م.د. میسم هرمز توما- عناصر تکوین الموسیقی والغناء- مکتب الفتح- بغداد- 2018- ص٦٧




دەروونناسیی… ئەحمەد ڕەزا

نەخۆشییەکی گرنگ لە منداڵییەوە: ADHD

  • شپرزەیی ” کەمیی سەرنجدان و جوڵەی زۆر/ هاروهاجیی”*
  • قصور الانتباه وفرط الحركة*
    *attention deficit hyperactivity disorder *

    شپرزەیی ” کەمیی سەرنجدان/ ترکیز، یان پەرتبوونی سەرنج و جوڵەی زۆر”، کە بە نەخۆشیی ADHD ناسراوە، لە گەوراندا پەیوەندیی بە تەندروستیی ئەقڵەوە هەیە. لە کۆمەڵێک کێشەی بەردەوام پێکدێت، وەک هاروهاجیی لە منداڵیدا، سەرنج پەرت بوون، ڕەفتاری پەلەپەل کردن، لە گەورەبوونیشدا پەیوەندیی ناجێگیر، لاوازیی کارکردن و کەمبوونەوەی باوەڕ بەخۆبوون و خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ و حولحولێتیی.
    ئەم شپرزەییە لە تەمەنی 3- 6 ساڵیدا سەرهەڵئەدات، زۆرترینی لە تەمەنی 5 ساڵاندا، نیشانەکانی زوو دەرئەکەون، بەڵام لە هەندێک کەسدا دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەگاتە تەمەنی باڵق بوون.
    لە هەر 10 منداڵێکی تووش بوو بەم شپرزەییە، سێ کەسیان ئەگاتە قۆناغی هەرزەکاریی، واتە لەو حەوت کەسەکەیتردا تێئەپەڕێت و ئاسەواری نامێنێت، یان شێوەی ئەگۆڕێت و هاوسەنگیی دروست ئەبێت. بۆ نمونە ئەو گەنجانە هەندێکیان توشی خەمۆکیی و هەندێکیتریان حولحولیی دەرئەچن، یان ئەبن بە بەنگکێش.. کەواتە پێویستە لە پێناوی پاشەڕۆژیاندا بە دروستیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

    لە هەندێک حاڵەتدا پەیوەندیی بە پێکهاتەی مێشکەوە هەیە، بۆ نمونە نەخۆشی تووشبوو بە ADHD ڕەنگە بەشی پێشەوەی مێشکی – کە کۆنترۆڵی لێدانی دڵ و ڕێکخستن و سەرنجدان ئەکا- بە خاویی گەشە بکات.. جگە لەوەی نەخۆشییەکە خۆی بۆماوەییەو بۆ نەوەکان ئەگوێزرێتەوە، لەبەرئەوە هەندێک دایک و باوک، کە ئەزانن خۆیان تووشبووی ADHD ن، باشتروایە، وردتر چاودێریی مناڵەکانیان بکەن و پشکنینیان بۆ بکەن.
    لە هەندێ باریتریشدا دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی و تاقەت نەبوون بۆ خوێندنەوە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دائەپۆشن و ئەیشارنەوە، لەبەرئەوە واڕاستترە ئەو تێکڕاییەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە 4% مەزەندەکراوە بە تووشبووانی ADHD، زۆر زیاترە.

    لە هەندێ شوێنیشدا هەندێ سیمای ADHD ئەبێتە خاڵی بەهێز بۆ کارەکانیان:
    لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە نەخۆشی ADHD زیاتر حەزیان بە کاری داهێنەرانەو سەربەخۆیی و خێراییە لەچاو ئەوانیتردا، وەک پیشەی هونەریی و ئاگرکوژێنەوەو مامۆستایی و ئەوانەی لە بواری ڕیکلامدا کار ئەکەن، یان پیشە بچووکەکان، زیاتر ئەو کارانەی خەڵک زوو ماندوو ئەبێت بەدەستیانەوە.

    نیشانە دیارەکانی:
    1- بێ ئاگایی/ غەفڵەت و نەتوانینی سەرنجدان:
    دایکان ناتوانن تێبینیی سەرنج نەدانی مناڵەکانیان بکەن، تا نەچنە بەرخوێندن، سەرەتاش مامۆستا لە کاتی وانە وتنەوەدا، یان کاتێ کارێک بە مناڵەکەدا دائەدا، هەستی پێئەکا.
    جگە لەوەش مناڵانی تووشبوو بە ADHD ئاژاوەچین، ناتوانن سەرنجی زۆر بدەن و گوێ نادەنە هیچ یاساو ڕێسایەک و حەزیان بە بەزاندنی یاساکان هەیە، تەنانەت لە یاریکردنیشدا.. لەبەرئەوە کارەکانیان بە ئاژاوەگێڕانەو فەرامۆشکراو ئەبینرێتەوە.
    هەروەک کێشەیان لە زۆروتندا هەیە لەهەر بابەتێکداو زوو تیایدا ئەوەستن، تاقەتی گوێگرتنیشیان لەوانیتر نییە.. بە دەنگێکی بچووک یان جوڵەیەک سەرنجیان ئەڕوا، لە کاتێکدا ئەوانیتر هەستی پێناکەن، یان گوێی نادەنێ.. زەحمەتە لەگەڵ ئەوانیتردا هەڵبکەن، لەبەرئەوەی توانای سەرنجدان و ناسینەوەی میزاجی ئەوانیتریان لاوازە.. بە زیندەخەون و بایەخدانە تایبەتەکانی خۆیانەوە سەرقاڵن.

    2- چالاکیی و جوڵەی بێ ئەنداز/ هاروهاجیی بەردەوام:
    ئەمجۆرە لە مناڵیدا بەردەوام چاوەچاو/ ” مماطلة” ئەکەن، لە سەعیکردن و دەرس و دەوردا، لە یاریکردن و جێگۆڕکێی بەردەوام، لە سێ خولەک زیاتر، توانای مانەوەیان نییە، بە کورتییەکەی تۆتکە ناگرن.. توانای یاریکردنی هێمنیان نییە، حەزیان بە ڕاوڕاوکێ و بازهەڵدانە بەسەر شتومەکدا، بە جۆرێک تەواو دایک و باوکیان بێزار ئەکەن.. تاقەتی گوێگرتنی چیرۆکیان نییە.

    3- پەلەپەل:
    نەمانی سەبرو ئارامیی، چاوەڕوان نەکردن لەسەرەی خۆیاندا، پەلەکردن لە وەڵامدانەوەو پێبڕینی قسەی ئەوانیتر، ئازاردانی خودی خۆیان، لەبەرئەوەی بەبێ بیرکردنەوە هەڵسوکەوت ئەکەن، هەندێجاریش بەهۆی پەلەپەلییەوە بەرکەسانیتر ئەکەون، یان لە شتی مەترسیدار نزیک ئەکەونەوە، یان لە ماڵ هەڵدێن، یان ڕێکردن بەشەقامداو خۆهەڵدان لە شوێنی بەرزەوە.

    4- دەمارگیریی.
    5- کێشەی زۆر لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فشار دروست بوون، یان ئاڵۆزیی تێپەڕاندنی کێشەکان.
    بەڵام هەریەک لە ئێمە لە یەکێک لە ساتەکاندا نیشانەی ئەم نەخۆشییەمان لێدەرئەکەوێت، بە بێ ئەوەی دووچاریشی بووبین، ئەوکاتە ئەزانین کە بە ADHD ەوە گرفتارین، کە نیشانەکانی کەڵەکە بن و ببنە مایەی کێشەی بەردەوام و زیاتر.. نیشانەکانیش لەگەڵ ماوەی منداڵیدا یەک بگرنەوەو پەیوەندیی نەپساوە لە نێوان نیشانەکانیدا هەبن.. بەڵام لە گەورەبووندا، بە حولحولێتیی و شپرزەیی و دڵەڕاوکێ دەرئەکەون.

    هۆکارەکانی تووشبوون بە ADHD:
    1- هۆکاری بۆماوەیی.
    2- جگەرەکێشان و خواردنەوەی دایکان، لە دووگیانییدا.
    3- دووچار بوون لە مناڵیدا بە ژەهرە ژینگەییەکان وەک خوێی فۆسفات و قوڕقوشم.PBso4
    دەرەنجامە خراپەکانی:
    1- تەممەڵیی لە خوێندن یان کارکردن.
    2- بێ ئیشیی.
    3- کێشەی دارایی.
    4- کێشەی یاسایی.
    5- ئالوودە بوون بە خواردنەوەو بەنگ/ هۆشبەر.
    6- دووبارە بوونەوەی ڕووداوی ئوتومۆبیل، یان ڕووداویتر.
    7- پەیوەندیی ناجێگیر لەگەڵ خەڵکدا.
    8- خراپیی تەندروستیی جەستەو ئەقڵ.
    9- لاوازیی وێنەی خود.
    10- هەوڵی خۆکوشتن.

    چارەسەر:
    باشترین ڕێگە چارەسەر، بۆ زاڵبوون بەسەر ADHD دا، سەردانیکردنی پزیشکە، لەبەرئەوەی جگە لە ڕووە دەروونییەکەی، پێویستیی بە داوودەرمانیشە.. بەڵام لەسەرەتادا پێویستە دایک و باوک بە هیچ جۆرێک پەنا نەبەنە بەر لێدان و تووڕە بوون، گرنگتر ئەوەیە ڕۆتینیان لەگەڵدا بەکاربهێنرێت و کاتی تەواویان بۆ جووڵە پێ ببەخشرێت، هەروەک لە هەندێ قوتابخانەدا ڕەچاو ئەکرێ.

    ————————————————
    سەرچاوە:

  • موقع mayo clinic / اضطراب فرط الحركة وتشتت الانتباه عند البالغين / 10/ 11/ 2021.
  • منال العبدلاوي – حقائق لا يعرفها الكثيرون عن اضطراب فرط الحركة وتشتت انتباه الأطفال – موقع الجزیرة – 22/ 4/ 2021.



دەروونناسیی: حولحولێتیی/ کەسێتیی حولحولیی *… ئەحمەد ڕەزا*

متقلب المزاج ” الشخصیة المزاجیة”
Mood Swings

حولحولێتیی یان کەسی حولحولی لە زانستی دەروونناسیدا، بە دیاردەیەک ئەوترێت، کە بۆ وەسکردنی خێرایی و زۆریی هەست و سۆز دەرپەڕاندنی مرۆڤەکان بەکارئەهێنرێت و کار ئەکاتە سەر باری دەروونیی و هەستیان.
زۆرتر بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانە بەکاردێت، کە باری دەروونییان لە گێژەندایەو گۆڕانکاریی بەردەوامی بەسەردا دێت، لە نێوان هەستە دژبەیەکەکانی دڵخۆشییەکی بێ ئەندازەو ڕازیی بوونێکی زۆردا، کە لەپڕدا ئەگۆڕێت بۆ تووڕەیی و پەستیی و تا ڕاددەی خەمۆکیش.

هۆکارەکان:
کەسی حولحولیی لە دەروونناسیدا، لە ئاڵۆزترین کەسایەتییەکانن لە ڕووی تایبەتمەندێتییە ڕەفتاریی/ سلوکیة یەکانەوە، کە شپرزەیی دروست ئەکات. زیاتر لە 20 جۆری هەیە، جیاوازیی لە چەشنی کەسایەتییەکانیدا، یان هاوشێوە بوونی تیادا هەیە، کە هەریەکەو بە هۆکارێک دروست بوون، وەک ڕێگەکانی پەروەردە، یان لە مناڵیی و بەهۆکاری بۆماوەیی، یان بەهۆی ژینگەو کۆمەڵگەو دەوروبەرەوە.. هەندێکیشیان بەهۆی نەخۆشییەکی ئۆرگانیکیەوە تووش ئەبن و هەندێکیشیان بە بێ هیچ هۆکارێک پێوەی موبتەلا بوون.
هەندێک هۆکاریتریش هەن، ڕەنگە لە پشت ئەم شپرزە بوونەوە بن:
1- زۆر خواردنی شیرینیی.
2- کەمخەویی.
3- نەخۆشیی کاتیی جەستەیی وەک: لووتگیران و تاو ئازاری زۆر لە شوێنێکی لەشدا، هەموو نەخۆشییەک وزەیەکی زۆری لەش کارئەکات و ئیشتیها کەم ئەکاتەوەو ئەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش، کە ئەبنە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنەکان ئاستی شەکرەو فشاری خوێن، کە لە کۆتاییدا ئەبێتە هۆی ناهاوسەنگیی باری دەروونیی و مرۆڤ حولحولی ئەکات.
4- کەمخۆراکیی.
5- بەسەربردنی کاتی زۆر لەگەڵ ئەو کەسانەی وزەی زۆریان پێویستە، وەک کەسانی ڕەشبین و ئەوانەی لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا ئەژین، یان شپرزەیی دەروونییان هەیەو بەهیچ شتێک دڵخۆشت ناکەن.
هەرکات مرۆ هەستی بە دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە کرد لە خۆیداو زانی کە پە یوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانیتردا بەرەو گرژیی و ئاڵۆزیی ئەچێت، پێویستە بە خێرایی چاو بە چالاکییەکان و خووەکانی ڕۆژانەی خۆیدا بخشێنێتەوەو بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێت.. دەنا کەسەکە ئەکات بە کەسێتیەکی شەڕەنگێز ڕەفتار، کە بەهۆی ئەو شپرزەییە دەروونییە بەردەوامەوە، خەڵکیی لێی تەوەلا ئەبن و دوورئەکەونەوە.

سیما دیارەکانی:
سیماکانی ئەم شپرزەییە لە دەروونناسیدا، بەم چەند خەسڵەتە دیاریکراوە:
1- تەقینەوە لە کاتی تووڕەییدا.
2- خێرا تووڕە بوون.
3- هەستیاریی زەوەندو گرنگییدانی زۆر بە هەستی خۆی.
4- ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە هەستی خۆیەوە هەبێت، بایەخ بە هەستی کەسیتر نادات.
5- ڕەخنە لێگرتن قبوڵ ناکات.
6- شپرزەیی و دڵەڕاوکێی بەردەوام.
7- باوەڕ بەخۆنەمان.
8- نەمانی توانای هیچ جۆرە داهێنان و دۆزینەوەیەک.
9- بە پەلە بڕیاردان لەسەر شتەکانی خۆی و دواتر پەشیمان بوونەوە.
10- نەمانی زمانی ئاخاوتن و دایالۆگ لەگەڵ ئەوانیترو دەوروبەری.
11- بەرگەنەگرتن و نەمانی سەبر.
12- پێویستیان بە ڕووبەرێکی تایبەت.. واتە لە شوێنێکی تایبەتدا بژین و کەس توخنیان نەکەوێت، لەبەرئەوەی هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵیاندا بەردار نابێت و ئەوان هەرکات ویستیان ئەوە ئەکەن کە خۆیان ئەیانەوێت بیکەن، ئەم خەسڵەتە نزیکە لە گۆشەگیرییەوە.
13- بیرکردنەوەی زۆرو بێ پسان.

مامەڵەکردن لەگەڵ حولحولیدا:
کەسی حولحولیی پێویستیی بە جۆرە مامەڵەیەکیترە، کە جیاوازە لەگەڵ ئەوانیترو زۆر ماندووکەرە، هەم بۆ کەسی نەخۆش و هەم بۆ چواردەورەکەشی.. بەڵام خۆ ناکرێت ئەم کەسە بە تەواوەتیی دوور بخرێتەوە، لەبەرئەوەی هەندێجار لە هەرە نزیکەکانی کەسی هاوسەنگەو ناکرێت حوکمی کوێرانەو توندوتیژیان بەسەرا بدرێت.. بۆیە ئەم چەند ڕێگەیە، یارمەتیدەرە، هەم بۆ گێڕانەوەیان بۆ دۆخی هاوسەنگیی و هەم بۆ وەڕس نەبوونیش بە دەستیانەوە.
1- تێیبگە:
ڕەنگە باری حولحولیی بوونەکە لابەلا بێت، یان بەهۆی ئەوەوە بێت کەسەکە بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕێت، واتە بەردەوام نەبێت.. بۆ نموونە تەمەنی هەرزەکارێتیی کێشەی هۆرمۆنییان هەیە بەدرێژایی ماوەی هەرزەکاریی، لەبەرئەوە ناتوانێ کۆنترۆڵی هەستەکانی خۆی بکات.. یان کەسێکیتر لە دۆخێکدا شکستی هێناوە، یان نەخۆشە، پێویستە کەسی هاوسەنگ لە هۆکارەکە تێبگات و بە هێمنیی مامەڵەی لەگەڵ بکات.
2- کاتی پچڕپچڕ وەرگرە:
ڕەنگە کەسی تووشبوو یەکێک لە ئازیزان بێت، لەبەرئەوە ناکرێ هاوسەنگ لێی دابڕێت، هەروەک ناشکرێت بەردەوام کاتی خۆی بۆ تەرخان بکات، لەبەرئەوە واباشترە کەسی هاوسەنگ ناوبەناو پشوو وەربگرێت.
3- ناکرێ لەگەڵیاندا دەمارگیر بیت.
4- ئەگەر کەسەکە زۆر جێی مەبەست نەبوو، ئەکرێت لە ژیانتی بکەیتە دەرەوە.
5- نەکەویتە داویانەوە:
هەندێک لە حولحولییەکان، بەهۆی ئەوەوە کە بۆیان ئەلوێت، هەل ئەقۆزنەوەو بەرامبەرەکەیان ئەخەنە داوەوە.. ئەبێت کەسی هاوسەنگ لە داواکانیان تێبگات و نەرم بێت لەگەڵیاندا، بەڵام ناکرێت مست لە گوێ، یان گوێڕایەڵ بێت بۆ سەرجەم داواکانیان و جێبەجێی بکات.
6- بەڵام ئەوی بەدمیزاجە، پێویستە مرۆ لێی دوور بکەوێتەوە.
7- ڕووبەڕووی ڕەفتارەکەی ببەرەوەو هەوڵی چارەسەرکردنی بدە، واتە بێبایەخ تەماشای مەکەو قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵیا بڕۆ.. زۆرێک لە حولحولیەکان کە هەست بە خۆیان ئەکەن، بەردەوام باسی ئەکەن بە ئومێدی چارەسەرکردنی، ڕەنگە هەندێ کردەوەی نەشیاویشیان لێ بوەشێتەوە، کە ڕەنگە بەهۆی شتێکەوە بێت کە لە دەسەڵاتی خۆیدا نەبوو، پێویستیی بە لێخۆش بوون و فەرامۆشکردنە، بەڵام هەندێکیان ئەیکەن بە بیانوویەک بۆ تێپەڕاندنی داواکارییەکانیان.
8- پێویستە لەگەڵ گۆڕانکاریی ئەواندا، تۆش گۆڕان بەسەر کاروکردەوەتدا بێت.

چارەسەر:
سێ ڕێگە هەیە بۆ چارەسەرکردنی حولحولیی، بۆئەوەی ببنەوە بە کەسی هاوسەنگ و لەو شپرزەییە دەروونییەو بەردەوام ڕاگۆڕکێیە ڕزگاریان بێط:
1- وەگرتنی چارەسەر لە ڕێگەی دەرمانەوە:
دەرمانەکانی دژە تێکچوونی مێشک و جێگیرەکانی حاڵەتی حولحولێتیی و بەکارهێنانی لیثیۆم، کە ڕێژەی خۆکوشتنی ئەمجۆرە شپرزە بوونە کەم ئەکاتەوە.
2- چارەسەری کلینیکیی دەروونیی، لە دانیشتنە تاک و بەکۆمەڵەکاندا، لەژێر چاودێریی و سەرپەرشتیی پزیشکی تایبەت و چاودێریی کردنی بەردەوامی بەرکەوتەکە.
3- چارەسەری ڕەفتاریی:
بەکۆکردنەوەی زۆرترین زانیاریی لەسەر کەسی شپرزەو دەرکەوتە کلینیکییەکانی، بۆ ئەوەی لە بارەی ڕەفتارو هەڵوێستەکانی ژیانییەوە ئاراستە بکرێت و هاوسەنگ ببێتەوە.

——————————————————–
سەرچاوە:

  • موقع الفرصة للتعلیم في کانون الثاني/ ٢٠٢١ – الشخصیة المزاجیة: سماتها وکیفیة التعامل معها.
  • دینا مندور- موقع الحرة- الشخصیة المزاجیة في علم النفس.



میدیای بکوژ.. ئەحمەد ڕەزا

سێ تەوەری گرنگ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و بیرکردنەوەی تاکەوە هەیە، شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنن، کە میدیای ئێمە بە گشتیی، دەستەپاچەیە لە ئاستیانداو هەڵوێستی میدیا بە گشتیی دوورە لە هەر جۆرە مەعریفەیەک.. بە جۆرێک لە ئاستی واتەواتی چایخانەو گوزەرەکانی ناو بازاڕ تێناپەڕێت.. ئەم سێ تەوەرەش کە بریتین لە:

١-دیاردەی خۆکوشتن.
٢- بەرهەمهێنانی هونەریی.
٣- هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.

یەکەم: دیاردەی خۆکوشتن.
لە ساڵی ٢٠١٨ بابەتێک لە ڕۆژنامەی ” سکای نیوز” بڵاوکرایەوە، کە هۆشداریی بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەدات، سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی هەر جۆرە خۆکوشتنێک.. کە باسی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تیمێکی نێودەوڵەتیی ئەکات، بە سەرپەرشتی مامۆستا ” ئایال شافر” کە پزیشکێکی دەروونیی و گەورە لێکۆڵیاری تیمەکەیە.. تیمەکەی شافر لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ – ٢٠١٤ زۆرترین باس و لێکۆڵینەوەیان دەربارەی کاریگەرێتییەکانی ڕاگەیاندن لەسەر دیاردەی خۆکوشتن بڵاوکردەوە.. دەرەنجامەکەش بەوجۆرەیە، کە کاریگەرێتیی میدیایەکی ئەکادیمیی، لە گرنگییدان بە دیاردەی خۆکوشتن ڕێژەی٢% ی خۆکوشتنی زیاد کردووە.
لە دیارترین ئەو مەرجانەی کە پێویستە ڕاگەیاندن لەبەرچاوی بگرێت، خۆپاراستنە لە نیشاندانی چۆنێتیی خۆکوشتنەکەو ئاسەوارەکەی بە جەستەوە.. جگە لەوەش دواندنی کەس و کاری خۆکوژ یەکێکیترە لە تابۆکان.. بەدەر لەوەی کە پێویستە میدیا ئەو پرسیارە لە خۆی بکات، ئامادەکردنی هەواڵێکی لەوجۆرە، چ سودو زیانێک بە تاک ئەگەیەنێت، وەک دکتۆرە ” مەنال القبلاوي” لە ڕۆژنامەی ” الرأي” لە ساڵی ٢٠١٧ دا لە وتارێکیدا نوسیویەتی.

” دکتۆر عبدالرحمن مزهر” لەگەڵ ئەو ڕایەدایە، کە ناکرێت بە تەنها تەرکیز بخرێتە سەر بابەتی خۆکوشتنەکەو هیچ جۆرە بنکۆڵی کردنێکی زانستیی لەگەڵدا نەکرێت.. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە وروژاندنە ئەبێتە هۆی تەشەنە کردنی دیاردەکەو بە نێگەتیفە.. بەڵکو پێویستە هەر کردەیەکی خۆکوشتن کە ڕووئەدات، لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا بخرێتە ژێر ڕۆشنایی تیۆرە سۆسیۆلۆژییەکانەوە.. لەبەرئەوەی خۆکوژ بە نەخۆشی دەروونیی ناوزەد ناکرێت.. بەڵکو بڕیارە بە هۆکارێکەوە ئەبەسترێتەوە.. بەڵام کاتێک ڕاگەیاندن ڕەواڵەتگەرییانە بابەتەکە باس بکات و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا پێشکەش نەکات، ئەو کاتە وەک دکتۆر شافر ئەڵێت، ڕەنگە وەرگر خۆی لێ ببێتە پاڵەوانەکە، کە خۆکوژەکەیەو ئەو کردەیە دووبارە بکاتەوە.
ئایا میدیای کوردیی لە ئێستادا لە کوێی هەستکردنە بەم بەرپرسیارێتییە؟ لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەهۆی سەغیی تەبیعەتیی حوکومڕانەکانییەوە، بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی بانقی نێودەوڵەتیی و سندوقی نەختینەوە، تا ئاستی هەژاریی سوخت تاک پێش خۆیان ئەدەن.. هیچ کەسێکیش نییە تروسکایی لە هیچ شوێنێکی ئایندەدا ببینێت.

دووەم: بەرهەمهێنانی هونەریی.
بەرهەمهێنانی هونەریی/ میدیایی، زاراوەیەکە هەموو ئەو لایەنانە ئەگرێتەوە، کە پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی بەرنامە بینراو و بیستراوەکانەوە هەیە.. بە جۆرێک بیرۆکەیەک یان چەند بیرۆکەیەک ئەگۆڕرێ بۆ وێنەو دەنگ و ڤیدیۆ، لە شێوەی بەرنامەی پەخشکراودا، بە ئامانجی گەیاندنی بیرۆکەکە بە وەرگرو کار تێکردنیان.
ئەم بەرهەمهێنانە بەوە ئەناسرێتەوە کە درێژخایەنە، لەبەرئەوەی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕئەبێت وەک کارگێڕیی و دیزاین و پلاندانان و ئەندازیاریی و دەنگ و وێنەگرتن و ڕوناکیی و دیکۆرو جلوبەرگ و مایکەپ و ڕاهێنانی دەرکەوتووەکان و مۆنتاژو پەخش و مارکێتینگ. جگە لەوەش پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لەو بوارانەدا کار ئەکەن، پسپۆڕ بن و شارەزاییەکی باشیان لە کارەکەی خۆیاندا هەبێت.
بەڵام بەلانی ڕۆژنامەو ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانەوە باسەکە وێنەگرتن و دەنگی تێ ناکەوێت و پێویستیی بە بیرۆکەو دیزاین و کۆلاج و چاپکردن و مۆنتاژو مارکێتینگ و بڵاوکردنەوەوە هەیە.

لە میدیای کوردیدا بەگشتیی، کەمترین پسپۆڕ لە بوارەکەدا هەیە.. نەزانێک سەرپەرشتیاری ئەدەبی لاپەڕەیەکە، یان بەشی کۆمەڵایەتیی بەڕێوە ئەبات، یان لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەو دراماکانە، یان بەڕێوەبەری دەستڕۆشتووی کەناڵێک.
ڕۆژنامەکان پێشبڕکێ لەگەڵ بابەتە کرچ و کاڵەکانی سۆشیال میدیا ئەکەن، بۆ وەرگرتنی بابەت.. زۆرینەی بەناو دراماکانیش ئەو ” CD”یە ئاست نزم و لەیبوکانەن، کە پێشتر لە مەزادخانە/ دەرارخانەکانیشدا سانسۆریان لەسەر بوو، دوکاندار ڕیکلامی بۆ فرۆشتنیان نەئەکرد.. سەیرە ئێستا زۆرێک لە دەرچووانی پەیمانگەو کۆلیژەکانیش کێبڕکێی بەرهەمی مەزادخانە بکەن.
بەرنامەکانیش بە گشتیی لەگەڵ هەر دانیشتنێکی گەنجانەی سەهۆڵەکەو چایخانەکان تێپەڕ ناکات و خاڵیی خاڵین لە فیکرو مەعریفە.
هەموو ئەزانین هەر وڵاتێک کەوتە بەر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیی، ڕاستەوخۆ مەعریفە ئەکات بە قوربانی ئەدای ناو بازاڕەکان، بۆ نمونە نوسەری گەورەی سوریی ” محمد ماشطة” ئەڵێ: پێئەچێ ڕێکەوتنێک لە نێوان کەناڵەکاندا هەبێت، بۆ دوورخستنەوەی وەرگر لە بابەتی جاددو ئامانجدار، دەنا ئەم هەموو بێ ئەرزشییە چۆن بە جارێک لە ڕەمەزانێکدا دەرئەکەوێت.. دکتۆر ” نەواف التمیمي” پسپۆڕی ڕاگەیاندن بە ” دراما خەجاڵەتبارەکان” ناویان ئەبات.. ئەو بە ڤایرۆسێکی مەترسیدارتر لە کۆڤید 19 ناویان ئەبات و پێیوایە ئەبنە سەرچاوەی وشککردنی فیکر.. لەبەرئەوەی وەک دکتۆر ” عبدالله غذامی” یش دووپاتی ئەکاتەوە، ئێستا لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پەیامەکان ئەگەنە وەرگرو سەردەمی کتێب کاڵ بووەتەوە.. گەر پەیامیش لەڕێگەی ناپیشەگەرەوە بگاتە وەرگر.. ئەوا فیکر ئەبێت بەژێر دەست و پێوە.

دەرنجامەکان ڕوونن کە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی زۆرینەی خەڵک لە کەناڵە کوردییەکان.. تەماشا کردنی درامای ئەمەریکی و ڕوسیی و ئیسپانیی و میسریی و لوبنانی، لە بری ئەو بێ سەروبەرییەی کورد بە ناوی دراماوە دەرخواردی وەرگری ئەدات.. بەگشتیی، کەیفسازیی جێی بە هەموو بابەتێکی گرنگ لێژ کردووە، لەسەرجەم کەناڵەکاندا.. نەبوونی پسپۆڕو دەرکردنی کادرە جاددەکان، هەروا بە سادەیی خەڵک تێی ناڕوانێ، پێ ئەچێ لەژێر فشارو ڕاسپاردەدا بێت.. ئەمەش بەرهەمی دەسەڵاتی کورد!
سێیەم: هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.
” دکتۆر محمد قیراط” لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی ” البیان” دا ئەڵێت: بۆگەنکردنی میدیا، نەتەوەیەک بۆگەن ئەکات.. خۆی وتەزاکە پێچەوانە ئەکاتەوەو بە گریمانە وەریئەگرێت و ئەڵێت: ئەی بۆ وتەزاکە ئاوەژوو نەکەینەوەو ببێ بەوەی بڵێین، ئەگەر نەتەوەیەک بۆگەن بوو، میدیاکەشی بۆگەن ئەبێت؟.. لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان میدیاو کۆمەڵگە، پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە، پەیوەندیی کارلێکردن و کاریگەرێتییە.

هۆکارەکانی نەزۆکیی میدیا، کە وایکردووە وەرگر متمانەی پێی نەمێنێت و ئەوی لە ڕاگەیاندنی تەقلیدیی دەوڵەت و حیزبەکانەوە بڵاوئەکرێتەوە، پێچەوانەی وەربگرێت، بۆ چەند هۆکارێکی بنەڕەتیی ئەگەڕێتەوە.. لە سەرێکەوە پەیوەندیی بە کادرە نەشارەزاو ناپیشەگەرەکانەوە هەیەو لە سەرێکیتریشەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو لایەنەوە هەیە، کە سەپۆرتی ئەکات و ئەبێ بەرژەوەندییەکانی ئەوی تیا لەبەرچاو بگیرێت.. بەڵام لە سەروو هەموو ئەمانەوە نەبوونی مینبەرێکی تەواو ئازادو خۆسەپاندنی دەسەڵات، بەسەر هەموو کەرتەکانی ژیانی کۆمەڵگەوە، میدیایەکی ئیفلیجی تەقلیدیی لێ بەرهەمدێت و بە هیچ جۆرێک ناتوانێ شان بەشانی میدیای کۆمەڵگە مەدەنییەکان کاری میدیایی بکات، لەبەرئەوەی پێش هەر شتێک میدیا پێویستیی بە کۆمەڵگەیەکی بەهێزی مەدەنیی و دابەشکردنی سێ دەسەڵاتی ” یاسادانان و دادوەریی و جێبەجێکردن” هەیە.
میدیای تەقلیدیی کە پێکدێت لە ڕۆژنامەو ئێستگەو تەلەفزیۆنەکان، ئێستا لەبەرامبەری ئەواندا میدیای نوێ هاتۆتە پێش و لەو کۆمەڵگایانەدا کە سیاسەت جێی گرنگیی پێدانی یەکەمینە، میدیای نوێ جێی بە میدیای تەقلیدیی لێژ کردووە.. بەڵام میدیای نوێ لەژێر ئەو چاودێرییە هونەریی و کۆمەڵایەتییە نییە کە میدیای تەقلیدیی پێ کۆنترۆڵ ئەکرێ، لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە بۆ خۆی ڕێ بۆ قەرەباڵغی و ژاوەژاوی میدیایی خۆش ئەکات.

کارەسات لەوێدایە، میدیای تەقلیدیی بکەوێتە ژێر فشاری میدیای نوێوە، کە لە هەموو چالاکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووئەدات.. کارەساتەکە قەبارەی گەورەترە لەوەی لە میدیای نوێدا ڕێچکەی گرتووە، لەبەرئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە ئەو خۆی پێناسە کردووە.. بەڵام میدیا تەقلیدییەکە، کە ئامانجدارەو ئەرکی ئاراستە کردنی تاک و کارتێکردنیانە ئەویش ببێتە بەشێک لەو ژاوەژاوە فیکرییەی کە ڕەوتێکی ناسراوی تیا نییە، ئەوا ئەبێتە هۆی پیس بوون و بۆگەن کردنی کەرتی میدیایی.
لە ئێستادا لە زۆرێک لە کەناڵەکاندا، لە هەـوو ڕوویەکەوە پشت بەو ڕەوتە ئەبەسترێ کە لە میدیای نوێوە سەری هەڵداوە.. بۆ نمونە ” کەیفسازیی/ الترفیه” لە میدیای نوێوە سەری هەڵداو پەڕیەوە بۆ میدیای تەقلیدیی، بەڵام لێرەدا ئامانجەکەی بە دوو ئاراستەدا گۆڕرا.
یەکەمیان بوو بە ئامرازێک بە دەست هەندێ نوسەرو هونەرمەندەوە، تا لە بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆی و دژی حزبە نەیارەکارەکانی بەکار بخرێت.
دووەمینیشیان بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی ناو بازاڕو دانیشتنە تایبەتەکان، بە مەبەستی نیشاندانی ڕوویەکی گەشی دەسەڵات بە بەردەوامیی.
لێرەدا بە مەبەست و بێ مەبەست، زۆرێک لە میدیاکان، هەواڵی ڕووداوە ئاساییەکان زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر ئەکەنەوە، بەمەبەستی ناشرین کردنی کۆمەڵگەو لابردنی بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی دەسەڵات.. وەک سەمای کوڕوکچەکەی سەهۆڵەکە، کە تەنها ڕاگەیاندنەکان وێنەیان ئەگرتن و خەڵک ئەوەندە بایەخی بۆی نەبوو، بەڵام ڕاگەیاندنەکان، لە مەوعیدی خۆیاندا بە لێشاو لەوێ بوون و لەوەدا بوو فیتنەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەشی لێ بکەوێتەوە.. دواتر نمایشی تەراویح و کچەکەی ئەکوا پارکی هەولێرو زۆرێکیتریش لەو ڕووداوە بێ بایەخانە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات تەبەنیی کران بە قەبارەی زۆر گەورە.
بەگشتیی لەبەرئەوەی میدیای کوردی سەربەخۆیی دارایی نییە. ناتوانێت بگاتە سەروو دەسەڵات و هەوڵی ڕێکخستنەوەی سیستمی حوکمداری بدات.. لەبەرئەوە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا ئێستا لە سنوری ” العین و بالعین” لامان نەدابێت و شەڕە عەشایەرییەکان بەردەوام بێت، بەهۆی نەمانی متمانە بە قەزاوە.. لە کۆمەڵگەی ژنکوژو خەسێنراوی ژێر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیدا، کە پێش هەر شتێک خوێندن و زانست ئەبن بە قاصەی خۆتێرکردن.. چاوەڕوانی میدیایەکی دروست و سەربەخۆو ئازادی لێ ناکرێ.




کتێبی شیعری: من نیگام لەبەرئەڕوا …. ئەحمەد ڕەزا

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە شیعرییە کلیکی ئێرەبکەن …….

ئەحمەد ڕەزا ... من نیگام لەبەرئەڕوا




ڕۆشنبیریی هەرزان و پێگەی لە بزوتنەوەی ڕوناکبیرییدا … ئەحمەد ڕەزا

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووداو لە ئەمەریکا، ڕەوتێک سەری هەڵدا بە ناوی تیۆری ” ڕۆشنبیریی جەماوەریی”ەوە.. ئەم ڕەوتە دژ بە ڕەوتی ڕۆشنبیریی جەماوەریی وەستانەوەو ئەوجۆرە ڕۆشنبیرییە بەربەرەڵاو گشتیی و ساویلکانەیەیان، بە مەترسیی گەورە ئەزانی لەسەر ڕۆشنبیریی باڵا.. یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم تیۆرە ماکدۆناڵد بوو کە پێی وایە: ڕۆشنبیریی جەماوەریی، ڕۆشنبیریی باڵا ڕائەماڵێت، بە هۆی ئەوەوە، کە ئەمجۆرە ڕۆشنبیرییە، ئاسانە بۆ تێگەیشتن و کەمترین کۆششی زەینیی پێویستە بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگە بە ئاسانیی لەگەڵیا بڕوات. ئەمجۆرە ڕۆشنبیرییە بە ئاسانیی ئەتوانێت پارە پەیدا بکات و هەموو کایەکان بچنێتەوەو بینەرو گوێگرێکی زۆریش کۆبکاتەوە. بەڵام ڕۆشنبیریی باڵا زنجیرەییەو بەرەبەرە پاشخانی مەعریفیی بۆ دروست ئەبێت و پێویستیی بە هەوڵ و خۆماندوو کردنی زەینیی هەیە.. هۆکاری مەترسییەکەش لەوەدایە، کارەکتەرەکانی ڕۆشنبیریی باڵاش, بۆ جێ خۆ کردنەوەو پەیداکردنی دراو، لە ئاستی هونەرە باڵاکەیان دائەگرن و پێویستیان بەوە هەیە دڕ بە عەوام بدەن و پەیام بگەیەنن، کە دەرەنجامەکەی بەوجۆرە ئەشکێتەوە، ڕۆشنبیریی باڵا بەهۆی تەریککردنی لەلایەن کۆدەنگی عەوامەوە، تێکەڵ بە ڕۆشنبیریی جەماوەریی ئەبێت، ئەوەش ئەبێتە مایەی لەناوچوونی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.

بۆردیۆش لەم بارەیەوە ساڵی ١٩٨٤ ئەڵێت: ” ئەوەی بە چێژی باش دائەنرێت، پەیوەستە بە نەریتی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوەوە، وەک شێوازی ژیان و شێوەی ڕەفتاریان”.
ئەبێ نهێنیی ئەوە لە چیدا بێت، لەدوای ڕاپەڕینەوە، کۆمەڵگەی کوردیی ڕەوتی ژیانی ئەگۆڕێت و جۆری ڕەفتاریشی بەرەو ئەو ئاراستەیە ئەڕوات، کە ڕۆشنبیریی جەماوەریی جێ بە ڕۆشنبیریی باڵا لێژ بکات؟ ئایا ئەم گۆڕانکارییە خۆڕسکن؟ یان هەموو کاریگەرە باڵاکانی ناو کۆمەڵگە ” کە لە حزبەکاندا خۆی ئەنوێنێ”، بە پێی سیستمێکی دیاریکراو، کار ئەکەنە سەر چێژی گشتیی و دەستگیرۆیی ڕۆشنبیریی هەرزان ئەکەن؟
لە ئێستادا، سەرجەم کایە ڕۆشنبیرییەکان، لەژێر فشارێکی گشتیدان، لە ڕەتاندنێکی بەردەوامدان لە لایەن ڕۆشنبیریی جەماوەرییەوە، بەسەر هەردوو ڕۆشنبیریی گشتیی و ڕۆشنبیریی باڵادا.

ڕۆشنبیریی گشتیی: ئەوجۆرە ڕۆشنبیرییە خۆڕسکە فۆلکلۆرییەیە، کە سەردەمی پێش پیشەسازیی سەری هەڵداوەو ڕۆشنبیریی تەواوی خەڵک بووە بەوجۆرەی لەگەڵ ژیانیاندا گونجاو بووە.. ئەم ڕۆشنبیرییە بەرهامی مەزنی نییە، بەڵام هەندێک تایبەتمەندێتیی گرنگی هەیە، بەوپێیەی ڕەسانایەتیی تێدایەو لە کۆمەڵە ڕاستەقینەکانەوە سەری هەڵداوە.
ڕۆشنبیریی باڵاش: هاوشێوەی ڕۆشنبیرییە باڵاکانی وەکو کارە کلاسیکیی و ڕۆمانسیی و واقیعییە مەزنەکان پۆلین ئەکرێت.. نمونەی کارەکانی ” مەحوی و نالی و مانی و گۆران و قادر دیلان و ڕەفیق چالاک و ئەنوەر قەرەداخی و کامکارو عەبدەو سمکۆ ناکام و ئەوانی دی”
بەڵام ڕۆشنبیریی جەماوەریی: ڕۆشنبیرییەکی ساختەو دیزاین بۆ کراوە، بۆ سەرنجڕاکێشانی خاوەن ئاستە نزمەکان دروستکراوە.. کەمترین تایبەتمەندێتیی تێدایە.. وەرگرەکان لە خەڵکانی بەکاربەرو نێگەتیف و هەڵچووەکانن.. هەڵبژاردنی لای ئەوجۆرە وەرگرانە، تەنها کڕین و نەکڕینی بەرهەمەکەیە.. بە پلەی یەک ئەم ڕۆشنبیرییە قوتکراوەتەوە بۆ:

١_ هەڵمژینی توانای تاک.
٢_ سەوداکەدنی بازاڕیی بە هونەرەوە، بۆ پەیداکردنی سەرمایە.
٢_ هێشتنەوەو پارێزگاریی کردن لە چینی دەسەڵات.
٤_ پەکخستنی تواناکانی باڵا بوون.
ماکدولاند لەبارەی ئەم ڕۆشنبیرییە جەماوەرییەوە ئەڵێت: ” لە شوێنی باڵاوە دیزاین ئەکرێت و ئەدرێتە دەست سەرمایەدارەکانەوە.. ئەمە پاوانخوازییەکی سیاسییەو بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرییەتە”.

لە هەرێمەکەی باشوردا، تەوای سیاسییەکان لە هەموو حزبەکاندا، دەستگیرۆیی تەواوی ئەم باندانە ئەکەن، لە هەموو کایەکانی ئەدەب و هونەردا، لە بەرامبەریشدا بە توندی بەرامبەر بە ئەدەب و هونەری باڵا وەستاونەتەوەو لە گوشینی بەردەوامدایە. ئەویش بە فەرامۆشکردن و پشت تێکردن و هەراسان کردنیان.
دەسەڵات و دەستڕۆشتوانی کوردو خاوەن بڕیارەکانیان لە سەرجەم حزبەکاندا، ڕاگەیاندنەکانیان خستووەتە خزمەتی ئەم هەڵتۆقیوانەو لە سەرجەم کایەکانیشدا، لەیبوک و باوەڕ پێکراوی خۆیان هەیە، لەڕێی میدیاکانیانەوە، کە زۆرترین بینەر دەستەبەر ئەکەن، کۆمیدیای تەهریج و ئەدەب و هونەری کاڵوکرچ ئەکەن بە زەینی وەرگرداو بەرنامەو توانای زۆریان ئەخەنە بەردەم.. بەڕاددەیەک لە ئێستادا لەلایەن زۆرێک لە نوسەرە جاددەکانی دوێنێوە، ئەمڕۆ ڕەواج بەم ڕۆشنبیرییە ئەدەن و ئاست نزمەکانیش شانازیی پێوە ئەکەن.
حزبی کوردی و دواتریش لەیبوکەکانیان، بەرپرسیارن لە داڕمانی ڕۆشنبیریی باڵا.. کە فاکتەری سەرەکیی و یەکەمینە ئەم دۆخە ناجێگیرو لە مۆلەقەی کۆمەڵگەیە.




حزبی کورد و ڕۆشنبیریی گوند … ئەحمەد ڕەزا

ئەقڵیەتی شاخ دەرەنجامی خۆدانە دەست کلتوری ئەو ژینگە بچوکانە بوو لە گوند، کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد نەیتوانی تێپەڕی بکات، نەیتوانی لەو چوارچێوەیە دەربچێت، ئەوەش لە پێناوی مانەوەیاندا لە گوندەکان خۆپاراستنیان، جگە لەوەش خۆنەدان لە هەر تابۆیەک، کە هێڵی سوری گوندنشینان بوو.. لە ماوەی سەروبەری ١٥ ساڵدا، شۆڕشی کورد، بە کۆمەڵە چەمک و دنیابینییەکی خێڵگەرییەوە گەڕانەوە بۆ شارەکان.. ئەوی نەیانتوانی بەسەر گوندنشینانیدا بسەپێنن، بە حوکمی هێزی بەردەوام ئامادەی گوندنشینانەوە، کە ئەقڵیەتی شارنشینی و چەمکەکانی پێشکەوتن بوو، لە ئێستاداو لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا لە هەوڵی سەپاندنیدان بەسەر کۆمەڵگەی شارنشیندا، کە ” ڕۆشنبیریی گوند” ەو تا ڕاددەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون تیایدا.

جگە لە ڕۆچوونی ئەو ئەقڵیەتە بە ناو تەواوی کایە سیاسیی و بازرگانیی و ئابووریی و ئیدارییەکان و ئەوانی تریشدا، کە سەرجەم ئەو کایانە لە گرێژنە چوون و گێڕانەوەیان بۆ سەر بنەڕەتی خۆیان، هەوڵی تاقەت پڕوکێن و درێژخایەنی ئەوێت.. حزبەکان لە ڕێگەی ڕۆشنبیریی هەرزانی گوندەکانیشەوە، کار لەسەر زەین و هۆش کوێرکردنەوەی نەوە نوێیەکان ئەکەن.

نمونەی لەم بابەتە لە هیچ وڵاتێکی دنیادا بەوجۆرە لە برەودا نییەو پشتگیریی ناکرێت.. بۆ نمونە محەمەد مەهاتیر کە دەسەڵاتی لە مالیزیا گرتە دەست و لە ماوەی تەنها ٦ ساڵدا، وڵاتێکی ئابوریی داتەپیوی گەیاندە ئاستی تایوان و بەوەش گەورەترین سەرکەوتنی لە شۆڕشەکەیدا لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا.. لە سەرەتای حوکمڕانییەوە، ڕۆشنبیریی گوندی گێڕایەوە بۆ سەرچاوەکەی خۆی و هەموو جۆرە باربووکردن و پشتگیریی کردنێکی لێ قەدەغە کردن و کاری کرد بۆ برەودان بە ڕۆشنبیریی جاد لەسەر ئاستی وڵات، ئەمە دەستپێکی شۆڕشەکەی بوو، کە مایەی سەرسامیی زۆرێک لە کاربەدەستانی ئەوکاتە بوو لە مالیزیا.

حزبی کوردی لە ئێستایدا لە پێشبڕکێیەکی زۆر گورج دان، بۆ داماڵینی کەسێتیی تاک، لە ڕێگەی پشتگیریی کردنی ماددی و مەعنەوی سەرجەم شایەرو لۆتیی و بەندبێژو لەیبوکەکاندا.
تاکی کورد وەک ماری ناو سەبەتەکە تەماشا ئەکەن، تا هەرکات زوڕنایان بۆ لێدا، ئەو بە بۆنەو بێ بۆنە هەڵپەڕێت. ئەم نەریتە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش پەرەی سەندووە.

حزبەکان و سەرکردەکانیان بە جۆرێکی خەیاڵیی سەروەت و سامانی دزراوی وڵات بەسەر ئەو شایەرانەدا ئەبەخشنەوە، کە نمونەکانی باوەڕ پێنەکراون.. هەر حزبەو چەندین شایەری لەسەر خۆی کردووەتە ماڵ و شەوانی گەعدەیان بۆ ئەڕازێننەوەو ئاهەنگە حزبییەکانیان بۆ گەرم ئەکەن و ژەهری ئەوجۆرە بە بنبەست گەیاندنەی تاکیش، شەوانە لە تیڤیە هەزیلەکانیانەوە پەخش ئەکەن، بە سەدان بەرنامەشیان کردووە بە دەرگای ناساندن و خەڵک بۆ کۆکردنەوەیان، هەموو حزبەکان لەمەدا بەشدارن. لە بواری شانۆشدا شتێکیان نەهێشتووەتەوە بە ناوی شانۆوەو دووبارە پێشبڕکێیانە بۆ ڕازی کردنی دڵی لەیبوک ” موهەریج”ەکان. هونەری جادیش لە دراماو شانۆو سینەماو ئەدەبیات و میوزیک و شێوەکاریدا بە جۆرێک فەرامۆش کراوە، مەگەر هونەرمەندان تەنها لە دەمی خۆیان بگرنەوەو کاری پێ بکەن.
ئەمە حەقیقەتی وڵاتی سێ شارە بچوکەکەی جیهانە.




خاکی هەڕاجکراو …. ئەحمەد ڕەزا

کاری سیاسیی لە هەرێمدا تەنها بنەمایەکی گرنگی هەیە، ئەویش کۆدەنگیی پارت و ڕێکخراوەکانیەتی لەسەر بەلاڕێدا بردن و تەفرەدانی کۆی خەڵکی هەرێمەکە، بە چاوبەست کردن و ژیاندن لە وەهمدا.

لە ڕاپەڕینەوە حزبە دەسەڵاتدارە لاوازەکانی هەرێم و بە مەبەستی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، تەنها ئایکۆنێکی سەرەکیی بیرە ناسیۆنالیستە کۆنەپەرستانەکەیان، سەربەخۆیی خاک و گەیشتنە بە مافی چارەی خۆنووسین، لە کاتێکدا ئەم ئایکۆنە دوای ٢٧ ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئەوان و کاریگەرێتیی لەسەر هەموو ئەو حزبانەی تازەش دائەمەزرێن، دیوێکی بەتاڵی خۆی نیشاندا، کە لە وەهمێکی پەتیی و هێڵێکی سووری خەیاڵیی زیاتر نەبێت.. بە جۆرێک هاوتای مەسەلە پیرۆزە ئاینییەکان کراوەو بوون بە ئایکۆنە چەسپیوەکان.

ئەو خاکەی بووە بە وێردی سەر زمان، لە هەڕاجکردنێکی کورتخایەنداو لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی فەرمانڕەوایی کورددا، تەنها خۆڵ و جێیەکی ماوەتەوە بۆ تەوالێت دروست کردن، کە کەڵکی هەبێت.

ئاسمانی هەرێمەکە بەغداد ڕاستەوخۆ بەڕێوەی ئەبات، بە هەمان شێوە ئاوەکانیشی هەر لەژێر ڕکێفی بەغداددایەو دەروازە سنوورییەکانیشی، جگە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، کە کەڵکی تەنها بۆ چەند کەسێکە.

نەوتی بۆ تورکیاو ئیسرائیل ساغکراوەتەوە، بەو نرخەی، کۆمپانیای هەڵهێنجاندنی بەلچیکیی و هۆڵەندیی و ئامریکایی و ئینگلیزیی و ئەڵەمانی دەستیان بکەوێت.. بۆرییە نەوتەکانی لەژێر ڕکێفی ڕۆسنەفتدایەو غازی لە میزاجی قەتەریی و ئیسرائیلیداو کارەبای ئامریکایی و قەتەریی و بازرگانییەکەی چینیی و کۆریی .. خۆراک و بازاڕکردنی ئێرانیی و تورکیی.. داو و دەرمانی سویدیی و ئەڵمانیی و کرواتیی و هیندیی، پێداویستیی قوتابخانەیی چینیی، ماشێنی کۆریی و چینیی و یابانیی و ئامریکایی.. زەوییەکی وشک و برینگی بێ خێری کشتوکاڵیی و ئیفلاسی پیشەسازیی و زۆرێکیتریش، کە لای هەمووان زانراوەو ئەم هەرێمە هەموو سامانی سەر زەویی و ژێر زەوی هەرێمەکەی فرۆشتووەو چ شتێکی تیادا نەهێشتووەتەوە لە مقەوماتی نیشتیمان.

ئیتر ئەبێ پیرۆزیی هەرێمەکە لە کوێدا بێت، کە نیشتمان و سەربەخۆیی بکرێتە وێردی سەر زمان.. ئەم هەرێمە وەک پارچەیەک زەوی ماوەتەوەو هەموو خێروبێری فرۆشراوە، لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسیدا ئەوی ئەبێتە فەرمانڕەوا، ئەبێتە فەرمانڕەوای هیچ.. هیچ وڵاتێک چاوی لە داگیرکردنی ئەم هەرێمە نەماوە، لەبەر ئەوەی هیچی تیا نەماوەو هەر جومگەیەکی ئابووریشی بە دەست وڵاتێکەوەیە. تەنها کرد نەبێت، کە پێی وایە هەنگی لە کلۆرەداردا دۆزیوەتەوە کاتێ ئەبێتە فەرمانڕەوای.




چوارچێوەکانی حیکایەتخوان…. ئەحمەد ڕەزا

بگۆ لە گێڕانەوەدا پابەندی سنورێکی لۆژیکی دیاریکراوە، ئەو ناتوانێ ئەو سنورە خوڵقاوە ببەزێنێ لە هیچ
بارێکدا، بگۆ لە کەسێتیی حیکایەتخواندا بەرجەستە ئەبێت، حیکایەتخوان ” ئەو خودە وەهمیەیە، کە نوسەر
لە ناواخنی گوتاردا ئەیخوڵقێنێ بۆ ئەوەی لە بری ئەو چیرۆکەکە بگێڕێتەوە.. بە شیمانەی ئەوەی ئەو
گوتارە بەبەردەوامیی بەرەو ڕووی وەرگر ئەبێتەوە، لە کاتێکدا گەر بە شێوازی کەسی سێیەمیش بدوێت”.
لۆژیکی دەق لە ماددەی هەڵبژێرراودا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سیستمی کارەکتەرەکاندایە، بە
جوڵەی ئەوان لە فەزای گریمانەکراودا، بە بەردەوامیی ئەوان لەگەڵ کاتدا، لۆژیکی دەقیش لە ئاسۆی
خۆیدا بەر کاریگەرێتیی ئەو کرۆنۆتۆپ/ شوێنکاتییە ئەکەوێت، هەروەک باختین پێشنیازی کردووە.

گێڕانەوەسازیی لە ” زیندەخەون”/ ” فەرهاد مستەفا”دا، وەک ئەوەی کورتە چیرۆکێکەو سنوری بەر
تەسکترە بۆ دیاریکردنی کرۆنۆتۆپی مەبەستدار، کە وەک بارێکی ئاسایی نوسەر هانا ئەباتە بەر چەند
دالێکی خێراو گەش، بە مەبەستی دیاریکردنی.. لەم چیرۆکەدا لەسەر ڕایەڵەیەکی داڕێژراو، لە گەمەیەکی
نوێی سیمۆلۆژیدا، چەند لۆژیکێکی جیاواز لەسەر ئەو بونیادە دادەمەزرێت، لە هەر کردەیەکدا لۆژیکی
ڕوداو جۆرێکی تر دەردەکەوێت و وەرگر ئەخاتەوە بەردەمی پرسێکی نوێ.. لەو کاتەدا کە پەیوەندییەکانی
نێوان دەق و وەرگر لە ئاستی یەکەمیندا ئۆرگانیکین و دابڕان تیایدا دەرناکەوێ، لە هەڵکشانی ئەو
پەیوەندییەدا، بونیادە ڕەخسێنراوەکە بە هەمان شێوەی سروشتی خۆی، ئەبێتەوە بە بونیادێکی نوێ، بەو
مانایەی بەردەوام لە بزاوتی لۆژیکی ڕوداودا خۆی نوێ ئەکاتەوە.

ماددەی پشت پێ بەستراو لەم چیرۆکەدا، دڵەڕاوکێی منااڵنە، هەر چوار ڕامانە لێکدراوەکان لە
چوارچێوەی دەقەکەدا، پێکەوە یەکەیەکی گونجاون و بە دابڕاوییش هەر بەو جۆرە یەکەی سەربەخۆن.
تەکنیک لە چیرۆکی زیندەخەونی فەرهاد مستەفادا، کێشانی چوار چوارچێوەی جیاوازە ، بۆ هەلوەسەیەکی
پەتیی، کە زیاتر مناڵ و مناڵ گیرۆدەی ئەبن، چیرۆکنوسەکەش ئەوەندە شارەزایی هەیە بزانێت چۆن ئەم
دەرکەوتانەی هەلوەسەی منااڵنمان بۆ ئەگوێزێتەوە.. ئەوەی لەم مینیمالەدا ئەبینرێت، گێڕانەوەسازییەکی
ئاسایی نییە، بەقەدەر ئەوەی لە ڕامانی مناڵێکی نەخۆشەوە، چوار وێنای جیاواز نیشان ئەدا.
لە نێوانی هەلوەسەو وەهمدا جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەیە.. لە هەلوەسەدا شتەکان لە خۆوەو بە شێوەیەکی
هەڕەمەکیی دەرئەکەون، کە لە واقیعدا وانیین. وەک ڕوداو و دەنگ و جوڵە.. بەاڵم وەهم وێنای کەسێکە
کە لە واقیعدا بوونی نییە. واتە جیاوازییەکە لەسەر ئاستی وێناکردن و لەخۆوە دەرکەوتنی ڕامان و
شتەکانە.

هەلوەسەی دەنگیی لە تەمەنی ٧/٨ ساڵدا دروست ئەبێ، الی ئەو منااڵنەی تازەکیی چوونەتە بەر خوێندن،
ئەوانی تریش دەرەنجامی ” تا” و نەخۆشییە دەروونییەکانی ترن.
لە چیرۆکەکەشدا حیکایەتخوان، باس لە ” مناڵەکە” ئەکات، هانا بۆ باوکی ئەبات تا بەشداریی دڵەڕاوکێ و
ترسەکەی بکا.. جوانترین کاردانەوەیەکی باوک، ئەوەیە کە نەگێڕراوەتەوە، هەڵبەت بە سەرزەنشت کردن
و خەمڕەواندنەوەیەک کارەکە کۆتایی نایەت، بەڵکو ئەو نەخۆشییە پێویستیی بە چارەسەر کردن و
بنەبڕکردنە.

زینده خه‌ون/ فه‌رهاد مسته‌فا

منداڵه‌که به باوکی وت: به‌رله‌وهی بخه‌وم، هه‌رچی چه‌قۆی میوه‌مان هه‌یه، دێن و له چوارده‌وری ملت سه‌ما ده‌که‌ن.
منداڵه‌که به باوکی وت: هێشتا نه‌خەوتووم.. ئا ئه‌و پیاوه‌ی له ناو چوارچێوه‌که‌دایه دێته ده‌رێ و شه‌قێک له تۆ هه‌ڵده‌دات، له په‌نا دایکمدا ده‌خه‌وێت.
منداڵه‌که به باوکی ده‌ڵێت: -که ده‌خه‌وم.. ئاسمان ده‌که‌وێته خوارێ، ماڵه‌که‌مان له تاریکیدا ده‌فڕێت.
منداڵه‌که به باوکی ده‌ڵێت: – باوکه بۆ به ڕۆژ ناخه‌ویت؟ باوکه تکات لێده‌که‌م.. شه‌وان مه‌خه‌وه! من زۆر ده‌ترسم.
ئەو چوارچێوەیەی بۆ حیکایەتخوان ڕەنگڕێژ کراوە، جووارچێوەیەکە ئەکرێ بکشێ، لە توانایدایە لە یەک کاتداو بە بونیادێکی فرە دوورایی/ بعد چوارجار لەسەر یەک، سەرەتای نوێ بکاتەوەو دایبخاتەوە، ئەمەش ڕێچکەیەکی تازەی سەردەمییانەیە بۆ چیرۆک.. حیکایەتخوان زەمینەو کات و فەزاو شوێن و کارەکتەرەکانی بۆ دیاری ئەکرێت و دەستپێکی ڕوداوەکان ئەجوڵێنێت، ئەمە لە باری چیرۆکی ئاسایی باودا. بەاڵم لە زیندەخەوندا ئەم پرۆسەیە چەندینجار دووبارە ئەبێتەوەو لە هەر دووبارە بوونەوەیەکیشدا بە هەمان پرۆسەدا ئەڕواتەوە. بەم جۆرەش لە کۆی چیرۆکەکەدا چەشنگەراییەکی نوێ بە چوار لۆژیکی جیاواز دائەڕێژرێت.

————————————

– تحوالت الخطاب الروائي العربي/ عبدالحکیم المالکي/ القبضة العربیة/ ٥ -٨ -٢٠٠٦
– الفضاء القصصي/ صالح محمد حسین مزهل/ ٢٠٠٥
– الهلوسة في االطفال/ علي کاظم/ موقع arabic/ru.ecowoman ١١ -٢ -٢٠١٥
– نص الصورة بین التخییل القصصي والتولیف البصري/ رمزي حسن/ مالحق جریدة المدی/ ٢ /١١/
.٢٠١١




لە نێوان هابیتوس و ئیرۆسدا، مانایەک… ئەحمەد ڕەزا:

لە سیما دیارەکانی هابیتوس وەک پیێر بۆردیۆ دیاری ئەکا: بەردەوام بوون و گشتگیریی و توانای گونجاندن و گۆڕانکارییە..Transposable – کاتێ هابیتوس لە قۆناغە جیاوازەکاندا وەک ” بەردەوام بوون” وەزیفەی خۆی پیادە ئەکا- مانای کاردانەوە زەینیی و سۆزیی و هەستییەکان ئەگەیەنێت، کە بەردەوامیی پێوە دیارە. بەڵام بەو پێیە گشتگیرە، کە هیچ جێکەوتەو پێدراوێک جێناهێڵێت لە لۆژیکی ناوەکیی خۆی دەربچێت، بەو مانایەی کە ناهێڵێت هیچ لۆژیکێک لە خولگەی گشتیی زەمەنیی خۆی بترازێت. ئەوەندەی پەیوەندیی بە گۆڕانکاریشەوە هەیە، هابیتۆس ئەتوانێ چەند ڕۆڵێک ببینێت لە چەندین وێستگەی کۆمەڵایەتی جیاوازو کەرتە پێکهاتووە کۆمەڵایەتییە دژ بە یەکەکاندا.. کەواتە “ سیمای نەستیی” چەمکی هابیتوسی بۆردیۆ پێک ئەهێنێ، بە پێی ئەم تایبەتمەندێتییە نەستییەش سیستمی پێدەرە زەینییەکان پێکهێنەری مومارەسە کردنی ژیاویی مرۆڤە، هەروک پێکهێنەری ئەو وێنا کردنانەیە، کە وەک بنەڕەت لەگەڵ ئامانجەکانی تاکدا ئەگونجێت.
هابیتوس بریتییە لە هەموو ئەو دال و ڕەفتارو ئاماژەو سیمبۆلانەی، بە درێژایی ژیانی مرۆڤ هەر لە منداڵیەوە سەرەتاو دواتر لە ژینگەکەیەوە پێی ئەگات، بەو پێیەش ڕەفتارو کرداری ئەو دەرئەکەوێت. ئەتوانین بە کورتی ئەم زاراوەیە کورت بکەینەوە بۆ مۆرک دەرکەوتن، یان ئەو مێنتەلێتییەی مرۆڤ لەخۆوە ئاراستە ئەکات.
قەسیدەی ” دوای مردنم” دەقێکی ترە، بە دیدێکی نوێ و دوور لە فشارخستنە سەر وێنە شیعرییەکان و ئامرازە زمانەوانییەکان، نوسراوەتەوە.. لەم دەقەدا ئەوی پێویستە وەک دێڕبەندییەکان بۆ ئەوەی کۆی گوتارەکەمان پێ بگەیەنێت، واتە بنەڕەتی مەبەستگەرایی دەقەکە لە بەرهەمهێنانەوەی مانادا، کێشەی مردنە.
ئەم کێشەیە وەک لای سۆفیستەکان جۆرێکە لە ئیرۆسیەتێکی یۆتۆپیی، بۆ بەدیهاتنی نەمریی، بە هەمان شێوەی لای گنۆسیزمەکانیش، بەدیهێنانی گەڕانەوەیە بۆ بوونەوە بە بەشێک لە یەزدان. بەڵام لای حەکیم میرزا، بوونەوەیە بە ئەوی تەواوکار، ئەوی ئامادە لە وردەکارییەکانی ژیانکردن.
وێناکردنی مەرگ لای میرزا وێنایەکی راستەقینە نییە بۆ مردن، هەرچەند کۆی گوتارەکە لە ڕەواڵەتدا خۆبەدەستەوەدانەو وێناکردنەوەیە لە نەبوون ” عدم”ەوە. بونیادی دەق لەسەر پایەکانی مردن داڕێژراوە، کە لە بنەڕەتدا خۆی لە شێوەی وەسێتنامەیەکدا ئەبینێتەوە، نەک لێگەڕان لە ژیان.. ئەو کۆدانەی لە دەقی میرزادا بەدی ئەکرێ، کۆدگەلێکن بەرەو کرانەوەو ئازادی، لەبەرئەوە ناشێ والێکی بدینەوە کە میرزا بیەوێت دەست بەسەر دیزاینی ژیانی ئەویتردا بگرێت و خۆی نەخشەڕێی ژیانی دوای ئەوی بکێشێ، ئەم پارادۆکسە، تەنها لێکدانەوەیەک بۆ وەرگر ئەهێڵێتەوە، ئەویش وێنانەکردنی ئەسڵی مردنە، بەڵکو تێڕامانێکی سەرەتاییە لە نائامادەیی خۆیدا، ئەو پێی وائەبێ، کە ڕەنگە بەمجۆرە بگوزەرێ، وەک ئەوەی دوای مردنی زۆرێکی تر، ئەو ئەگەرانە کراوەترن.
ئەو دالانەی لەم دەقەدا هەن، وەک ” ڕەنگ، ڕیتم، شوێن، زەینییەکان” هیچیان دەلالەت لە هەستی مردن ناکەن، تەواو بە پێچەوانەوە ڕێنوێنی ژیانێکی ئازادو دەستپێکردنەوەی نوێ ئەکەن.. بۆ نمونە دالی ڕیتم زۆر هێمن و ڕەوانە، لەسەر ئاستی جیاواز خۆشڕەویی دروست ئەکات، کە چ جۆرە نیگەرانییەکی پێوە دیار نییە.. رەنگەکان لە جێگۆڕکێدان:
” ئەو مێزەی بەیانیان قاوەمان لەسەر دەخواردەوە
لایدەبەیت
كوپی قاوەكەی من فڕێدەدەی
كورسیەكەی من دەبەخشیتە
پیاوەكەی دراوسێمانڕەنگی ژووری نوستنەكەمان دەگۆڕی”
تا کۆتایی لە هەردوو بەشی قسەیدەکەدا هەر بەوجۆرە گۆڕانکارییەکان بەردەوام ئەبن.
شوێن بەردەوام لە جوڵەدایە، وەک ئەوەی نیازێک بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەبێت، نەک بەرەو عەدەم ڕۆشتن. دالە زەینییەکانیش بە هەمان شێوە:
” كە من ڕۆشتم
چەكمەجەی مەكتەبەكەم دەكەیتەوەو
شیعرەكانم
دەردەهێنیت و
یەكە یەكە بڵاویان دەكەیتەوە
هەر شەوەی یەكێكیان دەسوتێنی
دوایش سوتووەكەی
دەدەی بەدەم باوە”
ئەمە لە تێڕوانینێکی پوچگەرایانە زیاتر نییە بۆ شیعر، نە وەسیەتەو نە وێناکردن.. لە جیهانبینی میرزادا وەزیفەی شیعرو مانەوەی وەک تێزی زیندوو، تەنها لەوێدایە کە بڵاونەکراوەتەوە، ئیتر دوای بڵاوکردنەوە ئەبێت بە بەشێک لە هەموو ئەو پێکهێنەرانەی تری بوون، کە پەیوەندییە ئۆرگانیەکانی لەدەست ئەدات و تێکەڵ بە کۆیەکی گشتگیرکراوی تر.
ئەو مانایەی لەم دەقەدا لە نێوانی هابیتۆس و ئیرۆسدا بەرهەم دێت، پێچەوانەیە، بە ماوەی نێوان زەینیەتی هابیتۆس و تاناتۆسدا، پێشتر دووری مەودای نێوان مەرگدۆستیی/ تاناتۆس و ئەم دەقەم شیکردەوە،پەیوەندییە بە ڕۆشنایی ژیاندۆستیی/ئیرۆس بەرهەمهاتووە،لەگەڵ خەسڵەتی بنەڕەتیی هابیتۆسدا.
(( دوای مردنم ))
كە من ڕۆشتم
تۆش دەگەڕێیتەوە بۆ ئێرەو
ئەو مێزەی بەیانیان قاوەمان لەسەر دەخواردەوە
لایدەبەیت
كوپی قاوەكەی من فڕێدەدەی
كورسیەكەی من دەبەخشیتە
پیاوەكەی دراوسێمان
ڕەنگی ژووری نوستنەكەمان دەگۆڕی
جێگە دوو كەسیەكەمان دەگۆڕی بەیەك
پەردەی پەنجەرەكان دادەگری و
تۆزی سەر دیوارەكانی پێدەسڕی
ئەو چرایەی بەسوچێكی ژوورەكەمدا هەڵمواسیبوو
دوور لە ماڵەكەی خۆمان.
دەینێژی
ئەوكاتەی كە من دیار نامێنم
تۆ ئازاد دەبی
هێلانەی ئەو چۆلەكانە دەڕوخێنی
كە من لە گەڵای شیعرو
فرمێسكی چرا بۆم دروست كردبوون و
لقی ئەو باوەشانە دەشكێنیتەوە
كە لەبەر دەرگاكە بۆم كردبوونە جۆلانەو
شەوانە لەسەری دەنوستن
كە من ڕۆشتم
چەكمەجەی مەكتەبەكەم دەكەیتەوەو
شیعرەكانم
دەردەهێنیت و
یەكە یەكە بڵاویان دەكەیتەوە
هەر شەوەی یەكێكیان دەسوتێنی
دوایش سوتووەكەی
دەدەی بەدەم باوە
من دەڕۆم و
تۆش دەگەڕێیتەوە بۆئێرەو
دەستێكیش بەسەر وەسێتنامەكەما
ناهێنیت و
لەسەر سوچی هیچ كۆڵانی ووشەیەكم
ڕاناوەستی
دوای من
تۆ ئازادی ئازاد
ئەتوانی ماڵەكەت بگوێزیتەوەو
ئەدرێسەكەشت بگۆڕی

———————————-
سەرچاوەکان:
بصدد ” جمالیات الموت في شعر محمود درویش”/ عبداللطیف الوراري/ موقع ایلاف ٤/٩/٢٠٠٩
هاجس الموت في شعر کاظم اسماعیل الکاطع/ شهید الحلفي/مۆسسة النور في ٢٤/١/٢٠١٣
نظریة الهابیتوس والرأسمالرمزي/ د. زهیر الخویلدي/ arab times blogs
الهابیتوس في سوسیولوجیا بوردیو/ ت: د. علي اسعد وطفة/ مجلة مصر المدنیة/ ١٩/٣/ ٢٠١٢