چیرۆکی “هەر دێمەوە”.. ئازاد ئەحمەد ئەسوەد.. بۆ یادی تاهیری خەلیلی

بۆ یادی تاهیری خەلیلی

ساڵی 1982 لە گوندی (شێنێ)ی نزیك زەڵێ و ناوزەنگ لەسەر سنووری ئێران پێشمەرگە بووم، شیعری (هەر دێمەوە)م لە گۆڤاری (ڕاپەڕین) بڵاو کردەوە، کە گۆڤارێکی سیاسی و ئەدەبی بوو چەند ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچوو. پاش ماوەیەك بیستمەوە کە هونەرمەند تاهیری خەلیلی ئاوازی بۆ دائەنێ. لەناو شۆڕشدا جگە لە تاهیری خەلیلی، دوو هونەرمەندی تریش خەریکی ئاوازدانان بوون بۆ ئەو شیعرە: لالۆ ڕەنجدەر و، هونەرمەندێکی تر کە خەڵکی گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکوك بوو (ناوەکەیم بیر چۆتەوە) لە ناوەندیی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە ناوزەنگ پێشمەرگە بوو. بەڵام دواجار تاهیری خەلیلی کارەکەی ئەنجام داو، پێم وایە پاش تۆمار کردنی گۆرانییەکە دوو هونەرمەندەکەی تر وازیان هێنا.

لە کۆتایی ساڵی 1982دا بەهۆی نزیك بوونەوەی شەڕی عێراق-ئێران لەو سنوورە، سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو ناوچەیەیان چۆڵ کرد و گواستیانەوە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و، هێزەکانی پێشمەرگەش دابەش بوونە سەر چوار مەڵبەند. من لەسەر داوای خۆم گواسترامەوە مەڵبەندی چوار لە بالیسان، بۆ ئەوەی بەشی ڕاگەیاندن (ئیعلام) لەو مەڵبەندە دامەزرێنین. ڕاگەیاندن بەرفراوان بوو و زۆرێك لە نووسەرو ڕۆژنامەوان و هونەرمەندانی ئەو دەڤەرەی لەخۆ گرت. جگە لە من؛ مەریوان وریا قانع، ئیبراهیم عەلی ئەحمەد (بڵندی شێوەکار)، هونەرمەندی ئاوازدانەرو کەمانجەژەن مەجید خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەلی عەزیز خاوەن گۆرانیی”ئەی کچە کوردی کەرکوك” و ئەندامی تیپی مۆسیقای سۆلاف/کەرکوك بوو، قەنبەری کمانجەژەن ئەویش هەر ئەندامی تیپی مۆسیقای سۆلاف بوو لە تەلەڤزیۆنی کەرکوك، هونەرمەندی گۆرانیبێژ مونیر نوری (ناسراو بە مونیر ئاری)، سیار بادینی، شاهین (کوردی باکور بوو)، دکتۆر سالار مستەفا، عەباس ئیسماعیل حەمەد ناسراو بە “عەباس نیووتن” و چەند پێشمەرگەیەکی دی، بەرپرسی ڕاگەیاندنیش حاکم پێشڕەوسەید برایم بوو. وشیاری براشم لەگەڵ ئیمەدا بوو بەڵام ئەو چووە بارەگایەکی تر. عەباس نیووتن، ئەو نازناوەی لەخۆڕا لێ نەنرابوو، ئەو خۆی دەرچووی بەشی فیزیا بوو، نامیلکەیەکی بە چاپ گەیاند تیایدا ڕەخنە لە یاسای سێیەمی ئایزەك نیووتن لە جووڵانەوەدا ئەگرێ. ئەوسا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە بانگهێشتی عەباس کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رەخنەکەی لە نیووتن. عەباس بۆ سەلماندنی تیۆرییەکەی خۆی کۆمەڵێ هاوکێشەی لە نامیلکەکەیدا بەکار هێنابوو. مەریوان قانع و ئیبراهیم (بڵند) بۆ پێکەنین ئەیانووت لە ڕووسیا کاتێ زاناکان بە هاوکێشەکانی عەباسدا ئەچنەوە پێی ئەڵێن کورە ئەوە چیت کردووە؟ ئەوە زائید نییە، ناقسە! عەباسیش لە ناوچەوانی خۆی ئەدا: ئاه!!

 لەپاش شەڕی بالیسان، کە لە مانگی چوای ساڵی 1983دا لەنێوان یەکێتی و بەرەی جووددا ڕووی دا بە ماوەیەکی کەم، بارەگاکەمان گواستەوە گوندی (کانی بەرد)ی نزیك بالیسان. ژوورێکمان تەرخان کردبوو بۆ تایپڕایتەرو ڕۆنیۆو ستێنسڵ و ئەو شتانە، هۆڵێکیش بۆ ئامێرو کەرەستە مۆسیقییەکانی وەکو کەمانجەو ئۆرگ و ئۆکۆردیۆن و ئیقاع و.. هونەرمەندان پرۆڤەی گۆرانی و مۆسیقایان تیادا ئەکرد. تاهیری خەلیلی ئەوسا لە نێوان سەرکردایەتی و بالیساندا هاتوچۆی ئەکرد. لە سەرکردایەتی لەگەڵ (تیپی مۆسیقای شەهید کارزان)دا گۆرانیی ئەووت. کە ئەشهاتە بالیسان مانگێك یان پتر لەلامان ئەمایەوەو لەگەڵ مەجید خۆشناوو مونیر ئاری و ئەواندا شەوان لە هۆڵی مۆسیقادا پرۆڤەی گۆرانییان ئەکرد. تاهیر کە گۆرانیی ئەووت خەڵکی کانی بەرد هەموو گوێیان لێ ئەبوو. هەندێ جاریش بە شەو کە لە بالیسانەوە ئەهاتینەوە بۆ کانی بەرد تاهیری خەلیلی بەدەم ڕێوە بە دەنگە بەرزو زوڵاڵەکەی گۆرانیی ئەووت لە هەموو دۆڵی بالیسان دەنگی ئەدایەوە. ئەوسا تازە دەنگۆی موفاوەزات (دانوستان) هەبوو لە نێوان یەکێتی و ڕژێمی بەغدادا، تاهیری خەلیلی هاتوچۆی سلێمانیی ئەکردو، لەگەڵ (تیپی مۆسیقای مەولەوی)دا کاسێتێکی تۆمار کرد کە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێ گۆرانی، لەوانە گۆرانیی “هەر دێمەوە”.

جارێكیان هاتە لام و وتی ئاوازی گۆانییەکم داناوە شیعری خۆمە بەڵکو بۆم بنووسیتەوە. وتم ئەی خۆت نەتنووسیوەتەوە؟ وتی من سەوادم نییە!. من تووشی شۆك بووم، خوێندەواریی نییەو ئەو شیعرو ئاوازە جوانانەش هەر بە سەلیقە دائەنێ. ئەو شیعرەکەی ئەووتەوەو من ئەمنووسی. شیعری هێزی پێشمەرگە “لە قەندیلی سەربەرزەوە” بوو. جارێکی دیش هات و شیعری “شیرین”ی پێ نووسیمەوە. وتم ئەم شیعرە لەڕووی کێشەوە لەنگە، هەندێ دەسکاریی کێش و سەروای شیعرەکەم بۆ کرد، بەڵام ئەو هەندێ لەو دەستکارییانەی بەدڵ نەبوو، لەبەر ئەوەی ئاوازەکەی پێش شیعرەکە دانابوو. ساڵانی دواتر هەندێ دێڕی لە گۆرانیی لە قەندیلی سەربەرزەوە گۆڕی. لەوانە بۆ نموونە:

هاوڕێ ئارام لەبیر مەکەن

ڕیگای لینین قەت بەرمەدەن

کە پاشان کردی بە:

هاوڕێی شەهید لەبیر مەکەن

ڕێگای قازی قەت ون مەکەن

هەروەها رەخنەمان لەو کۆپلەیەی گۆرانییەکە گرت کە ئەڵێ:

هێزی پێشمەرگە نابەزن

هەموو شۆڕشگێڕن ئەمڕۆ

وەك ئەوەی هێزی پێشمەرگە پێشتر شۆڕشگێڕ نەبووبن.

ساڵی 1983 هاوڕێی شاعیرم مارف عومەر گوڵ لە شارەوە هاتە لامان بۆ بالیسان  دوو شیعریشی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، داوای لێ کردم بە ناوی (دلاوەر مەحموود)ەوە لە بڵاوکراوەکانی شۆڕش بۆی بڵاو بکەینەوە. ئەوانیش شیعری “قۆچی قوربانی وڵاتم سوتەمەنیی ڕێی خەباتم” و “سروودی ڕاپەڕین: ژیان وەرزێکە کورت یا درێژە” بوو. من شیعرەکانم دا بە تاهیری خەلیلی. مەجید خۆشناو ئاوازی بۆ دانان و تاهیریش بە دەنگی خۆی لەگەڵ کۆمەڵێ گۆرانیی دیکەدا ساڵی 1984 لە کاسێتی دووەم تۆماری کردن.

هاوینی ساڵی 1984 بەهۆی موفاوەزاتەوە هاتوچۆی نێوان شاخ و شار ئاسایی ببۆوە، من و تاهیری خەلیلی و دکتۆر سالار مستەفا سەفەرێکی سەر سنووری ئێرانمان کرد بۆ لای حیزبە کوردی و ئێرانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن. سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات (حدکا) و موجاهیدینی خەلق و زۆر لایەن و کەسایەتیی نیشتمانیمان کرد، لەوانە شێخ عیزەدین حوسەینی، جەعفەری شەفیعی، هەروەها شاعیری “پێشمەرگەی کۆمەڵە وەك پۆڵان”. هەمووان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ کردین. هەفتەیەك لەو دەڤەرە ماینەوە. تاهیری خەلیلی کەسێکی ناسراو بوو لەناویانداو هەموو ڕێزیان لێ ئەگرت. شەوان لە مەقەڕی ئە حیزبانەدا هەموو لێی کۆ ئەبوونەوەو گۆرانی و سروودی بۆ ئەووتن. بڵاوکراوەی حیزبەکانمان کۆ ئەکردەوەو وتووێژی سیاسیی دوورودرێژمان لەگەڵدا ئەکردن. جارێکیان دکتۆر سالار پرسیاری دیکتاتۆریەتی پرۆلیتای لە برادەرانی موجاهیدینی خەلق کرد، ئەوان وتیان بەلای ئێمەوە دیکتاتۆریەت هەر دیکتاتۆریەتە، هی پرۆلیتاریا بێ یان بۆرژوا، ئێمە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێك ڕەت ئەکەینەوە… ئەوسا ئەو بیروڕایەی ئەوان بۆ ئێمە ببووە مایەی پێکەنین.

لە گەڕانەوەماندا لەو سەفەرە، تاهیری خەلیلی لەگەڵما هاتەوە کەرکوك، چەند شەوێك لەماڵی ئێمەدا مایەوە. بە ئۆتۆمۆبیلەکەی ئیبراهیم (بڵند) هەموو کەرکوك گەڕاین. وتی بمبەن بۆ لای خانووە قوڕەکان. بردمان بۆ گەڕەکی شۆریجەو بۆ لای خانووە قوڕەکان. چەند شەوێکی دیش لەماڵی ئیبراهیم مایەوە. ڕۆژێکیان ئیبراهیم و براکانی تاهیری خەلیلییان بردبوو بۆ حەمامەکەی پریادی. تاهیر لە حەمام دەستی بە مەقام چڕین کرد، ئەوانەی لەوێ خۆیان ئەشۆرد، کە زۆربەیان تورکمان بوون، هێندە سەرسام بوون بە دەنگی تاهیر هەموو لە دەوری کۆببوونەوەو گوێیان لێ ئەگرت.

تاهیری خەلیلی ساڵانی هەشتا لە هەموو ئاهەنگەکانی ناو شۆڕش بەشداریی کرد، لەوانە ئاهەنگی سورداش لە نەورۆزی 1984 کە لەوێدا سروودی “لە قەندیلی سەربەرزەوە”ی وت و مام جەلال کە ئامادەی ئاهەنگەکە بوو دەمانچەیەکی پێشکەش کرد. ئاهەنگی یەکی ئایاری هەمان ساڵ لە گوندی توتمێ لە دۆڵی بالیسان لەگەڵ هونەرمەند حەمە جەزاو کۆمەڵێ گۆرانیبێژی دیدا. ئاهەنگی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی لە گوندی شێخ مەحموود لە قەڵادزێ. چلەی شەهید سەید کەریم لە بالیسان ساڵی 1985. تیپی مۆسیقاش بریتی بوون لە؛ مەجید خۆشناو و قەنبەر بە کەمان، مونیر ئاری بە ئۆکۆردیۆن، وشیار ئەسوەد بە ئیقاعی دوو تەپڵی کە پێی ئەڵێن بانگۆز، کۆمەڵێ مۆسیقاژەنی دیش.  

لەپاش تێکچوونی موفاوەزات و دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاوە هەتا کۆچی دواییشی کرد تاهیری خەلیلیم نەبینییەوە.

ئێستا  حەمە جەزا وعەلی عەزیز و قەنبەر و مونیر ئاری و مارف عومەر گوڵ و، دواجاریش تاهیری خەلیلی، هیچیان لە ژیاندا نەماون.

ماڵئاوا ئازیزان… زوو یا درەنگ پێتان ئەگەینەوە.

وێنەکە: تاهیری خەلیلی لە ئاهەنگی نەورۆزی 1984 لە سورداش. لە پشتی تاهیرەوە ئەوەی کەمانجە ئەژەنێ مەجید خۆشناوە ، ئەوەی ئۆکۆردیۆن ئەژەنێ مونیر ئاری.

ئازاد ئەحمەد ئەسوەد




ماڵئاوا مارف.. ئازاد ئەسوەد

پێشنیوەڕۆیەکی هاوینی ساڵی 1977 لە شەقامی جمهوریی کەرکوك لای دوکانی فەلافیلەکەوە پیاسەمان ئەکرد، لەوبەری شەقام لاوێك بە کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی ڕەش و جووتێ سەنداڵەوە بەتەنیا پیاسەی ئەکرد، کەریم پەڕەنگ بانگی کردە ئەمبەرو پێی ناساندین: “مارف عومەر گوڵ”. مارف تازە لە کۆلیجی یاسای زانکۆی بەغدا وەرگیرابوو، خەندەیەکی هێمنانەی هەمیشەیی بە ڕوخساریەوە بوو.

پاش ئەو یەکترناسینە پەیوەندیمان توندوتۆڵ بوو و هەموو هەفتەیەک کە ئەگەڕایەوە کەرکوك لە کتێبخانەی ئاسۆ یەکمان ئەبینی. یان کە ئێمە ئەچووین بۆ بەغدا لە بەشی ناوخۆیی زانکۆدا لای مارف و هاوڕێکانی، (کەریم دەشتی و کەریم سۆفی)، ئەماینەوە. زۆر جاریش بۆ ماڵیان ئەچووین لە گەڕەکی بوڵاغ، لەنێو دارودرەخت و گوێ چەمێکدا کە ئەکەوتە پشت کەنیسە سوورەکەی ئیسکان، بەرامبەر گەراجی سلێمانی، لە کۆڵانێکی خواروخێچ، هەندێ خانوو لە شوێنی بەرز، هەندێك لە شوێنی نزم.

مارف ئەوسا لەهەموو بوارەکانی ئەدەب و هونەرو ڕۆژنامەوانیدا چالاك بوو: پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوکاری بوو، ڕیپۆرتاجی بۆ ئەنووسینەوەو جاروبار شیعری بڵاو ئەکردەوەو، بە شێوەیەکی کەمتریش، چیرۆکی بۆ مناڵان ئەنووسییەوە، هەروەها بابەتی لەسەر سینەماو گۆرانی و میووزیك بڵاو ئەکردەوە. ساڵانی پێشووتریش لە چەندین شانۆگەریدا وەك ئاکتەر بەشداریی کردبوو کە لە پاش یانزەی ئازاری 1970وە تاوەکو دەستپێکردنی شۆڕش لە 1974، لە کەرکوك نمایش ئەکران. هەروەها ئەو کاتەی لە زانکۆی بەغدا خوێندکار بوو بەرنامەیەکی ئەدەبیی هەفتانەی لە ڕادیۆی بەغدا پێشکەش ئەکرد شیعرو هەواڵی ئەدەبیی ئەخوێندەوە.

مارف لە سەرەتای حەفتاکاندا بەناوی (مارف عومەر بەرزنجی)یەوە بەرهەمەکانی بڵاو ئەکردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەرێکی تر هەبوو بەناوی (عومەر مارف بەرزنجی)و لە مارفی خۆمان ناسراوترو بەتەمەنتر بوو، ناوەکەی بوبووە مایەی چەواشە بۆ نووسەران و خوێنەوان. بۆیە مارف دواتر (بەرزنجی)یەکەی لە ناوەکەی کردەوەو ناوی باپیری بەکارهێنا (سەی گوڵ)، بەڵام بەبێ سەید.

مارف پتر بە شیعری “تۆ دایکمی ئەی وڵاتە شیرینەکەم” ناوبانگی دەرکرد، کە ساڵی 1978 لە هەفتەنامەی پاشکۆی عێراق بڵاوبۆوە. هاوڕێی نووسەرمان فایق سەعید، کە ئەوسا لە نووسینەکانیدا ناوی خۆی و باوکی بەکار ئەهێنا (فایق عبدالکریم)، شیعرەکەی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و لە گۆڤاری “الثقافة”دا بڵاوی کردەوە کە (د.صلاح خالص) لە بەغدا دەری ئەکرد. کەریم پەڕەنگ ئەوسا تێبینییەکی جوانی لەسەر ناونیشانی شیعرەکە داو وتی بریا تەنیا “تۆ دایکمی” بوایە. لەوێوە بیرۆکەی “کورت و پوخت” و لابردنی وشەی زیاد “حشو”مان لا گەڵاڵە بوو.

ساڵانی هەشتا کاتێ لە بالیسان بووم، مارف دوو شیعری خۆی بۆ هێنام و وای پێ باش بوو لە بڵاوکراوەکانی شۆڕشدا بەناوی (دلاوەر مەحموود)ەوە بڵاویان بکەینەوە. ئەوانیش شیعری “قۆچی قوربانی وڵاتم سووتەمەنیی ڕێی خەباتم” و “سروودی ڕاپەڕین” بوون (ژیان وەرزێکە کورت یا درێژە تۆوی خەبات و چاکە بڕێژە). بەڵام من دامە تاهیری خەلیلی تا بیانکا بە گۆرانی. مەجید خۆشناو ئاوازی بۆ دانان و تاهیری خەلیلی تۆماری کردن.

مارف لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد. لە کۆتایی ئەو دەیەیەشدا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا چوو بۆ (کیێڤ)ی پایتەختی ئۆکرانیا. پاش وەرگرتنی ماستەرو دکتۆرا لەسەر جێنۆسایدی کورد، لە ساڵانی نەوەتدا وەك پەنابەر ڕووی لە بەلجیکا کرد. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا من لە سویسڕا بووم، هێشتا ئیمەیل پەیدا نەبوبوو نامەمان ئەگۆڕییەوە. یەکەمجار کە داوای ناونیشانی لێ کردم، پێم وت بنووسە: سویسڕا: ئازاد ئەحمەد!. لە ڕاستیدا ئەوە ئیشارەت بوو بۆ بابەتێکی مارف کە ساڵی 1977 لە گۆڤاری بەیان لەسەر مردنی چاڕڵی چاپڵن نووسیبووی بە ناونیشانی (سویسڕا: چاڕڵی چاپڵن). چاپڵن کە دوا ساڵەکانی ژیانی لە سویسڕا بەسەر برد، ئەوەندە بەناوبانگ بوو، هێندە بەس بوو هەوادارانی لەسەر زەرفی نامەدا بنووسن سویسڕا: چاڕڵی چاپڵن بۆ ئەوەی بگاتە دەستی.

مارف لە بەلجیکا بێزار بوو. لە نامەیەکدا بۆی نووسیم شەوو ڕۆژ کرێکاری ئەکەم، ئەگەڕێمەوە کوردستان. ئەیویست لە بواری پسپۆرییەکەی خۆیدا کار بکات، یاسا. لە ئەورووپا ئەستەمە کارت لە بواری پسپۆریی خۆتدا دەستکەوێ، بۆیە گەڕایەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانی دامەزرا.

سەرباری سەرقاڵبوونی بە زانکۆ، بە هەمان چێژو لیریکیەتی حەفتاکان و هەشتاکان، بەردەوام بوو لە شیعر نووسین. لە ڕووسیاو ئۆکرانیا هاوەڵیی زۆر نووسەری ناوداری کرد، لەوانە شاعیری گەورەی ڕووس یەفگینی یەفتۆشینکۆ. بڕیاری دابوو یادەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە. ڕەنگە مردن مۆڵەتی نەدابێ تەواوی بکات.

لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە موعجیزە ڕزگاری بوو، بەڵام مردن هەمیشە لە دەرفەتێك ئەگەڕێ لەپڕا پەلامار بدا.

ماڵئاوا مارف. مادام لە یادگەو دڵ و دەروونماندا ئەژیت، هەمیشە زیندووی.


وێنەکە لە ڕاستەوە: ئازاد ئەسوەد، کەریم پەڕەنگ، مارف عومەر گوڵ، غازی محەمەد، سلێمانی 2015




بە تیمساح مەڵێ دەم درێژ .. شیعری نوێی جیهانی .. لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد

بە تیمساح مەڵێ دەم درێژ تا لە ڕووبار ئەپەڕیتەوە
Don’t Call Alligator Long-Mouth Till You Cross River
شاعیری بەریتانی/ گوویانی: جۆن ئەیگارد
John Agard (1949)

بە تیمساح بڵێ دەم درێژ
بە تیمساح بڵێ دەم مشار
بە تیمساح بڵێ دەم مقەست
بە تیمساح بڵێ دەم شڕ
بە تیمساح بڵێ قوون گرنج
هەرچی وشەی نەشیاو هەیە ئاڕاستەی تیمساحی بکە
بەڵام هەندێ چاوەڕێ کە
تا لە ڕووبار ئەپەڕیتەوە.

تاووس بۆ قیژاندی؟
Why Did The Peacock Scream?
شاعیری سکۆتڵەندی: ئاڕ. دی. ڵانگ
R. D. Laing (1927-1989)

تاووس بۆ قیژاندی؟
بۆ ئەوەی گوێی لە خۆی بێ
تاووس بۆ قیژاندی؟
چونکە خۆی نەئەبینی

فەلسەفە
Philosophy
شاعیرو قەشەی ئینگلیزی: فرێدەریك ڵانگبریج
Frederick Langbridge (1849-1922)

دوو کەس لە هەمان شیشی زیندانەوە ئەڕواننە دەرەوە؛
یەکێکیان قوڕ ئەبینێ – ئەوی تریان ئەستێرە.

ژنە قارەمان
Heroine
لەلایەن (جوولیەس لێستەر)ەوە دۆزراوەتەوە
Found by Julius Lester (1939-2018)

لە یەکی دیسەمبەری 1955 دا
شوفێری پاسی شاری (مۆنتگۆمری) فەرمانی بە
خاتوو (رۆزا پاڕکس)ی بەرگدرووی ڕەشپێستی تەمەن 42 ساڵ کرد
کورسییەکەی خۆی بۆ نەفەرێکی سپیپێست چۆڵ بکات
بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە
پۆلیس دەستبەسەری کردو
بە بڕی دە دۆلار سزا درا.
A World of Poetry, Selected by Michael Rosen, Kingfisher Books, London 1991

ئەو لە نهۆمی سێیەمەوە خۆی هەڵنەدایە خوارەوە
He Did Not Jump Down From The Third Floor
شاعیری پۆڵەندی: ئانا شڤیر
Anna Swir (1909-1984)

جەنگی دووەمی جیهانی.
وارشۆ.
دوێنێ شەو فڕۆکە
(مەیدانی شانۆ)یان بۆردومان کرد.

شوێنکاری باوکم
لە (مەیدانی شانۆ)یە.
هەموو تابلۆکانی،
بەرهەمی چل ساڵەی.

ئەم بەیانییە
بۆ (مەیدانی شانۆ) چوو
بۆی دەرکەوت کە

شوێنکارەکەی
نە بنمیچی پێوە ماوە
نە دیوار و
نە زەمین.

باوکم لە نهۆمی سێهەمەوە
خۆی هەڵنەدایە خوارەوە.
باوکم سەرلەنوێ دەستی پێ کردەوە.

ئەو فەروو ئەدزێ
He Steals Furs
بۆمبێك دەرگای دووکانی
فەروەفرۆشەکە پارچە پارچە ئەکات.

پیاوێك خێرا خۆی بە ژووردا ئەکا و
باوەشێك فەروو ئەدزێ و
بە غاردان بەرەو دەرگا بەکێشی ئەکات.

لەبەر دەرگادا بۆمبێکی دی
کابرا پارچە پارچە ئەکات.

چێژی دەرگا
The Pleasures of the Door
شاعیری فڕەنسی: فڕانسیس پۆنژ
Francis Ponge (1899-1988)

پاشاکان دەست لە دەرگا نادەن.
ئەوان لەم چێژە بێبەشن: چێژی پاڵنان بەو تەختەدارە زەبەلاحە ئاشنایەی بەردەمیان، بە نەرمی یا بە توندی، سووڕانەوەو داخستنیان- لەباوەشکردنی دەرگا.
چێژی بەدەست گرتنی دەسکی سیرامیکی سکی یەکێك لەو ڕێگرە بەرزانە؛ ئەو هەڵپژانە خێرایەی، بۆ ساتێك، ڕێی لێ ئەگرێ، کاتێ چاو ئەکاتەوە هەموو بەدەنی لە کەشێکی نوێدا خۆی ئەگونجێنێ.
بە دەستێکی دۆستانە ماوەیەکی زیاتر بەدەستیەوە ئەگرێ بەرلەوەی، بێ دوودڵی، دیسان پاڵی پێوەنێ و لەسەر خۆی دایبخات- بەم جۆرە، بە چرکە کردنی سپرینگە بەتین و چەورەکە، ئاسوودانە دڵنیا ئەبێ.
سەرچاوە:
The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

ژنێتی
Muliebrity
شاعیری ئەمێرکی/ هیندی: سوجاتا بهات
Sujata Bhatt (1956)

زۆر بیرم لەو کیژە کردەوە
کە بە درێژایی ڕێگا سەرەکییەکەی بەر ماڵی ئێمەو پەرستگای (ڕادها ڤاللاب)، لە ناوچەی (مانینەگەر)
ڕیخی مانگای لەناو سەبەتە پان و خڕەکەی دەستیدا کۆ ئەکردەوە
زۆر بیرم لە شێوەی جووڵانەوەی دەست و ناوقەدی و بۆنی ڕیخی مانگاو تەپوتۆزی ڕێگاو
گوڵە زەمبەقەی تەڕ کردەوە
بۆنی هەناسەی کەر و جلی تازە شۆردراو و تەپوتۆزی باڵی قەڵەڕەش کە بۆنێکی جیاوازی هەیە- دیسان بۆنی ڕیخی مانگا کاتێ کچە چنگی لێ ئەدا، لەیەك کاتدا بە هەموو ئەو بۆنانە جیاوازانە تەنراوم- زۆر بیرم لێ کردەوە
بەڵام دڵم نەهات بۆ مێتافۆرێك، بۆ وێنەیەکی جوان کیژە بەکار بێنم-
لەسەروو ئەوانەشەوە دڵم نەئەهات لەیادی بکەم یاخود لای هیچ کەسێك باسی مەزنی و ئەو هێزەی بکەم لە گۆنایەوە ئەبریقایەوە هەر کاتێ بەستەکێ تەپاڵەی ئومێدبەخشی ئەدۆزییەوە.
Scanning The Century, The Penguin Book of the Twentieth Century in Poetry, Edited by Peter Forbes, UK, 1999

تێرۆریستەکە، چاودێری ئەکا
The Terrorist, He Watches
شاعیری پۆڵەندی: ڤیسلاڤا شیمبۆرسکا
Wisława Szymborska (1923-2012)

کاتژمێر یەك و بیست خولەك بۆمبەکە لە باڕەکەدا ئەتەقێتەوە.
ئێستا یەك و شانزدە خولەکە.
هێشتا کات ماوە هەندێك بڕۆنە ژوورێ،
هەندێك بێنە دەرێ.

تێرۆریستەکە لەو بەرەوە چاودێری ئەکات.
شوێنێکی ئارامە بۆ خۆپاراستن لە مەترسی
کە هەر لە سینەما ئەچێت:

ژنێکی چاکەت زەرد، خۆی بە ژووردا ئەکات.
پیاوێکی چاویلکە ڕەش، دەرئەچێت.
چەند لاوێکی جینز لەپێ، گفتوگۆ ئەکەن.
یەك و حەڤدە خولەك و چوار چرکەیە.
کورتە باڵاکەیان بەختەوەرە، سواری سکووتەرەکەی ئەبێ.
بەڵام باڵابەرزەکەیان ئەچێتە ناو باڕەکەوە.

یەك و حەڤدە خولەك و چل چرکەیە.
کچێکی قردێلە سەوز، بەلای باڕەکەدا تێپەڕ ئەبێ.
بەڵام پاسێك لەناکاو لەبەردەمیدا ئەوەستێ.
یەك و هەژدە خولەکە.
کچەکە لە چاو ون ئەبێ.
تۆ بڵێی هێندە گەمژە بێ خۆی بە ژووردا کردبێ، یا نەچۆتە ژوورەوە.
کە لاشەکان دەرئەهێنن ئەوسا بۆمان دەرئەکەوێ.

یەك و نۆزدە خولەکە.
پێ ئەچێ کەسی دی نەچێتە ژوورێ.
بەڵام پیاوێکی قەڵەوو کەچەڵ دێتە دەرێ.
وا دیارە گیرفانەکانی ئەپشکنێ
دە چرکەی ئەوێ بۆ یەك و بیست خولەك
بۆ دەستکێشە شڕەکەی ئەگەڕێتەوە باڕەکە.

یەك و بیست خولەکی ڕێکە.
کات ناڕوات.
بە دڵنیاییەوە، ئێستا کاتیەتی.
نا هێشتا نا.
بەڵێ، ئێستا.
بۆمبەکە، ئەتەقێتەوە.

The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

مێش
The Fly
شاعیری چێکی: میرۆسلاڤ هۆڵوب

Miroslav Holub (1923-1998)

لەقەد دار بییەکدا هەڵنیشت
ئەیڕوانییە دیمەنێکی شەڕی (کرێسی)،
قیژەو هاوار،
هەناسە بڕکێ،
نرکەو ناڵە،
پڵیشانەوەو ساتمەدان.

لە کاتی چواردەهەمین هێرشی
سوارە فڕەنسییەکاندا
ئەو لەگەڵ مێشێکی نێرینەی چاو قاوەییدا
کە لە (ڤادینکۆرت)ەوە هاتبوو
زاوزێی کرد.

کاتێ لەسەر ئەسپێکی ڕیخۆڵە دەرهاتوودا هەڵنیشت
قاچەکانی لەیەك خشاندو
بیری لە نەمریی مێشەکان کردەوە

بە ئاسوودەییەوە لەسەر
زمانی شینی
دۆقی (کلێرڤۆ) نیشتەوە.

کاتێ بێدەنگی ئەو ناوەی تەنی و
تەنیا چرپەی بۆگەنیو
بە دەوری لاشەکاندا ئەخولایەوە

تەنیا هەندێ دەستوقاچ
لە ژێر درەختەکاندا
هێشتا تەکانیان ئەدا،

گەراکانی
لەسەر تەنیا چاوەکەی
(یۆهان ئوور)ی چەخماخسازی پاشا
خستەوە.

ئا لەم کاتەدا
باڵندەیەکی تیژڕەو
کە لە ئاگری شارۆچکەی (ئێستری) هەڵاتبوو
قووتی دا.

لێبووکەکان
Clowns
لێبووکەکان بۆ کوێ ئەڕؤن؟
لێبووکەکان لەکوێ ئەنوون؟
لێبووکەکان چی ئەخۆن؟
ئەی لێبووکەکان چی ئەکەن، دایە
کاتێ کەس
هەر کەس
چیتر پێناکەنێ؟

Miroslav Holub, Poems Before and After, Collected English Translations, Translations by Ian & Jarmila Milner et al, Bloodaxe Books, Newcastle upon Tyne, 1990




شیعری نوێی جیهانی … لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد

ڤالەنتاین
Valentine

کارۆڵان دەفی
شازادەی شاعیرانی بەریتانیا

Carol Ann Duffy (1956)
Poet Laureate (2009-2019)

گوڵێکی سوور نا، دڵێکی ئاوریشم نا
من سەلکە پیازێکت پێشکەش ئەکەم
مانگەو لە کاغەزێکی قاوەییدا پێچراوە
بەڵێنی تریفە ئەدات
وەك لەسەرخۆ داکەندنی کراسی عیشق

ئا لێرەدا
وەك عاشقێك
بە فرمێسك چاوت کوێر ئەکات
ڕەنگدانەوەت ئەکاتە
فۆتۆیەكی لەریوی خەم

ئەمەوێ ڕاستگۆ بم

کارتی شەنگ نا، پەیامی ماچ نا
من سەلکە پیازێکت پێشکەش ئەکەم
ماچی تفتی لەسەر لێوەکانتدا هەر ئەمێنێ
ئەمەکدارانەو خۆویستانە،
وەك من و تۆ هەتا هەین

ها وەریگرە
گەر بتەوێ
ئەتوانی لە بازنە پلاتینییەکانی، ئەڵقەی هاوسەرگیریی دروست بکەیت
کوشندەیە
بۆنی بە پەنجەکانتەوە
بە چەقۆکەتەوە ئەنووسێ.

مسز داڕوین
Mrs Darwin
7ی نیسانی 1852
چووین بۆ باخچەی ئاژەڵان
پێم وت-
ئەو چیمپانزییەی ئەولا تۆم بیر ئەخاتەوە.

Carol Ann Duffy, Collected Poems, expanded edition, Picador, London, 2019

هاوار
The Shout

سایمن ئارمیتج
شازادەی شاعیرانی بەریتانیا
Simon Armitage (1963)
Poet Laureate 2019

من و ئەو کوڕەی نە ناویم لەیاد ماوە
نە ڕوخساری
پێکەوە لە پۆل دەرئەچووین
بۆ گۆڕەپانی قوتابخانە
مەودای دەنگی مرۆڤمان تاقی ئەکردەوە:
ئەو ئەبوو بە هەموو دەنگی خۆی هاوار بکات
منیش لەوبەری گردۆڵکەکەوە
وەك ئاماژەیەک کە دەنگی بڕی کردووە
قۆڵم هەڵئەبڕی.
ئەو لە پارکەکەوە هاواری ئەکرد
من قۆڵم هەڵئەبڕی
ئەو لەوسەری ڕێگاوە
لە دامێنی گردەکەوە
لەودیو تابلۆی ئاگاداریی مەزرای “فرێتوێڵز فاڕم”ەوە هاواری ئەکرد
من قۆڵم هەڵئەبڕی

ساڵ هات و چوو، ئەو لە چاو ون بوو
وا بیست ساڵە لەژێر خاکە
لە ڕۆژاوای ئۆستراڵیا، فیشەکێك ناودەمی هەڵدڕی

ئەی ئەو کوڕەی نە ناویم لەیاد ماوە نە ڕوخساری
ئێستا ئەتوانی بێدەنگ بی، من هێشتا گوێم لە هاوارتە

Simon Armitage, Paper Aeroplane, Selected Poems, Updated Edition, Faber & Faber Ltd, 2019

پۆستکارتی سەردەمی لاوێتیمان

شاعیری ڕۆمانی/ ئیسڕائیلی: دان پاگیس
Dan Pagis (1930-1986)

لەسەر پیانۆکەتدا بیتهۆڤنێكی گەچ وەستاوەو
بیر ئەکاتەوە: سوپاس بۆ خوا کە من کەڕم.
تەنانەت چۆلەکەکانی گەڕەکیش ئەم بەیانییە نەشاز ئەخوێنن.

تەنیا کۆنە فرۆشە کوردەکە لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆیە
بە شەلەشەل شەقام ئەپێوێ و
بە عیبرییەکی تێکشکاو هاوار ئەکا “جلە کۆن”!

بەڵام گرنگ نییە. لەنێو دەنگە تێکچڕژاوەکانەوە، تەنیا دەنگێك بەرز ئەبێتەوە.
گوڵە زەنگێك لە ژوورسەرماندا
چەماوەتەوە.

The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

خۆڵەمێش

شاعیری سێڕبی/ ڤاسکۆ پۆپا
Vasko Popa (1922 – 1991)

هەندێك شەون هەندێکیش ئەستێرەن

هەموو شەوێك ئەستێرەی خۆی دائەگیرسێنێ و
سەمایەکی ڕەش بە دەوریدا ئەکات
هەتا ئەستێرە ئەسووتێ

پاشان شەوەکان لەیەك جیا ئەبنەوە
هەندێك ئەبن بە ئەستێرەو
هەندێکیش هەر بە شەویی ئەمێننەوە

دیسان، هەموو شەوێك ئەستێرەی خۆی دائەگیرسێنێ و
سەمایەکی ڕەشی بە دەوردا ئەکات
هەتا ئەستێرە ئەسووتێ

دوا شەو هەم ئەبێ بە ئەستێرەو هەم بە شەو
خۆی خۆی دائەگیرسێنێ و
بە دەوری خۆیدا سەمای ڕەش ئەکات
Vasko Popa, Complete Poems, Translated by Anne Pennington, Anvil Press Poetry Ltd, London, 2011

پیرەمێردەکان
Old Men

شاعیری ئەمێرکی/ ئۆگدن ناش
Ogden Nash (1902-1971)

خەڵك چاوەڕێی مردنی پیرەمێردەکان ئەکەن
شیوەنیان بۆ ناگێڕن
پیرەمێردەکان جیاوازن. خەڵك بە چاوی سەرسامییەوە
تێیان ئەڕوانن کاتێ..
خەڵك بە ساردییەوە تێیان ئەڕوانن؛
بەڵام کاتێ پیرەمێردێك ئەمرێ پیرەمێردەکان پێی ئەزانن

ئەختەبووت
The Octopus

تکات لێ ئەکەم، ئەختەبووت، پێم بڵێ،
ئا ئەو شتانە قۆڵ و بازوون ،یان قاچن؟
سەرم لێت سوڕماوە، ئەختەبووت؛
لەبری تۆ بم، بە خۆم ئەڵێم ئێمە.

ئەژنۆ
The Knee

شاعیری ئەڵمانی/ کریستیان مۆڕگنشتێرن
Christian Morgenstern (1871-1914)

ئەژنۆیەك بە دنیادا ئەگەڕێ
تەنیا ئەژنۆیەو هیچی دی
دەوار نییە؛ درەخت نییە؛
تەنیا ئەژنۆیەو هیچی دی

پیاوێك هەبوو لە جەنگدا بوو
زیاد لە پێویست کوژرا، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا
تەنیا ئەژنۆی دەرباز بوو، بێ ئەوەی زیانی پێ بگات
بێگەرد، وەك موفەڕکی قەدیسێك

لەوساوە بە تەنها جیهان تەی ئەکات
ئێستا، تەنیا، ئەژنۆیە
نە دەوارە؛ نە درەخت؛
تەنیا ئەژنۆیەو هیچی دی

The Rattle Bag, edited by Seamus Heaney and Ted Hughes, Faber and Faber, UK, Norwich, reprinted 1984

کە بیستویەك ساڵان بووم
When I was Twenty-One
شاعیری کەنەدی/ ویڵیەم کلیبێك
William J. Klebeck

کاتێ بیستویەك ساڵان بووم
هەموو کوڕانیان ڕاپێچی جەنگ کردو، هەموو کوژران
من نەبێ، بە پێی خوارو خێچ، لە ماڵدا دانیشتم

سی ساڵ پاشترمن لەمە گەیشتم
کاتێ لەگەڵ برازاکەمدا، لەنێو جەنگەڵدا پیاسەمان ئەکرد
تا گەیشتینە چۆڵەوانییەك، دارێکی چەماوەی تەنیاو زیندوومان بینی
لە گۆڕستانێکی پڕ لە بنچکە داردا
برازاکەم دەستی بۆ دارە چەماوەکە درێژ کرد:
“بڕوانە ئەو دارە چەند بێکەڵکە”
منیش، بێ بیرکردنەوە، وەڵامم دایەوە
“بڕوانە ئەو دارە چەند پیرە”

چوار بەچکە پڵینگ
Four Little Tigers

شاعیری ئەمێرکی/ فرانك جەیکەبس
Frank Jacobs (1929)

چوار بەچکە پڵینگ
لەژێر دارێکدا دانیشتوون
یەکێکیان کرا بە پاڵتۆی خانمێك
ئێستا سێیان ماوە

سێ بەچکە پڵینگ
لەژێر ئاسمانی شیندا
یەکێکیان بوو بە فەرشی دەوڵەمەندێك
ئێستا دوانیاین ماوە

دوو بەچکە پڵینگ
لەبەر خۆرەتاودا نووستوون
سەری یەکێکیان بوو بە خەڵاتی ڕاوکەرێك
ئێستا یەکێکیان ماوە

بەچکە پڵینگێك
چاوەڕوانی چارەنووسی خۆی ئەکا
ئووپس! ئەو دەسپێشخەریی کردو کابرای ڕاوچیی کوشت
ئاخۆ تۆ بەختەوەر نیت؟

A World of Poetry, Selected by Michael Rosen, London 1991

ترس
Fear

چاڕڵز سیمیك/ شاعیری سێڕبی – ئەمێرکی
Charles Simic (1938)

ترس لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی ئەڕوات
بێ ئەوەی پێ بزانن
وەك گواستنەوەی لەرینەوە لە گەڵایەکەوە بۆ گەڵایەکی دی

لە ناکاو هەموو درەخت ئەکەوێتە لەرینەوە
بێ ئەوەی نیشانەی با هەبێ
Being Human, Bloodaxe Books Ltd, Northumberland, UK, 2015

پووشکە بە قنگە
Dragonfly

گاری سنایدەر/ شاعیری ئەمێرکی
Gary Snyder (1930)

پووشکە بە قنگەی
لەناو بەفردا مردوو
چۆن گەیشتیتە ئەم بەرزاییە
ئاخۆ بەر لەوەی بمری
بەچکە ئاوڵەمەکەت
لە گۆماوی چیایەکدا جێ هێشتووە
The Book of Luminous Things, An International Anthology of Poetry, edited with an introduction by Czelaw Milosz, First Harvest edition USA, 1998

ژن و مێردە پیرەکەی دراوسێمان
The Old Couple Next Door

چاڕڵز بوکۆوسکی/ شاعیری ئەمێرکی
Charles Bukowski (1920-1994)

ژن و مێردێکی پیر بوون
کاتی نووستن ژنە سەری ئەخستە لایەکی سیسەمەکە
پیرەمێردیش سەری ئەخستە ئەولای دی
پێیان وابوو گەر کەسێك بە نیازی کوشتنیان
سەر بە ماڵیاندا بکات
هیچ نەبێ یەکێکیان چانسی دەرباز بوونی هەبێ.

کە پیرەمێرد مرد
ژنە، بووکەڵەیەکی سیخناخی بەقەد باڵای مێردەکەی
دروست کردو
کاتی نووستن سەری خستە لایەکی سیسەم و
سەری بووکەڵەی خستە لایەکەی دی.

هەروەك جارانیش
شەوانە هیچ نەبێ جارێك،
لەخەو هەڵئەستاو بە تووڕەییەوە هاواری بەسەردا ئەکرد:
“بەس بپڕخێنە!”

Charles Bukowski, Come On In, New Poems, Ecco, New York, 2006




گۆڕێکی ئەڵمانی … ئازاد ئەسوەد

مشکێك بە پاژنەی تاکێ پێڵاوی بۆیاغ نەکراوەوە هەڵئەزنێ و ددانە چەماوەکانی لە گۆرەوییە شڕەکەی ناوی گیر ئەکا و ڕایئەکێشێ
سوپایەك مێروولە، هەزارپێیەكی مردوو بە دیواردا سەرئەخەن و لە درزێکدا ئاودیو ئەبن
کوللەیەکی قاچ شکاو، لەسەرخۆ، بە خاچی پەیکەرە بچووکەکەی مەسیحدا هەڵئەشاخێ
ئایکۆنێکی گەورەی مار گریگۆریۆس بە جبەی کەهنووتی و گۆچانی خاچ زێڕین، درز و شێی دیواری داپۆشیوە
وێنەیەکی بێ جامی خاچیك، دەستی خستۆتە ژێر چەنەی؛ تا کاتژمێرە ئاڵتوونیەکەی مەچەکی دەرکەوێ
جزمەی قوڕاوی و بەدلەی نەوتاویی دەرقن هەڵوەشاو. بازنەی تەڕی ژێرپیاڵە و قاچی جاڵجاڵۆکە لەسەر بەرگی ئەتڵەس. خرمە خرمی سیسركی سەر نانەڕەقە. مێشی ناو پیاڵە چا. سەتڵی ژێر تنۆکە بارانی بنمیچ. شووتی شەمەندەفەری کۆمپانیای نەوت. فیکەو چەپڵەی سینەما حەمڕا
خاچیك جگەرەکەی لێوی بە سۆپاوە ئەنووسێنێ، داناگیرسێ
بە قۆڵی چاکەتەکەی، تۆزی سەر (حەسرەتی ئەفیوونی) لائەباو بە قووڵی بۆنی ناوی خۆی ئەکات
پاشماوەی چایە گەرمەکەی هەڵڕشت
دەیان وردە زیندەوەری بە چاو نەبینراوی کوشت
زەردەواڵەیەك بەرلەوەی لە پشت ملی بنیشێتەوە، تەکان ئەدا و کتێبێکی پیا ئەکێشێ
زەردەواڵە وەك هەلیکۆپتەر ئەکەوێ و بەدەوری خۆیدا ئەخولێتەوە، دیسان بەرز ئەبێتەوە و خۆی بە پەنجەرەدا ئەکێشێ
لەناو شەڵتەی تەڕی پاسکیلەکەیدا؛ دوو هێلکەی قەقنەس، شیری چەقەڵی حەبەشی، شەویلاگی گورگ، ئێسقانی نەهەنگ، ئینجیلێکی تەڕ و بێبەرگ، بالادێك بۆ ئەرمینیا
کەڕووی ئاو و کلکی کرم و قەرسیلی خۆڵەمێشاوی
باخچەی کێك و لیکی بۆق و ڕەنگی هەڵە و خواوەندێکی قوڕقۆشم
لۆکەی قەد برینی جێ مووسی چەناگەی، با ئەیبا و
بە یاڵی قاوەیی ئەسپی گالیسکەیەکی سەر شەقامەوە ئەلکێ
لە بالکۆنە ڕزیوەکەیدا بە ڕۆب و قاتێ بێجامەی چڵکنی ئەژنۆ دەرپەڕیو، ئۆپێرایەکی ئەرمەنی ئەڵێتەوە
فیکە و جڕتی قەساب و جگەرە کێشەکانی چایخانە. خڕەی داخستنی دەڕابە و بۆڕەی مانگائاسای پیکابی شێڤرۆلێت
خاچیك لێوی سەرووی وەکو ئەسپ بەرز ئەکاتەوە و ئەپڕمێنێ
سەعاتی چاڵمە لێئەدات، مشك تاو ئەداتە ژێر قەریۆڵە
تووکی پشیلەی قەد بێجامەکەی تاڵ تاڵ لائەبا و، تفێك بۆ قاقلەجنۆکەی بن دیوار ڕۆ ئەکات؛ تێی بەرئەبن
قاچ هەڵئەبڕێ و تەڵە شقارتەیەك لە بنی پێی پێڵاوەکەی ئەخشێنێ، داناگیرسێ!
خاچیك شاقووڵی ڕێ ئەکاو شاقووڵی بیر ئەکاتەوە
حەز ئەکات بە بەلەمێکی پلاستیکی فووتێکراو بگاتە ئەورووپا؛
لە پاریس، لەناو ترامێکدا لووت لە پرچی کچەکەی پێشی بژەنێ و زمان لە پشت ملی بسوێ
لە (کاسکاد)ی یەریڤان، لەسەر پەیژەیەکی بەرین لەسەر لا پاڵکەوێ و “ئیگور ئیگور ئاغفور ئاخچیك” بڵێتەوە
لەسەر پردی قفڵەکانی (کۆلن)ەوە خۆی شۆڕ بکاتە سەر ڕووباری ڕاین
لەپاڵ تاوەری کاتژمێرەکەی بەرلینی ڕۆژهەڵاتدا، بە بیانووی چەرخ، بە ئەڵمانییەکی تێکشکاو سەودا لەگەڵ سۆزانییەکی تایلەندی یا ڤییەتنامیدا بکات، ئەوانەی چاویان وایە
لەسەر گۆڕەکەی برێخت تاوێك ڕاکشێ و “دایکە ئازا” بە ئەڵمانی بخوێنێتەوە
شەپقەیەکی ڕەش بە دوو زوڵفی درێژەوە لەسەر بکا و باجی ئەستێرەی داوود لە یەخەی ببەستێ و بڵێ: شالۆم
لە لەندەن بە پیرێژنە شەپقە مۆرەکەی دراوسێی بڵێ “مێری کریسمەس” و، ملی سەگەکەی بخورێنێ
لە ئیستانبوڵ لە پاسێکی سووردا دەست بە ئەڵقەی بنمیچەوە بگرێ و لەگەڵ هەر وەستانێکی پاسدا خۆی بە ژنە تورکێکی قەڵەودا بکێشێ
لە ڕۆما بەرامبەر (سۆفیا لۆرێن) ڕۆڵ ببینێ و، پۆزێکی گێلانە بۆ کامیرای پاپاڕاتسییەکانی بەر پەنجەرە لێبدات
بە ئومێدی گەڕانەوە سەنتێك بە پشتا هەڵداتە ناو حەوزی (ترێڤی)یەوە
لە مەدرید، لە پێناو مشتێ دۆلاردا، خۆی بکاتە هێستری بارۆنێکی کۆڵۆمبیی مادە هۆشبەرەکان
شەپقەیەکی مەکسیکی لەسەر بکا و بڵێ: ئەدیۆس ئەمیگۆ
حەز ئەکات
ناوی گێڵفڕێندەکانی؛ ئێما و گلۆریا و ئیزابێل و تاتیانا بێ
هاوڕێکانیشی؛ ئەلیخاندرۆ، جیۆڤانی، یارۆسلاڤ، کونتا کینتێ
سکۆتلەندییەك بە تەنوورەی کیڵت و زوڕنای باگپایپەوە
ئەپاچییەك ناوی “بازی دووسەر” بێ
یەکشەموان لە کەنیسەیەکی مانهاتن لەگەڵ ڕەشپێستەکاندا Amazing Grace بڵێتەوە
لە مەیدانی تایمز سکوێر دۆلارێك بخاتە ناو شەپقەی سەکسەفۆنژەنێکی ڕەشپێست و،
لەگەڵ خۆپیشاندەراندا هاوار بکات؛ Make Love Not War
لە سان فرانسیسکۆ شەوان لەگەڵ هیپییەکاندا خۆی بە ئاگری ناو بەرمیل گەرم بکاتەوە و پرسیاری (سەرگۆن پۆڵس)یان لێ بکات. باڕۆکەیەکی جامایکیی پەلك لوول لەسەر بکا و ملوانکەی موورووی دەنک زل لە مل بکا و تاتووی چاریزارد لە بازووی بدات
حەز ئەکات لە هۆڵی سینەمایەك، لە خەڵوەتگایەکی ڕاهیبەکان، لەناو سکی گایەکی باڵداری مووزەخانەی بەریتانیدا بنێژرێ
_ هێشتا ناوم (خاچیك گرابێت ئایدنجیان)ە
ترپەی پێی ئەسپێ و مێروولەش ئەبیستم. بە چەپڵەیەك هەرەس بە چیا ئەهێنم. بە کاشیی شین ئاسمانێکی دووسەد مەتری دروست ئەکەم. مستێك لە گۆی زەوی ئەدەم وڵاتان بەیەکدا ئەدەم؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دائەبڕم و تووڕی ئەدەمە ناوەندی ئۆقیانووسی هیندی
ئەستێرەیەکی نزم و تیژڕەوی گەورەو گەش…
-ئەسپەکەت ڕاگرە!
ئەستێرە نییە، فڕۆکەیە
بە پێڵاوی قوڕاوییەوە بیر لە چی ئەکەیتەوە؟
گووپی شۆڕت هێشتا بۆنی سابوونی لۆکس و هەڵمی حەمام عەلی بەگی لێ دێ
ورگی تووکنت فەرووی ئاژەڵێکی قڕتێکەوتووە..
سیسرکی فلیقاوی قەد دیوار. مشکی تۆپیوی ناو تاوە. کوللەی بێ گیانی قەد خاچی مەسیح. مێشی ناو پیاڵە چا.
خاچیك تاکێکی قۆندەرە بۆیاغنەکراوەکەی قڵپ ئەکاتەوە و مشکی تۆپیو ڕۆ ئەکاتە ئاوەڕۆی هەیوان و، لەگەڵ هێڵنجدانا بۆق لە زاریەوە دەرئەپەڕێ
نەفرەتی ئەپۆلۆیە لە ئەڵقەی بێ پشتێنی پانتۆڵەکەت گیر بووە و لە ڕۆخی گۆڕێکی ئەڵمانیدا ڕاتئەگرێ
-هێشتا ناوم خاچ….

سەبەتەیەکی پڕ لە بەرد و خۆڵی قەڵا و تووتکە سەگێکی وێڵی ناو خاسەی بۆ ئەبەم
لە تەنیشت گۆڕی فریشتەیەك، کە تیرێك گەرووی سمی بوو
تاجەگوڵینەیەك لەقەد خاچی کێلەکەی هەڵئەواسم و ویسکیی بەسەردا ئەپڕژێنم
ئەخزێمە ناو گۆڕەکەی و لە تەنیشتی ڕائەکشێم
بە پشتی دەست، سیسرك و کرم و جرجی قەد کفنەکەی لائەدەم و باوەشی پیا ئەکەم
پڕخەیەکی بەرز و کورتخایەن ئەکات و ئەنوێ
بۆ ملیۆنەها ساڵ ئەمرێ

ئازاد ئەسوەد

بەریتانیا
2017 – 2019




پێ بە کلکی شێرێکی نووستوودا ئەنێم … ئازاد ئەسوەد

لەناکاو تەنێکی ئاسمانیی بەبن گوێما گڤە ئەکا و بەر نووکی لووتم ئەکەوێ
تالیبەرێك لە لاقەبڕغەم ئەچەقێ و لەگەڵ ڕێکردنما ئەلەرێتەوە
وەك مردوویەك لەناکاو چاو بکاتەوە
وەك پەیکەرێك لە نیوەی شەودا بە ڕووما بقیژێنێ
لە ژوورێکی بێ دیوارو زەمینەو بنمیچدا وێنەی خۆم بە پیریی ئەبینم دائەچڵەکێم؛
هەردوو پێم چەپە، رووم لەپشتەوە،
پرچم، دڕكوداڵی خوار تەلبەندی تێکشکاوی ئۆردووگایەکی تەپیوە
دەستم، قولاپی ژەنگاویی دوورە کەناری رووبارێ
ئەژنۆم ئەژنۆی مێشەنگ و چاوم دەنکە تەسبیح
زمانم مۆز، بیرم بارانی ئەسید
قەفەزی سینگم؛ کەڵبەی قەرش
دڵم کۆندۆمی سپێرماوی
سەرم میتاڵی کرۆم و، مێشکم زەڕنیخ و چیمەنتۆ
من هەڵاتووی ناو بورکانی تابلۆیەکم؛ شلەبەردی ئاگراویی لێ ئەڕژایە سەر کاشیی پیشانگا
لە کونە رێوییەکی تەنگ سەرم دەرهێنا و لەناکاو شڵپە لە ناوچەوانمەوە هات نازانم فیشەك بوو نەیزەك بوو
لەگەڵ سووڕانەوەی زەویدا بەربوومەوە
چاڵە ڕەشەکان هەڵیانلووشیم
لە هەسارەیەکی تاریکدام ناو بەناو لە ئاسمان ئەخشێ و
پڕیشکی؛ شوێنپێی زلی ناو قوڕاو ڕۆشن ئەکاتەوە
زریکەی دار خۆڵەمێش و، فۆسیلی ملیۆنان ساڵەی مامووت و، مەکینەیەکی لەکارکەوتووی زەمەن.
خوا پەنجە بە دوگمەیەکدا ئەنێ؛ هەسارەیەك ئەتەقێ
بە تووڕەیی ئاوڕ لە زەوی ئەداتەوە؛ زەوی ئەلەرزێ
زنجیرێك لە ئاسمانەوە شۆڕ ئەبێتەوە؛ ئەژدیهایەك بە نەڕەنەڕ سەرئەخات
خۆڵەمێشی تیشکی گەرم ئەوەرێتە سەر مووی بازووم
نیوە شەوێك بە قیژەی پیرێژن بەئاگا دێم. قیژە ئەبێ بە سەدای قاقا
ئێسکەپەیکەری دەستێکی زل، بە ڕیتمێکی ڕێک، بە نووکی پەنجە لە پەنجەرەکەم ئەدات
بروسکێك بەتەوقی سەرما دێ. گوڵاڵە ڕەشەکانی دەوری گورچیلەم لە دەممەوە سەردەردێنن
بە دەرپێی کورتەوە خۆم ئەگەیەنمە داڵان؛ جیڕە جیڕی دەرگای واڵا. زڕەی کەوچکی هەڵدراو لە متبەق. نەڕەی دووکەڵ و، زیڕەی جنۆکە
لەناکاو گڵۆپی توالێت دائەگیرسێ
شوێنپێی تەڕی سەر پێپلیکانەکان. پارچە شووشە و دەمامکی نیمچە سووتاو.
کلکی مارێك ئاوی توالێت ئەشڵەقێنێ و خۆی ون ئەکات
دەست بۆ دەسکی دەرگا ئەبەم؛ قیژەی لێوە هەڵئەستێ
لەناو لیك و ئارەقەدا لەخەو ڕائەچڵەکێم؛
بە قاچی نەعامە و شاخی گامێش و کلکی بەرزی سمۆرەوە خۆم ئەبینم
جنۆکەیەكم لە ژێرزەمینی نووتەکی خانوویەکی جێهێڵراودا، بە فیکەی بنیادەم هاروهاج ئەبم و ئەقیژێنم
ژەنگی بنی پێم لە سمارتە ئەدەم و بە شەقامە پشکۆڕێژەکاندا پیاسە ئەکەم
لەناو سەرمدا؛ هارمۆنیکای (ئینیۆ مۆریکۆنی) و وێنەی پێنج کاوبۆی پاڵتۆ درێژ بەرامبەر مێردمناڵێکی دەبە ئاو لەباوەشگرتوو
جووەکان لە موسا یاخی ئەبن و بەدەوری گۆلکێکی زێڕیندا ئەخولێنەوە
لە شەقامێکی قەڵەباڵغدا لەشکری ئاشوورییەکان بە تیر و کەوانەوە مارش ئەکەن
قەشە و فەلەکناس، پشت لەیەك، دە هەنگاو ئەنێن و لەگەڵ ئاوڕ دانەوەدا رووی دەمانچە لەیەك ئەنێن…
هەزاران باڵندە لەژوور سەری پیرەمێردێکدا ئەفڕن؛ لە جەنگی رزگاریدا پاڵەوانی نەتەوەیی بوو، ئێستاش نیمچە شێت
لە جامی ئاودییەکی شاهانەوە سەگێك پێم ئەوەڕێ، ڕائەچڵەکێم
سەر بە چێشتخانەیەکدا ئەکەم؛ لەژێر مێزەکاندا بە سکەخشکێ خۆم ئەگەیەنمە ڕانی ژنێك. هەموو هەڵدێن و قاپ و چەنگاڵ و کورسیم تێ ئەگرن
سەر بەرز ئەکەمەوە، لە جامی چێشتخانەکەدا خۆم ئەبینم؛ من ماری ئەناکۆندام!
لە ئاهەنگێکدا، لەسەر شانی ڕووتی ژنێکی قژ زەرددا خۆم ئەبینم؛ بە قاچ گوێم ئەخورێنم. ئاهەنگگێڕەکان بە قاقاوە دەستم ڕائەوەشێنن. دەستێك تەپەتەپ لە پشتم ئەدا. وەرئەسووڕێم؛ مۆزێک بە دەستیەوە، لە چاویلکەکەیدا خۆم ئەبینم؛ من مەیموونم!
ئەگەڕێمەوە ناو جەنگەڵ؛ مەیموونەکان بە قیژەقیژ سەر دارودرەخت ئەکەون و ئەم چڵ و ئەو چڵ ئەکەن. لە قیژەیان هەڵدێم تا ئەگەمە سەر گۆلاوێك، دائەنەوێم؛ من مرۆڤم!
مرۆڤێکی درێژکۆلەی بێدەست و قاچ، لە پێستی مار، لە قوژبنی بنمیچی دارینی نزمی کۆختێکدا، شەڕی پارتیزانی لەگەڵ جوتیارێکدا ئەکەم بە خاکەنازەوە بۆم دێ.
بە شەش قاچ و چوار باڵ و دوو شاخیلەوە، لە پەنا گوێی ژیشکێکی تۆقیودا خۆم ئەبینم
بەرەو گۆلاوێکی پڕ لە تیمساح هەنگاو ئەنێم، لە پشتمەوە؛ پێکەنینی ترسناکی کەمتیار و، ژوور سەریشم؛ قیژەی واشە
پێ بە کلکی شێرێکی نووستوودا ئەنێم. خۆم بە ورچێکدا ئەکێشم. پێم لە مارێکی سڕ هەڵئەکەوێ و ئەکەومە سەر پشتی تیمساحێك
لەناو لیك و ئارەقەدا لە خەو ڕائەچڵەکێم؛
لەشم نوقمی لمە. سیسارکە کەچەڵێك چڕنووکی لە برۆم گیر کردووە. بیست مەترێك لەولامەوە خێڵێك کەمتیار بە ئەسپایی بۆم دێن، پاشان بە غاردان




گفتوگۆ لەگەڵ سەرگۆن پۆڵس …. لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد

سه‌رگۆن پۆڵس:

ئه‌فسوون و مۆسیقای وشه تاساندمی

Margaret Obank سازدانی: مارگرێت ئۆبانک
ی بەریتانیBanipal سەرنووسەری گۆڤاری بانیپاڵ
لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد/به‌ریتانیا
Margaret Obank سازدانی: مارگرێت ئۆبانک
ی بەریتانیBanipal سەرنووسەری گۆڤاری بانیپاڵ
لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد/بەریتانیا
من بەردەوام هاتوچۆی رابوردوو ئەکەم. زۆربەی ئەو مادانەی کەتۆیان پێک هێناوەو هه‌تا ئەمڕۆکه‌ش ئیشت له‌سەر ئەکەن و تۆ درەنگوەخت بۆت دەرئەکەوێ، لەمناڵی سەرچاوه ئەگرێ. لەبەر ئەوە من پێم وایەهه‌رچیت لەمناڵیدا بەسەر هاتبێ، بارودۆخ وسەردەم و رووداوەکان و ئەو شوێنەی لێی ژیاوی، ئەبنەهۆی دروست بوون و پێک هێنانت، بەتایبەتیش گەر شاعیرو نووسەر بیت، دواتر ئەگەڕێیتەوە سەریان و بۆت دەرئەکەوێ کە ئەوە تاقە سەرمایەی راستەقینەی تۆیه. لەبەر ئەوە، وەکو وتم، لەشیعرەکانی دواییمدا بەردەوام ئەگەڕێمەوەبۆ ئەو سەردەمه، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پێکیان بەێنمەوە، لەشێوەیەکی نوێ دا بیانبینم، لەناو ڕوانگەیەکدا گردیان بکەمەوەو توند بیبەستم تا قووڵترین مانای گونجاو لەو دیمەن و رووداوو زەمینانە دەربهێنم.


ده‌ریاچه‌و چیمه‌نی ئینگلیزی

ده‌ریاچه‌و چیمه‌نی ئینگلیزی
من لەحه‌بانییه له دایک بووم که‌شارێکی بچووکی سه‌ر ئاوه‌و پڕه له گۆمی ده‌سکرد که ئینگلیز‌ەکان درووستیان کردووه. لەنزیک ئاو لهدایک بووم، بۆیه پێم وایه ئاو رزێکی گرنگه لهلام و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وهشه زۆر بهکاری ئه‌هێنم. یهکێ له یاده‌ورییه ‌کۆنه‌کانم: له‌گه‌ڵ دایکم لەگوێ ئاودا، لەو شوێنەی کەرهڤانەمان هەبوو، دانیشتبووین و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک له ئاوەکە رائەماین و گوێمان بۆ هەڵئەخست، لەگەڵ دیمەنی خۆرئاوا کەهەتا ئێستاش لەیادم ماوه، تەنانەت تیشک و شێوەو رەنگیشی. ئەو وردەکارییە ناسکانەیە کە بەدرێژایی ژیانت ئەبن بە هاندەرت. حەبانیە شارێکی بچووک بوو زۆربەی دانیشتوانی ئاشووری بوون کە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە هێنرابوون. ئەمە بۆ من مێژوویەکی گرنگە لەبەر ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان منیش ئەگرێتەوەو، پەیوەندیی بە جۆری پەروەردە کردنمەوە هەیە. لە بیستەکانی (سەدەی بیستدا) پاش ئەوەی ئاشوورییەکان لە باکوور دووچاری رەشبکوژی هاتن، ئینگلیزەکان لە هنێدییەوە کە بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانی بوو (معسکر رشیدی ئێستا لە بەغدا – وەرگێڕ)، بردیانن بۆ حەبانیە کە بووە بنکەیەکی سەربازیی و، خستیاننە ژێر پارێزگاریی خۆیان. باوکم لەگەڵ ئینگلیزەکاندا کاری ئەکرد. یەکێك لەو یادەوەرییانەی کە لەیادم ناچن؛ باوکم لەگەڵ خۆیدا ئەیبردم بۆ شوێنی کارەکەی کە کامپێک بوو تەنیا ئینگلیزەکان و کرێکارە عێراقییەکانی تیادا ئەژیان. هاوینان خانمە ئینگلیزەکانم لەنێو چیمەن و گوڵزاردا ئەبینی کە لەژنانی خۆمان نەئەچوون وەکو دایکم و خوشکەکانم. لەوێدا وێنەیەکی دیکەی مرۆڤایەتیم ئەبینی. منیش لە دوورەوەو لەتوێی درەختەکانەوە چاوەدزەی باخچەکانم ئەکرد. ئێستا بیر ئەکەمەوە، ئەوە بۆ من خەیاڵێکی بەهەشتی بوو، بەهەشت بەواتای شوێنێکی پڕ لە گوڵ و گوڵزاری رەنگاوڕەنگ. هەندێ دێڕە شیعرم لەبارەی ئەو شوێنەوە نووسیوە. بێگومان ئەوکاتە مناڵ بووم و درکم بەوە نەئەکرد کە ئەوان وڵاتەکەمیان داگیر کردووە.

سامانە بچکۆلەکەم

گەڕانەوە لەڕێی یادەوەرییەوە بۆ ئەو وردەکارییانەی لە هیچ شوێنێکداو لای کەس بوونی نییە لای خۆم نەبێ، بەلامەوە شتێکی گرنگەو بە سامانی بچکۆلەی خۆمی دائەنێم، یان وردەکارییە شەنگەکانی جیهان. پێم وایە ئەو شتانەیە کە چێژ بە ژیانت ئەبەخشن و ئەتکەن بەو کەسەی کە هەیت. بێگومان ئەم شتانە بۆ شاعیر زۆر بەهادارن، لەبەر ئەوەی شاعیر لەبارەی چییەوە ئەنووسێ گەر لەبارەی قووڵترین شتەوە نەبێ، گەر لەبارەی گەڕان و لێ وردبوونەوە نەبێ لە سەردەمە دوورەکانی یاد، لەوێشەوە خوڵقاندنی روانینێک بۆ جیهان؟.

پاشان حەبانیەمان جیهێشت و بۆ کەرکوک بارمان کرد، کە شارێکە لە باکوورو تەواو جیاوازە لە حەبانیە، شارێکی بێ ئاو، رووبارێکی پیادا رەت ئەبێ لە ساڵێکدا نۆ مانگ وشکەو سێ مانگەکەی دی ئەبێ بە لافاو. بیرۆکەی نوێترین کتێبم کە بە ئەڵمانی و عەرەبی بە ناوی (شهود علی الچفاف) چاپ بووە لە شیعرێک وەرگرتووە کە باس لە لافاوی رووبارێک ئەکات زۆربەی کات مردووە، لەناکاو هەڵئەچێ و شار لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ ئەکات. ئیتر بەم جۆرە، لە حەبانیەوە بۆ کەرکوک، شاریکی وشک و بەردین، خەڵکەکەی تەواو جیاوازە: زۆربەی تورکمانە، تورکی مەغۆلی کە هەزاران ساڵە لەو شارەدان و بەزۆری لە قەڵایەکی بڵندو بەردین دا ژیاون. ئەم شتانە سەرنجێکی وایان لا جێهێشتووم، ئەڵێی مێژووەو هەموو رۆژێ رووبەڕووت ئەبێتەوە.

بەجۆش و خرۆشەوە ئەمنووسی

لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەستم بە نووسین کرد. یەکەمین شیعرم لە تەمەنی 13 یاخود 14 ساڵیدا بڵاو کردەوە، ئیتر لەوساوە من لە نووسین نەوەستاوم. ئەفسوونی وشەو مۆسیقا لەناکاو گرتمی و تاساندمی. سەرەتا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئەمنووسی. ئێستاش هەندێ دەفتەری ئەو سەردەمەم لاماوەو لە بەرواری شیعرەکانەوە تێبێنیم کردووە کە لە رۆژێکدا 5-6 شیعرم نووسیوە. بێگومان شیعری کورت و پڕ وزە، بەڵام 5-6 شیعر لە رۆژێکدا کەم نی یە، ئەوەش بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی بە چارەنووسەوە هەیە. بەڵێ، من باوەڕم بەوە هەیە، لەحاڵەتی شاعیردا هەمیشە راستە، کە جارێک پێکرای ئیتر هەرگیز بێ ئەو ئەفسوونە هەڵناکەی. هەمیشە ئەگەڕێیتەوە ئەو سەرچاوەیە تا بۆت روون بێتەوە: ئەمە چۆن ڕوویدا؟ بۆچی بەسەر مندا هات؟ بۆچی من هەڵبژێردرام بۆ ئەوەی لەڕێی وشەوە جیهان بەم شێوەیە ببینم؟
دایک و باوکم هەرگیز بۆ قوتابخانە نەچوونە، هەر ئەوەندەیان ئەزانی کە من بەتەنها لە ژوورەکەی خۆمدا بە درێژایی شەو خەریکی ڕەشکردنەوەی کاغەز بووم. دایکم بەزەیی پیاما ئەهاتەوەو ئەیوت: کوڕم بۆ ناچی بۆ خۆت یاری بکەی؟ بۆ ناڕۆی بۆ سینەما؟ ئاخر چاوت تێک ئەچێ .. بۆ گەنجیتیی خۆت بەبا ئەدەی؟ بێگومان، نەمن ئەمتوانی بۆی ڕوون بکەمەوە نە ئەویش لێم تێ ئەگەیشت. هەتا ئەمڕۆکەش، تەنانەت لەم تەمەنەشدا، هەرچەند شیعر ئەنووسم ئەگەڕێمەوە بۆ ئەو هەستە جوانانەو هەوڵ ئەدەم دەست بەسەر ئەو چرکەساتانەدا بگرم.


گیان و وشە

ئەڵێی دەرمانێکی ئەفسووناوییەو لە گیان و وشە دروست بووە. لەڕاستیدا زمانی عەرەبییش ئەو ئەفسوونەی تیایەو هەر کە خۆی بۆت دەرخست ئەکەویتە داویەوە. ئەمە لە عەرەبیدا پێی ئەڵێن ” أدرکته حرفه‌ الادب”، واتە دووچاری پیشەی ئەدەب بووەو، نەفرەت لێکراوە. من لەلای خۆمەوە، لەپاڵ نەفرەتبووندا، بە بەخششی دائەنێم، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، گەر لێم بپرسی، ئەڵێم ئەمەوێ دیسانەوە هەر هەمان شت بکەمەوە کە پێشتر کردوومن. پێم وایە من لە شیعردا، لەپاڵ موعانات و کرۆشتنی کرۆکی مێژوودا، شتی دیشم دۆزیوەتەوە.

مێژووی عەرەب، مێژووی ئاشووری، مێژووی ئەرمەنی، هەموو ئەم نەتەوانەو زمانەکانیشیان، ڕژاونەتە ناو زمانی عەرەبییەوە. ئەتوانم بڵێم %70ی زمانی عەرەبی لە سریانی و ئارامی و تەنانەت سانسکریتی و هەندێ زمانی دیش پێکهاتووە، لەبەر ئەوە پێم وایە شتێک نییە پێی بووترێ زمانی پوختە. لەبەر ئەوەی عەرەبی زمانێکی بەهێز بوو، هەموو زمانە مردووەکانی دەوروبەری کە هەتا چەند سەدەیەک لەوەوبەر باڵادەست بوون لەناوچەکەدا، وەکوو موگناتیز بەلای خۆیدا ڕاکێشا. زمانێکی بەهێز بوو و هەموو زمانەکانی دیی هەڵلووشی.

هەتا ئێستاش گەلێ وشە هەن لەزمانی عەرەبیدا زایەڵەی ئاشووری و عیبری و سریانی و کلدانی ئەدەنەوە. بێگومان کلدانییەکان پاش ئەوەی بابلیان لە ئاشوورییەکان سەندەوە شارستانێتییەکی مەزنیان پێکەوە ناو زمانەکەشیان هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە.
لەبەر ئەوە، کاتێ شیعر بە عەرەبی ئەنووسم – ئەمەش نهێنییەکە لەنێوان من و خۆمدا – هەندێ جار وا هەست ئەکەم بەهەموو ئەم زمانانە ئەنووسم. چونکە پێم وایە هەموو زمانێک، یادەوەریی مردووی هەموو ئەو میللەتانە ئەگرێتەخۆ کە بەشدارن لە دروست کردنیدا. من بەم شێوەیە ئەچمە نێو قووڵایی ئەم رووبارە مەزنەوە. وەکوو ئەو فەرهەنگە زلەی (لسان العرب) کە لە پتر لە بیست بەرگ پێکهاتووە بەڵام زۆربەی مردووە لەبەر ئەوەی بەکار ناهێنرێ.

بەهەر حاڵ، ئەو بەشەی زمانی عەرەبی کە ئێستا بەکار ئەهێنرێ زیندووەو تینووی گەشەپێدان و نوێ بوونەوەیە. بەم جۆرە، ئێمە تەنیا لەسەدا پێنجی فەرهەنگ بەکار دێنین، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو وشە جوانانە ئەمڕۆ بەکار ناهێنرێن و بۆ سەردەمانێکی پێشووتر داهێنرا

بنەچە زمانەوانییەکان

ئەم مەسەلەیە ئەمانباتەوە سەر بابەتیکی زۆر گرنگ، تەنانەت سیاسیش، بەو پێ یەی نووسین سیاسەتە، بەتایبەتی لەزمانی عەرەبی دا. ئەو کێشەیەی لەسەر زمانی عەرەبی ئەکرێ، مەسەلەیەکی زۆر ناسکەو لەهیچ زمانێکی دیدا بەدی ناکرێ، لەبەر ئەوەی قورئان سەرچاوەی رەوانبێژیی ڕەهایە. لەڕاستیدا سەرچاوە نییە، لەبەر ئەوەی زمانەکە بەر لەقورئان هەبووە، زمانێکی رەوان و شیرین، لەسەردەمی جاهیلییەتدا. بەڵام ئەم مەسەلەیە، بەشێوەیەک لەشێوەکان، مەسەلەیەکی سیاسیشە، لەبەر ئەوەی نەک هەر فەناتیکە ئایینییەکان، بەڵکو فەناتیکە زمانەوانییەکانیش لە گۆڕان ئەترسن. ئەنجامەکانی ئەم کارەش ئێستا دەرئەکەون، بۆ نموونە تەنها لە جیهانی عەرەبدا کێشە لەسەر فۆرمە شیعری یەکان بەدی ئەکرێ.

پەخشانە شیعر

لەڕاستیدا تاکو ئێستاش پەخشانە شیعر پەسند نەکراوە. پێی ئەووترێ پەخشانە شیعر، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی سوورەتەکانی قورئان لەشێوەی پەخشانە شیعردا نووسراون. بۆیە ئەبینین فاندەمێنتاڵە زمانەوانییەکان لە نەستی خۆیاندا هەست بە هەڕەشەو مەترسی ئەکەن لەلایەن پەخشانە شیعرەوە. ئێمەش ئەبینین پاش نیو سەدە لە سەرهەڵدانی پەخشانە شیعر کەچی هێشتا وەکوو جەستەیەکی نامۆو بیانی سەیر ئەکرێ کە بەزۆر خزابێتە نێو زمانی عەرەبییەوە، گەرچی سەرەنجام خۆی سەپاندووە. ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی یەخەی شاعیری عەرەب ئەگرێ.

ئەمە مەسەلەیەکی گرنگە بۆ هەر کەسێک باس لە شیعری عەرەبی بکات. لێرەدا سێ فۆرم، سێ بزووتنەوەی شیعری دەرئەکەوێ، لە شیعری کلاسیکەوە دەست پێ ئەکات کە لە پێش ئیسلامەوە، لەجاهیلیەتەوە، لە (إمرۆ القیس)و شاعیرە کۆنە مەزنەکانەوە درێژەی هەیە تا ئەم سەردەمە. لەڕاستیدا دوایین شاعیری مەزن کە بە شێوەی کلاسیکی ئەینووسی و لەم دوایییەدا کۆچی دوایی کرد جەواهیری بوو کە لەگەڵ خۆیدا ئەم شێوە شیعرییەش بەتەواوی نێژراو دوایی هات. لە ئەدەبدا شتێکی دیی وا نییە کە لەگەڵ شیعری کلاسیکدا بەراورد بکرێ. شیعری کلاسیکی عەرەبی لە پەنجا دێڕەوە تا هەزار دێڕ درێژەی هەیەو لەسەر یەک قافیە بەردەوامیی خۆی ئەپارێزێ. شێوەی شیعری کلاسیکیی عەرەبی لە هیچ ئەدەبێکی دیدا بەدی ناکرێ.

لە کۆتایی ساڵانی چلدا شاعیرێک لە عێراق بەناوی بەدر شاکر سەیاب هەوڵی دا کارێکی لەو بابەتە بکات. سەیاب بە شیعری رۆمانتیکیی ئینگلیزی کاریگەر بوو؛ جۆن کیتس و شێڵی و، بێگومان بایرن و وۆردزوۆرپ و، لەهەمووشیان زیاتر ئیدیپ سیتوێڵ. بەڵام هەوڵەکەی سەیاب نە شیعری ئازاد بوو، نە پەخشانە شیعر، بەڵکو شیعری سەروادار بوو، بەڵام سەروای جۆراوجۆری بەکار ئەهێنا، هەر سێ چوار دێڕێک لەسەر هەمان تۆن و، بەکارهێنانی هەمان کێشی شیعری کلاسیکی. بەڵام ئەوەی ئەو کردی لەڕاستی دا شۆڕشێک بوو، دوو هەزار ساڵ لەشیعری عەرەبیی ژێرەوژوور کرد. گەرچی گەلێ شاعیری دی لەشێوەی جەواهیری ئەیاننووسییەوە، بەڵام ئیدی شیعری کلاسیکی کۆتای پێ هات. لەهەمان کاتدا، لە ئەمێرکا، شاعیرانی عەرەبی (مەهجەر) وەکو جوبران خەلیل جوبران و ئەمین رێحانی و ئەوانی دی کە بە واڵت ویتمەن و بزووتنەوەی شیعری ئازادی ئەمێرکییەوە کاریگەر بوون ، جۆرێک شیعریان ئەنووسییەوە کە ئێمە پێی ئەڵێین پەخشانە شیعر، واتە شیعری بێ کێش، تەنیا پەخشان، بێگومان ئەویش هێرشی کرایە سەر، بەو پێ یەی تەنیا پەخشانەو هیچی دی.

پاشان لەکۆتایی پەنجاکان دا گۆڤاری (شعر) لە بەیرووت دەرکەوت لەلایەن یوسف ئەلخال و ئەدۆنیس کە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ پێشەوە. ئەمانە کەسانێک بوون ئەدەبی رۆژاوایان خوێندبۆوە، ئەدۆنیس بە فڕەنسی و یوسف ئەلخال بە ئینگلیزی. ئەمان بە بەراوورد لەگەڵ هاوچەرخەکانیان، لە رووانینیاندا بۆ شیعر، بۆ مۆدێرنیزم، بۆ شۆڕشگێڕ کردنی شیعر، گەلێک لەپێشەوە بوون. ئەمڕۆ کە لێکۆڵینەوە لە شیعری عەرەبی ئەکرێ، گۆڤاری (شعر) لە چهقی مەسەلەکەدایە.

ساڵی 1961 کە لە کەرکوک بووم 16 شیعری خۆم نارد بۆ یوسف الخال، هەمووی لە لاپەڕەکانی یەکەمی گۆڤاری شعر دا بڵاو کردنەوە. لەهەمان کات دا لەڕۆژنامەی (النهار) ستایش کرام وەکو دۆزینەوەی شاعیرێکی لاو. لەڕاستیشدا زۆر لاو بووم. لەوێوە من و یوسف الخال دەستمان بە نامە گۆڕینەوە کردو ئەوەش سەرەتای پەیوەندیم بوو لەگەڵ گۆڤاری (شعر)دا.

دەنگ و وێنە

لەڕاستیدا ئەوە چارەنووسی منی دیاری کرد – ئەو پەیوەندی یە بەهێزەی لەگەڵ بەیرووت دا پەیدام کرد. لەوێ بەرهەمی وام بڵا ئەکردەوە کە لە عێراق دا، کە شیعری نوێ هێشتا شوێنی خۆی نەگرتبۆوە، هەرگیز خەونم بە بڵاو کردنەوەیان نەئەبینی. لە عێراق دامودەزگایەکی تەواو هەیە لە بەرگریکارانی شیعری کلاسیک، منیش لەو سەردەمەدا نوێخوازێکی ڕاستەقینە بووم لەبواری شیعردا. شیعری کێشدارم ئەنووسی بەڵام بەشێوەیەکی غەریب، لەوانەی سەیاب و شیعری ئەو دەمە نەئەچوو، بێ سەروا، بەڵام بە زەبر، بە دەنگ و وێنەو ڕوحێکی سوریالیانەوە بەڵام پڕ جۆش و خرۆش.

من هەرگیز لە نووسین نەوەستاوم. گەلێ شیعرم لە گۆڤاری (شعر)دا بڵاو کردەوە، لەبەر ئەوەی یوسف الخال و ئەدۆنیس ئەوەندە هانیان ئەدام، بەڕادەیەک کە من ئەو کتێبەی ئێستا پێوەی خەریکم (ئەو شیعرانەی لە حەفتاکان و هەشتاکان دا نووسیومن) پێشکەشی ئەوانم کردووە، لەبەر ئەوەی ئەوان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، چارەنووسی منیان دیاری کرد. ئەو دەمەی پەیوەندیم لەگەڵ ئەو گۆڤارەدا پتەو بوو بەردەوام بووم لە خەون بینین، بێگومان بەیرووت لەوێ بوو، لەودیوی تەواوی دیمەنەکە، لەودیوی وشەکان. بەیرووت بۆ ئێمە خەون بوو، پایتەختێکی زێڕین، بەتایبەتی لە شەستەکان دا. ئێستا پاش جەنگ و وێرانی، بەیرووت بۆتە مێژوو.

لە بەغداد جەبرا ئیبراهیم جەبرام ناسی کە لە کۆمپانیای نەوتی عێراق کاری ئەکردو گۆڤارێکی ئەدەبیی چاکی بۆ کۆمپانیاکە دەرئەکرد (گۆڤاری العاملون فی النفگ – وەرگێڕ). من لەو گۆڤارەدا شیعرم بڵاو ئەکردەوە، لەبەر ئەوەی پاداشتیان ئەداو هەروەها لەبەر ئەوەی جەبرا پیاوێکی زۆر چاک بوو. ئەو دەرچووی زانکۆکانی کامبریج و ئۆکسفۆرد بوو، منیش پێم خۆش بوو بچمە لای و بیدوێنم.

ئەو دەمە من شێتانە ئەمخوێندەوە، پەیم بە سەرلەبەری زمانی ئینگلیزی بردبوو، براکەم زمانی ئینگلیزیی ئەزانی و لەماڵەوە کتێبخانەیەکی قشتی هەبوو، باوکیشم بەهۆی کار کردنی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا، هەروەکو زۆربەی ئاشوورییەکان، هەندێ ئینگلیزی فێر بوبوو. ئەو جۆرە خوێندنەوەیە بیروبۆچوونی منی لەبارەی شیعرو ئەدەبیات دیاری کرد. من و هاوڕێیەکم کە ناوی جان دەمۆیەو شاعیرێکی چاکە، لەبەغدا هەندێ کتێبی هەرزانبایی ئەنتۆڵۆجیای شیعری ئینگلیزیمان بەرچاو کەوت کە لەسەر شەقامەکاندا ئەفرۆشران. بەو جۆرە دەستمان بە ناسینی شاعیران کرد، بەڵام ئەوەی لێێ تێ نەئەگەیشتم ئەوەبوو کە خەیاڵم ئەکرد، کە خەیاڵ و بیرتیژیم گەشەی سەند. مرۆڤ لەتافی لاویدا بیرو خەیاڵی هێندە تیژە ئەشێ هەر شتێکی لەو بابەتە بیورووژێنێ ، ئەوەش پێم وایە گرنگتین خاڵە لەژیانی شاعیردا.

شوێنی تۆ بەیرووتە

رۆژێکیان یوسف الخال هات بۆ بەغدا، جەبرا ناردی بە شوێنماو پێی وتم:” یوسف الخال سبەی دێ بۆ ئێرەو ئەیەوێ بتبینێ”. کەواتە ئەڕۆم بۆ ماڵی جەبرا بۆ بینینی ئەو پیاوەی بۆ من نەک هەر ئایدۆڵە، بەڵکو نموونەی شاعیرێکی راستەقینەشە کە رۆیشتووە بۆ رۆژئاواو هاتۆتەوە گۆڤارێکی دامەزراندووە. یوسف الخال ناوێکی گەورەو ئەفسووناوی بوو پڕشنگێکی زەبەندی بەدەورەوە بوو. پێی وتم:” تۆ شوێنت بەیرووتە، وەرە بۆ بەیرووت، تۆ یەکێکی لە ئێمە”. پاش ئەوە بە دوو مانگ من لە بەیرووت بووم.

چیرۆکی سەفەر کردنم بۆ بەیرووت چیرۆکێکی زۆر دوورودرێژو خۆشە. ساڵی 1967 تەمەنم 22 یان 23 ساڵان بوو، کە تەمەنیکی پێرفێکتە بۆ سەرکێشی کردن، بۆ بڕینی باکوور، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەو تەمەنەدا سڵ لەهیچ ناکاتەوە. بێ پارە، بێ هیچ شتێک، ئەبوو بڕۆم. جەبرای بەستەزمان (سڵاو لە گیانی) پێی وابوو منیش وەکو ئەوخەڵکە بە فڕۆکە، بە بلیت و پاسپۆرت سەفەر ئەکەم. نەیئەزانی من نە بلیتی فڕۆکەم پێ بوو نە پارە. هەندێ لە کتێبەکانم فرۆشت و 44 دینارێکم پێکەوە نا، بێگومان بێ پاسپۆرت! کەس ئامادە نەبوو پاسپۆرتم بداتێ.

جەبرا دەستنووسی وەرگێڕانە عەرەبی یەکەی (شا لیر)ی دامێ تا بیدەمە دەست یوسف الخال بڵاوی بکاتەوە. ئەو دەستنووسەم بۆ ماوەی دوو مانگ لە سارا پێ بوو. لە سارا پەڕیمەوە بۆ حەسەکەو حومس و دیمەشق، لەوێشەوە بۆ بەیرووت. ئەوە سەرکێشییەکی گەورە بوو لەژیانما، من هەتا ئێستاش لەسەری ئەنووسم. ئەوەش شتێکی زۆر رەمزیانەیە لەژیانی پێغەمبەران و شاعیراندا کە پێی ئەوترێ شەوی تاریکی رۆح. پەڕینەوە لە سارا جیهانێکی دییە، لەڕاستیشدا وابوو، خەون بوو بۆ من.

کاتێ لە بەیرووت بە دەستنووسەکەی شا لیرەوە چوومە دەزگای بڵاوکردنەوەی (دار النهار)، یوسف الخالم بینی لەسەر مێزەکەی دانیشتبوو، وا ئەزانم دوێنێ بوو، وتی:” ها، نەمووت؟”، وەک بڵێی چاوەڕێم بوو. لەباوەڕی کەسدا نەبوو.
سارام بە پێ بڕی، بێ جانتای سەفەر، بێ هیچ شتێک، تەنیا جانتایەکی بچووک کە دەستنووسەکەی شالیری تیا بوو لەگەڵ دەفتەری شیعرەکانما کە تا ئێستاش هەر پێمە. ئەم دەفتەرە بۆ من چاوگی ئەفسوونە کە شیعرەکانی تافی لاویمی لەخۆ گرتووەو زۆربەیان بڵاو نەبوونەتەوە، بەرگێکی چەرم و قایمی هەیە لەسەری نووسراوە “بەغدا 1961”. بۆ هەر شوێنێ بڕۆم ئەو دەفتەرە لەگەڵ خۆما هەڵئەگرم، ئایکۆنی سیحریی منە، کاتێ پێویستیم بە شیعر نووسین ئەبێ، کاتێ هەست بە وشکبوون ئەکەم، ئەو دەفتەرە ئەکەمەوەو چاو بە لاپەڕەو دێڕەکانیدا ئەخشێنم، ئیلهامی ئەو چاوگی ئەفسوونەم پێ ئەبەخشێ.

رۆژانی بەیرووتم دابەش بوبوو بەسەر یوسف الخال و ئەو رۆژنامەیەی ئەدۆنیس کاری تیا ئەکردو کافێی (هۆرس شوو)دا، کە کافێیەکی زۆر نایاب بوو لە بەیرووت، تا ئێستاش ماوە. ئێواران هەرچ کەسێکت بویستایە لەوێ ئەتبینی، تەنانەت کەسایەتییە جیهانییەکانیش، وەکو سامیووێڵ بێکێت. من تاکو ساڵی 1969، ئەو ساڵەی چووم بۆ ئەمێرکا، لەرۆژنامەی (النهار)و لەگەڵ یوسف الخال لە گۆڤاری (شعر)دا کارم ئەکرد. یوسف الخال پتر لەهەموو کەس رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دیاریکردنی چارەنووسم.

بەیرووت لەو سەردەمەدا لەترۆپکی چاخی زێڕینی دا بوو، کە چاخی زێڕینی عەرەب بوو بەگشتی، لە ئێستادا شتێکی لەو جۆرە بەرچاو ناکەوێ. شارێکی کراوە بوو، جوانییەکەی و کەنارەکانی زەریای کە لە (ڵۆنگ بیچ)ی سان فرانسیسکۆ ئەچوو سەرسامی کردبووین. من و ئەدۆنیس و یوسف الخال و زۆر کەسی دیش پێکەوە ئەچووینە کەرناری دەریا، شوێنێکی زۆر خۆش بوو، کچان بکینی (سوتیان)یان لەبەر ئەکرد، ئەتووت (ریڤیرا)ی ئیتاڵیایە. من لەوێ لەماڵی پوورم (خوشکی باوکم) ئەژیام. بەڵام زۆر جار لەدەرەوە ئەماینەوە، کاتێ نووسەرو شاعیرێکی زۆر کۆ ئەبووینەوە هەرگیزنەئەچووینەوە ماڵەوە.


دەرچوون لە بەیرووت

بەڵام من خەون و خواست و ویستم گەورە بوو، بەیرووت بۆ من تا ئەهات بچووک ئەبووەوە، لەبەر ئەوەی من بە نیازی چوونە ئەمێرکاوە هاتبوومە بەیرووت. ئەمێرکاو رۆژئاوا هەمیشە لەبیرو مێشکی مندا بوو، سەرەتا دەستم بە خوێندنەوەی کتێبی (وینسبێرگ، ئۆهایۆ)ی (شێروود ئاندرسن) کرد کە رۆمانێکی کلاسیکی ئەمێرکییە، پاشان فۆکنەرو هەمینگوەی وفیتزجێرەڵدو جیهانە فانتازییەکانیان کە وێنام ئەکردن. من هەرچی بخوێنمەوە وێنای ئەکەم، بە وێنا کردن بەرجەستە ئەبێ و ئەبێتە شتێکی بینراوو راستەقینەو تەنانەت تیایدا ئەژیم.

ئەم مەودایەی ئەندێشەی منە کە بەدرێژایی ژیانم پەلکێشی کردووم. هەر بۆیەشە ئێستا لێرەم لە ئەڵمانیاو لەگەڵتانا دانیشتووم. ریلکەو هۆڵدەرلین و شاعیرە ئەڵمانییە مەزنەکانی ترم خوێندۆتەوەو هەمیشە ویستوومە لەبارەی ئەڵمانیاوە فێربم و لێرە بژیم، ئەوەتا ئێستا لێرەم، گەرچی هەر ئەبوو پێشتر خۆم بگەیەنمە ئەمێرکا و کارەکانم جێبەجێ بکەم.

بەڵام بەر لەوەی بەیرووت جێبهێڵم زیندانی کرام، لەبەر ئەوەی ئیقامەم نەبوو. رۆژێکیان چووم بۆ نووسینگەی گۆڤاری (شعر) یوسف الخال وتی:” ئەوە چییە پۆلیسی نهێنی بەدواتدا ئەگەڕێن، چیت کردووە؟” بەڵام من هەرگیز بەسەرهاتی خۆم بۆ نەگێڕاوەتەوە. هەرگیز باسی سنوور بڕینم بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ نەکردووە. لەڕاستیدا من ناوچەی (ڕەوشە)دا ئەنووستم، ئەو شوێنەی کە وەکو پردی (گۆڵدن گەیت بریج) لە سان فرانسیسکۆ عاشقان خۆیان لەسەر هەڵئەدایە ناو رووبار، هەروەها لە ئاپارتمانی هەندێ هاوڕێدا ئەنووستم. رۆژێکیان، کاتێ تەواو وەڕس بووم لەهەموو شتێ، چووم بۆ پۆلیسخانە، کەلەپچەیان لەدەستم کردو وتیان: بەدوای تۆدا ئەگەڕاین. چەند رۆژێک لە زیندان مامەوە. زیندان پڕ بوو لە فەلەستینی، ئەو سەردەمە بوو کە بزووتنەوەی بەرگریی فەلەستینی تازە سەری هەڵدابوو و لە سنوورەکان زۆریان لێ ئەگیرا. لەگەڵیان دا بووین بە هاوڕێ. 300 کەس بووین لە ژوورێکدا، ئەوان بەسەرهاتی خۆیان بۆ ئەگێڕامەوە.

لەزیندانەوە بۆ نیوویۆرک

غاده‌ السمان کە ئەوسا نووسەرێکی زۆر ناسراو بوو، سەرۆکی لوبنانیی ئەناسی. لە ڕێی ئەوەوە نیوەشەوێک بەڕێوەبەری زیندانی بەبێجامەوە هێنایە زیندان تا بەرەڵام بکات، بەڵام مەرجێکیان هەبوو، ئەبوو لوبنان بەجێبێڵم، یان بگەڕێمەوە بۆ عێراق یاخود شوێنێکی دی هەڵبژێرم. وتم: شوێنێکی دی!.

یوسف الخال زۆری یارمەتی دام، پێکەوە چووین بۆ باڵوێزخانەی ئەمێرکی و پێی وتن کە ئەم لاوە دوو ئەنتۆڵۆجیای شیعری ئەمێرکیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە گۆڤاری (شعر)دا بڵاوی کردوونەتەوەو، گرووپی شیعریی (بیتنیکس)ی بەخوێنەرانی عەرەب ناساندووە. بە باڵوێزی ئەمێرکیی وت:” تۆ تەنیا بیدوێنە”!

ئەدەبی ئەمێرکی

باڵوێزی ئەمێرکی پرسیاری دەربارەی ئەدەبی ئەمێرکی لێ کردم، من لە واڵت ویتمەنەوە دەستم پێ کردو بە ناوە نوێکاندا هاتم کە جەنابی باڵوێز هەرگیز نەیبیستبوون وپێم وایە هەرگیزیش نایانبیستێ، وتی:”بەس!، کارەکەت سەری گرت”. ئەوراقیان دامێ، بەڵام هێشتا بێ پاسپۆرت بووم. بەم جۆرە، 50-60 دۆلارێکم قەرز کردو بۆ نیوویۆرک سەفەرم کرد، بێ ئەوەی کەس بناسم، تەنیاو بێ پارەو بێ هیچ شتێک، ئنجا بزانە! ئێستاش باوەڕ ناکەم چۆن رزگارم بوو، چۆن گەیشتمە سان فرانسیسکۆ کە دوا شوێنی مەبەستم بوو، لەبەر ئەوەی زۆرم لەسەری خوێندبۆوەو نووسیبوو تەنانەت پێش ئەوەی بشیبینم.

من کاتێ لەگۆڤاری (شعر) لەسەر گرووپی بیتنیکس (بیت جێنهرهیشن) Beat Generationم نووسی ئەبوو پێشەکییەکەی لەسەر کەناری باکوور North Beach ی سان فرانسیسکۆ بێت. دواجار کە گەیشتمە سان فرانسیسکۆ بۆم دەرکەوت کە چۆن بۆی چووبووم وچیم لەسەر نووسیبوو، هەمووی راست دەرچوو؛ سان فرانسیسکۆو هیپییەکان و شاعیرانی بیتنیکس. هەر کە گەیشتمە ئەوێ یەکسەر چوومە پاڵ هیپییە قژ درێژو ملوانکەی مووروو لەملەکان. کاتێ یوسف الخال ئەم شتانەی لەبارەی منەوە بیست وتی:” سەرگۆن تەواو، ون بوو، ئیتر هەرگیز ناگەڕێتەوە”. ئەو پێی وابوو من بۆ ئەوە ئەڕۆم بۆ ئەمێرکا تا بخوێنم و هەندێ بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بهێنم و بگەڕێمەوە.

ئیتێل عەدنان یارمەتیی دام لە نیوویۆرکەوە بێم بۆ سان فرانسیسکۆ. ئیتێلم جارێک لە گۆڤاری (شعر)دا بینیبوو. ئافرەتێکی وردیلەو خوێن شیرین. بەرهەمە ئەدەبییەکانی بۆ یوسف الخال ئەناردو منیش تەرجەمەی عەرەبیم ئەکردن. لەڕاستیدا هەموو ئەو بەرهەمانەی ئەو کە لە (شعر) بڵاو ئەبوونەوە، من وەرمگێڕاون، گەرچی گەلێ جار ناوی خۆم لەسەر دانەئەنا. ئیتێل پێی وتم:” سەرگۆن، گەر هاتی بۆ ئەمێرکا تکایە سەر لە شارەکە جوانەکەی ئێمە بدە، شاری سان رافائێل”.

بلیتی بۆ ناردم و شەوێک خۆی و خانمێکی دی هاتنە پێشوازیم. شتێکی جوان بوو، لەبەر ئەوەی ئیتێل لە هیندییە سوورەکان بوو. پێی وابوو هیندییە، گەرچی ڕەگێکی سووریی بوو، بەڵام وەکو هیندییەکی سوور هەڵسوکەوتی ئەکرد. ئەو چەند رۆژەی لەوێ بووم لە کافێ یەکی بەناوبانگ دائەنیشتین پێی ئەوترا کافیێ (بۆنا ڤیستا)، ئێستاش هەر ماوە، لە کەنداوە بچووکەکەیە (بەی)، لەوێوە زیندانە بەناوبانگەکەی ئاڵکەتراز دیارە. لەوێ لەگەڵ ئەو هیندییە ئەمێریکییانەدا بووین کە شۆڕشیان بەرپا کردبوو و ئەیانویست دەست بەسەر ئاڵکەترازدا بگرن. بەهەر حاڵ، من و ئیتێل عەدنان چووینە پاڵ هیندییە سوورەکان. بینینی ئەوان بۆ من خەون بوو. من ئەوانم تەنیا لە فیلم دا بینیبوو، کاتێ جان وەین چەند هەزار کەسێکی بە جارێک لێ ئەکوشتن. لەسەر شاشەدا کاوبۆیە سپی پێستەکان وەکو مێش لێیان ئەکوشتن، ئێمە هەمیشە بەزەییمان پێیاندا ئەهاتەوە. بەڵام لای من ئەوان میللەتێکی مەزن بوون، ئەوەتا ئێستاش لە سان فرانسیسکۆ بە واقیعی ئەیانبینم، بە پەڕوتووك و بەتانی ودەنکە مرواریی زلەوە.


من هیندی بووم

من زۆر پێیان سەرسام بووم و هاوڕێتیم لەگەڵ زۆربەیاندا پەیدا کرد. هیندییەکان لە ڕەوشێکی زۆر خراپدا بوون، ئێستاش هەروان، خۆیان بەرامبەر ئاڵکەهۆڵ ڕانەئەگرت و گەلێ ژن و پیاویان ئاڵکەهۆڵیک بوون، سپی پێستەکانیش ئەیانچەوساندنەوە. بەڵام من ناهەقیان ناگرم گەر سپی پێستەکان خاکت لێ زەوت بکەن و ئامادە نەبن بتدەنەوە. ئەوان ئامادە نین ئەو ناوچە بەردینە بچووکە بدەنەوە بە هیندییەکان کە لێیان زەوت کردبوون. گەلێکیان پێ کردن و ڕاوەدوویان نان و لەخاکی خۆیان وەدەریان نان. بەڵێ من لەو دەمەدا پێم وابوو یەکێکم لە هیندییە سوورەکان.

سان فرانسیسکۆ سەنتەری داهێنانە لە ئەمێریکا، بەڵکو سەنتەری ئەمێریکایە، لەلایەک کەناری رۆژهەڵات East Coastو نیوویۆرک و جیهانی پەخش و چاپەمەنی و ئەدەب، لەولاش کەناری رۆژئاوا West Coastو سان فرانسیسکۆ کە هەموو بزووتنەوە تازەکانی تیا سەر هەڵئەدەن، تا ئەمڕۆکەش، پێێ ئەوترێ ڕێنیسانسی سان فرانسیسکۆ. لەگەڵ کێنیپ ڕێکسرۆپ دا وەک مامۆستای ڕێوڕەسمەکان، کە پێی گەیشتووم، بزووتنەوەیەکی مەزن سەری هەڵدا. لەڕێی ئەوەوە هەموو شاعیرە مەزنەکانی گرووپی بیتنیکس دەرکەوتن؛ وەکو گاری سنایدەر، پاشان ئاڵن گینسبێرگ و جاک کێرەواک و، ئینجا گرێگری کۆرسۆو بۆب کۆفمەن و لۆرەنس فێرلنگێتی، کە ماریی کچی، کە ئەمناسی، بوو بە سەماکارێکی سەمای رۆژهەڵاتی. ئەو ئافرەتە گێرڵ فڕێندی هاوڕێی شاعیرم گاری گاچ بوو کە ئێستاش هەر لە سان فرانسیسکۆ ئەژی.

ئێمە ئەچووین بۆ لای کێنیپ رێکسرۆپ، بەمەرجێک، بۆمان نەبوو دەم بکەینەوە، تەنیا ئەو بۆی هەبوو قسە بکات. بلیمەتێکی گەورە بوو، ئینسایکلۆپیدیایەک بوو بۆ خۆی، لەڕاستیشدا بەوە ناوبانگی دەرکردبوو کە هەموو دوو ساڵ جارێک ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکای لەبەرگەوە بۆ بەرگ ئەخوێندەوە. پیاوێکی بلیمەت بوو.

سان فرانسیسکۆ شوێنی هۆشیاربوونەوەیە، لەبەر ئەوەی نووسەران لەوێدا گەلێ کراوەن. ئەوان وەکو شاعیرو نووسەری نیوویۆرکی نین کە پتر مۆرکێکی ئەوروپییانەی پێشکەوتوویان پێوەیە، نە‌و، بەڵکو ئەوان نووسەری کۆزمۆپۆڵیتین. سان فرانسیسکۆ لەڕاستی دا شارێکە لە هەموو شارەکانی جیهان پێکهاتووە. لەم شارەدا پاریس ئەبینی، لەندەن ئەبینی، رۆماو بەرلین و تەنانەت چین ئەبینی، شارێکی نێونەتەوەییەو کەلتوور تیایدا تەواو کراوەیە. شارێکە پێم وایە بۆ هونەرمەند، بەتایبەتی بۆ شاعیر یەکاویەکە. من پتر لە چارەکە سەدەیەکە لە سان فرانسیسکۆ ئەژیم تەنانەت بۆ یەک ساتیش تیایدا هەستم بە وەڕسی نەکردووە . کۆڕە ئەدەبییەکان، ئەو گەشتە خۆشانە، بەتایبەتی لە حەفتاکان و هەشتاکان دا کە بەلای منەوە خۆشترین کات بوو، سەرکێشییەکان، ئەو گوڕوتینەی هەمان بوو، ئنجا بارکلی کە لە کۆتایی شەستەکان دا ببووە شوێنی شۆڕش و ناڕەزایی دەربڕین دژی جەنگی ڤیێتنام.

یەکەم شەو کە گەیشتمە بارکلی کاروانێکی خوێندکارانم بە مۆمەوە بینی گۆرانییان دژی جەنگ ئەووتەوە، بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە ڤیێتنام، شیعری هۆشی مینەیان ئەخوێندەوە، کە من تەرجەمەی عەرەبیم کردن و لە (دار النهار) لە بەیرووت بەناوی (یومیات فی السجن) چاپم کردن، ئەوە یەکەم کتێبم بوو. ئەوە بۆ من شتێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو، لەگەڵ خوێندکارەکاندا بووین بە هاوڕێ، یەکەم جاریشم بوو لەگەڵ ئەو کچە هیپییە جوانانەدا بم؛ ملوانکەی دەنک زلیان لەمل ئەکردو پرچیان بەرئەدایەوەو مناڵی وردیان پێ بوو. لەگەڵ خۆیان دا بردمیان، لەناو کەشتییەکی جێهێڵراودا ئەژیاین لەکەنداوە بچووکەکەی نزیك شاری سان سۆسالیتۆ، شاری ئەستێرە سینەماییەکان. هیپییەکان لەو بەندەرەدا شانبەشانی یەختی ئەکتەرە سینەماییەکان ئەژیان. ئەو کەشتییەی ئێمەی تیا ئەژیاین هی زەمانی ماڕك توەین بوو، لەو کەشتییانەی بە پەروانەی کۆن و پێداڵی هەڵمین کار ئەکەن. لەناو کەشتییەکەدا بۆکسێکی مۆسیقا (جووك بۆکس)مان هەبوو لەگەڵ گریل (مەقاڵ)ێك بۆ هەمبەرگەر. کچە هیپییەکان، مناڵەکانیان بە ڕووتی بەدوایانەوە، هەمبەرگەریان دروست ئەکردو لەسەر مۆسیقای بۆب دیڵن و جانیس جۆپڵین دانسیان ئەکرد. وەکو خەون وابوو.

ئەو گوڕوتینە بێ ئەندازەیە

ناوی ئەو کتیبەی ئێستا کاری لەسەر ئەکەم (إژا كنت نائماً فی مركب نوح) (گەر لە گەمیی نووح دا نووستبوویت)ەو لە دوو دێڕە شیعری گەورە شاعیری سۆفیی ئێرانی جەلالەدینی رۆمیم وەرگرتووە کە تیایدا ئەڵێ:” گەر تۆ لە گەمییەکەی نووح دا بە سەرخۆشی نووستبووی/ باکی چیتە گەر لافاو هەڵکات”. کتێبەکە ئەو شیعرانە لەخۆ ئەگرێ کە لە ئەمێریکا، لەو سەردەمەی باسم کرد، نووسیومن. لەوێ بۆم دەرکەوت کە هەموو ئەو دیدو بۆچوونانەی لەبارەی نووسینەوە هەمبوو – کە پێش ئەوەی بێم بۆ ئەمێریکا هیچ نەبوو – لەئاست ئەو بۆنەیەدا نەبوو، تەنیا تەکنیك و جۆرە شێوازێکی نووسین بوو کە خاڵی بوو لەو گوڕوتینە بێ ئەندازەیەی تیایدا ئەژیام. لێرەوە کەوتمە پرسیار کردن لەخۆم: ئاخۆ چۆن بتوانم گوزارشت لەم ئەزموونە بکەم؟

لەو شیعرە پڕ وزانەی لە ئەمێریکادا نووسیمن هەستم ئەکرد زمان کۆنترۆڵی من ئەکات لەبری ئەوەی من زمان کۆنترۆڵ بکەم. بۆیە ئەبوایە ئەم خۆشڕەوانییەی ڕەزم (ئیقاع)ی زمان دابهێنم، ئیدی ئەم رەوتە خۆشڕەوانە هەموو شتێکی لەگەڵ خۆیدا راپێچ کرد. ئێستا کە ئەو شیعرانە ئەخوێنمەوە هەست ئەکەم لەو ڕێیەوە خۆم ڕاڤە ئەکەم. شیعر نووسین بۆ من هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا مەسەلەیەکی زۆرگرنگ و جەوهەری بووەو پەیوەندییەکی قووڵی بە ژیانی ناوەوەی خۆمەوە هەیە. ئەگینا من بۆچی شیعر ئەنووسم؟ بۆ رۆمان نا، بۆ وتار نا؟

من هەوڵم دا شێوەی نوێ دابهێنم تا لەو ڕێیەوە زمانی عەرەبی ناچار بکەم ئەو خۆشڕەوانییە مەزنەی زانیاریی نوێ و واقیعی نوێ بگرێتە خۆ، سەرەنجام ئەو شیعرە نایابانەم نووسی کە ئێستا خەریکی کۆکردنەوەیانم، هەندێکیان 25 تا 30 لاپەڕە ئەبێ. بەڵام ئێستا هەرگیز لەخۆم ڕانابینم شیعری وا دوورودرێژ بنووسم، ئێستاش نازانم ئەو شیعرانەم چۆن نووسی، قەت بە خەیاڵیشما نەهاتووە بڵاویان بکەمەوە، پێم وابوو کەس ئامادە نییە شیعری وا درێژم بۆ بڵاو بکاتەوە. بۆیە هەموو ئەو ماوەیە، نوقمی ئەو جۆرە ژیان و نووسینە بووم بێ ئەوەی بڵاو بکەمەوە.


نامەیەک لە ئەدۆنیسەوە

تا رۆژێکیان خانمێکی ئاشووری کە ناوی ڤیۆلیت یەعقووب بوو لە بەیرووتەوە هات بۆ سان فرانسیسکۆ، پێی وتم:” نامەیەکم لە کەسێکەوە بۆ هێناوی ناوی ئەدۆنیسە”، وتم:” ئەدۆنیس!”، ئەم ناوە وەکو زەنگ لێدان بوو بەلامەوە. ئەم قسەیە ساڵی 1972 یاخود 1973 بوو و من بە تەواوی لە جیهانی عەرەب دابڕابووم. نامەیەکی جوان بوو، ئەدۆنیس تیایدا ئەڵێ “تۆ لەنێوماندا ئامادەییت هەیە، گەرچی لێرە نیت بەڵام هەرگیز هەستمان بە ئامادە نەبوونت نەکردووە، ئەمەوێ هەرچی نووسینت هەیە بۆمیان بنێری بۆ (مواقف) {گۆڤارەکەی خۆی}”. هەرچی نووسینم هەبوو ناردم بۆ ئەدۆنیس، ئەویش هەمووی لە گۆڤارو رۆژنامەکان دا، لە مەغریب و هەموو شوێنێکدا بڵاوکردەوە. شیعرەکانم بڵاوبوونەوەو کەسانێکی زۆر پێیان وتم کە ئەوانە باشترین بەرهەمی من بوون، تۆ ناتوانی بە هۆشمەندی، شیعری لەو بابەتە بنووسی، بەهەر شێوەیەک بێ سەر هەڵئەدەن.

یەکەم کۆمەڵە شیعرم (الوصول إلی مدینه‌ أین) (گەیشتن بە شاری کوێ) لەڕووی شێوازەوە نوێخوازانە بوو. زۆربەی شیعرەکانم لە ئەمێریکادا نووسیبۆوەو بەشێك بوون لەو بارودۆخە مۆدێرنە رەهایەی هەوڵم ئەدا بینووسمەوەو دەستی بەسەردا بگرم. گەرچی ئەو کۆمەڵە شیعرەم لەساڵی 1985دا چاپ کرد بەڵام بەرواری نووسینی هەندێکیان ئەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو کۆمەڵە شیعرە قۆناغێکی نوێ لەژیانمدا دەستی پێ کرد. کۆمەڵە شیعری دووهەمم، کە زۆربەی شیعرەکانیم لە یۆنان نووسیبۆوە، لە مەغریب بەچاپم گەیاند. لەو کۆمەڵە شیعرەدا هەوڵم داوە هەستونەستی مێدیتێرانیانە (ئەو ناوچانەی ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست – وەرگێڕ) دەربڕم، هەر بۆیەش ناونیشانی (الحیاه‌ قرب اڵاکروپول) (ژیان لە نزیک ئەکرۆپۆڵ دا)م بۆ هەڵبژارد. ئەوە ڕاستە، من لەو دەمەدا نزیک ئەکرۆپۆلیس ئەژیام، هەموو رۆژێ بەناو (ئەکرۆپۆلیس) و (پلاکا)دا پیاسەم ئەکرد، بۆیە دەریاو بۆن و بەرامەو هەستونەست و هەموو وردودرشتێکی مێدیتێرانیانەیە.

پاشخانی ئاشووری

ئاخۆ پاشخانی ئاشووریم هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکانم هەیە؟ من بە مناڵییش هەر بە عەرەبی ئەمنووسی، گەرچی جاروبار بە ئاشووری ئەمنووسی، بەڵام هەر زوو بۆم دەرکەوت کە ئاشووری زمانێکی زۆر سنووردارە. پێش هەموو شتێک، زمانی ئاشووری لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەو ناچانەی ئاشووریی تیا ئەژین پێشێل کراوە – ئاشوورییەکان قوتابخانەیان نییە، گۆڤاریان نییە، کتێبیان نی یە، تەنیا کۆمەڵەی نهێنییان هەیە. یەکەم قوتابخانە کە بۆی چووم لە کەنیسەیەک بوو لە حەبانیە کە قەشە فێری ئاشووریی ئەکردین. زمانێکی زۆر جوان و مەزنە، هەندێ جار بیر لەوە ئەکەمەوە شیوەنە شیعرێکی نایاب بۆ زمانی ئاشووری بنووسمەوە کە چۆن بەبەرچاومەوە ئەمرێ.

بەڵام کاتێ کەوتمە وێزەی زمانی عەرەبی، کاتێ ئەفسوونی زمانی عەرەبیم بەرکەوت، بۆم دەرکەوت کە لەڕاستیدا هەموو زمانەکان یەکن، مەبەستم ئەوەیە بڵێم زمانی عەرەبی بۆ من وەکو زمانی ئاشووری وایە. رەنگە بەلاتەوە سەیر بێ بەڵام ئەمە حەقیقەتە. لەلای من زمانی عەرەبی وەکو سەرپۆشێک وایە کە لەژێریدا هەموو زمانە دێرینەکان تیکەڵی یەکدی بوونە. زمانەکان هەرگیز نامرن، بەڵکو ئەوەتان لەوێ، لەناو زمانی عەرەبی دا تواونەتەوە.

ناوی خۆیان گۆڕیوە

من بۆ چەندین ساڵ خەریکی خوێندنی ئەم بابەتانە بووم. تەوراتم خوێندووە کە بە کلاسیکیاتی زمانی عەرەبی دائەنرێ. پاشان بۆم دەرکەوت کە هەندێ لە شاعیرە گەورەکانی عەرەب ئاشووری بوون. “إمرۆ القیس” ئاشووری بوو. “النابغه‌ الژبیانی”ی شاعیری کۆشك و پاشاکان ئاشووری بوو. ئێستا لەعێراق دا کێ هەیە کرستیان بێ و ئاشووری یان سریان یاخود کلدان نەبێ؟ گەرچی هەموو ئەمانە لەڕاستیدا یەک میللەتن. هەروەها، “أبو تمّام” کرستیان بوو و ناوی خۆی گۆڕیبوو. “إبن العربی”ی مێژوونووسی گەورە ناوی بە ئاشووری “بن خەفری”یە، کەواتە ئاشوورییە. ئەتوانم سەدان ناوی دیت بۆ ریز بکەم. “إبن الرومی” کریستیانێکی یۆنانی بوو. ئەمانە حەقیقەتن لە ئەدەبی عەرەبیدا. لەبەر ئەوە، پێم وایە شتێک نییە بەناوی ئەدەبی عەرەبیی پوختەوە، هەمووی لەملاو لەولاوە وەرگیراوە، بەتایبەتی لە عێراق و سوریاوە کە هەموو بزووتنەوە گەورەکانی شیعری کلاسیکیی تیا دا هاتۆتە ئاراوە، وەکو شۆڕشە شیعرییەکانی ئەبو تەممام لە سوریاو موتەنەببی لە عێراق. ئەم بزوتنەوەوانە لەگەڵ خۆیاندا رابوردووی هەموو رەچەڵەکە تێکەڵاوەکان و، زمانە تێکەڵاوەکان و، زاراوە تێکەڵاوەکان و، مەعریفە تیکەڵاوەکانیان بەکێش کرد. هەموو رابوردووش لە شیعرو پەخشان دا ئامادەیی هەیە. من پێم وایە زۆربەی شاعیران بەدرێژایی مێژوو ئەمەیان کردووە، لەبەر ئەوەی، ئەوەی لەکۆتایی دا حیسابی بۆ ئەکرێ زمان نییە، بەڵکو ئەوەی زمان دەری ئەبڕێ.

منیش لە کتێبەکانمدا، بەتایبەتی لەو سێ کتێبەی دواییمدا هەمان شتم کردووە، رستەو دەستەواژەی ئاشووریم ئاخنیوەتە نێو شیعرەکانمەوە، بۆ نموونە (پشیممەت بابا برۆناو رۆخت مقوتچا)، واتە بەناوی باوک و کوڕو روحی قودس، هەندێ جار وەکو خۆی، بێ وەرگێڕان، کە ئاشکرایە ئاشوورین، بەڵام نەک لەبەر ئەوەی ئاشوورین، چونکە ئەوە شۆڤینییەتە.

من ئەمەوێ کارێکی وا بکەم کە زمان، لێرەدا مەبەستم لە زمانی عەرەبییە، هەموو شتێک لەخۆ بگرێ. من رستەم لە رۆبێرت لۆوێڵ و سیزار پاڤیز و سێسار ڤالێخۆوە وەرگرتووە. یەکەم جارە ئاماژە بەوە بکەم کە زمانی عەرەبی لەتوانایدا هەیە هەموو شتێک لە جیهان وەربگرێ، ئەمەیان گرنگە، ئەوانی دی تەنیا وردودرشتی مەسەلەکەن و هیچی دی. زمان مردوو نییە، بەڵکو ئەتوانێ هەموو شتێک بگرێتە خۆ. ئەوەندەی من بزانم پێشتر ئەم کارە نەکراوە، لەبەر ئەوەی ناتوانن، ناوێرن، ئەبێ بزانی چۆنی ئەکەی، چۆن بە شێوەیەکی راست ئەنجامی ئەدەی، نەک تەنیا لەپێناو ئەنجامدانی کارەکە، ئەوە کارێکی بێ مانایە، بەڵکو ئەبێ بەشێوەیەکی داهێنەرانە ئەنجامی بدەی. ئەم کارە پێویستەو، ئەتوانێ بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە دەوڵەمەند کردنی شیعرو زمان بکات.


زمانی عەرەبی هێشتا پەی پێ نەبراوە

من لە میانەی ئەزموونی خۆم لەگەڵ زماندا دەمێکە، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە، کاری ئەزموونگەریم لەسەر زمانی عەرەبی کردووە، بەڵام هێشتا پێم وایە کە زمانی عەرەبی مادەیەکی پەی پێ نەبراوە، بەڵکو هێشتا مادەیەکی خاوە. من رام وایە زمانی عەرەبی ئەتوانرێ بێ رادە پەرەی پێ بدرێ بۆ جۆرێک لە داڕشتنی ئیدیۆماتیکیی نوێ، کە من بەردەوام کاری لەسەر ئەکەم. بڕوانە، من کۆمەڵێ شیعرم لە رۆژنامەی “الحیاه‌”ی لەندەنی دا بڵاوکردۆتەوە کە لەڕاستیدا تەرجەمەن، بەڵام من ناویان لێ نانێم تەرجەمە، بەڵکو ناویان لێ ئەنێم (نووسینەوەی دەقی شاعیر).

من پێم وایە هونەری وەرگێڕان واتە دووبارە نووسینەوەی دەق. بۆ نموونە، من هەندێ سۆناتەی شەکسپیرو شیعری شێڵی-م بڵاوکردۆتەوە کە لەڕاستیدا دووبارە نووسینەوەی ئەو دەقانەن بە زمانێکی عەرەبیی سروشتی و مۆدێرن، هەروەها هایکوو و شاعیرانی چینیی وەکو (پۆ چوویی)و، شاعیرانی کلاسیکی یۆنانیی وەکو سافۆ. بەدرێژایی چەندین ساڵەو تا ئێستاش هەر خەریکی ئەم جۆرە تەرجەمەیەم، هەر خەریکی کاری ئەزموونگەریی لەو بابەتەم. من بەم جۆرە کار ئەکەم؛ دەقێک ئەهێنم، ئەیهێنمە بەرچاوم گەر لەئەسڵدا بە عەرەبی نووسرابێتەوە دەقێکی چۆنی لێ دەرئەچوو. ئەمە هەموو فیکرەکەیە. واتە بیرو خەیاڵم بۆ روحی دەقەکە ئەچێت. پڕکێشی ئەوە ئەکەم شاعیرێکی عەرەب، هەست و سۆزێکی لەم چەشنە چۆن ئەنووسێتەوە؟
سۆناتای شەکسپیر؟ من ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کەوا هێزی سۆناتەکان لە خۆشڕەوانی و بەردەوام بوونیان دایە، لەوەدایە کە بەریان لێ نەگیرێ. ئەمە لە عەرەبی دا لەحوکمی مەحاڵدایە، بۆچی؟ بەهۆی کۆتای دێڕەکانەوە کە ئەبنە بەربەست لەبەردەم ئەو بەردەوامییەدا.

بەردەوامیی هەناسە

لەم حاڵەتەدا چی بکەم باشە؟ جۆرە دێڕێکی نوێ دائەهێنم کە خۆشڕەوانی و بەردەوامیی هەبێ. لەشیعری خۆشمدا هەروا ئەکەم. من کار لەسەر سەداکانی شیعرو، لەسەر دێڕ ئەکەم کە بێ وەستان درێژ ئەبێتەوە سەر دێڕێکی دی تا هەناسەیەکی بەردەوام بە سۆناتاکە ببەخشێت. ئەم کارە هەرگیز پێشتر لە عەرەبیدا نەکراوە، بۆچی؟ لەبەر کێشی شیعری عەرەبی.

ئەوەی من ئەیکەم، پەستاندنی زمانە بە جۆرێك کە جێێ کێشی کۆن بگرێتەوە، ئەویش بە داهێنانی جۆرە کێشێکی نوێ، وەکو ئەوەی شاعیرە رۆژئاوایییەکان کردیان، وەکو تێد هیووز. تێد هیووز شیعری بڕگەداری ئەنووسی، بێگومان پێش ئەویش ئۆدن ئەینووسی. شیعری بڕگەدار ئەوەیە پشت بە بڕگە ئەبەستێ.

لەو دیمانانەی بە عەرەبی لەگەڵمدا ساز دراون، گەلێ جار باسی ئەم مەسەلەیەم کردووە، بەڵام تێی ناگەن، نازانن من چیم کردووە. هەر رەخنەگرێک لەسەر منی نووسیبێ هەرگیز باسی ئەو کارانەی نەکردووە، لەبەر ئەوەی ئاگادار نین، ئاگاداری هونەرو تەکنیکی کارەکانم نین. رەخنەگران لەڕاستیدا زۆر بە تێروتەسەلی لەسەر شیعرو کتێبەکانم ئەنووسن، بەڵام لە نووسینەکانیاندا بایەخ بەوە ئەدەن کە چی ئەڵێم، بەڵام ئەوەی ئەیڵێم بۆ من گرنگ نییە بەقەد ئەوەی چۆنی ئەڵێم. ئەمەیان گرنگە.

وەرگێڕان بەشێکی گرنگی دیکەی چالاکییە ئەدەبییەکانم پێك ئەهێنێ. لەڕێی وەرگێڕانەوە ئەتوانم کەشف بکەم. لەڕاستیدا لەزۆر کەسم بیستووە، یاخود رووبەڕوو پێیان وتووم،یان بە تەلەفۆن و نامە، کە من کارێکی گرنگ و نوێ ئەکەم لەم بوارەدا.

شۆکێکی جوان

پار هاوین لە فێستیڤاڵی عومان دا بەگوێی خۆم راو بۆچوونی ئەو خەڵکەم لەسەر شیعرەکانم گوێ لێ بوو. لە شوێنی بیابانی وادا وەکو ئەبوزەبی و دوبەی و شاریقەو تەنانەت لە شارەکانی قووڵایی بیاباندا، تووشی خەڵکانی وا ئەبووم کە شیعری منیان خوێندبۆوەو لە کارەکانم ئاگادار بوون. خەڵکانێك لە گوندی لاتەریک، لە قووڵایی بیابان، ئەوە تووشی شۆکی کردم، شۆکێکی جوان و خۆش.

هەموو شاعیرێک بەدرێژایی ژیانی ئاواتخوازی ئەوەیە تووشی هەڵوێستێکی لەو جۆرە بێ. خۆشترین ساتە. هەموو ئەو ساڵانەی خۆم بە شیعرەوە خەریک کردووە، پێم وابوو کەس ئاگاداری نووسینەکانم نییە (لەڕاستیدا رەخنەگران ئاگادار نین)، کەچی لەپڕێکدا، لەشوێنێکدا خوێندکارێکی سادەت لێ پەیدا ئەبێ کە خەریکی کاری لێکۆڵینەوەیە لە نووسینەکانت و ئەو تەکنیکانەی بەکاریان ئەهێنی.. لەڕاستیدا ئەو لەو ئیزافاتەی کردووتە تێگەیشتووەو پێکاویەتی. ئەوە بۆ من پاداشتە، تاقە پاداشتەو ئەوەندە بۆ من بەسە، هەموو شاعیرێکیش هەر ئەوەندە ئەخوازێ.

کاتێ پێم ئەڵێن شیعری مۆدێرن زۆر ئاڵۆزە بۆ تێگەیشتنی کەسێکی سادەو ساکار، ئەوە قسەی قۆڕەو ڕاست نییە، ئەو پیاوە سادەیە کێ یە؟ شتێک نییە پێی بووترێ پیاوی سادە. هەموو مرۆڤێک هۆو فاکتەری ئاڵۆزی خۆی وباری دەروونیی خۆی هەیە، من باوەڕم بەمە هەیە. کاتێکیش شتێک سەرسامیان ئەکات یەکسەر هەستی پێ ئەکەن، یان بە غەریزە یاخود بە مەعریفە. هەندێ جار مەعریفە خۆڕسکە.

عەرەبی زمانێکی هەمیشە شەرمنە

ئێمە کاتێ بەو شێوەیە باسی شیعری عەرەبی ئەکەین لەڕاستیدا باسی شتێكی زۆر گرنگ ئەکەین کە شایەنی ئاوڕ لێدانەوەیە، لەبەر ئەوەی عەرەبی زمانێکە بەرهەڵستی ئەکات، زمانی بەرهەڵستییە، ئەڵێی دەستدرێژیی کراوەتە سەر. عەرەبی زمانێکی هەمیشە شەرمنە، لەڕاستیدا عەرەبی زمانێکی پاکیزەیە، تەنانەت لە زاراوەناسییشدا. تەنانەت لەم کۆتایی سەدەی بیستەمەشدا – وا خەریکە پێ ئەنێینە ساڵی دوو هەزار – کەچی عەرەبی تەنانەت سادەترین وشەی ئیرۆتیکی لەخۆ ناگرێ. بۆ نمونە، ناتوانی بەئاشکرا ناوی کێرو قوز بێنی، کە ناوهێنانی ئەم شتانە لە کەلتوورەکانی دیکەدا زۆر ئاسایییە.

لەبەر ئەوە هەوڵ ئەدەم جۆرە هەستێکی وا بخوڵقێنم کە ئازادانە مامەڵە لەگەڵ بڕگەو ماناو بینای شیعرو رستەدا بکات. پێم وایە لەو میانەوە ئەتوانی زۆر شت بڵێی. لەڕاستیدا من هاوینی پار لە فێستیڤاڵەکەی عومان دا هەوڵم دا کارێکی لەو بابەتە بکەم، بەم جۆرە، هەموو ماناکانم لە چەند دێڕێکدا چڕ کردەوە. ئەمەش هێدی هێدی و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەکرێ. هەموو کەس ئەیزانی باسی چی ئەکەم، منیش باسی هەموو شتێکم ئەکرد بێ ئەوەی ناویان بهێنم. ئا بەم جۆرە ئەتوانی پەرە بە شیعر بدەی – بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بە سەداو ڕوحی شیعر. کاتێ هەندێ سەدای دیاریکراو بەکار ئەهێنم بیرۆکەو ماناکان دەرئەکەون. ئەوان ئەزانن من باسی چی ئەکەم. ئەمەیە نهێنیی شیعر.

لەبەر ئەمەیە کە شیعر زمانێکی دەگمەنی هەیەو تەواو جیاوازە لە زمانی چیرۆك و وتارو پەخشان. ئەم کارە لە شیعردا ئەکرێ لەبەر ئەوەی لەشیعردا هەموو سەدایەک حیسابی بۆ ئەکرێ. منیش بە ڕهزیلی مامەڵە لەگەڵ زماندا ئەکەم، لەگەڵ زمانێکی وەکو عەرەبی کە هەمیشە پڕە لە دیکۆرو وشەی زیادو چەوری، چەوریی زمانەوانی. من وەکو قەسابێک لەتوپەتی ئەکەم و ئێسقانی ئەودیو گۆشتەکەی دەرئەخەم، ئەمەش شتێکە پێم وایە شایەنی ئیش لەسەر کردنە.

بەڵێ ئەمە کارێکی قورس و ئاڵۆزە، من چەندین شەوو رۆژم بە بیرکردنەوە لە چۆنێتیی ئەنجامدانی ئەو کارە بەسەر بردووە. چۆن؟ وەکو شاعیرێکی راستەقینە ئەوەی لەسەرتە بیکەی کاری ئەزموونکاریی بەردەوام و بێ کۆتایە. رەنگە لە هەندێ لەو هەوڵانەتدا سەرکەوتن بەدەست نەهێنی، من ناڵێم هەروا بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەست ئەهێنی، شتی وا نی یە، رەنگە لەناو سەدان هەوڵی لەو جۆرەدا تەنیا یەکێکیان سەرکەوتوو بێ. خۆ ئەگەر لە دووسەد لاپەڕە تەنیا پێنجی باش بێ، من ئەمە بە سەرکەوتن ئەزانم.

هەندێ نائومێدی

کارێکی درێژخایەن و بێ پاداشتە. پاش 30 ساڵ نووسین هەست بە جۆرێك لە نائومێدی ئەکەم، لەبەر ئەوەی هەمیشە گێلەپیاوان ئەیبەنەوە. هەندێ شێخی دەوڵەمەند یان کەسانێکی خاوەن نەوت و ملیارەها دۆلار ژیانێکی شاهانە ئەژین و خاوەنی هەموو گۆڤارو رۆژنامەکانن، شاعیریش رەنج ئەداو تێئەکۆشێ تا گەشە بەزمان بدات، پێم وایە ئەوەی شاعیر ئەیکات یەکێکە لە ئەرکە پیرۆزەکانی ژیان، کەچی بەتەواوی پشتگوێ خراوە. بۆیە هەندێ جار کە شاعیرێک واز لەشیعر نووسین ئەهێنێ ناهەقی ناگیرێ. بەڵام پێویستە بەرهڵستیی نائومێدی بکرێت.

ئێمە رێگای جۆراوجۆر ئەگرینەبەر تاکو رەوڕەوەی شیعر بەرەو پاشەڕۆژێکی راستەقینە بەرین. بەلای منەوە ئەمەیە شۆڕشی راستەقینە کە لەناوەوە رووئەدات، نەک لەدەرەوە. بە هەراو زەنا نا، بەڵکو بە بێدەنگی و جددی، لەناوەوەڕا، بە هەوڵ و کۆششێکی پشوو درێژی لەو جۆرە. من شتەکان بەم جۆرە ئەبینم، ئەمە بۆچوونی منە، هەر ئەمەشە وای لێ کردووم لەم گۆشەگیرییەی (شۆپینگن) دا بەردەوام بم. هەندێ جار مێرگ و چیمەنی وەکو ئەم گوندە ئەڵمانییە بچووک و دڵگیرە، یان هەر شوێنێکی دی، ئەدۆزمەوە تەنیا بۆ کەوتنە شوێنی ئەو بیرو بۆچوونە سەرنج راکێش و ئاڵۆزانەی خۆم.


ئەتوانی بەعەرەبی بڵێی “فەك” Fuck ؟ – گینسبێرگ

——————————————————————————————–
سەرگۆن پۆڵس شیعری (لوورە) Howlی ئاڵن گینسبێرگ-ی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و، بۆ ئەم مەبەستە ئەبوو ئیقاع و زمانی نوێ دابهێنێ. سەرەنجام، مەحمود دەرویش لە گۆڤاری (الکرمل)دا بڵاوی کردەوە. سەرگۆن لێرەدا باسی ئەو کارە نایابە ئەکات:
——————————————————————————————–

ئاڵن گینسبێرگ شیعری (لوورە)ی لەماوەی چوار پێنج رۆژداو لەژێر کاریگەریی مادە هۆشبەرەکانی وەکوو (مێپیدرین)و (ئێڵ. ئێس. دی) (مادەیەکە تووشی وڕێنەت ئەکات – وەرگێڕ) نووسی . بەڵام گینسبێرگ لەڕاستیدا کەسێکی ترە، مرۆڤێکی زۆر مەزنە. من هێشتا لە عێراق بووم شیعری ئەوم ئەخوێندەوە. شاعیرێکی زۆر کاریگەرە. کاتێ تۆ لەسەرەتای تافی لاوی دایت و بۆ یەکەمین جار شیعری گینسبێرگ ئەخوێنیتەوە، سەرسام ئەبی، هەرگیز لەیادت ناچێتەوە. پاشان بڕیارم دا تەرجەمەی بکەم.

بەڵام وەرگێڕانی ئەو شیعرە بۆ عەرەبی مەحاڵ بوو، چونکە ئەبوایە زمانەکەی ، زمانی بیتنیکس، بەعەرەبی بخوڵقێنم، چۆن؟ زمانی شیعرەکەم وەلا نا، ئەبوو گۆڕانکاری بەسەر رێزماندا بهێنم و، وشەی نوی دابهێنم. کەس ئامادە نەبوو بڵاوی بکاتەوە. پاش دە ساڵ چاوەڕوانی لەگۆڤاری (الکرمل)دا بڵاوبۆوە. گینسبێرگ کە بیستی شیعرەکەیم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی باوەڕی نەکرد. هەندێ برادەر پێیان ڕاگەیاندبوو. یەکێک لەوانە خانمێکی هاوڕێمە ناوی (لین ویڵدی)یەو گێڕڵ فرێندی شاعیری ڕەشپێستی گەورەی ئەمێرکی (بۆب کۆفمەن) بوو کە زۆر هاوڕێم بوو و کۆچی دوایی کرد. بەهەر حاڵ، ئەو خانمە باسی تەرجەمەکەی منی بۆ گینسبێرگ کردبوو، ئەویش هەرچەند ئەهات بۆ سان فرانسیسکۆ پێی ئەووتم:” شیعرەکە کوا؟ چۆن بڵاویان کردەوە؟”.

گینسبێرگ لێێ پرسیم:” ئەتوانی بەعەرەبی بڵێی فەک ؟”، وتم:”بەڵێ، بەڵام کەس بڵاوی ناکاتەوە”. ئنجا پرسی:” بەعەرەبی چۆن ئەڵێێ (صەک مای دیك)؟ suck my dick”. وەك ئەزانی گینسبێرگ حەزی لەو شتانە بوو. گاڵتەی نەئەکردو زۆر بە جددیی بوو، ئەوە زمانی قسەکردنی بوو. پێم وت:” بڕوانە ئاڵن، کەس ئامادە نییە بڵاوی بکاتەوە، منیش نامەوێ بە کەموکوڕی بڵاوی بکەمەوە، بەڵکو ئەبێ وەکو خۆی بڵاوبێتەوە”.

رۆژێکیان باسی تەرجەمەکەم بۆ مەحمود دەرویش کرد، ئەویش وتی:” گەر دەقەکە ئامادەیە من بڵاوی ئەکەمەوە”. وتم:” بەڵام بەمەرجێك، وەکو خۆی”، وتێ:” وەکو خۆی بڵاوی ئەکەینەوە!”. شیعرەکە بڵاوبۆوە، تاقە تێکستە بەعەرەبی. یەکەم جاریش بوو ئەو زمانە پۆرنۆگرافییە بەعەرەبی بڵاوببێتەوەو قەتیش دووبارە نابێتەوە. پۆرنۆگرافییەکەی لەڕادە بەدەرە. بەڵام هەر ئەبوو بڵاوببێتەوە. من لەو تەرجەمەیەدا شتی نوێم داهێنا، رێگەی نوێم داهێنا بۆ دەربڕینی زمانی سەرجادەی عەرەبی.


هەناسەی درێژ

ماوەەیەکی زۆر لەگەڵ وەرگێڕانی ئەو دەقەدا خەریك بووم، لەبەر ئەوەی ئەمویست هەمان هێزو کاریگەریی زمانە ئینگلیزییەکەی بەپێێ توانا بپارێزم. تەنانەت رەزم و ئیقاعی نوێشم داهێنا. ئەوەی لە شیعری (لوورە)دا سەرسامی کردووم دێڕە، هەناسەی دریژی دێڕە کە بەعەرەبی زۆر ئەستەمە، ئەو کارە بە کێش ناکرێ، بەڵام ئەزانم بە پەخشانی عەرەبی ئەکرێ. من تەنانەت نەفەسی قورئانیم بەکار هێناوە لە وەرگێڕانی ئەو شیعرەدا کە زۆر زەقەو هەر کەسێك زمانی عەرەبی بەباشی بزانێ ئەمەی بۆ دەرئەکەوێ.

زۆر ئەستەمەو کاری زۆر پێویستە، وەکو حاڵی سۆفییەكت لێ دێ لە زیکردابێ و لەناو وشەکانی خۆیدا ون بووبێ. من تەنانەت سەرواو سەروای ناوەکی (سجع)م بەکار هێناوە، لەبەر ئەوەی زمانی عەرەبی پێویستیی بەو رەوڕەوە ناوەکییە هەیە تاوەکو دێڕەکان بخاتە گەڕ. ئەمەیە هەناسە. هێزی (لوورە)ش وەکو یەکێک لە کلاسیکیاتی سەدەی بیست و بێگومان شیعری مۆدێرنی ئەمێرکییش، لە هەناسەکەی دایە. گینسبێرگ پێی وتم کە لە واڵت ویتمەن و پاشان لە کانتۆکانی ئیزرا پاووند-ەوە فێری ئەو هەناسە شیعرییە بووە، کە بەدرێژایی شیعرەکە بەردەوامی لەو هەناسەیەدا هەیەو، بەم شێوەیە، بیرۆکەی شیعرەکەش خەسڵەتی خۆشڕەوانیی تێدایە، لە میانی وێنەدا، لە میانی وردودرشتی شیعرەکەدا کە لێرەدا ژیانی گینسبێرگە لەگەڵ هاوڕێکانیدا، بەتایبەتی گرێگری کۆرسۆو جاک کێرەواك. گینسبێرگ لەم شیعرەدا ویستوویەتی ئەزموونی هەموو ژیانی خۆی بخاتە نێو ئەم شیعرەوە، تەنانەت باسی گەشتەکانی خۆی و هاوڕێکانی تیایە بۆ تەنجەو مەکسیکۆو هەروەها دێنڤەر کە لەو دەمەدا سەنتەری سەرهەڵدانی هەموو ئەم جۆرە کارانە بوو.

لەڕاستیدا بەکارهێنانی ئەو هەموو وشە پۆرنۆگرافییانە بەعەرەبی کارێکی زۆر ئەستەمە. لەبەر ئەوە ئەبوو لەکاتی وەرگێڕانی شیعرەکەدا جۆرە زیکرێک بەکار بهێنم، زیکری زمانەوانی، هەر واشم کرد. تەرجەمەکەم لە یۆنان تەواو کرد، بە کاوەخۆو، دێڕ بەدێڕ کارم تیا ئەکرد هەتا بەو شێوەیە دەرچوو کە خۆم ئەمویست. کەسانێک گەلێ سەرسام بوون بە وەرگێڕانی ئەو شیعرە، بێگومان مەحمود دەرویش یەکێک بوو لەوانە، بۆیە کاتێ دەستنووسەکەی خوێندەوە سوور بوو لەسەر ئەوەی مەترسیی بڵاوکردنەوەی لە گۆڤارەکەی خۆیدا (الکرمل) بگرێتە ئەستۆ.
تیبینی: ئەم دیمانەیەی سەرگۆن پۆڵس (1943 – 2007)، کە لە گوندی شۆپینگن Schoppingenی ئەڵمانیدا ساز دراوە، لە ژمارە یەکی گۆڤاری (بانیپاڵ) 1998 کە لە لەندەن دەرئەچێ بڵاوبۆتەوە. شایانی باسە سەرگۆن لە 22/10/2007 لە بەرلین لە تەمەنی 63 ساڵی دا بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد.




شیعری نوێی جیهانیی … لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەحمەد ئەسوەد

ئەم شیعرە
This Poem
ژنە شاعیری بەریتانی/ ئێڵما میچڵ 1919-2000
Elma Mitchell

ئەم شیعرە ترسناکە: ناکرێ بخرێتە بەردەستی مناڵ،
تەنانەت گەورەش، ڕەنگە بە ساغیی قووتی بدەن،
ئەشێ دەرەنجامی لاوەکیی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.
گەر لە شوێنێکی گشتیی دا تووشت بوو بە تووشی
شیعرێکی تەواو نەکراوو بێ ناسنامە
نەکەی بە دەستی خۆت مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.
باشتر وایە بیخەیتە ناو سنووقێکی داخراوەوەو
بینێری بۆ نزیکترین ناوەندی فێرکردن، لەوێدا
پسپۆڕان، بی ئەوەی زیانی بەرکەوێ، دەستی پیا ئەهێنن.
تەنانەت سادەترین شیعریش ڕەنگە سیستمی بەرگریت
بەرامبەر هەست و سۆزی مرۆڤانە، وێران بکات.
پێویستە هەموو شیعرێك “ئاگاداری”ی حکومەتی پێوە بێ
وشە زۆر جار زیانی مەترسیداری بۆ دڵ هەیە.

Being Alive, edited by Neil Astley, Bloodaxe Books Ltd, Northumberland, UK, reprinted 2013

چیرۆکی چیرۆکێك
The Story of a Story
شاعیری سێڕبی: ڤاسکۆ پۆپا
(1991 – 1922) Vasko Popa

چیرۆکێك هەبوو
بەر لەوەی دەست پێ بکات کۆتایی هات
پاش کۆتایی هاتنیشی دەستی پێ کرد
پاڵەوانەکانی، پاش مردن خۆیان پێدا کرد
پێش لەدایك بوون جێیان هێشت

پاڵەوانەکانی
باسی جیهانێکیان ئەکرد
باسی ئاسمانێکیان ئەکرد
باسی هەموو شتێکیان کرد

تەنیا ئەوەیان باس نەکرد
کە خۆیشیان نەیان ئەزانی
ئەوان تەنیا پاڵەوانی چیرۆکێك بوون

چیرۆکێك پێش دەست پێکردن
کۆتایی دێ
پاش کۆتایی هاتنیشی
دەست پێ ئەکات

Vasko Popa, Complete Poems, Translated by Anne Pennington, Anvil Press Poetry Ltd, London, 2011

خەونەکەی کارڵ سۆڵۆمۆن
Dream of Carl Solomon
شاعیری ئەمێرکی: ئاڵن گینسبێرگ (1926-1997)
Allen Ginsberg

کارڵ سۆڵۆمۆن ئەبینم.
“ئەو دنیا چۆنە؟”

“وەك ئەوە وایە لە شێتخانە بیت.
ڕادێی ئەگەر پەیرەوی ڕێساکان بکەیت.”

“ڕێساکان چین؟”

“یەکەم: بیرت نەچێ کە تۆ مردووی.
دووەم: وەك مردوویەك ڕەفتار بکە.”

*Allen Ginsberg, Wait Till I’m Dead, Poems Uncollected, Edited by Bill Morgan, Penguin Books UK, 2016

باڵندە لە باوەشی مندا هێلانە ئەکەن
Birds’ Nest
ژنە شاعیری ئیسپانی: گلۆریا فوێرتێس
(1917 – 1998)Gloria Fuertes
باڵندە لە باوەشم،
لەسەر شانم، لە پشت ئەژنۆم هێلانە ئەکەن
لە نێوانی مەمکەکانما، سوێسکە هەیە
ئەڵبەت وا ئەزانن من درەختم.
سۆنە وا ئەزانێ من نافوورەم،
کاتێ ئەدوێم، هەموو دێنە خوارێ و لێم ئەخۆنەوە.
مەڕو ماڵات بەسەر مندا تیئەپەڕن،
چۆلەکە لەسەر پەنجەکانم ئەنیشنەوەو دان ئەخۆن
مێروولە وا ئەزانن من زەویم،
پیاوانیش وا ئەزانن من هیچ نیم.

The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

1980
ژنە شاعیری هیندی/ ئەمێرکی: سوجاتا بهات (1956)
Sujata Bhatt

ساڵی مەیموون بوو
پارتی سەوز لە ئەڵمانیای رۆژئاوا دامەزرا
جان پۆڵ سارتەر مرد. ڕۆژێك پاش ئەوە
(ماری)ی هاوڕێم وتی: ئاخۆ ئەبێ سارتەر هەست بە چی بکات
ئێستا کە ئەزانێ خوا هەیە؟.
هیندییەکان دەنگیان بە ئیندیرا گاندی دا
ئەمێرکییەکان دەنگیان بە ڕۆنەڵد ڕیگن دا
پاشان، جۆن لێنن کوژرا
ساڵی مەیموون بوو.
ساڵی مەیموون Year of the Monkey: لە ساڵنامەی چینی دا هەموو ساڵێك ناوی ئاژەڵێکی لێ نراوە بۆ ماوەی 12 ساڵ. ساڵی مەیموون ساڵی نۆیەمە، بەم جۆرە هەموو 12 ساڵ جارێك ئەگەڕێتەوە. واتە، گەر ساڵی 1980 ساڵی مەیموون بێ، پاش ئەوە ساڵانی 1992، 2004، 2016 بە ساڵی مەیموون ناو ئەبرێن. (وەرگێڕ)
Jubilee Lines, 60 Poets for 60 Years, Edited by Carol Ann Duffy, Faber and Faber, London, 2012

مێشە سەگانە
Dog Flies
شاعیری ئیتاڵی: لیۆناردۆ سینیسگالی
(1981 – 1908) Leonardo Sinisgalli

فیدۆی گەڵ و گوان ئەستوور
سەگێکی پیری کەنیسەیەو
کات لەژێر میحرابی کەنیسەدا بەسەر ئەبات
هەستی بۆنکردنی نەماوە
کەڵبەکانی ئەلەقێن و چیدی ناتوانێ بە لمۆز
لەشی بخورێنێ
تەنانەت لە پشیلەش ئەسڵەمێتەوە
بەڵام ئەو ئێستا
لە نوێژی بەکۆمەڵی ڕەوانی شادی مردووان دا
بۆ ئێسك و پرووسکی دایکم لێرەیە
سەری لەنێو چڕنووکەکانیدا درێژ کردووە
زمانی دەرهێناوەو: لەناکاو
مێشێکی زل، کە وەڕسی کردبوو، قووت ئەدات

The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

سەرگوزشتە
Parable
ژنە شاعیری پۆڵەندی/ ڤیسڵاڤا شیمبۆرسکا (1923 – 2012)
Wislawa Szymborska
هەندێ ماسیگر بوتڵێکیان لە قووڵایی دا دەرهێنا. پارچە کاغەزێکی تیا بوو لێی نووسرابوو: “ڕزگارم بکەن! من لێرەم. ئۆقیانووس هەڵیداومەتە سەر دوورگەیەکی جێهێڵراو. من لە کەناری ئاودا چاوەڕێی یارمەتیم. خێرا کەن، من لێرەم!”
ماسیگری یەکەم وتی: “بەرواری لەسەر نییە. تازە کار لە کار ترازاوە. ئەشێ بوتڵەکە لەمێژ بێ لەناو زەریادا بێ.”
ماسیگری دووەم وتی: “ئاماژە بە شوێنیش نەدراوە. تەنانەت ناشزانین کام ئۆقیانووسە.”. ماسیگری سێیەم وتی: “نە کار لەکار ترازاوە نە دووریشە. ئەو دوورگەیەی ئەڵێ لێرەیە لەهەموو شوێنێکە.”
هەمووان هەستیان بە نائارامیی کرد. بێدەنگییەك باڵی بەسەریاندا کێشا. ڕاستیی گەردوونیی هەمیشە وایە.

کۆمەڵە شیعری “خوێ” Salt 1962
https://books.google.co.uk/books?id=Bf1IBwAAQBAJ&pg=PA43&lpg=PA43&dq=Wislawa+Szymborska+%E2%80%9CParable%E2%80%9D&source=bl&ots=rHbDnqSNEU&sig=aYJcNCzuz7QuQ4Xy3MYBVqdHX28&hl=en&sa=X&ved=0ahUKEwiH0tHR_4vSAhXkLsAKHSVxAwAQ6AEIPTAH#v=onepage&q=Wislawa%20Szymborska%20%E2%80%9CParable%E2%80%9D&f=false




چیرۆکی تورکمانی دڵێك لە دوڕیان دا … نەسرەت مەردان


لە تورکمانییەوە: ئازاد ئەحمەد ئەسوەد

شاعیرو چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و وەرگێڕی تورکمان نەسرەت مەردان ساڵی 1948 لە کەرکوك گەڕەکی بەگلەر لەدایك بووە. ساڵی 1973 بۆ خوێندن سەفەری تورکیای کردووەو بڕوانامەی ماستەری لە زانستی کارگێڕی و ئابووریدا بەدەست هێناوە. ساڵی 1982 گەڕایەوە وڵات و بوو بە مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر. لە سەرەتای ساڵانی نەوەتدا بۆ سویسرا کۆچی کردو تا ئێستا لە شاری جنێف دا ئەژی. ساڵی 2008 دکتۆرای لە ڕۆژنامەگەریدا هێنایەوە لە زانکۆی لاهای. خاوەنی دەیان کتێبە لە بواری شیعرو چیرۆك و ڕۆمان و وەرگێڕان و، بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی ئەنووسێ. ئەم چیرۆکە (بیر یورەك دۆنەمەچتە) واتە دڵێك لە دوڕیاندا، لە کۆمەڵە چیرۆکی (گوین ئایدن گێجە) واتە: ڕۆژباش ئەی شەو – بەغدا 1986 وەرگیراوەو بۆ یەکەم جار ئەم وەرگێڕانە کوردییە لە هەفتەنامەی پاشکۆی عێراق 28/11/1993 دا بڵاو کرایەوە.

گەرچی ڕێگاکە کورتە بەڵام تێناگەم بۆچی ئەوەندە درێژ دێتە بەرچاوم. ساڵانێکە بە هەمان ڕێگەدا هاتوچۆ ئەکەم. بەیانیان لەو خەوە شیرینە هەڵسەو ڕێگەی دووز بگرەبەر، ئنجا قوتابخانە، هەمان قوتابیان و هەمان دەموچاو ببینە، وانەی خستنەسەر، دابەشکردن، لێدەرکردن..
– فریال خاتوون وادیارە ئەمڕۆ داڵغەت لێداوە خێرە؟
بە دەنگی شوفێرەکە بەئاگا دێم، لە کەرکوکین، بە بێدەنگیی لە ئۆتۆمبیلەکە دائەبەزم و ڕێی ماڵەوە ئەگرمە بەر. لە کۆڵانە پیس و بۆگەنیوەکاندا تێئەپەڕم، کەس سەیری ڕوخسارم ناکات، کەس توانجم تێ ناگرێ، بڵێی ئەوەندە ناشیرین بم؟

لە ماڵەوەم، گۆرانیی تەنیاییم ئەڵێمەوە. دایکم لە متبەقە. باوکم لە ڕادیۆ گوێ لە دەنگوباس ئەگرێ، با گوێ بگرێ چی هەیە؟
– کچی فریال وەرە چای بۆ باوکت بەرە؟
وەك هەموو جارێ هاواری دایکم، پاڵدانەوەی باوکم. خوشکە بچووکەکەم ماتماتیك شیکار ئەکات. دنیا ساردە، باشە دایکم زۆپاکەی داگیرساندووە. لە پەنجەرەوە ئەڕوانم، گەواڵە هەوری ڕەش و سپیی ئاسمان. ئاخۆ لە کەیەوە هەمان هەوا هەڵئەمژم؟ بێگومان لەمێژە، ئەڵێی ناچار کراوم هەمان کتێب هەزاران جار بخوێنمەوە.
سبەی دەنیز شوو ئەکات. دەنیزە ناشیرین. ئەو چڵکنی پیسەی هەموو لەشی مووە. ئاخری ئەویش مێردی خۆی ئەبێ، خۆشی ئەوێ، شەڕی لەگەڵدا ئەکات. لە ئاوینەدا بە حیرسەوە لە خۆم ئەڕوانم.. داچڵەکیم “لووتێکی زل و باڵایەکی کورت. ئەوە منم”.
– کچێ پرچبڕاو نابینی چێشتەکە ئەسووتێ، بڕۆ تەباخەکە بکوژێنەرەوە.
دەنگی بەگوڕی دایکم وەك بروسکە داڵغەو بێدەنگیمی کەرت کرد.
کاتی نانخواردنیش تەواو، لە پەنجەرەوە سەیری سیاناوی پیسی کۆڵانەکەمان ئەکەم. ژیانمان وەك ئەم چڵکاوە بێکۆتاییە ئەڕوات. سبەی دیسان ڕێگەی کەرکوك – دووز ئەگرمەبەر، ئەبێ پێش خۆرهەڵاتن، بەو تاریکییە خۆم ئامادە بکەم.
مناڵ بووم، جەژنان خاڵۆم ئەیگەڕاندم، سواری جەرخوفەلەکی ئەکردم، شەکەرلەمەو شەربەت و بابۆڵەی هێلکەی بۆ ئەکڕیم، پاشان ئەیبردم بۆ سینەمای پڕ لە خەڵك.. ئەو ڕۆژانە گەورەکانیش منال ئەبنەوە. خۆسترین شت بەلامەوە ئەوە بوو بە سواری عارەبانەی ئەسپ مسەڵلاو قۆریەو عەرەفە بگەڕێم.
ڕۆژانی جەژن خاڵۆم ئەکەویتەوە یادم، پیویکی گورجوگۆڵە، بەیانیانی جەژن زوو لەخەو هەڵئەسام و چاوەڕێم ئەکرد. گەلێ جار پێش ئەوەی باوکم بۆ نویژی جەژن بچێت من خۆم ئامادە ئەکرد. ئەویش سەرکۆنەی ئەکردم:
– کچێ بەم بەیانییە زووە هار بوویتە؟
بەڵام من گوێم نەئەدایە، بە وڕکەوە چاوەڕێی هاتنی خاڵۆم ئەکرد. ڕۆژانی جەژن چەند خۆش بوو..
بەیانییەکی جەژن خاڵۆم نەهات… منیش وەك هەموو جارێك چاوەڕێم ئەکرد. لەنێوان ئومیدو نائومێدیدا دۆش دامابووم. وەختێ هاتە ماڵمان کات ئێوارە بوو. بە تاسەوە باوەشم پیا کردو وتم:
– یاڵلا خاڵۆ با بڕۆین بۆ سینەما
خاڵۆم هەڵوەستەیەکی کرد:
– تۆ گەورە بووی فریال، مناڵ نیت تا بە جادەکانا بسوورێیتەوە…
لە ساتێکا دنیا لەبەرچاوم تاریك بوو، خۆری بەیانیم کوژایەوە، ڕامکردە ژوورەکەم بەکوڵ گریام بۆ مناڵیم، بۆ ئەو ڕۆژە خۆشانەی جەژن کە هەرگیز ناگەڕێنەوە.

باوکم دەستی بە کۆخین کرد. کۆخەی باوکم بەناوبانگە هەمیسە بە بەڵغەم کۆتایی دێ. دایکم سەیری تەلەڤزیۆن ئەکاو بانگم ئەکات:
– کچێ وەرە عادیل ئیمامە
– بینیومە
لەجێی خۆم نەجووڵامەوە. دەستم دایە ئەو گۆڤارەی ئەم بەیانییە کڕیبووم، بە نابەدڵییەوە لاپەرەکانیم هەڵئەدایەوە. لاپەڕەی “ئەوانەی ژن ئەهێنن و شوو ئەکەن”. ڕیزێك ناو، هەر کەسەو تایبەتمەندییەکانی خۆی نووسیوە.. منیش نامەیەك بۆ ئەم گۆڤارە بنێرم؟ بیریکی شەیتانیم بە مێشکدا هات. چی ئەبێ منیش نامەیەکیان بۆ بنێرم؟ باشە چییان بۆ بنووسم؟
لەبەرامبەر ئاوینەدا وەستاوم. دەنیز، دایکم، باوکم تەماشام ئەکەن. لە ئاوینەدا باجی هەیبەتی دراوسێمان ئەچرپێنیتە گوێی دایکم:
– کچەکەت ئاوی ڕووی تکاوە بەخوا کەس نایخوازێ
دەموچاوم ئەخەمە ناو سەرینەکەوە. تەمەن سی ساڵ. هیچ ئومێدێك لە ئاسۆدا بەدی ناکەم، کەسێ نییە خۆشی بوێم و شەڕم لەگەڵدا بکات.
خێرا هەڵئەسم و پرچم دائەهێنم، سووراو لە لێوم ئەدەم، بریار ئەدەم نامەیەك بۆ ئەو گۆڤارە بنووسم: “من کچێکی پێگەیشتووم، جوانییەکەم مامناوەندە، مامۆستام، حەز ئەکەم شوو بە لاوێك بکەم و لە هێلانەی بەختەوەریدا پێکەوە بژین”.. چەند جارێك ئەیخوێنمەوە.. نەخێر، نەخێر بەهەڵەدا چووم، ئەمە بەڵگەنامەیەکە بۆ فرۆشتن، کارێکی گێلانەیە…
بەبێدەنگیی ئەگریم. نامەکە پارچە پارچە ئەکەم. حەز ئەکەم هاوار بکەم، حەز ئەکەم بەردەوام بگریم. سەرم لەناو سەرینەکەمدا نوقم ئەکەم. دەنگی دایکم لە خەوێکی قووڵ خەبەرم ئەکاتەوە:
– کچێ فریال وەرە چای بۆ باوکت بەرە..




بەد وەرگێڕان … ئازاد ئەحمەد ئەسوەد

لە ژمارە 235ی گۆڤاری (ڕامان) 05/12/2016 جەلال بەرزنجی دوو شیعری (دێریك واڵکۆت)ی شاعیری ترینیدادی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە. لێرەدا هەوڵ ئەدەم ئەو هەڵانە دەستنیشان بکەم کە وەرگێڕ تێی کەوتووەو لەگەڵ دەقی ڕەسەندا بەراوردی ئەکەم.

خۆشەویستی دوای خۆشەویستی
Love After Love

The time will come
when, with elation
you will greet yourself arriving
at your own door, in your own mirror
and each will smile at the other’s welcome,

and say, sit here. Eat.
You will love again the stranger who was your self.
Give wine. Give bread. Give back your heart
to itself, to the stranger who has loved you

all your life, whom you ignored
for another, who knows you by heart.
Take down the love letters from the bookshelf,

the photographs, the desperate notes,
peel your own image from the mirror.
Sit. Feast on your life.
وەرگێڕانەکەی جەلال:

کات دێت کە لەگەڵ خۆشییە
لە دەرگاکەت، لەناو ئاوێنەی خۆت،
پێشوازی لە گەیشتنی دەکەیت
هەر یەکەو خەندەی بۆ بەخێرهاتنی ئەوەی دی دێت

لە وەرگێرانەکەی جەلال دا، بەهۆی خۆبەستنەوە بە وشە بە وشەی شیعرەکەو پشتبەستن بە فەرهەنگەوە جۆرێك لێك حاڵی نەبوون دروست بووە خوێنەر تووشی چەواشە ئەکات. بۆ نموونە؛ “لەگەڵ خۆشییە” with elation، “لەناو ئاوێنەی خۆت”in your own mirror ، “پێشوازی لە گەیشتنی دەکەیتyou will greet yourself arriving..
وشەی with ی ئینگلیزی هەموو دەمێ بەمانای “لەگەڵ” نایە، بەڵکو بەگوێرەی کۆنتێکستی ڕستەکە ئەگۆڕرێ. کورد ناڵێ “لەگەڵ خۆشییە”، بەڵکو ئەڵێ “بە خۆشییەوە”.. هەروەها دێڕی at your own door، ئەبێتە “لەبەر دەرگاکەت” یان “لەبەر دەرگای خۆت” نەك لە دەرگاکەت. بە هەمان شێوە دێڕی in your own mirror ئەبێتە “لە ئاوێنەکەتدا” یان “لە ئاوێنەکەی خۆتدا”، لەبەر ئەوەی ئینگلیز لەگەڵ وشەی mirror پریپۆزیشنی in بەکار ئەهێنن، بۆ نموونە ئەڵێن: I looked in the mirror کە لە کوردیدا ئەبێتە “ڕوانیمە ئاوێنە” یان “لە ئاوێنەدا ڕوانیمە خۆم”.. هەروەها دێڕی “پێشوازی لە گەیشتنی دەکەیت”، کە نازانین مەبەستی لە گەیشتنی کێیە. بەڵام لە دەقە ئینگلیزییەکەدا You will greet yourself arriving بۆمان دەرئەکەوێ کە مەبەستی لە گەیشتنی خۆتە، بەم جۆرە ئەبێتە ” پێشوازی لە گەیشتنی خۆت ئەکەیت”… دێڕی who knows you by heart کە جەلال حەرفی وەریگێڕاوەو کردوویەتی بە ” بە دڵ دەتناسێت”، واتە “ئەوەی ئەزبەری کردووی/لەبەری کردووی”، کە مەبەستی لەوەیە بەباشی ئەتناسێت. ئینگلیز ئەڵێن I knew it by heart یان I memorised it واتە ئەزبەرم کردووە.

ئۆگەستی تاریك
Dark August

So much rain, so much life like the swollen sky
of this black August. My sister, the sun,
broods in her yellow room and won’t come out.

Everything goes to hell; the mountains fume
like a kettle, rivers overrun; still,
she will not rise and turn off the rain.

She is in her room, fondling old things,
my poems, turning her album. Even if thunder falls
like a crash of plates from the sky,

she does not come out.
Don’t you know I love you but am hopeless
at fixing the rain? But I am learning slowly

to love the dark days, the steaming hills,
the air with gossiping mosquitoes,
and to sip the medicine of bitterness,

so that when you emerge, my sister,
parting the beads of the rain,
with your forehead of flowers and eyes of forgiveness,

all with not be as it was, but it will be true
(you see they will not let me love
as I want), because, my sister, then

I would have learnt to love black days like bright ones,
The black rain, the white hills, when once
I loved only my happiness and you.

باران زۆرە، ژیان زۆرە وەك ئاسمانێکی
قووت دراوی ئەو ئۆگەستە تاریکە

وەرگێڕ لێرەدا بە هەڵە وشەی swollen ی بە قووتدراو وەرگێڕاوە، پێم وایە لەگەڵ وشەی swallow دا لێی تێکەڵ بووە. وشەی swollen کە پاست پارتیسپڵ-ی وشەی swell ە واتە ئاوسان یان هەڵئاوسان. بەڵام swallow واتە قووتدان. کەواتە swollen sky واتە ئاسمانی ئاوساو.
دێڕی My sister, the sun, broods in her yellow room and won’t come out
وەرگێڕ بەم جۆرەی لێ کردووە:
رۆژی خوشکم باڵندەیەکە نایەوێت لە ژوورە
زەردەکەی بێتە دەرەوە
بە لەبەرچاو گرتنی وشەی ڕۆژ کە چەند مانایەك بەدەستەوە ئەدات؛ ڕۆژ [“یوم” و “نهار”ی عەرەبی]، هەروەها خۆر، خوێنەری کورد تووشی چەواشە ئەبێ لەوەی ئاخۆ مەبەستی شاعیر ئەو ڕۆژەیە کە خوشکم بەسەری ئەبات یان مەبەستی لە خۆری خوشکمە، کە دیسان ماناکەی ڕوون نییە. بەڵام بە چوونەوە سەر دەقی ئەسڵی بۆمان ڕوون ئەبێتەوە کە شاعیر خۆری بە خوشکی خۆی چوواندووە. جگە لەوە، وەرگێڕ وشەی “باڵندە”ی بۆ ئەو دێڕە زیاد کردووە، کە لە دەقە ئینگلیزییەکەدا نییە. لە فەرهەنگی Oxford دا هاتووە:
Brood: (of a bird) sit on (eggs) to hatch them
واتە کڕ کەوتنی باڵندە لەسەر هێلکە بە مەبەستی هەڵهێنان
بەڵام ئەمە مەبەستی شاعیر نییە، بەڵکو مەبەستی لە گۆشەگیرییە، چونکە مانایەکی دیکەی وشەی بروود لە فەرهەنگی ئۆکسفد:
Brood: think deeply about something that makes one unhappy
بە قووڵی بیرکردنەوە لە شتێك کە خەمبارو دڵتەنگی کردووی. کە ئەمەیان مەبەستی شاعیرە.

Rivers overrun; still,
She will not rise and turn off the rain.
ڕووبار دەڕوا
هەڵناسێتەوە باران بکوژێنێتەوە
لە زمانی ئینگلیزیدا ئەو کردارانەی لەگەڵ ڕۆیستنی ڕووبار river بەکار ئەهێنرێن ئەمانەن: flow, run بەڵام کە بوو بە overflow, overrun ئەوا مەبەست لێیان هەڵچوونی ڕووبارە بەجۆرێك کەنارەکانی داپۆشێ.. هەرچی دێڕی دووەمە ئیحای ئەوە بە خوێنەری کورد ئەدا کە ئەوە ڕووبارەکەیە هەڵناسێتەوە باران بکوژێنێتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ڕاناوی She کە پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە، بۆمان دەرئەکەوێ کە مەبەستی شاعیر خۆرە نەك باران.

She is in her room, fondling old things,
my poems, turning her album. Even if thunder falls
like a crash of plates from the sky,
she does not come out.
لە ژوورەکەی ئەوە، لە شتە کۆنەکان دەگەڕێ
شیعرەکانم ئەلبوومەکەی ئەو دەگۆڕن
ئەگەر هەورە تریشقە وەك تەنێکی ناسک
لە ئاسمان چەخماخە بدات
ئەو لە ژوورەکەی نایەتە دەرەوە

وەرگێڕانە کوردییەکە هەندێ ناڕوونە نازانرێ کێ لە ژووری کییە؟، مەبەست چییە لە “شیعرەکانم ئەلبوومەکەی ئەو دەگۆڕن”؟. بەڵام لە دەقە ئینگلیزییەکەدا ئەو، کە مەبەستی لە خۆرە، لە ژوورەکەی خۆیدایە، دەست بەسەر شتە کۆنەکان و شیعرەکانمدا ئەهێنێ (نەك ئەگۆڕێ) و ئەلبوومەکەی خۆی بەسەر ئەکاتەوە. تەنانەت گەر هەورە تریشقەش بکەوێتە خوارێ (یان چەخماخە بدات) وەك شکانی قاپ و قاچاغ، ئەو لە ژوورەکەی خۆی نایەتە دەرەوە.

Don’t you know I love you but am hopeless
at fixing the rain?

نازانێ بۆ خۆشم دەوێت
لە باران چاکردنەوە بی هیوام،

وەرگێڕ وشەی fix ی بە چاککردنەوە وەرگێڕاوە، کە ئەوە تەنیا یەکێکە لە ماناکانی، بەڵام مەبەستی شاعیر لە چەسپ بوون یان وەستانی بارانە هەروەك پێشتر ئاماژەی بۆ کردووە. ئەمە سەرەڕای دێڕی یەکەم کە لە دەقە ئینگلیزییەکەدا لە شێوەی پرسیار نووسراوە.
(ئەی) نازانی خۆشم ئەوێی بەڵام من بێ هیوام
لە وەستانی باران؟

But I am learning slowly
to love the dark days, the steaming hills,
the air with gossiping mosquitoes,
and to sip the medicine of bitterness,

لەسەرەخۆ فێر دەبم
بۆ ئەوەی ڕۆژیکی تاریک و
گردێکی سەر بە تەمت خۆش بوێت
بۆ ئەوەی دەرمانی بەختەوەری بخۆیتەوە

مەبەستی شاعیر:
بەڵام لەسەرخۆ فێر دەبم
بۆ ئەوەی ڕۆژە تاریکەکان و، گردە هەڵمینەکان و
هەوای پڕ لە ویزەویزی مێشوولەم خۆش بوێت و (وەرگێڕ ئەم دێڕەی پەڕاندووە)
دەرمانی تاڵیی هەڵقوڕێنم (نەك بەختەوەری)
so that when you emerge, my sister,
parting the beads of the rain,
with your forehead of flowers and eyes of forgiveness,
کە سەرنجی خوشکم دەدەیت
دڵۆپە باران دابەش دەکەیت
بە نێوچەوانێک لە گوڵ
دوو چاو لە لێبوردەیی

کاتێ، خوشکم، تۆ دەرئەکەویت و
بە نێوچەوانێک لە گوڵ و دوو چاوی لێبوردەیی
زەنگیانەی باران جیا ئەکەیتەوە

all with not be as it was, but it will be true
(you see they will not let me love
as I want), because, my sister, then
(وەرگێر ئەم کۆپلەیەی پەڕاندووە)
شتەکان وەکو خۆیان نامێننەوە، بەڵام ئەبن بە شتی ڕاستەقینە
(وەك ئەزانی لێم ناگەڕێن بە ئارەزووی خۆم
خۆشەویستی بکەم)، لەبەر ئەوەی، خوشکم، ئەوکاتە
I would have learnt to love black days like bright ones,
The black rain, the white hills, when once
I loved only my happiness and you.

وەرگێڕانەکەی جەلال:

من فێر بووم ڕۆژە تاریکەکانم وەک
پڕشنگدارەکان خۆش بووێت
بارانی ڕەش، گردی سپی
کاتێ جارێک تەنیا ئاسوودە بم و
تۆم خۆش ویست

مەبەستی شاعیر:
من فێر ئەبم ڕۆژە تاریکەکانم وەك رۆژە پڕشنگدارەکان خۆش بوێ
بارانی ڕەش و، گردی سپیم خۆش بوێ
وەک ئەو کاتەی، تەنیا ئاسوودەیی خۆم و تۆم خۆش ئەویست.

لە کۆتاییدا؛
ڕاستکردنەوەی هەندێ زانیاریی کەسیی لەبارەی شاعیر؛ ناوی دێرێك ئاڵتن واڵکۆت (بە ئەمێرکی: وۆڵکات)ە، لە سەینت لووشە (نەك سانت لوسا) لە دایک بووە، کە دوورگەیەکی سەربەخۆیە لە دەریای کاریبی. ئەو 14 خەڵاتەی بەدەستی هێناوە هەمووی شیعری نییە، بەڵکو بۆ شیعرو شانۆگەری و کتێبەکانی دی و، یاخود بۆ سەرجەم بەرهەمەکانیەتی. خەڵاتی گریفین نەك گریفنی. خاوەنی 24 کۆمەڵە شیعرە نەك 14. ساڵانی 2010 تا 2013 پرۆفێسۆری شیعر بووە لە زانکۆی ئێسیکس-ی بەریتانی.