زمان، پەیام و ئەخلاق لە میدیای کوردیی باشووری کوردستاندا.. ئەمجەد شاکەلی

میدیا، دەستەواژەیەکە بۆ کۆی ئەو کەناڵانەی زانیاری و هەواڵ و پەیام و سەرگەرمی(کات بەسەربردن) بۆ خوێنەر و بیسەر و بینەرێکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە، وەک ڕۆژنامە و تیڤی و و ڕادیۆ و ماڵپەڕی ئینتەرنێت وتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. میدیا، لەو سیستمە سیاسییانەی جیهاندا کە بە دیموکراتی پیناسە دەکرێن، دوای دەسەڵاتی یەکەم”حوکوومەت” و دەسەڵاتی دووەم “پەرلەمان” وەک “دەسەڵاتی سێیەم” دەژمێردرێت. میدیا زۆر بە وردی چاودێری دەسەڵات و ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان دەکات، وەها کارێکیش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراتی. دەستەواژەی میدیا هەردوو میدیای گشتی نەریتی و سۆشیال میدیای دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
کاتێک باس لە بار یا حاڵی زمانی کوردی لە میدیای کوردیدا دەکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حاڵی زمانی میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتی بەدەر نییە لە ڕەوشێکی زمانی کوردی تێدایە و پێیدا تێدەپەڕێت. زمانی کوردی بەگشتی و بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان له‌ قه‌یران و کێشه‌یه‌کدایه‌، هه‌رگیز به‌ درێژایی مێژوو، قه‌یران و کێشه‌ی وای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. زمانی کوردی تا دێت خراپتر ده‌بێت و تا دێت خراپ و خراپتر به‌ کار ده‌برێت و ئه‌تک ده‌کرێت و تا دێت به‌ره‌و له‌تبوون و داڕووخان ده‌ڕوات. ئه‌مڕۆ، خه‌ڵکێکی فرە به‌ ناوی زمانناسی و شاره‌زایی و پسپۆری و خوێندووییه‌وه‌، زمانی کوردی لەتلەت دەکەن و لەبەینی دەبەن. ئه‌مڕۆ، سه‌رباری ئه‌و ئازادییه‌ی کورد به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت و سه‌رباری ئه‌و هه‌موو میدیا و ده‌سگەی ڕاگه‌یاندن و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ی کورد هه‌یه‌تی (مه‌به‌ست باشووری کوردستانه‌) و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌کنیک و پێشکه‌وتنه‌، له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندن و په‌خش و چاپه‌مه‌نییه‌ی، ده‌ستی کورد پێی ڕا ده‌گات، زمانی کوردی دادەکشێت.
میدیا، ئەگەر بە دروستی بەکار بهێنرێت، هۆکارێکە بۆ بەهێزکردن، پاراستن و پێشکەوتنی زمان و دەتوانێت ڕۆڵی زمان لە دەربڕین و دروستکردنی پێناسەی نەتەوەییدا بەهێزتر بکات. لە‌ مێژووی هە‌موو نە‌تە‌وە‌کاندا، میدیا ڕۆلی کاریگە‌ری هە‌بووە‌ بۆ چێکردنی پێناسە‌ی نە‌تە‌وە‌یی. دەگوترێت: “نەتەوەسازیی بێچووی چاپە‌مە‌نی بووە”. وەک ئەوەی بۆ نە‌تە‌وە‌ مۆدێرنە‌کانی ئەوروپا دەگوترێت.
ئەگەر لەپێشدا هەستێکی نەتەوەیی بووبێت، پتر لە نێو بڕێکی کەمی خوێندەوار، شاعیر و سیاسەتکاردا بووە. ئێستا میدیای بینراو بە تایبەت تە‌لە‌ڤیزیۆن و میدیای بیستراو و ڕۆژنامە و گۆڤار لە‌ نێو هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا، پەخش دەبن، بەڵام ئەو گوتارانەی دەبوو کار بۆ نەتەوەسازی بکەن، ئە‌وانە دەنگ و ڕە‌نگی حیزب و گرۆ و دەستەیان پێوە دیارە و ئیدیۆلۆگێنراون، چون حیزب خاوە‌نی ئەو میدیایانەن، هەر بەوەیش زمانە کوردییەکە خراوەتە خزمەتی ئیدیۆلۆگیاوە. دیارە زمانیش بۆ حیزب هێندە گرنگ نییە!
لە ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی سیوچوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کورددا، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆ یەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی ڕەسمی دەوڵەت. یا زمانێکی یەکگرتوو کە لە نووسین وداڕشتن، وەک یەک زمانی ھاوبەشی کورد بەلایەنی کەمەوە لە باشووری کوردستان پێڕۆ بکرێت. بێگومان لە نەبوونی زمانێکی ھاوبەشیشدا، شێوە جیاوازەکانی شێوەزار و ڕێنووس و نووسین دەبنە دیاردە. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین زمانی داڕشتن و نووسین لە ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکاندا، زمانێکی یەک جۆر و یەک شێوە نییە. بەڵکە ھەریەکە شێوەیەکی ڕێنووس پێڕۆ دەکات. تەنانەت زۆرجار ڕێنووسی یەک وشە بە گەلێ شێوە دەنووسن.
زمانی میدیای كوردی هێندە خراپە هینی ئەوە نییە ئێرەیی پێ ببرێت، چون هێندەی واژەی بیانی بە تایبەت ئینگلیزی تێکەوتووە تا دێت زمانی كوردی گچکەتر دەبێتەوە. سەدان وشەی بیانی و داتاشراو و ناساز و نادروست و سەدان وشه‌ی ئینگلیزی ترێنجێنراونەتە نێو زمانی کوردییەوە و ڕۆژانە نەک تەنێ لە میدیادا بەڵکە لە کۆڵانیشدا و لە لایەن خەڵکی بێسەوادیشەوە بەکار دەبرێن. ئەوەی لەمەڕ زمانی کوردییەوە لە میدیای کوردیدا دەگوترێت و دەگوزەرێت ناشێت تەنێ لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەسازی و ڕیشەناسی و ڕێزمان و ڕێنووسەوە بخوێندرێتەوە، بەڵکە مامەڵە و بەرخورد و ئەخلاق و شێوازی هەڵسوکەوت و تێڕوانین و دواندن مەرجێکی سەرەکییە بۆ کاری میدیایی. ئەخلاقیش لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بریتییە لە کۆمەڵێک بەها و بنەما کە ڕێنمایی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەڵسوکەوت لەگەڵ جەماوەردا دەکات، واتە: بەکارهێنانی وشە و وێنە وەک ئامرازێکی دروستکردن و بنیاتنان، نە وەک ئامرازێکی وێرانکردن. چون میدیا دەچێتە نێو خەڵکەوە، هەموو جۆر و چین و پێشە و ڕەگەز و تەمەن و پیکهاتەکانی جڤاکی کوردییەوە. میدیا دەچێتە هەموو ماڵێکەوە و دەچێتە بەر دید و بەر گوێی گەورە، گچکە، مێ و نێری کوردەوە، کە هەر یەکێک لەوانە خاوەنی ئاستێکی تێگەیشتنی جیاوازە لە یەکێکی دی. هەر لەبەر ئەوانە شێوازی بەکاربردنی زمان، ئاراستەی وتار، خوێندنەوەی دەروونیی وەرگر، خوێنەر، بیسەر، بینەر هەموو ئەوانە مەرجگەلێکن بۆ کاری میدیایی.
دەشێت لە چەند نموونەیەکدا هەندێک تێبینی لەمەڕ ئەو باسە و لە ڕووی بنەما ئەخلاقییەکانی میدیاییەوە وشێوازی بەرخوردی میدیای کوردی لەگەڵ وەرگر، خوێنەر، بیسەر، و بینەردا پێشان بدرێن:
یەک
لە حەفتەنامەی (هەولێر)ی ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 6ی دیسەمبەری2011دا، کە لە هەولێر دەردەچێت لە لاپەڕەی فەرهەنگدا دوو هەواڵ لەمەڕ تەندروستی مامۆستایان نەوزاد ڕەفعەت و زاهیر ڕۆژبەیانی کە هەردوویان نەخۆش بوون بڵاو کرابوونەوە. ئەو دووانە دوو نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردستان بوون. مامۆستا ڕەفعەت شاعیرێکی دیار و ناسراوی هەولێر بوو و مامۆستا ڕۆژبەیانییش، نووسەرێکی ناسراوی شاری کەرکووک بوو و لە هەولێر دەژیا. بە چەند دێڕێک باسی تەندروستی مامۆستا ڕۆژبەیانی کرابوو و وێنەیەکی مامۆستایش لەگەڵ هەواڵەکەدا دانرابوو. وێنەکە هینی ئەو کاتە بوو کە مامۆستا گەلێک نەخۆشە و گۆڕانێکی زۆر بەسەر شێوە و سیما و ڕوخساریدا هاتبوو. هەر کە وێنەکەم بینی دەسبەجێ چەند دێڕێکم وەک ڕەخنە لە پەخشکردنی ئەو وێنەیە بە ئیمەیڵ بۆ سەرنووسەری هەولێر مامۆستا جەواد قادر نووسی و باسی ئەوەم کرد کە نەدەبوو ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی کە نەخۆشە دابنێن و ئەگەر هەر بڕیارە وێنەکەی دانرابا، دەبوو وێنەیەکی کۆنتری دانێن، چون ئەوە کارێکی جوان نەبوو و ناخۆش و ناپەسەند و کاریگەر بوو بۆ هەموو دۆستانی مامۆستا ڕۆژبەیانی و ماڵبات و خانەوادەکەیان.
دوو:
له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی”خاک و جه‌سته‌ لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له‌ هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که‌ له‌ سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه‌) و (شلۆمۆ کورده‌ و من و رۆژگار)دا”، که‌ له‌ دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه‌په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆکنووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، ‌مامۆستا نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که‌، ده‌نووسێت:”له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه‌ دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌ باشانه‌ که‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه‌…” . تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته‌ و وشانه‌ بکه‌”..که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌…” و “..هێشتا ده‌یه‌وێت…” و “هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی…”.، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته‌ و دوور له‌ گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس:
“له‌ نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له‌ بن لێفێکی چڵکن دا
له‌ سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز” ، که‌وتووه‌ و بێهێز و لاواز، به‌ حاڵ نووزه‌ی لێوه‌ دێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌و جۆره‌ باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه‌ بۆ پێشاندانی وزه‌ و توانست و خواست و کۆششی مامۆستا کاکه‌وه‌یس بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له‌ ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که‌ گرنگ نییه‌ و بێخه‌مه‌ له‌و ڕووه‌وه‌، کار ده‌کاته‌ سه‌ر مرۆڤ (کاکه‌وه‌یس). مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه‌، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه‌، ئیدی که‌ی هینی ئه‌وه‌یه‌ پێی بگوترێ:”به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا….”، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وەڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵێ پیر!

سێ:
پێم وایە هەموو بینەر و بیسەر و خوێنەرێکی کورد، کە پتر بە هۆی میدیای بینراو و بیستراو و تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە ئاگاداری هەواڵ و ڕووداو و چالاکی و ناچالاکی و بوارەکانی دیکەی ڕەوتی ژیان دەبن لە کوردستان و دەرێی کوردستان، لەم جۆرە دیمەن و گوتارانە گەلێ جار دەبێنن و دەژنەفن و دەخوێننەوە: خێزانێک یا چەند خێزانێک بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچوونی ئۆتۆمبیلەوە ئیدی پێکدادان بێت یا وەرگەڕان یا بەهۆی شەڕی نێوان دوو ماڵەوە یا دوو تیرەوە یا بەهۆی لافاو یا ئاگرکەوتنەوەوە یا بەربوونەوە لە باڵاخانە و تەلار و هەورازێک یا بەهۆی تەقە و بۆمب و مینەوە یا بەهۆی هەڵاتنەوە بۆ هەندەران و لە ئاوی زەریادا خنکان یا هەر ڕووداوێکی دیکەی لەو جۆرانە بێت، کەسێک یا چەند کەسێکیان تێدا دەچن، دەبینیت میدیاکاران وەک داڵ لەو ماڵانەی یا لەو کەسانەی کچیان، کوڕیان، باوکیان، دایکیان، خوشکیان، برایان، ژنیان، مێردیان، منداڵیان، کەسێکیان یا چەند کەسێکیان تێدا چوونە و گیانیان لەدەست داوە یا زیانی گەورە بە لەش و ماڵیان کەوتووە، لەبەردەم ماڵەکەدا، لەنێو ماڵەکەدا، لە گۆڕستان و لە کاتی ناشتنی خۆشەویستەکانیاندا، کاتێک گەرمەشین و شەپۆڕ و واوەیلایانە و لە سنگ و ڕوومەتی خۆیان دەدەن، ڕێک لەو کاتەدا میدیاکاران بە خۆ و کامیرا و مایکێکەوە گەرماوگەرم خڕ دەبنەوە و دەچنە بەردەم کەسی کۆسکەوتوو و لێقەوماو و نوقمبووی خەم و گریان و وەڕس لە گیانی خۆ و دەست بە پرسیار دەکەن لێی لەمەڕ ئەوەی چ هەستێکی هەیە کە کەسەکەی بەو جۆرە گیانی لەدەست داوە و دەیەوێت چی بڵێت و ئیدی لەو جۆرە پرسیارە ناپەسەند و نابەجێیانە، بێ ڕەچاوکردنی ڕەوشی پەشێوی ئەو مرۆڤە و بێ بیرکردنەوە لە باری ئاڵۆزی دەروونی ئەو! وەها کارێکی میدیاکار دەیکات نازانم بۆ خۆی دەیخاتە چ خانەیەکەوە، بەڵام ئەوە دەزانم کە دوورە لە هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی و ئەتیکێتی کاری میدیایی.
چوار:
مامۆستایەکی شاعیر لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا باس لە گوندێکی گەرمیان دەکات، کە داربەڕوویەکی تێدا شین بووە، ڕێک بەم جۆرە دەیگێڕێتەوە:”لە گوندی ناساڵح لە پشت کفری، گوندێک هەیە پێی دەڵێن ناساڵح، لە پشت کفری بەڵێ، داربەڕوویەک هەبوو، هاوڕێکانم لەبواری میندا کاریان دەکرد، پێیان سەیر بوو لە دیالە لەو شوێنە عەرەب نشینە، لەم شوێنە داربەڕوو چی دەکات، دوای ئەوەی بۆ پاککردنەوەی لوغمەکان هەڵیان کۆڵی، بینییان خێزانێکی کوردە ئەنفال کراون، یەکێک لەو منداڵانە کە شەرواڵێکی مۆری لەبەر بووە، لەناو گیرفانەکەی بەڕوو هەبووە، دوای ئەوەی لە چاڵیان ناون ناشتوویانن، ئەو بەڕووەی گیرفانی ئەو منداڵە شەرواڵ مۆرە 11 ساڵییە، وردە وردە گەورە دەبێت و دەبێتە داربەڕوو..”. تا ئێرە فەرموودەی ئەو مامۆستایەیە. بەڵام با بڕێک وردبینەوە لەو قسانە بزانین چەندی ڕاستە و چی لێ هەڵدەکڕێنین:

  1. گوندی ناساڵح لەنێوان سەرقەڵا و کفریدایە و سەربە شارۆکەی کفرییە. کفری، شارۆکەیەکی کۆنی مێژووییە و هەمیشە سەربە ئوستانی کەرکووک بووە، لێ پاش لەتوپەتکردنی کەرکووک لە ساڵی 1975دا، کفری لە کەرکووک دابڕێنرا و لە 6 نۆڤەمبەری 1975دا بە کردەیی بە ئوستانی دیالەوە لکێنرا، بەڵام فەرمانی کۆماریی ئەو گۆڕینە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە ژمارە 41 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عیراقی(الوقائع العراقیة)ی ژمارە 2513، لە 8ی فێریوەری 1976دا بڵاوکرایەوە و بڕیار درا:

  • ئوستانێک بە ناوی ئوستانی سەلاحەددین دامەزێنرێت و نێوەندەکەی شاری تکریت بێت.
  • شارۆکەی خورماتوو بخرێتە سەر ئوستانی سەلاحەددین.
  • شارۆکەی کفری و تەواوی شارەدییەکانی بخرێنە سەر ئوستانی دیالە .

  1. بەوەی کە گوندی ناساڵح ئێستا سەر بە ئوستانی دیالەیە، نە عەرەبنشینە و نە هەرگیزیش عەرەبنشین بووە و ئوستانی دیالەیش ئەگەر کاکی شاعیر بڕێک شارەزای جیۆگرافیا و مێژوو بووایە دەیزانی ئەگەر تەواوی ئوستانی دیالە بکەیت بە دوو لەتەوە لەتێکی خاکی کوردستانە و کوردنشینە، خانەقی، جەلەولا، قزڕەوات، مەنەلی، شارەبان و… وەک نموونە. ئێستا ئیدی بە تۆبزی کفریشی بە قەرەتەپە و جەبارە و سەرقەڵاوە خراوەنەتە سەر. باسکردنی ناساڵح و کفری و قەرەتەپە و سەرقەڵا وەک دیالە و باسکردنی خورماتوو وەک سەلاحەددین (تکریت) و باسکردنی مەخموور وەک مووسڵ (نینوی) لەلایەن هەر تاکێکی کوردەوە لە هەر پلە و پایە و چین و ئاست و بیرکردنەوە و بەرگێکدا بێت، چاوپۆشینە لە واقیعیکی سەپێنراو و دداننانە بە قانوونێکی نادروست و ناڕەوا کە لە پەنا و سایەیدا گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و عەرەباندن پیادە دەکرێت! کورد دەبوو بۆ خۆی، بە تایبەت فەرهەنگییانی، هەرگیز تووتی ئاسا، جۆر و شێوازی ناوهێنانی دەڤەرەکانی کوردستانی وەک دەسەڵاتدارانی بەغدای بەکار نەبردایە و دەستەواژەکانی ئەوانی لە میدیادا نەگوتبایەوە کە ئەوە “أضعف الإیمان”ەکەیە!
  2. هەرگیز خەڵکی ئەنفالکراو نەگوێزراونەوە بۆ ناساڵح و کفری و هەرگیز لەوێ نەنێژراون و تاکە یەک گۆڕی ئەنفالکراوێک لەو دەڤەرەدا نییە. ئەوانەی ئەنفالکراون براون بۆ تۆپزاوای لای کەرکووک و لەوێیشەوە بۆ بێاوانەکانی نۆگرەسەلمان و سەماوە.
  3. وەک چۆن دارخورما لە هەورامان یا چیای گارە ناڕوێت، داربەڕوویش هەرگیز لەو دەشتی گەرمێنەدا نەڕوواوە، نازانم ئەگەر ئێستا بە هۆی تەکنۆلۆگیا و ئامرازی نوێوە وەها کارێک ببێتە ڕاستییەک! ئەو هاوڕێیانەی مینهەڵگر، ڕەنگە خەڵکە ئەفەندییەکان بووبێتن، ئەوانەی لەسەر ئەسکەمیل دادەنیشن و لە پشتی مێزەوەن، دەنا کارگەرەکان کە خەڵکە گیانفیداکارەکانن و ئەوانن تووشی زیان دەبن و لاقیان، قۆڵیان و دەستەکانیان دەپەڕێت، چاوانیان لە دەست دەدەن و ژیانیان لەدەست دەدەن، ئەوان دەزانن داربەڕوو لە گەرمیان نابێت و ئەنفالکراویش نەگواستراونەوە بۆ ناساڵح!
  4. گوندی ناساڵح سنوور نییە ، ئەگەر جارجار جەنگی تێدا بووبێت ناکاتە ئەوەی مەیدانی جەنگ بووبێت، ئیدی ئەم مین و مینهەڵگرتنەوە و مینناسی و مینبازی و مینیزم و مینیست و مینهەڵگرانە تەنێ خەیاڵێکی مۆری، وەک شەرواڵی کوڕە 11 ساڵەییە شەرواڵ لەپێیە خەیاڵییەکەی نێو گۆڕە خەیاڵییەکە و ناوکە خورما خەیاڵییەکەی نێو گیرفانی و داربەڕووە خەیاڵییەکەی شاعیرێکە دوای ڕامانێکی قووڵ و داچۆڕانێک بە نێو خۆدا. پێناسەکردنی ناساڵح وەک دەڤەرێکی عەرەبنشین و ئەو خەیاڵە مۆرەی شاعیرەکە، وەنەبێ تەنێ لە سنووری زمانی کوردیدا باس کرابێت و مابێتەوە، بەڵکە کراوە بە زمانی فارسییش و لە ئینستاگرام(Instagam)یشدا بڵاو کراوەتەوە. . ماوەیەک دوای دیتنی ئەو دوو ڤیدیۆیەی مامۆستای شاعیر، ڤیدیۆیەکی دیکەیم دیت لەوێدا پێمان دەڵێت، ئەوەی لەمەڕ داربەڕوو و منداڵە شەرواڵ مۆرەکە و ناساڵحەوە گوتوویەتی تەنێ خەیاڵە و خەیاڵێکی شاعیرانە و هیچی تر ! ئەوەی بۆ من سەیرە ئەو هەر جەخت لە عەرەبنشینیی ناساڵح و عەرەبایەتی ئەو دەڤەرە دەکاتەوە، کە ئەوە دەکاتە شەوارە پێ کردنی لاوانی کورد و ناشارەزایانی جیۆگرافیای کوردستان و ئەوانەیشی بە زمانی فارسی دەپەیڤن، چون بۆ ئەوانیش ئەو داهێنانە مەزنەی مامۆستای شاعیر کراوەتە فارسی!
    پێنج:
    لە تەواوی میدیای باشووری کوردستاندا و لەلایەن ئەوانەی دەنووسن و قسە دەکەن و دەبیسرێن، بە خەڵکە بەرپرس و سیاسەتکار و فەرهەنگییان و خەڵکە گشتییەکەیشەوە، وشەی “هەرێم” جێی بە وشەی کوردستان یا باشووری کوردستان لەق کردووە و بووە بە جێگرەوەی ئەو دوو وشە و دەستەواژەیە. کە دەگوترێت هەرێم یا تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، دەکاتە ئەوەی تەواوی ئوستانی کەرکووک و نیوەی ئوستانی دیالە و نیوەی ئوستانی نەینەوا(مووسڵ) دەسڕدرێنەوە. ئەم وشەی هەرێمە ڕیک وەک “ناوچەی ئۆتۆنۆمی/منطقة الحکم الذاتي”یەکەی عیراقی سەردەمی بەعسە و لە واقیعیشدا هەر ئەوەیە کە بەعس بە کوردی ڕەوا دەبینی. وشەی هەرێم بە قرتاندنی وشەی کوردستانەکەی، لەسەر زمانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و عەرەب و بڕێک خەڵکی ناکوردەوە گەلێک شیرینە و هەردەم دەگوترێتەوە و دەنووسرێت و بەکاردەبرێت و دەدرێت بە گوێی کورددا تا گەیشتووەتە ڕادەیەک سیاسەتکارانی کورد و میدیای کوردی و کوردستانی، وەک تووتی لاسایی “هەرێم لەزارخۆشەکان” دەکەنەوە و ڕۆژانە بێ وشەی کوردستان هەزار پاتەی دەکەنەوە. خەڵکە ئاساییەکەی کوردستانیش بەگوێرەی تیۆری خەڵک (مرۆڤەکان) لەسەر ئایینی پادشاکانیانن “الناس علی دین ملوکهم” هەر ئەوەی میدیاکان و حیزبەکان و سەردارانیان دەیڵێنەوە، ئەوانیش ڕێک بەو جۆرە بەو ئاوازە دەخوێنن. دەسەڵاتی بەغدا و ناکوردان کە دەڵێن هەرێم، واتە: “کوردینە ئێوە تەنێ ئەو سێ قوتە شارە: دهۆک، هەولێر و سلێمانی هینی ئێوەیە و بۆتان هەیە پێی بڵێن هەرێمی کوردستان و لەوە بەولاوە یەک دانە سەنتیمیتر خاکتان نییە و نابێت باسی بکەن”. ئەوان کە دەیشڵێن هەرێم، واتە: “ئێوە وەک هەرێم بەشێکن لە عیراق و هیچی تر و ئەگەر لە باشترین حاڵدا بیر لە جیابوونەوەیش بکەن لە عیراق، ئەوە تەنێ سێ قوتە شارەکانتان هەن و هیچ دی”. تەواوی ئەو دیدەی بەغدا لە میدیای کوردیدا برەوێ پێ دەدرێت و مێشکی خەڵکی پێ دەشۆردێتەوە.
    شەش:
    دەستەواژەگەلێکی بێفەڕ و دزێو و ناحەزی وەک: ناوچە جێناکۆکەکان، ناوچەکانی 140، ناوچە دابڕاوەکان، ناوچە دابڕێنراوەکان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە میدیای کوردی و لە لایەن سیاسەتکارانی کورد و خەڵکی کوردەوە هەمیشە دەگوترێنەوە. ڕاستە هێز بڕیاری توانستی داگیرکردن و ڕزگارکردن و دەسەڵات گرتنە دەست و گێڕانەوەی خاکی زەوتکراو و ماڵ و سامانی دزراو و مافی خوراو دەدات، بەڵام مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەو دەڤەرانەی میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵاتەکەی کوردستان، بە 140 و جێناکۆک ناوی دەبەن، بێجگە لە کوردستان و خاکی کوردستان شتێکی دیکە نین!. ئەوەی میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان کە بە مادەی 140 ناوی دەبەن، تەواوی ئەم دەڤەرانەی باشووری کوردستان دەگرنەوە:

  • ئوستانی کەرکووک: تەواوی شاری کەرکووک و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەگرێتەوە.
  • ئوستانی نەینەوا: قەزاکانی شنگال، حەمدانیە، شێخان، مەخموور، زوممار، تلکێف و ناحیەکانی بەعشیقە، قەحتانیە و رەبیعە دەگرێتەوە.
  • ئوستانی دیالە: قەزای خانەقین و ناحیەکانی: جەلەولا، قزڕەوات(سەعدیە)، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای شارەبان و ناحیەکانی، قەزای بەلەدروز و ناحیەی مەندەلی و قەرەتەپە و کفری دەگرێتەوە.
  • ئوستانی سەڵاحەددین(تکریت): خورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ ، کە سەربە کەرکووک بوون و ئێستا سەر بە سەلاحەددینن دەگرێتەوە.
  • ئوستانی واسیت(کووت): زرواتییە و قەزای بەدرە و ناحیەی جەسسان دەگرێتەوە.
  • لە هەرێمی کوردستانیش: چەمچەماڵ، ئاکرێ، فایدە، کفری و کەلار دەگرێتەوە.
    ئەوان، میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان، وەک بنێشتەخۆشە وشە و دەستەواژە بێفەڕەکانی جێناکۆک و 140 دەجوونەوە و بەکاری دەهێنن و دەیڵێنەوە، لە کاتێکدا کورد دەبوو لەبری ئەو دەستەواژانە ڕێک و ڕەوان بیگوتبا: ناوچە داگیرکراوەکان، لێ کورد نەیوێراوە و نایشوێرێت جاڕی داگیرکراویی ئەو بەشەی کوردستان بدات، کە لە هەرێمە قوتەکە زیاتر و بەرینترە. نزیکەی سەد ساڵە و بە تایبەتیش شەست ساڵێکە عەرەب دادەبارێنرێن و دادەبارنە کەرکووکەوە و کوردی خاوەنماڵ دەردەکرێن و عەرەب دەبنە خاوەنماڵ، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، کورد ناتوانێت بێژێت ئەو عەرەبانەی هێنراونە و هاتوونەتە کەرکووک داگیرکەرن. کورد، بە میدیا و بە سیاسەتکارییەوە بە گوتنەوەی جێناکۆک و 140 کوردستانیبوونی تەواوی ئەو دەڤەرانە، کە لە 16ی ئوکتۆبەری 2017 بە دواوە ڕادەستی عیراق کران و ئەوانەیشی پێشتر عیراق دەستی بەسەردا گرتبوون و بەدرێژایی مێژوو کوردستان بوونە و کورد بە خاکی خۆی زانیوە، دەخاتە گومانەوە، چون مرۆڤ، ئەگەر نانیشتمانی و هێڕ و گەمژە نەبێت بە ماڵی خۆی ناڵێت جێناکۆک و ڕاپرسیی لەسەر کوردستانیبوونی خاکی خۆی ناکات! میدیای کورد، یادگەی مرۆڤی کورد، بە تایبەت نەوەیەک کە دوای 2003 پەیدا بوون، گێژ و بەنگ دەکات و دەسڕێتەوە. بەو هەموو ماڵوێرانییەی گەلی فلستین لە 1948ەوە بە دەست ئیسرائیلەوە تووشی هاتوون، تا هەنووکەیش فلستینییەک نییە بە فلستین نەڵێت: خاکی داگیرکراو یا فلستینی داگیرکراو “الأراضي المحتلة /فلسطین المحتلة”و بە ئیسرائیلیش نەڵێت: داگیرکەر”إسرائیل المحتلة/الکیان المحتل” یا دەوڵەتی عیبری”الدولة العبریة”! ئەو دەستەواژە دزێوانەی 140 و..لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەینەوە لە 2003دا هاتە گۆڕێ، لێ هەر لە 1991ەوە کە ئیدی دەڤەری نەفڕین ساز کرا، کورد تەنێ لەو دەڤەرەدا چەقی و ئیدی چ بە کردەوە و بە بیرکردنەوە نەیتوانی لەو بازنەی نەفڕینەکە بێتە دەرێ. ئەو دید و بەرخوردانە لە میدیای کوردیدا هەمیشە زەق دەکرێنەوە و مێشکی مرۆڤی کوردی پێ کول و نائاگا و کەم وزە دەکەن. هەر ئەوەی میدیای کوردی لەگەڵ کەرکووک و مووسڵ و دیالە و سەلاحەددین و واستدا دەیکات لەوە خراپتر لەهەمبەر کوردانی دەرێی باشووری کوردستان (کوردانی فەیلی) دانیشتووانی بەغدادا دەکات. جاران لە عیراقدا ئەگەر بتگوتبا کام شار لە عیراقدا گەورەترین شاری کوردانە یا کوردنشینە، دەگوترا شاری بەغدا. شاری بەغدا نشیمەنی کوردانی فەیلی بوو و یەک میلیۆن و پتر کوردی تێدا دەژیان. کوردانی فەیلی هەمیشە بڕبڕەی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بوون چ لە ڕووی هێزی مرۆیی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەوان لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و بەرخوداندا بوون. ئەوان گەورەترین و ڕێکوپێکترین و دڵسۆزترین و بوێرترین و ئازاترین و ڕاستگۆترین کورد بوون کە لەنێو داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا دەژیان و ئامادەیی تەواویان بۆ هەموو چالاکییەک و شێوازەکانی خەبات هەبوو. ئەو کوردەیلە کە چەندین سەدە بوو نیشتەجێی بەغدا بوون و تێیدا ژیابوون، بە بیانووی ئێرانیەتییەوە وەک بنەچە، ڕێژیمی بەعس دەستی بەسەر تەواوی سامان و ماڵ و هەموو شتێکیاندا گرت و بە پێ خاوسێ وەدەریانی نا بۆ ئێران و پتر لە سی هەزار لە کوڕە گەنجەکانیانی خستنە زیندانەوە و دواتر یەک دانەیشیان لێیان نەهێشتەوە و هەموویانی لەبەین برد. وەها نەهامەتی و کارەسات و قڕان و بنبڕکردن و ستەمێک، لە میدیای کوردیدا چ گرنگییەکی پێ دراوە؟ کەی باس کراوە؟ کەی بەدواداچوونێ بۆ بزربووان و بۆ کێشەکانیان کراوە؟ ئێستایش لە هەرێمە قوتەی لەمەڕ خۆمان، کوردانی فەیلی نەک وەک خاوەن ماڵ، وەک میوانیش ناژمێردرێن و خەڵکی کوردی سی قوتە شار، هێندەی شارەزاییان لە ئیستەنبوول و دوبەی و عەممان و بەسرە و شام و تاران و لبنان و خەڵکی ئەو دەڤارانەدا هەیە، لە سایەی میدیای کوردی و شێوازی بەرخوردی، یەک لە سەدی ئەوە شارەزایی و زانیارییان، لەمەڕ کوردانی فەیلییەوە نییە!
    حەفت:
    نووسین و گوتنەوە و دەربڕینی ناوی هەندێک شوێن و دەڤەری کوردستان بە جۆرێکی نادروست لە میدیای کوردیدا دەبنە هۆی سڕینەوەی مێژوو و پەخش کردنەوەی هەڵە. “خورماتوو” و “دووبز” و ” ڕانیە ” و ” کەڵەکی یاسین ئاغا، کەڵەک یا ئەسکی کەڵەک ” و “جەلەولا” و “کلکەی کۆزەکوڵ یا کۆزەکوڵ”ی کوردستان دەکرێن بە “دووز” و “دبس” و “ڕاپەڕین” و “خەبات” و “گوڵاڵە” و “ڕزگاری” و…هەموو ئەوانە وەک گۆڕینی “کەرکووک”بوو بۆ “تأمیم” لە سەردەمی بەعسدا، وەها کارێک هۆکارە بۆ کاڵکردنەوە و لەبیرچوونەوەی مێژوو! لە میدیای کوردیدا فرە جار کە باسی دێیەک یا چەند دێیەک دەکەن لە دەوروبەری کەرکووک یا مەنەلی و خانەقی و.. دەڵێن دانیشتووانەکەی کوردن یا چوار دێی کوردنشینن لای خورماتوو، وەک بڵێی لە خاکێکی عەرەبستان، تورکستان، ڕووسستان، هیندوستان و…چوار دێی کوردنشین هەن. ئەم ئاواییانەی خانەقی، مەنەلی، کەرکووک ئەگەر کوردنشینیش نەبن و ئەگەر تەواوی ئەو خاکە عەرەبنشینیش بێت خاکەکەی لە ڕووی مێژووییەوە کوردستانە و تەواوی یا زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن، میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵات و مرۆڤی کورد هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە بە هەڵە بەکاربردنی وشە و دەستەواژە و چەمک لە زمانی میدیادا، جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە هۆکاری چاندنی تۆوی ناڕوونی و وەبەرهێنانی مرۆڤی چەواشەکراو و ناڕوون.
    هەشت:
    لە دەسپێکی ناساندنی عیراق لە لایەن بریتانیاوە وەک دەوڵەت لە 1921دا، چەندین جار بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیایی، گۆڕین لە کارگێڕی و خاکی باشووری کوردستاندا کراوە. تەواوی ئەو گۆڕینانە حوکوومەتی عیراق بۆ دەستکاریکردن و بچووککردنەوەی باشووری کوردستان، بەتایبەت لەو ناوچە و دەڤەرانەی کەمینەیەکی ناکورد(تورکمان، مەسیحی، تاکوتەرا عەرەب)ی تێدان. ئەو دەڤەرانەی وەها گۆڕینێکیان تێدا کراوە، ئوستانگەلی کرکووک، مووسڵ و دیالەن. مووسڵ، لە 27ی ئایاری 1969دا قەزای دهۆکی لێ دابڕێنرا و کرا بە ئوستان بە بیانووی ئەوەی دهۆک شارۆکەیەکی کوردە، لە کاتێکدا ئێستایشی لەگەڵ بێت بەشە زۆرە کوردەکەی ئوستانی مووسڵ هێشتا بە قەزا و ناحیە و گوندەوە سەر بە ئوستانی مووسڵە و مووسڵیش وەک مێژوو بە گوتەی مامۆستا جەرجیس فەتحوڵڵا”هەرگیز شارێکی عەرەبی نەبووە”. کەرکووکیش چەندین جار گۆڕانی گەلێک کاریگەری تێدا کراوە بە دژی کوردستانیبوون و کوردیبوونی شارەکە. بە فەرمانێکی کۆماریی ژمارە 137 لە 28ی فێبریوەری 1970دا، گوندی کەلاری سەر بە ناحیەی شێروانەی سەربە قەزای کفری و ئوستانی کەرکووک، کرا بە قەزا. بەڵام ئەم قەزای کەلارە لەگەڵ قەزای چەمچەماڵی سەر بە ئوستانی کەرکووک بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 608 لە 6ی نۆڤەمبەری 1975دا بە خۆیان و ناحیەکانیانەوە لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و بە ئوستانی سلێمانییەوە لکێنران. هەردوو قەزای کفری و قەزای خورماتوو، لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و یەکەمیان بە دیالەوە لکێنرا و دووەمیان بە سەلاحەددین(تکریت)ەوە. تەواوی ئەوانە بۆ تێکدانی نەخشەی کوردستان و عەرەباندنی باشووری کوردستان کراون. بەشێکیان بە ئاگاداری کوردیش کراوە و بەشێکی دیکەیان بە تۆبزی. کورد، نە ئەو دەمەی ئەو کارانە کراون و نە ئێستایش نووزەی لێوە نەهاتووە و نایەت. سەرباری هەموو گاڵتەجاڕییەک، ساڵانە کورد، شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان دەکات بە بۆنەی بە قەزابوونی کەلار و بە ئوستانبوونی دهۆک و پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن. تەواوی ئەو شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان و بەزمە بە هۆی میدیاوە گەرم دەکرێت و زەوینەی بۆ خۆش دەکرێت و ئامادەکاریی و تەدارەکی بۆ ڕێک دەخرێت و دنیایەک پارەوپووڵی بۆ خەرج دەکرێت. بێ ئەوەی میدیا باسی ئەوە بکات، وەها گٶڕانێک کە کراوە، بۆ لەتوپەتکردنی کەرکووک و مووسڵ بووە و بۆ تاساندنی کەرکووک بووە و بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک بووە، کە نەدەبوو و نابێت جەژن و شایی لەو ڕۆژەدا بکرێت. ئەوەی میدیا دەیکات کارێکی ناپەسەندە و لەبیربردنەوەی مێژووە و گەوجاندنی جەماوەری کوردی ئەم سەردەمەیە. لەبری شایی، میدیای کوردی دەبوو کەرکووک و مووسڵ و خورماتوو و خانەقی و جەلەولا و شارەبان و مەنەلی و بەدرە و جەسسان و زرواتییە، لە هزری مرۆڤی کورددا بچێنێت و زیندوو بکاتەوە و بچەسپێنێت و بچەقێنێت و هەمیشە بیانخاتە بەرباس.
    نۆ:
    میدیای کوردی ئەگەر کەمۆکەیەک جیاوازییان لەگەڵ یەکدیدا هەبێت بە گشتی لە زۆربەی هێڵە گشتییەکانیاندا یەک دەگرنەوە و هاوبەشییان پترە لە جیاوازییەکانیان. دوو هەژموونی زاڵ ئاراستە و ڕەنگڕێژی دەکەن، هەژموونی حیزب و دەسەڵات و هەژموونی سەرمایەداری و بازاڕ لە شێوە نیولیبرالیزمەکەدا، کە هەردوویان تەواوکەری یەکدین و کار لەسەر ورووژاندن و خڕکردنەوەی خوێنەر و بینەر و بیسەر و گۆڕێنی مێشکی مرۆڤی کورد دەکەن بە ئاراستەی خۆشەویستکردنی حیزب و کەرتی تایبەت و سەرمایەداری و نیولیبرالیزمێکی سەقەت و شێوێنراو، چون باشووری کوردستان بە دەسەڵات و سیاسەت و سیاسەتکار و حیزب و بەشێک لە جڤاکەکەیشییەوە لە ڕووی دید و ئاسۆی بیرکردنەوەدا هێشتا لە قۆناخی دیوەخان و تەکیە و هۆز و خێڵ و کوێخا و عەشیرەتبازیدان. جڤاکی کوردستان هێشتا سەر بە فەرهەنگی فیۆدالی و خێڵەکییە کەچی خۆی بەستووەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (خێڵمایەداری) لێ نرابا و باس لە دیموکراتی دەکات، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (ماڵباتوکراتی) لێ نرابا. دیموکراتی بۆ جڤاک و خەڵک و وەڵاتێک پیادە دەکرێت و دەگونجێت و دەچەسپێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان تاکێک و تاکێکی تردا و هاووڵاتییەک و هاووڵاتییەکی دیکەدا نەبێت و مرۆڤ وەک خۆی پێناسە بکرێت و بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک بنەچە و ماڵبات و هۆز و.. لە باشووری کوردستان هەر 1991 بە دواوە کە ئیدی حیزبگەلی چیا بوون بە دەسەڵاتی شار، یەکێک لە کارە هەرەپێشەنەکانیان زیندووکردنەوەی دیوەخان و هۆز و خێڵ و عێل و عەشیرەت و تیرە و تایفە و بەرەباب و ماڵبات بوو. دیوەخانانەیان بۆ ڕیشچەرموو و دەمڕاست و کوێخا و سەرانیان بڕییەوە و بەردەوام پێشوازییان لێ دەکردن و گرنگییەکی لە قەبارەی خۆیان زیتریان پێ دەدان. یەکێک لە سەرانی ئەو زلحیزبانەی کوردستان کە هەموو ژیانی، خۆی وەک خوێندەوار و چەپ و..داوەتە ناسین و خەڵکی کوردیش هەر بەو چاوە لێیان نۆڕیوە، تەنیا لە ماوەی27 ڕۆژدا لەنێوان 19/08/2024 – 12/11/2024، بە ناوی پێشوازیی لە خزمانی فڵان و فیسار، هۆز و خێڵگەلی: جاف، گه‌رگه‌ری، سوورچی، میراوده‌لی، مه‌نگوڕ، غه‌واره‌، گۆران، هه‌رکی، ته‌رخانی، نه‌ورۆڵی، گه‌ڵاڵی و..نوێنه‌ری ئایینه‌کانی: ئێزدی، کاکه‌یی، شه‌به‌ک، کلدان، ئاشووری، سریان، سوننه‌ی عه‌ره‌ب، شیعه‌ی عه‌ره‌ب و..نوێنه‌ری تورکمان و..نوێنه‌ری هۆز و خێڵی عه‌ره‌ب و کەسایەتی فڵانە دەڤەر و هەموو ئەوانەی بینیوە و لەگەڵیان جڤیوە و دنیای بۆ کردوونەتە ماستی مەیو و بەهاری بۆ هێناونەتە چۆکان و بەڵێنی ڕەنگاڵەی پێ داون . ئەم هۆزگەرایی و خێڵبازییە میدیای کوردی وەک نموونەیش کوردستانی نوێ گرنگییەکی یەکجار زۆری پێ دەدات و زەقی دەکاتەوە. سەرباری ئەوە ساڵانە فیستیڤاڵی خێڵ و هۆز دەکرێت و بە هەزاران خەڵک خڕ دەبنەوە و دەبێت بە شایلۆغان و پڕڕەنگردنەوە و دەمەزەردکردنەوەی هەستی هۆزگەرایی و خۆنواندن و شانازیکردن بە خێڵ و عێل و بنەماڵەوە. هۆز و عەشیرەت لەم ڕۆژگارەدا هەر بەوەوە ناوەستن کە میدیای ئەم و ئەو باسیان بکات و چالاکییە خێلەکییەکانیان پێشان بدا، ئیدی لە شاییدا بێت یا شین، بەڵکە بۆخۆیشیان کەناڵی تیڤی و بنکەی میدیایی و وتەبێژ و بارەگا و تەنانەت هێزی چەکداریشیان هەن. تەواوی ئەو گرنگیدانە بەو دیاردەی زەقکردنەوەی هۆز و خێڵگەراییە زەوینەخۆشکردنە بۆ سەرلێشێوان و بزربوون و هاندانە بۆ هەڵاتن لە بوون بە نەتەوە و نەتەوەسازی و نزیکبوونەوە لە شارستانیەتی، کە میدیای کوردی نۆرەیەکی گەلێ خراپ لەو پرسەدا دەلیزێت.
    بەشی هەرە زۆری میدیای کوردی کار بۆ حیزب و بەرژەوەندییەکانی حیزب دەکەن و لەنێو بازنەی حیزبدا دەجووڵێنەوە و وەک زمانی حیزب دەپەیڤن و دەهزرێن و حیزب دەیانژێنێت. لە زۆر کاتیشدا میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری دەسەڵات(حیزب) و بیرۆکەی تایبەت بە سیستمی سیاسی و لە قاڵبدانی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە جوارچێوەیەکی دیاریکراودا. حیزبی ئەم سەردەمەی کوردستانیش بوونەتە بەشێک لە سیستم و دەسگەی سەرمایەداری. سیاسەت بوارێکی سەرەکییە لە باسوخواسەکانیاندا و سیاسەتیش لە میدیای کوردیدا سیاسەتی حیزبە و پڕانیی میدیای کوردستانیش میدیایەکی حیزبییە بە هەردوو دیوەکەیدا، حیزبی دەسەڵات و حیزبی دەرێی دەسەڵات و حیزبگەلێک پێیەکیان لە دەسەڵاتدایە و پێیەکەی دیکەیشیان لە دەرێی دەسەڵاتە. حیزبگەلی دەڕێی دەسەڵات و ئەوانی دیکەی “نێو جۆگە..”یش هەرگیز نەیانتوانیوە خاوەنی خۆیان بن و لە دەسەڵات دابڕێن، بە سەدان داو بە دەسەڵاتەوە گرێ دراون! گەلێک خویایە میدیا یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە جڤاکییەکان، کە نۆرەیەکی سەرەکی هەیە لە سازکردنی بیروڕا و ئاراستەکردنی گوتوبێژ و گوتاری گشتیدا. بەڵام کاتێک زۆرینەی دامەزراوە میدیاییەکان پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە حیزبە سیاسییەکانەوە هەیە، ئیدی سەربەخۆیی میدیا سنووردار دەبێت و دەبێتە هۆی ئاراستەکردنی هەواڵ بۆ بەرژەوەندی سیاسی (حیزب). ئامانجی میدیا تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکە دروستکردنی بیرۆکە و چوارچێوەی تێگەیشتنە، چاودێری دەسەڵاتە، دژ بە گەندەڵی بوونە، ڕوونکردنەوە و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاگایی کۆمەڵە لە ڕووی سیاسی و جڤاکییەوە، بەڵام کە سەربەخۆیش نەبێت دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندەی سیاسی. گەلێ جار باس لە میدیای حوکوومەتی یا سەربەخۆ دەکرێت، لێ میدیای حوکوومەتیش هەر حیزب ئاراستەی دەکات و ئەوەیشی ناوی سەربەخۆی لە خۆ ناوە، بۆ خۆی وەها بانگەشەیەک دەکات دەنا ئەویش هەم لەم بەرە و هەم لەو بەر، “..نێو جۆگەئاسا” لە گەلێ لا دەخوات. چون سیستمی سیاسی لە هەرێم زۆرجار دووجەمسەرییە(پارتی، یەکیەتی)، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر میدیا هەیە و میدیا دەبێتە بەشێک لە ملمڵانێی سیاسی، بەوەیش سەربەخۆیی لەدەست دەدات و تاڕادەیەک میدیای نیشتیمانیی بێلایەن کەمتر وەدی دەکرێت. سیاسەت و باسی سیاسەت، لە 1991ەوە لە تەواوی میدیای کوردیدا، هیچ کاتێک لەسەر بناخە و بنەمای هزر نەکراوە و ناکرێت. هێڵی هاوبەشی هەموویان گلەیی و گازندەیە و دزێوکردنی یەکدی و مێژوو و فەرهەنگ و جڤاکی کوردە. ئەو دوو هەژموونەی حیزب و سەرمایەداری(نیولیبرالیزم) تەواوکەری یەکدین. میدیای کوردی بە پەرەپێدان و برەودان بە ڕیکلام و پەسندانی کەرتی تایبەت و بەها لیبرالییەکان و بە زانین و نەزانینەوە کار بۆ نایەکسانی دەکات لە جڤاکی کوردستاندا.
    دە:
    ڕێکلام، خراپترین جۆری ڕیکلام، نانیشتمانی و نانەتەوەیی و ناکوردستانیترین ڕیکلام (بەتایبەت لە تەلیڤزیۆنەکانەوە)، هەمیشە میوانێکی خوێنتاڵ و تووکتاڵ و قەڵبی بەردەوامی ماڵانن. ڕێکلام بۆ کاڵا و بەرهەمی دەرەکیی(بە تایبەت تورکیایی) دەکرێت و بەرهەمی دەرەکیی وەک بێ ڕکابەر و نایاب وەسف دەکرێن و پەسن دەدرێن، لەبەرامبەریشدا بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان و پێشخستنیان پشتگوێ دەخرێت و وەک پێویست بەتەنگ پێشخستن و برەوپێدانییەوە نین. ڕیکلام بۆ زانستگە و خوێندنگە و کۆمپانیا و بازاڕ و پۆشاک و خۆراک و هەموو شتێکی بیانی و ناکوردستانیی دەکرێت. ڕێکلامی تورکیایی بە زمانی تورکی تەنێ دۆبلاژ دەکرێت و ئیدی ناوەڕۆکەکەی بۆ میدیای کوردی گرنگ نییە چی دەگەیەنن و چی پەخش دەکەنەوە. تەنانەت ڕێکلام بە زمانی عەرەبی، میدیای کوردی هەر بە عەرەبی بڵاوی دەکاتەوە. ڕۆن و شیر و دۆشاوی تەماتە و چای و قاوە و برنج و سەدان شت و کاڵای دیکەی ئاڵتوونسا و مەحموود و جیهان و.. دەدرێنە دەرخواردی مێشک و چاوی مرۆڤی کورد. تەواوی ئەو کاڵا و شتانەیش هینی وەڵاتگەلێکن ددان بە بوونی کورددا وەک نەتەوەیەک نانین! میدیای کوردی بە تایبەت بینراو و ڕیکلام، دوو ڕووی یەک دراون. ئابووری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری، کە کوردستانیش خۆی پێدا هەڵواسیوە، ژیان دەکاتە ڕیکلامسازی و بە کاڵاکردن و بە بازاڕکردن. وەها سیستمێک، هەرچەندە بۆ خۆی بانگەشەی فرەیی دەکات، لە ڕێگەی میدیاوە مرۆڤ دەکاتە خاوەنی یەک چێژ و یەک بیرکردنەوە و تەنانەت یەک جۆرە شێوە و ڕوخسار. ئەوەی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی هێناوە و بەتایبەتیش بۆ کوردستان، بێجگە لە قەلەمووناندنی مرۆڤ هیچی دیکە نییە و هەمووان بە فیکەیەک دەست دەکەن بە “قوڵ قوڵ قوڵ”، مرۆڤ دەکرێت بە کۆیلەی بازاڕ و کاڵا. کوردستان ئەمڕۆ، بووە بە خواردنگە، هۆتێل، خانوو و ئەپارتمان، ئارایشگە، پێشانگای ئۆتۆمبیل، مۆڵ، سیتی، زانستگە و خوێندنگە و فێرگەی بیانی و بەزمان و فەرهەنگی بیانی، هەموو ئەوانەیش سەرمایەداریی لە پشتییەوەیە و حیزب ئامرازە بۆ جێبەجێ کردنی و میدیایش شەوارە بە خەڵک، بە مرۆڤەکان دەکات و دەیانکاتە ڕەدووکەوتووی بازاڕ و مەستی کڕین و بەرخۆریی. سەرمایەداری، کە لەسەر بنجی بەکاربردنی چینایەتی و جڤاکی ڕوواوە، مرۆڤ لە مرۆڤیەتی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ ماددە و وەک هەموو کاڵایەک دەیئافرێنێت و دەیخاتە بازاڕەوە و کڕێن و فرۆشتنی پێ دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی قازانج و سامان و هێز تا ئەو ئاستەی مرۆڤ دەگەیەنێتە حاڵەتی نامۆبوون (بە عەرەبی: الإغتراب، بە فارسی: بیگانگی، بە ئینگلیزی: (Alienation)، لە ڕۆح و ئاگایی و ویست و بوونی ئەخلاقی وەک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە سەدان جۆر دەردەکەوێت و دەبینرێت، نامۆبوونێک مارکس لە سەدەی نۆزدەیەمدا باسی کردووە.
    میدیای کوردی هێندەی کار لەسەر هێنانی فەرهەنگی بیانی دەکات و برەو بە زمانی بیانی بەتایبەت ئینگلیزی دەدات، کە ئەو کارەیش هەر بازاڕ بە کاڵاکردنی فەرهەنگە، کاری لەسەر برەودان بە زمان و فەرهەنگی کوردی نەکردووە، ئەگەریش بە کوردی دەنووسرێت و دەگوترێت و دەبینرێت، لێ بە کوردییەکی ئەتککراو دەگاتە تۆ و من. گرنگییەکی زۆر بە هەندێ نەریتی ناکوردی وەک هاللۆیین، بلاک فرایدەی، ڤالانتاین، سەری ساڵی زایینی و.. دەدرێن و ڕیکلامی زۆریان بۆ دەکرێن، هەموو ئەوانە بەرهەمی سەرمایەداری و لاساییکردنەوەی ئەوروپا و ئەمەریکا و فەرهەنگی خۆراوایین و چ پێوەندێکیان بە کوردستانەوە نییە و هەرگیز نەیشبووە.
    یانزدە:
    سەرگەرمی، کە بوارێکی کۆمەڵایەتییە و دەکرێت لە چوارچێوەی تەنز و ساتیردا، وەک بوارێک بۆ کراوەیی و دڵفراوانی و چیژبەخشین و شادی و وەک ڕەخنەیەکی کاریگەر لە سیاسەت و جڤاک و ئابووری و دەسەڵات و..بەکارببرێت لێ لە میدیای کوردیدا ئەو سەرگەرمییە پتر کار بۆ فەرهەنگێکی تێکشکاو و ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو دەکات، کە بە ڕێگە و شێوازی جیاواز کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر دەبەن. فەرهەنگ، فەرهەنگی ڕاستەقینە کەمترین بوارێکە گرنگیی پێ دەدرێت. زۆرینەی کەناڵەکانی میدیای کوردی لایەنی فەرهەنگییان کەنار خستووە، هەمووی بووە بە سیاسەت و بازاڕ، وای لێ ھاتووە تێکڕای میللەت بووە بە “سیاسی” و “چاودێری سیاسی” و “شارەزای سیاسی”، کە لە ڕاستیدا هەموو بێجگە لە “دابەزیوی ئوتێلی سیاسەت..”.بە قەولی مامۆستا مەسعوود موحەممەد، شتێکی دیکە نین.
    دوانزدە:
    لە میدیای کوردیدا چەند دیاردەیەکی زەق لەمەڕ شێوازی دەربڕینەوە دەبێنرێن وەک نموونە: بەکارهێنانی وشەی توند و هەڵچووناوی، دروستکردنی دژایەتی و دووجەمسەری، بەکارهێنانی دەستەواژەی سیاسی بۆ هێرشکردنە سەر بەرانبەر یا ئەوەی لە بەرەیەکی دیکەدایە، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی پتر لێکترازان و دابەشبوونی جڤاک. دەشێ ئەو دیاردانە وەک زمانی هەڵچوون و سۆزدار ناو ببرێن. ئەڵبەت لە میدیای حیزبیدا، هەواڵ بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو پێشان دەدرێت، واتە ئەوەی بە قازانجی حیزبە و بەشێک لە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە و سەرچاوەی تاکلایەنە بەکاردەبرێت، ئەمانەیش دەکەونە خانەی زمانی پرۆپاگەندەوە. بێگومان پەخشکردنی زانیاری هەڵە لە میدیادا، کاریگەریی خراپی نەک تەنێ بەسەر زمان بەڵکە بەسەر مێژوو، جیۆگرافیا، جڤاک، نیشتمان، خاک و هزری مرۆڤی کوردەوە دەبێت. لە میدیادا سیاسی درۆ دەکات، دووڕوویی دەبێتە ڕیگەیەک بۆ مشەخۆری، بازرگان و سەرمایەدار وەک فریادڕەس پێشان دەدرێن، بێ ئەوەی کەس بڵێ وانییە! هەست دەکەیت نیشتمانیش نوقمی بێ سەوادییە!
    سێیانزدە:
    لە ڕووی زمانی میدیاوە، زمانە کوردییەکەی، واتە؛ ڕێنووس و زاراوەسازی و ڕێزمان و ئەوانەوە، زۆر بە ئاشکرا دەبینرێت میدیا کێشەی زمانی پوختە و ستانداردی هەیە و جیاوازییەکی لە بەرچاو لە شێوازی نووسیندا هەیە و ڕێزمانێکی میدیایی یەکگرتوویش نییە، وای لێ ھاتووە ھەر کەناڵە و بەکەیفی خۆی نەک بە پێی دەستوور و ڕێسای زمان، وشە و زاراوە دادەتاشێت و دەیترنجێنێتە نێو زمانە کوردییەکەوە! دیارە ئەوەی پێوەندی بە زمانەوانییەوەیە لە میدیادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشاگەردانییەی لە زمانی کوردیدا هەیە. میدیا وەک شمشێر (ذولفقار) کەی ئیمام عەلی، دوو دەمە، لەکاتێکدا هۆکارێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی یەکگرتوو بۆ نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشیدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زار و بنزاری جیاواز. لە میدیای کوردیدا هەر کەسە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەنووسێت و دەدوێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاو و گوێی خوێنەران و بینەران و بیسەران. ئەم جۆرە هزرینەش لە چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی زێتر تێناپەڕێت. تێپی لاتینی، وەک زڕباوکێکی دزێو هێنراوەتە نێو هەموو پەلێکی میدیاوە. لە میدیای کوردیدا، بە بیانووی ڕاگەیشتن بە پێشکەوتنی عەقڵ و هزر و هەموو بوارەکانی ژیانی سەردەم و کەموکورتییەکی کە لە زمانی کوردیدا یا لە جڤاکی کوردستاندا هەیە، کار لەسەر ئینگلیزییاندنی زمانی کوردی دەکرێت! کورد عاشقی فەرهەنگی بیانییە و ئەوەی خۆی پێ هیچە ئەو دیدەیش میدیا دروستی دەکات. وشەی کوردی بێ بیرکردنەوە لە ڕیشەی وشەکە و کورد چۆنی بەکار بردووە دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی دیکەی ناکوردی، وەک نموونە: کورد دەڵێ: چای بخۆوە، ڤەخۆ، بخۆرەوە، کەچی دەنووسن “چــای بخــۆ، چای دەخۆی، چا دەخۆی”. کورد جاران بۆ کات و بۆ ئەو ئامێرەی کاتەکە دەژمێرێت دەیگوت “سەعات” دواتر وشەی”کاتژژمێر” پەیدا بوو کە بە واتای ئامێری ژماردنی کات دێت، کەچی ئێستا سەعات و کاتژمێر کراون بە”کاژێر” ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە تۆ بە “خەرمان، دەرمان، سێبەر، شارەبان و..” بڵێی”خەرما، دەرما، سێبە، شارەبا و..”. وشەگەلی “چای دەخۆی” و “کاژێر” ڕۆژانە سەدان گلەت دەدرێن بە گوێی مرۆڤی کورددا بە تایبەت زارۆک، کە مێشکی بە جۆرێک دەشۆردرێتەوە پێی وایە ئیدی ئەوانە ڕاستن چون میدیا وا دەنووسێت و وا دەپەیڤێت!
    کۆڵۆنیالیزمی فەرهەنگیی نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەرمان، ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردووە، دەسکاریی هەموو بوونی کوردیان کردووە و هێندەیان کار لەسەر تواندنەوەی کورد لەنێو فەرهەنگیی خۆیاندا کردووە بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک مێشکی نەتەوەیەک دەسڕنەوە. کورد تووشی لە خۆ نامۆبوون کراوە، نامۆبوونی زمانیی، فەرهەنگی و..زانستگە تایبەتییە بیانییەکان، خوێندنگە ناحوکوومەتییەکان، ئیدی ئەمەریکایی، ئینگلیزی، تورکی، فرانسایی، لبنانی و دەیانی تر..هەموو ئامرازی لەبەرچاون و جەخت لەسەر ئەو گۆڕینە دەکەنەوە. ئەڵبەت بنەمای تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری و نیولیرالیزم، کە مرۆڤێک بەرهەم دەهێنن، هانی دەدەن بۆ ئەوەی هەمێشە بە دوای گەیشتن بە تراویلکەی بەختەوەریدا هەڕا بکات، کە سەرمایەداری بەڵێنی وەدەستهێنانی پێ دەدات، بەختەوەرییەک کە نییە و تەنێ خەیاڵە. تەواوی سیستمی سەرمایەداری و ئەوەی سەرمایەداری دەیکات و ئەو لەخۆنامووبوونەی کورد تووشی دەبێت، میدیای کوردی زۆر بە شانازییەوە لە کوردستان، لەکن کورد، لاوان و نەوەی نوێ بەتایبەت، بە ئارایشتکراوی و ڕازاندنەوە و جوانکاری و پیرۆزکردنەوە خۆشەویستی دەکات و تەواوی هەستەکانیان و مێشکیانی لێ تژی دەکات.
    کورد بە گشتی و ڕووناکبیران و فەرهەنگییانی کورد و میدیای کوردی بە تایبەت، دەبوو تەماشایەکی نەتەوەگەلی دیکە، دەر و دراوسێ و خەڵکی دیکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن خەڵکی دی چۆن بیر لە زمانی خۆیان دەکەنەوە! وەک نموونە دەشێ تەماشایەکی ئەم دوو مرۆڤە بکەین:
    مالیک حەدداد (مالك حداد (1927 – 1978) شاعیر و ڕۆماننووسی جەزائیری. ئەو عاشقی زمانی عەرەبی بوو و داخ و حەسرەتی ئەوەی هەبوو کە بە عەرەبی نەیدەنووسی. پاش سەربەخۆیی جەزائیر سوێندی خوارد، ئیدی بێجگە لە زمانی عەرەبی بە زمانێکی دیکە نەنووسێت. حەدداد خاوەنی ئەو دەربڕینە بەناوێیەیە: “زمانی فرانسی تاراوگەی منە”. ئەو لە دەسپێکی ڕۆمانی ئاسکێکت پێ دەبەخشم(سأهبك غزالة)ەکەیدا دەنووسێت:”زمانی فرانسی بەربەستێکە لە نێوان من و نیشتمانەکەمدا، توندتر و بەهێزتر لە بەربەستی زەریای ناوەڕاست و من ناتوانم هەستەکانم بە عەرەبی دەربڕم، فرانسی بووە بە تاراوگەم.” پێش مردنی مالیک حەدداد بە ماوەیەکی کەم، عەبدوڵڵا ئەلرکێبی(عبداللە الرکیبي/ 1928-2011) نووسەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانستگە و سیاسیی و لە ساڵانی 1970دا سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیر، لەپێش خانەی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیردا تووشی حەدداد دەبێت، حەدداد منداڵێکی گچکەی لەگەڵدایە و منداڵەکە بە زمانێکی ڕەوانی عەرەبی قسە دەکات. ئەلڕکێبی لە حەدداد دەپرسێت ئەو منداڵە کێیە! حەددادیش دەڵێت:” ئەمە تۆڵەکردنەوەی منە لە زمانی فرانسی، ئەمە کوڕمە”. ئەو وتەیەی حەدداد دەربڕینی دوورکەوتنەوەیەکی قووڵە لە ناخیدا. دوورکەوتنەوەیەکی زمانەوانی پێش ئەوەی جیۆگرافیایی بێت. ئەو باس لە ملانێیەکی ناوخۆیی دەکات لە نێوان زمانێکدا فێربووە بیری پێ بکاتەوە و بنووسێت و زمانێک کە پێویست بووە ماڵی یەکەمی بێت. زەریا دەبێتە مەودایەک دەتوانرێت ببڕدرێت، بەڵام زمان دەبێتە دیوارێک لە ناو خۆیدا نیشتەجێ دەبێت. ئەو کە ناتوانێت بە عەرەبی هەستەکانی دەربرێت ئازارێکی دوو هێندە پێشان دەدات؛ چون ئەو نەتوانینە تەنیا نەتوانینی ئاخافتن نییە، بەڵکە نەتوانینێکە تەواوی پێوەند و ڕایەڵەکان لەخۆ دەگرێت. زمان تەنیا ئامرازی قسەکردن نییە، بەڵکە بیرەوەری و ناسنامە و منداڵییە. کاتێک توانستی دەربڕینت بە زمانی دایکیت لێ دەسێندرێت، هەست دەکەیت بەشێک لە تۆ لێت سەندراوە و لە تۆدا نەماوە. ئەو دەربڕینەی”فرانسی تاراوگەمە”، وشە و دەربڕینێکە چڕ و ئازاراوی. تاراوگە بۆ خۆی جیۆگرافیایەکە، شوێنێکە، بەڵام ئەو کردوویەتی بە زمان، وەک ئەوەی لە ناو وشەکاندا دەژێت، لێ ئەو وشانە تەواو هاوشێوەی ئەو نین یان بە شێوەیەک هاوشێوەین هەمیشە وەبیری دەخەنەوە کە دوورە.
    نووسەری کینیایی نگووگی وا سيۆنگۆ (Ngũgĩ wa Thiong’o/ 1938-2025)، کە لە ساڵی 1978دا لە زیندانێکی کینیادا بوو، بەڵێنی دا ئیدی هەرگیز بە زمانی ئینگلیزی”زمانی دەسەڵات” کە بریتانیای داگیرکەر بە تۆبزی سەپاندبووی بەسەر وەڵاتەکەیدا نەنووسێت، بەڵکە بە زمانی کیکوویوو (گیکوویوو) بنووسێت، کە زمانی دایکییەتی. ئەو بڕیارەی بژاردەیەکی ناوازە بوو و هەرگیز لێی پەشیمان نەبووەوە و بەوەیش بوو بە نووسەرێکی مەزن لە مێژووی ئەدەبی ئەفریقاییدا.
    هەڵوێستێک ئەو دوو ڕووناکبیرە مەزنە مالیک حەددادی عەرەب و نگووگی وا سيۆنگۆی کینیایی لەهەمبەر زمانانی فرانسی و ئینگلیزی نواندوویانە، خۆداماڵینە لە هەژموونی کۆڵۆنیالیستانەی ئەو دوو زمانە و بەرخودانێکی ڕاستەوخۆی فەرهەنگییە دژ بە هەژموونی زمانەوانیی داگیرکەران. میدیای کوردی لە باشووری کوردستان و بە پاڵپشتی دەسەڵات و کەرتی تایبەت و سەرمایەدار و غەرب زەدە و تورک زەدە و کۆمەڵێک زەدەی دیکەیش نەک هەر خۆ لە قەرەی باسکردنی هەژموونی زمان و فەرهەنگی بیانی بە سەر کورددا نادەن، ڕێک بە پێچەوانەوە هاندەرن بۆ ئەو هەژموونە و کاریگەریی لەسەر جڤاکی کورد و فەرهەنگ و زمانی کوردی!
    هەرچەندە میدیاکاران بژاردەی خەڵک نین، بەڵام میدیا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ، بەهێز و قووڵی لە ژیانی جڤاکیدا هەیە. میدیا و میدیاکاران دەچنە نێو ورد و درشتی مرۆڤ و هۆش و ئاوەزی خەڵک داگیر دەکەن. میدیا، هێز و هەژموونی ئەوەی هەیە دید و جیهانبینی و ئاگایی مرۆڤ ئاراستە بکات، بگۆڕێت و بەرەو ئەو جێیەی ببات بۆ خۆی گەرەکێتی، ئیدی خاس یا خراو. دەتوانێت ئاگایی و وریایی و زرنگی و بەرینبینی و میهرەبانی و زانیاریی سوودبەخش بە مرۆڤ ببەخشێت یا بیگەوجێنێت و هێڕی بکات و فریوی بدات، وازی بە مێشک و هزری بکات.

    ئەپریلی 2025

پەراوێزەکان:

١- برای هێژا کاک جەواد،
سڵاوی گەرم و ڕێزی زۆرم، هیوادارام لەشساغ و کەیفساز و بەختەوەر بن.
مەبەست له نووسینی ئەم نامەیه بۆ ئێوەی بەڕێز، ئاگادارکردنەوەتانه له بابەتێک، که له ڕۆژنامەکەتاندا بڵاوتان کردووەتەوه، من پێم وایه دەبوو به جۆرێکی دیکه بووایه. له هەولێری ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 06/12/2011 دا و له لاپەڕه 15ی فەرهەنگدا، دوو هەواڵتان لەبارەی مامۆستایان زاهیر ڕۆژبەیانی و نەوزاد ڕەفعەتەوه بڵاو کردووەتەوه، که هەردوویان نەخۆشن و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازن. منیش زۆرم پێ ناخۆشه که ناساغن و پڕبەدڵ هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم. من تا ئێره هیچ گلەییەکم نییه و لەمەڕ هەواڵەکەی کاک نەوزاد ڕەفعەتەوه، هیچ قسەیەکم نییه، بەڵام ئەوەی من پێم ناخۆشه ئەوەیه، که لەگەڵ هەواڵەکەی کاک زاهیر ڕۆژبەیانیدا، وێنەیەکی ئێستای و بەو شێوەیه و بەو باری ناساغییەوه بڵاو بکەنەوه، که نەدەبوو کرابا. من ئەوەم پێ کارێکی جوان نییه و پێشم وایه هیچ پێویست به دانانی ئەو وێنەیه نەبوو، بەڵکه دەکرا، ئەگەر هەر وێنەیش دادەنرا، وێنەیەکی کۆنتری کاتی ساغیی مامۆستا ڕۆژبەیانی دانێن. دانانی ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی، بێجگه لەوەی له ڕووی دەروونی و هەستەوه، گەلێک مامۆستا ڕۆژبەیانی بۆ خۆی بریندار دەکات، کاریگەرییەکی نیگەتیڤیش دەکاته سەر هەستی خوێنەرانی ڕۆژنامەکه و بەتایبەت کەسانێک، که مامۆستا زاهیر ڕۆژبەیانی دەناسن.
دیاره ئێوه وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەکه دەبوو بیرتان لەوه کردبایەوه و دەشبوو ئەو هاوڕێیەی بەرپرسی لاپەڕەی فەرهەنگ وەها شتێکی وەبیردا هاتبا و بەسەریدا یا بەسەرتاندا تێپەڕ نەبووایه.
هەمیشه بەختەوەر و سەرکەوتوو بن براتان ئەمجەد شاکەلی
٢- ره‌خنه‌ی چاودێر، ژماره‌(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده‌ پێ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه‌.
٣- به‌شێکه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له‌ ژێر ناوی “بناری هه‌ڵگورد”دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه‌ تاکه‌ که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه‌ بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه‌: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێبفرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003،، ل 254.
٤- شاکەلی، ئەمجەد، پیری بە تەمەن نییە! بنۆڕە: https://amjad-shakely.blogspot.com/2011/
٥- ە https://www.tiktok.com/@cheguevara540/video/7335953426695654689
https://www.tiktok.com/@.baibun/video/7474149393680076040?_r=1&_t=ZS-8u9ETv0xN5k : هەرەوەها بنۆڕە
٦- نشرت جريدة الوقائع العراقية في العدد 2513 في 8 شباط 1976 – صدر المرسوم الجمهوري تحت الرقم 41 في شباط 1976 وتقرر ما يلي :- 1. استحداث محافظة صلاح الدين يكون مركزها مدينة تكريت. 2. إلحاق قضاء طوزخورماتو إلى محافظة صلاح الدين. 3. إلحاق قضاء كفري والنواحي التابعة لها إلى محافظة ديالى.
٧- مێژووی کوردستان و جاران کورد بۆ خۆیشی، حەمرین و زرواتییە (الزرباطیة) و عەلی غەربی(علێ الغربي) و عەلی شەرقی (علي الشرقی)یان بە سنووری باشووری کوردستان دادەنا، ئێستا کەلار و ناساڵح و قوشتەپە و چەمچەماڵ و،،بوون بە سنوور!
٨- https://www.instagram.com/reel/DRZ8EbaCJv4/?igsh=dmYwNmJsMDRhMzB5
٩- https://www.tiktok.com/@rudawradio/video/7577330492832238904?_r=1&_t=ZN-91lEz0i88HP
١٠- https://amjad-shakely.blogspot.com/search?updated-max=2004-12-06T14:22:00-08:00&max-results=7 بنۆڕە: شاکەلی، ئەمجەد، هۆزگه‌رایی وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی بنه‌مای ئایدیۆلۆژیی حیزب.
هەروەها بنۆڕە ژمارەکانی 3450-3523ی (کوردستانی نوێ)ی نێوان19/08/2024 – 12/11/ 2024




کتێب\ گۆڕانە مەزنەکان لە هزرێکەوە دەست پێ دەکەن.. ئەمجەد شاکەلی

(لەگەڵ ئەحمەد بین بیلالدا بەرەو جیهانێکی نوێ)

نووسەر: ئەمجەد شاکەلی
بابەت: باس و لێکۆڵێنەوە
دیزاینی بەرگ: ئیسڕا کەمال
دیزاینی ناوەوە: خەبات عارف
چاپخانەی: کارۆ، سلێمانی، کوردستان

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن..




سەرۆککۆمار.. ئەمجەد شاکەلی

لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەوافوق و تەوازون وشەراکەت و سەدان کڵاوبازی و قسەی قۆڕی دیکەوە، بێفەڕترین و دواکەوتووترین سیستمێکی حوکومڕانی بە سەر عیراقدا سەپێنرا. سیستمێک، لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی و ئایینزایی، لە لایەن ئەمریکاوە دامەزرا و تا هەنووکە، پێڕۆ دەکرێت. ئەم سیستمە، کۆپێیەکی گەنتر و دزێوتری سیستمی سیاسیی لبنان بوو و لبناناندنی عیراقی لێکەوتەوە. هەرسێ سەرۆکایەتییە باڵاکەی عیراق، حوکوومەت، کۆمار و پەرلەمان، لەنێوان شیعە و سوننە و کورددا دابەش کران. سەرۆکایەتی حوکوومەت، کە گرنگترین و کاریگەرترین و بەدەسەڵاتترین پۆستە، بوو بە پشکی شیعە. سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو بە پشکی سوننە. سەرۆکایەتی کۆمار بوو بە پشکی کورد. عەرەب، کران بە دوو کەرتەوە و لە عەرەبەوە وەک نەتەوەیەک و نەتەوەی سەردەست و زۆرینەی عیراق، کران بە شیعە و سوننە. تا ئەمڕۆ، کورد سێ جار، پۆستی سەرۆککۆماریی وەرگرتووە، یەکەمیان جەلال تاڵەبانی بوو و دووەمیان فوئاد مەعسووم و سێیەمیان بەرهەم ساڵح. پۆستی سەرۆککۆمار، بێجگە لە بڕێک پارەوپووڵ و تایبەتمەندی ماددی بۆ حیزبەکەیان و خۆیان، هیچی دیکەی بۆ خەڵکی کورد و کوردستانییان تێدا نییە. سەرۆککۆمار بێدەسەڵاتترین دەسەڵاتدارە لە سیستمی حوکومڕانیی عیراقی دوای بەعسدا. سەرۆککۆماری عیراقی دوای بەعس، هەر هێندەی تاها موحیەددینی سەردەمی سەددام حوسەین دەستی دەڕوات.

سەرۆککۆمار، کە وەک نیشانە و هێمایەک و ڕوویەکی عیراق، لە دەرێی عیراق دەبینرێت و عیراقیش وەک دەوڵەتێکی عەرەبی دەژمێردرێت، دەکاتە ئەوەی سەرۆککۆمار سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبییە. دانانی کوردێک بە سەرۆککۆمار و قایلبوونی کورد بەوەی پۆستی سەرۆککۆمار وەرگرێت، گەورەترین سووکایەتیکردنە بە عیراق، وەک دەوڵەتێکی عەرەبی، کە سەرۆککۆمارەکەی کورد بێت و گەورەترین سووکایەتیکردنە بە کوردیش، کە سەرۆککۆماری دەوڵەتێکی عەرەبی بێت و لە دەرەوە وەک عەرەب بژمێردرێت. ئەو سووکایەتیپێکردنە، ئەمەریکا بۆ سەرشۆڕکردنی، هەردوو کورد و عەرەب دایهێنا و بۆ ناشیرینکردنی ڕووی سەرۆککۆماری عیراق. لە یەکەم سەرۆککۆماری دوای ڕووخانی بەعسەوە، ئەو پۆستە بەدەست یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بووە و هەیە. تەنیا لە دانانی جەلال تاڵەبانیدا وەک یەکەم سەرۆککۆمار، پارتیی دیموکراتیی کوردستان دژایەتی و ناڕازیی نەبوو بۆ ئەو سەرۆککۆمارە، ئیدی لە دانانی فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵحدا، پارتیی بەربژێری ڕکابەری بۆ هەردوویان هەبوو، لێ پۆستەکە هەر بوو بە هی یەکیەتیی. چۆن عەرەب کران بە شیعە و سوننە و وشەی عەرەب لە قانوونی دانانی ئەو سێ پۆستە باڵایانەدا سڕایەوە، هەر بەو جۆرە بۆ کوردیش، تا ڕادەیەک و بە کردار وشەی کورد سڕاوەتەوە و وشەگەلی یەکیەتی و پارتی جێگەیانی گرتووەتەوە، بەتایبەت لای کورد خۆی و دیارە لەکن عیراقییانیش. سەرۆککۆمار بووەتە تاپۆی یەکیەتیی و سەرۆکی هەرێم بووتەوە تاپۆی پارتی. کورد، ئەگەر بڕێک وردبین بووایە، هەرگیز توخنی پۆستی سەرککۆماری نەدەکەوت، پۆستێک کە هیچی لەباردا نییە و کورد گوتەنی”لاقی مریشکێکی پێ ناکرێتەوە” و دەستەوسان و دەەستەپاچە، دەبێ چاوەنۆڕی بەزەیی و دلۆڤانی و میهرەبانی دوو سەرۆکەکەی تری حوکوومەت و پەرلەمان بێت.

جەلال تاڵەبانی، کە یەکەم سەرۆککۆماری کورد بوو لە عیراقدا، بەو هەموو کاریزما و لەبلەبانی و زارقەرەباڵغی و زمانە لەچەرخدراوەی و بەو هەموو فرتوفێڵ و تەڵەکەبازی و پێوەندداری و لێزانین و هەلپەرستی و ڕەنگگۆڕین و دووڕوویی و هەڵبەزودابەز و دەیان سیفەتی دیکەیەوە، مەلا غەفووری دەبباغی گوتەنی:”زگگورگی سەرمەڕ بۆ وا فەقیری؟ خۆ تۆ هەوێنێ نۆ مەنجەڵ شیری!”، ئەو هەوێنی سەد مەنجەڵ شیریش بوو، لێ هیچی لێ هەڵنەکڕدرا و هیچ خێروبێرێکی بۆ کورد نەبوو. سەرۆککۆمارە خەواڵووەکەی دوای ئەو، فوئاد مەعسووم، گێرەی لە هەولێرێ دەگەڕا و سەرۆکەکەی ئێستاش، بەرهەم ساڵح، کە دەرسی شەیتان دەدات، بۆ کورد تەنێ زمانێکی لووس و دوودەستی بەتاڵی پێوەیە. هیچ سەرۆککۆمارێکی کورد لە عیراقدا و لە سایەی وەها دەوڵەت و قانوونێک و سیستمێکی سیاسییدا، هەرگیز لەمانەی ناویان هات، باشتر نابن. کاتێک کورد دەتوانێت بەمانە بڵێت لالۆ (سەرۆککۆمار)، چۆلەکەی بۆ بگرن. ئەمانە نەک چۆلەکە بۆ کورد دەگرن، چۆلەکە بۆ کورد ناگرن و بەڵکە چۆلەکەکەی دەستی کوردیش بەرەڵڵا دەکەن. ئەو هەموو ساڵانەی بەسەر چوون، گرنگترین پرسی کورد، خاک بوو و خاکە، کەرکووک و تەواوی دەڤەرە دابڕێنراوەکان، “قودس”ەکەی ئەو سێ سەرۆککۆمارە کوردانە، بە ماددەی سەدوچل و بە 16ی ئوکتۆبەر و بە نابەرپرسیاریی خۆیان، هەموویان دۆڕاند و ڕادەستی نەیارانی کوردستانیبوونی کەرکووکیان کرد.

عیراق، یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بە دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبیی دەژمێردرێن. لە 22 مارسی 1945دا و پێش دامەزراندنی ڕێکخراوی دەوڵەتانی یەکگرتوو(UN)، بە چەند مانگێک، حەفت دەوڵەتی عەرەبی سەربەخۆی خودان سەروەریی سیاسی: میسر، سووریا، شانشینی سعوودییەی عەرەبی، ڕۆژهەڵاتی ئوردون، لبنان، عیراق و یەمەن، خڕ دەبنەوە و بڕیاری دامەزراندنی چەترێک، بازنەیەک، یەکیەتییەک بۆ خڕکردنەوەی دەوڵەتانی عەرەبی، گەلی عەرەب و خاکی جیهانی عەرەبی لەنێو و لەچوارچێوەی ئەو بازنەیەدا و لەژێر ئەو چەترەدا، دەدەن. عیراق، وەک شاکارێکی سایکس-پیکۆ و کۆڵۆنیالیزمی بریتانی، بە هەموو پێوەرێک و لەبەر ئەندامبوونیشی لەو کۆمکارەدا، دەوڵەتێکی عەرەبییە و بێجگە لەوە شتێکی دیکە نییە.
لە وەڵاتێکدا پۆستی سەرۆککۆمار دەتوانێت بە بایەخەوە لێی بنۆڕدرێت و کاریگەریی هەبێت و نوێنەرایەتی تەواوی دانیشتووانی وەڵاتەکە بکات، جیاوازیی لەنێوان پێکهاتەکانی وەڵاتەکەدا نەبێت و تەواوی تاکەکانی کۆمەڵ و خەڵکی وەڵاتەکە وەک هاووەڵات سەیر بکرێن و هاووەڵاتیەتی چ پێوەندێکی بە ڕەگەز، ڕەنگ، ئایین، نەتەوە، زمان، ئایینزا، ڕەچەڵەک و…نەبێت، بەڵکە تەنێ لەسەر بنەمای هاووەڵاتیبوون حیسابی بۆ بکرێت. وەک نموونە دەکرێ وەڵاتانی لاتین ئەمەریکا باس بکرێن.

لە وەڵاتانی لاتین ئەمەریکا، کە کیشوەرێکی بەرینە و پتر لە 650 میلیۆن مرۆڤ تێیاندا دەژین، لە ماوەی 40 ساڵێکدا 11 سەرۆککۆمار، کە بە بنەچە و ڕەچەڵەک عەرەبن، فەرمانڕەواییان کردووە. عەرەب، بۆ خۆیان دانیشتووانی ڕەسەنی لاتین ئەمەریکا نین، بەڵکە وەک پەنابەر و کۆچبەر لە ماوەی یەک سەدەدا و بەرەبەرە لەو کیشوەرە نیشتەجێ بوون. لە تەواوی لاتین ئەمەریکادا نزیکەی 40 میلیۆن مرۆڤی بە ڕەچەڵەک عەرەب دەژین. 12 میلیۆن لەوانە لە برازیل و 1,2 میلیۆن لە ئەرجەنتین و ئەوانی دی لە وەڵاتانی دیکەی ئەو کیشوەرەن. ڕێژەی عەرەب لە لاتین ئەمەریکادا دەکاتە 6%ی تەواوی دانیشتووانی ئەو کیشوەرە. لە نێو زمانی سپانیۆلی و پۆرتوگیزی، کە لە لاتین ئەمەریکادا زمانانی هەموو کیشوەرەکەن، 500 وشە و دەستەواژەی عەرەبی، تێکەڵ بەو دوو زمانە بوون و لە هەندێک لەو وەڵاتانەدا بوون بە بەشێک لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک.

ئەو سەرۆککۆمارانەی، کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن و لە لاتین ئەمەریکا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست ئەمانەن:
کارلۆس منعیم(Carlos Menem)، لەنێوان 1989-1998، سەرۆکی ئەرجەنتین بوو، لە دایک و باوکێکی سووریایی هاتووەتە دنیاوە. ئەنتۆنیۆ سەقا(Antonio Saca)، سەرۆکی ئێلسەلڤادۆر، بە ڕەچەڵەک فلستینی بوو. سەرۆکێکی دیکەی ئێلسەلڤادۆر، نەجیب بووکیلە یا ناییب بووکیلە(Nayib Armando Bukele Ortez)، لە باوکێکی فلستینی و دایکێکی ئێلسەلڤادۆری بوو. ميشال تامر(Michel Temer)، سەرۆکی برازیل، بە ڕەچەڵەک لبنانییە. خولیۆ تیۆدۆرۆ سالیم(Julio Teodoro Salem)، عەبدەڵڵا بووکەرەم(Abdalá Bucaram) و جەمیل مەعەووەز(Jamil Mahuad)، هەرسێیان بە ڕەچەڵەک لبنانین و سەرۆکی ئێکوادۆر بوون. خولیۆ سیزار تەربای یا خولیۆ سەمیر تەربای(Julio César Turbay)، لە باوک و دایکێکی لبنانی هاتووەتە دنیاوە، سەرۆکی کۆلۆمبیا بوو. سەلڤادۆر نەسرەڵڵا(Salvador Nasralla) و کارلۆس ڕۆبێرتۆ فلوورێس یا کارلۆس فەققووسە(Carlos Roberto Flores)، هەردووکیان دایک و باوکیان فلستینی بوون، سەرۆکی هۆندوراس بوون. ماريۆ عەبده بێنیتز(Mario Abdo Benítez)، سەرۆکی پاراگوای، لە دایک و باوکێکی لبنانییە. بێجگە لە سەرۆککۆمار، سەدان وەرزشکار، سینەماکا، میدیاکار، مامۆستای زانستگە، ئەدیب و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوان و شارەزای ئابووری و قانوون و دەیان بواری دیکە هەن، کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن . نەک هەر خەڵکی بە ڕەچەڵەک عەرەب، بەڵكە خەڵکی بە ڕەچەڵەک وەڵاتی دیکەش بوون بە سەرۆککۆمار، نموونەش ئەلبێرتۆ فوجیمیرۆ(Alberto Fujimori)، سەرۆکی پێرو، کە لە باوک و دایکێکی ژاپۆنی هاتووەتە دنیاوە.
تەواوی ئەوانە بوون بە سەرۆکی دەوڵەت لە کیشوەری لاتین ئەمەریکادا، نەک بە ناوی عەرەب یا ژاپۆنی، بەڵکە بەناوی ئەرجەنتینی، برازیلی، ئیلسەلڤادۆری، کۆڵۆمبیایی، هۆندوراسی، پاراگوایی، پێرویی، ئێکوادۆری. ئەوان نوێنەری ئەو دەوڵەتانە و گەلانی ئەو دەوڵەتانە بوون، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەچەڵەک و بنەچەی ڕەسەنی خۆیانیان فەرامۆش نەدەکرد و ناکەن، کە عەرەبن. گەلێ جار و لە کاتی پێویستدا هەڵوێستی سوودبەخشیان بە نەتەوە ئەسڵییەکەی خۆیان(عەرەب) و وەڵاتانی عەرەبی نواندووە و گەیاندووە.

کورد، دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو خاکەن، کە پێی دەگوترێ کوردستان و بەشێکی بە عیراقەوە لکێنراوە و ڕێژەیشی لەنێو عیراقی ئێستادا لە ڕێژەی ئەوانەی بە ڕەچەڵەک عەرەبن لە لاتین ئەمەریکا و ئێستا تواونەوە و بوون بە خەڵکی ئەو وەڵاتانەی تێیاندا دەژین، گەلێک زیاترە. کورد 20-25%ی دانیشتووانی عیراق پێکدەهێنن. کورد، دەبوو خۆی دوور گرتبا لەوەی سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبی بێت و بە ناوی عەرەبەوە قسان بکات. ملانێی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر هەر پۆستێک لەنێو عیراقدا و بەتایبەتیش لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عیراق، دزێوترین ملانێیە. وەها ملانێیەک، سڕینەوەی کوردە و سڕینەوەی کوردستانە و چەسپاندن و جێگیکردنی حیزبە(یەکیەتی یا پارتی یا…) لەبری کوردستان و کورد. لە دێر زەمانەوە گوتراوە:”چێشتی پڕکابان بێخوێ یا سوێرە”، بەو ملانێیە پارتیی و یەکیەتیی، نەک چێشتی بێخوێ یا سوێر دەرخواردی کوردستانییان دەدەن، بەڵکە زەقنەبووت و ژەهری هەلاهەلایان دەرخوارد دەدەن. وەدەستهێنانی پۆستێکی کارا، لە کەرکووک و دەڤەرە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کە بتوانێت وەک کورد، وەک کوردستانیی، نەک وەک یەکیەتیی یا پارتیی، یەک میتر خاک، بیرەئاوێک، درەختێک بگێڕێتەوە ئامێزی کوردستان، عەرەبێکی هەناردەی داگیرکاری کوردستان وەدەرنا، کوردێکی هەڵاتووی کەرکووک و خورماتوو و مەندەلی بگێڕێتەوە جێی خۆیان، ناوە کوردییەکەی ئاواییەکی عەرەبێنراو، خوێندنگەیەک، شەقامێک، جۆگەڵەئاوێک، دۆڵێک، تەپۆڵکەیەک بکاتەوە کوردی، گەلێک لە پۆستی سەرۆککۆمارێکی تەوەزەلی تێڕە باشتر و بەکەڵکترە. عەرەبی عیراق بۆ خۆیان دەبوو پۆستی سەرۆککۆماریی عیراق نەدەن بە کورد و بە مۆڵکی خۆیانی بزانن. ئەو پۆستی سەرۆککۆمارە، کە عیراق دەوڵەتێکی عەرەبی بێت، مافی عەرەبە و هەرگیز مافی کورد نییە.

17-12-2021




خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج.. ئەمجەد شاکەلی

ئەمڕۆ لە دیدارێکیدا لەگەڵ هەندێک لە خوێندکارانی زانستگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی، گوتی:”خوێندن لەو زانکۆیانەی کە حکومین بە خۆرایین و حکومەت بە خۆڕایی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەو قوتابییانەی کە لەم زانکۆیانە دەخوێنن. داواکردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە…لەهیچ شوێنێک شتی وانییە کە بڵێی من بە خۆڕایی دەخوێنم و دەبێت بڕەپارەیەکیشم وەک دەرماڵە پێبدەن بۆ ئەوەی بخوێنم” .
ئەوانەی هاوڕێی سەرۆکی حوکوومەت بوون لەو دیدارەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانستگەیەک بوون، کە هەردوویان بەرپرسی ڕاستەوخۆی خوێندنی زانستگە و خوێندکارانن. بێجگە لەوە من هیچ گومانێکم لەوەدا نییە، کە سەرۆکی حوکوومەت و هەر بەرپرسێکی باڵای کوردستان، بەو دوو هاوڕێیەی لەگەڵ سەرۆکی حوکوومەتیشدا بوون لەو دیدارەیدا، دەیان و سەدان ڕاوێژکار و جێگر و سکرتێر و یارمەتیدەر و کارمەند و دەستوپێوەند و خەڵکیان لەبەردەستدایە و زۆر بە ئاسانی دەتوانن، دەستیان بە هەموو زانیارییەکی ڕاست و دروست و نوێوە، لەمەڕ هەر پرس و بابەتێکەوە، نەک تەنێ پێوەنددار بە کوردستانەوە، بەڵکە بە هەموو گەردوونەوە و بە زووترین کات، بگات. لەم سەردەمی جیهانگەری و پێشکەوتنی تەکنۆلۆگییەدا، دەستەبەرکردنی زانیاری کارێکی گەلێک سانایە بۆ هەموو مرۆڤێک، بەتایبەت بۆ کەسانێک، کە لە لووتکەی دەسەڵاتدا بن. لێ مخابن، لەو دیدارەی سەرۆکی حوکوومەتدا وا نەبوو! ئەو زانیارییەی سەرۆکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەڕ خوێندنی خۆڕایی و دەرماڵەی خوێندکاران لە وەڵاتانی دیکەی جیهاندا، هەڵە بوو. ئەو دەبوو پێشتر داتای دروستی بۆ ئامادە کردبا، ئیدی بۆ خۆی یا بە کۆمەکی دەستەکەی، کە لەگەڵیدا کار دەکەن.
من بۆ خۆم ماوەی چل ساڵێکە لە وەڵاتی سوێد دەژیم و بڕێکیش خوێندوومە و قەرزی خوێندنم وەرگرتووە و تا ڕادەیەکیش ئاگاداری وەڵاتگەلی ئەوروپا و دەوروبەری سوێدم. تەواوی خوێندنی سوێد، لە هەموو خوێندنگە و زانستگەکاندا هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا پۆست دۆکتۆرایش، هەمووی بە خۆڕایی و مفتە و خوێندکار یەک قل پارە بە خوێندن نادات. تاکە تاکەیەک خوێندنگەی تایبەت لێرە و لەوێ هەن، بە پارە تێیاندا دەخوێنرێت، لێ ژمارەیان ناگاتە ژمارەی پەنجەی دەست. هەموو شاگردێک لە تەمەنی نێوان 16-20 ساڵان و لە پۆلی دەیەمەوە، مانگانە وەک دەرماڵە 1250 کرۆنی سوێدی مفتی دەدرێتێ. کە خوێندکار دەچێتە خوێندنی دوای ئامادەیی و زانستگە، ئیدی ئەگەر ئارەزووی لێبێت، دەتوانێت قەرزی خوێندن(بە عەرەبی:منحة دراسية، بە فارسی:کمک هزینه تحصیلی، بە ئینگلیزی: Study grant) وەربگرێت، چون هەن قەرز وەرناگرن و لەگەڵ خوێندنەکەیاندا کار دەکەن و خۆ دەژێنن. ئێستا لە ساڵی 2021دا مانگانەی هەر خوێندکارێکی زانکۆ، ئەگەر قەرز وەرگرێت 10928 کرۆنە، کە 7328 کرۆنی بە قەرز دەژمێردرێت و 3600 کرۆنی بە دەرماڵە، واتە: مفت وەریدەگرێت. لە ساڵی 2022دا ئەو پارەیە دەگۆڕێت و دەبێتە 11088 کرۆن لە یەک مانگدا، کە 7436 کرۆنی قەرزە و 3652 کرۆنی دەرماڵەی مفتە. ئەو پارەیەی خوێندکار وەک قەرز وەریدەگرێت، پاش تەواوکردنی خوێندن گەرەکە مانگانە بەشێکی بگێڕێتەوە بۆ حوکوومەت تا بەرەبەرە هەمووی تەواو دەبێت، کە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت، ئەو بەشەی دەرماڵەیە، ئەو وەک شیری دایکی نۆشی گیانی دەکات و هیچ لەسەری ناکەوێت. خوێندکار دەتوانێت تەنیا دەرماڵەکە وەرگرێت و قەرزەکە وەرنەگرێت، ئەگەر بتوانێت بەو دەرماڵەیە بژێت. خوێندکار چ ئەوانەی قۆناخی ئامادەیی و چ هی زانستگە، مافی ئەوەی هەیە کارتێکی مانگانە یا ساڵانە بۆ هاتوچۆی نێو ئەو شارەی تێیدا دەژی و دەخوێنێت، بۆ ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و میترۆ بکڕێت بە نیوەی نرخی ئاسایی خەڵکی ئاسایی و بۆ هاتوچۆی نێو تەواوی سوێدیش هەر بە نیوە نرخە ئاساییەکە دەتوانێت بگەڕێت. خوێندکار، بە نیوە نرخ دەچێتە سینەما، شانۆ، مەلەوانگە و دەیان جێگەی دیکە. لە تەواوی ئەوانەدا خوێندکار و خانەنشین وەک یەک دەژمێردرێن، هەردوویان نیوەنرخ دەدەن. خوێندکار لەو خواردنگە و ڕیستۆرانتانەی نێو زانستگەکان، بە نیوە نرخ دەخۆن. بێجگە لەوانە، خوێندکار زۆر شتی دیکە دەیگرێتەوە و سوودمەند دەبێت لێیان.
خوێندکارانی کوردستان تەنیا کێشەی دەرماڵەیان نییە، ئەوان کێشەی بەشە ناوخۆییەکانیشیان هەیە، کە پڕن لە ناڕێکی و پڕگرفت و سەختی.
ئەو هەموو زانستگە و خوێندنگە تایبەت و ئەهلی و بیانیانەی لە کوردستان کراونەوە و هەن و ڕیگەپێدراون، زیانێکی یەکجار مەزن و کاریگەرییەکی یەکجار خراپیان لەسەر جڤاک و فەرهەنگی گەلی کوردستان و زمانی کوردی داوە و کردووە. کارێکی وایان کردووەتە سەر خوێندن و خوێندکار، کە بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بن. بەچکە دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەرپرس و مشەخۆران، دەچنە خوێندنگە و زانسگەی تایبەت، کە خوێندن تێیاندا بە پارەیە و بە زمانانی ئینگلیزی، فرانسی، تورکی، ئەڵمانی و… فرەتر بە ئینگلیزییە. ئەو جۆرە خوێندنگە و زانستگەیانە خوێندکارێکی تەمبەڵ و کەمنمرە، کە لە پۆلی دوانزدەی ئامادەییدا 50ی هێناوە، کە لە زانستگە حوکوومەتییەکە وەرناگیرێت، لەوێ تەنیا لەبەر ئەوەی پارە دەدات، وەردەگیرێت. کاتێکیش ئەمەی زانستگەی تایبەت خوێندن تەواو دەکات، لەبەر زمانە ئینگلیزییەکەی و لەبەر ئەوەی بێچوە دەوڵەمەند و بەرپرسە، زۆر بە ئاسانی کاری دەستدەکەوێت و بێچوە هەژارە دەرچووەکەی زانستگە حوکوومەتییەکەیش، کە دەبێ ڕکابەری بێچووە دەوڵەمەندەکەی دەرچووی خوێندنی تایبەت و زمانی ئینگلیزییەکە بکات، پێی ناکرێت و لەو پێشبڕکێ نایەکسانەدا دەدۆڕێت.
هەزاران بەرپرس و دەستڕۆ و دارا و گیرفانپڕی کوردستان، کە بەشێکی زۆریان لە کوردستان خوێندیان تەواو نەکردووە و بڕوانامە و بەڵگەی ساختەیان بۆ کراوە، ساڵانە دەچنە دەرێی کوردستان، تورکیا، ئێران، لبنان، میسر و…هەر وەڵاتێکی دیکە یا خۆیان لە کەرکووک، ڕەمادی، شارەبان، باقوبە، مووسڵ و تەنانەت چەپەکترین شوێنی عیراق ناونووس دەکەن و دوای ماوەیەک پلەی ماستەر یا دۆکتۆرا وەردەگرن و دێنەوە و دەبنە بەڵا بۆ ئەو هەژارانەی لە زانستگە حوکوومەتییەکانی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە و ڕکابەرییان دەکەن.
خوێندکارانی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە دەرماڵەیەکی باش وەرگرن و منەتیان بەسەردا نەکرێت. ئەگەر ئەوە بکرێتە بیانوو، کە حوکوومەتی عیراق لە ساڵی 2014ەوە چەندین ملیار دۆلاری بۆ کوردستان نەناردووە و قەرزداری کوردستانە و ئەوە پارەی خوێندکارانە و بەغدا خواردوویەتی و هەموو جارێک ئەو ڕستەیە بدرێت بە گوێی خوێندکار و کارمەند و کارگەر و چینەکانی خوارێی کۆمەڵدا، ئەدی وەزیر و گزیر و جێنێراڵ و ڕاوێژکار و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییە خانەنشینکراوە بندیوارەکان، بۆ مووچە و دەرماڵە و پشتماڵە و ژێرماڵە و بانماڵەی خۆیان ڕێک و بێ کێشە وەردەگرن، ئەوە لە کاتێکدا، کە بەردەوام باس لە چاکسازی دەکرێت! تەواوی پارەیەک بۆ ئەو دەرماڵەیەی خوێندکاران دەڕوات، بە قسەی مەلا بەختیار، کە یەکێکە لە سەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، 10 میلیۆن دۆلارێک دەکات.
لە کوردستان، دەیان هەزار لەو بندیوارە مفتەخۆرانە هەن، هەریەکە و مانگانە دەیان هەزار دۆلاریان بۆ خەرج دەکرێت، کە سەرلەبەری پارەیەکی وەریدەگرن، وەک چۆن گۆشتی بەراز و سەگ لە ئایینی ئیسلامدا حەرامە، ئەو پارە و مووچەیەی ئەوانیش وەها حەرامە. ئەوانە لە ساڵانی 1990وە تا هەنووکە ئەو مووچە و پارەیە وەردەگرن، حوکوومەت بە بڕینی ئەو پارە حەرامەی ئەو مفتەخۆرانەی بندێوارێ، نە تەنیا دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر مەبەستی بێت، دەتوانێت دەرماڵەی تەواوی خوێندکارانی هەموو کوردستانی گەورە دابین بکات.
بەشە هەرێمەکەی باشووری کوردستان، سیستمێکی خوێندن پێڕۆ دەکات، بێجگە لەوەی ئاستی زانین و زانست چەندی بیری لێ بکەیتەوە نزمە، کادرێکی زۆری ناکارایش لە بواری ناپێویستدا دێنێتە بەرهەم و دەخاتە نێو جڤاک و بازاڕی کارەوە، کە بێجگە لە زیان چ سوودێکیان نییە، چون ئەوانە دەبنە لەشکرێکی بێکار و بێبەرهەم.
تەواوی ئەوانە کێشەن، لێ مرۆڤی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و تێر و دەسەڵاتدار، لەبەر ئەوەی بۆ خۆی لە وەها حاڵێکدا ناژی، هەرگیز ناتوانێت هەست بەو جیاوازییانە بکات. پیرەمێردی شاعیر لەمێژە گوتوویەتی:
پیاوی تێر ئاگای لە برسی نییە، بە ماڵ ئەخوڕێ هیچ ترسی نییە.

27-11-2021
ئەمجەد شاکەلی




كتێب: خوێندنەوەیەكی سۆفیگەری و تەریقەتی نەقشبەندی.. نووسـينى : ئەمجەد شاكەلی

ناوی كتێب : خوێندنەوەیەكی سۆفیگەری و تەریقەتی نەقشبەندی
نووسـينى : ئەمجەد شاكەلی
نەخشاندنی بەرگ : زاری
نۆبەتی چاپ : یەكەم
ساڵی چاپ : 2019
چاپ و پەخش و پێداچوونەوە : هاوسانی

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




تیۆری پیلانگێڕی و داڕووخانی کاباڵ.. ئەمجەد شاکەلی

زۆرێک لە ئێمە لەبارەی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی یا کۆمپلۆت و دەسیسە (Conspirations Theory)ەوە، گەلێ شتی بیستووە. وەک نموونە: کە خۆراکێکی ئێمە دەیخۆین، ژاری تێدایە! 11ی سێپتەمبەری 2001، بەو جۆرەی میدیا ڕەسمییەکان باسیان کردووە و پێشانیانداوە، ڕووینەداوە! جۆن کەنەدی(John Fitzgerald ”Jack” Kennedy)، سەرۆکی ئەمەریکا، دەستی دیکە لە پشتی کوشتنەکەیە بووە! کە میدیا ئێمە چەواشە دەکات و دەمانخەڵەتێنێت بەوەی وەڵاتگەلێکی جیاواز بە ناوی دیموکراتییەوە داگیر دەکرێن!
گەلێ جار بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوێکی دیاریکراو یا هەڵوێستێک، کە هیچ هۆکار و پاساوێک نییە بۆ ڕوودانی لەنێو جڤاک و خەڵک و وەڵاتاندا و کە ڕووداوێکە پێشینەی نەبووە و هەرگیز پێشتر ڕووی نەداوە یا بەو جۆرە ڕووینەداوە، دەستەواژەی تیۆریی پیلانگێڕی بەکار دەهێنرێت. زۆر جار ناوەڕۆکی ئەو پیلانگێڕییانەش کردەوەیەکی ناقانوونین یا زیانبەخش و خراپەکارین و بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری دەکرێن.
ئەوەی پتر دەبێتە هۆی باوەڕهێنان بە تیۆری پیلانگێڕی یا گومان دروست دەکات، لەکن خەڵک، لەدەستدانی باوەڕە بە ئامرازی میدیایی نەریتی و ڕەسمییەکان، کە ئیدی خەڵک ناچار دەبێت بە دوای پاساودا بگەڕێت، چون پێیان وایە ئەوەی میدیا دەیڵێ ڕاست نییە و هیچ شتێک هەروا بە بەڕێککەوت چی نابێت.
بەڵام، ئایا ئەو دەنگۆیانە تەنێ تیۆرین یا ڕاستییەک لەو باسوخواسانەدا هەیە؟ چین و کێن ئەوانەی لەپشتی هەموو ئەو دەنگۆیانەوەن؟ ئەوجا بۆ؟
ئەم تیۆرییەی پیلانگێڕی، کۆمپلۆت و دەسیسەیە باوەڕی بەوەیە، کە دەستەیەکی دەستەبژێری جیهانی، بازنەیەک مرۆڤی توانا هەن، وەک ئەنجومەنێکی داخراو و پەنهان لە پشتی پەردەوە، دەستیان بەسەر حوکوومەتەکان و پیشەسازی و میدیای هەموو جیهاندا دەڕوات و لەڕێگەی سیستمی بانکییەوە، بە هەوەسی خۆیان دەیانجووڵێنن و یارییان پێ دەکەن و ئامانجیان سەپاندنی هەژموونی خۆیانە بەسەر دەوڵەتاندا. هەر ئەو دەستەیە مەسرەفی هەموو ئەو جەنگە مەزنانەی جیهانیان، کە لە ماوەی دوو سەدەی پێشوودا ڕوویانداوە، کردووە. ئەوانەی باوەڕیان بەو تیۆرییەیە، پێیانوایە ئەو دەستە یا ئەو گرۆ نهێنییەیە، کە کۆمەکی کردووە و دەستی هەبووە لە بەرزبوونەوە و گەیشتنی کۆمیۆنیزم و نازیزم بە دەسەڵات لە ئەوروپادا. بێجگە لەوەش، ئەو دەستەیە نەخشەی جەنگ دادەڕێژن، چون ئەوە ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات، هەژموون و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن و سیستمێکی نوێی سیاسی و ئابووری و ژیان بەسەر جیهان و مرۆڤدا بسەپێنن. باوەڕدارانی ئەو تیۆرییە، پێیانوایە بنکە و نێوەندی سەرەکی ئەو دەستەیە لە جێگەیەکی نهێنی ڕۆژاوایە.
لەو ڕووداوانەی بەو تیۆرییەوە گرێدەدرین و لێکدانەوەی پێچەوانەی لێکدانەوە ڕەسمییەکانیان بۆ دەکرێن:
ڕووداوی 11ی سێپتەمبەری 2001، کە هەرچەندە باس لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دەکرێ کردبێتی، لێ بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی قوربانیان و ڤیدیۆی ڕووخانی هەردوو بورجە بازرگانییەکانی نیوویۆرک، بەپێی تیۆری پیلانگێڕی، ئەوە ڕووداوێکە لە توانستی ئەلقاعیدە گەورەترە و ئەلقاعیدە هیچ پێوەندی پێوە نییە، بەڵکە ئەوە کردەیەکە بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی ئەمەریکا ڕێگەیان بە ڕوودانی داوە، بۆ پاساودان بە جەنگی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. وەک گەواهیی ڕاستبوونی ئەو تیۆرییە، یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمە ئەمەریکییەکانی پێشووتریان وەک نیشانە و ڕاستی تیۆرییەکە هێناوەتەوە، دیارە بەوەش سینەما دەتوانێت لە پەرەپێدانی ئەو تیۆرییەدا ڕۆڵێکی دیاری هەبێت.

کوژتنی جۆن کەنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە 22ی نۆڤەمبەری 1963دا و کوژتنی لی هارڤی ئۆزوالد(Lee Harvey Oswald)، ئەو کەسەی بە تۆمەتی کوژتنی کەنەدی گیرابوو، لە لایەن جاک ڕۆبی(Jack Leon Ruby)یەوە، دوای دوو ڕۆژ لە کوژتنی کەنەدی، هەموو ئەو ڕووداوانە، ئەو گومانانەی هێنایە گۆڕێ، کە سی.ئای.ئەی(CIA)، یا مافیا، یا لیندن جۆنسن(Lyndon Baines Johnson)، کە جێگری سەرۆک کەنەدی بوو لەو کاتەدا، یا فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro)ی ڕێبەری کووبا، یا دەسگەی هەواڵگریی کەی.جی.بی(KGB) سۆڤیێت لە پشتی کوژتنی کەنەدییەوە بووبن.
شۆڕشی فرانسای 1789، باوەڕدانی ئەو تیۆری کۆمپلۆتە، پێیانوایە ماسۆنی و دەستەی ڕۆشنگەران و دەستەی سوارانی پەرستگەی عیساییانی لەپشتەوە بوونە.

دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگ، بۆ یەکەم جار لە 16ی جوڵای 1969دا، کە بە بڵاوکرابوونەوەی وێنەکانی، گۆمانێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، کە وێنەکان دروستکراو بن و وەها کارێک هەر نەکرابێت!

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی 2019ەوە، کە هەموو جیهانی گرتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، کۆمەڵێک گومانی بە دوای خۆیدا هێنا، کە لە تاقیگە یا کارگەیەکدا دروست کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەمەریکییەکان دەڵێن لە چین دروست کراوە و چینییەکانیش دەڵێن ئەمەریکا دروستی کردووە و سەربازێکی ئەمریکی لە شاری ووهان لە چین بڵاوی کردووەتەوە.
گەلێ جار جوولەکە یا کەنیسەی کاتۆلیکی و ڤاتیکان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ڕوودەدات.
بەگوێرەی دیدی مایکڵ بارکۆن(Michael Barkun)ی ئەمەریکی، لە دایکبووی 1938 و پرۆفێسسۆر لە بواری زانستی سیاسیدا و پسپۆر لە بواری تونداژۆیی، ئایین، تیۆری پیلانگێڕی، پایەکانی تیۆری پیلانگێڕی، کۆمپلۆت یا دەسیسە، لەسەر ئەوە بەندە، کە گەردوون بە جۆرێک لە ڕێکخستن و هاوئاهەنگی و لەنێو چوارچێوەیەکدا، بەستراوە و گرێدراوە پێکەوە و چەند پێوەرێک شێوەی گەردوون دەنەخشێنن. پێوەرەکانیش ئەمانەن:
هیچ شتێک بە ڕێککەوت نایەتە گۆڕێ.
هەموو شتەکان و پێشهاتەکان گرێدراوی یەکترن.
هیچ شتێک وەک ئەو جۆرەی دەردەکەوێت، نییە.
بەشێکی زۆر لەو لێکدانەوە و گومانانەی لە تیۆریی دەسیسە و پیلانگێڕاندا دەخرێنە بەرباس، لە دۆکیۆمێنتێری داڕووخانی کاباڵ(The Fall of the Cabal)دا، کە لەلایەن جانێت ئۆسبارد(Janet Ossebaard)ەوە ئامادە کراوە، وەک بەدواداچوونێک، دەخرێنە بەرباس.
جانێت ئۆسبارد، خانمێکی هۆڵڵاندییە و لەدایکبووی ساڵی 1966ە. ئەو کەسێکە زانستی زمانی خوێندووە، بە تایبەت لە ڕووی فەرهەنگی و وشەسازی و لێکدانەوەی دەقەوە (فیلۆلۆگی/ Filologi) و دۆکتۆرای لەو بوارەدا وەدەستهێناوە. ئەو شارەزای بواری دەفرە ئاسمانییەکانیشە، کە وا باوە دەفڕن و لە دەرێی تۆپی زەوی و ئەستێرەی دیکە و ئاسمانەوە دادەبەزن و یووفۆ(UFO)یان پێ دەگوترێ، یووفۆ بە ئینگلیزی، واتە:( Unidentified Flying Object)، کە دەکاتە دەفرێک یا شتێکی نەناسراوی فڕندە. دیارە وەها دەفر و شتگەلێکی لەو جۆرە تا هەنووکە جیی گومانن. ئۆسبارد لە 1994ەوە لەو بوارەدا چالاکە و چەندین کتێبی نووسیوە و بەردەوامیش گوتار و نووسین لەمەڕ ئەو باسانەوە لە ڕۆژنامە و کۆڤارەکاندا بڵاو دەکاتەوە و وەڵاتان دەگەڕێ و لەو بارەوە کۆڕ دەگرێت و دەدوێت.
ئۆسبارد، ئێستا کار لە دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاریدا دەکات و کارەکانی بە قازانجی ئیدیۆلۆگی کیوئەینۆن(QA non) دەگەڕێتەوە، کە تیۆرییەکی ڕاستڕۆیە، بە تیۆری دەسیسە و کۆمپلۆت دەناسرێت و باس لە دەسیسەیەکی نهێنی دژ بە دۆناڵد ترەمپ(Donald John Trump)ی، سەرۆکی ئەمەریکای پێشوو و لایەنگرانی دەکات، کە لە لایەن، وەک دەڵێن دەوڵەتێکی نهێنی و هێز و دەسەڵاتێکی ژێرزەمینی، واتە: دەوڵەتێک لە قوولاییدا، نەخشەی بۆ دادەنرێت. کیووئەینۆن، خەڵکانێکی نادیار و نهێنیین، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکاندا دەکەن و بۆ خۆیان بازنەیەکی داخراون (Cabal)، لە دەستەبژێر و سەرتەڵەکانی جیهان پێکهاتوون. دەستەواژەی کاباڵ، لە(Kabbalah) یا (‌Qabala) یا (Cabala)وە هاتووە، کە لە بنەمادا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی عیبری و ئاراستەیەکی ئایینی جووە، تاڕادەیەک مانەندی سۆفیگەرییە لەکن ئیسلام.
ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەی ئۆسبارد کردوویەتی لەژێر ناوی (The Fall of the Cabal)دا. دۆکیۆمێنتێرێکە، لە 10 بەش پێکهاتووە، دوای بینینی هەموو بەشەکان، وەک فیلمێکی پرۆپاگەندە و بانگەشەی هەڵبژاردن دێتە بەرچاو بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە لە ساڵی 2020دا، جۆ بایدن(Joe Biden)ی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، وەک ڕکابەری وی(ترەمپ)، خۆی بە نوێنەری دیموکراتەکان ناودێر کرد. پاژەکانی ئەو دۆکیۆمێنتێرە، کە پێکەوە گرێدراون بۆ ئەو باسوخواسانەن، لەنێو میدیای سێبەر و لابەلا و ناڕەسمییدا پەخش دەکرێنەوە. ئەو مژارانەی لەو دۆکیمێنتێرەدا باسیان لێوە کراون، پتر پێوەنددارن بە منداڵبازی(Pedophilia) و سرووتە شەیتانییەکان و شەیتانپەرستی (Satanism) لە نێو خەڵکانی بەناوێی دەستەبژێردا، بەتایبەت ئەوانەی هۆلیوود (Hollywood) و دیموکراتەکان و دەسگەی هەواڵگریی ئەمەریکا(CIA)، کە تا ڕادەیەک بەرپرسن لە هەموو نەهامەتییەکان جیهان.
ئەو کارەی ئۆسبارد، وەک بانگەشە و پرۆپاگەندەیەک بۆ ڕاستڕۆ تونداژۆکان دەبینرێت. بەگوێرەی ئۆسبارد، گۆڕانێکی مەزن بەڕێوەیە، لێ زۆرینەی خەڵک بێئاگان لێی. دۆکیۆمێنتێرەکە، باس لە سیستم یا ڕێکخستنەوەیەکی جیهانی نوێ(The New World Order (NWO) و دەوڵەتێک یا دەسەڵاتێکی قووڵ و ناخویا و لە پەنهاندا، دەکات. ئەم فیلمە چەند جارێک لەلایەن یووتیووب(YouTube)ەوە قەدەغە کراوە. دۆکیۆمێنتێرەکە نزیکەی 3 سەعاتێکە، لەلایەن کەسێکی شارەزا و توێژەرێک(جانێت ئۆسبارد)ەوە ئامادە کراوە.
داڕووخانی کاباڵ The Fall of the Cabal، باس لە داڕووخانی ئەو بازنە یا دەستە گچکەیەی خەڵکانێک دەکات، کە لە ڕێگەی زێدەدەوڵەمەندی و دارایی و دەسەڵات و هێزێکی هەیانە، هەموو جیهان بەڕێوە دەبەن و نەخشەی بەڕێوەبردن و ئاژۆتنی هەموو مرۆڤایەتییان هەیە و بۆ خۆیشیان ڕێژەیەکی یەکجار کەمن، لێ خودانی دەسەڵات و هەژموون و دارایین. ئەوانن دەستە یا بازنەی کاباڵ پێکدەهێنن. تەواوی نەخشەگەلێکی، کە هەیانە، لەسەر بنەمای گەندەڵی، خزمەتگوزاریی نهێنی، جڤاکی نهێنی، ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە هۆی سەرانی کەسان و گرۆی تاوانکار و مرۆڤکوژ، لە دەڤەر و وەڵاتە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێن. کێن ئەوانەی، بێجگە لە سەرکردە سیاسییەکان و شا و شاژنەکان، کە لەڕاستیدا جیهان بەڕێوە دەبەن؟ بانکەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە؟ ناسنامەی ڕاستینەی ڤاتیکان چییە؟ کەی دەڕووخێن؟ ڕۆڵی خەڵک، تۆ و من چییە؟ ئێمە چۆن لەگەڵ ئەم گۆڕانە مەزنەدا، کە پێیدا تێدەپەڕین بەرخورد دەکەین؟ ئێمە چۆن ڕابوون و هەڵسانەوەیەکی گەورەی پڕ لە هێزی ناوەکی و باوەڕبەخۆبوون بە تەواوی دەئەزموونین؟ هەموو ئەوانە پرسگەلێکن، لەو دۆکیۆمێنتێرەدا، جانێت ئۆسبارد هەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدات.
لەم دۆکیۆمێنتێرەدا ئۆسبارد، باس لەوە دەکات، چۆن میدیا، بارهێنان و خوێندن، فیلم، موزیک، کار دەکەنە سەر مرۆڤ بۆوەی بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندی گرۆ و دەستەیەک و خەڵکێکی تایبەت بژین.
ئۆسبارد، باس لەو گرۆ یا دەستەیە دەکات، کە لە 13 بنەماڵە یا خێزان پێکهاتوون و لەنێویاندا، ماڵباتی ڕۆتشیڵد(Rothschild)، ڕۆکیفێللەر (Rockefeller) و مۆرگان (Morgan) هەن، لێ لە ڕاستیدا بنەماڵەی دیکەش هەن، کە تەنانەت لەبان ئەمانەوەن و لە سەری سەرەوەن و ئەوانن ئەم 13 بنەماڵەیە بەڕێوە دەبەن و فەرمانیان پێ دەدەن.
ئایا تۆ زانیوتە، بەرەک ئۆباما(Barack Obama)، کە بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، خەڵاتی نووبێلی ئاشتی درایە، لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەلاماری حەوت وەڵاتی داوە و هەر بیست خولەک جارێک، بۆمبێکی بەسەر خاک و خەڵکدا کێشاوە؟ ئەمە زۆرینەی خەڵک نایزانن، چون وەها کارێک لە میدیادا، میدیای ڕەسمی ناخرێتە بەرباس.
ئێمە بەهۆی ئەم دۆکیۆمێنتێرەوە، جۆرج سۆرۆس(George Soros) دەناسین و زانیاری لەمەڕ وی پەیدا دەکەین، کە میلیاردێرێکە بەوە ناسراوە، مرۆڤدۆست و خێرخواز و وەبەرهێن و سەرمایەگوزارە. ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە سۆرۆس، سەرمایەگوزارییەکی گەورە لەو ڕێکخراوانەی وەک: ئەنتیفا(ANTIFA)دا دەکات، کە لە ڕێگەی هاتنە سەر جادە و هەرا و زەنا و توندوتیژییەوە، گەرەکیانە پەیامی خۆیان بگەیەنن، یا سەرمایەگوزاری لە ڕێکخراوی نامبلا(NAMBLA)دا، کە کوتکراوەی (North American Man/Boy Love Association)ە دەکات. نامبلا، کار بۆ ڕێگەپێدان و شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی پێوەندی سێکسی نێوان پیاوان و منداڵانی نێرینە(کوڕ)ی گچکە و مێردمنداڵ دەکات. ئۆسبارد، کە باس لە جۆرج سۆرۆس دەکات، وەک سەرمایەگوزار و وەبەرهەمهێنێکی گەورە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و کۆمەڵەی ناڕوون و تەماوی و گوماناویدا ناوی دەبات و ئەوە پێشان دەدات، ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵە و گردبوونەوانە، لە هەموو قوژبنێکی جیهاندا، کۆمەک بە بەشداربووانیان دەکەن و پارەیان دەدەنێ، بۆوەی ئاژاوە بێننە گۆڕێ و دەست بە شەڕ و پێکدادان بکەن و تاڵان و دزی و کاری ناجۆری دیکە بکەن و تەواوی ئەو کارانە بە پۆشاک و جلوبەرگێکەوە ئەنجام بدەن، کە لە پۆشاک و سیپاڵی نەیارەکانیان بچێت، بۆوەی وێنەیەکی دزێو و ناشیرینی ئەوان پێشان بدەن.
لە دۆکیۆمێنتێرەکەیدا، ئۆسبارد، ئەوە پێشان دەدات، کە چۆن ئەو گرۆ گچکەیەی جیهانی ئێمە بەڕێوە دەبات، جۆر و شێوازێکی ژیان و گوزەران دەژی، فرە نامۆیە بە ژیان و گوزەرانی زۆرێک لە ئێمە..
ئۆسبارد، تۆڕێکی منداڵبازی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێشان دەدات و ئاشکرا دەکات، کە گەلێک مرۆڤی بەناوێی جیهان، هۆڵیوود، سیاسەتکاری باڵا، پاشا و میرزادە، پاپای ئایینی عیسایی و چەندین ڕێکخراوی تێدا بەشدارن.
ئەوە پێشان دەدرێت، کە چۆن میدیا، سیاسەتکار، دادوەر و توێژینەوەی زانستی لە زانستگەکاندا، کار لەسەر شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی سێکسکردن لەگەڵ منداڵدا (منداڵبازی) دەکەن. هەروەها کار لەسەر ئاساییکردن و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی دیاردە و کردە و فەرهەنگی مرۆڤخۆری (Cannibalism) و شەیتانپەرستی و مرۆڤکوژی، لەنێو میدیا و فەرهەنگی گەلێر و لەنێو خەڵکدا دەکەن.
باس لەوە دەکرێت، چۆن چەندین گەورە منداڵباز(Pedophil)، لە وەڵاتگەلێکی جیاواز دەسگیرکراون، ددانیان بەوەدا ناوە و گەواهی ئەوەیان داوە، کە ئەوان منداڵ ئامادە و دەستەبەر دەکەن بۆ تۆڕێکی گەورەی منداڵبازی و چۆن ئەو گەواهینامانە و ئەو ددانپێدانانانە لە لایەن دادگە و تۆڕ و میدیاکانەوە پشتگوێ دەخرێن، بۆوەی ڕاستییەکان لە خەڵکە گشتییەک، بشاردرێنەوە و ئاوەژوو بکرێن.
ئۆسبارد، باسی ئەوە دەکات، کە تەنێ لە ئەمەریکادا ساڵانە سەدان هەزار زارۆک بزر دەبن، ئێمە هەرگیز لە میدیاوە ئەم زانیارییانەمان وەدەست ناکەوێت. باس لەوە دەکات، چۆن یەکێک لە کارە پێشینەکانی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، وەستاندن و ڕاگرتنی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە و چۆن ترەمپ، وەک بەشێکی سەرەکی لە کاری وی بۆ وەستاندنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کاری بۆ سەختگیری و ڕێلێگرتنی کۆچبەریی نایاسایی کردووە. بەشێکی زۆر لەو زارۆکانەی لەنێو کارکردن بۆ ڕاگرتن و وەستاندنی کۆچبەریی نایاسییدا بینراون و دۆزراونەوە، ئەو زارۆکانەن، کە ڕفێندراون و بە قاچاخ براون بۆ ئەمەریکا. لەڕێگەی سەختگیریی کۆچبەریی نایاساییەوە، مرۆڤ سەختگیری لە بازرگانیکردنیش بە مرۆڤەوە دەکات.
بە هۆی دۆکیۆمێنتێرەکەوە، ڕووداوی پیتزاگەیت(Pizzagate)مان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن هەردوو جووتە کلینتن(Bill & Hillary Clinton) و ئۆباما لەو مەسەلەیەدا بەشدارن و تێوەگلاون. لە مەسەلەی پیتزاگەیتدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن ئەو منداڵبازانە، کاتێک باس لە منداڵ دەکەن، ناوی خوازراوی کۆدپێدراوی وەک: پیتزا، هۆتدۆگ، سوسیس، بەکار دەهێنن، کە لە لایەن کارگێڕی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی/پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا(FBI/ Federal Bureau of Investigation)وە پێیاندراوە. باس لەوە دەکەن، کە چۆن پیتزا(کچان) و هۆتدۆگ(کوڕان) بە چەندین هەزار دۆلار دەکڕن، لە ڕاستیدا ئەوکڕینانە، کڕینی جۆرە جیاوازەکانی سێکس و سێکسکردنە لەگەڵ منداڵدا. ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن ئۆباما 65000 دۆلاری بۆ ئەو پیتزا و هۆتدۆگانەی بە فڕۆکە، لە شیکاگۆوە، بۆ ئاهەنگێکی تایبەت گوێزراونەوە بۆ واشنگتن، خەرج کردووە.
بێجگە لەوانە زۆر نموونەی هەڵخەڵەتاندن و فریودان و بەکاربردنی میدیایی باس دەکرێن، وەک نموونە: کاتێک میدیا باس لە گرێدراوی و پێوەندی ترەمپ دەکات بە گەشتێکی ڕێکخراو لە لایەن کۆمەڵەی هارڤی ئیپستێنس(Harvey Epsteins)، بۆ دوڕگەی ئیپستێنس، کە بە “دوڕگەی منداڵبازی(Pedophilia Island)” ناوی دەرکردووە. کە گوایە ئەو(ترەمپ) هەر لەو گەشتەیدا، دەستدرێژی سێکسی کردووەتەوە سەر کچێکی دوانزدە ساڵان. کاتێک دواتر لیستی ناوی سەرنشینانی فڕۆکەکە و گەشتیاران بڵاوکرایەوە، ناوی ترەمپی تێدا نەبوو، وەک ئەوەی ترەمپ هەرگیز لەو گەشتەدا نەبووبێت، لێ لەبری ئەوە بیڵ کلنتن لەوێ بووە، ئیدی باسی ترەمپ لە میدیادا بێدەنگیی لێکرا.
بەو جۆرە میدیا و دەسگە و شتی دیکەش بۆ قازانجی ئەو جۆرە مرۆڤانە بەکاردەهێنرێن و دەریشدەکەوێت و ڕووندەبێتەوە، کە ئەوانەیشی گەواهی لەسەر ئەو جۆرە کردارانە دەدەن و زانیاری لەبارەیانەوە دزە پێ دەکەن و ناوی ئەو جۆرە مرۆڤانە دەبەن، دوای ماوەیەکی کەم نامێنن و لەبەین دەچن و دەمرن یا ڕاستتر لەبەین دەبرێنرێن و دەمرێنرێن.
ناوەندی ساڵانی 1970، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاماری که‌رکووک، کارم ده‌کرد. هاوکار و هاوڕێیەکی زێدە خۆشه‌ویستم لەگەڵ بوو، کاک نه‌جمه‌ددین تاهای ناو بوو. فرە جار دەممان لە سیاسەت دەژەنی و باسی جیاوازمان لەو جۆرە بابەتانە دەکرد. کاک نەجمەددین هەموو جارێک ده‌یگوت:”هه‌موو گۆڕان و ڕووداوێکی سیاسی، که‌ له‌ جیهاندا ڕوو ده‌دات، پێشه‌کی نه‌خشه‌ و پلانی، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو زلهێزه‌که‌وه‌، ڕووس و ئه‌مه‌ریکا، یا ڕوونتر، (سی. ئای. ئه‌ی) و (که‌ی. جی. بی)یه‌وه‌ بۆ دانراوه‌، ئیدی مرۆڤ له‌ به‌رده‌م ئه‌واندا، بێده‌سه‌ڵاته‌ و هیچی پێ ناکرێت و خۆشه‌که‌تکردنیش، بێهووده‌ییه‌”.
ئێستاش، لە جیهانێکدا، کە تاکجەمسەریی سەرمایەداری، هەژموونی پارە، میدیای چەواشەکار، سیستمی بانکی، زانستی شێوێنەر، چەک و جەنگ، ڕەگەزپەرستی، نادادی، هەژاری، کێشەی چینایەتی، کێشەی نەتەوەیی، کێشەی ئایینی و…زاڵن بەسەر مرۆڤایەتیدا، ئەگەر ئەو دەمەی ساڵانی 1970، بۆچوونەکەی کاک نەجمەددین تاها، ڕاستییەکی تێدا بووبێت، ئەوا دۆکیۆمێنتێرەکەی جانێت ئۆسباردیش، لە ڕاستییەوە دوور نییە. مرۆڤ لە جیهان و سەردەمێکدا دەژی، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، واپێدەچێت گومان و بێهوودەیی و هیچگەرایی هەموو بوون هەڵلووشێت.

بۆ بینینی تەواوی دۆکیۆمێنتێرەکەی ئۆسبار تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە:


https://www.facebook.com/unforeseennotion/videos/the-fall-of-the-cabal-full-documentary-by-janet-ossebaard/2432748923683730

07-11-2021




کتێب/ ئاوڕدانەوەیەک لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتناسی.. نووسینی: ئەمجەد شاکەلی

کتێب: ئاوڕدانەوەیەک لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتناسی

نووسینی: ئەمجەد شاکەلی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




قانگدان.. ئەمجەد شاکەلی

پێش جێهێشتنی کوردستان و گیرسانەوەم لە سوێد، نزیکەی 6 ساڵ لە کارگێڕی ئاماری سەر بە وەزارەتی نەخشەدانانی عیراق، لە کەرکووک، سلێمانی و هەولێر کارم کرد. ڕۆژانەی کار، مانەندی هاوکارانم، ژیانم لەتەک ژمارەدا بەسەر دەبرد، ئیدی لە ژمارەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی، ژمارەی کارگەر، تۆنی چیمەنتۆ، ژمارەی ئاسنگەر، نەفەری سینەما، ژمارەی پەز، کەر، چێل، کیلۆی شەکر و ئارد و لیتری ڕۆنی شیرینیەمەنی، نەفەری چایخانە و حەمام و هۆتێل تا دەگاتە ژمارەی دەیان شتی دیکە. بۆیە تا هەنووکەش ئامار سەرنجم ڕادەکێشێت و ئامار بە گرنگ دەزانم بۆ نەخشەدانان بۆ داهاتوو و خوێندنەوەی پێشهات و پێشبینیکردن. وەک چۆن لە کەلەپوور و ئەدەبییاتی مارکسیزمدا هەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە، کە”هیچ بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە بێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە نابێت”، خوێندنی زانستگە و کار و ژیانیش، ئەوەیان فێر کردم، کە”هیچ گەشەسەندن و بووژانەوە و فراژووتنێک بێ نەخشەدانان نابێت و هیچ نەخشەدانانێکیش بێ ئامار نابێت”.

لە ماڵپەری تۆڕی ڕووداودا، لە 14 سێپتەمبەری 2021، نووسینێکم بە ناوونیشانی”لە کۆی 81 هەزار تەکسی تەنیا 22 هەزاریان لەزگەیان لێدراوە”1، نووسینی هێمن بابان ڕەحیم، بەرچاوکەوت. ژمارەکانی نێو بابەتەکە سەرنجیان ڕاکێشام و هانیاندام وەدووی هەندێ سەرەداوی پێوەنددار بەو باسە بگەڕێم. بە گوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان(ئوستانەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی، دیارە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە و سۆران و…یان لەگەڵدان، کە وەک کارگێڕی سەربەخۆ دێنە ژماردن)دا و لە ئێستادا(ساڵی 2021)، 81000(هەشتاویەک هەزار) تاکسی هەن، کە بەم شێوەیە دابەش دەبن: هەولێر: 36 هەزار، سلێمانی 27 هەزار و دهۆک: 18 هەزار.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، کە هی ساڵی 2021ە و لە مانگی ئەپریلدا لە ڕووداو بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتیی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە هەرێمی کوردستان: یەک میلیۆن و 896 هەزار و 593 ئۆتۆمبیلن. یەک میلیۆن 91 هەزار 466 ئۆتۆمبیلیان تایبەتن، کە 58٪ی کۆی ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێم پێکدەهێنن. لەنێو تەواوی ئەو ژمارەیەدا، بە تایبەت و ناتایبەتەوە، 19 هەزار ئۆتۆمبیلی بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تۆمارنەکراون2.
بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە لە 6 دێسەمبەری 2020دا بڵاو کراوەتەوە، ژمارەی دانیشووانی هەرێم شەش میلیۆن و سەدوحەفتاویەک هەزار و هەشتاوسی(6,171,083) کەسن3. هەر ئەم دەستەی ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانە لە ڕۆژی 27ی جەنیوەری 2018دا، واتە: دوو ساڵ پێش ئەو ئامارەی ساڵی 2020، مەزەندەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (2018) بە حەفت میلیۆن ودووسەدوهەشتاوسێ هەزار و حەفتسەدوپەنجا (7,283,750) کەس دەکات7، کە پتر لە میلیۆنێکی زیاترە لە ساڵی 2020(ساڵی 2018 زیاترە لە ساڵی 2020) وەک بڵێی قڕان کەوتبێتە نێو خەڵکی ئەو هەرێمەوە و لە ماوەی دوو ساڵدا یەک میلیۆنیان لێ نەمابن!
بۆ خوێندنەوەیەکی ئەو ڕەوشەی کوردستان و گەیشتن بە ئەنجامێک و بەرچاوڕوونییەک، بەراوردێکی ژمارەی تاکسی و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس، بە هەمان ئەو ژمارانە لە نۆ وەڵاتی ئەوروپا و لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەکەین، کە لە ساڵی 2018دا بڵاو کراونەوە5 :

وڵات ژمارەی دانیشتووانی(میلیۆن) ژمارەی تاکسی ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس
سوێد 1,10 17 800 1.7
دانمارک 5.7 4200 0.7
نۆروێژ 5.3 8800 1.6
فینلاند 5.5 9500 1.7
بلژیک 11.3 4000 0.4
هۆڵاند 17 9000 0.5
ئەڵمانیا 83 53 500 0.6
فرانسا 67 60 000 0.9
بریتانیا 66 75 900 1.4

بەگوێرەی کارگێڕی و نێوەندی ئاماری سوێد(SCB)، ژمارەی ئێستای دانیشتووانی سوێد (جوونی 2021)، دە میلیۆن و چوارسەدوشانزدە هەزار و پێنجسەدوهەشتاوپێنج(10416585)کەسن6 . ژمارەی تاکسی، کە بە گوێرەی ئەو خشتە و سەرچاوەیەی سەرەوە لە ساڵی 2018دا، لە کاتێکدا دانیشتووانی سوێد 10.1 میلیۆن کەس بوونە، 17800 تاکسی بووە، لە ساڵی 2021دا کە ژمارەی دانیشتووانی سوێد بووەتە نزیکەی دە میلیۆن و نیو کەس، ژمارەی تاکسی بووەتە 18000 تاکسی، واتە: تەنێ 200 تاکسی زیادی کردووە.
تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە پێمان دەڵێن:

  1. تەنیا لە ئوستانی دهۆکدا، هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.
  2. تەنیا لە ئوستانی هەولێردا دوو هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.
  3. تەنیا لە ئوستانی سلێمانیدا 9 هەزار تاکسی زیاتر لە ژمارەی تاکسییانی وەڵاتی سوێد هەن.
  4. بەرزترین ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس لەنێو ئەو نۆ وەڵاتانەی ئەوروپادا سوێدە، کە 1.7 ە، لە کاتێکدا بۆ هەر یەک هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان 13.5 تاکسی هەن، واتە: هەر 74 کەس(دیارە بە منداڵی قوماتکراوی نێو بێشکە و لانکیشەوە) یەک تاکسییان بەر دەکەوێت، لێ لە سوێد هەر 588 کەس یەک تاکسییان بەر دەکەوێت.
  5. کۆی تەواوی ژمارەی تاکسییانی شەش وەڵاتی ئەوروپا: سوێد، دانمارک، نۆروێژ، فینلاند، بێلژیک و هۆڵاند دەکاتە 53300 تاکسی و کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەو شەش وەڵاتە دەکاتە 54.9 میلیۆن کەس، کە نۆ هێندە و پتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ هەرێمی کوردستان 20 هەزار تاکسی زیاتری لەو شەش وەڵاتە وێکڕا تێدایە.
  1. هەر یەک لە ئەڵمانیای 83 میلیۆنی و فرانسای 67 میلیۆنی و بریتانیای 66 میلیۆنی، کە سێ زلە وەڵات و سێ دەوڵەمەندە وەڵاتی جیهانن، هەر وەڵاتەو بە تەنێ هێندەی هەرێمی کوردستان تاکسی تێدا نییە.

تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە چ ئەنجامێکمان دەدەنە دەست:

ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەسەر ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێمدا دابەش بکرێن، هەر 3 کەس یەک دانە ئۆتۆمبیلیان بەر دەکەوێت، کە ئەمە ڕێژەیەکی بەرز و ناپێویستە.
تەواوی ئەو تاکسییانەی کوردستان، هەشتاویەک هەزار تاکسی، بێ بەرنامە و بێ نەخشە و بێ گوێدانە ژێنگە و… شەووڕۆژ بەسەر شەقام و نێو کۆڵان و نێو شار و نێوان شار و شارۆکە و ئاوەدانییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەخولێنەوە و دووکەڵ و گاز و پیسایی و بۆن بە هەوادا و لەنێو ئاوەدانیدا بڵاو دەکەنەوە و بە گەرووی مرۆڤیدا دەکەن، کە دەبنە هۆی سەدان نەخۆشی و دەردی کوشندە.
زۆریی ژمارەی ئەو ماشێنانە بە تاکسی و ناتاکسی و تایبەت و ناتایبەتەوە، جادە و ڕێگەوبانەکان وێران دەکەن و دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە و سەدان ڕووداوی دڵتەزێنی لەبەینچوون و بریندابوونی خەڵک.

بوونی ئەو هەموو ماشێنە بارگرانییەکی ئابوورییە بەسەر وەڵاتەوە.

ڕەنگە کەمیی ژمارەی تاکسی لە ئەوروپا بگەڕێتەوە بۆ زۆریی و فراوانی و ئاسانیی ئامرازەکانی هاتوچۆ و گواستنەوە، وەک ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و ژێرزەوی(مێترۆ) و ترامی گشتی و تەنانەت هەندێ جار کەشتی و گەمی(بەلەم)یش دەگرێتەوە، کە هەموو قوژبن و گەڕەکێکی باژێڕ و شارۆکە و گوند و ئاوەدانییە گچکەکان و نێوان هەموو شار و ئاوەدانییەکان پێکەوە گرێدەدەن و دەبەستنەوە و بە جارێک خەڵکێکی زۆر هەڵدەگرن و دەگوێزنەوە و دەستەبەریشە بۆ هەمووان، بە نرخێکی هەرزان و بە بێ جیاوازی، تەنانەت بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش، سەرباری هەموو شتێکیش سەلامەتتر و بێ کێشەترە. ئەو جۆرە گواستنەوە و هاتوچۆ گشتییە یا میللییە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ (Public transport) و بە سوێدیش (Kollektivtrafik). ڕەنگە زۆریی تاکسییش لە هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی و میللی، کە کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییەکە، لە ڕووی ژینگە و پیسی و ناسەلامەتییەوە، بۆ تەواوی خاک و خەڵک و سروشتی وەڵاتەکە، لێ بۆ خەڵکە هەژار و نەدارەکە ئەو کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییە دوو جار و دوو هێندەی خەڵکە گیرفانپڕ و بەرپرس و دەسەڵاتدارەکەیە. دەسەڵاتدار، بەرپرس و گیرفانپڕ و سەرمایەداران، شوێن و شێوازی ژیانیان لە خەڵکە ڕەشۆکییەکە جیاوازە. ئەوان، تەنانەت ژینگە و خۆراک و چارەسەری تەندروستی و دەرمان و خوێندنگە و هاتوچۆ و ئاو و هەوا و کارەبا و هەرچی شتیانە جیاوازە. ئەوان بەڵێ بەناو لە کوردستان دەژین، لێ جیهانی ئەوان جیهانێکی دیکەیە، کە هیچ لە ئەریستۆکرات و سەرمایەدارانی ئەوروپا و ئەمەریکا جیاواز نییە!

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، سی(30) ساڵە ئەو دەڤەرەیان لەبندەستە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە تۆڕێکی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی نێو شاران و نێوان شارانی هەرێم و دەرێی هەرێم دروست بکەن. ئەگەر پێش 2003، بە سەردەمی تەنگانە و کێشە و ترسی بەعس و ناسەقامگیری و چی و چی دەژمێرن، خۆ لە 2003وە تا ئێستا دەکاتە 18 ساڵ! 18 ساڵ، ماوەیەکی یەکجار زۆرە بۆ دامەزراندن و دروستکردنی تۆڕی پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی و وەلانانی ئەو هەموو تاکسییە. دەکرا بە ئۆتۆبووس دەست پێ بکەن و لەبری هەشتاویەک هەزار تاکسی، بە پێنج هەزار ئۆتۆبووسی گەورە کێشەی هاتۆچۆی هەموو دەڤەر و قوژبنێکی هەرێم و دەرێی هەرێم چارەسەر دەکرا و دەکرێ. وەها کارێک لەنێوان 2003-2011 دەگەیشتە ئەنجام و لە 2011یشەو تا ئەمڕۆ، دەکرا کار لەسەر مێترۆ و ترام و شەمەندەفەر و ئەوانە کرابا و تەواوی ئەوانە دەبوونە تۆڕێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی.
کارکردن بە و بۆ و بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی و میللی، بێجگە لەوەی پێویستییەکی نیشتمانییە و هێمای پێشکەوتن و ژینگەپارێزییە، مافێکی گشتی خەڵک و تەواوی هاونیشمانانە. هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی عیراقەوە تا کۆتایی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەین لە عیراقدا، بە کوردستانەکەیشییەوە، کاری پێ دەکرا و تەنانەت لەسەردەمی بەعسدا، گەلێک پێشکەوتوویش بوو، لێ ئیدی دوای نەمانی بەعس ئەمانەی لەودەمیەوە دەسەڵاتدارن، وێرانیان کرد و نەیانهێشت و وەلایان نا، دیارە لەپێناوی بەهێزکردن و کەڵەگایی سەرمایەدار و بازرگانان و کارتێلەکانی بەنزین و ئۆتۆمبیل و بەڵێندەر و کەرتی تایبەت، کە تەواوی ئەوانە گرێدراوی حیزب و بەرپرس و دەسەڵاتدارانن و پارێزەری بەرژەوەندی یەکدین. گواستنەوەی گشتی، بێجگە لە ئاسانکاری گواستنەوەی مرۆڤ، پێویستییەکی مەزن و گرنگە بۆ گەشەندنی ئابووری و گرێدانی ئاوەدانییەکان و خەڵک و کۆمەڵیش پێکەوە. ئەگەر تۆڕێکی چڕ و پێشکەتووی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، فەرهەنگی پاراستنی ژینگە، پیادەڕۆیی، بایسکیل ئاژۆتن، زاڵ دەبێت و کۆمەکێکی زۆر بە لەشساغی و پاکژیی هەوا و خاک دەکات. ئەمەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات و هەیە، بێجگە لە وێرانکردنی ژینگە و تەندروستی و پیسکردنی هەوا، شتێکی دیکە نییە. ئێستا 90% ی دانیشتووانی گۆی زەوی، بە کوردستانەکەی خۆیشمانەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، هەوای پیس و قڕێژ هەڵدەمژن، کە تەندروستییان وێران دەکات، دیارە هۆکارە سەرەکییەکەیشی نەبوونی تۆڕی هاتوچۆی گشتی و میللییە.

تۆ بە ڕۆژدا لەسەر هەر کەژێکی بڵندی دەوروبەری سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەلار، هەڵەبجە، سۆران، ڕانیە، زاخۆ، کفری و7… بنۆڕە ئەو باژێڕانە دەبینیت ئاسمانی شار، بە دووکەڵێکی چڕ و چڵکن و پیس داپۆشراوە. مرۆڤ کە ئەوە دەبینێت، تێدەگات چ هەوایەک هەڵدەمژێت، چ ماڵوێرانییەک ڕوودەدات و دەسەڵات چەندە نابینا و ناڕاستە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
دەسەڵات، هێندەی پارە بۆ دەسگەیەکەی بێخێری وەک پەرلەمان و پەرلەمانتاران و هێندە پارە بۆ کڕینی ماشێن و مۆبیلە و ڕازاندنەوەی ماڵ و جێی کاری بەرپرس و هێندەی پارە و مووچە و دەرماڵە و تایبەتمەندی بۆ وەزیر و گزیر و جێگری وەزیر و ڕاوێژکار و جێنێراڵ و بەڕێوەبەری گشتیی بندیوار و مشەخۆرانی حیزبی و دەستوپێوەندەکان خەرج دەکات و هێندە هانی پرۆژەی بێفەڕ و بێخێر و ماڵوێرانکەری کەرتی تایبەتی، وەک مۆڵ و ڕیستۆرانت و کۆمپانیای زەبەلاحی هاوردنی شتی بێکەڵک و دەرمانی ساختە و کردنەوەی زانستگە و خوێندنگەی گرانبەهای بیانی بۆ منداڵە دەوڵەمەندەکان و کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەتی قۆڵبڕینی خەڵک، دەدات، هێندە بەتەنگ ژیانی خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە نایەت. ئەوەی بۆ خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵ دەیکات، پرۆسێسی پرۆژەی دووکەڵ بە گەروودا کردن و قانگدانیانە!

18-09-2021

————————————–

[1] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1409202117

[2] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2504202114

[3] https://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=127619

[4] https://www.westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=51762&Jor=1

[5]https://www.taxiforbundet.se/wp-content/uploads/2018/07/Taxil%C3%A4get-i-europa_2018.pdf

[6] https://www.scb.se/hitta-statistik/statistik-efter-amne/befolkning/befolkningens-sammansattning/befolkningsstatistik/#_Nyckeltal

7- من بۆیە ناوی باژێرەکانی دیکەی وەک کەرکووک، شنگال، مەخموور، خورماتوو، خانەقی، جەلەولا، مەندەلی، بەدرە، زرباتییەی باشووری کوردستانم نەبرد، چون باسەکە لەمەڕ هەرێمی کوردستانەوەیە.




خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن-5- … ئەمجەد شاکەلی

پێنجەم


-مووچە-

بڕوا ناکەم لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا، هێندەی کوردستان، ئەو لەتەی باشووری کوردستان، کە ئێستا لە هەرێمۆکەیەکدا بچووککراوەتەوە و تا دێت دەچێتە ئاو، باس لە مووچە و پارەوپووڵ بکرێت. لە وەزیر و گزیرەوە تا دەگاتە پیوازفرۆشەکەی بەر دەرکە، باس لە مووچە دەکەن و هەریەکەو لە دیدی خۆیەوە شتێکی لەبارەوە دەڵێ.
لە جڤاکی سوێدیدا، هیچ کەسێک ڕێگە بەخۆی نادات پرسیاری مووچە و داهاتی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە و پارە و پاشەکەوتی پارە و حیسابی بانکی، لە کەسێکی دیکە بکات، تەنانەت ئەگەر نێزیکترین کەسیشی بێت و لەیەک ماڵ و خێزانیشدا پێکەوە بژین. وەها کارێک کارێکی نەکردەنی، تابوو و لایەجووز(لایجوز) و شەرمهێنە و بە خۆهەڵقورتاندن و دەستوەردان لە ژیان و تایبەتمەندیی مرۆڤێکی دیکە دەژمێردرێت.
لە کوردستان، لەنێو چینەباڵاکاندا، لەنێو ئەوانەی مووچەی مفت وەردەگرن و تایبەمەندیی و شتی دیکەیان بۆ دەستەبەر کراوە یا خۆیان لە ڕێگەی پێگەی حیزبی و دەسەڵاتەوە، بۆ خۆیان دەستەبەریان کردووە، وەها باسێک ناکرێت، چون ئەوان بۆ خۆیان ئافرێنەری ئەو ڕەوشەن و هەموو لە فیکەی یەکدی تێدەگەن، لێ جاروبار بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک و فریودانی ڕەشەخەڵک و چینەکانی خوارێ، ئەوانیش لەبەردەم میدیاکاندا باس لە ئاریشەیەک، قەیرانێک، شتگەلێک دەکەن، کە تەنێ لە خەڵکەکەیان ژنەفتووە و هەرگیز بۆ خۆیان پێیدا تێنەپەڕیون. هەرچی مووچەخۆرانی ڕاستینەشن، خەڵکە شەکەت و کارمەندە کاراکان، مرۆڤ لە بێمووچەیی و گیرفان بەتاڵی و دەردەسەرییەکانیان تێ دەگات و مافی خۆیانە، هەر گلەییەکیش بکەن.
مووچە و مووچوخۆریی و مووچەوەرگرتن، لە کوردستان بووە بە سیما و شێوازی ژیان و لە دەرێی مووچە، کەم کەس دەتوانێت، وێنای جۆرێکی دیکەی ژیان بکات. لە 1991 بەدواوە، کە ئیدی ئەو هەرێمەی کوردستان دامەزرا، حیزبانی دەسەڵاتدار، بۆ گرێدان و بە پاشکۆکردنی خەڵک بە خۆیانەوە، دەستیان دایە کارێکی دزێو و قێزەون، ئەویش، دامەزراندنی خەڵک، تەنێ بە ناو و لەسەر کاغەز نەک بە کردەوە، بە خانەنشینکردنی تەواوی کادر و ئەندامانی خۆیان، بە پلەی باڵای وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکار، ئەفسەری پلە باڵای مانەندی عەمید و لیوا و عەقید و سەدان جۆری دیکە، کە لە ژیانیاندا نە ئەو کارانەیان کردووە و نە وەها پلەو پایەیەکیانیش بووگە، مووچەی خەیاڵیی، کە لە هیچ دەورانێکدا نەبووە، بۆ بڕینەوە. سەرەڕای دەرماڵەیەک، کە ئەگەر هێندەی مووچەکەیان نەبێت، فرە کەمتر نەبووە و نییە لێی. ئەوانە و ئەوجا دابەشکردنی زەوی و خانوو و ماشێن بەسەریاندا و دابینکردنی پاسەوان بۆیان و مسۆگەرکردنی گەشت و ڕابواردن و دەیان جۆرە خزمەتی تر، کەتەواوی ئەوانەش، هەر بەشێکی جیانەکراوەی مووچە و مووچەبازیین. هەر ئەو جۆرە مرۆڤانە، ئەگەر ڕۆژێک لەسەردەمی بەعسدا زیندان کرابێتن، ئەوا پارەی زیندانی سیاسییش وەردەگرن، پارەی ژنی شاخ و شەهیدانە و چەندین جۆری دیکەش وەردەگرن. نەک تەنێ هی خۆیان یا هی ژن و باوک و برا و خوشکیان، وەردەگرن، بەڵکە هی ئامۆزا و لالۆزا و میمکەزا و برازا و خوشکەزا و دەیان زای دیکە و مام و خاڵ و مامۆژن و لالۆژن و…چەندین جۆری دیکەی قەوم و قیلە وەردەگرن. تەواوی ئەو پارەیەی دەچێتە بەرکی ئەو جەنابانەوە، لە دوای 2003 و ڕووخانی بەعسەوە، ئەگەر زیادی نەکردبێت و دەیان فڕوفێڵ و گزیی دیکەی تێدا نەکرابێت، ئەوا هەرگیز بەلای کەمییدا نەچووە. ئەمانە یەک لەشکری تەواوی حیزبن، کە بێجگە لە مفتەخۆری و مشەخۆری، چ کارێکیان نییە. ئەمانە ئەوانەن، کە پێێان دەگوترێ”بندیوار”. بندیوارانیش، چەند چینێکن، هەیانە لەسەر چڵەپۆپەی دارەکە و ترۆپکی کەژەکە و هەیانە نزمتر و خوارترە و وەک ئەوانەی بانێ، ئەو هەموو کەشوفش و ناز و خۆشگوزەرانییەیان نییە.
لە 1992 ەوە تا هەنووکە، پێنج خولی پەرلەمان لە کوردستان هەبوون و هەڵبژێردراون. چوار لەو خولانە تەواو بوون و ئەندامانی خانەنشین کراون. دیارە خانەنشینکردنی ئەندامی پەرلەمان، بە هەموو پێوەرێک، ناڕەوا و هەڵە و دزیوترین کارێکە، کە دەکرێ. پەرلەمانتار دوای تەواوبوونی کارەکەی وەک پەرلەمانتار، دەتوانێت بچێتەوە سەر ئەو کارەی پێشووی، کە هەیبووە. ژمارەی ئەندامانی هەر یەک خولی پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندامە و کۆی ئەندامانی خانەنشینکراوی ئەو چوار خولە دەکاتە 444 کەس. ئێستاش کە خولی پێنجەم لە 2018 ەوە لەپەرلەمانن و ماوەیەکی دی ئەوانیش خانەنشین دەکرێن و ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشینکراو ئەودەم، دەبنە 555 کەس. هەموو ئەندام پەرلەمانێک، کە لە کاردا بێت، وەک دەڵێن، هەشت میلیۆن و دووسەدهەزار(8.200.000) دیناری عیراقی ، کە دەکاتە نزیکەی 7000 دۆلاری ئەمەریکی، وەردەگرێت، بێجگە لە دەرماڵە و پشتماڵە و بنماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و زۆری دیکەش. بێجگە لە پاسەوان و خانوو و ماشێن و بەزمی دیکەش، کە ئیدی ڕەنگە گەلێک لە 7000 دۆلار زیاتر بێت. کە پەرلەمانتار خانەنەنشینیش دەکرێت، پارەی مفتی خۆی هەر وەردەگرێت، بە کەمۆکەیەک گۆڕینەوە، کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەمتر مووچەکەی وەرگرێت، لێ هێشتا پاسەوانی هەر هەیە.
وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، جێنێراڵ، ڕاوێژکار، پەرلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستانی لە ئەوروپاژیاو، سەرباری مووچەی خانەنشینی کوردستان، مووچەی خانەنشینی وڵاتانی ئەوروپایش وەردەگرن و تەنانەت دەستبەرداری وەرگرتنی مووچەی پاسەوانەکانیشیان نابن، کە لە ئەوروپا، نەک پەرلەمانتار و وەزیر و گزیر، تەنانەت سەرۆکی حوکوومەتیش پاسەوانی نییە.
کەسی هەرێمی کوردستان، 24 قلیان کارمەند و مووچەخۆرن. ڕەنگە بڕێک لەو مووچەخۆرانە زگورد بن، لێ زۆرێکیان، مێرد و ژن و زارۆکیان هەن، واتە: چەند میلیۆنێکیش لەو پێنج میلیۆن و هەندەی کوردستان، لەسەر مووچە دەژین. ئەمە لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک چین، کە یەک میلیارد و سێسەدوشەست میلیۆن(1.360.000.000) مرۆڤن، تەنێ 0.5% دانیشتووانی فەرمانبەرن. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی چین 257 ئەوەندە و بڕێک زیاتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ چین 8 ئەوەندەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، کارمەند و مووچەخۆری هەیە!
ئەم خشتەیەی خوارەوە، ئەو بەراوردکارییەی ژمارەی دانیشتووان و کارمەندان و ڕێژەکانیانە لە کوردستان و لەو وڵاتانە، کە بزووتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردووە:

بە گوێرەی زانیاریگەلێک، کە لە بەردەستتان و ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لە حوکوومەتی پێشووی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، لە داهاتی هەرێمی کوردستان، کە لە پارەی نێوخۆ و نەفت و ئەو پارانەی لە بەغدادەوە دەدرێنە هەڕیمی کوردستان وەدەست دێن، 83%ی بۆ مووچە تەرخان دەکرێ و 5%ی بۆ سولفە (السلفة/وام/Soft Loan)ی کارگێڕی و دامەزراوەکان و8%ی بۆ خزمەتگوزاری دەرمان، پارەی کارەبا، پارەی تەرخانکراو بۆ خۆراک و پاراستن و ئاگاداریی ئامێر و بینایەی کارگێڕییەکان، ناردنی کارمەندان بۆ ئەملاو و ئەولا، پێوەندکردن و پاکژکردنەوە و تەنیا 4%یشی بۆ سەرمایەگوزاری تەرخان دەکرێت .
دەسەڵات(حیزب)، کاغەزەکانی بەجۆرێک تێکەڵکردووە، کە خەڵکە ئاساییەکە ناتوانێت جودای بکاتەوە. دەسەڵات، باس لە وەزیر و جێگر و بەڕێوەبەر و جێنێراڵی مفتەخۆری ملقەوی بندیوار ناکات، کە باس لە مووچەیش دەکات تێکەڵ بە مووچەخۆرانی دیکەیان دەکات. مووچەی فەرمانبەر و کارمەندی گچکەی ماندووی خوارێی پلیکانەکەیە دەبڕدرێ، ئەوە ماڵی وێران دەبێ، ئەوە قەرزدار دەبێ، ئەوە بە هیچدا ڕاناگات. کابرای بندیواری مفتەخۆری گەندەڵ، باکی نییە، ئەگەر مووچە دەهەزار حەفت هەزار یا چوارهەزار دۆلارییەکەی، یەک دوو هەزارێکیشی لێ ببڕدرێ، کە هەرگیز ئەوە ڕوونادات، چون ئەوانن دەسەڵات، وەک کریگرتە و پاسەوان بەکاریان دەهێنێت، یا بە دەربڕینێکی تر چون دەسەڵات(حیزب) بۆ خۆی لەوان پێکهاتووە، هەرگیز نە کاری تێدەکات و نە هەستی پێ دەکات.
گەلێک، یەک میلیۆن و دووسەد و چلونۆ هەزار (1.249.000) کارمەند و مووچەخۆری هەبێت، کە لە هیچ جێیەکی جیهاندا، تەنانەت لە هەژارترین وڵاتانی جیهانیشدا نموونەیەکی لەو جۆرەی کوردستان نییە، بە دووسەد و چلونۆ هەزارەکەی، هەموو کاری وڵات بەڕێوە دەچێت و یەک میلیۆنەکەی زیادە.
گەلێک، 83%ی پارەی داهاتی بۆ مووچە بڕوات و لە هەر چوار کەسی وڵاتەکەی دانەیەکیان کارمەند و مووچەخۆر بێت و بەشێکی زۆریش لەو مووچەخۆرانەی، مووچەی مفت و مشەخۆری و ئەفسانەیی وەربگرن، تەواوی ئاوی دیجلە و فرات و زێ و سیروان و ئەڵوەن و باسەڕەی، بۆ بکە بە پارە، هەرگیز بەشی مووچەی ناکات!
بە پێدانی مانگێک مووچە و چەند مانگ ڕاگرتنی، بە پاشەکەوتکردن و بە چاوەڕوانی خێر و سەدەقەی بەغداد، بەو هەموو پینەوپەڕۆیە، هەرگیز ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت و هەرگیز دەمی ئەو مووچەخۆرانەیشی، کە زیانمەندی یەکەمن داناخرێت، ئەگەر کارمەندە ڕاستینەکان لە بندیواران جودا نەکرێنەوە و مووچە و تایبەتمەندیی ئەو بندیوارە ملئەستوور و مفتەخۆر و گەمار و پیسخۆرانە نەبڕدرێ و ئابوورییەکی خۆماڵیی پشتبەستوو بە خاک و کشتوکاڵ و کانزا و هێزی کاری کوردستان و گۆڕینێکی ڕادیکاڵ لە شێوازی بەڕێوەبردن و کارگێڕییدا نەیەتە گۆڕێ.

2020-05-19

—————————————————

[1] HYPERLINK “https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_” https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_  

[1] HYPERLINK “https://www.alsumaria.tv/news/237786https://www.alsumaria.tv/news/237786




ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ … ئەمجەد شاکەلی

خۆشەویستی، هەمیشە و لەو دەمەی ڕا مرۆڤ هەبووە، بەهێزترین و تەمەندرێژترین و تۆکمەترین ڕایەڵەیەک بووە، مرۆڤ و دەوروبەری، مرۆڤ و ژینگەی، مرۆڤی سروشتی، مرۆڤی و مرۆڤی، وێکڕا گرێداوە و درێژەی بە ژیان داوە. جوانترین ئاوازێک، ناخ و هەستی مرۆڤی هەژاندووە، بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکە نەبووە. خۆشەویستییە، ڕەنگ و چێژ و جوانی و هێز و ئومێد و بەخشندەیی و پێکەوەژیان و تەواوی باشییەکانی بە مرۆڤ بەخشیوە و مرۆڤی ئاراستە کردووە، بەوەی بژی و داهێنان بکات. جیهانی بێ خۆشەویستی، جیهانێکە بێڕەنگ، پڕ لە ڕق، تاریک، بێگیان، مردوو.
یەکدی بەسەرکردنەوە و یەکتربینین و پێوەند و تێکەڵاوی و سەردانی یەکدی و پێکەوە دانیشتن و ژوان و دەستگوشین و لەئامێزگرتن و ماچ و هەموو جۆرە نێزیکایەتییەکی مرۆڤێک و یەکێکی دی، نیشانەکانی خۆشەویستی و وزەبەخشی ماشینی خۆشەویستین. پێش ئەم پەتا نەفرتییەی کۆرۆنایە، هیچ یەکێک دەستبەرداری گچکەترین دانەیەکی لەو نیشانانەی خۆشەویستییە نەدەبوو و دوورکەوتنەوە و پشتگوێخستنیان، نیشانەی کەمتەرخەمی و دڵڕەقی و بێهەستی و ناتەواوییەک بوو.
ئەدی ئێستا!
پەری، لە پیاسەیەکییەوە هاتە بەر دەرگە و زەنگی دەرگەکەی لێدا، ئەو دەیزانی من لە ماڵم و وەک زۆرێک لەوانەی لە کۆرۆنا دەترسن، لە ژوورێ خۆم حەشار داوە. دەرگەم کردەوە و لە دوورایی سێ میترێکەوە، هەندی قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشت.
فەرهاد، بڕێک خۆراکی بۆ کڕیم و ئێوارەیەکی دوای گەڕانەوەی لەسەر کار، بۆی هێنام و لە دووریی چوار میترێکەوە هەندێ قسەمان کرد و ئیدی ڕۆیشت.
ڕاز و پەری، دوو جار، بە کۆمەڵێک توورەکە و دەڵقی پڕ لە میوە و سەوزە و وشکەوە هاتنە بەر دەرگە و لە دوورایی چوار پێنج میترێکەوە، لە خوارێی پلیکانەکە ڕاوەستابوون، بڕێک قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشتن.
ڕاز، لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، زەنگێکی بۆ لێدام و گوتی دێمە نزیکی ماڵ و تۆیش وەرە بەر پەنجەرەی ناندینەکەت و ماوەیەک بە تەلیفۆن قسە دەکەین. منیش وام کرد و بڕێکمان قسە کرد و دواتر ڕۆیشت.
ئەمڕۆ یەکەمی مەی(یەکی ئایار، یەکی مایس)ە، ڕۆژی کارگەرانی جیهانە. یەکێکە لە ڕۆژە هەرە خۆشەکانی ساڵ، کە هەمیشە دوانزدە مانگ چاوەنۆڕی هاتنەوەییم و نوێبوونەوە و چێژێکی گیانەکی بە تەواوی هەستەکانم دەبەخشێت. ئەگەر ساڵێک، بەهۆی نەبوونم لە سوێد، لە بەشداربوون لەم بۆنەیەدا، لە ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ئاهەنگگێڕان، دابڕابم، لەو دوورییەم لە سوێد و لەو ڕۆژەدا، پەشیمان بوومەوە و هەرگیز خۆمم نەبەخشیوە و سەرزەنشتی خۆمم کردووە و پێم وابووە، کەلێنێک کەوتووەتە ژیانمەوە و زیانێکی گرانم بەرکەوتووە. ساڵانە و ئەم ڕۆژە، پەری، لەوەتی هێشتا لە گالیسکەی زارۆکاندا بوو و تا ئیدی پێڕەوکە بووە و کەوتووەتە سەر پێی خۆی و وردەوردە ئاگاییشی پەیدا کردووە، هاوڕێی ئەم جەژنگێڕانەم بووە و وێکڕا و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەدا، لەگەڵ سەندیکالیست(SAC) و ئەنارکیست و ناپەرلەمانی و ناحیزبییەکاندا، ڕۆژێکی گەش و دەم بە خەندە و خۆش و پڕئومێد وزەبەخشمان گوزەراندووە، لێ ئەمساڵ نەء! ئەمساڵ یەکی مەی، نە جەژن و نە ئاهەنگ و نە ڕێپێوان و نە دیداری هاوڕێ و خۆشەویستان!
هاوڕێیەکانم، کە جاران، ڕۆژێکی خۆرەتاوی خۆش، کەنار زەریاچەیەک، پیاسەیەکی چەند سەعاتی، قاوەخانەیەک و کووپێک قاوە، خواردنێکی چینی، تایلاندی، ڤیێتنامی، یا فەلافیلێک، دەردەدڵێک، بڕێک شۆخی و قسەی خۆش، خڕبوونەوەیەک، ئاهەنگێک، زەماوەندێک، پرسەیەک، تەنانەت پرسەیەک و سەرگۆڕستانێک، کۆی دەکردینەوە، ئیدی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، هیچ یەکێک لەوانە نامانگەیەنێتە یەکتر. میوان، کە لە کوردەواریدا دەڵێن خۆشەویستی خودایە، تەنانەت میوان و میواندارییش، خەریکن لەبیر دەچنەوە!
ئێستا، ئەوەی خۆشت دەوێ و ئەوەی خۆشی گەرەکی، دەبێ خۆتی لێ دوور بگریت و دوورایی نێوانتان بە میتر بپێوی، چمانی ئاگر و بەنزینن، لە یەکدی نێزیک نەبنەوە. ئێستا، نزیکی پێوەری خۆشەویستی نییە، دوورکەوتنەوە نیشانەی خۆشەویستییە و تەلیفۆن، تەنێ تەلیفۆن، هەستەکانمان بۆ یەکدی دەگوێزێتەوە. ئێستا، ڕۆژەکان، بێجگە لەوەی بێتامن، هیچی دیکە نین! ئاو، هەرچەندە بنەمای هەموو زیندەوەر و زیندووییەکە ، لێ کە پێناسە دەکرێ، دەگوترێ، شلەیەکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە، ئێستا ڕۆژگارێکە بێ ڕەنگوبۆیە!

01 – 05 – 2020


[1] (وَجَعَلْنَا مِنَ ٱلْمَآءِ كُلَّ شَىْءٍ حَىٍّ)، القرآن الکریم، الأنبیاء/30.   




کەرکووکەخەم -چواردە- … ئەمجەد شاکەلی

یەکێک لە بەدبەختی و نەهامەتییە گەورەکانی مرۆڤی کورد، شێوازی بەرخوردی سیاسەتکار و فەرمانڕەوا و میدیاکار و زۆرێک لەوانەی خجڵی نووسین و پەخشکردنن، لەتەک دیرۆک و دەوروبەری خۆیاندا، کە دواجار بیرکردنەوە و گوتار و تێڕوانینێک دێنێتە بەرهەم، گەلێ جار، هەست بە بێ بنەمایی و بێ تێڕامانی و بێ وردبوونەوە و ڕواڵەتی و کورتبینییەکی تێدا دەکرێ. گەلێ جار، گوتارێکی بە خەڵکەکەی خۆیانی ڕادەگەیەنن، گوتارێکە ئاو بە ئاشی ئەوانەدا دەکات، کە بۆ خۆیان زۆرجاران بە نەیار و داگیرکەر و…ناودێریان دەکەن. چەند ساڵێکە، ساڵانە و لە ڕۆژی 28ی فێبریوەرییدا، باس و گوتار و نووسین و ئاخاوتن و هەندێ جاریش ئاهەنگگێڕان پەخش دەبنەوە و ساز دەکرێن، بۆ یادکردنەوەی ڕۆژێک، کە شارۆکەی کەلاری ئیستای سلێمانی و جارانی کەرکووکی، تێدا کراوەتە قەزا. گەلێک ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و ئینتەرنێتنامە، خۆ لەو بوارە دەدەن و باسی لەسەر دەکەن. ئەمساڵ، من بۆ خۆم، وەک هەواڵێک لە “باس نیووز”دا هێمایەکم بەرچاو کەوت، کە بەوە کرابوو و چەند وێنەیەکی کەلار و خەڵکی کەلارێش لەو هەواڵەدا دانرابوون .
کەلار لە 28-02-1970دا، ڕێک یانزدە ڕۆژ پێش پێکهاتنی سەرکردەیەتیی سیاسیی کوردستان و حوکوومەتی بەغدا و جاڕدانی بەیانی یانزدەی مارس، بە مەرسوومێکی کۆماری و بە بڕیارێکی سیاسی، لە گوندێکی ئاساییەوە، کە لە 1860وە یا بڕێک دواتر هەبووە و سەر بە ناحیەی شێروانەی قەزای کفریی ئوستانی کەرکووک بوو و، بێ ئەوەی بە قۆناخی “ناحیە”یەتیدا تێپەڕێت، کرایە قەزا و دواتریش لە 06-11-1975دا و بە مەرسوومێکی کۆماریی، لە کەرکووک دابڕێنرا و خرایە سەر سلێمانی. هەموو خەڵکی کورد ئەمە دەزانێت و زۆر چاکیش لە هۆکارەکەی تێگەیشتووە، چون تەنێ کەلار لە کەرکووک دانەبڕێنرا، بەڵکە کفری و خورماتوو و چەمچەماڵیش، کە سێ قەزای دیکەی کەرکووک بوون، لە کەرکووک دابڕێنران. حوکوومەتی بەغدا وەک هەمیشە لە سەرانی کورد، زیرەکتر و دووربینتر بووە و هەمیشە، بە پێچەوانەی سەردارانی کوردەوە، پێشبینی و نەخشەی بۆ داهاتوو هەبووە. بە دابڕینی ئەو چوار قەزایە لە کەرکووک، دابڕینی زۆرینەیەکی ڕەهای کورد لە کەرکووک و پەڕوباڵکردنی کەرکووک ئەنجام درا. مەزنترین کردەی ڕاگوازتن و کۆچپێکردنی بە تۆپزی کورد و عەرەباندن لە پارێزگەی کەرکووکدا جێبەجێ کرا. بۆ ئەوەی کەرکووک بکرێت بە پارێزگەیەکی عەرەبی، حوکوومەتی بەعس دەیان هەزار خێزان و سەدان هەزار عەرەبی سوننە و شیعەی لە ناوەند و خوارووی عیراقەوە، دوای بەخشینی کۆمەڵێک پارە و زەوی و ماڵ و خانوو و کار و خۆشگوزەرانی و چەشەی دیکە پێیان، هێنانی بۆ کەرکووک و لەوێ نیشتەجێی کردن. کردەی ئەنفالی بەدناویش، کە پڕانی قوربانیانی خەڵکی کەرکووک و گەرمیان و ئەو دەڤەرانە بوون، هەر بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و بنبڕکردنی دانیشتووانی کوردی ئوستانی کەرکووک بوو.
ئەگەر بڕێک بگەڕێینە دواوە بۆ مێژووی سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق لە لایەن کۆڵۆنیالیزمی بریتانیاوە، تێدەگەین، کە دەستکاریکردن و گۆڕینی سنووری ئوستانگەلێکی عیراقی لێ پێکهاتووە، هەمیشە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی و ئامانجی عەرەباندن و تواندنەوە و سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی ناعەرەب، بەتایبەت نەتەوەی کورد، بووە. لە دوای دامەزراندنی عیراق وەک دەوڵەت لە 1921دا و پێش ئەوەی هیچ ئامارێک بۆ دانیشتووانی وڵات بکرێت، کە بە 3.5 – 4.5 میلیۆن کەس مەزەندە دەکران، عیراق پێکهاتبوو لە چواردە ئوستان. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیشیدا تا ساڵانی 1960 بۆ دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی کاتێک کرایە دەوڵەت، ژمارەی ئەو ئوستانانە هەر وەک خۆی مایەوە، واتە: هەر چواردە دانە بوون، تا لە 1969دا و بۆ یەکەم جار دهۆک کرایە ئوستان و بەوەش عیراق بوو بە پانزدە پارێزگە. دهۆک، لەبەر زیادبوونی دانیشتووانی وڵات، نەکرا بە ئوستان، بەڵکە بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی ئوستانی مووسڵ(کە دواتر کرا بە نەینەوا) و بۆ ڕێگەگرتن لەوەی تەقوو(ئێه، قەزاکوێرەکە، نەوەک) کورد باسی کوردستانیبوونی مووسڵ بهێنێتە بەرباس. ئیدی دهۆک و زاخۆ و ئامێدی و سمێل لە مووسڵ دابڕێنران و کران بە ئوستانێکی سەربەخۆ. مووسڵ، کە دهۆکی لێ دانەبڕێنرابوو، پارێزگەیەکی کوردی و کوردستانی بوو. بە دابڕینی دهۆک لە مووسڵ، کورد لە مووسڵ کەمبوونەوە، لێ هێشتا قەزاکانی ئاکرێ و شێخان و شنگال( کە بە ڕێژەیەکی ڕەها، پڕانی دانیشووانیان کوردن) و قەزاگەلی تلکیف و حەمدانییە و تەلعەفەر(کە تێکەڵن و پتر لە کوردەوە نێزیکن تا عەرەب) لەگەڵ مووسڵدا مابوونەوە و بەوەش ژمارەی دانیشتووانی ناعەرەبی ئوستانی مووسڵ لە عەرەبی ئەو ئوستانە زیاتر بوو. لە ساڵانی 1980دا حیزبی بەعس ئامارێکی یەکجار نهێنی بۆ دانیشتووانی ئوستانی مووسڵ کرد، کە تێیدا دەرکەوت 57%ی ئوستانی مووسڵ کوردن. هەردوو حوکوومەتی برایانی عارف(عەبدوسسەلام عارف و عەبدوڕەحمان عارف) پێش بەعس، هەستیان بە زۆرێتی کورد لە ئوستانی مووسڵدا کردبوو، بۆیە هەر لە ناوەندی 1960ەوە دەستیان کرد بە کۆچپێکردنی زۆرەملێی کوردگەلێک کە لە سەرژمێری ساڵی 1957دا ناونووس نەکرابوون .
دەسەڵات و میدیای کوردستان، لەبری گرنگییدان بە باسکردنی کەلار و گەورەکردنەوەی کەلار و ئاهەنگگێڕان بەوەی، کە کراوە بە قەزا، یا دڵخۆشبوون بەوەی، کە دهۆک کراوە بە ئوستان، دەبوو وەک ئەرکێک، مێژووی عەرەباندنی کەرکووک و مووسڵ و لەتلەتکردنی کەرکووک و مووسڵیان بۆ خەڵک، بۆ نەوەی نوێ، باسکردایە. دەبوو عەرەباندن و وەدەرنانی کوردانی فەیلی لە بەغدا و عەمارە و کووت و خوارووی کوردستان(زرباتیە و بەدرە و جەسسان و مەندەلی) و کوردانی خانەقی و جەلەولا و قزڕەبات تا دەگاتەوە شنگال، لە ڕۆژی بە قەزابوونی کەلاردا، وەبیر خەڵک هێنرابایەوە. دەبوو وەک یادی گچکەکردنەوەی کەرکووک و سڕینەوەی سیمای کوردستانیبوونی کەرکووک بخرایەتە بەر باس. دەبوو هەوڵی چڕکردنەوەی دابڕینی چەمچەماڵ و کەلار لە سلێمانی درابا بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر کەرکووک.
جاران، کە دەگوترا کوردستانی عیراق یا باشووری کوردستان، بێجگە لە هەولێر و سلێمانی و کەرکووک(بە پردێ، دووبز، حەویجە، تاوغ، خورماتوو، کفری، چەمچەماڵ و کەلارەوە) و جەلەولا، خانەقی، مەندەلی، بەدرە، جەسسان، زرباتییە و عەزیزییە و نزیکی کووت و تا عەلی غەربی(علي الغربي) و عەلی شەرقی/شەرجی(علي الشرقي/الشرجي) دەگرتەوە و تەواوی ئوستانی مووسڵیش وەک بەشێک لە کوردستان دەژمێردرا، چون پتر لە 75%ی ئەو پارێزگەیە کورد بوون. ساڵ هات و ساڵ چوو، ئەو دەڤەرانە چوونە ئاو و لەبری لکاندنیان بەوەی ئەمڕۆ بە هەرێمی کوردستان ناوی دەرکردووە و لەبری ئەوەی ببنە یەک پارچە و یەک هەرێم و یەک چارەنووس، تا دەهات دووراییەک لەنێوان هەرێم و ئەو دەڤەرانەدا دروست دەبوو. لەنێوان 2005 و 15ی ئوکتۆبەری 2017دا، ئومێدێک دڵی کوردستانییانی خۆش کردبوو، کە ئیدی تا دەگاتە مەندەلی، گەلی کوردستان بووەتەوە خاوەنی و هەنگاو دەنرێ بۆوەی بە ڕەسمیی جاڕی تێکەڵبوونی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بدرێ. لە 16ی ئوکتۆبەری 2017دا ئەو ئومێدە لەلایەن ئەوانەی هەمیشە قۆرت و بۆسە و ڕووخان و دووبەرەکی و لەتلەتکردنی وڵات و تێکشکانیان کردووەتە خەڵاتی کورد، تاسێنرا و لەبەین برا.
کێشەی ئەو دەڤەرانە لە چۆنیەتی تێڕوانینی کوردستانییانە بۆیان. حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، لە دەلاقەی پۆست و پلە و پایە و بازرگانیی نەفت و پارەوپووڵ و ژمارەی کورسی و پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی شارەوانی و ژمارەی کارمەند و بەرپرس و یەک لیستی و ئەوانەوە دەنۆڕنە باسەکە. ئەوان ماددەی 140 و قودساندنی کەرکووک و ڕێژەی 6+6+6+6 و 32%یان پێ چارەسەرە. تەواوی ئەوەی حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، بە چارەسەری دەزانن، لەکن تاکی کورد و کوردستانییە ئاساییەکان، بێجگە لە کۆمەڵێک کۆت و تەماح و بازرگانی و خۆپەرستی و چاوچنۆکی و دەستبەردابوون لە خاک و نانیشتمانپەروەریەتی زیاتر هیچی دیکە نین. ئەوانە تڕوتەشقەڵەن و چارەسەرگەلێکن ئەو دەڤەرانەیان لە بەشە گرنگ و خۆشەویست و نازدارەکەی باشووری کوردستانەوە کردووەتە بەشێک، کە حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، لیک دەزێتە دەمیان، کاتێک باسی دەکەن و، کاتێک دایاندەدۆشن و ، کاتێک پێوە دەلەوەڕێن و، کاتێک وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراو تێی دەنۆڕن و دەیانەوێت هەر بەو جۆرەیش بمێنێتەوە. کێشەی ئەو دەڤەرانە لە دوو وشەدا کورت دەکرێنەوە: خاک و مرۆڤ!
حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، کە خۆیان ئەو دەڤەرانەیان بەو دەردە بردووە، ئەگەر هەر بە ڕاستی دڵسۆزی وەڵات و نیشتمان و گەلی خۆیانن، ئەگەر باوەڕیان بەوەیە، کە کەرکووک کوردستانە و بێجگە لە کوردستان شتێکی دیکە نییە، دەبوو شەقێک لە تەواوی ئەو کۆت و بەندانەی 140 و 32% و قودساندنەی کەرکووک، هەڵدەن و سانتیمیتر لە دوای سانتیمیتر خاکیان بگێڕابایەوە. دەبوو باس باسی خاک بووایە. دەبوو کەرکووکیان بگەڕاندبایەوە بۆ کەرکووکەی 1957 و پێش 1963. دەبوو کفری، کەلار، چەمچەماڵ، خورماتوو بگێڕدرابانەوە سەر کەرکووک، نەک ئاهەنگ و شایلۆغان بۆ بەقەزابوونی کەلار ساز کرابا، کە زالوو (زەروو)ئاسا، لەسەر لاشەی کەرکووک، کفری، خورماتوو، خانەقی، جەلەولا، قزڕەبات، مەندەلی و خوارووی کوردستان، بۆ خۆی قەڵەو دەبێت و ئەوانیش لاواز دەکات!

08-03-2020




وڕێنەیەک لە سەردەمی کۆرۆنادا … ئەمجەد شاکەلی

کاکەحەمەی دێبنە و باوکم(ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر)، ئەحمەد و منیان، بە خۆمان دشداشە و چاکەتەکانمانەوە، بردە دوکانەکەی حەمەی وەستا زۆراب و سەرو پانتۆڵ و سەرو کراسیان بۆ کڕین. هەردووکمان چون یەک، پانتۆڵێکی خاکی و کراسێکی سپی. هاوین بوو، ئێمە چووبووینە کفری بۆوەی لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای پۆلی شەشەمی سەرەتایی ساڵی 1961/1962دا بەشدار بین. یەک ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەکە، ئەو جلانەیان بۆ کڕین. ئەوە یەکەم جارم بوو پانتۆڵ لەپێ بکەم. تا پێش ئەوە و تا ئەو تەمەنە هەر دشداشەم لەبەر کردبوو. دشداشە بۆ ماڵ، بۆ گەمەکردن، بۆ میوانی، بۆ جووڵانەوەی ڕۆژانە، بۆ جەژن، بۆ خوێندنگە، بۆ خەوتن و بۆ هەموو شتێک لەبەر دەکرا. لە ڕۆژەکەی دوای ئەو ڕۆژەوە، ئیدی پانتۆڵ جێگەی دشداشەی گرتەوە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تا ئێستا هاتووە.
لە ساڵانی 1980دا هاوڕێم کاک ڕەمزی قەیتوولی لە گەڕانەوەیدا لە گەشتێکی بۆ لەندەن، دشداشەیەکی سپی وەک دیاری بۆ هێنام، کە ئێستاش ماومە. جارجار لە ماڵەوە بۆ خەوتن لەبەری دەکەم یا کە نەخۆش دەکەوم و دەکەومە سەر جێگە لەبەری دەکەم. ساڵی 2018 یش (ڕاز)ی کچم لە حەج گەڕایەوە، دشداشەیەکی مەیلەو بۆر- قاوەیی بە دیاری بۆ هێنام، ئیدی بووم بە خاوەنی دوو دشداشە.
لە سەردەمێکدا لە ماڵی خۆمان، لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵیدا، جاروبار، کە حەزم لە بینینی هەندی میوان یا کەسێک یا مەیلی چوونەدەرەوە و دیتنی خەڵکم نەکردبا، تەنانەت ئەگەر هاوڕێیانی خۆیشم بووایەن، لەنێو ماڵدا پاڵم لێ دەدایەوە و دادەنیشتم و نەدەچوومە دەرێ. دایکم دەهاتە ژوورێ و بە شێوەزارە گەرمیانییەکەی خۆی دەیگوت: “ئەوە بۆ ناچیتە دەشتۆ، خۆ خەتەنە نەکریایتە، وا لەبن ماڵا خۆت مات داوە، هەڵسە هەڵسە دەی بچۆ دەشتۆ!”. ئەو سەردەمە کەسێک کە خەتەنە دەکرا، دشداشەیەکی لەبەر دەکرد و پاڵی لێ دەدایەوە و نەدەچووە دەرێ.
ئێستا بە سایەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە ماڵەوە پاڵم داوەتەوە و دشداشەشم لەبەر کردووە. دشداشە وەک هێمای ئاریشە و کێشە و جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو. تەنێ لەنێوان 15-20 میترێکی بۆشایی نێو ئەپارتمانە 56میترییە چوارگۆشەکەمدا دێم و دەچم. لە دوو پەنجەرەوە دەرێ دەبینم و ئاگاداری هاتوچۆ و جووڵانەوەی گەڕەکم، کە ئەسڵەن بۆ خۆی گەڕەکێکی مردووە. کۆرۆنایش نەبێت هەر مردووە، لێ ئێستا لەم وەرزی کۆرۆنایەدا کپ و بێگیان و مردووترە.
تاکەتاکە مرۆڤ لە پەنجەرەکانەوە دەبینم و ڕەنگە تا دنیا ڕووناکە و تەواوی ڕۆژەکە ژمارەیان نەگاتە 50 کەسێک. بەیانیانی زوو، لە بن دیواری خوارێی ژووری خەوتنەکەم، دەنگی ترپەی پێیە بچکۆلەکانی زارۆکە گچکەکانی باخچەی منداڵانەکەی نزیکێ ماڵمان دێتە گوێم، کە لەلەکانیان دەیانبەنە دەرێ و بەدەم وردە ڕۆیشتنەوە دەنگە ناسکە منداڵانەکانیان، دێنە گوێم.
ئەوەی زۆرتر دڵم پێی خۆشە، سەگەکانن! دوو سەگخانە(باخچەی سەگەل یا سەرپەرشتیخانەی سەگەل یا ماڵەسەگ)، نزیکی ماڵەکەی منن. هەموو ڕۆژانی کار، دووشەممە تا هەینی، کچەکان، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 16-20 ساڵێکدایە، لەلەکانی سەگەکان، کە بۆ خۆیان 3-6 کیژێک دەبن، ئیدی زیاتر یاکەمتر، هەریەکەیان سەری 10-12 پەتی بەدەستەوەیە و ئەو سەری پەتەکان لە ملی 10-12سەگێک ئاڵاون و ژمارەی سەگەکان لە کەمترین جاردا لە 40 سەگێک کەمتر نییە. سەگی گەورە و زەبەلاح، سەگی گچکەی زۆر گچکە، دێڵ، گەماڵ، سەگی سپی، سەگی ڕەش، سەگی قاوەیی، سەگی سادەی یەک ڕەنگ، سەگی دوو ڕەنگ و تێکەڵ، سەگی بۆرە، سەگی بازە، سەگی سەر بە ڕەگەزی جیاواز، سەگی سەر بە بنەچەی جیاواز و هەموو جۆرە سەگێک، ئارام و بێ دەنگ بەدەوری لەلەکانیاندا وەک بازنەیەک، مانەندی سەرباز و مەشقپێکراو، دەڕۆن و نە گەنگەشە و نە شەڕ و نە دەنگ دەنگ، نە جیاوازیی چینایەتی و نە فشەکردن و خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و نە ئێرەیی و نە تێڕەیی و چاوچنۆکی، هێمن هێمن، بەڕێز بەڕێز، لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و هاوئاهەنگی و یەکگرتووییدا، نەرم نەرم دەڕۆن و چێژ لەو سروشتە جوانەی دەوروبەری خۆیان وەردەگرن. جارجار لەلەکان ڕادەوەستن و ئەوانیش هەر هەموو ڕادەوەستن. هەموو چاوەنۆڕی فەرمانی دادەکانیانن. من زۆربەی ڕۆژان، نەک بە سایەی کۆرۆناوە، بەڵکە بەسایەی خانەنشینییەوە، ڕۆژانە ئەو دیمەنە، شادییەک، گەشی و خۆشییەک، بە ڕۆحم دەبەخشێ. بۆ من ئەو دیمەنە دەکاتە: ژیان. ئێستاش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، کە ئەو گەلە سەگ و لەلە و سرووتە ڕۆژانەیە دەبینم، تێدەگەم، هێشتا خەڵک دەچنە سەرکار، چون ئەو سەگانە بۆیە خراونەتە ئەو سەگخانانە، لەبەروەی خاوەنەکانیان کار دەکەن و چۆن منداڵەکانیان دەبەنە، زارۆکخانە، باخچەی منداڵان، بەو جۆرەیش سەگەکانیان لەو سەگخانانە دادەنێن تا ئەودەمی نزیکەی سەعات 17-18 ی ئێواری لە کار دەگەڕێنەوە و سەگەکان و زارۆکەکانیان دەبەنەوە ماڵێ. تا ئەو سەگانە ڕۆژانە ببینرێن، واتە: ژیان نەوەستاوە، واتە: هێشتا ژیان بەردەوامە.
کۆرۆنا، جموجووڵی مرۆڤ و فڕۆکە و ماشێن و شەمەندەفەر و گەشت و سەیران و هاتوچۆی ڕاگرت و وەک چۆن جاران بەرخ دەکرانە کۆزەوە و مامر دەکرانە کولانەوە، کۆرۆنا، کۆزەکۆزەی لە مرۆڤ کرد و کردنیە کۆزەوە و کردنیە کولانەوە. کۆرۆنا، زەنگێک بوو، دنیایەک شتی وەبیر مرۆڤایەتی هێنایەوە و چەپۆکێک بوو، سروشت، نادادی، هەژاری، هەڵاواردنی مرۆڤ، جیاکاری، ژینگە، کێشایان بە تەپڵی سەری مرۆڤدا بۆ وەئاگا هێنانەوەی، ئەگەر بڕیار بێت وەبیرهێنانەوە و وەئاگاهێنانەوە، زەنگێک بن مرۆڤ بێدار بکەنەوە و دید و وزەیەکی نوێی پێ ببەخشن و وانەیەکی نوێی ژیانی فێر بکەن! کەمجار مرۆڤ وانەیەک لە هەڵەکانی خۆی و هەڵەکانی خەڵک و جڤاک فێر دەبێ!
ئێستا ئێمەی، کە ناچینە سەرکار، ئێمەی لەماڵەوە تەڕاح و پاڵلێداوە، ئەو کەسانەین، لە کارکردن دووکەوتووینەوە. لاوەکان دەچنە سەر کار، ئێمە ناچین. ئێمە لە ماڵەوە تەنیاین. هەموو هاوتەمەنانی ئێمە، ئەگەر لە هیچ شتێکدا، لە چین و ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و….چون یەک و یەکسان نەبین، لە تەنیاییدا یەکسانین. ئێمە هەموومان لە ماڵەوەین. هەندێکمان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە، خەڵکانی تێپەڕبوو دەژمێرن و هەندێکمان سەگەل دەژمێرن و هەندێکمان هەر چای دەخواتەوە و هەندێکمان هەر خەرێکی شیولێنانە و هەندێکمان تەماشای فیلم و تیڤی دەکات و هەندێکمان خجڵی فەیسبووک و وەتس ئاپ و ڤایبەر و ئیمۆ و ئینتەرنێتە و هەندێکمان وەدووی هەواڵدا هەڕا دەکات و هەندێکمان نوقمی لاپەڕەی کتێبانە و هەندێکمان وشە ڕیز دەکات و گوتەیەک، هزرێک، خەیاڵێک دەدەرێنێت، هەندێکمان سوودووکۆ دەکات و هەندێکمان گوێ دەداتە مووزیک و هەندێکمان نوێژ دەکات و قورئان دەخوێنێتەوە و هەندێکمان دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێ و هەندێکمان بەنێو لیستی ناوی هاوڕێ و دۆست و کەسەکانی نێو تەلێفۆنەکەیدا دەگەڕێ و ئەوەی چوار ساڵیشە پێوەندی پێوە نەکردووە، زەنگی بۆ لێدەدا یا لەو جۆرە کەسانەوە زەنگی بۆ لێدەدرێ و هەندێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەل و زەمتە هیچ، هەر هیچ ناکات و فەلسەفەی”خۆت تەمبەڵی، پاڵدانەوە، هیچ نەکردن، دوای ئەوەش وچاندان و ئیسراحەت کردن” پێڕۆ دەکات، ئەم فەلسەفەیە، لەگەڵ (پەری)ی کچمدا هەردەم توێژینەوەی لەسەر دەکەین و خوێندنەوەی نویی بۆ دەکەین و شتی نوێی دەخەینە سەر و جارجار لە (ناز) و (ڕاز)یشەوە سرووشمان پێ دەبەخشرێت. دیارە هەندێکیشمان زۆرێک لەوانەی گوتران، پێکەوە لە ماڵی دەکات. ئێمە هەموومان تەنیایی یەکیخستووین. تەنیایی، کە پتر دەردێکی پێشکەوتن و نوێگەرایی و جڤاکی مۆدێرنە و کەمتر لە جڤاکگەلێ ڕۆژهەڵاتییدا هەبوو و هەیە، هەرچەندە ئێستا مۆبایل و تیڤی و ئینتەرنێت و جیهانگەری و لاساییییکردنەوە سەدان تڕوتەشقەڵەی شێوژیانی ڕۆژاوایی و تەکنۆلۆجیا و بەزمی دیکە، پەتای تەنیایی گەیاندووەتە ڕۆژهەڵات و تەنانەت جڤاکە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانیش. لێرە لە ئەوروپا و بەتایبەت لەم سوێدە، تەنیایی پێوەر و نموونەی ژیانی ستانداردە و پێچەوانەکەی ناستاندارییە.
هەواڵەکانی وەدوویاندا وێڵین، هەواڵی ژیان و مەرگن. لەنێوان ژیان مەرگدا توێژاڵێکی هێندە تەنک هەیە، کە ئێستا لەهەموودەم زیاتر، ئێمەومانان هەستی پێ دەکەین و دەیبینین. میدیاکان پەیتا پەیتا هەواڵی مەرگمان بەسەردا دەبارێنن و وێنەکانی مەرگمان پێشان دەدەن و پێ دەگەیەنن. مرۆڤی پێش ئەم پەتایە، دیارە نە هەموو مرۆڤ، تەنێ یەک شتی دەزانی، ڕاکەڕاکەی ژیان و هەڵپە، بۆ زیاتر پەیداکردنی سامان، پارە، دەوڵەمەندی، دەسەڵات. مرۆڤ وەدووی دنیاویستی و دنیاری و خۆویستیدا غاری دەدا. مرۆڤە گەورەساڵەکان، کاتیان بۆ زارۆک، بۆ خۆیان، بۆ خێزان و خۆشەویستانیان نەبوو. کاتیان نەبوو بیر بکەنەوە. کاتیان نەبوو جوانیی ببینن. کاتیان نەبوو چێژ لە سروشت لە دەنگی سروشت، لە هاژەی با، لە جریوەی مەل، لە دەنگی بێدەنگی، لە دەنگی ئاژەڵ، لە دەنگی خاک، لە دەنگی گیا و گوڵ و ئاو و درەخت و ژین وەربگرن. ئەگەر کۆرۆنا وانەیەک بە مرۆڤ ببەخشێت، ئەوا مرۆڤی دوای کۆرۆنا، وەک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نابێت. کۆرۆنا ئێمەی تەنیاخست و ئێمەی کەنارخست، ئێمە ئێستا تەنێ خۆمانین و کەسمان لەگەڵ نییە. ئێمە تەنێ بیر لە دەستشۆردن و خۆخاوێنکردنەوە و دەستوەرنەدان لە دەم و کەپوو و چاو و ڕوومەتمان دەکەینەوە. ئێمە ئێستا بیر لە خواردنەوەی گەرم و شلەمەنی و شتی بە سوود بۆ بەرگریی لەش دەکەینەوە. ئێمە ئەگەر ناچاریش بین بچینە فرۆشگەیەک بۆ کڕینی پێویستییەک، خۆراکێک، خۆمان لە مرۆڤ دوور دەگرێن، نامانەوێ کەس ببینین. تۆ خەڵکی هەرکوێییەکی، چ ڕەگەزێکی، ئێستا تۆیش و هەموو ئەوانی دیکەش لەنێوان ترس و مەرگدان، ئێمە لە بەرزەخداین، ئێمە هەموومان لەو نێوەندەداین.
ئێمە، ئێستاکە و پێشتریش، پێش کۆرۆنا و لە وەرزی کۆرۆنایشدا، دوو جۆر ئێمەین. ئێمەی پایینی پلیکانەکەی جڤاک لە ڕووی چینایەتییەوە و ئێمەکانی دیکەی باڵای پلیکانەی جڤاک لە هەموو ڕوویەکەوە. ئێمەگەل، بە سەر دوو چیندا و هەندێ جار پتریش دەبەش دەبین. ئەوانەی سەرێ، ئەوانەی باڵای جڤاک، سواری چ شەپۆلێک بووبوون و بەرەو کوێ هەنگاویان دەنا! ژیانیان پڕ لە پەلە و کار و جووڵە و مەشغەڵەت و فریانەکەوتن و بێ کاتیی بوو. خۆیان بزر کردبوو و لە ڕاستی هەڵدەهاتن. ئەوان ئێستاش لەم کۆرۆنابارانەدا دەتوانن، لە ڕەوشێکی تردا بن. ئەوان دەتوانن وڵات جێبهێڵن و بە فڕۆکە و بە کەشتی خۆیان و بە نوێترین ماشێنی خۆیان، بەرەو دوڕگەیەکی چۆڵ لە خەڵک، بەڵام پڕ لە ئامرازی پشوو و خۆشگوزەرانی بڕۆن و لەوێ دوور لە مرۆڤ، لەنگەر بگرن و خۆ بپارێزن و کۆرۆنا ڕوویان تێ نەکات. ئەوان دەتوانن بە زەنگێکی تەلیفۆن یا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، نەک سێ ژەمە، بەڵکە چوار ژەمە و حەفت ژەمە و فرەتریش، لەگەڵ نایابترین جۆری خواردنەوە و سەد بەزمی دیکە ،بهێننە بەردەرکەی ژووری خەوتنەکەیان. ئەوان دەتوانن ئەگەر تووشی دەردیش بن، بە زەنگێک، باشترین بژیشکی تایبەت و باشترین نەخۆشخانەی تایبەت و نایابترین دەرمان، بگەنە خزمەتیان و چارەسەری دەردەکانیان بکرێت. هەرچی ئێمەکانی خوارێی پلیکانەکەین، کونجی ماڵ و چاوەڕوانی خۆمتکردن، تەنانەت ئەگەر دەردەکەش سەرودڵی گرتین، تاکە ڕێگەمانە لەم کاتەشدا. ئێمە باجی کارە چەپەڵەکانی ئەوانەی سەرێی پلیکانەکە دەدەین. ئێستا، کە کۆرۆنا بەر دەرکەی لێ گرتووین، ئێمەکانی خوارێ، خۆمان دەدۆزینەوە و بۆمان دەردەکەوێت، چەندە لاوازین، چەندە هیچ نین، چەندە بێدەسەڵاتین. ئێستا، لە ڕۆژێکداین، هێندە دەستەپاچەین، دەزانین هیچ شتێک دادمان نادات، ئێمە، ئێستا باجی تەواوی ئەو کارە نابەجێیانەی دەسەڵاتداران و زلهێزان و دارایانی ئەم جیهانە و مرۆڤایەتی دەدەین. ئێستا پێویستمان بە ڕاوەستان و تێگەیشتنمانە لە سەرقاڵی و خجڵبوون.
ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لەوەی، کە زەوی هێندە باری گرانە، ئیدی توانستی هەڵگرتنی ئەو هەموو کاڵا و بەرهەم و شتومەکە بێفەڕ و بێکەڵک و زیادە و ژینگەوێرانکەرانە نەماوە. ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە گرنگیی پێوەندداری، تێکەڵاوی، یەکدی بەسەرکردنەوە، خۆشەویستی، کات تەرخانکردن بۆ یەکدی. ئێمە لە کەشوفش و تەرەفێکدا دەژیاین، تەنیا بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەبینی. پێمان وابوو ئەوانە هەموو کێشەکانمان وەلاوە دەنێن. ئێمە هەمیشە ترس و دڵەوڕاکێی لەدەستدانی بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزارانیمان بوو. ترس و دڵەڕاوکێ، ژیانمانی ئاڵۆز کردبوو و مێشک و بیر و دیدمان ئاڵۆزکاو بوو. هەموومان مرۆڤگەلێکی ئاڵۆزکاو بووین. کۆمەک و هاریکاری و بەتەنگەوەهاتنی مرۆڤی خودان پێویستی و لێقەوماومان فەرامۆش کردبوو. ئێمە نەماندەزانی، هەموو مرۆڤایەتی گرێدراوی یەکدین. ئێمە دەبێ جیهان بە جۆرێکی دیکە بینا بکەینەوە. جیهانێک بهێنینە گۆڕێ و دروست بکەینەوە، مێشک و بیر و دەروونی مرۆڤ، لەسەر بنەما و بناخەی خۆشەویستی مرۆڤ و هاریکاری و کۆمەک و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی، بینا بکاتەوە، چون بێ ئەوانە، بێ مێشک و دەروونی ئاسوودە و دروست و ئارام، لەشساغی نایەتە گۆڕێ.
جیهان بۆ دەبێ دوای ڕێبەر و دارا و دەسەڵاتدارگەلێک بکەوێت، خۆیان بخەنە پێش هەموو مرۆڤەکانی دیکەوە و هەموو بەرژەوەند و ئارەزوو و خواستەکانی خۆیان، بە پێویست بزانن و وەپێش هەموو کەس و هەموو شتێکی دیکەی بخەن! وەها ڕێبەرگەلێک دەبێ نەمێنن و وەلانرێن. بۆ بەرەوڕووبوونەی هەر نەهامەتی و دەرد و پەتا و ئاریشەیەک، مرۆڤ، گەل، خەڵک پێویستیان بە شارەزا و زانای باوەڕپێکراو هەیە، پێویستیان بە باوەڕبوون بە دەسەڵاتدارانێکی دڵسۆز هەیە، دەسەڵاتدارگەلێک، هەرچەندە دەگمەنن، کە خەمی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی دەخۆن، وڵاتەکانیش پێویستیان بە باوەڕبوون بە یەکدی هەیە. لە جیهاندا سەدان میلیۆن مرۆڤ هەن تەنانەت سەرەتاییترین، مەرجەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤیان نییە، ئیدی لە ئاوی خواردنەوەوە بیگرە و بە نان و کوڵبەیەک بۆ تێدا ژیان و پۆشاک و هەموو پێویستییەکانی دیکەوە تا دەگاتە خزمەتی تەندروستی و بژیشک و دەرمانیان نییە، کە هەموو ئەوانە دەبنە هۆی مەترسی و دژواری، نە تەنێ بۆ ئەوان، بەڵکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
دەوڵەتەکان، نەتەوەکان، لەسەر ئەوە ڕاهاتوون، تەنێ بیر لە لەشساغی لەنێو وڵات و خەڵکانی خۆیاندا بکەنەوە، لێ دابینکردنی چارەسەر و تەندروستیی باش بۆ هەر وڵاتێک چین، ئیتالیا، کووبا سۆمال یا ئێران، بە قازانجی گەلانی فرانسا، ئەمەریکا، برازیل یا سوێدیش دەگەڕێتەوە. تووشبوونی مرۆڤ بە کۆرۆنا یا هەر پەتایەکی دیکە، لە ئێران، چین، ئیتالیا یا سپانیا، هەڕەشەیەک نییە تەنێ بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرانە، بەڵکە بۆ هەموو یەکێک لە ئێمە لەم جیهانەدا. هەموو مرۆڤایەتی لە سەر یەک تۆپی زەوی دەژین، ئاو و هەوا و خۆر و سروشت و ژینگە و خاک و ئێستا و داهاتوویان، گرێدراوی یەکدین و لە ژیان و مردندا هاوبەشن. هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە پاراستنی هەموو مرۆڤێک، هەموو تاکێک، هەموو ئاژەڵێک، هەموو درەختێک، لە هەموو وڵاتێک، لە هەموو جیهاندا. ڕێبەر و سەرکردەی توانا و لێهاتوو و خاوەن بڕیار بۆ کارەساتگەلێکی وەک کۆرۆنا لە جیهاندا پێویستن.
ئێمە، کە لەنێو ماڵدا خۆمان حەشارداوە، ئەگەر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە نەیڵێین، وادەزانین لەبەر هەموو دەرگا و هەموو پەنجەرەیەک و لەژێر هەموو بەرد و تاوێرێک و لەبان هەموو دار و دەوەن و بنجک و تەختە و هەموو توێکڵە میوەیەک و لەبن هەموو دیوارێکدا، کۆرۆنا خۆی مەڵاس داوە و زۆرجاران وا بیر دەکەینەوە و وامان بە خەیاڵدا دێت، کە ئەگەر دەرگا یا پەنجەرە یا هەر کونێکی ماڵەکەمان کراوە بێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سەلام و چاک و خۆشێێ، خۆی وەژووردا دەکات، وەک چاوەڕوانی کردنەوەی دەرکە و پەنجەرە و دەلاقە و کون و کەلەبەر بێت بۆ هاتن بۆ نێو ماڵ.
ئەوەی ئێستا بەسەر مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، باجی هەڵسوکەوت و بەرخورد و ڕەوشتە نامرۆڤانەییەکانی ڕێژیم و دەسەڵاتەکانی سەر گۆی زەوییە. زادەی چاوچنۆکی و گەنهزرینی ئەوانەن، هەوساری جیهانیان بەدەستەوەیە و بە ئارەزووی خۆیان داژۆن و مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر و لەبەینچوون دەبەن. ئێستا جیهانی سەرمایەداری زۆر ئاشکرا و بێ شاردنەوە، لە زمانی سەرکردەکانیانەوە، باس لەوە دەکەن، کە چاوەڕوانی لەبەینچوونی70%ی خەڵکانی وڵاتەکانیانن و داوا لە خەڵک دەکەن، ئامادەی ئەوە بن، ماڵاوایی و خوداحافیزی، بۆ دواجار، لە خۆشەویستان و کەسە نزیکەکانیان بکەن، چونکە ئیدی ڕەنگە نەیانبیننەوە! ئەو کەسە نزیکانە و ئەو خۆشەویستانەی ئەوان باسیان دەکەن، پیرەکانن، حەفتاساڵان و بانتر. ئەوانەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو کارا و پڕهێز و گورجوگۆڵ، کاریان دەکرد و بەرهەمیان هەبوو و خشتیان دەخستە سەر خشت و ئەم جیهانەی ئەمڕۆیان دروست دەکرد.
جیهانی سەرمایەداری، ئەوروپا، ئەمەریکا و…ڕێژەی پیر لە وڵاتەکانیاندا 70% پێکدەهێنن و گەنجیان کەمترە. کەمتر زاوزێ دەکەن و منداڵیان کەمتر دەبێت. مرۆڤیان تەمەندرێژن و درەنگ دەمرن. هەشتا و نەوەت و سەت ساڵانیان فرەن و زۆر جاریش لە دەرێ دەبینرێن و چالاکن و وەرزش دەکەن و دەژین. ئەو پیرانە، نزیکەی هەر هەموویان بە تەنێ دەژین. ئەگەر لە ماڵێکیشدا بە تەنێ نەژین، لە خانەی پیران هەریەکەو ژووری خۆی هەیە. ڕۆژاوا و جیهانی سەرمایەداری، لەوە تێدەگەن، کە ئەم هەموو پیرە، کار ناکەن، بەرهەمیان نییە، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، دەمیان هەیە و دەستیان نییە، پێویستیان بە دەرمان و کۆمەکی لەشەکی و مەسرەف و خۆراک و هەموو شتێکە و بۆ خۆیشیان توانستی دابینکردنی ئەو هەموو شتەیان نییە، ئیدی بوونی ئەمانە، لە چاوی سەرمایەداری و ڕۆژاوای بێ دڵ و بێ بەزەییەوە، زیادەیە و کەمبوونەوە و نەبوون و نەمانیان، سەرمایەداری و سەرمایەداران، بە قازانجی دادەنێن.
ئەو تێڕوانینە بۆ خەڵکانێکی بێ بەرهەم و “دەمدار و بێدەست”، زادەی ئەم ڕۆژگارە نییە، بەڵکە بنجوبناوانێکی لە بڕێک دید و هزردا هەیە، کە لەمێژە لەنێو جڤاکی ڕۆژاوادا هەن. هزر یا تیۆرییەکەی مالسۆس لەمەڕ زانستی دانیشووانەوە، کە لە 1798دا، لەژێر ناونیشانی”گوتارێک لەمەڕ بنەما گشتییەکانی دانیشتووان”دا، بڵاوی کردەوە، دەڵێ:” هێزی زیادبوونی دانیشتووان مەزنترە لە هێزی زەوی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا”. مالسۆس، پێیوایە ژمارەی مرۆڤ هەر 25 ساڵ جارێک بەگوێرەی یەک بەدوای یەکی ئەندازەییدا(4-8-16-32-64-128…) زیاد دەکات، هەرچی بەرهەمی خۆراکە بە گوێرەی یەک بە دوای یەکی ژمارەییدا (10-20-30-40-50…) زیاد دەکات. مالسۆس دەڵێ:”مادام مرۆڤ بەبێ خۆراک ناتوانێت بژی، ئەم دوو هێزە نایەکسانە لە گەشەسەندندا، دەبێ هەندەک ڕێگر بێتە ڕێیان بۆ ئەوەی وەک یەکیان لێ بێت، واتە: کەمکردنەوەی ڕێژەی زیادکردنی دانیشتووان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکدا هاوتا ببنەوە”. بەگوێرەی مالسۆس ئەم ڕێگرییانەی، کە ڕێگری لە زاوزێی خەڵک دەکەن، هەم نەئێنی و هەم ئەرێنین. هۆکارە نەئێنییەکان، لە شوونەکردن و ژننەهێناندا بەهۆی دەستکورتییەوە دەبینرێن، هەرچی هۆکارە ئەرێنییەکانە لەپاش سەرنەکەوتنی هۆکارە نەئێنییەکان دێن، کاتێک سروشت و مێژوو، بە نەخۆشی و برسییەتی و جەنگ، قڕ دەخەنە نێو مرۆڤ، ئەو کاتە ئیدی هاوسەنگیی لەنێوان دانیشتووان و خۆراکی دەستەبەرکراودا ڕادەگیرێت. ئەوەی مالسۆس ئاماژەی پێ دەکات، لە ململانێیەکانی باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژاری تۆپی زەویدا و لە سیاسەتی ڕێژیمە نازیست و فاشیست و سەرمایەدارییەکاندا، هەمیشە بینراوە. هەموو ئەم ڕێژیمانە، قڕکردن و کوژتنی بەکۆمەڵی گەلانیان، ئافراندووە و ئەنجام داوە. لە دوو جەنگی جیهانیدا و لە دەیان جەنگی کۆڵۆنیالیزمدا، دیوە دزێوەکەیان وەدەرکەوتووە.
کورتەی بیرۆکەیەک مالسۆس دەریدەبڕێ دەڵێ:”ئەو مرۆڤەی کەسێکی نییە بیژێنێت و ناتوانێت لەنێو جڤاکدا کارێکی دەستکەوێت، دەشبینێت لەسەر خاکەکەی خۆیشیدا، چ بەشە خۆراکێکی چنگ ناکەوێت و نییە، ئیدی لەئەنجامدا، ئەو کەسێکی زیادەیە لەسەر خوانی سروشت، چون ئەو دەورییەکی نییە لەنێو دەورییەکاندا و بەو پێیەش سروشت فەرمانی پێدەدا زەمەن جێبهێڵێت”.
کە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ و کەمیی بەرهەم، بگاتە بارگرانی زەوی و تەحەممولنەکردنی (carrying capacity of land)، بە بۆچوونی مالسۆس، ئیدی ڕەوشەکە دەگاتە قۆناخی چڕی و تەقینەوەی دانیشتووان و بەو پێیەش ڕۆژێک دادێ خۆراک بەشی دەمە برسییەکان ناکات و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی جەنگ لەپێناوی خۆراک و ئاودا، ئەوە لایەنە نێودەوڵەتی و جیهانییەکەی، هەرچی پێوەندداریشە بە یەک جڤاکەوە، لەنێو یەک جڤاکدا، دەبێتە هۆی مانەوەی مرۆڤە بەهێز و تواناکان. ئیدی هەژاری و دەرد، بڵاو دەبێتەوە و جەنگیش لەنێوان دەوڵەتاندا و هەژاری لەنێو یەک جڤاکدا دەبنە واقیع و ڕاستی.
مالسۆس دەڵێ:”جڤاکی مرۆڤایەتی بەم جۆرە تەنێ ململانێیە، ژیان بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە، باشترینن و سامان و داراییش لەم ململانێیەدا، تەنێ خەڵاتە بۆ ئازا و لێهاتووەکان”. هەموو ئەو ڕێگرییانەی بەلای مالسۆسەوە پێویستن گەرەکە بکرێن یا بێنە دی: برسییەتی، دەرد، جەنگ، هەموو ئەمانە لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار و گەشەنەسەندوودا ڕوودەدەن و دەبنە هۆی لەنێوبردنی بەشێک لە دانیشتووان، کە ئیدی هاوتایی و هاوسەنگیی بۆ دانیشتووان و چەندیەتی خۆراک دەگێڕدرێتەوە، دیارە بۆ دەسەڵاتداران و دارایانی ئەو وڵاتانە، نەک هەموو مرۆڤەکان. ڕێگرییە خۆپارێزی و ئارەزوومەندییەکان، ژنومێردایەتی نەکردن یا دواخستنی، ئەمە لە وڵاتانی پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا باوە، کە لە کۆتاییدا هاوسەنگییەک لەنێوان ژمارەی دانیشتووان و چەندیەتی خۆراکدا دێتە گۆڕێ.
مالسۆس، گۆڕان و گەشەکردنی دۆزینەوە و داهێنانە زانستییە نوێییەکان و ئاستە هونەرییەکانی، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەم بە ڕێژەیەکی زۆر، لەبەرچاو نەگرتووە. هەروەها بڵاوبوونەوەی زانیاری و ئاگایی فەرهەنگی، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی زاوزێ، نەک بەهۆی ژنومێردایەتی نەکردن، یا دواخستنی، بەڵکە بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازی زانستیی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوونی، لەبەرچاو نەگرتووە. ئێستا ڕێژەی زیادەی خۆراک گەلێک لە ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان زیاترە، بە تایبەت لە گەلێک لە وڵاتانی پیشەسازییدا، مالسۆس ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە. مالسۆس، نادادی و ناهاسەنگی و ناهاوتایی، لە دابەشکردنی خۆراکدا، لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەندی باکووری زەوی و وڵاتانی هەژاری باشووری زەوی، کە کەمینە بەشی زۆرینە دەخوات، لەبەرچاو نەگرتووە. لەگەڵ هەموو کێماسییەکدا لە تیۆرییەکەی مالسۆسدا، ئەم تیۆرییەی بوو بە بنەمایەک و تیۆری (چێبوون و گەشەکردن/Theory of Evolution/ نظریة النشوء والإرتقاء)ی چارڵس داروین و تیۆری (مانەوەی تواناکان /بەهێزەکان/Theory of survival of the fittest/ البقاء للأصلح)ی فرێدریک نیچە (Friedrich Nietzsche)ی بەرهەم هێنا، کە بوون بە سرووشبەخشی نازیزم و فاشیزم و کۆڵۆنیالیزم و کەپیتالیزم و نیولیبرالیزم.
سەرمایەدارییی، کە ئیدی گەیشتووەتە قۆناخی ئیمپریالیزم و هیچ دەرفەت و بوارێکی بۆ باشووری هەژاری گۆی زەوی نەهێشتووەتەوە و تەواوی 50%ی سامان و ئابووری جیهان، ئەگەر لەو ڕێژەیەش زیاتر نەبێت، بە دەست 1%ی جیهانەوەیە، کە دارا و سەرمایەدارانی وڵاتانی باکووری گۆی زەوین. ئێستا ژمارەی میلیۆنێرانی جیهان 36 میلیۆن میلیۆنێرن و لە ساڵی 2022دا دەبنە 44 میلیۆن میلیۆنێر. ئێستا 15،3 میلیۆن میلیۆنێر لە ئەمەریکا(USA) و2،7 میلیۆن میلیۆنێر لە ژاپۆن و 2،2 میلیۆن میلیۆنێر لە بریتانیا(UK) و 1،9 میلیۆن میلیۆنێر لە چین هەن . وڵاتانی سەرمایەداری و سەرمایەداران، ئابوورییان، سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی میلیۆنان شتی بێکەڵک و ناپێویست و زیادە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی فرە و بە کۆمەڵ و لە یەک کاڵا میلیۆنان جۆر و ڕەنگ و میلیاران تۆن و دانە(Massproduktion)ی لێ دروست دەکەن، کە تەنێ بازاڕی پێ پڕدەکەنەوە و گیرفانی خەڵکی پێ بەتاڵ دەکەنەوە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دروستکردنی چەک، ئەتۆم، بۆمب، تانک، فڕۆکە، گازی ژاراوی، هەزاران جۆرە تفەنگ و دەمانچە و چەکی لیزەری و بەزمی دیکە، کە بیلیۆنان دۆلاری تێدەچێ هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دەسەڵاتداری توڕەهات و جڤینی بێ نرخ و بێ بایەخ و ئاهەنگی ناپەسەند و کۆشک و تەلاری ڕازاوە و پۆشاکی گرانبەها و وەرزشکار و فووتبۆڵیست و هەزاران جۆری ئەلکحوول و سیگار و خشڵ و زێڕ و سەدان هەزار شتی دیکە هەیە، لێ ئێستا بۆ مرۆڤ، بۆ لەشساغی، بۆ خۆپاراستن، بۆ هەژار و نەدار و برسی و ڕووت و بێماڵ و پەنابەر و هەڵاتوو و لێقەوماو و دەردار، نییە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، پیادەکردنی جۆرێکە لەو تیۆری و هزر و سیاسەتانەی، کە بە کەمکردنەوەی دانیشتووانە هەژار و نەدارەکەی سەر زەوی، خۆشگوزەرانی بۆ داراکانی سەر زەوی دەستەبەر بکرێ، ئەویش بە سازکردنی جەنگ و پەرەپێدانی هەژاری و دروستکردنی دەرد و نەخۆشی و پشتگوێخستنی ژیانی مرۆڤەکانی دەرێی بازنەی سەرمایە و یانەی سەرمایەداران.
تازەکی لەگەڵ(سوعاد)ی خێزانمدا لە ساڵانی 1980دا هاتبووینە سوێد. زینەت شاکەلی، خێزانی یەکەمی فەرهادی برام، کە باسی نەخۆشخانەکانی سوێدی دەکرد، دەیگوت: هێندە پاک و خاوێنە، ئەگەر خۆراک، چێشت هەروا ڕۆبکرێتە سەر زەوی نێو نەخۆشخانەکە، نێو ژوورەکانی، ڕاڕەوەکانی، مرۆڤ دەتوانێت دانیشی و بە کەوچک و چنگال خۆراکەکە بخوات. مەبەستی لەوە بوو، کە بێتام پاکە. دواتر تووشی نەخۆشخانە و نەشتەرگەری هاتم و دیتم ئەلحەقی ئەو قسەیە ڕاست و دروستە و وایە. ئیدی دوای ئەم هەموو ساڵەی لەم وڵاتەم بۆم ڕوون بووەوە، کە هێندەی گرنگیی بە پاک و خاوێنی و گۆڕینی چەرچەف و پەتوو و بالیف و جێگە و دەسماڵ و دەستەوانە و لیوانی ئاوخواردنەوە و دەفر و سابوون و خواردن و قاوە و چای و فنجانی قاوە و دەسکی دەرگا و پەردە و پۆشاک و تابلۆی نێو ژوورەکان و تەختەی خەوتنەکە و…دەیان وردە شتی تر دەدرێن، هێندە گرنگیی بە نەخۆشی و نەخۆشەکە نادرێ. هێندەی پارەوپووڵ بۆ ئەو وردە شتانە بەفیڕۆ دەدرێ، هێندە پارە بۆ بژیشک و پەرستار و نەخۆش و نەخۆشی خەرج ناکرێت. هاوڕێم کاک حەکیمی کاکەوەیس(یادی بەخێر و ڕۆحی شاد)، یەک دانە ساڵ و نێو هێنایان و بردیان دوای ئەوە توانیان نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکەن، ئەویش کەی، دوو مانگ پێش ماڵاوایی لە ژیان! سوێدییەکان، هێندە بەکاوەخۆ کار دەکەن، گەلێ جار، نەخۆشییەکە تەشەنە دەکات و کار لەکار دەترازێت. ساڵانی 1980 لەگەڵ ئێستادا دنیایەک جیاوازیی هەیە. ئەودەم سیاسەتی ماڵی گەل و بیمەی لەشساغی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە هەرەوەزی و سۆسیالیزم لە گۆڕێدا بوو و نەخۆشخانەکان و بژیشکەکان، سەر بە دەوڵەت بوون، ئێستا زۆرێک لە نەخۆشخانەکان فرۆشراون و بوون بە تایبەت و سەر بە کەرتی تایبەتن. ئێستا دەوڵەت دەستبەرداری بەشی زۆری نەخۆشخانە و خوێندنگەکان بووە و کەرتی تایبەت بوون بە خاوەنیان.
لەم دابارینی کۆرۆنایەدا، سیاسەتێکی هێندە نەرم و لاستیکییانە پێڕۆ دەکەن، مرۆڤ وەڕس دەکات. چین، ئێران، ئیتالیا، سپانیا، ئەڵمانیا و…کۆمەڵێک وڵاتن، تووشی ئەم پەتایە بوون. چین هەر لە دەسپێکی سەرهەڵدانی دەردەکەوە، لەبەر ئەوەی حوکوومەت و دەسەڵات و مەرکەزییەت هەیە، توانیی تا ڕادەیەک ڕێگە لە بڵاوبوونەوەیەکی خێرای دەردەکە بگرێت. شارێکی گەورەی 11 میلیۆنیی وەک ووهان(Wuhan)ی کەرەنتینە کرد و لە جیهان دایبڕی و هاتووچۆ و بازاڕ و زانستگە و خوێندن و کارگە و کارگێڕی و هەرچی شتی دیکەیە لە وڵاتدا داخست و بەوە توانیی ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بگرێ. ئیتالیا و ئەڵمانیا و سپانیا، چونکە سەر بە فەرهەنگێکی ترن، نەیانتوانی وەها کارێک بکەن، بۆیە تەشەنەی کرد. سوێد، لە دەسپێکدا خۆی لە پەتاکە نەبان کرد و بیریان لەوە دەکردەوە، پەتاکە پتر بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە نەخۆشیی کۆمەڵ(گەلەدەرد) و هەموو جڤاک بیگرێتەوەو بە دیتنی ئەمان، کە وای لێهات، ئەودەمی زۆرینەی خەڵک بەرگریی لەش پەیدا دەکەن و لەیەکدییەوە تووش نابن و لەو نەخۆشیی کۆمەڵ و گەلەدەردەوە دەگۆڕدرێت و حاڵەتی بەرگریی کۆمەڵ(گەلەبەرگریی) دێتە گۆڕێ . دەرکەوت ئەمە فشەیەکی گەورەیە. خڕبوونەوەی 500 کەسییان پێش حەفتەیەک قەدەغە کرد، لێ خڕبوونەوەی 499 کەس ڕێگەپێدراو بوو. ئەمڕۆ خڕبوونەوەی 50 کەسیان قەدەغە کرد و خڕبوونەوەی 49 کەسیان ڕێگە پێداوە! ئەمە مەگەر تەنێ کەسێکی کەمئاوەز و دەروون ئاڵۆز بتوانێت لێی تێبگات! سوێد هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە، هاتنی ئەپ پەتایە وەک هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانییە، هێشتا ناتوانێت هاتوچۆ، گەشت، بازاڕ، خوێندنگە، فڕۆکەخانە و…دابخات. ئازدی دەداتە ئەو جێگە و خەڵکەکان، بۆ خۆیان بڕیار بدەن. مرۆڤ کاتێک ئەمە دەبینێت، وەک ئەوە وایە، بۆمبباران و جەنگ و زرمەی تۆپ و تانک و فڕۆکە و هێرشی لەشکرە و خەڵکێکی نەزان و منداڵ و لاو، هەڕا دەکەن و خۆ دەدەنە بەر تەقە و لە تانک و سەربازەکانی دوژم نزیک دەکەونەوە و دەسەڵاتیش یا گەورەکان تەماشایان دەکەن و دەڵێن: ئەوان بۆ خۆیان ئازادن و بۆ خۆیان بڕیار لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی خۆیان دەدەن و بۆ خۆیان هەڵبژاردەی خۆیان دەکەن. لە وەها ڕەوشێکدا دەبێ ئەو ئازادی و هەڵبژاردنە پشتگوێ بخرێن و ژیان و خۆپاراستن و سەلامەتی بە تۆبزی بەسەر ئەو مرۆڤانەدا بسەپێندرێت، لێ ئەمە هەرگیز سوێدییەک تێێناگات! سوێد، بەو هەموو دەوڵەمەندی و سامانەی هەیەتی و بەو هەموو باجەی، کۆمپانیا و کارگەکان و لە هەموو تاکێکی سوێدی وەریدەگرێت، کە 30% داهاتی هەموو وڵاتی و دانیشتوویەکی سوێدە، بە خانەنشینکراوەکانیشەوە، کە داهاتێکی گەلێک کەم وەردەگرن، هاواری ئەوەی لێ هەڵساوە، کە جێگە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا نییە. ئامۆژگاریی نەخۆش دەکەن، لە ماڵەوە دانیشی و خۆی کەرەنتین بکات، نەک هەر پیر، بۆ گەنجانیش شتێک ناکەن. ئەگەر تەماشایەکی نەخۆشخانەکانی سوێد بکەیت، دەبینیت حەفت دانە نەخۆشخانە تا بڵێی مەزنی تێدایە، هەریەکەیان چمانی شارێکە، دوای ئەوانە دوانزدە دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن و دوای ئەوانەش شەش دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن. هەر یەک دانە لەو بیستوپێنج نەخۆشخانانە دەشتێکی داگیرکردووە و هەرەیەکەو سەدان ڕاڕەو و ژوور و هەزاران دەسگە و ماشین و کارمەند و چووزانم چی تێدان و پێشکەوتووترین ئامێریان لەبەردەستە، کەچی هاواری ئەوە دەکەن، چێ بکەن و چۆن بەرەوڕووی ئەم پەتایە ببنەوە! سوێدێک سەدان ساڵە، نە جەنگ، نە برسییەتی نە ئاوارەیی و هەڵاتن و نەهامەتی نەدیوە، کەچی دەستەوەستان دەوەستێ و ناتوانێت چارەسەری نەخۆشەکانی بکات و نەخشە و میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و ڕاگرتنی کۆرۆنا دانێت. هێشتا هەزار ڕەحمەت لە کوردستانێکی هەژار و کەمئەزموون و کەمئامێر و کەمدەسگە و کەم بژیشک، کە دەتوانێت بڕیار بدات و کار بکات و فریای نەخۆشەکانی بکەوێت و کۆمەک بە هەموویان، بەوەی پێوستی پێیەتی، بێ جیاوازیی بکات.
هەرچی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە سوێد، سوێدییەکان، لە دەسپێکدا کردیان بە هەرا، کەوا لە ڕێگەی یەک دوو ئێرانییەوە، کە لەئێرانێ ڕا گەڕاونەوە، بڵاوبووەتەوە. ئێرانییەکان هەر ژمارەیەکی یەکجار کەمیان تووش کرد، ئەویش خێزان و ماڵی خۆیان بوون، لێ بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە شێوەیەکی بەربڵاو، لە لایەن ئەو سوێدییانەوە بوو، لە چیاکانی ئەلپ و ئیتالیا و نەمسا و فرانسا و سپانیاوە گەڕانەوە و کە بۆ گەشتیاری و ڕابواردن و وەرزش بۆ ئەو دەڤەرانە ڕۆیشتبوون، ئەوانەیشی لەو وڵاتانە بوون و گەڕانەوە، بەشێکیان خەڵکە دەوڵەمەند و وەزشکار و بەناوێکانی سوێد بوون و هەر لە فڕۆکەکانی ڕا، کە پێیان دەهاتنەوە، خەڵکیان تووشی ئەو دەردە کردبوو تا دەگەیشتنەوە شار و گەڕەک و کۆڵان و ماڵەکانی خۆیان، ئەو دیارییەیان دەبەشییەوە. سوێد هەرگیز باسی لەوانە نەکرد، چون بێجگە لەوەی لە چینە دەوڵەمەندەکەن، لە ئەوروپاوە هاتبوونەوە و بۆ ئەمان، سوێدییەکان دیارە لەکن هەموو ئەوروپاییانی دیکەش هەروایە، ناوهێنانی ئەوروپا بە خراپە یا نەخۆش، کارێکی نەکردەیە. ئەوەش گرێدراوی پاشخانە ڕەگەزپەرستییەکەیە، کە لەکن ئەوروپاییان زۆر بە ڕوونی دەبینرێت. سوێد لە هەمبەر ئەو هەموو تووشبووەی لەوانەوە تووش بوون، متەقی نەکرد و خۆش خۆش باسی ئێرانێی دەهێنایە گۆڕێ. خەڵکێکی زۆر لە سوێد بەو پەتایە مردوون و بەشێکی زۆر لەوانە، خەڵکە بیانییەکەن. ڕێژەیەکی زۆر لە سۆمالییەکانی دانیشتووی سوێد مردن. سوێدییەکان، دەسبەجێ، مردنی ئەو سۆمالی بیانیانەی گەڕانەوە بۆ ناڕێکوپێکی هەلومەرجی ژیانیان و سەردانیکردن و هاتوچۆ و پێوەند و تێکەڵاویی گەرمیان لەگەڵ یەکدیدا. سوێدییەکان باس لەوە ناکەن، کە زۆرینەی بیانییەکان، لەبەر هەژاری و دەستکورتی و نەداری، زۆرێک لە خێزانەکان تێکەڵ و لەگەڵ یەکدیدا دەژین. باپیر و داپیر و کوڕ و کوڕەزا، دەتوانن لەگەڵ یەکدیدا بژین، بەڵام سوێدییەکان هەریەکەو دایکم گوتەنی: وەک قازی کوێر، بە تەنێ خۆی، دەژی و ماڵ و جێگەی خۆی هەیە. سەرەڕای ئەوە، ئەو سۆمالی و بیانیانەی دیکە، هەموو کاری دەرێ، کاری خزمەتگوزاری، بەقاڵی، خۆراکفرۆشی، کارگەری چێشتخانە و قاوەخانە و مەیخانە و ئۆتۆبووس و شەمەندەفەر و پاککردنەوە و ئاژۆری و تاکسی و کاری نێوماڵان و خزمەتی پیر و پەککەوتە و پیرخانە و زارۆکخانە و…زۆری دیکەی لەو جۆرە دەکەن، کە ناچارن و هەر دەبێ بڕۆنە دەرێ، بۆ پەیداکردنی پووڵێک و پاروویەک نان، چون ئەو کارانەی ئەوان لە ماڵەوە ناکرێت، وەک ئەوەی بۆ زۆرینەیەک لە سوێدییەکان دەلوێ. ئیدی بە چوونە دەرەوەیشیان، ئەو بیانیانە و لەنێویشیاندا سۆمالییەکان، لەبەر ئەو تێکەڵاوییەیان و خزمەتکردن و گەیاندن بە خەڵکانی جیاواز، بە هۆی کارەکانیانەوە، ئیدی تووشبوونیان بەو پەتایە، لە خەڵکی دیکە، ئاسانتر و خێراتر دەبێت. نزیکەی زۆرترینی سوێدییەکان، کە نێشتەجێی شارانیشن، لە دەرێی شارەکان، لە دەشت، کەنار زەریا و ڕووبارەکان، نزیک بە جەنگەڵەکان، خانووی تایبەتی هاوینە و جێی وچان و پشوودان و ئیسراحەتیان هەن، کە لە شڵەژانێکی وەک ئەمەی ئێستادا، سواری ماشێنەکانیان دەبن دەچنە ئەو جێگەیانە، کە ئیدی دەرد و بەڵایان پێ ناگات. جیاوازیی چینایەتی، ئەگەر تاکە هۆکار نەبێت بۆ دەرد و بەڵا و پەتا و نەگبەتی و بەدبەختی و کێشەکانی جڤاک و مرۆڤ، ئەوا هۆکارێکی هەرەگرنگ و سەرەکیترین هۆکارە.
مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە دروستکراوە، لێ بەدەوکارییەکی لەم جۆرە، لە سروشت و بیرکردنەوەی ئیمپریالیزم و نوێلیبرالیزمەوە دوور نییە. تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، شەرعییەتی سەرمایەداری و ئەم جۆرە ڕێژیمانەی چارەنووسی تۆپی زەوی و گەردوون و مرۆڤایەتییان بەدەستە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە مرۆڤ بیر لە جۆرێکی دیکەی بەرهەمهێنان و سنوودارکردنی بەرهەمهێنانی ناپێویست و ڕۆڵی پتری دەوڵەت لە ئابوورییدا بکاتەوە! ئایا کاتی تووڕهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری بە هەموو گەماری و قڕێژی و نامرۆڤایەتییەکانییەوە نەهاتووە و کاتی ئەوە نەهاتووە دەوڵەتی خەڵک، دەوڵەتی جڤاک، دەوڵەتی سۆسیالیستی، مرۆڤدۆست، ژینگەدۆست و خاوەنی ئابوورییەکی نەخشە بۆ دانراو و ئاراستەکراو، بێتە گۆڕێ و بڕێک مەرکەزییەتی تێدابێت! ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، دیموکراتی و ئازادی، کە ڕۆژاوا هەمیشە خستوونیە و دەیانخاتە پێش هەموو شتێکەوە، بخرێنە دوای نان و لەشساغی و تەندروستی ئاساییشەوە!

27-03-2020
ئەمجەد شاکەلی




کەرکووکەخەم – سیانزدە – ئەمجەد شاکەلی

ئەگەر لەنێو تێلێڤزیۆنە کوردییەکاندا، یەک دانە وەک باشترین و کارامەترین و چالاکترین و ڕێکوپێکترین و بڕێک ترینی دیکەش هەڵبژێردرێت، پێم وایە تێلیڤزیۆنی ڕووداو ئەو دانەیەیە. وەک بۆ خۆیشیان زۆر جاران دەڵێن”یەکەمی بێ ڕکابەر”ە. ئەمەی دەیڵێم ڕێکلام نییە بۆ ڕووداو، بەڵکە ڕاستییەکە و زۆرێک لە شارەزایانی بواری میدیا ددانی پێدا دەنێن، لێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک ناکاتە بێ عەیبی و بێ خەوشی و نەبوونی کێماسی لەکن ڕووداو. ڕووداو، ڕێکلامێکی یەکجار فرە و بەردەوام و وەڕسکەر بۆ کاڵا و خۆراک و بەرهەمی تورکی، ئیدی لە ئاڵتوونسا و برنج و مۆبیلە و ناوماڵە و پۆشاک و شیر و سەدان شتی دیکەوە تا دەگاتە پەخشکردنەوەی ڕاستەوخۆی گوتار و چالاکییەکانی سیاسەتکاران و بازرگانان و پێشانگە و شوێنە گەشتیارییەکان و فیلم و شتگەلی دیکەی تورکیا، دەکات. دیارە نەک هەر ئێستا، بەڵکە تەنانەت لەو دەمەشدا، کە تەواوی خەڵکی کوردستان باسی لە بایکۆتی کاڵا و شتومەکی تورکیی دەکرد.
ئەو مێشک پڕکردنەی مرۆڤی کورد، لە لایەن ڕووداو و گەلێ تێلێڤزیۆنی دیکەی کوردییەوە، لە تورکیا و تورکی و تورکایەتی و شتگەلی دیکەی پێوەنددار بەو ناو و وشانەوە، کاریگەرییەکی یەکجار نەئێنی و خراپی لەسەر مرۆڤی کورد، بەتایبەت نەوەی نوێ و خەڵکانێکی ڕاڕا و بێهێز دەبێت. ئەو ڕێکلامانە گەورەکردنەوەی تورکیا و تورک و بچووککردنەوەی کوردستان و مرۆڤی کوردە.

ماوەیەکە ڕۆژانە چەندین جار ڕێکلامێک لە ڕووداوەوە پەخش دەکرێت، کە گوێت لێی دەبێ لات وایە یەکێک لە شتە هەرەگەورەکان یا گەورەترین شت لە مێژووی کورددا، ڕوویداوە یا ڕوودەدات! دەنگێکی پاک و ڕوون و پڕهێز مژدەیەک ڕادەگەیەنێت، بە خەڵک، نەک هەموو خەڵکێک، خەڵکێکی تایبەت، بە دانیشتووانی شاری کەرکووک، وەک ئەوەی هیچ هێما و شوێنەوارێکی عەرەباندن لە کەرکووک نەمابێت و تەواوی عەرەبی هاوردە گەڕابێتنەوە، وەک ئەوەی مزگێنی ڕزگاربوونی کەرکووک و تێکەڵبوونی بە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنێت، وەک ئەوەی کەرکووک و تەواوی ئەو دەڤەرانەی نەهاتوونەوە سەر هەرێم، گەڕێنرابێتنەوە، وەک ئەوەی لە زاخۆوە تا زرباتییە و بەدرە و جەسسان، واتە تەواوی باشووری کوردستان، ئازاد کرابێت و ئیدی گەلی باشووری کوردستان خاوەنی تەواوی خاکی خۆیەتی، مژدەکە وا دێتە بەرگوێ! کەچی ئەو مژدەیە بۆ کەرکووکییان، مژدەی چای، کیسەیەکی چای بۆنداری ڕەنگ بۆرە، کە کابرای مژدەدەر بە “چای معطر کیس رصاصي” ڕێکلامەکەی بۆ دەکات و مژدەکەی بەو هەموو هێز و وزەیەوە بە دانیشتووانی کەرکووک دەگەیەنێت، وەک ئەوەی کەرکووکییان پەرووشی ئەو مژدەیەن و بەو مژدەیە ئیدی تەواوی کێشەکانی پتر لە سەد ساڵیان چارەسەر دەبن. ئەو ڕستەیەی “چای معطر کیس رصاصي”یە و بەو دەربڕینە عەرەبییە توند و خەستە، بە جۆرێک دێتە بەگوێ و بەرچاو، هیچ وشەیەکی کوردی بۆ چای معطر کیس رصاصي نەبێت!
27-02-2020




خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن … چوارەم … ئەمجەد شاکەلی

باشووری کوردستان، زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی، جڤاکەکەی، بێجگە لەوانەی حیزب و دەسەڵات و نانخۆری سەر خوانی ئەوان، لە ڕەوشێکی ئابووری پڕ لە نایەکسانی و نادادیدا دەژین. نایەکسانی ئابووری، بەرهەم و دەستکردی، ئابووری بازاڕ و ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەدارییە.


چوارەم ….
ئەمجەد شاکەلی

-کەرتی تایبەت-

ئەو بەشەی باشووری کوردستان، کە پێی دەگوترێ هەرێم، تا ساڵی 1991، لە هەموو ڕوویەکەوە، بەشێک بوو لە عیراق و تەواوی قانوونەکانی عیراقی تێدا پێڕۆ دەکران. دیارە ئێستاش هەر بەشێکە لە عیراق، لێ بڕێک جیاوازیی لەنێوان ئەو هەرێمە و عیراقدا هەیە، چون هەرێم، لە هەندەک بواردا، جۆرێک سەربەخۆیی هەیە. ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم، بواری ئابوورییە. ئابووریی عیراق و کوردستانیش ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای “ئابووریی ئازاد، ئابووریی بازاڕ، بازاڕی ئازاد”، دامەزراوە و ئەوەی بۆ کراوە بە بناخەی ئابووری. ئابووریی بازاڕ، لە هەموو جیهاندا پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستێ و پشت دەکاتە کەرتی گشتی. وەها ئابوورییەک، دەکاتە: سەرمایەداری.
کەرتی تایبەت، پێچەوانەی کەرتی گشتییە. کۆمپانیا، ئیدی گەورە یا گچکە، لە کەرتی تایبەتدا، کەسێکی تایبەت، خێزانیک، یا چەند کەسانێکی تایبەت، یا چەند خێزانێک، خاوەنداریەتی دەکەن، لێ لە کەرتی گشتیدا، دەوڵەت، کارگێڕییە گشتییەکان، ئوستانداری یا شارەداری، خاوەنداریەتی دەکەن. وەک نموونە، لە سوێد کۆمپانیاکانی ئیکییا(Ikea)، ڤۆڵڤۆ (Volvo)، هۆئێم (H&M) و کۆمپانیا گچکە ئاساییەکان، هەموو کەرتی تایبەت خاوەنیانن. کۆمپانیای وزە(ئەلەکتریک) و تاڤگەکان، دوو کۆمپانیان، سەدلەسەد سەربە کەرتی گشتین و لەلایەن دەوڵەتی سوێدەوە خاوەنداریەتی دەکرێن. کۆمپانیای دیکەش هەن، وەک کۆمپانیای خانووبەرە، لەلایەن هەموو شارەدارییەکانەوە خاوەنداریەتی دەکرێن، ئەوانەش هەر سەر بە کەرتی گشتین. کەرتی تایبەت، بەگوێرەی پێناسەکەی، هی کەسانێکی تایبەت یا خێزانگەلێک یا کۆمەڵە و ڕێکخراوگەلێکی پێکهاتوو لە کەسانێکی قازانجخواز، کە لە چوارچێوەیەکدا خڕدەبنەوە، هەموو ئەمانە وەدووی دەسکەوتی ئابووری و قازانجدا وێڵن. هەندێ جار لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا، کەرتێکی دیکە هەیە، کەرتی سێیەمی پێ دەگوترێ، یا کەرتی خێرخوازی و کاری جڤاکی و کاری هەرەوەزی و خانەی هزر و ئەو جۆرانە، کە نە هی دەوڵەتن و نە هی کەسی تایبەت، بەڵکە خەڵکانێک پێکەوە خاوەنداریەتی دەکەن، هێندە وەدووی قازانجەوە نین. ئەو جۆرە کۆمپانیانەی کەرتی سێیەمە، هەندێ جار دەخرێنە خانەی ڕێکخراوەیل و کۆمپانیایەیلی ناحوکوومەتییەوە، کە(NGO)یشیان پێ دەگوترێن.

سەرمایەداری، بە دابەشکردنێکی نادادوەرانە و پشتگوێخستنی زۆرینەی نەداران و پشتبەستن بە چینە باڵا دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕەکان و دەسەڵاتەوە، گرێدراوە. سەرمایەداری پاماڵی بازاڕ دەکات و ئەوەیشی ئەو پاماڵ و داگیرکارییە دەکات، کەمینەیەکی نێو جڤاک و وەڵاتە، کە تەنانەت حوکوومەتیش دەگرێتەوە و وەها حوکوومەتێکیش دەبێتە حوکوومەتی کەمینە، کە لە بازاڕی سیاسەتدا، حوکوومەتی ئۆلیگارکی (Oligarchy) پێ دەگوترێ. وەها حوکوومەت و دەسەڵاتێک، خەڵکانێک دەستی بەسەردا دەگرن، کە: پایەی باڵای چینایەتییان هەبێت، وەک ئەوەی سەربە چینێکی ئەریستۆکرات و ناسراو بن، ساماندار و دارا بن، ڕایەڵە و پێوەندێکی خێزانی توندوتۆڵ و خزمایەتی و خوێن لەنێوانیاندا هەبێت، خوێندەواری بەرز و خاوەن بڕوانامەی باڵا بن، خاوەنی کۆمپانیای مەزن و سەرمایە بن، ڕوومەتێکی ئایینی بن و دەسەڵاتێکی ئایینییان هەبێت، پلەوپایەیەکی سیاسییان هەبێت، خاوەنی هێزی چەکدار بن یا خەڵکیان، ئیدی بە هەر هۆیەکەوە، وەدووکەوتبن. ئەو جۆرە خەڵکانە، کە کەمینەشن، هەم پاماڵی بازاڕ(ئابووری) و هەم پاماڵی دەسەڵات (سیاسەت) دەکەن، ئیدی بەو دووە، کە لفانەی یەکدین، گەل، وەڵات، زۆرینەی ڕەهای خەڵک و هەرچی بوارێکی ژیانە، دەیخەنە بندەستی خۆیانەوە. وەها هەژموون و دەسەڵاتێک، هەندێ جار لەنێو خێزانەکاندا، وەک بۆماوەیی، نەوە لە دوای نەوە دەمێنێتەوە و گەلێ جاریش، بۆماوەیی، مەرج نییە بۆ گەیشتن و بوون و پاراستنی وەها دەسەڵاتێک!

سیستمی سیاسی و ئابووریی سەرمایەداری، خاوەنداریەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی و پێشەسازی، دەداتە دەست تاک و کۆمپانیا تایبەتەکان، کە تەنیا ئامانجیان قازانجە و هیج دەرفەتێک بۆ حوکوومەت ناهێڵرێتەوە و بنەما و پایەکانی ئەو ئابوورییە، موڵکییەتی تایبەت، کەڵەکەکردنی سەرمایە، هەڵپەی قازانج و بازاڕی ڕکابەرییە. بۆشایی نێوان موڵکدار و موڵکنەدار، دارا و نەداران، بە هۆی دابەشکردنی ناڕەوای داهاتەوە، هەمیشە فراوانتر دەبێت. سەرمایەداری مافی تاکی بۆ گرنگە، کە دەتوانێ هەڵبژێری، کاڵا، ماددە، خوێندنگە، نەخۆشخانە، ئۆتۆمۆبیل، شەمەندەفەر، خواردنگە، قاوەخانە، مەیخانە، جل و پۆشاک، خواردنەوە، جگەرە، گەشت، ئامێر، تەکنۆلۆگی، بازاڕ و فرۆشگە و هەزاران شتی دیکە هەڵبژێرێ، لێ کێن ئەوانەی هەڵدەبژێرن؟ باشترینی ئەو کاڵا و خزمەتانە، ئەو تاکانە هەڵیاندەبژێرن، کە دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕن و خاوەن پارەوپووڵن، هەژاران توانستی هەڵبژاردنیان نییە و هەمیشە لەو هەڵبژاردنانەدا مایەپووچ و بێبەش دەبن و هیچیان دەستناکەوێت. سەرمایەداران دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان کاریگەر بن لە بڕیاردان بەسەر نرخ و بازاڕدا و لەبەر دەستتێکەڵکردنیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، یا لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان دەسەڵاتن و دەسەڵاتیش ئەوانە، چ ڕێگرییەکیان لێ ناکرێ، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکان بە زیانی زۆرینەی خەڵک و وەڵاتییانیش بگەڕێنەوە، کە لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە. سەرمایەداران، تەنانەت کەونەکۆمۆنیستەکانیانیش، کە ئیدی بوون بە سەرمایەدار و کە شارەزایی و پسپۆرییەکی باشیان لە ئابووری بازاڕ و ڕکابەری بازاڕ و نێونەتەوەییدا هەیە، تەنانەت ئەو کۆمۆنیستانەشیان، هەرگیز وێژدانیان نابزوێ و تێرکردنی زگێکی برسی و پۆشتەکردنەوەی ڕووتێکی سەرمابردەڵە و تیمارکردنی نەخۆشێکی گیرفانبەتاڵ، بەخێوکردن و گرتنەخۆی زارۆکێکی بێ سەرپەرشت، بەبێ بەرانبەر و مفت، بە دواکەوتوویی و بێمێشکی و لەدەستدانی ئاوەز، دەزانن.

ئەوەی سەرێ، کە تا هەنووکە گوترا، ڕێک ئەو ڕەوش و واقیعەیە، کە لە کوردستاندا پیادە دەکرێ.
ئەمڕۆ لە کوردستان، تەندروستی، نەخۆشخانە، دەرمان و هەموو ئەو شتانەی بەندن بەو بوارەوە، بە زۆریی کەوتوونەتە بندەستی کەرتی تایبەت. سەدان نەخۆشخانەی گەورەی بواری جیاواز، سەدان تاقیگە و دەرمانخانە و کارگەی دەرمانسازی، هی سەرمایەداران و لەنێویشیاندا بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات، کە ئەوانیش هەر سەرمایەدارن. بژیشک، کە لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کار دەکات، دوای یەک دوو ساڵێک لەوەی خوێندن تەواو دەکات و پسپۆریی لە بەشێکی تەندروستیدا وەردەگرێ، ئیدی دەتوانێت خاوەنی کلینیکی خۆی بێت و کارەکەی لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکەشدا هەر هەبێت و مووچەی ئەویش وەرگرێت. لە سوێد، بژیشک ئەگەر لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کاری کرد، ناتوانێت و بۆی نییە، کلینیکی خۆی هەبێت.

ئەو بژیشکەی کوردستان، کە خاوەنی کلینیکی خۆیەتی و لە نەخۆشخانەی گشتیی دەوڵەتدا کار دەکات، نەخۆشەکانی، ئەگەر نەخۆشییەکیان هەبێت لەو بوار و بەشەیدا، کە کاکی بژیشک پسپۆریەتی، لە نەخۆشخانەگشتییەکە چارەسەریان ناکات و کلیاندەکات بۆ کلینیکەکەی خۆی، بۆوەی بە پارە تیماریان بکات و دوو سێ کیلۆ دەرمانیان بۆ بنووسێت و بیاننێرێ بۆ ئەو دەرمانخانەیەیشی، کە هی خۆیەتی یا هاوبەشە لەگەڵ کەسێکدا تێیدا، بۆ کرینی دەرمان. ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە، کە هی کەرتی تایبەتن، پارەی خەیاڵیی لە نەخۆش وەردەگرن بۆ چارەسەرییەکی تەنانەت گچکەیش.

لەو نەخۆشخانانەدا بۆ نەشتەرگەرییەک، باس لە چەندین هەزار دۆلار دەکرێ. ئێستا لە کوردستان، وەک بڵێی بەشێکە لە ئەمەریکا، کە باس لە پارە دەکرێ، خەڵک بە دۆلار قسە دەکات، تەنێ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەمەریکادا ئەوەیە، لە کوردستان بۆ دۆلار، زمانی گەڵا و دەفتەر و بلۆک بەکاردەهێنرێت. بەرپرسان و سەرمایەداران، کە ئەو هەموو بەڵایەیان بۆ خەڵکە هەژارەکە ساز کردووە، بۆ خۆیان، بۆ چارەسەر و تیماری نەخۆشییەکانیان، دەچنە دەرێی وەڵات. ژمارەی نەخۆشخانەی تایبەت لە باژێڕەکانی کوردستاندا، تا دێ لە زیادبووندایە. بێجگە لە بەرپرس و سەرمایەداری کوردستان، دەیان نەخۆشخانەی وەڵاتانی دەوروبەری کوردستان و دەرەکی، کە ئەوانیش هەر هی سەرمایەدارانی ئەو وەڵاتانەن، لە کوردستان هەن. بە پارەی زۆر و خەیاڵیی، سەرمایەداران لە ڕێگەی بەڵێندەر و ئۆفیسی تایبەتەوە، گەشتی بژیشکی و تیماری نەخۆش بۆ دەرێی کوردستان، بۆ تورکیا، ئێران، هیندوستان و ئەوروپا، ڕێکدەخەن.

شەل و کوێر و کەڕ و لاڵ و سەقەتکردنی نەخۆش، گەلێ جاران، لەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کوردستاندا ڕوودەدەن و کەس خۆی لێ ناکات بە خاوەن. بژیشکی ئوردونی، ئێرانی، تورکیایی و شوێنانی دیکە، لە ڕێگەی بەڵێندەر و خەڵکانی دیکەوە دەهێرێنە کوردستان و بەسەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازی وەڵاتدا دەیانکەن بە جالینۆس و ئیبنولهەیسەم(إبن الهیثم) و ئیبنوننەفیس(إبن النفیس) و ئەلکیندی(الکندي) و بە ماوەی چەند ڕۆژێکی مانەوەیان لە کوردستان، هێندەی ساڵێکی وەڵاتی خۆیان پارە خڕدەکەنەوە و بە گیرفانی هەڵتۆبزاوەوە دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و ئەوەیشی هێناونی بۆ کوردستان، ئەویش لەو ئاهەنگی ڕووتاندنەوەی هەژاراندا، پارووی چەوری خۆی دەگلێنێ. هاوردنی دەرمان، لە دەرێ ڕا، کە ئەویش بازرگانییەکە بیلیۆنان دۆلاری تێدا قازانج دەکرێ، لەنێویاندا سەدان جۆری خراپ و بێکەڵک و کاتبەسەرچوو و زیانبەخش هەن، کە لە هەموو قوژبنێکی ئەم دنیایەوە، بێ گوێدانە هیچ مەرجێک بێجگە لە قازانج، وەک ژار و دەرد، دەرخواردی نەخۆشی کوردستان دەدرێن، تەواوی ئەمانە ڕووتاندنەوەی خەڵکە هەژارەکە و کوشتنیان و هەڵئاوسانی گیرفانی سەرمایەدارانی کوردستانە.

بواری خوێندن و خوێندنگە و زانستگە، بوارێکی دیکەی بازاڕی کەرتی تایبەتە. باژێڕ و شارۆکە نییە لە کوردستاندا، زانستگە و لەتەزانستگە و شتێکی لەو جۆرەی تێدا نەبێت. دەیان زانستگەی بیانی، تورکی، لبنانی، ئەمەریکایی، ئینگلستانی، فرانسی و شوێنانی دیکە کراونەوە و خوێندکار بە پارە تێیاندا دەخوێنێت. دیارە ئەو خوێندکارە بێچووە دەوڵەمەندانەی، لە زانستگە دەوڵەتییەکاندا بەهۆی کەمیی نمرەوە وەرناگیرێن، لە زانستگە تایبەتییەکاندا بە پارە جێگەیان دەکرێتەوە و دوای چەند ساڵێک، بە هەر شێوەیەک بێت، خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن و ڕکابەری خوێندکارانی زانستگە دەوڵەتییەکان دەکەن و لەبەر ئەوەی لە بنەمادا بۆ خۆیان بەچکە دەوڵەمەندن، بواری وەرگرتنی کار بۆ ئەوان نەک هەر ئاسانترە، بەڵکە تا ڕادەیەک مسۆگەریشە. تەنێ زانستگەی تایبەت نییە، کە لە کوردستان پەرەی پێ درابێ و زۆر بن، بەڵکە خوێندنگەی تایبەتیش هەموو ئەو وڵاتەی تەنیوەتەوە.

لە دایەنگە و باخچەی زارۆکان و سەرەتاییەوە تێیدایە تا دەگاتە ئامادەیی و دواتر. ئەو خوێندنگە تایبەتانە و ئەو زانستگە تایبەتانە، بێجگە لەوەی دامەزراوەیلێکن بۆ قازانج و خڕکردنەوەی پارە کراونەوە، بەشێکیشیان، لە پەنای کارەکانیاندا، کاری مسیۆنەری و بڵاوکردنەوەی ئایینی عیسایی دەکەن و مێشکی زارۆک و خوێندکاری کوردستان دەئەوروپایێنن و دەخۆراوایێنن. خوێندن لەو خوێندنگە و زانستگە تایبەتانەدا، بە زمانی ئینگلیزییە، وەک بڵێی کوردستان بەشێک بێت لە وڵاتانی کۆمنوێڵس و بەشێک بێت لە ئەمەریکا، ئینگلستان یا ئەوسترالیا. خێزانی کورد وای لێهاتووە شانازی بەوەوە دەکات، کە منداڵەکەی وا لە خوێندنگەی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەییە تایبەتەکاندا دەخوێنێ، هەموو وانەکانی بە زمانی ئینگلیزییە و کوردی نازانێ! ئەوانەیشی منداڵیان لە زانستگە تایبەتەکاندا دەخوێنن، ئەوانیش گەلێکیان پێ باشە، لەو زانستگەیە زمانی خوێندن ئینگلیزییە! کورد، کە لە زمانەکەی زیاتر هیچی دیکەی نییە و تەنێ زمانەکەیشیەتی لە تواندنەوە دەیپارێزێ.

شاعیری عەرەب مەحموود دەرویش(محمود درویش)، لە شیعرێکیدا بە ناوی “کورد بێجگە لە با هیچی تری نییە”، دەڵێ:”سێبەری سەر ناسنامەکەی دەتەکێنێت: ناسنامەکەم زمانەکەمە. من..و من. من زمانەکەمم. من دوورخراوەی نێو زمانەکەمم” . کورد، دەبوو کوردینەزانین و کوردینەخوێندنی پێ شەرم بووایە. دەبوو تەواوی بابەتەکانی بە زمانی کوردی بخوێندایە و کە کوردییەکەی ڕەوانکرد، ئەودەمی لە زمانە بیانییەکاندا، زمانی عەرەبی بە پلەی یەکەم، ئەوجا زمانی فارسی و ئەوجا زمانی تورکی خوێندبا و فێربووایە، چون ئەو سێ زمانە هێ سێ نەتەوە و چوار دەوڵەتن، دەوری کوردستانیان داوە و کوردستان و ئەو دەوڵەتانە لە یەک جیۆگرافیادا دەژین.

کوردستان نە لە ئەوروپایە، نە لە ئەفریقا و ئەمریکای سەروو و خواروو! بە گوێرەی هەندەک ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمى کوردستان 16 زانکۆ (زانستگە، ڕاستترە لە زانکۆ)ى حکوومەتى هەن، کە بەسەر شارەکانى کوردستاندا دابەش بوون، لێ هەر بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، 19 زانستگە و لقەزانستگەی تایبەت و 14 پەیمانگەی تایبەت، کە دەبنە 33 زانستگە و پەیمانگەی کەرتی تایبەت و ئەهلی، لە شار و شارۆکەکانی هەرێمدا هەن. واتە ژمارەی زانستگە دەوڵەتی و حوکوومەتییەکان لە کوردستان لە نیوەی ژمارەی زانستگە و پەیمانگە تایبەت و ئەهلی و نادەوڵەتی و ناحوکوومەتییەکان، کە تەواویان هی کەرتی تایبەتن، کەمترن. تێکڕای زانستگە و پەیمانگە دەوڵەتی و نادەوڵەتی و تایبەتەکان دەکەنە 49دانە. ئەوە تەنێ زانستگە، خۆ ئەگەر تەماشایەکی ژمارەی دایەنگە، باخچەی زارۆکان، خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بکەین، ئەوا سەیروسەمەرەی زیاتر دەبینین.

دانیشتووانی سوێد، سەرووی دە(10) میلیۆن کەسن و دوو هێندە و بڕێکیش زیاترن لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە بڕێک لە پێنج (5)میلیۆن زیاترن. بە گوێرەی ئامارەکان، لە سوێد 48 زانستگە و خوێندنگەی باڵا هەن و 36 لەوانە حوکوومەتین و سەر بە دەوڵەتن و 12یشیان نادەوڵەتین و سەربە کەرتی تایبەتن، لە کاتێکدا ژمارەی زانستگە و پەیمانگە لە کوردستان زیاترن لە سوێد و ژمارەی زانستگە و پەیمانگەی تایبەت و نادەوڵەتی لە کوردستان دوو هێندەی ئەوانەی سوێدن. سوێد یەک هەزار ساڵ دەبێت وەک قەوارەیەک، وەک دەوڵەتێک، هەبووە. کوردستان نە دەوڵەت بووە نە ئێستاش دەوڵەتە. سیستمی سیاسی و ئابووریی لە سوێد، سەرمایەدارییە، لێ سەرمایەدارییەکی مەرجدار و تایبەت بۆ سوێد خۆی. بە بەراورد لەتەک وەڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکای سەرمایەداریدا، سوێد تا ڕادەیەک بڕێک بنەمای سۆسیالیستی و دادپەروەری و یەکسانی تێدایە. کوردستان لاسایی سوێد و وەڵاتێن مانەندی ئەو ناکاتەوە، بەڵکە لاسایی ئەمەریکا دەکاتەوە!

لە وەڵاتێکی وەک ئینگلستان، کە وەک بنگەی سەرمایەداری و دیموکراتی و لیبرالیزم، سەیردەکرێت، لە وتارێکدا لە 12 فێبریوەری 2019دا، لە ڕۆژنامەی گاردیان(The Guardian)ی لەندەنیدا، خوێندنگە تایبەتییەکان بە “مۆتۆری نادادی” یا “بزوێنەری نادادی” ناو دەبات و پێیوایە، ئەو خوێندنگەیانە ،جیاوازیی لەنێوان خوێندکاراندا چێدەکەن و دەبنە کارگەی بەرهەمهێنانی ڕێبەر و کارگێڕ و میدیاکار و هونەرمەند و پەرلەمانتار و سیاسی و دادوەر و وەرزشکار و خەڵکانی دەستڕۆیشتوو و بەوە، خوێندکارانی خوێندنگە دەوڵەتییەکان، پشتگوێ دەخرێن و دوا دەکەون. خوێندنگە تایبەتییەکان لە ئینگلستان 6%ی ژمارەی خوێندکارانی ئەو وەڵاتە فێردەکەن و باردەهێنن، کە دەکەنە625000 شاگرد و بەسەر 2600 خوێندنگەدا دابەش دەبن. ئەوە لە ئینگلستان، خەڵکی بەتەنگەوەهاتووی وڵات و مرۆڤی ئەوێ بەو جۆرە دەنۆڕنە ئەو مژارە، لێ لە کوردستانە تا بیناقاقا لە گەندەڵیدا چەقیو و خنکاوەکەی لەمەڕ خۆمان، هەرگیز باسێک لەو بابەتە نییە و هەرگیز کەس بەلای ئەوەدا ناچێت، کە پلەوپایەی جڤاکی و دەسەڵات و هەژموونی مرۆڤێک، بۆماوەیی سامان و دەوڵەمەندی، لە باوکودایک و باوانەوە دیاری دەکات و هەمیشە ئەو خێزانە دارایانە دەبنە خودانی دەسەڵات و هەژموون و پایە و خێزانە هەژارەکانیش وەک پاشکۆ دەمێننەوە .

بواری گوازتنەوە، یەکێکە لە کارەساتاویترین بوارەکانی ژیان لە کوردستان، کە هەر هەمووی کەرتی تایبەت داگیری کردووە. هاتوچۆی نێو شارەکان، هاتوچۆی نێوان شارەکان و دەرێی شارەکان، هاتۆچۆی دەرێی کوردستان، هەمووی کەرتی تایبەت ئەنجامی دەدات. ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمۆبیل دەهاوردرێن بۆ هەرێمی كوردستان، بێ ئەوەی یەک گەردیلە بیر لە ژینگە، شەقام، ڕێگەوبان، ڕووداوی ناخۆش و زیانی گیانی و ماددی بکرێتەوە. لەبری سەدان هەزار تاکسی و مینیبووس و ئەوانەی کەرتی تایبەت، کە بۆ هاتوچۆی خەڵک، لەسەر جادەکانن، دەشێ حوکوومەت، نەک کەرتی تایبەت، بە یەک لە سەدی1%ی ئەو ژمارەیە، ماشێنی گەورە، بووس، مینیبووس، ترام و هی دیکە، بخاتە بواری هاتوچۆی خەڵکەوە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیل لەو وەڵاتەدا بهێنێتە سەر نیوە و چواریەک و ژیانی هەزاران خەڵک بپارێزرێ و ژینگە پاکژتر بێت. دەگوترێ، کە تەنێ لە شاری هەولێردا نزیکەی یەک میلیۆن ماشێنی تایبەت هەن و ڕۆژانە بەسەر ئەو شەقامانەدا دەخولێنەوە، ئەوجا لەوە گەڕێ، کە چەندی هی حوکوومەت و چەند تاکسی و هی دیکەش هەن. دیارە لە باژێڕەکانی دیکەش حاڵ لەوە باشتر نییە.

بواری کشتوکاڵ لە کوردستان، دەکرێتە قوربانی بەرهەمی کشتوکاڵی وەڵاتانی دەوروبەر. هەموو بەرهەمێکی کشتوکاڵیی تەنانەت ئەوانەیشی لە کوردستان فرەن، بازرگانان بێ گوێدانە ئەوە هەر دەیانهێنن. زەوی کشتوکاڵ و کێلگە دەکرێنە خانوو و دەفرۆشرێن. گوڵ لە هۆڵاند و کینیاوە، مریشک لە برازیلەوە، هێلکە و ساوەر لە تورکیاوە، گوشتی مەڕ لە نیوزیلاندەوە، ڕانکوچۆغەی دووراو لە چینەوە و لە هەموو دنیاوە، بازرگانانی کورد دەیانهێن، بێ ئەوەی بیرێک لە وەرزێر و جووتیار و ئاژەڵدارانی کوردستان بکرێتەوە. پێستی ئاژەڵ، کە دەشێ دەیان شتی لێ دروستبکرێ، دوای سەربڕینی ئاژەڵەکە و خواردنی گۆشتەکەی، فڕێدەدرێ! خوری مەڕ و مووی بزن، کە جاران دەڕێسران و جاجم و خورج و کڵاش و هۆڕ و نەوو و فەرەنجی و کەڕەک و دەیان شتی دیکەیان لێ دروستدەکران، ئێستا لە کوردستان دەسووتێنرێن! هەرچی کاڵایە، تەنانەت ئەو کاڵایانەیشی کوردستان بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت، لە دەرێ ڕا دەهاوردرێن. ئەوە هیچ لە تورکیا و ئێران و سووریا و عیراقەوە، لە چین و ئەڵمانیا و برازیل و ئەمەریکا و نیوزیلاندەوە تا دەگاتە بنی دونیا بازاڕەکانی کوردستانیان لێ پڕ دەکرێن. تەواوی ئەو ماڵوێرانییەیە بە پێزانینی حوکوومەت و بە بەشداریی سەرمایەدارانی حیزب و ئەوانی دیکە دەکرێ.

لە هەموو جیهاندا، باس لە خراپی و زیانی جگەرە دەکرێ و لە زۆرێک لە وەڵاتانی جیهانێ، لە شوێن و جێگە گشتییەکاندا، تەنانەت لە ڕیستۆرانت و مەیخانەکانیشدا، سیغارکێشان قەدەغەدەکرێت، کەچی لە کوردستان، بازرگانیکردن بە جگەرەوە دەگاتە ترۆپکی برەو. کوردستان، جاران بۆ خۆی گارگەی جگەرەدروستکردنی لە هەولێر و لە سلێمانیش هەبوون و تووتنی خۆماڵیی لەو کارگانەدا بەکاردەبران. ئێستا و ساڵانێکە، لەودەمەوە، کە ئیدی هەرێم هەیە، بازرگانی کوردستان، لەوپەڕی دنیاوە جگەرە دێنێتە نێو کوردستانەوە و لەوێشەوە بۆ قازانج دەینێرێتە هەندەران. بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی حوكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ ساڵی ڕابردوودا بایی نزیكەی سێ‌ ملیار دۆلار جگەرە هاوردراوەتە هەرێمی كوردستان. هاوردەی جگەرەش ساڵ بەساڵ زیادی كردووە، بەجۆرێك ساڵی ڕابردوو بە بەراورد بە ساڵی پێشتر 51% زیادی كردووە.

هەر بەپێی ئامارەکان نزیكەی 170 ماركە و جۆری جگەرە لە 42 وڵاتەوە دەهاورێنە کوردستان. هەندەک جۆری جگەرە لە کوردستان بەرچاو دەکەون، لە هیچ جێیەکی دنیادا نابینرێن. هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێك بۆ هەناردنی جگەرە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، مانگانە پتر لە 100 هەزار كارتۆن جگەرە بە هەموو جۆرەكانییەوە لە هەرێمی كوردستانەوە دەهەناردرێت بۆ ئێران و توركیا و سووریا و عیراق. بازرگانی کورد، فەرهەنگی نێرگەلەکێشانیانیشیان هێناوەتە کوردستانەوە و بە سەدان نێرگەلەخانە لە کوردستان پەیدابوون.

جگەرە و نێرگەلە ئێستاکە کلاسیکن، دەرمان و حەبی مەستبوون و گێژبوون و ماددەی هۆشبەر و بەنگکێشانیش کوردستانی تەنیوەتەوە و هەڕەشەیەکی گەلێ گەورە لە دانیشتووانی وەڵاتەکە دەکات. تەنێ جگەرە و نێرگەلە و ماددەی هۆشبەر نییە، کە بازرگانانی کوردستان، کوردستان و وەڵاتانی دەوروبەریشیان لێ پڕ کردووە، خواردنەوە ئەلکهوولییەکانیش بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە کوردستان بازاڕیان گەرمە و لە کوردستانەوە ئاوەودیوی ئێران دەکرێن، چون ئێران بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەلکهوول تێیدا قەدەغەیە. ئەو کۆڵبەرە کوردانەی لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا، ئەمدیو و ئەودیو دەکەن و هەر بەینێ جارێک بڕێکیان لێ دەبنە قوربانی، بەشێکیان خواردنەوە ئەلکهوولییەکان دەگوێزنەوە. زۆرینەمان فیلمی”ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان”ی بەهمەنی قوبادیمان دێتەوە یاد، کە باس لەو کۆڵەبەرانە و باری ئەسپ و هێسترەکانیان دەکات.

لە سوێد، کە بە وەڵاتێکی گەلی لیبرالی ئەوروپا دەژمێردرێت و لە هەرە پێشکەوتووەکانیشیەتی، کڕین و فرۆشتن و تەواوی وردەکارییەکانی پێوەنددار بە ئەلکهوولەوە، بە کۆمپانیایەکەوە گرێدراوە، سەر بە دەوڵەتە. ئەو کۆمپانیایە، کە پێی دەگوترێ سیستێم بوڵاگێت (Systembolaget)، لە ساڵی 1955ەوە دامەزراوە، خاوەنی سەرمایەیەکە، کە نزیکەی 31 بیلیۆن کرۆنی سوێدییە و دەکاتە نزیکەی سێ بلیۆن و سێسەدوسی میلیۆن (3330000000 دۆلاری ئەمەریکی و نزیکەی 3500کەس کاری تێدا دەکەن. بێجگە لە ئەلکهوول(بە هەموو جۆرەکانییەوە، سووک و قورس و مەی و بیرە)، ئەو کۆمپانیایە کار لە کڕین و فرۆشتنی وردەواڵەی دیکەشدا دەکات. لە ساڵی 1994دا بۆ ئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی یەکیەتیی ئەوروپا یا نەبێت، دەنگدان کرا و بە زۆرینەی دەنگی دانیشتووانی سوێد، دەنگ بە چوونە نێو یەکیەتیی ئەوروپا درا. لە یەکیەتیی ئەوروپادا ئەلکهوول لە بازاڕدا و لە هەموو فرۆشگەیەکدا ئازادانە وەک کۆکاکۆلا و ئاوی خواردنەوە و جاجکە و ڕۆژنامە و هەموو شتێکی دیکە دەفرۆشرێت، لێ سوێد ئەوەی قەبووڵ نەکرد و سستێم بۆڵاگەکەی خۆی پاراست و هێشتەوە و تەواوی قانوونگەلێکی پێوەندداری بە ئەلکهوول و خواردنەوەی و کڕین و فرۆشتنییەوە و تەواوی بازرگانی و چالاکییەکانی ئەو بوارە و ئەو کۆمپانیایە لە دەستی دەوڵەتدا هێشتەوە.

بوارێکی دیکەی کەرتی تایبەت لە کوردستان، بازرگانیکردنە بە نەفتەوە. لەو خاڵەسنوورییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ئێرانێدا، بە پێی ئامارگەلێک، کە کەسانێکی شارەزا و زیتەڵە و وریای دانیشتووانی ئەو خاڵەسنوورییانەی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران، دەیگێڕنەوە، ڕۆژانە نزیکەی 900 تانکەر نەوتی ڕەشی پاشماوەی پاڵاوتەکان، کە “نەفتا”یشی پێ دەگوترێ، دەبرێنە دیوی ئێرانەوە و لەوێوە ڕەوانەی بەندەر ئیمام، بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە پەروێزخانەوە، ڕۆژانە 700 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئیمام دەکرێن. لە پێنجوێن و باشماخەوە ڕۆژانە 25 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە حاجی ئۆمەرانەوە ڕۆژانە 150 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. هەر یەک تانکەر لەوانە 25 تەن(تۆن) نەفت دەگرێ. هەر یەک تەن لەو نەفتە بە 600 دۆلارێک دەفرۆشرێت. ئەو نەفتەی دەنێردرێتە بەندەر ئیمام، بە کۆمپانیای بیانی دەفرۆشرێت، چون ئێران ئەو بەرهەمانە ناکڕێ. ئەگەر داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی ئەو نەفتە بژمێرین، دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارێ:

لە پەروێزخانەوە هەر ڕۆژەی 700 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەر یەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دەمیلیۆن و پێنجسەدهەزار( 10500000) دۆلار.
لە پێنجوێن و باشماخەوە هەر ڕۆژەی 25 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: سێسەدوحفتاوپێنج هەزار(375000)دۆلار.
لە حاجی ئۆمەرانەوە هەر ڕۆژەی 150 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دوومیلیۆن و دووسەدوپەنجا هەزار(2250000) دۆلار.
سەرجەمی داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی ئەو نەفتە لەو سێ خاڵە سنوورییەوە، دەکاتە: سێزدەمیلیۆن و سەدوبیستوپێنج هەزار (13125000) دۆلار. تەواوی ئەو بازرگانییەی ئەو نەفتە ڕەوانەکردن و فرۆشتن و پارەوەرگرتنە هی دوو کۆمپانیان: کۆمپانیای”قەیوان/ Qaiwan Group” کە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنیەتی و کۆمپانیای “عیراق ئۆیڵ/Iraq Oil” کە پارتیی دیموکراتی کوردستان خاوەنیەتی. کۆمپانیای قەیوان، نەفتەکەی خۆی لە ڕێگەی پەروێزخان و باشماخەوە ڕەوانە دەکات، هەرچی عیراق ئۆیڵە لە حاجی ئۆمەران و جارجار کەمێکیش لە باشماخ و پەرێزخانەوە دەنێرێت. ئەو دوو کۆمپانیایە، دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەتن، چون حیزب خاوەنیانە، نەک دەوڵەت و حوکوومەت. تەواوی ئەو داهاتانەش دەگەڕێتەوە بۆ حیزب.

کەرتی تایبەت، لەم ساڵانەدا گرنگییەکی فرە بە کردنەوە و دامەزراندنی بازاڕی یەکجار مەزن دەدات، کە (مۆڵ)یان پێ دەگوترێن. ئەم مۆڵانە، بازاڕەیلێکن، هەرچی کاڵایە تێیاندا، لەهەندەرانەوە هاوردراون. کاڵاگەلێکی تێیاندا دەفرۆشرێت، لە بازاڕەکانی سوێددا، گەلێک لەو نرخانەی کوردستان هەرزانترن. مۆڵ، دەکاتە لەنێوبردنی فرۆشگە و دوکانی گچکەی خۆماڵی و نەریتی. مۆڵ، تەنێ خزمەت بە چینە دارا و بەرکپڕەکان دەکات.
سەرمایەداری کوردستان، وڵاتەکەی پڕکردووە لە مەساجخانە، کە هەموو شتێکی دیکەیە، بێجگە لە مەساج. هەزاران ژنی نیپالی، ئەفریقایی، تایلاندی و شوێنانی دیکە، لە لایەن بەڵێندەر و سەرمایەدارانەوە، دەهێنڕینە کوردستان، بۆ کارکردن لە ماڵە دەوڵەمەندەکاندا، بۆ کارکردن لەمەساجخانەدا، بۆ کارکردن لە بواری ئاوڕووبەری دیکەدا، کە تەواوی ئەوانە سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ و بە ژنان بە تایبەت. ڕێکخستنی هەڵبژاردنی شاجوان، لە کوردستان بووەتە نەریتێک، کە لە مۆڵەکاندا دەکرێ و سەرمایەداران بە میلیۆنان دۆلاری تێدا خەرج دەکەن. بانگهێشتنی چەندین سترانبێژ و بەناو هونەرمەندی وەڵاتێن عەرەب، تورکیا و شوێنانی دیکە، بووەتە ئامرازێکی دیکەی تێکدانی جڤاک و خڕکردنەوەی پارە.

بەرێوەبەریەتی گشتیی كۆمپانیاكان لە کوردستان. لە ساڵی 2017دا، باس لە بوونی21000 كۆمپانیای ناوخۆیی و3100كۆمپانیای بیانی لە کوردستان دەکات، کە تێکڕا دەکەنە 24100 کۆمپانیای تایبەت، ئەهلی، ناحوکوومەتی سەربە کەرتی تایبەت.
فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro ،13/08/1926-25/11/2016)ی شۆڕشگێڕی ڕێبەری شۆڕشی کووبا، لە 25ی نۆڤەمبەری 2016دا، لە تەمەنی 90 ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد. لاشەکەی سووتێنرا و خۆڵەکوو(خۆڵەمێش)ەکەی لە هاڤانای پێتەختی کووباوە بە کەژاوە و کاروانی هەزاران مرۆڤ و ماشێنەوە، بە هەمان ڕێگەی کە لە جەنیوەری 1959دا، کاروانی ئازادی، شۆڕشگێڕانی کووبای، بە ڕێبەریی کاسترۆ، پێدا هاتبوون بۆ هاڤانای پێتەخت و جاڕی ڕزگاری و سەرکەوتنی شۆڕشیان بەسەر ڕێژیمی باتیستا(Fulgencio Batista)دا، دا و کاسترۆ و هاوڕێیانی دەسەڵاتیان گرتەدەست، بە درێژایی 900 کم خۆڵەکووەکەی کاسترۆ، بەنێو باژێڕ و ئاوایی و جەماوەری خەڵکدا، برایەوە بۆ سانتیاگۆ دی کووبا (Santiago de Cuba)، ئەو باژێڕەی کاسترۆ تێیدا هاتبووە دنیاوە و لەوێ لە گۆڕستانی سانتا ئیفگێنیا (Santa Ifigenia Cemetery)، دوای 9 ڕۆژان لە تازیەباری، بە خاک سپێردرا.

هاوڕێیەکم، کە لە سوێد دەژی، لەو کاتەدا لە کووبا بوو و لەگەڵ ڕەوتی کەژاوەی گێڕانەوەی خۆڵەکەوەی لاشەسووتێنراوەکەی کاسترۆدا ڕۆیشتبوو و هەموو ئەو ڕۆژانەی تازیەبارییەکە بەشداریی کردبوو، تا بەخاکسپاردنی. هاوڕێیەکەم گێڕایەوە و گوتی:”کاسترۆ، ماوەیەک پێش مردنی، کە نە لە دەسەڵات و نە لە ڕێبەریی حیزب مابوو، لەگەڵ ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست و ڕێبەرانی دەوڵەتدا،کۆبووبووەوە و پێێ گوتبوون، من دەزانم جیهان لە گۆڕاندایە و ئەمەریکا و ڕۆژاوا، لە دوای سەردانەکەی ئۆباما(Obama)وە بۆ کووبا، ئیدی هاتوونەتە نێو کووباوە و هەژموونی خۆیان لەم وڵاتەدا دەبێ و ڕەنگە ئیدی نەکرێ بەریان پێ بگیرێت.

ئەوەی من داواتان لێ دەکەم، ئەگەر دەسبەرداری تەواوی بەها و دەسکەوتەکانمان دەبن و ئابووری و شێوازی ژیان و کارگێڕی دەگۆڕن و دەسکاری دەکەن، هەرچەندە من حەز ناکەم و لەگەڵی نیم، لێ گرنگ نییە بەلامەوە چ دەگۆڕن، ئەوەی بۆ من گرنگە، دوو شتە، هەردوو کەرت و بواری تەندروستی و خوێندنە. ئەو دوو بوارە، کە بوارەیلێکن پێوەندیان بە ژیانی خەڵکەوەیە، جەماوەرەکە، خەڵکە فراوانەکە، ئێمە لە کووبادا تێیاندا سەرکەوتوو بووین و لە هەردوویاندا خەڵک، هەموو خەڵک، سوودمەند بوون و نموونەیەکی ڕەنگینمان بە مرۆڤایەتی پێشانداوە، داواتان لێ دەکەم هەرگیز مەیانگۆڕن و دەسکارییان مەکەن و وەک خۆیان بیانهێڵنەوە”.

باشووری کوردستان، زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی، جڤاکەکەی، بێجگە لەوانەی حیزب و دەسەڵات و نانخۆری سەر خوانی ئەوان، لە ڕەوشێکی ئابووری پڕ لە نایەکسانی و نادادیدا دەژین. نایەکسانی ئابووری، بەرهەم و دەستکردی، ئابووری بازاڕ و ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەدارییە.

حوکوومەت و دەوڵەت، ئەگەر بۆخۆی موڵکی حیزب نەبێت و حیزبیش کەرتی تایبەت و سەرمایەدار نەبێت، بەرپرسە لە سنووردانان بۆ ئەو نایەکسانی و نادادییە و دەتوانێت لە ڕێگەی نەخشە و بەرنامەگەلێکەوە، کە بۆ هەژاران سوودبەخش بن، بەرنامەگەلێکی وەک: خوێندنی بەخۆڕایی، خزمەتی تەندروستی و لەشساغی و دەرمان و نەخۆشخانە بە خۆڕایی، کۆمەکی جڤاکی و بیمەی ژیان بە پەککەوتە و پیران و نەداران، وەرگرتنی ڕێژەیەکی بەرزتری باج لە دەوڵەمەندان، دابینکردنی جێگەی ژیان و خانوو و ماڵ بە مفت یا بە نرخێکی هەرزان بۆ دەستکورتان، هاتوچۆکردنی بە خۆڕایی یا هەرزان، بە ئامرازەکانی گوازتنەوە بۆ نەداران، کورتکردنەوەی دەستی کەرتی تایبەت و ڕادەستکردنی هەموو بوارە گرنگەکانی، کە پێوەندن بە ژیانی خەڵک و داهاتوویانەوە بە کەرتی گشتی و بە دەوڵەتیکردنیان و زۆری دیکە، لەسەر بنەمای نەخشەدانانی ئابووری ناوەندەکییەوە، کە یەکسانی دێنێتە گۆڕی و هانی یەک جۆرە دەرفەت بۆ هەمووان دەدات، دەتوانێت چارەسەری ئەو ماڵوێرانییە بکات و هەژموونی چینی سەرمایەدار نەهێڵێت. ئەگەر وا نەبێت و بەو جۆرە نەبێت، چ تام و چێژ و خۆشی و ئۆمێدێک لەو نیشتمانەدا هەیە؟
سوارەی ئێلخانیزادەی شاعیر (1937-1976)، له‌ شيعرى “شار” دا، کە يه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترين شيعره‌كانى و بۆ خۆشەویستەکەی نووسیوە و من لێرەدا تەنێ یەک دوو کۆپلەیەکی دەگوێزمەوە، دەڵێ:

گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟!
لە شارەکەت زەلیلە شێر،
باوی ڕێوییە
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
گوڵم، ھەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبێتە جاڕەگوڵ
لە شاری تۆ، لە بانی عەرشە قۆنەرەی دراو
شارەکەت
ئاسکە جوانەکەم!
تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت ھەراو
کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی ھەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم

لە نیشتمانێکدا، کە بەدەست کەرتی تایبەت و بەرپرسی سەرمایەدار و سەرمایەداری مەعموولییەوە، پڕ بێ لە گزی و باوی ڕێوی بێت و شێر تێیدا زەلیل، دەڤەرێک بێت بۆ زۆنگ و زەل، کەوشی پارەوپووڵ لە بانی عەرش بێت و هەژارکوژ بێت، دەبێ ژیان بۆ نەداران و چینەکانی خوارێی پلیکانێی جڤاک ج واتایەکی هەبێت؟
فیلۆسۆف و دەوڵەتمەداری ئایرلەندی ئێدمۆند بورک(Edmund Burke)/ 1797-1729)، کە لەلایەن زۆرێکەوە بە دامەزرێنەری بیری کۆنسێرڤاتیزم دادەنرێ، دەڵێ:”بۆ ئەوەی نیشتمانمان خۆش گەرەک بێت، دەبێ شتگەلێک لە نیشتماندا هەبن پاڵمان پێوە بنێن بۆ خۆشویستنی. ئەگەر لە نیشتماندا، ئەو شتگەلە پاڵنەرانەی، کە وامان لێ دەکەن خۆشیمان بووێت و هەست بە ئینتیما بکەین بۆی، نەبن، ئەوا ئەوەی ناوی نیشتمانی لێ دەنێین درۆیەکەی گەورەیە”.

2019-02-19

پەراوێزەکان:

شیعرەکەی (مەحموود دەرویش)، بە عەرەبی ناوی”لیس للکرد إلا الریح”ە و بە (سەلیم بەرەکات) پێشکەش کراوە.
https://www.theguardian.com/commentisfree/2019/feb/12/the-guardian-view-on-private-schools-motors-of-unfairness




خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن – سێیەم- ئەمجەد شاکەلی

3–

-ئابووری بازاڕ-

جڤاکی باشووری کوردستان وەک هەموو جڤاکێکی ئەم جیهانە، لە کۆمەڵێک چین و توێژی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە. جاران، کە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی، بنگەی ئابووریی کوردستان بوون، تەنێ دوو چینی سەرەکی: ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار(چینی سەرەوە) و وەرزێر و ڕەشایی و کرێکار و ڕەنگە بەشێکی دیکەیشی وەک سوعلووک بۆ زیاد بکرێ(چینی خوارەوە) هەبوون و لەنێوان ئەو دوو چینەشدا، کەموکەیەکیش چینی ناوەند هەبوون.
دوای 14ی تەممووزی 1958 و گۆڕانی ڕێژیم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری و دواتریش بزاڤی چەکداریی کورد و دەسەڵاتی حیزبی بەعس، ئیدی ئەو دابەشبوونە چینایەتییە گۆڕدرا. گوند و ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار و وەرزێر، نەمان. زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بە تۆبزی و هەندێکیش بە ئارەزوو، ڕوویان کردە شاران و بوون بە “شلەشاری”. ئیدی لەبری بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە دانەوێڵە، میوە، سەوزە، شیرەمەنی، گۆشت، هێلکە، هەندێک پۆشاک و جلک و کاری دەستیی و شتی نێوماڵ، کە تەواوی ئەوانە پێداویستییەکانی خۆیانی دەشتەکی پڕدەکردەوە و شارییەکانیشیان پێیان دەژیان، تەواوی ئەو شلەشارییانە، لە بەرهەمێنەرەوە بوونە بەرخۆر.

ئەوان، لەوەی لە ئاواییدا خاوەنی جێگە و خانوو و ماڵی خۆیان بوون، لە شاردا بوونە کرێنشین. ئەوان لە فرۆشیارەوە بوونە کڕیاری هەموو شتێک. دەبوو ڕیز بگرن بۆ نانکڕین و هێلکە، مامر، ڕۆن، میوە، شیرەمەنی، نەفت، سەوزە، ئارد، ساوەر، دانەوێڵە، گۆشت و هەموو خۆراکێک و تەواوی شتەکانی دیکەش بکڕن. دەبوو لەبری، وڵاخ(هێستر، کەر، ئەسپ و مایین)، ئۆتۆمۆبیل، ماتۆرسایکل و پایسکیل، بەکاربهێنن و سواری تاکسی ببن. دەبوو لەبری خانووی قوڕ و و دار و قامیش و دارسووتاندن بۆ گەرمی و چێشتلێنان، بلۆک و چیمەنتۆ و ئاسن(بۆ زستان سارد و بۆ هاوین گەرم) و نەفت و گاز و کارەبا بەکارببەن، کە تێچوون و خەرجییەکی زیاد بوو بۆیان. دەبوو منداڵیان لە خوێندنگەکانیاندا لەبری جلکی کوردی یا دشداشە، پانتۆڵ و جلکی ئەوروپایی لەبەر بکەن، چون ئیدی شارنشێنن و ئەو جلکە لادێیانە “شەرمهێنەر” بوون بۆیان. دەبوو لەبری مەڕ و بزندۆشین و شیری چێڵ خواردنەوە و پەنیر و ژاژی و کەرێ و ماست و ڕۆن و دۆینە و قەرەخەرمان وجاجم و بەڕە و لباد و تەلیس و هۆڕ و شەڵتە…دنیایەک شتی تری دەسکردی خۆیان، ببنە کڕیاری تەواوی ئەوانە لە بازاڕدا.

دەبوو لەبری خوری و بەرگن و موو و پەڕ و گۆرەوی و پووزەوانە و دەستەوانە و کڵاو و فەرەنجی و کەڕەک و کڵاش، ئیدی وەدووی کەوشی ئیتالی و تورکی و شتی پلاستیکی و تەتکەولەرزانەدا غار بدەن. دەبوو لەبری دروستکردنی ترشی و ترخێنە و ساوەر و قەرەخەرمانی خۆماڵی، هاوردەی تورکیا بکڕن و لەبری بەستووقە و دەفری گڵینی جوان و خاوێنی کەرکووک و خورماتوو، پەقرەجە نایلۆن و پلاستێکی ژاراویی ئێران و تورکیا بەکار ببەن. ئیدی دەیان دەبووی دیکەی لەو جۆرە..
بەهۆی لەنێوچوون و تێکشکانی ئاواییەوە، کە بنگەی ئابووری کوردستان بوو و بەهۆی شێواندنی چەمکی ئاوایینشینییەوە، ژینگەی وڵات گۆڕا. بیرکردنەوە و جیهانبینیی مرۆڤی باشووری کوردستان، لە مرۆڤێکەوە، کە خۆی پشتوپەنای خۆی و بەخێوکەری خۆی و وەدەستهێنەری بژێوی خۆی بوو، گۆڕا بۆ مرۆڤێکی چاولەدەست خەڵک بوو و مشەخۆری چاولەدووی مووچە و کۆمەکی دەوڵەت و خۆراکی پاکەت و قوتووخۆر و چاولەڕێی شتی ئامادەکراو.

لە وەها بارێکدا، چینێکی مشەخۆری هەلپەرستی ناوەند(بۆرژوازی) لە شاردا لەسەر حیسابی زۆرینەی دانیشتووانی کوردستان، لەسەر حیسابی گوندی و وەرزێران، لەسەر حیسابی ڕووخان و دادەپینی گیانی هەرەوەزی وەرزێر و ڕەشایی و لادێیی، هەلی قۆستەوە و بە هەموو جۆر و ڕێگەیەک، نایاسایی و تەنانەت بێڕەوشتانەیش، گەشەی کرد و بۆ سەرەوە هەڵکشا و دەستی بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت. ئەم چینە، چینی ناوەند بوو، کە چینێکە لەنێوان”سەرمایەدار و چینی باڵا” و “کارگەر و ڕەشایی و سوعلووک”اندا. چینی ناوەند، کە چینی بۆرژوازیشی پێ دەگوترێ، بۆ خۆی یەک پێکهاتە نییە، بەڵکە چینی ناوەندی باڵا(بۆرژوازی گەورە) و چینی ناوەندی ناوەند (بۆرژوازی ناوەند) و چینی ناوەندی خوارێ(بۆرژوازی بچووک یا وردەبۆرژوازی)، ئەمەی دواییان لە کارگەر و نەدار و وەرزێرانەوە نزیکە، لێ سروشتێکی هەلپەرستانەی هەیە و وەدووی خوانی چەور و پووڵی مفتدا دەگەڕێ و مشەخۆر و بێ بەڵێن و بێ ئاوڕووە، ئەو دووانەی سەرێش، لە سەرمایەدار و موڵکدارانەوە نزیکن و دەزانن چۆن قۆڵ ببرن.

ئەم چینی ناوەندە ئابوورییەکی تێکشکاوی پووچەڵی خزمەتگوزاری (services) و بەرخۆریی لە کوردستاندا بەرهەمهێنا، کە جۆرە ئابوورییەکە، چ سامانێکی ماددی، چ بەرهەمێک، بە وەڵات نابەخشێ و ئەوەی دەیهێنێتە دەست، سامان نییە، چون خزمەتگوزاری لە بنەمادا، وەک نۆکەر و پاشکۆ (subservient)ی بەرهەمهێنانی کاڵا هاتووەتە گۆڕێ و لە خزمەتی سەرمایە و سەرمایەداریدایە. ئەو ئاسانکاری بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری و کەڵەکەکردنی فرەتری سامانی سەرمایەداران دەکات. خزمەتگوزاری، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی کاڵا و بەرهەمەکانی سەرمایەدارییە، ئەو، کاڵا فرۆشراوەکانی وەک ئۆتۆمۆبیل، جلشۆری، ماشینە ئەلەکتریکی و ئەلیکترۆنییەکان خاس دەکاتەوە و دەپارێزی، خانووبەرە و تەلار و باڵەخانە بەکرێ دەدا، ئۆتۆمۆبیل و ماشینی دیکە بەکرێ دەدا، بیمە و پارێزەری و کۆمەکی قانوونی دابین دەکات، بە ماشین ئۆتۆمۆبیل دەشۆرێ، ژمێریاری بۆ خاوەن کۆمپانیا و فرۆشگە و شوێنی دیکە دەکات، ڕاوێژکاری قانوونی و خزمەتی دارایی و خزمەتی هەناردن و هاوردن و خزمەتی گەشتوگوزار، خزمەتی هوتێل و سینەما و یانە و جێگەی کار دەکات، ماڵ و ئۆفیس و پەنجەرە و بنمیچ و دووکەڵکێش و مێز و ئاودەستخانە و حەمام و زۆری دیکەش خاوێن دەکاتەوە، ئاهەنگ و زەماوەند و تازیەباری و ئەو بەزمانە ساز دەکات و هۆڵ و جێگە بۆ گێڕانی ئەو بەزمانە بە کرێ دەدا، ڕێکلام و بانگەشەی هەموو جۆرە کاڵایەک تەنانەت ئەگەر کاڵاگەلێکی زیانبەخشیش بن بۆ جڤاک و تاکی مرۆڤیش دەکات، بانگەشەی ئایین و دژەئایینیش لەیەک کاتدا دەکات، تەنانەت نووسینی سیڤیش بۆ ئەوانەی وەدووی کاردا دەگەڕێن، ئیدی هەر جۆرە کارێک بێت، ئەوەش دەکات و هەموو ئەوانە و زۆری تریش دەکات.
خزمەتگوزاری بەرهەم نییە، واتە: بەرهەمێکی ماددی نییە، کە بەهایەکی بەکارهێنانی هەبێت. مارکس، هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە کار بە تەنیا، تاکە سەرچاوەی سامانی ماددی نییە، هەر شتێک بەهای بەکارهێنانی هەبێت، کار باوکیەتی و زەویش دایکی. ئەو دەیگوت: کار و زەوی (یا سروشت) و نەیدەگوت خزمەتگوزاری، چون ئەو بێ دایکە.

کە دەڤەری نەفڕین لە لایەن دەوڵەتانی ڕۆژاواوە بۆ بەشێک لە باشووری کوردستان پەسەند کرا، ئیدی هێزە سیاسییەکانی کورد لە 1991دا، لە کەژوکێوان هاتنە خوارێ و شۆڕبوونەوە نێو باژێڕان و بوون بە سەرداری ئەو دەڤەرە. ئەوان دەستیان بەسەر وەڵاتێکدا گرت، کە ڕێژیمی بەعس تەواوی ژێرخانی ئابووری تێکشکاندبوو و وەڵاتێکی بەدگۆڕاوی لێ چێکردبوو. بەعس، بنەما و بنگەی ئابووریی باشووری کوردستانی لە ئابوورییەکی دامەزراو لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ئاوایی خۆبەخێوکەر و بەرهەمهێنەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی، کاری دەستیی و بەرهەمهێنانی هەندێ کاڵای وەک پۆشاک و کەوش و کڵاش و کاری دار و تەختە و شیرەمەنی، کارگەی وردەبەرهەمهێنەری کاڵای ناوماڵ و زۆری دیکە، کە سەرچاوەی تەواوی ئەوانە ئاوایی و خاک و ئاو و ئاژەڵ و وەرزێر وکارگەر بوون، گۆڕیبوو بۆ وێرانەیەک، کە تێیدا نە ئاوایی و نەخاک و نەئاو و نەئاژەڵ و نەوەرزێر و نەکارگەری، هێشتبوو، هەمووی سڕیبووە. خاک و ئاوایی، وێران کرابوون و سووتێنرابوون و ڕووخێنرابوون، ئاو، ژاراو کرابوو، ئاژەڵ، لەگەڵ کاولکردنی گونددا، نەمان و ئاژەڵداران، ناچارکرابوون بە فرۆشتنیان و لەبەینبردنیان و وەرزێر و کارگەریی لادێییش، ناچاری بارکردن و ڕاگوێزتن کرابوون بۆ شاران یا بۆ ئۆردووگە زۆرەملێیەکان. حیزبە کوردییەکان، بەسەر ئەو ڕەوشەدا هاتنە سەر کار.

پاش دامەزراندنی پەرلەمان و حوکوومەت، دەسەڵاتە کوردستانییەکە، لەبری تێکدان و سڕینەوەی تەواوی شوێنەواری بەعس و کردە و نەخشە و بەرنامە و ئەنجامی کارەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر جڤاکی کوردستان، بەوەی گوندەکان چێبکەنەوە و کۆمەک بە وەرزێرەکان و لادێییانی پەڕیوەی شاران بکەن و بیانگێڕنەوە بۆ ئاواییەکانیان و بۆ نێو خانووە قوڕەکانیان، کە خاوێنترین ژینگە بوون و لەبری ڕووخاندنی تەواوی ئۆردووگە زۆرەملێیەکان و لەبری ئەوەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بکەنە بنەمای ئابووری وەڵات، ئەوان، ئابوورێیەکی بێ بەرنامە و بێ نەخشە و پاشکۆی هەر چوار دەوڵەتانی دەوروبەری کوردستانیان هێنایە گۆڕێ. ئابووری خزمەتگوزار(Service economy) وەک لە ئەدەبی بۆرژوازیدا پێی دەگوترێ، ئابووری بەرخۆر نەک ئابووری بەرهەمهێنەریان چێکرد. ئابوورییەکیان پیادەکرد، لە هیچ نەدەچوو و نموونەی لە جیهاندا نەبوو.

زۆرینەی سەران و بەرپرسانی حیزب، ئەوانەی لە چیا، خۆیان بە مامۆستای شۆڕشگێڕی و جەنگاوەری دەزانی و گەلێ جاران لەسەر سۆسیالیزم و مارکسیزم و ماویزم و زۆرێکی دیکە لەو ئیزمانە، ڕایان لە کەس نەبوو و خۆیان بە ڕاستینەی ئەو هەموو ئیزمانە دەزانی، لە ساڵانێکی کەمدا، لەگەڵ چینە بۆرژوازییە هەلپەرستەکەی نێو شار، دەستیان تێکەڵ کرد و دەستیان بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت و بۆ خۆیان، دەمامک و جلکی شۆڕش و جەنگ و مامۆستایی و سۆسیالیستییان تووڕدا و گیرفانەکانیان بەرین بەرین کردەوە و سەرتاپای لەش و جلکیان بوونە شەڵتە و خورج و هۆڕ و هەرچی کونوقوژبنێکیان لەو دنیایە شک دەبرد، پڕیانکرد لە پارەوپووڵ. پارەیان بە ژوور و هۆدەی پڕاوپڕ، بە لۆری، بە میلیۆن و بیلیۆن دۆلار دەژمارد و شانازییان بە بوونی میلیۆنێر و بیلیۆنێرانی کوردستانەوە دەکرد. زەوییان داگیرکرد. خانوو و تەلار و کۆشک و باخیان، دروستکرد. کۆمپانیایان بە میلیۆنان دۆلار پێکەوەنا. بۆ سڕینەوەی بازاڕی کۆنی جاران و فرۆشگەی گچکە و کاری دەستی و خۆماڵی، ئەمان مۆڵی زل و زەلام، نەک دانەیەک دەیانیان قوتکردەوە، کە یەک شتی خۆماڵیی تێدا نییە و سەرلەبەری هاوردەیە. ژن و زارۆکیان، هەموو کرانە مووچەخۆر و هەموو تایبەتمەندییەکیان بۆ دابین کران. سەدان پاسەوانیان وەدووی خۆ خست.

ئەوان بۆ خۆیان بەکون فەیەکوون”کن فیکون”ێک، لە چەکدار و شۆڕشگێڕ و جەنگاوەر و سۆسیالیستەوە، کە لەڕاستیدا هیچ یەکێک لەوانە نەبوون و تەنێ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، بوون بە سەرمایەدار و هاوپشکی سەرمایەدار. بەو جۆرە چینێکی مشەخۆری مرۆڤخۆری پێکهاتوو لە: سەران و بەرپرسی حیزب و دەسەڵاتداران+ چینی نێوەندی بۆرژوازی، چینێکی نوێیان پێکهێنا، کە ڕەنگە ئەگەر ڕەوانشاد کارڵ مارکس، ئێستا لە ژیاندا بووایە، نەیتوانیایە ناوێکی لێ بنێ. ئەم چینە نوێیە بوو بە خودانی ئەو ئابوورییە مشەخۆرە، کە تا هەنووکە شیرازەی جڤاکی کوردستانی شڕ کردووە و هەڵوەشاندووەتەوە و هەرچی ڕایەڵە و پێوەندە کۆمەڵاتەییەکان و یادەوەرییە مێژووییەکان و فەرهەنگە ساکار و باو و ڕەسەنە گوندییەکانە، هەمووی لوولداوە و بەرەبەرە دەیانخاتە چاڵی فەرامۆشییەوە. هاتنەگۆڕێ و سەرهەڵدانی وەها چینێکی نوێ، لەسەر بنەمای ئەو پێکهاتەیە، لە هیچ هەژمار و لێکدانەوەیەکدا بە بیری هیچ کەسێکدا نەدەهات.

ئەو چینە نوێیە تێکەڵەیەی دەسەڵاتداران و بۆرژوازییە ناوەندەکان، بە هەردوویانەوە، کە ئیدی دەشێ وەک سەرمایەدار سەیر بکرێن، هەموو ئاوەز و چالاکی و زانیاری خۆیان خستە بواری خزمەتگوزارییەوە نەک بەرهەمهێنان. وەک ئاشکراشە، هەموو زیادەکردنێک لە بەرهەمهێنانی خزمەتگوزاریدا، زیادەکردنیشە بۆ تێچوونی ئەو کاڵانەی بەرهەمدەهێنرێن و دەخرێنە بازاڕ. بە تێچوونی سامانێک بۆ تەنێ خزمەتگوزارییەک، کە چ پێوەندێکی بە بەهای بەکارهێنانەوە نییە، باری سەرشانی کاڵاکان و کڕیار و بەکارهێنەرانیان گران دەکات. کاتێک کەسێک کاڵایەک لە بازاڕ دەکڕێت، دەبێ تێچووی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی، وەک: پێچانەوە، پڕکردن، گوازتنەوە، پارەی باج و بانک و گومرک و گەنجینە، هەڵگرتن و دابەشکردن، کە ئەو کاڵایە تەواوی ئەوانەی لەنێو خۆدا هەڵگرتووە، بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆی هەبێت، دەبێ بیدات. ئەمە ئەو سیستمە ئابوورییە نوێیەیە، کە ئابووری بۆرژوازی، مژدەدەرێتی و هەردەمە بە ناوێکەوە، دەمێک وەک ئابووری بازاڕ و دەمیک وەک ئابووری زانیاری و دەمێکیش وەک ئابووری ئازاد. دەردەکەوێ.

دەسەڵات و بۆرژوازییانی کوردستان(واتە: چینە مشەخۆرە نوێیەکە)، وەها ئابوورییەکیان بۆ کوردستان کردە دیاری. ئەوان، مۆبایل، کاڵای ئەلیکترۆنی، ئۆتۆمۆبیل، جلکی مۆدەی ئەوروپایی، خۆراکی لە قوتووکراوی تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە، هوتێل، گازینۆ، قومارخانە، مەیخانە، مەساجخانە، نۆکەر و کارگەری بیانی، ژنی فلیپپینی و ئەسیووپیایی و تایلاندی، هەزاران باڵەخانە و تەلارخانەی بیست و سی نهۆمی، سەدان کەناڵی تەلیڤزیۆنی بێ کەڵک و وێرانکەری جڤاک، سەدان دەسگە و پەخشخانەی پەخش و بڵاوکردنەوەی بێبایەخ، نەخۆشخانەی تایبەتی گرانبەها، کە تەنێ چینە دەوڵەمەندە باڵاکە سوودمەندە لێی، خوێندنگە و زانستگەی تایبەت، کە بۆ منداڵە تەنبەڵ و تێڕە و تەوەزەلەکانی خێزانە دەوڵەمەندەکانە، هەزاران چێشتخانە، نێرگەلەخانە و بازاڕی جگەرەی قاچاخ، کە نموونەیان لە هیچ وەڵاتێکی جیهاندا، بێجگە لە کوردستان نابینییەوە و سەدان شتی بێبایەخ و ناپێویستی دیکەیان بۆ خەڵکی کوردستان، کردنە دیاری، کە تەنێ سوودیان بۆ گیرفانی خۆیان و زیانیان بۆ خەڵکی کوردستان هەبووە و هەیە.
ئەو ئابووریی بازاڕە، ئازادە، زانیارییە، کە ئەو چینە نوێیە کردیانە پۆشاکی جڤاکی کوردستان، بەو هەموو ڕەنگ و ناوە جوداکانییەوە، لەسەر یەک پایە و بنگە و ڕێباز ڕاوەستاوە، ئەویش هێشتنەوەی پتر لە نیوەی هێزی کارە، هێزی کارگەر و جووتیار و وەرزێر، هێزی بەرهەمهێنەر، بە بێکاری. چون ئەو هێزی کارە پڕتوانست و پڕهێز و وزە و هیوا و ئامانجە، لە لایەن چینە باڵادەستەکەوە(بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات و چینە ناوەندەکەوە) بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێنران، ئەوان کران بە، پاسەوان، شوان، گاوان، باخەوان، قەلەوان، چایدانەر، چێشتلێنەر، سەگەوان، ئاژۆر، دەرگەوان، پۆلیس و دەیان کاری بێکەڵکی بێنرخی دیکە، لە ماڵ و جێی کار و شوێنی ڕابواردنی ئەو چینە باڵادەستە. ئەوەی، چینە باڵادەستەکە، بەناوی کارەوە، بۆ هێزی کار دەیژمێرێت، تەنێ پاراستنی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیانە و کەڵەکەکردنی پتری سەرمایەیە و بێجگە لە بێکاری بۆ چینە هەژارەکەش، هیچی دیکە نییە. ئەو هێزی کارە، سەرگەرمی شتێک دەکرێ، کە بێ بەرهەم و وزەفەوتێن و سستکردن و مراندنی توانست و ئومێدەکانە. بێکارییەکە، بەرهەمهێنەری هیچ بەهایەک نییە، کە بشێ بگۆڕدرێتەوە و سوودێک بە جڤاکی کوردستان و مرۆڤایەتی بگەیەنێت. ئەوەش ڕێک پەکخستن و زیانپێگەیاندنی بەرهەمهێنەرە ڕاستینەکانە (کارگەران و وەرزێران).

گرنگیدان بە خزمەتگوزاری و بانگەشەی ئەوەی، کە مرۆڤی سەردەم هێندەی پێویستی بە خوێندن و بارهێنان و فەرهەنگ و مۆسیقا و وەرزش و مۆبایل و تەلیڤزیۆن و ئۆتۆمبیل و خۆراکی قوتوو و مۆدەی پۆشاکی ئەوروپایی و نێرگەلە و شامپۆ و دارودەرمانی ڕوومەت و پرچ و ئارایشتگە و دیکۆر و نەخش و نیگاری بیانی نەگونجاو و مۆبیلە و…سەدان پۆخڵەواتی دیکەی جڤاکی بۆرژوازی، هێندەی پێویستی بە کەوش وکراس و جلک و نان و ئاو و گەرمی و ساردی و ئەو شتانە نییە، تێزێکە چینە باڵا بۆرژوازییە سەرمایەدارە حیزبییەکەی کوردستان وەک هەموو چینە ناوەندەکان و سەرمایەداران و سۆسیالدیموکراتەکان لە جیهاندا، پەرەی پێدەدەن و پشتی دەگرن.
چینی نێوەند، چینێکی مشەخۆرە و مارکس بە چینی بۆرجوازی بچووک یا وردەبۆرژوا(Petty Bourgeoisie)ناوی دەبات. ئەو چینە، هەرگیز ناتوانێت وەک هێزیکی بەرهەمهێنەر لە جڤاکە نوێیەکاندا، پێگەی سەروەری وەدەستبهێنێت و بۆ وەها ئەرکێک سست و بێ وزەیە. چینی نێوەند، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئامرازێکی بەرهەمهێنان نییە، کە بتوانێت هەموو پێویستییە بنەڕەتییەکانی جڤاک دابین بکات، بۆیە ناتوانێت سیستمێکی جڤاکیی سەقامگیر و چەسپاو دابمەزرێنێت. ئەم چینە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە خودانی زانیارییە، بۆیە ئاڵای”ئابووری زانیاری” هەڵدەکات، لێ زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە. زانیاری، لە کۆمەكکردن بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زیاتر، تێناپەڕێت، مرۆڤ هەر لەمێژە بەبێ زانیاری نەیتوانیوە ساکارترین ئامێرەکانی بەرهەمهێنان بەکاربهێنێت. دیارە ئەو زانیارییانەی پێویست بوونە بۆ دروستکردنی چەرخ لەو زانیارییانەی، کە ئەمڕۆ پێویستن بۆ دروستکردنی مووشەک یا بۆمبی ئەتۆم، پێشکەوتووتر و باڵاتر بوونە. زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە و تایبەتیش نییە بە دابەشکردنی کار، تا چینێکی جڤاکی پسپۆر لە بەرهەمهێنانی زانیاریدا چێ ببێت. پێوەندی دیالیکتیکی کارگەر بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە، ئەو پزدانەیە، کە هەموو زانیارییە جیاوازەکانی تێدا دەئافرێن، چون چینی ناوەند بێجگە لە خزمەتگوزاری هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت. ئەو چینە خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنان نییە تا بتوانێت سامانی نەتەوەیی بەرهەم بهێنێت.
بەم ئابوورییە خزمەتگوزارییە مشەخۆرە، وابەستەیەی داهاتی نەفت و هاوردەی هەموو شتێک، لە تەماتە و هێلکە و ساوەر و هەزاران پێویستی دیکەوە لە هەندەرانەوە، بەم ئابوورییە، کە تەلار و باڵەخانە بۆ حەلحەلەی ئاسمان بەرزدەکاتەوە، بەم ئابوورییە، کە شانازی بە زیادکردنی ژمارەی ئۆتۆمۆبیل و کۆمپیووتەر و مۆبایلەوە دەکات، بەم ئابوورییەوە، کە هەژار هەژارتر دەکات و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر و بە…بە…بە و هەزاران بەی دیکە، هەرگیز کوردستان ناگاتە جێگەیەک و تا دێت پتر دادەتەپێ. چارەسەر ئابوورییەکی کشتوکاڵییە وەک بنگە و بیناکردنی پێشەسازییەکە لەسەر ئەو بنگەیە. ئابوورییەک دەوڵەت، دەوڵەتی خەڵک و مرۆڤە ئاسایی و هەژارەکانی کوردستان، بەڕێوەی ببات. ئابوورییەک هێزی کار تێیدا نۆرەی خۆی ببینێ و بەرهەمهێنەر و وزەبەخش بێت و دواڕۆژ دروست بکات. ئابوورییەک ئەگەر سەدلەسەدیش سۆسیالیستی نەبێت، ڕێژە زۆرەکەی سۆسیالیستی بێت. ئابوورییەک دەستی بەرپرس و حیزب و دەسەڵاتدار و ئەو چینە ناوەندە، کورت بکاتەوە و لە دواییدا بیبڕێ، ئابوورییەک بەها بۆ مرۆڤەکانی خوارێی پلەکانی جڤاک بگێڕێتەوە، نەک هێندەی دی لە قوڕیان بگرێ.
قانیعی شاعیر(1898 – 1965)، لە شیعرێکیدا بە ناوی”پێنج خشتەکی لەسەر شیعری موفتی پێنجوێنی” دەڵێ:
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم
لە شیعرێکی دیکەیشیدا بە ناوی “بۆ چییە؟” دەڵێ:
تا کڵاشی بەنچنی ژێرمەحکەمی خۆم دەسبدا
قۆندەرەی تەسک و تروسک و لار و خوارم بۆچییە؟
تا سەبیلی زەرد و سووری فیتکەدووری خۆم ببێ
فڵتەفڵتی نێرگەلە و تۆپی سیغارم بۆچییە؟
شەربەتی هەرمێ لەت و دۆشاوی شۆکەم دەسکەوێ
ئارەق و تریاکی هەروەک ژەهرەمارم بۆچییە؟
نەی کە شومشاڵە عەزیزم، سەد گرامافۆن ئەژی
سۆزی شومشاڵم ببێ من عوود و تارم بۆچییە؟
ڕانک و چۆخەم دەسکەوێ، چیمە لە فاسۆن و حەریر؟
جاوی خۆماڵیم ببێ چیتی توجارم بۆچییە؟
(بانی خێڵان) ئاوەدان بێ بۆ قەڵەم بۆ کوردەکان
تازە ئیتر ئووچی پیسی بەدنیگارم بۆچییە؟
تا ببێ بەفراو و مێرگ و چیمەن ئێڵاخی خۆم
ئاوی سوێر و دڕکەزەردەی گەرمەسارم بۆچییە؟
حەفتا ساڵێک پێش ئەمڕۆ، قانیعی شاعیر، ئەوەی گوتووە، ئەو قسانە بۆ ئێستاش کۆن نین و کاتیان بەسەر نەچووە. ئێستاش کۆمەڵی کوردستان پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ خۆ، بە دۆزینەوەی خۆ، بە لەسەرپێی خۆ ڕاوەستان. کۆمەل و نەتەوە و گەل و خەڵک و وەڵاتی پاشکۆ و تەوەزەل و بێبەرهەم و خۆهەڵواس و چاولەدەست و چاولەدووی کۆمەک و خێری ئەم و ئەو و بەرخۆر، هەرگیز ناتوانێت بگاتە ئامانج و هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو دەمێنێتەوە.

22 – 01 – 2019




خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن –دووەم …. ئەمجەد شاکەلی


بەشی دووەم ….

-جێگر-

جێگر، دەستەواژە و ناونیشانێکە، پلەیەکی کار و پۆستێکە، هیچ کەسێک نییە لە کوردستان نەیزانێ، تەنانەت مرۆڤ دەبینی ناوی “جێگر”یان لێ نراوە و خەڵکیش دەبینی ناوی”ڕێگر”یان لێ نراوە، کە نە ئەویان جێگرە و نە ئەمیشیان ڕێگر و ڕەنگیشە هۆردووکیشیان هەو بن!
سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حوکوومەت، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیر، لە وەزیر خوارەوەتر، بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆکی شارەداری، سەرۆکی دادگە، ئوستاندار، سەرۆکی زانستگە، سەرۆکی تەندروستی شار، بەڕێوەبەری پۆلیس، سەرۆکی یانەیەکی وەرزشی، میراو، سەرۆکی ئەلەکتریک، سەرۆکی فرۆشگە، تەنانەت بەڕێوەبەری خوێندنگەی سەرەتایی و سەرپەرشتیاری چاپخانە و چایخانە و مەیخانە و چێشتخانە و نازانم چی، هەموو جێگریان هەیە و جێگرەکان، جێگریان هەیە و جێگری جێگرەکان، جێگریان هەیە و ئەوانیش سکرتێریان هەیە و سکرتێرەکان، جێگریان هەیە و ئیدی ڕەنگە تا کوێخا(موختار)ی ئاواییش بەردەوام بێت و ئەویش جێگری هەبێت. لە کوردستان لەشکرێک جێگر هەن و ئەوانیش پلەوپایەی خۆیان هەیە و بودجە و تایبەتمەندیی و کەشوفش و بەزمی خۆیان هەیە.

وەڵاتگەلێکی جیهان، کە کارگێڕیی تێیاندا لەسەر بنەمای خزمەتکردن بە هاووڵات و بە مرۆڤ دانراوە، هێندە گرنگیی بە دروستکردنی کورسی و پۆست و پلەوپایە، تەنیا لە پێناوی دروستکردنی کەسێک و پڕکردنەوەی کورسییەکدا، نادرێت. وەڵاتێک، ژیانی دانیشتووانی وەڵاتەکەی، خۆشگوزەرانی ئەوان، پێشکەوتنی ئەوانی مەبەست و ئامانج بێت، هەرگیز پلەوپایە بۆ دەسەڵاتدارانی بە گرنگ نابینێت. لە کوردستان، پلەوپایە، بێ ئەوەی پێویست بن و بێ ئەوەی سوودێک بە هاووڵاتێکی کوردستان بگەیەنن، دادەتاشرێن و مووچە و دەرماڵە و نێوماڵە و پشتماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و دەیان جۆرە پارەی دیکە دەخرێنە خزمەتیانەوە و دەسگە و دامەزراوەی زەلام و قەبەیان بۆ چێدەکرێن و کۆشک و تەلاریان بۆ تەرخان دەکرێن و پاسەوان و ئاژۆر و نۆکەر و چایلێنەر و چێشتلێنەریان بۆ مسۆگەر دەکرێن.

لە وەڵاتی سوێد، کە من بۆ خۆم ساڵانێکە تێیدا دەژیم، سەرۆکی حوکوومەت، جێگری نییە. هەرکاتێک لە دەرێی وەڵات بێت و مانەوەی درێژە بکێشێت، کە هەرگیز ڕوونادات، و لەو کاتەدا لە وەڵات پێشهاتێک بێتە پێشێ و ڕووداوێکی گرنگ بێتە گۆڕێ، کە وەها ڕەوشێکیش هەرگیز نە هاتووەتە پێش و نەش دێتە پێش، ئەودەمی یەکێک لە وەزیرەکانی حوکوومەتەکەی، لەبری ئەو سەرپەرشتیی کارەکانی دەکات. واتە: جێگری سەرۆکی حوکوومەت، کە کاری ئەو تەنێ جێگریی بێت و هیچی دی، وەک کار و پلەیەکی دیاریکراو، هەرگیز نییە. ئیدی لەوێوە وەرە خوارێ تا دەگەیتە بەڕێوەبەری خوێندنگە، کە جێگری نییە. واتە: وەک چۆن کارگوزار(فەڕاش) لە سوێد نین، هەر بەو جۆرەش جێگر نین، ئەگەریش هەبن، یەکجار دەگمەنن. وەک ڕیزپەڕێک لەوانە، سەرۆکی پەرلەمان جێگری هەیە. دیارە ئەو نموونەی سوێدە، وەڵاتانی دیکەی ئەوروپاش دەگرێتەوە و ئەوانیش هەر وەهان. ئێستا لە عیراقیشدا جێگری سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکی حوکوومەت نەماوە. لە باشووری کوردستانیش، کە بە قانوون هێشتا بەشێکە لە عیراق، دەبوو جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حوکوومەت نەمابا و وەک عیراقی لێ کرابا.

دانانی جێگر لە کوردستان، داتاشینی پۆستێکە، بۆ ڕازیکردنی ئەم حیزب و ئەو حیزب و ئەو باڵ و ئەم باڵە، نەک بەهرە و کارایی و شارەزایی ئەو جێگرانە. نەبوونی ئەو جێگرانە، چ بۆشاییەک ناهێنێتە گۆڕێ، ڕێک بەپێچەوانەوە، بارسووکییەکە بۆ سەرۆکی حوکوومەت و سەرۆکی هەرێم، چون دەستیان دەکاتەوە و لە کارەکانیاندا سەرپشک دەبن و ئازادانە و ئاسانتر، دەتوانن بیربکەنەوە و کار و ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام بدەن. گەلێ جار جێگر، ئیدی جێگری هەرکێ بووبێت، بەهۆی ئەوەی سەربە حیزبێکی جیاواز بووە لەوەی سەرۆکەکەی، بووەتە ڕێگر و بەربەست، لەبەردەم جووڵانەوە و چالاکی و کارایی ئەو کارگێڕییەی کاری تێدا کردووە.
ئەگەر بڕیارە و هەر دەبێ جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان هەبن، ئەوا هیچ پێویست ناکات جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حوکوومەت بدرێن بە یەکیەتی یا گۆڕان، کە هەردوو ئەو حیزبانە، کون بە کون وەدووی وەدەستهێنانی ئەو پۆستانەوەن، نەک هەر ئەو دوو حیزبە، بە من پێویست ناکات بدرێن بە هیچ حیزبێکی دیکەی کوردی. باشترین و ڕاستترین هەڵبژادەیەک بۆ جێگرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت ئەوەیە، کەسێک لە نەتەوەی تورکمان و کەسێک لە کریستیانەکان بن. دیارە پۆستی کێهە لەو جێگرانە، جێگری سەرۆکی هەرێم یا جێگری سەرۆکی حوکوومەت گرنگترە، بدرێ بە نوێنەری تورکمان و بێجگە لەو جێگرە، چەند وەزارەتیکیش بدرێن بە تورکمان. بەشی تورکمان لە هەموو دەسگە و کارگێڕییەکاندا، تەنانەت لە ڕیزی لەشکر و پۆلیسیشدا دابین بکرێ، چون تورکمان لە کوردستاندا نەتەوەی دووەمن. مرۆڤ، کاتێک باس لە تورکمان دەکات، گەرەکە جیۆگرافیای باشووری کوردستان لەبەرچاو بگرێت و تەلعەفەر، هەولێر، پردێ،کەرکووک، تاوغ، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا(قەرەخان)، خانەقین، قزڕەبات و مەندەلی لە یاد بێت و بخوێنێتەوە، کە خەڵکی نەتەوەی تورکمانی تێدان، دیارە کریستیانیش هەر بەو جۆرە، لە دەڤەری بادینان، هەولێر، کەرکووک و سلێمانی هەن و ئەوانیش لە پاش تورکمان دەبنە پێکهاتەی سێیەم، چون کریستیانەکان وەک ئایین، هەموو یەک ئایینیان هەیە، لێ وەک نەتەوە، چەند نەتەوەیەکن. بە هۆردوویانەوە، تورکمان و کریستیان، دوو پێکهاتەی سەرەکی کوردستانن.

لە حاڵێکدا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت، جێگریان هەبوون و جێگرەکان دران بە تورکمان و کریستیان، ئەگەر جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان، بدرێن بەو حیزبە کوردییانەی، پارتی لەگەڵیاندا پێکدێت، ئیدی یەکیەتی، گۆڕان، ئیسلامی یا هەر لایەنێکی دیکەیە، ڕەنگە ئەوە چارەسەرێک بێت بۆ قایلکردنی ئەوان، لێ ئەگەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت جێگریان نەبوو، ئەوا جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدرێن بە تورکمان و کریستیانەکان، ئەوەش باشترین هەڵبژاردەیەکە، کە دەبێ بکرێ و هیچ پێویست ناکات حیزبێکی کوردی ئەو جێگرییە وەرگرێ.
کە مرۆڤ باس لە تورکمان دەکات، هیچ گومانێک لەوەدا نییە، ئەگەر ژمارەی تورکمانی هاووڵات و دانیشتووانی کوردستان ڕەچاو بکرێن، ئەوا بە هەموو پێوەرێک لە حیزبی یەکیەتی و گۆڕان زیاترن، ئیدی بۆ ئەوان مافی وەرگرتنی ئەو جێگرانەیان نەبێت و یەکێتی و گۆڕان هەیانبێت! ئەوانەی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەدا بە ڕادەستکردنی کەرکووک و دۆڕاندنی لەنیوەزێتری خاکی باشووری کوردستان و گێڕانەوەی پرسی کوردستان بۆ خانەی یەکەم و تەواوی ئەو نەگبەتی و بەدبەختییەی بەسەر کوردستانیاندا هێنا، هەرگیز تورکمان نەبوون، بەڵکە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کەچی “چەرمی ڕووی هێند قایمە شمشێری میسری نایبڕێ…” ، هێشتا ئەوانن ناز دەکەن و دەیانەوێ مەرج و پێشمەرج و خواست و داواکانی خۆیان بەسەر حوکوومەتی زۆرینەدا بسەپێنن!

لەنێو جڤاکی کوردستاندا، تەنانەت لەنێو کوردەکەیشیدا، هەندێ بەشی خەڵکی کورد هەن، تایبەتمەندیی ئایینییان هەیە، کە بێگومان لەبەرچاوگرتنیان و گرنگیدان پێیان، بەهێزکردن و سەقامگیری و یەکگرتنێکی پتری جڤاکی کوردستان و دڵنیاییەکی زیاتر و مەزنترە بۆ ئەو خەڵکانە، نموونەکانیشیان: کوردانی فەیلی(کە لە خوارووی کوردستان و بەغدا دەژین و لە ڕووی ئایینزایشەوە شیعەن)، ئێزدییەکان(چ ئەوانەی خۆ بە کورد نازانن و چ ئەوانەیشی خۆ بە کورد دەزانن) و کوردانی یارسان(کاکەیی).
سیاسەتی ڕاست و دروست ئەوەیە، بەرژەوەندی کوردستان و خەڵکەکەی لەبەرچاو بگیرێت و دانیشتووانی وەڵات بێ جیاوازی، وەک هاووڵات سەیر بکرێن. ئەڵبەت پێوەری یەکەم بۆ پێشاندانی ڕەسین و پێگەیشتن و پێشکەوتن و ئاستی ئەخلاقی و شارستانەتی هەر جڤاکێکیش، چۆنیەتی مامەڵە و بەرخوردی ئەو جڤاکەیە، لەگەڵ نەتەوەکانی دووەم و سێیەم و کەمینە و گرۆ و خەڵکانێک، کە خودان تایبەتمەندییەکی بڕێک جیاوازن لە زۆرینە،

2019 – 01–13




خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن -1- … ئەمجەد شاکەلی


یەکەم

– هێزی چەکداری حیزب –

هێندەی لە کوردستان، لە میدیا و لەنێو خەڵکی سەرجادە و هەموو کون و قوژبنێکدا، باس لە دیموکراتی دەکرێ، ڕەنگە لە هیچ وڵاتێکی دەوروبەری کوردستان و تەنانەت ئەوروپاش، نیوهێندە باسی لێوە نەکرێت. دیموکراتی، بە واتا گشتییەکەی، هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، جڤاکی و تەواوی وردەکارییەکانی ژیانی مرۆڤ، چ وەک کۆمەڵ و چ وەک تاک، دەگرێتەوە، لێ لە کوردستان، کە باس لە دیموکراتی دەکرێ، تاکە یەک دیوی دەبینرێ، تەنێ ئەو دیموکراتییەی گرێدراوی سیاسەتە و مەبەست لێی سیستمی پەرلەمانتاریزمە، لەبەرچاو دەگیرێت، واتە: هەڵبژاردنی خەڵکانێک لە حیزب و گرۆ و دەستە و ڕێکخراو و نەتەوە و ئایین و تەنانەت تاکیش، کە بەرنامە و نەخشەڕێگەیەکیان هەبێت، وەک نوێنەری خەڵک، بۆ ئەندامیەتی پەرلەمان و دواتریش بۆوەی ئەوانە ببنە پارێزەری سیستمە سیاسییەکە و داڕێژەری قانوون لە وڵاتدا و بەڕێوەبردنی وڵات و کارگێڕی و دەسەڵات.

لە سیستمی دیموکراتی پەرلەمانتارییدا، زۆرینە و کەمینە، بنەمای سەرەکی دەسەڵات و هەموو بڕیارێکە. لە کوردستان، دیموکراتی تەنێ لەو هەڵبژاردن و پەنجەمۆرکردنەدا دەبینرێ، کە ڕۆژی هەڵبژاردن و لەسەر سندووقەکان، پێشاندەدرێن. ئیدی لەوە بەولاوە، دیموکراتی لە هیج شتێکی دیکەدا نییە و دیموکراتی ڕۆنەچووەتە خوارێ بەنێو کۆمەڵ و هەموو دەمار و جمگەکانی ژیاندا، بەنێو خێزان و بیرکردنەوە و ئاوەزی تاکدا، بەنێو ئابووری، جڤاک، فەرهەنگ، دادوەری، پەروردە و بارهێنان و خوێندن، تەندروستی و لەشساغی، گواستنەوە، کشتوکاڵ، میدیا و…تەواوی بنەما و ڕایەڵەکانی دیکەی ژیاندا و وەدی ناکرێ.

لە هەڵبژاردنی مانگی سێپتەمبەری 2018ەدا، لەنێو حیزب و هێزەسیاسییەکانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆرترین دەنگ و زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاری هێنا و لەگەڵ دووەم حیزبدا، کە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانە جیاوازییان 24 پەرلەمانتارە واتە:(پارتی 45 – یەکیەتی 21). بە دوای ئەوانیشدا حیزبەکانی دیکە دێن.
بە گوێرەی هەموو پێوەرێکی سیستمی پەرلەمانتاریزم، دەشێ پارتی، وەک بەرەندە و مافی بەرەندەیی، بەو جۆرەی خۆی دەیەوێ، حوکوومەت پێکبهێنێت. پارتی، دەتوانێت لەگەڵ یەک حیزبی دیکەدا، کە خاوەنی شەش نوێنەر بێت لە پەرلەماندا، یا لەگەڵ چەند وردیلەحیزبدا، کە بە هەموویانەوە شەش ئەندامی پەرلەمانیان هەبێت، حوکوومەت دامەزرێنێت، چون ئەودەمە ژمارەی پەرلەمانتارانیان(پارتی و ئەو حیزبە یا ئەو وردیلەحیزبانە) دەبنە 51، ئەوەش دەکاتە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان. ئەمەی دەیڵێم، وەک قانوون و ڕێسایەک، لە هەموو سیستمێکی دیموکراتی پەرلەمانتاریزمی جیهاندا، پێڕۆ دەکرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ، لێ لە کوردستان وەها باسێک، دەبێتە مایەی هەڕەشە و ماسولکە دەرپەڕاندن و خۆگیڤکردنەوە و هێزپێشاندان.

ئەوەی مرۆڤ لە کوردستان دەیژنەفێ و خەڵک دەیڵێنەوە، ئەوەیە، کە دەبێ پارتی لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانی حوکوومەت پێکبهێنێت و یەکیەتییش بەگەزی خۆی بیپێوێ، ئیدی فڵانە پۆستی گەرەکە و بە فڵانە پۆست ناڕازییە و دەبێ حوکوومەتەکە وا بێ و وا نەبێ و زۆری تریش. ئەوەی وا دەکات، هەم یەکیەتیی خۆی و هەم خەڵکیش بەو جۆرە بیربکەنەوە، تاکە یەک شتە، کە وەها بۆچوونێک دێنێتە گۆڕێ، ئەوەش بوونی هێزی چەکدارە. هەردوو حیزبی پارتی و یەکیەتیی خاوەنی هێزێ چەکدارن و هیچ یەکێک لەوان ئەگەر بەرەندەش بێ و ڕێژەی پەرلەمانتارانی بگاتە 70%یش، بەگوێرەی ئەو پێوەرە نادروستە باوەی کوردستانێ، هەر ناتوانێت بە تەنێ خۆی حوکوومەت پێکبهێنێت، چون لەوی دی دەترسێ، لەوەی یاخیبوونێک، کوودێتایەکی سەربازی، چەکداری، سیاسی بەسەردا بکات یا جاڕی جیابوونەوەی دەڤەری کەسک و زەرد لەیەکدی بدات. تەواوی بەڵا و نەهامەتی و نەگبەتی و سیابەختیی پرۆسێسی سیاسی لە کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە چەکدارە حیزبییانە.

70 و 80، ناوی دوو هێزی چەکداری یەکیەتیی و پارتیین و ئەو هەموو”حەفت و هەشتە”یشی دەیکەن، هەر بەهۆی ئەو دوو هێزەوەیە. بێجگە لەو دوو هێزە چەکدارە حیزبییە، هێزی دژەتێرۆر و ئاساییش و پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی ئاساییش هەن، کە هەر هەموویان حیزبین. هێزی چەکدار، لە وڵاتێکی فرەحیزبیدا، هەرگیز نابێ سەر بە حیزب بێت. لە سۆڤیێتی جاران، چین یا کووبا، کە تاکە حیزبێک فەرمانڕەوا بوو، لەشکر و هێزی چەکدار، بە دەست ئەو تاکە حیزبەوە بوو و ئیدی چ مەترسییەک چاوەڕوان نەدەکرا، چون ئەو حیزبە هەموو تاکێکی ئەو وڵاتەی خۆی، بە هزر و ئایدیۆلۆگیی تایبەتی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارە باردەهێنا و پەروەردە دەکرد. لە کوردستان، تا سەردەمی سەرۆک مستەفا بارزانی، وەها هێزێکی چەکدار هەبوو، چون یەک ڕێبەر، یەک حیزب، یەک هێزی پێشمەرگە هەبوون. ئێستاش لە هەموو جیهاندا، هەموو دەوڵەتێک، یەک هێزی چەکداری تێدایە، کە لەشکری وڵاتە و بۆ داکۆکی لە وڵات و پاراستنی خەڵک و وڵات، دامەزراوە و یەک فەرماندار و ڕێبەری هەیە. ئەو ڕێسایە نە تەنێ وەڵاتێن پێشکەوتووی وەک ئەوروپا، ئەمەریکا، چین، ژاپۆن و…ناگرنەوە، بەڵکە تەنانەت وەڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، سووریا، سعوودییە، پاکستان، تەنانەت عیراقی سەردەمی سەددام حوسەین و ئەم عیراقە فشۆڵ و بێسەروبەرەی ئەمڕۆش، دەگرێتەوە.

دەسەڵاتی پاش 1991ی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژەوە، کە هەموو ئەو حیزبانەی چیا، گەڕانەوە و هەریەکە کۆمەڵێک چەکداری خۆی هێنایە شارەوە، ئیدی هەر یەکە کەوتە هەڵپەی بەهێزکردنی هێزەکەی خۆی، بۆ پاراستنی حیزبەکەی خۆی، نەک بۆ پاراستنی کوردستان. لەبری دامەزراندنی یەک هێزی چەکدار، لەشکرێکی ناحیزبی، هێزێکی سەربازیی چەکداری وەک هەموو ئەو هێزانەی جیهانێ، کە وەلاء تێیدا تەنیا بۆ خاک و وڵات و نیشتمان، واتە: کوردستان، بێت، نەک بۆ حیزب. ئەوە نەکرا. ئەوان، هەر حیزبە و چەکداری خۆی وەک دابەستە بەخێو کرد، هەرچی چەکداری خۆی هەبوو، هەموو بەناوی پێشمەرگەی دێرین و سەرکردە و بنکردە و شەهیدی سەنگەر و…دەیان ناوی دیکەوە، خانەنشینییان بۆ بڕایەوە. کۆنە شوان، کۆنە گاوان، کۆنە سەربازێکی ئاسایی هەڵاتووی لەشکری عیراق، کۆنە دێوەرە، کۆنە کۆترباز، کۆنە چەقۆکێش، کۆنە خوێندکارێکی تەنبەڵ، کە شەشەمی سەرەتایی تەواو نەکردووە، کۆنە 16، 17 ساڵانێک، کە لەگەڵ باوکیدا تێکچووە و هەڵاتووە، کۆنە گەنجێک، کە حەزی لە کچێک کردووە و بۆی نەبووە و بە گەیشتنتی شاد نەبووە، کۆنە کوڕی گەڕەکێک، کە لە کوڕانی گەڕەکەکەی ئەولایانەوە هەڕەشەی لێکراوە، کەسانێک تەنێ وەک میوان و بۆ ماوەیەکی کەم لە چیا، وەک وێستگەیەک بۆ پەڕینەوە بەرەو هەندەران ماونەوە و زۆر جۆری دیکەی مرۆڤ، لەتەک ڕێزمدا بۆ هەموو ئەو جۆرە مرۆڤانە و هەر پیشە و پاشخانێکیان بووبێت، هەموو ئەمانە، بە گوێلێک تاج و ئەستێرە و شمشێر و داڵ و پلەی خەیاڵیی عەقید و جەنراڵ و فەریق و ڕائید و دەیان ناوی قەبەی دیکە، کە من نایانزانم، خانەنشین کران و مووچەی خەیاڵییان بۆ تەرخان کران.

هەموو یەکێک لە ئێمە دەیان لەو ئەفسەرە قوللابی و ساختانە دەناسین، کە تەنێ بەهۆی حیزبیبوونیانەوە بوون بە ئەفسەر یا وەک ئەفسەر خانەنشین کراون، کە زۆرینەیان تاکە ڕۆژێکیش نە ئەفسەر بوون و نە شتێک لە ئەفسەری و زانستی جەنگ دەزانن و تەنانەت سەربازییشیان نەکردووە و ڕەنگە فیشەکێکیشیان لە ژیانیاندا نەتەقاندبێ، ئەوانە و چەندین جۆری دیکە هەن، تەواوی ئەوانە، تەنیا دەمچەورکردن و کڕینی ئەو مرۆڤانە بوون و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبەکان وەها کردەیەک جێبەجێ کراوە.

لە کوردستان، لە 1991ەوە، کە ئیدی دەسەڵاتێکی کوردیی نیمچەسەربەخۆ، جێی عیراقی گرتەوە، تا هەنووکە نەتوانراوە هیزی چەکداری پێشمەرگەی سەر بە حیزب و هێزی ئاساییش و هێزی دژەتێرۆر و هێزی پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی ئاسایی، بکرێن بە یەک لەشکری ناحیزبی. یەک ئاساییش، یەک دژەتێرۆر، یەک پۆلیس. تا ڕەوشەکە بەو جۆرە بێت، وەک هەیە، تا ئەو هەموو ئەفسەرە پلەدارە، پلەباڵا خانەنشینکراوە ساختانە هەبن، تا هەر حیزبەو هێزی چەکداری خۆی هەبێت، تا ئەو هەموو پارەوپووڵە بەو چەکدارە حیزبییانە بدرێن و ئامادەبکرێن بۆ جەنگی حیزبەکە یا حیزبەکانی ڕکابەریان، هەرگیز شەوە و تارمایی هەڕەشەی دابەشکردنی دەڤەرەکان، بەگوێرەی ڕەنگ، ناڕەوەێتەوە و هەرگیز ئارامی و ئاسوودەیی، جێگیر نابێت و هەرگیز چەمکی زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانتاریزم پێڕۆ ناکرێت و پرۆسێسی سیاسییش هەر لە خانەی یەکەمدا، بۆ هەمیشە لە سمکۆڵان لەجێی خۆیدا، ناکەوێ. ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو ڕەوشە هەبێت ئەوەیە: ئەو دەسەڵاتەی(سەرۆکایەتی حوکوومەت، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان) کە لە کوردستان دێتە سەر کار، یەکەم کارێک، گەرەکە لە زووترین کاتدا بیکات، هەڵوەشاندنەوەی هەموو هێزێکی چەکداری حیزبییە لە کوردستان و دامەزراندنی یەک هێزی چەکدار، یەک لەشکری نیشتمانیی کوردستانییە.

01-04 -2019




جەمال نەبەز، ڕووناکبیر و بیرمەند، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ … ئەمجەد شاکەلی

بڕوا ناکەم هیچ کەسێکی بە وێژدان بتوانێ، خۆ لە کار و بەرهەم و تێکۆشانی پتر لە 60 ساڵی تەمەنی جەمال نەبەز، نەبان بکات و هەموویان بسڕێتەوە و پشتگوێیان بخات. جەمال نەبەز، زمانەوان و مێژوونووس و ڕووناکبیر و نووسەر و بیرمەند و سیاسەتکار بوو. ئەو وەک چۆن لە بیرکردنەوەی سیاسیی خۆیدا، هەموو ئامانج و خەونێکی یەکبوونی کورد و یەکخستنەوە و دامەزراندی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بوو، لە زمانیشدا، زمانێکی یەکگرتووی کوردیی، وەک زمانی ڕەسمی و ستاندارد، گەلێک بەلایەوە مەبەست و جێی بایەخ بوو. کارێکی گرنگی دیکەی جەمال نەبەز، ساغکردنەوەی مێژووی کورد و ناساندنی مێژوو و کێشەی کورد و کوردستان بوو، بە ئەوروپاییان و بیانییان بە گشتی. نووسین و هزرەکانی، بنەما و فێرگەیەک بوون، بۆ بارهێنانی نەوەیەک و پێگەیاندن و وەئاگاهێنانەوەی زۆرێک لە خەڵکی کورد. ئەو مرۆڤیکی بزێو و چالاک و کارا بوو و هەمیشە دەجووڵا و دەکۆشا، بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی، کە هەموویان بە دەوری کوردستان و نەتەوەی کورددا دەسووڕانەوە.
ئەوەی سەرەوە دیوێکی گەشی جەمال نەبەزە، لێ هیچ کەسێک، هیچ مرۆڤێک، سەدلەسەد هەموو دیوەکانی، هەموو لایەنەکانی ژیانی، هەموو دید و هویرەکانی، گەش و سوودمەند نین و تەنێ شایستەی پەسن نین و دەشێ مرۆڤ لە دیوێکی دیکەوە و بە جۆرێکی دیکە، بیانخوێنێتەوە و پێیان قایل نەبێت و ڕەخنەی لێیان هەبێت.

لەنێو کۆمەڵ و وەڵاتی خۆمان(کوردستان)دا، وەک باوە، کە کەسێک، کۆچیدوایی دەکات، بە تایبەت ئەگەر مرۆڤێکی بەناوێ بێت و لە بوارێکدا، کارێکی کردبێ و کاریگەرییەکی بووبێ و بەرهەمێک یا شوێنەوارێکی لەپاش خۆی جێهێشتبێ، ئیدی پاش مردنی، تەنێ پەسن دەدرێ و تەواوی کردەوەگەلێکیشی، کە سوودمەند نەبووبن یا چەوت بووبن، بەگوێرەی تیۆری”شەیتان و ڕەحمان دەستیان لێی شۆردووە”، دەسڕدرێنەوە و ڕەخنەیان لێ ناگیرێت و ئەگەر هەڵەیشی کردبێت، پەردەپۆش دەکرێت. بە من، مرۆڤ، دەبێ سەرلەبەری ژیانی بخوێنرێتەوە و تەواوی مێژووی ژیانی و تەواوی ئەو وێستگە و قۆناخانەی پێیدا تێپەڕیوە و سەرجەمی کار و کردەوە و گوتار و بیروڕاکانی، خاس و نەباش، بێ بازدان بەسەر تاکە یەک شتیشیدا، لەبەرچاو بگیرێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێن. ڕەنگە لەمەر ئەم بابەتەی بەردەستتان بگوترێ، ئەوەی ئێستا لەمەڕ مامۆستا جەمال نەبەزەوە دەگوترێ، دەبوو کاتێک، کە لە ژیاندا بوو، بگوترابا، لێ من باش دەزانم ئێستا بێجگە لە پەسن، هیچ یەکێک لەوانەی باسی مامۆستا نەبەز دەکەن، توخنی لایەن و دیوێکی دیکەی ئەو ناکەون. بۆیە ئەوەی من لێرەدا دەیڵێم، شتێکی نوێ و شاراوە نییە و بێگومانیشم لەوەی، خەڵکێک هەن، لەگەڵ بۆچوونەکانمدا هاوڕا بن، هەر بۆیە بە ڕای من پێویستە بگوترێن.

جەمال نەبەز، وەک مرۆڤێک، بە گەواهی ئەوانەی لە نزیکەوە دیویانە، ناسیویانە، کاریان لەگەڵ کردووە، ژیاون: گەلێک خانەگومان و خۆویست بووە. هاوبیرێکی جەمال نەبەز گێڕایەوە، کە جارێک، خوشکێکی جەمال نەبەز لە کوردستانەوە هاتووە بۆ سەردانی بۆ ئەڵمانیا و لەتەک خۆیدا، وەک دیاری، چای بۆ هێناوە، کیسەیەک چای وشک، چای دووغەزاڵ(بە عەرەبی: أبوغزالین)، کە ئەودەمی زۆر باو بوو. ئەودەمە وەک ئێستا نەبوو و لە ئەوروپا هێندە چای نەبوو و ئەگەر هەشبووبێ، ئەوا چاییەک لە وڵاتەوە هاتبێ و دیارییش بووبێت، گەلێ خۆشەویست بووە و خوشکەکەیشی هەر بەو مەبەستە بۆی هێناوە. کە خوشکەکەی کیسە چاییەکەی داوەتە دەستی جەمال نەبەزەوە، لە خوشکەکەی پرسیوە، ئەوە چییە، ئەویش گوتوویەتی چاییە. جەمال نەبەز دەسبەجێ کیسە چاییەکەی فڕێداوەتە نێو زبڵدانەکەوە و بەوەش دڵی خوشکەکەی شکاندووە. ئەو کارەی بۆیە کردووە، چون گومانی ئەوەی کردووە، کە ڕەنگە حوکوومەتی عیراق ئەوەی وەک ژار و دەرمان، بۆ کوشتنی ئەو ناردبێ!
گەلێک تەنگەجیقڵدان و لە خۆڕازی بووە و هەڵسوکەوت و دۆستایەتی لەگەڵیدا هەرگیز ئاسان نەبووە، بەڵکە گەلێ سەخت و گران بووە. هەمیشە خۆی بە ڕاست و خەڵکانی ناهاوڕای بە ناڕاست زانیوە و کەمجاران ددانی خێری بە خەڵکدا ناوە.

هیچ مرۆڤێکی کوردی زیرەک و چالاک و کارای بواری نووسین و زمان و مێژوو و سیاسەتی، خۆشنەویستووە و هەموو کوردێکی لەو جۆرەی بە ڕکابەری خۆی زانیوە. هاوبیرێکی بۆی گێڕامەوە گوتی:”جارێکیان لەگەڵ جەمال نەبەزدا دانیشتبووین، ئیدی باسی سیاسەت و کورد و نووسین و…زۆر شتی دیکە کرا. هەر ناوێکی دەهاتە سەر زارمان، جەمال نەبەز شتێکی خراپی لەبارەوە دەگوت. لەپڕ باس هاتە سەر کەسێکی ناسراو، کە نووسەرێکی کارا و شارەزا و چالاک بوو و من هەندێ پەسنم دا، ئەو دەسبەجێ دەستی بە زەمکردنی کرد و گوتی، من دوو چاوم هەن، لێ یەک دانەیشیان هەڵنایە و ئەوی پێ نابینم، کوێراییم دادێ، ئەگەر ئەو کابرایە دەبینم!” دەی ئەوە لە “ئێرەیی” و “ڕقبوونەوە لە مرۆڤ” زیاتر، ناوێکی دیکەی لێنانرێت.

لەسەر شتگەلێکی بچووک و کەمبایەخ گەلێ جار، لە کەسە نزیکەکانی و ئەوانەی لە دەوری دەبوون و کۆمەکیان پێ دەکرد و ڕێزیان لێی دەگرت، دەتۆرا و دەکەوتە باسکردنیان بە خراپە و ناوزڕاندنیان، بە نووسین و بڵاوکردنەوە.
جەمال نەبەز، لەم ساڵانەی دواییەدا، لە ڕووی زمانەوە، کۆمەڵێک دەسکاری و گۆڕینی لە ڕێنووس و دەربڕین و دەستەواژە و وشە کوردییەکاندا دەکرد، بە بیانووی ئەوەی هەندێ تیپ، کە کورد بەکاریان دەهێنن، کوردیی نین و لە زمان و تیپی عەرەبییەوە هاتوونەتە نێو زمانی کوردی و گەرەکە کورد، ئەو تیپە عەرەبییە”لایدە و نامۆ”یانە وەدەرنێ و زمانی کوردییان لێ پاکژ بکاتەوە. جەمال نەبەز، لە کاتێکدا ئەوەی دەگوت، کە بۆخۆی ئێرانناسی خوێندبوو و فارسییزان و کوردێزان بوو. ئەو وشە و دەستەواژانەی، تیپی “ح”، “ق”، “ع”، “غ”یان تێدابووایەن، ئیدی لە پێشەوە، لە ناوەنددا یا لە کۆتاییدا، ئەو دەیانیگۆڕین بۆ تیپی دیکە. بۆ نموونە:(حوسەین، حەمە، مەحموود، حەسوود، حەمکە، حەسیرەکە، حەیوان، حەز، حەوت، حەوتەوانە، حەسار، حاجی، لای ئەو دەبوونە: هوسەین، هەمە، مەهموود، هەسوود، هەمکە، هەسیرەکە، هەیوان، هەز، هەوت، هەوتەوانە، هەسار، هاجی).

(قوڕ، قارەمان، قڕقێنە، قەلەڕەش، قەوزە، قەیسەری، قاز، قەرەتەپپە، سەقز، خانەقی، قەرەداغ، قلیاسان، قاڵی، قۆری، بەعشیقە، نەقیزە، لای ئەو دەبوونە: کوڕ، کارەمان، کڕکێنە، کەلەڕەش، کەوزە، کەیسەری، کاز، کەرەتەپپە، سەکز، خانەکی، کەرەداخ، کلیاسان، کاڵی. کۆری، بەئشیکە، نەکیزە). (عەلی، عومەر، عەرەب، سەعید، جومعە، عەبا، سەعات، باعەباع، عەربەت، عەلی عەسکەری، عەلی ئەسغەر، لای ئەو دەبوونە: ئەلی، ئومەر، ئارەب، سەئید، جومئە، ئەبا، سەئات، بائەباء، ئەربەت، ئەلی ئەسکەری، ئەلی ئەسخەر). (غاردان، بەغدا، غەیدین، غاز، غیرەت، غەوارە، غەریب، لای ئەو دەبوونە: خاردان، بەخدا، خەیدین، خاز، خیرەت، خەوارە، خەریب). بەڕاستی ئەوەی جەمال نەبەز دەیکرد، بێجگە لە ئەتککردنی زمانی کوردی، چتێکی تر نەبوو. جەمال نەبەز، زمانەوان و مێژوونووس بوو، سەرباری ئەو ئەتکەیشی بە زمانی کوردی، هێشتا دەیتوانی شتی دیکەی باش پێشکەش بە زمان و مێژووی کورد بکات. سەد بریا لە بری سیاسەت، خەریکی ئەو بوارانە بووایە!

ئەو لە ساڵی 1962ەوە، واتە: ماوەی 56 ساڵان بوو، کوردستانی جێهێشتبوو و هەرگیز بۆ تاکە یەک جاریش سەردانی کوردستانی نەکردەوە. مرۆڤ، ئەگەر خۆشەویستیی بۆ خاک، وڵات، زێد، نیشتمان، گەڕەکەکەی، ئاواییەکەی، کۆڵانەکەی، یادەوەریی منداڵی و سەردەمی لاویی، خەڵکی وڵاتەکەی، هاوشارییانی، دۆست و هاوڕێ، کەسە نزیکەکانی، خانەوادە و خزمە نزیکەکانی، باوک و دایک و خوشک و براکانی هەبێت، ئەڵبەتە خۆڕاناگرێ و لەو ماوە دوورودرێژەدا، 56 ساڵان، چەندین جار سەردانی کوردستان دەکاتەوە. ئەو وەنەبێ تەنێ سەری باشووری کوردستان، کە لێی هەڵاتبوو، نەداتەوە، بەڵکە سەری باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانیشی نەدەدایەوە، کە هەمیشە بۆ خۆی باسی کۆمەڵێک پارچەی کوردستانی دەکرد و هەموو کوردستانی وەک یەک وڵات تەماشا دەکرد. دیارە هیچ پاساوێک بۆ ئەو نەگەڕانەوەیە و سەرنەدانەوەیە، نەبووە و نییە، ئەگەر لای نەبەز خۆیشی بووبێ، هەرگیز جێی باوەڕپێکردن نییە و تەنێ کێماسی خۆشەویستی بۆ خاک و خەڵکی کوردستان، پێشان دەدات.

ئەو بۆ خۆی هەر کاتێک باسی نەگەڕانەوەی بۆ کوردستان کردبا، دەیگوت، “خولەی فێڕنەگولە”، رێگەی لێ گرتووم و نەیهێشتووە بگەڕێمەوە کوردستان. لە “خولەی فیڕنەگولە”یش، مەبەستی سیاسەتکاری بەناوێی کورد، دۆکتۆر مەحموود عوسمان بوو. ئەو باسی ئەو سەردەمەی 1970 تا سەرەتای 1974ی دەکرد، سەردەمی پێکهاتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ حوکوومەتی عیراقدا و ڕێککەوتننامەی 11ی مارسی 1970. ئەو بۆ خۆی ئەگەر مەبەستی گەڕانەوەی کوردستانی بووایە، بێگومان نەیبووە، نەک دۆکتۆر مەحموود عوسمان، هیچ کەسێک نەیدەتوانی ڕێگەی لێبگرێ! ئەو وا لە خۆی دەنۆڕی، کە دەبێ سەرۆک بارزانی یا کەسانی نزیکی ئەو، بانگهێشتی تایبەتی بۆ بکەن و وەک سەرکردە و ڕێبەر پێشوازی لێبکەن. دەنا ئەگەر وانییە، خۆ هەزاران کوردی پاژەکانی دیکەی کوردستان، لەو چوارساڵەیدا، کە کورد تا ڕادەیەک لە ڕەوشێکی باش و ئارامدا بوو، لە باشووری کوردستان و لە سایەی ڕێبەرایەتی سەرۆک مستەفا بارزانیدا دەژیان و تێکەڵ بە واقیعی نیشتمان بووبوون و ئەمیش دەیتوانی وەک ئەوان خۆی بخزێنێتە نێو زانستگە و کۆڕی زانیاری و بوارە فەرهەنگییەکەوە و لە پەناشدا سیاسەتی خۆیشی بکات. نەگەڕانەوەی دۆکتۆر نەبەز، تەنیا پێوەندی بە لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانینەوە بووە و هیچی دی.

ئەگەر پێش هەرەسی 1975، تەنێ سەرۆک بارزانی تاکە ڕێبەر و سەرکردە بوو و یەک حیزب(پارتی دیموکراتی کوردستان) لە کوردستاندا دەسەڵاتی هەبوو و یەک هێزی پێشمەرگە هەبوو، لێ کە شۆڕشی کوردستان هەرەسی هێنا، ئیدی مەیدان و گۆڕەپانی کوردستان لە یەک سەرکردە و یەک ڕێبەر و یەک حیزب و یەک هێزی پێشمەرگە و یەک بزاڤی چەکداری و یەک جووڵانەوەی سیاسی، چۆڵ بوو و ڕێژیمی بەعسی بەغدا، دەسەڵاتی حوکوومەتی عیراق، گەیشتە دوورەدەستترین و سەختترین جێگە و هەموو کونجێک لە کوردستاندا. پاش ماوەیەک جارێکی دیکە ڕێکخراو و حیزب و گرۆی چەکدار پەیدابوونەوە و جەنگی دژ بە ڕێژیم دەستی پێ کردەوە. لەو دەمەیدا، ئیدی سیاسەتکردن و بزاڤە چەکدارییەکە و کورد و کوردستان بە گشتی، بێ سەر مایەوە و لەتلەت بوو و هەموو جۆرە گرۆ و دەستە و حیزبێکی تێدا پەیدابوون. ئەوانە وەک کوارگی بەهارێ هەڵدەتۆقان و هەرڕۆژەی ناوێکی نوێ دەهاتە نێوانەوە. زۆرێک لەو گرۆ و دەستە و حیزبانە، کە بەشێکیان دەستکردی پێتەختەکانی دەوروبەری کوردستان بوون، بۆ خۆیان پێیانوابوو، چەپانە دەهزرێن و دەپەیڤن، چون ئەوان، هەموو نەهامەتی و داڕووخان و هەرەسیان، دەخستە ئەستۆی سەرۆک بارزانی و بزاڤەکەی، کە ئەمان بە ناچەپیان دەزانی. ئەوانە، ئەو بیری چەپایەتییەی خۆیانیان پێوە هەڵدەکێشا، تەنێ ڕواڵەت و ڕووکەش و دەمامکێک بوو، بۆ خۆڵ لە چاوکردن و فریودانی خەڵک و بێجگە لە بانگەشەیەکی پفدراو و درۆ، هیچی دیکە نەبوو.

لەو گەڕەلاوژە و بێ سەروبەرییەی دوای هەرەس، هەموو جۆرە بیر و هەموو جۆرە ڕەنگێک لەو دەڤەرەدا سەریان دەرهێنابوو و هاتبوونەگۆڕی، تەنیا یەک جۆرە بیر و ئایدیۆلۆگی لە کوردستان، ئامادەیی نەبوو، ئەویش هزری نەتەوەیی(ناسیۆنالیستی)کوردی بوو. جەمال نەبەز، کە خۆی بە دامەزرێنەری ئەو فێرگە نەتەوەییە کوردییە و ڕێناس و باوکی ئەو هزرە دەزانی، دەبوو وەک هەستی نەتەوایەتی و بەرپرسیاریەتی و چۆڵایی دەنگە نەتەوەییەکە، لە کوردستان، ئەو دەرفەتەی بقۆستایەتەوە و ئەگەر بەڕاستیی باوەڕی بە بیر و پەیامەکەی خۆی هەبوو، دەبوو دەستبەرداری ژیانی ئەوروپای بووایە و بێ هیچ یەکودوو و بیرکردنەوەیەک گەڕابایەوە کوردستان و بنەمای بزاڤێکی نەتەوەیی دانابا و خەڵکە هەوادارەکانی خۆی خڕکردباوە و لە مەیداندا سیاسەتی خۆی کردبا. جەمال نەبەز وای نەکرد. ئەو لە ئەڵمانیا ڕوونیشتبوو و تەنێ قسەی دەکرد و دەهزری و گەرەکیبوو خەڵک بیژنەفن و بەگرێی ملدا بدەن و بێژن”ئەشهەدو ڕاست دەفەرمووی…”. ئەو پێیوابوو بەو نووسین و تیۆری و قسانە لە ئەوروپاوە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕادەگەیندرێ. هزر هەرگیز لە کارکردن گرنگتر نییە. عەلی شەریعەتی دەڵێ:”ئەو خەڵکانەی ڕیبەرایەتی شۆڕشیان کردووە و کاری هەستەوەر و خەباتی کردەییان کردووە، لەو بیرمەند و فیلۆسۆفانەی، جەنگی ژیانیان نەکردووە، گرنگترن” .

جەمال نەبەز، کە دامەزرێنەری کاژیک بوو و کرۆکی هویری کاژیکیش، نەتەوەیی بوو، بێجگە لە کۆمەڵێک دەستەواژەی توندی نەتەوەیی و تەسکبیری و بەرچاوتەنگی و تووڕەیی، لە کاژیکنامە و ئەو هزرە نەتەوەییە و ڕێبازەکەیدا، لایەنێکی تیۆری و فەلسەفەیی و ئایدیۆلۆگی و شیکردنەوەی جڤاکی، ئابووری، سیاسی و مێژوویی و نەخشە و بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی گرێدراو بە فەلسەفە و تیۆرییەک، کە ببێتە چرایەک و نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆمەڵی کورد و وڵاتی کوردستان، نابینییەوە. لە تێزەکانیدا گەلێ جاران، جەمال نەبەز، جەختی لەوە دەکردەوە، کە بیری نەتەوەیی کوردی، نە بیری قەومییەتی ڕۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی ڕۆژاواییە و لەگەڵ ئەوانەدا جیاوازە، لێ تۆ کە کاژیکنامە دەخوێنییەوە و دواتریش لە گوتار و ڕەوتاری جەمال نەبەز و پێڕۆیانی فێرگەکەی ورددەبییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر باندۆری فەلسەفە و تیۆرییەکانی ساتیع ئەلحوسەری(ساطع الحصري) و میشێل عەفلەق(میشیل عفلق) و بەعس و نەتەوەییە عەرەبەکان، لەسەر جەمال نەبەز و تێڕوانینی وی و فێرگە نەتەوەییەکەیشی بە ڕوونی دەبینی. سرووشی کاژیکنامەیش لەو پاشخانەوە بۆ جەمال نەبەز هاتووە.

ئەو فێرگە نەتەوەییە و بیروباوەڕەی جەمال نەبەز، کە بوونە پۆشاک و چوارچێوە و بنەمای کاژیک و دواتریش پاسۆک، هەرگیز نەبوونە فێرگە و بیروباوەڕێک، زۆرینە یا زۆرێک، لە خەڵکی کوردی لە دەور گلێر ببنەوە. هەمیشە دەستەیەکی کەمژمارە هەواداری ئەو ڕەوتە بوون. بە من ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی ئەو دوو ڕێکخستنە، کاژیک و پاسۆک، ئەوانە پتر دەڤەریی، لۆکاڵی بوون و لە سنووری باژێڕی سلێمانی نەچووبوونە دەرێ و تا ڕادەیەکیش مۆرک و سیما و ڕەنگ و بۆی سلێمانییان پێوە دیار بوو. جارێکی لەگەڵ کاک ئازاد مستەفادا، کە هێشتا لەگەڵ جەمال نەبەزدا نێوانیان تێکنەچووبوو، باسی بیری نەتەوەیی و پاسۆک و ڕەوشی کوردستانمان دەکرد، گوتم:”کاک ئازاد، ئێوە باسی چوار و پێنج و هەندێ جار زیاتریش پاژی کوردستان دەکەن، خۆتان بە خاوەنی فێرگەیەکی نەتەوەیی دەزانن و حیزبەکەتان بە نوێنەری هەموو کورد دەزانن، وانییە؟”. گوتی:”بەڵێ وایە”. گوتم:”یەک پرسیارت لێ دەکەم، هیوادارم ڕێکوڕەوان و دروست وەڵامم بدەیتەوە”. گوتی:”گومانت نەبێ، ئەوەی ڕاست بێ، پێت دەڵێم”.

گوتم:”ئێوەی پاسۆک، لە ئامێدی، لە دهۆک، لە مووسڵ، لە خورماتوو، لە کفری، لە خانەقین، لە مەندەلی، لە زرباتییە، لە بەغدا، لە ئیلام، لە کرماشان، لە بانە، لە ورمێ، لە قووچان، لە هەورامان، لە یێرەڤان، لە وان، لە دێرسم، لە دیاربەکر، لە مێردین، لە غازی ئەنتاب، لە قۆنیە، لە عاموودا، لە دێرک، لە قامشلوو، لە شام، لە بەیرووت، لەنێو کوردانی فەیلیدا، لەنێو کوردانی ئێزدیدا، لەنێو کوردانی کاکەییدا، لەنێو کوردانی شیعەدا، یەک ئەندامی پاسۆکتان هەیە؟”. گوتی:”نا وەڵڵا نیمانە…”. گوتم:”ئێوە هەرچەندە دروشمەکانتان گەورە و زەق و قەبەن، لێ هەرگیز لە چوارچێوەی سلێمانی نەچوونەتە دەر، لەوێ هەن، بەڵام کەمیشن”. گوتی:”دەی بە خوا ڕێک وایە..”. گوتم:”کاتی ئەوە نەهاتووە بە خۆتاندا بچنەوە و خوێندنەوەیەک بۆ مێژوو و داهاتوو و تەواوی بیر و کرداری خۆتان بکەنەوە و گۆڕینێکی ڕادیکال لە بوونی خۆتاندا بکەن!”. بڕێک ڕاما و سەرێکی بادا و گوتی:”وایە، دەیکەین ئینشائەڵڵا”. هۆکاری سەرەکی بڵاونەبوونەوەی بیری نەتەوەیی نەبەزیزم و بچووکیی کاژیک و پاسۆک، لە تەسکبیری و خانەگومانی و وشکی و تووڕەیی و باوەڕنەبوون بە خەڵک، لە دامەزرێنەری ئەو بیر و فێرگەیەوە، جەمال نەبەز و کەسەنزیکەکانی دەوروبەری ئەوەوە هاتبوون و ئیدی بووبوونە پەتایەک، هەرگیز لەو بزاڤە نەتەوەییە نەبوونەوە و تا ئێستاش هاتن، تا ئیدی مەرگ لە 08-12-2018دا، باوکە ڕۆحییەکەی پێچایەوە و هەموو خەونەکانی لەگەڵ خۆیدا لوولدا.

من بۆ خۆم، لە نزیکەوە جەمال نەبەزم نەناسیوە و هەرگیزیش هیچ جۆرە پێوەندێکم لەگەڵیدا نەبووە، لێ بەشێک لە نووسینەکانیم خوێندوونەوە و چەندین جار، لە ستۆکهۆڵم، ئامادەی کۆڕ و سیمیناری ئەو بووم و تا ڕادەیەک ئاگاییم، لە بیر و بەرخورد و هەڵسوکەوتی ئەو هەبووە و زۆریشم لە هاوبیرانییەوە لەبارەی ئەوەوە ژنەفتووە، لەو باوەڕەدام جەمال نەبەز ئەگەر سەدلەسەدیش نەبێت، ڕێژەیەکی نزیک لەو ڕێژەیە، حاڵەتێکی ترس و سڵەمینەوە و دڵەڕاوکێ و گومانکردن و باوەڕنەبوون بە خەڵک و چاوەڕوانی خراپەکاری لە خەڵک، لە بیرکردنەوەیدا هەبووە، کە تەواوی ئەوانە، پتر لە خۆبەزلزانین و لەخۆڕازیبوون و ڕالەخۆبوونەوە دێن، کە بە لاتینی و زمانانی ئەوروپایی پێی دەگوترێ (Paranoia). ئەو حاڵەتە کارێکی وا دەکاتە سەر مرۆڤ، کە وەک لە ئەمەریکا و لەسەرجادە و بازاڕ و زمانی میللی و نێو خەڵک دەڵێن، مرۆڤ هەست بکات و پێیوابێ، خەڵک هەمووی وەدووی ئەو کەوتوون و دەیانەوێ بیگرن و بڵێ:(هەمووکەس وەدوومەوەن بۆ گرتنم”Everyone is out to get me”). تەواوی ئەو بیرکردنەوەیە و ئەو دیدە بۆ ژیان و سیاسەت و شێوازی ڕەوتار و کارکردن و داخراوییە، لە جەمال نەبەزەوە شۆڕبووبووەوە و ڕۆچووبووە خوارێ، بۆ نێو ڕێکخستنەکانی کاژیک و پاسۆک و سۆکسە و ئەو فێرگە و بزاڤە نەتەوەییە، کە بەرهەمی هزری جەمال نەبەز و هاوبیرانی بوون و تەنانەت بۆ نێو هاوبیر و هەوادارانیشیان.

جەمال نەبەز، لەودەمەوەی نەتەوەییانە، بەو جۆرەی خۆی باوەڕی پێبوو و کاژیکانە دەهزری، ئیدی هەرگیز چ نوێبوونەوە و گۆڕانێک لە بیرکردنەوەیدا، لەو بوارەدا، نەدەبینرا. ئەو هەر لەسەر هەمان هێڵ دەڕۆیشت و هەمیشە هەر شتەکانی خۆی، کە چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕیبوون، دەگوتنەوە و چەندپاتەی دەکردنەوە.
هاوبیرێکی جەمال نەبەز دەیگێڕایەوە، کە جەمال نەبەز، لە تەمەنی لاویی و دەسپێکی نووسینیدا، بە ناوی “جەمال کڵۆڵ”ەوە ناسراو بووە، هەر بەڕاستیش پێموایە پرۆفێسسۆر دۆکتۆر مامۆستا جەمال نەبەز، نووسەر و ڕووناکبیر و مێژوونووس و زمانەوان و بیرمەند بوو، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ!

23-12-2018

———————
رسول، فاضل، هکذا تکلم علي شریعتي، دار الکلمة للنشر، الطبعة الأولی 1978، بیروت- لبنان، ص 70.




کەرکووکەخەم – دوانزدە ……….. ئەمجەد شاکەلی

پاش نیوەڕۆیەکی 47 پلەیەک گەرم، کۆڵەپشتەکەم بە کۆڵمەوە بوو، بە کۆڵانێکی ئەو گەڕەکەی پێی دەگوترێ”ڕێگەی بەغدا” لە کەرکووک، دەڕۆیشتم و چاوەڕوان بووم تاکسییەک پەیدا بێت و سوار بم و بگەمە گەراژی بەغدا. ئەو گەراژەی ماشێنی هەموو دەڤەرەکانی خوار یا باشووری کەرکووک(تاوغ، خورماتوو، کفری، کەلار و بەغدا و…) لەوێوە دەڕۆن. تاکسییەک پەیدا بوو، دەستم لێ بەرز کردەوە و ڕاوەستا، دەرگاکەیم کردەوە، کە سەرم وەژووردا کرد، ئاژۆرێکی گەنج تەمەنی لە 20 ساڵ کەمتر لە پشتی سوکان(فەرمان)ی ماشێنەکەوە، تا ڕادەی پاڵدانەوە یەکجار پانوپۆڕ، تەنانەت ئەژنۆی لاقی ڕاستی لەسەر لایەکی ئەو کورسییە دانابوو، کە دەبوو منی لەسەر دانیشم، ناوگەڵی بە ئارەزووی خۆی بڵاوکردبووەوە و لێی دانیشتبوو.

کوڕێکی بۆز و دێز و ڕەشتاڵەی نیوەی سەر تاشراو و ئەو کەمەقژەیشی مابووی لوول و ئاڵۆزکاو و چەور(بەو گەرمایە!)، هەر دەتگوت سەری لەکوولەکە ڕۆنەکەی سەید عەلی سەیاح یا هیزە ڕۆنەکانی جارانێ هەڵژەندووە. تیشێرتێکی بێقۆڵی گوڵگوڵی سوور و شین و مۆر و کەسک و زەرد و تووتیڕەنگ و تاووسڕەنگ و هەمەڕەنگی لەبەردا بوو و شۆرتێکی تەسکی بەلەشەوەنووساو و کورتی ڕەش و خەتخەت و پڕئەستێرە و گوڵگوڵی لەپێدا بوو و سێ چوار پێنج زریزە و ملوانکە و کلکەوانەی لە مل و مەچەک و دەست و پەنجەدا بوون و سیغارێکی باریک و درێژی لە دارسیغارێک گیرکردبوو و لە لالێوی توندکردبوو و مژی لێدەدا و دووکەڵی بە بادا دەدا، ماشێنەکەی پڕکردبوو لە دووکەڵ. لە سەروسیما و شێوەدا دیاربوو عەرەبە و منیش بەعەرەبی لێم پرسی، ئایا عەرەبی، تورکمانی یا کوردی قسە دەکات! بە دەنگێکی بڵندی پڕگەروو و پڕ بە ماشێنەکە و گەلێک باوەڕبەخۆبوو، گوتی:عەرەبی، عەرەبی”عربي، عربي…”. ئیدی عەرەبی بوو بە زمانی ئاخاوتنمان. پێمگوت دەچمە گەراژی بەغدایە. گوتی باشە.

کە وەڕێکەوت، گوتی: تۆ ئەمەریکاییت؟ گوتم: کوێم ئەمەریکاییە، بە چیمەوە ئەمەریکایی بم، چاوی شینم، باڵای بەرزم، قژی زەردم، زمان و قسەکردنم، مەگەر من لەگەڵ تۆدا بە عەرەبی قسە ناکەم؟ گوتی: بە کۆڵەپشتەکەت ئەمەریکاییت! گوتم: چۆن دەزانیت ئەمەریکایی کۆڵەپشتیان لە کۆڵە؟ گوتی: لە بەسرە گەلێکم لێیان دیوە. گوتم: بۆ جەنابت خەڵکی بەسرەیت؟ گوتی: بەڵێ. گوتم: ئەی لێرە چ دەکەیت؟ گوتی: بە ماڵەوە هاتووین و لێرە دەژین، خزمەکانمان زۆریان لەمێژەوە لێرەن. گوتی: ئەی تۆ خەڵکی کوێیت؟ گوتم: نەتگوت کە من ئەمەریکاییم! گوتی: بەڵێ، بەڵام تۆ دەڵێی تۆ ئەمەریکایی نیت! گوتم: من خەڵکی ئەم شارەم.

لەم قسەوباسەدا بووین، نزیکەی چارەکەسەعاتێک ڕۆیشت و بەلای گەراژی بەغدادا تێپەڕی و بەرەو خوار ئاژۆتی. من لەو جێیەوە کە سواری تاکسییەکە بووم، دەمزانی و دەمتوانی هەر بە پێیان بڕۆم بۆ گەراژی بەغدا و هێندەی ئەو کاتەی پێنەدەچوو، کە لەگەڵ ئەم مرۆڤەدا بووم، چون ڕێگەکە بەڵەد و شارەزابووم و دەیان جار ئەو ڕێگەیەم بە پێیان بڕیبوو. گوتم: تۆ بۆ کوێ دەچیت؟ گوتی: ئەی تۆ بۆ کوێ دەچیت؟ گوتم: مەگەر پێم نەگوتی دەچمە گەراژی بەغدایە! گوتی: ئەی گەراژی بەغدا لە کوێیە؟ گوتم: تۆ لە بەسرەوە هاتوویت بۆ کەرکووک و خۆت بە کەرکووکی دەزانیت و بوویت بە کەرکووکی و تاکسیش داژۆیت و نازانی گەراژی بەغدایش لە کوێیە؟ گوتی: ئەی بۆ نەء! گوتم: هەر بەڕاستی ئەی بۆ نەء! لەسەر کۆڵانێکدا پێمگوت: ئا لێرە لەکن خۆت ڕاوەستە تا بێمەخوارێ. ڕاوەستا و دووهەزار دینارم دایە دەستی و نە من دەنگ و نە ئەو دەنگ دابەزیم. چون گەلێک دووری خستبوومەوە، ناچار تاکسییەکی دیکەم ڕاگرت و ئەویش هەر عەرەب دەرچوو و پێی گەڕامەوە بۆ گەراژی بەغدا.

ئەوەی دەیگێڕمەوە نموونەیەکی گچکەی کەرکووکی دوای 16ی ئوکتۆبەری 2017 یە. کەرکووک لەودەمەوەی بە پێکهاتنێکی نێوان برازاگەل و کوڕێکی جەلال تاڵەبانی و بڕێک لە سەرانی حیزبەکەی تاڵەبانی و لە پشتەوەش بە پشتوپەنا و قایلبوونی کۆمپانیای نەوتی بریتانی(British Petrolium) یا BP، لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدایە، ڕادەستی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عیراق کرایەوە، ئیدی بارێکی دیکە هاتە گۆڕێ. دەسەڵات بە دەست حیزبە کوردییەکانەوە و لەنێویشیاندا حیزبەکەی تاڵەبانی خۆی، نەما.

ئەگەر کۆمپانیای نەفتی بریتانی(BP) وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە دەسەڵاتی کوردستان بەرانبەر پێکهاتنیان لەگەڵ کۆمپانیای نەفتی ڕووسی، ڕووسنێفت یا ڕۆزنێفت (Rosneft) وەها کارێکیان پەسەندکردبێت، ئەوا ئەو دەستەیەی نێو حیزبەکەی تاڵەبانی(دەستەی 16 ئوکتۆبەر)، وەک لە ئەنجامی کارەکەیاندا دەردەکەوێت، تاکە مەبەستیان لەو کارەیان، وەدەرنانی پارتیی بووبێت لە کەرکووک و تەواوی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرێی هەرێم، ئیدی لە مەندەلی و خانەقی و قزڕەبات و جەلەولا و قەرەتەپە و خورماتوو و تاوغ و کەرکووکەوە تا دەگاتە شنگال و ئەو دەڤەرانە و داخستن و داگیرکردنی بنکە و بارەگاکانی وان و ڕادەستکردنی بە حەشدی شەعبی و عیراقییەکان بووبێت.

کەرکووکییە ئاساییەکان، کە هیچ پێوەندێکیان بە حیزب و دەسەڵاتەوە نەبووە و نییە، گۆڕانێکی زەق و لەبەرچاو لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە بەسەر ژیانی ڕۆژانەیاندا نەهاتووە. لە هەموو سەردەمەکاندا، کەرکووکییەکان، کوردی، تورکمانی، دیانی و عەرەبە کۆنەکانی، پێکەوە هەڵیانکردووە و بێ کێشە و گرفت ژیاون و ئێستایش هەر بەو جۆرەن. عەرەبی هەناردەی بەعس بۆ کەرکووک، هەر لە ساڵانی 1963ەوە و دواتریش لەتوپەتکردنی کەرکووک لەنێوان ئوستانەیلی دیالە و سلێمانی و تکریتدا، کە حیزبەکوردییەکان هەمیشە خۆیان لێ کەڕ و نەبان کردووە، هۆکارێلێکی سەرەکی تێکچوون و نائارامی و گۆڕینی ڕەوشی کەرکووک بوونە لە هەموو ڕوویەکەوە.

پیاسە و گەڕانی گەڕەک و نێو شەقامەکان، وەک من بۆ خۆم دیتم و بۆ منێکی ئاسایی، تا ڕادەیەک ئاسایی بوو. تا ئێوارەیەکی درەنگ، لە ئیمام قاسم و ئیسکان و ئازادی و شۆرجە و موسەللا و حیسابات و پریادی و ڕەحیماوا و تەپپەی مەلا عەبدوڵڵا و شاترلوو و قۆریە و ئەحمەداغا و جادەی جەمهووری و دەوروبەری مەرکەزعام و ڕێگەی بەغدا و واسیتی و تسعین، مرۆڤ دەتوانێت بگەڕێ، پیاسە بکات و بازاڕ بکات، تەنانەت ڕێگەی بەغدا و تسعین تا دەرەنگانێکی شەو کراوەیە و من بۆ خۆم دەوروبەری سەعات دوانزدە و دەوانزدەونیوی نیوەشەو لە دەرەوە بووم. ئەو ئاساییەی من بۆ خۆم دیتم، خەڵک هەن پێیانوایە کاتییە و ڕەنگە بێ ئەوەی بە خۆ بزانیت یا چاوەڕوان بیت، لەپڕێکدا شتێک بقەومێ.

خەڵکە ئاساییەکەی کەرکووک پێیانوایە:

* ئێستا لە کەرکووکدا یەک دەسەڵات هەیە، ئەویش دەسەڵاتی عەرەبە و لەنێو ئەوانیشدا عەرەبی شیعە، لێ لە پێش 16 ئوکتۆبەر یەکیەتی و پارتی وەک دوو دەسەڵاتی جیاواز کاریان دەکرد و بەوەش خەڵکی کەرکووک لەنێوان ئەو دوو هێزەدا دابەش بووبوون.
* لە سەردەمی دەسەڵاتی یەکیەتی و پارتییدا، خەڵکانی نەتەوەکانی ناکورد و هەندێ جار خەڵکانی کوردی ناحیزبییش تووشی چاولێسوورکردنەوە و تۆقاندن و پشتگوێخستن دەهاتن و لەنێوان ئەوان و دەروێشانی ئەو دوو حیزبەدا جیاوازیی دەکرا.
* ئێستا ئەگەر، لە ڕووی پلە و پایە و نێزیکی لە دەسەڵات و لووتکەی دەسەڵاتەوە، ڕیزبەندییەک بۆ خەڵکی کەرکووک بکەین، عەرەبی شیعە پلەی یەکەمە و عەرەبی سوننە پلەی دوومە، تورکمانی شیعە پلەی سێیەمە و تورکمانی سوننە پلەی چوارەمە، دیان پلەی پێنجەمە و کورد پلەی شەشەمە، واتە: لە ڕووی نەتەوەییەوە عەرەب یەکەمە، تورکمان دووەمە، دیان سێیەمە و کورد لە دوای دواوەیە و چوارەمە. دوندی هەرەمی دەسەڵات بە دەست عەرەبەوەیە و خواری خوارەوەی هەرەمەکە، کارە ئاسایی و خزمەتگوزارییەکان، کورد کاری تێدا دەکەن.
* پتر لە 60 ساڵە کەرکووک و دەڤەرێن کوردستانیێن دەرێی هەرێمی کوردستان، دەعەرەبێنرێن، ئێستاش لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە کردەی عەرەباندن گوڕ و تێنێک و وزەیەکی بەهێزی وەبەرهاتووەتەوە و بەردەوامە. هیچ جۆرە دروشم و هێما و ئاڵا و نیشانەیەکی کوردستانی و کوردی لەنێو کەرکووک و ئەو دەڤەرانەدا نەهێڵراون، هەموو لابراون.
* ئەگەر ئاشتی و ئارامییەک ئەمڕۆ لە کەرکووکدا لەبەرچاو بێت و ببینرێت، ئەوا لەبنەوە بەو جۆرە نییە و کاری تۆقاندن و هەڵکوتانە سەر خەڵک و تۆبزی و ڕفاندن و کوشتن و… لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرانبەر ئەوانەی کەرکووکیان پێ کوردستانە و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بوونە و هەن، هەیە و دەکرێ.
* دژایەتی کورد تەنێ نێو باژێڕی کەرکووک ناگرێتەوە، بەڵکە دەڤەرەکانی دووبز و خورماتوو و تاوغ و گوندە کاکەییەکان و حەویجە و هەموو ئەو دەوروبەرانەش، کە دەستەی 16 ئوکتۆبەر ڕادەستی کردوونەوە، دەگرێتەوە و کورد لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین و هەمیشە لە دڵەڕاوکێدان.

* خزمەتگوزاری و کار و باری ئابووری خەڵک بە گشتی سستی و بێهێزی تێکەوتووە و بێزاری و نائاسوودەیی و بێئومێدییەک لە ڕوومەت و دەروونی خەڵکدا دەخوێندرێنەوە.
* ئەگەر تا پێش 16ی ئوکتۆبەری 2017، بەشێک لە داهاتی هەناردەی نەوتی کەرکووک، لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای”پیترۆدۆلار”دا، دوای ئەوەی لە بەرپرسانی کارگێڕی و دەسەڵاتی حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک، بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەر هیچ نەبووایە، ڕێژەیەکی کەمی لێ دەمایەوە و ئەو ڕێژەیە بۆ پرۆژەی پێشخستن و خزمەتگوزاری شارەکە تەرخان دەکرا، لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە ئیدی ئەو ڕێژەیەش نەما و بڕا، دەستەی ١٦ی ئوکتۆبەر و حەشدی شەعبی و هەموو ئەو گرۆ و دەستانەی دەسەڵاتداری ئێستای کەرکووکن، تانکەرە نەوت لە ڕێگەی سلێمانی و گەرمیانەوە هەواڵەی ئێران دەکەن و داهاتەکەیشی، چش لە کەرکووک و کەرکووکییان، بەرەو گیرفانی خۆیان دەڕوا.

* لەنێو شاردا و لە دەیان جێگە، سەرکۆڵان و ناوەندی کۆڵان و سەر جادەی سەرەکی و ناوەندی گەڕەک و شوێنی جیاواز، چەکداری پڕچەک و جلڕەش، لە ئەوپەڕی توندتۆڵی و ئامادەییدا، بە تەنیشت ماشێن و زرێپۆشە ڕەش و زلەکانیانەوە دەبینرێن، ڕاوەستاون، ئەگەر هیچیش نەکەن، خەڵکەکە لێیان دەتۆقن. ئەو چەکدارانە سەر بە هێزی تایبەتی عیراقین.
* نەکردنەوەی ڕێگەی نێوان کەرکووک و هەولێر، زیانێکی گەلێ مەزنی بە پێوەند و بازرگانی و هاتوچۆی خەڵکی کەرکووک و گەرمیان و هەولێر گەیاندووە. خاسنەکردنەوەی ئەو پردەی پردێ، کە نیوەی ڕووخاوە، بۆ دەسەڵاتی بەغدا ئەرکێکی گران نییە و نەکردنەوەی ئەو ڕێگەیە لە لایەن بەغداوە، تەنێ سەپاندنی سزایەکە بە سەر هەولێردا و بە سەر دەسەڵاتی هەولێردا، چون دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا و پێشەنگی ئەو داخوازییە بوو، دەنا خۆ ڕێگەی نێوان کەرکووک و سلێمانی ئاساییە و هیج کێشەیەک لە هاتوچۆدا نییە.
* خەڵکانێکی زۆر لەوانەی دوای 16 ئوکتۆبەر هەڵاتبوون و کەرکووکیان جێهێشتبوو، زۆریان هێشتا نەگەڕاونەوە، چون لە سەلامەتی و پاراستنی ژیانیان و پشتگوێنەخستنیان و سزا، دڵنیا نین.
* ئەو تەقینەوە و دانانی بۆمب و مین و کوشتنی خەڵکی هەژار و بێدەسەڵاتانەی لە دەوروبەری گوندانی سەر بە کەرکووک یا خانەقی و دەڤەرەکانی دیکەی دەرێی هەرێم(ئەوانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە)، کە زۆرجاران لە میدیاکانەوە دەگوترێن، کە ئەوانە کاری داعشن، گەلێ خەڵک لەو باوەڕەدان، حەشدی شەعبییش وەها کارێلێک دەکەن، تەنیا بۆ ڕاونانی کورد و چۆڵکردنی گوندەکان لە لایەن کوردەوە و دواتر داگیرکردن و عەرەباندنیان. خەڵکی کەرکووک و تەواوی خەڵکی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرێی هەرێم، لەوە دڵنیا نین، ئەو کارانە داعشن یا حەشدی شەعبی! تێکەڵاوییەکی وا هاتووەتە گۆڕێ، کە بەو کارانە جیاوازییەک لەنێوان حەشدی شەعبی و داعشدا نەمابێ و لەیەکدی جوێنەکرێنەوە.
کەرکووکی ڕۆژانی پێش 16ی ئوکۆبەری 2017، لەتەک کەرکووکی ئەمڕۆدا، گەلێک جیاوازە. ئێستا کەرکووک بێجگە لە داگیرکراوی، ناتوانی ناوێکی دیکەی لێبنێی. ئێستا پرۆسێسی عەرەبەناندن چالاک کراوەتەوە و شێوە و سیمای شارەکە لە هەموو نیشانە و هێمایەکی کوردی دەسڕدرێتەوە. ئێستا تۆ ئەگەر خەڵکی کوردزمان لە کەرکووکدا نەبینی و نەبیسیت، وا هەست دەکەیت لە شارێکی عەرەبدایت، وەک ناسرییە، دیوانییە یا تکریت. ئێستا دەسەڵات بە دەستی حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانییەوەیە و کورد بەم ڕەوشەی ئێستایەوە، لە دەرێی هەموو هاوکێشەکانە و ناوی لە ناواندا نییە و نەماوە.

کە سپای دەوڵەتی عوسمانی هەر لە سەدەکانی سێزدە و چواردەوە هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و هەر لە سربیا و کرواتیا و دەڤەری بەڵکانەوە پێدا هات تا لە 1529دا گەیشتە شاری (ڤییەن) و وڵاتی نەمسای داگیرکرد و لەو ساڵانەشدا جێ پێی خۆی لە بوڵگاریا، بۆسنیا، قوبرس، جۆرجیا، یۆنان، کۆسۆڤۆ، رۆمانیا و ئەلبانیا کردەوە و تورکێکی زۆریان لەو وەڵاتەیلە و لەو دەڤەرەیلە چاند و جێگیرکرد، کەسێک، تاکە یەک کەس لە ئەوروپا، نەیدەگوت و ناڵێ:”سپای دەوڵەتی عوسمانی هات و دەستی بەسەر ئەو وەڵات و دەڤەرانەدا گرت..” بەڵکە دەیانگوت و دەڵێن:”تورک یا سپای تورک هات و ئەو وەڵات و دەڤەرانەی داگیرکرد..”، واتە جەخت لەسەر داگیرکاریی تورک دەکەنەوە. کە سپای ئیسلام و دەوڵەتی ئەمەوی لە دوای ساڵانی 700دا هیرشی کردە سەر ئیسپانیا و داگیری کرد و سەدان ساڵ تێیدا مایەوە، خەڵکی ئیسپانیا و ئەوروپا، کە باسیان دەکەن، ناڵێن:”سپای دەوڵەتی ئەمەوی..”، بەڵکە دەڵێن:”سپای موسوڵمانان، سپای عەرەب، داگیرکارانی عەرەب، داگیرکارانی موسوڵمان هاتن و ئیسپانیایان داگیرکرد..”. لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، کە سپای ئەڵمانیای نازی هێرشی کردە سەر وەڵاتی سۆڤیێت و تا دەوروبەری مۆسکۆ ڕۆیشت و دواتر لەهەمبەر لەشکری سووری سۆڤیێت شکا و وەدەرنرا، هیچ ڕووسێک یا کەسێکی خەڵکی وەڵاتی سۆڤیێتی جاران، نەیاندەگوت و ناڵێن :”سپای ئەڵمانیا هات و ویستی سۆڤیێت داگیر بکات..”، بەڵکە دەیانگوت و دەڵێن:”ئەڵمانییەکان، ئەڵمانییە نازییەکان هاتن و ویستیان سۆڤیێت داگیر بکەن..”.
من بۆ خۆم ساڵی 1986 لەسەردەمی گەرباچۆڤدا، کە هێشتا سۆڤیێت مابوو، لە سۆڤیێت بووم و بە گوێی خۆم چەندین جار لەو گاید(ڕێنوێنیکار، دەلیل)ەی لە لێنینگرادی ئەودەم و سانت پێتەر بورگی ئەمڕۆم دەبیست، کە لەگەڵماندا بوو و باسی ئەو هێرشەی ئەڵمانیای بۆ دەکردین، هەر دەیگوت:”کە ئەڵمانەکان یا ئەڵمانییەکان هێرشیان کرد، سپای سوور قارەمانانە تێکیشکاندن….ئەڵمانەکان یا ئەڵمانییەکان هەڵاتن….”. ئەو شێوازی دەربڕینە و ناوهێنانی سپای ئەڵمانیا بە ئەڵمانەکان و ئەڵمانییەکان، بۆ هاوڕێیەکانم و تەنانەت منیش بڕێک سەیر بوو و پێمانوابوو ئەوە جۆرێکە لە نەتەوەپەرستی و شۆڤینیزم! لێشاوی هەناردنی عەرەب، هەر لە 1963ی سەردەمی بەعسەوە تا دەگاتە ڕێژیمی ئێستای بەغدا، بە قایلبوون و خواستی عەرەبەکان بۆ خۆیان و بە شێوازێکی نەخشەبۆداڕێژراو، لە خوارووی عیراقەوە لە ماوەی دەیان ساڵدا بۆ کەرکووک و داگیرکردنی خاک و زەوی و کشتوکاڵ و گەڕەک و کۆڵانی خەڵکی کوردی کەرکووک و گۆڕینی هەموو سیما و شێوەیەکی کوردستانی و کوردیی شارەکە، دەبێ لە عەرەباندن زیاتر چ ناوێکی لێ بنرێ و کەنگێ ئیدی کورد و تورکمان و دیانی کەرکووک و دەسەڵاتدارانی کوردستان، دەتوانن و دەوێرن، ڕێکوڕەوان و بێ پێچوپەنا و ڕاشکاوانە، بەو عەرەبە هەناردانە، لەنێویشیاندا ئەو ئاژۆری تاکسییەی منی لەگەڵ سواربووم، بڵێن: داگیرکەر!
2018-07-07

————————————–
پەراوێز:

سەید عەلی سەیاح، لە سەییدەکانی گەرمک بوو و دانیشتووی کەلار بوو. خاوەنی زەویوزار نەبوو و کاری کشتوکاڵ و وەرزێری نەدەکرد و لە ڕیزی چینی”ڕەشایی”دا بوو، واتە: ئەوانەی خاوەنی زەوی نین. پیاوێکی ڕەنگسووری لووتباریکی برۆی تا ڕادەیەک تێکەڵ و کەمێک بەخۆیەوە بوو. قژێکی ماشوبرنجی درێژ بەسەر شانیدا شۆڕ بووبووەوە. کەمدوو بوو، بەڵام لە کاتی قسەکردندا برێک تەنگەنەفەس و هەناسەسوار بوو. زۆرجاران کراسێکی درێژی ڕەنگ قاوەیی یا زەدرباوی لەبەر دەکرد و لە سەرەوەیشی شتێکی مانەندی ئێلەک(سوخمە) و لە بنەوەش دەرپێیەکی سپی درێژی لەپێ دەکرد.
مشکییەکی دەدا بە سەریدا و پارچەیەکی سەوزی دەپێچایە سەرییەوە، وەک نیشانەی سەییدیەتی. زۆر دەگەڕا و دەچووە گوندانی دەوروبەری کەلار و گەرمیان، هەربۆیە نازناوی”سەیاح”یان لێنابوو. هەردەم ئەگەر بۆ ماڵە هاوسێیەکیشی چووبا، مەتارەیەکی پڕ لە ئاوی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا. دوعای دەکرد و دەنووسی و کەڵەشاخیشی دەگرت. زۆرجاران لەبری ئەو نوشتە و دوعا و کەڵەشاخە، وەک “سەرقەڵەمانە” و حەقدەست، ڕوونی ئاژەڵ و کەرە و ساوەر و دۆینەی وەردەگرت و بۆ خۆی لەو گوندانەی دەچوویە داوای ئەوانەی دەکرد. بەردەوام کوولەکەیەکی ملاوی و چەقۆیەکی گەورەی تەورئاسای یا شمشێرێکی پێبوو و هەندێ جاریش هیزەی هەڵدەگرت. ئەو کوولەکەیە، کە کوولەکە ملاوییان پێدەگوت، لە بنەوە بەرین بوو و ملکێکی هەبوو، وشک دەکرایەوە و وەک دەفر بۆ شت تیداهەڵگرتن، مانەندی ڕۆن و کەرە و خوێ و دانەوێڵە و ئەو جۆرە شتانە لە ماڵاندا بەکاریان دەهێنا، سەیید عەلی ڕۆن و کەرەی تێدەکرد.
وا باو بوو، کە سەیید هەرگیز لە ژیانیدا ڕوونی ڕووەکی و دروستکراوی نێو قوتوو و تەنەکە و ئەوانەی بە هیچ جۆرێک نەخواردووە و تەنێ ڕۆنی ئاژەڵیی دەخوارد. هەربۆیە کوولەکەکەی هەمیشە ڕۆنی تێدا بوو و چەوری لێ دەتکا. هەندێ خەڵک “سەیید عەلی ناننەخۆر”یشیان پێدەگوت، چون هەموو خۆراکێکی نەدەخوارد و حەزی بە خواردنی خۆش و چەوری بە ڕۆنی ئاژەڵ دروستکراو بوو. ئەگەر چووبایەتە ماڵێک و ڕۆنی ئاژەڵییان نەبووایە بۆوەی چیشتی بۆ لێبنێن، بۆ خۆی لە کوولەکەکەی خۆی ڕۆنی ئاژەڵیی دەدانێ. گەلێ حەزی لە کەباب بوو و وەک دەگێڕنەوە هەر چەند ڕۆژ جارێک لە کەلاری کۆنەوە، کە ئەودەمی، هەرچەندە گوندێکی گەورە بووە، لێ خواردنگە و کەبابخانەی تێدا نەبووە، بە پێیان بێ ئەوەی سواری ماشێن ببێت، چووە بۆ کەلاری شار و تازە و نێوەندی قەزاکە بۆ کەبابخواردن.
هەر کاتێک هاتبا بۆ شاکەل و کە لە پاسەکەی حاجی حەسەنی کوێخا فەرەج دادەبەزی، هەموو منداڵانی گوند هەر کە چاویان پێی دەکەوت، هەڕایان دەکرد و خۆیان لێ دەشاردەوە، چون لێی دەترسان، نەک لەوەی کە ئازاریان دەدا، بەڵکە تەنێ لەبەر شێوەی پۆشاک و پرچی درێژ و شمشێرەکەی. دادە تەلیعەی کچی ئەکبەری کەمەری ڕۆغزادی جاف، کە جاران دانیشتووی شاکەل بوو دەگێڕێتەوە، کە جارێکیان سەیید عەلی داوای ساوەر لە دادە مەنیج، کە دەبێتە میمکی دادە تەلیعە و خێزانی فەرەجی ئەحمەد ڕەمەزانی گڵاڵی، دەکات. دادە مەنیجیش دەڵێ: “سەیید گیان بوومەقوروانت هێشتا ساوەرم نەکردووە! سەیید پێی دەڵێ:”ئەی عەمرت نەمێنێ لە هاوینا هەر سێوەرێ خۆشوێ قنگی تێئەکەی، ساوەرەکە ئەخەیتە پاییز، جا ئەوەنە جیڕ ئەوێ ناخورێ، یاخوا لات وە دەوار وێ”.

2 هیزە لە پێستی بەرخ دروست دەکرێت، بڕێک نەرم و شل و لووس و بریقەدارە و تایبەتە بە هەڵگرتن و پاراستنی کەرە و ڕۆنی ئاژەڵیی.

دەگێرنەوە کە بەشیر موشیر دوای 50 ساڵ پێکەوە ژیان لەگەڵ ژنەکەیدا، کە دایکی “شامیل”یان پێگوتووە، لە ژنە جودا بووەتەوە یا بەکوردییەکەی تەڵاقی داوە. خەڵک و دۆست و ناسیاوان لێی دەپرسن، کە بۆ ئەو ژنەی تەڵاق داوە،ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ:” ئەمڕۆ بۆم دەرکەوت عەرەب دەرچوو”، واتە: دوای ئەو هەموو ساڵە بەو تازەیە پێیزانیوە عەرەبە.




وردەئاهەنگەکانی 16ی ئوکتۆبەری 2017 و کۆکەکەی شوباتی 1964 ….ئەمجەد شاکەلی

ساڵانێک بوو، کەرکووک، بێجگە لە “دڵی کوردستان”، هیجی دیکە نەبوو، بەڵام هەر بۆ کاڵکردنەوە و بەرەبەرە سڕینەوەی دروشمی “کەرکووک دڵی کوردستانە”، کە سەرۆک موستەفا بارزانی دایهێنابوو، جەلال تاڵەبانی، دەستەواژەی”کەرکووک قودسی کوردستانە”ی داهێنا. قودس، کە دەکاتە ئۆرشەلیم، ئەو شارەی بەلای هەموو موسوڵمانان و هەموو عەرەبەوە پیرۆزە و بە لای عیساییانیشەوە پیرۆزە و بە لای جوولەکەیشەوە پیرۆزترە و کە لە 1948ەوە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە، هەموو عەرەب و موسوڵمانانی دنیا و تەنانەت هەندێ وەڵاتی دۆستی عەرەب و موسوڵمانانیش هاوار دەکەن، بدرێتەوە بە فلستین، ئیسرائیل نەک هەر نایداتەوە بە فلستین، بەڵکە لە فلستینییەتی و تەنانەت ئیسلامەتیش دایدەماڵێ و دەیەوێ بیکاتە پێتەختی ئیسرائیل و هەموو ڕۆژێک زیاتر دەیئیسرائیلێنێت و دەیجوولەکەیەنێت. ئەو داهێنانەی تاڵەبانی، ناودێرکردنی کەرکووک بە قودسی کوردستان، ڕێک بۆ ئەوە بوو کەرکووک بە قودس بچوێنێت. تاڵەبانی، پیاوێکی فرەزان بوو و دەیزانی چی دەڵێ. بە داهێنانی ئەو دەستەواژەیە، ویستی بە خەڵکی کوردستان بڵێ، ئێوە دەبێ هەر خەون بە کەرکووکەوە ببینن و کەرکووک، بەدەردی قودس ڕۆیشت و تەواو! تاڵەبانی ویستی ڕێک ئەو قسەیەی تاریق عەزیز، لەمەر کەرکووک، بە کورد بڵێتەوە، کاتێ لە ساڵانی 1990دا و لەسەردەمی گوتوبێژدا لەنێوان حوکوومەتی بەغدا و سەرکردەیەتیی سیاسیی کوردستاندا، بە شاندە کوردستانییەکەی گوتبوو:”چۆن عەرەب بۆ ئەندەلوس گریان، ئێوەش هەزار ساڵ بۆ کەرکووک بگرین”. تاڵەبانی، بەو دەستەواژەیەی، دەستبەرداری کەرکووک بوو، ئەو باش دەیزانی قودس ڕۆیشتووە و عەرەب و موسوڵمانان، دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون و مەگەر هەر بڵێن “ئەم نانە بەو ڕۆنە”. کە کەرکووک، کە بە قودسی کوردستان ناودێر کرا، خرایە ڕیزی ئەندەلوس و ئەهواز و ئەسکەندەرۆنە و قوبرس و قودسەوە، ئیدی لەو دەمییەوە کەرکووک فرۆشرا!

پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، جەلال تاڵەبانی، بە یاوەریی سەنعان قەسساب، کەونەکورد و نوێتورکمان و نوێتۆرانی، چووە کەرکووک و یەکەم کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کەرکووکی لەنێوان 24 کەسدا دابەشکرد، 6 تورکمان، 6 عەرەب و 6 مەسیحی و 6 کورد، کورد، بەوە ئەژماری 25%ی دانیشتووانی کەرکووکی بۆ کرا و تاڵەبانی کوردی لە زۆرینەوە کرد بە کەمینە. کەرکووک، ئەو کاتە فرۆشرا!
دوای ماوەیەکی دیکە، جەلال تاڵەبانی، پرۆژەی برۆکسلاندنی کەرکووکی هێنایە گۆڕێ و دەسەڵاتی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووکدا، بە ڕێژەی 32% بۆ تورکمان و 32% بۆ عەرەب و 32% بۆ کورد و 4% بۆ مەسیحییان، دابەشکرد، هەمدیس کورد کرانەوە بە کەمینە، کەرکووک، ئەو کاتە فرۆشرا!
چ ئەودەمەی 6 جار 4 و چ دەمی 3 جار 32%+4%ی کەرکووک، هەرگیز بۆ تاکە یەک جاریش، جەلال تاڵەبانی نەیتوانی وەک چۆن دەسەڵاتی لە کەرکووک بەو جۆرە دابەش دەکرد، لە بەغدایش، کە پتر لە چواریەک(25%)ی کوردنشینە و لە کووت و دیالە و مووسڵ و شوێنانی دیکەش هەروا، داخوازی ڕێژەی چەند لە سەدێک بۆ کورد بکات!

تەواوی ئەو ماوەیەی(لە 2005ەوە تا مانگی دیسەمبەری 2012، کە ئیدی نەخۆش کەوت)، جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری عیراق بوو، تاکە یەک بڕیاری ڕێژیمی بەعسی لەمەڕ عەرەباندن و پاکتاوی نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی و خاکی کەرکووک، نەسڕایەوە و پووچەڵ نەکرایەوە و یەک میتر خاکی دابڕاو لە کەرکووک(خورماتوو، کفری، کەلار، چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەکانیان) نەگەڕێنرایەوە سەر کەرکووک و تاکە یەک عەرەبی داگیرکەری کەرکووک، نەنێردرایەوە بۆ زێدی خۆی، کەرکووک، ئەو کاتە فرۆشرا!
لەنێوان 1964 و 2017دا 53ساڵ هەیە، لە ماوەی ئەو 53 ساڵەدا، ئیدیۆلۆگییەک، بیروباوەڕێک، دیدێک، کە ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەی بوون، هاتە گۆڕێ و چەکەرەی کرد و بوو بە وزە و هێز و خڕبوونەوە و دەستە و گرۆ و حیزب و بەنێو هەموو شادەمارەکانی ئەم گرۆ و حیزبانەدا دەهات و دەچوو و دێت و دەچێت و هەموو جمگەکانیانی تەنیبووە و تەنیوەتەوە: پارتی دیموکراتی کوردستان(باڵی ئیبراهیم ئەحمەد-جەلال تاڵەبانی/ باڵی مەکتەبی سیاسی).

پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان(حیزبەکەی ئیبراهیم ئەحمەد-جەلال تاڵەبانی). پارتی شٶڕشگێڕی کوردستان(حیزبەکەی شێخ عەبدوسسەتتار تاهیر شەریف). بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانی کورد(حیزبەکەی مەلاماتۆر). یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان (بزووتنەوەی شۆڕشگێڕان + هێڵی گشتی + کۆمەڵەی مارکسی- لێنینی کوردستان/کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان). ئاڵای شۆڕش. بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری. ئەو ئیدیۆلۆگی و بیروباوەڕ و دیدە لەنێو هزری تەواوی ئەو گرۆیانەدا خۆی بینییەوە و جێی خۆی کردەوە و سنووری باشووری کوردستانی بەزاند و بەنێو حیزب و خەڵکی کوردی بەشەکانی کوردستاندا، تەشەنەی کرد و تائێستاش بەردەوامە. ئەو بیروباوەڕ و دید و ئیدیۆلۆگییە، کە لەو دەمییەوە، ڕێباز و فێرگەیەکە و بە “جەلالی” ناوی دەرکردووە و لەگەڵ گیانی شارچێتی سلێمانیدا، تێکەڵ و ئاوێتەبووە. جەلالی و شارچێتی(سلێمانیچێتی)، تاکە یەک فەلسەفەیان لە ژیان و بووندا هەبووە و هەیە و هەوادارانی لیێ گلێر بوونەوە و بووە بە بازنەیەک بۆ خڕبوونەوەیان، ئەویش سڕینەوەی مێژوو و ناو و ماڵی بارزانییە و هیچی تر.

لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجە(سڕینەوەی مێژوو و ناو و لەنێوبردنی ماڵباتی بارزانی و بارزانیزم) و بە گوێرەی ئەو هزرەی جەلالیزمی لەسەر دانراوە، گرتنەبەری هەموو ڕێگەیەک شیاوە و هیچ ئامرازێک نەشیاو نییە. جەلالییان، بەس بۆ لەبەینبردنی ماڵباتی بارزانی، ئامادەن خۆ لەبەین ببەن، ئامادەن وڵات و خاک و گەل بفرۆشن و ببنە کەواسووری بەر لەشکری نەیارانی کوردستان و بە کردەوەیش کردوویانە. 16ی ئوکتۆبەری 2017 و ڕادەستکردنی کەرکووک بە دەسەڵاتدارانی بەغدا، ترۆپکی خەباتی 53 ساڵەی ئەو فێرگە فەلسەفەییە بوو. ئەوان، کە دیتیان نزیکەی %95ی خاکی باشووری کوردستان، ڕزگار بووە و نزیکەی %93ی خەڵکەکەی، بە کەرکووک و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەوە، دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە و نۆرەی بارزانی و هەولێر لە هەڵکشاندایە، هەستیان بە لاوازی و بچووکبوونەوە و گرگنی خۆیان کرد و لەپێناوی لاوازکردن و سڕینەوە و شکاندنی ماڵباتی بارزانیدا، تەواوی ئەوەی گەلی کوردستان لە ماوەی سەد ساڵدا پێیگەیشتبوو، بە چەند سەعاتێک دایان بە ئاودا و لە دوندەوە، وەک جێبەجێکردنێکی فەلسەفەکەی جەلال تاڵەبانی”دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە”،کورد و پرسی کورد و خەونی سەربەخۆیی و ئازادییان، هێنایە خوارێ و هەر هیچ نەبێت بۆ ماوەیەک دایانڕووخاند و دوایانخست.

هەر دوای چەند سەعاتێک لە داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن بەغداوە، کۆمپانیای بریتش پیترۆلیۆم(British Petroleum) یا(BP)، گەیشتنە کەیوان. ئەو کۆمپانیایە سەر بە وەڵاتێکە، هەمیشە کەرکووکی بە هی خۆی زانیوە، چونکە ئەو یەکەم وەڵات بوو، نەوتی کەرکووکی دەرهێنا و هەر ئەویشە، خۆی بە زڕبابی کوردستان و هەموو عیراق دەزانێت. ئەمە هەر هیچ دەرنەخات، ئەوە پێشان دەدات، کە ئەوانەی کەرکووکیان ڕادەستی بەغدا کرد”دەستەی 16ی ئوکتۆبەر”(کوڕێک و برازاکانی تاڵەبانی+بڕێک لە سەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان) و دەسەڵاتدارانی بەغدا و ئەوانەی ئێرانێ، کە بۆ کۆمەکی 16ی ئوکتۆبەرییە کەواسوورەکانی بەر لەشکر هاتبوون، هەموو دەچنەوە سەر یەک سەرچاوە و هەموو لەسەر یەک خوان دەلەوەڕێن، ئەویش ئەو وڵاتەی خاوەنداریەتی BP دەکات و هەموو لەبنەوە گرێدراوی یەکدین. بریتانیا، هەر لە یەکەم ڕۆژی باسوخواسی گشتپرسییەوە، بێ شاردنەوە، دژی بوو و هەرگیز لەگەڵ سەربەخۆیی باشووری کوردستاندا نەبووە، چون سەربەخۆیی باشووری کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، دەکاتە تێکشکان و داڕووخانی ئەو پەیکەرەی، بریتانیا بۆخۆی دروستی کردووە، واتە: عیراق. عیراق، شاکاری بریتانیایە، چۆن بریتانیا لەگەڵ دەسکاری و گۆڕینی نەخشەی عیراقدا دەبێت؟ ئەوانەی کەرکووکیان دا بە دەستەوە و کەرکووکیان داگیرکرد، شاگردی بریتانیان و بە میرات لە باپیر و باوک و مامیانەوە، بۆیان ماوەتەوە.

ئەوانەی کەرکووکیان ڕادەستی بەغدایە کرد، هەمیشە ئاگری ژێرکا ئاسا، تەواوی توانستی ماددی و دارایی خۆیان و پێوەند و ڕایەڵە و میدیاکانی خۆیان، تەرخان کردووە بۆ شۆردنەوەی مێشکی خەڵکی ئەو دەڤەرە کەسکەی بندەستیان، بەوەی، کە مووچە لە نەتەوە و خاک و نیشتمان و هەرچی شتی ترە گرنگترە، چون ئەگەر وانییە، بۆ هەموو ئەو گەنجە خوێنگەرمانەی دەهاتنە سەر شەقامەکان و سنگیان بە گوللەوە دەنا، تاکە یەک ڕۆژ دژبە ڕادەستکردنی کەرکووک و دژ بە ڕادەستکەرانی کەرکووک، نەچوونە سەر شەقام و یەک وشەیان لە زار نەهاتە دەر!
لە مێژووی نوێی کوردستاندا، دوو دانە خاڵی تاریک، گەلێ تارێک هەن، یەکەمیان دووبەرەکی 1964 و جودابوونەوەی جەلالییان بوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەیەتی بارزانی، کە تا ئەم ساتەیش گەلی کوردستان، تەواوی کوردستان، باجەکەی دەدات و سەرتاپا کوردی کەرت کردووە، دووەمیشیان، 16ی ئوکتۆبەر و ڕادەستکردنی کەرکووک بوو. قارەمان و کوڕەئازاکانی ئەوەی یەکەم(1964)، باپیر و باوک و مامی کەتنکەرانی دووەم(2017) بوون.

لە مێژووی نوێی کوردستاندا، دوو دانە خاڵی ڕوون وەک “ڕۆژی نیوەڕۆ” و وەک “چاوی قرژانگ” و وەک “کانیەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو..” هەن، یەکەمیان، ڕێککەوتنی 11ی مارسی 1970ی نێوان سەرکردەیەتی کوردستان و حوکوومەتی بەعسی بەغدایە، دووەمیشیان، گشتپرسیی 25ی سێپتەمبەری 2017، بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان. پێکردنی ئەو هەردوو چرایە، لەسەر دەستی بارزانی باوک(مەلا موستەفا) و بارزانی کوڕ(مەسعوود)بوون. ئەگەر ئەوەی یەکەمیان، خۆشترین چوارساڵێکی بۆ باشووری کوردستان و کوردی عیراق، هێنابێ، ئەوەی دووەمیان هەڵکشانێک بوو بەرەو ترۆپک، چون بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی کورددا، تێکڕای خەڵکی کوردستان، بە کۆی دەنگ، بڵێن نەء بۆ ژێردەستەیی و سەربەخۆیی هەڵبژێرن. 25ی سێپتەمبەری 2017 و گشتپرسی و دەنگدان بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ئازاترین هەنگاو و درەوشاوەترین لاپەڕەیەکە لە ژیانی مەسعوود بارزانیدا. ئەوەی بارزانی لە 25ی سێپتەمبەریی 2017دا کردی، نە سەرەڕوویی بوو و نە هەڵە، نە خواست و ئارەزوویەکی خۆیی و کەسەکی و بنەماڵەیی بوو، وەک نەیارانی بارزانی وێنای دەکەن، بەڵکە هەڵبژاردنی بەرەی گەل و چوونەپاڵ خواستی گەلی کوردستان بوو و پەیامێک بوو بۆ نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەر (تورک، عەرەب و فارس) و هەموو جیهان، کە گەلی کوردستانیش هیجی لە گەلانی دیکەی دنیا کەمتر نییە.

بەو کارەیشی، بارزانی، وەک ڕێبەر و سەرکردەیەک لە مێژوودا ناوی خۆی تۆمار کرد. جەلالیزم، چۆن چاوی بەرایی دەدات و بەو شکۆمەندییە قایل دەبێت! هەرگیز نەء. دەستەی 16ی ئوکتۆبەر و کوڕ و برازاکانی جەلال تاڵەبانی و بڕێک لە سەرانی حیزبەکەی تاڵەبانی، بە دەستتێکەڵکردن لەگەڵ دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستاندا، کەرکووکی هەمیشە بریندار، کە تازە برینەکانی خەریکبوون ساڕێژ دەبوون و تازە بەرگی بووکێنی پووشیبوو و زەماوەندی بۆ ساز دەکرا و دەگوێزرایەوە، لە خوێندا دەیگەوزێنن و لە دووکەڵدا قانگی دەدەن و تارا و بەرگی بووکێنییەکەی دەسووتێنن و دەستی دەدەنە دەستی داگیرکەرانی دڕندە و تینووی شەهوەتەوە و هەموو زیناکەرانی شەو دەکەن بە ژوورەکەیدا و لە پشتی دەرگاکەیەوە ڕادەوەستن، گوێ لە هاواری سمینی پاکیزەیی دەگرن .

لە جیهاندا لە دووڕوویی و هەلپەرستی و خۆیەکلایینەکردنەوە و منجەمنجکردن و خۆساغنەکردنەوە و ناڕوونی و لاڕێگرتندا، حیزبێکی دیکە لە وێنەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان نابینرێتەوە و ئەگەر هەبێتیش دەگمەنە! حیزبێکە لەیەک کاتدا: لەگەڵە و لەگەڵیش نییە، پێی باشە و پێیشی خراپە، بەڕاستی دەزانێت و بەناڕاستیشی دەزانێت، مارکسیست و ماویست و چەپ و سۆسیالیستە و ئیسلامی و سەرمایەداری و هاندەری کەرتی تایبەتیشە، کوردستانییە و ناکوردستانی و عیراقییشە، ئەمە و ئەویشە و ئەوەیە و ئەمەیشە و ئەمانە و ئەوانەیشە و لەمانە و لەوانیشە و….تاد. تەواوی ئەو سیاسەت و دیدە دووڕوویی و هەلپەرستی و خۆیەکلایینەکردنەوە و منجەمنجکردن و خۆساغنەکردنەوە و ناڕوونی و لاڕێگرتنە، هەڵقوڵاوی یەک فەلسەفەیە، کە هەموودەم جەلال تاڵەبانی دەیگوتەوە و جەختی دەکردەوە، ئەویش فەلسەفەی”چەپکەگوڵ”ە، چەپکەگوڵەکەی تاڵەبانی، کە پێڕۆیانی وەک دروشمێکی پیرۆز، وەک بڕگەیەک لە ئایینێک، وەک ڕێباز و هزرێک، تەماشای دەکەن و دەیڵێنەوە. ئەو فەلسەفەیە یا ڕوونتر ئەو سیاسەتە، کە “چەپکەگوڵ” بنەما تیۆری و هزرییەکەیەتی و بووە بە نەخشەڕێگە و چرایەک بۆ جەلالییان، ڕێک ئەوە کەرکووکی بەو دەردە برد وا دەیان ساڵە پێوەی دەتلێتەوە و دەناڵێنێت.

ئەوەی لە 16ی ئوکتۆبەری 2017دا لە کەرکووک ڕوویدا، بێجگە لە ناپاکی و خیانەت، ناکرێ ناوێکی دیکەی لێبنرێ. ئەوانەی لەو ڕۆژەدا و لە ئەنجامی پێکهاتنێکی ژێربەژێریی، حەشدی شەعبی و هیزی دەرەکی و دەسەڵاتدارانی بەغدایان پەلکێشی کرد و کەرکووکیان وەک دیارییەک، ڕادەستیان کرد، بێجگە لە خیانەتکار و وڵاتفرۆش، ناکرێ ناوێکی دیکەیان لێبنرێ.
شاعیری گەورەی کورد شێخ ڕەزای تاڵەبانی دەڵێ:
پیر کە کۆکی و نەتڕی دوورە لە مردن هێشتا
وردەئاهەنگی دوای کۆکە نیشانەی ئەجەلە
پیر کە کۆکی و تڕی، دەنگی وەک بارەزەلە
شاهیدی موعتەبەرم عیززەتی مەئمووری تەلە
کۆکەکەی شوباتی 1964ی جەماعەت درێژەی کێشا تا ڕەسییە وردەئاهەنگەکانی 16ی ئوکتۆبەری 2017 و ئیدی نیشانەکانیشی وا بەرەبەرە دەردەکەون.

2017-11-17

————————
نیوە دێڕێکە لە شیعری”جوانی بێ ناو”ی مامۆستا گۆران.
شاعیری عیراقی، موزەففەر ئەننەوواب(مظفرالنواب)لە شیعرێکیدا، بە ناوی: قودس، بووکی عەرەبایەتیتان”القدس عروس عروبتکم” دەڵێ:
القدس عروس عروبتكم
فلماذا أدخلتم كل زناة الليل إلى حجرتها ؟؟
ووقفتم تستمعون وراء الباب لصرخات بكارتها
وسحبتم كل خناجركم
وتنافختم شرفا
وصرختم فيها أن تسكت صونا للعرض
فما أشرفكم
أولاد القحبة هل تسكت مغتصبة ؟
أولاد القحبة
لست خجولا حين أصارحكم بحقيقتكم
إن حظيرة خنزير أطهر من أطهركم




کتێب- سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو – گەشتێک بۆ ئیسیووپیا …. نووسینی: ئەمجەد شاکەلی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..https://dengekan.info/wp-content/uploads/2018/06/barg_amjadShakali_sadayak_sm.jpg




پیاوە بنجگەباڵاکە … ئەمجەد شاکەلی

سێشەممە 26ی سێپتەمبەری 2017، یەک ڕۆژ دوای گشتپرسییەکەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، لەبەردەم خواردنگەیەکی گچکەی فەلافیل(فلافل) لە ستۆکهۆڵم، کە خاوەنەکەی عیراقییەکی عەرەبە، دانیشتووم و خەریکی خواردنی فەلافیلم. پیاوێکی پانتۆڵ و چاکەت لەبەری، سەر و ڕدێن سپی، باڵا ناوەندی، چاویلکە لەچاو، تەمەنی نزیکەی 77 ساڵ، لەگەڵ گەنجێکدا، کە پێدەچوو باوک و کوڕ بن، لەبەردەم خواردنگەکەدا ڕاوەستان و گەنجەکە پیاوەکەی بەجێهێشت و پێیگوت، کەمێکی تر دەگەڕێتەوە لای.

بە شێوەی ئاخاوتنەکەیان دیار بوو خەڵکی سلێمانین. پیاوەکە بە عەرەبییەکی ڕەوان, لەگەڵ خاوەنی خواردنگەکەدا، کەوتە قسان و داوای خواردنەکەی کرد و لێێ پرسی، خەڵکی کوێیە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، خەڵکی دیالا و باقوبە(بعقوبه‌)یە. پیاوەکە، هەناسەیەکی گەرمی پڕ بە سینگی هەڵکێشا و لەتەک یەک تۆپەڵە ئاخ و ئۆف و مخابن و بەداخەوە و حەیفدا دەراندی، دەتگوت کۆستێکی گەورەی کەوتووە و نزیکترین و خۆشەویستترین کەسی مردووە.

بە گەروویەکی نووساوی خەماوی و پڕ لە گریانەوە، بە خاوەنی خواردنگەکەی، نەک جارێک دەیان جار گوت: وەی بەداخەوە بۆ ئەو عیراقە، دەک حەیف بۆ ئەو عیراقە، وەی کوێراییم دابێت بۆ ئەو عیراقە، بریا قەت ئەم ڕۆژەم نەدیتبایە! خاوەنی خواردنگەکە لێی پرسی، ئەو خەڵکی کوێیە، ئەویش گوتی: سلێمانی.

تۆ ئەگەر لەوناوە بووایەیت و تەنیا گوێت لە ئاخ و ئۆفی پیاوەکە بووایە، واتدەزانی، لە کەونە بەعسییە عرووبییە وەحدەوییەکان یا قەومییە عەرەبییە ناسرییەکان یا ئەندامێکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی یا عەرەبێکی مووسڵاوی، باقووبەیی، فەللووجەیی بەسرەیی یا پسمامی زەعیم سددیق و عەلی حەسەن مەجید و مولازم موحسینە. پیاوەکە بە ئاخ و ئۆفەوە نەوەستا، ئەوجا یەک شیعری عەرەبی، نزیکەی هەشت نۆ دێڕی، بە عەربییەکی جوان و پوختە، کە پەسنی بەغدا و عیراق و مێژووی عیراق بوو، بەسەردا کرد و خۆش خۆشیش دەیگوت: ئاخ بۆ بەغدا، کە هەموومانی کۆکردبووەوە، حەیف بۆ بەغدا، کە پایتەختی هەموومان بوو، وای بۆ عیراق، کە وڵاتی هەموومان بوو، ئۆف بۆ عیراق، کە وای بەسەر هات و خەڵکانی ناپاک و خراپەکار و دەستی دەرەکی و سیخوڕ و بەکرێگیراو خەریکن تێکی دەدەن و بەشبەشی دەکەن! خاوەنی خواردنگەکە، هەر گوێی دەگرت و پیاوەکەش هەر قسەکانی خۆی دەکرد.

بە سەروسیما و عەرەبیزانینەکەی، پیاوەکە، لە کۆنە مامۆستایەکی زمانی عەرەبی، یا کارمەندێک، کە چەند ساڵێکی ژیانی لەگەڵ عەرەبدا ژیابێ، دەچوو. کە گوێم لە قسەکانی بوو، بە خۆمم گوت تۆ بڵێی ئەم پیاوە خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەبارەیەوە گوتوویەتی:

لــــەبیرم دێ ســــولەیمانی کـــە دارولمولکی بـــابـــان بوو
نەمەحکوومی عەجەم نەسوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لـەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاھید
مـــەتافی کــــەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لــــەبــــەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
ســــــەدای مۆزیقا و نــــەققارە تا ئـــەیوانی کەیوان بوو
درێغ بۆ ئــــــەو زەمانە ئـــــەو دەمە ئەو عەسرە ئەو ڕۆژە
کــــــەمەیدانی جریدبازی لـــــەدەوری کــانی ئاسکان بوو !

تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە یەکەم پێتەختی یەکەم شانشینی کوردستان بوو، کاتێک شێخی نەمر، مەلیک مەحموود، یەکەم شای کوردستان بوو لە مێژوودا!
تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە پێی دەڵێن: شاری هەڵمەت و قوربانی و شاری پیرەمێرد و حەمەساڵح دیلان!
تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە فایەق بێکەسێکی تێدا هەڵکەوتووە، پەنجەی کردووەتە چاوی ئێدمۆندزی ئینگلیزی داگیرکەردا و پێی گوتووە:

بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم
لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم
کەچی هێشتا هەر دیل و ڕەنجەڕۆم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆ چی بە ناحەق وا سووکت کردم؟

تۆ بڵێی ئەو خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە پێش نزیکەی سەدساڵێک، دژی لکاندنی باشووری کوردستان بوو، بە عیراقەوە!
بە من، نە‌و! بە من، ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەیە، کە کەمترین ڕێژەی خەڵک تێیدا 50%ی لەگەڵ سەربەخۆییدا بوون و ئەوەیشی دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، خەڵکە هەژار و کارگەر و شەکەت و جەرگسووتاو و تامەزرۆی ئازادی و نیشتمانپەروەرەکانین، دەنا ئەندامان و هەوادارانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سلێمانی، نە تەنیا لە سلێمانی، بەڵکە لە تەواوی ئەو دەڤەرەی بندەستیان بە گەرمیان و هەڵەبجەیشەوە، مەگەر دانە دانەیەکیان، دەنا شتاقیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نەداوە و ئەگەر بەشداریی گشتپرسییەکەیشیان کردبێت و پەنجەی مۆرکراویشیان لە میدیاکانەوە پێشانی خەڵک دابێت، ئەوا بە نەخێر یا بە سپی دەنگیان داوە. ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەیە، کە سەردارانی نەیانگەرەکە لە عیراق دوورکەونەوە، بەلكە دەیانەوێ لە هەولێر دابڕێن! ئەو پیاوە فەلافیلخۆرە گرگنە، کورتەڵە، گزگلە، بنجگەباڵایە، خەڵکی ئەو سلێمانییە نەبوو، کە میلیۆنان کورد، بە خۆیشمەوە، هەمیشە، وەک ئاگرێکی زیندوو و لانکی داهێنان، سەیریان کردووە، ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەی ئەمڕۆ بوو.

2017 – 09 – 26




کێشەکانی دەنگدانی کوردستانییانی هەندەران بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان … ئەمجەد شاکەلی

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی(کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) بۆ هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات، واتە: کوردستانییانی هەندەراننشین، داوایان لێ دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی پرۆسێسی دەنگدان و گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن، لەنێوان 1-9-2017 تا 7-9-2017، سەردانی ماڵپەڕی ئەو کۆمسیۆنە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بکەن، کە ئەمەی خوارێیە:
www.khec.krd

کە مرۆڤ دەچێتە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، دەتوانێت هەریەک لە زمانانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی هەڵبژێرێت. کە دەچێتە سەر هەر یەکێک لەو زمانانە، تۆمارێکی دەنگیی یەک خولەک و نیوی دانراوە، کە بە کوردییە، بەڵام زووزوویش دەنگەکە دەبڕێ و دێتەوە و گەلێک بە خێرایی، باسی شێوازی خۆتومارکردن و پڕکردنەوەی فۆرمێک دەکات و پێت دەڵێ، بۆ ئەوەی بتوانیت فۆرمەکە پڕکەیتەوە دەبێ تەختەکلیلی، من بۆ خۆم دەڵێم تەختەکلیل، دەنا دەنگەدەڵێ: کیبوورد(Keyboard)ی عەرەبیت هەبێت. ئەوجا باسی نووسینی ناوی سیانی و ژمارە و وێنەی کارتی ناسنامەی عیراقی و ڕەگەزنامەی عیراقی و دواتریش ژمارەی فۆرمی خۆراک دەکات. من بۆ خۆم، هەرکە لە 2-9-2017دا، ئەو تۆمارەدەنگییەم بیست و چوومە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، خۆم پێ نەگیرا و دەسبەجێ نامەیەکم بۆ سێ ناوونیشانی ئیمەیلی جیاوازی ئەو کۆمسیۆنە نووسی. کۆمەڵێک خاڵم بۆیان ڕوون کردەوە و دواتر لە ڕۆژی 3-9-2017دا، لەوانەوە دوو وەڵامی کورت و هیچ نەگەیەنم بۆ هاتەوە، کە والێرەدا ڕێک وەک خۆیان دایاندەنێم:
یەکەم وەڵامی کۆمسیۆن: “سلاو بةريزم، بةريزم دةتوانى سود لة فورمى خؤراكى خيزانى وةركريت لة ناوةوةى هةريم بؤ بةرى يةكةم بةريز دةبيت ناوةكة بة دروستى داخيل بكةىت بة زمانى عةرةبى دةتوانن ناوةكانتان بنيرن بؤتان دلنيا دةكةينةوة، دةتوانى بةيوةنديمان بيوة بكةن لةريكةى وةتس ئةب و فايبةر”.
دووەم وەڵامی کۆمسیۆن:”سڵاو بەریز ..جەژنتان پیرۆز، بەڕێز گیان سوپاس بۆ تیبینیەکەت بەڵام ڕەجاوی ئەوانە کراوە و دەکرێ هەر کەسێك لەسەر فۆرمی خۆراکی مالی باوکی دەنگ بدات، بەداخەوە ئەگەر کوردێكیش لە دەرەوە ژیابێت دەبێ هاتبێتەوە کوردستان و فۆرمی خۆراکی دەرکردبێت ئەگەرنا لە دەسەلاتی ئێمە نییە، بۆ زانیاریشت وێبسایتەکە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبیش ە و تەنها بزمانی کوردی نییە. لەگەڵ ڕیزدا “.
من هیچ ناڵێم، بەڵام ئەو وەڵامانە بە کەسێکی کوردستانیی، کە بە خۆیەوە سێ پشتی دانیشتووی، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، بریتانیا، فرانسا، سوێد یا هەر وڵاتێکی دیکەی هەندەران بێت و بیەوێت دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات، چ دەڵێت! ئەمە بێجگە لە ڕەشکردن و دزێوکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و دەستبەڕوودانانی کوردستانییانی هەندەران و پاڵپێوەنانیان بۆ بەشدارنەبوون و دەنگنەدان هیچی دیکە دەگەیەنێت؟

من لێرەدا ئەو خاڵە لاوازانەی پێوەنددارن بەو بانگەوازە و بەو ڕێنوێنییانەی کۆمسیۆنەوە، کە بەشێکیم بۆ ئەوانیش نارد، دەخەمە پێش چاوی ئێوەی هێژا:

1 . ئەو دەنگەی ڕێنوێنییەکان دەخوێنێتەوە هەر زۆر خێرا دەیڵێتەوە و زووزوویش دەبڕێ، واتە: زۆر ڕوون نییە.

2 . تۆ بچیتە سەر هەر کام لەو زمانانە: کوردی، عەرەبی یا ئینگلیزی، تۆمارە دەنگییەکە هەر هەمان دەنگە و تەنیا بە زمانی کوردی دەیخوێنێتەوە، ئەویش کوردیی خواروو. لەنێو کوردانی هەندەراندا، هەموو جۆرە کوردێک هەن و بە شێوەزاری جیاوازیش قسە دەکەن: کرمانج، هەورامی، کەڵهوڕ، فەیلی، سۆران، زازا و..کە هی وایان تێدایە لە شێوەزارەکەی خۆی زیاتر، شێوەزارێکی دیکەی کوردی نازانێت. دەبوو ئەو تۆمارەدەنگییە بە کۆمەڵێک شێوەزاری کوردی دانرابا.

3 . باشووری کوردستان، تەنیا کوردی لێ ناژی، تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئەرمەن و عەرەبیشی لێ دەژین. لەنێو کوردستانییانی هەندەراندا تەواوی ئەو نەتەوانە هەن، دەبوو تۆمارە دەنگییەکە بەو زمانانەش هەبووایە.

4 . بەشێکی زۆری لاوان و گەنجانی کوردستانییانی دەرێی کوردستان، دەتوانم بڵێم پتر لە 90%یان زمانی کوردی بە باشیی نازانن و ڕەنگە وشەوشەیەک قسەی پێ بکەن و زۆریان هەرگیز کوردستانیان نەبینیوە و تێیدا نەژیاون، دەبوو تۆمارەدەنگییەکە، بێجگە لە زمانی کوردی(بە هەموو شێوەزارەکانی)، بە زمانانی عەرەبی، تورکمانی، کلدانی، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، فارسی، ئینگلیزی، فرانسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ڕووسی و زۆرێک لە زمانە ئەوروپاییەکانی دیکە هەبووایە، چونکە ئەوان زمانی ئەو وڵاتانەی لە هەندەران تێیدا دەژین، زۆر بە باشی دەزانن و بۆ ئەوان زمانی یەکەمیانە.

5 . زۆرێک لەو کوردستانییانەی دەرێی کوردستان، هیچ جۆرە بەڵگەنامە و ناسنانە و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و ئەو شتە عیراقییانەیان نییە و لە تەمەنێکیشدان، کە مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی هەر هەموویشیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان، زۆرێک لەوانە نەک هەر خۆیان، کە لە هەندەران لەدایک بوون، ڕەنگە باوک و دایکیشیان لە هەندەران لەدایک بووبن، یا هەیە دایکی یا باوکی بیانییە و یەکێکیان عیراقییە، ئەویش بە ڕەگەز، کە ئەویش هیچ بەڵگەنامەیەکی نییە. زۆرێک لە کوردانی فەیلی لە هەندەرانن، ئەوان زۆریان نە کوردی دەزانن و نە کوردی تێدەگەن و نە کوردی دەخوێننەوە، بەڵام لە من و تۆیش کوردترن و سەدلەسەد لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانیشدان، زۆرینەی ئەوانەش هیچ جۆرە ڕەگەزنامەی عیراقی و ئەوانەیان نییە، چونکە لەنێوان عیراق و ئێراندا هەمیشە ماڵوێران و دەربەدەر بوون، چۆن دەنگی ئەوانە وەردەگیرێت؟

6 . پڕکردنەوەی فۆرم بە عەرەبی، سەختییەکی گەورەیە بۆ کوردستانییانی دەڕێی کوردستان، چونکە هەموو ئەو خەڵکە کیبووردی عەرەبییان نییە و پێویستیشیان بە کیبووردی عەرەبی نییە، تەنانەت ئەگەر هەشیان بێت ڕەنگە عەرەبی هەر نەزانن و نەتوانن فۆرمی عەرەبی پڕ بکەنەوە.

7 . ناوی سیانی لەو وڵاتانەی هەندەران، کە کوردستانییانی تێدا دەژین، هەرگیز نە هەیە و نە باوی هەیە، چونکە سیستمی ناو لە هەندەران جۆرێکی دیکەیە. ئەو بۆی هەبی دەنگ بدات، بۆ بە بەڵگەنامە بیانییەکانی خۆیەوە دەنگ نەدات؟ بۆ وەک چۆن دەنگ بۆ هەڵبژاردنێک لە سوێد، دانمارک، بریتانیا یا ئەمەریکا دەدات، بۆ سەربەخۆیی کوردستانیش وەک خۆی و بەوجۆرە دەنگ نەدات؟ ئەو ناوی سیانی و سیستمە کۆنە عیراقییە بۆ کوردستانییانی هەندەران، کێشەیەکی گەورەیە.

8 . لە تۆمارەدەنگییەکەدا داوا دەکرێت ژمارەی فۆرمی خۆراک لە فۆرمی خۆتۆمارکردنەکەدا بنووسرێت. کوردستانییەکی لە ئەوروپا، ئەمەریکا، ئەوسترالیا، ئەفریقا، لاتین ئەمەریکا، چین، هیندوستان، یا هەر وڵاتێکی دیکەی ئەو دنیایە دەژی، کوا فۆرمی خۆراکی هەیە؟ نەک خۆی کە ڕەنگە لاوێکی 19 ساڵان بێت نییەتی، باوک و دایک و داپیر و باپیریشی، کە ڕەنگە دانیشتووی هەندەران بن، هەر نییانە.

9 . لەو ماڵپەڕەی کۆمسیۆندا بێجگە لە تۆمارەدەنگییەکە، هیچ نووسینێک لەمەڕ ئەو گستپرسییەوە نەنووسراوە، کە دەبوو بێجگە لە تۆمارەدەنگییەکە، بە نووسین، بە زمانە گرنگ و سەرەکییە جیاوازەکانی دنیا، ڕێنوێنییەکان پەخش کرابایەوە و مرۆڤ بیتوانیایە وەک فۆرم لەسەر کاغەز کۆپیی کردبا.

10. میدیای کوردی و دەسگاکانی پێوەنددار بە گشتپرسییەوە، دەبوو لە باسکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستاندا، پتر جەخت و ئاراستەی قسە و میدیا و ڕێنوێنییەکانیان، بۆ کوردستانییان بووایە، نەک تەنیا کورد، بۆ هەموو باشووری کوردستان بووایە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان. تۆ کە باس لە کەرکووک و مەندەلی و شنگال و خورماتوو و زرباتییە و بەدرە دەکەیت، دەبێ دەستەواژەی هەرێم کەمتر و دەستەواژەی باشووری کوردستان پتر بەکاربهێنیت.

11. نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و شوێنانی دیکە، حیزب و هێزە کوردستانییەکان، ئەوانەی لەگەڵ سەربەخۆیی و گشتپرسیدان، کە لە دەرێی کوردستان نوێنەراتی و خەڵکیان هەن، ڕێکخراوە ناحوکوومەتی و مەدەنی و چالاکوانەکانی کوردستان و بیانییانی دۆستی کوردستان، دەبوو چالاکانە و بە گوێرەی شێوەی ژیان و سیستمی سیاسی و جڤاکی ئەو کۆمەڵ و وڵاتانەی تێیدا دەژین، پرۆسێسی بەشداربوون و گشتپرسییان لە هەندەران ئاسان کردبا. لاوانی کوردستانییانی زمانزان و بە فەرهەنگی ئەوروپایی و ئەمەریکایی و هەندەرانی گەورەبوو و بارهاتوو و پێگەیشتوو، بخستبایەتە گەڕ و ئەوان تەواوی ڕێکخستن و کارئاسانییەکیانیان جێبەجێ کردبا. بێجگە لەوەش دەکرێ بە ئاسانی سوود لە بیانییانی دۆستی کوردستان وەرگیرێت، کە پسپۆری و شارەزاییەکی باشیان لە بواری ئەم جۆرە کارانەدا هەیە. کۆمسیۆنیش دەتوانێت، سوود لە تەواوی ئەو وزانە وەرگرێت.

12. باشووری کوردستان، کە دەیەوێت لە عیراق دابڕێت و دوورکەوێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست بکات، ئەو هەموو عیراقییەت و شتە عیراقییانە چییە لە خەڵک داوا دەکرێن! تۆ دەتەوێت وشەی عیراق و عیراقییەت لە خۆت و وڵاتەکەت بکەیتەوە، کەچی، گەنجێکی باشووری کوردستانی خۆی و دایک باوکی و داپیر و باپیری، لەدایکبووی سوێد، فرانسا، توونس، ئەڵمانیا، ئەمەریکا و…بە تۆبزی دەکەنەوە عیراقی و داوای دەیان شتی عیراقییانەی لێ دەکەن، ئەمە کەی ڕەوایە!

13. ئەم گشتپرسییە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە و گەلێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەوانە گرنگترە. بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، لە هەندەران ئامادەییەکی پێشوەختەی باش و هەموو کارئاسانییەک بۆ دەنگدەران دەکرا و شایلۆغانی بۆ دەکرا، کەچی ئێستا کە کەمتر لە بیست ڕۆژی ماوە، نەک هەر هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، تەنانەت نووزەیەکیش نییە و هیچ باسێک و هیچ چالاکییەک و هیچ دەنگەدەنگێک نییە و سەرباری ئەوانەش ئەو هەموو سەختگیرییەی بۆ دەکرێت. کوردستانیگەلێکی یەکجار زۆر لە وڵاتانی جیاوازی هەندەران دەژین، ئەگەر کارەکان بەمجۆرە بەڕێوە بچێت و هێندە سەخت بێت، هەرگیز لە1% زیاتری ئەو خەڵکەی هەندەران، ناتوانن دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن و 99%ی دەنگی کوردستانییانی هەندەراننشین دەسووتێ و دەفەوتێ و بەفێڕۆ دەڕوات.
ڕەنگە لەم کاتەدا من ئەم کەلێنانەم بەرچاوکەوتبن، لێ لەوانەیە تۆ زیاترت بینیبن! دەنگی خۆت بڵند بکە و شتەکانی خۆت بڵێ!

2017-09-04




ڕامانێک لە‌ گشتپرسی و سەربەخۆیی وکاڵبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک … ئەمجەد شاکەلی

بازاڕی قسەکردن لەسەر گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ماوەیەکە گەرمە و زۆری لەسەر دەگوترێ، دەنووسرێ، دەبیسرێ و دەبینرێ. خەڵکی کوردی کردووەتە دوو بەرەی “لەگەڵ” و “دژ” ی، زۆر دوور لەیەکەوە و دوو سەنگەری جیاوازەوە. ئەو پاساو و گومان و دلەڕاوکێ و ڕەخنە و پرسانەی، دژەکان دەیورووژێنن، لە گەندەڵی و دزی و نادادی و ئەزموونێکی خراپ و سەقەت و ناتەواوی فەرمانڕەوایی و کارگێڕی و…ئەگەر بە ویژدانەوە سەیربکرین و لەبەرچاو بگیرێن و بخوێنرێنەوە، باوەڕ ناکەم، کەس لاریی لییان هەبێ. هەموو ئەوانەی بەشدارن لەو کارانەدا، ئەوانەن، لە چیاوە باریکەڵە و قەڵەمی و جووتی کڵاش لەپێدا و چۆغەوڕانەکێکی خاکی لەبەردا و تفەنگێک لە شاندا و پارەیەکی کەم لە باخەڵدا، گەڕانەوە نێو شار و ڕوونیشتنە سەر تەخت و دەسەڵات و ورگیان گەلێک لەپێش پێیەکانیانەوە دەڕوات و هەرچی هێڵی فڕۆکەوانی جیهانە و هۆتێلی چەندین ئەستێرەی شارە گەورەکانی جیهانە، خۆیان خێزان و منداڵیان تاقییان کردووەتەوە و بوون بە خاوەن پارەی خەیاڵی و کۆمپانیا و چەندین خانوو و چەندین پارچە زەوی و چەندین ئۆتۆمبیل و چەندین ژن و چەندین پاسەوان و چەندین بیرە نەفت و دەیان چەندینی تریش. ئەوەی دەگوترێ، ڕەخنەیە لە حیزب، لە حوکوومەت و لە دەسەڵات.

دەوڵەت، لە حیزب و حوکوومەت و دەسەڵات جیاوازە. گشتپرسیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتە، واتە: قەوارەیەک، نەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و حوکوومەت و هێنانی حیزبێک بۆ سەر تەخت. دەوڵەت قەوارەیەکە، کۆمەڵێک مرۆڤ لە چوارچێوەی سنوورێکدا و لەژێر ئاڵایەکدا، گلێر دەکاتەوە و پێکەوە دەژین و لەسەر ئاستی جیهان و نێودەوڵەتییشدا، وەک یەکەیەکی خودان کەسیەتی خۆی و سەربەخۆیی خۆی ددانی پێدا دەنرێ و دەناسرێت. حوکوومەت و حیزب و دەسەڵات، بەرگۆڕانن و هەرگیز تاسەر نامێننەوە، دێن و دەڕۆن. تۆ بنۆڕە دەوڵەتگەلێکی مانەندی ئەفغانستان، سۆمال، عیراق، کە دەسەڵات و حوکوومەت و حیزب و کوودێتا، تیایاندا وەدووی یەکدا هەمیشە قەتارەیان بەستبوو و پشوویان نەدەدا، کەچی وەک دەوڵەت و قەوارە لەسەر نەخشەی جیهان، بە هەموو شەقوشڕی و پەرپووتییەکی خۆیانەوە، ماونەوە و هەر هەن. کە باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ، باسکردنە لە چێکردنی ئەو قەوارەیە. ئەمە کێ باسی دەکات؟ کێ لە پشتییەوەیە؟ کێ ڕێبەریەتییە و پێشەنگی ئەو باسەیە؟ بۆ دەکرێ؟ بۆ ئێستا؟ پاشان چۆن دەبێت؟ و…دەیان پرسی دیکە، کە دژەکان دەیورووژێنن، بابەتگەلێک نین، بۆ وەڵامدانەوەیان، مرۆڤ خۆی تووشی سەرئێشە و سەخڵەتبوون بکات! عەرەب دەڵێن:”ثبت العرش ثم أنقش”، واتە: تۆ زەوینە و تەختێک جێگیر بکە و بچەسپێنە، پاشان بینەخشینە. تۆ قەوارەیەک بۆ خۆت پێکبهێنە ودروست بکە و بچۆ ڕیزی ئەو هەموو دەوڵەتانەی جیهانەوە و ببە خاوەنی خۆت و لەبندەستیی خۆت ڕاپسکێنە و بێنەدەر، دواتر ڕەنگ و نیگاری بکە و بیڕازێنەوە، بەو جۆرەی بۆ خۆت گەرەکتە و ئەودەمی خودای دەکرد، سەدجاران حوکوومەت و دەسەڵاتت دەگۆڕی!

کورد لەو دەمەوەی، وەک گەلێک یا نەتەوەیەک خۆی ناسیوە، لەسەر خاکێک ژیاوە و دەژی، کوردستانی پی گوتراوە. کورد، لە دەڤەرێکی دیکەوە یا لە جیهانێکی دیکەوە، نەهاتووەتە سەر ئەو خاکەی. نەتەوەکانی چواردەوری کورد، بێجگە لە فارس، هیچیان خەڵکی ڕەسەنی ئەو خاکە نین، کە ئێستا قەواڵەی بە ناویانەوەیە و لەسەری دەژین. عەرەب و تورک، هەردوو، لە ئەنجامی داگیرکاری و کوشتارەوە، لە عیراقی ئێستا و تورکیای ئێستادا، بە هەردوو بەشە کوردستانەکانیانەوە، نێشتەجێ بوون. ئەمە، نە فیلۆسۆفییە و نە تیۆری و نە هیچ خۆشەکەتکردنێکی گەرەکە تا مرۆڤ پێی بگات، بەڵکە ڕاستینەیەکە، مێژوو و واقیع، گەواهی دەدەن و دەیسەلمێنن. پرسی کورد، لە باشووری کوردستان، بە بەراورد لەتەک بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، بڕێک چووەتە پێش و قەوارەیەک چێ بووە، لێ ئەو قەوارەیە، کە لە سێ قوتە باژێڕی دهۆک، هەولێر و سلێمانیدا، خۆ دەنوێنێ، هەموو باشووری کوردستان نییە و بەشە زۆرەکەی دیکەی، نەهاتووەتەوە نێو ئەو قەوارەیە. باشووری کوردستان، تەنێ کوردی لێ ناژی، تورکمان نەتەوەی دووەمی دوای کوردە و ئیدی پاش ئەوان کلدان و ئاشووری و ئەرمەن و عەرەب دێن. باشووری کوردستان، تەواوی باشووری کوردستان، لە قەوارەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا یەکبگرێتەوە، دەوڵەت و جڤاکێکێ فرەڕەنگ، فرەنەتەوە، فرەئایین، فرەئایینزای لێ پێک دێ، کە بەو هەموو ڕەنگ و جیاوازییانەوە، تابلۆیەکی جوان و پڕڕەنگ و دەوڵەمەندییەکی فەرهەنگی بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ و هەرگیز بیروباوەڕی نەتەوەپەرستی”ناسیۆنالیزم”ی تونداژۆ و ئایینی و ئایینزایی تونداژۆی تێدا سەرهەڵنادات، بەڵکە فەرهەنگی پێکەژیان و قەبوولکدنی یەکدی و خۆشەویستی تێدا زاڵ دەبێت، چوون کورد بۆخۆی وەک سروشت، تونداژۆ نییە.

*******

هاوڕێیەکم، لە ژیانیدا گەلێک لە قۆناخ و باڵەکانی مارکسیزم و جۆری دیکەی چەپایەتی وەک ئەنارکیزم، تاقی کردووەتەوە و یەکێکە لەوانەی تا ئێستاش خەون بە عیراقەوە دەبینێت و هێندەی عوروبییەکی عیراقی لە خەمی یەکپارچەیی خاکی عیراق و دابەشنەبوونیەتی و تا ئەو ڕادەیەی بەکارهێنانی وشەی”کوردستان”ی کاتێ لەگەڵ ناکوردستانییەکدا بپەیڤێ، پێ ئاسان نییە و سەخت بۆی دەردەبڕدرێ، لێ عیراقەکەی لەسەر زار خۆشتر و ڕەوانتر بۆ دێت. دیارە بەو پێیە دەبێ دژی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت، ڕێک وایە و دژیەتی! زۆرجاران ئەو دژایەتییەی بۆ بەدەوڵەتبوونی کوردستان، دەخاتە چوارچێوەی دژایەتییەوە بۆ دەوڵەت بە شێوەیەکی گشتی، واتە: وەک ڕوانینێکی ئەنارکیستییانە بۆ دەوڵەت، بەڵام ئەم بۆخۆی ئێستا ئەنارکیست نییە و گاڵتە بە ئەنارکیزمیش دەکات. ئەم تەنیا ڕقی لە دەوڵەتی کوردستانی و کوردییە. دەنا ئەگەر ڕقەکەی لە ڕوانگەیەکی ئەنارکیستانەوە بێت، هەرگیز جێی ڕەخنە نییە. دەوڵەت وەک چەمک، کاتێک هاتووەتە ئاراوە، کە شێوازی دیکەی جیاواز لە کارگێڕی و پێکەوە ژیان و ڕێکخستنی جڤاک، تاقیکراونەوە و لە کۆتاییدا ئاوەزی مرۆڤ گەیشتووەتە ئەوەی دەوڵەت پێکبهێنێت. ئیدی پاشخانی چێکردنی دەوڵەت، چینایەتی، ئایینی، ئابووری، نەتەوەیی، داگیرکردن، یا هەر شتێکی دیکە بووبێت، لە ئێستادا بێجگە لە دەوڵەت، هیچ شێوازێکی دیکەی کارگێڕی و پێکەوەژیانی مرۆڤ، ڕێکخستنی ئابووری و سیاسی و هەموو لایەنەکانی دیکەی ژیان، کە بتوانێت، جێ بە پێویستبوونی دەوڵەت لەق بکات و بۆ خۆی جێی وی بگرێتەوە، نەهاتووەتە گۆڕێ. بنگە و بناخە و پایەکانی دەوڵەتداری لە جیهاندا زۆرینەی وەک یەکن و لە هەندێ حاڵدا کەمۆکەیەک جیاوازیی لەنێوان دەوڵەتێک و یەکێکێ دیکەدا هەیە، لێ ئەوەش پتر سیستم و جۆری دەسەڵاتە، کە ڕەنگ و سیامەیەکی دیکەی دەداتێ. دەوڵەت، وەک سنوور و پاسپۆرت و ئاڵا و تایبەتمەندییەک، بۆ خۆی گرێدانی مرۆڤە، لە چوارچێوەی قەوارەیەک و ئینتیمایەکدا. وەک بیرکردنەوە و تیۆری و فیلۆسۆفییەک، بۆ من، سنووردارکردنی ئازادییەکانی مرۆڤە. من بۆ خۆم هەمیشە ئاواتی ئەو ڕۆژە دەخوازم، دەوڵەت لە جیهاندا نەمێنێت و هەموو جیهان ببێتە یەک خاکی بێ سنوور و بێ پاسپۆرت و بێ ئاڵا و هەموو مرۆڤ، بە هەرچی پاشخان و باوەڕ و ئایین و نەتەوە و ڕەنگ و جیاوازییەکانیانەوەیە، لەمسەری دنیاوە بۆ ئەوسەری دنیا، بێ هیچ مەرج و ڕێگرییەک، بێ هیچ کێشە و بەڵگەنامەیەک، لە سایەی ئاشتی و خۆشەویستیدا، ئازادانە تەراتێن بکەن و بسووڕێنەوە و کار بکەن و بژین، بەڵام ئەمە خەون و خۆزگە و ئاواتێکە، دەخوازم بێتە دی. ئەکتەر و دانەری شیعری گۆرانی و گۆرانیبێژی میللی ئەمەریکی ناسراو ئێد مەککۆردی(Ed McCurdy 2000-1919)، شیعرێکی لە ساڵی 1950دا دژی جەنگ و بەناوی”دوێنێ شەو سەیرترین خەونم دیت”(Last night I had the strangest dream)، بە ئینگلیزی نووسیوە و بۆخۆیشی ئاوازی بۆ داناوە وەک سترانێک گوتوویەتی . شیعرەکە بەم جۆرەیە:
دوێنێ شەو خەونێکم بینی
هەرگیز پێشتر نەمبینیوە
لە خەونمدا جیهان هەموو قایل بوون
بەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن
لەخەونمدا ژوورێکی یەکجار گەورەم دی
ژوورەکە پڕبوو لە پیاو
قەواڵەیەکی، کە واژۆیان دەکرد
تێیدا نووسرابوو، ئیدی هەرگیز ناجەنگن
کاتێک هەموو کاغەزەکان واژۆ کران و
میلیۆنێک کۆپێیان لەبەر گیرانەوە
هەموو دەستیان لەنێو دەستی یەکدی نا و سەریان دانەواند و
دوعا و وێرد و نوێژی سپاسگوزارییان خوێند و
خەڵکیش لەسەر شەقامەکانی خوارێ
سەما لە دوای سەمایان دەکرد و
چەک و شمشێر و پۆشاکە سەربازییەکان
لەو سەر زەوییە بە پەرتوبڵاویی فڕێدرابوون

کەواتە تا ئەو ڕۆژەی ئەو خەون و ئاواتە دێتە دی و سنوورەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و چەکدار و سەرباز و سپاکان دەنێردێنە ماڵەوە و بنکە و بارەگاکانیان دەکرێنە باخچەی زارۆکان و گولستان و یاریگە و چەکەکانیان دەکرێنە شمشاڵ و لەیستۆکی منداڵان و ناوی دەوڵەتانی جیهان سەرلەبەریان دەسڕدرێنەوە، دەوڵەت هەیە و دەبی هەبی و پێویستە! عەرەب و تورک و فارسی، دەوروبەری کوردستان، هەریەکەو خودانی دەوڵەتی خۆیەتی. عەرەب نەک دانەیەک، پتر لە بیست دانەیشی هەیە. سەدان دەوڵەت لەو جیهانە هەن و خودانی قەوارەی خۆیانن. کە ئەوانە هەموو دەوڵەتیان هەبێ و دەوڵەت پێویست بێت بۆیان، کوردستانیش مافی خۆیەتی وەک ئەوان دەوڵەتی هەبێت. کە ئەوان بە گشتی دەستبەرداری دەوڵەت بوون و دەوڵەت لە جیهاندا نەما، باسکردنی دەوڵەت بێجگە لە گەمژەیی و گەوجیی، شتێکی دیکە نییە، چوون ئەودەمی بێشر ئەلحافی(بشرالحافي) گوتەنی: “یأتي علی الناس زمان تکون الدولة فیە للحمقی”، واتە: سەردەمێک بەسەر خەڵکدا دادێت دەوڵەت بۆ گەوجانە . ئیدی کوردستانیش پێویستی بە دەوڵەت نابێت و حاڵی ئەویش وەک هەموو مرۆڤی ئەو جیهانە.

دژایەتی دەوڵەت، دەولەتی کوردستان، وەک جۆرێک بیرکردنەوە لەنێو خەڵکی کورددا زۆرە و کۆمەڵێک خەڵکی بەناو”ڕووناکبیر” و “نووسەر” و “خوێندوو” و هەندێ جار”بیرمەند” و..کردوویانە بە دروشمێک و دژایەتی باسکردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی و هەموو بابەتە پێوەنددارەکان بەو باسەوە دەکەن. ئەمانە دەوێرن تەنیا بە کورد بڵێن، دەوڵەت و سەربەخۆیی بۆچییە! بەشێکی زۆری ئەم خاوەن تێز و هزرانە، لە ئەوروپا دەژین و لە ئەوروپاش بەبەرچاوی ئەمانەوە،سکۆتلاندییەکان، ئایرشەکانی باکوور، باسکەکان، کاتالۆنییەکان، فلاندەرزەکان، لەکاتێکدا لە هیچیان کەم نییە و لەنێو دەوڵەتگەلێکی دیموکراتی و پارێزەری مافی مرۆڤ و خۆشگوزەراندا دەژین و چ جیاوازییەکی زەقی فەرهەنگی و زمانیشیان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا نییە، کەچی خوازیاری ئەوەن و هەوڵدەدەن بۆ جوێبوونەوە لە بریتانیا، فرانسا، سپانیا و بێلژیک و وەدووی سەربەخۆییدا وێڵن. ئەم خاوەن تێز و هزرانە، شاهیدی هەڵوەشاندنەوە و جوێبوونەوەی، چیک و سلۆڤاکییەکان و دابەشبوونی یۆگوسلاڤیا و یەکیەتیی سۆڤیێتن.

ئەم خاوەن تێز و هزرانە، هەرگیز ناتوانن و ناوێرن، بە یەک دانە سکۆتی، ئایرلاندی، باسک، کاتالۆنیایی، فلاندەرزی، چیکی، سلۆڤاکی، کرواتی، سەربی، بۆزنەیی، مەکەدۆنی، کۆسۆڤۆیی، ئۆکراینی، ئازەری، تاجیکی، کازاخی، تورکمەنستانی، ئیستۆنیایی، لاتڤیایی، لیتوانیایی، خوارووی سوودانی، فلستینی، بێاوانی ڕۆژاوا، بڵێن ئێوە بۆ گەرەکتانە لەو دەوڵەتانەی تێدان جوێ ببنەوە؟ یا بۆ جوێ بوونەوە و دەوڵەت و سەربەخۆییتان بۆ چی بوو و بۆ چییە؟ ئەمانە هەرگیز ناتوانن بە عەرەبێک بڵێن، ئێوە ئەو بیستوئەوەندە دەوڵەتەتان بۆچییە؟ ناتوانن بە تورکێک یا فارسێک بڵێن، بۆ دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران هەڵناوەشێننەوە و واز لە دەوڵەتداریی ناهێنن؟ ناتوانن بە ئایسلاندییەک، نۆروێژییەک، سوێدییەک، دانمارکییەک، فینلاندییەک، ئەڵمانییەک، فرانساییەک، هۆڵاندییەک، ئیتالیاییەک، چیکییەک، سلۆڤاکییەک، مەجەرستانییەک، پۆرتوگالییەک، سپانیۆلییەک، یۆنانییەک، کە هەموو دەوڵەتگەلێکی ئەوروپایین، بێجگە لە سەدان دەوڵەتی دیکە لەم جیهانەدا، بڵێن ئێوە دەوڵەتەکانتان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دامەزراوە، بۆ دەستبەرداری نابن و نایسڕنەوە! ئەمانە تەنیا بە کورد دەوێرن. ئەمانە لە ئەمستردام و لەندەن و پاریس و ستۆکهۆڵم و بەرلینەوە، لە فێنکایی و سەوزایی و تەڕی و جوانی و خاوێنێ و ڕێکوپێکیی، وەڵاتگەلی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادی و فەرهەنگ و خۆشگوزەرانییەوە، چنگ لەسەر شان، بە هەڵەداوان دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و خۆ دەگەیەننە “کەلار”ی نێوەندی گڕە و گەرما، کە بە پێناسەی حوسەینی ئەحمەد بەگی جاف، یادی بەخێر:”ئیستیعلاماتی جەهەننەمە” و پلەی گەرما تێیدا یەک دوو پلە سەرووی پەنجایە، تەنیا بۆ ئەوەی بە گەرمیانییان، بەدبەختترین خەڵک و دەڤەرێک لە باشووری کوردستان، کە لە هەموو جێیەکی دیکەی کوردستان زیاتر قوربانیی چەوسانەوە و وێرانکردن و قڕان و لەتوپەتکردن بووە، بڵێن: دەنگ بۆ سەربەخۆیی مەدەن و دژی گشتپرسی بن! هیچ یەکێک لەم خاوەن تێز و هزرانە، تاکە یەکجاریش، ئەوی من پێ بزانم، بە زمانێکی ئەوروپایی و بۆ خەڵکی ئەوروپایی و لە باژێڕیکی ئەوروپادا، کۆڕێک، خڕبوونەوەیەک، باسێکیان لەبارەی دۆزی میللەتەکەیانەوە و ئەو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەی بەسەریدا هاتووە، نەکردووە و نەنووسیوە و خۆیان بۆ وەها کارێک ماندوو نەکردووە، لێ سەدان گوتار بە زمانی کوردی و بۆ کورد دەنووسن و هەزاران کیلۆمیتر ڕێگە دەبڕن و ڕوودەکەنە ئەو دەروازەی دۆزەخە، بۆوەی وشەی “نەخێر بۆ گشتپرسی” لە مێشکی خەڵکەکەیدا بچەسپێنن! دەگەڕێمەوە سەر هاوڕێیە کەونەمارکسیست و ئەنارکیستەکەم، ئەو ئێستا تاقە هیوایەکی هەیەتی و گرەوی لەسەر دەکات: گۆڕین و شۆڕش و هێنانەدی خەونی خەڵک، لەسەر دەستی کەسێک دێتە دی، کلیلی چارەسەری کێشەکانی لە بەرکدایە و هاکەزانیت قەومانی و ئیسرافیل ئاسا فووی کرد بە کەڕەنایدا، نەفخی سووری ژەند”نفخ في الصور” و ئازادی و ڕزگاری و بەختەوەریی بە گەل بەخشی و وەڵاتی بردە پێشەوە بەرەو سەردەمی موحەممەدی مەهدی(المهدي المنتظر)، کە ئیدی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە! ئەو وەڵاتەی ئەو کەسە دەیگۆڕی، عیراقە و ئەو کەسەی چاوەڕوانی ئەو گۆڕینەی لێدەکرێ، موقتەدا سەدر(مقتدی الصدر)ە. خەیاڵێکی خۆشە، مرۆڤ ساڵانێک، تەمەنێک، مارکس، لێنین، ترۆتسکی، ماو، کاسترۆ، گیڤارا، چیاب، هۆ شی مین، ڕۆزا لوکسمبۆرگ، باکۆنین، پرۆدۆن، وەک پێشەنگ و ڕێبەر و فریادڕەس بزانێت و ئێستا ئیدی موقتەدا سەدری لێ ببێت بە فریادڕەس، ئەویش بۆ وەڵاتێک، کە تەنێ ناوی وەڵاتە، دەنا هیچ شتێکی لە وەڵات ناچێت ، ئەمە تەنێ گرەوێکە لەسەر کەلاکی مردارەوەبوویەک، چاوەنۆڕ بیت زیندووببێتەوە! ئەوجا ئەگەر موقتەدا سەدر، کەڕەنایەکەی خۆی ژەنی و خەڵک ڕابوون و وەڵاتی عیراقی گۆڕی، بەرەو کوێی دەبا، مەگەر “سەرگا هەر دۆڵ” نییە، بەرەو تاران نەبێت بەرەو هیچ جێیەکی دیکەی وەکێش دەکات! ئەدی چ گۆڕینێکیش دەکات، بیجگە لەچێکردنی دەوڵەتێکی ئایینی مەزهەبی، کە بە ناوی”الأمر بالمعروف والنهي عن المنکر”ەوە، ڕۆژانە سەدان کچ و کوڕی لاو، وەبەر قامچی دەدرێن و دارکاریی دەکرێن، تەنێ لەبەر ئەوەی گۆرەوییان لە پێ نەکردووە یا لاقیان یا چەند تاڵێکی پرچیان وەدەرکەوتووە یا لە ڕەمەزاندا جگەرەیان کێشاوە یا چۆڕێک عەرەقیان خواردووەتەوە! بێجگە لە چاوەڕوانیی موقتەدا سەدر”گۆدۆ”، ئەم هاوڕێیەم لەو باوەڕەدایە، کە دەبێ هێزێکی سیاسی یا بزاڤێکی جەماوەری میللی بێتە ئاراوە و کورد و عەرەب و هەموو گەل و خەڵکانی عیراق لەنێو خۆیدا جێ بکاتەوە و هەوڵ بدات بۆ چێکردنەوەی عیراقێکی نوێی ئازاد و پڕ لە عەدالەت و بەختەوەریی مرۆڤ.

ئەم ئاواتخواستنە لە کاتێکدایە، پێشەنگی ئەو خەونەوەڵاتە، وەک ئاوات و هەوڵ و خەبات بۆ هێنانەدیی، نەک هەر لە عیراق، بەڵکە لە ئێران و سووریا و تورکیاش، کە هەر یەکەیان بەشێکی گەلی کورد و بەشێکی کوردستانی تێدایە، حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەو وەڵاتانە بوون، کە بەشێکی زۆری ئەندامان و هەواداران و تەنانەت سەرکردە و ڕێبەرانیشیان، کورد بوون. ئەوان نەیانتوانی ئەو ئێرانە، سووریایە، تورکیایە، عیراقەخەونە بهێننە دی، ئێستا وەها کارێک بە موقتەدا سەدر دەکرێ؟

خەڵکی عیراق، ئەوانەی هاوڕێیەکم بە تەمایانە، لەنێو هەموو جیهاندا و بە ددانپێدانانی سەدان سیاسی و جڤاکناس و شیکار، لە مێژوودا، بە هەلپەرست و حولحولی و ڕاڕا و دووڕوو ناسراون و بەناوبانگن. هەر خەڵکی کووفە بوون، بانگی ئیمام حوسەینیان کرد، بۆ ئەوەی لە عەرەبستانەوە بێت و ڕزگاریان بکات لە حوکمی یەزیدی کوڕی موعاویە و دەوڵەتی یەکسانی و دادپەروەرییان بۆ دابمەزرێنێت، کەچی دواتر پشتیان تێکرد و لە کەربەلا لەسەر دەستی چەتەکانی یەزید، شەهید کرا و خانەوادەکەیشی هەموو وەک سەبایا بران بۆ شام. کە عەبدوسسەلام عارف(عبدالسلام عارف)، سەرۆککۆماری عیراق لەنێوان(8ی فێبریوەری1963-13ی ئەپریلی1966)، سەردانی مسر دەکات، جەمال عەبدونناسر(جمال عبدالناصر)ی سەرۆککۆماری مسر لەنێوان (1956-1970)، ئەم پرسیار و وەڵامە دەکەوێتە نێوانیانەوە:
ناسر: ژمارەی کۆمۆنیستەکانی عیراق چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن کۆمۆنیستن.
ناسر: ئەدی ژمارەی نەتەوەییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن نەتەوەیین.
ناسر سەری سووڕدەمێنێ و دەپرسێت: ئەی ژمارەی ئیسلامییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن ئیسلامیین.
ناسر واقی وڕدەمێنێ و قەڵەمەکەی دادەنات و دەڵێ: ئەمە چییە سەرۆک، ئەگەر وایە، ئەدی ژمارەی هەموو عیراقییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆنن، گەرەکتە کۆمۆنیست بن دەبنێ، گەرەکتە نەتەوەیی بن دەبنێ، گەرەکتە کۆنەخواز و پاشڤەڕو بن دەبنێ، گەرەکتە ئیسلامی بن دەبنێ، عیراقییەکان بۆ هەموو شتێک دەبن و دەلوێن، هەریەکێکیان بگریت، لە سیاسەتدا کیسنجەرە و لە ئابووریزانیدا ئادەم سمیسە و لە ئاییندا ئیبن حەنبەلە، چۆنت دەوێ ئەو دەبێتێ و دەلوێ، هیچ چارەیەکمان نییە.
مرۆڤ لە وەها خەڵکیک، دەبێ چ چاوەڕوانییەکی هەبێت!
لەنێو هەموو ئەو هێزە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایانەی عیراقدا، تاکە یەک هێز نابینییەوە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بێت. ئەمڕۆ تاکە هێزێک لە هێزە سیاسییەکانی عیراق، کە لەگەڵ سەربەخۆیی بێمەرجی کوردستاندایە، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقە! دیارە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و کۆمۆنیستەکارگەرییەکانی کوردستانیش هەر ئەو دیدەیان هەیە و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان. کۆمۆنیستەکارگەرییەکان، هەر لە ساڵانی 1990ەوە و لە سەردەمی مەنسووری حیکمەتدا و لەسەر زمانی وی، داوای سەربەخۆیی باشووری کوردستانیان کرد و بە پێویستیان زانی. ئەمڕۆ هیچ جۆرە پێوەندێکی سیاسی، ئابووری، جڤاکی، ڕێکخراوەیی، لەنێوان کارگەر و جووتیار و هەژارێکی باشووری کوردستان و یەکێکی خەڵکی بەسرە(البصرة) یا عەفەچ(عفك) یا تویریج(طویریج)دا نییە و نەماوە و هیچ شتێک پێکەوە گرێیان نادات، مەگەر تەنیا وەک سۆزێک. هەمان شت بۆ نێوان ڕەمادی(الرمادي) و ناسرییە(الناصریة) یا مووسڵ(الموصل) و دیوانییە (الدیوانیة) یا تەنانەت تەلەعفەر(تلعفر) و زوبیر(الزبیر)یش دەشێ بگوترێ. بەپێچەوانەوەی چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە، سەرمایەدار و لیبرالانی کوردستان و عیراق، لە ڕۆڵی خۆیان باش تێدەگەن و ئاگان و هەموو هەوڵێکیشیان بۆ داکۆکی لە و پاراستنی بەرژەوەندە ماددییەکانی خۆیانن، لە هەموو کات و سەردەمێکدا، ئەوان هاوڕا و هاوسۆز و هاوقازانج و هاریکارن، لە هەژارترکردنی چەوساوە و ستەمدیدەکانی کوردستان و عیراقدا و پێوەندی پتەو و تونوتۆڵیان هەیە و بەردەوامە. بەشێکی بەرچاوی گەلی کورد، کوردانی فەیلین لە بەغدا و زرباتییە و بەدرە و مەندەلی و قزڕەبات و خانەقین و گەلێ دەڤەری دیکەی باشووری کوردستان و عیراق، لەڕووی ئایینزاوە، شیعەن، کە ئایینزای دەسەڵاتەکەی حوکوومەتی بەغدایشە، هەرچۆن لە ڕابردوودا تووشی وەدەرنان و کوژتن و لەبەینبردن بوون، ئێستاش کە هێشتا هیچ ڕووینەداوە و کوردستان سەربەخۆ نەبووە، دەسەڵاتی بەغدا و هێزە نێزیکەکانی لەو دەسەڵاتەوە، هەموو ڕۆژێک هەڕەشەی تاڵانکردن و لەبەینبردن و کوژتنیان لێدەکەن.

*******

ئەوەی دژی گشتپرسی و سەربەخۆییە، سەدان پاساو و بیانوو دەهێنێتەوە بۆوەی دژایەتی ئەو پرۆسێسە بکات و ئەژنۆی خەڵکی کورد بشکێنێت. سەدان “بەڵام” دێنێتەوە تەنیا بۆ ئەوەی نەخێر سەرکەوێت. ئەوانەی لە بازنەی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییدا دەخولێنەوە، سەرچاوە و دەسپێکی دید و بۆچوونەکانیان لە دوو شت بەدەر نییە:
یەک: ئێستاش بە عەقڵییەتی پەنجاوسێ ساڵ لەمەوبەر، ناوەڕاستی ساڵانی 1960 بیر دەکەنەوە. ئێستاش دروشمی فێرگە و ڕێبازێک بەرزدەکەنەوە و دەڵێنەوە و لە بازنەی دیدی ڕێبازێکدا دەخولێنەوە، کە بە ددانپێدانانی دامەزرێنەرانی و ڕێبەرە هەرە مەزنەکانی، هەڵە بووە و دۆڕاوە و تێکشکاوە. ئیدی “خوویەکە گرتوویانە بە شیریی و تەرکی ناکەن بەپیری” و لەسەر هەمان بنج ڕواون و بەردەوام دەڕوێنەوە.
دوو: ئەو دەنگی “نەخێر” بۆ گشتپرسییە، کە بۆخۆی لەڕاستیدا نەخێرە بۆ سەربەخۆیی، چونکە لەو کارت و کاغەزەی خەڵک ڕای خۆیانی تێدا دەردەبڕن، دەبێ بەرسڤی یەک پرس بدەنەوە، ئەویش ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆیی باشووری کوردستاندایت؟ ئیدی دوو دانە هەڵبژادەیان لەبەردەستە ئەویش ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستاندایت بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانیشەوە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا؟ ئیدی ئەگەر دەنگت بە “نەخێر” دا ئەوە تۆ دەنگت دژی سەربەخۆیی کوردستان داوە و خۆ ئەگەر بە “بەڵێ” دەنگت دا، ئەوا تۆ لەگەڵ ئەوەی باشووری کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هاتوهاواری نەخێر، لە خەڵکانێکەوە دەبیسرێ، کە توێژاڵێکی خۆ بە “خوێندوو، ڕووناکبیر” زانن و پڕانییان خەڵکی سلێمانین و کۆمەڵێک گەرمیانی ڕەدووکەوتوویشیان ، کە بە هۆی جۆری بیرکردنەوەیان، قسەکانی ئەوان دەڵێنەوە و خۆیان بەو “ڕووناکبیر و خوێندوو”انەی ئەو شارەدا هەڵواسیوە. باژێڕی سلێمانی لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئەمڕۆ، لەبەر ئەوەی دانیشتووانەکەی یەک پێکهاتە و یەک زمانن، هەرگیز خۆیان بە بندەست نەزانیوە و ئەو هەستی چەوساندنەوە و سڕینەوە و سووکایەتیپێکردن و لەنێوبردن و تواندنەوەیەی، کوردێک لە زوممار، شنگال، مووسڵ، مەخموور، دووبز، حەویجە، کەرکووک، تاووغ، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا، خانەقین، قزڕەبات، مەندەلی، بەدرە، زرباتییە، بەغدا و…هەستی پێ کردووە و دەکات و چەشتوویەتی، کەسێکی سلێمانییەیی، هەرگیز نە تێی دەگات و نە هەستی پێ دەکات. من باوەڕ ناکەم، کەسێکی نێشتەجێ و خەڵکی ئەو دەڤەرانەی زوممار تا زرباتییەیە یا کوردانی بەغدا، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو دیدەیشدا بێت، کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەم پێکرد و خوێندوو و ڕووناکبیریش بێت، بتوانێت دژایەتی سەربەخۆیی بکات و بچێتە بەردەم سەندووقی دەنگدانەکە و بڵێ”نەخێر بۆ سەربەخۆیی”، مەگەر وێژدانی ژەنگی هەڵهێنابی و بیری کەڕووی گرتبێ، لێ ڕەنگە گوتنی “نەء” بە لای خوێندوو و ڕووناکبیرێکی سلێمانییەوە، نەک خەڵکە هەژار و داماو و ئاساییەکەی، ئاسانتر بێت. زۆرێک لەو خوێندوو و ڕووناکبیرانەی سلێمانی، بەبێ ئەوەی بەخۆ بزانن، دووچاری دەردی خانەگومانیی لەهەمبەر خەڵک، وەهم، تۆمەت هەڵبەستن، ترس، پارانۆیا “Paranoia” و دەردی خۆبەزلزانیی، لووتبەرزی، خۆ پێ شتبوون، لەخۆڕازیبوون، لەخۆباییبوون، کەیف بەخۆهاتن ، نارسسیزم”Narcissism”ن. هەربۆیە بەو بیرکردنەوەیەی هەیانە و بەو دەردانەی، وەک خۆرە، دەروونیان دەخوات، هەرگیز چاوەڕوانی باشتریان لێ ناکرێت. ئەوان تەنیا سلێمانییان پێ شارە و بە شاری شاران و سەرچاوەی فەرهەنگ و زانست و عەقڵ و سیاسەتی دەزانن و تەنانەت تا ڕادەی ئەوەی، کوردی هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان، ئەگەر جیاواز لەوان بیربکاتەوە، بە کوردی نازانن و هەر خۆیان پێ کوردە و هەر خۆیان پێ ڕاستە. ئەمانە بە هەموو توانست و لێهاتوویی و وزە و چالاکییەکی هەیانە، کار لەسەر شۆردنەوەی مێشکی خەڵکانی ئاسایی و لاوان دەکەن و خەڵکیک، کە ڕەنگە تەنیا وشەگەلی “ڕووناکبیر و نووسەر و بیرمەند”، لە خشتەیان ببات و گوێیان بۆ ڕادێرن. دیارە تێنەگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ مێژوو، یا تێگەیشتنی ناهاوبەش بۆ مێژوو، مێژووی ناهاوبەش دروست دەکات و تێگەیشتنی هاوبەشیش بۆ مێژوو، مێژووی هاوبه‌ش دروست ده‌کات

*******

سەرتەراشخانەی کوردێکی ناسیاوم لە ستۆکهۆڵم هەیە، بۆ سەرتەراشین دەچمە کنیان. جارێکی چووم و دانیشتم و چاوەڕوان بووم ئەوەی، کە هەموو جاران سەرم دەتەراشێت دەستی بەتاڵ بێت و بچمە ژێر دەستی، چوون دەستی گیرابوو. ئەو هاوڕییە فلستینییە و بە عەرەبی پێی گوتم، ئەو هاوڕییەی ئێستا کەسی لەبەردەست نییە، ئاماژەی بۆ کورسییەکەی ئەودیوی خۆی کرد، کە گەنجێکی بیستویەک بیستودوو ساڵە بوو، جوان تراش دەکات و لە خۆیشتانە کوردە، بچۆ بەردەست ئەو. منیش چوومە بەردەستی و پرسیی، چۆنم گەرەکە سەرم بتەراشێ، منیش بۆم باس کرد. ئەوجا پێمگوت: تۆ لەم جێ کارە تازەی وانییە؟ چونکە پێشتر لێرە نەمدیوێ. گوتی نەک هەر لە جێ کارەکە بەڵکە لە سوێدیش تازەیە. ئیدی تێگەیشتم لە پەناهێنە نوێیەکانە. گوتم؛ تۆ خەڵکی سلێمانیت، وانییە؟ گوتی: بەڵێ. گوتم: ئەی بۆ لە وەڵات هەڵاتووی و هاتووی بۆ ئێرە، خۆ ڕەوشی سلێمانی باشە و چ کێشەیەکی گەورە و مەترسییەک لەسەر ژیانی خەڵک نییە؟ گوتی: ئەی چۆن هەڵنەیەم، نە مووچە هەیە و نە کارەبا هەیە و نە ئاو هەیە و نە دامەزراندن هەیە و نەژیان هەیە و گرانییە و مەسعوود هەرچی بودجە و پارەی نەوت و قووتی خەڵکە دەیدزێ و کورسییەکەی گرتووە و وازناهێنێت و ناڕوات! گوتم: تۆ لە سلێمانی چ کارێکت دەکرد؟ گوتی: سەرتەراش بووم. گوتم: لە دوکانی خەڵکدا کارت دەکرد یا بۆخۆت دوکانت هەبوو؟ گوتی: بۆخۆم دوکانم هەبوو و بۆخۆم کارم دەکرد. گوتم: کارەکەت باش بوو و پێی دەژیایت؟ گوتی: زۆرباش بوو، نەک هەر خۆم کۆمەکێکی باشی ماڵیشم دەکرد. گوتم: خێزاندار بووی؟ گوتی: نەخێر. گوتم: ئەی ئێستا تۆ هاتووی دوکانەکەت ماوە یا نەء؟ گوتی: بەڵێ ماوە. گوتم: کێ کاری تێدا دەکات؟ گوتی: برایەکم. گوتم: ئێستاش کارەکەی باش دەڕوات؟ گوتێ: بەڵی هەر زۆر باشە. گوتم: ئەی مووچەت لە حوکوومەت وەردەگرت؟ گوتی: نەء. گوتم: حوکوومەت مووچەی تۆی بڕیوە؟ گوتی: نەء. گوتم: دەی تۆ چیت داوە لە مووچە و باسی مووچە و بودجە و قووت و ئەم بەزمانە بۆ دەکەیت، خۆ تۆ بە هەموو پێوەرێک لە ڕەوشێکی باشدا ژیاویت و ئێستاش کارەکەت پەکی نەکەوتووە و پارەی خۆت هەر وەردەگرێت! گوتی: چۆن باسی نەکەم، مەگەر ئەوە نییە مەسعوود دەیخوات و یەک شت بە خەڵک نادات و کورسییەکەی بەرنادات ! گوتم: هاوڕێ تۆ کە خەڵکی سلێمانیت، حوکوومەتی شارەکەی تۆ لە هەردوو شارەکەی دیکەی هەرێم، دهۆک و هەولێر، پارەی زیاتر دەستدەکەوێت. مووچەی کارمەندانی سلێمانی و گەرمیان لە حوکوومەتی سلێمانییەوە وەردەگیرێت.

ئەو دزی و مفتەخۆری و گەندەڵییەی لە سلێمانیدا هەیە، هیچی لە دهۆک و هەولێر کەمتر نییە، ئەگەر زیاتر نەبێت. تۆ و کەسانێکی شارەکەی تۆ، چاوتان تەنیا مەسعوود بارزانی دەبینێت، کە لە شارەکەی تۆدا و لەلایەن خەڵکانێکەوە، تەمەنێکە بە بەرنامە و نەخشە، تەنێ کار لەسەر دزێوکردنی دەکرێت، ئەی بۆ سەیرێکی بەرپرسە حیزبی و حوکوومەتییەکانی سلێمانی ناکەیت و ناچێت داوای مافی خۆت و خەڵک لەوان و لەنزیکترین بنکەی دەسەڵاتەوە، لە ماڵەکەی خۆتەوە، بکەیت. وەرە تۆ و من دەچین لە کەنار ئەم شەقامەی بەردەم ئەم دوکانەی ئێمە ئێستاکە تێیدا دانیشتووین، ڕادەوەستین و لە سەد مرۆڤ لەوانەی بە بەردەمماندا تێدەپەڕن دەپرسین، کە ئایا دەزانن بودجەی سوێد چەندە؟ بودجەی سوێد چۆن خەرج دەکرێت؟ وەزیری ئابووریی سوێد کێیە؟ سەرۆکوەزیرانی سوێد کێیە؟ چ حیزبێک ئێستاکە لە سوێد حوکوومەت بەڕێوە دەبات؟ بزانە لە و سەد مرۆڤە چەندیان دەزانن وەڵامی ڕاستی ئەو پرسانە بدەنەوە. ئەگەر لە سەدا بیستی زانییان وەڵامی دروست بدەنەوە، ئەوا زۆرە. لێرە لە سوێد تەنیا سیاسییەکانی، سیاسەت دەکەن و باسی سیاسەت دەکەن، ئەو خەڵکە ئاساییە، سەرگەرمی کار و ژیانی خۆیەتی و خۆی لە کاروباری کەسێکی دیکە هەڵناقورتێنێت، لێ لە وڵاتەکەی تۆ، هەرچی خەڵکە خۆی لە هەموو کاروبارێکدا، پێوەندیشی پێوە نەبێت و هی خۆیشی نەبێت و بواری خۆیشی نەبێت و لێیشی نەزانێت، خۆی تێهەڵدەقورتێنێت و لووتی تێوە دەژەنێت، لەوێ هەرچی خەڵکە سیاسییە و سیاسەت دەکات. هەر یەکەو لە ئاستی خۆی وتەبێژ و شیکار و بیرمەند و فیلۆسۆف و پسپۆرە، بۆیە هێندە حاڵی وەڵاتەکەمان جوانە! ئەوانەمان گوت و بڕێکیش زیاتر. بەدەم ئەو گوتوبێژەوە ئیدی کاتی سەرتەراشینەکەم تەواو بوو و هەڵسام و گوتم: لەبری ئەوەی سەری خۆت بەو باسانەوە دەئێشێنیت، باشتر وایە هەوڵدەیت زمان فێر بیت، کار بکەیت، بخوێنیت و بۆ خۆت بژیت. کورد لەمێژە گوتوویەتی:”بیانووی تڕ نانی جۆیە” یا “بیانووی تس نانی جۆیە”.بیانووی هەرچی نەهامەتی و ماڵوێرانی و گەندەڵییە لە کوردستان و بیانووی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییش، کە ئێستا باسی لێوە دەکرێ، لەبەر هەر هۆیەک بێت، لەو دەڤەری گەرمیان و سلێمانییە، تەنێ نانەجۆکەیە، واتە: مەسعوود بارزانی! ئەو بیانوو و دژایەتییە، بێجگە لە ئاوکردن بە ئاشی ئەنقەرە و بەغدا و شام و تاراندا و درێژەپێدان بە بندەستیی گەلی کوردستان و خاکەکەی، شتێکی دیکە نییە.
*******
هەموو بیانییەک لە جێی کار، خوێندنگە، باخچەی منداڵان، نێو شەمەندەفەر و ئۆتۆبووس و تاکسی و فڕۆکە، بازاڕ و فرۆشگە، سەرتەراشخانە، چێشتخانە و هەموو کون و قوژبنێک و جێیەک لە ئەوروپا، ئەمەریکا، هەندەران، بەتایبەت، کە تۆ بە ڕەنگ و ناو و زمان و ئایین و فەرهەنگ و زۆرینەی شتەکانت لەگەڵ دانیشتووانی وەڵاتەکە سەد لە سەد وێکنایەنەوە و تۆ بڕێک جیاوازی، ڕۆژانە تووشی ئەم پرسیارە دەبێت: تۆ خەڵکی کوێی؟ یا لە چ وەڵاتێکەوە هاتووی؟ یا بە ڕەچەڵەک کوێندەرییت؟ هەموو یەکێک لە ئێمە هەزاران جار تووشی وەها پرسیارێک بووە. وەک کوردێک، ڕەنگە بڵێێ من خەڵکی کوردستانم. هەرکە وات گوت، پرسیاری دووەمی ئەو کەسەی لێت دەپرسێت، لە باشترین حاڵدا ئەوەیە: کوردستان دەکەوێتە کوێوە؟ ئەوجا تۆ بۆی باس دەکەیت. پاش ئەوە دەڵێ: کام پارچەیان؟ وەڵامی ئەوەیش دەدەیەوە. لێ جاری وا هەیە و زۆرجارانیش بەو جۆرە، کابرای پرسیارکەر دەڵێ: کوا وەڵاتێک هەیە بە ناوی کوردستان! یا دەڵێ: وەرە لەسەر نەخشەی جیهان وەڵاتەکەتم پێشاندە! یا دەڵێ: بۆ ناڵێێ عیراقی، ئێرانی، تورکیایی یا سووریاییم! تۆ ئەگەر لەسەر وشەی کوردستانەکەی خۆت سوور و مکوڕ بیت، گەرەکە هەمیشە ئامادەی ئەوە بیت ڕوونکردنەوە و بەڵگە و نەخشە و وێنە و دەیان دەردەسەریی دیکە بۆ کەسی پرسیارکەر بخەیتە ڕوو و بگێڕیتەوە. خۆ ئەگەر ئەوەی لێت دەپرسێت عەرەب بێت، نە تەنیا عەرەبی عیراق یا سووریا، بەڵکە مەغریبی، عومانی، شامی، ئەهوازی یا مووسڵاوییش بێت، یا تورک بێت، ئیدی نە تەنیا تورکی تورکیا، بەڵکە تورکی بوڵغارستان، تورکمەنستان، قوبرس، ئازەربایجانیش بێت، یا فارس بێت، نە تەنێ فارسی ئێران، بەڵکە فارسی تاجیکستان، ئەفغانستان، هیندوستان، نەجەفیش بێت، موسوڵمانیش بێت، ئیدی موسوڵمانی ئیندۆنیزیا، مۆریتانیا، کۆنگۆ، چین، پاکستان یا هەر عەردێکی دیکە بێت، هەر دەسبەجێ لێت دەردەپەڕێ و دەتداتە بەر ڕێژنەی قسەی ناشیرین و تووڕەییت بەسەردا دەبارێنێت . عەرەبەکە، پێیوایە تۆ وەڵاتی عەرەب و خاکی عەرەب لەتلەت دەکەیت(ئەو لە ڕوانگەی دەسەڵاتی مێژوویی خۆی و داگیرکارییەکی مێژوویی خاکەکەی تۆ و ژێردەستەیی و دەستەمۆیی تۆوە دەنۆڕێتە تۆ) وتورکەکە، پێیوایە خاکەکەی لەت دەکەیت (لە ڕوانگەی ئیمراتۆریای عوسمانییەوە، وەک هیچ و بێ بەها لە تۆ دەنۆڕێ) و فارسەکە تۆ بە خوازیاری لەتکردنی وڵاتەکەی دادەنێ(لە دیدی ئیمپراتۆریای فارس و ئێران و مێژووی هەزاران ساڵەی دەسەڵاتی خۆیەوە دەنۆڕێتە تۆ و تۆیش وەک نەتەوە بە بەشێک لە فارس تەماشات دەکات و زمانەکەشت بە شێوەزارێکی زمانی فارسی دەزانێت)، موسوڵمانیش بێت، خەمی تێکنەچوونی یەکیەتیی موسوڵمانانە و تێکنەچوونی دەوڵەتی ئیسلامییەتی. ئیدی گەلێ جار مرۆڤ ئەگەر بڕێک نەرمونیان بێت و وزە و ئارەزووی ئەوەی تێدا نەبێت، داکۆکی لە خۆی بکات و حەزی لە دەمەقاڵە و شەڕەقسە نەبێت، لە کورتی دەیبڕێتەوە و خۆی لە سەرئێشە لادەدات و دەڵێ: من عیراقیم، ئێرانیم، تورکیاییم، سووریاییم، بە گوێرەی ئەوەی بە ڕەسمیی هاووڵاتیی کام لەو وەڵاتانەیە.

ساڵانە دەیان بۆنە لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکاندا ڕێکدەخرێن و مامۆستاکان، لەلەکان لە زارۆکەکان داوا دەکەن وێنەی ئاڵاکانی خۆیان بکێشن و لە دیواری ژووری خوێندنەکەیاندا هەڵیانواسن، یەک جاریش نەبووە منداڵانی کورد تووشی دوودڵی و سەرسووڕمان و شەرم نەبن، لەوەی کە نازانن چ ئاڵایەک دانێن. دیارە ئەوە پەروەردە و بیرکردنەوەی دایکوباوک و خێزانی منداڵەکە لەو پرسەدا نۆرە دەبینێت. ماڵبات هەیە منداڵەکانیان فێری وشەی کوردستان و ئاڵای کوردستان و ئەوانە کردووە و ماڵباتیش هەیە منداڵیان بە عیراقی، ئێرانی تورکیایی و سووریایی پێگەیاندووە و ئاڵای ئەو وەڵاتانە دەناسێتەوە. زۆرجارانیش ئەو پرسی ئاڵایە دەبێتە باس و دڵەڕاوکێیەک بۆ زارۆکەکە، کە دەبینێ سۆمالی، ئەفغانی، ئێرانی، تورک، ئێریتری، ئیسیووپی، هیندوستانی..داروبەرد و هەموو دنیا ئاڵای هەیە و دێتەوە بۆ ماڵ و لە دایک و باوکی دەپرسێت: ئێمە بۆ ئاڵامان نییە؟ دایک و باوکیش ئیدی بەگوێرەی دید و بیرکردنەوەی خۆیان بۆی ڕووندەکەنەوە، یا خۆیان لە وەڵامدانەوەی گێل دەکەن، لە هەردوو حاڵەتیشدا هەرگیز ناتوانن ئەو زارۆکە قایل بکەن و وەڵامەکەیان هیچ ئاسوودەیی و دڵنیاییەک بە زارۆکەکە نابەخشێت.

ئەگەر کەس لە بێ دەوڵەتی و بێ وەڵاتی تێنەگات، کوردی هەڵاتوو لە کوردستان و لە هەندەران ژیاو، دەبوو زۆرباش تێگەیشتبان. دوو نەتەوە یا دوو گەل، لە جیهاندا، بەتایبەت لە ئەوروپا بڵاوبوونەوە، ڕۆم(قەرەچ) و کورد. ڕۆمەکان، لە ئەوروپا لە کورد کۆنترن. ڕۆمەکان، نەک هەر دەوڵەت، خاوەنی خاکی خۆیشیان نین. ئەوان دەگەڕێن و لەهەرکوێیەک ژیان، ئیدی ئەوە وەڵاتی ئەوانە. ئەوان بە مووزیک، سەما، فەرهەنگ، دەستڕەنگینی و چەوسانەوە و لەبەینبردنیان لە مێژوودا، دەناسرێنەوە. کوردیش، ئەنفال، گازبارانی هەڵەبجە، کۆڕەو و جەنگ، دنیایەک نەگبەتی و ماڵوێرانی، بە خەڵکی ناساندووە، دەنا لێدانەوەی قەوانی سوواوی بەشی عیراق و ئێران و تورکیا و سووریا و چوارپارچە و چل میلیۆن و ئەو باسانە، گێڕانەوەی ئەو شانامەیەی، کە دەبێ هەمیشە ئامادەی گێڕانەوەی بیت، هەرگیز ئەوروپاییەک ناگەیەنێتە ئەو باوەڕەی، کە تۆ وەڵاتێکت هەیە و ناوی کوردستانە، چونکە تۆ لەسەر نەخشە نیت و وەڵاتەکەت دەوڵەت و ددانپێدانراو نییە و ئەندامی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان(UN) نییە و لەو وڵاتە ئەوروپاییەی تێیدا دەژیت باڵیۆزخانەیەکت نییە بەناوی”باڵیۆزخانەی دەوڵەتی کوردستان”. هەرچەندە باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی چ له‌ ڕووی مێژوو و چ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆکه‌وه‌ نوێیه‌ و به‌رهه‌می هزری بۆرژوازی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و دواتره، لێ‌ نەبوونی قەوارەیەکی ددانپێدانراو، کە پێی بڵێی وەڵات و خودانی پاسپۆرت و ئاڵا و خاکێکی سنووردار، ڕووحێکی سەرگەردان و وێڵ و بێ ئینتیما دێنێتە بەرهەم.

********

فیلۆسۆفی میژوو ومیژوونووسی بریتانی، ئارنۆڵد توێنبی(Arnold Joseph Toynbee 1889 – 1975)، له‌ لێکۆڵین و توێژینه‌وه‌کانیدا، له‌مه‌ڕ په‌یدابوون و له‌نێوچوونی ژیارییه‌کانه‌وه‌ ده‌ڵێ:”نه‌ته‌وه‌کان ناکوژرێن، به‌ڵکه‌ خۆیان خۆیان ده‌کوژن”، واته‌: “سه‌رته‌ڵ و ده‌سته‌بژێره‌ زاڵ و ده‌ستڕۆیشتووه‌کانیان، ده‌که‌ونه‌ ڕه‌وشی ملانێ و جه‌نگێکی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ییه‌وه‌، که‌ ئیدی بڕست و توانستی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ و داهێنانی چاره‌سه‌ری گشتی و قایلکه‌ری هه‌مووان و بۆ سوودی هه‌مووان، بۆ کیشه‌ و گرفته‌ ژیانییه‌ که‌ڵه‌که‌بوو و کۆنه‌کان، ده‌بڕێ”. کاری سیاسی له‌ کوردستان و له‌نێو حیزبه‌کانی کوردستاندا، لە دێر زەمانەوە، هەر لە ناوەندی ساڵانی 1960ەوە، لەسەردەمێکەوە، کە ئیدی ماڵ بەش کرا و برا لە برا جوێ بووەوە، بێجگە لە‌ ملانێیه‌کی ڕووت و ئاشکرا و بێ په‌رده‌ی هێز و بازوو، شتێکی دیکە نەبووە. زۆر جاران بێفه‌رهه‌نگی و بێئامانجی و بێمه‌به‌ستییەکی هزریی، بەسەریدا زاڵ بووە و ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕووپۆش و ده‌مامکه‌ ئیدیۆلۆگییه‌یشی، گەلێ جاران هه‌ڵیانگرتووە و هه‌ڵیده‌گرن، نه‌یتوانیوە و ناتوانێت، به‌رژه‌وه‌ند و ده‌سکه‌وته‌ که‌سه‌کییه‌ ڕاسته‌وخۆ و زه‌قه‌کانیان و کینە و ڕقیان وه‌شێرێ. پاڵنه‌ر و هانده‌رێکی بنه‌ڕه‌تیی کارکردنی ئه‌وان، دەڤەرچێتی و ناوچەگەری بووە و ئاوه‌ز و خواستێکی قازانجخوازیی بازرگانیی سه‌رمایه‌دارییش، هاندەرێک. وەها هزر و کردار و رەوتاریک، هەرگیز نابنە هەوێنێ چێکردنی نەتەوە و وەڵات. بە پێچەوانەی مەسعوود موحەممەدەوە کە دەڵێ:”خەڵک دەتوانێ لە دینی خۆی دەرچێ، لە وەطەنی خۆی دەرچێ، لە نازانم چی خۆی دەرچێ، بەڵام ناتوانێ لە قەومی خۆی بترازێ، ئەگەر کورد بێ ناتوانێ بڵێ من کورد نیم. قوڕ بەسەری، کوردە مەگەر بێژوو بێ، چونکە بە میرات بۆی ماوەتەوە، کەواتە کوردایەتی ئەصیلە و بەهێزترە لەهەر وەسفێ بۆ مرۆی دەهێنیتەوە…” ، بە بڕوای من، نه‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌یی و میرات نییه‌، بەڵکە دروست ده‌کرێ. مرۆڤ، هەر لە زارۆکییەوە، دایکوباوک، خێزان، بنەماڵە، هۆز و خێڵ، خوێندنەگە، جێیکار، کۆمەڵ، هەموو ئەوانە لە دروستکردنیدا ڕۆڵ دەبینن و ئەو کەسیەتییەی دەدەنێ، کە هەیەتی و دەیبێ. زارۆک، کە دێتە دنیاوە، بۆ خۆی هیج ئینتیمایەکەی نییە و دەکرێتە، کورد، فارس، تورک، عەرەب، فرانسی، چینی، شیعە، سوننە، ئێزدی، پرۆتستانت، کاتۆلیک، ئۆرتۆدۆکس، جوو، بوودایی، هیندۆس یا هەر شتێکی دیکە. دەشێ منداڵێکی فرانسی، سوێدی، عەرەب، چینی، هەر کە دێنە دنیاوە، جێگۆڕکێیان پێ بکەیت و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ئیندیان و دایەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ڕۆم(قەرەچ) و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی سۆمالی و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ئەبوریجینی لە ئەوستالیا و هەموویان گەورە ببن، ئایا ئەوانە دەبنەوە فرانسی، سوێدی، عەرەب، چینی یا دەبنە ئیندیان، قەرەچ، سۆمالی، ئەبوریجین؟ ئەودەم تێدەگەین، کە نە نەتەوە و نە ئایین، هیچیان چەسپاو و بۆماوەیی و میرات نین و هیچ ڕەسەنایەتییەکیشیان تێدا نییە، دەشێ مرۆڤ لێی دەرچێت و هەر نەشچێتەوە سەری، ئەو ڕەسەنە و دەمێنێتەوە و چەسپاوە، تەنێ مرۆڤ بوونە. کوردایەتیش، بە واتای کوردبوون و هەستکردن بە کوردبوون و هەوڵدان بۆ پرسی نەتەوەیی کورد، باوەڕم وایە، نه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ خولیا و کارێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ گرێ نه‌درێ، ده‌سیسێ و ده‌پووکێته‌وه‌. بنه‌ماکانی نه‌ته‌وه‌ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌: خاک داگیر ده‌کرێ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ و که‌م ده‌بێته‌وه‌، زمان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و به‌ش به‌ش ده‌بێت، مێژوویش له‌نێوان تێگه‌یشتنێکی کاڵفامانه‌ و ناته‌واو و هه‌ڵه‌دا، بزر ده‌بێ و فه‌رهه‌نگیش داده‌ڕزێ و تڕۆ ده‌بێ.

*******

لە هەر کۆمەڵێکدا، چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو کۆی نەکاتەوە، مەگەر گەیشتبنە ئەو جێیەی، مارکس لە کۆمۆنیزم یا پرۆدۆن(Pierre-Joseph Proudhon)باکۆنین(Michail Bakunins) و کرۆپۆتکین(Pjotr Kropotkin) و گۆڵدمان(Emma Goldman) لە ئەنارکیزمدا، باسی دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن و چاوەنۆڕین بێتە دی، چه‌ک جێگه‌ی گوێ لەیەکگرتن و گه‌نگه‌شه‌ و وتووێژ ده‌گرێته‌وه‌ و ڕێکخراوە سیاسییەکان و حیزب ده‌بنه‌ میلیشیا و ده‌سته‌ی چه‌کدار و بونیادی دامه‌زراوه‌یی و پایەی ده‌وڵه‌ت له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و کۆمه‌ڵ شی و شیتاڵ ده‌بێته‌وه‌، ورد ده‌بێته‌وه‌ و پاژپاژ ده‌بێت و ده‌بێته‌ خڕبوونه‌وه‌ و گردبوونه‌وه‌یلێکی پێش ده‌وڵه‌ت ئاسا، ده‌بێته‌ به‌ره‌باب و تیره‌ و خێڵ و هۆز و هه‌رێم و میرانی جەنگ دەبنە کەڵەگا و میرمحێ و سه‌رکرده‌ و ده‌مڕاستی ناوچه‌یی و نه‌ژادی و ئایینی و ئایینزایی و سەرمایەدار و چەتە و دەیان جۆرە گرۆ و دەستەی دیکە، لەژێر دەیان ناوی جیاوازدا، کە ئێستا نەک تەنیا باشووری کوردستان، بەڵکە هەموو کوردستان بە دەستییەوە دەناڵێنێت. کاتێکیش، که‌ ده‌وڵه‌ت، وه‌ک چه‌مک و تێگه‌یشتن و بوون، به‌ بێ جۆره‌ پێکهاتنێکی گشتی چێ نه‌بێت و دروست نه‌بێت، نه‌بوونی ئه‌و پێکهاتنه‌ گشتییه‌، ده‌بێته‌ هۆی ئافراندنی بۆشایی و چۆڵاییه‌کی سیاسی له‌نێو کۆمه‌ڵدا، که‌ زه‌مینه‌ خۆش ده‌کات و ڕێگه‌ ده‌کاته‌وه‌ بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی. لێرەدا ڕێبەرایەتییەکی شارەزا و لێزان و دڵسۆز، ڕەوشەکە لەو گێژاوە دەردێنێت و وەڵات و کۆمەڵ، بەرەو کەناری ئازادی دەبات. ڕێبه‌رایه‌تی، شاره‌زایی و زانینێکی گشتیی بۆماوه‌ییه‌‌ و له‌ ئه‌نجامی که‌ڵه‌که‌بوون و کرده‌ی مێژووییدا خڕ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ بنه‌ماشدا له‌ گه‌شه‌کردنی ئاگایی ستراتیگیی گه‌له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، کاتێک تێده‌گات و ده‌زانێت و ئاگایه‌ له‌وه‌ی،‌ هه‌ندێک پیرۆزی و تایبه‌تمه‌ندیه‌تی خۆی هه‌یه‌، که‌ نابێ ده‌ستی که‌سی بگاتێ و ‌ به‌رژه‌وه‌ندگه‌لێکی خۆی هه‌یه‌، که‌ ناشێ ده‌ستبه‌رداری ببێ. هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێ پیرۆزی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه‌، که‌ ڕای گشتی بڕیار له‌سه‌ر پاراستنیان ده‌دات و ئه‌و ده‌سته‌بژێر و سه‌رته‌ڵه‌ داهێنه‌رانه‌ی نێو گەل و نه‌ته‌وه و نیشتمان‌، بڕیار ده‌ده‌ن، که‌نگی خه‌ڵک ئاماده‌ بکرێن بۆ جه‌نگ بۆ پاراستنی به‌ها و به‌رژه‌وه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان و چەسپاندنی بناخەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، چونکە دەوڵەت بۆخۆی، ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی خەڵک لەچوارچێوەی قەوارەیەکدا. ئەو قەوارەیە، کە پێی دەگوترێ دەوڵەت، سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و بەڵا گەورەکانە، ئەگەر حوکمڕانییەکی دروست و باش و دادپەروەری تێدا نەبێت و هیچ چاودێرییەکی توندی لەسەر نەبێت، لێ مرۆڤ ڕەنگە لە نەبوونی پاریزگاری و دەسەڵات و پەروەردە و بارهێنانی سیاسییشدا، ببنە گیانلەبەر و دڕندەی ترسناک ڕەنگە مرۆڤخۆریی، کانیبالیزم(cannibalism)، کە لە مێژووی مرۆڤدا هەبووە، جارێکی دیکە سەرهەڵداتەوە و ببێتە مۆدەی سەردەم. ده‌وڵه‌تی یه‌کگرتوو ده‌فری پرۆژه‌ی ژیارییه‌، هیچ ژیارییه‌ک بێ ده‌وڵه‌تی مه‌زن و پێشکه‌وتنی زانستی، چێ نابێت ونییه‌.

*******

کاک “م”، پیاوێکی تا ڕادەیەک بڕێک لە کورتەباڵا بەرزتر، لاواز، پرچی تەنک و بڕێکی ڕووتابووەوە و ئەوەیشی مابووی، سپیەتی تێکەوتبوو، تابڵێی ئارام و لەسەرەخۆ، خوێندوو و هەڵگری بڕوانامەی زمانی عەرەبی و زانستە ئیسلامییەکان و دەرچووی زانستگەی ئەزهەر لە مسر و زمانانی کوردی و تورکی و عەرەبی زان و هەرسێی بەدەفتەر گرتبوو . ئەو بە ڕەچەڵەک لە باکووری کوردستانەوە هاتبوو، لێ لە ئیستەنبوول دەژیا. وەک هزرین و دیدیش نزیک لە ڕەوتە ئیسلامییەکەی نەجمەددین ئاربەکان، کە ڕەوتێکی ئیسلامیی تورکی بوو و ئێستا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕێبەریەتی و لە بنەماشدا کاریگەریی بیروباوەڕی نوورسیی لەسەر بوو و گەلێ جاریش ماڵە گچکەکەی، کە لە کوووچەی یەکێک لە گەڕەکە هەژارەکانی ئیستەنبوول بوو، دەبووە مەکۆی جڤین و خڕبوونەوەی هاوبیر و هەوادارانی ئەو ڕەوتە. لە ماڵەکەیدا ، کتێبخانەیەکی گەورەی تژی کتێبی جیاواز لە بواری جیاوازدا، بەو زمانانە هەبوو. دانی ئێوارەی ڕۆژێک و شەوێکی پێش بیستوچوار ساڵێک میوانی بووم، لەو ماوەیەدا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، دیتم نوێژ ناخوێنێت، بە پێی بیروباوەڕ و کەسیەتی ئەو، نایشارمەوە، بڕێک بەلامەوە سەیر بوو، بانگەشەی ئیسلام و ئیسلامیبوون و نوێژنەخوێندن! هەرچەندە ئەوە مەسەلەیەکی زۆر تایبەت بوو و گەلێک کەسەکییش بوو، لێ هێزم دایە خۆم و حەزم کرد لێی بپرسم، کە چۆنە ئەو بەو پاشخان و کەسیەتی و دیدی خۆیەوە، نوێژ ناخوێنێت! لە وەڵامی پرسیارەکەمدا گوتی:”چما نمێژ بخوینم! کەسەک نمێژ دخوینە کو ئازاد بە. نە وەڵاتێ من، نە گەلێ من، نە ئاخا من، نە زمانا من، هیچ یەک ژ وان نە ئازادە. گاڤەک وان نە ئازاد بن، ئەز ژی ب خۆ نەئازادم. ئەز و زمان و ئاخ و گەل و وەڵاتێ من، ئەم بندەستن، ئەم کۆلە، بەندە، دیل، کۆیلەنە. مرۆڤ کو دیل و کۆلە بە، چ تشتەکی نە ئی وییە، نە جان، نە لاشێ وی ئێ وینە، ئەو نە خودێێ خۆەیە، بەلکی هەر تشتی وی مولکا کۆلەدارێیە، نمێژ قەت نە ل سەر وییە، ژ بەر وێ یەکی ئەز نمێژ ناخوینم، گاڤەکی وەڵات، عەرد، زمان وگەلێ من ئازاد و سەربەست بوون، ئیدی ئەز نە کۆلەمە، ئەز ژی ئازاد دبم، وێ چاخێ نمێژ ل سەر من فەرز دبە، بلا کوردستان ئازاد بە و ئەم ببن خودێێ خوە، ئەز ژی نمێژ دێ بخوێنم”.

*******

لە میدیا بینراو و بیستراو و نووسراوەکانی کوردستاندا، ئەوانەی لەگەڵ گشتپرسی و سەربەخۆییدان، ڕۆژانە وەک هەواڵی گرنگ و کاریگەر، هەڵوێستی نووسەرێکی کورد، ڕۆژنامەنووسێکی کورد، مەلایەکی کورد، ئەفسەرێکی کورد، هونەرمەندێکی کورد، دانیشتووی هەرێمی کوردستان و لەنێو هەرێمی کوردستاندا، بڵاو دەکرێتەوە، یا چالاکی خەڵکانێک، بە هونەر، بە مووزیک، بە قسەکردن، بە خڕبوونەوە، لە باژێڕێکی هەرێم، هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران و…پەخش دەکرێتەوە و گرنگی و بایەخەێکی زۆریان پێدەدرێن، کەچی هەر ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و سترانبێژ و خەڵکانە، هێندە خۆیان شەکەت ناکەن، کە ڕووبکەنە کەرکووک و لەگەڵ تورکمانەکاندا، چالاکی هاوبەش بکەن و بچن بەرەو بەدرە، مەندەلی، قزڕەبات، کفری، خورماتوو، خانەقین، نێو کوردانی فەیلی، شنگال و یا هەر عەردێکی لەو جۆرە، کە دەبوو هەموو گرانییەک بخرابایە سەر ئەو دەڤەرانە و بایەخ و بەهایەکی گەلیک زیاتر بەوان درابا.

ئەم گشتپرسییەی باشووری کوردستان، کە بڕیارە لە 25ی سێپتەمبەری 2017ەدا بکرێت، بڕێک پەلەپەل و شپرزەیی پێوە دیارە.
هێشتا تەواوی هێزەکانی باشووری کوردستان نەگەیشتوونەتە پێکهاتنێکی تەواو لەسەری و ناهاوئاهەنگی و جیاوازیی و فرەدەنگیی پێوە دیارە.
هێشتا لەتی ڕۆژهەڵاتی هەرێم، سلێمانی و گەرمیان، دەنگی نەخێر و دژەسەربەخۆیی تێیدا زاڵە.

هێشتا لە دەڤەرە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان، کە پتر لە 60%ی خاکەکەی پێکدێنن، هیچ جۆرە چالاکی و جموجووڵێکی بەرەو یەکگرتنەوە لەگەڵ هەرێمدا و بەرەو سەربەخۆیی تێدا وەدی ناکرێت.
هێشتا گوتوبێژێکی جیددی لەگەڵ تورکماندا، کە نەتەوەی دووەمی کوردستانن و لە هەستیارترین شوێنی کوردستان دەژین، نەکراوە، کە دەبوو پێش هەر خەڵکێکی تر و پێش هەر حیزبێکی تر، گوتوبێژ لەگەڵ وان کرابا و دڵنیایی تەواویان پێ درابا، بە تەواوی یەکسانییان لەگەڵ کورددا و دابینکردنی تەواوی خواستەکانیان، لە چوارچێوەی کوردستانێکی سەربەخۆدا.

هێشتا ساغ نەبووەتەوە، عەرەبی هاوردەی کەرکووک، کە پرۆژەی عەرەباندنی دەڤەرە دابڕێنراوەکانیان جێبەجێ کرد و سەرلەبەریان سیخوڕ و داگیرکەر بوون، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە ئەگەر بە حەق بێت، دەبێ مافی دەنگدانیان نەبێت.
هێشتا ساغ نەبووەتەوە، کە ئایا ئەم گشتپرسییە تەواوی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و کوردانی دەرێی هەرێم دەگرێتەوە یا نەء.
هێشتا هێشتاگەلێکی فرە زۆرتریش ماون…

ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و لە پێشی هەموویشیانەوە بارزانی، کە ئێستا سەرۆکی کوردستانە و پێشەنگی بانگی سەربەخۆییە و ئاڵاکەی هەڵگرتووە، حەقوایە گەلێک لێبراوانە و دڵفراوانە و چالاکانە، هەرچی زووە، لەپێناوی لەدەستنەدانی کەرکووک و تەواوی دەڤەرە دابڕێندراوەکان، نەک جارێک، دەیان جار سەردانی کەرکووک بکات و لەگەڵ تورکمانەکان، شیعە و سوننەیان، بەرەی تورکمانی و حیزب و هێزەسیاسییەکانی تریان، لەگەڵ عەرەبە کۆنەکانی کەرکووک، لەگەڵ مەسیحییەکانی، کۆببێتەوە و بەڵێنی ڕاست و دروستی وەدیهێنانی تەواوی مافەکانیان بدا. با پۆستی جێگری سەرۆکی کوردستان، یا سەرۆکی کوردستان، چەندین وەزارەت، سەرۆکی پەرلەمان، باڵاترین پلە لە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا، بدرێ بە تورکمان، مەسیحی، یا عەرەب، نەک بە فڵانە حیزبی کوردی یا ئەوی دی. بارزانی، حەقوایە نەک جارێک، دەیان جار، سەردانی زوممار، شنگال، کوردانی ئێزدی، شەبەک، دووبز، مەخموور، پردێ، تازەخورماتوو، تاوغ، کوردانی کاکەیی، بێشیر، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا، خانەقین، مەندەلی، بەدرە، زرباتییە، کوردانی فەیلی، کەلار، هەڵەبجە، هەورامان، سلێمانی و…بکات و جۆش و گەرمی و چالاکییان تێدا بڵاوبکاتەوە و دڵنیایی داهاتوویەکی باشتر، گەشتر و خۆشتریان بداتێ. کورد لەمێژە گوتوویەتی:”پادار بگرە، بێ پا ماڵ وێمانە”، بۆ کوردستان، پادار، دەڤەرەدابڕێندراوەکانن و بێ پا، هەرێمە.

سپای ئەمەریکا لە ڤیێتنام، سپای فرانسا له‌ ئه‌لجه‌زائیر، سپای تورک لە کوردستان، سپای عیراق لە کوردستان، داریان سووتاند، ماڵیان ده‌ڕووخاند و وێران ده‌کرد، ده‌ست و پێ و په‌نجه‌ و لووت وگه‌رده‌نی ژنانیان ده‌بڕییه‌وه‌ بۆ داگیرکردنی خشڵ و زێره‌کانیان، کچان و ژنانیان وەک سەبایا دەبرد، ئەنفالیان دەکرد، گازبارانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەیان دەکرد و دەیان خراپەکاریی دیکەیش. عەرەبی هاوردەی کەرکووک بەشێکی چالاک و دەستکراوە بوونە، لە تەواوی هەموو ئەو نەهامەتییانەدا، بەسەر کوردستاندا هاتوون و کەرکووکیش پشکە زۆرەکەی بەرکەوتووە.

ماددەی ناپیرۆز و بەد و بێفەڕ و دزێوی 140، کە کورد بۆخۆی چووە ژێر باری و لەگەڵ حوکوومەتی بەغدا واژووی کرد و تائێستاش وەک “مارەکەی شێخ ئۆمەر” بە ملیدا ئاڵاوە و لێی نابێتەوە و وەک زنجیر و پابەند دەست و پێیەکانی شەتەک داوە، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی سەرکردەیەتی سیاسیی کوردستان و مێژووی کوردەوە، کە قایل بوون بەوەی دەنگدان لەسەر خاکێک و جیۆگرافیایەک بکرێت، بە هەموو پێوەر و بەڵگە و مێژوویەک، بەشێکی جیانەکراوەی خاکی کوردستانە. ماددەی 140، دەنگدانە لە سەر ماڵی خۆت، کە چەند کەسێکی لایدە و غەوارەی تێ هاتووە و داگیریان کردووە و ئەوان دەڵێن ئەو ماڵە هی ئێمەیە و تۆیش دەڵێی وەرە با دەنگی لەسەر بدەین بزانین هی کێیە! تەنانەت هەموو کەمئاوەزێکیش ئەوە دەزانێت، کە مرۆڤ لەسەر ماڵی خۆی دەنگ نادات! هاتنی ئەو لایدە و غەوارانە بۆ تەواوی ئەو خاکەی کوردستان، کە ئەمڕۆ پێی دەگوتری”ناوچەی دابڕێندراو” یا “ناوچەی جێی ناکۆکی”، لە داگیرکردن زیاتر شتێکی دیکە نەبووە. کورد ئێستاش دەتوانێت، هەردوو شارۆچکەی کەلار و چەمچەماڵ، کە هەردوویان خراونەتە سەر سلێمانی و سلێمانییش بەدەستی کورد و هەرێم خۆیەوەیەتی، بە تەواوی خاک و دانیشتووانەکانیانەو و هەموو گوندەکانیانەوە، بێ هیچ پرسێک بە بەغدا، بگەڕێننەوە سەر کەرکووک. سلێمانی، قەرزداری کەرکووکە و گێڕانەوەی کەلار و چەمچەماڵ، گێڕانەوەی قەرزەکانی کەرکووکە. کورد بە حوکمی ئەوەی هەردوو شارۆچکەی کفری و خورماتوو وەک خاک لە ژێر هێزی خۆیدایە، دەتوانێت، بە بڕیارێکی ئوستانداری کەرکووک و داوایەکی ئەنجومەنی شارەداریی ئەو دوو شارۆچکەیە و پشتیوانیی سەرۆکایەتی هەرێم، بیانخاتەوە سەر کەرکووک. کورد دەتوانێت ئێستاش عەرەبی هەناردەی کەرکووک، کە هەریەکەو 20000 دۆلاریان درایە بۆوەی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بیانگێڕیتەوە. کورد دەتوانێت بۆ خۆی و بێ چاوەڕوانکردنی حوکوومەتی بەغدا، حەویجە، کە بەغدا بۆ سەرئێشەی کورد و کێشە و گوشار بۆ کەرکووک و لەسەر کەرکووک هێشتوویەتییەوە و لەبندەستی داعشدایە، ڕزگار بکات و ئەویش بخاتەوە سەر کەرکووک. ئیدی بەو کارانە کەرکووک دێتەوە ئامێزی کوردستان. بۆ مەخموور و مەندەلی و بەدرە و زرباتییەش هەر ئەو کارانە دەکرێت، ئەگەر ڕێبەرایەتی کورد لە سیاسەتی منجەمنج و کات بەسەربردن، خۆ دەربازکەن و گوڕ و تینێک بدەنە خۆ.

دەسەڵات و حوکوومەت و حیزبە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکانی شیعە و سوننە و تەنانەت عەلمانییەکانی عیراق، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی لێ دەرچێت، هەر هەموویان، لە باشترین حاڵدا، ئەگەر قایل بن بەم گشتپرسییەی ڕێبەرایەتیی کورد باسی دەکات، کە ڕەنگە قایلیش بن، ئەوان تەنێ بە ئەنجامدانی لەنێو هەرێمی کوردستاندا، قایل دەبن و ئەگەر ئەنجامەکەیشی بە سەربەخۆیی بشکێتەوە، ئەوا هەرگیز لەم هەرێمەی ئێستا زیاتر، لەم سێ قوتە شارەی(دهۆک، هەولێر، سلێمانی)، کە بە هەرسێیانەوە هێندەی سێ گەڕەکی گەورەی شاری لەندەنن، زیاتر، ڕەوا نابینن. ئەم هەرێمە قوتە، سەددام حوسەینیش بەکوردی ڕەوا دەبینی و لاریی لێ نەبوو، ئێستا ئەگەر کورد دڵ بەوە خۆشکات تەنێ ئەم هەرێمەی بۆ ببێتە دەوڵەت، باشتر وایە، خۆی بۆی شەکەت نەکات و لێی پاڵداتەوە تا شەمەندەفەرێکی دیکە دێت، یا ئەوەتا بە هەموو تین و گوڕ و هێزییەوە، خۆی بۆ یارییەکی دیکە ئامادە بکات. کورد چاوەڕێی ئەوە بێت دەسەڵاتی بەغدا و حیزبەکانیان، یا جەعفەری و جبووری و مالیکی و حەموودی و ئەلحەکیم و عەبادی و نوجەیفی و… دەستبەرداری دەڤەرە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستان ببن و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بە تێکەڵکردنی ئەو دەڤەرانە لەگەڵ هەرێمدا چی ببێت، ئەوە تەنێ خەونە و هەرگیز نایەتە دێ. کە هەڵویستی دەسەڵاتی بەغدا و حیزبەکانیان بەو جۆرە بێت، دەبێ کورد بگاتە ئەو ئەنجامەی، کە شاعیری دیاری عەرەب، ئەبو تەممام ئەلتائی(أبو تمام الطائي/ 788-845)، پێی گەیشتبوو، کاتێک بە ئەلموعتەسەم بیللاە(المعتصم باللە/ 842 -796)ی خەلیفەی عەبباسی، کە بەدەم هاواری ژنێکی عەرەبەوە لە شاری عەموورییەی بندەستی بیزەنتییانەوە دەچێت، کاتێک ژنە هاوار دەکات”وا معتصماە/هاوار موعتەسەم یا هۆوموعتەسەم”و موعتەسەمیش لە جەنگێکدا، باژێڕی عەمموورییە دەگرێت و سپای بیزەنتییان کە تیۆفیلۆس(845-788Theophilos)، ئیمپراتۆری دەبێ تێکدەشکێنێت، ئەبوتەممام دەڵێ:

“السیف أصدق إنباء من الکتب في حدە الحد بین الجد واللعب”، واتە: شمشێر لە کتێبان دروستترە لە نووسینی هەواڵدا، تیژییەکەی سنووری نێوان جیددییەت و گەمەیە. عەرەب لەمێژە گوتوویانە:”بالسیف یقوم الإعوجاج لا بالقلم”، واتە: بە شمشێر چەوتییەکان ڕاست دەکرێنەوە نەک بە قەڵەم.
ئەگەر گشتپرسییەکە بۆ ئەوە بێت، تەنێ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بهێنێتە دی، ئەوا بەڕای من نە پێویستە و نە ئەم هەڵڵایەی گەرەکە، چونکە لە ساڵی 2005دا نزیکەی 98%ی دانیشتووانی هەرێم، دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام دواتر سەرانی کورد، لە زمانی جەلال تاڵەبانییەوە، کە ئەودەمە کرا بە سەرۆککۆماری عیراق، گاڵتەیان بە ئەنجامی ئەو دەنگدانە هات و ئەو گوتی، کورد پێشتر دەنگی بە دەستووری عیراق و یەکپارچەیی خاکی عیراق داوە و ئەو دەنگدانەی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدراوە، کارێکە هیچ بایەخ و بەهایەکی نییە. ئەگەر گشتپرسییەکە بەڵگەنامەیەک بهێنێتە گۆڕێ، تەنێ هەرێم بکاتە دەوڵەت و تەنێ هەرێم وەک کوردستان بمێنێتەوە و سەربەخۆ بێت و ببێتە قەواڵەیەکی واژۆکراو و ددانپێدانراو و ڕەسمی و چەسپاو و نەگۆڕ، بۆ لەدەستچوون و دەستبەردابوون لە دەڤەرە دابڕێنراوەکانی کوردستان، ئەوا ئیدی ڕەشترین پەڵەی خیانەت و ناپاکی بە مێژووی سەردارانی کوردستانەوە دەنووسێ و هەرگیز لێیان نابێتەوە و تا کۆتایی دنیاش ئەو بەشەی کوردستان دەدۆڕێت. لەوەها حاڵێکدا نەبوون و ئەنجامنەدان و نەکردنی، ئەو گشتپرسییە، گەلێک باشترە لە لەدەستانی کەرکووک و بەشە کوردستانییەکانی مووسڵ و دیالە و تکریت و کووت وعەمارە!

13-08-2017
————————-

سترانبێژ و شاعیر و ئەکتەر و مووزیکدانەری ناسراوی هۆڵاندی لە سوێد ژیاو، کۆرنێلیس ڤرێسویکس (/Cornelis Vreeswijk1987 – 1937)یش هەر ئەو شیعرەی بە دەسکارییەکی یەکجار کەم، لێ فرەجوان، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سوێدی و لەسەر ئاوازەکەی مەککۆردی و جوانتر بە گۆرانی گوتوویەتییەوە.

بیشر ئەلحافی، ناوی تەواوی: ئەبونەسر بیشر کوڕی حاریس کوڕی عەبدوڕەحمان کوڕی عەتاء کوڕی هیلال مەروزی بەغدادی(ابونصربشر بن حارث بن عبدالرحمن بن عطاء بن هلال مروزی بغدادی)یە. یەکێکە لە عاریف و سووفییە گەورەکانی کۆتایی سەدەی دووەم و دەسپێکی سەدەی سێیەمی کۆچی، لە ساڵی 767 دا لە مەرڤ(مرو)ی وڵاتی فارسی کۆن و تورکمەنستانی ئەمڕۆ، لەدایک بووە و لە بەغدا ژیاوە. ئەلحافی، واتە: پێخاوس، دەڵێن هەرگیز کەوشی لەپێ نەکردووە و هەر بە پێخاوسی گەڕاوە.

القرآن الکریم، سورة الزمر، الآیة 68:( وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَصَعِقَ مَنْ فِي السَّمَوَاتِ وَمَنْ فِي الْأَرْضِ إِلَّا مَنْ شَاءَ اللَّهُ ثُمَّ نُفِخَ فِيهِ أُخْرَى فَإِذَا هُمْ قِيَامٌ يَنْظُرُونَ ).
بە گوتەی هاوڕێیەکم:”ئەوی حوسنی چاکە بێت تێیدا نییە”.
کورد دەڵێ:”سەرگا هەر دۆڵە”.

ئەوانەی خۆشیان لە مەسعوود بارزانی و ماڵباتی بارزانی نایەت، لەبری ئەوەی بڵێن”بارزانی یا مەسعوود بارزانی” هەر دەڵێن:”مەسعوود” و بە “نێچیرڤان بارزانی”یش هەر دەڵێن”نێچیر”.
لە خولێکی فێربوونی زمانی سوێدی، سوعادی خێزانم و من دەمانخوێند. بارام(بهرام) ناوێکی فارسی شاخواز”سلطنت طلب”ی ئێرانیی هاوپۆلمان بوو، کە لە ئەمریکا بووبوو و ژیابوو و خزم و کەسانی هەموو لەوی دەژیان. لە سوعادی پرسی، کە خەڵکی کوێییە یا ئێمە خەڵکی کوێێن. سوعادیش پێی گوت: کوردستان. بارام دەسبەجێ هەڵچوو و کەللەیی بوو و گوتی شتێک نییە ناوی کوردستان بێت، کوردستان نییە. هێندەم زانی سوعاد کورسییەکی لێ هەڵگرتوو، خەریک بوو بیکێشی بەسەری بارامدا، تا ئێمە کەوتینە نێوانیانەوە و نەمانهێشت بارام بەرکەوێ. ئیدی بارامی کڵٶڵ، کە قەدوباڵای هێندەی هێلموت کۆل(Helmut Kohl)ە، یەک میتر و نەوەدوسێ سەنتیمیترییەکەی ئەڵمانیا دەبوو، پۆلەکەی جێهێشت و ئیدی نەهاتەوە.
المطبعي، حمید، گفتوگۆ لەگەڵ مسعود محمد، ئامادەکردنی: ئازاد عەبدولواحید، چاپی یەکەم، هەولێر 1999، ل 13.

نالی دەڵێ:” فــــارس و کـــورد و عــەرەب هــەرسـێـم بـە دەفـتـەر گـرتـووە
نـــالـــی ئــەمــڕۆ حـاکـمـی سێ موڵکە دیـــوانــــی هـــەیە”.




سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو، گەشتێک بۆ ئیسیووپیا … ئەمجەد شاکەلی


بیرۆکەی سەفەرەکە:

کە هاوڕێم سەردار ئەمین، زەنگی بۆ لێدام و باسی ئەوەی کرد، لەگەڵ هاوڕێ سەفوەت جەباریدا، بەتەمان گەشتێکی ئیسیووپیا بکەن و پرسیاری لێکردم ئەگەر حەز دەکەم منیش هاوڕێی سەفەریان بم، بێ یەکودوو دوای دوو خولەکێک، سولەیمانی قەسساب ئاسا، قایل بووم و گوتم باشە . ئیدی پاش ئەو زەنگەی هاوڕێ سەردار و قایلبوونم، لەسەر کاتی سەفەرەکە ڕێککەوتین و کەوتینە مشووری بلێت پەیداکردن و خۆمان ئامادەی ئەو سەفەرە کرد و بڕیار وابوو سەرلەبەیانی ڕۆژی 06 – 01 – 2016 کاتێک لە فڕۆکەخانەی بۆڵی(Bole) لە ئەدیس ئەبابا دادەبەزین، یەکدی ببینین و هەر بەو جۆرەشمان کرد. …..
بۆخوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




کەرکووکەخەم – یازدە ….ئەمجەد شاکەلی

تۆ سەدان جار باسی دەردەکانی کەرکووک و ڕاگواستنی خەڵکەکەی و گواستنەوەی کارگەر و کارمەندانی، بۆ کوردێکی سلێمانی، هەولێر یا دهۆک و بە تایبەتیش سلێمانی بکە، هەرگیز لێت تێناگات و پێیوایە کارمەند کارمەندەو دەبێ بگوێزرێتەوە و ئەی خەڵکیش لە شارێکەوە ببرێتە شارێکی تر، ئەمە چی تێدایە و کە کارمەندی هەناردەش دەخرێنە جێگەی تۆ، ئیدی ئەوە قانوونە و کەی کێشەیە! ئەوان بەو جۆرە لە کێشە و نەهامەتییەکانی کەرکووک تێدەگەیشتن و ئێستایشی لەگەڵ بێ تێیدەگەن. من بۆیە وا دەڵێم، چوون دەیان جار تووشی ئەو گەنگەشە و مشتومڕە هاتووم لەگەڵ خەڵکانێکدا، کە تێگەیشتنی ئەوان لەو کێشەیە، هەر هێندەی تێگەیشتنی عەرەبێکی فەللووجە، تکریت، بەسرە، بەغدا یا شوێنێکی دیکەی عیراق بووە. ئه‌و ده‌مه‌ی له‌ که‌رکووک بووم، چه‌ند شوێنێکم گۆڕی و هه‌ر ده‌مه‌ و له‌ جێگه‌یه‌ک ده‌ژیام، ده‌مێک له‌ گه‌ڕه‌کی عه‌ره‌سه‌ و ئیمام عه‌بباس و ده‌مێک نێزیکی حه‌مامی عه‌لی به‌گ و ده‌مێک کۆڵانه‌که‌ی شوکر نه‌ججاڕ، لە خانووەکەی میمکە(مەڕۆشا)ی دیاندا، کە لە کۆندا خوێندنگە بووبوو لە نێزیکی سینه‌مای سه‌لاحه‌ددین و ده‌مێک له‌ هوتێل زهوور له‌ نێزیکی مه‌رکه‌ز عام و ده‌مێک له‌ هوتێل موه‌ففه‌ق(موفق) و ماوه‌یه‌کیش له‌ ڕه‌حیماوا و دواجاریش پێش گواستنه‌وه‌م یا ڕاستتر وەدەرنانم بۆ هه‌ولێر، چونکە بە تۆبزی بوو نەک بە خواستی خۆم، له‌ هوتێل (جیهاد)، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی دیکه‌مدا ژوورێکمان پێکه‌وه‌ گرتبوو. هاوڕێیه‌که‌م مامۆستای ئاماده‌یی بوو و که‌ هاوین هات، گه‌ڕایه‌وه‌ کفری و منیش یەک دوو حەفتەیەک به‌ ته‌نیا مامه‌وه‌. پاش ئەو ماوەیە، خاوه‌نی هوتێله‌که‌ پرسیاری لێکردم، که‌ کوڕێکی تازه‌هاتوو هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر من پیم ناخۆش نه‌بێت، ئه‌وا بیخاته‌ ژووره‌که‌م و به‌وه‌ش‌ کرێیه‌که‌م که‌متر ده‌بێته‌وه‌. منیش زۆر به‌لامه‌وه‌ ئاسایی بوو و قایل بووم. هه‌ر بۆ شه‌وێ ئه‌و نه‌فه‌ره‌ نوێیه‌ هاته‌ ژووره‌کەم‌. لاوێکی ده‌وروبه‌ری 21-22 ساڵان بوو و هه‌ر دوو سێ ساڵێک له‌من گچکه‌تر بوو. عه‌ره‌ب بوو و خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری تکریت بوو. ئیدی که‌ بوو به‌ هاوژوورم و زووزوو یه‌کدیمان ده‌دیت، قسه‌وباس که‌وته‌ نێوانمانه‌وه‌. ئه‌و باسی خۆی بۆ ده‌کرم و زۆر به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌یگوت، که‌ ته‌نێ خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی ته‌واو ‌کردووه‌ و به‌ مووچه‌یه‌کی 130 دیناری له‌ کارگه‌ی گۆگرد(کبریت)ی که‌رکووک کاری بۆ دابین کراوه‌ و ناردوویانه‌ بۆ که‌رکووک و ئێستا به‌ شێوه‌یه‌کی کاتیی له‌و هۆتێله‌ ده‌ژی و پاشتر خانووی بۆ دابین ده‌کرێت و ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئۆتۆمبیل و هه‌موو ئامرا‌زه‌کانی ژیانی بۆ مسۆگه‌ر ده‌کرێت و ژن ده‌هێنێت و منداڵی ده‌بێت و ده‌بێته‌ خه‌ڵکی که‌رکووک. له‌ قسه‌کانیدا شۆخیی به‌ من ده‌کرد، که‌ زانستگه‌م ته‌واو کردووه‌ و هه‌موو مووچه‌که‌م 42-43 دیناره و نه‌ خاوه‌نی ماڵ و نه‌ خاوه‌نی خانووم و نه‌ هیچیشم هه‌یه‌‌. منیش ده‌مه‌ویست تێیگه‌یه‌نم، که‌ ئه‌و و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و، که‌ ده‌نێردرێنه‌ که‌رکووک، له‌به‌ر عه‌قڵ و کارزانی و لێوه‌شاوه‌ییان نییه‌، به‌ڵکه‌ بۆ عه‌ره‌باندنی که‌رکووکه‌ و بۆ پڕکردنه‌وه‌ی جێگه‌کانی ئێمه‌یه‌ و بۆ گۆڕینی هه‌موو شتێکی شاره‌که‌یه و بۆ بنبڕکردنی کوردە لە کەرکووک‌. که‌ زانیشی فه‌رمانی گواستنه‌وه‌م بۆ هه‌ولێر ده‌رچووه‌، زمانی درێژتر بوو و پتر شۆخیی به‌ ڕه‌وشی من و ئه‌وانه‌ی وه‌ک من ده‌کرد. نێزیکەی یەک مانگ و چەند ڕۆژیک لەگەڵ ئەو کوڕەدا هاوژوور بووین، پاشان من و سەدانی وەک من وەدەرنراین و ئەو و هەزارانی وەک ئەو جێی ئێمەیان لە کار و کۆڵان و گەڕەک و شەقامەکانی کەرکووکدا گرتەوە و بوون بە خاوەن ماڵ و تا ئەمڕۆش هەر خاوەن ماڵن.
2015 – 05 – 11




ئەوەی نابێ بگوترێ، دەبێ بگوترێ … ئەمجەد شاکەلی

 

amjadshakali_kteb11 barg_amjadshakali

Read more