بۆچی خوێندەواریی میدیایی؟-٣- نوێنەرایەتی و گێڕانەوە… میدیا چی بە ئێمە ناڵێت؟.. ئاراس سەعید

بەشی سێیەم

نوێنەرایەتی و گێڕانەوە… میدیا چی بە ئێمە ناڵێت؟

پڕۆسەی نوێنەرایەتیکردن لە زۆرینەی ڕەهای میدیادا پیشاندانی واقیعە بە شێوەیەکی تاییبەت. بەو مانایەیەی کە میدیا، واقیع بە تەواوی وەک ئەوەی هەیە و ڕوویداوە ناگەیەنێت بە بینەر، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیاریکراو دەیخەنە بەردەم بینەر.
مەرج نییە نواندنەوە بەو مانایە بێت کە میدیا دەیەوێت دژی واقیع مامەڵە بکات یان هەواڵێکی ناڕاست بە بینەر بگەیەنێت، بەڵکوو میدیاکان دەتوانن هەمان ئەو واقیعەی هەیە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بگەیەنین بە بینەر، بە شێوەیەک کە بۆچوونی میدیا ڕۆڵی هەبێت و ئامانجێکی دیاریکراو بپێکێت، بەو مەبەستەی بینەر ئەو تێڕوانینە تایبەتەی هەبێت کە میدیا دەیەوێت بۆ واقیع هەیبێت.
بۆ نموونە/ ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک ناچاربکەین بەوێنەیەک شاری هەولێر نیشان بدات و، بە یەک ڕستە وەسفی شارەکە بکات، چۆن وەسفی دەکات؟ ڕەنگە بە گرتەیەکی ئیمپایەر وەکوو شارێکی مۆدێرن و بەگرتەیەکی قەڵا وەک شارێکی مێژوویی و بەگرتەیەک لە عەنکاوە وەک شاری پێکەوەژیان وەسفی بکات، بەڵام ئەگەر وێنەیەک لەگەڕەکێکی هەژارنشینی پەراوێزی شارەکە پیشان بدات، لەوانەیە وەک شارێکی هەژارنشین و بێخزمەتگوزاری وەسفی بکات.
لەم نموونەیەدا ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە لەواقیعدا هەردوو وێنەکە هەولێرە و واقیعی نەگۆڕاوە، بەڵکوو نوێنەرایەتی و نواندنەوەی لە میدیادا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
میدیاکان بەوجۆرە واقیع دەنوێننەوە کە خۆیان دەیانەوێت. ئەوە میدیایە بڕیار دەدات کە چ وێنەیەک پیشانی کۆمەڵگای خۆمان یان کۆمەڵگاکانی تر بدەن. تەنانەت دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیاردانی بەرپرسانی وڵاتەکەمان هەبێت و لە ڕێگەی ئەو وێنانەی کە پیشانی دەدەن، هەروەها توانای ئەوەیان هەیە تێڕوانینەکانمان بۆ واقیع بگۆڕن. بە دڵنیاییەوە وڵاتی ئێمە کەموکوڕیی خۆی هەیە، بەڵام ئەو وێنەیەی کە میدیاکان پیشانی دەدەن، هەندێکجار وەک خۆی نییە و دیوێکی نەگوتراوی هەیە کە میدیاکان بە ئێمەی ناڵێین.!
میدیا هەوڵی گۆڕینی تێڕوانینی بینەر دەدات بەو شێوەیەی کەخۆی دەیەوێت. ئەوان لە شەڕی گێڕانەوەدان، بەو مانایەیەی کە دەزگا میدیاییە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتردا کێبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گێڕانەوەیەی کە هەریەکەیان لەبارەی واقیعەوە هەیەتی، بەسەر گێڕانەوەکانی دیکەدا زاڵ بێت.
هەر جارێک بیر لە چەمکێک، کەسێک، یان گروپێک دەکەینەوە، یەکسەر ئەو چەشنە کۆنەپەرستییەی کە میدیا لەسەر ئەو چەمکە لە مێشکماندا دروستی کردووە، دێتە بەرچاومان و ئەم بیرکردنەوەش کاریگەری لەسەر حوکم و بڕیارەکانمان دەبێت.
با بەنموونەیەکی دیکە پرسەکە ڕوونبکەینەوە، کاتێک میدیاکان دەڵێن (پایتەختی ڕۆشنبیری) چی بە مێشکتدا دێت؟ ئەمە چەشنە کۆنەپەرستانەیەکە کە میدیا لە مێشکی ئێمەدا دروستی کردووە، لە بنەمادا دانیشتوانی شارێک هەموویان تایبەتمەندییەکی دیاریکراویان نییە، بەڵام میدیا وای لێکردووین هەموو خەڵکی شاری سلێمانی بە خەسڵەتێکی دیاریکراوەوە وێنا بکەین، کە خەڵکی ئەو شارە هەموویان ڕۆشنبیرن. لەکاتێکدا ئەگەر سەردانی کتێبخانەی گشتی سلێمانی بکەین ڕەنگە ئاماری سەردانیکەرانی خوێنەران زۆر لە سەردانیکەرانی کتێبخانەی گشتی هەولێر و هەڵەبجە و قەزاکانی کوردستان کەمتر بێت. ئەمە هێزی نواندنەوەی میدیایە کە ڕوانینێکی زەینی لای وەرگر درووست دەکات، تا بەوجۆرەی خۆی دەیەوێت واقیع ببینێت.
بەنموونەیەکی دیکە ئەمە پرسە زیاتر ڕووندەکەمەوە، ئەگەر میدیایەک بڵێیت: ئەم ئامێرە یان لە ئەمریکا دروستکراوە و ئەوی تریان لە چین دروستکراوە، تێڕوانینی ئێوە بۆ ئەم دوو بەرهەمە چی دەبێت؟ ئەوەی لە مێشکتدا دروست دەبێت، وێنایەکە کە میدیا دروستی کردووە. لە ڕووی کوالیتییەوە، بەرهەمی کوالیتی بەرز و نزم لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین هەیە، ئەم چەشنە وێنا زیهینییە دەبنە هۆی ئەوەی کە هەندێک تێڕوانینمان هەبێت سەبارەت بە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتانە کە مەرج نییە درووست بن.

ماوییەتی…




بۆچی خوێندەواریی میدیایی-2- ئاراس سەعید

بەشی دووەم
شاردنەوە لە نواندنەوەدا
” میدیا بەنواندن و پەخشکردنی هەندێک شت، هەندێک شتی دیکە دەشارێتەوە “
پێیەر بۆردیۆ
PIERRE BOURDIEU; On Television

یەکێک لە تواناکانی میدیا تەکنیکی شاردنەوەیە. میدیا لە ڕێگەی پیشاندانی واقیعێکەوە، واقیکێکی گەورەتر دەشارێتەوە. یان بەجۆرێک فاکتەکان دەنوێنێتەوە کە لە بنەمادا وەک ئەوەی هەیە پیشان نەدرێن، یاخوود گۆڕابن بۆ شتی بێمانا و داڕشتنەوە و نواندنەوەیان لەناوەڕۆک و مانایی ڕاستەقینەی فاکتەکان بەتاڵکرابنەوە.
پاتریک شامپاین، فەیلەسووف و سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی لە کتێبی (la misère du monde /هەژاری جیهان) فرە قەشەنگ ئەم پرسەی ڕوونکردووەتە و باسی لە چۆنێتی نواندنەوەی فاکتەکان لە میدیادا کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کە چۆن ژۆرنالیستەکان بەپێی لۆژیکی ناوەکیی کارەکانیان و بەلۆژیکی پیشە، ئایدۆلۆژیا، دنیابینی، لەکاتی ڕووماڵکردنی بابەتەکاندا تەنیا لایەنێکی فاکتەکان هەڵدەبژێرن، لایەنێک کە لەگەڵ تێگەیشتنی خۆیاندا بگونجێت.
لای شامپاین، ژۆرنالیستەکان بونیادێکی نادیاری تێگەیشتن ڕێک دەخەن کە دیاری دەکات چی ببینرێت و چی نەبینرێت.
ژۆرنالیستەکان چاویلکەی تایبەت بەخۆیان پێیە کە هەندێک دیمەنی پێ دەبینن و هەندێک دیمەن دەشارێتەوە…چاویلکەیەک بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت دەبینێت و ڕووماڵ دەکات.
شامپاین بەنموونەی مانگرتنی قوتابیانی دواناوەندی فەڕەنسا (ساڵی 1986) ئەمە ڕووندەکاتەوە. لەم نموونەیەدا دەبینین ژۆرنالیستەکان تەماحیان لە دووبارە بوونەوەی 1968ـێکی نوێیە. دەیانەوێت بەحەز و خواستەنەستەکییەکانیان واقێکی نوێ بەرهەمبهێنن، واقعێکی کارەستبار و پڕ لە تووندووتیژی. ئەوان خەیاڵیان لە نواندنەوەی 1968وە نایانەوێت لە دەستی بدەن، بەڵام مانگرتنەکە لە بنەمادا مانگرتنی کۆمەڵێک مێردمنداڵبوو کە ئەلف و بێی سیاسییان نەخوێندبوو. کۆمەڵێک منداڵ کە خۆیان نەیاندەزانی چیان دەوێت و دەیانەوێت چی بڵێن؟ لەم چرکەساتەدا ژۆرنالیستەکان وتەبێژەکانیان هاندەدا، بەپیرییانەوە دەچوون و ئەمانیش شتەکەیان لێ بەڕاست دەگەڕا.
لەم نموونەیەدا شامپاین دەیەوێت پێمان بڵێت؛ ئەوەی ژۆرنالیستەکان پیشانیان دەدا و ئەوەی تەلەفیزیۆنەکان دەیان نواندەوە واقیع نەبوو، لە بنەمادا نە خۆپیشاندانێکی سیاسی ڕوویدەدا، نە مێرمنداڵەکان سیاسیی بوون، ئەوەی هەبوو خۆپیشاندانی کۆمەڵێک خوێندکاری مێردمنداڵبوو کە خۆیان نەیاندەزانی چییان دەوێت.لێرەدا میدیا خۆی واقیع بەرهەم دەهێنێت و ئەو واقیعەی پێ دەشارێتەوە کە خۆی حەزی لێ ناکات.
ڕەنگە زۆرێکمان بینەری فیلمی (Ace in the Hole 1951) کە بە کەرنەڤاڵە گەورەکە ناسراوە، فیلمێکی تەنزئامێزی ئەمریکییە لە ساڵی 1951 لەلایەن (بیلی وایڵدەر)ەوە دەرهێنراوە. لە فیلمەکەدا کیرک دۆگلاس وەک ژۆرنالیستێک ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، کاتێک
(لیۆ) بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە لە نێوان شاخەکەدا گیر دەخوات ژۆرنالیستەکان بەمەبەستی ڕووماڵکردن و گواستنەوەی زانیاری ڕوودەکەنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ناتوانرێت لە بن شاخەکەدا دەربهێندرێت.
دوای پێنج ڕۆژ چاوەڕوانی (چاک تاتوم) بۆ ئەوەی یەکەم کەس ببێتە خاوەنی ئەو هەواڵە، (لیۆ) دەکوژێت و دەچێتە سەر شاخەکە و هەواڵی مردنی ڕادەگەیەنێت. بەڵام لە ڕاستیدا لیۆ نەمردووە، بەڵکوو چاک تاتوم خۆی کوشتوویەتی… ئەمە توانایی ڕەهایی ژۆرنالیزمە، بەجۆرێک دەتوانێت خۆی ببێتە کەرەستەی خولقاندنی حەقیقەت. ئەگەر حەقیقەتێکیش بوونی هەبێت، دەتوانێت بیکوژێت و حەقیقەتێکی دیکە بنوێنێتەوە.
خۆ ئەگەر میدیا فاکتێکیش بڵاوبکاتەوە، پێویستە بە دەرگاوانی میدیادا تێپەڕێت. هەموو میدیایەک دەرگاوانی هەیە و هەموو فاکتێک بە دەرگاواندا تێدەپەڕێت. وەک ئەوەی نووسەری ئەمریکی (کیرت لیۆن) دەڵێت:” هەر فاکتێک پێش ئەوەی لە میدیاوە بگاتە وەرگر بەچەند دەرگایەکدا تێدەپەڕێت، لەوێدا بڕیار لەوە دەدرێت چی پێدا دەربازبێت یان چی لێبقرتێنرێت، یان چۆن بنوێنرێتەوە.”هەندێکجار ئەو زانیاریانەی لە دەرگاکەدا دەچنەژوورەوە گەلێ کەمترە لەو زانیاریانەی که لێوەی دێتە دەرەوە و دەنوێنرێتەوە.
ماوییەتی…




بۆچی خوێندەواریی میدیایی؟.. ئاراس سەعید

“پێویستمان بەم هەموو زانیاریە نەبوو، ئێمە لەناوەڕاستی زەریایەکدا خەریکین نوقم دەبین؛لە زانیاری…”
Marguerite Duras
L’ amant de la Chine du Nord
پێشەکی
ـــــــــــــــ
مرۆڤی ئەم سەردەمە بەوە لە مرۆڤی سەردەمەکەی پێش خۆی جیادەکرێتەوە کە لە ناوتۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنیکدا دەژی. قۆناغی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی قۆناغی دوای دەرکەوتنی میدیای نوێی و سەردەمی تەقینەوەی زانیارییەکانە، قۆناغێکە تێیدا میدیا خۆی لکاندووە بەکۆی کۆمەڵگەیی مۆدێرنەوە و هاوکات وەکوو عەمباری زانییاری و زمان حاڵی سەردەمەکەش دەردەکەوێت. هەر بۆیە چەمکی خوێندەواری لە ئێستادا زۆر لە مانا تەقلیدییەکەی فراوانترە کە تەنها لە توانای خوێندنەوە و نووسین و بڕوانامەیەک کوورت دەکرایەوە. لە دوونیای ئەمڕۆدا چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ و کارامەیی لە درووست بەکارهێنانی کارامەیییەکە و ئەگەر کەسێک نەزانێت چۆن مامەڵەی درووست لەگەڵ میدیا بکات ئەوا بە نەخوێندەوار دادەنرێت. لە جیهانێکدا کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی لێشاوی گەورەی زانیاری دەبینەوە، یان وەک ئەوەی مارگرێت دیوراس ئێژێت: “ئێمە لەناوەڕاستی زەریایەک لە زانیاری خەریکین نوقم دەبین” جا بۆ ئەوەی فێری مەلەوانی ببین و نەخنکێین، خوێنەواری میدیایی کارامەیییەکی جەوهەرییە.
با نموونەیەک بهێنینەوە، وابیهێنە بەرچاوت لە بازاڕێکی گەورەی قەرەباڵغدایت کە هەموو جۆرە کاڵایەک بە مارکە و کوالێتی و نرخی جیاوازەوە نمایش دەکرێت. بۆ ئەوەی باشترین کاڵا هەڵبژێریت، پێویستە کوالیتی کاڵاکان بناسیتەوە و نرخەکان بەراورد بکەیت و متمانەت بە ڕیکلامەکانی فرۆشیارەکان نەبێت. لەجیهانێکدا میدیا بووە بەپێویستییەک و تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیان، هەر لە منداڵان و هەرزەکاران و گەورەساڵانەوە کاتێکی زۆر بە شێوەی ئۆنلاین و لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن و زانیاری لێوە وەردەگرن و بەر پەیام و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەکەون، کە کاریگەری لەسەر عەقڵ و تەندرووستی جەستەیی و دەروونیان هەیە و ڕێگرە لەوەی ببنە هاووڵاتی هۆشیار و ڕۆشنبیر، خوێندەواری میدیایی بەتەواوی هەمان ئەو کارامەییە کە لەنموونەی بازاڕیکردنەکەدا پێویستمانە.
ڕەنگە بەسەر هەمووماندا هاتبێت کە لە کاتی گەڕان بۆ هەواڵێک لە سایت و پەیجەکانی هەواڵ یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تووشی هەواڵی سەیر و سەمەرە یان تەنانەت هەواڵی ناڕاست بووین و بڵاومان کردۆتەوە بەبێ ئەوەی وردبینیمان بۆ کردبێت و بزانین کە لەبنەمادا ئەو هەوڵە ڕاستە یان ناڕاستە، بەڵام دوای ماوەیەک بۆمان دەرکەوتووە کە هەواڵەکە لە دەنگۆیەک زیاتر هیچی تر نییە! ئەمە تاکتیکی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، کە بە پێی ئامانج و مەبەستی خۆیان ناوەڕۆک دەشێوێنن و واقیع لەقاڵب دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە، هەر بۆیە گەربمانەوێت لە ڕاستی یان ناڕاستی هەواڵ و زانیارییەکان تێبگەین، دەبێت خوێندەواری میدییایمان هەبێت.
خوێندەواریی میدیایی چییە؟
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
“بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگایەک، سود لە یەک ڕەوشی سادە وەربگرن: سەرەتا دەستیان لەکتێب دووربخەنەوە، دواتر سەریان ڕۆبنێنە ناو تەلەفزیۆنەوە”
کارل پۆپەر
خوێنەواریی میدیایی / Media Literacy دیدێکی ناسەنی/ مەعریفیی و ڕەخنەگرانەیە کە یارمەتیمان دەدات لە ناسین و شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی پەیامە میدیاییە جۆربەجۆرەکان. هەموو بەرهەمێکی میدیایی بە ئامانجێک بڵاودەکرێتەوە، لە دونیای ئەمڕۆدا نەخوێنەوارەکان زۆر بە ئاسانی دەبنەنێچیری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تەنها ئەوانەی خوێندەواری میدیاییان هەیە دەتوانن پەیامە ئاڵۆزەکان ڕاڤەبکەن و ئامانجە شارەوەکانی پشت پەیامێک بدۆزنەوە کە لە ناوەڕۆکی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب، ڕیکلام، تابلۆی بازرگانی، ئینتەرنێت و میدیای نوێیدا هاتووە. بەکوردی و پوختی، خوێندەواری میدیا، توانای شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی زیرەکانەی پەیامەکانی میدیایە، کارامەییەکە یارمەتیمان دەدات لە ناسینەوەی هەواڵ و زانیاری ساختە و تێگەیشتن لە مەبەست و نیازە شاراوەکان لە دەقی پەیامێکدا. بەزۆری میدیا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەبێت و هۆکاری ناردنی پەیامەکە و ئامانجەکانی بشارێتەوە.
میدیاناسی
ــــــــــــــــــ
میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دونیای ئەمڕۆدا. ئێمە لە ڕێگەی میدیاوە دەستمان بە زانیاری دەگات و پەیوەندیمان لەگەڵ جیهانی دەوروبەرمان دەبەستین. ئایا تائێستا بیرت لەوە کردۆتەوە کە جۆرە جیاوازەکانی میدیا چین و چۆن کاریگەریی لەسەر ئێمە بەجێدەهێڵن؟ میدیای مۆدێرن چ لێکچوون و جیاوازییەکی لەگەڵ میدیای تەقلیدی وەک ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەیە؟ هەرچەندە میدیا لە سەردەمی کۆنەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە هەواڵەکانی ڕۆژ بوونی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ میدیا ئیمتیازاتی تایبەتی بەدەستهێناوە و ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی ناسنامە و کەسایەتی مرۆڤدا هەیە.
بۆ نموونە/ تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەربگرین، ئەم تۆڕە زانیاری و ئارەزووەکانت وەردەگرێت و بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد شیکارییان دەکات و هەوڵدەدات بۆ ماوەیەکی زۆر سەرقاڵت بکات. ئەم پلاتفۆرمە بە شێوەیەک دروست کراوە کە ئالوودە بێت لەگەڵیدا، کاتێک دەچیتە ناو ئەم ئەپەوە، کۆتایی بە زانیاری و ناوەڕۆکی نوێ نایەت. بینینی هەر پۆستێکی نوێ یان شوێنکەوتنی هەر لاپەڕەیەکی نوێ پەنجەرەیەکی نوێ لە ناوەڕۆکەکەت بۆ دەکاتەوە، وە چیرۆکەکە کۆتایی نایەت کاتێک ئەم ئەپە دادەخەیت، ئاگادارکردنەوەکانی ڕات دەکێشنەوە کاتێک شتێکی نوێ بڵاودەبێتەوە، بۆ ئەوەی لەدەستت نەچێت!
وەزیفەی میدیا سەرنجڕاکێشان و ئالوودەکردنە. هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن و هەموو تۆڕێک هەوڵدەدات سەرنجی زیاتر ڕابکێشێت لە شەڕی سەرنجدان. هەربۆیە هۆشیاری و تێگەیشتنمان لەم تایبەتمەندییەی میدیا هەنگاوێک بەرەو پێشەوەمان دەبات.
تایبەتمەندییەکی دیکەی میدیا توانای قایلاندن و ئاراستەکردنی شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکە. لێرەدا دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە میدیا چ تەکنیکێک بەکاردەهێنێت بۆ ڕازیکردنی بینەر. چۆن دەتوانن بیرۆکەیەک یان باوەڕێکی درۆینە وەکوو ڕاستی دەربخەن؟
لەم نێوەندەدا، نابێت چاوپۆشی لە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی میدیا بکەین، وەکو بازرگانی ئۆنلاین، پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڕێکانت لە دوورەوە و تەنانەت دۆزینەوەی هاوڕێ کۆنەکان، فێربوونی کارامەیی نوێ، پێدانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی پەیامی هوشیاری هتد. ئەم ئەرکە ئەرێنی و گشتگیرانەی میدیا نهێنی دەسەڵاتەکەیەتی. لە جیهانی مۆدێرندا میدیا هێزی سەردەمەکەیە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بسڕدرێتەوە و هەروەها ناشتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
لەودیو پەنجەرە جادووییەکەوە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تەلەفزیۆن بۆ ئێمە لە منداڵیدا وەک پەنجەرەیەکی جادوویی دەردەکەوت کە مرۆڤە بچووکەکانی تێدا دەژیان. بەڵام وا دیارە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵان و گەیشتن بە تەمەنی دوو ساڵی، دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە تەلەفزیۆن وەک میدیایەک. وردە وردە و لە نێوان تەمەنی سێ بۆ پێنج ساڵیدا، جیاکارییەکانی نێوان تەلەفزیۆن و ژیانی ڕاستەقینە زیاتر نەرم و نیان دەبن. هەروەک چۆن منداڵانی بچووک پێیان وایە کە هەموو ئەوەی لە تەلەفزیۆنەکان نمایش دەکرێن ڕاستەقینەن، منداڵانی کەمێک گەورەتر ڕەنگە تەواو پێچەوانەکەی بیربکەنەوە. لە دەوروبەری تەمەنی پێنج ساڵیدا، منداڵان بە گشتی کاردانەوەی بەرچاوتر نیشان دەدەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەلەفزیۆن هەندێکجار ڕاستەقینە و هەندێکجاریش نا. منداڵان لە تەمەنی ناوەڕاستی منداڵیدا (لە تەمەنی هەشت بۆ نۆ ساڵان) زیاتر ئاگاداری پاڵنەرەکانی بەرهەمهێنەرانی تەلەفزیۆن دەبن و لە ڕاستیدا تاڕادەیەک گومانیان لێدەبێت. ئەمە بۆ دوونیای ئەمڕۆش هەمان شتە، بۆ ئەوانەی خوێنەواری میدیایان نیە وادەزانن ئەوەی لەشاشەکەوە بەری دەکەوێت ڕاستەقینە، ئەمە جادووی شاشەیە، بەڵام ئەوانەی خوێنەواری میدیاییان هەیە توانایی کەشفکردن و خالیکردنەوەی جادووی شاشەکەیان هەیە و دنیای دەرەوەی شاشەکە وەک خۆی دەبینن.
شاشە و جیهانی سێبەرەکان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
یەکێک لەسەرەنجڕاکێشترین چیرۆکی ئەدەبیاتی فەلسەفەی ڕۆژئاوا (متیافۆڕی ئەشکەوت)ی (پلاتۆن)ە، کە هەزاران ساڵ پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆڕمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بەلێهاتوویی لاسایی حەقیقەتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
پلاتۆن، لە کتێبی حەوتەمی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت: وای دابنێ کۆمەڵێک کەس لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین، دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە، دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە مرۆڤە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەو ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکەشووشە بۆ هەڵسوڕانی بووکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە. وای دابنێ هەندێک کەس لەودیو دیوارەکەوە پەیکەری مرۆڤ یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختە و شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێدەنگن. ئەوەی پلاتۆ باسی دەکات سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن. ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبینن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنیا سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ڕاستی بێجگە لە سێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نییە[ئەفلاتوون، کۆمار، بەشی حەوتەم، و/محەمەد کەمال، ل 229].
دەکرێت دوونیای شاشە، بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین، دەرگیربوون بە فەزای شاشە پشتکردنە لە حەقیقەت و ڕووکردنە شاشە، ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا وا هەست دەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە لە دنیای شاشەدا. پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەو شێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکەیە. بەدیدی پلاتۆن لەبەرگرتنەوە حەقیقەت نییە و نابێتە حەقیقەتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنیا لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. فەزای شاشە هاومانایە لەگەڵ هەریەک لەو دەستەواژەی (درۆزنەکان، نمایشکارە بووکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار)دا ئیدانەکراون، کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. وەکوو ئەوەی “سێلین برایۆن” دەیڵێت: “ئەگەر فەزای شاشە لەسەردەمی پلاتۆندا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا. چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە فەزای شاشەدا.




شکست لەنێوان ئۆجالان و لینین دا.. ئاراس سەعید

پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی (پ.ک.ک) خوێندنەوەی زۆری بۆکرا. هەندێک ڕاڤە و خوێندنەوەی سادەی ژۆرنالیستی و هەندێک خوێندنەوەی ئایدۆلۆژی و هەندێک خوێندنەوەی دیکە کە ڕەهەندی قووڵی بابەتی و ئەکادیمی لەخۆ گرتبوو.
هەر زوو ئایدۆلۆژیستە ئاپۆچییەکان پەیامەکەیان بە (پەیامی سەدە) ناودێرکرد. وە پێیان وابوو ئۆجالان گەورەترین ئەقڵی سەدەیە و کلیلی چارەسەری ئەو بارودۆخ و قەیرانەی کە سەدەیەکە کورد لە باکوور لەگەڵی ڕووبەڕووە تەنیا لای ئۆجالانە. تەنانەت پەیامەکەی ئیمراڵی وەک تێسکتێکی فەلسەفی ئاڵۆز ڕاڤەی بۆ دەکرا، بەومانایەی لەسەربنەمای هێڵێکی فەلسەفیی و مێژوویی و سیاسیی نوسراوە کە هەموو کەس لێی تێناگات. هەربۆیە نابێت بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی پەیامەکەوە بدوێن، چونکە ئەو پێغەمبەری سەردەمەکەی خۆیەتی و دوا حەقیقەتی ڕەها هەر لای ئەوە.
بەدیدی من ئەم بۆچوونە ئایدۆلۆژییە، ناچێز و هیچە کە هەموو کێشەکە چڕدەکاتەوە بۆ نێو یەک پنت و یەک خاڵ، ئەم زمانە ئایدۆلۆژییە زمانێکە لە ئاستی خۆ دووپاتکردنەوە دەدوێت و کڵێشەی ڕەخنەیی لە واقیع، بووەتە بەشێک لەپەچە و لەمپەڕ لەسەر بینینی ئەودیو واقیع و ئەودیوی کێشەکە. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە سەتحییەوە، ئەو (پەیامە)زیاتر لە هەموو کاتێک مایەی لێڕامان و مشتوومڕ و ڕەخنەیە. بەومانایەی پەیامەکە پەیوەستە بە دۆز و خەباتی سەدساڵەی نەتەوەیەک بۆ مافی چارەی خۆنووسین. دوان لەسەر دۆزی نەتەوە بەشێکە لەکاری بیرکردنەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئایدۆلۆژییستانە کۆمەکمان ناکات بەوەی بیر لەقەیرانەکان بکەینەوە. بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترا پەیامەکەی ئۆجالان پەیامێکی زۆر سادەبوو. سادەبوون بەومانایە نا کە کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەبێت و چارەسەرێکی نا ئەقڵانی بۆ کێشەی کورد بخاتەڕوو، وەناشکرێت سادەش لە بابەتەکە بڕوانین. بەڵکوو زمانی کۆمیونیکەشینەکەی سادەبوو، بەجۆرێک پەیامەکە بەهەموو کەسێک بگات. ئۆجالان لەپەیامەکەیدا، بەوردی دیراسەی مێژووی سەدەی ڕابردوو شکستی سۆسیالیزم و سەرهەڵدانی پ.ک.ک دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد و جەنگی جیهانی، لەو قۆناغەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. وە واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی و واقیعی سەردەمەکە کاریگەری لەسەر درووستبونوی پ.ک.ک هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. وە لەدوای داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعییەوە پ.ک.ک مانای خۆی لەدەست داوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. ئۆجالان لێرەدا جاڕی (شکست) دەدات، وە زیاتر لەشکستیش. مەبەست لە شکست شکستێکی هزری و شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو جاڕی خۆ-کۆتاییپێهێنان و خۆ ڕادەستکردنە.
ساڵی 1922، کاتێک بەلشەفییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ ناو سیاسەتی ئابووری نوێ و ڕێگەدان بە پانتایی زۆر فراوانتر لە ئابووری بازاڕ و موڵکایەتی تایبەت، لینین دەقێکی کورتی بەناونیشانی( سەرکەوتن بەسەر شاخێکی بەرز) نووسی. ئەو لە نموونەی شاخەوانێک کەڵک وەردەگرێت کە ناچارە لەلووتکەی شاخەکەوە پاشەکشە بکاتەوە بۆ خاڵی سفر. بۆ سەر زەوی و دواتر لەهەوڵی دووەمدا جارێکی دیکە بەسەر شاخێکی دیکە سەردەکەوێت دەگاتە لووتکەی شاخێکی نوێ. ئەمە نموونەی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن پاشەکشە دەکات بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی هەلپەرستانە خیانەت لە دڵسۆزی خۆی بکات بەرامبەر بە هۆکارەکە. شۆڕشگێڕەکان کە ڕێگە بە نائومێدی نادەن و هێز و نەرمی خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە دووبارە و سێبارە… ئەمە لینینە دەڵێت: (جارێکی تر هەوڵبدەرەوە. دووبارە شکست بهێنەوە. باشتر شکست بهێنە بەڵام تەسلیم مەبە.) کاتێک ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت:( دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتی کورد و توورک بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین.) ئەمە ڕوانگەیەکی لینینییە لەمڕۆدا زیاتر لە جاران پێویستە، کاتێک تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە (ناسیۆنالیزمی توندڕەو، ئیکۆلۆژی، جیۆپۆلەتیک، ناتۆ، شەڕ، AI قەیرانی ئابووری جیهان، قەیرانی دیمۆکراسی، کێشەی کۆچبەران..هتد)، هەرچییەک لە بزوتنەوە شۆڕگێڕەکان دەمێنێتەوە کەمتر و کەمتر توانای کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری ئەلتەرناتیڤێکی بژاردەیی بۆ نەزمی جیهانیی. لینین لەچیرۆکی شاخەوانەکدا بۆ ئەو ئەلتەرناتیڤە دەگەڕا. بەڵام ئۆجالان پێچەوانەی لیینین ڕێگەی هەڵگەڕان بەشاخێکی دیکەدا ناکاتە ئەلتەرناتیڤ، بەڵکوو شکست لای ئەو کۆتایی پێهێنانە و لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و تەسلیمی نەزمە جیهانییەکە دەبێت.
ڕەنگە ئۆجەلان پێی وابێت، ڕێگای دەرچوون لەم بنبەستەی بێکۆتایی بیرکردنەوە لە لاوازی چەپەوەیە و بۆیە شکستی سۆسیالیزم دەکاتە بیانوو وەکوو ئەوەی گلەیی لەوەبکات کە خەیاڵکردنی کۆتایی جیهان لە کۆتایی سەرمایەداری ئاسانترە. خودی سەرمایەداری نەک هەر بە سەرکەوتوویی خەیاڵی پۆست کاپیتالیزمی نەکرد بەڵکوو لە واقیعی خۆیدا خۆی دەگۆڕێت بۆ نەزمێکی نوێی پۆست سەرمایەداری. هەربۆیە دەڵێت:( پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی
کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت.)
ئەمە تەسلیم بوونە بەو حەتمیەتە یۆتۆپییەی کە (فڕانسیس فۆکۆیامایا) دەیگووت:( دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.) لەساڵی 1989 کاتێک ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەوکاتەدا (فۆکۆیاما) بەنووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دواهەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لەبەردەم ئایندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی. فۆکۆیاما گووتی: پێویستە مێژوو وەک پرۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایەیە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەپێی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئۆجەلان دەڵێت: پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی چارەسەرە یان شکستە؟
بەچاوپێداخشاندنەوە بە مێژوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشاوە بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، لە شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژئاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامە.
بناژۆخوازی چەپ و ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر، لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات. ئاڵنگارییەکی دیکەی جیهان گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکوومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. تەنراوە بەقەیران، قەیرانی کۆچبەران، قەیرانی وزە، قەیرانی جەنگ، قەیرانی جیهان پۆش، قەیرانی کەرامەت. دیمۆکراسی وردە وردە لە ڕۆژئاوا و لەهەموو سوچێکی جیهان پاشەکشە دەکات.
مرۆڤ بە هەر شێوەیەک لەم سیستەمە تێبگات، تێدا مرۆڤ داماڵێندراوە لە کەرامەت و زۆرێک لەدانیشتوانی جیهانی سێیەم، بەهۆی نەهامەتیەکانیانەوە لە دۆخی ئاورتەدا دەژین. بۆ نموونە، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دوای ئەوەی کوڕێکی تەمەن 3 ساڵانی فەلەستینی لە شاری خان یونس لە باشووری غەزە بەهۆی بەربوونەوەی هاوکارییەکانی ڕۆژئاواوە لە فڕۆکە ئاسمانییەکانەوە کوژرا، باپیرەی گوتی: “ئێمە هاوکاریمان ناوێت. ئێمە کەرامەتمان دەوێت.”
بیرۆکەی ئۆجالان کە (دیمۆکراسی چارەسەرە) جاڕدانی شکستە، چونکە دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە دروست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی قەیرانی ئابووری، تێکچوونی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرامبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.
لێرەدا بەنوکتەیەکی ژیژەک کۆتایی بەوتارە دەهێنم. دەڵێن جارێک (پوتین و شی و ترەمپ) چاویان بە خودا دەکەوێت و هەریەکەیان ڕێگەیان پێدەدرێت پرسیارێکی لێ بکەن. پوتین دەست پێدەکات: پێم بڵێ لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر ڕووسیادا دێت؟ خودا وەڵامی دەداتەوە: “ڕووسیا وردە وردە دەبێتە کۆلۆنی چین”. پوتین دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. شی هەمان پرسیار دەکات و دەڵێت: “وە لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر چیندا دێت؟” خودا وەڵامی دەداتەوە: “موعجیزە ئابوورییەکەی چین کۆتایی دێت؛ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆرییەکی هێڵی توند بۆ ئەوەی بژیت دەبێت داوای یارمەتی لە تایوان بکەیت”. شی دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. لە کۆتاییدا ترەمپ دەپرسێت: ” چارەنووسی ئەمریکا چی دەبێت دوای ئەوەی جارێکی دیکە دەستبەکاربوومەوە؟” خودا دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان.
ئەمە ئەم نەزمە جیهانییەیە کە ئۆجالان تەسلیمی دەبێت و خودا وەک ئەویتری گەورە بێلایەنانە تەماشایی دەکات و دەست دەکات بەگریان.




منی دیجیتاڵی.. ئاراس سەعید

منی دیجیتاڵی
“من سێڵفیم، کەواتە من هەم”

ئێلسا گۆدار

من سێڵفی دەگرم، لەسەر لێواری کەندەڵانێک، لەبەردەم تابلۆی مۆنالیزا، لە کەناری تاڤگەکانی نیاگارا، لە کڵاپ و کۆنسێرت و ئاهەنگەکاندا، لەسەر سفرەی ڕازاوە بەخوانی شاهانە، لەگەڵ سەرۆک و سیاسی و نووسەر و هونەرمەند و ئەکتەرە دڵخوازەکانم. من سێڵفی دەگرم و یەکسەر لەسەر ئەکاونتەکەم بڵاویدەکەمەوە، ئەمە بریتییە لە من. ئەرێ من. من سێڵفی دەگرم، کەواتە من هەم!.
قۆناغی سێڵفی
مرۆڤی مۆدێرن بەوە لە تایپەکانی پێش خۆی جودا دەکرێتەوە لە ساتەوەختێکدایە لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنیکدا دەژی. ئەم ساتەوەختەی کە پەیوەندی سوژە/مرۆڤ بەسرووشتەکەیەوە، لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییەوە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ خۆی و جیهان. ئەمەش ئەو چرکەساتەیە کە (هیگڵ) ناوی لێناوە چرکەساتی لە (خۆنامۆبوون) ئەو لە بارەی نامۆبوونەوە بەم جۆرە دەنووسێت: پڕۆسەیەکە کە (سوژە/مرۆڤ) خۆ بەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیتەوە، لە وجیهانە ڕاستەقینەیەی کە تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes…1807].
من ئەم ساتەوەختەی ئەمڕۆ ناو دەنێم (قۆناغی سێڵفی) بەو پێیەی کەمتر، لە ڕیاڵێتییەک/ وابوویەکدا تێڕوانینمان بۆ جیهان، گۆڕاوە لەو تێڕوانینەی کە ئێمە پێشووتر تێڕوانیمان بۆی هەبوو، بەو پێیەی ئەم گۆڕانکارییە لە تێگەیشتن بەدەستێوەردانەکانی نێوان ئەو و ئێمە لەم تەنە تێکەڵە لە هەموو شوێنێکدا دەردەکەوێت کە لە یەک کاتدا تەلەفۆن، شاشە، کامێرا و کۆمپیوتەر، کە ئێمە لە مۆبایلێکی زیرەکدا وەسفی دەکەین و پێی دەڵێین:(مۆبایلێکی زیرەک.)
بۆ تێگەیشتن و دوان دەربارەی ئەم پرسە دەگەڕێمەوە بۆ تێزەکانی خانمە فەیلەسووف و دەروونشیکاری فەڕەنسی (ئێلسا گۆدار) و پەرتووکە بەناوبانگەکەی (من سێڵفیم، کەواتە من هەم). گۆدار، سێڵفی وەکوو دۆزێک بۆ بیرکردنەوە و تەفسیرکردنی جیهانی هاوچەرخ دەخاتە بەرباس و، لە ڕوانگەیەکی دیاریکراودا ناوێی ئەم ساتەوەختە دەنێت (هایپەر مۆدێرن و سایبەر مۆدێرن). ئەو لەبارەی نووسینی پەرتووکەکەیەوە دەڵێت:(( پێناچێت فەیلەسوفێک ئارەزووی لە سێڵفی گرتن بێت، لە ساڵی 2015 ئێوارەیەک خۆم لە ئاهەنگێکدا بینیەوە لەگەڵ هاوڕێیەکی فەیلەسوف کە یارییەکی زۆر کۆمیدی نەبوو. پرسیاری لە هەمووان کرد کە ساتەوەختی شێتانەی ژیانیان چی دەبێت؟ کاتم نەبوو بیربکەمەوە پێش ئەوەی بڵێت: “تەنها سەیرکردنی پەیجی فەیسبووکەکەت، ساتەوەختی شێتیەکەت سێڵفییە. مەبەستی لەوە چی بوو؟ ئەو کێشەیەی کە من باسی دەکەم کێشەی نەرگسیسی بوو و، لە 250لاپەڕەدا وەڵامم دایەوە.))
سێڵفی لە پەرتووکەکەی گۆداردا سەرەتا وەک حیکایەتئامێز دەردەکەوێت بەڵام شێوازی ژیان و پەیوەندیمان بەسروشتی مرۆیمانەوە تێکدەدات. بەدیدی ئەو فەیلەسووفە، سێڵفی دەبێتە هۆی تێکچوونێکی گەورە لە خووەکانماندا کە بەهۆی هاتنی مۆبایلەوە هاتووەتە ئاراوە. مۆبایلە زیرەکەکانمان وامان لێدەکەن بتوانین دەستمان پێ بگات، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا، ئەمەش ئاماژەی گۆڕانێکی ڕیشەییە لە تێگەیشتنمان بۆ کات و شوێن و لە سەرووی هەمووشیانەوە پەیوەندیمان بە بیرکردنەوە و کورتکردنەوەی زمان لە مەجازی و وێنەدا.
ئیدی لەم جیهانەدا کە مرۆڤ لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەژێت، وێنەی سێلفی وەکوو نیشانەی قەیرانی ناسنامە دەرکەوێت. گۆردار پێی وایە، بە هاتنی سێڵفی و ئەو بەکارهێنانەی کە دەتوانین ئەنجامی بدەین. ئیتر کەناڵ/نێوەندگر نەماوە، من پەخشکەرم، بەرهەمهێنەرم، ڕۆژنامەنووسم…هتد
گۆدار، ئەمە بەسەرەتایی “نەخۆشییەکی دەروونیی ژیانی مۆدێرن” وەسف دەکات. ئەو پێی وایە، سێڵفی گرێبەست لەگەڵ”خۆ” دەکات کە بە واتای خۆت دێت بەڵام بە تەنیا بوون، پەیوەندی تەنیایی لەبەردەم شاشەی مۆبایلێکی زیرەک و کۆمپیوتەر و پاشگری سۆزداری “واتە” وەبیر دەهێنێتەوە کە بیرمان دەخاتەوە کە سێڵفییەکە وێنەی خۆت دەگرێت و بۆ مەجازی بڵاوی دەکاتەوە.
بەمانایەکی دیکە، مرۆڤ لەسەردەمی سێڵفیدا بوونی خۆی لە مەجازەوە وەردەگرێتەوە. بۆنموونە(کیم کارداشیان تەنها بەهۆی ڕیاڵیتی تیڤی و سێڵفیەکانیەوە بوونی هەیە) ئێمە لە چوارچێوەیەی چرکەساتێکداین کە وێنە دەسەڵاتێکی سەرنجڕاکێشی وەرگرتووە و لە کۆمەڵگەیەکی وێنەیی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی شاشەدا شوناس وەردەگرینەوە. ئەمەش ئەو پرسە شوناسسازییەیە، لە (قۆناغی ئاوێنەی) دەروونشیکاری لاکاندا ڕوونکراوەتەوە، (من ئەویترە.)

وێنەی سێڵفی و شوناسی وێنەیی
تێزەکەی لاکان باس لەوە دەکات کە لە نێوان شەش بۆ هەژدە مانگدا منداڵ وردە وردە لە جەستەی دایکی جیا دەبێتەوە بۆ ئەوەی بگات بە سوبژێکتیڤی خۆی، بە چەند قۆناغێک لەبەردەم ئاوێنەدا دیمەنی ڕووخساری خۆشحاڵی دەکات. سەرەتا پێی وایە کەسێکی ترە، دواتر تێدەگات کە ئەم ئەویترە تەنها وێنەیەکە، لە کۆتاییدا تێدەگات کە ئەویتر خۆیەتی.
ئەوەی لاکان دەیڵێت؛ ئەوەیە، پێش ئەوەی منداڵ ببێتە سوژە، پێشوەختە لە ئارەزووی دایک و باوکیدا بوونی هەیە دواتر وردە وردە دوورکەوتنەوەکەی ڕێگەی پێدەدات دەستی بگات بە سوبژێکتیڤی خۆی. دەتوانین بڵێین خود وەک سوبێکتێکی دروست لە ڕێگەی پرسیاری وێنەوە، لە ڕەنگدانەوەیەکەوە دەردەکەوێت. کەواتە چی بەسەر ئەم خودە دێت کاتێک ئەم وێنەیە لە وێنەیەکی تردا جگە لە وێنەی خۆی بنیات بنرێت کە وێنەیەکی خۆپەرستە؟
لەم هاوکێشەیەوە دەتوانێن بڵێین، لە سێڵفیەوە، لەو قۆناغەی کە گرتەی خۆمان دەگرین، فۆرمێکی تری ناسنامە لەدایک دەبێت، بەشێکی دیکەی مرۆڤ، پەیوەندی بە ئایدیالی ئیگۆوە هەیە و پێی دەڵێین: ئاڤاتاری.
هەموومان یەکێکمان هەیە، ئەگەر لە کایەی مەجازیدا بوونێکمان هەبێت، ئەوا ناسنامەی دیجیتاڵی ئێمەیە. ئەم ئاڤاتارە دەتوانێت پڕۆفایلی ئێمە بێت لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا. ناسنامەکەمان چەندە زیادەڕەوی تێدا بکرێت، بەشێکە لە ئێمە. دەبێت حیساب بۆ سوبژێکتیڤیتی زیادکراو بکەین کە لەگەڵ جەستەی زیادکراودا بێت لەگەڵ ئەم هاوکێشەیەی خوارەوە: خودی هۆشیار و نائاگایی ڕاستەقینە کە ناسنامەی مەجازیمانە، گۆدار، ناوێی لێناوە (سوژەی مەجازی) ئەو خودە دیجیتاڵییە کە دەستی لێدەدەین و پێکی دەهێنینەوە، بەجۆرێک ئێمە بەردەوام دەست لە وێنەکەمان دەدەین.

پۆست مۆدێرنیتێ و هایپەر مۆدێرنیتێ

ساڵانی حەفتاکان، هەریەک لە (ژان فرانسوا لیۆتار و میشێل مافیسۆلی) یەکێک لە دوا لایەنگرانی پۆست مۆدێرنیزم، وشەی پۆست مۆدێرنەیان بەکارهێنا، پاشان (جیل لیپۆڤێتسکی) نووسەری کتێبی (سەردەمی بۆشایی) بڕیاری دا دەستبەرداری دەستەواژەی پۆست مۆدێرنیتە بێت. بەبڕوای ئەو قسەکردن لەسەر پۆست مۆدێرنیتە ئەوە دەگەیەنێت کە مۆدێرنیتە تەواو بووە و ئێمە لە دوای قۆناغی مۆدێرنیتەین. ئەوپێی وابوو ئێمە لە پۆست مۆدێرنیتەدا نین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە مۆدێرنیتەیەکداین کە لە فراوانبوونێکی تەواودایە، لە ئاشکرابوونی تەواودا. بەواتای هایپەرمۆدێرنیتێ، مۆدێرنیتەیەک لە زیادەڕەویدا. بەڕاستی ئەوەی ئەمڕۆ هایپەرە، هایپەرمارکێت، هایپەرکۆنتێنت. هەموو شتێک لەبەردەستدایە، لە زۆر و کەم.
هایپەرمۆدێرنیتی لەسەر ئەو بناغانە بنیاتنراوە کە پێشتر لە پۆستمۆدێرنیتەدا دەیدۆزینەوە بەڵام هێزی سەرووتریان هەیە. دەتوانین سەرمایەداریی، تاکگەرایی زیادە، هاوکات پێشبڕکێیەکی هێمنانە بۆ بەختەوەری، سەرکەوتن، بدۆزینەوە، ئێمە لە ساتەوەختی ئێستادا دەژین.
گۆدار پێی وایە، لە پێوەرەکانی پۆست و هایپەرمۆدێرنیتیدا دەتوانین عەقڵی کشاوە و ناسنامەی تێکشکاو و پەرشوبڵاو و پارچەپارچە زیاد بکەین. ئەوەندەی ناسنامە هەیە کە پەیوەندییەکان هەن، من لە شوێنی کارەکەمدا، من و هاوڕێکانم، من و کەسایەتییە دڵخوازەکانم، ئەوەندە ناسنامەی بەشکراو، بەڵام لەبیرمان نەچێت کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پارادۆکسیالدان.
بەدیدی گۆدار، لەگەڵ هاتنی مەجازییەت دەستمان بە نوێنەرایەتییەکی نوێی کات و شوێن گەیشتووە. ئێمە چیتر مامەڵە لەگەڵ پێشکەشکاریدا ناکەین بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ ئەو شتەدا دەکەین کە گۆدار پێی دەڵێت: چرکەساتی، (چرکەساتی کلیک).
تایبەتمەندی کۆمەڵگای هایپەر مۆدێرن بە وردی ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی هەنووکەیی، بێ تاقەتی، پەلەکردن، لە هەموو شتێک کەدەمانەوێت دەستبەجێ هەبێت، ئەمەش لە فۆڕمی ئێرە و ئێستادا کورتی دەبێتەوە.
ئەم نوێنەرایەتییە نوێیەی کات ئیتر ئێستاگەرایی پۆستمۆدێرنیستی نییە، بەڵکوو چرکەساتییە. (لێرە و ئێستا) دوو هاوتەریبی دروست دەکات لەبەرئەوەی تاکە بۆشایی نێوان ئێرە و ئێستا (واو)ێکەو. ئەوە زۆر نییە! چ شوێنێک بۆ بوون؟ ئەمەش کولتوورێکی هەنووکەیی دروست دەکات. کەلتووری دڵەڕاوکێی ساتەوەختی، ئەمە دڵەڕاوکێیەک نییە کە پرۆژەی هزری لەسەر بینا بکرێت، بەڵکوو ساتەوەختێکی بۆشە.
گۆدار، سەبارەت بە پەیوەندیگرتن لە بۆشاییدا، پێی وایە: مەجازییەت مەودای هەڵوەشاندەوەتەوە، مرۆڤ دەتوانێت کۆبوونەوەی ١٠ هەزار کەسی دروست بکات بەبێ ئەوەی لەسەر کورسییەکەی بجوڵێت.
گۆڕینی پارادایمی دووەم
گۆدار، بە وەڵام دانەوەی پرسیاری بۆچی بیرکردنەوە لە ڕۆژئاوا فەلسەفییە؟ ئەم پاڕادایمە شی دەکاتەوە…. سۆکرات ڕووداوێکی گەورەی دروست کرد، دابڕانێکی ئیپستمۆلۆژی، پێش سۆکرات بیرمەند هەبوون، (پێش سۆکراتییەکان)هەبوون بە بیرێکی زۆر چڕەوە، یەکەم میتافیزیکزانەکان، یەکەم بیرکارەکان، تالیس، فیساگۆراس، هێراکلیتۆس…تاد بەڵام بۆچی هێشتا بە مانای وشەیی باسی فەلسەفە ناکەین و هاتنی فەلسەفە لەگەڵ سۆکراتدایە کەدەرکەوتنی (لۆگۆس) ڕوودەدات.
پێش سۆکراتەکان دیدگایەک بۆ جیهان تێکەڵاو دەکەن، تێیدا هەم ڕوانگەیەکی عەقڵانی و هەم ڕوانگەیەکی ئەفسانەیی هەیە. ئەوان لە فابولادان، لە چیرۆکەکەدان، هێشتا لە خۆنیشاندانی عەقڵانیدا نین. لەگەڵ سۆکراتدا ئەومرۆڤە دێت کە بە عەقڵ بەخشراوە، لە ڕێگەی نمایشی عەقڵانییەوە کەڵک لە عەقڵانییەتی خۆی وەردەگرێت، ئەوە هاتنی لۆگۆسە؛ لۆگۆس. تا ئەمڕۆش کولتووری زانستی لەسەر بنەمای لۆگۆس دامەزراوە و زاراوەی “لۆژی” لە هەموو دیسیپلینەکاندا دەبینینەوە: سایکۆلۆژی، سیۆسیۆلۆژی، ئەنتڕۆپۆلۆژی…هتد
گۆدار پێی وایە، لەم دیدگایەی جیهاندا پرسی لۆگۆس، دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. ئەو باس لە هاتنی شێوازێکی نوێی تێگەیشتن لە جیهان دەکات کە ئێستا لە ڕێگەی شاشەیەکەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە هەر کە گەیشتیتە مۆزەخانە، ئامێرەکەت دەبەیت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی شاشەکەتەوە بیبینیت. یەکەم دیدگای ئێمە بۆ جیهان لە ڕێگەی شاشەکەمانەوەیە،
ئەمە سەرهەڵدانی پرسی جیهانبینییە. پەیوەندیمان بە مەجازییەوە، بە وێنەوە، وامان لێدەکات بە شێوەیەکی نوێ نوێنەرایەتی جیهان بکەین. ئەمەیە کە گۆدار ناوی لێناوە؛ هاتنی ئیدۆلۆن. لە میتافۆری (پلاتۆن)دا بۆ ئەشکەوتەکە، دەتوانرێت ئیدۆلۆن بە وێنە سیموکراسییەکان، سێبەرەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکە وەربگێڕدرێت. گۆدار ناوی لێ دەنێت ئیدۆلۆن یان وێنەی ڕاگوزار/ کاتی.
حوکمڕانی ئیدۆلۆن چییە؟ ئەوە حوکمڕانی ئەو وێنانەیە کە بەدوای یەکتردا دەگەڕێن بەبێ ئەوەی مەرج بێت گێڕانەوەیەک دروست بکەن، پۆستکردنی یەک لە دوای یەک، وەک لە سناپچاتدا هەیە. ڕیاڵیتی تیڤی یەک لە دوای یەک وێنەی بێ چیرۆکە، بەبێ سیناریۆی پێشوەختە، کە پشت بە هەست و سۆز دەبەستێت. ئەگەر دژایەتی لۆگۆسەکان بکەیت بۆ ئیدۆلۆن، لەگەڵ ئەم یەک لە دوای یەک پۆستکردنەدا وێنەی بێ گێڕانەوە، دەسەڵاتی کۆمەڵگەیەکی ئەفێکتەکان دادەمەزرێنیت.
ئەمە شانشینی ئیدۆلۆنە، وێنەی کاتی، بەبێ ئەوەی مەرج بێت چیرۆکێک دروست بکات، بەبێ ئەوەی مەرج بێت مانای هەبێت و کە بە چی بەیەکەوە گرێ دەدرێن؟
گۆدار بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە نموونەی منداڵێکی یەک ساڵان دەهێنێتەوە کە دایکی بە تەنیا دەژی، سەرەتا چی دەکات؟ لە مۆبایلە زیرەکەکەیەوە وێنەی دەگرێت. دووەم شت چییە کە دەیکات؟ سەیری دەکات. وە دواتر ئەم منداڵە چی دەکات، کە لە ڕاستیدا ئەو شتەی پەیوەندیدارە؟ دێت و خۆی لە ڤیدیۆکەدا دەبینێت. پاشان پۆستی دەکات. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان کەسییەکان، هەڵبژاردن هەیە. ئەم منداڵە ئاگاداری کاتیی نییە، نە لە قۆناغی ئاوێنەیی، نە لە سوبژێکتیڤی خۆی. ئێمە مامەڵە لەگەڵ منداڵێکدا دەکەین کە پێش ئەوەی خۆی وەکوو سوبێکتێک بنیات بنێت، خۆی دەبینێت کە بەبێ ئەوەی ئاگاداری کات بێت، نواندن دەکات، خۆی دەبینێت هەنگاو دەنێت، خۆی وەک سوبێکتێک ناناسێت، خۆی دەبینێت لە مۆبایلێکی زیرەکدا ڕۆڵ دەگێڕێت، لە هەموو ئەو ماوەیەدا بابەتی کراوە. تەنانەت پێش گەشەسەندنی زمان، خۆئاگاداری، هۆشیاریی کات… ئاگایی دەروونییەکەی، لەبری زمان، لە وێنە، وێنەی کاتییەوە بنیات دەنرێت.
گۆدار سێڵفی بە زمانێکی نوێی پێناسەدەکات، شێوازێکە بۆ وەرگێڕانی جیهان لە وێنەی کاتییەوە، لە کایەی ئیدۆلۆنەوە، لە وێنەی گفتوگۆییەوەیە.
منی دیجیتاڵی
گرفتی شوناس لای گۆدار یەکێکە ئاڵناگارییە سەرەکییەکان بەو پێیەی ئێمە لە تاکگەرایی زۆردا خۆمان بەرەوپێش دەبەین. سەیری کیم کارداشیان بکەن کە تەنها لە ڕێگەی خۆ براندکردنەوە بوونی هەیە. خود بووەتە براندێک کە دەبێت پەرەی پێبدرێت، ناوەندی هەموو شتێکە. لە ئەنجامدا دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئەوانی تر وەک ئامرازێک سەیری دەکەن. ئایا ئەمە کێشەیەکی نەرگسییە؟
لە نەرگسیزم وەک ئەوەی فرۆید پەرەی پێداوە،
ئەو کەسانەی لە سۆشیال میدیادا زیاد لە پێویست نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن، دیارە کێشەیەکی نەرگسییان هەیە، کەموکوڕییەکی نەرگسییان هەیە. هەرگیز ڕازی نابن و تەنانەت بڕێکی باوەڕپێنەکراو لە لایک بەس نییە بۆ ئەوەی هەست بە بەها بکەن. سێڵفییەکانیان تەنها دەمامکێکی کۆمەڵایەتییە وەک ماسکی ژنان کە بە دانانی ماکیاژ، دەیانەوێت ڕووخساری خۆیان لە باشترین ڕووناکیدا نیشان بدەن، ئەمە دەمامکێکی مەجازییە.
بۆچی پێویستە ئەوەندە خۆمان نیشان بدەین؟ ئایا ئەمە دڵی کێشەکە؟ چی لە مەترسیدایە؟ بۆچی ئەوەندە وێنە پۆست بکەین؟
لە پێویستی خۆشەویستییەوە، هەستکردنە بە ناسینەوە لە چاوی ئەوانی تردا، هەستکردن بە بوون. مەسەلەکە بینینە، (من دەمەوێت ببینرێم چونکە بوونی من پشتڕاست دەکاتەوە) بیرۆکەکە ئەوەیە نەمرم، ئەوە شێوازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترس لە مردن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەرگیز نامرین. بەڵام کێ میراتەکە بەدەست دەهێنێت؟ ئایا منداڵەکانتان دەتوانن دەستیان بگات بە هەموو ئیمەیڵەکانتان، بە درێژایی ژیانتان؟ ئایا پێویستە میراتگرمان هەبێت؟ سادە نییە.
لە دوای سێڵفیدا، شێوازێکی نوێی بانگەشەکردن دادەمەزرێت، خۆ-مارکەکردن، پێشانگایەک کە چیتر پارێزراوی کەسایەتییە میدیاییەکان یان ئەستێرەکانی ڕیاڵیتی تیڤی نییە. هەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو وێنەیە دروست بکات و لە قاڵب بدات کە ئارەزووی پیشاندانی دەکات. “ئەگەر کیم کارداشیان سێڵفیەکەی کردبێتە هێمای بازرگانی خۆی و لە سەرووی هەمووشیانەوە بزنسێکی ڕاستەقینە، هەموو کەسێک خۆی لە یەک ڕێبازدا نابینێتەوە”. وە خۆبەرزکردنەوە، لە تۆمارێکی بێناودا، دەتوانێت فۆرمێکی دیکە لە ڕیکلامی پاک وەربگرێت، فۆرمی خۆبەگەورەزانین.
خراپی ئەم هەوڵە بۆ بەرکەوتن ئەوەیە کە سێڵفیەکە ناسکییەکی نەرگسیش ئاشکرا دەکات، چونکە شانۆگەری و ئایکۆنکردنی ناسنامەی مرۆڤ بێ دەرئەنجام نییە بۆ هاوسەنگی هەر کەسێک و ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەڕاستی سێڵفی ڕەهەندێکی نوێی کەسایەتی ئێمەی هێناوەتە دەرەوە، کە گۆدار ناوی لێ دەنێت “منی دیجیتاڵی”.
من لە دیجتاڵ دەتوانم دەستکاری و گەورەکردنی ئەم ناسنامەی خۆم بکەم، لە ڕێگەی کاریگەری و فلتەرەکانەوە، وەک لە بەرنامەی “ئینستاگرام”دا: “ منی دیجیتاڵی بە فۆرمێک تێدەگەین کە پاشەکشەیی دەردەکەوێت: ئێمە لە ڕێگەی دەست لێدانەوە دەستمان بە خۆمان دەگات و چیتر لە ڕێگەی بیرکردنەوە، ناسینەوە یان پێشبینیکردنەوە دەرگیری خۆمان نابین. ئێمە یاری بە خۆمان دەکەین وەک ئەوەی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە ڕێگەی دەست لێدانەوە فێری بێت و جیهان بدۆزێتەوە.
هەروەها ئەو گۆڕانکارییە پارادایمانەی کە بەهۆی دەستبەجێیی وێنەکەوە هێنراونەتە ئاراوە، کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکانمان هەیە. بۆنموونە خۆشەویستی ئیتر ئەوەندە پەیوەندی بە پابەندبوونەوە نییە، ئەوەندە پەیوەندی بە شتێکی بەکارهێنراوەوە هەیە. لە دەرەوەی حوکمدانی بەها لەسەر ئەپەکانی پەیوەندی خۆشەویستی، گۆدار ئاماژە بە پەیوەندییە نوێیەکەمان لەگەڵ دیدگای ژن و مێردا دەکات: “کات چیتر بۆ ژن و مێردەکە نییە بە مانای ئێستا و کلاسیکی زاراوەکە، واتە دوو کەس کە پێکەوە دەژین و خۆیان بۆ ژیانی درێژخایەن پابەند دەکەن (ئەمەش واتای چەمکێکی تەقلیدییە بۆ شوێن و کات)، کە پەیمانێکی ڕاستەقینە یان سەمبولی پێکدەهێنن (…). هەروەها تێپەڕین بۆ جیهان hic et nunc ئاماژەیە بۆ بەپەلەیی، بەکارهێنانی خێرا، ئارەزووی تێربوون تەنانەت پێش ئەوەی ئارەزووی سەرهەڵبدات.
ئەو سێڵفییەی کە نوێنەرایەتیکردنی مرۆڤی سادە دەکات، بڵاوبوونەوەی وێنەی خەونەکانمان، کشانەوە بەهێز دەکات. وەک ئێلسا گۆدار ئاماژەی پێدەکات، وەک کردەوەیەکی تاکەکەسی دەمێنێتەوە، بەبێ ئەویتربوون. دەنگدانەوەیەکی بێکۆتایی، لە mise en abyme سەرسوڕهێنەر دروستکراوە. لەم خولگە ئیگۆسەنتریکەدا، کە خولگەیەکی خۆدرێژکردنەوە، ئەستەمە کەمییەکان و پێچەوانەکان و نەبوونیەکان لە دڵی پەیوەندییەکانی مرۆڤدا بناسێنرێت.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە بڕوانە
ـــــــــــــــــــ
ٳلزا غودار: أنا أوسيلفي إذن أنا موجود؛ تحولات الأنا في العصر الافتراضي. ترجمة،
سعيد بنکراد. الناشر المرکز السقافي الکتاب، دار بیضاء/المغرب، الطبعە الٲولی 2019.
https://le-cera.com/elsa-godart-selfie-suis…/




ژیان لەگەڵ ژیریی دەستکرد دا، بەرەو کوێ دەڕوات؟.. ئاراس سەعید

ڕۆژی 1ی ئایاری 2023، (جیفری ھینتۆن) زانای باڵا و باوەگەورەی داھێنەری (ژیریی دەستکرد و زیرەکی قووڵ) ئەوەی ئێستا ھەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی سەرقاڵیەتی و بێجگە لەمە ھیچ بابەتێکی دیکە جێی بایەخ و مشتوومڕ نییە. دەستی لە کارەکەی کێشایەوەو وازی لە کۆمپانیای گوگڵ ھێنا و لە میانی دیمانەیەکدا لە ڕۆژنامەی (واشنت پۆست)وە ڕایگەیاند:” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.”
ئەم لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) دەمان باتەوە بۆ دووسەدە لەمەوبەر، پێش ساڵی (1818) زاینی هیچ تێکستێکی ئەدەبی بەناوبانگ نەبوو کە پەیوەست بێت بەوەی کە ئێستا پێی دەڵێین: (خەیاڵی زانستی) بەڵام خانمە نووسەری بەریتانی (ماری شێلی) دەرکەوتوو کاتێک یەکەمین و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بەناوی (فرانکشتاین) بڵاو کردەوە و تێیدا جیهانی شۆکرد و بۆ سەدان ساڵ، ناوی بەزیندووی لەسەر شانۆی ئەدەبی جیهانی هێشتەوە.
(لە ڕۆمانی فرانکشتاین دا، زانایەک بەکەرەستەی (بێ گیان و مردوو) ڕووح لەبەرێک درووست دەکات و دوای درووستبوونی، بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت و چیدی لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی درووستکەرەکەی نامێنێتەوە و بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت.
ئەم وێنا ئەفسانەییە هاوشێوەی سەرگوشتەی ئەفراندنە کاتێک خودا له شتێکی بێ گیان لە (گڵ) ڕووح لەبەرێکی وەک ئادەم درووست دەکات و دواتر لە داری سێوی بەهەشت دەخوات و لێی یاخی دەبێت.)
ئەگەر ورد تر لەو لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) بدوێن، دەکرێت بوونی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان بە بوونەوەرەکەی (فرانکشتاین) ی (ماری شیلی) بچوێنین، بە شتێک کە لەدەستی ئەفرێنەرەکەی دەرچووە و بوونێکی سەربەخۆی وەرگرتووە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک وەک دڕندەیەکی زەبەلاح بەرەڵابێت و بەخاوەنەکەی نەگیرێتەوە و بەسەر ئێسک و پروسکی داهێنەرەکەیدا بڕوات.
ئایدیای ڕۆمانەکەی (ماری شیلی) وێنایەکە بۆ دڕندەیەک کە مرۆڤ خۆی درووستی کردووە و بۆی ناگیرێتەوە. هێزێکە مرۆڤ خۆی ئەفراندوویەتی و چیدی بۆی نابەسترێتەوە و بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمە وێنایە بۆ سیستەمێک یان شێوازە ژیانێک کە چیتر ژیانێک بەردەوامی لەدەستی ئێمەدا نەماوە و سەربەخۆ لە ئێمە دەژیت و دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەریدا ناچێژ و هیچە. هەربۆیە شتێکی مەحاڵ نییە باوەگەورەی ژیری دەستکرد بڵێیت: ” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.”
گەرچی ئایدیای چیرۆکەکەی (فرانکشتاین) تەنیا خەیاڵێکی زانستییە و گریمانەیە بۆ دونیای دوا ڕۆژی مرۆڤ. لەبەرامبەر ئەم چیرۆکەکەی فرانکشتاین چیرۆکی (وێرانە بازنییەکان)ی (بۆرخێس) هەیە، لەم چیرۆکەدا چیرۆکی درووستکردنی مرۆڤێک موو بەموو بۆ یەکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، (مرۆڤێک موو بەموو خانە بەخانە مرۆڤێکی دیکە درووست دەکات) مەخلووقە ئەفرێندراوەکەی خەیاڵیش کەسێکە هەڵدەسێت و دەڕوات و دەجوڵێت و هەموو سیفەتەکانی مرۆڤی ئاسایی هەیە، بەڵام بەپێچەوانەی بوونەوەرەکەی فرانکشتایینەوە بوون و مانەوەی هەمیشە گرێدراوی توانای خەیاڵی ئەو کەسەیە کە درووستیکردووە و ناتوانێت لە کۆنتڕۆڵ خۆی قوتار بکات.
کاتێک مرۆڤ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە لەخۆی دەپرسێ داخۆ زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان هەمیشە هاوشێوەی چیرۆکەکەی بۆرخێس گرێدراوی خەیاڵی ئێمەن و ناتوانن لەئێمە خۆیان ڕزگار بکەن و بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن؟ خۆئەگەر ڕوودانی ئەوە مەحاڵ بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئالەتە بکەین؟
لەماوەی ڕابردوودا (ساندر بیچای)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (گوگڵ) لە ‌لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: “جیھان بە ئەندازیار و تەکنیکار بەڕێوە ناچێت، چیتر پێویستی بە فەیلەسووف و بیرمەندە و مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕەوشت ھەیە”.
کەس گومان لەوە ناکات کە ئەمڕۆ زانیاری و هێزێکی زۆر زیاتر لەبەردەستی مرۆڤایەتییە لە چاو سەردەمەکانی ڕابردوو، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێمە زۆر باشتر لە خۆمان و ڕۆڵمان لە گەردوون تێدەگەین. بۆچی ئەوەنده ئاسانە بۆمان کە زانیاری و هێزی زیاتر کۆبکەینەوە، بەڵام هێندە قورسە ژیرتر ببین و ئامێرەکان لە ئێمە ژیرتر دەربکەون؟
لە سایەی مەترسییەکانی ئامێر و تەکنیک هاوتای سەرهەڵدانی چەرخی ژیریی دەستکرد، گەورە مێژوونووسی ئیسرائیلی(یۆڤاڵ نوح هەراری) لە نوێترین کتێبی خۆی بە ناونیشانی: “Nexus: A Brief History of Information Networks from the Stone Age to AI”
دەڵێت: پێشینیانمان بەردەوام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە لاوازییەکی کوشندەمان هەیە کە وامان لێدەکات هێزگەلێک بەدەست بهێنێن، کە ناتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین.
ئەو دوو نموونەی ئەفسانەی یۆنانی دەهێنێتەوە یەکەمیان: ئەفسانەی(فایتۆن)ە باس لە کوڕێک دەکات کەدەزانێت کوڕی خودای خۆرە(هیلیۆس) بۆئەوەی ڕەچەڵەکە خوداییەکەی بسەلمێنێت، داوا لە باوکی دەکات ڕێگەی پێبدات گالیسکەی خۆر لێبخوڕێت. هیلیۆس ئاگاداری کوڕەکەی دەکاتەوە کە هیچ مرۆڤێکی فانی ناتوانێت جڵەوی ئەسپە ئاسمانییەکان بگرێت کە گالیسەکە ڕادەکێشن. بەڵام فایتۆن سوورە لەسەر ئەوە و لەکۆتاییدا باوکی قایل دەبێت. کاتێک فایتۆن بەرەو ئاسمان دەڕوات، کۆنتڕۆڵی گالیسکەکان لەدەست دەدات. خۆر لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات و هەموو ڕووەکان دەسووتێنێت و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر دەکوژێت و هەڕەشەی سووتاندنی زەوی دەکات. لێرەدا زیۆس دەستێوەردان دەکات و تریشقەیەک بەرەو گالیسکەکە دەهاوێژێت و مرۆڤە لووتبەرزەکە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمان دەکەوێتە خوارەوە و خوداوەندەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئاسماندا دەسەپێنن و جیهان ڕزگار دەکەن.
دوای دوو هەزار ساڵ، کاتێک شۆڕشی پیشەسازی یەکەمین هەنگاوەکانی دەناو ئامێرەکان دەستیان بەجێگرەوەی مرۆڤ دەکرد.(یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە) هۆنراوەیەی هۆشداریدەری هاوشێوەی بەناونیشانی ( شاگردە جادووگەرەکە) نووسی. بالادەکەی گۆتە ( لەوانەیە لە وەشانی والت دیزنی بەمیکی ماوس بیناسین) باس لەوە دەکات کە چۆن جادووگەرێکی پیر، شاگردە گەنجەکەی لە کارگەیەکەدا بە تەنیا جێدەهێڵێت و داوای لێ دەکات لە غیابی ئەودا چەند کارێک ئەنجام بدات. لەوانە، دەبێت گەنجەکە ئاو لە ڕووبارەکەوە بهێنێت، بەڵام شاگردەکە بۆ ئەوەی کارەکەی کەمێک ئاسانتر بکات فەرمان بەگسکێکی جادوویی دەدات ئاوەکەی بۆ بهێنێت. لەبەر ئەوەی ئەفسوونەکە نازانێت کە پێی دەتوانێت گسکەکە بوەستێنێت، گسکەکە بێوچان ئاوی زیاتر و زیاتر دەهێنێت، تا دەبێتە هەڕەشەی درووستبوونی لافاو لەناو کارگەکەدا. لە نائومێدیدا، گەنجەکە تەورێک هەڵدەگرێت و گسکەکە دەکات بە دوو کەرتەوە، بەڵام ئێستا دوو گسک ئاوی زیاتر دەهێنن. دواجار کاتێک جادووگەرەکە دەگەڕێتەوە، شاگردەکە داوای یارمەتی لێ دەکات( گەورەم کێشەکە گەورەیە! ئەو ڕۆحییەتانەی بانگم کردن، ئێستا ناتوانم دەریان بکەم) جادووگەرەکە دەستبەجێ کۆتایی بە جادووەکە دەهێنێت و فەرمان بە لافاوەکە دەدات بوەستێت. وانەکە بۆ شاگردەکە و مرۆڤایەتی ڕوونە:
( هەرگیز بانگی هێزگەلێک مەکە، کە ناتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت) ئەم دوو چیرۆکەی (فایتۆن و شاگردە جادووگەرەکە) کە (یۆڤاڵ نوح هەراری) وەک نموونە دەیان هێنێتەوە بێجگە لەوەی ئێمەی مرۆڤ بە ئاشکرا خۆمان لەبیستنی ئاگادارکردنەوەی مەترسی ئەم ئالەتە بواردووە هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. مرۆڤ کەشوهەوای هەسارەکەی لە هاوسەنگی دەرهێناوە و ملیارەها گسکی جادوویی، درۆن، چاتبۆت و ڕۆحی ئەلگۆریتمی تری بانگکردووە کە دەتوانن لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و لافاوێک لە ئەنجامی نەخوازراو بەرەڵا بکەن و هاوتای بوونەوەرەکەی فرانکشتاین بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن و بەسەر ئێسک و پرووسکی مرۆڤدا بڕۆن.
ئاراس سەعید: خوێندکاری زانکۆ

16ی شوباتی 2025




مافی دید/ ڕا دەربڕین، بۆ کێ؟.. ئاراس سەعید

پێشکەشە بە هاوڕێ و مامۆستایی فرە قەدرگرانم (پ.د.هێمن مەجید)

وشەی (دید) لە هاومانا باوەکەیدا وشەی (ڕا)یە، زۆرینەی جار لە میدیا و تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە گوێبیستی ئەو پرسیارە دەبین کە بەبێ جوداوازی کردن لە نێوان جۆری کەسایەتی و پسپۆڕیی دەپرسن ( ڕای تۆ لەسەر فڵانە بابەت چییە؟) ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵەیەکی (ئایدۆلۆژی/وشکە هزرە)ی بە ئەنقەستە کە دەیەوێت چەمکی دید/ڕا لە مانا قووڵەکەیدا کوورت بکاتەوە بۆ پرسێکی سادەی ژۆرنالیستیانە، بۆ سادەکردنەوەی کێشە و دۆزەکان، لێرەدا مەبەستم لە (سادەکردنەوە) دوانێک نییە بۆ سادەکردنەوەی دۆز و مەسەله ئاڵوزەکان بۆ ئاستی تێگەیشتنی گشت یان ئاستی تێگەیشتنی عەوام، بەڵکوو پرسەکە ئەوەیە لە بنەمادا هیچ کێشەیەکی سادە بوونی نییە و هەرکەسێک سادە بدوێت لەسەر کێشەکان کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەیە و تەنیا ڕووکەشانە دەتوانێت لە دۆزەکان تێبگات و چارەسەریی ڕووکەشانە و سادەی بۆ بخاتەڕوو.
بۆ تێگەشتن لەم پرسە پێویستە چەمکی دید/ڕا شرۆڤەبکەین. دید له بنەمادا گوزارەیەکی فەلسەفی و ناسەنی/ مەعریفییە. بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانی ئاوەزی ئینسان و بیرکردنەوەکەی، لێرەوە (دەربڕینی دید) دەبێتە کردەیەکی (ناسەنی)یانە و لە پانتاییەکی تایبەتدا پێگەی خۆی دیاری دەکات. واتا (ئاوەز و ناسەنی و بیرکردنەوە) دەبێتە پێکهاتەی دید دەربڕێنەکەی. بەدەربڕینێکی دیکە، شێوازێکی بیرکردنەوەیە، پشت بە دەرەنجامکردن و بەکارهێنانی شێوازە لۆژیکییەکان دەبەستێت و دەیکات بە سەرچاوەی هەموو ئەو زانیارییانەی دەریدەبڕێت.
لێرەوە ئەوەی بۆی هەیە دید/ڕا لەسەر دۆز و مەسەلە و بابەتەکان بدات، کەسانێکن خاوەنی تایبەتمەندی و پسپۆڕی و ناسەنین لەو بوارەی کەدیدەکەی لەسەر دەدەن، نەک کەسانی ناپسپۆڕ و بێ مەعریفە و ناقاڵبوو. پێشینیانی کورد جوانیان گوتووە:( نەزان بەردێک فڕێ بداتە ئاوێکەوە، بە هەزار زانا دەرنایات.) چونکە نەزان بەبێ تێگەیشتن و دەرەنجامکردن و بەکارهێنانی شێوازە لۆژیکییەکان لەسەر دۆزەکان قسە فڕێدەدات و تەنیا غەریزە دەرونییەکانی دەبنە پاڵنەر و پێکهاتەی دەربڕینەکەی وەک(سۆز و ڕق و کینە و..هتد)
بۆ نموونە: لە تەلەفیزیۆنی کوردییەوە دەیان و سەدان کەسی ناقاڵبوو و نا پسپۆڕ کە خۆیان وەکوو چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی فڵانە بابەت جاڕداوە. لەسەر هەموو دۆز و مەسەلەیەک قسە فڕێی دەدەن و لە میدیاکانیشدا دەبێتە پرسێک بۆ شاردنەوەی حەقیقەتێک و چەواشەکردنی وەرگر. زۆرجاریش مایکەوانی میدیایی کوردی ڕای هاوڵاتی سادە لەسەر پرسی سیاسەتی نێودەوڵەتی و چۆنییەتی ڕزگاربوون لەقەیران و سەدان پرسی دیکە وەردەگرێت بەبێ ئەوەی ئەو هاوڵاتییە سەرە واوی زانستی سیاسی لە مێشکدا بێت، یان ئەلف و بێی ئابووری خوێندبێت.
ڕا لە بنەمادا پرسێکی نوخبەوییە و هاووڵاتی سادە و تەنانەت کەسانی ناپسپۆڕ و نا قاڵبوو ئەگەر بڕوانامەیەکیشیان لە گیرفاندابێت جگە لە موعاناتە ڕۆژانەییەکانیان بۆیان نییە لەسەر هیچی دیکە ڕایان هەبێت.
یۆنانییەکان (25) سەدە لەمەوبەر پەیان بە کوشندەیی ڕای عەوام بردووە و ئەو ڕەخنەیەیان گرتووە کە کەسی ناقاڵبوو و ناپسپۆڕ و ناشارەزا نابێت ڕای هەبێت. (پلاتۆن) لە بەشی شەشەمی کتێبی کۆماردا، دیالۆگی (سۆکرات) لەگەڵ (ئادێمینۆتۆس) دەگێڕێتەوە. سۆکرات لەو دیالۆگەدا دەپرسێت ئەگەر تۆ لەناو کەشتێکدا بیت لە گەشتێکی دەریایدا پێت باشە کێ بڕیاڕ بدات لە دیاریکردنی کاپتنی کەشتیەکە؟ هەرکەسێک بێت، یان پێت باشە کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزای دەریابێت؟ ئادێمینۆتۆس وەڵام دەداتەوە بەدڵنیاییەوە دووەم، کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزایی دەریابێت. سۆکرات دەڵێت؛ کەواتە بۆچی ئێمە بڕوامان وایە کێ بەتەمەن بوو ئیدی بۆ ئەوە شیاوە بڕیار بدات؟
سۆکرات پێی وایە، چۆن ناکرێت سەرپەرشتیاری کەشتییەک بدرێتە دەستی کەسێکی نەشارەزاوە، ئا بەو جۆرەش ناکرێت کەسێکی نەشارەزا ڕای لەسەر دۆز و مەسەلەکان هەبێت.




چۆن سەیری تەلەفزیۆن بکەین.. ئاراس سەعید

تیۆدۆر ئادۆرنۆ (1903 – 1969) سۆسیۆلۆگ و فەیلەسووفی قوتابخانەی تیۆری فرانکفۆرت
لەساڵی 1954 لە وتارێکدا، بە ناونیشانى (چۆن سەیری تەلەڤیزیۆن بکەین/ How to Look at Television) کە دواتر تێزەکەی لە پەرتووکێکدا لە ساڵی 1991دا بەناوی (پیشەسازی کولتووری/Culture Industry) بڵاو کردەوە.
لەتێزەکەیدا ئادۆرنۆ، ئاماژە بەوە دەکات لە کولتووری ئەمڕۆدا کەس لە کاریگەری میدیا و تەلەفزیۆن قوتاری نابێت، ئەمەش بەهۆی توانا و دەسەڵاتی میدیا بۆ دەستڕاگەیشتن بە خولیا و ئارەزووەکانی ئێمە و، چۆنیەتی لەقاڵبدانی بیرکردنەوەمان. ئەوەی کە میدیای مۆدێرن لە ئێمەدا دەستی پێدەگات، شتێکە کە ئادۆرنۆ دەڵێت: جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە سەدەی نۆزدەهەم کە میدیا توانای ڕاوکردنی هەموو کەسێکی نەبوو. ئەمەش بەهۆی سادەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بینەر، وەک ئەوەی لە کوێ دەژیا یان بەشێک بووە لە کام چینی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئێستا، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵناسی بینەردا ڕوویداوە و (Adorno 1991: 161) لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان و هەڵبژاردنی سەکۆی بینیندا تێکەڵ بووە. (کولتووری باوی میدیایی) دەستی بەسەر هەموو میدیاکان و ناوەڕۆکی هونەریدا گرتووە و ناوەڕۆکەکەی ئاڕاستەی هەمووان دەکرێت و ڕزگاربوون لێی قورستر دەکات. بەرهەمی میدیاکان بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە خۆ لێ دوور خستنەوەیان نزیکە لە مەحاڵەوە؛ تەنانەت ئەوانەی پێشتر لە کولتوری باو دوور بوون چ دانیشتوانی گوندنشین لەلایەک و ئەوانەی ڕۆشنبیرییەکی ئاست بەرزیان هەبوو (وەک یەک) کاریگەرییان لەسەرە.(Adorno 1991: 160) ئادۆرنۆ ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی میدیا کاریگەری سیحری ڕاکێشانی بۆ هەموو کەسێکە وەک یەکە و دەڵێت کە لەناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بۆ نموونە: هەندێک چوارچێوەی ئاماژەدان هەن، هەر ئەم چوارچێوەی ئاماژەپێدانانەن کە چەشنە پەیوەندیدارە تایبەتییەکان بۆ بینەر بەرهەم دەهێنن، ئەو ئەمانە بە (کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە-دەروونییەکان) ناودەبات(Adorno 1991: 158) کە ئەم جۆرە کاریگەرییانە دەتوانن کاریگەری زیانبەخشیان لەسەر کۆمەڵگا هەبێت چونکە ڕەنگە مرۆڤەکان نەک تەنها تێڕوانینێکی ڕاستەقینە بۆ واقیع لەدەست بدەن، بەڵکو لە کۆتاییدا ڕەنگە هەر توانایان بۆ ئەزموونی ژیان بەهۆی لەچاوکردنی بەردەوامی چاویلکەی شین و پەمەییەوە مات بێت.(Adorno 1991: 171) بە ونکردنی ئەوەی کە چی ڕاستەقینەیە و چ ساختەیە. سەرەڕای ئەوەش، ئادۆرنۆ پێی وایە کە تەلەفزیۆن فۆڕمی هونەری خۆی لەدەستداوە و ئێستا گرنگی بە ژمارەی بینەران دەدات بە پێچەوانەی کوالیتی بەرنامەکان. ئەمەش بە بۆچوونی ئەو بووەتە هۆی سەردەمێک کە میدیا زانیاری بەشێوەی (تۆتۆلۆژیی/ هەمان بێژی) بەرهەم دەهێنێت(Adorno 1991: 169)، بۆیە بینەران هەست دەکەن کە پێشتر ئەو بەرهەمەیان بینیوە، یان لانیکەم پێشتر هەمان فۆرمیان ئەزموون کردووە.

پیشەسازی کولتووری
بەدیدی ئادۆڕنۆ سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی (پیشەسازی کولتوورییەوە) پەیکەربەندی مرۆڤ دادەڕێژێتەوە بۆ تایپێک لە مرۆڤی نامۆ و پاسیڤ. بەدەربڕێنکی دیکە؛ پیشەسازی کولتووری سوبێکت لە جەوهەری خۆی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ تایپێک، کە نموونەى جەستە و ڕۆحیان بەگوێرەى پڕۆگرام و ئامڕازە تەکنیکییەکان بێت. دەتوانرێت بڵێین ئەمە نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە چۆن میدیا بووەتە بەرهەمی کۆمەڵگای سەرمایەداری.
بۆچوونەکانی ئادۆرنۆ لە بۆچوونەکانی ئاڵتۆسێرەوە نزیکە (ئاڵتۆسێر ئەمە بە ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژی ناودەبات) کە وایکردووە کە پەیامە ئایدیۆلۆژییەکان ئاسانتر کاریگەریان هەبێت لەسەر جەماوەر. بەڵام ئادۆرنۆ پێی وایە ئەمانە (پەیامی شاراوەن) لە ژێر کۆنتڕۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبن و لە مێشکی بینەردا نوقم دەبن بەبێ ئەوەی ئاگاداری ڕوودانی بێت؛ (پەیامی شاراوە لە کۆنترۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبێت، سەیری ناکرێ). ئادۆڕنۆ بۆ تێگەشتن لەم نامۆبوونە مرۆییە، بەهۆی پەیامە شاراوەکانەوە، نموونەی کاتەکانی پشووی چینی کرێکاران دەهێنێتەوە و بە تێڕوانین لە ژیانی ڕۆتینی کرێکاران لە شارەگەورەکاندا، چەمێکیکی نوێی دادەهێنێت، ئەویش ( ژەهراویکردنی کاتی پشوو/ Les loisirs deviennent toxiques) ئادۆرنۆ بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر کاتەکانی وچان و پشوو وەرگرتنی کرێکاران، بەتایبەتی کۆتایی ئێواران و ڕۆژانی پشوو. بەدیدی ئادۆڕنۆ سەرمایەداری مۆدێرن لە ڕێگەی پیشەسازی کولتوورییەوە کاتەکانی پشوو بەو شێوەیە پڕۆگرام دەکات، کە خۆی دەیەوێت. کاتەکانی پشوو لە بنەمادا بۆ پشوو وەرگرتن و پاڵدانەوە نیە، بەڵکو هەلومەرجێکە بۆ خۆپەروەدەکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەمان، لە ڕێگە میدۆمە بەردەستەکانەوە. بۆ نموونە تەماشاکردنی پڕۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی لەبارەی نامۆبوونی کرێکاران، فیلمێک لەبارەی ئازادییەوە، خوێندنەوەی کتێبێک لەبارەی سیاسەتەوە. وەلێ ئادۆرنۆ پێی وایە، کاتەکانی پشوومان لەژێر بەزەیی دوونیایی مۆدێرن و پیشەسازیدایە، کە لەناو کات و شوێندا ناتوانین خۆمانی لێ قوتار بکەین. بەدەربڕێنیکی دیکە، پیشەسازی کولتووری بەشێکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن و ناتوانین لە کۆمەڵگەیی داببڕین،(سینەما، فیلمەکان، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، میدیا) بۆ ئەوە بەرهەمهاتوون هزری مرۆڤ بەو شێوازە پڕۆگرامبکەن، کە تووشی بیربڵاوی بێت، تا کۆبیریان لەسەر ئیرادەی گۆڕێنی واقیعی سیاسی نەمێنێت.
لەساڵی 1954 لە وتارەکەیدا، بە ناونیشانى (How to Look at Television)لێکۆڵینەوەى لەبارەى لێکەوتەکانی تەلەڤیزیۆنەوە کرد و لە فۆڕمە هونەرییە نوێیەکەی تەلەڤیزیۆنى کۆڵییەوە. ئادۆرنۆ پێى وابوو، لە بنەمادا تەلەڤیزیۆن بۆ مەبەستى ئازادییە. هەروەها ئارگۆمێنتى لەبارەى ئەوەوە کرد، کە تەلەڤیزیۆن پێغەمبەرێکی ساختەچییە لە سەردەمی مۆدێرندا وەک خەواندنى موگناتیسى وایە بۆ مرۆڤایەتی. بۆ نموونە پڕۆگرامی هەواڵەکان بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی دراماتیکی و ورژێنەری سیاسی، کە هەموو گریمانەیەک لەناو دەبن بۆ ئەوەی بزانین لەنێو زیندانێک، ئازاد دەژین. دوونیای شاشە هێرشی ئەهریمەنی هەسارەیەکی دیکە نیشان دەدات. وەلێ هیچ گرنگیەک بە ژیانی واقیع نادات.
( تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر) لە کتێبی (دیالێکتیکى رۆشنگەریدا/ Dialectic of Enlightenment) پێیان وابوو، ڕۆشنگەری بزووتنەوەیەکى کەلتوورى بوو بۆ ئازادکردنى عەقڵ لە ئەفسانە و خوڕافیات، کەچی تەلەفیزیۆن وەک ئەهریمەنێک، هەژموونی خۆی سەپاندووە، بە شێوەیەکى بونیادیى لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەرگیرمان دەکات، کە جیاوازن لە باوەڕەکانى خۆمان.
لە چەمکی پیشەسازی کولتووریدا، رەخنە لە میدیای جەماوەری و کولتووری جەماوەری دەگرێت. بەدیدی ئادۆڕنۆ، میدیای جەماوەری، ڕۆڵی پێغەمبەرێکی درۆزن دەگێڕێت لە فریودانی جەماوەردا، بە ناوەڕۆکێکى خالی لە ئەندێشەى ڕەخنەیى سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشرێت. بەڵام تابلۆ کێشراوە بێهۆشکەرەکە کە لە ڕێگەى ناوەڕۆکێکى دیزاینکراوەوە دەرخواردمان دەدرێت زۆرجار بە دژە چیرۆک و ڕوانگە ڕەخنەییەکانى چاومان دەبەستێت و کوێرمان دەکات، بەوەى کە بەو شێوەیە وابەستەى خۆیمان دەکات و لەگەڵیدا ئاوێتە دەبین. ئادۆڕنۆ دەڵێت: (سەرمایەداری هەرگیز ئەوەمان پێنافرۆشێت کە دەمانەوێت.)
بەرخۆریزم لە سەرمایەداری مۆدێرندا پانتاییەکی فراوان لە پیشەسازی کەلتووریدا، داگیردەکات. پیشەسازی کولتووری پێمان دەڵێت؛ گەر پارەمان هەبێت، ئەوەی دەیخوازین، دەتوانین بەدەستی بهێنین. پەپێچەوانەوە ئادۆرنۆ پێ وایە، هیچ کات ناتوانین دەستمان بە ویستە ڕاستەقینەکانمان بگات. بنۆڕە تەلەفیزیۆن کاتێک ڕیکلام بۆ کالایەک دەکات، سەرەتا بەدیمەنی پەیوەندییەکی توندووتۆڵی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات لە یەکێک لە بۆنە خێزانییەکاندا، لەناکاو جۆرێک کاڵا دێتە نێو دیمەنەکەوە. ویستەکانی تۆ، ڕزگاربوونە لە تەنهاییەکی بێهودە، کڕینی ئەوکاڵایە نە مۆتیڤە دەرونییەکانی تۆ خالی دەکاتەوە، نە کەمووکورتییەکانت پڕ دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بیبیتە خاوەنی تەواوی ئەو کاڵایانە، وەلێ تۆ پێویستت بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پتەوە، کە هیچ کات سەرمایەداری ئەوە بۆتۆ فەراهەم ناکات.

Works Cited
Adorno, T (1991.) Culture Industry. London: Routledge
Althusser, L (1971.) Lenin and philosophy, and other essays. London: Vintage
[Online resource] http://plato.stanford.edu/entries/adorno/#3 Accessed 02/02/2015




کۆتایی مێژوو، دواهەمین مرۆڤ.. ئاراس سەعید

لە ساڵی 1989دا، بیرمەند و مێژوونووسی ئەمەریکی (فڕانسیس فۆکۆیاما) وتارێکی بەناونیشانی (کۆتایی مێژوو) لە گۆڤاری (The National Interest) بڵاوکردەوە و تێدا مژدەی کۆتایی مێژووی دا. هەر ئەوکات وتارەکە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆری نەخایاند گرێبەستی لەگەڵ کرا بۆ فراوانکردنی وتارەکەی کە 18 لاپەڕە بوو بۆ کتێبێک. دواتر لە ساڵی 1992 تێزەکەی لە کتێبی (کۆتایی مێژوو و دواهەمین مرۆڤ)دا بڵاوکردەوە، بەدیدی فۆکۆیاما(کۆتایی مێژوو) مەرگی ئایدۆلۆژیاکان و کۆتایی هاتنی جەنگ و شەڕە خوێناوییەکانە. لەپەنجاکانی سەدەی بیستەمدا زۆرێک لە تیۆریستانی دەوڵەت جاڕی مەرگی کڵێشە ئایدۆلۆژییەکانیان دەدا. بەومانایەی ئایدۆلۆژیاکان لەسەرە مەرگدان، بەتایبەتی پاش هەرەسهێنانی نازیزم و فاشیزم.
لەساڵی 1989 ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەوکاتەدا (فۆکۆیاما) بەنووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دواهەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لەبەردەم ئایندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی.
بەدەربڕینێکی دیکە؛ دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.
فۆکۆیاما دەڵێت: پێویستە مێژوو وەک پرۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایەیە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەگوێرەی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.[Francis Fukuyama (1992). The End of History and the Last Man.]

کۆتایی مێژوو، قەرز لە هیگڵ و مارکس
تێزی کۆتایی مێژوو بیرۆکەیەکی نوێی نییە و فۆکۆیاما تێزەکەی لە (هیگڵ و مارکس) قەرزکردووە. بەدیدی هەرییەک لە هیگڵ و مارکس گەشەکردنی مێژووی کۆمەڵگاکان لە قۆناغێکدا کۆتایی دێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ململانێی نێوان دژەکان. ململانێی دژەکان ئەو بزوێنەرەن هەلومەرجی مێژووی ژیانی جڤاتی و کۆمەڵگەکان دەستنیشان دەکەن. هیگڵ مێژووی وەک پرۆسەیەکی عەقڵانیی شرۆڤەکردووە کە بەهۆی دەرکەوتنی ڕۆحی جیهان (Geist) لە قۆناغەکانی دیالێکتیکیدا و بەڕێوە دەچێت. بۆ هێگڵ، مێژوو بەرەوپێشچوونی هۆشیاری مرۆڤە بەرەو ئازادی. کۆتایی مێژوو قۆناغێکە کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵگاکانی مرۆڤ دەگەن بە دۆخێک کە ئازادی بە تەواوی تێدا بەدی دێت و بە شێوەیەکی ئاسایی لە دۆخی عەقڵانیدا بەرجەستە دەبێت. هیگڵ پێی وابوو کە ئەمە لە سەردەمی خۆیدا بەدەست هاتووە، بەتایبەتی لە ڕێگەی دەوڵەتی دەستووری مۆدێرن. بەگوێرەی هیگڵ، تاک دەبێت لەناو نەتەوەدا بتوێتەوە ودرووستبوونی دەوڵەت نەتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی پرووس کۆتایی مێژووە.
بیرۆکەی مارکس بۆ کۆتایی مێژوو لەسەر بیرۆکەی دیالێکتیکی هێگڵ بنیاتنراوە، بەڵام جەخت لەسەر هەلومەرجی ماددی و ململانێی چینایەتی دەکات. مارکس ئەنالیزەکردنی ململانێی چینایەتی بەگەشەی مێژوو دەزانێت و لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست دەنووسێت: مێژووی هەموو کۆمەڵگەکان تاهەنووکە مێژووی کۆمەڵگەی چینایەتییە… لەچەرخەکانی سەرەتای مێژوودا، کەم تازۆر لە هەموو شوێنێک دابەشبوونی بەکۆمەڵ بەدەستەو تاقمی جۆراوجۆر و پلەی جۆراوجۆری ڕیزی کۆمەڵایەتی دەبینین، لە ڕۆمای کۆندا، پاتریسیەن هەبوون، سوارچاک هەبوون، پلەبیەن و کۆیلەش هەبوون. لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، خاوەنی موڵکی فیوداڵ، وەستاکار، شاگرد و ڕەعییەت هەبوون. کۆمەڵگەی مۆدێرنی بۆرژوازی، کە لەجەرگەی فەوتانی کۆمەڵگەی فیوداڵییەوە سەری هەڵداوە، ناکۆکی چینایەتی لەناو نەبردووە، بەڵکو چینی تازەی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی نوێی چەوساندنەوە و زەخت و زۆر و شێوەی نوێی خەباتی هێناوەتە ناو ئەوان.Marx and Engels: Manifesto of the Communist Part ] مارکس مێژووی بە ململانێی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەزانی کە ئامانجی کۆتایی بۆ مارکس، کۆتایی مێژوو بە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێ چین دیاری دەکرێت، کە چیتر چەوساندنەوە کۆتایی دێت و دەوڵەت لەناودەچێت. ئەم کۆمەڵگایە نوێنەرایەتی کۆتایی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری مرۆڤایەتی دەکات، چونکە هەموو ناکۆکییە ماددی و ململانێ چینایەتیەکان کۆتایی دێت. بەدیدی مارکس، مەرجی لەناوچوونی خاوەندارێتی تایبەت لەناوبردنی دەوڵەتە. دەوڵەت ئامڕازێکە خاوەندارێتی تایبەتی دەپارێزێت. مارکس پێی وایە سەرمایەداری لە دوا قۆناغی کامڵ بوونیدا، دەبێتە سیستەمێکی ئابووری جیهانی و دووچاری هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە، چونکە لەم سیستەمدا ناکۆکی چینایەتی دوونیاپۆش هەیە، ئەنجامی ئەم دیدەش دەبێتە هۆی شۆڕشێکی جیهانی. (کرێکارانی جیهان یەکبگرن.)

جاک دێریدا و کۆتایی مێژوو
ناوناوبانگی ڕۆشنبیری فۆکۆیاما و بەهۆی جەماوەریی کتێبەکەی (کۆتایی مێژوو و دواهەمین مرۆڤ)ەوە بوو، کە نیشانەکانی دڵەڕاوکێی ڕاستڕەوەکان بوون سەبارەت بە دڵنیابوون لە (مردنی مارکس). لە ڕەخنەی فۆکۆیامادا (جاک دێریدا) دەنووسێت: لە سەردەمێکدا کە هەندێک بوێری ئەوەیان هەیە بەناوی ئایدیالی دیموکراسی لیبراڵەوە کە دواجار خۆی وەک کۆتا ئایدیالی مێژووی مرۆڤایەتی بەدیهێناوە: هەرگیز توندوتیژی، نایەکسانی، خەفەکردن، چەوساندنەوە، برسێتیی بوونی نییە! لە کاتێکدا بەمجۆرە ستەمی ئابووری کاریگەری لەسەر زۆرێک لە مرۆڤەکان لە مێژووی زەوی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەبوو. لەبری ئەوەی لە کۆتایی مێژوودا گۆرانی هاتنی ئایدیالی لیبڕاڵ دیموکراسی و بازاڕی سەرمایەداری بڵێینەوە، لەبری ئەوەی ئاهەنگ بگێڕین بە “کۆتایی ئایدۆلۆژیاکان” و کۆتایی گوتارە ڕزگاریخوازە گەورەکان، با هەرگیز ئەمە پشتگوێ نەخەین، ڕاستییەکی گەورە، کە لە شوێنە بێشومارەکانی جیهانەکەماندا کە له ئازار پێکهاتووە: هیچ پلەیەکی پێشکەوتن ڕێگە بە مرۆڤ نادات ئەوە پشتگوێ بخات کە بە ژمارەیەکی ئیجگار ڕەها، ئەوەندە ژن و پیاو و منداڵ لەسەر زەوییە ژێردەستەکان، برسی یان قڕ نەکراون[….] . بەدیدی دێریدا (کۆتایی مێژوو) لە بنەڕەتدا ئیسکاتۆلۆژیای مەسیحییە، هاوتەریبە لەگەڵ گوتاری ئێستای پاپا سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئەوروپا، کە فۆکۆیاما “فێڵێکی” فیکری پراکتیزە کردووە، بە بەکارهێنانی داتا ئەزموونییەکان هەرکاتێک لەگەڵ پەیامەکەیدا گونجاو بێت و دەست بە بانگەوازکردن بۆ ئایدیاڵێکی ئەبستراکت دەکات. هەرکاتێکیش داتا ئەزموونییەکان دژایەتی تێزی کۆتایی مێژووەکەی دەکەن؛ فوکۆیاما ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا وەک یەکەیەکی سیاسی ناتەواو دەبینێت، کاتێک بەراورد دەکرێت بە ئایدیاڵە جیاوازەکانی دیموکراسی لیبڕاڵ و بازاڕی ئازاد، بەڵام تێدەگات کە ئەم جۆرە ئەبستراکتانە (ئایدیاڵانە) بە بەڵگەی ئەزموونی نیشان نەدراون، هەرگیز ناتوانرێت دەربکەون، چونکە ئەوە ئایدیایەکی ئەبستراکتی فەلسەفی و ئایینین کە لە ئینجیلەکانی فەلسەفەی هیگڵەوە سەرچاوەیان گرتووە و لەگەڵ ئەوەشدا، فۆکۆیاما هێشتا تێبینییە ئەزموونییەکان بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی تێزەکەی، کە خۆی هاوڕایە کە ناتەواو و ناکامڵە، بۆ چەسپاندنی تێزی کۆتایی مێژووەکەی، کە تەنها وەک تێزێکی ئەبستراکت دەمێنێتەوە و لە پشتڕاستکردنەوەی شکستخواردووە[Jacques Derrida (1994). Specters of Marx: State of the Debt, the Work of Mourning and the New International.]

مێژوو لە پشوو دەگەڕێتەوە
لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشا بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژئاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامە. بناژۆخوازی ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
ساموێل هەنتینگتۆن، ​لە ساڵی ساڵی 1996 لە کتێبێکدا بە ناوی (پێکدادانی شارستانیەتەکان) دووبارە دروستکردنەوەی نەزمی جیهانی نووسی، هەنتینگتۆن لە کتێبەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ململانێی کاتی نێوان ئایدۆلۆژیاکان بە ململانێی کۆنی نێوان شارستانیەتەکان جێگەی دەگرێتەوە.، ئەوە ئایدۆلۆژیایی شارستانییەتی زاڵە، حکومی مرۆڤەکان دەکات.
دوای هێرشەکانی ١١ی سیپتەمبەر، جارێکی دیکە کۆتایی مێژوو لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات.
تەحەدایەکی دیکەی تێزی “کۆتایی مێژوو” گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. ئایا ئەمە کۆتایی کۆتایی مێژووە، یان مێژووی لە پشوو گەڕاوەتەوە؟
وەک ژیژەک دەڵێت، بیرۆکەی فوکۆیاما کە دەڵێت ئێمە گەیشتوینە کۆتایی مێژوو، نادرووستە. ژیژێک ئاماژە بەوە دەکات کە لیبراڵ دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە دروست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرامبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.




مامۆستا و فێرخواز.. ئاراس سەعید

“مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
فرێدریک نیتشە

بەبۆچوونی من بەشێکی سەرەکی ئەو قەیرانانەی لە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فیکری و ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا هەن، ڕیشەکەی لە هەناوی سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدایە. بەتاییبەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکوو کۆمەڵگەی کوردی کە سایکۆلۆجاییەکی بندەستەی هەیە، ئەوکێشە گەورەیەی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە دنیا بینیی و سیستەمی فیکری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە. سیستەمی پەروەردەی کوردی سەر بە تەرزینی کولتووری ئایینی و پارتریایکییە و لەهەناوی ئەو سیستەمەشدا پەیکەربەندی و پایەکانی خۆی داڕشتووەتەوە. کولتوورێکە پێی وایە، حەقیقەتی ڕەها و موقەدەسی پێیە و دژی تەفسیر و ڕەخنە و کرانەوە و نوێگەرییە، هەر وەکوو چۆن تابۆی ئایین هەموو تەفسیر و ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەیەکی ئەحکام و توراسی ئایینەکەیە، ئا بەوجۆرەش سیستەمی پەروەردە دژی هەموو ڕوانین و تەفسیر و ڕەخنەیەکە لە تێکست و پڕۆگرامەکانی.
لە کولتووری ئایینیدا ڕاڤەکردن و تەفیسرکردن تەنها مافێکە بۆ مەلا و مامۆستایانی ئایینی ڕێگەپێدراوە و هەموو بۆچوون و تەفسیرێکی دیکە، بۆ ئەحکامەکانی ئایینەکە لەلایەن باوەڕدارانەوە گوناه و تاوانێکی موقەدەسە. بەوجۆرەش لە سیستەمی پەروەردەدا مامۆستا و وانەبێژەکانی خاوەنی شەرعییەتی ئەکادیمین و حەقیقەتی ڕەهایان پێییە و مافی ڕاڤەکردن و تەفسیرکردنی تێکست تەنها مافێکە بۆ ئەوان ڕێگەپێدراوە و ڕەخنەگرتن و تەفسیر و ڕاڤەکردن و ڕوانین لە گۆشەنیگای دیکەوە بۆ تێکست و پەرتووک و مەلزەمەکان تاوانێکی موقەدەسە. لێرەوە ئیشی هەرە گەورەی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری ئێمە پوچەڵکردنەوەی هەر ئایدیایەکە، لە دەرەوەی مەعریفەی خۆی بنواڕێتە کۆی ئەو کێشە گەورانەی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دینی ئێمەدا هەن. سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکوو ماشێنێکی ترسناک کاردەکات تا کۆبیر و گۆشەنیگای ڕوانینی فێرخواز لە درزێکی بچوکدا قەتیس بکات، بۆئەوەی درز و شەبەقە گەورەکانی سیستەم پەردەپۆش بکات.
لەناو سیستەمی فێرکاری ئێمەدا، پەیوەندی مامۆستا و قوتابی لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی قووڵی دەسەڵات دایە، هاوشێوەی پەیوەندی (ئاغا و کۆیلە) وەکوو ئەوەی هیگڵ ئاماژەی بۆ کردووە؛ “بوونی ئاغا بەنده دانپێدانانی ئەویدیکەی کۆیلەوە.” لە سیستەمی پەروەدەی ئیمەشدا مەرجی بوونی ئاغایەتی مامۆستا بەندە بە دانپێدانانی ئەویدیکەوە وەکوو سمیبول و باوکی مەعریفە. ئەمەش پەیوەندی بەو سیستەمە باوکسالارییەوە هەیە، کە سیستەمی پەروەرده پایەکانی خۆی تێدا داڕشتووەتەوە. (بەختیار عەلی) لە کتێبی (خوێنەری کوشندە)دا خوودی ئەو کێشەکە دەگەڕێنتەوە بۆ ئەوەی “کە قوودسییەتی مامۆستا یەکسان کراوەتەوە بە قوودسییەتی مەعریفەوە.” مامۆستا باوکی ئایدیاڵ و باوکی زانین و باوکی مەعریفەیە و ئەویدیکەی گەورەیە کە دەبێت کوڕنووش و سوژدەی بۆ بەرین. ڕیشەی ئەم پەیوەندییەش لە هەناوی ئەو کولتوورە ئاینییە باوکسالارە ترسناکەوە دێت کەدەڵێت: گۆشتی بۆ من و ئێسیکی بۆتۆ. یان (من علمنی حرفا صرت لە عبدا) کە ڕیشەیەکی ئایینی هەیە و فەنتازییایەکی ئۆدیبییە بۆ کوورتکردنەوەی وێنەی جیهان بۆ وێنەی باوکی باش و باوکی خراپ، باوکی خەسێنەر و باوکی داڵدەدەر، مامۆستای باش و مامۆستای خراپ، مامۆستایی خەسێنەر و مامۆستای میهرەبان.
دامەزراوەی پەروەدەکارانە ئاماژەیە بۆ ئەو شوێنە ماددیی و ڕەمزیانەی کە تێدا دەسەڵات نواندن و مومارەسەدەکرێت بۆ ملکەچکردن و ڕامکردن و دەستەمۆکردنی سوبێکت. سیستەمی ڕەمزی سیستەمی ئەویدیکەی گەورەیە، کە جێگرەوەی شتە ڕاستەقینەکانە بە ئەلتەرناتیڤەکان. یان وەکوو ئەوەی (ژیل دۆڵۆز و فلێکس گوتاری) لە کتێبی (ئەنتی ئۆدیب) کایەی زانیارییەکان بە بەشێک لە “پێکهاتی فالووسی کولتووری باڵادەست پێناسەدەکەن.” هەروەها فەیلەسووفی فەڕەنسی (ژاک ڕانسییەر) سیستەمی پەروەردەکارانە وەکوو نەزمێک پێناسەدەکات، کەتێدا دەسەڵاتی ئەوانەی دەزانن بەسەر ئەوانەدا کەنازانن مومارەسە دەکات. ڕانسییەر لە کتێبی (مامۆستای نەزان Le maître ingnorant) دا ئوستووڕەی سیستەمی پێداگۆجی بەوە تەعریف کردووه، کە سیستەمێکە لەسەر بنەمایی دابەشکاری بۆ دوانەیەک درێژە بەبوونی خۆی دەدات، دوانەی زانا و دانا، تەوەزەل و زیرەک. بەدیدی ڕانسییەر هیچ مرۆڤێک لە بنەمادا تەوەزل نییە. ئەو بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی (مسیۆ ژاکۆتۆ) تێزەکەی خۆی دادەڕژێت و دەنووسێت:( لە ئەنجامی گشت فێربوونە هزرییە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەی گشت منداڵێکی مرۆڤ بەیەکسانی باشتر لە هەر شتێک فێری دەبێت، ئەو فێربوونەیە کە هیچ مامۆستایەک ناتوانێت بۆی ڕوونبکاتەوە، ئەویش فێربوونی زمانی دایکییە.) لێرەوە ڕانسییەر وتە بەناوبانگەکەی ژاکۆتۆ دەڵێتەوە: “هیچ زانینێک لە کەللە سەرێکەوە ناگوازرێتەوە بۆ کەللەسەرێکی دیکە.” بەو مانایەی مامۆستای نەزان لە ڕاستیدا هیچ شتێکی نیە بیبەخشێت بەویدیکە. بەدەربڕینە فۆکۆییەکە کایەی پەروەدەکارانە و مەعریفە لە بنەمادا، کایەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانییەتی.
مامۆستا سەر بەکایەی زانین و مەعریفە نیە، بەڵکو سەر بەکایەی دەسەڵات و حکوومەت و ئایدۆلۆژیا و حیزبە. لە بنەمادا مامۆستا ناوێک نیە بۆ ئەو کائینەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەدە سەپاندوویەتی و سەرقاڵی خەساندنی تواناکانی ئەقڵمانە، بەڵکو ئەو کائینەیە لەڕێگە تاریکەکاندا وێڵی بینین و دۆزینەوەین. وەکوو ئەوەی (جۆن هێنری نیومان) لە کتێبە گرنگەکەیدا (ئایدیای زانکۆ) دا دەڵێت: “پەروەردە بوار ڕەخساندنە بۆ عەقڵ ڕیسککردن، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مامۆستا لە ڕێگەی کتێبە مەزنەکانەوە.” بۆ دەستنیشانکردن و ناسینی شوناسی ڕاستەقینەی (فێرخواز و مامۆستا) پێویستە بگەڕێنەوە بۆ گوتارەکەی (بەختیار عەلی) سەبارەت بە (ئارەزووی فێربوون لەنێوان دۆڵۆز و لاکان) دا، بەدیدی (بەختیار عەلی) “خوێندکاربوون دۆخێکی وجوودییە، هەر بوونەوەرێک بیەوێت لە خۆیی و ئەوانیدیکە تێبگات خوێندکارە.”
ئەو لەو گۆشەنیگایەوە ناڕوانێتە خوێندکار کە تەنها لە ڕوانگەی پەیوەندیەکانی دەسەڵاتەوە لە قوتابی دەڕوانێت، ئەو ڕوانییەی تەنیا بوونە کۆمەڵایەتیی و کارەکتەرە بچوک و شوناسە کۆمەڵایەتییە تەسک و ڕاستەکەی لەبەرچاو دەگرێت و مانایی قوتابی کورتدەکاتەوە بۆ مانا مەکتەبی و زانکۆییەکەی و تەنیا لە بازنەی هاوکێشەی دەسەڵاتدا قوتابی دەبینێتەوە و لە چوارچێوەیەکدا تێدا قوتابی لایەنە لاواز و گوێگرەکەیە و مامۆستاش لایەنە بەهێز و قسەکەرەکەیە. ئەو بۆچوونە سونەتییەی بۆ دۆخی قوتابی کە لەمنداڵییەوە لە ڕووحی خۆماندا هەڵمانگرتووە:”قوتابی باش ئەو قوتابییە کە بێدەنگ و گوێڕایەڵی مامۆستایە.”
بەدیدی بەختیار عەلی: ” قوتابی بوون، ئەو هەستە وجوودییەیە کە دەتوانین پرسیار لەتاریکی بکەین، تارکییەکی ناکۆتا.” دەکرێت پرسیارکردن لە تاریکی بەوە مانا بکەین پرسیارکردنە لەوەی کە نایزانین. ئەو تاریکیەی پێ دەڵێن:” کایەی نادیار.” وەکوو نەستی (ئەرنست بلۆخ) (ئەوەی هێشتا پێی هۆشیار نین.) بلۆخ نەست بەسەر زەمینی ئەو بابەتانە دەزانێت کە پێی هۆشیار نین.
جیاوازی مامۆستا و فێرخوازیش لەوەدا دەردەکەوێت، کە قوتابی ئەو کەسەیە کە دەزانێت سنووری بچوکی زانینی زۆر بچوکترە لە سنووری گەورە و بێکۆتای زانین. بەپێچەوانەوە مامۆستا هەمیشە پێی وایە دەزانێت، نەزانی خۆی لە ژێر ناسناو و کڵێشەی سادەی مەعریفیدا دەشارێتەوە و لەیەک گۆشەنیگای ڕوانیندا چەقی بەستووە و مردووە. مردن بەو مانایەی نیگارکێشی بەناوبانگ (ئادگار دیگاس) لە شوێنێکدا دەریدەبڕێت:(زۆر بەختەوەرم ستایلی خۆم نەدۆزیوەتەوە، گەر ستایلی خۆم بدۆزیبایەتەوە له وەڕەزیدا دەمردم.)
دەکرێت جیاوازی نێوان مامۆستا و قوتابی ئەوەبێت، کە مامۆستا لەیەک ستایل و مۆدێلی مەعریفەدا گیری خواردووە، بەڵام خوێندکار ئەو کەسەیە کە تەنها یەک ڕێگە و یەک ڕوانینی نیە، بەڵکو هەرجارە و ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە. یان وەکوو ئەوەی بەختیار عەلی دەڵێت: (دەزانێت هێشتا تێنەگەشتووە، ئەم هێشتایە ئەبەدییە و شتێک نیە لای مامۆستایەک و حەکیمێک و فەیلەسووفێک بگیرسێتەوە بەڵکو لە مەرگدا ڕادەوەستێت بێ ئەوەی گەیشتێبێتە وێستەگەیەکی کۆتایی. قوتابی ئەو کەسەیە کە قوتابخانەی نیە، قوتابی لە قوتابخانەدا ناگاتە مەقامی قوتابی بوون بەڵکو ئەو کاتە پێی دەگات لەناو کتێبخانەیەکدا بمرێت، بمرێت و هێشتا ئەو کتێبەی نەدۆزیبێتەوە کە بۆی دەگەڕێت. مەقامی قوتابی لە مەقامی مامۆستا گەورەترە، مامۆستا لە جێگایەکی بچووکی مەعریفەدا گیر دەخوات، زانیارییەک دەگەیەنێت، بەڵام هەمیشە قوتابی شتێکی زۆرتری دەوێت لەوەی مامۆستا دەتوانێت بی بەخشێت، مامۆستابوون هەمیشە ڕۆڵێکی کاتییە، قوتابی دەتوانێت بۆ هەتا هەتایە و لە هەموو جێگایەکدا قوتابی بێت، بەڵام مامۆستا ناتوانێت هەمیشە قوتابی بێت.) کەم تازۆر (بەختیار عەلی) ئەم بۆچوونەی لە هزری نیتشە وەرگرتووە کاتێک دەڵێت: “مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
بەدیدی نیتشە پێویستە مرۆڤەکان خاوەنی مۆدێل و تێڕوانینی خۆیان بن بۆ ژیان، نەک لە پنتێکی ڕوانیندا چەق ببەستن. (زەرادەشت شاگردەکانی بەجێدەهێڵێت، خۆت لەمن دووربخەرەوە، دووربە لێم. من ڕێگەی خۆم هەیە و تۆش ڕێگەی خۆت هەیە، باشترین و تەواوترین ڕێگا بوونی نییە، تەنها ڕێگایەک بوونی نیە. هەموو ڕێگایەک بەشێکە لە ڕێگایەکی ناکۆتا) بەمانەیەکی دیکە، هەموو ئایدیایەک بەشێکە لە زنجیرەیەکی ناکۆتایی لە ئایدیا، یان وەکوو ئەوەی لاکان بە (زنجیری دالەکان) گوازرشتی لێ دەکات، (بۆ ئەوەی لەیەک تێبگەین، پێویستیمان بە دوو هەیە).
من ناوی (فێرخواز) بۆ (قوتابی) بەکاردەهێنم، فێرخواز کەسێکە کە خوازیار و (ئارەزوو)ی فێربوونە. چەمکی ئارەزوو لای لاکان جۆرێکە لە نوقستانی ئارەزووی ئەوشتەیە کە نیمانە. تێنوێتییە بۆ پڕکردنەوەی نوقستانییەک، لەزەت ساتی چێژ بینینیە لەو نوقستانییە. بەختیار عەلی بەکۆمەکی لاکان چەمکی (سوبێکتی نوقستان) وەکو ناوێک بۆ سوبێکتی قوتابی بەکاردەهێنت. سوبێکتی قوتابی ناوێکی دیکەیە بۆ سوبێکتی کەرت و چاڵ چاڵ و نوقستانی خۆمان، قوتابی ناوی سوبێکتە هەمیشە نوقستانەکەمانە کە لەکایەی فێربووندا بۆ ئارەزووە مەحاڵەکەی خۆی دەگەڕێت، ئارەزووی هەمیشەیی و تێرنەبووی فێربوون.
فێرخواز ناوێکە بۆ ئەو کائینەی نوقستانەی هەرگیز لەکایەی زانیدا تێرنابێت. وەکوو قەلەڕەشەکەی (ئیدگار ئالان پۆ) کە پێمان دەڵێت( نا نا هەرگیز) هەرگیز تاریکی و ناخمان تەواو نابێت. هەرگیز منێکی ساف و بێگرێ و بێپرسیار و بێدوودڵی بوونی نیە، خوود یان نیە یان بوونێکی هەلا هەلایە.




پرسی حەقیقەت لە فەزای ڤێرچواڵدا.. ئاراس سەعید

فەزایی ڤێرچواڵ، لە کورترین پێناسەدا، بریتییە لە دنیای شاشە یان ئەو جیهانەی لەودیوی شاشەکانەوە ئاوێتە و دەرگیری دەبین. بەشێوەیەکی گشتی فەزایی ڤێرچواڵ ئاماژەیە بۆ نوێنەرایەتی دیجیتاڵی مرۆڤ، لەناو ژینگەی ئەلیکترۆنیدا.
بەدەربڕێنێکی دیکە، فەزای ڤێرچواڵ دەکرێت، جیهانی لاساییکردنەوە و لێکچواندن و کۆپیکردن بگرێتەوە. وەکوو ئەوەی “ژان بۆدریار” بە (سیمۆلاکرا و سیمولەیشن / Simulacra and Simulation) ناودێریکردووە. هەردوو چەمکەکە گوزارشتە لە پیشەسازی لەبەرگرتنەوە و ئاماژەکردن بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خالیکراوەتەوە. بەدیدی بۆدریار، کۆمەڵگەی مۆدێرن بە ئەزموونی لاساییکردنەوەو پیشەسازی لەبەرگرتنەوە دەناسرێتەوە، کە جیاوازی نێوان واقیع و ڤێرچواڵ پەردەپۆشدەکات یان دەسڕێتەوە. بۆدریار دەڵێت:لە جیهانی ڤێرچواڵدا. نوێنەرایەتییەکان/ لەبەرگیراوەکان لە خودی واقیع زیاتر زیندووتر و سەرنجڕاکێشتر دەردەکەون، بۆیە فەزای ڤێرچواڵ دەبێتە جیهانێکی کۆپیکردنەوەو لەبەرگرتنەوە، جیهانێک لە هەموو ڕەسەنایەتییەک داماڵێندراوە.
بەپێی تێڕوانینەکانی بۆدریار ئەو جیهانەی ساختەیەی لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا دەگیری دەبین، بریتییە لە کۆپیکردنەوە و لاسایکردنەوەی واقیع، بەجۆرێک ساختەکارییەکان له حەقیقەتی شتەکان سەرەنجڕاکێشتر دەردەکەوێت، بۆیە فەزای ڤێرتوێل ئاماژەیە بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خالیکراوەتەوە. وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی فەڕەنسی (پۆل ڤیرۆیۆ) دەڵێت: لە فەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم جێگەی ناوەڕۆک و مانا و ئیستاتیکا دەگرێتەوە[Paul Verlow :The Art Of The Engine]. بەمانایەکی دیکە، لەفەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم نوێنەرایەتی حەقیقەت دەکات. فۆڕمێک کە ماهییەتی جەوهەری خالیکراوەتەوە.
فەزای ڤێرتوێل نوێنەرایەتی واقیعێک دەکات، کە دوورە لە هەلوومەرجی کۆمەڵایەتی و ماتڕیاڵی ئەو واقیعەی کە سوبێکتی تێدا دەژیت. بۆ نموونە: شوناسی سوبێکت لەنێو فەزای ڤێرچواڵدا، هەمان ئەو شوناسە کۆمەڵایەتییە نیە نوێنەرایەتی واقیعی ماتڕیاڵی سوبێکت دەکات. بەڵکو سوبێکت دووچاری جۆرێک لە نامۆبوون دەبێتەوە، کە هەڵگری شوناسێکە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی خۆیدا ناگونجێت.
نامۆبوونی سوبێکت دۆخێکە وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی ئەڵمانی “فرێدریک هیگڵ” لەبارەیەوە دەنوسێت: پڕۆسەیەکە کە سوبێکت خۆ بەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیت، لە وجیهانە کۆمەڵایەتییەی تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes…1807]. بەپێی هیگڵ نامۆبوون پڕۆسەی درپێککردنە بەوەی سوبێکت خۆی لەو جیهانەدا نابینێتەوە کەتێدا دەژێت.
بەدەربڕینێکی دی، پڕۆسەیەکە مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو شوناسە کۆمەڵایەتیەی پێدراوە، چوون ئەو شوناسە هیچ گوزارشتێک لەناوەوەی مرۆڤ ناکات، بەڵکو تێگەشتنی ئەویترە لە ڕووی دەرەوەیدا سنوورار بووە. یان بەدەربڕینە “لاکان”ییەکە: نامۆبوون دۆخێکە سوبێکت دەبێتە ئۆبێکت بۆ دەرەوەی خۆی. سوبێکت مامەڵە بە کۆمەڵێک ئارەزووی ڕەمزی و دالەوە دەکات، کەهی ئەویدیکەیە(من ئەویدیکەیە) یان (ئارەزووی من ئارەزووی ئەودیکەیە).
ژاک لاکان لە قۆناغی ئاوێنەدا(The mirror stage ) ئاماژە بۆ سەرەتاکانی ڕسکانی سوبێکت دەکات. ئەو بارودۆخەی ئیگۆ لە بەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنە و ئارەزووی ساختە دەرسکێت.
بەگوێرەی لاکان کە دەڵێت:(من ئەویدیکەم یان ئارەزووەکانی سوبێکت ئارەزووەکانی ئەویدکەیە) بڕوانینە شوناسی سوبێکت لە فەزای ڤێرتوێلدا، شوناسی دیجتاڵی یان ئارەزووەکانی سوبێکتی دیجتاڵی هەمان ئارەزوەکانی ئەویدیکەیە. بەو مانایەی شوناسی سوبێکتی دیجتاڵی لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنا و ئایدیای ساختەوە دەڕسکێت، کە لەگەڵ واقیعی سوبێکتی کۆمەڵایەتی ئەودا یەک ناگرێتەوە.
دەکرێت تێزەکانی “ئەفڵاتوون” وەکوو ئەو ڕەخنەیەی دەکەوێتە سەر فەزای ڤێرچواڵ و پیشەسازی لەبەرگرتنەوە وەربگرین، کە پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆرمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەیی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بە لێهاتوویی لاسایی حەقیقەتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
تەواوی فەلسەفەی پلاتۆ وەکوو ڕەخنەی (میمێسیس) دەردەکەوێت. (هەموو تەکنیکەکانی پیشەسازی لەبەرگرتنەوە، لەسەر بنەمای بنەمای دووبارەبوونەوە یان لاسایی کردنەوە خۆی مانیفێست دەکاتەوە) لەم چوارچێوەیەدا ڕەخنەی (ئیماگۆ) جێگەیەکی پلە یەک داگیر دەکات. خەیاڵ یەکێکە لە ئامانجەکانی، وەکوو هەر وێنەیەک، کە وەکوو کۆپی واقیعێکی جەوهەریتر تێدەگات و بەو هۆیەوە دەبێتە بەرهەمهێنەری وەهم. کتێبی کۆمار / La République دەوڵەمەندە بە وێناکردن بەتایبەتی میتافۆڕی ئەشکەوت لەگەڵ لێکچوونە بەناوبانگەکەی کە هێمای دابەشبوونی جیهانە بۆ چوار بەشی بەهای نایەکسان، ئەوانیش بریتیە لە جیهانی decrescendo ئایدیاکان، ئایدیاکان، ئەبستراکتەکان(ماتماتێک)،ماتڕیاڵەکان، نوێنەرایەتییەکان[ 1993، VI، 509c-511e، VII، 514-522]
بەگوێرەی ئەفڵاتوون ئەگەر بمانەوێت، لە جەوهەری شتێک تێبگەین، کە پێناسەکەی بەهۆی پێوانە و فیگەرە ئەندازەییەکانەوە دەردەکەوێت، هەرچەندە هەمیشە دەکەوێتە چوارچێوەی کایەی تێگەیشتنەوە، بەڵام کەمێک تەواو و بێ کەموکوڕییە بەو پێیەی کۆپییەکی سادەی واقیع پێکدەهێنێت. ئەمە بۆ فەزای ڤێرچواڵیش بەوجۆرەیە، شتەکان کۆپییەکی واقیعن، لە ماددییەتی فرەیی و دۆخی جوڵاودا گیریان خواردووە. بەمجۆرەش، نوێنەرایەتییە وێنەییەکان ڕەنگدانەوەی واقیعی شتەکانن، کە ڕەسەنایەتیان لەدەست داوە و تەنیا پەیوەندییەکی دووریان لەگەڵ ئایدیاڵە سەرەکییەکەدا هەیە.
دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە فەزای ئەشکەوتەی ئەفڵاتوون وێنا بکەین، لە کتێبی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت: وای دابنێ کۆمەڵێک لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین. دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە. دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەوم ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکەشووشە بۆ هەڵسوڕانی بوکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە. وای دابنێ هەندێک کەس لەو دیو دیوارەکەوە پەیکەری مرۆڤ یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختەو شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێ دەنگن. ئەوەی باسی دەکەیت سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن. ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبیننن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنها سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ڕاستی بێجگە لەسێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نیە[ئەفلاتوون، کۆمار، بەشی حەوتەم، و/محمەد کەمال، ل 229].
دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین، دەرگیربوون بە فەزای ئەکچواڵ پشتکردنە لەحەقیقەت و ڕووکردنە شاشە، ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا واهەستدەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە لە دنیای شاشەدا. پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەوشێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکە. بەدیدی ئەفلاتوون لەبەرگرتنەوە حەقیقەت نیە و نابێتە حەقیقەتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنها لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. فەزای ڤێرتوێل هاومانایە لەگەڵ هەریەک لەو دەستەواژەی ( درۆزنەکان، نمایشکارە بوکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان ) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار) دا ئیدانەکراون. کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. وەکوو ئەوەی “سێلین برایۆن” دەیڵێت: ئەگەر فەزای ڤێرچواڵ لەسەردەمی پلاتۆ دا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا. چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە فەزای ڤێرتوێلدا.




میدیا، ئەهریمەنی کۆمەڵگەی مۆدێرن.. نوسینی: سێلین برایۆن.. لە فەڕەنسییەوە: ئاراس سەعید

زۆرێک لە بیریار و فیلۆسۆفەکان، میدیا بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە هۆکاری هەموو خراپەکارییەکانی سەر زەوییە، یان زۆر لەهۆکاری خراپەکارییەکانەوە نزیکە. لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا، ئێمە بەو شێوەیە خۆمان دەبینینەوە کە ڕووبەڕووی جۆرێک لە ئامێری شەیتانی دەبینەوە، کە توانیویەتی خۆی لە دەستی دروستکەرەکەی ڕزگار بکات. ئەمەش کاریگەرییە زیانبەخشەکەی ڕەها کردووە، بەجۆرێک مرۆڤ ناتوانێت، خۆی لێی قوتاربکات. (وەکوو چۆن شەیتان خۆی لە خالیقەکەی ڕزگارکرد و خراپەکارییەکانی ڕەهابوو… وەرگێڕ). ڕەخنەگرتن لە میدیا، هەمەچەشن و جۆراوجۆرە، هەندێک لەڕەخنەگران لە نمونەی (ژان بۆدریار) جەخت لەسەر ئەو گۆڕانکارییە دەکەنەوە کە لە پەیامەوە بەخودی (میدیۆم) ئامرازی بڵاوکردنەوەدا تێدەپەڕێت، بە مانایەکی دیکە، ئەوەی لە ناوەڕۆکەوە لە قاڵب دەدرێت. (Sfez and Coutlée 1990). لە پێچەوانەکردنەوەی ئەولەویەتەکاندا (ئامرازەکان دەگۆڕدرێن بۆ ئامانجێک لە خۆیدا، میدیۆمەکە جێگەی پەیامەکە دەگرێتەوە. بەدەربڕێنکی دیکە، میدیاکە شوێنی پەیامەکە دەگرێتەوە. ئەمە سیناریۆیەکە، کە تیۆریستی کەنەدی (مارشاڵ مەکلۆهان) لە ساڵانی شەستەکاندا خستوویەتی ڕوو)، (میدیۆم بەرلەوەی شتێک بگەیەنێت خوودی خۆی دەگەیەنێت. یان میدۆم خۆی، بریتیە لە پەیامەکە… وەرگێڕ) لە ئەنجامدا جیهانێک دروستدەبێت کە لە هەموو ڕەسەنایەتییەک بێبەشە، هاوشێوەی گوێزی بۆش، وەکوو ئەوەی (ڕابێلایس) دەڵێت: “مۆخی جەوهەری”یان بەتاڵ کراوەتەوە. بە کوورتی، ئێمە لە جیهانی دیجتاڵێدا ڕووبەڕووی گەمەیەکی ڕواڵەتی دەبینەوە، وەکوو ئەوەی (بۆدریار) بە “سیمولاکرا” ناوی دەبات، واتە ڕووکاری بۆش، ناوەڕۆکی خالی یان نا قووڵ، وەکوو ئاوێنەیەک کە تەنیا خۆی ڕەنگ دەداتەوە و لە پشتیەوە هیچ ڕاستییەک بوونی نیە.
(ڕێجیس دیبرای) لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاوڕایە و هانی هاوچەرخەکانی دەدات کە “کەمتر پەیوەندی بکەن و زیاتر بگوازنەوە”. ئەم نووسەرە لەو بنەمایەوە دەستپێدەکات کە کایەی میدیایی ئێستا لایەنگری پەیوەندییەکانە، واتە سیستەمێکی زانیاری کاتی، کە لەسەر پانتایەکی فەزایی ئاسۆیی پەرەدەستێنێت، لە بەرژەوەندی هاوکاتی و لە هەموو شوێنێکدایە، نەک دیاکرۆنی و بەردەوامیی بەهاکان، ئیمتیازاتی گواستنەوە، کە پانتاییەکی کاتی، ڕاست و چەپی پێ باشترە. ئەمە کۆمەڵگایەک دروست دەکات کە تاکەکان بەڕواڵەت لەیەکیدیەوە نزیکتر بن، بەهۆی ئەو میدیایانەی کە ڕێگە بە ئامادەبوونی ئەوانە دەدات کە لە دوورەوە دەچنە نێو پڕۆسەی کۆمینیوکەیشن و (ئامادەبوونی مەجەزایی)ەوە، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر نامۆن بە یەکتری، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە وازهێنان لە بەستنەوە بە مێژوویەکی هاوبەش، بەهۆی یادەوەری زنجیرەی نەوەکانەوە، کە گەرەنتی هاوبەشکردنی میراتێک و پاراستنی نەریتەکان دەکات، ‘ئاڵوگۆڕ’ ناکەن، بەڵکو تەنها بە شێوەیەکی پارچەپارچە و ڕووکەش بەشداری دەکەن، بەبێ ئەوەی بتوانن بەڕاستی پێکەوە بژین. لێرەشدا دیسانەوە ئامرازەکانی بڵاوبوونەوە مادەکانیان لێ زەوت دەکات و پەیوەندیکردن دەبێتە ئامانجی کۆتایی پەیوەندیکردن، لە مەیلی (ئۆتۆفاژیک)دا ئەو پزیشکە بەناوبانگەی کە سەرەڕای ئەوەش وریایە نەهێڵێت بەلاڕێدا بچێت لەلایەن ئەفسانەی دەوروبەری میدیاسفێرەوە، بەردەوامە لە ڕەنگدانەوەی خۆی بە پێدانی هێز بە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە دروستکەرەکەیان ڕزگار بکەن و دواتر بە نۆرە کار لەسەر ئەوە بکەن، بە بەرهەمهێنانی کاریگەرییە پێشبینی نەکراوەکان کە دەستکاریکردنی شێوازی بوون و بیرکردنەوەی مرۆڤە. (1991، ل105-106).
هەندێکی دیکە لە تەواوکەری ئەم بۆچوونانە، شیکارییە ڕەخنەییەکانیان بەرەو ئەو شێواندنە زیانبەخشەی واقیع ئاراستە دەکەن، کە میدیا دەبێتە هۆی دروستبوونی. ئەمە وەکوو ئەو حاڵەتەی (لوسیەن سفێز) ئاماژەی بۆکردووە، کە جگە لەم ناسروشتکردنە، هێما بۆ ئەو سەرلێشێواوییە دەکات کە لە مێشکی مرۆڤدا لە نێوان ڕاستی خام و نوێنەرایەتیکردنیدا دروست دەبێت، بەم شێوەیە توانای حوکمدان و تێگەیشتنەکەی دەگۆڕێت. هەموو ئەم توخمانە تایبەتمەندییەکی تاتۆلۆژی کۆمەڵگە میدیاییەکانمان پەرەپێدەدەن، “تاوتیزم”، نیوۆلۆژیزمێک کە پێشگر و پاشگرەکەی مەیلێک بەرەو تاوتۆلۆژیا ئاشکرا دەکات، واتە خۆئاماژەکردن، وەکوو سەرچاوەیەکی ئۆتیزم، بۆ زیندانیکردن لە گەردوونێکی خەیاڵیدا.
شەیتانی میدیا، وەشانێکی مۆدێرن و ماتریالیستی بوونەوەری خراپەکاری، کە بڕیار بوو مرۆڤەکان دابەش بکات و لە حەقیقەتە، ڕزگارکەرەکە دووریان بخاتەوە بە هۆی نوقمکردنیان لە وەهمدا وەکوو( ئیتیمۆلۆژیای dia-bolos , لە سەردەمی کۆن و گەرمی ئایینیدا لە ترسەکانی سەدەی ناوەڕاستی عەقڵ)بەڵام ئایا ئەم کاریگەرییە کوشندەیەی میدیا دەرئەنجامی بیروباوەڕێک نییە، کە هێندەی ئەو باوەڕە منداڵانەیەی کە وایکردووە باوباپیرانمان خراپە وەکوو بوونێکی ئازاد و بەهرەمەند بە پرسێکی ئەقڵانی بزانن، لە کاتێکدا ئەوە تەنها بەرهەمێکی خەیاڵی بوو. خەمی ڕوونکردنەوەی هەڵەکانی ئەم جیهانە و سەرچاوەی ئازارەکانی مرۆڤە، کەوایکرد ڕق لە کەللە سەری بزنێکی قوربانی بگوازێتەوە بۆ کاریگەرییە کاتارتیکەکان؟

میتۆلۆژیای تەکنۆلۆژیا
٭سزادانی پڕۆمیتێ و دابەزینی ئادەم و حەوا لە ئاسمان
پێویستە بە دەستنیشانکردنی ئەو ڕەخنەیە دەستپێبکەین، کە دەکەوێتە سەر میدیا. ئەمەش لەڕێگەی هەندێک زنجیرەی میتۆلۆژی و ئەدەبیی کۆمەڵگەی کولتوورە زارەکییەکانەوە. دەستپێک سزایی (پرۆمیتێ) باوکی شارستانیەت، کە مرۆڤی لە سروشت دابڕاند و بە مومکینکردنی هونەر و بناغەسازی کولتوور، مرۆڤی لە دەرەوەی ئاژەڵبوونی پەروەردە کرد.
“پڕۆمیتێ” لەلایەن” زیۆس”ەوە بە توندی سزا درا بەهۆی ئەوەی ئاگرەکەی دزیوە و بەخشیویەتی بە بێبەشترین بوونەوەری سەر زەمین. ئاگر وەکوو ستراکتۆری تەکنیک، بە دەربڕێنێکی دیکە، ئەو توخمەیە کە تەکنیک لێیەوە سەرچاوەی گرتووە، یان لانیکەم (sine qua non) لە هەموو تەکنیکێکدا، ڕێگە بۆ کشان و خاوکردنەوەی کانزاکان خۆش دەکات، بۆ دروستکروونی ئامێر، دروستکردنی چەک، دواجاریش تەکنەلۆژیا و لە ئێستاشدا میدیا…تاد
ڕەنگە ئێمە لە لێکدانەوەی حوکمی زیوس، بەهەڵدا چووبین، کە وەکوو چارەنووسێک بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە یاسایان شکاندووە و قەدەغەیەکیان پێشێل کردووە. پرۆمێتێ تەنها دزێکی سادە نییە، زیاتر لە سەرپێچییەک لە کردەوە و سەرپێچییەکەیدا بوونی هەیە، سەرپێچییەکی شاراوە بەڵام حەتمی، چەواشەکارییەک هەیە، بەرزبوونەوەیەک و دابەزینێک. بە مرۆڤکردنی ئەوان، هەروەها بێتاوانانی لە بێتاوانی سەرەکی خۆیان بێبەش کرد، بۆیە دەتوانرێت پێشکەوتنی فیکرییان وەکوو پاشەکشەیەک هەژمار بکرێت، ئەگەر بەختەوەری وەکوو پێوەرێکی پێوانەی وەربگرین، پانۆرا و سندوقە بەناوبانگەکەی، کە هەموو ئەو بەدبەختیانەی مرۆڤایەتی زاڵ دەکەن و لێیەوە سەرچاوە دەگرن.
هەروەها هاتنە ناوەوەی میتۆلۆژیایی (ئادەم و حەوا) بۆ نێو کایەی مەعریفە، کەوتن و بەربوونەوە ئەوانی هێنایە ئاراوە لەوەی کە لە نائاگایی شیرینی پەیوەست بە بەهەشت دەربەر بوون و لە خودا یاخی بوون. ( یاخی بوونی مرۆڤ لە خودا، یەکەمیین کردەی ئەقڵانی بوو، کە بەدبەختی و دەربەدەری بۆ مرۆڤ بەدیهێنا… وەرگێڕ)
بە هەمان شێوەش خاوەندارێتی ئاگر (کە دەتوانێت هێمای چراکانی زانین بێت، بە پێچەوانەی تاریکی و نەزانی). لە هیسیۆددا هاوتایە لەگەڵ کۆتایی سەردەمی زێڕین کە کرۆنۆس حوکمڕانی دەکات و سەرەتای سەردەمێکی ئازاربەخشترە. پرۆمیتێ وەک ئیکارۆس، لووتبەرزی و زیادەڕەوی و سەرچاوەی بەدبەختیییە، کە سروشتی زانست بەرجەستە دەکات.
ئەفسانەی دووەم کە ڕوونترە سەبارەت بەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ دەرکەوتنی میدیادا و دووفاقی ئەم دۆزینەوەیە دەسەلمێنێت، کە پەیوەندی بە لەدایکبوونی نووسینەوە هەیە، کە “پلاتۆ” لە فایدرۆسدا (274 b – 275 b) باسی کردووە. سۆکرات ڕوونی دەکاتەوە کە (خودای میسری و ئاسمیلەی نیوە خوداوەندی یۆنانی هێرمێس)، ئەم هونەرەیان داهێناوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کەمی یادەوەری و کەموکوڕیەکانی زانست بدۆزێنەوە. بەڵام کاتێک دۆزینەوەکەیک دەخرێتە بەردەم تامۆس، پاشای تیبس، ئەمەی دووەمیانی لەم دەرئەنجامانەدا بە خراپ زانی و دووپاتی کردەوە کە پێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی شەڕکردن دەکات فەزیلەتەکان بە جۆرێک پێچەوانە دەکاتەوە بۆ ژەهر.
لەم ئارگۆمێنتەدا، ئەو تۆمەتە هەست پێدەکرێت کە ئێمە لەم سەردەمەدا دەیهێنینە سەر میدیا، ئەویش دەستبەسەرداگرتنێکە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی داماڵینی ئەو سیفەتە هزریانەی کە لە مرۆڤدا هەن، ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان “ئایدیاڵێک” گوایە ناوەکی و پرۆسەی دەرەکیکردن لە ڕێگەی پێشبینی ماتەریاڵ کە لە شێوازی دابەزاندندا ئەزموون دەکرێت: “ئەم هونەرە لە ڕۆحی ئەو کەسانەدا لەبیرچوونەوە بەرهەم دەهێنێت کە فێری بوون، چونکە واز لە مەشقکردنی یادەوەری خۆیان دەهێنن.
“دانیال بۆگنۆ” بە ئاماژەدان بە “ڤیکتۆر هوگۆ” لە نۆتردام تا پاریس بە ناوی “سێسی ئەو دەکوژێت”، بە درێژی سەرنجی خستە سەر ئەو تاوانە، کە بە زاراوەیەکی تەواو هاوشێوە، ئاڕاستەی چاپخانە دەکرا، لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەوەندە پرسیار لەسەر تاوانبارکردنی نووسین نەبوو، بەڵکوو پرسیاری گشتاندنەکەی، ستانداردکردنی لەلایەن تەکنەلۆژیاوە، کە زیان بە هونەری پیرۆزی بەهای نووسین دەگەیەنێت. میدیای مۆدێرن، تۆمەتبارە بە کوشتنی کتێب (مۆبایل و کۆمپیوتەر) تاوانبار کراون بەوەی کلتووری زارەکیی و بەهای وشەیەکانیان کوشتووە، بەهای هەموو ئەوانەی کە ئێمە ویستمان باوەڕمان بەوە هەبێت کە بۆ هەتا هەتایە زیندوون، چونکە هەتا هەتایە لە یادەوەری و لە دەمی ئەو حیکایەت بێژانەی گواستوویانەتەوە زیندوو بوون. بەڵام میدیای نوێ هەموو ئەوانەی کووشت، هەواڵی ڕۆژ هەموو یادەوەرییەکانی کوشت. میدیا بیرکردنەوەی کووشت، هەموو ڕستە ئاڵۆزەکانی گۆڕی بەکۆمەڵێک کۆمەڵێک ڕستەی هەواڵی بێ مانا.

٭میدیا و ساختەکردنی واقیع
چەمکێکی ئەفلاتوون بۆ جیهان

کاتێک لەبارەی واقیعی مەجازییەوە دەدوێن، بەناچاری دەگەڕێنەوە بۆ سەر تێزەکانی (ئەفلاتوون) کە پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆرمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بە بەردەوامبوونی سیستەمێکی دووانەیی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا، ڕۆڵی میدیا پەیوەست بە شێواندنی واقیع، بە ئاشکرا و بەزەحمەت پەردەپۆش دەکرێت. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی میدیا، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بە لێهاتوویی سروشتیان تەقلید دەکردەوە، بەم شێوەیە سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
تەواوی فەلسەفەی پلاتۆ وەکوو ڕەخنەی (میمێسیس) دەردەکەوێت، بەدەربڕێنێکی دیکە (هەموو تەکنیکەکانی لاساییکردنەوە، لەسەر بنەمای بنەمای دووبارەبوونەوە یان لاسایی کردنەوە خۆی مانیفێست دەکاتەوە) لەم چوارچێوەیەدا ڕەخنەی (ئیماگۆ) جێگەیەکی پلە یەک داگیر دەکات. خەیاڵ یەکێکە لە ئامانجەکانی، وەکوو هەر وێنەیەک، کە وەکوو کۆپی واقیعێکی جەوهەریتر تێدەگات و بەو هۆیەوە دەبێتە بەرهەمهێنەری وەهم. کۆمار La République دەوڵەمەندە بە وێناکردن بەتایبەتی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون لەگەڵ لێکچوونە بەناوبانگەکەی کە هێمای دابەشبوونی جیهانە بۆ چوار بەشی بەهای نایەکسان، ئەوانیش بریتیە لە decrescendo ئایدیاکان، ئەبستراکتەکان(ماتماتێک)، شتە مادییەکان و نوێنەرایەتییەکان (1993، VI، 509c-511e، VII، 514-522).
با لەگەڵ سۆکراتدا، لە جەوهەری دارێکی بەرز تێبگەین، کە پێناسەکەی بەهۆی پێوانە و فیگەرە ئەندازەییەکانەوە دەردەکەوێت، هەرچەندە هەمیشە دەکەوێتە چوارچێوەی کایەی تێگەیشتنەوە، بەڵام کەمێک تەواو و بێ کەموکوڕییە بەو پێیەی کۆپییەکی سادەی واقیع پێکدەهێنێت. سەبارەت بە دارەکان وەکوو چۆن دەتوانین بیبینین و دەستیان لێدەدەین لە دەوروبەرمان، ئەوان کۆپییەکی واقیعن، لە ماددییەتی فرەیی و دۆخی جوڵاودا گیریان خواردووە. بەمجۆرەش، نوێنەرایەتییە وێنەییەکان یان ئەدەبییەکانیان تەنانەت ڕەنگدانەوەی ئەوان لە ئاودا، کە هێشتا ڕەسەنایەتی لەدەست دەدەن، تەنیا پەیوەندییەکی دووریان لەگەڵ ئایدیاڵە سەرەتاییەکەدا هەیە.
سەدەی چوارەمی پێش زایین لە مێژووی کولتووری ڕۆژئاوادا زۆر گرنگە، چونکە پچڕانێکی ڕیشەیی لەگەڵ قەناعەتە فیکرییەکانی پێشوودا ڕوودەدات، کە ئێمە بە قۆناغی “پێش سۆکراتی” ناوی دەبەین.
لێرەدا سەرچاوەی ئەو ئابڕوچوونەی کە لەسەر ڕواڵەت دەکرێت، چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. ڕەنگە میدیا ئەو جۆرە ئابڕوچوونەی بەسەر نەهاتبایە ئەگەر ئەفلاتوون خۆی خۆی نەدابایەتە بەر ڕەخنەی لاسایکردنەوە و نووسینەوەی فێرکارییەکانی مامۆستاکەی.
ئەگەر ئەناکرۆنیزمێک دروست بکەین، بەبێ ئەوەی خیانەت لە بیری دیالێکتیکی یۆنانی بکەین، دەبێت میدیای مۆدێرن لەنێو پۆلی( درۆزنەکان، نمایشکارە بوکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان ) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار) دا ئیدانەکراون دابنین، کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. ئەگەر میدیا لەسەردەمی پلاتۆ دا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا.
چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان یان دروستکردنی واقیعی مەجازی.
عەیب و کەموکوڕی میدیاکان هەم بۆ زیادەڕەوی لە بڕواپێکراوییان دەگەڕێتەوە و هەم بۆ ئەوەی کە زۆر دوورن لە ڕاستییەوە (جێی متمانەیی ئەوان بە وردی هۆکاری ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە پێمان وایە ڕاستن). وەکوو ئەوەی (بۆیلۆ) ئاماژەی پێدەکات، “ڕاستی هەندێکجار ناتوانێت ئەگەری نەبێت”. سەبارەت بەوەی کە ئەگەری هەیە، دەکرێت هەندێکجار ڕاست نەبێت. ئەم کێشەیە بە زۆر لە سەردەمی فۆتۆگرافی و تەلەفزیۆندا سەرهەڵدەدات، چونکە توانای ڕیاڵیزەکردنی خەیاڵی هەیە.




ڕەهەندی باوککوژی لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم دا.. ئاراس سەعید

“دەستپێک و سەرەتا”

باوککوژی

میتۆلۆژیایی”باوککوژی وەکوو ڕەهەندێکی سیمبوولی و کولتووری دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین پنتی کۆمەڵە بەراییەکانی مرۆڤ. ئەمەش لە کتێبی “تەوتەم و تابۆ”ی “سیگمۆند فرۆید” دا دەبینینەوە، کاتێک لە یەکێک لە کۆمەڵگە بەراییەکاندا باوکێکی ستەمکار دەیەوێت کوڕەکانی بچەپێنێت و لە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی ناو هۆزەکەی بێبەشیان بکات، بەوهۆیەوە کوڕەکان باوکیان دەکوژن[1].لە میتۆلۆژیایی یۆنایشیدا “ئەفسانەی ئۆدیب” تراژیدیترین چیرۆکی باوککوژییە، لەلایەن شانۆنووسی یۆنانی ( سۆفۆکلیس – Sophokles)ەوە نووسراوە. پوختەی چیرۆکەکە لەبارەی خێزانی پاشای سیبینەوە دەوێت، کاتێک (لایۆس) پاشا و شاژنە (جۆکاسبە) لە لایەن عەرافێکەوە پێیان ڕادەگەیەندرێت، لە ئایندەدا ئەوان دەبنە خاوەنی کوڕێک، کاتێک کوڕە گەورە دەبێت باوکی خۆی دەکوژێت و دایکی لەخۆی مارە دەکاتەوە.

کاتێک (ئۆدیب) لە دایک دەبێت، جۆکاسبەی دایکی بۆئەوەی پێشبینی عەرافەکە نەیەتەدی، بڕیار دەدات کوڕەکەی لەناوبەرێت. بۆیە ئۆدیبی کوڕی ڕادەستی شوانێک دەکات و پێی دەڵێت: ئەم منداڵە بەرە دارستانێک بە دارێکەوە بیبەستەرەوە تاوەکوو دەمرێت. بەڵام شوانەکە دڵی بە منداڵەکە دەسووتێ و فرمانی گەورەکەی بەجێناهێنێت، بەڵکو منداڵەکە دەداتە دەستی خزمەتکارێکی (کۆرینتۆس) پاشا و پێی دەڵێت: بیبە بۆ خۆت. خزمەتکارەکەی کۆرینتۆس، منداڵەکە دەباتەوە بۆ گەورەکەی و ئەویش دەیکاتە کوڕی خۆی. کوڕەش لەژێر سایەی پاشادا دەژێت و دەبێتە شازادە، بەڵام هەتا گەورە دەبێت نازانێت کە کوڕی ڕاستەقتینەی (کۆرینتۆس) نییە. ڕۆژێکیان عەرافی پەرستگەی دێلفی پێی رادەگەینێت: کە گەورە دەبێت، باوکی دەکوژێت و پاشانیش دایکی لەخۆی مارە دەکات. ئەویش بۆئەوەی لەم قەدەرە شوومە خۆی ڕزگار بکات، بڕیار دەدات کە کۆشک و مەملەکەتەکە بەجێبهێڵێت. کاتێک کە لەرێگەی دێلفیەوە دەچێتە دەرێ، لەڕێگە لەگەڵ پیاوێکی پیرەپیاوێکی ئینکاردا دەبێتە شەڕیان و پاشان کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستدەدات و ئەو پیاوەو خزمەتکارەکەی دەکوژێت، بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەوەی کوشتوویەتی، باوکییەتی و پاشای سیبینە و دواتریش شاژنە جۆکاسبەی دایکی مارە دەکاتەوە و کاتێک دەزانێت باوکی خۆی کوشتووە و لەگەڵ دایکی خۆیدا سێکسی کردووە، لەنێو ئازاری هەستکردن بەگوناهدا دەتلێتەوە و لە ئەنجامدا چاوی خۆی کوێر دەکات [2].

“گرێی ئۆدیب”

فرۆید بە تێڕامان لە (ئەفسانەی ئۆدیب) چەمکی باوککوژی لە سایکۆلۆجییدا تیۆریزە دەکات. بەپێی ئەو تیۆرییە، (لیبیدۆ- Libido) مۆتیڤی کردەی باوککوژییە، ئەمەش جۆرێکە لە گرێی دەروونی بە (گرێی ئۆدیب – Oedipus complex) ناودێری دەکات. گرێی ئۆدیب بەناوبانگترین تیۆریی سایکۆلۆجییە، کە شوناسی سوبێکتی سێکسی شرۆڤەدەکات. بەپێی ئەو تیۆرییە (گرێی ئۆدیب) ئەوە پیشان دەدات کە مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا، هەستێکی نائاگایی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر بە دایبابی ڕەگەزی بەرامبەر و ڕکابەری و ڕق لەگەڵ دایبابی هاوڕەگەز بۆ درووست دەبێت.

فرۆید دەڵێت: هەموو مناڵێک و هەموو مرۆڤێک بەم گرێیەدا تێدەپەڕن. یەکەم ئۆبێکتی لیبیدۆ بۆ کوڕ، دایکییەتی. ئەو دایکی خۆى خۆشدەوێت و ڕقى لە باوکێتى، چونکە دایکى ئەمى وەک مەعشوقێک داگیرکردووە. پاشان بەهۆى هەڕەشەى باوکەوە دووردەکەوێتەوە و ناچارە ڕوو لە ژنێکى تر بکات، کە شێوەی لە دایکی دەچێت. ئەم دوو هەستە، لە مرۆڤدا زۆر ئاشکرا و ئاگایانە نین، بەڵکو (نەستەکى) و نائاگایانەن[3]. پێشتر بینیمان لە تراژیدیایی سۆفۆکلیسدا ئۆدیب نازانێت ئەوەی کوشتویەتی باوکی خۆیەتی، بەڵکو (لیبیدۆ) ئەو ماتە وزە سێکسیییە، دەکەوێتە سنووری (ئید) ەوە و دواتر لە لایەن (ئیگۆ) و (سۆپەرئیگۆ) وە ڕێکدەخرێت و دابەش‌ دەکرێت. بەپێی دەروونشیکاری فرۆید، (ئید) دیوە تارییکەی ناوەی ئێمەیە، کۆگایی جۆشوخرۆش و پاڵنەرە سێکسییەکانە. فرۆید پێی وایە: ئۆبێکتی هەستبزێونی کوڕ بریتییە لە دایک، دەیەوێت دایکی ببێێتە موڵکی ئەو. نا ئاگایانە لەژێر فشاری ئەنگێزە لیبیدۆییەکاندا بۆ ئەوەی دایکی بەدەست بهێنێت، دەکەوێتە ڕقەبەرایەتی لەگەڵ باوکیدا.

لەئەنجامی ئەو ڕقەبەراییەتی گرێییەکی دیکە دروست دەبێت کە بە (گرێی خەساندن) ناودێر دەکرێت. گرێی خەساندن گوزارشت لە ترسی منداڵی نێرینە دەکات بەرامبەر بە باوک، بەوەی کە ئەگەر ویستی سێکسی بەرامبەر بە دایکی بنوێنێت، ئەوا باوکی بە بڕینی ئەندامی نێرینەی سزای دەدات و دەکەوێتە قۆناغی متبوونەوە. بۆیە لە میتۆلۆژیای سۆفۆکلیسدا، کاتێک ئۆدیب تێدەگات لەگەڵ دایکى خۆى خەوتووە، هەست بە گوناه دەکات و لە سزاى ئەمەدا چاوێکى خۆى کوێردەکات. بەپێى فرۆید، ئەم خۆکوێرکردنە، جۆرێکە لە خۆخەساندن، واتە لەجیاتیی ئەوەى باوکى بیخەسێنێت، ئۆدیب خۆى ئەم سزایە بەسەر خۆیدا پیادەدەکات. فرۆید بەتێڕامان لە لیبیدۆی نێرینە، (گرێی ئۆدیب) ئاوەژوو دەکاتەوە و (گرێی ئەلکترا) لە کچاندا دەدۆزێتەوە. بەپێی شیکارییەکانی فرۆید، ئۆبێکتی لیبدۆی کچانە، مەیلی سێکسیە بۆ باوک. ئەشقی کچ بۆ باوکی دەبێتە هۆی ئەوەی لە دایکی دوور دەکەوێتەوە و لەبەرئەوەی کچ (چووک) ئەندامی نێریینەی نیە، بۆیە هەستێکی نائاگایی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر بە باوکی و ڕکابەری و ڕقی لەگەڵ دایکی بۆ درووست دەبێت، ئەم ئیرەیبردنە بە (چووک) ڕقی کچ بەرانبەر دایکی زیاتر دەکات کە بۆچی دانەیەکی وای بەو نەبەخشیوە[4].

“حەسار و سەگەکانی باوکم”

ڕەهەندی سیکسواڵیتە

ڕۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم” یەکێکە لە شاكارە ئەدەبییەکانی (شێرزاد حەسەن) کە پێش دنیای پڕۆسەی ئازادی نوسراوە و هێشتا دەقێکی زیندووە و کاریگەری خۆی لەدەست نەداوە. تێکستەکە دەربارەی دوونیابینی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و خێزانی کۆمەڵگەی کوردی دەوێت کە تێدا باوک وەکوو سیمبولی دەسەڵات پەیکەربەندی شوناسی سێکسی بکەر دادەڕێژتەوە. باککوژی وەکوو قوڵترین پنتی تێکستەکە لە دووگۆشە نیگا دا دەردەکەوێت. لەنیگایی یەکەمیدا وەکوو فۆڕمێکی کولتووری و سیمبولیی خۆی نمایش دەکات. لەنیگای دووهەمدا باوک وەکوو ڕەهەندێکی بایەلۆژی و سایکۆلۆجی دەردەکەوێت. دەتوانین بڵێن، کۆی بیرۆکەی ڕۆمانەکە لە ژێرکاریگەری ئەفسانەی باوککوژی ئۆدیب نووسراوەتەوە. لەڕووی سیۆسیۆلۆجییەوە حەسار بریتییە لە دەستنیشانکردنی سنوورداکردنی سێکسواڵییتە، لەلایەن سیستەمە پاتریاریاکییەکانەوە. دەکرێت حەسار گوزارشت بێت لە کۆمەڵگەی پاتریاریکی لەڕێگەی نۆڕم و بەهاکانییەوە، شوێنی سێکسواڵیتە دەستنیشان دەکات و لە چوارچێوەی ئایین و مۆڕاڵی دەستەجەمعیەوە قەتیسی دەکات. وەکوو (ئەو کۆمەڵگە بەراییەی باوکێکی ستەمکار دەیەوێت کوڕەکانی لە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی ناو هۆزەکەی بێبەش بکات.)

حەساری باوک پڕە لەژنی جوانکیلە و کیژۆڵەی نازدار، وەلێ بابە، کوڕەکانی لە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی نێو حەسارەکە بێ بەش دەکات و دەیان چەپێنێت، زمانی هەرکەسێک دەبڕێت وشەی حەرام دەربڕێت، وەی بەحاڵی ئەو کەسەی خەون بە حەرامەوە دەبینێت.

حەساری باوک گوزارشتە لە سیستەمی پاتریاریکی ئایینی کە چۆن سێکسواڵیتە کۆنتڕۆڵ دەکات. وەکوو ئەوەی (میشێل فۆکۆ) لە (مێژووی سێکسواڵیتە)دا دەڵێت: لە سەدەی هەژدەهەمدا کۆنتڕۆڵکردنی سێکس دەچێتە ئەستۆی “پۆلیس” لە کاتێکدا پۆلیس ناتوانێت ئەم ئامانجە بێهێنێتەدی. پۆلیسی سێکس بەمانایی توندووتۆڵکردنەوەی قەدەغەیەک نیە بەڵکو پێویستی بە ڕێسابەندکردنەوەی سێکسە لە ڕێگەی گوتاری بەکەڵکهاتوو گشتییەوە. فۆکۆ دەڵێت: پێشووتر وشەکان بەبێ هیچ کۆدێک دەگوترانەوە، بەڵام پۆلیسی زمانی و تەکنیکەکانی زمانەوانی وشەگەلی عەیبە و ناشرینی داهێنا و سێکس لە نێو زماندا کۆنتڕۆڵکرا. جگە لە خێزانی (هاوسەرانە و ژووری دایک و باوک) ئیدی هەر زمانێک لەبارەی سێکسەوە بدوایە دەبوو بێدەنگ بکرێت. گوتاری ئایینی، گوتاری پەروەدەیی، گوتاری زانستی هەموو گوتارەکان کۆدکران. منداڵەکان تەمێکران لەسەر نەگوتنی هیچ شتێک لەبارەی سێکسەوە. ئیدی سێکسواڵیتە بە بێدەنگی مایەوە و بارسوڕانی ئازادانەی لە نێو زماندا کۆنتڕۆڵکرا. ئەگەر کەسێک لەبارەی ویست و خولیای سێکسی ئەوانیتر بدوایە، دەبوو گوێیەکانمان بخەوێنن، دەممان لە بارەی خولیاو ویستەکانماوە دابخەین. ئا لێرەوە دەسەڵاتی زمانی، سێسکواڵیتەی لەنێو تەکنیکی زمانەوانیدا کرد بە تابۆ، دەبوو وشەکان و گوتارەکان بپاڵێوین و لە فلتەریان بدەین[5].

بابە دەڵێت: هەرکەسێک بێتە ئەم حەسارەوە پێویستە بخەسێندرێت. هەرکەسێک خەونێکی سێکسی ببینێت دەبێت بیچەپێنێت. کەس بۆی نیە له حەسارەکەی بابەدا بیر لە شتی خراپ بکاتەوە. بەدیدی فۆکۆ: چەپاندنی سێکس پەیوەستە بە تەکنیکەکانی دەسەڵاتەوە، کە هەژموونی خۆی بەسەر سێکسدا دەسەپێنێت. کاتێک دەسەڵات توانای کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی سێکسی نابێت، ئیدی پڕۆسەی چەپاندن و سەرکوتکردن دەستپێدەکات.

باوک لەنیگای یەکەمدا وەکوو ڕەهەندێکی سیمبولی و کولتووریی، بەشداری دەکات لە داڕشتنەوەی پەیکەربەندی شوناسی سێکسی مرۆڤ. کووشتنی باوک بەمانایی تێکشکاندنی کۆی ئەو بەربەستە کۆنکرێتانەی کە ئازادییە گریمانەکراوەکانی مرۆڤ سنووردار دەکات. کوشتنی ئەو پۆلیسەی کۆمەڵایەتییەی کە دەوێت، منداڵەکانی بگۆڕێت بۆ تایپێک لەمرۆڤی گوێڕایەڵ و چەپێنراو. باوک زیاتر لە چەند مانایەک هەڵدەگرێت، باوکی خێزانی، باوکی ئایینی، باوکی ڕووحی، باوکی ئیدۆلۆژی، باوکی کۆمەڵایەتیی. بەدەربڕینێکی دیکە، باوک بەمانایی کۆی ئەو سیستەمە پاتریاریکەی دوونیا بینی سێکسواڵیتەی ئێمەی لەسەر بوونیادنراوە. بەدەربڕیینە نیتچەیەکە: تێکشاندنی باوک، یەکسانە بە مەرگی نۆڕم و ئەخلاقی ژێردەستە.

ڕەهەندی سایکۆلۆجی

لەنیگای دووهەمی ڕۆمانەکەدا، باوککوژی وەکوو ڕەهەندێکی سایکۆلۆجی بەسەر تێکستەکەدا زاڵە. دەتوانین “گرێی ئۆدیب” لە کارەکتەری گێڕەڕەوەدا دەستنیشان بکەین، کاتێک دەڵێت: “دواژنی بابە نەبوایە، قەت نەم دەتوانی بیکوژم، وەی لە ڕابی هێشتا بوکی مانگێک بوو، کە ڕۆژێکیان پەرێزی لێگرتم و لەسەر ناعوررەکە، بە قرەجێکەوە قەرە بەقەرەم وەستا. لاونیو تێم ڕاما. مەکربازانە پتر خۆی بەسەر شوورەکەدا شۆڕکردەوە و مەکربازانە سنگ و قورسایی هەردوو مەمکی سوخمەیان دادڕی و باخەڵی کراسە تەنکەکەیان پتر بۆ خواتر داخزاند و جۆگەلەی زۆر تەنگی نێوان هەردوو مەمکەکانی گێژی کردم. لەوەدا بوو سەرم گێژ بخوات و بۆ نێو ناعوورەکە سەرانگرێ بم. بێ شەرمانە پێی وتم: سەیری چی دەکەیت خەسیوی نامەرد؟! درۆ دەکەیت…ئەگەر غیرەت لە دەمارتا هەیە ئەمشەو باوکت لەباوەشی مندا دەبێت، شەو نۆرەمە.”

بۆ “گرێی ئۆدیبی” گێڕەرەوە، ئۆبێکتی زڕ دایک لیبدۆیی سێکسیییە. گێڕەڕەوە ئەوە نمایندە دەکات کە هەستێکی سێکسی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر بە زڕدایکی بۆ درووست دەبێت و دەیەوێت بەتەواوی بەدەستیبهێنێت و جۆش و خرۆشانەکانی (لیبیدۆ) دەیباتە شەڕ و ڕکابەری و ڕق لەگەڵ لەگەڵ باوکیدا و لێرەوە بیرۆکەی باوککوژی لا گەڵاڵە دەبێت. ئۆبێکتی هەستبزێونی کوڕ بریتییە لە دایک، دەیەوێت دایکی ببێێتە موڵکی ئەو. نا ئاگایانە لەژێر فشاری ئەنگێزە لیبیدۆییەکاندا بۆ ئەوەی دایکی بەدەستبهێنێت، دەکەوێتە ڕقەبەرایەتی لەگەڵ باوکیدا.

بەپێ سایکۆلۆجی فرۆیدی، لەئەنجامی ئەو ڕقەبەراییەتی گرێییەکی دیکە درووست دەبێت، بە “گرێی خەساندن” ناودێر دەکرێت. گرێی خەساندن گوزارشت لە ترسی منداڵی نێرینە دەکات بەرامبەر بە باوک، بەوەی کە ئەگەر ویستی سێکسی بەرامبەر بە دایکی بنوێنێت، ئەوا باوکی بە بڕینی ئەندامی نێرینەی سزای دەدات و دەکەوێتە قۆناغی متبوونەوە. خەساندن لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم دا، لە دوو نیگادا دەردەکەوێت. لە نیگای یەکەمیدا؛ بابە پشیلەکان و کرێکارەکانی حەسار دەخەسەنێت. وەکوو لە نۆڤلێتەکەدا دەڵێت: (“چاکە هەر شەوی یەکێکیان دەخەسنێم.” واتا: پشیلەکان. لەنیگای دووەهەمیدا، گێڕەرەوە خودی خۆی دەخەسەنێت و دوای کوشتنی باوکی، وەکوو سزایەک لە گۆڕەکەیدا پاڵ دەکەوێت تا کرم تێی دەدات و دەمرێت. ئەمەش لە کۆتایی تراژیدیای(سۆفۆکلیس) بەدیدەکەین کاتێک پاڵەوانی ئۆستوڕەکە بە سزای کوێرکردن، خۆی دەخەسێنێت.

بۆ لیبیدۆی کچانە باوک ئۆبێکتی سێکسسیە، لە کچانی حەساردا، بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی ئاشکرا دەکات. کاتێک گێڕەرەوە باوکی ناو حەسارەکە دەکوژێت، کچەکان بەمەرگی بابە نیگەرانن و دەڵێن: “کوا چیت لە باوکی عەگید و چەنگەلمان کرد؟ کوا چیت لە مێردی خاسمان کرد؟ ئەو پیاوەی منداڵی نێو بێشکەیان پێ دەترسان؛ ئەو پیاوەی چاپوکترین سوار و چاترین حەیران بێژ بوو.” کاتێک منداڵ خۆی دەخەسەنێت، لە دایبابی ڕەگەزی دوور دەکەوێتەوە دەیەوێت کەسێکی دیکە، هاوشێوەی ئۆبێکتی لیبیدۆی سێکسییەکەی بدۆزێتەوە. ئەمەش لە دوای مەرگی باوکی حەساردا دەردەکەوێت، کە یەکێک لە کچەکانی حەسار عاشقی شەلەی زێنوان دەبێت.

لە ڕۆمانەکەدا لیبدۆیی سێکسی کوڕانە بەکووشتنی باوک دەچەپێنردێت، وەلێ لیبدۆی سێکسی کچانی حەسار بەڕوونی خۆی نیشان دەدات، کاتێک گێڕەوە لەبارەی جۆش و خرۆشانەکانی خوشکەکانییەوە دەدوێت و دەڵێت: “خوشکە قەیرەکانم بۆنی پیاویان نەکردبوو، لە حەیبەتان دەچوونە گژ ئەسپەکەی باوکم”. بە تێکەڵکێشکردنی تیۆری سایکۆلۆجی فرۆیدی لە خوێندنەوەی تێکستەکە، تیۆری شیکاری خەونەکان لە نیگایەکی دیکەی ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت. کاتێک باوکە بەدزییەوە دەچێتە ژووری نووستنی کچەکان، لە جووڵەی لێوان و پێڵووی چاوەکانیان ورد دەبووەوە سەرپۆشی تەڕی هەڵدەدایە سەردەموچاوی زەردهەڵگەڕاوی خەم لێنیشتوویان، تا بزانێت بەدەم ڕاپەڕین لەخەوەوە ناوی چی نێرینەیەک دێتە سەر زاریان. بەپێی تیۆریی فرۆید، خەون ناوەڕۆکێکی ئاڵۆز و شاراوەی لیبدۆییەوە نەستەکییەکەوە هەیە، لە خەوندا خۆی تێردەکات. بەدەربڕێنێکی دیکە، سینارۆی خەون لەپاشماوە چەپێنراوەکای ڕۆژدا درووستدەبێت، لە کاتێکی نائاگاییدا دەردەکەوێت و خۆی تێردەکات. فرۆید دەڵێت: هەر خەونێک بەدیهاتنی ئارەزووییەکی نەستەکی چەپێنراوە[6].

ئارەزووە لیبدۆییەکانی کچانی حەسار لە خەونەکانیاندا تێر دەکەن. هەندێکیان لەترسی ئەو باردۆخە نەستەکییە، خۆیان دەبەستەوە، نەوەکو بەدەم خەونەوە بڕۆن و ئارەزووەکانیان لە شتەکانی دەوروبەر تێربکەن. سایکۆلۆجی فرۆیدی گرنگییەکی ئێجکار بە سیمبولەکان دەدات لە فۆڕماسیۆن ی خەونەکاندا. سمیبوولەش لە ڕۆمانەکەدا هەن لە نموونەی (شمشێر و گۆچان و سۆندە) گوزارشتن لە ( ئەندامی زاوزێی نێرینە).

سەرچاوەکان:

سيغموند فرويد: الطوطم والحرام. ترجمة جورج طرابشي، الناشر:دار الطليعة للطباعة والنشر، 2008.
The legend of Oedipus
https://www.greekmythology.com/Myths/Mortals/Oedipus/oedipus.html

Sigmund Freud: The Book of :(The Psychopathology of Everyday Life and (The Interpretation of Dreams ..1899) ..pdf
4.Sigmund Freud:(The Interpretation of Dreams ..1899)..pdf

ئاراس سەعید: لەبارەی مێژووی سێکسوالیتە، ماڵپەڕی چاوی کورد. بڕوانە: https://chawykurd.com/2023/02/22/%d9%84%db%95%d8%a8%d8%a7%d8%b1%db%95%db%8c-%d9%85%db%8e%da%98%d9%88%d9%88%db%8c-%d8%b3%db%8e%da%a9%d8%b3%d9%88%d8%a7%da%b5%db%8c%d8%aa%db%95%d9%88%db%95/?fbclid=IwAR3S26X_r9OpyOLQ3obRHjEdnRNk0iBrXv0hcfu9x4q0PjcbuIt9wBWvD_o
The Interpretation of Dreams.(1899)
شێرزاد حەسەن: حەسار و سەگەکانی باوکم. چاپەمەنی مانگ، چاپی چوارەم، 2021.




ترس.. ئاراس سەعید

بۆ لەمەودوا ئێوە دەتوانن بەترسنۆک یان بەهەر ناوێکی دیکە پێتان خۆشە بانگم بکەن… من لەئەزەلەوە ترسێک لەناوەوەمدا ئەژی، گەمە بە بوونم دەکات…. ترس لە کۆڵانی چۆڵ، لەشەوی تاریک و ئەنگووستەچاو، لە هەتیوبازەکانی شار، لە مزەمیدی لا کۆڵان، لەو مامۆستایانەی بەدارەوە دەهاتنە کلاس، لە سەگ، لە پشیلە، لە ژن، لە پیاو، لە خودا، لە گۆڕستان، لە هەژاری، لە چارەنووس، لە ژیان، لە مەرگ….. کە منداڵبووم دایە بە پشتیری ئاژەڵەکان دەیترساندم، لەترسی ئەوەی پشیلە ڕەشەکان بەهەیوانەکەدا هاتووچۆیان دەکرد، خۆم لەنێو جیگەکەمدا گرمۆڵە دەکرد….شەوان دایکم بە چیرۆکی شەوە و گورگانە شەوێنە دەیخەواندم، شەوێکیان خەونم دەبینی شەوە دەستی خستبووە ناقڕەم و دەیخنکاندم…
بیرتە ئەوکات لەجێگەکەتدا ڕاپەڕیت و دەتویست باوەش بەدایکتدا بکەیت، کەچی دایکت لە جێگەکەی نەمابوو. ترسێک بەتەواوی تووشی دڵەڕاوکێی کردی، هەموو جەستەت دەلەرزی، دەنگێک لە ژوورەکەی تەنیشتەوە تای شەهوەتی بەرزدەکردەوە، نازانم لەبەر ئەوەی بەباردۆخێکی دەروونی ناجێگردا تێدەپەڕیت، لەوباردۆخە تێنەدەگەیشتی یان بەهۆی ئەوەوە بوو هێشتا تەمەنت هەشت ساڵان بوو.
بەترسەوە تا بەردەرگای ژوورەکەی تەنیشتت چوویت، ئێستاش ئەو دیمەنەت لە بیرە دایکت بەڕووتی لەژێر شەوەدا دەیقیژاند و نرکەو ناڵەی بوو. دڵنیا نەبوویت ئەوە باوکتە یان شەوەیە بەسەر دایکتەوە، بەڵام حەزت دەکرد بیکوژیت…. هەرکاتێک بیرلەو دیمەنە دەکەمەوە ڕووداوی (ئۆدیپ پاشا)م بیردەکەویتەوە کە چۆن توانی بوونەوەرێک بکوژێت کە باوکی خۆی بوو…. لەو شەوەوە ترسێک لەگەڵ تۆدا دەژی… ترس لەوەی شەوە هەموو شتێکت لێ بەرێت وەکو چۆن باوەشی دایکتی لێتبرد.
لەو ڕۆژەوە لەهەموو شتێک دەترسم، ترس گواستراوەتەوە بۆنێو هەموو ڕەهەندەکانی ژیانم، ترس لە قەرەباڵغی، لە خۆشەویستی، لە ئازادی، لە نەمری، لە ژیان.
بەدەستخۆت نیە هەرکات ترس بەرۆکت دەگرێت یەکێک لە کارەکتەری (کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان)ی (کاروان کاکە سوور)ت بیردەکەوێتەوە، کە دەیگووت: “هەرچی ئازایەتی و جەربەزیی ئەم دوونیایە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە.” بەڵام ئەوەی تۆ لە کارەکتەرەکانی (کاروان) جیادەکاتەوە بوونی ژوورێکە، ڕەنگە ئەویش ژوورێکی هەبوایە خۆی لە هەموو ترسەکانی دنیا بشاردایەتەوە.
تەنیا ئەوانەی چەمکی (شوێن و زەمەن) ی (هادیگەر)یان خوێندووەتەوە، لەو ڕستەیە تێدەگەن، مرۆڤ بۆئەوەی هەست بەناشوێن نەکات پێویستە ژوورێکی هەبێت.
ژوور مرۆڤ لە ترس و نەعرەتە و ژاوە ژاو دەپارێزێت، ژوور مەنزڵگەی ئارامی ئاسوودەگی ئینسانە… ناتوانی باوەڕ بەو وشانە بکەیت، کە دەینووسی. بۆ ساتێک بەترسەوە لە وشەکان ڕادەمێنیت، ئەوکات (گریگۆری سامسا)ی کارەکتەری (فرانز کافکا)ت بیردەکەوێتەوە، کە چۆن لە ژوورەکەیدا گۆڕا بۆ قالۆنچەیەکی ترسناک!
لە ژوورەکەتەدا سەدان شەو لەگەڵ ڕاسکۆلینکۆف و لۆلیتا و ئاناکاردینادا دەگریات، دەسپەڕت بەسەر ئیڤانکا تڕامپ و سپیلجان و ناسی عەجرەمەوە دەکرد، بەڕووتی هاتووچۆت دەکرد و جوێنت بە منداڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی دەدا. ویسکیت دەخواردەوە و بەدەنگی بەرز کوفرت دەکرد، دەتگووت: “خودا لەترسی تەنهایی جیهانی درووستکردووە”. جگەرەت دەکێشا و بیرت لە نەمری و زەمەن و مرۆڤ دەکردەوە…. ئاخر مرۆڤ تەنیا لە ژوورەکەیەدا زەمەنی بیردەچێتەوە. مرۆڤ پێکهاتەیەکی زەمەنییە، هەموو ترس و دڵەڕاوکییەکانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە زەمەن ئاڕاستەی دەکات بەرەو مەرگ. بیرتە (کۆتین)ی کارەکتەر ڕۆمانی (ژاوەژاو تووندوو تیژ _ the sound and the fury)ی(ولیام فۆکنەر) ئەو کاتەی باوکی کاتژمێرەکەی پێ دەبەخشێت پێ دەڵێت: من بۆ ئەوە نات دەمێ زەمەنت بیربێتەوە بەڵکو بۆ ئەوەیە جاروبار زەمەنت بیربچێتەوە…. بۆساتێک بیر لە ژیان و مەرگ دەکەیتەوە، بە دەستخۆت نیە کە دەتەوێت کۆتایی بە چیرۆکەکە بهێنیت، کۆتایی ڕۆمانی( بێ نەوایان Les Misérables) ی ( ڤیکتۆر هیگۆ)ت بیردێتەوە کە (ژان ڤالجان) بەو گوزارەیە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا: ” ئەوەی ترسناکە نەمرییە، ئەوەی ترسناکە نەژییانە.”




فەلسەفەی ئەخلاق.. ئاراس سەعید

“پێشەکی”

فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی ئاڵۆزە، بۆیە هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین. وەکو “سوکرات” دەڵێت: (ئێمە لە بارەی بابەتێکی بچوکەوە گفتووگۆ ناکەین، بەڵکو سەرقاڵی گفتوگۆ کردنین دەربارەی ئەوەی کە دەبێت چۆن بژین؟) پرسی فەلسەفەی ئەخلاق پرسێکی ینێنڤێرسالە و لە مێژووی هزری مرۆڤدا، مشتومڕی فەلسەفی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕوانگە و تێڕوانینی بیرمەندان و فەیلەسووفان جیاوازە لە مەڕ ئەمپرسەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرانەی کە پەیوەستن بە بابەتی فەلسەفەی ئەخلاقەوە، چونکە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی فرە ڕەهەندە و پانتاییەکی زۆر داگیردەکات لە مێژووی هزری مرۆڤدا. بۆیە ئاڵۆزە پێناسەیەکی ڕەها و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بەڵام لەڕێگەی کۆکردنەوە و ئاوێتەکردنی خاڵە کۆکەکانی قوتابخانەکانی “فەلسەفەی ئەخلاق”ەوە، دەتوانین، بە دەربڕینێکی لۆژێکیانە، پێناسەیەکی کامڵ بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بە مەدلوولە یونێنڤێرسالییەکەی.

سەرەتا بابزانین فەلسەفەی ئەخلاق چیە؟ چونکە (فەلسەفەی ئەخلاق) گرێیەکی ناوی لێکدراوە و لە بنەڕەتدا، لە دوو ناوی واتادار پێکهاتووە، کە ماهیەت و ناوەڕۆکی تایبەتیان هەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەمان پێویستە هەردوو تێرمەکە بناسێنین. یەکەم: (فەلسەفە: هونەری پرسیارکردنە. گەڕانە بەدوای ئەو پرسیارە ئەقڵانیانەی کە بە “چی و چۆن و بۆچی” دەستپێدەکات، لەڕێگەی پێشکەشکردنی ئارگۆمێنێتی کامڵەوە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی ئەقڵانی). دووەم:(مۆڕاڵ: بریتیە لەو نۆڕم و ڕێساو یاسایانەی بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێراون، کە دەشێت درووست بن، یان نادروست بن.)

وشەی “فەلسەفەی ئەخلاق” وشەیەکی لێکدراوە و لقێکی سەربەخۆیە، لە لقەکانی فەلسەفە. کاتێک فەلسەفە دەبێتە “دیارخەر”ی ناوێک. ئەوا کاری فەلسەفە پرسیارکردنە لە “دیارخراو”ەکەی. ئەگەر “ئەخلاق” ئەو نۆڕم و یاسا و ڕێسایانەبن کە بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێنراون، ئەوا فەلسەفەی ئەخلاق دەپرسێت بۆچی دەبێت من مامەڵەکانم ئەخلاقی بن؟ یان لەو بڕیاڕانە دەکۆڵێتەوەو دەپرسێت بۆچی فڵان مامەڵە نادروستەو فڵان مامەڵە دروستە.

“ئەخلاق چیە؟”

لە زمانی ئینگلیزیدا کەڵک لە تێرمی “moral _ ethics” وەردەگرن. چەمکی ئەخلاق بەهۆی دینامیکیەتی فرەڕەهەندی لە بەکارهێنانیدا، گرفتی لەبەردەم تێگەشتنمان درووستکردووە. ئەمەش پەیوەندی بە نەزانینمانەوە نیە، بەڵکو چەمکەکە خۆی لە خۆیدا فرەڕەهەندە و بەهۆی ئەوەی خودی زارەوەکە لەزمانی عەرەبییەوە هاتۆتە نێو فەرهەنگی کوردییەوە، دژواری و ناڕوونی درووستکردووە. لێ بەهۆی دەوڵەمەندی فەرهەنگی کوردییەوە دەتوانین کەڵک لە هەردوو تێرمەکە وەربگرین و بینایی تێگەشتنی خۆمان فراوانبکەین. بەبێ شیکردنەوە و وەرگێڕانی چەمکی “مۆڕاڵ و ئیتیک” ئەستمە لە بابەتەکانی فەلسەفەی ئەخلاق تێبگەین. “مۆڕاڵ” لە زمانی کوردیدا بەرانبەرە بە وشەی “ئاکار”. کە لە بابەتەکانی “فەلسەفەی ئاکار” دەکۆڵێتەوە، بە “میتا ئاکار” یان “ئاکاری شیکاری” ناودێرکراوە. وەکو ڕیساو تیۆرییە ئاکارییەکان و لێکدانەوەی بنەماکانی ئاکار و …هتد. بەڵام ڕەگی چەمکی “ئیتیک” وشەیەکی گریکیە و دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “ئیتۆس”کە لەزمانی کوردیدا، بەواتای “ڕەوشت”دێت. ڕەوشت بابەتێکی خودییە و پەیوەستە بە هەڵوێست و بڕیارەکانی تاکەوە. لە بەشی داهاتوودا بەچڕی لەسەر ئەم چەمکە دەوەستین. بەگشتی لەم وتارەدا، لەبارەی فەلسەفەی “مۆڕاڵ-ئەخلاق “دەدوێن لە ڕێگەی شیکردنەوەی پێناسەی ئەخلاق و تیۆریا و ڕێباز و قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی ئەخلاقەوە.

وەکو لە پێشەکیدا ئاماژەمان پێدا کە فەلسەفەی ئەخلاق، بابەتێکی ئەبستراکتی ئاڵۆزە و هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین، بەڵکو لە ڕێگەی پێناسە و بۆچوونە فەلسەفییەکانی فەیلەسووفەکانەوە، لەبارەی فەلسەفەی ئاکارەوە دەدوێن. دیدگای فەیلەسووفان بۆ پرسی ئەخلاق جیاوازە، ئەمەش هۆکارێک بوو لێکدژی لە نێوان بیروبۆچوونەکانیان درووستبوو. بەپێی ئەو قۆناغانەی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیون، مرۆڤ هزری خۆی ڕزگارکردووە لە کۆت و بەندە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکان و توانیویەتی لە ڕێگەی درککردنی ئەقڵانییەوە دیاردەکان تەتەڵەبکات. بۆنمونە فەیلەسووفان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پرسی ئەخلاقیان وابەستە دەکرد بە باوەڕهێنان بەخوداوە. وەکو “جۆرج بێرکلی” لە دیالۆگی سێیەمدا، “هیلیاس” ڕووی گوفتاری کردۆتە “فیلۆنۆس” کە بێرکلی خۆیەتی و پێی دەڵێت (باشە تۆ نازانیت ئەگەر خودا بکەی بە داهێنەری هەموو قەوما و ڕووداوەکانی سروشت هەر خودا خۆی دەکەیت، بە داهێنەری کووشتن و کوفر و بەدکاری و بێ باوەڕی و گوناهـ و تاوانی نابەجێ).

بۆ قسەکردن لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق پێویستە بگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی کلاسیک. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لە مێژووی هزری مرۆڤدا چەمکی ئەخلاقی بە شێوازێکی زانستی شیکردەوە. یۆنانییەکان پێشەنگن لە پەرەپێدان بە توانا زەیینیەکانی مرۆڤ. یەکێک لە گرنگترین و درەوشاوەترین ئەو دەستکەوتانەی شارستانیەتی یۆنانی کۆن دای هێناو بە مرۆڤایەتی بەخشی، بریتیە لە بایەخدان و دۆزینەوەی بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن لە تاکەکەس.

“فەلسەفەی ئەخلاق و ڕێبازەکانی”

ئەگەر لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی فەلسەفە ڕابمێنین؛ ئەوە بەدی دەکەین کە پرسی ئەخلاق مایەی گرنگی پێدان و تێڕامان بووە لەلایەن فەیلەسووفانەوە. ئەگەر بمانەوێت لەسەر تەواوی ئەو بیروبۆچوونانە ڕابوەستین، ڕەنگە لە زنجیرە کتێبێکیشدا نەتوانین مافی تەواوی پێبدەین. ئەم نووسینەی بەردەستان بەکورتی لەسەر گرنگترین قوتابخانە و ڕێبازەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دەدوێت.

  1. ئەخلاقی سوکراتی.

ئەوەی بۆ ئێمە تا ڕادەیەکی باش ڕوونە ئەو دۆزەی هزری “سوکرات” ی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو دۆزی ئەخلاق بوو. فەیلەسووفانی پێش “سوکرات” لە بابەتە سروشتیەکانی وەکو ماددەیی سەرەتایی و ئەستێرەناسی و ..هتد کۆڵیوەتەوە، بەڵام سوکرات لە دیالۆگی بەرگریکردن دەڵێت: (من چیم داوە لە بیرکردنەوە سەبارەت بەشتە سروشتییەکان). سوکرات زانست بە شتێکی بێ بەرهەم نازانێت، بەڵکو گرنگی بەفێربوون و گەڕان بەدوای زانست دەدات. ئەو چەمکی “ئەخلاقی”ی وەکو بابەتێکی ئیپستمۆلۆژی بەکارهێناوە”، ئەگەر چی شانبەشانی “سوکرات”سۆفستاییەکانی یۆنانیش دەربارەی ئەم چەمکە دواون، بەڵام یەکەمین فەیلەسووف “سوکراتە” تیۆرییەکی ئیپستمۆلۆژی ئاوێتەی ئەم چەمکە دەکات. سوکرات دەڵێت: (کاتێک مرۆڤێک کردەیەکی هەڵە ئەنجام دەدات، نەزانە، چونکە زانیاری پێشینەی دەربارەی کردەکەی نیە).

لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لەدیدی سوکراتەوە ئاوەز سەنتەری بیرکردنەوە و کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە. تێڕوانینی سوکرات دەربارەی مۆڕاڵ، بریتییە لە دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە لەڕێگەی لۆگۆسەوە. ئەو دەڵێت (هیچ کەسێک بە قەستی و لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی گوناهـ نایه‌ت، هەر بۆیە تەنها هۆشیاری دەتوانێت مرۆڤ بگەیەنێت بە فەزیڵەتێکی تەواو). ئەم جۆرە میتۆدە بە ئیتیکی ڕاشیۆنالیست (ئاوەزگەرایی)ناسراوە. لەدیدی سوکراتەوە تاکە مۆتیڤ و ئەنگیزە ئاکارییەکان مرۆڤ ئاوەزە، چونکە ئەو پێی وایە چاکە زانینە. لەمێژووی فەلسەفەدا دوو شێوە تێڕوانین بەرانبەر ئەقڵانیەت هەبووە، ئەویش (میتۆدی دانپیانان و میتۆدی ڕەخنەگرانە)یە. لە وتە بەناوبانگەکەی سوکراتدا، بۆمان دەردەکەوێت کە میتۆدێکی ڕەخنەگرانەی پەیڕەوکردووە کە دەڵێت: (ژیانێک تاقینەکرابێتەوە، بە مانایی ژیان نایات). تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لە بارەیەوە هەیە. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لەڕێگەی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوەی پرسە چەقبەستووەکانەوە هەنگاو دەنێت بۆ گەشەکردنی زانستی و ئاشکراکردنی فاکتەکان.

“کاڕڵ پۆپەر” پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوەو دەڵێت: (کاتێک ئێمە دەزانین هەڵە و کەموکورتی تیۆرییەکەمان لە کوێدایە، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبینەوە). لەدیدی ئەوەوە ئەگەر بمانەوێت گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین، پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین. “سوکرات” پێی وایە هوشیاری و زانین خۆی لە خۆیدا فەزیڵەتەو گوناهـ و تاوان زادەی جەهل و نەزانین. ئەقڵ (ئاوەز) ڕێنوینکەرە بەرەو چاکە.

“ڕەخنە لە ئەخلاقی سوکراتی”

ئایا ئەخلاقی ڕاشیۆنالیست(سوکراتی) لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەت و تێفرکردن وتێڕوانینی مرۆڤدا، شانبەشانی فەلسەفەی مۆدێرن و زانستی نوێ، چۆن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئایا دروستە ئەقڵ پاڵنەر و سەرچاوەی کردە ئەخلاقیەکانی مرۆڤە، وەکو هادیگەر دەڵێت: (شوانێک لەناوەوەی مندایە ڕێنمونیم دەکات)، ئایا ئەو شوانە هەمیشە بە ئاگایە و ڕێنمونییەکانی تەواو و دروستە. زانستی مۆدێرن و دەرکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی دەوونشیکاری کە “سیگمۆند فرۆید” بەدامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری دادەنێرێت، پێی وایە، ئەقڵی مرۆڤ بەردەوام لە ژێر کۆت و بەندەکاندایە. ئەقڵ دیلی کۆمەڵێک کۆت و بەندە. “سوکرات” زانیاری دەربارەی ئەقڵی نائاگایی و ئەنگێزە و مۆتیڤە دەروونیەکانی مرۆڤ نەبووە، بۆیە دەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە. چونکە ئاوەزی مرۆڤ هەمووکات چالاکانە لەدۆخی ئاگایدا نیە، بەڵکو لەژێر کاریگەری غەریزە بایەلۆژی و مۆتیڤە دەروونیەکاندا کردە دەنوێنێت. مرۆڤ کاتێک ژیان و ڕەگەزی دەکەوێتە ژێر مەترسی لەناو چوونەوە، زانیاری دەربارەی چەمکی باشە هەیە، بەڵام لەژێر کاریگەری مۆتیڤە دەروونیەکاندا هەڵەی ئاکاری دەکات با نمونەیەک بهێنینەوە.

بۆ نمونە، پزیشکێک پسۆڕی بواری هەناوییە، کەچی جگەرە دەکێشیت. ئەو دەزانێت جگەرە کێشان زیان بە سییەکانی دەگەیەنێت، زیان گەیاندن بەخود، مامەڵەیەکی ناردوستە، کەچی جگەرە دەکێشێت. سوکرات دەڵێت: (هیچ کەسێک لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی هەڵە نابێت) بەڵام پزیشکەکە هۆشیارە، کەچی جگەرە دەکێشیت. زۆرێک لە فەیلەسووفان و بیرمەندان ڕەخنە لە ئەخلاقی “سوکراتی” دەگرن. بەڵام ئەمە بەواتایی ئەوە نایات، بۆ چوونەکانی “سوکرات” هیچ گرنگییەکی نیە.

  1. ئەخلاقی خودی subjectivism in ethics

“دەیڤد هیۆم” فەیلەسووفی ئینگلیزی بە دامەزرێنەری ئەم ڕێچکەیە دادەنرێت، لە فەلسەفەی ئەخلاقدا. هیۆم دەڵێت: (هەر کردەوەیەکی تاوانکاری وەربگریت، لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بکۆڵەوە پاشان بزانە دەتوانێت فاکتێک یان توخمێک دیاری بکەیت لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە، بۆ نمونە تۆ هەرگیز ناتوانێت ئەو توخمە دیاری بکەیت، هەتاوەکو ئاراستەی لیکۆڵینەوەکە ڕووبەرووی خۆت نەکەیتەوە). ئەو پێداگری لەوە دەکات، کە ئەگەر ئێمە بەوردی سەرەنج لە هەر بەدکارییەک بدەین، کاتێک دەتوانین لە جەوهەری ئەو بەدکارییە تێبگەین، کە تاوانەکەمان ڕووبەڕووی خۆمان کردەوە. بۆ نمونە، کاتێک لەڕێگەی مامەڵەیەکەوە کەسێک بریندار دەکەین. جا ئەگەر مامەڵەکە تووندووتیژی “سیمبولی”بێت، واتا تووندوتیژەی لە ڕێگەی زمانەوە وەکو جوێن، سوکایەتی. یان تووندووتیژی لە ڕێگەی هێزەوە. ئێمە ناتوانین لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە تێبگەین، تا هەمان کردەوە ڕووبەڕووی خۆمان نەکەینەوە.

بەبڕوای “هیۆم” لە ئەخلاقی خودیدا، مرۆڤ لەڕێگەی هەست و سۆزەوە درک بە جەوهەری بابەتیانەی بەها ئاکارییەکان دەکات، ئەمەش پێچەوانەی بۆ چوونەکانی پێش خۆیەتی کە پێیان وایە ئەقڵ سەنتەری کردەکانی مرۆڤەوە و، لەڕێگەی هۆشیاری و زانینەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات. هیۆم فەیلەسووفێکی ئەزموونگەرابوو، بە بڕوای ئەزموونگەراکان (زەینی مرۆڤ کاغەزێکی سپییە و لەڕێگەی ئەزموونکردنەوە درک بە جیهانی دەورووبەر دەکات. بۆیە پێی وایە مرۆ لەڕێگەی هەستەکانییەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات.) کاتێک پرسی ئەخلاق دێتە پێشەوە، مرۆڤ ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت ئایا دەکرێت بنەماکانی ئەخلاق سەرچاوەی ئەقڵ-ئاوەز بن؟ وەکو ئەوەی لە فەلسەفەی ئەخلاقی سوکراتدا بەدیمانکردن، کە دۆزینەوەی بنەما ئەخلاقییەکان و فاکتەر و پاڵنەری دەسەڵاتدار بەسەر کردەی ئەخلاقییەوە ئەقڵە. “دەیڤد هیۆم” سەر بەڕێچکەی ئەزموونگەرایی-ئیمپریە بەو پەڕی پێداگرییەوە ڕێبازی ئەقڵانی دەخاتە لاوە. کە باسی ئەخلاق کرا ئەو پرسیارە دەکرێت کە چاکەکاری چیە و چۆن لە بەدکاری جیا دەکرێتەوە؟ کامە فاکتەر دەبێتە مایەی پەسەندکردنی کردارێک و نا پەسەندکردنی کردارێک.

هیۆم پەیڕەوی لە ڕێبازی ئەزموونی دەکات و پێ وایە هەست و سۆز سەرچاوە و بنج و بنوانی بنەماکانی ئاکارە. ئەو دەڵێت: (هەندێک لە فەیلەسووفان بەو پەڕی دڵگەرمییەوە ئەو دید و سەرەنجەیان بڵاوکردۆتەوە گوایە پرسی ئەخلاق، پرسێکی ئەقڵانییە. ئەگەر چی هیچ کەسێک لە سەلماندنی ئەوەدا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەنگاوی نەنانەوە). ئەو پێی وایە هەست و سۆز درک بە بنەماکانی ئەخلاق دەکات، بۆ نمونە (سۆز و هەست لە ناخی مرۆدا هەڵدەقووڵێن و لە بەرانبەر چاکەکاریدا هەست بە چێژ و خۆشی دەکەن، لە بەرانبەر بەدکاریشدا بێزار و دڵتەنگ دەبێت).

3- ئەخلاقی کەڵکگەرایی.

ئەم ڕێبازە لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەمانەوە لێکۆڵینەوەکان لە کردەکانی مرۆڤ لە خودی سەبجێکت و کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە. فەیلەسووفی لیبڕالیست “جۆن سیتوارت میل” و “جێرمی بێنسام” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دادەنرێت. میل تیۆری کەڵکگەرایی بەم شێوەیە داڕشتووە: ( ئەندیشەکانی باردۆخێک کە ئاواتەخوازین بەدی بێت، باردۆخێک کە هەموو ئەوانەی تێدا دەژین تا ئەو شوینەی دەتوانن بەختەوەر و باشبن. هەر لێرەوە کاتێک دەپرسین چی بکەین، لە خۆمان دەپرسین کام مامەڵە دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین بەختەوەری، بۆ هەموو ئەوانەی کاریگەر دەبن، بەو مامەڵەیە. هەر لێرەوە ئەخلاق دەخوازێت ئەوە بکەین کە باشترینە). ئەم دەقە گوزارشتە لەوەی کە باشترین مامەڵەی ئەخلاقی ئەوەیە، کە زۆرترین بەختەوەری بۆ هەمووان فەراهەم بکات. لە ڕوانگەی میلەوە ئەخلاق بریتیە لە فەراهەمکردنی بەختەوەری بۆ جیهان، بەڵام ئەم تیۆرە بەشێوازێکی تر، کەڵکی لێوەرگیراوە.

“بینسام” دەڵیت: (تەنها یەک بەهایی باڵای ئەخلاقی بوونی هەیە، ئەویش پڕەنسیپی کەڵکە). مەبەست لە پڕەنسیپی کەڵک ئەو ئامانجەیە کە مامەڵەکە هەڵیگرتووە و تاچەند کەڵک بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت. بۆ نمونە مرۆڤ کاتێک مامەڵەیەک ئەنجام دەدات، دەبێت ئەنجامی مامەڵەکە لەبەرچاو بگرێت. ئایا زۆرترین کەڵک بەخۆی و بەبەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، یان نا. ئەگەر مامەڵەیەک بووە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین کەڵک، ئەوە مامەڵەیەکی ئەخلاقییە.

4- ئەخلاقی ئەرکگەرایی.

فەیلەسووفی ڕۆشنگەری “ئیمانیۆل کانت” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە فەلسەفیە دادەنرێت. وەکو زۆر فەیلەسووفی دیکە، “کانت” لەو بڕوایەدا بوو کە ئەخلاق دەکرێت لە پڕەنسپێکی باڵا و ئەوپەڕیدا(ultimate) گوزارشتی لێبکرێت، کە ئەرک و ناچارییە ئەخلاقییەکانمانی لێوە هەڵبقوڵێت. “کانت” بە فەرمانە بنبڕەکان ئەم پڕەنسیپە دەستنیشان دەکات و بەم شێوازە گوزارشتی لێ دەکات: ( تەنها بەپێی ئەو ماکسیمە-حیکمەتە ڕەفتار بکە، کە لەهەمان کاتدا ویستی ئەوەت هەبێت بەهۆی (ئیرادەتەوە) ببێتە ڕێسایەکی گەردوونی).

” کانت “مەرجی پێشینی هەیە، کانت گەورەترین فەیلەسووفە کە وەرچەرخانی کۆپەرنیکۆسانەی لە فەلسەفەدا کرد. ئەویش ئاڵۆگۆرکردنی (سوژە و ئۆبژە)بوو. لەڕوانگەی کانتەوە، زەینی مرۆڤ کۆمەڵێک ڕێساو یاسا و قاڵبی هەیە، کە پێشینین. مرۆڤ کاتێک لەڕێگەی هەستەکانەوە لە سروشت و جیهانی دەوروبەر دەکۆڵێتەوە، هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیەکانی سروشت دەدات. کاتێک لە ڕێگەی لۆگۆسەوە سەرقاڵی ڕامان و تێفکرینە، هەوڵی ئەوە دەدات نەزم و یاساکانی زەین بەسەر سروشتدا بسەپێنێت. لەپێشوودا دەیان گووت (زەین ئاوێنەی عەینە) کە بەپێ ی تێگەیشتنی خۆی زانیاریی دەربارەی شتەکان وەردەگرێت. بەڵام لە ڕوانگەی “کانت”ەوە زەین چاویلکەیەکە بەشێوەی عەدەسەکەی جیهان دەبینێت. کانت بڕوایی بەنەزم و ڕێکپێکی هەبووەو پێی وایە، زەین یاساکانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر جیهاندا، بۆ یە دەڵێت: (ئاسمانی پڕ ئەستێرە و یاساکانی سروشت لەسەر سەرمە و یاساکانی مۆڕاڵیش لە ناوەوەم دایە). کانت مەرجی پێشینی هەیە دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ، ئەویش “سەربەست” بوونە. بۆیە لەمێژوودا گوتویانە مرۆڤی کۆیلە بەدەرە لە هەموو ڕێسا ئاکارییەکان، ئەڕستۆ دەڵێت: (مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە، سەر بەخۆیەتی). کەواتە کۆیلە کێیە؟، بێگومان سەر بەکەسێکی ترە، سەربەست نیە، لە بڕیاڕدان و خاوەندارێتی کردە ئاکارییەکانی ناکات.

مۆڕاڵ لە پوختترین پێناسەیدا: (مامەڵەیەکە لە نێوان دووکەسی سەربەست و خاوەن ویست و ئیرادە). کانت مەرجی لەپێشینەی هەیە، ئەویش “سەربەست”بوونە، واتا ئێمە تا سەربەست نەبین ناتوانین خاوەندارێتی لە مامەڵەکانی خۆمان بکەین. جیا لەمە کانت بە شێوەیەکی دیکەش گوزارشت لە فەرمانە بنەبڕەکان دەکات و دەڵێت: (بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەوانیتردا بکە، مرۆڤ خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت، نەک ئامڕاز بۆ ئامانجێکی دیکە). “کانت” میتۆدێکی ڕەهای گشتی پێشکەش دەکات، دەڵێت: (هەرگیز ناتوانیت، مامەڵەکەت وەکو مامەڵەیەکی دروست بناسێنی، تا نەتوانێت مامەڵەکەت بکەیتە ڕێسایەکی جیهانی). واتا کاتێک مامەڵەیەکی دروستت ئەنجام داوە، بتوانی ڕێساکانی زەینی بەسەردا بدەیت و بیکەیتە مامەڵەیەکی جیهانی. بۆ نمونە کاتێک مرۆڤێکی قەرزدار ئامانەتێکی کەسێکی لایە، ئەگەر بیەوێت قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنی، ئەگەر توانی مامەڵەکە بکاتە مامەڵەیەکی جیهانی، واتا کەسێک قەرزداری خۆیەتی و بۆی نەگەڕێنێتەوە دروستە. یان کەسێک دەیەوێت کەسێک بکوژێت، ئەگەر بەلایەوە ئاسایی بێت، کەسێک خۆشی بکوژێت و کووشتن بکاتە ڕێسایەکی جیهانی، ئەوە درووستە.

کانت لەژێر کاریگەری “مەسیح” دا، ئەم تیۆریایەی داڕشتۆتەوە، مەسیح لە کتێبی پیرۆزدا وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە، دەڵێت (چیت بۆ خۆت پێ خۆشە، بۆ براکانیشت پێت خۆش بێت). بەڵام “کانت” میتۆدەکە لەبراوە دەباتە کۆنێکستێکی جیهانییەوە و تێڕوانینی ئەو بەو واتایە دێت، چیت بۆ خۆت پێخۆشە، بۆ جیهانیش پێت خۆش بێت. ئەم ڕێبازە بە ڕێبازی ئەرکگەرایی ناسراوە، واتا چاکە خۆی لەخۆیدا ئەرکەو ئامانجێکی بێ ئامانجە.

“ئەنجام”

فەیلەسووفان بەشێوازی جیاواز، بۆچوون تێڕوانینی خۆیان لەبارەی پرسی ئەخلاق خستۆتە ڕوو. دەکرێت بۆچوونی هەموو فەیلەسووفان لە سێ قوتابخانە سەرەکێیەکەی فەلسەفەی ئەخلاق کۆبکەینەوە. کە ئەمانەی خوارەوەن.

“ئەرکگەرایی”

بەیەکێک لە قوتابخانە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دادەنرێت، لەلایەن “ئیمانیۆڵ کانت” فەیلەسووفی ڕۆشنگەرییەوە دامەزراوە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە لە ئامانج و سوود و قازانجی کردەکانی مرۆڤ ناکۆڵێتەوە، بەڵکو لەدیدی ئەوەوە چاکە ئەرکێکی ڕەهایە. واتا (چاکە ئامانجی بێ ئامانجە) چاکە ئەرکە لە پێناوی چاکەدا، بۆنموونە باشبوون لەپێناو دەستکەوتنی ناوبانگ، یان ئەنجامدانی کاری باش لەپێناوی ڕازیکردنی خودا و دەستکەووتنی بەهەشت، لەڕوانگەی ئەرک گەراییەوە نادروستە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە پێ وایە، چاکە ئەرکە و مرۆڤ دەبێت بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت.

“پڕاگماتیزمی کەڵگەرایی”

ئەم ڕوانگەیە زیاتر لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەم قوتابخانەیەوە لێکۆڵینەوەکان لەخودی سەبجێکت و خودی کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە، یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازیکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە.

“خودگەرایی”

یەکێکی ترە، لە قوتابخانەکانی فەلسەفەی ئەخلاق، لە دوای هاودژبوونی دوو قوتابخانەکەی تردا گرنگی زۆر بەم قوتابخانەیە دەدرێت. فەیلەسووفان پیان وابوو، دوو قوتابخانەکەی پێشوو، ڕووبەڕووی پاڕادۆکس دەبێتەوە. بۆنموونە، لە زۆربەی کتێبەکانی فەلسەفەی ئەخلاق ئەم نموونەیە باسکراوە: ( کاتێک کەسێک چەکێکت بە ئامانەت پێ بدات، پاش ماوەیەک بگەڕێتەوە بۆ چەکەکەی تۆ بزانیت بۆ کوشتنی کەسێک ئەو چەکەی دەوێت، چەکەکەی پێ دەدەیتەوە یان پێی نادەیتەوە؟) بە پێی ڕوانگەی قوتابخانەی ئەرکگەرایی دەبێت، چەکەکەی بۆ بگه‌ڕێنیتەوە، بەڵام بە پێی ئەنجامگەرایی بێت، نابێت بیدەیتەوە. لەڕوانگەی یەکەمەوە، گێڕانەوەی ئامانەت ئەرکە، لەڕوانگەی دووەمەوە کەسێکی پێ دەکوژێت. خودگەرایی واتا: واتا مرۆڤەکە خۆی لەناوەوەی خۆیدا باش بێت، وەکو ئەوەی “دیڤد هیۆم” دەڵێت:- توخمێک لە مامەڵەکە ڕووبەڕووی خۆت بکەیتەوە.

————————–

سەرچاوەکان:

ئاراس سەعید: کورتەیەک دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ.

گۆڤاری ئایدیا ل. 31-34. ژمارە 78. ساڵی 2021.

حمید عەزیز: فەلسەفەی نوێی ئەوروپا. چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر 2012

ت.ز.لافین:من سقراط إلى سارتر (البحث الفلسفي)

دار نشر:المركز القومي للترجمة. سنة النشر: ٢٠١٢.

james Rachels, 2007 the Elements of Moral philosophy ,Fifths etidion by Stuart Rachels.McGraw-hill New york.

Kant’s Moral Philosophy

First published Mon Feb 23, 2004;

substantive revision Fri Jan 21, 2022

https://plato.stanford.edu/index.html




کۆمیونیکەیشن.. ئاراس سەعید

“پێشەکی”

کۆمیونیکەیشن لە دوو گۆشەنیگادا مانا دەکرێت: لە نیگای یەکەمیدا، بەمانای پەیوەندیکردن دێت. لەنیگای دووەمیدا بەمانای ڕاگەیاندن دێت. ئەم دیاردەیە دەکرێت وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی کۆمەڵگەی مرۆیی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوور. دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە هاوکاتە لەگەڵ پەیدابوونی ژیان لەسەر ڕووی زەوی. ئەم دیاردەیە تەنها دیاردەیەکی مرۆیی نیە، بەڵکو کۆی بوونەوەرانی گرتووەتەوە. بۆ نمونە: ئاژەڵەکان دەقیژنن و دەلورێنن، باڵندەکان دەجریوێنن، ڕووەکەکان سیس دەبن. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکی شتێک. لە ڕێگەی دەنگ و جووڵە و خۆنمایشکردنەوە. وەلێ وەک دیاردەیەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ پەیدابووۆی ژیانی بەکۆمەڵ. مرۆڤی سەرەتایی بۆ ئاویتەبوونی ژیان و دابینکردنی پێویستیەکانی پەنایی بردە بەر درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانیتر. دەکرێت بڵێن، کۆموینیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین پنتی کۆمەڵگەی سەرەتایی. چۆن  گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنان، گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی میدۆمەکان. ئەم تێکستە بەردەستان چەمکی کۆمیونیکەیشن و مێژووی پەیدابوون و قۆناغەکانی گەشەکردنی میدۆمەکان شرۆڤە دەکات.

“چەمک و پێناسە”

وشەی “communication” وشەیەکی ئینگلیزییە و سەرچاوەی ئەم وشەیە، لەوشەی”common” یان (Communness)زمانی ئینگلیزی کلاسیکەوە وەرگیراوە. بە مانای (پەیوەندیکردن یان هاوبەشکردن) بەکاردێت. لە فەرهەنگی یۆبستردا communication بەم شێوەیە شرۆڤەکراوە:- کرداری پەیوەندی درووستکردنە یان دەکرێت چەند دەستەواژەیەکی جیاوازی بۆ بەکاربهێنین وەک: گەیاندن یان بڵاوکردنەوە یان گواستنەوە[1].

 کۆمیونیکەیشن لە نیگای یەکەمدا بەمانای  پڕۆسەی  گەیاندنی پەیام دێت. بەمانەیەکی تر؛ کردەی ئاڵوێرکردنی پەیامە لەنێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، دەکرێت  وەک هەردیاردەیەکی دی، ڕیشەکەی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر.  زانستی ئارکۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا کۆمەکمان دەکات ڕیشەی کۆمیونیکەیشن لەسەردەمانێکی تری نێو مێژووی مرۆڤ دا بدۆزینەوە.

تەمەنی مرۆڤ پتر لە حەفتا هەزار ساڵە، زانایانی بواری بایەلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژی  پیان وایە، ئەم تایپە لە مرۆڤ، سەرەتا جۆرە گیانلەبەرێکی چکۆلەبووە لە شێوەی مشک، بە “پڕۆکۆنسۆڵ _ proconsul”  ناسراوە و لە چاخی دەینەسورەکاندا ژیاوە. دواتر ئەم گیانلەبەرە بەهۆی پڕۆسەی پەرسەندنەوە لەگەڵ گیانەوەرانی وەکو شامپازی و گۆریلا لەیەک بنچەی تایبەت گەشەیاندکردووە، زاناکان ناویان لێناوە “dry opiyhecus”. ئەم گیانلەبەرە لە سەگێکی ئاسایی گەورەتر نەبوو، وەلێ دەست و پێ و لاقی هەبوو. ئەم شێوەیەش هاوشێوەبوو لەگەڵ خێزانی مەیمونەکان کە ئێستا دەیان ناسین. لە کۆتایدا یەکێک لە بنچەکانی مرۆڤ پەیدابوو کە زاناکان ناویان لێنا”homohabilis”  ئەو گیانلەبەرەی خۆی دادەپۆشێت. لێرە بەدواوە ئیدی مرۆڤ توانیتی ژێری خۆی بەکاربهێنی و لەبەروبوومی درەختەکان کەڵک وەربگرێت بۆ تێرکردنی غەریزە فیسۆلۆجیەکانی. دواتر مرۆڤی “نیاردەرتاڵ” پەیدابوو ئاگری دۆزییەوە و کەڵکی لە ئەشکەوتەکان وەرگرت بۆ مانەوەو پارێزگاریکردن لە خۆی[2].

پەرەسەندن  مرۆڤی گەیاندە ئەو قۆناغەی ئیدی کەڵک لە ژیری خۆی وەربگرێت. مرۆڤ بۆئەوەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە کەڵکی لە هاوبەش پێکردنی ژیان و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەویتر وەرگرت، لێرەوە ژیانی بە کۆمەڵ و گرووپ بوو بە سرووشتی کۆمەڵگەی مرۆیی. هەر بۆیە زۆربەی فەیلەسووفان گوتویانە: (مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵاییەتیە). مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانی لەگەڵ هاوجۆرەکانی خۆیدا هاوبەش بکات پێویستی بە میدۆمێک یان ئامڕازێک بوو تا ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی خۆی بۆ ئەوانیتر بگوازێتەوە، بەمەش دەگوترێت: پڕۆسەی گەیاندن. پەرەسەندنی مرۆڤ بەپێی ئەو قۆناغە مێژووییەی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا هاتووە، هۆکارێک بوو بۆ سەرهەڵدانی کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەزی، بۆیە ئاسان نەبوو مرۆڤ بەبێ بوونی ئامڕازی کۆمیونیکەیشن بونیادی پەیکەربەندی سیستەمی کۆمەڵایەتی دابڕێژیتەوە. لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە کۆمیونیکەیشن ئامڕازی درووستبوونی ژیانی کۆمەڵەکی و ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. بە دەربڕینێکی دیکە، کۆمیونیکەیشن بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕکێخستنێکی گرووپێکی  کۆمەڵایەتیە لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکێک دا پەیدا بووە، کە بریتیە لە گواستنەوەی پەیام لە نێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، لە نێرەرەوە بۆ وەرگر.

کۆمیونیکەیشن وەکو تێمایەکی نێو فەرهەنگی زانستەمرۆڤایەتیەکان پتر لە پێناسەیەک چەندین پێناسەی بۆ کراوە. (چارلز مۆریس) دەڵێت: (زارەوەی کۆمیونیکەیشن کاتێک بە شێوەیەکی فراوان و بەربڵاو بەکاردەهێنین، ئەوکاتەیە بەشداریکردنی ژمارەیەک کەس لە کارێکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت)[3]. واتا: پڕۆسێسکە ژمارەیەکی بەرفراوانی خەڵک لەنێو یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەشداری دەکات، بەڕۆڵێکی دیاریکراو. هەروەها (ولبر شرام) بەم شێوازە کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (ئەو ئامڕازەیە کە لەیەک تێگەشتن لەنێوان کۆمەڵگاکاندا مسۆگەر دەکات، ئەمەش بە سرووشتی خۆی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی خۆی لە کۆمەڵگەکانی تر، جیا دەکاتەوە))[4]. دەتوانین ئەم پێناسەیە بەمجۆرە شرۆڤەبکەین؛ کۆمیونیکەیشن میدیۆمێکە ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی تاک دەگوێزێتەوە بۆ ئەویتر، ئەمەش دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵەگەدا.

 (کاڕڵ هۆفلاند) بەم شێوازە  کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (پڕۆسەیەکە کە تێدا تاک “نێرەر” ئاگادارکردنەوەیەک (هێمایەکی زمانەوانی یان جووڵە یان ئاماژەیەک) دەنێرێت-ڕەوان دەکات تا ڕەفتاری تاکەکان هەمواربکات))[5].  لەم پێناسەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کۆمیونیکەیشن پڕۆسێسێکە کە تاک_نێرەر زانیارییەک لە ڕێگەی میدۆمێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ وەرگر، بە پێچەوانەشەوە.

“میدیۆم وەکو ڕەگەزی سەرەکی کۆمیونیکەیشن”

ڕەگەزەکانی کۆمیونیکەیشن بەو ڕەگەزانە دەگوترێت لە کردەی کۆمیونیکەیشن بەشدار دەبن. وەک نێرەر، پەیام، میدیۆم، وەرگر. مارشاڵ مەک لۆهان 1911_ 1980 بیرمەند و تیۆریستی بواری ماس کۆمیونیکەیشن پێ وایە جیهانی مرۆڤ بە هۆی گەشەکردنی میدیۆمەکانی کۆمیونیکەیشنەوە گەشەی کردووە. میدۆم بەمانای ئامڕاز یان پەیام دێت. بەدەربڕینێکی تر، بەمانای هەموو ئەو کەناڵانە دێت، کە لە مێژووی ژیانی مرۆڤدا شتەکانیان گەیاندووە بە یەکتر. میدیۆم گرنترین ڕەگەزی کۆمیونیکەیشنە و بەبێ بوونی میدیۆم پڕۆسەی گەیاندن هیچ مانایەکی نیە. لە کۆمەڵگە بەراییەکانی مێژووی ژیانی بە کۆمەڵدا، کەرەستەکانی بەرهەمهێنان سەرەتایی بوون، گەشەکردنی میدیۆمەکان هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. کۆمەڵگەی سەرەتایی لە کاتی هەر مەترسییەک بۆ سەر هۆزەکەیان لە ڕێگەی ئاگرکردنەوە و دووکەڵەوە پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە. مرۆڤی سەرەتایی پێش ئەوەی فێری زمان بێت، بەنێو دارستانەکاندا قێژاندوویەتی و بە هاوارکردن پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە.  مرۆڤ پتر لە هەزاران ساڵی پێویستبوو، تا فێربوو زمان بەکارهێنێت بۆ گواستنەوەی ناوەڕۆکی هزر و بیروبۆچوونەکانی. مەک لۆهان قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن پەیوەست دەکات بە گەشەکردنی میدۆمەکانەوە، ڕای وایە گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی پەیوەستە بەگەشەکردنی میدیۆمەوە.

“قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن”

مارشاڵ مەک لۆهان (کۆمیونیکەیشن) لە سێ قۆناغی مێژوویدا دیاریدەکات. هەر قۆناغێکیش پەیوەست دەکات بە میدیۆمێکەوە و گەشەکردنی هەر قۆناغێکیش بە پەیوەستە بە پەیدابوونی میدۆمێکەوە. بەپێی مەک لۆهان قۆناغەکانی مێژووی کۆمیونیکەیشن بریتیەلە( قۆناغی زارەکی  و قۆناغی چاپەکی و قۆناغی مایکرۆیی)[6].

قۆناغی زارەکی:- ئەم قۆناغه لە سەرەتایی ژیانی بەکۆمەڵەوە دەستیپێکردووە و تا دۆزینەوەی نووسین بەردەوام بووە. لەم قۆناغەدا گوفتار  ئامڕازی سەرەکی کۆمیونیکەیشن بوو.  زمان  ئەو داهێنانەبوو  کە مرۆڤ توانیتی لەڕێگەیەوە خۆی بناسێت و ناوەڕۆکی هزرو بیرکردنەوەی بگوازێتەوە بۆ ئەویتر. لەم قۆناغەشدا پڕۆسەی کۆمیونیکەیشن بریتیە لە هاوارکردن،  هەستی سەرەکی بریتی بووە لە (بیستن) واتا: پڕۆسەکە ڕاستەوخۆ لە دەمەوە بۆ گوێچکە بووە. ئەمەش بووە بە هۆکاری سەرەکی درووستبوونی کۆمیونیکەیشن. لەم قۆناغەدا زمان ئەو میدۆمە بووە لە ئاستە سەرەتایی و خۆڕسکەکەیدا  میدۆم و کەناڵی درووستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بووە. (دو سۆسێر) لە لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانیدا جیاوازییەکی خستووەتە نێوان دوو پێکهاتەی لێکچووەوە، کە لەلای زمانەوانەکان وەکو یەکدین. ئەو دووپێکهاتەیەش بریتییە: لە  زوان _ language) و ( ئاخاوتن _ parlole) ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی زوان لە بنچینەدا سیستمێکی کۆمەڵایەتییە، کەچی ئاخاوتن چالاکییەکی تاکەکەسییە، لە بواری سیستمی کۆمەڵایەتیدا پڕۆسەی گەیاندن ئەنجام دەدات[7].

بەپێی گەشەکردنی پەیڕەوی ئاخاوتنی مرۆڤ ئەندامەکانی ئاخاوتن و گەشەکردنی بەکارهێنانی زمان لە سیمبۆلی جووڵەیی و ئاماژەیییەکانەوە بۆ دەنگەکان و چۆنێتیی لێکدان و ڕیزکردنیان لە ئاستی دەنگسازی، وشەسازی و ڕستەسازیدا، کە ئەندامانی کۆمەڵەیەکی زمانی لەسەر هەموویان ڕێک کەوتوون. ڕێزمان و کۆی وشەکان، وەک هۆکاری زمانی، لە ڕوانگەی (نوام چۆمسکی)یەوە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی میدیۆمی زمانیی  بۆ گەیاندن _پەیوەندیکردن[8].

نۆبڵ و دەیڤیدسن (١٩٩٦: ٢١٤) لەسەر ئەو بڕوایەن کە زمان بەرهەمی دۆزینەوە ڕەفتارییەکانە، نەک ڕووداوە بایۆلۆژییەکان. واتە زمان بەر لەوەی بەرهەمی ڕووداوە بایۆلۆژییەکان بێت، ئەنجامی دەرکەوتە ڕەفتارییەکانە. گۆڕانی بایۆلۆژی (گەشەکردنی ئەندامەکانی ئاخاوتن) زەمینەی بۆ پێکهاتنی ئەو ڕەفتارە زمانییەی كه‌ ئەمڕۆ هەیە، بەدیهێنا: بەکارهێنانی کەناڵەکانی گوتن-بیستن لەگەڵ کاتی درێژخایەن لە قۆناغی ساوایەتیدا لە دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتیدا. بۆ ڕوونکردنەوەی بیردۆزییانەی بەدیهاتنی تاکی (ontogenesis) و بەدیهاتنی جۆری (phylogenesis)ی زمان و بیر، لە ڕووی دەروونییەوە پشت بە ڕێبازەکەی “ڤیگۆتسکی (١٨٩٦-١٩٣٤)”، دەروونناسیی کولتووری–مێژوویی، دەبەستین. لە ڕوانگەی “ڤیگۆتسکی”یەوە، چالاکیی هۆشەکی و ئاخاوتن، ڕیشەی بەدیهاتنی جیاوازیان هەیە و لە ڕەوتی جیاوازیشدا گەشە دەکەن و دەگۆڕێن. مرۆڤی ژیرمەند، لە پرۆسەی پێوەندیکردنی دوولایەنە و بزێوی نێوان چالاکییە هۆشەکی و زمانییەکاندا پێک دێت. لە بەدیهاتنی تاکییانەدا، دەکرێ قۆناغێکی پێش ئەقڵانی (preintellectual) لە گەشەکردنی ئاخاوتندا و، لە گەشەکردنی بیریشدا قۆناغێکی پێشزمانی (prelinguistic) دەستنیشان بکرێت. لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ئەم دوو ڕەوتەی بەدیهاتن تێکەڵ دەبن و لە ئەنجامی ئەوەدا، بیر دەبێتە زمانی و، ئاخاوتنیش دەبێتە ئەقڵانی[9].  لەڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە زمان کردەی سەرەکی دەربڕینی ناوەڕۆکی فیکر و بیرکردنەوەی تاکە بەواتایەکی تر: زمان ئامراز و کەناڵێکە بۆ گواستنەوەی هزری تاک.

زمانی نووسین:- لەم قۆناغەدا مرۆڤی سەرەتایی  هەست و کاردانەوەکانی لە بەرامبەر دەوروبەر، بە وێنە دەربڕیوە کە  گەلێک لێتۆژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و ئارگۆمێنتی ئارکۆلۆژیی سەلماندوویانە کە مێژووی گەشکردنی زوانی سیمبۆلی و خەتی نووسین  لە چەند ھەزار ساڵێک تێناپەڕێ، ئەمەش لە چاو ھونەری نیگارکێشان ماوەیەکی زۆر نییە. تەنانەت پاش جێگیر بوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لە چاخی بەردینی نوێدا (نیۆلۆسیک) و پاشان سەرھەڵدانی شارستانیەتی سۆمەرییەکان و ھەموو ئەو لایەنانەی لە دەوڵەتە شاردا دەرکەوتن لە ڕووی زمان و خەتی پێنووسین (خەتی بزماری) کە تا دەورو زەمەنی دۆزینەوەی چاپخانە، بەردەوام بوو[10].

بەپێ سەرچاوە ئارکۆلۆژییەکان  سۆمەرییەکان یەکەمین کۆمەڵگە بوون، کە نووسینیان داهێناوە. نزیکەی سێ هەزار و شەسەد ساڵی بەر لەزاین توانیویانە لەسەر تاتە قۆڕەکان بنووسن. بێگومان پڕۆسێسی نووسین بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە. هەر لە نیگارکێشانەوە تا فۆنەتیک و نووسین لەسەر بنەمای دەربڕین. هەروەها هێڵکاری و نیگاری ئاژەڵان و ڕاوکردن نمونەی ئەم جۆرانەن. پاشان پیتەکانی نووسین خراونەتە سەر ئێسک و تەختەدار. سەردەمانێک کۆتری نامەبەر بەکارهێنراوە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. فینیقی و میسری و چینیەکانیش بەشداربوون لە داهێنانی شێواز و تەکنیکی نوێی نووسین تا ڕۆژگاری پەیدابوونی یەکەم کارگەی درووستکردنی کاغەز لە سەمەرقەند. دەکرێت بڵێن: لەم قۆناغەدا زمانی نووسین میدۆم بووە لە نێوان جەمسەرەکانی کۆمیونیکەیشندا. بەدەربڕینە لۆهانییەکەی  نووسین میدۆمە و خۆشی دەبێتەوە بە میدیۆمی زمان.

قۆناغی چاپەکی:- بەپێ دابەشکردنەی مەک لۆهان دۆزینەوەی چاپ قۆناغی دووەمی کۆمیونیکەیشنە. ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1450 کە یۆحەنا گۆتەنبەرگ چاپخانەی داهێنا. ئەمەش بەسەرەتایەک دادەنرێت بۆ پەیدابوونی ژۆرنالیزم. ساڵانی 1600 یەکەمین ڕۆژنامەی کاغەزی چاپکرا. داهێنانی چاپ بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت  لە پڕۆسێسی گەیاندنی جەماوەریدا، ئیدی بەرهەمە  ڕۆشنبیرییەکان، ئەدەبییەکان، سیاسیەکان، زانیارییەکان لەڕێگەی(ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و بڵاوکراوەکان) چاپکر‌ان. ئەمەش بەگەشەکردن و درێژبوونەوەی میدیۆم دادەنرێت، لەم پەڕی  زەوییەوە بۆ ئەوپەڕی زەوی. بەدەربڕێنیکی تر، میدیۆم لەمپەڕی زەوییەوە جەمسەرەکانی گەیاندن بەیەکتری دەگەیەنێت.

قۆناغی مایکرۆیی:- بەپی لۆهان ئەم قۆناغە لەگەڵ دۆزینەوەی داهێنانی ڕادیۆ دا دەستپێدەکات ئەویش. بریتییە لە دابەشکردنی ناوەڕۆکی دەنگ ئەلکترۆمەگناتیسی (شەپۆلی ڕادیۆ)، لە مۆدێلێکی یەک بۆ-زۆر. پەخش کردن بە ڕادیۆی ئەی ئێم دەستی پێکرد، کە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٠دا بە بڵاوبونەوەی فڕینتەری ڕادیۆی بۆری بۆشایی و وەرگرەکان هاتە بەکارهێنان. پێش ئەمە، هەموو شێوەکانی پەیوەندی ئەلکترۆنی (رادیۆ، تەلەفۆن، تەلەگرافی سەرەتایی) یەک بۆ یەک بوون، لەگەڵ ئەو پەیامەی کە بۆ تاکە وەرگرێک دانرابوو. زاراوەی پەخشکردن لە بەکارهێنانیەوە گەشەیکرد. پاشان داهێنانی tv و پڕۆگرامەکانی تەلەگراف و کۆمەڵێک سیمبۆل و هێمای ئەلیکترۆنی دەبینێتەوە، بەشێوەیەکی فیزیکی لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی دیکە، یان لە خاڵێکەوە بۆ کۆمەڵێک خاڵی جیاواز. لۆهان پێی وایە: ئەم جۆرە لە کۆمیونیکەیشن توانیویەتی جیهان بکاتە گوندێکی بچوک. هەروەها تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان و کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی توانیویەتی کۆمەڵگەی تیۆری درووستبکات، کە گواستنەوەی پەیوەندییەکان تێدا ئاسانە. میدیای دیجیتاڵی هەموو میدیۆمەکان دەگرێتەوە وەک( کەناڵی ئاسمانی، سۆشیاڵ میدیا، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان). بەبڕوای مەک لۆهان میدۆمەکان دەبنەوە میدیۆم و کۆمەڵگەی میدیای پێکدەهێنن[11].

“ئەنجام”

1. کۆمیونیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتنرین پنتی کۆمەڵگەی مرۆیی. بە بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕێکخستێنکی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، لە پێناو زەرورییەتێکی کۆمەڵایەتی بەدیهاتووە، کە بەمانایی کردەی ئاڵوێرکردنی پەیام دێت، لە ڕێگەی میدۆمێکەوە، لە نێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا.

2. بەپێ (مەک لۆهان) قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن، پەیوەستە بە گەشەکردنی میدۆمەوە. ئەو پێی وایە، جیهانی کۆمیونیکەیشن بریتیە لە گەشەکردن و کشانی میدۆمەکان. بەمجۆرەش قۆناغەکانی کۆمیونیکەیشن دابەش دەکات بەسەر سێ قۆناغدا. ئەم قۆناغانەش پێکهاتوون لە (قۆناغی زارەکی، قۆناغی چاپەکی، قۆناغی مایکرۆیی)

3. میدۆم خۆی دەبێتەوە بە میدۆم. لۆهان پێی وایە، کە میدۆمەکان جگە لەوەی ڕایەڵە و کەناڵی بەیەکگەیشتنی جەمسەرەکانی گەیاندنن، هاوکات هەر میدیۆمێک دەبێتەوە بە میدۆم. بۆ نمونە نووسین زمانەو چاپ میدیۆمی زمانە. یەکگرتنی (میدۆمەکان) کۆمەڵگەی دیجتاڵی پێکدەهێنن.

————————-

سەرچاوەکان:

1.ئیسماعیل عوسمان: کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی. چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، 2022.لا ۲۱

2. w howelss “neanderthal man; facts and figures ” in proceedings of the ninth internatoinal congress of Anthoprological and Ethnographical sciences, chicago 1967 . see also E.Trinkhaus and w.w howelss, neanderthal scienctific American  241 _ 1979 . 118 _ 133.

3. تەها حسێن: پێشەکییەک بۆ زانستی ڕاگەیاندن. وەرگێڕانی حەبیب کەرکوکی. دەزگای موکریان، چاپی یەکەم 2008 لا ٥

4.هەمان سەرچاوەی پێشوو: لا ٦

5.هەمان سەرچاوەی پێشوو:لا ٨

6.Marchal mcluhan, quetin fiore , the mediumis the massage . An Invetory of Efectects, produced by Jermo Agel.

7.فريدنان دو سوسير؛ محاضرات في السنية عامة. ترجمة يوسف غازي. المؤسسة الجزائيرية للطباعة 1986. ص ۲۳.

8.بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە وتاری “مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و وەک زمانی زگماکی” لە کتێبی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، ٢٠١٣، هەولێر: ئەکادیمیای کوردی.

9. ڕەحیم سورخی: زمان و کەلتووری پەیوەندییە مرۆییەکان. بابەت نووسین و وەرگێڕان.ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی پێنووس. http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/235-2018-09-02-18-56-38

بۆ زانیاری زیاتر بنواڕە. ماڵپەڕی کوزولین، الکس١٩٩٩، روانشناسی ڤیگۆتسکی: سیر تحول اندیشەها؛ ترجمە حبیباللە قاسمزادە، تهران: آگاه١٣٨١.

10.بنواڕە: http://akherelakhbar.net/%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%AB%D9%82%D8%A7%D9%81%D9%87/%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%AC-%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%A5%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%AA%D8%AF%D9%88%D9%8A%D8%B1/




بەندەر فەیلی و کۆماری دیکتاتۆر.. ئاراس سەعید

زیندان تیمایەکی دابڕاو نییە لەنێو بەرهەمەکانی «بەختیار عەلی»دا. لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا، جوگرافیای کارکردنی لە زیندانەوە دەگوازێتەوە بۆ پانتاییەکی فراوانتر. دەکرێت «دونیای زیندان و دەرەوەی زیندان» لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیدا، بەمانایی «دونیای سیستەم و دەرەوەی سیستەم» شرۆڤە بکەین. بەو مانایەی، زۆرجار دەسەڵات جوگرافیای خۆی لە ڕێگەی سیستماتیککردنی دەرەوەی زیندانەوە درێژ دەکاتەوە. ئەگەر بڕوانینە بەشێک لە بەرهەمەکانی نووسەر، دەتوانین وێنایی ئەو هێڵە تەریبە بکەین کە لە نێوان زیندان و دەرەوەی زینداندا هەیە. بۆ نمونە: «جەمشید خان» لە زیندانەوە با لەگەڵ خۆیدا دەیبات، بۆ جوگرافیاییەکی فراوانتر. شاری دێلاوار لە ڕۆمانی «هەورەکانی دانیال»دا ژیارێکە لەسەر زیندانییەک بوونیاد دەنرێت. وەلێ نووسەر لە «ڕۆمانی بەندەر فەیلی»دا، ڕاستەوخۆ لە زیندانەوە دەست پێدەکات. ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە، پانتایی ئەو زیندانەیە کۆی کۆمەڵگەی تێ دەخزێندرێت. بەو مانایەی دەسەڵات جوگرافیای خۆی دەگوازێتەوە بۆ سیستماتیککردنی کۆی ژیان. لێرەوە «دنیای زیندان و دەرەوەی زیندان، دیلێتی و ئازادبوون» ئەو هێڵە تەریبەیە، کە بەندەر فەیلی ناتوانێت لە یەکدییان جودا بکاتەوە. ئەمەش هۆکارێکە بەدرێژایی تکێستەکە خوێنەر بەدوای ئەو پرسەدا پەلکێش بکات، کە ئازادی مانای چییە؟
…..
ئەگەر قوڵترین پنتی ئەم ڕۆمانە دەستنیشان بکەین، دەبێت گوزارشت لەو پنتە ئۆنتۆلۆژییە بکەین؛ کە ژیانێک لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.
لێرەوە خوێنەر بەر دوالیزمەی مەرگ و ژیان دەکەوێت. بەندەر فەیلی لە ژووری سێدارەدا و، لە دامێنێ تەرمی هەڵواسراوی «ئیسرا مەلەکشاهی»دا، وەک دواهەمین کوردی فەیلی دێتە بوون.
لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەندەر کۆتا خاڵی پنتی ژیان و مەرگە، ئەو لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.
«شۆپنهاوەر» ئەمەی “بەویستی ژیان” ناوزەند کردووە.
پرسی ئۆنتۆلۆژیا لە ڕۆمانەکەدا، پێچەوانەی پرسی ئۆنتۆلۆژیایە لە فەلسەفەی «سارتەر و هایدگەر»دا. چەمکی «کات و شوێن» ئەو دوو گوزارەیەیە، کە هیچ کات لە زەینی «بەندەر فەیلی»دا مانای نییە.
بەندەر فەیلی لە ژووری مەرگدا، مەحکوم دەکرێت بە ژیان، ژیانێک کە سیستەمێکی دیکتاتۆر بەهاکانی داڕشتووەتەوە؛ وەلێ بەندەر بە فیترەت ناچێتە نێو هیچ سیستمێکەوە و، ماشێنەکانی سیستەم ناتوانن لە پێکهاتەکەی جگە لە «بەندەر فەیلی» فۆڕمێکی دیکەی لێ درووست بکەن.
نیتچە وتەیەکی هەیە دەڵێت: «لەناوەوەی هەموو پیاوێکدا منداڵێک هەیە، کە دەیەوێت یاری بکات.»
سیستەمی فاشیزم، دەیەوێت ئەو منداڵە پاکەی ناوەوەی بکوژن، کەچی بەندەر فەیلی بۆ هەمیشە؛ پارێزگاری لە منداڵە پاکەکەی ناوەوەی دەکات. ئەو تا دوا چرکەساتەکانی تەمەنی، بەدەم وەنەوزدانەوە وەک منداڵ دار و درەخت دەژمێرێت.
…..
ئوستووڕەی هەموو سیستەمێکی دیکتاتۆر لەسەر بنەمای دوانەیەک دامەزراوە؛ دوانەیەک مرۆڤەکان دابەش دەکات بەسەر دوو بەرەدا. باش و خراپ، تاوانبار و بێتاوان. لێرەوە؛ دوونیا دابەش دەکات بەسەر ئەوانەی لەگەڵمانن و ئەوانەی دووژمنمانن.
بەندەر فەیلی « نە زیندانییە و نە ئازاد، نە تاوانبار و نە بێ تاوان، نە لەبەرەی یاخیبووانە و نە لەبەرەی حکومەت، نە لەبەرەی شەڕە و نە لەبەرەی خێر.»
لەبەر ئەوەی ئیسرا مەلەکشاهی پێی باشتربوو بمرێت وەک لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ جەلادێکدا بکات، جەلادەکان دەیانەوێت بەندەر فەیلی وەکو جەلادێک پەروەردە بکەن، تاوەکو ئەوەی ڕۆحی ئیسرا ئازار بچێژێت.
نووسەر، لەڕێگەی زیندانەوە، وێنای دونیای فاشیزم و منداڵ دەکێشێتەوە. زیندان بریتییە لە ستراکتۆری ٭
« سوبژێکتیڤاسیۆن» وەکو دەزگایەک بۆ داڕشتنەوەی پەیکەربەندی شوناسی مرۆڤ. لە ڕێگەی پڕۆسەی وەک یەک لێکردنەوەوە، پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوە و مافی خۆنمیاشکردنی تاکگەرایی و ئازادییەکانی لێ دەسێنێتەوە. بە واتایەکی دیکە، پڕۆسەی بەئەویدیکەکردنی سوژە لە ڕێگەی سیمبولەکان و دیسپلینی جەستەوە.
بە دەبڕینە فۆکۆییەکە: مرۆڤ لەم كاتەدا دەخزێنرێتە نێو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات جەستە هەڵدەلوشێ، تێكی دەشكێنێ‌‌ و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە. دیسپلینی جەستەیی، ملكەچی و گوێڕایەڵی و ئامادەی قبوڵكردنی دیسپلینی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات. بەر لە سەردەمی مۆدێرن، سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا کەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتوانە.
واتە: دەسەڵاتی دیسپلین تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە، یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنترۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەدات و هەموو دانیشتوان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە. بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچكردن و لارەملێی تاكەكان و فراوان بوونی دەسەڵاتەكەی، پێویستە گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەن، جوڵە و ڕێسا و یاسایان بۆ دروست بكرێ‌ت و، کۆی گۆمەڵگە مۆنۆپۆڵ بکات. لێرەوە پانتایی زیندان بە درێژایی ڕۆمانەکە درێژ دەبێتەوە، بە جۆرێک نەک تەنیا بەندەر فەیلی، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگە هەست بە ئازاد نەبوونیان دەکەن و، هەست بە خنکانیان دەکەن.
بەندەر فەیلی لەو ساتەوەی چاوی بە دنیا هەڵهێنانەوە، جگە لە ژووری مەرگ شوێنێکی دیکەی نەبینیووە. بە دەستی جەلادێکدا گۆش دەکرێت، کە هەموو تەمەنی لە خنکاندنی دیلەکاندا بەسەربردووە. هەرچەندە سەید شەهابی خوزاعی بە دەستی خۆی پەروەدەی کردووە، وەلێ پێ دەڵێت: «تۆ تاکەکەسی لەم دوونیایە، نە خێزانت هەیە، نە ماڵ، نە شارت هەیە، نە وڵات. بۆیە لەم زیندانە زیاتر شوێنێکی دیکەت نیە.» ناشوێن بۆ بەندەر فەیلی، ئەو گرفتە گەورەیە بوو کە دەبووە هۆی ئەوەی لە دونیای دەرەوەی زیندانیشدا، هەست بەخنکان و دیلێتی بکات.
…..
ڕەنگە دوای کتێبی « کۆماری ترس» ی « کەنعان مەکییە»، ڕۆمانی «بەندەر فەیلی»باشترین کتێب بێت، لەبارەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و فاشیزمی عەرەبییەوە بدوێت.
نووسەر لەڕێگەی سەربوردەکانی نێو ڕۆمانەکەوە، مێژووی چارەگە سەدەیەک لە ترس و فەلاقەخانە و داپڵۆسینی کۆمەڵگەی عێراقی دەگێڕێتەوە. ڕۆمانەکە پڕە لە تراژیدیا، شیکاری وردی مێژووە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی بۆ ترس و دڵەڕاوکێ و شپرزە بوونیان بە بەردەوامی، کە یارمەتیمان دەدات بە قووڵی لە مێژووی چارەگە سەدەیەک، لە ڕەوتی ژیان سیاسی و کۆمەڵایەتی، کۆماری دیکتاتۆرییەتی عێراقی تێبگەین. هەروەها ئارگۆمێنێتکی گرنگە، لەسەر دۆزی کوردە فەیلییەکانی عێراق، کە چۆن هەوڵی سڕینەوەی شوناس و ناسنامەیان دەدرێت، لە ڕێگەی داپڵۆسین و قڕکردن و کووشتن و دوورخستنەوەوەیانەوە.




پرسی تەکنەلۆژیا، لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا.. ئاراس سەعید

پرۆمیتیۆس لە ئەفسانەی یۆنانیدا [جگە لە دەقێک وەک داهێنانی تەکنیکی ئاگر] بە هیچ مانایەکی دیکە نایات. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە داهێنانی ئاگر، دەگەڕێتەوە بۆکۆنترین پنتی مرۆڤ. بەهۆی مێژووە دێرینیەکەیەوە، تاڕادەیەک شوێنەواری کەمی لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا بەجێهێشتووە، لە کاتێکدا تەکنیکە نوێیەکان، وەک کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، بڕینی دار، بیناسازی، چاندنی ڕوەکی ترێ و دارە میوەکان، بونیادنان و هتد، پانتاییەکی فراوان لە ئەفسانەی خوداوەند و پاڵەوانەکاندا داگیردەکات.
ژان پێیەر ڤێرنانت
Prométhée et la fonction technique
Jean-Pierre Vernant
Dans Mythe et pensée chez les Grecs (1996), pages 261 à 273
……..
فەیلەسووفی فەڕەنسی “بێرنارد ستێگلەر” کە تیۆرەکانی لە سەربنەمایی پرسیارە بەناوبانگەکەی “هایدگەر” سەبارەت بە تەکنەلۆژیا دادەڕێژیت و وەڵامی[پرسی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەگەڵ مرۆڤایەتیدا] دەداتەوەو پرسی تەکنەلۆژیا و بوون و کات پێکەوە گرێی دەدات.
بەبۆچوونی ستێگلەر لە یۆنانی tekhnē، دروستکردن یان بنیاتنانەوە، هەم ئاماژەیە بۆ تەکنەلۆژیا و هەم بۆ پرۆسەکانی بەرهەمهێنان. ستێگلەر ئاماژە بەوەدەدات، کە تەکنیکەکان دەرمانێکە – لە بنەڕەتدا، وشەیەکی یۆنانیە بە واتای ‘ژەهر’ و ‘چارەسەر’ دێت.
تەکنەلۆژیا هەم ئەو ژەهرە بوو کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی هاوچەرخ هەبوو، هەم ئەو چارەسەرە بوو کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرا کۆمەڵگەی مرۆیی ڕزگاری بێت. هەم فۆرمێکی دەرەکی بوو کە ئێمە زانستەکانمانی بۆ دەگوازینەوە، هەم بارودۆخێکی ناوەکی بوو کە ٭لەوانی دیکە[بوونەوەرانی دیکە] جیامان دەکاتەوە.
https://www.artforum.com/…/bernard-stiegler-1952-2020…
…..
ئاگر هات!
ئێمە بەتاسەین، ڕوناکی ڕۆژ بینین.
هۆڵدەرلین
….
میتۆلۆژیای پڕۆمیتۆس
بێرنارد ستێگلەر
ڕۆژێک زیوس، بە پڕۆمیتێتی گووت: کاتی هاتووە ئێمەی خودایان، ڕۆژێک بۆ بوونەوەرە فانییەکان بکەینە دیاری. بوونەوەرە فانییەکانی ئێرەش ئاژەڵەکان و مرۆڤەکانن.
پڕۆمیتێ کە ڕاسپێدرابوو بەم کارە، دووانە بوو لەگەڵ برایەکی بەناوی[ئەپیمتۆس- ئەپیمیتێ].
ئەپیمیتێ هاوشێوەی پڕۆمیتێ بوو، وەلێ هەموو شتێکی پێچەوانەی براکەی بوو. ئەپیمیتێ، خودایەکی کزۆڵەو گوناه و فەرامۆشکراو بوو. پڕۆمیتێ فیگۆری “زانین”ە، فیگۆری زانا بە هەموو زانینێک. فیگۆری یادەوەریی گشتییە. ئەو هیچ شتێک فەرامۆش ناکات. بەپێچەوانەوە، ئەپیمیتێ هەمووشتێک فەرامۆش دەکات.
ئەپیمیتێ، بە براکەی گووت: زیوس تۆی بۆ ئەم کارە ڕاسپاردووە، وەلێ من دەمەوێت ئەنجامی بدەم.[“من”، “من”، “من”]ئەم کارە ئەنجام دەدەم. لە ڕاستیدا ئەپیمیتێ خودایەکی خۆشباوەڕبوو، وەلێ پڕۆمیتێ زۆر خۆشی دەویست. بۆیە نەیدەویست نائومێدی بکات، پێی گووتی: باشە، تۆ ئەم کارە ئەنجام بدە.
بەم شێوەیە بوو کە؛ ئەپیمیتێ دەستیکرد بە پەخشکردنی تایبەتمەندییەکانی خودایان. بۆ نمونە؛ تابیەتمەندی “خێرابوونی” بە ئاسکەکان بەخشی، ئیدی ئاسکەکان بەخێرایی غاریان دەدا. هێز و بەرگەگرتنی بەخشی بە شێرەکان، بە تیمساح و کێسەڵ و …تاد
ئەو تایبەتمەندییەکانی و کوالێتییە جیاوازەکانی لە ڕووی هاوسەنگییەوە دابەشکرد. دابەشکردنی ئەو تایبەتمەندییانە لەلایەن ئەوەوە، پێناسەیەکە [بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە سرووشتدا] شێرەکان بەدوای ئاسەکاندا ڕادەکەن تا ڕاویان بکەن و بیانخۆن، وەلێ ئاسکەکان خێراتر غاردەدەن و هەندێکیان دەتوانن خۆیان لە شێرەکان ڕزگاربکەن و لە شوێنێکی دیکەدا بگیرسێنەوەو درێژە بە وەچەخستەنەوە بدەن.
لەوساتەدا؛ کە ئەمیپیتێ سەرقاڵی دابەشکردنی تایبەتمەندییەکانی بوو، شتیک سەرەنجی ڕاکێشا. بەخێرایی تەماشایی سەبەتەکەی دەکات و شۆک دەبێت. ئۆهـ، هەموو تایبەتمەندییەکانم بەخشیوە بە ئاژەڵەکان.[ ئیدی سەبەتەکە خالی بوو]. بەڵام من دەمەوێت بۆ مرۆڤەکان ڕۆشنایی بەدیاری بهێنم. دەبێت ئەم بوونەوەرانە پێیان بێننە ناو ڕوناکی، بەڵام تایبەتمەندییەک بوونی نەماوە؛ تا بتوانم “فۆڕم” یان پێبدەم. ئەوکات “پڕۆمیتێتی” بەمەبەستی دزینی هەندێک ئاگر، ڕوودەکاتە کارگەی ئاسنگەری هیپایستۆس. پڕۆمیتێتی، بەدزینی ئاگر ڕووناکی بۆ ژیان بەدی دەهێنێت، ئالێرەوە مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی تەکۆنۆلوژی. ئاگر لەنیگای یەکەمدا، سمیبوولی تەکنەلۆژیاییە و لە نیگای دووهەمدا، سیمبولی هێزی خوداوەندی ڕەهایە[…].

[بنواڕە]
https://youtu.be/u5iITQBqYOo




لەبارەی باردۆخی ئێرانەوە.. ئاراس سەعید

“دۆڵۆز” پێی وایە هەموو رووداوێک دوو ڕەهەند لەخۆدەگرێت: ڕەهەندی پێش ڕووداو- Virtualو ڕەهەندی دوای ڕووداو-Actual. بۆ شرۆڤەکردنی باردۆخی ئێران لەسەر دوو ڕەهەند دەوەستین.

یەکەم: ڕەنگە بۆچونەکانی “ماکس ڤێبەر” لە بارەی دەوڵەتەوە لە هەموو بۆچونەکانی دی زیاتر، یارمەتیمان بدات، تا لە باردۆخی سیاسی ئێران تێبگەین.
بە بۆچونی “ڤێبەر” :(دەوڵەت خاوەنی مۆنپۆڵکردنی شەرعیانەی هێزە-power.) دەوڵەتێکی ئایینی وەکو ئێران، لە ڕێگەی جومگەکانی دەسەڵات دوونیای سیمبولەکان و پڕۆسەی وەک یەکلێکردنەوە پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوەو مافی خۆ نمیاشکردنی تاکگەرایی و ئازادییەکانی لێ دەسێنێتەوە. بەجۆرێکی تر، پڕۆسەی بەو ئەویترکردنی سەبجێکت لە ڕێگەی دوونیای سیمبولەکان و دیسپلینی جەستەوە.
” مێشڵ فۆكۆ” سەبارەت بە دیسپلینی جەستەی ڕای وایە كە جەستەی مرۆڤ لەم كاتەدادەخزێنرێتە ناو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، كە هەڵدەلوشێ، تێكدەشكێنێ‌‌و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە، دیسپلین جەستەیی ملكەچو گوێڕایەڵو ئامادەی قبوڵ كردنی دیسپلینی زیاترو دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات، بەر لە سەردەمی مۆدێرن سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا تاكە كەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتوانە. واتە: دەسەڵانی دیسپلینی تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە. یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنترۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەداتو هەموو دانیشتوان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچ كردنو لارەملێی تاكەكانو فراوان بوونی دەسەڵاتەكەی، پێویستبوو گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەنو جوڵە ڕێساو یاسایان بۆ دروست بكرێ‌‌و کۆی گۆمەڵگە مۆنۆپۆڵ بکات.
ئێران دەوڵەتێکی پۆلیسی ئایینیە. لە ڕێگەی شەرعیەت و بنەما ئایینییەکانەوە، بنەمای پەیکەربەندی جڤات دادەڕێژێتەوە، ئەویش بە داتاشینی سیمبول و مومارەسەکردنی دەسەڵاتی ئایینی لە ڕێگەی دیسپلینەوە.
لە دەوڵەتێکی وەکو ئێران دا، تەواوی کایەکانی دەوڵەت وەکو؛ یاسا، سوپا، ڕۆشنبیری، پەروەدە، ئایین …هتد خالین لە سەربەخۆی و بەتەواوی کایەی سیاسین.
دەوڵەت خاوەنی مۆنۆپڵکردنی هێزە. تەواوی دامەزراوەکانی بەشێکی دانەبڕاون لە جومگەکانی دەسەڵات وەکو “فۆکۆ” دەڵێت: لەم كاتەدا مرۆڤ دەخزێنرێتە ناو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، كە هەڵدەلوشێ، تێكدەشكێنێ‌‌و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە. دەوڵەتی ئێران؛ لە ڕێگەی دوونیای سیمبولەکانەوە کۆمەڵگە بوونیاد دەنێتەوە، وەکو (ڕووسەر، ڕیش، حیجاب و یەکپۆشی). لەم ڕێگەیەشەوە، مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی، مافی ئازادی کەسێتی و ئایینی و ئەتنی و تەواوی سیمبولە جیاوازەکان دەسڕێتەوە و لەڕێگەی یاساوە شەرعیەت بەو پڕۆسیسە دەدات.
یاسا لەبنەڕەتدا ماسكی دەسەڵاتە، ئامرازی داڕشتنی فۆرمەكانیەتی، داپۆشینی شكڵە ڕاستینەو ناوەڕۆكیەكانی دەسەڵاتە “كە دیوی سەركوتیەتی” لەبەر چاوی كۆمەڵگە، یاسا كۆی دیوە ناشرینەكانی دەسەڵات دادەپۆشێتو ڕوویەكی جوانی درۆینەی بۆ دروست دەكاتو سزاكانی بە ئامرازی بەرقەرار كردنی عەدالەت دەناسێنێت و ڕەوایەتیان پێدەدات، یاسا دواجار جگە لە فرمانی سەروەرو دەسەڵاتدار شتێكی تر نییە، وە هەموو لایەكیش ناچار بە ملكەچیو گوێڕایەڵی دەكات، واتە وەك ئەوەی فۆكۆ لە (مێژووی سێکس واڵیتە)دا دەڵێ: دەسەڵات یاساكانی بە پێی ویستەكانی خۆی دادەڕێژێت، پاشان گوتاری حەقیقەتی بابەتەكان بەرتەسكو سنوردار دەكات، دواتر سزا بۆ سەرپێچیەكان دادەنێت، دەسەڵات لە هەموكاتو جێگەكان یەكسانە، بەپێی هەندێ میكانیزمی لە ڕادەبەدەر دووبارەبۆوەی یاسا، حەرام كردن و سانسۆر كار دەكات ، هەروەها فۆكۆ ڕای وایە”ڕواڵەتی هەمەكی دەسەڵات لە شێوەی یاسادا پیشان دەدرێتو ئاسەوارەكانی بە ملكەچی دەناسرێت”، واتە كاتێ دەسەڵات قسە دەكات ئەوا ئەو قسەیە ڕێسایە،و فۆرمی دەسەڵات لە ڕۆڵی یاسادانەردا دەردەكەوێت، كە ئەندازیاری فۆرمسازی دەسەڵاتەو یاساكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی حكومەتو فرمانڕەوادا دادەڕێژرێت و دەبێت تاكەكان حورمەتی بگرن، نەك لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە تاكەكان دەپارێزن، بەڵكو لە جەوهەردا لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە قسەی دەسەڵاتن، پابەند بوون بەو یاسایانەوە بەدادپەروەری و لادانیش لێیان بەتاوان ئەژمار دەكرێت.

دووەم: مەرگی “ژینا ئەمینی ” بەتاوانی لادان لە یاسا و مومارەسەکردنی مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی و لابردنی ڕووسەر، هاوکاتە لەگەڵ ئەو پڕۆسێسە مێژووییەی هاوشێوەیی و وەک یەکلێکردن، کوشتنی مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی. ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی هەستی یەکگرتوویی Sense of coherence. بە جۆرێک ڕووداوەکە دیواری ئەتنی و ئایینی و ئایدۆلۆژی تێکشکاندووەو زۆرینەی گروپ و توێژەکانی کۆمەڵگە بەیەک گوتار و یەک زمانی سیاسی درووشم دەڵێنەوە.
بەڵام پێناچێت، درووستبوونی یەکگرتووی گوتاری هاوبەش، ببێتە درێژە پێدەری ناڕەزاییەکان. ئەوەی بووە بە درووستبوونی هەستی یەکگرتووی پڕۆسێسی درێژخایەنی مومارەسەرکردنی دەسەڵاتی ئایینیە لەسەر کۆمەڵگە.
ئەوەی هەستی یەکگرتووی لە ڕێگەی گوتار و سیمبولە جیا دەکاتەوە مومارەسەرکردن و خودموختاری گروپەکانی کۆمەڵگەیە. ئەمەش ڕاپەڕیوان لە ڕووی ئەنتنی و جیۆپەلیتیکەوە دابەش دەکات بۆ سێ گروپی جیاواز؛(فارس و ئازەری و کورد).
فارسەکان بە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئێران و پارچەبوونی ئێران ڕازی نابن. بەڵکو ناڕازەیەتییەکانیان تەنها لە دژی ڕیساکانی دەوڵەت و شەڕی بەهاکان کورت دەبێتەوە. بەڵام کوردەکان وەکو نەتەوەیەکی ناو جوگرفیایی ئێران، زمانی سیاسی ناڕەزایەتیەکانیان دەبێتە گوتاری نەتەوەیی و ئەم ڕووداوە دەکەن بەسەرەتای سەردەمێکی تازە لە خەبات و بەگژداچوونەوەی رژێمی ئێرانی و دەیانەوێت خۆیان دابڕن لە ڕابردوو و دەربچن لەدۆخی ناکارایی و چەقبەستوویی.

ئاراس سەعید




قەلەقی… ئاراس سەعید

ئەم ماوەیە باش نەبووم. کاتەکانم لە نێو نۆرینگەو نەخۆشخانەکان بەسەردەبرد. لە تاقیگەکانی خوێین پشکنینی (esr _ cbc _ tsh_hdl _ c.u.e)یان بۆکردم.
پشکنینەکان نێگەتیڤ بوون، بەڵام درزێکی گەورە لە دڵم درووستبوو بوو.
بۆنێک بە دەستەکانمەوە بوو، کاسی کردبووم، بۆنی نەخۆشخانە، بۆنی تەنهایی، بۆنی نەخۆش، بۆنی تەرم، بۆنی خوێن، بۆنی ڕشانەوە. چەند جار بە سابوونی لۆکس دەستەکانم شوشت، کۆڵۆنیام لە دەستم دا، عەترم لەخۆم دا، کەچی ئەو بۆنە هەر نەڕۆیشت.
شەوێکیان حاڵم تێکچووبوو، سواری نەقالەیان کردم، جگە لە ئامێری نەخۆشخانەکە، کەس نەیدەزانی چەندە بۆت مردبووم.
پزیشکێکە لێ پرسیم ئێستا چۆنی؟
سەرم بۆ لەقاند.
گووتی: کاتەکانت چۆن بەسەر دەبەیت؟
گوتم: زیاتر دەخوێنمەوە، بۆم باسکرد کە چۆن (گیرگۆری سامسا) لە مرۆڤەوە دەبێت بەسیسرک!
ڕاسکۆلنیکۆف لە پترسبۆرگ کەللەی سەری پیرێژنێک شەق دەکات. هێندەش نا، سووژدە بۆ ژنێکی سۆزانی دەبات. پزیشکەکەش وەک من شارەزایی ئەدەبیات نەبوو، ئەویش کافکا و دۆستۆیڤیسکی نەدەناسی.
بە بزەوە پێیگووتم: شەوانە بەچیەوە سەرقاڵی؟
پێم گووت: شەوانە نانووم. جاروبار دەستپەڕ لێدەدەم و جاروباریش بە نووسینی نامەوە سەرقاڵم.
دەزانم ئەو ناتوانیت لە نامە تێبگات، دەیخوێنێتەوە و چەند دێڕێک تێدەپەڕێنیت و دەیەوێت زووتر بۆم بنووسێت (واو جوانبوو!.)
لەبەر ئەوەی خۆم بە درووستیی نازانم بەچی دۆخێکدا تێپدەپەڕم، رەنگە زۆر مافی ئەوەم نەبێت گلەیی بکەم کە بۆچی تێناگات.
پزیشکەکە بەپێکەنینەوە پارچەیەک گولاجی بۆ نووسیم.
سکرتێرەکەی کچێکی چاوشینی باڵابەرزبوو، بۆدییەکی سپی و پانتۆڵێکی کابۆی شینی لە پێکردبوو.
پێی گووتم: چی بۆ نووسیت.
گووتم: propranol.

propranol: حەبی قەلەقی




کورتەیەک دەربارەی تراجیدیا… نوسینی: ئاراس سەعید

وشەی “تراجیدیا- trageady” وشەیەکی لاتینییە، سەرچاوەی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینیی کلاسیک. لە ڕووی زمانەوانییەوە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، ئەوانیش: “tragos – بزن” و “oide – سروود”،
هەردوو بڕگەکە پێکەوە بە واتای “سروودی بزن” دێت.
لە یۆنانی دێرییندا، “سروودی بزن” بەو مەراسیمە ئاینییە گوتراوە، کە یۆنانییەکان سروتە ئایینیەکانیان خوێندووەتەوە و بزنیان بۆ خوداوەندەکانیان کردووە بە قوربانیی، یان بەو بۆنە ئاینییانە دەگوترێت کە گۆرانییان تێدا گوتووە و ڕوخساریان بە پێستی بزن داپۆشیوە[1].
“ئیلیز” لە کتێبی (ئەسڵی تراجیدیای یۆنانیی و شێوەی یەکەمی تراجدیدیا)دا، ئەوەی ڕەتکردووەتەوە، کە تراجدیدیا بە واتای “سروودی بزن” بێت، بەڵکو (تراجیدیا نازناوی ئەو کەسانە بووە کە لە تراجیدیادا پێشبڕکیانکردووە و خەڵاتی براوەی کێبڕکێکە بزنێک بووە [2]).
دەکرێت بەم جۆرە پێناسەی چەمکی تراجیدیا بکەین: (بەو مەڕاسیمە ئاینییانە دەگوترێت کە مرۆڤ قوربانیی پێشکەشی خوداوەندەکان کردووە).
تراجیدیا دیاردەیەکی یۆنانیی پەتییە و چەکەرەکردنی تراجیدیا لە دەرەوەی کولتووری یۆنانییدا، هەتا ڕادەیەک ئەستمە.
یۆنانییەکان ئەفرێنەری تراجیدیا بوون، ئەفسانەکانی یۆنان لە چوارچیوەی تراجیدیا دەخولێنەوە وەکو: شەڕی خوداکان و ئەهریمەنەکان، ئەفسانەی باوککوژیی، ململانێی لەگەڵ ئازار مەینەتیی و ململانێ لەگەڵ چارەنووس.
لە زمانی عەرەبییدا بەرانبەر وشەی تراجیدیا کەڵک لە وشەگەلێکی وەکو (فاجعة، مأساة، حزن) وەرگیراوە. لە زمانی کوردییشدا کەڵک لە وشەگەلی وەکو: (ڕوداوی دڵتەزین، کارەسات، مەرگەسات، غەم و ناسۆر) وەرگیراوە.
“ئەرستۆ” لە کتێبی “هونەری شیعر”دا بەم شێوەیە باسی تراجیدیا دەکات: (تراجیدیا بە تەنها لاساییکردنەوەی کردنەوەیەکی تەواو نییە، بەڵکو ترس و بەزەییش دەوروژێنێت. ئەم کارتێکرنەیش ئەو کاتە سەرهەڵدەدات، کە ڕوداوەکان بەبێ ئەوەی چاوەڕوانبکرێن، ڕوبدەن و بەدوای یەکدا بێن[3]).
واتا: تراژیدیا بریتییە لە نمایشکردنی زنجیرە ڕوداوێکی چاوەڕواننەکراو، کاریگەریی لەسەر دەرونی بینەر بەجێدەهێڵێت، وەکو: مەرگێکی چاوەڕواننەکراو، ئازار، نەگەیشت بە ئامانجێک و… هتد.
“شۆپنهاوەر” بەم جۆرە پێناسەی تراجیدیای یۆنانیی دەکات:(بریتییە لە ڕەهەندی سامناک و ترسێنەری ژیان. لەم ڕووەوە ئازار و مەینەتیی ئادەمیزاد، باڵادەستیی ڕێککەوت و هەڵەکان، بەقوربانییکردنی “حەق” لە بەرپێی “هێز”دا، باڵادەستیی ئەهریمەن بەسەر هێزە دادخوازەکان و بە گشتیی زاڵبوونی ئەو لایەنانەی “بوون” وا ڕاستەوخۆ لەگەڵ خواست و ئیرادەی ئێمەدا دژ و پێچەوانەدێنەوە، هەموویان بەسەریەکەوە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی تراجیدیا پێکدەهێنن[4]).
تراجیدیا هەمیشە چارەنووس لە خۆشبەختییەوە بەرەو ئازار و مەینەتیی دەبات، حەق لە بەرپێی هێزی ناهەقدا، شکستدەهێنێت و زۆربەی تراجیدییەکان بە مەرگی کارەکتەر کۆتاییدێت. بۆ نموونە: چارەنووس ئۆدیب لە لوتکەی خۆشگوزەرانیی و دەسەڵاتدا بەرەو ئازاری ویژدان و لەدەستدانی چاوەکانی و خۆکوشتنی دایکی دەبات.
تراجدیا کۆمەڵە ڕوداوێکی ترسێنەر و سامناکە، لەبارەی ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤەکانەوە، کە لایەنە نێگەتیڤەکانی ژیان بەسەریدا زاڵە.
“واڵتەر کاوفمان” بەم جۆرە پێناسەی تراجدیا دەکات: (بریتییە لە زنجیرە ڕوداوێکی پڕ لە ناسۆر و مەینەت ڕووبەڕووی خوداوەندەکان و کەسانی پاڵەوان دەبێتەوە[5]).
واتا: کارەکتەرە تراجیدییەکان کەسانی ئاسایی نیین، بەڵکو توناکانیان لە توانای مرۆڤی ئاسایی بەدەرە. ئەوانەی کارەکتەری ڕوداوە تراجدییەکانن، یان خوداکانن، یان پاڵەوانەکان مەرج نییە، بە تەنها پاڵەوانی تراجیدیا تاکەکەسێک بن، زۆر جار پاڵەوانەکان کۆمەڵە کەسێک، یان مەملەکەتێکن.
———————————————————————-

  1. ویکبیدیا، الموسوعة الحره، المأساه
  2. حسێن لەتیف: ڕوانینێک لە تراجدیدیا، چاپخانەی ڕۆژهەڵات چاپی یەکەم، 2018.
  3. ئەڕستۆ: هونەری شیعر (پۆیەتیكا ) ، و. محەمەد كەمال، دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم ، چاپی یەکەم، سلێمانی 2010.
  4. Schopenhauer, The World as Will and Representation. New York: Dover Press. 1966..
  5. والتر كاوفمان، ترجمه؛ كامل يوسف، التراجيديا والفلسفة، المؤسسة العربية للدراسات و النشر، سنة ١٩٩٣.ص٥٨



ئێمە چی ئەزموونێکمان هەیە لەگەڵ “تەوالێت”دا.. ئاراس سەعید

ئێمە چ ئەزموونێکمان لەگەڵ (تەوالێت)دا، هەیە؟ بۆچی مرۆڤ بۆخالی کردنەوەی غەریزە کەبتکراوەکانی پەنا دەباتە بەر تەوالێت؟
دەرگایی تەوالێتە گشتیەکانی هیچ کۆمەڵگایەک خالی نیە، لە کۆمەڵێک نووسین و دەق، هەریەکەیان گوزارشت لە فاکتێکی ژیاری و کۆمەڵایەتی قووڵ دەکەن.
بۆچی “تەوالێت” دەبێتە نهێنیترین درزی ژیان، کە تاکی کوردی لەویوە، تەعبیر لەشوناس و ڕوئیاو ئایدیاکانی دەکات. چ شتێک تەوالێت و ژیانی ئێمە ئاوێتەی یەکتردەکات لەناو کات و شوێندا،؟
بەگەڕانەوە بۆلای “فرۆید” ڕەنگە بتوانین، سەرەداوێکمان پێبدات بۆ کردنەوەی ئەم گرێ کوێرەیە، کاتێک فرۆید ئەقڵی مرۆڤ دابەش دەکات بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا، ڕەنگە بێیەوێت پێمان بڵێ. “مرۆڤ بۆ هەمیشە لەژێرکاریگەری کەبتە دەرونیەکاندا دەژیت” بەجۆرێکی تر، هەرگیز مرۆڤ خاوەندارێتی کردەکانی خۆی ناکات، چونکە لەژێرفشاری ئید و سوپەر ئیگۆدایە. “سوپەرئیگۆ” خۆی لەترادیسۆن و مۆڕاڵی گشتی و تاپۆکانی کۆمەڵگا دەبینێتەوەو بەردەوامە لەکەبتکردنی داواکارییەکانی “ئید”.
“سوپەرئیگۆ” بەشێوازێکی سیستماتیکراو کارەکانی خۆی دەکات، جگە لەو چرکەساتەی کە مرۆڤ لە چاودێری ئەویتر خۆی دەدزێتەوە، “سوپەر ئیگۆ” ڕێگە بەخالیکردنەوەی مۆتیڤە دەروونیەکان نادات. بەقەولی “فرۆید” مرۆڤ لەدووکاتدا، توانایی خالیکردنەوەی مۆتیڤە دەروونییەکانی هەیە، لەکاتی نووستندا، کە “سوپەر ئیگۆ” نائاگایە. بۆیە مرۆڤ لەخەونەکانیدا “سێکس دەکات”، “دەکوژێت”، “یاخی دەبێت”. چرکەساتی دووەم، نەبوونی چاودێری ئەویترە، واتا، نۆڕم و ترادسیۆن و مۆڕاڵی کۆمەڵەکی.
ئێمە لە منداڵیدا، کاتێک بەڕۆژوو دەبووین و برسێتی هروژمی بۆ دەهێناین، پەنامان دەبردە بەر توالێت، بۆ ئەوەی پارویەک نان بخۆین. ئەزموونی ئێمە لەگەڵ توالێتدا، زیاتر لەچرکەساتی دەسپەڕ لێدانەوە دەستپێدەکات، نەک ڕۆژوو شکان.
بەڕوونکردنەوەی چەمکی دەسەڵات و پەیوەندیەکانی دەسەڵات بەجەستەوە، زیاتر پەیوەندی مرۆڤ و تەوالێت ڕوونتر دەبێتەوە. “ژان پۆڵ سارتەر” لە کتێبی بوون و نەبووندا، بەم شێوەیە لەبارەی جەستەوە دەدوێت:(“من بە لەش هەم” ئەمە یەكەم ڕەهەندی بوونە، “كەسانی دیكەش لەشم دەناسن و بەكاری دەهێنن”، ئەمە دووەم ڕەهەندی بوونە”). واتا: جەستە جگە لە ڕەهەندی بوونەكەی وەك بوون كە شوێنێك لە بۆشایی داگیردەكات، ئەوا خاوەنی ڕەهەندێكی ترە كە بریتیە لەوەی كاریگەری لەسەر دەوروبەری دادەنێتو بەهەمان شێوەش دەكەوێتە ژێر كاریگەرییەوە. فۆکۆ وتەنی: ( دەسەڵات لە جەستەی مرۆڤدایە، چونکە جەستە لەهەموو کات و شوێنێک ئامادەیی هەیە، دەسەڵات بەبێ شوێن و کات بوونی نیە.) دەسەڵات لەدیدی فۆکۆ وە پەیوەندیەکی نابەرامبەرە لە نێوان دوولایەندا. واتا ئەوی دەسەڵات دار، هەیمەنەو مومارەسەی دەکات بۆ دیسپیلن کردنی جەستەی ئەوی بێ دەسەڵات، شوێنەواری دەسەڵات هەمیشە لە جەستەدا دەمێنێتەوە.
بۆنموونە لە پەیوەندیە سۆزداریەکانیش پەیوەندی هێز و دەسەڵات بەئاشکرا دەبینین، دوو مرۆڤ لەپەیوەندی خۆشەویستیدان، ئەوی یەکەم هەوڵی داگیرکردنی جەستەی ئەوی تر دەدات. داگیرکردن تەنها بەرئەنجامی سەرکوتکردن و هێزی فیزیکی نیە، بەڵکو ئەوی تر، لە پیناوی بەدەستهێنانی ئاسایش و بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی دەستبەرداری ئازادیەکانی دەبێت.
“فۆکۆ” پێ ی وایە، دەسەڵات لە جەستەدایە، فۆكۆ” سەبارەت بە دیسپلینی جەستەیی ڕای وایە كە جەستەی مرۆڤ لەم كاتەدادەخزێنرێتە ناو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، كە هەڵدەلوشێ، تێكدەشكێنێ‌‌و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە، دیسپلین جەستەیی ملكەچو گوێڕایەڵو ئامادەی قبوڵ كردنی دیسپلینی زیاترو دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات، بەر لە سەردەمی مۆدێرن سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا تاكە كەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتوانە، واتە: دەسەڵاتی دیسپلینی تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە. یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنترۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەداتو هەموو دانیشتوان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچ كردنو لارەملێی تاكەكانو فراوان بوونی دەسەڵاتەكەی،پێویستبوو گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەنو جوڵە ڕێساو یاسایان بۆ دروست بكرێ‌‌و بێوەستان سودیان لـێ وەربگیرێ، هەر بۆیە تەكنەلۆژیاو تەكنیكەكانی دیسپلین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر، دەست پێوە گرانە تر، بەش بەشكەرتر، هونەری تر، دیارترو قازانج خوازانە تر دەبن.
پەیوەندیەکی نزیک لە نێوان “سارتەر و فۆکۆ”دا هەیە، یەکەم مرۆڤ بە لەش هەیە. دووەم: دەسەڵات لەجەستەدایەو بەسەر جەستەدا پیاده دەکرێت. کەواتە مرۆڤ بۆ ئەوەی جەستەی لەچاودێری ئەویتر، ڕزگار بکات، بەدوای نهێنی ترین شوێندا دەگەڕێت. ناچارم زیاتر لەسەر چەمکی دەسەڵات ڕابووەستم، چونکە تێگەشتنی تاکی کوردی، تەنها لە دەسەڵاتی سیاسیدا کوورت دەبێتەوە، بەپێچەوانەوە، یەکەمین دەسەڵاتی پێش دەوڵەتی دەسەڵاتی خێزانە. وەکو ئەوەی “ئەریک فرۆم” (لەکتێبی هەڵهاتن لەئازادی) ئاماژەیی پێکردووە، مرۆڤ بەسرووشت ئازادە، بەڵام بەهۆی توانای زاڵنەبوونی بەسەر هێزەکانی سرووشتدا، چاوپۆشی لەبەشێک لە ئازادییەکانی دەکاتو ملکەچ و لارەگوێێ خێزان دەبێت.)
خێزان یەکەمین دامەزراوەی سەرکوتکەرە، کە توانایی چاودێرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی هەیە. منداڵ هەمیشە دەیەوێت، بەشێک لە ئازادییەکانی بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام ئەوە ئەستەمە، بۆیە پەنا دەباتە بەرنهێنی ترین درزی ژیان، بۆ خالی کردنەوەی غەریزەکانی. ئەوە یەکەمین ئەزموونی ئێمەیە لەگەڵ توالێتدا. جگەرەکێشان، دەسپەڕلێدان، تەوالێت دەبێتە نهێنی ترین، پەناگە بۆ شاردنەوەی جەستە لەچاودێرێکردنی ئەوی تر.
تەوالێت، تەنها سەرەتایەک نیە، کۆتایی هەبێت، بەڵکو بەرکەوتەیەکی ئەزەلییەو بۆ هەمیشە شوێنی خالیکردنەوەی غەریزەکانی مرۆڤە. با بڕێک بچینە پێشتر، بەو وتەیەی “ڕۆسۆ” دەست پێدەکەین کە دەڵێت؛(مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت، بەڵام لەهەموو شوێنێک دیلکراوە). واتا مرۆڤ لەژێرکۆمەڵێک کۆتوبەندایە، بەناچاری ئەو ڕۆڵە دەگێرێت، کۆمەڵگا بەسەریدا سەپاندوویەتی. لە قۆناغی دووەمدا، دەسەڵاتەکان جیاوازە، دەسەڵاتێکی مۆنۆپۆڵی چڕ ئامادەیە، دەسەڵاتێک لەڕێگەی دەزگایی سیخوڕی و دامەزراوەی تێکهەڵچنراوەوە، خۆی مومارەسەدەکات. زۆرجاریش جومگەکانی دەسەڵات تەنها پۆلیس، ئاسایش، دەزگایی سیخوڕی نین. بەڵکو پۆلیسەکانی خودا و پۆلیسەکانی ئەخلاق و پۆلیسەکانی خێزان بەشدارن. کاتێک دەسەڵاتێک کۆی جموجۆڵەکانی جەستەی مرۆڤ کۆنتڕۆڵ دەکات لەڕێگەی تەلەسکرین و دەزگایی سیخوڕی و پۆلیسییەوە، مرۆڤ بۆ خالیکردنەوەی دوو شت، پەنا دەباتەوە بۆ توالێت، یەکەم؛ غەریزەکەبتکراوەکانی لە تەوالێدا خالی دەکاتەوەو لەڕێگەی جوێنەوە ڕەخنەکانی ئاڕاستەی ڕژێمە کلتووری و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان دەکات. خاڵی دووەم؛ تەوالێت دەبێتە، مینبەری گوزارشتکردن لە شوناس. زۆرجاریش دەبێتە مینبەرێک بۆ هۆشیاری سیاسی و ڕەخنەی ئایینی و ڕەخنەکردنی دەسەڵاتەکان.




مێژووی فەلسەفە و قۆناغەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ.. نووسینی: ئاراس سەعید

فەلسەفە چیە؟

ئێمە کاتێک دەربارەی چیەتی فەلسەفە دەپرسین، پرسیارێکی فەلسەفیانە ئاڕاستەی هزرمان دەکەین، کە لە چیەتی فەلسەفە دەکۆڵێنەوە. پرسیارێک کە دەروازەو پانتاییەکی فراوانمان لە بەردەم واڵادەکات، بۆ ڕووچوونە نێو ڕیشەو جەوهەری فەلسەفەوە. فەلسەفە هونەری پرسیارکردنە، یاخود وەڵامدانەوەی ئەو پرسە قوڵانەیە کە لەزیهنماندا درووست دەبن، لە قۆناغەکانی تری بیرکردنەوەی مرۆڤدا، بەشێواز و میتۆدی ئەفسانەیی و ئایینی وەڵام دراونەتەوە.

پرسیارکردن دەبارەی چیەتی فەلسەفە، وەکو هەر پرسێکی تری ئەقڵانی پێویستی بە میتۆدی ئەقڵانی و ژیربێژی و پێشکەشکردنی ئارگۆمێنتە بۆ پشتراستکردنەوەی وەڵامەکانمان بە ئارگۆمێنتی ئەقڵانی. فەلسەفە هونەری پرسیارکردنە، کاتێک ئێمە لە چیەتی فەلسەفە دەپرسین، پرسیارێکی فەلسەفیانەمان وروژاندووە، بۆیە هێندە سادەوساکارنیە، وەڵامێکی ئامادەمان بۆ ئەو پرسە فەلسەفیە هەبێت، چونکە فەلسەفە، بریتیە لەکۆی ئەو پڕۆسێسە مێژووییەی کە مرۆڤ لە ڕێگەی میتۆدی ئەقڵانی و فەلسەفیانەوە، بیر لە سروشت و بوون و دیاردە نادیارەکانی جیهان دەکاتەوە. هەرچەندە فەلسەفە مێژووییەکی سێ هەزار ساڵەی قۆناغەکانی تێڕامان و تێفکردنی ئەقڵانی مرۆڤە، فەلسەفە پانتاییەکی فراوانیش داگیردەکات لە سەرجەم کایە زانستیی و کلتووری و سیاسی و ئایینیەکانی مێژووی مرۆڤدا، بۆیە سادەو ساکار نیە، بەبێ میتۆدێکی مێژووی و گەڕانەوە بۆ ناو ئەو کۆنتێکستە مێژووییەی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە تێدا سەرهەڵدەدات و لێکۆڵینەوە لەکۆی ئەو قۆناغە ژیاریانەی ژیانی مرۆڤ ئەستەمە لە مرۆڤ و تێڕامانی مرۆڤ تێبگەین، چونکە مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتی مێژووییە. مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ، پەیوەستە بەو قۆناغە ژیاریانەی کە لەبەرەبەیانی مێژوودا مرۆڤ لەناو جەنگەڵ و دارستانەکاندا ژیاوە. بۆیە مێژووی “فەلسەفە” بریتەیە لە کۆی ئەو میراتە مێژووییەی تێڕامان و تێفکرنی باوبپیرانمان دەربارەی جیهان و سروشت و بوون، ئەمەش فاکتەرێکە، کە نەتوانین پێناسەیەکی گشتگیر و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفە بکەین، چونکە فەلسەفە پانتاییەکەی مێژوویی لە بیرکردنەوەی مرۆڤ داگیرکردووەو، کاتێک لە چیەتی فەلسەفە دەپرسین، پرسیار دەکەین لەبارەی کۆی ئەو پڕۆسێسە مێژووییەی قۆناغی بیرکردنەوەی مرۆڤ، هەر ئەمەش هۆکارە، کە هەر فەیلەسوفێک لە گۆشەنیگای جیاوازەوە پێناسەی فەلسەفەی کردووە. ئێمە بە میتۆدی مێژوویی دەست بە توێژینەوەکەمان دەکەین بۆ ئەوەی نەکەوێنە نێو دۆگمی مێژووەوە.

فەلسەفە وشەیەکی یۆنانییە، (یۆنان)ی بوونی فەلسەفە ئەو مەفهوومە ناگەیەنێت کە فەلسەفە، موڵکی یۆنانییەکانە، بەڵکو گوزارشتە لە هاوتەریبوونی فەلسەفە لەگەڵ شاردا. نیشتمانی فەلسەفە شارە، چونکە شار شوێنی بەیەک گەشتن و پێکدادانی کلتوور و ترادسیۆن و بیرکردنەوە جیاوازەکانە، بەڵام جگە لە یۆنان شارستانیەتی( نیل و میزۆپۆتامیا و هێندستان و چین) لانکەی سەرهەڵدانی پرسی فەلسەفیانەبوون، ڕەنگە بپرسین بۆچی فەلسەفە لە یۆناندا گەشەیکرد، دواتر وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە. ئێستا با بزانین (فەلسەفە) چیە؟

فەلسەفە( philosophy) زاراوەیەکی لێکدراوی یۆنانییە، لەدوو بەش پێکهاتووە( فیلۆ)٫بەواتای خۆشەویشتی و (سۆفیا)بەواتایی دانایی دێت. هەردوو زاراوەکە بەواتای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت. ٭ یەکەمین کەس ئەم زاراوەیەی بەکارهێناوە (فیساگۆرس) بووە، ئەمەش لەکاتێکدا لێ دەپرسن تۆ کەسێکی دانایت دەڵێت:( نەخێر من کەسێکی دانا دۆستم.) کەواتە: فەلسەفە خۆشەویستەیە بۆ دانایی. ئەگەر فەلسەفە خۆشەویستی بێت بۆ دانایی. فەیلەسووف یان فەلسەفەکار ئەوکەسەیە کە تینوی زانینە. فەیلەسووف ئەوکەسەیە کە زانایە بە نەزانین و تێنوی زانینە. وەکو “سوکرات” دەڵێت؛” من دەزانم، کە نازانم”. هەرچەندە فەلسەفە بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتی بۆ بکرێت، بەڵام لە دیدی منەوە( فەلسەفە لە گشتایەتی خۆیدا هونەری پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی شتەکانە، لە ڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی فاکتە شاراوەکان). وەکو سوکرات دەڵێت:” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە واتایی ژیانی نیە”. واتا ئەو ژیانە ساختەیەی کە لەسەر بونیادی ترادسیۆن و زانیارییە ساختەکان بونیادنراوە پێویستە تاقیبکرێتەوەو لە ڕێگەی نەشتەری ڕەخنەوە شیبکرێتەوە. فەلسەفە فرەڕەهەندە و پەیوەستە بەو کۆنتێکستە مێژووییەی ژیانی مرۆڤەوە کە تێدا ژیاون و بیرکردنەوەیان پەیوەستە بەو فاکتە کۆمەڵایەتیانەوە. هەرکات بەر چەمکی مێژووی فەلسەفە دەکەوین، ڕاستەوخۆ ئاوەز و بیرکردنەوەمان دەچێتەوە بۆلای مێژووی (گریک) شارستانیەتی یۆنان. ئەویش بەهۆی ئەوەی بۆیەکەمین جار ئەڕستۆ لەکتێبی میتافیزیک ئاماژەیی بۆ “تاڵیسی ماڵتایی” کردووە، کە وەکو یەکەمین فەیلەسوف لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت و زۆربەی فەیلەسوفان کۆکن لەسەر ئەوەی فەلسەفە لە تاڵیسەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئێمە ناکەوێنە ژێرجەبر و کاریگەری دۆگمانەی مێژووەوە. (تاڵیسی ماڵتایی) جەختکردنەوە نیە، لەسەر بە یۆنانی کردنی (تاڵیس)، بەڵکو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیتر بەشێوەیەکی نوێ بیری لەسروشت کردۆتەوە جیاواز لە بیرکردنەوەی (میتۆلۆژیا و میتۆس).٭بەپێ سەرچاوە مێژووییەکان تاڵیس (585) زاینی ژیاوە. بەمانایەکی دی لەو ساڵەدا بیرکردنەوەی فەلسەفەیانە لەیۆنان سەری هەڵداوە. بەڵام شتێکی ئاشکرایەو ئارگۆمێنتە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن. فەلسەفە لە پێش تاڵیسەوە، لە ناوچەکانی تری جیهاندا دەبینرێت، بۆ ئەمەش گەلێک ئارگۆمێنت لە ئاردان، کە ڕونی دەکەنەوە ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیانەی لەیۆناندا باوبوون، لەناوچەکانی تردا هەبوون. یاخود هاوشانی یۆنانیەکان سەری هەڵداوە، وەکو مەڵبەندەکانی خۆرهەڵاتی لە (هیند و چین و میسر و بابل و ئێرانیەکان). ئەگەر ( تاڵیس ساڵی 585 پ ز) ژیابێت، ئەوا بوودا ساڵی ( 500 پ ز) و، کۆنفۆشویس (550پ ز) و، زەردەشت ساڵی (550) ژیاون. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە، بۆچی “فەلسەفە” لە لەشارستانیەتەکانی تردا لە گەشەکردن وەستاو، لە یۆناندا گەشتە لووتکە. بەهۆی بوونی چەمکی ڕەخنەوە لە یۆناندا، چونکە ڕەخنە یارمەتی هەڵوەشاندنەوەو ئاشکراکردنی کەمورکورتیەکانمان دەدات لە بیرکردنەوەماندا. هۆکارێکی تر بوونی ئازادییە، فەلسەفە هاوتەریبە لەگەڵ ئازادی و هەرنیشتمانێک ئازادی تێدا نەبێت، فەلسەفە تێدا ناژیت. ئاشکراشە، کە یۆنان شوێنی لە دایکبوونی دیمیوکراسیە. هۆکارێکی تر، بەهۆی تێنەپەڕاندنی دۆگمەکانی ئایین و نەبوونی ئازادی لەناو گەلانی تردا، بەراورد بەشارستانیەتی یۆنان. شتێکی ئاشکراشە، فەلسەفە هەمیشە یەکانگیرە لەگەڵ ئازادی و لە ژینگەیەک نامێنتەوە ئازادی بۆ ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە فەراهەم نەکات.

دوو: هزرینە پێش فەلسەفیەکان

مێژووی قۆناغەکانی هزری مرۆڤ، لە پەیوەندیەکی چڕدا یەکتری تەواودەکەن و هەر قۆناغێک تەواوکەری قۆناغی پێشخۆیەتی، ئەمە بەواتای مێژوو پەرستی نا، بەڵکو کەڵەکەکردنی بارگراوندی زانیاری ئێمەیەو دەبێت داشمانبڕێت لە قۆناغەکانی پێشخۆمان، وەکو مارکس دەڵێت؛” فەیلەسووفەکان لە پێشووتردا سەرقاڵی لێکدانەوەی جیهان بوون، بەڵام ئەوەی گرنگە گۆڕینی جیهانە”. واتا مێژووی فەلسەفە دووبارەکردنەوەی نیە، بەڵکو ئیدارکردن و ڕەخنەکردنی قۆناغەکانی پێشخۆیەتی تا داهێنانی نوێ بهێنێتە ئاراوە. بۆ ئەوەی ئاشنایی ئەو چرکە ساتە مێژووییە بین، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆنتێکستە مێژوویانەی قۆناغی ژیاری و تێڕامانی مرۆڤ و ئەو گۆڕانانەی بە پیێ قۆناغە مێژووییەکاندا بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیون. سەرەتا کە بەبێ تێگەشتن لە سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ ئەستەمە لە مێژووی فەلسەفە و بیرکردنەوەی مرۆڤ تێبگەین. مێژوو نوسان کۆکن لەسەر ئەوەی قۆناغەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ و سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ پشت بەچوار قۆناغ دەبەستێت. (قۆناغی میتۆلۆژی، قۆناغی ئایینی، قۆناغی فەلسەفی، قۆناغی زانستی). پێش ئەوەی لەو قۆناغانە بکۆڵینەوە دەبێت بپرسین مرۆڤ چۆن زانین وەردەگرێت. ئەو زانیاریانەی لەناو زەین و هزرماندا دێن و دەچن، لە کوێ زەینمانەوە دێت؟ مێژووی مرۆڤ بریتیە لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان. وەکو مارکس دەڵێت، مێژووی بریتیە لە پێکدادانی چینەکان. ئەمە خوێندنەوەیەکی ماتڕیاڵیزمانەی مێژووییە، بەڵام ئارگۆمێنتە ئەنطرۆپۆلۆژیی و سیۆسیۆلۆجیەکان پشتڕاستی ئەوەمان بۆ دەکەنەوە سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ بریتیە لە ئەزموونکردنی ئەو قۆناغە ژیارییەی کە مرۆڤ لیان ورد دەبێتەوە.

٭ بیرکردنەوەی ئەفسانەیی،(میتۆلۆژیا):

ئەفسانە وەکو ژانرێک لە دەربڕین و چالاکی زەینی لە کلتووری هەموو گەلانی جیهاندا دەبینرێتەوە. ئەفسانەکان ئەو شێوازە بیرکردنەوە سەرەتاییە کە لەناو هەموو گەلانی جیهاندا هاوبەشن. میتۆلۆژیا لە مەفهومە مێژووییەکەیدا هەر داستانێک دەگەیەنێت کە چیرۆکێکی پیرۆز دەگێڕیتەوە پاڵەوانی چیرۆکەکانیش لەخوداکان، کەسایەتیە نامرۆییەکان پێکهاتوون. “ڕێبوار سیوەیلی” بەم شێوازە پێناسەی بیرکردنەوەی ئەفسانەیمان بۆ دەکات(وێناکردنی مرۆڤە بۆ چۆنێتی دەسەڵاتە باڵاکانی سەرووی خۆی، کە بەرهەمێنەری خەیاڵی گروپ و هێماو یادەوەری هاوبەشە). هەروەها “دکتۆر ڕەهبەری محمود زادە” بەم شێوازە میتۆلۆژیا پێناسە دەکات( شێوازێکە لەبیرکردنەوە، لە بارەی ڕوداوەکان و دیاردەکان، کە هۆکاری ڕودانی دیاردەکان لەچوارچێوەی هێزێکی نادیار و “سەروسروشتەوە” تەتەڵە دەکات، بەشێوەیەک هۆکاری ڕودانی دیاردەکان دەبەستێتەوە بەهێزێکی نادیارەوە.)

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بریتیە لە چیرۆکێک لەبارەی خودا یان بوونەوەرێکی ئەفسانەیی لە بارەی سەرچاوەی جیهان. یان سەرچاوەی جیهان چیە و میتۆلۆژیا دەپرسی شتەکان بۆچی وان. وەکو: (مار بۆچی دەستی نیە،یان فڵان بونەوەر بۆچی وایە.) لە کتێبی پەیمانی کۆندا بەم شێوەیە وەڵامی ئەو پرسە دراوەتەوە، “کاتێک شەیتان دەچێتە بەهەشت بۆ فریودانی حەوا، لەشێوەی مار ڕۆیشت، بۆیە خودا بڕیاڕی دا تا جیهان ماوە بێ دەست و لاق بێ”. ئەفسانەکان خالین لە (کات و شوێن) ئەوەش فاکتەرێکە کە ئەفسانەکان لەناو گەلانی جیهاندا دووبارە دەبنەوەو گەلانی جیهان هاوبەشن لە ئەفسانەکاندا، بۆنمونە، ئەفسانەی باوک کوژی، لە کلتووری یۆنانیدا ئەفسانەی ئۆدیبمان بەرچاو دەکەوێت، لە شارستانیەتی دووئاوانیش ڕۆستەم و زۆراب. “ئەلیکساندەر گەربۆڤیسکی” لە کتێبی نهێنی کۆنترین مێژوودا، ئەوەی بۆ ڕونکردووینەتەوە کە ئەفسانەکان لە کلتووری زۆربەی گەلانی جیهاندا دووبارە دەبنەوە، وەکو ڕووداوی لافاوە مەزنەکە، یان ئەفسانەی ئادەم و حەواو….هتد

میتۆلۆژیا لە شێوازی بیرکردنەوەی ئایینیەوە نزیکەو زۆرجار چڕدەبنەوەو لەهەندێک شوێنیش دەکشێن. ئەفسانەکان بەشێکین لەو چرکە ساتەی کەمرۆڤ لەژیانی خۆیدا بۆ کەشفکردنی ڕووداوەکان پشتی بەستووە بە هێزە نادیارەکانی دەرەوەی سرووشت، یان درووستکردنی هێزێک لەسەرووی هێزی مرۆڤەوەوە. بەشێکی زۆری داستان و ئەفسانەکان بەسەر دوالیزمەی خێر و شەڕدا دابەشبوون. بۆ نمونە داستانی سیمیرخ کەخواوەندی خێربووە. لەهەندێک ناوچەی تریش خوداوەندنی شەڕ. مرۆڤ لەژیانی خۆیدا لەو شتانەی ترساوە قوربانی بۆ داوەو لەڕێگەی ئەفسانە هۆنینەوە پیرۆزی کردوون. بۆ ئەوەی ئەفسانە لەگەڵ بیرکردنەوەی ئایینی تێکەڵ نەکەین، لەبەشی داواتردا لەسەر ئەم خاڵە دەوەستین، چونکە (ئەفسانەو ئایین) لە زۆر شوێندا هێندە چڕدەبنەوە، کە ئەستمە لە یەکتری جودایان بکەینەوە.

٭بیرکردنەوەی ئایینی:

تیۆریی ئیپستمۆلۆژیا سەرچاوەکانی زانینی میتۆلۆژی و ئایینی لێکجودا دەکاتەوە، چونکە ئایین و میتۆلۆژیا لەشکڵدا لە یەکتری دەچن و لەناوەڕۆکیشدا چڕدەبنەوە، بەڵام هەریەکێکیان لەناو شێوازەکانی بەرهەمهێنان و قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤایەتی سەردەردەکەن، کە هیچیان سەردەمە تارییکەکانی جێ نەهێشتووە. ئەگەر لە قۆناغی میتۆلۆژیادا بیرکردنەوەی مرۆڤ لەناو خودی سروشت و جیهاندا ڕاوەستابێت، ئەوا بیرکردنەوەی ئایینی سنورەکانی زەویی و جیهان بەجێ دەهێڵێت، ئەگەر ڕێخەری بیرکردنەوەی مرۆڤ لە قۆناغی میتۆلۆژیادا وێناکردنی مرۆڤ بێت بۆ چۆنێتی دەسەڵاتە باڵاکانی سەرووی خۆی، لەسەرەتایی بیرکردنەوەی ئایینیدا هەمان شێوازی بیرکردنەوەو بەرهەمهێنان جیاوازە. چونکە لەقۆناغی میتۆلۆژیدا، ویناکردن و بیرکردنەوەی ناو زەینی مرۆڤ بە هاوتەریبوون لەگەڵ قۆناغەکانی ژیاندا وێنایی کردووەو بیری لێکردوونەتەوەو ئەفسانەو داستانی بەرهەمێناوە، بەڵام بیرکردنەوەی ئایینی باوەڕهێنانە لەسەر بنەمایی گەورەکردنی پانتاییەکی پیرۆز و بچوکردنەوەی خود. واتا پەیوەندی (مرۆڤ و خودا).

لەگەڵ گۆڕانی شێوازەکانی بەرهەمهێناندا، ئایینە ئیبراهیمیەکانیش پەیدابوون. ئەمەش پەیوەندیەکانی مرۆڤ لەجیهانی خۆیەوە پەڕاندەوە بۆ میتافیزیک و جیهانی ئەوپەڕ سروشتی. لێرەوە دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان زانینی میتۆلۆژیا وەکو زانینێکی زەمینی ناسراوە و زانینی ئایینی وەکو زانینێکی ئاسمانی ناسراوە. ئایین جگە لەوەی قۆناغێکی تایبەتە لەبیرکردنەوەی مرۆڤ و ڕێخستنی توانا زەینیەکانی لەچوارچێوەی میتافیزیکدا، کەچی ڕەگەزێکی میتۆلۆژیی تێدایە، چونکە مێژوو نووسان کۆکن لەسەر ئەوەی کاتێک بۆ دوورترین مێژووی پنتی شارستانیەتەکان بڕوانین، لە هەموو شارستانیەتێک ئایین ئامادەگی هەیە. بۆیە ئایین و میتۆلۆژیا زۆر چڕن و لە هەندێک قۆناغدا هاوتەریبن و نزیک دەبنەوە، کە ئەستەمە جودای بکەینەوە، بەڵام تیۆریی ئیپستمۆلۆژیی هاوکارمانە، کە لە میتۆدەکانی زانین دەکۆڵینەوە. لەدیدی منەوە، جیاوازی ئایین و میتۆلۆژیا لەسەر دووشت وەستاوە. یەکەم میتۆلۆژیا وێناکردنی زەینی مرۆڤە، کە وێنانی شتەکانی دەوربەری دەکات. بەڵام میتۆدی ئایینی لەسەر بنەمای باوەڕهێنان بە خودایەک ڕاوەستاوە. هەرچەندە چەمکی خودا زادەو وێناکردنی ناو زیهنی مرۆڤ خۆیەتی، بەڵام ئایین کاتێک پەیوەندیەکانی لەسەر بنەمایی باوەڕهێنان دەچەسپێت، چیتر وردبوونەوەو ڕەخنەو تێڕامان دەبنە تاپۆ. مرۆڤ لە قۆناغەکانی سەرەتایی ژیانیدا، توانایی تێڕمانی ئەوەندە بووە، دیاردە و هۆکاری ڕودانی شتەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ هێزێکی نادیار. ئەو شتانەی تووشی فۆبیاو واقوڕمانی کردووە، قوربانی بۆ داون پەرستوونی. بۆ تێگەشتنی زیاتر لە قۆناغی بیرکردنەوەی ئایینی و چرکەساتی درووستکردنی خودا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە ڕادەوەستین.

ئایینی تەوتەمی:

تەوتەمیزم بە یەکەمین سیستمی ئایینی دادەنێرت لە مێژووی مرۆڤایەتی. تەوتەمیەت سیستمێکی ئایینی و خێڵایەتیە، واتا ئاینی گروپە سەرەتاییەکانە کە ژیانی دوونیایی خۆیان لەسەر ڕێکخستووە. زانستی ئەنتثرۆپۆلۆژیا، فاکتەری پەرستنی تەوتەم دەگەڕێێنەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنان و ژیاری سەرەتایی مرۆڤ. بەپێ قۆناغە مێژووییەکانی ژیانی مرۆڤ، قۆناغی دارستان یەکەمین قۆناغی ژیاری مرۆڤە، باوباپیرانی ئێمە لە جەنگەڵەکاندا ژیاون و بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان پشتیان بە کۆکردنەوەی سەرەتایی و ڕاوکردن بەستووە. مرۆڤی سەرەتایی بەهۆی مەترسیان لە دیاردەو شتەکانی دەوروبەریان ئەو دیاردانەی لیان ترساون بەتەوتەم گرتوویانە و پەرستویانە. زیاتر ئاژەڵی دڕندە یان ڕووەک بەتەوتەم گیراوە. ڕوونە مرۆڤ بە هۆی توانایی زاڵنەبوونی بەسەر سروشتدا، ئەو هێزانەی دەوربەری کە لێیان ترساوە، قوربانی بۆ داون و پەرستوونی. تەوتەم خودای گروپەسەرەتاییەکان بووە، کە پیان وابووە دەتوانن “مانایی” لێوەربگرنەوە. واتا هێزی خودایی، هێز لەتەوتەمەکە وەردەگرنەوە. داتاشینی خودا بەرهەمی ئەو شێوازەیە لە ژیان و بەرهەمهێنان و بەپێ قۆناغە ژیارییەکانیش دەگۆڕین. بۆ نمونە لە دۆڵی میزۆپۆتامیا خوداوەندی دایک پەرستراوە، ئەوەش بەهۆی شێوازی بەرهەمهێنانەوە کە دایک خولقێنەر بووەو وەچەی بۆخستوونەتەوە.

مرۆڤ چۆن خودای درووستکرد:

(خودا مرۆڤ درووستناکات، ئەوە مرۆڤە خودا دروستدەکات)

کاڕڵ مارکس

ئەم توێژینەوەیە بە میتۆدێکی ماتڕیالیزم نوسراوەتەوەتەوە و هەوڵمداوە، لە فاکتە دەرەکییەکانی مێژووەوە، خوێندنەوە بۆبابەتەکان بکەین. لێکۆڵینەوە ئەقڵانییەکانی مرۆڤ دابەشدەبن بەسەر دوو جۆر لێکۆڵینەوە( زانستی و فەلسەفی) لێکۆڵینەوە فەلسەفەیەکان بە میتۆد و تیۆرێکی گەردوونی لە بابەتەگشتیەکانی وەکو (بوون، جیهان، سروشت، مۆڕاڵ، عەدالەت) دەکۆڵێتەوە. هەروەها کاری زانست، بریتیە لە لێکۆڵینەوەی تاکایەتی، بۆ دروستکردنی ڕیسا و میتۆدێک بۆ گریمانەکردنی ئەنجامەکانمان و کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان. بەڵام مرۆڤ وەکو سوبێکت، ناچێتە ژێر میتۆدی زانستیی و گشتیەوە، بەڵکو لە ڕێگەی زمانەوە شوناسی مرۆڤ ئاشکرادەبێت. مرۆڤ ئۆبێکتیڤی زمانە، وەکو ئارێنت دەڵێت: “زمان ئامڕازێکە بۆ ئاشکراکردنی شوناسی مرۆڤ”، زمان جگە لەوەی ئامڕازێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان تاکەکان، ئامڕازێکە بۆ ئاشکراکردنی ئەو فاکتە ڕاستەقینانەی، کە لەپشت ڕەفتاری مرۆڤدا خۆیان شاردۆتەوە. زمان یارمەتی پڕۆسەی دیالەکتیک دەدات لەنێوان (زیهن و خود) سەبجێکت و ئۆبجێکت. بۆیە لەم توێژینەوەدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو فاکتە مێژویانەی خودای تێدا دروست دەبێ لەزیهنی مرۆڤدا، وە لەناو زماندا ئەو فاکتانە دەدۆزێنەوە، کە خودا وەکو ئۆبجێکتی زیهینی مرۆڤ بە میتۆدێکی ماتڕیاڵیزمی ئاشکرا دەکەین، چونکە مێژوونوس توانای دۆزینەوەی فاکتە ڕاستەقینەکانی مێژووی نیە، کە لەپشت کردەی مرۆڤەکانەوە خۆی شاردۆتەوە، بەڵکو دیالەکتیک و زمان هاوکارن بۆ دۆزینەوەی فاکتەکان بە هاوکاریی میتۆدی ئابوری و سۆسۆلۆجی و مێژوویی.

ئارگۆمێنتە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ پشت ڕاستدەکەنەوە، کە مرۆڤی سەرەتایی سەرەتا لە جەنگەڵ و دارستانەکاندا ژیاون و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیانیان پشتیان بە سرووشت و جەنگەڵ بەستووە. بەڵام بەهۆی لاوازی مرۆڤ بەرانبەر سروشت و شتەکانی دەوروبەریەوە، بەگشتی کاتێک مرۆڤ درکی بەجیهان و شتەکانی دەوروبەری کردووە تووشی واقوڕمان و ترس بووە، کەبێ توانایە بەرانبەر هێزە سروشتیەکان، بۆیە پەنای بردووە بۆ دروستکردنی هێزێکی باڵاتر لە؟خۆی ئەویش دروستکردنی خودایە.

“دیڤد هیۆم” فەیلەسوفی ئەزموونگەرایی سەربارەت بە ئادیای زگماک دەڵێت: (هیچ ئادیایەکی زگماک بوونی نیە، بەڵکو هەموو زانیارییەکانی مرۆڤ، لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوەیە)، وەکو ئەزموونگەراکان دەڵێن:(زیهنی مرۆڤ وەکو کاغەزێکی سپی وایە، لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوە زانیاریەکان تۆمار دەکات). ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە خودا هیچ نیە، جگە لە ئەزموون و زادەی ئەو شیوازەی ژیارییەی کە مرۆڤ لە قۆناغێکی مێژوویدا ژیاوە. “فۆیەر باخ” گوتەنی:(ئەگەر مرۆڤەکان باڵیان هەبوایە، باڵیان بۆ خوداکانیان درووست دەکرد). کەواتە خودا وێناکردن و ئەزموونکردنی خودی مرۆڤە لەگەڵ دەروبەرو جیهاندا. مرۆڤی سەرەتایی ئەو شتانەی بەتەوتەم گرتوون، کە ڕۆژانە بەری کەوتوون، وەکو ترسان لە ئاژەڵی دڕندە و کارەساتی سروشتی و هەور و بارانیان کردووە بەتەوتەمی گروپەکەیان. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە پەیدابوونی خودا لەزیهینی مرۆڤدا، ئایدیایەکی پێشینی نیە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەزموونکردنی شتەکانەوە، لەیادگەیدا ماونەتەوە و فۆڕمی خودایان لێ داتاشیوە. بۆنموونە: فریشتە لە ئاینە ئاسمانیەکاندا، تێکەڵەیەکە لە ئایدیا ئەزموونکراوەکانی مرۆڤ، وەکو بونەوەرێکی باڵدار و پیاوێکی گەورە و هەموو ئەم زانیاریانەی لە پێشودا ئەزموونکردووە.

ناو و فۆڕمی خودا، بریتیە لە ئۆبێکجێتیڤی زیهنی مرۆڤ، مرۆڤ خوداکان بەو شێوە بەرهەم دەهێنی، کە لەزیهینی خۆیدا هەن. بۆیە بوونی خوداکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. لە ناوچەکانی دۆڵی دوو ئاوان و سۆمەرییەکان، خودای دایک پەرستراوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەو چرکەساتەدا، پێویستی بە نەوەخستنەوە بووە، بۆ کاری کشتوکاڵ، کەچی لە میسر خودای خۆر و لە ئەفریقا تەوتەم و ڕوەک. دواتریش خودایی ئایینە ئیبراهیمیەکان، کە سیفەتەکانی هەمان ئایدیا پێشینیەکانی زیهنی مرۆڤن. وەکو: ناوەکانی خودا لە قورئانی ئیسلام. گەزنەفۆن دەڵێت؛ (حەبەشییەکان خوداکانیان لەسەر فۆڕمی خۆیان دروستدەکرد، خوداکانیان لووتیان گەورە و ڕوخساریان پانبوو، ئەگەر ئاژەڵەکانیش خودایان دروستبکردایە لەسەر فۆڕمی خۆیان دروستیان دەکرد). مرۆڤ لەقۆناغی سەرەتایی ژیاندا، بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەرەستە و شمەکە ساکارەکانی سروشت و شێوازی ماتڕیاڵی و چۆنێتی ژیانی خۆی، خوداکانی لەزیهینی خۆیدا بەرهەمهێناون.

مرۆڤ لەبەر ئەوەی کاهینێکی کۆمەڵایەتیە و بە گەلی دەژین، خوداکانیان وەکو ڕۆزی بەخش و هێز و توانایی گروپەکەیان تەماشاکردووە، وەکو کۆمەڵگایی تەوتەمیزم، ئەمەش وەکو نەریتێکی بۆماوەیی گوازراوەتەوە بۆ نەوەکانی ئایندەش.

ئایین نەرتێکی کۆمەڵایەتی بۆماوەییە، کە پەیوەندی نێوان هێزێکی باڵاو و مرۆڤە، کە مرۆڤ دروستی دەکات بۆ پاراستن و دورخستنەوەی مەترسیەکانی لەخۆی. هەروەها ئایین ئامڕازێکی کۆمەڵایەتیە بۆ دروستکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان.ئایینەکان چیرۆکێکی ئەفسانەین، کە دەرهاویشتەی زیهنی مرۆڤەکانن، کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە. بۆ نمونە: هیندیەوسورەکان لە حەوزەکانی ئەمازۆن، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان پشتیان بە ڕاوشکار و کۆکردنەوەی خۆراک لەناو جەنگەڵەکان بەستووە. وەکو جۆن کریچەر دەڵێت؛ (هیندیە سورەکان باوەڕیان بە ژیانی دوای مەرگ هەبووە، بەڵام لەدیدی ئەمانەوە چیرۆکەکە جیاوازە، ئەوان پیانوابووە، مرۆڤ دوایی مەرگ، زیندووبۆیەوە بەنەمری لەجەنگەڵدا دەژیت و دەستدەکات بەڕاو کۆکردنەوەی سەرەتایی. بەڵام مەسیحیەکان، کە باوەڕیان وایە، مرۆڤ لەدوای مەرگ دەچێتە بەهەشت و لە پەرداخی زێڕدا شەراب دەخواتەوەو بەهەشتەکەیان پڕە لە کۆشک و تەلاری زێڕین.

یۆڤاڵ نوح گوتەنی؛ (ئایین دروستکردنی چیرۆکێکە، کە هەر گروپێک بەشێوازێک دروستیکردووە و هەریەکەیان دەیەوێت قەناعەت بەوانی تر بهێنێت، کە چیرۆکەکەی خۆی تەواوە) زۆربەی جەنگە ئایینیەکان لە ئەنجامی باوەڕنەهێنانی یەکتری بە چیرۆکە جیاوازەکانەوە خوڵقاوە. بۆنمونە لە کۆتاییەکانی لەسەدەی چواردەهەمدا، کاتێک ئەمریکا دۆزرایەوە لەلایەن پورتوگالیەکان و ئیسپانیەکانەوە. مەسیحیەکان نەیانتوانی باوەڕ بە هیندیە سورەکان بهێنن، کە لە ژیانی دوای مەرگ مرۆڤ لەکۆشک و ڤیلای زێڕیندا شەڕاب و گۆشتی برژاو دەخوات، چونکە ئەوان چیرۆکێکی تریان بۆخۆیان دروستکردبوو، کە جیاوازبوو لەوەی ئەوان و پەیوەندی بەژیانی ماتڕیاڵی ئەوانەوە نەبووە. هیندییە سورەکان نەیان دەزانی پەرداخی زێڕ و ڤیلا چیە.

ئایین نەریتێکی کۆمەڵایەتیە، کە مرۆڤەکان خۆیان دروستی دەکەن. بەڵام ئەم نەریتە لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانیەت و دۆزینەوەی کشتوکاڵدا، دەبێتە ئامڕازێک بۆ فریودان و ڕامکردنی مرۆڤەکان. لە ئایینی مەسیحیدا چیتر پاشا دەبووە نوێنەری خودا و دەبوو هەمووان گوێڕایەڵی بکەن، لە ئایینی ئیسلامیشدا پاشا وەلی ئەمرە و لادان و گوێڕایەڵ نەبوونی تاوانە. ئایینە ئاسمانیەکان هێزەخودیەکانی مرۆڤ دەچەپێنی و وابەستەیی دەکات بەباوەڕهێنان بەشتێکی نادیارەوەو بانگی مرۆڤ دەکات بۆ پشتگوێ خستنی ژیان و ماددە، لەکاتێکدا دروستبوونی ئاینەکان ئۆبجێکتی شێوازەکانی بەرهەمهێنانەو ڕەهەندێکی ماتڕیاڵیزمییە، بەڵام ئایین وەکو ئامڕازێک مرۆڤی نامۆ درووستدەکات لە هێزەخودیەکانی خۆی و کار لەسەر ڕێخستنی ژیان و کۆمەڵگا ناکات. ماکس ڤێبەر دەڵێت:( ئایینە ئاسمانییەکان، تەنها جەخت لەژیانی دوای مەرگ دەکاتەوە، چونکە توانایی ڕێخستنی دوونیایی نیە).

٭بیرکردنەوەی فەلسەفی:

لە بەشەکانی پێشوودا ئاماژەمان بەوەدا قۆناغەکانی مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ تەواوکەری یەکترن، نەک وەکو دووبارەکردنەوەی هەمان قۆناغ، بەڵکو بەپێ ئەو گۆڕانانەی لەشێوازی ژیان و تیفکرینی مرۆڤدا ڕوودەدات بیرکردنەوەی مرۆڤیش گۆڕانی بەسەردا دێت، وەکو ئاماژەمان پێدا مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ تەنها درێژە پێدانی قۆناغەکەی نیە، بەڵکو دەبێت داشی بڕێت. لە قۆناغی “فەلسەفەدا” سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی زانینی مرۆڤ پشت بە میتۆدی ئایینی و تیۆلۆژیی نابەستێت. واتا مرۆڤ جگە لە(ویناکردن و باوەڕهێنان) بەشێوازێکی تر، درێژە بەچالاکییە هزرییەکانی دەدات. ئەقڵ (ئاوەز) ی مرۆڤ، پرسیاردەکات و ڕادەمێنێت و لە ڕێگەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە لە سروشت و دیاردەکان و بوون و مەرگ، دەکۆڵیتەوە.

دووبارە پێویستە میتۆدی ئیپستمۆلۆژیا هاوکارمان بێت، لە لێکۆڵینەوە لەو قۆناغەی کە بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دێتەئاراوەو، تا بزانین سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ پشت بەچی دەبەستێت لەم قۆناغەدا. پێش هەموو شتێک پێویستە ئێمە لە چەمکی لۆگۆس تێبگەین، تا بەرچاومان ڕونتربێتەوەو بە ئاسانی لە فەلسەفە و میتۆدی فەلسەفی تێبگەین.

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ نێو دونیایی فیکر و فەلسەفە، لە ئەنجامی کارلێکی دووچەمکەدا، داهێنانی فەلسەفی گەورە و فەرهەنگی درەوشاوە بەرهەمهاتووە. یەکەم چەمیکی (میتۆس یان میتۆلۆژیایە) لەبەشی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد. دووەم چەمکی (لۆگۆس)ە، لۆگۆس زاراوەیەکی یۆنانیە، بەواتایی، هزر یان ئاوەز دێت، لەزمانی عەرەبیدا بەوشەی (نطق) نوێکراوەتەوە. (د.ڕەهبەری محمود زادە) سەبارەت بە وشەی لۆگۆس دەڵێت؛ ” لۆگۆس لەهەندی وشە دەبێتەوە لەزمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت (لاجیک) یان( لۆجیک). هەروەها دەڵێت؛ ئەو تێرمانەی کۆتای پاشگری لۆجی دێت وەکو؛ (ئیپستمۆلۆجی، سۆسۆلۆجی) لەزاراوەی لۆگۆس، ئاوەزەوە وەرگیراوە. (لۆگۆس) چەشنێکی تایبەت لەبیرکردنەوەیە دەربارەی جیهان، کە ڕووداوەکان و دیاردەکان لە؟چوارچێوەی سروشتی هزر و لۆژیکدا تەتەڵە دەکات. “تەتەڵەکردن” بریتیە لەوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کەمرۆڤ لەقۆناغە سەرەتاییەکانی هزردا ورژاندویەتی. بەشێوەیەکی تر بریتیە لەوەڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەی بە (بۆ) یان(بۆچی) دەست پێ دەکەن. کەواتە مرۆڤ لەم قۆناغەدا سەرچاوەکانی زانینی لەڕێگەی بیرکردنەوەوەیە، بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئەنجامێکی ئەقڵانی بگات پێویستە ئەقڵی جڵەوبکرێت. یۆنانیەکان بۆ جڵەوکردنی ئەقڵ، زانستێکیان داهێنا بەناوی لۆژیکەوە. لەم قۆناغەدا مرۆڤ بۆ وەڵامی پرسیارەکانی پشت بەدیاردە نادیارەکان و پاڵەوان و خودا نابەستێت، بەڵکو دەست دەکات بەچالاکی هزری و بیردەکاتەوە ڕادەمێنی و هەوڵدەدا ئارگۆمێنت بۆ وەڵامەکانی بهێنێتەوە، کە تێنوێتی ئاوەزی بشکێنێت فەلسەفە ئەو قۆناغەیە کە مرۆڤ درێژە بە بیرکردنەوەو دەدات لە ڕێگەی چالاکی لۆگۆسەوە، ئەم شێوازەش دەبێتە هۆی لەدایکبوونی بەرهەمی نوێ ی و جیاواز، لە قۆناغەکانی هزری مرۆڤدا. نامەوێت زۆر لەسەر ئەم قۆناغە بوەستین، لە بەشی کۆتاییی دا زیاتر لەسەری دەوەستین و درێژە بەتوێژینەوەکەمان دەدەین. پاش ئەوەی بەکورتی باسی بیرکردنەوەی زانستیانە دەکەین. بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت، فەلسەفە یەکەمین قۆناغی بیرکردنەوەی ئەقڵانی مرۆڤە، کە بە دایکی هەموو زانستەکان دادەنرێت و زۆرجاریش فەلسەفەو زانست لە پەیوەندی چڕوپڕدان و زۆرجاریش لەیەکتری دوور دەکەونەوە.

بیرکردنەوەی زانستی:

لەم قۆناغەدا بیرکردنەوەی مرۆڤ زیاتر گەشەیکرد، ئەویش بەهۆی دەرکەوتنی زانستی ماتماتیک و ئەستێرەناسی …هتد. مرۆڤ لەم قۆناغەدا پشت بەمیتۆدی زانستی دەبەستێت، ئەویش لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی شتەکانەوە ڕێساو میتۆدێک درووست دەکات بۆ توێژینەوەو کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان لەڕێگەی تیۆریاوە. بۆ نمونە، مرۆڤ لێکۆڵینەوە لە ماددیەک دەکات، کاتێک لەتاقیگەکانی زانستدا ئاسن دەکاتە ژێر تاقیکردنەوە بۆی دەردەکەوێت ئاسن بەهۆی گەرمکردنەوە دەکشێت. زانست تیۆرییا دادەرێژت و کۆنتڕۆڵی شتەکان دەکات لەڕێگەی تاقیکردنەوەی زانستیەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان. پێشووتر پشت بەلۆژیکی ئەڕستۆی دەبەسترا، بۆ دەرهێنانی ئەنجام. بۆ نمونە:

سوکرات مرۆڤە، هەموو مرۆڤێک دەمرێت، کەواتە سوکرات دەمرێت؟ بەڵام زانست پشت بە دیدەکشن دەبەستێت، لە تاکەوە بۆ گشت. زانست پشتی بەلۆژیک دەبەستێت، کاتێک ئاسن لە تاقیگەکاندا تاقی دەکاتەوە بەم شێوەیە دەرئەنجام دەردەهێنت. مس بەگەرمی دەکشێت، ئاسن بەگەمی دەکشێت. کەواتە هەموو تەنەکان بەگەرمی دەکشێن. لە قۆناغی بیرکردنەوەی زانستیدا ژیانی مرۆڤیش گۆڕانی بەسەردا هات و مرۆڤ توانی لەڕێگەی دەستبەسەراگرتنی زانستی ئەزموونیەوە دەستبەسەر سروشتدا بگرێت و ببێت وەکو یۆڤاڵ نوح دەڵێت؛(مرۆڤ بەهۆی زانستەوە، لە ئاژەڵێکی نیو سروشتەوە بوو، بە مرۆڤە خوا.) بیرکردنەوەی زانستی کۆتا قۆناغی بیرکردنەوەی مرۆڤە، کە مرۆڤی کردە بەهێزترین کائینی نێو جیهانەکەی خۆی.

نیشتمانی فەلسەفە:

کاتێک باسی فەلسەفە دەکەین، ڕاستەوخۆ بیرمان دەچێت بەرەو مێژووی یۆنان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەڕستۆ، مێژووی بیرکردنەوەی فەلسەفەیانە دەگەڕێنێتەوە بۆ تاڵیس.

وەک لە بەشی سەرەتادا ئاماژەم پێدا ئێمە ناکەوێنە ژێر جەبر و دۆگمی مێژووەوە. چونکە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا (4000) ساڵ لە شارستانیەتی گریک کۆنترە. “فیساگۆراس” لە بابل ماتماتیکی خوێندووە و تیۆریی ماتماتیکی فیساگۆراس دووهەزار ساڵ بەر لە “فیساگۆراس” بوونی هەبووە. هەروەها میتافیزیکا لە ئایینی دووەمی مووساوە لە میسرەوە دەگاتە یۆنان. چوارسەدە بەر لە زایین یۆنانیەکان میسۆپۆتامیایان ناسیووەو هەر ئەوان ئەوناوەیان بەسەرداوە. جگە لەوەش لەناو شارستانیەتی میسرییەکاندا ماتماتیک و زانستی مۆمیاکردن و نەشتەرگەری مێشکیان زانیووە. ئێمە ئەوەشمان لە بیرنەچێت پاش داگیرکردنی یۆنان لە لایەن ڕۆمانییەکانەوە فەلسەفە لە شارستانیەتی ئیسلامییەوە دەپارێزێت و دواتریش لەڕێگەی توونس و ئیسپانیەوە دەچێتەوە بۆ ڕۆژئاوا. ئێستا پێویستە ببپرسین بۆچی فەلسەفە لە یۆنان گەشەی کرد و شارستانیەتی یۆنانی کردە نیشتمانی مانەوەی خۆی؟

وەکو لە پێشوودا ئاماژەمان پێکرد فەلسەفە لە کلتورێکدا ناژیت کە نەفەسی بیرکردنەوەی ئازاد بخەسێنێت. کەشوهەوای یۆنان ژینگەیەکی دیموکراسی بووەو بەهۆی چەمکی ڕەخنەوە فەلسەفە لەیۆناندا گەشەی کرد. سوکرات دەڵێت:( ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە مانای ژیان نیە) تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەبکرێت و بخرێتە ژێرتاقیگەکانی گومانەوەو ڕەتبکرێتەوە. فەلسەفە یۆنانی کردە نیشتمانی خۆی، بۆیەکەمین جار فەلسەفە لە شارستانیەتی یۆناندا لەلایەن “ئەیونیەکان”ەوە سەری هەڵدا، دوتریش فیساگۆرسیەکان و ئیلییەکان درێژەیان پێدا.

فەلسەفە چیە؟

(فەلسەفە لەبەر ئەوە سەری هەڵدا، چونکە مرۆڤ نەیدەتوانی بیر لەگەردوون نەکاتەوە)

ئەڕستۆ: میتافیزیک

هەرچەندە فەلسەفە بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتی بۆ بکرێت، بەڵام لە دیدی منەوە( فەلسەفە لە گشتایەتی خۆیدا هونەری پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی شتەکانە، لە ڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی فاکتە شاراوەکان). وەکو سوکرات دەڵێت:” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە واتایی ژیانی نیە”. واتا ئەو ژیانە ساختەیەی کە لەسەر بونیادی ترادسیۆن و زانیارییە ساختەکان بونیادنراوە پێویستە تاقیبکرێتەوەو لە ڕێگەی نەشتەری ڕەخنەوە شیبکرێتەوە.(جۆن دیڤد) بەمجۆرە پێناسەی فەلسەفە دەکات:

کۆشێشێکە مرۆڤ بۆڕونکردنەوەی ئامانجە بنەڕەتیەکانی لەژیاندا ئەنجامی دەدات “.

ئەو قۆناغانەی فەلسەفەی پێدا تێپەڕیون:

قۆناغی یەکەم: (پێش سوکرات) لە سەدەی (حەوتی) پ ز، دەست پێ دەکات تا نزیکی نزیکەی (چوار سەدە) ئەم قۆناغە دەگرێتەوە، کە لەبنەڕەتی بوون و ماهیەتی جیهان دەکۆڵێتەوە

قۆناغی دووەم: قۆناغی فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانیە و لەم قۆناغەدا فەلسەفە لەترۆپکی گەشەکردندایە و دووبەرەی دژبەیەک دێنە ئاراوە ئەویش (سۆفستاییەکان) و (فەیلەسوفانی یۆنان). ئەم قۆناغەش دەربارەی کردە مۆڕاڵیەکانی قۆناغی مرۆڤ و ڕژێمی حوکومڕانی و گەردوون و سروشت و پرسە فەلسەفیەکانیان وروژاندووە.

قۆناغی سێیەم (سەدەکانی ناوەڕاست) تاریکترین قۆناغی بیرکردنەوەوەیەو گەشەی مەعریفی چەق دەبەستی ئەویش بەهۆی تێکەڵکردنی فەلسەفە و گونجاندنی لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا.

قۆناغی چوارەم: کە لەڕێنە دیکارتەوە دەست پێدەکات و لە دەستی هێگڵ دەگاتە لووتکە بە قۆناغی فەلسەفەی نوێ ناسراوە لەم قۆناغەدا جیهانی هزر و زانست شانبەشانی پێشکەوتنی پیشەسازی پێشکەوتنێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوەو لەم قۆناغەدا دوو ڕیبازی گرنگی دژبەیەک سەرهەڵدەدن ئەوانیش (ئەزموونگەرایی و ڕاشیونالیست)، پاشان قۆناغی ئایدیالیزم و ماتڕیاڵیزمی ئەڵمانی و دواتریش فەلسەفەی مۆدێرن دێتە ئاراوە. هەریەک لەم قۆناغانەش تایبەتمەندی و خەسڵەتی دیاریکراوی خۆی هەیەو پەیوەستە بەو کۆنتێکستە مێژووییەی تێدا دێتە ئاراوەو کاریگەری لەسەر تێفکرین و بیرکردنەوەی مرۆڤ دروست کردووە.

پرسە فەلسەفیەکان چین:

یەک: ئێمە هەندێک جار دەپرسین بوون چیە، مرۆڤ چۆن درووست بووە جیهان لەچیەوە هاتۆتەبوون، خودا چیە؟

میتافیزیک لقێکی فەلسەفەیە کە وەڵامی ئەم پرسە دەداتەوەو ئەمەش لە تاڵیسەوە دەست پێ دەکات کە لەبنەڕەتی ئەو مادەیە دەکۆڵێتەوە کەجیهانی لێ دروستبووە.

دوو: ئایا ئێمە دەتوانین چی بزانین ئایا مرۆڤ توانایی زانینی سنوردارە یان دەتوانێ تەواوی نهێنێیەکانی جیهان ئەزموون بکات؟ٚ

لقێکی فەلسەفە بەناوی ئیپستمۆلۆژیا وەڵامی ئەم پرسەمان دەداتەوە، لە سوکراتەوە دەست پێ دەکات و لە سەردەستی کاڕڵ پۆپەر دەگات بە لوتکە. وەکو ئەوەی کانت فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت:” من دەتوانم چی بزانم”.

سێ:کام ڕەفتاری مرۆڤ باشە ببێتە مایەی پێکەوە ژیان و ئاسوودەی ئەوانی تر. بۆچی من مرۆڤێکی باشبم؟

فەلسەفەی ئەخلاق ئەو باباتەنانە دەکاتە ژێرپرسیارەوە لە ڕێگەی پرس و دەرئەنجامەکانیەوە وەڵامی ئەو پرسەمان دەداتەوە.

چوار: کام جۆری سیستمی حوکمڕانی دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی ئازادی و ئاسایش و پێکەوە یان چ جۆرە دەوڵەتێک باشە؟

لقێکی فەلسەفە بەناوی فەلسەفەی سیاسییەوە وەڵامی ئەم پرسانەمان دەداتەوەو لەو بابەتانە دەکۆڵێتەوە…..هتد

جگە لەوەی فەلسەفە یەکێکە لەو ئامڕازانەی دەبێتە (موظاف) دەچێتە پێش هەرناوێکی ترەوە و لەو بابەتانەدەکۆڵێتەوە وەکو(فەلسەفەی زمان، فەلسەفەی مێژوو، فەلسەفەی یاسا، فەلسەفەی زانست، فەلسەفەی فەلسەفەو …هتد). بەگشتی فەلسەفە هونەری پرسیاکردن و گومان و تێڕامانە بۆ دۆزینەوە و چارەسەری ئارێشەو گرفتەکان تا ژیانێکی شایستەی و هونەریانە بەسەر بەرین.

Oct 16, 2021
نووسینی: ئاراس سەعید

——————————————-

بەسود وەرگرتن لەم سەرچاوانەی خوارەوە:

1.ئەنوەر نەجمەدین: سەرچاوەی مەعریفە لە میتۆلۆژیا و ئایین و فەلسەفەو ماتڕیالیزمدا.چاپخانەی بیانی چاپی یەکەم 2021

2.ئاراس سەعید: مرۆڤ چۆن خودای دروستکرد، گۆڤاری فاکت، ژمارە5-6..2021

3.ڕێبوار سیوەیلی: ترسان لە فەلسەفە

ماڵی وەفایی چاپی سێیەم 2020

  1. کتێبی پیرۆز: پەیمانی کۆن.
  2. ڕێبوار سیوەیلی: سۆفستایەکانی یۆنان

، چاپخانەی هاوسەر هەولێر

  1. هیوا جەلال: سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی زمان، دەزگای ڕێنوێن
  2. ڕەهبەری مەحمود زادە: کۆرسی فەلسەفەی ڕۆژئاوا

‌9.ت ز لاڤین: فەلسەفە بۆ هەمووان. و: ئارام مەحمود. دەزگای ئایدیا، چاپی یەکەم.

: arne nees: filofiens historie,i, hans reizels forlag kopen haven,s.26

11.نظریة المعرفة؛ مكانتها وأهمياتها في الفكرين الفلسفي والصوفي. https://media.nerliti.com/media/publications/285397_a02cccf2pdf

12.سیجوند فروید: الطوطم والحرام. نوع الملفPDF ،المجلة الكتب العربية.https://www.alarabimag.com/books

  1. د.تاهر عزیز: المناهج الفلسفة، مركز الثقافي العربي، ١٩٩٠،بيروت.



خێڵ و ئایینی خێڵ.. ئاراس سەعید

تەوتەمیزم وەکو یەکەمین ئایینی هۆزە سەرەتاییەکان

“تەوتەمیەت” یەکەمین سیستمی ئایینی دادەنرێت لە مێژووی هزری مرۆڤدا، تەوتەمیزم سیستمێکی ئایینی و خێڵایەتیە، واتا: ئایینی گروپێکە کە کۆمەڵگایی سەرەتایی ژیانی ئایینی و دونیایی خۆیان لەسەر ڕێکخستووە.
خێڵ دامەزراوەیەکی لە خێزان گەورەترە و پکێهاتەیەکی خۆجیێ ناوچەییە، کە ئەندامەکانی پەیوەندی خوێن و هاوسەرێتی وابەستەی کردوون.
ئەنثرۆپۆلۆژیستەکان، هۆکاری پەرەستنی تەوتەم دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی، کە مرۆڤی سەرەتایی بەشێوەی گروپ گروپ و خێڵ لەناو جەنگەڵەکاندا ژیاون، بەهۆی ترسیان لە ئاژەڵ و ڕوەک و کارەساتی سروشتی هەریەک لەو شتانەی لەبەرامبەردا هەستیان بەمەترسی کردووە وەکو خودایی گروپەکە دەستنیشان کراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئاژەڵ و ڕوەک بەتەوتەم گیراوە. (ئاشکرایە، مرۆڤ بەهۆی توانای زاڵنەبوونی بەسەر سروشتدا، سەرچاوەکانی ئەو ڕوداوانەی بۆتە هۆی مایەی متەرسی دڵەڕاوێکی مرۆڤ، پەرستوونی )
تەوتەم لەڕووی ئایینیەوە بەپارێزگار و ڕۆزی بەخشی خێڵ لەقەڵەم دەدرێت.
لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە بەپشتی یەکەمین ڕەچەڵەکی خێڵ هەژمار دەکرێت، بەم شێوەیە هەر گروپ و خێڵێک هەڵگری ناوی تەوتەمەکەیەتی.
خێڵی تەوتەمی لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە پەیوەندی خوێن و دەمارگیری بەیەکەیەکیانەوە دەبەستێت، سمبول ونیشانەیی تایبەتی تەوتەمەکەیان لاپیرۆزە، واتا: هەرگروپێک ئاڵا و پەیکەر و نیشانەی تایبەتی خۆیان هەیە، کە گوزارشت لە تەوتەمەکەیان دەکات. خێڵە سەرەتاییەکان لەکاتی سەرکەوتنی جەنگ و زیادبوونی بەربوومدا سروت و ئاهەنگی تایبەتیان هەبووە و هەموو هێزەکانی سەرکەوتن دەگەڕێننەوە بۆ تەوتەمەکە، کەسی ئازاو بوێر “ماننا” لەتەوتەمەکە وەردەگرێت، “ماننا” بەواتایی: ڕوحی خودایی یان کاریزما، سەرکەوتن و مانەوەیی زۆری لەژیان دەگەڕێتەوە بۆ بونی ڕوحی خودایی یان “ماننا” کەتەوتەمەکە پێ بەخشیوە. خێڵە سەرەتاییەکان سروتی ئاینی و مەڕاسیمیان هەبووە و قوربانی و ئاهەنگیان گێڕاوەو بەدەوری تەوتەمەکەدا سەمایان کردووە.
ــــــــــ
تەوتەمیزم و کۆمەڵگایی (خودایی) ئایینی:
لەکۆمەڵگایی سەرەتایەکاندا تاک وەکو: ئەوێکی توێنراو لەناو “ئەوانی” گروپەکەیی ژیانی کردووە.
واتا: نامۆبوونی تاک و تواندنەوەی من لەناو ئەوانی تردا، بۆ وەرگرتنەوەی شوناس و ئینتمایەک لە ئایین و خێڵەکەیەوە.
تاک لەکۆمەڵگایی سەرەتایی و خێڵەکێیەکاندا وابەستەیی ئیتێکی گشتیە، واتا مامەڵەیی تاک لەنێوگروپدا دەبێتە کەسێکی سەربەوان وابەستەیی ئیتیک و ئاینی گشتی دەبێت، ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت، کە کۆمەڵگا بەسەری سەپاندووە،و بە جۆرێک هەڵسوکەوت دەکات کە ئەوانی تر لێی ڕازیبن.
ژیان لە خێڵی تەوتەمیزمدا بەشێوەیەکی گەلەیی دەبێت، هەمووان یەک خودا دەپەرستن و هیچ بیروباوەڕێکی پێچەوانە بوونی نیە، یان لەگەڵ (ئێمەیت یان دوژمنمانی.)
تەوتەمیەت لەکلتوری کوردیدا
بەشێوەیەکی ڕێژەیی گروپی تەوتەم پەرست لەفۆڕمی جیاواز و فۆڕمی نوێدا لەکلتوری ئێمەدا تەوتەم پەرست دەبینرێت.
خێڵە کوردییەکان دامەزراوەیەکی لۆکاڵی و خۆجێی بچوکن، کە تاک تێدا تواوەتەوە و ئینتما و شوناسی لێوەر دەگرێتەوە. ستراکتۆر و ژێیرخانی کلتووری و سیاسی ئۆبێکتیڤی ئەقڵیەتێکی خۆجێی بچوکە، بەرهەمی دیوەخان و تەکییە و خەیاڵ و خەیاڵدانی خێڵە، کە سوبێکتی کاریگەرن لە بەرهەمهێناوەی سەرخانی سیاسی و کلتوور و ئیتیکی کۆمەڵی. “ئەبوبەکر حەسەن” بەم شێوەیە دەربارەی خێڵ دواوە:”خێڵ بوونێکە لە خوێن و هاوسەرگیریدا، بوونێکی پێش نەتەوەو پێش دەوڵەتییە، بوون و جوگرافیا و ڕوحێکی پێش نەتەوەو سەر بەناسنامەو حیکایەت و گێڕانەوەی لۆکاڵین لەناو و پشت پەیوەندی خزمخواهیدا”
بەشێوەیەکی ڕێژەیی گروپ و خێڵی تەوتەم پەرست د لەفۆڕمی جیاواز و فۆڕمی نوێدا لەکلتوری ئێمەدا دەبینرێت. دامەزراوە سەرخانی سیاسی لەسەر بنەمای بوونیادێکی خۆماڵی و خۆجێی و ئەقڵیەتێکی خێڵەکی دامەزراوە.
کاتێک دەوڵەت، حیزب، خێڵ، کەسانێک ژێدەرو ئینتماو باوەڕیی پاوانکراوی ئەوانەبێت، بەرژەوەندی حیزب و نەتەوە و خێڵ تاکە پێوەری بەهاداری کەسانێک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی حەقیقەت، ئاڵا و سەرۆک خێڵ و سمبولەکانی، گروپێک لەڕوانگەیانەوە بەپیرۆز بزانرێت، وەها کەسانێک خاوەنی ئایینی تەوتەمیزمن و تەوتەم دەپەرستن.
بۆ درکردنی ئەم خاڵە دەبینین بەچی شێوەیەک سیستمی حیزب و خێڵەکانی هەرێمی کوردستان هەزاران مرۆڤ دەکەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و ناچاریان دەکەن بەقوربانیکردنی هەستی کەماڵی مرۆڤانەیی خۆیان لەسەر بنەمایی؛ خێڵی من، حیزبی من، چ لەسەرحەقە، دووبارە تواندنەوەو نامۆکردنی تاک و بچوکردنەوە و سنوردارکردنی تێفرکرین و تێڕامان بۆ ئاستی خۆجێی و ناوچەیی، هاوشێوەیی خێڵی تەوتەمیزم، تاک لە جەوهەری خۆی نامۆ دەبێت، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاک بەپڕۆسەیەکی خودی ئەکتیڤدا ناڕوات، بەڵکو تاکێکی پاسیڤ و کارلێکراو و ئیزدواجی و دووفاقی بەمەبەستی ڕازی کردنی ئەوانی دی هەڵسوکەوت ئەنجام دەدات.
دەبینین هەمان شێواز و لۆژیکی تەوتەویزم لەکلتوری ئێمەدا بوونی هەیە، یان لەگەڵ خێڵی ئێمەی یان لەگەڵ حیزبی ئێمەیت، یان دوژمنمانی.
سەرکەوتنەکانی گروپ دەگەڕیننەوە بۆ “ماننا” سەرکردە دەبێتە “کارێزما”.
دەبینین چۆن لەیادی حیزب و لەدایک بوونی سەرکردەو ڤستیڤاڵەکاندا وەکو بوکەڵە بەدەوری ئاڵایەکدا سەمادەکەن.
کوشتن و دوژمنایەتی گروپە جیاوازەکان، لەژێر ئینتمایی ڕەگەز و بیروڕایی جیاواز و شەڕەپەڕۆ ئاکاریی خێڵی تەوتەمیزمە، کە سیستمی کۆمەڵایەتی حیزب و خێڵەکوردیەکان بەشێوەیەکی کوشندە کۆمەڵگایی کوردیان بەرەو داڕزان و داڕمانێکی گەورەیی ئەخلاقی بردووە.
“سیگمۆند فرۆید” لە بۆ چونەکانی خۆیی بەرامبەر وابەستەیی خوێن و دەمارگیری و خزمایەتی لەگروپی تەوتەمیزمدا، دەڵێت؛ “شتێک نامێنێتەوە بەناویی هەستی خۆشەویستی بۆمرۆڤایەتی، جگە لەخۆشەویستیەکی ئاژەڵی لەتەوێلەیەکی خزمایەتی و لەشێوازی گروپدا”. وابەستەیی کۆمەڵایەتی لەنێو گروپەکانی خێڵ، حیزب، نەتەوە، بناغەیی داکوتینی هزری فاشیزم و ڕاسیزم و ناسیۆنالیزمە.
مرۆڤ لەناو گروپەکەی خۆیدا، تەنها خۆشەویستی بۆکەسانی هەمان جۆر و ڕەگەزی خۆی هەیە هەمیشە لەژێر کاریگەری کەسێتی و چینایەتی و لەڕوانگەی سۆز و عەتفەوە خوێندنەوە بۆ بەها گشتیەکان دەکات. واتا؛ لەدیدی خۆی و گروپەکەیی خۆیەوە کە وابەستەیی ئیتێکی دەستە جەمعیە، هەموو کلتور و نەریتەجوانەکان نەفی دەکاتەوە. لەدیدی خۆیەوە بەها ڕاستەقینەکان بەدرۆ دەخاتەوە ئەمەش چەشنێکە لەدۆگمایی و شکستی مۆڕاڵ و هەنگاونانە بەرەو فاشیزم، کە مرۆڤ جۆرەکەیی خۆی وەکو باڵاترین و کامڵترین بونەوەری سەرزەوەیی پێناسەدەکات.
ـــــــــــــــــــ
بەسود وەرگرتن لەم سەرچاوانەی خوارەوە
سیجموند فرۆید: الطوطم الحرام
ئەبوبەکر حەسەن: ڕەخنە لە عەقڵی سیاسی کوردی
خەیاڵدان و قەڵەمڕەوی خێڵ
عەلی وەردی: لێکۆڵینەوەیەک لە سیۆسۆلۆژیای مەعریفە. و: د.نەوزاد ئەحمەد
erich from:psychoanalysis and religion




یاسا و دیسپلین.. نووسینی ئاراس سەعید

یاسا لە کورترین پێناسەیدا:”ئامڕازێکە بۆ ڕێخستنی ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگا.”
بەڵام یاسا حەقیقەت و ئیرادەی دەسەڵاتە، کە مانەوەی دەهێڵیتەوەو کۆمەڵگایەکی ڕامکراو و گوێڕایەڵ بۆخۆی بەرهەم دەهێنێت.
یاسا ئامڕازێکە بۆ پاراستنی بەرەژەوەندی تاکەکان، بەڵام بەرژەوەندی تاکەکان لەناو ویست وبەرژەوەندی دەسەڵاتدا.
وەکو هانا ئارێنت دەڵێت: “یاسا دەکرێت ژیانی تاکەکان بپارێزێت، بەڵام دەکرێت ئەمە پێچەوانەش بێتەوە.” واتا: یاسا میکانیزمێکە کاتێک بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان پێچەوانەی دەسەڵات بوو، دەتوانێت مافی ژیان لە هاوڵاتیان بسەنێتەوە، ئەویش لەڕێگەی سزای مەرگ و لەسێدارە دانەوە.
یاسا ئیرادە و حەقیقەتی دەسەڵاتە، ئامڕازێکە بۆ مانەوەی دەسەڵات و دیسپلینکردنی کۆمەڵگا، بۆ چەپاندن و لە ناوبردنی بزواتی یاخی و لادەر لە نەریتی دەسەڵات.
“دیسپلینکردنی – یاسایی” لە دوای سەدەی حەڤدەهەمەدا لە کۆمەڵگایی سەرمایەداری و پیشەسازیدا بە پێشکەوتنی ئامڕازەکانی مومارەسەکردن و هێز گەشەی سەند.
وەکو “ماکاڤیلی” لەکتێبی “میر”دا، یاسا بە ئەخلاقەوە گریدەدات و دەڵێت: هەرکۆمەڵگایە بەها ئاکارییەکان هەرەسی هێنا پێویستی بە یاسادانەرێکە بۆ ڕێخستنەوەی کۆمەڵگا.
تۆماس هۆبزیش تێڕوانینی خۆی بۆ یاسا، لەکتێبی لیڤیسان بەمجۆرە دەخاتە ڕوو و پێی وایە، دەبێت هەمووکۆمەڵگا ملکەچی خۆیان بۆ یاسا و میر ڕابگەینن.
لەگەڵ دەرکەوتنی سیستەمی سەرمایەداری یاسا و تەکنیکەکانی گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و بیرمەندە “لیبڕاڵەکان” نەک دژایەتی خۆیان بەرانبەر یاسا دەرنەبڕی، بەڵکو بەپوێستیان دەزانی، چونکە لەدیدی ئەوانەوە (یاسا ئامڕازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەئابورییەکانی تاک.) بەڵام یاسا دامودەزگایەکە لەڕێگەی هێزەوە ئاسایشی دەسەڵات دەپارێزێت و ئازادییەکانی تاک پێشیل دەکات، چونکە هەمیشە ئاسایش و ئازادی بێچەوانەی یەکترن.
سیستەمی سەرمایەداری بەشێوازێکی سیستماتیکراو لە بەرژەوەندیەکانی خۆیدا یاسای داڕشت، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی دوو ئەنجام. یەکەم: دیسپلینکردنی مرۆڤ وەکو کاهێنکی بەرهەمهێن لە بەشداریکردنی لەبەرهەمهێناندا، دووەم: پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و ڕەگ داکوتانی دەسەڵات لە هەناوی کۆمەڵگادا، وەکو فۆکۆ دەربارەی دیسپلینی یاسایی دەڵێت: “جۆرێك سەردەمی مۆدێرندا ڕەوایەتی یاسا ئەوەندە دەكرێت بەجێی باوەڕی تاكەكان تەنانەت نەیارانی ڕژێمو سیستەمەكەش بەجۆرێك دەربارەی یاسا دەدوێن كە دەسەڵاتداران قسەی لە بارەوە دەكەن.”

یاسا لەبنەڕەتدا ماسكی دەسەڵاتە، ئامرازی داڕشتنی فۆرمەكانیەتی، داپۆشینی شكڵە ڕاستینەو ناوەڕۆكیەكانی دەسەڵاتە “كە دیوی سەركوتیەتی” لەبەر چاوی كۆمەڵگە، یاسا كۆی دیوە ناشرینەكانی دەسەڵات دادەپۆشێتو ڕوویەكی جوانی درۆینەی بۆ دروست دەكاتو سزاكانی بە ئامرازی بەرقەرار كردنی عەدالەت دەناسێنێت و ڕەوایەتیان پێدەدات، یاسا دواجار جگە لە فرمانی سەروەرو دەسەڵاتدار شتێكی تر نییە، وە هەموو لایەكیش ناچار بە ملكەچیو گوێڕایەڵی دەكات، واتە وەك ئەوەی فۆكۆ لە (مێژووی جنسیەت)دا دەڵێ: دەسەڵات یاساكانی بە پێی ویستەكانی خۆی دادەڕێژێت، پاشان گوتاری حەقیقەتی بابەتەكان بەرتەسكو سنوردار دەكات، دواتر سزا بۆ سەرپێچیەكان دادەنێت، دەسەاڵت لە هەموكاتو جێگەكان یەكسانە، بەپێی هەندێ میكانیزمی لە ڕادەبەدەر دووبارەبۆوەی یاسا، حەرام كردن و سانسۆر كار دەكات ، هەروەها فۆكۆ ڕای وایە”ڕواڵەتی هەمەكی دەسەڵات لە شێوەی یاسادا پیشان دەدرێتو ئاسەوارەكانی بە ملكەچی دەناسرێت”، واتە كاتێ دەسەڵات قسە دەكات ئەوا ئەو قسەیە ڕێسایە،و فۆرمی دەسەڵات لە ڕۆڵی یاسادانەردا دەردەكەوێت، كە ئەندازیاری فۆرمسازی دەسەڵاتەو یاساكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی حكومەتو فرمانڕەوادا دادەڕێژرێت و دەبێت تاكەكان حورمەتی بگرن، نەك لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە تاكەكان دەپارێزن، بەڵكو لە جەوهەردا لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە قسەی دەسەڵاتن، پابەند بوون بەو یاسایانەوە بەدادپەروەری و لادانیش لێیان بەتاوان ئەژمار دەكرێت.
(یۆرگن هابرماس) نەوەی دووەمی قوتابخانەی فرانفۆرت، کە نەیاری دیدی فۆكۆیەو یەكێكە لەسەر سەختترین ڕەخنە گرەكان لە بۆچوونەكانی فۆكۆ، دان بەوەدا دەنێت، كە “میكانیزمە یاساییەكان كە ئازادییەكان لە دەوڵەتی ڕەفاهی مۆدێرندا بۆ هاوڵاتی زامن دەكەن، هەمان ئەو میكانیزمە یاساییانەن كە ئازادی سودمەندە گریمان كراوەكان دەخەنە مەترسیەوە”

بەسوود وەرگرتن لەم سەرچاوانە:

ماوریزیۆ پاسرین: فەلسەفەی هانا ئارێنت
و:ئارام مەحمود: دەزگای ئایدیا 2017

ئاشنابوون بەمێشڵ فۆکۆ
و: جەبار ئەحمەد. دەزگای ئایدیا، 2015
لیڤیاتان: تۆماس هۆبس

بیدایات عیلم الٲجتماع: جورج ترابشی

مدرسە الفرانفورت: علاء طاهر




مرۆڤ نابێ فێربکرێت.. ئاراس سەعید

فێرکردن کەبتکردن و کوشتنی توانای تێڕامان و تێفکرینی تاکە، بۆ کەسێکی پاسیڤ و وەرگر.
سیستمی پەروەردە کارخانەیەکە تەواوی ئینێرجی و تواناکانی مرۆڤ دیسپلین دەکات لەڕێگەی فێرکردنەوە. کاتێک “فرۆید” دەربارەی سەردەمی “قەلەقی شارستانیەت” دواوە، لەدیدی منەوە، لە ئێستا ئەو ڕۆڵەی ئایین لەمێژوودا، وەکو دەزگایەک لەبەرژەوەندی دەوڵەت “دەسەڵات” خۆی تێدا مومارەسە دەکردەوە، لەسەردەمی نوێدا ئەو ڕۆڵە گوێزراوەتەوە بۆ ناو دەزگا پەروەدەیەکانی وەکو (خوێندنگا، زانکۆ، پەیمانگا). دەسەڵات ڕایەڵەیەکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو بەشێوازێکی قووچەکی لەسەرەوە دێتەوە بۆ خوارەوە، کاتێک دەسەڵات لەڕێگەی مامۆستاوە خۆی مومارەسەدەکات، کاردەکات بۆ “نامۆ”کردنی مرۆڤ، لەجەوهەری خۆی.
مامۆستا لەڕێگەی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەوە، تاک ناچار دەکات بەفێربوون و ووتنەوەی شتانێک کەهەرگیز خۆی قەناعەتی پێ نیە، ئەمەش فاکتەرێکی بۆ دروستبوونی شڵەژانێک لەدەروونی تاکدا تا هێدی هێدی لەخۆی “نامۆ” دەبێت و دەبێتە ڕۆبۆت وتووتی. ئالێرەوەیە”قەلەقی شارستانیەت” و هەرەس هێنانی بەهاکان دێتەئاراوە، چیتر مرۆڤ ڕاهاتووە لەڕێگەی پۆشینی ماسک و شاردنەوەی هەستەکانی.
مرۆڤ دوونیایەک مۆتیڤی چەپێنراو کەبتکراوی لەژێر ئەو ماسکانەدا حەشارداوە کە ڕۆژانە دەیپۆشێت. مرۆڤ چیتر ڕاهاتووە بە نەگووتنی ڕاستی و لەجەوهەری خۆی نامۆ دەبێت و، ئینتما و شوناسێک لەوانی ترەوە وەردەگرێت و ئەو ڕۆڵە نمایش دەکات، کە کۆمەڵگا و سیستەم بەسەریدا سەپاندوویەتی.
سیستەمی پەروەدە، (تاکی هۆشمەند- تاکی یاخی) لەڕێگەی سەپاندنی یاساو داشکاندنی نمرەوە دەگۆڕێت، بۆ تاکێکی گوێڕایەڵ و توتی، فێرگە ئاگایی و توانای تێڕامانی تاک دیسپلین دەکاتو، (کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامی ئامادەکراوی پێ لەبەردەکات) ئا لێرەوەیە، بەرهەمهێنانی مرۆڤی مشەخۆر و پاسیڤ و دروستکردنی گاڕان و مێگەلێک بۆ دەسەڵات، کە هەرچۆنێکی بوێت لێیان دەخوڕێت.
فێرگەو پەروەردە کارگەی بێ بەهاکردنی مرۆڤ و خەساندنی تواناکانی مرۆڤە، فێرگە هێزە خودیەکانی مرۆڤی کارا دەچەپێنێ، مرۆڤ لە کارخانەکانی پەروەدەدا وەکو ماتڕیاڵی خاو، دەبێتە ئۆبێکتی بەرهەمهاتوو، لەقاڵب دەرێت. (مامۆستا) لەڕێگەی فێرکردنەوە تایپێک لەمرۆڤی کارا دەگۆڕێت بۆ مرۆڤی پاسیڤ و کارلێکراو. تاک وەکو سوژەیەکی ئاگا بەشدارنابێت لەپڕۆسەی فێرکاری و بەرهەمهێنانەوەی خۆیدا، بەڵکو دەبێتە ئۆبێکتیی فێرگەو، توانای ڕامان و تێفکرینی لە و پڕۆسەیدا لەقاڵب دەدرێت و دەبێتە تایپێک لە مرۆڤی ڕامکراو لاسایی کەرەوە. ئەوە تاک نیە ڕادەمێنی و گومان لەڕاستی شتەکان دەکات، بەڵکو تاک بەپڕۆسەیەکی لەسەرخۆدا ڕادەهێنرێت لەسەر لەبەرکردنی وەڵامە ئامادەکان. فێرگە پێمان دەڵێت؛ تۆ مافی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن نیە، بەڵکو ئێمە پێت دەڵێن چۆن بیربکەیتەوەو چی بڵێتەوە. فێرگە دەزگایەکی کوشندەیە کە خزمەتی سیستەم دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی ڕامکراو و گوێڕایەڵ.




نەفرەت لە یەکی ئایار.. ئاراس سەعید

کاری کرێگرتە، فرۆشتنی هێزی کار، دەسەڵات و سەپاندنی هەلومەرجێکی زۆرەملێ….

شۆڕشی پیشەسازی ستراکتۆری کۆمەڵگای هەڵوەشاندەوە، لە دەرەبەگایەتی و کاری زۆرەملێوە بۆ سیستەمی چینایەتی و دابەشکردنی کار.
بەقەولی “مارکس” قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، لە بەریەکەوتنی چینەکانەوە گەشەدەکات. بەجۆرێکی تر، کۆمەڵگا دابەشبن بەسەر دووچیندا، چینی خاوەن بەش و چینی بەشخوراو. دەسەڵات و بێ دەسەڵات دووچەمکی نابووتی سیستەم کە لە دیسکۆرس و مەعریفە و فەلسەفەی دەسەڵاتەوە، سەرچاوە دەگرێت بۆ دیسپلینکردن و ڕامکردنی کۆمەڵگا. سیستەم لەڕێگەی مەعریفەوەو ڕۆشنبیرانەوە دەسەڵات مومارەسەدەکات.
دەسەڵات فاکتێکی شاراوەیە، هێزێکی نەرم لەدیسکۆرس گوتاردا پەیرەو دەکات، “تۆ بێ دەسەڵاتی”، “ئەگەر یاخی بیت لەخاوەنکار، لەبرسا دەمریت”. ئەمە هەمان ئەو فۆڕمەی سیستەمی فیۆدالیزم و کاری نانە سکێیە. کە لەدیسکۆرسی زاڵدا، مرۆڤەکان فریودەدەن، وەکو “ئۆگست کۆنت” کە دەیگووت؛” خاوەن بەش و بەشخوراو”. ڕیسیایەکی سروشیتی کۆمەڵگای مرۆییە.

سیستەمی سەرمایەداری دەسەڵاتی مۆدێرن کاتێک بە ئامڕازەکانی زانست “دەسەڵات”ْمومارەسەدەکات، چیتر پەیڕەوی هێز و توندوتیژی ناکات بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگا، یان وەکو ئەوەی “هۆبز ” هۆشیاری داوە؛” هاتنەئارای دۆخی ئاورتەو دروستبوونی جەنگی هەمووان دژبەهەمووان.” چونکە دەسەڵات هاوتەریب لەگەڵ زانستدا تەواوکەری یەکترین، ئەو لەڕێگەی “زانستی سۆسۆلۆجیا، مرۆڤناسی، دەروناسی، تاوانناسی”. لەپەیوەندیە سۆزداری و فاکتەری هەڵچوونە دەرونیەکانیان تێ دەگات و کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەکات، تا لەکاردانەوەکانیان خۆی ڕزگار بکات. ئەویش لەڕێگەی سیستەمێکی چاودێرییەوە کەمرۆڤ وا هەست دەکات بەردەوام دەسەڵات چاودێرە بەسەریوە. بەڵام دەسەڵات لێرەدا دەستبەرداری مرۆڤ نابێت، بەڵکو لەڕێگەی میدیا و مەیخانەو سۆزانیخانەکانەوە، مۆتیڤەکانی مرۆڤ بەتاڵ دەکاتەوەوەو دەست دەکات بەدیسپلینکردنی، نەوەی نوێیش لەڕێگەی دامودەزگا زانستی و پەروەدەیەکانەوە لەخۆی نامۆدەکات و لەکارخانەکانی پەروەدەو زانکۆدا دەیکاتە تایپێک لەمرۆڤی لێکچوو ڕامکرا و، چونکە دەسەڵاتی زانستی مرۆڤ تووشی شڵەژانی دەرونی دەکات و دەیکاتە شتانێک کەخۆی باوەڕی پێ ی نیە.

دەسەڵات مرۆڤ لە هێزەخودیەکانی خۆی دادەماڵێت و لەڕێگەی چینینەوەی کلتور و تواندنەوەی تاک لەناو ئەوانی تردا، هەریەکەو ڕۆڵێک دەسەپێنی بەسەرێیاندا، کە دەسەڵات بۆیان دیاری دەکات، بەنمونە “کرێکاران” ئەوان لەبنەڕەتدا لە سوبێکتی کارەوە نامۆدەکات بۆ ئۆبێکتی بەرهەمهاتوو. “کرێکار” لە ڕێگەی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەوە، دەبێتە کۆیلەی کار و ئەوبەرهەمەی بەرهەمی دەهێنی لەدژی خۆی دەوەستێتەوە و لەخۆی “نامۆدەبێت” مارکس دەڵێت؛ “سەرمایەداری نەک کرێکار لەخۆی نامۆدەکات، بەڵکو لە مرۆڤبوونیشی دادەماڵێت.” “کرێکاران” لەجەوهەی خۆیان نامۆدەبن و دەبنە “بابەت”، ئەوان خۆیان لێ دەبێتە ئەو شوناسەی کە سیستەم بەسەریاندا دەیسەپێنێت. “یەکی ئایار” دووبارە نامۆکردنەوەی کرێکار و داماڵینی مرۆڤبوونی ئەوە بەوەی وەکو کرێکار بەرهەمی دەهێنێتەوە. بەقەولی “واڵتەر بنیامین”
سەرمایەداری، ئایینە.
پارە خودایە.
کار عیبادەت کردنە
مرۆڤ لەناو ئەم ئایینەدا چەشنی ئایینە ئیراهیمیەکان دەبێتە کۆیلەی پارە. پارە بەرهەمی مرۆڤەوەو لەدژی وەستاوەتەوە دەیپەرستی وکڕنۆشی بۆدەبات، وەکو پەیکەر پەرستەکانی سەردەمی بت پەرستی.
مرۆڤ لەڕێگەی کارەوە دەبێت عیبادەت بکات و هێزی کارەکەی بفرۆشی تا بتوانێ بەهەشت بکڕێت، ئەویش بریتیە، لەکۆشک و ڤیلاو ئۆتۆمبێل…هتد، سەرمایەداری هاوشیوەی ئایین ڕۆژی جەژن و ڕۆژی پیرۆز بۆ “کرێکاران” دەستەبەر دەکات و پیرۆزبایی کۆیلەبوون و شوناسە نامۆبووەکەی لێدەکات.




بەشتکردنی مرۆڤ لە تاقیگەکانی زانستدا.. ئاراس سەعید

سەرجەم میتۆدە زانسیتەکانی سۆسۆلۆجیا، ئەنپرۆپۆلۆژیا، مێژوو شکستی هێناوە دەربارەی مرۆڤناسی و پەیوەندیەکانی مرۆڤ.
تاقیگەکانی زانست، لەڕێگەی “دیدەکشن” جیزئیەوە لەخودی شتەکان دەکۆڵێتەوە بۆ دروستکردنی “میتۆد”ێک، تا کۆنتڕۆڵی شتەکان بکات. مرۆڤ لەسێ پەیوەندیدایە.
یەکەم: پەیوەندی مرۆڤ بەگەردوون و جیهانەوە، وەکو: ” بوون، گەردوون و خودا و عەدالەت” بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتانە پشت بەمیتۆدی گشتی “فەلسەفە” دەبەسترێت. وەکو “عیلە و معلول”
“هۆ و ئەنجام”
دووەم: پەیوەندی مرۆڤ بەشتەکانی دەوروبەرەوە، پشت بە “دیدەکشن” دەبەستێ، یاسای تاک، ئەمە بۆیەکەمین جار لەسەردەستی “ڕێنە دیکارت”باوکی فەلسەفەی مۆدێرن هاتەکایەوە، مرۆڤ بۆلێکۆڵینەوە لەشتەکانی دەوروبەری پشت بەمیتۆدی زانستی دەبەستێت. وەکو ئاماژەم پێکرد، زانست لێکۆڵینەوە دەکات بۆ دروستکردنی میتۆدێک تاشتەکان کۆنتڕۆڵ بکات. بۆنمونە: ئاسن بەگەرمی دەکشێت، مس بەگەرمی دەکشێت، فافۆن بەگەرمی دەکشێت. زانست میۆدێک دروست دەکات و بەئەنجامی ئەوە دەگات هەموو تەنەکان بەگەرمی دەکشێت.

سێیەم: پەیوەندی مرۆڤ بەخود و بەئەوانی تریشەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پشت بە دیالەکتێک و هیرمۆنتیکا و دەرونشیکاری و فەلسەفەی زمان ببەسترێت بۆ کەشفکردنی ئەوفاکتانەی لەپشتکردەی مرۆڤەکانەوە خۆیان حەشارداوە.

ڕۆژئاوا لەڕێگەی تاقیگەکانی زانستەوە لەمرۆڤەکان دەکۆڵێتەوەو ئەمەش گەورەترین هەڵەیەو بەهیچ شێوەیەک توانای کەشفکردنی شوناسی ئەو کۆمەڵگایانەی نەبووە، کە دەیکاتە ژێرتاقیکردنەوەکانیەوە، چونکە مرۆڤیان وەکو شت تەماشاکردووە، نەک وەکو مرۆڤ. مرۆڤ دەبێت لەڕێگەی هێرمۆنتیکاو فەلسەفەی زمان و دیالەکتیکەوە پەیوەندی و فاکتەکانی کەشف بکرێن، نەک تاقیگەکانی زانست.
لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، مرۆڤی ناوچەکانی دەرەوەی ئەوروپا، لە باخچەی ئاژەڵاندا نومایشکراون، دەگێڕنەوە کاتێک یەکەمین مرۆڤی ڕەش پێست لەئیسپانیاوە هێنراوەتە فەڕەنسا، زیاتر لەیەک مانگ بەدەست و پێوەندکراوی لەناو قەفەسدا، تەواوی پاریسیان گێڕاوە، لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئەوان بەهۆی لێکۆڵینەوەی زانستیەوە مرۆڤیان کۆنتڕۆڵکردووەو لەمرۆڤبوونەوە دایان ماڵیوە بۆ بەشتکردنیان.

لێرەدا بەشیکردنەوەی چەمکی “ئایدۆلۆژیا” دەمەوێ کۆمەڵێک فاکت بۆ ئێوە ئاشکرا بکەم، چەمکی “ئایدۆ لۆژیا” زاراوەیەکی لێکدراوە، (ئایدیا) واتا: بیرۆکە. زاراوەی “لۆژی” بەواتای “زانست” دێت.
“هانائارێنت” دەربارەی دەسەڵاتی تۆتۆلیتاریا بەم جۆرە دواوە: ” دەسەڵاتی تۆتالیتار لەڕێگەی مۆنۆپۆڵکردنی تاقیگەکانی زانستەوە، بیرۆکەکانی دەسەپێنێت.” ئەمەش فاکتەرێکی ترسانکبوو بۆ سەرهەڵدانی ڕاسیزم و فاشیزم و نازیزم و لینیزم و ستالینیزم. سۆڤیەت لەڕێگەی میتۆدەکانی مارکسەوە، سەرزەمینی کردە دۆزەخ و کۆنتڕۆڵی بیری کرێکارانی کرد، کەدەیان گووت؛ “داهاتوو بۆ پڕۆلیتاریایە”. جۆرج تەڕابشی دەڵێت: “هیچ دەوڵەتێک هێندەی دەوڵەتەکەی لینین دایمەزراند، وەحش نەبووە، بۆ قوتدانی کۆمەڵگای مەدەنی” نازیزمی ئەڵمانی بەسود وەرگرتن، لەتێزەکانی نیچەو هایدگەر و داروین، مۆنۆپۆڵی هزری ئەڵمانیایان کردوو، بەجۆرێک مرۆڤی ئەڵمانی لە ئاوێنەی ڕاسیزمی ئەڵمانیدا، خۆی وەکو مرۆڤی باڵای نیچە، یان بەهێزترین جین ی داروین دەبینی. لە ئێستاشدا لیبڕاڵیزمی سەرمایەداری لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو زانستدا، تەواوی مرۆڤایەتی کۆنتڕۆڵکردووەو لەڕێگەی تاقیگەکانی زانست و کارخانەکانیەوە مرۆڤی لە کائنێکی ئەقڵانی نێوسروشتەوە هاڕیوە، بۆ مرۆڤێکی پاسیڤ و بەرخۆر و نامۆ، سەرەڕای ئەوەش لەڕێگەی سێکتەری پەروەدەو فێرگەکانەوە بەردەوامە لەدروستکردنی مرۆڤی ڕاسیزم و فاشیزم.

وێنەکان: ئاژەڵانن لە شاری فرانکفۆرت سەرەتاکانی سەدەی بیستەم.




مێژووی سەرهەڵدانی دەوڵەت لە هزری مرۆڤدا.. ئاراس سەعید

دەوڵەت: (ڕێکەوتنێکی یاسایی سنووردارە هاوڵاتیان بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دایان مەزراندووە.)
هربرت سبنسەر

بەشێکی زۆری مێژووی هزری مرۆڤ، سەرقالی تەتەڵەکردنی ئەو پرسە فەلسەفیانەبووە، کە پەیوەستە بەژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگاوە، بیرکردنەوەی سیاسی لەقۆناغە سەرتاییەکانی هزری مرۆڤدا، تا مێژووی هاوچەرخ، هەوڵدانبووە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێژێمێکی گونجاوی حوکمڕانی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان بگونجێت. ئەم پرسەش لەسەرهەڵدانی فەلسەفەی گریکەوە تا سەدەکانی ناوەڕاست مشتومڕێکی فەلسەفی زۆری بەخۆوە بینیوە، ئەویش بەپێی تێڕوانین و قۆناغە مێژوویەکانی ژیاری کۆمەڵگا تێڕوانینی فەیلەسوفان گۆڕاون.
بۆنمونە: فەیلەسوفە یۆنانیەکان دەربارەی سروشتی مرۆڤ گوتویانە:( مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتیە)
واتا: مرۆڤ بەسروشت کۆمەڵایەتیەو پێویستە لەچوارچێوەی سیستەمێکدا ژیانی مرۆڤەکان ڕێکبخرێت.

یەکێک لە بۆچونەکانی تر، بۆچونی “تۆماس هۆبز”ە دەربارەی سروشتی مرۆڤ بەم جۆرە دەدوێت:( مرۆڤ بەرسروشت گورگە) لەدیدی هۆبزەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سروشتە دڕندەکەی مرۆڤ دەبێت، دەوڵەتێکی “وەحش” هەبێت، تا بتوانێت بەهێز بەرژەوەندیەکانی هەموان ببپارێزێت، “هۆبز” پێوایە دەوڵەت بە بەکارهێنانی توندووتیژیەکی کەم، توندوتیژیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ دەکات، لەڕێگەی دامەزراوە سەرکوتکارەکانیەوە، بەڵام “جان جاک ڕۆسۆ” پێچەوانەی هەردوو بۆچونەکە پێ وایە، (دەوڵەت سروشتی مرۆڤ، لەمرۆڤ دەداماڵێت و هەریەک لەمرۆڤەکان وەکو ئەکتەرێک نمایشی ئەو ڕۆڵە دەگێڕن کۆمەڵگا بەسەریدا سەپاندوون.)

لەفەلسەفەی یۆنانی کۆندا “پلاتۆ” لە کتێبی کۆماردا دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی هەڕەمەکی فەلسەفەکەی داڕشتۆتەوە. هەرچەندە لە پێش “پلاتۆدا” ڕژێمی کۆمەڵگای یۆنانی، ڕژێمێکی دیموکراسی بووە. بەڵام بە بۆچونی “پلاتۆ” هاوڵاتیان بە سیتسمی دیموکراسی ناتوانن بڕیاڕێکی تەندروست بدەن دەربارەی ژیانێکی باش بۆ کۆمەڵگا و لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی هەموواندا بگونجێت، بۆیە “پلاتۆ” لە یۆتۆپیای کۆماردا ڕژێمێکی تۆتالیتاری دادەمەزرێنێت، کە فەیلەسوفەکان لەچینی سەرەوەی کۆمەڵگادان و چینی دووەم: چینی سەرباز چینی سێیەم: چینی پیشەواران.
چینی پیشەوارانیش دابەش دەکات بەسەر چینی کرێکاران و پیشەواران و پزیشکان. ئەو دەڵێت: “منداڵی کرێکاران دەبێت ببنەوە بەکرێکار و پێشەواران دەبێ ببنەوە پیشەوەر”. ئەم بۆچونەش پەیوەستە بە بۆچونە فەلسەفیەکانی خۆیەوە، کە ئەقڵ سەنتەری ڕەفتارو پاڵنەری کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە.
گەورەترین هەڵەی “پلاتۆ”، دەربارەی دابەشکردنی کار و ڕژێمی کۆمەڵایەتیە، لەدیدی ئەوەوە چینەکان وەکو میراتێک بۆ نەوەکانیان دەمێنتەوە، لەکاتێکدا هیچکام لەمرۆڤەکان بەسروشت کرێکار و پزیشک و ئاغا و پیشەوەر نین، بەڵکو ئەوە ڕژێمە کۆمەڵایەتیەکانە هەڵدەسێت بەدابەشکردنی چینەکان. ئەم تێڕوانینەی “پلاتۆ” دواتر لای “مارکس” هەڵاوگێڕ دەبێتەوەو لە قۆناغی دیالەکتیکدا، کرێکاران وەکو سوبێکت و بزوێنەری مێژوو و دەستنیشان دەکات.

تێڕوانینی فەلسەفەی سیاسی سەدەکانی ناوەڕاست، پشت بەمیتۆدێکی تیۆلۆژی دەبەستیت. ئەویش بەهۆی باڵادەستی ڕژێمی کڵێساوە، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا. ئەویش تێکەڵکردنی بیروباوەڕی ئایینی و فەلسەفەی کۆمەڵایەتی بوو. بیرمەندانی ئەم قۆناغەش هەریەک لە( ئۆگەستین و تۆما ئەکوێنی) بوون. کە فەلسەفەی یۆنانی کۆنیان تێکەڵەی ئایینی مەسیحی کرد. تێڕواینی هەردووکیان لەیەکترەوە نزیکەو فەلسەفەی سیاسی ئەوان پەیوەستە دوالیزمەی “ئاسمان و زەوی” ئەوان لەسۆنگەی شرۆڤەکردنی ئەفسانەی ئادەم و حەوا و شەڕی هابیل و قابیل. مرۆڤ دابەش دەکەن بەسەر دووبەشدا، “زەوی نشین و ئاسمان نشین” زەوی نشینەکان بەمرۆڤگەلی پیس دادەنین و ئاسمان نیشینەکانیش شوێنی مرۆڤە باشەکانن. لەدیدی ئەوانەوە مرۆڤ دەبێت گوێڕایەڵی دەسەڵات بێت و پاشا نوێنەری خودایە و ئەگەر فەرمان ڕەوایەکی باش بوو، ئەوا پاداشتی خودایە و ئەگەر فەرمان ڕەوایەکی خراپبوو ئەوا سزای خودایە بۆ ئێوە.

لەسەرەتاکانی سەدەی شانزەهەم و حەڤدەهەم بیری سیاسی گەورەترین مشتوومڕی فەلسەفی بەجێ دەهێڵت و بەشێکی زۆری ئەو تێڕوانیە فەلسەفیانە دژبە توێلۆژی و فەلسەفەی ئادیالیزمی یۆنانیە، لێردا بەکورتی ئاماژە بە بۆ چونەکانی (هۆبز، ڕۆسۆ، ماکاڤیلی)دەکەم.

فیکری سیاسی لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمدا، دابڕانێکی لە نێوان یۆتۆپیا و تیۆری دروستکرد، ئەرکی فەیلەسوفان ئاڕاستەیەکی ڕیالیتی دەسەڵاتی وەرگرت، چیتر تێڕوانینی فەیلەسوفان لەسۆنگەی مومارەسەکردنی دەسەڵات و پراکتریزەکردندا خۆی دەبینیەوە، ئەمەش بە ئاشکرا لە بۆچونەکانی “نیکڵۆ ماکاڤیلی” لە کتێبی میردا دەبینینەوە، دەتوانم بڵێم ماکاڤیلی باوکی دامەزرێنەری نوێگەرییە لە هزری سیاسیدا، چونکە ئەو تێڕوانیەنەکانی تەنها لەسۆنگەی پرسیارکردن و تیۆریا داڕشتن خۆی نابینیتەوە، بەڵکو ئەو پێمان دەڵێت واقیعی سیاسەت چیە و چۆن مومارەسەری سیاسیەت بکەین. پوختەی تێڕوانینەکانی” ماکاڤیلی ” لەکتێبی “میر”دا کورت دەکەمەوە. ئەو پێمان ناڵێت میر بۆچی حوکم دەکات، بەڵکو پێمان دەڵێت؛ (میر چۆن حوکم دەکات). لەدیدی ئەوەوە میر هیچ ڕێگە چارەیەکی لەبەردەمدا نیە، جگە لە بەکارهێنانی هێز و داگیرکردنی ئەو سنوورانەی لەژێر دەسەڵاتیدا نیە. میر پێویستە هێز و فێڵ بەکاربهێنێت، چونکە ئەوانە حوکم دەکرێن مرۆڤن، مرۆڤیش خەسڵەتێکی شەڕانگیزی هەیە، میر بۆ ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە هیچ ڕێگا چارەیەکی نیە، جگە لەوەی دژی ئایین و بنەماکانی سۆز بوەستێتەوە، میر گەر لەتوانای بوو، پێویستە لەڕێگەی چاکە لانەدات بەڵام ئەوەشی لەسەرە کە ڕێگەی خراپە بگرێتە بەر. لەدیدی ماکاڤیلەوە دەسەڵات خەسڵەتێکی مرۆییەو، تەنها لەڕێگەی خوێن و هێزەوە بەدەست دێت و پارێزگاریشی لێ دەکرێت.
لەدوای “ماکاڤیلی” ئەوەی درێژەی بەم دیدگا تۆتالیتارییە دەدات “تۆماس هۆبزە” لەدیدی ئەوەوە مرۆڤ بونەوەرێکی دڕندەیە، یان( مرۆڤ گورگە بۆ گیان برای خۆی). بۆچونە فەلسەفیەکانی هۆبز لەکتێبی “لیڤیسیان”دا، بەم شێوەیەیە، “هۆبز” جەخت لەسەر پەیمانێک دەکاتەوە، پەیمانێک کە تاکەکان بەخواستی خۆیان لەسەری ڕێک دەکەون و کەسی فەرمان ڕەوا دەست نیشان دەکەن، پەیمانەکە لەناوەڕۆکدا ملکەچیە، چونکە تاکەکان دەستبەرداری کۆمەڵێک مافی خۆیان دەبن و لەبەرانبەردا ئاسایش بەدەست دەهێنن و دەوڵەت و ماف و ئاسایشیان دەپارێزێت. “هۆبز” لەڕێگەی پەیمانی کۆمەڵایەتیەوە ڕەهاترین دەسەڵات دەداتە دەوڵەت، چونکە ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەمووان دادەمەزرێت و پێویستە فەرمان ڕەوا دەسەڵاتێکی ڕەهای هەبێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سروشتە ئاژەڵیەکەی مرۆڤ. لەگەڵ سەرەتایی سەرهەڵدانی فیکری لیبڕاڵیەت و بۆرژوازی ئەم تیڕوانینە ناچارییەی “هۆبز” بۆ چونە ژێر باری پەیمانی کۆمەڵایەتی پێچەوانە دەبێتەوە. “جۆن لۆک” فەیلەسوفی ئەزمونگەرایی ئینگلیز، پێ وایە پەیمانی کۆمەڵایەتی بەویست و ئیردەی تاکەکان ئەنجام دەردێت، ئامانجیش لەو پەیمانە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تاکە لەلایەن دەوڵەتەوە، کە سزای ئەو کەسانە دەدات کە دەست درێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی گشتی. “جۆن لۆک” دەڵێت: (ئەوانەی کە بەشداری دەکەن لەو پەیمانەدا مافی کشانەوەیان هەیە، کاتێک هەستیان کرد فەرمان ڕەوا کەسێکی گەندەڵ و توندو تیژە). واتا جۆن لۆک مافی یاخی بوون و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت دەداتە دەست تاکەوە و ئەمەش پێچەوانەی “لیڤیسیانی” تۆماس هۆبزە، کە دەوڵەت دەسەڵاتێکی ڕەهایی هەیەو کاتێک مرۆڤەکان یاخی دەبن شەڕی هەمووان دژ بەهەمووان دەست پێدەکات، چونکە دەوڵەت بەشێکە لە هەمووان. جۆن لۆک دژی ئەو تێڕوانینە کەدەوڵەت مافی هەڵوشاندنی کۆمەڵگای مەدەنی هەبێت، بەڵکو لەدیدی لۆکەوە دەوڵەت نابێ دەست وەربداتە ناو ڕەهەندە تایبەتیەکانی ژیانی تاکەوە.

“مۆتیسۆکۆ” درێژە بە تێڕوانینەکانی لۆک دەدات و دەیەوێت کۆمەڵگای مەدەنی لەدەستی دەوڵەت ڕزگار بکات، ئەویش بە داواکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، واتا پێویستە دەسەڵاتی داوەری و جێبەجێ کردن لەلایەن یەک کەسەوە بەڕێوە نەبرین و دوو دامەزراوەی سەربەخۆ و جیاوازبن. بەڵام “تۆماس هۆبز” دەوڵەتێکی ڕەهای پێشنیار کردووە و بەبێ هەموو دەسەڵاتەکانی ڕادەستی فەرمان ڕەواکردووە.

بیرمەند و پێغەمبەری شۆڕشی فەڕەنسی “جان جاک ڕۆسۆ” لە کتێبی “پەیمانی کۆمەڵایەتی” گریمانەی دەوڵەتێک دەکات، لەسەر بنەمای پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بێتەوە ئاراوە. لەدیدی “ڕۆسۆ”وە، مرۆڤەکان پێویستە لەچوارچێوەی پەیمانێک ڕێکبخرێن کە پەیمانەکە بریتیە لە ئازادی، ڕۆسۆ دەڵێت:( ئازادی هاوڵاتیەک لەو شوێنە دەوەستێت کە ئازادی ئەوانی تر، دەست پێ دەکات). دەوڵەت لەدیدی ڕۆسۆوە برییتە لە ئێرادەی گشتی و تاکەکان لەچوارچێوەی پەیمانێکدا دەوڵەت دادەمەزرێنن و پێویستیشە هەمووان گوێڕایەڵی یاساکانی دەوڵەت بین، بۆ پاراستی بەرژەوەندی گشتی.
لیبڕاڵیزم دژ بەلیڤیسیان

ئایدۆلۆژیایی لیبڕاڵیزمی کلاسیک لە (سیتوارت میل و جۆن لۆک)وە، دژ بەدەسەڵاتی ڕەهاگەرایی و فیوداڵیزم سەرهەڵدەدات، ئەمەش لەو کۆنتێکستە مێژووییەدا ڕۆڵی کاریگەر دەبێنی، کە جەخت لەسەر پاراستنی ئازادییەکانی تاک دەکاتەوە، بە جۆرێک هیچ دەسەڵاتێک بۆی نیە دەست وەربداتە نێو ڕەهەندە تایبەتیەکانی ژیانی مرۆڤەوە.
ئەم تێڕوانینە پێچەوانەی پڕۆژە فەلسەفیەکەی (تۆماس هۆبزە) که پێشنیاری دەوڵەتی “لیڤیسیان” دەکات، هۆبز دژبە تێڕوانینەکانی پێشخۆی بەتایبەتی (تۆماس ئەکوینی) دەیەوێت شەرعیەت لەدەسەڵاتی کڵێسا وەربگرێتەوەو سەرجەم دەسەڵاتەکان بگوازێتەوە بۆ دەوڵەت.
لەدیدی هۆبزەوە سێ فاکتەری سەرەکی ئامادەن بۆ دروستکردنی دەسەڵات و دەوڵەتی (لیڤیسیان) ئەوانیش (دەگمەنی، ترس، خودشەیدایی). هۆبز پێچەوانەی هەموو فەیلەسوفەکانی پێشخۆی پێوایە: “مرۆڤ بەسروشت ئاژەڵێکی دڕندەیە”
نەک بەتێڕوانینە ئەڕستۆیەکەی (مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی بێت).
هۆبز دەڵێت: (مرۆڤ لەژێرکاریگەری غەریزە و ئەقڵدایە)لەکاتی دەگمەنیدا هەندێک لەمرۆڤەکان لەسەر سکی ئەوانی تر دەژین و هەندێکیان برسی دەبن. ئەمەش قۆناغی ترس دێنێتە ئاراوە سەرهەڵدەدات بۆ مەترسیدارترین قۆناغ ئەویش شەڕی (هەمووان دژ بە هەمووان). هەرکەسێک کەهێزی زیاتری هەبوو ئەوانی تر دەچەوسێنێتەوە، هۆبز جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە مرۆڤەکان پێویستە لەچوارچێوەی پەیمانێکدا کۆببنەوە و دەوڵەتی لیڤیسیان دابمەزرێنین، کە ئەقڵ بەو کارە هەڵدەسێت. (لیڤیسیان) هەرچەندە دەوڵەتێکە دەسەڵاتی تاکەکان سنوردار دەکات و ئازادییەکانی مرۆڤ دەچەپێنی. بەڵام لەدیدی هۆبز خۆیەوە، دەوڵەتێک لەچوارچێوەی پەیماندا دروستبکرێت نابێتە هۆکاری چەوسانەوەی ئەوانی دی. بەڵکو ئامڕازێکە بۆ کەمکردنەوەی نائارامی و چەوساندنەوەو بەرقەرارکردنی ئاسایش.

لەدیدی منەوە ئاسایش خۆی لەخۆیدا پێچەوانەی ئازادییە، بەڵام لەدیدی “هۆبزە”وە پەیمان دەبێتە هۆی ئەوەی هەریەک لەبڕێک لەئازادیەکانی خۆیان خۆشبن لەپێناو بەدیهێنانی لیڤیسیان. ئەگەر بگەڕێنەوە سەرخاڵە جەوهەرێکە، لیبڕاڵیزم دژبە لیڤیسیانە. لێبڕاڵیزم لە ئەنجامی دەرکەوتنی بۆرژوازی لەدایک دەبێت و سەردەکێشی بۆ قۆناغێکی مەترسیدار، ئەویش (خاوەندارێتی تاکە) کە دەبێتە هۆی سنوردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کەمتوانی دەوڵەت لە دەست تیوەردان بۆ کەمکردنەوەی نا یەکسانی و ناڕەوایەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەمینەیەک لەسەر سکی ئەوانی تر، سامانەکانی سروشت بۆخۆیان قۆرخ دەکەن و لەڕێگەی دامەزراوە و میدیا و سەرمایەی گەورەوە فشار لەسەر دەسەڵات دروستدەکەن. پاشان دەسەڵاتی دەوڵەت سنوردار دەبێ و چینی بۆرژوا پەلدەکێشن بۆناو سیستەمی حوکمڕانی و لەکۆتایدا خۆیان لەباج دەدزنەوە و سەرجەم کەرتەگشتیەکان بۆخۆیان قۆڕخ دەکەن و وەکو لە ئێستادا داهاتی کەمینەیەکی بۆرژوا بەرانبەرە بە یەک لەسەر سێ ی جیهان.
بەڵام (لیڤیسیان) دەسەڵاتێکی ڕەهایەو دەتوانێ یەکسانی چینایەتی و هاوسەنگی ڕابگرێت. مرۆڤەکان لەناڕەوایەتی دووربکەونەوە، چونکە مرۆڤێک کاتێک دەیەوێ بەرانبەر بچەوسێنێتەوە ناتوانێ لەسەر بنەمای هێز ئەوە بکات، چونکە هێزێکی گەورە تر ئامادەگی هەیە بۆ سزادانی.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و شۆڕشی فەڕەنسی باردۆخی سیاسی ڕۆژئاواو کۆمەڵگای ئەوروپی تووشی داڕمانی گەورە دەبێت، شۆڕشی پیشەسازی کۆمەڵگای ئەوروپی لە قۆناغی دەرەبەگایەتیەوە گۆڕی بۆ قۆناغی پیشەسازی و دابەشکردنی چینایەتی. ئەمەش دووشتی نوێ لەمێژووی مرۆڤایەتیدا گۆڕانی بەسەردا هات، ئەویش ستراکۆتۆری کۆمەڵگا لە قۆناغی دەرەبەگایەتیەوە گۆڕا بۆ کۆمەڵگای پیشەسازی و ئایدۆلۆژیای نوێش هاتە ئاراوە. لێرەشەوە لەسەردەستی “سان سیمۆن و ئۆگست کۆنت و هبرت سنبەر” زانستی سۆسۆلۆجیا دامەزرا. تێڕوانینەکانیش دەربارەی دەوڵەت دابەش بوو بۆ دووجۆر دەوڵەت. یەکەم: دەوڵەتی (سەربازی) کە دەوڵەتێکی تۆتالیتاریەو دەسەڵاتێکی ڕەهایی هەیە و، ژیان و بیرکردنەوە و ئایینی کۆمەڵگا دیاری دەکات. دووەم: “دەوڵەتی پیشەسازی” کەئەو سێ بیرمەندە کۆنزیرڤایتڤە پرسی دابەشبوونی چینایەتی و ستەمی سەرمایەدارانیان لەکرێکاران پشتگوی خستبوو، پیان وابوو ئەوەی سروشتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیە و، جەختیان لەدامەزراندنی دەوڵەتێکی پیشەسازی دەکردەوە بەپاشەکشەکردنی ئایین و پشت بەستن بەزانست، لەدیدی ئەوانە دەوڵەتی پیشەسازی مافی هەمووان دەپارێزیت و لەسایەی ئابوری لیبڕاڵەوە هەر مرۆڤێک بەپێ ی توانای خۆی مافی پێ دەدرێت.

لە ئەڵمانیاش هەردوو فەیلەسوفی ئەڵمانی “هێگڵ” “کاڕڵ مارس” پرسە فەلسەفیەکانی خۆیان دەربارەی دەوڵەت خستۆتە ڕوو، “هیگڵ” بەشێوەیەکی کۆنزیرڤاتیڤانە لایەنگری دەوڵەت دەکات و لەدیدی هیگڵەوە دەوڵەت گەورەترین ئۆرگانی ئاکارییە، پێویستە تاکەکان تێدا بتوێنەوە. بەڵام “کاڕڵ مارکس” پێچەوانەی هەموو فەیلەسوفەکانی پێش خۆی هەوڵی جەخت لەسەر نەمانی دەوڵەت دەکاتەوە، لەدیدی ئەوەوە کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی بەهۆی دیالەکتیک و پێکدانی چینەکاندا گەشەی کردووە و هەرقۆناغێک دژەکەی خۆی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە،و دواقۆناغیش قۆناغی سەرمایەدارییە، کە تۆوی دژەکەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، کە کرێکارانن. کرێکاران ڕۆژێک هۆشیار دەبنەوەو وەکو خۆی بزوێنەری مێژوو مرۆڤەکانن بەڵام هۆشیاریان لەبارەوە نیە.لەدیدی مارکسەوە کرێکاران شۆڕش دەکەن و دوای لەناوبردنی ئامڕازەکانی چەوساندنەوە دەوڵەت دەتوێتەوە و قۆناغی کۆمۆنیزم دێتە ئاراوە. “جۆرج تەڕابشی” دەربارەی درێژە پێدەری “مارکس” و دەوڵەتەکەی “لینین” دەڵێت؛ “ئەو دەوڵەتە وەحشەی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ کەسێک نەیتوانی دروستی بکات، لینین لەڕوسیا دروستی کرد”.
هیچ دەوڵەتێک هێندەی سۆڤیەت بەشێوەیەکی دڕندە کۆمەڵگای مەدەنی قوت نەداوە. کۆتا تێڕوانین دەبارەی دەوڵەتی دیموکراسی تێڕوانینەکانی “هانا ئارێنت” وەردەگرین. هانا ئارێنت، یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کاریگەرە بە مێژووی دەوڵەت شارەکانی یۆنان. “هانا ئارێنت” لە تێوری کردەدا جەخت لە کۆمەڵگای یۆنانی و دیموکراسی دەکاتەوە، کە هاوڵاتیانی دەوڵەت شارەکانی ئەسینا، لەدەوری یەکتری کۆ دەبوونەوەو کردەیان دەنواند. “کردە” لەدیدی “ئارێنت”ەوە، سوبێکتی مرۆڤە، لەڕێگەی زمانەوە دێتەبوون. ئارێنت پێ وایە بکەری کردەکان، کاتێک لەڕێگەی دیالۆگەوە بەیەکتری دەگەن و تێز و ئایدیاکانیان دەگوازنەوە، دەوڵەتی دیموکراسی دادەمەزرێنن. ئەو دەوڵەتەی ئەو گریمانەی دەکات، کۆمەڵگا لەچوارێوەی هێزدا ڕێک دەخزێتەوە، “هێز” لەڕێگەی سوپا و دامو دەزگا سەرکوتکارەکانەوە نا، بەڵکو هێزی کردە، ئەو دەوڵەتەی بەرەنجامی کردەیە، ئیرادەی گشتیەو، دەسەڵاتەکان لەخوارەوە دەڕۆن بۆسەرەوە، فەرمان ڕەوا تەنها دەبێت لت بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا بڕیاڕ بدات، چونکە کۆمەڵگا فەرمان ڕەوا هەڵدەبژرێت و مافی لێسەندنەوەی دەسەڵاتیشیان هەیە.

بەسود وەرگرتن لەم سەرچاوانەی خوارەوە:

مصطفی الخشاب: علم لاجتماع.

سەرەتاکانی سۆسۆلۆژیا: کۆمەڵە وتار
و:شوان ئەحمەد
پێشڕەو محمد: پوختەی سەرمایە سەرمایەی مارکس
پلاتۆ: کۆمار
و: ئاوات ئەحمەد سوڵتان

ماوریز پاسرین: فەلسەفەی هانا ئارێنت
و: ئارام مەحمود. دەزگای ئایدیا 2017




فەلسەفەی ڕەمەزان و بەڕۆژبوون.. ئاراس سەعید

فەلسەفەی “بەڕۆژوو بوون”
ڕێگە چارەیەکی ئایینیە بۆ هەستکردن بەئازارەکانی ئەوانیتر. لێکۆڵینەوەی دەروونیەکان ئەوەیان سەلماندووە کەمرۆڤ بەسروشت (empathy) سروشتکردی تێدایە. واتا: هەستکردن بەئازارەکانی ئەوانی تر، ئەویش لەڕێگەی ڕووداوەوە مرۆڤ ئیمپایتیەکانی کارادەبن. ڕوداو ئاڕاستەی شتەکان دەگۆڕێت، مرۆڤ کاتێک ڕووبەرووی ئازارێک دەبێتەوە درک بەئازاری ئەوانی تر دەکات.
زۆربەی ڕوانگە ئاکارییەکان لەسەر ئەو وتەیەی مەسیح کۆکن کە دەڵێت: “چیت پێخۆشە بۆخۆت بۆ براکەشت پێتخۆش بێت”. ئەمە لای (ئیمانیۆل کانت) دەگاتە لووتکەو دەڵێت:” کاتێک مامەڵەیەکی دروست ئەنجام دەدەیت، بتوانی مامەڵەکەت بکەیتە مامەڵەیەکی جیهانی”. واتا: کاتێک مامەڵەکەت دروستە، ئەگەر ئەوانی تریش هەمان کردە بەرانبەر تۆ ئەنجام بدەن ئازار نەچێژیت. ڕونتر چیت بۆ خۆت پێخۆشە بۆ ئەوانی تریش پێتخۆش بێت.
“ئایین” بەرزکردنەوەی نەقڵە بەسەر ئەقڵدا و بەڵام ڕێگەچارەی کۆمەڵێک کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتی دەکات، بەجۆرێک پەیڕەوکارانی ئایینەکە دەبێت تەسلیمی بن.
بەڕۆژوو بوون ڕێگە چارەیەکی ئایینیە بۆ پەیڕەوکارانی تا لەڕێگەیەوە هەست بەبرسێتی و ئازارەکانی ئەوانی تر بکەن.
ئایین نەریتێکی کۆمەڵایەتیە لەدەرونی تاکدا مۆڕاڵ دەستەبەر دەکات. بەڵام( ماکس ڤێبەر) بەڕوونی جەختی لەسەر ئایینی ئیسلام کردۆتەوە و دەڵێت؛ “ئایینی ئیسلام جگە لەجەختکردنەوە لەسەر جیهانی دوای مەرگ، هیچ ڕێگە چارەیەکی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا پێ نیە”.
لێرەدا ڕوانگەی ڤێبەر و لە کانتەوە نزیکە، جەختکردنەوە لەسەر دونیای دوای مەرگ، واتا ئەوە ڕەسەنێتی مرۆڤ نیە، لەخۆیدا چاکەکارە بەڵکو وەکو کەسێکی سودگەراو ئامانجگەرا، لەپێناوی پاداشتا چاکە ئەنجام دەدات، (کانت) دەربارەی مرۆڤی ئایینی بەم جۆرە دواوە و دەڵێت؛ ئێمە دەبێت خۆشەویستیمان بۆ خودا لە پێناوی خۆش ویستنی خودا بێت، نەک لەپێناوی پاداشتدا.
بەقەولی (مارکسیش):”ئایین ئەفوینی گەلانە” چونکە ئایین هاوتایی تریاک خۆشی و چێژێک بەمرۆڤ دەبەخشی، بەڵام لەخۆی نامۆی دەکات.
مرۆڤی ڕەسەن پێویستە بەسروشت چاکەکاربێت، نەک لەپێناوی قازانجکردندا، مرۆڤ پێویستە هەست بە بەرپرسیاری بەرانبەر ئەوانی تربکات، چونکە هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی هەڵهانە لەخود، نەک لەڕێگەی ئایین و بەڕۆژووبونەوە بۆ ماوەیەکی کاتی هەست بەئازاری ئەوانی تربکات.
پەیڕەوکارانی ئایین لە جەوهەردا چاکەکارنین و بەرپرسیارێتی سوبێکتی مرۆڤی باوەڕدار نیە، بەڵکو کردیەکی پاسیڤی سەپێنراوە، لەلایەن خودایەکی دەسەڵاتی ڕەهاوە، مرۆڤی باوەڕدار ناتوانێت بەرپرسیاربێت بەرانبەر ئەویتر تر، بەڵکو لەسیاقی ئاینداراندا بەرپرسیار دەبێت، ئەگەر لەتوراس و شەرعیەتی ئایین قوڵبینەوە چاکەکردنی ئەرک نیە، بەڵکو خێرە، مرۆڤ مەرجە خێرەکەی بدات بەو کەسانەی پێ ی دەشێت، پێشیان لەمیانەی باردۆخی کۆمەڵایەتیەوە نا، بەڵکو لەئاستی ئایینیدا سنوردار دەبێت، ئەوکەسی خێری پێ دەشێت، دەبێ مسوڵمان بێت، نوێژبکات…هتد. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لای مارکس: ” تریاکە” بەقەولی “سپینوزا” چرکەساتێکێ شادە، نەک غەمگین. بە ڕۆژبوون ساتێکی شادە. ڕۆژووان شادە بەوەی کە لەپەیوەندیەکی ڕوحی دایە لەگەڵ هێزێکی ئەوپەڕ سروشتی و ئەوی لەخۆی ڕازیکردووە. بەڵام ئەم شادبوونە سەردەکێشێت بۆ نامۆبوونی مرۆڤ لەجیهانی ماتڕیاڵەوە بۆ ئایدیاڵ.
مرۆڤ کاتێک لە پەیوەندییەکی ئایینیدایە، نامۆ دەبێت لەسروشت و جیهان و جەوهەری خۆی، ئایین دابڕانی بیرکردنەوەی مرۆڤە لەجیهانەوە بۆ جیهانی پاش مەرگ.

ئایین لەڕێگەی یۆتۆپیاکانیەوە پاداشتی بۆ ژینی زەلیلی و ڕیسوای مرۆڤ داناوە، کە پەیامبەر دەڵێت: “زۆرینەی بەهەشتنشین هەژارانن”. کەواتە بەهەژاری بژێ و لەچەندین دەقیشدا هاتووە خودا سزای بۆ ستەمکاران دانەوە، ئەمە دابڕانی مرۆڤە لە دوونیا و درکردنی بەهێزەخودیەکانی خۆی، کە مرۆڤ بزوێنەری مێژووە و توانایی نواندنی کردەو گۆڕانکاری هەیە، بەڵام لەدیدی ئەوەوە، واتا بیرکردنەوەی (تیۆلۆژی و ئایینی)دا خودا بزوێنەری مێژوو و جیهانە، خودایەک هەیە، سزای ئەوانی تر دەدات و هەرگۆڕانکارییەکیش کە ڕونادات حیکەمەتی تێدایە، بۆیە پێویستە ناشکور نەبێت و بیر لەژیانی دوونیای نەکاتەوە، چونکە ژیانێکی زوو تێپەڕە.

ئاراس سەعید




کورتەیەک دەربارەی مێژووی فەلسەفە نووسینی.. ئاراس سەعید

٭١(فەلسەفە لەبەر ئەوە سەری هەڵدا، چونکە مرۆڤ نەیدەتوانی بیر لەگەردوون نەکاتەوە)
ئەڕستۆ: میتافیزیک

فەلسەفە( philosophy) زاراوەیەکی لێکدراوی یۆنانییە، لەدوو بەش پێکهاتووە[( فیلۆ)٫( phili)] بەواتای خۆشەویشتی و [(سۆفیا)(sophia)] بەواتایی دانایی دێت. هەردوو زاراوەکە بەواتای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت.
٭٢ یەکەمین کەس ئەم زاراوەیەی بەکارهێناوە (فیساگۆرس) بووە، ئەمەش لەکاتێکدا لێ دەپرسن تۆ کەسێکی دانایت دەڵێت نەخێر من کەسێکی دانا دۆستم. ٭فیلوسوف٭
هەرچەندە فەلسەفە بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتی بۆ بکرێت، بەڵام لە دیدی منەوە( فەلسەفە لە گشتایەتی خۆیدا هونەری پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی شتەکانە، لە ڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی فاکتە شاراوەکان). وەکو سوکرات دەڵێت:” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە واتایی ژیانی نیە”. واتا ئەو ژیانە ساختەیەی کە لەسەر بونیادی ترادسیۆن و زانیارییە ساختەکان بونیادنراوە پێویستە تاقیبکرێتەوەو لە ڕێگەی نەشتەری ڕەخنەوە شیبکرێتەوە.

٭٣ (جۆن دیڤد) بەمجۆرە پێناسەی فەلسەفە دەکات:
” کۆشێشێکە مرۆڤ بۆڕونکردنەوەی ئامانجە بنەڕەتیەکانی لەژیاندا ئەنجامی دەدات “.

مەحاڵە بەبێ تێگەشتن لەچەمکی (لۆگۆس و میتۆس لە خودی بابەتەکە تێبگەین.
چیەتی چەمکی (لۆگۆس و میتۆس) :
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ نێو دونیایی فیکر و فەلسەفە، لە ئەنجامی کارلێکی ئەم دووچەمکەدا، داهێنانی فەلسەفی گەورە و فەرهەنگی درەوشاوە بەرهەمهاتووە.
٭لۆگۆس زاراوەیەکی یۆنانیە، بەواتایی، هزر یان ئاوەز دێت، لەزمانی عەرەبیدا بەوشەی (نطق) نوێکراوەتەوە. (د.ڕەهبەری محمود زادە) سەبارەت بە وشەی لۆگۆس دەڵێت؛ ” لۆگۆس لەهەندی وشە دەبێتەوە لەزمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت (لاجیک) یان( لۆجیک)”. هەروەها دەڵێت؛ ئەو تێرمانەی کۆتای پاشگری لۆجی دێت وەکو؛ (ئیپستمۆلۆجی، سۆسۆلۆجی) لەزاراوەی لۆگۆس، ئاوەزەوە وەرگیراوە.
“لۆگۆس” چەشنێکی تایبەت لەبیرکردنەوەیە دەربارەی جیهان، کە ڕووداوەکان و دیاردەکان لەچوارچێوەی سروشتی هزر و لۆژیکدا تەتەڵە دەکات. “تەتەڵەکردن”[] بریتیە لەوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کەمرۆڤ لەقۆناغە سەرەتاییەکانی هزردا ورژاندویەتی. بەشێوەیەکی تر بریتیە لەوەڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەی بە (بۆ) یان(بۆچی) دەست پێ دەکەن.

“میتۆس” چەشنێکی تایبەت لەبیرکردنەوەیە لەبارەی ڕوداوەکان و دیاردەکات، کە هۆکاری ڕودانی دیاردەکان لەچوارچێوەی “سەروسروشتەوە” تەتەڵە دەکات، بەشێوەیەک هۆکاری ڕودانی دیاردەکان دەبەستێتەوە بەهێزێکی نادیارەوە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە چەشنێکە لە ئوستورە، یاخود بیرکردنەوەی ئەفسانەیی. کە بریتیە لەچیرۆکێک لەبارەی خودا یان بونەوەرێکی ئەفسانەی لە بارەی سەرچاوەی جیهان. یان سەرچاوەی جیهان چیە و ئوستورە دەپرسی شتەکان بۆچی وان.
وەکو؛ مار بۆچی دەستی نیە،
یان فڵان بونەوەر بۆچی وایە.
پەیمانی کۆندا بەم شێوەیە وەڵامی ئەو پرسە دراوەتەوە، “کاتێک شەیتان دەچێتە بەهەشت بۆ فریودانی حەوا، لەشێوەی مار ڕۆیشت، بۆیە خودا بڕیاڕی دا تا جیهان ماوە بێ دەست و لاق بێ”.
٭٤(دکتۆر ڕەهبەر) دەڵێت؛ ئوستورە لەزەمەنێکی پیرۆزی سەرەتایی ڕویداوە و بەدرێژایی ژیان دووبارە دەبێتەوە، چونکە کردەیەک موقەدەسی خودایە و لەزەمان و “شوێن و کاتدا” خالیە.
ڕۆڵام بارت لەبارەی ئوستورەوە دەڵێت؛ “ئوستورە چەشنە ڕاگەیاندنێکە کە هەوڵدەدات مێژوو بکات بەسروشت”.
ئوستورە لەمیتۆسەوە هاتووە. تێبینی؛ ئوستورەکان خالین لەشوێن و کات، بۆیە دەبینین لەناو گەلانی جیهاندا ئوستورەکان دووبارە دەبنەوە. بۆنمونە ئوستورەی باوک کوژی، لە ناو دونیای ئەدەبیاتی یۆناندا دەبینریت کە ئۆدیب باوکی دەکوژێت. هەمان ئوستورە لە ئەدەبیاتی فارسدا دەبنینەوە کە ئوستورەی ڕۆستەم و زوهرابە، یان ڕوداوی لافاوە مەزنەکە کە لەسەرجەم ئوستورەو چیرۆکە ئاینیەکانی گەلاندا دووبارە بۆتەوە.
(ئەلیکساندەر گەربۆڤسکی) لەکتێبی” نهێنی کۆنترین مێژودا” باس لەوەدەکات، کە ئوستورەی ئادەم و حەوا لەپێش کتێبە ئیبراهیمیەکانەوە، لەناو ئەدەبیاتی سۆمەری و هندیەکان باسکراوە.

مێژووی فەلسەفە

هەرکات بەر چەمکی مێژووی فەلسەفە دەکەوین، ڕاستەوخۆ ئاوەز و بیرکردنەوەمان دەچێتەوە بۆلای مێژووی (گریک) شارستانیەتی یۆنان. ئەویش بەهۆی ئەوەی بۆیەکەمین جار ئەڕستۆ لەکتێبی میتافیزیک ئاماژەیی بۆ “تاڵیسی ماڵتایی” کردووە، کە وەکو یەکەمین فەیلەسوف لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت و زۆربەی فەیلەسوفان کۆکن لەسەر ئەوەی فەلسەفە لە تاڵیسەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئێمە ناکەوێنە ژێرجەبر و کاریگەری دۆگمانەی مێژووەوە. (تاڵیسی ماڵتایی) جەختکردنەوە نیە، لەسەر بەیۆنانی کردنی (تاڵیس)، بەڵکو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیتر بەشێوەیەکی نوێ بیری لەسروشت کردۆتەوە جیاواز لەبیکردنەوەی (میتۆلۆژیا و میتۆس).
٥٭بەپێ سەرچاوە مێژووییەکان تاڵیس (585) زاینی ژیاوە. بەمانایەکی دی لەو ساڵەدا بیرکردنەوەی فەلسفەیانە لەیۆنان سەری هەڵداوە. بەڵام شتێکی ئاشکرایەو ئارگۆمێنتە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن. فەلسەفە لەپێش تاڵیسەوە، لەناوچەکانی تری جیهاندا هەبوون، بۆ ئەمەش گەلێک ئارگۆمێنت لە ئاردان، کەڕونی دەکەنەوە ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیانەی لەیۆناندا باوبوون، لەناوچەکانی تردا هەبوون. یاخود هاوشانی یۆنانیەکان سەری هەڵداوە، وەکو مەڵبەندەکانی خۆرهەڵاتی لە (هیند و چین و میسر و بابل و ئێرانیەکان).
٦٭ ئەگەر ( تاڵیس ساڵی 585 پ ز) ژیابێت، ئەوا بوودا ساڵی ( 500 پ ز) و، کۆنفۆشویس (550پ ز) و، زەردەشت ساڵی (550) ژیاون.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە، بۆچی “فەلسەفە” لە لەشارستانیەتەکانی تردا لەگەشەکردن وەستاو، لە یۆناندا گەشتە لووتکە. ئەمە لەدیدی منەوە سێ فاکتەری سەرەکی هەیە کە ئەمانەن:

یەک: سروشتی یۆنان بەهۆی ڕژێمی کۆمەڵایەتی یۆنان کە لەدایکبوونی دیموکراسی و بەقەولی ٧(هانائارێنت):” دەوڵەت شارەکانی یۆنان ڕێخراوێک بووە لە جڤات، کە لەنواندنی کردە و قسەکردنیان لەگەڵ یەکتری دەردەکەوێت و

بەهەمان ئامانج پێکەوە دەژین، بەشێوەیەکی تر دەوڵەت شار بەواتای دەرکەوتن دێت، کە چۆن کەسانێک بۆمن دەردەکەون منیش بەهەمان شێوە دەردەکەوم.”
بەپێ سەرچاوە مێژووییەکانیش دەسەڵاتی دیموکراسی لەیۆنان لەدایک بووە و ئەمەش کەشێکی ئازادی ڕەخساندووە.
دوو: بەهۆی تێنەپەڕاندنی دۆگمەکانی ئایین و نەبوونی ئازادی لەناو گەلانی تردا، بەراورد بەشارستانیەتی یۆنان. شتێکی ئاشکراشە، فەلسەفە هەمیشە یەکانگیرە لەگەڵ ئازادی و لە ژینگەیەک نامێنتەوە ئازادی بۆ ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە فەراهەم نەکات.
سێ: دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەمکی ڕەخنە، کە لە شارستانیەتی یۆناندا ڕۆڵی گرنگی بینیوە.

ئەو قۆناغانەی فەلسەفەی پێدا تێپەڕیون

یەک: قۆناغی (پێش سوکرات) لە سەدەی (حەوتی) پ ز، دەست پێ دەکات تا نزیکی نزیکەی (چوار سەدە) ئەم قۆناغە دەگرێتەوە، کە لەبنەڕەتی بوون و ماهیەتی جیهان دەکۆڵێتەوە
قۆناغی دووەم: قۆناغی فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانیە و لەم قۆناغەدا فەلسەفە لەترۆپکی گەشەکردندایە و دووبەرەی دژبەیەک دێنە ئاراوە ئەویش (سۆفستاییەکان) و (فەیلەسوفانی یۆنان). ئەم قۆناغەش دەربارەی کردە مۆڕاڵیەکانی قۆناغی مرۆڤ و ڕژێمی حوکومڕانی و گەردوون و سروشت و پرسە؟فەلسەفیەکانیان وروژاندووە.
قۆناغی سیەم (سەدەکانی ناوەڕاست) تاریکترین قۆناغی بیرکردنەوەوەیەو گەشەی مەعریفی چەق دەبەستی ئەویش بەهۆی تێکەڵکردنی فەلسەفە و گونجاندنی لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا.
قۆناغی چوارەم: کە لەڕێنە دیکارتەوە دەست پێدەکات و لە دەستی هێگڵ دەگاتە لووتکە بە قۆناغی فەلسەفەی نوێ ناسراوە لەم قۆناغەدا جیهانی هزر و زانست شانبەشانی پێشکەوتنی پیشەسازی پێکەوتنێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوەو لەم قۆناغەدا دووڕیبازی گرنگی دژبەیەک سەرهەدەدن ئەوانیش (ئەزموونگەرایی و ڕاشیونالیست)، پاشان قۆناغی ئایدیالیزم و ماتڕیاڵیزمی ئەڵمانی و دواتریش فەلسەفەی مۆدێرن دێتە ئاراوە. هەریەک لەم قۆناغانەش تایبەتمەندی و خەسڵەتی دیاریکراوی خۆی هەیەو پەیوەستە بەو کۆنتێکستە مێژووییەی تێدا دێتە ئاراوەو کاریگەری لەسەر تێفکرین و بیرکردنەوەی مرۆڤ دروست کردووە.

پرسە فەلسەفیەکان چین

  • ئێمە هەندێک جار دەپرسین بوون چیە، مرۆڤ چۆن دروست بووە جیهان لەچیەوە هاتۆتەبوون، خودا چیە؟
    ٨٭میتافیزیک لقێکی فەلسەفەیە کە وەڵامی ئەم پرسە دەداتەوەو ئەمەش لە تاڵیسەوە دەست پێ دەکات کە لەبنەڕەتی ئەو مادەیە دەکۆڵێتەوە کەجیهانی لێ دروستبووە.
    _ ئایا ئێمە دەتوانین چی بزانین ئایا مرۆڤ توانایی زانینی سنوردارە یان دەتوانێ تەواوی نهێنێیەکانی جیهان ئەزموون بکات؟
    و: لقێکی فەلسەفە بەناوی ئیپستمۆلۆژیا وەڵامی ئەم پرسەمان دەداتەوە، کە لەسوکراتەوە دەست پێ دەکات و لە سەردەستی کاڕڵ پۆپەر دەگات بە لوتکە. وەکو ئەوەی کانت فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت:” من دەتوانم چی بزانم”

-کام ڕەفتاری مرۆڤ باشە ببێتە مایەی پێکەوە ژیان و ئاسوودەی ئەوانی تر. بۆچی من مرۆڤێکی باشبم
و:فەلسەفەی ئەخلاق لە ئەو باباتەنانە دەکاتە ژێرپرسیارەوە لە ڕێگەی پرس و دەرئەنجامەکانیەوە وەڵامی ئەو پرسەمان دەداتەوە.

کام جۆر حوکمڕانی دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی ئازادی و ئاسایش و پێکەوە یان. چ جۆرە دەوڵەتێک باشە؟
لقێکی فەلسەفە بەناوی فەلسەفەی سیاسییەوە وەڵامی ئەم پرسانەمان دەداتەوەو لەو بابەتانە دەکۆڵێتەوە…..هتد ئەمەجگە لەوەی فەلسەفە یەکێکە لەو ئامڕازانەی دەبێتە (موظاف) دەچێتە پێش هەرناوێکی ترەوە و لەو بابەتانەدەکۆڵێتەوە وەکو(فەلسەفەی زمان، فەلسەفەی مێژوو، فەلسەفەی یاسا، فەلسەفەی زانست، فەلسەفەی فەلسەفەو …هتد).
بەگشتی فەلسەفە هونەری پرسیاکردن و گومان و تێڕامانە بۆ دۆزینەوە و چارەسەری ئارێشەو گرفتەکان تا ژیانێکی شایستەی و هونەریانە بەسەر بەرین.

———————————

سەرچاوەکان
١. ڕێبوار سیوەیلی: سۆفستایەکانی یۆنان
، چاپخانەی هاوسەر هەولێر

۲. هیوا جەلال: سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی زمان، دەزگای ڕێنوێن
۳. هەمان سەرچاوە
٤. ڕەهبەری مەحمود زادە: کۆرسی فەلسەفەی ڕۆژئاوا
٥. : arne nees: filofiens historie,i, hans reizels forlag kopen haven,s.26
٦. هەمان سەرچاوە
٧. نامیلکەی فەلسەفەی هانا ئارێنت،
و: ئارام مەحمود، دەزگای ئایدیا. 2017
٨. (ت.ز لاڤین) : فەلسەفە بۆ هەمووان،
و:ئارام مەحمود.




چەمکی ئاکار لەنێوان ئەقڵ و ئایندا.. نووسینی: ئاراس سەعید

ئەوانەیی دەڵێن: (مۆڕاڵ)ی تاک لەنێو ئایینەکاندا تووشی لەرزۆک بوون دەبێت هیچکات لە مۆڕاڵ تێنەگەشتوون، بەڵکو ئایین بابەتێکی کۆمەڵایەتییە لەدەروونی مرۆڤدا مۆڕاڵ دەستەبەردەکات.

چەمکی مۆڕاڵ چەمکێکی زانستیەو، لەدونیایی فیکردا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردووە. یەکەمین فەیلەسوفیش لەمێژووی هزری مرۆڤایەتیدا، چەمکی مۆڕاڵ وەکو چەمکێکی زانستی و بابەتێکی ئیپستمۆلۆژیا خستۆتەڕوو (سوکراتە).
لەدیدی سوکراتەوە چەمکی مۆڕاڵ، دەرهاوێشتەیی ئەقڵەو، پەیوەندی بەئاستی زانینی مرۆڤەکانەوە هەیە.
تێڕوانینی سوقرات دەربارەی لۆگۆس، واتا دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بە مۆاڵی ڕاشیونالیست، یان ئەقڵگەرایی ناسراوە، لەدیدی سوقراتەوە تاکە مۆتیڤی کردە ئاکارییەکان ئەقڵە، چونکە لەدیدی سوقراتەوە، چاکە ( زانینیە ).
لەمێژووی فەلسەفەدا، دوو شێوە تڕوانین بەرامبەر عەقڵانییەت هەبووە، ئەویش ( میتۆدی دانپێنان و میتۆدی ڕەخنەگرانە ).
لە وتە بەناو بانگەکەی سوقرات، دەبینین کە شوێنکەوتەی میتۆدی ڕەخنەگرانە بووە، کە دەڵێت؛” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە مانای ژیان نییە”.
تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و تاقیکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لەبارەوە هەیە.
لەزاری ئەفڵاتوونەوە وتەیەکی بەناو بانگی سوقرات دەخوێنینەوە؛
۱”من دەزانم، کەنازانم، ئەوان نازانن، کەنازانن، وا دەزانن دەیزانن”.
سوقرات یەکەمین فەیلەسووفە، کە بەدوایی شەنوکەو کردنی پرسە چەق بەستوو و ئارێشەکاندا دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی کەموو کورتی و هەنگاونان بە گەشەی مەعریفی. کاڕڵ پۆپەر دوای دووهەزار و چوارسەدساڵ سەدساڵ دواتر ئەو وتەیەی دوبارەکردەوە. پۆپەر دەڵیت؛ ئێمە کاتێک دەزانین هەڵە و کەموو کورتی تیۆرەکەمان لەکوێدا، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبێنەوە. گەشەی مەعریفی واتا، دۆزینەوەی یەکێک لەکەموکورتییەکانی بۆچوونەکانمان، نزیکبوونەوەیە لە زانین”.
پەیوەندی نێوان مۆڕاڵ و مەعریفە، لەدیدی سوقراتەوە: سوقرات یەکەمین کەس بوو چەمکی مۆڕاڵ ئاوێتەی ئیپستمۆلۆجیا دەکات. ت ز لاڤین دەربارەی مۆڕاڵی سوقرات دەڵێت؛” مۆڕاڵی سوقراتی واتا دۆزینەوەی ئەوەی ڕاست و چاکەیە لەڕێگەی ئەقڵەوە”.
لەدیدی ئەگەر بمانەوێ گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین.
مەبەستی سوقرات لەم وتەیە؛ “کەس تووشی هەڵەی ئاکاری نابێت، مەگەر زانیاری لەبارەوە نەبێ”. چونکە لەتێڕوانینی سوقراتەوە، چاکە زانینە.
هەرکەس زانیاری دەربارەی خراپەی گرفتە ئاکارییەکان هەبێت هەڵەناکات. ئێمە زۆر جار وتەی بریا باشترم بکردایە، بەکار دەهێنین. بەجۆرێکی تر لەدیدی سوقراتەوە هەر کەسێک تووشی هەڵەیەکی ئاکاری بێت ئەوکەسە، بێ ئەخلاق نییە، بەڵکو زانیاری تەواوی لەبارەی باشەوە نییە.

هەرچەندە مۆڕاڵ بابەتێکی مەعریفیە، بەڵام بەپێ ترادسیۆن و ژینگە و کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکان جیاوازان. سۆفستاییەکانی یۆنان، زۆر زیتەڵانە لەم بابەتەدا ڕۆچووبوون، ئەویش بەهۆی گەشت و گاڕانەکانیان، کە شار و دەوڵەتەکانیان دەبڕی بۆ فێرکردنی زانیاری بەمرۆڤەکان. لەدیدی سۆفستایەکانەوە مۆڕاڵ بابەتێکی ڕەها و گشتگیر نیە، بەڵکو لە ژینگە و کۆمەڵگا و کلتورەجیاوازەکاندا گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەم تێڕوانینەش لەگەڵ زانستەمرۆییەکان و سۆسۆلۆژیایی مۆدێرندا گونجاوە.

بەڵام بەهۆی گونجاندن و کارلێکی شارستانیەتەکاندا، پێویستە، مرۆڤایەتی پابەندی جۆرێکی گشتگیر تر لە بنەما ئاکاریەکان بن، کە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا بگونجێ. بۆیە ئاکار وەکو زانستێکی تایبەت خۆی لەفەلسەفە جیادەکاتەوە و بنەماکانی ئاکار زۆرن لێرەدا باسی چەد دانەیەکیان دەکەین وەکو:( باشە، خراپە، دروست، نادروست، ئەبێ، نابێ). فەلسەفە بەتیۆرەکانی خۆی لێکۆڵینەوە لەچەمکەکانی ئاکار دەکات. یان لەوە دەکۆڵێتەوە کام جۆر لەڕەفتار باشە، یان بۆچی پێویسە کاری باشە بکەم.
چەند تێڕوانینێکی فەلسەفیمان هەیە کە هەوڵیان داوە ببنە ئەلتنەرتایڤێک بۆ ئیتیکی دەستەجەمعی کۆمەڵگایەک تا ببنە چەن تیۆرێکی یۆنیڤیرسال و مرۆڤ پەیڕەوی بکەن، بەپێ لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکانیش هەموو کردەکانی مرۆڤ سەر بەیەکێک لەم قوتابخانانەن.

یەکەم: پراگماتیزمی ئەرکگەرایی
ئیمانیۆڵ کانت بەدامەزرێنەری ئەم تیڕوانینە دادەرێت.

چەمکی مۆڕاڵ، لەڕوانگەی فەلسەفەی (کانت)ەوە، مەرجی پێشینی هەیە. کانت گەورەترین فەیلەسوفە لەمێژووی فەلسەفەدا، کە ئاڵوگۆڕی بەشوێنی (شۆبژە و ئۆبژەکرد). زەین و عەین کرد. کە وەرچەخانی کۆپەرنیکۆسانەی لە فەلسەفەدا کرد. لەڕوانگەی کانتەوە. زەینی مرۆڤ، کۆمەڵێک یاسای و قاڵبی هەیە، کەپێشینین. مرۆڤ کاتێک لە ڕێگەی هەستەکانەوە لە سروشت و جیهان دەکۆڵێتەوە، هەوڵی دۆزینەوەی نیهێنیەکانی سروشت دەدات. کاتێک لەڕێگەی لۆگۆسەوە، سەرقاڵی ڕامان و تێفکرینە، هەوڵی ئەوە دەدات نەزم و یاساکانی زەین بەسەر سروشتدا بسەپێنی. لەپێشووتردا. دەیان گوت: زەین ئاوێنەی عەینە. کە بەپێ توانایی تێگەشتنی خۆی زانیاری دەبارەی شتەکان وەردەگرێت. بەڵام لەڕوانگەی کانتەوە زەین چاولیکەیەکە، بەشێوەی عەدەسەکەی جیهان دەبینین. بەشێوازێکی تر، لەڕوانگەی کانتەوە مرۆڤ بەر لەوەی لەشتێک بکۆڵێتەوە، دەبێ زانیاری دەربارەی ئەو ئامڕازانە هەبێ کە بەهۆیەوە، بەحس دەکات. مرۆڤ کاتێک گوزارەیەکی ئەرێ دەر دەبڕێ، هەمیشە زانیاری دەربارەی دژەکەی هەیە. بۆیە لەڕوانگەی کانتەوە ئەخلاق مەرجی پێشینی هەیە. مرۆڤ کاتێک دەربارەی چەمکی باش بوون زانیاری هەیە، لێکەوتەکانی خراپ بوونیش دەزانی. واتا، ئێمە کاتێک دەزانین، دەرئەنجامی درۆکردن خراپە، ئەوکات، نەفی دەکەینەوە. بۆئەوەی بابەتەکەڕونبێتەوە دەچینە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە:

٭ئەخلاق لەڕوانگەی کانتەوە، مەرجێکی هەیە، ئەویش سەربەست بوونە. ئێمە تا سەربەست،یان ئازاد نەبین ناتوانین خاوەندارێتی لەکردەکانی خۆمان بکەین.
[] کانت میتۆدێکی ڕەهای گشتی پێشکەش دەکات، تا بزانین کامە چەمکی ئەخلاقی دروستە، یان نا دروستە.
کانت وتەیەکی بەناوبانگی هەیە، کەدەڵێت: “ئاسمانی پڕئەستێرەو یاساکانی سروشت لەسەر سەرمەو، یاساکانی ئاکاریش لەناوەومدایە”.
کانت لەفەلسەفەکەیدا زۆر گرنگی بە نەزم و ڕێکی و پێکی داوە. بۆیە لە بەشی دووەمی فەلسەفەکەشی ٭ڕەخنە لە ئاوەزی کردەکی٭ یاسا و نەزم وەکو مەرجێکی ئاکار دەسەپێنێ.
کانت دەڵێت: “هەرگیز ناتوانی مامەڵەیەک، وەکو مامەڵەیکی دروستی ئاکاری بناسێنی تا نەتوانی مامەڵەکە بکەیتە یاسایەکی جیهانی”.
واتا: کاتێک مامەڵەیەکی ئاکاری تەندروستە، کەبتوانی مامەڵەکەت بکەیتە، مامەڵەیەکی جیهانی.
بۆنمونە: کاتێک مرۆڤێکی قەرزار ئامەنەتێکی کەسێکی لایە، ئەگەر بیەوێت قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنی.

مامەڵەیەکی دروستە یان نادروست
لەڕوانگەی کانتەوە، ئەگەر توانیت نەگێڕانەوەی قەرز بکەیتە یاسایەکی جیهانی ئەوا دروستە. ئەگەر تۆ پێتخۆش بێ کەسێک قەرزاری تۆیەو قەرزەکەت بۆنەگەڕێنێتەوە، پێت خۆش بێ. ئەوا مامەڵەکەت دروستە. بەپێچەوانەوە نەخێر.
٭ فەلسەفەی ئەخلاقی کانت، پراگماتیزمی ئەرکگەراییە: ئەرکگەرایی: قوتابخانەیەکی ئاکارییە، کە ئیمانیۆل کانت بەدامەزرێنەری دادەنرێت. ئەم ڕوانینە فەلسەفەیە، لە ئامانج و سوودی کارەکە ناکۆڵێتەوە، بەڵکو ئەخلاق ئەرکێکی ڕەهایە.
ئەم ڕوانگەیەوە، چاکە ئامانجی بێ ئامانجە. چاکە ئەرکە لەپێناوی چاکەدا. بۆنمونە: باشبوون لەپێناوی دەستکەوتنی ناوبانگ. یان ئەنجامدانی کاری پاش لەپێناوی بەدەستهێنانی بەهەشت، یان ڕازی کردنی خودا لەخۆت، لەڕوانگەی کانتەوە نا دروستە.
ڕەنگە مۆڕاڵی ئایینەکان. جۆرێک بێت لە حوکمێکی تۆتالیتاریزم و قەدەغەکردنی ئازادیی مرۆڤ بێت، لە زیادەڕویی کردنی حەرام و حەڵاڵ و دەستوەردانە نیو هەموو ڕەهەندە تایبەتیەکانی مرۆڤەوە. یان ئەو لێکۆڵینەوانەی کەدەربارەی ئایینەکان کراون کە ئایین بڕوابوون بەخودا وابەستەی بڕوابوون بەخودا دەکات. ئەمە پەیوەندی بەلۆژێک و ئەقڵەوە نیە، چونکە خودا چەمکێکی ئەقڵانی نیە، بەڵکو پەیوەندی بەباوەڕو ڕوحی مرۆڤەوە هەیە. بەڵام وەکو لە بنەماکانی مۆڕاڵمان کۆڵیەوە، چەمکی باشە و خراپە، دروست و نادروست…هتد یەکێکە لەبنەماکانی مۆراڵ و فەلسەفەی ئاکاریش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات. هەریەک لە بنەما ئاکارییەکان لەئایینەئاسمانیەکاندا بوونی هەیە. وەکو تابۆکانی ئایینەکە و باشەکردن و دوورکردنەوە لەخراپە، کە مرۆڤ لەپێناوی دەستکەوتنی بەهەشت و پاداشتدا ئەنجامی دەدات. ئەمەش تێڕوانینێکی ئامانج گەراییە. بوونی خودا وەکو هێزێکی تۆقێنەر و ڕەهایی ئایینەکان فاکتەر و کردە باشەکانی مرۆڤە، چونکە خودا وەکو هێزێکی سزادەر و پاداشتدەر لەدەروونی ئایندارەکاندا تۆوی ترس و دودڵی و قەلەقی لەڕوحیان چاندووە.
بابەتەکە لە سۆنگەیەکی ئایینیەوە ناخەینە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو خودی خودا، وەکو باڵاترین هێز لەسەروی ئەقڵ و سروشتی کەسی ئاینیەوە. کاتێک کۆمەڵێک وابەستەیی مۆڕاڵێکی دەستەجەمعی ئایینی دەبن، بەناچاری ژیردەستەی کۆمەڵێک بکەو مەکەی ئەو یاسایانە دەبن. لەبەرامبەریشدا کەسێکی خاوەن ئیتک و ئەخلاقی ناوەکی و تاک، وابەستەیی ئەو تیۆرەی خۆیەتی. خودی پرسیارەکە لێرەوە دەست پێ دەکات ئایا کەسانێک خودان هیچکام لەو ڕێسا و یاسا مۆڕاڵیانە نین، چ شتێک وایان لێ دەکات باشبن ؟

دۆستۆڤیسکی دەڵێت؛ ئەگەر خودا نەدەبوو، هەموو شتێک ڕێگە پێدراو دەبوو.

نەبونی خودایەک وەکو هێزێکی باڵاو، بکەر و سەپێنەری کۆمەڵێک یاسای سەپاوی ڕەها، وەکو چەمکی سزاو پاداشت، چ شتێک وا لەمرۆڤێکی بەڕبەڕی و ناهۆشیار پابەندنەبووی هیچ چەشنێک لە ئیتێکێک ویاسایەک دەکات کە تاوان نەکات لەکاتێکدا، خودی مۆڕاڵ پڕۆسەیی ئەقڵانیە، یان زانینە، کەسێک نەزان بێت بەرامبەر کۆمەڵێک کردە کە ئەنجامی ئەدات، تووشی زۆرترین نەزانی دەبێت. ئەوە بوونی خودایەکە، وەکو هێزێکی تۆقێنەر و پاداشت دەرەوە، فاکتەری باشبوونی مرۆڤە یەکتاپەرستەکانە. هەرچەندە باشبوون بەرهەمی بیرکردنەوە و ناسینی خودە، باشبوونی کەسێتی ئایینی، جۆرێکە لە بەزۆر باشکراو.
نیچە وتەنی؛ خودا مرد، ئێمە خۆمان کوشتمان. مەبەستی نیچە لەکوشتنی خودایەکی باڵا و کەماڵ نیە. بەڵکو خوێندنەوەیەکی فەلسەفیە بۆ پێشکەوتنەکانی مرۆڤ، کاتێک مرۆڤ لەهەوڵی جوداکردنەوەی بکەرە لە بابەت، واتا دابڕانی مرۆڤ لە سروشت و دەستبەسەراگرتنی سروشت لەڕیگەی زانستی ئەزمونییەوە. شتێک بە ناوی خودا بوونی نامێنێت. نیچە وەکو بیرکەرەوەیەکی زیتەڵە هۆشداری ئەدات لەدوایی مردنی خوداوە، نیلهیزم و پوچیتی دروستدەبێت، بەم شێوە پوچیەی ئێستا بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە.




مرۆڤ چۆن خوداکانی درووستکرد.. ئاراس سەعید


“خودا مرۆڤ درووستناکات، ئەوە مرۆڤە خودا دروستدەکات”
کاڕڵ مارکس

ئەم وتارە بە میتۆدێکی ماتڕیالیزم نوسراوەتەوەتەوە و هەوڵمداوە، لە فاکتە دەرەکییەکانی مێژووەوە، خوێندنەوە بۆبابەتەکان بکەین.
لێکۆڵینەوە ئەقڵانییەکانی مرۆڤ دابەشدەبن بەسەر دوو جۆر لێکۆڵینەوە( زانستی و فەلسەفی) لێکۆڵینەوە فەلسەفەیەکان بە میتۆد و تیۆرێکی گەردونی لە بابەتەگشتیەکانی وەکو (بوون، جیهان، سروشت، مۆڕاڵ، عەدالەت). هەروەها کاری زانست، بریتیە لە لێکۆڵینەوەی تاکایەتی، بۆ دروستکردنی ڕیسا و میتۆدێک بۆ گریمانەکردنی ئەنجامەکانمان و کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان. بەڵام مرۆڤ وەکو سوبێکت، ناچێتە ژێر میتۆدی زانستیی و گشتیەوە، بەڵکو لە ڕێگەی زمانەوە شوناسی مرۆڤ ئاشکرادەبێت. مرۆڤ ئۆبێکتیڤی زمانە، وەکو ئارێنت دەڵێت: “زمان ئامڕازێکە بۆ ئاشکراکردنی شوناسی مرۆڤ”، زمان جگە لەوەی ئامڕازێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان تاکەکان، ئامڕازێکە بۆ ئاشکراکردنی ئەو فاکتە ڕاستەقینانەی، کە لەپشت ڕەفتاری مرۆڤدا خۆیان شاردۆتەوە.
زمان یارمەتی پڕۆسەی دیالەکتیک دەدات لەنێوان (زیهن و خود) سوژە و ئۆبژە. بۆیە لەم نوسینەدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو فاکتە مێژویانەی خودای تێدا دروست دەبێ لەزیهنی مرۆڤدا، وە لەناو زماندا ئەو فاکتانە دەدۆزێنەوە، کە ئاین وەکو ئۆبێکتیڤی ماتڕیاڵیزم فۆڕۆمۆڵ دەبێت. مێژوونوس توانای دۆزینەوەی فاکتە ڕاستەقینەکانی مێژووی نیە، کە لەپشت کردەی مرۆڤەکانەوە خۆی شاردۆتەوە، بەڵکو دیالەکتیک و زمان هاوکارن بۆ دۆزینەوەی فاکتەکان بە هاوکاریی میتۆدی ئابوری و سۆسۆلۆجی و مێژوویی.
……
مرۆڤ چۆن خودا دروستدەکات:
ئارگۆمێنتە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە، کە مرۆڤی سەرەتایی سەرەتا لە جەنگەڵ و دارستانەکاندا ژیاون و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیانیان پشتیان بە سروشت و جەنگەڵ بەستووە. بەڵام بەهۆی لاوازی مرۆڤ بەرانبەر سروشت و شتەکانی دەوروبەریەوە، بەگشتی کاتێک مرۆڤ درکی بەجیهان و شتەکانی دەوروبەری کردووە تۆشی ڕامان و ترس بووە، کەبێ توانایە بەرانبەر هێزە سروشتیەکان، بۆیە پەنای بردووە بۆ دروستکردنی هێزێکی باڵاتر لەخۆی ئەویش دروستکردنی خودایە. دیڤد هیۆم فەیلەسوفی ئەزموونگەرایی سەربارەت بە ئادیای زگماک دەڵێت: “هیچ ئادیایەکی زگماک بوونی نیە، بەڵکو هەموو زانیارییەکانی مرۆڤ، لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوەیە”، وەکو ئەزموونگەراکان دەڵێن:” زیهنی مرۆڤ وەکو کاغەزێکی سپی وایە، لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوە زانیاریەکان تۆمار دەکات”. بۆیە مرۆڤ سەرەتا ئەو شتانەی بەتەوتەم گرتوون، کە ڕۆژانە بەری کەوتوون، وەکو ترسان لە ئاژەڵی دڕندە و کارەساتی سروشتی و هەور و بارانیان کردووە بەتەوتەمی گروپەکەیان. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە پەیدابوونی خودا لەزیهینی مرۆڤدا، ئایدیایەکی پێشینی نیە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەزموونکردنی شتەکانەوە، لەیادگەیدا ماونەتەوە و فۆڕمی خودایان لێ دروستکردووە. بۆنموونە: فریشتە لە ئاینە ئاسمانیەکاندا، تێکەڵەیەکە لە ئایدیا ئەزموونکراوەکانی مرۆڤ، وەکو باڵدار و پیاوێکی گەورە و هەموو ئەم زانیاریانەی لە پێشودا ئەزموونکردووە.
ناو و فۆڕمی خودا، بریتیە لە ئۆبێکتیڤی زیهنی مرۆڤ، مرۆڤ خوداکان بەو شێوە بەرهەم دەهێنی، کە لەزیهینی خۆیدا هەن. بۆیە بوونی خوداکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. لە ناوچەکانی دۆڵی دوو ئاوان و سۆمەرییەکان، خودای دایک پەرستراوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەو چرکەساتەدا، پێویستی بە نەوەخستنەوە بووە، بۆ کاری کشتوکاڵ، کەچی لە میسر خودای خۆر و لە ئەفریقا تەوتەم و ڕوەک. دواتریش خودایی ئایینە ئیبراهیمیەکان، کە سیفەتەکانی هەمان ئایدیا پێشینیەکانی زیهنی مرۆڤن. وەکو: ناوەکانی خودا لە قورئانی ئیسلام.
گەزنەفۆن دەڵێت؛ “حەبەشییەکان خوداکانیان لەسەر فۆڕمی خۆیان دروستدەکرد، خوداکانیان لووتیان گەورە و ڕوخساریان پانبوو، ئەگەر ئاژەڵەکانیش خودایان دروستبکردایە لەسەر فۆڕمی خۆیان دروستیان دەکرد”.
مرۆڤ لەقۆناغی سەرەتایی ژیاندا، بەهۆی مامەڵکردنی لەگەڵ کەرەستە و شمەکەکانی ساکارەکانی سروشت و شێوازی ماتڕیاڵی و چۆنێتی ژیانی خۆی، خوداکانی لەزیهینی خۆیدا بەرهەمهێناون.
مرۆڤ لەبەر ئەوەی کاهینێکی کۆمەڵایەتیە و بە گەلی دەژین، خوداکانیان وەکو ڕۆزی بەخش و هێز و توانایی گروپەکەیان تەماشاکردووە، وەکو کۆمەڵگایی تەوتەمیزم، ئەمەش وەکو نەریتێکی بۆماوەیی گوازراوەتەوە بۆ نەوەکانی ئایندەش.
ئایین نەرتێکی کۆمەڵایەتی بۆماوەییە، کە پەیوەندی نێوان هێزێکی باڵاو و مرۆڤە، کە مرۆڤ دروستی دەکات بۆ پاراستن و دورخستنەوەی مەترسیەکانی لەخۆی. هەروەها ئایین ئامڕازێکی کۆمەڵایەتیە بۆ دروستکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان.
ئایینەکان چرۆکێکی ئەفسانەین، کە دەرهاویشتەی زیهنی مرۆڤەکانن، کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە. بۆ نمونە: هیندیەوسورەکان لە حەوزەکانی ئەمازۆن، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان پشتیان بە ڕاوشکار و کۆکردنەوەی خۆراک لەناو جەنگەڵەکان بەستووە. وەکو جۆن کریچەر دەڵێت؛ هیندیە سورەکان باوەڕیان بە ژیانی دوای مەرگ هەبووە، بەڵام لەدیدی ئەمانەوە چیرۆکێکە جیاوازە، ئەوان پیانوایە، مرۆڤ دوایی مەرگ، زیندووبۆیەوە بەنەمری لەجەنگەڵدا دەژیت و دەستدەکات بەڕاو کۆکردنەوەی سەرەتایی. بەڵام مەسیحیەکان، کە باوەڕیان وایە، مرۆڤ لەدوای مەرگ دەچێتە بەهەشت و لە پەرداخی زێڕدا شەراب دەخواتەوەو بەهەشتەکەیان پڕە لە کۆشک و تەلاری زێڕین. وەکو یۆڤاڵ نوح دەڵێت؛ “ئایین دروستکردنی چیرۆکێکە، کە هەر گروپێک بەشێوازێک دروستی کردووە و هەریەکەیان دەیەوێت قەناعەت بەوانی تر بهێنێت، کە چیرۆکەکەی خۆی تەواوە” زۆربەی جەنگە ئایینیەکان لە ئەنجامی باوەڕنەهێنانی یەکتری بە چیرۆکە جیاوازەکانەوە خوڵقاوە. بۆنمونە لە کۆتاییەکانی لەسەدەی چواردەهەمدا، کاتێک ئەمریکا دۆزرایەوە لەلایەن پورتوگالیەکان و ئیسپانیەکانەوە. مەسیحیەکان نەیانتوانی باوەڕ بە هیندیە سورەکان بهێنن، کە لە ژیانی دوای مەرگ مرۆڤ لەکۆشک و ڤیلای زێڕیندا شەڕاب و گۆشتی برژاو دەخوات، چونکە ئەوان چیرۆکێکی تریان بۆخۆیان دروستکردبوو، کە جیاوازبوو لەوەی ئەوان و پەیوەندی بەژیانی ماتڕیاڵی ئەوانەوە نەبووە. هیندییە سورەکان نەیان دەزانی پەرداخی زێڕ و ڤیلا چیە.
ئایین نەریتێکی کۆمەڵایەتیە، کە مرۆڤەکان خۆیان دروستی دەکەن. بەڵام ئەم نەریتە لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانیەت و دۆزینەوەی کشتوکاڵدا، دەبێتە ئامڕازێک بۆ فریودان و ڕامکردنی مرۆڤەکان. لە ئایینی مەسیحیدا چیتر پاشا دەبووە نوێنەری خودا و دەبوو هەمووان گوێڕایەڵی بکەن، لە ئایینی ئیسلامیشدا پاشا وەلی ئەمرە و لادان و گوێڕایەڵ نەبوونی تاوانە. ئایینە ئاسمانیەکان هێزەخودیەکانی مرۆڤ دەچەپێنی و وابەستەیی، بانگی دەکات بۆ پشتگوێ خستنی ژیان و ماددە، لەکاتێکدا دروستبوونی ئاینەکان ئۆبێکتی ماتڕیاڵیزمە، بەڵام ئایین وەکو ئامڕازێک مرۆڤی نامۆ درووستدەکات لە هێزەخودیەکانی خۆی و کار لەسەر ڕێخستنی ژیان و کۆمەڵگا ناکات. ماکس ڤێبەر وتەنی:” تەنها جەخت لەژیانی دوای مەرگ دەکاتەوە”.

ئاراس سەعید




خوێندنەوە و وێرانکردنی خود.. ئاراس سەعید

خوێندنەوە جۆرێکە لە ئەزموونکردنی جیهان، کە مرۆڤ بە هۆی کورتی تەمەنەوە توانای ئەزموونکردن و فراوانکردنی بارگراوندی زانیاری خۆی نیە، بۆیە خوێندنەوە فاکتەرێکی گرنگە بۆ ئەزموونکردنی جیهان لەڕێگەی ئەو میراتە کلتوریەی بۆ ئێمە ماوەتەوە. خوێندنەوە پڕۆسەیەکە ڕاستەوخۆ مرۆڤ دەبەستێتەوە بە <دەق> ەوە. لەنێوان بکەر و نووسیندا، دەلاقەیەکی گەورەتر دەکاتەوە بۆ مرۆڤ، کە ڕامان و بیکردنەوەیە. واتا <دەق> لەگرنگایەتی خۆیدا وەکو بابەت فەزایەکی تر ئاوەڵا دەکات بۆ خوێنەر ئەویش تێڕامان بیرکردنەوەی بکەرە بۆ خولقاندنەوەی بابەت. تۆماس هۆبز لەکتێبی لیڤیسیان دەربارەی نوسین بەم جۆرە دواوە:” ئەو کاتەی پیت و نووسین، دۆزرایەوە وەرچەرخانێکی گەورە لەمێژووی مرۆڤایەتی ڕویدا”. نووسین پردێکە، کە ئادیا وئایدیاڵەکانی مرۆەڤەکانی پێشوو دەگەینێت بەنەوەی نوێ. لەخۆڕا نیە فەیلەسوفێکی وەکو ئارێنت دەیەوێت کلتور لە گەشەسەندنی مۆدێرنیتە ببپارێزێ. خوێندنەوە گفتووگۆ کردنە، لەگەڵ ئەقڵەگەورەکانی پێش خۆمان کە لەو میراتە کلتورییەوە بۆمان ماوەتە. یەکێک لە بنەماکانی بەرەو پێشبردنی ئاستی هۆشیاری نەتەوەکان بەیەک گەیشتنی نەوەکانە لەفەزایەکی ئازاد دا، بەڵام کۆمەڵگایەکی داخراو تەنگ چنراو بەتابۆ وترادسیۆن هەرگیز دەرفەتی گفتووگۆ کردنی تێداناڕەخسێ، بۆیە لە فەراغی ئەم فەزا داخراوەوە خوێندنەوە تاکە فاکتەرە بۆ گفتووگۆکردن لە گەڵ ئەقڵەگەورەکان و نواندی کردەو بەهێزبوونی توانای ڕامان و بیرکردنەوە. فرۆید دەڵێت؛” شارستانیەت لەو ڕۆژەوە گەشەیکرد، کەمرۆڤەکان لەجیاتی بەرد وشەیان ڕیزکرد”.
گۆتە شاعیری ئەڵمانی دەڵێت:” هەرکەسێک مێژووی سێ هەزار ساڵەی مرۆڤایەتی نەزانێ تەنها بۆ ورگی دەژێت”. وەکو پێشووتر ئاماژەم پێکرد مرۆڤ توانایی ئەزموونکردنی جیهانی نیە، بەهۆی کەمی تەمەنەوە، بەڵام لەڕێگەی خوێندنەوەو زانینی مێژووەوە دەتوانین تەمەنی ئەوانی تریش بهێنینە سەر تەمەنی خۆمان و دوونیابینی و بارگراوندی مەعریفی خۆمان دەربارەیی جیهان و سروشت زیادبکەین.

یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی خوێندنەوە گەشتکردنە، سەفەرێک جیاواز لەسەفەری فیزیکی، گەشتی خوێندنەوە گەشتێکە لەناو کاتدا، مرۆڤ هەمیشە لەناو شوێندا سەفەردەکات. بەڵام خوێنەر لەناو کاتدا سەفەر دەکا. گابرێل گارسیا مارکیز دەڵێت:” ئەگەر پارەت پێ نیە گەشتێک بکەیت، هەرکوچەو کۆڵانی وڵاتێک لەلاپەڕەی کتێبێکدا بخوێنەوە”. ئەم گەشتە لەناو کاتدایە، گەڕانەوەی کاتە بۆ زەمەنێکی مێژوویی، من لەڕێگەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی دۆستڤیسێکەوە، تەواوی کوچەو کۆڵانەکانی پترسبۆرگ گەڕاوم، لەڕێگەی کتێبێک دەربارەی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی ئەسیناوە گەڕاومەتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی هەرگیز مرۆڤ بەپارە ناتوانێت هەنگاویان بۆ بنێت. زۆرجار خوێندنەوە ئاوێنەیەکە دەمان داتەوە بەناوەی خۆماندا، (دەق) هەیە، ئەوکاتە گریان ودەقیش هەیە، گوزەرێک بەمرۆڤ دەکات بەناو دۆزەخانی دونیای واقیعدا.

خوێندنەوە ئامڕازێکە بۆ هاوکاری کردنی مرۆڤ لەبەگەڕخستنی توانا خودیەکانی لەتێڕامان و بیرکردنەوەوە بەرەو کردە نواندن. مرۆڤ لەڕێگەی بیرکردنەوەو تاقیکردنەوەی شتەکانەوە ترادسیۆن و بەها باوەکان تێک دەشکێنێت و دەرگیردەبێت بەخودی خۆی. دەرگیربوون (بەخود) واتا؛ خاوەنی ڕوئیاو تێڕوانینی خۆت، کە هیچ هێزێکی دەرەکی توانایی بڕیاڕ دانی نیە، لەسەروی ئەقڵی تۆوە. خوێندنەوە فاکتەرێکە بۆ ختوکەدانی هزر. لەکۆتایشدا خوێندنەوە هۆکارێکە بۆ وێرانکردنی خود، مرۆڤ کاتێک دەرگیر دەبێ بەخودی خۆی چیتر، بەرەو نامۆبوون هەنگاو دەنێ و کۆمەڵگا لەخۆی فڕێی ئەداتە دەرەوە، کاتێک خوێنەر بۆی دەردەکەوێت هەموو بەهاکان بەها گەلێکی پووچ و ساختەن، چیتر شۆکی سەردەمی بێ بەهابوونی بەهاکان، زیهنی دەلەرزێنی و لەمینانەی هەستکردنی بەبەرپرسیارییەوە هەوڵەدات بۆ خولقاندنەوەی بەهای نوێ. بەڵام دووبارە لەلایەن ئەوانی ترەوە بێ بەها دەکرێ، نەبوون بەوانی تر، هۆکارێکە بۆ ڕەتکردنەوە و نەفی کردنەوەی تۆ لەلایەن کۆمەڵگاوە. خوێندنەوە چێژ نابەخشێ، بەڵکو زۆرجار دەقەکان ڕوحت دەکەن بەسوتماک، زۆرجار پوچی و بێبەهایی ژیان وەکو ڕەخنە خۆی لەدەرونی مرۆڤدا دەچێنی. من چەندین شەو لەگەڵ ئازارەکانی ڕاسکۆلینکۆف دەرونم هەڵقرچاوە، لەگەڵ خوێندنەوەی لۆلیتادا هەوری چاوەکانم ڕێژنەبارانی خوێنیان ڕشتووە، چەندین شەو ژیانی خۆم بەکوڕەکانی بارزانی و تاڵەبانی بەراورد کردووە و بیرم لەناڕەوایەتی کردۆتەوە، لەگەڵ هیگڵدا بیرم لەناتەواوی خودا کردۆتەوە و فۆبیایی خودا، چەندین شەو چاوانی زڕەخەوکردووم، لەگەڵ مارکس بیرم لەشۆڕش و هەڵواسینی سەرکردە و بنکردە دیکتاتۆرەکان کردۆتەوە، چەندین شەو لەگەڵ ژەهرخواردکردنی سوکرات و کوشتنی حەلاج و مەسیح مەرگم ئەزموون کردووە، چەندین شەو بەخەیاڵی کەنیزەکەکانی حەرەم سەراکانی خەلیفەکانی ئیسلامەوە شەیتانی بووم، کۆتا جاریش لەگەڵ سێوران و کافکا بیرم لەخۆکوشتن دەکردەوە.

ئاراس سەعید




کورد چیە؟.. ئاراس سەعید

ئەم پرسیارە پرسێکی فەلسەفیە، لە ئایدیایەکی پێشینیەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەربارەی خودی بابەت هەمانە. ئەم پرسە، بۆ ئەوەی لەسیاقی لۆگۆسدا بمێنێتەوە، پێویستی بە میتۆدێک هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە، کە بە (چی) دەست پێ دەکات. پرسی چیەتی، پرسە لەجەوهەری (کورد). ئێمە دەبێت بۆ وەڵامی ئەمپرسە بچێنەوە بۆناو زمان چونکە پرسی (بوون) پرسێکی پێشینیەو بەر لەجەوهەرە و لەڕێگەی زمانەوە شوناس ئاشکرا دەبێت. شوناس وەکو ناسنامە و جەوهەری من، کە لەکوردبووندا فۆڕمۆڵ دەبێتەوە.

ئێمە بەر لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسە، دەبێت پرسەکە بگۆڕین بۆ ( کورد کێیە)؟
لەڕێگەی ناسینی کوردەوە بەمیتۆدی مێژووی و زانستی و چنینەوەی ئەو ئارگۆمێنتانەوە بگەڕێنەوە بۆ (ڕەچەڵەک، ڕەگەز، زمان) و تەواوی ئەو داتاو لێکۆڵینەوانە کۆ بکەینەوە، تاوەکو کورد لەناو مێژوودا بناسینەوە.
ئەم تایپە نوێیەی کورد کە کۆمەڵێک مێژوو نووس و ڕۆژهەڵات ناس، بوونی کورد لە جەوهەر و ماهیەتی خۆیدا، وابەستە دەکەن بەوانی ترەوە. وەکو؛ ئەوەی کورد بەرهەمهێنراوی ئەوانی ترە، کە لەشکستهێنانیان بەرانبەر مۆدێرنیتە خولقاونەتەوە. لەدیدی ئەوانەوە بوونی (کورد) لەدیالیکتیکی عەرەب و فارس و تورکدا، دەخولقێت. ئێمە لەبەر ئەوەی نەبین بەوانی تر و لەناو ئەوانی تردا نەتوێنەوە کوردبوونمان وەکو (شوناس) ناسنامە بەئێمە دەبەخشێ. کوردبوون جەوهەر و ماهیەتی ئێمەیە لە بەرانبەر ئەوانی تردا، پارێزگاری لێ دەکەین.

کورد وەکو جەوهەری بوون:

کوردبوون پرسێکی <ئۆنتۆلۆژی>یە، کە پەیوەستە بە جەوهەر و ڕەگەزەکانی ناو مۆنادە ڕوحیەکەمان. لەڕوانگەی هێگڵەوە دەوڵەت نەتەوە. گەورەترین ئۆرگانی ڕوحی و ئەخلاقیە. کە مرۆڤ پێویستە لەناویدا بتوێتەوە. لەبەر ئەوەی <بوون> لەخودئاگایدا، پێشینیەو جەوهەری من لەکوردبووندا فۆڕمۆڵ دەبێتەوە. بەڵام بەدیالێکتیکە هیگڵیەکەی بوونی ئێمە ناکامڵەو بۆ گەشەکردن و گەیشتن بە ڕوحی ڕەها دەبێت بگەینە قۆناغی دەوڵەت نەتەوە. وەکو بەریەک کەوتنی دژەکان، کە لە ئاغا و نۆکەری هیگڵدا دەخوێنینەوە. (بوونی هەرەیەک ئاغاو نۆکەر لەدانپێنانی یەکێکیان بەوی تریان کۆتایی دێت). بۆیە ئێمەی کورد لەهەوڵ خەبات داین تا ئەوانی تر دان بەخودی ئێمەدا دەنێن وەکو دەوڵەت. قۆناغە مێژوویەکانی ژیانی مرۆڤ بەدیالێکتی مێژووی هەر قۆناغێک لە هەناوی خۆیدا دژەکەی هەڵگرتووە و لەقۆناغێکی باڵاتردا کە تێکهەڵکێشە دەگاتە قۆناغی باڵا. (ناسیۆنالیزم) سەنتێزی ئینتمایە بۆ خێڵ و گروپ و کۆکردنەوەی دژەکانە.

خێڵەکان لە قۆناغێکی مێژوویدا لە پێکدادانی بەردەوام دابوون، بەڵام دەوڵەت نەتەوە کۆکەرەوەی دژەکانە. ئێستا پرسێکی تر دێتە پێشەوە، کە (ئەنتەرناسیۆناڵە) بەجیهانی بوونی نەتەوە. ئایا ئێمە چۆن دەتوانین هەنگاو بۆ ئەو قۆناغە بنێن لەکاتێکدا نەگەشتووینە قۆناغی باڵاو دەوڵەت نەتەوە. بەشێوەیەکی تر، ئەوان دان بەبوونی تۆدا نانێن و تۆیان قبوڵ نیە، وەکو بوونی خۆت. بۆیە کوردیش ژێر دەستەیی قبوڵناکات و بەردەوامە لەشۆڕش و بەرگری کردن، تا دەگاتە قۆناغی ڕوحی ڕەها، کە دەوڵەت نەتەوەیە. کاتێک پێچەوانەی ئەم پرسە کردە دەنوێنێت، وەکو پشتگوێ خستنی ئەمپرسە، یان ڕەتکردنەوە وجوێندان بەکورد، تۆ ناخودئاگا بوونی خۆت ڕەت دەکەیتەوە.

ئاراس سەعید




ڕانانێک دەربارەی میتافۆری ئەشکەوت: لە پلاتۆنەوە تا بەیکۆن.. نوسینی: ئاراس سەعید

لەناو ئەم پڕۆسیسی بەناکەس بوونەدا، لەکار خانەکانی ئایین و ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵگاوە، مرۆڤ وەکو؛ ئۆبێکتیڤی بەرهەمهێنان، بەر لە قاڵبدان و دروستبوونەوە دەکەوێتەوە بۆ تاپێک لەمرۆڤی ڕامکراو و لێکچوو. یان بەتەفسیرە مارکسیەکەی؛ سەردەمی نامۆبوونی ئینسان لەهێزەخودیەکانی خۆی و ئالودەبوونی بەدونیایەکی فانتازیا و نەبینراو. هەرچی زانستی مۆدێرنیتەشە، دووبارە ئەو نابوونە دەخولقێنێتەوە. ئێمە لەناو ئەم چرکەساتەدا، کەبەر خولقاندن و لەقاڵبدانەوە دەکەوین، کە کارخانەکانی سیستەم ڕۆژانە دەمان هاڕن و بەئارەزووی خۆیان دەمان کەن بەتاپێک لە مرۆڤی لێکچوو. بەشێویەکی تر، دروستکردنی گاڕان و مێگەلێک، کە هەموو ئۆرگانەکانی بەیەک شێواز دەهزرین و بیردەکەنەوە. سەردەمی ئێستا، سەردەمی نامۆبونی مرۆڤ و تواندنەوەی منەکانە لەناو ئەوانی تردا، ئەو منەی کە ناتوانم ببم بەخۆم. خودشوناسێکی ساختە، یان خودێک کە بەرهەم هێنراوی ئەوانی ترە. سۆسۆلۆجیستەکان پیان وایە؛ “مرۆڤ لەچرکەساتی لەدایک بونیەوە، تاکێکی بێ زمان و شوناس و ناسنامەو ئایینە، بەڵکو شوناس و کەسایەتی و ڕەفتاری مرۆڤ، بریتیە، لەڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا و کلتور و ژینگەی نیشتەجێ بوونی”. واتا؛ هیچ کام لەمرۆڤەکان ئایین، زمان، شوناسیان، هەڵبژێردراوی خۆیان نیەو، بەشێوەیی بۆماوەیی یان میراتی کلتوری بۆی دەمێنێتەوە.
ئێمە لەم پڕۆسەی (ناکەس) بوونەدا، چۆن ببین (بەکەس). لەم پڕۆسەی خۆنەبوونەدا چۆن ببین بەخۆمان. ڕەنگە زۆرجار ڕوبەڕووی پرسیاری تۆکێت؟ ببینەوە، کە قوڵترین پرسیاری ئۆنتۆلۆژیە، کە زۆرینەمان دەڵێن؛ “من خۆمم”.
بەڵام ئایا ئێمە بەڕاستی خۆمانین. ئەگەر تەماشایەکی ڕەفتارەکانی مرۆڤ بکەین، لەخۆگۆڕین و هەڵسوکەوتەکانمانەوە، تا وتن و کردنەکانمان، لەژێر کاریگەری ئەوانی تردایە، ئێمە بۆ کۆمەڵگە خۆمان دەگۆرین و لەترسی بەهاباوەکاندا، بوونی خۆمان وەکو خۆد دەشارینەوە. زۆرینەمان مرۆڤی کاڵاگەراو پاسیڤین و لەژێرکاریگەری ئەوانی تردا دەژین. یان تاپێکین، لەمرۆڤی ماسک پۆش و کارەکتەرێکی شانۆگەرین.لەکۆمەڵگادا ترادسیۆنی باو، بووە بەبەشێک لە مۆڕاڵ و بەهاکانی مرۆڤی پێ هەڵدەسەنگێندرێ.

ئایا زانینەکانمان، زانینی ڕاستەقینە، یان ئەوەی دەیزانین، لە میدیاو ئایین و قوتابخانەوە فێری دەبین. ئایا ئەو سێکتەرە پەروەردەیانە، وەڵامی پرسیار و تێڕامانە قوڵەکانمان دەدەنەوە، یان ئاماددەمان دەکەن بۆ لەبەرکردنی کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەکراو.
ئێمە چۆن ببین بەخۆمان، خۆبوون، بەو مانەیەی ببینە خاوەنی ڕوئیاو تیڕوانینی خۆمان، تا هیچ هێزێک لەسەروی ئەقڵی ئێمەوە بڕیاڕ نەدا.
با بگەڕێنەوە بۆ دووهەزار و پێنج ساڵ بەر لەئێستا، ڕەنگە میتافۆری ئەشکەوتی فەیلەسوفی یۆنانی پلاتۆ، یارمەتی دەرێکی باشمان بێت، لەم فەوزا لێکچوو دووبارەیەدا، لەو دونیایەی کە هەموومان گیرۆدەی کۆمەڵێک بەربەستی کۆنکرێتین، کە توانانی تێکشکاندینمان نیە، وەکو بەیکۆن، دەڵێت بۆ ڕاچەڵەکین و دەربازبوون لەو شتانەی فریومان دەدەن، دەبێت پەیکەرەکان بشکێنین.
ئێمە چۆن بتوانین ئەو بەربەستانە بشکێنین و ببین بە خۆمان. ئایا ئێمە لەهەمان چرکەساتی میتافۆرەکەی پلاتۆن دەژین، یان هەنگاوی گەورەمان ناوەو تەواوی بەربەستەکانمان تێکشکاندووە، خوێنەر دوای خوێندنەوەو وردکردنەوەی ئەم دەقە دەتوانی بڕیاڕ بدات، تاچەند لەو چرکەساتەداین، کە پلاتۆی تێدا ژیاوە.

میتافۆر، یان داستانی ئەشکەوت:

پلاتۆن فەیلسوفێکی یۆنانیە، بەباوکی مێژووی فەلسەفە ناسراوە. لێرەدا، باس لەفەلسەفەی پلاتۆن یان شیکردنەوەی فەلسەفەکەی ناکەم، بەڵکو دەربارەی داستانی ئەشکەوت دەدوێن و وەکو دەستپێکیک بۆ چونە ناو بابەتەکەمانەوە، پلاتۆ لەکتێبی حەوتەمی کۆماردا، میتافۆرێکی هەیە کە گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەڵێت: ” گریمانەی ئەشکەوتێک بکەن، کەدەروازە بەرفروانەکەی ڕووەو ، ئاگرێک، کە خۆری حەقیقەتە، کراوەتەوە، لەناو ئەم ئەشکەوتەدا کۆمەڵێک مرۆڤ بەندکراون، کە لەمنداڵیەوە گەردن و پێکانیان بەزنجیر بەستراوەتەوە، تەنها دەتوانن لەدیواری ئەشکەوتەکە بڕوانن، کە بەرانبەریانەو هەرگیز ڕۆشنایی دەرەوەی ئەشکەوتەکەیان نەبینیوە. لەپشتی سەریانەوە واتا دەرەوەی ئەشکەوتەکە ئاگرێک کراوەتەوەو لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێک لەسەر دیواری بەرانبەریان دروستکراوە، ( وەکو؛ شوێنی نمایشی سینەما). لەدەرەوەی ئەشکەوتەکەدا، مرۆڤ و گیانلەبەران و دارودرەختەکان دەجوڵێنەوەو دیواری ڕاڕەوەکەش سێبەری ئەوانی هەڵگرتووە، بەشێوەیەک کەسێبەری شتەکان نمایش دەکات. بەندیەکان ناتوانن ئاوڕبدەنەوەو ئەوشتانەی کە وەکو سێبەر دەردەکەون ببینن، بەم شێوەیە، بەندیەکان بەدرێژایی ژیانیان سێبەری ڕاستەقینەکان دەبینن و ئەو دەنگانەی دەیبیستن دەنگدانەوەی دیوارەکەیە. پلاتۆن گریمانەی ئەوەدەکات کەسێک لەمانە ئازاد بێت و لەبەر ڕۆشنایی ئاگرەکە زیندانیەکانی تری ببینایەو خۆری حەقیەتی دەرەوەو چاوی کوێر نەکردایە، ئەوا جیهانی ڕاستەقینەو ئایدیاکانی دەرەوەی دەبینی. وە دەیتوانی جیاکاری لەنێوان جیهانی ڕاستەقینەو جیهانی سێبەرەکان دەکرد”.
ئایا بگەڕایەتەوە ناو ئەشکەوتەکە ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی خوگرتن بەتاریکیەوە نەدەبوو، بەشێوەیەک نەیدەتوانی ڕووبەڕووی ئەوانی تربێتەوە کە هەرگیز ئەشکەوتەکەیان جێ نەهێشتووە؟
پلاتۆ لەم میتافۆرەدا، جیهانی ئێمە بە ئەشکەوت گریمانەدەکات، کە ئەو بابەتانەیی زانینمان لەبارەیانەوە هەیە، لەخود ناسینەوە، تا زانینی ڕاستەقینەی شتەکان، لەڕێگەی هەستەکانەوە، سێبەرن. بەڵام یەکێک لە ئێمە، بیەوێت، لە ئەشکەوتەکە بێتە دەرەوە، خۆری حەقیقەت، بەرچاوی لێڵ دەکات و تووشی سەرسامبوون دەبێ، کە جیهانی ناو ئەشکەوتەکە، جیهانی ساخەتەو سێبەرەکانن. بەڵام ئەوکەسە کێیە دەردەچێ، یان دەگەڕێتەوە و ئەوانی تر، بڕوایی پێ دەکەن یان نەفی دەکەنەوە. یان دەیکوژن. یان بەناچاری خۆبوونی خۆی پەردەپۆش دەکات و لەگەڵ ئەوان دەست دەکاتەوە بەژیان؟

ئێمەی لە ئەشکەوتەکەداین یان لەدەرەوەی ئەشکەوت:

لەسەردەمی یۆنانی کۆندا، سۆفستایەکان کۆمەڵێک کەس بوون، کە خەڵکیان فێری هونەری وتاردان دەکرد بەڕێک پارە، خەڵکیان فێری پیشەو، تەکنیکی زمانەوانی دەکرد وەکو؛ هونەری قەناعەتپێکردن. چۆن لەدادگا خۆت ڕزگار دەکەیت، کەتاوانێکت کردووە. کە ئەو زانینە سێبەرەیە پلاتۆ لەبارەیەوە دواوە. بەڵام ئایا لەسەردەمی ئێمەدا، سەرچاوەکانی زانینی ئێمە متمانە پێکراون، یان لە وتاربێژ و میدیا و هەستەکانەوە وەری دەگرین. ئایا ئاکاری دەستەجەمعی و نۆڕم و ترادسیۆنەباوەکان، بەهایی ڕاستەقینەن، یان دەق گرتن و خوپێوەگرتنە. ئایا مۆڕاڵ و ئاکار، بەهایەکی ڕاستەقینەن، یان بریتین لە حەرام و حەڵالی ئایین و عەیب و عاری خێڵ. ڕوونە کە بەهایی ڕاستەقینە نین. ئێمە سەرچاوەکانی زانینمان، لە ئەنجامی پڕۆسێسێکی ئەقڵانی و ڕامانێکی قوڵەوە نەهاتووتە بەرهەم. بەڵکو ئەو زانینەیە، لەوتار بێژ و میدیا و ئایین و خیزانەوە وەری دەگرێن. ئێمەش لەو چرکەساتەدا دەژین، کە پلاتۆ گریمانەی دەکات. ئەوچرکەساتەی کە خۆمان نین و توانای دۆزینەوەی خۆمان نیە، توانایی تاقیکردنەوە ژیان و بوێریمان نیە. بەڵکو تاپێکین لەمرۆڤی تواوە لەناو ئەوانی تردا، کە بەدوای قەرەباڵغیەوەین. مرۆڤی ترسنۆک و پاسیڤین. هەرگیز لەو چرکەساتەی هەمووان دەڵێن بەڵێ، جورئەتی خۆبوونمان نیە، بڵێن نەخێر.

لەدیدی پلاتۆنەوە، ئەوەی لە ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوە، فەیلەسوفە، لەڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەی قوڵەوەوە، لەم فەوزایە دێتە دەرەوە و حەقیقەت بەچاوەکانی دەبینی. یان نیچە وتەنی، مرۆڤەباڵاکان دێنە دەرەوە. وەلێ من جودا لە نوخبەگەرایی و بێ بەهاکردنی تواناکانی مرۆڤ، پێم وایە هەموو مرۆڤێک دەتوانی بێتە دەرەوە، هاتنەدەرەوە واتا؛ هەنگاونان بەرەو خۆبوون، کاتێک سوکرات دێتە دەرەوەو دەڵێت؛” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە مانایی ژیان نیە”. ئەمە ئەو چرکەساتەیە، کە سوکرات ئەو ژیانە نەفی دەکاتەوە، کە دەیداتە بەر نەشتەری ڕەخنەکاری. تا ئاستێک کە ئەو ژیانە ساختەیەی ئەوان خۆیان لەسەری گرتووە، قبوڵی ناکات و بەرەو ژیانێکی شایستە هەنگاو دەنێت. دەرچوون لەئەشکەوت، واتا، تاقیکردنەوەو ڕەخنەکردنی هەموو ئەو سێبەرانەی وەکو؛ ڕاستیەک فریوی داوین. واتا نەبوون بەوانی تر و هەنگاونان بەرەوە ناسینی خود.

گەڕانەوە بەرەو ئەشکەوت:

وەکو لە بەشەکانی پێشوودا، ئاماژەم پێکرد، کە دەرچوون لەئەشکەوت، واتا هاتنەدەرەوە لەوبازنە چەقبەستوو دۆگمانەی، کە کۆمەڵگا و ئەوانی تر دەقیان پێوەگرتووەو زاینینی ڕاستەقینەنین، بۆ هەنگاونان بەرەو دۆزینەوەی خود و سەلماندنی بوونی خۆت لەناو ئەوانی تردا، مرۆڤ لەڕێگەی بیرکردنەوەو تێڕامانەوە دێتە دەرەوە، وەکو؛ دیکارت فەیلەسوفی نوێ، هزری ئینسان دەکاتە سەنتەر و دەڵێت؛ من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم.
بەڵام ئەوکەسەی بەو پڕۆسەیەدا دەڕوات و جیهانی ڕاستەقینەو خۆری حەقیقەت دەبینی، لەمیانەی هەستکردن بەبەر پرسیاریەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە، تا ئەوانی تر، لە ڕاستی ئاگادار بکاتەوەو بانگیان بکات بۆ حەقیقەت. بەڵام ئەوانی تر، چاویان ڕاستی نابینی و توانایی ئاوڕدانەو گەڕانیان نیە، بەدوای ڕاستیدا، وەکو ئەوەی دەقیان گرتووە بەسێبەرەکانەوە، ئامادەنین بەرەو بانگی حەقیەقەت بێن و بوونی تۆش نەفی دەکەنەوە. سەلماندنی خۆت و دەرچوون لەئەشکەوت، گەورەترین هەڕەشەیە، بۆ لەقکردنی پیرۆزیە ڕوکەشەکانی ئەوان.

لەدیدی (بەیکۆن)نەوە، کۆمەڵێک بەربەستی کۆنکرێتی هەن، کە <<بەپەیکەر>> ناوی بردوون، ڕێگە لەخۆبوون و بیرکردنەوەی تەندروست دەگرن، پێویستە بیان شکێنن. ئەوانیش ئەمانەن:
(بتی بازاڕ، بتی خێڵ، بتی شانۆ، بتی ئەشکەوت)

بتی بازاڕ، لەدیدی بەیکۆنەوە، ئەو زمانەیە، کە پەیوەندیەکان پێکەوە دەبەستێت و گروپێک لەبازنەیەکی زمانەوانی بازاڕیدا دروست دەکات، کە بەبێ ڕیساو لۆژیکی تەندروست، ڕستە دەردەبڕن و ڕاستی ناپێکن و دوورن لەزمانی ڕامان و بیرکردنەوە. هەریەک (لەبتی خێڵ و شانۆ) خێڵ؛ کە میکانیزمێکی کۆمەڵایەتیەو ڕێگرە لەوەی مرۆڤ، لەسەروی ئینتما بۆ گروپەکەی یان خێڵەکەی بڕیاڕی ئاکاری و تەندرووست بدات. شانۆ ئەو سێبەر و نواندانەن، کە وەکو ماسک و شاردنەوە، یان بەخاتری ئەوانی تر، یان لەژێر کاریگەری کۆمەڵگا دەینوێنن.
بتی ئەشکەوت: جودا لەمیتافۆری ئەشکەوت، بەبڕوایی بەیکۆن هەریەک لەئیمە، خاوەنی ئەشکەوتێکی شارەوەین، کە دوونیا بینی خۆمانی تێدا دەبینین. بەواتایەکی ڕونتر، ئێمە گروپی ئێگۆ سەنتەرین، لە سۆنگەی ئینتما بۆگروپ و ئایین و ئایدۆلۆژیا و نەتەوەوە، ئەوانی تر نەفی دەکەینەوەو بڕیاڕ لەسەر ڕوداوەکان دەدەین. یان دونیابینی و خوێندنەوەمان، بەشێکە لە سۆز و عەتف. وەکو هیراکلیتۆس دەڵێت:” ئەوانە لەجیهانە بچوکەکەیاندا، سەرگەرمی گەڕانن بەدوای زانین، نەک لەجیهانی گەورەو فراوان”.

سەرچاوەکان:
گریت تامسۆن، فەلسەفەی دیکارت:
وەرگێڕانی پێشڕەو محمد
ت.ز. لاڤین فەلسەفە بۆ هەمووان
وەرگێڕانی: ئارام مەحمود.
فەلسەفەی نوێی ئەوروپا، د حمید عەزیز
francis bacon : neues organon.teil band.i.(hrsg)von wolfgang krohn. felix meiner verl . hamburg 1990,s .99.ar.38.




ئاکاری سوقراتی .. ئاراس سەعید

تێڕوانینی سوقرات دەربارەی لۆگۆس، واتا دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بە ئیتیکی ڕاشیونالیست، یان ئەقڵگەرایی ناسراوە، لەدیدی سوقراتەوە تاکە مۆتیڤی کردە ئاکارییەکان ئەقڵە، چونکە لەدیدی سوقراتەوە، چاکە ( زانینیە ).

لەمێژووی فەلسەفەدا، دوو شێوە تڕوانین بەرامبەر عەقڵانییەت هەبووە، ئەویش ( میتۆدی دانپێنان و میتۆدی ڕەخنەگرانە ).
لە وتە بەناو بانگەکەی سوقرات، دەبینین کە شوێنکەوتەی میتۆدی ڕەخنەگرانە بووە، کە دەڵێت؛” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە مانای ژیان نییە”.
تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و تاقیکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لەبارەوە هەیە.
لەزاری ئەفڵاتوونەوە وتەیەکی بەناو بانگی سوقرات دەخوێنینەوە؛
۱”من دەزانم، کەنازانم، ئەوان نازانن، کەنازانن، وا دەزانن دەیزانن”.
سوقرات یەکەمین فەیلەسووفە، کە بەدوایی شەنوکەو کردنی پرسە چەق بەستوو و ئارێشەکاندا دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی کەموو کورتی و هەنگاونان بە گەشەی مەعریفی. کاڕڵ پۆپەر دوای دووهەزار و چوارسەدساڵ سەدساڵ دواتر ئەو وتەیەی دوبارەکردەوە. پۆپەر دەڵیت؛ ئێمە کاتێک دەزانین هەڵە و کەموو کورتی تیۆرەکەمان لەکوێدا، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبێنەوە. دکتۆر ڕەهبەری مەحمود زادە دەڵێت؛ ۲” گەشەی مەعریفی واتا، دۆزینەوەی یەکێک لەکەموکورتییەکانی بۆچوونەکانمان، نزیکبوونەوەیە لە زانین”.

پەیوەندی نێوان ئیتێک و مەعریفە، لەدیدی سوقراتەوە: سوقرات یەکەمین کەس بوو چەمکی ئاکار ئاوێتەی ئیپستمۆلۆجیا دەکات. ت ز لاڤین دەربارەی ئەخلاقی سوقرات دەڵێت؛” ئەخلاقی سوقراتی واتا دۆزینەوەی ئەوەی ڕاست و چاکەیە لەڕێگەی ئەقڵەوە”.

دکتۆری ڕەهبەر دەڵێت؛ کەواتە ئەگەر بمانەوێ گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین.

مەبەستی سوقرات لەم وتەیە؛ “کەس تووشی هەڵەی ئاکاری نابێت، مەگەر زانیاری لەبارەوە نەبێ”. چونکە لەتێڕوانینی سوقراتەوە، چاکە زانینە.
هەرکەس زانیاری دەربارەی خراپەی گرفتە ئاکارییەکان هەبێت هەڵەناکات. ئێمە زۆر جار وتەی بریا باشترم بکردایە، بەکار دەهێنین. بەجۆرێکی تر لەدیدی سوقراتەوە هەر کەسێک تووشی هەڵەیەکی ئاکاری بێت ئەوکەسە، بێ ئەخلاق نییە، بەڵکو زانیاری تەواوی لەبارەی باشەوە نییە.
……………

ئایا ئاکاری سوقراتی لەفەلسەفەی مۆدێرینتەدا، یان لەدونیای ئێستادا درووستە یان گرفتی هەیە. لەدیدی منەوە. سوقرات زانیاری دەربارەی غەریزە و مۆتیڤە دەروونییەکان نەبووە، کاتێک قوتابخانەی زانستی دەروونشیکاریی و ڕەفتارناسیی دادەمەزرێت. چیتر ئاکاری سوقراتی ڕەخنە هەڵدەگرێت، چونکە مرۆڤ هەموو کاتێک لە دۆخی ئاگاییدا نیە، بەڵکو لەژێر کاریگەری غەریزە و مۆتیڤە بایەلۆژییەکاندا دەژێت، مرۆڤ کاتێک ژیان و ڕەگەزی دەکەوێتە ژێر مەترسی لەناوچوونەوە، زانیاری هەیە دەربارەی چەمکی باشە، بەڵام لەژێر مۆتیڤە دەروونییەکاندا، هەڵەی ئاکاری دەکات.

سەرچاوەکان:
کۆبەرهەمەکانی ئەفلاتوون: وەرگێڕانی عیمران هاواری
ت.ز لاڤین: فەلسەفە بۆ هەمووان
و: ئارام مەحمود
دکتۆری ڕەهبەری محمود زادە، کۆرسی فەلسەفەی ڕۆژئاوا.

ئاراس سەعید




ئایدۆلۆژیای تۆتالیتار .. ئاراس سەعید

ئایدۆلۆژیا چەمکێکی مۆدێرنیتەیە، لەهەردوو وشەی لێکدراوی (ئایدیا) و(لۆجی) وەرگیراوە. ئایدیا وشەیەکی یۆنانیە و فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون بەواتای فۆڕم بەکاری هێناوە، هەرچەندە ئەو وشەیە فرە ڕەهەندە و هانائارێنت، بەواتایی خەیاڵ یان بیرۆکە ئاماژەی پێکردووە، پاشگری (لۆجی) بەواتای زانست دێت….. حیزبە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکان لەڕێگەی قۆڕخکردنی تاقیگەکانی زانستەوە، بیرۆکەکانی خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. بەواتایەکی تر، زانست وەکو؛ ئامڕازێک دەکرێتە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی حیزبی سەرکوتکار و فاشیزمەوە.
لەدیدی ئارێنتەوە؛ دیکتاتۆریتەتی سۆڤیەت و نازیزمی فاشیزم، لەڕێگەی مۆنۆپۆڵکردنی زانستەوە توانیان ئایدیا سەرکوتکارەکانی خۆیان بسەپێنن. ئەمە بەئاشکرا لە فاشیزمی نازیزمدا دەبینین کەسود لە تیۆری پەرەسەندن وەردەگرێ بۆ ڕەواجدان و بەرهەمهێناوەی دەسەڵاتەکانی. فەلسەفەی مارکسیزمیش ئامڕازێکی کوشندەیە بەدەست ستالین و سوپای سورەوە.

حیزبی تۆتالیتار بەوتارێکی پۆپۆلیست و زانستی سود لەجڤاتی پەراوێزخراو هەرچی و پەرچیەکانی کۆمەڵگا وەردەگرێت. حیزب کەسە نەفرەتلێکراو و پەراوێزەکانی کۆمەڵگا دەقۆزێتەوەو وەکو ئامڕازێک بەکاریان دەهێنی بۆ دروستکردنی کودەتا و شۆرش. لەکۆتایشدا ئەو مرۆڤانە کەرامەت و مۆڕاڵ و کەسایەتیان بەندە بەمانەوەی حیزبەوە. حیزب کەسە هەرچی و پەرچیەکانی نێوکۆمەڵگا دەکاتە بەرپرسی زیندان و دامەزراوەسەرکوتکارەکانی و ئیمیتاز و پلەو شەخسیاتیان پێ دەبەخشی و لەگەڵ ڕوخانی حیزبیشدا دووبارە دەبنەوە کەسانی نەفرینلێکراو و پەراوێزی کۆمەڵگا. ئەم پرسە زۆرجار لە دۆخی ئاورتەی کوردستاندا دەخوێنینەوە، کەدەڵێن بۆچی زۆرینە ڕازین و بەردەوام ڕەواج بەسەرکوتکاری و تاڵانکارییەکانی دەسەڵات دەدەن، لەدیدی منەوە ئەوانە کەسانێکن کەرامەت و شوناسیان بەندە بەمانەوەی حیزبەوە، حیزب پلەو پۆستیان پێ دەبەخشی و لەگەڵ ڕوخانی دەسەڵاتیشدا وەکو جاش و مستەشارەکانی ڕژێمی بەعسیزمی فاشیزم مێژوو سزایان دەدات.
حیزبی تۆتالیتێر قوربانیەکان دەکەتاوە بەقوربانی و هەمیشە لەڕواڵەتدا وادەردەکەون، کە ئەندامانی حیزب یەکگرتوو و هاوڕێن. بەڵام بەپێچەوانەوە کاهینێکی زۆر تەنها و غەمگینن. تەنانەت لەکاتی بۆنەو ئاهەنگەکانیشدا توانای دەربڕینی ناڕەزاییان نیە، چونکە حیزب دەست وەردەداتە ناو ڕەهەندە تایبەتەکانی ژیانیان و تەواوی ئەقڵیەت و ئازادیەکانیان مۆنۆپۆڵ دەکات. لەکاتی بۆنەی لەدایک بوونی سەرکردە و یادی حیزبدا وەکو بوکەڵە سەمایان پێ دەکات و بەبڕیاڕ وێنەی پڕۆفایلیان پێ دەگۆڕێت.

ئاراس سەعید




سانسۆرکردن مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە… ئاراس سەعید

کام بەهاو کامە شیرازەیی کۆمەڵایەتی، لەپێناوی بەهاو نەریتە پیرۆزەکانی نیشتمان و نەتەوە، یان لەقاڵبدانی ئەقڵ و خەساندنی فیکر و سەرکوتکردنی ئازادی بیروڕا.

  1. سانسۆرکردنی نوسین و بیرکردنەوە نەک شتێکی نامۆ نیە بەکۆمەڵگای ئێمە، بەڵکو مێژوویەکی دورو درێژی هەیە. لەماوەی ئەم زەمەنە مێژویەدا سانسۆرکردن بەسیستماتکیکراوە و لەڕێگەی مۆنپۆڵ کردنی سێکتەری پەروەدە و کاروباری ئایینی و ڕۆشنبیریەوە. بازنەیەکی فیکری و کلتوری سەپاو و تواندنەوەی جیناوەکانی من و تۆ و ئەو لەناو ئێمە و ئێوەو ئەواندا. دەسەڵاتی سیاسی لەمێژە لەڕێگەی کارخانەکانی پەروەدەوە هەوڵی بەرهەم هێنانی تایپێک لەمرۆڤی پاسیڤ و دۆگامەیە. لەمنداڵیەوە وەکو تاکێکی گوێڕایەڵ پەروەدەدەکرێت و ئەقڵی منداڵ وەکو تەنەکەی خۆڵ پڕ دەکرێت لەزبڵ و خاشاکی باو. مرۆڤ بۆی نیە هیچ گومانێک لە وتەکانی مامۆستا و وانەکە هەبێ و هەمووان ئامادەدەکرێن لەسەر یەک شێواز بیربکەنەوە و گوێڕایەڵی مامۆستا و لەخۆیان گەورەتربن. وردە وردە ئەم مرۆڤە دەرونی دەق دەگریت بم شێوازە ڕاهێنانەوەو لەداهاتوشدا گومانی لەهیچ شتێک نیەو ڕۆبۆت و مەیمونێکی ئامادەکراوە بۆ لێخورێن. مامۆستایی ئایینی بەبێ هیچ سانسۆرێک پرسی ئەخلاق دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێ حەرام و حەڵاڵی ئایینی، پرسی ئازادی دەگۆڕێت بۆملکەچبونی خودا و گومانکردن دەکاتە گوناهێکی گەورە و واوەیلا و گومڕایی بۆ ئەو کەسانەی وگومان لە بەرنامەی ئیسلام دەکەن. سێکتەری ڕۆشنبیریش لەڕێگەی ڕۆشنبیرە کۆنزیرڤاتیڤەکانیەوە بەردەوامە لەبەرهەمهێنانی فیکری کۆنەخوازی و ڕوحی ناسیۆنالیزم و پیرۆزکردنی سەرکردە. پوچەڵکردنەوەی هەر ڕوئیاو فکرێکی نوێ کە تابۆ و پیرۆزیەکانی تێک دەشکێنێ.
  2. بەها و نەریتە پیرۆزەکان چین؟
    کاتێک زۆرینە دەق دەگرێت بە کۆمەڵێک دەق و چیرۆک وئەفسانەوە ئیتر ڕاستەوخۆ دەبێتە تابۆیەکی پیرۆز، بەواتایەکی تر، هیچ کەسێک مافی فۆڕۆمەلە کردن و ڕیفۆرمکردنی نیە. ئەمانە جگە لەکۆمەڵێک ترادسیۆنی خێڵ و نەتەوە و یاسایی ڕەهایی ئایینی هیچی زیاتر نین. ڕێزگرتن و ملکەچی بوونی ئیتیکی دەستەجەمعی، چەپاندنی بیرکرنەوە و ڕوئیای تاکەکەسە لەلایەن زۆرینەوە. سانسۆر واتا، بیرکردنەو تێڕوانینی لەگەڵ ئەقڵیەتی خێڵە ژنکوژەکانی کوردستان و حیزب و ئیسلامی سیاسی جیاواز بێت دەبێت دەستکاری بکرێت یاخود ڕێگری لێبگرێت.
  3. ئەم بڕیاڕەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، گەڕانەوەیە بۆسەدەکانی ناوەڕاست و مۆنۆپۆڵکردنی ئازادی بیروڕا و دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم هەر فیکری نوێ و هەوڵێکی کراونەوە لەکۆمەڵگادا. سانسۆر دانان بۆکتێب لەلایەن نوخبەیەکی حیزبی و ئایینەوە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ سوتاندنی جیۆردانۆ برۆنۆ و سوکایەتی کردن بەگالیولۆ سوتاندنی کتێبەکانی ئیبن ڕوشد. وەزارەتی ڕۆشنبیری بەم بڕیاڕەی کلتور و فەرهەنگی کوردی لە باردۆخی وەستاو قەیرانی و فیکری و ئەخلاقیدا نەک بەرەو پێشەوە نابات، بەڵکو باردۆخی فەرهەنگ و فیکر و کلتوری کوردی دەگەڕێنتەوە بۆ سەردەمی کۆپەرنیکۆس و سەدەتاریکەکان و سەردەمی عێراقی دوای موعتەزیلە.



کۆگیتۆی دیکارت … ئاراس سەعید

ڕەنگە ئێمە تەنها بەشێوەیەک پەیمان بە کۆتیگۆی دیکارت بردبێ، وەکو: هەرشتێک دەهزرێت بونی هەیە، من دەهزرێم کەواتە بوونم هەیە. بابەتەکە بەجۆرە سادەو ساکار نیە. میتۆدەی دیکارت بەپێچەوانەی لۆژیکی ئەزمونگەرایی، ئامراز بووە و جۆرێکە لەتەکنێک.
” من ئەو زانینە بەڕوون clara، دادەنێم کەڕوون و بەرچاو لەبەردەم هۆش وهزردایە”
دیکارت لێرەدا ئەوە ڕوندەکاتەوە، نابێ هیچ جارێک شتێک بەڕاست دابنرێ تاگومانمان نەبێ و دڵنیابین لەوەی کە بەتەواوی ڕاستە. مرۆڤ زۆرجار لەڕێگەی هەستەکانەوە توشی هەڵەدەبێت، بۆنمونە؛ لەکاتی بینینی قەڵەمێک لەناو دەفرێک ئاودا، بەشکاوی دەردەکەوێ و تۆ فریو دەدات. واتا ئەوەیی لەڕێگەی ئەزمون و هەستەکانەوە درکی پێ دەکەین. ئەگەرهەستەکان شایەدێکی ڕاستەقینەبن و ئەوکەرەستەیەی دەیدەنە دەست گومان ئەگەر هەڵبگرن، دورنیە هێزێکی فریودەر هەبێ مرۆڤ بەتەفرەو بەهەڵەدا ببات. دیکارت میتۆدەی وەکو پەیڕەو لەفەلسەفەکەیدا بەکارهێناوە، بەپێچەوانەی ئەزمونگەراکانەوە، دەبێ گومان لەوەو لەئەنجامەکانی ئەوە بکرێت بکرێت کەمرۆڤ بەهەڵەو تەفرەدان دەبەن.
دەرون و (نەفس) هزر، لەوگومانکردنە بەدەرە، خودی هزر گریمانە دەکات و گومانیش دەکات. گومانی دیکارت ئامڕازە نەک مەبەست، ئەو گومانە بەمیتۆدەیی دەناسرێت، وەکو ئامرازێک بوونی خۆی پێ ساغ و پشت ڕاست کردۆتەوە. کەواتە گەوهەری شت بەهێزی ژیر پەی پێدەبرێت نەک هەستەکان. لێرەدا مەبەستەکە ڕونتردەکەمەوە:
مرۆڤ دەبێ گومان لەهەمووشتێک بکات، جگە لەو ئامڕازەیی گومان دەکات. مرۆڤ ناتوانی گومان لەوە بکات کە گومان دەکات، دیکارت گەیشت بەو دەرئەنجامەیی مادام هیچ شتێک بونی نیە، چونکە هەمووشتەکان مایەیی گومان لێکردنن، بەڵام هزر وەکو ئەو دەزگایەیی گومان دەکات بونی هەیە، ئەگەر هیچ شتێک بونی نەبێ، کەواتە هیچ شتێک گومان ناکات، ئەوەیی گومانیش دەکات بونی هەیە. دیکارت توانی بوونی خودی خۆی بەبونێکی هزمەندی بیرکەرەوە پشت ڕاست بکاتەوە. دیکارت گومانەکەی ئامڕاز بووە بۆ دۆزینەوەی خۆی. لێرەوە دیکارت گەیشت بەو دێڕەی لەفەلسەفەی نوێ ئەوروپادا و بۆهەتاهەتایە مایەوە.
“من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم”
cogito ergu sum
دیکارت لێرەدا بەتەواوی تینوێتی نەشکا، بەڵکو تەنها توانی جەوهەرێک ساغ و پشتڕاست بکاتەوە، کە گومان دەکات. ئەگەر جەوهەرێک گومان بکات، کەواتە کەمال و کامڵ نیە، ئەگەر جەوهەرێک کەماڵ بێت، ئەوا گومان لەهیچ شتێک ناکات. ئەم بیرکردنەوەیە دیکارتی پەلکێشی جەوهەرێکی باڵاتر و کەماڵترکرد کەلەسەروی جەوهەری ناکامڵەوە بوونی هەیە، ئەویش خودایە. هەرچەندە دیکارت کەوتۆتە ژێرکاریگەری فەلسەفەی [شەکاکەکانەوە] بەڵام گومانکردنی شەکاکەکان بۆ بێ ماناکردنێ خودی جیهان بوو، نە ساغکردنەوەو مانا بەخشین بەبون. بەپێچەوانەوە دیکارت، لەڕێگەی گومانکردنەوە بونی خودێکی بیرکەرەوە دەسەلمێنێ و لەو دەرئەنجامەشەوە، هەنگاو دەنێ بۆ ساغکردنەوەی ڕەب. هەندێکی تر، پیان وایە، دیکارت لەژێر کارێگەری فەلسەفەی ئیمامی غەزالیدا پەیڕەو میتۆدێکی داڕشتوە بۆ گەیشتن بەیەقین ودڵنیایی.

ئاراس سەعید




ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیست و ڕزگارکەری دیماگۆگ … ئاراس سەعید

کوردستان تادێت لەنێو داڕزانێکی گەورەیی فیکری و مۆڕاڵیدا چەق دەبەستێت، بەدرێژایی حوکمڕانی حیزبەکوردیەکان بۆ ڕزگاربوون لە توڕەیی و هەلومەرجێکی حەتمی کۆمەڵایەتی، حزبە کوردیەکان خۆیان بەرهەمدەهێنەوە، ئەویش بۆ زیاتر سەپاندنی ئەو بازنە فکری و کلتوریەی هەموو بیکردنەوە و گۆڕانکاریەک ڕادەکێشتەوە بۆنێو خودی خۆی. بەواتایەکی تر حزبی دەسەڵات مۆنۆپۆڵی بازنەیەکی فیکری و کۆمەڵایەتی کردووە و بەشێوەیەکی سەپێنەر فیکر و هزری نوێ پوچەڵ دەکاتەوە. ئەویش لەڕێگەی مۆنۆپۆڵکردنی سێکتەرەکانی ڕۆشنبیری و خانەکلتوری، نەڕەخساندنی بازنەیەکی فیکری بۆ کۆبونەوەو ئاڵۆگۆڕیی ئایدیایی نوێ.

شکستی حیزبی کوردی و لەدایکبونی ئۆپۆزسیۆن و باڵی نوێ لەهەناوی کلتور و نەریتە سەپاوەکاندا، هیچ گۆڕانکاریەک دروست ناکات، جگە لەبەرهەمهێناوەوەیی نەریتەکان لەفۆڕمێکی تردا. کاتێک حیزبی دەسەڵات درک بەتەقینەوەیی کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە دەرکەوتنی هزر و تیۆری نوێ دەکات، کە سمبولێکی نوێیە، بۆ یاخی بوون و لادانی سیاسی و دووبارە خوێندنەوەو خولقاندنی کردە، لەگۆشەنیگایەکی جیاواز و لەدەرەوەیی بازنەیی سەپاودا، حیزب خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، نمونەش بەرهەمهێنانەوەیی یەکێتی لەفۆڕمی گۆڕاندا، کە گەورەترین هەڵچونی کۆمەڵایەتی سەدەیی بیستەمی سەرکوت کرد بەو شێوازە پۆپۆلیستەیی سەرجەم پڕەنسیپەکانی هاوتایی داواکاریەکانی خەڵک لەپلاتفۆڕمێکدا ئاشکرا کرد. بەمەش بەئاسانترین ڕێگا توانی دووبارە، دەنگی ناڕازی و بزاوتە فیکریەکە بۆنێو بازنە کلتوریەکە ڕابکێشیتەوە، بەبەشداری کردنی لەدەسەڵات و قۆستنەوەیی دۆگمایی هاوڵاتیان دوبارە دەسەڵاتی بەرهەم هێنایەوە.

ئێستاش هەلومەرجی ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستان، دووبارە هەلومەرجێکی فیکری خولقاندۆتەوە بۆ ڕزگارکردنی کۆت و بەندەکانی بیرکردنەوە، کەچی ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیست و بەسەرکردەیەکی دیماگۆگ و فریودەرەوە، لەهەوڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەیی نەریت و سیاسەتی شکست خواردووی دەسەڵاتە لەفۆڕمێکی نوێدا، دووبارە ئەو بزاوتە نوێیە پەلکێشی نێو بازنە فیکریە سەپاوەکە دەکات، بۆیە هاوڵاتیان دەبێ بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەلومەرجە دژوارەیی کۆمەڵگابکەن، فریوی سەکردەی دروستکراو دیمامۆگی وەکو شاسوار و گروپەکانی هاوشیوەیی نەخۆن، تادووبارە نەبنەوە قوربانی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە، کەلەڕابردوودا فریوی دان و لەسەر ئێسک و پروسکی ئێوە گەیشت بەهەرەمی ویستو ئارەزووەکانی.

ئاراس سەعید




ئاکار و ئایین … ئاراس سەعید

ئەوانەیی دەڵێن: ئەخلاق (مۆڕاڵ)ی تاک لەنێو ئایینەکاندا تووشی لەرزۆکی بوون دەبێت هیچکات لە مۆڕاڵ تێنەگەشتوون، بەڵکو ئایین بابەتێکی کۆمەڵایەتییە لەدەروونی مرۆڤدا مۆڕاڵ دەستەبەردەکات.
هەرچەندە مۆڕاڵ بابەتێکی مەعریفیە، بەڵام میتۆد و تیۆرەکانی مۆڕاڵ، بەرهەمی هۆشیاریی کۆمەڵایەتین، مۆڕاڵ ناکرێت وەکو تیۆرێکی ئەبسکرات، تەنها خەسڵەتی نوخبەیەکی باڵابن، کەسانێکی زۆر لە بواری پراکتیکدا، لۆژیکی تایبەت و مۆڕاڵی جۆراو جۆر وەکو کردەیەک لە دەرەوەی خۆیاندا ئەنجام دەدەن.

ئەگەر مۆڕاڵ وەکو یاسایەک، یاخود ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی بێت لەسەر کۆمەڵێک ئیتک و مۆڕاڵی دەستەجەمعی. کە مۆڕاڵی ئامانجی، ئامانجگەرایی لیبڕاڵیزم و مۆڕاڵی ئەرکگەرایی کانت، وەکو دوو تیۆری کۆمەڵەکی هەریەک بەشیوازێک گوزارشت لە مۆڕاڵ دەکات. ئەگەر هەریەک لەو دوو قوتابخانەیە، وەکو واجبێکی ڕەها و سەپێنەر مامەڵە لەگەڵ کۆیی مرۆڤایەتیدا بکەن، ئەوا ئایینیش جۆرێکە لەیاسا و پابەندبوون بە کۆمەڵێک ئایدیا و کردەیی ڕێگەپێدراو سزا چەشتن بۆ هەرشتێکی ناجۆر. ڕەنگە مۆڕاڵی ئایینەکان. جۆرێک بێت لە حوکمێکی تۆتالیتاریزم و قەدەغەکردنی ئازادیی مرۆڤ بێت، لە زیادەڕویی کردنی حەرام و حەڵاڵ و دەستوەردانە نیو هەموو ڕەهەندە تایبەتیەکانی مرۆڤەوە.

مۆڕاڵی بودایزم و سوکراتیش، چەشنێکە لە مۆڕاڵی ناوەوەگەرایی، واتا تاک، جودا لە بەرکەوتن و پەریڕەوکردنی ئەخلاقی دەستەجەمعی، بە شێوەیەکی شهودی، لەناوەوەی خۆیدا، منێک درووستدەکات. منێک مەحکوم و لێکۆڵینەوە لە خودی من دەکات، تا دەگەین بە سەنتڕاڵێک لەنێوان دوو مندا، منێکی دەرەوەیی خۆم و منێکی شهودی، ناوەوەیی لێرەدا، چەمکی ویژدان درووستدەبێت. ویژدان وەکو باڵاترین ئۆرگانی مرۆڤ بڕیاڕ لەسەر کردە و بیرکردنەوەکانی تاک دەدات.

بۆڕونکردنەوەیی بابەتەکە، من وەکو کەسێکی مۆڕاڵی، کە ناتوانم بکەومە ژێر کاریگەریی و لە ڕێگەی سۆزەوە بڕیار بدەم، دەمەوێ خودی بابەتەکە بەشێوەیەکی واقیعی بکەمە ژێر لێکۆڵینەوەوە نەک وەکو داکۆکی کاری ئایین و ئەنتیەکی ئایینی.
بابەتەکە لە سۆنگەیەکی ئایینیەوە ناخەینە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو خودی خودا، وەکو باڵاترین هێز لەسەروی ئەقڵ و سروشتی کەسی ئاینیەوە. کاتێک کۆمەڵێک وابەستەیی مۆڕاڵێکی دەستەجەمعی دەبن، بەناچاری ژیردەستەی کۆمەڵێک بکەو مەکەی ئەو یاسایانە دەبن. لەبەرامبەریشدا کەسێکی خاوەن ئیتک و ئەخلاقی ناوەکی و تاک، وابەستەیی ئەو ئەخلاقەیی خۆیەتی. خودی پرسیارەکە لێرەوە دەست پێ دەکات ئایا کەسانێک خودان هیچکام لەو ڕێسا و یاسا مۆڕاڵیانە نین، چ شتێک وایان لێ دەکات بەئەخلاق بن؟

دۆستۆڤیسکی دەڵێت؛ ئەگەر خودا نەدەبوو، هەموو شتێک ڕێگە پێدراو دەبوو.

نەبونی خودایەک وەکو هێزێکی باڵاو، بکەری و سەپێنەری کۆمەڵێک یاسای سەپاوی ڕەها، وەکو چەمکی سزاو ئومێد، چ شتێک وا لەمرۆڤێکی بەڕبەڕی و ناهۆشیار پابەند نەبووی هیچ چەشنێک لە ئیتک و ئەخلاق دەکات کە بەئەخلاق بێت. لەکاتێکدا، خودی ئەخلاق پڕۆسەیی مەعریفیە، زانینە، کەسێک نەزان بێت بەرامبەر کۆمەڵێک کردە کە ئەنجامی ئەدات، تووشی زۆرترین نەزانی دەبێت. ئەوە بوونی خودایەکە، وەکو هێزێکی تۆقێنەر و پاداشت دەرەوە، فاکتەری باشبوونی مرۆڤە یەکتاپەرستەکانە. هەرچەندە باشبوون بەرهەمی بیرکردنەوە و ناسینی خودە، باشبوونی کەسێتی ئایینی، جۆرێکە لە بەزۆر باشکراو.

نیچە وتەنی؛ خودا مرد، ئێمە خۆمان کوشتمان. مەبەستی نیچە لەکوشتنی خودایەکی باڵا و کەماڵ نیە. بەڵکو خوێندنەوەیەکی فەلسەفیە بۆ پێشکەوتنەکانی مرۆڤ، کاتێک مرۆڤ لەهەوڵی جوداکردنەوەی بکەرە لە بابەت، واتا دابڕانی مرۆڤ لە سروشت و دەستبەسەراگرتنی سروشت لەڕیگەی زانستی ئەزمونییەوە. شتێک بە ناوی خودا بوونی نامێنێت. نیچە وەکو بیرکەرەوەیەکی زیتەڵە هۆشداری ئەدات لەدوایی مردنی خوداوە، نیلهیزم و پوچیتی دروستدەبێت، بەم شێوە پوچیەی ئێستا بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە.

ئاراس سەعید




سەرمایەداری لەفۆڕمی ئایندا … ن: ئاراس سەعید

ئیمپڕیالیستی کەپیتاڵیزم، لەدوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت لەفۆڕمێکی نوێی ئاینیدا، خۆی فۆڕمۆلەکردۆتەوە، بەجۆرێک یۆتۆپیای سەرمایەداری بەهەشتێکی یۆتۆپی لەڕێگەی عیبادەت کردن و کارکردنی بەردەوامەوە، بۆ بەندەکانی خوڵقاندووە، ١”لەژێر سایەی ئەم سیستمەدا، چەشنی ئاین، تاوان دەبەخشێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێدانی قەرزەوە، مرۆڤ بەناچاری تووشی تاوان دەبێت”[ قەرز] تاوانە گەورەکەیە، کەچەشنی ئاین مرۆڤ ناچاری، عیبادەت دەکات بۆ پاکبوونەوە لەتاوان.

ئەم سیستمە، لەشیوەی ئایندا، مرۆڤ ناچاردەکات، بەردەوام عیبادەت بکات، بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت، لەڕێگەی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەوە، بەردەوام بێت، بۆ پاکبونەوە لەتاوان، یاخود بەدەستهێانی بەهەشت، عیبادەتی زیاتر بۆکۆرکردنەوەی سامان و کڕینی خزمەتگوزاری و ئۆتۆمبێل و ڤیلا و کۆشکش.

ئەم ئاینە نوێیە، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەکات بەرامبەر بەخۆی، مارکس وتەنی : “کرێکار لەڕێگەی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەوە، نامۆ دەبێت بەرامبەر ئەوکاڵایەی خۆی بەرهەمی هێناوە”

لەم سیستمەدا، پارە وەکو خودا، لەچەشنی ئاینە بت پەرستەکاندا، دەپەرسترێت، واتا مرۆڤ دەبێتە، دروستکراوی شتێک کەخۆی دروستی کردووە، واتا مرۆڤ نامۆ دەبێ لەخودی خۆی، ئەریک فرۆم دەڵێت:۲ “کەسایەتی بازاڕکەر، لەڕوکاردا کۆمەڵایەتیەو پەیوەندی لەگەڵ زۆرکەسدا هەیە، بەڵام لەناخدا تەنهایە، ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەست بەتەنهایی دەکەن، ئەوان هەست دەکەن وەکو[ کەلوپەل و کەرەستە] مامەڵەیان لەگەڵ دەرکرێت” واتا بەهای مرۆڤ بەستراوە، بەعیبادەتکردنەوە، وەکوچەندێتی کڕێنی شت لەبازاڕدا، بەستراوەتەوە بەدان پێنانی ئەوانی تردا، بەسەر کەوتنایەنەوە، واتامرۆڤ لەڕوانگەی کەسایەتی و خودێتی و شوناسیەوە هەڵناسەگێندرێت. ئەویش پەیوەندی بە هەستکردن بەگوناهەوە هەیە.

ئاینی سەرمایەداری، مرۆڤ تووشی پەراوێزبوون دەکات، لەڕێگەی تاوان بارکردن و پێدانی قەرزەوە، مرۆڤ لەژێرسایەی ئەم سیتستمەدا، بەدرێژایی ژیانی دەبێت خەریکی عیبادەتکردن بێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی، چەشنی ئاین، تەنها نوخبەیەکی قەشەو پیاوانی ئاینی لێ سودمەندن، مرۆڤ دەبێ بەردەوام تێبکۆشێت بۆدانەوەی قەرز و بەدەست هێنانی بەهەشتی سەرمایەداری، ئەویش لەڕێگەی خۆنامبۆن و پەرستنی پارەوە. لەم سیستمەدا، مرۆڤ شادی و ئومێد لەدەست دەدات، سەرمایەدار بۆ دابینکردنی سەرمایەگوزاریەکەی پێویستی بەقەرزە، هەموو مرۆڤایەتی دەکەونە ژێر بارێکی گرانی تاوانەوە، جگە لەکەمینەیەک کەئاڕاستەکەری بازاڕ و خاوەنی بنەماکانی بەرهەم هێنانن، مرۆڤ چەشنی کۆیلە، ڕۆبۆت، کاردەکات، تاسەرمایەی پێغەمبەرانی ئاینەکە، کەڵکەبێت لەسەرمهێزو بازووی چینی کارکەر، تاکە ڕێگا و ئەلتەرناتیڤی، مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لەم ئاینە ئەبسکرات و سەپێنەرەی نیولیبڕاڵیزم سۆسیالیزمە، خەباتی چینایەتی و تێکۆشان بۆ گەیشتن بەکۆمۆنیزم و کۆمەڵگای بێ چین.

ن: ئاراس سەعید

سەرچاوەکان
۱- ئاشنابوون بەهزری واڵتەر بنیامین،
و. پێشڕەو محمد
۲-بەناوی ژیانەوە، ئەریک فرۆم،
و.ئازاد بەرزنجی




تەنیایم دەستەمۆ نابێ …

دەترسم بێدار ببمەوەو ..
چیتر کەس پێم نەڵێ سڵاو.
دەترسم دۆستەکانی نێو خەونەکانم
لێم هەڵبێن،
دەترسم ئەو شاژنەی لەدوای چەندین شەونخونی،
کۆشکی لویسی چواردەم بۆ داگیر کرد،
ئاوێتەی خەیاڵەکانی من نەبووبێت،
دەترسم بێدارببمەوە
چیتر کەس حەوسەڵەی بنینەوەم نەکات.

نا نا من نامەوێ بەئاگا بێمەوە،
دەمەوێ بۆ هەمیشە لەسەر سەرینەکەمەوە
ئێواران بچمە پیاسەی پیتەربۆرگ و بۆ پێکی مەی بچمە مەیخانەکانی ڕۆما،
شەوان لەگەڵ سۆزانییەکانی مەکسیک
شەو بەسەرببەم و بە ڕۆژیش بچمە خزمەتی هەژارەکانی سۆماڵ و ئەفریقا،
زۆر دەترسم بێداربمەوە و کەسێک نەبێ
دڵمی پێ بدۆڕێنم.
دەترسم بێدار بمەوە…
دووبارە ببمەوە هاودەمی وەحشە ترسناکەکەی
تەنیایی…
ئاخر من ناتوانم کەسم خۆش بوێت٫
من وەکو ئەو نووسەرە مونەرمانە نیم
بایگۆرافیای خۆم بنووسمەوە و خودی خۆم بکەمە کارەکتەرێکی دووفاقی ناو تێکستەکان،
لەگەڵ تەماشاکردنی هەر خانمێکدا
داوای خۆشەویستی لەو ئافرەتە بکەم
کە کەلەجوانیدا دەچنەوە سەر پەری و لەدرەوشاوەییدا لەڤینۆس دەچن‌

ئەرێ من پیاوێکم تەنهایم لە تەنهایی کەس ناچیت،
تەنهایم بارێکی گرانە بەسەر ڕوحمەوە
ژیانی تەنگ کردووم
بەڵام نامەوێ بۆ تۆسقاڵێک
خۆشەویستی دەروەزە بکەم،
نامەوێ وەکوو خوێنەوارە بۆرجوازەکان تکا بکەم کەسێک خۆشەویستیم قبوڵ بکات،
لە خەیاڵەکانی مندا خۆشەویستی قبوڵ ناکرێت، بەڵکو کارەساتێکە ڕووئەدات،
خۆشەویستی وەکوو مردن
وایە یۆتۆپیایەکی ئەزەلی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە،
هەندێک جار ژیانی دوو مرۆڤ دەکاتە بەهەشت
زۆرجاریش ئاگری دۆزەخیان بۆ دادەگیرسێنی، من نامەوێ تێکەڵی یۆتۆپیا بم،
من تەنهایم لە ئەزلەوە نامۆیە بە کۆمەڵگە،
تەنهایی من
بە هیچ کەسێک دەستەمۆ نابێت..

هەندێک جار تەنهایی زۆر بێ بەزەییە٫
شەوان بەدەم هەڵدانەوەی
پەڕەکانی ئەفسانەکانی یۆنانەوە
چێژ لەسێکسی نێوان ئۆدیب و دایکی وەردەگری
‌کاتێک لەپترۆسبۆرگدا
ڕاسکۆلینکۆفی کارەکتەری
ڕۆمانەکەی دۆستۆڤیسکی
بەتەورێک کەلەسەری پیرێژنێک شەق دەکات
زۆر بێ دەربەستانە دڵخۆشی بەکوشتنی قالۆنچەیەکی سوخۆر٫ کاتێک کێژۆڵەیەکی چکۆڵە
لەباوەشی خەلیفە هارونە ڕەشید دەبینی
بێ بەزەیانە دەسپەڕ لێ ئەدەییت..

کاتێک تەنهاییت…
خەم لەهیچ شتێک ناخۆیت
هیچ کەسێکی یەکسان خوازت خۆشناوێت
تەنانەت کارڵ مارکسیشت خۆش ناوێت
کە دەیبنی و ناتوانی لەهیچ یۆتۆپیایەکی سۆسیالیستی تەنهایت بەسەر کەسانی تردا بەش بکات
تەنهایی ئازارێکە هیچ پێنوسێک گوزارشتی لێ ناکات
هیچ دەقێکی ئەدەبی
لەگەڵ ژیانی ئاشتی ناکاتەوە.

ئاراس سەعید




لەچاوەڕوانی دا…مەحمود دەروێش.. و: ئاراس سەعید

لەچاوەڕوانی دا کەڵەکەکەی کۆمەڵێ ئەگەرلەسەرم ئەدات، ڕەنگە لەقیتارەکەجانتاکەی دەستی بیرچووبێو ناونیشانەکەی من و موبایلەکەی لێ وون بوبێ، ئیدی ئارەزووی نەمابێ و ووتبێتی بەختی لەگەڵ نەرمە باراندا نیە، ڕەنگە بەشتێکی کتوپڕەوە سەرقاڵ بووبێ، یان بەگەشتێکەوە بۆ باکور تاکو سەردانی خۆربکات.
لای بەیانی تەلەفونی کردوەو من لەماڵ نەبووم، چوومە دەرەوە تا دووشوشە شەراب و گوڵی گاردینا بکڕم، ڕەنگە لەگەڵ هاوسەرەکەی پێشووی تێک چووبێت، لەسەر یادەوەریکانیان و پاشان سوێندی خواردبێ، چیتر پیاوێک نەبینی بەخولقاندی یادەوەری هەڕەشەی لێ بکا، یان ڕەنگە لەڕێدا بۆلای من خۆی بەتەکسیەکدا کێشابێ و چەند هەسارەیەکی کاکێشانەکەی کوژابنەوە، ئێستا لەژێر چارەسەری ئارام بەخش و وەنەوزدابێ، ڕەنگە بەرلەهاتنە دەرەوەی لەخودی خۆی، تەماشای ئاوێنەی کردبێ و دەستی لەو دوو هەرمێ گەورەیە دابێ، کەشەپۆل بەکراسە ئاوریشمەکەی ئەدەن و بەحەسرەتەوە ووتبێتی؛ ” ئاخۆ کەس هەبێ جگە لەخۆم شایەنی میێینایەتیم بێ”!؟
یان ڕەنگە بەڕێکەووت بەخۆشەویستیەکەی پێشویدا تێپەڕیبێ، کە هێشتا لێی ڕزگار نەبووبێ و لەگەڵیا بۆشێوی ئەم ئێوارە ڕۆیشتبێ، لەوانەشە مردبێ، چونکە مەرگیش وەک من لەپڕا عاشق دەبێ، مەرگیش وەک من حەزی لەچاوەڕوانی نیە.

مەحمود دەروێش
و/ ئاراس سەعید




تەکنەلۆجیاو بەڕۆبۆتکردنی مرۆڤ … ئاراس سەعید

زۆر لەچەمک و ئایدۆلۆژیەکان بەهای خۆیان لەدەستدا، کڵێشە نەریتیەکانی وەکو؛ زانست و چەپ و کۆمۆنیزم و ئاین و سەرمایەداری، مانایەکی ئەوتۆیان نەماوە، ئەمڕۆ خەڵکی بەدوای ئاڕاستەیەکی تر و فەلسەفەیەکی تردا دەگەڕێ کە بەرەو بایەخ دان بەپێداویستیە ماددی و ڕوحیەکان نەک بەرەو مردن.

لەشۆڕشی هیوای ئەریک فرۆمەوە بۆ
بەئامێر کردنی مرۆڤ

کۆمەڵگایەکمان هەیە، خاوەنی هەموو توانایەکەو ملکەچی بەرهەمهێنان و بەرخۆرییە لەبەرزترین پلەی دا و بەڕێخەری تەکنەلۆجیاش ئاڕاستە دەکرێت، مرۆڤ لەم چوارچێوەکۆمەڵایەتیەدا، دەگۆڕێت بۆ دۆڵابێک لەناو ئامێرێکی گەورەدا، ئەم مرۆڤە تێر دەکرێت و بەڵام لەگەڵ ئەمەشداهەر نێگەتیڤە، لەڕوی هەڵچونەوە هیچ زیندویەتێکی تێدا نیە بەسەرکەوتنی ئەم کۆمەڵگا نوێیە، تاکگەرایی و ژیانی تایبەتی لەناو دەچن، بوارە گشتیەکان قاڵبگیر دەکرێن و بەرامبەر شتی تر و بەپێی گونجاندی سایکۆلۆجی دەزگاکانی تر بەپینەو پەڕۆ و جۆرێکی تری ئەزمونی خودی مەیسەر دەکرێت.

لەکۆمەڵگایی تەکنەلۆجیدا، مرۆڤ لەگەڵ ملیۆنان کەسی بێگانە بەئاسانی لەژێر کاریگەری کەسایەتی بەهێز و سەرەنج ڕاکێش دایە کەزیرەکانە دەستکەوتەکانی تەکنەلۆجیای پەیوەندی کردن بەکاردەهێنێ، لەپێناو دەستکاری کردنی عەقڵی خەڵک و دەستکاری هەڵچونە دەرونیەکان.

” ئەوەی لەهەموو شت زیاتر تووشی دڵە راوکێمان دەکات، لەدەستدانی چاودێریە بۆ سیستمە تایبەتەکان، ئێمە بڕیاری ڕێخەرە تەکنەلۆجیەکانمان جێ بەجێ دەکەین، وەکو بونەوەرێکی مرۆیی هیچ ئامانجێکی ترمان نەماوەجگە لەبەرهەم هێنانی زیاتر، توانای خواستەکانمان بۆشتەکان لاوازترە، لەتوانای ڕەتکرنەوەمان بۆی، ئێمە لەبەردەم هەڕەشەیەکی چەکی کۆکوژیداین، یان ئەو ئیفلیجی و گۆجیەمان، کە بەهۆی دوریمان لەبڕیارە بەرپرسیارەکانەوە نێگەتیڤی کردوین”.

مرۆڤ لەلوتکەی سروشتەوە دەبێتە دیلی داهێنانەکانی خۆی و خۆشی توشی وێران بون دەکاتەوە

ئەریک فرۆم دەڵێت؛ ” مرۆڤ لەگەڕانی بەدوای حەقیقەتی زانستیدا، ئەوەندە مەعریفەی بەرهەم هێناوە، کەبتوانێت بۆ زاڵبون بەسەر سروشت بەکاری بهێنێ، لەم ڕوەوە گەلێک سەرکەوتنی مەزنی بەدەست هێناوە، بەڵام بەپێداگریری لەسەر تەکنەلۆجیاو بەرخۆری ماددی، هەمووشتێکی لەدەست دا، نەک بڕواو ئاینی وبەهامرۆیەکان، بەڵکو توانای هەستکردن و هەڵچونەقوڵەکانیشی لەدەست دا، [دڵشادی و خەمناکی]، ئەوئامێرەی کەمرۆڤ خۆی دروستی کردووە، پڕۆگرامی تایبەتی وای بۆ بەرهەم هێناوە کە ئەو ئێستا ڕۆشنبیری مرۆڤ دیاری دەکات”.

دیاترین ئەو مەترسیانەی لەم سیستمەدا هەیە ئابوری گرێ دراوە بەبەرهەم هێنانی چەکەوە، بێ ڕەچاوکردنی ئەو بڕەی بۆبەرگری پێویستە، ئابوری ئەمڕۆ لەسەر بناغەی ئەومادانە دەڕوات بەڕێوە کە هەڕەشەی کاولکردنی جیهان دەکات، توشی تەگانەیەکی ترسانک بوین، چونکەسەرمایەداری نایەوێ داهێنان وسیستمە تەکنەلۆژیەکان بۆ مەبەستی خزمەتی مرۆڤ بەکاربێنی، بەپێچەوانەوە سەرمایەداری لەڕێگەی تەکنەلۆجیاوە نەخۆشیەک بەرهەم دەهێنی تا ئابوریەکی تەندروستی هەبێ.

————————————————————-

سەرچاوەکان؛
ئەریک فرۆم شۆڕشی هیوا
جۆرج ئۆریۆڵ ڕۆمان 1984




تووشی کەئابەی کردم … ئاراس سەعید

ئەمڕۆ چوومە چایخانەیەک دیمەنی گەنجێک سەرەنجی ڕاکێشام، یەک بە یەک چاوی سەرەنجی ئەو کەسانەی دەدا، کە تازە دەهاتنە ژوورەوە، لەپڕ هاتە تەنیشتمەوە و
ووتی: “کاک ئاراس، نامناسی، من و تۆ جاران هاوڕێ بوین، نازانم ئێستاش هەر هاوڕێین”
تەماشایەکی قەدو باڵایم کرد، زنجیری پانتۆڵەکەشی کراوەبوو، خودا سێ قەد پانتۆڵەکەی هەڵکردبوو، کەچی لەژێر پێڵاوەکانی دەخشا، لە ئەنجامی توندکردنێکی زۆر پشتوێنی، پانتۆڵەکەی، نغرۆ نغرۆ بوو بوو، بیرەوەریم بەشێوەیەکی قوڵ، لە چاڵی یادەوەریەکان بەدوای فۆڕمی ئەو گەنجەدا دەگەڕا، لەپڕ لەنائاگاییەوە، هاتە بەر دیدەم، لەگەڵ ئەم گەنجە حەوت ساڵ پێش ئێستا، لەخوێندنگا لەسەر یەک کورسی دائەنیشتین، ئەو یەکێک بوو لەقوتابیە ئاست بەرز و ئاکار بەرزەکان
لەپڕ پیرەمێردێ کێشایە سەر شانما و ووتی “لالۆ تازە کەوتۆتە بازاڕەوە” .
٭
ڕۆژی چوارشەمەی کانونی یەکەمی 2013 شەپۆلێکی بەفرو سەرما ڕووی لە ناوچەکەمان کردبوو، قوتابیەکان پۆشاکەکانیان یەکپۆشبوو، ڕۆژی دووشەمە پێ ووتم” لەگەڵ ناهیدە ژوانێکم داناوە، بەنیازم جلی ڕەش بپۆشم، بەڵام ڕدێنم دەتاشم و کەمێک پرچم کورت دەکەمەوە، تۆ دەتوانی دەسێک پۆشاکی ڕەشم بۆبهێنی، من و تۆ، لەیەک ساڵدا لەدایک بووین، بەڵام تۆ کەمێک لەمن لاواز تری، ئەوەش نابێتە کێشە، چونکە پۆشاکی ڕەش تا تەنگ بێت جوان لەبەر دەنیشێت، ئەم ڕۆژانە هەمووشتێک تەنگە، تەنانەت خۆشیەکانیش بەدڵم تەنگە”
من دەمزانی پۆشاکەکانی من بۆ ئەونابن، بۆیە لەلای ناسیاوێکمان بەئامانەت بۆم هێنا پۆشاکەکانم دایە دەستی و پێکەوە بەرەو دوکانی هەڵمەکە ڕۆیشتین، کاتی سەرتاشینی خستە ڕۆژی ئایندەوە، بێ ئاگا لەوەی ڕۆژی ئایندە سێ شەمەیە و دوکانی دەلاک نیە.

سپێدەیەکی ساردبوو، پۆشاکی قوتابخانەم پۆشی دایکم کلی بۆهینام تا سپێتی بەفر ڕەشی چاوەکانم لەگەڵ خۆی نەبات، ئەو ڕۆژە کەمێک زوتر لەماڵ چوومە دەرەوە، لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شارەوەڕۆیشتم بەنیازی ئەوەی شانم لە شانی کچێک نزیک بکاتەوە، گەیشتمە شەقامی بیستویەک ناهیدە لە هەموو ڕۆژەکانی تر جوانتر خۆی گۆڕی بوو، بۆنی عەترەکەی لەخۆیدابوو، شوێنی وەستانی پاسەکەی پڕکردبوو، پاسەکە گەیشت و لەدواین فارگۆنی پاسەکە دانیشتم، بیرم لە عبدول سەمیع دەکردەوە، کە پارەی کرێ پاسی پێ نیە و بەپۆشاکەکانی منەوە، کە لە کوڕی خاڵم بە ئامانەت بۆم وەرگرتبوو، لەدواین شوێنی دابەزین جێژوانی لەگەڵ ناهیدە هەیە، دەمگوت” ڕەنگە لەچاوەڕوانی دا بچێتە دۆخی نائاگییەوەو هەرگیز نەگەڕێتەوە، ڕەنگیشە هێندە سیگار بکێشی ستوی سیگارەکەی پۆشاکەکان بسوتێنی”
شەقامی سی و نۆیە، دواین شوینی ڕاوەستانە، شۆفێری پاسەکە وای ووت.
٭
لەوبەری شەقامەکەوە بە ئاپۆڕا خەڵکی ڕیزی بەستبوو، لەو نەعرەتەو ژاوەژاوەدا تەنها من و ناهیدە پۆشاکەکانمان نامۆ بوو، ئەوەی سەرەنجی ڕاکێشام خەڵکی شار تێکڕا ڕەشیان پۆشی بوو، بۆ ناهیدەی بەدبەخت زۆر ئەستەم بوو عبدول سەمیع لەناو ئەو هەموو خەڵکە ڕەشپۆشەدا بدۆزێتەوە، سەرەنجم چۆیە سەر عبدول سمیع سەرو سیمای تێکڕا شیواو بوو، ڕدێنی درێژبوو بەشێوەیەک تازێ بار دیار بوو، دەتگووت چلەی ماتەمینی تاقە براکەیەتی، بەڵام پۆشاکی ڕەشی زۆر لێ دەهات و ئەو بیری چووبوو، ڕۆژی پێشوو دەلاک خانە نیە، بەناچاری بەو شێوەیە هاتبووە چێژوانی یارەکەی ناهیدە و عبدول سەمیع بەرامبەری یەکتری ڕاوەستابوون ناهیدە، هەروەکو ئەوەی بەرەو مانگی هەنگوێنی بڕوات فرمێسکی خۆشی چاوەکانی پڕکردبوو، عەبدول سەمیع بزەیەکی غەمگینی کرد، لەسیمایەوە بەدی دەکرا خەمێکی قوڵ باڵی بەسەردا کێشاوە، هەردووکیان بەرەو ڕوی یەکتری ڕۆیشتن، لەپڕ ئۆتۆمبێلی پۆلیس و ئامبولانسی تەرم لەشەقامەکەوە پەیدابوو، تێکڕای خەڵکی کەوتنە هەڵهەڵە لیدان و شیوەنکردن، عبدول سەمیع لەشوێنی خۆی شۆک بوو، کاتێک ناوی دوانی دوای خۆی بە ئامبولانسەکەوە بینی، ( عبدول باری غریب صدیق) دەرگای ئامبوڵانسەکە کرایەوەو عبدول سەمیع سەرکەوت، لەبەردەمم پیرژنێک فۆتەیەکی ڕەشی بەناوچەوانەوەبەستبوو، شیوەنی دەکرد، لە پیرەمێردیکم پرسی خاڵۆگیان، ئەوەچی بووە چی لەم ناوە دەگوزەرێت، ووتی” ئەوە تەرمی شەهیدێکە، دوێنی لەشەڕی بەرگری کردن لەنیشتمان، گیانی سپارد” من و ناهیدە دوای ئامبوڵانسەکەوتین، ئەو بەدوای مەعشوقەکەیدا و منیش بەدوای پۆشاکەکانەوەبووم.
*
من عەبدول سەمیعم نەبینیەوە، ناهیدەش دایکی ڕەدوی بازرگانێکی عەرەب کەوت، ئەو لەمێژبوو باوکی لە تەل دزین بەدەستی سەربازەکانی بەعس کوژرابوو، لەچانسی ئەوان تەنها باوکی ئەو نەکرابوو بەشەهیدی سەنگەر، چونکە دایکی خۆی نەدابووە دەستەوە بۆ پیاوە سمێڵ بابڕەکانی خێڵ، خۆشی دوای ساڵێک عاشقی کوڕێکی بۆرجوازی بوو، لەم ڕۆژانە بینم لەترافیک بنیشتی بە شۆفێران دەفرۆشت، شەرواڵێکی کوڕانەی لەبەربوو، وەکو ئەوەی ژن بوون گەورەترین برین بێت، بەوشەرواڵە دای پۆشیبوو، ئیتر لەهەواڵی ئەویش بێ خەبەر بووم.
پیرەکەووتی” لالۆ گیان چایەکەت ساردەوەبوو”
ووتم: ” ئەوەی عبدول سەمیعیش”
عبدول سەمیع: ” کاک ئاراس، ئێستاش هەرقوتابیت”
ووتم: ” من لەئەزەلەوە قوتابی بووم، لەقوتابخانەی ڕۆژگار دەخوێنم، ڕۆژەسەختەکانی وانەکانمە”
ووتی: ” کاک ئاراس، لەو ڕۆژەش سەختر هەیە یەکتریمان وون کرد”
ووتم: “سەخت تر ئەمڕۆیە، تۆم بەم دۆخەوە دۆزیەوە”
ووتی: “کاک ئاراس، خۆشەویستت هەیە”
ووتم: “نا، خۆشەویستی بۆ هەژاران، شتێکی نامۆ و قەدەغەکراوە، تۆچی”
ووتی:” جاران هەمبوو، بەڵام ئێستا نیمە”
بۆم باسکەچۆن بوو
کچێکم خۆشەویست ناوی ناهیدەبوو، دوای ئەوەی براکەم شەهیدبوو، موبایلەکەیان لێ دزیم، پارەم نەبوو موبایل بکڕمەوە، ڕۆژێکیان بەموبایلی زاواکەمان تێلم بۆی کرد، ووتی” تۆ بێ وەفابووی، منت جێهیشت، من ئێستا خێزان دارم و خێزانەکەم بەنیازیشە ژنم بەسەردا بهێنی”.
ئێستا چی، ئێستاش خۆشت دەوێ
ناهیدە ئێستا منی خۆش ناوێ، ئەو بێوە ژنەو، خەمی جیهانی لەکۆڵناوە، خوێندنی تەواوکردوو وەکو من دانەمەزراوە، خەریکی دەروەزەکردنە بۆ ئەوەی براکانی لەبرسانەمرن، منیش هەموو ڕۆژ بەدزیەوە دەچم خۆشم دەوێ.
کاک ئاراس” جیاوازی نیوان خۆشەویستی ناهیدە و دایک باوک چیە؟”
ووتم: پەیوەنیەکان جۆریان زۆرە، بەڵام دایک و باوک تایبەت ترە
ووتی: ” ئەی بۆ خۆشەویستی دایک و باوکم دڵخۆشم ناکات؟”
چ پرسیارێکی ئاڵۆز، توشی کەئابەی کردم، کەوتمە دۆخی نائاگاییەوە بیرم کردەوە کاتێک بەئاگا هاتم لە تەنیشتم نەمابوو، وەکو تارماییەک دوای ئەو هەموو ساڵە، دەرکەوتو لەپڕ وونبوو هەر وەکو ئەو ڕۆژەی بۆ دواین جار بەجێ هێشتم، منیش لەدوای گەڕانێکی زۆر لەزیهنمدا ونمکرد، هەرگیز بەخەیاڵم نەهاتبوو ڕۆژێک ببێتە کارەکتەری نوسینێکم، یان بەو شێوەیە عبدول سەمیع ببینمەوە
پیرەمێردەکە ووتی: ” نەم ووت، کەوتۆتە بازاڕەوە، خەم مەخۆ لالۆ هەلومەرجەکە هەروا ئاڵۆزە، فرۆیدیش زیندوبێتەوە بۆی شیکاری ناکرێت، لەم نیشتمانە غەمگینەدا، بۆهەڵهاتن یان دەبێ نائاگابیت، یان دەبێ وەکو عەبدول سەمیع بیت”.

ئاراس سەعید




ژوور … ئاراس مام سەعید

لەژێر بونیادی ناخود ئاگای ژیاندا خشپەی پێی بوونەوەرە نادیارەکانی گومان دێ، گومانێک تائاستەکانی تخوبی ڕوح و چرکە شێتینەکانی زەین، تێکڕای خەلقەندەو شتگەلەکان جێگەی گومانن.

هەست بەشەکەتی و بێهودەی ژیان و وجود دەکەم، هەستێک لەشێوەی ئەو هەستەی ( شۆپنهاوەر) سەبارەت بەبون و گەمە بێهودەیەکانی ژیانو گەردون درکی پێ کردوە، دورە پەرێزی و گۆشەگیری لەم ژیانە باشترین ڕێگە چارەیە، بۆ دورە پەرێزی لەم کۆمەڵگا خود پەرستە، پێویستم بەژوورێکە، بەڵێ ژوور.

ژوور لای من ناونیشانێکە لەژیان و زەمەندا، خودی من لەوانی تر جیادەکاتەوە، ژورێک لەکۆمەڵگایەکی خود پەرست و نادادپەروەریدا، کەچیدی بونی مرۆڤ مانایەکی نامێنی و تێکست بەشاراوەیی و بێدەنگی پرسیارگەلێک دەوروژێنی، بۆیە پێوستە مرۆڤ دەرگای ژورەکەشی بەقوفڵێک کلیل بدات.

ژوور مەفتەنی خود و مەنزڵگەی ئارامی و ئاسودەگی گیان و زەین و ڕوحیشە، ژورە مێشکی مرۆڤ لەژاوە ژاو نەعرەتەی ترسناک دەپارێزێ، بەڵێ پێویستم بەژورێکە، ژورێکی کش و مات و هێمن، ژورێکی بچوک و ڕەفەیەکی لەکەرپوچ دروستکراوی تێدا بێت، کتێبی پیرۆز و ڕۆمانی تاوان و سزا کۆمارەکەی ئەفڵاتونی لەسەر دانێم، پێویستم بەژورێکی ئارامە، وەکو ژورە بنمیچ نەوێکەی”ڕاسکۆلینکۆف”.




کۆتا نامە … ئاراس سەعید

ئەمشەو، بەدیار تارمایی خەونێکەوە لەگەڵ تەنیایدا دانیشتوم، دەمەوێت بەچەند پەیڤێک نامەیەکت بۆبنووسم.

سڵاو، ئەی ئەو کچەی لەو ساتەوەی بەسەر مندا دابەش بوویتە، ئیدی نەورەسانە بەسەر نهێنیە پەنهانەکانی دەریادا دەفڕم، وەک ئەستێرە بەورشە شەوشادت لێئەکەم.

بمبوورە، لەم هەموو پاوان کردنی یادەوەریە ئەرخەوانیانە، لەم هەموو نیگا شەرمنانە، کە لە ئێوارانێک بەجێمان هێشت.

تێپەڕێ تەماشاکردنی ئەو وێنانەی لەژێر باران گرتمان تێپەڕی، گوناهت کرد، گوناە، منت وونکرد.

منێک بەدڵێکی پارچەپارچەمەوە، کەلەدابەشبوونی نیشتیمان دەچێت، چاوەڕوانی با دەکەم تا بۆنی تۆم بۆبهێنێ، گوێ لەگریانی هەور دەگرم بەڵکو ناوی تۆ بهێنێت.

دڵنیام ئەمشەویش تێدەپەڕێت سەعات و ڕۆژ و خەمێی نوێ دێت و من لەوانەی ماتماتیکی تەنیایدا هەرگیز دەرناچم، ئەوەی لەمندا دەمێنێتەوە تەنها تۆی.

ئیدی تەواو ئەی دڵرەق شەرم بکە، لەو ڕۆژەوەی دڵم، وەک دەنکێ گێلاس کردە دەستەوە، تۆڕیت وونکە، وەک چۆن پێکەنین لەفەرهەنگی مندا وون بووە، تەماشام کە، وەک ئەو ئاوێنەیەی کە بەرانبەری ڕادەوەستی و دواتر بمشکێنە، وەک چۆن دڵمت شکاند.

هەڵمگرە، وەک تریفە بەلێوەکانی مانگەوە، بمپارێزە لەم جەنگی دابڕانە، کە سەرەنجامی دەمباتەوە ئەو دیوی تەنهایی، چ شتێکە کەمن چاوەڕوانی سبەینیەک دەکەم کە نایات، تۆ چاوەڕوانی منێک ناکەی کە دێم.

من لەپەژموردە بونی لاسکی گوڵەکانەوە فێری بەرائەتی میهرەبانی بووم، تۆ لەڕۆژە کریستاڵیەکانی منەوە فێری توڕەبون بویت.

سەفەرێکی ناتەبا من و تۆ تەواو جیاوازین، وەک ڕاکردنی شەو لەترسی ڕۆژ، هەرگیز یەک ناگرینەوە،
بەئەندازەی سپی بوونی بەفر و ڕەشی ڕەژوو جیاوازین، ناشرینی ڕەنگی دوکەڵی جگەرە و تەنیای خەونەکانی تۆ بۆ من، جوانی گوڵ و بەهار و پەپولەو خۆشیەکانی منیش بۆتۆ.

ئاراس سەعید