چیرۆک/ هزرخانە .. عەلی مستەفا

دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ گەڕامەوە لادێ، لادێیەکی نەشمیل و سەرنج ڕاکێش، هەمیشە باوەشی بۆ ڕۆژئاوابوون کراوەیە، بەردەوام بەسەر باخچە و چەمی ئاوایی لە چوار وەرزی ساڵێدا پێدەکەنێت. ئەم لادێیە، پاڵی وەگردۆکەیەک داوە و لەوەتەی هەیە یادەوەری دەنووسێتەوە، ئارمەوانی سەروو لەوەتەی هەیە پێدەکەنێت و ژیان دەبەشێتەوە.
سەروبەندی ڕۆژ ئاوابوونێکی درەنگ بوو گەیشتمەوە لادێ، هێدی هێدی بە ڕێگای گۆمگێدا شۆڕمکردەوە، بەدەم خەیاڵ و ڕایەڵەکانی منداڵیم بە نێو تەپوتۆزی ئەم ڕێیەدا بیرەوەرییە کفتەکانم دەخستنە سەبەتەی تاڵی تەمەنم و وەک شەکرۆکەیەک دەمکرۆشتنەوە. دەنگێک ڕایچڵەکاندم، دەنگێکی نەرم و دڵسۆزانە، هەستی خاوەندارییەتی لێهەڵدەستا. هەر بەڕاستی لە دێدا وایە، هەموو گەورەیەک خاوەنداریت دەکات و پەرۆشیت هەڵدەگرێت.
بەو درەنگە لە کێندەرێ دێیەوە، ڕۆژەک نەمدیت بە وەخت بگەیەوە ماڵێ.
سەرم هەڵبڕی، مام حاجی حەسەنی هاوسێمان لە پەنای قاپییەی باخچەکەوە بە ئارامی زەردەی دەهاتنێ و بزەی قسە و ئامۆژگاری دەجوڵاند.
دا وەرە بزانم لە کێندەر دێیەوە، ئەدی ئەوە چییە بە دەستتەوە؟
سڵاو مام حاجی، قالبت کوە، سوپاس بۆ خوا کە بە باشی دەتبینم. ئەوە کوە نەگەڕایتەوە ماڵێ، خۆ درەنگ داهاتووە، لە تاریکیدا ڕۆیشتن هەندەک ناخۆشە.
من بە تاریکی ڕاهاتووم، عومرێ خۆم هەمووی لە تاریکی بەڕێکرد، هەتا هەنکەش نەگەیشتمە ڕووناکی، بۆیە من لە تاریکی باشتر هەست دەکەم و دەدۆزمەوە.
من لەم قسانەی مام حاجی فەلسەفەی تێکۆشان و بەردەوامییەکانی ژیانم هەست پێکرد، لەوەوە هەستم بەوە کرد کە تا بەردەوام تێنەکۆشین و هۆشیاریمان نەگاتە کۆ دەنگی و کۆ ڕەنگی هەر لە تاریکی دەمێنینەوە. من لە لێکدانەوەی ئەم خەیاڵانە دابووم، لە پڕ مام حاجی گوتی ئەتو پێمبڵێ ئەوە چییە بەدەستەوە و هەر خەریکی کتێب و دەفتەرانی، ڕۆژەک نەمدیت شتەکی لۆ ئەو گوندەی دروست بکەی. تا دەهات ڕووناکی ڕۆژێ بەرەو تاریکی گلۆژ دەبووەوە و ئاهەنگی قسانیش خۆشتر دەبوو.
ئیتر مام حاجی واز ناهێنێت، هەر دەیەوێت بزانێت کە ئەم کاغەزە پێچراوەی دەستم چی تێدایە. وێنەیەکی ڕووناکم دایە دەستی و، زۆر بە سەرنج و سەلیقە بوو، ئەوەندەی تەماشای وێنەکە کرد، تا هەموو شتێکی دەردەشە کرد، هەر تەماشای دەکرد و برۆی دەهینانەوە یەک، لە هیککەوە سەری هەڵبڕی و تەماشایەکی کردم و پاشان بە خێرایی تەماشایەکی وێنەکەی کردەوە، گۆتی مامۆستا ئەم وێنەیە چییە؟! بەسەر سوڕمانەوە پرسیاری دیمەنەکانی نێو وێنەکەی کرد.
گوتم ئەمە وێنەی کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەری ئەم شارەن، رۆژانە لەوێ خڕ دەبنەوە و باسی زۆر شت دەکەن، باسی ئەدەب و زمان و فۆلکلۆر و بابەتە کەلەپوورییەکانی کوردی دەکەن، جارجارەش باسی سیاسەت و باری ئەوڕۆی وڵات و گوزەرانی هاوڵاتیان دەکەن. ئەم نووسەر و ئەدیبانە بە دیار هەموو خەمێکەوە دادەنیشن، هەموویان لە هەوڵی ئەوەدان زمان و ئەدەبیاتی کوردی بگەیننە ئاستێکی پێگەیشتوو و بەرز، لۆ ئەوەی ئەدەبیاتی ئێمەش لەتەک ئەدەبیاتی جیهانی ناوی بێتن.
مامۆستا ئەوە دوکانە!! بەسەر سووڕمانەوە دەستی بە قسان کردەوە.
لەو دوکانەدا تەنها ستیان و دەرپێ و جلی ژێرەوەی ژنان دەبینم، هەندێکیان هەڵواسراون و هەندێکیشیان دەستە دەستە بەسەر یەکەوە داندراون، بە تاقەکەشەوە ئەو وێنەیە دەبینم، پێدەچێت باوک و کوڕ بن. ئەها تەماشا بکە لەولای ڕەفەکانەوە لە ژێری ژێرەوە هەندێک کتێب و قاقەز دیارن، لەوی سوچەش کە دەستە چەپی دوکانەکەی گرتبوو چایخانەیەکی گچکۆکەیە، وەرە پێمبڵی لەم شوێنە گچکەیە، کەس نازانێت چایخانەیە، کتێبخانەیە، یان دوکانی جلکی ژنان. خەمی گەورەی زمان و ئەدەبی کوردی و بوژانەوەی فۆلکلۆر و کەلەپووری کوردی و خەمی گوزەرانی هاوڵاتییان چۆن هەڵدەگیرێت و چارە دەکرێت، هەنکە مامۆستا ئەمن بەو دوعایەی ناڵێم ئامین.
بەخوای ڕاست دەکەی مام حاجی، بەرێ ئەو برا ڕۆشنبیرانە چبکەن، ئەوان لەهەر کوێیەک خڕ ببنەوە، خەمی دڵی خۆیان دەڵێن و ڕێگای ڕاستیش دیاری دەکەن، بەڵام کەس گوێیان لێناگرێت و کەس بە تەرازووی ئەدیب و نووسەران ناکێشێت.
ڕاستدەکەی مامۆستا، وەبیرم دێت هەموو جارێ لەگەڵ مامۆستایێ گەورە، کە دەیان گۆتێ بابی گەورە، دوای نوێژێ عەسران لە بن دیوارێ مزگەفتێ دادەنیشتین دەیگۆت: ئەگەر دیتت کەسانی نەخوێندەوار و بێئەسل و نەسەب وەپێش زانا و پیاوی گەورە کەوتون، ئەوە نیشانەی ئاخیریتی، دەبی دوعایان بکەین خوا بمانپارێزێت، خراتر ڕوونەدات.
ئەدی مام حاجی ئەوڕۆکە ئەوهای لێهاتییە کەسی لێهاتوو و ڕێزدار کەس قسەی لێوەرناگرێت. دوکانێ مام حاجی ڕەشیدیش مەکۆیەکی جوان و پڕ یادگارییە لۆ هەموو نووسەران و ڕۆشنبیران، دێن و لۆ چەند وەختێکی کەم دادەنیشن و دواتر دەڕۆن، لە گەرمەی ئەو کۆڕ و دیدارانەشدا کڕیاری خارە سابیریش دێن و شمەکی خۆیان دەکڕن و دەڕۆن.

عەلی مستەفا\ ٢٠٢٠




سوڵتان لە نێوان قولەی قەڵا و کامێرادا… خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی زۆربای ئێرانی … عەلی مستەفا

دەریچە:
زۆربای ئێرانی کتێبێکی ترە لە وەڕگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، ئەو دەمێکە دەنووسێت و وەردەگێڕێت، لە نێو وەرگێڕانەکانیشیدا هەندێک جار دەست بۆ کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا دەبا و وەریاندەگێڕێت. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێت و بە ڕەگەز فارسە. لە نێو نووسینەکانی ئەم ڕۆماننووسەدا هەموو کات سەرنجت دەکەوێتە سەر کەللتور و فەرهەنگە جوداکانی ئێران، تەنانەت جوگرافیا و داب و نەریتی کۆنی ئێرانیشت بەرچاو دەکەوێت. ئیتر ئەوە شانازییە هەر ئەدیب و نووسەرێک بتوانێت بار و تەواوی دیمەنەکانی نیشتمان و میللەتەکەی بگوازێتەوە نێو کەللتور و نەریتە جوداکانی دونیا و لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە ئاشنایەتی بخاتە نێو گەلی خۆی و گەلانی تر.
وەرگێڕ زمان پاراوانە ئاشنایەتی لە نێوان خوێندەواری کورد و ڕۆمانەکان دروست دەکات، گومان هەڵناگرێت کورد و فارس سەر بەیەک کۆمەڵە زمانی ڕۆژهەڵاتی ناوینن، بەڵام خۆ دوو زمان و دوو نەژادی جیاوازن، خاوەنی داب و فەرهەنگی سەربەخۆشن، لە نێو ئەم کۆ جیاوازییانەشدا زۆر شت هەیە گەلانی ئەم ناوچەیە هاوبەش دەکات، ئەمەش ڕووێکی ئاساییە چونکە زۆر ئاهەنگ و هەماهەنگی هەیە، کە دەبێتە هۆی درووست بوونی ئەم هاوبەشییانە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆر شت هەن کە نایان زانین، لەوانەیە پێویست نەبێت کە بیزانین، بەڵام ڕووداویش هەیە لە ڕێگەی سەربووردەکان و گێڕانەوەکانەوە دەبێتە داکەوتەیەکی ئەم زەمینەیەی کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لێیدەژین و تیایدا چەرمەسەری دەکێشین. ڕووداو و گێڕانەوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە ئەگەر بۆ گەلانی ڕۆژئاوا وەک ئاشنایەتییەک گرنگ بێت، بۆ ئێمەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی تەنانەت خودی نەتەوەی فارس پتر لە ئاشنایەتی گرنگە، چونکە ئەم ڕۆمانە لا کردنەوەی کۆمەڵێک باسی گرنگە لە مێژووی ژیانی گەلانی ئێران، ئەم ڕۆمانە لە پێنج کتێبناو کۆ کراوەتەوە و هەر کتێبە و باس لە سەردەمێکی دیاری کراو دەکات، هەموو ئەم گێڕانەوانە لە ژیان و سەردەمی چالاکییەکانی گەنجێک بەرجەستە کراون، واتە لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرەوە تەواوی هەژموون و باسەکان گۆ دەکرێن. ئەوەی من گەرەکمە لەم رۆمانە لێیبدوێم، ئەو گۆشە هەستیارەیە کە سوڵتانی کوڕەمامی ئەکرەم جون، یان کوڕی ئەو ژنەی کە ئامۆزای هۆشەنگی یەک باسکە، کە دواجار بە هۆشەنگی باسک ئاسن لە ئەمریکا دەرکەوتەوە، لە ڕێگەی ئەو کوڕیژگەیەی لە قولەی قەڵای ماڵباتەکەیەوە، لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای دنیای دەرەوەی دەکرد، باسی کۆ نیگاکانی ئەم ڕۆمانە بکەم، دەمەوێ هەستەوەری ئەم ڕۆمانە لە نیگای چاوەکانی سوڵتانەوە ببینم و قۆناغەکانی بە کەنگەشەی شیکارییەوە سواخ بدەم.
ئەم وەرگێڕانە بە زمان و وشەی کوردی دەوڵەمەندە و بەشێکی گرنگە لە پاراستنی فەرهەنگی کوردی، چونکە وەرگێڕ لەگەڵ کاری وەرگێڕانەکەیدا، پەراوێزی خستۆتە نێو کارەکەیەوە، بۆ هەر وشەیەکی کوردی ڕوونکردنەوەی داوە. لە پاڵ ئەمەشدا ئەم کتێبە دەبوایە کاری وردتری لە بارەی خاڵبەندی و هەڵەچنییەوە بۆ بکرایە، چونکە لە کاتی خوێندنەوەدا بەسەر کاری لەنگدا دەهاتی و پیچەک لە خوێندنەوەدا هەست بە لەنگی دەکەیت، بەڵام نەبۆتە هۆی لە دەستدانی پەیامی ڕاستەقینە.

کتێبی یەکەم
سوڵتان و قولەی قەڵا:

ئەم قۆناغە؛ لە کتێبەکەدا بە سەردەمی ئەفسانە ناوی هاتووە، بەڵام خۆ دەکرێت سەردەم و ئاهەنگێکی زێرێنیش بووبێت لە ژیان و ئەزموونی سوڵتاندا. ئەم دیاردەیە لە نێو گەلانی دونیا بە تایبەتی گەلانی ڕۆژهەڵات تا درەنگانێک باوبوو، دەبوایە بەچکە خانەدانەکان هەر لە ستونی پیرۆزی خۆیان بمێننەوە و لە ڕێسا و نەزمی ماڵە گەورە دەرنەچن، ئیتر ئەوە پیرۆزییەک بووە بەر ماڵە گەورە و شکۆدارەکان بڕاوە. ئەم دیاردەیە لە ڕۆژئاوا هەر لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕێنیسانسەوە، دوای لا کردنەوەی دەسەڵاتی کەنیسە و گەل پۆتی شکا و ئیتر بەملاوە کەس بەسەر کەسەوە خاوەن شکۆ نەبوو، هەموو لایەک دەبوایە هەوڵ بدات و تێبکۆشێت. بەڵام گەلانی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو لە کۆتایی نیوەی یەکەم یاخود تێپەر بوونی سێ چارەگی سەدەی بیستەم بەسەر ئەم داکەوتەیەدا تێپەڕین و پۆتەڵاکی ئەم کەلتوورە بریندار کرا.
بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە، لە هەر سەردەم و قۆناغێکی ژیان بتوانێت سوود لە سەردەمەکە و مێژووی سەردەمەکە ببینێت، تەنانەت ئەزموونکردنی دیاردەکانی ژیان لە هەر تافێک دابێت پێویستییەکی ڕاددە نەویستە، چونکە مرۆڤ لەم کەنگەشانەوە سەر دەردەکات و ئاشنایەتی بە چواردەوری خۆیدا درووست دەکات. سوڵتان کوڕی پیاوێکی بێدەنگ و بێزمانە و سەر بە ماڵباتی قەڵایە، دایکیشی ژنێکی شەلەیە، کچی وەرزێرێکی گوندەکانی بنارە، دایکی لەگەڵ ئەوەی شەلە بوو بەڵام جوان و شیک بووە و زمانی باشی لە دەم دابووە، واتە قسە زان و لێنەبڕای بووە، هەر ئەو سەرپەرشتی سوڵتان و کارەکانی کردووە. ماڵبات هیچ کات نەیانویستووە سوڵتان تێکەڵی منداڵانی گەرەک بێت و ئاشنایەتی لەگەڵ دەورووبەر درووستبکات، ئەمەش کاریگەری ناخۆش و نامۆ بەسەر هەست و نەوای سوڵتانی منداڵ دروست دەکات، سوڵتان بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە دەروونییە پڕ بکاتەوە، ڕۆژانە بەسەر قولەی قەڵا هەڵدەگەڕێت و دەیەوێت لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای سرووست بکات و بزانێت لەم جیهانەدا چی هەیە و چی دەگوزەرێت، بەردەوام سەیری کێڵگەی زافەرانی ماڵباتی کۆشک دەکات، کە باوکی رۆژانە سەرپەرشتی دەکرد و دواجار دایکی سوڵتانیشی هەر لەو کێڵگانە کردە هاوژینی خۆی. ئەم دووربینە دەبێتە خووپێوەگرتنێکی ڕۆژانە و بەردەوام لە ڕێگەی دووربینی قولەکەوە جیهانی دوور و نزیک، ئەوەندی بڕی دەکرد دەپشکنی. ئەمەش بارێکی ئاسایی نابێت هەر دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری بخاتە سەر هەست و بیرکردنەوەکانی سوڵتانی منداڵ، چونکە ئەم دیمەن و جەنجاڵییەی جیهان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی سوڵتان گەورەتر و فراژووتر دەبن، دواجار
کۆنترۆل کردنی ئاسان نابێت، ئەمەش یاسای ژیانی هەر تاکێکە کاتێک ئازادی و خواستی لێزەوت بکرێت.

(چیڕۆکەکە دەگێڕمەوە، چیڕۆکەکەی سوڵتان، فیلم دەرهێنەرێکی ئێرانی. چڕۆکەکەش لە قەڵایەک دەستپێدەکا، قەڵایەک، کە لەتافی منداڵی تێیدا ژیاوە) ل٢٦ ئیتر سوڵتان لە هەژموونی کۆن و سانسۆرکردن دەربازی دەبێت و دواجار دەبێتە ناوێکی پڕشنگدار بە ئاسمانی سینەما و فیلمەوە، هەڵبەتە دووربینی قەلا دەبێتە ڕێخۆشکەرێکی جوان و دنیا بینییەکی تەواو بۆ ئەوەی ئەم جیهانەی تێیدا دەژیت، کە قەڵای ماڵبات و گەورەکانی رۆحانییە جێبهێڵێت.
قەڵا تەنها جن و پاراستنی داب و نەریتی وەک ئامۆژگاری پێشکەش بە سوڵتان و دەورووبەر دەکرد، ژیانی قەڵا پەیوەست بوون بوو بەو ڕێکارانەی لە گەورەکانیان بۆیان دەردەچوو، هەمووشیان پیاوانی ئاینی و پەیوەست بوون بە کارە ڕۆحانییەکانیان. دەبایە هەر تاکێکی ئەم ماڵباتە خاوەنی جنێکی تایبەت بەخۆی بایە، بۆ ئەوەی شوونی ماڵبات وێران و بزر نەبێت. بەڵام تا ژیان وەگەڕتر و ئاشنایەتی زیاتر بێتە ناوەوە، دەستە و نەوەی نوێ چیتر بەم ئاوەزەوە بەردەوام بەدەوری قەڵا و جنۆکە و پیاوانی ئاینی ناخولێنەوە، بەڵکو ژیان لە ئاهەنگێکەوە بۆ ئاهەنگێکی تر و لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر وەرچەرخان بەخۆیەوە دەبینێت، تەمەنی سوڵتان هەڵدەکشێت، ئیتر جینەکانی ناویشی هەستی گەرمی دەدەنێ، ئاخر تا ئێرە سوڵتان ئاشنایەتی لەگەڵ جەستەی خۆشیدا نییە، ئەمەش پووکاندنەوەی هەستە خۆشەکانی مرۆڤە لە گەیشتندا.
ئەوکاتەی سوڵتان جەستەی دەخشێت لە لەش و مەمکی کچێکی ناسیاوی ئامۆزاکەی هەست بە جیهانێکی تر دەکات، ئەمەش بۆ سوڵتان کەشف بوونی دۆخێکی ترە، یاخود هەستکردنە بەوەی ڕۆژێک دەبێت لەم قەڵایە بەدەر کەوێت. دوای ئەوەی کاغەزی بنێشتەکان کۆ دەکاتەوە و دەکەوێتە سەر خەیاڵی ئەوەی کامێراکە لە کۆمپانایای بنێشت فرۆشتن بباتەوە، پێنج هەزار کاغەزەکە مسۆگەر دەکات و کامێراکە وەردەگرێت، ئیتر چی لەم کامێرایە بکات، خۆ نابێت هەر لە نێو قەڵا بمێنێتەوە و وێنەی جیهانی نائاشنای نەگرێت، دەبێت لەم قەپەنگە گەورەی قەڵا بەدەرکەوێت، یەکەم وێنە و چەندیتریش بۆ تاقیکردنەوەی کامێراکە وێنەی باپیرەی بوو لە کاتی نانخواردندا، کاتێک تەواو دەبێت ئەویتر دەداتە جنۆکەی خۆی کە لەبەرامبەری دانیشتووە.
سەرچڵی و ئینگلیزی زانییەکەی ئەکرەم جون هاوکارێکی تری سوڵتان بوون بۆ ئەوەی ئەم سەدەفە کۆنە پەرپووت بکەن و ئەفسانەی قەڵا تێکبشکێنن. خۆ گەر وانەبا نە ئەکرەم جون دەگەیشتە ئەمریکا و نە سوڵتانیش دەبووە فیلمسازێکی گەورەی ئێران و سی. ئێن. ئێن و بی. بی. سی نەیاندەناسی، دەبوایە ئەو لە قاوغی ئەفسانەدا چارشێو لەسەر بایە و ئەویش شازادەیەکی چکۆڵ دەبوو بۆ کاری قەڵا، بەڵام جنۆکەی دووربین لە قولەی قەڵا ئەم کۆتانەی تێکشکاندن. (ئەو کرێکارانە لەگەڵ گەردەی بەیانی، زوو لەخەو هەڵدەستان و لە ماڵەکانی خۆیان بۆ سەر ئیشوکاریان دەچوون، منداڵەکانیشیان تەواوی ڕۆژەکە هەر لە کوچە و کۆڵانەکان بوون، ئەمە و لە کاتێکدا ژنەکانیش لە خانووە بە قوڕەکان بە کاروباری ماڵەوەیان خەریک بوون. دیوارە بەرزەکانی قەڵاکە کتومت، سنورێک بوو لە نێوان ئەو منداڵانە و مندا، هیچ پەیوەندییەک لە نێوانی یەکدیدا لە ئارادا نەبوو، من هەر تەنیا لەسەر قولەکە و بە دووربین ئەوانم دەبینی، لەویوە سەیری جیهانی دەرەوەی قەڵاکەم دەکرد) لا٣٠ ئەم هەستە لای سوڵتان شەڕێکی نهێنییە لەگەڵ ویست و مەبەست، چونکە ناکرێت زەوق و جوانی منداڵ و تافەکانی تری تەمەنیش بخرێنە ژێر فشاری داب و نەریتەوە، چونکە دواجار ئەم کردەیە ئاکام و دەرەنجامی لێدەکەوێتەوە، ئەوەیە سوڵتان دەبێتە سینەماکار و نەک هەر قەڵا بەڵکو نیشتمانی زێد و ئازیزانیشی جێدەهێڵێت.

کتێبی دووەم
سوڵتان و ستۆدیۆ:

لە بەراییدا باسی دووربینی قولەی قەڵامان کرد، ئەو دووربینەی سوڵتانی گەیاندە تێگەیشتن و بینینێکیتر، سوڵتانی لە تیلاوەتی جنۆکە و پاشخانە کۆنەکان دەرباز کرد و گەیاندییە قولەی کۆشک و تەلاری شابانوو و دواجاریش مەلا جامانە ڕەشەکان. جیهانی ستۆدیۆی سوڵتان لە کامێراکەیەوە کەوتە گەشە، ئەو کاتانەی قەپەنگی قەڵا لە بار دەکات و لەسەر گازەرای پشت جێدەهێڵێت، ئەو کاتانەی ڕوو دەکاتە کۆڵان و شەقامەکانی شار ئاشنایەتی دروست دەکات لەگەڵ هەموو ئەو ئارەزووانەی بە نهێنی و بە خەفە کراوی مابوونەوە، باڵای کچ و بینینی ژنی ڕووت لەدەم سەرشۆرک و حەوزی ئاوەوە، هەستی دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئەگەر کامێراکەی پێبایە ئەم شتە نامۆیەی دەخستە نێو کامێراکەیەوە. تەنانەت وێنە گرتنی ژنی هۆشەنگ لە ژێر چارشێوێکی ڕەش و ژورێکی تاریکدا، تەنانەت هەستکردن بە کۆمەڵێک دیمەن، ئاهەنگی حەز و ئارەزووی دەگایاندە ئاستێکی نێرانە. دواتر کردنەوەی سینەما لەلایەن کابرای ئەرمەنی و چوونی سوڵتان بۆ ئەوێ، خولیای گەورە و ئاسمانی فراوانتری دەبینی، زۆری حەز دەکرد وێنەی لەیلا، ژنی مەلای مزگەوتێ بچرکێنێ و بیخاتە ئەزموونی کارەکانییەوە، ئاخر ئەو لەیلای خۆشویست بوو و دوا جاریش جووتێک قاپقاپەی زەردی بە دەستەکانی خۆی بۆ دروست کردن و لەبەر پێیەکانی دانان.
ناتاشای کریستیان و هاوڕێی ئەکرەم جون کاریگەری زۆری خستە سەر هۆش و دەروونی سوڵتان، چونکە ناتاشا بەسەرنجەوە دەردەکەوت و ژۆپەکەی تا پشت جۆکانی دەهات، ڕانە سپی و تەڕەکانی دەردەخستن، دواجار کە ناتاشا دەبێتە ئەکتەری سینەمایی و مەمکەکانی جوان دەردەکەوتن و لە کۆشکی شاهانەش لای شا و شابانوو بانگهێشت کرا، بووە هۆکارێکی تەواو تا سوڵتان لەم شارە تەسکە و لەم قاوغە تاریکە دەرکەوێت و، بکەوێتە دوای خولیا جوان و گەشەکانی، هەرنا بتوانێت ناتاشا لەوێ لە کۆڕی سینەمایی ببینێتەوە و هیچنا هەر تەنها جارێک باوەشی پێدا بکات و ماچی بکات. سوڵتان بۆ گەیشتن بەمانە، قۆناغەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت و لە زنکۆ وەردەگیرێت، لە بەشی سینەما، ئەمە سەرتای دەربازبوونیەتی لە خێوی تاریکی و گەیشتنە بەو ئامانجەی لە مناڵییەوە هەر لە ڕێگەی دووربینی قولەی قەڵا و کامێراکەیەوە خەونی پێوە دەبینی.
زانکۆ بۆ سوڵتان کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ زۆر شت، تەنانەت بۆ کێشەکانیش، سوڵتان لە ڕێگەی کاری سینەمایی و کامێرامانییەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە و لە پێگەی گەورە بووەوە، ئەمەش سوڵتانی گەیاندە جیهانێکی تری تەماشا، چونکە لە دوای سینەماکاری گەورەی ئێران، یاخود فیلم سازی گەورەی ئێران (ئیبراهیم بووستان) سوڵتان دەبێتە دیارترین فیلمساز و ناوێکی درەوشاوە، چونکە ئەو چەند کارێکی جوانی فیلمی ساز کردبوو، دواتر لە کۆشک و تەواوی نیشتمان بینرا و دەنگی دایەوە، ئەمە سەرتای کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەی چڕی جیهانی سینەمایە، چونکە تا خواست زۆرتر بێت ئاهەنگی کارکردن و بواردنی دیمەنەکان وەزوحمەتتر دەکەون، تەنانەت تەنیاییش تەنگی پێهەڵچنیبوو، چونکە جیهانی ژن دەبێتە ژوانێکی ئارام بۆ پیاو کاتێک ئارەزوو دەگاتە لووتکەی بیرکردنەوە لە ژن، دوای ئەم بیرکردنەوەیە بۆ باس و شتێکی تر بار وەردەگرێت. (هەینێ زۆر هەستم بە تەنیایی کرد، ئاخر بە تەنیا لە هۆدەکەم دەژیام و هێشتا هیچ ژنێکیش نەهاتبووە نێو ژیانم. هەرچەندە لە ستۆدیۆکەی ئەو هەمیشە دەورووبەرم پڕی کیژۆڵە بوون، بەڵام خۆ هەر تەنیا لە چاوی کامێراوە سەیرم دەکردن و پێیانەوە سەرسام بووم) لا٢٤٧ هێشتان سوڵتان لە نێو ترسی تافی تەمەنەکانی پێشوو و بینینە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانی ئێستای دایە، ناتوانێت تەنانەت بۆ ئارەزووش لەم کابووسە دەربازی بێت. سوڵتان لە ستۆدیۆی ئیبراهیم بووستان ژوورێکی هەبوو، بەردەوام بە دوای هونەری جوان و کاری مەزن دەگەڕا، هەموو ئەم گٶڕانکارییە خێرایانە سوڵتانیان گەیاندە دۆخێک، کە ببێتە پێشەنگ لە سەر سینەمای ئێران. ئەمەش بارێکە مەرج نییە خۆشگوزەرانت بکات، بەڵکو زۆر جار هەنگاو هەڵێنانێکە بەرەو نادیاری، یان لێتەوە دیارە و ناچاری بچیتە نێو گرفتارییەکان. بۆیە ماندوو بوون و ئەزموونی قەڵا و تەنیایی باری ژیانییان قورس کردبوو، تەنانەت باری ئارەزووی بۆ ژن دەشاردەوە و شەرمی دەکرد بگاتە لوتکەی حەز و باوەشی ژن.
سوڵتان بەردەوام لە نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەی داهێنەرانە و زەینی نوێ دابوو، هەمیشە بیری لەوە دەکردەوە هەموو گۆشە هەستیارەکانی تافی تەمەن لە کتێبی یەکەمیدا، بکاتە مەشهەدی نێو فیلمەکانی، وای بیر دەکردەوە ئەگەر لەم قۆناغانەی ژیانیش نەیتوانیبێت بگاتە مەبەست، خۆ دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بگاتە جوانترین گێڕانەوەی مێژووی ڕووداو و گۆشە نهێنییەکانی ژیان. (لە فیلمەکەدا لێگەڕام کچە ئەکتەرەکە و کوڕەکە لە کۆڵانێکی تاریکی تەنگەبەری پشت مزگەوتێ ڕابکەن. کوڕە ئەکتەرەکە قاپقاپە زەردەکانی کردنە پێی کیژەکە و کچەکەش خێرا بە نێو کۆڵانەکان غاری دەدا، ئەمەش لەو کاتەی مەلای مێردی لە نێو مزگەوتێ، بۆ نوێژکەران خەریکی پێشنوێژ بوو دابەستن بوو) لا٢٥٣ ئەم گرتە فیلمە، ون نەکردنی ئەو یادەوەرییە جوانەیە، کە سوڵتان لە مزگەوت کاتێک باپیرەی دەگەینێتە مزگەوت و لایلای شۆخ و شەنگی کچی مجێوری مزگەوت دەبینێت و لە یەکەم نیگایدا عاشقی دەبێت، بەڵام مەلای مزگەوت هەر زوو داخوازی دەکات و دەیکاتە ژنی خۆی، بەڵام لەیلا تا درەنگانیش چاوی هەر لە دوای دوڵبەرەکەیە و خۆشی دەوێت، ئیتر ئەمە تا نەبووە فیلم هەر لە خەیاڵ و گۆشەی بیرەوەرییەکانی سوڵتان مایەوە. ئیتر ئەم کارە جوان و هونەرییانە بوونە ئامرازی گەیشتن بە ماڵی شا، گەیشتن بەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێران، دوای مردنی مامۆستاکەی ئیبراهیم بووستان، نان لەگەڵ شابانوو ژنی شای ئێران بخوات. دەبێتە خاوەنی بنیاتی فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر شای ئێران، لەو کاتەی بە ئامادەیی زۆرینەی سەرۆکانی دوونیا تاجی زێڕینی سەرۆکایەتی لە ئاهەنگێکی شکۆداردا دەنێتە سەر.

کتێبی سێیەم
شۆڕش یان سەردمی عەمامە ڕەشەکان:

دوای ئەوەی تەختی شاهەنشای ئێران، تەختی پەهلەوی دەروخێت و مەلاکان، عەمامە ڕەشەکان دێن و دەسەلات وەردەگرن، هەمدیس فیلمساز بۆ کۆماری مەلا ڕیشدارەکە (ئایەتوڵڵا خومەینی) بانگ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوەندە تەمەنەی ماویەتی بکرێتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری و وەک ئەرشیفی پیاوێکی شکۆدار بمێنێتەوە. فیلمساز ئەم سەردەمەشی دیت و تەنانەت تەواوی جەنگی عێراق و ئێرانی لە نێو کاسێتە ڤیدیۆکاندا کۆ کردەوە و بۆ تەلەڤزیۆنی ڕدێنانی دەناردنەوە. ئیتر فیلمساز بریندار دەبێت و دەکەوێتە ژیان و ئەرکی ناخۆش، دوای ئەوەی تەقە لە شەقامی ماڵی ئایەتوڵڵا دەکرێت و ئەویش بەدەرەوەیە بەسەیارەکەی پیاسە دەکات، بۆ ئەوەی سوڵتان درێژە بە کاری فیلمە دیکۆمێنتارییەکە بدات. دوای ئەوەی سوڵتان سەردەمی شا جێدەهێڵێت و دوای دە ساڵ بەندیخانە بە هۆی شۆڕشەوە ئازاد دەبێت و هەست بە سەربەستییەکەیتر دەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بڕیار و فرمانی نوێی حکومەتی نوێی تاران بکات. کاتێک دەگاتەوە ستۆدیۆەکەی و دەیەوێت چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی لە بەرەکانی جەنگ بریندار دەبێت و لە خەستەخانە دەخەوێنرێت، دوای ماوەیەک لە ڕێگەی نوێنەری نووسینگەی ئایەتوڵڵاوە داوای لێدەکرێت کاری دیکۆمێنتاری بۆ ڕابەری شۆڕسی ئیسلامی ئێران بکات، سوڵتان ڕازی دەبێت.
سوڵتان لە گەرمەی بیرکردنەوە و سەر گەرمکردنی بە سینەما و بەرهەمی نوێ هەمیشە تەنیا و تەنیا دەمایەوە، دواجار بیری لە فیلمێک کردەوە لەسەر گەریلاکانی نیشتمان، ئەگەر هەڵە نەبم حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی بوون، کە هەم دژی دیموکراتەکان بوون کاتێک پەهلەوی هاتە سەر تەخت و هەمیش دژی مەلاکان بوون، بەڵام تا ئیستاش ئەم گەریلایانە نەیانتوانی ڕیفۆڕم بکەن و بگەنە دەسەڵات، (کاتێک چوومەوە نێو ستۆدیۆکەم و دەرکەم لەسەر خۆم داخست، تا تیشکۆی هزر بیرم بخەمە سەر فیلمە نوێیەکەم، چەند ئەکتەرێکی گوڵبژێرم لێگرتن تا زیاتر باسی کارەکەیان بۆ بکەم. دوای ئەوەش چووینە دارستانی پارێزگاکەی باکوور تا ئەو شوێنەی فیلمەکەی لێدەگرین، بپشکنین و لێیبکۆڵینەوە، من هێشتان هەر لە ناو دارستانەکەدا بووم، کاتێ ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوایەکی دا، سینەما حەڕامە، سینەماکان شوێنی گوناحن) لا٣٤٣ ئەم قۆناغەی فیلمساز زۆر سەخت دەبێت کاتێک تۆ نەتوانیت بە ئارەزووی خۆت فیلم بەرهەم بهێنیت و خەم و دیمەن و ڕەهەندە جوداکان بخەیتە باری فیلمێکی دیکۆمێنتاری و ئەرشیفییەوە، بۆیە ئاسان نابێت، ئەگەر بتەوێت لە نێو سیستەم و دەسەڵاتی ئاینی توند و تاریکبینەوە بە باڵای هونەر و سینەمادا هەڵبگەڕێیت. ئیتر دەبێت بیر لە داهاتوو و ڕێگایەکیتر هەم بۆ هونەر هەم بۆ ژیان بکەیتەوە، چونکە دوای پەنجە ڕاداشتن بۆ ڕابەری سەربەعەمامە ڕەش، هەم زەمینەی هونەری هەم ئاسایشی گیانی دەکەوێتە بارێکی ترسناک و ناچار دەبێت نیشتمان لە دوای خۆی بەجێبهێڵیت.

کتێبی چوارەم
کێڵگەی غەریبی و نیشتمانێک لەدەرەوەی هەست:

(دوای پێنج خولەک لە تەکسییەکە دابەزیم، خێرا خێرا بە دەوری گۆشەکەدا سووڕامەوە، تەکسییەکی دیکەم گرت و پێمگۆت: هەر ڕێک بڕۆ! ڕێک بڕۆ، ئەو ڕێگایەی دوای ئاوارەبوونێکی زۆر و لە ڕێگای پاکستانەوە منی گەیاندە ئەمستەردام) لا٤٠٦ دوای ئەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێرانی ژیان و ئەزموونی سینمایی دەکەوێتە مەترسییەوە و ناچارە ڕابکات. دوای ئەوەی گەریلاکانی سەر بە ڕەوتی کۆمۆنیستی ئێرانی تەقە لە خیابانی ئایەتوڵڵا دەکەن، بەمەبەستی کوشتنی ڕابەری ئیسلامی ئێران، گومان دەکەوێتە سەر سوڵتان، کە دەستی لە هاوکاری کردنی گەریلاکاندا هەبێت، چونکە بە ڕێنمایی سوڵتان ئایەتوڵڵا دەجوڵایەوە بۆ ئەوەی کاری فیلمی دیکۆمێنتاری ڕابەر تەواو بکرێت، ئانی تەقەکردنەکەش، فیلمساز ئاراستەی کردبوون کە ڕابەر بە سەیارەکەی بە خیابەنەکەدا بجوڵێتەوە.
دوای ئەوەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانی دەکەوێتە سەر، ناچار ڕوو دەکاتە ئەوروپا و دواجار لە کێڵگەیەکی ئەوروپا دەست بە ژیان دەکاتەوە، ئەم کێڵگەیە، نە نیشتمانە و نە ئاسوودەیی دەبەخشێت، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانی پەناهەندەیی و ناچارییە، ئەگەر نا هیچ شوێنێک نابێتە نیشتمان و کاری هونەرییت بۆ نادات. ئەم قۆناغە دەبێتە سەردەمێکی بێ ئەنوا، چونکە هەمیشە لە نێو بیرکردنەوەکانیدایە و هیچ کارێکی بۆ ناڕەخسێت، نازانێت چۆن دەست بکاتەوە بە کاری هونەری و بۆ جارێکیتریش بۆ هونەر تێهەڵچێتەوە، ئیتر سوڵتان لە ناو تەمەندایە و ئاسان نابێت ئەگەر بیەوێت وەک تافی زوو سەرچڵی بکاتەوە و دەسەڵات لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بلەرزێنێت، یان بەلای خۆیانەوە ڕابکێشێت. لەم قۆناغەدا لە بری مەرجان و لەیلا و هۆشەنگ و ئەکرەم جون و باپیری و مام و دواجار دایک و باوکی و…… لەگەڵ کەسانیتر و ئاوەزێکیتر ئاهەنگی ژیان دەگوزەرێنێت، ماینەما و ئاورێلیا و گورگ و خێش و زەردەواڵەکان…. هەموو ئەمانە بوونە هاوڕەوتی نوێی ژیان، کە تا سنوورێک پارێزبەندی کۆمەڵایەتی پێوە دەبیندرا، ئەمەش لە ژیانی سوڵتاندا کارێکی نامۆیە، چونکە ئەو لەسەر زەمینی کۆمەڵایەتییەوە ڕایکردبوو و گەیشتبووە هۆڵەندا، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و بیرکردنەوەکانی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە نیشتمانێکی غەریب، کە هەتا مردن بۆنی پەناهەندەییت لێنابڕێت، خۆی دیتەوە، ئەها نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی، یاخود نیشتمانی ناچاری چەندە لەیەکتر دوورن، هیچ کات نیشتمان لە ئاوارەییدا نابێتە ماڵ، نابێتە پەناگە و ڕەشماڵی نیشتمان، تامردن بۆنی غەریبی بەرتنادات و هەمیشە بە تاسەوە چاوت لە گۆشەی ڕۆژهەڵاتنە.
فیلمساز لەم سەردەمەیدا لە گۆشەی دەرفەتیتر خۆی دیتەوە، ئەویش ئەو کۆڕو سیمنارانە بوون کە لە ئەمریکا بۆی بەستران، ئەمەش تەنها ناساندنێکیتر بوو و وە باسکردن لەسەر فیلمەکانی گۆشەیەک بوو بۆ باسێک لەسەر نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی. هەر لەم سەفەرشدا غەریبی، ئەکرەم جون و هۆشەنگی پێئاشنا کردنەوە، ئەمەش دوای سەردەمێکی دوورو درێژ لە ژیان و هەڵکشانی تەمەندا.

کتێبی پێنجەم
کۆتایی هاتنی توانا سینەماییەکان و چەشتنی ناسۆری:

دەستپێکی ئەم قۆناغە، ڕەوتێکی نوێیە لە ژیانی سوڵتان و هێلانی ئاهەنگی ڕابردووە لە نێو شەنگی ئەو هێزانەی جێمان. (منیش هیلاک و کەنفت ببوم، نەمدەتوانی لەوە زیاتر لە ژووری مۆنتاژەکەمدا دابنیشم و کاربکەم. لە ماوەی ئەو ساڵانەی تێپەڕین، زۆر شت گۆڕان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕابردووەوە هەبوو. هەردووکیان محمەد ڕەزا پەهلەوی و ئایەتوڵڵا خومەینی بوونە بەشێک لە مێژوو. ڕۆژگارە شکۆمەندییەکەی گەریلاکانیش لەسەرتاسەری دنیادا بەسەرچوو. مامم، باوک و دایکیشم کۆچی دواییان کرد و قەڵاکەشمان لە لایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستی بەسەرداگیرا. ئەوێێان کردە بنکەیەکی سربازی) لا٤٧٨ دوای ئەوەی لە سەفەرەکانی ئەمریکا و پاریس بۆ گرتنی ڤیدیۆیی شابانوو گەرایەوە هۆڵەندا، هەست بە نەزمێکیتری تەمەن دەکات، ئیتر ئازار شەنگی لێبڕی و شایی ژیانی کردە ناسۆری، فیلمساز لە باری دەروونی ئاڵۆزدا دەکەوێتە دوڕیانی غەریبی، ئیتر کاتێک سەرنشینانی قەڵا دەمرن و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان دەکەن، هیچ حەسرەتێک نامێنێتەوە بۆی دابنیشێت، وە چۆن پەهلەوی و خومەینی بوونە مێژوو، ئەویش لە تای ئەواندا بووە مێژوو و هیچ کرتەیەک نییە بۆ پچڕاندنی ئەم ڕایەڵە، چونکە فیلمە بەڵگەییەکانی فیلمساز بوون بە بەشێک لە ئەرشیفی ناوەندە ڕاگەیاندکارەکانی جیهانی.
فیلمساز دوای ئەم هەموو ماندووبوونە ئیتر حەوسەڵەی نێو ستۆدیۆی نامێنێت، ئەمجارەیان بەسەر نووسینەکانیدا دەکەوێت و کەد کەد هێڵەکانی ژیان یاداشت دەکات و دەنووسێتەوە. ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە بە گەڕ خستنی دوا قەتاری تەمەنە، یاداشتکردنی ئەزموونەکانە لە کەناری پیریدا، چڕینی دەنگی غەریبییە بۆ نیشتمان، بۆ زێد و یاران.
لێهەڵێنجێکی زۆر کورت:
لە نێو ئەم ڕۆمانە ڕایەڵێک دەبینرێت، ئەم ڕایەڵە گەیاندنی جەمسەرەکانە بە یەکتری، بەستنەوەی هێزی سینەما و کاری هونەرییە لە نێو کایە سیاسییە جوداکانی ئیران. تۆخکردنەوەی عەقلیەتی پاوانخوازییە لە نێو دەسەڵاتە بەدوای یەکەکانی وڵات و قۆرخ کردنی ئاهەنگی ئازادی تاکە لە کەینوبەینی فەرمانڕەواییدا، دروستکردنی هێزی جادووبازە لە نێو کۆمەڵگە و نەخۆشخستنی جوانییە لە نێو کایەی مرۆڤایەتیدا.
ئەم ڕۆمانە کاری لەسەر زۆر بار و واری وڵات و میللەت کردووە، تەنانەت لە ژیان و پەیوەندییەکانی نێوان شار و گوند، کاری وەرزێری و شارستانیدا خۆی نەبواردووە. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەرێکەوەیە کە لە گوندەوە دەبێتە شارستانی و دواجار دەبێتە مێژووی فیلم و سینەما لە ئێران. ئەم ڕۆمانە ئاشنایەتییەکی فراوانت دەداتێ لە بە ئاگابوون بە کەلتوور و باری گەلانی ناوچەکە، ئیتر وەرگێڕانەکە پیویستییەکی سەردەمی و گرنگە، بۆیە پێم وایە دەکرێت لە ڕووی جیاوازتر و لە ژێر تیۆریەی جیاوازەوە کاری توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.




نۆستالیژیا لە نێو گێڕانەوەی مێژوودا … عەلی مستەفا


خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی سەرەتاتکێی سەربردان: ئارێز عەبدوڵڵا

دەریچەیەک:
ڕۆمان، یان گێڕانەوەی یادەوەری؛ هووردبوونەوە لێیان ئارامی و لەخۆ کۆبوونەوەیەکی باشی دەوێت، تا بگەینە ژێر سێبەری ڕەزامەندی و داکردنی پۆلی خەیاڵ و ڕووداوەکانی ژیان و گرتە جوداکانی ئەزموون لە دوو توێی کتێبدا. هەڵبەتە گەلان ناسنامەی گەورەیان هەڵگرت و گرێژەنی هیشکیان لە تۆقەوە کردەوە، ئەو هەناسە ساردانەی دەمێک بوو بەرۆکی گرتبوون، بە ئاڕاستەی نیشتمانی و چارەنووسی گشتی وەرچەرخاند. ئیتر هەموو تێکۆشانێک و ئەزموونێک داچاندنی باخێکە تا دەگات، چەرمەسەری زۆر دێتە ڕێگاوە، بەڵام گرنگی ئەم تێکۆشانە چنینەوەیە، کام چنینەوە؟ ئاخر بەڕاستی ناکرێت دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی بێ ئامان، دوای دیتن و تێپەڕینی کێفەڕات بەسەر کێفەڕاتەوە ئەزموون لە بازنەی بیرەوەرییەوە باس بکرێت و ئامانجێک هێشتان هەمووان لە کانییەکەی ناخۆنەوە.
ئەم کتێبە (سەرەتاتکێی سەربردان) نووسەر لەباتی ڕۆمان ناوی بردووە، دەکرێ ناولێنانێکی جوان بێت. بۆ؟ کاتێک کتێبەکە دەخوێنیتەوە زۆر لە ئەدەب دوور ناکەویتەوە، بەو واتایەی بنەماکانی ڕۆمان و هونەری گێڕانەوە بە تەواوی خۆی دەرخستووە. بەم پێودانگە ئەدەبییە بێت، دەتوانین ناوی بنێین رۆمان. ڕووداو، شوێن، کات، گێڕانەوە… هەمووییان زەمینەی لە بارن بۆ ئەوەی وەک ڕۆمان ڕەفتاری لەگەل بکرێت و سەرنجی زانستی و شرۆڤەی ڕەخنەیی وردی لە بارەوە بکرێت. لە لایەکی ترەوە لە بەردەوامی خوێندنەوەدا تەواو هەست بە نووسەرێکی سیاسی زاڵ دەکەیت. نووسەر واقیعی نێو تەواوی ئەو ڕووداوانەیە کە لە نێو کتێبەکەدا بە هورد و درشتەوە شەنی کردووە، زۆر جار زمانی سیاسی و زمانی ئەدەبی لە کاتی گێڕانەوەدا بە تەواوی دەردەکەون، جیاوازی نێوانیشیان زۆر زۆرە، چونکە هەر یەکەیان خاوەنی زمان و ئەدەبێکی سەربەخۆن، لە گێڕانەوە و گەیاندنی پەیامەکان. ئەگەر لە زمانی نووسەر لە داڕشتنی کتێبکە دوور بکەوینەوە، دەتوانین ناوی بنێین ڕۆمانی مێژوویی. بۆ؟ چونکە من پێموایە شایەتحاڵێک لە نێو ئەم ڕووداوانە دێت و دەچێت و تەواوی زانییارییەکانی لە سەر بنەمای دیکیۆمێنتی بیرەوەری و پشت بەستن بەو ساڵانەی لە نێو گێڕانەوەکاندا زۆر ورد و هاوکات لەگەڵ سەرچاوە زانیاری و مێژووییەکانی تر هاو ئاهەنگن. کەواتە دەتوانیین بڵێین نووسەر وەک کارەکتەرێکی سیاسی باس لە ڕووداو و بەسەرهاتەکان دەکات. بۆیەشە من پێموایە دەکرێت لە زاویەی مێژوویی وەک سەرچاویەکی زانستی سوودی لێوەربگیرێت. (ئەگەر ئەدەب بریتی بێت لە گوزارشتکردنی هەست، بیر و ئەزموونی مرۆڤەکان، ئەوا لەو کاتەوەی مرۆڤ هەیە و گوزارشتی لەخۆی کردووە، ئەوا بە ئەدەب هەژمار دەکرێت. کاتێک داستانەکانی سەردەمی بابلی، سۆمەری، میسری و یۆنانییە کۆنەکان دەخوینینەوە، لەوێوە دەزانین ئەدەب هونەرێکە لە هونەرە ئێستەتیکییەکان، کە کاریگەری لەسەر دەروون و چەشەی خوێنەر هەیە.ئەم کاریگەرییە دەبێتە پنتی جوایەزی ئەم هونەرە لە هونەرەکانی دیکە چونکە کەرەستەی ئەدەب وشە و زمانە، وشەکانیش لە ئەدەبدا دەلالەتی فرە و جوایەز هەڵدەگرن)١ یادەوەری لە هەر گۆشەیەکی دەستپێکەوە بۆی بڕۆین خەیاڵ و دیکیۆمێنت بەشی گرنگن لە تۆمارەکاندا، نووسەر بە زمانی ئەدەبی و وشەی کارییگەر ئەوەی مەبەستە دەگێڕێتەوە، چونکە زمانی نووسین تەواو کاریگەری دەخاتە سەر پرۆسەکە و دەبێتە ڕایەڵێکی گرنگ لە نێوان دەق و خوێنەردا، واتە کەناڵی سێیەم (دەق) گرنگە بە کەرەستە و پێویستییە جوان و خەیاڵی مەودا ئاڵۆزەکان بچنرێت. لەم کاتەدا خوێنەر دەقێکی واقیعی و ئەدەبی دەخوێنێتەوە. تەنانەت وەک سەرچاوەیەکی زانستی مێژووییش دەیخاتە بەر باسەوە.
ئەم کتێبە لە زاویەیەکی تری ڕووناکتر دەتوانین بۆی بە ژوور بکەوین، ئەویش بیرەوەری و سەرەتاتکێکانە. نووسینەوەی بیرەوەری هونەرێکی کەم بایەخ نییە، بگرە زۆریش بەرزە و تەنانەت لە خوێندنەوەی بیروەری هەر کەسایەتی و کۆمەڵگەیەک، ئامانجێک زووتر و شۆڕشێک خێراتر سەردەکەوێت. ئەم کتێبە پڕ پڕە لەو بیرەوەرییە تاڵ و شیرنانەی کە لە ژێر هەژموون و ناچاریدا درووست بوون، نووسەر وەک خۆی دەڵێت لە تەمەنێکی وا دابووە، کە سەردەمی هەڕەتی و سەرەتاتکێ کردنی بووە، هەڵبەتە ئەم قۆناغەش لەم دۆخ و لاسەنگیانەی ژیان و لاهاتنی کایەی سیاسی و غەریبی کردنی ئازیزان و نیشتمانی زێد و هەستی نیشتمانی و نەتەوایەتی و… هەموو ئەمانە هێوێنی دەیان نووسینی دەقی ئەدەبی و سیاسی و مێژوویین.. بگرە لە ڕووی زانستی تریشەوە دەرفەتی لێنووسینی هەیە.

نۆستالژیا:
ئەوەی مەبەستە لێرە سەرنجی مەبەستی بخرێتە سەر، توێژینەوەکە خۆی لە گۆزەیەک دەبینێتەوە، ئەویش نۆستالژیایە لە نێو واقیعی ئەم کتێبەدا. نۆستالژیا لە ڕووی وشەییەوە لە دوو بەش پێکدێت، بە مانای گەڕانەوە بۆ ڕابردووی ئازار و خەمەکان دێت. ئەم وشەیە بنەڕەتەکەی بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە، (nostos) واتە گەڕانەوە، (algos)واتە ژانی حەسرەت و دووری لە هەرچی هەیە. ئەدیبان پێیان وایە ئەم وشەیە لە ڕووی زاراوەییەوە فەڕەنسییە و بە هەمان شێوەی واتا وشەییەکەوە بە واتای خەم و ئازار و دووری دێت٢. کۆمەڵگەی ئێمەش هیچ بەدەر نییە لەو بارە، چونکە لەوەتەی کورد و نیشتمان کەوتۆتە ژێر چەپۆکی نەیاران و دوژمنانی خۆشەویستی مرۆڤ و مافەکانی، کورد بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشانی بێ بێن، کێفەڕات بەسەر کێفەڕاتەوە، شەپۆل دەدات، ئافات نەما کورد باوەشی بۆ نەکاتەوە، جا هۆکار و سەرچاوەکانی لە کوێوە هاتووە، ئەوە باسێکی ترە. لەم بار و دۆخەدا نۆستالژیا دەبێتە بەشێکی گەورەی نێو مرۆڤی کوردی، چونکە لە دەرنجامی هەموو بادارەکانی جەنگ و نەهامەتییەکانی ئاوارەیی و ماڵئاوایی بەرۆکی مرۆڤی کوردی گرتووە، ئەمەش زەمینەیەکی ناخۆش و پەرتییەکی یەکجار زۆر لە هەستی تاکی ئاوارە و بێشوێن دروست دەکات. (ناشوێن بێشوێنی نییە، بەڵکو شوێنێکە بەردەوامی شوێنی دەرەوە دەشکێنێت، شوێنێکە ڕوخساری خۆی ماکیاژ دەکات، خۆی لە جێگاکانی دەرەوە ڕادەپسکێنێت، بۆ ئەوەی ڕوخسارێکی دی بداتە خۆی)٣ لەم دۆخ و بارەی ڕاگواستنی بە زۆرەملێ و ملنان لە ناچاری، ئەوپەڕی خۆ گونجاندنە لە ڕوخساری نوێدا، تۆ کە ئارەزووی خواردنی قەسپ و خورمات نەبێت، ئیتر ناچارییە لە ژێر باری ئازار و نا ئومێدیدا بیری گوڵە بەیبوون و گیابەند بکەیت. ئەو شوێنە ماڵ نییە، هەر شوێنێک ماڵ نەبێت، هەستی نیشتمانیت بۆ دروست ناکات، ئاخر چۆن قەسپ و بادامی نیشتمان دەبن بەیەک، ئێمە هەر فێر بووین بادام و مێوژ بەیەکەوە بخۆین، بۆیە خورما خواردن دەبێتە ئەوپەڕی ناچاری و گونجان لەگەڵ ڕوویێکی تری ژیان. (لە ڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ ڕێبدات خۆی و بوونی بخرێتە ناو نەخشەیەکی ئۆرگانییەوە، یان سیستەمێکی فیکری ئەقڵانییەوە، ئەوا لە بەهای بوونی مرۆیی خۆی دەهێنێتە خوارەوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ کاتی بوونی خۆی وەدی دەهێنێت کە وەکو بوونێکی مرۆیی هەبێت و وا دەرکەوێت کە کەسێکی دانسقەیە و سەرسەختانە ئەوە ڕەت بکاتەوە کە بخرێتە ناو سیستەمێکەوە)٤ کۆمەڵگەی کوردی تاڵی و سوێری و هەوراز و نشێوی ئاوارەیی و هاڕاوەی نێو بەرداشی کوردایەتی زۆر ئەزموون کردووە، ڕاستە لە کۆمەڵگا زۆرەملێکان نیشتەجێکراون و بازنەی سیاسییان لێداخراوە، بەڵام هەمیشە خەسڵەتی کۆمەڵگەی کوردی وابووە هیچ کات لە ئەوپەڕی نائومێدی و بێماڵیشدا، ڕەزامەند نەبووە بە زۆر بخرێتە نێو ئۆرگان و بازنەی نەخوازراوەوە، جونکە هیچ کات ئامادەی خۆبەدەستەوەدان نەبووە. لەم کتێبەشدا ئەم ئالییەتە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت.
لەم کتێبەدا زۆر وێستگە هەیە کە بە ئۆرگانیزە کردنی شوێن و خواردن و خوێندن و برادەرایەتی کردن لەگەڵ ئەوانی تری جگە لە کورد ڕەتدەکرایەوە، تەنانەت ژن لێخواستن و ژن پێدانیشیان لێ شورەیی بووە. دواجار لە نێوان ڕادەست نەبوون و ئازاد نەبووندا، تەنها شتێک کە بمێنێتەوە هەڵچنینی ئەو بیرەوەرییانەن لە نێو قاوغی ڕووداوە مێژووییەکاندا، بۆیە نۆستالژیا وەک باسێکی زانستی ئەدەبی ئاهەنگێکی بەش ڕەنگینە لە جوانکردنی تۆماری بیروەری.

نۆستالژیای تاک:
ئەم بارە سوڕانەوەیە لە ڕەهەندی تاکە کەسێک، هەرچی بیرەوەری هەیە تایبەتمەندییەکەی تەنها بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە. هەر ڕووداوێکی ناخۆش و کەوتن و غەریبیکردنێک هەبێت تەنها لە هەست و شعوری کەسێکدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم کتێبەش کە نووسەر خۆی کارەکتەری ڕاستەقینەی نێو ڕەهەندەکانە، پڕییەتی لەم باری نۆستالژیایە. (بەشێکی گەورەی ژیانی من ئەوە ئەزموونەیە کە تۆ مەبەستتە، بە هۆی هەڵومەرجەکانەوە بە میراتی بۆم بەجێماوە. تۆ دەزانی هەر لە منداڵیمەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت، گرمەی تۆپ و بۆردومانی فڕۆکە لە خەوندا دەبینم؟ ئەو کات هێندە لەو دەنگانە ترساوم و هێندەم بیستوون، هێشتا شەوانە کابوس و مۆتەکە گیانم ئازار دەدەن……… بۆردومانەکان خەونن نەک ڕاستی. منداڵی پێشمەرگە باوکی بە جل و تفەنگی پێشمەرگایەتییەوە دەبینێ و گوێی بە دەستەواژەکانی خەبات، شەهید، قوربانی، گەل، نیشتمان پڕ دەکرێن و ئەنجام فرچکییان پێوە دەگرێ…..) [ڕۆمان لا٥٥] نووسەر لە ڕێگەی گێڕانەوە بۆ کەسێکی تر دەستپێدەکات، باسی منداڵی و دیمەنەکان دەکات، ئەوە ئەو واقیعە کفت و تاڵەیە کە زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی بەخۆیەوە بینیوە، ئاخر ئەم کابووسە تەنها جارێک و لە ساڵێکدا ڕووی نەداوە، لەوەتەی ساڵ هەیە مێژووی تەپوتۆز دەنووسرێتەوە، لەوەتەی قەڵەم هەیە بیرەوەری کفتی کوردی دەچنە دیوانەوە. ئەم دەقە درامییە، لە ڕێگەی خەونەوە ئازار و چەرمەسەرییەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، نووسەر خەون و واقیع دەناسێت، بەڵام ئەوەی هەیە ئەو دەروونە شڵەژاوەیە کە ساڵانێک تێیدا بینییوە. شۆڕش بەشێکی لێنەکراوەی کوردە، بەو واتایە بێت پرۆسەی کێفەڕات بەردەوامە. بۆ؟ چونکە یەکێک لەو خەمە گەورانەی تا ئێستا نەیهێشتووە کورد بگاتە یەکێتی بوون و دەسکەوتی گەورەتر، نەبوونی هەماهەنگی و ئاشتەوایی نێو ماڵی کوردبووە٥، دواجار هەموو ئەم دیمەنانە دەبنە گرتەی بەر ڕۆشنایی نۆستالیا، وەک بیرەوەری کفت و تاڵ دەخوێنرێتەوە.
نووسەر گەمەی زەوەندی هەیە لە گێڕانەوە، بەڵام بە زمانێکی سادە، کە هەموو چینێکی خوێندەوار دەتوانێت هەزمی بکات.
پێم وایە بۆ نووسینی یاداشت و تۆماری هەستە نۆستالییەکان، هەر ئەم جۆرەی پیویستە، چونکە ڕێژەی زۆری کۆمەڵگەی کوردی هاوبەشن لەو ئازار و دەردەسەرییانە و، دەتوانن لە خوێندنەوەیاندا زووتر بگەنە بەتاڵبوونەوەی هەست و دەروونی هەڵچوو. (ڕۆژی دواتر دایکم خۆشترین کفتە دروست دەکا و بۆ دواجار لە خوار حللە و سەماوەوە لەگەڵ خێزانی مامۆستا شەریف بەیەکەوە دوا ژەم دەخۆین. لەو ڕۆژەوە هەموو شتێک لەبەر چاوی من گۆڕا، ڕەنگی دار خورماکان، زۆنگاوەکان، کۆڵان و جادەکان هەموویان گۆڕان. دەڕۆم و لە خۆشییان قاچەکانم زەوی ناگرن، هەست دەکەم دەفڕم، ئاخر گەڕانەوە کەم نییە براینە) [ڕۆمان لا١٥٥] نووسەر نائاگایەنە خەریکی گێڕانەوەیە، بە دەربڕینی ئێستا لە ڕابردوویەک دەدوێت، کە بارودۆخ ناچاری کردبوون. (هەست دەکەم دەفڕم) ئەم ڕستەیە بۆ دەمکاتی ئێستایە، خۆی دەبوایە بگوترێت (هەستم دەکرد دەفڕم)، دیسان ئەمە نابێتە کێشە لە سەر ئاستی گێڕانەوەکە، بەڵکو دەتوانیین بڵێین نووسەر نوقمی گێڕانەوەیە و لە بارێکی هەستیار بەدەم بیرەوەرییەوە دەدوێت، ئاخر کفتەیەک لە ساڵانی حەفتاکان بێت و بە دەستی مەخلوقێکی مەزن کە دایکە، لێنرابێت و بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ نیشتمان خانەوادەی مامۆستا شەریف ئامادەی خوانەکە بن، ئاخر بەڕاستی دەبێت هەمیشە بە ئاسمانەوە بیت و لە فڕین نەکەویت، تا دەتوانی بڕۆیت، بە فڕین و خەیاڵ بچیتەوە هەموو کۆڵانەکانی هەستەوە.

گەڕانەوە بۆ زێد، بۆ ماڵ، بۆ نیشتمان، خەون و ئامانجی هەموو تاکێکی ئاوارە و دەربەدەرە، خەونی ئەو ڕۆژانەیە کە لە هەوەل ڕۆژەوە پێ دەنێنە خاکی غەریبی، سەر دەکەنە لم و زیخی بیابان، دەبنە نیشتەجێی شوێنێک ماڵ نییە، ئارامگای هیچ کوردێکی دڵسۆز نییە. ئەمە گێڕانەوەی ئەو هەموو ئافات و غەریبییانەن، تا ئێستاش دەروون ناسۆریی دەردەبڕێت لە ئاست ئەم بێباکییانەی هەنووکە بە دەستییەوە دەناڵێنین. (بە درێژایی یەکەم زستان چوار دەوری ماڵمان قاز و قورینگ بوون. ئەو قاز و قورینگانەی بەهاران و پایزان بەسەر سەری ئێمەدا گەرمیان و کوێستانییان دەکرد لەوێ دۆزیماننەوە، ڕەوەکانییان بە هەزاران بوون، ڕۆژانە ئەوەندە لێیان نزیک دەبووینەوە تا تێر تێر بۆنی نیشتمانمان لێدەکردن) [ڕۆمان لا١٠٣] نووسەر لە ئەوپەڕی نۆستالیدا هاوتەک لەگەل هاوڕێ و ئەوانی تر بۆنی نیشتمان لە هەرچی غەریبی هەیە دەیکەن، قاز و قورینگ هێمای کۆچەریین، ئەو کۆچەرییانەی لە دامێنی نیشتمانەوە لە وەرزی گەرمدا هەڵدەکشان بۆ ناوچە فێنک و کوێستانەکان، کاتێک قاز و قورینگ دەگەڕێنەوە دامێن، ئەوە وەرزی پایز و سەرما و سۆڵە دەست پێدەکات، ئەمەش نیشاندانی سسەرتای گەڕانەوەی کۆچەرییانە لە کوێستانەکانەوە بۆ دامێن. ئاخر بەڕاستی بۆنی نیشتمانت دەداتێ کاتێک تۆ لە غەریبیدای، ئەوانە کە لە کۆچ دەگەڕێنەوە، ئاو و هەوای نیشتمانییان لە سییەکانیاندا هەڵگرتووە. لە چاوەکانییاندا دیمەنەکانی نیشتمان دەبینرێن.

نۆستالژیای کۆ:
ئەم جۆرەیان ڕەهەندێکی تری گێڕانەوە یان تێدا مانەوەی غەریبی کردنە، نۆستالژیایە لە ڕەهەندی ڕووداوە مێژوویی و فراوانتر بۆ بابەتی تریش، بەڵام لێرەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو ڕووداوە مێژووییانەی مرۆڤی کوردییان گەیاندە کەناری نائومێدی، ورەی کوردییان گەیاندە لێژی. مرۆڤی کوردییان ڕادەستی هستریا و خەمۆکی کرد، ئاخر مێژووی ئێمە لە ساڵنامەی ئەم کتێبەدا پڕیەتی لە تەریق بوونەوە، لە نائومێدبوون و کوژانەوەی ئاسۆ. نووسەر لە پاڵ پریاسکەی نۆستالژیاکانی خۆی (تاک) دا، پەرۆشی بۆ کۆی یادەوەرییەکانی تر دەسووتێت.
ئەم کێبە باس لەو مێژووە دەکات کە پێیدەڵێن ١٩٧٤ و هیتر، بەڵام لە گێڕانەوەیەکی ئەدەبیدا، گرنگە سیاسییەک زمانی ئەدەبیش لە بیر نەکات، ئەگەرچی شیمای سیاسی پێوە دیارە. ئەم مێژووە تەنها بەکەڵک گێڕانەوە دێت، ئەگەر نا هیچ ئومێدێک و چارەنوسێکی بۆ نەکردینە دیکیۆمۆنت و بنەما، واتە ئەم یادەوەرییە گشتییە هەرەسی بنیاتی کۆمەڵگەی کوردییە، ساڵی پەرتەوازەیی و ڕاگوزەری سیماکانی تاکە لە مێژووی گەلێکدا. (کاتێک دوژمن گەلەکەت لەسەر خاکی خۆی ڕادەگوێزێ، کاتێک بە زۆر دەیکاتە عەرەب و بەعسی، کاتێک دێ عەرەب لە نیشتمانەکەت نیشتەجێ دەکا، کاتێک میژووی نەتەوەکەت دەسڕێتەوە، کاتێک مێژووی چەواشەکارییەکانی خۆیانت پێ دەخوێنن، کاتێک خەڵکت لێ لە سێدارە دەدەن و نەفی دەکەن….) [ڕۆمان لا٤٤] دەپرسین دوژمن بۆ توانی هەموو ئەمانە بکات؟ ئیمانێکی لاسەنگە کاتێک وەک ئەدیبێک، سیاسیێک، شۆڕشگێڕێک یان هەر خەسلەتێکی تر پەنجەی نیشان نەخەینە سەر هۆکار و دەرئەنجامی ئەم تاوان و دەستدرێژییانەی دوژمنانی کورد.
ناپاکی و یەکتر نەخوێندنەوە وەک پەیڕەوێکی باو لە نێو ئەدەبی هەندێک بیر و بۆچوونی سیاسی، چ لەسەر ئاستی تاک و کەسی یان دەستە و ڕێکخراوەیی، ئەزموون و خەباتی ڕزگاری خوازی کوردییان گەیاندۆتە ئاستی بەتاڵ بوونەوە و نامۆیی، دواجار لە بیرو زهنی هەر تاکێکی بە پەرۆش و دڵسۆزدا دەبێتە خەمێکی لەبیر نەکراو و تەنها وەک نۆستالێکی تاریک و داخدار دێتەوە سەر پایەی بیرەوەرییەکان. (دوای ئەوەی لەو هەوارە نوێیە جێگیر بووین، باوکم و ڕەزاقی خاڵم و هاوڕێ پێشمەرگەکانییان بەرەو کوردستان گەڕانەوە. ئەو ڕووداوە هێندەی تر نیگەرانی زیاتر و باری دەربەدەری گرانتر کردین….) [ڕۆمان لا٧٩] ئەمە بارێکی گشتییە لە زاویەی ئەو هەموو خەموو ناسۆرییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کوردی بوونەوتەوە، چونکە شۆڕش لەو ساتەدا ڕوو لە لێژی و ناسۆری بوو، بۆچوونەکان نەدەخوێندرانەوە، تەنها خەڵکێک کە پێشمەرگە و خەباتگێڕ بوون بە ئومێدی بەردەوامی درێژەیان بە خەباتی چەکداری دەدا، ئەگەرنا بڕیاری لە ناکاوی شۆڕش نائومێدی تەواوی خستە هەست و بیرەوەری هەموو کۆمەڵگەی کوردییەوە. (کاتێک باوکم و هەموو ئەو پێشمەرگانەی بە بڕیار لە بەرەکانی شەڕ کشابوونەوە نەک بە شکان دەیانگوت: ئەو شۆڕشەش بوو بە هەبوو نەبوو!.. ئامینەی پورم بە باوکمی دەگوت: ئەوەی سەرکردایەتی شۆڕش کردی من بەو نەخوێندەواری و نەزانی خۆشمەوە هەرگیز کارێکی وا ناکەم، پێم ناڵێی ئەوانە بۆ وایان کرد؟) [ڕۆمان لا٧٧] ئەوەی شۆڕش بە بڕیارێکی تاک لایەنە و بە پرسە خەسووانە بە سەرکردایەتی شۆڕش کردی لە داماڵینی ئومێد و هیوای گەلێک زیاتر نەبوو، پەراوێز خستنی کێشەی کورد بوو لە تەواوی ناوچەکەدا. ئەم دیمەنە تراژیدیاییەکی یەکجار گەورە بوو بەسەر کۆمەڵگەی کوردی داهات، چونکە کاریگەری نەرێنی بەسەر تەواوی بابەتەکاندا دروست کرد و لە دیدی نەیارانی کورد بووە هۆی گۆشەگیر بوونی هەستی ڕزگاری خوازی. ئەم ئاشووبە بەردەوام لە هەست و نەستی کۆمەڵگەی کوردی وەک بارێکی ناخۆش و کەشێکی ماتەم وەک فیلمێکی ناسۆری لێدەدرێتەوە.

سوودەکانی نۆستالژیا:
لەبارەی سوودەکانی نۆستالژیا دەتوانین بە دوو ڕەوت ئاماژەی بخەینە سەر، ڕەوتی نوێ پێیوایە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و بیرەوەرییەکان کارێکی باش نییە، چونکە کۆمەڵگەی داهاتوو دەخاتە بەر سێرەی دارووخان و پەرتەوازەیی، دەبێتە بەربەست لە بەردەم پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگە، ئەمەش خاڵێکی خراپ و تاریکە بەسەر ڕەوتی هاوئاهەنگی جیهانیدا. ڕەوتی دووەمییان بە تایبەتی ڕۆمانسییەکان پێیان وابوو دەبی کۆمەڵگە لەگەڵ ڕابردوو دانەبڕێت و بەردەوام پەیوەندی بە کلتورە کۆنەکانەوە هەبێت، بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو بار و دۆخێکی ڕابردوو بێت، لەگەڵ جیهانی نوێشیدا شەن و کەوی بکات. ئەلس چاندلەر دەڵێت: (زیندوو کردنەوەی چاخی نێوەند، کە وردە وردە ئامادەییەکی چاکی بە خۆوە دەگرێت، لە لایەن خۆیەوە هەستێکی دروست کرد، کە بە گشتی مایەی قبووڵکردن بوو، هەروەها جیا بوو بەوەی کە لەسەدەی ناوەڕاست هەبوو، بەوەی دامەزراندنی ڕابردوو کیانێکی خەیاڵی سەربەخۆ و بە ژیانی تایبەت دروستکرد، ئیدی کۆچی خەیاڵ بۆ ڕابردوو لە زەینی ڕۆمان و ئەدەبدا ئەنجامدرا…)٦ دابڕان لە ڕابردوو، بەجێهێشتنی ئەزموونێکە، یان بیرەوەرییەکە، دوور و نزیک پەیوەندی بە هەست و کەسایەتییەکەوە هەیە. بۆیە ناکرێ دابڕێین و بە شتێکی کەم بایەخ تەماشای بکەین. چونکە بابەتی بیرەوەری، یان نۆستالژیا سوودی هەیە دەتوانیین ڕەنگی تۆخ کردن بخەینە سەرچوار خاڵی سوود.
یەکەم| گێڕانەوە، یان هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی بیرەوەری پێویستییەکی رۆحی و دامرکاندنەوەی تەوژمەکانی دەروونە، چونکە کاتێک مرۆڤ بە نێو دەیان سەختی و ڕووداودا دەگاتە تەمەنێکی درەنگ و هەڵکشاو، پیویستی بە بیر هێنانەوە و گەڕانەوە هەیە بۆ ڕابردوو، بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتییەک لە ڕابردووەوە بە ئێستاوە گرێبدات.
دووەم| سوودیکی تری نۆستالژیا، خاڵی بوونەوەی نووسەرە لە هەست و دەروونە هەڵچووەکان، لە ڕێگەی وشە و دستەواژەی بیرەوەری.
سێیەم| سوودێکی تر، بە دەق کردنی چەمک و بابەتەکانی نۆستالژیایە، چونکە خەیاڵ باشتر و غەریبتر بەسەر تەواوی بابەتەکانی نۆستالژیادا بڵاو دەبێتەوە و لە نێو دەق و ژانرە جوداکاندا وێنەی پڕ سەرنج دروست دەکات.
چوارەم| پێموایە، نۆستالژیا سوودێکی بەرچاوی دەبێت لە بنیات و گەشەی ئەدەبی و ئەو چەمکانەی لە ڕێگەی خەیاڵەوە دروست دەبن، بۆیە وابەستە بوون بە ڕابردوو دوورکەوتنەوە نییە لە تازە بوونەوە و داهێنان.
لەم توێژینەوەیەدا لەگەڵ هەبوونی کۆمەڵێک تێبینی زمانەوانی و سەرنجی ڕەخنەیی، دەرفەتێک بۆ دەرخستنی دوو باس، یان دوو ئەرک دەردەکەوێت، ئەوانیش نۆستالژیا و کتێبی (سەرەتاتکێی سەربردان)ە، نۆستالژیا وەک باسێکی زانستی و میتۆدێکی تیۆری گرنگی و ماهییەتی خۆی هەیە لە نێوەندی شرۆڤەکاری و ڕەخنگەریدا. بۆ ئەم مەبەستەش بە سوود بینین لە خوێندنەوەی زانیاری زیاتر لە جەوهەری بابەتەکە، دەگەینە سوودی زیاتر و گرنگی نۆستالژیا.
کێبی(سەرەتاتکێی سەربردان) دەریچەیەکە بەسەر کۆمەڵێک زانیاری گشتی و کەسایەتی نووسەردا دەکرێتەوە، بەڵام ئەم کتێبە دوور نەکەوتۆتەوە لە هوونەری گێڕانەوە و پەراوێز خستنی خاسیەتەکانی ئەدەب، ئەگەرچی لایەنی پراکتیزە کردنی مێژوویی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە هەندێک شوێندا زاڵ دەردەکەوێت، ئەمەش ئاگەرێکی کراوە دەبێت، کاتێک کتێبێک بخوێنیتەوە و بۆ نێو ئاهەنگی بیرەوەری ڕاتبکێشێت. ئەم کتێبە دەکرێت بکرێتە بەشێک لە میژووی گێڕانەوە، یان پەنایەک بۆ ئەوەی جۆرێک زنیاری مێژوویی لێدەرخستە بکەین.

عەلی مستەفا\ ٢٠٢٠
شەقڵاوە

———————————————————-

سەرچاوەکان:
1- د. حەمە مەنتک، چەشە و چەشنە ئەدەبییەکان،چاپخانەی مەم و زین،٢٠١٩ هەولێر، لاپەڕە ٩.
2- سۆران مامەند عەبدوڵڵا، نۆستالژیا لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، تاران ٢٠١٦،لاپەڕە ١٥.
3- بەختیار عەلی، ناشوێن، ٢٠١٨ سلێمانی،لاپەڕە ١٥٠.
4- فەلسەفەی بوونگەرایی (ووجودیەت)، و. ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی سێیەم، سلێمانی ٢٠١٩، لاپەڕە ١١١
5- سوود بینراوە لە کتێبی مێژووی جوڵانەوەی نەتەوەیی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە باشوری کوردستان ١٩٧٥- ١٩٩١، و. دلێر ئەحمەد حەمەد، ٢٠١٩ سلێمانی.
6- کەریم دەشتی، ئەدەب و فەلسەفە، چاپی دووەم، هەولێر ٢٠١٣، لەپەڕە ٥٠.
7- ئارێز عەبدوڵڵا، سەرەتاتکێی سەربردان، لە باتی ڕۆمان، بەرگی یەکەم، ٢٠١٩.




خۆرەتاوی پێکەنینی منداڵەکان … عەلی مستەفا

سەرە قەڵەمێک بۆ کتێبی شەوە سپییەکان، یاداشتی پیاوێکی جوو لە پێناو ئازادی گەلی جوولەکە و بنیاتی دەوڵەتی ئیسرائیل.

شەوە سپییەکان، یاداشتێکە لەو ڕووداوانەی کە واقیعێکی تاڵ و پڕ کارەساتمان بۆ دەگیڕێتەوە، هەقیقەتێکە لە گەیشتن و فرمێسکی شادوومانی، ئەوەیە نووسەری نێو واقیعی ڕووداوەکان لە دوا دێری کتیبەکەیدا دەڵێت:(بەڵام خۆ ڕۆژەکەش دێت و ئەویش لەبەر خۆرەتاوی پێکەنینی منداڵەکان پاڵبداتەوە). ئەوە ئەو ئومێدەیە دواجار دەمانگەینێتە ئەو باوەڕەی، لە دوای هەموو کێفەڕاتێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و… دان بەخۆماندابگرین و ژیرانە هەنگاو هەڵبگرین بۆ ئەوەی ببین بە ڕەمز و یاداشتێکی نەمر و زیندوو بۆ پێکەنین و گەشاندنەوەی منداڵانی گەل و نیشتمان.
شەوە سپییەکان- مێناحێم بێگن هەم نووسەر و هەم وەچاغی هەموو ئەو ئارێشانەی لە پێناو گەلی جوو و خاکی پیرۆزدا بە ڕوویدا دەتەقنەوە، شەفیقی حاجی خدر وەک هەروا وەرگێڕانەکەی کردووە و سەرنجمان بۆ بندین دەبات. ئەم کتێبە ئەزموونێکی شێوە ئەدەبییە، لە نێو مەغزای سیاسی و جەنگە دۆڕاوەکانی مرۆڤایەتی. چۆنییەتی گێڕانەوەکان ئەگەر لە شێوە واقیعییەکە نزیکە، بەلام هونەرێکی وەستایانەیە بتوانیت لە نێو ئەو هەموو جەنجاڵیانەی نێو ژینگە کۆنکریتییەکاندا، ڕەنگ بەبەر هەموو دیمەنێک و بەرنگاریی و نائومێدیدا بکەیت، گرنگە بتوانیت ڕادەست نەبوون لە نێو ئازاری نائومێدیدا بکەیتە تروسکاییەک بۆ ئەوەی دواجار منداڵانی نیشتمان بە پێکەنینەوە باسی ئازادی خاکی پیرۆز و گەڕانەوەی ئازادی خوازان بکەن. (بێتار) ڕێکخراوێکی قۆرخکاری سیاسی و سەرمایەکان نەبوو، بە پێچەوانەوە کێڵگەیەک بوو بۆ پیتاندنی بیری جوو و ئازادی خاکی پیرۆز و بە دیهێنانی ئامانجی دەیان ساڵەی دەوڵەتی ئیسرائیل.
ئاخر بەراستی ئەمانە ئامانج و ئیمانی بچووک و کەم نەبوون، هەڵبەتە ئازار و بەربەستی گەورش دێنە پێشەوە، بەڵام ئامانج و ڕێگای ڕاست نایەڵێت لە هیچ شتێک سڵ بکرێتەوە. نووسەر بەرپرسێکی باڵای ئەم ڕێکخراوە بووە و لە پێناو بەها گەوروەکان خەباتی کردووە، تەنانەت ڕادەستی هیچ ئیرادەیەکی ئاسایشی سۆڤیەتی و کەمپە جۆرا و جۆرەکانی زۆرەملێی سەربازی کارگەری و داکردن نەبۆتەوە. ئیتر هەموو ئەمانە ئیمانن بەو دڵۆپە خوناوانەی بۆ ئایندە خەونیان پێوە دەبینی.

نووسەر لە پاڵ هەموو ئەو کۆشش و تێکۆشانەی لە پێناو بەهاکانی خاکی ئیسرائیل کردوویەتی، بە وریایی و هۆشیارییەوە گوفتار و ڕەفتاری نوواندووە، تەنانەت هەستی گومان و جیاوازییەکانیشی لا پرسێکی گرنگ بووە، لە شوێنێکدا لەسەر دەسەلات و حکومەتەکانی ناوچەکە بۆچوونی جودای هەبووە وەک دەڵێت: هیتلەر یان ستالین هیچیان بۆ ئێمە باش نین، بەڵام جیاوازیشیان هەیە، ستالین پاڵتۆ خورییەکەم لەبەر دادەکەنێت، کەچی هیتلەر گیانم. لا٢٤ ، ئەو خەباتە پڕ مەترسییە بووە کە تەواوی جووەکان لە پێناو سەربەرزییەکی یەکجارەکی کردییان، لە پاڵیدا هیچ باوەڕێک و سەرمایەیەکی باوەڕپێکراویان نەبووە، بۆیە بە گومانەوە دەیانڕوانییە سیاسەت و هاوپەیمانیەتییەکانی دونیا. دوو دەوڵەتی گەورەی جیهانی ڕوسیا و ئەڵمانیا کە لە جەنگی جیهانیدا لە هەمبەر یەکتردا جگە لە خوێنی یەکتر بگرە جووەکانیان کردە سووتەمەنی نێو ئاگرەکە و زۆر خراپ جووەکانیان لەبەین دەبردن، بەتایبەتی ئەڵمانیای هیتلەر، کە کورەی بۆ توانەوەی جوو بنیات ناو، لە بەینی بردن.

جوو، میللەتێکی تیکۆشەر و پەرت و بڵاو، بەردەوامیش لە ئازار و ئەشکەنجە دابوونە، چونکە بەردەوام لە خەبات و هەوڵ دابوونە بۆ بە دیهێنانی ئامانجە سەرەکی و نیشتمانییەکانییان. گرنگترین شت کە لە نەتەوەی جوودا بە دی بکرێت، ئەوەیە تا ساتی بەدەستهێنانی مافەکانیش یەکگرتووبوونە، کۆمەک و هاوکارییان بۆ بنیاتی دەوڵەتی جوو بەسەریەکەوە ناوە. هەڵبەتە نەتەوەی وا ئەگەر سەرژمێرییەکەی بگاتەوە ئاستی خوارەوەی پێکهاتەی نەتەوەیی بەهۆی ئەو جەورو ستەمەی لێیدەکرێت، ڕۆژێک دێت لە پاڵ پێکەنینی مندڵاکان دابنیشێت و مارشی سەرکەوتن بەسەر هەموو نەیارانی لێبدات، ئەو کاتەیە کەوتن پاشەکشەشی ئەستەم دەبێت، وەک هەنووکە دەبینین دەستی بنیاتی جوو لە هەموو پێکهاتەکانی دونیادا جەمسەر دەگرێت و یار و نەیار لە ئاستیدا هەڵوەستە دەکەن.

ئەم کتێبە لە زۆر شت نزیکی کردمەوە، خوێندنەوەی زۆری بۆ هێنام لە بارەی ئەو جیهان و واقیعە بێبنەوانەی تێیکەوتووین، سەرنجی جوان و ئومێدبەخشانەشی پێدام، بەتایبەتی کاتێک جوو لە پێناو ئازادی و بنیاتی دەوڵەتی جوولەکە هەموو مردن، بەلام دواجار پەیامی ئامانج سەردەکەوێت.
کورد وەک نەتەوەیەکی زیاتر لە (٣٠) ملیۆنی تا ئێستاش خەون بە دەوڵەتەوە دەبینێت، ئاخر هۆکار زۆرن، دەبا لێگەڕێین تا دێینە سەر باسە دروستەکەی. نووسەر دەڵێت: تراژیدیای ئەوان، تراژیدیا تایبەتەکەی ئەوان، کە لە مێژووی خەباتی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبووە، من لێرەدا دەگێڕمەوە. من ئەوانم لە جۆش و خرۆش و کەساسی خۆیاندا بینی، من ئەوانم لە دڵشادی خۆیاندا و لە بندینی بێمرادیشدا بینی.

ئاخر هەرگیز سووتانەوە وکڕووزانەوەی ئەو کەسە بەجۆشانە، ئەو بێوادە نەگبەتانەم نەبینییوە، هەرگیز داڕمان و کەوتنێکی لە هی ئەوانم بەزەبرتر نەبینییوە. لا ٣٤ ، ئەگەر قسەکردن بێت لەو ستەم و ئازارانەی کە لە بەندیخانەکاندا هەبوونە، ئەوا کورد لە پێناو ئازادی خاک و نەتەوەکەی زۆری لەم چەشنە ستەم و ئازارانە چەشت و ڕاکێشی بەر پەتی قەنارە کران و نەگەڕانەوە، ئەمە هەمووی ئەو ئازار و تراژیدییا واقیعییانەن کە بەسەر گەلانی چەوساوەدا هاتوون، لە نێویشیاندا گەلی کورد، ئەوەتا جوولەکە لە ساڵی ١٩٤٨ ەوە بوو بە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی و کۆمەڵگەی عەرەبیش چ دەنگ بای لێوەنەهاتن. ئەم ئازارانەی کە گەلی جوولەکە لە بەندیخانەکانی یەکێتی سۆڤیەت و ئەڵمان و پۆڵۆنیا و فەرەنسا و تەواوی دنیادا بینییان بوون بە مایای شانازی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و گەلەکەی، هەمووی لە میژووی شانازی و سەروەریدا نووسرایەوە. هیچیان نەبوون بە بەند و باوی منەت بەسەر خاک و میللەتەوە، راکێش ڕاکێشی پۆست و سەرمایە مەستی نەکردن، ئامانج سەرکەوتنی گەل بوو بەسەر شکستە نەخوازراوەکان.

لەبارەی گرتنەکە کەلەسەرتای کتیبەکەوە دەخوینرێتەوە، وەرگێڕ گواستنەوەی کردووە، لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەڵام خۆ ئەوە کەم نییە و ئاسانیس نییە، سەرەتای دەرکەوتنی دیمەنێکە لە نێو سێگۆشەی یەکتر خواردنەوەدا، ئەم وەرگێڕانە بۆ ئێمەی کورد پیویستییەکی یەکجار گەورەیە، دەبوایە زووتر ئەم ئینگلیزی زانە، ئەوەنا یەکێکی تر بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هاوچەشنەکانی هەستابایە، چونکە هاوڵاتی و کەسایەتی کوردیش بەم چەشنە کەوتوونەتە بەر شەپۆلی گرتن و دەزیندان خستنی لە لایەن نەیاران و کاربەدەستانی سەردەم و چەرخە جوداکان. بۆ گرنگە جوانتر و خێراتر ئاشنای خەبات و تێکۆشانی گەلانی تر بین؟ بۆ کەلتوورەکان خێراتر دەگوازرێنەوە و سەرنجی نەرممان بۆیان دەبێت؟ ئاخر ئەمە بەشێکی گرنگە لە ژیان و ئەزموونی خەباتی مەدەنی و ڕۆشنبیری نەتەوە، دەبێت خێرا پەنجە ببردرێت بۆ کاری پێویست و میللەت لە ژێر هەژموونی تەسکی تاک بیری و پەیڕەوی کەسی دەرباز بکرێت. خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی کورد بە شێوەیەک سەری هەڵدا و خوێنی لە پێناودا ڕژا و دەیان سەرکردە و ڕۆلەی ئەم میللەتە بوونە قوربانی و لە ئاکامدا تەواوی ماندی بوونی خەبات پیچەوانە هەڵگەڕایەوە، ئەمەش مایای شانازی نییە بۆ هیچ تاکێکی میللەتی کورد، چونکە ئەزموونی ئیداری و کارگێڕی کورد لە پاوانی خەباتگێڕاندا فەشەلی هێناوە و تەواوی ئامانجەکان بوونەتە بابەتیکی قۆرخکاری، ئەم قۆرخکارییەش لەسەر حزب و تاکە کەسیدا خۆی بینیوەتەوە، بەم پێودانگەش بازرگانی سیاسی و سیاسی حزبی بەرهەم هاتووە، لە کاتێکدا پێویستبوو سیاسی نیستمانی بەرهەم هاتبووایە.
کورد و جوولەکە دوو نەتەوەن بە درێژایی ڕۆژگارەکانیان خەباتیان کردووە لە پێناو بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانیان و مسۆگەر کردنی چارەنووسی خاک و میللەتەکەیان. هەڵبەتە ئازار و شکەنجەی زۆریش بە ڕوویاندا مسۆگەر و بەردەوام بوو. گرتن و تێهەڵدان و برسی کردن و ئاوارەیی و دەربەدەری… چی نەما ئەم میللەتانە بەسەریان نەیێت، بەڵام دواجار جوولەکە دەبێتە دەوڵەت و مافەکانی تەواو مسۆگەر دەکات، تەنانەت دەستێکی درێژیشی هەیە بەسەر جیهانەوە و هاوپەیمانی بەهێزیشی هەن. ئەوەی جێگای نیگەرانییە کورد وەک بابەتێکی سیاسی و گەلێکی ستەملێکراو ماوەتەوە لە ناوچەکەدا، هەڵبەتە هەرێمێکمان هەیە، ئەویش جێگای ئومێدی سەقامگیری و بەتەنگەوەچوونی نیشتمانی و سیاسی نیە بۆ تەواوی گەلی کورد لە هەموو دونیادا.
لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا زۆر شت لە جیاوازی و خاڵە لێکچووەکان دەکەونە بەرچاو، کە جێگای خۆیەتی لە ئاستی فراوانتر وەک توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە بواری سیاسەتی دەولی نێوخۆیی دیراسەی لەبارەوە بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆمەکی جێگرەوەمان بۆ بکات لە پانتایی سیاسی و پەیوەندی دیبلۆماسیدا.

عەلی مستەفا
٢٠٢٠




مافورەکەی لە مەککە … عەلی مستەفا

(لە مەککە) نێوی ڕۆمانێکە دەمێکی زۆری بەسەردا ڕەت نەبووە لە وەشان کردندا، بەڵام خوێنەرێکی زۆری بەدوای خۆیدا کێش کردووە. شەفیقی حاجی خدر لە زمانی هۆڵەندیەوە کەلتور و ڕووداوە جیاواز و سەرنج ڕاکێشەکانی فارس و کاریگەریە لە یادگە هێڵاوەکان بۆ زمانی شیرینی کوردی وەرگێڕاوە. ئەم ڕۆمانە ئەستێرەیەکە لە ئاسمانی ڕۆمان نووسی فارس و لە نیشتمان تەرە بوو قادر عەبدوڵڵا. هەر خوێنەرێک کە ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە دەبێ بە چاوێکی پڕسەرنج و تێڕوانینێکی فراوان بچێتە سەر ڕستە بە ڕستە، تەوەر تەوەر بەسەر پشتی ڕووداو و توێکارە تەکنیکیەکانی پێلێهەڵێنانی ڕۆمان نووس ڕەت بێت، چونکە رۆمان نووس لە بازنەیەکی دیار ، وەک هەگبەیەک بۆ سەفەر لە ئەمستەردام بۆ دوبەی لە نێوان چەند کەسێک کە نزیکترینیانە، کۆدی خەیاڵی چۆتە سەر دەیان ڕوانگەی نادیار و لەبەردەم شوشە پەنجەرەکانیشەوە دیدگای چۆتەوە سەر هەموو ئەو جەنجاڵی و یادەوەریانەی لە تەمەنی زووی سەردەمی ئێران و ختوکە خێراکانی ژیان کە زۆر بە خێرایی تیپەڕین، نووسەر هەوڵیداوە لەو دەرفەتەی کە رەخساندوویەتی جیهانێکی واقیعی بخاتە ناو نۆستالۆژیاوە و بتوانێت زۆرترین پەیامی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی و کەلتوری بخاتە ئینجانەی ئەدەبەوە.

دیمەنەکانی نێو ئەم ڕۆمانە زۆر و زەوەندن دەکرێ لە دەرفەتی نامەی ئەکادیمی زانکۆیی و ماستەر و دکتۆرادا بواری بۆ بڕەخسێت و لە بەراوردکاریدا کەلک وەربگیرێت، چونکە کاتێک رۆمانەکە دەخوێنیتەوە هەست دەکەی لەگەڵ نەتەوەیەکی تر دەئاخڤی، بەو ڕێگایانەدا دەڕۆی جودان لەگەل ئەو ڕێگایانەی مێژووی نەتەوەکەت دەیان ساڵە لە بارەیانەوە تاسە دەکات، هەست دەکەی لە باخێکی تر بۆنی سێو دەکەی تۆ دەمێکە ئشتیا ناکەی بۆ ئەوەی بیناسیتەوە هی کام سنووری خودایە دەگاتە ئاسمانی تۆ، گەرەکە لە زەوی ئەم ڕۆمانەدا کەلتوری جودا بدۆزینەوە و ڕەسەنایەتی و نزیکایەتی و مێژووی ئیتمیەکانی کەلتوور بخەینە بازنەی بەراوردکارییەوە و سوکنایی بدەینە ئەدەبیاتی دایک. لە ڕێگای ئەم چەشنە ئەدەبە بەرزانەوە ئەگەینە ئاشنایەتی بە کەلتوور و ئاکار و ئادابی لە پێشینەی نەتەوە جوداکانی ترەوە. لەگەڵ ئەمەشدا نەتەوەی فارس و نەتەوەی کورد سەر بەیەک گرووپ و خێزانی زمانن تەنانەت لە زۆر ئاداب و ئاکاریش بە پێوەری جیاواز لە یەکەوە نزیکن و کاریگەری جودا بەسەریەکەوە دروست دەبێت، بەلام دواجار دوو نەتەوەین خاوەنی دوو مێژووی ناسیۆنالیستی جیاوازین.

لەم ڕۆمانەدا قەلەمم دەخەمە سەر تەنها شتێک بۆ ئەوەی لەم ڕوانگەیەوە بۆ زۆر دیمەن و هەقیقەت ڕەنگ بپرژێ، هەڵبەتە ئەم زەمینە شت هەڵدەگرێت و دەتوانین لە زۆر شتەوە بدوێین. مافوور کاریگەری ڕاستەوخۆی خستە سەر هەست و دیدگام لەم ڕۆمانەدا، ئەگەرچی مافوور کە فارس پێیەوە بەناوبانگە و بووەتە فەرهەنگێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئێرانیەکان کەمترین قسەی لەبارەوە کراوە تەنها لە دوو مەشهەدی زیندوودا نەبێت لە دوو شوێنی جیاوازدا، پێم وایە ئەم وێنەیە بۆ قسە لەسەر کردن بۆچوون و تێڕوانینی زۆر هەڵدەگرێت.
مافوور ئەگەر کاری دەستی و پەنجە ناسک و نەخشینەکانی ئێرانیان بێت گومان هەڵناگریت نرخ و بەهای جوداو سەرنج ڕاکێسی هەیە. ئەمەش بۆتە شۆرەت بۆ هەموو ئێرانیەکان کە شەرەفمەندانە شانازی پێوە دەکەن. بۆ دیاری عەزیزانیشیان مافوور نرخێکی یەکجار مەعنەوی هەیە، هەقە ئەوها بن چونکە بۆ ئێرانیەکان بۆتە ناوودەنگ.

ئەم ڕۆمانە لە دوو دیمەندا باسی مافوور دەکات، جارێکیان ئەو کاتەیە کە باوکێک بە نابیستی و بە زمانێکی ناکام لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە ئەمستەردام و دیداری کوڕەکەی دەکات، ئەمەیان ئەو سەردەمەیە کە هێشتان کوڕ لە تافی لاویدایە و خێزانی پێکهێناوە یەکەم دیداری باوکێکی مشەختە بەدەست جۆرەها ئازارەوە لەتەک خێزانەکەیدا. دووەم دیمەن ئەوکاتەیە کە دوای مردنی باوکی دێت، لە ژینگەو شوێنێکی تری دنیا، لە کەلتوور و مەملکەتیکی تر، جۆرێکی تری مافور دەبینرێت، زەمەنی نێوان ئەم دوو مەشهەدە چەند ساڵێکە بە جیاوازی جۆر و مارکەی مافوورەوە، بە دابڕان و ماڵئاوایی بێ ویستی پیاوێکی مەزن (باوک) ە.

لەم دوو جۆر مافوورە چی دەبینین، لە جیاوازی ئەم دوو جۆر کوالێت بەرز و ئەویتریان نزم دەگەینە چ ئاستێک تایبەت بە بیرەوەری و دیاری کردنی ڕەسەنایەتی. نووسەر توانیویەتی لە ناوهێنانی مافوور و جێکردنەوەی لە هاوکێشەکەدا کۆمەڵێک فۆڕم پێشکەش بکات. ئەوەتە دایک کاتێ لە باری شۆزۆڤرینیا دایە لە هوتیلێکی بەرز بە بەرزی تەم و هەورەکانەوە. لە وەتاغی ژوورەکەوە دەچەمێتەوە و دەست لە جۆری مافورەکە دەدات و تورە دەبێت بەوەی کە کورەکەی مافورەکەی نەپاراستووە. دەپرسین ئەم مافوورە چەند و چ گاریگەریەکی بەسەر دۆخەکە دروست کرد؟ ئێمە باس لە باری لە بیرچوونەوەی دایک ناکەین، بەڵام دایک زۆر هەستی جوڵاندن وەک بەم شێوەیە دیاری دەکەین:

• بە دەست لێدانی دایکێک کە پەیوەستە بە داب و ڕەسەنایەتی باشترینی مافوور کە مافووری ئێرانییە دیاری دەکات، هەم وەک جۆر کە باشترینیانە، هەم وەک پاراستنی کردە خۆماڵیەکان.
• دیاریکردنی پەنجە ڕەنگینی ئێرانیەکانە لە چنینی مافور و جۆرە جیاوازەکانیان لەسەر ئاستی جیهانی ڕایەخ و فەرش.
• ئەم مافوورەی لە هوتێل دەستی لێدرا هەمووانیان بۆ راىردوویەک گێڕایەوە، کە سەردەمی جوانی و پێکەوە ژیانی خێزانی بووە.
• لە ڕێگەی ئەم مافوورەوە دایک بە کوڕەکەی دەڵێت بیری باوکت دەکەم، بیری ئەو ساتانە دەکەم کە ژیان بەیەکەوە جوانتری دەکردین.
• دایک بە کورەکەی دەڵێت تۆ دیاری باوکتت بە هەند وەرنەگرتووە و نەتپاراستووە، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بێت کە ئەو لە ژینگەیەکی ترو لەسەر مافورێکی تر وەستاوە و بیری پیاوەکەی و مەککە دەکات.
• دایک پێی وایە کورەکەی ئیتر لێرە بە دواوە رەسەنایەتی و دیاری گرانبەهای بەلاوە گرنگ نیە، ئەو چیتر نایەوێت ئێرانی بێت، بۆیە مافوورەکەی باوکی گۆراوەو هی کارخانەی هاتۆتە جێ. ئەمەش هێزی لە بار بردنی رەسەنایەتیە.
• دەشێ لە ڕێگەی ئەم مافوورەوە سەفەری ئەمستەردام لەگەل هاوژینەکەی جوانترینی یادەوەریەکانی ژیانی بێت و ئیتر هەمیشە بێوەیی و تەنیایی ئازاری بدات و یادگاریەکان تاوڵەی ڕەوەندی بن بۆ ئەو.

مافوری ئێرانی کۆدی زۆری تێدا هەیە. لە ڕوانگەی گەلانی ئێرانیەوە مێژوویەکی دووری هەیە، چونکە گەلانی ئێرانی خاوەنی ژیار و شارستانیەتی زۆر و فراوان بوونە و ئیمپراتۆریەتی زۆر و پێگەی سەربازی بەهێز لە سەردەمە جیاوازەکاندا هەبوونە. بۆیە بۆ زیندوو مانەوەی ئەم سەردەمە جیاوازانە و گوزارشتکردن لە گۆڕانکاریەکان و هۆکارەکانیان، دەستی هونەری و دەستی کار هەستاون بە کاری هونەری و دەستی جیاوازەوە، چنینی مافووریش بەشێکی سەرەکی دەستی هونەری و دەستی کار بووە لەم سەردەمەدا و تەنانەت لە سەردەمی ئەمڕۆشدا مافووری ئێرانی لە ڕووی دیزاین و نەخشی و جۆری باشیەکەیەوە پێشەنگی جیهانی ڕایەخە. بۆیە هەر وێنەیەک و نیگارێکی جیاواز کۆدێکی ئەفسانەیی یان مێژوویی خۆی هەیە و هەڵبەتە کاریگەری بەسەر زیهن و تەماشاکارانی دروست دەکات، لەوەتەی ژیانیس بەردەوامە مرۆڤەکان بەدوای ئەوەوەن کە ئەو کۆدانە بکەنەوە کە بەلایانەوە مایەی سەرنج و لیزانینە. نەخش و نیگارەکانی سەر ڕووی ڕایەخی ئێرانیش جالبن تەماشاکەر ناچاری وردبینیەکی زۆر دەبێت.

قادر عەبدوڵڵا بە پەرۆشە بۆ هەموو ئەو نەیزەکە بە نرخانەی پەیوەستن بە هەموو گەلانی ئێرانەوە. ئەوەی جێگای نیگەرانی نووسەر و تەواوی ئەوانی تری هاوشێوەن پەیڕەوی حوکمە بەسەر کەشتی بێباکیدا، دواجار ئەمەشیان فیکر و ستاتیکا و ڕەسەنایەتی و تەواوی بەهاکان دەخاتە بەردەم مەترسی جیهانی لاسیکی و نوێگەری مەترسیدارەوە. هەر بۆیەشە نووسەر لەسەر بنەمای فیکری جوداوە دەربەدەر دەبێت و دەکەوێتە تاراوگە.
ئەم ڕۆمانە خەیاڵە بە خولیای نیشتمان، ڕوئیایە بە خەیاڵی سەردەمی زوو، تەنزە لە بازنەی هەڵگەڕانەوەی ڕووناکی و سڕینەوەی هەقیقەتی ڕەها، داماڵینی تریفەیە لە باڵای سرووشت، بەراوردکارییە لە دیدگای مەحبووبەی جەنجاڵ. باسی ئاڵۆزیەکانی ژیانە لە ناو کۆمەڵێک سیستەم و گەمەکانی قۆرخکاری. ئیتر زۆرتر لەوە هەیە باسی بکەین، گەرەکمە لە ڕووکاری جوانی و تێگەیشتنی ئەدەبیەوە پرژانی قسەی بۆ بکرێت. ئەو دابە بەر تەسکە بەلاوە بنێین لە ناو ڕۆماندا بە دوای هەڵەی ڕێزمانیدا بگەڕێین لە کاتێکدا هیچی نەبێت. ئەدی ئەندێشە بۆ نەکەوێتە سەر باخی ئەدەب.

عەلی مستەفا ٢٠١٨




لەبارەی مەحویەکەی “هێمن خۆشناو”ەوە … عەلی مستەفا

کارم بەوە نیە هێمن خۆشناوتان پێ بناسێنم، ئەوە پەیوەندی بە کار و باری ئەزموونی ئەدەبی و گەڕان و هەڵزنانەکانی خۆیەوە هەیە. مەحوی شاعیریش لەو باس و خواستانە ڕێگای درێژی بڕیوە. ئەوەی زۆر گرنگەو سەرنجم چووبێتە سەری کارە، کارێک نە تەنها بۆ خواستێکی بچووک، یان بۆ تاکە کەسێک و داماڵینی بۆ بازنەیەکی بچووک، بەڵکو کارێک بۆ نەتەوەیەکی خاوەنی چەندین دەیە لە ئەزموون و عیرفانەکانی مەحوی، نەتەوەیەک خاوەنی ئەزموون و تاقیکردنەوە ڕەنگاوڕەنگاکانی مێژووی ئەدەبی کوردی و دەرکەوتە کاریگەرەکان بەسەر کەسایەتیەکانی نێو پاوانی ئەدەبیدا.

لەوەتەی شیعر دەناسم، دیوانەکەی مەحوی دەخوێنمەوە و شیعرەکانیم خۆشدەوێت، بەڵام قەت وەکو ئەوەی لە ساغ کردنەوەی دەستنووسی عوسمانیەکان هەوێردە کراوە و چەند لایەنێکی جوانی کەسایەتی مەحوی ڕوون کراوەتەوە، ئەو زاتەم ئەوها نەناسیبوو، هەر دەمزانی کە مەحوی شاعیرێکی پایە بەرزی قوتابخانەی کلاسیک یان ئەدبی کۆنی کوردیە، هەستم دەکرد مەحوی لە ناو شیعرەکانیدا عاریفێکە دەیەوێت لە ڕێگەیەوە بگاتە مەبەستی جاویدانی و قوڵاییەکانی وون بوون. بەڵام ئەوەی لەم دەستنووسەدا سەرنجی هەموو کوردێک و بەتایبەتی ئەدیبانی کورد ڕادەکێشێت ئەو زانیاری و تێکستە نوێیانەن کە لەبارەی مەحویەوە دەگۆترێن.

ساغکردنەوەی ئەو دەستنووسانەی لە بارەی مەحویەوە کراون، دەست بردنە بۆ هەموو ئەو گەوهەرانەی لە قوڵایی هەزاران میلدان لە دەریادا، چونکە چەندین دەیەیە لە بارەی مەحوی دەنوسرێت تەنها ناسینمان لە ڕێگەی تێکستەکانیەوەیە، ئەمەش لە دەست کورتیمان بووە، ئەگەر نا ئەدیبانی کورد زۆر بوون کە سەردانی تورکیایان کردووە و تەنانەت زمانی تورکیشیان بە باشی زانیوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی بەم ئەرکە مێژوویە هەڵنەستاون بۆ ئەوەی زووتر لە بارەی مەحوی زانیاریمان دەست بکەوتبایە، یان بۆچی لە ڕێگەی مامۆستا پیرەمێردی نەمر ئەم هەوڵە نەدرا لە کاتێکدا لە ڕێگەیەوە کاریگەری تۆفیق وەهبی و ئەدەبی تورکی لە ناو ئەدەبی کوردی دروست بوو، کە نەکراوە کوشتنی زەمەن بووە بە بێ نۆڕینگەیەک و دروست کردنی بۆشاییەکی نادیار، ئیتر نازانم بۆ نەکرا!.

ئەم ساغکردنەوەیە درەنگ کەوت، بەڵام هێمن عومەر خۆشناو لە کتێبێکی قەبارە ناوەندی و (٩٦) نەوەدوشەش لاپەڕەییدا فریا دەکەوێت و، چیتر نایەڵێت زەمەن بە تێشوویەکی خاڵی بەسەر شۆستەکانی ڕەوتی ئەدەبی کوردی و ژیان و خاسیەتە ئینسانی و ئاینیەکانی مەحوی ئەفەندیدا تێپەڕێت. هەڵبەتە ئەم کتێبە لایەنە کەسایەتیەکانی مەحوی وەک زەرورەتێکی سەردەمی خۆی و شانازیەک بۆ ئێستامان نیشان دەدات، نووسەر بەلای ئەوەدا نەچووە کە قسە لێکردنی بێت وەک شیکەرەوە و شرۆڤەکارێک لە شەن و کەو کردندا، بەڵکو جەنجاڵتر پرژاوەتە سەر ساغکردنەوە و دیار کردنی نادیارەکانی وەک خاسیەت و ئەزموون و یارانی زەمان و زەمەنی مەحوی ئەفەندی. ئەم کتێبە پێویستیەکی مێژوویی بوو بۆ سەرخستن و پێشخستینی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیەکان لە تێکست و دەقی ئەدەبی کۆندا.

لە دەسەڵاتی ئەوسای عوسمانیدا حورمەتێکی زۆری حەزرەتی مەحوی گیراوە، ئەمەش بۆ پەرێز پاکی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە و، جگە لەمەش کەسایەتیەکی هاوسەنگ و دڵسۆز بووە بۆ خەڵک و ئاین. خەسڵەتەکانی وەک(خاوەن فەزیلەت، خاوەن تەریقەت، زاهید، تەقوادار، کەسێکی بە وەرع، ناودار و جێی ڕێز لە ناو خوڵکی، لە مەشایەخەکانی نەقشبەندی زانا، بە مەعنەویەت، ئەفەندی، چاکە خواز و صالح …..) [هێمن عومەر خۆشناو] ئەمانە هەندێک لەو خەسلەتانەن کە لەلایەن کاربەدەستانی عوسمانی دراونەتە پاڵ مەحوی شاعیر و زانای کورد. تەنانەت بە خۆشەویستیەوە دەستی مەحوی ماچ دەکەن و وەک نووسەرئیشارەی پێداوە بە تاجی سەر بانگیان کردووە.

نووسەر گەوهەرێکی تری بۆ ماڵی کردینەوە کە دە‌قێکی شیعری مەحوی ئەفەندییە، کە لە نیو دیوانەکەیدا نیە، هەڵبەتە ئەمەش مشت و مڕێک لە نێوەندی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و شرۆڤە کردنی دەق دروست دەکات. چونکە دەقێکە دوای چەندین دەیە بە ناوی مەحوی شاعر دەخزێتەوە نێو ئەدەبیاتی کوردیەوە.

ئەم کتێبە و ئەوەی لە بارەی حەزرەتی نالیش ساغیکردۆتەوە گرنگی و بایەخی یەکجار گەورەیان هەیە بۆ نێوەندی ئەکادیمیای کوردی و ئاهەنگ گێرانی ئەدەبی کلاسیک، تەنانەت ئەم ساغکردنەوانە مێژووی ئەدەبی کوردی جوانتر و ڕوونتر لە بارەیانەوە چووە پێشەوەوە و تەنانەت گەنجینەی مێژووی ئەدەبی کۆنی کوردی بە ئەمرۆشەوە دەوڵەمەند تر کرد.

عەلی مستەفا/ شەقڵاوە
٢٠١٨




مامۆستا یۆنانی جولەکە لە شەقڵاوە کوژرا !! … عەلی مستەفا

(شیری موسا) ناونیشانی ڕۆمانێکە لە قەبارەدا بچووکە و لە نێوەڕۆکدا مێژووێکی پێویست،٢٠١٧ چاپکراوە، تا هەنووکە من دوا نەفەرم لەم مەریخە دادەبەزم بۆ قسە کردن لە بارەی رۆمانی شیری موسای سابیر رەشید. ئەوەی من لەوان جیاوازتر بۆی چووبم نووسینە لەسەر کوردێکی جولەکە ، کە کەسایەتیەکی دیاری نێو ڕۆمانەکەیە.
مامۆستا یۆنان پیاوێکی هۆشیار و شوعیێکی کارا لە نێو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و تێڕوانینی فیکریدا. ئەم ڕۆمانە پێمانی گوتووە یۆنان مامۆستا بووە لە رواندزێ و ماڵیشی لە شەقڵاوە بووە بە (ئامانە) پاسی خەت هاتوچۆی کردووە، مامۆستای زمانی عەرەبی بووە، دوو کچی هەبووینە. مام موشێ برا گەورەی بووە، بازرگانی قوماش بووە. بە یەکەوە لە یەک خانی و حەوشەدا ژیاینە.

یۆنان لە نێوان کورد بوون و جولەکەدا

مامۆستا یۆنان بە ڕەگەز جوولەکە بوو بەڵام لە بازنەی شوعیەتدا هەنگاوەکانی کوردبوونی خۆی جێگیر دەکرد، پێی وابووە کە کورد و جولەکە هاو شێوەن لەوەی کە لەلایەن نەیارانیانەوە دەربەدەر دەکرێن و ژیان و ئارامیان لێ تێکدەچێت. لەوەشدا یەکدەگرنەوە کە بەشێکی نەتەوەی کورد هاو چەشنی هەموو جولەکە خەریکی تێکۆشان و قبووڵ نەکردنە بە زەلیلی. شوعیەت هێما و بیروباوەڕێکی دژی سەرمایەداری و ئەرستۆکراتیەت بووە، هەمیشە لە پێناو ئازادی گەلانی عێراقی لە خەباتی سیاسی و مەدەنی بەردەوام بووە، بەردەوامیش هوتافیان هەبووە لە دژی ئالیەت و سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا. هەموو ئەم بیرو باوەرە ئازادیخوازی و کۆمەڵایەتی و هاوسەنگی ئیداری و ئابووری وڵات وایان لە مامۆستا یۆنان کردووە کە وەک کوردێکی جولەکە لە شوعیەت و خەباتی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت و بەردەوام هاوڕێ و گەنج و لاوان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و گرنگی خەبات لە پێناو ژیانی ڕاستەقینەی نیشتمانیانە و هاوبەشانەیان پێبگەینێت.

مامۆستا یۆنان هەموو شەمووانێک جوولەکەیەکی تۆخ بوو لە دەرەوەی شار و لە شوێنیک بەمەبەستی تایبەتمەندیە ئاینیەکان لەگەل هەموو جولەکەکانی شەقڵاوە کۆ دەبوونەوە ستراتیجیەت و ئامانجی داهاتووی جولەکەیان لە شەقڵاوە و عێراق و تەواوی دونیا تاووتوێ دەکرد. ئەمەش بەرنامەیەکی ستراتیجی و هەماهەنگی تەواوی گەلی جولەکە بوو لە سەرانسەری جیهاندا.

مامۆستا یۆنان وەک کوردێکی جولەکە لە پێناو گۆڕینی سیستەمی حوکم لە عێراقدا شوعیانە تێدەکۆشا، هەڵبەتە ئەمەش لە باگراوەندی ئەو خوە ناباوەی لە شەقڵاوە و تەواوی ناوچەکانی کوردستان و عێراقدا تەشەنەی کردبوو کاریگەری لەسەر هەست و چۆنیەتی بیرکردنەوەی دروست کردبوو، ئەویش بە دروست کردنی گروپی چینایەتی بوو لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، لە لایەن دەسەڵاتی عێراقی و ئیمپریالیزمی داگیرکەردا. بۆ ئەم کارەشی بەردەوام لێدوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوو لە ناو گەنج و هاوبیرانیدا، تا وای لێهات یۆنان بووە پێشڕەوێکی دیارو کاریگەر لە ناو بزوتنەوەی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنیدا و گەیشتە لوتکەیەکی دیار، تا وای لێهات ببێتە ئامانج لەلایەن ئاغاو میرەکانی شەقلاوە.

کاریگەری ڕۆشنبیری مامۆستا یۆنان

لەبەر ئەوەی مامۆستا یۆنان پەیوەست بوو بەو باوەرەی مرۆڤ وەک خۆی دەبێت ئازاد بێت، واتە چۆن خوا ئولفەتی ئازادیەکی ڕەوشتی بە مرۆڤ داوە، پێی وایە دەبێت هەموو ئازادی و داخوازیەکانیش هاوبەشی بێت لۆ تەواوی جیهانیان، پێی وایە ناکرێت چینایەتی تا سەر بەردەوام بێت و بەشی زۆری خەلک کۆیلە و داماو بێت.
ئەم ستراتیژیەتە لە بیرکردنەوەکانیدا ئاهەنگی ژیانێکی نوێ بوو لە خەیاڵیدا، بەردەوام بە زانیاری نوێ و تێڕوانینی نوێ ڕۆحیەتێکی نوێ لە نێو کۆڕی گەنجان و هاوبیرانی ئازادی و دژی ئەرستۆکراتیەت و دەرەبەگایەتی دەردەکەوت، هەموو کات لە دەرکەوتنەکانیدا وتاری دەدا و قسەی هەبووە. بەلای مامۆستا یۆنان ئینسانی بوون دەرفەتێکی زێڕین بووە لەم سەردەمە تاریکەی کە تێیدا ژیاوە، چونکە سەردەمێکی پڕ نیفاقی و بەدبەختی بووە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی گەلانی هاوشێوەی کورد و جولەکە کە لە خاک و نەتەوایەتی زوڵمیان لێکراوە لە سەربەخۆیی و سەروەریەکان داماڵراون.

ئاکارو ڕەوشت بەرزی و بوێری مامۆستا یۆنان، ئاستی هۆشیاری و زانست خوازی ئەم پیاوە، گیانی فیداکاری و ئینسان ویستی و هاوبەشی لە ژیاندا ببوە مەترسی بەسەر یەکەی ئیداری و کارگێڕیەکانی حکومەتی عێراقی لە شەقڵاوە، تەنانەت ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکانی شەقڵاوە و دەوروبەریشی لە ترسی شۆرەت و بەرژەوەندی خۆیان توڕەیی خۆیان لە مامۆستا یۆنان بەتاڵ کردەوە.

گرنگی ئەم ڕۆمانە لە زۆر شتدا دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی وەک هەندێک لە تەوەری تر تۆخ کردنەوەی کەسایەتیە دیارەکانی ناو ئەو ڕوداوو مێژووەیە کە لەم ڕۆژگارەدا ڕویانداوە. کەسایەتی مامۆستا یۆنانیش وەک کوردێکی جولەکەی ڕۆشنبیر و ئازادی خواز پانتاییەکی زیندووی هەیە لە ناو کێشمەکێش و ململانێکانی فیکر و باوەڕی هاوئاهەنگی و هاوبەشیەکانی ژیان لەم ڕۆژگارەدا.

ڕۆمان نووس ئەوەندەی پرژاوەتە سەر واقیع نووسینەوەی رۆژگاری مامۆستا یۆنان کەمتر بەلای چێژی بە ئەدەبی کردن و خولیاکانی خەیاڵ بۆ بە تێکستکردنی ڕۆمانی ڕۆیشتووە لە ژیان و کەسایەتی مامۆستا یۆناندا، بەو واتایەی مامۆستا یۆنان لە ناو تێکستی مێژوویدا ڕەنگەکانی دەردەکەوێت. ڕاستە ڕۆمانەکەمان باسێکی مێژووییە، بەلام خۆ دەکرێت مامۆستا یۆنان عاشق بوبێت، هەرنا حەزی چوبیتە کچێکی جوان، دەکرا یۆنان دڵێکی گەورەی لە (خاکی پیرۆز) لە سینگی کچێکی ئازادی خواز جێهێشتبێت. هەموو ئەمانە بەشێکی گرنگن لە بەئەدەبی کردنی دەق و چنینەوەی ڕۆشنبیری کەسایەتی مامۆستا یۆنان.

کێ مامۆستا یۆنانی کوشت؟ لۆ؟

مامۆستا یۆنان لە لایەن پیاوانی کەمال ئاغای شەقڵاوە کوژرا، سابیر ڕەشید بە سەلیقە باسی چۆنیەتی کوژرانی مامۆستا یۆنان دەکات، کوژرانی ئەم پیاوە بە پلان بووە بۆ ئەوەی هیچ شوبهەیەکی یاسایی نەکەوێتە سەر ئاغاکان، هەڵبەتە ڕێککەوتنی ئاغاکان لە نێوان خۆیاندا پیلان بووە بۆ کوشتنی مامۆستا یۆنان، لە لایەکی تریشەوە مامۆستایان تاوانبار کرد بەوەی کە دژی دەسەڵاتی گەل و حکومەتی میری خەریکی ئاژاوە گێڕیە، حکوموتی بەوە هۆشیار کردەوە کە مامۆستا یۆنان بەتەمای شۆڕش و بزاوتە دژی دەسەڵاتی میری لە شەقڵاوە. ئاغاکان بەمە ناوەستن تەنانەت خەلک هان دەدەن بەوەی مامۆستا یۆنان دژی ئاینەکەمان کە ئاینی ئیسلامە ئیش دەکات لەسەر ئەوەی کە ئاینی جولەکە بەهێز بکات و ئیسلام لاواز بکات، هەلبەتە لە ڕۆمانەکەدا واهاتووە کە یۆنان ڕاستە جولەکە بووە بەڵام کەسایەتیەکی ڕۆشنبیر بووە و کوردێکی ئازادی خواز بووە.

ئاستی تێگەیشتن و گەشەی بیرو باوەری ئازادی خوازانەی مامۆستا یۆنان لەتەک زیرەکی و ڕۆشنبیریەکەیەوە هیوایەکی گەش بووە لە سەرکەوتنی پەیامی هاوسەنگی و هاوبەشی لە دەستکەوتە ماددی و مەعنەویەکانی نیشتماندا، تەنانەت دەرفەت بۆ بیری تەسکی چینایەتی و ئاغایەتیش نەدەما.

کوژرانی مامۆستا یۆنان کوژرانی بیری ئازادی خوازی و پێکەوە ژیانی هاوسەنگانەیە لە ناو گەلانی دونیادا، بە تایبەتی لە ناو گەلانی رۆژهەلاتی ناوەراستدا. پێموایە تا دەرەبەگایەتی و کوێخایەتی بە دەستی ئازادی خوازان و ئیماندارانی ڕێگای سەرفرازی لە تابڵۆی ژیان نەسڕێتەوە و تاڵانچیەکان لە ئەدەبی پێکەوە ژیان نەکرێنە دەرەوە رۆژهەلاتی ناوەراست و بە تایبەتی کورد نازانێت و تەنانەت ناتوانێت جێژ لە ژیانی سەربەستی و ئینسانیەت بکات.

گەرکمە زۆر لە ئەدیب و یارانی ئازادی خواز ئەم ڕۆمانە و هاوشێوەکانی بخوێننەوە، چونکە لە ڕێگەی کتێبانەوە دەگەینە ئاستێکی باڵای ڕەوشتی و فیکری، لەو دەمانەدا پەنای هیچ پاساوێک نادەین بە ناوی بوونی بنەماڵەی ئاغا و دەرەبەگایەتی تا بتوانن چنگیان بخەنە ناو خوێن و ماڵی دەیان و هەزاران ئازادی خواز و ڕۆشنبیرانی وڵات.

عەلی مستەفا- شەقڵاوە
٢٠١٨




مەرگی هێواش، زایەڵەی گۆرانیەکی خامۆش بۆ کوردستان … عەلی مستەفا

دەق لە نیشتمان دەچێت، بۆیە جێگای هەموو ئازارەکانی تێدا دەبیتەوە، (مەرگی هێواش) نیشتمانێکی پڕ لە ئازارە، ماڵێکە بۆ لە خۆ گرتنی هەموو ئەو پێناسانەی بە بەژنی خاک و شۆڕش و کەلتوری کوردی و، مێژووی دەیان ساڵەی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی و، ئەفسانە جیاوازەکان و، چۆم و سرووشتی بست بە بستی خاکی کوردستان هەڵبڕاوە.
کەژاڵ نوری خاوەنی دەقی (مەرگی هێواش)ە دوور دوور لە زوومی هەست و تێڕامانە عەقلی و کەتواریەکانەوە گەز گەز لە مێژووە جوداکانەوە هاتووە و هەست دەکەیت لە کۆتاییشدا هێشتان شیعر کۆتایی نەهاتووە و، زۆر شت ماوە بیڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر بە خوێندنەوەی دەگاتە کەناری ئارامی و بێنی پێوە دەشکێنێت.
کەژاڵ نوری دەروازەی مەعلوومەیەکە دەکارێ لە داهاتوودا چڤاتا جەوانان لە ڕێگەی ئەم دەقەوە زۆر لە مێژوو بزانن و بە دوای داخوازی مێژووەکەیاند بڕۆن. ئەم دەقە ڕەنگی هونەری زۆری تێدا ئاوێزان بووە، بۆیە دەکرێت لە دەرفەتی تردا بۆ تەکنیک گەرەک گەرەک بە قوڵایی شیعردا ڕۆبچین.
ئەم دەقە لە بەیاری هەموو ئەو مەوجوودیەتانەوە شکۆفەی کردووە، گەلێک ناتوانێت گوڵێک بۆ بەردەوامیەکانی ژیان بڕوێنێت، ئیتر ئیمانی پێکەوە بوون و تاک ئامانجی لە کوێی گۆی زەوی ببێتە ئامانج. بۆیە تاقە ڕێگا کوژانەوەی یاخود بلۆک کردنی هێمای ترسە بەسەر دەفتەری زاکیرەمانەوە. سڕینەوەی بێباکیە لە نەنووسینەوەی شەڕەفی پیرۆز لە یاداشتی ئەو خانە پیرۆزانەی لە خاڵێکدا کە هیچ نیەو هەموو شتێک ئەوەستێنێت.
شاعیر بە زمانێکی ڕوون بەڵام وشەکان بزۆزانە سەرکێش دەکەن بە ناو دیمەن و چەهچەهە جوداکانی ژیانی ئازادی خوازی کورد و هەناسە پڕ هیواکانی ڕۆژئاوا و باکور و لاکەوتەکانی نیشتمان، مەرگی هێواش پەخشان کردنی سەردەمی جەهلە بەدەست مەعریفەی لە کار کەوتو، نوسینەوەی مەرگە لە تێکشکانی تێکۆشان و سڕینەوەی هەناسەی جەوانەکانی ئازادییە لە تاوڵی کۆم بوون و بەردەوامیدا. شاعیر پەنجەی ژنێکی ئازایە لە کەرنەڤاڵی ژنانی نیشتمان، ئازایانە ڕەنگ دەڕژێنێتە سەر دیمەنەکان و دەتوانین لەم شیعرەدا هەست بە هەموو ئازارێکی کورد بوون بکەین، تەنانەت هەست دەکەین نیشتمان لەگەل ئەم هەموو بێسەروبەری و شێواویەی کە بە دەست و بە مەبەست بەسەریدا هاتووە، پڕە لە ئازادی خواز پڕە لەو کچ و کوڕانەی تای کوردبوون و نیشتمان ویستی بەریان نادات.
ئەم دەقە مێژووییە ئەمانەتێکی ڕاست و ڕەوانی هەڵگرتووە و خراوەتە کۆڵی زەمانەوە، پێم وایە ئەم دەقانەن هەترەشی خیانەتکارانی کورد و نەیارانی کوردیان بردووە.
منیش کۆڵبەرم
بارێ زەویم هەڵگرتووە بۆ فرۆشتن
بارێ سنورم لە کۆڵایە بۆ ناشتن
بارێ جەنگم لە پشت ناوە بۆ کۆتایی
بارێ داگیرکاریم پێیە بۆ فڕێدان
بارێ ژیانم کڕیوە بۆ خێزانم
مەمکوژن
شاعیر ئازاری هەموومان هەڵگرتووە، بەڵام هەموومان لە مەترسیەکی یەکجار گەورە ئاگا دەکاتەوە، ئەویش دۆڕان و لە دەستدانی پیرۆزیەکانە، بڵێی هەبێت لە خاک پیرۆزتر. لە کەلتور و فەرهەنگ و ناسنامەی ژیان گرنگتر.
شاعیر زۆر بە شێنەیی زمانی قسەی دەخاتە گۆ، لەم دەقەدا زۆر هێما هەن زۆریش جوانن، دواجار لە خاڵی چارەنووسدا هەموومان هەست بە دۆڕان دەکەین، هەست دەکەین بێنازین لە ئاستی بێباکی ئەو پیاوانەی لە نوێنەرایەتیدا پەیامیان ترسەنۆکانەیە. شاعیر بە زمانی کۆڵبەرێک تەواوی ئازارەکان دەخاتە سەر رووی قاقەزێک، دەیەوێت لە تێلای پڕ لە شەکەتی و چەرمەسەری کۆلبەرێکەوە شوناسی ڕاستەقینەی خاک بناسێنێت، هەڵبەتە راستیەک هەردەبێ ڕاست بکرێتەوە، ئەویش داگیرکاری و دروست کردنی سنوورە لە ناو باخێکی سرووشتیدا، کە هیچ شتێک نابێتە سنوور تەنها ترس و تۆقاندن و خاک فرۆشی نەبێت. کەژاڵ دەڵێت تەنها کۆڵبەرەکانی سنوور دەتوانن هەست بە ئازاری بێ نیشتمانی بکەن، چونکە کۆڵبەرەکانی سنوور دەکەونە بەر دەستڕێژی گولە و لە بەفردا ڕەق دەبنەوە تەنها بۆ قوتی ژیان و لە پێناو نەمردن و بەردەوامی بۆ ژیان.
شاعیر زۆر هۆشیارانە لە کۆلبەر دەدوێت، بەوەی لەو وڵاتەی ئێمەدا کە جەنگەلستانێکە پڕە لە کۆڵبەری جۆراو جۆر، پێی وایە کۆلبەرانی سنوور کە لە پێناو ژیانەوە چوونەتە ناو سەرکێشیەکانی ژیانەوە باشتر کۆلبەری مۆدێرن دەبینن کە بەدەنگی زوڵالیان هاوار دەکەن خاک و نەوت بۆ فرۆشتن، نیشتمان بە خڕیەوە هەڕاج.
لێوان لێوە
کۆڵە پشتم لێوان لێوە
لە شەق، لە خەندەق، لە خوێنی ڕژاو، لە ناهەق
لێوان لێوە
باری قورسی کۆڵە پشتم لێوان لێوە
لە مەراق، مەراقی کورد
لە دەستی ڕەگەزی دەرەکی و
فیراقی کورد
لە ماڵی نا ئاوەدانی شپرزەی بێ تفاقی کورد …
خەبات و مێژووی سیاسی کورد سیخناخە لە تاوان و پۆخڵی، بۆیە بە ئاسانی کورد بە هەموو شتە جوانەکانیەوە کەوتۆتە بەر شەپۆڵی داگیرکاری و کاولکاری و دەربەدەرییەوە. هەموو ئەم دیمەنانە بەسەر هەست و ویژدانی تاکی کوردی خاوەن ئیمان، ئیمان بە کورد بوون و سەروەری، بە شۆڕش لە پێناو بەردەوامی و گەیشتن بە لوتکە. لوتکە خالی بانگە بۆ رووناکی و پێکەوە بوون، بۆ ژیانی هاوبەش. بۆیە دواجار بۆ گەیشتن بە لوتکە تۆمار کردنی مێژووە لە ئاوێنەی دەقە جۆراوجۆرەکاندا، تا بتوانین ئایندە بکەینە شۆڕشی هۆشیاری و پەیامەکان بۆ دەرباز بوون بێت لە فێی سیاسی و ئیداری جۆراوجۆردا.
مێژووی خەبات و بزوتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی لایەنە کوردیەکان لە کۆن و نوێی تێکۆشاندا بەردەوام خەتای تێدەکەوێت، ئەو خەتایانەی تەواوی گەلی کورد لە هەموو سووچێکی دونیا پێیەوە سەرگەردان دەبێت. خەتاکان دەبنە مەراق و ئازار بەسەر جەستەو نیگا ماندووەکانی کۆمەڵگەی کوردی، میللەتێک چ ئازار نەما نەیچێژێت بۆ ئەوەی دواجار هەموو دەنگ و رەنگەکان لە یەک کەرنەڤاڵی سەرکەوتندا ڕوو بکەنە کەناری ئارامی، بەڵام ئەوەی جێگای داخ و نیگەرانییە گرتنەوەی تیراوەی خەستی نێو ماڵی کوردە لەبەردەم داخوازی کەسی و بچووکدا. هەمیشە ئەم ئالیەتە کوردی لە کەنارەکانی سەرکەوتن و بەدەستخستنی ئامانجی ڕەوا دور خستۆتەوە بەوەی هەمیشە وەک کەژاڵ دەڵێت خوێنی ژن و خوێنی ڕۆژنامە نووس و سڕینەوەی سەروەریەکانی یەکتر بە هێنانی هێزی دەرەکی لە هەمبەر خاک و جاشایەتیدا.
مەرگی هێواش زۆر هەڵدەگرێت خەزێنەیەکی ناسکە گەرەکە زیاتر بخوێنرێتەوە، بۆ ئەوەی تەلەسمەکانی مێژوو زۆر بە ڕوونی تێکبشکێن و نیگا شەرمنەکانی هەقیقەت چارشێوی لەسەر لابدرێت، ئەرکی نووسەرە ڕاست ڕۆکانن چیتر لە ئاست قەلەمەکانیان شەرمەندە نەبن سەمفۆنیای بەرژەوەندی تاک ویستی وەلا بنێن بۆ ئەوەی هەمووان لە سەمفۆنیایەکی گەشاوەو جواندا ئاهەنگی هاوبەشی و بەیەکەوە بوون بگێڕن. دواجار هەموو دەق و ڕووداوەکان دەبنە مێژوو، مێژوو تۆمارێکی سەیرە هیچ فەلسەفەیەکی نیە بۆ خۆشەویستی، بۆیە هەموومان وەک خۆمان دەنووسرێینەوە.

من ئێستاکەش تێنەگەیشتم، کامیان دەبوو پێشتر بمرێ؟
کامیان ئامادە کرابوو پێشتر بکوژرێ؟)
تەسلیم نەبوونی کامەیان، بکەم بە ستران و چیڕۆک؟
کامیان زیاتر بکەم بە سەربوردە و دیرۆک؟ ……
هەمووڕووداوێک شوناسێک وەردەگرێت، بۆیە لە دەرکەوتن و هاتنە پێشەوەی روداوەکانی کورد، زەمەن و شوناسی خۆرسک نەبووە، بەڵکو رووداوکان ئالۆز کراون بە مەبەست بە پێناس کراون.
گرنگە لە خاک بترسین، لە گەل و تراژیدیا بترسین دواجار لە مێژوو بترسین، چونکە مێژوو تۆخ تۆخ دەمانووسێتەوە.

عەلی مستەفا- شەقڵاوە
٢٠١٨




ئه‌ندێشه‌ى به‌ سه‌رۆك بوون …. عه‌لى مسته‌فا

سايكۆلۆژياى به‌ سه‌رۆك بوون ياخود هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى ببيت به‌ سه‌ركرده‌يه‌كى ديارى ناو كۆمه‌ڵگاو يان به‌ڕێوه‌بردنى ڕێكخراوێكى نه‌ته‌وه‌يى نيشتمانى، به‌ ته‌نها حه‌زێكى خۆپه‌رستى و مه‌به‌ستێكى شه‌خسى نييه‌، تا بتوانرێت له‌ ڕێگاى حه‌زه‌وه‌ بگه‌يته‌ مه‌به‌ستى سه‌ركردايه‌تى كردن. ئه‌وانه‌ى به‌ته‌نها ويستيان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌كى خوديه‌ له‌ مانه‌وه‌يان يان گه‌يشتنيان به‌ لووتكه‌ى ده‌سه‌ڵات، له‌ به‌رهه‌ڵستى و پرۆسه‌ى ئينتماى بزۆزى خۆيه‌وه‌ سه‌ركێشى بكات ئه‌وا دواجار به‌ له‌به‌رچاو نه‌گرتنى دۆخى سياسى و ماف و ئه‌ركى نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌يى و به‌ هه‌ند نه‌زانينى ديبلۆماسيه‌ته‌كانى ناوه‌كى و ده‌ره‌كى هه‌وڵێكى هه‌ناسه‌ كورت و پرۆسيسه‌ كردنێكى نا عه‌قلى و دور له‌ واقيعى سياسى به‌رئه‌نجامى ده‌بێت. بۆيه‌ پێويسته‌ ئه‌ندێشه‌ كردن بۆ سه‌رۆكايه‌تى له‌ تێڕوانينێكى سياسى كۆمه‌ڵايه‌تى سه‌رچاوه‌ بگرێت و له‌ سه‌ر ئينتماى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى نيشتمانى و به‌ دروست هه‌ڵگرتنى هه‌ستى ئينسانى چه‌كه‌ره‌ بكات.

ژينگه‌ى سياسى و بارودۆخى كۆمه‌ڵايه‌تى و هه‌ڵكشان و داكشانى ماف، به‌ده‌ست نه‌يارانى نه‌ژادى نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌ييه‌وه‌، هۆكارێكن به‌ڕووى هاوڵاتى و خۆجێيه‌ جيوازه‌كانى نيشتمانه‌وه‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ مايه‌ى سه‌رنج و قبوڵ نه‌كردن و هه‌ڵوه‌سته‌ كردنى نيشتمانيانه‌و، دژ وه‌ستانه‌وه‌ به‌ ڕووى داگيركارى و نادادوه‌رى. وه‌هه‌روه‌ها بوونى سه‌رپێچييه‌ ياسايى و سياسى و، زه‌وت كردنى ئه‌ركى نيشتمانى و كللتور و ڕه‌وشت و به‌ها ئينسانيه‌كان، له‌ پاڵ بابه‌ته‌كانى تر دێن كه‌ ده‌بنه‌ مايه‌ى نيگه‌رانى و پێشێلى مافى ده‌سته‌يه‌ك يان ميلله‌تێك يان گروپێكى فيكرى و ڕێكخراوو حزبێكى سياسى. ئه‌مه‌ش توڕه‌يى و ناڕه‌زايى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌بيته‌ ده‌نگۆيه‌كى گه‌وره‌و، ئه‌م ده‌نگۆيه‌ش هه‌ر نه‌ته‌وه‌يه‌ك به‌فرسه‌تى ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ماف و ئه‌رك بێته‌ ده‌نگ و پێشه‌وايتى پرۆسه‌يه‌كى ئه‌خلاقى بكات.

له‌ نێوه‌ندى هه‌موو ئارێشه‌كانى نيشتمانى و ئينسانيدا كه‌سايه‌تيه‌ك به‌ شێوه‌يه‌كى ديناميكى يانيش به‌ شێوه‌يه‌كى ئه‌رك هه‌ڵگرتن ده‌بێته‌ سه‌رده‌فته‌رى چاره‌نووسه‌كان و هه‌موو لايه‌كى ماف خوراو چاوى ئومێدى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، بۆيه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌م به‌رپرسياريه‌تيه‌ سه‌ره‌تاييه‌ هه‌ڵيده‌گرێت ده‌بێت به‌ شێوه‌يه‌كى ژيرانه‌ ڕه‌فتار له‌گه‌ل دۆخه‌ جياوازه‌كاندا بكات، واقيع و ناواقيع له‌ پێگه‌ى سياسى خۆيدا به‌ وردى ده‌ست نيشان بكات و له‌ ڕێژه‌ى له‌ سه‌دا (98) له‌ بابه‌ته‌ عاتيفى و سۆزدارييه‌كان بێته‌ ده‌ره‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت پرۆسه‌ى به‌رپرسياريه‌تى موماره‌سه‌ بكات و خولياى گه‌يشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و داكۆكيكردن له‌ داواكانى گه‌ل و به‌رگريكردن له‌ خاك و به‌هاو بنه‌ما نيشتمانيه‌كان، له‌ چوارچێوه‌يه‌كى كۆنتڕۆلكراودا به‌ده‌ست بێنێت.

باڵاكردن و بوون به‌ گه‌وره‌يه‌ك ختووكه‌يه‌كى خۆپه‌رستييه‌ له‌ هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌يه‌، واته‌ هه‌موو مرۆڤێك له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى هه‌يه‌ ببێته‌ سه‌رۆك، جا سه‌رۆكى ڕێكخراوێكى مه‌ده‌نييه‌ ياخود قوتابخانه‌يه‌كه‌ ياخود ده‌زگايه‌كى خێرخوازييه‌، يان كه‌لكه‌ڵه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌يه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌دا به‌ بێ مه‌رج و هيچ هه‌وڵێك ئاره‌زووه‌كه‌ى بێته‌ دى و ببێته‌ سه‌رۆكى حيزب. ئه‌دى ئاره‌زووى بوون به‌ سه‌رۆكى نيشتمانێك و ميلله‌تێكى چه‌ند مليۆنى ده‌بى چ ئاره‌زووێكى گه‌وره‌ بێت، بۆ هه‌ر ئينسانێك بێته‌ دى. گومان هه‌ڵناگرێت كۆمه‌ڵێك شت هه‌يه‌ خوا پێدانه‌، وه‌ك هه‌موو ئه‌و خاڵ و خاسيه‌تانى له‌ مرۆڤى قياديدا هه‌يه‌، له‌ مرۆڤێكى تردا نيه‌. به‌ڵام جێگاى ئاماژه‌و گرنگى پێدانه‌ هه‌موو مرۆڤه‌ قيادييه‌كان چۆن هه‌نگاو له‌گه‌ڵ دۆخ و ژينگه‌ى سياسى و بزوتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕى و تێكۆشاندا هه‌ڵده‌گرن تا بتوانن ببن به‌ سه‌ركرده‌يه‌كى لێهاتوو و ديارى كۆمه‌ڵگا.

هه‌موو كه‌سايه‌تييه‌ سياسيه‌ عه‌قليه‌كان له‌پاڵ ئاره‌زووى به‌ هێزى خۆپه‌رستيان بۆ گه‌يشتن به‌ سه‌ركردايه‌تى باڵا، ده‌بێت به‌ هۆشيارى كۆمه‌ڵايه‌تى و جێبه‌جێكردن و به‌ڕێوه‌بردنى ووردى ئيدارى نيشتمانى موماره‌سه‌ى پێشه‌وايه‌تى خۆى بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ر هه‌يئه‌تێكدا كۆنترۆلى سيفاتى پێشه‌وايه‌تى خۆى بپارێزێت و له‌ سيفاتدا جێبه‌جێى بكات. ته‌نانه‌ت هه‌وڵه‌ سه‌ره‌تاكانى تيكۆشان بۆ مه‌سه‌له‌ نيشتمانى و چاره‌نووس سازه‌ نيشتمانيه‌كان پێويست ده‌كات پێشه‌وا وه‌ك نوێنه‌رى يه‌كه‌مى نيشتمانى بێته‌وه‌ ڕيزى هاولاتيان بۆ كاركردن و هه‌و‌ڵى به‌ره‌و پێش بردنى ئه‌ركى بريار و جيبه‌جێكردن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ لووتكه‌ى كۆميته‌ى نيشتمانيدا ياسا بۆ هه‌موو بابه‌ته‌ جوداكان دابڕێژرێت و جێبه‌جێكارى هاوسه‌نگ ببێته‌ مه‌سه‌له‌يه‌كى نيشتمانى. هه‌ر كات كه‌سايه‌تى سياسى هه‌ڵكه‌وت مه‌رج نيه‌ ببێته‌ مايه‌ى ئومێدى كۆمه‌ڵگاو له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شدا بمێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ حاله‌تيكى شازه‌ به‌لام تۆتاليتاريه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تيه‌، به‌و واتايه‌ى كۆمه‌ڵگا به‌ تێكڕاى ويست ئه‌م جۆره‌ پێشه‌وايه‌يان بژارده‌ بووه‌. هه‌ر له‌هه‌مان حاله‌تيش كاتێك بژارده‌كه‌ هى كۆمه‌ڵگا بێت پێشه‌وايه‌تيه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌بێت.
له‌ هه‌ردوو حاله‌تدا ئێمه‌ بۆ سيفاته‌ قيادى و ويستى ناخى قاعيد بۆ جێبه‌جێكارى ده‌گه‌ڕێينه‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ردوو باردا بژارده‌كه‌ له‌لاى گه‌ل ياخود كۆمه‌ڵگاوه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها بژاردنه‌ وه‌ك نوێنه‌ر چ له‌ هه‌ڵبژاردنى گشتيدا ياخود ڕازى بوون له‌ دۆخيكى نائاساييدا، وه‌ك ڕاپه‌رينى ده‌سته‌يه‌ك يان گه‌لێك به‌سه‌ر به‌رامبه‌ردا. ئيتر ئه‌وه‌ى ده‌مينێته‌وه‌ سيفاتى قيادى و ويستى ناخى قاعيده‌ له‌ ئان و ساتى پێشه‌وايه‌تى كردن و ئه‌رك هه‌ڵگرتنى نيشتمانى و ڕێكخراوه‌يى و ديبلۆماسى و پاراستن و يان بێسه‌روبه‌ر كردنى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى خه‌ڵكدا.


عه‌لى مسته‌فا / شه‌قڵاوه‌




سرووشت له‌ لیكاو هه‌ڵێنانی سیاسیدا !!! … عه‌لی مسته‌فا

سرووشت جوانییه‌, فه‌زلێكه‌ خاڵق داویه‌تی به‌ هه‌موو گیانه‌وه‌ر, بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو گرنگی و جوانییه‌كه‌ی سوود وه‌ربگیرێت. كه‌واته‌ سرووشت پیرۆزه‌, ده‌بێت پیرۆزیه‌كه‌ی ڕابگیرێت. سرووشت چیه‌؟ پێكهاته‌كانی چین؟ گرنگی سرووشت و پێكهاته‌كانی چین؟ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری زانستین, به‌جێیان ده‌هێڵم بۆ لێكۆڵه‌ری توێكاری زانستی ژینگه‌یی.

ده‌كرێت پیرۆزیه‌كانی خالق تێك بشكێن؟ شكۆمه‌ندیه‌كانی زه‌وی خالق دیاری كردوون ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌؟ ژیان و ژیانویستی ئامانجه‌ بۆ شێواندنی زه‌وی؟ دارابوون و مه‌رگی زه‌وی ده‌قی یاسایه‌ له‌ ئه‌زه‌لییه‌تی سرووشتدا؟
قسه‌كردنمان له‌سه‌ر زه‌وی نمونه‌یه‌كی زیندووی شێواندنی سرووشته‌ به‌تایبه‌تی له‌ كوردستاندا, كوردستان.. زه‌ویێك له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ زوڵمی لێده‌كرێت, وه‌ك دیلێك له‌به‌رده‌ستی دوژمنه‌كه‌ی شكۆمه‌ندی و حورمه‌تی تێك ده‌شكێنرێت.مێژووی له‌بار بردنی زه‌وی و هه‌رزان هه‌راج كردنی پیرۆزیه‌كانی زه‌وی كوردستان مێژووێكی گه‌له‌ك كۆنی هه‌یه‌, ئه‌گه‌ر بۆ نزیكترین مێژووی شێواندنی زه‌وی بگه‌ڕێینه‌وه‌, مێژووی حكومه‌ته‌كانی عێراقی به‌ دوای یه‌كه‌وه‌ ئاهه‌نگی شێواندنی زه‌ویان ده‌گێڕا له‌ زه‌ویه‌كانی كوردستاندا. حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی عێراقی به‌ سه‌رۆكایه‌تی صه‌ددام حوسه‌ین گه‌وره‌ترین زوڵمی ده‌رحه‌ق به‌ زه‌وی كرد له‌ كورستاندا.

ته‌ختكردن و وێرانكردنی پێنج هه‌زار گووند و سووتاندن و كۆركردنه‌وه‌ی باخ و كانیاوه‌كان ئامۆژگاریه‌كانی به‌عس بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو عێراقیه‌كان بڵێت من باڵا ترینی هێزی عێراقیم و خۆم خاوه‌نی هه‌موو زه‌ویه‌كانم.حزبی به‌عسی عێراقی هه‌یمه‌نه‌یه‌كی سیاسی و ئایدۆلۆژی ترسناك بوو بۆیه‌ هه‌موو هاوڵاتیانی تۆقاندبوو به‌و به‌رنامه‌و ئایدۆلۆژیایه‌ی له‌ ئه‌خلاق و سیاسیانه‌ی خۆی ریفۆرمی كردبوو. له‌ دوای شێواندن و وێرانكردن گونده‌كان و ڕزاندنه‌وه‌ی سرووشتی كوردستان ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیاریكردبوو بۆ سه‌نگناندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئاواره‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌ گونده‌كانه‌وه‌ ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بوون, ئه‌ویش دروستكردنی كۆمه‌ڵگای به‌ زۆره‌ ملێ‌ بوو, كه‌ هیچ هاوڵاتیه‌كی گونده‌كان حه‌زی لێنه‌ده‌كرد, به‌ڵام ملدانه‌ به‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ ڕازی بوونه‌ به‌ عێراقی بوون, ڕازی بوونه‌ به‌ شێواندنی سرووشتی كوردستان, ڕازی بوونه‌ به‌ سیاسه‌ت و ئایۆلۆژیای عێراقی سه‌ددام.

هه‌ر كاتێك هاوڵاتی گوند له‌ كۆمه‌ڵگاكان ده‌مایه‌وه‌ و بۆ ژیان جێگیر ده‌بوو, ڕازی بوونی پیشانی هه‌موو چاوه‌كان ده‌دا. ناچاری پاراستنی شۆكه‌مه‌ندی عێراقیانه‌ ده‌بوو له‌ به‌رامبه‌ر شێواندنی زه‌وی كوردستان. حزبی به‌عسی عێراقی هێزێكی مه‌عنه‌وی و تۆقێنه‌ر بوو بۆ سه‌ر هه‌موو فۆرمه‌كانی بوون و ژیان, ئه‌م حیزبه‌ فشاری ده‌خسته‌ سه‌ر حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پاداشتی ڕازیبوونی هاوڵاتیان بداته‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای نیشته‌ جێبووه‌كاندا.حیزب هه‌یمه‌نه‌ی ڕه‌هایه‌ له‌عێراقی سه‌ددامدا.بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی بێوێنه‌ی هه‌بوو له‌ ده‌ستگه‌یشتنی به‌ هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌رێكی عێراقی سه‌رتاسه‌ری. هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های دیكتاتۆریانه‌ ئاسه‌واری شێواو و شكۆمه‌ندی تێكشكا و زه‌ویێكی هێڵنج هاتوو جێده‌هێڵێت.

باسكردنی به‌عسی عه‌ره‌بی باسكرنه‌ له‌ ئاهه‌نگی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی, باسكرنه‌ له‌ به‌ قه‌واره‌ كردنی شكۆمه‌ندی عه‌ره‌بی. باسكردنه‌ له‌ ته‌فكیره‌و چه‌هچه‌هه‌ی عه‌ره‌بی, باسكردنه‌ له‌ زاڵم له‌ خاكی عه‌ره‌بیدا.ناسیۆنالیستی به‌عس قوتابخانه‌یه‌كی جه‌وهه‌ردار بوو بۆ دوای خۆی, چونكه‌ به‌عس نه‌ك ته‌نها شكۆمه‌ندی زه‌وی كوردستان و سرووشته‌كه‌ی تێكشكاند, نه‌ ته‌نها دژی كه‌لتوورو زمان و نه‌ژاد بوو به‌ڵكو قوتابخانه‌یه‌ك بوو بۆ دوای خۆی, ناسیۆنالیستێك بوو ده‌یانی پێگه‌یاندن, به‌عس له‌ مه‌وجوودیه‌تی خۆیدا له‌ خاكی عێراق و به‌ ئاماده‌گی خۆی هه‌موو عه‌ره‌بی سه‌ر زه‌وی له‌وه‌ حاڵی كرد كه‌ ناسیۆنالیستی بوونی عه‌ره‌بی هێمایه‌ بۆ بوونی دڕندایه‌تی عه‌ره‌ب و مانه‌وه‌مان له‌ هێزی بووندا. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م ڕه‌شبه‌ڵه‌كه‌ی به‌عسی عه‌ره‌بی ده‌یگێڕا, ئێستاش له‌ فۆرمی نوێ‌ و له‌ ئینسان و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازدا به‌رده‌وامه‌و گه‌ڕه‌كه‌ مه‌ترسیانه‌تر ده‌گه‌ڕێت.

به‌عس كۆمه‌ڵگای كوردی وا ساوا كرد به‌ په‌له‌قاژه‌ش نه‌گاته‌وه‌ سرووشتی مرۆڤ بوونی خۆی. به‌عس مرۆڤ بوون داده‌ماڵێت و ترس ده‌خاته‌ دڵ و كۆمه‌ڵگاش چاوچنۆك ده‌كات. له‌ بری هه‌موو ئه‌مانه‌ش هێزی كوردی, ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی, ده‌سه‌ڵاتی ره‌های حیزب له‌ كوردستان هاوشێوه‌ی ره‌فتاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها له‌ عێراقی سه‌رتاسه‌ریدا, له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی 1991 ڕیفۆرمی جه‌وهه‌ری سه‌باره‌ت به‌ بوون, به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها به‌ عه‌بدانیه‌تی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ده‌ست پێده‌كه‌ن.ئه‌م هاوشێوه‌ ره‌فتارانه‌ ڕازی نه‌بوونه‌ به‌ ویست و به‌خشنده‌ییه‌كانی خاڵق.

هه‌نگاوه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن له‌ شه‌قامی سڕ بوون به‌ره‌و داهۆڵ یان ته‌لاری بڕیار. هاوڵاتی كوردی تازه‌ هه‌نگاوییه‌تی به‌ره‌و ڕزگاری كوردستان و ڕاپه‌ڕین و سه‌ربه‌خۆیی,ئه‌مانه‌و كۆمه‌ڵێك شیعاراتی هه‌ستیاری حیزبی و هوتافی به‌رژه‌وه‌ندی خوازی حیزبی, كۆمه‌ڵگا دووچاری به‌ فه‌تاره‌ت چوون ده‌بات كۆمه‌ڵگا له‌ فیكر داده‌ماڵرێت و هه‌نگاوی مل بۆدانی شل ده‌بێت, كه‌واته‌ سه‌ره‌تای بێئاگایی سه‌ره‌تای ته‌سلیم بوون و ڕازیبوونیه‌تی. ئه‌وه‌ی له‌ ئاهه‌نگی كوردبوون و سه‌ربه‌ستی دا ده‌ئاڵێته‌ ملی هوتافه‌كان, دیل بوونی كۆمه‌ڵگای كوردیه‌, سڕبوونی فیكری هاوڵاتی كوردیه‌, هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌ باسی هاوڵاتی بوون ده‌كه‌م گومان له‌وه‌ دانییه‌ باسكردنه‌ له‌ ته‌واوی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئیفلیج له‌ دیلیدا.هه‌نگاوه‌كان په‌یتا په‌یتا كۆمه‌ڵگا په‌لكێشی سڕبوون به‌ دارابوون ده‌كه‌ن, دارا بوون ده‌بێته‌ خه‌ونی چڕی هاوڵاتی له‌سه‌ر پشتی زه‌وی له‌ هه‌ڵدڕینی زگی زه‌وی كوردستاندا.

بوون, مانه‌وه‌ له‌ هاوكێشه‌ی سیاسی و میراتگری حوكمڕانی دا ته‌فسیری زیاتر هه‌ڵده‌گرێت.بۆیه‌ ده‌مه‌وێت له‌م پاره‌دا مه‌دایه‌ك له‌ حوكمڕانی كوردی له‌ 1992 تا 2003 به‌ جێبێڵم, چونكه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ پڕیه‌تی له‌ وون بوون, پڕیه‌تی له‌ گومانی سه‌روه‌ری, مت بوونه‌ له‌ شكۆمه‌ندی مرۆڤ. ئه‌و فه‌تره‌ زه‌مه‌نییه‌ كه‌تم ناكرێت به‌ڵام یاده‌وه‌ریه‌كی تاڵه‌, تا زه‌مه‌نی هاواری قورگ قسه‌ی لێوه‌ ناكرێت. ساڵه‌كانی دوای شه‌ڕی ناوخۆ له‌ 2003 به‌ دواوه‌ دیارده‌یه‌ك خزایه‌ نێو كۆمه‌ڵگا, ئه‌ویش به‌ هێواش داتاشینی جه‌وهه‌ریه‌تی (بوون)ه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی. تاك له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی دا جڵه‌وی ئه‌وینداری سه‌رمایه‌ و پۆست و باخچه‌(مه‌زرعه‌)ی گه‌وره‌ ده‌بێت, ئه‌مه‌ش مانیفێستێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌لته‌رناتیڤێك كه‌ حیزبی كوردی و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های كوردی بۆ مانه‌وه‌و درووشمی من هه‌ر هه‌م و ده‌شمێنم بیخاته‌ ڕێكاری كارو چالاكییه‌كانی خۆیه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ زه‌وی باشترین ئه‌لته‌رناتیڤه‌ بۆ لا كردنه‌وه‌ی درووشمی مانه‌وه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها.

كوردستان ووڵاتی كورده‌واری, ووڵاتی سرووشت و جوانی. بۆته‌ هێزی سه‌ركه‌وتن و مانه‌وه‌ له‌ مه‌راسیمی هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌ ساته‌ جیاوازه‌كانی مه‌ترسی دار به‌سه‌ر واقیعی مانه‌وه‌ له‌ لووتكه‌ی ڕه‌هادا, هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ گه‌شتێكدا به‌ ناو سرووشتی كوردستاندا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كێ‌ خاوه‌نی كورستانه‌, تاك به‌ ئاراسته‌كراوی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هاوه‌ یان حكومه‌ت خۆی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پارچه‌ پارچه‌ بوون و سیم كردنی زه‌وی كوردستان به‌سه‌رتاپا گیریه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی وێنه‌ ئه‌ندازیارییه‌كانه‌وه‌ ئاماژه‌ن بۆ بوونی هێزی ڕه‌ها و مت بوونی تاك له‌ زه‌لكاوی چڵكاوه‌وه‌. دابه‌ش بوونی زه‌وی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ گشتیاری و شوێنه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ سه‌ر به‌ش به‌شی جیاوازی وه‌ك دۆنم و هه‌زاری و دووهه‌زاری میتر دووجا, كاریسه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و نیشتمانیه‌, له‌و دۆخه‌دا هاوڵاتی بوون هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت.

ده‌سه‌ڵات و حیزبی ڕه‌ها ئه‌لته‌رناتیڤیه‌تی زه‌وی به‌ فورسه‌یه‌كی زێڕین ده‌زانێت بۆ ڕیفۆڕم كردنی تاك و موزایه‌داتی هاوڵاتی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆیدا.واته‌ تێكشكاندنی شكۆمه‌ندییه‌كانی زه‌وی و سرووشت له‌به‌رامبه‌ر شكۆمه‌ندی سه‌ركه‌وتنه‌كانی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها پیرۆزییه‌. داماڵینی ئازادییه‌ فه‌ردی و كۆمبوونه‌كان چه‌هه‌چه‌هه‌ی تراژیدیایه‌كی نوێیه‌ له‌ سیسته‌می حوكمڕانی دا, ڕێگه‌دان به‌ تاكی چڵكاوساز به‌ شێواندنی زه‌وی و تێكدانی سرووشتی ڕاسته‌قینه‌ی خودا و فرۆشتنی بۆ به‌ دارابوون.

به‌م شێوه‌ حوكم كردن باوك بوونه‌ بۆ هاوڵاتی؟ خاوه‌ندارێتی كردنه‌ بۆ نیشتمانی دایك؟ ئاهه‌نگ گێڕانی ئاینده‌یه‌كی گه‌شه‌ له‌لایه‌ن حیزبی باڵا به‌ خه‌ونه‌كانی؟ جوانكردنی زه‌وی نیشتمانی دایكه‌ بۆ زارۆكان و تامه‌زرۆ به‌ ئارامی و ئاسووده‌یی؟ شێواندنی زه‌وی و سرووشت ڕازی نه‌بوون و ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی دیارییه‌كانی خودان,گواستنه‌وه‌ی فۆرمی عبوودیه‌ته‌ له‌ نێوان خالق و عه‌بده‌كه‌ی بۆ عبوودیه‌تی مرۆڤی ئاره‌زوو مه‌ند به‌ مه‌رگی دیلی بۆ مرۆڤی باڵای مه‌رگساز بۆ دیلی.ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی دیاری خودایه‌ له‌ لایه‌ن حیزبی باڵا له‌ هه‌رزان هه‌ڕاج كردنی زه‌وی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی دا.




لاوكى هه‌ڵه‌بجه مه‌نيفێستى مه‌وجووديه‌ت و ئازار* … عه‌لى مسته‌فا*

لاوكى هه‌ڵه‌بجه،‌ شيعرێكه‌ له‌ كۆى چلويه‌ك لاپه‌ڕه‌دايه، ‌له‌ ساڵى 1989نووسراوه‌. هه‌ڵگرى په‌يامێكى زۆر و واقيعى ئازارێكى قووڵه‌. ئه‌م شيعره‌ ئۆركێستراى ماته‌مينى گه‌لێكى سته‌مديته ‌و گوناهێكى گه‌وره‌ى بوونه‌. شمشاڵى لاوێكى نووستووى موئه‌به‌ده‌ به‌ ژيان. چاندنى سێوێكه‌ تا ئه‌به‌د لايه‌كى سووتاوه‌. ئه‌م شيعره‌ به‌ زمانێكى شيعرى پڕ له‌ به‌رائه‌تى چنراوه‌. پريه‌تى له‌ خه‌ياڵى ئه‌و ديمه‌نه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگانه‌ى به‌ نيگا، خه‌ياڵى شاعير و واقيعدا له‌نگه‌ر ده‌گرن و ناڕۆن. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م شيعره‌ شوناسى گه‌لێكه‌ له‌ ڕه‌نگى هه‌ڵه‌بجه‌يیيه‌كاندا، ناسنامه‌ى نيشتمانێكى ماندوو و شه‌كه‌ته‌ له‌ زامى ساڕێژ نه‌بوون و برينه‌ گه‌وره‌كه‌ى خاكى هه‌ڵه‌بجه‌دا. لاوكى هه‌ڵه‌بجه‌، سترانى بێده‌نگيیه، كه‌‌ به‌ گوێى تاواندا چرپێندراوه‌.

ته‌نكتر له‌ گريان و ياده‌وه‌ریى:
شاعير له‌ بۆنى سێو ڕاده‌كات، نه‌بادا مه‌رگى منداڵێكى هه‌ڵه‌بجه‌، ياخود مه‌رگى منداڵێكی كورد له‌ هه‌رشوێنێكى دنيادا بێت، به‌ ناوى سياسه‌تى بازرگانیيه‌وه‌ خرابێته‌ وه‌زن و كێشانى سێوه‌كه‌وه‌. له‌م شيعره‌دا گريانى شاعير له‌ تۆخكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئازار و ئێشانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ بۆنى مه‌رگ و هه‌رزانبازاڕیى مرۆڤايه‌تى به‌سه‌ر گيانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورديیدا هاوته‌ريب له‌گه‌ڵ كورده‌واريیه‌كه‌يدا ده‌سه‌پێنرێت و چڕنووكى بێبه‌زه‌يیيانه‌ى بازرگانى كيميا، بۆمبا و ته‌قه‌مه‌نيه‌كان له‌ نێوان سياسه‌تى ڕۆژئاوا، ئولفه‌تى ترسه‌نۆكانه‌ و ئيديۆلۆژياى كۆپى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، ده‌بنه‌ هه‌ڵگرى شوناسێكى تاريك و مه‌ترسيدار به‌سه‌ر گيانى په‌پووله‌ ئاساكانى هه‌ڵه‌بجه ‌و ته‌واوى ناوچه‌كانى ترى كوردستاندا.
ئێمه‌ چه‌ند رووتين له‌ به‌رده‌م تۆفانى گازى ژه‌هراوى و
بێڕه‌وشتيى ئه‌م چه‌رخه‌دا!
ئێمه‌ چه‌ند ته‌نياين له‌پرسه‌ى
ئه‌م شارۆچكه‌ شه‌هيده‌دا. ….. ل 573
هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه‌ى بۆ مرۆڤبوون كۆمه‌ڵگه‌ له‌ لووتكه‌ ده‌هێڵێته‌وه‌، له‌ چه‌ند ساتێكى تێكه‌ولێكه‌ى بازرگانى به‌ مرۆڤايه‌تى، ميله‌كه‌ى ڕاده‌گيرێت، نه‌بادا هه‌سته‌كان عاتيفه‌ى ئينسانيانه‌يان بجووڵێنن و ته‌وژمى بازرگانیيان به‌ مرۆڤ بوه‌ستێت. كيميايیكردن، كۆكوشتنى هه‌ڵه‌بجه‌يیيه‌كان و ناوچه‌كانى تر، نيشانه‌ى مه‌وجووديه‌ته‌ له‌ واقيعدا. جێبه‌جێكردنى تاوانه‌كه‌ش بردنه‌سه‌رى مامه‌ڵه‌ى سياسه‌تى بازرگانى مرۆڤه‌ له‌ مێزى تاريك و هه‌رزانويژدانى خاوه‌ن كۆمپانيا و ده‌سه‌ڵاته‌كاندا.
ره‌فيق سابير، له‌ سێبه‌رى ئه‌و گه‌مه‌ زمانيانه‌دا، سه‌رگه‌رمى پێشكه‌شكردن و ڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ها ئينسانى و ڕه‌وشتيیه‌يه‌، كه‌ واقيعێكى درووشم ئامێز له‌ ميانى تاريكبينيانه‌وه‌ گومانى بوونى خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌. بۆيه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا زمانى شيعريى له‌ لووتكه‌يه‌كدا ده‌بينين، كه‌ جوانناسينى دوو ديمه‌ن و ديوى واقيعى سته‌مكار و سته‌م لێكراو، به‌ستنه‌وه‌ى به‌ مێژوویه‌كى باو، كه‌ عه‌قڵيه‌تى چه‌پۆك به‌ سته‌مكردن و ڕاهاتن به‌ سته‌ملێكردن به‌رده‌وامى پێداين. شاعير له‌ سۆنگه‌ى چۆنيه‌تى نووسين و هۆنينه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌دا، به‌ره‌و سه‌رساميت ده‌بات (ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر كه‌سێكدا هه‌وڵێك هه‌بێت بۆ ئاشكراكردنى ناديارێك و ئاشنا بوون به‌ جيهانێكى ديكه‌ له‌وديو ئه‌م جيهانه‌ بينراو و هه‌ست پێكراوه‌وه‌، ئه‌وا شاعير به‌هۆى خه‌ياڵى داهێنه‌رانه‌وه‌، ناديارێك به‌ ئێمه‌ ده‌ناسێنێت و نهێنييه‌كمان بۆ ئاشكرا ده‌كات)1 هه‌ڵبه‌ته‌ شاعير جيهانى بوونى مرۆڤى له‌ ئايه‌تێكى هه‌ڵه‌بجه‌يییه‌كاندا پێشانداوين و له‌نگه‌رى ڕوانين و ته‌ماشاى ئينسانيه‌تى گشتى خستووه‌ته‌ سه‌ر شارۆچكه‌يه‌كى بچووك و زامدار، وه‌ك بڵێى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاوێنه‌يه‌كى گه‌وره‌يه،‌ جيهان تێيدا بچووك بووه‌ته‌‌وه‌، ئه‌مه‌ حه‌قيقه‌تى بوونه‌ به‌ مرۆڤ و به‌ سه‌رلێشێواوكردنى. په‌راوێزخستنى بوونه‌ له‌ ئاكار و سروشتى بوون به‌ ئينسانيه‌ت و ژينگه‌كه‌ى. هه‌ڵبه‌ته‌ شاعير له‌ ته‌قه‌ڵاى زمانه‌ شيعريییه‌كه‌يه‌وه‌ هه‌وڵى ناساندنى شار و مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌يیيه‌كانى داوه‌. ئه‌مه‌ كاريگه‌رى ئه‌و نهێنيیه‌ ساڕێژ نه‌بووه‌يه،‌ كه‌ سياسه‌تێكى ته‌ڵخ به‌ ‌سيماى خراپڕه‌وشتى ڕۆژگار، به‌سه‌ر چۆن و چنووسى له‌ ده‌قدا بۆى به‌جێماوه‌.
ئه‌م شيعره‌ نووسينه‌وه‌ى ئه‌و به‌ها هه‌ڵچووه‌يه،‌ كه‌ له‌ نێوان خه‌ياڵ و به‌شى سێيه‌مى بيره‌وه‌ریه‌كانى ئينساندا ده‌كه‌ونه‌ خۆى، ده‌ق و گوتارى ئه‌ده‌یبى، ياخود تۆماركردنى ئه‌و هه‌سته‌ گوناهانه‌ن تا ئێستاش ده‌قى ئه‌ده‌یبى بۆى نه‌چووه‌ته‌ خه‌ڵوه‌ته‌وه‌. كه‌واته‌ واقيع چه‌ند ڕه‌ش، ياخود جريوه‌كه‌ى چه‌ند به‌سۆز بێت، ده‌بێت حه‌قيقه‌تى ده‌قى ئه‌ده‌بى له‌ خه‌ياڵه‌وه‌ ده‌ستپێبكات و زمانيش باڵاى شيعر ڕێكبخات. (له‌ ئه‌زموونه‌وه زمانێكى فه‌ردانى دروست ده‌كات له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و خه‌ياڵ و پێشبينیكردن ده‌چێ، وه‌ك چۆن له‌ ڕێگه‌ى ترس و دڵه‌ڕاوكێى ده‌روونييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ ته‌ك گومان و بێهوده‌ييه‌ شيعرئامێزه‌كه‌دا ده‌كات به‌ جريوه‌و جوانى ده‌سپێرێت‌)2 له‌گه‌ڵ نووسه‌ر هاوڕاين له‌ بوونى زمان و خه‌ياڵ له‌ ده‌قدا، ئه‌وه‌ى عه‌بدولموته‌ليب عه‌بدوڵڵا باسى ده‌كات، ئه‌و سه‌ره‌تا دروستبوونه‌يه‌، كه‌ تاك ده‌بێته‌ خاوه‌ن بيرێكى سه‌ربه‌ست. له‌و‌ سۆنگه‌يه‌وه‌ هێماى زمانى فه‌ردانیى، گه‌شه‌ى خه‌ياڵى ئينسانیى و وێژه‌يى، ده‌ئاخنرێته‌ ناو ده‌قه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ق به‌ جاويدى ده‌مێنێته‌وه،‌ ئه‌گه‌ر سانسۆر نه‌خرێته‌ سه‌ر خه‌ياڵ و درووشمى واقيع، يان بير،‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ى كاريگه‌ر بۆ نووسينه‌وه‌ى ده‌ق لاواز نه‌كرێته‌وه‌. (من به‌ ڕاوچى ده‌چم و به‌ هه‌ست و نه‌ست ده‌رك به‌ شته‌كان ده‌كه‌م، نه‌ك به‌ ئه‌قڵم. ئه‌قڵ هه‌نگاوێك بچێته‌ پێش شيعر دوو هه‌نگاو دێته‌ دواوه‌. شيعر و سۆزدارى جمكێكن پێكه‌وه‌ ده‌ژين و پێكه‌وه‌ ده‌مرن و ئه‌قڵيش به‌ دزيه‌وه‌ خۆى لێ مات داون)3 له‌ ئان و ساتى نووسينه‌وه‌ى ده‌قى شيعريیدا نابێت له‌ ژێر هه‌ژموونى پارێزبه‌نديدا بمێنينه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ناگه‌ينه‌ ئه‌و ده‌قه‌ى، كه‌ ده‌مانه‌وێت گوزارشت بكات له‌ واقيع و ئه‌و كاريگه‌ريیه‌ى به‌ سه‌ر هه‌ست و نه‌ستمانه‌وه‌ دروست بووه‌. ره‌فيق سابير، به‌م ئه‌زموونه‌ شيعريه‌دا، له‌ ماڵى ڕووداو و خه‌ياڵدا ڕه‌شماڵى نووسين و هۆنينه‌وه‌ هه‌ڵده‌دات و ده‌قێك له ‌ته‌مه‌نى هه‌ژده‌ ساڵيدا هێشتان بۆنى سێوى هه‌ڵه‌بجه‌مان به‌سه‌ردا ده‌پڕژێنێت و هه‌ميشه‌ زيندووه‌.
هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ره‌سى هه‌قه‌
چنگێك خۆڵه‌ خوێن ده‌يدێرێت.
داستانێكه‌ به‌يان له‌ زام دايده‌تاشێت
له‌سه‌ر ته‌م و
دارستان و
خۆڵه‌مێش ده‌ينووسێته‌وه.
رووبار به‌ده‌م گريانه‌وه‌
بۆ گيا
ده‌ريا
بۆ كه‌نار و
تريفه‌ى ده‌گێڕێته‌وه‌. ….. ‌ل 559
شاعير له‌ شينى هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌ ستايلى ئه‌ده‌بیى له‌ بازنه‌ى شيعردا هه‌نگاوى له‌ ته‌ك لۆژيك چڕ كردووه‌ته‌وه‌. شاعير پێمان ده‌ڵێت: هه‌ڵه‌بجه‌ ياده‌وه‌رييیه‌كه‌ بۆمان جێماوه‌ له‌ زمنى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سياسى و كۆمه‌كخوازيیه‌ى ساڵانێكه‌ بۆ كوشتنى تريفه ‌و ڕووناكیى، بۆندى بۆ كراوه‌. شاعير له‌ هه‌ر وێنه‌يه‌كى شيعره‌كه‌دا وه‌زيفه‌كانى بۆ گێڕانه‌وه‌ى ياده‌وه‌ریى به‌ گرووپ، له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌رك و نزيكايه‌تيدا ديارى ده‌كات، وه‌ك ڕووبار بۆ گيا، ده‌ريا و كه‌نار، تريفه‌ى مانگ له‌شه‌وانى ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى ئاودا ده‌گێڕێته‌وه‌. كه‌واته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ جگه‌ له‌ گێڕانه‌وه ‌و ياده‌وه‌ری ئازارێكى مێژوويى، هيچى تر نيیه‌. (كولتوورى سياسى و رۆشنبيرى ئێمه‌، به‌ گشتى بێبايه‌خ به‌سه‌ر شته‌ بچوكه‌كاندا ده‌روات، ئه‌م ده‌رده‌ ته‌نيا ده‌ردى رۆشنبيرى كوردى نييه‌، به‌ڵكو به‌رهه‌مى باڵاده‌ستى عه‌قڵى ميتافيزيكييه‌، خودى عه‌قلى ميتافيزيكى كولتووره‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكده‌كات ته‌نيا بير له‌ مه‌زن و موته‌عالى و موفاريق بكه‌نه‌وه‌)4 هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كولتوورى كۆمه‌ڵگه‌ى كورديیدا بووه‌ ياده‌وه‌ريیه‌كى مێژوويى و ئازارێكى هه‌ستپێنه‌كراو له‌ عه‌قڵيه‌تى مرۆڤايه‌تى و سياسه‌تى بۆرژوازيدا. چونكه‌ ئامانج له‌ هه‌ڵه‌بجه،‌ ته‌نیا كوشتنى مرۆڤ نه‌بوو به‌ ته‌نيا، به‌ڵكو به‌رزكردنه‌وه‌ى ئه‌و مارشه‌ هه‌تره‌شیيه‌ بوو، بۆ هه‌موو تاكێكى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیى و بزووتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕى كوردیى، كه‌ جيهان تێيدا كڕ كه‌وت. كه‌واته‌ مرۆڤايه‌تى درۆيه‌كى گه‌وره‌يه‌ كاتێك له‌ شوێنى خۆى له‌نگه‌ر نه‌گرێت.

بوون يان تێزێكى گوماناویى:
ره‌فيق سابير، وه‌ك شاعيرێك شوناسى ڕه‌‌نگێكى كاڵه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌ى حه‌قيقه‌ت و بێپه‌روايه‌ له‌و ئازاره‌ى له‌وه‌ته‌ى هه‌يه‌، گوناهى بۆ ده‌كات و خۆڵ به‌ باڵاى شه‌ڕه‌فى بوون و گه‌ڕانه‌وه‌ى ڕاسته‌قينه‌ هه‌ڵده‌گرێت. شاعير له‌ تێكستى لاوكى هه‌ڵه‌بجه‌دا، گريانێكى به‌ كوڵه‌ له‌ حه‌سره‌ت ئه‌و ژاكانه‌ بێبنه‌مايانه‌ى مرۆڤ ده‌خاته‌ ژێر پرسيارى بوون و نه‌بوونه‌وه‌، ئه‌مه‌يان كاردانه‌وه‌ى ئه‌و كوشتنه‌يه‌، مرۆڤێك ده‌بێته‌ بازرگان و هه‌ژارێك ده‌كاته‌ كۆيله‌، سياسيیه‌كى درۆزن دروست ده‌بێت و ميلله‌ته‌كه‌ى يان له‌ برسان ده‌مرێنێت، يانيش له‌ كۆكوژيیدا ده‌بێته‌ هه‌ڵگرى شوناسێكى مه‌ترسيدار.
نهێنيه‌كان ده‌پشكنم
تا له‌ نێوان هه‌قيقه‌ت و چاوانتدا
سنوورێك بۆ ئه‌م گومانه‌ بدۆزمه‌وه
تا ئاڵاكه‌م له‌سه‌ر كه‌لاوه‌كان هه‌ڵكه‌م
گه‌ردى سه‌ده‌كان له‌سه‌ر رۆح
شوێنه‌وارى داگيركه‌ران له‌سه‌ر كانى و
زه‌رده‌خه‌نه‌و
باران و گيا
له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ى ژووره‌كه‌م بسرمه‌وه‌.
نهێنيه‌كان ده‌پشكنم
تا داستانى ئه‌م داستانه‌
يان تاوانى ئه‌م تاوانه‌
بۆ نه‌وه‌كه‌م بنووسمه‌وه‌. …..ل 572‌
هه‌ڵبه‌ته‌ شاعير، له‌ گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو نائومێدى و دڵه‌ زامداره‌ى، هێشتان ده‌يه‌وێت ئه‌م ته‌لبه‌ندانه‌ ببڕێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و سنووره‌ى ژيان، كه‌ بۆنى سێوێكى نووستووى لێدێت. له‌م ده‌قه‌دا په‌يامى هه‌و‌اڵێكى ناسۆرى هه‌ڵگرتووه‌ و بۆ هه‌موو نه‌وه‌ و ڕۆڵه‌كانى، وه‌ك نه‌ريتێكى گوناھ و ياسايه‌كى چڵێس ده‌گێڕێته‌وه‌، پێمان ده‌ڵێت: مێژوويه‌ك پڕيه‌تى له‌ كوشتنى په‌پووله ‌و كوژاندنه‌وه‌ى ڕووناكى، پڕه‌ له‌ سه‌رڕێژكردنى تاوان، ديمه‌نه‌كانى ئه‌م مێژووه‌، هه‌ڵواسينى جه‌سته‌ى ژنه‌ له‌ تاريكى و سووتاندنى بێشكه‌يه‌ له‌ بۆنى سێودا.
ئه‌م ده‌قه‌ ده‌رگه‌ى چوونه‌ ژووره‌وه‌ى تاك و نه‌وه‌كانى داهاتووى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردييه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م مێژووه‌ له‌ شكلى گونيه‌يه‌ك دابكوترێت و هه‌موو سيماكان له‌ ديتى خۆيان هه‌ڵاوێر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن داهاتوو له‌ بيركردنه‌وه‌ و چه‌مكى مرۆڤانه‌ى خۆيان بڕيار بده‌ن، شاعير پێی وايه‌ حه‌قيقه‌ت زۆر جار قه‌له‌واژوو ده‌بێته‌وه‌ له‌ چنگ ئه‌و فشاره‌ ڕێجيمكراوانه‌دا، كه‌ ده‌بێت تاك له‌ چوارچێوه‌ی ده‌رنه‌چێت، ئه‌وه‌ش به‌لاى هه‌موومانه‌وه‌ كۆمه‌ككردنه‌ به‌ كوشتن و كوژاندنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌ى بۆ ئازادی بڕيار، له‌ دايك ده‌بن. شێل شيستف فه‌يله‌سووفى رووسى ده‌ڵێت: (ماسى له‌ قوڵاييدا ده‌گه‌ڕێت، مرۆڤ له‌ كوێ ژيان باشتر و خۆشتر بێت، به‌ڵام هه‌ندێك جار مرۆڤ ده‌گه‌ڕێت له‌ كوێ قوڵتره‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ڕوونى ده‌بينێت له‌وێ نه‌ك باشتر نييه‌ به‌ڵكو ئێجگار خراپه‌)5 مرۆڤبوون له‌ سروشتى عاتيفه‌دا ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى ژينگه‌يه‌كى ساخڵه‌م و تۆتاليتارييه‌كى به‌رده‌وام، له‌م دۆخه‌دا به‌ره‌نگاریى ناماقولييه‌ و فيكر تێيدا پووك بووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌ سياقى بڕيار و جه‌برييه‌تى ده‌سه‌ڵاتدا بۆ ئومێد و نائومێدیى، بۆ مانه‌وه‌ و ته‌قينه‌وه،‌ هێز لاسه‌نگ ده‌بێت، چونكه‌ خه‌سڵه‌تى مرۆڤ سه‌ربه‌ستيیه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وى بوون، وه‌ك شۆڕشگێڕێك له‌ ده‌روونيدا ڕێجيمى له‌ بازنه‌يه‌كى داخراودا قه‌بووڵ نيیه‌.

لاڵانه‌وه‌ى مرۆڤێك له‌ دڵنه‌واييدا:
شاعير له‌ كۆستى شارێك و مه‌خلوقه‌كانى شار، تارى تاڵ له‌ ناو وشه‌كانيدا ده‌ژه‌نێت، هاوپێوان ده‌كات‌ له‌ شينى ئاوابوونى تيشك له‌ كه‌لى بڵندى شنروێ و گوومبوونى ئاسۆى يار و ياوه‌رانى. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م ده‌قه‌ جگه‌ له‌وه‌ى په‌يامێكى گه‌ياندن و ئاگادارييه‌ بۆ نه‌وه‌كانى داهاتوومان، بۆ تۆمارى مێژوویه‌كى پڕ له‌ تاوان، نووسينه‌وه‌ى جه‌سته‌يه‌كى بريندار و خه‌مدار، ئه‌وا ده‌قێكه‌ پڕيه‌تى له‌ ئێستاتيكا، نووسينه‌وه‌ى هاوشێوه‌ى په‌پووله ‌و به‌رائه‌ته‌كه‌ى. چه‌ند جوانه‌ گوڵ نه‌ژاكێت، چه‌ند گه‌وره‌يه‌ خۆڵ به‌ خه‌رده‌ل نه‌شێلدرێت، چه‌ند ئازيزه‌ زارۆى چاوگه‌ش بخه‌وێت و بۆنى سێو نه‌يكوژێت. شاعير له‌ ئاكامى ڕوودانى ئه‌م هه‌موو تاوانانه‌دا مێژوویه‌ك له‌ ده‌قدا ده‌خاته‌ بازنه‌ى تاوان و لێپرسينه‌وه‌.
بنوو كۆرپه‌ شيرينه‌كه‌م!
چيتر ده‌نگى ده‌ستڕێژ و فڕۆكه‌ نايه‌ت
بنوو رۆحه‌ شه‌كه‌ته‌كه‌م!
بۆنى گاز و خوێن و جانه‌وه‌ران نايه‌ت. ….. ل 574
شاعير له‌ كه‌رنه‌ڤاڵى مه‌رگدا به‌ گيان و جه‌سته‌يه‌كى ماندوو، تێلاى نائومێدى ده‌گرێته‌ ئه‌و ئارامگه‌يانه‌ى كۆرپه‌كانى كورد له‌ هه‌ڵه‌جه‌ بۆ ئه‌به‌د خه‌وتن و بينايیيان له‌ ديدار كه‌وتوون. ئه‌وه‌ ئه‌و جواننووسين و لاڵانه‌وه‌ عيرفانى و ئينسانيانه‌يه‌ شاعير له‌ ته‌ناسوخكردنى كرده‌يى هه‌موو مرۆڤێكى ڕووحیى و به‌ ويژداندا ده‌يچێنێت و له‌ گۆشه‌ى ده‌قێكى پڕ تاسه‌دا شيوه‌نمان له‌گه‌ڵ ده‌گێڕێت.
ئيتر ئه‌و هێڵه‌ ته‌ريبانه‌ ڕاست نابنه‌وه‌. ئارامگه‌كان پڕن له‌و گوناهانه‌ى بۆنى به‌هه‌شتيان لێدێت. دواجار جه‌لاد پێويستى به‌ كوشتن و ته‌قاندنى فيشه‌كى شێت نه‌ما. بۆنى گاز، خوێن و جانه‌وه‌ريش كارى خۆيان كرد. مێژووش له‌ ئامێزى شه‌رمنترين سه‌كۆدا چاوى خستووه‌ته‌ سه‌ر ليباسى يوسفه‌وه‌. دواى هه‌ر مردنێك توخمى كوشتن ئاشنايه‌تيمان ناكات.

به‌رئه‌نجامى ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌ ده‌ركه‌وتنى ترادسيۆنى كوشتنه‌ له‌ شكلى مرۆڤێكى جه‌لاد، ياخود شاعير له‌ گومانه‌وه‌ كه‌رنه‌ڤاڵى ئه‌وه‌ى بۆ كێشاوين، كه‌ ئيديۆلۆژيا له‌ هه‌ر جه‌مسه‌ر، پێگه‌يه‌ك و ئاستێكدا بێت، تێنووه‌ به‌ كوشتنى مرۆڤ، كاتێك مرۆڤ نه‌بێت به‌ كۆيله‌ و عابيد. له‌ شاعير وايه‌ هه‌ر جۆره‌ كوشتنێك و كۆكوژيیه‌ك، ئاماژه‌يه‌ به‌ مه‌وجووديه‌تى به‌رانبه‌ر، جا به‌رانبه‌ر له‌ هێزدا بێت، يان له‌ بێهێزدا بێت. شاعير له‌ ده‌ركه‌وته‌ى ناهاوسه‌نگى ژيان، گه‌شه‌ى زوڵم و تاواندا له‌ بازنه‌ى باو ده‌رده‌چێت و هه‌موو بير و باوه‌ڕێك به‌ هيچ ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر له‌ خزمه‌تى ته‌واوى مرۆڤدا نه‌بێت به‌ هاوسه‌نگى ياسايى، كۆمه‌ڵايه‌تیی و سروشتیی.

*ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ ژماره‌ 2ی هاوینی 2017ی گۆڤاری (كه‌لێن) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان:
1- ميراوده‌لى، عومه‌ر، زمانى ده‌ق، هه‌ولێر: وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، 2008، ل. 33.
2- عه‌بدوڵڵا، عه‌بدولموته‌ليب، زمان، بوون، شيعر، هه‌ولێر: چاپخانه‌ی موكریانی، 2010، ل. 55.
3- ماغوت، محه‌مه‌د، من ترس ڕۆحى سميوم، و: شوان ئه‌حمه‌د، چ2، سلێیمانی: ئه‌ندێشه،‌ 2016، ل. 59.
4- عه‌لى، به‌ختيار، له‌وديو كورسيه‌كانه‌وه‌ چى ده‌بينيت، ڕوانينيك له‌ ماناكانى كورسى، گۆڤارى هه‌نار، ژ (29)، سلێمانى، 2008، ل. 19.
5- عه‌لى، ئومێد حه‌مه،‌ مرۆڤ له‌ نێوان هيچ و ناكۆتادا حه‌قيقه‌تى بوونى مرۆيى له‌ ئاسۆى فه‌لسه‌فه‌ى بلێز پاسكاڵ دا، گۆڤارى هه‌نار، 2012، ژ (79)، ل. 60.
6- سابير، ره‌فيق (ديوان)، چ1، سلێمانی: ناوه‌ندى غه‌زه‌لنووس، 2014.

*عه‌لی مسته‌فا:

له‌ ساڵی (1979) له‌ گوندی ئالماوانی سەروو له‌دایكبووه‌. دەرچووی کۆلێژی زمان- بەشی زمانی کوردیی زانستگه‌ی سه‌ڵاحەدینه‌.
ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانه‌. فەرمانبەره‌ لە کۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە.
توێژینەوەو وتاری ئەدەبیی، پەروەردەیی، ژینگەیی، فیکریی و سیاسیی لە زۆر بڵاوکراوەکانی کوردستان بڵاوکردووه‌تەوە. چەند پڕۆژەیەکی نووسینی لێکۆڵینەوە و شیکاری ئەدەبیی له‌ژێر ده‌ستدایه‌.

عه‌لى مسته‌فا*
كۆلێژى په‌روه‌رده‌- شه‌قڵاوه/‌ 2017




خه‌ياڵ و ياده‌وه‌ریى، شكۆى ئامانجێك* …. عه‌لى مسته‌فا

خوێندنه‌وه‌يه‌كه‌ بۆ كۆشیعری “چيايه‌كانى من”ی هه‌ندرێن

عه‌لى مسته‌فا
كۆلێژى په‌روه‌رده‌- شه‌قڵاوه‌ 2017

————————————————————-

له‌ ناو ڕه‌گى ئه‌و: زمانه‌دا، كه‌ له‌ ناو ئه‌و هه‌بوونه‌دا جماوه‌، هه‌ست ده‌كه‌م به‌ هاومرۆڤه‌كانه‌وه‌ نامۆم. ئه‌وه‌ى گه‌ره‌كمه‌ چۆن به‌ گۆى بێنم، گوتنگه‌لێك هه‌ن كه‌ ده‌بێ به‌ گۆيان بێنم.

چيايه‌كانى من

(چيايه‌كانى من)، كۆشكێكى هه‌ڵچنراو له‌ قه‌باره‌يه‌كى سه‌رنججواندا، جيهانێكى تايبه‌ته‌ له‌ نووسينه‌وه‌ى مێتافیزیك، باگراوه‌نده‌ فه‌رهه‌نگیى، بۆچوونه‌ كاريگه‌ر و ئيماكردنى ئاوازه‌ نه‌ژه‌نراو و به‌جێماوه‌كانى ڕه‌نگ، له‌ قه‌دى بناره‌وه‌. گه‌ره‌كمه‌ به بنارى ڕابردوويه‌ك هه‌ڵبزنێم، تا له‌ دوا كه‌نارى ئيماندا بۆ ئارامیى، حيكايه‌تى باپيره‌ بگێڕينه‌وه‌. هه‌وڵدان به‌ گه‌يشتنى مه‌به‌ست بۆ لووتكه‌ى چيايه‌كانى من، ئومێده‌ به‌ گه‌يشتنى ياده‌وه‌ریى و خه‌ياڵه‌ به‌نجبووه‌كانى بڕوا. ئه‌م كۆ شيعره‌ى هه‌ندرێن؛ چڕينى سترانى به‌هايه‌ بۆ گه‌يشتن، بۆ له‌نگه‌ر گرتنى كه‌شتى سه‌ركه‌وتن، بۆ سه‌وز بوونى هه‌موو ئه‌و جێپێیانه‌ى له‌ باوه‌ڕى ڕابردوودا به‌جێمان. چيایه‌كانى من گه‌شتى حه‌قيقه‌تێكه‌ له‌ ڕه‌نگى ئه‌فسانه‌دا بۆ ئه‌و تۆمارانه‌ى، كه‌ ئێستا نانووسرێنه‌وه‌. تۆمارى ده‌نگى بناره بۆ ئێستا. نووسينه‌وه‌ى خه‌ياڵى بارانه‌ بۆ داپۆشنى ماچى ژوان. گێڕانه‌وه‌ى بانگێكه‌ به‌ده‌م شنه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌كان‌‌. لێدانه‌وه‌ى هاوارێكه‌ له‌ زريكه‌، ناڵه‌ى منداڵ و ژنانى نيشتمان.
چيا‌كانى من له‌ نووسينى هه‌ندرێندا، نووسينه‌وه‌ى هه‌ندرێنه‌ له‌ ئاوێنه‌ى ئازار و مه‌شهه‌ده‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كان له‌ بنار هێڵان. كه‌رنه‌ڤاڵى هه‌ندرێنه‌ مێژووێك ده‌بێته‌ لاوك و به‌يتێكى له‌ شێوه‌ لامپادا. چياكان شانازييه‌كانن، له‌ ناو ماڵى ديلانێى (چيا‌یه‌كانى من) دا.
محه‌مه‌د ماغوت، شاعيرى ناسراوى جيهانى عه‌ره‌بیى ده‌ڵێت: گه‌ر قه‌سيده‌ يان ئه‌زموونى شيعرییمان به‌ ماڵێك دانا، ئه‌وا من له‌ ده‌رگه‌ى ناده‌م، به‌ڵكو ئه‌و له‌ ده‌رگه‌م ده‌دات. هه‌روه‌ها‌ ده‌ڵێت: دنيايه‌كى ديسپلينكراوم بۆ شيعر نووسين نييه‌. شيعر نووسين ئاژاوه‌ و بێسه‌رووبه‌رييه‌كه‌ به‌ جه‌نگى ئه‌سپه‌كان ده‌چێت له‌ ته‌پوتۆزدا.1
هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ندرێن،- شاعيرێك بريتی نيیه‌ ته‌نیا له‌ هه‌ست گه‌مارۆدان، به‌ڵكو هه‌موو واقيع له‌ نووچه‌ى مه‌راقيدا ده‌بنه‌وه‌ به‌ شايى و له‌ ده‌روازه‌ى خه‌ياڵدا له‌ ده‌رگه‌ى نووسينه‌وه‌ به‌ تۆهمه‌ى شيعر له‌ هه‌ندرێن ده‌چنه‌ ژوور. كه‌واته‌ شيعر هه‌ستكردن نييه‌ به‌ برسيیه‌تى و له‌ به‌يانيه‌وه‌ تا ئێواره‌ به‌دواى ناندا ڕابكه‌ى، به‌ڵكو شيعر ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌زموونه‌ له‌ پێناو ده‌سكه‌وتى گه‌وره‌دا، ياخود لێدانه‌وه‌ى بيره‌وه‌ريیه‌ له‌ سه‌رده‌مێك بۆ جوانیى، سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتنى مه‌به‌ست، هه‌وڵت بۆ داوه‌. نووچه‌يه‌ك ده‌بێته‌ ده‌نگۆى به‌رز و ئه‌م ده‌نگۆيه‌ش زۆر جاران ده‌بێته‌ هه‌ڵوێست. لاى شاعير هه‌ست كانگه‌يه‌ بۆ گه‌مارۆدان و ئاوێته‌ بوونه‌وه‌، دواجار شيعر دێت و به‌ شاعير ده‌ڵێ؛ منم واقيع، سڵاو. ماغوت ده‌ڵيت: له‌ ئاكامى لێشاو و ئاپۆراى شيعر، هێدى هێدى شه‌ڕه‌كه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ميشه‌يش ڕاستگۆيى ده‌بێته‌ ده‌ستپێك و كۆتايى شيعره‌كانم. ماغوت ده‌ڵێ: من ئه‌گه‌ر به‌ خه‌ستى بريندار نه‌بم نانووسم.2
له‌ خوێندنه‌وه‌ى (چيايه‌كانى من)ى هه‌ندرێندا، سه‌ره‌تايه‌ك ده‌ستپێده‌كات هه‌ست ده‌كه‌ى بيره‌وه‌رييه‌ك ده‌نووسێته‌وه‌ له‌ ئاوى حه‌يات ڕوونتر و له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نووچه ‌و ڕه‌نگه‌كانى ئێستا به‌رزتر، كۆتايى ده‌قه‌كانيش نووسينه‌وه‌ى ئه‌و ئازارانه‌ن خه‌ريكه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بنه‌ په‌تايه‌ك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیى. ڕه‌نجى تێكۆشان، به‌رده‌وامى و نه‌سڵه‌مينه‌وه‌، ده‌بن به‌ مۆته‌كه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى شاعيرى ناچار ئه‌و نووسينه‌وانه‌ كردووه،‌ ياخود ئه‌و ئازاره‌ پڕ له‌ ئێشه‌يه،‌ كه‌ كاريگه‌رى خستووه‌ته‌ سه‌ر گيان، هه‌ست و بيركردنه‌وه‌كانى شاعير و بوونه‌ته‌ فشارى ده‌روونیى و دواجار شيعر دێت و له‌ ده‌رگه‌ى شاعيردا، ده‌ڵێت: سڵاو.
هه‌ندرێن مه‌نيفێستێكى ياده‌وه‌رييه‌ له‌ ماڵى (چيايه‌كانى من)دا، بۆيه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ت بۆ ده‌قه‌كان، ده‌بينيت خه‌ياڵ ژه‌نيارێكه‌ زمانى شيعر له‌ وێنه‌ى پڕ له‌ ڕه‌نگدا عه‌زف ده‌كات. بۆيه‌ مه‌داى خه‌ياڵ له‌م ديوانه‌ شيعره‌دا فانۆسێكه‌ به‌ده‌ست هه‌ندرێنه‌وه‌، كاتێك به‌دواى وێستگه‌كانى ژيان، كولتوور، جوانیى و گوناهه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت. هه‌ندرێن ئێژێت.
ئه‌وه‌تا گوڵئه‌ستێره‌ى نيگاكانت به‌ناو ته‌نيايى منه‌وه‌ با‌ڵه‌ فڕێ ده‌كه‌ن و خاو ده‌بنه‌وه‌. منيش به‌ ده‌م باڵه‌فڕێ و خاوبوونه‌وه‌كانته‌وه‌ ياده‌وه‌رييم فه‌رامۆشى ده‌تنێته‌وه‌. له‌ خودى خۆم ڕاده‌مێنم و له‌ ڕۆچوونتدا خۆم ده‌دۆزمه‌وه‌. كاتێك وشه‌كان چاوتروكانه‌كانمان ده‌نووسنه‌وه‌، لاپه‌ڕه‌كان ده‌بن به‌ خۆڵه‌مێشى گوڵئه‌ستێره‌ى نيگاكانت. من ده‌تنووسمه‌وه‌ تا له‌ يادت بكه‌م. ده‌شزانم تۆ له‌ ياد بكه‌م، له‌ چاوتروكانه‌كانت ڕزگارم نابێ. من له‌ ژانه‌وه‌ هاتووم و حه‌زم له‌ شه‌وقى شاديیه‌.‌ (چیایه‌كانی من، ل 10)

شاعير، خانه‌خوێى ئازاره‌، بۆيه‌ ئومێد به‌ خۆشى و سره‌وتن ده‌خوازێت. بيره‌وه‌رى ته‌مه‌نێك له‌ كاروانى ژيان و هه‌نگاونان بۆ گه‌يشتن به‌ لووتكه‌ى نيگاكانى خۆشیى، له‌ شعووردا، ده‌بن به‌ باگراوه‌ندى ئه‌زموون و ڕێك ته‌مه‌ن ده‌بێته‌ كێڵگه‌ى نووسينه‌وه‌ى هه‌موو ديمه‌ن و هه‌وڵه‌كان له‌ مێژوودا. ئه‌م ده‌قه‌ ئۆپێرايه‌ له‌ كوژاندنه‌وه‌ى فه‌رهه‌نگ و ڕه‌شبردنه‌وه‌ى ئازايه‌تیى مرۆڤ. نووسينه‌وه‌ى له‌ به‌هاخستنى جوانيیه‌، بۆ ژيان له‌ باوه‌شى جوانتريندا. بيره‌وه‌رى گه‌شتێكه‌ مرۆڤ تووشى سه‌ر ئێشه‌ ده‌كات. زۆر جارى واش هه‌يه،‌ تا گه‌وره‌تر بين، ڕاچڵه‌كين بۆ ديمه‌ن يان ڕووداو له‌ ڕابردوودا ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ژيان و پێمانه‌وه‌ هه‌ڵده‌چێت. ماغوت ده‌ڵێت: له‌م ناكۆكى و ناڕێكييه‌ چينايه‌تيیه‌وه‌، فێرى نه‌فسبه‌رزیى و ياخيبوون بووم. بيرمه‌ جارێكيان له‌ كاتى ناشتنى مردوويه‌كدا، به‌گزاده‌يه‌ك به‌ ئه‌سپێكه‌وه‌ هات تا گه‌نم بۆ هه‌ژاره‌كان هه‌ڵبڕێژێت، منيش به‌ردێكم تێگرت، هه‌تا ئێستاش جێگه‌ى قامچيه‌كه‌ى به‌ گيانمه‌وه‌ دياره‌.3
هه‌ڵبه‌ته‌ ياده‌وه‌ریى، به‌شێكى نه‌مره‌، به‌ به‌ژنى ژيانى به‌رده‌وامى مرۆڤ، هه‌ڵده‌چێت، جارى واش هه‌يه‌ دواى مردنيش جۆرێك له‌ ياده‌وه‌رييه‌كان هه‌ميشه‌ زيندوون. به‌ڵام شاعير ده‌يه‌وێت حه‌قيقه‌تێك، كه‌ له‌ ناو بازنه‌يه‌كى قۆرخكراودا نامۆ كراوه‌، دووباره‌ له‌ ڕێگه‌ى گێڕانه‌وه‌ى مێژووێك له ‌ئه‌ركى زمانێكى ده‌روونیی بكاته‌ شۆڕه‌سوارێك و په‌يامه‌كه‌ بگه‌يه‌نێته‌ ناوه‌ندى ئاگاداریى و بيستنه‌وه‌. گه‌ره‌كيه‌تى له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵه‌وه‌ حه‌قيقه‌تێكى فراوه‌ژوو ڕاست بكاته‌وه‌. كه‌واته‌ مێژوو ترسێكه‌ تاهه‌تايه‌ له‌ بير ناكرێت، ناكرێت مێژوو، وه‌ك خۆى قسه‌ نه‌كات.

من تۆ بۆ ناخى مه‌رگ ئاوه‌ڵا ده‌كه‌مه‌وه‌. كه‌واته‌ من هێشتا له‌ ژياندام. له‌ ناو ناخى هه‌ستدا گيرۆده‌م. له‌ ناومدا بوون ده‌له‌رێته‌وه‌. (چیایه‌كانی من، ل 45)

مانا فه‌زيله‌تێكى گه‌رمه‌ له‌ جه‌سته‌ى ته‌ڕى شيعردا، شيعر كچ ئاسا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ماى سێكسبازيیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى مه‌به‌ست به‌ده‌سته‌وه‌ بدات. شاعير له‌ ته‌نگترين دووڕيانى هه‌ڵپه‌ساردنى مانادا، به‌دواى جوانترين و حه‌قيقه‌ترينياندا ده‌گه‌ڕێت. عه‌بدولموته‌ڵيب عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: له‌ گه‌مه‌كانى مانا و گومانه‌وه‌ فه‌زايه‌كى شيعریى ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئاڕاسته‌ى ئه‌زموونه‌كانى به‌ره‌و (هه‌ڵوه‌شانه‌وه ‌و وێناكردنى جياواز) ده‌بات، ئه‌وه‌ش يه‌كێكه‌ له‌و ديالۆگه‌ شيعرييانه‌ى، كه‌ چه‌مكى ڕه‌شبردنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى ڕه‌گه‌زه‌ هاوبه‌شه‌كانيه‌وه‌ پێيهه‌ڵده‌به‌ستێت.4
‌هه‌ندرێن گۆشه‌يه‌كى تايبه‌تى له‌ بنيادى نووسين به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، كه‌ هه‌ميشه‌ زمانى تايبه‌ت له‌ بنيادى تايبه‌تدا ڕه‌نگ و هونه‌رى باشتر و چێژى تايبه‌تمان پێده‌به‌خشێت. ئه‌م جۆره‌ نووسينه‌ى شاعير، زمانى كه‌سايه‌تیيه‌كى ديار و موڵكدارييه‌ له‌ هه‌ڵكشانى خاوه‌نداريه‌تيدا. شاعير، وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ زمانى ياده‌وه‌ریى ده‌دوێت، به‌ڵام به‌ خه‌ياڵێك كوچه‌كانى مه‌به‌ستى ڕازاندووه‌ته‌وه‌، ده‌يه‌وێت زۆر جه‌سوورانه‌ و واقيعيانه‌ پێوه‌ستمان بكات به‌ بابه‌تێكه‌وه‌، كه‌ له‌ ڕابردووه،‌ به‌ڵام له‌ هه‌ناوى ئێستا پێويستیيه‌كى فه‌رامۆشكراوه‌.
شاعير له‌ تێكسته‌كاندا له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ دايه،‌ شكۆمه‌ندیى و ڕه‌شبينیى له‌ ناو يه‌ك بازنه‌ى به‌رپرسياريه‌تى (ڕابردوو و ئێستا) كۆ بكاته‌وه‌. پێى وايه‌ بوون له‌ هه‌ر شتێك، مادام به‌ڵگه‌ن له‌ ئيراده‌ و بوونى هه‌ر دۆخ و واقيعێك، ئه‌وا گه‌ره‌كيه‌تى (شكۆمه‌ندیى)، كه‌ به‌شى ڕاسته‌قينه‌ى ڕابردووه‌، جا له‌هه‌ر هه‌وڵ، تێكۆشان و بۆچوونێكدابێت، له‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو ئه‌و نا شه‌رعیيانه‌ى به‌رانبه‌ر به‌ دۆزى شكۆمه‌ندیى ده‌كرێن له‌ ئێستايه‌ك، كه‌ بريتيیه‌ له‌ له‌دايكبوونى ده‌قه‌ شيعريیه‌كان به‌ دواوه‌، زيندوو بكاته‌وه‌ و ڕه‌نگى جوان و ته‌كانى هيوا بداته‌وه‌ به‌ر هه‌موو ديمه‌نه‌كان. له‌م ده‌قه‌ى سه‌ره‌وه‌يدا جه‌نگێكى هه‌ڵايساوه‌ شاعير له‌ خۆيدا ده‌دوێت. له‌خۆيدا جه‌نگ خه‌ڵق ده‌كات. شاعير به‌ ڕاناوى (تۆ) كه‌سى يه‌كه‌مى تاك، ڕابردوويه‌ك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌. كه‌واته‌ تا گه‌يشتن به‌ لووتكه‌ى ماف، ڕاستى و هه‌موو پيرۆزيه‌كان، جه‌نگ به‌رده‌وامه‌. شاعير له‌ ناخى خۆيدا به‌ ڕووى په‌يامێكدا وه‌رمان ده‌چه‌رخێنێ. ئيتر ئه‌وه‌ شاعيره‌، وه‌ك ئه‌لته‌رناتيڤێك خستووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگه‌ى بڕيار و گه‌يشتن به‌وه‌ى (ڕه‌ش) بسووتێنين، بۆ ئه‌وه‌ى بڕيار بده‌ين چيتر نه‌مرين. پێى وايه‌ مادام بوونمان هه‌يه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت له‌ پێناو شكۆمه‌نديیدا به‌ شكۆمه‌ندیى نه‌مر بين. شاعير ده‌ڵێت:

ئێستا هه‌رچيم به‌ ياد بێته‌وه‌، ده‌ينووسمه‌وه‌. هه‌ستده‌كه‌م به‌ تشتێكى نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌رگيرم. لێ تا ئه‌و كاته‌ى خۆم له‌ ده‌ست نه‌داوه‌، هه‌ست به‌ ته‌نيايى ناكه‌م. ده‌مێكى تر هه‌موو چاوتروكانه‌كانى ئه‌م ئێستايه‌ ده‌چنمه‌وه،‌ كه‌ خه‌ريكه‌ له‌ ده‌ست ده‌چن. ئه‌گه‌ر ده‌مزانى قه‌ده‌رى من ئه‌وهايه‌، قه‌ت له‌ دايك نه‌ده‌بووم. لێ نه‌ده‌بوو له‌ دايك نه‌بم. گومان له‌گه‌ڵ ئاوه‌زدا، دووانه‌ى يه‌كترن. گومانێك قووت ده‌ده‌م كه‌ گومان نييه‌. تۆ كه‌ هێشتا ته‌نياى، تێمده‌گه‌يت. من ماندووم. كه‌مێكى تر ده‌بێ ده‌ست له‌م جه‌نگه‌ هه‌ڵبگرم. (چیایه‌كانی من، ل 62)
شاعير له‌ ناخيه‌وه‌ به‌ دواى ئه‌و چرايه‌ ده‌گه‌ڕێت، كه‌ بۆ نووسينه‌وه‌ى بيره‌وه‌ریى و مێژوو گه‌ره‌كه‌ به‌ ده‌ستى بێنێت. خه‌ياڵ سه‌رچۆپیكێشێكى تۆلازه‌ له‌ ناو هه‌ست و سياقى نووسين و بنيادى ده‌قى شيعريیدا. شاعير له‌ ڕێگه‌ى خه‌ياڵه‌وه‌ توانيويه‌تى بگاته‌ جوانترين مه‌به‌ستى شيعریى و هه‌ستيارترين بابه‌ت، كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى خه‌ياڵيانه‌ ده‌يانگێوێت. له‌ دانانى مه‌نيفێست بۆ واقيعى ئه‌و ژينگه‌يه‌ى، كه‌ له‌ ياده‌وه‌ریى به‌ جێماون، بارێكه‌ به‌سه‌ر ئه‌مانه‌ته‌وه‌، ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت مێژووى ئه‌م ئارامگه‌يه له‌ شكۆى مردوودا ده‌رنه‌چێت بۆ نووسينه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش ده‌بێت حه‌قيقه‌ت به‌يان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان ده‌روون ئاسووده‌ بين.
عه‌بدولموته‌ڵيب عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى به‌ مه‌عريفه‌ نامۆكانيان گه‌ياندين، هه‌ر ته‌نیا خه‌ونى بێداریى نه‌بوو، وێنه‌ غه‌ريبه‌كان، وه‌ك چۆن هه‌ڵگرى فه‌نتازيا بوون، حه‌قيقه‌تيشيان پێده‌به‌خشين، له‌و خه‌ونه‌دا ڕووحه‌كانمان به‌ هه‌موو سه‌فايه‌كه‌وه‌ واقيعى خه‌ونيان ده‌گۆڕى به‌ واقيعى مرۆيى.‌5
كه‌واته‌ فه‌نتازيا، ياخود خه‌ياڵ به‌ ته‌نیا ئه‌رك نيیه‌ بۆ چوونه‌وه‌ ناو ونبوون و نه‌گيرسانه‌وه‌ له‌ بێدادیى، به‌ڵكو فه‌نتازيا بوونێكى گرینگه‌ له‌ بنیادى جوانكردنى حه‌قيقه‌ت و گه‌يشتن به‌ حه‌قيقه‌ت. حه‌قيقه‌ت ياخود هه‌ر جه‌برێك مه‌نتيق بابه‌تێكى ڕووته‌ و برينگ ده‌چێته‌وه‌ له‌ خاكى ساراى تێڕامانى مرۆڤه‌كاندا. بۆيه‌ ناگه‌ين به‌هيچ حه‌قيقه‌تێك و ئامانجێكى مه‌عريفیى و ڕۆشنبيریى، تا ڕه‌ش نه‌بينين، ئێمه‌ له‌ ڕه‌شچوونه‌وه‌ى نيشتمانى شته‌كاندا، ده‌توانين بگه‌ڕێين، تا ئه‌وكاته‌ى له‌ شوێنى هه‌ڵوێستدا له‌نگه‌ر ده‌گرين، ئه‌و كاته‌ ته‌تره‌ به ڕه‌نگ و به‌ زه‌نگ ده‌كه‌ين. ئه‌وه‌ نیيه‌ گه‌زنگ له‌ باوه‌شى ڕه‌شترين تاريكيیدا ته‌تره‌ ده‌بێت، ئيتر هه‌ر وايه‌، ديمه‌نه‌كان به‌رده‌وام دووباره‌ و چه‌ندباره‌ ده‌بنه‌وه‌، بۆيه‌ به‌رده‌وام فه‌نتازيا ئه‌ركى قورستر ده‌بينێت، بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ له‌ گۆشه‌ى وه‌ستاویى ڕووت نه‌مێنێته‌وه ‌و هه‌ميشه‌ له‌ ڕێگه‌ى خه‌ياڵه‌وه،‌ ده‌رك به‌ تاريكیى، ماندووبوون، جوانیى و ڕووناكیى بكات، چ وه‌ك ديارده‌يه‌كى سروشتى له‌ ژيانى مرۆڤ به‌رده‌وامى ده‌بێت، چ وه‌ك ڕه‌مز شكانه‌وه و ناونانى بۆ شته‌كان له‌ ژيانى مرۆڤدا ئه‌رك ده‌بينێت. شاعير به‌ده‌م هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ى ده‌يبينێت، ده‌يه‌وێت ئاوێنه‌يه‌ك بێت و داهاتوو له‌م ئاوێنه‌يه‌دا ڕابردوو ببينێت. شاعير ئه‌گه‌رچى له‌ شيعردا بڕگه‌ بڕگه‌ به‌ كۆڵانه‌كانى بيره‌وه‌ریيدا ده‌ڕوات و هه‌دادان و هه‌ناسه‌ لێنيشتوو، له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕه‌شبردنه‌وه‌كانيدا ده‌يه‌وێت بيره‌وه‌ریى بكات به‌ مه‌رگ و بيخاته‌ به‌رگى شه‌رملێنيشتووى ئێستامان. شاعير له‌م هه‌وڵه‌يدا ده‌يه‌وێت له‌ تاريكيیدا له‌ گوڵترين ڕێگه‌دا ده‌ستمان بگرێت، نه‌بادا بكه‌وين و فێى ناهاوسه‌نگى كۆمه‌ڵايه‌تیى و بينينمان بۆ هه‌موو شته‌كان بمانگرێت.
شاعير له‌م كۆشيعرانه‌يدا به‌ده‌م ململانێيه‌كى واقيعيانه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يه‌كى مه‌عريفيانه‌، بيره‌وه‌ریى ده‌كاته‌ ئامانج بۆ گه‌يشتن به‌ ئه‌وپه‌ڕى ڕاستى و ڕابردوويه‌كى شه‌كه‌ت بۆ مسۆگه‌ركردنى ئێستامان. واته‌ شاعير له‌ گێڕانه‌وه‌ى بيره‌وه‌ريیدا، ئێستامان له‌ به‌رده‌م چه‌قۆى ژه‌نگاویى ڕزگار ده‌كات. عه‌بدولموته‌ڵيب ده‌ڵێت: خه‌ونى بێداریى هه‌ڵگرى شته‌ غه‌ريبه‌كانه‌، له‌ ئه‌زموونى كابووسه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت، لێره‌ نزيكايه‌تييه‌ك له‌ نێوان ڕاو بێدارى و ڕووحى بيركه‌ره‌وه‌دا هه‌يه‌، زه‌مه‌ن له‌هه‌رسێكياندا به‌ هێمنى هه‌نگاو ده‌نێت، زه‌مه‌ن قووڵ ده‌بێته‌وه ‌و ياده‌وه‌رييه‌كان به‌ وێنه‌ ده‌گه‌يه‌نێت، به‌و مانايه‌ خه‌ونى بێداریى، به‌ جيهانى شيعردا ده‌ڕوات. خه‌ونى بێداریى خه‌ونى شاعيرانه‌يه‌ و تێكه‌ڵه‌ له‌ وێنه ‌و فيكر.6
ڕابردوو، په‌روه‌رده‌يه‌كه‌ بۆ ژيان و سه‌روه‌رى ده‌مێنێته‌وه. واته‌ لاى هه‌ندرێن، ڕابردوو وه‌ك بيره‌وه‌ریى چه‌ند گرینگه‌؛ داهاتووى مرۆڤه‌كان، كه‌ به‌رهه‌مى هه‌موو ئه‌و ئازار و مه‌ينه‌تيانه‌ن زياتر گرینگه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك له‌سه‌ر خۆشبه‌ختیى و په‌روه‌رده‌ى فيكر، خوويه‌كى ئازا و شكۆيه‌كى باڵا بكه‌وێته‌ ڕێگه‌ى بوون و مانه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ وێنه‌ى ده‌قه‌كان (شكۆ) وه‌ك پێوه‌رێك بۆ هه‌ميشه‌ مانه‌وه‌، ڕه‌نگى به‌خشيوه‌ته‌ شيعره‌كان و خه‌ياڵى شيعر بۆ ده‌رخستنى حه‌قيقه‌ت و دياريكردنى پێگه‌ى ڕه‌سه‌نايه‌تى له‌ دروستبوونى شكۆ له‌ ناو شيعردا، هه‌ميشه‌ بيره‌وه‌ریى ده‌چنێته‌وه‌. كه‌واته‌ مردنيش به‌ شكۆمه‌ندیيه‌وه‌ جوانه‌. گرینگه‌ مرۆڤه‌كان كارێك بكه‌ن دواى مردنيشيان هه‌ميشه‌ به‌ شكۆمه‌ندیى، بمێننه‌وه‌. كه‌واته‌ بيره‌وه‌ریى له‌لا هه‌ندرێن، ته‌نیا بريتى نيیه له‌ مێژووێك، به‌ڵكو گوناهێكه‌ بێداره‌ و ده‌بێت له‌ گۆشه‌ى بێباكيیه‌وه‌ هه‌نگاوى لێهه‌ڵبنێين بۆ ئه‌وه‌ى دواجار له‌خه‌ياڵدا ببنه‌ وێنه‌ى ئه‌و ڕاستيانه‌ى، كه‌ خه‌ريكن له‌ ژێر هه‌تره‌شى ترس، ياخود بێئاگاييدا سه‌ر ده‌بڕدرێن. هه‌ندرێن له‌ لاپه‌ڕه‌ (85)دا له‌ شيعرى (بۆنى دار گوێزيك له‌ هه‌ناسه‌مدايه‌) ده‌ڵێت:
له‌ بووڵێڵێكى راڕادا،
خه‌ون ده‌بينێ.
شوون پێى كێوه‌كانه‌:
ياده‌وه‌ريى تراويلكه‌يى تۆ.
ئێواره‌يه‌كى نيلۆفه‌رى و
ده‌رياچه‌يه‌كى وه‌نه‌وز گرتوو،
وه‌ك ئه‌و كۆتره‌ى
كه‌ كێوێك بێده‌نگ ئاشقت بوو،
وه‌ره‌ به‌فرى ئه‌و ئاسمانه‌ فه‌رامۆش نشينه‌
له‌سه‌ر لاجانگه‌كانمدا بسڕه‌وه‌:
ئه‌ى دڵه‌ مۆره‌كه‌ى ياده‌وه‌رى!‌‌

هه‌ندرێن كڕێوه‌ى ده‌مه‌و ئێوارانى دره‌نگى پايیزه‌، داده‌بارێته‌ سه‌ر جه‌سته‌ى چياى ئه‌زموون و كۆشكى بيره‌وه‌رييه‌كان. سه‌ماى گه‌ڵايه‌ له‌ نووسينه‌وه‌ى مێژووى دره‌نگى پایيز. تۆمارگه‌يه‌كه‌ ده‌يه‌وێت ته‌نانه‌ت هه‌وڵى چرپه‌ى هه‌ڵوه‌رينى گه‌ڵا و خڕه‌ى به‌ردى له‌بن پێدا ڕۆيشتووى به‌رده‌ڵان و تاوێره‌كانى چيا تۆمار بكات. شيعر نه‌شميلترين ماڵه،‌ كه‌ بيه‌وێت تێیدا خه‌ياڵ بكات و بتوانێت بيره‌وه‌ریى له‌ جه‌سته‌ى وێنه‌ى شيعرييدا گومان دابماڵێت و حه‌قيقه‌ت، وه‌ك خۆى ئاينده‌ ڕۆشن بكاته‌وه‌. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌ڵێت: شيعر پێويسته‌ هه‌ميشه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ته‌ماشا بكرێت و باس بكرێته‌وه‌، دوو ديوى به‌رجه‌سته‌ نه‌كراوى هه‌يه‌، ئه‌م شاعيره‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵمان دايه‌ و شاعيرێكى زيندوو و داهێنه‌ره‌، سبه‌ينێش نه‌مره ‌و له‌ گه‌ڵمان ده‌مێنێته‌وه.‌7 بيره‌وه‌ریى، به‌ر له‌وه‌ى ببێته‌ وشه‌، دواتر بڕگه ‌و ده‌ربڕين، جوانترين به‌يانى شيعره‌ له‌ هه‌ست و شعوورى مرۆڤه‌كاندا، به‌ڵام له‌ خوێندنه‌وه‌ و خه‌ياڵكردندا شاعيران ده‌ركى كاريگه‌ر و بينينى ناسكتريان هه‌يه‌ بۆ ئه‌داكردن و به‌ ئه‌ده‌بكردنى خه‌ياڵ و بيره‌وه‌رى ئه‌زموونیى و خولياييدا. كه‌واته‌ هێزى شيعر ،سه‌نگه‌ر و قه‌ڵاى مانه‌وه‌يه‌ بۆ نه‌مریى. بۆ ئه‌وه‌ى تاهه‌تايه،‌ وه‌ك نالى، حاجى و ئه‌نوه‌ر … تاد، بخوێندرێيه‌وه‌. شيعر ماڵباتێك نيیه‌ بۆ نيوه‌ڕۆخوانێك بۆ چه‌ند ساتيك جه‌م بين، به‌ڵكو شيعر نووسينه‌وه‌ى هه‌موو ته‌مه‌نه.
كه‌واته‌ نابێت شيعر بۆ مه‌به‌ست ئازار بدرێت و له‌ ڕێگه‌يه‌وه‌ هه‌موومان بمرين، نا!! ده‌بێ ڕۆژێك دابێت هه‌موومان له‌ ڕێگه‌ى شيعره‌وه‌ ئازاد بمرين. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى له‌ ئێمه‌ى نزيك ده‌كاته‌وه‌ خه‌ياڵى تايبه‌تى ده‌قه‌كانيه‌تى و داهێنانيش دواخستن قه‌بووڵ ناكات.8‌
بيره‌وه‌ریى، به‌شێكى گه‌وره‌ى بنیادی و مووچڕك دانى خه‌ياڵه‌ له‌ هه‌ستى شاعيران و ئه‌ديباندا. شاعيران، تا خه‌ياڵ نه‌كه‌ن نازانن بنووسن، چونكه‌ بنیادی زمانى ده‌قى كاريگه‌ر و سه‌ركه‌وتوو له‌ ژێر هه‌ژموونى خه‌ياڵه‌وه‌ ئافه‌ريده‌ ده‌بێت و سه‌رئه‌نجام وێنه‌ى ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌ جه‌سته‌ى شيعردا ده‌بنه‌ كۆلكه‌ زێڕينه‌يه‌كى بابه‌تیى و هه‌ستيار. هه‌ندرێن له‌ لاپه‌ڕه‌ (77) ى شيعرى (گازێك له‌ هه‌رێمى ڕووحه‌وه‌) ده‌ڵێت:
ئه‌ى من، دوا دۆستى رووح و
دوا نه‌يارى دۆڕانه‌كان،
نوتقى ئه‌و چۆله‌كانه‌ كۆ بكه‌وه‌
كه‌ حوزنى بێماڵيى بۆ نيوه‌ شه‌وێك ده‌چڕن.
ئه‌ى په‌رته‌وازه‌ بوو له‌ نێوان تاراوگه‌ و بێده‌نگى چيايه‌كان،
كه‌:
كه‌ خۆكوژييه‌كى لێوانڕێژ له‌ ڕامان
له‌ ناوتدايه.
بارانێكى شكۆدار،
گفتو گۆيه‌كى باڵدار
گازه‌ تريفه‌ييه‌كانى رووحت‌ ده‌نووسێته‌وه‌.
ئه‌و خه‌ياڵه‌ى له‌م شيعره‌ هه‌ست پێده‌كرێت، سه‌رچوونى ئه‌و غه‌ريبیى و دوورييه‌يه‌، شاعير له‌ نێوان دوو ژينگه‌، ژينگه‌يه‌ك پڕيه‌تى له‌ بيره‌وه‌ریى، پاشخانێكى شكۆدار و پر سه‌روه‌ریى، ژينگه‌يه‌كى تر مانه‌وه‌يه‌ له‌ نيشتمانێك تاهه‌تايه‌ هه‌ست به‌ غه‌ريبیى ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته‌ شاعير له‌ نێوان بيره‌وه‌ریى و تاراوگه‌دا، تاسه‌ى غوربه‌ت و ديدار هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام شاعير ده‌يه‌وێت له‌ كه‌رنه‌ڤاڵى خه‌ياڵدا به‌دواى نووسينه‌وه‌ى ژيان و ئه‌زموونه‌ زوڵملێكراوه‌كاندا وچان نه‌دات، تا ده‌گاته‌ سه‌رى كۆڵانى بيره‌وه‌رييه‌كان. له‌م ديتگه‌يه‌دا، هه‌موو ڕابردوو، كه‌ له‌م ديوانه‌ شيعرييه‌دا له‌ فواره‌ى بيره‌وه‌ریى بڵق ده‌كه‌ن، ده‌بێت دواجار له‌ شكلى سيستێم و حه‌قيقه‌تى خۆشگوزه‌رانیى خه‌ڵك و مێژووى گه‌لێك ببێته‌ ئاوێنه‌يه‌كى بچكۆڵه‌ له‌ گيرفانى هه‌مووماندا، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو جيهان به‌ ڕابردوو و داهاتووه‌وه‌ له‌م ئاوێنه‌يه‌دا ببينين.

له‌ پووخته‌ى ديوانه‌ شيعرى چيايه‌كانى من، هه‌نگاو هه‌ڵگرتنه‌ به‌ره‌و حه‌قيقه‌ت، گه‌ڕانه‌ به‌دواى ويژدان له‌ ئێستادا له‌ مه‌نيفێستى ڕابردوو (بيره‌وه‌ریى). چياكان هێمان بۆ پياوبوون و ڕه‌نگينكردنى نيشتمان له‌ ئاكامى ماندووبوون و تێكۆشاندا. ئه‌م ديوانه‌ دۆزينه‌وه‌ى بزنه‌ڕێى هه‌ڵزنانه‌ بۆ گه‌يشتن، نووسينه‌وه‌ى پياده‌ڕۆى سه‌ر پشتى گه‌ڵاى دره‌نگى پايیزانه‌ به‌ره‌و لووتكه‌، كووته‌ك شكاندنى به‌فرى له‌رزه‌ و ترسه‌ به‌ره‌و هيوا، هه‌ڵدڕينى سنگى شه‌وه‌ له‌ سمكۆڵكردنى تاريكیى. ئيتر پێمان ده‌ڵيت: مێژوومان پڕه‌ له‌ سه‌روه‌ریى و گه‌ره‌كمه‌ ئێستاتان به‌ جوانیى بۆ بنووسمه‌وه‌.

ژيان وه‌ك كه‌شتييه‌كى وێڵ، به‌ به‌رچاوى كه‌ناره‌ كه‌نفته‌كانه‌وه‌ ڕاده‌بوورێ.
ده‌نگێك له‌ گه‌رووى ياده‌وه‌رييه‌وه‌، وه‌ك لمێكى خوێناوى،
بانگت ده‌كا، ده‌تدوێنێ.
دره‌خته‌كان ده‌بنه‌ چيا و لێت ده‌ئاڵێن.
هه‌ندرێن، چيايه‌كانى من


په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:

*ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، له‌ ژماره‌ 3ی گۆڤاری كه‌لێن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

1. ماغوت، محه‌مه‌د، من ترس ڕۆحى سميوم، و: شوان ئه‌حمه‌د، چ2، سلێمانی: ئه‌ندێشه‌، 2016، ل 37.
2. ماغوت، محه‌مه‌د، من ترس ڕۆحى سميوم، و: شوان ئه‌حمه‌د، چ2، سلێمانی: ئه‌ندێشه‌، 2016، ل9-10.
3. ماغوت، محه‌مه‌د، من ترس ڕۆحى سميوم، و: شوان ئه‌حمه‌د، چ2، سلێمانی: ئه‌ندێشه‌، 2016، ل 37.
4. عەبدوڵڵا، عەبدولموتەلیب، زمان، بوون، شيعر، هه‌ولێر: موكريان، 2010، ل 88.
5. عەبدوڵڵا، عەبدولموتەلیب، شەڕی زمان، لە پێناو تەئویلكردنی دەقدا، سلێمانی: بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوە، 2010، ل 51.
6. عەبدوڵڵا، عەبدولموتەلیب، شەڕی زمان، لە پێناو تەئویلكردنی دەقدا، سلێمانی: بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوە، 2010، ل 52.
7. ره‌نجده‌ر، سه‌باح ، گۆڤارى هه‌نار، ژماره 83، ل 54.
8. ره‌نجده‌ر، سه‌باح ، گۆڤارى هه‌نار، ژماره 83، ل 54.
9. هەندرێن، چیایەكانی من، كۆ شیعر، چ1، سوێد، 2012.




تەمەن بەسەر باڵام چەمایەوە … عه‌لى مسته‌فا

حەزم لە نهێنیەکانی باران بوو
کاتێک بەسەر پشتی بێهودەیی
تۆنەکانی عەزف دەکرد
لە درزی نهێنیەکانی گەڵای پایزدا
دەمڕوانیە باو
چاوشارکێم بوو
لەگەڵ ڕەشبەڵەکی سترانی با
بێدەنگ
بۆنی گوڵم دەکرد نەبادا
سترانی منداڵی و
بەستەی لاولاوە وەنەوشەییەکان و
کەژاوەی پڕ لە جوانی دایکم و
نیگا ماندووەکانی باوکم
بکەونە بەر توڕەیی باو ڕێگای سێبەر بشکێتەوە
من هاوکاتم لەگەڵ شینی خەزانی با
ڕەنگم ترێی درەنگی پایزە
نیگام خەمی سێبەری هەڵکشاوی دایکمە
جەستەم لە پایز دەچێ
با نایەڵێ هەموو تۆنەکانی بارانم بەرکەوێ
سپێدە باش گوڵم لە مەراقی با نەچیەسەفەر
من لەگەڵ چرۆی هەرسێبەرێ دێمە سەفەر

عه‌لى مسته‌فا/ 2016