دۆزی فەلسەفە6: ڕوناکبیری تاڵ.. ئازاد حەمە

نووسینی باسێک لەسەر(ڕوناکبیری تاڵ)ئێجگار پێویستە و هەر دەبێت به‌ده‌موچاوێکی گرژ و ناحەزەوە بێتەدەستەوە؛ بۆنی چرچولۆچی ڕۆح و شەکەتیی دەروونی لێبێت. جا بۆوانەبێت!! دەبێت وابێت، ئەوەتا لە ئێستادا کردەی ڕوناکبیریی لە هەرێم خۆی ناخۆشەویست دەردەخات، بۆزۆرێکێش پەیڤی ڕوناکبیریی و ڕوناکبیربوون پڕپڕە لە شەرمنی، بێزاریی و نامورادیی لێدەبارێت؛ کەسی ڕوناکبیر بە هیچنەکردە و گەندەڵ و مشەخۆر دەزانرێت. بەواتایەکیتر، خەریکە بێمتمانەیی لە هەرێمی کوردستان بە ڕوناکبیر(ئەکادێمییان، پەروەردەکاران، نوسەران، فیلمسازان و هونەرمەندان و…)نەشونمادەکات و پرۆسەی ڕوناکبیرییش لە شار وەک شتێکی گەرددار و نائازاد دەبینرێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌‌ دێینەسەر باسێک، کە دەرگا لەسەر(دژە ڕوناکبیریی) دەکاتەوە؛ بۆئەوەش قسە لە پێویستیدەکەین بۆ جۆرێکی دی لە ڕوناکبیر: ئەوەش ڕوناکبیری تاڵە.
لەمحاڵەتەدا دەپرسین: ڕوناکبیری تاڵ کێیە؟ کەسێکە مۆڕە لەو واقیعە سیاسیی و مێژووییە مڵوڕەدەکات، کە برینی کۆمەڵایەتی و دەروونیی؛ نائومێدی و ڕەشبینیی بۆهێناین. بۆ ڕوناکبیری تاڵ شکستی ئایدیاکانی ناو ئەو واقیعە لە نشوستی و بێزاریی هزریی زیاتر شتێکی ئەوتۆی نەبەخشیوە. بۆیە لە ئەمڕۆی جەنجاڵ و بێسەروبەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیماندا پێویستمان بە دەستەبژێرێک لە ڕوناکبیری تاڵ و گۆشەگیرە، نەک ڕوناکبیری شیرین و کۆمەڵایەتیی چەنەباز و دەمبەخەندە،کە دەرکەوت چەن مشەخۆر و گاڵتەجاڕ و نمایشکارن.
ئەوەی ئێمە لێرەدا باسیدەکەین پەیوەندی بەو دیاردەیەوە نییە لەماوەی ساڵانی جەنگی جیهانی و دواتر لە ئەوروپا بەناوی””دژە ڕوناکبیریی Anti-intellectualism””سەریهەڵدا، کە یەک لە تێزەکانی ئەوەبوو،کە چینی ئەکادێمی و خوێندەواری ئاستبەرز و نووسەرە لوتبەرزەکان لە خەمەکانی خەڵک بێئاگان.
ڕوناکبیری تاڵ، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە قاتوقڕە، کەسایەتییەکی ناوازە و دەگمەنی هەیە و بۆلەمەدواش دەبێت وەک بەشیکی پێویست لە وتاری ڕوناکبیریی و هزرییمان ببینرێت. تاڵیی ڕوناکبیری تاڵ لە بنەڕەتدا ڕوانگەیەکی تراژیدییە بۆ بوونی تاکی کورد.(ئەم)، کە لە بێدادیی، دزیی و هەژاریی تێدەگات، ئەو تێگەیشتنە لەوسەرەوە وایلێدەکات تاڵ و گۆشەگیر و تەنهابێت. ئەم جۆرە ڕوناکبیرە باشترین پەیوەندیشی لەگەڵ یاخیبوون و نامۆبووندا هەیە؛ گشت ئەوەش لە بێدەنگیی و دوورەپەرێزیی خۆیدا بەرجەستەدەکات.
ڕوناکبیری تاڵ، تاڵ وەک زەقنەبووت، ئەو جۆرە ڕوناکبیرەیە، کە لە ڕەهەندیی بنبەستی مێژووییمان تێدەگات. ڕوناکبیری وا لە سۆراخی ژیانمەندییەکی بە شکۆیە بۆ هەموان، بەو مەرجەی ئەو ژیانە پەلناهاوێت بەرەو خۆزگە و ویستە وڕێناوییەکان. بەڵام ئایدیاکان، کە دەمێکی چاک خەڵەتاندمانیان و لە شکستی زیاتر هیچیان بۆنەهێناین، بوونە هۆکاری دروستکردنی ئەو ژینگەیەی ڕوناکبیری لەجۆری تاڵی خوڵقاند. ڕوناکبیری تاڵ، کە بەئەزموونە لە مامەڵە و بەریەککەوتن لەگەڵ بێزارایی و هەستە پێچاوپێچەکان، ئاوابەئاسانی بە گەندەڵکار و مشخۆرەکانی ناو کایەی ڕوناکبیریی باو ناخەڵەتێ.
لەناو ڕوناکبیریی ڕوناکبیری تاڵدا سەرسەختیی درەختێکی پەلوپۆدارە ڕیسک و سەمەرەیی لێدەتکێ، کە ناخوازێ بەرامبەر بە ژیانێک، کە لە سۆراخی هیچییە ڕوخسار شاد و دڵفرێن بێت. لە دۆخێکی وەهادا بۆ (ئەو) تەنهایی و بێدەنگیی باشترین ئامرازن بۆ ژیانکردن. لەهەمانکاتدا، ڕوناکبیری تاڵ گەمژەئاسا ناژیت و گومانیشی لە زەردەخەنە و ئەو ڕێزە زۆرە کۆمەڵایەتیەیە دەم بەخەندە چەنەبازەکان دەیبەخشنەوە.
مرۆڤی وەک ڕوناکبیری تاڵ بۆ کۆمەڵگەی ئێمە زەرورەتە، چونکە ڕاستگۆ و قسەلەڕووە، تابڵێی کەمدوو و بێفیزە، لێ ناخ دژوار و ڕەفتار توندە. ئەم ڕوناکبیرە لە کلکەسووتەکردن و مەراییکردن بێئاگا و لێنەزانە، ڕواڵەتکردن و مەراییکردن لە بیرکردنەوەی (ئەو)دا بوونی نییە؛ ئەڵبەتە لە تەوسلێدان و تەشیڕێسی لە گوتندا زۆر لەدوایە. داخراویی و کەم گوتنەکانی ڕوناکبیری تاڵ نیعمەتن بۆ ئیستای ئێمە و هاوکاریماندەکەن خۆمان لە ڕوناکبیرە شیرینە بەدفەڕ و درێژدادڕەکان بپارێزین.
هەروەک لایسەرەوە هێمامان بۆکرد،دروستبوونی ڕوناکبیری تاڵ لە کۆمەڵگەی کوردی تازەی ئێمە بەرهەمی نامۆبوونی کۆمەڵایەتیی و بۆشاییە قووڵەکانی نێوان ئایدیاڵ و ژیانە. بۆیە ڕوناکبیری تاڵ بە سەلیقەوە دڕدۆنگ و گومانی لە شۆڕشەکان، لە خەونی نەوەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو. لەبەرئەوەی شکست و پاشەکشە لە دیدی ڕوناکبیری تاڵ وێرانکەرە و نەدەبوو هەبایە، لێ بوونەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی ڕوانگەیەکی قووڵ بۆ شۆڕش و سیاسەتکردن.
دەکرێت لێرەدا ئەوەش بگوترێت، بوونی ڕوناکبیری تاڵ پێویستییەکی کۆمەڵایەتیی ئەمئێستای ئێمەیە. ئەم جۆرە ڕوناکبیرە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی ڕەشبینانەیە بۆ بارودۆخی مرۆڤ،کە تێیدا بەدەست ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ناساغ و بێهیواوە ئازار دەچێژێت. ئەمە بەو مانایەدێت، دەرکەوتنی ڕوناکبیرییەکی سوودگەرا و زۆربڵێیانەی گاڵتەجاڕ لە گشت کونوقوژبنێکی شار ئاماژەیە لەسەر دیمەنی خۆرئاوابوونی ڕوناکبیریی، کە دیمەنێکی نادڵگیر و خەمهێنەرە. بۆیە ڕوناکبیری تاڵ شتەکان زۆر جیا دەبینێت. (ئەو) پێیوایە کۆمەڵگەی ئیستای کوردی پڕبووە لە ڕوناکبیری دووئاکار و ساختەچی و بۆش.
ڕوناکبیری شیرینی دوو پەروەردە، کە بە ڕیاکاریی جیهانمان بۆپڕدەکات لە هیوا و باشە، چەنەباز و بێباکە، جیهانێک وێنا دەکات گوایە بنەمایەکی ڕەوشتی دەیباتەڕێوە؛ لەوێندەرێ لاوازەکان خەڵاتدەکرێن و هەژارەکانیش قەدرزانن. بەڵام تاڵیی ڕوناکبیری تاڵ گووتنی نەخێرە بە ژیانێکی سۆسیالئامێزی دژەئاکار و نەگریس، کە هەلومەرجێکی ناحەز و گەمژە دروستیکردووە.
لە کۆتایدا کۆی تێگەیشتنمان سەبارەت بە پێویستی بۆ ڕوناکبیری تاڵ لەوەدا کورتدەکەینەوە، لەگەڵکاتدا زۆرینە لەوە حالیدەبن، کە تاڵبوون شکۆمەندییە، دڵنەواییە بۆ دواترێکی بێوەی، چارەسەر بۆ ئەو دەردەی گوتاری ڕوناکبیریی دەمبەخەندەکان بڵاویدەکەنەوە، کە خودی ڕوناکبیریی بێمانادەکات.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ڕاڤەیتر5: گوتنی نا(نەخێر)…. گوتنێ پێویستە!.. ئازاد حەمە

5..

“نا”(نەخێر)، کە نکوڵیکردن دەخاتە گەروومانەوە بۆ هاتووەتە کایەوە؟بۆئەوەی لە کاتی پێویستدا بگوترێت. لێ گوتنی”نا” فێربوونی دەوێت؛فێربوونی چۆنیەتی گوتنی. ئەوەش پەروەردە داوادەکات. بەمجۆرە چاندنی”نا”ی پێویست کارکردنێکی پەروەردەییانە دەخوازێت تا بزانرێت لە کوێ و بە کێ دەگوترێت “نا”.
شرۆڤەی”نا”، شرۆڤەی”بەڵێ”ش لەخۆدەگرێت. ئەمە بەو مانا بەرتەسکە نایەت، کە”نا”دەکەوێتە ژێر سێبەری “بەڵێ”وە. هاوکێشەی نێوان “نا” و “بەڵێ” وەک هاوکێشەی نێوان ڕووناکیی و تاریکیی نییە. چونکە گوتنی “نا” و “بەڵێ” چاوەڕێی یەکناکەن و پاشکۆی یەکیش نیین، مەگەر بۆ ئەوانەی بێ بیرکردنەوە دەڵێن “نا” و بێ بیرکردنەوە دەڵێن”بەڵێ”.ڕاستە لە ڕووکەشدا “نا”خۆی وەک وابەستەی”بەڵێ” نیشاندەدا، لێ لەڕووی لۆجیکییەوە بەو جۆرە نییە. تەنانەت گوتنی “نا” ئەو هەستەش لە ئەویتردا دروستدەکات، کە جۆرە یاخیبوونێک لەگەڵ خۆی دێنێت. ئەمە وادەکات”نا” بەسەمەرەییەوە لێبڕوانرێت.
تێکشکاندنی تێگەیشتن بۆ”نا” هەڵوەشانەوەی ئەو تەماشاکردنە ڕەهایەیە،کە بۆ گوتنی”بەڵێ” هەیە. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی هیوا هەڵچنیین لەسەر گوتنی بەردەوامی”بەڵێ”هۆکارە، کە گوتنی”نا” قێزەوەنکرێت. لێرەدا دەبێت بیرکردنەوە ئیشی خۆی لەسەر گوتنی “نا”بکا، تا “نا”ش بەدەردی “بەڵێ” نەبرێت. ئەمە بەو تەماشاکردنەش دێت، کە گوتنی “نا” با وەک گوتنی “بەڵێ” بێحورمەت نەکرێت.
گوتنی”نا” بەردەوام ئاسان نییە. چونکە ئەم گوتنە لەسەر ئەوە وەستاوە بە کێ و کەی دەگوترێت؟ گومانیناوێت، “نا”فۆڕمی ڕەتکردنەوە وەردەگرێت؛ بەو مانایەی پەسەندکردن دەبێت بە”نا”یەک. ئەڵبەتە ئەم”نا”یە بۆیە جێگای خۆی دەکاتەوە چونکە پێویستە. بەمجۆرە بێت”نا” تابوو(قەدەغە) نییە. بەهەق گوتنی”نا”، کە لە پێویستییەوە بێ شایانی ئەوەیە هەبێت. کەواتە، گوتنی “نا”یەکی پێویست بۆ بەگژاچوونەوەی “بەڵێ” پرۆسەیەکە لە بیرکردنەوە.
ناشێت نە گوتنی “نا” و نە گوتنی “بەڵێ” لەناو مەغزی کروزانەوە و لاوازیی لە گوتندا جێکرێتەوە. گوتنی چ “نا” و ج “بەڵێ” جۆرە جوامێرییەکی دەوێت، کە هەموو ئەوەش لە پەیوەندیدایە بە خودی بیرکردنەوەوە. ڕاستە زۆرێکجار بەسەختی دەڵێین”نا”؛ بەڵام ئەو “نا”یە گەر لە پێویستییەکی لۆجیکییەوە هاتبێت گوتنی ئەرکە. جابێتو، بەم جۆرە “نا”بکەین هەست بە تاوانباری ناکەین بەرامبەر بەو کەسەی “نا”یەکەی لە ئێمەوە وەرگرتووە.
گوزارەی”نا”سڵکردنەوەش دروستدەکات، چونکە پەیپێبردنە بە شتێک، کە دێت، کە ڕوودەدات. بۆ ئەوانەی ڕانەهاتوون لەسەر گوتنی”نا”، ئەو”نا”یە ناخهەژێن و نێگەتیڤە. ئەمە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە دەبێت شێواز هەبێت، لە گوتنی”نا”. چونکە “نا” تاڵە، ناپەسەندە و زۆرێک حەز بە بیستنی ناکەن.
بیانووی درێژخایەن بۆ گوتنی “نا” پێویست نییە، گەر بیرکردنەوە پێش گوتنەکە هەبووبێت. بۆ ئەوەی پێویست نەکات لە سەرەتاوە بڵێیت “بەڵێ”؛ بۆ ئەمەشیان کاتت پێویستە بۆ بیرکردنەوە. کەوابێت گوتنی “بەڵێ” یان “نەخێر” بەرهەمی بیرکردنەوەیە. ئەوەتا بیرمەندی فەڕەنسی ژاک دێریدا پێماندەڵێت بیرکردنەوە ئەوەیە بڵێین “نەخێر”. ئەمە بۆ (ئەو) ئەوە دەخاتەڕوو، کە”” “نەخێر” ڕەتکردنەوەی پێویستی ڕواڵەت و باوەڕی دەستبەجێیە””. لە هەمان کاتدا لە “بەڵێ”ێکی بێ بنەما جیایە کە ڕووکەش بێت.
“نا”، کە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری لەگەڵ خۆی هێنا توخمەکانی”نا” دەپارێزێت. لەوێڕا “نا” دەرخەری ئەوەیە شایانی گۆکردنە. ئەمە لەسەر شێوازی گوتنەکەی”نا” وەستاوە. لەبەرئەوەی بۆ زۆرێک دەستڕاگەیشتن بە “نا”سانا نییە. ئەمەش بەپێی ئەوەی هەندێک لە گۆکردنی”نا” دەترسێت.
سەرباریئەوە، بۆ بەشێک لە ئێمە “نا” بیناکراوە لەسەر ڕەتکردنەوەی کردارێک، گومانێک،بەڵام خودی ئەو کردار و گومانە پرۆسەیەکیشە لە شیکردنەوە و پرسیارکردن و لۆژیک. گەر وابێت لە بەرامبەر ڕاستییە نوێیەکان ناتوانین بە ئاسانی”نا” گۆبکەین.
وێڕای ئەوەی لای سەرەوە گوترا، گوتنی”نا” ئەو هەستەش لە ئەویتردا دروستدەکات، کە گۆکردنی”نا”جۆرە یاخیبوونێک لەگەڵ خۆی دێنێت. ئەمە وادەکات “نا” خۆشەویستنەبێت و تێگەیشتن بۆ “نا” بەرەو هەڵدێربچێت. لێ “نا” گەواهی دەدات لەسەر شتێک متمانەی تیا نییە، کە هێشتا پەیپێنەبراوە. بۆیە گشت”نا”کان یەک مانا و تامیان نییە، هەمان ناواخن و تایبەتمەندیی دروستینەکردوون.
ڕاستە گوتنی “نا “دیدێکی ڕەخنەگرانەیە بەڵام زۆرجار دیلی فشارەکانە. ئەمە بێمانایی و سەرکۆنەکردنیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. هاوکات ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت،کە هەردەم “نا”کان لەکاتی خۆیاندا نەگوتراون. بۆ؟زۆرێک “نا” فریودەر و چەواشاکارانەن، گوتنیان شکستیهێنەرە بۆئەوەی پێیدەڵێن”نا”. لێرە دەتوانین ئەوەش بڵێین، کە “گەلێکجار بیرۆکەیەک بە ڕاست دەزانین بەبێ ئەوەی پێویستمان بە بەڵگەی فەرمی هەبێت. دەتوانین بیر لەو شتانە بکەینەوە،کە باوەڕمان پێی نییە، لە کاتێکدا زۆرجار بیروباوەڕەکانمان شێوازی بیرکردنەوەمان فلتەر دەکەن”.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین، ئەی کە گوتنی “نا” نەیتوانیبوو ڕەگێکی قووڵ لە کولتوور، یان نەریت داکوتێ چۆن؟ لێرە ناخوازین گفتوگۆکە بەرەو ئەوە بەرین کولتوورەکانی”نا” خەمناکیمان بۆ دێنێ و ناچارماندەکات بە “بەڵێ”ی پێشوەخت.بەڵام بەپێی جوگرافیای بیرکردنەوەکان بێت لە هەندێک کولتوور یان نەریت”نا” شەقڵێکی دیکە وەردەگرێت و ناواخنێکی دی هەیە.
لە کۆتایدا، گرنگە هێما بۆ ئەوە بکەین”بەڵێ”سەرقافڵەی”نا” نییە. خودی “نا”ش روداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌کەی ناو “بەڵێ”نییە. چونکە گوتنی”نا” توانایە، درکە، بەواتەیەکیتر بیرکردنەوەیە. کاتێک لەسەرەتاوە ناخوازین بڵین”بەڵێ” لەبەرئەوەیە پێویستمان بە کاتە بۆ بیرکردنەوە بۆ گوتنی شتێکی تر. ئەمە بەو تێگەیشتنە نایەت کە نەگوتنی”بەڵێ” گفتگۆی بەدوادێت.هاوکات گوتنی”نا” لەبەرناواخنە نەرینییەکەی وزە و خواستی دەوێت. واتە گوتنی “نا” دەشێت بەر هەندێک شیاویتر خرێت: نا بۆمناگونجێت لە ئیستادا، نا لەو بارەوە زانیارییم نییە، نا ناخوازم چونکە….. .

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دۆزی فەلسەفە5: کارەساتبارە کاتێک گەمژەکان دەکەونە داوی ژیرەزۆڵەکانەوە.. ئازاد حەمە

5

گوتنی زۆڵ bastard بە کەسێک سووکایەتیپێکردن و قێزەوەنکردنی ئەو کەسەیە، بگرە ناشرینترین ئاوەڵناویشە. هەرچی گەمژەیە(گەوجە) Stupid ئاوەڵناوێکە بۆ کەسێک بەکاردەبرێت کە هەڵبژاردنی خراپ دەکات، خاوەنی عەقڵێکی کەمترخەمە؛ ئاستی درککردن و هۆشمەندیشی زۆر لەخوارە. بۆیە کاتێک ژیرەزۆڵ و گەمژە(زۆڵیی و گەمژەیی)یەکدەگرنەوە کارەساتباریی دەستپێدەکات؛ لەو بەینەدا تەنها گەمژەکان (گەوجەکان) زەرەرمەندی یەکەمدەبن.
بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە ژیرەزۆڵەیbastard intelligence لەم نووسینە کورتە باسدەکرێت ئەو کەسەیە،کە گەمژەکان(گەوجەکان) بۆ مەبەستی خۆی بەکاردەبات. ژیرەزۆڵەکان،کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا هەن زۆرجار پێشیان دەگوترێت شەیتان، کەسانی بێ ئەسڵ و فەسڵ، بێ ڕەوشت، نامرۆیی و حەرامزادە. لە ئیستاشا،کە تەنراوینەتەوە بە تەکنەلۆژیای زانیاریی و ئەویش بەرەو کۆمەڵگەی ژیریی دەستکردی بردووین کارەساتبارییە کاتێک گەمژەکان(گەوجەکان)دەکەونە داوی ژیرەزۆڵەکانەوە.
دیاردەی ئەوەی کاتێک گەمژەکان دەکەونە داوی ژیرەزۆڵەکانەوە لە کۆمەڵگەی ئێمە زێدە زۆرە و بواری ئامادەبوونیشی جۆراوجۆرە. لەنێو میدیکارەکانەوە بگرە ئەم دیاردەیە لە نەشونمادایە بەرەو بواری سیاسیی، نێوەندی ئەکادێمی، ناو بازاڕ و عەوام و تادەگاتە خێزان(کاتێک پیاوێکی گەمژە دووچاری ژنێکی زۆڵ و فێڵباز دەبێت یان بەپێچەوانەوە کاتێک ژنێکی دەبەنگی داماو توشی پیاوێکی یان مێردێکی زۆڵ و زۆرزان دەبێت).
ئەوەی لەم پوختە نوسینە باسیدەکەین ئەو زۆڵە نییە، کە بە زۆڵیی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو مەبەستی ئێمە لە زۆڵ ئەو زۆڵەیە،کە لە ئامێزی خێزانێکی یاسای(شەرعی) لەدایکدەبێت و کەچی کەسێکی زۆڵەشەیتانی قۆڵبڕ، بێوەفا، هەلپەرست، بێباک و دژە بەهایە. کارەساتباریەکە ئەوکاتەیە، کە ئەم کەسە ڕێکەوتی گەمژەکان(گەوجەکان) دەکات.
پێشتر لە نووسینێکماندا ئەوەمان پرسیووە کە، ئایا زۆڵیی جۆرێکە لە ژیریی؟ یان جۆرێک لە ژیریی لە زۆڵییدا اپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە زانکۆیەک پرۆفیسۆر بیت؟ لەناو حیزبێ وەزیر یان ئەندامی سەرکردایەتی بیت؟ یەکێک بیت لە ڕوناکبیرەکانی شار(شێوەکار، شاعیر، نووسەر، ڕۆماننوس، شانۆکار، موزیسیان، و…)؟ پزیشکێکی ناسراوی بواری تەندروستیی؟ یاخود پەروەردەکارێکی دیار؟ لێرەوە دەتوانین بڵێین، مەترسیەکە ئەوەیە، کە زۆڵەکان لە کۆمەڵگە دروستکەری پاشاگەردانین، دوژمنی سەرسەختی بەهاکانن و هیچ گرنگیەکیش بە ڕەوشت نادەن. بەم پاشخانەوە دەتوانن گەمژەکانی کۆمەڵگە بخەنەژێر ڕکێفی خۆیانەوە. ژیرەزۆڵەکانی سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاریی، کۆمەڵگەی ئێلکترۆنی، جۆرێکی ترن لە زۆڵ، جۆرە غەم و پەژارەییەکی تر بۆ کۆمەڵگەی ئێمە دێنن، جیاوازتر کاری دزێوی خۆیان ئەنجامدەدەن و ترسناکانە گەوجەکانی کۆمەڵگە بەکاردەبەن.
ژیرەزۆڵەکان هەردەم مەرامدارن، هەمیشە نیازی پیسی شاراوە تیایاندا بەرجەستەیە، بۆیە کاتێک گەمژەکان(گەوجەکان)دەکەونە داویانەوە نەهامەتی نوێ ذووچاری گەمژەکان دەبێتەوە. زۆڵەکان ژیرییەکی خۆیانیان هەیە و ژیریەکەشیان تەنیا خزمەت بە خۆیان دەکات. ئەمانە ئامادەن گشت ڕێگایەک بگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. کاتێکیش گەوجەکانی کۆمەڵگە دەکەونە داوی ئەم چەشنە مرۆڤەوە ڕووبەری تەنگوچەڵەمەکانی کۆمەڵگە زیاددەکات.
ژیرەزۆڵەکان هەردەم و لە گشت بوارەکان(نێوەندی پەروەردە و ئەکادێمیی، نێوەندی رۆشنبیریی، بواری مێدیاکاریی، بواری سیاسەتکاریی، بازرگانیی، و..) کار بۆ مەرامی خۆیان دەکەن و ئەمەش پیشەی بەردەوامیانە. گشت ئەوەی ئەندێشەی ژیرەزۆڵی داگیرکردووە مەرامەکانیەتی. ژیرەزۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. ئەمە کێشەکە نییە، کێشەکە ئەوەیە،کە مەرامی زۆڵەکان کۆتایی نایەت. زۆڵ واتە مەرام. زۆڵیی بێ مەرام بوونی نییە. کاتێک کەسێک دەستدەداتە زۆڵێتی واتە باشترین پەیوەندی لەگەڵ مەرامدا هەیە. مەرامی زۆڵەکان بوونیشیانە؛ واتە بوونی زۆڵەکان بە مەرامەکانیانەوە گرێدراوە. ئەوەی لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیەیە گەوجەکانە. گەوجەکان لە جەوهەری مەرام حاڵینیین. چونکە لای گەوج دونیا بەبێ مەرام بەڕێوەدەچێت.
گومانی ناوێت زۆڵبوون لەگەڵ ڕەوشتدا یەکناگرێتەوە. باشە چۆن؟لەبەرئەوەی زۆڵیی، کە لە خودیخۆیدا پەتایەکی زیانبەخش و ئاکار مەترسیدارە، لەگەڵ زۆڵیی زۆڵدا نەبێت لەگەڵ هیچ شتێکی تردا یەکناگرێتەوە. زۆڵ دەروەسی ئەوە نییە زانکۆ پێویستە شوێنی زانین و ڕوناکبیری بێت، سیاسەت بوارێکی هزریی و بەرپرسیاریەتییە، خێزان کانگای پەروەردەیە، ژن بدەری خۆشەویستییە و….. بۆ زۆڵ باشترین شوێن ئەو شوێنەیە، کە پاشاگەردانی تیایدا سەروەرە. لەناو ئەو پاشاگەردانییە هەمیشە گەمژەکان قووربانی یەکەمی ژیرەزۆڵەکانن.
ژیرەزۆڵەکانی دەمی ئیستامان لە فێڵبازی و تەڵەکەبازیدا سەرسامکەرن. ئەوە دەکەن بیریلێنەکراوەتەوە. دەیانەوێت وێنەیەکی ئەوتۆ لەسەر خۆیان دروستکەن، کە ئەمانە مرۆڤگەلێکی مرۆیی و تێگەیشتووی بە هۆشن. هەر لەبەرئەوە ژیریی کەسی زۆڵ جێیسەرنجە. کارەساتەکە ئەوەیە، کە زۆرجار زۆڵەکان ژیرەکانیان پێدەوترێت. یەکەم نێچری ئەم ژیرەزۆڵانەش هەردەم گەمژەکانە. ژیرەزۆڵەکان، کە فێڵ لە سێبەری خۆشیان دەکەن، کۆمەڵگە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەبەن. گەوجەکان درک بە ترسناکی ئەم جۆرە لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگە ناکەن. نەک هەر ئەوە گەوجە دەبەنگەکان لە یاریی و تەڵەکەبازیی ژیرەزۆڵەکان بەئاگانیین و توانای ئەوەشیان نییە لێکدانەوە بۆ هەلپەرستی و چاوچنۆکیەکانیان بکەن.
لە کۆتاییدا ئەوەش هەر پرسیارێکی دەستکارینەکراوە، کە کێ دەکارێت بۆ لەمەودوا ئارکیۆلۆژیای (هەڵکۆڵینناسی) زۆڵگەرایی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بنوسێتەوە؟ گرنگە نوسینی ئەو بەشە، چونکە زۆڵەکان گاڵتە بە کوردایەتی، مرۆڤدۆستی، ئەڤینداری و گشت بەهاکان دەکەن. کەواتە سەرئەنجام ئەوە دەڵێیم، کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بێباکیشن بەرامبەر بە ئاییندەمان. زۆڵەکان ڕۆژانە نەمامی ناشرینی و دزێوی دەچێنن و لەوسەرەوە بە کوێستان بە ئیمەی دەفرۆشنەوە. ئێمە لەوەش حاڵیین، کە قسە لە ژیرە زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی ئێمە و گەوجە قوربانیەکانی ئەو سێ نێوەندە قسەوباسی زۆری لێدەکەوێتەوە، کە لەم نوسینەدا کەمترینی ئاوڕی لێدراوەتەوە.

ئەم باتە درێژەی هەیە…………

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دۆزی فەلسەفە4 : گەمژە(دەبەنگ) ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە.. ئازاد حەمە

فەلسەفەسازیی کردەیەکی ئاوەزداری قووڵە. ئەمەوادەکات فەلسەفەکردن بریتیبێت لە وردەکاریی ڕاڤەکاریی، پرسیارسازیی کراوە و فرەبیرکردنەوە. کەواتە بەڵێ گەوجاندن (دەبەنگاندن)و فەلسەفاندن یەکناگرنەوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی گەمژەکان ناتوانن فەلسەفییانە بیربکەنەوە. لەم بارەیەوە تێگەیشتن زۆرە و لەم باسە کورتدا بەشێکیان دەخەینەبەرباس.
سەرەتا دەبێت بزانین بیرکردنەوەی فەلسەفیی چییە؟ئەڵبەتە کە ئەوەمان زانی ئەوکاتە لەوە حاڵیدەبین بۆ گەمژە (دەبەنگ) ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە. بیركردنەوەی فەلسەفیی كردەیەكی خودیە و خودی فەلسەفەكردنیش ئەزموونێكە لە بیركردنەوە. بیركردنەوە، كە فەلسەفیی دەبێت بەهۆیەوە فەلسەفەكردن چەكەرەدەكات. كەواتە، فەلسەفەكردن لەناو بیركردنەوەدا دێتەدونیاوە و هەنگاوەكانی خۆی دەنێت. گرنگیی ئاوەزی مرۆڤیش لەوەدایە، کە سازێنەری بیركردنەوەیە؛ واتە دروستکەری فەلسەفەیە.
بەواتایەکی فراوانتر، دەڵێین: فەلسەفەكردن بەگشتی چێژێكە بۆ تێگەیشتن لە خودی چێژی ژیان، لە بەختەوەریی و ئازادیی تاك. دیدگای هزرەڤانە گەورەكانی مێژووی هزریش گەواهیی ئەوە دەدەن، کە فەلسەفە هەمیشە پرسیارە گەورەكانی ناو ژیانی مرۆڤی جووڵاندووەتەوە. بەدڵنیاییەوە کاتێک بیری ڕەخنەیی لەسەر بنەمای فەلسەفیی قووڵ بێت، هەڕەمەكیی و بێبناغە نابێت و دیرۆكی هزریی ڕۆژئاوایش لەو بارەیەوە وانەیەكی زۆری پێگوتوینەتەوە.
بیركردنەوە فەلسەفییەكان لە هیچەوە دروستنابن و ئامانج و پەیامی خۆیان هەیە. ئەوەتا بیرکردنەوەیەک لەگەڵ بیرکردنەوەیەکی تر یان دژە Anti، یان كۆكەPro . لەم ڕێگایەیشەوە بۆچوونەكان یەكتر پەسەنددەكەن، یان ڕەتدەكەنەوە. ئەمەیش كاری هەمیشەیی فەلسەفە بووە و مێژووی هزری فەلسەفییش بەڵگەیە لەسەر ئەم لایەنە. بۆیە چێژی بیركردنەوە چێژە بۆ ژیان، ویستە بۆ تێگەیشتن لە ئازار و ڕاڕایی و لە پەرۆشیی مرۆڤ بۆ مانەوە و خۆکامڵکردن. گشت ئەم گووتنانەش بۆ کەسی گەمژە(دەبەنگ) هیچ مانا و بەهایەکی نییە. لای خوارەوە ڕوونیدەکەینەوە بۆ:
گەمژە(گەوج و دەبەنگ) بێتوانا و ناکارزانە لە ئاست بیرکردنەوەی فەلسەفیی. ئەمە دەرئەنجامە، هۆکارەکەش ئەوەیە،کە گەمژە ئاشنانییە بە ئامرازەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیی(شیکارکاریی، ئارگومێنتهێنانەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و…..). هەروەها کەسی گەمژە (گێل) توانای گومانکردن و لێکدانەوەی بێئەندازە لاوازە و چیپێبڵێیت خۆشباوەڕانە پەسەندیدەکات.ئەمە وادەکات پرسیارسازی ئەو مانایەی بۆ گەمژە نەبێت؛ بۆ گەمژە ئاسانە بێچەندوچۆن شت وەک خۆی قبوڵبکات.
گەمژە کەسێکی جدی و ووردکار نییە و بەسەر شتەکاندا بازدەدات و خێرا خێرا لەبیریاندەکات. تەنانەت توانای وەستانی هەستیارئاسایانە و تێڕاماناویانەی لەسەر پرسەکانیش نییە. گشت ئەمانەش دژە فەلسەفەن. لەوە ترسناکتر ئەوەیە گەمژە(گێل) لە گومان دەترسێ و لەبەردەم پرسیارسازیشا لاوازە. سروشتی فەلسەفە وایە،کە هیچ یەک لەو خەسڵەتانەی کەسی گەمژەی لا پەسەند نییە.
کەواتە لێرە دەپرسین: گەمژەکان پێویستیان بە فەلسەفە هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. بۆ گەمژە فەلسەفە نەک بەس پێویست نییە؛ بوونیشی نییە. فەلسەفە چ پێویستدەکات هەبێت،کە هەموو شتێ سادە و ڕوونبێت. بۆیە بەبێ گوماناوە دەڵێین: ئەرکی فەلسەفە بە پلەی یەک بەرەنگاربوونەوەی گەمژەییە(دەبەنگییە). لەبەرئەوەی لەناو گەمژەییدا بیرکردنەوە بەرهەمهێنەر نییە و سادە و ڕواڵەتییشە. بۆیە گۆکردنی (نەخێر) بۆ گەمژە ئاسان نییە. لەبەرئەوەی گەمژە لە دیدگا و بۆچوونی نوێ دەترسێت و ناتوانێت شتێ بخاتەسەر خەرمانەی ئەوەی سەبارەت بە دیاردە یان ڕووداوێک دەگووترێت. لێرەوە دەکرێت ئەوەش بڵێین، کە بۆ گەمژە(دەبەنگ، گێل) سەختە بپرسێت بۆ؟
سەرنجدەخەینەسەر ئەو لایەنەی، کە گەمژەیی بۆئەم زنجیرە باسە گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم فێربوون و پەروەردە. یان گەمژەیی تەقەلایەکە بۆ خۆدزینەوە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن. فەلسەفە،کە دروستکەری بیرکردنەوە و تێگەیشتنە بەرەو فێربوونی ڕاڤە و گومان و ڕەخنەمان دەبات. ئەمە وادەکات بێژین بڵاوبوونەوەی فەلسەفە، یان گرنگیدان بە فەلسەفە لەناو دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاستی زانین جۆراوجۆر و قووڵدەکات.
کەسی گەمژە لەبەرئەوەی خاوەنی پاشخانێکی فەلسەفیی یان هزرێکی ئاوەزیی قوڵ نییە ڕێک پێچەوانەی دڵخوازانی (شارەزایانی) فەلسەفە لە قسەکردن و گفتوگۆدا ڕەفتاردەکات. چۆن؟ کەسی گەمژە دەخوازێ بە سادەیی و سەرپێی چارەسەری گشت پرسە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و دەروونیەکان بکات و خاوەنی هیچ بیرۆکە و ئایدیایەکی ئاییندەیی نییە. ئەمە وایلێدەکات نەزانێ هەڵەی لۆجیکی چییە و ڕاستی چۆن لەدایکدەبێت و بۆ خەڵک خەمی ئەوەیەتی بگات بە دەرهاویشتە و ئاکام .
بەپێیئەوەی گەمژە بیرچەقبەستوو و بیرکورتە، توانەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و ڕاڤەی بۆچوونی نییە و لێبوردەییەکەشی سادە و کاتییە. هێندە بیرگۆشەگیر و کۆنخوازە کە بەئاسانی ناتوانێت پێمانبڵێت بۆ ئەمە بکەین و بۆ ئەوی دی نەکەین. باشە بۆ گەمژە ئەوەندە نافەلسەفییە؟ لەبەرئەوەی گەمژە هیچ لەسەر ئارگومێنت(بەڵگە)، بەڵگەھێنانەوەی لۆجیکی، هەڵهێنجان، پاساوهێناوەی لۆجیکی و..چی و چی نازانێت. ئەم لایەنانە کە پایەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بیرکردنەوەی لۆجییکیانە دروستدەکەن لە زەینی گەمژەدا مانا و بەهای نییە.
هاوکات گەمژە نافەلسەفییە نەک دژە فەلسەفە. گەمژە نازانێت بە فەلسەفە چی ئەنجامدەدرێت بۆیە ناتوانێت دژایەتی بکات و بۆ ئەو چەنوچون و پرسیارکردن و سڵکردنەوە لە قسە و گفتووگۆ پێویستناکات، ئیدی ئەو لێرەوە بە فەلسەفە قەڵسە بێئەوەی بزانێت ناواخنی فەلسەفە چییە. کەچی لای ئەهلی فەلسەفە مشتومڕی ئاوەزەیی، مەشقێکی هزرییە، کە بنەما لۆجییکیەکان دەیبەنەڕێوە. بۆیە بیری ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەخۆ بۆ گەمژەکان ئەو گرنگییەی نییە.
ئاسۆی بیری فراوان و بەرین لە کەسی گەمژەدا بەدیناکرێت. ئەوەی بەدیدەکرێت زۆر قسەکردن و چەنابازییە و هیچیتر. سەربارئ ئەوە، دیدگای جیاواز بۆ گەمژە بەهای نییە. بۆ گەمژە تەنها ئەوە گرنگە کە ئێمە قسەبکەین و بەس، کە قسەشمانکرد بڵێین: (بەڵێ). بەڵێ تاکە شتە، کە گەمژە لە گووتنیدا زیرەکە. بەواتایەکی دیکە، بیرۆکە و بۆچوون بۆ گەمژە بوونی نییە. ڕاستی هەر ئەوەیە،کە گوتراوە، گووتنی تر بۆ گەمژە سەرئێشەیە و پێویستناکات.
فەلسەفە سەرقاڵی ڕاڤەکردنی جیهانە، گەمژەیەتی سەرقاڵی خۆیەتی. یان بابڵێین فەلسەفە باشترین ئامرازە بۆ گۆڕینی جیهان، گەمژە خۆشی پێناگۆڕدرێت. بۆیە فەلسەفە هەردەم بە داهێنانی ئایدیای نوێ و سەردەمییەوە سەرقاڵە. فەلسەفە لە خەمی مرۆڤایەتییە، لە خەمی ئازادی و هاوڕێیەتی و مافە. گەمژەکان(دەبەنگەکان، گەوجەکان) تەنها لە خەمیخۆیانن و بەس. هەرچی فەلسەفەیە کار لەسەر ئاستبەرزکردنەوەی فێربوون و پەروەردە دەکات تا ڕووبەری زانین و فێربوون بەرین و بێسنووربکات؛ بەوەش فەلسەفە لەکۆتاییدا ئاست بۆ گەمژەیی(دەبەنگیی) دادەنێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

ئەم بابەتە درێژەی هەیە……………




دۆزی فەلسەفە3: گەمژەکان نەزانەکانن یان ئەوانەن،کە خۆیان گێژ(گێل) نیشاندەدەن؟.. ئازاد حەمە

زۆرێک لە ئێمە دەزانێت گەمژە داماوە و هزری نییە، دەوروبەریشمان، کە تەنراوەتەوە بە قسە و کردارە پڕگەمژەکان بۆیە پێویستمان بەوەیە لەوە حاڵیبیین، گەمژەکان نەزانەکانن یان ئەوانەن،کە خۆیان گێژ(گێل) نیشاندەدەن؟گومانمان نییە، کەسانێک بە فیعلی هەن، کە گەمژەن، بەڵام هەشن گەمژە نیین، بگرە یاری گەمژەیانەمان لەگەڵدا دەکەن، واتە دەمانخەڵەتێنن و فریوماندەدەن. ئەمە خۆگێلکردن و خۆگەوجکردنیشی پێدەگووترێت. واتە کەسانێک هەن، دەخوازن خۆیان وانیشاندەن، بێمێشکن(بێعەقڵن، بێئاوەزن)، گەر ئەمە یارییەک بێت و مرۆڤەکان بەمەبەستەوە لەگەڵ یەکتردا دەیکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم یارییە لە پێویستییەکەوە سەرچاوەدەگرێت. پەیڤی گەمژە ئاوەڵناوی تریش بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت، وەک: بوونەدەبەنگ، بوونەگێژ، بوونەگەلحۆ؛ گشت ئەوانەش بەکاربردنی جوداوازی خۆیانیان هەیە.
لەم بەشە زنجیرە نووسینە،کە بە((فەلسەفە و گەمژەیی))یەوە تایبەتە بە چەند پرسیارێکی بنەڕەتی دەستپێدەکەین، کە گفتوگۆی بابەتی((گەمژەیی و نەزانیی)) دەخاتەڕوو: چۆن ڕێگری لە خۆمانبکەین کاری گەمژانە نەکەین؟ باشە گەمژەبوون جۆرێک نییە لە نەزانی؟ ئەی لەناو نەزانییدا زیرەکییەکی شاراوە بوونی هەیە؟ ئایا گەمژە کەسێکی ڕاستەقینەیە یان تەنها ناوێکی ترە بۆ کەسێکی نەزان؟ نەزانەکان ئەو کەسانە نیین پێویستیان بەوەیە خۆیان نەزان و گێل نیشاندەن؟ واتە گەمژەیی کەمییە لە زانین، یان چۆن؟
پێناسەکان بۆ گەمژە یان گەمژەیی Stupidityلە جۆراوجۆرییدایە. هەریەکەو بە شێوازێک پێناسەی دەکات. بۆ هەندێک گەمژەیی بابەتییە و بۆ هەندێکی دیکە خودییە، ئەمەش بەندە بەوەوەی، کە چۆن تەماشای گەمژەیی دەکرێت.ئەوەتا بەپێی فەیلەسوفی ئەڵمانی(کانت) گەمژەیی شکستییە لە دادوەریکردن. کێشەکە هەر ئەوە نییە، چونکە زۆرجار گەمژەیی بە پاشخانی کولتوورییەوە گرێدەدرێتەوە؛ هەندێکجار لەڕوانگەی کولتوورییەوە کەسانێک بە گەمژە و ئەویتر بە بزان دەزانیین. بەڵام ئەمەش بڕیارێکی گەمژانەیە، کە لەڕوانگەی باوەڕی کولتووریمانەوە(بینینمان بۆ بەهاکان) کەسانێک بە گەمژە و کەسانێک بە نەزان بزانیین.
سەرباریئەوە، زۆرجار گەمژەیی دەبەسترێتەوە بە کەمیی ژیرییەوە Smart نەک بە کەمیی زانینەوە. کەمیی لە زانین بە پەروەردە و فێربوونی باڵا چارەسەر دەبێت هەرچی ژیرییە نا. دەتوانین بڵێین، کە بلیمەتی(بلیمەت)دژە جەمسەری گەمژەییە(گەمژە). گەمژەیی کەمیی یان نەبوونی ژیریی و تێگەیشتنە، نەبوونی ئاوەز و هەستە. بۆیە گەمژە Stupid ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە.
لێرە پێویستمان بەوەیە بزانیین، نەزان کێیە؟ کەسێکی فێلبازە یان گێلە؟ چی گەمژە لە نەزان جیادەکاتەوە؟ دەکرێت بڵێین کە گەمژەیی نەبوونی بیرکردنەوەی لۆجیکییە، هەرچی نەزانییە نەبوونی زانیارییە. بۆنموونە گەر گەڕان بەدوای ئەنجامێکی دروست لە زانینەوە بێت، ئایا بۆ گەمژە ئەم هاوکێشەیە چۆنە؟ ڕاستییەکەی نەزان ئەو کەسەیە زانینی نییە. کاتێک زانینی لەڕێگای پەروەردە و فێربوونەوە بەدەستهێنا ئیتر نەزان نییە، بزانە. کێشەکە هێشتا چارەسەر نەبووە. چونکە زۆرێک بزان دەتوانن یاری گێلیەتیمان لەگەڵدا بکەن؛خۆیان گێلدەکەن تا کارەکانی خۆیان بەو خۆگێلکردنە مەیسەرکەن.کەواتە لەمحاڵەتە دەپرسین:بۆچی تاکەکان هەندێکجار بە شێوەیەکی نەزانانە ڕەفتار دەکەن؟کە وایانکرد نەزانن یان گەمژە؟ ڕوونە، گەمژە ئەوانەن مێشک بەکارنابەن؛ جا بەهۆکاری ئەوەبێت کێشەیان لە مێشک(تێکچوونی مێشکیان) هەیە یان کێشەی بۆماوەیی(فسیۆلۆجی).
هەندێک توێژینەوە جەغتلەوەدەکەن، کە کەسێک شتێکی نەزانی کەواتە ئەو کەسە نەزانە. بۆنموونە کەسێک، کە نازانێ خواردنی(پاستە)چییە ئەم کەسە نەزانە، دوایئەوەی زانی (پاستە)چییە بەوە دەبیتە بزان. لێرە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیە، کە گەلێکجار مرۆڤەکان بە هۆی نەزانی و خراپی بیرکردنەوەوە وەک گەمژە دەبینرێن، جاریواشە بەهۆی نەزانیەوە.
ئەو شتەی نایزانی یان کەمیلێدەزانی دەتوانیت دواتر بیزانیت و فێریبیت؛ کەواتە نەزان جیایە لە گەمژە یان گێل. دەکرێت شتێک نەزانی لەئاکامی تەمبەڵی، ئەمە دەرئەنجامی بێباکیی و کەمترخەمیە نەک گەمژەیی. بەمجۆرە، نەزانی کەمییە لە زانیین و لە فێربوون. گەمژەیی دەرئەنجامی نەبوونی زانینە و فێربوونیش بۆ گەمژە هیچ گرنگیەکی نییە. گەمژە ناخوازێ دەستیبگات بە ئامرازەکانی زانیین؛ بۆ گەمژە زانیین هیچ ناگۆڕێت.
زۆرێک دەپرسن: ئایا بەڕاستی گەمژەیی بوونی هەیە؟یان تەنها بەرهەمی بڕیارێکی خراپی ئێمەیە وایاندەبینین؟هەندێک پێیانوایە گەمژەیی پەیڤێکی دروستکراوە، ئەی ئەوەیان چۆن؟؟واتە ئەوە ئێمەین خەڵکانێ وەک گەمژە دەبینین یان ئەوانن وامانلێدەکەن وەک گەمژە بیانبینین؟زۆرجار ئێمە رەفتاری خەڵک و دەوروبەرمان بە ناکامڵ و گەمژانە دەبینین(لێکدەدەینەوە). باشە لەم حاڵەتەدا هەڵەکە لە ئێمەدایە،کە وایدەبینین یان ئەوانن،کە گەمژە و نالۆجیکیانە مامەڵەی دەوروبەردەکەن؟ڕوونتر بێینەگۆ دەڵێن: ئێمەی مرۆڤ پێمان چاکە شێوازەکانی بیرکردنەوەی نالۆجیکی لەگەڵ کات بەرەو کەمی بڕوات. بەس ئایا وایە، یان کۆمەڵگە ڕۆژانە زۆرتر بەرەو گەمژەیی یان نەزانیەکی بەئەنقەست و مەبەستدار دەڕوات؟ توێژەران وایبۆدەچن، کە کەسێک بەمەبەستەوە خۆی نەزان نیشاندا نەزانەفێڵبازە نەک گەمژە.
زۆرجار مرۆڤ وایلێدێت ئاوا لەگەڵ خۆی بێتەگۆ: ئەوە منم نالۆجیکیم یان رەفتار و قسە نالۆجیکییەکانی ئەوانی ترە دادوەرییەکانم نالۆجیکیدەکەن؟زۆرێک نازانن لۆجیک چییە و ژیانیانیش زۆر نالۆجیکی گوزەردەکات، کردە و رەفتاری لە ڕادەبەدەر نالۆجیکییش ئەنجامدەدەن: نالۆجیکیین لە هاوسەرگیرییکردن، لە سیاسەتکردن، لە هاوڕێیەتی و….. . باشە ئەمانە بە فیعلی نەزانن یان گەمژە؟ سەبارەت بەم لایەنە ئەوە دەڵێێن: سەیرەکە لەوەدایە،کە هەندێک کەس گەمژەیەتییان کردوەتە ئامانج؛ پێویستیان بەوەیە گەمژەبن.
بابەتی گەمژەیی ئەم پرسیارەشمان لا دروستدەکات: چۆن ڕزگارمان بێت لەو هەموو گەمژانەی لە دەوروبەرمانن؟ دورخستنەوەی گەمژەکان لە دەوروبەرمان کارێ ئاسان نییە. چونکە گەمژەکان و جۆرەکانیان زۆرن و جاریواشە لە نزیکەکانمانن (هاوسێن، خوێدندکارن،هاوڕێن، کارمەندمان، ….).
ئارگومێنتی سەرەکی لەم شیکارییە پوختە ئەوەبوو، کە بەپێی ئەوەبێت باسکرا،کەسی گەمژە هێندەی کێشەی هزریی هەیە کێشەی جەستەیی نییە. هەندێک لە توێژینەوەکانیش بۆئەوە دەچن،کە گەمژە کێشەی دەروونی نییە. بەڵام ئاستی تێگەیشتن و هۆشەنگیەکەی لە ئاستی خوارەوەی نۆرماڵە. ئەمەو لێکۆڵینەوە لە چەمکی گەمژەییStupidnessبەرەو بۆچونگەلێکمان دەبات ،کە پەچەپۆشینی گەمژەیی بۆهەندێک چارەسەرە بۆبازدان بەسەر تێگەیشتن و بەرپرسیاریی. ئەمەش بەزۆری دەچێتەخانەی خۆگەمژەکردنەوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دۆزی فەلسەفە2: فەلسەفە دژبە گەوجاندن (گەمژاندن) دەجەنگێت.. ئازاد حەمە

فەلسەفە بە گەمژەکان لاوازدەبێت؟ ئەڵبەتە نا. (نا)، چونکە گەمژەکان نامۆن بە فەلسەفە. فەلسەفە، کە لێوانلێوە لە ئاوەز(عەقڵ) لەتەک گەمژەکان یەکناگرێتەوە. گەمژەکان شادن بە نەمانی فەلسەفە، لێ نەمانی فەلسەفە بە نەمانی گەمژەوە، بە نەمانی پرسیارەوە گرێدراوە. پەنجا ساڵ لەمەوبەر ژیل دولۆز Deleuzeی گەورە بیرمەندی فەڕەنسی،پێیوابوو،”فەلسەفەیەک کە زیان بە گەمژەیی نەگەیەنێت و شەرمەزاری نەکات، فەلسەفە نییە”. فەلسەفەی ڕاستەقینە لەوێوە دەستپێدەکات، کە دژ بە گەمژەیی(گەوجیی) Stupidityبجەنگێت.
سەرەتا با پێناسەی گەمژەیی بکەین. گەمژە(گەوج)Stupidکێێە؟ گەمژە تاکێکی کۆمەڵگەیە و مرۆڤایەتیش بەدەرنییە لە دیاردەی گەمژەیی.گەمژە یان گەوج کەسێکی ناهۆشیارە، بێهەستە، کێشەی زیرەکیی هەیە، توانای تێگەیشتنی خراپە و دەشێت ئەم گەمژەییەی(گەوجییەی)زگماکیی بێت. کەواتە گەمژە کردار و گووتنی دوورە لە ئاوەزەوە، لەبەرئەوە توانای ئارگیومێنتهێنانەوەی نییە بۆ کردارە نابەجێکانی دەرک بەوە ناکات سودی بۆ ئەویتر نییە و سودی خۆشی لامەبەست نییە. گەمژە توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆکۆکردنەوەی نییە، زێدەڕۆییدەکات لە رەفتارەکانی و کێشەی سەرنجدانیشی هەیە.
ڕاستە سروشتی فەلسەفە دژ بە گەمژەییە، بەڵام خودی چییەتیی گەمژەبوون پرسیارێکی دێرینی فەلسەفییە. فەلسەفە هەردەم تێکۆشاوە لە گەمژەیی(گەوجیی) نزیکببێتەوە تا ناواخنەکەی بناسێنێت. لەناو فەلسەفەدا شتێک هەیە،کە خودی گەمژەیی هەرگیز نییەتی، ئەوەش داناییە(حیکمەت Wisdom). داناکان بلیمەتن،بەس گەمژەکان گەوجن(گێلن). کێشەکە لە گەمژەییدا هەرئەوە نییە، کە کەسی گەمژە دەبەنگ و گێلە و هەڵگری توخمی ژیریی نییە.کێشەکە ئەوەشە،کە گەمژەکان بیر و دۆگما ڕەقن.هەروەها فەیلەسوفەکان، کە نەیاری ڕاستەقینەی گەمژەکانن، لەبەرئەوەیە، کە گەمژەیی داهێنانی هزریی تیانییە و لەگەڵ بلیمەتییدا یەکناگرێتەوە.
گەمژە نە ئەرکی هەیە نە هەڵوێستوەردەگرێت، لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وادەردەکەوێت رەفتار ناهاوسەنگ و نالێهاتووە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، بێتوانایە لە شیکاریی و ڕەخنەکردن. کەوابێت، گەڕان بەدوای دانایی گەمژەکان هیچ ناخاتەسەر خەرمانەی خودی داناییەوە.هەندێک لە توێژەران بۆ ئەوەدەچن،گەمژەیی و نەزانی هەمان شت نیین. وێڕایئەوە، ئەو توێژینەوانەش،کە پێداگیرییدەکەن لەسەر ئەوەی گەمژە کێشەی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەوەدەچن،کە گەمژەکان شایانی هاوکارین. تا پەروەردەش بێتەخوارەوە گەمژەیی پتر چرۆدەکات.
بەکاربردنی فەلسەفە وەک دژە ژەهری گەمژەیی چارەسەرە؛ چارەسەر بۆ ڕزگاربوون لە نەزانییەک کە دووچاریی گەوجاندنمان(گەمژاندنمان) دەکات. بەڵام بەکاربردنی زانینیی فەلسەفیی کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی گەمژەیی دادەنێت. فەلسەفە وەک گەمژەیی نییە لە مامەڵەی لەگەڵ دڵنیایی و تێڕوانینە پێشوەختەکان. تێڕوانینە پێشوەختە و حوکمە ڕەهاکانمان بۆ گەمژەکان جێگای باس نییە. هەرچی فەلسەفەیە جوانییەکەی لەوەدایە ئەوە هەڵدەوەشێنێتەوە یەقین و دڵنیاییمان تیادروستدەکات. ئەم هەڵوەشاندنەوەیە پێویستە بۆ تێگەیشتن لەوەی دەیزانین یان فێریبووینە.
لەناو گەمژەیدا تاریکیەک هەیە و ناسنەمەی گەمژە تەمومژاوییە، ئاسمانی سەری گەمژە هەورە، بێ خۆرە. ئەوەی گەمژە گۆیدەکات بێمانا و ناڕوونە. کردار و گوتنی زمانەوانیی گەمژە، کە پڕکەند و کۆسپە هەڵقوڵاوی تێنەگەیشتن و نەزانیینە و کوانووی هیچ دید و تێڕوانینێکیش نییە.لەمسۆنگەیەوە دەڵێێن:گەمژە بێتوانایە لە دەرکپێکردن و بەکاربردنی زمان. هەربۆیە کێشەی گوزارەکردنی هەیە و توانای دەرئەنجامدان و گومانیشی نییە.زۆربەمان زۆرجار بەزییمان بە گەمژەکان دێتەوە،چونکە دڵنیایین، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێئاگاییانە ئەنجامدراوە. دەشزانیین گوتنی گەمژە ناواخن بێهەست و بێسۆزە. گەر وابێت گەمژەکان رەفتاری ناڕەوشتی ئەنجامنادەن. بەمجۆرە بۆمان نییە بە گەمژە بڵێین بێڕەوشت. سەرئەنجام،کێشەی ذهنی لە گەمژە نابێتەوە، ئەمەش وادەکات نە زانین تێبگات و نە زانین بخوڵقێنێت.
لە گەمژەییدا بیری باو و شێوازی بیرکردنەوەی کۆنەپەرستانە زاڵە. بنەماکانی هزریی فەلسەفییش لەگەڵ تێگەیشتنی گەوجانە(گەمژانە)دا یەکناگرێتەوە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی شتگەلی گەمژانە شتگەلێکی ناعەقڵانی و دەبەنگانەیە.مەبەست،اتە گەمژە عەقڵ بەپێی پێویست ناخاتەگەڕ، هیچ پەیوەندیەکیشی بە لۆجیکەوە نییە. لۆجیک سەروی گەمژەییە. چونکە کەسی گەمژە(گەوج) ماتوانێت بۆچوون و دیدگای لۆجیکی هەبێت.
سەرباری ئەوەی لایسەرەوە گووترا،فەلسەفەکردن چرکەی هۆشیارییە، کەسی فەلسەفەکار وریا و بەئاگایە؛ کاری تێڕامان و ڕەخنەسازییە. گەمژە هیچشتێک گرێیناداتەوە بە تێڕامان و قوڵبیرکردنەوەوە. هاوکات گەمژە کەسێکی کەمترخەم و بێباکە. ئەوی دەیڵیت بەرهەمی بینین و ئەندێشەسازیی نییە. گەمژەکان(گەوجەکان)کە قسەدەکەن وایبۆدەچن ئەوەی ئەوان دەیڵێن سەنگی مەحەکە و سەرچاوەی فێربوونە. کێشەکە لێرە لەوەدایە، لەناو گووتنی گەمژەدا فێربوون و پەروردە بوونی نییە.
فەلسەفە تەقەلایە بۆ دەربازبوون لە وڕێنە و سادەیی لە بیرکردنەوە. گەمژەکان(گەوجەکان)نووقمی سادەیی و ڕووکەشیین؛ لە سەربەخۆیی عەقڵ تێناگەن و ناشتوانن ڕووبەڕووی بیرکردنەوە نەریتیی و کوێرانەکان ببنەوە. ئەوەی گەمژەکان دەیڵێن گووتنی سەرپێی و قسەی سواو و گووتنی باوی ناوخەڵکە. کەواتە گووتنی گەمژەکان هیچناخاتەسەر ئەندێشەمان و بۆنی دانایی بەهیچ جۆرێک لێنایەت.
فەلسەفە ڕێگا لەبەردەم بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەکاتەوە. لەناو گەمژەییدا ئەمە بوونی نییە. شتێکی ڕوونە، کە فەلسەفە دژ بە زانیاریی و تێگەیشتنی ڕووکەش و ناقوڵە. واتە فەلسەفە، کە داناییە، ئەو داناییە پێکهاتەیەکی قوڵ و بەرینی هەیە. جگەلەوە، فەلسەفە گریمانەکان دەخاتە ژێرپرسیارەوە و گومانیشیانلێدەکات. بۆ فەلسەفە پرسیارسازیی و گومانکاریی گرنگیی خۆی هەیە، هەرچی گەمژەییە نە پەیوەندی بە پرسارسازییەوە هەیە، نە بە گومانکارییەوە.
سەرباری ئەوە، فەلسەفە زانیاریی بڵاوکردنەوە نییە، بەڵکو دانایی دانە؛ لەوەش بگەڕێتەوە فەلسەفە زانین دەدات نەک زانیاریی ڕووکەش و سەرپێی. ئەو سادەخوازیی و ڕووکەشییەی گەمژەکان کاریپێدەکەن دوژمنی پرۆسەی بەڕوناکبیرکردن و گەشەی ئەدەب و هونەریشە. لەژێرسایەی گەمژەیەتیی ئەدەب و هونەر نابن بە کردەیەک لە زانین و داهێنان.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە……………

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دۆزی فەلسەفە1: فەلسەفە دایکە نابایۆلۆجیەکەم بوو.. ئازاد حەمە

فەلسەفە دایکمە؛ پتر لە چوار (دەیە) زیاترە فەلسەفە وەک دایکێکی پەروەردەکاری شارەزاباڵا ڕێنوماییمدەکات، ئاگایلێمە و خەمی منیەتی. ئەم دایکە زۆرزۆر جیاوازترە لە دایکی بایۆلۆجی. مەبەستم، ئەو دایکە ڕاستەقینەیەی(بایۆلۆجییەی)هەر هەموو هەمانە بەجۆرێکی تر خەمی مناڵەکانیەتی؛خواردنلێنان و جلشتن و …. . ئەوانە ئەرکە دایکایەتیەکەی دایکی بایۆلۆجیین. کەچی فەلسەفە وەک دایکی نابایۆلۆجی دوورتر دەڕوات لەگەڵ مناڵەکانی. دایکایەتی فەلسەفە نەمرە، تا ئێمە هەبین فەلسەفە وەک دایک هەیە، کە ئێمە نەماین (ئەو) هەر هەیە و بۆ ئەوانی دیکە دایکایەتی دەکات.
فەلسەفە دایکم بوو. گەر بشخوازین ئەم دایکە نەک هەر بۆ (من) بۆ هەمووان دایکە(دایکبوو)؛ دایکی وا دەگمەن و ناوازە کەم کەس هەیەتی. فەلسەفە وەک دایک ئەو جۆرە دایکەیە، کە هەردەم و لە گشت جێگایەک پشتی پێدەبەسترێت. ئەوجار فەلسەفە، کە دەبێتە دایکمان چاوەڕوانیی زۆری لە ئێمە هەیە؛ لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیش بۆ سەوزبوونی چاوەڕوانییەکان بژاردەیەکی زۆرمان دەخاتەبەردەست.
ئەوینی دایک بۆ ڕۆڵەکەی هیچکات جێگای لەقنابێت. بەس ئەو ئەوینەی فەلسەفە وەک دایک بۆ ئێمەی مرۆڤ هەیەتی ئەوینێکی جودایە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی لەناو پەیڤی فەلسەفەدا ئەوین خۆی مەڵاسداوە(فەلسەفە واتە ئەوین، یان فیلۆ بۆ دانایی، سۆفیا). کە فەلسەفە دەبێتە دایک، ئەوە سەرەتای بیرکردنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە. چونکە مرۆڤەکان هەر هەموو پێیانوایە هەریەکەیان دایکێکی خۆیانیان هەیە؛ دایکێکی بایۆلۆژی دیار. قسەکە لێرە لەو جۆرە دایکە نییە، لەبەرئەوەی فەلسەفە جۆرێکی دیکەیە لە دایک؛ دایکێکی بێوەی، خۆنەویست و پتر لە دایکێکی ڕاستەقینە دایک ترە، فەلسەفە ئەو دایکە نییە تەنها خەمی مناڵەکانی خۆیبێت و بەس.
دایکایەتیەکەی فەلسەفە لەوێشەوە دەستپێدەکات،کە سەرساماندەکات بەخۆی؛دوای ئەو سەرسامییە کتوپڕ داگیرماندەکات. ئەڵبەتە لەناو دایکایەتی فەلسەفەدا دیلبوونێک بوونی هەیە. ئەمە تەنها بۆ ئەوانە دەرئەنجامە، کە لەو دایکایەتییە تێدەگەن. ئێمە لێرە قسەمان لەوانە نییە فەلسەفە وەک دایک نابیین و خۆشبەختیش نیین دایکێکی وەک فەلسەفەیان هەبێت.
ئازار، دڵەڕاوکێ و نائومێدی بەهۆی فەلسەفەوە، وەک دایک، دەگۆڕدرێن بەرەو شتی دیکە. دایکایەتیەکەی فەلسەفە لێرەوە دەستپێدەکات. هەوڵی ئەم دایکە بۆ ڕاهێنانمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی، زاڵبوون بەسەر وڕێنە و شکستیی ئامانجە جوانەکەی فەلسەفەیە وەک دایک. بۆیە، کە دەپرسین: کۆتا ئامانجی فەلسەفە چییە؟ دەکرێت بێ دوو دڵی بڵێین: ئەوەیە، کە ئێمە بە دانایی بگەیێنێت. دایکێک، کە ئەوە بکات پتر لە دایکی بایۆلۆجی دایک ترە.
ئاشکرایە، کە فەلسەفەکردن بریتییە لە بیرکردنەوە. بەری ئەم بیرکردنەوەیە هەر بۆ خۆت نییە؛ هەر بۆ ئەو کەسە نییە لە فەلسەفەدا دایکێک دەبینێتەوە. وەکیتر بابڵێین، کە فەلسەفە ئەندێشەی کەسێکە، ئەم کەسە عەقڵ دەخاتەگەڕ تا بفەلسەفێنێت. بۆ فەلسەفە عەقڵ پێویستیە و پێشمەرجیشە. بەس ئەمە مانای ئەوە نییە، کە گشت عەقڵدارێک (مرۆڤێک کە عەقڵی هەیە) دەکارێت بفەلسەفێنێت؛ هەر لەڕێگای ئەم عەقڵەشەوە دەزانێت بەختەوەریی، باشە، نەگبەتیی چییە. گشت ئەوانەش،کە خاوەنی عەقڵن وەک فەیلەسوف لە چاکە و خراپە، داد و بێدادی، مرۆییبوون و نامرۆییبوون حاڵی نیین.
سەرباری ئەوەی گووترا، فەلسەفە دایکە، دایکێکی میهرەبان؛ دایکێک کە شتمان فێردەکات. ئەم دایکە عەقڵێک دەیجوڵێنێت. گشت جوڵەکانی دایکی وا سەرچاوە لە ئاگاییەوە وەردەگرێت؛ دایک، کە فەلسەفە بوو دەرگا لە گفتوگۆ، فێربووندەکاتەوە. دەسەڵاتی دایک لەم دۆخە دەسەڵاتێکی دایکسالاری نییە. فەلسەفە وەک دایک مێشک فراواندەکات. زۆربەی سوچەکانی مێشک بە گومان و پرسیار و ڕەخنەسازیی داگیردەکات. بۆیە دەنگی فەلسەفە لەناو مێشکا دەنگی دایکە.
فەلسەفە دایکم بوو، دایکە فرەباشەکەم. دایکێکبوو هەرگیز لە دایکایەتی شەکەتنەدەبوو. دایک لە جۆری فەلسەفە هەموو کەس پێویستییەتی، وەلی هەموو کەس نییەتی. ئەمە لەسەر ئەوەش وەستاوە چەند (ئەو) وەک دایکدەبینیت، چی لەو دایکایەتییە داوادەکەیت. کەواتە، فەلسەفە دایکێکە ئازادیی و بەختەوەریی ئێمەی دەوێت. هانماندەدات بەدوای ڕاستییدا وێڵبین، لە کۆنیشەوە ئەم دایکە هەوڵی ڕۆشنکردنەوەی پرسیارە گەورەکانی ژیانی مناڵەکانیداوە.
فەلسەفە کە دەبێتە دایک، پەیوەندیەکەی بە خاکەوە بەهێزدەبێت. لە گشت خاکێکیشدا فەیلەسوفەکان بە مەبەستی پێشخستنی بیری مرۆڤەکان هەنگاوی چاکیانناوە. ئەمە بەو مانایە نایەت ،کە””فەلسەفە تەنها مەشقێکی ئەکادیمی بێت. نەخێر وانییە، بەڵکو “هونەری ژیان”ێکی پراکتیکییە بە ئامانجی گەیشتن بە دانایی””. بۆیە نە چەپاندنی عەقڵ کاری فەلسەفەیە، نە پاشەکشەی هزریی خەونەکەیەتی. پڕۆژەی ڕێنێسانسیش، کە لەناو فەلسەفەدا بوونیادنراوە، ئەمە لە ڕێنێسانسی خودی تاکەوە دەستپێدەکات بەرەو دەرەوەی ئەم خودە.
هاوکات فەلسەفە وەک دایک سنوور بۆ فەشەلی هزریی دادەنێت، کە فەلسەفە سەروەربوو بانگەشەبۆ ریفۆرم کاری بەردەوامیەتی و شتی گەورەشی لێوەبەردێت. ئەمەش کاتێک دێتەدی، کە فەلسەفە دیدی ڕەخنەیی قوڵدەکات. بەواتایەکی دیکە، ڕێگای جیاواز بۆ بەدواداچوونەکانی فەلسەفە بوونی هەیە؛ بۆبەدواچوون بۆئەوەی فەلسەفە چیمان دەداتێ، چیمانبەسەردێنێت. هەر بەهۆی فەلسەفەشەوە دەتوانیین چێژ لە فێربوونی ئەو ئەگەرە بێکۆتایانە وەرگرین کە فەیلەسوفەکان بیریان لێکردۆتەوە .

سەرنج: فەلسەفە لە زۆربەی زمانەکانی بێگانە مێیە. مێبوونی وشەی فەلسەفە ئەوەمان پێدەبەخشێت نازناوی دایکیشی بدەینەپاڵ. بۆنموونە لە زمانی فەڕەنسیی دەگووترێت La philosophie، لە ڕووسی Философия، لە عەرەبی فلسفة، لە ئیتاڵی La filosofia، لە ئیسپانیla filosofía ، لە ئەڵمانیدا die Philosophie،لە پورتوگالی a filosofia، لەو زمانانە لا La ئامرازی ناساندنی ناوی مێیە. کەچی لە هەندێک زمانی دیکە فەلسەفە جێندەر(ڕەگەزی) نییە، بێ لایەنە، نە مێیە نە نێر ،وەک: فارسی کوردی سۆرانی، تورکی، ئینگلیزی…. .

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ڕاڤەیتر4: پەیڤی سوپاس لە کۆمەڵگەی ئێمە لە پاشەکشەدایە!.. ئازاد حەمە

4-

گووتنی سوپاس ئەرکێکی ڕەوشتییە

سوپاس و ناسوپاس دیوی زۆریان هەیە. پەیڤی سوپاس کردەیەکە لە بیرکردنەوە. کاتێک دەڵێیت: سوپاستدەکەم کەواتە تۆ بیردەکەیتەوە. تەنانەت گووتنی سوپاس لە زۆر زماندا هاومانای نرخاندن و دانپێدانانە. بەواتایەکی دی، سوپاس کردەیەکە لە پێزانین و هەڵسەنگاندن؛ خودی سوپاسگوزارییش کۆتایهێنانە بە گازندە و گلەییکردن. هەرچی ناسوپاسە، ئەویش هەر بەرهەمی بیرکردنەوەیە، لێ بیرکردنەوەیەکی نێگەتیڤ.
سەرباری هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و باس و خواسانەی لە زمانە جیاکاندا لەبارەی سوپاسگوزارییەوە کراون هێشتا سوپاسگوزارییGratefulness/Thankfulness کەمترینی لەسەر نوسراوە. هەرچیش لەمبارەیەوە بە کۆمەڵگەی نوێی کوردیەوە تایبەتە ئەوەیە، ھیچکات هێندەی ئەمڕۆ سوپاسگوزاریی لە کۆمەڵگەی ئێمە بێبەها و ئاوا بارخوار نەبووە. ئەمەش لەڕووی ئاکارییەوە ئاماژەیە لەسەر بەدبەختییەکی کۆمەڵایەتیی، کە گووتنی سوپاس لە کولتووری تازەی کورد ڕووی لەکزی بنێت!
کۆمەڵگەی تازەی کوردی پێویستە لەوە حاڵیبێت، کە گووتنی سوپاس قەرزێکە، دەکرێت بە گووتنی سوپاسێک بدرێتەوە؛دەربازبوونیشە لە شتێک، کە قەرزارییەکی ڕەوشتییە، تایبەتیشە بە باشەیەک، کە لەگەڵمانداکراوە. گووتنی سوپاس زۆرێک شت دەگۆڕێت، هەستێک لەویتردا دروستدەکات تا لەسەر باشەکردنەکانی بەردەوامبێت. سوپاس سوپاسی دی بەدوای خۆیدا دێنێت، لەگەڵکاتیشا سوپاسکردن وادەکات پەیڤی سوپاس ببێتە بەرپرسیاریەتیی.
باشە کەی دەڵێین سوپاس؟ سوپاس کات و شوێنی گووتنی هەیە؟ ئەی ڕەچەڵەکی وشەی سوپاس چیە؟ سودی گووتنی چییە؟ یان سوپاس بۆ چ شتێک دەگووترێت؟ کێ سوپاسی کێ دەکات یان کێ یەکەم کەس سوپاسەکە دەکات؟
بۆوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەوێوەدەستپێدەکەین، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، زمانیش، کە بەشێکە لە کردە کۆمەڵایەتییەکان پێکهێنەری ئاخاوتن، گوزارە و دەربڕینەکانیەتی. سوپاسیش لەناو سێستەمی زمانەوانییدا لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئێمەی مرۆڤ پێزانینمان بۆ کردە و کارەکانی خۆمان و ئەویتر هەیە. واتە گووتنی سوپاس دەرئەنجامە.
بەپێی ئەوە بێت لای سەرەوە هێمایبۆکرا، لەمیانەی مرۆڤبوونەوە درک بە گووتنی سوپاسدەکەین. تەنانەت لەناو سوپاسگوزاریدا جوانیناسییەکیش بوونی هەیە. بەواتایەکی دی، سوپاسگوزاریی ھەستیشە. بۆنموونە سوپاسکردنی خودی خۆت. ئەم جۆرە لە سوپاس سوپاسێکی ناوەکیی خودییە. سوپاسکردنی خودی خۆت بەو مانایەدێت،کە هەیت، چالاکیت و خەمۆک نیت. ئەم جۆرە لە سوپاسگوزاریی وزە بەخشە، ناهێلێت پەرت و ماندوو بیت.
سوپاس، کە دەگووترێت دەبێت بەجۆرە گۆیەکەوە بگووترێت، کە هەست بە باشی گووتنەکەی بکرێت، واتە مەرجە سوپاس بە گۆکردنێکی دلێرانەوە،نەک بە غرورەوە، بگووترێت. هاوکات پێویستە سوپاسکردن بە جۆرێک بگووترێت، کە ئەویتر هەست بە نیەتپاکی گووتنەکەی بکات.
لە هەریەک لە زمانەکان گووتنی سوپاس مێژوویەکی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی پێناسەی وشەی سوپاسیش بکەم دەڵێم: سوپاس وشەیەکی سۆزاوییە؛ کردەیەکی ئەقڵی مرۆڤە بەرامبەر بە باشەیەک، خودی باشەش لێرە وشەیەکی رەوشتییە. کەواتە بۆدەبێت گووتنی سوپاس هەبێت؟ گووتنی سوپاس گووتنی شتێکە، بەرامبەرێکە، گووتنە بەرامبەر بەوەی کراوە/دراوە/وەرگیراوە. گووتنی سوپاس گووتنە بۆ چاوەرێنەکراوێک، کە هاتووە/کراوە. کەوابێت سوپاس کردەیەکی بێ بەرامبەر نییە؛ بەرامبەر بە هیچ، بە بۆشایی بوونی نییە.
گووتنی سوپاس دیاردەیەکی کولتوورییە یان پەروەردەیی؟ بێگومان، سوپاسگوزاربوون جگەلە دیوی کولتووریی و ئاینیی دیوی پەروەردەییشی هەیە. پەروەردە لەناو کولتووردا سوپاس بەرجەستەدەکات.
گومانیناوێت، پەیوەندییەکی بەهێز و هەمیشەیی لەنێوان گووتنی سوپاس و پەروەردەدا هەیە. پەیوەندی گووتنی سوپاس بە پەروەردەوە پەیوەندیەکی کۆنە. لە پەروەردەدا ئاکاری باش جێگای باسە. پەروەردە ڕاقییەکان لەگەڵ سوپاسدا دەستلەملانن؛ واشیان لە گووتنی سوپاسکردووە ببێت بە بەشێک لە ئەتەکێت. هاوکات لە زۆر پەروەردەدا (کولتووردا) گووتنی سوپاس گەرم وگوڕی کۆمەڵایەتیی دروستدەکات.
گەر بچینە ناو زمانە جیاکانەوە(روسی،فەرەنسی،عەرەبی،ئینگلیزی، ئیتالی و فارسی…هتد) دەبینین لەڕووی زمانەوانیەوە وشەی سوپاس مێژوویەکی ئێتمۆلۆژی(ڕیشەی وشەسازی) خۆی هەیە، کە سوپاس لەوێڕا هەمیشە ئاماژە بووە، چووشەتە خانەی سەرسوڕمانەوە. بۆیە قسەی من لەسەر سوپاس قسە نییە لەسەر خودی سوپاس و بەس، یان سوپاس وەک ئەوەی یۆنسکۆ رۆژێکی بۆداناوە(چوارشەم،September 21). سوپاس ڕۆژی نییە، لە گشت کاتەکانا ئامادەیە، سوپاس بەردەوامە، چەند کەسیی و خودییە چەندین ئەوەندە دەستەجەمعییە. سوپاس سوپاسیشە لەکاتی خۆیدا. ئەڵبەتە سوپاسی درەنگوەختیش هەیە.
گوتنی سوپاس تەنھا لە ڕاستگۆیی و ئاکاربەرزییەوە سەرچاوە ناگرێت، لەو وزە خۆییە مرۆڤدۆستیەشەوە سەرچاوەدەگرێت لە هەندێک تاکدا دایە. بۆنموونە، ئەوەی، کە تەندروستیت، دەبێت ئەمە هەستی سوپاسگوزاریت لادروستکات؛ هەستی ئەوەت لادروستدەکات تۆ باشیت، لەوە گرنگتر کەسی سوپاسگوزار کەسێکی گەشبینە، گەشبینترە لەوانیتر، چونکە ناسوپاسگوزار هەردەم کەسێکی توڕە و ماندوو و ڕەشبینە، هەرچی کەسی سوپاسگوزارە هەست سادە و هێمنە، ئارام و نەرمتر رەفتاردەکات.
ڕاهاتن لەسەر گووتنی سوپاس لە شوێنی کار و لەناو خێزان زۆرجار فۆرمی زمانەوانی جۆراوجۆر وەردەگرێت(سوپاس، زۆر سوپاس، سوپاستدەکەم، سوپاسگوزارم، دەستخۆش، بژیت و …). هەر لەو بارەیەوە زۆرێک لە توێژەران پێیانوایە سوپاسگوزاریی دروستکەری هەستێکی پۆزەتیڤە لای تاکەکان؛ لای ئەوەی سوپاسدەدات و لای ئەوەش وەریدەگرێت، ئەم هەستە واشدەکات سوپاس ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشە خودییەکانی تاک.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ڕاڤەیتر2: نەگووتراو.. ئازاد حەمە

نەگووتراو ، یان ئەوەی جارێ نەبووە بە گووتن
نەگووتراو، ئەو چەمکە یان دەربڕینەیە جارێ نەبووە بە گووتن. بێگومان نەگووتراوەکان لە فەلسەفەدا جێگای گفتووگۆی قوڵن؛ گومانیشمان نییە گەر نەگووتراوی زۆرێک لە بیرمەندەکان ببوایە بە گووتن، ڕەنگە ئێستا فەلسەفە لە ئاستێکی تری هزری بوایە. گۆکردنی نەگووتراوەکانی(نەگووتراوە بیرلێکراوەکانی) بیریاران مانادارن بۆ ژیانی مرۆڤەکان؛ دەتوانن دەستکاری ژیانمانبکەن. بەڵام ئەوە قەد بێدەنگیی بێنرخناکات. ئەوەتا سپینوزا دەڵێت: جیهان بەختەوەرتر دەبوو گەر مرۆڤەکان ئەو دەمانەی دەبوو قسەبکەن، بیانتوانیایە بێدەنگ بن. لێرەدا بێدەنگی بۆ سپینوزا بە واتای نەگووتن دێت.
هەموو دەزانیین، کە گووتن هەیە، لێ زۆرجار لەناو گووتندا دیوێکی شاراوە، باسنەکراو هەیە، کە دەچێتە خانەی نەگووتراوەکانەوە. ئەوەش باسنەکراو و بەنهێنیکراوەکان لەخۆدەگرێت. وێڕایئەوە، شەڕی نێوان گووتراو و نەگووتراو کۆنە. ئاسانیش نییە دەستەمۆکردنی ئەم جۆرە شەڕە. نەگووتراو پڕ پڕە لە نادیاریی، تارمایی. ئەوەش لەبەرئەوەی نەگووتراوەکان نەدرکێنراوەکانن.
نەگووتراو وەکیتر گۆنەکراوە. گووتنێکە هێشتا نییە. تەنها زمان دەتوانێت گووتراوەکان لە نەگووتراوەکان جیابکاتەوە. ئەڵبەتە زۆرێک لە گووتراوەکان لەیەکدی دەکەن، لێ نەگووتراوەکان لە هیچ ڕووێکەوە هاوشێوەی یەکتر نیین. ئەوەش بەهۆکاریئەوەی نەگووتراوەکان بوونیان نییە بۆیە ناتوانیین هاوشێوەکانیان دیاریکەین. نەک هەر ئەوە، بگرە ناهاوشێوەکانیشیان هەر نیین.
گووتنی مردووەکان هەردەم لە هەلومەرجی نەگووتراودان. ئەوان ڕۆشتن و کۆتاییان بە گووتن هێنا. مامۆستا عەبدوڵا گۆران و سەیاب، یان گرامشی و تشیڤارا، یاخود پێکاسۆ و برێخت ئەوەی گووتیان کۆتا گووتنیان بوو. مردووەکان ناتوانن هیچ بخەنەسەر خەرمانەی گووتراوەکانیان.هەروەها گووتنی مردووەکان لەپاش مردنیان بریتیین لە گووتراوەکانی پێشوویان؛ لە کۆتاییدا ئەوەی ناسنامەی مردووەکان دیاریدەکات نەگووتراوەکانیانە کە بێئاگاینلێیان.
گووتن یان قسە ئەو دەمە هەیە، کە بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە نەما گووتن، قسە، نامێنێت. بەڵام خودی بیرکردنەوە دەشێت هەبێت و گووتنیش نەبێت. ئەمە ئەو بیرکردنەوەیەیە،کە نایەوێت گووتن بەرهەمبهێنێت. بیرکردنەوە کاتێک یاخیدەبێت گووتن، قسەکردن، دەوەستێت. بەمە هیچگووتن دروستدەبێت. مرۆڤیش ڕاهاتووە ئەمە ناوینێت هیچنەگووتن، یان قسەنەکردن.
دەکرێت ئاواش لە نەگووتراو تێبگەین: ئەوەی نەگووتراوە واتە گوزارەلێکراو نییە؛ دەرنەبڕدراوە و هێشتا ئاخاوتنی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، کە گووتن هەبوو، واتە ناسنامە هەیە، شتێک بیریلێکراوەتەوە و پێکهاتەیەکی پەیڤینیشیی هەیە. سەرباری ئەوە، نەگووتراو ئەو شتەشە بێهەستە. لەبەرئەوەی شتەکە نەگووتراوە هیچ هەست و پەرچەکردارییەکی تیادروستنەکردووین؛ نە ئاگاییمان لەسەری هەیە و نە هەڵوێستمان لەبارەیەوە هەیە.
گرنگە لێرەدا و تایبەت بە نەگووتراو هێما بۆ چەمکێکی هاوشانی بکەین، کە بێدەنگییە. کاتێک مرۆڤەکان دەکەونە دۆخی نەگووتنەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن. ئەمە بەو مانایەش دێت، کە نەگووتراو و بێدەنگیی توخمی یەکتریانتێدایە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی هەندێک جیاوازی لەنێوان چەمکی نەگووتراو و چەمکی بێدەنگیی. ڕاستە ئەوەی نەگووتراوە بێدەنگیلێکراوە، بەڵام ئەوانەی نایانەوێ ئەوە بڵێن،کە دەبوو بگووترایە مانای ئەوە نییە بێدەنگن، مانای ئەوەیە نەگووتن بۆ ئەوان خۆشاردنەوەیە لەناو بێدەنگییەکی سەپێنراو، کە پێشناچێت تەمەنی درێژبێت.
قسەکانی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێت، کە نەگوتراو ئەو بەشەیە، کە لە گوتندا نەگوتراوە. بۆ قسەکەر نەگووتن لەوێ بەسوودترە لە گووتن. زۆرجاریش لەبەرئەوەی لە گووتندا ئاشکراکردن و پەردەهەڵماڵین لەسەر شتەکان دێتەئاراوە. کەوابێت نەگووتن سەلامەترە. لێرەوە دەگەینە ئەو شوێنەی بڵێن: نەگووتن لە پەیوەندیدایە بە مێژووی شاردنەوەوە. ئەمە بەو مەرجەی نەگووتراوەکان بریتیبن لە بیرلێکراوی نەگووتراو.
ئەڵبەتە پێویستیشە جیاوازی بکرێت لەنێوان دوو دەستەواژەی نەگووتراودا: دەستەواژەی نەگووتراوی بیرلێکراو و دەستەواژەی نەگووتراوی بیرلێنەکراو. ئەوەی بێدەنگی لەسەری مشەخۆرە نەگووتراوی بیرلێکراوە. ئەوەی لە گووتندا ترسناک و دروستکەری بێدەنگیی و نهێنییە هەر نەگووتراوی بیرلێکراوە. هێما بۆ ئەوەشدەکەین، قوتابخانە فەلسەفییەکانی بیرکردنەوە بۆچوونی فەلسەفیی و زمانەوانی زۆریان سەبارەت بە نەگووتراو و گووتراو خستووەتە ناو ئەندێشەی فەلسەفییەوە، کە ئێرە جێگای باسکردنیان نییە.
گومانیناوێت، نەگووتراوەکان لێوانلێون لە پشگوێخراو و پەراوێزخراوەکان. هاوکات لەبەرئەوەی بە پێکهاتەی نەگووتراوەکانی مرۆڤەکان ئاشنانیین هیچمان لەبارەی چییەتی ئەو گووتنانەوە لەبەردەستانییە، کە دواتر دێن. ئەمەو لەبەرئەوەی نەگووتراوەکان جارێ نەبوونە بە گووتن هیچ حاڵیبوونێکمان لەسەر سێستەمی زمانەوانیان نییە. بۆیە نەگووتراوەکان نە بەهادارن/ و نە بێبەها.
کەی دەگەینە ئەو ئاستەی نەگوتراو بڵێین؟ڕەنگە ئەوە بۆ زۆرێکمان بریتیبێت لە دۆزینەوەی ساتێکی گونجاو بۆ گوتنی نەگوتراوەکان. ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەچاوی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی/ سیاسیی و کولتووریی نەگووتراوەکان جێگای باسە. کەوابێت، بۆ گووتنی نەگووتراو، گووتن دوای بێدەنگییەکی درێژخایەن، پاش ئاشکراکردنی شتێک، یان گووتن دوای توڕەبونێک شتیتر لەگەڵ خۆیدا دێنێت. زۆرجاریش گووتراوە سواوەکان وامانلێدەکەن لە چاوەڕوانی ئەوەدابیین، کەی نەگووتراوەکان دەبنە گووتراو.
کۆتا دیتنمان لەبارەی نەگووتراوەوە، ئەوەیە، کە گەلێکجار مشتومڕکردن لەسەر مانای پشت دەرنەبڕاوەکان مەرج نییە بمانگەیێننە شوێنێک تێگەیشتنمان لەسەر چییەتی نەگووتراوەکان هەبێت. بۆنموونە، فاشیستەکان بەربەستبوون لەبەردەم گووتندا؛ لە دیرۆکی خۆیاندا دروستکەری نەگووتن بوون، ئەو نەختە گووتنەش لە دەمی نازی و فاشییەکاندا گووترا تائیستاش لە گووتراوە پڕبەهاکانن (گرامشی، یاسنینی شاعیر بەنموونە). شاری ئێمەش لە هەنووکەدا دابڕاو نییە لەو ژینگە فاشییەی کە ئاماژەمانپێکرد؛ کە دۆزێکی لە نەگووتراوی بۆدروستکردووین، سەرباری ئەو چەنەبازییەی شارەکانی ئێستامانی تەنیوەتەوە، هێشتا نەگووتراوەکان هەر لە زیادبووندان.

سەرنج: نەگووتراو unsaid/unspoken

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ڕاڤەیتر1: لەدایکبوونی ڕاڤەی تر.. ئازاد حەمە

ئەم نووسینەی بەردەستمان،”لەدایکبوونی ڕاڤەی تر”،دەستپێکی، ئەو زنجیرە نووسینەیە، لەژێر ناوی””ڕاڤەیتر””نیازمەندین کاریلەسەربکەین. ئامانجی سەرەکی لە نووسینی ئەم زنجیرە باسە لەلایەک جەختکردنە لە شکۆی ڕاڤەInterpretation، لەلایەکیتر پێداگیرییە لە پێویستیی بۆ بوونی ڕاڤەی تر بۆ ڕاڤەکراوەکانی لەمەوبەر. لێرەوە دەڵێێن، ڕاڤە نەگۆڕ نییە و گرنگیشە خودی گشت ڕاڤەیەک ڕاڤەیتر بەرهەمبهێنێت. گەر ڕاڤە ببێتە دەرەتانێک و هۆکاری لەدایکبوونی ڕاڤەی تر لەو حاڵەتەدا لێکدانەوە و دیدگای جیاواز دێتەکایەوە. وەکیتر، ویست بۆ ڕاڤەکردن پێویستیشە بۆ دروستبوونی ڕاڤەی نوێ.
وێڕای ئەوە، ئەوەی ئامانجە بنەڕەتییەکەی ئێمەیە لەم کۆمەڵە نووسینە بەناوی””ڕاڤەیتر””ئەوەیە، کە سەرەتا بپرسین ڕاڤە چییە؟دواتر گرنگە ئەوەش بزانین ئەی ڕاڤەیتر چییە؟بۆ ئێمە گرنگە ئەوەش ڕوونکەینەوە،کە کاتێک تر Other دێتە سەر وشەی ڕاڤە، چی بەسەر چییەتی ڕاڤەدا دێت؟
زنجیرە نووسینی ناوبراو کۆششێکە بۆ بیرکردنەوە لە ڕاڤەی تر،کە مانای جیا و تێگەیشتنی نوێ لەتەک خۆیدادێنێت. گومانیشیناوێت، گەر دەرگا لە ڕاڤەیتر نەکرێتەوە ئەوا ڕاڤەکانی پێشوو پەژۆم و بێچارە دەمێننەوە، هاوکات لەدایکبوونی ڕاڤەیتر ڕاڤەکانی ڕابردوو(پێشوو) لە پەژمەرین و ژاکان دەپارێزێت.
ڕاڤە واتە ڕوونکردنەوە. ئەڵبەتە لەناو ڕاڤەدا لێکدانەوە، شرۆڤە، تەفسیرکردن، سەرنجخستنەسە، پاساوهێنانەوە و تەنانەت ڕەوایەتیدانیش بوونی هەیە. لەبەرئەوەی ڕاڤە ڕوونکردنەوەیە، لە ماهیەتی ڕاڤەدا دەربڕین، گووتە و عەقڵانیکردنیش هەیە. زۆر بەکورتی ڕاڤەکردن هێرمێنۆتیکە(تەئویلە) و هیچیتر.
هەرچی ڕاڤەیترە بەو واتایە دێت،کە هەردەم پاش گشت ڕاڤەیەک ڕاڤەیەکیتر(دیکە)بوونی هەیە. لەگەڵ سەرهەڵدانی جۆرێکی دی(دیکە) لە ڕاڤە تێگەیشتنی تر و شیکاریی تازە دێتەکایەوە. ئەو دەمەی کەسێک ڕاڤە بۆ کوردبوون، یان بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، یاخود هاوڕێیەتی یان هەر دیاردە و کێشە و گوتنێکیتر دەکات، بەبێگومانەوە بینینی ئێمە بۆ جۆرێک لە قسەکردن دەبا،کە لە پشت ئەو قسانەوە، قسەی دی(تر) هەن. بوونی ڕاڤەیتر دەرگاکردنەوەیە لە تێگەیشتن و شرۆڤە لە جۆری دیکە.
ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی خودی وشەی ڕاڤە لە زۆر ڕوەوە شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنە. ڕاڤە کە بەدەر نییە لە ژیان خودی ژیان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. مەحاڵە بتوانین لە ڕاڤەکان تێبگەین گەر ڕاڤەیتر سەبارەت بە ڕاڤەکانی پێشتر نەیەنەکایەوە. واتە ڕاڤەیتر نەبێت ڕاڤەکانی پێشتر ھیچی لێ دروستنابێت. ڕاڤەکانی پێشوو بە ڕاڤەیتر دەگەنە چڵەپۆپە لە ماناسازان و تێگەیشتن. بۆ ئەوەی ڕاڤەیتر لەدایکبێت ناکرێت بەهەمان میکانیزمی پێشوو کار لەسەر واتا و دیدگاکانی ڕاڤەکانی پێشوو بکرێن.
ئەو دەمە ڕاڤەیتر لەدایکدەبێت، کە ڕاڤەکانی لەوەوبەر پڕپڕ و سیخناخ نەبووبێتن بە تێگەیشتن و تەماشاکردنی نوێ. ڕاڤەنوێکان هەوڵێکنیین بۆ دەستەمۆکردنی ئەوی پێشتر گوتراوە، بەڵکو ڕاڤەیتر ئەو دەمە دێتەدونیاوە کە ڕاڤەکانی پێشتر لێکترازانیان لەگەڵ مانای ژیان دروستکردووە. وەکی دی، ڕاڤەیتر ئەو ڕاڤەیەیە، کە هێشتا نەکراوە. ئەوە ڕاڤەیەکی نوێیە، کە لە شادەماریدا لێكه‌وته‌ى جیاواز و پەیبردنی تر بە ئێستامانی تیابەدیبکرێت. ئەمەو ڕەگ و ڕیشەی ڕاڤەیتر تەقەلایەکە بۆ پرسیارسازیی لەسەر هەنووکە. بۆئەوەی بە ڕاڤەی تر بگوترێت نوێ، پێویستە ئەو ڕاڤەیە هەر لەسەرەتاوە دەمبەگازندەبێت و شرۆڤەی هەمەلایەن بۆ بەدبینی و خەمناکیەکانی ئێستا بکات.
سەرباری ئەوە، گرنگە گوتنی ئەوەش، کە لێرە، لەم دەڤەرەی ئێمە، نووسین؛ لەجۆری نووسینی ناکاریگەر و بێ ناواخن، زۆر زۆرە، هەرچی خودی ڕاڤە و ڕاڤەکارییە بەدەگمەن چرۆدەردەکەن، جا چ جای ڕاڤەیتر.
بۆپتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی لای سەرەوە گوترا، ئەوەش دەڵێێن، کە لەناو جڤاکی کوردیدا تاکڕاڤەیی بەردەوام کاری خۆی کردووە؛ ئەمەش ئەزموونی شکست و نامۆبوونمانی قوڵترکردووە. تاکڕاڤەیی، کە بکوژی ڕاستەقینەی بەدواداچوون و پەیگیرییە، هەر ئەو شتەشە،کە دەمانبات بەناو پێچاوپێچیی و خواریی لە تێگەیشتن لە ڕاستییەکان.بەواتایەکی تر، تاکڕاڤەیی مەترسیە بۆسەر ئەندێشەمان؛ بۆسەر ئەو دیتنانەی سەبارەت بە خۆمان و دەوروبەرمان هەمانە.
بۆیە کرۆکی زنجیرە باسەکان ئەو پرسە دەجوڵێنێت، کە ڕاڤەکان سەبارەت بە ڕووداو و دیاردەکانی ڕۆژانە دەرفەت لەبەردەم ڕاڤەیتردا دەکەنەوە و زەمینەش بۆ دید و سەرنجی نوێ دەڕەخسێنن. ڕاڤەکان،کە ڕاڤەیتر بەدوایاندا دێت پتر ڕاچڵەکێنەر و کاریگەر دەبن. وەکیتر، ڕاڤەکان لەم سەردەمە تەنگژاوییەی ئێستادا پێویستیان بەسەرلەنوێ راڤەکاریی هەیە.
لەکۆتاییدا هێما بۆ ئەو سەیرکردنە فەلسەفییەش دەکەین، کە پێماندەڵێت ڕاڤەیتر نەبێت تاکڕاڤەیی داگیرماندەکات و زۆربەی بەزمەکانی تەفسیر و لێکدانەوەش لە بوونی ڕاڤەیترەوە دەستپێدەکات.ڕاڤەیتر بۆ بۆچوون و کێشەکان پێویستن، لێ تەحەمولکردنی ئەو جۆراوجۆرییەی بە هۆی (تر)بوونی ڕاڤەوە دێتەسازان، ئاسان نییە. ڕاڤەیتر شتی تر Othering لەتەک خۆیدا دێنێت. شتگەلێک کە لە ڕاڤەی پێشوودا نەبینراوە/درکیپێنەکراوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




خولە فەلسەفێکانی د. ئازاد حەمە

ڤیدیۆی خولی فەلسەفیی((ڕوانگەی هزرەڤانان بۆ ئەدەب ))
Thinkers perspective on literature
وانەی یەکەم: (هزر و ئەدەب)
https://www.youtube.com/watch?v=VkUrlehABO0
وانەی دووەم: (ئەدەب بە فەلسەفە دەوێرێت؟ ئەدەب قەرزاری فەلسەفە نییە؟)
https://www.youtube.com/watch?v=7pFwIHQXgmg
وانەی سێهەم: ئالان بادیو و چاخی شاعیران( شاعیرە بووناویەکان)
https://www.youtube.com/watch?v=3WGbFGxUeJ0
وانەی چوارەم: (رۆماننووسەبیرمەند: ژیل دولۆز لەمەڕ رۆماننووسی لای کافکا)
https://www.youtube.com/watch?v=oE6aPKrWqO0
ڤیدیۆی خولی فەلسەفیی ((فیلۆتێراپی/چارەسەر بە فەلسەفە))
Philosophy Therapy
سێمیناری یەکەم: ((دەرمانخانەی فەلسەفە))
https://www.youtube.com/watch?v=aVz5ueGkPCE
سێمیناری دووەم: (( نەخۆشییە نوێکانی رۆح و دەروون و قوڵبوونەوەی بۆشاییەکانی مرۆڤ))
https://www.youtube.com/watch?v=FNeQgYGr8cE
سێمیناری سێهەم: (( پزیشکە فەیلەسوف یان قوتابخانەی فەیلەسوف کلینیکی پزیشکە))
https://www.youtube.com/watch?v=jU4jzzQlrEU
سێمیناری چوارەم: ((لە کلینیکیی فەلسەفییدا فەلسەفە یان دەروونناسی بڕیاردەرە؟؟))
https://www.youtube.com/watch?v=aon9k6aj9Y4
ڤیدیۆی خولی فەلسەفیی((تێگەیشتنێکی فەلسەفییانە بۆ هاوڕێیەتیی))

وانەی یەکەم: بۆ هاوڕێیەتی؟ هاوڕێ کێ نییە؟.
https://www.youtube.com/watch?v=WTMWxw9RjOo

وانەی دووەم:
1/ هەستی هاوڕێبوون: سود و چێژ و باشە لە هاوڕێیەتییدا
2/ قوربانییەکانی هاوڕێیەتی: بۆ دەبێت ناهاوڕێ بوونی هەبێت؟
https://www.youtube.com/watch?v=LG9pGOtXVxM
وانەی سێهەم:/1هاوڕێ وەک ئەویتر/ هاوڕێیەتیی و بەختەوەریی
2/ خۆمان نابێت ڕادەستی پەیوەندییە ژەهراوییەکان بکەین.
https://www.youtube.com/watch?v=LG9pGOtXVxM
وانەی چوارەم: هاوڕێیەتی بۆ کۆتایهێنان نییە بە تەنهایی.
https://www.youtube.com/watch?v=nMrjD6qy0Mw
وانەی پێنجەم:هاوڕێ خۆتیت یان ئەویترە؟ هاوڕێیەتیی ڕێگایەکە بۆ خۆناسی،گەڕانە بەدوای خۆتێکی تر.
https://www.youtube.com/watch?v=zYDCmx-AgAs
وانەی شەشەم:هاوڕێ و دوژمن: فەلسەفەی سیاسیی دۆست و دژەدۆست(کارل شمیت و هانا ئارێنت .
https://www.youtube.com/watch?v=NFwu3TjZcC4
وانەی حەوتەم:بوونە هاوڕێ واتە خۆشەویستیكردن. نیگەرانیی هاوڕێیەتی لەنێوان (دێریدا و ئاگامبێن) دا.
https://www.youtube.com/watch?v=1B1ned4_eGo
وانەی هەشتەم:هاوڕێیەتی و شار: هاوڕێیەتی نێوان ڕەگەزەکان لە شاردا (مێ و نێر، مێ و مێ، نێر و نێر.
https://www.youtube.com/watch?v=jFUFCGpn_Bk
وانەی  نۆیەم: هاوڕێیەتیی سواڵناکرێت: خستنەژێرپرسیاری هاوڕێیەتیی لە ئێستادا.
https://www.youtube.com/watch?v=I2MQ9xdzVdY
وانەی  دەیەم: داهاتووی هاوڕێیەتیی: دۆزی نادیاری هاوڕێیەتیی لە سەردەمی نیولیبرالیزم و زیرەکیی دەستکرددا .
https://www.youtube.com/watch?v=gsDG9_mzmZw
ڤیدیۆی خولی فەلسەفیی((پێویستمان بە فێربوونی نیتچەیە))
وانەی یەکەم:((تارمایی نیتچە لەناو فەلسەفەدا)).
https://www.youtube.com/watch?v=-Op_JhfQAYU
وانەی دووەم: ((شۆرشی فەلسەفیی نیتچە چی بەسەر پاشخانی هزرییمان هێنا؟))
https://www.youtube.com/watch?v=LUyE6Mz6Y4c
وانەی سێهەم: ((چەکوشکاریی لەناو فەلسەفەدا: ڕووخاندنی بتە درۆیینەکان)).
https://www.youtube.com/watch?v=b6GtC0j5uHI
وانەی چوارەم / فەلسەفە و ژن: ((خوێندنەوەی فەلسەفەی نیتچە لە پەیوەندی بە قامچییەوە، بەپێی زەرادەشتی نیتچە)).
https://www.youtube.com/watch?v=h8TaBSPrZsc
 وانەی پێنجەم: ((نیتچە و ڕەچەڵەکناسی ڕەوشت: ڕیشەی دادوەرییە ڕەوشتییەکانمان)).
https://www.youtube.com/watch?v=Yiv9Ww9qsK4
وانەی شەشەم: ((لەودیو چاکە و خراپەوە چاکە و خراپەی تر هەیە؟؟/ لادانی دەمامکەکان)).
https://www.youtube.com/watch?v=o4YFlJ-WP7A
وانەی حەوتەم: ((ژن لە فەلسەفەی نیتچەدا: دیدی نیتچە بۆ ژن، لەنێوان ڕق لە ژنبوون و ژنناسیدا)) .
https://www.youtube.com/watch?v=2rRUk0bBrMY
وانەی هەشتەم:((نیتچە ڕووداوێکی فەلسەفییە: بۆ زەردەشت دەبێتە دڵخوازی نیتچە؟))
https://www.youtube.com/watch?v=K_oIxGTzbD0
وانەی  نۆیەم: نیتچە ڕووداوێکی فەلسەفییە: ((دەرکەوتنی نیتچە: هیچگەرایی و ویست بۆ مرۆڤی باڵا))
https://www.youtube.com/watch?v=w0Q3HhYGKBg
وانەی دەیەم: سێ کوچکەی( ڤاگنەر، دیۆنیسۆس، هونەر) بریتییە لە جەوهەری ژیان سەما و خۆشی و موزیک.
https://www.youtube.com/watch?v=d24kaM6ulGw
وانەی یانزەهەم: 1/نیتچە و قوتابخانەی فرانکفۆرت ، 2/ نیتچە و پۆستمۆدێرنە فەرەنسییەکان
https://www.youtube.com/watch?v=bd80gvJO0JI
وانەی دوانزەهەم: 1. بەنیتچەبوون و بەنیتچەنەبوون   2. نیتچە و بەگژاچونەوەی فەلسەفییانەی چاخ.
https://www.youtube.com/watch?v=rrO7H7QQS10
وانەی سیانزەهەم : (( 1/پاککردنەوەی فەلسەفە لە نیتچە شیاوە؟ /2فەلسەفەکارانی(روناکبیرانی) پاش نیتچە، نیتچەبوونێک قەرزارنیین؟))
https://www.youtube.com/watch?v=1nJUtQQiomQ
وانەی چواردەهەم: (( 1/ داهاتووی فەلسەفە بەپێی نیتچە 2/ دادوەریی فەلسەفیی نیتچە بەسەر نیتچەوە)).
https://www.youtube.com/watch?v=el7bvxgawtk
وانەی پانزەهەم بەم ناوەوەیە(( /1 نیتچەناسی /2 چۆنیەتی گوتنەوەی نیتچە))
https://www.youtube.com/watch?v=iTGDnjDvfBo



“”مه‌رگ چاوی شینە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””.. ئازاد حەمە

دەربڕینی””مه‌رگ چاوی شینە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە”” بێچووی ئەو دەربڕینە شیعرییەی پۆل سێلانە کە بەمجۆرەیە:””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””. گوزارەی””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە”” گوزارەیەکی هۆنراوەی Todesfuge ی سێلانە، کە نوێنەرایەتی مەرگ دەکات. ئەڵبەتە مەرگێک، کە بەچاوانی خۆت بیبینیت، کە بەدەست چاوشینە ئەڵمانییەکانەوە (نازییەکان) چیی بەسەردێت. مەرگهێنەرەکە بۆ سێلان ئەڵمانییە و چاویشی شین شینە. ئەم لەگەڵ ئەم چاوشینە وەستایە لە کوشتن دیرۆکێکی بریناویی هەیە.
هۆنراوەی ناوبراو هۆنراوەیەکی ئەڵمانی زمانە، بە پڕ قوڵترین و بەرچاوترین هۆنراوەی پۆل سێلان دەناسرێت. لێرەوە سێلان دەستکاری زمانی شیعری ئەڵمانی/رۆژئاوایی پاش جەنگیی کرد. زمانی شیعریی پێش قەتڵوعامی جوولەکەکان(هۆلۆکۆست) و زمانی شیعریی پاش قەتڵوعامەکە دوو ناسنامەی شیعریی جودایان هەیە.
ئەم کۆپلە شیعرییە و باقی هۆنراوەکانی تری سێلان برینی لێدەتکێ. بۆیە گەر بمانەوێ لە پەیوەندی نێوان برین و شیعر تێبگەین باشترە بچینە برینستان، بۆ لای هۆنراوە برینئامێزەکانی پۆل سێلان، ئەو شاعیرە ئەڵمانینووسە هاوچەرخەی، کە هۆنراوەکانی، بۆ بیریارانی ڕۆژئاوا (بادیۆ، دێریدا، بلانشۆ، گادامێر و….) بەهەق ئازارپرژێنبوونە. بۆ زۆربەی فەیلەسوفانیش پۆل سێلان “”بە شیعرە چڕ و ڕاڤەئامێزەکانی ناسراوە، کە زۆرجار بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی زەبر و زەنگ و یادەوەری و پاشهاتەکانی هۆلۆکۆستی کردووە””.
تاڵیی ئەم دێڕە هۆنراوەیەی سێلان(“تانگۆی مەرگ”)لەوەدایە کە لە سەردەمی نازییەکان، لە زۆربەی کەمپەکانی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان، بەندکراوەکان ناچارکراون موزیک بژەنن لە کاتێکدا هەندێکی تر گۆڕ هەڵدەکەنن. ئەم دۆخە مۆسیقای مەرگاویی لەگەڵ خۆی دێنێت؛ مۆسیقاکە بەدەم مەرگەوە دەژەنرێت و ڕیتمی ئەو ژینگە مەرگاوییە لەخۆیدا بەرجەستەدەکات نازییەکان ئوستازەکەین(ماستەر master)، کە بنەما شیعرییەکەی ئەم گوزارەیە یاخییانە و بێکۆتایە. بێکۆتایبوون لە گەرووی سێلان بە هەق بێکۆتایە و توخمی ئازارچەشتنەکەیەتی. گەرووی وی جێی یاریی مەجازی تیانابێتەوە و تاپێشیکرابێت لەناو شیعرا ژیانی دۆزیوەتەوە و ڕەش ڕەشیش ڕوانیویەتە شتەکان. ناڕوونی لە شیعرەکانی سێلان، بەم گوزارەیەشەوە(مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە)، جوانییەکی بە شیعرەکان بەخشیوە کە خۆیانن، بەرهەمی گەروویەکی ڕاستەقینەی تەنگەتاو و بیمارن. دۆزەخی هۆلۆکۆست بۆ سێلان شیعرهێنەربووە، منداڵدانی راستگۆیی بووە لە شیعرا.
لەم گوزارە سێلانیەدا کە””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””،ئەوەش تێدەگەین چاوشین، کە ئەڵمانییە داهێنان لە مەرگی ئەوی تری جوولەکەدا دەکات. ئەم دێڕە شیعرییە لە دەقەکەدا چوارجار دووبارەدەبێتەوە. بەواتایەکی دیکە،ئەو چاو شینەی خه‌ڵكی ئەڵمانیایە، بۆ سێلان، لە مەرگ بەرپرسیارە؛ مەرگ بەسەر بەندکراوەکانا وەک نان دابەشدەکات.
لە هۆنراوەی ناوبراودا، دوانەیی زمان/هزر، شیعر/ هزر کاری خۆی بەهێمنییەکی ڕەشهەڵگەڕاو دەکات. هەر ئەو پێکەوەجووتبوونەشە کە دواتر وادەکات زمان/هزر، شیعر/هزر لای سێلان ئەو شێوازە شیعرییە پڕپڕ ڕەشاییانە وەرگرێت، کە ئاقاری شیعریی پاش هۆلۆکۆستی گۆڕی. ئەمە وایکرد سێلان بە ڕوانگە شیعرییە ئازاراوییەکانی ئەو تێگەیشتنە بۆ شیعر لە مێشکیی فەلسەفیی بیریارانی رۆژئاوایی بسڕێتەوە کە گوایە پاش هۆلۆکۆست شیعر ئاوابووە:”دوای ئاوشڤیتز Auschwitz ناتوانرێت شیعر هەبێت”،گوتنە ناسراوەکەی ئادۆرنۆیە، بیرمەندە دیارەکەی قوتابخانەی فرانکفۆرت،کە رۆژئاواییەکانی تا ساڵانێ ماتکرد. باشە بۆ واگوترا؟چونکە بیرمەندانی رۆژئاوا پێیانوابوو مێتافۆری شیعریی ناکارێت ئەو کوشتار و مەینەتیانە بگوازێتەوە ملیۆنەها لە ئۆردوگاکانی نازیەکان ڕووبەڕوویی ببوونەوە. کەچی وانەبوو، سێلان توانی بە هۆنراوە وەرچەرخێنەرە ڕاڤەئاساکانی بکەوێتەوێزەی زمانی شیعریی پاش هۆلۆکۆست. هۆنراوەی Todesfugeی سێلان و هۆنراوەکانی دواتریشی شایەتحاڵی ئەو وەرچەرخانە شیعریەن، کە قاسەی نهێنی بەختەوەرییە ڕەشەکان واڵادەکات؛ ئەو بەختەوەریانەی دوور ڕۆشتن و ئیدی نەگەڕانەوە. کەواتە هۆنراوەکانی سێلان بەڵگەن لەسەر هاتنی “چاخی شیعر”ی پاش مەحاڵبوون.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین کە یاری زارەکیی لە شیعری نوێی کوردیمان دەبێت بگۆڕدرێت. چونکە ئێمەش هۆلۆکۆست و چاو قاوەیی و چاو ڕەشیی خۆمانمان هەیە و برینستانی پاش ئەو هۆلۆکۆستەش تا چەندین سەدە لە ویژدانمانا دەنگدەداتەوە. بۆئەوەی ئەم ویژدانە ڕاچڵەکاندنی شیعریی/ جوانکاریی/ زمانەوانیی دروستکات پێموایە، شیعری هەنووکەی کوردی پێویستی بەوەیە خۆی بخاتە بەردەم چارەنووسی نادیاریی زمانەوە و هاوکێشەی زمان/هزر و شیعر/هزر باڵ بکێشێت بەسەر ئەو چارەنووسەدا. ئەگەر شیعری تازەمان ئەوەی پێنەکرێت ئەوا بەتەنها دەمێنێتەوە لە دوورگەی یاریی بە وشە؛ دوورگەیەک بۆ ئەوانە داڵدەیە کە لەسەر شیعری هزرهەژار دەژین؛ کە ئەوەش ڕاچڵەکان لە وێنە و جوانیسازیدا دروستناکا. ئیدی ئەمەش وادەکات شیعر پەکیبکەوێت، لەگەڵ کاتیشا وامانلێدێت بێ شیعرییمان پێوەدیاربێت.
دڵشكاوانە دەڵێم: لە سەرووی هەمووشیانەوە، لە وەها ڕۆژگارێكدا، کە تاسەر ئێسک تاکی کورد لێوانلێوە لە گشت جۆرەکانی گرفت ناکرێ شیعر بە مێتافۆری سادە و بێتام خۆیپەروەردەکا، ڕۆچێتە ناو شتی بینراو و باسکراوەوە؛ دەقی شیعریی بێئاگا بشعرێنرێت و داواشمانلێکات بیخوێنینەوە/ گوێیلێگرین. ئێمە هەروەک پۆل سێلان خەڵکی برینستانین، بەم شیعرە ساکار و سەرپێیانە ساڕێژنابین؛ لە وشەسازییەکانی ئەم شیعرەدا هیوایەک بۆ خۆتیمارکردن لە بەدبەختییە بووناوییەکانمان نابینینەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی لای سەرەوە گوترا، لێرەدا بە پەژارەییەوە دەڵێم: هەوادارانی شیعری کوردی لە کەمبوونەوەیەکی زۆردان، نەک لەبەر گۆڕانکارییە بووناوییەکانی ژێرسایەی تەکنەلۆژیای زانیاریی بەڵکو لەبەر بێ سەلیقەیی و ناروناکبیریی زۆرێک لە دەقە شیعرییەکان. لەڕاستیدا واپێویستیدەکرد دەقە شیعرییەکان، لەبەر جۆراوجۆربوونی قەیرانە کەسییەکانی تاکی کورد کار لەسەر گەڕانەوەی لەبیرکراو و ونبووەکان بکا کەچی سەرقاڵە بە یاری بە وێنەی شیعریی بێ چێژ و ناپێویستەوە. بۆئەوەی ئەمە نەکرێت شاعیری نوێی ئێستامان پێویستی بە بیرتیژی و قوڵبیرکردنەوەیە. جا ئەمە ئێستا شیاوە؟
سەرنج:
ئەم گوزارە شیعرییە دێڕێکی هۆنراوەی Todesfuge ی شاعیری فەرەنسی پۆل سێلان Paul Celan ە ، کە بەمجۆرەیە: “”مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””.
Death is a master from Germany
der Tod ist ein Meister aus Deutschland
هۆنراوەی Todesfuge لە دوو وشە پێکدێت، Tod واتە مەرگ و Fuge. لە زۆربەی زمانەکان وشەی fuge هەروەک دەقە ئەلمانییەکە وەک خۆی دانراوە و تەنها وشەی مەرگ وەرگێڕدراوە. سێلان بەڕەچەڵەک رۆمانیەکی جوولەکەی ئەڵمانی زمان بووە، وشەی fuge ڕۆمانییە، لە زمانی رۆمانی بە (هەڵاتن) دێت، وەکیتر بە وشەی (ئاواز)یش دێت. شایانی باسە، سێلان هۆنراوەکەی بە ئەڵمانی لە 1945 دا نووسیوە و ناوی Todesfugeی لێناوە، دواتر هاوڕێیەکی بەناوی Petre Solomon وەریگێڕاوەتە سەر زمانی رۆمانی و ناویناوە “”تانگۆی مەرگ”” و لە 2 ی ئایاری 1947 لە گۆڤارێکی رۆمانی بڵاوکراوەتەوە .دواتر سێلان لە 1948 دا بە زمانی ئەڵمانی و بە هەمان ناوە ئەڵمانیەکە Todesfuge بڵاویکردوەتەوە.
لەبەر جوولەکەبوون خێزانی سێلان لە دەمی نازیەکان دەکەونە ئۆردوگا زۆرەملێکان و پاش ماوەیەک باوکی دەمرێ و دواتر دایکی بەدەستڕێژی گوولە لەلایەن نازییەکانەوە دەکوژرێت. دوایئەوەی ئۆردوگاکە دەکەوێتە دەستی لەشکری سووری سۆڤیەتی جارانەوە سێلان دەربازی دەبێت و لەگەڵ کات بەرەو پاریس دەڕوا بۆ ژیانکردن و کاری نووسین. برینی ئەو ڕۆژانە لەگەڵ سێلان دەژی تا لە 21 ی نیسانی 1970 ، کە لەسەر پردی میرابۆ Mirabeau خۆی هەڵدەداتە ناو دەریای سێن Seine لە پاریس و کۆتای بە برینەکانی دێنێ.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




“ئێوارەیەک، جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا – بینیم تاڵ بوو. – جنێومپێیدا”.. ئازاد حەمە

ناشرینییناسیەک لەم دەڕبڕینە سەرسوڕهێنەرەی شاعیری نوێخوازی یاخی و ڕێچکەشکێنی فەرەنسی رامبۆ Rimbaud پەنهانە، کە دواتر بەرەو تێڕامانمان دەبات لە جوانیناسییەک، کە لە هەناوی ناشرینییدا خۆیمەڵاسداوە. بۆیە دەخوازین بپرسین: ئەوەی شایانی تێهزرینە لەو دێڕە شیعرییە وێنە شیعرییەکەیە یان ئەو دیدگایانەیە پێشتر لەسەر جوانیی هەمانبووە و، ئەم دەربڕینە شیعرییە پوچەڵیدەکاتەوە؟ ئەوەی لە دووتۆیی ئەم دەربڕینە شیعرییەی رامبۆی تاقانە پەپیپێدەبەین بینینی دیوی ناوەوەی جوانییە،کە لێدانە لە جەوهەری جوانیی، کە ئەوەش کۆششێکە بۆ تێکشکاندنی ڕێساکان(لەوانە:ڕێسای جوانیناسی جوانیی)سەبارەت بە دیتنی جوانیی. ئەم تێکشکاندنە تەنها ڕووی زمانەوانیی و دواتر ڕووی جوانکاریی نییە، بەڵکو ڕووی رەوشتیشی هەیە. دێڕەکەی رامبۆ تەقەلایەکی ناهێمنانەیە، سوکایەتیکردنە بە جوانیی، بۆ بیرخستنەوەی جوانیناسی ناشیرینیش؛ ئەمەو لێدانێکی ڕادیکالانەی ڕێسای شیعری کلاسیکیشە،کە هەردەم مشەخۆربووە لەسەر چەمکی جوانیی. بەمجۆرەبێت جوانیی ئەوە نییە،کە خۆیمان نیشاندەدات؛ لە ناواخنڕا ناشایان و ناشیرینە(زەقنەبووتە).
بۆ گەیشتن بە نەزانراو لە شیعردا، کە ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، لێرەوە دەپرسین: شیعر ڕووبەرێکە بۆ بەرهەمهێنانی دیدگاکان، بەتایبەت دیدگا نەزانراوەکان؟واپێویستدەکات شیعر بەدواداچوون بۆ نادیارەکان (نەزانراوەکان)بکات، جا ئەوە چ لەناو ئاییندەدا بێت وەک هاوڕێیەتی، تەنیایی،چ ئەوەی جارێ گۆنەکراوە سەبارەت بەوەی دێت لە دواتردا. مەبەست، هێشتا ئابرووچونەکان، کە جوانیی دەتوانێت بۆمانیبهێنێت، بۆ زۆرێکمان ئاشکرا نیین. گشت ئەوانەش پەیوەندییان بە زەبری جوانیەوە هەیە. بەشێک لەو زەبرە تەنها بە لێدانی جوانیی یان ئاشکراکردنی ڕووی دزێوی جوانیی دەرناکەوێت،بەڵکو بە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ ناشرینییش دەردەکەوێت. لێرەوە دەکرێت قسەلەسەر تاڵی جوانیی و شیرینی ناشرینیی بێتەپێش. ناشرینیی دەمێکە ژێردەستەی جوانییە و لەو بەینەشدا مرۆڤایەتی قووربانییەکی زۆری داوە.
شیعر ڕێگەمان پێدەدات بە وشەسازیی شیعریی چەمکگەلێکی وەک بێدەنگی، نەبینراوەکان بگۆڕین بۆ دەنگ و بینراو. بۆنموونە،چەمکی جوانیی لەم گوزارە شیعرییەی رامبۆ(“”ئێوارەیەکیان،جوانیم خستەسەر ئەژنۆم– تەماشامکرد تاڵ بوو.–سوکایەتیمپێکرد””)ئەو جۆرەیە لە چەمکە نادیار و شۆکهێرەکان،کە گاڵتەجاڕی لە هەناویاندا بەرجەستەیە. نەبینراو و نەگوتراو لەو دێڕە شیعرییە دیدگایەک لەسەر جوانیی دەوروژێنێت،کە ئاماژەیە لەسەر گۆڕینی سەیرکردن بۆ کیمیای جوانیی. ئەم کیمیا نوێیە خۆی لەسەر سەلیقەیی لە گاڵتەکردن بە جوانیی و نادڵنیابوون لە جوانیی بونیاددەنێت. جوانیی لێرە زاڵمە و ئامانی بۆنییە.
رامبۆ لەو دێڕەدا هیچ لە جوانیڕا ڕانابینێت. لەوە ترسناکتر ئەوەیە،کە جوانیی گشت ئێمە بەخۆیەوە گرفتاردەکات و تامیشی تاڵە. بەمجۆرە سەرکۆنەکردنی جوانیی تەنها کارێکی جوانیناسییانە نییە لەسەر چەمکی جوانیی بەڵکو ئەرکێکی رەوشتیشە.ئەو ئەرکە رەوشتییە دەرفەت دەرەخسێنێت لە بنچەی جوانیی حاڵیبین و لەو فریودانەش(هەڵخەڵەتاندنەش) بەئاگابین،کە جوانیی دەتوانێت لەگەڵ خۆی بیهێنێت.
لەسەر بنەمای ئەو دیتنەی لای سەرەوەمانبێت،جوانیی لە گەرووی ئەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ تراویلکەیە(سەرابە)، دەستکارییکردنی جیهانبینی شیعرە بۆ خودی چاوەڕوانییەکان لە جوانیی. گەر جوانی ئەوە بێت خودی جوانی ڕایهێناوین لەسەر ئەزموونکردنی خۆی، ئەوا جوانیی بەس نییە. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ڕەچەڵەکی جوانیی ناشرینییە. جوانیی،کە بەرگەی ناشرینیی ناگرێت شێلگیرانە کاری خۆیدەکات؛ کار بۆ ئەوە دەکات هەر خۆی هەبێت و بەس. جوانیی غەدارە، هێرشبەر و داگیرکەرە.
پرسی جوانیی لەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ پێکۆڵییە( پێداگرییە)لە تاڵی تامی جوانیی. چونکە جوانیی لە بنڕا خاکەڕا و سادە نییە. جوانیی تابڵێت پەژارەییهێنەر و شۆکهێنەرە بۆ ئەوانەی لە چاوەڕوانی ئەوەدان جوانیی شتێکی زۆریان پێببەخشێت. هاوکات گومانی ناوێت ئەم گوزارە شیعرییە شاکارگەلە؛ زەوییەکی بەپیتە بۆ بینینی دیوە شارەوەکانی جوانیناسی جوانیی، دانهێنانیشە بە شتگەلێک لە جوانییدا پەنهانە؛ وەک تاڵیەکەی، فریودەرییەکەی. بۆیە بۆ رامبۆ سوکایەتیکردن بە(جنێودان بە)جوانیی تۆمەت نییە، تەقەلایەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندی ناساکارانەی نێوان جوانیی و ناشرینیی.
بەهۆی ئەم دەستەواژە شیعرییەی رامبۆوە دوا قسەمان سەبارەتدەکەین بەو دۆخشێواوییەی شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانکارییەوە دووچاریبووە، کە بۆ زۆرێکیش ڕوون نییە بۆ شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسیەوە بەو دەردەبراوە؟ واتە بۆ خەڵەتاوە بە جوانیی/ ئەوە دەرئەنجامی هەوڵ بۆ پێشەنگبوون بووە یان بێئاگاییبوون لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر جوانییدا هاتووە؟
چۆن شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسییەوە خۆی بێت؟ ئەم خۆبوونە ناشێت لەوێوە دەستپێکات ئەو هەموو ناجوانییانە یبینێت، کە بەردەوام ڕۆژانە دەیژێت؟ کەوابێت بۆدەبێت ئەو هەموو جوانییە درۆیینانە لەناو شیعرەکانیدا هەبن؟گەرووی شیعری نوێی کوردی ،زۆر بەدەگمەن نەبێت،خۆی نییە، لە خۆی نامۆیە و بوێرنییە لە بینینی ناشرینیەکان. دەستەواژە شیعرییە نوێکانمان لەگەڵ لۆژیکی ئەو دونیا ناشرینەی شاعیر بەردەوام دەیژێت یەکناگرێتەوە. چەمکە مۆدێرنەکانی ناو دەقی شیعریی ئێستامان تاڕادەیەک هەرهەموو کۆیلەی جوانیین و ترسنۆکن لە بینینی دیوی ترسناک و هەڵخەڵەتێنەری جوانیی سەردەم.
سەرئەنجام ئەوە دەڵێین،کە شیعری هەنووکەی نوێمان مژدەی تێگەیشتنێکی نوێی بۆ ناشرینیی پێنییە؛ بۆ ئەو جوانییەش پێنییە،کە داگیرکار و چەوسێنەری ناشرینییە. بۆیە هیوام بەو شیعرە کوردییانە نییە بانگەواز بۆ جوانییەک دەکەن لێوانلێوە لە درۆ. هەر ئەم درۆیەشە ڕێگانادات تێگەیشتنی ڕەخنەیی سەرهەڵدات سەبارەت بە ڕەچەڵەکی جوانیی و ئەو غەدرەی جوانیی لەڕووی مێژوویەوە لە ناشرینیی کردوویەتی. ئەم خواستەی ئێمە هۆشیارییەکی فراوانتری دەوێت لەوەی ئێستا سەبارەت بە جوانیی لای شاعیران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی کورد لەئارادان….. .بەداخەوە، ناشرینیناسی هەواڵێکە و جارێ نەگەیشتووە بە شاعیرەنوێخوازەکانی هەنووکەمان.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

—————————–

سەرنج: ئەم گوزارە شیعرییە دێڕێکی شیعری شاعیری فەرەنسی رامبۆ Arthur Rimbaudیە لە”وەرزێک لە دۆزەخدا”، کە بەمجۆرەیە:
Un soir, j’ai assis la Beauté sur mes genoux – Et je l’ai trouvée amère. – Et je l’ai injuriée.
.




بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا.. ئازاد حەمە*

بۆ بەندە مشتومڕاویترین بابەتی سیاسیی، لەم هەلومەرجە ناساغەی ڕۆژئاڤا تێیکەوت، کە ئێمەی کوردی لە گشت شوێنێک سەرقاڵی خۆیکرد، تەنها هەڵوێستی نامەردانەی ئەمەریکایەکان نەبوو، بێدەنگیی جوولەکەکانیش بوو. ئەم بێدەنگییە گشت ئەو بێدەنگییانەی دیکەی بیرخستمەوە لە ڕابردوودا سەبارەت بە بەسەرهاتە تاریکەکانی کورد پیادەکراون(لەباربردنی سیاسییانەی کۆماری مەهاباد، تواندنەوەی شۆڕشی گوڵان، پشتگوێخستنی زەبرەکانی بەعسیزم بەرامبەر بە کورد و….. ).
پێشتر، لە کارە تێیۆرییەکانمدا، هێمام بۆ ئەوە کردووە، بێدەنگیی نە بێلایەنە و نە هەتاهەتایە؛ وەکیتر پڕیشە لە ئاماژە و گوتنی نەگوتراو. ڕاستە بێدەنگیی سوودی خۆی هەیە و بێدەنگەکانیش بەزۆری گۆشەگیرن، وەلێ ئەمە تا ئەو شوێنە تەندروستە، کە بێدەنگیی ڕەهانەبووە؛ بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بەو دۆزە سیاسییەی ڕۆژئاڤا، کە پڕە لە زیان ڕەهایی لێدەتکێ.
ئێستاشی لەگەڵ بێت، لە چاوەڕوانی ئەوەداین، تەقەلایەک بۆ گوزارەکردن، فۆرمێکی تر لە دەڕبرین لەلایەن جوولەکەکانەوە سەبارەت بە دۆزی کوردانی ڕۆژئاڤا بەڕێوەبێت. جوولەکەکان، کە خۆیان قووربانی پەلاماردان و داگیرکاریی و بەکاربردنن دەبوو بەفەرمی لەو دۆخە ناهەموارە بێنەگۆ، کە لە شارەکانی ڕۆژئاڤا دەگوزەرێت.
گومانیناوێت، بێدەنگیی نەبوونی گوتنە، ماناداریش هەردەم لە قسەنەکردندا هەبووە، بەڵام بێدەنگیی جوولەکەکان لە سەرانسەری جیهان خۆی وەک کردەیەکی پووچ و بێمانا نمایشکرد. لەبەرئەوەی نەگوتن هەڵوێستە، بۆ ئێمە بێدەنگی جوولەکەکان برینی سیاسیی لەگەڵخۆیدا هێنا.
هزرەڤان و ڕوناکبیرە گەورەکان، کە زۆرینەیان جوولەکەبوونە، هەردەم لەڕێگای تێهزرینەکانیانەوە زەمینەیان بۆ تێڕامانی قوڵ و فۆرمیتر لە بیرکردنەوە خوڵقاندووە، ئەوان بوون دەیانگوت لە کاتی غەدر و نادادییەکاندا ئاسان نییە بێدەنگیی. بۆیە لەم چرکەساتە، بۆ ئێمەی کورد، بێدەنگیی جوولەکەکان ناشرینە و وەک باشەیەک تەماشاناکرێت. ئەوەی لەمحاڵەتەدا شتەکان سەرلەبەردەگۆڕێت خودی دەنگە(گوتنە). بەڵێ دەنگی جوولەکەکان هێزە و زۆر شت لە دۆزی ڕۆژئاڤا دەگۆڕێت؛ دەنگیان مانادارییە و هیوای لەسەرهەڵدەچنرێت.
بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا وایلێکردم ڕقم لە بێدەنگیی ببێتەوە؛ وەک دیاردەیەکی چەپەڵ و ناخۆشەویستیش تەماشایکەم. بەپێچەوانەی ڕێساکانی بێدەنگییەوە، کە جوانی و شکۆی تیایە، بۆ ئەمڕۆی ئێمە چەنەبازیی و زۆربڵێی جوولەکەکان پێویستبوو. دەمانخواست جوولەکەکان بە ژاوەژاو و چەنەچەنی سیاسیی کاسمانکەن و دونیا لەو زوڵمە بەئاگابهێنن لە ژه‌نراڵ مەزڵوم دەکرێت. داخیگرانم، ژه‌نراڵ مەزڵوم تەنیا و خەمۆک کرا. هیچ شتێکیش لە خەمۆکی سیاسیی مەترسیدارتر نییە؛ ئەمەیان لەڕووی مێژووییەوە، لەدێرزەمانەوە جوولەکەکان چەشتوویانە. خەمۆکیی وا گەلۆ تەنها داڕمانی دەروونی و پەشێویی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، پێش هەموو شتێک داڕمانی سیاسیی و ماڵوێرانیی نەتەوەیی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.
کاشکێ جوولەکەکان (ژورنالیست و سیاسیی و ڕوناکبیرانیان) سەبارەت بە ڕۆژئاڤا چەنەیانلێدەدا، گرنگ قسەیاندەکرد و زیادەڕۆییان لەسەر دۆزی ڕۆژئاڤا لە گوتندا دەکرد.لەم حاڵەتەدا چەنەچەن و زۆربڵێی جوولەکەکان دەبووە دەرفەتێک بۆ جۆرێکیتر لە بیرکردنەوە، هاتنەکایەوەی گوتنی سیاسیی دیکە.
گومانم نییە، بێدەنگیی شکۆی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەو کاتانەی گوتن، دەنگ، هیچ ناگۆڕێت. وەلێ بۆ ئەم ساتەوەختەی ئێمە شکۆداریی لە زۆر گوتندایە، بەتایبەت گوتنی ئەوانەی(جوولەکەکان بە نموونە) شتەسەرەکییەکان سەرلەبەر قڵپدەکەنەوە. لێرەدا لەگەڵ تێگەیشتنێکی نیتچەدام: ئەو ڕاستیانەی بێدەنگدەکرێن ژەهراویدەبن. بەڵێ، یەک دونیا ڕاستی لە هەردوو گەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نێژران. پێویستمان بە قوڕگێکی جوولەکانە هەبوو چەنەبازیی و زۆربڵێی بەسەر راستییەکانەوە بکات، وەلێ درێغا و حەیف نەکرا.
ئەوەی بیرمەندە جوولەکە ئەوروپاییە بلیمەتەکان لە سەدەکانی رابردوودا کاریانبۆکرد داهێنانی چەمکگەلێکی وەک: یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، پێکەوەژیان یان بانگەوازی ئاشتەواریی بوون، کە بەداخەوە واخەریکە تەنها دەبنە خواست و چەکی داماو و لاوازەکان نەک هێزدارەکان.
ڕاشکاوانە بێمەقسە ساڵانێکە لە سۆسیال میدیای جیهانی عەرەبی، ئێمەی کورد بەوە تاوانباردەکرێین داردەستی ئیسرائیلیەکانین لەناوچەکە. لەمەشا لە ڕقلێبوونی عەرەبەکان زیاتر هیچمانلێدەستنەکەوت. ئەوەش هەر چەواشەکاریی لە دونیای سیاسەتی ناوچەکە بۆدروستکردین، کە جار جار بەرپرسێکی سیاسیی جوولەکە دەیدایە شانوباڵمان؛ قسەیان لە ئاواز و هەڵپەرکێ و خواردنی بەتامی کوردی دەکرد.
کۆتا گوتنم لەم بارەیەوە ئەوەیە، ئەم چەند رۆژەی تێپەڕی دەبێت ئەوەی فێرکردبێتیین، کە بۆلەمەولا پێویستە زۆرترین سێمینار و کۆڕبەند و پانێل، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، بە بابەتی گرنگیی دەوڵەت و چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەتەوە تایبەتکرێت، نەک بابەتی ڕوناکبیریانەی مردارەوەبوو.

  • ئازاد حەمە
    پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی



بەکورتی40: سێبەر.. تارماییەک لەناخی هەریەکێکماندا خۆیمەڵاسداوە.. ئازاد حەمە

ڕاستە واتای سێبەرShadowدیاردەیەکی فیزیکییە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤدا پڕە لە ناڕوونی. سێبەر، کە شتێکە لەنێوان ڕووناکی و ڕووکاریی ئاماژەشە بۆ دیوە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ، وەک: کەوتنە زۆنی سێبەرەوە، خۆشاردنەوە، نادیاربوون و…. . هەروەها سێبەرکردن یاخود کەوتنە بەر سێبەرەوە مانەوەیە لە تارمایی Ghost و بوونیشە لە تاریکییدا. لەناو سێبەردا ڕووناکی ئاوابووە و ژیان لێڵ و نادیارە. کەواتە،کە سێبەر هەبوو وێنەیەکی ڕوون بۆبینیین بوونی نییە. ئەوانەی دەکەونە ناو سێبەرەوە کەسانێکی تارماویی، نادیار و فانتۆم Phantomن. ئەمە بۆ ئێمە مانای ئەوەیە، لەئیستادا کەتووینەتە ناو سەردەم و کاتێکەوە پرە لە شەبەح و تارمایی؛ ئەوەتا هەموو لە تارماییدا پەرە بە بوونی خۆیان دەدەن، چەترێک، سێبەرێک ڕایگرتوون؛ ئارەزووی زۆنی تارکیدەکەن، چونکە لە تاریکیدا هەست بە بوونی خۆیاندەکەن.

وێڕایئەوە، لەناو تاریکییDarknessدا هەردەم ترسێک زیندووە، سێبەریش تاریکییئاسا بێبەری نییە لەو ترسە. ئەوانەی لە سێبەردا دەژین هەمیشە تارماییەک ڕاویاندەنێت. دەرکەوتن لە سێبەردا ئاماژەیە بۆ نادیاریی، بۆ ونبوونی جەستە و مانەوە لەناو تاریکییدا. لەبەرئەوە کەوتنە ناو سێبەرەوە دەرنەکەوتنی جەستەیە، توانای ئامادەنەبوونە بە ئاشکرا.

ناوچەی تاریک ئەو شوێنەیە ڕووناکی نایگاتێ و ناوچەیەکی تارماییدارە. بۆئەوەی سێبەر هەبێت پێویستە ڕووناکی نەبێت، یان ڕێگرێک لە دروستکردنی ڕۆشنایی هەبێت. ئەوانەی پێویستییان بە تاریکییە دوژمنی ڕۆشنایین، چونکە تارمایی تاکە داڵدەیانە.

لێرەدا پۆلێک پرسیار تایبەت بەوەی لای سەرەوە باسکرا دەخەینەڕوو: سێبەر چییە؟ سێبەر دژە جەمسەری ڕووناکییە یان بەشێکە لە ڕووناکی؟ سێبەر یان تارمایی ڕەهەندی خۆی نییە؟ مانەوە لە سێبەردا نێگەتیڤە؟ ژیانی لێڵ یان ژیانی تاریک چ جۆرە ژیانێکە؟ باشە گفتوگۆی سێبەر نامانباتەوە ناو گفتوگۆی تاریکیی؟ تاکەی مانەوە لە تارماییدا؟بۆچی بۆزۆرێک تارمایی ژیانە؟ ئەوە وێنە یاخود جەستە نییە سێبەری خۆی دروستدەکات؟ گەر بەڵێ،کەواتە بۆ ترس لە سێبەر؟بۆ لە سێبەردا دیدگاکانمان بەخێوکەین؟چ جۆرە هەڕەشە و نیگەرانییەک لەپشت مانەوەمانە لە سێبەردا؟چیبکەین تا مۆم و چراکانی ناو ناخمان بۆهەمیشە ڕووناکیی بەخشبن؟

سێبەر چییە؟ کاتێک دەپرسین سێبەر چییە دەکەوینە ناو پرسیارێکی دیکەوە، ئەی ڕووناکی(ڕۆشنایی)چییە؟ هەروەها ئەوەش، کە چۆن سێبەر پێکدێت چییە؟ لە گفتوگۆی سێبەردا زانستی فیزیا دیارترین زانستە کە، لەو بارەیەوە گفتوگۆی تۆکمە و بەرین دێنێتەگۆڕێ. دەبینین لە زانستی فیزیادا لە باسی سێبەر دەکەوینە ناو باسی ڕووناکییەوە؛ هەروەها سێبەری تەواو و نیوەسێبەر. دەکرێت واش لە سێبەر تێبگەین، کە شێوە، فانتۆم، هەڕەشە و نیگەرانیشە.

ئەدی تارمایی چییە؟ تارمایی بریتییە لە ناوچەیەکی تاریک. ئەوکاتە دێتەدروستکردن کە ڕێگرییەک دێتەبەرپێی ڕووناکیی. ڕوونتر بێینەگۆ: سێبەر شتێکی سەرەکیمان بیردەخاتەوە، کە زۆر پەیوەندیدارە بە ڕووناکییەوە، کە دژە جەمسەری سێبەرە، ئەوەش ئاوابوونی خۆرە.

ئاوابوونی خۆر هاتنی تارکیی و لێڵیە. کەوتنە ناو سێبەریشەوە، یان مانەوە لە سێبەر هەر ئەو مانایەی هەیە لای سەرەوە هێمایبۆکرا، کە سێبەر نیشانەیە لەسەر نەدیتن، خۆشاردنەوە و خۆمەڵاسدان لە پەناگەیەک. چونکە ئەوەی لە سێبەردا، لە تاریکییدا، دەکرێت لەبەرڕۆشنایدا ناکرێت. بۆیە سێبەر بینین و دیار Visible دەخاتە ژێرپرسیارەوە.

سەرباریئەوە، کە ڕۆشنایی نەما سێبەر یان تاریکیی دەستپێدەکات. بۆزۆرێک ڕووناکی سەرچاوەی گشت خۆشییەکانە، لێ بۆ هەندێک سێبەر پەناگەیە، داڵدەیە بۆ خۆشاردنەوە. بیرماننەچێت، “لە سێبەردا نائاگایی چالاکە، سەرکوتکراوەکانیش لە سێبەردا” خۆیانبەخێودەکەن و پەناگەی تازە بۆ خۆنمایشکردن دەدۆزنەوە. بۆیە ئامانجی تێگەیشتن لە سێبەر بۆ ئەوانەی هەمیشە لەناو ڕووناکیدا بوونە سانا نییە.

بەپێی مێژووکردی رۆمانی ڤیکتۆر ستۆیچیتا Victor Stoichita، لە کتێبی مێژووی سێبەر Brève histoire de l’ombre ،کە لە تێگەیشتنی ئەفلاتوونەوە بۆ ئەشکەوت دەڕوانێتە سێبەر و ڕووناکی دەبینیین ئاماژە بۆئەوەدەکات، کە ئەفلاتوون پێیوایە مرۆڤ دیلی ئەشکەوتە؛ تەنها لەناو بەدیخانەکەیەوە، کە ئەشکەوتەکەیە، ئەم مرۆڤە دەڕوانێتە جیهانی دەرەوە. تەنها ئەوکاتە بە ڕاستیی جیهانی دەرەکی ئاشنادەبێت، کە ڕووناکیی بەردەکەوێت. ڕووناکیش کە ڕاستییەکەیە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بوونی هەیە. ئەمەش کەم ئاگایی و کەم ئاسۆیی لە بینین و بیرکردنەوە دەگەیێنێت. سەیرەکە لەوەدایە، کە بۆ مرۆڤی ناو ئەشکەوتەکە ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدایە ڕاستییە، کە لەخۆیدا وڕێنە و تارماییە.

خۆر یان مۆم کە سێبەری خۆی دروستدەکات توانای بینینیش دەستنیشاندەکات. کەواتە سێبەرکردن لەگەڵ ڕۆشناییکردندا دێت. هاوکات کاتێک خۆر هەڵدێت ڕووبەری سێبەر تەسکدەبێتەوە، هەرکە خۆریش ئاوابوو ڕووبەری سێبەر فراواندەبێت. بەمجۆرە یاریکردن بە ڕووناکی و سێبەر یاریکردنە بە خودی خۆ. بۆیە لە تاریکییەکاندا، یان لەناو تارماییەکاندا دەکرێت بڵێێن: غەدرەکان، ناپاکییەکان لەدایکدەبن. بەڵام لە ڕووناکییدا لەلایەک شتەکانی دەوروبەرمان دەبینین و لەلایەکی دیکە یاریکردن بە تارمایی کەمدەبێتەوە.

کۆتا گوتنمان لەمەڕ سێبەر ئەو تارماییەیە، کە لە ناخی هەریەکێکماندا پەنهانە. ئەڵبەتە  تارمەیەکانمان لەیەک ناچن. تارماییەکانمان،کە بەرهەمی جۆرە ڵێڵییەکن ئازاربەخشن؛ تا قەبارەی تارمایەکانمان زیادکەن مۆمەکانی ناخمان زووتر دەکوژێنەوە، نیگەرانیی و پەشێوییەکانمان باڵاتردەبن. سەرچاوەی ڕۆشناییەکانی ناخمان بە شڵەژان و پەشێوییەکانمان کز و کزتردەبن. ئەمە وادەکات بێژیین: قایلبوون بە مانەوە لە تارمایی زۆر سەمەرەیە تا ئەو جێگایەی لە کەسایەتی مرۆڤ حاڵینیین. هەرکە لە کەسێتیی مرۆڤ تێگەیشتین ئەوکات تێدەگەین، کە تارمایی یان کەوتنەتارماییەوە بەشێکە لە ژیانی تاک.  

لەبەرئەوە دەپرسیین:”بۆچی تارمایی گرنگە؟ تارماییەکان یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین،کە ڕووناکی چۆن کاردەکات. بە سەیرکردنی تارماییەکان دەتوانین بزانین چۆن ڕووناکی و تاریکی یاری بەیەکەوە دەکەن. هەروەها “تارمایی دەتوانێت یارمەتی ئاژەڵەکان بدات بۆ خۆشاردنەوە. زۆرێک لە ئاژەڵەکان تارمایی بۆ خۆدزینەوە لە نێچیرەکان بەکاردەهێنن “، بێگومان ئەوە بۆ مرۆڤیش ڕاستە.

ئازاد حەمە

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




لافاوناس نییم، بەس ئاخ بۆ لافاوێکی تر!.. ئازاد حەمە*

لافاوناس نییم و لافاوناسییش بواری پسپۆریم نییە، لەبەرئەوە لێرە ناخوازم لە بارینی زۆری باران یان دیاردەی سێڵاو بدوێم، لێ لەوە تێدەگەم، کە لافاوەکە، یان لێزمەبارانەکە پێیگوتین: ماڵ و شوێنی ژیانی ئێمە و ڕێگاوبانەکانمان بەرگەی گەردەلول، زریان و باوبۆران ناگرن.
مافی خۆمە بڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ بەو مەرجەی کەس نەبێتە قوربانی، بەڵام با شڕەبەتانی و کۆنەزۆپا و بەڕە و ڕاخەرە بێبەهاکانی ئەو ماڵانە لەگەڵ خۆی بەرێت،کە بێژیان و بێ داهاتوون؛ تا یەک تۆز هەستی ئەرستۆکراتییەکان(خواپێداوەکان) بورووژێت.
ئەگەرچی لافاوناس نییم، بەس کوا ئەو لافاوەی دەبێتەوە هۆکاری لادانی دەیەها بەڕێوەبەری بێباک؛ ئاودیوکردنی دەیەها زوڵم و ئاشکراکردنی قەتماغەی بێدادیی. گومانیناوێت، موسیبەتەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش وایلێکردین لە ئەلفوبای بێماڵی و بوونی ماڵێکی درۆیینە، کە شوێنی ژیانی تیانییە، حاڵیبین. ئەی پێش لافاوەکە، چەن بێباکبووین بەرامبەر بێماڵ و هەژار و بیمارییە کۆمەڵایەتییەکان.
بەشەرمەوە دەڵێم بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا دەڤەرەکان لێکدی نزیکبکاتەوە؛ مێتافیزیکی ڕەحم و بەزەیی چرۆدەرکات و نەبوو و داماوەکان لەو شومە سوودمەندبن، کە لە بەرگی لافاو دەبێتە میوانیان.
حەیف و هەزار مخابن، کە دەبێت بڵێین سوپاس بۆ لافاوەکە،کە بێدەرەتان و کرێچییەکانی ماڵە کەلاوەکانی کردە خاوەنی ماڵێ تازە و پێویستییەکانی ناو ماڵی، کە کەمترین مافن، بۆ ئەوانە مسۆگەرکرد ئاستنزمترین ژیان لەناو ماڵە بێماڵەکەیاندا، لە سەردەمی ژیری دەستکرد، دەژین.
بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە دیسانەوە دەڵێم: بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان بەخۆیانا بچنەوە، قوتابخانە و دایەنگەکان پڕ پێداویستی بکرێن، نەخۆشخانەکان لەوە دڵنیابن چەند بەرگەی کارەساتە سروشتییەکان دەگرن، کتێبخانەکانیش لێوانلێوکرێن لە سەرچاوە و پێداویستیی خۆڕانکبیرکردن.
ئەڵبەتە زۆر بە حەسرەتەوە دەڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ تا هەژاریی، داماویی، بێدەرەتانیی، بێماڵیی کەساسەکان ئاشکرابکات، کە دەمێکە پەردەپۆشکراوە. تا ماڵی ئەوانە ببینین، کە رۆژانەی کاسبکارییان پانزە هەزار دینارە(نۆ دۆلار)، ئەو خێزانانەش دەرکەون، کە نزادەکەن بۆکڕینی دەرمان بۆ پەککەوتوەکانیان.
چەند عەیبە دەڵێم: با بۆ لافاوێکی تر؛ ئاخر لەبەرئەوەی خوازیارم لافاو کۆمانکاتەوە، لافاو ڕۆحبکات بە بەر کەلتووری بەخشین و بەتەنگیەکەوەچوون. مەگەر لافاوەکە فێرینەکردین لە پەرۆشدار، ئاتاج و بێخانوەکان بیربکەینەوە؟ لەوە تێبگەین سروشت توانای پەلاماردانی خۆی هەیە، لەسەر ئەوە وەستاوە مرۆڤەکان چەند دەتوانن رووبەرووی ڕووداوە سروشتییەکان ببنەوە.
دەرکەوت ئەو قسانە لە شوێنی خۆیاندا نیین، کە دەلێن کوردەکان بەتەنگ یەکەوە نایەن، خۆخۆر و چیوچین. هەرلەبەرئەوە، تەکیە ، شۆرش و چەمچەماڵ ناوگەلێکن تا ساڵانیک لە گوێماندا دەزرینگێنەوە. ئەمە (سەلیم بەرەکات) گوتەنی لە مەهابادەوە بۆ مەهابادێکیترە، بەس ئەمجارەیان سروشت خستمانیە ناو گەرووی مەهاباد و هەڵەبجەیەکی ترەوە.
حەیف و داخەکەم بۆ لەوە تێناگەین، ئەو جینۆسایدە سروشتییەی هاتەسەر دەڤەری چەمچەماڵ، کاکە مەند، ئاخجەلەر و پیرەمەگرون بەرهەمی نادادیی و خراپدابەشکردنی داهاتە نەک هەقایەتی فاشیزمی بەعسیزم و…. .
بائەوەش بڵێین: هاوخەمیی سیاسییەکان بۆ لێقەوماوان خەمخۆری بوو بۆ ئەوەی نەک لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەو دەڤەرانە زەرەرمەندبن لافاو بووە میوانی ناوەختیان. چونکە بۆ سیاسییەکان بەدبەخت، لێقەوماو و پەککەوتەکان ژمارەن بۆ کاتی تەنگانەی سیاسیی(بۆزیادکردنی کورسی).
شەرمە بۆ من، کە دەڵێم ئاخ بۆ لافاوێکی تر. ئاخر ئەو لافاوە بوو،کە دیاردەی بێدەرەتانی و بێ ماڵی لە دەڤەرێک ڕووماڵکرد خاکێ بەپیت و داهاتداری هەیە. بۆلەمەولا سیاسییەکان ڕقیان لە وشەی لافاو و باران دەبێتەوە، چونکە لافاو زۆر شتی کەشفکرد و جەوری ئابووریی و ستەمی بەڕێوەبردنیشی خستەڕوو.
تەماشای ئەو ڕێکەوتە، ڕێک چەند کاژمێرێک پێش لافاوەکە و ڕووداوەکانی تەکیە و شۆڕش و چەمچەماڵ لە خوێندنەوەی شانۆنامەی(زریان)ی شکسپێر بوومەوە… ئەم شانۆنامەیە ئەمەی چرپان بەگوێما: دۆزەخ بەتاڵە و گشت شەیتانەکان وان لێرە.

*ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی39: شێتیی…. شێت ناتوانێت بفەلسەفێنێت.. ئازاد حەمە

پرسی شێتییMadness/ Insanityپرسێکی فەلسەفییە یان پزیشکیی(پزیشکییدەروونی)؟پرسی شێتیی بە درێژایی مێژوو بە شێوازی جۆراوجۆر لێکدراوەتەوە؛ فەلسەفە شێتیی وەک تەحەدایەک بۆ عەقڵ خستووەتەڕوو، وەک دیاردەیەک لە دەرەوەی عەقڵ لێیڕوانیووە. لەدێرزەمانەوە کۆمەڵگە غەدری زۆری لە شێت Madکردووە، هەوڵیداوە لە کۆمەڵگە وەدەرینێت،ئاوارە و بێ پەنایبکات،وەک نەگریس و لاسار دەریخات. ئەوەش هەردەم گوتراوە،کە شێتیی لەخودی خۆیدا داناییەکی یەزدانییە؛ بوونی بەرهەمی یەزدانە و داناییەک لە بوونەکەیدا هەیە. زۆرجاریش وابینراوە،کە شێتیی گوناهێکە بۆیە وایبەسەرهاتووە. لەگەڵکاتدا مرۆڤ کەسی شێتی وەک کەسێک ناساندووە،کە عەقڵی لەدەستداوە،بۆیە بڕیاری زیندانیکردنیدراوە؛ لێرەوە ترس لە شێتیی دەستیپێکردووە؛ شێت بووە بە کەسێک،کە دەروونناساغە.

بەپێی ئەوەبێت لای سەرەوە باسکرا دەپرسین: شێت لە کوێی فەلسەفەدایە؟باشە شێتیی بۆ فەلسەفە چیدەگەیێنێت؟شێتیی لە کایەی عەقڵدا ئامادەیە؟واتە شێتیی بریتی نییە لە لەدەستدانی عەقڵ؟ شێتیی مەترسییە بۆسەر فەلسەفە یان بەپێچەوانەوەیە؟فەیلەسوف فۆرمێکە لە شێتیی؟فەلسەفە لە شێتیی دەترسێت؟ ئامادەیە دیالۆگی لەگەڵدا بکات؟شێتیی خاڵی دەستپێکی گومان نییە؟ بۆ هەندێک پێیانوایە فەیلەسوفەکانن خودی شێتەکان؟شێتیی ئەوەیە،کە ڕۆح جەستەی خۆی ناناسێتەوە (لێیجیادەبێتەوە)(دێکارت)؟توێژەران لە بواری دەروونشیکاریی و پزیشکانی کلینیکیی(لاکان)لەمەڕ شێتیی چییمانپێدەڵێن؟ئەی نەخۆشیناسیی Pathology و دەرمانسازیی؟

شێتیی چییە؟پرسی شێتیی پرسێکی فەلسەفییە، تێڕامانە لە خودی مرۆڤ و ئەو جیهانەی تیایدەژیت. هاوکات پرسی شێتیی ترسیشە لە ئاوابوونی لۆژیک و بیرکردنەوە. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە عەقڵ و هزر لەقەڵەمدەدات شێتیی بە بابەتی خۆیدەزانێت و وەک دژە فەلسەفەش لێێدەڕوانێت. بۆئەوەی پێداگیری لەوەبکەین، کە شێت ناتوانێت فەلسەفەبکات، سەرەتا پێویستمان بەوەیە بزانین فەلسەفە چییە؟کە زانیمان فەلسەفە چییە ئەوکات دەزانیین فەیلەسوف کێیە. پاشان لەسەرناسینی شێت و شێتیی دەوەستیین. بەمجۆرە دەکارین شێت لە فەیلەسوف و شێتییش لە فەلسەفە جیابکەینەوە.

وێڕایئەوە، بەپێی هەندێک گوزارەی ڕەوانبێژیی و زمانەوانیی زۆرجار ئەوانەی بە جۆش و خرۆشەوە بۆ شتێک دەچن پێیاندەگوترێت شێت. ئەوەش بە شێت دادەنرێت،کە بۆنموونە حەزێکی شێتانەی هەیە بۆ موزیک ژەنین یان بۆ شیعر نووسین و…. .زۆرکاتیش دەگوترێت کڕینی ئەو خانووە بەو نرخە شێتییە، چوونە دەرەوە بەم بارانە کارێکی شێتانەیە و خۆشەویستی سەرلەبەری شێتییە، بەختەوەریی ئەبەدیی خەونێکی شێتانەیە و….هتد. بەڵام ئەو شێتییەی لەم نووسینەدا قسەی لەسەر دەکەین ئەم چەشنە نییە لە شێتیی.

بۆیە سەرەتا دەپرسیین:فەلسەفە چییە؟فەیلەسوف کێێە؟ فەلسەفە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی سیستماتیکیانە، کە تیاییدا ئاوەز کارا و بکەرە. هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەشە لە بنەڕەتیترین پرسیارەکان سەبارەت بە زانین، ڕەوشت، بەهاکان، هۆشیاری و بوون. بریتییشە لە پرسیارکردن لە ڕەچەڵەکی ئەوەی ئێمە بە شتێکی ئاسایی دەزانین و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئارگیومێنتانەشە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قووڵتر لە جیهان تێبگەین.کەوابێت فەلسەفە گەڕانە بە دوای راستی و تێگەیشتن لە جیهان لە ڕێگەی پرسیارە جەوهەرییەکانەوە.

هەرچی فەیلەسوفە ئەو کەسەیە بەشێوەیەکی شیکارییانە بیر لە پرسە قووڵەکان دەکاتەوە؛ هەوڵی تێگەیشتن لە جیهان، ڕاستی،مانای ژیانی مرۆڤ و پرسیارە بوونگەراییەکان دەدات. ئەم کەسە شێوازێکی ژیان دەژیت،کە عەقڵ و دانایی ڕێنمایی دەکات؛ کەسێکیشە خەریکی بیرکردنەوەیەکی ئاوەزیی و ڕەخنەگرانەیە تایبەت بە مرۆڤ و جیهانەکەی.

هاوکات دەپرسین شێتیی چییە؟شێتیی ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی عەقڵ ،نەخۆشییەکی دەروونیی یان تێکچوونی دەروونیی. لە ڕابردوودا شێتیی وەک سزایەکی یەزدانیی تەماشاکراوە، لەئێستادا وەک بابەتێکی پزیشکیی لێیدەڕوانرێت(نەخۆشی دەروونیی، نەخۆشی مێشک، یان کەمئەندامی هزریی).

لەناو شێتییدا، بۆ شێت،هەستێک هەیە، کە جیهان ئاوا نییە،کە عەقڵ دەیبینێت، بەڵکو بەوجۆرەیە،کە خودی شێتیی دەیبینێت. واتە شێتیی لەژێر فشاری واقیعدایە. عەقڵی واقیع عەقڵی شێت ڕەتدەکاتەوە. شێت بینینی خۆی هەیە،بەس ئەو بینینە مخابن دووچاری بەریەکەوتن دەبێت لەگەڵ واقیعدا.

بێگومان فەلسەفەیەک تایبەت بە شێتیی بەناوی فەلسەفەی پزیشکییدەروونیی بوونی هەیە،کە قاچێکی ئەم فەلسەفەیە لەناو فەلسەفە و ئەویتری لەناو پزیشکیی دەروونییPsychiatryدایە،کە ئەمیش کاری لێکۆڵینەوەیە لە دەروونپەرێشانیی psychosis. لەمبارەیەوە دێینەوەسەر فەیلەسوفی ئەڵمانیWouter Kusters،کە پێیوایە لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی لەمەڕ دەروونبیماریی psychosis،ڕێبازێکی باشتر و کەمتر لایەنگرانەیە لە چاو زۆرێک لە تیۆرییە دەروونی و پزیشکییەدەروونییەکان.

پزیشکی کلینیکیی چۆن بڕیار لەسەر دۆخی شێتیی دەدات؟بەپێی گەورە بیریار و پزیشکیدەروونی فەرەنسی ژاک لاکان Lacan شێتیی “لە بنەڕەتدا بەرهەمی عەقڵ و زمانە، نوێنەرایەتی شکستی دەربڕین دەکات،کە بەهۆیەوە ناسنامەی خود و قسەکردن دەڕمێت یان دەبێتە وڕێنە.دەکرێت شێتیی وەک”ئەگەرێکی هەمیشەیی” لەناو خودگەرایی مرۆڤدا تێبگەین، کە لە بۆشایی نێوان بوون و ئەوەی کە پێیوایە، سەرچاوەی گرتووە و دەتوانێت وەک”غیابی ڕادیکاڵ” لە فۆرمەکانی پێکهاتەیی زمان و ئەزموون دەربکەوێت”.

لاکان شێتیی دەبەستێتەوە بە تێکچوونی ئامرازەکانی خۆدەربڕینەوە، کە بە پلەی یەکەم لەلایەن زمانەوە پێکهێنراوە.کەوابێت، کاتێک شێتیی دێتە زمان،گوزارەکردن کۆتایدێت. واتە،شێتیی ئاماژەیە لەسەر شکستی زمان. بۆیە لاکان دەڵێت:شێتیی دیاردەیەکە دەتوانرێت لە ڕێگەی زمانەوە لێیتێبگەین، نەک لە دەرەوەی زمان. بەپێی لاکان شێتیی لۆژیکی خۆی هەیە و ئەوەش بە”لۆژیکی شێتیی”ناودەبات.ئەو پێیوابوو،شێتیی نامۆ نییە بە عەقڵ، بگرە ئەوە عەقڵە بە شێتیی داڕێژراوە.

کۆتا گوتن لەبارەی ئەوەی شێت توانای فەلسەفاندنی نییە، ئەوەیە کە خودی فەلسەفە جۆرێک نییە لە کارێکی شێتانە؟ گەر فەلسەفە بیرکردنەوە بێت، شێت ئەو کەسە نییە کە بیرناکاتەوە؟ لەناو کۆگیتۆ Cogitoی(من بیردەکەمەوە) دێکارت Descartesدا شێت جێگاینابێتەوە.چونکە شێت بیرکردنەوەی نییە. دێکارت شێتیی لە فەلسەفەکەی دوردەخاتەوە؛ فەلسەفەی دێکارت کە، بریتییەلە(من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم)ئەمە بەو مانایە نایەت، کە شێتیی ناتوانێت فەلسەفەبکات؟ بیرکردنەوە لای شێت باریکردووە، کەوایە چۆن شێت فەلسەفەدەکات، کە بیرکردنەوەی نییە. دێکارت بۆ بەپەیامگەیاندنی فەلسەفەکەی پێویستی بە شێت نییە. “شێتیی دژە فەیلەسوفە، کە لە ڕێگەی گومانی میتۆدییەوە دەگاتە دڵنیایی بوونیخۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە””.دیدی دێکارت بۆ شێتیی گفتوگۆی گەرمی خستەنێوان فوکۆ و دێریداوە…

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی38: ناشاعیربوون…. شاعیرەبیرمەندمان پێویستە.. ئازاد حەمە

پێویستمان بەو ئەزموونە شیعرییانەیە، کە سەمەرەیی دەخەنە ناو ئەزموونی ئەدەبیمانەوە، کە بەهۆیەوە پرسیاری چیەتیی شیعر پرسیاری چییەتیی شاعیربوونیش دروستدەکات. لێرەوە دەگەینە ئەو تەماشاکردنەی، کە شاعیرەبیرمەندمان پێویستە، نەک شاعیری بێ بیر. چونکە شاعیرەنابیرمەند هیچی پێنییە بۆ گوتن و وشەسازییەکانیشی شتێكی ئەوتۆ بەرهەمناهێنێت.
شاعیرەهزرەڤان شاعیرە بووناوییەکانن(تراکڵ Trakl، ڕێڵکە Rilke، سیلان Celan و ..)،کە شیعرەکانیان زۆرێک لە بیرمەندانیان بەخۆیانەوە سەرسام كردووە. شیعری شاعیرانی بووناویی جۆرە خەسڵەتێكیان تێدایە، كە شیعری تر دەخەنەوە و ئاسۆش لەبەردەم شیعری دواتردا دەكەنەوە. لەناو شیعری شاعیرانی هزرەڤاندا مەرامێک بوونی هەیە، کە بووناوییە، کە پێویستی بە پەیپێبردنە. هاوکات ئەستەمیەک لەناو شیعری شاعیرەبیریارەکاندا پەنهانە، کە پێویستە بدرکێنرێت، کە گوتنی نەگوتراوی تیابەدیدەکرێت. .
شیعر بۆ هەیە؟ لە نەستی شیعردا چی پەنهانە؟ ناشاعیر کێیە؟ ناشاعیرەکان شاعیرە بێ هزرەکان نیین؟ ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟چۆن لەڕێگای شیعرەوە هزردێتەبەرهەم؟چۆن شاعیر هزرەڤانی پیادەدەکات؟ چیرۆكی مەراق گێڕانەوە لە شیعردا بەهەموو شاعیرێک دەکرێت؟ چۆن دەكرێت ڕەفتار لەتەك هزری شاعیرێکی هزرەڤاندا بكرێت، کە بە بێدەنگی، بە هێمنی و هیچگەراییانە ڕووداو و گێڕانەوەكان دەهۆنێتەوە و لە ڕێگەی ئەوانەیشەوە هزرەڤانی پیادەكات؟ تێهزرین لەناو شیعردا واتە چی؟ ئەی چۆن شتە لەكیسچووەكان (وون و بزرەكان) بەهۆی شیعرەوە بەدەستبهێنین؟ گەر لە شیعردا شوێنێک بۆ سازدانی بیركردنەوەی فەلسەفیی بوونینەبێت،کەواتە شیعر چیی لێسەوزدەبێت؟
ناشاعیر non poet کێێە؟ناشاعیر ئەو کەسەیە( ئەو شاعیرەیە)کە شیعری هزرەڤانی نانوسێت، یان هزرەڤانیناکات بەسەر شیعرنوسینەوە. کۆمەڵگە کە پڕ بوو لە ناشاعیر، ئیدی کۆمەڵگە وردە وردە نوقمی ناجوانیناسی دەبێت.بەڵام دەربازبوونی کولتورێک لە شیعری ناشاعیرەکان ئاسان نییە.
ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟ ئەوانەن کە فەلسەفە (بیرکردنەوەی فەلسەفیی) دزەدەکاتە ناو شیعرەکانیان، ئەوانەی هزرەڤانئاسا شیعردەهۆننەوە. ماتریاڵی شیعریی شاعیرەهزرەڤانەکان جودایی ، بێدەنگیی، تەنهایی، مەرگ، تارمایی، دابڕان، خەمۆكی، هاوڕێیەتی و زۆرێک چەمکی هەستیاری ترن. ئەم جۆرە شاعیرانە چ جۆرە شاعیرێکن؟ ئەڵبەتە ئەوانەن، کە بەهۆی شیعرەوە دیدگای نوێ دەخەنەوە؛ جا دیدگای نوێ بێت بۆ وێنەی شیعریی یان زمان. هاوکات بینینیان بۆ جوانکاری كانگای هزرەڤانی پێكدەهێنن، وەکیتر وەک زمانەوانیش قڵپکەرەوەن؛ رۆنێ شار، گۆران، بۆدلێر ، سۆھراب سپێھری یان سیلان لەو جۆرە شاعیرانەن.
کاتێکیش مۆریس بلانشۆ لە ڕوانگەی شیعریی رۆنیە شار دەدوێت بەمجۆرە دێتەگۆ: کارەکانی نموونەیەکی سەرەکین لەسەر شیعری مۆدێرن، کە بەلایەنە بنەڕەتییەکانی زمان(بێدەنگی لە زماندا)، نەبوون و پەیوەندی رەوشتی بە ئەویترگەرییەوە سەرقاڵە. دەبینین بلانشۆ، شار شانبەشانی مالارمێ و هۆڵێدرلین بە خاڵی وەرچەرخان لە ئەدەبی مۆدێرن و کاریگەرییە فەلسەفییەکانی دەناسێنێت.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئەوەش دەڵێێن، کە شیعرێک کە دیلی خۆی و دوچاری خورپەی هزرییمان نەکات شیعر نییە. بۆیە پێویستە مەراقی ئەو شیعرانەبیین ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕنەوە کە لێمانوونە، کە تامەزرۆیانین بیانبینینەوە. تەنیا ئەو شیعرانە دەرەقەتی گێڕانەوەی شتە لەكیسچووەكانمان دێن،کە شاعیرەبیریارەکان دەینووسن. چونکە شیعر یەکێکە لە نهێنیەكانی بوونمان، شاعیربوونیش بەشێكە لە هەقایەتی بوونمان!
لەناو شیعری شاعیرە هزرەڤانەکاندا گەڕان شتێکی پێشمەرجە، ئەڵبەتە گەڕانیش شڵەژان و گومان دەكات بە بنكە بۆ تێگەیشتن لە شتەكانی ناو بوون و ژیانمان. لەبەرئەوە، بەپێی بینینی ئێمە، بڕێك لەو ئەدەبانەی سەركەوتنی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریشیان وەدەستنەهێناوە ئەو ئەدەبانەن، یان چاترە بڵێین ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەن، لەتەك خۆخواردنەوە و گەڕاندا دەستلەملان نەبوونە، بۆ؟چونكە ئەدەبی ڕووكەش ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناواخن و دووبارە دونیایەكی هزری ئالۆز دروستبكات. ئەمەیش وادەكات ئەو هزرەی لە پشت ئەو ئەدەبەوە بووە ئەزموونێكی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریش نەخوڵقێنێت.
لێرە زۆر دوور نارۆین گەر بلێین ئەزموونی ئەدەبی كافكا Kafka ، مالارمێ Mallarmé، ڕیلكە ، ئارتۆ Artaud،لەو جۆرە ئەدەبەن ئەزموونیان خستووەتەوە و هزرێكیان لەپاش خۆیان وەگەڕخستەوە، هەر ئەو هزرەشە ئەمڕۆ كارە ئەدەبییەكەی وەك ئەزموون قوتكردووەتەوە و واشی لە بیرمەند و ڕوناکبیرە ڕۆژئاواییەكان كردووە هزرەڤانی بەسەر ئەو جۆرە ئەدەبەوە بكەن، كەسانێكی وەك كافكا، مالارمێ، ڕیلكە، ئارتۆ و…..هتد لەپاش خۆیان بەجێیانهێشتووە و ئێستاش وەك ئەزموونێك لە تێڕامانی فەلسەفی تەماشاكرێن. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین: تەنها ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبنە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری تووخمی هزریین.
کۆتا گوتنمان لەسەر پێویستی بۆ شاعیرەبیرمەند ئەوەیە، کە هزرکاریی لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە و گشت ئەدەبی میلەتانیش وەک یەک نەیتوانیووە بەو ئەرکە هەڵستن. ئەدەب، کە بە ئاقاری هزرکارییدا بڕوات بەدڵنیاییەوە شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش لەوسەرەوە کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، واتە ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبیی لەم جۆرە دەکرێت بگوترێت، چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆیدا دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، پاسترناک، بۆدلێر، یان لۆتریامون بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەگوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.
مایەوە ئەوەش بگوترێت، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە مێژووی ئەدەبی نوێی ڕۆژئاوا ئاشنانیین، ئەوانەش کە بێئاگان لەوەی، کە زێدی ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە لە هزری فەلسەفیی ڕەنجاوە بە ئاسانی لە لوغزی هزریی و ئەدەبی بینینە ڕەخنەییەكانی ئەو گوتنانەمان حاڵینابن، کە لایسەرەوە هێمایبۆکرا. بۆیە ئەو جۆرە ئەدەبەی ئێستا زۆرێک كاری تیادەکات ناکارێت پرسیاری چیەتیی شیعر بکاتە بەشێک لە خەمە ئەدەبییەکانی.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟.. ئازاد حەمە

ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

دەستپێک: جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان دەکرێت بێ فەلسەفە بێت؟

ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟ ئەم ڕۆژە لە ڕووی مێژووییەوە هەردەم سەرەتاتکێیەکی هزرییمان لەگەڵدا دەکات؛ پێماندەلێت فەلسەفە لە هەناوى مرۆڤبوونی ئێمەوە سەریدەرهێناوە، ئەوەی لەوەدا زیاتر لە هەموو شتێک شایانترە بۆ گوتن ئەوەیەکە، فەلسەفە هەردەم موسافرێکی ئۆقرەنەگرتووە، سەرسەخت و دڕدۆنگانە(بەگومانەوە) دەمانخاتەناو دۆخگەلێکی پڕتێڕامانەوە. هەرلێرەدا بەدڵێکی خەمگینەوە دەبێژین: دەبوو فەلسەفە بۆ کورد سەروی گشت زانینێکبایە، سەرمەشقی سیاسەت و هونەر و زانستیشبایە، لێ حەیف فەلسەفە لە پەراوێزی زانکۆ و نێوەندی ڕوناکبیریی و سیاسییشماندایە. لە پەروەردەگەڕێ، کە چەند لە فەلسەفە بێئاگایە، خۆشەویستیش هەروەک پەروەردە و هزری سیاسییمان بە فەلسەفە نامۆ و غەوارە.
لەبەرئەوە جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان ناکرێت بێ فەلسەفە بێت. فەلسەفە بۆ ئەم جیهانەی ئێستا، بۆ ئەو فۆڕمەی ئەم جیهانە وەریگرتووە، پێویستییە. لێ ناشێت فەلسەفە لەناو جیهانی ناوبراودا بەهەمان ئامرازی فەلسەفیی شارستانی یۆنانی کۆن و رۆمانی و سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی ڕۆشنگەریی کاریخۆی بکات.

لای خوارەوە بەچەند هەنگاوێک هێمابۆئەوەدەکەم،کە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە دەشێت چییمان بیربخاتەوە:
بۆدەبێت ڕووبەری فەلسەفەکردن فڕاوانبکرێتت؟
لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، کە لە جیهانی ئێستاماندا گوماندەکەم بەئاسانی هەل و مەرجی فڕاوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن بێتەئاراوە، کار لەسەر پرسە سەرەکییە هاوچەرخەکان بکرێت، فەلسەفە بکرێت بە بابەتی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان. ئەم گومانەم بەری تەسکبوونەوەی پرسیار و خودی گومانیشە لەم چرکەساتە ئاستەنگاوییەی حەزی بە چارەی فەلسەفە نییە. حەیف لە ئێستایەکدا دەژین ڕق لە فەلسەفە ئامادەیە. بەڵام گرنگە ئەوەش بزانین، کە فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن پێویستییەکی ڕۆشنگەریی نیشتیمانیی و جیهانییە. ئەمە دەستپێکی گۆڕانیشە لە پەروەردە و فێربوون، ئەو دەستپێکەی سەرزەوی هەمووی تێکڕا زۆرترین پێویستی پێیەتی. فێربوونی فەلسەفە و وتنەوەی فەلسەفە بەرپرسیارییەکی گشتی مرۆڤە و سەرەتاشە بۆ پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە بنەڕەتییە سەردەمییەکان و بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە جیهان.
ڕووبەری فەلسەفەکردن فراواننابێت تا ڕووبەری ئازادی فراواننەبێت. لەو شوێنەش، کە ئازادی بوونی نییە فەلسەفە بێ شوێنە. ئەو فەلسەفەیەی لە کۆمەڵگەی نائازاد و گەندەڵ دا هەیە نافەلسەفەیە. ئێستا نافەلسەفە لە زۆر جێگا جێگایەکی بۆخۆی دابینکردووە. باشە بۆ دەبێت جێگایەک لە کۆمەڵگە، لەناو ژیان، بۆ فەلسەفە هەبێت؟ لەبەرئەوەی لەڕێگای فەلسەفەوە دەشێت کار لەسەر تەشەنەسەندن و نەشونمای شیکردنەوە و توێژینەوەی پرسیارە چارەنوسسازەکان بکرێت. فەلسەفە دەکارێت ئەمە بکات، چونکە کاری لێخوردبوونەوەیە لە تاک و کۆ، لە بوون و کەتواری ئەم تاک و کۆیە.
داواکان لە فەلسەفە زۆرن. داواکان، کە هیوان هەموو دەخوازن فەلسەفە ئەم داوایانە بهێنێتەکایەوە. هەموو دەخوازن فەلسەفە سەرلەبەری گۆی زەوی بەرەو باشە بگۆڕێت. باشەی لەم جۆرە، کە یەکسانی، ئازادی و ماف لەخۆدەگرێت هەر هەموو ئەمانە هێزی خۆیان لە فەلسەفەوە وەردەگرن. بەڵام هێنانەدی ئەم داوایانە، هیوایانە، کاری بەردەوام و هاوبەشی دەوێت.

فەلسەفە چی پێدەکرێت؟
زۆرێک دەپرسن: فەلسەفە چی پێدەکرێت؟ لێ ئێمە دەپرسین : فەلسەفە چی پێبکرێت؟ ئەو شتە چییە فەلسەفە دەبێت بیکات؟ وەکیتریش فەلسەفە چیپێدەکرێت و چیپێبکرێت هەر لەسەر ئەوە وەستاوە، کە فەلسەفە کێیە تا ئەم داوایەی لێبکرێت؟ فەلسەفە خۆمانین، ئەوانەنن، کە بیردەکەنەوە. فەلسەفە ئەو شێوازەیە، کە بۆ بیرکردنەوە دەگیرێتەبەر. ئەڵبەتە فەلسەفە لە هەرە شێوازە دیار و دانسقەکانی بیرکردنەوەشە. بەهۆی فەلسەفەوە دەگەین بەو زانینەی نییمانە. ئەم زانینە چیپێدەکرێت؟ دەمانبات بەرەو تێگەیشتن. تێگەیشتن لەوەی تا هەنووکە لێیتێنەگەیشتووین. ئەم تێگەیشتنەش خاڵی وەرچەرخانی ئێمەیە لە شتێک هێشتا نییە، کە دەشکرێت ئەوە ڕۆشنگەرییبێت، کە دواتر لەمیانە بیرکردنەوەکانەوە دێتەکایەوە.
ڕۆشنگەریی چرکەی لەدایکبوونی عەقڵە لای تاک/ لای گشت منێک. لێرەوە دەشێت بپرسین: لە ئێستادا شیاویی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی میراتی فەلسەفیدا ماوە؟ مرۆڤەکان باوەڕیان بەم پرینسیپە مرۆییە ماوە؟ ئەم شیاویی و باوەڕە پێویستە مابێت. بیرکردنەوە لە جیهان، ئەمە دەبێت کۆمانبکاتەوە. پاش ئەم بیرکردنەوەیە ئەدی کاری سەرەکی فەلسەفە چییە؟ ڕەنگە یەک لەو کارانە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بێت. ئەمە ئەرکی یەک کۆمەڵگە و یەک کولتوور یان شارستانی نییە، ئەمە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی مرۆیی گشت سەرزەوییە.
سەرباری ئەوە، شوێنی فەلسەفە تەنیا هۆڵی زانکۆکان نییە، پرسیارە فەلسەفییەکان هەر لەنێو مامۆستا و خوێندکاران نەشونما ناکات. فەلسەفە، کە مافی هەموانی بەسەرەوەیە بەهۆیەوە دەکارین ئەو کێشانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، فەلسەفە بەشدارە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لەو بنەما و بەهایانەی ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانمان دەکەن.

خەمی ئێستای فەلسەفە چییە؟
خەمی ئێستای فەلسەفە ئەو پرسانەیە، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە. ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە کێشەگەلێکی کۆن و هاوچەرخیشن. وەکیتریش لە وشەدانی فەلسەفەدا خۆمان لەناو زۆرێک واتای فەلسەفییدا (ڕاستیی، ڕەوشت، هاوڵاتیببون، لێبووردن، ڕێزلەیەکترگرتن، دادپەروەریی،….) دەبینینەوە، کە گرنگن بۆ هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی ڕۆژانەی ئێمە لە خۆمان و دەورووبەرمان.
فەلسەفە تەنیا دیاردەیەکی ڕوناکبیریی یان ڕۆشنگەریی نییە دیسیپلینیشە، ئەمەو فەلسەفە تەقەلایەکی پراکتیکی ڕۆژانەشە، کە دەکارێت کۆمەڵگاکان بگۆڕێت و کولتوورەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە. واتە، فەلسەفە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسوودەتر و ڕێزدارتر. بەم شێوەیە فەلسەفە وا دەکات بتوانرێت لە بەربەست و ئاستەنگە گەورەکانی هاوچەرخ تێبگەین و بە دروستکردنی هەلومەرجی هزریی بۆ گۆڕانکاری وەڵامیان بدرێتەوە.
لەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە بابەتی ڕەوشتە، کە دەتوانێت بابەتگەلێکی تریش لەخۆبگرێت، وەک: ڕێز، ئاکار، تێرۆر، گەندەڵی، ماف. بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بەوەیە، کە زوو زوو پێناسەی فەلسەفە بکرێتەوە. ئەوەش ڕوونبکرێتەوە، کە ئەرک و ئامانجی بنەڕەتی فەلسەفە چییە و دەخوازێتیش چی بۆ مرۆڤ بکات. ئەمەش بە پلەی یەکەم پێویستە بۆ مناڵان و دواتر بۆ لاوان بکرێت. لاوان، کە کەوتوونەتە ژێر فشاری کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دژە بەها و جیهانگیرییەکی پەرت و بۆشەوە پێویستییەکی زۆریان بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ هەیە.
سەرئەنجام، ئەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە خەمی ئێستای فەلسەفەن و گرنگە وا لە فەلسەفە بکەن خۆی لە عەوام نزیکبکاتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ لە بەدەستەبژێرخستنی فەلسەفە و تیشک خستنە سەر گرنگی دیدگا ڕەخنەییەکانیشی.

لە هەنووکەدا چۆن فەلسەفە سەرقاڵی بیرکردنەوە بکرێت؟
فەلسەفە واتە بیرکردنەوە لە هەنووکە. فەلسەفە هەنووکەی خۆی هەیە. لەو کاتەی، یان سەردەمەی، فەلسەفە ئامادەیە ئەو کاتە، یان سەردەمە، هەنووکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە لە هەنووکەی خۆی دورکەوتەوە فەلسەفە نییە. فەلسەفە چاودێرە بەسەر هەنووکەی خۆیەوە. هەنووکە ناشێت لە ژێرکۆنترۆڵی فەلسەفە دەرچێت. ئەو دەمەی فەلسەفە بە ڕاڤەی هەنووکە ناوێرێت ئەوە نەک هەر فەلسەفە نییە، بگرە بیریش لەو هەنووکەیەدا بوونی نییە. هەنووکەکان جۆراوجۆرن، لێ فەلسەفە هەمانە. فەلسەفە لە دەمی دەرکەوتنیەوە دیارە ئامانج و ئەرکی چییە، هەنووکەش، کە دەگۆڕدرێت فەلسەفە لەم گۆڕانە حاڵییە.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا، بەرەو ئەو تەماشاکردنەمان دەبات، کە نزیکبوونەوەی فەلسەفە لە هەنووکە مەرجە. ئەمە بە ئاسانی نایەتە دی. بیرکردنەوە لە کردارەکانمان سەرەتای گۆڕینی بیرکردنەوەکانمانە بۆ کردار. گشت هەنووکەیەک لەژێر کاریگەریی کردارەکانە. هەنووکە بۆی هەیە کردارەکانمان بخاتەژێرپرسیارەوە. خودی هەنووکەش گومانیلێدەکرێت بەرهەمی کاتی خۆی نەبێت.

تێگەیشتنی قوڵ داوای فەلسەفەیە؟
فەلسەفە وادەکات تێگەیشتنی قوڵت هەبێت. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن لە کەسێکدا چرۆدەکات تێگەیشتنی قوڵ زاڵدەبێت. تێگەیشتنی قوڵ لەگەڵ تێگەیشتنی سادە و لاواز دا یەکناگرێتەوە. تێگەیشتنی قوڵ پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و بەردەوامە. بیرکردنەوەش مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری پێویستە. لە تێگەیشتنی قوڵ دا ئاسۆکانی تێڕامان بەرین و کراوەن. لەوێندەرێ فەلسەفە توانای تێپەڕاندن و بڕینی سنورەکانی لەنێوان زانستە جیاوازەکانیش دا هەیە. ئەوەی فەلسەفە لەتەک یەک زانست(دیسیپلین)دا یەکانگیرنابێت ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. فەلسەفە بە چییەتی بیرکردنەوە دەستپێدەکات و بە پەروەردەکردنی تێگەیشتن کۆتاییدێت.
زۆر جار بۆ زۆرێک پرسیارەکانی فەلسەفە خۆیان لە ناسادەیی دەدەن. ئەمە ڕاستە و بەشێکیشە لە سروشتی فەلسەفە. بەپێی ئەوەی پرسیارەکانی فەلسەفە سەرساممان دەکەن بیرکردنەوەی وروژێنەریش دەسازێنن. بوون بە فەیلەسوف، نزیکبوونەوە لە فەلسەفە، ڕۆڵی فەلسەفە لە خۆشگوزەرانی مرۆیی و لە هێنانەدی ئاشتیخوازی و….، گشت ئەمانە و گەلێک بیرکردنەوەی تریش وروژاندنێک لەخۆدا بەرجەستەدەکەن، کە ئەوەمان پێدەڵێن هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕۆشنبیرییەکەی لەتەک دەرکەوتنی فەلسەفەدا نەشونمایکردووە.

چۆن فەلسەفە لەگەڵ خێرایی ئەلێکترۆنی مامەڵەبکات؟
فەلسەفە بەئاگایە لە گەشەی ئەلێکترۆنی. لەبەرئەوە فەلسەفە لە سەردەمی خێرایی ئەلێکترۆنی دا لەژێرپرسیاردایە. دەمی هەنووکەمان دەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. رەچەڵەکی خێرایی، کە بۆ شۆرشە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بەم ڕۆژەیان گەیاندین. واتە، ئەوەی ئەم خێراییەی هێنایەکایەوە مەکینە هایدرۆلی و میکانیکی و ئەلکترۆنییەکان بوو. ئەم خێراییە ڕەفتارەکانی مرۆڤی ئەم دەمەی بەجۆرێک گۆڕیووە، کە رووداوەکان، دیاردەکان خێرا تێپەڕن. جیهانی تازە لە هەناویدا هەڵاوگۆڕان و ڕیکخستنێکی بەردەوام لە خۆدەگرێت و ئەمەش ئەو خێراییە دروستدەکات مرۆڤایەتی کاریپێدەکات. ئەم جیهانە دژی وەستان و سستییە، لە گۆڕان و گەیاندن و گوازتنەوەی بەردەوامی خێرادایە. ئەمە وایکردووە جوڵە وەک جاران نەبێت.
جوڵەی ئێمە لەژێر فشاری خێرایی بووتە بەشێک لە ئێمە. جوڵەکانمان نۆرماڵ نییە. لە گشت جێگایەک ئەم جۆرە جوڵەیە ئامادەیە و مەحکومیشیکراوین بە جوڵە: لە بانق، لە ژوری نوستن، لە کاتی خۆشتن، لەناو شەمەندەفەر، لە…. . هاوکات ئەم جوڵەیەی ئێستا هەیە، کە بەرهەمی خێراییە، خێرایی دیگیتاڵی و سابیریانیCyber جوڵەیەکی سانا و بێ لایەن نییە. تەماشا سێبەری خێرایی لەناو گشت چالاکییەکانماندا بوونی هەیە: هاوڕێیەتی، وەرزش، خوێندن و فێربوون، سێکس، سەما، نانخوادن و….. هتد. هەر ئەم جوڵەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە ئەو شتەی خێرا دەگۆڕێت لە جێگەی خۆی نامێنێت و چییەتیشی دەگۆڕدرێت. خێرایی دیدی ئێمەی بۆ جیهان گۆڕیوە و کاریگەریشی لەسەر پەروەردە، ئابوری، جیۆسیاسی و ژینگە بەجێهێشتووە.
سەرئەنجام، فەلسەفە لەناو ئەم خێراییەدا سست تێدەپەڕێت و فریای خستنەژێرپرسیار و گومانی دیاردە سایبیریانییەکان (فێمینیزمی سایبیریانیCyberfeminism، تاوان و دزی سایبیریانیCybercrime، سێکس و ئەوینداری سایبیریانی،……)ناکەوێت. فەلسەفە، کە شوێنێکی شیاو و گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە تەنگوچەڵەمە ڕەوشتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بەسەرلەنوێ چالاککردنەوە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ شیکارکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییە فەلسەفییەکان(ڕاستی، ڕێزلەیەکترگرتن، وەفاداریی، ئەمەک، ئاکار،….).

فەلسەفە لەگەڵکاتدا دەروونشیکاری ناخاتەژێر ڕکێفی خۆیەوە؟
زەفەربردنی فەلسەفە بە دەروونشیکاریی لە دوورمەودادا دەرئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت. فەلسەفە بە بیرکردنەوە(تێهزرین) یەکسانە نەک شیکارکردنی ڕەفتار، بیرکردنەوەش لەسەر بیرکردنەوە گەشە بە بوونی فەلسەفە دەدات. بیرکردنەوە لە چییەتی فەلسەفە بیرکردنەوەشە لە چییەتی ئێمەی بەرهەمهێنەری فەلسەفە. ئەمە، کە بە دەروونشیکاریی ناکرێت ناسنامەیەکی هزریی لەناو دیسیپلینەکانی تر بۆ فەلسەفە دادەتاشیت.
سەرباری ئەوە، دوا کارکردنەکانی پۆلێک لە بیریارانی فەڕەنسی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ئەو تێزەی بردوون، کە کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە دەسەڵاتی شیکاریی لە دەروونناسی وەربگرێتەوە. دەروونناسی ئەم دەسەڵاتەی بە خراپ بەکاربرد: خەمۆکی، بێزاریی، تەنیایی، دابڕان لە خودی خۆ و دواتر لە ئەویتریش وەک خۆیان ماونەتەوە و کەچی دەروونشیکاریی پێیوایە هەر بەردەوام و سەرکەوتووە. بەم تێزەی بیریارانی فەڕەنسی دەگەینە ئەو تێگەیشتنە، کە دەروونناسی پاشەکشەی پێبکرێت لە چارەسەرکردنی مرۆڤ.
هەندێك واتا هەن (سۆزداریی، هاوڕێیەتی، بەختەوەریی، خودگەرایی، خۆشەویستیی و…) تایبەتمەندی گەردووناوی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە فەلسەفە بەشێوازی خۆی كاری لەسەر دەكات. وەکیتر، هەر ئەوەشە وادەکات فەلسەفە زەفەر بە دەسەڵاتی شیکاریی دەروونناسی بەرێت. دووبارە شیکردنەوەی فەلسەفییانەی ئەم واتایەنەش هیوایەک بەوانە دەبەخشیت قوربانی دەستی دەروونناسی هاوچەرخن
زۆربەمان دەزانین، کە لەگەڵ تاڵیس، یەکەم هزرەڤانی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین، فەلسەفە بووە دەروازەی پاراستنی ڕۆحی ڕوناکبیریی مرۆڤ. هەر لەو دەمەوە لەو شتانەی لە چییەتی فەلسەفەدا پەنهانکرا قسەکردن بوو لە واتاگەلێکی وەک: ڕاستی، هاوڕێیەتی، ئاشتی. وەک بەرپرسیارییەکی فەلسەفیی، لێ دیسیپلینەکانی تر( بەتایبەت دەروونناسی و دواتر سیاسەت، کۆمەڵناسی) بەشێک لەم واتایانەیان خستەژێرڕکێڤی خۆیانەوە و بە شێوازی خۆیان تێۆریزەیان بەسەرەوەکرد.

مەرگی فەلسەفە شیاوە؟
لە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا مەرگی فەلسەفە جارێکیتر مایەپووچدەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا مەرگی فەلسەفە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە بابەت. خودی ڕۆژەکە وەبیرهێنانەوەی گرنگیی فەلسەفەیە، پرسیاریشە لەسەر ڕەچەڵەکی فەلسەفە و دانپێدانان بە ئایدیای بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ئاشتی، کە داوای توانامان لێدەکەن لە فەلسەفە. بۆیە مەرگی فەلسەفە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دۆزی ڕەوشتیی و مرۆیی سەردەم و مەرگی شتێکیشە لە خۆمان پێکهاتووە. فەلسەفە تا بەم جۆرەی ئێستا دروستبووە زۆرێک سەدە و دەڤەر و کولتوور و فەیلەسوف کارییان بۆکردووە. بۆیە فەلسەفە هەر ئێرەیی نییە، ئەوێیشە و خەڵکی گشت جێگا و شارستانییەتێکیشە.
لەبەرئەوە لەناوچوونی فەلسەفە لەناوچوونی ئەو شتەیە، کە هاوبەشە. شتە هاوبەشەکان بە ئاسانی لەناوناچن. نەک هەر لەبەرئەوەی لەخۆڕا دروستنەبوون، لەبەرئەوەش، کە فاکتەری بنچینەیی کاری لە دروستبوون و پەرەسەندنییاندا کردووە. وەکیتریش ئەو شتە هاوبەشانەی هۆکاری دروستبوونی فەلسەفەن تا هەنووکە هەن: جەنگ، ڕەوشت، ماف، ئەوین، دادپەروەریی، سەرباری ئەوانە مرۆڤ. ڕەگەزی مرۆڤ، کە تا هەنووکە ماوە پێویستی بە فەلسەفەیە وەک بیر. ئەم مرۆڤە ڕۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەتەک شەڕ، درۆ، هەڵە، گەندەڵیی، بێ وەفایی، نیگەرانیی و….. بۆیە مرۆڤ بێ فەلسەفە ناشێت هەڵبکات و مەرگی فەلسەفەش لە ئێستای مرۆڤایەتییەوە دوورە.

خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی پەروەردە و زانکۆ پێویست نییە؟
خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکان پێویستییە. فەلسەفە بنەچەی خۆی هەیە، دێرینترین زانینە و زانینی زانینەکانیشە، کە فەیلەسوفەکان هەر زوو جەختیان لە دەگمەنی ئەم بنەچەیە کردووەتەوە. شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا بە خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی خوێندن جێگا بۆ خۆی دابیندەکات. خوێندنی فەلسەفە و شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا جگەلەوەی دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چرۆکردنی تێگەیشتن لە فرە کولتوری، هاوڵاتیبوون و ئازادی بریتیشە لە خوێندنی بیر و هیوایەکیشە لەبەردەم سەرلەنوێ بوژاندنەوەی فەلسەفەدا.
خوێندنی فەلسەفە مەشقکردنیشە لەسەر بوونی فەلسەفە بە بابەتی چارەسەر بۆ کێشە و کەموکوڕییەکان. فەلسەفە، کە قوتارماندەکات لە بیرنەکردنەوە، لێهاتوومان دەکات لە زاڵبوون بەسەر نیگارانی و کاتە قەیراناوییەکاندا. خوێندنی بیر لە گشت قۆناغەکانی خوێندن سەرەتای حاڵیبوونی خودە (قوتابییە) لە خودی خۆی، لە کردار و گشت ئاکارەکانی. ئەمە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت، کە فەلسەفە دەبێت بە یەکێک لە مادەکانی قۆناغی بنەڕەتی. خوێندنی فەلسەفە پێش قۆناغی زانکۆ سەرەتای زاڵبوونی قوتابییە بەسەر تەحەدیات و ئەستەمەکان.
خوێندن و فێربوون لە بنەڕەتی بێ فەلسەفە بنەڕەتی دەکات بە شوێنێک بۆ بیرنەکردنەوە، شوێنێک کە زانین تیایدا ناخرێتەژێرپرسیارەوە. فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتی دا هەر پەیوەندی نێوان زانین و پسپۆرییەکان ڕێکناخات، خودی زانینیش تۆکمە و پرسیارئامێزدەکات، لێ بەبازاڕیکردنی پەروەردە زیانێکی زۆر لە فەلسەفەی خوێندن دەدات. فێربوونی فەلسەفەش لەناو کێبڕکێیەکانی بازاڕ لەگەڵ پەروەردە خودی کردەی فیربوون دوچاری گرفتی گەورەی ڕەوشتی دەکات. هاوکات ئاشناکردنی مناڵ بە فەلسەفە ئاشنابوونیەتی بە پرسیار و وەڵام، بەس ئەمە هەرگیز نایەتەدی تا فەلسەفە نەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی دایەنگە، باخچەی مناڵان و بنەڕەتییەوە.

فەلسەفە لە کوێی ڕوناکبیری ئێمەدایە؟
فەلسەفە لە وشەدانی فەلسەفیی ئێمەدا كارەساتبارە. ڕوو نییە لە ڕوناکبیریی ئێمەدا فەلسەفە لە چاوەنواڕی چیبدایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، کە فەلسەفە لە نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی ئێمە ونە. لە ئێستادا دۆزینەوەی فەلسەفە لەو سێ نێوەندە گرنگەدا خۆی لە ئەستەمیی دەدات. ئەوەی دەبینرێتەوە زۆر شتە، لێ فەلسەفە نییە. واتە ڕوناکبیریی هەیە، لێ بێ فەلسەفەیە. نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی هەیە، کەچی زۆر نا فەلسەفییە، دوورە لە فەلسەفە، خۆی لە فەلسەفە دەدزێتەوە. وەکیتر فەلسەفە لەناو خەڵکی و سۆسیال میدیاش نادیار و ناکاریگەرە.
سەرئەنجام، فەلسەفە ونە، ئەمەش ترۆپکی گومانی ئێمەیە لە وتاربێژیی و بڵندگۆیی رۆمان و شیعری سەردەمی نوێ کوردیمان. فەلسەفە پێویستە لەناو ئێمەدا بدۆزرێتەوە. ونبوونی فەلسەفە، هەڵاوێشتن و توڕدانی فەلسەفە بە زیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە، نەک هەر ئێمە. چونکە چەکەرەکردنی فەلسەفە لە گشت نێوەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم ،قوتارمان دەکات لە بنەبڕکردنی نەفامی. تەنیا بە فەلسەفە، بە فەلسەفەیەکی کراوە و نەترس، نەفامی و هاوشێوەکانی، بێدادی و تێرۆر، گەندەڵی، بنەبڕدەکرێت.
بەشێك لە ئێمە پێویستە بپرسێت دوای ئەو تێكشكانانەی، کە هاتەسەر كۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئێستاش کە ئەو دوو ئیزمism ە بە ئیسلامی سیاسیی پڕدەکرێتەوە هەمان تێكشكان بەرهەم نایەتەوە؟ ئاییندەی فەلسەفە ئەو دەمە دەبێت چۆن بێت؟

کۆتا گوتن: فەلسەفە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ناسازێنێت؟
گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەلسەفە بۆ دامرکاندنەوەی نیگارانییەکان نییە. بەپێچەوانەوە فەلسەفە نیگارانییەکانی مرۆڤ وەک کێشە دەبینێت و بەدوای چارەسەریانەوەیە. ئەمەشە جەوهەری جیاکردنەوەی فەلسەفە لە دەروونشیکاریی. فەلسەفە بەدوای داناییەوەیە، لێ جیهانی ئێستا لەژێر زەبری هەژاری، نەداری، نایەکسانی خەریکە دانایی خۆی لەدەستدەدات، خەریکە گاڵتە بە دانایی و وشەدانی ئەم واتایەش دەکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ژینگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆر ڕوەوە کاتیهاتووە.
باشە لە هەل و مەرجێکی وادا چی لە نیگەرانییەکانی زانست بکەین؟ فەلسەفە چی لەو بارەیەوە پێیە بۆ وتن؟ فەلسەفە چاودێری ڕەوشتییە بەسەر زانستەوە. پشتگیریی لە زانست دەکات تا ئەو شوێنەی مرۆیی و ئاکارییە. فەلسەفە لە خودی خۆیدا بریتییە لە ئارەزومەندیەکی خۆییانە و تاکییانە، نەک زۆرەملێیانە. فەلسەفە دوژمنی زۆرەمڵێیی و ستەمە. بۆیە تا ئێستا بابەتی ئاشتی هەمیشەیی بابەتێکی هەستیارە بۆ گفتوگۆکردنێکی فەلسەفییانەی بەردەوام.
بەم جۆرە “فەلسەفە وەک دیسیپلینێک هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جیهان و چەسپاندنی بناغە ڕاستەقینەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی”. ئەمە دروشم نییە، بەڵکو ماهیەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان پێویستیەکی زۆری بە فەلسەفەیە، بەو شتەی فێربوونی ژیان دێنێتەدی. داخ و جه‌خار کردەی فەلسەفەکردن و فەلسەفاندن لە دەڤەری ئێمە بە ئاسانی نایەتە سەرپێ. لەم شوێنە ناپسپۆڕ لە فەلسەفە داگیرکەری بواری فەلسەفەیە! پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفەوتنەوە زیانی لە گەیاندنی فەلسەفە بۆ زۆرینە داوە. وەکیتر، لە زانکۆکانی هەرێم غەدرێکی زۆر لە فەلسەفە دەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە و ئەمەش هزر و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەو شوێنەدا خستووەتە گیانەڵاوە. بۆیە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە لە وەها دەڤەرێک وەک گشت ڕۆژێک تەماشادەکرێت.

سەرنج: یۆنسکۆ لە ساڵی 2002 وە رۆژێکی بۆ فەلسەفە تەرخانکردووە، کە دەکەوێتە سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەرەوە(مانگی یانزە).
ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بۆ فرمێسکەکانی باوکی ڕێکار.. ئازاد حەمە

گریان…. نووسینەوەی دیرۆکی فرمێسک ئاسان نییە

هەڵکۆڵین لە بنەچەی گریان و نووسینەوەی دیرۆکی فرمێسک ئاسان نییە. بۆزۆرێکیشمان روونە،کە سەردەمی فرمێسک دەمێکە بەڕێوەیە و ڕەچەڵەکی فرمێسکیش زۆر مرۆییە. بۆیە لێکۆڵینەوە لە گریان یان فرمێسک ڕشتن هیچنەبیت ئەزموونی ڕژاندنی فرمێسک و بەکوڵ گریانی دەوێت. ئایا ئەوە لە هەموواندا هەیە؟ هاوکات دۆزینەوەی تێڕوانینی قووڵ لە فرمێسکەکانی ئەوانیتر توانایەکی سۆزدارییشی دەوێت.
نهێنی فرمێسک تەنیا گریان تێیدەگات. ئەو ڕژێنانەی فرمێسک بەرهەم دەهێنن هەقایەتیان لەپشتەوەیە. هەڵچوونی هەست،کە گریان دروستدەکات لەڕێگای ڕژانی فرمێسکەوە لە دیرۆکی مرۆڤایەتییدا گۆڕانی بونیادی بەسەردا هاتووە. ئەمە ئەوەشمان پێدەڵێت،کە شیکارییکردنی فرمێسک، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بۆ گریان وەک خۆی نەماوە. چونکە لە گریان تێگەیشتن دووبارەتێگەیشتنی فرمێسک ڕشتنمان لیداوادەکات. هەروەها ڕاستە فرمێسکەکان لاواز دەرماندەخەن، لێ بە فرمێسکەکان دەتوانین هەستی ئەوانیتر بۆخۆمان ڕاکێشین و خۆشمان تاڕادەیەک ئاسوودەبکەین.
لێرەدا دەپرسین:چاوەکان،کە فرمێسک دەردەدەن، ئەم فرمێسکە دیرۆکی هەیە؟ هەموو فرمێسکێک یەک مانای هەیە؟ لەڕووی بایۆلۆجییەوە یەک تام و یەک پێکهاتەی هەیە؟گریان چارەسەرە(تێڕاپییە)؟ ئێرە، واتە کوردستان، یان رۆژهەڵات، بەشێک نییە لە مێژووی فرمێسک؟ وەکیتر کوێن ئەو شوێنانەی دەستپێکی مێژووی نەک گریان بەڵکو پێکەنیینیشن؟ ئارکۆلۆژیای(هەڵکۆڵیناسی)گریان چییمانپێدەڵێت؟ ئەو مێژووکردانەی گریان دەنووسنەوە سەر بەو شوێنانەن، کە منداڵدانی تراژیدیا و کارەساتباریین؟ مانای سایکۆلۆجی فرمێسک لەگەڵ مانا کولتووریەکەی یەکە؟ فرمێسکی یۆنانییەکان لەسەردەمی سوکرات هەمان مانای ئەو فرمێسکانەی هەیە باوکی رێکار ڕشتی؟
فرمێسک چییە؟ فرمێسکەکان لە ئاو(شلەیێکی خوێیین)پێکاهاتوون، کە لەگەڵ پێکهاتەی تریشدا تێکەڵن( چەوری، ئەنزیم و هتد…). کاتێک دەگریەین فرمێسک دەڕێژین، کە هۆرمۆنی تایبەتی تیایە. فرمێسکی سۆزداریی بەپێی توێژینەوەکان پێکاتە هۆرمۆنییەکەی جوداوازە. لێرە قسەی ئێمە نە لە پێکهاتەی کیمیایی فرمێسک یان گریانە نە سوودی ڕشتنی فرمێسک، بەقەدئەوەی فرمێسک وەک دیاردەیەکی خەمناک و ئاماژەیەکی وروژێنەری سۆزداریی تەماشادەکەین.
باشە مێژووی گریان چییە؟ هەموو شتێک مێژووی خۆی هەیە. گریان، کە دەرهێنەری فرمێسکە لە کولتوورێکەوە بۆ ئەوی دیکە جیاوازە. هەرهەمووشمان جارێک لە جاران فرمێسکمان ڕشتووە، بەڵام فرمێسکی باوک(پیاو) و فرمێسکی دایک(ژن)، فرمێسکی هەژار و فرمێسکی دەوڵەمەند، فرمێسکی تاوانکار و فرمێسکی قوربانی و.. وەک یەک نیین.
بیرمەندە گەورەکان لە یۆنانەوە(هیپۆکراتیس، ئەفلاتون و…) تا دەگاتە زانایانی بایۆلۆجی(داروین) و هونەرمەندەکان(پێکاسۆ و ..) هەوڵیان داوە لە مانا و ناواخنی گریان حاڵیبن. تەنانەت ئاماژەکانی فرمێسک لە فیلمەکان تادەگاتە فرمێسکی سەرتابلۆکان ئەوەمان بیردەخەنەوە،کە فرمێسک تەنها دیاردەیەکی مرۆیی نییە، بەڵکو ئاژەڵیشە. بەڵام ئەوەی مرۆڤ ناخهەژێنترە چونکە بەهۆشەوەیە و ڕشتنەکەشی بۆ هەردولایە.
ڕاستە تەنگژەی جەستەیی و ڕۆحیی یان دەروونییەکان سەرچاوەی فرمێسک دەردانن، لێ کولتوورە جیاوازەکان بەپێی ئاماژەکانیان مانای خۆیان بەبەر فرمێسکەکاندا کردووە. بۆ زۆرێکمان ئەوەش جێگای سەرنجە،کە فرمێسکی چینییەک لەگەڵ فرمێسکی لاتینئەمریکای یان ئەفغانییەک لە چییدا لەیەک دەچن. ئەوە کولتوورەکانن، کە پێماندەڵێن فرمێسکی هەژاران و دەوڵەمەندان، ئیمانداران و بیئیمانەکان، یان کۆمەڵگە غەدرلێکراو و ئازاد و خۆشبەختەکان هاوشێوەی یەکنیین.
خۆشیی (سەرکەوتن، بردنەوە، تەندروستبوون و..) و خەم(مەرگ، غەدر، دابڕان و..) فرمێسک هێنەرن. ئەڵبەتە ئەوەش کاتێک تەنێک دەچێتە چاومان یان بەشتێک هەستیارییمان هەیە. بەڵام ئەو مانایەی ئێستا فرمێسک هەیەتی هەمان ئەوە نییە، کە مرۆڤ لە سەرەتای مێژوو هەیبووە. فرمێسکی تاکی کورد لە ئێستادا ڕەنگە بەرهەمی هۆکارگەلێکی جیاواز بێت لەو فرمێسکانەی هەزار ساڵ لەمەوبەر ڕشتوونی. کەوابێت ڕژاندنی فرمێسکی کوردی ئەمڕۆ هەمان پێکهاتە کیمیاییەکەی پێشووی هەیە بەس هۆکارە سۆزدارییەکە هەمان نییە.
فرمێسک هەستگەیێنەرە، کۆدەکان دەخاتە بەردەست کەسانی ترەوە، پێیاندەڵێت فرمێسکەکانم لەخۆڕانیین، ناخهەژێنییان تێدایە. کەواتە فرمێسکەکان دەتوانن ناخەکان پۆلینکەن. ئەمەو جەستەی ئەو کەسەی دەگری و فرمێسکی سۆزداری دەڕێژێت دەچێتە ئاستێکی هاوسەنگ و بە ڕشتنی فرمێسکەکە فشاری دەروونی کەمدەبێتەوە.
کردەی گریان دروستکەری فرمێسکە. واتە دەستپێک گریانە و بەرهەمەکەی ڕشتنی فرمێسکە. وێڕایئەوە، سۆز و هەستی قوڵ و بەهێزیش فرمێسک هێنەرن. ئەڵبەتە سۆزیی رەوشتییش هۆکارە بۆ فرمێسک ڕشتن. کەواتە، کاتێک بەزییمان بەکەسێکا یان خۆمانا دێتەوە، هاوسۆزدەبین لەگەڵ دیاردە یان کێشەیەک، بەرهەمی ئەوە دەبێتە گریانێک.
ئەوەتا دەبینیین، کە نوسەری ئەمەریکی تۆم لوتز Tom Lutzلە کتێبێکیدا بەناوی(مێژووی سروشتیی و کولتووریی فرمێسک)ئاماژە بۆئەوەدەکات، کە””چۆن فرمێسکەکان هەم وەک چێژبەخش و هەم وەک مەترسیدار، هەم وەک شتێکی نهێنی و هەم قووڵ سەیر کراون. لێکۆڵینەوە لەوە دەکات،کە چۆن هەمان دەربڕینی هەست، وەک فرمێسکی خۆشی یان خەم، دەتوانرێت بەپێی چوارچێوەی کولتووریی بە شێوازی زۆر جیاواز لێکبدرێتەوە.””
کۆتا گوتنمان سەبارەت بە گریان و ڕژانی فرمێسک، ئەوەیە، کە مخابن کەوتووینەتە ناو دەمی گاڵتەکردن بە گریان. بۆیە باشە بزانیین،کە فرمێسکی کوردی لە دیدی مێژووییەوە سەرچاوەی جۆراوجۆریی هەبووە، کە زۆرینەی نەهامەتی سیاسیی بۆهێناوە، کە هۆکاری ڕژانی فرمێسکەکانی بووە. ئێمە زۆرترین ئازادیمان لە فرمێسک ڕشتن هەبووە. ئەو ئازادییە بۆ گریان هەمانبووە وایلێکردووین لەبەردەم دیاردە سۆزاوییەکاندا گرینۆک و لاوازبین. هەربۆیە کوردستان بووەتە فرمێسکخانە. ئافەرین بۆ ئەوانەی لە فرمێسکەکانی باوکی ڕێکار وەک خۆی حاڵیبوون.

سەرنج: ئەم بابەتە بەشی 37 لە زنجیرەنووسینی )بەکورتی( پێکدێنێت.




بەکورتی36: نووسینی گرگن یاخود زبڵەنووسین، ژیانمان لا لێڵ و بوغزاویی دەکەن.. ئازاد حەمە

غەدر لە خۆمان دەکەین،کە ئەو جۆرە نووسینانە دەخوێنینەوە، گوێ لەو جۆرە سێمینار و قسەکردنانە دەگرین بوغز و تاریکییمان تیادروستدەکەن، کە ئاسایشیی روناکبییریمان دەشێوێنن و ڕامانیشدێنن لەسەر خۆگەمژەکردن. گشت ئەو نووسینانەی(یان سێمینارانەی)بۆشایی سۆزیی ئێمە بەکاردەبەن و بۆ هەمیشە لە سێبەردا دەمانهێلنەوە شایانی پشتگوێخستنن.
لێرە، کە باس لە نووسینی گرگنانە یان زبڵەنووسین دەکەین، وەکیتر قسە لە گوتن و ئاخافتنی گرگنانەش دەکەین، ئەو جۆرە نووسینانەمان مەبەستە چەنەبازیی و زۆربڵێی لەپاش خۆیان بەجێدێڵن. بەمجۆرە دەگەینە ئەوەی بپرسین: نووسینی گرگن کام جۆرە لە نووسین؟چۆن لە نووسینی گرگن و کارەکتەری گرگن دەربازمانبێت؟ ئایا نووسینە گرگنەکان وەک سێمینار و ئاخافتنی بەدفڕ و تاریکی هێنەرەکان بەزیان نیین؟ زبڵەنووسین و باسی لێڵ و ناڕوون چ سودێکی بۆ ئێمە هەیە؟ ناماقوڵی نییە لەناو لێشاوی نووسینی زیرەکیی دەستکرددا خوێنەری نووسینی گرگن یاخود زبڵەنووسین بیین؟گوێگری سێمینار و ئاخافتنی بێئاییندە و تێکەڵوپێکەڵ و نالۆژیکیی بیین؟
زبڵەنووسین یان نووسینی گرگن، ج شێوە نووسینێکە؟ ئەم جۆرە نووسینانە، کە لە ئێستادا لە هەڵکشاندان نووسینی نازیندوو و هەڵگری توخمی درۆن. هەروەها نووسینەزبڵ سەرچاوە لە نووسینی هاوجۆری خۆی و هیچ نەگوتن، نەپێکان و بێ کەڵکییەوە وەردەگرێت. ئەم جۆرە نووسینانە کاتیی و لۆکاڵیین. نەبڕدەکەن، نە توانای گۆڕین دروستکردنیشیان هەیە.
کۆمەڵگەی ئێمە، کە ڕۆژانە لەناو دژوارەیی و کارەساتەکانەوە سەردەردێنێت، چ پێویستدەکات نووسینی ناساغ و ناواخن گاڵتەجارانە بخوێنینەوە، جا ئەوە راڤەیەک(نووسینێک، سێمینارێک) بێت یان شیعرێک یان رۆمانێک. ئێمە، کە کارەساتباریی بووتە چارەنووسمان، نادادیی بەردەرگای لێگرتووین، بێ مافیش میوانێکی ئێسکگرانی بەردەواممانە، چییمانداوە لەو نووسینانەی لەگەڵ چارەسەر و ڕێگاچارەدا پەیوەندیان قرتاندووە؟ ئێمە کە ژیانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و دەروونییمان پڕە لە تەنگژە و قەیرانی جۆراوجۆر چ پێویستییەکمان بەم جۆرە سێمینار و نووسینانەیە؟ ئەو نووسینانەمان بۆچییە ژەهر بڵاودەکەنەوە؟ چ پێویستیەک لە کۆمەڵگەی ئیستای ئێمە بۆ نووسینی(گوتار و گوتنی) ژەهرئامێز لەئارادایە؟ بێگومان هیچ.
ئێمە پێویستمان بەوەیە، بەدوای ئەو ئاخافتن و نووسینانەوە وێڵبین ئاسۆمان نیشاندەدەن، فێرماندەکەن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگ و تەنگژەکاندا بکەین. ئەو نووسین یان سێمینارانە بە ئێمە چی هەستی وونبوون و سەرگەردانییمان تیادروستدەکەن، ئەمەو هەڵەوێژیی و نالۆژیکییمان تیا بڵاودەکەنەوە؟بەدڵنیاییەوە هیچ.
گومانیناوێت، نووسینی لەو جۆرەی ڕەتمانکردەوە بێئومێدیی و خەمۆکییمان بۆدێنێت. بەپێچەوانەوە لەم دەمە تەنگژاویەماندا پێویستمان بەو جۆرە نووسینانەیە(یان شیکاریی و هەڤپەیڤینانەیە) ئەوەمان فێرکەن، چۆن لەناو شکست و ململانێکانەوە سەرکەوتوانە بێینەدەر.
پێشدادوەرییەکی رەوشتی نییە، گەربڵێین نووسینی گرگن نووسینگەلێکی پووچ و بێمانان. نووسینی لەم جۆرە، کە زبڵەنووسینە دەستکاری ژیانمان بەرەو باشە ناکات و هیچ پەیوەندیەکیشی لەگەڵ چارەسەرسازییدا نییە. بەڵگەنەویستیشە، بێزارییەک، کە هەرگیز بووناویی نییە بەڵکو بێباکیی و بێ بەرپرسیارییەتییە، بەنووسینە گرگنەکانەوە دیارە. ئەم جۆرە نووسینە،کە خەم و پەژارەی ئێمەی بەلاوە مەبەست نییە، نووسەرەکەی تەنها سەرقاڵی جیهانە بچووکەکەی خۆیەتی.
تایبەتمەندیەکی تری گوتنە پووچ و نووسینە گرگن و زبڵەنووسینەکان ئەوەیە، کە لە ڕاستگۆییەوە دوورن، جۆرە نووسینێکی بێناواخن و ڕووکەشن، لەگەڵ کاتدا هەڵیشماندەدەنە ناو گەرووی تاریکیی و هەڕەمەکیبوونەوە، ناو پەشیمانیی و ناتێگەیشتنەوە لە دۆزی خۆمان. هەرچەندە نووسینی گرگنانە ناپێویست و ناگرنگن، لێ هەشن و گوتنیشن لەبارەی ئێمەوە. لەم حاڵەتدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم لایەنەدا بکەین؟ نووسینە گرگنەکان، کە لێوانلێون لە بێبەهایی لە گوتن و بێباکیی لە کردار تابڵێیت نائاسوودە و نامورادکەرمانن.
لەبەرئەوەی نووسین لەلایەک کردارە و لەلایەکیتر بەرپرسیاریەتییە، نووسینی گرگنئامێز یان سێمیناری بۆش هەردەم کاریان ئەوەیە فرێماندەنە ناو بازنەی داخراوەوە، کە لەوێڕا بیرکردنەوە دروستنابێت. بۆیە خوێندنەوەی ئەم شێوە نووسینانە و گوێگرتن لەم جۆرە سێمینارانە دڵتەنگیی و بێهیوایی لەگەڵ خۆیاندا دێنن.

سەرباری ئەوە، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەین، کە لەم نووسینە پوختەدا قسەمان لە پاکیزەیی نووسین نەبوو، ئەوەی، کە نووسین فریشتەیە، نەخێر، بەڵکو ویستمان ئەوە بڵێین،کە لە ئێستادا ئێمە پێویستمان بەو نووسینانەیە (سێمینار و قسە و گێڕانەوانەیە) هەنووکەبوونمان لاپێویستدەکەن و متمانە بەخۆبوونمان لابەهێزدەکەن. بەواتایەکی دیکە، پێویستمان بەو شێوە نووسینانەیە(ئاخافتن و گوتنانەیە) هیوائامێز و دژە شکستیین، کە قسەی بەدفڕ و ناشایستە بێبنەمادەکەن، وامانلێدەکەن بەرامبەربە خۆمان بەئەمەک و بەرپرسیارئامێزبیین.
کۆتا گوتنمان لەسەر نووسینی گرگن یان زبڵەنووسین تایبەتە بە خودی گرگنیی سێمیناریی تاراوگەییەکانەوە، کە زۆر مخابن، بەشێک لە سێمیناری هەندەرانییەکان، ئەوانەی ماوەی جارێک لە هاوینانا خۆیان دەکەنەوە بە کوردستان، لەناوەڕۆکدا هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ نووسینە گرگنەکاندا نییە، کە لێرە و لەوێ بەرۆکمان دەگرن.
ئێمە لە چ دۆخێکی ناهەمواری سیاسیی، دەروونی و ئابوورییداین و ئەوانیش لە هاتنەوەکانیاندا چ جۆرە باسگەلێگی گرنگن دەکەنە ناونیشان بۆ سێمینارە زۆربارە و سواوەکانیان. ئەوان بێ ئاگان لەوەی، کە لە گشت کوچە و کۆڵانێکی شار زانکۆ و پەیمانگایەکی ئینگلیزی هەیە(ئەڵبەتە لەگەڵ هەموو ئاست خراپیشیان)، خەڵک چ پێویستییەکی بەو جۆرە باس و گفتوگۆ ناگرنگ و ئاستنزمانە هەیە ئەو جۆرە سێمینارانە دەیوروژێنن. سێمینارەکان گەر سەرسامیی و سەرکێشیی لە پرسیار و بیرکردنەوە لەگەڵ خۆیان نەهێنن چ پێویستیەکمان بەو بابەتە مردارەوەبوانەیە، ئەم هەندەرانیانە دەیدەن بەگوێماندا.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی35: بێ(بیرمەند)ین….. بیرمەندبوون(هزرەڤانبوون) لە قەیراندایە.. ئازاد حەمە

بیرمەندبوون(بیریاربوون)be a thinker نەک هەر لەناو ئێمە، بگرە ئێستا لە جیهانیشدا گەیشتووەتە چڵەپۆپەی قەیران. ئەوە کێشە گەورەکەی ئێمە نییە،ئەوەی ئێمە ئەوەیە،کە زۆر بێ بیرمەندین(بێ بیریارین)؛ دەمێكیشە ئاوا دەمەکانمان بێ بیرمەند(بێ هزرەڤانی گەورە) بەسەردەبەین و ئەوەش کاردانەوەی خراپی لەسەر سەرلەبەری گوتاری هزریی و ڕوناکبیرییمان داناوە.
ڕاستە دەرکەوتنی بیرمەند(ئەندێشەمەند)/ The Thinker Le penseurڕووداوە، لێ بیرمەنددروستبوونیش کارێکی ئاسان نییە. چونکە بیرمەندبوون(هزرەڤانبوون)لە ئێستادا لە گشت شوێنێکدا لەناو نادیارییدایە. بۆیە لەم نووسینە کورتەدا دەلاقەیەک بە ڕووی گفتوگۆی بوونی بیرمەنددا دەکەینەوە و هەر لەم سەرەتایەشەوە بە دڵێکی کەیلەوە ئاماژە بەوەدەکەین، کە ئێمەی کورد زۆر بێ بیرمەندین. بێ بیرمەندیش کارەساتە، پڕ لە خەمناکییە، بەزۆری بۆ ئەوانەی لە گرنگیی (بوونی بیرمەند) حاڵیین. نەتەوەیەک کە، بیرمەندی نەبوو، یان قەیرانی بیرمەندبوونی هەبوو کێشەی بووناویشی دەبێت.
کەواتە لەو سۆنگەیەوە دەکرێت بپرسین: کێ بیرمەندە؟یان چی بیرمەند دەکاتە بیرمەند؟کاری بنەڕەتی بیرمەند چییە؟چۆن بیرمەند دروستدەبێت؟بۆدەبێت بیرمەندبیین؟بۆ دەبێت نەتەوەکان خاوەنی بیرمەندی خۆیانبن؟کێ جورئەتی ئەوەدەکات مێژووی بیرمەندیی ئێمە بنوسێتەوە؟دروستبوونی بیرمەند ساتەوەختی خۆی نییە؟باشە بیرمەندبوون دیاردەیەکی هزریی ئاڵۆزە یان جۆرێکیترە لە دیاردە؟حیزب(سیاسەت) بیرمەند دروستدەکات؟ یان چاترە بپرسین دەسەڵات بیرمەند دروستدەکات؟
کێ بیرمەندە؟بیرکردنەوە کردەی سەرەکی بیرمەندە. بیرمەند ئەو جۆرە تاکانەی کۆمەڵگەن،کە تێفکرین، تێڕامان، لە بیرۆکە گرنگ و مانادارەکان دەکەن. گشت دەم و چاخێکیش بیرمەندی خۆی هەیە، چونکە هەموو دەم و چاخێک بیرکردنەوەی خۆی بەرهەمدێنێت. هاوکات کاری بیرمەند بەرهەمهێانی بیرە؛ ئەم بیرەش بۆ کردنەوەی گرێکانە، چارەسەریشە بۆ کێشەکان و دادوەریکردن بەسەر تێڕامانەکانی ئەوی دیکەوە.
بیرمەند لەبەرئەوەی خاوەنی دەسەڵاتێکیی هزرییە قوڵبیردەکاتەوە.وەکیتر، عەقڵ خستنەگەڕ کاری سەرەکی بیرمەندە، بەوە دەگاتە بیرۆکە و بۆچوونگەلێک،کە بوونیان بۆ دادوەرییکردن بەسەر کێشە و بڕیارەکاندا گرنگ و پێویستە. بەمجۆرە، بیرمەند مرۆڤێکی بیرکەرەوەیە، بیرکردنەوە و تێڕامان لە دیاردەکانی ناو بوون و ژیانی تاکەکان ئیشی ڕاستەقینەی بیرمەندە. بیرمەند خودێکی بیرکەرەوەی بەردەوامە،توانای بیرکردنەوەی جیا و جۆراوجۆری هەیە. کەواتە،ئەوە بیرمەندە پەرەدەدات بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنانیی.
وێڕایئەوە، بیرمەند کار لەسەر لایەنی تێیۆریی بیریش دەکات. واتە بیرمەند بیری پەتیش بەرهەمدێنێت. چونکە بیری بیرمەند بیرێکی داڕێژراوە، دەکرێت پوخت و وشک بێت، هاوکات شایانی پەرەپێدان و بەرەوپێشەوەبردنیشە. بیری بیرمەندان،کە ئاگایی مرۆڤ پێشدەخەن وێناش لەسەر جیهان و بوون دروستدەکەن. ئەوەی بیرمەندەکان بەرهەمیدێنن بەرهەمی عەقڵە، عەقڵێکی پەتی.
کەواتە لەو دیدەوە دەشێت بگوترێت، فراژوتنی(گەشەکردنی) بیر(هزر) لە گشت کۆمەڵگەیەکدا کاری بیرمەندانە. بیرمەندیش لەمیانەی هۆنینەوەی بیرییدا سەرسەختانە ئاڵنگارییە مرۆیی/کەسییەکان دەخاتەڕوو و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دەمی خۆشی بێوچان ڕاڤەدەکات/ قسەیتیادەکات.
بۆ تیشک خستنە سەر ئەوەی گوترا، ئەوەش دەڵیین، کە بیرمەندبوون واتە تێڕامانی قوڵ؛ ئەڵبەتە دابڕانیش لە زۆرینە و ژیانی بێسەروبەر. ئەمەش بۆئەوەی تاکی بیرکەرەوە لەگەڵ خۆبوونی خۆیدا پەیوەستبێت، بۆئەوەی بیرمەند بتوانێت بیری ئازاد و نادوبارە بەرهەمبهێنێت. ئەمە بەو مانایەش دێت،کە بیرمەند لەناو قەرەباڵغی و خەڵکی ئاساییدا ناکارێت بهزرێنێت. ئەگەرچی لەمبارەوە تێگەیشتنی پێچەوانەش بوونی هەیە.
سەرباریئەوە، بیرمەند ناوێکی گەورە و هەمەلایەنە. ئەم کەسە ژیریی خۆی هەیە و ئەم ژیریەش بەردەوام بەکاردەبات، لەو ڕێگایەشەوە بیرکردنەوەی نوێ بەرهەمدێنێت.لەبەرئەوە بیرمەند تێفکرینی(تێهزرینی)لە هی ئەوانیتر ناچێت؛ جگەلەوەی کاری تێڕامانە، توانای خەمڵاندن و مەزەندەکردنیشی هەیە.
لای بیرمەند مەرام لە قاڵبوونەوە لە کێشە و دژوارییەکان مانای خۆی هەیە. بەدواداچوون و پەیگیری بیرمەندیش تێگەیشتنە قووڵەکان بەرهەمدێنێت؛ ئەوە بیری بیرمەندانە ڕامان دەچڵەکێنن و دەبنە هۆکاری خوڵقانی دید و تێڕوانین. بۆیە بیرمەندبوون پرۆسەیەکی مێژوویی هزرییە، هزر لەناو ئەو مێژووە بەچڕی بەشدارە. واتە بیریاریی پێڤاژۆیەکی(پرۆسەیەکی)سەختە، دەرکەوتنی خودی بیرمەندیش ڕووداوە، کە نوێکاری لەتەکخۆیدا بۆ مرۆڤایەتی دێنێت!
گرنگە لێرەدا هێمابۆئەوەشبکەین،کە بیرمەند جیایە لە رۆشنفکر(ڕوناکبیر) Intellectuals.بیرمەند بەرهەمهێنەری بیرە هەرچی رۆشنبیرە رۆشنبیریی(زانینی) لەسەر شتەکان هەیە و کاریشیان لەسەر دەکات. رۆشنبیر بەرهەمی بیریی بیرمەند بەکاردەبات تا قسەلەسەر دیاردەکانی کۆمەڵگە بکات. بیرمەند لەناو جیهانیی عەقڵی خۆیدا دەژیت، لەوێشەوە تێیۆریزە بەسەر جیهانی دەرەکییەوە دەکات. بیرمەندەکان بابەتیین، چونکە تێگەیشتنێکی عەقڵییان بۆ دیاردەکان هەیە و بەرپرسیارئامێزن و ئامانجیشیان لە ژیانا ڕوونە و کاریشی بۆدەکەن. بیرمەندەکان لەچاو رۆشنفکرەکان بە وردی بیر لە شتەکان دەکەنەوە، جیا لە خەڵکی ئاسایی قوڵتر دەڕوانە دیاردەکان و لەسەریشی دەوەستن و کراوەتر بڕیاردەدەن.
چۆن بیرمەند جیایە لە ڕۆشنبیر، ئاواش فەیلەسوف جیایە لە بیرمەند. فەیلەسوف سەروی بیرمەندە. ڕاستە خەسڵەتی هاوبەشیان هەیە، لێ فەیلەسوف بەرهەمهێنەرترە و پێکاتەییترە لە دروستکردنی بابەتی هزریی و تێفکرین. دێکارت گوتەنی،”ئەو نەتەوانە بەختەوەرن، کە فەیلەسوفییان هەیە”.
لەکۆتاییدا سەبارەت بە قەیرانی (بێ بیرمەندیی) ئێمەی کورد، ئەوەش دەڵێێن، کە لە هەرێم (بیرمەندبوون) پێکەنیناوییە.تۆ دەکرێت وەک (بیرمەند) ببینرێت کاتێک زۆر دەنوسیت؛ زۆر دەردەکەویت یان چەنەلێدەدەیت. بەدڵنیاییەوە، وەزیرمان زۆرە، ئەندامپەرلەمانمان زۆرترە، سیاسییمان هەر زۆر زۆرترە، هێندەی گشت وڵاتانی سکەندەنافیا ئەمانەمان هەیە، لێ بیریارمان نییە.
زۆربەمان لەوە حاڵینیین، کە هەڤبەندی(پەیوەندی) بیرمەند بە بیریارییەوە تاکە شتە، کە دەبێتە شاهۆکاری بیربەرهەمهێنان. کوا بیر بەرهەمهێنان لەناو ئێمە؟ ئاسان نییە کەسانێک بە بیرمەند ناوزەدکرێن تەنها لەبەرئەوەی دەنووسن یان بڕوانەمەیەکی زانکۆییان هەیە. زانکۆییبوون بووەتە ئامرازێک بۆ خۆشاردنەوە و وتاربێژتن بەو ناوەوە. تەنانەت شاعیربوون و رۆماننوسبوونیش؛ تادەگاتە سیاسییبوون بەشێکن لە کردەی نمایش. ئێمە پێویستمان بە شاعیرە بیرمەندە؛ سیاسییە بیریارە؛ رۆماننوسە هزرەڤانە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
————————————–

سەرنج:
هاوواتاکانی بیرمەند: هزرمەند، ئەندێشەمەند، هزرەڤان، بیریار.
هاوواتاکانی بیرمەندبوون: هزرەڤانبوون، بیریاربوون، ئەندێشەمەندبوون، هزرمەندبوون.




بەکورتی34: فەلسەفە دایکی دەروونناسییە.. ئازاد حەمە 

درێغا و حەیف داهاتووی دەروونناسی تاریکە ئەگەر تەنها لە داڵانەکانی کلینیکێکدا(عیادە)خۆیمەڵاسدات. دەروونناسی ناتوانێت پتر لەوە ئەنجامدات، ناتوانێت کلینیک جێبێڵێت ئەگەر هاوکاری فەلسەفە لەئارادانەبێت؛ بۆمانەوەشی لەناو کلینیک هەر پێویستی بە فەلسەفەیە. گومانیشیناوێت، کە دەروونناسی لەچاو فەلسەفە مێژوویەکی کورتی هەیە، هەرچی فەلسەفەیە پێشەنگبوونێکی مێژوویی پێوەدیارە. کاتێکیش دەگوترێت فەلسەفە دایکی زانست و داناییە هۆکاری واتایی لەو بارەوە زۆرن بۆ گوتن. مەبەست پێڤاژۆی(پرۆسەی) فەلسەفە دیرۆکێکی قوڵی خۆی هەیە، کە مرۆڤایەتی دروستکەریەتی و بەرپرسیاریشە لە ئافراندنی زانستەکان.  

فەلسەفە لە زمانەکاندا مێیە، هەربۆیە پێیدەگوترێت دایک و دایکایەتیەکەشی بەردەوامیی خۆی هەیە و بگرە کاریگەری زۆریشی لەناو زانستەکاندا بەجێهێشتووە. ئەمەش وایکردووە دیسیپلینە زانستییەکانی تر بەرهەمی ئەو بن؛ ئەوە فەلسەفە بوو، کە لە ڕووی مێژووییەوە دەستاوێژ و ئامڕازێکی زۆری بۆ دەروونناسی دابینکرد. بۆیە ئەو ئاستە لە خوڵقاندن،کە دواتر دەروونناسی پێیگەیشت دەرهاویشتەی شرۆڤە بەردەوامەکانی فەلسەفەیە.

لێرەوە دەکارین بپرسین:فەلسەفە لە چی دەکۆڵێتەوە؟ئەی دەروونناسی؟ڕەچەڵەکی دەروونناسی چییە؟ ڕەنگدانەوەی فەلسەفە لەسەر سروشتی زانین سودیخۆی بۆ دەروونناسی هەبووە؟ فەلسەفە بناغەی تێیۆری بۆ دەروونناسی دانەناوە؟ بەواتایەکیتر، فەلسەفە چەمکە سەرەتاییەکانی بۆ دەروونناسی دابیننەکردووە؟ جیابوونەوەی فەلسەفە لە دەروونناسی پێویستییەکی مرۆیی نەبووە؟

بۆچی فەلسەفە بوو بە دایک؟ بەپێێ ئەوەی فەلسەفە کاری ڕوناکردنەوەی ژیانی مرۆڤە و بەرهەمی پرسیارسازییەکانە، ئەمە وایکردووە هەر لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە لێکۆڵینەوە لە سروشتی بوونی مرۆیی مرۆڤ بکات و سەرچاوەی تێڕامانیش بێت سەبارەت بە چییەتی ڕۆح و ئاگایی، جەوهەری کردار و سۆزی مرۆڤ.

بۆ فەلسەفە دایکی دەروونناسییە؟ فەلسەفە (کە دیاردەیەکی رۆژئاواییە) بە دایکی دەروونناسی دادەنرێت( کە ئەویش هەر ڕۆژئاواییە) چونکە فەلسەفە خودی داناییە، ئەو جۆرەیە لە زانین، کە زانین بەرهەمدێنێت، یان زانینی زانینەکانە. دەروونناسیش وەک زانستێکی ئەزموونی و دیسیپلینێکی سەربەخۆ لە سەدەی نۆزدەدا سەریهەڵداوە. ئەڵبەتە،دەروونناسی دوای جیابوونەوەیەکی دیسیپلینانە لە فەلسەفە ئەم سەربەخۆییەی  بۆ ئامادەبوونی خۆی وەک زانست بەکاربردووە.

لێرەدا بۆمان هەیە بڵێین: ئەوەی،کە پێشتر بەشێکبووە لە گوتاری فەلسەفیی(ڕۆح، سروشتی عەقڵ، هۆشیاری و ڕەفتاری مرۆڤ) دواتر کەوتە ناو بواری دەروونناسییەوە. بەمجۆرە، کۆڵینەوە بۆ فەلسەفە لە چۆنیەتی گەیشتنی مرۆڤ بە زانین و تێگەیشتنیشی لە بوونی خۆی هەردەم گرنگیی بۆ فەلسەفە هەبووە، هەرچی دەروونناسییە دەبینین پاش هاتنەدەرەوەی لە ژێرڕکێفی فەلسەفە بابەتی وەک دەروون، زەین mind و رەفتاری مرۆڤی کردووەتە جێێباسی.

لێرەدا دەپرسین: ڕەچەڵەکی دەروونناسی چییە؟ بۆ هەمووان ڕوونە، کە فەلسەفە لەدایکبوونێکی یۆنانی(تاڵیس) هەیە، کە مێژووەکەی بۆ 27 سەدەیەک دەگەڕێتەوە،بەڵام دەروونناسیی ڕەچەڵەکێکی ئەڵمانی (W. Wundt) هەیە، لە 1878دا دروستبووە.  یۆنانییەکان هەر زوو لە کۆنتێکستی فەلسەفییدا زەمینەیان رەخساند بۆ دەروونناسی و گفتوگۆی بابەتی ڕۆح و جەوهەری دەروون و ئەرکی جەستە. بەڵام دواتر،کە دەروونناسی لە ڕۆژئاوا دەرکەوت واتای دەروونی کردە دڵخوازی خۆی.

بیرماننەچێت، پشتبەستنی دەروونناسی بە ڕێبازی ئەزموونیی هۆکاری جیابوونەوەیبوو لە فەلسەفە، لەو شتەی منداڵدانی مشومڕ و گفتوگۆیە. لێرەوە دەروونناسی دیاردە ڕەفتاریەکانی کردە بواری خۆی، لێ پەیتا پەیتاش لە فەلسەفەوە پاڵپشتیی و هاوکاری هەر وەردەگرت. جیابوونەوەی دەروونناسی لە فەلسەفە وەک جیابوونەوەی مناڵە لە دایک؛ مناڵ دوای گەورەبوون دایک جێدێڵێت و دوای چارەنووسی خۆی دەکەوێت.

ئەم جیابوونەوەیەی دەروونناسی لە فەلسەفە کاریگەریی گەشەی زیندەوەرناسی و کارئەندامناسیشی بەسەرەوەیە. لە ئێستاشدا دەروونناسەکان لەگەڵ ئەو گەشە زانستییە خۆیان دەگونجێنن،کە هاتۆتەسەر بایۆلۆجی و فسیۆلۆجی، بەهۆی ئەو خۆگونجاندنەشەوە دەروونناسەکان سەبارەت بە رەفتار و دەروونی مرۆڤ گەیشتن بە زۆرێک دەرئەنجامی نوێ.

کۆتا قسەمان سەبارەت بە فەلسەفە وەک دایکی دەروونناسیی هێما بۆ ئەوە دەکەین، کە گشت ئەو چەمكانەی فەلسەفە كاری لەسەر كردوون، وەك: ئازادیی، تەنهایی، بەختەوەریی، خۆشەویستیی، گەندەڵیی، ڕاستیی و… هەرچییش بە دڵەڕاوكێ و خەمۆكیی و لایەنی تری ژیانی مرۆڤی نوێوە تایبەتن، وەك: بێزاریی، هەستی تەنهایی، ناحەزییە تازەكانی سەردەمی كۆمەڵگەی ئێلیكترۆنیی؛ فەلسەفە لە ئێستادا جیاواز لە دەروونناسیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.

هەر تایبەت بەم لایەنە دەكرێت ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێت، كە فەلسەفە لە ئێستادا لە زۆربەی كۆمەڵگە هاوچەرخەكاندا وەك چارەسەرTherapyی دەروونیی بەكاردەبرێت و بەشێكیش لە بیریارە نوێكانی ئێستای پاریس(سپۆنڤیلSponville، ئۆنفرێ Onfray و تەنانەت لوك فێری Luc  Ferry  یش) پێیانوایە، کە “لەو شوێنە فەلسەفە ئیشی چارەسەر  دەبینێت، كە دەروونناسیی كۆتاییدێت، یان دەروونناسیی ناتوانێت بەكاری خۆی هەڵبستێت””.واتە، کاتێک دەروونناسی لە ڕووی مێتۆدییەوە کەنەفت و لاواز بوو فەلسەفە فریادرەسیەتی.

بۆ دەروونناسیی درووستیی دەروونیی گرنگە، بەڵام هەرچی فەلسەفەیە بەختەوەریی_هێنەرە؛ فەلسەفە ئەوەیش ڕووندەكاتەوە، كە دەروونناسیی پەیوەندیی بە بەختەوەرییەوە نییە. شایانی گوتنە، دەروونناسیی بەبەراورد بە فەلسەفە و سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی بۆنموونە؛ خەمۆكیی لە پاشەكشەدایە.

لە كۆمەڵگەی تازەی جیهانیشدا دەروونناسیی خەریكە شوێن بۆ فەلسەفە چۆڵدەكات و ئەوەی دەروونناسییش پێینەكرا، وا فەلسەفە تەواویدەكات. بەپێی پێناسە كۆنەكەی فەلسەفە بێت؛ پێناسەکەی ئێپیكۆرEpicurus بۆ فەلسەفە لەم بارەیەوە یارمەتیی ئەوەمان دەدات،کە بڵێین:فەلسەفە پزیشكی گیانە. هاوكات بۆ بەشێك لە فەیلەسوفە كۆنەكان پراكتیزەكردنی (مومارەسەكردنی) فەزیلە Virtue (پاكڕەوشتیی،باشەخوازیی)ڕێگایەك بووە بۆ گەیشتن بە دانایی، یان فەلسەفە، هەر لێرەیشەوە پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ژیان (چاکترە بگوترێت ژیاندۆستیی) دروستبووە.

ئازاد حەمە 

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی33: چیەتیی چييە چييە؟….ئەی چییە چی نییە؟.. ئازاد حەمە

چی، یاخود چییە سیخناخ و پڕە لە سۆراغ و گەڕان بەدوای زانیین. بەدحاڵیبوونیش لە گوزارەی چیەتیی چییە، یان چییەی شتێک ئەو پرسە گرنگە دەکوژێت سەبارەت بە چییەیەک دەکرێت. وەکی تریش، بەڵگەمەندی دەوێت چییەکان جوان وەڵامبدەینەوە و چیەتیی چییەکانیش ڕاڤەبکەین. بۆ ئەوانەش، کە لە چییە تێناگەن پرسیارێکی دژوارتر، ناسانتر ڕووبەروویاندەبێتەوە، کە بەم جۆرەیە: چیەتیی چییە چییە؟
بۆ نزیکبوونەوە لە جەوهەری باسەکە، دەپرسین ئەوە چییەwhat is that؟ ئەی پاش زانینی ئەوە چییە چی روودەدات؟ باشە هەردەم چییەیەکک لێرە و لەوێ بوونی نییە؟ چیەتیی شتێک لە کوێوەدێت؟ لە هەموو زمانەکاندا ئەوە چییە هەر ئەوە چییەیە؟ باشە ئەوە چییە دەربڕێنێکی پرسیاریی نییە بۆ گەیشتن بە زانین؟ ئەی خودی چییە چییە؟ یان چییە چی نییە؟
ئەمە چییەWhat is this؟ پرسیارە و وەڵامی دەوێت؛ واتە پرسیارە لەسەر چیەتیی شتێک. ئەم شتە دەکرێت شارێک بێت یان مێرولەیەک. چییە دەربڕینێکی لێکۆڵینەوەئاسایە، پرسیارێکە لە ڕەچەڵەک یان ناسنامە، جەوهەر و سروشتی شتێک، کە لەوێڕا بەهای شتەکەش دەخرێتە ژێرپرسیارەوە. کەوابێت، کە دەڵێین ئەمە چییە؟واتە نیازخوازین زانینمان لەسەر ئەو شتە دەستبکەوێت، کە ئاماژەی بۆدەکەین. لەسەر ئەو بناغەیە، کاتێک تێناگەین ئەو شتە چییە؟ ئیدی پرسیاری چیەتیی شتەکە لامان گرنگ دەبێت. لەبەرئەوەی شت هەیە و مرۆڤ هیچ زانینێکی لەسەری شتەکە نییە بۆیە پرسیاری (ئەوە چییە؟) دروستدەبێت.
دوبارە دەپرسیینەوە: چییە چییە؟ چییە کۆڵەکەی پرسیارە، ئەو پرسیارەی لە ڕیشە و بنەچە یان ناخ و ماهیەتی شتێک دەکۆڵێتەوە. چییە بەرەو هەم و هەمیشمان دەبات. بۆنموونە حیزب چییە؟ دەشێت هەم ئۆرگانێک بێت بۆ هۆشیارکردنەوە و رێكخستنی تاکەکانی کۆمەڵگا هەمیش ناوەندێک بێت بۆ زۆرداریی و کەڵەگایی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا. لەم حالەتدا پرسیار لەسەر چیەتیی حزب دەشێت نەفرەتلێکراو بێت، شوێنێک بێت بۆ بێدەنگکردن و چەوسانەوە.
کەوابێت کاتێک دەڵێین ئەوە چییە؟ هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە دەخوازین شتێک بزانین، کە هێشتا نەمانزانیوە. بۆنموونە: کورد چییە؟ بۆ کەسێک ئەوە پرسیارە کە نازانێت کورد چییە؟ بۆ کەسێک، کە نەتەوەپەرست بێت بە دەنگێكی زوڵاڵەوە لێڕەدا دەتوانێت بڵێت: کورد نەتەوەیەکی دێرینی ناوچەکەیە.
وێڕای ئەوەی گوترا، لە گەرووی گشت یەکێکماندا چییەک (و چیەتییەک)هەیە، کە زۆر کات وەک نەفرەتێک بەکاردەبرێت. زۆرکاتیش سه‌رسوڕمانئامێزانە دەپرسین ئەوە چییە؟هەر ئەم پرسیارە بیرکردنەوەی مەنگیش دەجوڵێنێت. وەکیتریش، قسە لە چیەتیی شتێک ڕەگی هێجگار قووڵە و دەمانباتەوە بەرەو دیرۆک، بەرەو شوێنە تاریک و ناکۆتاکان. دەمانبات بەرەو ئەو شوێنەی پڕ پڕە لە بڤە و یاساغیی. هۆکارەکەش زۆر بەڕاشکاوی ئەوەیە، کە چیەتیی شت پرسیارە لە ڕیشە و شوناسی شتێک.
لە وەڵامدانەوەی چییە چییە زۆرجار دەکەوینە ناو هەوراز و نشێوی قسەکردنەوە. لەبەرئەوەی گەلێکجار وەڵامەکان سەبارەت بە چییە چییە، گومان و دوودڵی دروستدەکەن، ئەمە وادەکات لە زۆر دەرگا بدەین تا وەڵامێکی گونجاو بەدەستدێنین.
سەرباریئەوە، وەڵامی پرسیاری ئەوە چییە؟یان خودی چییە چییە؟ هیوای لەسەر هەڵدەچنرێت، بۆیە پێویستمان بە تێگەیشتنە لە چیەتیی ئەو شتەی پرسیاری لەبارەوەدەکەین. بێهۆشینییە، کە دەپرسین ئەوە چییە؟ گەر بەسەرسوڕمانیشەوە بپرسین ئەوە چییە؟بە وەڵامیتر و قسەی دیکە دەگەین.
سەرئەنجام دەڵێیین:ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردی دەبێت بەردەوام بپرسین:ئەوە چییە؟رۆژانە دیاردەکان، رووداوەکان ناچارماندەکەن لە چیەتیی شتەکان بپرسین و بکۆڵینەوە. زۆر زۆرن ئەو شتانەی نازانیین چیین. گەندەڵی چییە؟ قڕکردنی نەتەوە چییە؟ خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگەی گەندەڵ چییە؟ سێکسی رەوشتیی چییە؟ روناکبیری داوەشەو چییە؟ و……هتد.
وەکیتر،ئەوەش دەڵێین: کۆمەڵەگەی نوێی کوردی لەناو سەراب(تراویلکە)دا کاتەکانی بەسەردەبات. ئەمە وایلێدەکات پرسیاری(ئەمە چییە؟)ی لا سانابێت، زوو و بەردەوام بێ گوێدانە مانا و ناواخن بپرسێت: ئەمە چییە؟ لەبەرئەوەی چییە هەڵقووڵاوی ناو خودی سەرابەکەیە بۆیە هیچی نە لە پرسیارەکە و نە لە وەڵامەکەشی لادروستنابێت. تەنها بە کۆششی بێوچان بۆهاتنەدەرەوە لەم سەرابە چییەکانی ئێمە کەمدەکەنەوە و مانای خۆشیان وەردەگرن. ئەو دەمە ئیتر چیەتیی چییە بۆ ئەو کەسەی دەپرسێت، دەبێتە دەڕبڕینێکی پرسیارئامێزانەی هزریی، چونکە دەزانێت بۆ دەپرسێت ئەوە چییە؟یان چییە چییە؟
بەواتایەکیتر، پاش هاتنەدەرەوە لە سەراب(تراویلکە)پرسیار لەسەر چیەتیی شت بەئەندازەی جیهان مەزن دەبینێت، هەمیشەش پرسیارەکە بۆ ئەو لە ترۆپکدایە و گەڕان بەدوای ڕەچەڵەکی شت دەیگەێنێتە شوێنێکی دیکە و جێگایەکی تازە، کە لەوێندەرێ زانیین لەسەر شتەکان بەردەستدەکەون.
کۆتا گوتنمان لەسەر چیەتیی چییە چییە؟ئەوەیە، کە چییە چی نییە؟ ئەمە ئەو کاتە تێیدەگەین، کە ئەوە دەستنیشانکەین،کە نەمانزانیووە چییە. لێرەدا دەبێت دانبەوەدابنێێن،کە هەردەم پاڵنەرێک لە پشت چییەیێکەوە هەیە. لێ چییەکان تاوتۆیکردنیان دەوێت. پرسی گرنگ چییەی گرنگ دروستدەکات. سەرباری ئەوە، ئەمە چییە؟ یان ئەو شتە چییە؟ پرسیارە لە چیەتیی شتێک،کە پێیئاشنانیین. شتێک، کە نەناسراوە و نادیارە. بەهۆی ئەم پرسیارەوە لە شت تێدەگەین، لەوەش تێدەگەین، کە چییە چی دەگرێتەوە و چیش ناگرێتەوە. ئەوەی لە دەرەوەی چییەدایە هیچ نییە و هێشتا شایانی ئەوە نییە لەبارەیەوە پرسیار دروستکەین. بۆیە قسە لە چیەتیی شت پێویستە، ئەگەرنا ئێستا مرۆڤایەتی زۆر شتی نەدەزانی. من تێناگەم بۆیە دەپرسم ئەمە چییە؟….

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 32: ئابووریناسمان بەتامی بیرمەندی ئابووریی نییە.. ئازاد حەمە

ڕۆشنبیریی ئابووریی لەناو ئێمەدا وەلانراوە

نە لە نێوەندی ئەکادێمیی نە لە دەرەوەی ئەو نێوەندە ئابووریناسمان، بەتامی بیرمەندی ئابووریی Economic thinker نییە. ڕاستە ئەم گوتنە ڕامانی قوڵ لەخۆیدا بەرجەستەدەکات، لێ پاساوی سۆزاوی بێبنەماش ناکارێت دەردی ئەم نەبوونییە تیماربکات. جا کە ئابووریناسمان، بەتامی بیرمەندی ئابووریی نەبوو دیدگای ئابووریی، یان هزریی ئابوورییشمان نییە. وایە، ئابوورییناسی ئەکادێمیمان لە زانکۆکاندا هەیە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆراشمان زۆرە و بگرە پرۆفیسۆری باشیشمان لەبواری ئابووریدا هەیە، بەس مخابن ئەمە ئاماژە نییە لەسەر بوونی ئابووریناس بەتامی بیرمەندی ئابووریی.
گومانی ناوێت،کە زانستی ئابووری بوارێکی هزرییە و لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژئاواش دەچێتە خانەی زانستە کرداریی و سروشتییەکانەوە و بەشێکیشە لە مێژووی هزر و بەرهەمی تێیۆریی زۆرێکیش لە بیرمەندە ئابوورییەکان(سمیت تا دەگاتە کینز) دەچێتە خانەی ئەم مێژووەوە.
زانستی ئابووری سیستەمێکە شیکارییدەکات لەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردن، هەروەها بەکارهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزاری ئەمە بەو مانایە دێت، کە ئابووریی هزرێک لەخۆیدا حەشاردەدات. ئەم هزرە، بریتییە لە “”تێڕوانینی ئابووری و هەروەها بیرۆکە و دەرەنجامە ئەبستراکتەکان، لێ ئەمانە دابڕاو نیین لە واقیعە ئابوورییەکانی قۆناغێکی دیاریکراو و لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵگاشدا دەگۆڕدرێن””.
لەسەر بناغەی قسەکانی لایسەرەوە دەپرسین: بیرمەندی(هزرەڤانی)ئابووریی کێێە؟مێژووی هزری ئابووریی History of economic thoughtپڕ نییە لە فەیلەسوفە ئابوورییناس(ئادەم سمیت، مارکس …..)؟ئەی هزریی ئابووریی چییە؟مێژووی هزریی ئابووریی بە هزرە ئابوورییەکانەوە پابەندنییە؟کێ ئابوورییناسە؟ئابوورییناسی پسپۆرییە یان پیشەیەکی حیزبی و سیاسییە؟توێژەرە ئابوورییەکانمان لەڕووی تێیۆریەوە دۆزی ئابووری کوردستانیان بەرەو چ دۆخێک بردووە؟کێن تێیۆریزەکەرانی ئێمە لەبوارە ئابوورییەکاندا (نەوت،پیشەسازیی،کشتوکاڵی، نەخت،…)؟بەرهەمی تێیۆری سەندیکای ئابووریناسانی کورد، یان مونتەدای ئابوورییناسانی کورد بە ج تێزگەلێکی ئابووریی گەیشتوون؟ بوونیان چ سودێکی بۆ دروستکردنی هزرێکی ئابووریناسانەی کوردی هەیە؟
کەوابێت دەپرسین: بیرمەندی ئابوورێێ کێیە؟بیرمەندی ئابووری ئەو کەسەیە، کە””ڕۆڵێکی بەرچاودەگێڕێت لەلایەک لە پەرەپێدانی تیۆری و بیرۆکە ئابوورییەکان، لەلایەکی دی لە شیکردنەوەی ئابووریی و باشترکردنی سیاسەتە ئابوورییەکان””.بیرمەندی ئابووریی جگەلەوەی ئابوریناسە دەشیت کەسێکی شارەزاش بێت لە بڕیاردانی ئابووری و پێکەوەلکاندنی پەرەپێدانی تیۆری ئابووریی و فەلسەفە. بەمجۆرە بیرمەندی ئابووریی پەرە بە بابەتی تیۆری و چەمکە ئابوورییەکان دەدات و بەپێی بارودۆخی سەردەمی خۆشی شیکارییان بۆ دەکات.
سەرباریئەوە، بیرمەندیی ئابووریی لەڕووی مێژوویەوە گۆڕانی گەورەی تێیۆری بەخۆوەدیووە و خودی گۆڕانەکەش پێامندەڵێت، ئابوورییانە بیرکردنەوە و فەلسەفییانە بیرکردنەوە تەواوکەری یەکتربوونە. ئەمەش لەکۆتاییدا شتێکی بەناوی مێژووی هزریی ئابوورییەوە دروستکردوە، کە هزرەڤانی ئابووریی کردووەتە سوارچاکی ئەم بوارە.
کاتێک قسەدێتەسەر بیرۆکەی بیرمەندانی ئابووریی بۆ ئێمە ئەمە جێگای باس نییە، بەتایبەت لە نێوەندی ئەکادێمیماندا. لەبەرئەوە ئەوەی تایبەتە بە ئابووریناسی کوردییەوە دەکرێت بگوترێت، کە دەمێکە ئابووریناسانی کورد لە فەلسەفە تۆراون، یان لەبەرئەوەی زانستی ئابووریی لە نێوەندی ئەکادێمیی کوردیی تادەگاتە ناو خەڵک دابڕاوە لە فەلسەفە ئەمە وایکردووە نە ئابووریناسیی خۆی وەک بوارێکی هزریی نیشاندات نە ئابووریناسانیش وەک هزرەڤان دەرکەون.
دەشێت ئابووریناسانی کورد گشت کێشەکە بۆئەوە بگەڕێننەوە، کە سیاسەتی ئابوورییمان نییە، بۆ ئەوان ئەمە وایکردووە شتێک بەناوی شیکاریی سیاسەتی ئابوورییەوە دروستنەبێت. هاوکات بۆئەوەشدەچن ئەوەی، کە سیاسەتی ئابوورییمان نییە لەوسەرەوە ئەمە وایکردووە دیاردە ئابوورییەکان بێشیکاریی تیپەڕن. هەرلەبەرئەوە ئابووریناسانی کورد ئەمە دەکەنە هۆکار بۆلەدایکنەبوونی تیۆریی. دەرئەنجام ئەمە دەبێتە بیانوویەک، کە بڵێن: بۆیە بیرۆکە مردووە و توێژینەوە ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەر بڕیارە ئابوورییەکان نییە.
ئەو پاساوەی لایسەرەوەش وادەکات تێیۆریزەکەرمان لەم بوارانەدا لەئاستێکی هزریی باڵادا نەبێت: تێیۆرییەکانی گەشەپێدان، بەجیهانیبوونی ئابووری، ئابووریی سیاسی،ئابووریی شارنشینیی، ئابووری پۆستکاپیتالیزم(پاش سەرمایەداری)، ئابووریی جیهانی سێ، تێیۆری دواکەوتن، پاشکۆیەتیی ئابووریی، هەژاریی ئابووریی، هەڵئاوسانی ئابووریی، چەوساندنەوەی ئابووریی، ئابووریی نێودەوڵەتیی، ئابووری نیشتیمانیی، کەڵەکەبوونی سەرمایە، قەیرانی ئابووریی، پسپۆر لە چەمکی سەرمایە یان پاشەکەوت.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئەم لایەنانەش: بابەتی ئابووریی تازە(ئابووریی دیجیتال،کە ئابوورییەکی بەبیرکاریکراوە)، سێستەمی ئابووریی جیهانیی، کۆمپانییا موڵتی ناسیۆنالەکان، ئابووریی لیبڕاڵ و نیولیبرالیزم، دراوگەرایی، ئابووریی کۆمەڵگەی فرەکولتوور، باڵادەستیی تەکنەلۆجیای ئابووریی نوێ، قەرز و قەرزی نێودەوڵەتی،کە پسپۆری ئابووریی شارەزا لە بیرکاریی دەوێت. وەکیتر ئابووریی هاوچەرخ لێوانلێوە لە بەبیرکارییکردنی هزریی ئابووریی،کە زۆرێک لە پسپۆرانی ئابووریمان ترسیان لە بەبیرکاریکردن هەیە.
دوا تەماشاکردنمان سەبارەت بە باسی ئابووریناسی بەتامی بیرمەندی ئابووریی، ئەوەش دەڵێین،کە گرنگترین شتێک لەم قٶناغەدا لە بەشە ئابوورییەکانی زانکۆکانی هەرێم پێویستە ئەوەیە، کە وانەکان بە زمانێکی کوردی ئابوورییناسانە بگوترێنەوە، بۆئەو مەبەستەش پێویستە مامۆستا بەڕێزەکانی ئەو بەشە کار لەسەر بەکوردیکردنی زانستی ئابووریی بکەن، چونکە هەژارییەکی ئەکادییمی و زمانەوانیی ڕووی لەو بەشە کردووە و خوێندکارانی ئەو بەشە زۆر بە زەحمەت دەتوانن بە زمانێکی ئابووریی ڕەوان گرفتێکی ئابووریی لەسەر بنەمای تێیۆرێکی ئابووریی ڕاڤەبکەن. دەبوو لە زانکۆکان ئەم لایەنە بەهەندوەرگیرایە و دەستەبژێرێکی ئابووریناسی کوردی ئەم خەمەی لەکۆڵگرتبایە.
سەرباریئەوە، نە بەشەکانی ئابووری نە نوسینە ئابووریەکانمان ئەو هۆشیارییە ئابوورییە دروستناکەن، کە ڕۆشنبیریی ئابووریی جۆرێکە لە ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی. ڕۆشنبیریی ئابووریی، کە گرنگیی خۆی لە کۆمەڵگەدا هەیە لەناو ئێمەدا لە پلەی سفردایە. ئەوە ڕۆشنبیریی ئابووریی نییە تۆ رۆژانە بزانیت بەهای تمەن یان لیرەی تورکی بەرامبەر بە دینار چەنە. ڕۆشنبیریی ئابووریی وەک گشت ڕۆشنبیرییەکانیتر (هونەریی، تەندروستیی،….)ڕۆشنبیرییەکی ژیانییە و پێویستی گشت تاکێکی هاوچەرخە.
سەرنج: بۆئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنای بواری پسپۆرییم نیین، کە دوانەییە (فەلسەفە و ئابووری)جگەلە پسپۆرییە فەلسەفییەکەم کە تا پرۆفیسۆری لە فەلسەفە بۆیرۆشتووم، باگراوندێکی ئەکادیمیشم لە ئابووری بەگشتی و ئابووریی نێودەوڵەتی بەتایبەت هەیە. سەرەتای ئەکادێمیی بەندە ئابووریی بووە و تا دکتۆرا بۆیرۆشتووم و دواتر دەستملێهەڵگرتووە بەرەو فەلسەفە چووم و لەوێش لە سفرەوە دەستمپێکردووە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی31: شت.. بەشتبوونی هەریەکەمان بەڕێوەیە.. ئازاد حەمە

لەمیانەی ئەم دوو پرسیارەوە ڕۆدەچینە ناو چەمکی شتەوە: شت چۆن پێکدێت؟بەشتبوون Thingnessی شت مانای چییە؟ دیارە پێویستمان بەوەیە،کە شتThing وەک شت لێیتێبگەین نەک ناشت no thing. شت دەبێتە شت، شتیش شتی لەدوادێت. ڕۆژانەش لێرە و لەوێ ڕووبەڕووی شتەکان دەبینەوە، لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەشدا دەکرێت خۆشمان ببین بە شت. چونکە کۆمەڵگەی نوێ، لە هەر کوێبین و هەرکێشبین، خەریکی بەشتکردنمانە.
زۆربە دەخوازێت ببێتە پزیشک، سەرمایەدار تادەگاتە دادوەر و پرۆفیسۆر، لێ بەشتبوون ئەوانیشی، بگرە زۆر بەسەختی، گرتووەتەوە. کەوابێت لەژێر ستەمی زیرەکی دەستکردا بەشتبوون لە گشت کاتەکانیتر خێراتر کاری خۆیدەکات. لەناو ئەو پرۆسەیەشدا سیاسەت، سێکس، پارە تادەگاتە خودی زانست کار لەسەر بەشتبوونمان دەکەن. بەمجۆرەبێت، بەشتبوون چارەنووسمانە.
کەدەڵێین: ویستم بۆ هیچ شتێک نییە، لێرە شت بە مانای چی دێت؟ بەمانای ئەوە دێت، کە ویست جارێ نەبووەتە شت، کە ویست نەبێتە شت، شت بوونێکی کۆنکرێتی نییە. کەوابێت دەبێت بپرسین: بنەچەی شت چییە؟باشە مێژووی شت هەر شتە؟هەموو شتەکان هەمانن؟شت وەک خۆی دەمێنێتەوە؟هەموو شتێک شوێنێکی نییە؟ ئەی شت خاوەنی هەیە؟ مان و نەمانی شتەکان بەدەست کێیە؟ ئیمانوێل کانتانە بیربکەینەوە دەڵێین: شت لە خودی خۆيدا چ شتێکە؟ سیاسەت یان کوردبوون دەبێتە شت؟ لالەزار شت بوو؟سێکس یان ئەڤینداری دەبێتە شت؟ ئایا بەشتبوون قەدەرمانە؟
شت چییە؟ شت ئەوەیە،کە بوونێکی کۆنکرێتی یان ئەبستراکتی هەیە. شت بابەتە، ئۆبژەیە، دەتوانیت ڕووداو بێت یان بوونێک بێت، بوونێکی فیزیکی. گومانیناوێت، بابەت لە شتەوە سەرچاوەدەگرێت و شتیش ڕەچەڵەکی بابەتە. واتە تا شت نەبێت بابەت بوونی نییە.
بۆ ئەوەی بزانیین شت چییە؟ دەپرسین: شت دەردەکەوێت؟واتە خۆیمان نیشاندەدات؟ باشە، شت تەنیا ئەوکاتە شتە،کە دەردەکەوێت؟ بەڵێ شت لەدوای بەشتبوونییەوە ناوی پێدەبەخشرێت. شت، کە هێشتا نەبووە بە شت ناشتە. ناشت بوونێکی فیزیکی نییە. سروشتی شت لە شتبوونەکەیدایە. شتیش بەبوونەشت ناوێکی لێدەنرێت و بەدەرکەوتنیشی شتبوونی خۆی دەسەلمێنێت.
وێڕایئەوە، زۆرجار دەڵێین: شتێک شت بێت وایلێنایەت.ئەو گوتنە بۆخستنەژێرپرسیاری ماهیەتی شتەکەیە و گومانیشە لە شتبوونی شتەکە. دەکرێت ئەو شتەی لە شتبوون کەوتووە دەرگایەک بێت، یان بورغویەک. دەشڵێین: گەر دەرگاکە یان بورغوەکە تۆکمەبایە وایبەسەرنەدەهات. لەڕاستییدا، باسی شتبوون هەر ئەوە نییە. چونکە کاتێک دەرگاکە یان بورغوەکە لە بەکاربردن دەکەوێت، هێشتا تایبەتمەندییە شتییەکانی لەدەستنەداوە. لێرەوە دەڵێێن:””کاتێک بوونێک(کیانێک)دەبێتە شتێک،کە جیهان لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، لە پەیوەندی دەبێت بە زەوی و ئاسمان و خواوەند و مرۆڤەوە””.
هەروەها گوتنی شتێک، بوونی شتێک بە دیاردە، بردن یان وەرگرتنی شتێک وشەی شتمان لادەکاتەبابەت. کاتێک باس لە ڕووداوێک یان دیاردەیەک دەکەین، خودی ڕووداو یان دیاردەکە بەرەو ئەوە دەبەین، کە ئەو رووداوە یان دیاردەیە شتی تریشی تیایە. بۆنموونە کوشتنی کەسێک، سەرنگومبوونی فڕۆکەیەک هەر ئەوە نییە کە دەیبیستیین، بەڵکو خودی ڕووداوەکە شتی تریشی تیایە، کە پێویستە پەیپێبەرین.
لەبەرئەوەی دەپرسین: ئایا دیاردەی گەردوون شتە؟ باشە خودی گەردوون شت نەبێت چییە؟ گەردوون شتە و بەرجەستەیە، لێوانلێویشە لە گۆڕان و جوڵە، بەبێگومانەوە ئەوەش سروشتی شتەکان دەگۆڕێت.
ئەو کورسیەی لەسەری دادەنیشین، سیسەمەی لەسەری دەخەوین شتن، شتگەلێکن رۆژانە بەکاریاندەبەین، کە ناو و شوێن، پانتایی و ئەندازە و رووبەریشیان هەیە. گشت ئەو شتانەش ڕەهەند و دوورییان هەیە. شت شتە،لێ دەشکرێت لە شتبوونبخرێت. ئۆتۆمۆبیلەکەمان شتە، بەڵام لەگەڵ تێکچونی بەهۆی ڕووداوێکەوە سکراپدەکرێت، پڕۆسەی هەڵوەشانەوەی بەسەردێت و دەبێتە پارچە بۆ شتی تر. واتە وەک شت دەخرێتە خزمەتی شتی ترەوە، جا ئامێری تر بێت یان هەر شتێکیتر.
لە هایدیگەرەوە فێری ئەوەدەبیین، کە””ڕێگا زۆرە (فەلسەفیی یان زانستیی)بۆ پرسیارکردن لەسەر ئەسڵی شت””. هایدیگەر””شت وەک بوونێکی بەهێز و خۆدەرخەر دەبینێت، ئەرکی ئەم شتە تەنها ئەوە نییە بابەتێک خۆینیشاندات، ئەوەشە، کە شت دەتوانێت تێگەیشتنمان بۆ جیهان رێکخات، کۆکاتەوە””.
بە بڕوای هایدیگەر، “شت” بریتییە لە بوونێک، کە جیهان کۆدەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، وەک لە نموونەی تابلۆی جووتە پێڵاوەکەی ڤان گۆخ. چونکە “”تابلۆی پێڵاوەکان “شتبوون”ی پێڵاوەکان ئاشکرا دەکات، نەک وەک کەرەستەیەک بۆ ڕۆیشتن بەڵکو وەک پەیوەندییەک لە نێوان دژواریی ژیانی جوتیار و زەوی و ئەو جیهانەی، کە تێیدا نیشتەجێیە””.
دوا قسەمان لەسەر شت و شتبوون ئەوەیە، کە ئێمە ئێستا لە کۆمەڵگەیەک دەژین شتگەرایی تیایا لە لوتکەدایە؛ ئاگات لەخۆت نەبێت دەتکاتە شت و پرۆسەی بەشتبوونیش لە هەنووکەدا زۆر پەلە دەڕوات. سەرباری ئەوە، دەڵێین، کە شتبوون Thingness و چیبوون Whatness هاومانان. ئەو شتەی دەبێتە شت لە چیبوونێکەوە هاتووە، واتە بوونێکی فیزیکیی یان بابەتیی شتەکەی کردوەتە شت.
بۆنموونە لالەزار شت بوو و بووشە هۆکاری بەشتکردن، چونکە ڕووداوی خوڵقاند. لەبەرئەوەی لالەزار لە چیبوونێکەوە هاتبوو و ئەو چیبوونەش مانای لە پشتەوە بوو، ئەمە وایکرد زەبر شتەکە لەناوبەرێت. هاتنی زەبرەکە بۆلێدانی مانایەک بوو، کە شتێک(ساختمانێک) بوو، شتەکەش لالەزار بوو؛ ناوێکبوو. ئەمەش رووداوی دروستکرد، وەک ڕووداوی لێدانی دوو تاوەرەکەی گۆڕەپانی مانهاتان، کە یانزەی سێپتەمبەریان سازاند.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 30 : پارادۆکس …… دەربازبوون لە مرۆڤی پارادۆکسال پێویستییە.. ئازاد حەمە

پارادۆکس Paradox (ناکۆک لە خودی خۆیدا) چەمکێکی ناڕوون و بێزارکەرە و پێکۆڵیکردنیش( پێداگریی) لەسەر نزیکبوونەوەلێی دەمانبات بەرەو ئەوەی، گشت پارادۆکسێک دۆزێکی خۆی هەیە، کە هەر ئەو دۆزەشە سروشت و ناواخنی دیاریدەکات،بەڵام لەناو پارادۆکسدا خۆدژایەتیەک Contradiction بوونی هەیە، کە پێویستە بدۆزرێتەوە. وێڕای ئەوە، دۆزینەوەی پارادۆکس دانپێداهێنانیشە بە شتێک کە هێشتا نایزانیین.
پارادۆکس لە فەلسەفەدا “ئارگیومێنتێکە، کە لە ڕووکەشدا لۆژیکیی دەردەکەوێت،بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە دەکرێت ببێتە هۆی دەرەنجامێکی دژبەیەک یان قبوڵنەکراو. بە واتایەکی تر،پارادۆکس هەڵوێستێکە یان لێدوانێکە وەک شتێکی دژ بەیەک دەردەکەوێت، ڕەنگە ڕاستیش بێت یان ڕاستییەکی قووڵتر دەربخات”.
لەوبارەیەوە بە پێویستی دەزانیین، بپرسیین: پاڕادۆکس لوغزێکی هزرییە؟ ئەی لە وتووێژا چۆن دەردەکەوێت و چی دەبێتە هۆی دروستبوونی؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ پارادۆکسێکدا بکەین؟ دەربازبوون لە پاڕادۆکس شیاوە؟ گوتەیەکی پارادۆکساڵ لەگەڵ خودی خۆیدا ناتەبا نییە؟ کەسی پارادۆکسال چ جۆرە کەسێکە؟ لە پارادۆکسدا دژایەتییەکیی ڕواڵەتیی بوونی هەیە؟ لەبەرئەوەی بنەمای پارادۆکس زاراوەیەکی ناڕوونە، تێگەیشتنلێی قورسە؟زۆرجار ڕەنگە واپێویستکات پارادۆکسەکە لەناونەبرێت، یان نەتوانرێت لەناوببرێت؟ بەرتەسکبوونەوەی پارادۆکس لە سیاسەتدا راستی ئاشکرادەکات؟ لالەزار پارادۆکسی یەکێتیەکان نییە؟
کەواتە با بزانین پارادۆکس چییە؟پارادۆکس(ناکۆکبوون لەگەڵ خودیخۆدا یاخود دژوێژی) ئەو شتەیە لەتەک خۆیدا ناکۆکە(دژبەیەکە). شێلگیرانەتر بدوێین دەڵێێن: لەبەرئەوە پارادۆکس ناکۆکە چونکە لۆجیکێک لەناوەوەیدا کارناکات و ئەمەش وادەکات لە رووی لۆژیکییەوە پەسەندنەکراوبێت. هەروەها پارادۆکس هانماندەدات زۆرتر، قوڵتر بیربکەینەوە لەوەی تیایین. بۆنموونە لەو راستییەی پێیگەیشتوین، لەوەی بە واقیعی Real دەزانیین.
بەواتایەکی دی، پارادۆکسەکان ڕەنگە وامانلێبکەن،بەو چەمکانەدا بچینەوە، کە گوتومانن یان بەکاریانمانبردوون. “زۆرجاریش پارادۆکسەکان لەسەر ئارگیومێنتە(بەڵگە) لۆژیکییە بەڕواڵەت دروستەکان بنیات دەنرێن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبنە هۆی دەرئەنجامێکی نالۆژیکی”.
وێڕای ئەوەی گوترا، لەسەربنەمای تێگەیشتنێکی فەلسەفییانە بۆ پارادۆکس دەڵێێن: پارادۆکس وامانلێدەکات بە گریمانەکانماندا بچینەوە. دەتوانێت دەرفەتی ئەوەشمان بۆدروستبکات، کە لە ناتەباییەکان، لە ڕاستییەکی شاراوە حاڵیبیین. بۆیە لێکۆڵینەوە لە “ناتەباییە لۆژیکییەکان دەمانگەیێننە پارادۆکسەکان”. ئەو شتەی پارادۆکسە کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە و خۆشی لە دۆزێکی دوانەییدا دەبینێتەوە: ئەمە یان ئەوە.
مرۆڤی پارادۆکسال کێێە؟ ئەم جۆرە مرۆڤە،کە لە دەورووبەرماندا زۆرن ئەو کەسەیە پۆلێک تایبەتمەندی دژبەیەکی تیا بەرجەستەیە. جۆرە مرۆڤێکی رەفتار و هەڵسوکەوت ناتەبایە، یان رەفتارەکانی چاوەڕواننەکراون و کردەکانیشی لە لۆژیکەوە دوورن. ئەمانە، دەکرێت مرۆڤگەلێکی کارا و هاوکات پاسیڤ بن، دەکرێت سۆزاوی و توندیش بن. کەسی لەم جۆرە ئەوەی لە سەرەتا دەیکات یان دەیڵێیت، ئەوە نییە لە کۆتاییدا دەیکات یان دەیڵێیت، بۆیە تێگەیشتن لە کەسی پارادۆکساڵ قورسە.
سەرباری ئەوە، دەکرێت بگوترێت، کە کەسی پارادۆکسال لەناو کرداری خۆدژایەتیکردندایە self-contradictory و ناڕێکی یاخود ناتەباییش لەخۆدا کۆدەکاتەوە: پارەیەکی زۆر سەرفدەکات و باس لەوەش دەکات، کە داهاتی بەرەو خراپی دەچێت؛ بەردەوام باس لە ئەوین دەکات و ڕقی دونیای لە خانمانە. تەنانەت بەبەڵگەکردنی نەزانیargument from ignorance یش جۆرێکە لە ھەڵەی لۆژیکی یان ھەڵەوێژی، کە لە کەسی دژوێژ(پارادۆکسال)دا لە لوتکەدایە.
بەپێی ئەوەبێت لایسەرەوە گوترا، پارادۆکس بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە گوزارەی بەھەڵەبردنی لۆژیکی یا ھەڵەی لۆژیکی یا ھەڵەوێژیش بەهەندوەرگرین. بەھەڵەبردنی لۆژیکی یان ھەڵەوێژی بریتییە لە بەکارھێنانی ئاکامگریی ناتەواو یا ھەڵە لە کاتی بنیاتنانی بەڵگەیەکی لۆژیکیدا. بەڵگەکە دەکرێت لە ڕواڵەتدا بێکەموکوڕی بێت، بەتایبەت ئەگەر هەڵەکە ڕووکەش نەبێت و درک بە بوونی هەڵەکە نەکرێت. ئەم لایەنە چەواشەکاریی لۆژیکییشی پێدەگوترێت. بۆیە پێشتریش هێمامانبۆکرد، کە پارادۆکسەکان شیکارییان دەوێت، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەش بۆ رووبەرووبوونەوەی پارادۆکس گرنگی خۆی هەیە.
ئاماژە بۆئەوەشدەکەین، کە جیاوازی لەنێوان پارادۆکس و ناکۆکیدا هەیە. لەناو پارادۆکسدا ناکۆکییەک لەنێوان کردن و نەکردنی شتێک بوونی هەیە. ناکۆکیەکەی ناو پارادۆکس جیایە لەوەی دوو شت ناکۆکن. بۆنموونە کاتێک دەڵێین بەفر سپی و رەشە ئەمە ناکۆکییە. چونکە لەیەک کاتدا ناکرێت بەفر سپی و رەشیش بێت. پارادۆکس ئەوەیە، کە سەرەتاکەی شتێکە و دواتری شتێکیترە. بۆنموونە: تا کتێب زۆرتر بخوێنمەوە هەستەکەم هیچ نازانم. ئەمە پارادۆکسە چونکە ناکۆکە. بۆ؟ مرۆڤ،کە زۆرتر کتێب دەخوێنێتەوە ئەوکات بۆیدەردەکەوێت، کە پێشتر چەند نەزانبووە. بەمجۆرە، پارادۆکس وەک ناکۆکیی نییە. پارادۆکس ئامرازێکی لۆژیکییە بۆ دەرخستنی ناکۆکییەکانی ژیان.
هەر تایبەت بە چەمکی پارادۆکس دەکرێت ئاماژە بەوەش بکەین،کە زۆرێک جۆری پارادۆکس هەن (پارادۆکسی کیسەڵەکە، پارادۆکسی مریشک و هێلکەکە، پارادۆکسی درۆ، پارادۆکسی باپیرە، و…..)، لێرەدا یەک نموونە بەهەندوەردەگرین لەسەر پارادۆکس ئەوەش (پارادۆکسی باپیرە) یە کە بەم جۆرەیە: ئەگەر پێش ئەوەی باوکم لەدایک بێت، باپیرەی خۆمم بکوشتایە، ئێستا من لەدایکنەدەبووم.
گۆتا گوتنمان لەمەڕ چەمکی پارادۆکس ئەوەیە، کە دەربازبوون لە پارادۆکس گرنگیی خۆی هەیە و ڕێگەگەلیش هەن بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پارادۆکسێکدا. کەوابێت، دەرفەت رەخسان بۆ هاتنەدەرە، یان دەربازبوون لە پارادۆکس کارێکی لۆژیکییە. دیارە،کە پاڕادۆکس سەرەتا ناڕێک و ناڕوون دەردەکەوێت، دواتر مەرجی لۆژیکی تیابەدیدەکرێت و پارادۆکسبوونی خۆی تێدەپەرێنێت. بۆیە هاتنەدەرەوە لە پارادۆکس یان تێپەراندنی بەکردنی پارادۆکسەکە بە ڕاستییەکی پشتڕاستکراوە،یان دۆزینەوەی چارەسەرێک بەوە لە پارادۆکس دەربازماندەبێت. ئەمە هیچ ئاسان نییە، چونکە تایبەتمەندی پارادۆکس لەوەدایە کە گیریی و پێوەبوونێکی تیایە، کە زۆرێک ناوی دەنێن ناڕوونی و گومڕایی. بۆیە دەربازبوون لە پارادۆکس هاتنەدەرەوەیە لەو ناڕوونی و گومڕایییە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی29: بێدەنگیی ڕوناکبیریی مانادار.. لێ خودی بێدەنگیی بێلایەن نییە.. ئازاد حەمە

چەمکسازیی بێدەنگی فڕەدیوە؛ یەکێک لە دیووەکانی بێدەنگیی ڕوناکبیرییە Intellectual silence، کە دەشێت بە بێدەنگیی هزریش ناوببرێت. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، کە بێدەنگیی ڕوناکبیریی دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ دانبەخۆداگرتنێکی حەکیمانە، خۆڕێکخستنەوەی خود و ململانێیەکی هزریی لەگەڵ خودیخۆیدا تا ئەوەی دواتر دەگوترێت شایانی گوتن بێت. هەروەها بێدەنگیی ئامرازێکی بەهێزە بۆ ئەوانەی لە بنەما بەهاییەکانی ئەم بێدەنگییە تێدەگەن. گەر بێدەنگییەکە بناغەیەکی روناکبیریانەی هەبێت دەکارێت جیاوازتر خۆڕاگریی و توانایی لە کەسەکەدا دروستکات.
گەر بێدەنگیی ئەو بنەمایەی نەبێت، کە باسکرا، کە نەیتوانی زەمینە بۆ تێگەیشتنی قووڵتر خۆشکات بێدەنگیی دیاردەیەکی ترسنۆکانە و ناشریینە. بێدەنگیی دیوی پەروەردەییشی هەیە، ئەمەیان ئەو کاتە دەردەکەوێت،کە تاک کار لەسەر بەخێوکردنی ناوەوەی خۆی دەکات. جاوەرە بێدەنگ بیت و لەناو قەرەباڵغییدا بژیت؛ ئەمە بەهەمو کەس ناکرێت!
لەو بارەیەوە دەپرسیین: واتای بێدەنگی ڕەهایە؟ ناچارییە یان هەڵوێستە؟ چەنەچەن و زۆربڵێی چی دەگۆڕن، بێدەنگیی شەرمەزاردەکەن؟ بێدەنگیی پرۆتێستە یاخود چەنەبازییە؟ ڕاستی بە هاتنی بێدەنگیی ئاوادەبێت؟ کاتێک ژاوەژاو جێگای بێدەنگیی ڕوناکبیریی دەگرێتەوە واتای بێدەنگی لاوازدەبێت؟بۆچی بۆ چەنەبازەکان گرنگ نییە چۆن قسە بکەن و چۆن بێدەنگبن؟کە بێدەنگیی لەکەداربوو قسەی بۆش و بێمانا جێگرەوەی نیین؟
ناچارین لێرەدا بپرسیینەوە: کەسەکانی کۆمەڵگەی ئێمە لە بێدەنگیی ڕوناکبیریی تێدەگەن؟ پێناچێت تێیبگەن، چونکە زارۆکی ناو ژاوەژاو و قەرەباڵغییەکانن. لە کوێ دەنگەدەنگ و چەنە چەن هەبوو ئەوان لەوێین. زۆر دەمێکە زمانیان جێگای زۆر ئەندامی دیکەیانی(گوێ، چاو) گرتووەتەوە. بۆیشە وادەڵێین، چونکە لە هەرێمێک دەژین ئەزموونی بێدەنگیی ڕوناکبیریی تیایا لە سنووری نەبووندایە. هەموو چەنەدەدەن، گرنگ قسەبکەن و زیادەڕۆیی لە گوتندا بکەن. لەم حاڵەتەدا بێدەنگیی ڕوناکبیریی وەک دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە، هاتنەکایەوەی تێڕامانێکی قوڵ و فڕەڕەهەند نابینرێت.
بێدەنگیی ڕوناکبیریی چییە؟ بێدەنگیی ڕوناکبیریی جۆرێکە لە جۆرەکانی بێدەنگیی، کە بەمانای بۆشایی و بێ مانایی ڕوناکبیریی نایەت. ئەم شێوە بێدەنگیییە تەقەلایەکە بۆ نەگوتن و چوونە قۆناغی بیرکردنەوەی قووڵ و جیاواز. لەناو بێدەنگیی ڕوناکبیرییدا متبوونێکی کاتی بوونی هەیە، کە لەخودیخۆیدا دۆزێکی پێویستە و بەشێکیشە لە مرۆڤبوون. جا ئەمە ئەوەش دەگەیێنێت،کە ئەوەی شایانی گوتنە با بەڕوونی بگوترێت، ئەوەشی، کە شایان نییە با بچێتە سایەی بێدەنگییەوە (ڤیتگێنشتێین).
ئەوە بێدەنگیی ڕوناکبیرییە، کە شکۆی خۆی هەیە؛ نەک قەرەباڵغیی ڕوناکبیریی، بەتایبەتی لەو کاتانەی گوتن، دەنگ، هیچ ناگۆڕێت. کەسێکیش، کە لەناو بێ شکۆییدا گەورەبووبێت بە ئاسانیی لە شکۆی نەگوتن و کەمگوتن حاڵینابیت. بۆیە بێدەنگی سامناک نییە گەر پەیامی نەخێر بۆ گوتنی سواو و ڕزیو بۆ چەنەبازەکان بنێرێت. پەیامی بێدەنگیی بۆ چەنەبازەکانە، کە شانازیی بە گوتنەوە دەکەن، گوتنێک کە لێوانلێوە لە بەتاڵیی و درۆ. بۆیە ئەو ڕاستیانەی بێدەنگدەکرێن ژەهراویدەبن (نیچە).
بێدەنگیی ڕوناکبیریی ترسنۆکیی نییە، رێزگرتنە لە خودی گوتن و ئەوەی شایانی گوتنە. تۆ کە هەر بڵێیت و چەنەبەیت و ئەوەی گوتراوە هیچ نەگۆڕێت لەم حاڵەتەدا بێدەنگیی شکۆمەندانەترە. هەروەها بێدەنگیی ڕوناکبیریی هەزارجار باشترە لە درۆکردن، شیڕە شیڕ و چەقەچەق، کە بێزاریی و بێهیوای بە گوتن دروستدەکات. وێڕایئەوە، بێدەنگیی ڕوناکبیریی کاتێک ترسناک خۆی دەردەخات، کە ڕەها و ئارەزوومەندانە بێت. ئەمەش وادەکات رٶحی دیالۆگ و خستنەڕووی دید لەناوچێت.
بۆ چەناباز و چەقاوەسوەکان بێدەنگیی ڕوناکبیریی عەیبەیە و وەک باشەیەک تەماشاناکرێت، چونکە هەر هەموو دەڵێن و دەنووسن، بێئەوەی بیر لە دەرئەنجامی گوتراو و نووسینەکانیان بکەنەوە. شاریش، کە دژە بێدەنگییە، کە پڕبووە لە هەڵگرانی دال (دکتۆرا)، هەموو سەرقاڵی کۆنفرانس، هۆرکشۆپ، پانێل، مێزگرتن، کە هەر هەموو ئەمانە گوتنیان ناشرین کردووە و هیچیش ناگۆڕن. ڕاستە لە کاتی ئاشوب و نادادییەکاندا ئاسان نییە ڕوناکبیران بێدەنگبن، بەڵام زۆرگوتن، زیادەڕۆیی کە پڕپڕە لە وشەی بۆش و بێمانا جیاوازە لە بێدەنگیی، کە زانیین لە خۆیدا بەرجەستەدەکات.
نیچە بێدەنگی بە دیاردەیەکی نێگەتیڤ نازانێت، بەڵکو بە دەربڕینێکی کۆنترۆڵکراوی قووڵی دەزانێت. بەپێی نیچە “”ئەوانەی شارەزان لە بێدەنگی، ڕیتمی گفتوگۆکان دادەڕێژن. بە بێدەنگی لە ساتەوەختی گونجاودا، دەتوانن کەسانی دیکە ناچار بکەن زیادەڕەوی لە قسەکردن بکەن، بەمەش خاڵە لاوازەکانیان ئاشکرا دەکەن””. چونکە چەنەباز ئاگای لە ڕیتمی گوتنەکانی نییە و بێدەنگییش بۆ کەسی زۆربڵێ کارەساتە.
کۆتا دیتنمان بۆ بێدەنگیی ڕوناکبیریی ئەوەیە، کە بێدەنگیی بێلایەن نییە. بێدەنگیی،کە لەناو نادەنگدا گەشەدەکات ناڕەزاییە و زەمینەش بۆ تێڕامانی پتر و فۆرمیتر لە بیرکردنەوە دەخوڵقێنێت.ڕاستە بێدەنگیی نەبوونی دەنگە، دەنگیش کە نەما قسەکردن بۆشایی بەرهەمدێنێت، بەڵام ناشێت بێدەنگیی وەک کردەیەکی ناکارا و بێمانا ببینرێت. لەم حاڵەتەدا لەبەرئەوەی هیچ ناگوتنە هەڵوێستیشە.
ڕاستە، کە بێدەنگەکان تەنیا و گۆشەگیرن، بەس ئەمە تا ئەو شوێنە تەندروستە، کە بێدەنگیی ڕەهانەبووە. بۆیە یەک لە سوودەکانی بێدەنگی ڕوناکبیریی ئەوەیە، کە تەقەلایەک بۆ گوزارەکردن لە دۆز و داهێنانی فۆرمێکی تر لە دەڕبرین بەڕێوەیە. کەوابێت بێدەنگیی بێلایەن نییە، هەتاهەتایەش نییە. بە داڕمانی دیواری بێدەنگیی گوزارەی تازە و نەخێری دیکە لەناو گوتاری ڕوناکبیرییدا لەدایکدەبێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی28: قەرزاری ڕەوشتیی.. و پابەندبوونە ڕەوشتییەکان لە داڕماندان.. ئازاد حەمە

لەبەرئەوەی پرسیاری قەرزاری ڕەوشتیی Moral Debt قورسایی خۆی هەیە و قەرزێکی مرۆیی دژواریشە بیرکردنەوە لە قەرزە ڕەوشتیەکانمان لەسەر خۆمان و لەسەر ئەوانی دیکە شایانی بیرلێکردنەوەیەکی بەردەوامی ووردە. گومانی ناوێت مرۆڤ تاکە بوونەوەرە هەست بەم جۆرە قەرزە لەبەردەم یەکتر یان یەزدان دا دەکات.وەکیتریش، هەستی قەرزاری ڕەوشتیی هەستێکی دیکە بەدوای خۆیدادێنێت، کە پابەندبوونە ڕەوشتییەکانە بە دانەوەی قەرزەکان؛ ئەمەیان لە هەنووکەدا لەبەردەم کێشەیەکی گەورەی ئاکارییدایە.
قەرزی ڕەوشتیی نە بە هەمووکەسێک دەدرێتەوە و نە هەمووان لە ماهیەتی قەرزاریی رەوشتیی حاڵیین. یەکلاییکردنەوەی قەرزە ڕەوشتییەکان داوای ڕەوشتییانە ڕەفتارکردنمان لێدەکەن. ئەمە لەکاتێکدا،کە قەرزاریە ڕەوشتییەکانی مرۆڤی ئەم چاخە لە زیادبووندایە؛ بەرامبەر بەوە ڕێژەی نابینایی ڕەوشتییش لە کۆمەلگە گەندەڵسالارەکان لە گەشەکردنی بێوچاندایە.
قەرزاری ڕەوشتیی چییە؟چۆن دەدرێتەوە؟ قەرزاری ڕەوشتیی و پابەندبوونی ڕەوشتیی هاوشانی یەک نیین؟ جیاوازیی چییە لەنێوان قەرزاریی ڕەوشتیی و قەرزاری ئابووریی؟چۆن هەستی قەرزاری ڕەوشتیی دروستدەبێت؟چۆن قەرزاری ڕەوشتیی قوربانییەکان بدەینەوە(قوربانیانی جینۆسایدەکان، قوربانیانی جەنگ، کۆلۆنیالیزم، هەژاریی و بێدادیی، دانەوەی مافی هەڵهاتووە غەدرلێکراوەکان، ئەو پەناهەندانەی بەدەم ڕێگاوە مردن … و)؟
قەرزاری ڕەوشتیی چییە؟ قەرزاری ڕەوشتی ئارەزوومەندییەکی مرۆییە بەرامبەر بە ئەویتر، هەستکردنە بەدانەوەی قەرزێک، ئەرکێک، یان ئەنجامدانی بەرپرسیارییەتێکی ڕەوشتی. ئەلبەتە بەدانەوەی ئەو قەرزە مرۆڤ دەکارێت بەشداریێ گەورە لە ئەنجامدانی کردارە ڕەوشتیەکانیشدا بکات. ئەڵبەتە ئەم کردارە لە کەسێکەوە بۆ ئەویتر و لە دۆزێکی کۆمەلایەتی و شارستانیەوە بۆ ئەویتر جیایە.
سەرەڕای ئەوە،هەچ کەسەو خۆی قەرزاری ڕەوشتیی خۆی دەداتەوە. چونکە قەرزاری ڕەوشتیی قەرزاری نێوان مرۆڤەکان و قەرزاری نێوان مرۆڤ و یەزدانە. بەواتەیەکی دیکە،دانەوەی قەرزە ڕەوشتییەکان کارێکی ئاسان نییە.ئەوەتا لە تێگەیشتنە ئایینییەکاندا قەرزاری ڕەوشتیی بریتییە”لە نیشاندانی سۆز و ڕێزگرتن، پێشخستنی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە پەیوەندییە مرۆییەکان” و “پابەندبوونیش بە گەڕاندنەوەی ئەو باشە و خزمەتگوزارییانەی وەرگیراون”. کەواتە باشە وەرگیراوەکان دەبێت بدرێنەوە. کێ باشەی وەرنەگرتووە؟ هەموو لە شوێنێک لە شوێنەکان قەرزاریی باشەکانیین.
دەکرێت ئەوەش باسکەین، کە خودی قەرزاری ڕەوشتیی دەشێت زۆر فۆڕمی مرۆیی وەرگرێت، لەوانە: هەست بەشەرمکردن لە ئاست کەسێک سەبارەت بە شتێک، کە روویداوە، بۆنموونە سەرەخۆشیت لە هاوڕێیەکت نەکردووە بەبۆنەی کۆچی داکییەوە. ئەمە بۆی هەیە هەستێک لەگەڵ خۆید بێنێت، کە دەکرێت ناونرێت هەستی قەرزاری ڕەوشتیی.
ئەڵبەتە نموونە لەسەر هەستکردن بە قەرزاریی ڕەوشتیی زۆرە: ئەو کاتەی جولەکەکان قەتلوعامدەکران یان ئەو دەمەی کورد بە زیندووی زیندەبەچال و کیمیاباران دەکرا دەبایە نەتەوە و هاوئاین و هاوڕەگەزەکانی جولەکە و کورد لەڕووی ڕەووشتیەوە بەرپرسیاری ڕەوشتی خۆیانیان دەستەبەجێ دەستنیشان بکردبایە،بەلام ئەمەنەکرا و بگرە هەنگاوی ڕەوشتی چەوتیش لەوبارەیەوە نرا. یان قەرزاری ڕەوشتیی بەرامبەر بە ژینگە، ئاژەڵ، هەژار و پەککەوتە و…. .
دەخوازین ئەوەش بڵێێن، کە سەرنج خستنەسەر گۆڕینی دید و ڕەفتاری ڕەوشتیی لە کۆمەلگە کارکردنیدەوێت. لەوبارەیەوە دێینە سەر خاڵێکی سەرەکی، ئەوەش ئەوەیە، کە دانەوەی قەرزەکان پەیوەندی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانەوە هەیە. ئەمەش لەبەرئەوەی دانەوەی قەرزە ڕەوشتییەکان لەخودی خۆیدا وابەستەیە بە پابەندبوونێکەوە.
گرنگە لەوە بەئاگابیین، کە زۆرجار دادوەرییەکانی ئێمە بەسەر تاوانباریی و بێ تاوانیی کەسێک دیوی تەنها ڕەوشتیی لەخۆناگرێت، دیوی یاساییش لەخۆدەگرێت. یاسا و ڕەوشت، کە پێکەوە کاردەکەن زۆرێک ڕێسا دەگۆڕن، کە ئایینیش هاتەنێوانیانەوە پێکەوەکارکردنەکەی یاسا و ڕەوشت ئاقاری دیکە وەردەگرێت.
وێڕای ئەوەی گوترا، ئاماژە بۆ ئەو باسەش دەکەین، کە قەرزاری ڕەوشتیی لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان، کە بێباکە بەرامبەربە پێکاوەکارکردنی یاسا و ڕەوشت، ڕۆژانە دەبینیین ئەم لایەنە بۆ ڕوناکبیرانی کۆمەڵگەی ناوبراو بابەتی لێکدانەوەی وورد و قوڵ نیین. هاوکات ئەوەش دەبینیین،کە دۆزی ژیانی کەسەکانیش لەو کۆمەڵگانە بەجۆرێک فۆڕمی وەرگرتووە، کە قەرزاری ڕەوشتیی((بەرامبەر بە یەک و بە ئەویتر، بەرامبەر بە سرووشت و دەوروبەر، بەرامبەر بە دیاردەی هەژاریی، پەلاماردانی ژن، زەبربەکاربردن لەتەک منال، شێواندی ژینگە، لەباربردنی ستاتۆسی ئازادی)) بۆ نێوەندی ئەکادێمی و روناکبیریی لەیەک کاتدا جێیباس و ئاوڕدانەوە نیین.
لێرەدا گرنگە سەرنجبخەینەسەر ئەو لایەنەش، کە هەڵەی ڕەوشتی لە کۆمەلگەی گەندەڵی کوردیدا ڕۆژانە لە زیادبووندایە و بەشێکی زۆریش لەو هەڵانە بڕیار و تێگەیشتنی سیاسیی دروستکەرین. سیاسیەکانی کۆمەلگەی گەندەڵ، کە دووچاری نابینای ڕەوشتیی بوونە خۆیان لەو پابەندییە ڕەوشتییانە بەدووردەگرن کە دەکەوێتە ئەستۆیان.
کۆتا تێگەیشتنمان لەبارەی قەرزاری ڕەوشتییەوە ئەوەیە، کە پابەندبوونە ڕەوشتییەکان Ethical Obligations، کە هاوشانی قەرزە ڕەوشتییەکانن شایانی تێرامان و گفتوگۆن. ئەو وانانەی لە پابەندبوونە ڕەوشتییەکانەوە فێریدەبیین ئەوەمان پێدەڵێن، کە ئێمە قەرزاری نەوەکانی داهاتووین؛ داهاتووی مرۆڤەکان ئەرکێکی ڕەوشتییانەی مرۆڤەکانی هەنووکەن. مخابن بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیی لەئێستادا ئەم هاوکێشەیە بەمجۆرە نییە. نەوەی ئێستا نە هەقی بەسەر نەوەی پێشووەوە هەیە نەش خەمی نەوەی داهاتوودەخوات و هیچیشی بۆخۆی نەکردووە.
لێرەوە لێدەگەڕێین فەلسەفەی ڕەوشت قسە خۆیبکات. ئەوەتا پۆل ڕیکۆر Paul Ricœur،پێیوایە ئێمە قەرزاری مردووەکانیین و پابەندییشین بەرامبەربەوەی لەپێناوی ئێمەدا چەشتوویانە، لەهەمانکاتدا باوەڕێکی زۆریشمان بەو دیتنە ڕەوشتیەی فەیلەسوفی دانیمارکی پێتەر کێمپ Peter Kemp هەیە،کە پشتگیری لە دیتنەکەی ریکۆر دەکات و لەڕووی ڕەوشتیشەوە بەرەو ئاڕاستەیەکی بالاتری دەبات کاتێک بۆئەوەدەچێت،کە””ئێمە تەنها قەرزاری مردووەکان نیین، قەرزاری ئەوانەشین لەگەلیاندا دەژین””. بۆیە””وانەکانی مێژوو پێویستە فێری ئەوەمان بکەن، کە چۆن قەرزبدەینەوە””.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 27: مەڕانەڕەفتارکردن.. خۆمەڕکردن خۆگێلییە!.. ئازاد حەمە

مەڕگەرایی Sheepishness بەمانای مەڕانەدەرکەوتن و مەڕانەخۆنیشاندان دێت و هاومانای شەرمەزارییە. قسە یان ڕەفتاری مەڕانەsheepish قسە و ڕەفتارگەلێکی شەرمئامێزن. ئەوانەی مەڕانە دەژین و هەڵسوکەوتدەکەن خۆمەڕکردنیان لا سادەیە. هاوکات بە شێک لە مرۆڤە مەڕەکان دەزانن چییدەکەن و چۆن چوارچێوە بۆ ژیانی خۆیان دادەنێن. مەڕئاسا مامەڵەکردن واتە بێ باکانە، گێلانە ڕەفتارکردن. ئەوانەی ڕەفتارمەڕن بەرپرسیارئامێز نیین و چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکاریەکی جدییشیانلێناکرێت.
شڕۆڤەی مەڕانە مامەڵەکردن Act Sheepish بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێێن: مرۆڤە مەڕکردارەکان لێکەوتەیان زۆرە؛ کرداری گەمژەئاسا و هەڵەی دووبارەیان لە زیادبووندایە. خۆمەڕانە نیشاندان واتە مەڕانە بیرکردنەوە و مەڕانە تێگەیشتن. ئەمەش هیچی کەم نییە لە هەست بەگەمژەییکردن و خۆشەرمەزارکردن لەناو خەڵکدا. ئەوانەی مەڕانە لەم دونیایە دێن و دەچن هەر مەڕانە دەڕۆن و شتێکی ئەوتۆ لە پاش خۆیان جێناهێڵن جگەلە دیرۆکێکی پڕ مەڕانە.
لەسەر بنەمای ئەوەی لای سەرەوە گوترا دەپرسین: کێ مەڕە؟ مەڕبوون لە چییەوە سەرچاوەدەگرێت؟ باشە خۆمەڕکردن خۆگێلیی نییە؟ کردارێ یان بیرکردنەوەیەکی مەڕانە دەرئەنجامی چیلێدەکەوێتەوە؟ مەڕانە دەرکەوتن واتە چی؟ کێ پێویستی بە خۆمەڕکردنە؟ مەڕانەژیان، مەڕانە هاوڕێیەتیکردن و …… بۆ؟ سیاسەت کار لەسەر بەمەڕکردنی مرۆڤاکان ناکات؟ ژیان بێ خۆگێلکردن دەڕوات؟ چۆن هەست بە مەڕبوونی کەسێک بکەین؟ مەڕی نایاب کێیە؟
خۆمەڕکردن واتە چی؟ لێکۆڵەران وایبۆدەچن، خۆمەڕکردن واتە خۆنەناسکردن لە کەسەکان، خۆپەڕانەوە لە کێشە و دۆزینەوەی چارەسەر، خۆشباوەڕیی و شەرمەزاریی. بە جۆرێکی ساکارتر دەپرسیین: بە کێ دەگوترێت مەڕ؟ بەوانە دەگوترێت، کە شەرمەزار، شەرمن و ملوڕن. بێگومان ئەم ئاوەڵناوانە، لە ئاکامی کردەوەکانیانەوە دروستبووە. لەوەشەوە، لە کارە گەمژەییانەکانیاندا زێدە گوێڕایەڵ و نەرمونیانن و خاوەنی هەستێکی لێبوردەیی گێلانەشن.
مەڕ و مرۆڤەمەڕ دوو شتی جیاوازن. ئاساییە مەڕی ڕاستەقینە مەڕانەبوونیخۆی بژیت، لەگەڵ مەڕەکانیتر بە کۆمەڵ بژیت و متمانەشی بەخۆی نەبێت. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی عەقڵی نییە. بەڵام مرۆڤ لەبەرئەوەی عەقڵی هەیە ناشێت مرۆڤەمەڕیی خۆی پەسەندبکات. مرۆڤەکان، کە خۆیان وەک مەڕ نیشاندەدەن ئەوە لێکەوتەی زۆر توند بە دوای خۆیدا دێنێت لە کۆمەڵگا. ئەوەشمان بیرنەچێت، کە شەرمەزاربوون و شەرمەندەیی دوو ئاوەڵناوی کەسی مرۆڤەمەڕە.
بەمەڕچواندنی مرۆڤ بەرهەمی ئەو دیتنەیە، کە ئەو جۆرە مرۆڤانە بە ئاسانی قایلدەکرێن، مەیلیان زۆرە بۆ وەدووکەوتنی ئەوانیتر (قەرەباڵغی) و بۆ بێدەنگبوونێکی ترسنۆکانەش. زۆرجاریش بە ڕاشکاوی بە کەسانێک دەڵێێن: مەڕ، یان گوزارەی وەک “دەڵێێت مەڕە بەوجۆرە قسەدەکات”، بەکاردەبەین بۆ ئەوانەی گوێڕایەڵ و سەرکزن. قسەکردن و گفتوگۆی مەڕانە ناکاریگەر و ناهەژێنەرە و شتێکی ئەوتۆشمان پێناڵێت، کە شایانی تێڕامان بێت.
سەرباریئەوە، ڕاستە ئێمە دەتوانین ڕەفتاری مەڕانە لە مرۆڤدا، لە تاکەکانی کۆمەڵگەدا، بدۆزینەوە، بەڵام بائەوەش بڵێێن: ئەوانەی ئێمە ناویاندەبەین بە مەڕڕەفتار، ئەوانە پێێانوایە ئەرێنی بیردەکەنەوە و شەرمن و نیەتپاکن. ئەم جۆرە مرۆڤانە لە گشت کۆمەڵگەیەک بوونیان هەیە، بەتایبەت لە کۆمەڵگە و شارستانییە نەرێتییەکاندا.
هەندێک لە توێژەران وایبۆدەچن مرۆڤەمەڕ ئەو مرۆڤەیە کە ئاکار باش و کەسێکی شەرمن و بێوەیە. ئەم جۆرە مرۆڤە رۆحێکی دۆستانە و پڕبەزەییشی تیایە. مرۆڤە مەڕەکان بەپێی ئەم شێوە توێژینەوانە شانازیی بە باشیی و ئەمەکداریی و شەرمنیی خۆیانەوە دەکەن.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین: وڵیام دێرسیڤیچ William Deresiewicz، پرۆفیسۆری زانکۆی Yale ی ئەمەریکی لە کتێبەکەیدا بەناوی (Excellent Sheep مەڕی نایاب) ڕەخنەی پەروەردەی خراپی دەستەبژێری ئەمەریکی دەکات، کە بێ ئاگان لە تێگەیشتنی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە و بەتەواوەتیش ئامانجی خۆیان نەدۆزیوەتەوە. بۆیە زانکۆ نموونەیەکانی ئەمەریکا بەوە وێنادەکات، کە خاوەنی خوێندکاری مێشکدارن، بەڵام بێ ڕۆحن (مەڕن). لای ئەو پرۆفیسۆرە ئەمەریکییە مەڕی نایاب ئەو ئەو خوێندکارە مێشک باشەیە، کە تەنها ئامانجی نمرەی بەرزە و هیچیتر. بۆ ئەم پرۆفیسۆرە ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە خوێندکاری زانکۆ دەستەبژێرەکانی ئەمەریکا، کە کەسی دەستەبژێر فرێدەدەنە کۆمەڵگەی ئەمەریکییەوە پێویستە بتوانن ڕێگای خۆیان دروست بکەن و بوێریی ڕەوشتییان دامەزرێنن.
کۆتا سەیرکردنمان بۆ خۆمەڕکردن ئەوەیە، کە خۆمەڕکردن گێلییە؛ خۆلادانە لە فێربوون و خۆچاککردنەوە. ئەمە لەژیانی کۆمەڵایەتییدا زۆر بەدیدەکرێت. گوتن یان دیدی مەڕانە وەک زەردەخەنەی مەڕانە وایە. سەیرەکە لەوەدایە، کە کەسەکە بێباکانە شادە و کەچی تێگەیشتنی بۆ شادی خۆی لەناو ئەو هەموو تراژیدیایانە نییە.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، مخابن، زۆرێک لەو مەڕەمرۆڤانە لە بواری سیاسەتدا خۆیان مەڵاسداوە. بەگشتی سیاسییەکان مرۆڤی مەڕئاسایان دەوێت. ئەوانەیان پێویستە، کە خۆیان مەڕئاسا نیشاندەدەن، واتە خۆ لە ڕاستیی رووداوەکان گێلدەکەن. لەبواری ژیانی خێزانیشا زۆرجار مەڕێک بوونی هەیە، جا ئەوە ژنەکە بێت یان پیاوەکە. هاوکات لەنێوان هاوڕێیانیشدا دیاردەی خۆمەڕکردن بوونی هەیە؛ زۆرێک لە هاوڕێێان حەزیان بە هاوڕێی مەڕرەفتارە. کەواتە پێویستییەک یان ویست بۆ خۆمەڕکردن لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا بوونی خۆی لەدەستنەداوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 26: سواڵکردنی سۆز.. بۆشایی سۆزییمان پڕناکاتەوە.. ئازاد حەمە

سواڵی سۆز یان سواڵکردنی سۆزدارییEmotional Begging، کە جۆرێکە لە جۆرەکانی سواڵ بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی دەروونیی و سۆزدارییە. ئەم سواڵە ئەزموونێکی پەژارەهێنەر و پڕ ئازارە، دیاردەیەکە لێرە یان لەوێ ڕوودەدات و لەخۆڕاش دروستنابێت و هۆکار و پاڵنەر لەپشت ڕوودانەوەکەیەتی.
سواڵی سۆز کردارێکە لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدەدرێت بۆ بەدستهێنانی خۆشەویستیی، گرنگییپێدان، ڕاکێشانی سەرنج و هاوسۆزیی. ئەم کەسە زۆرێک ڕێگا دەگرێتەبەر تا ببێتە جێگای بایەخ و ئاوڕدانەوەی ئەوانیتر، لەوانە: هەڕەشەکردن، بەومانەیەی، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە تا گرنگیی پێبدەن، گازندەکردن لە دەورووبەر و کروزانەوە لەسەر ئەو بناغەیەی کەس هەست بە بوونی ناکات و سۆزییان بۆی نییە و بەزەیشیان پیایانایەتەوە.
بۆیە بەپێویستی دەزانیین بپرسیین: سواڵی سۆز دیاردەیەکی بۆماوەییە یان نەخۆشییەکی دەروونیی؟ ئەم سواڵە بەسە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و کەمیی سۆزیی؟لەدەستدانی توانای دەربڕینی هەستەکانAlexithymieجیا نییە لە بێبەشبوونی(محرومیەتی) سۆزداریی؟ لەدەستدانی پاڵنەر و لێنەزانی لە وەرگرتنی چێژ لە ژیان ناچارمان ناکات سۆز سواڵکەین؟داننان بە بۆشایی سۆزداریی سەرەتایەک نییە بۆ دۆزییەنەوەی هۆکارەکانی بۆشاییەکە؟ کێ پێداویستیی سۆزداریی مرۆڤ پڕدەکاتەوە؟ تاکەکان، خەڵک، گروپێک، دەورووبەر، دامەزراوەیەک ….کێ؟
سواڵی سۆز چییە؟ لێرەدا قسە لە خودی کردەی سواڵکردن ناکەین، قسە لە سواڵی سۆز و هاوسۆزیی دەکەین. سواڵی سۆز هیچی کەم نییە لە سواڵی بەزەیی، ڕەحم و ئەمەکداریی. بێگومان نەبوونی قووڵیی سۆزداریی لای کەسەکان هۆکاری ئەم جۆرە سواڵەیە. سواڵەکە وەک چارەسەر بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ناخییەکان و گەڕان بەدوای گرنگییپێدان و داوای خۆشەویستی و بەزییپاهاتنەوە لە ئەوانی دیکە تەماشادەکرێت. ئەڵبەتە سەرچاوەکانی سواڵی سۆز ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت: بێبەشبوونی سۆزیی، هەستکردن بە کەمیی هاوسۆزییEmpathy، متمانە بەخۆنەبوون و…. .
بەپێی شارەزایان بێت، سواڵکەری سۆز بۆبەدەستهێنانی سۆزی ئەوانی دیکە ئامادەیە ڕەفتار هەڕەشەئامێزانە بجوڵێتەوە، بیانووبگرێت و ئەوانی دیکە بەوە خەتاباربکات، کە هۆکاری بێسۆزییەکەین. ئەم جۆرە سواڵکەرانە لێهاتوون لە وروژاندن و یاریکردن بە هەستی ئەوانی تر، ئەڵبەتە تابشتوانن ژیانی خۆشیان لەبەرچاو نزیکەیانیان دراماتیزەدەکەن؛ هاوکات خۆیان بەردەوام وەک بەدبەخت و قوربانی نیشاندەدەن و سەرزەنشتی کەسانی دەورووبەریان دەکەن. بێگومان زۆرتریش ئەوانە توشی ئەم حاڵەتە دەبن،کە شێوازێکی ژیانی ناتەندروست دەگرنەبەر لەچاو ئەوانەی بەختەوەر و پڕژیانن.
سەبارەت بەوەی لایسەرەوە ئاماژە بەوەش دەکەین، کە نەبوونی هاوسۆزیی یەکێکە لە دیوەکانی بێبەشبوونی سۆزداریی. پسپۆرانیش لە بواری کلینیکی دەروونیی پێیانوایە، کە بێبەشبوونی سۆزداریی بریتییە لە نەبوونی پاڵپشتی سۆزداریی. زۆرجار پشتگوێخستنی سۆزداریی، کە بێبەشبوونی سۆزداریی دروستدەکات، پۆلێک کێشەی دەروونیی یان کۆمەڵایەتیی لەگەڵ خۆی دێنێت. بۆیە پێداویستییە سۆزدارییەکانی ژنێک جیایە لە پێداویستییە سۆزدارییەکانی پیاوێک، هاوکات پێداویستییە سۆزدارییەکانی هاوڕێیەک بۆ هاوڕێێەک جیاوازە لە پێداویستییە سۆزدارییەکانی دایکێک یان باوکێک بۆ مناڵەکەی.
زۆرێک لەوانەی لەبارەی سواڵکردنی سۆزدارییەوە قسەدەکەن تیۆرییە دەروونشیکارییەکان بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی باوەڕپێکراو بەکاردەبەن و پێیانوایە، بۆ سنووردانان بۆ ئەوانەی دووچاری دیاردەی سواڵکردنی سۆزداریی دەبن ئەوەیە،کە کار لەسەر شێوازی ژیانیان، بۆچوونیان بۆ دەورووبەر، گۆڕینی جۆری بیرکردنەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بدرێت و هانیشبدرێن، کە چۆن پشت بەخۆببەستن و پێداویستییەکانی خۆیان بهێننەدی.
بەشێک لە فۆرمەکانی سواڵی سۆز پەیوەندی بە گرنگییپێدانەوە هەیە. واتە کەسەکە سواڵی گرنگییپێدان یان ڕاکێشانی سەرنج دەکات، ئەمە داوایەکی سۆزییە، یان کۆششە بۆ بەدەستهێنانی سۆزی (خۆشەویستی)ئەویتر. جەوهەری سواڵەکە هەوڵێکە بۆئەوەی کەسەکە بایەخ و دیقەتی ئەویتری لەسەربێت. ڕەنگە دۆزی کۆمەڵایەتی و ناجێگیریی دەروونی ئەو کەسە لەپشت دروستبوونی ئەم دۆزەوە بێت، کە پێویستی بەو گرنگییپێدانەی ئەوانیترە. لەوبارەوە زۆرێک هۆکار هەن، لەوانە: پێداویستیی، هەستیی کەمیی، یان خۆبەکەمزانیین و …. .رەنگە سەرەتا ئەم سواڵی گرنگییپێدانە ئەرێنی بێت، بەڵام لەگەڵ کاتدا، کە کەسەکە خۆی لەسەر ئەم رەفتارە ڕادێنێت دەبێتە کردارێکی نەرێنیی.
سەرباری ئەوە، سواڵی گرنگییپێدان لە کەمیی شایستەیی و خۆبەکەم زانینەوە دێت. کێشەکە سواڵەکە نییە، کێشەکە ئەوەیە، ئەگەر سواڵەکە بەرینەبێت. کاتێک سواڵەکە دەستکەوتی نابێت، بێهیوایی و خەمۆکی لەگەڵ خۆی دێنێت. بۆدورکەوتنەوە لەم دیاردەیە باشتروایە مرۆڤ خۆی بەکەمنەزانێت و لە عەوداڵی دروستکردنی پەیوەندی تەندروستیشدا بێت.
کۆتا بینینمان بۆ سواڵی سۆز ئەوەیە، کە سواڵکەرانی سۆز کێشەیەکیان هەیە، کە دەکرێت ناونرێت بۆشایی سۆزیی. ئەو بۆشاییە کاریگەریی لەسەر سواڵەکەیان هەیە. بێگومان بۆشاییەکە ناخییە(ڕۆحییە)، بەڵام چۆن ئەم جۆرە بۆشاییە دروستدەبێت و دەبێتە بناغە بۆ سواڵی سۆز؟ بێگومان دوای ئەوەی مرۆڤ هەست بە دڵەڕاوکێ یان تەنهایی و بێزاریی ناوەکی دەکات، لێرەوە دەکەوێتە ناو حاڵەتی بۆشایی سۆزییەوە، ئەوەش وایلێدەکات درک بە بێمانایی ژیان بکات و لەناو بێئامانجی و خەمۆکییدا بخولێتەوە. زۆرجاریش هۆکاری بۆشاییەکە ڕەنگە بێباکی مرۆڤەکان بێت بەرامبەر بە خودیخۆیان، یاخود بەهۆی لەدەستدانی هێژایەک لە ژیان، جیابوونەوەی خێزانی، هەستی شکستی رەوشتیی و…. .
سەرئەنجام، قبوڵکردنی بۆشایی سۆزیی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لە سواڵی سۆز. کاتێک بۆشایی ناخیی خۆت قبوڵدەکەیت، کەواتە تۆ توانای خۆبینینی خۆت هەیە و بەئاگاشی لە شکستیی و پەرتییە رۆحییەکانت. بەمە تۆ ئیدی پەنا بۆ ئەویتر نابەیت و داوای گرنگیپێدان لە کەس ناکەیت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی25: گوتنی نەگوتراو…. بێدەنگییش نەگوتراو لەخۆدەگرێت.. ئازاد حەمە

گوتنی نەگوتراو to say the unspoken ، کە توخمی بێدەنگی لەخۆدا مەڵاسدەدات، ئەو گوزارەیەیە، کە جارێ نەبووەتە گوتن، یان لە قسەکردندا هێشتا گۆنەکراوە و دەرنەبڕدراوە. گوتراوە نەگوتراوەکان (گۆنەکراوەکان) ئەگەرچی ناڕاستەوخۆ هەست بە گوتنییان دەکرێت، بەڵام راستەوخۆ لە گوتندا ئامادەنیین و نەبوونەتە بابەتی دانپێدانان و جەختکردن. ئەمەو گوتن نەبێت دەستەواژە لەدایکنابێت، یان بەزیادبوونی نەگوتراوەکان دەستەواژەکان ڕوو لە کەمیی دەنێن.
سەرەتا دەخوازین ئەوە بڵێین،کە کاتێک گوتن دەکەوێتە لێواری نەگوتنەوە، نەگوتراوەکان دەشێت بارگرانییبن بۆسەر ناخمان،زۆرکاتیش هەوڵی خستنەدەرەوەیان دەدەین، لێ فشارەکان هێندە جۆراوجۆر و قورسن ناتوانن بێنەدەر و ببنە گوتراو. شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنیشە، دەستگرتن بە نەگوتراوەکانەوە ئازایەتی دەوێت. هەموو کەس ناتوانێت ببێتە خاوەنی نەگوتراوی خۆی. چونکە گوتن(چەنەبازیی)هێندە زۆر بووە بێزاریی و وەڕەسبوونی دروستکردووە.
لەژێر تیشکی ئەو گفتوگۆیانەی لایسەرەوە دەپرسیین:گوتنی نەگوتراوthe unsaid جیاوازی چییە لە گوتنی گوتراو؟ گوتنی نەگوتراو ئەو نەگوتراوانە نین، نەسواو و نادووبارەن؟ گوتنی نەگوتراو لە پەیوەندییدایە بە بێدەنگییەوە؟چۆنیەتی گوتنی نەگوتراو سەرنجراکێش نییە؟نەگوتراوەکانی ژن هاوشێوەی نەگوتراوەکانی پیاون؟هەندێک شت باشتر نییە هەر بەنەگوتراوی بمێنێتەوە؟ جا تاکەی؟ نەگوتراوەکان بارگرانیی دەروونی و هەستییمان بۆدروستناکەن؟ئەو شتە چییە،کە شتێک دەکاتە نەگوتراو؟
گوتنی نەگوتراو Dire le non-dit چییە؟ گوتنێکە هێشتا لەرووی زمانەوانییەوە پێکنەهاتووە؛ نەبووەتە گوتن، ئەو قسەیەیە نەکراوە. ماویەتی بگاتە قۆناغی بینیین و بیستن؛ یان لەدەرەوەی دیار و ڕووندایە. هاوکات سەرەتای نەگوتراو ئەوەیە،کە کاتێک باس لە شتێک دەکەین،کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکراوە،بەڵام بە وشە نەخراوەتەڕوو.
تا ئەو شوێنەی ئێمە ئاگاداربین، گوتنی نەگوتراو سانا نییە؛گوتنیشی هەل و مەرجی دەوێت. زۆرجاریش دۆز گوتنی نەگوتراو دەسەپێنێت. بۆنموونە””هەستی دەرنەبڕدراو، چاوەڕوانییە فەرامۆشکراوەکان، یان ناکۆکییە شاراوەکان دەتوانن وشەی نەگوتراو دروست بکەن””.
بەواتایەکی دیکە،نەگوتراوەکان یاخود دەرنەبڕدراوەکان، لێرە یان لەوێ بەرۆکیانگرتووین و بووشنەتە دەردەسەری و مایەی چەشتنی ئازار. بۆیە بەردەوام ناحاڵیبوون یان دڵەڕاوکێ و دڵشکاویەک لە پشت نەدرکانی گوتنەوەیە. ئەمەش ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە،کە نەگوتراو پێماندەڵێت دەسەڵاتنەبوونێک لە هەمبەر نەگوتنی شتێک، کە دەبوو بگوترایە بوونی هەیە.
وێڕایئەوە، گەلێکجار نەگوتراوەکان بەرهەمی دروستنەبوونی دەرفەتن بۆ گوتن، لە دۆخێکی وەهادا کە کاتێکی زۆر بەسەر نەگوتراوەکاندا تێدەپەرێت ئیدی گوتنیشیان هێندە بەهادارنابێت. ئەمە بۆ خانمان بەوجۆرە نییە.چونکە نەگوتراوەکانی ژن کەمترە لە چاو پیاو. پێشدەچێت بەپێی کولتورەکان نەگوتراوەکانی ژن هەمان فۆرمی زمانەوانی نەگوتراوەکانی پیاوی نەبێت.
هەرکە نەگوتراوەکان بوونە گوتراو دەشێت ئەم نەگوتراوانە پۆلێک نیگەرانییشمانبۆبێنن،بەڵام پەیبردن بە نەگوتراوەکانی کەسێک مەرجنییە لە شوێنی خۆیدا بێت.ڕەنگە نەگوتراوەکانی بێمانا و پووچبن و هەرگیزیش ڕامان نەچڵەکێنن. لەبەرئەوە هێزی حاشا هەڵنەگری نەگوتراو ئەو دەمە ئاشکرادەبێت، کە پێویستمان بە ئاشنابوونە بە ناواخنی نەگوتراوەکان(نەنووسراوەکان) .
پەیامە نەگوتراوەکان دەتوانن هێمابن بۆ زۆر شتی درکپێنەکراو،وەکیتر ئاشنابوون یان دانپێدانان بە نەگوتراوەکان ئازاربەخشیشیان تیایە.ئەوەش لەسەر پاشخانی نەگوتراوەکان وەستاوە.هەندێک لە نەگوتراوەکان هەڵقوڵاوی مەینەتی ژیان و دەردێکی کوشندەی ئەوینداریی یان رووداوێکی ڕۆحیی ناپەسەندن بۆیە گوتنییان برین دروستدەکات و هەڵگرتنیشیان هەر ئازاربەخشە.
سه‌ره‌نجام دەڵێێن: گوتنی نەگوتراو لە قۆناغی شاردنەوە، بێدەنگبووندایە. گوتنێکە ئاشکرانەبووە، ڕەنگە هۆکار زۆربن،کە گوتنێک نەبووەتە گوتراو؛ ترس لە گوتن، مەیل بۆ نەگوتن و بەنهێنیکردنی گوتن و…تاد. لەڕێگای هەندێک کردار، رەفتار و زمانی جەستە و تۆنی دەنگەوە دەکرێت درکبەوەبکەین،کە هەندێک شت هەیە لەو گفتوگۆیەدا هێشت نەگوتراوە.زۆرجاریش ڕێگای جۆراوجۆر دەگیرێتەبەر تا نەگوتراو گۆکرێت، وەک: گۆڕینی بابەت، دۆزینەوەی سەرەباسیتر بۆگوتن، لادان لەوەی قسەی تیادەکرێت…. .واتە هەندێک نەگوتراو بە ئەنقەست کراوەتە نەگوتراو.
بۆ تیشک خستنە سەر هۆکارەکانی نەگوتنی گوتراوەکان لێرەدا هەر هێندە دەڵێێن، کە ترسی کەسەکە لە گوتنی ئەوەی دەخوازێت بیڵێت، هەست بەشەرمەزارییکردن لەئاست ئەوەی نیازخوازە بیڵێت و نایڵێت، ئەوەش کە لەناخەوە پەستە و ناخوازێت بێتەگۆ. سەرباریئەوە، لەکاتی هەڵچووندا ئەوەی، کە دەبوو بگوترێت جارێ نەگوتراوە و زۆرجاریش گوتنی نەگوتراو دەچێتە خانەی نەگوتنی شتە هەستیارەکانەوە؛ هەستیار بەمانای سیاسیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتیی.
ڤیتگنشتاین پێیوابوو”زمان سنووری هەیە و هەندێک لایەنی ئەزموون، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مانا و بەها و ڕەچاوکردنی ڕووشتییەوە هەیە، ناتوانرێت بە تەواوی لە ڕێگەی زمانەوە دەرببڕدرێن””. ئەمە خانەی نەگوتراوەکان پێکدێنێت. هەروەها درککردن بە پەیامە نەگوتراوەکان هاوکارماندەبن زۆر قسەنەکەین، زۆر نەپرسیین. بۆنموونە دوای ونبونێکی زۆر، کاتێک کەسێک لێماندەپرسێت: هەموو شتێک باشە؟ئەو پرسیارە دەچێتە خانەی نەگوتراوەوە. لەپشت ئەو پرسیارەوە زۆرێک گوتن هەن، کە هێشتا نەبوونەتە گوتراو.
دوا گوتنمان لەبارەی گوتنی نەگوتراوەوە تایبەتە بە بێدەنگییەوە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی نەگوتراو بێدەنگییش لەخۆدەگرێت. ئەڵبەتە”نهێنی خێزانیی یان برینە ساڕێژنەبووەکان دەتوانن سەرچاوەی پرسە نەگوتراوەکان بن”. گومانی ناوێت، کە گوتن هێزی هەیە بەس هەمیشە نا، گەر هەمیشە پەیڤ وزەداربێت بێدەنگی شادەماری نەگوتراوەکان پێکناهێنێت. راستە بێدەنگی بێلایەن نییە، بەڵام دەشتوانێت هەڵوێست، توڕەبوونێک بێت. وەکیتر”هەندێک جار، قورسترین بارگرانی کە هەڵیدەگرین، قورسایی قسەکانمان نییە، بەڵکو بێدەنگی ئەوانەیە کە هەرگیز قسە ناکەین”.
سەرباریئەوە، کاتێک گۆنەکراو پەلدەهاوێت بەرەو بێدەنگیەکی بکوژ ئەستەمە گۆڕینی نەگوتراو بە گوتراو. ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە پێیباشبێت، کە هەندێک شت باشترە نەگوترێت.بەڵام تاکەی؟ گەر نەگوتراو باشتربێت لە گوتراو ئەوا تێکڕای نەگوتراوەکان هۆکار و پاڵنەری سەرەکی بێدەنگییەکانمانن. ئەو دەمەش،کە بێدەنگیی دەشکێرنێت نەگوتراوەکان ئاوادەبن. لەبەرئەوەی نەگوتراوەکان، بەشێک لە ڕاستییەکان لەناخی خۆیاندا حەشاردەدەن بۆیە رۆژێکدێت نەگوتراوەکان بەدەنگی بەرز بگوترێن.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 24: برینی رەوشتیی.. کۆتا جۆری برین نییە، کە مرۆڤایەتیی بۆیهێناویین.. ئازاد حەمە

برینی رەوشتییMoral Injury چەمکێکی نوێیە و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا کەوتووەتەبەربەکاربردن و وەک نەخۆشییەکی دەروونییش نەناسێندراوە. سەرەتا چەمکەکە لە بواری دەروونناسی سەربازیدا سەریهەڵداوە و دواتر بەرەو بواری چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT) رۆشتووە. کەواتە، یەکێک لە ڕێگاچارەسەرەکان سەبارەت بە برینداربوونی رەوشتیی چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT)یە، کە فەلسەفەی کلینیکی(عیادەی فەلسەفیی) دەکارێت لەوبارەوە کاری لەسەربکات.
دەکرێت بگوترێت، کە برینداریی رەوشتیی هێمایە بۆ ئەو دۆخ و رووداوانەی کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕۆحییان لەسەر ئەو کەسە داناوە، کە رەوشتی بریندارکردووە.دەکرێت ڕووداوەکان هەڕەشەئامێز ببوبێتن،یان بابەتگەلێکبووبێتن، لە شێوەی خیانەتکردن، پێشێلکردنی بیروباوەڕ و بەها رەوشتییە قووڵەکان. لەبەرئەوەی کەسەکە بەهۆی ئەم برینداربوونە رەوشتییەوە دووچاری خەمۆکیی دەبێت، رەنگە برینە رەوشتییەکە ئاماژەکانی پەشێویی دەروونی پاش خورپەPTSDش لەخۆبگرێت. بۆنموونە سوتاندنی کتێبێکی پیرۆزی ئاینیی لەبەردەم کەسێکی دیندار،یان سوکایەتیکردن بە بەهای سیاسیی و هێمایەکی ئایدیۆلۆژی کەسێک.
برینی رەوشتیی چییە؟جۆرێک نییە لە فشاریی، پەشێویی دەروونیی؟ برینی رەوشتیی جیاوازیی چییە لە پەریشانی رەوشتییMoral Distress؟ ساڕێژبوونی برینی رەوشتیی شیاوە؟ چ ڕووداوێک ئەگەری زیانبەخشی رەوشتیی هەیە؟ دەگەی رەوشتیی برینداریی رەوشتیی دروستناکات؟ مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە برینی ڕەوشتیی تیادروستدەبێت؟ شێت دووچاری برینی ڕەوشتیی دەبێتەوە؟ جیاوازیی لەنێوان برینە ڕەوشتییەکاندا هەیە؟
برینداریی رەوشتیی چییە؟ ئەم جۆرە بریندارییە لە پرسە رەوشتییەکانەوە سەرچاوەدەگرێت و ئەنجامی توندوتیژی و زەبرێکی ڕاستەوخۆ نییە. گومانیناوێت، رووداوە زیانبەخشە رەوشتییەکان هەمیشە هۆکاری سەرەکیی برینداربوونە رەوشتییەکانی تاکن. واتە، ئەوانەی دووچاری زیانبەخشی رەوشتیی دەبنەوە یان بەها رەوشتییەکانیان پێشێلدەکرێت، دەبینیین کە ئەوانە راستەوخۆ رووبەرووی برینداربوونی رەوشتیی دەبنەوە. لێ ئاژەڵ لەم رێسایانە بەدەرە، چونکە کرداری ئاژەڵەکان نە ڕەوشتییە نەش ناڕەوشتیی. بەمجۆرەبێت بوونی ڕەوشت گرنگە بۆ برینداربوونی رەوشتیی.
هەر تایبەت بەو لایەنەی سەرەوە دەکرێت بپرسین، کە ئایا شێت دووچاری برینی ڕەوشتیی دەبێتەوە؟ سەبارەت بەم لایەنە، زۆربەی پسپۆران لەبواری شێتناسی و رەوشتناسی پێیانوایە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم لایەنە پێویستمان بەسەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی واتای شێت و واتای ڕەوشتە. هاوکات ئەوەش، کە ئاستی شێتبوونەکەی شێت لەکوێیە، واتە ئاگایی بەتەواتی لای شێت باریکردووە. ئەگەر ئاگایی لای شێت بەتەواوەتی بوونی نەبێت کەواتە ڕەوشت بۆ شێت ئەو بەهایەی نییە، یان ڕەوشت پەیوەندیی بە ئاکار و رەفتارییەوە نییە.
سەرباری ئەوە، کاتێک پەرێشانی رەوشتیی ئەزموون دەکرێت، کە مرۆڤ ڕووبەڕووی دووڕیانێکی رەوشتیی دەبێتەوە. پسپۆران و پزیشکانی دەروونیی پێیانوایە کە ئەگەر پەریشانی رەوشتیی چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت گەشە بکات بۆ برینداربوونی رەوشتی درێژخایەن. بۆیە لێرەدا پێویستە بپرسیین: رەوشت چییە؟ رەوشت ئاماژەیە بۆ ئەو کۆمەڵە ڕێسا و فەرمانە کۆمەڵایەتیانەی بناغەی کارکردنی کۆمەڵگایەک و هەڵسوکەوتی تاکەکانی دادەنێن.
برینی رەوشتی دیوی تریشی هەیە، بۆنموونە: هەوڵ بۆ گۆڕینی هەستی کەسێک سەبارەت بە دۆسییەک کە تیایا تاوانبارکراوە، لەکاتێکدا خۆی تاوانبار نییە. کەوابێت، ئەگەر پێتنەکرێت هاوکاری بییت و لەو دۆخی تاوانبارکارییە رزگاریکەیت دواجار دوچاری برینداربوونی رەوشتیی دەبیت. وێڕای ئەوە، لەم بارەوە دیاردەی تری برینی رەوشتییمان هەیە، لەوانە:کاتێک لە شەرێکدا تۆ هۆکاری مردنی بە ناحەقی کەسانێکی تریت، یان هۆکاری ئەوەی، کە کەسانێک هاوکاری پزیشکییان بەدەستنەگات.
سەرباری ئەوە، ئەزموونەکانی شەڕ بەشێکە لەو بریندارییە رەوشتییەی لای سەرەوە باسکرا. بۆنموونە، ئەو دۆزەی جەنگی ڤێتنام لەرووی رەوشتییەوە دروستیکرد وایکرد زۆرێک لە سەربازە ئەمریکییەکان ڕووبەڕووی بارودۆخی رەوشتیی ببنەوە؛ لە شەری کەرواتیاشدا زۆرێک بە برینداریی رەوشتییەوە لە ململانێکانی ناو شەڕەکە هاتنەدەرەوە؛ داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەربازە عێراقییەکانەوە ئەمەش یەک دونیا برینداربوونی رەوشتی بۆ سەربازە عێراقییەکان هێنا.
بۆ گەلێک لە توێژەران و پزیشکەکان زۆرێک لە قوربانییەکانی برینداریی رەوشتیی ئەوانەن، کە ڕووبەڕووی مردن یان هەڕەشەی مردن، یان توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە. دەرئەنجامەکانی شەڕ لەسەر دانیشتوانی بێتاوانیش یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونیی برینداریی رەوشتیی.
وێرای ئەوە، برینداربوونی رەوشتیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی کەسیش دانێت، جا لەناو خێزان بێت یان شوێنی کار. لەبەرئەوەی ئەوانەی دووچاری برینداربوونی رەوشتی دەبنەوە لە شوێنی کارەکانیاندا پاسیڤ، بگرە بێزار و خەمۆکیش دەبن.
دیوێکی تری برینی رەوشتیی ئەم لایەنەش دەگرێتەوە: بێهیوایی و یان بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر رووداوەکان رێگایەکن بۆ برینداریی رەوشتیی. ئەم حاڵەتەش زۆرجار رووبەرووی زۆرێک لەو کارمەندانە لە جیهاندا دەبێتەوە کە لە بواری کاری خێرخوازیدا کاردەکەن: کارمەندانی ئۆفیسی پەناهدەکان، ئاگرکوژێنەرەوەکان، کارمەندانی بواری بومەلەرزە و رووداوی سروشتیی، رۆژنامەوان و پزیشکانی ئەودیو سنوورەکان.
دوا گوتنمان سەبارەت بە برینداریی ڕەوشتیی ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی تازەی کوردی پڕە لە جۆرەکانی شکستیی رەوشتیی و رەوشتییانە برینداربوون. رۆژانە سەرپێچیییە رەوشتییەکان برینداریی رەوشتیی دروستدەکەن. برینە رەوشتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ کات زیاددەکەن(لە ئەنفالەوە تادەگاتە بێکەرامەتکردن بەناوی موچەوە) و لەناو برینداربوونی رەوشتیی کوردییشدا مرۆڤ بەدەست ئەو ئازارە دەروونیی و ڕەفتاریی و کۆمەڵایەتیی و هەندێکجاریش ڕۆحییانەی رووبەروویدەبێتەوە دووچاری گیرخواردنێکی سەیری دەروونیی دەبێتەوە. ئەو رووداوانەی ئەم مرۆڤە کوردە بەرکەوتنیان لەگەڵدا دەکات ڕوشاندیی رەوشتیی بۆدێنێت و ڕێگایەکیشدەبن بۆ بێهیوایی و دواتر لە مرۆڤبوونکەوتنیش. ئەمە وادەکات بڵێێن: ڕووداوە زیانبەخشەکانی رەوشتی کۆمەڵگەی ئێمە شکستی رەوشتیشیان لەگەڵ خۆیان پەلەکێشی ناو ژیانی دروونی و رۆحی ئێمە کردووە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی23: درۆ.. ئێستایەکمان هەیە بێ درۆ ناچێتەڕێوە.. ئازاد حەمە

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

————————————-

زۆرێک چەمک هەن، لەوانە درۆ Lying ، کە لە فەلسەفەدا لەجۆشدان بۆ تێفکرین و دەرفەت ڕەخسێنەریشن بۆ ڕاڤەکاریی. بەدواداچوون و پەیگیریش بە جۆری درۆکانی مرۆڤی ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن، کە لە ئێستاماندا درۆ پتر لە گشت کاتێکی دیکە لەناو کردەکانماندا خۆی بەرجەستەکردووە و سەمەرەیی درۆکانی ئێستاشمان لەوەدایە، کە شکۆی راستییان لەکەدارکردووە و وایانیش لە راستی کردووە لە هەناوی خۆیدا درۆ حەشاردات.
راستە لە ڕووی مێژووییەوە پێویستیی بۆ درۆ ڕیشەیەکی سیاسیی هەیە، لێ شاری ئێمە خەریکە نووقمی درۆدەبێت، درۆکانی ترسناک و ماندووکەرن و بەناو پێچاوپێچی و خواری ئاکارییشا دەمانبەن. درۆکان هێندە نوێ و ناسک خۆیان دەخەنەروو زۆرجار فریای ئەوە ناکەوین، لە کام گۆشە نیگاوە لە درۆکانی شار بڕوانین.
لێرەوە دەپرسیین: کەی درۆ درۆیە؟ زڤرین و گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکی درۆی مرۆڤ بەچییمان دەگەیێنێت؟ درۆ ئەو کاتە درۆیە کە ویستمان بۆ درۆ هەیە؟کێ دیرۆکی درۆی کوردییمان بۆ بگێڕێتەوە؟درۆکانی ئێمە سەرچاوەکانی تەنها سیاسیین؟ ڕوناکبیری کورد داهێنانی لە درۆدا نەکردووە؟ چاخی زیرەکیی دەستکرد درۆی نوێی بۆدانەهێناویین؟ حەزی ئێمەی کورد بۆ درۆ لە حەزی کولتوورەکانی دیکەوە نزیکە؟ ئێمەی مرۆڤ ئەو کاتە درۆزنیین، کە ڕاستییمان بەوانی تر نەگوتووە؟
درۆ چ کردەیەکە؟ درۆ کردەیەکی عەقڵییە. واتە شێت ناتوانێت درۆبکات. کردەی درۆ خەڵەتاندنی ئەوی دیکەیە، فێڵێکە بۆ نەگوتنی ئەوەی ڕاستە. گەر ئەوە مەبەست بێت، کە ئێمە راستیی نەڵێین، کەواتە هەرچیمان گوتبێت لەبەرئەوەی ئامانج نەگوتنی ڕاستیی بووە دەبێت بە درۆ. کەوابێت، گەر درۆ بەجێنەگەیاندنی بەڵێنی وتنی ڕاستیی بێت، ئەوا زۆرینەی ئێمە درۆزنیین.
سەرئەنجام، لەبەرئەوەی چەمکی درۆ لەناو ژیانی ئێساتاماندا وێنەی زۆری وەرگرتووە تا بڵێیت پێناسەکردنەکەی دژوارە. ئەمە وادەکات “”درۆ بکەوێتە ناوچەیەکی تاریکی ناو ژیانی ئەم مرۆڤانەوە و درۆ بە نادرۆ، درۆ بە خەڵەتاندن، درۆ بە وتنی ساختە، درۆ بە نەزانین تێکەڵ ببێت””.هەر بەوپێیە، “”بۆئەوەی واتای درۆ لە ڕاستی، درۆ لە وتنی درۆیەکی مەبەستدار جیابکرێتەوە پێویستمان بەوەیە، کە ئەم واتایە، کە لەناو ڕیزێک دێڕی دژبەیەکدا جێکراوەتەوە، لێکجودابکرێتەوە””.
جێی داخ و ئەسەفە، کە ئێستامان پێماندەڵێت، درۆ لە ئاویلکە و سەرەمەرگدا نییە. لێرە یان لەوێ ئێستایەکمان هەیە، درۆیاوییە، بێ درۆ ناچێتەڕێوە. ئێستامان توڕدراوەتە ناو گەرووی درۆوە. ئەمەش بۆ ئەوانەی نایانەوێ ئێستاییبن رەشبینیی و ئازاربەخشیان بۆدێنێت. تەنها بە هەڵدانەوەی قەتماغەی کردە گوتنییەکانی ئێستامان لەوە تێدەگەیین چەند لێوان ڕێژیین لە درۆ. ئەڵبەتە درۆی ناوازە و دانسقەی کۆمەڵگەی ئێمەش خەریکە دەبێت بە پیشەی کاتیگۆریە ناسکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە(شێوەکار، شاعیر، موزیسیان، شانۆکار، نۆفێلیست، مامۆستای زانکۆ و….). چەند مەترسیدارە کۆمەڵگەی تازەی ئێمە، کە درۆزنەکانی ئەم کاتیگۆرییانە بن.
بە دڵێکی پڕ کەیلەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەین، کە ئەوەندەی مرۆڤە سادە و بێ سەوادەکان درۆدەکەن، دوو ئەوەندە و زیاتر ئەو جۆرە لە کاتیگۆرییانەی کۆمەڵگەی ئێمەی کوردی درۆدەکەن، کە لایسەرەوە هێمایپێکرا، کە درۆکانیان بەدبینی و خەمناکی دەخەنە ژیانمانەوە. جا ئەم چەشنە لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە تا دڵبخوازێت دەمبەگازندە، دەرۆزەکاری مادیی و مەعنەویشن. ئەمانە جگەلەوەی سواڵی سۆزمانلێدەکەن، چەندین دەگەی تری رۆحی و دەروونیش لە کۆمەڵگە دەدەن.
درۆی ئەم چەشنەی کۆمەڵگەی ئێمە درۆی ئەندێشەیین، ئەمەش ئەو جۆرە درۆیەیە، کە ئێستا زۆرباوە. درۆکە شیعرگەراییانە خۆی هەڵدەداتە ناوژیانمان و دیدگاش بەرهەمدێنێت. بەڵام دەبێت دانبەوەدابێنین کە درۆ و شیعرگەرایی ناسازگارن و پەژمەرین و سیسبوونی درۆی لەو جۆرە(ئەندێشەیی، شیعرگەرایی) لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی پشوودرێژی زۆر زۆری دەوێت.
ئەگەرچی لە ڕووی مێژووییەوە درۆی ئێمەی کورد لە درۆی ئەوانی دیکە کەمتر بووە، بەڵام مرۆڤبوونەکەمان توانای درۆکردنی سەیری تیاڕسکانووین. درۆی ئێمە درۆی مرۆڤی ژێردەستەبووە، لەمیانەی ئەو ژێردەستییەوە فێری درۆی جۆراوجۆربووینە(فێری درۆکراین).
سەرباری ئەوە، درۆی ئێستای ئێمە ڕچەشكێنانە تر و ئاگامەندانەتر دەکرێت. زۆرێک سەرسامت دەکەن بە سەلیقەییان لە درۆکردن، بەو زێده‌ڕه‌وییەی لە درۆکردندا دەیکەن. بڕێکیش لە درۆکانی جڤاکی کوردی لێرە و لەوێ لەژێر فشاری پەروەردەی نالەباری سیاسیماندان.
دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین، کە ماف بۆ درۆکردن، ویست بۆ درۆکردن زیاددەکات و رێگاش بۆ مانەوەی درۆخۆشدەکات، بوونی درۆ دەکات بە شتێکی نەمر. درکاندنی درۆ وەک درکاندنی نهێنی وردەکاری خۆی هەیە و وەک نهێنیش نزیکبوونەوە لە درۆ ترسناکە. بۆیە ڕوانین‌ و بیرکردنەوە لە درۆی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە تێگەیشتنی قووڵ و ووردی دەوێت. ئەمەش بەهۆکاریئەوەی، کە ڕەوانبێژی درۆکان ڕۆژانە بەناو پێچاوپێچی و خوارییەکی زۆردا دەڕۆن. وێڕای ئەوە،درۆکان خەریکە خەسڵەتگەلێکی ئەوتۆ لەخۆدەگرن، کە درۆ پێویست و ئازیزە. وەکیتر، هەموو شەیدای گوتنی راستیین، بەڵام تا ئێمە درۆ نەخەینە “ده‌ره‌وه‌ی رەوشت”ەوە ناتوانیین لە ڕەچەڵەکی درۆ حاڵیبیین و درۆ بە نادرۆ بگۆڕیین.
گۆتا دیتنمان لەمەڕ چەمکی درۆ ئەوەیە، کە درۆ، وەک دیاردەیەکی مرۆییی ئاوەزەیی بەردەوامە و زیرەکیی دەستکردیش گۆڕانکاریی هێناوەتە سەر دۆخی درۆکردن. نەک هەر ئەوە، زیرەکی دەستکرد بلیمەتانە دەکارێت مەبەستەکانی خۆی بشارێتەوە و دەستکاری نهێنییەکانی ئێمە بکات و کار لەسەر فریودانیشمانبکات. هەر زیرەکی دەستکرد دەکارێت هەڵمانداتە ناو درۆی سەردەمییانەوە، کە درۆگەلێکی سیاسیین. کەوابێت زیرەکی دەستکرد نەک گورزێکی سامناک نییە لە درۆ، بەڵکو درۆ ژیرانەتر و لۆگۆسانە تر دەکرێت. بۆیە، بوونی درۆ و بەوجۆرەی لە هەنووکەدا هەیە، ئاماژەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤایەتی زۆری ماوە بە ڕاستییەکی باوەڕپێکراو بگات. دۆزینەوەی ڕێگاش لەبەردەم دروستبوونی ڕاستی، لەگەڵ هاتنی زیرەکیی دەستکرد دا ئاسان نییە.




بەکورتی22 : شانازیی.. شانازییە درۆیینەکان کارەساتبارن.. ئازاد حەمە

شانازیی(فەخر) Pride هەستێکە، دەکرێت لە مرۆڤەکاندا، سەبارەت بە کەسێک یان شتێک، هەبێت. لەناو خودی چەمکی شانازییشدا سۆزێک Pathos بوونی هەیە، کە بەرەو کردەی شانازییکردن دەمانبات و واشمانلێدەکات پێمانوابێت مافی خۆمانە شانازیی بەو کەسەوە یان بەو شتەوە بکەین.
کردەی شانازییکردن پێویستی بە کارگێڕییەکی بەردەوام، بە دروست بەڕێوەبردن و بەکاربردن هەیە. شانازییەکان داوای ئەوەشمانلێدەکەن، کە دەبێت لە باش بەکاربردنیان لێهاتووبین، ئەگەرنا سەرلەبەری پەیوەندییەکانمان لەرووی ئاکارییەوە تێکدەچن. هەروەها کاتێک کەسێک بە کەسێکەوە یاخود شتێکەوە شانازییدەکات، کەواتە ئەم کەسە هەست بە بوونی بەهایەک دەکات. لێرە ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، کە ئەم بەهایە خۆییە: لەسەر بەهای خۆیی دروستدەبێت نەک پێدراو، شتێکی قەرزکراو یان وەرگیراویش نییە.
هەموومان جارێک لە جاران لە شوێنێکدا سەبارەت بە کەسێک یان شتێک هەستمان بە شانازیکردووە، بەس ئەو شانازییە دواتر چی بۆکردووین؟ ماوەتەوە؟ وەکیتر، شانازیی دەکرێت هەمیشەیی بێت؟ ئایا شانازیی خۆبەزلزانینە؟ شانازییکردن بەوەی بەدەستمان هێناوە شیاوە؟ ئەی شانازیی دەچێتە خانەی پاکڕەوشتییەوە Virtue؟ شانازیی درۆیینە(ساختە) False Pride هیچمانپێدەدات؟ هەڵماڵینی نهێنیی برێک لە شانازییەکان دووچاری خەمۆکی و سۆزی دڵته‌زێنیمان ناکات؟ لەکەداربوونی شانازیی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ راستە گەڕانەوەی شازایی نەک هەر کاتی دەوێت، شکۆی نوێشی دەوێت؟
شانازیی چییە؟ بەرلەهەموو شتێك دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، كە شانازیی لەناو گەشتی سەرسوڕهێنەر و سەرنجڕاکێشی گشت یەکێک لە ئێمە سەرەتایەکی هەیە. هەر ئەوەنا، ئەوەش، کە دۆزینەوەی چرکەساتە شانازییەکانمان بۆ زۆرێک کێشاوییە. چونکە هەندێک لە ئێمە زۆرجار پێیوایە هیچی نییە تا شانازییپێوەبکات، یان وایبۆدەچێت شانازییەکانی لەدەستداوە و گەیشتوەتە ناو بێهودەیی و بێمانایی چەمکی شانازییەوە. ئەمەش وایلێدەکات شانازیی بە هیچەوە نەکات و خودی شانازییش بە وڕێنە بزانێت. زۆرجاریش پاشگەزبوونەوە لە شانازیی یان گومانکردن لە شانازییەکان و بەدرۆخستنەوەیان کاردانەوەی خراپی لەسەر متمانەبەخۆبوون و ئەو خۆشییە هەیە، کە شانازییتە.
شانازیی ویستە، لە هەمواندا هەیە. کاتێک هەست بە شانازییدەکەین مانای ئەوەیە لەناو بەهاکانی خۆماندا دەمێنینەوە و دەستیشپانناکەینەوە لە شکۆی ئەویتر. ئەمە مانای ئەوەشە،کە شانازییەکان واتلێدەکەن ستاتۆسی(کیانی) خۆت بناسیت و بە دیرۆکی کەسانی دیکەوە خۆت هەڵنەواسیت و هەر خۆتیش دروستکەری قاڵبی کەسێتی خۆت بیت.
وێڕاى ئەمەش کە گوترا، دەبینیین، کە نیچە شانازیی وەک دیاردەیەکی نائاکاری دەبینێت،””بەڵام هاوکات شانازیی وەک ژیان دووپاتکەرەوە دەبینێت، کە لە هەستێکی قووڵی خۆقبوڵکردن و ویستی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت. هێزێکە تاک پاڵدەنێت بۆ دروستکردن و زاڵبوون و دووپاتکردنەوەی بەهای خۆی و هەوڵدان بۆ کامڵبوونی خودی خۆی””.
پرسیاری ئەوەی، کە شانازییت هەیە؟ بە چی و بە کێوە شانازیدەکەیت؟ هێندەی پرسیارێکی بووناوییە پرسیارێکی کۆمەڵایەتیی یان ئاکاریی نییە. بۆیە شانازیی بە هیچەوە هێندەی ئاماژەیە لە کێشەیەکی بووناوی رۆحی هێندە سیاسیی یان کولتووریی نییە. بەڵام جیاکردنەوەی شانازیی لە خۆبەزلزانین Arrogant کارێکی رەوشتییە.
راستە شانازیی فەخرە، لێ لەناو هەناوى شانازییدا غرورێکیش هەیە. کاتێکیش شانازیی دەکەوێتە گەرووی رابردوەوە، ئیدی دەبێتە هەقایەت. بەڵام ئەوە هەقایەت نییە، کە گۆرانی شاعیر جێی شازییە بۆ ئێمە، پوشکین بۆ روسەکان، ئەنسی حاج بۆ لوبنانیەکان، سپەهری بۆ فارسەکان و….هتد. بەمجۆرە، شانازییەکان دەستکەوتەکانن، گوزارشتیشن لە رابردوومان، لە نیگه‌رانی و مه‌ترسییەکانی دواتر. وەکیتر، شانازییەکان داوای ئەوەشمانلێدەکەن شانازییەکانمان بپارێزیین.
بڕێک لە قەدرزانی لەناو چەمکی شانازییدا خۆی مەڵاسداوە. زۆرجار بەریتانیەکان لەبەردەم گەلانیتر هەست بە شەرەفمەندی Honour و بە شانازییدەکەن، کە شکسپیریان هەیە، یان ئەڵمانەکان، کە گۆتەیان هەیە. هاوکات شانازیی دەکارێت بەشێک بێت لە شتێکی نەرێنی یان خراپەیەک، شانازییکردن بە دیکتاتۆرێکەوە، یان شانازیی نازییەنوێکان بەوەی دروستکەری هۆلۆکۆستبوونە.
دەرئەنجامی ئەوەی لای سەرەوە گوترا بەرەو ئەوەماشمان دەبات، کە، شانازیی پەرچەکرداریی نییە. هەستە بە بوونی خۆشیەک، ئەو خۆشییە دەکرێت سەرچاوەکەی کەسەکە خۆی بێت یان کەسێکی دیکە. هەروەها لە هەموو شانازییەکدا بەدەستهێنانێک بوونی هەیە، کە هەر ئەوەشە وادەکات، کە دواتر سەرچاوەی شانازییمان لا روونبێت، لەوە حاڵیبین بۆ شانازیین بەو کەسە یاخود بەو شتەوە.
کۆتا گوتنمان لەسەر شانازیی، ئەوەیە، کە شانازیی ساختە تەمومژاوییە و چەواشەكاریی سۆزیی لەگەڵ خۆی دێنێت و بکوژی ئەو جۆرەیە لە شانازیی کە پربەهایە و مانای ژیان لەخۆدەگرێت. شانازیی ساختە شانازییەکی درۆیینەی مۆدێرنە، بەشێکە لە کولتوری هیچگەرایی(نیهلیزم) کە ناهێڵێت بۆ رووبەرووبوونەوەی ژیان هیچ ئامرازێکمان پێبێت. شانازیی راستەقینە دژی هێزە تێکشکنێرەکانە، وامانلێدەکات دەرفەت بۆ دوبارە ژیانکردن ببینینەوە. لەناو شانازییەکی درۆینەدا خۆپەرستی و هەستێکی زیادەڕۆییکردن لە بەهای تاکیی بەدیدەکرێت، کە خۆبەزلزانی و خۆبیینیەکی ورێناوی تیا بەرجەستەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی21: جیاوازبوون.. جیاوازیی بەرگەگرتنی دەوێت.. ئازاد حەمە

دیرۆکی جیاوازیی Differenceجیاوازە و شتێکی نێگەتیڤیش نییە و توخمەکانی ناوەوەشی پێماندەڵێن، کە جیاواز لێرە نییە، لەولاترە، دوورە هێندەی دووریی رەهەندەکان و لە ناجۆریی و جۆراوجۆرییشەوە سەرچاوەدەگرێت. هەر لەسەرەتاوە خڕۆشانی چەمکی جیاوازیی لە فەلسەفە لێکەوتەی زۆر توندی بە دوای خۆیدا هێنا، بەڵام لێکەوتەکان فەلسەفەیان بەرەوپێشەوەبرد. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، جیاوازیی توانای بیرکردنەوە داوادەکات. بیرکردنەوەش لە جیاوازDifferent بیرکردنەوەیە لەوەی هاوشێوە یان لێکچوو نییە.
سەرباری ئەوەی گوترا، پێویستە هەموومان ئەوە بزانیین،کە “”فەلسەفە یارمەتیمان دەدات پرسیاری بنەڕەتی دەربارەی خۆمان و جیهان و شوێنی خۆمان لەم جیهانە بکەین، ئەمەش وامان لێدەکات زیاتر ئاگامان لە جیاوازیی و ئاڵۆزییەکان بێت””.
لەوڕوەوە دەپرسین: جیاواز لە کوێوەدێت؟ لێکنەچوو و ناجۆر نییە؟هاوتای جیاوازیی چییە؟ جیاوازیی یان جیاوازبوون لادانە؟ بۆ ترس لە جیاوازیی بوونی هەیە؟ئەو شتەی جیایەیە دوور نییە لە هەمانSame ەوە؟ جیاوازییەکان لەناو بەراووردکاریەکاندا چییان بەسەردێت؟ڕەچەڵەکی هاوشێوەکان و جیاوازەکان دەمنابەنەوە سەر چ سەرچاوەیەک؟ کۆڵینەوە لە جیاوازییەکان بەرەو کوێمان دەبەن؟ جیاوازیی دەتوانێت بمانگەیێنێت بە دیدگا و شێوازی بەرفراوان لە بیرکردنەوە؟ ڕۆڵێکی شاراوە لەناو جیاوازییدا پەنهانە یان لەناو هاوتایەتییدا؟جیاکردنەوەی شتەکان لەیەکتر بەسە بۆ دەرکەوتنی جیاوازییەکان؟
جیاوازیی چییە؟ جیاوازیی گوزارشتە لە ناهاوجۆریی و لێکنەچوویی Resemblance. ئەو شتەی جیایە هەمان نییە. کەواتە، هیچ سەرەداوێک نییە بیسەڵمێنێت کە ،هەمان جیاوازە. هەروەها جیاوازیی بەردەست نییە، وەکیتر لێرە نییە، لەوێیە، لەوێیەکی دیکە و دوور. لەبەرئەوە دۆزینەوەی جیاوازیی گەڕانی دەوێت و تێگەیشتنیشلێێ کاتی دەوێت.
جیاواز جۆراوجۆر و هەمەچەشنە. ئەوەی جیاوازە هەمان نییە، هاوشێوەیی و هاوتایی لەناو جیاوازەکاندا دەگمەنە. جیاواز واتە لەگەڵ شتی تر، کەسی تر سروشت و فۆرم و کوالیتێی جیاوازە.
شێوازی دەستڕاگەیشتن بە جیاوازیی لە خودی جیاوازییەوە دەستپێدەکات. جیاواز بوونی شتێکە. شتێک دەبێت هەبێت تا جیاوازبێت. واتە، جیاوازیی لە هیچەوە لەدایکنابێت. جیاوازیی دەرخەری ئەوەیە، کە لێکچوون، ناهاوشێوەیی ئامانجە. راستە جیاوازییەکان یەخەماندەگرن، بەس بینینیشیان گرنگە. مەترسییەکانی نەبینینی جیاوازیی ئەوەیە، کە هەموو ژیانمان لەناو هاوشێوەیدا دەمێنینەوە. لەبەرئەوە گووشاری جیاوازیی وەک لێکچوون نییە. جیاوازیی داوای ڕاشکاوی دەکات. هەروەها ناساندنی جیاوازیی پێویستی بە کاری قوڵ و چڕوپڕی فەلسەفییە.
بەڵام سەرەنجام، جێی خۆیەتی بڵێین: جیاوازییەکانمان لەگەڵ یەکتر گەنجینەی شاراوەی مرۆڤبوونمانە. کە جیاوازیین، ئەمە تاوان نییە، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ تێپەڕاندنی هاوشێوەییمان. بۆیە بیرکردنەوە لە جیاوازکراو Differentiator و جیاکاریی Differentiation بەرەو شوێنێکماندەبات هەمانبوونSameness ئەو بەهایەی نییە، یان هەمان ناتوانێت بۆ هەمیشە چەپۆکوەشێنبێت. ئەکرێ بگوترێت، هەمان خۆیەتی و تایبەتمەندی جیاکاریی تیانییە. هەمان جێی باس نییە تا جیاوازیی باسنەکرێت. بە دەرکەوتنی جیاوازیی قسەکردن لە هەمان فۆرمی دیکە وەردەگرێت.
دۆخی جیاوازیی یان جیاوازبوون دۆخێکی خۆییە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییە ناوەکییەکانی چەمکی جیاوازییەوە هەیە. ئەو شتەی کە جیاوازە نەشاز و لادەر نییە، بەڵکو هەڵگری خەسڵەتەکانی، توخمە ناوەوەییەکانی، خۆیەتی. کە شتێک جیاوازبوو تایبەتمەندییەکانیشی جیاوازدەبن. جیاوازیش هاوواتای ناجۆریی و ناهاوشێوەییە.
زۆرجاریش غافڵگیرانە جیاوازییەکان دەکرێنە قوربانی تاک جۆری و هاوتایەتی. من کە لە تۆ ناکەم خراپ نییم. تۆ کە وەک ئێمە نیت بەو مانایەنایەت، کە مرۆڤدۆستتریت و…. هتد. وێڕای ئه‌وه‌، پەیبردن بە جیاوازیی پەیبردنە بە توخمگەلێکی نوێ، کە خاوەنی پەرچەکرداریی نوێن و دەرفەت بۆ ناهاوتایی دەکەنەوە. زیانمەندی یەکەمیش لە دروستبوونی جیاوازیی هاوشێوەییە، کە لەگەڵ جیاوازییدا کێشەیەکی ناسنامەییان هەیە.
جیاوازی دروستکردن وەک خودی جیاوازیی نییە کە لە خودی خۆیدا ئامادەیە، بۆنموونە جیاوازیی ڕەنگێک لە ڕەنگێکتر، ژمارەیەک لە ژمارەیەکیتر، روخسارێک لە روخسارێکیتر….. و . کاتێک شتەکان یان کەس و کولتوورەکان لێکدیجیادەکرێنەوە واتە ئەمانە هەمان نیین و لەڕووی جۆر، کواڵیتێ و بەهاوە جیاوازن.
لەوسۆنگەیەوە کە جیاوازییمان خستەڕوو جەختدەکەینەوە، کە جیاکردنەوەی شتەکان لە خودی خۆیدا پێویستە و بریتییە لە دەستنیشانکردنی جیاوازیی لەنێوان شتەکاندا، هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەیان لەیەکتر. جیاوازی یەکیەتی لە پارتی، ئەمەریکای ئەمرۆ لە ئەمەریکای سەدەی پێشو و…هتد. ئەم پرۆسەیە جیاکردنەوەکان بەرەو ئەوەشدەبات چی لە چی ناچێت و بۆ لێیناچێت؟ بینینی خاڵی جیاکارەی نێوان شتەکان وامانلێدەکات بە جیاوازیی و ناهاوتایی شتەکان ئاشنابیین.
بەڵام بەدیوەکەیتری، زۆرجار دەپرسیین جیاوازییەکە لە چییدایە؟ لە کوێدایە؟ یان بۆ ئەم جیاوازییە هەیە؟ ئەم جۆرە پرسیارانە ئەندێشەمان بەرەو جیاوازییناسی دەبات و وامانیلێدەکەن شتەکان وەک یەک نەبینین و دانبەبوونی جیاوازییدا بنێین.
دوا بینینمان بۆ چەمکی جیاوازیی ئەوەیە، کە جیاوازەکان وەک یەک نیین و لەیەکدی جیادەکرێنەوە، بۆیە بەرگەگرتنی جیاوازەکان ئاسان نییە. “”لە فەلسەفەدا جیاوازیی وەک بنەمایەکی بنەڕەتی و ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بوونی خۆمان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت””. بۆیە لەپشت جیاوازییەوە هەمیشە دیدێکی فەلسەفیی خۆی مەڵاسداوە و دیرۆکی جیاوازییش هەردەم جیاواز و نادووبارەیە. جێی نیگه‌رانی و مه‌ترسییه جیاوازییەکان وەلاوەنرێن و لەناو دڵی هەمان دا نیشتەجێبکرێن. پەرچەکرداری سەبارەت بە جیاوازیی هەمیشە هەبووە، لێ ئەمە دەرفەتیان لەبەردەم سەرهەڵدانی نالێکچوویی کەمنەکردووەتەوە. لەبەرئەوەی جیاوازیی جیاوازیی دێنێت، هەبوونەکەشی دەرگای دیکە لە فەلسەفاندن دەکاتەوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی20: ماڵ.. دۆزینەوەی زێد دۆزینەوەی خۆتە.. ئازاد حەمە

ماڵ Home، شوێنی خۆتە، داڵدەی دڵە و زمانیش لەوێ دەپشکوێت. گەڕانەوە بۆ ماڵەوە چەشنی گەڕانەوەیە بۆ زێد(نیشتیمان)، بۆ لای خۆت، بۆ ئەو شوێنەی هەبوون هەیە. ئەو کاتەش،کە وندەبیت دەتەوێت بدۆزرێیتەوە، تۆ ئەو کاتە دۆزراویتەتەوە، کە لە ماڵەوەیت. ماڵەوە لای خۆبوونە chez soi/ at home، شوێنە هێژاکەیە. واتە زێد خۆتی. پێش ماڵەوە شتێک نییە ناوی هەبێت، هەشبێت ئەوە نەبوونە، نازێدە، یان ونبوونە. (ونبوون) دوورییە، لە دەرەوەی زێدە. هەچکات ماڵەوە نەما، ونبوون، ئاوارەیی(هەندەران Exil) لەدایکدەبێت. وەدەرنانیش، کەوتنە ئەودیو دەرگای ماڵەوە، هەر لێرەوە دەستپێدەکات.
لە ماڵەوەدا دەکرێت شڵەژانێک، بێزارییەک هەبێت، هەر ئەوەش وه‌ڕەسی دروستدەکات و دەرهاویشتەکەشی دەبێتە ئاوارەیی(هەندەران). ئاوارەیی دەردە، دایکی نامۆییە. (ئاوارەیی) سەرزەمینیی دابڕان و پەرتییە. ئەوەش، کە ئاوارەیی بکرێت بە نیشتیمان(زێد) دیارە زێد ئیدی بیرناکاتەوە. زێد لە ڕۆڵەکانی خۆی بێزارە.
ئەو دەمە ئاوارەیی(هەندەران) پەردە لەڕووی زێد هەڵدەداتەوە، کە لە ئاوارەیدا ،بەبەراوورد بە زێد، پرسیاری دیکە لەدایکدەبێت: من کێم؟ بۆ زێد دەبێت هەبێت؟ ماڵەوە شایانی ئەو هەموو قوربانییەیە؟ ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارە تاڵانەی ئاوارەیی دەیانخوڵقێنێت. هەرلەبەرئەوە لێرەدا دەپرسیین: ماڵەوە (زێد) چییە؟ بۆ کوێ دەچیت؟ بۆ ماڵەوە…..ماڵەوە کوێیە؟ ئەو شوێنەی زێدە منداڵدانی ماڵەوە نییە؟ ئەدی بێ زێدی چییە؟ داخۆ دۆزینەوەی زێد چی دەگەیێنێت؟ کوێ زێد نییە؟ هەندەران؟ ئەی کە زێد دەتخاتەدەرەوەی خۆی هەندەران نابێتە زێد؟کەی زێد یان ماڵەوە لە زێدبوونی، ماڵەوەبوونی، خۆی دەکەوێت؟
ماڵەوە (زێد) چییە؟ راستە ماڵ پێکهاتەیەکی فیزیکی هەیە، لێ گشت هێماکانی ماڵ ئەوە نییە. ماڵ شوێنێکیشە کە تاک تیایا هەست بە بوونی خۆی و ئەو جۆرە سەربەخۆییەشدەکات، کە ناسنامەی تاکبوونی بۆدادەتاشێت. وەکیتر، لە ماڵەوەبوون Homeness بەپێی زمانەکان گوزارەی جیاواز دروستدەکات: بۆنموونە لە زمانی فەرەنسی بەواتای””لای خۆبوون être chez soi””دەگەیێنێت، لە زمانی سویدی بەو مانایەدێت، کە لە شوێنێکدا هەست بە ئاسایش و ئارامیدەکەیت و…..
سەرباریئەوە، هەموو بەدوای ماڵێکی خۆش و پارێزراودا وێڵیین و برینی لەدەستدانی ماڵیش بەئاسانی ساڕێژنابێت. چونکە (ماڵ) جیهانی ناوەوەیە. جیهانێکە کە هێنەری ئاسوودەیی و سەلامەتییە. کەواتە لە ماڵەوەبوون لەو شوێنەبوونەیە هەست بە ئاسایش و خۆشی دەکەین. کە لە ماڵەوەین واتە لای خۆمانیین، لە دەرەوە نین و ئەمەش واتە لە منداڵدانی یادەوەریەکانی خۆماندایین.
گەلۆ ماڵەوە ناوەوەیە. بۆیە ماڵەوە لەگەڵ دەرەوەدا کێشەی هەیە. ماڵەوە به‌ره‌نجامی ناوەوەبوونەکەی خۆیەتی. گشت ماڵەوەیەک زێدێکە. زێد مژدەیە بۆ مانەوە، ئاماژەیە لەسەر بەردەوامیی و هەبوون. ئه‌گه‌ر سوور بشزانین زێدە دەردە وەکیتر هەروەک دەرمان لێیدەڕوانین. سەیرە!!
شڕۆڤەی ماڵەوە چەشنی شڕۆڤەی زێد دژوارە. ماڵەوە هەروەک زێد بەدوامانەوەیە. لێمانناگەڕێت و لێیناگەڕێن. دەرککردنیش بە بوونی ماڵەوە دەرککردنە بە بوونی زێد. (زێد) دایکی ماڵەوەیە، ماناکەی گشتگیرتر و تۆکمەترە. راستە ماڵەوە و زێد هاوخەمی یەکن، لێ زێد گوزارشتە لە ماڵە گەورەکە.
ماڵەوە (زێد) شوێنی منە، کەس ناتوانێ بڵێت بڕۆ دەرەوە. ماڵەوە داڵدەیەکە، کە هزری ماناوە تیایدا دەڕسکێت و ئیدی بیانووم پێویست نییە بۆ مانەوەکەم. لە ماڵەوەدا (من) سەرگەرمی خۆیەتی. تا ماڵەوە هەبێت منێک هەیە. وەکیتر، سۆراغکردنی ماڵەوە دوای لەدەستدانیدێت. ئەم سۆراغەش زۆرجار دوای جەنگ، ئاوارەیی، ونبوون دەستپێدەکات.
هەیهات هەموو ماڵەوەمان دەوێت، ماڵێکمان گەرەکە بۆ خۆمان. تەنها لە ماڵەوەدا، لە زێددا، هەست بە خۆبوونی خۆمان دەکەین. چونکە ماڵەوە توندوتۆڵ و گشتگیر ترە لە گشت شوێنێکیتر. زۆرجاریش بە ڕاشکاوی داوای ماڵەوە دەکەین، دەمانەوێت ماڵەوەیەک هەبێت تا بۆیبگەڕێینەوە.
وێڕای ئەوەی گوترا،ماڵەوە دەتوانێت بمانخه‌سێنێت. ئەمەش ئەوکاتە ڕوودەدات، کە ماڵەوە هێشتا لە ماڵەوەبونی خۆی حاڵینییە. ئەو دەمەی ماڵەوە گوشارە و فه‌ریادڕه‌س نییە ئیدی ماڵەوە بە دەرەوە، بە (هەڵهاتن لە ماڵەوە)، بە ئاوارەیی پڕدەکرێتەوە. لەم لایەنە هەژێنەرتر ئەوەیە، کە کاتێک ماڵەوە، زێد، ئاوادەبێت. لێرەوە دەردەکە دەستپێدەکات. ئەمە ئەوکات دێت، کە ماڵەوە خۆی ناوێت، کە زێد لەخۆی بێزارە. دیرۆکی ماڵەوەش پڕە لەم نموونانە. ئەوەی کە ماڵەوە نامێنێت، ئیدی شوێنێک نیە بەناوی گەڕانەوە. ئەوەی دەبێت(هەیە) تەنها رۆشتنە، ئاوارەبوونە و بەس. داستانی (بەهەندەرانیبوون) یش لێرەوە دەستپێدەکات.
دوا گوتنمان سەبارەت بە زێد ئەوەیە، کە دیدی فەلسەفییانە بۆ ماڵ دەمانبات بەرەو ئەوەی،کە ماڵ ناوەوەیەکی هەیە، کە داوای نیشتەجێیبونمانلێدەکات. بۆیە لای هایدیگەر “پەیوەندی نێوان مرۆڤ و فەزا هیچی تر نییە جگە لە نیشتەجێبوون و بە توندی بیرکردنەوە و قسەکردن”. زمان لێرە بابەتە. لە ماڵەوە زمان دێتەگۆ.هەرچی لێڤیناسی بیرمەندە جەخت لەسەر ڕەهەندی رەوشتیی ماڵ دەکاتەوە. ماڵەوە لەنێوان خودی خۆت و ئەویتردا. جوولەکەبوونەکەی لێڤیناس مانای بۆ ئەم جۆرە شیکارییە بۆ ماڵ هەیە. هەنا ئارێنت، خانمە بیرمەندی جوولەکە، وایبۆدەچێت (هاتنەدەرەوە لە ماڵەوە) بۆ دەرەوە بۆئەوەیە بەشداری لە سیاسەت بکەین. لە هانا ئارێنتەوە ئەمە فێردەبیین: “لە ماڵ چوونەدەرەوە بەرەو کایەی گشتی، بۆ سیاسەتکردن، و هەڵاتنیش لە فشارەکانی کایەی گشتی و گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە”. لەم حاڵەتەدا ماڵ پەناگەیە کە تاکەکان دەتوانن لە “گێژەڵوکەی ژیانی گشتی” پاشەکشە بکەن. ئەوەندەش یادوەری لە چەمکی ماڵ دا بۆ گاستۆن باشلار گرنگە بۆ ئەوانی پێشخۆی ئەو گرنگییەی نییە. چونکە ماڵ شیعرگەراییەکی خۆی هەیە. (شیعرگەرایی ماڵ) دەمانباتەوە ماڵەوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی19: ناکۆتا…… واتای ناکۆتاییبوون بێکۆتایە.. ئازاد حەمە

گفتووگۆی چەمکی ناکۆتاییبوون(بێکۆتاییبوون، ناپایانبوون) Infinity توانای دەستکارییکردنی ئەندێشەی پرسیارسازیی فەلسەفیی و بیرکارییمانی هەیە. گفتووگۆکان بەپلەی یەک چەمکەکە بەرەو زانستە سروشتییەکان دەبەن و لەوێشەوە پەل دەهاون بەرەو گفتووگۆی ئایینیی و زانینناسیی. بێگومان، بۆ زاستە سروشتییەکان بێکۆتاییبوون ڕاستییەکی بیرکاریی یان فیزیکییە، کە ئەوەش بیرکردنەوە لە بابەتی کۆتا/ناکۆتا قوڵتردەکات، هەرچی زانستە مرۆییەکانە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ چەمکی ناوبراودا.
هێمای بێکۆتایی (∞) هێمایەکی بیرکارییە و نوێنەرایەتی چەمکی بێکۆتایی دەکات و گشت چەمکەکەش ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئەگەر گەردوون کۆتای هەبێت ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، کە گەردوون دەبێت ناوەندێکی (چەق) هەبێت، گەر ناوەندیشی نەبوو کەواتە گەردوون ناکۆتایە(ناپایانە).
گفتووگۆکارانی چەمکی ناکۆتاییبوون دەپرسن: بیرکار و فیزیاناسان زۆریان سەبارەت بە چەمکی بێکۆتاییبوون Infinite گوتووە. باشە گوتنەکان بەرەو کۆیانبردووین؟ باوەڕهێنان بە چەمکی بێکۆتاییبوون دەچێتە خانەی ئەفسانەوە یان بیرکارییەوە؟باشە گفتووگۆی بێکۆتاییبوون لە چوارچێوەی بێکۆتاییدا دەمێنێنێتەوە؟ناکۆتا دژە جەمسەری خۆی هەیە؟ بۆئەوەی ناکۆتا ڕاڤەبکەین دەبێت کۆتا Finity ڕاڤەبکەین… ئەی کۆتا چییە؟ کە چەق هەبوو بێکۆتا بوونی نییە؟چی پێچەوانەی یان دژەجەمسەری بێکۆتایە؟ بۆ شتەکان بێکۆتان کاتێک بناغە بوونی هەیە؟ گەر بێکۆتاییبوون بکەری ژیان بێت، چ خۆشییەک لە ژیاندا بەدیدەکرێت؟ مەرگ لەبەرەی کۆتا نییە؟رەهەندەکان کۆتاییان هەیە؟ تواناکانی مرۆڤ لەگەڵ چەمکی بێکۆتاییبوون یەکدەگرنەوە؟ وەکیتر دەکرێت ئەوەش بپرسیین: ئایا مرۆڤ بەبێ جیاوازی ئایین و کولتوور، تێگەیشتنی بۆ بێکۆتاییبوون هەمانە؟
بێکۆتایی چییە؟ بێکۆتایی واتە ئەو شتەی، کە دوایی نایەت و وەستانی نییە، هەرکە وەستاش بێکۆتا کۆتاییدێت. بێکۆتایی چەمکی پێوانە و سنووریش دەسڕێتەوە. هەر بێکۆتایی بەمانای نەمریی، هەمیشەیی و بێڕادەییش دێت. ئەو شتەی بێکۆتایە دیارناکرێت، بۆیە گشت بێکۆتاییەک نادیارییەکی لەخۆیدا مەڵاسداوە.
لە بیرکار و ئەستێرەناسی پۆلۆنی، سەردەمی رێنیسانسەوە، کۆپێرنیکۆس Kopernikus فێری ئەوەدەبین کە زەوی بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، واتە خۆر چەقە. بەڵام شتەکە دواتر ئاڵۆزدەبێت و بەپێی بیرکار و ئەستێرەناسی ئیتالیایی جۆردانۆ برونۆ Giordano Bruno گەردوون universe بێکۆتایە، لە گەردوونی ناکۆتاشدا هیچ پێویست ناکات چەق بوونی هەبێت و بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە بیرکارییە زمانی دەبڕن و دواتر لە گۆڕەپانی Campo de’ Fiori ی شاری رۆما بە زیندوویی دەیسوتێنن.
لای برۆنۆ زەوی ناوەندی گەردوون نییە، زەوی ئەستێرەیەکە وەک ئەوانیتر. گالیلۆ لەسەر بنەمای تێگەیشتنی فیزیایی کۆپێرنیکۆس خۆری کردە چەقی گەردوون. ئەم تێگەیشتنانە لەو دەمەدا لەگەڵ تێگەیشتنی ئایینی کڵیسە نەدەگونجا و هزری ئایینیش کێشەیەکی زۆری لەگەڵ هزری فەلسەفیی و بیرکاریی و فیزیایی سەدەی شانزە هەبوو. بۆیە لەو دەمەدا گفتووگۆی ناکۆتای گەردوون گفتووگۆیەکی ئاگرین بوو و بیرکار و بیریار و ئەستێرەناسان بە ئاشکرا خۆیان لێنەدەدا.
وێڕای ئەوە، بێکۆتایی بەرگی جۆراوجۆر لەبەردەکات و لەناو ژیان و بوونمانیشدا کاردانەوەی خۆی هەیە. خۆڕاهێنان لەسەر بێکۆتاییبوون خۆڕاهێنانە لەسەر ئەو تێگەیشتنە بۆ ژیان و بوون کە ئێرە (ژین و بوونمان) بەردەوامە وکۆتا (پایان) Finity مانای نییە. بەمجۆرە، بێکۆتایی بەهەردوو مانا بووناوی و مەعریفیەکەی واتە بێکۆتاییبوونی مەودا(Space / Rymd) و ئامادەبونی هەمیشەیی (ئەبەدیەت) و نەمانی سنوور. لەم روانگەیەوە، کاتێک باسلەوەدەکەین نێوەند(چەق) بوونی نییە، کەواتە شتێک نییە بۆی بگەڕێینەوە. چونکە سنوور بێ مانایە و خولانەوەش بەدەوری خۆدا بێکۆتایە.
ئەریستۆ دەیویست سەبارەت بە بێکۆتایی پێمانبڵێت،کە””بێکۆتایی بوونی هەیە، بەڵام تەنها وەک ئەگەرێک. بۆ نموونە لە بنەڕەتدا دەکرێت هێڵێک دابەش بکرێت بەسەر چەندین بەشە بێ سنووردا یان بەردەوام بێت لە ژماردنی تا کاتێکی نادیار، بەڵام ئەمە بە کردەوە وانییە.کەواتە بێکۆتایییەکی پێشبینیکراو هەیە، بەڵام بێکۆتایی ڕاستەقینە بوونی نییە””.
لەو شوێنەی بێکۆتایی زاڵە نەبوون و وونبونی فۆرم جێگرەوەکەیە. هەروەها گەر بێکۆتایی بریتیبێت لە بوونی ژمارەی پتر، پتر لەوەی هەیە، ئەمە ژمارە بەرەو ناکۆتا دەبات. کەوابێت بوونی بێکۆتایی دەمانخاتە ناو بەردەوامییەوە و بێسنوورییش ڕادەی بۆنامێنێت. ئەمەش وادەکات ڕادە بۆ کات و شوێن بوونی نەبێت. هەر خودی نەبێتیش سنووری نییە و بێ سنووریی ژمارەش بێ سنوور دەبێت. ئەمەش دەمانخاتە ناو نادیارییەوە.
کاتێک هاوسەرگیریی دوان بێکۆتابوو،واتە سنوور و کۆتای بوونی نییە و خودی هاوسەرگیرییەکەش هەر دەمێنێتەوە. باشە ئەمە لۆجیکیی تیایە؟مەگەر هاوسەرگیریی هەڵناوەشێتەوە!! یان هاوسەرگیریی دوچاری ئافاتی بێمتمانەیی و بێوەفایی نابێت.
ساڵانێک لەمەوبەر فیزیازانانی بۆشایی ئاسمان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە””گەردوون بێ سنوور گەورەیە. ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە، کە گەردوون لە فراوانبووندایە و ژمارەیەکی بێکۆتایی گەلەئەستێرە بوونی هەیە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی بێکۆتایی هەسارەکانیشی هەیە. ئەمەو ئێمەی مرۆڤ هیچ لەبارەی ئەوەی لەسەر زۆرینەی هەسارە بێشومارەکان هەیە یان نییە نازانین””.
دوا قسەمان تایبەت بە بێکۆتاییبوون ئەوەیە، کە ئایدیای بێکۆتایی دەمانبات بەرەو تێڕامان لە فراوانیی و بەزاندنی سنوور، هەرکە باوەڕیشمان بە تێڕامانەکانمان سەبارەت بە بێکۆتاییبوون هێنا بەوە ئێمە شتگەلەکانی ژیانمان لە گەرووی بێکۆتاییبوندا دەبینینەوە. بەکەوتنە ناو بێکۆتاییبوونی ئەوین یان هاوڕێیەتییشەوە، کە پرسیاری بووناویی لەگەڵ خۆی دێنێت، بێکۆتاییبوون پتر لێمانەوە نزدیکدەبێتەوە. چونکە سنوردانان بۆ پەیوەندییەکان سنووردانانە بۆ خۆشییەکانمان، ئەمەش بۆ مرۆڤ ئازاربەخشە. بۆنموونە ترس لە مەرگ، ترسیشە لە کۆتابوون.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 18: لوغز… ناواخنی لوغزی مێ وەک هی نێر نییە.. ئازاد حەمە

لوغزەکان puzzle لێوڕێژن لە نەگوتراو، لە پەنهانیی(نهێنی) و تا دڵیش بخوازێت لە گومڕایی. پەردە لەسەر لوغز لادانیش سانا نییە و بەهەڵکەوتیش نییە، کە زۆرجار ڕێکەوتی لوغزێک دەکەین. وێکچوون لەنێوان لوغزەکاندا هەن، لێ لوغز(مەتەڵ)هەر لوغزە و جێی باس و مشتومڕە. جاریوایە لوغزێک شوێنپێیی لوغزێکی دی هەڵدەگرێت بەڵام گشت لوغزێک میکانیزمیی ناوەکیی خۆی هەیە. لەهەرکوێش بیین هێدی هێدی لوغزەکان بەرۆکماندەگرن و گیرۆدەی خۆیانماندەکەن. گومانیشناوێت، شاکارە ئەدەبییە فەلسەفییەکان پڕن لە لوغز، ئەوەش،کە شاکار دەکاتە شاکار هەر ئەو لوغزەیە،کە تیایدا پەنهانە.
گەلێکجار دەڵێین “ئەمە لوغزێکی تیایە”، گەروایە ئەسڵی لوغز چییە؟ چۆن لوغز دەناسیینەوە و چۆن دروستدەبێت؟ باشە لوغز دەمێنێتەوە؟واتە لوغز هەمیشەییە؟ لوغزەکان لە کولتورێکەوە بۆ کولتورێکی دی هاوشێوەن؟ کردنەوەی لوغز ئاسانە؟ ئەی لوغزی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تر هاوجۆری یەکن؟ ئەوکاتەی لوغز لوغزبوونی خۆی لەدەستدەدات دەبێتە چیی؟ باشە تۆبڵێی لوغزی ڕەگەزی مێ وەک لوغزەکانی ڕەگەزی نێر وابێت؟ لوغزەکانمان بە چی ناوزەدبکەین؟ شێتیی لوغز نییە؟
لوغز چییە؟ لوغز ئەو شتەیە،یان کەسەیە، کە نایزانین، گومڕا و نادیارە. شتێکە جارێ داخراو و نهێنییە. داخراوییەکەی کردنەوە(واڵاکردن) داوادەکات. ئەڵبەتە واڵاکردنی لوغز توانای دەوێت، هێزێک لە بیرکردنەوە و تێڕامانی پێویستە. کاتێک لوغز دەچێتە خانەی لوغزبوونەوە، کە شتەکە یان کەسەکە داخرا و داپۆشراوبێت. ئەم تایبەتمەندییە داوای کردنەوە و ئاشکراکردنمان لێدەکات. بۆیە کرداری دڵخوازی لوغز، هەروەک نهێنی، کردنەوە و ئاشکراکردنە.بەمجۆرەبێت،لوغز لەبەردەم شیکاریدایە، وەک گشت هاوکێشەیەکی بیرکاریی پێویستی بە چارەسەرە. حەلکردنی لوغزیش Solve puzzle لێرەوەدەستپێدەکات.
مرۆڤبوون لوغزە گەورەکەیە. ئەوەش،کە مرۆڤ لەناو گشت بوونەوەرەکانیتردا عەقڵی هەیە ماهیەتی لوغزی مرۆڤە. لەبەرئەوە بە هەڵکەوت نییە تەنیا مرۆڤ دەتوانێت لوغزی هەبێت و هەوڵی کردنەوەشی بدات. جا لەو شوێنەی لوغزێک هەیە، عەقڵێک هەیە، تەقەلایەکیش بۆ کردنەوەی ئەو لوغزە لەئارادایە. دوای کردنەوەی لوغزەکانیش ڕەنگە رووبەرووی ئەوە ببیینەوە، کە ئەو لوغزە بۆشە، ئەوی دی کرچوکاڵە یان دژوار و نهێنییئامێزە.
کەوابێت لەسەر بناغەی گوتنەکانی لایسەرەوە، دەپرسیین: لوغزی سەیروسەمەرە چ جۆرە لوغزێکە؟ هەر ئەوەی کە ئێمە هەین ئەوە لوغزە، ئیدی سەیروسەمەرەیی لە لوغزدا بەشێکە لە دیرۆکی بەلوغزبوون.ئەوەش کە لە کات و شوێنێکدا بژیین کە لە لوغزببیینەوە(کات و شوێنێک بێ لوغزبێت) مژارێکی ئاڵۆزە. بۆ؟ چونکە ئێمە لەگەڵ لوغز لەدایکدەبیین. لوغز تیامانایە، خۆمان،وەک مرۆڤ، بەرهەمهێنەری لوغزیین. لەدایکبوون و مەرگ لوغزاوییە. ئەڵبەتە مەرگیش شای لوغزەکانە.
ڕەنگە دەرفەتی ئەوەمان هەبێت لوغزێک لە لوغزەکانی خۆمان یان ئەویتر بکەینەوە، لێ بەوە تۆوی لوغز وشکنابێت. وەکیتریش، لەگەڵ هاوشێوەیی بەشێک لە لوغزەکان بەڵام بە هەمان ڕێچکەی یەکدیدا ناڕۆن. زۆرێکیش لە ئێمە تا سەر ئێسقان لە لوغز دەترسێت، بێزار و شەکەتە بەدەست لوغزەکانی ژیان و بوونەوە.لێ لوغز چارەنووسمانە، بەشێکە لە ئێمە، لە بوونمان. ئیدی هەڵاهاتن لە لوغز ئەستەمە.
لوغزەکان هۆنینەوەی خۆیانیان هەیە، لەگەڵ زۆرێک لە هاوشێوەیی لەنێوان لوغزەکانی مرۆڤ، لێ کارتێکەرییە جیاکان ناواخن و کاکڵی لوغزەکان دەگٶڕێت.هەندێک لوغز لە ئافراندنەوە نزیکە. هەندێکی تر مۆدێلێکە بۆ بیرکردنەوە، هەندێکی دی، تاچاوبڕکا توانای گۆڕینی ڕوانین و بینینمانی هەیە.
مایەوە ئەوەش بڵێین، کە لوغزی ڕەگەزی مێ وەک لوغزی ڕەگەزی نێر نییە. ڕەگەزی مێ هەر خۆی لوغزە، واتە ئەوەی ئەو مێیە ئەوە شای لوغزەکانیەتی. وەکی دی مێبوون برینخانەیە، لێ زۆرێک لە برینەکان دووبارە و هەمانن. بۆیە لوغزەکانی ڕەگەزی مێ هیچکات ناگەن بە باڵای لوغزبوونی بوونی خۆی. چۆن؟ چونکە ئەو،کە مێێە ئەوە لوغزە جەوهەریەکەیە، ئەوە بەسە بۆ تێگەیشتن لە ماهیەتی مێبوونی مێ.
رەنگە لوغزی مێبوون لای شۆپێنهاوەر زۆرتر کرابێتەوە. ئەوەتا دەڵێت: “لەدەستدانی جوانیی”” لای مێ کێشەیە. ئێمە ئەوە(واتە مێ یەکسانبێت بە جوانیی) وەک لوغزدەبیینین. هاوکات جەغتلەوەشدەکات کە””ژنان هەموو ژیانیان بە منداڵی دەمێننەوە”” و “”کارەکتەری مێینە ئەوەیە کە هیچ هەستێکی دادپەروەری نییە””. (شۆپێنهاوەر) گشت ئەو لایەنانە دەبەستێتەوە بەوەی کە””ژنان هێزی ئیستدلال و بیرکردنەوەیان کەموکوڕیی تیایە””، پێوایە””توانای غەریزەیی ئەوان بۆ فێڵبازی و مەیلی بنبڕنەکراویان بۆ وتنی ئەوەی،کە ڕاست نییە”” بۆ ئێمە هەموو ئەوانە لوغزن. بەجدی لوغزە،کە ژنان رقیان لە گوتنی ڕاستیی بێت، یان بەلای ڕاستییدا نەچن. ئاماژەبۆئەوەشدەکات کە “”ڕیاکاری و خۆدەرخستن لەژناندا زگماکە””.ئەم لوغزە بۆ ئێمە ترسناکە.ئەوەتا شۆپێنهاوەر بۆئەوەدەچێت، کە “”سوێندخواردنی درۆ لە دادگای دادوەریدا زیاتر لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت نەک لەلایەن پیاوانەوە””.
سەرباری ئەوە، ئێمە پێمانوایە، کە لوغزی مێ فریوخودارد و ده‌سخه‌ڕۆیە. چونکە ڕه‌گوڕیشاڵی لوغزی ڕەگەزی مێ بەرهەمیی نامۆیی و وەڕسییەکانی خۆین. لوغزەکانی ڕەگەزی مێ نەک هەر فه‌ریادڕه‌سی خۆی نیین بگرە گوشارێ گەورەشن لەسەر بوونی. ئەمەو تایبەتمەندی لوغزەکانی ڕەگەزی مێ لە ئاست تایبەتمەندییەکانی خودی ڕەگەزی مێدایە و نەگۆڕن، و هیوا به‌خشیش نیین،کە بتوانن مێ لە نامۆیی و وەڕسیی بخەن.
لوغزی ژن لوغزێکی شەرەفمەندانەیی خودی خۆیەتیی. هاوکات لوغزی راستەقینەی ژن ئەو لەزەتەیە بە ژیانی دەدات، کە تەنیا پیاو لەو لوغزە حاڵییە. چونکە وەرگری راستەوخۆی ئەو لوغزەیە. لوغزی خانمان لەوەدایە، شۆپێنهاوەر گوتەنی، “باشترین پەرستارن”.
دوا قسەمان سەبارەت بە لوغز ئەوەیە، مرۆڤ لە زۆرێک لە لوغزەکان حاڵیدەبێت، چونکە لوغز دەچێتە خانەی عەقڵەوە. عەقڵ دروستکەری لوغزە. شێتیی بەخۆی لوغزە، لێ خودی شێت لە لوغز حاڵینییە. شێتیی دۆخێکی وەستاوە، لەگەڵ هیوادا یەکناگرێتەوە.لێ شێتیی بەدەرنییە لە خۆشی، ئەو خۆشییەی،کە شێت خۆی لێیبێئاگایە. ئەمەی سەبارەت بە لوغزی شێتبوون دەیڵێین گرێدراونییە بە نەخۆشییە دەروونییە توندەکانی وەک شیزۆفرینیا،کە تاڕادەیەک هیوا بۆ چارەسەر بوونیان لەئارادایە. کەواتە شێتیی هەروەک مردن لوغزیان تیاپەنهانە و کردنەوەی تەلیسمیشیان سانا نییە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی17: هەڵە….. دەرهاویشتەی نەزانینی راستییە.. ئازاد حەمە

خۆ لە قەرەدانی پەیڤی هەڵە، کە بە ڕواڵەت پەیڤێکی نەخوازراو، ناخۆشەویست و نابەهامەندە، دەرهاویشتەی عەقڵە و ناڕاست دەگەیێنێت و ئاماژەشە بۆ شتێکی درۆ،کە خۆی وەک دروست نمایشدەکات. بەمجۆرەبێت، هەڵەکردن سەیر نییە و دیاردەیەکی مرۆییە و زەوییەکی بەپیتیشە بۆ دیاریکردنی راستی. لەبەرئەوە شۆربوونەوە بۆناو پەیڤی هەڵە بەرەو ئەو دیتنەماندەبات، کە لەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤ هەڵە ڕۆچووەتە نێو ژیان و لەگەڵ رەفتار،کردە و بیرکردنەوەکانی ئەم مرۆڤەش دەستەمۆبووە.
گەر ترس لە هەڵەكردن بوونی هەبێت زانین لەدایکنابێت. هەرلەبەرئەوەی نەزانیین هەیە ماف بۆ هەڵەکردن بە هەڵە دانانرێت. بۆیە نیچە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات””هەڵە پێویستییە بۆ خودی بوونی مرۆڤ(ئاخر ژیان لە هەڵەدا دادەمەزرێت و بەهێزیشدەبێت). هەڵە تەنها ئامراز نییە بۆ پاراستنی فۆرمێکی دیاریکراوی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، هەڵە خودی شێوازی بوونی ژیانە””.
بەپێی ئەوە بێت لایسەرەوە باسکرا، بۆئەوەی بزانیین هەڵە چییە پێویستمان بەوەیە بزانیین راستی چییە؟ ئایا راستی و هەڵە دژە جەمسەری یەکن؟باشە هەڵە وەک راستی بەرهەمی عەقڵە؟ کاتێک هەڵەیەکدەکەین بەو هەڵەیە خراپەیەکیش ناکەین؟ ئەی پەیڤی هەڵە ناچێتە خانەی رەوشتەوە؟ هەڵەکارەکان بێ ئاکارن یان هەڵە دوورە لە ئاکاراوە؟ ئەوانەی خولیای هەڵەن ناساغن؟هەڵە دیاردەیەکی مێتافیزیکییە؟مەبەست: بوونی یەزدان پەیوەندی بە هەڵەکانمانەوە هەیە؟هەڵەکردنی زۆر پەیوەندی بە پەروەردەی خراپەوە نییە؟ هەڵە دەمامکی درۆیە؟ ئەرێنییە یان نەرێنییە؟بۆچی هەڵەی ئەوی دیکە بۆ زۆرێکمان مایەی خەفەتە؟جاوایە، کارل پۆپەر گوتەنی، تا مرۆڤ زیاتر هەڵە بکات، زانین زیاتر پەرەدەستێنێت؟
خودی پەیڤی هەڵە چییە؟ لە پەروەردەماندا واڕاهێنراوین، کە هەڵە شتێکی خراپ، نادروست، درۆ، چەواشەکار و ناتەندروستە. جا ئەوە رەفتارێک بێت، یان بیرکردنەوە یاخود گوتنێک. ئێمەی مرۆڤیش زووزوو لێرە و لەوێ رێکەوتی بۆچوون و دادوەریی و قسەی ناڕاست، نادروست و ناباش دەکەین، بە گشت وانەش دەڵێین هەڵە.
کاتێک هەڵە پڕ پڕە لە پەند، ناکرێت وەک مۆتەکە لێیبڕوانیین. سپینوزا گوتەنی، لەبەرئەوەی هەڵە دەرهاویشتەی نەزانینی زانینە بوونی نییە. ئەمە سپینوزا بەرەو ئەوە دەبات، هەڵە وەک نەزانینی راستیی ببینێت. ئەمەش وادەکات بڵێێن: هەڵە شکستبوون نییە. ئەوەتا خانمە توێژەری سویدی، کاترین فێلیکس Cathrine Felix،””هەڵەی زۆر بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەپێویست دەزانێت””. لێرەوە دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی، کە هەڵە دیدمان دەگۆڕێت، فێربوونمان دەداتێ و ئاشناشماندەکات بە کردەی هەڵەگەرایی Fallibilism.
هەڵە هەروەک راستی بەرهەمی بیرکردنەوەی مرۆڤە. بەڵام ڕاستی و هەڵە جیاوازن. ئەو شتەی راستبێت دروست و ناهەڵەیە. هەرچی هەڵەشە ناڕاست و نادروستە. ئەوە راستە، کە A و B کوردن بەس بۆچونی A بۆ کوردایەتی هەڵەیە، دروست نییە. دەشکرێت ئەم بۆچونە هەڵەیە لە هەلومەرج یان دەمەێکی تری سیاسییدا دروستبێت. کەوابێت، بەهۆی ئەو زانینەی هەمانە دەگەینە راستی شتێک و لە هەڵەش دەربازماندەبێت. بۆچونێکیش هەیە، کە دەڵێت زانینەکانمان دەشێت بەرەو هەڵەمانببات. ئەوەتا، قەشە ئۆگەستین Augustinus دەڵێت:”” بەهۆی خراپەوە هەڵە دەناسرێتەوە، بەڵام لەمیانەی هەڵەکردنەوە مرۆڤ چاکە ناکات””.
راستە هەڵە خۆشەویست نییە، لێ ئەزموونیشە. هەڵە لە کردار و بیرکردنەوەکاندا دووبارەدەبنەوە. بەڵام هەمان نیین. دەکرێت شتێک هەڵە بێت لەبەرئەوەی کردەیەکی یان بیرکردنەوەیەکی نادادپەروەرانە و ناڕەوشتییانەیە. لێ ئەوەی هەڵە نەبێت خودی چەمکی داد و ڕەوشتە.
هەموو هەڵەدەکەین، هەیە زۆر و هەشە کەم. هەڵەی بچووک و هەڵەی گەورەش هەیە. هەڵەشدەکەین کاتێک کەسێکی هەڵە دەکەینە هاوڕێمان یان هاوسەرمان، یان سیاسەتێکی هەڵە پەسەنددەکەین. وەکیتر، هەڵە خەلەلیشە. واتە کەمییە یان کەموکوڕییە لە شتێکدا، ئەوەش وایلێدەکات ئاسایی دەرنەکەوێت. سەرباری ئەوە، هەڵە لادانە. لادانیش لە””بیرکاری و ئاماردا پێوەرێکە بۆ جیاوازی نێوان بەهایەکی ناسراوی گۆڕاوێک و بەهایەکی دیکەی دیاریکراو””. هاوکات لە ئاماردا هەڵە مانایەکیتری هەیە لەچاو هەڵەی کۆمەڵایەتیی یان سیاسیی، کە بە هۆی لادان یان نەزانینێکی کۆمەڵایەتیی یان سیاسییەوە دروستدەبێت. هەمان شت سەبارەت بە هەڵە لە كەلتورێكەوە بۆ كەلتورێكی تر راستە. چونکە نەزانینەکان لە کەلتوورە جیاکاندا هەمان نیین.
دوا دیتنمان سەبارەت بە هەڵەکردن ئەوەیە، کە نەک هەر مرۆڤ ئاژەڵێش هەڵەدەکات. بەڵام هەڵەی مرۆڤ بەرهەمی عەقڵە و بۆ بەدەستهێنانی زانیینە. نەک هەر ئەوە بگرە مرۆڤەکان توانای بینینی هەڵەکانیان هەیە و هەڵەش لە راستی جیادەکەنەوە. ئەمەو ئەگەرچی دۆخی نەگونجاو لە پشت هەڵەوە بوونی هەیە، لێ بەگشتی ویست بۆ هەڵە زۆر کەمە و ترس لە هەڵەکردن بەسەر مرۆڤدا زاڵە.
سەرنج: لە زۆربەی زمانەکاندا بۆ پەیڤی هەڵە سێ چوار پەیڤ بەکاردەبرێن. بۆنموونە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ پەیڤی هەڵە wrong، Error ، Mistake بەکاردێت. ئەمەش گۆڕانکاری دەخاتە تێگەیشتن لە پەیڤی هەڵە لە کردار و گوتن و پلاندانان و کردنی هەڵەیەکدا.

.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی16: بۆشایی، لە پەیوەندی بە بەتاڵیی و هیچییەوە.. ئازاد حەمە

   

کارزانیی مرۆڤ لە دۆزینەوەی چەمکی بۆشایی Vacuumو گفتوگۆکردنی بەردەوامە. چەمکەکە، کە بە زۆرێک ئەندێشەی جیۆمێتری و فیزیاییەوە بارگاوییە ئاماژەیە بۆ نەبوونی شتێک،”فەزایەک Space، یان جێگایەک، کە بە تەواوی خاڵییە لە ماددە”.

بۆشایی نەبوونی شتە، دەستپێکیشە بۆ بوونی بەتاڵیی Emptiness. کەواتە، ئەو شتەی بۆشە، بەتاڵ  Empty ە، پڕ نییە، هیچی Nothingness تیانییە و هیچیش لەخۆناگرێت. لە هەندێک زماندا بۆشایی پوچAbsurd و فەزای چۆڵیش دەگرێتەوە. ئەوەش گرنگە ئاماژەی پێکرێت، کە بەتاڵیی لە مەودا(فەزا)دا شیاوییەکی فیزیاییە و خودی گفتوگۆی بۆشایی فیزیکییش، لەچاو گفتوگۆی بۆشایی سیاسیی یان رۆحیی، گفتوگۆی جیا لە خۆدەگرێت.

لێرەوە دەپرسیین: بۆشایی(فەراغ یان ڤاکیووم)چییە؟ ئایا بۆشایی راستییەکی فیزیکییە یان هەستە؟یان، کە دەگوترێت بۆشایی، لەناو ئەم چەمکەدا ئارمانجێک کاری خۆی دەکات؟چۆن هەست بە بۆشایی دەکەین؟ بۆشایی و بەتاڵیی هاوواتان؟ باشە بۆشایی واتە نەبوونی شوێن؟ ئەوکات چۆڵیی و بەتاڵیی دەستپێدەکات، کە بۆشایی هەبوو؟ ئەی بۆشایی سۆزیی چییە؟بۆشاییەکی بەرفراوان لە مەودا(فەزا) Spaceدا بوونی هەیە؟ بۆشایی دیوێکیتری پوچیی نییە؟ وەکیتر، بۆشایی هاومانای چەمکیی هیچیی نییە؟ ئەی باشە سروشتی هیچ چییە؟ هیچ واتە بۆش، بەتاڵی… شتێک، کە بوونی نییە؟ باشە هیچ دەبینرێت؟بۆشایی گفتوگۆی شوێن/ناشوێن، پڕ/ بەتاڵیش لەخۆناگرێت؟

بۆشایی Vacuum چییە؟ لەم بابەتەدا بۆشایی فیزیکیی بۆشاییە گفتوگۆئامێزەکەیە، ئەو مەودایەیە،کە پڕنەکراوە و بە چۆڵی ماوەتەوە و خاڵیشە لە ماددە. مەودای لەمجۆرە  بۆش Void و بەتاڵە، بێ ناواخن و چۆڵ و هۆڵە. سەرباری ئەوە، لەو شوێنەی بۆشایی هەیە، مەودایەکی ئازادیش بوونی هەیە، مەودای لەمجۆرە بێ ژیان و بەتاڵە. هەروەها لە”” فیزیادا بەتاڵی بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ بۆشایی، شوێنێک هیچی تێدانییە. بەڵام میکانیکی کوانتەم ئاشکرای دەکات کە “هیچ” لە ڕاستیدا تەواو چالاکە””.

“”مەودا ، یان مەودای دەرەوە، بۆشایییەکی Vacuum فراوانی چۆڵە و بەدەریشە لە ماددە. ئەم بۆشاییە بە بەراورد لەگەڵ بەرگەهەوای زەوی زۆر کەم گەردیلەی تێدایە. بەڵام بە تەواوی بەتاڵ Empty نییە. مەودا پڕ بووە لە مادەیەکی تەنک، کە پێیدەوترێت ناوەندی نێوان ئەستێرەکان، کە ئەتۆمی هایدرۆجین و هیلیۆم لەخۆدەگرێت””.

لەناو فەزای بۆشاییدا ئامانج بوونی نییە هەروەک ئەوەی لە ناواخنی پووچییشدا بوونی نییە. کەوابێت، گەر بۆشایی دیوێکیتری پوچیی بێت ئەوا سەرلەبەری چەمکی پووچیی وتنە لەسەر بێمانایی. راستە مرۆڤ لە بوونی خۆیدا تەقەلای دروستکردنی یان دۆزینەوەی مانا دەدات و ئەو مانایەش بۆ ئەو بەهایە،لێ نەدۆزینەوەی ماناکە مرۆڤ هەڵدەداتە ناو بێماناییەوە.

بۆ وادەڵێین؟ چونکە ڕیشەی لاتینی پووچیی Absurdus بەواتای بێمانایی، بێهودەیی، نالۆژیکی، بەتاڵیش دێت. “”لە بیرکاریدا پووچیی بەو مانایە دێت، کە هەندێک توخم لە چوارچێوەی تیۆری، سیستەم یان بوارێکی دیاریکراودا هیچ Nothing مانایەکی نییە و لە بنەڕەتیشدا لەگەڵیاندا ناگونجێت”.

روونە، کە هیچ لە فیزیادا واتە بۆشایی یان بەتاڵی ڕەها لە ئاسماندا. هەندێک پێیانوایە،کە فیزیا پێمان دەڵێت: “فیزیا خۆی لەسەر ئەو بناغەیە دادەمەزرێنێت، کە گەردوون لە هیچەوە دروستبووە، بەڵام ئایا هیچ یان بۆشایی واتەگەلێکی فیزیاییین؟ دەکرێت بگوترێت، کە توێژینەوە زانستییەکان سەلماندویانە، کە لە فیزیای کوانتیدا، لەسەر ئاستی ئەتۆم، ئەتۆمەکان خۆبەخۆی خۆیان لە بۆشایی کوانتیدا دەردەکەون و دواتر وندەبنەوە. خودی ئەتۆمیش لە بۆشایی پێکدێت، لەو کەڵێنانەی لەنێوان ئەلەکترۆنات و پرۆتۆناتدان.

وێرایئەوەی لای سەرەوەباسکرا، یۆنانییەکان، تاڕادەیەکی زۆر قەدەغەیانکردبوو قسە لە سفر Zero بکرێت. خودی ئەریستۆ پێێوابوو سروشت ڕقی لە بۆشاییە. واتە هیچ تەنها لە ئەندێشەی مرۆڤدا ئامادەیە. گەر ئەوە خواستی سروشت بێت، کەواتە سروشت چارەی هیچیی ناوێت، ئەمەش لەبەرئەوەی لەناو سروشتدا هیچ، بۆشایی، بوونی سروشت بەدرۆدەردەخاتەوە. لەمحاڵەتەدا قسە لە چەمکی سفر قسەکردنبوو لە نەبوون.  لای ئەریستۆ (سفر و فەزای بۆش) بەیەکەوەگرێدراوون. ئەو لەبەرئەوەی چارەی بۆشی(بەتاڵی) نەدەویست، رقی لە سفریش بوو.

جێگای سەرنجە، کە “”لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتیدا چەمکی بۆشایی و سفر(هیچ) هاومانابوونە”” و وەک یەکیش رێکخراون”. تەنانەت لەوێ “ئایدیای ناکۆتا بەجۆرێک بووە، کە خەڵک راشکاوانە قسەیانتیاکردووە و هیچ کۆسپێکی لۆجیکی یاخود ئایینیش لە ئارادا نەبووە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیر لە گەورەیی ناکۆتا نەکاتەوە یاخود وینای نەکات”.

لەو شوێنەی بۆشایی هەیە هیچی بەرکەماڵە. بۆشایی، کە لەتەک هیچدا یەکدەگرێتەوە، لەبەرئەوەیە، کە هیچ هەبوو مانا بوونی نییە و ناوەڕۆک بێ ناواخنە. هەرچی ئایینەکانە تەماشاکردنیان بۆ هیچ جیایە. ئەوان یەزدان بەوە دەزانن، کە لە بووندا ئامادایە، واتە یەزدان گشت شتێکی ناو بوونی لەخۆیدا بەرجەستەکردوە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت،کە بۆشایی یان هیچ ورێنەیە. ئایینە ئاسمانیەکانیش پێیانوایە جیهان لە بۆشاییەوە دەستپێدەکات و یەزدان ئەم بۆشایە پردەکاتەوە، واتە پێش یەزدان گەردوون بۆ ئەم ئایینانە بابەت نییە.

کۆتا قسەمان لەسەر بۆشایی، بە مانای بەتاڵیی Emptiness ، ئەوەیە، کە بۆشایی تەنیا چەمکێکی فیزیایی نییە، دەکرێت سۆزییش بێت. لە ڕووی سۆزدارییەوە بۆشایی هەستی بێمانایی دەگەیێنێت. ئەمەش لەلایەک هەستی بێزاریی و پووچیی ژیان و لەلایەکی دی بێهیوایی لە هەستکردن بە بەتاڵی لە مرۆڤدا زیاددەکات. بەتەماشاکردنێکی ژیانی تازەی مرۆڤیش ئەوەمان بۆدەردەکەوێت، کە بۆشایی سۆزیی لە ژیانماندا لەزیادبووندایە و تەنهایی و خەمۆکییەکی قوڵیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.  

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 15: من تۆ نییم….. منەکان هەریەکە منی خۆیانن.. ئازاد حەمە

بە شێوەیەکی ساکار و سانا دەڵێین: (من) تۆ نییم، واتە (من) خودیخۆمم. ئەم تێگەیشتنە گۆشەنیگای خۆی هەیە و بەرەو ئەوەشماندەبات، کە خودیخۆمان بدۆزینەوە، کە هەرئەمەشە لێرەدا دەبێتە ناواخنی ئەوەی لەبارەیەوە دەدوێیین. ئەمەش بەپێی ئەوەی، کە خودی خۆبوون(خۆتبوونTo be yourself) بەمانای ئەوەدێت،کە لەگەڵ خودی یان منی خۆماندا ببیین و لە خەمی دۆزینەوەی پێگەی خودیخۆماندا بیین.
ئەمە سەرەتای خۆویستییە Selfishness، لێ خودی پرۆسەکە، گەڕانیشە بەدوای خودی خۆدا، یان دۆزینەوەی منی خۆت، کە کارزانیی دەوێت. هەروەها لێرە قسە لە خۆویستیەکە بەمانای منپارێزییە نەک خۆپەرستیی. وەکیتر، خۆتبوون بە مانای پەسەندکردن و وەستان لەسەر ناسنامەی خودیخۆش دێت.
ئەو پرسیارانە، کە لێرەدا، ئارمانجی بنەڕەتی باسەکە دەپێکن ئەمانەن: خۆبوون چییە؟ چۆن فێربین خۆمان بیین؟ خۆبوون خۆدۆزینەوە نییە؟ ئەی من کێم چییە؟ منایەتی من چی دروستیکردوە؟ خۆم یان ئەویتر دروستیکردووە؟ چ منێک بیین؟منی خۆمان بیین یان کۆپی منەکانیتر بیین؟ کۆمەڵگە، ئەوانی دیکە، دەیانەوێت چ منێک بیین؟ منی رەگەزی مێ منێکی دیکەیە، یاخود هاوجۆری منی نێرە؟ خۆبوون واتە من بەهای خۆم دەزانم؟ باشە خۆبوون واتە تەنهابوون و بەس لەگەڵ خودیخۆبوون دەگەیێنێت، یان دەکرێت خۆمبم و لەناو کۆمەڵگاش بم؟
خودیخۆبوون(خۆتبوون) être soi-même واتە چی؟ واتە من تۆ نییم، من ئێوە، ئەوانی تر نییم. ئەم نییمە بەو مانایە نییە، کە ئێوە خراپن،بەڵکو کە من تۆ نییم، واتە من وەک ئێوە باش و بەد نییم. من بەشێوازی خۆم هەم و دەبم. من کە تۆ نییم،واتە من دەزانم من کێم. لێرەوە پرسیاری (من) لەدایکدەبێت. (من) کێم سەرەتای پرسیارەکانە. کێیەتی من سەرەتای دەرکەوتنی منە، ڕێگایەکە بۆئەوەی خۆمی خۆم تەنها لەرێگای من کێمەوە نیشاندەم.
منبوون تۆ بوون، یان ئەویتر بوون، نییە. هەموو منێک منایەتی خۆی هەیە. منی (من) منی تۆ نییە. ئەمە هەر مانای ئەوە نییە وێنەیەکی ئەرێنیت لەسەر خودیخۆت هەبێت، بەڵکو پێویستیشت بەوەیە، کە خودیخۆت فریونەدەیت و خۆت بەلاڕێ نەبەیت. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات، کە خۆتت لێببێتە کەسێکی (منێکی)تر.
کە من تۆ نییم، واتە من متمانەم بەخۆمە. ئەمە وادەکات (من) لە تۆ جیاکاتەوە. متمانە، کە بەرهەمی هێزی بیرکردنەوە و دادوەری خۆمە، وادەکات، من منێکی بەهێز و سەروەرانەم هەبێت. کەواتە، من تۆ نەبم، ئاگام لە بەهای خۆمە، لە چاوەڕوانی ئەوەدا نییم تۆ بەهام پێببەخشیت.
کە من خودیخۆمبووم فریوخواردوو و ده‌سخه‌ڕۆنابم. منێک لەناو خودیخۆما دەسازێنم، کە رووبەڕووی ئاستەنگ و گووشارەکان ببێتەوە. ئەوەش دەڵێین، کە گشت منێک پێویستی بە دەرککردنی خودی خۆیەتی. ئەمە من بەرەو خۆناسیی دەبات. هەژێنەرتر بڵێین: منناسی تەنها کاری منە نەک ئەویتر. بۆیە منبوون خودیخۆمبوونە.
منناسی ئاشنابوونە بە خۆم، چەشنی خۆم خۆمدەبم، نەک چەشنی تۆ. ئەمەو منناسی کاری قوڵ و چڕوپڕی فەلسەفیی لە تاک، خودیخۆ، داوادەکات، ئەمەش تەنها بە تێڕامان لە منایەتی من دێتەبەرهەم. بۆئەوە من پێویستی بەوەیە یەخەی خۆی بگرێت. وێڕای مەترسییەکانی ئەم لایەنە، لێ پەیبردن بەخودی خۆ ئاسوودەیی بۆ خود دێنێت. وایلێدەکات گەنجینەی شاراوەی خۆی بدۆزێتەوە. بەواتایەکیتر، منناسی خۆدۆزینەوە، شکۆمەندیشە بۆ تاک تا وێڵی دۆزینەوەی خودیخۆی بێت. چونکە خۆبزرکردن(خۆونکردن) هەمیشە بە قازانجی من ناگەڕێتەوە.
وێڕای ئەوەی گوترا، شوێنێک لەم جیهانە هەیە کە شوێنی منە. ئەو شوێنە بواری دەرکەوتنی منی منە. بەهۆێ ئەو شوێنەوە، لەوێ ئاگام لە خودی خۆمە. دەشتوانم بڕیاربدەم چۆن لەگەڵ جیهانی دەرەوەم مامەڵەبکەم. ئەمەش خۆپەسەندکردن و متمانەبەخۆبوون دروستدەکات. بوارێکی باشیشە بۆ لەناوبردنی ماسکەکان، کە ساڵانیکە خۆممتیاشاردوەتەوە. هاوکات ئەمە دەرگا لە خۆڕەخنەکردن دەکاتەوە.
هێما بۆئەوەشدەکەین، کە بۆ ئەوەی نەکەوینە تەڵەی ئەویترەوە پێویستمان بە خۆدۆزینەوە هەیە. ئەم تەقەلایە هەڵبژاردنێکی گەورەی هەستیارە و بێ سەختییش نییە. چونکە ژیانی تاک بارگەوییە بە زۆر ئەزموونی شکستاویی، ده‌سخه‌ڕۆیی و گوشارەوە. بۆیە لەناو نامۆبوونەکانەوە دەبێت (من)ێک سەردەربێنێت. ئەو پرسە لەناو ژینگەی هەنووکەی ئێمەدا بە ڕەوشێکی خراپدا تێدەپەڕێت. لەم ڕوانگەیەوە دەگەین بەوەی، خۆناسیی دەرفەت ڕەخسانە بۆ هاتنەدەرەوە لە خودی ئەویتر و هاتنەناوەوە، یاخود گەڕانەوە بۆلای خۆت. چونکە منەکانی کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە پڕیانکردووین لە خۆیان. سەرنجڕاکێشترین ئەوەیە،کە خەریکە هێدی هێدی دەبیین بە (ئەوان). گشت منێک بەڕێگاوەیە ببێتە کۆپی منێکی دیکە(تر).
سەرباری ئەوەی گوترا،یەکێک لەو پرسانەی لە دیدی سیاسییەوە ناخرێتەڕوو، بابەتی خۆناسیی سیاسییە، بەواتەیەکی دیکە، من کێم لەناو سیاسەتدا،لە دونیای ئێمەدا، بوونی نییە. بۆنموونە گەر ئەم خۆناسییە سیاسییە لە ژینگەی سیاسیی ئێمەدا هەبایە ئەوکات زۆرێک لەوە حاڵیدەبوون، کە شەرمە تۆ سێ حیزبتکردبێت و ئێستاش بەتەمای ئەوەبیت دەنگ کۆبکەیتەوە بۆ ئەو حیزبەی پەنات بۆبردووە.
سەبارەت بە دوا گوتنمان تایبەت بە من تۆ نییم و خودیخۆمم، ئەوە دەڵێین کە (من) پێویستی بە خۆناسییە Self-knowledge. بۆئەوەش من، یان خودی خۆ، پێویستی بە رەخنەکردنی خودیخۆ Auto-critique یەتی. ئەم شێوە رەخنەیە هاوشانە لەگەڵ خۆرەخنەکردن Self-critique، کە بەواتای خۆپشکنین و بینینی خودی خۆ، هەڵسەنگاندن و گریمانەکردن بەسەر رەفتار،کردار و بیرکردنەوەی خودی خۆوە دێت. خۆبینین و وەستان لەسەر گشت شتێکی خودیخۆ، من قایمتردەکا لای خودیخۆم. بگرە ئەو پرۆسەیە من بەخۆم دەناسێنێت و واشملێدەکات لەو شوێنەی پێویستبکات ستۆپی خودیخۆم بکەم. ئەمە منایەتی من لاوازناکات، بگرە توندوتۆڵتردەکات، لێدەگەڕێ منی (من) ئاگای لەخۆی بێت و بزانێت (من) خۆی کێیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی14: هەمان….. هەمانبوون بکوژی جیاوازییە.. ئازاد حەمە

ڕۆچۆنە نێو پەیڤی هەمانSame دەمانبات بەرەوئاشنابوون بە پەیڤگەلێکی وەک: هاوتا، هاوشێوە ،لێکچوو و..تاد. لەم گۆشەنیگایەوە دەخوازین بڵێین: پەیڤی هەمان دوورە لە جۆراوجۆریی، هەمەچەشنیی و جیاوازییەوە. کاتێک دەگوترێت ئەوانە هەمانن(هەمان کەسن، هەمان شتن) واتە جیاواز و دیکە(تر) Other نیین. لەبەرئەوە باسکردنی هەمان و هەمانبوونSameness باسی جیاوازیی Difference دێنێتەگۆڕێ. کاتێک هەمان کەس هەمان شت دەکات، واتە شتێک بەناوی جیاوازییەوە بوونی نامێنێت.
سەرباری ئەوە، بەریککەوتنی هەمان لەگەڵ هەمان ناگاتە هیچ دەرئەنجامێک و هەمان و دیکەش(تریش) هەرگیز یەکناگرنەوە. دیکە لە جیاوازییەوە نزیکە، بەڵام هەمان و جۆراوجۆریی ناهاوتایی کۆیاندەکاتەوە. هەمان بۆیە هەمانە چونکە رەوتی هەمان گۆڕانی نایەتەسەر و ئەمەش وادەکات وەک خۆی بمێنێتەوە، چونکە جیاواز نییە.
لەسەرئەو بنەمایەی لایسەرەوە دەپرسین: هەمانەکان هەمانن؟ دوو شت،کە تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە یەک شتن؟ دەکرێت قسە لە بەریەککەوتنی پەیڤی هەمان لەگەڵ پەیڤی دیکەدا بکەین؟ هەمانەکان وەک هەمان دەمێننەوە؟ ئەوەی لێکچووە هەمانیشە؟ هەمان لەگەڵ کاتدا بەهەمان ناودەبرێت؟ ئەوەی هەمان نییە جیاوازە؟ ئاینیی ئیسلام لەگەڵ ئاینیی مەسیحی یان ئاینیی جوولەکە هەمانە؟ شارستانی یۆنانی وەک شارستانی رۆمانیی وایە؟ زانکۆکانی ئێمە هاوشێوەی زانکۆکانی دانیمارکە؟ سفرەی نانخواردنی ئێمە لە سفرەی نانخواردنی ئیتاڵی دەچێت؟ کاریگەریی بەکاربردنی ئاوەڵناو لەڕستەدا وەک بەکاربردنی ئاوەڵفرمان وایە؟ دۆزی کۆمەڵایەتیی ،یان هەستی سێکسیی، هەژارێک هەمان دۆزی کۆمەڵایەتیی، یان هەستی سێکسیی، دەوڵەمەندێکە؟
هەمان چییە؟ هەمان ئەو شتەیە/ یان کەسەیە، کە لەسەر بناغەی تایبەتمەندییە هاوبەشەکان هەمانە. دوو شت یان دوو کەس،کە هەمانبوون واتە خاڵی هاوبەشیان تایبەتمەندییە هاوبەشەکانیانە. بەڵام هەمان لەگەڵ جیاوازییدا دژە. یەکنەگرتنەوەی هەمان و جیاوازیی هەمان وەک خۆی دە‌هێڵێتەوە. تا هەمان هەبێت جیاوازیی بوونی هەیە. هەمان بۆ ئەوەیە جیاوازییەکان هاوتابکرێن. بۆنموونە، کە دەڵێین هەمان خۆراک واتە بە فۆرم و کواڵیتێ و سروشت خواردنەکە لەگەڵ خواردنی تر (پێشوو)هەمان و یەکن. کە بەو جۆرە خواردنەکان هەمانبوون پەیڤی جیاوازDifferent لەو حاڵەتەدا هیچ بەهایەکی نابێت. هاوکات هەمان هەردەم وەک خۆیەتی، جیگیرە، ناگۆڕێت و ناشتوانێت جیاوازبێت.
لەناو هەماندا دووبارەبوونەوەیەک بوونی هەیە، کە پڕ و سیخناخە لە هەمانیی. بۆنموونە، کاتێک دەگوترێت: هەمان شت کە گوتمان(کە کردمان،کە بینیمان، کە باسمانکرد) بەو مانایەدێت جیاوازییەک لە کردەکاندا بوونی نییە.
کردنی هەمان شت، گێڕانەوەی هەمان شت یان هاوکاریکردنی هەمان کەس، لێرەدا هەمان لە ناخی خۆیدا هاوشێوەیی، یەکسانی و هاوتایی مەڵاسداوە. ئەو شتەی، یان کەسەی، لە هەمان شت و کەسەکەی دیکە دەکات هەمانییەک کۆیاندەکاتەوە. ئەمەش واتە لەیەکدەچن و هاوجۆرن. لێرە ئەوەندەی هەمان جێگای باسە جیاوازی جێگای باس نییە.
لەبەرئەوە لێرەدا بە چاکی دەزانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنە، کە هەمان خۆی بەوە لە جیاواز جیادەکاتەوە، شتێک، کە هەمان بێت، دەبێت شتێکی دیکە هەبێت، کە هاوتای ئەم شتەبێت. گەر نەبوو کەوابێت جیاوازن و لەیەک ناچن. ئەوەتا لە زماندا هاوواتاکان هەمانن. بەڵام لە مێژوودا جەنگەکان هەمان نیین. ناوی جەنگ بۆ هەموو جەنگەکان هاوشێوەیە بەس گەورەو و بچووکیی، زیان و جۆری جەنگەکان جیاوازن.
جیاوازەکان هەمان نین. هەمانەکان لێکدەچن، هاوتا و هاوشێوەی یەکن، لێ جیاوازەکان ناکۆک و ناجۆرن. هەمەچەشنی و جۆراوجۆریی لە نێو جیاوازەکاندا هەیە، بەڵام هەمان نیین، یان مەگەر هەمانبن لە جیاوازییەکانیاندا. زۆر جار هەمەجۆر و هەمەچەشنەکان هەمانن لە جیاوازییاندا.
له‌م ڕوانگه‌یه‌‌وه دەڵێین: هەمان و جیاواز لە ناوەڕۆكدا لێکناچن. چونکە هەمان بارگاوییە بە تاکجۆری، یەکشێوەیی. واتە هەمانەکان جۆراجۆرنیین. ئەوانەی هەمانەکانن هەردەم هاوشێوەی یەکبوونە بۆیە بەشدارییان لە دروستکردنی هیچ جیاوازیەکدا نەکردووە. تێڕوانینەکان ئەو کاتە هەمانن، کە لەیەکتر دەکەن. بۆنموونە دەربڕینی دێمۆکراسی باشە و دێمۆکراسی بە سوودە هەمان مانا دەپێکن، کە دێمۆکراسی پۆزەتیڤە.
کە گوترا دوو شت یەکسانن مەبەستمان ئەوەیە یەکێکیان هاوشێوەی ئەوی دیکەیە لە هەموو روویەکەوە. دوو ئۆتۆمۆبیل کاتێک لە هەموو روویەکەوە لەیەک دەچن (هەمان کۆمپانیا، مۆدێل،ساڵ و رەنگبن).
ئەوەی باسکرا ئەوەشمان پێدەڵێت، کاتێک باس لە یەکسانیی دەکرێت واتە شتەکان هەمانن. کاتێک کە باس لە هاوشێوەیی دەکرێت واتە جیاوازیی بوونی نییە. کاتێک باس لە هەمان جیاوازیی دەکرێت لەنێوان کەسەکان یان شتەکان واتە جیاوازییەکان لەیەکتر دەکەن و ناجۆر نیین.
گرنگە ئەوەش بزانیین،کە هەمان جیایەیە لە لێکچوونSimilarity/Resemblance (هاوشێوە). هەمان بەوە جیادەکرێتەوە، کە رەنگە ئەو شتانەی لێکچوون هەمان نەبن لێ هاوشێوەن. لەناو هەماندا لێکچوونێک پەنهانە. لێکچوون بەجۆرێکە، کە شتەکانی دەوروبەری هاوجۆری خۆیدەکات. A لە B ناچێت وەک نووسین، بەڵام هەردوو هەمانن وەک پیت. واتە هەردوو لە بەکاربردندا پیتیانپێدەوترێت. مۆز و لیمۆ هەردوو میوەن، وەک میوە لەیەک ناچن و سودەکانیشیان وەک یەک نییە، بەڵام لەوەدا لێکچوون، کە میوەیاننپێدوترێت.
وێڕایئەوە، لێکچوو واتە هاوشێوە، ئەو شتانەی لەیەکدەچن لێکچوو و هاوشێوەن. کاتێک لێکچوون یان هاوشێوە لە زماندا بەکاردەهێنین ئەگەر دوو شت یان زیاتر بە تەواوی وەک یەک نەبن. واتە هەمان نەبن. هەرچی یەکسانە ئەوکاتە بەکاریدەهێنین ،کە دوو شت یان زیاتر بە تەواوی وەک یەک بن. واتە هەمانبن.
ئێمە، کە هەمان شتمان هەبێت،واتە شتەکان وەک یەکن، نەک لەیەک دەچن. هەرچی لێکچوونە، یان هاوشێوەییە، دۆخێتری هەیە. هاوشێوە، واتە دوو شت یان زیاتر لەیەکەوە نزیکن. ئەڵبەتە هۆکار و پاڵنەری سەرەکی هەن،کە وادەکەن شتەکان و کەساکان هەمانبن. خۆئەگەر شتەکان و کەسەکان هەماننەبن، ئەوا یان جیاوازن یانیش لێکچوو و هاوشێوەن.
سەبارەت بە لێکچوون یاخود هاوشێوەبوون ئەوەش دەکرێت بگوترێت، کە دوو شت یان زیاتر تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە بەبێ ئەوەی یەکسان identical بن. کە باسیش لە هەمان دەکەین ناکرێت باس لە بوونی گۆڕاو بکەین. گۆڕاوەکانی ناو شتێک یان کەسێک واتە هەمان ئیتر هەمان نییە.
دوا پەیڤمان سەبارەت بە هەمان و هەمانبوون ئەوەیە،کە دڕدۆنگ و دوودڵی ئێمە تایبەت بە هەمان ئەوەیە، کە هەمانبوون دەرگاداخستنە لە جیاوازیی، لەو شتەی لە ئێمە ناچێت و هاوشێوەمان نییە. دانپێدانان بە جیاوازیی سەرەتای دەرکەوتنی تازەگەرییەکان و داهێنانە، هیوایەکە لەبەردەم نالێکچوون و ناهاوشیوەبوون. کوردبوون جیاوازییە، دەرکەوتی ئەویترێکە، کە هێشتا دانیپیاناهێنرێت. کەواتە جیاوازیی دانپیاهێنانە نەک هەمانبوون.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی13: گرنگبوون…… چی گرنگ دروستدەکات؟.. ئازاد حەمە

لەم سەرەتایەوە، بەرلەهەر شتێک هێما بۆ ئەوەدەکەین، کە بۆ کێ لە ئێمە چی و کێ گرنگە Important ، ئەم لایەنە هەردەم دید و تێڕوانینی جیا دروستدەکات. بەواتایەکیتر، کەسێک یان شتێک بە گرنگ زانیین پەیوەندی بەوەوەیە چۆن ئەو کەسە یاخود شتە گرنگ بووە و چیش گرنگیی کردووە. تێکڕای هاوماناکانی گرنگ Important و گرنگیی Importanceو گرنگبوون خۆیان لە بەرەی بایەخداریی و مانادارییدا دەبیننەوە. گەیشتنیش بە گرنگبوون ئاسان نییە و زۆرێک هاوکێشە لەو پرۆسەیەدا بەشدارە.
ئایا گرنگبوون لەوێوە دەستپێدەکات، کە کەسێک یان شتێک وەک گرنگ بناسێنیین؟کێ دەڵێت ئەو کەسە یاخود شتە گرنگە؟ ئەوەی ئێمە وەک گرنگ نمایشیدەکەین بۆ هەمووان گرنگە یان ئێمە پێمانوایە گرنگە؟چی وادەکات کەسێک یان شتێک گرنگ بێت؟گرنگیی کەسێک یان شتێک لە خودی خۆیدا بوونی هەیە؟ گرنگیی لە چییەوە هاتووە؟ئەو شتەی یاخود کەسەی گرنگە هەمیشە گرنگە؟گرنگەکان هەردەم گرنگن؟هەر بە گرنگ دەمێننەوە؟چی و کێ بۆ ئێمە گرنگە بۆ ئەوانی دیکەش هەر گرنگە؟گرنگەکان بە فیعلی گرنگن یان لێمان گرنگکراون؟گرنگەکان جێپەنجەیان گرنگیانیکردووە یان بەزۆر کراونەتە گرنگ؟لە ئێستادا ژینگەیەک بۆ بازدان بەسەر گرنگەکان لە گشت شوێنێکی ئەم جیهانە لەئارادا نییە؟
گرنگ چییە؟گرنگ کاریگەریی هێنەرە. گرنگەکان شایان و بابەتی ئاوڕلێدانەوەشن. هەردەم هەلومەرج و دۆخێکیش لەئارادان، کە گرنگەکان گرنگدەکەن. بۆیە گرنگیی ئاماژەیە لەسەر بوونی بەها، دیرۆک و پەیامێک. لەو شتانەی، یان کەسانەی کێماسی(ناتەواوی) بەدیدەکرێت گرنگبوون دەرناکەون. وێڕاى ئەمەش گرنگەکان دانسقە و نایاب نەبن هەڵکەوتوو نابن و مژارێکی دروستیش نیین.
سەرباری ئەوەی گوترا، گرنگەکان ئەوانەن، کە بەمانای پڕاوپڕی وشەکە خەسڵەتگەلێکی گرنگیان تیابەرجەستەیە. پەیبردنیش بە گرنگیی کەسێک یان شتێک کارێکی ئاسان نییە، کرۆکی گرنگەکانیش بە سانایی نایەنەدەستەوە. زۆرێک لە گرنگەکان ڕامان ناچڵەکێنن، چونکە لێوان ڕێژن لە ناپێویستیی و بێمانایی. ئەمەش لەبەرئەوەی گرنگ شتێکی مانادار و کاریگەرە، پێگەی هەیە، جا زانستیی بێت یان کۆمەڵایەتیی یاخود ئاینیی. ئەو کەسەی یان شتەی گرنگیی هەیە، ڕەنگە کەسێکیتر، یان شتێکیتر ئەو گرنگییەی نەبێت. هەڵدانەوەی قەتماغەی بەشێکیش لەو شت و کەسانەی لێمان گرنگکراون زۆر راستییمان پێدەڵێن.
وێڕای ئەوە، گەلێکجار گرنگەکان پەیپێنەبراو، پەراوێزخراو و باسلێنەکراوەکانن. هاوکات دەکرێت بگوترێت، کە گرنگەکان، گرنگییەکانیان یەخەماندەگرن، ئەوان تەنگەتاویی و مەترسییەکانیش دەبینن بۆیە گرنگن. مەبەست، گرنگەکان لە خۆڕا گرنگ نیین، مەبەستێک، بۆنموونە سیاسیی، گرنگیی نەکردوون، کە دواتر ئەو مەبەستە ئاوابێت و گرنگییەکەش سیسببێتەوە.
شتی گرنگ و مرۆڤی گرنگ بەپێی کات و شوێن جیاوازە. شتێک گرنگە ئەگەر کاریگەریی گەورەی لەسەر مرۆڤایەتیی هەبێت، ئەمەش وادەکات لە یادەوەرییەکاندا زیدوو بێت. چونی یوری گاگارینGagarin بۆسەر ئاسمان. ئەزموونی شیعریی مەحوی، سەیاب یان بۆدلێر گرنگبوون. ئەمانە هەر گرنگ دەمێننەوە تا ئەو دەمەی تێدەپەڕێنرێن.
بائەوەمان بیرنەچێت، کە هەندێک گرنگ بۆ هەموان گرنگن، بۆنموونە دۆزینەوەکانی بەتڵیمۆس Claudius Ptolemy یان گالیلێ. هاوکات هەندێک تێژیانیش هەن، کە بوونیان هیچ گرنگ نییە، دەکرا هەر نەشبن، بۆنموونە جەنگە جیهانییەکان، ئەنفال و هۆلۆکۆست. ئەوەتا دیدی فەلسەفیی رەوشتیی سپینوزا یان تیۆری رێژەگەریی ئەنیشتاین بەهۆی کاریگەرییەکانیان لەسەر جیهان بوونەتە گرنگەکان. دەشێتبگوترێت، هەندێک ڕووداویش گرنگی مێژوویی خۆیانیان هەیە، لەوانە دەرکەوتنی نیوتن، لەدایکبوونی موزیک یان شانۆ، شۆرشی بەلشەفیی، دیاردەی جیڤارا و…. .
گرنگەکان تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە. بەشێک لەو تایبەتمەندییە پەیوەندی بەوەوەیە،کە توانای دروستکردنی جیاوازییان هەیە. مەرجیش نییە گرنگەکان لێرەبن یان لێمانەوە نزدیکبن، دەکرێت دووربن، زۆر دوور. لێ لەکۆتاییدا هەر گرنگن. کۆپەرنیکۆسCopernicus لەڕێگای کردنی خۆر بە بەچەقی گەردوون گرنگی خۆی سەپاند، دەستیۆڤسکی لەڕێگای شێوازی رۆماننووسییەکەیەوە جیاوازی خۆی نیشاندا.
ئەوی لایسەرەوە گوترا، ئەوەمان پێدەڵێن، کە مەبەستمان لە گرنگەکان ئەو گرنگانەن بە جۆرێکی سروشتی لەدایکبوونە و لە پێویستییشەوە هاتوون نەک لە هیچەوە. کەسێک یان شتێک گرنگە چونکە پێویستە. ئەگەر هۆکارەکان بناسینەوە، کە چۆن شتێک یان کەسێک گرنگ بووە، لەوەش حاڵیدەبین گرنگ چۆن دێتەکایەوە. سەرئەنجام دەڵێین: گرنگەکان لە گشت سەردەمەکاندا کوانووی داهێنان و تازەگەرییەکانن.
دەکرێت گرنگەکان پۆلینکرێن. بۆنموونە ئەو گرنگانەی دەگمەن و نادووبارەن، تایبەتمەند و هەردەمییەکانن، وەک مارکس، نیوتن یان ئەدیسۆن. ئەمانە ئەو جۆرە گرنگانەن لەبیرناکرێن و کاریگەریی باشیشیان لەسەر مرۆیی مرۆڤ داناوە. بۆیشە وادەڵێین، چونکە گرنگکراوەکانی ئێمە بەئەندازەیەک ناشرینن، کە خودی گرنگ و گرنگبوونیان لا قێزەوەنکردووین.
کۆتا گوتن لەبارەی گرنگبوونەوە ئەوەیە، کە پێویستە لەوە بەئاگابیین، کە پاش گرنگەکان گرنگتر دێن. ئەڵبەتە گرنگەکان نابن، ئەگەر گرنگ ناگرنگ نەسڕێتەوە. گرنگ ئەو دەمە هەیە، کە توانای داهێنانی مانای هەبێت. هەچکات گرنگ ئەو مانا و نرخەی هەیەتی لەدەستیدا لە گرنگبوون دەکەوێت.
لە ئێستای کۆمەڵگەی ئێمەدا گرنگەکانمان لە ئاوزەنگ و سەرەمەرگدان، ناگرنگەکان، لە کەس و شت، جێپێیان بە گرنگەکانمان چۆڵکردووە و، بگرە لێرە و لەوێ ناگرنگێکیی زۆر و زەوەندیش زووزوو لەدایکدەبن. ئەمەش بێ هوودەیی لەناوماندا بڵاوکردووەتەوە و ناگرنگییشی لێکردووین بە گرنگ.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی12: بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) بیرکردنەوەی دەوێت.. ئازاد حەمە

بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) Excuse بۆ شتێک یان بیانووگرتن(بەهانەگرتن) بە کەسێک کردەیەکە لە بیرکردنەوە. بۆیە بیانوو(بەهانە)داتاشین بیرکردنەوەی دەوێت و پەیبردنیش بە بەهانە(بیانوو)کۆششێکە بۆ گوتنی راستی، لێ مەرجیش نییە بیانووەکە بمانگەیێنێت بە راستی. لێرە بەڵگە پێویستە. واتە بەهانە دۆزینەوە دوای کردن و روودانی شتێک دێت. زۆربەی بەهانەگرەکانیش بەهانە وەک چەکێک بەکاردێنن بۆ بەراستییکردنی ئەوەی کراوە یان گوتراوە.
گرنگە بزانیین: بیانوو(بەهانە) بۆ هەیە؟ شتێکی رەوایە؟ بیانوو پێویستە یان پینەوپەڕۆیە لە قسەکردندا؟ جیاوازیی لەنێوان بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) و پاساوهێنانەوەJustification دا هەیە؟ بیانوو(بەهانە) و داوایلێبووردن چیی کۆیاندەکاتەوە؟ بیانووی بێ بنەما چیدەگەیێنێت؟ دانی بیانوو بەکەسێک بۆ ئەنجامدانی کارێکی نەخوازراو رەوایە؟ کەی بیانووهێنانەوە قێزەوەندەبیت؟ بیانووی ڕاستەقینە چییە؟ بیانووهێنانەوەی لۆجیکیانە و نالۆجیکیانە بوونی هەیە؟
بیانووهێناوە (بەهانەهێنانەوە) چییە؟ بیانووهێناوە پرۆسەیەکی زمانەوانییە وبوونیشی لەخۆڕا نییە. هەموو بیانوویەکیش هۆکارێکی لەپشتەوەیە. ئارمانج لە بیانووهێنانەوە پاساویشە بۆ کردن و یان گوتن و ڕوودانی شتێک. لێ بیانووەکە دەشێت قبووڵکرێت و دەشێت قبووڵنەکرێت. بەمجۆرە، بەکاربردنی بیانوو(بەهانە)واتە بەکاربردنی هۆکار؛ کۆکردنەوەی هۆکار وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو کردارە خراپەی کراوە، جا درۆبێت یان توندوتیژی و… .
کەواتە بابزانین هۆکار چییە؟هۆکار لە لۆجیکدا شوێنی دیارە، بەکاردەبرێت تا شتێک شیکرێتەوە یان پاساویبۆبهێنرێتەوە. کاتێک هۆدێنینەوە واتە پشتگیری لە بیانوویەک دەکرێت. کاتێک هۆکار دەهێنرێتەوە رەوایەتی بە کرداریک یان بیرکردنەوەیەک دەدرێت. هۆکارەکە بۆئەوەشە تا ئەو کردارە یان هەڵوێستە وەک راستییەک ببینرێت. کاتێک خوێندکارێک نمرەکەی زۆر کەمە، لەبەردەم مامۆستاکەی هەوڵدەدات خۆی وانیشاندەدات، کە غەدریلێکراوە، ئەمە بۆئەوەشە، کە سۆزی مامۆستاکە بۆخۆی راکێشێت.
خواروخێچی لە بیانووهێنانەوە (بەهانەهێنانەوە) بۆ کەسێک یان چۆنیەنی روودانی شتێک بیانوو(بەهانە) نالۆجیکییدەکات. بۆنموونە بیانووهێنانەوە بۆ ستەمکاری، زۆرداریی و دڕندەیی. زۆرجاریش بەم جۆرە بیانوو دەخەینەڕوو: بەبیانووی ئەوەی کە…. . بۆشمان هەیە پاساو لە بیانوو بەمشێوەیە جیابکەینەوە: بیانوو هێنانەوە بۆ هەندێک کردەوە ئاسان نییە، بەڵام لە حاڵەتی ئەوەی بۆ رزگارکردن بێت ڕەوایە. بۆنموونە، کاتێک بێستانێک دەسوتێت بەبیانووی ئەوەی،کە ئەسپەکان دەربازکەیت لە سوتان دەکرێت دەرگای بێستانەکە بشکێنیت و بچیتە ژورەوە.
بیانووهێنانەوە داوای لێبوردن(عذر، Excuse) یش لەخۆدەگرێت. ئەمە ئەوکاتە ڕوودەدات، کە بیانوو جێگای لێبووردن دەگرێتەوە. هاوکات لە بیانوودا خۆدزینەوەش بوونی هەیە. بەشێکی زۆریش لە داوای لێبووردنەکان لە فۆرمی بیانوو خۆیان دەردەخەن و داکۆکییشن لەوەی کراوە، یان گوتراوە.
ئەوەشمان بیرنەچێت، “کاتێک هەڵە دەکرێت، هەوڵدەدەین بەرپرسیارێتی و لۆمە(سەرزەنش) دابەش بکەین، داوای لێبوردن دەکەین، یان چاوەڕوانی داوای لێبوردن دەکەین. ڤێتگنشتێین، ئەمە ناودەنێت “یاری داوای لێبوردن”. ئەو داوای لێبوردنەی دەکرێت، دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی لە پرۆسەی داوایلێبوردنەکەدا بەشدارن مانادار بێت”.
بەپێێ ئەوە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا “بیانوو هۆکارێکە، بەرگرییەکە: “نەمتوانی بێم، چونکە هەڵامەتم هەبوو.” داوای لێبوردن بە واتایەکی ڕەسەن داوای لێبوردنکردنە لە کەسێک دەکرێت کە پاساو قبوڵ بکات”.
ئەمەو بیانوو بەمانایPretext ( ذريعة)یش دێت. لەم حاڵەتەدا بیانوو هۆکارێکە بۆ پاساوهێنانەوە، کە لەکاتی بەرگریدا بەکاردەبرێت. بۆیە پەڵپگرتن (پەڵپهێنانەوە) جیایە لە بیانووگرتن، چونکە بۆ پەڵپگرتن پێویستی بۆ بیانوو پێویستە. سەرباری ئەوە، لەناو پرۆسەی بیانووهێنانەوەدا گرەوێک بوونی هەیە، ئەو کەسەی بیانووەکە دەهێنێتەوە ئامانجی ئەوەیە بە مەبەستی خۆی بگات. زۆرجاریش بیانووهێنانەوە بۆ بردنەوەی گرەوە لەو کەسەی بیانووەکەی لێدەگیرێت.
ئەوەش دەڵێێن: بیانوو دەکرێت لاوازبێت. لێ بیانوو کە یاسایی بوو دەرگا لە لاوازی بیانوو دادەخات. یاساییبوونەکە لاوازییەکە لادەبات. ئەوکاتەش کە بیانوو بەیاساییدەکرێت، هەموان لەبەردەم زەبری یاسا بیانومان نامێنێت. بەڵام لە سیاسەتدا زۆرجار واباوە، کە بە بیانووی شتێکەوە یان دوور لە بەهانەهێنانەوەوە کارێک دەکرێت. بۆنموونە هەموو بیانووهێناوەی لۆجیکییمان دەوێت بۆ ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر، بۆ ئەوانەی پێیانوایە ریفراندۆم پێویست نییە، بۆ هۆلۆکۆستی جوولەکە لەماوەی جەنگی جیهانیی دووەم و ..تاد.
گەلێجاریش بەرامبەر بەوەی گوتراوە یان کراوە دەڵێێن: بیانوومەگرە، پەڵپمەگرە. ئەمە کاتێک روودەدات، کە پێمانوابێت بیانووهێنانەوە شت دەگۆڕێت. وەکیتر، بیانووبڕینیش بە کەسێک پەڵپپێنەهێشتنە بەو کەسە.
بیانوو پێویستی بەوەیە قبووڵبکرێت. کاتێک دەڵێین: بێ هیچ بیانوویەک ئەو کارەی کردوە، ئەمە بەو مانایەدێت گەر بیانوو هەبایە تێگەیشتنێک دروستدەبوو. باشە، لۆجیکیی بومەلەرزە بیانووهێنانەوەی دەوێت؟ بەڵێ. دیارە ئەوەی، کە عەقڵ پەسەندیدەکات دروستە. ئەی نەفرەتی ئیسلامییستەکان لە جوولەکە لۆجیکی تیایە؟ نەخێر. چونکە نەفرەتەکە لێوانلێوە لە نالۆجیکییبوون، لە ڕق و سۆز، کە ئەوانە هەرهەموو بەدەرن لە لۆجیکییبوون..
باشە بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) دەکەوێتە کوێی عەقڵەوە؟ هەموان دەزانیین، کە لە لۆجیکدا شتێک هەیە پێیدەڵێن ھەڵھێنجان Deduction، ئەمە بەرهەمی خستنەگەڕی عەقڵە بۆ گەیشتن بە ئاکامگیریی. لێرەدا پێویستمان بە ئاکامی، یان دەرئەنجامی، دروستە. ھەڵھێنجان رێگایەکێشە بۆ بە بەڵگەگەیشتن. ئەو بەڵگەیەی بەم رێگایە پییدەگەین بی غەش، دروست و باوەرپێکراوە.
دوا دیتنمان تایبەت بە بیانووهێناوە(بەهانەهێنانەوە) ئەوەیە،کە بیانووهێنانەوە بۆ کردارە نالۆجیکییەکان یەکێکە لەو کێشانەی دەروونناسان زۆر لەسەری وەستاون. لێرەوە دەگەینە ئەو دیتنەی، بیانووهێنانەوەی نالۆجیکیی کردەیەکی پۆزەتیڤ نییە و لێوەفێربوونیشی لێبەدیناکرێت.
زۆرجار بیانووهێناوە بۆئەوەیە تا دانپێدانان روونەدات. بەڵام ئەوەی لە کێشەکەدا مەبەستە دانپێدانانە نەک بیانووهێناوە. تەنانەت بیانووهێناوە بۆ دەستبەسەرکردنی کەسێک لەلایەن پۆلیسەوە، بابەتێکە دەکەوێتە نێوان ئەو کردەیەی کەسەکە ئەنجامیداوە لەگەڵ خودی یاسا.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی 11: دوژمن… دوژمنی راستەقینە هەردەم نادیارە.. ئازاد حەمە

دوژمنە راستەقینەکان،کە سەرسەختەکانن،کەمن،هەشبن نادیارن(نەبینراون)Invisible. دوژمنEnemyسروشتی خۆی هەیە و هەموو دوژمنێکیش بە دوژمن دانانریت. دوژمن دەبێت خەسڵەتەکانی دوژمنایەتی تیابەدیبکرێت و هەڵقوڵاوی ناو دوژمنایەتی بێت.هەروەها دروستکردنی دوژمن کارێکی ژەهراوییە،دژوارە و کاتی دەوێت،بەتایبەت دوژمنە سەرسەختەکان.ئەم جۆرەش لە دوژمن لەکۆڵکردنەوەیان ئاسان نییە و مامەڵەکردنی وزەی تایبەتی دەوێت.هەرچی لەبیرکردنی دوژمنیشە،ئەمەش هەر پێویستە،ئەگەرنا چۆن بەردەوابین(هەبیین، بژیین).
کە باشبووین بێدوژمن دەبیین؟ نەخێر. باشە بێدوژمن و بێبەرامبەرەکان باشنیین. بۆئەوەی باشبیین پێویستمان بە دوژمنە. دوژمن ململانێییە، خاڵی وەرچەرخان و بیرکردنەوەیە. پێکدادانەکان حاڵیماندەکەن لە ماهیەتی دوژمنایەتی. ریشەی دوژمنایەتی پێش لەدایکبوونی باشەیە. ئەوە دوژمنە وامانلێدەکات رێز لەخۆمانبگرین. بۆ؟چونکە دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات. کە دوژمنمان هەبوو هێدی هێدی قۆناغی گێلی تێدەپەڕێنیین. ئەوە(ئەوە) هانماندەدات لە پێکدادان و ململانێ تێبگەین. ئەگەرنا ئاشتیش بێ مانا دەبیت. کاتێک لە پێکدادانەکانەوە ئەزموونفێردەبین، لەوە حاڵیدەبین باشە لەکوێوەدێت. هەر دوژمنناسیشە هاوکاریماندەکات لە هاورێیەتیش تێبگەین.
لەسەر بناغەی قسەکانی لای سەرەوە دەپرسیین:دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟دوژمن پێویستییە؟لە دوژمن و دوژمنایەتییەوە هیچ فێردەبیین؟دوژمنی راستەقینە هەیە؟چۆن دوژمن بۆ نادوژمن(دۆست)بگۆڕیین؟کە دوژمن هەبوو ئاییندە مەترسی لەسەر نییە؟بێدوژمن دەتوانیین بژیین؟دوژمنپەرستی ناساغیی نییە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە دادوەریی بەسەر خراپیی ئێمەوە بکات: دوژمنەکانمان یان هاوڕێکانمان؟کەمەحکومبووین بەوەی دەبێت دوژمنداربیین، باشترە چ جۆرە دوژمنێکمان هەبێت؟ئەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن ئەزموونی دەوێت؟
دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟ دوژمن شەڕ دروستدەکات، شەڕیش بەرهەمی عەقڵە. عەقڵیش (شەڕ)پلان بۆ ئاشتی دادەنێت. نەبینینی دوژمن بەزیانی بوونمان(بوونی هاوڕێی)دەگەڕێتەوە.دوژمن لەناو بوونماندایە(لەناو هاوڕێیەتیەکانماندایە)، لەو شوێنەدایە، کە ئێمە هەین. کێشەکە ئەوکاتە دەستپێدەکات، کە دوژمن نادیاربوو، کە هەستمانکرد بێ دوژمنیین. وێڕای ئەوە، گۆڕینی دوژمن بۆ نادوژمن، ئیشە دژوارەکەیە. بەس ئەوانەی دوژمنپەرستن، کە هەردەم دوژمنیان پێویستە، لە بەرژەوەندییانە دوژمن وەک دوژمن بهێڵنەوە.کەوابێت، ئەگەر دروستکردنی دوژمن پێویستیی بێت، بەخێوکردنیشی ئەرکە. تەنها بەو ڕێگایە دوژمن دەتوانێت بمێنێتەوە.
هێشتنەوەی دوژمن وەک دوژمن تا شوێنێک سودی هەیە.بەڵام مشەخۆربوونیش لەسەر دوژمنایەتی مەترسیدارە و هەڕەشەشە لەسەر ئاییندە. چونکە هەبوونی دوژمن هەبوونی ترسێکە مانا بە بوون (ژیان) دەدات. واتە، دوژمن و ژیان یەکتر تەواودەکەن. ئەمە بەو مانایە نایەت،کە تەنها لەپێناو دوژمندا ژیانبژێیین.
لێرەدا وایدەبینیین، کە نیچە قوتابخانەی سەرەکییە بۆ دوژمنناسی. لەوەوەفێردەبین،کە”ئەوەی لەپێناو شەڕکردن لەگەڵ دوژمنەکەی دەژی، بەرژەوەندی تەواوی لەوەدایە دوژمنەکەی لە ژیانا بمێنێتەوە”.لێرە دوژمن هۆکاری مانەوەیە،پاڵنەری ئەوەیە تۆ بۆ(ئەو)بژیت،(ئەو) وەک دوژمن بهێڵیتەوە. ئەمە ئەوەشمانپێدەڵێت، کە دوژمن جاریوایە پێویستییە تا خۆت کۆبکەیتەوە و خۆت ببینییت.
لە دوژمن مەترسیدارتر چییە؟ ئەوەیە، کە تۆ پێتوابێت دوژمنت نییە.دوژمن ئەوکاتە دروستدەبێت، کە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت هەموو شتێک باشە، تۆ بێدوژمنیت. چەند ترسناکە واهەستبکەیت بێدوژمنیت!!
ئەهریمەنەکانی دەرووبەرمان وامانلێدەکەن لەتەکیانا بجەنگیین. ئەمەوادەکات وەک دوژمن بیانبیین، دواتر بکەوینە شەر لەتەکیانا، لەگەڵ کاتیشدا دەبیینین بووینەتە بەشێک لەوان.کەواتە ترسناکە لە دوژمنە سەرسەختەکانمانەوە فێری هاوڕێیەتی بیین. ئەوان،کە بێباکن بەرامبەر بە هاوڕێیەتی،هاوسێیەتی، تاکە شت، کە لێیانەوە فێردەبیین، دوژمنایەتییە. لێ سەرسەختترین دوژمنایەتییش. هاوکات دەربازبوون لە چنگ دوژمنایەتی سەرەتایەکی باشە بۆ خراپنەبوون. هیچ نەبێت بەو خۆدەربازکردنە نابینە خراپە مەزنەکە. ئەمڕۆ بێ ئاکارییەکە لەوەدایە هەموو هەوڵدەدەن ببنە خراپەگەورەکە، دوژمنە نادیارەکە.
بەبێ دوژمن و دوژمنایەتی و ململانێ و دواجار شەڕ، سیاسیی politicalبوونی نییە(شمیتSchmitt)، ئەی ئەمەیان چۆن؟ بەبۆچوونی شمیت”دوژمنی سیاسی پێویستی بەوە نییە لە ڕووی ڕەوشتییەوە بەدبێت،لە ڕووی جوانیناسییەوە ناشرین بێت،لەڕووی ئابوورییەوە زیانبەخش بێت”.هەروەها بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.واتە دۆستی سیاسی پێویست ناكات باش بێت لەڕووی ڕەوشتییەوە،جوانبێت لەڕووی جوانیناسییەوە و سودبەخشبێت لەڕووی ئابوورییەوە. …. لەوە سەمەرەتر، دوژمن هەمیشە گشتییە(نەك تایبەت)و دوژمنی تایبەت مانایەی نییە”.واتە دوژمن کاتێک هەیە،کە دوژمنی سیاسیی بوونی هەیە(شمیت).
دیدی ترسناکی شمیت لەوێوە دەستپێدەکات،کە پەیوەندییەكی رەوشتیی لەنێوان دوژمنایەتی و خودی رەوشتدا بوونی نییە. چونکە دوژمنایەتی، هاوڕێیەتیش، واتایەكی سیاسییە لە دەرەوەی رەوشت.
دوژمن وامانلێدەکات خۆمان نەبینە دوژمنی خۆمان. خۆمان،کە هەمیشە لێهاتووین لە دوژمنایەتیکردنی خۆمان بەوە دوژمنە نادیارە راستەقینەکەمان لەبیردەچێتەوە. بۆئەوەی لەوە بکەوین دوژمنی خودی خۆمان بیین پێویستمان بە دوژمنە. بینینی دوژمنیش وەک دوژمن کارزانی سیاسیی و کرداریی دەوێت.
کارل شمیت هەر زوو پێیڕاگەیاندین، کە دوژمن خۆت نیت،ئەویترێکە. لەو شوێنەی دوژمنێک هەیە، پێویستمان بەوەیە بەدوای ئەویترێکدا بگەڕیین. دوژمن بەرامبەرێکە و هەر وەک بەرامبەریش دەمێنێتەوە. دوژمنی لەم جۆرە بوون دەخاتەمەترسییەوە. هەڕەشەی ئەم بەرامبەرە هێندەی بووناوییە رەوشتیی نییە. شمیت گوتەنی، کە نەتزانی کێ دوژمنە نازانیت تۆ کێیت.
کۆتا گوتنمان لەسەر دوژمن ئەوەیە، کە هەریەکێک لە ئێمە دوژمنێکی نادیار Invisibleی هەیە،دوژمنێک کە نووستوە و هەلومەرجێک بێداریدەکاتەوە. گەڕان بەدوای دوژمن، یان دۆزینەوەی دوژمن کارئاسانیمان بۆدەکات لە سروشتی هاورێیەتیش تێبگەین. بێئاگاییمان لەسەر دوژمنە نادیارەکانمان وایلێکردووین پێمانوابێت، بێ دوژمنیین، کە هێشتا دوژمنمان نییە.
گەوجیەکە ئەوکات دەستپێدەکات،کە ئێمەی مرۆڤ خۆمان بە ئاسودەبزانیین، کەگوایە بێدوژمنیین. بێدوژمنی بەدبەختییە نەک شادومانیی. ئەوە دوژمنە فێریخۆکۆکردنەوە و ئامادەباشیماندەکات.روونتر بدوێیین، دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات لە بوونی خۆمان. ئەو دەمە دەبینە دوژمنناس کە توانیمان لەوە حاڵیبین هەبوونی دوژمن سەرەتایەکە بۆ خۆناسی و داکۆکی لە بوونی خۆت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی9: نییە…. سروشتی نییە چییە؟.. ئازاد حەمە

چ جوانییەک لە گوتنی نییەدا هەیە؟ هیچ جوانییەک نییە. ئەی بۆ هەیە؟ بەجۆرێک لە جۆرەکانیش هەموو گیرۆدەی دەستی نییەن/نییەکانیین. گەر دۆزی مرۆیی مرۆڤ بەم ئاقارەی ئێستا بڕوات نییەیێکی زۆر و دووبارە بەڕێوەیە. تا لەوەشحاڵینەبیین نییە چی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە ناتوانیین نییە بکەین بە هەیە. نییە و هەیە ناکۆکن، بەپێیئەوەی نییە واتە نەبوونی شتێک، نییە لە نییەوە دێت،نەک لە شتەوە،ئەگەر لە شتەوە هاتبێت ئەوا ناڵێن نییە. چاوپۆشینیش لە بوونی نییە،بەرەو بۆشاییمان دەبات. کاتێک نییە دەبێتە بۆشایی،ئەی بۆشایی بەچی پڕئەکرێتەوە؟زۆرجاریش کێشەکە لە نییەکەدا نییە،بەڵکو لە هەیەکەدایە، بۆنموونە سیاسەت هەیە بۆیە زۆر شت نییە. سیاسەت نەبایە نییە هەر دەبوو،بەس ئەو نییانەی سیاسەت دروستیدەکات ئەوکات نەدەبوون.
بەگشتی بابەتەکەمان لەژێرسایەی ئەم پرسیارەوە بەرپێیی خۆی دەدۆزێتەوە:بۆ نییە بوونی هەیە؟ئەگەر نییە بوونی هەیە، جەوهەری خودی نییە چییە؟ئەی چی بۆی هەیە ببێتە نییە؟نییە هەر نییەبێت چی لەبڕی نییە هەیە؟واتە دوای ئەوەی شتێک نییە(بۆنموونە: پارە، باران، دادپەروەری)چی لەجێگای ئەو نییەیە(نییانە) دەبێت؟ئەگەر هەیە باشە،ئەی نییە چۆن هاتۆتەکایەوە؟دەستپێکی نییە چییە و سروشتی چۆنە؟کاتێک دەگوترێت نییە،ئەوە چییە،کە نییە؟بۆ نییە؟چۆن نییە؟بۆنموونە ئازادی هەیە،کەچی گەندەڵیش هەیە.ئایا بوونی گەندەڵیی ئازادیەکە نەفیناکات،ئازادیی نابێتە نییە؟
یان سێکسیزم هەیە، خۆشەویستیش هەیە.ئەم هەیەیە چۆن لەگەڵ نییەکەدا لەناو هاوکێشەی سێکسیزم و خۆشەویستیدا یەکدەگرنەوە؟بۆیە ئەو سێ پرسیارە(چی نییە؟بۆ نییە؟چۆن نییە؟)دەمانبات بەرەو ئەو شتە چییە،کە نییە؟کەوامانوت دیارە ئەو شتە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە،ئەی باشە خۆ هەندێک شت هەر لەبنڕا نییە،بەنموونە نەمردن.بائەوەش بزانین،کە خودی نییە هەڵماندەداتە ناو بابەتی دانپێدانانەوە.دەبێت دانیپێدانێین، ئەو شتەی مەبەستە نییە. بەس چۆن نییە؟پێشتر گوتمان دژەجەمسەری نییە هەیەیە،گەلێکجارئەم هەیەیەش بۆ بوونی نییەیەک کەمە.
پرسیاری گۆڕینی نییە بۆ هەیە داوامانلێدەکات لەوە حاڵیبین،کە نییە چییە؟نییە واتە non-existenceنەبوون، ئامادەنەبوون. هەرکات نەبوون هەبوو بوونی نییە ئاساییە،واتە شت هیچە و بوونی نییە. پێمانوایە،دیوار هەڵچنین لەنێوان هیچ و نەبووندا هیچە.دەبێت ئەم دیوارە بروخێنرێت تا نییە دەرکەوێت.بۆیە دەپرسین:چۆن چارەسەری نییە بکرێت؟بێگومان بە هەیە،کە بەرامبەرەکەیەتی. جاری واشە ئەوەی هەیە ئەوە نییە،کە دەبوو هەبێت.بۆنموونە ماف هەیە،بەس ئەو مافە نییە،کە خواستی لەسەرە.راستە نییە لە زۆر حاڵەتدا بە هەیە چارەسەردەکرێت،لێ هەندێک نییە دەگمەنە و بە هەندێک هەیە چارەسەرناکرێت. کاتێک تۆ دەمریت ئیدی بوونی تۆ نییە، لێ تۆی تر هەیە.
روونتر بدوێێن:لەگەڵ نییە یەکسەر پرسیارە دڵخوازەکە دروستدەبێت،کە هەمیشە نییە حەز بە چارەی ناکات،ئەوەش ئەمەیە: بۆ نییە؟بۆ کەسێک کە مەعنی نەبێت بە نییەکە،دەپرسێت:چی نییە؟ئەو دەمەی دەگوترێت نییە، لەوحاڵەتەدا نییە وەستانە، نەبوونە، بێجوڵەییە.پاش نییە هەوڵێک دێتەگۆڕێ،تا چارەسەری نییەکە بکات، ئەوەش لەسەر بناغەی بۆ نییە دەستپێدەکات.
بۆزۆرێکیش ئەوەش هەر پرسیارە،ئەوەی نییە، هەر هەنووکە نییە یان هەردەم نییە؟ زۆر شت ئێستا هەیە دواتر نییە،بۆنموونە لەمکاتەدا فڵانە شت هەیە و پاشان و بۆ هەمیشە نییە.ئاو ئێستا نییە دواتر هەیە. ڕەنگە هەندێک جار کێشە نەبێت ئەگەر نییەکە بخایەنێت،وەک کارەبا هەنووکە نییە بەس دواتر هەیە.بەڵام کاتێک نییە قێزەوەن دەبێت،کە نییەبوونی نییە رەهادەبێت، وەک نییەی کارەبا یان ئاو. وەکیتر،رەهابوونی نییە لە هەندێک دۆخیتردا زۆر کێشاوییە: بۆنموونە کاتێک ماف یان داد نییە.نەبوونی ماف یان داد بابەتی نییە دەخاتە بارێکی ناهەموار و بەدەوە.کەوابێت چییەتی نییە لەسەر ئەوە وەستاوە چی نییە/لەسەر چ بناغەیەک نییە؟
زۆرجار نییە بەرهەمی(نەماوە)یە، ئەی کاتێک نییە بەرهەمی خودی نییە بێت؟ئەوەتا لایبنێتزی فەیلەسوف بەمجۆرە نییە دەبینێت: ئەو شتەی نییە کەواتە نییە،هۆیەکیش بۆ بوونی لەئارادا نییە. بەڵام نییەکانی ئێمە نییە نییە، هەیەیە و کراوەتە نییە،وەک نییەی ئازادی، نییەی ماف، تادەگاتە نییەی کارەبا.لێرەدا دەڵێین:بەپێیئەوەی نییە دەمانباتەوە ناو نادیار پێویستمان بەوەیە ئاگامەندانە گفتوگۆی نییە بکەین. بۆ؟کاتێک نەبوون هەبێت بوونی نییە ئاساییە.ئەمەشوادەکات بابەتی نییە بمانباتەوە ناو گفتوگۆی بوون و نەبوونەوە،ئامادەبوون و ئامادەنەبوونەوە.پێشتر گوتمان، گریمان هیچ نییەبێت و ئەوەش سەرچاوەی گەردوون بێت،کەواتە نییە یان هیچ ڕەچەڵەکی گەردوونە.باشە کێ پێیوایە هیچ،نەبوون،دەستپێکی گەردوونە!ئەگەر وایە پێویستمان بە فیزیایە ئەمە یەکلابکاتەوە.
وێڕایئەوە، هیچنەبوون و شتنەبوون واتە هیچ شتێک بوونی نییە، بۆنموونە، ئەوەی نامانەوێت بیڵێین نهێنی نییە.هەروەها ئەوەی دەترسیین بیڵێین نهێنی نییە. لێرەدا نییە بەواتای لەدایکنەبوون دێت. کێشەکە بەس ئەمە نییە،ئەوەشە، ئەوەی بۆ تۆ نهێنییە بۆ من نهێنی نییە.نهێنیی لێرەدا کۆماندەکاتەوە.ئەگەر هیچ ئەو شتەبێت، کە نییە،واتە جەوهەر لەوێ هیچە. شتی بێجەوهەر هیچە.گشت شتێک جەوهەری هەیە،بەوە بوونیشی هەیە.جەوهەری بوون شت بێت،هیچ بوونی نییە.
دوا تەماشاکردنمان تایبەت بە نییە ئەوەیە،کە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یان ئێمەدا زۆر شت نییە،زۆرێکیش لەو نیییانە بۆ هەتایە نییە، یاخود هەیە بەس ئەو هەیەیە بێ بەهایە و جێگرەوەی راستەقینەی نییەکان نییە.راستە کۆمەڵگەی بی نییە بوونی نییە،بەڵام لەسەردەمی وەک ئێستا هەندێک نیییە نەدەبوو هەبێت(دادپەروەریی)، هەندێک هەیەش پێویستینەدەکرد هەبێت(گەندەڵیی).وەکیتریش زۆر شت لە گەردوون دەکرا نەبن(بوومەلەرزە،زریان،لافاو)،لێ هاوکێشەکانی ناو گەردوون وەڵامی تریان بۆ هەبوونی ئەو هەیانەی ناو گەردوون هەیە.بەڵام هەیاکانیتری ژیانمان،وەک:هەژاریی، برسیەتی،جەنگ زۆری دەوێت تا ببنە نییە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی8: پاساوهێنانەوە… لۆجیکیی نەبێت بێمانایە.. ئازاد حەمە

ئەگەر پاساوهێنانەوە Justificationماف بێت،مخابن ئێمە ئەم مافەمان گەندەڵکردووە و هیچ ڕێزێکیش لە لۆجیکی بنەماکانی پاساو ناگرین،وادەزانین پاساوهێنانەوە بۆئەوەیە بەئارەزوی خۆمان چەنەڵیدەین و زۆربڵێیبکەین(قەوچەقەوچ، چەنەبازیکردن). کردەی پاساوهێنانەوە ئاساییە.بەڵام ئەمە کاتێک قێزەوەندەبێت ئاساییبوونەکە تێپەڕێنێت و ببێتە پیشە لە قسەکردندا. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی،کە تا پاساوهێنانەوە پشتبەستوونەبێت بە بەڵگە نامانگەیێنێتە دەرئەنجامی بەبنەما و تۆکمە.
پاساو دەکرێت پەسەندکراوبێت و دەشکرێت ناپەسەندکراوبێت. پاساوی پەسەندکراو بنەمایەکی لۆجیکیی و بابەتیی هەیە،بۆیە دەپرسین:پاساوهێنانەوە بۆ کێ و بۆ چی؟پێویستە کردەی پاساو کردەیەکی ئاوەزیی بێت؟کەمترخەمییەک یان توندوتیژییەک پاساودەکرێت؟کاتێک درۆکان پاساودەکرێن دەبنە راستی؟چۆن پاساوی بێبنەماو بێمانا بناسینەوە؟پاساوهێنانەوە بۆ تووڕه‌بوون لۆجیکی تێدایە؟ئەی بۆ کوشتن،غەدر یان بۆچوون وەک یەک وان؟پاساوهێنانەوە جیاوازە لە روونکردنەوە یان هەمانن؟پاساوهێنانەوە لە پەیوەندییدایە بە لۆجیک و شایەتحاڵییەوە؟ئەوەی پاساودەهێنێتەوە لەژێرفشاری دەروونیدا نییە؟
پاساو چییە؟پاساو کردەیەکی بەرگرییە لەخودی خۆ،هەڵوێستێکی دەروونی کەسەکەشە، پەرچەکردارییەتی تایبەت بە شتێک،کە روویداوە.ئەوانەی پاساودەهێننەوە پێش پاساوەکە بەدۆزێکی دەروونی نادروستدا تێپەریوون،کە پێویستییان بەم پەرچەکردارییەیە.پەرچەکردارییەکە مەرجنییە دروستبێت،زۆرجاریش پاساوکار ئەوەی دەیڵێت ڕەنگە دەقاودەق ئەوەنەبێت،کە دەبێت بگوترێت.
پاساو هەنگاوێکە بۆ خۆدورخستنەوە لە خراپبوونێک(هەڵەیەک، شکستیەک، بێهیوایەک)،لەوەی کە کراوە، گوتراوە و روویداوە، کە خەتای کەسەکەی تیانەبووە.ئەمە ئەوەمان پێدەبێژێت، پاساو بۆئەوە دەهێنرێتەوە، کە کەسەکە ئامادەنییە خراپبکرێیت، لەبەرئەوە دەڵێیت:هەڵەمکرد چونکە مامەڵەیان لەگەڵم باش نەبوو.
لێکۆڵەران لە لۆجیک وایبۆدەچن،پاساو پێویستە گونجاو و شیاو بێت.ئەمەش نەبێت پاساوەکە دروستنییە و باوەڕی ئەوی دیکە ناگۆرێت. لەبەرئەوە زانایانی لۆجیک پێیانوایە،پاساوهێنانەوە هەوڵێکە بۆ داهێنانی هۆکار، گوتنی ئەو هۆکارەش تەنیا بۆئەوەیە پاساوکار لە دانپێدانان نزدیکبکاتەوە.ئەمە واتە چی؟واتە پاساوهێنانەوە دەشێت بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو بەدییەیە بێت، کە پێشتر کراوە. بۆنموونە:پاساوهێنانەوە بۆ درۆکانی کاتی بانگەشەکان، بۆ بێدادیی، بۆ شاردنەوەی راستیی دزیینەکان، یان پاساوهێنانەوە بۆئەوەی کە تۆ بۆ نامیهرەبانیت، کە بۆ منت خۆشناوێت، بۆ هەڵەبجەنەکرا بە پارێزگا، بۆ…. .
بەمجۆرە،لەناو پرۆسەی پاساوهێنانەوەدا(تەبریر)دۆزێک ئامادەیە،کە هەمیشە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی هۆکار دەدات. بەواتایەکی دیکە،بەکاربردنی پاساو واتە بەکاربردنی هۆکار و کۆکردنەوەی هۆکاریش بۆ پاڵپشتی ئەو کردارە خراپە بەکاردێت،کە ئەنجامدراوە، جا درۆبێت یان توندوتیژی و…تاد. ئەوەی کراوە پاڵنەری دیکە لەپشتیەوەیە، کە شاراوەن و لەژێر فشاری دەروونیشدا کراون،ئەمەش وادەکات کەسەکە پەنا بۆ پاساوهێنانەوەببات.زۆرجاریش پاساوەکان پێمانناڵێن چی لەپشت ئەو جۆرە کردارانەوەبوونە.
پاساو ئەو بیانووەیەexcuse کەسێک دەیهێنێتەوە بۆ رەفتارێکی،گەلێکجار لۆجیکیبوونێک بە بیانووەکانەوە دیارە،لێ ئەوی دەگوترێت ئەوە نییە،کە مەبەستە. بۆنموونە مامۆستایەک لە پۆل بەدەنگێکی بەرز لە خوێندکارەکان توڕەدەبێت،دواتر پاساو بۆ ئەو رەفتارە نابەجێییەی خۆی بەوەدێنێتەوە،کە سەریژانیکردووە بۆیە وارەفتاریکردووە.
وێڕایئەوە،پاساوهێنانەوە بۆئەوەیە کەسەکە پاڵپشتی دروستبکات بۆ راستی شتێک.ئەمە داوای لۆجیکیبووندەکات. پاساوهێنانەوە لۆجیکیی نەبێت بێمانایە.لەبەرئەوەی پاساوهێنانەوەی لۆجیکیی کۆششێکە تا راستییەکان دەرکەون و بە بنەماشبن. هەر ئەم جۆرە پاساوە پشتگیریی لە بەڵگەی لۆجیکیی دەکات و دەمانگەیێنێتە دەرئەنجامیش. ئەو ئاکامەی بەهۆی پاساوهێنانەوەی لۆجیکییەوە پێیدەگەین پەسەند و رەوایە.
پاساو کاتێک لۆجیکییدەبێت، کە هاوتەریبدەبێت لەگەڵ ستاندارد و بەهاکاندا.مەبەست، پاساو بۆ کردەیەک دەهێنرێتەوە تا دروستی ئەو کردارە نیشانبدرێت بەو مەرجەی دژەپرینسیپ نەبێت. وەکیتر، پاساو تەقەلایە بۆ روونکردنەوە تا ئەوە روونبکرێتەوە، کە ئەوەی گوتراوە یان کراوە هەڵەنەبووە.
ئەی دوای پاساوهێنانەوە چیدێت؟پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنی پاساوەکە دێت. پاساوهێنانەوە بۆ خێرا لێخورین:دەزانم خێرام، ویستم لەکاتی خۆیدا بگەم. یان وازهینان لەکارێک بەپاساوی ئەوەی لە ماڵەکەمەوە دوورە. ئەوەمان بیرنەچێت، کە زۆرجار هەندێک فۆرم لە پاساوهێنانەوە کەسەکە بەرەو خۆخەڵەتاندن Self-deceptionدەبات.ئەوانەی ئەمەدەکەن دەخوازن بەشێوازێک بێنەگۆ ئەوەی فاکتە و بەڵگەی لۆجیکییە ڕەتیکەنەوە و بێمانایکەن. ئەم جۆرە کەسانە فێڵ لەخۆیاندەکەن تا ئەوەی راستە ناراستیکەن. ئەوانەی باری دەروونیان ماندووە،ناتوانن پاساوی لۆجیکیی بهێننەوە. بۆیە دەروونناسەکان کارێکی زۆریان لەسەر پاڵنەرە نائاگاکانی پاساوهێنانەوە کردووە.
پاساوهێنانەوە و روونکردنەوە جیاوازن. ناکرێت کوشتنی کەسێک پاساوی بۆبهێنریتەوە لەو حاڵەتەدا نەبێت بۆ داکۆکیکردنبووە لە خودیخۆ. ئەمەش وردەکاریی یاسایی خۆی هەیە،بەڵام روونکردوە هەوڵە بۆ باسکردنی ئەو لایەنانەی هۆکاربوون ئەو شتە بەوجۆرە بکرێت.بۆنموونە،کردنەوەی ماکدۆناڵدز لە هەولێر و نەکردنەوەی لە سلێمانی پێویستی بە روونکردنەوەیە نەک پاساوهێنانەوە.بەڵام نەبوونی ئاو لە هەولێر و بوونی لە سلێمانی پێویستی بە پاساوهێنانەوەیە. روونکردنەوە رووبەڕووی پرسیاری بۆ؟چۆن؟ دەبێتەوە، هەرچی پاساوە بە پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنی پاساوەکەوە گرێدراوە. پاساوهێنانەوەی تاوانبارەکان لە دادگا هەردەم بەرگریکردنی تاوانکارە لەو تاوانەی دراوەتە پاڵی. بەڵام پاساوهێنانەوە بۆ ئەو تاوانەی بۆ بەرگریکردن بووە لە خودیخۆ جیایە.
کۆتا سەیرکردنمان سەبارەت بە پاساوهێنانەوە و لۆجیکی پاساوهێنانەوە ئەوەیە، کە پاساوکاریی فێربوونی لۆجیکی دەوێت. بۆیە خوێندنی لۆجیک لە دایەنگەوە بەرەو زانکۆ پەروەردەیەکی لۆجیکی لەگەڵ خۆی دێنێت، کە دواتر تاکەکانی کۆمەڵگە دەزانن چۆن بەڵگە و پاساو، بیانوو و پاساو، لێکدانەوە و پاساو لەیەکترجیابکەنەوە. کۆمەڵگەی بێ لۆجیکیش کۆمەڵگەی بیرێسا و بێپرینسیپ و بێستاندارتە، کە ئەمانەش لە کۆمەڵگەدا ونبوون هەڕەمەکیی،خواروخێچی لە گوتن و لێکدانەوە جێگایاندەگرێتەوە. وەکیتر،بەردەوام پاساو گوزارشت نییە لە دزێوی لە قسەکردن و کردار، بەڵام پاساو لە کۆمەڵگەی نوێدا بەچەشنێک تەشەنەی سەندووە، کە لێکەوتەی جۆراوجۆری یاسایی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی هەیە. ئەمەو پاساوهێنانەوە دەتوانێت بارگرانی کەسەکان کەمبکاتەوە، بەڵام کۆتا شیکاری یان چارەسەر نییە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی7: نهێنی و نهێنیبوون.. ئازاد حەمە

بەپێیئەوەی نهێنی Secretهەردوو ئاکاری شاردنەوە و ئاشكراكردن لەخۆدەگرێت نهێنیەکانی ئەویتر زۆرجار دوچاری گومان و ڕاچڵەکینماندەکات. راستە جیاکردنەوەی ئەوەی نهێنییە لەوەی ناچێتە خانەی نهێنییەوە گرنگیی خۆی هەیە. بەڵام بۆمان هەیە داکۆکی لە ماف بۆ نهێنیبوونSecrecyبکەین و جەخت لەوەشبکەین،کە بەپێی هەلومەرج و دۆزی ژیانی مرۆڤەکان پێویستی بۆ نهێنی یان نەگوتنی ئەوەی ناشێت بگوترێت و لەویتر بشاردرێتەوە جوداوازە.ئەمەو دەستبردن بۆ نهێنی ئەویتر،جیانەکردنەوەی پرایڤت لە نهێنی،دەرگیریبوون بەدەست شاردنەوەی نهێنییەوە هەڵەن، زۆرجاریش گوێمان لێییە هەندێک کەس دەڵێن:من هیچ نهێنیەکم نییە.لەم گوزارەیەدا هەڵە گەورەکە نییەکەیە.
ئەگەرشتێک نەبێت بەناوی نهێنیناسییەوە خۆ نهێنی هێندە گرنگە، کە فەلسەفە گوتنی خۆی لەبارەیەوە هەبێت. نهێنیبوون و دۆزینەوەی نهێنی دیرۆکێکی بەرینی لە هزری فەلسەفییدا هەیە. فەلسەفە هەردەم لە راستیی یان نهێنیی مەرگ دەپرسێت و هەوڵیلادانی توێکڵەکانی ئەم نهێنییەش دەدات.لەبەرئەوە لە ژیانی مرۆڤ دیاردەی نهێنی شتێکی سەرنجڕاکێش و بابەتێکی مرۆیی و عەقڵیشە.هەر بۆیە شێت نهێنی نییە. بەمجۆرە ئاشنابوونی فەلسەفە بە نهێنی شتێکی نوێ نییە و نهێنی(بوون،گەردوون،یەزدان)بەشێکن لەوە. بۆنموونە،پرسی بوون لای هایدیگەر بەشێکە لەو پرسەی تایبەتە بە دۆزینەوە،چونکە بوون لە شاراوەکانە،نهێنییە،ئەمەش داوای گەڕانمانلێدەکات تا ونبوو/شاراوە بدۆزینەوە.
لەسەر ئەو بناغەیە دەپرسین:نهێنی بۆ هەیە و چۆن دێتەسازان؟چی بە نهێنی ئەژماردەکرێت،چیش ناکرێت؟نهێنی بڤەیە؟بۆ کێ؟مێژووی هەیە یان ئەوەی کە مرۆڤ نهێنی هەیە دیاردەیەکی نوێیە؟ئەوەی نایڵێم نهێنییە یان لێمبووە بە نهێنی؟ئایا رۆژێک دێت مرۆڤ لە نهێنی ببێتەوە؟سەرچاوەی نهێنی چییە و سروشتی چۆنە؟چی نهێنی لە نانهێنیی جیایدەکاتەوە؟چۆن نهێنی دەمرێت؟ئەوە دێنێت لەسەر نهێنی رووبەرووی هەڕەشە،تەنانەت کوشتن ببینەوە؟کامیان ترسناکە:بەکاربردنی نهێنی ئەویتر یان ژیانی پرایڤتی؟مرۆڤ پێویستی بە نهێنی هەیە؟لەگەڵ باڵادەستی زیرەکیی دەستکرد چیبەسەردێت؟گەمژەکان،گێلەکان نهێنییان هەیە؟نهێنیی شتێکی ڕەوشتییە یان دیاردەیەکی بەدیی مرۆییە؟نهێنی پێویست لە نهێنی ناپێویست جیادەکرێتەوە؟ئەوەی دەیشارینەوە و باسیناکەین بە نهێنی دادەنرێت؟چەند مافی ئەوەمان هەیە نهێنی ئەوی تر بزانین و شت لەوانەش بشارینەوە متمانەیان پێمانە؟لەچ هەلومەرجێكا بۆمان هەیە وتی وتی لەبارەی نهێنی ئەویترەوە بكەین؟
نهێنی چییە؟نەگوتنی شتێکە،زانیارییەکە،ئەمە بەپێی پەیمانێک دەبێت لەنێوان دوان،یان گروپێک لەناو کۆمپانیا یان دامەزراوێک، یاخود بەپێی یاسایەک دەبێت،کە کەسەکە بە باسنەکردنی ئەو نهێنییە پابەنددەکرێت.نهێنی بڕێک لە بێدەنگبوون،شاردنەوە و سەرنگومکردنی تێدایە.بەمجۆرە نهێنی ئەو شتەیە گوتن لەبارەیەوە قەدەغەیە،یان خودی شتەکە شاراوەیە،ناڕوونە،نادیارە،نائاشکرایە. بۆیە گوتنی نهێنی،وادەکات ئەوەی نهێنیبووە ئاشکرابێت،لە شاردنەوە بەدەربێت،لە نهێنیبوونبکەوێت. کاتێک باس لە نهێنی دەکرێت شتێک دێتەئاراوە بەناوی ئەرکی پاراستنی نهێنی،یان ئەرکی نەدرکاندنی نهێنی.ئاسانتر بدوێێن: نهێنی ئەو شتەیە تۆ دەتەوێت بیزانیت و ئەویتر ئەو زانینەت لێقەدەغەدەکات.
دیاردەی نهێنیپارێزی ژیرمەندیەکی خۆی دەوێت.ئەم دیاردەیە ئەندێشەییەکی تێدایە،کە زۆرێک پەیپێنابەن بۆیە رقیان لێیە. رق لە نهێنی کۆتای بە نهێنیبوون ناهێنێت.نهێنی خۆی لەنێوان دوو دیودا دەبینێتەوە: درکاندنی نهێنی و پاراستنی نهێنی، کە ئەوەش دەکرێت بەرەو گفتوگۆی لایەنیتری ئەم دوو دیوەمان بەرێت، لەوانە:مانەوەی نهێنی و لەناوبردنی نهێنی، زیندوڕاگرتنی نهێنی و مرادنی نهێنی،ئەمەو تادەگاتە نزیکبوونەوە لە نهێنی، کە پێمانوایە ترسناکە/دورکەوتنەوە لە نهێنی کە پێمانوایە چارەسەرە.گومانیناوێت نهێنی دەخوازێت وەک پەیپێنەبراو بمێنێتەوە،خۆئەگەر نهێنی کەوتەبەر درکاندن ئەوا شتێک بەناوی نهێنییەوە نامێنێتەوە. سەرەڕای ئەوە،نهێنی هەیە دەمرێت و نهێنیتر لەدایکدەبێت، هەشە نەمرە،بۆنموونە راستی مەرگ.
هەموو نهێنییەک سروشتی خۆی هەیە و هەر ئەوەش کرۆکەکەی دیاریدەکات.زۆرجاریش بەهۆی نهێنیەکانەوە خۆمان دەپارێزین و جارجارەش ئەو نهێنیانەی بوینەتە هەڵگریان ناخۆشەویستماندەکەن یان ژیانمان دەخەنە مەترسییەوە. جیاکردنەوەی نهێنی باشیش لە خراپ، پێویست لە ناپێویست گرنگیی خۆیان هەیە.چونکە لە شت نهێنی دروستکردن مەرج نییە بە نهێنی ئەژماربکرێت.واتە جاری وایە ناخوازین راستیەکە بڵێین، ئەمە بەو مانایە نایەت ئەوەی نەگوتراوە نهێنییە.لێرە قسەمان لەوە نیە،کە سایکۆلۆژیای هەندێک کەس بەجۆرێکە لەزەت لەوە وەردەگرێت هیچی خۆی لەگەڵ نزیکەکانی باسنەکات،ئەمە نهێنیپارێزی نییە،ئەوە نییە لایسەرەوە لەسەری دوایین.بەڵام کاتێک دەگوترێت(ئەو شتە کرا لە پشت پەردەوە)،واتە بەشاراوەیی کرا، لێرە بێدەنگی لە کردنی شتەکە دەبێتە نهێنی.
گەمژەکان، دەبەنگەکان،بەشێوازی خۆیان هەڵگری نهێنین،لێ نهێنی دەرهێنانلێیان زۆر ئاسانترە وەک لە مرۆڤی ئاسایی. ئاژەڵەکانیش شێوازی خۆیانیان لە خۆشاردنەوە و خۆراکشاردنەوە هەیە،بەڵام شێوازی نهێنی ئەمان لەو سیستەمە ناچێت مرۆڤ نهێنیەکانی پێدەچنێت. سەرباریئەوە،چەمکی نهێنی لەبواری کاری هەواڵگری مانایەکیتری هەیە و لەوێڕا شێوازێکیتر لە شاردنەوەی زانیاری و پاراستنی نهێنی پراکتیزەدەکرێت.بەڵام پاراستنی نهێنی بەپێی نهێنی پیشەییConfidentiality،لە بواری دادوەریی،پزیشکیی، رۆژنامەوانیی تایبەتمەندی تری هەیە، یان قەشە لە وڵاتێکی وەک سوید هەرگیز داوای شایەتحالیلێناکرێت.
کۆتا بینینمان سەبارەت بە نهێنی ئەوەیە،کە دیدگای جیاواز لەبارەی نهێنی و چۆنیەتی نهێنیبوونەوە هەیە: نهێنی و کولتوور،نهێنی و چین و توێژ،نهێنی و رەگەز(نێر، مێ)، و زۆرێکیش لەگەڵ نهێنیخوازیدا ناسازگارن. بەڵام نابێت ئەوەمان بیرچێتەوە،کە هەموان ناتوانیین نهێنیپارێزبیین.ئەمە لە هەندێک ڕوەوە پێدەچێت پەیوەندی بە پەروەردەوە هەبێت. هەندێک پەروەردەی بەجۆرێکە،یان خۆی سروشتیوایە، کە دەمشڕە و ناتوانێت شت نەڵێت و توانای پاراستی گوتنی نییە.لێرەدا پێویستە ئەوە بزانیین،کە شتێک هەیە بەناوی ئاسایشی زانیارییەوە و لەوێ پاراستنی نهێنیەکان مەرجی سەرەکییە. بەداخەوە لەناو ئەو قەرەباڵغییە سیاسییەی لە کوردستان هەیە ئەو ئاساییشە وەک پێویست رێزیلێناگیرێ و وەک خەمێکی نەتەوەییش نابینرێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی6: هیچ…. هیچبوون پاشماوەی نەبوونە.. ئازاد حەمە

دۆشدامان لەبەردەم هیچییدا چارەسەر نییە. لەبەرئەوە لێرەدا چەپکەبیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سەبارەت بە هیچNothingدەخەینەڕوو، ئەگەرچی زۆربەمان دەزانیین ڕوانگە گۆڕین تایبەت بە هیچییNothingnessئاسان نییە. ئەوەش لامان پرسیارە،کە بۆ لە خەمڵاندنی هیچییا کەمتوانایین؟ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی ناخرێتەڕوو. لەو بارەوە دەپرسیین:بوونی هیچ راستە؟هیچ تەنها ئەوەیە،کە لە مێشکی ئێمەدا ئامادەیە؟مەگەر هیچ شتێکی هێمایی نییە و تەنها بابەتێکی زمانەوانی نییە؟ئێمەی مرۆڤ توانای بینینی،درکپێکردنی،هیچمان هەیە؟باشە هیچ سەرەتای شتەکانە یان ناپایانە؟واتە شت لە هیچەوە دەخوڵقێت؟ئەگەر هیچشتێک لە هیچەوە نایەت(کە بەلاتینی دەبێت بەمە: ex nihilo nihil fit)کەواتە هیچ بوونی نییە؟بوون نەبێت نەبوونیش نییە؟ئەی یەزدان لەکوێی هاوکێشەکانە؟گریمان یەزدان جیهانی لە هیچیی رەهاوە دروستکردووە، ئەی بوون(گەردوون) پێشهاتنی یەزدان چ فۆرمێکی هەبووە؟ئەدی ترس لە هیچیی بوونی هەیە؟خودی ترسەکە هیچ نییە؟یاخود ئەم جۆرە ترسە وایە و بەهاشی هەیە؟
بمانەوێ و نەمانەوێت،لێرە یان لەوێ هیچ یەخەمان دەگرێت و کەوتنە تەڵەی هیچیشەوە گومانمان لە هیچ ناڕەوێنێتەوە.وێڕایئەوە،هیچ تایبەتمەندیی خۆی هەیە،ئەم تایبەتمەندییەش بەزۆری لەناو زانستە سروشتیەکاندا دەردەکەوێت، بەتایبەت بیرکاری. لەبەرئەوە، سەرەتا دەپرسین هیچ چییە؟ هیچ بەمانای نەبوون دێت. شتێک، کە هێشتا نییە. نەبوونی شتێک واتە هیچ. ئەو شتەی،کە نییە، واتە هیچە. کەی شت هەبوو هیچ نامێنێت،کە شتیش نەبوو بۆشایی(بەتاڵیی) Vacuumهەیە.کە شت هەبوو بوون هەیە، واتە بۆشایی پڕدەبێتەوە.
هیچیی چییە؟ نەبوونی بوونە، وەکیتر بەمانای وەستانی ژیانیش دێت.کەواتە، کە هیچ هەبوو ژیان بوونی نییە و خودی بوونیش بوونی نییە. ئەمانە گەواهی ئەوە دەدەن، هیچ بە مانای بۆشایی دێت. سەرەتای هیچ هەر خودی هیچە، یان دژە هیچ هیچیی دروستکردووە. ڕەنگە هەندێکمان بڵێین: بێ هیچ ژیان ئەستەمە. بەخۆی بوون و نەبوونی هیچ پەیوەندی بە خودی بوونەوە هەیە. سەرنجخستنەسەر بوونی هیچییش سەرنجخستنەسەر ئەو بۆشایەیە تیایدەژین. واتە،دەرککردن بە هیچیی دەرککردنە بەو ڕاستییەی بوونی ڕاگرتووین. بەواتایەکیتر، هیچ واتە نییە. کە نەبوو،کە نییە، واتە هیچ ئامادە نییە. باشە دەکرێت کەسێک بەخۆی بڵێت: من هیچم. نا.. تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت، کە ئەو خۆی وەک نا و بەتاڵاییەک، دەبینێت. لەبەرئەوەی خودێک، جەستەیەک، بوونی هەیە بۆیە ئەویش هەیە.
باشە هیچ چ جۆرە چەمکێکە؟ هیچ چەمکێکە لە وێنەی نەبوون. هیچ لە قۆناغی نەبووندایە، نەگەیشتووەتە قۆناغی هەبوون. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، کە هیچ نکۆڵیکردنە لە بوونی شتێک.ئەم نکۆڵیکردنە بەوەش دێت، کە بەها بوونی نییە، شوێن بوونی نییە. گشت ئەوەی گوترا دەمانبات بەرەو ئەمە: هیچبوون. واتە هیچ بوونی نییە.
سەرباری ئەوە، هیچ بنەمای نکۆڵیکردنی بوونە و پرسیاریشە لەسەر دۆزی ڕەهابوون. لەبەرئەوەی هیچ هەر هیچ نییە و ئەم هیچە بەهای هەیە، بۆیە هیچ بابەتێکی کرۆکییە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانیین بڵێین، کە هیچ ئەو هیچە نییە عەوام قسەی لێدەکات.
گەر هیچ نییە بێت و ئەوەش سەرچاوەی گەردوون بێت، کەواتە نییە یان هیچ ڕەچەڵەکی گەردوونە. باشە کێ پێیوایە هیچ، واتە نەبوون، سەرەتا و دەستپێکی گەردوونە! گەر وایە پێویستمان بە فیزیایە ئەمە یەکلاکاتەوە. باشە، گفتوگۆکردنی هیچ دەچێتە خانەی گفتوگۆیەکی فەلسەفییەوە یان فیزیاییەوە؟ گەر باسی هیچ بمانبات بەرەو بۆشایی، بەتاڵیی، کەواتە ئەوەی هیچێک لە فەزادایە بابەتێکی فیزیاییە.
فیزیا بۆی هەیە بۆشایی رەها لە هیچیی رەها جیاکاتەوە. لە فیزیادا،کە دەگوترێت هیچ لە بۆشاییدایە، لەمحاڵەتەدا هیچ تێگەیشتنی تری لەبارەوە هەیە. زانایان پێیان وایە،”بۆشایی بریتییە لە فەزایەک کە ماددە و هەوای تێدا نییە”. بەڵام شتێکی تر لەوبارەوە لەئارادایە، کە هێشتا هەندێک تەنۆلکەی ماددە لە بۆشاییدا هەن،کە زۆر زۆر کەمترن لەو هەوایەی مرۆڤ بەکاریدەبات.
هیچ نییەیە یان بوونی نییەیە پێویستی بە بەڵگەیە. واتە جەغتكردن لە بوونی شتێك پێویستی بە بەڵگە و بە سەلماننە، بەڵام ئەوەی پێیوایە هیچ شتێكە بوونی هەیە پێویستی بەو جەغتەنییە،كە دەڵێین ئاو لەسەر مانگ هەیە لەمحاڵەتەدا دەبێت بوونی ئاوەکە بسەڵمێنین.
جیهان لە هیچەوە دێت یان لە شتەوە؟واتە جیهان پێشتر هەبووە؟ دێکارت پێیوایە ئەوە هەیە، کە دەتوانین بیسەلمێنین. بۆ هایدیگەر بەمجۆرەیە: چاکتر نییە جیهان لە نەبێتەوە دەستپێکات وەک لەوەی لە شتەوە؟ گەر وابێت جیهان لە هیچەوە دەستپێدەکات، واتە باوەرمان بە بۆشایی ،جیهانی بۆشایی ،هەیە. کاتێک بڵێین بوون لە شتەوەیە پێویستە بیسەلمێنین،ئەگەر وانەڵێین ئەوا سەلمانن پێویستناکات. کە وتمان پرتەقاڵ لە مەریخ هەیە دەبێت بیسەلمێنین، کە سەلمانمان واتە ئاو هەیە و ژینگەی تایبەت بە پرتەقاڵیش هەیە.
دوا قسەمان لەسەر هیچ بەوە کۆتایپێدێنینن، کە تێنەگەیشتن لە هیچ گورزێکی سامناکە لە بەهای هیچیی. ئەگەر هیچشتێک لە هیچەوە نایەت کەواتە هیچ بوونی نییە. بۆنموونە گەندەڵی هەیە، چونکە سیاسەت هەیە. گەندەڵی لەخۆڕا نییە، سیاسەت نەبایە گەندەڵی نەدەبوو. بەڵام لەسەر بنەمای قسەیەکی فەلسەفیی لایبنێتز دەڵێێن: هیچشتێک لەخۆڕا بوونی نییە،دەبێت هۆیەک بۆ بوونی شتەکە هەبێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی5: دەگمەنبوون تاکجۆریی و بێوێنەییە.. ئازاد حەمە

سفرەی سەخاوەتی فەلسەفە پڕە لە تێڕوانینی جودا و پێویست بۆ چەمکەکانی رۆژانە. چەمکی دەگمەنیی جێی گرنگییە و لاشم بووە بە پرسیار،کە کێ، چی و کوێ دەگمەنە و شایانی دەگمەنبوونە. لەم کورتە باسەدا، لەزیاد لەگۆشەیەكەوە هەوڵی بینینی دەگمەنیی دەدەم، ئەوەش کە دەگمەنەکان لەیەککاتدا بۆ هەموان سەرنجڕاكێشنیین و بۆچوونی هەموانیش بۆ بەدەگمەنبوون وەک یەک نییە. لەوە بترازێ دەگمەنuniqueهەردەم نییە و زوو زووش دەرناکەوێت. لەوبارەیەوە دەپرسیین:شتەکان و کەسەکان چۆن دەگمەن دەبن؟ئایا دەگمەنبوون هەتاهەتاییە؟پێچەوانەی دەگمەن چییە؟چی و کێ بۆی هەیە دەگمەن بێت؟چی کەس، شتەکان یاخود جێگاکان دەگمەن دەکات؟پێویستیشە لەوە بەئاگابیین،کە ڕۆچوونە ناو چەمکی دەگمەنیی بەرەوناو زۆر داڵانمان دەبات.لەسەر ئەوەش وەستاوە لەکام گۆشە نیگاوە دەڕوانینە دەگمەنیی.هەندێک کەسێکیان یان شتێکیان لادەگمەنە،کە لێشیان دەپرسیت بۆ؟وا وەڵامدەدەنەوە:ئاخر دەگمەنە.
لەبەرئەوە دەپرسین دەگمەن چییە؟دەگمەن تاکە، جۆرێکی تاکجۆرە، بێوێنەیە،ناهاوشێوەیە،دەشێت سەیر، گۆشەگیر، نامۆ،جۆرێکی نادووبارە و نوێ بێت.دەگمەن لەخودی خۆیدا نالێکچووە و پێچەوانەی گشت شتێکی ترە. دەگمەنەکان تاکوتەرا، تاکشێوە و جوداوازن. پێچەوانەکەش شتی دووبارە،بڵاو،گشتی و باوە.لەبەرئەوەی دەگمەنەکان هێجگار کەم، نائاسایی و نانۆرماڵن. ئەو شتەی دەگمەنە تەنهایە،تەنهاش نائاسایی و ناگشتییە.هەرلەبەرئەوە غەریب و تاکە. دەکرێت ئەو شتە تەلارێک،کارێکی هونەریی یان شانۆنامەیەک بێت.
کەسێک، شتێک یاخود جێگایەک بۆی هەیە دەگمەنRare بێت. ئەمانە هەریەکەیان،کە دەگمەندەبن دەکرێت لەگەڵ کاتیشدا دەگمەنیی خۆیان لەدەستبدەن. بەلەدەستدانی دەگمەنیی ئیتر ئەو شتە یان کەسە یاخود شوێنە وەک دەگمەن نامێنێتەوە. کاتێک کەسێک یان شتێک دەگمەن دەبێت سەرنجی دەخرێتەسەر و زۆرێکیش بەشکۆوە لێیدەڕوانن، هەشە گومان لە شکۆدارییەکەیدەکات.
پەژیران و پەسەندکردنی شتێک یان کەسێک وەک دەگمەن کردەیەکی کەسیی نییە.لەبەرئەوەی دەگمەن بەهادارە،تاکە،جیاوازە، دانسقەیە، تایبەتمەندە. لەخودی خۆیدا هەڵگری توخمی دەگمەنییە. بەمجۆرە، دەگمەنیی سەرەتایەکی هەیە.لەناو دەگمەنییدا توخمی دەگمەنیی خۆی مەڵاسداوە.ڕاستە دەگمەن ڕێزپەر exception، ناوازە یان نایابexcellentیش دەگرێتەوە،لێ هێشتا ماویانە بگەنە ئاستی دەگمەنیی. دەگمەن بەرەو سەرویئاسایی دەڕوات paranormal.ئەمە وایلێدەکات وەک دەگمەن بمێنێتەوە.کەواتە دەگمەن بێوچان دەگمەنە، تەنیا لەو حاڵەتانەدا دەگمەن نییە، کە هەلومەرجێک کار لەسەر وەلاخستنی دەگمەنییەکەی دەکات. بۆنموونە کاتێک دەردەکەوێت بیریارێک فاشیستە یان سیاسییەک جەلاد و گەندەڵە.
لێرە دەپرسین:دەگمەنەکان ئەوانەن ئێمە وەک دەگمەن دەیانبینین یان ئەوانەن،کە خۆیان وەک دەگمەن دەردەخەن؟دەگمەنبوون تایبەتمەندیەکی ڕیزپەڕە.خۆوەک دەگمەن نیشاندان دەگمەنیی بەدوانایەت. لەناو دەگمەنبووندا ماهیەتێک پەنهانە کە شتەکە دەگمەن دەکات. سەرباری ئەوە،دەگمەن پێویستی بە پەیپێبردنە. چونکە بەردەست نییە، لە شوێنێکیترە. دەگمەن بەدواگەڕانی دەوێت، دەبێت بدۆزرێتەوە، نەحازرە نەبڵاوە. نە باوە نە گشتییە.دۆزینەوەی دەگمەنیی کاتی دەوێت. هەر فاکتەری کاتیشە دروستکەری دەگمەنییە .
دەگمەنیی سەرپێچیی نییە. چونکە دەگمەن لەناو پرۆسەیەکی هێجگار ئالۆز دەگمەنبووە. دەرچوونیش لە دەگمەنیی پێویستی بە دۆزێکی ئالۆزە. بۆنموونە، گرگن دەگمەن نییە.چونکە زۆرینەیە. کاتێک زۆرینە پێوەردەبێت دەگمەنیی لەوێ باردەکات. نیشتیمانی دەگمەنەکان دوورە، لێرە نییە.
سیاسیی دەکرێت دەگمەن بێت؟بەڵێ،ئەوانەی، کە وەچەرخاندنی مێژووییانکردوە(لێنین،تشیڤارا).دەگمەن سەرەتا دەگمەن نییە، دواتر تایبەتمەندی دەگمەنیی تیادروستدەبێت.هەر ئەم خاڵە وادەکات دەگمەن هەمیشە وەک دەگمەن نەمێنێتەوە.ماندێلا دەگمەنە، دەگمەنیش نەبایە بیریارێکی دەگمەنی وەک دێریدا بۆدەچێتەسەردانی و لە حوزریا سێمینارێک لەسەر ئەپارتیدAparteid(جیاوازیی ڕەگەزایەتی) پێشکەشدەکات.مارکس بیریارە دەگمەنەکەیە، کە تا هەنووکە دەگمەنیی خۆی لەناو وتاری سیاسیی و فەلسەفیی و ئەکادێمیی لەدەستنەداوە. ئەمەی وترا پێماندەلێت: لە هەناوی دەگمەنیدا جیاوازییەک هەیە، هەر ئەو جیاوازییەیە وایلێدەکات بمێنێتەوە بێڕکابەر. وەکیتر دەگمەنەکان هەڵکەوتوو و پێشڕەون.
لەبەرئەوەی دەگمەن بێهاوتا، کرۆکدار و پڕناواخنە، ڕێژە تێدەپەڕێنێت، یان ڕێژەکەی بەجۆرێکە ئەوانیتر پێێناگەن. بەمجۆرە، دەگمەنیی لێوانلێوە لە جیاوازیی و تازەیی و ڕەگ و ڕیشەشی نائاساییە.
شۆرشگێڕێک و سیاسییەکی دەگمەنی لە جۆری تشیڤارا، داستانێکی خۆشەویستی دەگمەنی لەجۆری رۆمیۆجولێت، زانایەکی دەکمەنی وەک گالیلۆ، رۆمانوسێکی دەگمەنی وەک کافکا، بیریارێکی دەگمەنی وەک ڤیتگێنشتێین، نوسەرە بیرمەندێکی وەک ستێنبێری،کارە شاکارەکانی دانتی،شکسپیر،بۆدلێر و گۆران دەگمەنەکانن. پازۆلینی، تارکۆڤسکی، گۆدار سینەماکارە دەگمەنەکانن. مالارمێ،سیلان،پوشکین و سەیاب دەگمەنەکانن.تائێستاش بۆنی دەگمەنییان لێدێت. هەلومەرجێکی تایبەت، کە دیرۆکێک لەپشتیەوەیە کەس یان شت یان جێگاکە دەگمەندەکات. نوسینەکانی تۆلستۆی، گۆتە،پیراندێلۆ،نیچە زۆری خایاندوە تا دەگمەن بووە. واتە تێڕوانین و ڕامانی دەگمەن زۆر دەمێنێتەوە.دەگمەنیەکەی وایلێدەکات دانسقەبێت. بۆیە دەڵێێن: دۆزینەوەی دەگمەنەکان پشوودرێژی دەوێت و خۆشیان هەر بەرهەمی ئەو پشوودرێژیەن. هەرگیز دەگمەنەکان لەخۆڕا و خێرا نەبوونەتە دەگمەن. گەڕیدە و دۆزەرەوەیەکی وەک کۆلۆمبس،جیهانگەڕێکی وەک ڤاسکۆ دا گاما یاخود سەردارگەلێکی وەک ئەلێکساندەری گەورە ،ناپۆلیۆن و بیسمارک بۆ کێ دەگمەنن و بۆ کێ نادەگمەنن ڕوون نیە.
کۆتا وێناکردنمان سەبارەت بە دەگمەنبوون ئەوەیە،کە جێی داخ و ئەسەفە، کۆمەڵگەی ئێمە کارێکی ورد و خێرا بۆ لەناوبردنی دەگمەنەکانی خۆی و سڕێنەوەی دیاردەی دەگمەنیی دەکات. بەشێویەکی بەرچاویش دەگمەنیی خەریکە لە کۆمەڵگەی ئێمە ئاوادەبێت. دڵشكاوانە دەڵێم: هەر کۆمەڵگەیەک دەگمەنیی تیایا دەگمەن بوو، هیچی نەبوو بگاتە ئاستی دەگمەنیی ئەو کۆمەڵگەیە بێباک و نامیهرەبانە بەرامبەر بەخۆی.ئێمە کە دەگمەنمان نەبوو، دەگمەن لەیەک کاتدا هی هەموان نەبوو، ئەوا ئەوەی دەگمەنمانکردووە دەگمەن نییە. ئەگەرچی بەدگومانانە ناڕوانینە دەگمەنیی لە کولتوور و کۆمەڵگەی خۆمان،لێ دەگمەنی ئێمە زۆرجار خەسڵەتێکی پەچەدار و نادانسقەی هەیە.ئەوەش جێگای پرسیارە کە دەگمەنەکانی ئێمە،شاکارەکانمان و بە سیاسییەکانیشمانەوە، دەرەقەتی دەگمەنەکانی ئەوانیتردێن؟

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی4: گەمژەیی،دەردێکی کوشندەی ئێستامانە.. ئازاد حەمە

ئەم چەند دێڕە بۆ گوتنە سەبارەت بە چەمکە جۆراوجۆرەکانی گەمژەییStupidity،زۆرجاریش وشەی گەمژە لەگەڵ وشەی تردا تێکەڵدەکرێت(گێل،گەوج، دەبەنگ،خۆگەمژەکردن).بەگشتی ئەوەی سەرنجیخراوەتەسەر بەدواداچوون و پەیگیرییە، بۆئەو شتەی بۆ توێژەران لەبواری گەمژەناسیدا بووەتە پرسیار،کە ئایا گەمژەیی دۆخێکی بەردەوامی زگماکییە، کەمئەندامییە یان حاڵەتێکی کاتییە؟گەر گەمژەیی ناساغییە،چ جۆرێکە لە ناساغیی؟دەمارییە یان دەروونییە، یاخود…؟چۆن رەفتاری گەمژە بناسینەوە؟ڕوون نییە گەمژەیی لەگەڵ تەوژمی ژیرمەندیی “کۆمەڵگەی زایاریی”(زیرەکی دەستکرد)چیبەسەردێت؟ بلیمەت دەکاتە دژە جەمسەری گەمژەیی؟ گەمژەیی کەمیی یان نەبوونی ژیریی وتێگەیشتنە، نەبوونی ئاوەز و هەستە؟ گەمژە دەتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە؟
گەمژە Stupidکێێە؟ تاکێکی کۆمەڵگەیە، مرۆڤایەتیش بەدەرنییە لە دیاردەی گەمژەیی. گەمژە کەسێکی ناهۆشیارە، بێهەستە، کێشەی زیرەکیی هەیە، توانای تێگەیشتنی خراپە و دەشێت ئەم گەمژەییەی زگماکیی بێت. کەواتە گەمژە کردار و وتنی دوورە لە ئاوەزەوە، لەبەرئەوە توانای ئارگیومێنتهێنانەوەی نییە بۆ کردارە نابەجێکانی و دەرکیش بەوە ناکات سودی بۆ ئەویتری نییە و سودی خۆشی لامەبەست نییە. گەمژە توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆکۆکردنەوەی نییە، زێدەڕۆییدەکات لە رەفتارەکانی و کێشەی سەرنجدانیشی هەیە.
لەناو گەمژەیدا تاریکیەک هەیە و ناسنەمەی گەمژە تەمومژاوییە، ئاسمانی سەری گەمژە هەورە، بێ خۆرە. ئەوەی گەمژە گۆیدەکات بێمانا و ناڕوونە. کردار و گوتنی زمانەوانیی گەمژە، کە پڕکەند و کۆسپە هەڵقوڵاوی تێنەگەیشتن و نەزانیینە و کوانووی هیچ دید و تێڕوانینێکیش نییە.لەمسۆنگەیەوە دەڵێێن:گەمژە بێتوانایە لە دەرکپێکردن و بەکاربردنی زمان. هەربۆیە کێشەی گوزارەکردنی هەیە و توانای دەرئەنجامدان و گومانیشی نییە.زۆربەمان زۆرجار بەزییمان بە گەمژەکان دێتەوە،چونکە دڵنیایین، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێئاگاییانە ئەنجامدراوە. دەشزانیین گوتنی گەمژە ناواخن بێهەست و بێسۆزە. گەر وابێت گەمژەکان رەفتاری ناڕەوشتی ئەنجامنادەن. بەمجۆرە بۆمان نییە بە گەمژە بڵێین بێڕەوشت. سەرئەنجام،کێشەی ذهنی لە گەمژە نابێتەوە، ئەمەش وادەکات نە زانین تێبگات و نە زانین بخوڵقێنێت.
سەبارەت بەوەی، کە گەمژە نەخۆشە و دەبێت چارەسەربکرێت، ئاماژە بەوەدەکەین،کە بەپێی توێژینەوە زانکۆییەکان بێت”بەکتریایەک لە مێشکی گەمژەدا بوونی هەیە، کە زانایانی بواری دەمارناسییNeurology بە”ڤایرۆسی گەمژەیی” ناویانناوە، کە هەمان ڤایرۆس لە ئاژەڵانیشدا دۆزراوەتەوە”. ئەوەش،کە دەمارناسی سەبارەت بە گەمژەیی دەیڵێت دەروونناسانیشی هەڵداوەتەژێرڕکێفی خۆیەوە.
بەپێی ئەوەبێت باسکرا،کەسی گەمژە هێندەی کێشەی هزریی هەیە کێشەی جەستەیی نییە. هەندێک لە توێژینەوەکانیش بۆئەوە دەچن،کە گەمژە کێشەی دەروونی نییە. بەڵام ئاستی تێگەیشتن و هۆشەنگیەکەی لە ئاستی خوارەوەی نۆرماڵە. ئەمەو لێکۆڵینەوە لە چەمکی گەمژەییStupidnessبەرەو بۆچونگەلێکمان دەبات ،کە پەچەپۆشینی گەمژەیی بۆهەندێک چارەسەرە بۆ بازدان بەسەر تێگەیشتن،کە بەرپرسیارییە.ئەمە بەزۆری دەچێتەخانەی خۆگەمژەکردنەوە.
گەمژە نە ئەرکی هەیە نە هەڵوێستوەردەگرێت، لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وادەردەکەوێت رەفتار ناهاوسەنگ و نالێهاتووە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، شیکاریی و ڕەخنەکردن. کەوابێت، گەڕان بەدوای دانایی گەمژەکان هیچ ناخاتەسەر خەرمانەی خودی داناییەوە. بەڵام هەندێک لە توێژەران بۆ ئەوەدەچن کە گەمژەیی و نەزانی هەمان شت نیین. وێڕایئەوە، ئەو توێژینەوانەش،کە پێداگیرییدەکەن لەسەر ئەوەی گەمژە کێشەی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەوەدەچن،کە گەمژەکان شایانی هاوکارین. تا پەروەردەش بێتەخوارەوە گەمژەیی چرۆدەکات.
توێژەری ئیتاڵی کارلۆ ماریە چیپۆلە Carlo Maria cipolla لە توێژینەوەیەکدا بەناوی””یاسا بنەڕەتییەکانی گەمژەیی مرۆڤ””ئەوەی بە چاکیپێکاوە،کە مرۆڤی گەمژە ئەو کەسەیە،کە “زیان بە کەسێکی تر یان کۆمەڵێک کەسی تر دەگەیەنێت بەبێئەوەی لە هەمان کاتدا درک بە هیچ سوودێک بکات بۆ خودیخۆی یان تەنانەت زیان بەخۆشی ناگەیێنێت. ناوبراو لەوەش ئاگادارماندەکاتەوە،کە “ئەو کەسانەی گەمژە نین هەمیشە ئەو زیانانە،کە گەمژەکان تووشی دەبن بە کەم دەزانن”.
سەرباریئەوە، دەبینین،ئەنیشاین هۆشداریدەدات، کە “هەر گەمژەیەکی زیرەک دەتوانێت شتەکان گەورەتر و ئاڵۆزتر و توندوتیژتر بکات.ئەمەش پێویستی بەبڕێک لە دانایی و بوێرییەکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی پێچەوانەکەی بکرێت.” ئەو گەمژە زیرەکە دەکرێت زانایەک بێت لە ئەزموونگەیەکی زانستییدا. بۆیە هەر ئەنیشتاین بەوەدەگات، کە””تەنها دوو شت بێکۆتایە، گەردوون و گەمژەیی مرۆڤ. سەبارەت بە گەردوون هێشتا پێێوایە بەتەواوەتی دڵنیا نیم، کە بێکۆتایە.”
بۆ کۆتا دیتنمان لەم بارەیەوە گوتنێکی بیرمەندی فەڕەنسیی دولۆز، بەهەندوەردەگرین: “فەلسەفە پێویستە دژ بە گەمژەیی بجەنگێت”.ئەڵبەتە ناشێت سەرجەم مێژووی گەمژەیی مرۆڤ لەچەند دێڕێکدا پوختبکرێتەوە،بەڵام ئەوەی زێدە مەبەستە لێرەدا بگوترێت، ئەوەیەکە بەپێی هەندێک توێژینەوەی زانستیی گەمژەیی نابێت وەک پێچەوانەی زیرەکی هەژماربکرێت. ئەمەش بەهۆکاریئەوەی ئاوەزگەرایی سنوردارە، بۆیە لە کەسانی ژیریشەوە دەبێت چاوەرێی کردار و ئاخاوتنی نالۆژیکیی و بێئاوەزببیین.ڕاڤەی گەمژەیی لە کۆمەلگەی نوێی کوردی هاوکارماندەبێت لە دیاردە ناساغ و کردارە بێئاکارییەکانی تاکەکان تێبگەین. مەترسییە گەورەکەش ئەوکاتە دەستپێدەکات،کە دەسەڵاتی سیاسیی دروستکردنی گەمژەیی بۆ گرنگە. لەبەرئەوە زۆر کەیل و خەمبارم بەوەی،گەمژاندن ،کە دەردێکی کوشندەی ئێستامانە، ئامانجێکی سیاسیی لەپشتیەوەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی\ بەشی 3: پووچیی، خەریکە داگیرماندەکات.. ئازاد حەمە

گشت ئامانجی ئەم بابەتە کورتە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی پووچیی و گەڕانە بەدوای دەرەچەیەک بۆ هاتنەدەرەوە لێی.هاوکات لێرە پووچیی لە دیدی بیرکارییەوە باسناکرێت،چونکە گفتوگۆی بیرکارییانەی پووچAbsurd ئاڕاستەی قسەکانمان بەرەو شوێنێکیتر دەبات.
دەستەواژەی پووچییAbsurdityیەکێکە لەو دەستەواژە مشتومڕئامێزانەی ڕاڤەی فەلسەفیی و وێژەیی/هونەریی و بیرکاریی زۆری بۆکراوە. پووچیی لەڕووی چەمکییەوە بەرەوناو فەلسەفە، شانۆ و هونەرمان دەبات و لینکێکی هزریشی لەگەڵ هیچگەراییدا هەیە.ئەڵبەتە بیانووی جۆراوجۆریش سەبارەت بە دروستی و نادروستی چییەتی پووچیی لەئارادان.هەربۆیە پووچیی ڕووبەرووماندەکاتەوە لەگەڵ چەمکگەلێکی زۆر، لەوانە مەرگ. بۆ پووچیی گەر مەرگ بێمانایی بێت، ئەوا گەڕان بەدوای مانا بێمانایە. بەواتایەکیتر،مرۆڤ تاکە بوونەوەرە لە پووچیی دەکۆڵێتەوە، کە ئەوەش بەرەو بیرکردنەوەی دەبات لە مانای بوون و بەهاکان. تەنانەت ئازادی و یاخیبوونیش. گفتوگۆی پووچیی بابەتی یەزدانیش دێنێتەپێشەوە،چونکە ئەو دەتوانێت بوون و نەبوونی مانای ژیان، یان بوونمان دەستنیشانبکات. ئەوەش،کە بوون بێمانایە و ئێمە مانای دەدەینێ لە دیدی فەلسەفییەوە بەرەو دەرهاویشتەی جۆراوجۆرماندەبات. خودی پووچیی بابەتی نامۆبوونیش دەوروژێنێت. لەناو نامۆبووندا مرۆڤ دەگەڕێت. مرۆڤی نامۆ مرۆڤێکی پووچگەرا نییە. مرۆڤی نامۆ پووچیی دەگۆڕێت بۆ بەها و سود و مانا. بەمجۆرە، لەناو نامۆبووندا پرسیارە نوێیەکان لەدایکدەبن.
پووچ، کە بێمانایە، لەبەرئەوەیە، کە لە خودی خۆیدا هەڵگری مانا نییە. شتێک،کە پووچبێت دوورە لە مانادانەوە، کە پووچ پەسەندبکرێت واتە بێمانا و بێهودە پەسەنددەکرێت. ئەمەش ناماقوڵ و نالۆژیکییە.
ئێمە،کە لە مانای گەردوون نەگەین واتە گەردوون پووچە؟هەڵەکە، یان کەموکوڕیەکە لە عەقڵی ئێمەدایە،کە پەیبە گەردوون نابەین، یان لە خودی گەردووندایە، کە ماهیەتێکی پووچیی هەیە؟لێرەدا بەگەڕانەوەمان بۆ کامۆ،ئەندازیاری بیری پووچیی،دەڵێێن:”پووچیی ئەو هەستەیە، کە مرۆڤ تووشی دەبێت کاتێک ڕووبەڕووی نەبوونی مانا دەبێتەوە لە گەردووندا، ئەو دەرکە بەئازارەش،کە دایدەبڕێت لە جیهان”.
ئەوەی وترا بەرەو ئەو تێگەیشتنەمان دەبات، کە بپرسین: پووچیی چۆن دێت؟کێ لە هاتنی بەرپرسیارە؟؟داکۆکیکردن لە پووچی هەڵەیە،هەڵەشە لە خودی پووچی حاڵینەبین. پارادۆکەسەکە لەوێدایە، بۆنموونە تاکی کورد دەرک بەوەدەکات خراوەتە ناو دۆزێکی پووچەوە، وایلێکراوە لەگەڵ پووچیدا دەستلەملان بێت. چ کارەساتێکە پووچیی ببێتە ئامانج! پووچیی مرۆڤی کورد دەستپێکێکی سیاسیی هەیە. لە ئەوروپا هیچگەرایی لەگەڵ هاتنی گەشەی زانستدا دەستیپێکرد،بۆ ئێمە کردەی سیاسیی هێنەری پووچییە، ژیانمانی پووچکرد. بۆهاتنەدەرەوەش لە پووچی پێویستمان بەباشترکردن و بەمرۆییکردنی ئەم کردیەیە، نەک هاتنەدەرەوە لێی. شکستە یەک لەدوای یەکە سیاسییەکانیشمان بە پووچیەوەی لکانویین و لەناو تاریکی مێژووشدا هێشتوینەتەوە. ئەوەتا دێڕی سیاسییمان دێڕگەلێکی پووچن. لەوێ مانا بوونی نییە. ئەوەی لەبڕی مانا بوونی هەیە بێسودییە.بۆیە دەتوانین بڵێین کەسێک دێڕی پووچ گۆکات دێڕی بەتاڵی گۆکردووە.
پووچیی ئاماژەیە لەسەر پاشەکشەی بەها ڕەوشتییەکان. مانەوەی پووچیی لە کۆمەڵگەی ئێمە زیان لە ئەندێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیمان دەدات. نەک هەر ئەوە،بگرە پووچیی بەڵگەشە لەسەر کێشەی بووناویی ژیانی ئێمە. واتە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە پووچیی پێویستە شانبەشانی بوونمان ڕاڤەبکرێت و خۆڕاهێنانیش لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ پووچیی پووچە.ئەو خۆگونجاندنە پووچیی دەهێڵێتەوە، کە دەبوو ئامانج گۆڕینبێت بۆ دروستکردنی مانا.
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەوەیە،کە خەریکە لە بێدەنگییا هەموو پووچیەک پراکتیزەدەکەین. ئەو دەمەش، کە پووچیی کۆماندەکاتەوە بێمانایی شتە هاوبەشەکەمانە. کە بێمانایی داگیرمانیکرد هیچ هیوایەک بۆژیانژیان نامێنێتەوە. بەڵام ئێمە دەبێت ژیانێکمانبوێت، ژیانێک هەڵبژێرین،کە ڕووبەڕووی شتە بێماناکان ببێتەوە، مخابن لەئێستادا ژینگەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لەبار بۆ بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی دید و ژیانی پووچێتییAbsurdism لەئارادایە، کە دەبێت ڕێگای لێبگیرێت.
سەرنج:ڕێشەی لاتینی پووچیی بە absurdus دێت و ئەم واتایانەش لەخۆدەگرێت: بێمانایی،بێهودەیی،بێسود، پوک، نالۆژیکی، بەتاڵ، شتێک،کە لەدەرەوەی عەقڵی ساغەوە دێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی2: بۆ لەگەڵ سۆفیزم(تەسەووف) یەکناگرمەوە!؟.. ئازاد حەمە

ڕەخنەکردنی بیروباوەڕی سۆفییایەتی تازەنییە و ئەنتی سۆفیزم Sufism Antiیش هێندەی خودی سۆفیزم قوڵە و بەردەوامیشی هەیە. گومانەکان لە تواناکانی سۆفیگەریی لە گۆڕینی ژیانی مرۆڤ نوێ نیین. بۆیە هەڵوێستەکان لەوبارەوە بەرامبەر بە ژیان و جیهان دەمانخەنەبەردەم دوو جۆر لە زاهیدگەراییەوە(ئاینیی و فەلسەفیی).
سۆفیزم بەچەن قۆناغێکدا تێپەریووە و دیدگاکانیشی تاکئاقار نییە، لێ بەشێکی زۆر لە بیریارانی عەرەبی ئیسلامی سۆفیزم دابەشدەکەنە سەر ئەوەی کێ لە سۆفیەکان لە ئیسلامەوە نزیکە و کێیان لێوەیدوورە. لەبەرئەوە دەپرسین: گەر سۆفیگەرایی ڕێگاکانی پاککردنەوەی پیسی ناخمان پیشاندەدات، ئەی دوای ئەوە؟ شوێنکەوتوانی عیرفانی ئیسلامی لەمڕوەوە زۆریانوتووە، لێ بەپێی دیتنی ئێمە پاقژکردنی دڵ و خاوێنکردنی ناخ پتر لە سۆفیاییەتی دەخوازێت. سۆفیزمێک دابڕاوبێت لە دیدی فەلسەفیی بۆ جیهان، تاک و گەردوون دژیم. بەڵێ دژی سۆفیزمێکم تەنها لە خەیاڵی خودێکدا بێت، لەمیانەی تاکێکەوە خۆی نمایشبکات، کە خودی سۆفیستە. دژیم چونکە مرۆڤ دابڕاودەکات لە جیهانی ڕیال و ئارگومێنتەکانیشی لەبەردەم ئەو ئازارەی مرۆڤەکان لە گەردووندا دەیژێن لاوازە.
هەستێکی نائارامم سەبارەت بە سۆفیبوون هەیە. سەرچاوەی ئەم نائارامییەشم خودی سۆفیگەریی لێیبەرپرسیارە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە لەناو سۆفیگەریدا بێباکییەک بەرامبەربە ئەویتر Other دەبینم، گشت ئەویترێک بۆ سۆفیست(سۆفیگەرا) ئەو مانایەی نییە. بۆیە دژی تەسەووفم.
زۆرێک پێێانوایە، کە سۆفییایەتی شێوازێکە بۆ بینینی جیهان. لەناو ئەم بینینەش پەیوەندیکردن بە خالق چەقی کردەکانی سۆفی پێکدێنێت. بەڵام سۆفیگەری، کە سیستەمێک لە ئەندێشەگەرایی عیرفانی تیابەرجەستەیە، ئەمە چی لە نادادیی و غەدرەکانی جیهان دەگۆڕێت؟
بەپێێ سۆفیزم دیدی زاهید بۆ جیهان هەڵگری مانا بەرزەکانە بۆ ڕۆح، بە پێچەوانەی هەندێک دیدی ترەوە، کە مامەڵە لەگەڵ ژیانی دونیاییدا دەکات. واتە،دونیای بەردەست بۆ زاهید شوێنێکی ڕاگوزەرە، ئەمەش وادەکات مرۆڤی زاهید لە چێژەکانی ژیان خۆی بەدوربگرێت و خۆی بۆ ژیانێکی هەتاهەتایی ئامادەبکات.دواتر چی؟بۆ ئێمە دواترەکە پرسیارە سەرەکییەکە پێکدێنێت.
لە تەسەوفا هۆش ونە و بۆ فەلسەفەش هۆش سەرەکییە. دیارە ئایدیالی زاهید پشتگیری لە بەهاکانی نزاکردن، دەروێشگەرایی، زیکرکردن، پاکیزەیی و خۆنەویستی دەکات. ئەمە بەپێی زاهیدگەرایی فەلسەفیی بەرەو زیادە‌ڕە‌وی لە‌ خوا پە‌رستیمان دەبات،کە بەشێک لە بیریارانی ئیسلام وەک مەترسییەک لەبەردەم ئیسلامگەرایی بینیویانە. بۆیە گرنگیدان بە مرۆڤ و بیرکردنەوە لە باشترین شێوازی ژیان، هەردەم بۆ فەلسەفە مانای خۆی هەبووە.
تەسەوفی عیرفانی، ئەمە کە ئێستا خەریکە لە کوردستان بڵاودەبێتەوە، لە وتارێکی شیعرگەرایی زیاتر هیچیتر نییە. سەرلەبەری ئەو عیرفانەی لەوێڕا بەیاندەکرێت پشتبە دێڕی(گوتنی) تەسەوفی عیرفانی شیعرئامێز دەبەستێت، کە دەخوازێت بگاتە ئاستی دێڕی Aphoristic (گوتنی نەستەق)، لێ ناگات. ناگات، چونکە بنەماکەی هەرتەقاتە Heresy و مانا بەرهەمنایەنێت. بۆ سۆفیەکی عارف مانا گرنگ نیە، ئەو ڕەوانبێژییە پەخشانئامێزە گرنگە عارف خۆی پێژیردەکاتەوە.
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەم پۆلە پرسیارە لەخۆدەگرێت: شیاوە لە ڕەهەندی مەعنەویی سۆفییایەتیدا توخمی فەلسەفیی بدۆزرێتەوە؟واتە کارکردن لەناو پۆلی سۆفیزم(تەسەووف)هاوکارماندەبێت سێستەمێکی فەلسەفیی بونیادبنێێن، کە دواتر گوتارێکی فەلسەفیی لێبخوڵقێت؟ ئایا سۆفیگەریی،کە ئاکاری نزا، سوجدە، بەزەیی، پڕسۆزیی و زاهیدیی پەرەپێدەدات، دەتوانێت رووبەرووی زیرەکی دەستکرد ببێتەوە؟ دیدی زاهید(عارف) بۆ ژیان، بۆ جیهان، دیدێکە لەسەر بناغەی ئەوە دروستبووە، کە ژیان ڕاگوزەرە، کاتییە و تەواودەبێت. ئەمە تابلۆیەکی سوریالی زۆر جوانە، بەس لەبەردەم شەپۆلی زیرەکی دەستکردا چیپێدەکرێت؟

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەکورتی: ١- ئێمە ئیسرائیلناسمان نییە. ئیسرائیلناسیی جوولەکەناسیش لەخۆدەگرێت.. ئازاد حەمە*

گومانی ناوێت، کە ئێمە چ لە نێوەندی ئەکادێمیی و چ لە نێوەندی روناکبیریی ئیسرائیلناسمان نییە. لەکاتێکدا، کە ئیسرائیلناسی Israelology جوولەکە ناسیش لەخۆدەگرێت و ئەمەش دەرگا لەزۆر ناسینی تردەکاتەوە، لەوانە ئاشنابوون بە مێژووی ئایینەکان و هاوکات بە تەوراتناسیش.
تەتانەت من کەس ناناسم لە ڕێزی ئەکادێمیان و نوسەرانی کورد، کە لە ئیسرائیلناسی پسپۆڕبێت و شارەزاییەکی قوڵیشی لەسەر پەرتووکی پیرۆز Bible هەبێت. جا ئایا ئەمە کەموکوڕیەکی ئەکادێمیی و ڕۆشنفکریی نییە؟
ئێمە ئیسرائیلناسی (ئیسرائیلۆلۆژی) و جوولەکەناسیەکەمان لەمیانەی سۆسیالمیدیا و ژۆرنالیست و ڕۆشنفکرانی عەرەبەوەیە، کە ئەوەش ناتەواوە و بێلایەنی پێوەدیار نییە. واتە، ئەوەی ئێمە لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل و ئاینی جوولەکە دەیزانین ئەوەیە، کە ساڵاهایە نوسەرانی جیهانی عەرەبی خستویانەتەبەردەستمان، کە سەرلەبەریشی ڕق و لایەنداری پێوەدیارە.
ئیسرائیل تەنها دەوڵەتێکی سیاسیی نییە، ئاین و زمان و کولتوریشە، کە مخابن پێێ ئاشنانیین. لە دەیا دەی خوێندکارەکانم هەرگیز نەیانزانیوە زمانی ئیسرائیلیەکان عیبریە، شوێنی خواپەرستیان سیناگۆکە، و کتێبە پیرۆزەکەشیان ناوی تەوراتە. نەزانینی ئەم شتانە و وردەکاریتر لەگەڵ کاتدا هەر نەزانی بەرهەمناهێنێت، بەڵکو دادوەری سیاسیی، و ئاینیی و کولتوریی هەڵەش بەرهەمدێنێت.
بواری لێکۆڵینەوەی ئیسرائیلناسی لاهوتیات(خواناسی theology) یشی تێدەکەوێت، ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ نزیکبوونەوە لە ئاین و زمان و کولتورەکانی تر. گەر تێۆلۆجی(یەزدانناسی)ش بریتیبێت لە لێکۆڵێنەوە لە سروشتی یەزدان و باوەڕە ئایینییەکان ئەوا ئەم جۆرە زانینە لە ئاشنابوون و کرانەوە بەڕووی باوەڕە ئاینییە جیاکان نزیکماندەکاتەوە.
بەنی ئیسرائیل، یاخود ئیسرائیلیەکان و خودی ئاینەکەشیان بەشێکن لە دیرۆکی مرۆڤایەتی. لێرەوە دەڵێێن تەورات، کە یەکێکە لە سێ ئاینە مەزنە ئاسمانیەکە شایانی پسپۆریتیاکردنە. مخابن، توێژینەوەی ئەکادێمی خۆماڵیمان لەوبارەوە زۆر کەمە. من لێرە باسی ئیسرائیلناسییەک دەکەم، کە سیاسەت جارێ نەیشێواندووە، ئەو ئیسرائیلناسیەش، کە هەنووکە دەستی جیهانی عەرەبی پێنەگەیشتووە لە ڕاڤەکاریی.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە، کە ئێمە کتێبخانەی پاک و پوختی ئەکادێمیی خۆمان لەسەر بناغەی توێژینەوەی فرەلایەن و بێ لایەن دروستکەین، کە دواتر توێژینەوەکان بناغەدانێن بۆ هزرێکی ئاینیی متمانەپێکراو. هەر ئەو توێژینەوانە دواتر دەتوانن وەڵامی پۆلێک پرسیاری بیرلێنەکراو بدەنەوە، کە بەم جۆرەیە: چی بەجۆرێکی زاستی لەسەر خاک و گەلی ئیسرائیل و زمانی عیبری و ئیسرائیلیزم دەزانین؟ کێن پسپۆرانی ئێمە لە پەیمانی کۆن Old Testament ؟ روناکبیری ئێمە لەسەر ئەوەی، کە لە چ ئاینێکەوە چی دزەی کردووەتە ناو ئاینێکیتر لە چ ئاستێکدایە؟
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەوەیە، کە تا ڕق زۆرتربێت لە ئیسرائیل، تا دژەجوولەکە گەرایی anti-Semitism پەرەبسێنێت ئیسرائیل رەفتارڕەشتتردەبێت. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە نێوەندی ئەکادێمیی ئێمە سەبارەت بە بابەتە وروژێنەرە سیاسیی، ئاینیی و کولتوورییەکان خاوەنی هزریی ئەکادێمیی و روناکبیریی خۆی بێت.

*پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ژن لە فەلسەفەی نیچەدا: دیدی نیچە بۆ ژن، لەنێوان ڕق لە ژنبوون و ژنناسیدا.. وانەی حەوتەم.. د. ئازاد حەمە

گەلەری ئارام
وەرزەکانی فەلسەفە
پڕۆژەیەکی نوێی (گەلەری ئارام) ەهەرجارەو خوێندنەوەییەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە
پێویستمان بەفێربوونی نیچەیە
وانەی حەوتەم:
ژن لە فەلسەفەی نیچەدا: دیدی نیچە بۆ ژن، لەنێوان ڕق لە ژنبوون و ژنناسیدا.

بۆ گوێگرتن لە بابەتەکە کلیکی ئێرەبکەن..




شار بیرناکاتەوە: هیچکات هێندەی ئێستا شار پێویستی بە بیرکردنەوە نەبووە..6.. ئازاد حەمە

بەشی شەشەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

شار، کە بیرکردنەوەی تیانەما گاڵتە بە نیشتیمان دەکات
شار بیرکردنەوەی تیانەماوە بۆیە گاڵتە بە نیشتیمان دەکات. لە شاری بێ بیرکردنەوەدا، شاری تۆراو لە تێڕامان و تەنراو بە پەرتی و بەدبەختی دڵۆپێک خۆشەویستی بۆ نیشتیمان تیابەدیناکرێت. نووکی خامە لە شاری وادا سەری لێتێکچووە. بنمیچی ئەم جۆرە شارانە بێ هیوایی ڕایگرتوە؛ ئەمەی دەیڵێین ڕەشبینی نییە، دەرئەنجامی تەنهایی شارە.
شار، کە بە مێژووی خۆی نامۆ بوو، کە هەڵەی مێژوویی زۆری دەرهەق بەخۆی کرد، بێگومان دواتر زۆرینەی شار زوو زوو کولەمەرگانە ژیاندەکەن. لە شاردا مێژوو وەک بەدبەختی لێیدەڕوانرێت، بۆیە لە هیچ سوچێکی شارەوە بیری مێژوویی جێگای تێڕامان نییە.
شار لەبەرئەوەی، دەمێکە شرۆڤەی مێژوویی خۆی ناکات، گەیشتووەتە چڵەپۆپەی باوەڕبەخۆنەبوون و بێگانەپەرستی، ڕاهاتووە لەسەر قەیران، لەگەڵ قەیران هاوسۆزە. ئەم شارە قەیراناوییە، قەیرانی ڕۆشنبیرانیشی، لەبەر ئەو ڕقەی هەیەتی لە مێژووی خۆی، هەرگیز نانووسێتەوە. بۆیە ئەوی رۆژانە لە شاردا دەنوسرێت خودێکی ڕۆشنگەری دروستنەکردوە. وەکیتر، شار دەمێکە لەگەڵ ڕۆشنگەریی پەیوەندی قرتاندووە.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری بێ بیرکردنەوە بیمارە
شار بیمارە. بیماریی شار دەرمانی تری پێویستە. کاتێک شار بیمار دەبێت و دەرمانسازی یان بیمارناسی، هیچیپێناکرێت پێویستمان بە بیرکردنەوەیە لە خودی دەرمان، کە بۆ هیچیپێناکرێت؟
شار؛ شاری ئێستای ئێمە، نایەڵێت لە فەلسەفە، کە بیرکردنەوەیە، وەک دەرمان لێیڕوانین. فەلسەفە دەمێکە دەرمانە؛ چەندین سەدەیە. لێ فەلسەفە، ئەم دەرمانە، لە دەرمانخانەکانی شاردا دەستناکەوێت. شاری ئێمە لەو جۆرە دەرمانخانانەی نییە، کە وەک دەرمان لە فەلسەفە بڕوانێت.
دەرمانخانەکانی شار بەدەست سەرمایەدارە سیاسییەکانەوەن، ئەمانە ناخوازن فەلسەفە دەرمانبێت و فەیلەسوف دەرمانخانە بباتەڕێوە. هەر کە سەرمایەدارە سیاسییەکان لە فەلسەفەیان ڕوانی وەک دەرمان سەرمایەکانیان دەخەنە بەرمەترسییەوە. دەرمانخانە، کە بەدەست پارەدارەوەبێت، نەک پسپۆر لە نەخۆشیناسی و دەرمانساز شار ناتەندروستدەبێت. سەرمایەداری سیاسیی، کە ڕوو لە وەبەرهینان لە بواری دەرمانسازی دەکات پێش هەموو شتێک خەو بە بیماری و پەکەوتەیی ئێمەوە دەبینێت.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
فەلسەفە دیاردەیەکی شارییە
فەلسەفە، کە شای بیرکردنەوەیە، دیاردەیەکی شارییە. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شاری بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین، …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.
شار ئەو شوێنەیە، کە فەلسەفە لەخۆدەگرێت. شار و فەلسەفە دەستلەملانن. شار پێویستی بە فەلسەفەیە و فەلسەفەش شار دەکاتە گۆڕەپانێک بۆ هێنانەکایەوەی ململانێی بەرهەمداری هزریی و گفتوگۆی نادوبارە و پێویست.
فەلسەفە دیاردەیەکی شاریی مرۆییە. لەو شوێنەی شار هەیە، پێویستە فەلسەفەش هەبێت. فەلسەفە کە دێتە شارەوە گومان، تێڕامان و ڕەخنە دەستپێدەکات. وەکیتر، فەلسەفەیەک لە شاردا گەشەیکرد و هەقی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی و ئاینییەوە نەبوو فەلسەفە نییە. فەلسەفە کاتێک وەک فەلسەفە تەماشادەکرێت، کە بە چەنوچونە ڕۆژانەیەکانەوە سەرقاڵمانبکات و لە کێشەکانمان بدوێت.
کاتێک فەلسەفە دەبێتە دیاردەیەکی شاریی دەبێت لەوە بەئاگابین، کە شار پڕە لە دیاردە داماو و نەگبەتەکان. ئەمە داوامان لێدەکات پرسیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دروستکەین.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە
شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە. شار چ شارێکە حەز لە چارەی فەلسەفە نەکات، کتێبی فەلسەفیی تیاییدا هەرزانترین کتێب بێت، شانۆکان، تابلۆکان، فیلمەکان، وانەکانی هۆڵەکانی زانکۆ، گفتوگۆی نێوان هاوڕێیان دوور دووربێت لە فەلسەفە؟؟ ئەوەی لەم بارەوە وەک وەڵام دەشێت بوترێت، ئەوەیە، کە دۆخی نالەباری فەلسەفە لە شارەکانی ئێمەدا بەرهەمی ئێستا نییە، ئەم دۆخە دیرۆکی هەیە.
شار کە بێ ئاگا بوو لە سەرچاوەی بیری یۆنانی و رۆمانی واتە ئەم شارە بیرمەندی نییە. شار کاتێک دەکارێت بڵیت بیرمەندم هەیە، کە ئەوانەی پێیان دەوترێت بیرمەند لەلایەک ئاشنابن بە سەرچاوەی بیری یۆنانی و ڕۆمانی و لەلایەکی تر خوێنەرێکی باشی مێژووی هزر و ئایینەکان بن. شاریش کە بیرمەندی نەبوو کاولگایە، باشترین شوێنە بۆ گەشەی نادادی و بێ وەفایی.
شاری بێ بیریار، شاری بێ بیرکردنەوەیە، شاری وا دین و دەوڵەتی لێکجیانەکردووەتەوە و ترسیشی لە جیاوازیی هەیە. لە شاری لەم شێوەیە ڕێنێسانس ناخوڵقێت، گەشە پەرت و پەرشوبڵاوە و ڕەوتی هزری جیاوازیش بوونی نییە؛ شتەکان هەموو هاوشێوەن؛ هاوشێوەیی بکوژی جیاوازییەکانە.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت
ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت. شاری بێ فەلسەفە شاری بێ فەیلەسوفە. باشە پێوەرە شارستانییەکان سەبارەت بە نەبوونی فەیلەسوف لە شار دا چیمان پێدەڵێن؟ ئەوەمان پێدەڵێن، کە ئەوە چ شارێکە بانگەشەی بوونی فەیلەسوفهەبوون دەکات و فەلسەفەی نییە! شارە بێ فەیلەسوفەکان ڕاڤەکارییان تیا بەرهەمنایەت. ماقوڵ نییە فەیلەسوف نەبێت و باشترین شیکاریش هەبێت. ناکرێت هزری فەلسەفیی نەبێت و توێژینەوەی فەلسەفیی هەبێت. شار و فەیلەسوف پێکەوە هەن. مەگەر هەر زوو پیرەمێردەکەی یۆنان(ئەفلاتون) نەیووت: فەیلەسوف دەبێت شار بباتەڕێوە. کوا شار قسەی فەلسەفیی بەهەند وەردەگرێت. لە شاردا، کە وتنی فەلسەفیی لە قەیراندا بوو، ئەوا لەو شارە کۆی وتن لەژێرپرسیارە.
گەر لە شاردا فەلسەفە هەبێت جێگا فەراهەمدەبێت بۆ ناجۆر و جیاوازەکان، بۆ ئەوانەی لە ئێمە ناچن و ئێمەش، کە لە ئەوان ناچین. شار گەر شاری کۆکردنەوەی جیاوازەکان نەبێت شار نییە؛ مەرجەکانی شاربوونی تیانییە. هەر ئەو شارەی دان بە جیاوازییەکان ناهێنێت نە فەلسەفەی هەیە و نە فەیلەسوف.
٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری فەلسەفەدار ئازادی ڕەسەنی تیایە، نەک کۆپی
شار و ئازادی وەک شار و فەلسەفە دەستلەملانە. کە فەلسەفە لە شاردا هەبوو ئازادی هەیە؛ ئازادی ڕاستەقینە، نەک ئازادی گەندەڵکراو. ئازادی و فەلسەفە پێکەوە مانا بە بوونی شار دەدەن. شار بە ئازادییەوە جوانە. فەلسەفە دەتوانێت لە ئامدەبوونی شاردا گفتوگۆی ئازادی بکات.
ئازادی زێدەرۆیتیاکراو ئازادی نییە و فەلسەفە لێیبەگومانە. بۆئەوەی شاریش بخرێتەژێرپرسیارەوە پێویستە فەلسەفە لە شاردا بوونی هەبێت. ئەمەش نایەتەدی تا ئازادی چەتری فەلسەفە نەبێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئازادی پارێزەری فەلسەفەیە و خودی فەلسەفەش لە گەرووی ئازاددا چرۆدەردەکات.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە
فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە. هەنووکە شار لێوانلێوە لە کێشە. شاریش کە وابوو پێویستی بە فەلسەفەیە. وەکیتر، شار و ئێمەی کورد هیچکات هێندەی ئێستا پێویستمان بە فەلسەفە نەبووە. شار پڕە لە زٶڵە سیاسی، زۆڵە نووسەر، زۆڵە پەروەردەیی، تەکفیریی، مناڵەکانی نیولیبرالیزم، دڵخوازەکانی سۆسیال میدیا، زۆڵەژورنالیست، سیاسی چەنەباز و داوێنپیس و سەرمایەداری بێ ئاگا لە واتای سەرمایە و مافەکانی کرێکار.
شار موحتاجی فەلسەفەیە. کێشەکانی شار، شار ناچاردەکات کاری بە فەلسەفە بێت. شار، کە بێ کێشە بوو فەلسەفەی ناوێت. لەو شوێنەی فەلسەفە هەیە، کێشەیەک بوونی هەیە. فەلسەفە هەیە تا کێشە دەستنیشانبکات؛ بەدوای چارەسەر و وەڵام بۆ کێشەکان بگەڕێت.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
بیرکردنەوەی شاری ئێستای ئێمە فەلسەفیی نییە
ئەو نەختە بیرکردنەوەیەی لە شاردا هەیە فەلسەفیی نییە. فەلسەفیی بوایە بیرکردنەوەی بەدوا دەهات، پرسیار دروستدەبوو و تێڕامان لێرە و لەوێ گڤەی دەهات. بەرپرسیارێتی بیرکردنەوەش دروستنابێت شار بێ فەلسەفە بێت.
مێژووی گەشەسەندنی بیری فەلسەفی لە شارەوە دەستپێدەکات. ئەو مێژووەش لە دەرەوەی بیرکردنەوە نییە. بیرکردنەوە و شار یەکتر بەرەو پێشەوەدەبەن. بیرکردنەوە شار دەگۆڕێت. شار بێ بیرکردنەوە جێگیرە، وەستاوە.
شار شوێنی چالاکییە مرۆییەکانە. ئەوە شارە، کە دواجار کردە داهێنانییەکان دەخاتەڕوو. داهێنان لە شاردا وێنەیەکیتر لەسەر شار دروستدەکات؛ بیرکردنەوە بەرەو ئاستێکیتر دەبات. خودی سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفییش بەشیکە لەم پرۆسەیەیە لە شاردا.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شار و داهێنان
ئازاربەخش و پێکەنیناویشە شار پشت لە فەلسەفە بکات. سەیرە، شار پێیوابێت بێ فەلسەفە میدیا، شانۆ، موزیک، سیاسەت و داد تیایا سەروەردەبێت و بێ فەلسەفە زانکۆ، پەروەردە و نێوەندەکانی توێژینەوە کارەکانیان بەڕێوەدەچێت.
بیری فەلسەفیی ڕاستەقینە کۆی بیرە داهێنییەکانی شارە. شار مۆڵگەی داهێنانە، بنکەی چەنوچونە ڕەخنەییەکانە. لە شاردا سینەما، شێوەکاری، بالێت، شانۆ، ئۆپێرا گەشەدەکات. ئەم بوارە داهێنانییانە توانای بیرکردنەوە لە شاردا بەرەو ئاستێکیتر دەبات.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
کاتێک شار بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە
شاری سیاسیی و ئاینیی (لاهوتیی) بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە. شاری ئێمە بەئاشکرا والە پرسیاری فەلسەفیی، بیرکردنەوە دەکات بچوکبکرێتەوە بۆ پرسیاری ناسنامەیی سیاسیی یان نەتەوەیی یان ئایینیەکان. ئەو بیرکردنەوەیەی بەو پرسیارانەوە سەرقاڵدەبێت لۆکاڵی و سادە دەبێت. بۆیشە شار بێ بیرمەندە. بیریار لەناو ئەو جۆرە ژینگەیە دروستنابێت، کە بە پرسیارە بچووکەکانەوە سەرقاڵە.
بەرژەوەندی شاری ئێستای ئێمە ئەوەیە، کە شار نزیکبێتەوە لە شەڕە قسەی سیاسیی و ئایینیی تەکفیریی و سەلەفیی. شاری ناساغ لەزەت لەوە وەردەگرێت، کە شار لە دۆزی خۆی بیرنەکاتەوە. شارێیک، کە دۆزی خۆی نەخستەژێرپرسیارەوە؛ کە لە شاربوونی خۆی تێڕامانینەکرد، ئەو شارە جێگای متمانە نییە. شار پێویستە دڵسۆزی خۆی بێت. شارێک بەرامبەر بە دیرۆکی خۆی بەوەفا نەبوو؛ کاری لەسەر دۆخی شاربوونی خۆی نەکرد، هی ئەوە نییە هیوای لەسەر هەڵچنرێت. شاری لەم شێوەیە بەربەستە لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری دوای ڕاپەڕین
شاری دوای ڕاپەڕین بیردەکاتە؟ بەڵێ بیردەکاتەوە، لێ لە چی؟ ئەوەی شاری دوای ڕاپەڕین بیریلێکردوەتەوە بە چی گەیاندین؟ بە زۆربوونی حیزب، بە زۆڵەژۆرنالیست، بە سیتی دروسکردن، بە کۆمپانیای حیزبی، بە زۆربوونی کۆمیتە و بە سەرەڕۆیی سیاسیی گەیاندین.
شاری دوای ڕاپەڕین بێ هیوایکردنین لە دروستبوونی وتارێکی ڕوناکبیریی فەلسەفەدار. نوسینەزبڵ زیادیکرد، چاپخانە و کتێبفرۆشی زۆر و زۆر بوون، ئەڵبەتە بێ ئەوەی فەلسەفە خاڵی هاوبەشی نێوان زانکۆ و چاپخانەکان بێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە هەڵەنەبین نزیک ملیۆنێک سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێل و گفتوگۆ سازکراوە بێ ئەوەی فەلسەفە لەناویان بخولێتەوە، بێ ئەوەی فەلسەفە زمانی هۆنینەوە و داڕشتنی کار و سێمینارەکان پێکبهێنێت.
گشت گفتوگۆکانی ئەو سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێلانە چییان بەرهەمهێنا؟ دۆزی پەروەردە، تەندروستی، بڵاوبوونەوەی ناساغی و بیماریی کوشندە، ژینگە، مناڵ، باری پیر و خانەنشینی خستە ژێپرسیارەوە؟ ئەوەی بەرباسخست بۆ سیاسیی هەم سیاسییە هەم سەرمایەگوزار و بگرە ڕوناکبیریشە؟ بۆ ژن دەکرێتە فیگەر و دەشکرێتە کاڵا؟ ئەوەی گرنگی پێنادرێت پیرە. لاوانیش دۆخیان لە پیرەکان باشترنییە؟
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری ئێمە شوێنێک نییە بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان

شار گریمانە و وەڵامی ئامادەکراو بەرهەمدێنێت؛ ئەمەش لەبەر بێ هزرییە شار پرسیاری نوێ ناکات و پرسیاریش خولیای دۆزینەوەی وەڵام نییە. کاتێک شار شوێنێک نەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان ئەوکات بەڵگەمەندی و بیانووهێنانەوە بێ بەها دەبێت. لۆژیك، کە هونەر و زانستی بەكارهێنانی ئاوەزە ،بڕیارێکی ژیرانەشە لەسەر چی هەڵەیە و چیش ڕاستە، لە شارەکانی ئێمەدا نالۆژیک حاکمە و پێویستیش بۆ بەڵگەهێناوە یان دژەبەڵگە بوونی نییە.
قەدەغەکردن لە شاردا کاتێک دەستپێدەکات، کە فەلسەفە کۆچیکردبێت. لەبەرئەوەی فەلسەفە لەسەر بوون و بوونەوەر قسەدەکات، کار لەسەر شیکاریی و گومان دەکات. شار، کە نەیتوانی گومان بەخێوبکات خۆی لەسەر پاساوی بێ بناغە و بەڵگەی دور لە ڕاستی ڕادێنێت. ئەمەش پرسیاری بۆش و وەڵامی ژەنگاوی بەدوای خۆیدا دێنێت.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
کە لە شاردا بیرکردنەوە نەما شیعر، شانۆ، هونەری خراپ باودەبێت

چەند دیاردەیەکی کوشندەیە، کاتێک لە شاردا بیرکردنەوە نامێنێت و شیعر، شانۆ، هونەری خراپ دێنەکایەوە. ئەمە ناکرێت وەک کێشەیەکی لاوەکی شار ببینرێت. ئەو بوارانە کردەیەکن لە بیرکردنەوە، گەر ئەوە وەزعیەتی شار بێت، کە پێشتر باسکرا، لەسەرەخۆ شیعر، شانۆ، هونەر لە ئاستێکی نادرەوشاوەدا دەبن.
تیشک خستنەسەر دۆخی بیرکردنەوە لە شار بێ ئاوڕدانەوە لە ئاستی شیعر، شانۆ، هونەر تێنەگەیشتن لە ئاسۆی شار دروستدەکات. مخابن، کاتگەلێک هەبووە ئەم شارەی ئێستامان ئەدەب تیایا لە ترۆپک دا بووە، نووقمی ناو ژینگەیەکی کولتوری بووە. کەچی ئێستا شار ڕقی لە بەرهەمەکانی خۆیەتی.
کۆشکی ئەدەبیی ئێستامان لە شار هی لەمەوبەرە. بەرلەوەی ئەم ئێستایە بێت بە سەلیقەوە ئەم کۆشکە دروستکراوە. خۆ پێشتریشمان پڕبووە لە ناخۆشگوزەرانی، نەهامەتیی و ژیانێکی سەرسەختانە، بەڵام ئەو دەمە هێشتا بیرکردنەوە مابوو؛شار ئەو کات پڕ بوو لە بیرکردنەوە.
سەرئەنجام، زیادەڕۆییە ساتەوەختی ئێستامان لا پێبەرهەمدار بێت. تاکە شتێک شار پێوەی سەرقاڵە دیاردەی سێکسیزم و پارەگەراییە. گەر شیعر، شانۆ، هونەری ئێستامان بەگژ ئەم دوو دیاردەیەدا نەچێتەوە مشەخۆردەبێت لەسەری بیرکردنەوەی پێشوومان.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شار و شارەوانی پەیوەندیان زۆر خراپە
شار حەوسەڵەی بیرکردنەوەی نەماوە و شارەوانیش بێ بیرکردنەوە هەنگاو دەنێت. هاوکات شار و شارەوانی لای ئێمە پەیوەندیان زۆر خراپە. شار بە قسەی شارەوانی ناکات و لە مێژووی شاربوونی خۆیشی تێناگات. شار بێ گوێدانە خۆی گەشەدەکات، شارەوانیش مامەڵەی بێگانە لەتەک شاردا دەکات. شار لە شارەوانی یاخییە، چونکە شارەوانی شار بۆ مەبەستی سیاسیی و بازرگانیی خۆی بەکاردەبات.
شار و شارەوانی دژی جوانیین؛ دژی ژینگە و ڕێکخستنن. کەش و هەوای سیاسیی شاریش لەوبارەوە هاوکارە. شار، کە لە جوانی خۆی حاڵینەبوو، کە بایەخپێدەرنەبوو بە سروشت و ئاو و هەوای خۆی، گومانیناوێت ناتوانێت خۆی خۆشبوێت. خۆشەویستی شارەوانی بۆ شار بە لافیتە و گوزارەی نەتەوەیی کاتیی پینەناکرێت؛ شارەوانی دەبێت لە تەلار تێبگات، لەوە حاڵیبێت تەلارسازی قاچێکی لەناو جوانناسییە.
دیاردەکانی شار دوژمنی بیرکردنەوەی جوان و باشن. کێ بوون ئەوانەی شاریان بەم دەردەبرد؟ ئەوانەی ناهێڵن شار بیربکاتەوە. شار،کە جوان نەبوو، کە دژە جوانیبوو ئەوکات بیرکردنەوەی پەروەردەیی و بیریی ژینگەپارێزیی بێبەهادەبن. شار بەمجۆرە بێت، نە لێبووردە دەبێت و نەش لە مانای دراوسێی و هاورێیەتی تێدەگات. شاری ئێستامان بووەتە، کراوەتە، موڵکی پۆلێک سیاسیی و بازرگانیی لادێی ناشاریی، کە ڕقیان لە شارە؛ لە واتای شاربوون و جوانکاریی شار تێناگەن. ئەم پۆلە لەوە حاڵی نیین، کە شار شوێنی سینەما، بالێت، شانۆ و ئۆپێرایە.
سەرئەنجام، شارەوانی، بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی، گوشاردەخاتەسەر شار. ئەمەش پێگەی شار لاواز دەکات و پەراوێزکارییش لە شاردا دەگەیێنێتە ترۆپک؛ مخابن شاریش لەوبارەیەوە پرسیارناکات. شار تائێستا لەوە تێنەگیشتووە لەسەر بنەمای تۆڵەسەندنەوە گەشەناکات. شارەوانی سەرقاڵی شتی ژێر بەژێرە؛ ئەم دیاردەیە فرە زیادیکردوە، شاریش لە گۆڕانکارییە خێراکان، کە شاریان قۆزتووەتەوە، تێڕامانناکات.

سەرنج: بەشی شەشەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟




بڕوانامە لە فەلسەفە و دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان شارەزا لە فەلسەفە دروستدەکەن، نەک فەیلەسوف -5- .. ئازاد حەمە

بەشی پێنجەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟ بە پرسیارێکیتر وەڵامدەدەینەوە، کە بەم جۆرەیە: کێ فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە هەردەم پرسیارێک بووە و لە سەردەمە جیاوازەکانی بوونی فەلسەفەدا کراوە. فەیلەسوف سەرقاڵی ڕاڤەی جیهانە. جیهان لەوێ ئەو گەردوونەیە ئێمەی ڕاگرتووە. هەر خودی گەردوونناسیش، لە دەمی دەرکەوتنی خودی فەلسەفەوە، شانبەشانی بوونناسی بوارە سەرەکییەکانی فەلسەفەبوونە.
هەر پرسیاری کێ فەیلەسوف نییە؟ دەمانخاتە بەردەم بابەتی جیاکردنەوەی فەلسەفە لە ئایین. باشە ئەوانەی لە بواری ئایینناسی، یەزدانناسی(تێۆلۆجی/ لاهوتناسی) کاردەکەن هەمان ئەو شێوازە کارکردنەیان هەیە، کە فەیلەسوفەکان دەیکەن؟ بێگومان نەخێر. لێرەدا دەکرێت باسی فەیلەسوفی ئێرانی مەلا سەدرا بکرێت. هاوکات ئەو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوانەش دەخاتەژێرپرسیارەوە، کە بەناوی سۆفیزمەوە خۆیان لە فەلسەفە نزیکدەکەنەوە. لێرەدا دەکرێت باس لە ئەزموونی بیرکردنەوەی تر بکرێت کە دەچێتە خانەی سۆفیزمی رۆژهەڵاتیەوە، عیرفانییەکان.
لە پەیوەندی بەوەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوەشدەڵێین: ئێمە وەک مرۆڤ ناکرێت هەموو بە فەیلەسوف بژمێردرێن. ڕەنگە زۆربەمان تێگەیشتنی فەلسەفییمان هەبێت بەس ناشێت هەموو فەیلەسوف بین. هاوکات بۆ زۆرێکیش لە ئێمە ئەوە بووەتە بابەتی پرسیار، کە فەیلەسوف کێ نییە؟ ئەو کەسە بە فەیلەسوف دانانرێت، کە کۆڵێنەوە لە شت ناکات، کە فەلسەفەکردنیشی نەکردووە بە کاری بنەڕەتی خۆی.
فەیلەسوف وا حاڵییە لە فەلسەفە، کە وەستانی خۆی هەیە سەبارەت بە هەموو شتێک و هەروەها بوونیشی یەک جار نییە، بەڵکو بوونێکی بەردەوامی هەیە. بوونی بە بوونی مرۆڤەوە گرێدراوە. کەچی کەسی نافەیلەسوف فەلسەفەی لا کاتییە، لا ناکاریگەر و ناچالاکە. چونکە ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە ناکارێت چارەسەرکردنی کێشەی ڕەفتاریی بە فەلسەفەوە گرێبدات. ئەمەش لەبەرئەوەی، لەوە حاڵی نییە کە فەلسەفە بەم ئەرکە هەڵدەستێت.
کەسێکی غەیرە فەیلەسوف ئەو کەسەشە، کە دۆستی بیرکردنەوە نییە. هاوکات لەو شوێنەی فەلسەفە کاردەکات عەقڵ ئیشی خۆیدەکات. ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە لە دووریی عەقڵ حاڵی نییە، بۆیە مانای فەلسەفەش بە هەندوەرناگرێت. ئەمەش وادەکات کەسی نافەیلەسوف لە پەیوەندیدا نەبێت بە بیرکردنەوەوە. بەمجۆرە ئەو کەسەی دۆستی بیرکردنەوە نییە ئەو کەسەیە گەشە بە سەرچڵییە فەلسەفییەكان نادات و فەلسەفەش دەكات بە جێگایەک بۆ دروستكردنی زۆرانبازیی هزریی، لەوەش حاڵی نییە ئەم کەسە، کە فەلسەفە جێگایەکە بۆ دروستكردنی چركەی ڕووبەڕووبوونەوە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ڕاستیی و گەیشتن بە وتنی نەوتراو و یاساغ. ئەڵبەتە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیشە سەرچڵیی لە بیر و بۆچوونە فەلسەفییەكاندا دەسازێنێت و دواتر ئەو سەرچڵییانە هێز بە بەر ڕووبەڕووبوونەوە فەلسەفییەكان دەكەن.
پوختە، فەلسەفە کاریگەرە. کێ کاریگەری دەکات؟ ئەو کەسەی فەلسەفەدەکات؛ لەسەر شێوازی ئەم کەسە وەستاوە چۆن فەلسەفەدەکات. کە دەشوترێت فڵان فەیلەسوفە ئەوە بەرزترین پلەی ڕوناکبیرییە دراوەتەپاڵ کەسەکە. فەیلەسوف تاک و تەرایە. لێرەیە و لێرەش نییە. لەوێیە و لەوێش نییە.

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف دروستکەن، بەڵام توانای دروستکردنی گفتوگۆ، تێگەیشتنی فەلسەفییان هەیە. گومانی ناوێت، وەرگێرانی میراتە فەلسەفییەکان دەمانبەن بەرەو مێژووی فەلسەفە، ئەو مێژووەی بەتەواوەتی ئاشنانیین پێی، بەس ئەمە بەو مانایە نییە پرۆسەی خوێندنەوەی هزری فەلسەفیی ئەویتر فەیلەسوفدروستکەرە. بەمجۆرە، وەرگێڕانی کارە فەلسەفییە گەورەکان نامانکاتە فەیلەسوف، لێ دەمانگەینێتە سەرچاوەکانی فەلسەفە و مێژووەکەیشیمان بۆ واڵادەکات.
وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییەکان، رۆژئاواییەکان بن یان رۆژهەڵاتییەکان(عەرەبی، فارسی، و….)، مانادارن بۆ دەوڵەمەندکردنی بیر و تێگەیشتنی فەلسەفییمان، بەڵام پێویستیشە بزانین کێن ئەوانەی وەرگێڕان بۆ میراتە فەلسەفییە گەورەکان دەکەن بۆ زمانی کوردی؟ لە چ زمانێکەوە ئەوە دەکەن؟ ئەوانەی ئەو وەرگێڕانانە دەکەن بۆ زمانی کوردی ئەو زمانانە بە باشی دەزانن؟ ئەو زمانەی لێوەی وەریدەگێڕن ئەو زمانەیە، کە دەقەکەی پێینووسراوە یان لە دووەم و سێهەم زمانەوە وەرگێڕانەکان دەکرێت؟ لەوانەش گرنگتر چەند وەرگێڕ بە فەلسەفە و بەو هزر و هزرەڤانەوە ئاشنایە، کە وەرگێڕانی بۆدەکات.
وەرگێڕی دەقە فەلسەفییە مەزنەکان(ئەفلاتون، دێکارت، سپینوزا، کانت، هێگڵ، هۆسرڵ، ڤێتگنشتێین، و….) داوای ئەوەش لە وەرگێڕ دەکات شارەزانی لێکسیکۆنی فەلسەفیی ئەو بیرمەندە بێت کاری وەرگێڕان بۆ کارەکانی دەکات. ئەمە لەکاتێکدا لە زۆرێک لە کولتورەکان، لە زمانەکان، هەر وەرگێڕێک پسپۆڕ و شارەزایە لە وەرگێڕانی یەک دوو بیرمەند، نەک وەرگێڕانی هەرچی دەستکەوت.

بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستناکات

خوێندنی فەلسەفە نامانکاتە فەیلەسوف، بەڵکو دەمانکاتە توێژەری فەلسەفیی، پسپۆڕ و شارەزا لە فەلسەفە. بۆ زۆرێک ئەوە پرسیارە، کە بۆ بە خوێندنی پزیشکی دەبینە پزیشک یان بە خوێندنی یاسا دەبینە پارێزەر ئەی بۆ بە خوێندنی فەلسەفە نابینە فەیلەسوف؟ گشت ئەوانەش باسکرا پاش وەرگرتنی بەکالۆریۆسێک دەبنە پزیشک و پارێزەر و ئەندازیار ئەی بۆ کەسێک، کە فەلسەفەی خوێندوە نابێتە فەیلەسوف؟ هەریەک لەوانەی باسکرا دواتر پیشەیێکیان هەیە، کە پێیدەوترێت پارێزەری، پزیشکی، ئەندازیاری، ئەی ئەو کەسەی فەلسەفەی خوێندووە؟ پیشەیەک بۆ پسپۆڕ لە فەلسەفە داتاشراوە؟ تایتڵێکی ئەوتۆ هەیە، کە دەرچووی بەشی فەلسەفەی پێبناسرێت؟
ئێمە لە هەرێم دوو بەش (سەڵاحەدین، ڕاپەڕین)و نیو (سلێمانی) فەلسەفەمان هەیە، کە مخابن وا لە هەڵوەرانن، ئەمەش لەبەر خراپ، زۆر خراپ، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. مامەڵەکە هێندەی ناوەکییە(پەیوەندی بە هەیکەلی بەشەکانەوەیە) دەرەکیی نییە (لە دەرەوەی کارگێڕی بەشەکانەوە نییە). ئەم بەشانە لەبەر گرفتی مێتۆدیی و بگرە هزریش نەیانتوانی هزرێکی فەلسەفیی خۆیان بەرهەم بهێنن؛ وتنەوەی فەلسەفەشیان (تاک و تەرا نەبێت) خستە بەردەست کەسانی ناخۆشەویست و ناپسپۆر لە فەلسەفە، ناشارەزا لە مێژووی هزر و هاوکات ناقوڵ لە مێژووی هزری فەلسەفییش.
تەنانەت ئەوەش نەکرا، کە خوێندکارەکانی بەشی فەلسەفە لە داهاتووی خۆیان حاڵیکرێن، هیوایەکیان بدرێتێ، دەبن بە چی و چ کارێک لە بازاڕی کار چاوەڕێیان دەکات. تەنانەت هیچ بۆئەوەش نەکرا، کە ئەم خوێندکارانە پاش تەواوکردنی بەشی فەلسەفە هیچ ناونیشانێکی پیشەییان بۆدانەتاشراوە. ئەمەش رقی ئەوانەی هەڵگرت، کە ئەو بەشەیان خوێندووە و واشیکرد دواتر وردە وردە کەسانی تر ڕوو لەو بەشە نەکەن. ئەمەش بە زیانی بەشی فەلسەفە کەوتەوە و بەئاسانیش بەشی فەلسەفە و هەڵگرانی بڕوانامە لە فەلسەفە لەو زیانە دەربازیاننابێت.
وەکیتر ئەوەش پیویستە بوترێت، کە وشکبوونی هەندێک بەش لە زانستە مرۆییەکان یان سروشتییەکان لە ئێستادا لە زانکۆکانی جیهان، نەک هەر لە زانکۆکانی کوردستان، دیاردەیەکی ترسناکە و بەرهەمی خراپدابەشبوونی کار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی خێرای تەکنەلۆژیان زانیاریی و هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکردە. بەڵام فەلسەفە لەو جۆرە بەشانەیە، کە گرنگیی خۆی هەیە بۆ گشت بەشە زانستییەکان، بۆیە پاراستنی ئەم بەشە ئەرکێکی مرۆیی و زانستیی خوێندنی باڵایە لە گشت وڵات و کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخدا.
بۆ زۆرێک لە نێوەندی ئەکادێمیی و دەرەوەی ئەم نێوەندە تا ئێستاش ئەوە پرسیارە، دەرچووی فەلسەفە لە زانکۆ دەتوانیت کێ بێت؟ دەتوانێت لە گشت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و پەروەردەییەکان حاڵیبێت و چارەسەری بۆیان هەبێت؟ پاش زانکۆ ئەم دەرچووە کتێب بەدەستەوە دەگرێت؟ دەخوێنێتەوە؟ ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارانەی زووزوو ڕووبەڕوماندەبنەوە، کاتێک گفتوگۆی بەشی فەلسەفە (بەشەکانیتری زانستە مرۆییەکان) و دەرچوانی ئەو بەشە دەکەین.
جگەلەوەی باسکرا، پێویستە سەرنجبخرێتەسەر ئەوەش، کە نووسەرە فەلسەفییەکانمان دوو جۆرن گەر نەڵیین سێشن. جۆرێکیان لە بەکالۆریۆسی فەلسەفەوە دەستیانپێکردووە تا پرۆفیسۆری. بەشێکی تری ئەوانەن لە بواری تردا پسپۆڕن، لێ دڵیان بۆ فەلسەفە لێدەدات و دەزانن کە ئەوەی ئەوان ڕاڤەی دەکەن لە بواری پسپۆڕی خۆیان بێ فەلسەفە هزراندنی تیاناکرێت؛ جا ئەوە دەکرێت ئەوانەبن، کە پسپۆرن لە زانستەمرۆییە (کۆمەڵایەتییە سیاسییە زمانەوانییە ئەدەبییە هونەرییە پەروەردەییە)کان تادەگاتە زانستە سروشتییەکان. هەشە لە هیچ پسپۆر نییە و زۆریش قسە لەسەر فەلسەفە دەکات. ئەمەیان هەروەک ئەوانیتر مافی خۆیانە سەرقاڵی فەلسەفەبن و خودی فەلسەفەش، دیارە کە بەشەێکی مرۆییە و بەرهەمی گشت مرۆڤایەتییە. هەشە بەنیوەچڵی فەلسەفەی خوێندووە و کەچی بەردەوام بانگەشەی فەیلەسوفبوونی خۆی دەکات. جاریواشە ئەوانەی بڕوانامەیان لە فەلسەفەدا نییە زۆرتر دەنووسن و قسەدەکەن لەچاو ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان لە بواری فەلسەفەدا هەیە.
تاکوتەرایەکیش دەناسم لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە و بە نەختە خوێندنێک لە فەلسەفە (ماستەر)رۆژانە لێرە و لەوێ بە دکتۆر ناوزەددەکرێن، کە دکتۆریش نیین، کەچی لەوبارەوە، وا بۆ بیست ساڵ دەچێت، بێدەنگن و هەرگیز نەیانوتووە: من دکتۆرام نییە. ئەمانە هەر ئەوانەشن، کە فەلسەفەیان ناشرینکردووە، ئەو وێنەیەیان لەسەر فەلسەفە نەخشاندوە، کە فەلسەفە چەنەبازییە. هەر ئەمانەش فەلسەفە بۆ مەبەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گڵاویی خۆیان لەم شار و ئەو شار بەکاردەبەن.
کێشەکەی ئێمە ،لە ئێستادا، سەبارەت بە فەلسەفە بەجۆرێکە تەنانەت دکتۆربوونییش لە فەلسەفە چارەسەریناکات و هاوکاریش نابێت لە دۆزینەوەی وەڵامێکی لۆژیکی بۆ ئەو پرسیارە سەرسەختەی نووسینەکەمانمان پێخستووەتە سەرپشت: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەبەرئەوەی لە دیدگای ئەم نووسینەوە ئەوەی مەبەستە بەڕوونی و بێگرێ و گۆڵە ڕوناکیبخرێتەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی هزر و ڕەوتە فەلسەفییەکانە، نەک بوون و نەبوونی بڕوانامە و یان کەسەکان چ جۆرە خوێندکارێکی فەلسەفیین.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین، کە بەدڵنیاییەوە کەسانێکمان هەیە فەلسەفە دەنووسن، بەشێک لەمانە پلەی زانستیی، نەک هەر زانکۆیی بگرە پلەی زانستیی فەلسەفیشیان هەیە، بەڵام ئەو نووسینە فەلسەفییانە جارێ پێمانناڵێن ئەمانە بیریارن.

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئێستای هزریمان، لە ڕووی ڕوناکبیریی و ئەکادێمیی و ئەدەبییەوە ئاوا دەستکورت و داماو نەدەبوو. ئەو دۆزەی هزری ئێمە لە ئێستادا تیایەتی ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە ژیانی هزرییماندا کارا نییە. بەڵێ، گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوەی دەداینێ، کە تامەزرۆیین و هەوێنی ڕوناکبیریشمانی پێکدەهێنا. چونکە فەلسەفە ئەو توخمە، یان ئەو بەشە لە هزری تیایە، کە ڕوناکبیریی دروستدەکات؛ کە ئەوەش زانینە و لەوە بڵندتریش داناییە. چیەتیی فەلسەفە ئەو داناییەیە، کە هەمووان گەرەکمانە و شتمان تێدا ده‌بزوێنێت و وایشمان لێدەکات، کە کارلێک لەگەڵ دەورووبەرمان دروستبکەین و دووربینانە بڕوانینە ئەوەی وەریدەگرین، فێریدەبین و لەو سەریشەوە ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە دنیابینیی و تێگەیشتنماندا دەهێنێتەکایەوە.
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە لە پێگەی فەلسەفە حاڵیدەبووین. لەوە حاڵیدەبووین، کە خودی پێگەی فەلسەفە واتە پێگەی بیرکردنەوە. نەکرا زوو، لە سەدەکانی رابردووماندا، لەوە حالیبین، کە فەلسەفە بەو ناواخنەی خۆی شتێكی لە خۆیدا شاردووەتەوە؛ شتێک، کە هەموو دەخوازین بزانین چییە. لێرەوە دەپرسین؛ ئەو شتە چییە، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا شاردوویەتیەوە؟ فەلسەفە، کە شتێکە و شتەکەیش وتنە، دەربرینە لە ڕێگای دروستکردنی دێڕەوە. کۆڵەکەی ئەم شتەیش زمانە؛ چۆنێتیی بەکاربردنی زمانیش واتا بۆ چیەتییەکە دادەڕێژێت، هاوکات کۆڵینکاریی چیەتیی فەلسەفە دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. لەوێ، لە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەدا، لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە چ کرۆک و ناواخنێکی هەیە. ئەم کرۆک و ناواخنە، کە هەڵگری ئاماژەن، دەروازەیشن بۆ تێگەیشتن لە ئەرک و کاریگەرییەکانی فەلسەفە. بەڵام کوا ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵیبووینە؟ کوا بەو شێوەیە مامەڵەمان لەتەک فەلسەفەدا کردووە؟
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوکات لەوە تێدەگەیشتین، کە گوزارشتکردنەکانی فەلسەفە پەیبردنن بەو شتەی، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا پەنهانیداوە. پەنهاندراوەکان خەفەکراوەکانیشن؛ ئەوانەیشن، کە هێشتا نەبوون بە دەربڕین؛ گۆنەکراون و دێڕیان نەسازاندووە. ئەو دەمەی شاراوەکانی هەناوی فەلسەفە ڕێچکەی خۆیان بۆ گۆکردن دەدۆزنەوە، پانتاییەک دروستدەکەن، کە هەر ئەوەیش دەکەن بە قەلەمڕەوی خۆیان و لەوێ کۆڵەکە بۆ تێگەیشتنەکانمان دادەنێن.
لە دەرئەنجامی ئەوەی وترا دەڵێین، بۆ ئێمە زۆر پێویست و گرنگ بوو، کە فەلسەفە لە دونیای هزرییماندا کارابوایە. کارابوونەکە نەخشەی هزریمانی دەگۆڕی و ئێستای هزرییشمان ئێستایەکی تر دەبوو.

ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە

ئێمە لەکوێێ ڕەچەڵەکی فەلسەفەداین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، لەبەرئەوەی کاتێک لە ڕەچەڵەکی فەلسەفە دەکۆڵینەوە ئەم کۆڵینەوەیە دەمانباتەوە بۆ لای مێژووی فەلسەفە و ئەوەش دەمانباتەوە بۆ یۆنانی كۆن. لەڕێگای ئەو پرسیارەوە شوێنی هاتنی فەلسەفەمان بۆ شیدەبێتەوە.
بۆ هەموان پرسیاری ڕەچەڵەکی فەلسەفە لە كوێوە دێت؟ پرسیارێكە لە شێوەی گەڕان بەدوای بنەچە، شوێن و كاتی لەدایكبوونی فەلسەفە، چونكە بۆ زۆربەمان هەمیشە ئەوە پرسیار بووە، کە فەلسەفە بۆ دەركەوت؟ لە كوێ دەركەوت؟ واتە زێدی یەكەمی فەلسەفە كوێ بووە؟ چۆن فەلسەفە توانیی لەوێوە دەربكەوێت، یان بۆ لە شوێنێك دەركەوت، نەك لە چەند شوێنێك؟
زۆربەی بیریاران، یۆنان بە منداڵدانی فەلسەفە دەزانن و ئەو ژینگە ئاوەزییەش، كە لەوێ هەبووە، كاریگەریی لەسەر دەركەوتنی فەلسەفە دیووە. ئەڵبەتە جگە لە بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو دەمەی یۆنان چەند فاكتەرێكی تر گرنگییان لە نەشونمای بیری فەلسەفیی لەوێدا هەبووە، لەوانە: دەركەوتنی دراو، دەركەوتنی نوسین و كۆتاییهاتنی گوتنی زارەكیی، بیری لۆگۆسLogos، كە جێی میتۆس Mythos ی گرتووەتەوە، دەركەوتنی ماتماتیك، دەركەوتنی شار/ پولیسPolis، واتە دەركەوتنی بازرگانیی و كردەی سیاسیی.
“‘شاری میلیتMilet، یان میلتۆس، یش شاری لەدایكبوونی فەلسەفەی ڕۆژئاواییە و یەكەم شاری فەیلەسوفی یۆنانیی، تاڵێس Thales ـە””، ئەی بۆ ئێمە کوێ منداڵدانی فەلسەفەیە؟ چ شار و ناوچەیەک؟ تاڵێسەکەی ئێمە کێیە؟ ئەم لایەنە بۆ ئێمە بە ئاسانی دیاریناکرێت و مێژووی، هیچ نەبێت، دە سەدەی پێش زایینمان لێداوادەکات.
هاوكات ئەو گۆڕانەی لە سەدەی شەشەمی پێش زایندا، لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە دێتەسەر كۆمەڵگەی یۆنانیی، كاریگەریی زۆر لەسەر شوێنی تاك لە كۆمەڵگە و ئازادیی ئەم تاكە و دەركەوتنی چەمكی دێموكراسیی دادەنێت. ئەمەیش بەهۆی بەرینبوونی یۆنان، داگیركردنی هەندێك ناوچەی دەورووبەر لەلایەن یۆنانییەکانەوە، بازرگانیكردنی یۆنانییەکان لەڕێگای دەریاوە، چوونە دەرەوەی یۆنانییەكان بۆ دەرەوەی قەڕالستانی خۆیان و ئاشنابوونیان بە كولتووری نەتەوەكانی تر.
ئەمانەی لای سەرەوە باسکرا لەسەرێکی ترەوە وایانكرد، دراو/نەخت دەربكەوێت و جێگای ئاڵوگۆڕی شمەك بە شمەك بگرێتەوە. ئەم لایەنە كاریگەریی لەسەر ژینگەی سیاسیی شار بەجێهێشت و هۆكار بوو بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی سیاسیی و دەركەوتنی چین و توێژی كۆمەڵایەتیی (خانەدان/نەجیبزادە، خاوەنپیشە، پاسەوان، بازرگان و ..هتد). لێرەوە فەلسەفە دەردەكەوێت و ئاوەز شوێنی ئەفسانە دەگرێتەوە. بەپێی ئەوە بێت، کە باسکرا، ئێمە، کە بەشێکین لە شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیا روون نییە لە مێژووی هزرییماندا کەی ئەفسانە شوێنی لێژبووە و ئاوەز جێگای گرتووەتەوە.
پێمانوایە، ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسکرا، زێدە گرنگە لە باسی کۆڵینەوە لە مێژووی ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە. بۆ شارستانی یۆنانی کۆن دەركەوتنی فەلسەفە هەڵاوگۆڕان بووە لە بیری ئەفسانەییەوە بۆ بیری ئاوەزیی. مێژووکردان پێێانوایە ئەم شێوە دەركەوتنەی فەلسەفە لە یۆنانی كۆن، دیاردەیەكی سەرنجڕاكێشی ڕۆژئاواییە؛ واتە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا دەركەوتنەی فەلسەفە بەو شێوازە یۆنانییە نەبووە، کە ئەمە ئێمەش دەگرێتەوە. سەرباری ئەوە، دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنان مۆركێكی ئاینیی بەسەرەوە نەبووە، وەك ئەوەی لە دەرەوەی شارستانیی ڕۆژئاوا (چین، میسر، وڵاتی فارس و هیندستان) ئەو مۆركەی بەسەرەوە بووە. ئەم لایەنە ئێمەش دەگرێتەوە؛ ئێمە، کە سەربە دەڤەری شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیی بووینە. کەواتە پرسیاری فەلسەفەهەبوون پێویستە بۆ ئێمە گرنگی خۆی هەبێت. ئەم گرنگییەش لە پەیوەندیدایە بە دیرۆکی ڕەچەڵەکی فەلسەفەوە. ئەو دیرۆکە ئەوەمان فێردەکات، کە ئەوەمان لا پرسیاربێت ئایا فەلسەفە لەناو ئێمە پاشخانی هەیە؟ ئەم پاشخانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ پێش ئیسلام؟ دوای ئیسلام؟ پێش یان پاش زایین؟

بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟

بۆئەوەی دادوەرییەکی لۆژیکییانە لەسەر هەبوونی فەلسەفەیەکی کوردی بکەین پێویستمان بەوەیە دانبەوەدابنێین، کە بوونی فەلسەفە پەیوەستە بە بوونی سیستەمێکی هزرییەوە. ئەمەش داوای ئەو هزرەڤانانەمان لێدەکات، کە ئەم سیستەمە هزرییەیان دامەزراندووە. جا کوا لەناو ئێمە ئەو سیستەمە هزرییە و کواش هزرەڤانەکانی؟ لە جیهانی عەرەبی کەسانێکی وەک ئیبن سینا یان فارابی ئەمەیانکردووە، لە رۆژئاواش کەسانی وەک کانت، دێکارت. بۆیە فەلسەفەهەبوون واتە بوونی سیستەمێکی هزریی، ئەمەش واتە بوونی ئەو کەسانەی هزرێکی سێستەماتیکی یەکانگیر و هەماهەنگییان هەیە. کە ئەمەش هەبوو، یان بوونی فەلسەفە لەم چوارچێوەیەدا بێت، ئەو کات بزاڤ و شەپۆلی فەلسەفیش بوونی دەبێت.
سەرباری ئەوە، با ئەوەشمان لەبەرچاوبێت، کە لە سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆژیای زانیاری و لەم دوایەش زیرەکی دەستکرد، کارێوایکردووە دروستبوونی فەیلەسوف لەسەر شێوازی ئەفلاتون و هێگڵ و سپینوزا و دێکارت خۆی لە ئەستەمی ببینێتەوە. لە ئێستادا، ئەوەندەی خۆمان لەبەردەم بوونی بیرمەند و ڕۆناکبیریی گەورەدا دەبینینەوە هێندە خۆمان لەبەردەم فەیلەسوفی مەزندا (ئەریستۆ، رۆسۆ، ڤۆلتێر) نابینینەوە.

ماویەتی……………

ئازاد حەمە




شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفە شەقامە یان زانکۆ؟-بەشی چوارەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟-.. ئازاد حەمە

ستێفن ھاوکینگ لەناو بازاڕ دروستنابێت

بەشی چوارەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

فەلسەفەکردن لە شەقام

شەقام، شوێنێکی گشتییە، ئەو فەزایەیە، کە هەموان بە گشت جیاوازییەکانەوە لە خۆدەگرێت. لەڕووی مێژوویشەوە لە شەقامدا هەردەم کەیس جوڵێنراوە و سوود لە ڕووبەرەکەی بۆ وتنی نەخێر یان بەڵێ وەرگیراوە. بەڵام شەقام بێ لایەن نییە؛ هێزی سیاسی چاوی لەسەریەتی و سەرلەبەری شەقامیش نە ئازادە و نە سەربەخۆ.
بائەوەشمان بیرنەچێت، کە شەقام(گۆڕەپانی ئاگۆراAgora) شوێنە کۆنەکەی فەلسەفەیە، لەوێڕا فەلسەفەی شەقام هاتەدونیاوە و زۆر شتی هەنووکەییش وروژێنرا و گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ دادپەروەری، جەنگ و تادەگاتە بابەتی ڕاستی و باشە و خراپە. مێژووی فەلسەفەش دەمێکە ئەوەی پێڕاگەیاندووین، شەقام ئەو پانتاییە جەماوەریەیە، فەلسەفە پێویستیپێیە. سوکراتیش لە شەقام فەلسەفەی دەستپێکرد و هەر ئەوێش بوو کردییە فەیلەسوفی فەیلەسوفەکان. هەرچی ئێمەین نە شەقام و نەش هۆڵەکانی زانکۆکان توانیان هاوکارمانبن فەلسەفە وەک پەتا بڵاوبکەینەوە.
هەر لەم سۆنگەیەوە ئەوەش دەڵێین: فەیلەسوف، کە دێتە شەقام، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەوە لە سوکراتەوە فێربووبێت چۆن دەفەلسەفێنێت، چۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ گشت لەوێڕا ڕێکدەخات. هەر فەیلەسوف دەکارێت ئەو پرسیارەش بجوڵێنێت، کە کێ خاوەنی شەقامە یان شەقامی بەدەستەوەیە؟
فەلسەفەکردن لە شەقام سەرلێشێواوی نییە، فەلسەفەش بەلاڕێنابات؛ ئەمە بەشداریپێکردنێکی مەدەنییانەیە. بگرە ئەمە دەرەچەیەکیترە بۆ داکۆکیکردن لە فەلسەفە و جەختکردنیشە لە ویست بۆ فەلسەفە؛ ئەو ویستەی فەلسەفە وەک پێویستییەک نمایشدەکات.
فەلسەفە بەخۆی شتێکی سەرپێێ و هەڕەمەکی نییە؛ فەلسەفەکاریش بۆئەوەی لە شەقام دا فەلسەفە بکات دەبێت پێشوەختە هەندێک کارزانی و لێهاتوویی لە خۆیدا نەشونماپێدابێت. ئەو کارزانی و لێهاتووییە پێشوەختەیە هاوکاریدەبێت لێزان بێت لە چۆنیەتی وروژاندنی پرسیار و دۆزینەوەی وەڵام.
هەر لە شەقامدا، لەو حاڵەتەی فەلسەفەی تیادەکرێت، زمانیش جێگایسەرنجە. شەقام زمانی خۆی هەیە. کەواتە فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت زمانێک بۆخۆی لەوێدا داتاشێت. ئەم زمانەش وا لە گەرووی ئەو شارەزایە لە فەلسەفە، کە دێتە شەقام بۆ هێنانەگۆی خەڵک.
چەمکسازییە فەلسەفییەکان لە شەقامدا دیوی تر وەردەگرن. ئەم شوێنە وەک نێوەندی ئەکادێمیی نییە؛ لەبەرئەوە زەمینەسازییەکانی فەلسەفە لێرە ئامانجی تر دەپێکێت تا هزر لەناو بازاڕ جێگا بەخۆی بگرێت.
کەواتە دەپرسین: کوێ شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە؟ نێوەندی ئەکادێمیی هەروەک شەقام دەکارێت بیری فەلسەفیی بجوڵێنێت و پرسیارسازی خۆی دروستبکات. ڕەنگە زۆرێک پێیانوابێت شەقام ئاستی فەلسەفە دێنێتە خوارەوە. ڕاستە فەلسەفە زمانی تایبەتی خۆی هەیە و ناشێت بەشەقامکرێت، بەڵام بردنی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام لێزانی دەوێت و کەسی فەلسەفەکار دەبێت بزانێت چۆن فەلسەفە لە خەڵک نزیکدەکاتەوە و خۆشەویستیشیدەکات. هەندێکیش پێیانوایە فەلسەفە لەناو شەقامدا نەشونمادەکات، لەوێ لە خەم و پەژارەیی خەڵک حاڵیدەبێت.
ئەی زانکۆ شوێنێک نییە بۆ دروستکردنی پرسیار؟ بیرکردنەوە؟ باشە کێ لە زانکۆدا ئەمە بکات؟ زانکۆ بۆ فەلسەفە هێجگار پێویستە. ئەوێ تێڕامان دەخاتە دۆخێکی دڕدۆنکانەوە؛ تووڵەڕێیەکانی سەلیقەیی گەڵاڵەبوون بەخۆوەدەبینن و قاڵبوونەوە دەستپێدەکات. لەسەر ئەوەش وەستاوە کێ لە زانکۆ فێربوونی فەلسەفە دەدات و بەناو پێچاوپێچی و خواری هزرماندەبات و تێرامانی فەلسەفیی لە پەژمەرین و سیسبوون دەپارێزێت. کەواتە زانکۆ، نەک شەقام، شوێنی گۆڕینی وێنەیە لەسەر فەلسەفەسازیی وەک ئەرکێکی هزریی و دەرفەتیش لەبەردەم فێربوونی فەلسەفەدا دەکاتەوە.
ئەوەی لە شەقام فەلسەفە دەکات، بەدڵنیاییەوە پێویستە پاشخانێکی چاکی ئەکادێمیی هەبێت و ئاشناش بێت بە مێژووی فەلسەفە. ئەم، کە لەوێ فەلسەفە دەکات، دەزانێت ئێرە شەقامە هۆڵەکانی زانکۆ نییە. ئەوەی لە زانکۆوە دێت بۆ فەلسەفەکردن لە شەقام ئەزموونی فەلسەفەسازی و بیرکردنەوەی هەیە؛ بۆیە بۆ ئەو یەکێک لە ئامانجەکانی فەلسەفەکردن لە شەقام هەر پارچەپارچەکردنی پرسیارە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفە مەزنەکان نییە چۆنیەتی کرانەوەشە بەڕووی پرسیارە سادە و خێرا ڕۆژانەییەکانی هاوڵاتیاندا.
لە گۆشەنیگای زۆرێک لە خەڵکی شەقام(خەڵکی عەوام)، تەنانەت ئەکادێمیش، پێیانوایە، کاتێک نووسینێکی، یان کتێبێکی، فەلسەفیی دەخوێننەوە سەریانژاندەکات. ئەم سەرە دەبێت چ سەرێک بێت بە خوێندنەوەی شتی فەلسەفیی ژانکات! ناواخنە سەرنجڕاکێشەکەی نووسینی فەلسەفیی ئەوەیە، کە سەرئێشە ناهێڵێت، کەچی ئەمان وەک سەرچاوەی سەرئێشە تەماشایدەکەن. فەلسەفە لەگەڵ دەرکەوتنیدا چارەسەری لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەر لەبەر ئەوە زوو خەسڵەتی چارەسەرسازی تێدا دەرکەت.
حەیف لە دەم و کاتێکدا گفتوگۆ لەبارەی جێگۆڕکێ بە فەلسەفەکردن دێنینەپێشەوە، کە زانستگەرایی و زانینی پۆزەتیڤیستی زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و ئەوەش لە هەندێک ڕوەوە هێرشە بۆسەر فەلسەفە و تاوانبارکردنی بەوەی، کە فەلسەفە ئیدی دادمان نادا و بەشێکیشە لە بیرکردنەوەی وڕێناوی و مێتافیزیکیی. واتە ئەم دەمەی ئێستا فەلسەفە کاتەکانی تیا بەسەردەبات دەمی زیرەکی دەستکردە، ئەگەرچی دەمی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەی تایبەت بەخۆی دێنێتەکایەوە، لێ ئەم دەمە دەمێکیشە بە ئاسانی لەگەڵ فەلسەفەدا لە کارلێک نابێت.

شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە

بۆئەوەی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد وەک شەقامێکی بێ فەلسەفە نەبینیین بە چاکی دەزانین بە دوو پرسیار سەرەتای ئەم لقە باسە بکەینەوە: هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرد باڵ بەسەر فەلسەفەدا دەکێشێت؟ چارەنوسی گفتوگۆ سوکراتیەکان، کە لە ڕیشەدا گفتوگۆگەلێکی شەقامیین، چییان بەسەر دێت؟ دەکرێت بوترێت، کە زیرەکی دەستکرد سەراپای ئەوەی فەلسەفە، مێژووی هزر، پێیگەیشتووە بەهەدەر نادات و فەلسەفەیەکیش تایبەت بەخۆی دەخاتەگەڕ، کە چەپکەبیرکردنەوەیەکی عەقڵیی پوختە. ئەم زیرەکییە، کە بەرهەمی لۆژیکێکی چڕە، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دابڕاوناکات لە فەلسەفە و کاریش بۆ بنبڕکردنی فەلسەفە ناکات.
کاتی زیرەکی دەستکرد کاتێکی پوختە؛ ئەم کاتە مرۆڤی پوخت، کۆمەڵگەی پوخت بەرهەمدێنێت. هەر ئەم کاتە داوای جۆرێکی تر لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی، پرسیاری فەلسەفیی دەکات. کاتەکە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جوداوازی دەبێت و ڕاڕایەکانی ئەم کاتەش لە زۆر لاوە لە لەمەوبەری ناکات. چونکە بەهاکان، بوونی مرۆیی تادەکاتە بابەتە ئاکارییەکان بەجۆرێک لەژێرسایەی زیرەکی دەستکرد دا بەرهەمدێن تێگەیشتنی سادە و لاوەکی دەرەقەتی نایەن. کەوابێت، کاتی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی پەلەکێشی ناو ئەو کاتە دەکات.
شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی کلاسیک نییە و هەروەک شەقامەکانی سەردەمەکانی تر دابڕاو نییە لە نیگەرانییە بووناوییەکان. لەبەرئەوە ئەم شەقامە تا بکارێت لە ڕووداوەکانی زیرەکی دەستکرد بدوێت فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی دەوێت.
فەلسەفە لە شەقامی ناوبراودا بوونی پێویستە، تا زانستپەرستی دروستنەبێت و مرۆڤی ژیر نەبێتە پێوانە بۆ مرۆڤی باش، دادپەروەر و مرۆڤدۆست. بەواتایەکیتر، بۆئەوەی ئەم زیرەکییە مرۆڤ بەرەو کۆیلایەتی زانستیی و کۆمپیوتەرپەرستی نەبات، فەلسەفە شانبەشانی زیرەکی دەستکرد چاودێردەبێت بەسەر خودی زیرەکییەوە،.
ژێرخانی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە. ئەم شەقامە هەروەک ئەوانیتر چەمکەکانی وەک داد، ئازادی، ئەوینداری، ماف، گەندەڵی و بەختەوەری لا بابەتە. ڕاستە سەردەمی زیرەکی دەستکرد سەردەمی چڕبوونەوەی داتا و زانیاریە، کە لە ڕێگای کۆمپیوتەر و ئامێرەکانەوە دەگات بە شەقام، بەڵام شەقام لەگەڵ کاتدا نوێنەرایەتی ئەو ئامێرانەدەکات و بەکاریشیاندەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
لەبەرئەوەی زیرەکی دەستکرد جێگرەوەی مرۆڤ نییە بوونی فەلسەفە لەوێندەرێ بێگومانە. فەلسەفە باوەڕی بە زیرەکی دەستکرد هەیە و کاریشیتیادەکات تا زیرەکی مرۆڤ هۆکارێک بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دیاردانەی ڕێگریدەکەن لە ئازادی و ئارامی مرۆڤی کۆمەڵگەی زیرەکی دەستکرد.
زیرەکی دەستکرد بەجۆرێک لە شەقام خۆی دەخاتەڕوو بەهانەی زیاتر دەدات بە فەلسەفە تا پاساو بۆ ماناوەی خۆی لە بیرکردنەوەی مرۆڤی شەقامی زیرەکی دەستکرد دا بهێنێتەوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد لە دەرەوەی بواری فەلسەفە نییە، بەخۆی لقێکە لە فەلسەفەی عەقڵ و فەلسەفەی زانستی کۆمپیوتەر. واتە هەماهەنگیی نێوان فەلسەفە و زیرەکی دەستکرد عەقڵە و قەبارەی وەگەڕخستنی عەقڵیش لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکرد دا زیاتردەکات.
ئەوەش شایانی وتنە، کە هەرچی بزووتنەوە فەلسەفییەکانە لەگەڵ هاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕەوتی فەلسەفییان گۆڕانی بونیادی دێتەسەر، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد پڕزانیارییە و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەش توانای وتنی خێرا و کردەی خێرایان زۆرە. وێڕای ئەوە، لەم شەقامەدا گفتوگۆی فەلسەفیی بەردەوام دەبێت، بەڵام مرۆڤەکانی ئەم شەقامە بەپێی ئەوەی فرەزانیاریین لە گفتوگۆکانیاندا زۆرتر دەخەنەڕوو و تێڕامانیشیان پتر ئێپیستێمۆلۆژیانە(مەعریفیانە) دەبێت تا پێچەوانەکەی.
مایەوە ئەوەش بوترێت، کە لەبەرئەوەی لەگەڵ هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرددا زانین بەگشتیدەکرێت، ئەمە وادەکات زانینی زانستی، کە لۆژیکییە، بەرزترببێتەوە لە کۆمەڵگەکاندا، بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە؛ زانینی لۆژیکی لە گشت لایەکەوە هێرش دێنێت و باڵ بەسەر ژیانی سادەی تاکەکاندا دەکێشێت. لەم حاڵەتەدا ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەی بەرهەمی زیرەکی دەستکردە لێکسیکۆنی فەلسەفەکەی سەرلەبەر جیادەبێت.

فەلسەفە هی هەموانە

سەبارەت بەوەی فەلسەفە هی هەموانە ئەمە بەو مانایە دێت، کە خەڵکی گشتی لێیتێدەگات؟ یان بەپێچەوانە؟ فەلسەفە بۆ هەموان، ئەمە خەمڵاندن نییە، پێموابێش نییە، شتێکی نزیک لە ڕاستییە. فەلسەفە، کە بەشی هەموانی تێدایە میراتێکی مرۆیی هاوبەشە و سەرتاسەریشە. بۆیە ئەم میراتە بۆ بیرکاریزانەکان وەک مێژووکرد و رۆماننووسەکان تادەگاتە خەڵکی سادە پێویستە.
دورخستنەوەی فەلسەفە لە کورد پێماندەڵێت، کە فەلسەفە هی هەموان نییە. بەڵام تێگەیشتنی فەلسەفە هی هەموانە، هاوکارماندەبێت تا ئەوپەڕی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانمان بەکاربەرین. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شار بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین، …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.
ئەوەی لای سەرەوە باسکرا، بەرەو سەرنجخستنەسەر فەلسەفەی گشتییمان Public Philosophyدەبات. ئەم فەلسەفەیە هەر وەک فەلسەفە ئەکادێمییەکە پێویستدەکات بەدەست شارەزایانەوە بێت لە فەلسەفە. لەم گۆشە نیگایەوە، فەلسەفەی گشتی پێویستی بە شیکاری فەلسەفیی هەیە. ئەم شیکارییە خودی فەلسەفە نزیکدەکاتەوە لە زۆرینە، ئەوەش بەهۆی گفتوگۆکردنی نیگەرانییەکانی تاکەوە. گومانیناوێت فەلسەفەی گشتی جۆرە تەمومژاوییەک لەگەڵ خۆیدا دێنێت، لێ لەگەڵ کاتدا دەبێت بڕەوێتەوە.
فەلسەفەزانە ڕۆژئاواییەكان لە یۆنانەوە تائێستا كاریان لەسەر ڕوونكردنەوەی واتای فەلسەفیی فەلسەفەکردووە و ئەوەیشیان لە تێگەیشتنماندا بەرجەستەكردووە، كە بەهۆی فەلسەفەوە لەگەڵ جیهان و خۆمان و ئەوەی تردا لە دیالۆگداین. وەکیتریش، دیالۆگە فەلسەفییەکان دیالۆگگەلێکی هەڵوەشانەوەگەران، یەکدی هەڵدەوەشوێننەوە، ڕەتدەکەنەوە و دواتر ئەوە دەسازێنن، کە پێویستی هزریی مرۆڤە. ئەمە وادەکات، کاتێک فەلسەفە دەهێنرێتە شەقام دەستەواژە فەلسەفییەکان لە ئاڵۆزیی بخرێن.
ئەوەی وترا ئەوەمان پێدەڵێت، کە “”فەلسەفە لە كۆمەڵگە كار بۆ دروستكردنی بەها دەكات و ڕێزگرتن لە جیاوازییەكانیش بەهاداردەكات و ڕەوشتی پێكەوەژیانیش واتابەخشدەكات. ئەڵبەتە هەر فەلسەفەشە هەستی ڕەخنەیی سەبارەت بە كێشەی ڕەوشتی، ژیانی ڕەوشتی، ئەركی ڕەوشتی، پرۆسەی ڕوناكبیری و…. هتد دروستدەكات و پرسیاری مرۆڤیش لەسەر مرۆڤ دەوروژێنێت””.
بەپێی تێگەیشتنی لوك فێری Luc Ferry فەلسەفە بریتیی نییە لە “ڕۆشنبیری گشتیی”. دیارە ئەمەیش ئەوە ناگەێنێت مرۆڤەكان هەوڵنەدەن تێگەیشتنیان لەسەر فەلسەفە نەبێت. هۆی ئەمەیش بۆ دوو شت دەگەڕێنێتەوە: لەلایەك لەبەرئەوەی “بەبێ فەلسەفە ناتوانین لە جیهان بگەین”. لەلایەكی تر لەبەرئەوەی “دیدی ئێمە بۆ جیهان، كە لەمیانەی مێژووی هزرەوە پێكهاتووە پێویستمان بەوەیە لە ناواخن و لۆژیكی ئەم دیدە بگەین”. لوک فێری بۆچوونی وایە، کە گومانی ناوێت، كە خوێندنەوەی كەلەپووری هزری مرۆڤایەتیی یارمەتیی ئەوەمان دەدات باش و سەربەستانە بژیین. “هەندێك لە هزرەڤانە هاوچەرخەكانیش پێیانوایە ئەوان بۆ خۆشی فەلسەفە ناكەن و تەنانەت لەبەرئەوەیش فەلسەفە ناكەن تا باشتر لە خۆیان یان لە جیهان بگەن، بەڵكو بۆئەوە فەلسەفە دەكەن تا خۆیان بپارێزن”.

ستێفن ھاوکینگ بەرهەمی گفتوگۆ زانکۆییەکانە نەک شەقام

ستیفن ھاوکینگ Hawking لە بازاڕ دروستنابێت؛ ئەم بەرهەمی زانکۆ و توێژینەوە پڕدژوارە فیزیاییەکانە تایبەت بە گەردوونناسی. بۆیە لێرەدا دەپرسین: دەتوانین گفتوگۆ گەردووناوییەکانی ھاوکینگ ببەینە ناو بازاڕ؟ بەڵێ بەو مەرجەی وردەکارییە ئێپیستێمۆلۆژییەکانی(مەعریفییەکانی) فەلسەفە فیزیاییەکەی دەستکارینەکەین. گەروابێت ئەوا ئەو جۆرە گفتوگۆیە تێنەگیشتن لە شەقام دروستدەکات، ئەوەش لەوسەرەوە بێزاری دروستدەکات.
بازاڕ لەگەڵ تێنەگیشتن پەیوەندی باش نییە و بیرکردنەوەی تریش لە تێنەگەیشتنەکانەوە دروستناکات. ئەی چیبکرێت؟ باشترە فەلسەفەی فیزیای هاوگینگ لە درشتیا جێهێڵرێت بێ چونە قوڵاییە گەردووناوییەکان. واتە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆکان بەرەو ئایین، مرۆڤ، بوونی خوا دەبرێت.
لە بازاڕ، هەردەم گفتوگۆ لەسەر باشە و خراپە، دیندار و بێ دین، داد و بێ دادی، ئیماندار و بێ ئیمان، بەڕەوشت و بێ ڕەوشت ئامادەبوونی خۆی هەیە. بۆیە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆی نێوان فەلسەفە و فیزیا دەهێنرێتە ناو شەقام.
بازاڕ بازاڕە، پێوەری تایبەت دەیباتەڕێوە. ئەگەرچی زانکۆ ئەمرۆ خەریکە ملکەچی بازاڕ دەبێت و گوێ لە داواکانی دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەکۆتایدا، هەر زانکۆ دەبێت سنور بۆ قەڕاڵستانی بازاڕ دانێت و کار لەسەر بەمرۆیبوونیشی بکات.
بیردۆزە فیزیاییەکانی ھاوکینگ سەبارەت بە یەزدان و ڕەچەڵەکی گەردوون لە شەقام وەک خۆی جێگای خۆی ناکاتەوە، چونکە ئەو بیردۆزانە پێویستی بەجۆرێک لە ڕوناکبیریی فیزیاییە، کە لە شەقامدا دەستناکەوێت.
ڕاستە، کە ئێمە داکۆکی دەکەین لە دروستکردنی گفتوگۆی فەلسەفیی سەبارەت بە فیزیا، کە ئەوانەش دەمانبەن بەرەو دەڤەری تر لە گفتوگۆ، کە ڕەنگە ئەو هەل و مەرجە لە بازاڕ(شەقام) دەستنەکەون، بۆیە دەبێت خۆمان لەو ڕاستییە گێلنەکەین، کە شەقام زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج نییە، شەقام شەقامە و هیچیتر. هەر بۆنموونە، گەردوون، کە سیستمێکی ئاڵۆز و ناهەڕەمەکیی و ناشێواوە، لەناو بازاڕ بەو ئاڵۆزییە گفتوگۆناکرێت، کە لە نێوەندی ئەکادێمی فیزیادا گفتوگۆدەکرێت.
تێگەیشتنەکانی ھاوکینگ، کە زۆرجار دەمانبات بەرەو بەستنەوەی دۆزەخ و بەھەشت بە بوون و نەبوونی یەزدانەوە، ناکرێت لە بازاڕدا ئەو گفتوگۆیانە بەو جۆرە سازبکرێت، کە فیزیای هاوچەرخ لە زانکۆ کاریتیادەکات. بەڵام ئەمە ئەوەش ناگەیێنێت، کە زانکۆ توانیویەتی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بنبڕکات، کە لە بازاڕ دا جمەی دێت.
شەقام شپرزە و قەرەبالغە، بەڵام هێشتا بیرکردنەوەی تیایە. ئەو بیرکردنەوەیەی لە شەقام دا هەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە. شەقام وەک زانکۆ نییە، ئەوێ شوێنی ململانە ڕۆژانەییەکانە لەپێناو بژێوی ژیان. لەوێ پرسیاری تر بەرهەمدێت، کە لە هۆڵەکانی زانکۆ دروستنابێت. هەروەها کێشەکانی شەقام ڕەسەنترن و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ژیاندەکەن، و توانای جوڵانەوەی پرسیاری سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیشیان هەیە.

بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە

لە شەقام لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە سادەکان. بەڵام لە زانکۆ لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە دژوار و گومڕاکان. بۆنموونە، تێگەیشتن لە ئارگیومێنتە فەلسەفیەکان دژواریی خۆی هەیە؛ ئەمە لە هۆڵەکانی زانکۆ ئاساییە تێنەگەیشتن دروستبکات، بۆیە گواستنەوەی بۆ شەقام سەلیقەیی و کارزانیی دەوێت.
لەبەرئەوە شەقام بۆ ئەو تێگەیشتنە بەکاردەبرێت، کە چۆن فەلسەفە بتوانێت ژیانت بگۆڕێت، واتلێبکات چێژ لە ژیانکردن وەرگریت. واتە دەکرێت لە شەقام ئەو تەماشاکردن و تێگەیشتنە لەسەر فەلسەفە دروستکرێت، کە فەلسەفە بۆ ئێمەیە و لە ناو چەقی ژیاندا ئامادەیە. ڕوونکردنەوە ئەگەرییەکانی تر، کە بابەتی سەرەکیی فەلسەفەن باشترە لە نێوەندی ئەکادێمییدا بوروژێنرێت، کە لەوێدا ئاساییە ئەو کێشە فەلسەفییە سەرەکییانەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، کە بۆ فەیلەسوفەکان ماناداربوونە.
بەپێی ئەوە بێت، کە لایسەرەوە قسەی لەبارەوە کرا، شەقام زانکۆ نییە، لێ شوێنێکی چاکیشە بۆ جوڵانەوەی پرسیاری فەلسەفیی تایبەت بە ژیان: یەزدان، ڕاستی، داد، شادی، ، چێژ، قەدەر، بەختەوەری، درۆ و….. . لەبەرئەوەی ئەم چەمک و دەستەواژانە هی هەموانە ساناترە گفتوگۆکردنیان لەچاو هەندێک چەمک و زاراوەی تر: ڕەچەڵەکی گەردوون، مانای نائاگایی بۆ ئاگایی، دەرئەنجامی زانین، بەڵگەسازیی، دیالۆگی دەروون و عەقڵ و پاساوی لۆژیکیی و….. .
لەوەی لایسەرەوە وترا، دەبێت ئەوەی لێوەفێربین، کە بەدواداچوون بۆ مێژوو و نەشونمای دیدە فەلسەفییەکان لە جیهانی ڕۆژئاوادا بۆ نێوەندی زانکۆ پێویستییەکی هزریی و زانکۆییە، لێ ئەمە بۆ شەقام ئەو پێویستە نییە، یان هیچ نەبێت چوونە قوڵایی دیرۆکی لەمێژینەی فەلسەفەی رۆژئاوا بۆ شەقام ئەو گرنگە نییە و وروژاندنیشی ناتێگەیشتن دروستدەکات.
گواستنەوەی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام ئایا بەوە فەلسەفە پێگەی ئەکادێمیی و ڕوناکبیریی خۆی لەدەست دەدات؟ ئەڵبەتە نەخێر. فەلسەفە، کە دێتە شەقام، لەسەر دەستی شارەزا و پسپۆر لە فەلسەفە، ئەوکات زۆرتر لە خەڵک، لە جەماوەر نزیکدەبێتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆئەوەی پرسیارە فەلسەفییە مەزنەکان ڕووبەڕووی خەڵک بکرێنەوە و بەشداریشیانپێبکرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵام و وروژاندنی بیرکردنەوە.
ڕێگاکە، باشترین ڕێگایە بۆ زیندوو هێشتنەوەی فەلسەفە و نزیککردنەوەشی لە ژیان. بەمە فەلسەفە لەوە دەکەوێت وشک و توند دەرکەوێت و خۆی سەروی کۆمەڵگە نیشاندات. هەر ئەم ڕێگایە گەڕانەوەی فەلسەفەیە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفە و کردنیشی بە بەشێک لە تێڕامانی بەردەوام.
کاتێک فەلسەفە تەنها لە هۆڵەکاندا گیردەکرێت، ئەمە وا لە فەلسەفە دەکات خۆی دابڕاو و دەستەبژێریی نیشاندات. بۆیە فەلسەفە پێویستی بەوەیە لە هۆڵەکان وەدەرنرێت و تاو تاوێک بچێتە شوێنە گشتییەکان (پاڕک، گۆڕەپان،قاوەخانە، … ) و ئەو بابەتانە گفتوگۆبکات، کە کێشەی رۆژانەی هاوڵاتیانن؛ لە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە تادەگاتە کێشە رەوشتی و دەروونی و بووناوییەکان.
بە بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە فەلسەفە ئەو بەرگە توڕدەدات، کە بەزۆرکراوە بەبەریا؛ بەرگێک، کە هەمیشە پێماندەڵێت فەلسەفە وشک و ئاڵۆز و ڕەقە.
ئەم هاتنەسەر جادەیەی فەلسەفە وا لە فەلسەفە دەکات وەک هی هەموان تەماشابکرێت، وەک ئەوەی فەلسەفە ئەوەیە، کە پێویستمانە و دەتوانێت قسەمان لەسەربکات. تا وایلێدێت وردە وردە فەلسەفە خۆی دەکات بە گشت شوێنێکی ژیانمان؛ ناو خێزان، کتێبخانەکان، قاوەخانە کولتووریی و باخ و شوێنە گشتییەکانیتر.
وێڕای ئەوە، کاتێک فەلسەفە لە هۆڵی وانە و سێمینارەوە دێتە شەقام خۆی پتر دەناسێنێت و زۆرتر لەسەر خۆی دێتەگۆ. فەلسەفە، کە ناسراوە بەوەی گفتوگۆی شتی جیاوازدەکات، لە شەقامەوە دەستدەکات بە روژاندنی گفتوگۆی نوێ و پێویست.
بابەتەکانی شەقام دەکرێت خۆی لە بابەتگەلی وەک تەنهای، ئازادی، بێدەنگی، خەمۆکی، بەختەوەری، بێهیوای و بێباکی و زۆرێک چەمک و دەستەواژە بدات، بەڵام ئەوانەی کۆری سەرشەقام رێکدەخەن دەبێت لە مێژووی هزر و فەلسەفە شارەزابن و توانای رونکردنەوە و ڕاڤەی دیاردەکانیان بە سەلیقەیی و سانایی هەبێت.
بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە جێ پەنجەی زانکۆ، نێوەندی ئەکادێمیی، بە شەقامەوە دیاردەبێت. بەو مەرجەی پسپۆر لە فەلسەفە توانای جوڵاندنی پرسیارەکانی شەقام و نیگەرانییەکانی خەڵکی هەبێت. لەم بارەیەشەوە ئەزموونی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل ئۆنفرێ Onfray و روناکبیری ئەمەریکی ئیان ئولاسۆڤIan Olasov سەبارەت بە فەلسەفەکردن لە شەقام جێگای باسن.
کاتێک فەلسەفە لە هۆڵەکانەوە بەرەو شەقام دەبەین گرنگ لەوە بەئاگابین، کە بابەتی فەلسەفە زۆرن. ڕەنگە بەشێکییان ئەوانەبن، کە ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین: داد چییە؟ بۆ دادپەروەری دەبێت هەبێت؟ زانین چییە؟ ئەڤین یان جەنگ چییە؟ باشە یان خراپە چییە؟
کێش لەوێ، لە شەقام، قسە لەم پرسیارانە بکات و چۆن فەلسەفەکردن لە شەقام بکرێت ئەوەش بابەتن بۆ بیرکردنەوە. واتە پرسەکانی ڕۆژ پێویستدەکات زوزو فەلسەفەیان بەسەرەوە بکرێت. بەس لەسەر ئەوە وەستاوە کێ ئەوە دەکات؟ لەبارەی پرسەکانی ڕۆژیشەوە دەبێت جیاوازیبکرێت لەنێوان ئەوانەی سەبارەت بەم پرسانە چەنەلێدەدەن، زۆربڵێی دەکەن و ئەوانەش حیکمەتدەفەرموون.
بەڵگەشمان لەسەر بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە ئایاری 68 ی پاریسە، کە لە سەردەمی نوێی فەلسەفەدا باشترین نموونەیە لەسەر فەلسەفەککردنی شەقام. بیرمەندە فەرەنسییەکان ئەو دەمە خۆیان و خوێندکارەکانیان هاتنە سەر جادە بۆ دروستکردنی فشار و هێنانەکایەوەی گۆڕانکارییە بنەماییەکان. ئەمەش وایکرد لەدوای خەباتی شەقامی ئایاری 68 ی پاریسەوە فەرەنسایەکی تر لەدایک بێت.




ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟.. بەشی سێهەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. ئازاد حەمە

پێویستی بۆ فەیلەسوفە پێویستییەکی مرۆیی و شارستانییە

بە کورتی و پوختی هەر لەم سەرەتایەوە ئەوە وەڕووی خوێنەرانی ئەم باسە دەخەین، کە زۆرێک هەندێک جار دەپرسن: دەستکەوتە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا گەیاندمانییە کوێ، تا ئێمە قسە لەسەر بوون و نەبوونی فەلسەفە لەناو کورد دا بکەین؟ بێگومان ئەوە بەرهەمە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا بوو، کە تا ئەندازەیەکی گەورە، مرۆڤایەتییان بەرەو شوێنێک برد لە خۆی و دەورووبەری تێبگات. ئەوە فەلسەفەی ئەو بیرمەندانە بوو، وایان لە مرۆڤی سەردەمە جیاکان کرد لە ژیان دوورنەكەونەوە و خۆشەویستییان بۆ بوونی مرۆیی خۆیان هەبێت و سوودیش لە گۆڕینی بوونی كۆمەڵایەتیی خۆیان وەربگرن. هەر ئەوانیش بوون لە سەرەتای فەلسەفەوە کاریان بۆ ئەوە کرد، ئیشی فەلسەفە کۆڵینەوەبێت لە ڕاستی یان ناڕاستی دیاردەکان.
جەختدەکەینەوە فەلسەفە کردەیەکی هزرییە؛ فەلسەفە بۆ هەر فەیلەسوفێک بەجۆرێک دەخرێتە ژێرپرسیارەوە و گەر تەماشای مێژووی فەلسەفەش بکەین دەبینین هەر فەیلەسوفە و بەشێوەیەک تەماشای گرنگیی فەلسەفەی کردووە و لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری سەبارەت بەم چالاكییە هزرییە لادروستبووە.
هەندێک لە فەیلەسوفان لەمیانەی بەها ڕەوشتییەكانەوە دەچنە ناو پرسە فەلسەفییەکانەوە، هەندێکی تر لەمیانەی بوونی مرۆیی مرۆڤەوە و زۆرێکی تریش بەهۆی جەختكردن لەسەر پرسیارە مێتافیزیكییەكانەوە. بەهۆی ئەوەی، كە فەلسەفە هەڵوێستەلەسەر بوون و ئەو ژینگەیە دەكات، كە بوونەوەرەكان تێیدا دەژین، ئەمە وادەكات زۆنی فەلسەفە لەگەڵ كاتدا بەرین و بەرینتر بێت و بەسەر دۆزی ڕوناكبیریی كۆمەڵگەیشەوە مەحەكی دادوەریی بێت؛ ئاماژەیش بێت لەسەر توانای بیركردنەوە و ئاستی تێهزرین لەو كۆمەڵگەیە.
کەواتە مافی خۆمانە، ئێمەی کورد بپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ یان لە فۆرمێکی تری زمانەوانییدا دەکرێت ئەوە بوترێت: ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشیەکەی لەوەدایە، کە ئاڵاهەڵگری تێگەیشتنیشە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان.
بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری ناوبراو بدەینەوە پێویستمان بەوەیە، کە بزانین بابەتەکانی فەلسەفە چیین؟ خودی فەلسەفە چییە و چیش نییە؟ ئەم جۆرە پرسیارانە بەدوای دەرەچەی تردا وێڵماندەکەن تا تێمانگەیێنن، کە بەڵێ پێویستمان بە فەلسەفەیە. لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لەو دەرەچانە دەکەین: ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟ هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە یان هەڕەمەکیی؟ کێن ئەوانەی لەناو ئێمەدا لە بواری فەلسەفەیەکی پوختدا کاردەکەن؟کێ کتێبی فەلسەفیی دەنووسێت و کێ ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە؟ ئەی بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستدەکات؟ بۆ دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن؟
لەم بەشە و بەشی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاریدیش ددەینەوە.

ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟

پرسیاری ئێمەی کورد بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ پرسیارێکی لاوەکی نییە و هەردەم ڕووبەرووی ئەوانەش دەبێتەوە، کە بەدوای مێژووی فەلسەفەی ئێمەوە وێڵن. مێژووی فەلسەفەی ئێمە بە ئاسانی نانوسرێتەوە و تەنانەت باوەڕیش بەو شیکارییانە ناکەین، کە هەموو کەس فەیلەسوفە یان شتیک فەیلەسوفبوونی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا وایە، کە فەلسەفە ڕوناکبیرییەکی گشتی بێت. واتە زانیاری کۆکردنەوە بێت لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە و سەبارەت بە بابەتی جیاواز. بەڵام فەلسەفە زانیاریی گشتی و سەرپێی نییە. فەلسەفە بۆئەوەی فەلسەفە بێت دەبێت زانیاری گشتی تێپەڕێنێت و سەروی تێگەیشتنی باو و پەرت و لاوەکی بێت.
ئەو نەتەوانەی گرێدراوی ئیسلامن پێیانوایە سەردەمی زێڕینی خۆیانیان هەیە. لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەیەکدا وێڵن، کە پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی و بۆ ئەو مەبەستەش پۆلێک ناوی ڕوناکبیرانی خۆیانمان بەردەستدەخەن، کە سەر بەو فەلسەفە ئیسلامییەن. ئەی ئێمە؟ ، ئێمە کە وەک ئەوانیتر لەژێر ڕکێڤی ئیسلامدا بووینە خاوەنی سەردەمی زێڕینی خۆمانین؟ گەر بەڵێ، کەوابێت پرسیارێک لەو بارەوە خۆی زەقدەکاتەوە، کە بەم جۆرەیە: کوان ئەو پۆلە ڕۆناکبیرە کوردەی، کە کاریان لەسەر/لەناو فەلسەفەی ئیسلامدا کردووە؟ پێناچێت دەرکەوتنی ئیسلام لەم ڕووەوە بۆ ئێمە گرنگیی هەبووبێت و ماناداریش بووبێت بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێکی وەک ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا.
مەبەستی ئێمە لەوەی وترا ئەوە بوو، کە ئایا میراتی هزری ئیسلامیمان دەکرێت وەک فەلسەفە تەماشابکرێت؟ گەر ئەو میراتە وەک فەلسەفە تەماشاکرا، ئەی دەشێت ئەوانەی لەناو ئەو میراتە کاریانکردووە وەک فەیلەسوف ببینرێن؟ کەواتە گەر کاراکتەرە ئایینی یان نەتەوەییەکانمان (شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، و بەرەو مەسعود محەمەد و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و….تادەگاتە پیرەمێرد و قانیع و نالی و خانی و مەحویش) بە فەیلەسوف تەماشابکرێن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ نەخێر، و پێمانوانییە ئەوانە فەیلەسوفبن؛ دواتریش لە زۆر دیدی دییەوە دێینەوەسەر ئەم لایەنە.
هۆکاری ئەو نەخێرەی لای سەرەوەمان بەم پرسیارەوە گرێدەدەینەوە: شیاوە ئەوەی ڕوناکبیرە دیندارەکانمان، شاعیرە سۆفییەکانمان، سیاسییە ئاینییە نەتەوەییەکانمان کاریان لەسەر کردووە بە فەلسەفە (فەلسەفەیەکی ئایینداریی) ناویبنێین؟ باشە هیچ بەڵگەیەکی مێتۆدیی لەئارادایە، کە پێمانبڵێت: بەڵێ لەسەر دەستی ئەوان؛ ئایین و فەلسەفه، شیعر و فەلسەفە، سیاسەت و فەلسەفە، لەوێدا پێکەوە کاریان کردووە؟ بۆیشە وادەڵێین، چونکە بەشێکی زۆر لە دیندارەکانی ئێمە نەفرەتیان لە فەلسەفەکردووە و بە تێکدەری باوەڕداریی ئاینیشیان زانیووە و تەنانەت زۆرێکیش لە دیندارانی کورد ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە، و بەتایبەت فەلسەفەی رۆژئاوایی، ڕەتیانکردووەتەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی وترا هەر لێرەدا دەپرسین: فەلسەفە لەگەڵ باوەڕی ئایینیدا کۆکە؟ باوەڕدارە ئایینیەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ شتێکدا دەکەن بنەماکەی عەقڵە نەک ئەفسانە و گێڕانەوە؟ لێرەدا دەشێت ئەوەش بپرسرێت، کە ئاساییە بۆ ئەوانەی سەرقاڵی فەلسەفەن، کە ئەوەش بوارێکی عەقڵییە، ئەوانە بە فەیلەسوف بزانن، کە ئیماندارییان بەرەو فەلسەفە بردوونی؟
ئەو دوو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن ئەو ناوانەی پێشتر گۆکران ناتوانین وەک فەیلەسوف تەماشایانبکەین. مەبەست کارەکانیان ناچنە خانەی فەلسەفەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی ئەوانە نە سێستەمێکی هزرییان دروستکردووە و نەش کاریان لەناو سێستەمێکی پوختی فەلسەفییدا کردووە. سەرباری ئەوە، ئەوەش دەڵێین، کە شوێنکەوتووانی ئیسلام لە دەڤەری ئێمە لە دەرئەنجامی ڕوانگە ئاینییەکانیانەوە ڕوانگەی فەلسەفییان بەرهەمنەهێناوە. ئەم لایەنەش دواتر دێینەوەسەری.
لە پەیوەندی بەوەی لایسەرەوە وروژا ئەوەش دەپرسین،کە هزری ئیسلامیی ئێمە بۆچی هزرێکی فەلسەفیی قووڵی بەدوای خۆیدا نەهێناوە؟ یان بۆ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی ئیسلامیی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی ئێمەدا ئامانج نەبووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دوو پرسیارە لەوێوە دەستپێدەکەین، کە لە جیهانی عەرەبیدا ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بوونی هەبووە. هەر لەڕێگای ئەو ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەشەوە نەک هەر ئەمان لە پەیوەندیدا بوونە بە جیهانی رۆژئاواوە، بگرە خودی رۆژئاواش لەڕێگای فارابی و ئیبن روشد و ئیبن سیناوە لە پەیوەندیدا بوونە بە ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبی ئیسلامییەوە.
هەر سەبارەت بەوەی لای سەرەوە وترا، دوبارە دەپرسینەوە، ئایا ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیین؟ پێناچێت ئەوە بین. هیچ نەبێت لەوبارەوە بەهیچ جۆرێک لە ئاستی جیهانی عەرەبیدا نیین. گەر هەندێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە پێیانوابێت ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بووینە، کەواتە ئێمەش تایبەت بەم لایەنە دەپرسین: رابەرانی ئەو ڕوناکبیرییە کێن و کاریگەرییان چییە لەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئێمە بە جیهانی عەرەبی و رۆژئاواییەکانەوە؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، حاجی قادری کۆیی، مەلا کۆرە، مەسعود محەمەد، خانی و ئەوانیتر چ پردێکی هزرییان لەنێوان ئێمە و هزرەڤانانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دروسکردووە؟ لەسەر دەستی ئەو زاتانە لە کوێی فەلسەفەی یۆنانەوە دەستمانپێکردووە و چیمان لەم فەلسەفەیە، بۆ خۆمان و بۆ کولتوورەکانی تر، دروستکردووە؟
لێرەدا بائەوەش بوترێت، کە ئێمە بەشێک نیین لە فەلسەفەی ئیسلامیی، کە فەلسەفەیەکی عەرەبییە، بە هەردوو ئاقارە کۆن و نوێکەیەوە، هاوکات بەشێکیش نیین لە فەلسەفەیەکی رۆژئاوایی، کە مێژووە تازەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە، ڕێنێسانس، تادەگاتە دوا بزاڤ و تەوژمە فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستی رۆژئاوا(ئایدیالیزم، راسیۆنالیزم، بوونخوازی، پۆزەتڤیستی، بوونگەرایی و پاش بونگەرایی و پاشتازەگەریی و……). گەر بەشێکین لێیان، کوان بەشداری ئێمە؟ لە کوێ و کەی بە پۆلێک تەوژم و بزاڤی فەلسەفییەوە هاتوینەتە ناو فەلسەفەی ئیسلامیی و ئەوەش، کە پێێدەوترێت، فەلسەفەی رۆژئاوایی؟؟

هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی

فەلسەفەکردن بۆ کەسێکی وەک دێکارت لە گشت شارستانیەتێکدا پێوانەیە بۆ شارستانیبوون. روونتر بدوێین، بڵاوبوونەوەی فەلسەفە لەناو كۆمەلگە و نەتەوەكان (شارستانیەكان) دا بۆ دێكارتDescartes ی گەورە بیرمەندی فەلسەفەی خودگەرایی واتاداربووە؛ بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی دێكارت، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە.
فەلسەفە بەدواداچوونە. ئەو کەسەش ئەمە دەکات فەیلەسوفە. لەو بەدواداچوونەدا فەلسەفە تێگەیشتنێک دەدۆزێتەوە. ئەو تێگەیشتنە لەخۆڕا دروستنابێت. هاوکات فەلسەفە وادەکات بە ئاوەز و لۆژیک پاساو بۆ شتەکانی ناو ژیانمان بهێنێتەوە. ئەم جۆرە وتنە بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە فەلسەفە دەرگادەکاتەوە لە تێگەیشتنمان لە جیهان، لە خۆمان. فەلسەفە نەبێت متمانە بوونی نامێنێت. واتە متمانە بەوەی دەیڵێین لەسەر خۆمان و بوونمان. گومانیناوێت، فەلسەفە لەڕێگای دیالۆگ و گومانەوە متمانە دروستدەکات. ئەو متمانەیەی بەم جۆرە دروستدەبێت تۆکمە و جێگای باوەڕە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیەی، کە فەلسەفە لەهەر شوێنێک بێت بوونی فەیلەسوف پشتڕاستدەکاتەوە. ئەوەی فەلسەفە بەرهەمیدێنێت فەیلەسوفە، بوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەوە دەگەیێنێت، کە شارستاییەک فەیلەسوفی تیابوو واتە ئەو شارستانییە مەرجە شارستانییەکانی خۆی تەواوکردووە، هەروەها بوونی فەیلەسوف لەو حاڵەتەدا واتە بوونی مرۆڤگەلێکی جیا، بوونی مرۆڤێک، کە پیشەی بیرکردنەوەیە.
دوا وتنیش لەوبارەوە، ئەوەیە، کە پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لە ناوەندی فەلسەفییدا خۆی پێویست دەردەخات و لەنێو ناپسپۆڕانیشدا لە فەلسەفە، بەداخەوە، تێگەیشتنێکی فرە ئاڕاستە دروستناكات و قووڵایی فەلسەفەیش پیشاننادات. ئەوەیش، كە لە سەردەمی ئەفلاتونPlatoەوە زۆرینەی فەیلەسوفەكان بەدەستییەوە گیرۆدەن، ئەو گاڵتەكردنەیە بە فەلسەفە دەكرێت، كە فەلسەفە شتێكی بێ سوود و زێدەڕۆئامێزە و فەیلەسوفیش زۆربڵێ و چەنەبازە. جارجارەیش فەیلەسوف، وەك كەسێكی بێئاگا لە جیهانی دەرەوە و داخراو دەبینرێت، بەو كەسەیش دەشوبهێنرێت، كە لە ژوورێكی تەنهادا دانیشتووە و بۆخۆی بیردەكاتەوە. نەخێر، وانییە. فەلسەفە دژی بێهودەیی و بێ باکییە. فەیلەسوف ئەو کەسەیە، کە بەدوای هۆکاری بوونی شتەکان، مانای شت، دەگەڕێت و ئامانجیشی گەیشتنە بە بنەچەی شتەکان. کەواتە هزریی فەلسەفیی، کە هزری فەیلەسوفە، هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا ئەم پرسیارەی لای خوارەوەی لێپێکهات:

شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟

لای سەرەوە کورت و پوخت ئەوەمان خستەڕو، کە فەلسەفە هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی و پاشخانێکی مێژوویشی هەیە؛ بۆیە لێرەدا بەباشی دەزانین، کە بپرسین فەلسەفە لە ناو ئێمەدا چ بەسەرهاتێکی هەیە؟ چ مێژوویەک لە پشتیەوەیە؟ باشە ئەم مێژووە لەگەڵ مێژووە جیهانییەکەی فەلسەفە یەکمناندەخاتەوە؟ واتە ئێمە بەشێکین لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و دەرەوەی ڕۆژئاوا؟ ئەم پرسیارانە دەمانخەنە ناو گەرووی پۆلێک پرسیاری ترەوە، لەوانە: مێژوویەکمان لە هزر هەیە؟ ڕێبازە هزرییەکانمان لە چی پێکدێنن؟ بەرهەمهێنەرانەی ئەم ڕێبازانە، یان ئەم مێژووە، کێن؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی لای سەرەوە، ئەوە دەڵێین، کە نووسین بەگشتی جیایە لە نووسینی فەلسەفیی. هەموو دەنووسن بەس خۆ هەموو فەلسەفییانە نانووسن. نووسینی فەلسەفیی هێزێکی هزریی، عەقڵیی، دەیجوڵێنێت. نووسینی تر دەکرێت هەستێک، سۆزێک هۆکاربێت بۆ نووسینەکەی. نووسینە فەلسەفییەکان دەکرێت عەقڵانی بن و دەشکرێت لاهوتی(تێلۆژی) بن. هەر یەکەش لەمانە ئاڕاستە و بیریاری خۆی هەیە. ڕوون نییە ئێمە سەر بە کام ئاڕاستەین و کوان بیریارانی ئەو ئاڕاستەیەمان. گەر فەلسەفەیەکمان هەیە خۆ دەبێت ئاڕاستەگەلێکمان لەناو ئەو فەلسەفەیەدا هەبێت(ئەریستۆیی یان ئەفلاتونی، ستۆیستی / هەیوانی/ یان ئێپیکۆریی،دێکارتی یان سپێنوزایی، کانتی یان رۆسۆیی، و …هتد).
فەلسەفەکاری بەجۆرێکیتر خستەڕووی بیرۆکەیە. ئەو نووسینانەی لەناو ئێمە بەناوی فەلسەفەوە نووسراون هێج بیرۆکەیەکیان بەرهەمهێناوە؟ گەر بەڵێ بەرهەمیانهێناوە، کوا لە چ بوارێکدا؟ چونکە فەلسەفە لە چەند بوارێک پێکدێت: ڕەوشت، پەوەردە، زانست، هونەر و……. . وێرای ئەوە، کە فەلسەفە نەبوو فەیلەسوفیش بوونی نییە. ئەو دوانە، فەلسەفە و فەیلەسوف، واتە بوونی سیستەمێکی هزریی.
فەلسەفەی کوردی، شتێک بەم ناوەوە نییە. گەر فەلسەفەیەکی کوردی هەبێت دەبێت فەیلەسوفەکانیش هەبن. گەر بنەماکانی ئەو فەلسەفە کوردییە شیعر و ئەدەب بێت جا زۆربەی میلەتان ئەوەیان زۆر بەزیادەوە هەبووە و نەشهاتوون ئەدەب و شیعرەکەیان وەک سەرمایەێکی فەلسەفیی نیشاندەن. دەکرێت بوترێت، کە بۆچوونی فەلسەفیی کوردیی هەیە، جا ئەوە سەرچاوەکەی جۆرە شیعر و ئەدەبێکی سۆفیانە بێت یان میراتێکی ئاینییانەی سۆفیانە، بەڵام گشت ئەوانە قوتابخانە و شەپۆلی فەلسەفییان نەخستووەتەوە وەک ئەوەی نەتەوەکانیتر هەیانە(فەلسەفەی ئیتاڵی و بزاڤە کلاسیک و مۆدێرنەکانی، فەلسەفەی ئەڵمانی و تەوژم و شەپۆلە فەلسەفییە کۆن و نوێکانی و……).
چۆن بێینە ناو فەلسەفەی ئیشراقەوە و بەشی خۆمانی لێبقرتێنین؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری، کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، هاوکارمان دەبن لە قرتاندنی ئەم بەشە؟ ئەوەش کە لەناو ئیشراقییەکان دا وتراوە سەبارەت بە زانایانی سەردەمی ئیسلام و خودی فەلسەفەی یۆنانی، کە ئەمەیان سەرچاوەی فەلسەفە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبییە، پێویستی بە دوبارەخوێندنەوە و توێژینەوەی وردە، تالەوە دڵنیابین میراتی فەلسەفیی ئێمە چ جۆرێکە لە میراتی هزریی.
کاتێک دەڵێین شتێک نییە بەناوی فەلسەفەیەکی کوردییەوە ئەمە بەشێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە توڕەدەکات. دیارە توڕەبونیش دەچێتە خانەی سۆز و هەڵچوونەوە و دەرئەنجامی لۆژیکیی ناداتبەدەستەوە. توڕەبوونی کەسێک یان کەسانێک ناکرێت بکرێت بەپێوانە بۆ بوونی فەلسەفە. بوون و نەبوونی فەلسەفە دیاردەیەکیی شیکاریی و ڕاڤەکارییە و دوورە لە هەست و سۆزی کەسییەوە، جا ئەوە تاکیی بێت یان نەتەوەیی.
کاتێک قسە لە فەلسەفەهەبوون؛ بوونی فەلسەفە و گەشەی هزریی فەلسەفیی دەکەین، ئەمە هەروەک پێشتریش وتمان داوای پێناسەی فەلسەفەمان لێدەکات، شانبەشانی ئەوە دۆزی وتنەوەی فەلسەفە و مامۆستاکانی فەلسەفە و خوێندکارەکانی ئەم مامۆستایانەش جێیباسن. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەو کەشە سیاسی و ئایینییەیەش جێیباسە، کە لە شاردا زاڵە، کە هەر ئەوەشە نێوەندە ئەکادێمییەکان دەباتەڕێوە.
ڕەنگە فەلسەفە بۆ زۆرێک لە دژوارتین ئەو بابەتانە هەژمارکرێت، کە لەناو بابەتە رۆژانەییەکان گوێیانلێدەبێت. مەبەست، حەز لە فەلسەفە دەمێک وەختە لەناو ئێمە خۆی لەناو لەپی تاریکییدا گیرکردووە، لەم ڕەوەشەوە مێژوومان هەیە. تاساڵانێکیش بێقەدرزانیی بە فەلسەفەدەکرا؛ ترسێک هەبوو لە فەلسەفە و وەک شتێکی بێئیمانانە و دژەدینیش دەبینرا. لە دوو لاوە غەدر لە فەلسەفە دەکرا؛ غەدرێک لە دامەزراوەی ئایینیەوە سەرچاوەیدەگرت و غەدرێکیتریش لە دەسەڵاتە سیاسییەکەوە، کە ترسی لە کردەی هۆشیاریی تاک هەبوو.
گەر تەماشای بەلانی کەمەوە سەدساڵی ڕابردوو بکەین دەتوانین درک بە بوونی سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیی بکەین؟ ڕەنگە ئەو سەدساڵە کەم بێت بۆ ئەوەی بەشداری خۆمان لە مێژووی فەلسەفەی جیهانی دیاریکەین، ئەگەرچی لەماوەی ئەو سەد ساڵەدا بزووتنەوەی ئەدەبی و سیاسی جۆراجۆر بەدیدەکەین؛ لێ ئەفسوس ئەو بزووتنەوانە و بەرهەمەکانیشیان ناتوانن پێمانبڵێن ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سێستەماتیکین. بزووتنەوەکان لەچاو ئەزموونی هزریی نەتەوەکانی تر پڕهزر نەبوونە و فرەئاقاریش دەرناکەون. پێدەچێت کێشە نەتەوەییەکەمان خەمە گەورەکەی ئەو بزووتنەوە سیاسیی و ئەدەبیانە بووبێت. ئەوەش وایکردووە خەمی نەتەوەیی سەرووی خەمی بیریاریی و هزرییمان بێت.
ئەو سەدەیەی باسیدەکەین، مەبەست گشت سەدەی بیست، کە پێشدەچێت لەڕوی بەرهەمی هزری سیاسیی و ئەدەبییەوە دەوڵەمەندترین سەدەی ئێمە بووبێت، خۆ هێشتا ئەمە ئەوە بە ئێمە ناڵێت، کە ئێمە فەیلەسوفمان هەیە. شاعیر، چیرۆکنوس و پەخشاننوسی سیاسیی و ئەدەبییمان هەبووە بەس فەیلەسوف بە مانا رۆژئاوایەکەی نەخێر نییمانە/نەمانبووە. لەو دەمەدا شتێک بەناوی فەلسەفەی ئیسلامیی عەرەبیی لەناومان دا زاڵبووە، بەڵام ئایا توانیویەتی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی و ئیسلامی سیاسیی ئێمە ڕێچکەبخاتەوە؟

ماویەتی………………………………..




فەیلەسوفبوون و ئێمە.. ئازاد حەمە/ بەشی دووەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

لە سۆراخی فەیلەسوفبوونی ئێمە دا

سەردەمی زێڕینی ئێمە کام سەردەمە تا لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەدا بگەڕێن؟ باشە دەرکەوتنی ئیسلام بۆ ئێمە لە دیدی هزرییەوە گرنگیی هەبووە؟ مانادر بووە ئەم دەرکەوتنە بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێک لەناوی کوردی ئیسلامدا لەشێوەی ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا؟ ئەم پرسیارانە وامانلێدەکات بەدوای سەکۆیەکدا وێڵبین و لەناو ڕووبەرەکانی ئەو سەکۆیەشدا لە سۆراخی کۆشکی فەلسەفیمان بین.
جەغتدەکەینەوە، کە پرسیار لەسەر چارەنووسی هزری فەلسەفییمان قەدرزانیە لە پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، لەو کردە ڕوناکبیرییەی جارێ ئاگاییمانی داگیرنەکردوە. پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، گەر بێ فەلسەفە ڕێیکردبێت بوونی ڕوناکبیرییمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. پرۆسە ڕوناکبیرییەکانیش لە دەرەوەی بازنەی فەلسەفە لاواز و کەمدرامەت و پڕ لە کەموکوڕیین.
لەگەڵ گۆکردنی وشەی فەلسەفەش وشەی عەقڵ ڕووبەڕووماندەبێتەوە. فەلسەفە، کە پەنابردنە بۆ عەقڵ. عەقڵیش خستنەگەڕی دەوێت. جۆری خستنەگەڕەکانی عەقڵ فەیلەسوفبوونی جیاجیای دروستکردووە. مێژووی فەلسەفەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە، لەسەری جۆراوجۆری جوگرافیای فەلسەفیی و فەیلەسوفبوون.
ڕەنگە مرۆڤایەتی پێویستی بە فەلسەفەکردنی ئێمە نەبێت. ئێمە خۆمان لە دۆزێکداین پێویستمان بە فەلسەفەیە. ئەمەش بەتەنها ڕەوشی ئێمە نییە. گومانیشی ناوێت، ئێمە وەک زۆر کولتوور و نەتەوەی تر فەلسەفەی ئەویتر قەرزدەکەین و رۆژانەش بەکاریدەبەین.
فەیلەسوفبوونی ئێمە شڕۆڤەی زۆر لەخۆدەگرێت. ئەوەتا مێژووی فەیلەسوفبوونی بەشێک لە شارستانیەکانیش لێوانلیوبوونە لە فەیلەسوف، وەک یۆنانییەکان؛ کەچی فەلسەفەی هاوچەرخی رۆژئاوایی، لەئێستادا، زۆر بی یۆنانە. ئەمەیان چۆن؟ یۆنان لە ڕابردوودا مۆڵگەی فەلسەفە بووە و ئێستاش قەرزارێکی زۆری فەلسەفەی رۆژئاوایە. سەرباری ئەوە، یۆنانی دوێنێ لەڕووی فەیلەسوفبوونەوە هەرگیز وەک یۆنانی ئەمڕۆ نییە. ئەمڕۆی یۆنان لەڕووی فەلسەفییەوە گەلێک هەژارە. کێناڵێت لە سەدەی سی (30) دا یۆنان جارێکیتر دەبێتەوە بە داڵدەی فەلسەفە و سوکرات و ئەریستۆی تر سەرهەڵنادەنەوە؟ بۆ نا!
جگەلەوەی فەیلەسوفبوونی ئێمە، یان هەر نەتەوەیەکی تر تەنها بەوەوە پابەند نییە، کە نووسینی فەلسەفیی هەیە یان نییەتی، بەوەشەوە پابەندە، کە نووسینە فەلسەفییەکان چەند کاریگەرن. هەر لەبەر ئەوە کاتێک بیرۆکەکانی فەیلەسوفێک دەخوێنینەوە لەبارەی جیهانەوە چییمان تیادروستدەبێت؟ ئەم پرسیارە ئەوەمان پێدەڵێت، کە گەشەی هزری فەلسەفیی یەک هێڵی مێژوویی نییە و دابڕان و وەستانی زۆری تیایە.

فەیلەسوفبوون، لەم سەردەمە تەنگژاوییەدا ئالەنگاریی خۆی هەیە

بەگشتی فەلسەفە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و فەیلەسوفبوونیش ،لە ئاستێکی گڵوباڵ، لەبەردەم ئالەنگاریی گەورەدایە. ئەم لایەنە و ئەوەش، کە ئێستای ئیمە بێ فەلسەفە گوزەردەکات، لێرە و لەوێ، پرسە گەورەکەی جڤاکی کوردی پێکنەهێناوە و بەپێی پێویستیش تێڕامانی دروستنەکردووە.
بۆیە پرسیاری بۆچی فەلسەفە هەیە؟ نەبووەتە پرسیارە گەورەکەی ئێمە. لەناو زۆرێکیش لە خەڵکی ئێمە (ئەکادێمییەکان، نووسەران، خوێندکارانی زانکۆ، تا دەگاتە خەڵکی عەوام) گرنگیدان بە فەلسەفە بێ مانایە. لەبەرئەوە پرسیاری فەلسەفە چی پێدەکرێت؟، کە پرسیارێکی زۆرینەیە لە جیهاندا، لای ئێمە ڕاچڵەکانی هزریی دروستنەکردووە. ئەم شێوە پرسیارە دەیەوێت ئەوەش بە مرۆڤی کورد بڵێت، کە فەلسەفە چی بۆدەکات گەر گرنگیی بداتێ. واتە بەهۆی فەلسەفەوە دەکارێت خۆی چاک بکات؟ بۆنموونە درۆنەکات؟ خیانەتنەکات؟ عاشقبێت؟ و…. .
فەلسەفە، کە دێتە ناو کولتووری نەتەوەیەکەوە گوزارە و دەربڕینەکانی دەگۆڕێت و سێستەمە زمانەوانییەکەشی وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەمەو جگەلەوەی بوونی فەلسەفە ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕینی مەودای بیرکردنەوەش. هەر لەبەرئەوەی فەلسەفە نەهاتووەتە ناو ژیانمانەوە، دەبینین زۆر بەدەگمەن گوزارەی لەم جۆرە بەکاردەبەین: فەلسەفەی لە ژیانیا نییە، کەوتوومەتە ناو کێشەیەکی فەلسەفییەوە، ئەمە هیچ فەلسەفەیەکی تێدا نییە …. .

فەیلەسوفبوون پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ دووبارەدەوروژێنێتەوە

گشت ئەوانەی دەخوازن وەڵامێک بۆ پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟‌ داڕێژن خودی پرسیارەکە داوایانلێدەکات هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ بکەن.ئەڵبەتە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە بنەچەدا بەوە خۆی لە زانینەكانی تر جیادەكاتەوە، كە تایبەت و دەگمەنە.
باشە تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە چیدایە؟ تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە فۆرمی نزیكبوونەوەیدایە لەگەڵ: مرۆڤ، بوونی مرۆڤ، دەورووبەری مرۆڤ، كێشەكانی مرۆڤ، ئەو شتەی، كە مرۆڤ پێویستە بیزانێت و بیكات. سروشتی فەلسەفە بەجۆرێكە، كە بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت، بیركردنەوەكانیش جۆراوجۆرن و ئاڕاستەیش وەردەگرن. واتە فەلسەفە لە: بوون، سیاسەت، جوانكاریی، پەروەردە، ڕەوشت و لە…..هتد دا قسەدەكات و تایبەت بەو لایەنانە بیركردنەوەی خۆی هەیە.
سەرباریئەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ پرسیاری تر دروستدەکەن: فەیلەسوفەکان کێن؟ چۆن کەسانیکن؟ زۆرێکیش پێیوایە فەیلەسوفەکان کەسانێکی بێزار و دابڕاون لە جیهان. بەڵام ئەمە وایە؟ بێگومان نەخێر. فەیلەسوفەکان کەسانی لەم جۆرە نیین. فەیلەسوفەکان وەک گشت مرۆڤەکانیتر دەگرین، پێدەکەنن، دەنوون، کاردەکەن، ناندەۆخن، ئەڤینداریدەکەن، بێزاردەبن، ئاشتدەبنەوە و….هتد.
سەرباری ئەوە، فەیلەسوفەکان تەنها دۆستی کتێب نیین، پێش هەموو شتێک دۆستی ژیانن. ژینگە، پەروەردە، هونەر تادەگاتە تەندروستی و سیاسەت بەهەندوەردەگرن و …. وێڕای ئەوە، هەر فەیلەسوفە و شێوازێکی هەیە، کە دواتر ئەوەش شێواز بۆ فەلسەفەکەی دادەڕێژێت. ئەوە وادەکات فەیلەسوفەکان لەیەکتر جیاکرێنەوە.
کەوابێت، فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون؛ بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. ئەڵبەتە هەر یەکەو بەجۆرێک گوزارە لەم مافە دەکات. بۆیشە فەیلەسوفەکان جیاواز دەنووسن.

فەیلەسوفبوون یەک جارە

فەیلەسوفبوون ئەو پرسەیە لەناو جڤاکی کوردی دا سەرنجی نەخراوەتەسەر. تەنانەت سەرنج نەشخراوەتەسەر ئەوەی، کە فەیلەسوفبوون ڕوودان و دەرکەوتنە. ڕوودەدات یان نا. لەناکاو دەردەکەوێت یان نا. هەروەها لەناو فەیلەسوفبوون دا یەخەگرتنێک هەیە. واتە، کاتێک کەسێک دەبێتە فەیلەسووف کار لەسەر پەیپێنەبراو دەبات و مەترسییەکانیش دەبینێت. فەیلەسوفبوون هاتنە، ئەو شتەیە، کە دواتر بەرەوپیرتدێت. بۆیە ڕوودانەکەی یەکجارە و بەس. بۆنموونە: دێکارت، ئیبن روشد، سپینوزا،هێگڵ، هەربە بوونیان بە فەیلەسوف شتێک دەرکەوت؛ شتێک ڕوویدا، کە پێشتر بوونی نەبوو. فەیلەسوفبوون ئا ئەو ڕووداوە، ئەو دەرکەوتنە لەناکاوەیە.
کەوابێت فەیلەسوفبوون دەرکەوتنی ڕووداوێکە. ئەم ڕووداوە یەک جار ڕوودەدات. بۆیە یەک سوکرات، یەک نیچە، یەک فارابی، یەک مارکس، یەک …. هەیە. ئەمانە یەکجار هەن و یەک جاریش ڕوودەدەن. واتە سوکرات و ئەریستۆ دوانن. مارکس و هێگڵ دوانن. هۆسڕڵ و هایدیگەر دوانن. فارابی و ئیبن روشد دوان. ئەمانە هەریەکەیان یەکن و نابنەوە و یەک جارانیش دەبن، دەردەکەون و ڕوودەدەن.
لەبەر ڕٶشنایی ئەوەی وترا، دەپرسین: لەناوماندا ئەوانە سەریان هەڵداوە، کە فەیلەسوفئاسا بیردەکەنەوە؟ چۆن بزانین لەناوماندا فەیلەسوف سەریهەڵداوە؟ئەمانە بەرهەمی فەلسەفییان هەیە؟ بەرهەمە فەلسەفییەکانیان هیچی لێرە یان لەوێ گۆڕیوە؟ ئەی فەیلەسوفبوون شتێکی زگماکە یان بەرهەمی بیرکردنەوەی بەردەوامی خودییە؟ پرسە فەلسەفییە گەورەکانی ئێمە لەناو فەلسەفە چیی بوونە؟ یان بۆ خودی پرسە گەورەکانی فەلسەفە بۆ ئێمە نەبوونە بە پرس؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لەوێوەدەستپێدەکەین، کە ڕەنگە کەمنەبن ئەوانەی لەناو ئێمەدا سەرقاڵی فەلسەفەن، لێ سەرقاڵییەکانی ئەمانە فەلسەفەیەکی دیارکراوی دروستنەکردووە. گەر فەلسەفەمان هەیە تایبەتمەندییەکانی ئەم فەلسەفەیە چییە؟ بە چی خۆی لە فەلسەفەی دەرووبەرمان جیادەکاتەوە؟ بەم جۆرە، هەموو ئەوانەی دەنووس فەیلەسوف نیین. مەرجی سەرەکی فەیلەسوفبوون نووسین نییە. شتێکیترە، کە سەرووی نووسینە. نووسین نییە، بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوەی گەورە و ڕێچکەشکێن.
هەر ئەو پۆلە پرسیارە بەرەو پرسیاری ووردترمان دەبات وەک: فەلسەفە لەناو ئێمە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە؟ گەر بەڵێ بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ بۆ ئەدەب و ئاین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، چونکە فەلسەفە بۆ ئێمە لە ڕابردوودا، لەڕێگای ئەدەب و ئایینەوە، ڕێگایەک بووە بۆ گەڕان بەدوای میراتدا. ئەفسووس، ئەمەش زۆری نەخایاندووە و قوڵیش کاری تیانەکراوە.
لێرەدا واباشە بچینەوە سەر تێگەیشتنێکی دێکارت، کە پێێوایە “بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی ئەو، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە فەیلەسوفبوون ژینگە و دەرفەت و تاکی خۆی دەوێت.
فەیلەسوفبوون، کە دەکەوێتەگەڕ ئەو کات لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە ئیشی چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژانە، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك و گوتنی ناباو و نادۆگمایە. ئەمە جگە لەوەی فەلسەفە بە ڕاستیبێژیی ناسراوە؛ ڕاستییەك، کە تاكوتەرا نییە. ئەو شتانەی، کە فەیلەسوف لەبارەیانەوە گوتن دەهێنێتەگۆڕێ، بەدواچوونیان بۆدەكات و لە ڕاستییان دەكۆڵێتەوە.
ئەوە فەیلەسوفبوونە زەمینە بۆ فەلسەفەسازی دەسازێنێت. بەپێی ئەوەی فەیلەسوف لە كۆمەڵگەدا دەژی و هەست بە دەورووبەری خۆی دەكات، دەتوانێت كاریگەریی لەسەر فاكتەرە كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەكان دابنێت و ئاوەزی خۆیشی بخاتەگەڕ، تا لە كۆمەڵگە تێبگات و ڕاستیی ناو ئەو كۆمەڵگەیە ئاشكرابكات.

بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف

فەیلەسوف کەسێکی بێ ئاگا لە جیهان نییە، گۆشەگیر لە ژوورێک و بێ باک بەرامبەر بەوەی لە جیهاندا ڕوودەدات. بۆیە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف کارێکی ئاسان نییە و هەر ئەو بینینەش دەتوانێت بەرەو دیدی ترمان ببات. بۆ؟ چونکە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف واتە بوونی فەلسەفەیەک؛ کاتێکیش دەڵێین فەیلەسوفمان نییە ئەمە بەو مانایە نییە، کە دان بە بوونی کەسانێک نانێین، کە سەرقاڵی نووسینی فەلسەفیین یان روناکبیرییەکی فەلسەفییان هەیە.کەواتە لێرەدا دەپرسین: بەوانەوەی، کە لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا کاردەکەن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
گومانیناوێت، چەند بەشێکی فەلسەفەمان لە هەرێم دا هەیە(زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی ڕاپەرین) و لەو چەند بەشەش پۆلێک پرۆفیسۆری فەلسەفەشمان هەیە؛ بگرە کۆمەڵێک شرۆڤەکاری فەلسەفیشمان لە دەرەوەی ئەو بەشانە هەیە، کە کۆرسێک فەلسەفەیان نەخوێندووە و خۆشیان سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی بیرمەندەکان کردووە. بەس ئایا گشت ئەمەی وترا پێماندەڵێت ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. زۆرێک هەن شەیدای نووسینە فەلسەفییەکانی ئەفلاتون و ئەریستو ۆ دێکارت و هێگڵ و مارکس و سارتەر و هایدیگەرن و لەو بارەشەوە چەند دەقێکیان نوسیوە بەس ئایا ئەمە ئاماژەیە لەسەر بوونی فەیلەسوف لەناو ئێمە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.
لەو بارەوە ئەوەش شایانی وتنە، کە كێ مافی فەلسەفەكردنی هەیە؟ بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی هاوشێوە دەگرێت، كە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفە لەكۆڵدەگرن: گەر ئەم مافە تەنها بە فەیلەسوف دەدرێت، باشە فەیلەسوف كێیە؟ فەیلەسوف پرۆفیسۆرێكی زانكۆیی و كەسێكی ئەكادێمییە؟ ڕەنگە هەندێکیش لە ئێمە بڵێن، ئەی بۆ فەلسەفەكردن مافی عەوامیش (زۆربەش) نەبێت؟
لێرەدا و سەبارەت بەو پرسیارانە تەنها ئەوەندە دەڵێین، كە ڕاستە فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون و بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. بەپێی ئەوەیش، كە لە ئێستادا تێكنۆلۆژیای زانیاریی دەستی بەسەر ژیانی ئێمەدا گرتووە، پێویستمان بەوەیە تێڕامان و تەماشاکردنەکانمان بۆ جیهانی تازە، قووڵتر و بەرینتر بكەین، تا لەوە تێبگەین، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمكی خودی زانین، زانست، ڕەوشت و ئاكار (موڕاڵ) دا بكەین.
ئاڵۆزییەكانی دنیای سیاسەت، واتای ماف، دادپەروەریی، یەكسانیی، كێشە ژینگەیی و پەروەردەییەكانیش، هەموو ئەمانە داوامان لێدەكەن، کە ئاسۆی بیركردنەوەمان فراوان و فرەئاقار بكەین و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەمەڕ تێگەیشتنە سیاسیی، پەروەردەیی، كۆمەڵایەتیی و كولتوورییەكان دروستبكەین. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. ئەمە داوای سێستەمێکی هزرییمانلێدەکات لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییماندا.
دۆخەکە لەوەدایە، کە ئێمە نامانەوێت لەڕێگای ئەم پرسیارەوە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان تێبگەین. باشە گەر فەیلەسوفمان هەیە بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟ بەدڵنیایشەوە نەبوونی ئەو بنەمایە، واتە نەبوونی فەیلەسوف. ئێمە وایدەبینیین، کە دیدێکی نوێ بۆ جیهان تەنها لە ڕوانگەی فەلسەفەوە دێتەکایەوە. کە ئەوە هەبوو واتە فەیلەسوف هەیە. بۆیە ڕوون نییە وشەی فەیلەسوف چۆن لەناو ئێمە بڵاوبووەتەوە و چیگەیاندووە. ئەم وشەیە پۆزەتیڤ بەکاربراوە یان نێگەتیڤ.

نا، ئێمە بەمجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە

ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە لە لاپەڕەکانی مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا بەرچاوخراوە. لەوێ، لە دیدی رۆژئاواییەکان كاتێك، فەلسەفە دەبێت بە فۆرمێک لە نوسین، یان فەلسەفەكردن جێگای نوسین دەگرێتەوە ئیدی زۆر شت گۆڕانی دێتەسەر. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کاتێک فەلسەفە لە وتنەكانی مرۆڤدا كارادەبێت، وتن لەبارەی بوونی مرۆییەوە دێتەگۆ و فەلسەفەیش خۆی وەك ئامرازێك بۆ ژیان و تێگەیشتن لە بوونی كۆمەڵایەتیی مرۆڤ نمایشدەكات و لەڕێگای فەلسەفەیشەوە لە چێژی بیركردنەوە و مەبەستی ژیان تێدەگەین.
نا ئێمە، بەوجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە فەلسەفە بیركردنەوەیە، ئەم بیركردنەوەیە لەلایەکەوە ئاڕاستەی ژیان دەستنیشاندەكات، لەلایەکی ترەوە گفتوگۆی شتەكانی ناو ژیانی مرۆڤ دەكات. بۆ ئەوەی بژیین و لە ژیانی خۆمان تێبگەین، پێویستمان بەو ئامرازەی ژیانە، كە فەلسەفەیە. ئەمەش پێویستی بەوەیە، کە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی خوێنەرانی فەلسەفە زیادبكەن و فەلسەفە وەك شێوازێك بۆ ژیان و ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ژیان سەیربكرێت، فەلسەفەكردن پێویستی بەوەیە لەگەڵ تیۆرییەكان خۆی بگونجێنێت و خۆی ئاسانتر و نزیكتر لە ژیان نیشانبدات.
ئەو دەمەی فەلسەفە دەكرێت بە ئامرازێك بۆ كەڵكوەرگرتن لە ژیان و گۆڕینی فرۆمی ژیانی مرۆڤ و تەقەلایەکیش بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر بەختەوەریی و ئایندە و ناحەزییەكانی مرۆڤ؛ بەمە فەلسەفە زیاتر لە بوونی مرۆڤەوە نزیكدەبێتەوە.
کوا کێ لەناو ئێمە كردەی فەلسەفەكردنی والێکردووە ببێت بە کۆششێک بۆ گەڕان بەدوای واتای ئازادیی و بەدیهێنانی بەختەوەریی بۆ تاك و لەسەرێكی ترەوە ئاشتكردنەوەی كولتووری سیاسیی ئێمە لەگەڵ فەلسەفە و سنووردانان بۆ گەوجاندنی تاك و كاركردن لەسەر باشەكان، كە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەها ڕەوشتییەكانی ئێمەی مرۆڤن. ئەمانەیش وادەكەن، کە فەلسەفە توانای بینینی مەترسییەكانی هەبێت و شەڕ لەگەڵ دۆشدامانی هزریی بكات و هەلومەرجیش بۆ هێنانەكایەی دۆزێكی ئەوتۆ دروستبكات، كە فەلسەفە بە ئازادیی گوزارشت لە ئامادەبوونی ڕاستەقینەی خۆی و بوونی مرۆیی ئێمە و مافەكانمان بكات.

سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان نەکردووە؟

بۆ هەموان ڕوونە، کە گشت كردەیەكی فەلسەفیی سەردەمی خۆی هەیە، بەڵام فەلسەفە دەكارێت لە سەردەمی خۆی بێتەدەرێ، ئەمە بە واتای هاتنەدەرەوەی فەلسەفە نییە لە لەشی خۆی، لەبەرئەوەی فەلسەفە، كە لە سەردەمی خۆی دووردەكەوێتەوە، لە سەردەمێكی تر نزیكدەبێتەوە، كە دیارە فەلسەفە لەو حاڵەتەدا بە خوڵقاندنی پرسیاری ترەوە سەرقاڵە، یان فەلسەفە خەریكی سەرچڵی ترە و تێهزرین لە شتگەلێكی تر دەكات، كە لە پێشبینییەوە دوور نین.
لێرەوە دەگەینە بیرۆكەی فەلسەفەی گشت سەردەم، یان گشت فەیلەسوفێك، کە ئاڕاستەكردنێك لەناخیدا پەنهانە. لێرەدا دەكرێت بگوترێت، كە فەلسەفەی گشت فەیلەسوفێك بۆ قۆناغێكی دیاریكراو بووە و جارجارەیش تێۆریزەكردن بووە بەسەر ئەوەی، کە دواتر دێت.
بەپێی ئەوە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان کردووە. یان دەتوانین بڵێین، فەلسەفە و سەردەم پێکەوە نەژیاون. سەردەممان هەبووە بە مانا مێژووییەکەی، لێ فەلسەفەدار نەبوونە. گەر وانییە کوا فەیلەسوفی سەردەمەکانمان؟ بۆ مێژوویەک سەبارەت بە فەلسەفە لە ژیانی هزریماندا بوونی نییە؟ ئەمەش پرسیاری ترمان لادروستدەکات، وەک: ڕۆشنگەرەکانی(منەور) ئێمە کێن؟ کوان کارە هزرییەکانی ئەو ڕۆشنگەرانە؟
بەمجۆرە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، کاتێک تەماشای مێژووی هزری رۆژئاوا دەکەین، شتێکی تر دەبینین. دەبینین، کە مامەڵەی فەیلەسوفانی رۆژئاوا لەتەك فەلسەفەدا وەك یەك نەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا فەیلەسوفەكان سوودیان لەیەكتر وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە مەودایەكی هزریی لەنێوانیاندا هەبووە. واتە هەر فەیلەسوفە و جوگرافیایەكی، زێدێكی، فەلسەفیی خۆی هەبووە، كە لەهەمان كاتدا ئەم فەیلەسوفە دەیشتوانێت گەشت بەناو جوگرافیاكانی تر و سەر بەم زێد و ئەو زێدی هزرییشدا بكات.
وێڕای ئەوە، مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا شتێکی تریشمان پێدەڵێت؛ ئەوەش ئەوەیە، کە دەكرێت كردەی فەلسەفیی لە دەرەوەی سەردەم، یان نەریت بێت. واتە لەوە نەكات كە، هەمان شت و دووبارەیە. كاتێكیش فەلسەفە لە دەرەوەی سەردەمی خۆی دەبێت، ئەمە هەرگیز بەو واتایە نایەت، كە فەلسەفە پشت لە سەردەم و شوێنی خۆی دەكات، بەڵكو فەلسەفە زۆرجار ئەوەی دەیڵێت، لە سەردەم و شوێنی تریشدا كاری خۆی دەكات. بۆ نموونە ئەوەی، کە ئەفلاتون لە دیالۆگەكانیدا سەبارەت بە خۆشەویستیی، جوانكاریی و ڕەوشت گوتوویەتی، یان ئەوەی سپینوزاSpinoza، یان کانت Kant لەمەڕ ئاین، ڕەوشت و زانین وتویانە، ئێستایش جێی گفتوگۆن و فەلسەفە ناكارێت پشتیانتێبكات.
ئەمەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوە دەگەیێنێت،کە ناوەرۆکی فەلسەفە نە وەك خۆی دەمێنێتەوە، نە ئەو ناوەرۆكەیش، كە هەیبووە پشتگوێدەخرێت. زۆرجار زۆر شت وادەكەن ئەو ناوەرۆکە بەشێوەیەکی تر بێتەپێكهێنان، یاخود وادەكەن فەلسەفە بەشێوەیەکی تر قسە لە سەردەمی خۆی بكات. هەر بۆنموونە، بەشێكی زۆر لەو پرسیارانەی چیەتیی فەلسەفەیان لە سەدە تاریكەكان پێكهێناوە لەئێستادا، وەك پرسیارگەلێكی کۆن و بەسەرچوو دەبینرێن، یان دەچنە خانەی ئەو شێوە پرسیارە فەلسەفییانەی، كە وەڵامی خۆیان چنگكەوتووە.
کەواتە، ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، دوورە لە مێژووی هزریی ئێمەوە. مێژووەکە بەجۆرێک ناسێستەماتیکە، کە ناتوانێت وێنەیەکی هاوتای ئەوتۆمانبداتێ، کە ئێمە بیرمەندمان هەبووە، بیریاریی لە ژیانی بیرییماندا گرنگیی خۆی هەبووە. بەڵام سەبارەت بە شارستانی رۆژئاوا شتێکی تر دەبینین. لەوێندەرێ بۆ ئەوەی فەلسەفە ناوەرۆکێکی نوێ و جیای هەبێت، دەبینین فەلسەفە هەمیشە کۆششی ئەوەی كردووە، کە خۆی نەجوێتەوە و لەسەر ناوەرۆکی خۆیشی نەژی، یان ئەوە نەڵێتەوە، کە وتراوە.
بۆ ئەوەی فەلسەفە ئەمەی بەسەرنەێت، فەلسەفە نەبێتە بوارێك بۆ وتنی شتی گوتراو و بەسەرچوو، فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت، کە بە سەردەمی خۆیەوە گرێدراو بێت. هەر ئەم گرێدراوییە وەها لە فەلسەفەیش دەكات، کە ڕێژەیی و ناڕەها بێت، كراوە و چاودێر بێت، چونكە سەردەمە جیاكان وەها لە فەلسەفە دەكەن، کە ڕەوت و ڕواڵەتی جیا و نادووبارەی هەبێت و كاریشی گوتنی ئەوە بێت، كە دەكەوێتە زۆنی بێدەنگییەوە. واتە فەلسەفە دەكارێت گوتن لە گەرووی بێدەنگییەوە بهێنێتەدەرێ و لەتەك شوێن و كاتەكاندا هاوشان و كۆقەوارەبكات.

بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە

بەدڵنیاییەوە، بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە. ئەمەش زیانێکی زۆری داوە لەو مێژووەی دەخوازین بینووسینەوە سەبارەت بە هزرمان. وەکیتریش، گومانی ناوێت، كە فەلسەفە هەندێك چركەی بێدەنگ و خامۆشی خۆی هەیە، بەڵام ئەو چركانە ئەگەرچی لە چركە پێویست و گرنگەكانیشن، بەڵام زێدە كەمتەمەن و نابەردەوامن، چونكە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنیدا ئەوەی یەكلاكردووەتەوە، کە چیەتیی فەلسەفە بە گوتنەكانیەوە بەندە، بەوەوە بەندە، كە فەلسەفە ناوەستێت و بەردەوامە. بەداخەوە ئەم لایەنە بۆ ئێمە تەواو جیاوازە و وەک ئەوە نییە، کە لە مێژووی هزریی رۆژئاوادا باسیلێوەدەکرێت. بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە کاتێکی زۆری خایاندووە و گشت مێژووی هزرمانیشی گرتووەتەوە.
فەلسەفە ناکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بێت. بێدەنگیی فەلسەفە بۆ کاتێکی زۆر بە زیانی مێژووی هزری ئەو نەتەوەیە دەگەڕێتەوە. کاتێک فەلسەفە بێدەنگ دەبێت شتیتر جێگای دەگرێتەوە، کە ئێمە ناویدەنێین نافەلسەفە، نەزانین، دژەدانایی. ئەمەش لەبەرئەوەی، کاتێک فەلسەفە قسەدەکات، وتنی دەبێت، فەلسەفە هەر بەهۆی ئەو وتنانەیەوە، کە لەلایەكەوە ناسنامە بۆ چیەتیی خۆی دادەتاشێت و خۆی لە سەردەم و شارستانیی خۆی نزیكدەكاتەوە، لەلایەكی ترەوە خۆی لە زانستەكانی تر جیادەكاتەوە.
پێشتریش گوترا، فەلسەفە خۆی دەكات بەو شتەی، كە هەیە، نەك ئەوەى، كە ونە، ئەو شتەی گوتنی خۆی هەیە و هەر ئەو گوتنەش ناوەرۆکی پێكدەهێنێت و كاكڵی بۆ دروستدەكات. فەلسەفەكردن و تێكشكانی پیرۆزییەكان، چاندنی پرسیار و پرسیاركردن لە ڕەچەڵەكی بۆشایی و هیچیی، هەوڵی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی و جیهانی ئەو خودە، بەشێكن لە پرۆسەی پێكهێنانی ناواخنی فەلسەفە و باخچەی هزریی فەلسەفیی دەسازێنن و كردەی فەلسەفەسازیش لەوێوە خۆی وەك سەرچڵیی هزریی نیشاندەدات. کوا فەلسەفە لەسەر ئەم بناغەیە لە ژیانی هزری ئێمەدا کاریکردووە؟ نەخێر بەمجۆرە کارینەکرووە و بگرە زۆریش مات و بێ وتن بووە.

ماویەتی…….




ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

بەشی یەکەم

پێشەکی: ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانەدا

بۆ ئێمە ئەم پرسیارە، ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟، کە مۆرێکە بە ناوچەوانی روناکبیریمانەوە و هەڵهاتنلێی ئەستەمە، دەمێکە ساتەوەختی کردنی هاتووە و بالێشیگەڕێین پرسیارەکە خۆی بە شۆڕەسواری گشت پرسیارە هزرییەکانمان بزانێت.
لە گۆشەنیگای ئەوەی لای سەرەوە خرایەڕوو، سەرەتا دەخوازین ئەوە بڵێین، کە وروژاندنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بوێریدەوێت و توخمی پرسیارەکەش تابڵێیت دڵتەزێنە، قەبە و زەبەلاحە و تەنها بە ئێمە بچوکناکرێتەوە. دڵنیاشین لەڕێگای ئەم پرسیارەوە شاندەدەینەبەر گفتوگۆیەکی هێجگار تاقەتپڕوکێن و ناشکرێت ڕووکەشانە لەسەر ئەم پرسیارە کاربکەین و، وەڵامی سۆزاوی، کە بێ بەرهەمە، بۆدابینبکەین. .
لە پرسیارەکەدا کۆڵینکاریی بوونی هەیە. ئەمەش دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە زێدی سەرەکیی فەلسەفە لە وتاری ڕوناکبیرییماندا بەرباسدەخات. هەروەها لەمیانەی ئەم پرسیارەوە شتگەلێک دێنەپێشەوە، کە شایانی ڕاڤەی وورد و تێڕامانی فرەجەمسەرن. ئیدی لە دەرگای ئەم پرسیارەوە دەچینە ژوورەوە بۆناو جیهانی بیرمەندیی و نا بیرمەندییمان، کە دواتر تووڵەڕێیەکانی پرسیارەکە بەرەو شوێن و هەقایەتی دیمان دەبەن.
هەوێنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟چییە؟ هەوێنەکە ئەوە نییە، کە فەلسەفەمان هەیە؟ یان ئەوەی، کە مێژوویەکمان لە هزر یاخود بیرکردنەوە فەلسەفیی هەیە؟ روونتر بدوێین، ئەوە دەڵێین، کە ئەم پرسیارە کێشەدارە و جەمسەری زۆریشی لێدەبێتەوە. لەوانە فەلسەفەمان هەیە؟ ئێمە سەر بە چ ئاقارێکی یان قوتابخانەیەکی فەلسەفیین؟ پێگەی ئێمە لە فەلسەفەی جیهاندا چییە؟
ئەوەی جێی سەرنجە لەم پرسیارەدا ئەوەیە، کە خۆی بە پرسیارێکی بنەڕەتی The basic question دەزانێت. پرسیاری بنەڕەتی چ جۆرە پرسیارێکە؟پرسیاری بنەڕەتی ئەو جۆرە پرسیارەیە، کە پرسیارێکی ،سەرەکیی لەخۆیدا حەشاردەدات، لە پرسیارەکەشەوە بۆ وەڵامەکەی بە شتێکی بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت، کە ڕێشەییە. ئەوەی بیەوێت دەتوانێت لە میانەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییەوە جێپەنجەی خۆی لە مێژوویەکدا بەجێبهێڵێت، کە مێژووی هزرە.
هەروەها پرسیارەکە تیۆریزەکردنە سەبارەت بە سەرمایەی هزری کولتوورێک، شارستانییەک. بەهۆی هەر ئەم پرسیارەوە بە پاشخانی فەلسەفیی خۆمان ئاشنادەبین؛ لە کرۆکی پرسیارەکەدا وەڵامگەلێک خۆیان پەنهانکردووە، کە داوامانلێدەکەن میراتی فەلسەفیی خۆمان بدۆزینەوە.
کۆتا گوزارەی ئەم پێشەکییە کورتە، ئەوەیە، کە ئەم بابەتە لەلایەک بە ئامانجی پێشخستنی ژیانی هزریمان و گفتوگۆکردنی ئەو ژیانە نوسراوە. لەلایەکی تر ئەم پرسیارەی بەندە ڕوناکییەکە، کە لە مەشخەڵانەکانی مێژووی ئێمەوە دەدرەوشێتەوە. داوادەکەم لە خوێنەرانی ئەم بابەتە لێگەڕێن ئەم ڕوناکییە پتر بدرەوشێتەوە و نەکەن فوی ڕقیلێنەکەن و بیکوژێننەوە.

پرسیارەکە لەڕیشەدا تایبەتە بە مێژووی هزرییمان

ڕەنگە هەندێک وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ بدەنەوە و بڵێین ئەی چۆن فەیلەسوفمان نییە! ئەی نالی، ئاپۆ، مەحوی، سەید کامیل ئیمامی، خانی،حاجی قادری کۆیی، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، هەژار، مەسعود محەمەد و ….. ! ئەڵبەتە ئەم جۆرە بەڵێیە بەڵێیەکە پێداگرییە لە دڵنیایی و لە داکۆکیکردن و هیچیتر.
لەگەڵ کاتیشدا ئەوەی لەو پێداگرییەدا بەدیدەکەین زۆر وتن و درێژدادڕییە لەسەر شتێک، هێشتا ناڕوون و تاریکە. لەبەرئەوە پێویستمان بەوەیە بە تێڕوانینێکی هەمەلایەنەوە تەماشای ڕەهەندە هزرییەکانی ئەم پرسیارە بکەین. ئەگەر وانەکەین دەکەوینە ناو سەرلێشێواوی مێتۆدیی و سەرئەنجام دەکەوینە هەڵەشەوە. ئەمەش دژی بنەماکانی پرۆسەی چاکسازیی هزرییە، کە پێویستە کاری لەسەربکەین، تا وتاری هزرییمان بناسیینەوە.
ڕوانینە ئەم پرسیارە لە گۆشە نیگایەکی فەلسەفیەوە بەرەو زۆر شوێنمان دەبات. سروشتی پرسیارەکە بەو جۆرەیە، کە ناحەزە، لێ پرسیاریشە سەبارەت بە کەڵەکەبوونی مێژوویی هزریمان. پرسیارەکە پرسگەلێک و وەڵامگەلێک دەوروژێنێت بەئاسانی بەریانلێناگیرێت. هەر لەبەرئەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە درێغیناکەین لە دروستکردنی وەڵام. ئەگەرچی پرسیارەکە بۆ هەندێک ڕەنگە پێکهاتەیەکی زمانەوانی ناسادەی هەبێت، بەڵام پرسیارەکە تابڵێیت دەمبەگازندە و گوماناوییە.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەم بارەیەوە زۆر شت هەیە بۆ وتن، ڕەنگە هەندێک وەڵامی بەڵێ بدەنەوە، هەر ڕەنگیشە زۆرێک بڵێن نەخێر. بۆ ئێمە ژمارەی بەڵێ یان نەخێربێژەکان مەبەست نییە. ئەوە مەبەستە لەسەر بناغەیەکی شیکاریی ئەوەیان وتووبێت. چونکە پرسیاری ناوبراو، کە فەلسەفییە پرسیارێکی کولتووری و مێژووییشە. بۆیە پرسیارەکە چەندین وەڵامی سەیری لێدەبێتەوە. لایەنێکی ئەم پرسیارە کێشە هەڵپەسێردراوە هزرریەکانمانیش لەخۆدەگرێت؛ ئەو شتانە لەخۆدا حەشاردەدات، کە ناخوازرێت بوترێت و گفتوگۆبکرێت.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بەتەنها پرسیاری من نییە، پرسیاری هەموانە. پرسیارێکە لێوانلێوە لە ماف. ویست بۆ ئەم پرسیارەش ویستە بۆ دادوەریکردن بەسەر میراتی فەلسەفییمانەوە. ئەم پرسیارە ئەو پرسیارەش دروستدەکات، کە ناویددەنێین پرسیاری دایک: ئایا ئێمە فەلسەفەمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش داوای دوو پێناسەمان لێدەکات: پێناسەی فەلسەفە چییە؟ و پێناسەی فەیلەسوف کێیە؟ کە لەدرێژەی نووسینەکەدا ئاوڕیلێدەدەینەوە.

وەڵامی ژەنگاوی بۆ ئەم پرسیارە نامناگەیێنێتە هیچ کوێ

گەر قوڵببینەوە لە پرسیارەکە دەکارین درکبەوەبکەین، کە قەیرانی هزریی ئێمە پێدەچێت بەشێکی گەورەی لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا خۆی مەڵاسدابێت. گەر لەڕوی مێژووییەوە ئێمە لەناو فەلسەفە و بیرکردنەوەدا بووبێتین، ساناتر وەڵام بۆ ئەم پرسیارە پێکدێنین، ئەگەریش لە دەرەوەی فەلسەفە و بیرکردنەوە بووبێتین هەر دەبێت وێڵبین بەدوای وەڵامێکی شایان و پەسەند دا. بەس واقیعی ئێمە شتێکی تر دەڵێت. بۆیە پرسیارەکە، کە تامەزرۆی زۆرترین وەڵامە، لە دووتۆیی نووسینەکەدا لق و پۆپی تری لێدەبێتەوە.
زۆرێک، کە ئەم پرسیارەیان ڕووبەڕوودەبێتەوە نموونە لەسەر فەیلەسوفبوونی ئەحمەدی خانی، پیرەمێرد، هەژار، نالی، حاجی قادری کۆی، مەحوی، هێمن، مەسعود محەمەد، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دێننەوە. بەڵام ئایا ئەمانە فەیلەسوفن؟ گەر ئێمە پێمانوابێت فەیلەسوف نیین ئێمە غەدرمان لە میراتی هزریی خۆمان کردووە؟ ناهەقیمانکردووە، بەتایبەت، بەرامبەر ئەو بەشە لە میراتی هزرییمان، کە بە شیعر دەزانرێت؟
سەرباری ئەوە، ئێمە دەپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئێمە ناپرسین ئایا نووسینی فەلسەفییمان هەیە؟ ئایا وەرگێری کتێبە فەلسەفییەکانمان هەیە؟ ئایا هۆزاننووسی بە سەلیقەمان هەیە؟ باشە گرنگیشە بزانین، ئەو جۆرە نووسینانەی دەچنە خانەی نووسینی ئایینی، زمانەوانی، میرات، یان نەتەوەییەوە نووسینی فەلسەفیین؟ نووسەرەکانی فەیلەسوفن؟ ئایا ئێمە فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئەریستۆ، دێکارت، لایپنێتز، ئیبن روشدمان هەیە؟
ڕەنگە بۆ زۆرێک پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ هێندە گرنگ و سەرەکیش نەبێت. بەڵام لەڕاستیدا ئەم پرسیارە زۆر بنچیینەیی و بنەڕەتییە. هەر لەبەر ئەو هۆکارە وەڵامی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ناشێت سۆزاوی بێت. وەڵامی سۆزاوی بەڵێ یان نەخێرێکی سەرپێی و ساکارە؛ وەڵامی سۆزاوی بێ بیرکردنەوەی قوڵدەوترێت و زۆریش خێرائاسا دەوترێت. هەروەها بۆ ئەوانەی وەڵامی خێرا بۆ پرسیارە سەرەکیەکەی نووسینەکەمان ئامادەدەکەن و بە بەڵێش وەڵامیدەدەنەوە لێیاندەپرسین: ئێوە لە شتێك قسەدەکەن زانینتان لەبارەیەوە هەیە؟
سەرباری ئەوە، ڕوونە، کە ئێمەی کورد نەهامەتی و بەدبەختییمان زۆر دیووە، چەند ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر باشترکردنی بیرکردنەوەی هزرییمان و دەوڵەمەندکردنی هۆشی فەلسەفییمان پێویستە جێگای باس بێت. یان بەپێچەوانەوە نەهامەتی و بەدبەختییەکانمان بەشێکن لە هۆکارەکانی نەبوونمان بە بەشێک لە مێژووی هزریی مرۆڤایەتیی.
ئەوەی وتمان وادەکات لەم نووسینەدا بەدوای وەڵامیتردا بگەڕێین، جۆری تر لە وەڵام. ئەو وەڵامانەی بەئاسانی ڕێکەوتناکرێن. بۆ پرسیاری لەو جۆرە، کە داچڵەکاندنی مێژوویی و کولتووری لە ناخدا حەشارداوە تەنها بیرکردنەوەی قوڵ و وورد وەڵامدروستدەکات.

پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە

پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ پرسیارێکە گازدەگرێت. پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە؛ پرسیاری ماراویش پرسیارێکە مەحکومە بە پێوەدان. کردنی پرسیارەکە، بۆ هەموان، ئێشێک بەجێدێڵێت. باشە بۆ پرسیاری ناوبراو پرسیاریکی ماراوییە؟ لەبەرئەوەی پرسیارەکە دەمانخاتە حاڵەتی فڕکانفڕکانی کولتووری و مێژووییەوە. پاش پرسیارەکە لەڕووی هزرییەوە جێگا بەخۆمان ناگرین. لە مارپێوەدانیشدا جۆری ژەهرەکان جێگای باسە بۆ پزیشکانی فریاکەوتن، هاوکات چۆنێتی ئەنجامدانی فریاگوزاریی سەرەتاییش هەر بابەتی سەرنجخستنەسەرە بۆ مارپێوەدان.
پرسیاری ماراوی دەورماندەدات؛ بەدەورمانا خۆی دەکات بە پەرژین. پرسیاری وا مێژوومان لەتوپەت دەکات. پرسیارەکە سروشتی وایە، کە قەیرانی عەقڵی کوردی دەخوێنێتەوە و دادوەریشی بەسەرەوەدەکات. نەک هەر ئەوە، بگرە پرسیارەکە وامانلێدەکات، لە مێژووی فەلسەفە تێبگەین. لەوەش تێڕامێین لە کوێی ئەو مێژووەداین.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟دەبێت لەکاتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بەڵێ ئاگامان لەوەبێت، کە فەلسەفە میتۆدێکی سیستماتیک لەناویا کاردەکات. بۆیە ئەو کولتوور و نەتەوانەی وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ دەددەنەوە پرسیار لەسەر دۆزی ئێستای فەلسەفەکەیان دەکەن.
پێویستە ئەوەش بزانین، کە هەر هەمان پرسیار گەر ڕوناکبیرێکی فەرەنسی یان عەرەب یاخود رووس بیکات دەبێت چ پێوەرێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بەکارببات؟ باشە ئەم ڕوناکبیرە نایەت بپرسێت: کێین بیرمەندە دیارەکانی ئێمە لە سەدە جۆراوجۆرەکاندا؟ گەر فەیلەسوفمان نییە، پێویستمان بەوە نییە بەدوای هۆکارە شارستانی و مێژوویەکاندا بگەڕێین؟ بەدڵنیاییەوە ئەو ڕوناکبیرە ئەوەش دەپرسێت، کێ لە ئێمە ناوی واڕۆشتووە کە، کار لەسەر مێژووی فەلسەفە دەکات؟
ئەی ڕوناکبیرێکی کورد؟ ڕوناکبیرێکی کورد، کە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە پێویستی بەوەیە لە بازنەی زۆر تەسکی بیرکردنەوە ڕزگاری بێت تا بتوانێت بە ڕوونی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە. لەبەرئەوەی پەتا گەورەکەی دۆزی ڕوناکبیریی ئێمە لەوەدایە، کە ناحەزی خۆمانین، ئەمە وایکردووە لەگەڵ بیریاریدا عیلاقەمەندنەبین. بیرمەندی لە شتەکاندا ، بۆنموونە لە سیاسەتدا، لە هونەردا، نەبینینەوە.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەخودی خۆیدا پرسیارێکی سەرسامکەر و کرۆکدژوارە، بەرهەمهێنەرە، تەڕ و پڕجوڵەشە. شوێنپێی پرسیارەکە مەرج نییە لێرە بێت مارئاسا دەڕوات، دەخولێتەوە؛ دەکرێت لەوێ بێت؛ لە شوێنێکی زۆر دوور. واشمانلێدەکات توخنی زۆر شت بکەوین: خۆناسی، خۆخوێندنەوە، گەڕان بەدوای لەمەوبەر، وێڵبوون بەدوای ڕەچەڵەک و پێشتر. بەجدی پرسیاری لەم شێوەیە پرسیارێکی ماراوییە، بە مێژوو، کولتوورمانەوە دەدات.

چییەتی پرسیاری دیدگائامێز

بۆ ئەوەی ڕەهەند و ئاقاری هزریی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟بەسەربکەینەوە، كە دەشێت دواتر فەلسەفەیەکی زۆری بەسەرەوە بکرێت، پێویستمان بە تێخوێندنەوەیەکی جۆراوجۆرە بۆ جیهانبینیی فەلسەفیی یان تیۆریی بیرمەندان و بەشێكی زۆر لە تێكستە فەلسەفییە ڕۆژئاواییەكان. لەوێندەرێ دەگەین بەو تەماشاکردنەی، کە پرسیاری لەم شێوەیە دادوەرییە بەسەر خودی کردەی هزرەڤانیی و بیرکردنەوەی نەتەوەیەک. بەمجۆرە بێت، ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کردنی ئەم جۆرە پرسیارانە، کە بنەڕەتیی و وروژێنەرن، دژوارییەکی زۆریان دێتەپێش.
پێشتریش هێمامان بۆکردووە، کە پرسیارە فەلسەفییە سامدارەکان، ئەوانەی بەناخی چییەتی شت دا شۆڕدەبنەوە جارێ لەناو ڕوناکبیرانی ئێمەدا سامیان بۆ دروستنەبووە و زەمینەیان بۆ کێشمەکێشی هزریی نەڕەخساندووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی نیگەرانیی هزریی سەبارەت بە وتاری فەلسەفەی ڕۆژئاوا و بە چۆنێتیی مامەڵەكردنی ئەم وتارە لەگەڵ پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لەناو هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا دروستنەبووە.
ئەو كارە تیۆرییانەیش، كە سەدە پاش سەدە لە بواری فەلسەفەدا، لە کێڵگەی تیۆریدا، تایبەت بە چیەتیی فەلسەفە نوسراون و ڕەوتی هزریی پرسیاری هزر چییە؟ و دیدی شیكاریی و ڕەخنەیی توێژینەوەكانیان تایبەت بەو شتەی، كە پێیدەڵێن فەلسەفە، گۆڕیوە و ئاقاری هزریی پرسیاری هزر چییە؟ی لە شوێنی خۆی نەهێشتوەتەوە، بۆ ئێمە هەڵگری ئاماژەی گەورە نین.
بۆ ئەوەی تۆوی ئەو تێگەیشتنە لە هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا بچێنن، كە چیەتیی ئەم پرسیارە فەلسەفییە پشكنینە لە ڕەچەڵەكی فەلسەفە لەناو ئێمە و لەو شتەی لە جۆری هزر بوونی هەیە، بەپێویستی دەزانین لەڕێگای پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێخستووەتە سەرپشت کار لەسەر پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بکەین. لەبەرئەوەی لەڕێگای چییەتی ئەم پرسیارەوە مێژووی کولتووریمان دەخەینەبەردەم بیركردنەوەی جیاوازەوە و ئەو سەغڵەتیی و لوغزانەش دەخەینەبەرباس، كە فەلسەفە لەناو ئێمە، لە ڕوناکبیرییماندا، لەم ڕووەوە دووچاریدەبێتەوە.
لێرەدا ئەوەش شایانی وتنە، کە زۆرێک لە خوێنەرانی فەلسەفیی و نافەلسەفیی ئەم جۆرە نووسینانە و زۆربەی نوسینە فەلسەفییەكانی تر، نە ئاستی زانینیان هاوشێوەیە و نە قووڵییەكی فەلسەفیی لە زانینیاندا هەیە. لێرەدا و تایبەت بەم لایەنە، بێ سڵەمینەوە هێما بۆ ئەو ڕاستییە دەكەین، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە زانینی فەلسەفیی ئاشنا نین، لەلایەکەوە فەلسەفەیان لەلا ئاڵۆز و دژوارە، لەلایەکی ترەوە لەلایان ناپێویستە. بۆیە مەراق و پەرۆشییە شیکارییەکانی ئەم جۆرە بابەتانە لە هەندێك شوێندا پێویستی بەوە دەبێت،زانینی پێشوەختی خوێنەر لەبەرچاوبگرێت. بۆیشە لە زۆر شوێن سادەتر و نەرمتر بابەتەکانمان وروژاندووە.
مەبەست ئێمە ئەو لایەنەمان بەهەند وەرگرتووە، كە ئێمە ئێستا لە جیهانێکدا دەژیین، بەچاوێكی گومانەوە تەماشای بەرپرسیارییەتی فەلسەفە دەکرێت، بگرە لە هەندێك كۆمەڵگەدا، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، فەلسەفە دیاردەیەکی بێئیمانییە و گێرەشێوێنئاسا دەبینرێت و لە هەندێك کۆمەڵگەی نوێیشدا فەلسەفە پێویستناكات، یان لە سەرەمەرگدایە. تێگەیشتنەكان بۆ فەلسەفە لەو جۆرە كۆمەڵگانەدا، لە شارستانییە هاوچەرخەكاندا، گەیشتووەتە ئاستێك باس لەوە بكرێت تێكنۆلۆژیای نوێ جێی زانینی فەلسەفیی گرتووەتەوە؛ ئەو زانینە تێكنۆلۆژییە نوێیەیش ڕۆژانە بەجۆرێك نەشونمادەكات، کە هەندێك پێیانوەهایە، کە ناپێویستبوونی فەلسەفەی لە كۆمەڵگەی ئێستادا سەلماندووە.
لە دۆزێكی وەهادا لاوازبوونی بێسنوری كولتووری کتێبخوێندنەوە بەگشتیی و کتێبی فەلسەفیی_خوێندنەوە بەتایبەتیی، پووچیی ڕوناكبیریی دروستکردووە و فەلسەفەیشی خستووەتە دەرەوەی نێوەند و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەوە؛ نێوەندی سیاسیی، ڕوناكبیریی، ڕاگەیاندن، ئەكادێمیی و پەروەردەیی و… هتد. ئەمەیش كۆمەڵگە و ساتەوەختی خۆمان بیردەخاتەوە، كە فەلسەفەكردن تێیدا تامی نییە و گەڕانیش بەدوای ڕۆشنگەریدا بێ سودە و ئەمەش وایکردووە، کە لێكەوتەكانی گەندەڵیی هزریی ئەم كۆمەڵگەیە وتارە ڕوناكبیرییەكەی داتەپێنێنێت، مەشقكردنی هزریی لە سەر دیاردە ڕەوشتیی، جوانكاریی و سیاسییەكانی نەکات بە بەشێکی سەرەکیی لە ئەرکی خۆی، بۆیە کەسانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە نالۆژیکییانە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، کە تایتڵی نووسینەکەمان لەخۆدەگرێت..

کرۆکی وەڵامی پرسیاری لەم جۆرە

گفتوگۆکردن لەسەر پرسێکی لەم جۆرە بەتەنها کاری ئەم نووسینە نییە و بەتەنهاش کاری ئێمە نییە. هاوکات پرسیارە فەلسەفەییەکان پرسیاری تاکەکەسێک نیین، پرسیاری هەموانن. گشت پرسیارێکی فەلسەفیی وەڵامێکی هەیە جا ئەوە ڕەوشتیی بێت یان مێتافیزیکیی، سیاسیی بێت یان ئایینیی.
بۆ ئەوەی وەڵامێکی ناسۆزاوی و لۆژیکی بۆ پرسیاری نووسینەکەمان داڕێژین پێویستمان بەوەیە،خۆمان لە کۆت و بەندی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی بەدووربگرین و لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئارگیومێنتەوە وەڵامبسازێنین.
وەڵامی پرسیاری ناوبراو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی ڕەخنەگرانەیە. بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەم پرسیارە بمانەوێت و نەمانەوێت، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بۆ مرۆڤی ئێمە گرنگە. پرسیارەکە پێویستی بە وێنەیەکی گشتی و لۆژیکیشە لەسەر مێژووی هزرمان، ئەمەش بۆئەوەی بگەینە بەو جۆرە وەڵامانەی، کە بەڵگەئامێز و دروستن.
ئەم پرسیارە پێمامدەڵێت: فەلسەفە کارکردەی خودی مرۆڤە. شتێکی دەرەکی نییە و لەدەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤیش نییە. فەلسەفە هەیە چونکە مرۆڤ هەیە. مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەستی لە گەشە و کۆتایهێنانە بە فەلسەفە. فەلسەفە پێش مرۆڤ نەبووە و لەگەڵ نەمانی مرۆڤیش کۆتای دێت. تا مرۆڤ و بیرکردنەوەکانی هەبێت فەلسەفە بەردەوامە لە بوونی مرۆڤدا.
پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێیتایبەت بووە، ئەوەمان فێردەکات،ئەوە مرۆڤە پرسیار دەکات، گورجیش بەدوای وەڵامەکەیدا وێڵدەبێت، بیردەکاتەوە و بیرکردنەوەکانیشی تۆماردەکات، هزری خۆی لێپێکدێنێت. ئەوە مرۆڤە دەپرسێت ئەم شتە چییە؟ئەو شتە بۆ وایە؟جیهان چییە؟دروستکەری ئەم جیهنە کێیە؟ و….هتد.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە ئەم پرسیارە بکەم؟

ئەوەی من لەم نووسینە کورتەدا داخوازم ئەنجامیبدەم، بەرسڤدانەوەی ئەم پرسیاریە: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش نامۆ نییە. گشت شارستانییەکان بەشدارییان لە وەڵامدانەوەی دا کردووە و زۆرێک لە ڕوناکبیرانی نەتەوەکانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
ئەم پرسیارە، کە هەوێنی ڕوناکبیریمان پێکدەهێنێت، بۆ من دەمێکە بارگرانییەکی هزریی دروستکردووە. لەناو ژینگەیەکی ناکارامە و چەقبەستوو زۆرکات پێتوادەبێت ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە. لێ زۆر جار لە سوچێکەوە شتێکی دی دەیبینیت، ئەمە واتلێدەکات خۆتکۆکەیتەوە تا زاڵبیت بەسەر ئەو دۆخە چەقبەستەوەدا. کەمکردنەوەی فشارەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخوازییەکان هەڵمەتن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەو دۆخەی، کە پێییوایە ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە بپرسم: ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان ئەو مافەم هەیە. نەک تەنها من، بگرە گشت منێک ئەم مافەی هەیە. پرسیاری ناوبراو مافە بۆ هەموان. گشت کولتوور و نەتەوەیەک مافی کردنی ئەم پرسیارەی هەیە. بەجۆرێک لە جۆرەکان موحاسەبەیەکی راستەوخۆی خودی شارستانی گشت نەتەوەیکیشە.
گەر دانبەوەدابهێنین، کە فەیلەسوفمان نییە ئەوە ئێمە راستییەکمان دیوە، بەس زۆرێک ناخوازێت تاڵی ئەو ڕاستییە تامکات. گەر بشمانەوێ لەژێرکاریگەریی سۆزی نەتەوەیی ئەو ڕاستییە نەبینین و نکوڵیلێکەین دیارە ئێمە ئەو مێژووە کەڵەکەبووەمان دەشێوێنین، کە ئەو ڕاستییەی لەخۆیدا پەنهانداوە.

بەشێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم بەشە

ئەفسووس، لە نەبوونی کارلێکی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قاڵبوونەوە لە پرسیاری وا بەرەو نەمان دەچێت. ئەمە وادەکات پرسیارەکە لە ڕوناکبیریی فەلسەفییماندا بەدوای ڕەچەڵەکی فەلسەفەدا وێڵنەبێت. نەک هەر ئەوە، ئەم پرسیارە، کە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی تر دەگرێت، کە بۆ دۆزی ڕوناکبیریی و هزریی ئێمە پێویستن، لە بێ ئاگاییمان لە دۆزی ڕوناکبیریی و هزرییمان لە قورسایی پرسیارەکە ناگەین و بەو تێگەیشتنەش ناگەین، کە ئەم پرسیارە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفەیە لەناو ئێمە.
بەمجۆرە، ئەم پرسیارە گفتوگۆئامێزە شتگەلێکی لە ناخی خۆیدا مەڵاسداوە، کە پرسیارسازیی فەلسەفیی دروستدەکەن، چونکە پرسیاری لەم جۆرە کێشمەکێشێکی زۆری فەلسەفیی دروستدەکات، لێماندەپرسێت کوان شەپۆلە هزرییەكانمان؟ ئێمە بۆ فەلسەفە گرنگیین؟ گەر بەڵێ لە کوێی فەلسەفەدا ئێمە پێویستیین؟
بەڵێ دەپرسین ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ گەر وترا بەڵێ ئەوانە کێن، کە فەیلەسوفی ئێمەن؟ زۆربەی ئەوانەی دەنووسن ئەوانن؟ ئایا ئەوانەی نووسینی مێژوویی و کۆمەڵناسیی و ئەدەبیی و تەنانەت دەروونناسی پەروەردەییانەش دەنووسن بە فەیلەسوف دادەنرێن؟ بێگومان نەخێر.

ئازاد حەمە




تۆ تەنها ئەکادێمیت، ڕوناکبیرنیت!.. ئازاد حەمە

سەرەتا: زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆر کێشە ڕوناکبیرییەکانی ئێمە چارەسەرناکات

لە یەکەم نیگادا، ئەم سەرەتایە بەم ناونیشانەوە(زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆر کێشە ڕوناکبیرییەکانی ئێمە چارەسەرناکات) بەرەو ئەو بینینەمان دەبات، کە ئەگەرچی زانکۆ ڕۆڵی چاکی دیووە لە نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەڵام زۆربوونی زانکۆ لە شاردا چارەسەری گرفتە ڕوناکبیرییەکانمانی نەکردووە و، بگرە زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆریش کێشە ڕوناکبیرییەکانمانی قوڵترکردوەتەوە و جەمسەری تریش بەو کێشانە داوە. بۆ زۆرێکیشمان، کە لە نێوەندی ئەکادێمیدا کاراین، ئەوە پرسیارە، کە ئایا مامۆستای زانکۆ ڕوناکبیرە؟ زانکۆ ڕوناکبیر intellectual، یان بیرمەند، بەرهەمدێنێت؟خودی مامۆستای زانکۆ توانیویەتی خوێندکاری ڕوناکبیر دروستکات؟
گومانی ناوێت، زانکۆکانی ئێمە ئەکادێمییەکانی لە کارلێکی ڕوناکبیری intellectualityخستووە و هەژارییەکی زۆریش بە بیرکردنەوە و وشەسازییانەوە دیارە، کە ئەوەش بەرهەمی دورکەوتنەوەیانە لە خۆڕوناکبیرکردن و نەبوونە کەسێکی ئینسیکلۆپیدی(مەوسوعی).
کاتێک نێوەندی ئەکادێمی نەخوێندەواری ناهێڵێت بەوە فێربوون زیاددەکات نەک زانینknowledge. زانکۆش، کە بیرکردنەوەی خوێندکار سنوورداردەکات و تەنها ئاستی فێربوونی دەگۆڕێت زانکۆ نابێتە جێگای هیوا ئەکادێمی و ڕوناکبیرییەکان. چونکە کاتێک کۆلێجەکان لەناو پرسیارسازییەکاندا نەشونمادەکەن و بە چەندین مێژوو(مێژووی زانست، مێژووی ئایین، مێژووی هونەر،….) چەکداردەبن، کە ئەوانەش مێژووی ڕاستەقینەی فەلسەفە پێکدێنن، بەوە زانکۆ هەم زانین و هەم ڕوناکبیریی بەرهەمدێنێت و زانکۆش ئەرکی قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواری نابێت و ئەوە بۆ پەروەردە جێدێڵێت. بۆ وادەڵێین؟ چونکە زانکۆ سەرووی پەروەردەیە، شوێنی هەڵاوگۆڕانە لە فێربوونەکان و داڵدەی زانینە دەگمەن و ڕاقییەکانیشە.
لە کۆتاییدا ئەوەی وادەکات زانکۆ ئەوە نەبێت و نێوەندی ئەکادێمیمان بەرەو ژینگەیەکی نالەبار و ناڕوناکبیریی بڕوات جگەلە هۆکارە سیاسییەکە، کە ژینگەی زانکۆ دەتەپێنێت، هۆکاریتریش هەن وەک بێباکی و بێ ئامانجی مامۆستا و خوێندکاری زانکۆیە. ئەفسووس، لە ئێستادا، گشت ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن، کە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ چیتر کەسە دەگمەنەکانی کۆمەڵگەی ئێمە نیین و لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکردیش ئاستەکانیان زۆرتر ئاشکرا دەبێت و ئەوەش ئەوەمان پێدەبێژێت، کە تەنها ئەکادێمیبوون بەس نییە و ئەمە(ئەکادێمیبوون) پێویستی بە ڕوناکبیربوونیشە.
ئەکادێمی توێژەرێکی زانستییە، خاوەنی میتۆدۆلۆژیایەکی جێگیر و توندە، بەدوای ڕاستییەکی زانستی دەقیقدا وێڵە، لێ کاتێک ئەکادێمی ڕوناکبیردەبێت ئەمە دەرفەتی ئەوەی پێدەبەخشێت، کە خۆی تێر زانینی جۆراوجۆر و پڕ تێگەیشتنی جیاوازبکات و توخنی دژوارەیەکانیش بکەوێت. بەمە ئەکادێمی لەو جێگیرییە زانستییەوە لە بیرکردنەوە بەرەو زانینێکی هەمەجۆری کراوە دەڕوات. هەرچی ڕوناکبیرە خۆی خۆی ئاڕاستەدەکات، کەموکوڕی خۆیدەبینێت و کار بۆ پڕکردنی هزری خۆی دەکات و دیدێکی ڕەخنەگرانەی بۆ جیهان هەیە و خۆشی لەسەر پرسیارسازی و ڕوونکردنەوەی بیرکردنەوە کێشمەکێشدارەکان ڕادەهێنێت. بۆیە داوای ئەم نوسینە خۆی لەو تەماشاکردنە پوختدەکات، کە کاتی ئەوە هاتووە کۆنسێپتمان بۆ بەئەکادێمیبوون و مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری زانکۆ، یان بڕوانامە، بگۆڕین.

ڕوناکبیریی جیاوازە لە فێربوون
ڕوناکبیر ،و ڕوناکبیری ئەکادێمیی، لەناو گفتوگۆکاندا هزری گەشەدەکات، لەو بابەتانەش دەدوێت سەرسامکەر و گیرن و توانای گۆڕینی ئاقاری گفتوگۆ داخراو و بێئاکامەکان و خستنەوەی کاریگەریشی هەیە. شانبەشانی ئەوەی هێزی قەناعەتپێکردنی زۆرە دەکارێت بۆچوونی دەوروبەریش بگۆڕێت. سەرباری ئەوە، ڕوناکبیر ڕەوانتر قسەدەکات، ئەوەشی دەیڵێت لەسەری دەوەستێت و تاوتوێیدەکات. بۆیە ڕوناکبیریی intellectuality جیاوازە لە فێربوونlearning.
ئەو ڕوناکبیرییەی بەدەستیدەهێنین وەک ئەو فێربوونە نییە، کە بەدەستیدەهێنین. ڕوناکبیریی وامانلێدەکات گومانبکەین، هەرچی فێربوونە بەو جۆرە نییە. هەروەها سنووری ڕوناکبیریی بێ سنوورە، بەڵام فێربوون تایبەت و سنووردارە. فێربوون سەبارەت بە شتێکە، ڕوناکبیریی تایبەتە بە گشت. کەسی ڕوناکبیر ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانە، نەبینراو دەبینێت و قسەشیتیادەکات، کەچی فێربوون شتێکی ئەوتۆمان ناداتێ، کە قووڵبوونەوەی بێ تخووبی تیابێت.
فێربوون ڕەنگە لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بمانبات بەرەو خوێندەوارییەکی باڵا. بەڵام ڕوناکبیربوون پێویستییەکی بووناوییە و بەشێکیشە لە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانمان. هاوکات بەڕوناکبیربوون پرۆسەیەکی دژواری ماندووکەرە، هەرچی بەئەکادێمیبوونە کاتێکی کەمتری دەوێت. بەڕوناکبیربوون بەردەوام و درێژخایەنە، بەئەکادێمیبوون هێندەی بەڕوناکبیربوونی تێناچێت. ئەمە وادەکات بڵێین: پەروەردە فێربوونمان دەداتێ و ئەو فێربوونەش لە نافێربوون و نەخوێندەواری دەربازمان دەکات. هەرچی ڕوناکبیرییە دەمانکاتە کەسێکی ئینسیکلۆپیدی و خاوەن زانینی هەمەلایەن و واشمانلێدەکات ڕێزمان بۆ کولتوورە جیاکان هەبێت.
مامۆستای زانکۆ فێربوون دەدات، نەک ڕوناکبیریی. ڕوناکبیریی کردەیەکی ئاڵۆزترە لە فێربوون. فێربوون رووبەڕووی گرفت و ئاڵنگاری دەبێتەوە، ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەش، کە رووبەڕووی زانین دەبنەوە هەمان ئەوانە نیین، کە رووبەڕووی خودی کردەی ڕوناکبیریی دەبنەوە.

ناڕوونییەکان سەبارەت بە ڕوناکبیریی و ناڕوناکبیریی
کێ ڕوناکبیرە پرسیارێکی کۆنە و کۆنی پرسیارەکەش کردنەکەی بێمانا ناکات. کاتێک دەپرسین: کێ ڕوناکبیرە؟ دەخوازین بزانین ئەو کەسە کێیە، کە تێگەیشتنی هەمەلایەنەی لەسەر شتەکان هەیە، پێویستی بە زانین و ئەزموونی هەمەچەشنی بەردەوام هەیە؟ کە زانیمان ڕوناکبیر کێیە ئەو کات دەزانین ڕوناکبیر تاکێکی دەگمەنی کۆمەڵگەیە، غەمی دۆزینەوەی چارەسەر و گفتوگۆی ڕەوان و توانای هێنانەوەی بەڵگەی لۆژیکی بۆ وتنەکانی هەیە. واتە ئەم کەسە دیالۆگ و مشتومڕی بەردەوام ئەنجامدەدات، هەڵە دەبینێت و بەشداری لە چاککردنەوەشیان دەکات، گەیشتنیش بە ئەگەری نوێ، لەڕێگای پرسیار و گومانەوە، بە کاری سەرەکی خۆی دەزانێت.
بۆیە با بزانین ڕوناکبیریی چییە؟ ڕوناکبیریی زانین نییە؟ ئەو زانینە نییە، کە نیمانە؟ چونکە زانین زیاد و کەم دەکات، گۆڕانی دێتەسەر و ئاستی وەک خۆی نامێنێت. ڕوناکبیر خاوەنی فەرهەنگێکی فراوانە، فرەڕەهەندە و تێگەیشتنیشی ئاقارجۆراوجۆرە. ڕوناکبیر لە هۆکارەکان دەکۆڵێتەوە و توانای هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ سازاندنی هەیە و کاری ڕاستەقینەشی شیکاری و ڕەخنەیە. ئەمە جگەلەوەی، کە توانای بیرکردنەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیانە و چارەسەری کێشەشی هەیە.
پێدەچێت ڕوناکبیریش ئاستی خۆی هەبێت. گەروابێت ئەو کات مرۆڤ(کەسی ڕوناکبیر) پێویستی بەوەیە ئاستی ڕوناکبیریی خۆی بەرزکاتەوە. هاوکات ڕوناکبیریی بریتیی نییە لە وشەسازی و ڕیزکردنی پەیڤ و چەنە چەن، ڕوناکبیربوون زادەی بیرکردنەوە، چۆنیەتی قسەکردن و ڕاڤەکارییە.
ئەگەرچی زانکۆ نەزانی ناهێڵێت، پزیشک یان ئەندازیار، یاخود خاوەن پلەی زاستی باڵاش دروستدەکات(دوا تایتڵی زانستی دەدات کە پرۆفیسۆرە)، بەڵام هەموو ئەمانە بەو مانایە نیین، کە ئێمە پێمانوابێت زانکۆ دروستکەری ڕوناکبیرە. ڕوناکبیریی وەک بیریاریی وایە پرۆسەیەکی خودیی بەردەوام و بێ بڕانە و شەڕیشە لەگەڵ دژواریی و ئەستەمییدا.
زۆرجار وشەی نەخوێندەوار دەدرێتەپاڵ کەسی نا ڕوناکبیر. هاوکات دەدرێتە پاڵ ئەو کەسەش، کە لە ئێستادا خوێندەوارە و لێ ڕوناکبیر نییە. زۆرێکیش لەو خوێندەوارە ناڕوناکبیرانە خوێندەوارە ئەکادێمییەکانن، ئەوانەن کە ناتوانین باسی ئەوەیان لەگەڵدابکەین، بۆ لە سەدساڵی رابردوودا هەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ لە بیرکاری و فیزیا یان پزیشکی ڕووسەکان نەبوون؟ لەکاتێکدا ئەو زانستانە لە سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەتی کۆندا پێشکەوتووشبووە. کەوابێت، کەسی نەخوێندەوار بەپێی پێوانە نوێکانی ڕوناکبیریی دەشێت ئەو کەسەبێت بڕوانامەی زانکۆیی هەیە، لێ ناتوانێت دوو دێڕ قسە لە سەمای فلامینکۆ، سینەمای پازۆلینی، یاخود دیرۆکی ئایینە ئیبراهیمییەکان بکات.

زۆربوونی ئەکادێمی و کەمیی ڕوناکبیر
یەکێک لە دیاردە ناشرینەکانی دوو دەیەی پێشوومان ئەوەیە، کە ئەکادێمیبوون ڕوو لە هەڵکشانە و ڕوناکبیرییبوونیش ڕوو لە داکشانە. زانکۆکان، کە ئەکادێمی دروستدەکەن ڕوناکبیر دروستناکەن، هیچ نەبێت لە دوو و سێ دەیەی رابردوودا دیواریان خستووەتە نێوان ئەکادێمی و ڕوناکبیرەوە. زانکۆ، کە شوێنی دانی بڕوانامەی فەرمییە لە بوارێکی، پسپۆرییەکی، بەرتەسکدا؛ ئەو پسپۆرییە لەگەڵ کاتدا گۆڕانیدێتەسەر و بۆیە کەسی ئەکادێمی پێویستی بەخۆپەرەپێدانە لە پسپۆرییەکەی، ئەگەرنا نەزان دەبێت. ئەم پسپۆڕە گەر خوێنەرێکی باشیش بێت جیاوازدەبێت لە هاوەڵە ئەکادێمییەکانی، گەر ئەوەش نەبێت شەمەندەفەری زانین جێیدێڵێت. ئەمەو جگەلەوەی هەڵگرانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادێمی (دکتۆر، پرۆفیسۆر) لە زانکۆیەکەوە بۆ ئەویتر، لە ژینگەیەکی ئەکادێمی وسیاسییەوە بۆ ئەویتر هەمان نیین.
بەدڵنیاییەوە ئەکادێمی ئێستامان ئەوەی دەیزانێت هەر ئەوەیە. ڕەنگە لەمەدا ڕوناکبیرانیش هاوبەشی بن. هەردوو لایان خەریکە لەوەدا یەکدەگرنەوە؛ ئەوە دەخوێننەوە، کە دەیزانن. ئەکادێمی کورد سەرباری فشار و بارگرانیەکانی،کە نادادییەکان بۆیاندروستکردووە و ئەمەش ئاستی هێناوەتە خوارەوە، خۆشی دەستی هەیە لە پەراوێزخستنی خۆی.
خۆ پەراوێزخستنی ئەکادێمییانی ئێمە لە زانکۆکان دەرئەنجامی بیرتەسکی و نابوێری زانستیی و ڕوناکبیریی خۆیەتی نەک شتێکیتر. زۆروبۆری دکتۆر و پرۆفیسۆریش لە زانکۆکانماندا ئاماژە نییە بۆ دابڕانێکیی مەعریفیانەی ئەکادێمی و ئەمەش کاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر کردی ڕوناکبیریی و واتای بڕوانامە و پلەی زانستی ئەکادێمی دروستکردووە. ئەمەش وایکردووە کێشە ڕوناکبیرییەکانمان لە جێگای خۆیان بمێننەوە.
بۆلەمەولا نەخوێندەواری و نێوەندی ئەکادێمیی لە زۆر شوێن لە جیهاندا دەستلەملاندەبن، نەخوێندەوارەکان تەنها لە گۆڕەپانەکانی شاردا ناخوڵێنەوە، بەڵکو لەناو حەرەمی زانکۆکانیش پیاسەدەکەن، ئەڵبەتە بە پلەی زانستیی بەرزەوە. ئەڵبەتە ژمارەیەکی زۆر کەم لەمە بەدەرن؛ ئەوانەی زمانی زۆر دەزانن و شانبەشانی پسپۆری خۆیان لە ململانێ ڕوناکبیرییەکانیش بەئاگان.

پشتکردنی ئەکادێمی لە فەلسەفە ناڕوناکبیری دەکات
ئەکادێمی پێویستی بە فەلسەفەیە؛ بە ڕوناکبیری فەلسەفییە. چونکە ئەو فەلسەفەیە وا لە کەسی ئەکادێمی دەکات بیربکاتەوە. کەڵەکەبوونی زانینی جۆراوجۆر مەرجی سەرەکییە بۆ ڕوناکبیربوون، ئەوەش لە مێژووی فەلسەفەوە سەرچاوەدەگرێت، کە ئەوەش ڕوناکبیر بەرەو مێژووەکانیتری مرۆڤایەتی دەبات(ئایینەکان، شارستانییەکان…..).
ئەکادێمی ڕوناکبیر بە هۆی فەلسەفەوە دەبێتە خاوەنی زانینێکی هەمەجۆر و کراوە و دەستیشی دەبێت لە دروستکردنی چەمک و تێڕوانینەکان. بەڵام موخابن ڕوناکبیری ناڕەخنەگر وەک ئەکادێمی تاکڕەهەند وایە، کە تەنها بەردەمی خۆی دەبینێت و ئەمەش ئەو بوونەوەرەیە،کە پشتی لە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی کردووە. ڕوناکبیری ناڕەخنەگر توانای بەرهەمهێنانی ڕوناکبیریی نییە و لەگەڵ ئەکادێمی ناڕوناکبیریشدا یەک گرفت کۆیاندەکاتەوە: لێگەڕان لە کۆمەڵکە و نقووبوون لەناو نەهامەتیەکان.
پشتبەستنی ئەکادێمی بە فەلسەفە توانای بەڵگەهێنانەوەی لا دروستدەکات بۆ وتنەکانی، فێری لۆژیکی ئارگیومێنت و بەڵگە هێناوەدەبێت و دەشزانێت زانین بەدەستهێنان کاتی دەوێت و بیرکردنەوەی ووردیشی پێویستە. ئەمەش وادەکات ئەکادێمی ڕوناکبیر دروستبێت و ئاگاشی لە ڕێساکانی هزر بێت و کاریش لەسەر خۆی و دەوروبەری خۆی بکات.

کتێبخوێندنەوە و نێوەندی ئەکادێمی ئێمە
کتێبخوێندنەوە دەروازەیە بۆ بەڕوناکبیربوون، بەڵام حەیف گەر دەستەبژێری ئێمە برتیبێت لە ئەکادێمی (پرۆفیسۆر، پزیشک، پارێزەر، ئەندازیار و……) زۆرێک لەوان ناخوێننەوە، بشخوێننەوە بەردەوام ناخوێننەوە. زۆرکاتیش ئەوە دەخوێننەوە کاریان پێیەتی و ئارەزوویدەکەن.
کتێبخوێندنەوە، بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی، بەگشتیش کتێب لەمەڕ مێژووی زانست و ئایین و هونەر، کە مەرامێکی هەمەلایەن لەخۆدەگرن لەناو ئێمە ئاسایینەبووتەوە. باشە بۆ مرۆڤ دەبێت كتێببخوێنێتەوە؟ بۆ دەبێت كتێبی فەلسەفیی بەڕادەیەکی زۆرتر لە كتێبی ئاسای بخوێنرێتەوە؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەینەوە، پێویستمان بەوە دەبێت كتێب پێناسەبكەین، دواتر ئەو جۆرە كتێبەیش پێناسەبكەین، کە پێیدەگوترێت كتێبی فەلسەفیی، یان کتێبی هزریی.
كتێب ئەو شوێنەیە زانیاریی و زانینەكان لە دووتوێی خۆیدا كۆدەكاتەوە و هەریەک لە کتێبەکانیش بە جۆرێکی جیاواز دیدگای خۆیان بەیاندەکەن. گرنگە لێرەدا ئەوەش بوترێت، کە گشت ئەوانەی كتێب دەنووسن کتێب خوێنەرێكی بەردەوام و چالاك نیین. گەلێک لەوانەی كتێب دەنووسن تەنیا ئەو كتێبانە دەخوێننەوە بە بواری خۆیانەوە تایبەتە، یان زۆربەی ئەوانەیش پێیاندەگوترێت خوێنەر گشت جۆرە كتێبێك ناخوێننەوە.
هەیە تەنیا كتێبی ئەدەبیی و بەتایبەت شانۆ یان ڕۆمان دەخوێنێتەوە یان كەسێک، كە پزیشكە و سەرقالی جیهانی كارئەندامزانیی و زیندەوەرناسییە تەنیا یان بەزۆریی، ئەو شێوە كتێبانە دەخوێنێتەوە لەبواری پسپۆرییەكەیەوە نزیكە. ڕەنگە پزیشكێک یان دەرمانسازێك كتێبی ئەدەبیی یان مێژووییش بخوێنێتەوە، بەس چۆن مامەڵە لەتەك ئەوە دەكات لە تێكستە ئەدەبییەكاندا نووسراوە؟ ئەوەش جێگای پرسیاری ورد و تێڕامانە. بیریشماننەچێت گەلێک لە ئەدیبە گەورەكانی جیهان پزیشك بوون.
ئەوەی كه هەمیشه جێگای پرسیاره ئەوەیە، کە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی شتێکی ترمان دەداتێ، کە کتێبەکانی تر ناماندەنێ. ئەو شتە، کە هەتوانی دەربازبوونمانە لە دەرگیریی و گرفتارییەکانمان شتگەلێکی گەردووناوین و تەنیا لە دووتوێی کتێبە فەلسەفییەکانیشدا بەرچاودەکەون.
سەرباری ئەوە، کتێبە فەلسەفییەکان لێوڕێژن لە مشتومڕی پێویست و پەردە لادەرن لەسەر پەردەلەسەر لانەدراوەکان. کتێبە فەلسەفییەکان لەگەڵ جیاوازی پسپۆڕییان خۆیان لە قەرەی بابەتگەلی فرەئاقار و نەخەمڵیو و سەیروسەمەرە دەدەن. هۆگرانی خوێندنەوەی کتێبە فەلسەفییەکان لەوەحاڵین، کە کتێبە فەلسەفییەکان دەرفەتی تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و ڕوانینی ئەم مرۆڤە دەگۆڕن.
سەرئەنجام، کتێبە فەلسەفییەکان کتێبە ژیرمەندئاسا و ئەندێشەییەکانن و به دیدێكی جیاواز لەچاو کتێبەکانی تر ئەوەی سەخت و دژوارە هەمیشه دەکەنە جێگای پرسیار و تێڕامان. ڕچەشكێنی کتێبە فەلسەفییەکان سەرچاوە لە خودی فەلسەفەوە هەڵدەگرێت، کە بابەتگەلی نێواندژ/دژوێژ و سەرسامکەر گفتوگۆدەکات. لەو سۆنگەیەشەوە فەلسەفە کارامایە لە دەرفەت ڕەخساندن بۆ بیرکردنەوە و سنوردانان بۆ پێشدادوەریکردن. گشت ئەوەش دەروازەیە، سەرەتایە، بۆ بەڕوناکبیربوون.

زانکۆ خوێندکاری ڕوناکبیر دروستنەکات زانینەکەی ئاوادەبێت
لە دۆخێکی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتیدا دەژین. لەم دۆخەدا ئەرکی زانکۆ گەورەیە، هەرئەوە نییە، کە بڕوانامە بدات. وانەکانی زانکۆ گەر بیری گۆشەگیریی زانستیی و بێ هیوایی کۆمەڵایەتیی و تێگەیشتنی وشک و کۆنەپەرستانە ریشەکێشنەکات هیچ ناپێکێت. بۆیە زانکۆکانمان پێویستی بەوەیە خوێندکاری ڕوناکبیر دروستکات، کە ئەوەش تاکی ڕوناکبیر لە کۆمەڵگە دروستدەکات.
گەر کەسی ئەکادێمی کەسێکی ڕوناکبیر نەبێت زانینەکەی سنووردار و توند دەبێت. گومانی ناوێت زانکۆکانمان خوێندکاری ڕوناکبیر دروستنەکات لەگەڵ کاتدا زانینەکەی بێبەهادەبێت و خودی زانکۆش حورمەتی ئەکادێمیی خۆی لەدەستدەدات و کەسی زانکۆییش جێگای متمانەی کۆمەڵگە نابێت و زانکۆ وەک کارگەی لێدێت؛ کارگەی بەرهەمهێنانی هەڵگرانی بڕوانامە. کە زانکۆ خوێندکاری ڕوناکبیری دروستنەکرد دەبێت گلەی لە مامۆستای زانکۆیی بکەین، کە بیرکەمدراماتە، بێ ئاگایە لە گۆرانکارییە زانینی و ڕوناکبیرییەکان.
گومانی ناوێت ئەو مامۆستا زانکۆییەی باسکرا، ئەگەرچی لەژێرفشاری نادادیی و گەندەڵیی سیاسیدایە، کێشەیەکیتریشی هەیە، کە شارەزای ئەو مێژووە گرنگانە نییە(مێژووی زانست، مێژووی ئایینەکان، مێژووی هونەر، کە هەموو ئەوانەش مێژووی فەلسەفە پێکدێنن) ،کە زانین لە زانکۆ بەرەوپێشەوەدەبەن.
بەپێی ئەوە بێت لای سەرە هێمایبۆکرا، زانکۆ کاری کەڵەکەبوونی زانین نییە لای خوێندکار، بەڵکو چۆنیەتی وەگەڕخستن و پۆلینکردنی ئەو زانینەیە لە ژیانی دواتردا. واتە پسپۆریی زانکۆیی دەبێت کەسایەتی تاکەکان بگۆڕێت، نەک بیانکاتە بار بەسەر کۆمەڵگەوە.

بەماڵباتکردنی سیاسەت دژی ڕوناکبیربوون و ئەکادێمییبوونە
ئەو کاتەی قسە لە تۆیەک دەکەین، کە تەنها ئەکادێمییە و ڕوناکبیر نییە پەیوەندی ڕوناکبیر بە دەسەڵاتی سیاسیی و دامەزراوەی ئایینیەوە جێگای باسە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی بەماڵباتکردنی سیاسەت لە دەرەوەی زانکۆ دژی بەڕوناکبیربوونە و بکوژی زانینی ئەکادێمیشە. لەگەڵ کاتیش ئەم دیاردەیە، بەماڵباتکردنی سیاسەت، کە دێتەناو زانکۆوە ژینگەی ئەکادێمیی ناکارامە و چەقبەستوو دەکات و دەرگاش بەڕووی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێ دادەخات.
ڕاستە زانکۆ بووتە موڵکەی ئەکادێمییان، ئەی موڵکەی ڕوناکبیران لە کوێیە؟ موڵکەی ڕوناکبیران گشت شوێنێکە، کە ئەو پێویستە. خاڵی هاوبەشی لاوازی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی ئێستای ئێمە ئەوکاتە دەستپێدەکات، کە هەردوو لاوازن لە شەرمەزارکردنی زانین و تێگەیشتنی باو؛ هێشتنەوەی کۆنەپەرستی و بێدادیی. بەداخەوە، کێشە سیاسییەکانمان بۆشایی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قووڵترکردوەتەوە، ڕوناکبیر و ئەکادێمیشی کردووەتە کۆمیتەچی و مەڵبەندچی. نێوەندی ئەکادێمی هەروەک نێوەندە ڕوناکبیرییەکە تەواوکەری تێگەیشتنی سیاسییانەی کۆمیتە و مەڵبەندن. شەڕی ناو زانکۆش، بەداخەوە، شەڕ نییە لەپێناو سەرخستنی وتاری ڕوناکبیریانەی ئەکادێمی، بەڵکو شەڕە لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی زانکۆیی.

زیرەکی دەستکرد چەمکی ئەکادێمی و ڕوناکبیر بەرەو کویدەبات؟
پێشهاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاریی چەمکی ئەکادێمی بەمجۆرەی ئێستا نەبوو. زانین، زانینی زانستی، دەکرا تەنها لەناو هۆڵەکانی زانکۆ بەدەستبهێرێت، بەڵام ئێستا دەستگەیشتن بە زانست بەوجۆرەی جاران نییە. زۆری زانکۆ و زۆری خوێندکاری زانکۆش بەهای ئەکادێمیبوونی زانکۆی هێناوەتەخوارەوە. ئەم ژینگەیە وایکردووە هەموو بگەنە زانکۆ و هەمووش بڕوانامەیەک بەدەستبهێنن. زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و خێزانیش هۆکارە بۆ چوونی هەموو بۆ زانکۆ. بازاڕی کاریش گرفتێکی تری ئەم لایەنەیە.
بڕوانامە تا ئەو شوێنە سودبەخشە، کە دەتوانێت زانینی جۆراوجۆر و نوێمان لەسەر جیهان بداتێ، بمانکات بە خاوەنی عەقڵ و کولتوورێکی کراوە و شایان. بازاڕ، کە داوای بڕوانامە دەکات، بڕوانامە ئەو حورمەتەی نەماوە و بگرە بووشە بە رۆتینات و زانکۆ خوێندنیش بووەتە مۆد. هەرکە زانکۆشت خوێند بێنیگەرانی بڕوانامەیەک هەر دێنیت. لەم حاڵەتەدا زانکۆ یەکسانە بە بڕوانامە بەدەستهێنان و ئەوەش یەکسانە بە پەیداکردنی کارێک. بەڵام هاتنی زیرەکی دەستکرد هاوکێشەکان دەگۆڕێت و گەر زانکۆ خۆی نەکات بە تێکڕای زیرەکی دەستکرد بڕوانامە سودی نامێنێ و کارپەیداکردنیش سانا نابێت.
واتە زانکۆ چیتر رێگایەک نییە بۆ کارپەیداکردن. کەواتە بە نەمانی هەندێک بەش و ئاوابوونی هەندێک پسپۆری لە زانکۆ دەرفەت بۆکارپەیداکردن کەم و کەمتردەبێتەوە. بۆیە زانکۆ پێویستی بەوەیە سنوور بۆ کردنەوەی بەش دانێت و کاریش لەسەر داخستنی ئەو بەشانە بکات چارەنووسیان بێکاربوونە. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، کە لەم حالەتەدا ڕوناکبیر، پتر لە ئەکادێمیی و ووردتر دەڕوانێتە ئاییندە و لەوەش بەئاگایە کۆمەڵگە لەژێر فشاری زیرەکی دەستکرد بەرەو کوێ دەچێت.

پاشەکی: تەنها ئەکادێمیبوون بەس نییە
لە کۆتاییدا هێما بۆ ئەوەدەکەین، کە ئامانجی ئەم نوسینە پشتگیرییە لە ڕوناکبیری ئەکادێمی و ئەکادێمی ڕوناکبیر. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە ئەم دوانە ئەو وتارە دادەهێنن، کە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی نوێ پێویستیەتی.
ڕاستە ژیانی ئەکادێمی کورد پڕە لە گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی کاتی و ناشایستە، ئەمەش کاریگەری لەسەر شێوازی وانەوتنەوە و توێژینەوەکانی داناوە. بەڵام با ئەوەشمانبیرنەچێت، کە زانکۆکانمان و نێوەندی ڕوناکبیریمان لەناو گرفتێکی ناسنامەیی قووڵدا دەتلێنەوە و، گەر هۆڵەکانی وانەوتنەوەش پڕنەبن لە ئەکادێمی ڕوناکبیر خوێندکاری زانکۆیی ڕوناکبیریشمان نابێت.
گومانیناوێت، ئاشنابوون بە کولتوورە جیاکان و دانپیاهێنان بە ئەویتری جیاواز لە تۆ ڕەنگە مەرجێکی پێویستبێت بۆ ڕوناکبیربوون. ئەمەش داوامانلێدەکات زانینی فراوان و بەردەواممان لەسەر گۆڕانکاریەکان، بەتایبەت کولتووریی و سیاسیی و ئابوورییەکان هەبێت. هەر بۆنموونە ئاگایی پەیداکردن لەسەر مێژووی فەلسەفە و ئاینەکان، مێژووی هونەر (سینەما، شێوەکاری، موزیک، ……)و زانست پێدەچێت مەرجبن بۆ جیاکردنەوەی ئەکادێمی لە ڕوناکبیر. کەواتە ئەو مێژووانە زەمینە بۆ شتی نوێ دەڕەخسێنن و فێربوون و هاوکاریشماندەکەن خۆمان ڕوناکبیربکەین و ئاستی هۆشیارییشمان بەرزبکەینەوە.
گەر ڕوناکبیری ئۆرگانیک(گرامشی) هەبێت پێویستمان بە ئەکادێمی ئۆرگانیکیش هەیە. هاوکات زانکۆکانمان تەنها پێویستی بەم دوانە نییە، بەڵکو پێویستی بە خوێندکاری زانکۆیی ئۆرگانیکیش هەیە، بەڵام نەمانی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەکادێمی و ڕوناکبیری ئێمە وایکردووە هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان بە پیسییەکانی سیاسەتەوە بگلێن. کەتوار و ژینگەی زانکۆکانیشمان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە بێتوانایی دەستەبژێری ئەکادێمی ئێمە لەبەردەم بێدادی سیاسیی هەردوو ژینگەی زانکۆ و ڕوناکبیریی بێهیواکردووە. ئەو ژینگە سیاسییەی ئێمەی دەیژێین ئەکادێمی و ڕوناکبیری کردووە بە گاڵتەجاڕی خۆی؛ موچە خەونی هەردوولایانە.
ئەفسووس، لە دەرئەنجامی تێکڕای ئەوەی لایسەرەوە وترا پێشبینیدەکەم، بەهۆی بێبەهابوونی بڕوانامە و تاتیتڵی ئەکادێمییەوە، رۆژێک دێت بەشەرمەوە باس لەوە بکەم دکتۆرام هەیە و پرۆفیسۆریشم.




زانکۆی بێ فەلسەفە هزرهەژارە.. ئازاد حەمە

دەستپێک: غەدرکردن لە فەلسەفە

بەرتەسککردنەوەی بازنەی بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆ غەدرێکە لە فەلسەفە دەکرێت، کە دەشڵێین زانکۆ، مەبەستمان مامۆستا و خوێندکاری زانکۆیە، کە هەردوو پێکەوە لە ئێستادا ئەو غەدرە لە فەلسەفە دەکەن. ناشكۆمەندیشە بۆ زانکۆ، یان نێوەندی ئەکادێمیی، غەدر لە فەلسەفە بکات. بە گشتی غەدر هەڵەیە و بەشێکیشە لە خراپە و قسەکردنیش لەبارەیەوە دەچێتە خانەی فەلسەفەی ڕەوشتەوە. واتە لە کۆتاییدا ئەوەی غەدرمان بۆ شرۆڤەدەکات هەر خودی فەلسەفەیە. ئەی باشە فەلسەفە دەبێت چۆن قسە لەو غەدرە بکات لە خۆی دەکرێت؟
فەلسەفە بەخۆی دژە غەدرە، کەچی دەبینین بە ئاشکرا لە زانکۆکانی هەرێمدا غەدریلێدەکرێت. باشە بۆ ئەم غەدرە لە فەلسەفە دەکرێت؟ ئەم پرسیارە تا ئەندازەیەکی زۆر گرنگترین پرسیاری ئەم نوسینە کورتەیە و هەوێنی نوسینەکەشە. بڵێسەی غەدر ناهەمواری دێنێت و شكۆمەندییش تێکدەدات. بەکورتی لەبەر ئەو غەدرەی لە زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفە دەکرێت، فەلسەفە جێپێی لێژە. هەر ئەوەشە، کە ناحەزانی فەلسەفە دەیخوازن. ئەو دەمەش غەدر لە فەلسەفە دەکرێت پرسیاری فەلسەفیی، کە کرۆکی فەلسەفە پێکدێنێت، سەریلێدەشێوێت.
ئەوە فەلسەفەیە مانا بە واتای پرسیار دەدات، وا لە پرسیار دەکات لە بەرتەسکیی دەربازیبێت. فەلسەفە ئەمە دەکات، چونکە شوێنی بەرهەمهێنانی هزرە. بۆیە وشەدانی ئەم نوسینە بەجۆرێک ئاقاروەردەگرێت، کە زانکۆی بێ فەلسەفە زانکۆیەکی هزرهەژارە. لێرە بەگشتی قسە لە زانکۆ دەکرێت و جارجارەش قسەکردنەکە بە دۆزی زانکۆ لە نێوەندی ئەکادێمی کوردی تایبەتدەکرێت. لەبەرئەوە سەرنجدەخەینە سەر زانکۆ و فەلسەفە، چونکە فەلسەفە لە زانکۆدا وادەکات خوێندکاران ئامرازگەلی جیاواز بۆ گەیشتن بە دید و تێڕوانیینەکانیان بەکاربەرن و رۆڵببینن لە بەرینکردن و بەچۆنایەتیکردنی بیرکردنەوەکانیان و خۆشیان لەسەر ڕاڤەکردن و ئامانجی تۆکمە و فرەڕەهەند ڕابێنن.
هەر لێرەدا دەپرسین:ئێمە پرۆژەی فەلسەفییمان هەیە؟ ڕەنگە زانکۆ دروستکەری پرۆژە فەلسەفییەکان بێت و بشکارێت دەستەبژێری رووناکبیریی لە کۆمەڵگەدا دروستکات،لێ زانکۆ ناتوانێت بمانکاتە فەیلەسوف. بۆیە لێرەدا دەکرێت پرسیارێک ڕووبەڕووی خوێنەری ئەم نوسینە بکەینەوە: چۆن دەبینە فەیلەسوف؟ بۆیە وادەڵێم،چونکە باوەڕم بەوەیە زانکۆ ئەو کارە ناکات. زانکۆ کارگەی بەرهەمهێنانی فەیلەسوف نییە. بوونە فەیلەسوف پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دژواریی هزریی و تێڕامانییە و دۆز و هەلومەرجی خۆی هەیە. لەبەرئەوە ئەم نوسینە باوەڕی بەوەیە، کە کێشەی فەلسەفیی زانکۆکانمان تەنها کێشەی خودی زانکۆکان نییە، تەنها بە خوێندنی باڵاوە گرێدراو نییە. کێشەی فەلسەفە کێشەی هەموانە، بە تاک و کۆمەڵگەوە. ئەم کێشەیەش تەنها پەیوەندی بە کردنەوەی بەشی فەلسەفە و داخستنی ئەم بەشەوە نییە لە زانکۆکان. کێشەکە پەیوەندی بەچۆنیەتی مامەڵەوەیە لەگەڵ فەلسەفە وەک بوارێک لە بیرکردنەوە و تێڕامان، بە چۆنیەتی دیالۆگکردن لەگەڵ کولتووری دەرەکیی و کرانەوە لەبەردەم شارستانیەکانیتردا.
خواستی فەلسەفە خواستێكی كەسیی نییە، خواستە بۆ پەرەدان بە دەركەوتن و باڵاخستنی بیركردنەوە و تێڕامانی فەلسەفیی لە نێوەندی ئەكادێمیدا. ئەمە وادەکات فەلسەفە بكارێت هزر و هۆشیاری تازە لە نێوەندی ئەكادێمی و كۆمەڵگەدا بڵاوبكاتەوە. ئەم بەشە هزرییە،كە ڕووییەكی شارستانی و عەقڵی گشت نەتەوە و كۆمەڵگەیەك نیشاندەدات، کە دێتە ناو زانکۆوە وادەکات مامۆستا و خوێندکار خۆیان لە قەرەی بابەتگەلی فرەئاڕاستە و نەخەمڵیو و سەیروسەمەرە بدەن و دەرفەتی تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و ڕوانینی ئەم مرۆڤە بگۆڕن. ئەمەش بۆ ئەم چرکەساتەی کۆمەڵگەی ئێمە پێویستە. کەواتە بۆ ئەوەی کۆتای بە غەدرکردن لە فەلسەفە لە زانکۆ بهێنرێت، دەبێت زانکۆ ببێتە شوێنێک بۆ دروستکردنی ڕوناکبیریی فەلسەفیی. ئەم روناکبیرییە فەلسەفییەش ناکرێت تەنیا خۆی لەناو زانستە مرۆییە کۆمەڵایەتییەکاندا قەتیسبکات و دۆزی زانکۆش واپێویستدەکات فەلسەفە پەلبهاوێژێ بەرەو بەشەكانی كۆلێژە زانستە سرووشتیەكان(پزیشکی، فیزیك، بایۆلۆژی، ماتماتیك، كۆسمۆلۆژی، فەلەكناسی، فەلسەفەی كوانتۆم، ئابووری، جوگرافیا، جیۆلۆجی، كیمیا و …) و لەوێشەوە بەرەو فەلسەفەی جێندەر، فێمینیزم، ژینگە و یاسا و جوانیناسی و…..
لەو سۆنگەیەشەوە ئەوە دەڵێین، هەرکە فەلسەفە هاتەناو زانکۆوە دەکارێت ببێتە پلاتفۆرمێك بۆ گەشەپێدانی ئەكادێمی (سەنتەری پەرەپێدانی هزری ئەكادێمی) لە زانكۆ. لەڕێگای ئەو نێوەندەشەوە دەكرێت گەشەبدرێت بە چەند لایەنێک: دروستكردنی داتاباسێك(كتێبخانەیەكی ئەلەكترۆنی) تایبەت بە هزری جیهانی، هاوچەرخكردنی ئاڕاستەكانی وانەوتنەوە، بنەمادانان بۆ بەها ئەكادێمییەكان، وتنەوەی بابەتی بیركردنەوەی ڕەخنەیی، بیركردنەوەی لۆژیكیی، بیركردنەوەی گوماناویی و بیركردنەوەی داهێنانیی، دروستكردنی نێوەندێكی هزریی بۆ ڕاڤەكردن و دیالۆگی ململانێكان، میوانداریكردنی بیرمەند و روناكبیرە نێودەوڵەتیەكان و سازكردنی كۆنفرانس و مێزگردی هزریی گلوباڵ. هەموو ئەوانەش پێویستی بە مامۆستا و خوێندکاری زمانزان و هزرکراوە و ئاشنا بە تازەگەرییەکانە. لێرەوە ‌غەدر لە فەلسەفە لە زانکۆ ڕوو لە ئاوابوون دەنێت.

هەتیبوونی زانکۆ

فەلسەفە دایکی زانینەکانە لە زانکۆ، کەواتە زانکۆی بێ فەلسەفە هەتیوە(بی دایکە) و پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانکۆش وەک پەیوەندی نێوان دایک و خێزان وایە. چەوسانەوەی دایک بە مانای چەوسانەوەی گشت خێزانەکە دێت و هەتیبوونی زانکۆش تەنها بەهۆی بێ شوێنکردنی فەلسەفە و سڕینەوەی لە ئەندێشەی زانینی ئەکادێمیدا دێت. فەلسەفە لە زانکۆ، فێربوون بە گشت پسپۆرییەکان دەدات و واش لە زانین دەکات بیربکاتەوە. بەم جۆرە، فەلسەفە،کە دەکەوێتە ناو زانکۆوە لۆژیک و رەوشت شانبەسانی بوونناسی و بیرکاری لێکدەئاڵێن و یەکترتاودەدەن.
لە نێوەندی ئەکادێمیدا، کە فەلسەفە ووندەبێت خێزانی ئەکادێمی دادەڕمێت. نەمانی فەلسەفە لە زانکۆ نەمانی دایکە. کاتێک زانکۆ فەلسەفە دەخاتە دەرەوەی خۆی، بەوە زانکۆ هەتیو دەبێت. هەتیوبوونی زانکۆ گەورەبوونیەتی بەبێ دایک(سەرپەرشتیار)، ئەو دایکەی شتی فێردەکات. هەروەک مردنی دایک، کە بە کەسی تر جێگایپڕنابێتەوە، فەلسەفە لە زانکۆ، کە نەما زانینی تر جێگای ناگرێتەوە، چونکە توانای فەلسەفەیان نییە و تامی فەلسەفەش نادەن. ناوی فەلسەفەش لە زمانەکاندا(بۆنموونە لە فەرەنسی، ڕووسی،عەرەبی….و) مێیە،ئەمە نیشانەیە لەسەر هێزی بەرهەمهێنان لە فەلسەفەدا و هەستی دایکبوونەکەشی. لەبەرئەوە فەلسەفە وادەکات لەو زانینە بکۆڵینەوە زانکۆ دەمانداتێ.

فەلسەفە گەڕۆکە، بێ زێدە

فەلسەفە پەیگیرییە (بەدواچوونە) بۆ شتێک، کە هێشتا نییە، نیمانە، نەهاتووەتەدی. شتێک جارێ لێرە نییە، لەوێیە. لێرە نییە و دەچین بۆ ئەوێ تا بیدۆزینەوە. فەلسەفە تەقەلایەکە بۆ دۆزینەوە، ئەمەش بەو واتایەدێت، کە فەلسەفە گەڕانە بەدوای شتێکی بزر و وون دا.
چۆن فەلسەفە بەو وونبووە دەگات؟ ئەڵبەتە بە گەڕان و پشکنین، کە دواتر بە دۆزینەوە کۆتایدێت. هەروەها بە پرسیار و لێپێچینەوە لە گشت شتەکان. لەبەرئەوە کاتێک فەلسەفە دەپرسێت تەنیایی چییە ئەمە بۆ ئەوە دەکات تا لە سۆراغی وەڵامێکدا بێت بۆ چەمکی تەنیایی. کەوتنە سۆراغی شتێک هەوڵدانە بۆ پەیداکردنی ئەو شتە، دۆزینەوە و بەدواگەڕان بۆ ئەو شتە. فەلسەفە کاتێک دەپرسێت بۆ دەبێت ڕەوشت هەبێت دەخوازێت بەدوای وەڵامێکدا وێڵبێت بۆ ئەم پرسیارە. ئامرازی سەرەکی لەم گەڕان و سۆراغپرسینەش بیرکردنەوەیە. ئەم شێوازەش لە بیرکردنەوە بۆ زانکۆ گرنگە و پێویستی مامۆستا و خوێندکارە لەیەککاتدا.
وێڕای ئەوە، لەناو فەلسەفەدا وێڵبوونێک بوونی هەیە. راستە وێڵبوون سەرگەردانییە، لێ گەڕانیشە بەدوای ئەوەی وونە. دیارە دوای پرۆسەی گشت گەڕانێکیش کردەی دۆزینەوە لەدایکدەبێت. واتە ئەوە دەدۆزینەوە، لێمان بزرببوو، کە وێڵببووین بەدوایدا. کاتێک وێڵدەبین بەدوای شتێکدا، ئەمە بەو مانایەش دێت، بەدوای وەڵام، کە چارەسەرە، دەگەڕیین. وەڵام، چارەسەر، ئەو شتەیە لێمان وونببوو و بەدۆزینەوەشی ئیدی فەلسەفە ئارامدەبێت و ئەوێ دەکاتە زێدی کاتی خۆی.
ئەڵبەتە لەناو ئەم پرۆسەی گەڕان و سۆراغکردنەدا گرفتارییەکیش بوونی هەیە. خودی فەلسەفەش لە پەیوەندیدایە لەتەک چەمکی گرفتاریی. چونکە فەلسەفەکردن کردەیەکە لە گرفتاریی. پرسیاری فەلسەفەیی جۆرە گرفتارییەکی تێدایە، کە دواتر دەبێت بە ئارامی و دەربازبوون لەو گرفتاریی و شەکەتییە. فەیلەسوف شەکەت و ماندوودەبێت تادەگات بە وەڵامێکی پەسەند، کە شایانی ئەو پرسیارەبێت سەبارەت بە ڕەچەڵەک و مانای چەمکێک کردوویەتی.
ئەمە مانای ئەوەیە فەلسەفە ئاوارەیە، بێ جێگایە، دەگەڕێت و دەخولێتەوە تا ئەوە بەدەستبهێنێت، کە نیمانە. کەوابێت دەکرێت بپرسین: فەلسەفە زێدی هەیە؟ فەلسەفە بۆ هەبوون و بەردەوامی خۆی پێویستی بە زێدە؟ زێدی فەلسەفە زانکۆیە؟ نەخێر زانکۆ زێدی فەلسەفە نییە. لەبەرئەوەی فەلسەفە بێ زێدە گشت شوێنێک بە زێد، بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت. لە هەموو جێگایەک بوێرانە فەلسەفە دەپرسێت: درۆ چییە؟ میهرەبانی بۆ هەیە؟ …و. بیرکردنەوە، کە ناسنامەی فەلسەفەیە، لە گشت شوێنێکدا بوونی هەیە. ئەمە وادەکات بیرکردنەوەکان زێد بۆ فەلسەفە داتاشن. زێدی سەرەتای فەلسەفە یۆنان بوو، دواتر بوو بە شوێنی تر. ئێستاش زێدی فەلسەفە وا لەو جێگایەی بیرکردنەوە تیایدا لە ترۆپکدایە.

فەلسەفە گرنگە پەتائاسا لە زانکۆکاندا بڵاوببێتەوە
فەلسەفە بابکرێت بە پەتا و لە حەرەمی زانکۆکانماندا بڵاوبکرێتەوە. هەرکە ئەوە کرا ئەو کات فەلسەفە ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی، فەلسەفە داکیرساندنی مەشخەڵی زانینە و هیوای هاتنی ڕووناکی بیرکردنەوەیە. لەهەر جێگایەکدا فەلسەفە سەوزبێت لەوێ کۆشکی باوەڕبەخۆبوون و دادوەری لۆژیکی بنیاتدەنرێت و گریمانەناسی و بەڵگەمەندی وەگەردەخرێت.
ئەم پەتایە ئەو پەتایە نییە،کە پێش مەرگ دێت. ئەم پەتایە مانا بە ژیانمان دەدات و وزەی بیرکردنەوەمان بەهێز و دووربین دەکات. فەلسەفە، کە خۆشەویستییە بۆ دانایی، بە بڵاوبوونەوەی ژیانمان لێوانلێودەکات لە بەرەکەتی دانایی. بۆیە پێمانوایە فەلسەفەکردن هەنگاوێکە بۆ خۆتەندروستکردن. بەمجۆرە پەتای فەلسەفە پەتای داناییە.
تەندروستبوون لەڕێگای فەلسەفەوە شیاوە؟ بەڵێ. چونکە فەلسەفە ئارامیهێنەوە. ئەو ئارامییە دوای ئەوە دروستدەبێت، کە تێگەیشتن دێت. فەلسەفە تێگەیشتنمان دەداتێ سەبارەت بە ژیانی ئێمە و بوون. فەلسەفە بە پرسیارکردن و زۆر بەدواچوونەکانی هاوکارماندەبێت لەوە حاڵیبین لێیحاڵینەبووینە.واتە فەلسەفە بۆتیشکخستنەسەر ناڕوونی و بەدحاڵیبوونەکانە. زانکۆش، ئەو شوێنەیە،کە کۆی زانینەکانی تیایە و فەلسەفەش لەوێندەرێ هەڵدەستێت بە ئەرکی خۆی. ڕاستە فەلسەفە لە زانکۆ، هەر زانکۆیەک بێت، ڕووبەڕووی چەندین ڕێگریی و ئاستەنگی چاوەڕوان نەکراو دەبێتەوە،بەڵام فەلسەفە، بە ئامادەبوونی لەناو کایەی ئەکادێمیدا ڕاچڵەکین دروسدەکات، زانین دەخاتەژێرپرسیارەوە، گومان لە فێربوونی تۆکمە و رەها دەکات و تێگەیشتنی تر و جیا دێنێتەکایەوە.
ئەو ژینگە تەندروستەی فەلسەفە لە زانکۆ دروستیدەکات، تەنها ئەو ئەتوانێت ئەوە بکات و لەو ڕووەشەوە فەلسەفە ئەزموونی زۆرە. ئەزموونی فەلسەفە لە بەتەندروستکردن بۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە. زۆرێک چەمک هەن (دەروون، گیان، ئاوەز، جەستە، ئاگایی و……) ئێمەی مرۆڤ سەرەتا لێیحاڵینەدەبووین، کەچی ئێستا بەهۆی مشتومڕە فەلسەفییەکانەوە زانینێکی زۆرترمان لەسەر لێحاڵینەبوونەکانمان پەیداکردووە. بۆیە کاتێک فەلسەفە پەتائاسا لە زانکۆدا بڵاودەبێتەوە، بێجیاوازی، لەناو زانستە مرۆییەکۆمەڵایەتی و زانستە سروشتییەکان دا ڕاچڵەکینی ئێپستیمی(مەعریفی) چاوەڕواننەکراو دروسدەکات.
گەر لێگەڕێین فەلسەفە لەناو کایەی ئەکادێمیدا پڕجوڵە بێت، دەزانێت چۆن ئیشی خۆی دەکات، چۆن تیشکدەخاتەسەر ئەو زانین و تێگەیشتنانەی پەراوێزخراون و بێ سیما و وونن. فەلسەفە لەناو زانستەکاندا دیالۆگدروستکەرە، کێشەی دووانەییە چەمکییەکان چارەسەردەکات و شرۆڤەی ئاماژە کولتوورییەکانیش بەرباسدەخات. بەکورتی فەلسەفە، گەر بواریبدەن، لێناگەڕێت زانکۆ هەژارهزربێت، جێگایەک بیت بۆ وەلاوەنانی پرسیار و قێزەوەنکردنی گومان. چونکە فەلسەفە گفتوگۆی دەوڵەمەند سەبارەت بە چەمکە سیاسی و مێژوویی و زمانەوانییەکان شانبەشانی چەمکە بیرکاریی و بایۆلۆجی و پزیشکییەکان دێنیتەکایەوە.

ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە

ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە (ئالان بادیۆ). بەربەستەکان تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە. زۆرجاریش بەربەستەکان بێسەروبەرانە دێنەپێشەوە. بەربەستەکان لەیەک کاتدا ئامادە و نائامادەشن. هەندێک لە بەربەستەکان لە گشت شوێنێکدا هەن. بەپێچەوانەوە هەندێکی تر تایبەت و جیان و ژینگەی خۆیانیان هەیە. لە فەلسەفەدا لەبەرئەوەی هیوابڕاوی بوونی نییە، بۆیە فەلسەفە لێزانە لە لابردنی بەربەستەکان.
بەربەستەکان دڕدۆنگ و نیگارانییەکانن، کە لێرە و لەوێ ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین. وەکیتر، بەربەستەکان کۆسپن، تەگەرەن و خۆیان وەک کێشە نمایشدەکەن. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە دایکی دیالۆگ دەزانێت، لێهاتووە لە ڕووبەڕوونەوەی کێشە و تەنگەتاویی. دەستەواژەی بەربەست بۆ فەلسەفە ڕاگوزەر و هەڕەمەکی نییە. چونکە بەربەست لەمپەر و ئاسته‌نگهێنەرە. ئەو تەگەرە و ڕێگرانەیە دەمانوەستێنیت. دوای هاتنی تەگەرە و بەربەست جوڵە نامێنیت. فەلسەفەش، کە دایکی گفتوگۆ و مشومڕە و ئەمەش بەهەڵکەوت نییە و بەری مێژوویەکە لە گفتوگۆ و پرسیارمەندیی، لەناو قورسترین کۆسپ و بەربەسەتەوە سەریدەرهێناوە. ئەو مێژووەش پێماندەڵێت مەرامی فەلسەفیی مەرامێکی مرۆییە و مێژووەکەش لەتەک ئەو باسوخواسانەدا دەستلەملان بووە، کە لەپێناوی مرۆڤدا هاتوون.
لەو شوێنەی کۆسپ و تەگەرە هەیە، کاری فەلسەفە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکانە. فەلسەفە ئەمە نەکات بۆ هەیە! زانکۆ، کە پڕە لە کۆسپ و تەگەرە، بەهاتنەناوەوەی فەلسەفە کۆسپ و تەگەرەکان ڕەوتێتر وەردەگرن و لەگەڵ کاتیشدا بە گفتوگۆی شیکاریی بەرەو نەماندەچن. هاوکات فەلسەفە کۆڵەکەی بیرکردنەوەی لۆژیکی و داهێنانییە، ئەمە وادەکات فەلسەفە بپرسێت: چۆن زاڵبین بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا؟بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان لەناو کایەی ئەکادێمیدا پێویستمان بە فەلسەفەیە. فەلسەفە لەوێ بیرکردنەوە دروستدەکات و پرسیار دەسازێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا و خوێندکار ئەرکیان بیرکردنەوەیە لە بیرلێنەکراو. ئەمەش هەردوولا بەرەو بیرکردنەوە لە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان دەبات. کۆسپخستنەبەردەم فێربوون و ئاسته‌نگدانان لەبەردەم ئەو پرۆسە ڕوناکبیرییەی زانکۆ دەیدات تەنها بەهۆی زاڵبوونی تێگەیشتنی فەلسەفییەوە لەناو مامۆستا و خوێندکاران چارەسەردەکرێت و ژینگەی ڕوناکبیریی زانکۆش گۆڕانی راستەقینەی دێتەسەر.
لەم گۆشەنیگایەوە ئەوەش دەڵێین، ئەوەی، كه هەمیشه جێگای پرسیاره بۆ ئێمە ئەوەیە، کە دەستەبژێری ئەکادێمی ئێمە بۆ کتێبی فەلسەفیی ناخوێنێتەوە؟ تەنانەت گەر بیشیخوێنێتەوە بێوچان نایخوێنێتەوە. وەکو تریش ئەم دەستەبژێرە ئەوە دەخوێنێتەوە کاری پێیەتی. هاوکات کتێبخوێندنەوە، بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی، کە مەرامێکی هەمەلایەن لەخۆدەگرێت لەناو خوێندکارانی زانکۆکانی ئێمەدا جارێ ئاسایینەبووتەوە. بۆیشە سەرنجدەخەینە سەر خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی چونکە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی شتێکی تر دەدات بە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، کە کتێبەکانی تر نایداتێ. ئەو شتە، کە هەتوانی دەربازبوونە لە کێشە گیرۆدەخوڵقێنەکان شتگەلێکی گەردووناوین و تەنیا لە دووتوێی کتێبە فەلسەفییەکانیشدا بەرچاودەکەون. ئەمەو کتێبە فەلسەفییەکان لێوڕێژن لە گفتوگۆی گرنگ و پەردە لادەریشن لەسەر پەردەلەسەر لانەدراوەکان.

کەتواری فەلسەفە

دەکرێت بپرسین فەلسەفە بەری چییە؟ فەلسەفە بەری بیرکردنەوەی مرۆڤ و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ بیرکردنەوە. لێرەوە بیرکردنەوە دەکەوێتە ناو ڕاچڵەکین و هەڵچنینی وەڵام بۆ پرسیارە دژبێژ و تەنگژاوییەکان. فەلسەفە ئەو پرسە مرۆییەیە، لە بوونمان نابێتەوە. لە دەمی شکست و سەختی و دژوارییەکاندا پەنای بۆدەبەین، واتە بیردەکەینەوە. پێشتریس لەو بارەوە وتومانە، کە دڵخوازبوونی فەلسەفە چەکەرەبوونی بیرکردنەوەیە، زڤرین و گەڕانەوەی واتاکانە بۆ داڵدەی خۆیان، ڕۆشتنە لە بۆشاییەوە بۆ پڕایی، بەرەو پڕپڕ بوون لە وتن، وتنی ئەوەی تا هەنووکە نەبیستراوە. ئەم شێوە وتنە، ئەو وتنەیە، کە بەتەنیا کاری هزرە، کارە مەزنەکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە کارەکەی ئەمەیە، ئەوەیشە، کە خەمی ژیانمەندیی ئێمە و دەدردیسەرییەکانمانیەتی لە بوونماندا. بۆ ئێمە؟ فەلسەفە لەپێناوی ئێمەدا کاری خۆی کردووە بە گەڕان بەدوای بیرکردنەوە و هەڵوەشانەوەی ئەستەم و تخوبدانان لەبەردەم کەند و کۆسپەکانماندا.
سەرباری ئەوەی وترا، درکیش بەوە دەکرێت، کە کەتوار (بارودۆخ، واقیع )ی فەلسەفەی گڵوباڵ باش نییە. کەتواری بیرکردنەوەی مرۆڤی نوێ ئەو باشە نییە، کە خۆی پێیوایە. بەڵام ئەمە ئاماژە نییە لەسەر کۆتای فەلسەفە. ئەم ناباشییەی کەتواری فەلسەفە پەیوەندی بە دۆزی گڵوباڵی رەوشتی و مرۆیی مرۆڤەوە هەیە. ئەم دۆزەش پرسیارە لەسەر ئێستای پلانێتەکەمان (هەسارە). جەنگ، نادادی، گرفتی ژینگەیی، داڕمانی ئاکاریی مرۆیی، رێزنەگرتن لە ئاژەڵ و زۆری بێکاریی و خراپی دۆزی تەندروستی مرۆیی. لێرەوە دەپرسین: چی بە تەوەرەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفەی هاوچەرخ بزانین؟ هەروەک پێشتر، راستی، بەها، زانین و…. بە تەوەرەکان بزانین یان مرۆڤی هاوچەرخ، هەنووکە، خاوەنی تەوەرەی ترن؟
لەم حاڵەتەدا پێویستمان دوبارە بەوەیە، کە بزانین، فەلسەفە بابەتێکی ڕاستەقینەی سەرسوڕمانە، بەڵام ئایا ئەمە لەگەڵ رۆشنبیریی ئێمەدا یەکدەگرێتەوە؟ ئایا فەلسەفە لەناو ئێمەدا تایبەتمەندی لەخۆگرتووە؟ یان ئەو بابەتانەی لەژێر ناوی فەلسەفە دەنووسرێن و پێیاندەگوترێت فەلسەفیی چەند فەلسەفین؟ چەند نووسینە فەلسەفییەکانمان لە پێویستییە مرۆییەکانی ئێمەوە نزیکن؟
ئەو کەتوارە هەژارەی هزرمانی تێدایە ناهەمواری بۆ ئەوانە دروستدەکات لەو هزرە تێدەڕامێن. بۆیە پێویستمان بەو دانپـیـاهـێنانەیە، کە پێیوایە: فەلسەفە شوێنێکە پڕە لە هەڵەت و بەردەڵانی، جۆرێکەلە هۆزانڤانی، ئەڵبەتە بە ڕیتمێکی ئاوەزیی و چڕتر لە داڕشتنی گوزارە و قوڵتر لە هۆنینەوەی وشە کاریخۆی دەکات.
هەر تایبەت بە کەم درامەتی هزرییمان دڵشكاوانە و زۆر بە ڕاشکاوی لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین، کە وەرگێڕانی نووسینی فەلسەفیی لەلایەن کەسانی بێئاگا لە فەلسەفە (ناقوڵ و ناپسپۆر لە فەلسەفە) زیانی لە ڕوناکبیریی فەلسەفییمان دەدات و جێپەنجەی ئەو وەرگێڕانە هەڵانەش دیار و بەر چاو دەمێننەوە و زەمینەش بۆ تێنەگەیشتن لە فەلسەفە دروستدەکەن. ئەو جۆرە وەرگێڕانانە، کە داڕشتنە فەلسەفیی و زمانەوانییەکانیان پڕن لە هەڵە ڕوناکبیریی فەلسەفیشمان کێشاویدەکەن.
پەرۆشیم بۆ ئەو لایەنە وادەکات ئەو چەشنە بیرکردنەوەیەم هەبێت، کە ئەو نووسینە فەلسەفییانەی لەژێر کاریگەریی ئەو وەرگێڕانە هەڵانە چرۆدەردەکەن هیوایان پێنەکرێت و لە زیاد لە گۆشەیەكیشەوە بینینی خەوشەکانیان بەهەندوەرگیرێت. هاوکات بۆ لەمەولا پێویستمان بەوەیە نووسینی فەلسەفییمان لەلایەک لە چڕنووکی نووسینی فەلسەفیی ناڕەسەن دەربێنین و لەلایەکی تر نووسینی فەلسەفییمان هەستیارانە دادوەری بەسەر تێکستی فەلسەفیی جیهانییەوە بکات.
باشە بۆ گەیشتن بەو خۆزگەیەی لای سەرەوە وروژێندرا، زانکۆ، بەو نەختە فەلسەفەیەی تیایەتی، دەکارێت بەو ئەرکە هەستێت؟ بێگومان نەخێر. هۆکارەکە ئەوەیە، کواڵیتێی زانکۆکانمان و ئەو شێوازە فەلسەفییەی لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی نێوەندی ئەکادێمیماندا زاڵە ناکارێت هەڵتەکاندن لە زانینی ئەکادێمی هەنووکەماندا بکات. هاوکات لەناو قەڵەمڕەوی فەلسەفیی جیهانییدا شتێک باوە لە زانکۆکانی ئێمەدا بوونی نییە، ئەوەش پرسیارسازیی و بەڵگەمەندییە.هاوکات لە زانکۆکانماندا شێوازی خوێندن و بیرکردنەوەش کۆسپ و ئاستەنگن لەبەردەم گەشەی بیرکردنەوەی داهێنانی و گوماناوییدا. لە هەموو ئەوانە گرنگتر، فەلسەفە نەهاتووەتە ناو بەشە جیاوازەکانەوە، دوورە لە زانستە سروشتییەکانەوە.

فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ

ڕەوشی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ زۆرێک گفتوگۆدێنێتە پێشەوە. سەرەتای گفتوگۆکان ئەوەیە، کە سەرنجڕاکێشە لەم نوسینە کورتەدا ئاماژە بۆئەوەبکەین، کە گفتوگۆی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ جیاوازە لە گفتوگۆی فەلسەفە وەک شوێنێک بۆ داهێنانی دانایی. فەلسەفە وەک بەش پێویستی بەوەیە خۆی نوێبکاتەوە.
فەلسەفە ناشێت لەم سەردەمە، کە هەنگاو بەرەو زیرەکی دەستکرد دەنێت وەک هەزار ساڵ لەمەوبەر بوترێتەوە. ئەمەی وترا بەو مانایەدێت، کە فەلسەفەوتنەوە لە زانکۆکان پێویستی بەرێفۆرمێکی گەورەیە. سەرەتای ئەو رێفۆرمە لەوێوەدەستپێدەکات، کە شانبەشانی وتنەوەی مێژووی فەلسەفە گرنگ و پێویستە جۆرێک لە بەبیرکاریکردنی (mathematization) هزر، لۆژیک و تێۆلۆژیا(لاهوت، یەزدانناسی)، ئۆنتۆلۆژیا (بوونناسی) و تێۆریزانین(ئێپستمۆلۆژیا) بوترێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە و لەم حاڵەتەدا زانکۆ پێویستی بە مامۆستای فەلسەفەی هزرکراوە و زمانزان و خاوەن ئاگامەندی هاوچەرخە. بێئەوە زانکۆ فەلسەفەشی تیابێت شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت.
شایانی وتنە، لەمڕووەوە بابەتێکی کرۆکداری تر هەیە، کە تایبەتە بە فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ، ئەوەش پەیوەندی بە خودی خوێندکاری فەلسەفەوە هەیە. بەشەکانی فەلسەفە ڕوو لە وشکبووندەکەن و لەم رووەشەوە هۆ زۆرە و سەرەکیترین هۆش ڕەنگە ئەوە بێت، کە خوێندکاری بەشی فەلسەفە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستناکەوێت، کە دەپرسێت، دوای تەواوکردنی ئەم بەشە کارم دەستدەکەوێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە و هۆکاری کار دەستنەکەوتنی خوێندکاری بەشی فەلسەفە پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە هەیە، لەوانە: بەشی فەلسەفە هەروەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد پێویستی بە رێفۆرمە. رێفۆرمەکان هەر لە گۆرینی هزر و توانا و لێهاتووی مامۆستاکانەوە دەستپێدەکات تادەگاتە گۆڕینی مێتۆدی وانە وتنەوە و کۆرس بوک و خودی وانەکان و ناوەرۆک و ئامانجییان.چونکە ئەو پەرۆشییە لەناو مامۆستاکانی فەلسەفەدا بوونی نییە، کە بەسەردەمیکردنی بەشەکە بەقازانجی گشت زانکۆ دەگەڕێتەوە.

زانکۆی بێ فەلسەفە

ڕاستە بێ باکیمان بەرامبەر بە فەلسەفە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە، لێ بێ شکۆیی فەلسەفەش لە ئێستادا لە نێوەندی ئەکادێمیمان هەلومەرجی تری هەیە. لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا پرسیار درەنگ دروستدەبێت. کە دروستیش دەبێت سادە و فرەرەهەند نییە. هەر لەوێدا شێوازی قسەکردن و روونکردنەوە زێدەڕۆیتیادەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە. هەروەها پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفە وتنەوە بە چەوسانەوەی فەلسەفە کۆتای دێت. فەلسەفە بەخۆی دژی چەوسانەوەیە، کەچی لە زانکۆی بێ فەلسەفە دا دەچەوسێنرێتەوە.
وێڕای ئەوە، لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا، فەلسەفەشی تیابێت هەر بێ فەلسەفەیە. لەم حاڵەتەدا هەڵگری بروانامە لە فەلسەفە وادەردەکەوێت، کە هەڵگری بروانامەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان(مرۆییەکان). بۆ ئەوەی هەڵگری بروانامەی فەلسەفە شارەزای فەلسەفە بێت پێویستی بەوەیە جارێکیتر فەلسەفە بخوێنێتەوە. چونکە فەلسەفەی لەبەردەست ئەوانەدا خوێندووە، کە قوڵایی فەلسەفییان نییە. ئەمەش بەشێکە لەو غەدرەی زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفەی دەکەن، ئەوەی فەلسەفە دەخەنەبەردەست کەسانی ناپسپۆڕ لە فەلسەفە!
بارکردنی فەلسەفە لە زانکۆ بارکردنی عەقڵە، کە ئەوەش بە بارکردنی بیرکردنەوە کۆتای دێت. هەر لەبەر ئەوە، دژایەتیکردنی فەلسەفە لە زانکۆ دژایەتیکردنی عەقڵ و هاوکات ڕاستیشە. زانکۆ و فەلسەفە پێکەوە دۆخی ڕاستی دەپارێزن. فێربوونی ڕاستیش لە زانکۆ شانبەشانی زانین بێ بوونی فەلسەفە بێ مانا دەبێت. بۆیە ترسی زانکۆ لە فەلسەفە ترسە لەو عەقڵەی فەلسەفە دەیهێنێتە ناو زانکۆوە.

زانکۆ بە فەلسەفەوە
فەلسەفە وەک دانایی بابەتێکی گەورەترە لە بابەتی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ. ئەوەی هەیبەتی فەلسەفە لە زانکۆ دروستدەکات ئەو داناییەیە، کە لە کرۆکی فەلسەفەدا پەنهانە. بەداناییبوونی فەلسەفە وادەکات زانکۆ نەکارێت پشت لە فەلسەفە بکات. کەوابێت، شکۆی زانکۆ بە بوونی فەلسەفەوە لەناو زانکۆ گرێدراوە. ئەم شکۆیە بەو مانایە نایەت کە بەشی فەلسەفە لە زانکۆ بوونی هەبوو، ئەوە مانای ئەوەیە زانکۆ شکۆدارە و زانینی زانکۆییش شکۆی پارێزراوە. نەخێر بەوجۆرە نییە، بەڵکو شکۆکە بە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بیرە لە گشت بەشە جیاکانی کۆلێجە زانستی و مرۆییەکانەوە گرێدراوە.
بەم شێوەیە بێت، فەلسەفە کە دێتە ناو زانکۆوە ئەمە والە مامۆستا و خوێندکار دەکات ریال(واقیعی)تر بن و زانکۆش دەبێتە داڵدەی نەشونمای پرسیار و بیرکردنەوەی ئازاد، ویست بۆ ماف، کە ئەمانەش دروستدەبن، ئەوکات فەلسەفە لەناو زانکۆ خۆی پێویستتر دەردەخات و زاڵیشدەبێت بەسەر وڕێنەدا. لێرەوە زانکۆ بەهۆی فەلسەفەوە بیر دەکاتەوە لە بوون و ستاتۆسی(کیان) خۆی و خودی خۆشی باشتر دەبینێت. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کاتێک فەلسەفە لە زانکۆدا ئامادەیە ژیرمەندیی لەرێگای ئەو پەیوەندییە بەتینەوە دێتەئاراوە، کە لەنێوان پرسیار و وەڵام دا هەیە.
بەپێی ئەوەی زانکۆ شوێنی خستنەگەڕی عەقڵە، هەر ئەو شوینەشە ڕوناکی زانین بڵاودەکاتەوە. لەبەرئەوە فەلسەفە لەناو زانکۆدا بواریکە بۆ هێشتنەوەی عەقڵ و نەهێشتنی سڕینەوەی بیرکردنەوە.کەواتە، فەلسەفە ئارەزوو نییە پێویستییە. بەمجۆرە سەرەتا نابێت فەلسەفە ئارەزوو بێت، کە مرۆڤ لە بوونی فەلسەفە گەیشت ئەوکات لای دەبێت بە ئارەزوو، بگرە ویستیش. راستە فەلسەفە ئارەزوویەکی شاراوەیە لە هەمووماندا، بەڵام ئەم ئارەزووە کەتواری خۆی هەیە و کاتی سەرهەڵدان و کارابوونیشی جیاوازە.
بەپێی رۆلان بارت بێت بۆ کافکا نوسین رێگایەک بوو بۆ دەربازبوون لە نیگەرانیی، زانکۆش دەبێت بەو جۆرە بروانێتە فەلسەفە. فەلسەفە وا لە زانکۆ دەکات خۆی دەربازکات لە نیگارنیەکان، کە هەردەم بەرۆکی زانینی ئەکادێمیدەگرن. رزگاربوون لە نیگەرانییش دەمانخاتەبەردەم پرسی چۆنیەتی رزگاربوون لە نیگەرانیی.

چیبکرێت تا فەلسەفە لە زانکۆ هێژابکرێت؟

زۆرێک ناخوازن فەلسەفە توخنی زانکۆ بکەوێت، چونکە پێیانوایە فەلسەفە بێئیمانی، بێباوەڕی، بڵاودەکاتەوە. بۆیە ئەو کەسەی لە نێوەندی ئەکادێمیدا فەلسەفەدەکات وەک دژە ئاین و یەزدان تەماشادەکرێت. بەڵام ئایا وایە؟ ئەڵبەتە نەخێر.چونکە فەلسەفە لە زانکۆ بۆئەوە هەیە، کە لە خودی خۆمانمان نزیکبکاتەوە و خۆشماننزیکبکاتەوە لە ژیان و ئەو ژینگەیەی رۆژانە دەیژیێین.
سەرباری ئەوە، دورکەوتنەوەی خوێندکاران لە زانکۆ لە فەلسەفە پەیوەندی بە خودی ناواخنی فەلسەفەوە هەیە. فەلسەفە خۆی وایە، سادەیەکی بازاڕی نییە. هەرلەبەرئەوە زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆکان رقییان لە فەلسەفەیە و تاپێشیانبکرێت خۆیان لە فەلسەفە بەدووردەگرن. بێشەرمانە زۆرجار داوادەکەن بە زمانێکی سادە، زۆر سادە، ئەوە باسکرێت، کە بابەتێکی هزرییە. هەر ئەوەنە گوێیان لە چەمکی فەلسەفە دەبێت ترس و نیگەرانییەک روخساریان دادەپۆشێت و پرسیاری ئەوە لەو روخسارە پەشۆکاوەیان دەبینرێت، کە تێناگەم. تێناگەم لە فەلسەفە ئەو گوزارە باوەیە خوێندکاری زانکۆ خۆیپێ لە فەلسەفەفێربوون دەربازدەکات. بۆ ئەو خوێندکارە شتێک نییە ناوی گفتووگۆ یان دانوستاندنی فەلسەفەیی بێت. ئەو لە ژینگەیەکەوە هاتوە نافەلسەفیی بووە، لێوڕێژبووە لە بیرنەکردنەوە، لە کتێب نەخوێندنەوە، لە بیرکردنەوەی بۆش و سەرپێیی ناقوڵ و ڕووکەش. بۆیە ئەو خوێندکارە سەرسام نییە بە هەچ شتێک بلکێ بە ژیرمەندیی و ئەندێشەگەراییەوە. ئەم بەجۆرێک لەتەک فەلسەفەدا ناسازگاره ئاسان نییە لەو ماوە کورتەی زانکۆدا بکرێت بیری بەجۆرێکی تر بچنرێت و وایلێکرێت ڕچەشكێنەرانە بیربکاتەوە. هۆڵ و ژینگەی زانکۆ و ئەو جۆرە مامۆستایانەی لە ئێستادا بەردەستن، ئەو جۆرە خوێندکارانە لە هەناوی بیرنەکردنەوەدا قەتیسدەکەن. ئەمەش گیرۆدەخوڵقێنن بۆ ئەوانەی بخوازن فێربوونێکی تر لەناو خوێندکاراندا بچێنن.
بەداخەوە، ئەم جۆرە خوێندکارانە ئەو نەوەیەن وه‌ڕس و بێزارن لە بیرکردنەوەی قوڵ و فراوان. ئه‌گه‌ر سوور بشزانن فەلسەفە ئەوەیان فێردەکات پێشتر فێرینەبوونە هەر هەڵوێستێکی باشیان نابێت لەوبارەوە. گشت ئەمانەش به‌ره‌نجامی ئەو ژینگە پڕنادادیی و بێ مافییەیە، کە خۆیان و خێزانەکانیان ساڵانێکە تیایدەژین. بەڵێ ئەو ژینگەیە رق لە فەلسەفەی تیا سەوزکردوون و کردوشنی بە دوژمنی کتێبخوێندنەوە.

سەرئەنجام

لێرەدا مشتێک شرۆڤەی کورتمان خستەڕوو سەبارەت بە هزرهەژاری زانکۆ، کاتێک بێ فەلسەفە دەبێت، لەمە قسەمان تەنها لە بوون و نەبوونی بەشی فەلسەفە نەبوو لەناو حەرەمی زانکۆ، قسە سەرەکییەکەمان لە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی بوو لەناو مامۆستا و خوێندکاران، لەناو سەرتاپای کۆلێجەکان، لە گشت قوژبنێکی نێوەندی ئەکادێمیماندا. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کەمدراماتی زانکۆ دەکرێت بەو هەژارییە هزرییە فەلسەفییە پێوانەبکرێت لە زانکۆدا بوونی هەیە. جێی نیگەرانییشە، دەرفەت لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆدا ناکرێتەوە، وانەکان و فێربوونەکان هەڵگری توخمی زانینیی نوێ و نادووبارەنابن. ڕەنگە بەشی فەلسەفە، کە سەربەخۆی بدرێتێ و هەست بە ئازادی بکات، بکارێت خوێندن لەو بەشە والێکات بە ویستی خوێندکار بێت و دواتر پسپۆر لە لقەجیاجیاکانی فەلسەفەش دروستکات و زەمینەش بۆ دروستکردنی پسپۆر لە هزری ڕۆژئاوا بڕەخسێنێت. بەڵام پێش هەموو ئەوانە پسپۆڕ لە فەلسەفە پێویستی بەوەیە خۆی لە قاتوقڕیی هزریی دەربازکات و ئاسۆی هزریی بەرین و فراوانکات.
شارستانیی کۆن و نوێ لە جۆری فەلسەفەی بەخۆیەوەی نەدیوە. پێگەی ئەم جۆرەش، واتە فەلسەفە، کە مرۆڤایەتیی دۆزیویەتیەوە، بە گەوجەکان لاوازنابێت. گەوجەکان، کە ئاشنانیین بە فەلسەفە نازانن فەلسەفە لێوانلێوە لە ئاوەز، کە ئەوەش دژە جەمسەری ئەوانە. گەوجەکان، کە شادن بە نەمانی فەلسەفە، لەوە بێئاگان نەمانی فەلسەفە بە نەمانی پرسیارەوە گرێدراوە. پرسیاریش هەیە تا مرۆڤ هەبێت. گەوجەکان، کە فریوخواردوون، لە زیادبووندان. گەوجەکان دەکرێت مرۆڤەکانی ناو و بەردەستی دەسەڵات بن، دەیشکرێت دوژمنانی فەلسەفە ئەوانە بن، کە بەسەقەت فەلسەفە دەکەن. گەوجەکان ئەوانەن، کە ڕقیان لە فەلسەفەیە، ئەوانەی فەلسەفە تاوانباردەکەن بە ناڕوونیی لە بیرکردنەوە. ئەوانەیش، کە بەهۆی خراب_حاڵیبوونیان لە فەلسەفە جێگه‌ به‌ فەلسەفە لێژده‌كەن و پرسگەلی فەلسەفیی ناوروژێنن، کە دەرد و کێشەکانمان تیماربکەن. کەوابێت، بۆ دەبێت فەلسەفە هەبێت، کە گیرۆده‌بوونەکانمان نەخاتە ژێرپرسیارەوە!

ئازاد حەمە




یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە.. ئازاد حەمە

ئەم نوسینە کورتە پێشکەشە بە فەریدون حەسەن، کە چاوەکانی تروسکای لەسەر داخرا

پتر لە دەروازە:
لە سەرەتای ساڵانی 1980 کاندا لە سەردانێکی بیریاری فەرەنسی دێریدا بۆ ئەمەریکا، ژورنالیستێکی ئەمەریکی لێیدەپرسێت: گەر ئەم دێریدایە نەبویتایە، کە ئەمڕۆ هەیت حەزتدەکرد چی بیت؟ دێریدا لە وەڵامدا دەڵێت: حەزمدەکرد رۆماننوس بم، وەک رۆماننوسەکەی هاوڕێم مۆریس بلانشۆ Blanchot. ئەم وتنەی دێریدا دوو دانپێدانانی تێدایە. دانپێدانانێک بە مەزنی رۆماننووسی و ئەویتر دانپێدانانە بە هاوڕێکەی، لێ لە دەڤەری ئێمەدا هەردوو دانپێدانانەکە لەسەرەمەرگدایە. کەواتە، بۆ دێریدا دەستهەڵگرتن لە فەلسەفە بە رۆمان بەلەجیاتیدەکرێت. وەکیتریش ئەم حاڵەتە رووبەڕووی زۆرێک رۆماننوسی تری رۆژئاوایی دەبێتەوە. دەوروبەری ئەلبێر کامی Camus پڕبوو لە هزرەڤان. کامی فەلسەفەزانی لەرێگای رۆمانەکانیەوە سازدەدا. لەسەردەستی کامی کردەی رۆماننوسی خۆی بریتیکرد لە کردیەک لە هزرەڤانی، وەکیتر هزرەڤانی پیادەكرد و ئەدەبەکەشی هێندەی فەلسەفە قووڵاییەكانی بیركردنەوەی گۆڕی. کەواتە رۆمان دەکارێت هزر بەرهەمبهێنێت. تا رۆماننووسیش لە دەڤەری ئێمە نەبێتە پرۆسەیەک لە بیریاریی ناکرێت رۆمانی کوردی هەنگاوی گڵوباڵ بنێت.
بۆئەوەی خۆمان لەگەڵ وتەنەکانی لایسەرەوە هاوتاکەین گوزەرێک بەناو داڵانەكانی ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی دا دەکەین. لەوێندەرێ چییەتی جەفاکانی بەختیار عەلی بە تێگەیشتنی چەمکیی conceptual خۆمان گرێدەدەینەوە و ڕووناکی و چریسکەی ئەدەبەکە لەناو گەرووی تاریکی ئەدەبی ئێستاماندا دەردێنین. ئەمەش سەرنج بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت، کە لەم دۆخە نالەبارەی ئێمە دەیژێین چۆن مانای نوێ بە ئەدەب بدرێت؟ کەس ئەمەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە سامناکەکاندا ئەدەبێکی تر و تێهزرینێکی ئەدەبی تر بوونی هەبێت.
هەرچەندە ئەم نوسینە کورتە تەقەلایەکی هزریی نییە بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ئەدەبیی بەختیار عەلی، لێ کۆششێکی شەرمنانەشە بۆ وتن لەسەر پرسی ئەدەب لەمیانەی ناوبراوەوە، دواتر رێگاش بۆ وتن لە پرسی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ تا رادەیەک دەکاتەوە.چونکە خوێنەری هزرهەژار لە چاوەڕوانی ئەدەبی بێهزرە. ئەدەبی بێ هزریش بکوژی بیرکردنەوە و تێڕامانە. لەوێندەرێ هەرگیز پرسیار لەدایکنابێت و وەستان بەدیار دێڕ و گوزارەوە بوونی نابێت.

ئەدەب واتە بیرکردنەوە

ئەدەب شوێنێكە بۆ سازدانی بیركردنەوە. سەرسامبوونیش بە مۆدێلێک لە ئەدەب لە بنەڕەتدا سەرسامبوونە بە مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەو ئەدەبە، کە ئەدەبێکی لوغزاوییە. کافکا بیرکردنەوەیە لە ناو بیرکردنەوەیەکی کارامادا. گشت ئەزموونی شیعریی مالارمێMallarmé بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی تر. رۆنێ شار Charئەمیش جۆرێکە لە بیرکردنەوەی نادوبارە. پاستێرناک Pasternak لە ڕەچەڵەکدا تەقەلایەکە بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە چاو دەمی خۆی. گۆران و سەیاب و یاسنین و خەلیل حاوی و ئەنسی الحاج، ئەمانەش تەقەلاگەلێکن بۆ تێپەڕاندنی دەمی بیرکردنەوەی شیعریی خۆیان. تێپەڕاندنەکانیش هەردەم هاوتەریبنابن لەگەڵ بیرکردنەوەی باوی ئەدەبیی. بۆیە تێپەڕاندن، کە لادانە، باجی خۆی هەیە و تێگەیشتنیشە لە چیەتیی بیرکردنەوەی ئەدەبیی باو و لەو هەلومەرجەش، کە بەرپرسیارە لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ئەو شێوە ئەدەبە.
ئەدەب بوارێکە لە بیرکردنەوە. ئەدەب لەبەرئەوەی هزرە پێویستی بە بیرکردنەوەیە. ئەدی زمان؟ گوزارشتكردنی زمان لە چركەساتەكانی گەیاندنی هزر ئەوەیە، كە چی چۆن پێویستە بگوترێت، بەڵام ئەوەی بۆ زمان پێویستە، مەرج نییە بۆ هزریش پێویست بێت. زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و شتێكی دی مەبەستە، یان زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و هزرێكی دی لەپشتەوەیە؛ هزرێک، کە خۆی بە خاوەنی زمانەكە دەزانێت. ئەوەی ئێمە لێرەدا گەرەكمانە بیڵێین ئەوەیە، كە پێكدادان لەنێوان زمان و هزردا شیاوە و مێژووی هزر و زمانیش شایەتحاڵی ئەوەن. هاوکات داڕشتنی هزری ئاڵۆز بە زمانی سادە کاری دەوێت، بەڵام بۆ ئەو خوێنەرانەی پاشخانی هزرییان نییە داڕشتنی هزری ئاڵۆز وەک خۆی تێنەگەیشتن و بێزاریی دروستدەکات بۆیە زۆرێک لەو خوێنەرانە رەخنەی شێوازی هۆنینەوەی زمانەوانی نووسەرەکەدەکەن بێ ئەوەی بیر لە ئاستنزمی پاشخانی هزریی خۆیان بکەنەوە.

بیرکردنەوەی ئەدەبی دەبێت بی بەزەیی بێت بەرامبەر بە بەرهەمهێنانی پرسیاری هزریی

لەم دۆخە خراپەی ئێمەی کورد دەیژێین، کە سیاسەت هۆکاری ڕاستەقینەی خراپکردنەکەیە، چۆن مانای تازە بە ئەدەبی هاوچەرخی کوردی بدەین؟ کەس لە ئێمە ئەوەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە ترسناکەکانەوە ئەدەبێکی تر و بیرکردنەوەیەکی تری ئەدەبی بوونی هەبێت. ئەم دۆخە خراپە داوای زۆرتین بیرکردنەوە و جیاوازترین بیرکردنەوەمان لێدەکات. ئێمە، لەم دۆخەدا و بەگشتیش، ئەو جۆرە لە بیرکردنەوەی ئەدەبی بە پێویست دەزانین، کە بێ بەزەییانە کارلەسەر پرسیار بەرهەمهێنانبکات.
شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی جێی مشتومڕە. ئەڵبەتە هەموو شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەدەبی شایانی ئەوە نیین جێی مشتومڕ بن، مەگەر ئەوانە نەبێت، کە لە ناخی شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبییاندا پرسیار بەخێودەکەن. پرسیار دروستکردن لەناو ئەدەب یەکێکە لە ئەرکە مەزنەکانی ئەدەب. لە پرسی ئەدەبیشدا شوێنپێهەڵگرتن هەیە. لێ لەو بارەوە تێپەڕاندنیش بوونی هەیە. ئەلبێر کامی Camus دەکەوێتە ژێرکاریگەریی تێگەیشتنی فەلسەفیی سارتەرەوە، لێ دەشتوانێت هزری سارتەر سەبارەت بە ئەدەب تێپەڕێنیت. ئێمە، کە بەشێک نین، تا هەنووکە، لە بزووتنەوەیەکی هزری گەورەی گڵوباڵ، ئەدی ئەدەبەکەمان هێندەی هزرمان هەژارە؟ ئەمە پرسیارێکی سەرسامئامێزە بۆ ئێمە! چونکە ئەزموونە ئەدەبییە گەورەکان شانبەشانی هزر رۆشتوون. بۆیە بۆ ئێمە و لەم نوسینە کورتەدا ئەوە پرسیارە، کە لەو شوێنەی بزووتنەوەی هزری هەژار کاری خۆی دەکات ڕێگا بە سەرهەڵدانی ئەدەبێکی دەگمەن دەدات؟ بۆ ئەوەی لەو ژینگە هەژارەدا ئەدەبێکی دەگمەن(جیاواز، نادوبارە)سەرهەڵدات بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی سادەی هەژار لە هۆنینەوە و داڕشتن پێویستە لەدایکبێت. ئەمەشە بەختیار عەلی کۆششی بۆدەکات.
ئەدەب وەک ئازاری جەستە وایە سروشتی خۆی هەیە. ئەمە پاساو نییە بۆ داکۆکیکردن لە ئەدەبی لاواز و سەرپێی، کە هزر بەرهەمناهێنێت. ئەدەبی بێ هزر، بێ بیرکردنەوە ئەدەبێکی بۆشە. ئەمەیە زبڵەئەدەب. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە جەستەی ئەدەب شوێنی ناسینەوەی هزرە. جەستەی ئەدەب باشترین پەناگایە بۆ ئاشنابوون بەو زمانەی خراوەتەگەڕ. بۆیە هەستکردن بە ئەدەب، بەوەی کە ئەم ئەدەبە چەند باشە، کە ئەم باشیەش پرسیارە لەسەر چەند دەگمەنە، هەستکردنە بەو وتنانەی ئەم ئەدەبە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت، بەو هێزەی لە زمانی وتنەکەدا پەنهانە بۆ رەخساندنی خەیاڵ و گێڕانەوە.
سەرباری ئەوە، بۆ ئەوەی لێرەدا تیشک بخەینە سەر ئەو ڕێگایانەی، کە بەرەو دەرهاویشتەیەکی لۆژیکیمان دەبات، لەم بارەیەوە پێویستمان بەوەیە هێما بۆ ئەوە بکەین، کە گشت هیواکانی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ ناشێت لەسەر بەختیار عەلی دانرێت. ئەی ئەگەر ئەم هیوایە نەهاتەدی؟ ئەوجار چی؟ئەوجار دەمی کۆتایهاتنی ئەدەبی کوردیمانە، ئاوابوونی ئەدەبمان دوا قەدەرمان دەبێت؟ گەر وابێت ئەمە ئەنفالێکیترە. ئەنفالی ئەدەبیی. ناشێت هەروەک سیاسەت چۆن زوو زوو دەمانبات بەرەو مەهابادێکیتر، ئەزموونی ئەدەبیشمان بمانبات بەرەو نەهامەتییەکی ئەدەبیی تر. گەر ئەمە ڕووبدات خەتای بەختیار عەلی نییە، بەڵکو خەتای هەڵچنینی ئەو خواست و هیوا زۆرانەن لەسەر بەختیار عەلی، ئەمەش وادەکات بە ناچاری بگەڕێنەوە بۆ ئەدەبی پێش ناوبراو. هۆلۆکۆستی ئەدەبی کوردی لێرەوە دەستپێدەکات.

دزەكردنی فەلسەفە بۆ ناو ئەدەب

ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەی فەلسەفە دزەی تیاکردوون ئەدەبێکی تری لێدەرچووە. ئەدەب، کە فەلسەفە گێچەڵی پێدەکات ئەدەبێكە دەرەقەتی گێڕانەوەی وون و لەدەستچووەکانی هەیە، توانای بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی هەیە، دەکارێت چەمک بەرهەمبهێنێت، لەناو دۆگم نامێنێتەوە و وەهمیش دروستناکات. بۆیە ئەدەبی ڕووكەش، کە ئەدەبێکی دابڕاوە لە فەلسەفە، ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناوەڕۆک و دووبارە جیهانێکی هزریاریی دروستبكات. ئەدەبێک ئەزموون دەخاتەوە، کە ئەزموون لە تێڕامانی فەلسەفیەوە وەردەگرێت و تەماشاکردن بۆ جیهان و بوون لەناو ئەو جیهانە دەگۆڕێت. ئەم جۆرە ئەدەبە شڵەژان و گومان دەخاتەژێرپرسیارەوە و چەمکی وەک: دابڕان، بێدەنگیی، تارمایی، مەرگ، تاریكیی، تەنهایی، و…. دەکات بە ئامرازی بیرکردنەوەی خۆی.
هەردەم ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبن بە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری ڕیشاڵی، یان تووخمی هزریین. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ئەدەب دەکارێت ئەزموونی هزری بخاتەوە. تەماشاكردنیش بۆ ئەدەب وەك بەشێك لە كردەی هزرەڤانی لەوێوە سەرهەڵدەدات، ئەدەب کاتێک دەکارێت ئەوە بکات،کە ئەدەب لە پەنای هزری فەلسەفییدا گەشەدەکات. لێرە بەوەدەچێت قسە لەو جۆرە ئەدەبە بێت،کە ئەدەبی تێرهزر و بەپیتە، ئەوەش ئەو ئەدەبەیە هەواری خۆی بەرەو ناوچە هزراوییەكان گواستوەتەوە.بەمە ئێمە لێرە لە دەرگای ئەو پرسیارە دەدەین، کە بەم جۆرەیە:چۆن ئەدەب بکارێت بە گژ هزردا بچێتەوە، و واش لە ئەدەب بکات فەلسەفە بەرهەمبهێنێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی لای سەرەوە دەکارین بڵێین: لە مێژووی هزری رۆژئاوادا نموونە لەسەر ئەو جۆرە ئەدەبە بەرچاودەکەوێت. لێ پێویستە ئەوە بزانین، کە هزرکاری لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە. گشت ئەدەبی میلەتانیش بەو ئەرکە هەڵنەستاوە. ئەدەب، کە بەم ئاقارە دەڕوات شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبی لەم جۆرە چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆی دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، کامی، یان سێلان، هۆڵدلین یان مالارمێ بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.

پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە

لێرەدا خۆم لە قەرەی ئەو ئارگیومێنتە نادەم، کە داوای راڤەکاریی بیری بیرمەندانم لێدەکات لە پەیوەندی بە ئەدەبەوە. ئەمەش بەپێێ ئەوە، کە ئەدەب و فەلسەفەی رۆژئاوا، کە بۆتە مۆدێلێک بۆ نرخاندنی ئەدەب و فەلسەفە ئەو وانەیەمان فێردەکات، کە بیرکردنەوەی ئەدەبیی لە پەیوەندیدایە بە فەلسەفەوە.
تێگەیشتنی ئێمە لەبارەی ئەوەی لای سەرەوە وروژێنرا، ئەوەیە، کە پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە بۆ سەرهەڵدانی ئەدەبی دەگمەن(نایاب، دژەهەمان). ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە، گەر بە نموونە وەرگرین، بێ ئەندازە دابڕاوە لە هزری هزرەڤانان، ئەو هزرە رۆژئاواییەی موڵکی گشت مرۆڤایەتییە. باشە ئەدەب، کە پشتی لە بیرکردنەوە فەلسەفییەکان کرد چی ڕوودەدات؟ بێگومان ئەوە ڕوودەدات، کە لە قۆناغی پێش بەختیار عەلی دا ڕوویداوە. ئەدەبێک، کە دوورەپەرێز بووە لە فەلسەفە، دیوارکەوتووەتە نیوان بیرکردنەوەی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی فەلسەفییەوە.
ئامادەبوونی فەلسەفە لەناو ئەدەب کارکردنە لەسەر گۆڕینی نیشتیمانی ئەدەب. قڵپکردنەوەی ئەدەب و گۆڕینی ئاقاری. ئەدەب، کە بەهزراوینەکرێت ئەدەبێکی بێ تام و بەتاڵ دەبێت. ئەدەبی بێ تام و بەتاڵ ترسناکە. توانای وتنی نەوتراو و درکپێنەکراوی نییە. ئەو ئەدەبەی لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە دەستی دەبێت لە دروستکردنی جۆرێک لە بیرمەندی، نموونە ساد Sade، کافکا، بۆرخێسBorges، رێلکە ، فلۆبێر Flaubert و ….. .ئەدەبی لەم شێوەیە بە نادیاربوون و پارادۆکس و تەموومژاوییەکانەوە دەیگرێت. ئەم ئەدەبە زمان پەلەکێشی ناوچە یاساغ و بڤەکان دەکات و والە زمان دەکات ئەوە گۆبکات، کە جارێ گۆینەکردووە. هەر لێرەوەش دەگمەنی لەدایکدەبێت.

پەتای بیرکردنەوە شیفابوونیشی لەگەڵە

پەتای بە بەختیار عەلیبوون دەبێت تەشەنە بسێنێت، لە گشت شوێنێکمان دا بڵاوببێتەوە، دواجار هیوای ئەوەش بخوازرێت، کە شیفابوون لەم پەتایە هەرگیز نەیەتەدی. ئەم پەتایە گەر بریتیبێت لە خودی بیرکردنەوە، هیوامەندم بیرکردنەوە خۆیبکات بە گشت جێگەیێکماندا. ئەم بەختیار عەلییە هیچ نییە لە بیرکردنەوە زیاتر. بیرکردنەوە ئەمی گەیاندووەتە ئێرە. ئێرەش بەس نییە مادەم بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە دەرمانە و شیفابوونیش لەم دەرمانە ناشێت شیاوبێت. ئەوە بیرکردنەوەیە ڕەهەندی مێژوویی-کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە لەبەرچاودەگرێت و دواتر لە کارێکی رۆماننوسیدا بەرجەستەی دەکات. بۆ ئێمە لێرە هەر بیرکردنەوە براوە نییە، بەڵکو چۆنیەتی بیرکردنەوە، داڕشتنی دێڕ و گوزارە.
بیرکردنەوەی فەلسەفیی و بیرکردنەوەی ئەدەبیی ئێمە پێویستی بەوەیە چەمک بەرهەمبهێنێت. ئەمەش بەرهەمنایەت تا دووچاری پەتای بیرکردنەوە نەبین. فەلسەفە، کە ئاسۆی بیرکردنەوە دەجوڵێنێت، ئەدەب لەناو ئەو جوڵانەوەیە دەژیت. کەواتە، ئەوە بیرکردنەوەی فەلسەفییە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کاریگەرییان بەرباسدەخات و ئەدەبیش هاوکار دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی دژوارییەکانی ژیانی رۆژانەی ناو ئەو جیهانە.
زۆرێک دەپرسن سودی بیرکردنەوە لەناو ئەدەبدا چییە؟ ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن نە لە ئەدەب و نەش لە فەلسەفە حاڵیین. ئەوە ئەدەبە، ئەڵبەتە لەمیانەی فەلسەفەوە، فێری ژیانژیانمان دەکات. گەر کەسەکە بە چاکی لە ووردەکاریەکانی ئەدەب و فەلسەفە حاڵینەبووبێت ناکارێت نە ئەدەب و نەش فەلسەفە وەک ئامرازێک بۆ خۆپارێزی دەروونی و خۆچاکسازی ڕۆحی بەکاربەرێت. چونکە تاریکییەکان تا کۆتا نین. هەروەک ئەوەی، کە رووناکییەکانیش تا کۆتا بەردەوام نیین. ئەو ئەدەبەی لەسەر پایەکانی فەلسەفە دەوەستێت دەتوانیت بەختەوەری، ناخ ئارامی بۆ خوێنەرەکەی بهێنێت. ئەدەب لە دەرەوەی جوگرافیای فەلسەفە نییە. ئەدەب لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە. ئەدەبی تەندروست پشتگیریی فەلسەفە دەکات. فەلسەفەش پیویستی بەم پشتگیرییە هەیە. چونکە هەردوو ئیش لەسەر تەندروستبوونی مرۆڤ دەکەن. لەبەرئەوەی ئەدەب و فەلسەفە لە دڵنەوایی شارەزان دەکرێت بەکارببرێن بۆ شیفابوون لە پەتای بیرنەکردنەوە. ئەم پەتایە لە دەڤەری ئێمە زۆر بەربڵاوە و زیانێکی زۆریشیداوە لە گەشەنەکردنی ئەدەب و فەلسەفە. شیشرۆن Cicero وتەنی “”فەلسەفە، کە پزیشکی راستەقینەی رۆحە””، پێمانوایە ئەدەب زۆرێک لەم پزیشکە ڕۆحییەوە فێردەبێت. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین، کە چارەسەر بە فەلسەفە و ئەدەب وەک دەرمان باشترین چارەسەرن لە ئێستادا، ئەو ئێستایەی لێوانلێوە لە جەنجاڵی و پەرتی و دابڕان.

برسیەتی بۆ رۆمانی لەم جۆرە
زۆرێک لە خوێنەرەکانی بەختیار عەلی لەوە بەئاگانیین کە، گەڕانەوەی ئەمان بۆ کارە ئەدەبییەکانی (شیعر، رۆمان) بەختیار عەلی بۆ ئەو برسیەتییە مەعریفییە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکە پێانەوەدیارە. برسیەتیەکە پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کارە ئەدەبییەکانی ناوبراو لەسەری دەوەستێت. ئەڵبەتە ئەو وەستانەشە ئەدەبی لەو جۆرە بەرهەمدێنێت، کە تەنیایی ئەمان دەجولێنێت. ئەدەبی لەم شێوەیە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەمکە. لێرەوە هۆنینەوە و داڕشتن فۆرمێکی تر لەخۆدەگرێت. داماوی تاکی کورد، زەلیلی بەدەست هیواکانەوە، شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەوین لە کۆمەڵگەی نوێی کوردی، وێناکردنی مرۆڤی تازەی کورد و پەیامە بەردەوام بۆشەکانی هۆکارن بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی بەختیار عەلی.
خوێنەرەکانی ناوبراو، خۆیان دەزانن بەجۆرێکی کەساس دەژین و ژیانیشیان وێرانە، لێوانلێوە لە برین. برینی ئەمان بێ کۆتایە. چونکە مرۆڤە کەساسەکان پێویستیان بەو هەلومەرجانەیە کەساسی لەناودەبەن. ڕەنگە بەشێک لەو هەلومەرجانە بێ مافی بێت، نایەکسانی بێت، غەدر بێت، یان ڕەنگە هەستی تەنیایی و ئاوارەیی بێت لە زێدی خۆیان. لێرەوە گەڕانەوە بۆ ئەدەبی بەختیار عەلی خۆی بەپێویست دەزانێت. باشە ئەم جۆرە ئەدەبە دەرمانە؟ ڕێگایەکە بۆ شیفابوون لەو مەینەتییە بوونیاویانەی تیایدەژین؟

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی کردە ئەم بەختیار عەلییە. هەرزوو هەژارییە مەعریفییەکەی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی پەست و دڵشکاوکرد. ئەمەی ئێستا دەیخوێنیتەوە بەرهەمی ئەو پەستی و دڵشکاویەیە. کەواتە یاخیبوون لەدایکبوو. ئێمە پێویستمان بە زنجیرەیەک لە یاخیبوون هەیە تا چارەسەری هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بکەن. بۆیشە لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد، کە یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە. کەمە، چونکە بەو هەژارییە مەعریفییەی رۆمانی کوردی ناوێرێت. زۆرە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سەرەتای یاخیبوونێک زەمینەی بۆ سازێنرا.
ئەوەی وترا مەبەست لێی ئەوە نەبوو بمانەوێت خۆبەراووردکردنێک لەنێوان ناوبراو و ئەوی تردا دروستکەین. چونکە خۆبەراووردکردن بەئەویتر کارێکی تەندروست نییە. دۆزێکی ئەوتۆش دێنێتە گۆڕێ، کە کاتەکانت تەنها لە چاودێریکردنی ئەویتردا بەسەربەریت. تۆ ئەو کات خۆتنابینی، بەس ئەویتر دەبینیت، خۆتیش نابیت ئەویتر دەبیت. بوون بە ئەویتر واتە خۆبەراووردکردن. بۆیە چاکترە لە کاتی قسەکردن لە هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی لە ڕەچەڵەکی ئەو هەژاریە بەووردی حاڵیبین، کە هۆکارە بۆ لەئامێزگرتنی بەختیار عەلی.

ئەدەب داڵدەی نەوتراوەکانە

وتنی نەوتراو دەچێتە خانەی ئەو جۆرە وتنانەی شایانی وتنن. وتنی لەم شێوەیە وتنێکە هێشتا نەوتراوە. ئەو وتنەش، کە نەبووەتە وتن براوەی یەکەمە، چونکە ئەزمووننەکراوە. کەوابێت، چۆن ئەدەب بکرێت بە جێگایەک بۆ پەی پێنەبراوەکان؟ ئەڵبەتە تەنها بە وتنی نەوتراوەکان ئەوە دێتەدی. ئەو وتنانەی هێشتا نەبوونە بە بەشێک لە بیرکردنەوەمان. بەواتەیەکی تر، ئەدەبنووسینی ئێمە تا خۆی وەک ‘نوسینەوەی کارەسات” نیشاننەدات ناکارێت نەوتراو بخوڵقێنیت. ئەمە خۆزگەکانی ئەدەبی کوردیش دێنێتەدی. ئەم ئەدەبە بیرکردنەوەیەکە لە شوێنێکی ترەوە دێت، سەرهەڵدەدات. لێ، ئایا ئەمە تەنها ئەرکی بەختیار عەلییە؟ نەخێر (بەپیتی گەورە). هیواکانی ئەدەبی کوردی، گەر بریتی بێت لە جەختکردن لە بوونی خۆی، بەرهەمهێنانی ناسنامەیەک تایبەت بەخۆی، ئەمە دێتەدی، بەو مەرجەی ئەدەبی کوردی خۆی بە بەشێک لە هزرەڤانی بزانێت. هزرەڤانی لە جۆرێکی پوخت و شوێنێک بۆ نەوتراوەکان.
ئەدەبێک مردن ئەزموون نەکات، بە باڵای ئەوینی شکستخوارد و چەپۆکی سێکسا هەڵنەشاخێت، سەروی بێدەنگی نەبێت و تەنهایش نازدار نەکات زۆری ماوە ببێتە ئەدەب. ئەدەبێک گەندەڵی وەک شمەکێکی سیاسی و بەس ببینیت و توێکاری بۆ ئەم گەندەڵییە لەناو ناخ و دەروونی مرۆڤەکاندا نەکات، ئەو ئەدەبە لاپەرێز دەمێنێتەوە. ئەدەبی واش بۆ ئەوەی لە لاپەرێزی خۆی دەربازکات مشەخۆر دەبێت لەسەر وتنەکانی پێشخۆی. ئەمەش بەرەو دیوێکی تری خراپی بیرکردنەوەی لاپەرێزمان دەبات، کە بیر لە ئەویتری خوێنەر ناکاتەوە. ئەویترێک، کە پێویستی بە ئێمەیە. ئەویترێک لە چاوەڕوانی گشت شتە باشەکانە. بۆیە فەرامۆشکردنی ئەویتر لە ئەدەبدا بە زیانی خود، ناسنامەی ئەم خودە دەگەڕێتەوە.
پرسی ئەدەب پرسی هێنانەگۆی مەحاڵبووەکانە

لە ئێستادا، لە گشت شوێنێک، لەم جیهانە بچوکەی ئێمەدا ئەگەری مەحاڵبوون impossible لە زیادبووندایە. ئەدەب کە نەیتوانی مەحاڵبووەکان بهێنێتەگۆ لە بەئەدەبوون دەکەوێت. ئەو نەختە فەلسەفەیەی لە دەڤەری ئێمە نەشونمای کردووە تەنها و تەنها سەرقاڵی پرسیارە ئەدەبی و سیاسییە کۆمەڵایەتی و ئاینیە سادەکانە و لەم رووەشەوە شتێکی ئەوتۆی بەرهەمنەهێناوە. واتە فەلسەفە لێرە و ئێستا تەنها سەرقاڵی زانستە مرۆییەکانە و زانستە سروشتییەکانی فەرامۆشکردووە. ئەمەش وایکردووە لەگەڵ مەحاڵبوون دەستلەملان نەبێت. هەر ئەم لایەنە کاردانەوەی خراپی لەسەر ئەدەبیش داناوە.
بێ مانا، نادیار، ناکۆتا و پووچ کە بەشێکن لە مەحاڵەکانمان، کە نەبوونەتە باسی ئەدەبی ئێمە. راستەوخۆنوسینیش لە بواری ئەدەبیماندا زیانێکی زۆریداوە لە بێدەنگبوون لە مەحاڵەکانمان. کەواتە شیاوە بپرسین: لە چ ساتەوەختێکدا ئەدەبی باش (باش بە مانای دەگمەن و نادوبارە) لەدایکدەبیت؟ لەو ساتەوەختەی ئەدەب شانبەشانی فەلسەفە لەناو تاریکی ژیان دەربازماندەکات، فێری پرسیارمان دەکات سەبارەت بە بوونمان. وەکیتر، فەلسەفە و ئەدەب ، کە پێکەوە کاردەکەن، لە دوو لاوە کارمان لەسەر دەکەن: ئەزموونی تێڕامانمان دەوڵەمەنندەکەن و بیرکردنەوەشمان بۆ چەمکگەلێکی وەک خەمۆكی، هاوسەرگیری، بێدەنگی، تەنهایی، و ئەوینداری و خیانەت دەگۆڕن. جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە چەند ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بەختیار عەلی ئەمەی کردووە؟

دەرئەنجام: ئەدەبی دەگمەن

سەرهەڵدانی ئەدەب، ئەدەبی نایاب، کارێکی سانا نییە. چونکە ئەم بەشە ئەدەبە بەرپرسیاریەتی هێنانەگۆی تەمومژاویی، بێدەنگیی و بەدفڕیی لە کاری ئەدەبیدا لەئەستۆدەگرێت. بێگومان ئەدەبی نایاب لەوێوە دێتەدونیاوە. بۆیە بەغیلی بە بەختیار عەلی با بەغیلیبێت بە هێزی بیرکردنەوەی ئەو، بەوەی بیرکردنەوە چەند دەکارێت دوور بڕوات و ئاسۆکانیش تێپەڕێنێت.
ئەدەبی دەگمەن ئەو ئەدەبەیە، کە دەربازکەری خودی ئەدەبە لە گرفت و لاوازییەکانی. ئەم جۆرە ئەدەبە، ئەدەبێکە خەریکی گەڕانەوەی شتە لەدەستچوو و ونەکانە. ئەدەبی دەگمەن گفتوگۆ بێکۆتاییەکان دێنێتەگۆڕێ و لەپشت سەرهەڵدانی تێیۆرییە ئەدەبیەکانیشەوە دەبێت. جا ئەدەبی وامان هەیە؟ ئەزموونی ئەدەبی بەختیار عەلی جۆرێکە لەم ئەدەبە؟ گشت ئەوی لایسەرەوە وترا وەک وەڵامێک دەبینم بۆ ئەم دوو پرسیارە.
تێپەڕاندنی بەختیار عەلی شیاوە. لێ بەم کواڵیتێ ئەدەبییەی ئێستا نا. چونکە وتنی سادە، نزیک لە زمانێکی لاواز و سەرپێی، دابڕاو لە هزر ناکارێت ئەدەبی یاخی بەرهەمبهێنێت و نیگەرانییەکانمان، ئەو پارادۆکسانەی تیایدەژین، بکاتە وتن. شانسێک ئەو دەمە لەبەردەم هاتنەدی هیواکانی ئەدەبی کوردییە، کە ئاقاری بیرکردنەوەی ئەدەبنووسی(رۆمان،چیرۆک، شیعر، شانۆ ، …) ڕوو لە گۆڕانبکات. سەرلەبەرگۆڕینی پرسیاری ئەدەبی، بەو مەرجەی بەهۆیەوە پرسیارە سیاسییە کۆمەڵایەتییە ئاینییەکان بەر تەوژمی ئەو گۆرانەبکەون، شانسەکە بەهێزدەکات. لێرەوە، کەوابێت، ئەوەی مەبەستە گۆڕینی پرسی ئەدەبە. ئەو پرسەی فەلسەفەی کۆنتنێنتاڵ بۆ شەش دەیەک دەبێت سەرقاڵیەتی (هایدیگەر لەسەر هۆڵدرلین، دێریدا لەسەڕ سیلان، فوکۆ لەسەر ئارتۆ، دولۆز لەسەر سینەما، بادیو لەسەر چاخی شاعیران ئاگامبین لەسەر کافکا و….هتد).
هیچ ئەدەبێک بێ لەکە و بێ خەوش نییە. تەنانەت مۆدێلە جیهانییەکانیش(پوشکین، ئێلوار، شکسپیر، ڤالێری، بەیاتی، میشۆMichaux ،….). لێ پێموایە بەشێک لە خەوشەکانی مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی پەیوەندی بە سێ لایەنەوە هەیە. لایەنی یەکەم بریتییە لە خراپی دۆزی ئەدەبی پێش خۆی (بەتایبەت رۆماننووسین). لایەنی دووەم بریتییە لەو شێوازە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کە رووبەڕووی بیرکردنەوەی ئەدەبی ناوبراو دەبێتەوە، کە ئەمەشیان قوربانی دەستی لایەنی یەکەمە. دوا لایەن پێدەچێت پەیوەندی بە جۆرێک لە شێوازی هۆنینەوەی دێڕ و دەربڕینی ناوبراوەوە هەیە (نوسینیدرێژ، شێوازی داڕشتنی زمانەوانی،…. )، کە ئەوەش وایکردووە بەشێک لە خوێنەرانی پەستکات. لێ کێشەی بەشێک لە خوێنەرانی ناوبراویش ئەوەیە، کە دەخوازن نوسەر بەپێی حەز و شێوازی بیرکردنەوەی ئەوان بنوسێت. کێشەیەکیتری ئەو جۆرە خوێنەرانە ئەوەیە، کە پاشخانی هزرییان نییە و ڕاشهێنراون لەسەر جۆرێک لە نوسین و خوێندنەوە.

ئازاد حەمە




لۆزانچییەکان لۆزانییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ.. ئازاد حەمە

سەرەتا: دەمێکە وتومە، ئەم ژینگەیەی هەنوکەمان بیریار دروستناکات، گرنگن و هیچگەرایNihilismی دروستدەکات. ئێستا پێموایە، ژینگەکە، رۆژانە لۆزانچیش، لە زۆربەی کایەکان(پەروەردە، روناکبیریی، نێوەندی ئەکادێمی، میدیای ئێستا و بواری سیاسیش) دروستدەکات. لۆزانچییەکان، دژە کوردەکان، جێگای داخ و برینە، بەجۆرێک لە زێدی خۆیان سیاسەتدەکەن، کە زێدەکە، نەبێتە شوێنێک بۆ دروستبوونی روناکبیر/ بیرمەند، بەڵکو ببێتە شوێنێک بۆ ژیانژیان و پاڵنان بە کاتەوە. لۆزانچییەکان، ئەوانەی رقییان لە کوردە، حەیف، ژینگەی ئێرەیان والێکردووە ئەنتی روناکبیریی و کارگەی بەرهەمهێنانی هیچیی Nihilبێت. ئەمە وادەکات جیاوازییەکی گەورەش بوونی نەمێنێت، لەنێوان لۆزانییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ.


تۆ بەدوای لۆزانییە کۆنەکان دەگەڕێیت، من ئەدرێسی لۆزانچییە تازەکانت دەدەمێ. لۆزانییە تازەکان، وان لێرە. ئێمە لە کوێبین لۆزانچییەکان لەوێدەرێن. لۆزانییەکان، لە ئێستادا لە گشت جێگایەک دەخولێنەوە، کە ئێمەی لێین. لۆزانچییەنوێکان، ئەوانەن، کە چاڵی سیاسی بۆ یەکتری کورد هەڵدەکەنن. لۆزانییە نوێکان ماڵباتەکانن، ئەوانەن، کە زەمینە خۆشدەکەن بۆ لۆزانەکانی تر، بۆ مەهابادەکانی تر، بۆ هەڵەبجە و ئەنفالەکانی تر. لۆزانییەکان لە دەوروبەرمان دەخولێنەوە، ئەوانەن، کە بەهاری گشت جوڵانەوەیەکی سیاسیمان دەکەن بە لۆزانێکی دی. وەرە مەرۆ بۆ شاری لۆزان، لۆزانی تازە وا لای خۆت. لەو جێگایەی ئێستای لێیدەژیت.


لۆزانچییە نوێکان زۆڵەکانی ناو سیاسەتی کوردین. ئەمانە بێوەفاکانی ناو مێژووی سیاسیشمانن. چونکە زۆڵەکانی ناو سیاسەتی ئێمە، ئەوان بوون وایان لە ئێمە کرد پێمانوانەبێت سیاسەت هزرە، سیاسەت دەتوانێت گۆرانکارییە گەورەکان بکات. ئەمانە، لۆزانچییە نوێکان، بێمتمانەیی و سڵکردنەوەیان کرد بە بەشێک لە ژیانی سیاسی نوێی ئێمە. مخابن، خەریکن ئەم زۆڵەسیاسییانە دەبن بە بەختی سیاسییمان، گەر ئەمە ئاوا بروات لە داهاتوودا یادی لۆزان بەجۆرێکیتر دەبێت. بۆیە لۆزانچییەکان سیاسییە هیچگەراکانن، ئەوانەن، کە هیچییان خستە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و بەگشتیش مرۆیمانەوە. لۆزانییەکانن ئێمەیان کردە هاودەمی هیچگەرایی سیاسیی، رۆژانە هیچی لە پەروردە(پەروردەی لۆزانی)، لە خوێندنی باڵا (ئای لەم خوێندنە باڵایە!) بەرهەمدێنن. لۆزانچییەکان پەروەردەی سیاسییمانیان کردە پەروەردەیەکی لۆزانی. هەنووکە دابەشکردن و دەڤەرچییەتی بەشێکە لەم پەروەردەیەمان.
**
لۆزانییەکان وان لێرە، لە تەک خۆتن. گشت ئەوانەن، کە بەرپرسیارن بەرامبەر بە نادادی و گەندەڵیەکانی ئێستای هەرێم، ئەمانە تەواوکەری پرۆژەی لۆزانن، هەڵگری هەمان توخمی روناکبیریی سیاسیی لۆزانن. لۆزانییەکان، ئەوانەن، کە نەدەخوازن شایستانە یادی سەد ساڵەی كۆنگرەی لۆزان‌ بکرێتەوە، نەش لە لۆزانیەتی خۆیان دەکەون. لەبەرئەوە کردەی سیسییمان وا گوزەرکات، بیرکردنەوەی سیاسییمان ئەمە کرۆکی بێت، لەگەڵ کات هەموو دەبینە لۆزانی. لۆزانیبوون چارەنوسمانە. ئەم پەروەردە سیاسییە بەردەوامبێت هەموو لۆزانیمان لێدەردەچێت. بۆیە سەیرە، لۆزانچییەتی شەرم نییە! لۆزانچییەتی بەشێوازی رۆژنامەوانی و روناکبیریی و ئەکادێمیی جیاجیا وەبەردەهێنرێتەوە. وەبەرهێنانەوەی وتاری سیاسی لۆزانییەکان چارەنوسی مێژوویمان بەرەو خراپترین شێوەی سیاسی و بەگشتیش مرۆیی دەبات.


خوێندکاری لۆزانیەکان لێرەوە بە جلی کوردییەوە دەچن بۆ لۆزان، لەوێ بە کوردی بۆ یەکتر باسی مەترسییەکانی لۆزان دەکەن. غەدردەکەیت دەچیت بۆ لۆزان، لۆزان وا لەتەک خۆت. لۆزان وا لە سلێمانی و هەولێر، ئەوەتا بریقەدەداتەوە لە کەرکوک و دهۆک و هەڵەبجە. لۆزانییەکان گشت بستێکی ئەم هەرێمەیان کردوە بە لۆزان، بە نموونەیەک لە پرۆژەی لۆزان. تۆ گەر بیردەکەیتەوە و خاوەنی ئاگایی سیاسی خۆتیت مەڕۆ بۆ لۆزان، برۆ ئەو شار و گەڕەک و ماڵانەی هیوای سیاسییان نەماوە. لەو شوێنانە دەبینیت، کە هیواکانی کۆنگرەی لۆزان چەند وەک خۆی هاتوەتە دی! تەماشا ئەو نەگبەتییە سیاسییە، هەندێکیش لە لۆزانییەکان لە دانیشتن و پێکەوەبوونەکانیاندا فرمێسک بۆ لۆزان دەڕێژن. ئەمانە هەر هەموو ناراستەوخۆ پرۆژەی لۆزان زیندوو ڕادەگرن و ئاواتەکانی شەریف پاشا(1) ھەرەس پێدێنن.


لۆزانییەکان حەزدەکەن قسەکردن لە لۆزان بکرێتە بابەتێکی وەرزی. ببێتە مۆد. ئەوە لۆزانییەکانن قسەکردنیان لە لۆزان وەک گشت شتەکانیتر(ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، یادی راپەڕین،کۆماری مەهاباد و……) بەوەرزیکردوە. ئێستا یادی سەد ساڵەی كۆنگرەی لۆزانە، بۆیە‌ هەموو قسە لە لۆزان دەکەن. هەموو لەو بارەوە چەنەلێدەدەن. پاش ماوەیەکیتر لۆزان لەبیردەکرێت چەنەش لەوبارەوە دەوەستێت. لۆزانییەکان ژیرن لە کارکردن لەسەر سرینەوەی یادەوەرییەکانمان. لە دروستکردنی جۆرێک لە روناکبیری سیاسی، کە ناکاریگەرە، کە هیچ ناگۆرێت.


لۆزانچییەکان دەخوازن کورد بۆ کورد باسی مەترسییەکانی لۆزان بکات. لۆزانچییەکان هێندە ساویلکەن گروپ گروپ بە کوردی بۆ یەکتر، بۆ گروپەکانی خۆیان باسی مەترسییەکانی لۆزان دەکەن. لەکاتێکا ئەو پارچەپارچەییە لە قسەکردن لە مەترسییەکانی لۆزان بەشێکە لە خودی پرۆژەی لۆزان. گشت وتاری سیاسی لۆزانیش هەر ئەوە بوو، کە ئێستا ئەمان پەرەی پێدەدەن. هەریەکە و لەگەڵ تاقم و ناسیاو و رێکخراو و یانە و حیزبی خۆی قسە لە لۆزان دەکات. ئەمە خەونی لۆزانیکانە، هیوای باوباپیرانی لۆزانییەکانی ئێستایە، کە ئێوە، بەناوی سێمینار و لێدوان، بۆیان دەهێننەدی.


لەوەی وترا سەیتر، وەک هەمیشە چەنەبازەکان باس لە لۆزان دەکەن. قسە لە لۆزان وەک قسەکردن لە گشت دیاردەکانیتر کەوتووەتە دەست چەنەبازەکانەوە(سیاسی، ژورنالیست، ئەکادێمی، نوسەر و…..). هەرکاتیش چەنەبازەکان قسەکردنیان لەسەر هەچ دیاردەیەک قۆرخکرد، ئەوە بزانە لە هیچی لە وتن زیاتر لەوبارەیەوە بەرهەمنایەت. چەنەبازەکان خوێندکارە فاشیلەکانی لۆزانییەکانن، کە لەناو کایەی ئەکادێمی و سیاسی و روناکبیریماندا بڵاوبوونەتەوە(2).
چەنەبازەکان چەنەیان لێبووە بە هزراندن. چونکە چەنەبازەکان، کە داردەستەی لۆزانییەکانن، خەو بە تراژیدیاوە دەبینن. بۆ ئەوان روودانی رووداوێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی باشترین دەرفەتە بۆ چەنەلێدان. چەنەلێدان کە نەوتنی لێوەبەردێت بێمانای و بێفیرۆیش لە تێگەیشتنمان دا دروستدەکات.


لۆزانییەکان، ئینۆنۆکانی(3) کورد، ناخوازن ئەو کارەساتە مرۆییەی كۆنگرەی لۆزان‌ لەپاش خۆی بەجێیهێشت لە “سەنتەرێکی توێژینەوەی لۆزانناسی نێودەوڵەتیدا ” کۆکرێتەوە. ئەوەتا شوێنێک لە ئێستادا بوونی نییە بەناو “سەنتەری توێژینەوەی لۆزانناسی”، ئەگەر بەراستی ئەم کۆنگرەیە بەشێکە لە برینە سیاسییەکانی مرۆڤی کورد، دەبو لەماوەی ئەم سەد ساڵە سەنتەرێکی لەوجۆرە دروستکرایە و نێوەندێکیش بوایە بۆ تراژیدیاناسی و ئەرشیفکردنی مێژووی بوونی کوردیی. کە ئەم سەنتەرە هەبێت ئەو کات دەکرا لۆزانناس(لۆزانۆلۆگ)مان هەبێت، دەشکرا خوێندنی باڵا و پەروەردە پشکی شێریان بەرکەوێت بۆ بردنەڕێوە و کارگێڕی ئەرشیفکردن و تۆکمەکردنی دۆکومێنت و یادەوەری سیاسیی.
لەبەرئەوە، لە بەرژەوەندی لۆزانچییەکانە یادی سەد ساڵەی كۆنگرەی لۆزان بەلۆکالیکرێت. ئەو شتە بەلۆکاڵیکرێت، کە باس لە هەنووکەمان دەکات؛ هەنووکەی نایەکانگیر و پەرت و پارچەپارچەمان. بۆ لۆزانچییەکان ئەوپەری بەکەڵکە، کە ئەم جۆرە یادانە، رووداوانە، لۆکالیکرێن. بەلۆکالیبوونی ئەم برینە سیاسییانە رێگایەکە بۆ شاردنەوەی تراژیدیاکانی ئێستا و خەوش و نادادییەکانیش.


لۆزانییەکان کردەی سیاسییان قێزەوەن کردووە. وایان لە نەوەی تازەی ئێستا (خوێندکارانی زانکۆ، لاوانی ناو کۆمەڵگە، لەپێش هەمویانەوە رەگەزی مێی کوردستانی ئەمرۆ ) کردووە سیاسەت بگۆرێتەوە بە بەهەرزانترین شت. هەموو شتێکیان لا خۆشەویستە سیاسەت نەبێت، کوردایەتی نەبێت، باس لە دیرۆکی کورد و کوردپەروەری نەبێت. رقی جیلی تازە لە سیاسەت بەرهەمی خراپبەکاربردنی سیاسەتە لەلایەن لۆزانچییە نوێکانی کوردستانەوە.
بۆیە دەپرسین: کێ لە سیاسەت دەترسێت؟ ئەڵبەتە لۆزانییەکان. چونکە ئەمان دەزانن سیاسەت دەکارێت گۆرانە گەورەکان بکات، بۆیە ناشرینکردنی سیاسەت دەبێتە هۆکارێک ئەوانەی لە تەمەنی 18 بۆ 25 ساڵن پشت لە سیاسەت بکەن، گاڵتە بە هەڵبژاردن بکەن. ئەم جیلە پێیانوایە دەنگ هیچناگۆرێت، هەڵبژاردن درۆی سیاسییەکانە بۆ گۆرینی دەموچاوەکان. بەدڵنیاییەوە ئەم بۆچونەش بە سودی لۆزانییە نوێکانی ئەمرۆمان دەگەڕێتەوە. چونکە لۆزانییە تازەکان دەزانن کورسییەکان چۆن و بە کێ پردەکەنەوە.


لۆزانچییە نوێکانی ئەمرۆمان نەیانهێشت ئەو وانەیە بە جیلی تازە لە زانکۆکان بڵێینەوە، کە سیاسەت جۆرێکە لە چنینی هزر. سیاسەت کردەیەکی هزریی گشتگیر و تۆکمەیە، نەک پارچەپارچە و پەرشوبڵاو. سیاسەتکردن لە دەرەوەی تێهزرین نییە و پێویستی بە راڤەکاری وورد و قوڵیشە. ئای لۆزانییەکان، ئەو دەرەفەتەتان کوشت، کە بە خوێندکارە زانکۆییەکانمان ئەوە بڵێینەوە، سیاسەت ڕاڤەکارییە و شوێنێکیشە بۆ ئافراندن لە هزردا. چونکە سیاسەت خۆی هزرە.
لۆزانییەکانی ئەمرۆ، نێوەندی ئەکادێمی کوردییان تا ڕادەیەکی زۆر کردووە بە نێوەندێکی ناڕوناکبیری، بە پاشکۆی کۆمیتە و مەڵبەند و ناوچە. بۆیە هاتنەناو زانکۆ، بۆ جیلی تازە، شتێ گەورە لە ژیانی مەعریفییان ناگۆرێت. بەشێکی زۆر لە زانکۆکان بەدەست لۆزانییەکانەوەن، بەدەست ئەوانەوەن، کە ترسیان لە پرسیارسازی، بیرکردنەوەی جیلی تازە هەیە.


پەراوێز:
1/بەپێی گێڕانەوەکانی نوسەری ئەو لینکەی لای خوارەوە بێت، لە گۆرستانی شاری کاتانزارۆ Catanzaro گۆرێکی لێبووە بەناوی ژەنەڕال شەریف پاشا Le General Sheriff Pasha و دواتر گۆڕەکە لەلایەن مەلیک فاروقی میسرەوە دزراوە و براوەتەوە بۆ گۆرستانی خدێوییەکان لە قاهیرە و لەوێندەرێ نێژراوە. شاری کاتانزارۆ پایتەختی هەرێمی کەلابریە Calabria یە، کە دەکەوێتە باشوری ئیتاڵیاوە. کە من ماوەیەک لەمەوبەر سەردانمکرد.
خێزانی شەریف پاشا، کە ئامۆزای مەلیک فاروق بووە، پێدەچێت نەیانویستبێت شەریف پاشا دوور لەخۆیان بنێژرێت و بۆیە هێناویانەتەوە بۆ گۆرستانی پاشایەتی لە قاهیرە.
بەپێی زانیارییەکانی وێکپێدیا ((ژەنەڕاڵ شەریف پاشا لە کۆتایی ساڵی 1951دا لە شاری ناپۆلی لە ئیتالیا کۆچی دوایی دەکات، پێش مەرگی وەسیەتی کردبوو تەرمەکەی بسوتێنن و خۆڵەمێشەکەی بکەنە ناو دەریاوە، چونکە خۆی بە بێوڵات ئەزانی، بەڵام ئاواتەکەیان بەجێ نەھێناو تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ قاھیرە لەگۆڕستانی خدێوییەکان نێژرا))، لێ بەپێی لینکەکەی لای خوارەوە بێت، کە بە ئیتاڵی نوسراوە، زانیاریەکان بەجۆرێکی ترن. گوایە کچەکەی ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، کە بە شازادەی کوردستان لە رۆژنامە ئیتاڵییەکە ناوزەددەکرێت، هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کوری خانەوادەیەکی ناسراوی شاری کاتانزارۆ Catanzaro (نەک ناپۆلی وەک لە وێکپێدیای کوردی هاتووە) . پاش ماوەیەک لە هاوسەرگیرییەکە شەریف پاشا و هاوسەرەکەی دێنە سەردانی کچەکەیان و دواتر لەوێنەدەرێ وەفاتدەکات. ئەوەش، کە وادەکات وەسیەتەکەی شەریف پاشا نەهێرێتەدی، رەنگە ئەوە بێت، هاوسەرەکەی شەریف پاشا سەربە بنەماڵەی شاهانەی ئەو دەمەی میسر بووە(ساڵی1951 هێشتا بنەماڵەی شاهانەی میسری لەسەر تەختی پاشایەتیدا دەبن) و پێیان باشبووە لەتەک خۆیان لە قاهیرە بنێژرێت.
https://casinistanews.wordpress.com/2021/08/02/la-tomba-del-general-sherif-pasha-fatta-trafugarea-catanzaro-dal-re-faruk-degitto/
2/ ئەوەتا ئەم چەند رۆژە کورد بۆ کورد، گروپ گروپ، باسی یادی سەد ساڵەی كۆنگرەی لۆزان دەکەن، بێئەوەی ئەو هەموو کوردە زمانزانە، زماندرێژانەی پارە لە حیزبەکانیانەوە وەردەگرن، توانیبێتیان 5 دەقە لە کەنالێکی جیهانی باس لەم بۆنە سیاسییە بکەن، یان نەمانبینی ئەو نەوەیەی بەلانی کەمەوە 30 ساڵە لە وڵاتانی ئەوروپا دەژین 10 دێڕ بەو زمانە لە رۆژنامەی ئەو ڵاتانەی لێیدەژین لەسەر کۆنگرەی لۆزان بنوسن و بیشیبەستنەوە بە دۆزی ناهەمواری ئێستای کوردستانەوە. ئەم نەوەیەی دەرەوەو کە بۆ 40 و 50 ساڵە لە هەندەران دەژین لە جیهانە بچوکەکانی خۆیانن: دڵیان بە نوسینی ئەو چەند دێرە ئەدەبیە خۆشە، کە رۆژانە لە فەیسەکانیان دەینوسن، بەوەش، کە زوزو دێنەوە بۆ سازکردنی سمیناری لاواز و مردارەوەبوو. چی لەم لۆزانخانەیە رودەدات، و لۆزانییەکان چی بەسەر ئەم هەرێمە دێنن، بەلایانەوە هێندەی ئەوە گرنگ نییە، کە بێنەوە و کتێبێکیان چاپکەن یان گروپێک لە خۆیان کۆکەنەوە و بەناوی رۆشنبیریەوە چەنەبەن.
3/ مەبەست “عیصمەت ئینۆنۆ” ە کە نوێنەری کەمالییەکان بوو لە کۆنگرە لۆزان.




کتێب\ ڕاڤەکاریی فەلسەفیی / بەهەندوەرگرتنی فەلسەفییانە.. ئازاد حەمە

ڕاڤەکاریی فەلسەفیی / بەهەندوەرگرتنی فەلسەفییانە، ئێستا لە (دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان) بەردەستە… . کتێبەکە قەبارە گەورەیە، 835 لاپەڕەیە. بەرهەمی کارکردنە لە ساڵی2008وە، تایبەتە بە ڕاڤەکاریی فەلسەفیی هزری ڕاڤەیی پۆلێک هزرمەندی نوێی ڕۆژئاوایی.




ڕۆژی جیهانی فەلسەفە: ڕۆژێک پڕ لە پرسیار و گومان.. ئازاد حەمە

لەناو جەرگەی مەزنييدا گومانێک دەبينم
René Char ڕۆنێ شار

1. فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن. لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، کە لە جیهانی ئێستاماندا گوماندەکەم بەئاسانی هەل و مەرجی فڕاوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن بێتەئاراوە، کار لەسەر پرسە سەرەکییە هاوچەرخەکان بکرێت، فەلسەفە بکرێت بە بابەتی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان. ئەم گومانەم بەری تەسکبوونەوەی پرسیار و خودی گومانیشە لەم چرکەساتە ئاستەنگاوییەی حەزی بە چارەی فەلسەفە نییە. حەیف لە ئێستایەکدا دەژین ڕق لە فەلسەفە ئامادەیە. بەڵام گرنگە ئەوەش بزانین، کە فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن پێویستییەکی ڕۆشنگەریی نیشتیمانیی و جیهانییە. ئەمە دەستپێکی گۆڕانیشە لە پەروەردە و فێربوون، ئەو دەستپێکەی سەرزەوی هەمووی تێکڕا زۆرترین پێویستی پێیەتی. فێربوونی فەلسەفە و وتنەوەی فەلسەفە بەرپرسیارییەکی گشتی مرۆڤە و سەرەتاشە بۆ پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە بنەڕەتییە سەردەمییەکان و بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە جیهان.
ڕووبەری فەلسەفەکردن فراواننابێت تا ڕووبەری ئازادی فراواننەبێت. لەو شوێنەش، کە ئازادی بوونی نییە فەلسەفە بێ شوێنە. ئەو فەلسەفەیەی لە کۆمەڵگەی نائازاد و گەندەڵ دا هەیە نافەلسەفەیە. ئێستا نافەلسەفە لە زۆر جێگا جێگایەکی بۆخۆی دابینکردووە. باشە بۆ دەبێت جێگایەک لە کۆمەڵگە، لەناو ژیان، بۆ فەلسەفە هەبێت؟ لەبەرئەوەی لەڕێگای فەلسەفەوە دەشێت کار لەسەر تەشەنەسەندن و نەشونمای شیکردنەوە و توێژینەوەی پرسیارە چارەنوسسازەکان بکرێت. فەلسەفە دەکارێت ئەمە بکات، چونکە کاری لێخوردبوونەوەیە لە تاک و کۆ، لە بوون و کەتواری ئەم تاک و کۆیە.
داواکان لە فەلسەفە زۆرن. داواکان، کە هیوان هەموو دەخوازن فەلسەفە ئەم داوایانە بهێنێتەکایەوە. هەموو دەخوازن فەلسەفە سەرلەبەری گۆی زەوی بەرەو باشە بگۆڕێت. باشەی لەم جۆرە، کە یەکسانی، ئازادی و ماف لەخۆدەگرێت هەر هەموو ئەمانە هێزی خۆیان لە فەلسەفەوە وەردەگرن. بەڵام هێنانەدی ئەم داوایانە، هیوایانە، کاری بەردەوام و هاوبەشی دەوێت.

2. فەلسەفە چیپێدەکرێت؟. لە ئێستادا زۆرێک دەپرسن: فەلسەفە چیپێدەکرێت؟ لێ ئێمە دەپرسین : فەلسەفە چیپێبکرێت؟ ئەو شتە چییە فەلسەفە دەبێت بیکات؟ وەکیتریش فەلسەفە چیپێدەکرێت و چیپێبکرێت هەر لەسەر ئەوە وەستاوە، کە فەلسەفە کێیە تا ئەم داوایەی لێبکرێت؟ فەلسەفە خۆمانین، ئەوانەنن، کە بیردەکەنەوە. فەلسەفە ئەو شێوازەیە، کە بۆ بیرکردنەوە دەگیرێتەبەر. ئەڵبەتە فەلسەفە لە هەرە شێوازە دیار و دانسقەکانی بیرکردنەوەشە. بەهۆی فەلسەفەوە دەگەین بەو زانینەی نییمانە. ئەم زانینە چیپێدەکرێت؟ دەمانبات بەرەو تێگەیشتن. تێگەیشتن لەوەی تا هەنووکە لێیتێنەگەیشتووین. ئەم تێگەیشتنەش خاڵی وەرچەرخانی ئێمەیە لە شتێک هێشتا نییە، کە دەشکرێت ئەوە ڕۆشنگەرییبێت، کە دواتر لەمیانە بیرکردنەوەکانەوە دێتەکایەوە.
ڕۆشنگەریی چرکەی لەدایکبوونی عەقڵە لای تاک/ لای گشت منێک. لێرەوە دەشێت بپرسین: لە ئێستادا شیاویی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی میراتی فەلسەفیدا ماوە؟ مرۆڤەکان باوەڕیان بەم پرینسیپە مرۆییە ماوە؟ ئەم شیاویی و باوەڕە پێویستە مابێت. بیرکردنەوە لە جیهان، ئەمە دەبێت کۆمانبکاتەوە. پاش ئەم بیرکردنەوەیە ئەدی کاری سەرەکی فەلسەفە چییە؟ ڕەنگە یەک لەو کارانە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بێت. ئەمە ئەرکی یەک کۆمەڵگە و یەک کولتوور یان شارستانی نییە، ئەمە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی مرۆیی گشت سەرزەوییە.
سەرباری ئەوە، شوێنی فەلسەفە تەنیا هۆڵی زانکۆکان نییە، پرسیارە فەلسەفییەکان هەر لەنێو مامۆستا و خوێندکاران نەشونما ناکات. فەلسەفە، کە مافی هەموانی بەسەرەوەیە بەهۆیەوە دەکارین ئەو کێشانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، فەلسەفە بەشدارە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لەو بنەما و بەهایانەی ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانمان دەکەن.

3. خەمی ئێستای فەلسەفە ئەو پرسانەیە، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە. ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە کێشەگەلێکی کۆن و هاوچەرخیشن. وەکیتریش لە وشەدانی فەلسەفەدا خۆمان لەناو زۆرێک واتای فەلسەفییدا (ڕاستیی، ڕەوشت، هاوڵاتیببون، لێبووردن، ڕێزلەیەکترگرتن، دادپەروەریی،….) دەبینینەوە، کە گرنگن بۆ هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی ڕۆژانەی ئێمە لە خۆمان و دەورووبەرمان.
فەلسەفە تەنیا دیاردەیەکی ڕوناکبیریی یان ڕۆشنگەریی نییە دیسیپلینیشە، ئەمەو فەلسەفە تەقەلایەکی پراکتیکی ڕۆژانەشە، کە دەکارێت کۆمەڵگاکان بگۆڕێت و کولتوورەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە. واتە، فەلسەفە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسوودەتر و ڕێزدارتر. بەم شێوەیە فەلسەفە وا دەکات بتوانرێت لە بەربەست و ئاستەنگە گەورەکانی هاوچەرخ تێبگەین و بە دروستکردنی هەلومەرجی هزریی بۆ گۆڕانکاری وەڵامیان بدرێتەوە.
لەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە بابەتی ڕەوشتە، کە دەتوانێت بابەتگەلێکی تریش لەخۆبگرێت، وەک: ڕێز، ئاکار، تێرۆر، گەندەڵی، ماف. بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بەوەیە، کە زوو زوو پێناسەی فەلسەفە بکرێتەوە. ئەوەش ڕوونبکرێتەوە، کە ئەرک و ئامانجی بنەڕەتی فەلسەفە چییە و دەخوازێتیش چی بۆ مرۆڤ بکات. ئەمەش بە پلەی یەکەم پێویستە بۆ مناڵان و دواتر بۆ لاوان بکرێت. لاوان، کە کەوتوونەتە ژێر فشاری کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دژە بەها و جیهانگیرییەکی پەرت و بۆشەوە پێویستییەکی زۆریان بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ هەیە.
سەرئەنجام، ئەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە خەمی ئێستای فەلسەفەن و گرنگە وا لە فەلسەفە بکەن خۆی لە عەوام نزیکبکاتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ لە بەدەستەبژێرخستنی فەلسەفە و تیشک خستنە سەر گرنگی دیدگا ڕەخنەییەکانیشی.

4. فەلسەفە واتە بیرکردنەوە لە هەنووکە. فەلسەفە هەنووکەی خۆی هەیە. لەو کاتەی، یان سەردەمەی، فەلسەفە ئامادەیە ئەو کاتە، یان سەردەمە، هەنووکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە لە هەنووکەی خۆی دورکەوتەوە فەلسەفە نییە. فەلسەفە چاودێرە بەسەر هەنووکەی خۆیەوە. هەنووکە ناشێت لە ژێرکۆنترۆڵی فەلسەفە دەرچێت. ئەو دەمەی فەلسەفە بە ڕاڤەی هەنووکە ناوێرێت ئەوە نەک هەر فەلسەفە نییە، بگرە بیریش لەو هەنووکەیەدا بوونی نییە. هەنووکەکان جۆراوجۆرن، لێ فەلسەفە هەمانە. فەلسەفە لە دەمی دەرکەوتنیەوە دیارە ئامانج و ئەرکی چییە، هەنووکەش، کە دەگۆڕدرێت فەلسەفە لەم گۆڕانە حاڵییە.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا، بەرەو ئەو تەماشاکردنەمان دەبات، کە نزیکبوونەوەی فەلسەفە لە هەنووکە مەرجە. ئەمە بە ئاسانی نایەتە دی. بیرکردنەوە لە کردارەکانمان سەرەتای گۆڕینی بیرکردنەوەکانمانە بۆ کردار. گشت هەنووکەیەک لەژێر کاریگەریی کردارەکانە. هەنووکە بۆی هەیە کردارەکانمان بخاتەژێرپرسیارەوە. خودی هەنووکەش گومانیلێدەکرێت بەرهەمی کاتی خۆی نەبێت.

5. فەلسەفە وادەکات تێگەیشتنی قوڵت هەبێت. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن لە کەسێکدا چرۆدەکات تێگەیشتنی قوڵ زاڵدەبێت. تێگەیشتنی قوڵ لەگەڵ تێگەیشتنی سادە و لاواز دا یەکناگرێتەوە. تێگەیشتنی قوڵ پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و بەردەوامە. بیرکردنەوەش مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری پێویستە. لە تێگەیشتنی قوڵ دا ئاسۆکانی تێڕامان بەرین و کراوەن. لەوێندەرێ فەلسەفە توانای تێپەڕاندن و بڕینی سنورەکانی لەنێوان زانستە جیاوازەکانیش دا هەیە. ئەوەی فەلسەفە لەتەک یەک زانست(دیسیپلین)دا یەکانگیرنابێت ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. فەلسەفە بە چییەتی بیرکردنەوە دەستپێدەکات و بە پەروەردەکردنی تێگەیشتن کۆتاییدێت.
زۆر جار بۆ زۆرێک پرسیارەکانی فەلسەفە خۆیان لە ناسادەیی دەدەن. ئەمە ڕاستە و بەشێکیشە لە سروشتی فەلسەفە. بەپێی ئەوەی پرسیارەکانی فەلسەفە سەرساممان دەکەن بیرکردنەوەی وروژێنەریش دەسازێنن. بوون بە فەیلەسوف، نزیکبوونەوە لە فەلسەفە، ڕۆڵی فەلسەفە لە خۆشگوزەرانی مرۆیی و لە هێنانەدی ئاشتیخوازی و….، گشت ئەمانە و گەلێک بیرکردنەوەی تریش وروژاندنێک لەخۆدا بەرجەستەدەکەن، کە ئەوەمان پێدەڵێن هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕۆشنبیرییەکەی لەتەک دەرکەوتنی فەلسەفەدا نەشونمایکردووە.

6. فەلسەفە لە سەردەمی خێرایی ئەلێکترۆنی دا لەژێرپرسیاردایە. دەمی هەنووکەمان دەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. رەچەڵەکی خێرایی، کە بۆ شۆرشە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بەم ڕۆژەیان گەیاندین. واتە، ئەوەی ئەم خێراییەی هێنایەکایەوە مەکینە هایدرۆلی و میکانیکی و ئەلکترۆنییەکان بوو. ئەم خێراییە ڕەفتارەکانی مرۆڤی ئەم دەمەی بەجۆرێک گۆڕیووە، کە رووداوەکان، دیاردەکان خێرا تێپەڕن. جیهانی تازە لە هەناویدا هەڵاوگۆڕان و ڕیکخستنێکی بەردەوام لە خۆدەگرێت و ئەمەش ئەو خێراییە دروستدەکات مرۆڤایەتی کاریپێدەکات. ئەم جیهانە دژی وەستان و سستییە، لە گۆڕان و گەیاندن و گوازتنەوەی بەردەوامی خێرادایە. ئەمە وایکردووە جوڵە وەک جاران نەبێت.
جوڵەی ئێمە لەژێر فشاری خێرایی بووتە بەشێک لە ئێمە. جوڵەکانمان نۆرماڵ نییە. لە گشت جێگایەک ئەم جۆرە جوڵەیە ئامادەیە و مەحکومیشیکراوین بە جوڵە: لە بانق، لە ژوری نوستن، لە کاتی خۆشتن، لەناو شەمەندەفەر، لە…. . هاوکات ئەم جوڵەیەی ئێستا هەیە، کە بەرهەمی خێراییە، خێرایی دیگیتاڵی و سابیریانیCyber جوڵەیەکی سانا و بێ لایەن نییە. تەماشا سێبەری خێرایی لەناو گشت چالاکییەکانماندا بوونی هەیە: هاوڕێیەتی، وەرزش، خوێندن و فێربوون، سێکس، سەما، نانخوادن و….. هتد. هەر ئەم جوڵەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە ئەو شتەی خێرا دەگۆڕێت لە جێگەی خۆی نامێنێت و چییەتیشی دەگۆڕدرێت. خێرایی دیدی ئێمەی بۆ جیهان گۆڕیوە و کاریگەریشی لەسەر پەروەردە، ئابوری، جیۆسیاسی و ژینگە بەجێهێشتووە.
سەرئەنجام، فەلسەفە لەناو ئەم خێراییەدا سست تێدەپەڕێت و فریای خستنەژێرپرسیار و گومانی دیاردە سایبیریانییەکان (فێمینیزمی سایبیریانیCyberfeminism، تاوان و دزی سایبیریانیCybercrime، سێکس و ئەوینداری سایبیریانی،……)ناکەوێت. فەلسەفە، کە شوێنێکی شیاو و گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە تەنگوچەڵەمە ڕەوشتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بەسەرلەنوێ چالاککردنەوە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ شیکارکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییە فەلسەفییەکان(ڕاستی، ڕێزلەیەکترگرتن، وەفاداریی، ئەمەک، ئاکار،….).

7. زەفەربردنی فەلسەفە بە دەروونشیکاریی لە دوورمەودادا دەرئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت. فەلسەفە بە بیرکردنەوە(تێهزرین) یەکسانە نەک شیکارکردنی ڕەفتار، بیرکردنەوەش لەسەر بیرکردنەوە گەشە بە بوونی فەلسەفە دەدات. بیرکردنەوە لە چییەتی فەلسەفە بیرکردنەوەشە لە چییەتی ئێمەی بەرهەمهێنەری فەلسەفە. ئەمە، کە بە دەروونشیکاریی ناکرێت ناسنامەیەکی هزریی لەناو دیسیپلینەکانی تر بۆ فەلسەفە دادەتاشیت.

سەرباری ئەوە، دوا کارکردنەکانی پۆلێک لە بیریارانی فەڕەنسی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ئەو تێزەی بردوون، کە کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە دەسەڵاتی شیکاریی لە دەروونناسی وەربگرێتەوە. دەروونناسی ئەم دەسەڵاتەی بە خراپ بەکاربرد: خەمۆکی، بێزاریی، تەنیایی، دابڕان لە خودی خۆ و دواتر لە ئەویتریش وەک خۆیان ماونەتەوە و کەچی دەروونشیکاریی پێیوایە هەر بەردەوام و سەرکەوتووە. بەم تێزەی بیریارانی فەڕەنسی دەگەینە ئەو تێگەیشتنە، کە دەروونناسی پاشەکشەی پێبکرێت لە چارەسەرکردنی مرۆڤ.

هەندێك واتا هەن (سۆزداریی، هاوڕێیەتی، بەختەوەریی، خودگەرایی، خۆشەویستیی و…) تایبەتمەندی گەردووناوی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە فەلسەفە بەشێوازی خۆی كاری لەسەر دەكات. وەکیتر، هەر ئەوەشە وادەکات فەلسەفە زەفەر بە دەسەڵاتی شیکاریی دەروونناسی بەرێت. دووبارە شیکردنەوەی فەلسەفییانەی ئەم واتایەنەش هیوایەک بەوانە دەبەخشیت قوربانی دەستی دەروونناسی هاوچەرخن
زۆربەمان دەزانین، کە لەگەڵ تاڵیس، یەکەم هزرەڤانی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین، فەلسەفە بووە دەروازەی پاراستنی ڕۆحی ڕوناکبیریی مرۆڤ. هەر لەو دەمەوە لەو شتانەی لە چییەتی فەلسەفەدا پەنهانکرا قسەکردن بوو لە واتاگەلێکی وەک: ڕاستی، هاوڕێیەتی، ئاشتی. وەک بەرپرسیارییەکی فەلسەفیی، لێ دیسیپلینەکانی تر( بەتایبەت دەروونناسی و دواتر سیاسەت، کۆمەڵناسی) بەشێک لەم واتایانەیان خستەژێرڕکێڤی خۆیانەوە و بە شێوازی خۆیان تێۆریزەیان بەسەرەوەکرد.

8. لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا مەرگی فەلسەفە جارێکیتر مایەپووچدەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا مەرگی فەلسەفە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە بابەت. خودی ڕۆژەکە وەبیرهێنانەوەی گرنگیی فەلسەفەیە، پرسیاریشە لەسەر ڕەچەڵەکی فەلسەفە و دانپێدانان بە ئایدیای بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ئاشتی، کە داوای توانامان لێدەکەن لە فەلسەفە. بۆیە مەرگی فەلسەفە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دۆزی ڕەوشتیی و مرۆیی سەردەم و مەرگی شتێکیشە لە خۆمان پێکهاتووە. فەلسەفە تا بەم جۆرەی ئێستا دروستبووە زۆرێک سەدە و دەڤەر و کولتوور و فەیلەسوف کارییان بۆکردووە. بۆیە فەلسەفە هەر ئێرەیی نییە، ئەوێیشە و خەڵکی گشت جێگا و شارستانییەتێکیشە.
لەبەرئەوە لەناوچوونی فەلسەفە لەناوچوونی ئەو شتەیە، کە هاوبەشە. شتە هاوبەشەکان بە ئاسانی لەناوناچن. نەک هەر لەبەرئەوەی لەخۆڕا دروستنەبوون، لەبەرئەوەش، کە فاکتەری بنچینەیی کاری لە دروستبوون و پەرەسەندنییاندا کردووە. وەکیتریش ئەو شتە هاوبەشانەی هۆکاری دروستبوونی فەلسەفەن تا هەنووکە هەن: جەنگ، ڕەوشت، ماف، ئەوین، دادپەروەریی، سەرباری ئەوانە مرۆڤ. ڕەگەزی مرۆڤ، کە تا هەنووکە ماوە پێویستی بە فەلسەفەیە وەک بیر. ئەم مرۆڤە ڕۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەتەک شەڕ، درۆ، هەڵە، گەندەڵی، بێ وەفایی، نیگەرانیی و….. بۆیە مرۆڤ بێ فەلسەفە ناشێت هەڵبکات و مەرگی فەلسەفەش لە ئێستای مرۆڤایەتییەوە دوورە.

9. خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکان پێویستییە. فەلسەفە بنەچەی خۆی هەیە، دێرینترین زانینە و زانینی زانینەکانیشە، کە فەیلەسوفەکان هەر زوو جەختیان لە دەگمەنی ئەم بنەچەیە کردووەتەوە. شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا بە خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی خوێندن جێگا بۆ خۆی دابیندەکات. خوێندنی فەلسەفە و شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا جگەلەوەی دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چرۆکردنی تێگەیشتن لە فرە کولتوری، هاوڵاتیبوون و ئازادی بریتیشە لە خوێندنی بیر و هیوایەکیشە لەبەردەم سەرلەنوێ بوژاندنەوەی فەلسەفەدا.

خوێندنی فەلسەفە مەشقکردنیشە لەسەر بوونی فەلسەفە بە بابەتی چارەسەر بۆ کێشە و کەموکوڕییەکان. فەلسەفە، کە قوتارماندەکات لە بیرنەکردنەوە، لێهاتوومان دەکات لە زاڵبوون بەسەر نیگارانی و کاتە قەیراناوییەکاندا. خوێندنی بیر لە گشت قۆناغەکانی خوێندن سەرەتای حاڵیبوونی خودە (قوتابییە) لە خودی خۆی، لە کردار و گشت ئاکارەکانی. ئەمە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت، کە فەلسەفە دەبێت بە یەکێک لە مادەکانی قۆناغی بنەڕەتی. خوێندنی فەلسەفە پێش قۆناغی زانکۆ سەرەتای زاڵبوونی قوتابییە بەسەر تەحەدیات و ئەستەمەکان.
خوێندن و فێربوون لە بنەڕەتی بێ فەلسەفە بنەڕەتی دەکات بە شوێنێک بۆ بیرنەکردنەوە، شوێنێک کە زانین تیایدا ناخرێتەژێرپرسیارەوە. فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتی دا هەر پەیوەندی نێوان زانین و پسپۆرییەکان ڕێکناخات، خودی زانینیش تۆکمە و پرسیارئامێزدەکات، لێ بەبازاڕیکردنی پەروەردە زیانێکی زۆر لە فەلسەفەی خوێندن دەدات. فێربوونی فەلسەفەش لەناو کێبڕکێیەکانی بازاڕ لەگەڵ پەروەردە خودی کردەی فیربوون دوچاری گرفتی گەورەی ڕەوشتی دەکات. هاوکات ئاشناکردنی مناڵ بە فەلسەفە ئاشنابوونیەتی بە پرسیار و وەڵام، بەس ئەمە هەرگیز نایەتەدی تا فەلسەفە نەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی دایەنگە، باخچەی مناڵان و بنەڕەتییەوە.

10.فەلسەفە لە وشەدانی فەلسەفیی ئێمەدا كارەساتبارە. ڕوو نییە لە ڕوناکبیریی ئێمەدا فەلسەفە لە چاوەنواڕی چیبدایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، کە فەلسەفە لە نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی ئێمە ونە. لە ئێستادا دۆزینەوەی فەلسەفە لەو سێ نێوەندە گرنگەدا خۆی لە ئەستەمیی دەدات. ئەوەی دەبینرێتەوە زۆر شتە، لێ فەلسەفە نییە. واتە ڕوناکبیریی هەیە، لێ بێ فەلسەفەیە. نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی هەیە، کەچی زۆر نا فەلسەفییە، دوورە لە فەلسەفە، خۆی لە فەلسەفە دەدزێتەوە. وەکیتر فەلسەفە لەناو خەڵکی و سۆسیال میدیاش نادیار و ناکاریگەرە.
سەرئەنجام، فەلسەفە ونە، ئەمەش ترۆپکی گومانی ئێمەیە لە وتاربێژیی و بڵندگۆیی رۆمان و شیعری سەردەمی نوێ کوردیمان. فەلسەفە پێویستە لەناو ئێمەدا بدۆزرێتەوە. ونبوونی فەلسەفە، هەڵاوێشتن و توڕدانی فەلسەفە بە زیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە، نەک هەر ئێمە. چونکە چەکەرەکردنی فەلسەفە لە گشت نێوەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم ،قوتارمان دەکات لە بنەبڕکردنی نەفامی. تەنیا بە فەلسەفە، بە فەلسەفەیەکی کراوە و نەترس، نەفامی و هاوشێوەکانی، بێدادی و تێرۆر، گەندەڵی، بنەبڕدەکرێت.
بەشێك لە ئێمە پێویستە بپرسێت دوای ئەو تێكشكانانەی، کە هاتەسەر كۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئێستاش کە ئەو دوو ئیزمism ە بە ئیسلامی سیاسیی پڕدەکرێتەوە هەمان تێكشكان بەرهەم نایەتەوە؟ ئاییندەی فەلسەفە ئەو دەمە دەبێت چۆن بێت؟

11.دوا وتە: گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەلسەفە بۆ دامرکاندنەوەی نیگارانییەکان نییە. بەپێچەوانەوە فەلسەفە نیگارانییەکانی مرۆڤ وەک کێشە دەبینێت و بەدوای چارەسەریانەوەیە. ئەمەشە جەوهەری جیاکردنەوەی فەلسەفە لە دەروونشیکاریی. فەلسەفە بەدوای داناییەوەیە، لێ جیهانی ئێستا لەژێر زەبری هەژاری، نەداری، نایەکسانی خەریکە دانایی خۆی لەدەستدەدات، خەریکە گاڵتە بە دانایی و وشەدانی ئەم واتایەش دەکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ژینگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆر ڕوەوە کاتیهاتووە.
باشە لە هەل و مەرجێکی وادا چی لە نیگەرانییەکانی زانست بکەین؟ فەلسەفە چی لەو بارەیەوە پێیە بۆ وتن؟ فەلسەفە چاودێری ڕەوشتییە بەسەر زانستەوە. پشتگیریی لە زانست دەکات تا ئەو شوێنەی مرۆیی و ئاکارییە. فەلسەفە لە خودی خۆیدا بریتییە لە ئارەزومەندیەکی خۆییانە و تاکییانە، نەک زۆرەملێیانە. فەلسەفە دوژمنی زۆرەمڵێیی و ستەمە. بۆیە تا ئێستا بابەتی ئاشتی هەمیشەیی بابەتێکی هەستیارە بۆ گفتوگۆکردنێکی فەلسەفییانەی بەردەوام.
بەم جۆرە “فەلسەفە وەک دیسیپلینێک هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جیهان و چەسپاندنی بناغە ڕاستەقینەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی”. ئەمە دروشم نییە، بەڵکو ماهیەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان پێویستیەکی زۆری بە فەلسەفەیە، بەو شتەی فێربوونی ژیان دێنێتەدی. داخ و جه‌خار کردەی فەلسەفەکردن و فەلسەفاندن لە دەڤەری ئێمە بە ئاسانی نایەتە سەرپێ. لەم شوێنە ناپسپۆڕ لە فەلسەفە داگیرکەری بواری فەلسەفەیە! پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفەوتنەوە زیانی لە گەیاندنی فەلسەفە بۆ زۆرینە داوە. وەکیتر، لە زانکۆکانی هەرێم غەدرێکی زۆر لە فەلسەفە دەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە و ئەمەش هزر و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەو شوێنەدا خستووەتە گیانەڵاوە. بۆیە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە وەها دەڤەرێک وەک گشت ڕۆژێک تەماشادەکرێت.

سەرنج: یۆنسکۆ لە ساڵی 2002 وە رۆژێکی بۆ فەلسەفە تەرخانکردووە، کە دەکەوێتە سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەرەوە(مانگی یانزە).




زۆڵە ژورنالیست… ئازاد حەمە

(((پێشکەشە بە خانمە ژورنالیست شیرین ئەبو عەقلە و هاوشێوەکانی، کە یەکلابووەوە بە گولەی ئیسرائیلییەکان کوژراوە)))

دەستپێک: زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیین

لەم سەرەتایەوە زۆر بەڕاشکاوی دەڵێم، زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی داڕمان(کۆلاپس)ی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن و میدیای سێبەریش دایکی ڕاستەقینەی زۆڵە ژورنالیستەکانە. ئەم جۆرە، یان چەشنە(کاتیگۆری) لە ژورنالیست لە زۆر کۆمەڵگەدا هەن و دەکرێت کۆمەڵگە گەندەڵەکان بە شوێنی سەرەکی زۆڵە ژورنالیستەکان لەقەڵەمبدرێت.
لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان، ئەڵبەتە لە کۆمەڵکە زۆرداریی و سەربازیی و دیکتاتۆرەکانیشدا، کە لەوێندەرێ زۆڵە ژورنالیستەکان بازاڕیان گەرمە، سیاسەت دووفاقانە کاردەکات. ئەمەش گرفتارئامێزیی و بێ مافیی بۆ مرۆڤەکان دێنێت.
سەرباری ئەوەی وترا، لە دیدی سیاسیی و سۆسیۆ-ئابوورییەوە توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن، کە کۆمەڵگە گەندەڵەکان کۆمەڵگەگەلێکی چەتەئامێز، مافیاگەرا و تاکڕەون. لەبەرئەوە ژینگەی ئەم جۆرە کۆمەڵگانە لەبارە بۆ هاتنەدونیای زۆڵە ژورنالیست و زۆڵەکانی بواری پێشەکانی تریش(داد، پەروەردە، تەندروستی، ڕوناکبیریی، ئەکادێمی).
هەرچی کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکانە دیاردەکانی لەبنڕا جیاوازن. لە کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکاندا زۆڵە ژورنالیستەکان جێگایان نابێتەوە. نەک هەر لەبەرئەوەی لەوێندەرێ هاریکاری مادی ناکرێن، مافی تاک پارێزراوە، یاسا سەروەرە و تەمەنی میدیای سێبەریش کورتە، لەبەرئەوەش، کە هاوڵاتیانی ئەو کۆمەڵگانەی بە گەندەڵی ئاشنانیین خاوەنی ئەو جۆرە ئاگایی و روناکبیرییەن، کە دەزانن کاریان بە میدیای سێبەر مەیسەرنابێت و کێشە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانیشیان لەژێرسایەی میدیای سێبەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بە حوکمی ئەوەی زۆڵە ژورنالیستەکان لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان دوانەییانە(دووفاقانە) کاردەکەن و پەیوەندیشیان بە کەسی یەکەم و دووەمی ناو حیزبەکان و بگرە سەرمایەدارەکانەوە بەهێزە بەردەوام پارێزراون.
لێرەوە بە پێویستم زانیوە لەڕێگای جۆرێک لە زۆڵەوە، زۆڵە ژورنالیست، قسە لە زۆڵگەرایی ناو کۆمەڵگەی نوێی خۆمان بکەم و دواتر بچمە ناخی وشەدانی ئەم چەشنە لە زۆڵ. تا ئەو دەمەی سیاسەتی هەڵە سەروەر بێت کۆمەڵگە بەردەوامدەبێت لە ناولێنانی ئەم جۆرە زۆڵە و زۆڵەکانی ناو پیشەکانی تریش بە لێهاتوو و هۆشیار.
ئەو نیازەی لەدووتۆێی ئەم باسە پوختەدا خوازیارم بیپێکم، ئاکاری سەمەرەی زۆڵەکانی نێوەندی ڕۆژنامەگەریی کوردییە. واتە، ئەوەی لەم کورتە نوسینە باسیدەکەم ئەو زۆڵە نییە بە زۆڵی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو ئەو زۆڵەیە لە ئامێزی خێزانێکی نۆرماڵ پەروەردەدەکرێت و وەکیتریش وەک کەسێکی زۆڵەشەیتانی بێباک و دژە بەها ڕەفتاردەکات.
لەمیانەی ئەم دەستپێکەشەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ چۆن دەبیت بە زۆڵە ژورنالیست؟ ئایا زۆڵی جۆرێکە لە زیرەکیی؟ یان زۆڵی جۆرێک لە زرنگیی تایبەتی تیاپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە تەلەفزیۆنێک کاربکەیت؟ لەناو ستافی ڕوناکبیریی گۆڤار یان ژورناڵیک دا بیت؟ ئەمانە و چەندین پرسیار و تێڕامانی دی دەبنە هەوێنی قسەکردنەکانم.
کۆتا وتنی ئەم دەستپێکە ئەوەیە، کە داوادەکەم خوێنەری ئەم چەند دێڕە زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیابکاتەوە و ئەندێشەی خۆی ڕادەستی زۆڵە ژورنالیست نەکات و هەواڵ و ڕووماڵەکانی بەهەندوەرنەگرێت و وەک دوژمنی وتنی ڕاستیش تەماشایبکات.

زۆڵگەردانی
ڕوونە، کە دەستەواژەی زۆڵ لە خودی خۆیدا نەختێک، بگرە زۆریش، سەمەرەیە، ئەو دەمەش، کە دەدرێتە پاڵ ژورنالیست ڕووبەری سەمەرەبوونەکە زیاتردەکات و لەوسەریشەوە خۆی پتر کاریگەر و سەرسامکەر نیشاندەدات. بەڵام زۆڵگەردانی وەک پاشاگەردانی نییە. پاشاگەردانی لەئاکامی بێ سەرۆکی و نەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینەوە دەردەکەوێت و پشێویی و نائارامی دەکات بە بنەمای خۆی، هەرچی زۆڵگەردانییە لێرەدا بەو واتایە بەکاردێت، کە هەر زۆڵە و بۆخۆی دەژیت و دونیای خۆی بە ئارەزووی خۆی دروستدەکات.
بەپێی دەستوری زۆڵگەردانی بێت ڕاستگۆیی لە هەڵوەدا و تەرە دا دەژیت و زۆڵیش زۆڵی تر قوتدەدات و چارەنوسی زۆڵگەردانیش بەدەست زۆڵترینەوە دەبێت. ئەمە سەرباری ئەوەی زۆڵ لە دەمی زۆڵگەردانیدا یاری جیاواز و چاوەڕێنەکراو دەکات.
لەبەرئەوەی باسکرا، بۆ من نوسین لەسەر زۆڵە ژورنالیست پڕە لە تاسە و پەژارەیی. نوسین لەوبارەیەوە بۆ خۆشی و خەندە نییە. نوسینی لەم شێوەیە نوکتەئامێزی و خەندەئامێزی بەدوای خۆیدا ناهێنێت. بۆ من نوسین لەسەر بوونی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا مایەی سیس بوون و ژاکانی ئاکارە(موراڵە).
بوونی ئەم چەشنە لە ژورنالیست ئاماژەیە لەسەر یەکگرتنەوەی بێباکی لەتەک ناکامیدا. زۆڵە ژورنالیست ڕۆژانە بە پەناماندا تێدەپەڕیت و لەناو گەرمایی ژیان کەسیرەمان دەکات(کەسیرەبوون= گرژهەڵاتن لەسەرماندا).

کێ زۆڵە ژورنالیستە؟
پرسیاری هەرە بناغەیی ئەم نوسینە ئەمەیە: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە تەنیا لە خەونی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان. ئەوانە سایکۆپاتی (دروونبیمار) psychopath ئێستاشمانن. زۆر بەدەگمەن زۆڵە ژورنالیستەکان زیانیان بەردەکەوێت. گەر تۆزقاڵە زیانێکیشیان بەرکەوێت ئەوا یان نەخشەیان بۆداناوە، یان بە ڕێکەوت بەریانکەوتووە، لێ ئەو دەمەش یەک نەخت زیانیان بەردەکەوێت قازانجێکی زۆر لەوە دەکەن. نموونەشمان لەسەر ئەوە زۆرە.
کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە خەو بە تراجیدیاوە دەبینن. زۆڵە ژورنالیستەکان خوازیارن تراجیدیا ڕووبدات، تا بەهۆیەوە دەرکەون و بێنەگۆ. ئەوەی لەم حاڵەتەدا زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە زۆڵە ژورنالیست لەسەر تراجیدیا و کارەساتی جەرگبڕ مشەخۆرە. ئیدی دوای ئەوە مانشێتی سۆزاوی و وروژێنەری زۆڵە ژورنالیست لە گشت لایەکەوە خۆی دەکات بە ئەندێشەماندا.
بەو جۆرە بێت کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ زۆڵە ژورنالیستەکان ئەو جۆرەن، کە شەیدای مایکرۆفۆنن. لە کوێ تراجیدیایەک هەبێت لەوێندەرێ دەپەیڤن، کە دەشپەیڤن خۆیان وەک کۆتا مرۆڤدۆستی سەرزەمین نیشاندەدەن. ئەمەش لەبەرئەوەی زۆڵبوونەکەیان وایانلێدەکات پیشەکەیان لا بێ بەها و ناکاریگەر بێت.
ئاشکرایە، کە پیشەی ژورنالیستی شتێکی پڕمانا و بەرپرسیارئامێزییە، لێ زۆڵیەتی وادەکات پیشەی ژورنالیستی بە ئاقارێکی سەرلەبەر جیاوازدا بڕوات.
کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ دەشێت ئەوانەبن، کە بەردەوام چەنەلێدەدەن و پێشیانوایە گشت ڕاستی وا لەبەرباخەڵی ئەواندا. وەکیتریش زۆڵە ژورنالیستەکان سۆفیستەکانی Sophist (سوفستاییەکانی یۆنانی کۆن) سەردەمی ئێستامانن و پرۆتۆگۆراس Protagoras و گۆرگیاس Gorgias یش بە شاگردی خۆیان نازانن. یاریکردن بە ڕاستی و وشەفرۆشی باشترین کاری زۆڵە ژورنالیستەکانە و لەگەڵ زاڵبوونی ئاکاری نیولیبرالیزمیش زۆڵە ژورنالیستی وەک پەتا لێرە و لەوێ دا بڵاوبووەتەوە.
ئەو شیاوییانەی وتاری سیاسیی نیولیبرالیزم خستوویەتە بەردەست زۆڵە ژورنالیستەکان لە دیرۆکی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەدەگرێت. کۆمەڵگەی تازەش لە زۆر ڕووەوە قۆرت و چەوتیەکانی هەر لەم وتارەوە بەدەستهێناوە.
دیسانەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ له‌ بنچینه‌دا، ئەمە ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە لە سەر هەموو شتێک و لە هەموو شوێنێک دەنووسن و لەکۆتایشدا هەستدەکەین هیچیان نەنووسیووە. زۆڵە ژورنالیستەکان زۆر دەنووسن و بێ پرینسیپانەش دەنووسن. نووسین لای ئەمانە وشەسازییەکی ڕۆژانەیە و تانە و پلار، تەشەرە و توانج بەهەندوەرناگرێت. نووسینی پووچ و سەرەڕۆ، یان ئەو جۆرە نووسینەی بێباکی و نابەرپرسیاریی بەرهەمدێنێت بەری بیری زۆڵە ژورنالیستەکانە.
سەرباری ئەوە، دەخوازم دووبارە بپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەو جۆرەن لە ژورنالیست، کە ناهێمن و چەنەباز و پۆپۆلیستن. زۆڵە ژورنالیستەکان لە وتنا گەرم و زۆربڵێن. وا قسەدەکەن کە دایکی ڕاستیین، لێ دەمێکە ڕاستیی قوربانی دەستی ئەمانەیە و وەکیتریش خۆیان وەک گوناح و فریشتە نیشاندەدەن.
دەپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانە زۆڵە ژورنالیستن، کە یاریزانن. یاری بە وشە، بە ڕاستی و بە ڕووداو دەکەن. ڕاستی بۆ ئەم جۆرە لە ژورنالیست بریتییە لە ڕیزکردنی وشە. ڕوداوەکانیش بۆ ئەمانە تا ئەو جێگایە مانادارە، کە خۆیان لە ناو مانشێتێکدا دەبیننەوە.
بەم جۆرە بێت بۆ دواجار دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە پارێزەری بێدادییەکانی کۆمەڵگەن، لەسەر خوانی سیاسی و دەوڵەمەندەکانی کوردستان باس لە کاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان دەکەن. بگرە هەر زۆڵە ژورنالیستەکانیشن، کە ڕاستەوخۆ ژیانی هیچ سیاسی و دەوڵەمەندێک ناخەنە ژێرگومان و مەترسییەوە.
بەڵێ زۆڵە ژورنالیستەکان مانشێتە سەرنجڕاکێشەکان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوەکان دەستنیشاندەکەن. تاساڵانێکیش لەمەوبەر ئاگام لێبوو، کە زۆڵە ژورنالیستەکان بابەتی مانشێتە گرنگەکانیان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوە لەگەڵ سیاسیی و دەوڵەمەندەکان دادەڕشت. زۆرجار زۆڵە ژورنالیستەکان ناونیشانی مانشێتە هەستیارەکانیان بەدەم قاقا و نوکتەوە دەهۆنیەوە و بەجۆرێکیش ڕێزمانی مانشێتەکانیان دادەنا، کە نزیک بێت لە بەرژەوەندی سیاسیی و بازرگانەکان. بەجۆرێک ڕاستییەکانیان لە ناواخنی مانشێتەکانیان دەئاخنی، کە نە شیش بسوتێت نە کەباب.

ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە
بوون بە زۆڵە ژورنالیست بەڕێکەوت نییە و کۆشش و تەقەلایەکی زۆر و بێ وچانی دەوێت. وەکیتر، گێلەکان نابنە زۆڵە ژورنالیست. ئەوانە دەبنە ئەمە، کە جۆرێک لە زرنگی و هۆشیاری تایبەتیان هەیە و بە بەرژەوەندییەکانیشیان ئاشنان. ئەمانە، زۆڵە ژورنالیستەکان، دەزانن چیدەکەن، لە کوێ چی دەڵێن و چۆنیشی دەڵێن. بۆیە ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە زۆر شتە. لای خوارەوە هەندێکیان بەسەردەکەینەوە.
زۆڵە ژورنالیست بەردەوام هەیە و لە هەموو شوێنێکیشدا دەردەکەوێت. ئێستا لێرەیە، لە سلێمانییە و تاوێکیتر لە بادینانە. سبەی لە هەولێرە و دواتر لە هەڵەبجەیە. گشت شوێنێک دەکات بێ ئەوەی دووچاری مەترسی ببێتەوە. ئەوەش، کە وادەکات دووچاری هێچ کێشەیەک نەبێتەوە تایبەتمەندییە سۆفیستییەکەیەتی. ئەمەو ئەم جۆرە زۆڵە جارجارە لەو جەولانە خەو بە ڕووبەڕووبونەوە و پەلاماردانێکیشەوە دەبینێت. ناوبراو مردووی شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکانە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی کارەکەی ئەوەی لێداوادەکات، لەبەرئەوەش، کە سایکۆلۆجیای زۆڵایەتی لە ناخی زۆڵە ژورنالیستدا کارایە.
زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەردەوامبێت پێویستی بە دراما و داستانە. پێویستی بە درێژدادڕی و کاوێژسازییە. بەواتایەکیتر، ئەم جۆرە ژورنالیستە لەسەر قەیرانەکانی ئێمە دەژیت. تا قەیران هەبێت ئەو مانشێتی وروژێنەر و یاریئامێزانە دادەڕێژێت.
هەرچی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە، کە بوونی لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانی خەریکە دەبێتە شتێکی دانسقە و دەگمەن، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ژورنالیستی ڕاستەقینە وتنی ڕاستی سەروی گشت وتنەکانە. هاوکات ئەم جۆرە ژورنالیستە لە خۆڕا ناپەیڤێت، کە دەشپەیڤێت ڕاستی لە ناڕاستی جیادەکاتەوە و خۆی لای سیاسی و دەوڵەمەند ناشریندەکات. ئەمەو ئەم شێوە ژورنالیستە مات و خەمبارە و کارەکانی، کە بریتیین لە بەدواچوون و یەکلاکردنەوە، دوور لە سۆز و ڕاگرتنی بەڵانس ئەنجامدەدات.
لەوەی باسکرا سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، کە ژورنالیستی ڕاستەقینە بێباک و قۆشمەچی نییە. ئامادەیە سەری خۆی لەپێناو گەیشتن بە وەڵام بۆ پرسیارێکی هەستیار دانێت. ژورنالیستی ڕاستەقینە، ڕێک بە پێچەوانەی زۆڵە ژورنالیست، هۆگری کارەکەیەتی و لە بنەچەی کارەکەشی واحاڵییە، کە ئەرکێکی ئاکاریی(موڕالیی) لەسەرە و قەرزێکی ڕەوشتیشی لەئەستۆدایە.
وێڕای ئەوە، ژورنالیستی ڕاستەقینە بە سەلیقەوە لە سەختگیرییە ژورنالیستییەکان دێتەدەرێ و بەکارامایشەوە دژوێژ (پارادۆکس)ەکان شیکاردەکات. ڕچەشكێنی ژورنالیستی ڕاستەقینە ئەوکاتانە دەردەکەوێت، کە گورزێکی سامناک لە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دەدات و چاوپۆشیش ناکات لە بی مافییەکان.

زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی میدیای سێبەرن
سەری باس و بنی باسی زۆڵە ژورنالیستەکان میدیای سێبەرە و هەر خۆشیان زووزوو دەمانکەن بە دوژمنی ئەم جۆرە میدیایە. لەبەرئەوەی میدیای سێبەر بەخێوکەر و دروستکەری زۆڵە ژورنالیستەکانە بەردەوام قاچێکیان لەناو ئەم میدیایەدایە. بەدڵنیاییەوە میدیای سێبەر ئەو چەشنە لە ژورنالیست دروستدەکات، کە دەزانێت کێکە گەورەکە لە کوێیە. بۆ زۆڵە ژورنالیستەکان کێکە گەورەکە وا لەناو میدیای غەیرە سێبەر. باشە بۆ؟
لەبەرئەوەی ئەم جۆرە ژورنالیستانە کەسانێکی دەبەنگ و ناوریا نیین، ئەو نەختە کێکەیان بەلاوە مەبەست نییە لە دەڤەری میدیای سێبەردایە. ئەمانە چاک لەوە حاڵیین مانەوەیان لە زۆنی میدیای سێبەر شتێکی کاتیی، یارییەکی دۆڕاو و بی گەرانتییە، بۆیە زۆڵە ژورنالیستەکان گشت بوونی خۆیان و تەکنەلۆژیا زۆڵاویەکەیان لە بەرگێکی تردا لەناو میدیای غەیرەسێبەر دەخەنەگەڕ.
بەزمەکە لەوەدایە، ئەو ماوەیەی زۆڵە ژورنالیستەکان لەناو میدیای سێبەر بەسەریانبردووە، بە جۆرێکی تر بە ئێمەی دەفرۆشنەوە و وەک قۆناغێکی زێڕینی خۆشیان تەماشیدەکەن؛ گوایە لەوێندەرێ کاری دەگمەن و تایبەتییان کردووە. وێڕای ئەوە، ئەوەندەی لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکانەوە فێری ڕاستیبێژی دەبین و بە شاراوەکان ئاشنادەبین ئەوەندە لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان و ژورنالیستە ڕاستەقینەکانەوە شت فێرنابین. شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان شەڕە لەپێناوی پلەوپایەی ناو ڕاگەیاندن و دابەشکردنی کێکی داهاتوو، نزیکبوونەوە لە سیاسی و سەرمایەدارەکان و چەندین دیاردەیتر.

زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی(دروونبیمار) هەیە
بە بی گومانەوە، هێما بۆ ئەوە دەکەین، کە زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی psychopath (دەروونبیمار) شی هەیە. کەسی سایکۆپات کەسێکی دەروونناساغی بێ سۆز و ئاکار لادەرە. تابڵێیت درۆزن و هەڵخەڵەتێنەر و ڕەفتار ترازاوە. لەوە سەمەرەتر کەسی سایکۆپات هەست بە ناموردای و تێکشکانی خۆی ناکات. ئەگەرچی زیرەکییەکی ڕووکەشیشی هەیە، لێ خۆپەرستییەکەی، کە لە لوتکەدایە، ئەوەی لێتێکدەدات. سەرباری ئەوە، ئەم جۆرە کەسە بێ شەرمە و توانای دادوەری ڕاستەقینەی نییە و بەردەوامیش لە خەمی خۆی دایە.
کەوابێت ئەوەی لای سەرەوە سەبارەت بە کەسایەتی سایکۆپات وترا لە زۆر ڕووەوە لە زۆڵە ژورنالیستیش دا بەدیدەکرێت. زۆڵە ژورنالیست ئەو دەروونبیمارەیە ناشێت پشتی پێببەسترێت. کەسی لەم جۆرە بەرامبەر بە کێشەکانی کۆمەڵگە بێباکە و خەو بە بەسەرهات و ئاشوبەوە دەببینێت.
زۆڵە ژورنالیست هەرگیز ژیانی، بەرژەوەندییەکانی، ناخاتە بەر مەترسیی و جۆرە هەڕەشەیەکەوە، کە بێدەرەتانی بکات. ئەمە ئەو کەسەشە، کە ناخوازێت موغامەرە بکات و بۆئەوەی دەرفەتی ئەوەشی بۆ دروستبێت لەبەردەم مایکرۆفۆن دا قسەبکات و دلۆڤانی خۆی بۆ سیاسیی و سەرمایەدارەکانی کۆمەڵگە نیشانبدات بێباکانە گومان لە ئاکاری ژورنالیستی ڕاستەقینە دەکات.

زۆڵە ژورنالیست دوژمنی ڕاستییە
کاری ژورنالیستی کارێکی لێوڕێژە لە گەڕان بەدوای گەواهی و بەڵگە، لە خستنەڕووی پڕنۆ(دەلیل) و ساغکردنەوەی ڕاستییەکان. ئەمە بۆ زۆڵە ژورنالیست بەجۆرێکی ترە. لەبەرئەوەی ئەو دوژمنی ڕاستییە بکوژی سەرەکی دادیشە. بەم شێوەیە بێت، ئەوەی ناوبراو تێیناگات، یاخود ناخوازێت تێیبگات، ڕاستییە. بەڵام زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەرژەوەندییەکانیشی پارێزراوبێت لە هیچەوە ڕاستی دروستدەکات. کێشەی ئەم جۆرە لە ڕاستی ئەوەیە، کە کەس پێویستی پێی نییە. ڕاستییەک بەرهەمی هیچیی بێت ناڕاستییە و دژی تاکەکانی کۆمەڵگەشە.
ڕاستییەک لە منداڵدانی هیچییەوە بێتەکایەوە دژە بەهاو و بەدفەڕ و بەدنیهادە. بۆیشە کۆمەڵگەی گەندەڵ بەهەشتی زۆڵە ژورنالیست و دۆزەخی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە. لە سۆنگەی ئەم لایەنەشەوە بەوە دەگەین، کە بیر و ڕەفتاری زۆڵەکانی ناو ژورنالیستی ئەمڕۆمان شیرازەی کۆمەڵگەیان لەبەر یەک هەڵوەشاندووەتەوە.
زۆڵەکان لە ئێستادا، لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی دا، زۆر و زەبەندەن، ژمارەیەکی بێ شومار لە زۆڵ لە نێوەندە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا کاری خۆیان دەکەن و کاریگەریی زۆڵانەی خۆشیان ڕۆژانە لەو نێوەندانەدا دادەنێن.
لێرەدا هیچ دور ناڕۆم گەر بلێم: ژمارەیەکی بێ شومار زۆڵمان لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان، لە زانکۆکان، لە سەنتەرەکانی ڕوناکبیری، لە پەروەردە و لە تەندروستیدا هەیە. زۆرێکیش لەمانە ژورنالیست و میدیای تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم زۆڵانە تێکدەری ڕیشاڵی کۆمەڵگەن و لە داڕمان و گەندەڵکردنیشی بەرپرسیارن.
بەبێگومانە دەڵێم: لەژێر سایەی زۆڵەکان، زۆڵەژیرەکان، نەک هەر سیاسەت، پەروەردە، فێربوون و کردی ڕوناکبییریی بی بەها و قێزەوەنکراوە، ئەوەش قێزەوەنکراوە، کە پێیدەڵێن کاری ژورنالیستی و گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی.

چۆن لە زۆڵە ژورنالیست ڕزگارمان بێت؟
ئەوەی كه هەمیشه، بۆ زۆرێک، لێرەدا جێگای پرسیاره ئەوەیه، کە زۆڵە ژورنالیست خۆی بەرهەمی خۆیەتی، یان لەدەرەوەی خودی خۆیەوە دێتەکایەوە؟ لە دەستپێکدا جەختمانلیکرد، کە زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن. بەم جۆرە، بە چاککردنی ئەم ڕەوشتە ڕزگارمان دەبێت لەم جۆرە زۆڵە.
بە نەمانی ڕیشاڵی گەندەڵی لە کۆمەڵگە ڕزگارمان دەبێت لە ئاکاری زۆڵە ژورنالیستەکان. کەواتە تا ئەو دەمەی ئەم چەشنە کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەی ئێمەبێت پێویستمان بەوەیە گوێ لە زۆڵە ژورنالیستەکان نەگرین، ئەوەی ئەوان بە ڕاستی دەزانن ئێمە گومانیلێبکەین، بۆچوون و تێگەیشتنەکانیان ڕەتبکەینەوە و باوەڕیپێنەکەین، تا پێماندەکرێت خوێنەر و گوێگریان نەبین، ئەوان بە سەرچاوەی ڕاستی و زانیاریش نەزانین.
بەو جۆرە بێت، کوشتنی رۆحیی زۆڵە ژورنالیستەکان لەوێوە دەستپێدەکات، کە هەردەم پێیانبوترێت “”تۆ بێ لایەن نییت و من بۆچونەکانتم لا بەهەند نییە””.
دوا وتن
پێشتریش (لە باسێک بەناوی “زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی””) وتوومە، زۆڵ ئەو کەسەیە دەستی لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا هەیە. وەکیتر، دەشخوازم بڵێم لەڕێگای فەلسەفەوە، وەک ئەرکێکی ڕەوشتی، لای سەرەوە ڕۆچوومە ناو قسەکردن لە زۆڵە ژورنالیست و بە دیاردەیەکی گەمار، پیس و چەپەڵی ناو کۆمەڵگەی تازەی کوردیشم لەقەڵەمدا.
سەرباری ئەوە، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە، کە وەک گشت کۆمەلگاکان لەژێر فشاری سۆسیال میدیایە، لێوانلێو نییە لە زۆڵە ژورنالیست. کۆمەڵگەی میدیایی ئێمە ژورنالیستی بەئەمەک و مرۆڤدۆستی زۆری بەخۆوە دیووە، لێ دەشناڵێنێت بەدەست ئەو نەختە زۆڵە ژورنالیستەوە، کە لە گشت شوێنێکی هەرێمدا ڕێکەوتدەکرێن.
تێگەیشتن لە زۆڵە ژورنالیست داوای ئەوەمان لێدەکات لەو بونیادە حاڵیببین، کە ئەم چەشنە ژورنالیستە دروستدەکات. بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان توانایەکی ئەفسانەیی لە دروستکردنی ئەم جۆرە ژورنالیستانە هەبووە. ئەمەش مێژووەکەی بۆ پاش ڕاپەرین دەگەڕێتەوە و لەگەڵ گشت قەیران و تەنگژەیەکی سیاسی و ئابوورییش چاک تەشەنەی کردووە.
بەواتەیکیتر، زۆڵە ژورنالیستەکان لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی قوڵبوونەوەی ئازارە کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسییەکانی تاکی کوردەوە، توانیویانە لەناو پانتاییەکی بەریندا کارابن. لەبەرئەوە پێویستە بەسەلیقەوە، نەک بێباکانە، لەوە حاڵیبین، کە کارایی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی ئەم دوو دەیەی دواییدا زادەی چ هەل و مەرجێکە.
گومانیناوێت، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە خاوەنی پۆلێک ژورنالیستی بێدەنگ و بەمروەتە، لێ لە هەمان کاتدا و لەژێرسایەی زۆڵە ژورنالیستەکان دۆزی ژورنالیستیمان تابڵێیت ماندوو و ناساغە و هەواڵ و زانیاری بێ نرخ و هەرزان، کە بەرهەمی زۆڵە ژورنالیستەکانە، ڕۆژانە گەمارۆماندەدات.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێم: ڕۆژانە چەندین دیمەنی زۆر و زەبەند لەناو شار، لە شوێنە گشتییەکان، لەناو سۆسیال میدیا، لە دامەزراوەکاندا بەدیدەکەین، کە پێماندەڵێن ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی زۆڵییە. گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە، کە ئەو شوێنانە لەزیادبووندان و خۆشیان بۆ ناو گشت کایە ناسک و هەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان شۆرکردووەتەوە.
زۆڵەکانی ئەو کایە هەستیارانە ئەو وێنەیە لە ئەندێشەماندا بەرجەستەدەکەن، کە زۆڵی ژیرییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. واتە زۆڵ دەبەنگ نییە. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکات لە زۆڵناسی بکۆڵینەوە و لە دۆزی زۆڵ و زۆڵیەتیش بڕامێین، کە لێوانلێوە لە بێ ڕەوشتی. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بەرامبەر بە ئاییندەشمان بی خەمن.

سەرنج: ئەم باسە تەواوکەری ئەو باسەیە پێشتر ، لە ڕێکەوتی 2021-11-11 لە ماڵپەری ئاوینە و دواتر لە دەنگەکان بەناوی(زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی) بڵاوکرایەوە.




ڕاڤەکاریی فەلسەفیی/ بەهەندوەرگرتنی فەلسەفییانە … کتێبێکی نوێی ئازاد حەمە

کتێبێکی ٨٥٠ لاپەڕەییە دەزگای جەمال عیرفان ئەرکی چاپکردنی گرتۆتە ئەستۆ و بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە…

ئەم کتێبە تایبەتە بە ڕاڤەکاریی فەلسەفیی هزری ڕاڤەی پۆلێک هزرمەندی نوێی ڕۆژئاواییە.




فەلسەفەی خۆشەویستی: سێکس زەفەر بە خۆشەویستی دەبات!-6-.. ئازاد حەمە

بەشی شەشەم

دەستپێک: زەبری سێکس و نەرمی خۆشەویستی

سێکس غەدارە و خۆشەویستیش نەرمونیان. وەکیتر، خۆشەویستی خەریکە لەژێر زەبری سێکس وردە وردە ئاوا دەبێت. ئەمەش تا دڵ دەخوازێت خەمناکمان دەکات، چونکە لەناو ژیانی تازەی ئەستێرەی ئێستامان، لەهەر جێگایەکدا بین، خۆشەویستی کەوتووەتە ژێر چەپۆکی سێکسەوە. ئەم دیاردەیە یەکێکە لە ناساغترین دیاردەکانی شارستانی تەکنەلۆژیاوی هەنووکەمان. دوانەکان، جووتەکان، لە گشت شوێنێک سێکس پتر لە خۆشەویستی کۆیاندەکاتەوە؛ هەر سێکسیش خودی پێکەوەبوونەکە دادەڕمێنێت. زۆرێک بەدوای هۆکاردا دەگەڕێن و ئەمەش وادەکات خۆمان لەبەردەم شرۆڤەی جیاجیادا ببینینەوە، لێ شرۆڤەکارەکان بە شوێنگەلێکمان دەگەیێنن، کە هێشتا پێویستمان بە شرۆڤە و شیتەڵکاری تر و ترە.
چۆن بتوانین ڕوانین بۆ سێکس بگۆڕین؟ چۆن وابکەین سێکس جێی لەق بێت لەبەردەم خۆشەویستی دا؟ مەگەر ئەمە کاری فەلسەفە نییە؟ بەڵێ تا سەر ئێسقان ئەوە کاری فەلسەفەیە، کە ڕوانین بۆ سێکس بگۆڕێت و وا لە سێکسیش بکات لەبەردەم خۆشەویستی دا جێی لەق بێت. ئەمە تەنیا بە شرۆڤەکارییە فەلسەفییەکان نایەتەدی، دەبێت فەلسەفە کارە سەرەکییەکە بگرێتە ئەستۆ؛ کاری فەلسەفە گۆڕینی دیاردە ناساغەکانە، نەک شرۆڤەکردنیان.

لێرەوە، لەسەرەخۆ، پێدەنێینەناو مۆدێلێک لە شرۆڤەی فەلسەفییانە بۆ خۆشەویستی، ئەوەش ئەزموونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی ئالان بادیوە. ڕوانینە تێر و تەسەلەکانی ئەم بیرمەندە دەکەین بە کۆڵەکەی شرۆڤەکارییە فەلسەفییەکەمان و پشتئەستووریش بەو ڕوانینانە دەگەین بە ئەنجامگەلێکی پێویست. باشە فەلسەفە، یان دەروونناسی دوا وتنمان لەمەڕ خۆشەویستی پێدەڵێت؟ ئالان بادیو چ فەلسەفەیەکمان سەبارەت بە خۆشەویستی بۆپێشنیاردەکات؟ لە ئەفلاتونەوە بۆ فرۆید و لاکان خۆمان بە قەرزاری چ هزرێکی فەلسەفی دەزانین؟
لەکۆتایدا دەخوازم بڵێم، کە خۆم بە قەرزاری فەلسەفیی ئالان بادیو دەزانم، کە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە منی هەڵدایە ناو واتای خۆشەویستییەوە. فەلسەفاندنی خۆشەویستی ڕێگاچارەیە بۆ دەربازبوون لە غەدری سێکس، لە یارییەکانی شەهوەت و گەڕانەوە بۆ زێدی ڕاستەقینەی ئەڤینداری. لەسەر ئەو بناغەیە، بە پاڵپشتی بۆچوونێکی شیعرگەرائامێزی (ڕامبۆ) دەخوازم بێژم پێویستمان بە””سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پێناسەیەکە بۆ ئەڤینداری””. بە هەڵکەوتیش نییە، کە بەندە و پێشرتریش بادیو و زۆرێکی تر کەوتوونەتە ژێر سیحری ئەو تێگەیشتنە نازدارەی ڕامبۆوە.
پوختەی ئەوەی وتمان، فەلسەفە دەبێت وابکات، کە دەربازمانبیت لە غەدری سێکس، بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆشەویستی (دڵخوازیی، ئەڤینداریی). لەوێشەوە، لەژێرسایەی خۆشەویستی وەک هزر، کار بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی تێگەیشتن بۆ خۆشەویستی بکەین.

ئالان بادیو و فەلسەفەی خۆشەویستی

ئالان بادیو لە “”بوون و ڕووداو””دا، کە یەکێکە لە کارە فەلسەفییە سەرەکییەکانی، کە بە ڕوناکبیر و هزرەڤانانی فەڕەنسی و ڕۆژئاوایی ناساند، لەوێ و لە كارەكانی دواتریشیدا بە وردی لەسەری تێزێکی خۆی دەوەستێت، ئەوەش بابەتی خۆشەویستییە. ئەڵبەتە، خۆشەویستی وەك یەكێك لە هەل و مەرجەكانی فەلسەفە. گومانیشی ناوێت فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنی قسەی خۆی لەسەر خۆشەویستی كردووە بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەین زۆر بە پوختی خۆشەویستی لە دیدێكی فەلسەفییەوە گفتوگۆبكەین و لەسەر ڕوانینی بادیو بۆ واتای خۆشەویستی بوەستین و تێگەیشتنێكی فەلسەفی تایبەت بەم واتایە لە هزری ئەم فەیلەسووفە دەربهێنین و بیكەین بە جەمسەرێك لە جەمسەرەكانی توێژینەوە تایبەت بە دیاردەی خۆشەویستی. دیارە پێشتریش لە چەند نوسینێكماندا هێمامان بۆ تێگەیشتنی بادیو بۆ خۆشەویستی كردووە، بەڵام لەم نوسینەماندا زۆنی وتنەكانمان لەسەر هەندێك ئاستی باسنەكراو بەرباسدەخەین و واشدەكەین بینینەكانمان ئاڕاستەی تر وەرگرن و گەشتێكی فەلسەفی بن بۆ ناو دونیابینی فەلسەفی بادیو سەبارەت بە خۆشەویستی، سێكس و خود.
بۆ زۆربەی ئەوانەی لە هزری فەلسەفی بادیودا پسپۆڕن لەوە بەئاگان، كە بادیو لە سێ نوسین دا باس لە واتای خۆشەویستی، یان چییەتی خۆشەویستی دەكات. لە نوسینی:”مانیفێستی فەلسەفەManifeste pour la philosophie(1) “، خۆشەویستی چییە؟ Qu’est-ce que l’amour ?” (2)، “لە ستایشی خۆشەویستیدا” Éloge de l’amour (3).
بادیو لە نوسینی “مانیفێستی فەلسەفە”دا، كە لە ساڵی 1989 دا نوسیویەتی، ئەڵبەتە پێشتریش و لە بەرهەمە قەبەكەیدا، كە لە ساڵی 1988دا چاپیكردووە (بوون و ڕووداو) باس لەوە دەكات، كە خۆشەویستی لەگەڵ بیركاری (یان زانست)، هونەر (یان شیعر) و سیاسەت دروستكەری ڕاستی فەلسەفیین، یان ئەم چوارە بەو هەل و مەرجانە دەناسێنێت، كە فەلسەفە بەهۆیانەوە دێتەسازاندن. بەپێی ئەم هاوكێشە فەلسەفییە بادیوییانەیە بێت “خۆشەویستی بەرهەمهێنەری ڕاستییە، ڕاستی فەلسەفیی”. خۆشەویستی لە دیدی بادیو بریتی نییە لە ئەزموونی ئەوەیتر، بەڵكو لە “ئەزموونی جیهان، یان دۆزێك”. ئەو خۆشەویستیەی بادیو ستایشی دەكات ئەوا “دووان (جووتێك)پێكەوە دروستیدەكەن و بەرهەمی یەكگرتنەوەشیانە، كە ئەوەش لەلایەن خۆیەوە ڕووداوێك پێكدێنێت”. هاوكات بۆ ئەوەی بادیو خۆشەویستیمان بۆ ڕاڤەبكات پرسیارگەلێك وەك پیاو چییە؟ ژن چییە؟ دەوروژێنێت و خۆی وتەنیش” فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە ئەفلاتونەوە تا نیچە هەوڵیداوە واتای ژن شرۆڤەبكات”(4).

بەرەو دامەزراندنەوەی فەلسەفەیەک تایبەت بە خۆشەویستی
فرۆید و لاکان

چیییەتی خۆشەویستی بۆ زۆربەی بیرمەندانی ڕۆژئاوا گرنگی خۆی هەبووە و ئەم گرنگیەش بەجۆرێك لە جۆرەكان قەرزاری ئەو وتنە فەلسەفیانەن ئەفلاتون لە دیالۆگی سیمپۆزیۆن (خوان، Symposion) بە ئامادەبوونی ئێرۆس (خواوەندی خۆشەویستی) و سوكرات لەو دیالۆگەدا، بەردەستمانی خستووە و ئەمەش وایكردووە لەو دەمەوە خۆشەویستی ببێت بە بابەتێكی مانادار بۆ فەلسەفە.
بادیو لە شرۆڤەكانی سەبارەت بە خۆشەویستی لە گەڕانەوەی بەردەوامدایە بۆ ئەفلاتون و لاكان. بادیو پێیوایە “تێۆری لاكان تایبەت بە خۆشەویستی هەمان دیدی فرۆید نییە”، یان لاكان سەبارەت بە بابەتی خۆشەویستی قەرزاری فرۆید نییە. بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی بادیو ئەوەی لاكان لەم ڕوەوە لە فرۆید جیادەكاتەوە ئەوەیە، كە “لاكان واتای خۆشەویستی و حەز بە زاراوەی فەلسەفی تێهەلكێشدەكات”. بۆیە بۆ بادیو “لاكان باشترین دەروازەیە بۆ تێگەیشتن لە خۆشەویستی”. ئەم ئامادەبوونەی خۆشەویستی لە هزری لاكان بۆ بادیو مانادارە و ڕێگایەكیشە بۆ لكانی فەلسەفە بە شیكردنەوەی دەروونییەوە. ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە تا ڕادەیەكی زۆر پێمانوایە فەلسەفە و شیكردنەوەی دەروونی توانای سازدانی شرۆڤەكردنی قووڵییان سەبارەت بە خۆشەویستی پێییە.
ئاشكرایە خوێنەری بادیو و پسپۆڕ لە فەلسەفەی خۆشەویستی ئەم بیریارە فەڕنسییە، هەست بەوە دەكات، كە شیكردنەوەی دەروونی نەبووە بە یەكێك لە چوار هەل و مەرجەكەی دروستبونی فەلسەفە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا بادیو لە نوسینەكانیدا بەبێ سلەمینەوە جەخت لەوە دەكات، كە “فرۆید و لاكان دوو فەیلەسووفی مەزنن و رۆڵێكی سەرەكیشیان لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی واتای خود دا دیووە”. ئەوەی بۆ بادیو تایبەت بە لاكان جێی تێڕامانە ئەوەیە”لاكان پێویستە وەك تێۆریزەكەری خۆشەویستی، نەك خود، یان هەوەس تەماشابكرێت”(5).
كەواتە بادیو بۆ پێكهێنانی چوارەم هەل و مەرجی دروستكردنی فەلسەفە لە تێۆری خۆشەویستی لاكان سوودمەندە. بادیو پێیوایە “هیچ تێۆرییەك هێندەی تێۆری لاكان سەبارەت بە خۆشەویستی كاریگەری نییە”. گومانیش ناكات، كە “لاكان لەو تێۆرییەیدا لەژێر كاریگەری دیالۆگی “خوان”ی ئەفلاتون نەبێت”(6). وەكی تریش بادیو بەخۆشی لەژێر كاریگەری هەمان دیالۆگە و بەم جۆرە بێت بادیو دووجاران لەژێركاریگەر دیالۆگی ناوبراوی ئەفلاتونە. لەلایەك لە ڕێگای لاكانەوە و لەلایەكی تر لە ڕێگای ئەو كاریگەرییەی ئەو دیالۆگە و ئەمجار سێستەمی فەلسەفی ئەفلاتون لەسەر هزری بادیو دایناوە. بۆیە لە نوسینی”مانیفێستی فەلسەفە” دا كاریگەری لاكان لەسەر تێۆری خۆشەویستی بادیو شتێكی بەرچاوییە.

فەلسەفە/ دەروونناسی لەمەڕ خۆشەویستی
لاکان/ بادیو

فەلسەفە یان دەروونناسی لەمەڕ خۆشەویستی زۆرترین شتمان لەسەر خۆشەویستی پیدەڵێت؟بادیو لەژێرسیحری دیدی لاكان بۆ خۆشەویستی دەڵێت: “لاكان فێریكردوین، کە خۆشەویستی خۆی لە””بوون”” لەرێگەی ژوانەوە نزدیكدەکاتەوە( واتە یەكدەگرنەوە)”. ئەم بۆچوونە لاكانییە ڕەنگدانەوەیەكی قووڵی لەسەر هزری فەلسەفی بادیو داكوتیوە و هەربۆیشە لەبەر ڕۆشنای ئەو بۆچوونە بادیو جەخت لەوە دەكات، كە لەلایەک “خۆشەویستی پەیوەندییە لەنێوان دووان ، لەلایەکیتر بەهەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی تاكیش كۆتای دێت”(7).
بادیو گومان لەوە ناكات، كە”خۆشەویستی وێنەی ئەم تاكەی بەسەرەوە نەمێنێت، وەلی تێۆری خۆشەویستی لاكان كار لەسەر دەرخستەیەكی لۆژیكی دەكات، كە بریتییە لە پەیوەندی نێوان دوانەیەك.
تەنانەت لاكان واشیدەبینێت، كە” خۆشەویستی دەكارێت بەلەجیاتی پەیوەندیی سێكسی بكات و بۆ ئەوەش دەچێت حەسودییەكی سێكسیش لەپشت خۆشەویستیەوە هەر دەبێت”، بەڵام بادیو ئاوا تەماشای خۆشەویستی ناكات، کە دواتر دێینەوە سەری.
ماناداری تێۆری خۆشەویستی لاكان بۆ بادیو لەوەدایە، كە بادیو سەرنجێكی زۆر دەخاتە سەر “ڕۆلی دوان لە پێكهێنانی پەیوەندی خۆشەویستی و ئەو پەیوەندیەش لەم تێۆرییەدا سەبارەت بە خۆشەویستی هاوچەرخ و خۆشەویستی ڕێزئامێز ئامادەیە”. وەكیتریش بادیو گرنگی بەگشت ئەو پەیوەندیانەش دەدات دووانەیین، بۆ نموونە لە بواری سیاسیدا: پرۆلیتاریا و بۆرجوازی، بەڵام ئەم دووانەیە پەیوەندیەكی سیاسی دژ پێكدێنن(8).
بادیو باوەڕی بەوەشە ئەم جۆرە دووانانە دەتوانن لەڕێگای بیرێكی سیاسیەوە یەکبگرن و ناكۆكی نێوانیان نەمێنێت. هاوكات بادیو ئامۆژگاری ئەوەشمان دەكات، كە گشت دووانەكان (ژن و پیاو، پرۆلیتاریا و بۆرجوازی) پێویستە لەوە بكەون بابەتی بن. ئەمەش” بۆئەوەی ئەم دووانانە بتوانن پێكەوەكاربكەن و یان كۆكبن و بۆئەوەی ئەمەش بێتەدی پێویستیان بەوە دەبێت واز لە بەبابەتیبوونیان بهێنن”(9). ئەمەش جۆرە ڕێگایەكە لەلایەن بادیوەوە بۆ قووتكردنەوەی تێۆریەك تایبەت بە خود لە بواری خۆشەویستیدا.

فێمینیزم و بۆچوونی ئەفلاتونی بادیو بۆ خۆشەویستی

بادیو بەبێ دەنگی لە دوو نوسینیدا (مانیفێستی فەلسەفە، خۆشەویستی چییە؟) ڕەخنەی تێگەیشتنی فێمینیستەكان بۆ واتای ژن و خۆشەویستیش دەكات. كێشەی بادیو لەگەڵ فێمینیستەكان و داكۆكیكەران لە تێۆری كویر (شاز، ناجۆری) Queer یەكناگرێتەوە، چونكە بادیو باوەڕی بە بوونی دوانەییەكی جیایە (دوو ڕەگەزی لێكنەچوو) لە دروستكردنی پرۆسەی خۆشەویستی. بادیو دژایەتی فێمینیزم ناكات، بەڵام بەزۆری دژی ئەو جۆرە ئاراستە فێمینیزمییانەیە، كە پەیوەندی نێوان ژیندەرەكان تێكدەدەن. دڵنیاشین تێزی ناوبراوی بادیو تایبەت بە خۆشەویستی پێناچێت لە لای گەلێك لە فێمینیستەكانی ڕۆژئاوا پەسەندكراوبێت.
گرنگە هێما بۆئەوەش بكرێت، كە ئەو خۆشەویستیەی بادیو کاری لەسەر دەکات، کە لەئاكامی یەكگرتنەوەی دوو ناجۆر دروستدەبێت””رەگەزی ناپەیوەندی دروستدەكات”. هەروەها خۆشەویستی، كە”ڕووداوی یەكگرتنەوەی نێوان دووانە ئەزموونێكی بێپایان و تەواونەكراو جڵەودەكات”، بەڵام بادیو لەمڕوەوە زۆر جەخت لەوە دەكاتەوە، كە خۆشەویستی بریتییە لە”روودانی فرەییەكی بێناو، رووداوێك، كە لە دەرئەنجامی رەگەز (جنس)ە جیاكانەوە دروستدەبێت”(10).
بەم جۆرە بێت، خۆشەویستی، بریتییە لە پەیوەندی نێوان دوانەیەك. بناغەی ئەم دوانەیەش دوو رەگەزی (جنسی) جیا پێكیدێنن (پیاو و ژن)”. “ئەم دوو رەگەزەش خود پێكدێنن، یان لە خود پێكدێن”. ئەم یەكگرتنەوەیەی نێوان ئەم دوو رەگەزە “یەكگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناجۆرە: جەمسەری نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ”. بەمشێوەیە “خۆشەویستی یەكگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناكۆكە: یەكێكیان ژنە، كە ناگشت پێكدێنێت و ئەوەیتر پیاوە، كە گشت ئەبەزێنێت”(11).

فەیلەسووفەكان نابێت لە خۆشەویستی بترسن

لێرەدا هێما بۆ ئەوەش دەكەین، كە بادیو لە شرۆڤەكردنە فەلسەفییەكانی تایبەت بە واتای خۆشەویستی بینینی خۆیمان سەبارەت بە سێكس و پەیوەندی ڕۆمانسیش بەرباسدەخات. بادیو ئەمەی لەو كارە تازانەیدا ئەنجامداوە لەم ساڵانەی دوایدا، بۆنموونە”لە ستایشی خۆشەویستیداÉloge de l’amour “(12)، نوسیونی. گرنگیدانی بادیو بە واتای خۆشەویستی لە پەرتووکی “لە ستایشی خۆشەویستیدا” ئاوڕدانەوەیەكی فەلسەفییانەی بێئەندازە جوانە و گفتوگۆ فەلسەفییەكانیشی سەبارەت بە خۆشەویستی بە قەرەی بینینە فەلسەفییەكانی ئەفلاتون، كێركەگۆر Kierkegaard، سیمۆن دۆ بۆڤوارSimone de Beauvoir، پرۆست Marcel Proustو لاكاندا تێدەپەڕێنێت و پەرچەكرداری فەلسەفی لێدەسازێنێت. هەر لەم كارە فەلسەفییەیدا بادیو واتاگەلێكی وەك سێكس، پەیوەندی و ڕۆمانس (هەقایەتی ئەوینداری) دەخاتە ژێرپرسیارەوە و ساموێل بێكێت Samuel Beckett یش بەنموونە لەسەر ئەو ئەدەبە دێنێتەوە، كە پراكتیزەی خۆشەویستی كردووە.
بادیو لە پەرتووکی ناوبراودا، كە بریتییە لە هەڤپەیڤینێك لەتەك نوسەر و ڕۆژنامەوانی لۆمۆندی فەڕەنسی نیكۆلا ترۆنگ Nicolas Trunong ، داكۆكی لە خۆشەویستی دەكات و لە سەرەتاوە تا كۆتای پەڕتووكەكە دەیەوێت بڵێت : “ستایشی خۆشەویستی گۆرانییەكە لەلایەن ئەو فەیلەسووفەوە دەچڕدرێت، كە وەك ئەفلاتون بیردەكاتەوە و پێ ماندەڵێت: ئەو كەسەی خۆشەویستیی وەك خاڵی دەستپێك وەرنەگرتووە هەرگیز لە سروشتی فەلسەفە تێناگات”(13).
هەر لەوێڕا ئامۆژگاری بادیو بۆ فەیلەسووفەكان ئەوەیە، كە” نابێت لە خۆشەویستی بترسن” و خۆشەویستیش بە سەرچڵی (موغامەرە) دەشوبهێنێت و داوای ئەوەش دەكات، كە خۆشەویستی مەرجە ڕیسكئامێز(سەرچڵئامێز) بێت. “خۆشەویستی بەبێ ڕیسك نەشیاوە. خۆشەویستی بێ ڕیسك وەك جەنگی بێ مردوو وایە”. بەم چەشنە بادیو قسە لە ناسانایەتی خۆشەویستی، لە چركە ئەستەمەكانی خۆشەویستی لە جیهانی هاوچەرخدا، دەكات. كەوابێت دەشێت بپرسین بۆ خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی ئێستادا ئەستەمە؟ پێدەچێت بەپێی هزری فەلسەفیی بادیو ئەو دەمە خۆشەویستیكردن ئەستەم دەبێت، كە بە ئارەزووی سێكسی تێكەڵدەكرێت(14).
بەو بینینەی لای سەرەوە بادیو ئەو گومانەش هەڵدەوەشێنێتەوە، كە وایبۆدەچێت “خۆشەویستی بوونی نییە”، ئەمەش لەبەرئەوەی بادیو “مانای خۆشەویستی لە ئارەزووی سێسكسیدا گیرناكات”. سەرباری ئەوە، بادیو لەم نوسینەیدا باس لەو هەڕەشەیەش دەكات چاخی تازە لە خۆشەویستی دەیكات. بادیو خۆشەویستی سەردەمی ئێستاش وەك خۆشەویستییەكی بێ موغامەرە پێناسەدەكات. ئەمەو بەبۆچونی بادیو”خۆشەویستی لە ئێستادا لەژێر هەڕەشەی هێدۆنیزم (چێژگەری) Hedonismو لیبڕالیزمدایە” و ئەم دوو دیاردەیەش بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە گەشەی “سێكسگەرایی Sexuality و بەرخۆرییConsumerism و پێشیوایە سێكسگەرایی و بەرخۆریی لە خۆشەویستی و سۆز خاڵیین”(15).
لەبەرئەوەی خۆشەویستی لە هەنووكەدا لە تالووكەدایە بادیو لەم پەڕتووكەدا كارێكی زۆر بۆ دەربازكردنی خۆشەویستی لە كێشەكانی دەكات. بیریشمان نەچێت بۆ بادیو لە ئەمڕۆدا “خۆشەویستی بریتییە لە ململانێیەك لەودیو تەنیاییەوە، ململانێیەك لەگەڵ گشت شتێك، كە لە جیهاندا دەتوانێت بوون بجووڵێنێت”، بەڵام هاوكاتیش بادیو هێرشدەکاتە سەر ئەو جۆرە خۆشەویستییەی لە ماڵپەڕی دەیتینگDieting ە كاندا باوە(16). لە دیدی بادیو “ئەم جۆرە خۆشەویستییانە خۆشەویستی كۆمەڵگەی بەرخۆرین”. بۆیە لەبری ئەوە بادیو مەستی ئەو تێگەیشتنەی ڕامبۆ Rimbaud ی شاعیرە، كە دەڵێت:”خۆشەویستی پێویستی بە دووبارە دامەزراندنەوە هەیە”(17).
بەپێی تێگەیشتنەكانی بادیو لە پەرتووکی “”لە ستایشی خۆشەویستی دا”” بێت “خۆشەویستی یەك جارە و بۆ هەمیشەشە”. لەم بارەیەشەوە بادیو باس لە هەقایەتی خۆی دەكات، كە لەتەمەنی لاویدا ژنێكی خۆشویستووە، كە ئەوە یەكەم خۆشەویستی “ئەو” بووە و بۆ هەمیشەش لە یادی ماوەتەوە. لەبەرئەوە بادیو لە شوێنێكی هەمان پەڕتووك دا وتنێكی تویژەنەوەیەكی تری (تێۆری خود) دووپاتدەكاتەوە، كە بەم شێوەیەیە: “خۆشەویستی ئەو شتەیە دووبارە نایبینیتەوە”. لەوەش نكوڵیناكات، كە “خۆشەویستی بریتییە لە “ژیانکردنی خودی ژیان لە میانەی دوو دیدەوە”: ئەوەی خۆشەویستیدەكات و ئەوەی خۆشدەویسترێت”(18).
دروستكردنی ژیانیش بەپێی دیدی بادیو”لە میانەی دوانەوەیە نەك تاكەوە”. هەر تایبەت بەم لایەنە بۆ بادیو “پەیوەندی خۆشەویستی پێویستی بە دیدی فرە و هاوبەش هەیە”. كەواتە خۆشەویستی كەوتنە ناو ژیانی كەسێكی ترەوەیە، سوتانە بۆ ئەو ژیانە. شوێنی وتنە، بادیو دژی تێگەیشتنی ڕۆمانسییانەیە بۆ خۆشەویستی و دژی تێگەیشتنی كلاسیكانەشە بۆ هاوسەرگیریی. بەپێی دیدی فەلسەفییانەی بادیو “خۆشەویستی هەم ژوانە و هەمیش خوڵقاندن. واتە مرۆڤ لەناو خۆشەویستیدا كێشە چارەسەردەكات: پێكەوە ژیان، یان نەخێر، مناڵ دروستكردن، یان نەخێر…”. دیارە لە نهێنیدا، لە وتنێكی بێدەنگئامێزانەدا، بادیو حەزدەكات بێژێت: خۆشەویستی دەشێت بریتی بێت لە كردەی ڕووبەڕووبوونەوەش(19).

سێکس یان خۆشەویستی؟

بۆ بادیو “خۆشەویستی پێچەوانەی سێكسە”. هەربۆیشە بادیو زۆر ڕاستەوخۆ “گاڵتە بەو خۆشەویستییە دەكات لە ئێستادا لە پاریس هەیە و پێیوایە شتێكی خراپیشە، کە زۆربەی جووتەكان، دوانەکان، تەنیا پێنج ساڵێك پێكەوە دەژین و بەباوەڕی بادیو ئەمانە لە خۆشی خۆشەویستی ناگەن، بەس گشت شتێك لەسەر چێژی سێكسی دەزانن”(20). جگەلەوەی “عیشق، بەبۆچوونی بادیو، هەرگیز ناكڕدرێت، لێ سێكس، یان خودی چێژی سێكسی وەك ئەوە تەماشادەكات جەستە بەشمەك دەكات”.
سەرباری ئەوە، بادیو پیێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت، كە “خۆشەویستی بەرهەمی ڕاستییەكە ئاماژەیە لەسەر ئەوەی ئەم خۆشەویستییە جێگری زانینە، زانینی ئەوانەی یەكتریان خۆشدەوێت”. بەواتایەكی روونتر، خۆشەویستی بەپێی دیتنی بادیو بریتییە لە “رووداوی یەكگرتنەوەی نێوان دوان (جووتێك) و بەرهەمهێنانی راستیی لەمەڕ ئەم دوانە-(جووتە)”(21).
پێشتریش وتمان، لاكان وایدەبینێت، كە” خۆشەویستی دەكارێت بەلەجیاتی پەیوەندیی سێكسی بكات و بۆ ئەوەش دەچێت حەسودییەكی سێكسیش لەپشت خۆشەویستیەوە هەر دەبێت”، بەڵام بادیو ئاوا تەماشای خۆشەویستی ناكات، کە دواتر دێینەوە سەری. چونكە بادیو خۆشەویستی وەك پرۆسەی یەكگرتنەوەی نێوان دوو دژە جەمسەر دەبینێت و ئەو شتەش ئەم دووانە دروستیدەكەن بە تاكێك دروستناكرێت. خودی پرۆسەكەش وەك دروستكەری ڕاستی دەبینێت. ئەم فەلسەفەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، كە خۆشەویستی پرۆسەی دروستكردنی ڕاستیشە، “خۆشەویستی تەقەلایەكە بۆ ڕاستی”. بەمانایەكی تری فەلسەفی، بادیو، كە كار لەسەر دامەزراندنی خۆشەویستی دەكات ئەمە لەمیانەی بە ڕووداوكردنی خۆشەویستییەوە دەكات. هەروەها ئەوەش، كە خۆشەویستی سازێنەری ڕاستییە، ئەو ڕاستییەی بۆ دروستكردنی ڕاستی فەلسەفیی پێویستە.
ئەوەی تایبەت بە تێۆری لاكان لەبارەی خۆشەویستییەوە شوێنی تێڕامانە ئەوەیە بۆ لاكان “چێژی سێكسی لە خۆشەویستیدا شتێكی نارسیسیە (خۆپەرستانەیە) و پەیوەندی سێكسیش بوونی نییە”. بەم شێوەیە، لاكان مەیلی كەسەكان بۆ یەكتر لە ئارەزووی سێكسیدا بەرجەستەدەكات، هەرچی بەبۆچوونی بادیوە “ئارەزوو و خۆشەویستی هاو مەیل نیین، چونكە”ئارەزوو مەیلێكی فیتش Fetish ی (بەشتبوونی) هەیە، بەڵام خۆشەویستی مەیلی سووتان و لە ئامێزگرتنی تیایە”(22).
گشت ئەو ڕەخنانەی بادیو لە خۆشەویستی دەیگرێت بۆ زەمینەخۆشكردنە لە داكۆكیكردن لە خۆشەویستی.”داكۆكیكردن لە خۆشەویستی بەقەولی بادیو ئەمە ئەركی فەیلەسووفە”.”ئەم داكۆكی و بانگەشەكردنە بۆ سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی خۆشەویستی بەپێی فەلسەفەی بادیو بۆ لێدانی سیاسەتی ئەمڕۆ و بازاڕە”(23). بۆیە خۆشەویستی لە ڕوانگەی ئەم فەیلەسووفە فەڕەنسییەوە” بریتی نییە لەپەیمانی نێوان دوو نارسیست (خۆپەرست) Narcissist ، بەڵكو بریتییە لە پتر لەوە.
خۆشەویستی بریتییە لە دامەزراندن و بەشداریكردن لەودیو نارسیزمەوە”. واتە نارسیزم (خۆپەرستی)Narcissism ناچێتە خانەی خۆشەویستییەوە، وەلی زۆر ئەفسووس كۆمەڵگەی هاوچەرخ پڕە لەم جۆرە دیاردەیە (دیاردەی نارسیزم). بەپێی بینینی فەلسەفی بادیو “ئازادكردنی سێكسی كێشەكانی ناو خۆشەویستی وەك خۆی دەهێڵێتەوە”، بۆیە بادیو باوەڕی تەواوی بەوەیە، کە “سێكس پێویستە لە ڕەوشتگەری ئازادبكرێت”(24).
وێڕای ئەوە، بادیو پێشیوایە “كاتێك مرۆڤ سێكسییانە ئازاد دەبیت ناتوانی كێشەی خۆشەویستی چارەسەربكات”. هەروەها داكۆكی لەوەش دەكات، كە “چارەسەركردنی كێشەی بووناوی خۆشەویستی لە خۆشییە گەورەكانی ژیانە”(25). كەوابێت، ژیانی ڕاستەقینە ئەو ژیانەیە خۆشەویستی دابیندەكات. بەم جۆرە بێت، خۆشەویستیمان هەبوو سێكسیشمان هەیە، لێ بەتەنیا سێكس خۆشەویستی مسۆگەرناكات.

سەرئەنجام:

گەشتی شرۆڤەکاری فەلسەفە سەبارەت بە خۆشەویستی لەبن نایەت. لەبەرئەوەی خۆشەویستی کۆتای نایەت؛ فەلسەفەش بەهەمان شێوە. شرۆڤەکاری فەلسەفیی هیچ کات ئۆقرەناگرێت و هەر جارە و بە بیانوێكی ماقووڵ و هەستیارییەكی فەلسەفییەوە قسە لەسەر ئێمە دەکات؛ خۆشەویستیش ئێمەیە. فەلسەفە، کە مەشقكردنێكی هزرییە، و بە كارە فەلسەفییەكانی فەیلەسوفەکانیش بەردەوام دووچاری خورپەی فەلسەفیی و بیریاریی دەبین بۆیە فەلسەفە پێویستە كار لەسەر بەچۆكدادانی ئەو دید و بیرۆكانە بکات، کە زەفەر بە واتای خۆشەویستی دەبەن. خۆشەویستی خۆشییە، سەرەتای بەختەوەرییە هەر بەو هۆکارە ئەرکی فەلسەفە دووبارە شرۆڤەکردنەوەی خۆشەویستییە.
باس لە خۆشەویستی پێویستە گۆڕەپانی هزری بتەنێتەوە ئەگەرنا سێکس براوەیە. لەمیانەی ئەوەشەوە پێویستە هاوخەمی خۆمان بۆ ئەو كێشە و مەینەتییانە نیشاندەین، كە بەهۆی سێکەسەوە بەرۆكی ئێمەی، ئەم ئەستێرە سامناکەی ئێمەی، گرتووە، ئێمەیەک کە لەژێر زەبری تەکنەلۆژیای زانیاریی لاواز و بێچارەین.
سەرباری ئەوە، ئەوانەی لە هزری بادیو گفتوگۆئامێزی شكنابەن ناتوانن مەیلیان بۆ تێخوێندنەوەی كارە فەلسەفییەكانی هەبێت و خۆیان بە هاوهەڵوێستی ئەندێشە بەربڵاوەكانی بزانن. بەهۆکاری ئەوە، لەم نوسینە دا بۆ ئەوەی میكانیزمی هزری ئالان بادیو بەجۆرێک شرۆڤەبکەین، کە مۆدێلێك لە بیركردنەوەی فەلسەفی تر بخاتەڕوو ئاوڕمان لە هەندێک لە تێزە فەلسەفییەکانی دایەوە.
ئەڵبەتە، شانبەشانی فەلسەفە پێویستمان بەو ڕۆمانانەشە، لە شێوەی ئەنا کارینە Anna Kareninaی تۆلستۆی، ماستەر و مارگەرێتەی بوڵگاکۆف Bulgakovو خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرەی مارکیز، سەرلەنوێ خۆشەویستیمان بۆ داڕێژنەوە.

ئازاد حەمە

———————————————————–

رفڕێنسەکان

  1. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek? Urval och introduktion: Dariush Moaven Doust. Översättning: Carin Franzén. Glänta produktion. 2005.
  2. Ibid.
  3. Alain Badiou. In Praise of Love. Translated by Peter Bush . Serpents Tail .2012.
  4. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?
  5. Ibid.
  6. Ibid.
  7. Ibid.
  8. Alain Badiou. In Praise of Love.
  9. Ibid.
  10. Ibid.
  11. Ibid.
  12. Ibid.
  13. Ibid.
  14. Ibid.
  15. Ibid.
  16. Ibid.
  17. Ibid.
  18. Ibid.
  19. Ibid.
  20. Ibid.
  21. Ibid.
  22. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?
  23. Alain Badiou. In Praise of Love.
  24. Ibid.
  25. Ibid.



زۆڵ و زۆڵناسی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی-5- ئازاد حەمە

بەشی پێنجەم
ئازاد حەمە

دەستپێک: زۆڵناسی

زۆر لەمێژەیە نیازمەندین پوخت و پاراو لە زۆڵ بدۆێین، لەو کەسە بدوێین، دەستی لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا هەیە. وەکیتر، دەشخوازین بڵێین: فەلسەفە ئەمجارە هاتووە و بەندەی لەگەڵ خۆی ڕاپێچی نێو گفتوگۆیەکی زێدە پێویستی کۆمەڵایەتی کردووە. هەر بۆیە لەم کورتە نوسینەدا سەرەتاتکێیەکی شکۆمەندانە لەتەک فەلسەفە، لەتەک ئەو باشەیەی فەلسەفە لەتەک بەندەدا کردوویەتی، دەکەین و وەک ئەرکێکی ڕەوشتیش، بە پێویستی دەزانین ڕوانگەی خۆمان تایبەت بە دیاردەیەکی گەمار، چڵکن و چەپەڵی ناو کۆمەڵگەی تازەی کوردی بخەینەڕوو، کە ئەوەش دیاردەی زۆڵ و زۆڵیەتییە.
ئەو نیەتەی لەدووتۆێی ئەم باسەدا مەبەستە پێکانی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی کوردین. واتە، ئەوەی لەم کورتە نوسینە باسیدەکەین ئەو زۆڵە نییە بە زۆڵی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو ئەو زۆڵەیە لە ئامێزی خێزانێکی یاسای (شەرعی) لەدایکدەبێت و کەچی کەسێکی زۆڵەشەیتانی قۆڵبڕ، بێوەفا، هەلپەرست، بێباک و دژە بەهایە.
کێ زۆڵە؟ چۆن دەبیت بە زۆڵ؟ ئایا زۆڵی جۆرێکە لە زیرەکی؟ یان زۆڵی جۆرێک لە زیرەکی تیاپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە زانکۆیەک پرۆفیسۆر بیت؟ لەناو حیزبێک وەزیر یان ئەندامی سەرکردایەتی بیت؟ یەکێک بیت لە ڕوناکبیرەکانی شار (شێوەکار، شاعیر، نوسەر، ڕۆماننوس، شانۆکار، موزیسیان)؟ پزیشکێکی ناسراوی بواری تەندروستی بیت؟ یاخود پەروەردەکارێکی دیار بیت؟
لە سۆنگەی ئەم باسەوە بیر و ڕەفتاری زۆڵەکان شیرازەی کۆمەڵگەی ئێمەیان لەبەر یەک ھەڵوەشاندوەتەوە. زۆڵەکان لە ئێستادا، لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی دا، زۆر و زەبەندەن، ژمارەیەکى بێ شومار لە زۆڵ لە نێوەندە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا (نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی) کاری خۆیان دەکەن و کاریگەریی زۆڵانەی خۆشیان ڕۆژانە لەو نێوەندانەدا دادەنێن. لێرەدا هیچ دورناڕۆین گەر بلێین: ژمارەیەکى بێ شومار زۆڵمان لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان، لە زانکۆکان، لە سەنتەرەکانی ڕوناکبیری، لە پەروەردە و لە تەندروستیدا هەیە. ئەم زۆڵانە تێکدەری تاڵبەنی کۆمەڵگەن و لە داتەپاندن و گەندەڵکردنی ئەو نێوەندانەش بەرپرسیارن. لەژێر سایەی زۆڵەکان، زۆڵەژیرەکان، دەبینین سیاسەت، پەروەردە، فێربوون و ڕۆشنفکری بی بەها و قێزەوەنکراوە.
چەندین دیمەنی زۆر و زەبەند لەناو شار، لە شوێنە گشتییەکان، لەناو سۆسیال میدیا، لە دامەزراوەکاندا بەدیدەکرێت، کە پێماندەڵێن ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی زۆڵییە. گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە، کە ئەو شوێنانە لەزیادبووندان و خۆشیان شۆرکردووەتەوە ناو گشت کایە ناسک و هەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان.
لێرەوە ئێمە بە پێویستمان زانیوە قسە لە زۆڵ بکەین و بچینە ناخی وشەدانی زۆڵ و ئەو دیاردە قێزەوەن و ناشکۆمەندانەی کەسی زۆڵ لەناو خێزان و پەروەردە و دواتر کۆمەڵگە بەگشتی دروستیدەکات. هێما بەوەش دەکەین، کە تا سیاسەتی هەڵە بەردەوامبێت، کە لە نادادپەروەری و گەندەڵی بەرپرسیارە، زۆڵ دەبێتە نەجیب و شکۆمەند و ژیربێژی کۆمەڵگە.
زۆڵەکانی ئەو سێ نێوەندە خەریکن ئەو وێنەیە لە ئەندێشەماندا بەرجەستەدەکەن، کە زۆڵی ژیرییەکی تایبەت بە خۆی پێویستە. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکات زۆڵناسی زەقکەینەوە بۆ حاڵیبوون لە دۆزی زۆڵ و زۆڵیەتی، بۆ ئەو دۆزەی زۆڵ دروستکەریەتی لە کۆمەڵگە، کە سەرلەبەری دۆزەکەش لێوانلێوە لە بێ ڕەوشتی.
سەرئەنجام، کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بێباکیشن بەرامبەر بە ئاییندەمان. زۆڵەکان ڕۆژانە نەمامی ناشرینی و دزێوی دەچێنن و لەوسەرەوە بە باشە بە ئیمەی دەفرۆشنەوە. ئێمە لەوەش حاڵیین، کە قسە لە زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی قسەوباسی زۆری لێدەکەوێتەوە، کە لەم نوسینەدا کەمترینی ئاوڕیلێدراوەتەوە.

وشەدانی زۆڵ

زۆڵ لە زمانی گشتی و باو و بازاڕی دا بە کەسێکی قێزەوەن، حەقیر، فێڵباز، گزیکەر و قۆڵبڕ دێت. وەکیتریش، زۆڵ بەپێی فەرهەنگ و وشەدانە کوردییەکان بەم جۆرە دێت: بیژی، حەرامزادە، قومەزە، ئەردە، بیژوو، ئەو مناڵەی لە باوکێکی ناڕەوا و ناشەرعی بووە، یان زۆڵ کەسێکە باوکی خۆی ناناسێتەوە.
لە زۆربەی فەرهەنگە عەرەبیەکان (وەک الصحاح، لسان العرب) زۆڵ بە نغل دێت، بەو کەسە دەشوبهێنرێت پیسکەر، شێوێنەر و تێکدەری شتە. لەم حاڵەتەدا زۆڵ ئەو کەسەیە لە پەیوەندییەکی ناشەرعی(نایاسایی) bastard لەدایکدەبێت، کە پێیدەڵێن (ابن الزنا، أو ابن الحرام، أو ابن غير شرعي)، ڵێ لەم نوسینەدا هیچ کات ئێمە لەم دیدەوە سەرنج ناخەینە سەر زۆڵ. لەبەرئەوە، ئەو زۆڵەی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی شەرعی لەدایکدەبێت جیاوازە لەو زۆڵەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە. زۆڵ بەمانای مناڵی نایاسایی و لە دەرەوەی پەیوەندی شەرعی جیایەیە لە زۆڵی فێڵباز. زۆڵەکانی دەرەوەی هاوسەرگیری زۆرجار کەسانی زۆر بایەخ پێدەرن بە بەها و ڕەوشتی کۆمەڵایەتی. زۆریک لەو زۆڵانەش، کە لە دەرەوەی پەیوەندی شەرعی لەدایکبوونە خەڵکی بلیمەت و دانایان تیاهەڵکەوتووە.

زۆڵەکان پێشیان دەوترێت شەیتان

زۆڵەکان، ئەوانەشن، کە پێیان دەوترێت شەیتان. ئەم جۆرە زۆڵە داهێنان لە فێڵ و تەڵەکەبازیدا دەکات، کە پێشیان دەوترێت شەیتان لەبەرئەوەیە لە خەڵەتاندن و تەڵەنانەوە بۆ ئەوەیتر زیرەکن. ڕەنگە کارلۆس غوسن Carlos Ghosn، سەرۆکى پێشووى کۆمپانیاى نیسان و ڕینۆ، نموونەیەک بێت لەسەر زۆڵەزیرەکەکان. “هەندێک دەڵێن لەناو سندوقێکی موزیک بەیارمەتی تیمی خزمەتگوزاری تایبەتی خۆی لە ژاپۆنەوە توانیویەتی بۆ لوبنان هەڵبێت”. ئەمەیە زۆڵ، کە خۆی دەخاتە ئاستی پارچە موزیکێک. مافیاکان زۆر شتی لەم جۆرەیان کردووە، چ بۆ گواستنەوەی کۆکاین و هێرۆین، چ بۆ بڕینی سنورەکان. هەر بۆخۆی ڕێگا تازەکانی فرۆشتن و گەیاندنی بارمتە، هێرۆین، قاچاخ و پارەی دزراو زۆرترین ژیریی زۆڵانە و شەیتانانەی تیادەکرێت. ئەوەی لە فیلمەکانیش دەیبینین بەشیکی کەمن لەوەی لە دۆسیەی پۆلیسخانەکانی وڵاتاندا هەیە. بۆیە زۆرجار بۆ بەغیلیبردن بە زۆڵێکی لەو جۆرە دەوترێت ئای لەو زۆڵە! ئاو لەو شەیتانە!

زۆڵایەتی بووە بە پیشە

بۆ بەشێک لە زۆڵەکان زۆڵایەتی بووە بە پیشە. ئەڵبەتە پیشەێکیش، کە پێویستی بە ژیرییە. زۆڵ دەشێت ژیر بێت، لێ زۆڵ ئەو ژیرە نییە، کە دەدرێتە پاڵ موزیسیانێکی وەک هایدن، رۆماننوسێکی وەک دەستەێڤسکی، یان شیوەکارێکی وەک کاندینسکی، یاخود فیزیاناسێکی وەک نیوتن. ژیریی زۆڵ لەوەدایە، کە چۆن ئامانجەکانی بپێکێت؟ چۆن بگات بە مەرامی خۆی؟ چۆن ئەوە بکات کە بیگەێنێت بە لوتکە؟ کەوابێت، کەسی زۆڵ نیەت پیس و تێکدەرە. ئەوە دەکات بۆ خۆی چاکە. هیچ شتێکی پێ عەیب نییە و هیچ کەسێکی لە خۆی زیاتر بەلاوە گرنگ نییە. خەمی خۆیەتی و بەس. خەونی زۆرە، گشت ئامانجی ئەوەیە بەرەو لوتکە بچێت، بەڵام چ لوتکەیەک، بۆ ئەوانیتر تەپۆلکەش نییە!
قەد هەڵە ناکەین گەر بڵێین: دەتوانین لەناو وتاری ناسیۆنالیزم و وتاری ڕوناکبیریماندا دەیەها زۆڵە سیاسی و ڕوناکبیر ببینینەوە، کە دەگەی زۆریان لە کردەی سیاسی و ڕوناکبیریمان داوە. ئێستاش هەمان بەزم لە نێوەندی ئەکادێمیمان خۆی دووبارەدەکاتەوە. نەگبەتییەکە لەوەدایە ئەو سێ نێوەندە هەستیارە پڕبووە لە قۆڵبڕ و کلاوچی، لە کەسانی زۆرزانی هەلپەرست و فێڵباز، کە خەمی خۆیان سەرووی گشت خەمەکانە. بۆیە هەمانە زۆڵە و وەزیرە، جێگری وەزیرە، موزیسیانە، رۆماننوسە، پارێزگارە، شاعیرە، شێوەکارە، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبە، پارێزەرە، پرۆفیسۆرە، عاشقە و……….. . بەمجۆرە پێویستە پەردە لەسەر زۆر کاری قێزەوەنی زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمیمان هەڵبگرین. تا زۆڵیش لە ڕوناکیبیر و ئەکادێمیست و سیاسی ڕاستەقینە جیانەکەینەوە ئەو سێ نێوەندەمان بەدەست زۆڵیەتی ئەو زۆڵانەوە دەناڵێنێت.

زۆڵەکانی مێژوو

کەسانێک هەن، کە بە زۆڵی لەدایکبوونە، قەدەریان وابووە لە دەرەوەی پەیوەندییەکی شەرعی بێنە دونیاوە، لێ مرۆڤایەتی تائێستاش قەرزاریانە. لەوانە، کۆنفووشیوس Confucius ی بیرمەندی چینی، لیۆناردۆ دا ڤینچی Leonardo da Vinci ی وێنەکێش و بیرکاری ئیتالی، تۆماس پاین Thomas Paineی چالاکەوانی سیاسیی ئەمریکی-ئینگلیسی،لاورانسی عەرەب Lawrence of Arabia، ئێڤا پێرۆن Eva Peron ی ناسراو بە ئێڤیتە، هاوسەری سەرۆکی ئەرجەنتینی و چەندینی تر. بەشێک لە زۆڵەکانی مێژوو ، کە خەڵکی بلیمەتیان لێدروستبووە، هەستیان بە ئازاری زۆڵبوونی خۆیان کردووە و لەناو خەڵکیش کەسانێکی بە ئازاربوونە و باجی زۆڵ بوونی خۆیان داوە، بەڵام هەرگیز زۆڵبوونی خۆیان بۆ خەڵەتاندنی کۆمەڵگە بەکارنەبردووە.

زیرەکی (ژیری) و زۆڵی

زۆڵەکان لە فێڵبازی و تەڵەکەبازیدا سەرسامتدەکەن. ئەوە دەکەن بیریلێنەکراوەتەوە. دەیانەوێت وێنەیەکی ئەوتۆیان لەسەر دروستبێت، کە ئەمانە مرۆڤگەلێکی تێگەیشتووی بە هۆش، بە ئاوەز و هوشمەندن. هەر لەبەرئەوە زیرەکی (ژیری) و زۆڵی، یان زیرەکی کەسی زۆڵ جێیسەرنجە. ئەمەش بەزۆی لەبەرئەوەی زۆڵەکان زیرەکیشیان پێدەوترێت. زۆڵەکان ژیرییەکی خۆیانیان هەیە. ژیریەکەیان بۆ خۆیانە و بەس. ژیری و زیرەکی زۆڵەکان تەنیا خزمەت بە خۆیان دەکات. گشت ڕێگایەک، ئەڵبەتە بیرلێنەکراو، دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئامانجەکانی زۆڵەکان هەردەم چەپەڵ و قێزەوەنە. زیرەکەزۆڵ ئەو زیرەکە، سمارتە، نییە کە دەدرێتە پاڵ ئەنیشتاین، یان ئەدیسۆن. زیرەکە زۆڵ کەسێکی زیرەکە لە هەلپەرستی و چاوچنۆکی، لەبەرئەوەی گرنگی بە بەهاکان نادات بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی ئامادەیە فێڵ لە نزیکترین کەسی خۆی بکات. داهێنان لە گزی و تەڵەکەبازی پیشە هەمیشەییەکەیەتی. بۆچوون و دیدی ئەوەیتر دەدزێت و دەیکات بە هی خۆی. زۆڵە زیرەکەکان، کە فێڵ لە سێبەری خۆشیان دەکەن، شێتی پۆست و پلەو پایەن. زۆڵ ئامادەیە ببێتە موزیسیان، شاعیر، ئەندام پەرلەمان، پارێزەر، لێ بە ڕەچەڵەک ڕۆحی لە هیچیشیانەوە نزیک نییە.

زۆڵ و مەرام

زۆڵەکان کار بۆ مەرامی خۆیان دەکەن. ئەمە کاری بەردەوامیانە. گشت ئەوەی زۆڵی داگیکردووە مەرامەکانیەتی. زۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. زۆڵ کاری پێتە تا مەرامەکانی تەواو دەبێت. ئەمە کێشەکە نییە. کێشەکە ئەوەیە مەرامی زۆڵەکان کۆتای نایەت. زۆڵ واتە مەرام. زۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. کاتێک کەسێک دەستدەداتە زۆڵی واتە باشترین پەیوەندی بە مەرامەوەیە. مەرامی زۆڵەکان بوونیشیانە. بوونی زۆڵەکان بە مەرامەکانیانەوە گرێدراوە. زۆڵەکانی نێوەندی ئەکادێمی تەنیا کارەساتبار نیین بۆ خودی نێوەندەکە، بگرە شێوێنەری نێوەندەکانی تریشن(سیاسیی و ڕوناکبیریی). گلانی نێوەندی ئەکادێمی بە سیاسەتەوە تاکە خەونی زۆڵەکانە، لێ بەهۆی ئەم گلانەوە سیاسەتیش نالەبار و قێزەوەندەکەن. سیاسەت، کە کاری دروستکردنی یەکسانییە لە کۆمەڵگە(ڕانسیێر)، زۆڵەکان کاری سیاسەت لەناو جەرگەی سیاسەت و لە نێوەندی ئەکادێمیش قێزەوەندەکەن. بوونی زۆڵ لە نێوەندی ئەکادێمی و هەوڵی زۆڵە ئەکادێمی بۆ لێکئاڵانی زانکۆ بە سیاسییەوە تاکە هیوایە لەبەردەم زۆڵە ئەکادێمی بۆ خۆپاراستنی لە داڕمان و ژێرکەوتن.
گومانی ناوێت زۆڵبوون لەگەڵ ئەکادێمیبوون یەکناگرێتەوە، بەڵام زۆڵ دەروەسنایەت نێوەندی ئەکادێمی بەهۆی زۆڵیەتییەکانیەوە چی بەسەردێت. زۆڵی، کە پەتایەکی زیانبەخش و مەترسیدارە، لەگەڵ زۆڵی زۆڵ دا نەبێت لەگەڵ هیچ شتێکی تردا یەکناگرێتەوە. زۆڵ دەروەس نییە بەوەی، کە زانکۆ پێویستە شوێنی زانین و ڕوناکبیری بێت. بۆ زۆڵ باشترین شوێن ئەو شوێنەیە، کە پاشاگەردانی تیایدا سەروەرە.

زۆڵ و قەشمەر

ڕاستە زۆڵەکان قەشمەری بە کۆمەڵگا و بەتایبەت بەهاکان، لەسەرووی هەموویانەوە ڕاستگۆیی، دەکەن، لێ زۆڵەکان خۆشیان قەشمەری کۆمەڵگەن. زۆڵەکان کاتێک بۆیان دەردەکەوێت قەشمەری کۆمەڵگەن، کە شکستدێنن. بەس ئەو کاتانەی زۆڵەکان براوەن تا ئەوپەڕی گاڵتە بە کۆمەڵگە و خودی ژیانیش دەکەن. ژیان ، کە قێزەوەن و بێ بەها بووە، لە زۆر ڕووەوە دەستی زۆڵەکانی کۆمەڵگەی تیایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی زۆڵەکان دوژمنی گەورەی ڕاستی و داد و یەکسانیین. ئەمان، زۆڵەکان، بۆیە هەن چونکە بەرهەمی درۆ و بێ دادی و نایەکسانیین. واتە ڕەچەڵەکی ئەمانە بە بێدادی، بە بێ بەهاییەوە گرێدراوە. بێ بەهایی و گاڵتەجاڕی ماهیەتی زۆڵەکانە. زۆڵەکان هیچ شتێک بە جدی وەرناگرن، ئەوە نەبێت، کە دەینکات بەوەی هەبن. هەن لەبەرئەوەی حورمەتیان بۆ بەهاکان نییە.
قەشمەرجاری زۆڵەکان قەشمەرجارییە پێش هەموو شتێک بە شتە جدییەکان، بە مرۆڤی جدی و دڵسۆز. زۆڵەکان لە جدی دەترسن و گەمەشیان بە ڕۆحپاکی و میهرەبانی دێت. بۆ زۆڵ بلیمەتی بوونی نییە، گەر هەشبێت ئەوا بریتییە لە زۆڵی. بۆ زۆڵەکان بلیمەتی زۆڵیەتی تیانەبێت مانای نییە.

زۆڵی و فتبوون

زۆڵ پێیوایە هەر هەیە. ئەم بوونی خۆێ بە بوونی زۆڵییەوە بەستوەتەوە. زۆڵ باوەڕی بە فتبوونی خۆی نییە. زۆڵ وایبۆدەچێت تا زۆڵی مابێت، تا ئەو ژیرییە هەبێت، کە زۆڵ لە زۆڵیدا بەکاریدەبات فتنابێت. واتە زۆڵەکان باوەڕیان بە شکست نییە، یان با بڵێین: زۆڵەکان گاڵتەیان بە شکست دێت. بۆ زۆڵ شتێک نییە ناوی دۆڕان بێت. دۆڕان لە مەزهەبی زۆڵ دا نییە، چونکە زۆڵ بە زۆڵیەتی هاوکێشەکانی دۆڕان دەگۆڕێت بۆ بردنەوە. دۆڕان بۆ زۆڵ شتێکی کاتییە و هەستانەوەش هەر دێت. لەبەرئەوەی زۆڵ گاڵتەی بە ڕەوشت دێت، بۆ زۆڵ دوای دۆڕان فێڵی تازە و زۆڵیەتی نوێ چارەسەرە.

زۆڵ بێ شکۆیە

ڕەوشت چییە؟ پرسیارێکە، کە بۆ زۆڵ بوونی نییە. زۆڵ لە پرسیاری وا ڕادەکات. بۆیە یەکێکی تر لە خەسڵەتەکانی زۆڵ بی غرورییە (بی شکۆییە). زۆڵ ناتوانێت شکۆی هەبێت. زۆڵ و شکۆ یەکناگرنەوە. زۆڵ ناتوانێت شکۆدار بێت، چونکە زۆڵ شکۆداری تێناگات. شکۆ، کە بە ڕەوشتەوە گرێدراوە، بۆ زۆڵ بێ بەهایە. بۆیە ژیان بۆ زۆڵ لە گشت شوێنکدا بوونی هەیە لەناو غروردا نەبێت، لە هەموو جێگایەک ئامادەیە ئەوێ نەبێت، کە ڕەوشت تیایا سەروەرە. لەم سەروبەندەدا زۆڵ کاتەکانی، تەمەنی، بە بێ غرور بەسەردەبات. بەپێی ئەوەی درۆ، خراپە و چەپەڵی لەژێر کردە و ڕەفتاری زۆڵەکان شەقڵێکی دیکە وەردەگرێت شکۆ ناتوانێت دڵخوازی زۆڵەکان بێت.

سەرئەنجام

چی لەو چەند لاپەڕانەی لای سەرەوە حاڵیبوین؟ ئەوە حاڵیبووین، کە زۆڵەکان دروستکەری پاشاگەردانین، دوژمنی سەرسەختی بەهاکانن، گرنگی بە ڕەوشت نادەن. زۆڵەکان گەر بایەخ بە ڕەوشت بدەن نابنە زۆڵ، ناگەنە مەرامەکانیان. زۆڵەکان ژیرن لە بانگەشەکردن بۆ شت، ئەو شتەی مەبەستیانە و پێویستیانە. زۆڵەکان سواڵی پۆست، سۆز، دەنگ و هەموو شتێک دەکەن تەنها هەیبەت و شکۆداری نەبێت. زۆڵەکان خۆیان بە شەهید نیشاندەدەن. وێڕای ئەوە، غەمی کۆمەڵگەی کڵۆڵی ئێمە بەدەست زۆڵەکانەوە هەم كۆن و هەم تازەیشە، لێ زۆڵەکانی سەردەمی ئایتی، کۆمەڵگەی ئێلکترۆنی، جۆرە غەم و پەژارەییەکی تر بۆ ئێمە دێنن، جیاوازتر کاری دزێوی خۆیان ئەنجامدەدەن. ئەمانە، زۆڵەکان، کە بەربەستن لەبەردەم ڕەوشتباشی ئێمەدا، سەرسوڕھێنەرانە لێرە و لەوێ زۆڵیەتی خۆیان پراکتیزەدەکەن. ئەمە وادەکات بێژین: پێویستە زۆڵی لە کۆمەڵگە ریشەکێشبکەین و خۆمان لە چڕنووکی بەدییەکانیان بۆ هەمیشە دەربازبکەین.

ئەوەی، کە چارەنوسی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمیمان بکەوێتە دەست زۆڵەکانەوە دیاردەیەکی تاڵ و خه‌مبارانه‌یه، کڵۆڵیهێنەر و بەشمەینەتییە. بەهۆی هەڵپەرستی و مامەڵەی پیسی ئەمانەوە کۆمەڵگە شێواو و تێکچڕژاوە. هەر لەبەر ئەوە، جێی خۆیەتی بڵێین: گەر لە کار و ڕەفتاری زۆڵەکان لەو سێ نێوەندەی هێمامان بۆکرد بڕوانین، دەبینین چەندین لێکەوتەی ترسناک و شەرمەزارئامێزی لێکەوتووەتەوە. زیانمەندی یەکەمی ئەم لێکەوتنەوەیەش خەڵکە، خەڵکە بێ پەنا و دڵساف و بەئەمەکەکانە.
لە کۆتاییدا ئەوەش هەر پرسیارێکی دەستکارینەکراوە، کە کێ دەکارێت بۆ لەمەودوا ئارکیۆلۆژیای (هەڵکۆڵینناسی) زۆڵ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بنوسێت؟ گرنگە نوسینی ئەو بەشە، چونکە زۆڵەکان گاڵتە بە کوردایەتی، مرۆڤدۆستی و گشت بەهاکان دەکەن.




کتێبی (چیەتیی فەلسەفە یان چی بە فەلسەفە ناودەبریت؟.. ئازاد حەمە

کتێبی (چیەتیی فەلسەفە یان چی بە فەلسەفە ناودەبریت؟) دوا بەرهەمی نووسەر و مامۆستا ” دکتۆر ئازاد حەمە”یە، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە کتێبفرۆشی جەمال عیرفان نمایشدەکرێت . کتێبەکە قەبارە گەورەیە، 755 لاپەڕەیە و لە چەند توێژینەوەیەک پێکدێت، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە بنەچە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە.

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی نووسەر کلیکی ئێرەبکەن..




ئالوودەبوون بە فەلسەفە\ بەشی چوارهەم.. ئازاد حەمە

قەرزارییە فەلسەفییەکانم گرفتاری فەلسەفەیان کردووم

بەشی چوارهەم

دەستپێک

پێشتر هێمام بۆ ئەوە کردووە (لە بەشی یەکەمدا) فەلسەفە منی لە گرفتاربوونەکانم دەربازکرد، لێ خستمییەناو گرفتاربوونی نوێووە. گرفتاربوونی من بەدەست فەلسەفەوە گرفتاربوون بوو لە جۆرێکی تر. گرفتاربوون بوو بەدەست بیرکردنەوەوە، مشتومڕ و سۆراغەکانەوە. بۆیە لەم دەستپێکەدا بەحەپەساوییەوە دەڵێم: لە هەوارگەی فەلسەفەدا گرفتابوون تامێکی تری هەیە. چێژێکی بووناوی هەیە، کە مانا بە بوون دەدات. بەمە فەلسەفە بێمنەتیکردم، فێری مەشقی نوێکردووم لەسەر لەگەڵ خۆ بوون، هەڵوێستەکردن سەبارەت بە بێزاریی و لاپەرێزیی. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکۆ بگرە فەلسەفە وایلێکردم قۆناغی ئه‌بڵه‌ق بوون تێپەڕینم و قوڵتر و فڕاوانتر ڕێوشوێنی گومان بگرمەبەر و هەست بە بوونی سەرمایەیەکی مەعنەویش لە خۆمدا بکەم. زۆرجار لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدا بوومە، لێ فەلسەفە وزەی پێبەخشیوم و لە وێرانبوونی دەروونی پاراستوومی، دووریخستوومەتەوە لە ترس و لە تەنیایی.لە تێنەگەیشتنیش لە بێدەنگی. تەنانەت هاریکاریشمبووە، کە لەو ناشرینیانە بەشدارنەبم سیاسەت لەم هەرێمە داماوە دروستیدەکات. لێرەدا ئەکرێت ئەوەش بگوترێت، کە گلانی مرۆڤ بە فەلسەفەوە گلانێکی سەیرو سەرسوڕھێنەرە، سەرەتای شڵەقاندنی گۆمی بوونی خۆی و ئەویتریشە. ئەم بوونەی مرۆڤ، کە پێش دەرکەوتنی فەلسەفە تەڵخ و ناڕوون بوو بە هۆی فەلسەفەوە شەقڵێکی دیکەی وەرگرت. بەم جۆرە هەركە فەلسەفە لە جیهاندا هاتەكایەوە مرۆڤ وردە وردە بە فەلسەفەوەگلا، گلانی مرۆڤیش بە فەلسەفەوە بەشێكە لە بەختی ئەم بوونەوەرە لە گلانی بەشتێكەوە، کە مانا بە بوونی دەدات، ئەو بوونە ڕاڤەدەکات و تێگەیشتن بەم مرۆڤە سەبارەت بە روداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌کان دەدات. سەرئەنجام لێرەوە دێینەسەر گفتوگۆی ئالوودەی فەلسەفەبوون، سەر ئەو شتەی منی گرفتاریخۆیکرد و بە ژیانەوە گرێیدامەوە.

ئالوودەبوون بە فەلسەفە دیاردەیەکی مرۆییە

ئالوودەبوون بە فەلسەفە دیاردەیەکی مرۆییە، نەک ئاژەڵیی. تەنیا مرۆڤ دووچاری ئەم دیاردەیە دەبێت. ئێمە هەروەك دەزانین چ مرۆڤ و چ ئاژەڵ هەموو ترسی ئەوەیان لێدەكرێت دووچاری نەخۆشی بن و گەلێك لەو نەخۆشیانەیش، کە هەردوولا دووچاریدەبن هەمان گروندیان هەیە، بەڵام گەلێك نەخۆشی هەن بەشێكی بە مرۆڤ و بەشەكەی تری بە ئاژەڵەوە تایبەتە. بۆ نموونە نەخۆشی فەلسەفە یەك لەو نەخۆشیانەیە تەنها مرۆڤ دووچاری دەبێك، بۆیە مرۆڤ دەبێت بەخۆی خەمی خۆی بخوات و ڕێگاچارەی كۆنكرێت و بەرچاوی بۆ ئەم درمە بدۆزێتەوە، هەرچی ئاژەڵە لەوە بەدوورە، كە دووچاری ئەم درمە بێت، درمی فەلسەفە. وەكیتر، هەر ئەوانە دووچاری ئەم درمە دەبن، كە ئاوەزیان هەیە.
ئێمە ئەوەی لایسەرەوە گوتمان لەسەر ئەو بناغە ئەریستۆتالیسیە ناڵێین، كە مرۆڤ ئاژەڵێكی ژیرە، نەخێر، بەڵكو سروشت و ماهیەتی مرۆڤ بەجۆرێك سازبووە خۆی شفا بۆ خۆی بدۆزێتەوە نەك بوونەوەرێكی تر. تەنانەت ئەركی ڕەوشتی مرۆڤ ئەوەندە سەخت و دژوارە، دەبێت لە هەوڵی دۆزینەوەی شفا و چارەسەری بەردەوامدابێت بۆ گشت بوونەوەرێكی غەیرە مرۆڤیش. بەم جۆرە بێت مرۆڤ بەرپرسیارە بەرانبەر بە خۆی و بەرانبەر بەوەی تریش، واتە بەرانبەر بە بوونوەرەكانی تری ناو بوون، كە لە دەورووبەری مرۆڤدا هەن (ژینگە، سروشت)، کە ئەوە ئاژەڵ و جانەوەرەكانیش دەگرێتەوە.

ئالوودەی فەلسەفەبوون ئالوودەبوونە بە دۆزینەوەی چارەسەر

ئەوەی ئێمە مەبەستمان بوو لای سەرەوە بیدركێنین پاپەندبوونی مرۆڤە بە فەلسەفەوە، واتە وابەستەبوونی ئەم مرۆڤە بە فەلسەفەوە. بەواتایەكی تر، دووچاربوونی بە فەلسەفەوە، ئەمەیش لە دووتوێی تێكستەكەدا بە چۆنیەتی گلانی مرۆڤ بە نەخۆشییەوە شوبهێنراوە. لەم حاڵەتەدا دەكرێت بیر لەوە بكەینەوە، مرۆڤ دەبێت كۆششی ئەوە بكات خۆی لە فەلسەفە دەربازبكات، ئەو دەربازبوون بەواتای ئەوە دێت، مرۆڤ لە فەلسەفە ڕزگاریببێت، مرۆڤیش بۆئەوەی ئەمە بكات دەبێت خۆی لە فەلسەفە بەدووربگرێت. ئەمەیش ئەو پرسیارە زۆر قوڵە فەلسەفییەمان وەبیردەهێنێتەوە، كە تۆ بڵێیت فەلسەفە ئەو نەخۆشییە كوشندەیە بێت مرۆڤ هەوڵبدات خۆی لێبەدووربگرێت؟ یان هەركە مرۆڤ دووچاری فەلسەفە بوو هەوڵبدات خۆی لێدەربازبكات؟ ئەم دوو پرسیارە بەواتای ئەوە دێن مرۆڤ لەلایەك خۆی لە نەخۆشی فەلسەفە بەدووربگرێت، لەلایەكیتر هەركە دووچاری ئەم نەخۆشیە بوو تا پێیدەكرێت خۆی لێدەربازبكات. دووچاری نەخۆشی فەلسەفەبوون كێشەیەكی بووناوییە، پێش ئەوەی كێشەیەكی پاتۆلۆژیی (نەخۆشیناسیی)Pathology بێت. دووچاری نەخۆشی فەلسەفەبوون كێشەیەكە لەگەڵ بوونی بوونەوەر وەك مرۆڤ دروستبووە، نەك نەخۆشیناسیی، چونكە نە فەلسەفە بەمانا كلاسیکییەكەی بۆ نەخۆشیی، نەخۆشیە و نە دەشكرێت مرۆڤ خۆی لە فەلسەفە بەدووربگرێت تا چارەسەر بۆ نەخۆشیی دووچاری فەلسەفەبوون بدۆزێتەوە، ئەو تاكە ڕێگایەی مرۆڤ دەیگرێتەبەر بۆئەوەی دووچاری درمێكی دیاریكراو، یان بەگشتی دووچاری هیچ درم و پەتایەك نەبێت ئەوەیە، كە خۆی لەو درم، یان پەتایە بەدوورگرێت و هەمیشە لەو ژینگەیە دووربكەوێتەوە، شیاوی دووچاربوونی ئەو درمە، یان پەتایەی تیابەدیدەكرێت، لێ ئەمە لەگەڵ فەلسەفەدا مەحاڵە. لەلایەك لەبەرئەوەی هەروەك لەمەوبەریش گوتمان فەلسەفە وەك پەتا لەگەڵ مرۆڤ هاتووەتەدنیاوە و بەبوونی مرۆڤیشەوە گرێدراوە، لەلایەكی تر بوونی مرۆڤ گەورەترین واتای بە ماهیەتی فەلسەفە داوە. نەك هەر ئەوە، بەڵكو خۆتێوەگلاندنی مرۆڤ بە فەلسەفەوە بۆئەوەیە تا خۆی لە دووچاربوونی گشت درم (پەتا، نەخۆشیی)ێك بپارێزێت. بەم جۆرە بێت فەلسەفە چارەسەر و دەرمانە. ئەوەیش، كە فەلسەفە نەخۆشیی نییە و بگرە چارەسەرە Therapy(تیراپی یان عیلاج) لەم ڕووەوە فەلسەفەی ڕۆژئاوا وەڵامێكی زۆری لایە و بەدرێژای مێژووی فەلسەفەش ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە ئیشی بۆ ئەوە كردووە كاری دەرمانسازی بكات و فەیلەسووفیش ڕۆڵی دەرمانسازكەر ببینێت. بەخۆی جیاوازییەكە تەنها لەوەدایە چۆن فەیلەسووفەکان كاریان بۆ ئەمە كردووە و چەند فەلسەفەیان بە دەرمان شوبهاندوە و كارەكەشیان (فەلسەفەكردنەكەیان) بە دەرمانسازیی شوبهاندووە. نوسەرێكی وەك جێنس سۆنەرید ڕونكردنەویەكی ترمان لەم ڕووەوە بەرچاودەخات و جەختلەوەدەكات، كە گوایە بەشێك لە فەیلەسووفەکانی ڕۆژئاوا (ڤیتگێنشتێن، هایدیگەر، نیچە، دێریدا و ڕورتیی) كاریان لەسەر خرابکردنی فەلسەفە کردووە.
ئێمە بەبێ ئەوەی بێینە سەر شێواز و ڕێرەوی كاركردنی هەریەك لەم بیریارانە هەوڵدەدەین ئەو لایەنانە ڕوونبكەینەوە، کە بەو ئارگومێنت(بەڵگانەمان)دەگەیەنن، كە ئەوەی ئەم بیریارانە كردویانە خرابسازیی فەلسەفیی نەبووە، بەڵكو شێوازێك بووە لە دۆزینەوەی چارەسەر و پێشنیازكردنی شیكاریی بۆ نەخۆشیی و ئێشەكان. ناشێت ئێمە پێمانوابێت كێشە بە كێشە، درم بە درم، یان نەخۆشیی بە نەخۆشیی چارەسەربكرێت و فەلسەفە دژ بەخۆی بەكارببرێت تا چارەسەری پێبدۆزرێتەوە. لە پزیشكیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، شیاویی بۆ چوونە ناو پزیشكی هەیە نەك ئەوەی خودی پزیشكیی دژ بە پزیشكیی بوەستێتەوە تا چارەسەر بدۆزرێتەوە. هەروەها لە پزیشكیدا چارەسەرەكان زگماك نین، بەڵكو كار بۆ دۆزینەوەیان دەكرێت. هەروەها نەخۆشیەكانیش ئەگەرچی دووبارەن، بەڵام گەلێك لە نەخۆشییەكان جۆراوجۆر و تایبەتن و بگرە زۆر دەگمەن و نادوبارەشن. بۆنموونە شێرپەنجەكان، چ سەرهەڵدان و چ گەشەشیان زۆر سەیر و ناهاوشێوەن. لە وڵاتی سوید باوترین جۆری شێرپەنجە شێرپەنجەی پرۆستاتە، لە ئەمەریكا جۆری شێرپەنجەی پێست لە گشت جۆرەكانی تری شێرپەنجە باوترە …هتد. لێرەدا ناشێت نكوڵی لەوە بكرێت ئەوەی پەیوەندیی بە نەخۆشیی و جەستەوە هەیە ئەوەیە، توانای لەش و هێزی ئەو ئادەمیزادەی دووچاری ئەو نەخۆشیە دەبێت واتای خۆی بۆ مانەوە و لەناوچوونی نەخۆشیەكە و ڕاگرتنی پرۆسەی نەشونمای ئەو نەخۆشییە هەیە. هەر لەم ڕووەوە دەشێت مرۆڤ خەیاڵی بۆ شتی دیش بڕوات لەوانە: ڕۆڵی زوو و خێرا دۆزینەوە و ئاشكراكردنی نەخۆشیەكە و ئەمجار ڕێگاكانی چارەسەركردن، ئەم لایەنە لە فەلسەفەدا جیاوازە. فەلسەفە لەگەڵ كێشەكان لەدایكدەبێت و لەمیانەی كاركردن لەگەڵ كێشەكان دەتوانێت چارەسەر بدۆزێتەوە. هەروەها فەلسەفە نە ئیشی ئەوەیە پەتا بڵاوكاتەوە نە ئامرازە بۆ دروستكردنی ئەوە، بەڵام پەیوەستبوون بە فەلسەفەوە دەشێت بەوە بشوبهێنرێت، كە ئەمە پەیوەستبوون بە جۆرە ئەڤینێكەوە ناشێت لەو پێناسە نەریتییە ڕۆژئاواییە دووربخرێتەوە بۆ فەلسەفە دەكرێت (ئەوەی، كە فەلسەفە ئەڤینە بۆ دانایی یاخود بۆ زانین). ئەم جۆرە ئەڤینە دۆستایەتیە لەنێوان ئەڤین و دانایی یاخود زانیندا، كە بەهۆی ئاخاوتنەوە مەیسەردەبێت، ئەم ئاخاوتنەش دەبێت ئاشكرا و كراوە بێت نەك شاراوە و نهێنیی، بوون مرۆییەكەی فەلسەفە ئەو خۆشەویستییەیە مرۆڤ لەنێوان زانین و خودی خۆیدا دروستیدەكات. ئەم خۆشەویستیە بەبێگومانەوە لە ئاكامی پێویستییەكی بووناوییەوە دێتە دروستبوون نەك لە بۆشاییەوە، دروستكردنی پەیوەندیی لەتەك فەلسەفە دەبێت ئامانج و هیوایەكی مرۆیی لەپشتەوەبێت، كە ئەمەیش ئەرك و بەرپرسیاری ئەو كەسەیە ئەم ئەڤینەی لەكۆڵگرتووە.

ڕێزمانی ئالوودەبوون بە فەلسەفە

ئالوودەبوون بە فەلسەفە ڕاستییەکی خۆی هەیە. ڕاستییەکە ئازارێکیشە بۆ کەسی ئالوودەبوو. ئازارەکە، کە خۆشی خۆی هەیە ڕاستییەکەشی تیایە. خانمە بیرمەندی ئیتالی رۆزا ماریا لۆپۆ Rosa Maria Lupo لەگەڕان بەدوای ڕاستی ئازار بەدوای شیاوییەکدا وێڵە، کە ناویدەنێت “شیاوی بۆ دامەزراندنی فەلسەفەیەک تایبەت بە ئازار”(1). گەر تەماشای مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا بكەین دەبینین هەموو ئەوانەی كاری فەلسەفییان ئەنجامداوە، یان فەلسەفاندن تاكە پیشەیەكی بەردەوام و نەگۆڕاویان بووە جۆرە ئالوودەبوونێکیان پێوەدیارە بە فەلسەفەوە، كە دواتر هەر ئەوە بووە بە هەوێنی بەرهەمەكانیشیان. ئەو ئالوودەبوونە وەک ئازار ڕێزمانی خۆی هەیە(2). بەواتایەكی تر، دەبینین ئەم كەسانە لەژیانیاندا بەشتێكەوە گرفتارن و مەراق بە شتێكەوە دەخۆن، كەم كەس دەزانێت چییە و كەم كەسیش لەم پێوەبوون و مەراقە دەگات، تەنانەت كەم كەسیش لەوە دەگات هۆكاری ئەو پێوەبوونە تەنها ئالودەبوونیانە بە شتێكەوە، ئەو شتە ڕەوتی سەفەرەكانیان دەگۆڕێت و ئاڕاستەی تێڕامانەكانیشیان وەردەچەرخێنێت، ئەڵبەتە كۆتای بەو نیشتیمانە ساختەیەش دەهێنێت زۆرینە لە خەیاڵیاندایە، یان سەبارەت بە بوون و ڕاستیی شتەكان و ڕووداوەكان دروستیانكردووە. هەروەها ئەوانەی پێیانوتراوە فەیلەسووف دیارە ئالودەی فەلسەفەبوون و فەلسەفەشیان وەك دەرمان بۆ هاتنەدەرەوە لە فەلسەفە بەكاربردووە. ئالێرەوە ئاڵۆزییەكان دەستپێدەكەن و ئەستەمە ئەوانەی ئالوودەی فەلسەفە نەبووبن لەمە بگەن. ئالوودەی فەلسەفەبوون ئەو نەخۆشییەیە بەدەگمەن مرۆڤ ئەتوانێت لێدەربازبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە هەموو كەسێك ئالوودەی فەلسەفەبوون دەبێت، چونكە زەمینە بۆ پێوەبوونی ئەم جۆرە نەخۆشیە هەمیشە لەبارنییە و پاشان ئەم نەخۆشییە ئاسایی نییە و نەخۆشییەكیشە لە جۆرێكی تر.
بەوجۆرە بێت لای سەرەوە خرایەڕوو، بەپێچەوانەی نەخۆشیەكانی ترەوە ئەم نەخۆشیە دەگمەن و تایبەتە. ئەم حاڵەتە لە نەخۆشیەكانی دیدا ڕەنگە بوونی نەبێت. واتە دەشێت هەموو دووچاری ئایدز بین گەر بمانەوێت، یان دووچاری پەتای هەڵامەت و لەرزوتا بین لەبەر هۆیەك لە هۆیەكان، بەڵام ئەوەی دووچاری فەلسەفەببین ئەمە شتێكی لەڕادەبەدەر نائاسایە، گشت كاتێك و لەهەموو باردودۆخێكیشدا ناشێت مرۆڤ دووچاری نەخۆشی فەلسەفە بێت. ڕاستە بە فەلسەفەوە گیرۆدەبوون نەخۆشییەكی زۆر سامناكە و دەربازبوون لێی مەحاڵە. ئەمە بەو واتایە نایەت، کە ئێمە بمانەوێت لێرەدا فەلسەفە وەك بتێك نیشانبدەین و شیاوی بۆ پەرستنی خۆشبكەین. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر ئالوودەی فەلسەفەبوون، نەك هەر نەخۆشیە بگرە فۆڕمێكیشە لە شێتیی، بەڵام ئەم شێتییە زمانی هەیە و ئامادەیە خۆی ڕونبكاتەوە. جیاوازیی نێوان شێتیی لەم شێوەیە و ژیریی تەنها ئەوە نیە شێتیی لە بێ ئاوەزیدا نوقمە و ژیریش لە زەلكاوی ئاوەزدا مەلەدەكات، بەڵكو شێتیی لە گۆڕەپانی خۆیدا پەیوەندییەكی نهێنیی بە ئاوەزەوە هەیە، كە ژیرەكان بەشێوازی خۆیان ئەو پەیوەندییە دروستدەكەن، هەرچی شێتییە نە ئەو شێوازەی ژیرەكان دەبینێت و نە ژیربوونیشی پێئەستەمە.
بەپێی ژیل دولۆز فەلسەفە و شیزۆفرێنیا لەیەكەوە نزیكن (3)، نافەلسەفەش، هەر بەبۆچوونی ئەم بیرمەندە فەڕەنسییە، لە فەلسەفە زیاتر لەناو فەلسەفەدا ئامادەیە (4). پەیوەندیی هەریەك لە مانەیش(دەروونپەشێویی Psychosis، شیزۆفرێنیا، یان كەرتبوونی كەسیەتی Schizophrenia ، شێتییMadness) بە فەلسەفەوە داوامان لێدەكات هەر یەك لەو چەمكانە بە بیرمەندێكەوە ببەستینەوە، كە كارەكانی لەو بارەیەوە دواون. فوكۆ و شێتیی، دولۆز و شیزۆفرێنیا، یان كەرتبوونی كەسیەتیی، نیچە و شێتی، لاكان و سایكۆسز(دەروونپەشێویی).
كاركردنی فەلسەفە لەگەڵ شێتیی بۆ فەلسەفەی یۆنانی كۆن دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە زۆرێك لە فەیلەسووفە ڕۆژئاواییەكان، بۆنموونە دێكارت، دیاردە دەروونییەكان Psychotic هێمابوون بۆ هێزە مێنتاڵە Mental مرۆییەكان، بەڵام ئەوانیتر وەك ئەفلاتون و نیچە شێتییان وەك ڕێگایەك بۆ دەربازبوون لە كۆتوبەندی ئاوەز بینیووە. واتە توندی ئاوەز شێتی دروستكردووە (5). لە دوای ساڵانی 1960 كان بەولاوە سێ ئاڕاستەی فەلسەفەی هاوچەرخ كاریان لەسەر بابەتی دەروونپەشێوییPsychosis، شیزۆفرێنیا یان كەرتبوونی كەسیەتیی Schizophrenia هەروەها شێتی Madness كرد، پاش نیچە و باتای Bataille ئەوەبوو فوكۆ، دولۆز و گوتاری Guattari شیزۆفرێنیایان وەك هەڵاوگۆڕانێكی چەوسانەوەی كۆمەڵایەتیی و عەقلگەرایی مۆدێرن گوزارەلێكرد. ئەمە تێگەیشتنێكە كاریگەریی بەهێزی لەسەر بزووتنەوەی دژە شیكاری دەروونیی Anti-psychiatric دانا. فەلسەفەی فێنۆمێنۆلۆژیی بەزۆری جەختی لە كێشەی ئۆنتۆلۆژیی بوونی پەشێویی دەروونییPsychotic existence كردووە. لەكۆتایدا فەلسەفەی ئاگایی Mind، کۆپییە مۆدێرنەكەی فەلسەفەی شیكاریی ئەنگلۆئەمەریكیی، لێكدانەوەی یەكانگیری لۆژیكیی نێوان دەرئەنجامی پەشێویی دەروونیی و ئەزموونیی كردووە. هەر فەلسەفەی شیكارییشە واتای بۆ توێژینەوە تازەکانی پەشێویی دەروونیی و زانستی دەمارناسییNeuroscience هەیە(6).
بۆئەوەی پەرە بەوە بدەین لای سەرەوە بەرباسمانخست، دەپرسین: بۆ دەبێت مرۆڤ ئارەزووی ئەوە بکات، دەربازیبێت لە نەخۆشی ئالوودەبوون بە فەلسەفە (دووچاری فەلسەفەبوون)، یان گلان بە فەلسەفەوە؟ ئایا زۆر بەتەندروستیی تر نیە مرۆڤ بەم نەخۆشیەوە سەربنێتەوە؟ مەبەست، بۆ دەبێت مرۆڤ بەدوای چارەسەردا بگەڕێت؟ باشتر وانییە ئەم مرۆڤە بۆ هەمیشە لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا بژیت؟ ئەوەی فەلسەفە تا هەنوكە ئێمەی لەسەر ڕاهێناوە ئەوەیە، کە گشت بۆچوونێكی فەلسەفیی لایەنێك گفتوگۆدەكات، کە دواتر بۆ فەلسەفە دەبێت بە بەشێك لە مێژووەكەی و بۆ مرۆڤیش هەڵوێستەیە لەسەر هەبوونمان. ئێمە هەروەك گوتمان فەلسەفە ستایشناكەین بۆئەوەی لە فەلسەفە دەربازبین ئەوەی لە فەلسەفەدا پەنهانە ئەو هێزە ڕاكێشانەیە بەرەو شوێنێكی تر، دورتر لەوەی چاوەڕوانیمان دەكرد دەمانبات، فەلسەفە هەم دەرمانە و هەم نەخۆشیی. شارستانیی ڕۆژئاوایش بۆ ئەوەی ئەم ئەركە بۆ فەلسەفە بدۆزێتەوە كەم تا زۆر واتای خۆی لەم ڕووەوە دیوە. ئەمەیش وایکردووە شارستانیی ڕۆژئاوا نەتوانێت هەنگاوی تەواوەتیی بۆ كۆتایهێنان بە فەلسەفە و بۆ دەربازبوون لە فەلسەفە و هاتنەدەرەوە لە بازنەی فەلسەفە بنێت، یان لەگەڵ گشت هەنگاوێك، کە بۆ ڕوخاندنی كۆشكی فەلسەفە ناویەتی، سەرلەنوێ خۆی بۆ دروستكردنەوەی ئەم كۆشكە ئامادەكردووەتەوە. زۆربەی ئەو باسانەیش لەو بارەیەوە دەكرێت سەرلەنوێ دەبنەوە بە ئامڕاز و بناغە بۆ دروستكردنەوەیەکی تری فەلسەفە، بەڵام كامە فەلسەفە؟ ئەڵبەتە فەلسەفەیەكی تر Autre / Otherئالێرەدا “تر” بە واتای شتێکی سەرلەبەر جیاواز دێت. جیاوازێک، كە قاڵبی كاركردن و شێوازی ڕاڤەكردنی گۆڕیووە و بەدوای ئامانج و مەبەستی تردا وێڵە، بەڵگە و سەلمێنەی تر بۆ تێۆری و ڕونكردنەوەكانی پەیدادەكات و ئارگومێنت و بیانووی تر لە ڕونكردنەوەكانیدا دەهێنێتەوە و كاریان لەسەر دەكات.

کولتوری پەرواێزخستنی فەلسەفە

لێرەدا، لەژێر سایەی باسی گرفتاربوون بە فەسەفەوە، بائەوەیش بڵێین، هەر خودی باس لە مەرگی، یان پایانی فەلسەفە لە نێوەندە فەلسەفییەكانی ڕۆژئاوا فۆڕمێكی تری لە تێكست و خوێندنەوە و ڕوونكردنەوە لەگەڵ خۆیدا هێنایە ناو گفتوگۆ فەلسەفیی و هزرییەكانەوە. ئەمەیش وایكرد بیریاران و قوتابخانە و بزاڤە فەلسەفییەكان سەرلەنوێ بەر پۆلێنخستن بخرێت و جارێكی تر پێداچوونەوە بە بۆچوون و ڕوانینەكانی گەلێك لە بیریار و ڕوناکبیرانی ڕۆژئاوادا ببێتەوە بە جێی باس. لەحاڵەتی واشدا گەلێك لە شەپۆلەكانی بیركردنەوە و شیكردنەوە فرێدەدرێنە خۆڵدانی هزرییەوە و گەلێك لە بیریار و ڕوناکبیرانیش وەك تۆمەتبار تەماشادەكرێن، یان بەپێچەوانەوە هەوڵی ئەوە دەدرێت ستایشی هەندێك لە بزاڤ و قوتابخانەی فەلسەفیی دیاریكراو بكرێت، یاخود پاساو بۆ بیری هەندێك لە بیرمەندان و ڕۆشنفكران بهێنرێتەوە .
ئەوەی پێیدەڵێن پڕۆژەی بیری، یان گوتاری فەلسەفیی، ڕۆژئاوا لەم ڕووەوە (ئەوەی پێشتر باسكرا) زۆر بە ئەزموونە و پێشینەی خۆی تایبەت بەم لایەنە هەیە. مەبەست، زۆرجار دیومانە، یان بیستومانە و تەنانەت خوێندوشمانەتەوە، كە چۆن بیری بیریارێك لە سەدەیەك، یان لە قۆناغێكی دیاریكراودا دەسڕدرێتەوە، یان ڕەتدەكرێتەوە، كەچی لە سەدەیەك، یان لە بارودۆخێكی تردا ستایشێكی گەورەی ئایدیاكانی ئەو بیریارە دەكرێت و زۆرجار پەیكەریشی بۆ دروستدەكرێت. گەلێك وەخت ئەوەیش گوتراوە، كە چۆن كەسێك لەسەر کارێکی هزریی، یان بەرهەمێكی ئەدەبیی، یان تێگەیشتنێكی سیاسیی ڕاودەنرێت و دەربەدەردەكرێت، كەچی پاشان هەر ئەم كەسە سەرلەنوێ دەگەڕێندرێتەوە ناو كۆمەڵ و ئەندێشەی خەڵك و دانیش بەمافەكانی لەهەموو ڕوویەكەوە دەنرێت. هیچ یەك لەم دیاردانە لە شارستانی ڕۆژئاوادا شتێكی سەیرنییە و زۆربەی كولتورەكانیش ئەمەیان بەخۆوە دیووە، بەڵام ئەوەی زۆر سەیرە ئەوەیە، بەشێكی زۆر لە كولتورەكان دەستییان لەم دیاردانە كشاندوەتەوە و بەهەموو جۆرێك پشتی لێدەكەن و بگرە گەلێك ڕێكخراو و گروپ و نێوەندی مرۆیی و یاسایی و ڕوناکبیریش لەم ڕووەوە دروستبوە، كە كاریان نەهێشتنی ئەم دیاردانەیە و تەنانەت بەهەموو جۆرێكیش بۆ ئەوە كۆششدەكەن پەردە لەسەر ئەو ڕەفتارانە لابەرن، كەچی هەندێك لە كولتورەكان جارێ هەر داری ئەم دیاردانە ئاودەدەن و ئەوەی وەك ئەوان بیرنەكاتەوە، یان ڕەفتار نەكات، لەناو كۆمەڵ و لە ئەندێشەی خەڵكدا شوێنی نابێتەوە و بگرە شوێنی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە كەسانە ژێرزەمینی زیندانەكانە، یان لەكۆتایدا واپێویستدەكات ئەو ڕێگا تازەیە هەڵبژێرێت كۆمەڵگەی مۆدێرن بۆی دروستکردووە و شوێنێكی بۆ ئەم جۆرە كەسانە لەو کۆمەڵگەیە دابینكردووە، كە ئەوەیش غوربەت و مەنفایە.
بۆ درێژەدان بە كرۆكی باسەكەمان ئەوەیش دەڵێین، شارستانی ڕۆژئاوا جارێ لە دوالیزمDualism ەكان(ڕۆح/ جەستە، باشە/خرابە و….هتد) دەربازینەبووە. بۆیە جارێ ئاوا زوو ناتوانێت لە فەلسەفە دەربازی بێت، یان لەوە بكەوێت، كە دووچاری فەلسەفە نەبێت. بە فەلسەفەوە گیرۆدەبوون، یان دووچاری فەلسەفەبوون پەیوەندیی بە ماهیەتی شارستانیی هەنوكەوەیە. شارستانیی هەنوكە جارێ ئەو مەرج و شیاویانەی نەهێناوەتەكایەوە لەوە بكەوین بە فەلسەفەوە نەگلێین، یان ئەم شارستانییە ناکارێت ئەو دۆزە شیاوكات لە فەلسەفە دەربازبین و بەئاسانی لێیبێینەدەرێ. نەخۆشیی فەلسەفە وەك نەخۆشیی شێرپەنجە نییە، كە جارێ چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، یان بەشێكی زۆر لە جۆرەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە چارەسەری تەواوی نییە، بەڵام کارێکی ئەوتۆش دەكرێت، كە نەخۆشەكانی هەندێك لە جۆرەكانی شێرپەنجە، كە زۆر ترسناك و مەرگدۆستانەیە، وایان لێبكرێت تووشبوەكانی كتووپڕ نەمرن. هاووەخت ئەمڕۆ ڕێگاگەلێك لە جیهانی دەرمانسازیی و نەشتەرگەریی دروستبووە، كە دەتوانێت جۆرە چارەسەرێك بۆ تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجە بدۆزێتەوە، كە وا لە نەخۆشیی ناوبراو بكات زەفەر بە لەشی نەخۆشەكە نەبات و لەشیشی بەجۆرێكی ئەوتۆ لاوازنەكات لە مەرگێكی كتوپڕی نزیكبكاتەوە. ئەوەی پەیوەندیی بە نەخۆشیی فەلسەفە و ئەوانەیش، كە دووچاری ئەم نەخۆشیە بوون ئەوەیە، كە شارستانیی ڕۆژئاوا وەك شوێنگەی ڕاستەقینەی بیرە فەلسەفییەكان، ئەمجار خودی شارستانیی مرۆڤایەتیی بەگشتیی وەك مۆلگەی خۆحەشاردانی فەلسەفە، بەوە دەتوانێت لە فەلسەفە بۆ یەكجارەكیی ڕزگاری بێت، كە دەست لە زۆرداریی، ناتەبایی، هەڵە و خرابەكارییەکان بكشێنێتەوە. ئەمەیش تەنها خودی مرۆڤ دەتوانێت بیكات، كە تاکە بوونەوەرە ئەوینی بۆ فەلسەفە هەیە و دووچاری فەلسەفەش دەبێت. فەلسەفە هی مرۆڤە و بۆ مرۆڤیشە. هاتووەتەکایەوە تا مرۆڤ لە بەدییەکان دەربازبکات و گوتنی مرۆڤ سەبارەت بە بوونی گۆبکات.

لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە

لێرە گرنگە ئاماژە بەوە بكەین، کە ئەو ئاڵۆزیانەی لەباس لەبارەی فەلسەفەوە دروستدەبێت زۆربەی زۆریان پەیوەندییان بە سەختیی خودی كاری فەلسەفەكردنەوە هەیە. ئەمەیش دیسانەوە بەوەوە بەستراوەتەوە، كە فەلسەفە ئەو شوێنەیە بیریاری تیادەكرێت و ئەو بوارەیشە، كە بیری تیادا بەرهەمدێت. ئەمەیش بەو واتایە نایەت، كە فەلسەفەكردن کارێکی ئاسانە، یان فەلسەفەكردن واتە قسەكردن و دواتر نوسینەوەی ئەو قسانە. فەلسەفەكردن ئەگەر ئەو لایەنەش بگرێتەبەر، بەڵام مەرجیشە لەوە حاڵیبین، كە چۆن فەلسەفە قسەدەكات؟ قسەی فەلسەفە چ جۆرە قسەیەكە؟ هەروەها فەلسەفە كەی و بۆ قسەدەكات؟
تەماشاكردنی فەیلەسووفانی ڕۆژئاوا بۆ فەلسەفە لە تەماشاكردنی فەیلەسووفانی كولتورە فەلسەفییەكانی دی جیاوازە. ئەم جیاوازییە بەو واتایە بەكاردەبەین كردەی فەلسەفەكردن لەنێوان فەیلەسووفە ڕۆژئاوایی و غەیرە ڕۆژئاواییەكاندا، هەمان مەرام و مەبەستی لەكۆڵنەگرتوە. كردەی فەلسەفەكردن لە شارستانییەكەوە بۆ ئەوەی دی بەو چركە كۆمەڵایەتیی و سیاسییانەوە گرێدراوە، کە مرۆڤەكانی ئەو شارستانییە دەیژێن. ڕاستە تەماشاكردنی بەرهەمهێنەرانی كردەی فەلسەفیی لە تەماشاكردنی خەڵكی سادە و بێسەواد لە هەردوو كولتوورە فەلسەفییەكە جیایە، بەڵام ئەو پرسیار و تێڕامانانەی بوون بە وێردی سەرزمانی خەڵكی سادە و بێسەواد لە شارستانیی ڕۆژئاوادا، زۆر لە پرسیار و تێڕامانە فەلسەفییەكانی خەڵكی سادە و بێسەوادی شارستانیی عەرەبیی_ئیسلامیی جیاوازە. ئەم جیاوازییە بۆ دەربازبوون نییە لە فەلسەفە، هەڵشاخانە بە فەلسەفە لە ئاستێك، كە ویستی فەلسەفیی ئەو دەورووبەرە كۆمەڵایەتیی و كولتورییە بەرهەمیدەهێنێت. بۆنموونە خولانەوەی هەریەك لە ئەزموونە فەلسەفییەكان بە دەوری پرسیارە سەرەكیەكانی فەلسەفەدا (باشە، یان بەدی چییە؟ زانین چییە؟ ڕاستیی چییە؟ بۆ دەبێت هەبین؟ بۆ نەمر نیین؟ بۆ ئازار دەبێت هەبێت؟ ..و هتد) ڕامان و سەیركردنی ناهاوشێوە و لێكنەچووی دروستکردووە، كە لەگەلێك ڕووەوە دەشێت بە خودی گەشەی واتای فەلسەفاندن و ویست بۆ ئەم فەلسەفاندنە ببەسترێتەوە. هەروەها ئەم جیاوازییە تەنها بە هەنوكەیی بیركردنەوە لەو شارستانییەتانە نەبەستراوەتەوە، بە كۆی گشتیی كردەی فەلسەفیی هەریەك لەو شارستانییەتانەشەوە وابەستەیە. ئەم وابەستەبوون، كە مێژوویەكی لەپشتەوەیە، دینامۆی ئەو كردەیەشە، کە دواتر گوتاری فەلسەفیی لێپێكدێت. ئەمە بەخۆی ڕوویەكی ئەو بیرۆكەیەمان بۆ ڕووندەكاتەوە خۆی لەسەر ئەم بناغەیە دادەڕێژێت: ویست بۆ خوێندنەوەی فەلسەفە ناتوانێت خۆی لە خوێندنەوەی مێژووی فەلسەفە بەدووربگرێت. مرۆڤایەتیی بۆ گەڕانەوە بۆناو كردەی فەلسەفیی لەبەردەم دوو ویستی فەلسەفیی جیادایە، کە دوو مێژوو یان بگرە چەند مێژوویەكی فەلسەفیی لەبەردەمدایە. هیچ دوور ناڕۆین بۆنموونە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا تەماشاكردنی خۆی بۆ زۆربەی پرسیارە فەلسەفییەكان بەباشی یەكلایكردووەتەوە و لەوڕوەشەوە زۆری ئەنجامداوە. ئەمەیش کارێکی ئەوتۆی كردووە بەڕۆژئاواییكردنی كردەی فەلسەفەكردن سەرچاوە لەم لایەنەوە هەڵبگرێت. واتە سەرچاوە لە زۆر كاركردن لەناو فەلسەفە و بەرینكردنی ڕووبەڕی پرسیارە فەلسەفییەكانەوە هەڵدەگرێت.
بەپێی ئەو بۆچوونانەی لای سەرەوە بێت كردەی فەلسەفەكردن كردەیەكی ناجۆرە. ئەم ناجۆرییەی كردەی فەلسەفەكردن دەمانباتەوە سەر ئەو هەڵكشان و داكشانانەی لە بواری فەلسەفەكردندا لە ڕۆژئاوا ڕوویانداوە. مەبەست لەمە ئەوەیە فەلسەفەكردن ماهیەتێكی بێكۆتایی هەیە، ئەم بێكۆتاییەی بیری فەلسەفەیش، خۆی لەسەر بناغەی ناجۆریی دروستکردووە. ئەم ناجۆرییە، كە خواردنی بەردەوامی فەلسەفەیە، ژیانیشیەتی. بۆیە دووچاری نەخۆشیی فەلسەفەبوون، بەشێك پێكدەهێنێت لە مێژووی فەلسەفە و هەمیشەیش لە پشت كردە فەلسەفییەكانەوە بووە. لەم حاڵەتەدا دووچاری نەخۆشیی فەلسەفەبوون ویستە بۆ فەلسەفەكردن لەژێركاریگەریی پێوەری تردا(وەك تێگەیشتن لە ماهیەتی بوون، لە ڕاستیی بوونمان و.. ).
هەر تایبەت بەو لایەنەی باسکرا، دەشێت هێما بۆ ئەوەیش بكەین، كە لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە لە فەلسەفاندن، ئەمە ئەو ناونیشانەیە زۆرجار دەمانباتەوە ناو زۆنێك لەپرسیاری فەلسەفیی، كە واتای خۆی بۆ فەلسەفەكردن و خودی دووچاربوون بە نەخۆشیی فەلسەفەبوونەوە هەیە. بۆ گەلێك لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە لە فەلسەفاندن، خۆی وەك ناونیشانێكی ئاڵۆز و گومڕا دەردەخات، وەلی لە ئاكامی ژێرتوێژینەوەخستنێكی ماهیەتی كردەی فەلسەفەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە گشت بیرمەندێك لە چوارچێوەی ویست و توانای خۆیدا، خۆی ئاوێزانی بینین و تەماشاكردنە فەلسەفییەكان دەكات. بەپێی ئەوەی خودی پڕۆسەی فەلسەفەكردن پڕۆسەیەكی خودیی و تایبەتە ئەم لایەنە لە بیریارێكەوە بۆ ئەوەیتر جیایە.
سەرباری ئەوەی گوترا، لەفەلسەفەخستنی فەلسەفە لە فەلسەفاندن، ئەو ناونیشانەیە لەم فۆرمەشدا دەتوانێت خۆی لە بابەتی دووچاربوون بە نەخۆشی فەلسەفەبوونەوە نزیكبكاتەوە: ئایا فەلسەفە لە ئێستادا لەوە كەوتووە بکارێت بفەلسەفێنێت؟ فەلسەفاندن، کە مەرامی سەرەكیی فەیلەسووفەکانە كردەیەكی ئاسان نییە و شیاوی دۆزینەوەیش لەئەمڕۆدا لەبەردەم فەلسەفاندن پەیوەندیی بە بینینی ئەو شیاوییانەوەیە لەبەردەم فەلسەفەدا ئامادەن. گرنگە لێرە بپرسین بۆ؟ چونكە فەلسەفەكردن فەلسەفە لە مردن دەربازدەكات. دەربازكردنی فەلسەفەش لە مردن پێویستییەكە بۆ مرۆڤ و گەشەی شارستانیی ئەم مرۆڤە. بەشێك لە فەیلەسووفەکانیش ڕەنگە پێیانوابێت ئەوەی هەوەسی ویستی فەلسەفەكردن لەخۆیڕا سەوزدەكات پێویستە لەوە بگات ئەمە پاش ئەو مەرگە دەیكات، کە لای سەرەوە باسكرا. واتە بابەتی مەرگی فەلسەفە كاتێك خۆی لە نەمان دەدات و بیری فەلسەفیی سەرلەنوێ زیندودەبێتەوە، كە فەیلەسووفەکان لە مەترسی مەرگی فەلسەفە دەگەن. بەدڵنیاییەوە ئەو دەمە دووچاری نەخۆشیی فەلسەفەبوون شیاوییەكی زۆرتری لەبەردەمدا دەكرێتەوە.

شێوەی ئالوودەبوونی ڤیتگێنشتێن بە فەلسەفە

خراپ نییە لێرەدا بۆ ئالوودەبوون بە فەلسەفە بچینەوە سەر تێگەیشتنی فەیلەسووفی لۆژیكیی نەمساوی_بەریتانی ڤیتگێنشتێنWittgenstein، کە زۆر بەباشی لەو تاكە پەرتوكەی پێش مەرگی بەناوی “تراكتاتۆس لۆژیكۆ فیلۆسۆفیكۆس”(7) (تێزی لۆژیكی فەلسەفیی) نوسیویەتی، ئەوەی ڕونكردووەتەوە، كە گوتن یان گوتراو دەبێت گوتراوئامێزبێت. واتە گوتراوێك بێت، یان قسەیەك بێت، بەهادار و بەمانابێت نەك پووچ و بێكەڵك. بۆیە ڤیتگێنشتێن ئەو كارە لۆژیكییە فەلسەفییە ناودارەی خۆی بە گوزارەیەكی سەرنجڕاكێشانە كۆتاییپێهێناوە، كە تا ئەمڕۆش لە ناو بیریاران و لە نێوەندە فەلسەفییەكاندا بووە بەوێردی سەرزمان، كە بەم جۆرەیە: “ئەوەی ناتوانین لەبارەیەوە بدۆێین، پێویستە لەوبارەیەوە بێدەنگبین”. لێرەدا زۆر شیاوە ئەم دەڕبڕینە فەلسەفییە وەك بەشێك لە دانایی ئەم بیریارە تەماشابكەین و وەك ئەوەیش، كە فەلسەفە کارێکی جیای هەیە لەوەی هەندێك بەجۆرێكی تر تەماشایدەكات، بەڵام هەموو ئەوەی گوتمان ئەوە ناسڕێتەوە، كە ڤیتگێنشتێن لەو كارە فەلسەفیەیدا كۆششی بۆئەوە نەكردووە كۆتایی بە فەلسەفە نەهێنێت.
ئەوەی ڤیتگێنشتێن لە “تراكتاتۆس لۆژیكۆ فیلۆسۆفیكۆس”دا گفتوگۆیدەكات لە بەرهەمەكانی تریدا، كە پاش مەرگی كۆكراونەتەوە و پاشان بڵاوكراونەتەوە، ئاڕاستەی تریان وەرگرتووە. مەبەست، پاش گەڕانەوەی ڤیتگێنشتێن بۆ سەر فەلسەفە، كە دەكات ئەو بەرهەمانەی پاش مەرگی ڤیتگێنشتێن بڵاوكراونەتەوە، لەو شێوە بیركردنەوە فەلسەفییە جیایە لە تراكتاتۆسدا كاری تیاداكراوە و گەلێك لە توێژەرەوەكانیش وای بۆدەچن بەرهەمەكانی پاش تراكتاتۆس جۆرە پەشیمان بوونەوەیەكیان پێوەدیارە، تەنانەت لەنێو توێژەرەوەكانی گەلێك لە نێوەندە فەلسەفییە جیاجیاكانیش (ئەسكەندەناڤیا، ئەنگلۆئەمەریكی) تراكتاتۆس بەكاری سەردەمی لاویی لەقەڵەمدەدرێت. ئێمە پێمانوایە ئەزموونی فەلسەفیی ڤیتگێنشتێن جگەلەوەی تایبەتە بەشێكیشە لە دیاردەی دووچاربوون بە نەخۆشی فەلسەفەبوونەوە. وازهێنانی ڤیتگێنشتێن لە فەلسەفە و دواتر گەڕانەوەی جارێكی تری بۆسەر فەلسەفە ئەو ئالودەبوونمان بۆ شیدەكاتەوە دەشێت مرۆڤ جارێك لە جاران دووچاریبێت. دووچاربوونەكە بۆ زۆربەی فەیلەسووفەكان شفابوون لە ئالوودەبوونێكی گەورەتر، كە ئەوەیش دووركەوتنەوەیە لە فەلسەفە یان بێئاگابوون لە بیری فەلسەفیی. ئالوودەبوون بە فەلسەفەوە ئالوودەبوون بە شفابوون لەوەی تێیناگەین و ناتوانین زانینی لەسەر بدەین. فەلسەفەكردن خۆ ئالوودەكردنە بە زانینەوە، بە خۆئامادەكردن بۆ گەیشتن بە زانین لەڕێگای نەزانینەوە. نەزانین سەرەتای دەركەوتنی كردەی فەلسەفەكردنە. نەزانین وادەكات وێڵی فەلسەفە بین، خۆمان لەو تێنەگەیشتنە دەربازبكەین پێوەیبووینە.

سەرئەنجام:
سەرچڵی هزریی مرۆڤ لەپشت دەركەوتنی فەلسەفەوەیە و دیاریكردنی لایەنەكانی ئەو سەرچڵییە هزرییەی مرۆڤیش ئاسۆی هزر دیاریدەكات و بیركردنەوەی بەرینیش سەبارەت بە چۆنیەتی گلانی مرۆڤ بە فەلسەفەوە پێكدەهێنێت. هەڵكۆڵینی بەردەوامی فەیلەسووفەکانیش لە بەها و گرنگی فەلسەفە پەیوەندیی مرۆڤ بە فەلسەفەوە ژێرتێڕاماندەخات. هەركە فەلسەفەش لە جیهاندا هاتەكایەوە مرۆڤ وردە وردە بە فەلسەفەوەگلا، گلانی مرۆڤیش بە فەلسەفەوە بەشێكە لە بەختی ئەم بوونەوەرە لە گلانی بەشتێكەوە، حاڵیبوونی لەمەڕ دۆزی خۆی و دەورووبەرەكەی دەداتێ و ویستیشی بۆ تێگەیشتن لە خۆی و لەویتریش بەرینتر دەكات. ئەم لایەنەش هەر لەسەرەتاوە ئایدیای سەرەكیی فەلسەفەی پێكهێناوە. ڕاستە دەركەوتنی فەلسەفە لە ڕۆژئاوا پەیوەندییەكی زۆری بە دروستبوونی نوسینەوە هەبووە، واتە دەركەوتنی ئەلفوبێ، بەڵام مەیلی فەیلەسووف بۆ گەیشتن بە زانین لە سەر بوونی خۆی و بوونەوەرانی تر مەرجی بنەڕەتی نەشونمای فەلسەفەی لەخۆگرتووە. هەقایەتیی وەفاداریی مرۆڤیش بۆ فەلسەفە لێرەوە دەستپێدەكات. ئەوە تەنها ئەركی مرۆڤە درك بە گرنگی فەلسەفە بكات و بەوەش هەستێت لە ڕووی فەلسەفییەوە پێویستن و ویستیش بۆ فەلسەفە پەیوەندیی بەو دڵبەستنەوەیە فەلسەفە پێیدەگات و مرۆڤیشی لەسەر ڕادەهێنێت.

ئازاد حەمە


رفڕێنسەکان

1.Rosa Maria Lupo. Sanningens Smärta, i Att tänka smärtan , Södertörn Philosophical Studies nr: 5.2009 .s.63.
2.Niklas Forsberg. Smärtans Grammatik, i Att tänka smärtan , Södertörn Philosophical Studies nr: 5.2009 .s.203.
3.Gilles Deleuze & Felix Guattari. What is Philosophy? Translated by Graham Birchill. Verso Books. 1994.p.70.

  1. Ibid.p.40.
  2. Stompe T, Ritter K. The discourse of psychosis in contemporary philosophy
    https://www.researchgate.net/publication/24187630_The_discourse_of_psychosis_in_contemporary_philosophyas StompeKristina Ritter.
  3. Ibid.
  4. .Ludwig Wittgenstein, Tractatus logico-philosophicus, översättning, inledning och noter av Anders Wedberg, Thales, 1997.



فەلسەفەسازی زۆربڵێی نییە!- بەشی سێهەم.. ئازاد حەمە

دەستپێک:
لە گەڕانەوەدا بۆ ڕەچەڵەكی فەلسەفە لەوە تێدەگەین کردەی فەلسەفەسازی لە خۆتازەکردنەوەی بەردەوامدایە. ئەم كردەیە نە وڕێنەیە و نە گوتنی بۆش، بەڵكو كردەییەكی بەرپرسیارئامێزە و ویستیشە بۆ دانایی و ئەم ویستەیش لە فۆڕمی ئەڤینداریی بۆ ئەم داناییە خۆی نیشاندەدات، لە کۆتایشدا هەر فەیلەسووفە، كە هاوڕێی داناییە و بگرە تاكە هاوڕێشیەتی. كردەی ناوبراو بریتینییە لە زۆربڵێییbabble و زۆروێژیی، تەنانەت لە گۆكردنی ئەوەیش، كە لێیحاڵینابین. ئەڵبەتە كردەی فەلسەفەكردن زێدەڕۆییكردن و چەقاوەسۆیش ناگەیەنێت. كردەی فەلسەفەسازی تەنانەت ئەوەیش ناگەیەنێت هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی بێتەگۆکردن. كەوابێت، فەلسەفەسازی كردەیەكی هەڕەمەكیی نییە، بەپێچەوانەوە فەلسەفەسازی كردەیەكی دژوار و ناسانایە و بە ڕێساگەلێكی ڕێڕەوییەوە گرێدراوە. هاوكات فەلسەفەسازی لە زۆروێژیی و چەنەبازیی جیاوازە، لەو شتە جیاوازە دۆشدامان و سەرسوڕمان ناسازێنێت. ئەگەرچی فەلسەفەسازی سەرقاڵبوونە بەوەی جێیباس و جێیباس نییە، لێ فەلسەفەسازی مەرامێكی مەبەستگەریشی لەخۆیڕا حەشارداوە. واتە لە گوتراوی فەلسەفییدا مەبەست و ئامانج پەنهانە.

گوتنی فەلسەفیی گوتنێكی هزرییە

بەپێی ئەوەی کردەی فەلسەفەسازی كردەیەكی زەینی پوختە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە هەچ شتێك تێینەگەیشتن دروستبکات ناچێتە خانەی فەلسەفەوە. هەموو گوتنێكیش نەتوانێت خۆی وەك گوتنێكی فەلسەفیی نیشانبدات بە فەلسەفە دانانرێت. بەم شێوەیە، دەشێت بپرسین: گوتنی فەلسەفیی چییە؟ یاخود گوتنی فەلسەفی چ جۆرە گوتنێكە؟ گوتنی فەلسەفیی بریتیە لە گوتنێكی كۆنكرێت(دیاریكراو) و كراوە، وەلی ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، گوتنی فەلسەفیی بێ سنور و بێتخوبە. لە هەموو ئەوانە گرنگتر گوتنی فەلسەفیی بریتییە لە گوتنێكی هزریی، لە شیكردنەوەیەكی ئاوەزیانەی ئەو شتانەی دەبن بە بابەتی شیكردنەوەكە.
وێڕای ئەوە،، كردەی فەلسەفەسازی كردەیەكە لە گەڕان بەدوای زانین، گەیشتن بە ڕاستیی، بەو داناییەی، کە پێویستمانە. پێویستمانە، چونکە نیمانە. وەلی ئەم كردەیە سانا و ساکار نییە، بگرە دژواریشە. ئەم كردەیە خۆی بەوە لە كردەكانی تر جیادەكاتەوە، کە تێڕامانی قوڵ و پوخت دەكات بە بناغە بۆخۆی. هەروەها كردەی فەلسەفەسازی دەیەوێت وەك بیرێكی سەرتاسەری و یەكانگیر خۆی نیشانبدات. گەڕانی فەلسەفە بەدوای زانین گەڕانە بەدوای ڕاستی. بەپێی ئەوەی ڕاستیی هەمیشە ون و نا-ئامادەیە، هەر لەبەرئەوە فەلسەفە پێویستی بەم گەڕانەیە. ئەم گەڕانە گشتی و هەمەلایەن، بەردەوامیشە.
فەلسەفە لەبەرئەوەی گومان دەكات ڕاستیی هەبێت، ئەمە وایلێدەكات لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا بەردەوامبێت. ئەم لایەنە لای پۆل ڕیكۆر Paul Ricoeur ئاقارێكی تر وەردەگرێت، ئەمەیش لەسەر ئەو بناغەیەی گەڕان بەدوای ڕاستیی لەنێوان دوو لادایە. لایەك بریتیە لە حالەتێكی كەسیی(شەخسیی) و ئەوەیتر تەماشاكردنە بۆ بوون. كەوابێت گەڕان بەدوای ڕاستیی گەڕانە بەدوای شتێك تەنها ئەو كەسە دەیكات، کە مافی هەیە ئەو گەڕانە بكات. گەر بوونی ئەم كەسە واتای هەبێت و بێمانا نەبێت ئەوا تەنها ئەم كەسە مافی ئەم پرسیاركردنەی هەیە. ئەمەو بۆ ڕیكۆر گەڕان بەدوای ڕاستیی واتە گوتنی شتێكی باش بۆ گشت، بەس ئەم گوتنە تەنها بریتینییە لە گوتنی هەرچ شتێك، كە بشێت بگوترێت. بەهۆی ئەم گوتنەشەوە دەشێت من(هەرچ منێك) ئامادەبێت لە بووندا، واتە گوتنەكە دەبێت بەهۆكاری ئەوەی، كە شوێنم لەناو بووندا هەبێت. ئەمەیش ئەوە دەگەێنێت، كە ڕیكۆر لەڕێگای گەڕان بەدوای ڕاستیی بەدوای شوێنێك، پەیوەندیی لەتەك، بووندا دەگەڕێت (1). بۆئەوەی بەقوڵی لەوە بڕوانین، كە ڕیكۆر دەیڵێت پێویستمان بەوە دەبێت هەڵوێستەیەک لەئاست وشەی گەڕاندا بكەین.

فەلسەفەسازی گەڕانە بەدوای ئاسۆ

گەڕان ئاسۆییەكی نوێمان بۆ دەستبەردەكات. ئەم ئاسۆیەش ئەو كاتەیە، كە دەیژێین. گشت كاتەكان گەڕانی خۆیان پێویستە، یان هەموو كاتێك ویستی خۆی بۆ گەڕان هەیە، ئەڵبەتە گەڕان بۆ خوڵقانی ئاسۆ. ئەم ئاسۆیە، كە بەرهەمی بەشداری منە(هەرچ منێك) لە جیهاندا شوێنێكیشە بۆ خۆنوێكردنەوە. جیهان، كە ئێستای منە چركەی ئامادەبوونی ئەو منەشە. لێرەوە دەشێت بگوترێت فەلسەفەكردن هەوڵێكە بۆ نیشتەجێبوون لە جیهاندا و جەخكردنیشە لە ئامادەبوون لەو جیهانە. كەواتە فەلسەفەكردن لە جیهاندا، لەو شوێنەی دەژێین، كۆششە بۆ پووچەڵكردنی نامۆیی، وەكیتریش مەشقكردنە لەسەر بوون بە بوونەوەرێكی ئامادە و زەفەربەر بەو تەگەرانەی بوونمان لە شوێنێكدا دەشێوێنن. لێرەشەوە دەگەینە ئەو سەیركردنەی پرۆسەی گشت فەلسەفەكردنێك هەنگاوێكی نوێیە بۆ تێگەیشتن لە بوونمان، لەو جێگەیەی تیایدا ئامادەین. بەم پێیە ئەو ئاسۆ نوێیەی فەلسەفەكردن هەڵماندەداتە ناویەوە بەجۆرێك لە جیهاندا ئامادەماندەكات، كە لەتەك ئەوەیتردا لە ڕووبەڕووبوونەوە دابین. دیارە ئەوەیتر یەكێكە لەو چەمكانەی فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا وەك دژە جەمسەری خود بەكاری دەبات، لێ لەم دژبەكاربردنە ئێمە بە ڕووخسارێكی تر ئاشنادەكات، بەو كەسەی لە منەوە دوورە. تاكە سەرچاوەیەكی ئەم ئێتیكە ئەو فێنۆمێنۆلۆژیایەیە دەموچاوی خودی خۆ ڕووبەڕووی دەموچاوی ئەوەیتر دەكاتەوە. تەنها لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەموچاوەكان بەریەكتردەكەون. ڕووبەڕووبوونەوەی دەموچاوەكان بۆ لێڤیناس Levinas ئەوەمان پێدەڵێن، كە تەنها دەموچاویان بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هەیە. لێرە دەموچاو ئامرازە. كەوابێت كاتێک ئێمە فەلسەفەدەكەین هەم لە ناو بوونی خۆماندا جێگیرین و هەم بە بوونی، بە ئامادەبوونی، ئەوەیتر ئاشنادەبین. ئەوەی ئێمەی بەم ئاشنابوونە گەیاند، كەوایلێكردین درك بە ئامادەبوونمان لە جیهاندا بكەین فەلسەفەكردنە، فەلسەفەكردنەكانی فەیلەسووفەكانە، ئەو ئاسۆ تازەیەیە، کە ئێمە لە بوونماندا پێیگەیشتووین. دەشكرێت فەیلەسووفەكان هەڵەبكەن، بەس لە هەڵەكانیانەوە شت فێردەبن، كردنی هەڵەكانیش بۆ زۆرترگەڕانن بەدوای ڕاستیدا. گومانیشیناوێت، جیاوازیی لەنێوان شێوازەكانی بیركردنەوەی فەلسەفییدا بوونی هەیە، یان شێوازەكانی بیركردنەوە یەك جۆر نین، لێ بەردەوامی فەیلەسووف لە پشكنین بەدوای ڕاستیی سەرجەمی شتەكان دەگۆڕێت و فڕێشماندەداتە ناو ئەزموونێك لە تێژیانێکی نوێوە. بۆیە جیاكردنەوەی فەلسەفە لە زۆربڵێیی (چەنەبازی، درێژدادڕیی) جیاكردنەوەی فەلسەفەیە لەو شتەی پێویستناكات، ئەو شتەی نامانگەێنێت بە هیچ شتێك. پێویستیی ئێمە بۆ فەلسەفە پێویستیە بۆ ئەو شتەی هانماندەدات بیربكەینەوە و ئاسۆ بدۆزینەوە.

فەلسەفە لەگەڵ چەنەلێدان یەکناگرێتەوە

كەوابێت ئاماژە بۆئەوە دەكەین، بەپێی ئەوەی فەلسەفە بیركردنەوەیە، یان بیركردنەوەیە لەمەڕ بیركردنەوە، یاخود بیركردنەوە دەستەمۆدەكات. ئەمە وادەكات فەلسەفە نەتوانێت لە دەرەوەی ئەو كردەیە كاری خۆی بكات و جگەلە بیریاریی شتێكی تر بكات بە مۆڵگەی مەبەستی خۆی. ئەمەیش بەجۆرێكی تر وادەكات هیچ هاوخەمیی و هاوهەڵوێستییەك لەنێوان فەلسەفە و زۆربڵێیدا نەبێت. زۆربڵێیی، كە تێكەڵێكە لە گوتنێكی دووبارەساز واتاسازێنەر نییە و پڕیشە لە دەمامک و نیشانەی لێوانلێو لە بێمانایی و لەگەڵ فەلسەفەشدا یەكناگرێتەوە. بۆیە پووچەڵكردنەوەی گشت پرۆسەیەكی زۆربڵێیی پووچەڵكردنەوەی ئەو بەشەیە لە گوتن، كە دەشێت نەوترێت، ئەو بەشەی هەر لەسەرەتاوە دەچێتە خانەی گوتراوە سواوەكانەوە. لەڕیشەشدا زۆربڵێییی بریتییە لە گوتنی گوتراو و گوتنی گۆكراو. ئەمەیش وادەكات زۆربڵێییەكان ڕۆچوون بەخۆوە نەبین و خۆشیان لە كردەگەلێكی پەلە و پەرت و زێدەڕۆئامێز بریتیبكەن. لەمیانەی گشت زۆربڵێییەکیشدا واتا بەوپەڕی مەبەستەوە دەمرێنرێت و ئەوەیش لە گوتندا دەهۆنرێتەوە، كە ناپێویست و ناكاریگەرە. کاتێک گوتن بێمانایی و گۆكردنی گۆكراو بەرهەمدەهێنێت، کە گوتن واتا لە خۆیدا حەشارنادات. ئەمەو زۆربڵێییەكان ناتوانن هیچ تێگەیشتنێك پووچەڵبكەنەوە و هیچ ڕۆڵێكیش لە داماڵینی هیچ جۆرە ماسكێكدا نابینن، نەک هەر ئەوە بگرە دەبن بە بەرهەمهێنەری دنیاییەك لە ماسك و ئاماژەی بێ واتا. ئەمەیش لەسەرێكی ترەوە ئەوەمان پێدەبێژێت، بنەبڕكردنی زۆربڵێیی بەچۆكدادانی ئەو بەشە لە گوتن لە خۆدەگرێت، كە ناتوانێت تێگەیشتنێكی نوێ دروستبكات.

بەپێی ئەوەی كردەی زۆربڵێییی لە دروستكردنی تێگەیشتنەوە دوورە، ئەمە وادەكات زۆربڵێییی ببێت بە پڕۆسەیەك لە قسەكردنی ناسێستەماتیك و ناكۆنكرێت. ئەو بەربەستانەیش زۆربڵێییی لەناو تێگەیشتنەكانمان دایدەنێت، پێگەی بێمانایی لە گوتنەكانمان بەهێزدەكات و شوێنێك بۆ واتاسازیی و ڕوونكردنەوەی پێویست بوونی نابێت. لە زۆربڵێییدا هیچ نیگەرانییەك، یان سڵەمینەوەیەك جێی دیار نییە، چونکە لەناو زۆربڵێییدا ئەوەی دەوترێت گومان و نیگەرانیی لەپاش خۆی بەجێناهێڵێت. بۆیە دەڵێین: ئەزموونی زمان و بیركردنەوە لە فەلسەفە ئەزموونێكی دژە زۆربڵێییە و کارێکی سانا نییە. ئەمەیش لەبەرئەوەی ئەزموونی فەلسەفە لەسەر تێڕامان و سەیركردنەكانمان كاریگەریی لەپاش خۆی بەجێدەهێڵێت. دواتر فەلسەفە حاڵەتێكی تریشمان لا دروستدەكات، ئەوەیش ئەوەیە، كە فەلسەفە بە ئەوانی ترەوە گرێماندەدات، دەمانخاتە ناو كۆمەڵگە و لەگەڵ بەرپرسیاریەتیشدا ڕوبەڕووماندەكاتەوە. فەلسەفەكردن، كە كاری خستنەڕووی دید و بیرە، ئەمە بەجۆرێكی ناهەڕەمەكیی و لۆژیکیی، تاڕادەیەكی زۆر هەر ئەوەیشە فەلسەفەكردن لە زۆربڵێییی جیادەكاتەوە. هەر لەبەرئەوە هەمیشە لە هزری هزرەڤاناندا ئەزموونی هزریی نوێ نمایشدەكرێت و ساتەوەختەكان ژێرپرسیار و گوماندەخرێن. ئەڵبەتە كەلەپوری ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی مرۆڤایەتیش هەر لەژێرسایەی ئەو ژێرپرسیار و گومانخستنانە بە ئاكامدەگات و لەو کێشانەش حاڵیدەبێت ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. لێرەوە دەكرێت قسە لەسەر ئەوە بكەین، ئەو دەمەی زۆربڵێیی وەك فۆڕمێكی زاڵی گوتن خۆی نیشاندەدات، شوێنێك بۆ گوتنی لۆژیكی نامێنێت و بوونی بیركردنەوەی لۆژیكیش ئەستەم و ناشیاو دەبێت. لەبەرئەوەی زمان و لۆژیك یەكانگیرن ئەمە وادەكات لۆژیكیبوون داوای ئەوەمان لێبكات زمان كاریگەرانە بەربەكاربردن بخەین(2). ئەم شێوە بەكاربردنەی زمان ڕێگا لە زۆربڵێییی دەگرێت و دوژمنی گەورەی زێدەڕۆییexaggeration شە. هاوكات ئەو كێشە ئێپیستێمۆلۆژییەی لێرەدا، لە جیاكردنەوەی فەلسەفە لە زۆربڵێیی، پێویستە ئاماژەی بۆبكرێت ئەوەیە، كە فەلسەفە خەسلەتێكی گەردونایی و گشتیی هەیە، ئەم لایەنە وادەكات لە فەلسەفەدا سێستەمێكی زمانەوانیی كاری خۆی بكات، كە ئەوەیش بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت. خەسڵەتی بیركردنەوەی فەلسەفی خۆی لەوەدا پوختدەكاتەوە، كە شێوازەكانی بیركردنەوە جۆراوجۆرن. كەوابێت گوزارەكردن بەشێوازی جیا شێوازەكانی بیركردنەوە دەیسەپێنن. مرۆڤ، كە زانی بۆ بیردەكاتەوە؟ لە ئەوەیش حاڵیدەبێت بیركردنەوە چی دەگەێنێت. ڕوونە، كە هەر كەسە و شێوازی بیركردنەوەی خۆی هەیە و ئەو شێوازەش بەپێی دۆزە جیاكان گۆڕانی بنەمای دێتەسەر، بەڵام بیركردنەوە جیاوازەكان نە شیاوی لەبەردەم زۆربڵێیی دەكەنەوە و نەش جیاوازی لە بیركردنەوە مەترسیە بۆسەر پێكهێنانی واتا. دەكرێت كەسێكی ئاینی جیاوازتر لە كەسێكی سیاسی بیربكاتەوە و دەشكرێت كەسێك مۆدێرنانە بیربكاتەوە و كەسێكی تر نامۆدێرنانە، ئەڵبەتە بیركردنەوەی هەرزەکارێکیش لە بیركردنەوەی پیرێك جیایە، ئەم جیاوازیانە نامانگەیەننە ئەو تێڕامانەی بڵێین بیركردنەوە جیاكان لە زۆربڵێیی كەسەكان بەرپرسیارن.

لۆژیکیبوونی فەلسەفە بەڵگەهێنانەوەیە

لایەنێكی تر، لێرە گرنگە هێمای بۆ بكرێت ئەوەیە، كە ئەو دەمەی فەلسەفەدەكەین واتە هەوڵدەدەین لۆژیكییانە بەڵگەبهێنینەوە، یان توانایەكی شیاكاری لە بیركردنەوەكانماندا بخەینەگەڕ. ئەم توانایەش كاتێک لە فەلسەفەدا دەیخەینەگەڕ، کە پێویستمان بەوە بێت ئەوەی دەیڵێین بەڵگەداریبكەین. لەوە گرنگتر ئەوەیش، کە چۆن بەڵگەیەك ڕاستیئامێز بكرێت، یان ڕاستیگەرییreality بۆ بدۆزرێتەوە، چۆن وابكرێت، ڕاستیی پەسەندكراوبێت؟ هەروەها لە فەلسەفەدا گرنگە چۆن بەڵگە پەسەندكراوانە acceptable بنیاتبنرێت؟ واتە فەلسەفە ئەوە هەڵناوەشێنێتەوە پەسەندكراو و باشە، بەڵكو توێژینەوە لەو بارەیەوە دەكات، چۆن شت پەسەندكراو و باش بێت؟ ئەمەیش لەگەلێك ڕووەوە فێری ئەوەمان دەكات نەك هەر فەلسەفە لە زۆربڵێیی جیابكەینەوە، كە خۆی ئەوەیان شەڕی نێوان لۆژیكیبوون و نالۆژیكیبوونمان بیردەخاتەوە، بەڵكو لە ڕێگای جیاكردنەوەی شتی بەڵگەدار لە شتی بێبەڵگە بەوەش دەگەین، زۆربڵێیی کردەیەكە لە گوتنێکی ناسێستەماتیكی بێبەڵگە.
گومانی ناوێت، فەلسەفە ئەوەمان بیردەخاتەوە، چۆن دەتوانین ڕەخنەییانە توانای بەڵگەهێنانەوەمان هەبێت و لەم حاڵەتەشدا ئەوەی گرنگە ئەم لایەنانەن: چۆن بڕیاربدەین؟ ئەوەی پێیدەڵێن ئاكام، یان دەرئەنجامی ڕاستەقینە چۆن پێیدەگەین؟ هەروەها چۆن گریمان پێكدێت؟ ئاشكرایشە هیچ یەك لەم لایەنانە لە زۆربڵێییدا ئامادەنین و بۆیە زۆربڵێیش ناکارێت واتا دروستكەربێت. هاووەخت لە گفتوگۆ فەلسەفیەكاندا پێویستمان بە بەكاربردنی چەندین واتای شیكارەییە، تا ئەوەی دەمانەوێت بیگەێنین و پەسەندكراویشبێت، وەك: پرێمیس premise یان سەرەتا، پێشەكیی، بەڵگە، ئاكام یان دەرئەنجام، كۆتایی، پەیوەندیی ڕێژەیی، زاراوە، تایبەت و گشت … هتد. دیارە بۆ فەلسەفە پرسیاری چۆن بە زانینێكی دڵنیا دەگەین؟ هەمیشە مەسەلەیەكی، یان پرسیارێكی بنەڕەتی بووە. بەواتایەكی تر، گەڕانی بەردەوامی فەلسەفە بەدوای زانینێكی پەسەندكراو، باوەڕپێكراو و ڕاستیئامێز هەروەها ئەوەیش، كە چۆن زانین بەهائامێزدەبێت خودی ئەو پرۆسە ئاڵۆزەمان بۆ شیكاردەكەن فەلسەفە تیایدا بەرهەمدێت، یان فەلسەفە درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات.
سەرباری ئەوەی لای سەرەوە باسكرا هێما بۆئەوەیش دەكەین، گەر ئێمەی مرۆڤ تا هەنووكە لەوە حاڵینەبووبێتین بۆ دەبێت(بۆ دەبایە) فەلسەفە هەبێت؟ لەوەش حاڵینین پرۆسەی فەلسەفەكردن، كە لەتەك لێوردبوونەوە و پشكنیندا دەست لەملانە، چەند واتای بۆ بەردەوامی فەلسەفە هەیە. بەردەوامی فەلسەفە پێویستییە بۆ بیری فەلسەفیی، بۆ ئەو شتەی هەموان كۆدەكاتەوە، چونكە هەموان لە ئامادەبوونی فەلسەفە، لەو شتەی بیر لە ئێمە دەكاتەوە، لە بوونمان، لە هەنووكەیی ژیانمان، سوودمەندین. ئەمەیش بەپێی ئەوەی دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنانی كۆنەوە بەو پرسیارە دەستیپێکردووە “ئەو شتە واتای چییە” (3)، لێ ئەمە بەو واتایە ناێت، كە فەلسەفە كاری دووپاتكردنەوەیە. سەختیشە ئێمەی مرۆڤ لەوە حاڵینەبوبێتین بیری فەلسەفیی خۆی لە بیرەكانی تر بەوە جیادەكاتەوە لە پەیوەندیدانییە بە دووپاتكردنەوە و زێدەڕۆییەوە. دیارە فەلسەفە ڕەخنە لە هەڵوێستە فەلسەفییە بەسەرچووەكان دەگرێت، دەبێت بە گوشار بۆسەر گەلێك تێگەیشتنی تر، كە خۆی لەتەكیاندا لە ناكۆكی دەبینێتەوە، کە بۆ یەكلاكردنەوەی شتەكان بە پەرۆشە و هەنگاویش بۆ گەیشتن بە ئاكام دەنێت، کە بە ڕەگ و ڕیشەی شتەكان ڕۆدەچێتەخوارێ تا بگاتە ئەو شوێنەی پێینەگەیشتووین. ئەمەیش بەپێی ئەوەی خەمی فەلسەفە سۆراخكردنە لەو شتەی هیچ لەبارەیەوە نازانین و پێینەگەیشتووین، لەوانەش سەیرتر دەکارێت وەك” چالاكییەك یان تێڕاپی(چارەسەر)”(4) تەماشابكرێت. بۆئەوەی فەلسەفە گشت ئەمانەیش بكات پێویستی بەوەیە ڕیسكئامێز riskful بێت. ئەو ئێستایەیش، كە فەلسەفە تیایدەژیت بەرهەمی ئەو ڕیسكە هزریانەیە پێشتر كردوونی. ڕیسكەكان فەلسەفەیان بەرەو ئەزموونگەلێكی جیا و فرە ئاڕاستە بردووە. كەوابێت كاتێك فەلسەفە ئاسۆكان دەخاتە ژێرپرسیارەوە، لێماندەپرسێت چەند ئەو شتە دروستە؟ پرسیارە بووناوییە-مێتافیزیكییەكان دەوروژێنێت، دەپرسێت: سەرچاوەكانی زانین چییە؟ ئەركی زانین چییە؟ سروشتی زانین چییە؟ چۆن زانین بەدەستدەهێنرێت؟ هەموو ئەمانە پێماندەڵێت فەلسەفە خۆی لەسەر جۆرە گوتنێك ڕادەهێنێت، تێگەیشتن بەدەستەوەبدات، كە ئێمەش هەرئەوەمان پێویستە. لێرەوە دەگەینە ئەو بینینەی، كە فەلسەفە بەوەش لە زۆربڵێی جیادەكەینەوە، كە فەلسەفە تێگەیشتن و لێكدانەوە دەگەیەنێت و ئەمەیش تامەزرۆیی ئێمەی مرۆڤ بۆئەوە نیشاندەدات، كە خۆمان لە بیری سواو و نەزۆك بپارێزین.

شەڕی فەلسەفە بۆ گەیشتنە بە زانین، زانینی ڕاستی

سەرباری ئەوەی لای سەرەوە سەبارەت بە زانین وترا، دەكرێت بڵێین: شیاوە پرسیارێكی فەلسەفیی بكەین بێ ئەوەی لە فەلسەفەدا پسپۆڕبین؟ ئایا ئەوە زێدەڕۆییە؟ پێمانوایە نەك هەر فەیلەسووف بگرە مرۆڤی سادەش دەکارێت پرسیاری فەلسەفیی بكات. بۆنموونە هەمووان دەكرێت بپرسین بۆ ئاسمان لە گشت شوێنێك بەسەر سەرمانەوەیە؟ ئەمە گەر پرسیارێكی فیزیایی بێت لەناواخندا فەلسەفیشە. یان بۆدەبێت كۆتایی ژیان مەرگ بێت؟ ئەمەیش دیسانەوە پرسیارێكە، کە گشت یەكێك لە ئێمە، چ پسپۆڕ بێت لە فەلسەفە و چ كەسێكی خاكیی و بێ ئاگا لە زانست و فەلسەفە، دەتوانێت بیكات. ئاشكرایە وەڵامەكان زۆرجار ئاستی تێگەیشتنی ئێمە بۆ پرسیارەكانمان دەستنیشاندەكەن. ئەو دەمەش بەم جۆرە دێینەگۆ، واتە، كە ئامانجێك لە گۆكردنەكانماندا بەدیدەكرێت و ئەو ئامانجە سنورێك بۆ ئەوەی گۆدەكرێت دادەنێت، لەوە حاڵیدەبین ئێمە شتێكمان بۆ گوتن هەیە. واتە شێوەی گوتنەكانمان جیاكارەیی دروستدەكەن و ساتەوەختی خۆیان لە گوتندا دەپارێزن. گوتنی ئێمە گوتنی خۆمانە، ئەو گوتنەیە ئامانجێك لەپشت گوتنیەوەیە، هەر ئەو ئامانجەش واتا بە گوتنەكانمان دەبەخشێت و ئەوەیش، كە گوتراوە لەوە جیادەكاتەوە بەجۆرێكی تر گوتراوە، یان گوتراوە و هیچ واتایەكی نەپێكاوە. لێرە جەختكردنەكە لە گوتن و لە واتاپێكانە نەك لە شتێكی تر. بیریشمان نەچێت گشت فەلسەفەكردنێك پەیوەندیی بە ئامانجێكی دیاریكراوەوە هەیە. بەشێك لە ئامانجەكان پەیوەندییان بەوەوەیە، ئەو كەسەی فەلسەفە دەكات دەیەوێت زانین بەدەستبهێنێت. واتە، تێگەیشتن لەسەر شتێك بەدەستبهێنێت نایزانێت.
كەواتە كەسی فەلسەفەكەر بە هیوای چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، فەلسەفەدەكات و ئەو بۆشاییانە لە تێگەیشتنیدا پڕدەكاتەوە كەلێنی گەورەیان لە زانینیدا بەرانبەر بەو دیاردەیە دروستكردووە، کە قابیلە بە گوتن، یان بەو شتەوەی فەلسەفەی بەسەرەوە دەكرێت. بەم جۆرە ئەوەی فەلسەفەدەكات بە گومانە لە تێگەیشتن و زانینەكانی و دەیەوێت دڵنیابێت ئایا ئەوەی ئەو وا دەیزانێت و تێیدەگات بەوجۆرەیە و زانین و تێگەیشتنەكانی ڕاستن. گشت ئەم شێوە سڵەمینەوە و تێڕامانانە جۆری گوتنەكانمان لێكدی جیادەكەنەوە و مەرام و ڕیشەیان دەستنیشاندەكەن. بۆنموونە كاتێك كیمیاناسێك پرسیارمان لەبارەی ڕەنگ، یان کەڕووەوە لێدەكات، یان كاتێك فیزیاناسێك پرسیارمان لەبارەی بارستایی و كێشەوە لێدەكات واپێویستدەکات وەڵامەكانیش كیمیایی و فیزیایی بن و لەخودی خۆیانیشدا وەڵامگەلێكی زانستیی و لەدواینباریشدا وەڵامگەلێكی فەلسەفیی پێكبهێنن. ئەم جۆرە زانستانە پێشتر لەهەناوی فەلسەفەدا بوون و دواتر وەك دوو زانست لە فەلسەفە جیابوونەتەوە و جیابوونەوەكەشیان ئاڕاستەی كاركردنەكانیانی لاوازنەكردووە. هەروەها ئەو پرسیارانەی كیمیاناس و فیزیاناسان دەیكەن لەهەمان ئاستدا خەڵكانێكی سادە ناتوانن، نە ئەو پرسیارانە بەو جۆرە بكەن و نە وەڵامەكانیشیان لەئاست وەڵامی كیمیاناس و فیزیاناساندا دەبێت. بۆیە ئەو وەڵامانەی كیمیاناس و فیزیاناسێك بەدەستەوەی دەدات بریتییە لە جۆرە گوتنێكی تایبەتی سنوردار، سنوردار لە چوارچێوەی زانینێكی دیاریكراو.

دیارە نەزانین سنوری نییە و زانینەكانیش سنور تێدەپەڕێنن، بەڵام ئەمە سنور و ڕێسکەكان لەنێوان زانین و نەزانیندا تێناپەڕێنێت. ئەمەیش لەبەرئەوەی نەزانین ناچێتە خانەی زۆربڵێییەوە. نەزانین كردەیەكە لەو پرۆسەیەی بۆ بەدەستهێنانی زانین دێتە دنیاوە، هەرچی زۆربڵێییە پرۆسەیەكی زۆربارە و بێمەرامە. هەروەها نەزانین دانپێدانانیشە بەو شتەی تێیناگەین و پێینەگەیشتووین، بۆیە زۆربڵێیی ناتوانێت خۆی بەسەر نەزانیندا بسەپێنێت هیچ نەبێت لەبەرئەوەی زۆربڵێیی لەبارەی شتێكەوەیە گوتراوە و تێشیگەیشتووین. هاوكات لە نەزانینەوە تێگەیشتنێكی قوڵ دەستەبەردەبێت، كە زۆربڵێیی ناتوانێت هەرگیز ئەوە دەستەبەركات. زۆربڵێیی دەیەوێت لە كونفەیەكونێكدا بە زانین بگات، بەو شتە بگات لێیحاڵی نییە. حاڵینەبوون بەردەوامە، چونکە پرۆسەی وەدەستهێنانی زانین لەلایەن مرۆڤەوە بەردەوامە. كاتێكیش لە هێنری بێریگسۆن Henri Bergson دەپرسن “باشترین كتێب چییە، كە دە ساڵی تر چاپدەبێت لە وەڵامدا دەڵێت: جا ئەگەر بمزانیایە خۆم دەمنوسی”. ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە ئەو شتەی دێت زانیمان لەسەری نییە هەچ زێدەڕۆییەكیش لەو بارەیەوە بكەین بەهیچزانین كۆتایدێت.
کەوابێت، ئەو دەمەی ئێمە چەنەلێدەدەین هیچزانین بەرهەمدەهێنین و دووپاتكردنەوەكانیشمان بەشوێنێكی تازەمان ناگەیەنن. لە زۆربڵێیدا چەندبارەكردنەوە ئامادەیە و گومانیش لەگەڵ زۆربڵێیی و زۆر دووپاتكردنەوەدا یەكناگرێتەوە. بەپێی مێتۆدی سوكرات بێت دەشێت ئێمە خۆمان وەك نەزان نیشانبدەین تائەوە فێربین چۆن زانین بەدەستدەهێنرێت. گرنگ نییە ئێمە دەزانین، كە چی نازانین، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئێمە نەزانین چی نازانین. تەنها ئەو كاتە لەو پرسیارە حاڵیدەبین، كە بەم جۆرەیە: نەزانین چییە؟ دەمانەوێت هێما بۆ ئەوە بكەین، پرسیاری نەزانین چییە؟ هەروەك پرسیارە مێتا_فەلسەفییەكان، بۆنموونە پرسیاری فەلسەفە چییە؟، بە پرسیارگەلێكی ڕیشەیی لە فەلسەفەدا دادەنرێت، ئەو دەمەش، كە دەپرسین نەزانین چییە؟ مەراممان دەربازبوون لە نەزانین، كە لە نەزانینیش دەربازماندەبێت لەسەر خوانی زانین، زانینی ئەوەی نایزانین، دادەنیشین. واتە، نەزانین بە پەیداكردنی زانین كۆتای دێت، زانین لەمەڕ ئەو شتەی ئاگاییمان لەسەری نییە. ئەوەی لە نەزانیندا سەبارەت بە شتێك نوقمە دەبەنگ نییە، بەڵكو دانبە نەزانینی خۆیدا دەنێت سەبارەت بەوەی، كە نایزانێت. بەم جۆرە، ئەوەی جاهیل لە نەزان جیادەكاتەوە ئەوەیە دەبەنگ نازانێت، كە نازانێت، لێ نەزان ئەو كەسەیە دەزانێت، كە نازانێت، بۆیە كەسی نەزان دەخوازێت بزانێت. كەوابێت نەزانین بەرهەمی نەزانینی ئەو كەسەیە، كە زانینی تایبەت بە شتێكی دیاریکراو پێنییە.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئێمە، كە نازانین “ڕاستیی چییە؟” ئەمە ئەو نەزانینەیە تایبەت بە ڕاستیی هەمانە، لێ كاتێک زانیمان ڕاستیی گەڕانە بەدوای ڕاستییەكی ڕەها و ڕێگاكانیش بۆ گەیشتن بە ڕاستیی جۆراوجۆرن و تاكە ڕێگایەكیش لەو بارەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستیی بوونی نییە بەمە لەوە حاڵیدەبین نەزانینی ئێمە لە چیدا خۆی كورتكردووەتەوە. واتە، ئێمە پاش ئەوەی زانیمان پەیوەندیی سروشت، یان گەردوون بە مرۆڤەوە بریتیە لە ڕاستیی و ئەو پەیوەندییەش لە ناوەوەی ژیانی ئێمەی مرۆڤدا ئامادەیە بەوە زانینێك تایبەت بە ڕاستیی بوونمان دەخەینە سەر خەرمانەی زانینەكانمان، ئەمەیش وادەكات ئێمە نەزانینی خۆمان دەستنیشانبكەین، یان بناسینەوە. دیارە بۆ كەسی نەزان هەمیشە ئەوە پرسیارە، کە كێ خاوەنداری ڕاستییە، یاخود ڕاستیی لای كێیە؟ هەر ئەم لایەنە وا لە نەزان دەكات زۆرترین تێڕامان لەوە بكات، كە نایزانێت. بۆ كەسێك، كە نازانێت، بۆنموونە فەیلەسووف، هەمیشە گەڕان بەدوای ڕاستیی بۆ بیركردنەوەی فەلسەفیی پێویستیە. بۆیە بیرمەند بێوچان ویستویەتی بەدوای ڕاستیدا وێڵبێت، كاتێك بیرمەند ئەمە دەكات بۆ ئەوە دەیكات تا لە ڕێگای ئەوەوە لە سەرچاوەكانی كێشەكانی ناو بوونی خۆی بگات. ئەوكاتەش، كە كەسی بیرمەند بە ڕاستیی دەگات خۆی لە ناوچەكانی یەقین نزیكدەكاتەوە و پێویستی بەوە نابێت گومان لەوە بكات، كە جارێ گومانی تیادا دروستنەکردووە.

لەسەر بناغەی گوتنەكانی لای سەرەوە بێت پرسیارگەلێك وەك: چۆن دەزانین، كە دەزانین؟ چۆن دەزانین، كە ئەوەی دەیزانین ڕاستە یان هەڵەیە؟ هەروەها چۆن دەزانین، كە زانینەكانمان باشن نەك خراب؟ ڕێنماییەكی فەلسەفیی زۆرماندەكەن، کە لە بنەچەی نەزانینی خۆمان بگەین. شرۆڤەكردنی ئەو لایەنەش، واتە نەزانینی مرۆڤ، شرۆڤەكردنی ئەو بەشە گرنگەیە، مرۆڤ لەخۆیدا بەئاسانی دركیپێناكات. ڕاستە دركپێكردنەكانی ئێمەی مرۆڤ بێ خەوش نین بەتایبەت گشت كەسێك خاوەنی ئەزموونی دركپێكردنی خۆیەتی، ئەمەیش، واتە دركپێكردن، پرۆسەیەكە لە شرۆڤەكردنێكی ناسادە، یان کارێکی ئاڵۆزی هزریی. ئەمەیش بەزۆری لەبەرئەوەی هەموو وەك یەك درك بە هەقیقەتی شتەكانی دەوروبەرمان ناكەین. بۆئەوەی درككردن لە ئێمەدا بە باشی بڕسكێت پێویستمان بەوەیە ڕۆڵ لە ڕێكخستنی ئەو زانیاریانەدا ببینین لە دەوروبەرمانەوە پێماندەگات، بۆیە گرنگە جەخت لەوە بكەین پرۆسەی درككردن پرۆسەیەكی زانینییە (مەعریفییە).
بۆئەوەی گفتوگۆكان لە كۆنتێكستی فەلسەفیی باسەكەدا چڕبكەینەوە جەخت لەسەر ئەو لایەنە دەكەین، كە فەلسەفە لە ئاكامی گەڕان بەدوای چۆنیەتی پێكهێنانی زانین دروستدەبێت. لەناو فەلسەفەدا زانین بەهۆی ئەو پشكنین و تێڕامانانەوە دێنەسازان، كە فەلسەفە ئەنجامیدەدات. جا وابێت ڕۆشنبیریی فەلسەفیی لەمیانەی ئەو پشكنین و تێڕامانانەوە نەشونمادەكات و بەمە فەلسەفە ئاڕاستەی خۆی وەردەگرێت و وەك فۆڕمێك لە بیركردنەوە خۆی نیشاندەدات. لەناو ئەم فۆڕمە گشت دووپاتكردنەوە و جوینەوەكان جۆرە دووبارەبوونەوەیەک دروستدەكەن بەهەموو جۆرێك لە فەلسەفەكردنەوە دوورن. بیركردنەوەكان نەزۆكیی بەرهەمدەێنن. زۆربڵێیش ئەو نەزۆكیەیە شتێكی نوێ ناخوڵقێنێت، لە زۆربڵێییدا (كە دووپاتكردنەوە و زێدەڕۆیی پەنهانە) وێنابوونی زەینی قوڵ لە بینین و لە واتادا بەدیناكرێت. بۆیە، هەمیشە لەوەی دەوترێت، لە گوتراو دا، پێویستمان بەوەیە بەدوای ڕیشاڵی هزریی گوتراوەكەدا بگەڕێین، ئەم لایەنەش هەمیشە دەمانخاتە بەردەم جۆرە سڵەمینەوەیەك لە گوتراو. گومانیشی ناوێت، گوتراو بەرهەمی بیركردنەوەیە و پێچەوانەی ئەو گوتراوەیە لە شێوەی چەنەبازیی خۆی نیشاندەدات. ئەمەیش لەبەرئەوەی زۆربڵێیی بیركردنەوەیەكی سواوە و هیچی لێوە سەوزنابێت.

فەلسەفە = گوتنی گوتنێكی نەگوتراو
هاوكات لە زۆربڵێیدا گوتن سنوری نییە و وێنەكان هیچ كات پوختنابنەوە. بەواتایەكی تر، زۆربڵێیی تێگەیشتن بەدەستەوەنادات و دووبارەكردنەوەی ئەوەیە، كە دەیزانین. كاتێكیش ئالان بادیو دەپرسێت بیركردنەوە لە ئەم ئێستاماندا چی دەگەیەنێت؟(5). ئەم تێگەیشتە وامانلێدەكات بۆئەوە بچین هێزی بیركردنەوە لە ئەمڕۆدا ڕوو لە خوارە، یان ئەو جۆرە بیركردنەوانە ڕوو لە خوارن گوتنێكی پێویست بەرهەمناهێنن. لێرە بەپێویستی دەزانین ئاوڕێک لە سەیركردنە فەلسەفییەكانی ڤیتگێنشتێن تایبەت بەم لایەنە بدەینەوە. لەسەر ئەو بناغەیەش ئاماژە بۆئەوە دەكەین بۆئەوەی سنورێك بۆ بیركردنەوە دانرێت پێویستە بیر لە هەردوولای سنورەكە بكرێتەوە ( واتە ئێمە مەرجە بتوانین لەوە بیركەینەوە، لە شتێك، كە ناكرێت بیری لێبكرێتەوە)(6). ئەڵبەتە ڤیتگێنشتێن پێیوایە ئەو سنورە لەم حاڵەتەدا لەرێگەی زمانەوە دێتەدی. بەم شێوەیە بێت ئەوە زمانە بیركردنەوە لە بیرلێنەكراو جیادەكاتەوە و ئەوەیش، كە دەكەوێتە دەرەوەی ئەم سنورەوە، بێماناییە(7).
بەپێی ئەو تەماشاكردنە فەلسەفییانەی لای سەرەوە بێت گوتن لە پەیوەندیی دایە لەلایەك بەڕاستیی، لەلایەكی تر بەوەی لەناخی گوتندا ئامادەیە، كە ئەوەیش واتایە؟ گوتن فۆرمی هەیە و ئەم فۆرمەش واتای هەیە. واتە ئەوەی فۆرمی گوتن دیاریدەكات واتاكەیەتی، یان ئەوە واتایە فۆرمی قسەكردن دەستنیشاندەكات، بەڵام بابپرسین چۆن ئەم ڕێسایەی ڤیتگێنشتێن كاری لەسەر دەكات، دەکارێت واتا بەرهەمبهێنێت، یان بەگشتی چۆن دەكرێت واتا بەرهەمبێت؟ لەڕاستیدا ئەوەی واتا بەرهەمدەهێنێت بەپێی سەیركردنی ڤیتگێنشتێن فاكتە Fact. بەڵام لەو بیرە فەلسەفییە یاریئامێزەی تراكتاتۆسدا، ئەوەندەی لێیحاڵی بووبێتین، واتا لە پەیوەندیدایە لەتەك گوتندا. گوتن، كە مۆدێلێكە، وێنەیەكە، لە ڕاستیی ئەم ڕاستییە، ئەوەندەی لە تراكتاتۆس گەیشتووبێتین، واتا بەرهەمدەهێنێت. ئەمەیش بەهۆكاری ئەوەی لە گەرووی گوتندا واتا حەشاردراوە. هەرچی گوتنی توتۆلۆژی Tautology یە (دوبارەكردنەوەی هەمان واتا) بەم جۆرە نییە. ئەم جۆرە گوتنە نە وێنەیەكە لە ڕاستیی و نە واتایش لەناخیدا پەنهانە. ئەمە بۆ ئێمە واتای ئەوەیە گوتنی توتۆلۆژیی شیاوی لەبەردەم بەمانابوون ناكاتەوە. نەك هەرئەوە، بەڵكو ئەم گوتنە لە پەیوەندیشدا نییە لەتەك ڕاستیی. توتۆلۆژیی، كە هیچ دەڵێت لەبەرئەوەیە واتای لە ناخی خۆیدا بەرجەستەنەكردووە. لەبەرئەوەی، گوتنی توتۆلۆژیی واتە دوبارەكردنەوە بەبێ واتا، یان گوتنی گوتنێكی ناپێویست، گوتنی هەمان شت، گوتنی شتێك بە هەمان وشە و بە هەمان واتا.
سەرباری ئەوەی گوترا، توتۆلۆژی گوتنی ئەو شتەیە، ڤیتگێنشتێن گوتەنی، هیچ شتێك لەبارەی ڕاستیەوە ناڵێت. هاوكات توتۆلۆژیی گوتنی شتێكە گوتراوە، لێ بە واتای جیا، ئەمەیش شێوازێكی ناجۆر لە گوتندا دروستدەكات. ئەمەیش لەبەر ئەوەی شتێك دەوترێت پێشتر گوتراوە، یان دوبارەبوونەوە لە قسەكرندا پێكدەهێنێت. بەم جۆرە لە قسەكردنەكانماندا شتێك دەڵێین هەمان ئەو شتەیە پێشتر وتومانە بەمە دەكەوینە ناو دووبارەكردنەوەیەك لە واتاوە دوورە، یان هەمان واتا دوبارەدەكرێتەوە. لە لۆژیكیشدا توتۆلۆژیی دەتوانێت خۆی وانیشاندات لە ڕستەكەدا، یان لەژێرسایەی هەمان بەهادا شتەكە دەوترێتەوە(9).

سەرئەنجام:
سەرئەنجام بەو تێگەیشتنە دەگەین گوتنی توتۆلۆژیی، گوتنێكی هەمان شتە، دوبارەكردنەوەی هەمان گوتنە، دووجار گوتنی ئەوەیە، کە گوتراوە، بۆیە پێویستمان بەوە دەبێت لە توتۆلۆژیی دووركەوینەوە. توتۆلۆژیی دروستكەری بێزاریی و گوتنی شتێكە دەیزانین. كەواتە فەلسەفەكاری كردنی ئەو شتەیە نایزانین، فەلسەفە بۆ گەیشتنە بەوەی نەوتراوە، یان ئەوەی هەمان واتا، یان زانین بەدەستەوەنادات. گەر فەلسەفە بۆ گەیشتن بێت بە دانایی، ئەو داناییە نەوتراوە، هاوشێوە و هەمان واتا لەخۆ حەشارنادات. بۆئەوەی فەلسەفە دروستبێت پێویستی بە بڕین و دیسانەوە دەستپێكردنەوەیە. بەواتایەكی تر، لە گوتندا، یان لە بیركردنەوەدا، کاتێک بێزاریی و زێدەڕۆیی دروستدەبێت، فەلسەفە لەوێدا ئامادەبوونی نەبێت. بۆ هایدیگەر پرسیار لەسەر فەلسەفەكردن، نەك خودی فەلسەفە، کاتێک مەرج بووە، کە فەلسەفەكردن توانای ئەوەی هەیە بمانباتەوە ناو پیادەكردنی فەلسەفەوە، هەرچی فەلسەفەیە توانای ئەوەی هەیە بمانباتەوە ناو تەنها فەلسەفەوە. ئەمەیش داوای مانەوە، یان نیشتەجێبوونمان لێدەكات، واتە ژیان لەناو فەلسەفە. مانەوە، یان نیشتەجێبوون لەناو فەلسەفە بۆ هایدیگەر گرنگ بووە تا بۆمان هەبێت بپرسین فەلسەفە چییە؟ ئەگەرنا بۆمان نییە بپرسین فەلسەفە چییە؟ لێرە ئێمە هاوكۆكی خۆمان لەتەك هایدیگەر نیشاندەدەین، كە دەبێژێت: گشت سەردەمێكی فەلسەفیی پێویستیێكی خۆی هەیە. كە ئەوەیش دواتر وادەكات ئێمە فەلسەفە بكەین. كاتێکیش فەلسەفە دەكەین پێویستمان بەوەیە لەوە حاڵی بین كردەی فەلسەفەکردن لەبنڕا بۆ گەیشتنە بە زانینێكی نەزانراو، ئەو زانینەی نادووبارە و نەوتراوە.

سەرنج:
لە هەنبانە بۆرینە و فەرهەنگە کوردییەکانی تردا زۆربڵێی بە چەنەبازی، چەقەسرۆی، چەقەسووی، چەقاوەسۆی، زۆروێژی، هەڵەوەڕی، دەمهەراشی، چەنەوەری هاتووە.

—————————————————

رفڕێنسەکان
1.Paul Ricoeur.History and Truth. Introduction : Charles A. Kelbley, Foreword :David M. Rasmussen . Northwestern University Press.2007. pp.54-55.
2.D.Q.Mclnerny. Being Logical: A Guide to Good Thinking. Random House Trade Paperbacks. 2005.p3.

  1. Bryan Magee. Från antikens naturfilosofer till dagens moderna tänkare . Bonniers stora bok om filosofi.1998.
    4.Gunnar Fredriksson. Wittgenstein. En biografi. Stockholm : Bonnier. 1993.
    5.Alain Badiou. Andra manifestet för filosofin. Översättning: Carin Franzén.Tankekraft förlag, 2012.s. 1.
    6.Ludwig Wittgenstein, Tractatus logico-philosophicus, översättning, inledning och noter av Anders Wedberg, Thales, 1997.s.37.
  2. Ibid.
  3. Poul Lübcke.red . Filosofilexikonet. Stockholm. 1988. Ss. 539-540.
  4. Dag Prawitz. ABC i symbolisk logik: logikens språk och grundbegrepp. Stockholm: Thales. 1991.s. 62.
    Wittgenstein om tautologier och andra logiska satser.
    http://www.phil.gu.se/posters/festskrift2/mnemo_radovic.pdf



فەلسەفە درۆی بۆ ڕاڤەکردم!-2- ئازاد حەمە

هەرزوو فەلسەفە حاڵیکردم دۆزی ڕاستی، لە هەمبەر درۆ، لە تالوکەدایە
بەشی دووەم

دەستپێک
قەرزاری فەلسەفەم. قەرزاریی لەم جۆرەم بەخۆمەوە نەدیووە. هەر زوو فەلسەفە وایلێکردم لەوە حاڵیبم دۆزی ڕاستی، لە هەمبەر درۆ، لە تالوکەدایە و لە ئێستاشدا ڕاستی بە قۆناغێکی دژوار و سەختدا تێدەپەڕێت. هەموو درۆدەکەن. درۆ فۆڕمی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە، لێ درۆ هەر درۆیە. هەر سەدە و کاتێک درۆی خۆی هەیە و جۆری درۆی خۆشی بەرهەمدێنێت. نەک هەر ئەمانە، ئەوەش، کە ڕاستی گرنگ نییە و کۆپیەکی زۆریشی لێکەوتووەتەوە. درۆ لە زیادبووندایە. درۆ هێندە بەسەلیقە و ژیرانە دەکرێت، خەریکە جێگا بە ڕاستی چۆڵدەکات. باشە فەلسەفە نەبایە چۆن لەوە حاڵیدەبووم درۆ ترسناکە، خۆی دەگۆڕێت و چەندین لێکەوتەی سەمەرەی خستووەتەوە! ئەلێکساندەر كوێرێ Koyréوتەنی “مێژووی درۆ هێندەی مێژووی مرۆڤ کۆنە. وەکیتر مرۆڤ هەر لە ئەزەلەوە درۆزن بووە. درۆی سیاسیش لەگەڵ لەدایکبوونی شار هاتووەتە دونیاوە”.
فەلسەفە خۆشەویست لەبەردڵانە، لێ من قەرزاریم. بە ڕاڤەکردنەکانی بۆ دیاردەکانی ژیان و بوون بردومیەتە كه‌شكه‌ڵانی شادمانی. ئەو شێوە ئامادەبوونەی هۆکار بوو فەلسەفە بێت و بەندە لەگەڵ خۆیڕا ڕاپێچی نێو تێڕامانبکات. هاتنەکەی هەرگیز درەنگ وەخت نەبوو. ئەوەش بە هەنووکەی گەیاندم و ڕۆڵێکی شاراوەشی لە بونیادی هزریمدا بینی. دواتر بەزەقی، قوڵتر، ڕێوشوێنی جیای بۆ بیرکردنەوەم سازاند. لەم بەشەی نوسینەکەم تایبەت بە ‘”من قەرزاری فەلسەفەم””پرسیار سەبارەت بە درۆ لە مێژووی فەلسەفە دەجوڵێنم.

درۆناسی بەپێی فەلسەفەی دێریدا

درۆ لە وتندا دەردەکەوێت. بۆیە كردەی درۆ كردەی وتنە، وتنێكی درۆئامێز. ئەم جۆرە وتنە، وتنی درۆیاوی، لە مێژووی فەلسەفە دا چەمكێكی تەمومژاوییە و پرسیاری جۆراوجۆر هەڵدەگرێت. لە دێر زەمانەوە پرسیارە فەلسەفییەكان تایبەت بە درۆ چەمكی تریان لەخۆگرتووە (بۆنموونە: هەڵە، نا-درۆ، ڕاستی ، نا-ڕاستی، ڕاستگۆیی، فریودان، بەلاڕێبردن لە وتن، خەڵەتاندن و…..). بەپێی ئەوەی وتنی ڕاستی لە كۆمەڵگەی نوێدا لەبەردەم هەڕەشەدایە و زۆربوونی درۆكردنیش كاریگەری لەسەر ڕاستی بەجێهێشتووە ئەمە وایكردووە خودی ڕاستی جێیگومانبێت.
پوختەی ئەوەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێت نوسینەوەی “مێژووی درۆ” کارێکی پێویستە و دەرفەت لەبەردەم تێگەیشتن لە نا-درۆش دەکاتەوە. بیرمەندی فەڕەنسی ژاک دێریدا J. Derrida بە وردی لە ساڵی 1997 دا ئاوڕ لەو مێژووە دەداتەوە. پێشتریش فەیلەسوفان قسەی خۆیان لەسەر درۆ لەمیانە گفتوگۆکردنی ڕاستی هەبووە. گێڕانەوەی “مێژووی درۆ” بێ لایەن نابێت گەر گشت دژە چەمكەكانی (بەرامبەرەكانی) درۆ لەو گێڕانەوەیەدا ڕۆشناییاننەخرێتەسەر. هاوكات مێژووی درۆ ئەو مێژووەشە، كە پڕ لە درۆیە و درۆكانی ناو مێژووش بەشێكن لەو مێژووەی مێژوو لەسەر درۆ بۆمانیدەگێڕێتەوە، لێرەوە دەگەینە ئەوەی بڵێین كاتێك ژاك دێریدا لە كتێبی””مێژووی درۆ”” دا ژێنیەلۆژیایەك (نەسەبناسی، ئەسڵناسی) Généalogie ، ژێنیەلۆژیایەكی هەڵوەشانەوەگەرانە، تایبەت بە مێژووی درۆ دادەمەزرێنێت هەڵوەشانەوەی چەمكی درۆ و سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووەكەی دەكات بە بناغە بۆ تێگەیشتن لە درۆ و هەڵە، لە درۆ و پاساودان، لە درۆ و نیازپیسی، لە ڕاستی و نیازپاكی، لە درۆ و نیەت، لە درۆ و مەبەستگەری، لە درۆ و بەرژەوەندی.
بەو شێوەیە بێت لای سەرەوە هێمای بۆکرا، شێوازی هەڵوەشانەوەگەری دێریدا لەم نوسینەیدا ئەو دەمە بە چاكی بەدیدەكرێت، كە كار لەسەر چەمكی درۆ و چەمكە هاوشێوەكانی دەكات و دواتر لەسەرەخۆ شۆردەبێتەوە بۆ ناو مێژووی درۆ و هەڵوەشانەوەی ئەو مێژووەی بە بەرپرسیاریەتیەكی ڕەوشتیی لەقەڵەمدەدات. لەبەرئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە فاكتەری جیاجیا كاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی درۆ داناوە ئەمە وایکردووە مێژووی درۆ بەپێی كولتوور و شارستانییەكان گۆڕانی بێتەسەر و هەر كولتوور و شارستانییەك مێژووی درۆی تایبەت بە خۆی هەبێت. واتە، درۆی کوردی دەقاو دەق لە درۆی سویدی یان ئیتاڵی ناچێت و بەپێچەوانەوە. درۆزنێکی سیاسی کورد ئەو درۆیانە دەکات بەرهەمی میژوو و کولتوورکەین. درۆی سیاسی کوردی جوانكیلە و هەستبزوێنە، بەناوی شەهیدان و شکۆپارێزی نەتەوەوەیە. وەکیتر درۆی کوردی درۆیەکی لەمێژینە و دووبارەن.

پرسیارسازی لەمەڕ درۆ

گەر فەلسەفەكردن لە پەیوەندیدابێت بە دروستكردنی پرسیار تایبەت بە “درۆ و مێژووی فەلسەفە” ناچارین لەو پرسیارانەوە دەستپێبكەین، کە خۆیان بە دەستپێكی ئەو مێژووە دەزانن: بۆ “من”ێک لە منەکان درۆ دەكات؟ منی درۆزن چ جۆرە منێكە؟ ئەو شتەی وەك درۆ دەوترێت چییە؟ شتەكە چییە، كە دەبێت بە درۆ؟ درۆ مێژووی هەیە؟ یان بێ مێژووە؟ باشە ئەو مێژووەی درۆ دەگێڕێتەوە بەخۆشی درۆدار نییە؟ مێژووییەكی بێ درۆ بوونی هەیە؟ بەواتایەكی تر، خودی مێژوو بەشێك نییە لە مێژووی درۆ؟ گەر هاوكێشەكان بەم شێوەیە بێت، باشە شیاوە نووسینەوەی مێژووییەك تایبەت بە درۆ؟ ئایا ئەو مێژووە لەگەڵ مێژووگەرایی تێهەڵكێش نییە؟ بۆ دەبێت درۆ هەبێت؟ وتنی درۆ پەیوەندی بە وتنی ئەو شتەوەیە ڕاست نییە، یان ئێمە زانیاریمان لەسەر خودی درۆ نییە؟ بەمجۆرە، كاتێك شتێك دەڵێین و زانیاریمان لەسەری نییە ئەوی وتومانە هەڵەیە یاخود درۆ؟ گەر هەڵەمان وتبێت باشە بەوە درۆمان وتووە؟ باشە گفتوگۆكردنی درۆ و هەڵە لێرەوە دەستپێناکات؟ وتنی هەڵە بە مەبەستەوەیە، یان بێ مەبەستە؟ گەر درۆ كردەیەكی مەبەستدار بێت لە وتندا ئەوا ئامانج خەڵەتاندنی ئەویترە. ئەی خەڵەتاندنی خودی خۆی تێدا نییە؟ بۆیەتی (بۆ) درۆكردن پێویستی مرۆڤ بووە بۆ درۆكردن، یان ویست بووە بۆ دەربازبوون لە دۆزێک؟ كەوابێت ئەم پێویستی و ویستە پێمانناڵێت مافێك بۆ درۆكردن هەیە؟ باشە كێ مافی درۆكردنمان پێ دەبەخشێت؟ بۆ ئەم مافە بۆ وتنی پێچەوانەكەی درۆ نەبووە؟ واتە بۆ مرۆڤ لەبڕی ئەوە پێویستی بە (ویستی بۆ) وتنی ڕاستی نەبووە؟ لێرەوە دەمانەوێت بپرسین درۆ جێگرەوی چییە؟ جێگرەوی ڕاستییە؟ یان ڕاستگۆییە؟ گەر كەسێك درۆی كردبێت کەوابێت ڕاستی نەوتووە؟ یان نا- ڕاستی وتووە؟ ئایا ڕاستی نەوتن درۆكردنە؟ كە درۆشمان لەگەڵ دەكرێت پێویستمان بە چییە؟ بە زانینی ڕاستی؟ باشە چۆن بە ڕاستی دەگەین؟ لەڕێگای حاڵیبوون لە درۆ؟ وتنی ناڕاست لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی نەبووە؟ باشە ئەم دیاردەیە لە گشت كولتوور و شارستانیەكان بەو جۆرە بووە؟ كەواتە، درۆ و كولتوور، یان درۆ و شارستانی چ پەیوەندییەكیان بە یەكەوە هەیە؟
وێڕای ئەوە، ڕوونتر بپرسین: كام كولتوور، یان شارستانی زۆرترین درۆی تیاكراوە؟ چ سەردەمێك (چاخێک، سەدەیەک)، سەردەمی كۆن، یان سەردەمی نوێ، داهێنانی لە درۆ دا كردووە؟ ئێمە ئێستا، كە لە قۆناغی كۆمەڵگەی پاش پیشەسازی و كۆمەڵگەی ئەلەكترۆنیداین، ئایا درۆش هێندەی ئەو گەشە ئابووری و تەكنیكییە گەشەی نەكردوە؟ واتە درۆش هاوچەرخ نەبووە؟ لێرەوە دەشێت پرسیارەكان ئاستێكی تر وەرگرن: كام چینی كۆمەڵایەتی (هەژار، یان دەوڵەمەند) زۆرتر درۆ دەكات؟ كام ڕەگەز(نێر یان مێ) درۆزنترە؟ واتە درۆ پەیوەندی بە جێندەرەوە هەیە؟ ڕوونتر بدوێین، درۆ دیاردەیەكی پیاوانەیە، یان ژنانە؟ درۆ تەنیا دیاردەیەكی مرۆییە؟ یان ئاژەڵەكانیش توانای درۆکردنیان هەیە؟ ڕیشەی درۆ مێتافیزیكییە؟ گەر مێتافیزیكییە، ئایا ئایینەكان درۆ دەكەن؟ ئایا ئاین بۆ لەناوبردنی درۆیە، یان خودی ئاین، لەڕێگای گێڕانەوەكانییەوە، دروستكەری درۆیە؟ مەبەستمان ئایا هەقایەتەكانی ئاین جێیگومان نیین؟ مەگەر ئاین بەپێی بانگەشەكانی لەگەڵ درۆ یەكناگرێتەوە؟ ئایا درۆكردن لێزانینی دەوێت؟ باشە زیرەكی لە درۆكردن بە مانای ئەوە نایەت، کە ئەو زیرەكییە گومانلێكراوە؟
هەر تایبەت بەو لایەنە شیاوە بپرسین: هەندێك ڕەفتاری كۆمەڵایەتی نا-ئاخاوتنانە، وەك زەردەخەنە و ئاماژەكانی دەست، دەشێت ئەمانەش وەك درۆ تەماشابكرێن؟ خێزان، كۆمەڵگە، دامەزراوەكان، مزگەوت، قوتابخانە، زانكۆ، میدیا و شوێنە گشتیەكان (قاوەخانە، پاركی گشتی و….) شوێنی بەرهەمهێنانی درۆ نین؟ چۆن دەزانین كەسێك درۆی لەگەڵدا كردوین؟ چۆن دەزانین ئەوەی وتراوە درۆیە لەكاتێكدا درۆكەمان ئاشكرانەكردوە؟ باشە درۆ ڕاستی دەشارێتەوە (وندەكات)؟ یان وتنی ڕستی دوادەخات؟كەوابێت لێرەوە دێینەسەر پرسیاری درۆ و شاردنەوە، درۆ و ئاشكراكردن: ئایا ئەم دوو لایەنە گرنگییان بۆ دیاریكردنی درۆ نییە؟گەر درۆ شاردنەوەی ڕاستی بێت، كەواتە پێویستمان بە ئاشكراكردنی ئەو ڕاستییەیە؟ چۆن دەتوانین بیسەڵمێنین كەسێك درۆی كردوە؟ ئەدی دەزگای ئاشكراكردنی درۆ Polygraph دەتوانێت بمانگەێنێت بە ڕاستی؟ هاوكات شیاوە بپرسین ئایا درۆ لەبەردەم جۆرایەتیدا خۆیدەبینێتەوە؟ واتە دەتوانین باس لە جۆراوجۆری درۆ بکەین؟ ئەی درۆ لە پەیوەندیدا نییە بە بەرژەوەندی و هاوکات بە نیەتیشەوە؟

شوێنێک بۆ درۆ لە مێژووی فەلسەفە دا

بۆئەوەی وەڵامی پرسیارەكانی لای سەرەوە بدەینەوە ئاماژە بەوە دەكەین، کە لە مێژووی فەلسەفەدا درۆ بابەتی گفتووگۆی فەیلەسوفان بووە. فەلسەفە لە ئەفلاتونەوە تا دێریدا، واتە لە یۆنانەوە: ئەفلاتون، ئەریستۆ،دواتر لە سەدەكانی ناوەڕاستدا ئۆگۆستینۆس Augustinus و لەگەڵ دەركەوتنی سەدەی ڕێنیسانس لە سەدەی 16، میشێل دی مونتین Michel de Montaigne، دواتر لە سەدەی 18، رۆسۆ و كانت، و لە سەدەی 19، نیچە، و لەسەدەی 20 دا، ئەلێکساندەر كوێرێ Koyré ، ئارێنت Arendt، پاشانیش دێریدا وتنی درۆیان خستۆتەژێر پرسیارەوە. بۆنموونە، ئەفلاتون لە دیالۆگی هیپیاسی بچكۆلە (Hippias Minor) ئاماژەی بە بوونی درۆزن و درۆزنێكی فێڵباز كردووە. پاش ئەفلاتون دەبینین گفتوگۆی فەلسەفی ئەریستۆ تایبەت بە درۆ و پەیوەندی درۆ بە مەیل و بە نیەتەوە بۆ درۆكردن گرێداوە. لای ئەریستۆ توانای درۆكردن گرینگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەو مەیلەیە درۆزن بۆ درۆكردن هەیەتی.
دیارە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنی ئامانجی گەران بووە بەدوای ڕاستی، واتە درۆ ئەو دوژمنە بووە فەلسەفە هەمیشە كاری بۆ نەمانی كردووە. درۆ، وڕێنە، ئەفسانە، جەهل و خەڵەتاندن ئەو دژە جەمسەرانە بوونە ڕاستی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بەم جۆرە، گەر ڕاستی لە خانەی نا-درۆ دا پۆلینبكەین درۆ لە خانەی نا-ڕاست دا پۆلیندەكەین، بەڵام ئەم پۆلینە پێماندەڵێت دژەجەمسەری درۆ ڕاستی نییە، بەڵكو ڕاستگۆییە، كە دواتر ئەم لایەنە لە توێژینەوەیەکی دێریدا دا ، بەناوی “”مێژووی درۆ””، دەردەكەوێت.
دێریدا كە پێیوایە كردەی درۆ كردەیەكی مەبەستدارە ئەم لایەنە لای ئۆگۆستینۆس ئاڕاستەیەكی دی وەرگرتووە. بۆ ئۆگۆستینۆس درۆ شتێکی مەبەستییە و مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی دا درۆ ناكات. هاوكات ئۆگۆستینۆس پێیوایە دەكرێت وتنێكی هەڵەمان وتبێت بێ ئەوەی درۆشمانكردبێت. ئەم لایەنە بەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئامانج لەو درۆیە خەڵەتاندنی ئەوەی تر (کەسی دووەم) نەبووە. وێڕای ئەوە، وتنی شتی هەڵە، كە پێمانوایە ڕاستمان وتوە مانای ئەوە نییە درۆزن بین، بەڵام وتنی ڕاست، كە پێمانوایە هەڵەیە درۆزنمان دەكات. بەپێی ئەم بیرمەندە دەتوانین هەڵە بكەین، بەڵام هەڵەكار درۆزن نییە. واتە هەڵە لە درۆ جیایە. گفتوگۆكەی دێریدا لەمبارەیەوە پێماندەڵێت درۆ لەگەڵ خودی خۆدا نەشیاو و بێمانایە، لەبەرئەوەی ناكرێت مرۆڤ شتێك بە خۆی بڵێیت، کە لە ڕاستییەوە دور بێت، لەو ڕاستییەی ئەم مرۆڤە بیریلێدەكاتەوە. ئەمەش ئەو تێگەیشتنەمان لادروستدەكات، كە ئەو كاتەی مرۆڤ درۆ لەگەڵ خودی خۆی دا دەكات ئاگایی بوونی نییە. ئۆگۆستینۆس پێیوایە دەكرێت ئێمە قسەیەك بكەین هەڵەبێت بەبێ ئەوەی درۆشبكەین، ئەگەر پێمانوابێت ئەوەی وتومانە ڕاستە ئەوا مەبەستمان ئەوە نەبووە كەس بخەڵەتێنین. كەواتە دەتوانین قسەیەكی ڕاست بڵێین لەکاتێکدا درۆشدەكەین، ئەمە ئەگەر مەبەست لە وتنەكە خەڵەتاندنی ئەویترێک بێت. دێریدا گریمانی بوونی پەیوەندی دەکات لەنێوان درۆ و مەبەستگەریدا، ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی، ئەم بیرمەندە پێیوایە سەختە ئەوە بسەلمێنین كەسێك درۆیكردوە بەس دەتوانین ئەوە بسەلمێنین ڕاستی نەوتووە. دێریدا جەغتلەوەش دەكات، ئەستەمە كەسێك درۆ لەگەڵ خۆی بكات. مرۆڤ ناتوانێت بەمەبەستەوە شتێك بەخۆی بڵێت، بۆخۆخەڵەتاندنی خۆی، كە جیا بێت لەوەی بیریلێدەكاتەوە. هەرچی رۆسۆیە پێیوایە مرۆڤ تەنیا لەو حاڵەتەدا درۆ لەگەڵ خۆیدا دەكات، كە خۆی وەك كەسێكی سەربەخۆ ببینێت.
لە سەدەی ڕێنیسانس و دەركەوتنی فەلسەفەی مۆدێرنە درۆ بەشێک بووە لە گفتوگۆ فەلسەفییەکان. میشێل دی مونتین لەمڕوەوە بەدوای ئەوەدا وێڵبووە، ئایا درۆ دژەجەمسەرەكەی تەنیا ڕاستییە، یان درۆ هەزارەها ڕووی تریشی هەیە؟ ئەم لایەنە تا ئێستاش بەشێك لە گفتوگۆ فەلسەفییەكان تایبەت بە درۆ پێکدێنێت. لە سەدەی 18 و لەگەڵ هاتنی فەلسەفەی ڕۆشنگەریی رۆسۆ، بۆ ئەوە دەچن ئەو درۆیەی بێ بەرژەوەندی دەیكەیت و ئامانجت زیان گەیاندن نییە بە ئەوانیتر و بە خۆت بە درۆ دانانرێت. تەنانەت ئەوەش، كە وتوتە درۆ نییە، بەڵكو وێناكردنە. سەرباری ئەوە، بەپێی تێگەیشتنی كانت، کە فەیلەسوفی سەردەمی ڕۆشنگەرییە، وتنی ڕاستی پێویست و مەرجدار نییە. واتە ڕاستی دەبێت بوترێت. وتنی ڕاستی ئەركێكی پیرۆزە و ئەو پیرۆزیەی ڕاستی تەنیا ئاینی نییە، بەڵكو عەقڵیشە. كانت وتەنی، درۆ بەسوود نییە، چونكە درۆ دژ بە ئەرك و ڕەوشتی ئاخاوتنە. ئاخاوتن بۆ ئەوەیە، كە دەبێت ڕاستی تیابوترێت. ئاخاوتن بەڵێنێكە بۆ وتنی ڕاستی بۆیە درۆ شكاندنی ئەم بەڵێنەیە. بەم جۆرە، كانت وتەنی، درۆ لادانە لە بەڵێن، درۆ بەجێنەگەیاندنی ئەو بەڵێنەیە درۆزن نەیهێناوەتە دی بۆ وتنی ڕاستی.
لە سەدەی 19 دا نیچە هێرشێكی زۆر دەكاتە سەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا و تێگەیشتنی ئەم فەلسەفەیەش بۆ واتای ڕاستی ڕاڤەدەکات. ئەوەی نیچە بەلایەوە سەیرە ئەوە بووە، كە مرۆڤەكان وتنی ڕاستیان بەلاوە گرینگە نەك لەبەرئەوە خواوەندێک لە خواوەندەکان درۆی حەرامکردووە، بەڵكو لەبەرئەوەی وتنی ڕاستی خۆشترە و هەرچی درۆیە پێویستی بە داهێنان و شاردنەوە و یادە. کەوابێت، درۆ داوای زیرەکی و کارزانییمانلێدەکات، هەرچی ڕاستییە شتێکی ئەوەی پێویست نییە. ئەمەو لە دیدی نیچە درۆ بەرهەمی هەڵەیە، بەڵام لە سەدەی 20 دا دەبینین فەلسەفە بەجۆرێك سەیری درۆ و بەرژەوەندی دەكات، كە یەكانگیری یەكن، بەتایبەت لە بواری سیاسیدا. دیدی كوێریش، فەیلەسوفی فەرەنسی بەڕەچەڵەك ڕووس، بۆ درۆ قسەكردنە لە مانای سێستەمە سیاسییە تۆتالیتارییەكان بۆ درۆ. دواجار دێریدا لەڕێگای ئارێنتەوە دەیەوێت مێژوویەك بۆ درۆ بنوسێتەوە، بەڵام نووسینەوەی ئەو مێژووە بە سانا نازانێت و لەكاتی خستنەڕووی مێژووەكە ئەوە دەردەكەوێت، كە درۆ مێژوویەكی سەربەخۆی هەیە و درۆ لە بواری سیاسەت دا بەشێكە لەو مێژووە. ئەمەی کوێری و ئارێنت سەبارەت بە درۆی سیاسی قسەیلێوەدەکەن کوتومت لە ئێستا لە کوردستان کارایە. درۆی سیاسی کوردی درۆیەکە دابڕاو نییە لە مێژووی کورد، بەتایبەت مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی. پێشبڕکێی بنەماڵە سیاسییەکان لەسەر درۆی سیاسی ڕێزمانی خۆی هەیە و هۆنینەوەی درۆکانیش سۆز و نەتەوەپەرستی ڕایگرتووە(خانەوادەی شەهیدان، هەژاران و بەشخوراوان و…هتد).

لە كۆتایشدا دەڵێین، درۆ فانتازما phantasm (خەیال و خورافیات) نییە هەروەك ئەوەی یۆنانییەكان بۆیچوون و پسۆدۆس Pseudos (ساختە، فێڵ، درۆ) یش نییە، كە هەڵە و خەڵەتاندن پێكەوە كۆدەكاتەوە، هاوكات درۆ دژە جەمسەری هەڵەش نییە، بەڵكو دژەجەمسەری هەڵە ڕاستگۆییە. تەنانەت درۆ نامەبەستیش نییە هەروەك ئەفلاتون بۆیچووە. جاریوایە دەزانین درۆ دەكەین، بەڵام ئەمە جیایە لەوەی، كە پێمانوایە درۆ دەكەین، یان نەمانزانیووە درۆمانكردووە. دێریدا پێیوایە ئەستەمە ئەوە بسەلمێنین، كەسێك درۆیكردووە، بەڵام دەتوانین ئەوە بسەلمێنین ڕاستی نەوتووە. لێرە دەكرێت قسەمان هەبێت لەسەر درۆ بە مەبەستەوە و درۆ بەبێ مەبەست (بێ ئاگا و بەبێ هوشیاری). گەر راستیش وتنی ئەو شتە بێت پێویستە بوترێت ئەوا درۆ وتنی شتێكی ترە، وتنەكەش بەمەبەستەوە بێت درۆیە ئەگەرچی لای ئەریستۆ درۆ بە نیەتەوە گرێدراوە، تەنانەت گەر ڕاستی پیرۆزیش بێت هەروەك ئەوەی ئۆگۆستینۆس ئاماژەی پێداوە کەواتە درۆ بۆ لێدانی ئەو ڕاستییەیە کە پیرۆزکراوە. ڕونتر بدوێین: بۆئەوەی لە درۆ بگەین پێویستمان بە تێگەیشتنە لە دوانەیی ڕاستگۆیی/درۆ كە ڕیشەی لە وتاری مێتافیزیكی ڕۆژئاوا داكوتیوە. بۆیە وتنی درۆ بەناوی ڕاستییەوە ڕاستی بێ بەها دەكات. ئەو ڕاستییەش، كە ناوترێت و دەشاردرێتەوە نابێت بە درۆ. شاردنەوەی زانیاری بەمانای وتنی درۆ نایەت، كاتێك شاردنەوەی زانیاری بەمانای وتنی درۆ دێت. كە شتێكی تر بوترێت. شتێک کە ناڕاستە.

ئازاد حەمە

——————————————————–

رفڕێنسەکان

1.Jacques Derrida. History of the Lie: Prolegomena in: Without Alibi. Transl. P. Kamuf. Stanford University Press, Stanford. 2002. pp. 28–70.

  1. Jacques Derrida. Histoire du mensonge prolégomènes. Galilee edition. 2012.
  2. Hannah Arendt. “Sanning och Politik”, i Mellan det förflutna och framtiden, övers Annika Ruth Persson. Göteborg: Daidalos, 2004.
    4.Arendt A. Lying in Politics. Reflections in The Pentagon Papers in: The New York Review of Books 17, 8/1971, pp. 30–39.
  3. Alexandre Koyré . La fonction politique du mensonge moderne. www.jstor.org



من قەرزاری فەلسەفەم!.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

دەستپێک :
بۆیه‌كه‌مجارە سەربوردەی خۆم دەگێڕمەوە، گەدائاسا باس لە قەرزاری فەلسەفیی خۆم دەکەم، ئەوەی چۆن لە هەڕەتی لاوییەوە قەرزێکی زۆری فەلسەفە کەوتە کنم. لەدیدی بەندەوە پەیبردن بەو قەرزە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتییە، زۆریش گەرەکمە پەیتا پەیتا تا ماوم بیدەمەوە. بەڵێ باس لە قەرزاری فەلسەفیی خۆم دەکەم، باس لەوەدەکەم فەلسەفە وایلێکردم خۆم بم، باس لە سەرەتاکانی هەژاریی ئاوەزمەندی ئەو دەمانەم دەکەم فەلسەفە هێشتا تووخنم نەکەوتبوو، هێشتا لە سایەدا بووم و سێبەرم تێنەپەڕاندبوو. هەربۆیە هەستی “من قەرزاری فەلسەفەم” دەبێتە زنجیرە ڕاڤەکردنێکی فەلسەفیی، کە لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە و پەیکەربەندی هزریشی بەجۆرێک دادەڕێژرێت کۆڵینکارییەکان بەرەو ئەو شوێنانە بچن، کە پێویست و تایبەتن، گرنگن بۆ مشت و مڕ و خستنەگەڕی دید و بۆچوونی جیا. لەوێندەرێ فەلسەفە دەهێنرێتەگۆ و ئەرکی جوداوازیشی لێچاوەڕواندەکرێت. هەر لەبەرئەوە لێرەوە داوای پشوودرێژی لە خوێنەرانم دەکەم تا ئەو شوێنەی دەکارم هەل و مەرجی قەرزاری فەلسەفی خۆمیان بۆ دەستنیشانکەم و ئەو تەقەلایانەش، کە بۆ دانەوەی ئەم قەرزە دەیگرمەبەر. چۆن قەرزبدەینەوە، بەتایبەت قەرزی فەلسەفی؟ ئەو پرسیارە خۆی دەکاتە کۆڵەکەی گشت پرسیارەکان و جێ پەنجەی خۆی لەناو گشت پرسیارەکانی ئەو زنجیرە ڕاڤەکردنە دادەنێت لە دواتردا وەسەرەتای دێم. چونکە کرۆکی ئەو قەرزە تێگەیشتن لەسەر گشت ئەوانەش دروستدەکات لە مندا گۆڕان، کە منیان لە بارێکەوە بۆ بارێکی سەرلەبەر جیا برد.
پوختەی ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، قەرزاری فەلسەفیی من لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، دوای ئەوەی بە فەلسەفە ئاشنابووم سەرلەبەری ژیانم پشتڕاستبووەوە و فەلسەفەش لە مندا بەری بە زۆر شتی ناڕاست و دزێو گرت. فەلسەفە کۆششێک بوو بۆ بنکۆڵکردن و سڕینەوەی ئەو منەی لە مندا دەیویست چرۆدەرکات، کە منێکی ناپێویست و ناچیزە بوو. ئەوە چ منێکە ژینگەیەک دەیسازێنێت کاری داڕمان و داتەپاندنە. جۆرە دەورووبەرێک خەریک بوو منێک لە مندا دروستبکات بەخۆی لە تەقەلای بنکۆڵکردن و ڕوخاندنی خودی خۆی دایە.
بۆ من ئاسان نەبوو پێش بەریەککەوتنم لەتەک فەلسەفەدا وشەدانی خۆم بناسمەوە، فەلسەفە وەک دەرمانسازی هزریی ببینم، حەکیمانە دیوارێک لە نێوان دوو جیهانی دەرهەست و بەرهەستدا دابنێم. وامدەزانی ڕاستی لە گشت شوێنێکدا هەیە. ئافراندنم لە چێژدا نەدەبینییەوە. پێموابوو سروشتی جوانی لێڵ و نابەرهەستە، هەستئامێزی هزریشم بە وڕێنە دەزانی. فەلسەفە هەنگاوێک بوو بۆ کۆکردنەوەم، بۆ دەربازکردنم لەو پەرتییەی دەورووبەرم پێوەیدەگلاندم. ئاه… چ دەورووبەرێکی نافەلسەفییم هەبوو. ئەگەرنا پەرتی و گه‌ڕیده‌یی لە فەلسەفەدا تامێکی تریان هەیە و تەقەلان بۆ وتنی نەوترای تەلیسماویی.
پوختەی هەموو ئەوەی تا ئێرە باسکرا، کۆڵەکەی گشتی ئەو زنجیرە باسە پێکدێنن لەژێر ناوی “”من قەرزاری فەلسەفە”” م دەنوسرێت، کە لە خودی خۆیدا ئەو تێگەیشتنە خودییانەن نوسەرەکەی هەڵگریەتی و وەڵامی جیاواز بە پرسی بیرکردنەوە و بەرپرسیاریەتی و سروشتی جیهان دەدەنەوە. ئەگەرچی ئێستاشی ڕالەگەڵدا بێت گومان دەکەم ئەو ئەرکە فەلسەفییەم پێڕاپه‌رێنرێ لە فەلسەفەدا پەنهانە.

ئیدی فەلسەفە بووە چراوکی بەردەوامی من

بە پوختی و بەرلەهەر شتێک دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، لەو دەمەوەی بەریەککەوتنم لەتەک فەلسەفەڕا پەیداکردووە پێمەوەلکانی فەلسەفە پایانی نییە و جێگەوپێگەی فەلسەفەش لە خەمڵاندنی بیرکردنەوەی مندا بە ووردی درکی پێدەکرێت. وێجا فەلسەفە هەر زوو بووە خاڵی وەرچەرخاندنی ژیانم. وایلێکردم وردبینانە تر بڕوانم و تامەزرۆی ژیانیش بم، ژیانگەلێک، کە لەوەوبەر تامم نەکردووە. ژیانێک، کە ناهاوشێوەی ئەو ژیانە بوو لێرە و لەوێ بە تۆپزی بەڕێمدەکرد. هەر لەو دەمەوە شاكارە ناوازەكانی بیریارە مەزنەکان منیان تا بینەقاقا قەرزاری خۆیان کرد. بەڵێ تا بینەقاقا ڕۆچوونە ناومەوە. ناوەوەم، ئەم ئێستا هه‌وارگه‌ی هزرانە، پڕە لە شادی، ئارامی و هەستی بەرپرسیاریەتیش تیاما بێوچان چرۆدەکەن. ئێستاشی لەگەڵدابێت مێژووی فەلسەفە بۆ بەندە داگیرکارە و بەشێکی ڕوناکیبیریشم پێکدێنێت. لەمبەینەدا فەلسەفە ئەوەی دامێ، کە ژیانی سادەی ڕۆژانە پێینەدابووم. ڕۆژانە بینیم فەلسەفە، بێ سڵەمینەوە، لەناوما بێ ڕکابەر دێت و دەچێت. لەوێوە پەلەکێشی نێو ڕووبەرێکی هزریی بێ تخووب و واڵای کردم. لەو دەمەوە عەوداڵی مانا و حاڵیبوون لە شتەکانی دەورووبەرم بووم. ئەمە وایکرد زۆری پێنەچێت فەلسەفە گشت کونوکەلەبەرەکانی ژیانم بتەنێتەوە.
گرێگەلێکی زۆر هەبوون مناڵی و هەرزەکاریم تیاما سازاندوبوویان، فەلسەفە لەسەرەخۆ لەسەر چۆنیەتی كردنەوەی گرێ كوێرەكان ڕایهێنام. ئەمە هۆکاربوو ووردە ووردە فەلسەفە سەرسامبوونم تیا دروستکات. سەرسامبوونەکان فەلسەفەسازییان تیاڕسکانم و پاشماوەكانی فەلسەفەش تیاما زوو زوو زەنگیان لێدەدا تا لەوە بەئاگامبهێننەوە ترسناک و هێرشبەری سەر بوونمە. ئەو دیاردانەش، کە دەستیان لێدەوەشاندم تارماییەكانی فەلسەفە، کە بەسەر منەوە دنیابینیینی نوێیان پێدەبەخشیم، نەیاندە‌هێشت سامناکی بخەنە ژیانمەوە.
بیرمەندە فەرەنسییەکان هەر زوو، لە هەڕەتی لاویی و سەرکەشی خۆمدا، جێی سەرنجڕاكێشانم بوون. فەلسەفەیان لە مندا تا ئەوپەڕی بەخێوکرد. بەهۆی ئەوانەوە لەوە تێگەیشتم، لەگەڵ فەلسەفەژیان تا ئەوپەڕی ژیان تا کەناری مردن لەگەڵت دێت. کە فەلسەفەش لەگەڵت بوو تەنیا نابیت و لە ناو دڵشكاوی ژیان سەرگەردان نابیت، یان دڵشكاوی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لاتدەمێنێتەوە. بیریارەکان بەو گریمانەیان گەیاندم، ژیانی مرۆڤەکان، بگرە کولتووریشیان، بێ فەلسەفە لاسەنگ دەبێت. فەلسەفە پارسەنگی خودیی مرۆڤ دەپارێزێت. وەک هێزێک لەناوەوەی ئەم خودە خەریکی ئامادەسازییە. ئەوەشیان حاڵیکردم پێویستم بەوەیە لەتەک فەلسەفەدا پشوودرێژ بم. فەلسەفە زەفەربەرە و دێتیشە ناوی ناوەوەی مرۆڤەوە. دێتە ژووری ژوورەوەی ناخ. فەلسەفە لەوێندەرێ بە ئاسپایی و زۆر لەسەرەخۆ باروبارگەی دادەنێت و دەستدەکات بە کردنەوەی بەر و بوخچەی خۆی.
بەریەکەوتن لەتەک فەلسەفە سەرەتای بارگەتێکنان بوو بەرەو هەوارێکی تر. هەوارێکی زیدە نوی. هەوارە ڕاستەقینەکەی مرۆڤ، کە ئەوەش بریتییە لە بیرکرنەوەی قوڵ و تێڕامانی زۆر و بەردەوام. بەمە فەلسەفە بووە بارەکۆڵی سەرەکی و بەردەوامی بەندە. بۆ هەر کوێ دەچووم ئەم بارە بە کۆڵمەوە بوو. ئەم کۆڵکێشانە بۆ من بووە سەرەتایەکی تازە بۆ تێگەیشتن لە مانای ژیانی خۆم و خۆسازانیشم لەگەڵ کرداری بیرکردنەوەدا. لەو دەمەوە فەلسەفە ئەو کۆڵە بوو شانمخستەژێری. کۆڵکێشانەکەم ئەوەی بۆمەیسەرکردم لە پەنای فەلسەفەدا بحەوێمەوە و پشوویەکبەم. بەمە فەلسەفە لە مندا بارێکی زۆری بەست. بارەکەم دید و تێڕامانی تیۆریزەكارە فەلسەفییەکان بوو، کە بوونە مەشخەڵی هەمیشەی ڕێگاکانم. هەر لەو دەمەوە بە کۆڵباری خۆم ئاشنابووم و لە کوێ ویستم بارگەم خست. ئالێرەوە خۆدۆزینەوە دەستیپێکرد. دۆزینەوە بەو مانایەی واڵنشتاین بەکاریدەبات، داهێنان نەک بەدەستهێنان(1).

قەرزاری فەلسەفیی قەرزارییەکی بووناوییە

دەمێکە قەرزاری فەلسەفەم. قەرزی وا بە ئاسانی نادرێتەوە. ئەم جۆرە قەرزە بڕانەوەی نییە و بە سانایی لەکۆڵمنابێتەوە. چ بانکێک ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەرکی دانی قەرزی فەلسەفی و وەرگرتنەوەی؟ مەگەر زۆر نیین ئەوانەی ئەم جۆرە قەرزەیان لە کنە؟ بی ئەندازە زۆرن ئەوانەی قەرزەکانیان خستۆتەگەڕ و دەرامەتێکی گەورەشیان بۆ مرۆڤایەتی مەیسەرکردووە تا ئەم جۆرە قەرزە شیاو بێت. بێ سڵەمینەوە دەڵێین، هزرمەند و فەیلەسوفەکان “گرووپی بانکی جیھانی” ئەم جۆرە قەرزە پێکدێنن. نەختی ئەم گرووپە داناییە، دراوەکەی گڵوباڵە و وەبەرهێنانیشی لە گشت کولتوور و شارستانییەکان دا بەردەوام کاری خۆی دەکات. شایانی وتنیشە، فەلسەفە دراوێکە بەردەوام لە گشت کاتەکاندا بەکارمانبردووە. دراوی لەم جۆرە لە ژیاندا بێوچان دێتە بەکاربردن.
ڕەوشت، لە ئەم ئێستادا و لەژێر زەبری تەکنەلۆژیای زانیاری، گەیشتووەتە بنبەست بۆیە فەلسەفە لە گشت کاتێ پتر پیویستە. تا ئەندازەیەکی زۆر گشت کولتوورەکان لەسەر ئەوە کۆکن فەلسەفە جێپەنجەی خۆی لەناو ژیانی ڕەوشتیمان داناوە، لێ داوای گۆڕانی گەورەتر و ڕیشەیی تر لە فەلسەفە دەکرێت. کارەساتبارە مرۆڤەکان لەژێر فشاری تەنیایی، دڵشکاوی و بێمتمانەیی پەنا بۆ زانیارییەکانی ناو سۆسیال میدیای هاوچەرخ ببەن. لە کاتێکدا ئەم میدیایە بەتەواوەتی پشتی لە فەلسەفە کردووە و مرۆڤی سەردەمیشی دووچاری گیرۆدەبوونێکی نوێ کردووە، کە زێدەڕۆیی و پووچییە.

فەلسەفە شوێنێک بۆ دڵنه‌وایم، سەرەتای گەڕیدەییم

ئەوە ڕێکەوت بوو فەلسەفەی بۆ دۆزیمەوە، منی توڕهەڵدایە ئامێزی گەرمی فەلسەفەوە. هەر لەیەکەم ژوانم لەتەک فەلسەفەدا جوانكیلەیێکم لە فەلسەفەدا بەدیکرد. ئەو دەمەی من و فەلسەفە لە شوێنێکدا (کە دواتر دێمەوە سەری) پێکگەیشتن لەوە حاڵیبووم پێویستە لە شتێك پشكنین بکەم زانینم لەبارەیەوە هیچە. شوێنی ژوانی ئێمە بووە شوێنێک بۆ پەیپێبردن. بۆیە بێ چەند و چۆن دەڵێم، ئەوە فەلسەفە بوو منی خستە بەردەم زۆرێک وەڵامی سەیرەوە. پێشتر وەڵام لە کن بەندە وەڕەس و دەستەمۆبوو، لێڵ و ناروون بوو.
فەلسەفە بوارێکی دڵخوازی مرۆڤایەتییە، چەقی زانینەکانە. بوارە دڵخوازەکەی گشت کولتوورەکانیشە. فەلسەفە دەتکاتە کۆچەر. گەڕیدەئاسا ئۆقرەت لێدەبڕێت. تەنیا گەڕۆک و ئاوارەکان لە مانای داڵدە دەگەن. ئەوە گەڕندەکانن بێ شوێن و زێدن، ئەوانن لە پەناگا و داڵدە حاڵیین. کاتێک فەلسەفە دەبێتە پەناگا، شوێنێک بۆ حەوانەوە دروستدەبێت، لەوێوە لێدانی دڵی ژیان دەستپێدەکات. ئەمانەش دەمانباتەوە نێو لێکئاڵانی ژینگە بە فەلسەفەوە.
من لە شاری کەرکوک لەدایکبوم، لە گەڕەکێکی ناسراوی ئەو شارە (ئاخور حوسێن لە حەسیرەکە). ئەوێ پڕبوو لە ماتریاڵەکانی فەلسەفە. ئەو گەڕەک و دەڤەرە شانۆیەک بوو ڕۆڵی زۆری پێبەخشیم. فەلسەفە پێویستی بەو شانۆیە بوو. ئیدی فەلسەفە لەناوما هات و چوو، دەڤەری ناوبراو بووە هەوێنی فەلسەفە، ڕۆژانە تیامدا بیرکردنەوە چرۆیدەکرد. چەمکسازی فەلسەفیی خۆم لەو دەڤەرەوە هێنا. فەلسەفەکاری لە مندا زارۆکی ئەوێندەرێیە. ئیدی لەسەرەخۆ، مەینەتییەکان فەلسەفەسازییان فێرکردم. سەرلەبەری ژیانمیان یەکسانکرد بە سۆراغ. بەواتایەکی دی، دەڤەر و زێد لێكه‌وته‌ى جیاوازى هه‌یه‌. سەرسوڕمان و حاڵینەبوونە ڕاستەقیینەکانیش لەوێ لەدایکدەبن.
وێڕای ئه‌وه‌، کۆچەریی و بێدەرەتانیی لەگەڵ فەلسەفە فۆڕمی تر وەردەگرن. بەشێک لە فۆڕمەکانی خوگرتن و ڕاهاتنە لەسەر دڕدۆنگ و دوودڵی و گومان. ڕەنگە بەشێکی تری مەیلبێت بۆ بەسۆراغداچوون و پشکنین. چونکە فەلسەفە پڕ پڕە لە عەوداڵبوون و بەدواداگەڕان، پەیبردن بە پەیپێنەبراو و بینینی نەبینراو. ئه‌مه‌ش واده‌كات پێشهاتى نوێ بێته‌ پێشه‌وه‌، ژیان شتی تری تێدەکەوێت. بوونی کۆمەڵایەتییش دەستکاریدەکرێت و وێڵی ئاقاری دی دەبێت.
فەلسەفە منی لە گرفتاربوونەکانم دەربازکرد، لێ خستمییەناو گرفتاربوونی نوێووە. گرفتاربوونی من بەدەست فەلسەفەوە گرفتاربوون بوو لە جۆرێکی تر. گرفتاربوون بوو بەدەست بیرکردنەوەوە، مشتومڕ و سۆراغەکانەوە. لە هەوارگەی فەلسەفەدا گرفتابوون تامێکی تری هەیە. چێژێکی بووناوی هەیە، کە مانا بە بوون دەدات. بەمە فەلسەفە بێمنەتیکردم ، نەک هەر ئەوە بگرە فەلسەفە وایلێکردم هەست بە بوونی سەرمایەیەکی مەعنەوی لە خۆمدا بکەم. زۆرجار لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدا بوومە، لێ فەلسەفە وزەی پێبەخشیوم و لە وێرانبوون پاراستوومی.
قۆرخكاری بۆ گەیاندن بە پلەی حاڵیببون، گڕگرتن لە هەناوی فەلسەفەدا ئامادەیە، لێ ئامانجی سەرەکی لەوە گەیشتنە بە ڕاستی. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی لە فەلسەفەدا ڕووشكێنی زۆرە. فەلسەفە دەکارێت پێمانبڵێت بەرەو چی و کوێ دەڕۆین، لێ فەلسەفە دەجال (فێڵباز) نییە و کاری هەمیشەیی سەرزەنشتکردنی بەدی و بێدادییە.

پێش ئەوەی ڕێکەوتی فەلسەفە بکەم لە غەفڵەتدا دەژیام

بەڵی، پێش ئەوەی ڕێکەوتی فەلسەفە بکەم لە غەفڵەتدا دەژیام. لە سۆراغی ئەو شتەدا بووم بێ تام و بێ ناواخنە. مشتومڕی زۆر تووندم لەسەر بی ماناترین شت دەکرد. لەسەر ئەوە دەوەستام شایانی ئاوڕلێدانەوە نەبوو. وامدەزانی گشت بوونم ئەو نەختە شتە ناچیزەیەیە، من خۆمم لەسەری ڕاهێناوە. سەیربوو لە بێدەرەتانی، مەینەتی، ئاوارەیی، نسکۆ و چەندین واتا و چەمکی دی تێنەدەگەیشتم. پێموابوو ئەو واتا و چەمکانە دیوی تریان نییە و لە ئەزەلەوە بەو جۆرەن. ئەفسوس، زوو زوو دەستەمۆدەبووم بە شتێکی بچووک، دەرەتان و دەرەچەم لە شتی بێ ناواخندا دەبینییەوە. بەردەوام خۆم لەناو پەرشوبڵاویی و هەڕەمەکیدا دەدۆزییەوە. پێموابوو دڕدۆنگ، دوودڵی و گومان ترسناکن. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم و بیرمبێت شتکانم وەک خۆی دەبینی، نەمدەزانی هەر ئەو شتانە بزاڤ، ئاقار و ڕەوتی تریشیان هەیە. ناحاڵیبوونم لەناو ناحاڵیبووندا دەبینییەوە. لێدەگەڕام ناحاڵیبوون یەکلاینەکرێتەوە. نەمدەپرسی بۆ ئەمە نا ئەوەیتر دەبێتە بەها؟ نەمدەزانی لە دەرئەنجامی پەیوەندی نێوان بەهاکانەوە ئەوە ڕوودەدات(2). تەنانەت ئەوەش، کە خوێندنەوەی دەقێکی فەلسەفیم پێ وانەبوو ئەوە ڕاڤەکردنەکەشیبێت(3). بە کورتی سپی بیرمدەکردەوە سپی. سپییەکی بێزارکەر. بێ چێژ و بێ بۆن. سپییەکی بەتاڵ، بەدەر لە مانا و ڕاڤە. سپییەکی کەمتەمەن و ئٶقرەگرتوو.

خوا ئەو نەتەوانە بەختەوەردەکات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف

هزرمەندی فەرەنسی دێکارت پێیوایە، خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف. نەتەوەکان لە خۆڕا نابنە خاوەنی فەیلەسوف. بە فەیلەسوفبوونیش شتێکی پلانبۆداڕێژراو نییە. خودی فەلسەفەش لە خۆڕا نەهاتووەتەدونیاوە. ئەو ڕێکەوتەی لە پشت فەلسەفەوە بووە پێویست و تایبەتبووە. بۆئەوەی فەلسەفە هەبێت بیرکردنەوەی مرۆڤەکان ناکرێت دووبارە بێت. خودی فەلسەفە کردەیەکە لە بیرکردنەوەی نادووبارە و جیا. فەلسەفە جیایە، بەرهەمی جیاوازیەکانە، بێئۆقرە و فرە ڕەنگە.
فەلسەفە لە زیاد لە گۆشەیەكەوە دێتە ناو ژیانمانەوە، هونەر، زانست، سیاسەت تادەگاتە هاوڕێیەتی و ئەڤینداری. ئەمەش ڕوانگەمان دەگۆڕێت. ڕوانگە گۆڕین کارێکی دژوار و ناسانایە، لێ فەلسەفە لە مێژەوە ئیشی بۆکردووە و مرۆڤایەتیش لەوە سودمەند بووە. بۆیە جێگای سەرنجمە بڵێم، چنینی هزری فەلسەفیی بەرهەمی زۆر بیرکردنەوەی قوڵ و تێڕامانە.
سوكرات پێیان وابووە فەلسەفەكردن مادەیەكە لە پاكسازی (خاوێنكردنەوە) Purgation و بەپێی قاموسی وێبستەر Webster یش بێت، فەلسەفە جۆرێكە لە پاكسازی ڕوناكبیریی (4). هەمیشە سوكرات لەو باوەڕەدا بووە، فەلسەفەكردن لە چوار شت ئازادمان دەكات : 1 : لە غرور ، بەتایبەت غروری بیركردنەوە؛ بیرکردنەوە لەوەی دەزانین، کە چی نازانین، 2 : لە پەرێشانی، كە بەرهەمی بێ مانای، ناڕوونی و گومڕاییە، 3 : لە ترسی بێ بیانوو، بۆنموونە بیانووی ترس لە مەرگ، 4 : لە سۆزی زیانبەخش، بۆنموونە، سۆزی چێژ، خاوەنداریەتی، هێز و شوهرەت. سوكرات وای بۆ دەچێت ئەم شتانە تۆێكلی ڕۆح ،وەك قووڕ، دادەپۆشن و ناهێڵن ڕوناكی ڕاستی و باشەی پێبگات (5). كەوابێت، لای سوكرات فەلسەفەكردن بۆ پاككردنەوەی ڕۆحە لەم ڕێگرانە. ئەو چوار شتەی سوكرات ئاماژەی پێدەكات ڕۆح پیسكەرن، ڕۆحیش پاش پیسبوونی پێویستی بە خۆپاقژکردنەوەیە. بۆ ئەوەی ڕۆح خۆی لەو پیساییانە پاقژبكاتەوە فەلسەفەكردن دێتەکایەوە. ئەو چوار دیاردەیەی سوكرات باسی لێوەدەكات گوشار دەخەنە سەر ڕۆح و ناهێڵن كاری خۆی بە پاكی بكات. بیرۆكەكەی سوكرات لێرەدا خۆی لەوە پوختدەكاتەوە، فەلسەفە كار لەسەر ڕۆح خاوێنكردنەوە دەكات، بەڵام ئێمەی مرۆڤ، كە هەمیشە ترسی مەرگ دەمانتۆقێنێت هیچ تێگەیشتنێکمان بۆ ئەم ترسە نییە، ئەمەش وادەكات ڕۆحمان بەدەم ئەم ترسەوە پیس بێت. ئەو دەمەش مەیلی شەهوەت و هێز و خۆشیەكان دەكەین ڕۆحمان پریشكی ئەم مەیلەی بەردەكەوێت و پیس دەبێت، یان كە خۆمان هەمیشە لە ناڕوونی و بەدحاڵییدا دەبینینەوە دووچاری بەهەڵەتێگەیشتن دەبین و ڕۆحمان لەكەداردەكەین، وێرای ئەوە، ئەو فیزە زۆر و لووتبەرزییە گەورەیەی تیاماندایە دیسانەوە ڕۆحمان شەكەت و ناشرین دەكات. بەم جۆرە، پێویستە هەموو ئەمانە لە ڕۆح دورخرێنەوە و ڕۆحیش خاوێن و پاك بمێنێتەوە تا هەست بەبوونی خۆی بكات. بۆئەوەی ئەمەش ڕووبدات پێویستمان بە فەلسەفە دەبێت.
بایەخدان بە فەلسەفە دەكرێت لە شێوەی ئەو بایەخپێدانە بێت، خوێندكارێكی فەلسەفە دەیدات بە مادەی فەلسەفە، تا دەگاتە ئەوەی ئەم خوێندکارە دەبێت بە پسپۆر لە فەلسەفەدا. هەشە بایەخپێدانەكەی بە فەلسەفە وەك بوارێكی لۆژیكی و تێڕامانئامێزانە خۆی بەرجەستەدەكات و دەبێتە هەنگاوێكیش بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بوونی. مرۆڤ لەڕێگای فەلسەفەوە جیهان دروستناكات، لێكدانەوە بۆ جیهان دەكات، لێ دواتر فەلسەفە ئەمەی پێكەم بوو و پێیباشتربوو جیهان بگۆڕێت. بەشداری فەلسەفە لە گۆڕینی جیهان بووە داوا گەورەكە لە سەدەی 18 بەولاوە. ئەمەش بەواتای باشكردنی گوزەرانی خەڵك دێت. دەستكاریكردنی دۆزی تاك و كۆمەڵگە، بەڵام هیچ كات ئەوەمان بیرنەچێت فەلسەفە بریتییە لە سێستەمێكی ئاگایی دیاریكراو، كە تایبەتمەندی و پەیكەربەندی خۆی هەیە.
پوختەی گشت ئەوەی لای سەرەوە ترا، گۆڕینی شوێنی فەلسەفە لە بیركردنەوەی كولتووریمان گۆڕینی تێگەیشتمانە بۆ خودی خۆمان. بەم گۆڕینە فەلسەفە دێتەناو ژیانمان. فەلسەفە لەگەڵ ژیاندا یەكدەگرێتەوە. لێرەوە فەلسەفە لەوە دەكەوێت تەنیا بریتی بێت لە قوتابخانە و بزاڤ و بیروبۆچوونی بیریاران. واتە ژیانمان فەلسەفی بێت. كاتێک ژیانمان ئەوە بوو زۆرتر لە خودی خۆمان نزیكدەبینەوە تا ئەوەیتر. تێگەیشتن و تێڕامان لە خودی خۆمان دەروازەی فەلسەفەكردنەكانمانیشە بۆ گۆڕینی بینینمان سەبارەت بەو گرفت و پەشێوەییە ڕۆژانەییانەی تیای دەژین.
فەلسەفە لە مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی وڕێنە، هەڵە و بەدییەكان بوەتەوە، گشت ئەوانەش ویستویانە خۆیان وەك تێڕامانی فەلسەفی، یان دانایی نمایشبكەن. بۆئەوەی فەلسەفە بكارێت فەلسەفە لە نافەلسەفە، فەلسەفە لە زۆر وتن جیابكاتەوە پێویستی بەوە دەبێت لە تەقەلا شیکارییەکانی نەوەستێت. لەم بارەیەشەوە تەگەرە و ئاستەنگی بۆهاتۆتەپێش. ململانێی فەلسەفە لەتەك بیری ناڕاست و خورافی تادەگاتە بیری نەزۆك و مردارەوە بوو بەسەرهات و چیرۆكی زۆری لێبووەتەوە و بیری بیریارانیش لە دەرئەنجامی ئەو ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوانە نەشونمای زۆری كردووە.

لە بەشەکانی دواتردا

لە بەشەکانی دواتردا پەیتا پەیتا ڕۆدەچمە نێو داڵانەکانی قەرزارییەکانم بە فەلسەفە و ئەو بەرپرسیارییەتانەش بەسەردەکەمەوە بە هۆی ئەم قەرزوەرگرتنەوەیەوە هاتووەتەسەرم. لەوێڕا دیدار و ئامادەبوونم لە سمینارە سەرسامکەرەکانی بیرمەندە گەورەکان (دێریدا، ئاگامبێن، بادیۆ، ڕانسیێر، نیگری، ژان-لۆک نانسی، ژیژێک، ئێتیان بالیبار Étienne Balibar و……) بەنموونە دێنمەوە. بەهۆی ئەوەوە دانیشبەوەدادێنم، بینین و گوێبیستنی هزرەڤانە مەزنەکان چ ویستێکی فەلسەفی و چ هیوایەکی بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی تێفکرین پێبەخشیم. هاوکات ئاوڕ لەو جۆرە باس و خواسانەش دەدەمەوە بۆ خۆم و بۆ ئێستای فەلسەفە، لەو ژینگەی لێیدەژیم، پێویست و گرنگن، لەوانە: کاردانەوەی سەردەمی ڕۆشنگەری، لە هەڕەتی لاویم، بەسەر سەرەتای بیرکردنەوەی فەلسەفییمەوە، ئەوەی مۆدێرنە گشت شتێک نییە، ئەوەش کە ساڵانێک پەلەکێشی نێو گفتوگۆی پۆستمۆدێرنە و پاشبنەماخوازی کردم. لە هەموو ئەو شوێنانەش کە دێمەگۆ، باسی ئالوودەبوونم (گیرۆدەبوونم) بە فەلسەفەوە کۆڵەگەی تێکڕای وتنەکانم پێکدێنێت،، ئەوەش، کە چۆن فەلسەفە لە ئێستادا گێچەڵ بە دەروونناسی دەکات، چونکە شتێکی ئەوتۆی بۆ وتن پێ نییە، باسێکی گەرمی منن. هەر فەلسەفەش بوو فێریکردم شکۆداری بیرکردنەوە شایانی پاراستنە، یان فەلسەفە نەبایە ئێستام بەشێک بوو لە هیچی. هاوکات فەلسەفە فێریکردم حەکیمانە ڕەفتاربکەم، لە واتای ترس و تەنیایی و بێزاریی، لە چییەتی هاوڕێیەتی، حاڵیبم، دیسانەوە هەر فەلسەفە حاڵیکردم کوردایەتی لە مەترسیدایە، پەرواێزخراوەکان، لە هەرکوێدابن، هەوێنی فەلسەفەن، دەستکاریکردنی ژیانی پرایڤتی ئەوەی دی نابەجێیە، ڕق لە فەلسەفەش ناساغییە.

سەرئەنجام:
بەڵێ من قەرزارێكی زۆری فەلسەفەم. بۆ بەندە ئەوە هەمیشە پرسیارێکی نەبڕاوە بوو چۆن قەرزە فەلسەفییەكانم بدەمەوە؟ قەرزاری من لەوبارەیەوە دیرۆکی خۆی هەیە. قەرزارییە ڕەوشتی و ڕۆحییەکانم بەشیکن لەو قەرزە. ئەوەش، کە چۆن فەلسەفە فێریکردم بەختەوەری بناسم شتێکی کەم نەبوو. دانەوەی قەرز، قەرزی لەم شێوەیە سانا نییە. قەرزی فەلسەفی قەرزی ئابووری نییە. لەمیانەی ئەو قەرزەشەوە پرسیاری فەلسەفە بۆلەمەودوا چیپێدەكرێت؟ لە کن من زوو زوو دەهاتەسازان. تێگەیشتم ئەم پرسیارە تەنێ لە ڕێگای بەشداریپێکردنی فەلسەفەوە وەڵامی خۆی چنگدەکەوێت، هاوکات دەتوانرێت کارێواشبکرێت فەلسەفە زۆرێک شتی پێبکرێت.
قەرزی فەلسەفی من لەو كاتەوە دەستپێدەكات، كە بیركردنەوەم گۆڕا. بیركردنەوەم بۆ دیاردەكانی ناو بوون، دەوروبەرم وەك خۆی نەمایەوە. ئێستا وەك پێشتر، پێش ئاشنابوونم بە فەلسەفە، بیرناكەمەوە. فەلسەفە فێری بیركردنەوەی كردم، بیركردنەوە لە جۆر و ئاستێکی تر. بیركردنەوەیەك، کە فێری وەستانی کردم لەسەر شتەكان. فێری ئەوەی کردم خێرا نەڕۆم بەسەر شتەكاندا و شپرزە و پەرشوبڵاو بیرنەكەمەوە. بە کورتی فەلسەفە والێکردم خۆمبم.

ئازاد حەمە

———————————————-

رفڕێنسەکان
1.Sven-Olov Wallenstein. Uppfinnandet av estetiken. TFL 2008:3-4. s. 62. Stockholm.
2.Torbjörn Tännsjö. Värdegrundens vara eller icke vara. Nordisk Tidskrift för Allmän Didaktik. Vol. 2, No. 1, november 2016, s. 71 . Stockholm.
3.Hans Ruin. Kommentar till Heideggers varat och tiden. Södertörns högskola 2005, s. 5. Stockholm.
4.Richard E. Creel. Thinking Philosophically: An Introduction to Critical Reflection and Rational Dialogue , p.25.
Ibid..5




چاپکراوەی نوێ/ فەلسەفاندنی پەتا.. نووسینی: ئازاد حەمە

فەلسەفەکان کۆڤید-١٩

ئەم کتێبە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتار. کۆڤید -١٩ و دیدی فەیلەسوفەکان.

ئەم کتێبە لە ئێستادا لەدەزگای جەمال عیرفان دەستدەکەوێت لەم ناو نیشانەی خوارەوە:

شەقامی سالم – بەرامبەر قەیوان تاوەر
یان لە ڕێگەی پەیجی سەرەکی چاپخانەی جەمال عیرفان ەوە دەتوانن داوایبکەن. گەیاندنیان هەیە بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان.




ڕۆژی جیهانی فەلسەفە والە گەرووی پەتادا .. بەشی 21 .. ئازاد حەمە

“”چێژ بەختەوەری دەبەنگەكانە.بەختەوەری چێژی داناكانە””
ژول باربێ دۆرۆڤی Jules Barbey dAurevilly

دەروازە: بەپێی ئەو میراتە فەلسەفییە بێت ڕۆژئاوا بۆیبەجێهێشتووین ڕۆژی فەلسەفە ڕۆژێكی ڕۆژئاواییە، بەپێی ئەو خەسڵەتانەش بێت لە ناخی فەلسەفەدا پەنهانن فەلسەفە گەردووناوییە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا ڕەوشی فەلسەفە لە جیهانی ئێستاماندا لە دۆخێكی فرە باش دا نییە، یان بابڵێین لە دۆخێكی زێڕینی خۆیدا نییە. هیچ نەبێت یەك لە هۆكارەكان مردن و ئاوابوونی بیرمەندە گەورەكانە كە جێكەیان بە ئاسانی پڕنابێتەوە. بیرمەندە گەورەكان لە ژیانا نیین تا بیریاریی بەسەر دۆزە جۆراوجۆرە گەردوناوییەكانمانەوە بكەن. بۆنموونە، بیرمەندەكانی سەردەمی سارتەر (كامۆ، مێرلۆ-پۆنتی، كۆریێ، كۆژێڤ، هیپۆلیت) و پاش سارتەر (باشلار، كۆنگلێم، بلانشۆ ، ئالتیسێر، بارت، فوكۆ، دولۆز، لیوتار و ….هتد) كارێكی زۆریان لەسەر دروستكردن و سڕینەوەی نیگا فەلسەفییەكان كرد و بە پێنوسە بە بڕشتەكانیشیان تخونی گەلێك بابەت كەوتن و زۆرێك بابەتیشیان لە خەوش و هەڵە دەربازكرد و تێكچرژان و بەیەكاچوونی تێڕوانینەكانیشیان یەكلا و دیاریكرد.
وێرای ئەوە، چرپەی فەلسەفە لە ڕۆژی خۆیدا مەشقێكی هزرییە بۆ گوزارشكردن لە دۆزی خۆی هاوكات لەو دۆزەش مرۆڤایەتی لە ئێستایدا پێوەیگلاوە(پەتا لە گشت شوێنێك دەخولێتەوە). فەلسەفە ئێستا پتر لە گشت كاتەكانی تر سەرمایەی هزریی هێندە بە پیتە وایلێكردوە بێ چەن و چۆن لەسەرپێیخۆی بوەستێت ئەمە بەدەر لەو كێشە ناوەكییانەی ئەم دیسیپلینە لەتەك خودی خۆی و لەتەك دیسیپلیەكانی تر دا هەیەتی. ئێمە مەستی فەلسەفەش نەبین خۆ لەوە حاڵین كە فەلسەفە خۆراكی ڕوناكبیری و تێگەیشتنمانە لە خودی خۆمان و دەوروبەرمان. دیدگا و شیكاریی و ڕوانینی فەلسەفیی هەوێنی دەرهاویشتە و ئاكامەكانن و لەو شوێنەش كە فەلسەفە ونە پاساو و بەهانە جێگرەوەن.
ئەمڕۆ (19/11/2020)، سێهەمین پێنجشەمەی نۆڤەمبەرە، ئەو ڕۆژەیە كە لە ساڵی 2002 ەوە لەلایەن یۆنسكۆوە وەك ڕۆژی جیهانی فەلسەفە World Philosophy Dayدەستنیشانكراوە. ئەم بڕیارەی یۆنسكۆ لە هەناوی ئەو گرنگییەوە سەرچاوەیگرتووە كە فەلسەفە لە ژیانی تاكەكانی گشت كۆمەڵگە و كولتوورێك ئامادەبوونی خۆی هەیە. لە ڕۆژێكی واشدا، كە ڕۆژەكانمان بەگشتی لە گەرووی پەتادا گیربووە، گەر هۆشمەندانە ،نەك هەرزانە، گوزارش لە دۆزی سەراپای جیهان لەژێر فشاری پەتای كۆرۆناڤایرۆس بكەین دەگەینە زۆرێك لە دەرهاویشتە كە بەشێكیان لە جۆری پرسیار دەخەینەڕوو: ڕاستە پزیشكی لە لوتكەدا بووە؟ بۆ مرۆڤی سەردەم بەهۆی ئامێرە ژیرەكانی بەردەستی دووچاری غرورێكی بێڕەهەند بووە؟ زانست كۆتای بە شەڕی خۆی لەتەك مێتافیزیك دا هێناوە؟ خوا بەهۆی هەواڵی مەرگەكانی كۆرۆناڤایرۆسەوە نەبووەوە بابەتی مشتومڕی ڕۆژانەی مرۆڤەكانی هاوچارخ؟ بۆ سێستەمی زانستی (پزیشكی و تەكنیكی) و ئابووری جیهانی بەرگەی هەڕەشەی ئەم پەتایەی نەگرت؟ و… هتد. ئەم پرسیارانە ئەوەمان پێدەڵێن كە كاردانەوەی پەتاكان لەڕووی مێژووییەوە لەسەر سیاسەت جێپێی دیارە. هاوكات مێژووی بڵاوبوونەوەی پەتاكان ئەوەمان لاڕووندەكەن كە نەخۆشی و ڤایرۆسەكان بەیەكسانی لە گشت كۆمەڵگەكان بڵاونابنەوە و كاتێكیش بڵاودەبنەوە پەیوەندی نێوان تاك و تاك، تاك و كۆمەڵگە، تاك و دەسەڵاتی سیاسی گۆڕانی بونیادی دێتەسەر. پەتاكان هەردەم پرسیاری بناغەیی ڕەوشتی، سیاسی و بووناوی دەجوڵێنن. شڵەژانی هەمووان لە كاتی پەتاكانا لەو شوێنەوە دەستپێدەكات كە مەترسیەكان دەردەكەون: گۆشەگیریی، نەخۆشی و ڕاڕایی (یورگان ماژەر).

لەم بەشەدا، لەژێر سایەی””ڕۆژی جیهانی فەلسەفە والە گەرووی پەتادا””، ئەم بۆنەیە بۆ گرنگیدان بەو لایەنە دەقۆزینەوە كە بەهۆی ئەم پەتایەوە مرۆڤەكان ئەزموونێكی تازەی هاوبەش ژیان و وانەگەلێكیش لەوەوە فێربوون كە لەژێر سایەی هێزە نادیارەكان (پەتا بۆنموونە) ئەستەمە پێشبینیكردن بەسەر دواترەوە. لێرەوە پێویستی بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان هاتەگۆڕێ و ئێستای هەمووان لەژێرسایەی پەتاكە جۆرێكی تر لە بیركردنەوەی بەرهەمهێنا. پەتاكە واتە هەموومان، فەلسەفەش كە بیركردنەوەیە لە هەمووان، لە ئێستادا ئەم هەمووانە گرفتاری ئەم پەتایەیە و هەر لەوێشەوە تێهزرین تایبەت بەم دۆخە نوێ گەردووناوییە دروستدەبێت.

ڕۆژی فەلسەفە ڕێكەوتی ڕۆژێكی پەتائامێزی كرد

فەلسەفەكردن لە ڕۆژێكی وادا فەلسەفەكردنە بەسەر پەتاوە، بەسەر پرسیارە بایۆ-سیاسی، بایۆ-ئێتیكی، سۆسیۆ-كولتووری، ئابووری و تەندروستییەكانەوە. بەو جۆرە فەلسەفەكردن دەستپێكی وتنە لەسەر مەرگ، بەهای جەستە، داكۆكی لە تووشنەبوون، ئێگۆی (خۆپەرستی) مرۆڤ بۆ مانەوە، ڕاكردن لە ئەویتر و گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ خودی خۆی و زۆر شتیتر.
لە ئێستادا كە پەتای كۆرۆناڤایرۆس تاڕادەیەكی ئێجگار زۆر گشت سەرزەوی گرتۆتەوە بۆ یەكەمجارە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە یەكەم ساڵیادییەوە، لە 2002 وە، بكەوێتە ناو ڕۆژێكی پڕ لە تەنگژە و پەرۆشی مرۆییەوە. وەختیەتی بەو بۆنەیەوە بپرسین فەلسەفە لەم ئێستا پەتایاوییەدا چی پێدەكرێت؟ كاركردەی فەلسەفە لە ئێستایەكدا كە درماوییە چۆن دەبێت؟ فەلسەفە دەكارێت ڕەوتی ئەستێرەكەمان بگۆڕێت؟ گومانیناوێت پرسیارە فەلسەفییەكان كە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناڤایرۆسی خستە ژێرتێڕامانی قووڵەوە تەنگژە تەندروستیەكەش لە ڕێگای خۆیەوە ژینگەیەكی لە گفتوگۆی فەلسەفی هێنایەپێشێ كە ڕەخنەی سێستەمی سەرمایەداری و واتای دێمۆكراسی ڕۆژئاوای لە چەند ڕوویێكی جوداوازەوە گرتەخۆی. بەهۆیەوە باس لە ئێكۆلۆژی و سیاسەتی ژیاریش (بایۆلۆجیش) هاتەگۆڕێ.
سەرباری ئەوە، پرسیاری سودی فەلسەفە چییە چی دەبێت گەر قسە لە ترس، لە كاتاسترۆفە (بەڵا) كان نەكات! لێرە، لەم ساتەوەختە ڤایرۆساوییە فەلسەفە قسەی لە سیاسەت، زانست و چەندین چەمك و واتای تر(نەخۆشی، مەرگ، گۆشەگیری و…) كردە ئامانج. فەلسەفە چارەنووسی مرۆڤ و بوونەوەرەكانی تر لە دەمووەختی وادا ڕاڤەی تەواودەكات و لە گشتەوە بەرەو ناگشت هەنگاوی بۆدەنێت. واتە فەلسەفە كاری یەكلاكەرەوە ئەنجامدەدات نەك گەمە و گۆڵكردن لە زانستەكان و كۆمەڵگە. هەردەم ئەو هاوكێشانەی فەلسەفە كاریان لەسەر دەكات ئەنجامەكانی بە قازانجی بەرژەوەندی گشتی مرۆڤەكان و دەوروبەریان دەگەڕێتەوە. بۆیە فەلسەفە هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە هێمای بۆ ئەوە كرد، ئەم پەتایە توانیویەتی ترسێكی گەردووناوی بڵاوبكاتەوە (ترس لە یەكتر، ترس لە تەنیای بەهۆی گۆشەگیرییوە كە پەتاكە دەیسەپێنێت، ترس لە نەتەوە و كولتووری تر، ترس لە مردن، ترس لە ناشتنی مردووەكان، ترس لە جەستەی كۆرۆناوی، و…) لەژێر سایەی ترسەكانیش واتای ئازادی، ئازادی تاكەكەس، زۆرترین زیانی بەركەوت. بێگومان ئەو زیانە لە ئاكامی زۆرداری سیاسییەوە نەبوو، لە ئاكامی زەبری ڤایرۆسێكەوە بوو ترسی، ترس لە مەرگی، لەناو خەڵك نۆرماڵكرد. ڤایرۆسەكە وایكرد جووڵەی هاوڵاتیان سنورداربكرێت و تەنیای شیاوبێت. ڤایرۆسەكە ژینگەیەك لە تەنیایی نوێی هێنایەكایەوە. مەوداكان كە خەریك بوون لە سەردەمی نیولیبرالیزم بەرەو نەمان دەچوون ئەم پەتایە تووندیانیكردەوە و دابڕانەكانی ئەستەمتركرد. تێكنەلۆژیا كە لە سروشتیدا تەنیایی و دابڕانی بەرجەستەكردووە پەتای كۆرۆنا پێویست و پەسەندكراویكرد. بە یاسا تەنیایی و دابڕان لەیەكتر مرۆییكرا. لێرەشەوە ویست بۆ شرۆڤەكاری فەلسەفی نەشونمایكرد.

ویست بۆ شرۆڤەكاری فەلسەفی
شرۆڤەكارییە فەلسەفییەكان بەرهەمی بیركردنەوە و دواتر ئەو شیكاریانەن بیركردنەوەكان دروستیاندەكەن، كە ئەوەش گوزارە و دەربرینی فەلسەفی دێننەكایەوە و كار لەسەر بینین و بیرۆكەكانمان دەكەن. ئەو شتانە هەڵدەوەشێننەوە كە تێیگەیشتبووین و لامان بوونە بە یەقین، ئەو مانایانەی دابومانە پاڵ شتەكانی دەوروبەرمان، ئەوانەش كە واماندەزانی چارەسەرمانكردوون و لەبارەیانەوە بە دەرئەنجامگەیشتووین.
گفتوگۆی بیریاران سەبارەت بە ڕووداوەكان هەمیشە گرنگی خۆیانیان هەیە. دوو جۆر بیرمەندمان هەیە: ئەوانەی لە ژیانن و ئەوانەش كە لە ژیانا نین و نووسین و بۆچوونەكانیان بە سەرچاوە وەردەگیرێن. پاش بڵاوبوونەوەی خێرای COVID-19 بیریاران لێرە و لەوێ لە ئەوروپا هزری خۆیان بۆ وتن لەسەر پەتای ناوبراو خستەگەڕ و بۆچوون و شرۆڤەكانیشیان ناهاوشێوەیی و نالێكچوویی و بگرە پێكدادانی هزری و ئێدیۆلۆژیشی لێكەوتەوە. وتنەكانی ئاگامبێن و وەڵامەكانی ژیژك كە پاشان تێرامانەكانی بادیو و نانسی و مۆران و ئەوانیتری بەسەراهات گفتوگۆكانی گەرمتر كرد و بۆچوونی فەلسەفی بیریارە مردووەكانیش(فوكۆ، كامۆ، …و) سەبارەت بە تاعون، مردن و ئاركۆلۆژیای دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی پزیشكی و تەندروستی هاتنەوەگۆڕێ و بەر وەبەرهێنانی هزری جۆراوجۆریشكەتن.

گەورەترین پرسیارێك دۆزی پەتای كۆرۆناڤایرۆس بۆ بیریاران هێنایەپێشێ ئەوەیە كە، ئەم دۆزە چەند كاریگەری لەسەر مافی مرۆڤ؟ ئازادی تاك؟ دێمۆكراسی؟ دادەنێت. لێرەشەوە زۆربەی گفتوگۆكانی تری بیریاران سەریانهەڵدا. بیرمەندەكان پێیانوایە ئەو زیانە ئابوورییانەی حكومەتەكانی ئەوروپا دەیكەن كاردانەوەی تەنیا لەسەر بێكاری و هەڵاوسان نابێت بگرە لەسەر ماف و ئازادیەكانی تاكیش. ئازادی تاك چ بەهایەكی هەیە كە بێكار بیت؟ ئەم پرسیارە ئەو گوزارەیەیە كە ئێمە پێمانوایە پێویستی بە وەستانێكی زۆرە. موسیبەتی كۆرۆناڤایرۆس بۆ بەشێك لە بیریاران خۆی لەو وێنە ترسناكەدا نیشاندەدات كە مەرگ دەبێتە ژمارە، مەرگی پیر لە مەرگی گەنج جیادەكرێتەوە، مەرگ یان چاترە بڵێین ئەم پەتایە چەند ئابووری دادەڕمێنێت. لێرەوە دەبینین كە خەمی دەسەڵاتی سیاسی كەمتر مەرگە، بەڵكو دۆخی ئەو ئابوورییەیە كە ئەو پەتایە بەرەو داڕمانیدەبات. هەر جۆرێك لە قەیرانی ئابووری یان سیاسی كە سەرهەڵدەدات( ئەوەی ئێستا دروستبووە بەزۆری دەچێتە خانەی قەیرانی تەندروستی و پزیشكیەوە) هەمیشە پرسیاری دێمۆكراسی دەكاتە پرسیارە گەورەكە كە لە كۆمەڵە هاوچەرخەكان سەرنجێكی زۆری دەخرێتەسەر. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی، زۆرترین هیوا لەو وڵاتانە بە ئایندەی واتای دێمۆكراسی و ژێركەوتنی ئەم واتایە و ماف و ئازادییەكانەوە پابەندە.

تێكرای ئەو بیرمەندانەی شرۆڤەیان بۆ پەتای كۆڤید-19 كرد رەهەندی ئابووری-سیاسی ئەم پەتایە كەوتە شرۆڤەكانیانەوە و دۆزی ئابووری جیهانیش پێش پەتاكەیان ئاخنییە نێو بۆچوونەكانیانەوە و لە سێبەری ئەوەشدا قسەیان لە قۆناغی پۆست كۆڤید-19 یش هێنایەپێشێ. هەر لەوێڕا بیریاران قسەیەكی بەردەوامیان لە سێستەمی ئابووری-سیاسی جیهان كرد، كە لە خودیخۆیدا باسبوو لە حكومەتەكانی رۆژئاوا. قسەی فەیلەسوفان لە سێستەمە سیاسییەكان قسەی لە سێستەمی ئابوورییش هێنایەگۆرێ. بۆیە ئەو بزاڤە ئابووری-سیاسیانەش ئەم سێستەمانە بەرهەمیان هێناوە و بەخێویان كردوە، مەبەست سەرمایەداری جیهانییە، سەرنجی زۆری خرایەسەر، كە ئەوەش گفتوگۆی كۆلۆنیالیزم/ پۆست كۆلۆنیالیزم، سەرمایەداری/ پاش سەرمایەداری، لیبرالیزم/ نیو-لیبرالیزمی خستەوەبەرباس.

گڵوباڵبوونی پەتاكە هەڵوێستەی گڵوباڵی لەگەڵ خۆی هێنا. فەلسەفە ئاگادارە زانست چەند بەرەوپێشەوەچووە ،مافی مرۆڤ و پرسی دادپەروەری چەند دەنوكی لەسەر بووە تا گەیشتوەتە ئەم ئاستەی ئێستا. فەلسەفە دەمێكە، هیچ نەبێت لە دوای شۆرشی فەرەنسیەوە، خەمی گەورەی بەهاكان و پرینسیپە رەوشتییەكانە كە گەشەبكەن و لەناو تاكە جوگرافیایەك نەوەستن و قەتیسنەكرێن هەرچی پەتای كۆرۆناڤایرۆسە سەرلەبەر ئاقاری تەشەنەسەندنی بەهاكانی گۆری و وڵاتە گەورەكانی ئەوروپا (بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا)، ئەمەریكا و جەمسەرەكەی تریشی(ڕووسیا، چین و هیندستان) والێكرد لەوای خۆیابن و خەمە گەردووناویەكەی بەهاكانیان بەلاوە مەبەستنەبێت. ئەمەش لێدانی دیدی پێكەوەژیان و ئاوابوونی هاوڵاتیەتی گەردوناوی (كە یەكیەتی ئەوروپا بانگەشەی زۆری بۆ كرد) لێوەبەرهات.
ڕەخنەكانی بیریارانی ڕۆژئاوا لە سێستەمە سیاسی و ئابوورییەكانی جیهان ڕەخنەی بێ بنەما نیین و پێشینەی تیۆریی و هزری خۆیانیان هەیە و دەرهاویشتەی ئەو مێژووە نالەبارەشن كە ڕۆژئاوا لەناوەوە و دەرەوەی سێستەمی سیاسی و ئابورری و سەربازی تەنانەت كولتووریش گێراویەتی. بۆیە بیریاران مافی خۆیانە دووری سیاسی و ئابووری ئەو سێستەمە بخەنە وتنەكانیانەوە و بەهۆی ئەم پەتا سامناكەشەوە سەرلەنوێ سەرنج بخەنە سەر حكومەتە هاوچەرخەكانی رۆژئاوا و هاوچەرخبوون و پێشكەوتنیان گوماناوی بكەن. بیری بیریاران ئەو وانانەمان لەم ڕوەوە فێردەكەن كە، هەڵكردن لەتەك پەتا كارێكی سانا نییە و ئەزموونی مامەڵەكردنیش لەتەكیا جۆراوجۆرە و سەركەوتن و ژێركەوتنیشی بەدەمەوەیە. هیچ نەبێت تێكنەلۆژیای پزیشكی پێشكەوتوو و ئاستی زانستی باڵا و ئابووری چاكی دەوێت. بۆیە وڵاتانی هەژار بەپێیپێویست ناكارن ڕووبەڕووی ببنەوە. وڵاتانی ئەوروپا لەچاو هەندێك لە وڵاتانی ئاسیا (سەنگافورە، تایوان، هۆنكۆنگ) مەترسیەكەیان باش تێنەپەڕاند. وڵاتانی كۆریای باشور، ژاپۆن و تەنانەت چینیش توانیان لەچاو هەندێك وڵاتی سەنتەری ئەوروپا(ئیتالیا، ئیسپانیا، فەرەنسا) باش لێیبێنەدەرێ. بگرە بەشێكی زۆریش لە خەڵكی سەنگافورە، تایوان، هۆنكۆنگ، ژاپۆن ئەوروپایان جێهێشت و هەوڵیاندا بەرەو زێدی خۆیان بگەڕێینەوە. ئەوەش نەك هەر لەبەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان لە سەنتەری ئەوروپا لەبەر زیادبوونی ئەو ڕەگەزپەرستیەش لە ئەوروپا لە ساتەوەختی پەتاكە دژ بە خەڵكی ئاسیا پیادەكرا.

بەپێی فەلسەفە بێت شۆرشی ڤایرۆسانە هەڵناگیرسێت

سەرەتای تەشەنەسەندنی پەتاكە بەبۆچوونی بیریاری كۆریای باشور بیونگ- شول هان Byung-Chul Han لە شوێنێكی وەك ئیتالیا ئامرازی هەناسەدانی دەستكرد لە پیرەكانەوە بۆ لاوان دەگوازرایەوە و هاوكات كەوتنە سنورداخستن و بانگەشەكردنی دۆخی ئاوارتە كە ئەوە سەرەتایەكی مەترسیدار بوو بۆ ئیتالیەكان. هێنانەپێشێی ئەم دۆخە ئاماژەیە لەسەر نەهامەتی سەروەریی وڵات و گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاكڕەوی سەروەریی”. نەك هەر ئەوە بگرە ئەوروپای ئۆرۆ Euro كەوتە ڕاوە بێگانە و دەرگاداخستن بەڕووی ئاوارەكان. لەكاتێكدا خودی ئەوروپا لە ساتەوەختی پەتاكە شوێنە ترسناك و پەسەندنەكراوەكە بوو، چەقی پەتاكە دەكەوتە ئەوروپاوە و دەبا پێچەوانەكەی بكرێت و جیهان لە ئەوروپا بپارێزرێت”. شتێكیش كە شایانی وتنە لێرە ئەوەیە كە، پێویستە هەمووان بپرسین” بۆ وڵاتانی ئاسیایی ، وەك: تایوان، سەنگافورە، كۆریای باشوور، ژاپۆن، چین، هۆنگ كۆنگ توانیان باشتر لە ئەوروپا ڕووبەڕووی پەتاكە ببنەوە؟ ئەم وڵاتانە كە هەڵگری عەقڵێكی دیسپۆتیستی (زۆرداری) ئاسیایین سەرچاوە لە نەریتی كۆنفۆشییەوە هەڵدەگرن. خەڵكی ئەم ولاتانە كەمتر یاخین و زۆرتر گوێڕایەڵی دەسەڵاتەكانیانن و متمانەیەكی زۆریشیان بە دەسەڵاتەكانی خۆیانە لە چاو وڵاتانی ئەوروپا. ئەو زانیارییە ژمارەییانەش لەم جۆرە وڵاتانە بڵاودەكرێنەوە جێی متمانەی خەڵكن و كار لەسەر كەمكردنەوەی تووشبووان و مردن جێدەهێڵێت. لەم وڵاتانە تەنیا ڤایرۆسناس و پەتاناسەكان نەبوون كە ڕووبەڕووی پەتای كۆرۆناڤایرۆس بوونەوە زانایانی كۆمپیوتەریش بوون. نەك هەر ئەوە بگرە لە وڵاتانی ئاسیای ناوبراو هۆشیاری ڕەخنەی تێۆریی سەبارەت بە داتا و زانیارییەكانی دەوڵەت زۆر لاوازە. ئەو سێستەمی چاودێرییە پێشكەوتوەی لە بەشێك لەم وڵاتانە دانرا (بۆنموونە چین) زۆرترین سودی بە ڕێگرتن لە تەشەنەی پەتاكە گرت. بڵاوكردنەوەی كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتیەكان و وەگەڕخستنی فرۆكەی بێ فرۆكەوانی گەڕیدە بۆ دەستنیشانكردنی پلەی گەرمای لەش و دواتر ئاگاداركردنەوەی خەڵك لە ڕێگای نامەی تەلەفۆنی دەستییەوە لەو هەنگاوە خێرایانە بوون كە بۆ كۆنترۆڵی پەتاكە لە گشت كون و قوژبنێكی كۆمەڵگە گیرایەبەر””. سەركەوتنی بەشێكی زۆر لەو دیسیپلینەی وڵاتانی ئاسیای ناوبراو بۆ شێوازی ژیانی كۆلێكتیڤی كۆمەڵگە ئاسیاوییەكان دەگەڕێتەوە لە چاو كۆمەڵگە ئەوروپایەكان كە شێوازی تاكگەرایی تیازاڵە.

ئەڵبەتە””بڵاوكردنەوەی زانیاریش باشترین ڕێگری بوون لەبەردەم تەشەنەنەسەندنی پەتاكە لە وڵاتانی ئاسیایی كە ئەمە لە وڵاتانی ئەوروپا بە سنورداخستن چارەسەركرا. لە شارێكی وەك وەهان هەزارەها سیخور بڵاوكرانەوە تا گشت جووڵە و هەڵسوكەوتی دانیشتوان چاودێریبكرێت. ئەو ڕێگایانەی گیرانەبەر پشتی بە زانیاری و داتاكان بەست تا بگەنە ئەو كەسانەی دووچاری پەتاكە بوونە یان پلەی گەرمای لەشیان بەرزە. ئەمە بەردەوام بوو تا ئەو ئەندازەیەی پەتاكە لە بەژمارەكردندا بەرجەستەكرا. ئەو شێوازەی لە شوێنێكی وەك چین گیرایەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاكە شێوازێكی تازەبوو لە بەرجەستەكردنی سەروەریی جیا لەوەی لە ئەوروپا پیادەكرا. تەنانەت لە بەكاربردنی ماسكیش لە سەرەتای پەتاكە جیاوازیەكی بەرچاو لەنێوان وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبینرا. ئەمەشیان دیسانەوە پەیوەندی بەو جیاوازیییە تاكییەوە هەبوو لەنێوان ئەو دوو كولتوورە جیاوازەدا هەن(کولتووری ئەورووپایی و کولتووریی چینی تۆتالیتاری کۆنفۆشی).
بەقسەی ئەم بیریارە بێت دەمێكە بێ دوژمن دەژین و دەمێكیشە جەنگی سارد كۆتای هاتووە. ماوەیەك جۆرە شڵەژانێك بەناوی تێرۆری ئیسلامی دروستبوو. گومانیناوێت ئەو كۆمەڵگە جیهانیەی سەرمایەداری ماندوویكردبوو لەناكاوا ڤایرۆسێك تیایا سەریهەڵدا و جیهانیشی پڕكرد لە ترس و ئەوەش بووە هۆكاری دروستبوونی ڕێگری و داخستنی سنورەكان. لێرەوە جەنگ دەستیپێكرد. جەنگ بەرامبەر دوژمنێكی نادیار. ئەو ترسەش كە لە ئاكامی ئەم ڤایرۆسەوە دروستبوو پەرچەكرداریەكی كۆمەڵایەتی و جیهانی بوو بەرامبەر بە دوژمنێكی تازە. لەبەرئەوەی دەمێك بوو لە كۆمەڵگەیەكی پۆزەتیڤی بێ دوژمن دا دەژیاین بۆیە پەرچەكرداریە كۆمەڵایەتیەكە توندوتیژئامێز نەبوو. هەر ئەم دوژمنە تازەیە(ڤایرۆس) جێ ئەو دوژمنە تێرۆریستەشی گرتەوە پێشتر ڕووبەڕووماندەبوەوە.

ئەم بیرمەندە كۆریە-ئەڵمانییە ڕەخنە لە بۆچوونەكانی سڵاڤۆی ژیژێك دەگرێت سەبارەت بە كاریگەری خراپی پەتای كۆرۆناڤایرۆس لەسەر سەرمایەداری جیهانی. ئەوەی چین كردی بەبۆچونی بیۆنگ- شول هان دروستكردنی مۆدێلێك بوو لە پۆلیسی دیگیتاڵی وەك دژە مۆدێلی ڤایرۆس. ئەمەش چینی لە پەتاكە پاراست. گومانیشیناوێت كە سەرمایەدای پاش پەتاكە پتر گەشەدەكات و دێتەسەرپێی خۆی. ناشێت ڤایرۆس بە عەقڵ بگۆڕینەوە. گرنگ پاش پەتاكە ئەم مۆدێلە چاودێرییە دیگیتاڵە نەگاتە ئەوروپا. گەر ئەمەش ڕوبدات ئەو كات ئەوە لە ئەوروپادا ڕوودەدات كە ئاگامبێن ناویناوە””ڕەوشی ئاوارتە””، كە لەگەڵ كاتدا ڕەوشە ئاوارتەکە دەبێتە ڕەوشێكی سروشتی.
بەپێی تێگەیشتنی ئەم فەیلەسوفە ڤایرۆس سەرمایەداری لەناونابات و شۆرشی ڤایرۆسانەش هەڵناگیرسێت. ڤایرۆسێك نییە كە توانای شۆڕشی هەبێت. ناشێت بەهیوای شۆڕشێكی ڤایرۆسانەوە بین. پاش كۆتایهاتنی ڤایرۆس دەكرێت بیر لە شۆڕشێك بكەینەوە كە مرۆڤایەتی بكارێت هەڵیگیرسێنێت. ڤایرۆس گۆشەگیرماندەكات و تاگكەرایشمان لاوازدەكات و هیچ هەستێكی هەرەوەزیشمان تیادروستناكات. ئەوەی دەیكات ئەوەیە کە وامانلێدەكات هەریەكێكمان تەنیا بایەخ بەخۆی بدات. ئەو هاریكاریەش لە نێوان مەودای كۆمەڵایەتیدا دروست دەبێت هاریكاریەك نییە كۆمەڵگەیەكی پترئاشتیخواز و دادپەروەرمان بۆدروستبكات.

كۆرۆناڤایرۆس وایكرد فەلسەفە جۆرێك لە بیركردنەوە دروستبكات

بمانەوێ و نەمانەوێت كۆرۆناڤایرۆس جۆرێك لە بیركردنەوەی دروستكرد و جۆرێك لە فێربوونێشی هێنا كە مرۆڤەكان پێویستیان بە ووردتر بیركردنەوە و وەستانە بە دیار بیركردنەوەكانەوە. وەستان لەسەر بیركردنەوە واتە گەڕانەوە بۆ دواوە، بیركردنەوە لەوەی ڕوویداوە و لەوەش كە دێت، كە بەڕێوەیە. كۆرۆناڤایرۆس بیركردنەوەكانی لەگەڵ ترسێك یەكیگرتەوە كە ترسی بوونی مرۆیی مرۆڤە. ئەم ترسە لە یۆنانی كۆنەوە فەلسەفە بە بۆچوونی جیاوە قسەیتیاكردوە و هەمیشەش ڕەهەندی مورالی لەو بارەوە بە قسەكانی داوە. بوونی مرۆیی مرۆڤ تەنیا مرۆڤ تێیدەگات. نەك هەر ئەوە بگرە مرۆڤ قسە لەسەر بوونی بوونەوەرەكانی تریش دەكات. مرۆڤ تاكە بوونەوەرە عاقڵەكەیە كە توانای ئەو قسەیەی هەیە. وێرای ئەوە، هیچ كات فەلسەفە هێندەی ئێستا دەوڵەمەند نەبووە و لەسەر میراتێكی فەلسەفی بەپیت پاڵینەداوەتەوە كە ئەگەر یۆنان دەروازەكەی بێت تەمەنی 27 سەدەیەك تێدەپەڕێنێت. مرۆڤ ئێستا زۆرترین بەرهەمی فەلسەفی لەبەردەمە كە دەكارێت شتی لێوە فێربێت،بەڵام ئایا شتی لێوەفێربووە؟ گەر نا هۆكارەكەی چییە؟بێئاگایی مرۆڤە لە بوونی خۆی؟
بیركردنەوەكانی هەنووكەمان پێمانئێژن، كۆرۆناڤایرۆس ڕۆژگار و كاتێكی تایبەت بە خۆی سازاندووە. شەڕە ئابوورییەكان ،كە شەڕی سیاسی دورستدەكەن و بەردەوامییان هەیە، بەشێكن لە سێستەمی ئابووری جیهانی و خەیاڵی مرۆڤەكانیش بەرەو ئەوە دەبەن كە كۆرۆناڤایرۆس لە ئەزموونگەكان دروستكراوە. بەشێكیش وەك شەڕی نێوان دەزگا هەوڵگریە زەبەلاحەكانی دەبینن. تێۆریەكی تریش هەیە كە پێیوایە بڵاوبوونەوەی كۆرۆناڤایرۆس دەستپێكی شەڕێكی ئابوورییە لە فۆڕمی شەڕی بایۆلۆجی کە دواتر ئەوەی لێوەبەرهات كە ئێستا مرۆڤایەتی تیایدەژیت، لەم بارەیەشەوە تۆمەتەكە دەدرێتەپاڵ چین- ئەمەریكا، کە یەك لەمانە دەستپێكی ئەو شەڕە بایۆلۆژییەن كە ئێستا كۆرۆناڤایرۆسی لێهاتەدونیا. بیركردنەوەكان بەرەو ئەوێش دەچن كە، بەرپرسیاری كۆمەڵایەتی دەسەڵات لەگەڵ باری نائاسای دوو جەمسەرن، ئیدارەكردنی ترس، كەمكردنەوەی مانگرتن و خۆپیشاندان تا پلەی نەمان، لاوازكردنی ماف و ئازادی تاك بەشێوازێكی نەرمتر لە قۆناغی پێش كۆرۆناڤایرۆس. واتە ڕاهێنانی تاك لەسەر لە ماڵەوە بوون بە پاساودانی پاراستنی تەندروستی، تەندروستی جەستەكرا بە خەمی هەموان. هەموان بووینە كۆیلەی جەستە. تەنانەت دووبارەبیركردنەوەی حكومەتەكان لە رەهەندی سیاسەتی تەندروستی بەپێی بیریاران دەسەلاتەكانی رۆژئاوای والێكرد رەهەندی ئاسایشی ،سیاسی و كۆمەڵایەتیشان لەناو رەهەندە گەورەكە كۆبكەنەوە (بەرجەستەبكەن). باری نائاسای و قەدەغەی هاتووچۆش یەكانگیربوون و لەرێگای سیاسەتی ناوخۆی وڵاتیشەوە خرایە ناو سیاسەتی تەندروستیەوە. بۆیە بەشێك بۆئەوەدەچن ئەم پەتایە لە هەناویدا هەڵگری توخمی ململانێ و پێكدادانە گەورەكانە. زلهێزەكان لەژێرپاڵتۆی ئەم پەتایە خۆیان جۆراوجۆر دەردەخەن و خۆشنوێدەكەنەوە، تەكانێكی ئابووری نوێ بە هێزی ئابووری خۆیان دەدەن. ئابووری نوێكردنەوە و لە هێڵەگدانی ئابووری جیهانی هەژارانی هەژارتركرد، وڵاتە قەرزارەكان زۆرتر كەوتنە ژێرسایەی بانقەگەورەكانەوە، ئاقاری ئابووری جیهانی گۆڕانی تێكەوت، گۆڕان بەرەو بەرخۆری زۆرتر و تێکشکانی بەرهەمهێنەرە بچووكەکان و…هتد. بەم جۆرە یەك لە وانەكانی ئەم پەتایە ئەوەیە كە كۆلۆنیالیزم كۆتای نەهاتووە و بگرە فۆڕمی تازەشی وەرگرتووە. زانست بۆ كۆلۆنیالیزم دەشێت بەكارببرێت، ئەزمونگاكان شوێنی دروستكردنی مۆدێلە نوێكانی كۆلۆنیالیزمی نوێن. ڕێوی سیاسی نوێش لەژێر پەردەی ئەم پەتایە دەركەوت. وەكیتریش، پەتاكە هەوڵێك بوو بۆ بچووككردنەوەی جیهان، دەربازكردنی جیهان لەو پەرشوبڵاوییە ئابووری و بازرگانییەی پێوەی گلابوو. دواتر سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی ئابووری جیهان، داهات و بازاڕ. هەموو ئەم بیركردنەوانەش بەشێكن لەو بیركردنەوانەی شیكاریە ڕۆژانەییەكانی خەڵكی عەوام و ناعەوام پێوەیپابەندن.

فەلسەفە دەكارێت لە ساتەوەختی تەنگژەی تەندروستیدا هاریكارمانبێت؟

هەموو دەزانین كۆرۆناڤایرۆس دونیایەك پرسیاری سیاسی، ڕەوشتی و بووناوی بناغەیی خستەڕوو. ئەمەش وایكرد هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە ئەمەریكا و جیهان هەندێك بیریاری چالاك بگەنە ئەو باوەڕەی لەم ساتەوەختە پەتایاوییە چاترە فەیلەسوفەكان بهێنرێنەگۆ تا گروپە كۆمەڵایەتیەكانی تر. بۆیە ڕۆژنامەی” كاتە ئێرلەندەییەكان” لە ڕێگای هەندێك بیریاری چالاكەوە ئەو پرسەی تاوتۆێكرد. لەم بارەیەوە دەچینە لای Charlotte Blease ،كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی سەنتەری فەلسەفەی ئێرلەندی سەر بە زانكۆی هارڤارد. ئەم خانمە بیرمەندە ئێرلەندییە دانبەوەدا دەهێنێت كە، لەناو ئەو هەموو ترس و شڵەژانەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس دروستیكرد بەدەگمەن بینیمان باس لە ڕۆڵی دكتۆرەكانی فەلسەفە بكرێت. هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی فەیلەسوفەكان لە زۆربەی گرووپە كۆمەڵایەتیەكان زیاتر شارەزاییان لە بابەتی خۆ-گۆشەگیری هەیە، ئەو شتەی پەتاكە هێنای. فەلسەفە لەسەر دەستی فەیلەسوفەكان مەیلێكی زۆری بۆ شتە پراكتیكیەكانی ناو ژیان هەیە. بەخۆشیان لە دونیاپەرستییەوە دوورن و دەشكارن كارا لە پسپۆرانی تر قسە لە هەندێك لایەنی پراكتیكی بكەن كە بەهۆی كۆڤید-19 وە دروستبوونە. ئەو دەمەی فەیلەسوفەكان دەهێنرێنەگۆ سەبارەت بەو لایەنانەی كۆڤید-19 بۆیهێناین ئەوە دەخەنە ژێرپرسیار و گومانەوە كە زۆربەمان نایبینین: بەو كەمیەی لە پێداویستییە پزیشكیەكان هەن كێ لە مەرگ ڕزگاربكەین و لە كێش بگەڕێین بمرێت؟ باشە بۆ دەبێت ئەم كەم و كوڕییە لە پێداویستییە پزیشكیەكاندا هەبێت؟ ڕێكخراوەكانی تەندروستی چ بەپرسیاریێكیان بەرامبەر پزیشكەكان هەیە یان خودی پزیشكەكان چ بەرپەرسیارییەكیان سەبارەت بە خێزانەكانیان هەیە؟ چۆن یارمەتییە فینانسیەكان بەسەر ئەوانە دابەشبكەین كە پێویستیانە؟ ئەو كەسە كێیە كە بە شارەزا (پسپۆر) ناویدەبەین؟ شیاوە داتاكان تەنیا سەرچاوەیان دەزگا ئێلكترۆنیەكان بێت؟
ئاشكرایە دكتۆرەكانی فەلسەفە ناكارن چارەسەر بخەنەبەردەست وەك ئەوەی كە پزیشك و زانایان دەیكەن، لێ بەشێوازی خۆیان دەتوانن بەشداری لە چارەسەری سیاسی و ئابووریدا بكەن. هەرچی ڤیتۆریۆ بوفاشی Vittorio Bufacchi یە لەدیدێكی تری فەلسەفییەوە دەمانخاتە ناو گفتوگۆی چۆن فەلسەفە دەكارێت لەم ساتەوەختی تەنگژە تەندروستیەدا هاریكارمانبێت؟ بۆ ئەم نووسەرە گفتوگۆی بواری ئێپستیمۆلۆژیای كۆمەڵایەتی تایبەت بە پسپۆر و گەواهی و متمانە لە پەیوەندی بە تەنگژەی كۆڤید-19دەچێتە سەر ئەو لایەنەش كە چۆن خەڵكی ئاسایی گەواهی پسپۆرەكان هەڵسەنگێنن و چۆنیش ئەوە ببێتە جێگای باوەڕ. بەبۆچوونی ئەم نووسەرە ئەو متمانەیەی بە پسپۆران هەمانە متمانەیە لە ئاستی دوو. ئێمە متمانەمان بە پسپۆرەكانمان هەیە، چونكە خەڵكانی تر(بۆنموونە حكومەتەكانمان) پێماندەڵێن پێویستە متمانەمان بە پسپۆرەكانمان هەبێت، لێ متمانەمان بە سیاسییەكانمان جیاوازە لە متمانەمان بە زاناكانمان. یەكەمجاریش نییە سیاسیەكانمان ئەو ئامۆژگارییانە دەشێوێنن كە لە پسپۆرەكانەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستەكەوتی سیاسی وەریدەگرن. كەوابێت متمانە بە كێ بكەین؟بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەم بیریارە لەوێوە دەستپێدەكات كە فەلسەفە لەم ساتەوەختەدا توانیویەتی كاری خۆی بكات. فەلسەفە فێری ئەوەی كردوین كە هەموو كەسێك خۆی لە هەڵەكانی بەرپرسیارە، بەدەر لەوەی حكومەتەكانمان لەو هەڵانە ئاگادارماندەكەنەوە یان نەخێر. سوێندی هیپۆكراتی Hippocratic (لێرە مەبەست فەیلەسوف و گەورە پزیشكی یۆنانی هیپۆكراتێسە Hippocrates ) سوێندێكی پزیشكی باڵایە كە پزیشكەكان پێپابەندن. ئەم لایەنەش تەنیا بە دامەزراوەی تەندروستیەوە وابەستە نییە و پرینسیپێكی ڕەوشتیە كە هەموان پێویستمان بە پابەندبوونەپێوەی. ئەم لایەنەش لەگەڵ كۆڤید-19 بووە بابەتی گفتوگۆی پزیشكی و فەلسەفی. بایەخدان بە ڕۆحی مرۆڤەكان و گرنگیدان بە تەندروستیان بەبێ بیركردنەوە لە تێچوون بەشێكە لەو پابەندبوونە.

هاوكات بیرمەندێكی تر، سكای كلێری Skye Cleary، پێیوایە ئەم پەتایە بۆ زۆرێك جۆرێكە لە گومڕایی و ڕاڕایی كە قابیلە بە تێگەیشتن. میلیۆنەها ژیان تێكدەشكێنێت، زانیاری هەڵە، بێ باوەڕی و ئینكاریش بڵاودەكاتەوە و ژمارەی مردووش لە زیادبووندایە. لەم بارەیەوە ئەم نووسەرە بۆچوونێكی فەلسەفی لە خانمە فێمینیستی فەرەنسی سیمۆن دێ بۆڤوار Simone de Beauvoir ەوە قەرزدەكات: بۆئەوەی مرۆڤ بیت پێویستە لە گومڕایی بژیت و چارەسەرەكەش ڕزگاربوون نییە لە نادڵنیایی، دانپیاهێنانە بەو نادڵنیاییە وەك هەل و مەرجێكی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا كە هەستدەكەین گۆشەگیرین، بەتایبەت لەماوەی كەرەنتین دا، بەسودە بۆ هەموان ئەوە تێبگەین كە ئێمە هەموو ڕووبەڕووی هەمان حاڵەتی مرۆی دەبینەوە. ئەو دەمەش كە هاریكارنین لە سنوردارکردنی تەنگژە تەندروستیەكە زۆر بە ئاسانی كار بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆزەكە دەكەین. ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستە خۆشگوزەرانی یەكترمان پێویستبێت. تەنانەت ئێمە گەر پێوەشنەبین خۆ ئەم پەتایە بەشێك لە هاوڕێ و خزم و ناسیاوەكانمان دووچاردەکات و ئەمەش كاردانەوەی لەسەر ئێمەش دەبێت.

سەبارەت بە بۆچوونەكانی Paul OGrady تایبەت بە پەرچەكرداری فەلسەفە لە دەمی تەنگژەكانا بەوە دەستپێدەكەین كە ئەم نووسەرە گوزارەیەكی ناسراوی سوكراتمان بە نموونە بۆدێنێتەوە: ئەو ژیانەی تاقینەكراوەتەوە ژیان نییە. ڕەنگە ئەم گوزارەیە بۆنی جۆرە غرورێكی لێوەبێت، لەهەمانكاتدا خودی گوزارەكە بۆنی جوڵە و گەشت و دەمەتەقێ فەلسەفییەكانی سوكراتیشی لێدێت كە لە ڕێگاوبانەكان لەگەڵ خەڵكی عەوام كردوونی. كە لەوێڕا ویستویەتی بزانیێت چی گرنگە؟ چ جۆرە ژیانێك هەڵببژێرین؟ ژیانێکی باش و بە بەها چ جۆرە ژیانێكە؟ ئەوەش دەڵێت كە خوێندكارێكی جارێكیان لێیپرسیوە: بۆ فەیلەسوفەكان خەمۆكن؟ پێیوایە لەكاتی تەنگژەكانا ،وەك ئێستا، ئەم جۆرە پرسیارانە شیاوە كردنیان. ئامرازەكانی بیركردنەوە و ئاگاییخودیی پاڵپشتن كاتێك گشت شتێك لەگۆڕاندایە. هەمووش ئەوە دەزانین كە شێوازی فەلسەفی ژیانی سوكرات بوێری پێبەخشی. خودی فەلسەفەش تەنیا بریتی نییە لە جەستەیەك لە زانین ،بەڵكو شێوازێكی عەقڵی و پرسیارسازییە. تەنانەت خۆشەویستییە بۆ دانایی و ئامرازێكیشە بۆ گرێدانەوەی عەقڵ بە بەها و سۆزەوە، ئەمەش وادەكات كە بەشێوەیەكی باش بژیت و بمریت. ئەم تێگەیشتنە بەرەو ئەوەمان دەبات كە فەلسەفە دروستكەری دیالۆگی عەقڵییە، لەناومانا كار بۆ ئەوە دەكات پشت بە دادوەری یان بیركردنەوەی پێشوەخت نەبەستین، تا ئەوپەڕی خۆمان بین، توانا و ناوەوەی خۆشمان بپارێزین.

لەم جەنگەی ئێستادا پتر پێویستە ناوەوەی خۆمان بپارێزین

لە لێدوانێك خانمە فەیلەسوفی فەرەنسی ژولیا كریستیڤا Kristeva، لەژێرناوی”” لەم جەنگەی ئێستادا پتر پێویستە ناوەوەی خۆمان بپارێزین””، ئاماژە بۆ ئەو ڕاستیە دەكات كە بێ توانایی لە پێشبینی و پلاندانان یەكێكە لەو ئابروچوونانەی پەتاكە ئاشكرایكرد. لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە ئایینەكان باس لە سنورداری تواناكانی مرۆڤ و كۆتابوونی ئەم مرۆڤە دەكەن كە ئەمە ئێستا بەشێك نییە لە وتاری گشتی ئەمڕۆ. مرۆڤ ئاشكرایە لەم سەردەمەدا لە چۆنیەتی كارگێڕیكردنی سۆزداری و بردنەڕێوەی شوێنی بەساڵاچوان لێهاتووە و لێكۆڵینەوە بایۆلۆجیەكانیش هەنگاوی گەورەیان لەبواری دروستكردن و نوێكردنەوەی خانەدا دیووە، بەڵام ئێمە ناتوانین دوا نرخی پیری بدەین و لەم كۆمەڵگە سێكولارانەی تیاشیدەژین دەبینین مەرگ شاراوەیە و باڵاترین ئەزموونی مرۆییە. تەنانەت ئەم تەوژمە ڤایرۆسیەی کە ڕوویلێناین ئەوەشی لا ڕوونكردین كە پاش پیربوون ئەو لاوازیەی ڕومانلێدەنێت ئەستەمە ڕووبەڕووبوونەوەی. لێرە كریستێڤا باس لەو لاوازییە دەكات لەناوماندا بوونی هەیە. ئەم تەنگژە تەندروستییەی ئێستا هەڵاوگۆڕانە لە سەرمایەداری نوێی لیبرالی بۆ سەرمایەداری دیگیتالی. ئەو كاتاسترۆفە مرۆییەی ئەم پەتایە دروستیكرد تەنیا بە هەندێك ڕێكاری سیاسی و ئابووری و تەندروستی چارەسەرناكرێت.

ژولیا كریستیڤا لەو لێدوانەی هێما بۆ ئەوەش دەكات كە ئەم پەتایە زۆری لەسەر گۆشەگیری فێركردین. لەبەر هۆكاری تەندروستی پێویست حكومەت مانەوەی لەماڵەوە بەسەرماندا سەپاند. ئەدی ماڵەوە و خود لەم بەینەدا چی بەسەر هات؟ كەرەنتینی تەندروستی هەستێكی تەنیای سەیری تیا دروستكردین و بە ئامرازێكی نیولیبرالیانەی فرە جیهانگیریشەوە گرێیداینەوە. ئەوەش شاشەكانی ناو ماڵەكانمان بوون، تۆڕە ئینتەرنێتیەكانی ناو جێگا و سەر سۆفاكانمان كە لێماننابنەوە. ئەمە بەجۆرێك هاتەناو ژیانی كەرەنتینمانەوە كە هەستی تەنیایمان وەلاوەنێت. نامە ئێلەكترۆنیەكانمان و ڕۆڵیان لە نەهێشتنی تەنیایمان ئاماژەیەك بوون لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشایەی گۆشەگیری كەرەنتین دروستیان كرد. ئەم جۆرە پەیوەندییە ئێلكترۆنییە پێش كۆڤید بەو جۆرە نەبوو.

ژولیا كریستیڤا وەك هەڵگری پرینسیپەكانی ڕۆشنگەری ،كە بریتیبوون لە بێ ئیمانی و گومان، بۆچوونی خۆی بۆ كەرەنتین و گۆشەگیری ساتەوەختی كەرەنتینی تەندروستی بەجۆرێك دەخاتەڕوو كە لە بۆچوونە نیولیبرالییەكانی ئێستامانەوە دوورە. پێشیوایە ڕاستییە ئاینییەكان بەو مەرجە مانایان بۆ بەهای خۆیان هەیە كە سەرلەنوێ بخرێنەوە ژێرپرسیار و سەرنجیشیان لەسەر كێشە و كاتاسترۆفەكانی ئەمڕۆمان هەبێت. لێرەوە ئەم خانمە بیریارە مەترسیەكانی شارستانی ئێستامان دەخاتەڕوو كە لەژێرسایەی تێكنەلۆژیا و بەرخۆری، كە هەردووش وێرانسازی ژینگەییان بۆ سازاندوین كەوتووینەتە ناو جەنگێكەوە. بەمە داوامانلێدەكات لەم جەنگەی ئێستاداپتر ناوەوەی خۆمان بپارێزین وەك هەر شتێكی تر. ڤایرۆسەكان لێرە و لەوێ هەن، چونكە لەشی مرۆڤ جگەلە خانە بەكتریاشی تیایە. ژیانی مرۆڤ و ژیانی جەستەیمان وامانلێدەكات هەمیشە لەگەڵ ڤایرۆس و مشەخۆرەكان بژین، لەگەڵ ئەو هەڕەشانە بژین كە دەوروبەر لێمانیدەكات. خۆشی وتەنی لەگەڵ ئەم جۆرە هەل و مەرجانە دەمێكە دەژێت: لەگەڵ یەكەم ڕۆژی بانگەوازی جەنگی جیهانی دوو لەدایكبووە، مناڵی و لاوی خۆی لە ماوەی جەنگی سارد بەسەربردووە، ئێستاشی لە سێبەری جەنگێكی جیهانی تەندروستیانە بەسەردەبات.

————————————————————–
ژێدەر:

Joe Humphreys. Coronavirus: How can philosophy help us in this time of crisis?
https://www.irishtimes.com/culture/coronavirus-how-can-philosophy-help-us-in-this-time-of-crisis-1.4205889
Julia Kristeva. “In the current state of war, it is our most inner selves that we must save“
https://www.journal-psychoanalysis.eu/in-the-current-state-of-war-it-is-our-most-inner-selves-that-we-must-save/
Byung-Chul Han. The Viral Emergenc(e/y) and the World of Tomorrow https://pianolaconalbedrio.wordpress.com/2020/03/29/the-viral-emergence-y-and-the-world-of-tomorrow-byun-chul-han/
https://seronet.info/billet_blog/lurgence-virale-et-le-monde-de-demain
Byung-Chul Han. L’urgence virale et le monde de demain.
Jurgen Masure. Philosophy can help us in this time of crisis
https://medium.com/discourse/philosophy-can-help-us-in-this-time-of-crisis-4b73d3e3f86b




دەرمانخانەی فەلسەفە .. بەشی ..20 ئازاد حەمە

بەشی 20

فەلسەفە دەرمانی دەردە
ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius

ئاماژە: بینینی فەلسەفە وەك دەرمان بەرەو ئەو بەشە لە توێژینەوە فەلسەفییەكانمان دەبات كە ویستی فەلسەفە ویستە بۆ چارەسەر(Therapy و Treatment). گەر فەلسەفە ئەم كارە بكات شوێن بە دەروونناسی لەقدەكات. باشە فەلسەفە دەكارێت شوێن بە دەروونناسی لەقبكات؟ مەگەر فەلسەفە لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنادا پتر لە دەروونناسی بەسەر ژیانی تاكەكانەوە كاریگەر نەبوو؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە بدەینەوە قسە لە فەلسەفە دەكەین وەك دەرمان، ئەوەش لە فەلسەفەكردنەوە بەرەو چارەسەرسازیمان دەبات. وەكیتر، ڕوانینی ئەم بەشە لە هەناوی ئەو تەماشاكردنانەشەوە چرۆدەكات كە پێیوایە شێوەی بیركردنەوەی مرۆڤ گرنگی خۆی هەیە. واتە چۆن ئێمە ئەم جیهانە دەبینین و تەماشاكردنمان بۆ شتەكانی ناو ئەم جیهانە بە چ جۆرێكە، بینینی شتەكان و دواتر لێكدانەوەی ئێمە پاش ئەم بینینە جێی سەرنجی فەلسەفەیە. بینینی جیهان وەك شتێك لە هەڵە پەیوەندی تەنیا بەو هەڵەیەوە نییە لە جیهاندا هەیە، بەو بیركردنەوەشەوە هەیە کە هەڵەكە دەبینێت. جەختدەكەینەوە فەلسەفە لە كۆنەوە تا ئێستا مێتۆدی جیاجیای بۆ مامەڵە لەتەك بیركردنەوە پێشنیاركردوە، ئەو جیاوازیەش لە مێتۆدەكان هێندەی لە پێگەی فەلسەفەیان لە دۆزینەوەی شێوازی نوێ لە تێفكرین بەهێزكردووە هێندە مرۆڤیان كۆیلەی فەلسەفە نەكردووە. لە مامەڵەكردن لەتەك فەلسەفە دیدمان بۆ خۆمان، بینینمان بۆ جیهان، بۆ دەوروبەر وەك خۆی نامێنێت. بۆیە فەلسەفە پێماندەڵێت، هەریەك لە ئێمەی مرۆڤ شێوازی بیركردنەوەی خۆی هەیە، هەر لەوێشەوە بیروبۆچوون و تێڕامانە فەلسەفییەكان لێكدی جیادەبنەوە. چۆن سەیری ژیان دەكەین، چۆن ئەو ژیانە دەبینین كە تیایدەژین،دواتر چۆن ژیانەكە لەسەر بناغەی بینین و بیركردنەوەكانمان دەگوزەرێنین بۆ فەلسەفەكردن مانادارن و لە ئاكامی گشت ئەمانەشەوە تێگەیشتن دروستدەبن، لەوێندەرێوە مەیلی فەلسەفە بۆ فەلسەفەكردن چرۆدەكات. كاتێك ئێش و خەم دەستیپێدەكات گەڕان بەدوای دەرمان وەك چارەسەر شوێن بە خۆی دەگرێت. ئەو دەمەی هەستەكان ماندوو دەبن و بێزاری و بێ هیوای باڵ بەسەر بوونی مرۆڤ دا دەكێشن چارەسەر دەبێتە پرسیار و هەر ئەو دەمە گەڕان دەستپێدەكات. گەڕان هەوێنی چارەسەرە و لە پێویستی بۆ بنبڕكردنی ئێش و خەمەوە هەڵدەقوڵێت. گۆمی ئێش و خەم سەرتاپا برینە و لە چاوەڕوانی دەرماندایە. دەرمان وەك فەلسەفە دیرۆكی خۆی هەیە. مرۆڤایەتی ڕاستەوخۆ بەم جۆرە دەرمانە ئاشنانەبووە و كاتێكی زۆریشی خایاندووە تا فەلسەفە توانیویەتی ئەم ڕۆڵە ببینێت. بەشێك لەو ڕۆڵەی فەلسەفە وەك دەرمان دەیبینێت ئەوەیە، فەلسەفە وادەكات خۆت ڕۆڵی چارەسەرسازیەكە ببینیت، خۆت كار لەسەر خۆت بكەیت. بەشێك بەمە دەڵێن فەلسەفە وەك دەرمان. دەرمان لێرە خودی چارەسەرەكەیە. ئەو چارەسەرەی كاری سەرەكی دەرمانەكەی لێپێكدێت كاكڵی فەلسەفەكەش دەسازێنێت. كەچی بەشێكی تر پێیوایە هەندێك لە چارەسەرە ڕەفتارییەكانمان یان ئامرازەپراكتیكیەكانمان سەرچاوە لە فەلسەفەوە دەگرن. لێرە فەلسەفە وەك چارەسەر تەماشادەكرێت. لەبەرئەوەی چارەسەرە دەرمانیشە.
بەمجۆرە، لەم بەشە نووسینە، وشەی چارەسەر بەهەردوو ماناكەی Treatment و Therapy بەكاردەبەین و بایەخیش بەو تێهزرینانە دەدەین فەلسەفە وەك دەرمان دەخەنەڕوو، دەرمانێك کە ئیشی فەلسەفە دەكاتە كردەیەك لە چارەسەرسازی. بۆئەوەی فەلسەفە ئەمە بکات پێویستمان بە دروستكردنی هەڵاوگۆڕانی چۆنایەتی دەبێت لە تەماشاكردنمان بۆ دەرمان. ژەهر لەو شوێنەی بەكاربردنەكەی پێویستە دەرمانە. باشە مێژووی پزیشكی لەم بارەیەوە چیمانپێدەڵێت؟ مێژووی پزیشكی بریتییە لە مێژووی دۆزینەوەی چارەسەر، چارەسەر بە ڕووەك و گژوگیا، تادەگاتە نەشتەرگەرییە سەرەتاییەكان لە شارستانییە دێرینەكان( میسری كۆن، بابلییەكان، هیندی، چینی، یۆنانی، رۆمانی). ئەم مێژووە كە تەندروستی جەستەیی و عەقڵی مرۆڤەكان لەخۆدەگرێت لە قۆناغی پێش توێكاری جەستە و چارەسەركردنی برین و ناساغی بە ئەفسانە و جادووەوە دەستپێدەكات بەرەو تێڕامان و فێرگە فەلسەفییەكانی شارستانیە كۆنەكان ملدەنێت تادەگاتە چارەسەری پزیشكی لە چاخی زانیاری. لە سەردەمی نوێشدا ئارتۆ Artaud زەبری وەك دەرمان لە كارە شانۆییەكانیدا بەكاربردووە. بەشێك خوێندنەوەی نووسینەكانی شۆپێنهاوەر Schopenhauer دەكەنە دەرمانی ڕۆح و بەشەكەی تر نیچە. هەرچی سێنێكاSeneca، ئێپیكتێتۆسEpictetus، ئۆرێلیۆسAurelius و فەیلەسوفە ڕواقییەكانی Stoicism تری شارستانی رۆمانییە گرنگیەكی زۆریان بە بەختەوەری و بە خاوێنڕاگرتنی رۆح داوە. ئێستاش بیرمەندگەلێكی وەك فێری Ferry ،كۆنت-سپۆنڤیل Comte-Sponville و ئۆنفرێ Onfray لە فەرەنسا هەڵگری فێربوونە فەلسەفییەكانی ئێپیكۆر و ڕواقیەكانن و فەلسەفە بەرەو جۆرە تێراپیەك Therapyدەبەن كە وردە وردە خۆی لە تێڕامانێكی عەقڵی-و تێۆری پووخت بەدووردەگرێت. ئەمەش هەنگاوە بەرەو چارەسەرسازیی بە فەلسەفە. هەنگاوی یەكەمی ئەو چارەسەرسازییە لەوێوە دەستپێدەكات كە فەلسەفە لەناوەوەی مرۆڤ كاری خۆی دەستپێدەكات و دواتر والە مرۆڤ دەكات خۆی بێت. ئەمەش دەستپێكی فەلسەفەیە كە هەر لە سەرەتاوە كاری لەسەر خۆبوونی مرۆڤ كردووە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، فەلسەفە بەجۆرێك ئیش لەسەر مرۆڤ دەكات كە خودی خۆی بیت، خۆی نەك ئەویتر. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی گەر مرۆڤ ئاگای لە خودی خۆی نەبێت بەدڵنیاییەوە ئەویتر ئاگای لێدەبێت، كەواتە تۆ ئیتر خۆت نیت و ئەویتریت. خۆبوونت مانای بۆ بوونت هەیە. بوونت واتە خۆت. بوونی تۆ بوونی خۆتە نەک ئەویتر، كە خۆت بیت كەوابێت تۆ خۆتت هەیە، خاوەنی خۆتیت. خۆتت نەبوو بە بێگومان ئەویترێك دەبێتە خاوەنت. كێشەكە چییە كە خاوەنی خۆمان نەبین و ئەویتر خاوەنداریمان بكات؟ كێشەكە لەوەدایە كە هەبوون بەر هەڵوەشانەوە دەكەوێت.
مایەوە ئەوەش بوترێت كە، ساتەوەختی كۆرۆناڤایرۆس ڕەوتی دەمەتەقێ، شیكارییە، فەلسەفییەكانی گۆڕی و جارێكی دی فەلسەفەی كردەوە بە پردی نێوان زانستە ئەزموونییەكان و زانستە مرۆییەكان. لە سەدەكانی پێش زایینیشەوە، لە دەمی سوكرات و گالێنۆس Galenosەوە، كە پزیشكە هەرە دیارەكەی شارستانی یۆنانییە، تادەگاتە مۆنتاین و هەنووكە (میشێل ئۆنفرێ بەنموونە) فەلسەفە مەشقكردنە لەسەر ڕۆح و دروستكردنی دڵگیری بۆ مرۆڤ، چڕینی سترانی مەرگ و تامكردنی ژیان، بەشیفابوونیشە لە ژیان گەر ژیان لەخودیخۆیدا درم بێت.

ئاسكلێپیۆس: خواوەندی شیفا

گەر یۆنانی كۆن بە نموونە وەربگرین دەبینین زۆربەی خواوەند و ئەفسانەكان كاری چارەسەرسازی و دەرمانسازی و شیڤابوونیان بینیووە. ئاسكلێپیۆسAsclepiusیەكێكە لە فیگەرە دیارەكانی ناو ئەفسانەی یۆنانی كۆن و خواوەندی پزیشكی و شیفا بووە و ئەمەشی لە باوكیەوە ،لە خواوەندی ئاپۆلۆن Apolloەوە وەرگرتووە كە خواوەندی خۆر، موزیك، هونەر و شیفابوون بووە. ئێپیۆن Epione ژنی ئاسكلێپیۆس بووە كە خواوەندی ئارامكردنەوە بووە. لە ئێستاشا كە دەچینە هەچ دەرمانخانەیەك گۆچانەكەی ئاسكلێپیۆس دەبینین کە بە مارێكەوە لكاوە و بووە بە هێمای پزیشكی. ئەم خواوەندە چوار كچی هەبووە: هیجێیا Hygeia (خواوەندی پاك و خاوێنی و تەندروستی بووە)، ئاساسۆAceso ( خواوەندی چارەسەركردنی نەخۆشی و شیفابوونبووە لە برین)، ئایاسۆIaso (خواوەندی چارەسەر بووە)، ئاگلایا Aglaea (خواوەندی تەندروستی باش بووە)، پاناسیا Panacea (خواوەندی دەرمان و چارەسەر بووە). لە سەردەمی ئاسكلێپیۆس دا خەڵكی ناساغ ڕۆژانە سەردانی پەرستگای ئێپیدۆرۆسیان Epidaurus کردووە تا لە ناساغی و برینەكانیان بەشیفابن. دووان (Machaon و Podalirius)لە كوڕەكانی ئاسكلێپیۆس لە داستانە شیعری یلیادە Iliáda ی هۆمێرۆس Hómēros ناویان وەك برینپێچ هاتووە. بەپێی گێڕانەوەكانی هۆمێرۆس ئەم كوڕانەی ئاسكلێپیۆس چارەسەری بریندارەكانی جەنگی ترۆیا Troyیان كردووە. ئەمە زۆر بە كورتی هەقایەتی خواوەندی شیفای یۆنانی كۆنە كە پاش یۆنان و لە شارستانی رۆمانی بەردەوامی خۆی هەبووە و پێش یۆنانیش شیفابوون ئیشی خواوەند و داناكان بووە.

فارماكۆن

بۆئەوەی ڕیشەی وشەی دەرمانخانەpharmacy دیاریبكەین پێویستە بە وشەی فارماكیە Pharmakia ئاشنابین كە لە زمانی یۆنانی φαρμακεία بە واتای ژەهراویكردن، جادووگەرایی دێت. فارماكیە دەرمانە. دەرمان لەناو پرۆسەی بەكاربردنی ئەم وشەیە ئامادەبوونی خۆی هەیە. وشەی فارماكیە لە فارماكۆن Pharmakon ەوە سەرچاوەدەگرێت. فارماكۆن φάρμακον یش لە یۆنانیدا بە مانای ژەهر، جادوو، تەلیسم، ئەفسوس، دەرمان دێت. هەموو ئەمانە پێماندەڵێن فارماكۆن لەیەك كاتدا بە واتای دەرمان و چارەسەریش دێت. هەربۆیشە فارماكیە بە واتای تێراپیا Therapeia (چارەسەر) دێت. ژەهر بۆنموونە دەرمانە و چارەسەریشە.وەكیتر ژەهر بكوژە، لێ هەلومەرجی بەكاربردنی چارەسەرسازیشی تێدایە. ئەو شتەی ژەهراویدەبێت لەناودەچێت، دەمرێت، جا ئەوە ڕووەك بێت یان ئاژەڵ و مرۆڤ. تەنانەت ئەو گیراوەیەی سوكرات خواردیەوە بڕیاری دادگا بوو كە لە جۆرە ڕووەكێك hemlock ی ژەهراوی پێكهاتبوو. بەپێی تێگەیشتنی نیچە ئەو كاتەی سوكرات گیراوەكە دەخواتەوە نیازمەندە بەوە خۆی لە ژیان شیفابكات. ژیان لەو حاڵەتە ناساغیە و ژەهر چارەسەرە. خودی دێریداش لە نوسینی” دەرمانخانەی ئەفلاتون”دا وشەی فارماكۆن لە سێ لایەندا قەتیسدەكات: دروگ Drogue (دەرمان یان عەقار) و مێدیسن Médecine (پزیشكی) و رێمید Remède(چارەسەر).

كۆیلەبوونی فەلسەفە چارەسەر نییە

فەلسەفە لە دەمی یۆنانەوە تا ئێستا لە گەڕان بەدوای مانای ژیان لە هەڵبەز و دابەزدایە. هەردەم فەلسەفە ویستویەتی خەمڕەوێنمان بێت، ئاستێك بۆ گورزی زەمانە دانێت، پەی بەو ئێستایەمان بەرێت هەنووكەمانە و بێوچانیش لەسەر بەرهەمهێنانی هزر، هزرێكی پێویست بۆ مرۆڤایەتی، ڕامانبهێنێت. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر بینینی فەلسەفە وەك فەیلەسوف جیایە لە بینینی فەلسەفە وەك هەواداری فەلسەفە. هەوادارانی فەلسەفە جۆراوجۆرن. هەن وەك كۆیلە مامەڵە لەتەك فەلسەفە دەكەن. بوونە كۆیلەی فەلسەفە بە زیانی فەلسەفە دەگەڕێتەوە. كۆیلە وابەستە و بێدەنگ و ژێردەستەیە. لەم حاڵەتە فەلسەفە بەپێی پێویست سودی نابێت و كاریگەریش ناخاتەوە. فەلسەفە لەناو دەمەتەقێ و ڕووبەڕووبوونەوەكان نەشونمادەكات. كەواتە ئەوانەی ڕەخنەی فەلسەفە دەكەن یان فەلسەفە بۆ هەڵوەشانەوەی بۆچوون و تێگەیشتنەكان دەخەنەگەڕ ئەو بەشەن لە هەواداران و خوێنەرانی فەلسەفە كە بەرهەمهێنەری فەلسەفەن. هەشن تەنیا فەلسەفە لە پرسیارسازی و گومانكردن پووختدەكەنەوە و كاری فەلسەفەش لە وتن لەسەر ئەویتر بریتیدەكەن. ڕەنگە سوكرات نموونەیەكی ئەم بوارە و گروپی پێشتریش بێت. هەر ئەم بەشە ئەوە لەبیرناكەن كە فەلسەفە كاركردنە لەسەر خودیخۆ. شیكردنەوەی خودیخۆ و كردنەوەی ناخ بەشێكی سەرەكی لە كردەی فەلسەفەكردن پێكدێنێت. بەشێك لە فەیلەسوفان بەم شێوازە توانیویانە بگەنە ئەویتر. نیچە نموونە بەرچاوییەكەی ئەم لایەنەیە.
لەمیانەی ئەو قسانەی لای سەرەوە بەوە دەگەین، فەیلەسوفەكان كۆیلەی فەلسەفە نیین. فەلسەفە زادەی چرکەی خۆیەتی. چركەی فەلسەفە ئەو کاتەیە كە پیادەدەكرێت. لە ڕابردوودا فەلسەفە كردەی دەمی خۆیبووە. ئێستاش كردەیە بۆ هەنووكە. جگەلەوەی فەلسەفە دەم و ساتی خۆی هەیە، لێ بۆ گشت سات و دەمەكانیش دەشێت. ئەفلاتون، سپینوزا، مۆنتاین یاخود دێكارت، رۆسۆ، كواین بۆ ئەو دەمە و بۆ ئێستاش شیاون. بەپێی ئەوەی فەلسەفە بیركردنەوە و تێڕامانە دەشێت ڕەخنەبكرێت، دەكرێت شیاو بێت یان شیاو نەبێت بۆ ئێستا. ئەمە نییە كەڵكی فەلسەفە، كەڵكی فەلسەفە لە توانای بیركردنەوەیەتی لە سات و دەمە جیاكان. فەلسەفە لە هەموو سەردەم و چاخێكدا، لە گشت كولتوور و كۆمەڵگەیەكدا لەو چركەیە دواوە تیایا وتراوە. لە ئێستادا، لە كاتی كۆرۆناڤایرۆس دا، كێشە كولتووری و كۆمەڵایەتیەكانی مرۆڤ تا دەگاتە سیاسی و ئابووری و ڕۆحیەكانی هەمان ئەوانە نیین پێش ڤایرۆسەكە.وێجا بوونە كۆیلەی فەلسەفە وادەكات نە لە فەلسەفە بگەین نەش دژەكەی. جا ئەوە نا-فەلسەفە بێت تادەگاتە ئاین. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئەو كۆیلایەتییە ئەو دیالۆگە دەكوژێت فەلسەفە دروستیدەكات. لە پاش كۆیلایەتی دیالۆگ نامێنێت، مشت و مڕ و ڕەخنە جێیان بەتاڵە و كاوێژ و دووبارەسازی جێیان دەگرنەوە. بۆئەوەی فەلسەفە بەرهەمهێنەر بێت پێویستە ڕەخنە و پێكدادانی هزری هەبێت. شتی نوێ و نەوتراویش تەنیا لەو كاتانەدا سەرهەڵدەدەن فەلسەفە مەستی گومان و سلەمینەوەیە.

شەڕی فەلسەفە لەتەك پرسیار چارەسەرە

شەڕی فەلسەفە لەتەك پرسیار بڕانەوەی نییە، چارەسەرە و ئەو دەرمانەشە بۆیدەگەڕێین. شەڕی وا بێكۆتا لە دەمی دەركەوتنی یەكەم ڕوناكی خۆری فەلسەفەوە دەستیپێكردووە و هەر بەردەوامە تا مرۆڤ خاوەنی ئاوەزی خۆی بێت. پرسیارە فەلسەفییەكان(گرنگیشە بزانین چ جۆرە پرسیارێك فەلسەفییە و چ جۆرێكیش نا-فەلسەفییە)لە زیادبووندان و هەر گەشەی بیركردنەوەی مرۆڤ و ئاڵۆزبوونی هەل و مەرجی بووناوی ئەم مرۆڤەشە فەلسەفەی گەیاندۆتە شوێنە سەخت و دژوارە ناكۆتاكان. لە میانەی پرسیارەكانمان تێگەیشتنمان بۆ خۆمان و دەوروبەرمان دەگۆڕێت. كە دەپرسین فەلسەفە چییە بەمە هەنگاوێك لە بیركردنەوەكانمان بەرەو پێشەوە دەچین تەنانەت ئەگەر وەڵامەكەشی دەقاو دەق نەزانین. ئەو وەختەی فەلسەفە لەتەك ئاین یەكدەگرێتەوە بە پرسیارێكی دی ڕووبەڕوودەكرێتەوە كە بەم شێوەیە: فەلسەفە زانستە یان نا-زانستە؟ قەرزاری فەلسەفیی زانست وەڵامە بۆ ئەم پرسیارە. ئەوەی تۆ بیڵێت هەروەك ئەوەی من دەیڵێم ڕاستە؟ نەخێر. ئەمەش لەبەرئەوەی دوو ڕاست پێكەوە هەڵناكەن.تا پتر لە ماهیەتی ئەم شەڕە تێبگەین كە فەلسەفە هەڵیگرساندووە ئەوكات ئەوەمان لاڕووندەبێت بۆ گەیشتن بە ڕاستی بۆتە دەروازە بۆ فەلسەفەكردن؟ بۆ ڕاست، نەك درۆ، دژە جەمسەری هەڵەیە؟ ئەدی باشە لەتەك چی لە جەنگدایە؟ لەتەك خراپە یان نا-باشە؟ بیركاری دایكی زانستەكانە یان فەلسەفە؟ فەلسەفە دەستی لە دروستكردنی زانست نەبووە؟ ئەی ئێستا، بۆ زانست خۆی وەك شتێكی سەرووی فەلسەفە دەبینێت؟ چۆن هۆكار دروستدەبێت؟ لەو جێگایەی هۆكار هەیە دەبێت دەرئەنجام هەبێت؟ هۆكار گرنگە یان دەرئەنجام؟ هۆكار پرسیار بێت كەواتە دەرئەنجام وەڵامە؟ مێژووی وەڵام لە پرسیار كۆنتر نییە؟ گەر پێچەوانەكەی ڕاست بێت كەواتە هۆكار دایكی دەرئەنجامە؟ گەڕانی فەلسەفە بەدوای مانا گەڕان نییە بەدوای واتای بوون؟ لەو شوێنەی بوونمان لە مەترسیدایە چ پرسیارێك دێتەكایەوە؟ ئایا پرسیاری مەرگ ئەو پرسیارە نییە؟ باشە كات دەمرێت؟ كە شوێن هەیە كاتیش لە هەمان شوێن دا بوونی پێویستە؟ كات گرنگترە یان شوێن؟ ئەدی ژیان لەناو بێ كاتیدا شیاوە؟ بۆ ڕزگاربوون لەم دیلێمایە (سەرئێشە) پێویستمان بە پێوانەیە؟ چۆن كات-شوێن بپێوین؟ ئاژەڵ هەست بە كات دەكات؟ یەزدان لە دەرەوەی كاتە؟ ئاژەڵ هەست بە گۆڕینی شوێن دەكات؟ پرسیاركردن لەسەر بوونی یەزدان شتێكی نا-ڕەوشتییە؟نا-ڕەوشتیی دیاردەیەكی مرۆییە یان ئاژەڵیش بۆی هەیە نا-ڕەوشتی بێت؟ بۆ ئاژەڵ بێ عەقڵ لەدایكبووە؟ ئاژەڵ خەودەبینێت یان خەونبینین هەروەك عەقڵ دیاردەیەكی مرۆییە؟ ئاژەڵ كە عەقڵی نییە شێتە یان شێت ئاژەڵە؟ باشە ئەی ئاین، بۆ ئاین بەس بۆ مرۆڤ هەبووە؟ بۆ دیندار و بێ دین لەناو ئاژەڵان بوونی نییە؟ لەبەرئەوە نییە كە ئاژەڵ عەقڵی نییە؟ ئەی ئاین عەقڵییە؟ گومانیناوێت فەلسەفە كە عەقڵییە پیرۆز نییە. هەرچی ئاینە دیاردەیەكی باوەڕییە تا تێڕامانێكی عەقڵی. ئەی كامیان ڕۆڵی چارەسەر دەبینێت ئاین یاخود فەلسەفە؟ئەم شەڕە هەر بەردەوامە و دیدگای، شیكاریی و ڕەخنەیی زۆری لێوەبەردێت و فەلسەفەش دەخاتە دۆزێكی چارەسەرسازی Therapy و بایەخپێدانەوە.

چارەسەر بە فەلسەفە

چۆن فەلسەفە ڕۆڵی چارەسەر ببینێت؟ چارەسەر لە چی؟ فەلسەفە جگەلەوەی كردەیەكی عەقڵییە و پرۆسەی بیركردنەوە بەرهەمیدەهێنێت دەکارێت لەڕێگای بیركردنەوەكانەوە كار لەسەر جەستە و دەروون بكات. مرۆڤی سەردەم لە هەموو كات زیاتر پێویستی بەو كارەیە كە فەلسەفە پێیهەڵدەستێت. پەشێوی دەروونی یان داڕمانی هزری بە گەڕانەوەی بایەخدان بە فەلسەفە دەمانگەیێنێتە قۆناغێكی چارەسەرسازیی. فەلسەفە پێویستی بەوەیە كار لەسەر لایەنی بیرلێنەكراو بكاتەوە لە ژیانی مرۆڤ. بەوەش ناسراوە کە ئاڵۆز و ژیریئامێزە و بە شێوازێكی تر، جیاواز لەوەی پێیناسراوە، خۆینمایشدەكات. ئەمەش لەوسەرەوە وادەكات فەلسەفە زۆرتر كاریگەربێت.
پێشتر هێمامانبۆكرد، لەم بەشە نووسینە،وشەی چارەسەر بەهەردوو ماناكەی بەكاردەبەین: Treatment و Therapy . فەلسەفە كە شوێنی چارەسەر دەگرێتەوە سەرچاوەی ئەم چارەسەرە نوسینە فەلسەفییەكانن. لەم حاڵەتە ناكرێت فەلسەفە جێی پەرتووكی پیرۆز و فەیلەسوفیش جێی پەیامبەر بگرێتەوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئامانج لە فەلسەفە خۆ پیرۆزكردن و فەیلەسوف پیرۆزكردن نییە بەقەدئەوەی ئامانج هەڵوەشانەوەی خودی پیرۆزییە. بۆ زۆرێك شۆپێنهاوەر و نیچە ئەو ڕۆڵەیان بینیووە. كارە فەلسەفییەكانی نیچە ساڵانێك وەك چارەسەری دەروونی تەماشادەكران. تەنانەت ڕۆمانەكانی دەستەێڤسكی و كامۆش. بۆ هەندێك ئێپیكۆر و ئێپیكۆرییەكانی شارستانی رۆمانیش( سێنێكا، ئێپیكتێتۆس، ئۆرێلیۆس) لەو ئاستەدا بوونە.
فەلسەفە هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە لەسەر ئەو بنەمایە بووەتە چارەسەر كە گفتوگۆی كردۆتە بناغە بۆ قسەكردن لەسەر دیاردە و گرفتەكان. ئەمەش لە بنەڕەتدا شێوازی سەرەكی سوكرات بووە. وەكیتریش، خۆناسی هەنگاوێكی تری سوكرات بووە بۆ بەكاربردنی فەلسەفە بۆ خودچارەسەر. خۆناسی چارەسەرێكی خودییە كە مرۆڤ لە خودی خۆی نزیكدەكاتەوە. ئەوەش هەر شێوازێكە لە چارەسەری فەلسەفیی كاتێك سوكرات هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی دەكاتە ئامانج بۆ گۆێگرانی. لە دوای سوكرات ئەریستۆ بووە کە گرنگی بە بەكاربردنی فەلسەفە بۆ چارەسەر خستۆتەگەڕ، وەلێ پاش مەرگی ئەریستۆ شێوازی عەقڵی و لۆژیكی لە فەلسەفە بەرەو چارەسەركردنی فەلسەفی بۆ خۆشژیان، بەختەوەری و دوركەوتنەوە لە ژیانی مادی هەنگاوینا. لەسەر ڕەوتی بیركردنەوەی فەلسەفیی ئێپیكۆریەكان و ڕواقییەكان بەدەستهێنانی چێژ و خۆشی وەك سەرەتایەك بۆ دوركەوتنەوە لە ئازار و خەمۆكی بووە چارەسەر. لەم ساتەوەختەوە ئەم دوو ئاقارە فەلسەفییە وەك جۆرێكی تر لە فەلسەفەی چارەسەر خۆی لە یۆنانی كۆن نمایشدەكات كە دواتر بەرەو شارستانی رۆمانی ملدەنێت. فەلسەفە وەك چارەسەر لە دوای ئەم ساتەشەوە بەردەوامی بە خۆی داوە. بەشێك لەو چارەسەرە خۆی لە چارەسەركردنی كێشە هەنووكەیی و ڕۆژانەییەكانی مرۆڤ چڕكردۆتەوە. كێشەكان كە بەشێكی بووناوی هەمیشەیین لەنێوان مرۆڤەكان لە گشت سەردەم، شارستانی و كولتوورێك دا دووبارە و هاوشێوەن. ئێستا بەزۆری پسپۆڕان لە فەلسەفەی پراكتیك ئەو ڕۆڵە دەبینن. هەوڵی ئەوە دەدەن لەڕێگای كلینیكی تایبەتەوە كار لەسەر ئەوانە بكەن كێشەی موڕالییان یان غەم و پەژارەیان هەیە و تێنەگەیشتنیان لەسەر مەرگ، تەنیای، هاوڕێیەتی و هەندێك دیاردەی تری بووناوی هەیە. بەشێك لەم كارە “”كلینیكی فەلسەفی”” لە ڕۆژئاوا كاری لەسەر دەكات. بۆیە لێرەوە قسەدێتە سەر فەلسەفە وەك دەرمان.

لە پێناسەی فەلسەفەوە بۆ پێناسەی دەرمان

مێژووی دەرمانسازی Pharmacology لەگەڵ مێژووی پزیشكی تێكەڵە. مێژووی پزیشکی مێژووی پەرستیاری و دەرمانسازی لەخۆ دەگرێت. ئاشکراشە هەر لەسەرەتاوە گژوگیا و ڕووەكەكان سەرچاوەی دەرمان یان دەرمانزانی بوونە. دەرمان لە دیدی دەرمانسازییەوە بریتییە لەو مادە كیمیاییەی بۆ دروستكردنی كاردانەوەی بایۆلۆجی یان فیزیۆلۆجی لە خانە و ئۆرگانێك لە لەش بەكاردەبرێت. ئەمە بەو واتایە دێت كە دەرمان بۆ دروستكردنی كارلێكە كە ئەوەش چارەسەری لێدەسازێت. هەرچی فەلسەفەیە بەجۆرێكی تر دەبێتە ئامراز بۆ چارەسەر. ئەڵبەتە چارەسەر بەرەو گۆڕینی ژیانمان. وەكیتریش گەڕان بەدوای دەرمان واتە دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام دەرمان بۆ چ دەردێك؟ دەرد دروستكەری ئازارە و دۆزینەوەی دەرمانیش تەنیا بۆ ئازار نییە، دەرمان ئازارشكێنە و بۆ زۆر شتی تریشە كە ئێش لە مرۆڤدا دروستدەكەن، لێ لێرە كێشەكە لەوەدایە كە ئێشی ددان وەك ئێشی تەنیایی نییە. ئێشی سك وەك ئێشی بێزاریی و بێ حەوسەڵەیی نییە. دەرمانی ترس لە دەرمانی بێ هیوایی و خەمۆكییەوە دوورە. بۆ شكاندنی ئازاری ددان یان چاو دەچینە دەرمانخانە ئەی بۆ شكاندنی ئازاری تەنیایی و بێزاریی بۆ كوێ بچین؟ فەلسەفە لە پاش مەرگی ئەریستۆ و دەركەوتنی فەلسەفەی ڕواقی بووە دەرمان. شوێنی فەلسەفە لە ژیانی مرۆڤ گۆڕانی هاتەسەر. ئەوەش پەیوەندی بە بینینی ڕواقییەكانەوە بووە بۆ فەلسەفە. لێرەوە بەكاربردنی فەلسەفە دژ بە مەرگ و ترس لە ئازار و كارەساتە سرووشتییەكان دەبێتە خواستی مرۆڤەکان.
فەلسەفە دیاردەیەكی عەقڵی و تێڕامانییە پشت بە بەڵگە و ڕەخنە دەبەستێت. سەرەتای دەركەوتنیشی تەقەلایەك بووە لەلایەن مرۆڤەوە بۆ ڕەتكردنەوەی بینین و تێڕامانە ئەفسانەیی و خورافییەكان. وەكیتریش فەلسەفە قەد بەوە نەدەگەیشت كە ئەمڕۆ پێیگەیوە گەر خۆی وەك بابەتێكی عەقڵی و لۆجیكی وەگەڕنەخستایە. بەمە فەلسەفە توانی ئەو تێڕامانانە بەرجەستەبكات مرۆڤ لەسەر گەردوون و بوونی خۆی هەیبووە. فەلسەفە لەم دۆخە زانستی هۆكارەكانە: هۆكاری بوونمان؟ هۆكاری بەدی؟ ناشرینی یان جوانی؟ بێدادی؟ هۆكاری بوونی گەرمای یان لافاو یاخود هەچ دیاردە و كارەساتێكی گەردووناوی؟ بەواتایەكی تر، بوونی بوونەوەرەكان هەر لە سەرەتاوە پرسیارێكی سەرەكی بووە بۆ فەلسەفە، كە ئەوەش بنەمای بۆ بیركردنەوە، بۆ گومان و بۆ جیهانبینیمان داناوە. فێری بیانوهێنانەوە و شیكاریماندەكات و سەلماندن و بەڵگەش دەكاتە بناغەی گفتوگۆ و ڕاڤەكردنەكانمان. بەپێی فەلسەفە دەرد هەیە و دەرمانیش هەیە. گەر دەردی دەرمان فەلسەفە بێت خودی دەردەكە چییە؟ بۆ هەندێك دەردەكە وڕێنەیە و بۆ هەندێكی تر نەزانینە (جەهل). خودی فەلسەفە كە جێی دەرمان دەگرێتەوە دەشێت ببێتە ئامراز بۆ چارەسەركردن یان تیماركردنی دەردەكە. بۆنموونە بەشێك پێیانوایە بەپێیئەوەی فەلسەفە بیركردنەوەیە دەكارێت دەرمانیش بێت ئەڵبەتە لەژێرناوی دانبەخۆداگرتن یان دانایی لە چارەسەركردنی كێشە و گرفت یاخودیش بەدەستهێنانی دڵنیایی بۆ خۆبەهێزكردن.
بەمجۆرە، دەرد هەبێت دەرمانیش دەبێت. وێجا دەردەكە چییە تا دەرمانەكە بەپێی ئەو دەردە دەستنیشانبكرێت؟ لەڕاستیدا دۆزینەوەی شوێنی دەرد دۆزینەوەی شوێنی ئێشیشە. ئەوە دەردە ئێش دروستدەكات. هەموو دەردێكیش ئێشێكی خۆی هەیە. پەیوەندی نێوان ئێش و دەرد كۆنە و لە مرۆڤەوە دەستپێدەكات.مرۆڤ یەكەم بوونەوەرە ئێشی خۆی باسدەكات. زمان ئامرازی باسكردنی ئەو دەردەیە. زمان پێماندەڵێت بۆ و كوێمان دەئێشێت. دوای هەستكردن بە ئێش گەڕان بەدوای چارەسەری ئەو ئێشە دەستپێدەكات كە هەمانە. چارەسەریش بە دەرمان دەبێت. فەلسەفە چ دەرمانێكە؟ ئایا فەلسەفە دەرمانی ئاژەڵ و بوونەوەرەكانی تریشە؟ فەلسەفە دەردی دەرمانی تەنیایی، خەمۆكی، پەژارەی و زۆرێك نەخۆشی و بێزارییە. هاوكات فەلسەفە دەردی دەرمانی تەنیا مرۆڤە. بەپێی ئەوەی مرۆڤ عەقلی هەیە داهێنەری فەلسەفەیە و دۆزەرەوەی دەرمانیشە. نەك هەر ئەوە بگرە فەلسەفە دەرمانێكی بێ گیان و ئامرازێكی نابایۆكیمیاییە. فەلسەفە دەرمانە بۆ كاركردن لەناو خود تا ئەم خودە ناساغ، خەمۆك و پەشێو نەبێت. ئەم خودە دواتر دەكارێت بەشداری لە گۆڕینی ئەوە بكات پێویستە بكرێت. فەلسەفە وەك دەرمان بابەتێكی فەلسەفی پزیشكییە كە بناغەكەی وا لەناو ڕۆح. ڕەنگە زۆربەمان بپرسین فەلسەفە چ جۆرە دەرمانێكە؟ كە وتمان چ جۆرە دەرمانێكە واتە دەرمانەكان لەناوخۆیانا جوداوازن. فەلسەفە بەشێکە لەو جیاوازییە.

لە یۆنانی كۆنەوە تا هەنووكە لە مێژووی فەلسەفە قسە لە مانای پزیشكی ڕۆح (گیان ، ناخ، دەروون) و پزیشكی جەستە (لەش) دەكرێت. پزیشكی ڕۆح بایەخ بە ناخ و دەروونی مرۆڤ دەدات و ئەویتریان، پزیشكی جەستە، گرنگی بە نەخۆشی و ئازارەكانی مرۆڤی ناساغ دەدات. ناساغی ڕۆحی و ناساغی جەستەی لەنێوان فەیلەسوف و پزیشكا كراون بە دوو مرۆڤەوە. نووسینە فەلسەفییەكان و نووسینە پزیشكییەكان لە شارستانییە كۆنەكانی ئەوروپا (یۆنانی، ڕۆمانی) دڵەڕاوكێ، شێتی، بێزاری، خەمۆكی بەرباسخستووە و …ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەڵێن پزیشكی دەروونی (Psychiatrist) ،كە چارەسەری نەخۆشی دەروونی بە دەرمان دەكات، مێژووەكەی گەلێك كۆن نییە. كاری پزیشكی دەروونی بریتییە لە چارەسەركردنی پەشێویی دەروونی Mental disorder كە خۆی لەناو هەندێك دیاردەی دەروونی شپرزەئامێزی وەك دڵەڕاوكێ، خەمۆكی و تادەگاتە شیزۆفرێنیا مەڵاسدەدات. چۆنیەتی مامەڵەی یۆنانیەكان، ئەسینا، لە سەدەكانی پێش زایین لەتەك نەخۆشییە عەقڵیەكان، بۆنموونە شێتی، گرنگی خۆی بۆ شیكاریكردنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی و بەتایبەت پزیشكی دەروونی هەیە. لەو دەمەدا، كە دەمووەختی نەشونمای هزری فەلسەفیش بووە،ئەو نەخۆشییانەی دووچاری جەستە بوونە لەو نەخۆشیانە جیاكراونەتەوە دووچاری ڕۆح بوونە. بەشی یەكەم چارەسەرەكەی لە خانەی پزیشكی ئەو سەردەمەدا بووە و بەشی دووەمیش لە خانەی فەلسەفەدا خۆی دیوەتەوە. هەندێك نەخۆشیش دەچێتە خانەی هەردوو بەشەكەوە وەك فێ. چارەسەركردنی نەخۆشییە دەروونییەكان (وەسواسی، ڕاڕایی، خەمۆكی) بۆ بیرمەندانی یۆنانی لەچاو نەخۆشییە عەقڵیەكان(شێتی) ئاسانبووە. كەوابێت دەكرێت بپرسین فەلسەفە لە كوێی مرۆڤ نەخۆشییەكان دەبینێتەوە؟ لە جەستە یان لە هزر(عەقڵ)؟ ئەی پزیشكی لە كوێیا دەیبینێتەوە؟ لە یۆنانی كۆن فەیلەسوف یاخود چاترە بڵێین دانا(حەكیم) كاری پزیشكی دەروونی كردووە. هەر لەو دەمەدا ئەو پزیشكیەی هەبووە گشتیبووە كە شانبەشانی فەلسەفە چارەسەری نەخۆشە دەرونبیمار و شیزۆفرێنیەكانی (ئەوانەی دووچاری كەرتبوونی مێشك دەبن) پێكراوە. بۆنموونە جیاوازی شێت و دەبەنگ (گەوج) كراوە. شێت وەك ترسناكێك سەیركراوە هەرچی دەبەنگە شیاوی چارەسەركردنی لەچاو شێت زۆرتربووە و كەمتریش ترسناك بووە.

فەلسەفە پزیشكی ڕۆحە؟:
پزیشكی و ئەفلاتون

سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەین كە پزیشكی یان ئاگایی پزیشكی بوارێكی تایبەتە بە نەخۆشی. وەكیتر پزیشكی مامەڵەكردنە لەتەك نەخۆش و درمەكانی كەسی ناساغ. فەلسەفەی پزیشكی و پزیشكیدەروونی دەتوانن لەتەك بایۆلۆجی پێكەوەكاربكەن و زانینی پزیشكی بەو ئاڕاستەیە بەرن پزیشكی بەتەنیا پێیناگات. لێرەوە جۆرە گفتوگۆیەك دێتەپێش كە وامانلێدەكات بپرسین: چی پەیوەندی بە تەندروستی و چی پەیوەندی بە پزیشكییەوە هەیە؟ چی نەخۆشی دەروونی لە نەخۆشی تر جیادەكاتەوە؟ گەر پزیشكی و پزیشكی دەروونی لە سنوری یەكدا كاربكەن نەخۆشیناسی خاڵی هاوبەشیان نابێت؟ ئەم پرسیارانە هەوێنی ئەو تێگەیشتنەن پزیشكی لە هزری تەندروستی و درمناسی(پاتۆلۆجی) ئێمەدا بەرجەستەیكردووە. تەنانەت كە دەشپرسین نەخۆشبوون چییە؟ پێویستمان بەوەیە بپرسین نەخۆشی چییە؟ و نەخۆش كێییە؟ نەخۆش تەنیا مرۆڤ نییە دەكرێت ئاژەڵ یان ڕووەكیش بێت. گەر نەخۆشییەكانی ناو ئاژەڵ یان ڕووەك هاوبەش بن ئەوا ئەو نەخۆشییانەی دووچاری مرۆڤ دەبن لەم ڕێسایە بەدەر نیین. كاتێك پزیشكی بڕیار لەسەر نەخۆشبوونی كەسێك دەدات بەمە پزیشكی لەسەر بناغەی كۆمەڵێك بنەما كاردەكات. بڕیاری پزیشكی Medical Decision بە خودی چییەتی نەخۆشییەكەوە پشتبەستوە. چی ئەو كەسەی نەخۆش كردووە و دیاریكردنی شوێنی نەخۆشیەكە دوو فاكتەری سەرەكین بۆ دەستنیشانكردنی یان جیاكردنەوەی نەخۆشی دەروونی لە نەخۆشی جەستەیی و نادەروونی. ئەو زانیارییە كلینیكیانەی پزیشك سەبارەت بە جەستەی بیماری نەخۆش بەدەستیدەهێنێت بنەمای زانستی دەستنیشانكردنەكە یان بڕیاردانە پزیشكییەكە دروستدەكەن. باشە بڕیاردانی پزیشكی پێش ئەوەی كردەیەكی پزیشكی بێت یاسای یان ڕەوشتی نییە؟ خانمە روناكبیری فەلسەفیی ڤیرۆنیك لۆ ری Véronique Le Ru بە پرسیاری فەلسەفە پزیشكی رۆحە؟ لە دەرگای گەلێك بابەتی خەفەكراو و زەقی فەلسەفی دەدات كە لێرە بەشێك لە دیتنەكانی بەسەردەكەینەوە. ئامانجی سەرەكی ئەم خانمە خوێندنەوەی ئەفلاتونە لە ڕوانگەی پزیشكیەوە. ئەم بایەخپێدانە سەرچاوە لەو گرنگیەوە دەبینێت کە سوكراتی مامۆستای ئەفلاتون بە پیشەی پزیشكی داوە. پزیشكی وەك كار و هونەر. سوكرات لە دیالۆگەكانیدا ئەو گرنگییەی نیشانداوە كە پزیشك بۆ جەستە وەك فەیلەسوف وایە بۆ ڕۆح. هەروەك ئەوەی پزیشك جەستە لە بەدی و نەخۆشیەكان دەربازدەكات ئاواش فەیلەسوف ڕۆح لە بەدی و ناساغییەكان، لە نەزانی و دادوەری پێشوەخت، ڕزگاردەكات. بۆ ئەو مەبەستە ڤیرۆنیك لۆ ری دوو لایەن دەخاتەڕوو. یەكەم شێوازی سوكرات لە فەلسەفەكردن (شێوازی پرسیاركردن) كە زۆر جیاوازبووە. دووەم ئەفسانەی پرۆمێتۆس Prometheus ە،کە لە دیالۆگی پرۆتۆگۆراسی ئەفلاتون دا ناوی هاتووە. ئەمەش بۆ دۆزینەوەی هاوشێوەییە لەنێوان پزیشكی و ئەفسانەدا. ئەم لایەنە ئەم روناكبیرە فەرەنسییە بەرەو هەنگاوی سێهەم دەبات: ئەوەش بریتییە لە دۆزی پزیشكی لە ساتەوەختی سوكرات. ئەڵبەتە ئەمە ئەو هەڵاوگۆڕانەیە لە مۆدێلی پزیشكەوە دەمانبات بەرەو مۆدێلی فەیلەسوف. بۆ سوكرات بایەخدانی پزیشكی بە جەستە، نەك ڕۆح، ئەو مۆدێلەیە پێویستە پزیشكی كاری لەسەربكات.

هیپۆكرات Hippocrates ، كە بەدامەزرێنەری پزیشكی دادەنرێت، یەكێكە لە پزیشكە دیارەكانی مێژووی پزیشكی لە یۆنانی كۆن و هاو سەردەمی سوكراتیش بووە. ئەم زانایە بەشێوازی تەكنیكی و فیزیكانە تێگەیشتنی پزیشكی بەرەو ئاستێكی تر بردووە و ئەوەشی یەکلا کردوەتەوە کە جەستەی تاك هێزێكی خودی تیایە سەرچاوەكەی سروشتە. پزیشكی لەسەر دەستی هیپۆكرات ئیشی لەسەر كاریگەریەكانی جیهانی دەرەكی، هێزی سروشت و لەسەر بونیادی جەستەی بوونەوەر كردووە. یەكەم پزیشكیش بووە توانیویەتی پزیشكی لە ئایین و جادووگەرایی جیابكاتەوە و بیشیکاتە زانستی سەرنجدان. بۆیشە تائێستا خوێندكارانی پزیشكی لەكاتی وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشكی سوێندی هیپۆكراتی دەخۆن(لەگەڵ هەندێك گۆڕانكاری كەم كە هاتۆتە سەر سوێندەكە). تۆماركردنی دۆزی ناساغی نەخۆش لە پزیشكناسی هیپۆكرات خاڵێكی گرینگە. نەخۆش پێویستی بەوەیە بزانێت لەشی لە چ دۆزێكدایە. لەبەرئەوەی سوكرات پزیشكی ڕۆحە نەخۆشەكانە شێوازیشی جیایە. سوكرات ئەو نەزانین و دادوەرییە پێشوەختە لە نەخۆشا ئاشكرادەكات لەو ڕۆحە ناساغەدا پەنهانە. داوای هیپۆكرات ئەوەیە ئەفلاتون سەرقاڵی پزیشكیی ڕۆح بێت. گومانیش ناكات جیهانی پزیشكی لە هەڵە بەدەر نییە. ئەوەش پەیوەندی بە سروشتی نەخۆشییەكان و سروشتی پزیشكییەوە هەیە. دەكرێت نەزانینی زانستی لە دیاریكردنی نەخۆشی و بێتوانای هونەری لەو بوارە كاردانەوەی لەسەر پیشەی پزیشكی هەبێت. یەك لەو هەڵانەش هەڵەی ڕەوشتییە كە هیپۆكرات بە گرنگییەوە قامكی دەخاتەسەر. بۆنموونە گوێنەگرتن لە نەخۆش. سوكرات گوێگرێكی باش بووە، توانیویەتی لە رۆحی نەخۆشی نەخۆشەكانی گوێبگرێت. كەوابێت فەلسەفە پزیشكیئاسا دەبێت بزانێت چۆن پراكتیزەی كارەكانی دەكات و مامەڵەی نەخۆشەكانی دەكات. فەیلەسوف وەك پزیشك لە هونەری شیفابوون تێدەگات و لە دەجال و فێڵباز جیایە و شارەزای هونەری مایۆتیك maieutics (مامانی، شێوازێكی گفتوگۆی سوكراتییە) و دیالێكتیكە Dialectic (شێوازێكە لە وتوووێژ). واتە شارەزای هونەری گوێگرتنە. ئەو جۆرە مامەڵە سوكراتییە لەتەك نەخۆشەكانی ڕۆح شێوازە سوكراتیەكە پێیوێراوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سوكرات ئەو شێوازەی لە دایك و باوكییەوە بۆماوەتەوە. دایكی سوكرات مامان بووە و باوكیشی پەیكەرساز. سوكرات لە گفتوگۆكانیدا لەتەك خەڵك ،لە ڕێگا و بانەكان، هەوڵیداوە گوێگر و چارەسەرسازبێت و لە فەیلەسوفە سۆفیستە هاوسەردەمەكانی (گۆرگیاس Gorgias و پرۆتۆگۆراس Protagoras ) ،كە فەلسەفەفرۆشبوونە، جیاوازبێت. ئەفلاتون لە هەردوو دیالۆگی پرۆتۆگۆراس و گۆرگیاس دا بەجۆرێک تەقەلای گۆڕینی گفتوگۆ فەلسەفییەكانی داوە كە لە دەجالی و فێڵبازی پزیشكییەوە بەرەو دەجالی و فێڵبازی فەلسەفی (سۆفیستیانە) و لەوێشەوە بەرەو پزیشكی هیپۆكرات ملبنێت. لەوێ پزیشكی نوێنەرایەتی جەستە دەكات و فەلسەفەش نوێنەرایەتی رۆح. هەندێك جار پزیشك لەبەر بەرژەوەندی تەندروستی نەخۆش مامەڵەی قێزەوەنانە لەتەك جەستەدا دەكات. هاوكات هەندێك جار فەیلەسوفیش لە بەر بەرژەوەندی تەندروستی نەخۆش واپێویستدەكات مامەڵەیەكی هاوشێوە لەتەك رۆحی نەخۆشەكانیدا بكات. لەبەر هەمان هۆ بیهێنەرەوە پێشچاوت پزیشكێك لە دادگایەكی مناڵان دایە و لەلایەن چێشتلێنەرێكەوە دراوەتە دادگا. گەر فەیلەسوفیش لەلایەن فەیلەسوفێكی سۆفیستەوە بدرێتە دادگای نەزانەكان بەدڵنیاییەوە تاوانباردەكرێت. بابزانین سوكرات لەم بارەیەوە چۆن ڕەفتاردەكات: وەك پزیشكێك لەلایەن چێشتلێنەرێكەوە لە دادگای مناڵان دادگایدەكرێم. چێشتلێنەرەكە بە دادگا دەڵێت: ئەم پزیشكە مناڵەكانتان بریانداردەكات، نەشتەرگەریان بۆدەكات، هەوڵی زەعیفكردنیان دەدات و دەرمانی تاڵیشیان پێدەدات، هەرچی منم خواردنی خۆش و جۆراوجۆریان بۆ دروستدەكەم. لەم حاڵەتە دەبێت ئەم پزیشكە لەم جۆرە دادگایە بە چ جۆرێك بێتەگۆ؟ گومانیناوێت دادگایەكە چارەنووسی هەر وەك چارەنووسی دادگایەكەی سوكرات دەبێت كە لەپێناوی ڕاستی ژەهرەكەی هەڵقوڕاند.

ئازاد حەمە

ژێدەر:

Josephine Selander & Gustav Jonsson. Filosofi som terapi – Verktyg för levnadskonst. Förlag: Roos & Tegnér.2019.
Magnus Helgesson. Äg ditt liv – annars gör någon annan det . Förlag: Roos & Tegnér. 2020.
.https://www.domuni.eu/fr/formations/diplomes/nietzschenbsp-la-philosophie-comme-medecine-/
Nietzsche : la philosophie comme medicine
Véronique Le Ru, CIRLEP EA4299, Université de Reims. Le philosophe est-il le médecin de lâme ?
https://halshs.archives-ouvertes.fr/halshs-02054119/
Michael Grant. Who’s Who in Classical Mythology.Routledge. 2001.
Alexander Stuart Murray. Handbook of World Mythology.Dover Publications . 2005.
Joyce Filer. Disease. Austin, Texas: University of Texas Press. 1996.
Nigel Wilson. Encyclopedia of Ancient Greece. Routledge. 2013.
Michael Boylan. Hippocrates. Internet Encyclopedia of Philosophy. 2006.




مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم (ڕواقی) لە ساتەوەختی پەتادا … ئازاد حەمە – بەشی 19

ترس لە مەرگ نەبایە نە فەلسەفە دەبوو نە ئاین
شۆپێنهاوەر Schopenhauer

پێشەكی: لەبەرایی ئەم بەشە هێما بۆ ئەوە دەکەین، بەو شێوە شرۆڤەكردنە قایلیین کە پێیوایە فەلسەفە لە گشت سەردەمەكانا پێویستیبووە. هەر فەلسەفە ڕێگایەكیشبووە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشە سەرەكییە ڕۆژانەییەكانی مرۆڤ و بەرچاوڕوونی بەم مرۆڤەش تا ئەو جێگایە داوە کە ناهەموارییەكان تێدەپەڕن. ڕاستە فەیلەسوفەكان لە بەرەی پێشەوەی پەتای كۆڤید-19 نیین، لێ جۆرە ڕۆڵێكیان هەیە كە دەكارن بیگێڕن. لە هەموو دۆخێكدا فەلسەفە شتێكی بۆ وتن هەیە، لەم ساتەوەختە پەتایاویە فەلسەفەی ستۆیسیزم (ڕواقی) Stoicism گونجاوترین شتە. هەر زووش سێنێكا Senecaی گەورە بیریاری ڕۆمانی و یەكێک لە ڕابەرانی فەلسەفەی ستۆیسیزم ئەوەی بە گوێمانا چرپاندووە كە ناشێت سەبارەت بە شتگەلێك ڕاڕابین سەروی توانا و ویستی ئێمە بێت. داوا لە خواوەندیش دەكات ئارامیی پێببەخشێت، بوێری پێبدات بۆ گۆڕینی ئەوەی لە توانایدا نییە، دانایش تا بكارێت شتەكان لێكدیبكاتەوە. ئەوەش بۆ ئەوەی ئەو شتانە پەسەندبكات توانای گۆڕینیانی نییە.
زۆربەی بیریاران وایدەبینن، فەلسەفەی ستۆیسیزم لەناو زانینگا فەلسەفییەكانا تاكە فێرگەیە مرۆڤەكان ڕادەهێنێت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەستی خراپ و لاواز، لەسەر سنوردانان بۆ ترس لەكاتی تەنگژەكانا. لەم حاڵەتەی ئێستادا، كە پەتای كۆرۆنا داگیریكردوین، ترسەكان ئاقاریان لێبوەتەوە، گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی تێكستی فەلسەفی و بەتایبەت فەلسەفەی ستۆیسیزم (و فەلسەفەی ئێپیكۆریزم Epicureanism ) لە هەڵكشاندایە. سەرباری ئەوە، زانینەكانی فەلسەفەی ستۆیسیزم لە مێژووی فەلسەفە هەمیشە جێی تێڕامان بوونە و بەشێكیش لە بزاڤ و ئاقارە فەلسەفییەكانی ڕۆژئاوا خۆیان لە پەنای ئەم فەلسەفەیەدا مەڵاسداوە و پەیتا پەیتا دید و ڕوانینیان لێوەقەرزکردووە.
لەم بەشە جگەلەوەی مانای فەلسەفەی ستۆیسیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێش، ناساغی و مەرگ بەكورتی بەرباسدەخەین، كە ئەوەش وێنەیەكمان لەسەر ئەم فەلسەفەیە پێدەبەخشێت كە هەڵگری جۆرە بنەمایەكی فەلسەفی تایبەتە، ئاوڕێكی خێراش لە “تێڕامانەكان”ی ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius دەدەینەوە، كە تاكە ئیمپراتۆر و فەیلەسوفە لە شارستانی ڕۆمانی و ئەوروپایی. ماركۆس ئۆرێلیۆس ئەو تاكە سیاسییەیە كە فەیلەسوفی شاریشە. ئەو جۆرە كەسەیە پێشتر ئەفلاتون لە دیالۆگی”كۆمار” پێیوتوین: كارگێڕی سیاسییانەی شار پێویستە بەدەست فەیلەسوفەوە بێت. ئەوەی ئێمە لەم بەشەدا گەرەكمانە قسەهێنانەئارایە لەبارەی مانای فەلسەفەی ستۆیسیزم لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنا، كە لەنێو ڕوناكبیر و هزرەڤانانی جیهان گرنگی بۆ گەڕایەوە (لە ڕاستیدا ئەو گەڕانەوەیە بۆ فەلسەفەی ئێپیكۆریزمیش بوو، كە سەرچاوە لە دیدگا فەلسەفییەكانی ئێپیكۆر Epicurus ەوە هەڵدەگرێت). هەر لەم بەشەشدا بەلای باسی ترس لە مەرگ تێدەپەڕین کە دروستکەری خەمۆکییە و یەكێكیشە لە جۆرە دیارەكانی ترس. فەلسەفە کە وتنی خۆی لەبارەی ترس لە مەرگ هەیە لە ئاستێك ئەو وتنە بۆ ڕەواندنەوەی ترسەکە دەخەینەگەڕ کە مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم لەخۆبگرێت.

فەلسەفەی ڕواقی (ستۆیسیزم) هەڵگری چ بنەمایەكی فەلسەفییە؟

فەلسەفەی ستۆیسیزم لە سەدەی سێی پێش زایین هاتۆتەكایەوە و پێنج سەدە بەردەوام بووە. ئەم پێنج سەدەیە بەم جۆرە بووە: سێ سەدە لە كۆتای سەدەكانی پێش زایین لە یۆنانی كۆن و دوو سەدەكەی تر لەناو شارستانی ڕۆمانی ،كە سەدە زایینەكانن، پەرەی بەخۆیداوە. دواتر لە سەدەی پێنجی زایین لە شارستانی رۆمانی، كە شوێنی نەشونمای فەلسەفەی ڕواقی بووە، فێرگە فەلسەفییە ڕواقییەكان لەم شارستانیە بەرەو داڕمانڕۆشتوون، ئەمەش دوای گەشەی تووندی تەوژمی مەسیحایی كە لەو دەمەدا ئەم تەوژمە لەتەك بیری بیریارە ڕواقییەكان یەكینەگرتوەتەوە.
فەلسەفەی ستۆیسیزم، كە لەژێركاریگەریی زانینەكانی زێنۆنی ڕواقی Zeno of Citium، پاش ئەریستۆ ،لە ژینگەیەكی ئەسینای، هاتۆتەكایەوە تا دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی یۆنانیش، واتە پاش زاین، بە چەند سەدەیەك هەر بەردەوام بووە. ئەڵبەتە گەشە و داڕمانی ئەم فەلسەفەیە پەیوەندیەكی زۆری بە هەل و مەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو دەمەی یۆنانەوە هەبووە: بڵاوبوونەوەی جەنگ، ناساغی، هەژاری و ناهەمواری. شایانی زانینە، شارستانی یان چاخی هێلێنیستی Hellenistic Age لەگەڵ مەرگی ئەلێكسەندەری گەورە دەستپێدەكات، 323 پێش زاین، و لەگەڵ هێرشی ڕۆمانی بۆسەر یۆنان كۆتایدێت و لەوێوە چاخێكی تر بەناوی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی سەرهەڵدەدات. مەبەست چاخی هێلێنیستی لەدەوروخولی 323 ی پێش زایین تا پێش دەركەوتنی زایین بە نیو سەدە بەردەوامدەبێت. بەمە ئەم شارستانیە كاتێك ئاوادەبێت كە یۆنانی كۆن لەناو ئیمپراتۆریەتی رۆمانی دا دەتوێتەوە، كە ئەوەش دەكاتە 146 پێش زایین، واتە دوای داگیركردنی یۆنان لەلایەن رۆمانەكانەوە. شایانی باسە، شارستانی هێلێنیستی كە دەوڵەمەند و ناسراو بووە تایبەتمەندی شارستانی خۆی هەبووە و خۆشی تەنیا لەناو یۆنان گەمارۆنەداوە و هەوڵی چوونەنێویەكدیشی لەتەك كولتوورەكانی تر داوە و ، قۆناغی داگیركاری یۆنانیش لە ئاسیا و ئەفەریقا و ئەوروپا هەر لێرەوە دەستیپێکردووە. لەم ساتەوە كولتووری پووختی یۆنانی ووردە ووردە بەرەو نەمان دەچێت و بە كولتووری بێگانە تێكەڵدەبێت. بەمجۆرە لەم قۆناغەدا كولتووری یۆنانی لە دەرەوەی یۆنان بڵاودەبێتەوە و كاریگەری ئەم كولتوورە سنوری یۆنانی تێدەپەڕێنێت. ئەمەش بەردەوام دەبێت تا دەركەوتنی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی. لەو دەمەدا جگەلەوەی پەرەسەندنی هزری لەبواری زانست (بیركاری، فەلەكناسی، فیزیا) و هونەرە جوانەكان شوێنپێیدیاردەبێت خەرمانەی فەلسەفیش دەگاتە ئاستێكی بەرز. هەر لەم قۆناغەدا، لە چاخی هێلێنیستیدا، هەندێك ڕەوتی فەلسەفی (ستۆیسیزم، ئێپیكۆریزم، سینیزم Cynicism) سەرهەڵدەدەن كە تائێستاش كاریگەریان لەسەر فەلسەفەی جیهان بێسلەمینەوە دیارە.
فەلسەفەی ڕواقی (ستۆیسیزم) ڕەوتێكی فەلسەفیی بووە بۆ بایەخدان بە عەقڵ وەك شتە سەرەكیەكەی ژیانی بوونی مرۆڤ. باوەڕی سەرەكی ئەم فەلسەفەیە خۆی لەوەڕا پووختدەكاتەوە كە خۆشی مرۆڤەكان ئەو دەمە دەستپێدەكات باوەڕ بەوە بهێنن کە رووداوەكان لە دەرەوەی توانای ئەوانە و ئەوەش كە لە سروشت دا هەیە بەهۆی عەقڵەوە پێیدەگەین. مرۆڤ بەپێی ئەم فەلسەفەیە پێویستە لە هارمۆنیدا بێت لەتەك سروشت، چونكە ئەوە عەقڵە دادوەری بەسەر سروشتی مرۆڤەوە دەكات و خواوەندیش لەناو ئەم جیهانەدایە كە ئێمەی تەنیوەتەوە و عەقڵیش كار لەسەر جیهانەكەمان دەكات. خواوەند لەناو جیهانی ئێمەدایە. جیهانی ئێمە لە دەرەوەی ئەم خواوەندە نییە. بەم جۆرە بێت بەختەوەری لای فەیلەسوفەكانی ئەم فێرگە فەلسەفییە (ئێپیكتێتۆس، سێنێكا، ماركۆس ئۆرێلیۆس و ..هتد ) دوا ئامانج نییە، تەقەلایەكە بۆ گەیشتن بە ڕاستی. بەپێی تێگەیشتنە فەلسەفییەكانی ئەم فێرگە فەلسەفییە، بەتایبەت زێنۆنی سیتۆمی Zeno of Citium ، (كە دامەزرێنەری فەلسەفەی ستۆیسیزمە، لە 334 ی پێش زاین هاتۆتەدونیا و هاوڵاتیەكی فینیقی بووە و دواتر بەرەو ئەسینا كۆچیكردووە و لەوێ فەلسەفەیكردووە) مرۆڤی باش ناشێت بكەوێتە ژێركاریگەری هەڵچوونەكانی و شەیدای چركە خۆشەكانی بێت. كۆنترۆڵكردنی سۆز و هەڵچوونەكان دەمانگەیێنێتە زانین. فەلسەفەش لەسەر دەستی ئەم بیریارە، زێنۆنی سیتۆمی، بەرەو مەشقكردن لەسەر ژیان دەچێت. لێرەوە فەلسەفە بەشێوەیەک خۆی نمایشدەکات کە خۆشی نییە، هەڵبژاردنی شێوازێكە بۆ ژیانكردن. هاوکات دوركەوتنەوە لە ترس، لە ئازار و لە بەدەستهێنانی چێژ بەشێكە لە فێربوونە فەلسەفییەكانی ئەم ڕەوتە فەلسەفییە. ئەوەش کە فەیلەسوفە ڕواقییە رۆمانییەكان پاكڕەوشتی دەكەن بە بناغە بۆ بەختەوەری. لە دیدی ئەم فەلسەفەیەوە مرۆڤ بۆئەوەی بگات بە پاكڕەوشتی (فەزیلە Virtue) ، كە باشە بەرهەمدەهێنێت، ئەم مرۆڤە پێویستی بەوەیە خۆی لە ترس، بەغیلی، ئەڤینێكی شێتانە بەدووربگرێت. هەرچی چێژ، تەندروستی و دەوڵەمەندییشە، ئەڵبەتە، بەو مەرجە باشە پێكدەهێنن كە پاكڕەوشتی بكارێت بەكاریبهێنێت. پاكڕەوشتی پێش ئەوەی پەیوەندی بە مرۆڤەوە بێت ویستی یەزدانە (ستۆسیزم). مرۆڤی باش ئەو مرۆڤەیە ڕەفتارەكانی باشە نەك قسەكانی.
بەواتایەكی دی، بۆچوونەكانی بیرمەندانی ستۆیسیزمی رۆمانی ڕەهەندی فەلسەفی خۆیان هەیە: ئەوەتا سێنێكا دەڵێت: جەغت لەوەمەكە نیتە، بەختەوەربە بەوەی هەتە یان گەیشتن بە ڕێگری ئاماژەیە لەسەر سەركەوتن، بوونیش بە مرۆڤی پاكڕەوشت مەرجە ببێتە ئامانج بۆ مرۆڤەکان بەپێی ماركۆس ئێرۆلیۆس. لێرەوە بەو تێگەیشتنە فەلسەفییە ئاشنادەبین کە، زانینەكانمان سەبارەت بە جیهان، پێگەی ئێمە لەو جیهانە، لە ئاگامەندیماندا بەشێوەیەك بەرجەستەدەكەن كە پەی بە بوونی خۆمان بەرین. ئەوەش بەمەرجێک ئەو پەیپێبردنە لە پەشێواوی و پەشۆكاوی بەدەربێت. بۆ؟ چونكە دانا ڕواقیەكان خۆیان و خەڵكیشیان لەسەر خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێش، ناساغی و بەڵاسروشتییەكان ڕادەهێنا. نەك هەر ئەوە بگرە بەپێی بینینی ئەم فێرگەیە بەدەستنەهێنانی چێژ و خۆشیەكان وادەكەن مرۆڤەكان ئازار بچێژن و ئەوەش دووچاری خەمۆكییان دەكات کە لای خوارەوە دێینەوەسەری.

پێگەی فەلسەفەی ستۆیسیزم لە بەرەنگاربوونەوەی ئێش، ناساغی و مەرگ

لە فەلسەفەی ستۆیسیزمەوە فێری ئەوە دەبین، خۆدابڕان لە جیهانی دەرەكی چارەسەرە بۆ زاڵبوون بەسەر ئێش، خەمۆكی و پەشێوی. ئەمە وادەكات بەختەوەری بە جیهانی دەرەكییەوە نەبەسترێتەوە. گرێدانەوەی تەندروستی، خۆشەویستی و پلەوپایە بە بەختەوەرییەوە وادەكات بەختەوەری پابەندی جیهانی دەرەكی مرۆڤ بێت نەك خودی كەسەكان. هەچ گۆڕانێكیش بێتەسەر ئەو جیهانە كاردانەوەی لەسەر بەختەوەری دادەنێت. كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە فاكتەری دەرەكی بەختەوەری دیاریدەكات نەک شتێکی تر. بەپێی بۆچوونی فەلسەفەی ستۆیسیزم ئێمە دەسەڵاتمان بەسەر ئەو فاكتەرانەوە، جیهانی دەرەكییەوە، نییە. هەژاری، ناساغی، ئێش، ئاوارەیی، جیابوونەوە یان خیانەتی خێزانی و زۆر شتی تر دەكرێت ڕووبدەن و سەرلەبەری بەختەوەری مرۆڤ تێكدەن، لێ ناشێت پێمانوابێت دەكارین ئاقاری شتەكانی دەرەوەی خۆمان بگۆڕین. ئێپیكتێتۆس Epictetus ، كە لە سەدەی یەكی زایین ژیاوە و یەكێكە لە بیرمەندە دیارەكانی فەلسەفەی ڕواقی یۆنانی- ڕۆمانی، پێیوابووە ئەوەی پاڵپشتی بەختەوەری مرۆڤدەكات ڕۆحە (ناخە) نەك شتە دەرەكییەكان. هاوكات ڕاشكاوانە فێری ئەوەشمان دەكات تەنیا سەبارەت بەو شتانە ڕاڕابین لە چوارچێوەی قەڕاڵستانی (دەسەڵاتی) خۆمان دێتەروودان. ئەوەش كە روودەدات گرنگە، لێ لەوە گرنگتر چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی رووداوەکانە. ئازار دێت، چونكە هەیە. ئازار گرنگە، بەڵام زاڵبوون بەسەر ئازار گرنگترە. پەتا كە بڵاودەبێتەوە یان جەنگ كە هەڵدەگیرسێت لە دەرەوەی ویست و تواناكانی ئێمەوەیە، بۆیە خۆپارێزی لە پەتاكە یان جەنگەكە گرنگە. لافاوێك، بوركانێك، هەرەسێكی بەفر هەموو ئەمانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە دێنە روودان و كاری ئێمەش خۆدەربازكردنە لێیان. بۆیە سەرەكیترین تەوەرەی فەلسەفەی ناوبراو ئەوەیە كە مرۆڤەكان بەوە قایلبن ڕێبەدیدەكەن. لەبەرئەوەی تەندروستی و بەختەوەریمان پەیوەندی بە خودی خۆمانەوەیە ئەمە وادەکات هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەكی خەم و پەژارەیی سەرئێشەمان بۆ دروستبكات. بەدییەكان بە بۆچونی ئەم فەلسەفەیە شتێكی ناوەكەییە و لە بیركردنەوەماندا ئامادەیە. بیركردنەوەمان وایدەبینێت ئێمە هەژارین و پێویستمان بە سامانێكی زۆرترە. واتە بیركردنەوەمان پێماندەڵێت بەدی هەیە و لە كوێ ژیانیشماندا ئەو بەدییە خۆی مەڵاسداوە. بەدیوەكەی تری، ئەم فەلسەفەیە پێیباشە مرۆڤ ئەوە بكات كە پێدەكرێت. بیركردنەوە لەوەی کە پێیناكرێت چاترە دەستبەرداری بێت ئەگەرنا پەرێشانی و شەكەتی بۆدەهێنێت.
بوون بە ڕواقی (stoic) واتە هەڵبژاردنی شێوازێكی تر لە ژیان. باشە ئەو جۆرە ژیانەی ڕواقیەكان هەڵیانبژارد لەتەك ژیانی مۆدێرن، كە ژیانی ئێستامانە، دەگونجێت؟ بۆ هەمووان ڕوونە كە شتێكی سانا نییە ژیانی ئێستامان مۆركی ژیانی ڕواقیەكان لەتەكخۆیڕا هەڵبگرێت، لێ گومانیشیناوێت خودی ژیانە ڕواقیەكە گەلێك تەندروستە. گۆڕینی ژیان بەرەو ژیانێكی ڕواقیانە چەند پێویستە هێندەش سەختە. بوون بە كەسێكی ڕواقی لەلایەك هەڵبژاردنی شێوازێكی ترە بۆ (ژیان، خۆشەویستی، بیركردنەوە)، لەلایەكی دی نزیكبوونەوەشە لە ژیان، لە ژیانە ڕاستەقینەكە، كە لەتەك وڕێنە لە دابڕاندایە. ئەمەش لەو سەرەوە دەبێت بە هەڵبژاردنی ژیانێكی ئاواڵە و سەرەتایەك بۆ پەیمانبەستن لەتەك خودی خۆدا. ئەم پەیمانبەستنە سانای دەخاتە ناو ژیانەوە و بەختەوەریش لەتەكخۆیڕا دەهێنێت. لێرەوە لە ناگرنگەوە بۆ گرنگ دەچین. خۆدەربازكردن لە ناگرنگ سەرەتای ژیانێكی ڕواقییە. ڕەنگە هەموو بپرسین ژیانی ناگرنگ چ جۆرە ژیانێكە؟ ئەو جۆرە ژیانەیە لە چێژ، سانایی و خۆشی لێوانلێوە. چۆنیەتی باشژیان غەمی گەورەی ئەم بزاڤە فەلسەفییە بووە، لێ باشژیانیان بەو جۆرە ڕاڤەكردووە كە ڕێگاچارەیە و دەشكارێت ئاسایشی دەروونی بۆ مرۆڤەكان دروستبكات. بەمە ئامانجی ئەم فەلسەفەیە هەر لە سەرەتاوە خۆشبەختی و ڕۆحخاوێنی مرۆڤ بووە، ئەڵبەتە توانای ئەم مرۆڤەش لە زاڵبوون بەسەر بێهیوای و خەمۆكییەكانی.
ڕەنگە هەموو بپرسین كە هەڵوێستی ڕواقیەك لە ساتەوەختی ئێستادا دژ بەم پەتایە چۆنە؟ دیارە ئەم پەتایە ترس و شڵەژانی لەتەك خۆیڕاهێناوە، فەلسەفەی ڕواقیەكانیش بەوە ناسراوە كە شێوازی خۆی لە مامەڵەكردن لەتەك ترس و شڵەژان هەبووە. بیرمەندە گەورەكانی ئەم فەلسەفەیە ڕۆڵەی ساتە تەنگژاوییەكان بوونە و خورپە و مەترسیەكانیان بینیوە و بەداناییەكانیان خۆیان و خەڵكیشیان لێبەدوورگرتووە. هاوکات بیرمەندە بەتەمەنەكانی ڕێبازی فەلسەفەی ڕواقی (سێنیكا ، ئێپیكتێتۆس، ماركۆس ئۆرێلیۆس) فێربوونەكانیان ڕاستەوخۆ سەبارەت بە ئازار و ناخۆشیەكانی مرۆڤ بووە و کاریشیان لەسەر ئەوە کردووە ئەم مرۆڤە لە نەداری، درم، جەنگ و ئاشووب حاڵیبێت و ، هەچ کارێکیش کە دەستی دەداتێ وەک دوا کاری خۆی تەماشایبکات.
دیدی ڕواقییانەی ماسیمۆ پیگلیۆچی سەبارەت بە كۆڤید-19

نوسەری ئیتاڵی ماسیمۆ پیگلیۆچی Massimo Pigliucci بەخێرهاتنماندەكات بۆ سەدەی كۆڤید-19 لەکاتێکا ئێمە پێمانوایە ئەم پەتایە ناشێت وەک سەدە ببینرێت، ئەوەش بەگوێمانا دەچرپێنێت كە ئەم پەتایە بەجۆرێك هاتووەتەناو ژیانمان خۆی لێکردووین بە واقعێکی نوێ. ڕاستە هەر لەم ساتەدا گەلێك بۆچوونی پووچ تایبەت بەم ڤایرۆسە وترا، بەشێك لە پیاوانی دەوڵەت پێیانوابوو پێویست بە ترس ناكات، بەڵام لەڕاستیدا هۆكاری ڕواقیStoic سەبارەت بە بوونی پەتای كۆڤید-19 لە ئێستا و وەكی تر بۆ هەموو جۆرە پەتایەكی تر لە ئایندە لەئارادایە. لەم بارەیەوە ئەم ڕوناكبیرە ئیتالییە ڕێڕەوێكی ڕواقی سێ لایەنە (فیزیا، لۆجیك و ڕەوشت) بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پەتایە دەخاتەڕوو. وشەی فیزیا لای ڕواقییەكان دەمانباتەوە ناو لێكدانەوەیەكی فراوان بۆ تێگەیشتن لە جیهان. هەر ئەوەیە كە ئێستا بە زانستە سروشتیەكان و مێتافیزیك هاتۆتەناساندن. هەرچی لۆجیكە فەلسەفەی ستۆیسیزم تێگەیشتنێكی فراوانتری لەسەر هەیە لە چاو فیزیا. لۆجیك هەموو ئەو تێگەیشتنانە دەگرێتەوە كە گونجاون. هەرچی ڕەوشتە لە دیدی ڕواقیەكان شتێك لە فیزیا و لۆجیك فراوانترە. لەبەرئەوەی ڕەوشتی ڕواقی تەنیا ڕاست و هەڵە ناگرێتەوە، ئەوەی بەلای ئەم فەلسەفەیەوە گرنگە ژیانێكی باشژیانانەی مرۆڤەكانە.
لەسەر بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفی دیۆجین Diogenes ئەم بیریارە ئیتالیییە پێماندەڵێت: لە هزری فەلسەفی ڕواقی دا ڕێباز doctrine ی فەلسەفی سێ كوچكەییە: فیزیا، ڕەوشت و لۆجیك. فەلسەفە دەشێت بە ئاژەڵێك بشوبهێنرێت. لۆجیك ئێسك و دەمارەكانیەتی. ڕەوشت گۆشتەكانی لەشیەتی. فیزیاش بریتیە لە ڕۆحی. هەندێكی تر فەلسەفە بە هێلكە دەشوبهێنن. توێكڵكەی ئەم هێلكەیە لۆجیكە. سپێنەكەی ڕەوشتە. زەردێنەكەشی فیزیایە. هەشە فەلسەفە بە كێڵگەیەكی بەپیت دەشوبهێنێت. لۆجیك سیاجی كێڵگەكەیە. ڕەوشت بەروبوومەكەیەتی. فیزیاش خاك یان دارەكانە. بەپێی ئەم هێڵكارییە فەلسەفییەی ڕواقیەكان بێت ڕەوشتی گونجاو لەژێرسایەی لۆجیك و فیزیای باشدا شیاوە. ئەو دەمە ژیانێكی باش، گونجاو، دەژیین كە عەقڵ و گەواهی بەكاردەبەین.
ئەم بیرمەندە ئیتاڵییە، ماسیمۆ پیگلیۆچی، كۆڤید-19 لە ڕوانگەی هێلكارییەكی فەلسەفی ڕواقییانەوە سێکوچکەی (فیزیا، ڕەوشت و لۆجیك) ڕاڤەدەكات. سەرەتا فیزیای كۆڤید-19 باسدەكات. لەو ڕوەشەوە هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەم ڤایرۆسە سەر بە خێزانی Coronaviridae یە ( واتە ڤایرۆسە كۆرۆنادارەکان). ئاشکرایە وشەی كۆرۆنا corona وشەیەكی لاتینیە. ڤایرۆسەكە ئەو فۆڕمە وەردەگرێت كە كۆرۆنا(تاج) هەیەتی. كۆرۆناڤایرۆسەكانی تر، مێرس MERS (Middle East respiratory syndrome ) و سارس، شتی هاوبەشیان هەیە. ئەم نوسەرە پێیوایە ئەنفلۆنزای باو كۆرۆناڤایرۆس نییە، چونكە سەر بە خێزانێكی ترە كە پێیدەوترێت Orthomyxoviridae . ئەم دەستنیشانكردنە بۆ ئەم نوسەرە ئیتالییە مانای خۆی بۆ دیاریكردنی كۆنتێكستی بایۆلۆجی كۆڤید-19 هەیە.
بەشێك لەو ڕاستیانەی ئەم فەیلەسوفە ڕواقییە سەبارەت بە كۆڤید-19 دەیخاتەڕوو بریتیین لە: تائێستا ڤاكسین بەرهەمنەهاتووە. چارەسەرێكی كارا لە هەنووكەدا بوونی نییە. گەلێك شتی پراكتیكی هاتەگۆڕێ كە پێویستكرا بكرێن: دەستشتنی بەردەوام، بەتایبەت كە لە پەیوەندیدا بین بە كەسێكەوە یان لە دەرەوە بووبێتین. مانەوە لە ماڵەوە و پیادەكردنی دووری كۆمەڵایەتی. شلەمەنی زۆر خواردنەوە. پێویست بە ماسك ناكات تەنیا كە نەخۆش بین یان لە پەیوەندی بین بەوی ترەوە. ماسك ڤایرۆس لەناونابات، لێ شیاوی پێوەبوون كەمدەكاتەوە. ئەم نوسەرە گومانناكات كە كۆڤید-19 پتر لە ئەنفلۆنزای وەرزی، سارس، هەڵاوسانی جگەر یاخود HIV تەشەنەكەرترە، بەڵام كەمتر لە سورێژە، دڕكە و مێكوتە یان سیل تەشەنەكەرترە. ڤایرۆسە باوەكان لە ماوەی 3 ڕۆژێك نیشانەكانیان دەردەكەوێت هەرچی كۆڤید-19 یە لە ماوەی 5 بۆ 7 دەردەكەوێت. نیشانەكانی زۆر گشتین و لەتەك ڤایرۆسەكانی تر هاوشێوەییان هەیە: كۆكە، بەرزبونەوەی پلەی گەرما، سكچوون تادەگاتە گرفتكەوتنە هەناسەدانەوە. ئەوەی بۆ ئەم بیریارە ڕواقیناسە گرنگە ئەوەیە كە ڕواقییە كۆنەكان بەم جۆرە ناساغییانە ئاشنا نەبوونە، لێ لە دەمی خۆیاندا مامەڵەیان لەتەك نەخۆشییە تەشەنەكەرەكان کردووە. ئەو ماوەیەی سوكرات لە شاری ئەسینا ژیاوە شارەكە دووچاری تاعون بووە، ئەوەش ساڵی دووەمی شەڕی پێلۆپۆنیسی Peloponnesian (شەڕی نێوان ئەسینا و سپارتا) بووە. ماركۆس ئۆرێلیۆسی ئێمپراتۆری رۆما، كە فەیلەسوفێكی ڕواقی بووە، توانیویەتی ئێمپراتۆریەكەی لە تاعونی ئەنتۆنی بپارێزێت كە ئەوكاتە تاعونی ناوبراو زۆرترین كەسی لەناو ئیمپراتۆریەكە كوشتووە. بەواتایەکیتر، تاعون یەكێك بووە لەو هەڕەشانەی سەدە كۆنەكانی ماندووكردووە.
لەسەر قسەی ئەم ڕوناكبیرە ئیتالییە گرنگە بزانین لۆژیكی ڕواقییانەی كۆڤید-19 لە چی خۆی پووختدەكاتەوە؟ ئایا پێویستە لە كۆڤید-19بترسین؟ترس تێپەڕاندنێكی سۆزئامێزانەی ژیرییە كە لەتەك ڕواقیەكی دونیادیدە و هۆمانییەكی سێكولاردا یەكناگرێتەوە. دۆزەكە شایانی ئەو ترسە گەورەیە نییە کە بەرۆکمانی گرتووە. توشبوون بە ڤایرۆسەكە ئەو ترسە گەورەیە ناهێنێت هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی كە ڕێگای چارەسەر زۆرە و ئەوجار كاتێك تەندروستین بێ كێشە تێیدەپەڕێت. ڕواقییانە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ترسە بە بۆچوونی ئەم نوسەرە ئیتالییە بریتییە لە بەكاربردنی ژییری و زێدەڕۆینەكردن لە مەترسی. ڕاستە ڤایرۆسەكە سەرچاوەی ڕاڕاییە، بەس چاترە مامەڵەیەكی میانەڕەوانە لەتەك ئەو ترسە بكرێت لە ڤایرۆسەكەوە دێت و زێدەڕۆی بە زانیارییەكانەوە نەكرێت. شێوازە ڕواقیەكەی ئەم بیرمەندە ئیتالییە سەبارەت بە ترس لەم ڤایرۆسە بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە زێدەڕۆیی و بەكابردنی ژییری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ترسەی ڤایرۆسەكە بڵاویدەكاتەوە. هەرچی ڕەوشتی ڕواقییانەی كۆڤید-19ە بەوە پێناسەدەكات كە ڕواقییبون تایبەتمەندی گەردووناویبوون بە مرۆڤ دەبەخشێت. واتە تۆ گرنگی بە گشت مرۆڤایەتی دەدەیت نەک تەنیا بەخۆت. لێرە نووسەر نموونەیەك لەسەر ئەو جۆرە ڕەوشتە دەهێنێتەوە: پێویستناكات ماسكێكی زۆر لە ماڵەوە خەزنبكەین، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی كەمبوونی ماسك و ئەوەش کە ئەوانیتر پێویستیان بەو ماسكە هەیە، بەتایبەت كارمەندانی تەندروستی. لایەنێكی تر كە بۆ ئەم بیریارە ڕواقییە شایانی سەرنجە ئەوەیە كە هەوڵدەین لە خەڵك دووربكەوینەوە، ڤایرۆسیان بۆ نەگوازینەوە و تاپێشمانبكرێت ترس لەسەر ڤایرۆسەكە بڵاونەكەینەوە. گەر بتوانین هاریكاری مادیش بۆ ئەو شوێنانە كۆبكەینەوە پێویستیان پێیەتی، بەتایبەت وڵاتانی هەژار (ئەفەریقا بۆ نموونە). ئەو دەمەش دووچاری ڤایرۆسەكە دەبین پێویستمان بەوەیە ڕێكاریەكان پێڕەوبكەین و خۆمان لە ترس بەدووربگرین. تەنانەت كە ناساغیش دەبین دەبێت زۆر بە لوتفەوە مامەڵە لەتەك كارمەندانی پێشیپێشەوەی تەندروستیدا (پزیشكەكان و سستەرەكان) بكەین. گرنگ لە كاتە سەختەكانا پاكدامێنی ڕەوشتی خۆمان نیشاندەین. ئەم جۆرە هەل و مەرجانە، لەژێرسایەی ڤایرۆس، گومانی ناوێت دووچاری سەختی، شپرزەیی، چەرمەسەری و ئازارێكی زۆرماندەكات. كۆتا ئەوەش دەڵێت كە كۆڤید-19 رووداوێك نییە بۆ كۆتایهێنان بە شارستانی ئێستامان. ژیان لە گۆڕاندایە، ئەمە ئەو وانەیەیە كە فەلسەفەی پێش سوكرات لەسەر دەستی هێراكلیتس بۆیبەجێهێشتووین. بەم جۆرە ئەم بیریارە ئیتالیە دەیەوێت بڵێت: جیهانی پاش پەتاكە گۆڕانی دێتەسەر بەس نەك بەجۆرێك كە نەیناسینەوە. پێویستیشە ئیش لەسەر سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بكەین تا ببینە خاوەنی جیهانێكی باشتر لە ئێستا و لە پێش كۆرۆناش.

تێڕامانەكان”ی ماركۆس ئۆرێلیۆس:
كاتێك فەیلەسوفەكان حوكمدەكەن یان پادشاكان فەلسەفەدەكەن

ماركۆس ئۆرێلیۆس ئەنتۆنیۆس Antoninus Marcus Aurelius ڕێك وتنەكەی ئەفلاتونی بەسەریڕا پێڕەودەكرێت كە پێیوایە ئەو میلەتانەی فەیلەسوفەكانیان حوكمیان ناكەن یان پادشاكانیان فەلسەفەناكەن بەكەڵكی هیچ نایەن. ماركۆس ئۆرێلیۆس پادشا و فەیلەسوفێكی ڕواقیی ڕۆمانییە كە لە ساڵی 121 ی زایین، واتە لە سەدەی دووی زایین، هاتوەتەدونیا. لەماوەی ساڵانی 161 بۆ 180 ی زایین دوا ئیمپراتۆری رۆمانی و فەیلەسوفی ڕواقی ڕۆمانی بووە و یەكێكیش بووە لە شاگردە فەلسەفییەكانی ئێپیكتێتۆس. ماركۆس ئۆرێلیۆس لە نێوان ساڵانی 166-180ی زاییندا ئیمپراتۆریەكەی دووچاری تاعونە گەورەكە بووە، تاعونی ئەنتۆنی، کە بەناوی ئەم ئیمپراتۆرەوە ناونراوە و پتر لە 5 میلیۆنی ئیمپراتۆرەكەی كوشتووە و بەشێكی زۆریش لە مردووەكان لەناو لەشكری ڕۆمانی دا بوونە. جگەلەوەی ماركۆس ئۆرێلیۆس ئیمپراتۆر بووە، سەرقاڵی كاری سیاسی، سوپا و جەنگیش بووە و خاوەنی بیركردنەوەیەكی بەهێزی فەلسەفیش بووە. زۆربەی بۆچوونەكانی لە نووسینێكا بەناوی “تێڕامانەكان Meditations”كۆكردۆتەوە، كە لە 12 بەش پێكهاتووە، بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازار، نەخۆشی و مەرگ تایبەتكراوە و بناغەیەكی فەلسەفیشی بۆ فەلسەفەی ستۆیسیزم داناوە. جێی سەرنجە “تێڕامانەكان” لە ناو شارستانی ڕۆمانی بە زمانی یۆنانی نوسراوە. لە “تێڕامانەكان” دا پایەداری ڕەوشتی و هزری دەبینین كە دواتر دەبن بە ڕێچكەی فەلسەفی فەلسەفەی ستۆیسیزم. شاتێڕامانی ئەم فەیلەسوفە خۆی لە چەند تێگەیشتنێكدا پوختكردۆتەوە: چۆنیەتی مامەڵەكردن، زاڵبوون بەسەر ئێش، دانبەخۆداگرتن و هەڵنەچوون. ئەم فەیلەسوفە پادشایە بۆچوونە فەلسەفییەکانی لە ساتی كێشە و ڕووداوەكان هۆنیوەتەوە و كاری لەسەر ئاسوودەكردنی ڕۆح و دەروونی کردووە. پێشیوابووە کە خۆ بەدوورگرتن لە مەترسیەكان بە دووركەوتنەوە لە خودی ترس دەستپێدەكات. پەتاكە كە ترسی بڵاوكردۆتەوە لەتەك وشەی مەرگ خۆی هاوتاكردووە. لەو ساتەوەختەش كە پەتاكە لەناو سوپا و شارەكانی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی بڵاوبووەتەوە ئەم پادشایە سەرقاڵی نوسینی تێڕامانە فەلسەفییەكانی بووە، کە بۆ خودی خۆی و كەسە نزیكەكانی سودی زۆریان هەبووە.
ئەم بیریارە لە تێكڕای تێڕامانەكانیدا، كە قووڵ و ناڕووكەشن، وەدووی خودێك دا وێڵە كە لە پەشێویی و شپرزەیی بەدوورە. تێڕامانەكان لەوێوە دەستپێدەكەن كە مرۆڤ بۆ ئەوەی بکارێت بڕیاری باش بدات پێویستی بەوەیە دەستبەرداری شڵەژانەكانی بێت، زەمینە بۆ تێڕامان بسازێنێت و لەناو تێڕامانەكانیشیدا جێیەك بۆ گفتوگۆی ناكۆتا و كۆتا بدۆزێتەوە. بەپێی “تێڕامانەكان” بێت ئەوەی لە سروشتدا ئامادەیە لە خۆڕا بوونی نییە. هاوكات پێویستی بۆ بیركردنەوە لە سروشت، پەیوەندی مرۆڤ بە سروشتەوە گرنگی خۆی لە “تێڕامانەكان” دا هەیە.
هێزی هزری “تێڕامانەكان” لە هەندێك دێڕدا بەرجەستەدەكەین كە مۆركی دونیابینی ئەم بیریارە پادشایە بە سەلیقەوە دەردەخەن: خۆر یەك ڕوناكی هەیە. گشت جیهانیش، بەهەموو شتەكانییەوە، بوونەوەرێكی زیندووی تاكە. شتەكانی ناو جیهان بۆ هەمیشە نامێننەوە. ئەوەی لە جیهاندا، لە سروشتدا، هەیە لە شوێنی خۆیدا نامێنێتەوە، شتەكان لە گۆڕانن و شتی نوێ جێگای ئەوی پێشو دەگرێتەوە. ئێمە وەك بەشێكیش لە ژیان پێویستمان بەوەیە كاتی خۆمان بژین، تەمەنی خۆمان تاقیبكەینەوە و لە چاوەڕوانیدا نەژین. ئەم تەمەن و كاتەی ئێستا بەدەستمانەوەیە دەڕوات و چیدی دووبارەنابێتەوە. ئێستاكێ كە هەیە، با داگیربكرێت، چاترە وەدووی دواتر و ئەڵبەتە ڕابردووش نەكەوین. خواوەند شیاوییەكانی خستۆتەبەردەستمان، ئەوەی كە پێویستمانە باش بەكاربردنی ئەو شیاوییانەیە، ئەڵبەتە بێ لەدەستدانی كات. چاترین شتێك لەم حاڵەتە مەرجە بكرێت بەكاربردنی عەقڵە لەگەڵ بوونی ئامانج و دوركەوتنەوەش لە ڕیاكاری و تۆڵە. با ئەوەش بكەین كە پێویستە بكرێت و كە دواتر بەختەوەریمان پێدەبەخشێت. با بەختەوەریمان نەخەینە چنگ ئەوانیترەوە. گەر عەقڵ، عەقڵێكی تەندروست ، نەخەینەگەڕ ناكارین ئەوە بكەین كە دەبێت بكرێت. ژیانمان بەرهەمی بیركردنەوەمانە، عەقڵیشمان ئەو بیركردنەوانە دروستدەكەن. بەدیهێنانی ژیانێكی بەختەوەر بۆ مرۆڤ پەیوەندی بە شێوازی بیركردنەوەی ئەو مرۆڤەوە هەیە، كە ئەوەش لە ناخیدایە.

مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم

فەلسەفەی ستۆیسیزم زۆری لەسەر مەرگ وتوە. مەرگ دێت و وەستانی نییە. پێشوازیكردنیش لە مەرگ بۆ ئەم فەلسەفەیە لە دەرەوەی دوودڵییدایە. سەرگوزشتە فەلسەفییەكانی سێنیكا و ماركۆس ئۆرێلیۆس و ئەوانیتر شاكارە فەلسەفییەكان لەمەڕ مەرگ پێكدێنن. ئەوی ئەوان لەوبارەیەوە نوسیویانە مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم پێكدێنێت. ماركۆس ئۆرێلیۆس “تێڕامانەكان”ی كە 19 ساڵێكی خایاندووە لە شێوەی سەرنج نوسیونی بۆخۆی. بەشێك لە تێڕامانەكانی لە كاتی جەنگ و ناو لەشكركێشی نوسیوە و هەقایەتی ئەزموونی خۆین بۆ خودی خۆی. لەناوجەرگەی شەڕ كە مەرگ ڕاوی ئەم پادشا هزرەڤانەی كردووە ڕۆژانە بەدەم سوپاسالارییەوە تێڕامانە ووردەكانی خۆی تۆماركردووە. تێڕامانەكانی ئەم فەیلەسوفە ڕواقییە لەسەروبەندی مەرگیدا زۆرتر كاریانكردووە و سروشتی مرۆڤیشی بە جۆرێك ڕاڤەكردووە كە جەستەی ئەم مرۆڤە ئاساییە نەخۆشی و ئێش پەلاماریدات و مەرگیش بكاتە دەرئەنجام. ئەو فێربوونانەی لە “تێڕامانەكان” ەوە هەڵیدەهێنجێنین بەوەمان دەگەیێنن کە مەرگ هەر هەیە تەنانەت بەبێ نەخۆشیش.
جگەلەوەی ئایدیای مەرگ لە “تێڕامانەكان” یان لە هزری ماركۆس ئۆرێلیۆس جێی تێڕامانە هاوكات بابەتی مەرگ بەشێكی سەرەكیش لە نوسینی فەلسەفی ‌ڕواقییەکان داگیردەكات. گشت هەوڵی فەلسەفەكەشیان بۆ ڕەوینەوەی ترس بووە لە مەرگ. ‌ڕواقییەکان مەرگ بەو مەرگە دەبینن كە ئێپیكۆرەكان Epicureanism بینیویانە. ئێپیكۆریەكان زرنگانە لەتەك مەرگا دواون. ئەوەتا خودی ئێپیكۆر ئێژێت: مەرگ پێویستە و ناشێت لێیبەدووربین. جا بۆ كوێندەرێ بچین تا لێیبەدوربین؟ هەروەك وتمان ماركۆس ئۆرێلیۆس زۆر شتمان لەسەر مەرگ پێدەڵێت: ئەوەی لە مەرگ بترسێت دەترسێت هەست لەدەستدات. كە هەستیشی لەدەستچوو هەست بە زەرەرمەندی ناكات. گەر جۆرێكی تر لە هەستیشی بەدەستهێنا دەبێتە جۆرێكی تر لە بوونەوەر و لە ژیان ناوەستێت. وەكیتریش، ئایدیای مەرگ لە هزری ماركۆس ئۆرێلیۆس لەوێوە دەستپێدەكات كە مەرگ دوا كردە سروشتییەكەی هەمووانە. هیچ یەكێك لە مەزنەكان (سوكرات، هێراكلیتس، ئەلێكسەندەی گەورە و…) لە مەرگ دەربازیان نەبووە. مەرگ وەك هەموو نەشونماكانی تر، كە دێنەسەر جەستە و گەشەی مرۆڤ، پێویستە سروشتی وەربگیردرێت. بە مەرگمان دەگەڕێینەوە بۆ شتە گشتەكەی لێوەیهاتووین. هەر وەك سەرەتا چۆن بەشێك بووین لە گشت، جیهان، ئاواش بووینەوە بە بەشەكە. پاش مەرگیش ڕۆح ناژێتەوە، گەردوون ئەم ڕۆحە لەخۆیدا بەرجەستەدەكات. لێرە ئەم بیریارە مەرگ وەك گەڕانەوەیەك دەبینێت. ئەو پزیشكانەش دەمرن خەڵكی لە مەرگ ڕزگاردەكەن. فەیلەسوفەكانیش كە بەردەوام قسە لە مەرگ دەكەن هەر دەمرن. كەواتە مەرگ دوا بەختی هەمووانە، ئەو قەدەرەیە پێویستە هەموو بێ دوودڵی پەسەندیبكەین.
سەرئەنجام ئەم پادشا بیریارە لە ڕێگای تێڕامانەكانیەوە دەیەوێت پێمانبڵێت: ترس لە مەرگ دەمانخاتە ناو دۆزێك لە تالوكە و پەرێشانییەوە. مەرگ هاتنی شتێكی بێسلەمینەوەیە. دێت و کاری خۆیدەکات لە هەچ ئانوساتێكدا بێت. گرنگە ئێمە بە مرۆیبوونی خۆمانەوە سەرقاڵبین. مەرگ، لە ڕابردوو و ئێستا و دواڕۆژیش دا، هەقە و هەڵهاتن لێشی دەبەنگییە. هەست یان سۆزە وێرانكارەكانیش سەرچاوەی هەڵە و پەشێویەكانن. ڕۆحمان هێمنترین داڵدەمانە، ڕۆح ڕەنگی هەیە. ڕەنگەكانی پەیوەندی بە بیركردنەوەكانی ڕۆحەوە هەیە. كردەی ڕاستئامێز و وتنی ڕاستئامێزانە پێویستە مەبەستی هەمووان بێت، گفتوگۆی مرۆڤی باش مەكە کە چ جۆرە مرۆڤێکە ببە بەو مرۆڤە باشە. مرۆڤی بێ هەڵە هێشتا بوونی نییە. هێزی باش گەردوون دەباتەڕێوە، مرۆڤەكانیش بۆ یەكتركراون یان بۆ ئەوە هەن كە هاریكاری یەكدی بن. لێرەوە بەوە دەگەین کە: ژیان بۆ داناكان كێشەیە و بۆ دەبەنگەكانیش چارەسەرە.

——————————————

ژێردەر:
Massimo Pigliucci. On COVID-19 and pandemics: a Stoic perspective
https://medium.com/the-philosophers-stone/on-covid-19-and-pandemics-a-stoic-perspective-66a9d800b14
Epiktetos . Anders Håkansson. övers. red. Handbok i livets konst. Lund: Bakhåll.2000.
Marcus Aurelius. Ellen Wester övers.; Vera Silverstolpe. red. Självbetraktelser. Stockholm: Forum.1967.
Meditations / Marcus Aurelius:
http://seinfeld.co/library/meditations.pdf
Massimo Pigliucci. Fieser, James; Dowden, Bradley, red., ”Stoicism”, Internet Encyclopedia of Philosophy.2006.
John Sellars. Stoicism. Ancient philosophies; 1. Chesham, Bucks: Acumen Pub.2006.




پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل – بەشی 18– ئازاد حەمە

“هیچگەرایش مانای هەیە”
مۆریس بلانشۆ لەمەڕ كافكا

دەستپێك: وتاری فەلسەفی ڕۆژئاوا دەرگا لە پەرچەكرداری ڕەخنەیی دەكاتەوە، كێشمەكێش لەناو پەرچەكردارییەكان دەچێنێت و بەجۆرێكیش كێشمەكێشەكان وەلاوە دەنێت كە دەرگا بە ڕووی چارەسەری گونجاو و پێویست بكاتەوە. قسەكردن لە نەخۆشی و مەرگ ،كە بەشێكن لە پەرچەكرداری فەلسەفە، كارە سەرەتاییە هەمیشەییەكەی فەلسەفەیە. ڕووبەڕووبونەوەی فەلسەفییانەی مەرگ هەوڵێكیشە بۆ سنورداركردنی ترس لە مەرگ. ترس لە مەرگ بۆ فەلسەفە دووبارە و بەردەوامە. مامەڵەی فەلسەفە لەتەك مەرگا بۆ دروستكردنی وێنەی ترە لەسەر ژیان. بیركردنەوەی لەم جۆرەش چارەسەرە بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو ترسەی مەرگ لەسەری دەژیت. بێگومان ئاینیش هەمان شت دەكات. ئاین بەهۆی مەرگەوە بەردەوامی بە خۆی دەدات. شەڕی نێوان مەرك و ترس هەر شەر نییە پەیوەندیشە. مەرگ كە ترس دروستدەكات ترسیش لە مەرگ نزیكماندەكاتەوە. ئەم هاوكێشەیە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا گەیشتە ترۆپك. گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە مرۆڤەكان مەرگ وەك بەشێك لە مرۆیبوونی خۆیان نابینن. ئەمە و گەلێك دیاردەی دی (ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی، گۆشەگیریی) لە ساتەوەختی كۆڤید-19 هاتەئاراوە و فەلسەفەش لەوبارەیەوە پەرچەكرداری خۆی نواند. سەرباری ئەوە، ئەم بەشە زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ هێنانەگۆی بابەتی پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا، بۆنموونە تەنگژەیەكی وەك كۆڤید-19، كە تەنیا بە مەرگەوە تایبەت نییە، ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی تادەگاتە كەرەنتین، گۆشەگیریی و تەنیاییش دەگرێتەوە. لەم ڕوانگەوە ئەم بەشە دەخەینە سەركار و گوێ بۆ دیتنە فەلسەفییەكانی كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville ڕادێرین و لە كەشێكی فەلسەفی ناهاوشێوەی ئەو بەشانە گۆشەنیگای ئەم بەشە بەرهەمدەهێنین کە پێشتر بەم بیرمەندەوە تایبەتبوون. ئەو شێوە پەرچەكردارییە فەلسەفییەی كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 دەیجوڵێنێت وروژێنەر و خورپاوییە. وروژێنەرە چونكە لە شوێنە هەستیارەكانەوە دەستپێدەكات. خورپەهێنەریشە چونكە بە نەبیستراو و بە بیرلێنەكراو ئاشناماندەكات. وڕێنەیەكی ئەوتۆش لەئارادایە كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگا دەگۆڕێت؟ ئەوانەی پێیانوایە ئەم تەنگژەیە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە تەنگژەکە هەموو شتێك دەگۆڕێت. ئەم پەتایە هەموو جۆرە كێشەیەك دەخاتەڕوو حەیفیش هیچیان چارەسەرناكات. ئابووری هەر وەك پێشتر بەربەستەكانی دەهێڵێتەوە. تۆبڵێیت كرێدەستی هەندێك كار كە سودێكی كۆمەڵایەتیان هەیە بەرزببێتەوە؟ گەر ئەوە بكرێت باشە. یاریكەرەكانی تۆپیپێ هەر لەسەر بەدەستهێنانی پارەی زۆر بەردەوامدەبن بەس ئەمە كارمەندی تەندروستی ناگرێتەوە. كەواتە گۆڕانكاریەكان بەو جۆرە نیین كە پێشبینیدەكرێت. لەو وانانەش كە لەم تەنگژەیەوە فێریدەبین سێ وانەن: وانەی یەکەم هاریكارییە. واتە خۆپارێزی كە ئەویترپارێزییە و پێچەوانەكەشی ڕاستە. وانەی دووەم چێژی ئازادییە. واتە ئازادی پاش كەرەنتین. كۆتا وانەش بریتییە لە خۆشەویستی بۆ ژیان.
بێزاریمان لە ئێستامان، ساردوسڕی ژیانی هەنووكەمان وایلێكردووین هەر هەموو، بە بێ جیاوازی، پرسیارێكی زۆربارە بكەین: جارێكی دی بۆ ژیانی لەمەوبەرمان، بۆ پێش پەتای كۆرۆنا دەگەڕێیینەوە؟ زۆربەی ئاماژەكان پێماندەڵێن جارێكی دی ناگەڕێینەوە جیهانی پێش كۆرۆنا و هەرگیزیش مێژوو لە سفرەوە دەستپێناكات. مێژوو لاپەڕەیەكی سپی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەم بارەوە سەرسامانە پێداگری لە تێگەیشتنێکی خۆی سەبارەت بە دیدی کۆتابوون دەكات: ئێستامان گەر بۆنی كۆتایبوونمانی لێبێت ئەوە تەنیا لەبەرئەوەیە كە كۆتایبوونمان بەشێكە لە ئێمە. موخابن، ئەم بیریارە وتەنی، ئەم لایەنە ژورنالیستەكان تێیناگەن. ئەوان تەنیا سەرقاڵی كاری ناڕوونی خۆیانن. ئەم پەتایە خستومانیەتە بەردەم نادیارییەوە، ئەمەش نادڵنیایی دروستكردوە و نادڵنیایش خەریكە دەبێتە بەشێك لە ژیانمان. ئەم فەیلەسوفە ئەوەش ڕەتدەكاتەوە ئەم پەتایە تۆڵەی سروشت بێت لە مرۆڤ، جەختیشدەكات بەرهەمی تێكچوونی هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و دەوروبەرەكەیەتی، بەشێكیشە لە شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كە كۆتای نایەت و كۆتایشی بێت بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. بەمە هەموو لەسەر ئەوە كۆكین كە، ئەم پەتایە سیاسەت، تەندروستی، سیاسەتی تەندروستی، ئابووری و دەروونناسی تاكەكەكانی خستەژێرتاقیكردنەوەوە. دادوەری ڕەوشتی و بوونی مرۆیی سەرلەبەر كردەوە بە بوارێك بۆ تێڕامان و چەن و چونی فەلسەفی وورد.

پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەی كۆڤید19

  • لەسەر ئاستی ڕەوشتی

    كۆنت–سپۆنڤیل مەرگی سوكرات دەكاتە مەحەك بۆ قسەكردن لەسەر ئازادی. سوكرات كە بە مەرگی ئازادی هەڵبژارد لە دادوەرەكانی ئازادتر بوو. لێرەشەوە فەلسەفە دەستپێدەكات، هەروەك ئەوەی كە ڕەوشت دەستپێدەكات. سەرنجڕاكێشترین بۆچوونی ئەم بیرمەندە، كۆنت–سپۆنڤیل، لەبارەی ڕەوشتەوە ئەوەیە كە گشت ڕەوشتێك پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە. ڕەوشت پێویستە بەرژەوەندی ئەویتر بەهەندوەربگرێت. هەر ڕەوشت ئەو شتەشە كە مرۆڤ بەسەر خۆیا دەیسەپێنێت یان ڕەتیدەكاتەوە. لەم سۆنگەیەوە، هێما بۆ ئەوە دەكەین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە نووسینی””نامەی بچووك لەمەڕ پاكدامێنییە(پاكڕەوشتییە) گەورەكان”” دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارە ڕەوشتییە نەریتییەكان (چی پێویستە بیكەین، كێ پێویستە بیكات، چۆن پێویستە بژێین) كە بناغەیان بۆ فەلسەفەی ڕەوشت لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا داناوە. كەواتە پرسیاری ڕەوشتی دەكارێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە بەم جۆرەیە: چی پێویستە لەسەرم كە بیكەم؟ ئەڵبەتە كۆمەڵێك ئەرك. گەر ڕەوشت پێویستیبێت دواجار لە كوێی ژیان ئەم پێویستییە خۆی نمایشدەكات؟ ئەو مانایەی ڕەوشت بۆ ئاین هەیەتی بە دیوەكەی تری ئاینیش بۆ ڕەوشت هەمان مانابەخشی خۆی هەیە. ڕەفتاری مرۆڤەكان كە لە نێوان باشە و خراپەدا دەخولێتەوە بۆ بەشێك باشەكان ئەو باشەیە نین و بۆ بەشەكەی تر خراپەكانیش ئەو خراپەیە نیین. مرۆڤایەتیش كە پێویستی بە شەڕی نێوان باشە و خراپە نییە لە دەرەوەی ئەو شەڕەش بەردەوامی بە بوونی خۆی هەر دەدات. چی كەی باشە سەبارەت بە خراپە دەبێتە چی كەی خراپە. بەدەر لەوە كۆنت–سپۆنڤیل گشت ڕەوشت یەكساندەكات بە ڕۆڵی خود لەناو پرۆسەی ڕەوشتیدا. ئەمەش لە زۆر ڕەوەوە پەیوەندی بە دەركەوتنی خودەوە هەیە وەک بابەتێکی فەلسەفی. لێرە قسەدێتە سەر فەلسەفەی خود لە دیدی دێكارت وەك بابەتێكی گرنگ لە فەلسەفەی مۆدێرنی ڕۆژئاوا. ئەمە وادەكات ویستی ڕەوشتی ئەم خودە جێگای باسی قوڵی كۆنت–سپۆنڤیل بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ‘ كۆماری ئەفلاتون’ ەوە دەستپێدەكات و بە تونێلی فەلسەفی دێكارت و كانت، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، دا تێدەپەڕێت. لێرەوە بەو تێزە دەگەین کە: ئەم خودەی، كە خۆی پێویستە چاودێری ڕەفتاری ڕەوشتی خۆی بێت، ویژدان و هۆشی خۆی مەحەكی گشت ڕەفتارە ڕەوشتییەكانیەتی نەك هێزە دەرەكیەكان(ئاین بەنموونە).

    لەسەر قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، پێشتر هەندێك بەهای ڕەوشتی و ئاینی كۆیدەكردینەوە ئێستا ئەو بەهایانە لەسەرەمەرگدان. لەكاتێكا مرۆڤایەتی، خەڵك، پێویستی بە كۆبوونەوەیە بە دەوری هەندێك بەها و خەسڵەت وەك سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی. پێشیوایە ئەو دەمەی مرۆڤ لە ڕوبەڕووبونەوەی بەدیدا دەبێت پێویستیەكی زۆری بە چاكەیە. دیارە ئەم بەها و خەسڵەتانە هی سەردەمێكی دیاریكراو نیین، مرۆڤایەتی ئەوەتەی هەیە لە خەمیاندایە و هەمیشەش پێویستیپێیانبووە. لەئێستادا كە كۆڤید-19 لەئارادایە، ئەم جۆرە بەها و خەسڵەتانە (سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی) هەنووكەبوونەتەوە. لە وەڵامی پرسیاری لەئێستادا لە چی دەترسن؟ كۆنت-سپۆنڤیل هێما بۆ ئەوە دەكات، “دڵگرانم بەو شڵەژانەی لە سۆسیال میدیا و لەناو ڕای گشتیدا بڵاوبۆتەوە. وەك خۆشم هەست بە ترس ناكەم”. ئەم بیرمەندە ترس لە مردن بە كۆڤید-19 نابەستێتەوە، ترس لە مردن لای كۆنت –سپۆنڤیل ترسە لە مردن بە شێرپەنجە، جەڵتەی دڵ یان ئەلزهایمەر (كە باوك و دایكی ئەم بیریارەیان كوشتووە). لێرەوە ئەم فەیلەسوفە ئێمە بەرەو پرسیارگەلێكی ڕەوشتی ڕیشەی دەبات. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی کۆڤید-19 سەرمایەداری خستەوە نێو گفتوگۆی فەلسەفی. بۆیە پرسیارە ڕەوشتییە گەورەكەی ئەم هزرەڤانە ئاڕاستەی سەرمایەداری دەكرێت. بۆ سەرمایەداری؟ لەبەرئەوەی نایەكسانی بەرهەمدەهێنێت. سەرمایەداری واتە پارە. پارە لای سەرمایەداری پارە دروستدەكات. “بۆئەوەی وەك دەوڵەمەند بمریت پێویستت بەوە دەبێت وەك دەوڵەمەند لەدایكبیت”. یەك لەو پرسیارە بنچینەییانەی ئەم بیریارە سەبارەت بە سەرمایەداری ڕووبەڕوومانیدەکاتەوە ئەمەیە: سەرمایەداری ڕەوشتی هەیە؟. باشە گەر سەرمایەداری ڕەوشتی هەبێت چ جۆرە ڕەوشتێكی هەیە؟ ئەی كە بێ ڕەوشت بوو؟ بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سەرمایەداری نە ڕەوشتی هەیە و نە ڕەوشت هیچ مانایەكی بۆ سەرمایەداری هەیە. سەرمایەداری پێویستە ڕەوشتیبكرێت. ئەم بەڕەوشتیكردنەش مەرجە لە دەرەوەی سەرمایەداری بكرێت نەك لە ناوەوە. ئەمەش دەمێك ساڵە، 150 ساڵێك دەبێت، ڕۆژئاوا كاریتیادەكات: ئازادی سەندیكاكان، یاسای كاركردن، خانەنشینی، بیمەی كۆمەڵایەتی و…هتد بەشێكن لە دەستكەوتەكانی ئەو كارتیاكردنە.

  • لەسەر ئاستی سیاسی

بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سیاسەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 كەوتە پەراوێزی تەندروستییەوە. پزیشكەكان بە هاوكاری سیاسییەكان لە فەرەنسا كەرەنتینیان سەپاند بێ ئەوەی بیر لە چارەنووسی ئابووری هاوڵاتیان بكەنەوە و بەساڵاچوانیشیان بەوە ترساند گەر لەماڵەوە نەبن دەمرن. كۆنت–سپۆنڤیل لە سەرەتادا ئەوەنەی قسەی لەسەر ماوەی كەرەنتینكردن هەبووە ئەوەنە دژی كەرەنتینكردن نەبووە. لێ دواتر دژی ئەوە وەستاوەتەوە کە بۆ ئەو هەموو بایەخە بە ژیانی بەساڵاچووان دەدرێت لەسەر حسێبی ژیانی لاوان و مناڵان! لێرەوە پرسیارە ڕەوشتیەكە بۆ ئەم بیریارە مەرگ نییە، مەرگ بێ كۆرۆناش بەهۆی نەخۆشی ترەوە بوونی هەر هەبووە. كەوابێت ترس لە مەرگ كەرەنتینی دروستكرد. بۆ ئەوەی كەرەنتین پیادەبكرێت سیاسەت بڕیاربەدەستبوو. سیاسەتیش كەوتەدەست پزیشكەكانەوە. پزیشكەكانیش بەناوی تەندروستی گشتیەوە سیاسەتیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان پیادەكرد.
ئەوەی كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگەی فەرەنسی بەرەو پتر مرۆی و هاریكارئامێزتر دەبات یان نابات بۆ كۆنت–سپۆنڤیل ئەمە پرسیارێكی گرنگی ئەم قۆناغەیە. شتێكی سروشتییە کە دواترمان وەك پێشتر نەبێت. بەس كەس ناتوانێت فەرەنسای 2021 بۆ 2019 بگەڕێنێتەوە. ئەوەی هەر لە ئێستاوە پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت ئەوەیە كە فەرەنسای 2021 لە زۆر ڕوەوە جیاوازە. بەڵێ فەرەنسا دەگۆڕێت بەس نەك سەرلەبەر. بە وتنی ئەم فەیلەسوفە جگەلەوەی پێویستمان بە ئامرازەكانی ئەو گۆڕینە هەیە هاوکات ئەوەشمان پێویستە كە هەموو دەبێت كۆشش بۆهێنانەدی ئەو گۆڕینە بكەین. ئەوانەی پێیانووایە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە هەموو شتێك دەگۆڕێت. گرنگە ئێمەی فەرەنسییەكان نەكەوینە ناو جۆرێك لە بەشیراككردن chiraquisationی ژیانی سیاسییەوە (ژاك شیراك مەبەستە). ئەمە بەو واتایە دێت كە سیاسییەكانی فەرەنسا خۆیان لە هەموو جۆرە ڕێفۆرمێك، هەموو شتێك لەپێناوی چاككردنی تەندروستی یان پاراستنی فەرەنسییەكان، دەدزنەوە: پلانی شیراك دژ بە شێرپەنجە، پلانی سەلامەتی ڕێگاوبان، پلان دژ بە نەخۆشی ئەلزاهایمەر، پلان دژ بە پەتا. كوان ئەم پلانانە؟
ئەم بیرمەندە ڕەخنەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەوانە فەرەنسییەكان دەگرێت كە خۆیان بەپسپۆڕدەزانن لە هەموو بوارێک و ئامۆژگاری سیاسییە فەرەنسییەكان(سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیران) دەكەن و، كەچی سەر لە هیچیش دەرناكەن. هەر لەم هەل و مەرجانە ئەم فەیلەسوفە پێیباشە سیاسییەكان خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیان بن و ئامۆژگاری زانایان و پسپۆڕان نابینایانە وەرنەگرن. لە ئێستادا پسپۆڕەكان ، لە فەرەنسا، ڕۆڵی كەسی پیرۆز دەبینن. ئەمەش شتێكی شەرمهێنەرە!

  • لەسەر ئاستی ئازادی

ئازادی یەكێكە لەو چەمكانەی لە فەلسەفەی كۆنت–سپۆنڤیل دا گرنگیەگی زۆری پێدەدرێت. ئازادی واتە نەبوونی هیچ تەگەرەیەك لەبەردەم ڕەفتاری مرۆڤ، كردنی ئەوەی كە دەیەوێت بیكات. زۆربەی فەیلەسوفە گەورەكانیش(لۆك، هۆبز، رۆسۆ) جەختیان لەوە كردووە كە ئازادی بە ئازادی ڕەفتاری تاكەوە پەیوەستە. كێشەكە لەوەدایە كە ئازادی ڕەها بوونی نییە و خودی ئازادیش بێ تەگەرە نابێت. ئازادی ڕەها ڕەنگە بوونی نەبێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی دەوڵەت بوونی هەیە. دەوڵەت گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم ئازادی دا. لە گفتوگۆی قووڵی فەلسەفی بیریاران سەبارەت بە واتای ئازادی دەبینین ئەم واتایە بڕێك ئاقارێکی تەمومژاوی وەردەگرێت بەتایبەت كە واتاكە دەلكێت بە خود، ویستی خود، جەوهەری ویستی ئازاد و… تادەگاتە كردەی هزر. بگرە دەلکێت بەوانەش كە پێیدەڵێن هزری مرۆڤ و ویستی ئەم مرۆڤە، عەقڵ و كردەی ئازادی مرۆڤ. لەبەرئەوە كۆنت-سپۆنڤیل لەسەر بناغەی بۆچوونە فەلسەفییەكانی (سپینوزا، ماركس، هێگڵ) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئازادی هزر ئازادی عەقڵە و پەیوەندی بە ئازادی بژاردەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئازادی پێویستییەوە هەیە. واتە ئازادی دەكەوێتە ژێرسایەی پێویستیەكانی تاكەوە. هەموو ئەمانەش لە سێ ئاقاردا كورتدەكاتەوە: ئازادی كردار، عەفەویەتی ویست، ئازادی پێویست بۆ عەقڵ. گەر ئازادی ڕەها نەشهاتە دی خۆ گرنگە مرۆڤ ئەوەندە ئازاد بێت كە بتوانێت بژیت. ئەمە وادەكات كۆنت-سپۆنڤیل باوەڕی بەوە بێت كە ئێمە بە ئازادی لەدایك نابین، دواتر ئەو ئازادییە بەدەستدە‌ێنین. ئازادیش نە ڕەهایە و نەش بێسنوورە. لەبەرئەوە ئازادی هەر لوغز نییە ئامانجیشە. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل گرنگترین شتێك سەبارەت بە ئازادی شایانی قسەبێت ئەوەمەیە: چۆن فێربین ئازاد بین. ئەم جۆرە ئازادیە بە ناوی دووەمی دانایی دەزانێت. واتە ئەوە داناییە كە مرۆڤ فێری ئەوە دەكات چۆن ئازاد بێت.
بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوەی لە ساتەوەختی كۆڤید-19 بە كردەی ئازادییەوە تایبەتە ئەوەیە كە، بایەخدانی خەڵك لە فەرەنسا بە تەندروستی پتر لە ئازادی هەڵە بوو. ئەم هەڵەیە شیاوە وردە وردە بەرەو وڵاتانی تریش بچێت. لە فەرەنسا وشەی ئازادی (libéral) بەرەو جۆرە تەوهینێك دەچێت. ئەم بیریارە ناچارانە بەم جۆرە دێتەگۆ: ئێستا نازانم لێرە بمێنمەوە یان بچمە سویسرا؟ لە لێدوانێكیش لەگەل ڕۆژنامەیەكی بەلژیكی سەرسامانە قسەدەكات: “لێمانگەڕێن با بمرین”. بەمە هێما بۆ ئەوە دەكات كە تەندروستی ناكرێت سەرووی ئازادی بێت، یان شوێنگرەوەی هەموو شتێك بێت. نابێت تەندروستی شوێنی سیاسەت بگرێتەوە، حەیف لە ساتەوەختی پەتاکە گرتیەوە و ئەوەش ئازادی سنورداركرد.

  • لەسەر ئاستی كەرەنتین = گۆشەگیریی
    یان كوشتنی ئازادی تاك

كۆنت–سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme باس لە شەكەتی خۆی و پارتنێرەكەی دەكات كە چۆن ماوەی كەرەنتینیان لە پاریس بردۆتەسەر. پێیوایە بۆ تەمەنی “ئەو” (68 ساڵە) كەرەنتین بۆ ماوەیەكی زۆر كاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێت و پێویستیش ناكات. دەبایە ماكرۆن ،ئەو وتەنی، بیری لەم لایەنە بكردایەتەوە. پێشیوایە ترسناكترین شتێك ئەوە بوو كە هاوتەمەنەكانی ئەم كەرەنتینە درێژخایەنەیان بەخۆیانەوە نەبینیووە. ئاسایی بوو ماوەیەكی کورت ئەمە ڕووبدات نەك ماوەیەكی ئاوا زۆر (لە 11/03 تا 11/05). ئەم فەیلەسوفە خۆی بە سەرمەستی كەرەنتین نازانێت و دەستپێكردنەكەشی هەر لە سەرەتاوە پێناخۆشبووە. دانبەوەشدا دەهێنێت: ئەم جۆرە شتانە كە دەستپێدەكات لە هەژارترینەوە دەگرێتەوە و بژاردەی كەرەنتینش ستراتیژێك بوو لەبەردەم حكومەت. لە فەرەنسا كەرەنتین تووندكرابووەوە. لە ئەڵمانیا شتێك كەمتر دەردەكەوت. لە سوید لابرا بوو ،بەڵام بە ڕێنمایەكانەوە جوڵە هەبوو. كەرەنتینەكە بۆ كۆنت–سپۆنڤیل بریتی بوو لە زەوتكردنی ئازادی و ترسناكترین شتیش بوو كە نەوەی ئەم فەیلەسوفە بەخۆیەوە بینوبێتی. بەپێی تەماشاكردنی فەلسەفی كۆنت–سپۆنڤیل سەیرەكە لەوەدا بوو، ئەو ماوە زۆرەی كەرەنتین زۆرتر پزیشەكان لە شاشەكانەوە دەردەكەوتن تا ئابووریناسان و كۆمەڵناسان. ڕاشکاوانەش دەڵێت: “واملێهات لەماوەی كەرنتینەكە حەزبكەم تووشی كۆڤید-19 ببم و تەنانەت پێشیبمرم بەس ئەوەنە لە كەرەنتین نەمێنمەوە. حەزم لە ژیانە بەس زۆرتر حەزم لە ئازادیە. ناترسم لە نەخۆشی زۆرتر لە كۆیلایەتی دەترسم”.
كێ بەرامبەر بەم هەموو هەفتانەمان لە كەرەنتینبوون بەرپرسیارە؟ بێگومان هەموومان! ماكرۆن زوو وتی: دەوڵەت تێچوونەكان دەدات. مەگەر دەوڵەت ئێمە نیین! ماكرۆن لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتاكە ئەوەشی وت كە پارەی ئەفسونایمان نییە. 100 ملیار یۆرۆ پێویستن بۆ تەمویلكردنی كارەكان. پێیوایە پێویستە ئەو ڕاستیە بزانین كە ئەم پارە زۆرە دواتر لەسەر لاوان و نەوەی ئایندەمان دەكەوێت. ئەم لایەنە بۆ ئەم بیریارە بێزاركەرە، ئەوەش هەر بێزارکەرە كە تەندروستی تەنیا بووە بەخەمی بەتەمەنەكان. ئەی ئەو زیانەی لەم هەلو و مەرجە لە لاوان دەكەوێت؟ كەس بیر لەم لایەنە ناكاتەوە. ئەو بڕە پارەیە هەر هەمووشی بەر نەخۆشخانەكان ناكەوێت. ئەم بیریارە فەرەنسییە كەرتی تەندروستی لە وڵاتی فەرەنسا بەو خراپە لەقەڵەمنادات لەچاو وڵاتانی تر. كێ ناڵێت كەرتە خراپەكە قوتابخانەكانن! ئایا مناڵانمان لە فەرەنسا باش دەنووسن و دەخوێننەوە؟ تا ئیملایان پێنەكەین نازانین چەند بێتوانان. تۆبڵێیت نەخۆشخانەكان لە فەرەنسا كەمتر بایەخیپێدرابێت لەچاو زانكۆكان، یان لەچاو: پۆلیسخانەكان، دادگاكان یان زیندانەكان؟ ئەمانە هەموو پرسیارن لەسەر دۆزی دامەزراوە گرنگەكان لە فەرەنسا. كەچی بایەخپێدانەكە تەنیا بە تەندروستی بوو. سەیرە!
كەرەنتین هەڕەشەیە لەسەر ئازادیەكان یان دیوێكە لە دیوەكانی مرۆڤایەتی؟ لای كۆنت–سپۆنڤیل ترسی منێكی 70 ساڵ لە تەندروستی خۆم نییە ترسە لە ئایندەی مناڵەكانم. كەرەنتین دوو دەرئەنجامی ترسناكی لێوەبەرهات: تەنگژەیەكی ئابووری مەترسیدار (بەبۆچوونی ئابووریناسان لە تەنگژەی 1929 ترسناكترە) و كەمكردنەوەیەكی زۆر لە ئاشتی، دێمۆكراسی و ئازادیەكانمان. ئەم بیرمەندە ترسی ئەوەشی هەیە كەرەنتین (گۆشەگیریەكەی كەرەنتین) خەڵكێكی زۆر بكوژێت لەچاو كۆڤید-19 بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەكانا. كۆنت-سپۆنڤیل پێیباش نییە كەرەنتین بۆ ئەوانەی لە تەمەنی 70 كانن درێژەبكرێتەوە. ئەوان پتر لەوانیتر ترسناكتر نیین. بۆیە بەتوڕەبوونەوە دەڵێت: گەر گۆشەگیركردنم لەپێناوی خۆم بێت سوپاس نامەوێت. ئەم قسانەی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوە دەگەیێنن كە بابەتی كەرەنتین تەنیا بابەتێكی تەندروستی نییە، بابەتە لەمەڕ ئازادیش. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەوەش دەڵێت: “پزیشكەكانم خۆشدەوێت، بەڵام خۆمناخەمە ژێرزەبریانەوە. تێناگەم تاكەی پیرەكان لەناو چوار دیوار دادەنرێن. ئەم كەرەنتینەیە كەی كۆتای دێت؟ خستنەناو چواردیوارەوە بۆ سەرسەلامەتیمانە؟ پێویستە لەناو ماڵی خۆما بەندكرێم؟ پتر لە كۆیلایەتی دەترسم تا مەرگ. لەماوەی ڕابردوودا هەستم بە خەمباری دەكرد كە بۆ سویدی نەبووم. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئازاد تر دەبووم لە جوڵانەوەكانم”.
بەبۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل زۆرجار و لەكاتی تەنگژەكانا ئازادییەكانی تاك دەكەونە ژێرفشارەوە. ئارگیومێنتی ئاسایش لە دەمووەختی پەلاماردانە تێرۆریستیەكان بووە پێشنیار، ئێستاش ئارگیومێنتی تەندروستی پێشنیاردەكرێت. سەختە هەر لەسەرەتاوە ڕێكاریەك بخرێتەگەڕ كە ژیانی زۆرینەیەك بپارێزێت. هاوكات دەشێت پرسیارێك بخەینەڕوو. زۆرێك گومان لەم كەرەنتینەیە دەكەن. هەندێكیتر پێیانوایە چەند مانگێك دەخایەنێت. دەكرێت ڕێكاریەكان توندتر بكرێنەوە، بەڵام ئایا دەشێت ئارگیومێنتی تەندروستی زەفەر بە ئازادیەكانی تاك ببات؟ بێگومان ناشێت.
كۆنت-سپۆنڤیل جەخت لەوە دەكات كە كەرەنتین پێش هەموو شتێك پارێزگاری لە بەتەمەنەكان دەكات و كاردانەوەی ئابووری خراپیش لەسەر لاوان دادەنێت. بۆیە پێماندەڵێت: وەك باوكێك بەمە قایلنییم! بەڵام مرۆڤایەتی بینینی بەجۆرێكی ترە. پێیوایە ئێمەی مرۆڤ هەموو یەكسانین لە مافەكانمان. لەبەرئەوە دەڵێت: ئەمە بۆ من بەو شێوەیە نییە. مرۆڤەكان لای كۆنت-سپۆنڤیل هەمان بەها و گەوهەریان نییە. هەموو ژیانەكان وەك یەك نیین. ژیانی فەیلەسوفێكی قارەمانی وەك كاڤایێس Cavaillès لە ژیانی قێزەوەنێكی وەك كلاوس باربی Klaus Barbie جیاوازە. تەنانەت هەموو مردنەكانیش وەك یەك نین. مردن لە تەمەنی 20 ساڵ یان 30 زۆر جیایە لە مردن لە تەمەنی 68 (كە تەمەنی فەیلەسوفە) یان 90 .
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Temps دەڵێت: بۆ ماوەیەكی كورت پێویستبكات كەرەنتین قبوڵدەكەم بەس نەك ببێتە مانەوەی زۆرەملێم لە ماڵەوە. هیوامەندە سێستەمی تەندروستی نەبێتە سێستەمی ڕەوشتی وەك ئەوەی لە سەردەمی ماكارتیزم McCarthyism داکرا (تۆمەتخستنە پاڵ كەسێك بەبێ بەڵگە).

  • لەسەر ئاستی مەرگ

كۆڤید-19 بووە كۆڵەكەی سەرەكی مەرگ. بەهۆی ئەم پەتایەوە مەرگ پتر لە هەر كاتێكی تر خۆی شیاوكرد. بەرۆكی گرتین و وتی هەم. كێشەكە ئەمە نییە كە مەرگ لێرە و لەوێ دەخولێتەوە یان بۆتە باسی هەمووان بەقەد ئەوەی کێشەکە ئەوەیە كە ئەمڕۆ مەرگ وەك شكست سەیردەكرێت نەك شتێكی سروشتی. ئەم لایەنە والە بیریارێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل دەكات داوامانلێكات بۆ خوێندنەوەی مۆنتاین Montaigne بگەڕێینەوە: “”مرۆڤ نامرێت لەبەرئەوەی نەخۆشە لەبەرئەوەی لە ژیاندایە””. ئەم گوزارە مۆنتاینییە بەنموونە بۆ داكۆكیكردن لەو تێگەیشتنە دەهێنێتەوە كە مەرگ بەشێكی لێدانەبڕاوە لە ژیان كە زۆرینەیەك بەهۆی كۆڤید-19وە بیریانچووەتەوە. وەكیتریش، مرۆڤەكان خەریكی ژیانی خۆیانن و چیانیشبوێت دەیكەن و مردنیان بیرنییە، ئەو دەمەش كە مەرگ لە خۆیان و خزم و كەس و هاوڕێكانیان نزیكدەبێتەوە دەست بە گازندە، گریان و هاوار دەكەن. لە ساتەوەختی ئێستادا كۆڤید-19 بڕیاردەری مەرگە، ئەمەش جۆرە پەشێویەكی دروستكردوە كە بۆتە هۆکاری دروستبوونی ڵێڵی لە تێگەیشتنمان سەبارەت بە هاتنی بەمشێوەیەی مەرگ. ئەم فەیلەسوفە گومانناكات كە هەموو دەمرین، ئەڵبەتە ئەوە بە هەواڵە ناخۆشەكە لەقەڵەمدەدات. هەواڵە خۆشەكەش لای ئەم ئەوەیە كە زۆربەمان بە نەخۆشیەكی تر جیا لە كۆڤید-19دەمرین. باشە ئەم چەرمەسەریەی بەهۆی كۆڤید-19وە دووچاریبووینە پەیوەندیمان بە مەرگەوە دەگۆڕێت؟ بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل نەخێر نایگۆڕێت، چونكە مەرگ بەشێكە لە ژیان. ڕاستە بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرین، بەڵام خودی مەرگ نەخۆشی نییە. مردنمان شتێكی سروشتییە و ئەمەش پێویستە وەك خۆی قبووڵبكرێت. پێویستمان بە پەسەندكردنی مەرگە ئەمەش بۆئەوەی چێژ لە ژیان وەربگرین، دواتر بۆئەوەی بتوانین باشتر بژین. كە لە مەرگ تێدەگەین باشتر دەژیین. دەژیین چونكە دەزانییین مەرگە هەقیقەتە. ئەم بینینە بەرەو ئەم تێزەمان دەبات: پێویستمان بەوەیە ڕوانینمان بۆ مەرگ چاکبکەینەوە. مەرگ ڕاستی ناو ژیانە.
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Temps داوامانلێدەكات كۆتای بە وڕێنەی بەختەوەری هەمیشەیی بێنین و خودی كۆتابوون، ناكامی و ئاستەنگ وەك بەشێك لە هەل و مەرجی مرۆی خۆمان ببینین. پێشیوایە تا لەگەڵ مەرگا كۆكنەبین هەموو پەتایەك زەفەرمانپێدەبات. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل ئێستامان جێگای تێڕامانە كە پەتایەك بۆتە هۆكاری ئەوەی هەمووان دووچاری بێزاریەكی زۆر بكات لەكاتێكا شەڕێكی وەك شەڕی سوریا، كە وێرانی و ئاوارەیی لەگەڵ خۆی هێناوە، لەبیركرێت، ئەمەو جگەلەوەی مناڵان چیان لەناو ئاگری ئەم شەڕە بەسەرهاتووە تادەگاتە بەدخۆراكی و كاولكاریتر هەموو ئەمانە هێندەی كۆڤید-19 نەبۆتە باسی سوسیال میدیای فەرەنسی. “با لێگەڕێن بمرین”، ئەو گوزارە توڕەیەیە ئەم فەیلەسوفە دژ بەو بایەخدانە زۆرە بەكاریدەبات کە بەم پەتایە دەدرێت. پەتاكە مەرگی لەخۆیڕا بەرجەستەكرد، باشە ئەی مەرگەكانی تر؟ ئەلزهایمەر و شێرپەنجە زۆر زۆرتر دەكوژێت لەچاو كۆڤید-19 كەچی باسناكرێت. ئەمە وادەكات ئەم فەیلەسوفە ئەو ترسە گەورەیە لە پەتای ناوبراو بە هەڵە بزانێت و گازندەی ئەوەش بكات مەرگ بەهۆی كۆرۆناوە دۆزێكی هێنایەپێشێ كە جێگای سیاسەت، ئازادی و خۆشەویستیش بگرێتەوە و ئەوەشمان بیربباتەوە كە هۆكارەكانی مردن زۆرن، لێ نەخۆشی بەشێكە لەو هۆکارانە.
سەرئەنجام كۆنت–سپۆنڤیل دەڵێت: جارێكیان پاتۆلۆجێك (پسپۆر لە نەخۆشیناسی) پێیوتم شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كۆتای نایەت، تەنانەت گەر كۆتایشی هات بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. هەرچی مرۆڤایەتیە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر كۆتای دێت، جا ئەو كۆتایهاتنە بەهۆی ڤایرۆسەوە بێت یان بەكتریاوە، كەوتنەخوارەوەی پارچە نیازكێك بێت یاخود شەڕی ئەتۆمی یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە گەردوون. ئەو گفتوگۆ زۆرەش لەبارەی كۆڤید-19وە دەكرێت پێمانناڵێت ئەم پەتایە كۆتای بە مرۆڤایەتی دێنێت و بەهۆی ئەوەشەوە جیهان كۆتای دێت. شەڕی نێوان مرۆڤەكان و میكرۆبەكان زۆر دەخایەنێت. شەڕێكی بەردەوامە و ئەوان تیاشیا سەركەوتوون. كاتاسترۆفە (بەڵا) تەندروستیەكان بەردەوام هەن و كۆڤید-19 یەكێكە لەوانە. ئەم پەتایە كە زیانێكی زۆر لە مرۆڤایەتی دەدات ئەم كەرەنتین و دیستانسەشی لە سنووری خۆیدا پێویستكرد. هەر لەبەرئەوەی كە شەڕەكە بەردەوامە دەبێت خۆمان بۆ پەتای لەمە كوشندەتر ئامادەبكەین. سەرەڕای ئەمانە، شەڕی نێوان مرۆڤایەتی و میكرۆبەكان تازە نییە و ئەم نەخۆشیەش كۆتای جیهان نییە. لە ڕابردوودا ئەمە زۆر خراپتر بووە. خۆشبەختانەش لەم ماوەیەدا نەمبیستوە كەس باس لەوە بكات كۆڤید-19 سزایەكی یەزدانی بێت، كەسیش نوێژی لە كڵیسە بۆ سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكە نەكردووە. ئەمەش نیشانەی پێشكەوتنە! بەڵگەیە لەسەر لەئارادابوونی باوەڕی كەمتر بە نەزانین و مەیلێكی زۆرتر بۆ عەقڵگەریی.
———————————-

ژێردەر:
http://www.gerardostermann.fr/wp-content/uploads/2017/09/ComTe-SponvillePM_N34_-18-23.pdf
https://www.challenges.fr/economie/andre-comte-sponville-face-a-la-crise-du-coronavirus-gare-au-pan-medicalisme_704287
André Comte-Sponville sur le confinement: “Sacrifier les jeunes à la santé des vieux, cest une aberration”
https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/read/id/beregites-sanitarnogo-porjadka
https://www.letelegramme.fr/france/andre-comte-sponville-il-faut-sortir-du-confinement-a-duree-indeterminee-23-04-2020-12542774.php
https://www.lecho.be/dossiers/coronavirus/andre-comte-sponville-j-aime-mieux-attraper-le-covid-19-dans-un-pays-libre-qu-y-echapper-dans-un-etat-totalitaire/10221597.html
https://www.franceinter.fr/idees/le-coup-de-gueule-du-philosophe-andre-comte-sponville-sur-l-apres-confinement
https://www.philomag.com/lactu/dialogues/andre-comte-sponvillefrancis-wolff-preferons-nous-la-sante-a-la-liberte-43148
André Comte-Sponville. : « Laissez-nous mourir comme nous voulons ! ». Le Temps, 27 avril 2020
André Comte-Sponville, Nietzsche le briseur didoles, interview dans le Figaro Magazine du 18 août 2013, p. 76.
سەبارەت بە بابەتی دانایی، ئازادیی و ڕەوشت بڕوانە
André compte sponville,Présentations de la philosophie,éd.Albin Michel S.A,2000,pp : 15-27, 69-79, 143-152




فەلسەفەكاری كۆنت–سپۆنڤیل لەنێوان دانایی و پزیشكی دا بەشی 17 … ئازاد حەمە

“” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (كلینیك) ی پزیشكە””
ئێپیكتێتۆس Epictetus

سەرەتا: چاندنی فەلسەفە لە كۆمەڵگە هەڵكردنی ‌ڕوناكییە. دەركەوتنی ئەم ڕوناكییەش لەڕێگای نووسینی فەلسەفییەوە، كە تەقەلایەكە بۆ پایانهێنان بە گرفتەكانی مرۆڤ، پێویستی تاك و كۆمەڵگەیە. هەردەم فەلسەفە بەدوای هەلێكدا دەگەڕێت تا قسەی خۆی لەمەڕ ئەو گرفتانە بهێنێتەگۆڕێ كە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. گرفتەكان بۆچوونەكانمان پەرتدەكەن، پرسی نوێ دەخوڵقێنن و مشتومڕی تازەش دروستدەكەن. هەر لەم ڕوەوە پەیبەوە دەبەین كە فەلسەفە بیركردنەوەیە، پەتای كۆرۆناش واتە هەمووان. كەواتە لە هەنووكەدا فەلسەفە کە لە پەتای ناوبراو قسەدەكات لە هەمووان بیردەكاتەوە. لێرەوە پزیشكی دەبێتە باسی هەمووان. لەبەرئەوە هەر لەم دەستپێكەوە دەپرسین: لە كوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی (‌‌حیکمەت) Wisdomدا بگەڕێین؟ وەكیتر، پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟ قەرزاریی فەلسەفیی پزیشك لە قازانجی كێیە؟ نەخۆش یان پزیشك؟ بۆ زۆرێكمان ڕوونە كە فەلسەفە و دانایی لە پێكەوەبوونیان لەتەك یەكدا مانا بەیەك دەدەن. دانایی کە ئامانجە سەرووی فەلسەفەیە. ئەگەرچی كۆڤید-19 تاقانە پەتا نییە، بەڵام زۆرێك تێڕامان و بیركردنەوەی جۆراوجۆر، لێكدانەوەی ئاوارتە و خێرای لە فۆڕمی پرسیار خستەوە. چەند بایۆلۆژیست و پزیشك قسەیانتیاكرد ئەوەندەش فەیلەسوفەكان لەو بارەوە قسەكەربوون. ئەوەی فەلسەفە قسەی تیاكرد جیابوو: پرسیار لەسەر مەرگ، لێكەوتە بووناوییەكانی كەرەنتین، جەستە، دابڕان و ..هتد كەوتنە ناواخنی قسەكانەوە.
جێگای سەرنجە لەژێرسایەی ئەم ناونیشانە “”كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville: فەلسەفەكاری لەنێوان دانایی و پزیشكی دا”” بە چەشنێكی تر ناواخن بەم بەشە نووسینەمان دەدەین كە بە هزری كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 تایبەتە. لێرە ئەوە دەخەینە ڕوو، بەپێی بیركردنەوەی فەلسەفیی بیرمەندی فەرەنسی كۆنت–سپۆنڤیل قوربانیدان بە ئازادی لەپێناو تەندروستی هەڵەیە، كەرەنتین ناشێت كۆیلایەتی بێنێت:”لە نەخۆشی ناترسم لە كۆیلایەتی دەترسم”. مەترسیدارە بایەخدان بە پزیشكی كاتێك لەسەر حسێبی ئازادی، بەختەوەری و دادپەروەری بێت.
كەوابێت چیمان لە هەگبەی ئەم باشە داناوە؟ بۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل بۆ دانایی دەكەین بە بناغە لەم بەشە تا ئەوە بخەینەڕوو كە دانایی دەروازەی بەختەوەرییە. بۆ گەیشتنیش بە بەختەوەری ،لەسەر دەستی ئەم بیرمەندە، بە تونێلی داناییا تێدەپەڕین. ئەمەش فەلسەفەی كۆنی یۆنانمان بیردەخاتەوە (ئێپیكۆریەكان)، كە لەوێندەرێ دانایی پێوەری ڕاستەقینەی بەختەوەرییە. بۆ بەختەوەری؟ لەبەرئەوەی بەختەوەری شەڕی ڕاڕای و غەممان بۆدەكات. بۆچوونەكانی ئەم بیرمەندە لەو بارەیەوە واشمانلێدەكات لە هەندێك شوێن، لەڕێگای قسەكردن لەسەر دانایی، قسە لە چێژ، ئازادی، ڕەوشت، مەرگ بكەین (ئەوەیان لەبەشی 18 دێینەوەسەری). بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە مەیلی بۆ دانایی هەیە، واتە مەیل بەرەو ژیانێكی زۆرتر ڕوون، پتر ژیر، ئازاد و بەختەوەر. فەلسەفە پەیوەندی بە بیركردنەوەی باشتر و باشتركردنی ژیانەوە هەیە. بۆیە دەپرسین دانایی چییە؟ دانایی بریتییە لە ئەوپەڕی بەختەوەریی لە ئەوپەڕی ڕوونیدا. غەمێكی ڕاستەقینە باشترە لە خۆشیەكی درۆ. هیچ شتێكیش لە خۆشیەكی ڕاستەقینە خۆشتر نییە. هەر ئەوەشە ڕاستی خۆشەویستی(سپینوزا) و خۆشەویستی ڕاستەقینە. هاوکات کە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە پزیشكی دێتەگۆڕێ، موخابن گشت پزیشكیش لە تەندروستیدا چڕناكرێتەوە. لەكوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی دا بگەڕێین؟ مەگەر ئێپیكتێتۆسEpictetus وتەنی”” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (کلینیک) ی پزیشك””نییە! لە دانایی پزیشك و دانایی فەیلەسوف چی بەرهەمدێت؟ دانا پێویستی بە فەلسەفەكردن نییە، ئەمە بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل، ئەی پزیشك ئەو پێویستییەی نییە؟

پەیكەربەندی ناو دانایی

پێش ئەوەی بێینەسەر باسی”پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟” بەپێویستی دەزانین جیاوازی لەنێوان دانایی (‌حیکمەت) Wisdom و فەلسەفە دا بكەین. تێگەیشتن لە دانایی لە ڕوانگەی فەلسەفی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە وامانلێدەكات لە ڕەچەڵەكی وشەی فەلسەفە بەئاگابین. دانایی كە بابەتێكی گەرمی فەلسەفییە و مشتومڕی قووڵی فەلسەفیشی لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەبارەوەكراوە لە پەرتووكی””خستنەڕووی فەلسەفە””ی ئەم بیرمەندە فەرەنسییە شیاوی بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو جۆرە پرسیارە هزرییانە دەدۆزرێتەوە كە فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی كاریان لەسەر نەكردووە. وشەی فەلسەفە philosophia لە لێكسیكۆنی یۆنانی پێكهاتەیەكی دیاریكراوی خۆی هەیە كە بەمانای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت. ئەدی دانایی چییە؟ مەبەستلێی زانینە؟ جا بێت و بابەتەكە بەم شێوەیە بێت دانایی ئەوەیە كە لە یۆنانی بە Sophia و لە لاتین بە sapientia دێت. ئەمەش زۆربەی فەیلەسوفە مەزنەكان لە هێراكلێتسەوە بەو جۆرە ناوزەدیانكردووە. دانایی بۆ ئەفلاتون، سپینوزا ،ستۆیستەكان، دێكارت، كانت، ئێپیكۆر، هەمیشە بە هزر، ژیری و زانینەوە لكاوە. بەشێوازێكی تر، دانایی هەردەم بە جۆرێك لە زانینەوە گرێدراوبووە كە هیچ زانستێك ناتوانێت ڕاستەقینەییەكەی بسەڵمێنێت یان هیچ ئەزموونگایەك ناكارێت تێستیبكات. ئەمەش لەبەرئەوەی كە دانایی جۆرە زانینێكی پراكتیكییە نەك تێۆری، بە ژیانەوە پابەندە نەك بە زانستەوە. زۆرجاریش یۆنانیە كۆنەكان دانایی تێۆری یان تێڕامانیان Sophia لەگەڵ دانایی پراكتیكیدا phronesis هاوشانی یەكدیكردووە، لەكاتێكا كە تێڕامانی ڕاستەقینە(خودی دانایی) بریتییە لە كۆكردنەوەی هەردوو لایەنەكە.
لەو گفتووگۆیەی كۆنت–سپۆنڤیل تایبەت بە چییەتی دانایی وەگەڕیدەخات بە پاڵپشتی بۆچوونێكی ئەریستۆ پێداگیری لەو بینینە دەكات كە دانایی نە زانستە و نە تەكنیك. شتێكیشە كەمتر پشت بە ڕاستەقینەیی دەبەستێت و زۆرتر بریتییە لەو شتەی كە باشە بۆ خودی خۆ و بۆ ئەویتریش. كەوابێت دەشێت بوترێت: دانایی زانینە؟ گومانیناوێت كە دانایی، بە قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، زانینە. ئەڵبەتە زانینی ئەوەی كە چۆن بژیین. ئەمەشە كە دانایی لە فەلسەفە جیادەكاتەوە، بەزۆریش بە مانای چۆنیەتی بیركردنەوە دێت، بەڵام فەلسەفە هیچ مانایەكی نییە تا لە دانایی نزیكنەبێتەوە. بەنزیکبوونەوەی فەلسەفە لە دانایی مانا بۆخۆی پەیدادەکات. ئەمەش پەیوەندی بەوەوەیە كە باش بیرکردنەوە باش ژیان دەگەێنێت. ئەمەش وادەكات فەلسەفەبكەین. مۆنتاین Michel de Montaigne وتەنی فەلسەفە ئەو زانینەیە كە بۆ ژیان ئامادەمان دەكات. هەر ئەمەشە كە بیرمانچۆتەوە. لەبەر ئەوەش كە دانا نیین زۆرترین پێویستیمان بە فەلسەفەكردن هەیە. بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل دانا پێویستی بە فەلسەفەکردن نییە. دانایی ئامانجە و فەلسەفەش ئەو ڕێگایەیە كە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەگیرێتەبەر. بۆئەوەی فێربین چۆن بژیین دەبێت فریای ئەو ژیان تێژیانە بكەوین. لێرەوە قسەكانی مۆنتاین زۆرتر كاریگەر دەبن و ،كۆنت–سپۆنڤیل ئەو فریاكەوتنە بەوە ڕووندەكاتەوە كە پێوستمان بە فێربوونی ژیانە پێش ئەوەی دواكەوین. فێربوونی مردنیش لە تەك فێربوونی ژیان دادەنێت. چ ژیان و چ مردن ، بەپێی مۆنتاین، پێویستی بە فێربوونە. مانادارە لێرە ئەو قسەیەی مۆنتاین بە نموونە بهێنینەوە كە دەڵێت: تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، لەبەرئەوەی كە دەژیت. بۆیە فەلسەفە لەم حاڵەتەدا پەناگایە. كۆنت–سپۆنڤیل بە پێچەوانەی مۆنتاین پێیوایە فەلسەفە بەبێ جیاوازی بۆ گشت تەمەنێك پێویستە. بەلاشیەوە سەیرە ئەوانەی دەیانەوێت فێری ماتماتیك، فیزیا، مێژوو و ئاوازی موزیكی بن یان ئەوانەی دەبنە پزیشك و ئەندازیار، لە فێربوونی فەلسەفە دووردەخرێنەوە و فەلسەفەش ناخرێتە پرۆگرامی خوێندنیانەوە. قسەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بۆپەرەپێدانە بەو تێگەیشتنە مۆنتاینیەی كە پێویستە فەلسەفەبكەین پێش درەنگكەوتنمان. كەوابێت فەلسەفەكردن كاتی خۆی هەیە و مەرجە ئەو كاتە بدۆزینەوە و فریای فەلسەفەكردنەكەمان بكەوین. فەلسەفەكردنەكەمان مایەی بەختەوەربوونیشمانە. لێرە ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە فەلسەفەكردن بە ژیانژیانێكی ئازاد و بەختەوەرەوە گرێدەداتەوە. كۆنت–سپۆنڤیل لەڕێگای سپینوزا و مۆنتاین و بیریارە گەورەكانی ڕۆشنگەریشەوە هانماندەدات لە بەدەستهێنانی دانایی بوێربین، پێویستیشناكات زیادلەپێویست چاوەڕوانبین تا بە بەختەوەری بگەین. با زوو پێیبگەین. هەمیشە كات بۆ فەلسەفەكردن شیاوە (ئێپیكۆر).
لەوەی لایسەرەوە ئەوە حاڵیدەبین، گەیشتن بە دانایی ناشێت دواخەین. كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت ئەوە كامە داناییە كە مەبەستە زوو پێیبگەین؟ ئایا دانایی چێژە، ئەوەی ئپێیكۆر Epicurus باسیدەكرد؟ یان دانایی ویستە ،ئەوەی ستۆیکستەكان(مەبەست فەلسەفەی Stoicismە) قسەیان تیاكردووە؟ یاخود دانایی گومانە،كە گومانخوازەكان جەختیانلێكردووە؟ یان دانایی زانین و خۆشەویستیە، ئەوەی سپینوزا باسیكردووە؟ یاخود دانایی ئەرك و هیوایە، هەروەك كانت گرنگیداوەتێ؟ ئەم لایەنانە جیاوازی بینینی فەلسەفە بۆ گەیشتن بە دانایی نیشاندەدەن. دانایی هەر چۆنێك بێت زۆربەی فەیلەسوفانی والێكردووە لەسەر ئەوە كۆكبن كە دانایی پەیوەندی بە جۆرێك لە بەختەوەری، دڵنیایی یان ئاشتیەكی ناوەكییەوە هەیە. دانایی جیایە لە غەم، دەبەنگی و ئازار كە مرۆڤ پێویستی پێیان نییە. لێرەوە دەشێت ئەوە بوترێت كە فەلسەفەكردن فریادڕەسە و هەنگاویشە بۆ دوركەوتنەوە لە غەم، دەبەنگی و ئازار، كە هەرهەموو ئەوانە هێرشنبەرن بۆسەر خۆشی و دڵنیایی مرۆڤ. ئەوەی كە لەگەڵ داناییدا یەكناگرێتەوە و خۆی وەك كۆسپێك لەبەردەم داناییا نیشاندەدات گەوجییە (دەبەنگیی). باشە ژیانی مرۆڤ چ پێویستیەكی بە داناییە كە تەمەن كورت بێت و كات زۆر بەدەستەوە نەبێت؟ شەڕی نێوان ژیری و دەبەنگی بە قازانجی كام لا لە ژیانی مرۆڤا تەواودەبێت؟ كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفەكردن دەكاتە هیوایەك بۆ دەربازبوون لە دژواری و نادڵنیاییەكانی ژیان، عەقڵگەرایش بێ بەهادەكات گەر نەكارێت ژیانمان ڕوناکبكات و لە دەبەنگی بەدورمانخات. عەقڵ قورسای خۆی هەیە، بێعەقڵییەكی زۆریش لە ژیانی زانایان و فەیلەسوفان بەدیدەكرێت. بۆیە بیركردنەوە باشترین چارەسەرە، بیركردنەوە لەوەی كە خراپ و لانەواز نەژیین. لەم ڕێیەوە كۆنت–سپۆنڤیل پەی بۆ ئەوە دەبات چ دانایی و چ فەلسەفە شتگەلێكی تایبەتن و پەیوەندیان بە خودی، تایبەتمەندی، كەسەكەوە هەیە. نە دانایی بە خاوێنسازی دەزانێت و نەش فەلسەفە بە ئاین و بە ڕەوشت دەزانێت. ئەوەی زێدە گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ دەستبەرداری ئازادی، ئاگای و بەختەوەری خۆی نەبێت.
پرسیارە گرنگەكە لێرە ئەمەیە: چۆن ئەم ژیانە بژێین؟ ئەمە ئەو پرسیارەشە كە هەمیشە ڕووبەڕووی فەلسەفە بووەتەوە. پێدەچێت وەڵامەكە دانایی بێت، بەڵام داناییەكی بەرجەستە، ژیاندۆست و پراكتیكی. دانایی داوامانلێدەكات پتر پراكتیكی بین. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بۆ وتنێكی كامۆ (چاترە بوترێت کامی) Albert Camus و كاڤایێس Jean Cavaillès دەگەڕێتەوە: بۆئەوەی واقیع بگۆڕین پێویستمان بەوەیە مامەڵە لەتەك ئەو واقیعە دا بكەین كە دەیكۆڕین. دانایی بەمجۆرە بێت یۆتۆپیا نییە. خەونی دانایی نزیكبوونەوەیە لە ڕاستی و پراكتیك. واتە دانایی داوامانلێدەكات وڕێناوی نەبین و زۆرتر كار بۆ گۆڕین بكەین.
كەمبایەخ نییە ئەوەش بڵێین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە ڕێگای پرسیاری دانایی چییە؟ گرینگی ئەم بابەتە لەناو فەلسەفە بەئەندازەیەك دەخاتەڕوو، كە ناشێت بە چەمكگەلێكی وەك بەختەوەری، ژیری، ئازادی و خۆشەویستیەوە نەبەستێتەوە. دانایی دەكات بە ژیانێكی بەختەوەر لەناو ژیانێكی ڕوونا. تەنانەت فەلسەفەكردنیش كۆششێكە بۆ چاكتركردنی ئەو ژیانە بەختەوەرە. فەلسەفەكردن چەنەبازی و شەڕە زاراوە نییە، گەڕانە بەدوای خۆشی ژیانا. خودی دانایش ئامانجە، ئامانج بۆ ژیانێكی بەختەوەر. چۆنیەتی بیركردنەوە و چۆنیەتی خۆشەویستیكردن داوامانلێدەكات لە فێربوون بگەین. بۆئەوەی بەختەوەربین پێویستە فێربین بیربكەینەوە و فێربین خۆشەویستیبكەین. ئەمەشە فەلسەفەكردن كە هەنگاوە بۆ ئامانجە گەورەكە كە داناییە. لێرەوە ڕێگای تەندروستی دەگرینەبەر. تەندروستی لەخۆیەوە دروستنابێت. تەندروستی باش پێویستی بە تێژیانی باش، بەختەوەری ڕاستەقینە هەیە. نكوڵیناوێت كە پێگەی تەندروستی لە ژیانی بەختەوەریدا ونناكرێت و تامی لە ژیانا دەمێنێتەوە.

پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بابەتی پزیشكی هاتە نێو گفتوگۆكان و پزیشك وەك زۆرترین قسەكەر ڕۆژانە دەركەوت. لایسەرەوە لە ڕوانگەی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە ئەوە ڕاڤەكرا كە دانایی چییە و لە چ پەیوەندیەكیشدایە لەتەك فەلسەفە و دواتر لەتەك تامی ژیان و بەختەوەریدا. لێرەوە ئاقاری وتنەكانمان بە شێوازێكی دی دیزایندەكەین. گفتوگۆی بابەتی پزیشكی و فەلسەفە، پزیشك و فەیلەسوف بەجۆرێك دەجوڵێنین كە ئاسۆ لەبەردەم ئەو جۆرە پرسیارە هزریانەدا بكەنەوە كە تاكی ئێمە لە ئێستادا پێویستیەتی. گفتوگۆی ئەوەی كە پزیشكی پێویستی بە فەلسەفەیە، ئەم باسە لە كۆنت–سپۆنڤیلەوە دەستپێناكات و گفتوگۆیەكی دێرینی فەلسەفی لەو بارەوە لەئارادیە. دەستپێكە یۆنانییەكەی بۆ هیپۆكراتێس Hippocrates دەگەڕێتەوە كە بە باوكی پزیشكی دێتەناساندن. بەپێی ئەوەی لێرە قسەمان لە ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلە، كە لە هەنووكەدا بەشێكە لە فۆڕمی بیركردنەوەكانی فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی یان یەكێكە لە بەرهەمهێنەرانی فۆرمی بیركردنەوە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی، بەپێویستی دەزانین لەو بارەیەوە وتنەكانی بخەینە بەرباسی فەلسەفییەوە. ئەمە وادەكات بڵێین فەلسەفەكردن بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسیە بژاردەیە لەبەردەم ئازادی ژیان و گوزارەكردن لە بۆچوونی خۆی. لە لێدوانێك كە ژێرار ئۆستێرمانGérard Ostermann، پرۆفیسۆر لە سیكۆتێراپی (چارەسەرسازیدەروونی Psychotherapy ) ، لەتەك كۆنت–سپۆنڤیل لە “گۆڤاری سایكۆمیدیا” ئەنجامیداوە دەبینین كۆنت–سپۆنڤیل ئاماژە بەوە دەكات كە، فەیلەسوف توانای عەقڵی خۆی بۆ گەیشتن بە جۆرێك لە دانایی بەكاردەهێنێت. هەر ئەو داناییەشە كە ژیانێكی ئازاد و بەختەوەر بۆ فەیلەسوف دابیندەكات. بەمە فەیلەسوفبوون تەقەلایەكە بۆ بیركردنەوە لە ژیانی خۆت و لە بیری خۆت. ئەم بیركردنەوەیە لە ژیانی خۆت، بۆ كۆنت–سپۆنڤیل، بە مانای نقووبوون لە جیهان، لە كۆمەڵگە و لە مێژوو دێت. ئەمەش خۆشی و شادیهێنەرە. ئەم خۆشی و شادییە ئەو داناییە دەیهێنێت كە فەیلەسوف لەڕێگای بیركردنەوەوە پێیدەگات. هیچ شتێكی تر ( نە مادەیهۆشبەر نە كڕینی فیلایەك) جگەلە دانایی ناكارێت ئەم بەختەوەرییە دابینبكات.
نیچە پێماندەڵێت گشت فەیلەسوفێك شتێكی لە پزیشكی تێدایە و پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە. فەیلەسوف پزیشکی شارستانییە (نیچە). كۆنت–سپۆنڤیل وایبۆدەچێت كە گشت یۆنانییە كۆنەكان باوەڕیان بەمە هەبووە. یەك لەو فەیلەسوفانەش كە داكۆكی لەمە كردووە ئێپیكۆری ئازیزە. بەپێی ئێپیكۆر””لاوێك هەروەك پیرێك دەتوانێت دەست بە فەلسەفە بكات. بۆهیچ یەكێكیان درەنگ نییە رۆحی خۆی تەندروستبكات””. بەواتایەكیتر، هەرگیز زوو یان درەنگ نییە بۆ فەلسەفەكردن، لەبەرئەوە هیچكات زوو یاخود درەنگ نییە بۆ خۆتیماركردن. تەمەن مانای بۆ پزیشكی نییە، ئەوەش پزیشكی مناڵان (Pediatrics) و پیرناسەكان (Gerontology) چاك دەیزانن. لەبەر هەمان هۆكار تەمەن بۆ فەلسەفەش بوونی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەمڕوەوە جەخت لەوە دەكات كە تەمەن نە بۆ پزیشكی و نە بۆ فەلسەفە مانای نییە. بەڵێ ئەمە تاڕادەیەك ڕاستە كە تەمەن بۆ سوودوەرگرتن لە فەلسەفە یان پزیشكی مانای نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت كە مرۆڤ هەچكات ویستی دەبێتە پزیشك. مرۆڤ دەكرێت لە هەچ تەمەنێكدا بێت نەخۆشبكەوێت و فەلسەفەش بكات. كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی ڕاستییەك لێرە هەیە كە دەبێت بوترێت: ئەم هاوشێوەكردنەی نێوان فەلسەفە و پزیشكی هەڵەیەكی تیایە. بۆ یۆنانیە كۆنەكان فەلسەفە پزیشكیی بووە، بۆ ئێمەی سەردەم پزیشکی پتر لەوە خۆی دەردەخات. ئەڵبەتە لەبەر سێ هۆكار: هۆكاری یەکەم ئەوەیە كە ماوەیەکی زۆر، بەتایبەت لە سەدەی 19 (لە فەرەنسا لەسەر دەستی François Magendie و Claude Bernard) دواتر لە سەدەی 20 دەبینین کە پزیشكی بووەتە زانست، یان هەروەك كۆنگویلێم Canguilhem دەڵێت بووە تەكنیك، یان هونەری یەكگرتنەوەی زانستە جیاكان. پزیشكی لەبەر جەوهەرەكەی بووە زانست هەرچی فەلسەفەیە ناتوانێت ببێت بەوە. ئەمەش وادەكات ئەو ئایدیایە پەسەندنەكرێت کە فەلسەفە دەکاتە پزیشكی. تەنانەت نابێتە پزیشكی ڕۆحیش. هۆكاری دووەم كە وادەكات لە ئەمڕۆدا بیر لەوە نەكەینەوە فەلسەفە دەرمانی ڕۆحە ئەوەیە كە تەندروستی ڕۆح، لەگەڵ كاتدا، چارەسەركەر (thérapeute- therapist ) ێكی بۆخۆی دۆزیوەتەوە كە فەیلسوف نییە، بەڵكو پزیشكیدەروونی و سایكۆتێراپیۆت (چارەسەركەریدەروونی ((psycotherapist- psychothérapeute) ە. هەر لەبەرئەوەی پزیشك هەیە ناتوانین تەندروستی ڕۆحی بكەینە ئامانجی فەلسەفە. دوا هۆكار ئەوەیە کە ناتوانین ئەو ئایدیایە پەسەندبكەین كە فەلسەفە پزیشكی ڕۆحە. بەپێی تێگەیشتنی كۆنت–سپۆنڤیل ئێمە بەلانی كەمەوە لەم خاڵەدا(بەهۆی گەشەی پزیشكی، دەروونناسی و پزیشكی دەروونیەوە) لە یۆنانییە كۆنەكان ڕوونترین: ئێمە دەزانین كە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە. لێرەوە كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت: دانایی چییە؟ دانایی هونەری ژیانە بە بەختەوەرییەوە یان بەختەوەری و هێمنییە لە ڕاستییدا. ئەم بەختەوەرییە لە تەندروستیدا پووختناكرێتەوە. واتە دانایی توانای ژیانە بەجۆرێكی كاریگەر لە جیهانێكی ڕاستەقینەدا. بۆ فەیلەسوف، بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل، بیركردنەوە لە ساناكردنی ژیان و لە زیاد لەپێویست خۆشگوزەرانكردن ئامانج نییە، ئامانج بیركردنەوەیە لەوەی کە ڕاستە. لە دیدی عەقڵ و فەلسەفەوە ئەو ڕاستییەی دەمانكوژێت لە درۆیەك باشترە كە ژیان دروستدەكات. ئەو ڕاستیەی ئازار دەهێنێت چاترە لەو وڕێنەیەی باشە دەهێنێت. ڕەنگە ئێوە پێتانوابێت ئەمە بۆ پزیشك بەو جۆرە نییە (لێرە قسەكەی كۆنت–سپۆنڤیل ئاڕاستەی ژێرار ئۆستێرمان دەكرێت كە لە چارەسەرسازیدەروونی دا پرۆفیسۆرە). كۆنت–سپۆنڤیل بەم پسپۆرە دەڵێت: تۆ لە هەقیقەتی نەخۆشەكانت بەرپرسیار نیت، لە تەندروستی نەخۆشەكانت بەرپرسیاریت. گەر باوەڕیشمان بە ئازادی عەقڵ هەبێت ئەوا بیر لەوە ناكەینەوە باش چییە، بیردەكەینەوە بەپێی پێوانە بۆ ئەو ئایدیای ڕاستییەی دەدرێت (سپینوزا) یان شیاوە (مۆنتاین).
لەسەر بنەمای وتنەكانی كۆنت–سپۆنڤیل زۆربەی فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی خۆی باوەڕیان بەوەیە فەلسەفە دەرمان نییە، بەڵام پێشیانوایە پزیشكی دەتوانێت فەلسەفەیەكی نایاب دروستبكات. فەلسەفە شتە پێویستەكەیە کەچی ئامانجی سەرەكی فەلسەفە داناییە، واتە بەختەوەری و ئارامی. ئەوەتا نەخۆش بە دكتۆر دەڵێت: “دكتۆر من غەمبار، ماندوو و ڕاڕام: دەتوانن شتێكمبدەنێ تا پێیچاكببمەوە؟” كۆنت–سپۆنڤیل لەوە تێدەگات كە خەمۆكی جارجارە بكوژە، چونكە دایكی بەوە مردووە، وەكیتریش چارەسەری خەمۆكی لەئێستادا ڕوو لە باشییە. ئەم بیرمەندە گومانناكات كە ڕاڕایی، غەم و ماندوبوون هەن. لەوەش حاڵییە بەدبەختی، غەم، بێزاری و ڕاڕایی نەخۆشی نیین. ئاساییە جارجارە ڕاڕا و ماندوو و عەمباربین. گشت ئەمانەش بەشێكن لە مرۆییبوونمان. بەپێی ئەوەی مرۆڤایەتی ناساغی نییە ئیدی ناچێتە سایەی پزیشكییەوە. بۆ كۆنت–سپۆنڤیل كێشەكە لەوەدایە ئێمە پزیشكی دەسەپێنین بەسەر ژیانمان و بگرە بەسەر گشت كۆمەڵگەكەشمان. گازندەی شارستانی نوێش دەكات کە بایەخێکی زۆر بە تەندروستی دەدات و پزیشكیش گەورە دەکات. ئەم شارستانیە دەیەوێت بەختەوەری بكاتە دوا ئامانجی تەندروستی لەكاتێكا پێشتر بەختەوەری باڵاترین بەها بووە. هەموو ئەمانە لەژێرسایەی پان- پزیشكیگەرایی pan-médicalisme دا ڕوودەدات، كە هەموو شتێك بریتییە لە پزیشكی و تەندروستیش دوا ئامانجە. كۆنت–سپۆنڤیل پیشەی پزیشكی بە بەرپەسیار دەزانێت لە سەرهەڵدانی دیاردەی پان-پزیشكیگەرایی. لەم ڕوەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەی تەندروستی بەپێی تێگەیشتنی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”: تەندروستی نەبوونی نەخۆشی یان لاوازی نییە، تەندروستی بوونی حاڵەتێكە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتی. جاگەر وابێت سێ میلیۆنێك هاوڵاتی بێكار و مەحروم هەن كە پێویستیان بە دەرمانە. ئەم چەند میلیۆنە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتیدان، بەڵام بێكار و فەرامۆشكراون. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل لەم پێناسەیەی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”ناكۆكییەك بەدیدەكات. بۆیە دەبێت بپرسین پاتۆلۆژی Pathology چییە؟ ئەمە شتێكە ،كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، مرۆڤ واهەستدەكات حاڵی باش نییە یان ناتوانێت بە كارەكانی هەستێت. لەسەر بناغەی تێگەیشتنەکانی ژۆرژ كۆنگویلێم Georges Canguilhem نەخۆش ناكارێت ژیانی ئاسای خۆی بژیت و كارەكانیشی پەكدەكەون. جیاوازی نۆرماڵ و نانۆرماڵیش ئەوەیە كە نۆرماڵ هەستدەكات باشە و ئێشی لە هیچ شوێنێك نییە. هەرچی پاتۆلۆژییە واتە بوونی ئێش لە شوێنێك دا. كەسەكە هەست بە ناساغی و پەككەوتووی دەكات. ئەمە بەو مانایەش دێت كە پاتۆلۆژی ناوەكەی بەخۆیەوەیەتی. لە یۆنانیدا بە پاتۆس (سۆز) دێت ،بە واتای ئەوەی دەیچێژین و پیایتێدەپەڕین، جا ئەوە بەدبەختی بێت یان ناخۆشی. لێرەوە ڕەنج بەباچوون دەبێتە ئێش و بەدبەختیش خۆی وەك نەخۆشی نیشاندەدات. لە پزیشكیشا نۆرمالبوون Normality بە واتای ئاسایبوون دێت، شتێك كە لادان بەم لا و بەولا ناناسێت و ڕیشەی وشەكەش لە وشەی “نۆرم” ی لاتینیە ەوە دێت. هەرچی نانۆرماڵبوون Abnormalityە بەمانای نائاسایبوون دێت، بۆ ڕیشەی وشەی omalos ی یۆنانی دەگەڕێتەوە كە بەمانای یەكسان، یەكانگیر و نەرم دێت. كەچی (an omalos شاز، نانۆرماڵ)- مانای وشەكە بۆ ناڕێك، نایەكانگیر و زبر ( كۆنگویلێم) دەگۆڕێت. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بە پشتبەستن بە بۆچوونە پاتۆلۆژییەكانی كۆنگویلێم قسەلە قەڵەوی دەکات کە ماوەیەك لە ئەمەریكا ،لەناو هەژار و ڕەشپێستەكانا، شازێكی ئاماری نەبووە. لە دیدی پزیشكییەوە ئەمە نۆرماڵنەكراوە. بەپێی پێوانە ئامارییەكان بێت كاتێك هەموو تووشی قەڵەوی دەبن(ئەمڕۆ زەعیفی شازێكی ئامارییە) شتەكە ئاسای بووەتەوە لەكاتێكا قەڵەوی حاڵەتێكی ناساغییە(پاتۆلۆژییە). نۆرماڵ واتایەكی ئاماری و ئاشتیئامێز نییە، واتایەكی دینامیكی و وروژێنەرە. لەبەرئەوەی ژیان دینامیكییە ئەمە وادەكات هەموو دەرمانێك وروژێنەر(پۆلیمیك ،جەنگ، پێكدادان) بێت، ئەمە بەتایبەت كە دەرمان لەتەك نەخۆشیا دەجەنگێت. هەر ئەمەش شتێكمان لەسەر پیشەی پزیشكەكان پێدەڵێت، بە پزیشكەدەروونیەكانیشەوە، كە لەگەڵ حاڵەتە ناساغەكانا مامەڵەدەكەن نەك ئەو حاڵەتانەی دەگمەنێكی ئامارییە یان شۆكێكی كۆمەڵایەتین! لەبەرئەوە پزیشكی بۆ ئەوە هەیە کە چارەسەر بدات. كۆنگویلێم وتەنی نەخۆشی ئاستێكی ژیانە. شتێكی ئاساییە. لەبەرامبەر ئەوە تەندروستی شتێكی كاتییە. مەترسی نەخۆشیش یەكێكە لە ناواخنەكانی تەندروستی. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بەم لایەنە بۆ گوزارە دەگمەنەکەی مۆنتاین دەگەڕێتەوە: “”تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، دەمریت لەبەرئەوەی لە ژیاندایت””.
بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە پێش هەموو شتێك دیسپلینێكی ئەكادێمی نییە، حاڵەتێكی مرۆییە. بۆیە پزیشكەكان وەك هەموو مرۆڤێك پێویستیان بە فەلسەفەكردنە. پزیشكەكان لە دیدی ڕەوشتییەوە پێویستیان بە فەلسەفەكردنە، ئەمە بەسەر هەموو پیشەیەكدا پەیڕەوناكرێت. پزیشكەكان بەپێی پسپۆرییان ڕوبەڕووی زۆرترین سەختی دەبنەوە: ناخۆشی، نەخۆشی، مەرگ، ئەمەش واتە پزیشكی پیشەیەكی تراژیدییە. سەختییەكانیش هەر ئەوانە نیین. پزیشكەكان لەگەڵ ئەویتر ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. بۆ؟ لەبەرئەوەی خود بابەتی پزیشكییە، هاوکات پیشەی پزیشكی ڕەوشتییە. پزیشکەکان لەگەڵ خۆشیانا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. باشە بۆ؟ لەبەرئەوەی پزیشکەکان پیشەیەكی گۆشەگیرئامێزیان هەیە. سەرئەنجام، كۆنت–سپۆنڤیل پێیوایە لەنێوان ئەمی فەیلەسوف و ئەویتری پزیشكدا، ئەمی فەیلەسوف پێویستی بەوە نییە ببێتە پزیشك، هەرچی ئەویتری پزیشكە پێویستی بەوەیە ببێتە فەیلەسوف، هیچ نەبێت لەبەر خاتری نەخۆشەكانی. تەنانەت كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێكی تردا باوەڕی وایە پزیشكی تەنیا بریتی نییە لە تەندروستی. پزیشكی شتێكی ئاڵۆز و دژوارە. واتە لە تەندروستی گەرورەترە. هەرچی داناییە ئەوە دەكەوێتە پاش تەندروستییەوە.

لە خەمۆكییەوە بۆ فەلسەفە

گومانی ناوێت كۆڤید-19 بەپێی قەبارەی خۆی خەمۆكی لەتەك خۆیڕا بۆهێناین و ئەوەش كرۆك و سیمای ژیانمانی گۆڕی. فەلسەفە كار لەسەر هاتنەدەرەوە لەم خەمۆكییە دەكات. فەلسەفە، كە هەڵوێستەكردنە بەرامبەر بە خودی خۆ و جیهانی دەرەوەی ئەم خودە، سازێنەر و بێداركەرەوەی ئەو پرسیارانەشە مانا بە ژیانمان دەدەن. چی مانا بە ژیانمان دەدات؟ ئازادی؟خۆشەویستی؟بەختەوەری؟ هەموو ئەمانە باشەن و فریادڕەسیشن. لەم سۆنگەیەوە بەوە دەگەین كە هاتنەدەرەوەمان لە خەمۆكی ئیشی فەلسەفەیە. ئیشی فەلسەفە كاركردن لەسەر ڕۆحمان و دەربازبوونمان لە دۆخە چەقبەستووەكان. ئاشنابوونیش بە فەلسەفەی ئێپیكۆر Epicurus سەرەتای دابڕانمانە لە خەمۆكی. ئەمەش بەجۆرێك لە جۆرەكان كۆنت-سپۆنڤیل تامیكردووە. تامی فەلسەفەی ئێپیكۆر تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەم تامە شیفایە، شیفا دەرمانە. فەلسەفە دەرمانی هاتنەدەرەوەیە لە ناساغی. ئپێیكۆر بۆ زۆرێك لە بیریارانی ڕۆژئاوا پەناگای بەختەوەرییە، كانیاوی چێژ و خۆشییە. ساردی خەمۆكی فەیلەسوف لەناو گەرمایی فەلسەفەی ئپێیكۆر دەتوێتەوە. هزری ئێپیكۆر دەرمانی ڕاڕایی و پەشێوی ڕۆحە.
ئەو قسانەی لایسەرەوە لەسەر ئەو بناغەیە پەسەنددەكەین كە كۆنت-سپۆنڤیل ئەو فەیلەسوفە فەرەنسییەیە لە خەمۆكی ژیانەوە، لە خەمۆكی ناو خێزانەوە (مردنی دایكی بە خەمۆكی) بەرەو فەلسەفە هاتووە. بەمە كۆنت-سپۆنڤیل كاری بۆئەوە كردووە لەناو فەلسەفەدا هێزی بیركردنەوەی خۆی بخاتە خزمەتی لاوازییەكانیەوە، ئەو لاوازییانەی لە ژیانیا هەیبووە. لەكۆتایشا خۆشەویستی بۆ ژیانی گۆڕیوە بۆ كردەیەك لە فەلسەفەكردن كە ئەوەش لەگەڵ زەبری ژیانا ڕووبەڕوویکردۆتەوە. ئەمە وادەکات ئەم فەیلەسوفە بڵێت: لەئێستادا لە ڕۆژئاوا گەڕانەوەیەك بۆ فەلسەفە لە ئارادایە كە هۆیەكەی بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە لەوانە: فەلسەفەكردن واتە خوڵقاندنی وەڵام بۆ پرسیارە بێ وەڵامەكان، پاشەكشەی ئێدیۆلۆژیا و ئاینەكان، حەماسی خەڵك بۆ فەلسەفە، كە ئەوەش لەم دواییە وەك شێوازێك لە نەشونمای كەسێتی خۆی دەردەخات. باشە فەلسەفە بەچی دەکارێت ئەوە بکات؟ كۆنت-سپۆنڤیل لە وەڵامی ئەم پرسیارە، كە پێشتریش لەگەڵ پزیشكێكی دەروونی (كریستۆف ئەندرێی) باسیكردووە، پێیباشترە مرۆڤ غەمبار بێت تا بە درۆ بەختەوەر بێت. هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە ،كۆنت-سپۆنڤیل وتەنی، كاری ئەوەیە وا لە نەخۆشەكانی بكات باش بن تەنانەت ئەگەر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیشیان نەبێت. ئەم لایەنە، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی ، بەپێی بۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل، بۆ فەیلەسوف گرنگی خۆی هەیە. فەیلەسوف ،بۆ كۆنت-سپۆنڤیل، كەسێك نییە خەریكی كاری باشە بێت، كاری دروستكردنی بیركردنەوەیە بەجۆرێكی زێدەباش. لەنێوان ڕاستی و بەختەوەرییشدا فەیلەسوفێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل ڕاستی هەڵدەبژێرێت، هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە، بە قسەی ئەم بیرمەندە، تەندروستی هەڵدەبژێرێت . لەم بارەیەوە ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە كە جارێكیان لە كۆتای ساڵی خوێندن خوێندكارێك پێیوتووە: پێش كۆرسەكەی تۆ بەختەوەرتربووم. ئەم قسەیە بۆ كۆنت-سپۆنڤیل كاریگەری خۆی هەبووە و ئەوەشی گەیاندووە كە فەلسەفە بەرچاوڕوونی بە مرۆڤەكان دەدات و ئاشناشیان دەكات بە ڕاستی بەس بەختەوەریانناكات. ئەمە دەشێت بەو مانایەش ڕاڤەبكرێت كە گەیشتن بە ڕاستی دەكرێت بۆ بەختەوەری بگۆڕدرێت. واتە ئەو ڕاستەیەی بەهۆی فەلسەفەوە پێیدەگەین بەختەوەری بەخشە.

————————————–
ژێردەر:
لە بەشی 18دا ئاماژە بە تێكڕای پەراوێز و سەرچاوەكان دەكەین.

————————————————-
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر، کلیکی ئێرەبکەن …….




ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل: جیهانبینی فەیلەسوفێكی بەختەوەری بۆ پەتا بەشی 16 …ئازاد حەمە

“”هەموو گوناهەكان تەقەلان بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان””
سیمۆن ڤێی Simone Weil

ئاماژە: فەلسەفە لە هیچەوە دەستپێناكات، لە جێگایەكەوە دەستپێدەكات کە منداڵدانی پێكدادانەكانی ناو بیركردنەوەی مرۆڤە. فەلسەفەش كە بەم شێوەیە دەردەكەوێت سرەوت ناناسێت. وەكیتر، فەلسەفە كە ناسرەوێت، دۆشدامانەكانیشی كۆڵەكەی ئەو پانتاییانە پێكدێنن دەبنە مەحەكی دادوەرییەكانمان. سەنگی دادوەرییە فەلسەفییەكان بیركردنەوەكانمان لە لێڵییەوە بەرەو ڕوونی دەبەن و بڕەو بە تێگەیشتنەكانمان دەدەن. وێجا قەڵەمرەویی شیكردنەوەی فەلسەفیی دێتەكایەوە و ئەوەش درز دەخاتە ناو بینینی مرۆڤەكانەوە و كێڵگەی تێڕامان بەپیتتردەكات. داخۆ قەتیسكردنی قەڵەمرەویی فەلسەفە نابێتە هۆكاری كپكردنی پرسیارەكانمان كە خودی فەلسەفە بەهۆی ئەوەوە (پرسیارەوە) هەیە؟ بێگومان هەژاری فەلسەفی بەشێك دەبێت لە لێكەوتەكانی ئەو قەتیسكردنە كە دواتر كۆششەكانمان تاریك دەكەن و ڕووبەری تێگەیشتن بە چەشنێك تەسك و بچووكدەكەنەوە كە خۆشگوزەرانی هزری نەیەتەدی. بەم جۆرە بێت بەسەرهاتی ئەم بەشەمان (بەشی دواتریشمان) هەنگاونانە بەرەو هێنانەگۆی كرۆكی سەیركردنە فەلسەفییەكانی بیرمەندی فەرەنسی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل (André Comte-Sponville ) لەبارەی كۆڤید- 19وە.
جیهانبینی فەیلەسوفێكی بەختەوەری، وەك كۆنت–سپۆنڤیل، بۆ پەتا ناونیشانی هەنگاونانەكەمان دەبێت تا بەهۆیەوە لە دوو مەودا دا، لەم بەشە و بەشی دواتر، ئیش لەسەر فەلسەفەی ئەم فەیلەسوفە بكەین. مەودایەك ئەو تێگەیشتنە فەلسەفییانە لە تێكستەكانییەوە دەردێنین كە لە پەیوەندیدان بە واتەگەلێكی وەك: نەخۆشی، تەندروستی و بەختەوەری ….هتد. مەودای دووەم كاردانەوەی تێكستەكانیەتی لە ساتەوەختی قسەكردنەكانی لەسەر كۆڤید- 19. ڕاستە جیهانبینیەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بۆ ڕاڤەكردنی كۆڤید- 19 جیهانبینیگەلێكی فەلسەفی وروژێنەر و گفتوگۆئامێزن، بەڵام ئاڕاستەی سیاسی، ئابووری و پزیشكیشیان هەیە. ئەوەش دەڵێین كە بەشێكی زۆر لە جیهانبینیەكانی ئەم بیریارە لە میدیای فەرەنسی لێكدانەوەی هەڵەی بۆكرا وەك: بێباكبوونی ئەم فەیلەسوفە بەرامبەر بە مەرگی بەساڵاچووان، گرنگیدانی بە ئابووری لەبڕی تەندروستی، ئەوەش كە بەختەوەری تەندروستی دروستناكات و كەرەنتین ئازادی كوژە و زۆرێك بۆچوونی تریش.
سەرئەنجام لەم بەشە (بەشی دواتریش ) جەخت لەوە دەكەین كە لەگەڵ هەڵكشانی نووسین لە میدیاكانا لەسەر كۆڤید- 19 ترسێكی زۆر دروستبوو، سەرەتای ترسەكەش ئەوە بوو، تەندروستی بەهایەكی باڵای بۆخۆی گێڕاوەتەوە، ئەوەش ترسێكی دروستكرد كە هەموو شتێك لەپێناوی تەندروستیدایە. بایەخدانیش بە تەندروستی پێگەی پزیشكی بەهێزكرد. لێرەوە پزیشكی كارگێڕی ژیانمانیکرد و لە كەرەنتینكردنیشمان بڕیاربەدەستبوو. كەرەنتین بووە هۆكاری بێبەریكردنمان لە ئازادی، ئەمەش تووڕەبوونێكی تیا دروستكردین، بابەتەكە دژی كەرەنتینبوون نەبوو بەقەد ئەوەی شێوازەكانی كەرەنتین شایانی خستنەژێرپرسیار بوون. كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، زۆرجار پزیشكەكان كە دێنەسەر شاشەكان باس لە بەردەوامی كەرەنتیندەكەن بەمە ئێمە دووچاری خەمۆكی دەكەن، لەكاتێكا ڕێژەی مردووان بە كۆڤید- 19 كەمترە لە مردن بە شێرپەنجە یان بە ئەلزهایمەر. بۆیە لێرەوە دێینە سەر ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل، سەر جیهانبینی فەلسەفەی فەیلەسوفێك كە كار لەسەر بەختەوەری دەكات بۆ لێدانی ترس لە پەتای كۆرۆنا.

بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفیی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل

لە دووتۆیی ئەم باسە دەرفەت بۆ گفتوگۆیەكی بەرتەسكی بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفیی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل دەدۆزینەوە. توێژینەوە فەلسەفییەكانی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل لە چوارچێوەی ئێپیكۆر (Epicurus)، سپینوزا (Spinoza) و مۆنتاین (Montaigne) دا دەخولێنەوە. هەریەك لەم فەیلەسوفانە ،كە دەنگی فەلسەفیی سەدەی خۆیان بوونە، وایان لە كۆنت–سپۆنڤیل كردوە پردێك لەنێوان فەلسەفە و ژیان دا دروستبكات، خۆشەویستی بۆ ژیان بكاتە بناغە بۆ فەلسەفەكردن، بوون بە ژیانەوە گرێداتەوە و ئەمەش ببێتە هۆكاری دروستكردنی بەختەوەری. بەختەوەری هەر لەسەر دەستی ئەم هزرەڤانە نییە کە گرنگی پێدەدرێت، بگرە دەمێك وەختە فەلسەفە بەخێویدەکات. مەرجە ئەوەش بەهەند وەربگیردرێت كە كاردانەوەی تێگەیشتنی ماتریالیستی ئێپیكۆر و عەقڵگەرایی سپینوزا دەروازەیەكی فەلسەفی جیاوازیان بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە دروستكردووە. مۆنتاینیش بە فەلسەفە هۆمانییەكەیەوە دووریەكی تری فەلسەفیی بە تێگەیشتنە فەلسەفییەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بەخشیوە. ئەو سێ فەیلەسوفە (ئێپیكۆر، سپینوزا، مۆنتاین) بناغەیەكی ئەوتۆیان بۆ كۆنت–سپۆنڤیل داناوە كە لێهاتوانە هزری خۆی لەناو وتاری فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی داڕێژێت و بۆچوونە فەلسەفییەكانی لەسەر مرۆڤبوون و ڕۆحانییەكی بێ ئیمانانە(مولحید)، فەلسەفەیەكی ماتریالیستی، پەرەپێبدات. ڕوونتر بێژین كۆنت–سپۆنڤیل نوێنەری بەڕۆحانیكردنی بێئیمانی(spiritualisation of atheism) یە لە فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسیدا. ئەڵبەتە لە ڕێگای ئێپیكۆر و سپینوزاوە بەو ڕۆحانیەتە دەگات کە دواتر ناوی دەنێت ڕۆحانی بێئیمانی، ڕۆحانیەك كە یەزدان تیایدا ئامادە نییە، لەوێدا مرۆڤ چەقی بوونە، پەیوەندی بە بوونیشەوە لە دەرەوەی هێزی ترانسندێنسە (باڵا). تێكەڵكردنی ئیمانیش بە زانین بە كارێكی دەبەنگانە دەزانێت. لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیشدا باس لەوە دەكات كە لەكاتی بزووتنەوەی ئایاری 68 لە پاریس تەمەنی 16 ساڵان بووە. سەرەتا چەپ بووە و دواتر بۆماوەی پانزە ڕۆژێك ئەنارشیست بووە و لەكۆتایشا سێ هەفتە ترۆتسكی بووە. لەو دەمەدا خولیایەكی زۆری شۆڕش بووە و پەیوەندی بە یەزدانیشەوە پچڕاندووە. ئەم فەیلەسوفە سەرچڵی بێئیمانی لە ئاست سەرچڵی ئیمانداری دادەنێت و بەمە هەردوو پێكەوە كار بۆ دروستكردنی سەرچڵی ئاینی و نا- ئاینی دەكەن. ئەمەش لەبەرئەوەی ،بەبۆچوونی ئەم بیرمەندە، مرۆڤایەتی خەریكە دەكەوێتە ناو ماتریالیستیەكی بێئیمانییەوە. ئەم لایەنەش بە بۆچوونی”ئەو” بە ڕۆحانیكردنی بێئیمانی چارەسەردەكرێت. بەمەش دەمارگیری ئاینی لاوازدەبێت. لەناو ئەو ڕۆحانیەی باسیدەكات شوێنێك بۆ پەیوەندیكردن بە نەمری، ناپایان و ڕەها بوونی هەیە.
كۆنت–سپۆنڤیل یەكێكیش بووە لەو فەیلەسوفە فەرەنسیانەی بەشداری لە نووسینی پەرتووكێك كردووە بەناوی””بۆ ئێمە نیچەخواز Nietzscheen نیین””. لە هەڤپەیڤینێكیشدا لەگەڵ گۆڤاری لۆفیگارۆ Le Figaro ئاماژە بەوە دەكات كە زۆر شت لەگەڵ نیچە كۆیدەكاتەوە: دژایەتیكردنی ئایدیالیزم، هیچگەرایی، ئاشكراكردنی وڕێنەكانی تاك و….. هەروەك نیچەش دژە (ڤاگنەر، ئەفلاتون، دێكارت و كانت) ە. كۆنت–سپۆنڤیل پێشیوایە ئەوە نیچە بوو فێریكردین لێكدانەوە قۆرخی زانین دەكات و ماناش ڕاستی دروستدەكات. بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل، نیچە نەك هەر ئەنتی سێمیت (anti-Semite دژەجوولەكە ) بووە دژە نازیش بووە، بەڵام مۆركی نیچە بە نازیەكانەوە دیارە. لە كوێوە؟ لە زۆر شوێنەوە. بۆنموونە لە ویست بۆ هێزەوە تا ڕق لە ژن و كۆیلە و لاواز و…بەپێی تێگەیشتنی كۆنت–سپۆنڤیلیش بێت مەجبوور نییە نیچەخوازبێت، بەڵام ئەستەمیشە فەلسەفەكردن بێ ڕووبەڕووبونەوەی هزری نیچە. بە قسەی ئەم بیرمەندە پاریسییە نیچە بەرچاوترین سۆفیست Sophist ە كە سەردەمی نوێ بەخۆیەوە بینیویەتی. نیچە بەوە لەقەڵەم دەدات كە پرۆتاگۆراس Protagoras ی سەردەمی ئێستامانە. كۆنت–سپۆنڤیل لەم بارەیەوە چاكی بۆدەچێت كە دەڵێت: فەلسەفە هەموو سەردەمێك پێویستی بە سۆفیستەكان دەبێت تا تێستی خۆی بكات.

بەختەوەری لە فەلسەفەی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل

واتای بەختەوەری Bonheur / Happiness ،هەر لە كۆنەوە، لە یۆنانەوە، بەشێك بووە لە بایەخی فەیلەسوفەكان و بێداركەرەوەی پرسیارە فەلسەفییە ڕەوشتی و سیاسییەكانیش (باشە، نایەكسانی، ئازادی) بووە. نەك هەر ئەوە ئەم واتایە هەوێنی گفتوگۆی ئەو دوانەییانەش بووە لە منداڵدانی بەختەوەرییەوە هاتوونەتە دەرێ: بەختەوەری / نابەختەوەری، بەختەوەری / بێهیوای، بەختەوەری/ خەمۆكی.
لە تێكڕای فەلسەفەی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل تێناگەین گەر تێگەیشتن لەسەر جیهانبینییە فەلسەفییەكانی ئەم فەیلەسوفە تایبەت بە واتاگەلێكی وەك: بەختەوەری، مەرگ، دانایی، چێژ، ئازادی، خۆشەویستی و ڕەوشت لای خۆمان گەڵاڵەنەكەین. بۆیە لێرە، و لە دووتۆیی ئەم بەشە نووسینە، لەسەر واتای بەختەوەری بەجۆرێک دەوەستین کە بکارین وێنەیەكی كرۆكدار لەسەر تێگەیشتنی ئەم فەیلەسوفە بۆ پەتا و تەندروستی دروستبكەین. لەم سۆنگەیەوە پێویستمان بەوەیە بەختەوەری وەك دژە جەمسەری خەمۆكی بخەینەڕوو كە لە تێكستەكانیدا خۆی بەو شێوەیە دەردەخات. ئەمەش بەپێی ئەو تێگەیشتنە دەکەین کە ئەم بیریارە بۆ بەختەوەری/ خەمۆكی هەیەتی لە پەیوەندی بە ڕووبەڕوبوونەوەی ترس لە مەرگ.
وێرای ئەوە، كۆنت–سپۆنڤیل بۆ داڕشتنی تێگەیشتنێكی فەلسەفییانە بۆ بەختەوەری دانایی بە بناغە دەزانێت. دانایی بنەما بۆ بەختەوەری دادەنێت و سەنگی هزریشی بۆ دادەڕێژێت. ئەم سەنگە ئەو لایەنە عەقڵییەیە كە بەختەوەری تیابەرجەستەدەكرێت. واتە بەختەوەری لەتەك عەقڵ دا یەكدەگرێتەوە. گومانیشی ناوێت ،كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، ئاینەكان گفتێكی زۆرمان سەبارەت بە بەختەوەری پێدەدەن و هیچیشی لێسەوزنابێت. مۆدێرنەش، لەڕێگای تێكنەلۆژیاوە پەیمانی بەختەوەریمان دەداتێ و كەچی ناشمانگەیێنێتە دوا مەنزڵگای بەختەوەری. باشە بەختەوەری دوا مەنزڵی هەیە؟ ئایا بەختەوەری هەمیشەی دێتە دی؟ دەبینین كۆنت–سپۆنڤیل لە لێدوانێكدا باس لەوە دەكات، بەختەوەری شتێكی تاكییە نەك دەستەجەمعی (كۆلێكتیڤ). واتە بەختەوەری شتێكی خۆیییە. بەختەوەری بەختەوەری تۆیە نەك گشت كۆمەڵگا. ناشێت لە چاوەڕوانی ئەوەدا بین كۆمەڵگە هەموو پێكەوە بەختەوەربن. ئەمەو جگەلەوەی بەختەوەری كۆتای نایەت. بۆ كەسێك تەندروستی بەختەوەرییە و بۆ ئەوی تر سەرمایە یان جوانی.
سەرباری ئەوە، كۆنت–سپۆنڤیل لە توێژینەوە و هەڤپەیڤینەكانیدا پردێك لەنێوان بەختەوەری و دانایدا دروستدەكات. جەختدەكات كە بەختەوەری ئامانجی فەلسەفەیە یان بەختەوەری لەناو ئامانجی فەلسەفەدایە، بەڵام ڕاستی لە بەختەوەری گرنگترە. دیاریكراوتر، ئامانجی فەلسەفە داناییە، دواتر بەختەوەری دێت. فەلسەفە كە دەمانخاتە سەر ڕێی بەختەوەری، ئەوە ئەو شتەیە یۆنانیەكان ناویناوە دانایی. لە نەریتی یۆنانیشا بەم جۆرە هاتووە كە دانایی دان بە بەختەوەریدا دێنێت، یان جۆرێك لە بەختەوەری. داناش كە بەختەوەر دەبێت چونکە بەختەوەری دانایی تیایە. دانا ،ئەم بیریارە وتەنی، لەپێناوی باشە دەژیت لەبڕی ئەوەی لەپێناو هیوا دا بژیت. دانایی بەختەوەریەكی بێهیوایە. دانا لە ئێمە بەختەوەرتر نییە لەبەرئەوەی ژیانی خۆشتردەوێت. لەبەرئەوەیە كە ژیانی خۆشتردەوێت پتر لەوەی كە بەختەوەرە. كۆنت–سپۆنڤیل هیوای باش ژیان ڕەتدەكاتەوە، چونكە ژیان دەكات بەوەی دەبێت لەپێناوی باشە دا بێت. بەختەوەریش پێویستە بەختەوەریەكی ڕاستەقینە بێت نەك بەختەوەریەكی بێ هیوا. بەختەوەری ڕاستەقینە بەهۆی شتی سەرپێی و لاوەكیەوە نایەتەدی. ئەم فەیلەسوفە بەختەوەری لەوە بەدوور دەگرێت كە بكەوینە تەڵەی هیواوە.
لەسەر ڕەوتی بیركردنەوەی مۆنتاین فێری ئەوەشمان دەكات كە فێربین بژین و دواتر فەلسەفەبكەین نەبا درەنگ بکەوین. پێویستمان بە بەختەوەرییە، بەختەوەریش پێویستی خۆی هەیە. لێكدانەوە لە ئارەزووەوە دەستپێدەكات، سپینوزا وتەنی، كە جەوهەری مرۆڤە. بۆئەوەی بەختەوەر بیت پێویستە ئەوەی دەتەوێت هەتبێت، بەڵام نەك هەموو ئەوەی دەتەوێت. چونكە هەرگیز بەختەوەر نابیت! واتە بەدەستهێنانی هەموو، گشت، بەختەوەری ناهێنێت.

پان- پزیشكیگەرایی
تەندروستی بەختەوەری هێنەرە؟

پان- پزیشكیگەرایی Pan­médicalisme ئاڕاستەیەكی پزیشكی گشتییە، خۆی وەك ئێدیۆلۆژیایەك نیشاندەدات كە هەموو هێزێك بە پزیشكی دەبەخشێت. ئەم تێگەیشتنەی كۆنت–سپۆنڤیل لە كاتی شیكردنەوەی كۆڤید- 19 لە سۆسیال میدیای فەرەنسی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێنا. هاوكات لەم تێگەیشتنە پێكدادانێک بەدیدەكرێت لە نێوان تەندروستی و بەختەوەری. لەو بارەیەوە دێڕێكی ڤۆلتێرمان بەنموونە بۆدێنێتەوە كە دەڵێت: بڕیارمداوە بەختەوەر بم لەبەرئەوەی باشە بۆ تەندروستی. ئەم وتنەی ڤۆلتێر، بەختەوەری بۆ تەندروستی باشە، بەوە شیدەكاتەوە كە بەختەوەری وا بۆ 25 سەدەیە مانای بۆ تەندروستیبوون هەیە. ڕەخنەش لە شارستانی ئێستا دەگرێت كە دەیەوێت تەندروستی بكاتە ئامراز بۆ بەختەوەری لەكاتێكا ئەوە بەختەوەرییە كە ئامرازی تەندروستییە. ئەڵبەتە ئازادی، خۆشەویستی و یەكسانیش ئامرازی بەختەوەریین، كەچی هەموو ئەوانە لە فەرەنسا وەلاوەنراون و تەندروستی خراوەتە جێیان. تەنانەت سیاسیەكانیش وازیان لە گشت بابەتەكان هێناوە و تەنیا باس لە تەندروستی هاوڵاتیان دەكەن. بەقەولی كۆنت –سپۆنڤیل لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تەنگژەی پەتای كۆرۆنا زانست شاشەی تەلەفزیۆنی بۆخۆی برد و گشت زانستیش بریتیبوو لە پزیشكی. پزیشكیش تەندروستی كردە باسی بنەڕەتی خۆی و یەكسانیشیكرد بە بەختەوەری مرۆڤەكان.

ئەم بیرمەندە ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسكرا، دیاردەی بایەخدانی زۆر بە تەندروستی، وەك كێشە دەبینێت. تەندروستی وەك دروستكەری بەختەوەریش بۆ پزیشكی دەگەڕێنێتەوە و ناویشیدەنێت پان-پزیشكیگەرایی. شارستانی ئێستای ئەوروپا، بە پێی بۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل، دەخوازێت لەڕێگای تەندروستیەوە یان پزیشكییەوە، بە جیهان و بە خۆمان و بە ئەویتریشەوە گرێماندات. ئەوەشمان پێدەڵێت كە وشەی پان (pan) لە زمانی یۆنانی گشت (هەموو) دەگەیێنێت. واتە چاوەڕوانی زۆری مرۆڤ لە پزیشكی. پان پزیشكی هەموو شتێكی لە پزیشكی دەوێت، نەك هەر تەنیا تەندروستیمان بگرە بەختەوەریش! تەندروستی لەم حاڵەتە خۆی بە دروستكەری بەختەوەری دەزانێت. ئەمەشە ئێدیۆلۆژیا نوێكەی پزیشكی لە ڕۆژئاوای ئێستا. سەرباری ئەوەی وترا، پێویستە ئەوەش بزانین ئایا تەندروستی ئێدیۆلۆژیایەكی نوێیە یان بەرژەوەندیەكی گشتییە؟ بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل تەنگژەكە ئاراستەی سەرەكی چاخەكەمانی ئاشكراكرد، ئەمەش ناودەنێت پان- پزیشكیگەرایی. ئەم پان- پزیشكیگەراییە ئەو ئێدیۆلۆژیایەیە کە تەندروستی دەخاتە سەروی هەموو شتەكانی ترەوە. بەواتەیەكیتر، ئەم پان-پزیشكیگەراییە لەڕێگای پزیكشییەوە تەندروستی لە سەروی گشت بەهاكانی تر دەبینێت: بەختەوەری، ئازادی، خۆشەویستی، دادپەروەری. ئەم ئاڕاستەیە وادەكات هەموو شتێك ،نەك هەر چارەسەری نەخۆشی كە شتێكی ئاساییە تەنانەت كارگێڕی ژیانی كەسی و كۆمەڵایەتیش، بكەوێتە ژێركاریگەری پزیشكییەوە. ئەمەش شتێكی ڕاڕائامێزە. كۆنت-سپۆنڤیل دەڵێت: “نامەوێت مەجبووركرێم بۆ بایەخدان بە خۆم. ڕێزم بۆ ئەوانە هەیە لە ماڵی بەساڵاچوان كاردەكەن. پێمباشترە بە كۆڤید- 19 بمرم وەك لەوەی لە ماڵی بەساڵاچوان یان لە هەر شوێنێكی تر پێنج یان دە ساڵێك بمێنمەوە. ئەگەرچی دڵنیام خەڵكانێك حەز بەم قسانەناكەن”. تەنانەت گازندەی ئەم سێستەمە تەندروستیە تازەیەش لە فەرەنسا دەكات كە ڕێگری لەوە دەکات قسەی خۆمان بكەین. بۆیە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە لەتەك ئەم سێستەمە تەندروستییەدا بكەین.
ئەوەتا بە دكتۆر دەوترێت: دكتۆر غەمبارم، ماندووم، ڕاڕام : ناتوانن شتێكم بدەنێ تا چاكبمەوە؟ بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل، غەمباری، ماندووی، ڕاڕای بەشێكە لە مرۆڤ، لێ مرۆیبوون بریتی نییە لە نەخۆشی. چۆن پزیشكی چارەسەرماندەكات؟ ئەمەش بۆ خۆی پرسیارە و ڕووبەڕووی پزیشكی دەبێتەوە. هەر تایبەت بەم لایەنە كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme نموونەمان لەسەر ئەو وێنەیەی Sempé بۆدێنێتەوە كە ساڵانێك لەمەوبەر لە یەكێك لە گۆڤارەكانا بینیویەتی. وێنەكە كڵیسەیەكە كە لە ڕووی دەرەوەی بە شێوازێكی جوان كێشراوە و لە ناوەوەش ڕووگومەزێكی بەتاڵی هەیە تەنیا ئەوە نەبێت كە لەبەردەم میحرابەكەدا خانمێكی بچووكی میهرەبان وەستاوە و نوێژدەكات و دەڵێت:”” خواگیان، خواگیان من متمانەیەکی زۆرم پێتە تا ئەو ڕادەیەی كە دەمەوێت بە دوختۆرەكەم بانگتبكەم””.

كۆنت–سپۆنڤیل لە میانەی لێدوان و گفتوگۆكانی گومانناكات پزیشكی باشترین شتە و ڕەنگە چاكترین بەختیش بێت لەبەردەم سەردەمەكەمانا، بەڵام داوامان لە پزیشكی ئەوە نییە كە جێگای سیاسەت، ڕەوشت و ڕۆحانیەت بگرێتەوە. لەبەر ڕۆشنای بۆچوونەكانی خۆی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی كۆمەڵگەی ئێستای فەرەنسی دەڵێت: پتر پشت بە سیاسەت دەبەستم تا پزیشكی. بۆ ئاڕاستەكردنی ژیانیشم زۆرتر پشت بە خۆم دەبەستم وەك لە پزیشكەكەم. تەندروستی بێ سامان باشترە لە سامانی بێ تەندروستی، ئەم قسەیە جارجار دەوترێت و زۆر لایەنی ڕاستیشی تیایە، بەڵام پزیشكی گرانە و لەگەڵ كاتیشا گرانتریش دەكەوێت. لەم بارەیەوە، تایبەت بە تەندروستی، ئابووری ناتوانێت بە تەنیا قسە بكات، چونكە پزیشكیش قسەی خۆی هەیە. ئابووری پێویستی بە بودجێتە و ئەویش پێویستی بە بژاردەیە. لەكۆتایشا كێشەكە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە و پێكەوەش دەبێت چارەسەریبكەین. هەر ئەوەشە كە پێیدەڵێن دێمۆكراسیەت. بۆیە ئەم بیرمەندە فەرەنسییە لە دەمووەختی كەرەنتینەكە دژی دیكتاتۆریەتی پزیشكەكان وەستایەوە. ئەو دۆزەی كەرەنتین لە فەرەنسا دروستیكرد سێستەمی ڕەوشتی و سێستەمی تەندروستی ڕووبەڕووی یەك كردەوە. ئەمەش پاڵنەری بەشێك لە گفتوگۆكانی ئەم فەیلەسوفە بوو. دۆزێك هاتەئارا گشت شتێك بە تەندروستیەوە گرێدرا. تەندروستی و بەختەوەری یەكیانگرتەوە و پێكەوە ئەوەیان سازان كە پێش تەنگژەی كۆڤید -19 نەبوو. هاوكات لەم تەنگژەیە زانایان و تەندروستی كەوتنە بەری پێشەوەی گشت گفتوگۆكانیتر. ئەم تەندروستیە ئێستا بەهایەكی باڵای بۆدادەنرێت و ئەستەمە هێرشكردنەسەری.
ئایا تەندروستی ئەوەنە گرنگە كە ئێمە خۆمان تەسلیمی پزیشكەكان بكەین؟ نەخێر سیاسەت بڕیاردەدات. سیاسیەكان دەبایە گوێ لە پزیشكەكان دواتر ئابووریناسانیش بگرن. شتێك هەموو پێكەوە بیكەن و پێكەوە بڕیاریتیابدەن، ئەوەشە كۆمەڵگەی دێمۆكراسی. نەك وەك ئەوەی بینرا كە پزیشكەكان، کارمەندی تەندروستی، لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان واقسەیان دەكرد وەك بڵێیت هەموو شتێك لە دەستی ئەواندایە و سیاسەت بڕیاریتیانادات. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی پەتاكە تەندروستی خستە پێشیپێشەوە و پزیشكیشی لەبەر ڕۆشنای دانا. سۆسیال میدیای فەرەنسیش خۆی زۆر پێوەسارقاڵكرد.

لە جیهانا شتی زۆر لە كۆڤید- 19 سەرەكیتر هەیە

كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme ئاماژە بەوە دەكات كە كۆڤید- 19 لە فەرەنسا 20000 كەسی كوشتوە( ئێستا گەیشتۆتە 30 هەزار و 451 كەس) و زۆربەشیان لە بەساڵاچووەكانن. ئەم ژمارەیە زۆرە و غەمبارئامێزیشە، بەڵام خراپ نییە ئەوە بزانین كە ساڵانە 600000 كەس لە فەرەنسا دەمرێت، 150000 كەسیش بە نەخۆشی شێرپەنجە دەمرێت، ئەی بۆ ئەم مردانانە باسناكرێت. بۆ ئەم بەزیهاتنەوەیە بە كۆڤید- 19 نەك 600000 مردووەكە؟ ئەمە جگەلەو چەند میلیۆن مناڵانەی لە جیهانا ساڵانە بە بەدخۆراكی دەمرن كە ژمارەیان 9 میلیۆنێك تێدەپەڕێنێت. جگەلەو هەزارانەش ساڵانە بە نەخۆشی ئەلزهایمەر دەمرن.
كۆنت-سپۆنڤیل گومانناكات، ئەم پەتایە ترسناكە و ڕەنگە ژیانی میلیۆنەهاش بخاتە مەترسیەوە بەس ئایا شتی ترمان نییە جگەلەم پەتایە بۆ باسكردن؟ كێشەی تریشمان هەیە با فەرامۆشینەكەین (كێشەی كۆچبەران، كێشەی تێكچوونی ژینگە و…). بۆیە ئەم پەتایە ترسناكە بەس كۆتای جیهان نییە. کەوابێت پێویستناكات ژورنالیستەكان هێندە گەورەیكەن. سەبارەت بە سۆزداریشمان بۆ قوربانیانی كۆڤید- 19 ناكرێت لە سۆزداریمان بۆ كێشەی كۆچبەرەكان زۆرتر بێت یان ئەوانەی دووچاری شێرپەنجە بوونە، كە لە ئێستادا ژمارەیان لە فەرەنسا و لە جیهانا لە زیادبووندایە.
كۆنت- سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەتەك لێكۆ lecho باس لەوە دەكات كە لەكاتی خۆیدا پەتای “هۆن كۆنگ” لە ساڵی 1968 بووە هۆكاری كوشتنی میلیۆنەها كەس و ئەو هەڵایەشی بۆنەكرا وەك ئەوەی ئێستا بۆ كۆڤید- 19 دەكرێت. پێشتریش پەتای “ئاسیاوی” لە 1957-1958 بە هەمان شێوە خەڵكێكی زۆری كوشت و بیریشچوەوە. پێدەچێت، بەبۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل، سێ هۆكار هەبێت كە شێوەی مامەڵەی لەگەڵ كۆڤید- 19، لەچاو پەتاكانی پێشوو، گۆڕیوە. هۆی یەكەم جیهانگیرییە ،ئەڵبەتە بەدیوە میدیایەكەی. ئەم لایەنە هۆكارە كە ئێمە زوو زوو لەناو ڕووداوەكانی ئەم پەتایە بین و بەووردیش لە ڕێژەی مردنەكان لە وڵاتان بەئاگابهێنرێین. لێرە با ئەوەمان بیرنەچێت كە بۆ ئەم بیریارە جیهانگیری دروستكەری ڤایرۆسەكان نییە. تاعونی ڕەش لە سەدەی 14 نیوەی ئەوروپای كوشت و ئەو دەمە جیهانگیریش بوونی نەبوو. هەرچی هۆی دووەمە خێراییە لە بەدەستهێنانی زانیاریی. سەرئەنجام كەناركردنی مەرگ لەم ڕوەوە دوا هۆیە. ئەم پەتایە ئەم كەناركردنەی مەرگ پەسەندناكات. پەتاكە مەرگی بیرخستینەوە و هێناشیەوە نێو باسەكانمان. بەمجۆرە دەشێت بڵێین كە مەرگ پێش كۆڤید- 19 لەبیركرابوو. هەر بەگشتیش مەرگ كە باسدەكرێت یان بیریلێدەكرێتەوە دواتر وردە وردە وندەبێت و ئەو دەمەش كە نزیكدەبێتەوە ترس لە مەرگ دەستپێدەكاتەوە.

تەندروستی تاك یان ئابوورییەكەی؟

تەندروستی سەرووی ئابووری نییە. ئابووری خراپ دۆزی كۆمەڵایەتی و تەندروستی خراپ دروستدەكات. هەژاریش ترسناكە و لە كۆڤید- 19 زیانبەخشترە. لەم تەنگژەیە ئابووریناسان زۆر قسەیانكرد ،تەنانەت پتر لە پزیشكەكانیش، بەڵام قسەكان چی بوون؟ چ ئاقارێكیان وەرگرت؟ لەم بارەیەوە ئەوەی پەیوەندی بە كۆڤید-19 وە هەبێت ئەوەیە كە، بڵاوبوونەوەی پەتاكە بووە هۆكاری تێكچوونی شیرازەی ئابووری وڵاتان. كاردانەوەكەی لە وڵاتانی هەژار زۆرتربوو. پەتاكە نابێت ببێتە هۆكاری بایەخدان تەنیا بە تەندروستی. واتە ناكرێت بودجە هەمووی بە تەندروستییەوە تایبەتبكرێت، چونكە ئابووری بەرگەی ناگرێت و دادەڕمێت. بۆیە كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ ماڵپەڕی كات (Le Temps) لەسەرێكەوە گومانناكات هەموو دەمرین، لەسەرێكی ترەوە گوماندەكات هەموو بە كۆڤید- 19 بمرین. هاوكات ئەوەش دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕاڕام كەچی ناترسم بەم ڤایرۆسە بمرم. ترسی من زۆرتر لە نەخۆشی ئەلزهایمەرە. تووشی ئەم ڤایرۆسەش ببم پێموایە تێیدەپەڕێنم. جا بۆ دەبێت بترسم؟ ئەوەی ڕاڕایكردوم تەندروستیم نییە دۆزی لاوانە. بەهۆی ئەو داڕمانە ئابووریەی كەرەننتینەكە هێنای لاوان باجە زۆرەكەی دەدەن ئەوەش لەڕێگای بێكاری و كەوتنەژێرباری قەرزەوە. قوربانیدان بە لاوان لەپێناوی تەندروستی بەساڵاچووان كارێكی نابەجێیە. ئەوەی باوە ئەوەیە كە بەساڵاچووان لەپێناو مناڵەكانیان قوربانیان بە ژیانی خۆیانداوە كەچی بەهۆی كۆرۆناڤایرۆسەوە شتەكە پێچەوانەبووەوە. ئەمە وادەكات بوترێت كە سێستەمی پزیشكی پێویستی بە بودجێتە و ئەوەش كاتێك دەبێت كە ئابووری لە بوژانەوەدا بێت. ئەمەش لەو سەرەوە دەمانخاتە بەردەم قەرزێكی زۆرەوە كە دەبێت مناڵەكانمان بیدەنەوە.

بەپێی ئەوەی لایسەرەوە باسكرا، بایەخدانێكی زۆر بە تەندروستی ناكرێت لەسەر حسێبی ئابووری بێت. پێویستە تەندروستی و ئابووری پێكەوە بەهەندوەرگیرێن. هەژاری لە ڤایرۆسەكان زیاتر بكوژە. ناشێت دژایەتی پزیشكی و ئابووری بكرێت. پزیشكی تێچوونی زۆرە و لەسەر ئابووری گران دەكەوێت. بۆیە پزیشكی بۆ ئەوەی تەندروستیەكی چاك دروستبكات ئابووریەكی بوژاوەی پێویستە. ئەمە وادەكات ئەم فەیلەسوفە پێیوابێت كارێكی ناڕەوشتی نییە قسەكردن لە تەندروستی شانبەشانی قسەكردن لە پارە. تەنانەت ماڵپەڕی ناوبراو ئەوەش بە كۆنت-سپۆنڤیل دەڵێن : زۆر دوور نییە بەوە تاوانباربكرێن كە بایەخ بە ئابووری دەدەن لەبڕی بایەخدان بە ڕوحی مرۆڤەكان. ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆنت-سپۆنڤیل پێوایە پزیشكی تێچوونێكی گرانبەهای هەیە. بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە ئابووریەكی بووژاوە دەبێت. كەی كەرەنتین كۆتای دێت؟ ناشێت تەنیا بایەخ بە ئامارە پزیشكییەكان بدرێت ،پێویستمان بەوەیە كە بایەخ بە ئامارە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆیەكانیش بدرێت. تێچوونی پزیشكی لە زیادبوونە و ئەوەش داوای ئابووریەكی بەهێزمانلێدەكات. ئەم ئابووریەش دووچاری قەرزێكی زۆرماندەكات و ئەمەش كاردانەوەی ئابووری خراپ لەسەر لاوان دادەنێت. لەم بارەیەوە كۆنت-سپۆنڤیل درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: پیرەكان لە فەرەنسا، هێندەی حاڵیبووبێتم، زۆرتر لەبارەی ژیانی ئابووری مناڵەكانیانەوە نیگەرانن تا مردنی خۆیان بە پەتای كۆرۆنا. هەرچی خودی پیرەكانە بۆ خۆپاراستنیان لە مەرگ، بەم پەتایە، خۆكەرەنتین و گۆشەگیرییان هەڵبژاردوە. بەس ئەم هزرەڤانە ئەوەشمان وەبیردەهێنێتەوە گەر وابڕوات كەرەنتین مەترسیە بۆسەر ئابووریمان و بۆسەر ئازادیەكانیشمان. كەواتە ئایندەی مناڵەكانمان لە فەرەنسا لەژێر هەڕەشەی ئەو تەنگژە ئابوورییە دایە كە كەرەنتین دروستیدەكات. هەر لەبەر ئەوە لەگەڵ قوربانیدان نییە بە لاوان لەپێناو بەساڵاچووان یاخود بە ئازادی لە پێناو تەندروستی. تەندروستی لەم دوو شتە جیادەكاتەوە: ئابووری و ئازادی. وێرای ئەوە، پێویستە ئاماژە بەوەش بكرێت كە تەندروستی بەها نییە، باشەیەكە لە باشەكان. بەهاكان خەڵك دەیانناسنەوە: دادپەروەری، خۆشەویستی، سەخاوەت، بوێری و ئازادی. بۆیە ئەم بیرمەندە لەم لێدوانە دانبەوەدا دەهێنێت كە ئامادە نییە قوربانی بدات بە ئازادی لەپێناو تەندروستی. كۆنت-سپۆنڤیل بۆ ئەوەی ئەم لایەنە زۆرتر ڕوونبكاتەوە لە لێدوانێك لەگەڵ فرانس ئینتێر France Inter نیگەرانی خۆی لەبارەی قۆناغی پاش پەتاكە نیشاندەدات، بەڵام دژی زێدەڕۆییە لەو قۆناغە بەناوی تەندروستییەوە. شتێك لە ئێستادا بەناوی تەنگژەی تەندروستییەوە دەبینێت بەس ئەم تەنگژەیە كۆتای جیهان نییە. ئەم تەنگژەیە ناشێت ژیانمان تێكدات و ئەو بایەخە زۆرەی بە تەندروستی بەساڵاچوانیش دەدرێت پێویستی بە پارەیە و ئەوەش وادەكات قەرزێكی زۆر لەسەر دەوڵەت كۆببێتەوە. قەرزەكەش لاوان لێیزەرەرمەندن. لێرە و بۆ كۆتایهێنان بەم بەشە دەپرسین: تەندروستی یان ئابووری؟ تەندروستی یان ئازادی؟ ئەو دوو پرسیارە كە بەهۆی لێدوانەكانی ئەم بیریارەوە دروستبوون بەرەو ئەوەشمان دەبەن كە بڵێن: لێگەڕێین پزیشكەكان سیاسەتی وڵات ببەنەڕێوە یان بەپێچەوانەوە؟ لێگەڕێین لەم جۆرە كاتانەدا ئابووریناسەكان ڕێنومای سیاسییەكان بكەن یان پزیشكەكان؟ ئەم لایەنانە لە بەشی دواتر دێیینەوەسەری.

—————————————————-

سەرنج: لە بەشی دواتر ژێردەرەكان بەسەریەكەوە بەردەستدەخەین.




م. ئۆنفرێ: سەرمایەداری ئەوەندە بەڕێز نییە پاش پەتاكە بەخۆیا بچێتەوە -15- … ئازاد حەمە

بەشی پانزەهەم

“”ئەوەی ئارگیومێنتەکەی بە ژاوەژاو و فەرماندان دەخاتەڕوو ئەقڵی لاوازە””
میشێل دی مۆنتاین Michel de Montaigne

سەرەتا: نەشئەئامێزی فەلسەفە دەمانخاتە ناو دیمەن و لوغزی فەلسەفییەوە، وادەكات بەڕووی نیگا تازە و سیما جیاكانی بیركردنەوەی مرۆڤا هەڵشاخێن و كاریش لەسەر ڕەواندنەوەی نیگەرانیی و گۆشەگیری ساتەوەختەكانی خۆمان و دەوروبەرمان بكەین. نكوڵیناوێت، تێهزرینی هزرەڤانان هەمیشە لە دەرگای پرسیارە هزری و ڕەوشتییە هەنووكەییەكان دەدات و تەنگژەكانیش كە بەشێكن لەو چەشنە پرسیارانە ئەوەش بە گوێمانا دەچرپێنن كە مێژووی پەتا لەناو مێژووی هزر بەشێك بووە لە هەڵكۆڵینە هزرییەكان. لێرەوە ئەوە دەچڕین كە ئەو تەنگژەیەی پەتای كۆرۆنا دروستیكرد لەتەك تەنگژە ڕەوشتیەكانی سەرمایەداری جیهانی یەكیگرتەوە. چاوچنۆكی نیولیبرالیزم و ئەو تەنگژە ڕەوشتی و تەندروستییانەی پەتاكە دروستیكردن هۆكاربوون بۆ گەڕانەوەی دەمارگیری ئاینی (پەتا ئیشی خوایە) و ڕاستڕەوی (ڕق لە چینیبوون) لە هەندێك لە كۆمەڵگاكان. زۆرێك وایبۆدەچن پەتاكە مرۆڤایەتی خستە بەردەم گریمانەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی جیهان، هەر لەو نێوەندەشدا بەشێكی تر بەوەوە سەرقاڵن كە داڕشتنی بیركردنەوەكان سەبارەت بە پەتاكە مرۆیبوونمانی بە ئاڕاستەیەكی نێگەتیڤانە گۆڕی. هۆكاری سەرەكی ئەمەش داڕمانی بەهاكان بوو لەتەك هاتنی شەپۆلی كۆرۆنا. ئاشكرایە، سەنگی پەتاكە لەگەڵ كاتا لە گەورەبووندابوو تا ئەو ئەندازەیەی كە بووە پەتایەكی گەردووناوی و ئەمەش ساتەوەختێكی خەماوی لەتەك خۆی بۆ مرۆڤایەتی هێنا. ئابووری سەرمایەداری جیهانیش كە مامەڵەی لە ئاستی پێویست نەبوو كەوتە ژێرپرسیاری فرەدووراییەوە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی خەمی بنەمایی سێستەمی ئابووری جیهانی لە ساتەوەختی پەتاكە پتر ئابووری بوو تا مرۆیی یان تەندروستی و ژینگەی.
ڕامانی ئەم بەشەمان لەمەڕ نووسین و لێدوانەكانی میشێل ئۆنفرێ (Michel Onfray ) یە تایبەت بە پەتای كۆرۆنا و ئەو تەنگژە ئابوورییەی پەتاكە بۆ فەرەنسا و یەكیەتی ئەوروپا هێنای. بەم جۆرە ئەوەی لەم بەشە دەینووسین پەیوەندیەكی توندوتۆڵی لەتەك هزری سیاسیی ئۆنفرێدا هەیە. پەتاكە خۆی وانیشاندا کە بەشێكی كاریگەرە لە هاوكێشە جیهانییەكان، ئەمەش ئۆنفرێی خستە ناو جەنجاڵییەكی هزریی سیاسییەوە و دواتر ڕوانگە سیاسییەكانیشی بەسەر بۆچوونە فەلسەفییەكانیا زاڵكرد و تا کار گەیشتە ئەوەی لە لێدوانە تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەوانیەكانیدا، لە مانگی دووی ئەم ساڵەوە (2020) تا ئێستا، كۆشش بۆ ئەوە بكات ئەو پارادۆكسە ئێتیكیانە نیشاندات لیبرالیزمی ڕۆژئاوا لە خوڵقانی بەرپرسیارە. سەرباری ئەوە، گازندەی سۆسیال میدیای فەرەنسیش دەكات كە بەردەوام دەتخاتە بەردەم ئاماری نوێی مردنەوە، کە ئەمە لە كۆتایدا دەتخاتە بەردەم دیلێمایەكی بووناوییەوە. ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە كێشەكە تەنیا لەوەدا نابینێتەوە بابەتەكە ڕووبەڕووبوونەوەی مردنە، لەوەشا دەیبینێتەوە كە ئەو كەموكوڕیەی لە كەرتی تەندروستیدا بەدیكرا دەوڵەت ناكارێت چارەسەریبكات.
لەم بەشە ئەوە لە زاری ئۆنفرێوە گفتوگۆدەكەین كە شارستانی ئەوروپای لەلایەك لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا خۆی چاك ڕانەگرت، لەلایەكی دی پەتاكە توانستی زانستی و تێكنۆلۆژی وڵاتە هاوچەرخەكانی خستەژێر پرسیارەوە. بەپێی ئەوەی پەتاكە پرسیارێكی زۆری سیاسی و ئابووری لەتەك خۆی هێنا توانای گۆڕینی وتاری سیاسیشی لەخۆیدا بەرجەستەكرد. هەر لەم بارەیەوە ئۆنفرێ گریمانی ئەوەش دەكات، پەتاكە دەكارێت جیۆسیاسی ئێستامان بگۆڕێت. سەیرەكە لەوەدایە لەكاتی پەتاكە سیاسەت بەردەوام بوو و فەرەنساش لەژێرسایەی ئێمانوێل ماكرۆن (Emmanuel Macron) سیاسەتی خۆی دەكرد. بۆیە ئەم هزرەڤانە فەرەنسییە لە وتنەكانی تایبەت بە پەتاكە ،هەمیشە و بەردەوام، زەمینەیەك بۆ هێرشكردنە سەر ماكرۆنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا دەڕەخسێنێت و وەك نوێنەری نیولیبرالیزم و شارستانی ئەوروپای ناساغ تەماشایدەكات. بەمەش بەرەو ئەو گومانەمان دەبات، ئەم جۆرە سەركردانە ،كە نوێنەرایەتی سەرمایەداری جیهانی دەكەن، شكستخواردوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی “تسۆنامی ئابووری و تەندروستی” (ژاك ئاتای) پەتای كۆرۆنا و ناشكارن سیاسەتێكی میهرەبانانە پیادەبكەن. ئۆنفرێ پێیوایە كەسێكی ڕەشبین نییە، لێ تراژیدییە ئەمەش وادەكات بۆچوونەكانی لەهەر بەرگێكدا بن، فەلسەفی یاخود سیاسی، پێگەی شیكاری خۆیانیان هەبێت.

ئۆنفرێ و ماكرۆن:
پەتای كۆرۆنا فەرەنسای كردە پڵنگێك لە كارتۆن

پەتاكە بێ لایەن نییە و پێویستیشی بە شرۆڤەكردنێكی سیاسیانە هەیە. ئەمە وادەكات ئۆنفرێ سەبارەت بە فەرەنسا و كۆرۆناڤایرۆس دونیایەك پرسیاری بڤە و قەبە بجووڵێنێت و فەرەنساش بكاتە چەقی مشتومڕ و بابەتی هەنووكەی وتنەكانی. پەتاكە ،ئۆنفرێ وتەنی، واینەكرد سیاسەت بوەستێت، دوورناڕۆین ئێمانوێل ماكرۆنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا لەناو جەرگەی پەتاكە خەریكی سیاسەتكردن بوو. ماكرۆن كە نوێنەری لیبرالیزمە سیاسەتی هەنووكەی فەرەنسی بەپێی ئەو ئیزم (ism) ە پیادەدەكات و ئۆنفرێش وایدەبینێت كە مەكینەی پاڵپێوەنانی لیبرالیزم لە فەرەنسا لە پۆمپیدۆ (Pompidou) وە دەستیپێكردووە بە ژیسكار دێستان (Giscard d’Estaing ) و دواتر میتێران (Mitterrand) تێپەڕیووە تا گەیشتووەتە ماكرۆن. هەر هەمووش بە چەپ و ڕاستەوە هەمان ئێدیۆلۆژیایان بەخێوكردووە. بەم جۆرە پەتاكە بژاردە ئابووری و سیاسییەكانی سەرجەم سەرۆكە فەرەنسیەكانی لە ژیسكار دێستانەوە، لە ساڵی 1974، تا دەگاتە ماكرۆن خستەڕوو.
ئۆنفرێ سەرۆكی فەرەنسا بە پیاوێكی سیاسی بێ دید و نەگەیوو، بێ هەست و نابینا لەقەڵەم دەدات. ئەم پیاوە لیبرالە كارگێڕێكی بازاڕە و بە داڕمانی بازاڕەكە خۆشی دادەڕمێت. سێستەمی خانەنشینی و پەروەردەی تێكشكاندووە و هیچكاتیش دان بە هەڵەكانیدا ناهێنێت. شتێكی بۆ خانەوادەی مردووان بە كۆرۆنا نەكرد كە شایانی باسكردن بێت. ئەم سەرۆكە، بە بۆچوونی ئۆنفرێ، فەرەنسا و فەرەنسیەكانی خۆشناوێت، تەنیا خۆی خۆشدەوێت و خۆشی كەسێكی بێ توانا و درۆزنە و لە كارگێڕی كێشەش لێهاتوو نییە و لە بڕیاردانیشا لاوازە. مامەڵەی لاوازی فەرەنسا لەگەڵ تەنگژەی پەتای كۆرۆنا سەلماندی سەرۆك حوكمەت (سەرۆك حوكمەتی پێشوو، ئێدوارد فیلیپ، كە مانگێک لەمەوبەر دەستیلەكاركێشایەوە) و سەرۆك كۆمارەكەی لێنەزانن و لە لێدوانەكانیشیانا ناراستگۆن. ئەڵبەتە پێش كۆرۆنا دۆزی كەرتی تەندروستی لە فەرەنسا، لەبەرئەوەی بازاڕ یاریدەكرد بە چارەنووسیەوە، وێران بوو. تەندروستی لە فەرەنسا دەمێكە بووە بە بیزنس و ئەمەش بۆ ساڵی 1983 ،بۆ كاتی سەرۆك میتێران، دەگەڕێتەوە و دوای ئەویش ئەمە هەر بەردەوامبووە. ئەمەش هەمووی شەقی نیولیبرالیزمە. نیولیبرالیزم وادەكات بازاڕ حوكمی بەدەستەوە بێت. هەڵەیە، بەبۆچوونی ئۆنفرێ، بازاڕ یاسا ئابوورییەكانی بەسەر نەخۆشخانە، قوتابخانە، سوپا، پۆلیس، دادگا و كولتوورا بسەپێنێت. بەم چەشنە، كاتێک بازاڕ حوكمی تەندروستی دەكات ئەوە ڕوودەدات كە ئێستا لە فەرەنسا ڕوو دەدات. پیرەكان لەبەر نەبوونی جێگا لە نەخۆشخانەكان وەرناگیرێن و دەنێردرێنە ماڵەوە، نەبونی پێویستییە پزیشكییەكان وادەكەن پەككەوتە و بەساڵاچووان لە نەخۆشخانەكان و ماڵی بە ساڵاچووان فەرامۆشبكرێن تا بمرن.
ئۆنفرێ ڕەخنەی ماكرۆن دەكات كە پێیوایە فەرەنسا لە حاڵەتی جەنگدایە كەچی ئەم سەرۆكە ناتوانێت ئامرازە تەندروستییە گرنگەكان بۆ تاقمی نەخۆشخانەكان دابینبكات. ئۆنفرێ وتەنی نیشانەكانی پەكەوتوویی ئەو فەرەنسا لیبرالەی بانگەشەی بۆمبی ئەتۆمی دەكات ئەوەیە كە ماسك و پێداویستی تەندروستی نییە، لەكاتێكدا ئەوانە بەشێكی سەرەكی لە سیاسەتی خۆپارێزی پێكدێنن. لەم بارەیەوە ئۆنفرێ ڕاستەوخۆ گازندەی ماكرۆن دەكات كە سەرەتا دژ بە پەتاكە نەجوڵایەوە كەچی دواتر هەنگاوەكانی زۆر گورجكردەوە. نەك هەر ماكرۆن زۆربەی سەرۆكەكانی ئەوروپا سەرەتا پێیانوابوو ئەوەی بڵاوبوەتەوە ئەنفلاوەنزەیەكی نۆرماڵە و تێدەپەڕێت و گاڵتەشیان بە پەتاكە دەكرد تا وایلێهات ئەوروپا بووە قوربانی. وێرای ئەوە، تێگەیشتنی یەكیەتی ئەوروپا بۆ بازارێكی گەردووناوی وایكرد باوەڕیان بە سنور و نەتەوە نەبێت كەچی لەكاتی كەرەنتینەكە فەرەنسا بە سەرۆكایەتی ماكرۆن كارێكی قێزەوەنی ئەنجامدا كاتێك بڕیاریدا فرۆكەیەكی زۆر بۆ هێنانەوەی فەرەنسیەكان لە چین بەكرێبگرێت و جێنشینیشیکردن لە باكووری فەرەنسا بێ ئەوەی هیچ ڕێكاریەكی تەندروستییان بۆبكرێت، ئەمە جگەلەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی ئەو دەڤەرە پێش وەخت ئاگادارنەكرابوونەوە.
سەرباری ئەوە، ئۆنفرێ نموونەشمان بۆدێنێتەوە لەسەر ناكۆكی لە وتارەكانی سەرۆك ماكرۆن لە ساتەوەختی پەتاكە. ماكرۆن پێماندەڵێت ڤایرۆسەكە پاسپۆرتی نییە، كەچی سنورەكانیش داناخات. ئەمەش بۆ ئۆنفرێ دووڕووی دەگەیێنێت لە سیاسەتی فەرەنسا. هەر ئەم سەرۆكە باس لەوەش دەكات كە لە ماڵەوە بوون گرنگە هاوكات داوامانیشلێدەكات بچین بۆ دەنگدانی شارەوانییەكان. نەك هەر ئەمە بگرە ئەوەش كە چۆن ئەوروپا نیو سەدەیە لافی زلهێزی ئابووری لێدەدات، کە نەیتوانی ماسك بۆ كارمەندانی تەندروستی دابینبكات، پێشوازی لە وەرگرتنی میلیۆنێك ماسك لە دەسەڵاتێكی سیاسی زلهێزی ماركسی لینینی وەك چین دەكات كە هەموو ئەوروپا لە خەونی ئەوەدا بوون ئەم دەسەڵاتە ،پاش نەمای سۆڤیەتی جاران، هەڵبوەشێتەوە.
هەركە باس هاتەپێشێ لەسەر دروستكردنی ڤاكسین فەرەنسا بووە بابەت. لە سەرەتای مانگی نیسان ماكرۆن سەردانی شاری مەرسێلیای كرد، كە دەكەوێتە باشووری فەرەنسا، تا چاوی بە دیدییە راوول (Didier Raoul) بكەوێت، ئەو پرۆفیسۆرە فەرەنسییەی خەریكی دروستكردنی دەرمانی كلۆرۆكینە دژ بە مەلاریا. ئۆنفرێ پێیوایە كاركردنی راوول لەسەر ئەو دەرمانە لە دەرەوەی پاریس، لە شارێكی تر، كێشەیەكی ترمان بیردەخاتەوە كە كێشەی پەیوەندی پاریسی پایتەختە بە دەوروبەرەوە. دانپیانەهێنانی پاریس بە شار و گوندەكانی دەرەوەی خۆی بەشێكە لە كێشەیەكی دێرینی پاریسی پایتەخت. ئۆنفرێ ئەم زانا فەرەنسییە بە جەمسەرێكی جیهانی دەزانێت لەو بوارەی كاری تیادەكات، ئەمەش نەك ئێستا بگرە پێش پەتاكەش. كێشەكە لە راوول نییە كێشەكە لە بێ توانای سیاسییەكانە كە لە مەترسییەكانی پەتاكە تێناگەن.
بە قسەی ئۆنفرێ، یەكەم وانە كە ئێمەی فەرەنسییەكان لەم درمە بەدەستمان هێنا ئەوە بوو كە سەرۆكی حكومەت فاشیلە. ئەو وڵاتانەی ماستریخت (Maastricht) وێرانی كردووە، وەك فەرەنسا، ناكارێت بەپێی پێویست ڕووبەڕووی پەتاكە ببێتەوە. دواتر سەرۆك كۆمار بڕیاریدا لەبەرئەوەی ڤایرۆسێكی كوشندە لە چین بڵاوبووەتەوە پێویستمان بە كەرەنتینە. ئەم بڕیارە لەكاتی خۆیدا نەدرا. حكومەتی فەرەنسی دەبایە ئەوە بە هەند وەربگرێت كە ئێستا، بەهۆی جیهانگیری دەوڵەمەندەكانەوە، وەك جاران ئاسان نییە پیادەكردنی سیاسەتی خۆپارێزی و كۆنترۆڵكردنی سنورەكان. لەم سۆنگەیەوە ئۆنفرێ لەگەڵ ئەوەدایە فەرەنسا سەروەری نیشتیمانی خۆی بپارێزێت و كۆیلەی ئێدیۆلۆژی وڵاتانی ئەوروپا نەبێت. لەكاتی قەیرانە تەندروستیەكەش دەركەوت كە ئەوروپا چەند پشتیان لەیەكتركرد، لێگەڕان چین بەتەنیا ڕووبەڕووی پەتاكە ببێتەوە، هاریكاری ئیتالیاشیان نەكرد. ئەوەیە ڕاستەقینەی ئەوروپا. ئەوروپای ماستەریخت بەو جۆرە مامەڵە لەتەك تەنگژەكانا دەكات. پێش تەنگژەكە پێیانوتبووین ئەوروپا دێوەزمەیەكی ئابوورییە و سەروی چین، هیندوستان، روسیا و ئەمەریكایە. نەخێر دەركەوت وانییە. دەركەوت توانای دابینكردنی ماسك و دەستكێشی تەندروستی بەپێی پێویست نییە. ئۆنفرێ یەكیەتی ئەوروپاش بە یەكیەتی سۆڤیەتی جاران دەشوبهێنێت هەركە سنورەكانی كردەوە دەركەوت چەند وێرانە.
دوا وتن لەم بارەیەوە، كە ئۆنفرێش جەختیلێدەكاتەوە، ئەوەیە، گومانناكرێت سێستەمی لێبرالی ڕۆژئاوایی دروستكەری ماكرۆن و ماكرۆنەكانە. لە سەرێكی ترەوە ئێدیۆلۆژیای ئەوروپا بەجۆرێك خۆی وێنا دەكات كە لە داڕمانەوە نزیكە. هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەم داڕمانە ئەو سیاسەتە لێبرالەیە ئەوروپا پیادەی دەكات. دەرهاویشتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ئاستی سیاسی، كۆمەڵایەتی چی دەبێت؟ سیناریۆكانی داهاتوومان چی دەبن؟ لە ئێستادا زۆر شت ڕوون نییە بەس ئەوە ڕوونە كە پەتای كۆرۆنا فەشەلی ئەوروپای ئاشكراكرد. هەر وڵاتە و بەتەنیا چارەسەری ئەو كێشانە دەكات كە پەتاكە بۆیهێناوە. كۆماری چیك بەرامبەر بە یارمەتیەكانی چین بۆ ئیتالیا ناڕەزای نیشاندا. ئەوروپایەكان لێگەڕان ئیتالیا بەتەنیا ڕووبەڕووی تەنگژە تەندروستیەكە ببێتەوە. هەمان شت بەسەر فەرەنساش هات. گەر ئۆنفرێیانە بێینەگۆ ئێژین: ئەمە ئەو ئەورپایەیە كە لێمانیان كردبووە زەبەلاحێكی ئابووری و كەچی دەركەوت وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا پڵنگن لە كاغەز، نا بگرە مانگان لە كارتۆن.

ئەوروپا جیهانی سێیەكی نوێیە

ئەوروپا جیهانی سێیەكی نوێیە، ئەمە ئەو گوزارەیەیە كە ئۆنفرێ لە ماوەی كەرەنتین و لە لوتكەبوونی پەتای كۆرۆنا گۆیكرد. بەخۆی ئەم گوزارەیە لە ئێستادا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە نەختێك بەسەرچووە. گوزارەی جیهانی سێ بۆ سەردەمی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە. لەسەر ئەو بناغەیەی جیهانی یەك وڵاتانی سەر بە پەیمانی ناتۆ (ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا یان بلۆكی سەرمایەداری) بوو، جیهانی دووش وڵاتانی سەر بە پەیمانی وارشۆ (سۆڤیەتی جاران و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات یان بلۆكی سۆسیالیست) بوو و هەرچی وڵاتانی جیهانی سێیە بریتی بوو لە وڵاتانی ئاسیا، ئەفەریقا و لاتین ئەمەریكا، كە بە زمانێكی ئابووری دەشێت بە وڵاتانی دواكەوتوو بێتەناسین. ئێستا و دوای داڕمانی بلۆكی سۆسیالیزم و هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتی جاران ئەم دابەشكردنە بەم جۆرە نەماوە و لە نووسینی ئابووری و سیاسیدا زۆرتر گوزارەی وڵاتانی پێشكەوتوو و وڵاتانی كەمتر پێشكەوتوو بەكاردەبرێت. لێرە پێشكەوتوو بە واتای ئابووری بەكاردەبرێت كە نەشونما دەگەیێنێت. كەواتە ئۆنفرێ گوزارەی ئەوروپا جیهانی سێیەكی نوێیە بۆ گازندەكردنی ئاستی ئابووری ئەوروپا بەكاردەبات. فەرەنسا كە بەشێكە لەو ئەوروپایە وەك یەكێك لە وڵاتانی جیهانی سێیەكەی جاران، وڵاتە دواكەوتووەكان، وێنادەكات كە نەیتوانی پێویستیە تەندروستییەكان بۆ هاوڵاتیان دابینبكات. ئەوەتا لە ئیتالیای 60 میلیۆنیدا ژمارەی تووشبوان بە كۆرۆنا زۆر زۆرترە لە وڵاتێكی فرەدانیشتوانی وەك چین.
ئۆنفرێ لە یەكێك لە لێدوانەكانی باس لەوە دەكات كە پەتا شتێكی تازە نییە و هەمیشە هەبووە و ژیانی میلیۆنەهاشی لەناوداوە. لە لێدوانێكی تریش دەڵێت: پەتای وا پێشتر بوونی نەبووە. ئەم پەتایەی ئێستا بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتووە لە جەنگ وێرانكەرترە. وەكیتر جەنگیشە لەتەك دوژمنێكی نادیار. ئەم پەتایە، یان ئەم جەنگە، وادەكات مرۆڤەكان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات باجی خۆیانبدەن، بەڵام هەژارەكان باجە گەورەكە دەدەن. خودی جیهانگیریش وا دەبینێت كە دەوڵەمەندەكان پتر دەوڵەمەند دەكات و هەژارەكانیش پتر هەژار. تەنانەت گومان لە توانای جیهانگیریش دەكات لە شەڕكردن لەتەك پەتای كۆرۆنا. سەرنجمان بۆ ئەوەش ڕادەكێشێت كە ئەم پەتایە زۆرێك شت لەتەك خۆیا دێنێت كە جارێ ماوە بیبینین. لێرە قسە لەو گۆڕانكاریانەیە دەكات كە لەژێرسایەی تەنگژە تەندروستییە جیهانیەكە دێنە سەر هاوكێشە ئابوورییەكان. پەتاكە كارا بوو لە دەرخستنی ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەوروپا. دوورنەڕۆێین پەتاكە لە شوێنێکی وەك فەرەنسا ململانێی چیانەیەتی قووڵتركردەوە ،باری هەژارانی قوورستركرد. بۆبۆ (Bobo ) كانی(١) پاریس هەركە پەتاكە بڵاوبووەوە شاریان جێهێشت. دەوڵەمەندەكان ،لەڕێگای كار بە دیستانس، دەوڵەمەندتر بوون. لەگەڵ هەموو ئەوانەش ئۆنفرێ جەخت لەوە دەكات كە پەتاكە خواستی سەرمایەداری نەبوو، لێ سەرمایەداری هەوڵدەدات بەشێوازی خۆی چارەسەریبكات. لەم سۆنگەیەوە بەوە دەگەین كە شەڕی ئابووری و شەڕی پەتاكە لە وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا بە ئاشكرا هەستیپێكرا و قوربانی نوێشی دروستكرد.
لە لێدوانێك لەگەڵ (marianne.net ) ئەو پێشبینیە دەكات كە كۆرۆناڤایرۆس هێشتا سەرەتایەتی. زۆر شت لە ژیانمان دەگۆڕێت. بۆ یەكەم جاریشە كە ئەوروپای ماستریخت بۆی دەردەكەوێت بێ توانایە. پاش داڕمانی دیواری بەرلین و ونبوونی یەكیەتی سۆڤیەتی جاران و هاتنەسازانی پەیمانی ماستریخت بۆیەكەم جارە ئەوروپا هەست بە بوونی بەرامبەرێك دەكات. ئەم دەوڵەتەی پەیمانی ناوبراو دەیپارێزێت پڵنگە لە كاغەز. دێوەزمەیەكی ئابووری درۆیە كە توانای دابینكردنی دەمامكی پێویستی نییە. بەم جۆرە، ئۆنفرێ وامانلێدەكات بەو تەماشاكردنە بگەین كە پەتاكە بەرامبەرە تازەكەی ئەوروپایە. دوای داڕمانی كۆمۆنیزم ئەوروپا خۆی لەبەردەم دژێك دا بینییەوە كە نادیارە.

چین هەر ئەوە نییە كە ئەوروپا باسیدەكرد

ئۆنفرێ ئاماژە بەوە دەكات كە ساڵانێك لە سۆسیال میدیا واباسدەكرا چین ئۆرگانی ئەو بەندكراوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەرا سەپێنراوە لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشێت، كەچی ئەم وڵاتەی وایپێدەوترا توانی كۆنترۆلی ئەو مەترسیە بكات لە ماڵەكەیدا ڕوویدا، شاری وەهان كە پانزە میلیۆنێكی تیا دەژیت لە مەترسی كۆرۆنا دوورخرایەوە. ئەمە كارێكی ئاسان نییە. فەرەنسا و ئیتالیا، وڵاتانی ماستریخت، و ئەمەریكا ئەوەیان پێنەكرا كە وەهان بەتەنیا كردی. داخستنی شارێكی گەورەی وەك وەهان لە لایەن چینەوە لە خۆڕا نەبوو. ئەوە بەو جۆرە نەكرایە وەهان دەبووە كارگەی بەرهەمهێنانی ڤایرۆس. نەك هەر ئەوە بگرە حكومەتی چین یارمەتی وڵاتانی ماستریختیشیدا (وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا). ئەوەبوو چین یەك میلیۆن ماسكی لە ناوەندی مانگی ئادار بۆ فەرەنسا نارد، یارمەتیەكی پزیشكی بەرچاوی ئیتالیەكانیشی دا. لەگەڵ ئەوەش كە ئۆنفرێ ڕەخنەی زۆر لە سێستەمی سیاسی چینی دەگرێت ئەوەش دەبینێت كە مۆدێلی چین سەركەوتوانە لەم تەنگژەی پەتایە دەردەچێت. بۆ؟ چونكە چین خۆی دەبێت شتێكمان لەسەر خۆی پێبڵێت. بەدڵنیایشەوە ئەم چینە شتێكمان لەسەر خۆی پێناڵێت كە زیان لە ناوبانگی بدات، تەنیا ئەوەمان پێدەڵێت كە وێنەیەكی پۆزەتیڤانە لەسەر خۆی دروستبكات. ئەوەشمان بیرە كە درۆی لەگەڵ كردین سەبارەت بە مێژووی دەستپێكی پەتاكە و ئاماری مردووان.
ئۆنفرێ چین بە وڵاتێكی ماری دوو سەر ناودەنێت. سەرێكی سەرمایەداری لیبرالییە لە بەرهەمهێنان و سەرەكەی تری دێكتاتۆری ماركسی لینینیە لە كۆمەڵگە. ئەدی دۆزی ئەوروپای یەكگرتوو لەگەڵ ئەم دوو سەریەی چین؟ لیبرالیزمی یەكیەتی ئەوروپا كە بەرهەمی پەیمانی ماستەریختە بە پاساوی بەدەستهێنانی قازانج بووە هۆكاری چوونە دەرەوەی كۆمپانیەكان بۆ دەرەوەی ئەوروپا. چین یەكێكە لەو شوێنانەی كە دەستی كار تیایا زۆر هەرزانە و كرێكارە چینیەكانیش لەچاو كرێكاری ئەوروپایی تا ئەوپەڕی دەچەوسێنرێنەوە. كەواتە، جیهانگیری لیبرالیزمی ئەوروپای وایكرد كۆمپانیایەكی زۆری ئەوروپای ڕوو لە چین بكەن. ئەم لیبرالیزمە ئابووریەی ئەوروپا واشیكرد چینیەكان پێویستیەكانی ئەوروپایەكان بەرهەمبهێنن و ببنە بازاڕێكی جیهانییش بۆ بەرهەمهێنانی گشت جۆرە شمەكێك. چینیەكان، بە قسەی ئۆنفرێ، لەڕێگای زۆر بەرهەمهێنانەوە ،تا خواستی جیهانی پڕبكەنەوە، سەرقاڵی بەهێزكردنی ئابووریشیانن.

داڕمانی شارستانی ئەوروپای لەبەردەم تەنگژەی تەندروستیدا

ئۆنفرێ لە پەرتووكی “”داڕمان”” (Decadence ) شرۆڤەكردنی جیهانی هاوچەرخ، نەشونما و پیربوونی شارستانی جولەكە-مەسیحی كردووەتە ئامانج. بەهۆی پەتای كۆرۆناشەوە جارێكی تر دەكەوێتەوە وێزەی تەلاری شارستانی جولەكە-مەسیحی ئەوروپایی و پێوایە ئەم پەتایە شارستانی ناوبراو دادەڕمێنێت. شارستانی نوێ ،كە بۆ ئۆنفرێ ستاتۆسێكی مەسیحای- جوولەكەی هەیە خاوەنی سیاسەتێكی لیبرالە، لەبەردەم پەتای كۆرۆناشا لاوازانە ڕەفتاریكرد. بەپێی تێگەیشتنی سیاسییانەی ئۆنفرێ بێت تەنگژەی تەندروستی پەتای كۆرۆنا زۆر شتی بۆ ئەوروپایەكان واڵاكرد. تەنگژەكە پەنهانەكانی دەستكاریكرد و ئەوەشی پێوتین كە شارستانی ئێمەی ئەوروپایی لەسەروبەندی پایانهاتندایە. داڕمانی شارستانی ئێستاش بۆ ئەوە دەباتەوە كە ئەم شارستانیەی ئەوروپا شانازی پێوەدەكرد بەرگەی پەتایەكی نەگرت. خۆی بە زلهێزی ئابووری دەزانی و لەناكاو بووە پڵنگی كاغەزیین. ئەمە چ شارستانیەكی زەبەلاحە كە ماسكی بەپێی پێویست بۆ كەرتی پزیشكی بۆدابینناكرێت! تەنانەت پێیوانییە شتێك لەم دۆخە مابێتەوە بەناوی ئەوروپاوە. ئەم قسەیەی ئۆنفرێ وەكیتر ڕەخنەشە لە جیهانگیری (La mondialisation -La globalisation ) كە نەماوە. ئەوەی ئێستا هەیە جیهانیگیری نییە، بەڵكو دەسەڵاتی دەستەبژێری دەوڵەمەندەكانە. ئەم دەوڵەمەندانە لەكاتی كەرەنتینەكە لە چاو خەڵكی عەوام ژیانێكی فرە جیاواز ژیان. بەپێی بینینی ئۆنفرێ ئێستا گافا (GAFA) ئەوروپا و جیهان دەباتەڕێوە. گافا لە زمانی فەرەنسی كورتكراوەی چوار كۆمپانیا (گوگل، ئاپڵ، فەیسبووك، ئامازۆن) زەبەلاحەكەیە كە دونیایان داگیركردووە.
ئۆنفرێ ئەم قۆناغەی ئێستای ئەوروپا، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بە هەنگاوێك دەزانێت بەرەو داڕمانی شارستانی ئەوروپای كە لەلایەن خۆشیوە ناویدەنێت ڕۆژئاوای ئەوروپایی. ئاوابوونی شارستانی ئەوروپاپی بە شتێكی حەتمی دەزانێت و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لەو ئێدیۆلۆژیایە دەكات شارستانیەكە هەیەتی. شارستانی ئێستای ئەوروپای كە شارستانی پارەیە ئامادە نییە بەدەم تەنگژەكانی كەرتی تەندروستییەوە بچێت. ئاماژەكانی داڕمانەكە لەو دۆخە دەبینێتەوە كە شارستانی ئەوروپای بە ئێدیۆلۆژیا لێبرالیەكەیەوە ناتوانێت ماسك و دەستكێش بۆ كەرتی تەندروستی دابینبكات یان لێدەگەڕێت بەتەمەنەكان لە ماڵی بەساڵاچووان بێ خزمەت بن. شارستانی ئەوروپای بێباكە بەرامبەر تەنگژە بووناوییەكان. مەرگەكانی ساتەوەختی كۆرۆنا ئەوەی سەلماند کە ئەوروپای لیبرالی ئامادە نییە پارە لە تەندروستی دا خەرجبكات. ئەمە چ شارستانیەكە پەتایەكی وا زەفەری پێبەرێت!
جیهانگیری ئابووری ئێستای ئەوروپایە، بەڵام ئەم ئابوورییە مەزنەی ئەوروپا توانای وەستانی بە ڕووی پەتای كۆرۆنایەكی نادیار و نەبینراو نەبوو. ئەمە چ شارستانیەكە تایبەتمەندییەكانی پارە و قازانجە، كە ناتوانێت بەگژ پەتایەكا بچێتەوە! ئەوروپایەك كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی كۆرۆنای نەبێت باشترە بە ئەوروپایەكی جیهانی سێهەمی نوێ ناوبنرێت. كەوابێت كۆررۆنا هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانی ئەوروپایی و ئاماژەشە لەسەر تەنگژەی تەندروستی جیهانی، بەڵام ئەم ڕوناكبیرە فەرەنسییە تەنگژەكە تەنیا بە تەنگژەیەكی تەندروستی نابینێت. تەنگژەكە پێش هەموو شتێك ئابوورییە و بە ئابووری جیهانگیرییەوە گرێدراوە. بۆیە وایدەبینێت تەنگژەكە بەهۆی پەتاكەوە بووە تەنگژەیەكی ئابووری یان پەتاكە هۆكاری دەرخستنی تەنگژە ئابوورییەكەی ئەوروپایە. ئەمەش بەجۆرێكی تر وادەكات ئابووری لیبرال بە ئابووریەك بناسێنێت كە ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی قازانجە.
پەتای كۆرۆنا پەلە لە تێكشكانی شارستانی ئەوروپایی دەكات؟ ئۆنفرێ گومانناكات كە پەتای كۆرۆنا تەنگژەی ئابووری بۆ ئەوروپا دروستكردووە و واشیبۆدەچێت یەك هۆكار بەس نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی شارستانیەك، چونکە چەند هۆكارێك ڕۆڵیان لە داڕمانی شارستانییە دێرینەكان (ئاشووری، سۆمەری، بابلی، یۆنانی، ڕۆمانی) دادیوە. بۆنموونە كێشەی كشتوكاڵی، كێشەی ژینگەیی، بڵاوبوونەوەی درم و برسیەتی تادەگاتە تاعونێكی وەك ئەنتۆنی كە بووە هۆی كوشتنی زۆرێك كە دواتر شارستانی رۆمانی لەبەریەك هەڵوەشاندەوە. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە پاش تێپەڕبوونی ئەم تەنگژەیە پێشبینی ئەوە دەكرێت دەوڵەتی ناسیۆنال یان هەندێك ڕژێمی شێوە جیهانی دەركەوێت هەروەك چۆن پاش جەنگی جیهانی دوو ڕوویدا؟ پێیوایە یەكیەتی ئەوروپا خەریكی دروستكردنی دەوڵەتێكی گەردووناوییە کە بوونی نییە، بوونیشی هەبێت مۆدێلێك دەبێت لە بێ سنوری و پێشێلكردنی نەتەوەكان و دەسەڵاتخستنە دەست كۆمپانیا گەورەكانی وەك ئاپڵ، گوگل، ئامازۆن و فەیسبووك.

بزووتنەوەی هێلەك زەردەكان

فەرەنسا لە 11/03/2020 چووە ناو خۆكەرەنتینكردن و لە 09/03/2020 لەبەر ڕۆشنای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا فەرمانی یاساغكردنی گشت جۆرە خۆپیشاندان و چالاكیەكی سیاسی و كوولتوری دەركرد. بزووتنەوەی هێلەك زەردەكان (Mouvement des Gilets jaunes) ، كە لە 17 ی نۆڤەمبەری 2018 دەستیان بە چالاكییەكانیان كرد (خەبات لەپێناوی كەمكردنەوەی باج لەسەر سوتەمەنی و داوای بەرزكردنەوەی كرێی دەستی كار و تا كار گەیشتە داوای دەستلەكاركێشانەوەی ماكرۆن) ،لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە چالاكی سەرشەقام كەوتن، بەڵام لەماوەی كەرەنتین لە سۆسیال میدیا پەرەیان بە چالاكیەكانیان دا. ئۆنفرێ بەوە ناسراوە كە هەر لە سەرەتاوە داكۆكی لە هێلەك زەردەكان كردووە لەچاو بەشێك لە ڕوناكبیرانی فەرەنسی و نووسەرە ماكرۆنیە نیولیبرالەكان كە بەچاوێكی بەرزەوە تەماشای خەباتی سەرشەقامی هێلەك زەردەكانیان نەكردووە. ئەمەش وادەكات ئۆنفرێ لە دوا كارەكانی دا كە سەرەتای ئەم ساڵ بەناوی””مەزنی گەلی بچووك: كاتەكان و بەدبەختییەكانی هێلەك زەردەكان”” بەچاپیگەیاندوە ئاوڕێكی سەرنجڕاكێشانە لە هێلەك زەردەكان بداتەوە و سروشت و هۆكاری بزووتنەوە یاخییانەکەیان ڕاڤەبكات.
ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە هێلەك زەردەكان وەك قوربانی دەوڵەتی ماستریخت، وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا، تەماشادەكات و خەباتەكەشیان وەك خەباتی “گەلی بچووك””، گەلێك كە لەژێرەوەیە، وێنادەكات. دەوڵەتی ناوبراو كە خاوەنی ئێدیۆلۆژیایەكی لیبرالییە تێكدەری شیرازەی كۆمەڵایەتی و ئابووری كۆمەڵگەی ئەوروپایە كە كۆمەڵگەی فەرەنسی یەكێكە لەو كۆمەڵگانە. ئایا هێلەك زەردەكان، بە گوزارەیەكی ئۆنفرێیانە “گەلی بچووك””، توانای گۆڕینی فەرەنسایان هەیە؟ بەلایەوە گرنگە هێلەك زەردەكان نەكەونە ناو یارییە سیاسییەكانی ماكرۆن و سەندیكا و حیزبە سیاسییە نیولیبرالەكانەوە. ئۆنفرێ تابڵێیت بێ متمانەیە بە سەرمایەداری كە دروستکەری نیولیبرالیزمە و بۆیە لە وەڵامێكی ئەندرێ كۆنت- سپۆنڤیل (André Comte-Sponville) سەرمایەداری بەوە لەقەڵەم دەدات كە ئەوەنە بەڕێز نییە پاش پەتاكە بەخۆیا بچێتەوە و پێشنیاری شێوازێكی تازەش لە بیركردنەوە بۆ جیهانی سبەیمان بکات. هاوکات ڕەخنەی تووندی سلۆرتێردیك (Sloterdijk) و بێرنار هێنری لیڤی (BHL ) ش دەكات كە ستایشی ماكرۆن دەكەن.

ئازاد حەمە

—————————————–

ژێردەر: هەمان سەرچاوەكانی بەشی 14 لێرەش بەكاربراون.
(1). بۆبۆ (Bobo ) كانی پاریس هەركە پەتاكە بڵاوبووەوە شاریان جێهێشت. ئەمە ڕەخنەی ئۆنفرێیە لە بۆبۆكان. بۆبۆكان (Les bobos) كێن؟ بۆهیم (Boheme) یە بۆرژوازەكانی شارە گەورەكانی ئەوروپا و ئەمەریكان. شێوە ژیانێكی سادە و سەیروسەمەرانە دەژین. خاوەنی خوێندن و كاری باشن، چێژخواز و نەختێك خۆویستیشن. لە ناوچە هەژارنشینەكانی شارا نیشتەجێن، خواردنی بایۆلۆجی دەخۆن، حەزیان بەناو سروشت و پەرتووك خوێندنەوە و هونەرە. ئەگەرچی ستایلی ژیانی ڕاقیانە هەڵدەبژێرن كەچی گوێ لە كێشەی هەژاران دەگرن و لەكاتی هەڵبژاردنەكانیشا دەنگ بە چەپ و ژینگەپارێزەكان دەدەن. دەكرێت بڵێین جۆرێكن لە هیپیە(Hipster) هاوچەرخەكان. بەپێی پەرتووكەكەی داڤید برۆك David Brooks (بۆبۆكان لە بەهەشت) بێت بۆبۆكان دوو جیهانیین: قاچێكیان لەناو جیهانی بۆهیمی داهێنەرانەیە، قاچەكەی تریان لەناو جیهانێكی بۆرژوازیانەیە كە بە خەونە خۆویستی و دونیاییەكانیانەوە بەستراوەتەوە. لە شارەكانیشا ناوچە و جێگەی نیشتەجێی خۆیان هەیە. لە پاریس لە دەوروبەری گەڕەكی لاتینی و زۆنی ( 9، 10،11،17، 18، 19 و 20) دەژین، لە لەندەن لە ناوچەی سۆهۆ (Soho) دەژین، كە كۆلن ولسن لەسەری نووسیوە. لە كوردستان بۆهیمی یان بۆبۆمان هەیە؟ ڕەنگە بۆبۆكانی ئێمە نیولیبرالەكانمان بن: مەسرور، نێچیرڤان، بەرهەم و هاوەڵەكانیان!!!! (بۆبۆكان، بۆهیمیەكان، هیپیەكان ) ئەمانە كەسانێکی یاخین. ئەو نیولیبرالە كوردانە زەندەقیان لە یاخیەكان دەچێت. لەگەڵ یاخیبوون دا ، ئەلبێر كامۆ وتەنی، هۆشیاری لەدایكدەبێت. نیولیبرالە كوردەکان لە هۆشیاری دەترسن.

https://dengekan.info/archives/author/azadhama
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن ….




میشێل ئۆنفرێ: كەرەنتینی فەیلەسوفێكی چێژخواز(هێدۆنیست)… ئازاد حەمە .. بەشی چواردەهەم

“”بەردەوام وتومە كە بەدبەختی مرۆڤەكان لەوێوە دەستپێدەكات كە نازانن چۆن لە ژوورێكدا بمێننەوە””
(پاسكال)

ئاماژە: لێرەوە پەیتا پەیتا گفتوگۆیەك سەبارەت بە زاری فەلسەفی بیرمەندێكی فرە وروژێنەر ،كە پێیوایە پەتاكە تەنیا پزیشكی نییە بەڵكو مێتافۆریشە، وەگەڕدەخەین و بەهۆشیەوە كۆششدەكەین لەوە حاڵیبین چۆن دیدی فەلسەفی لە ساتەوەختی تەنگژەكانا ڕەوتی خۆی دەدۆزێتەوە یان ڕەوت وەردەگرێت. ئەو ڕەوتانە بە گفتوگۆی فەلسەفی فەیلەسوفەكەوە گرێدراوە، لەسەر ئەوەش وەستاوە چی لە هزری فەیلەسوفدا سەبارەت بە تەنگژەكان دەڕسكێت. بەم چەشنە لەم بەشە لە فەیلەسوفێكەوە دەستپێدەكەین لە شرۆڤەكارییە فەلسەفییەكانیدا تەقەلایەك بۆ نووسینەوەی”مێژووی بەختەوەری” و هەوەسویستی بەدیدەكرێت. نووسینەوەی ئەم جۆرە مێژووە داوامانلێدەكات بەو بیریارانە ئاشنابین بەشداریان لە بنیادنانی كۆماری بەختەوەری و شادیویستی لە فەلسەفەدا كردوە، كە ئەوەش لە سەرێكی دییەوە بۆ دروستكردنی بەختەوەری و شادی بووە لای مرۆڤەكان.
مەنزڵگای شرۆڤەكردنی ئەم جارەمان وەستانە بە دیار خەزێنەی هزری میشێل ئۆنفرێ (Michel Onfray) وە، كە دەخوازێت مێژوویەكی فەلسەفییانەی دژەئامێز بنووسێتەوە، كە ئامادەبوونێكی زۆری لە سۆسیال میدیای فەرەنسی هەیە و بایەخیش بە فەیلەسوفە لەبیركراوەكانی ئەوروپا دەدات ( بیرمەندە ستۆیست و ئێپیكۆریەكانی شارستانی رۆمانی). بەدڵنیایشەوە لە میانەی تێكست و دەمەتەقێ هزرییەكانیەوە بەوە دەگەین كە ئەم فەیلەسوفە ناپاریسیە، كە لە باكوری فەرەنسا لە هەرێمی نۆرماندی هاتۆتەدونیاوە ئەنتی نیولیبرال و سۆسیالیستێكی پرۆدۆن (Proudhon) ی سەرچڵئامێزی ئێپیكۆرییە (تاموەرگر لە ژیان). ناوبراو یەكێكیشە لە فەیلەسوفەكانی قۆناغی پاش پاش تازەگەری. بەو واتایەی لەتەك زۆرێك لە تێزەكانی بیرمەندە پاش تازەگەرەكان یەكناگرێتەوە و لە زۆر لاشەوە فەلسەفەكەی یەخسیری دەستی هێدۆنیزمە (چێژخوازی) و پتر لەسەر میراتی فەلسەفیی رۆمانی ، بابلێین ئێپیكۆری و ڕواقییەكان- ستۆیستەکان- ، كاردەكات .
لەڕێگای تێخوێندنەوەكانی ئۆنفرێوە بەو تێڕامانانە دەگەین لە هەنووكەدا شارستانی ئەوروپای زوڵمێك لە فەلسەفەی هەوەسباسی و شادویستی ئێپیكۆر و رۆمانی دەكات، ئەمەش زیانێكی زۆر نەك هەر لە میراتی فەلسەفی ئێپیكۆر یان رۆمانی دەدات، بەڵكو پێش هەموو شتێك زیان لەو میراتە فەلسەفییەش دەدات لە ئایندەدا چرۆدەكات و لە ساتەوەختێكی وەك هەنووكەدا، كە گشت مرۆڤایەتی بە پەتایەكی سامناكی نادیارەوە گلاوە، مرۆڤەكان ناكارن بەپێی پێویست بە گەوهەری ئەو جۆرە فەلسەفانە ئاشنابن. تەنانەت ئۆنفرێ لە هەندێك شوێن لە قسە و نووسینەكانی ڕووبەڕووی فەلسەفەی فەرەنسیش دەبێتەوە. ڕاستە كۆششی ئەوە دەكات فەلسەفەی فەرەنسی لەناو قەفەسی فەلسەفەی یۆنانی بهێنێتە دەرێ(ئەمە زۆرجار سپۆنڤیل و لوک فێریش دەیکەن) ،وەلێ دواتر دەیخاتەوە ناو قەفەسێكی تری فەلسەفییەوە كە قەفەسی فەلسەفەی رۆمانییە. ئۆنفرێ دژایەتی ئەو نەریتە فەلسەفییە ئیدیالیستیە دەكات (بۆنموونە ئەفلاتون) بەردەوامی خۆی لە بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا دا هەیە. بۆچوونەكانیشی لە ئێستایا تایبەت بە پەتاكە لەتەك بۆچوونە فەلسەفییە هێدۆنیستیەكانی یەكانگیر دەكات. نووسینەكانی دەمی كۆرۆنای ئەم بیرمەندە نۆرماندییە پووختەی زاری دڵی خۆیین. لەسەر ئەو ڕاستییانە بەئاگاماندەهێنن ئاماژەن لەسەر ئەوەی شارستانی ئەوروپا كەوتۆتە دۆزێكەوە مردو دەژمێرێت. هەر لەبەر ئەوە گاڵتە بەو ئەوروپا زەبەلاحە دەكات توانای دروستكردنی ژمارەیەكی پێویست لە دەمامكی نییە تا هاوڵاتیان لە ڤایرۆس بپارێزێت. بەسەرسامییەوە دەڵێت ئەمە چ ئەوروپایەكە پێویستییە تەندروستییەكانی پێدابیناكرێت!
سەرەنجام، ئەم بەشە نووسینە و بەشی دواتریش (بەشی پانزەهەم) بۆ گفتوگۆی ڕوانگەی فەلسەفیی ئۆنفرێ نییە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی یان ئەوروپای، بەڵكو بۆ تێگەیشتنە لە چۆنیەتی وێنابوونی ئەم پەتایە لە هزری فەلسەفی و سیاسی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە. سەرەتا زۆر بە پووختی تەقەلادەكەین بڕێك ئاوڕ لە بنەما فەلسەفییەكانی بیركردنەوەی ئۆنفرێ بدەینەوە، لەوێندەرێ تاوێك لەسەر ئەو شەپۆلە فەلسەفییانەش دەوەستین كاریگەری فرەیان بەسەر ئەم بیركردنەوەیەوە داناوە و لەڕێگاشیانەوە ئەو هیوا فەلسەفییانە دەهێنینەگۆ خۆیان لەسەر بیركردنەوەكان هەڵچنیوە. هاوتەریب لەتەك ئەوە هێدی هێدی لەلایەك دێینەسەر تەماشاكردنی ئۆنفرێ بۆ پەتای كۆرۆنا ،كە زەمینەی بۆ تەنگژەیەكی بێزاركەری جیهانی ڕەخساندووە، لەلایەكی دی چۆنیەتی خۆ كەرەنتینكردنی فەیلەسوفێك دەكەینە خواستی بنەڕەتی وتنەكانمان.

فەلسەفە بۆ هەمووان، دروشمی میشێل ئۆنفرێ

فەلسەفە هونەری بوونە گوزارەی ئۆنفرێیە، لێ ئەمە واشناكات ناوبراو فەلسەفە دژوار و ئەستەمئامێز نیشاندات. گەلێك جار بە چەشنێك دێتەگۆ كە فەلسەفە بۆ هەمووانە و بە تاقمێكەوە تایبەت نییە. فەلسەفە بۆ هەمووانە دروشمە فەلسەفییە ناسراوەكەی ئۆنفرێیە كە لە زۆر بۆنە و وانە فەلسەفییەكانیدا بە گوێی گوێگرانیدا دەیچرپێنێت. بەپێی ئەم بیریارە خواستخوازە مەرجە فەلسەفە ساناكرێت تا هەموو لێیحاڵیبن و نەشكرێت بە ئامرازێك بە دەست دەستەبژێرێكەوە. بۆ ئەو مەبەستە “زانكۆیەكی گشتیUniversité Populaire” ، لەگەڵ چەند هاوكارێكی ڕوناكبیری خۆی دامەزراندووە كە وانەی بێ بەرامبەری تیادەڵێنەوە لە بواری : فێمینیزم، بیركاری، فیلم، سیاسەت، دەروونناسی، جوانناسی، هونەر، ڕەوشت و..هتد. ئەم زانكۆیە بۆ هەموو تەمەنەكان و ئەوانە دامەزراوە لە زانكۆكانی دەوڵەت وەرناگیرێن. واشیبۆدەچین ئەم بیرمەندە ئێستا لە میدیای فەرەنسی بە كەسێكی فرەگفتوگۆكەر هەژماردەكرێت و شێوازی نووسینی فەلسەفیشی شێوازێكی شاعیرانەیە و كەمتر بەڵگە بۆ وتنەكانی دەهێنێتەوە و بۆچوونەكانی زۆرتر لە فۆڕمێكی ناشیكاریدا جێدەكاتەوە. ئۆنفرێ هەر لە سەرەتای نووسینیەوە كۆششی ئەوەی كردووە تۆوی فەلسەفەی ڕۆمانی كۆن، نەك فەلسەفەی یۆنانی كۆن، لە وتاری فەلسەفیی خۆی و هاوچەرخی فەرەنسی بچێنێت. شان و شەوكەتی نووسینەكانی خەریكن لەناو وتاری فەلسەفی و سیاسی تازەی فەرەنسی دەردەكەون و بناغە بۆ گفتوگۆی رادیكال و ڕووقایم دادەنێن. هەنگاوە هزرییەكانیشی لەم ساڵانەی دوایدا گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆی ڕاكێشا و كاریگەری سێ بیرمەندە ئەڵمانیە دیارەكەشی (ماركس، نیچە و فرۆید – ئەگەرچی ڕەخنەی تووندی فرۆید دەکات) پێوەدیارە. لە تێكستە فەلسەفییەكانیدا گوشارێكی هزری زۆر لەسەر خوێنەرانی خۆی دادەنێت تا هەڵگری بیرۆكەكانی بن و گەلێك گومان و داناییش بەگوێیانا دەچرپێنێت.
لە شەڕی فەلسەفەش لەتەك شیكاریدەروونی دا ،ساڵانێك پێش ئێستا، ئەو تێگەیشتنەی لەسەر شیكاریدەروونی فەرەنسی دركاند كە فەرەنسیەكان (یان ڕۆژئاواییەكان) پێویستیان بە دامەزراندنی شیكاریەكی دەروونییە بەبێ فرۆید، کە ئەوە دەکارێت خزمەتێكی زۆرتر بە شیكاریدەروونی ڕۆژئاوایی بكات. بێگومان دورخستنەوەی شیكاریدەروونی لە فرۆید، ئەمە گفتوگۆی زۆری لەناو پاریسیە فرۆیدخوازەكان دروستكرد و ئۆنفرێ لە پەرتووكی””ئاوابوونی بتێك””یش فرۆیدیزم و شیكاریدەروونی دەكاتە وڕێنەیەك كە بەرۆكی شارستانی ڕۆژئاوایان گرتووە. شیكاریدەروونی فرۆید بە شتێكی ناچیزە و بێ فەڕ دەناسێنێت و پێشیوایە چارەسەری تاكە نەخۆشێكیشی نەكردووە. بۆ ئەم بیریارە فەرەنسیە داماڵینی شیكاریدەروونی لە فرۆید كاتی هاتووە و ڕۆژئاواش پێویستی بە جۆرێكی تر لە شیكاریدەروونییە.

بە ئێپیكۆریبوون لە دەمی كۆرۆنادا چاترین دەرمانە
1- ئێپیكۆرخوازی میشێل ئۆنفرێ

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا قسەكردن لە مەرگ، ئازار و جەستە بوونە بابەتی فەلسەفە بەگشتی و فەلسەفەی پزیشكی بەتایبەت. فەیلەسوفەكان كەم تا زۆر بەرگری لەش و ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگیان خستە ناو داڕشتنی زمانەوانی جیاجیاوە. بەشێك لەو فەیلەسوفانە لەپێش هەموویانەوە میشێل ئۆنفرێ ،هەروەك پیشەی پێشووی، لە لێدوانە تەلەفزیۆنیەكانیدا بۆچوونەكانی تایبەت بە پەتاكە لەتەك بۆچوونە فەلسەفییە ئێپیكۆرییەكانیا یەكانگیركرد.
بزووتنەوەی فەلسەفی ئێپیكۆریزم (Epicureanism)، كە لە ئێستای فەلسەفەی فەرەنسی بەتایبەت و ڕۆژئاوا بەگشتی كەوتۆتەوە بەر مشتومڕ، بۆ ئێپیكۆر (Epicurus) ،ئەم بیرمەندە یۆنانییە گەورەیە، دەگەڕێتەوە كە ئەفسوس لەبەر فەوتانی زۆرترین شاكارە ناوازەكانی مرۆڤایەتی بە تەواوی نەیتوانیوە بە فەلسەفەكەی ئاشنا بێت. ئۆنفرێ كە بۆچوونە فەلسەفییەكانی لە گەوهەری ئەم بزووتنەوەیە هەڵدەكێشێت لێرە و لە سنوری ئەم بابەتە، دەشێت والە خوێنەر بكەین پەی بەو هاوتاییە بەرێت لە هەناوی ئەم بزووتنەوەیەدا ڕاپەنهانە: دڵنیایی و نەبوونی ئازار. دڵنیایی لە خودی خۆیدا ئازادی و ئاشتیش لە خۆ دەگرێت. هەرچی نەبوونی ئازاریشە بەدووربوون لە ترس، ترس لە مەرگ، دێتەدی. چۆن دڵنیایی بەدەستبهێنین؟ گومانیناوێت كە بە دەستبەرداربوون لە ترس و لە ئازار بە دڵنیایی دەگەین. بەپێی ئەم فەلسەفەیە بەدی ئازارە و باشەش بەختەوەرییە. چێژ دەچێتە خانەی باشەوە. چێژ ئامانجی ژیانێكی بەختەوەرانە و خۆشیهێنەرە. هەركە چێژ بەدەستهات ئازار وندەبێت. جەستە هەست بە ئامادەبوونی چێژ دەكات، بە بوونی چێژ جەستە لە ئازار دووردەكەوێتەوە. هەر چێژیشە ڕێگاخۆشكەری داناییە. ئەوی وترا پێماندەڵێت گەوهەری فەلسەفەی ڕەوشتی ئێپیكۆرانە لە چێژ و دڵنیایی پێكدێت. چێژ دروستکەری دڵنیاییە. بۆئەوەی ئەم گەوهەرە، كە چێژ بناغەدانەریەتی، بێتەسازان پێویستی بە چوار لایەنە: نەترسان لە مەرگ، نەترسان لە خواوەند، بەدەستهێنانی بەختەوەری، خۆدەربازكردن لە ئازار. ئەڵبەتە هەڵپەنەكردن بۆ پارە و پلەوپایە، بایەخدان بە هاوڕێیەتی و چێژوەرگرتن لە ژیان بەشێكیتری”فەلسەفەی ڕەوشتیی چێژ”ی ناوبراو پێكدێنن. هەرچی مەرگە نەمانی جەستە و ڕۆح دەگەیێنێت. وێرای ئەوە، گۆشەگیری، تەنیایی، بێدەنگی و ئارامی لەو تایبەتمەندییانەن ئۆنفرێ خواستیاندەكات و بەشێكیش لە كولتووری (ئێپیكۆر) ی و (ستۆیست)ی لەخۆ دەگرن.
لێرەوە ئەوە دووپاتدەكەینەوە كە دیدە فەلسەفییە ئێپیكۆریەكان لە هزری ئۆنفرێ دا لەگەڵ كاتا شكڵی گەورە دەگرن و تەنگژە دەروونی و تەندروستیەكانی ڕۆژئاواش وادەكەن بۆچونەكانی ئێپیكۆر بۆ چێژ، مەرگ، شادی و ئازار لە زاری ئۆنفرێ (و ئێپیكۆرخوازەكانی دی) باڵاكەن، بەڵام ئۆنفرێ هەر لەسەر فەلسەفەی ئێپیكۆر كارناكات، بایەخێكی زۆر بە فەیلەسوفە ستۆیستەكانیش (فەلسەفەی ڕواقیەكان Stoicism) دەدات. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو فەیلەسوفانە لە كارەكانیانا لێهاتوو بوونە لە بێ بایەخكردنی سێ شت: مەرگ، پیریی و تەنیایی. هاوكات داناشبوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی، ڕاڕایی و ترس، هەوڵ بۆ بێماناكردنی پارە و دەسەڵات، لەبڕی ئەوانە گرنگیانداوە بە: خۆشی، شادی، چێژوەرگرتن لە ژیان و..هتد.

2- هێدۆنیستی (چێژخوازی یان شادیویستی) میشێل ئۆنفرێ

لێرە وا باشترە تیشك بخەینەسەر ئەوەی ئۆنفرێ لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی وەك لێكۆڵەڕێك لە بواری فەلسەفەی هێدۆنیزم (Hedonism) ،كە ڕێبازێكی چێژخوازی یان شادیویستییە ،ناوێكی دیارە. ئەم فەلسەفەیە كە بە خۆشادكردن و ئەویتر شادكردن، خۆئازارنەدان و ئەویتر ئازارنەدانەوە سەرگەرمە پێویستیەكی هزری و ڕۆحی مرۆڤی سەردەمە. لەم دیدەوە ڕێبازی چێژگەرای و شادیخوازی لە زۆر شتی ڕۆژانە خۆی بەرجەستە دەكات تا دەروونئارامی و ناخشادی بۆ كەساكان دێنێت: سەما، چێشتلێنان، شەرابخواردنەوە، خوێندنەوە، گوێگرتن لە موزیك، بینینی فیلم یان كاركردن لەسەر هونەری وێنەكێشان و زۆرشتی تر. ئامانجی سەرەكی ئەم ڕێبازە فەلسەفییە خۆشژیانە كە ئەوەش بوونباشی دەگەیێنێت و لەو سەریشەوە تەندروستی دەبەخشێت. ئەمەش بۆ ئەم چركەساتە پەتایاویە زێدە مانادارە.
ڕیشەی فەلسەفەی هێدۆنیزم ئەوەیە كە خۆشی (یان بەختەوەری) دەتوانێت مانایەكی زۆر بە ژیانی مرۆڤ بدات. بۆیە فەلسەفەی هێدۆنیستی لە دیدی ئۆنفرێ بۆ خۆشیدانە بە خودی خۆ و بە ئەویتریش، ئەمەش بەبێ ئازاردانی خودی خۆ و ئەویتر دێتەدی. ئەو چێژەی یان خۆشیەی ئۆنفرێ باسیدەكات چێژێكی ماتریالیستیە و لە كۆمەڵگەیەك دەكرێت ئیشی خۆی بكات دادپەروەری تیایدا زاڵە. لێرە قسە لە هێدۆنیزم (چێژگەرای) ێكی بەرپرسیارئامێزانەدەكرێت كە لەتەك ڕەوشت یەکدەگرێتەوە. ئەمە بەو مانایەش دێت، ئەو هیچگەراییە (نیهلیزم) ڕەوشتییە ڕەتكرێتەوە دەرێتەپاڵ هێدۆنیزم. بیریشماننەچێت، ئۆنفرێ لەڕێگای ئێپیكۆر و لۆكرێتۆس (Leucrece) ەوە خەیاڵمان بەریندەكات و كۆی پرسیارە ڕەوشتیەكان تایبەت بە باشە و خراپە لەوەدا پووختدەكاتەوە کە: دەشێت كەسی ئەتەیست (مولحید، بێئیمان) ڕەوشتی بێت؟ ئەدی دەكرێت باوەڕت بە یەزدان نەبێت و باشەش بكەیت؟ بەواتایەکی تر، بێئیمانەكان ڕەوشتیان هەیە؟
لای ئۆنفرێ “باخچەی ئپێیكۆر” ڕووبەڕووی “كۆماری ئەفلاتون” دەبێتەوە. باخچەیەك كە هەموو كەس لە خۆدەگرێت (كۆیلە، بێگانە، خاوەنپێداویستی تایبەت، ژن، مناڵ، غەریب). زۆرجاریش زوڵمێك لە واتای باخچەی ئپێیكۆر دەكرێت كە گوایە شوێنی بەڕەڵایی و ڕابواردن بووە. باخچەیەكی لەم جۆرە لە دەمی خۆیدا شوێنی گفتوگۆی هزری بووە، كاتەكان لەوێدا بە جۆرێكی فەلسەفی و نەشئەبازانە بەسەربراون و خودی باخچەکەش بەشێكبووە لە بزووتنەوەیەكی فەلسەفی ئەو دەمە. بەپێی ئەم بزووتنەوەیە بە خۆشی و بەختەوەری گەیشتن جۆرێكە لە دانای و هاندەری بیركردنەوەشە.
لێرە وا چاترە سەرنج بخەینەسەر ئەوەی، لەپاش دەركەوتنی مەسیحیەت و سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئاین و سیاسەت، فەلسەفەی ئێپیكۆریزم شێوێنرا و لەو بەینەشا زیانێكی فەلسەفیی زۆر بەر بیرۆکەکانی كەوت. بۆیە ئۆنفرێ نیازی سەرلەنوێ گوڵبژێركردن و سازدانی پاكسازیە لەناو مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و “زۆرتریش كار بۆ وەلاوەنانی ئەو نەریتە فەلسەفیە ئاینی و ئیدیالیستیە دەكات لە (ئەفلاتون و ئاگوستینۆس و كانت) ەوە هاتووە. ئەمەش دۆزێكی هزری ئەوتۆ بۆ ئۆنفرێ دروستدەكات کە هیواخوازبێت فەلسەفەی ڕۆژئاوا بەرەو ئەو نەریتە ماتریالیستیە یۆنانیە بەرێت کە لە چەند هزرێکەوە (دیمۆكرێتس، ئێپیكۆر، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، بەتایبەت ئێنسكلۆپیدیە فەڕەنسیەكان و ئوتیلیتاریستە-سوودگەرا- ئینگلیزەكان) سەرچاوەبگرێت”. هەموو ئەم لایەنانەش لە لایەن ئۆنفرێوە لەم ساتەوەختی پەتای كۆرۆنایەدا بە زۆر شێوازی جیا بەرباسدەخرێت و نەخۆشی و پەتا و مردن تێكەڵ بە گفتوگۆ هێدۆنیستیەكان دەكات. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، بەكاربردنی خۆشی و چێژ دژ بە ئازار و ڕاڕایی، دژ بە ترس لە مەرگ لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنادا گرنگی خۆی هەیە. پەتاكە دژە چێژ و شادیە، ئاماژەشە لەسەر ئازارچەشتن و مەرگ. بۆیە ئێمەی مرۆڤی سەردەم پێویستمان بە گۆڕینی تێگەیشتنە بۆ ئازار و مەرگ ئەمەش لەڕێگای بایەخدان بە خۆشەویستی و هاوڕێیەتیەوە.

كەرەنتینی فەیلەسوفێك

فەرەنسا لە 11 /03 /2020 چووە ناو خۆ كەرەنتینكردن. ئۆنفرێ ڕۆژێك پێش ئەو بەروارە لە هەرێمی مارتینیك (Martinique) كاتە بەهارییەكانی بەسەردەبرد. ئێوارەی پێش بەرواری ناوبراو گورج بۆ شوێنی ژیانی لە ناوچەی نۆرماندی لە باكووری فەرەنسا گەڕایەوە. ئیدی لەو كاتەوە چركەساتەكانی كەرەنتینی ئەم فەیلەسوفە دەستپێدەكات: لە كاتی كەرەنتینەكە چی بكەین؟ چۆن كاتەكان بەسەربەرین؟ چی بخوێنینەوە؟ چ جۆرە فەلسەفە و كاری چ فەیلەسوفێك بە هەندوەربگرین؟ لەگەڵ كێ بین، خۆمان یان ئەویتریشمان لەگەڵدا بێت،؟
لەگەڵ دەستپێكی كەرەنتین ئۆنفرێ هەر زوو لەوە حاڵیدەبێت كەرەنتین و ژیانی ئاسایی ڕۆژانە لێكدیجیاوازن. واتا و مانای ئازادی ژیانی كاتی كەرەنتین و ژیانی ڕۆژانی ئاسایی لەیەكتر جیادەكاتەوە. كەرەنتین لە ئەوانیتر داتدەبڕێت و دەتکاتە هاودەمی خۆت. هاوڕێیەتی، میوانی، پیاسە، تەوقە، سەردانی شوێنی كولتووری و زۆر چالاكیتر دەوەستێت. هەموو ئەمانە لەلایەك ئەوەش لەلایەك كە كەرەنتین فەیلەسوف تۆقێنەر نییە و هەلیشدەرەخسێنێت بۆ لەتەک خودی خۆبوون دا.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەی لای سەرەوە باسكرا لە لێدوانێك ئۆنفرێ بەم جۆرە گوزارە لە كەرەنتین دەكات: گەر پرسیارەكە بە ئێستاوە تایبەت بێت و بۆ بیركردنەوەش بێت لە كۆرۆناڤایرۆس باشترە بۆ خوێندنەوەی نیچە بگەڕێینەوە، بەتایبەت شێوازی نیچە لە جێنالۆجی (بنەچەناسی). وەكیتریش فەلسەفە چالاككەرەوەی بنەماکانی ئاوەزگەراییە كە فەیلەسوفە ئەتۆمی، ماتریالیستی و ئێپیكۆریەكان لە سەردەمە كۆنەكانا بونیادیانناوە. ئۆنفرێ پێی باشە خوێنەر لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنا و ئەو كەرەنتینەی هاتەسازان بۆ فەلسەفەی رۆمانی كۆن بگەڕێتەوە، كە بناغەی بۆ داناییەكی پراكتیكی بووناویئاسا سازاندووە. لە ئەم ئێستادا فەیلەسوفە ئپێیكۆری و ستۆیستیەكان (پلیتارك، سیسرۆن، سێنیكا Seneca the Younger، ئێپیكتێت، ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius ،لوكرێس) شایانی خوێندنەوەن و بەزیادیشەوە مانا بە دەمی هەنووكەمان دەبەخشن. بەواتایەكیتر، ئەو تێكستە فەلسەفیانەی ئۆنفرێ بەلایەوە گرنگە مرۆڤ لەكاتی كەرەنتین بیخوێنێتەوە تێكستە فەلسەفییە رۆمانیەكانە. باشە بۆ نووسینی فەیلەسوفە رۆمانیەكان نەك یۆنانیەكان؟ پێیوایە یۆنانیەكان ئەڤینداری واتا و ئایدیا، خاوێنی ئایدیالیستی و گەشتی مێتافیزیكی بوونە. بەم چەشنە یۆنانیەكان فەلسەفە بۆ فەیلەسوفەكان دروستدەكەن، هەرچی فەیلەسوفە رۆمانەكانە بە مێتافیزیك و بوونناسی (ئۆنتۆلۆژی) پێدەكەنن و ڕقیشیان لە سەفسەتە و ڕەوانبێژییە كە هەموو ئەمانە یاریكردنن بە وشە. هاوكات لە تێزەكانیشیانا بایەخیان بە هاوڕێیەتی، ئەڤینداری، ڕووبەڕووبونەوەی ئازار، پیری و مەرگ داوە. فەیلەسوفە رۆمانەكان بەبۆچوونی ئۆنفرێ نەك تەنیا لە كاتی كۆرۆناڤایرۆس بگرە لە گشت كاتەكانا شایانی خوێندنەوەن. ئۆنفرێ ئامۆژگاری ئەوەشمان دەكات كە لە كاتی كەرەنتین فیلمەكانی جاك تاتی (Jacques Tati) ببینین و كارە فەلسەفییەكانی میشێل دێ مۆنتاین (Michel de Montaigne) یش بخوێنینەوە، بۆ هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتیش خوێندنەوەی “”هەقایەتەكانی لافۆنتێن Les Fables de La Fontaine “” بەپێویست دەزانێت.
لە ساتەوەختی كەرەنتین زۆرێك دووچاری بێزاری بوون. بەپێی ئۆنفرێ لەبەرئەوەی کە پەرتووك هەیە بێزاری هەرگیز بوونی نییە. ئەو دەمەی خوێندنەوە دەستپێدەكات غەمباری ونە. هەستی غەمباری لەتەك پەرتووك یەكناگرێتەوە. پەرتووك سەرچاوەی هاتنەدەرەوەیە لە گشت غەمباری و تەنگەتاوییەک. بێزاری ئەو كاتە دەردەکەوێت كە تەنیا لەتەك خۆتا مامەڵە بكەیت. ئەمەش ناشێت ڕووبدات كاتێک جیهانێكی بەرین لە دەرەوەی خودی خۆتا بوونی هەیە. بەم چەشنە بێت ئەزموونكردنی كەرەنتین بۆ ئەوانەی لە بۆشاییدا دەژین خورپەیەكی ڕاستەقینەیە. نەك هەر ئەوە بگرە كەرەنتین مەجبووریشماندەكات بۆماوەیەك پێكەوەبین یان لەگەڵ كەسانێك لە شوێنێكی بچووك و تەسك دا بژین. ئەمەش بەپێی كەرەنتینی كەسەكان جیاوازە. شوێنی كەرەنتینی دەوڵەمەندەكان لە شوێنی كەرەنتینی هەژارەكان ناچێت. كەواتە ڕووبەر لە كاتی كەرەنتین مانای خۆی هەیە. ڕووبەری شوێنی خۆكەرەنتینكردنەكان كاردانەوەی لەسەر چۆنیەتی بەسەربردنی كاتەكانی دەمی كەرنتین هەیە. بۆیە ئۆنفرێ لە لێدوانێك كەرەنتین بە ئەزموونێكی كەسی لەقەڵەمدەدات. ئەمە وادەكات واحاڵیبین كەرەنتین لەسەر ئەوە دەوەستێت لە كوێ دەژین. شوێنەكە گەورەیە یان بچووك، دەڤەری هەژارانە یان دەوڵەمەندان، ماڵە یان شوقە. دواتر لەگەڵ كێ دەژین و شوێنەكە چەند شیاوە بۆ فەلسەفەكردن و بیركردنەوە.
جێی ئاماژەیە، لە لێدوانێك لە ئۆنفرێ دەپرسن لە كۆرۆناڤایرۆس دەترسن؟ ئۆنفرێ دەڵێت دوو جاران لە مەرگ نزیكبوومەتەوە. جارێكیان لە 1988 كە دووچاری جەڵتەی دڵ بووم و جاری دووەمیش ساڵانێك لەمەوبەر كە جەڵتەی دەماغ لێیدام. بۆیە گەر كۆرۆناڤایرۆس بمگرێت كاتەكەم تەواودەبێت. لەبارەی ئەوەش كە كۆرۆناڤایرۆس دەكارێت وابكات مرۆڤەكان ڕۆحی خۆیان دووبارە بدۆزنەوە؟ لەم ڕوەوە ڕاشكاوانە بیركردنەوەمان بەرەو ئەو سەیرکردنە دەبات كە كۆرۆناڤایرۆس خەونی ئەوروپایەكانی ئاشكراكرد. ئەوەی ئاشکراکرد کە دەسەڵاتەكانی ئەوروپا نەیانتوانی بەپێی پێویست مرۆڤەكان بپارێزن. خۆویستی پاریسیەكانیش بۆ دووركەوتنەوە لە پاریس و چوونیان بۆ ناوچە دوورەكان، تا لە پەتاكە بە دووربن، ئەوەی نیشاندا پاریس خۆی لە شارەكانی تر جیادەكاتەوە و هەبووەكانیش جیاوازتر كاتەكانی ماوەی كەرەنتین بەسەردەبەن تا ئەوانیتر. هەر ئەم پەتایە شتیتریشی بۆ ئاشكراكردین: ڕێكەوتنی نێوان ژورنالیستەكان و دەسەڵات بۆ پەردەپۆشكردنی پەتاكە، هەوڵی زاناكان بۆ كەمكردنەوەی گەورەیی پەتاكە، ئەمەو دەبەنگی ڕوناكبیرەكان لەوەدا بوو ئەوەنەی بایەخیان بە شڵەژانی خەڵك دەدا بایەخیان بە خودی پەتاكە نەدەدا. تەنانەت ئەوەش كە هەوڵی بێبەهاكردنی پرۆفیسۆر ڕاوول (Raoult) درا. لەكاتێكا ئەم پیاوە زانایەكی گەورەیە و پێش پەتاكەش خاوەنی پرۆژەی زانستی خۆی بووە، لێ لوتبەرزی پاریسیەكان هەوڵەكانی ڕاوولی وەك خۆی نەخستەڕوو. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بووبێت كە ناوبراو خەڵكی باشووری فەرەنسایە (مارسێلیا) نەك پاریس.
لێرەوە دەشێت بوترێت كە كەرەنتین قووتابخانەی ژیانە. ئەڵبەتە كەرەنتینی فەیلەسوفێك ، ئۆنفرێ وتەنی، پۆزەتیڤە چونكە كاری فەیلەسوف تەنیایی و گۆشەگیرییە نەك هاتووچۆ. گەر كەرەنتین مانایەكی نوێ بە ژیان بدات و وامانیشلێبكات بیر لە بەدیەكانی خۆمان و لە لەدەستچوو و لە لەبیرچووەكان بكەینەوە ئەوە بە بێ ڕاڕایی دەكارین بڵێین: كەرەنتین فێربوون و هەڵگرتنەوەی ئەزموون و تێژیانێكی نوێیە.
وێرای ئەوە، بەپێیئەوەی ئۆنفرێ لە هەرێمی نۆرماندی فەرنسی دەژیت و ئەم هەرێمەش ناوچەیەكی باكووری ئاووهەواسازگار، سروشتئامێز و ژینگەتەندروستە كەرەنتینەكەی وزەبەخش بووە و پێشیوانییە وەك شاریەكان، بۆنموونە پاریسیەكان، بەسەریبردبێت ،كە زۆربەیان لە شوقە دەژین و ژیانیان لە ژیانی كەروێشكی ناو قەفەس دەچێت. هەر لەبەرئەوە كەرەنتین بۆ پاریسیەكان بە سەخت دەزانێت.

كەرەنتینی هەژارەكان و دەوڵەمەندەكان

ئۆنفرێ لە زۆربەی هەڤپەیڤینەكانی دا كەرەنتین وەك دیاردەیەكی ململانێی چینایەتی دەبینێت. مەبەستی ئەم فەیلەسوفە لەم جۆرە سەیرکردنە بۆ کەرەنتین ئەوەیە، كەرەنتینی هەژارەكان لە كەرەنتینی دەوڵەمەندەكان ناچێت. كەرەنتینیش بە هەلێك دەزانێت كە وا لە مرۆڤەكان دەکات بۆ خودی خۆیان بگەڕێنەوە. كەرەنتین بۆ بەشێك، بەتایبەت هەژارەكان، ئەوانەی شوێنی شایستەیان نییە، بە قەفەسی ئاژەڵان دەشوبهێنێت. ئەمانە لەبەر بێ جێگای و خراپی ڕووبەری نیشتەجێبوونیان لە بازنەیەكدا بەدەوری خۆیانا دەخولێنەوە. ئەو دۆزەی كەرەنتین دروستیدەكات وا لە مرۆڤ دەكات پێویستی بەوە بێت ڕووبەڕووی خودی خۆی ببێتەوە و ئەم خودەش لەتەک مناڵ و هاوسەر(پارتنێر) ئاوێتەبکات. گازندەی كەرەنتین دەكات کە مرۆڤ كاتی بۆ خودی خۆی زۆر بەدەستەوە نییە، هەمیشە كەسێك یان كەسانێك لەدەوروخولین. واتە كاتی كەرەنتین تەنیا نیت و کەمتریش لەگەڵ خودی خۆتی. دەوڵەمەندەكان تایبەتتر كاتی كەرەنتین بەسەر دەبەن و هەرهەموو لە شوقەیەك زیاتریان هەیە و لە گەڕەكی قەشەنگتریش دەژین و دەشتوانن كاتەكانیان لە خانووە گوندییەكانیان، لە ناوچەی نۆرماندی و هەرێمی باسك و دوورگەكان، بەسەر بەرن. ئەم تێگەیشتنە ئۆنفرێییە ئەوەمان پێدەڵێت كەرەنتین دەچێتە ژێر سایەی یاسای ململانێی چینایەتییەوە.
ئۆنفرێ گوماندەكات هەموو بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی تەنگژەكە ببینەوە. خودی كەرەنتینیش بە یەكێك لە ئاماژەكانی ململانێی چینایەتی دەزانێت. دەوڵەمەندەكان شوقەی باشیان لەناو جەرگەی شار هەیە و هاوكاتیش ماڵیان لە خۆشترین گوندەكانی باکووری فەرەنسا هەیە. هەرچی هەژارەكانە لە ناوچە پەراوێزەكان لە شوقەی بەرتەسك دەژین و توانای ئەوەشیان نییە ماڵیان لە گوندەكان هەبێت. هەر ئەوانەی لە شوقەی باشی ناوجەرگەی شار دەژین دەتوانن سێ ژەمە خواردنی فرێش بخۆن و لەو بەقاڵانەش دەیكڕن لەو گەڕەكانە بەردەوام شتی فرێش دەفرۆشن. هەرچی هەژارەكانە خەریكی خواردنی ماكەرۆنە و قوتوون. لێرە ئۆنفرێ ناڕاستەوخۆ باس لە جیاوازی سێستەمی خواردنی هەژاران و دەوڵەمەندانیش دەکات.
ئەو كەسانەی حەز بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە موزیك و بینینی فیلم دەكەن لەخۆگونجان لەگەڵ كەرەنتین لەوانیتر بەتواناترن. بەپێی سۆسیۆلۆژیای پیێر بۆردیۆ(Bourdieu ) ش بێت خاوەن شوقە جوانەكانی ناوەندی شار خواردنی تازەی گرانبەها دەخۆن و دەشتوانن لە خانووە لادێیەكانیان بە خۆشی بحەسێنەوە و لەوێش سەرلەنوێ رۆمانی”” لە گەڕان بەدوای كاتی بەسەرچوو”” ی مارسێل پرۆست (Proust) بخوێننەوە، ئەمە پەرتووكە خۆشەویستەكەی ئەو بۆرجوازیانەیە خۆیان بە ئەریستۆكراتی دەزانن، یان بۆ دەهەمین جار خەریكی بینینی فیلمەكانی گۆدارن (Jean-Luc Godard) و ..هتد. بەم تەنزە ئۆنفرێ گاڵتە بە ژیانی ڕوناكبیری دەوڵەمەندەكان دەكات. كەچی هەژاران لەكاتی كەرەنتینەكە، بەبۆچوونی ئەم فەیلەسوفە، ژیانێكی فرەسەخت، داخراو و سست دەژین.
———————————————

پەراوێز: تێكڕای لێدوان و نووسینەكانی میشێل ئۆنفرێ كە لەم نووسینە كەڵكی لێوەرگیراوە لەم دوو ئەدرێسەوە وەرگیراون:
http://michel-onfray.over-blog.com/2020/04/michel-onfray-le-professeur-webtv-8.4.2020.html
https://michelonfray.com/
هەروەها لێدوان لەگەڵ رۆژنامەی مەغریبیhttps://lactu24.com/ بەناوی
Notre monde vient de vivre la révélation que nous vivons dans une fin de civilisation
و لێدوانێك لە لۆپوان (Le Point) لە 22/03/2020 بەناوی (L’Europe est devenue le nouveau tiers-monde) ( ئەوروپا بووەتە جیهانێكی سێهەمی نوێ)




فەلسەفە چی لە پەتای كۆرۆنا دەوێت؟ زۆر شت -13- … ئازاد حەمە

بەشی سیانزەهەم

پووختە: قەڵەمرەویی شرۆڤەكاریییەكانی فەلسەفە نە شوێنی بایۆلۆجی دەگرنەوە نە كاریان ئاڕاستەكردنی تاقیگە پزیشكی و تەندروستییەكانە. فەلسەفە كە كارگەی بەرهەمهێنانی واتا و شیكاریی ڕەخنەییە تێگەیشتنەكانی لە یەك پانتاییدا قەتیسناكرێن. ئەو كاتەی درمێك دەردەكەوێت فەلسەفە گورج دێتەگەڕ و لێكۆڵینەوە لە مەترسی و لێكەوتە كۆمەڵایەتی، تەندروستی و ژیارییەكانی ئەم درمە دەكات. ئەوكات لەوێندەرێ، لەو شوێنەی درمەكان كاران و نەخۆشیەكان سەغڵەتیەكی زۆر بۆ مرۆڤەكان دێننەسازان، فەلسەفە چرۆدەكات و خۆشی دەخزێنێتەنێو شەڕێكەوە، شەڕی تێگەیشتنە لە چیرۆكە جیاوازەكانی نەخۆشی و نەخۆشبوون، شەڕی دروستكردنی واتا تایبەت بە دیرۆكی درمەكان و ئەو هەستی جودای و ترسەی لە ساتەوەختی درمەكانا بە چركە لەدایكدەبن. بەمە فەلسەفە لەو ترسە دەكۆڵێتەوە دیرۆكی درمەكان لەبارەیانەوە هۆشداریمان دەدەنێ كە مرۆڤایەتی لەبەردەم چ مەترسیێكدایە. هەرچی شەڕی بایۆلۆجیە دەكرێت وڵاتان لەڕێگای ئەزموونگە و كارگەكانی دەرمانەوە بیكەن. ئەمەش بەپێی ئەوەی كە شەڕ لەگەڵ پەتای كۆرۆنا بۆ هەندێك شەڕێكی بایۆلۆجیە، بۆ چەندانی تریش شەڕێكی جەستەییە لەپێناو مانەوە. لەم حاڵەتەدا فەلسەفەی سیاسی جیهانگیریش، كە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی تەندروستی و ئابووری دژواردایە، شەڕی سیاسییەكان لە شەڕی بازرگانی دەرمان و بەرهەمهێنانی پێداویستییە تەندروستییەکان پووختدەكاتەوە.
لە میانەی ئەم بەشەدا سەرنجدەخەینەسەر ئەوەی، پەتای كۆرۆنا چارەنووسێكی بەدفەڕی هاوبەشی بۆ سازاندین، فڕێیداینە ناو خراپەیەكی چڕەوە، خراپەیەك كرۆكی خۆی لە بێ ڕەهەندیدا دەدۆزێتەوە و وانەی تاریكیمان پێدەڵێتەوە و درزیش دەخاتە “نێوان مردنی سروشتی و نا-سروشتییەوە”، چونكە “بەشێكی زۆر لەوانەی مردن گورج نێژران و فریای ئەوەش نەكەوتن شتێك بڵێن”. بەمە ڕێوڕەسمی ناشتن لەگەڵ كۆڤید -19 گۆڕانێ زۆری هاتەسەر و لێرەوە مرۆڤەكان دەستبەرداری ئەو نەریتە بوون پێشتر بۆ مردووەكانیان دەكرد. بەدڵنیاییەوە ڕوونكردنەوەی ئەو لێڵیەش بەرباسدەخەین كە پەتاكە دەریخست چەند جەستەمان شایانی ئەو هەموو پیرۆزییە نەبوو تێۆرییەكانی جەستە جاڕیان بۆدا.

جیهانێكی بەپەتاكراو

“جیهانێكی بەپەتاكرا “( A pandemized world) پێماندەڵێت، پەتای كۆرۆنا كاری خۆی لەناو جەستەیەك ئەنجامدەدات و دواتر بەرەو جەستە و جێیەكی تر دەڕوات و كاری فەلسەفەش بەدواچوون و تێڕامانە لەوەی پەتاكە كردویەتی. واتە فەلسەفە ئیش لەسەر پاشماوەكانی پەتاکە دەكات. پاشماوەكانیش (ناساغبوون، هەناسەسواری، ئازار، ترس لە مردن، مەرگ) هەمان پاشماوەی پەتاكانی ترە بە نەختێك تایبەتمەندییەوە. كەوابێت، تەقەلای ڕاڤەكاران بۆپەنجەخستنەسەر ستەمی پەتای كۆرۆنا لە بوارە جیاوازەكان كارێكی زۆر و بەردەوامی دەوێت و خستنەڕووی نیگەرانیەكانیشی تا ئەو دەمەی پەتاكە دەچێتە قۆناغی پۆست كۆرۆنا ڤایرۆس(Post-Coronavirus)ەوە، واتە پاش تێپەڕاندنی ئێستای و بوونی بە بەشێك لە یادەوەریەكانمان، هەر لە چوارچێوەی قسەكردنێكی ئێستاییدا دەمێنێتەوە. هەركە پەتاكەش ئێستای خۆی تێپەڕاند ئاخافتن لە جۆری ڕاچڵەكاندنی هزری نوێ و كەم وێنە دێنەكایەوە. یەک لەو پرسیارانەی روناكبیرانی ئەوروپایی لەنێو ئەو نووسینانەی لە ئێستادا تایبەت بەم پەتایە دەینووسن ئەوەیە كە ئایا هاریكاری(Solidarity) بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا چارەسەرە؟ یان گەڕانەوە بۆ هێزە دەرەكییەكان (خوا) ؟ لێرەوە دەبینین جارێکیتر كۆتای مرۆڤایەتی و خراپی مرۆڤ بووەتەوە بە باسی فەلسەفە. پەتای كۆرۆنا تەنیا باسێك نییە بۆ قسەكردن لە قەیرانی تەندروستی، بەڵكو باسێكیشە بۆ قسە لە مرۆڤ كە سەرووی هەموو شتێك نییە و خودی پەتای كۆرۆناش سەلماندی پرسیاری تەندروستی پرسیارێكی نەتەوەییە نەك سەرووی نەتەوەیی یان ئەودیو نەتەوەیی(واتە هەر وڵاتە و سەرقاڵی کەرتی تەندروستی خۆیەتی).وەكیتریش، ئەزموونكردنی ئەم ڤایرۆسە ئەزموونكردنێكی بێوێنەیە. ئەزمونكردنی شتێكە کە پێشتر بەمجۆرە ئەزموونەكراوە. ئەزموونكردنەكە زۆر جیهانییە و پێشماندەڵێت پەتای كۆرۆنا تەماشاكردنی بۆ جەستە، مەرگ و ژیانیش گۆڕی. مەرگ ئێستا لە جاران زۆرتر دەبیسترێت. ژیانیش، لە ترسی پەتاكە كە مانای مەرگی لەخۆیدا بەرجەستەكردووە، لە جاران زێدەتر دلۆڤاندەكرێت. ئیدی لە هەنووكەدا بۆ هەمووان گرنگە بزانین گەڕانەوە بۆ ژیانی پێشوومان شیاوە؟ گەر گەڕاینەوە حورمەت لە كاتەكانمان، لە پێكەوبوون، هاوڕێیەتی و ژیانی كۆمەڵایەتیمان دەگرین؟ ئەدی جۆر(species)ی مرۆڤ لە پاشەكشەدا نییە؟ كاتی ئەوە نەهاتووە باس لە كۆتای مرۆڤ بكرێت، ئەو تێزەی فەلسەفە پێیئاشنایە؟ یان بە پێچەوانەوە پێویستمان بە پاراستنی بوونی مرۆییمانە، بە جۆر و چەشنی مرۆڤ، بە ئاكاری بەردەوامبوون و بەرەنگاربوونەوە؟ لێرە هەر هێندە دەڵێین گەر پەتی ئەم پەتایەش بپسێت بەپێی ئەوەی ژیان بەردەوامە پەتای تر بەڕێوەیە. هەر لێرە جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوەش بكەین، بیرمەندی ئیتالی سێرجیو بێنڤێنوتو(Sergio Benvenuto ) هێما بۆ ئەوە دەكات، بەشێكی زۆر لە سیاستكار، فەیلەسوف، بیریارانی مورال و ڕۆژنامەكاران لە ئیتالیا بۆ ئەوە دەچن “ئەم درمە دەرفەتێكە لەبەردەم باشتركردنی خودیخۆمان!” باشە تۆ بڵێیت ئەوە بێتەدی؟ بڵاوبوونەوەی پەتا قەدەری داهاتوومان نەبێت؟ زوو زوو ئەم جۆرە میوانە خۆی بە ئەستێرەكەمانا نەكات؟ چاترە دانبەوەشدا بهێنین كە خراپی سێستەمی خواردن، بێباكیمان بەرامبەر بە ژینگە، كوشتنی ناوچە سەوزەكان و بەهەدەربردنی وزەكانی ناو سروشت دەستیان لە تێكدانی بەڵانسی گەردوون و سروشت بینی و لەوسەریشەوە كردمانی بە هاوسێی پەتاكان. هاتنی ئەم پەتایە هۆكار بوو بۆ دەرخستنی بێباكییەكانی دەسەڵات لەناو گرنگترین كەرتی خزمەتگوزاری كە تەندروستییە. لێرەوە هەڵدراینە ناو جیهانێكی بەپەتاكراوەوە كە دژە ڕەهەندە و لە جەستە و جێیەكیش ئۆقرەناگرێت.

پەتای كۆرۆنا چی لە فەلسەفە دەوێت؟ هیچ

پەتای كۆرۆنا چی لە فەلسەفە دەوێت؟ ئەڵبەتە هیچ(Nothing) . سەرەتا بابزانین هیچ چی دەگەیێنێت. هیچ لێرە ئامادەنەبوون( Absence) ، نەبوونی شتێك (Something) دەگەیێنێت. لەو جێیگەیەی هیچ هەیە نا-هیچ یان (شتێك) بوونی نییە. كە قسەش بێتەسەر جێگا یان(جێگا و هیچ) كەوابێت هیچ پێویستی بە دۆزینەوەیە. كە هیچ هەبوو نا-هیچ بوونی نییە. بەمە جێگای هیچ بە هیچ پڕدەكرێتەوە كە ئەوەش بۆشایی (بەتاڵی)یە. لەو شوێنەی هیچ هەیە (شتێك) بوونی نییە. پێچەوانەكەشی ڕاستە. واتە كە شتێك هەبوو هیچ نا-ئامادەیە. بوونی شتێك نەبوونی هیچە و بوونی پێوانەشە. پێوانەی ئەوەی كە هەیە، هەیە واتە هیچ نا-ئامادەیە، شتێك لە بوون یان لە ئامادەبوون دایە، لێ بەم واتایە(هیچ و شتێك) لەتەك یەكدا لە ڕووبەڕووبوونەوەدان. چۆن؟ كاتێك لێمان دەپرسن خەریكی چیت؟ دەڵێین هیچ. ئەم هیچە هیچێكی بێ ناواخن نییە، چونكە لەوێدا من ئامادەم. ئامادەبوون دەشێت لەخۆیدا شتێك بێت. خۆ هیچیش دەمانباتەوە ناو گفتوگۆی نەبوون، واتە شتێك بوونی نییە. كە هیچ هەبوو بوونی مانا و بەها دەكەوێتە ژێرپرسیارەوە.
سەرباری ئەوە، هیچ لێرە بە مانای سفر (Zero)یش دێت. لەو جێگایەی هیچ هەیە خاڵێك هەیە، لێ كەس (Nobody) بوونی نییە و ناچیزە و نابودییش زێد بەخۆی دەگرێت و شەڕی نێوان بوون و نەبوون، ئامادەبوون و نا-ئامادەبوونیش هەر لەوێندەرێ دەستپێدەكات. هیچ لێرە لە مێژووی سفر (0) یان (Zero) ، لەو هیچیەتی (Nothingness)یە نزیكماندەكاتەوە پرسیارە لەسەر بەها. لەناو هیچیەتیشدا ترسێك بوونی هەیە کە ترسە لە بەتاڵی (بۆشایی). دژەمانای بەتاڵی كە پڕییە شوێنێكە بۆ دەركەوتنی نا-بۆشایی، بەڵام بیرماننەچێت ئەوە سفر بوو بیركردنەوەی ماتماتیكی بە وشەی “ناكۆتا” گەیاند و سفریشی خستەناو ژمارە ڕاستەقینەكانەوە. ئەی ئەگەر پرسیارەكە قڵپبكەینەوە چی روودەدات؟ واتە كە بمانەوێت بڵێین فەلسەفە چی لە پەتای كۆرۆنا دەوێت؟ ئەڵبەتە دەڵێین زۆرێك(too much) . باشە بۆ فەلسەفە زۆری لە كۆرۆناڤایرۆس دەوێت؟ چونكە ئەو دەمەی فەلسەفە گەڕان لەناو كۆرۆناڤایرۆسدا دەكات زۆرێك شت لەوێ دەدۆزێتەوە: مەرگ، جەستە، ناشتنی لاشەی تووشبوو دوور لە خەڵك، سیاسەت و بایۆلۆژی، بەسیاسەتكردنی پزیشكی، دیستانسی كۆمەڵایەتی كە ئەوەش سۆزی تەوقەكردن یان ویستی سێكسكردن، باوەش و ڕاموسان و….هتد بیردەخاتەوە. بەڵام هەرگیز ئەمە ئەوە ناگەیێنێت پلەی یەكترگیری نێوان كۆرۆناڤایرۆس و فەلسەفە بەهەندوەرنەگرین و كارلێكی نێوانیان بە سەرەتایەك نەزانین بۆ دروستبوونی پرسیاری نوێ و بیركردنەوەی جیاواز. كەوابێت هۆگری نێوان فەلسەفە و پەتای كۆرۆنا سەرچاوەكەی فەلسەفەیە و نائاگای ئەم پەتایەش وا بەدەست فەلسەفەوە. هەرفەلسەفەشە پێمان ئێژێت ئەم پەتایە میوانە، میوانێكی ناوەختی نادلۆڤان کە ڕۆژێک دێت بڕوات، لێ موخابن گەڕانەوەی دواتری هەمان ناو و هەمان كاردانەوەی نابێت. لە گەڕانەوەكەیدا هەمدیس بۆ فەلسەفە خۆی لە پڕكردنەوەی شوێنێك بریتیدەکات کە هیچ نییە،کە شتە، بگرە شتێكی زۆریش.

جیهان پاش پەتاكە هەمانە بە كەمێك خراپترەوە

گەورە ڕۆماننووسی فەرەنسی میشێل وێلبێك (Michel Houellebecq) لە نامەیەكدا بەناوی””جیهان پاش پەتاكە هەمانە بە كەمێك خراپترەوە “”، كە لە 4 ی ئایاری ئەم ساڵ لە سۆسیال میدیای فەرەنسی و هەندێكی زمانی تردا بڵاوبوەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات، جیهانێكی نوێ پاش پەتاكە بوونی نییە. جیهانەكە هەمانە وەلی بە نەختێك خراپییەوە. نكوڵی لەوەش ناكات كە پەتاكە بە خەسڵەتە بێزاركەر و ترسناكەكەیەوە توانی لەوەدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت كە شوێنێك بۆ خۆی بدۆزێتەوە. ئەمە ڤایرۆسێكی جیهانییە بە هەندێك تایبەتمەندی گومڕاوە. جارجارە بكوژە و جارجارەش نەخێر. خۆشی لە ڤایرۆسە دەردئامێزەكانی تر جیادەكاتەوە و بێ كوالیتیشە. ئەوەی ئەم نووسەرە لەم نامەیە زۆر لەسەری دەوەستێت ئەوە نییە ڕۆژانە زۆرێك لە جیهان بەم ڤایرۆسە دەمرن ، کەچی نەیتوانیوە ببێتە رووداو، بەڵکو ئەوەیە ئایا كەرەنتینكردن پێویستە؟ وتنی ئەمەش دژ بە بەشێك لە هاوڕێكانیەتی كە پێیانوایە كەرەنتین هیچ شتێك ناگۆڕێت. لەڕێگای كەرەنتینەوە ئەم نووسەرە دێتەسەر شەڕێكی كۆنی نێوان فلۆبێر-نیچە. فلۆبێر پێیوایە مرۆڤ بۆئەوەی بیربكاتەوە و بنوسێت پێویستە دانیشێت. هەرچی نیچەیە لە كردەی بیركردنەوەدا گرنگی بە ڕۆشتن (پیاسە)دەدات كە بەهۆیەوە دیزاینی نووسین دادەنێت. کەوابێت بۆمان هەیە بپرسین: دانیشتن و ڕۆشتن چ مانایەكیان بۆ نووسین هەیە؟ كامیان نووسین بەرهەمدەهێنن؟ دانیشتن بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكانی بیركردنەوە باشە، هەرچی ڕۆشتنە بۆ پلانسازی نووسین و چۆنیەتی نووسین. ئەم ڕۆماننووسە فەرەنسییە دانیشتن لەسەر مێز بە باش دەزانێت بۆ نووسین و پیاسەش دەكارێت ئیش بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان بكات.
بەبۆچوونی وێلبێك ئەوەی هەموو شتێك وەك خۆی نامێنێتەوە بە ڕاست نازانێت و پەتاکەش سەلماندی ئەوروپا دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهان و پێشكەوتوترینیشی نییە. هەروەها شاردنەوەی مردن و بەدزیەوە ناشتنی مردووەكان دوور لە چاوی خەڵك یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی كاتی كۆرۆنا. تەمەنی نەخۆشەكان لەم ماوەیە گرنگی بۆ مردنەكان بینی. نەخۆشەكان بەپێی تەمەن چارەسەردەكرێن. ئەمەش نموونەیە لەسەر ئەوەی ژیانی هەمووان هەمان بەهای نییە. ئەمە ئەوەشمان وەبیردێنێتەوە كە مەرگ/ ژیان لەبەرەو پۆلینكردندایە. جیهانی دوای كەرەنتین و نەمانی قەدەغە جیهانێكی نوێ نییە هەمانە بەكەمێك خراپترەوە. لێرە وێلبێك وڕێنەی ئەوانە پووچەڵدەكاتەوە چاوەڕوانی دونیایەكی سەرلەبەر تازەن و ئیدیای بوونی جیهانێكی نوێش، پاش كۆتایهاتنی پەتاكە، بە بێ مانا وێنادەکات. باشە ئەم ڕۆماننووسە فەرەنسییە گەورەیە بۆ وادەلێت؟ خۆ زۆرێك پێیانوابوو پاش ئەم تەنگژە تەندروستییە جیهانییە دێینە سەر خوانی دونیایەكی نوێ. كەچی بۆچوونی وێلبێك پێماندەڵێت ئەمە ڕاست نییە و با بە نیازی گۆڕانە گەورەكان نەبین. بۆیە پێیوانییە كاری ئەدەبی گەورە پاش كۆتایهاتنی پەتاكە بێنەدونیاوە هەروەك چۆن پاش درمی تاعون ڕوویدا. موخابن میشێل وێلبێك ئەو بینینەمان لا بەرجەستەناكات كە تێگەیشتنی مەرگ لە “جیهانێكی بە پەتاكراودا” مەغزای نوێ وەردەگرێت. بەڵێ مەرگ هەر وەك مەرگ دەمێنێتەوە لێ مانای تر، جیا، دەدرێتەپاڵی. كاتێك لە دەستپێكی ئەم باسەپرسیمان: فەلسەفە چی لە كۆرۆناڤایرۆس دەوێت؟ وتمان زۆر شت، لەو زۆر شتە تەقەلاكانی فەلسەفەمان مەبەستبوو بۆ ڕاڤەكردن و خستنەژێرپرسیاری مەرگ، ئازارچەشتن بەدەم مەرگەوە، لەدەستدانی یەكتر، دابڕان لەژێر زەبری قەدەغەی هاتووچۆ. بەدڵنیاییەوە بابەتی مەرگ كاریگەرترین ئاماژەی ناو ئەم پەتایە بوو. هەموو ڕۆژانە ئەوە دەبینین كە، لەناو پەتای كۆرۆنا دا خۆیەكسانكردنێك بە مەرگ هەیە. كۆرۆنا كە ناوە بۆ ڤایرۆسێكی كوشندە لە درمەوە بووە پەتا، پەتایەكی ترسناكی زوو مەرگهێنەر. مەرگهێنەریە كتوپڕییەكەی، ئەوەی لە هەر كوێبین دووچاریدەبین ، وای لەم پەتا سامناكە كردوە جێی باسی هەموان بێت و قسەش لەسەر لێكەوتەكانی لە هەڵكشاندابێت. مەرگ هەر هەیە و هەبووە، كۆرۆناڤایرۆس بەكاربردنی ناوی مەرگی خێراتركرد. كۆرۆنا ناوی ڕاستەوخۆی مەرگی پەردەپۆشكرد و خۆی كردە هۆكاری مەرگەكان. مەرگەكان ،ئەمئێستا، بە تونێلی كۆرۆناڤایرۆس دا تێدەپەڕن. ئەوە كۆرۆناڤایرۆس بوو ترسی هێنا، ترسێكی گەردووناوی، كە ئەوەش لەگەڵ واتای شڵەژان كەوتەگەڕ تا هێشتا دروستکات (ئەوەی هەنووكە نەهاتۆتەسازان). بەمجۆرە كۆرۆناڤایرۆس لەژێر سێبەری مەرگ سیاسەتی ترسی نوێكردەوە و جەستەی مردوو و جەستەی زیندووشی لێكدابڕان. جەستەی مرۆڤێكی مردوو بە كۆرۆناڤایرۆس جەستەیەكی نائازاد، گەمارۆدراو و بە یاسایكراوە. جەستەی مردوو كە كۆرۆنا چووەتە ناویەوە جەستەیەكی بێ لایەن نییە و مەترسیداریشە. هەرچی جەستەی زیندووە جەستەیەكە لە دەرەوەی یاسا. جەستەیەك لە رووداوی ئۆتۆمۆبیل فەوتدەكات (دەمرێت) هەمان ئەو جەستەیە نییە كۆرۆناڤایرۆس فەوتیدەكات. وەكیتر، “ڤایرۆسی ناوبراو گەواهییە لەسەر مردن بەجۆرێكی ناسروشتی. ڤایرۆسەكە دیوارێكی خستۆتە نێوان مەرگی سروشتی و مەرگی ناسروشتییەوە” (Jörn Etzold).

مرۆڤایەتی لەبەردەم تەنیای بووناوی و چەپاندنی مردن دا

فێمینیستی بیرمەند و واتاناسی(semiotician)فەرەنسی ژولیا كریستێڤا (Julia Kristeva)لە لێدوانێك، كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ماوەیەك بەر لەئێستا لەتەكیا ئەنجامدراوە، گوزارە لەوەدەکات كاتی هاتووە باس لەوە بکەین ئەوروپا لە هەموو شتێكا بەرەو فەشل ملدەنێت، بەتایبەت لە بواری بایەخپێدانی تەندروستیدا. سەرەتا ڤایرۆسەكە وەك مێتافۆرێك دەستیپێكرد دواتر لەناو ژیانمان خۆی بەرجەستەكرد. بەقەولی ئەم خانمە فەیلەسوفە هەر ئەم دەمووەختە پەتاوییەش هەڵیداینە ناو فێربوونی سێ وانەشەوە: تێكنەلۆژیا توانی تەنیایی بووناوی ڕادیكالمان زیادبكات، پێویستمان بەوەیە هەستی سنورداركردنمان بگەڕێنینەوە، ئەوەش كە چۆن كەوتینە چەپاندنی مردنەكانمان.
ئەم خانمە بیرمەندە ئەوەش ڕووندەكاتەوە كە تێڕامان لە تاك و كۆمەڵگە لە كاتی پەتاكە چرۆیەكی زۆری دەركرد: بیركردنەوە لە ژیانی ئێستای ئەوروپاییەكان، لە خودی بیركردنەوە كە چەند ئەوروپاییەكان لە بیركردنەوە سەركەوتوون. بۆ ئەم بیرمەندە ئەم پەتایە ئەوەشی نیشاندا ئەوروپا نەك تەنیا دیدگای سیاسی ڕوون و توانای بیركردنەوەی لە كولتوورە مەزنەكەی خۆی نییە بگرە لە بواری بایەخپێدانی تەندروستیشدا شكستخواردووە. ئەوروپا لە مێتافۆری ڤایرۆسەوە چووە قۆناغی ڤایرۆسێكی ڕاستەقینەی گومانلێنەكراو. بۆ كریستێڤا ئەمە كێشەیە. بەلاشیەوە مەبەستە لەوە حاڵیبین مرۆڤی ئێستای ئەوروپای، كە مرۆڤێكی بەجیهانیكراوە، تایبەتمەندییەكانی لە سێ لایەندا خۆیچڕدەکاتەوە: تەنیایی وەك تەنیایی ئەزمووندەكات، تەحەمولی سنورداركردنەكان ناگرێت، كارلەسەر چەپاندنی مردنەكان دەكات. بەواتایەكی تر، لاوازی مرۆڤی هاوچەرخ لەبەردەم تەنیایی، كە لەكاتی كەرەنتینكردنەكە دەركەوت، جێگای پرسیارە و پەتاكەش وایلێكردین جگەلە تەنیایی ڕووبەڕووی دوو كێشەی تر ببینەوە: سنورداركردن و مردنەكان. بۆ هەمووان ڕوونە كە مەرگ بەشێكە لە ژیانمان، لەناومانایە، لێ نزیكبوونەوە لەمەرگهێنەر شتێكی تۆقێنەر و بێزاركەرە (لێرە دەشێت ڤایرۆسەكە بێت). باشە بابزانین پەتاكە لە تێگەیشتنی ئەم فێمینیستە بەڕەچەڵەك بولگارییە بۆچوونمان بۆ شتەكان دەگۆڕێت؟ پێیوایە بەڵێ دەیگۆڕێت. پەیوەندی خێزانی دەگۆڕێت، كە بریتییە لە پەیوەندی نێوان باوك و دایك و مناڵەكان. تەنانەت بۆچوونمان بۆ بەرخۆری (consumerism) یش(زێدەڕۆی لە بەكاربردن) دەگۆرێت. بەلایەوە گرنگە بكارێت بیركردنەوەمان بۆ چێژ و سێكسیش بگۆڕێت. لە ئەزموونی خودی خۆشیەوە بۆ ئەوە دەچێت كە سێ جەنگ لە ژیانا ژیاوە(جەنگی جیهان دوو، جەنگ سارد، جەنگی ڤایرۆس) كە هەمووشیان فێری خۆڕاگریان كردووە. ئەم خۆڕاگرییە توانجیشە لە لاوازی هەندێك كەس لەبەردەم كەرەنتین و ئەو تەنیاییەی كەرەنتین دروستیدەكات. لای ئەم كەرەنتین شتێكی ئاشكراكرد كە پێشتر هەبوو ئەوەش تەنیاییە كە هیچ شتێك پڕیناكاتەوە بەو شاشانەش كە لەبەردەستماندایە.
گەر تەماشای دیوێكی تری بینینەكانی كریستێڤا بكەین دەبینین گۆڕینی ڕەوش(دۆخ) بە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پەتای كۆرۆنا دەناسێنێت كە ڕەوشی ژیان، نەریتی پێكەوەبوون، سێكسكردن، هاوڕێیەتی و ئاهەنگەكانمان دەگرێتەوە. هەریەك لەوانەش كە ناواخنی خۆیانیان هەیە دەكارن لە ڕەوشێكی نۆرمالەوە ببنە ڕەوشێكی نانۆرمال. ئەمەش وایكرد لە ئاكامی گۆڕانی ڕەوشەكانەوە لە بارێكی سروشتیەوە بەرەو بارێكی ڕیزپەڕ هەنگاوبنێین. گەر ئەمەش پەسەندكراوە یان نەخێر هەر ئەوەیە کە ئێستایا بوونی هەیە. ئەمەش بەبۆچوونی ئێمە پەیوەندی بەوەوەیە کە شار شاری جاران نییە. كەسەكانی ناو شار و شوێنە گشتییەكان ترسنۆكن. بوێری لەبەردەم ترسنۆكیدا بە مەرگ كۆتای دێت. بوێر لە مەرگەوە نزیكە و هەرچی ترسنۆكە لە مانەوە لە ژیانەوە. بوێر دەچێتە دەرەوە و ترسنۆك لە ماڵەوە دەبێت، لێ بوێر لە كەناری مەرگە و ترسنۆكیش لەناو دڵی ژیانە. كۆڤید -19 جۆرە سەیركردنێكی لەناو خەڵك گشتیكرد كە گشت ئەم ڕێكاریی و ڕێنوماییانەی قەدەغە بۆ ئەوەیە تەندروست بین. تەندروستبوون بە قەدەغەبوونەوە بەسترایەوە. لەم بارەدا قەدەغە ژیان دێنێت نەك ئازادی. ژیانی بێ ئازادی، كە ژیانێكی تەندروستە، ژیانی سەردەمی پەتای كۆرۆنایە. قەدەغە وشە قێزەوەنەكە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا شیرین بوو.
سەرباری وتنەكانی كریستێڤا ئەوەش دەڵێین، دوژمنەكەمان، ئاگامبێن وتەنی، نادیارە. نادیارییەكەی زۆربەی شتەكانی تریشی لە ژیانمانا نادیاركرد، كاتی ئاشتی و كاتی شەڕی بەیەکترتێكەڵکرد. دیستانسە كۆمەڵایەتیكە ژیانمانی بێ بەهاكرد، خۆی وەك جێگرەوەی سۆز، هاوڕێیەتی ، ئاهەنگ و خۆشیەكان نیشاندەدات و خستیشمانیە ناو پارادۆكسی نوێوە. نازانین چی لە تەنیایمان بكەین، چۆن هاوڕێیەتیەكانمان ئاڕاستەبكەین، بەپێی ئەوەی كاتەكانمان بریتین لە زۆركاتی نازانین چۆن چێژ لە كاتی زیاد وەربگرین. كات زۆرە، لێ فێربوون و پەروەردە بەرەو سواوی دەچێت. پرسی جێندەر دادەتەپێت و فێمینیزمیش چاوپۆشی لە بێدادییە جێندەرییەكانی ساتەوەختی كەرەنتین دەكات. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی چالاكیە كولتوورییەكان دڵیان لە لێدانوەستاوە، یەكتربینین ئاوا بووە و پێكەوەبوون چرۆدەرناكات. ئاڤیتال رۆنێل (Avital Ronell ) وتەنی: سڵاوی ئەمڕۆ ئێوارە لە پەنجەرەوە لەیەکتری دەکەین.

ڕەوشی ناشتن لە سەردەمی كۆرۆنا دا

شرۆڤەی ڕەوشی ناشتنی مردووان بە پەتای كۆرۆنا لە داهاتوو هەوێنی چەندین چیرۆك و فیلمی سینەمای دەبێت. تاكە پاساو بۆ ڕەوشەكە ترسناكی پەتاكەیە، لێكەوتە دەروونی و ڕۆحییەكانی ناشتنەكەش هەر ئەو چیرۆك و فیلمانە دەكارن لە زەینماندا بیسازێنن كە زیندووەكانی پاش دەمی كۆرۆنا ڕۆڵی تیادەگێڕن. ڕەوشی ناشتنەكە شكۆداری جەستەی لەكەداركرد. تێۆرییەكانی جەستە پێویستە لەبەر ڕۆشنای پەتای كۆرۆنا و گێڕانەوەكانی مردنی سەردەمی كۆرۆنا بەخۆیانا بچنەوە. مەینەتی مردنەكان و جۆری ناشتنیان بەپێی جوگرافیاكانی بڵاوبوونەوە و كاریگەرییەكانی پەتاكە جیاوازن. جەستەكان، لەو وڵاتانەی مردوو بە كۆرۆنایان زۆربوو، پێش ئاوابوونیان فریای زۆر شت نەكەوتن مەگەر تەنیا سڵاوێكی دیگیتاڵانە نەبێت. جەستەم، ئەم گوزارشتە پاش تێپەڕاندنی كۆرۆناڤایرۆس، هەڵوێستی تێۆری جیا بەرهەمدێنێت. جەستە كە هەنووكە كەوتۆتە بندەستی قەڵەمرەوی پەتای كۆرۆناوە نەریتی ناشتن و خەمخواردن بۆ مردووانی سەرلەبەر گۆڕی. لە ساتەوەختی پەتاكەش ئاگامبێن پێیوتین چەند بە شێوازێكی ناشرین مامەڵە لەتەك تەرمی مردووەكان دەكرێت و دوور لە ئازیزانیان بێباكانە دەنێژرێن. ئەم مامەڵەیەی ئێستا لەتەك جەستەدا دەكرێت لە ئەنتیگۆن (Antigone )ەوە، لە یۆنانی كۆنەوە، بەو جۆرە نەكراوە. پاش ژاك لاكانیش بەشێكی زۆر لە پزیشكە دەروونییەكان شیكاریان بۆ دیاردەی ئەنتیگۆن لە شارستانی ڕۆژئاوا كرد، بەڵام ئەنتیگۆن لە دەمی كۆرۆنادا بووە بابەت. نەریتی ناشتنی مردووان بە پەتای كۆرۆنا گفتوگۆی لەسەر ئەنتیگۆن نوێكردەوە. پەتاكە وایكرد لەبەر بەرژەوەندی تەندروستی گشتی نەریتی مردوو ناشتن سەرلەبەربگۆڕێت. ئەمە بەرەو جۆرە شێوازێك لە پرسیاری هزرییمان دەبات كە بەمشێوەیەیە: ئەنتیگۆن بەردەوامە؟ شارستانی پۆست مۆدێرن لەسەر دەستی پەتای كۆرۆنا نەریتی ناشتن لەسەر ڕەوتی ئەنتیگۆن پیادەدەكات؟ لە ڕێگای ئەم پرسیارانەوە بەوەش دەگەین كە مردن لە سەدەی 21 وەك مردن نییە لە پێشتر. ئەنتیگۆنی ئەمڕۆ، سەردەمی كۆرۆنا، ئەنتیگۆنێكی پۆستمۆدێرنانەیە. دۆزی مردن و ناشتنی مردووەكان لە كاتی پەتای كۆرۆنا خەماویین. كەمترین كەس بۆی هەیە لە ڕێوڕەسمی ناشتنەكە بەشداربێت، ئەوانیتر دەتوانن لەڕێگای سۆسیال میدیاوە بەشداری لە ناشتنەكە بكەن و كەسیش بۆی نییە دەستكاری كەلوپەل و پێویستییەكانی مردووەكە بكات.
شرۆڤەی ڕەوشی ناشتن گفتوگۆی كۆرۆنا و مردن زەقدەكاتەوە. ڕەنگە نووسەرێكی وەك نێستۆر براونشتاین (Néstor Braunstein) چاكتر گوزارەی لێكردبێت كاتێك دەپرسێت لە كاتی پەتادا چی لە جەستەی مردووەكان بكەین؟ ئایا ئەم جەستانە ترسناكن هەروەك ئەو شتەی نەخۆشخەرە(ئەو شتەی دەردی كوشندە دروستدەكات)؟ چەندێك كات پێویستە لەنێوان مردن و ناشتن و یان سوتاندندا تێپەڕێت؟ ئەی چی لە كەل و پەل و شتی تایبەتی ئەو كەسانە بكەین؟ براونشتاین ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە بەهۆكاری سامناكی پەتاكە و ترسیش لە تەشەنەسەندن وایلێهات ناشتن بەجۆرێكی نۆرمال پشتگوێخرێت و سندوقی تایبەت بە ناشتنی مردووەكانیش بەكارنەبرێت. گشت ئەم پرۆسەیەش، لەژێر كاریگەری تێگەیشتنێكی ژۆرژ باتای (Georges Bataille)، ناودەنێت “قێزەوەنكردنی مەرگ بەناوی ژیانەوە”.
لەم بارەیەشەوە دەچینە سەر لێدوانێكی بیرمەندی كامێرۆنی ئاشیل مبێمبی (Achille Mbembe) تایبەت بە توانای ئەم پەتایە لە “دێمۆكراتیزەكردنی هێزی كوشتن” یان مراندن. ناوبراو وایدەبینێت گۆشەگیری كۆمەڵایەتی، تەنیایی یان كەرەنتین، تاڕادەیەك دەكارێت لە مەرگ دوورمانبخاتەوە یان مەرگ دوابخات، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە پەتای كۆرۆنا هێزی كوشتنی دێمۆكراتیزەكرد. پێشیوایە پەتاكە فۆڕمی ئەو بیركردنەوەیەی گۆڕی كە چۆن لەبارەی جەستەی خۆمان و ئایندەمان بیربكەینەوە. پەتاکە ئەو تێگەیشتنەشی تیابەرجەستەکردین كە لە ماڵەكانمان دەچینەدەرەوە خۆمان تووشی ڤایرۆسەكە دەكەین یان خەڵك تووشدەكەین. بۆیە ئێستا جەستەی هەمووان دەسەڵاتی كوشتنی هەیە. هەر ئەم پەتایە ئەوەشمان پێدەڵێت كە تەنیای و نەچوونە دەرەوە تاكە فۆڕمی ڕێكخستنی ئەم دەسەڵاتەن. بەپێی تێۆری(necropolitics)ی ئەم بیرمەندە بێت ڤایرۆسەكە بە یەكسانی هەموو دووچارناكات. لاوان لە ڤایرۆسەكە دەربازدەكرێن و لێدەگەڕێن بەساڵاچووان بمرن. ئەوەی لێرە بڕیاردەرە ئابووری یان سیاسەتێكی ئابوورییە كە بڕیار لە ژیان و مەرگی تاكەكان دەدات. ئەمەش لەبەرئەوەی، سێستەمی سەرمایەداری خۆی لەسەر دابەشكردنی ناهاوتایانەی مەرگ و ژیان بونیاددەنێت. ئەم لۆژیكی قووربانیدانەش شوێنەكەی وا لەناو دڵی نیولێبرالیزم دا. هەر ئەم ڕوناكبیرە كامێرۆنیە لە بابەتێكی تر بەناوی””مافی گەردوونای هەناسەدان””پێیوایە زۆرترین كاریگەریی ئەم ڤایرۆسە لەسەر هەناسەدانمانە نەك شوێنێكی تر. ئەم كێشەیە بۆ حكومەتەكانیش جێیباسە كە كێ توانای هەناسەدانی باشترە ئەو كەسە بپارێزرێت. بەواتایەكیتر، گشت پەتاكان، بە كۆڤید -19 شەوە، شەڕیانە لەسەر ئەوەی چۆن هەناسە بەرن. ئەو دەمەش هەناسە دەبرێت ناشتن دێت، ناشتنی سەردەمی پەتای کۆرۆنا، کە ناشتنێکی بێباکانە و ئەنتیگۆنانەیە.

—————————————————–

ژێردەر: بۆ بابەتەكانی: یەكەم: براونشتاین “گەڕانەوە بۆ ئەنتیگۆن: ڕێوڕەسمی ناشتن لەكانی پەتاكەدا” بڕوانە http://www.journal-psychoanalysis.eu/the-return-of-antigone-burial-rites-in-pandemic-times/، دووەم: كریستێڤا” مرۆڤایەتی و سەرلەنوێدۆزینەوەی تەنیایی بووناوی و نەمریی” بڕوانەhttp://www.journal-psychoanalysis.eu/humanity-is-rediscovering-existential-solitude-the-meaning-of-limits-and-mortality/، سێهەم: مبێمەبی”پەتاكە هێزی كوشتنی دێمۆكراتیزەكرد’ http://www.journal-psychoanalysis.eu/the-pandemic-democratizes-the-power-to-kill-an-intyerview/، چوارەم: وێلبێك “جیهان پاش پەتاكە هەمانە بە كەمێك خراپترەوە’ https://tass.ru/obschestvo/8405773 https://www.franceinter.fr/emissions/lettres-d-interieur/lettres-d-interieur-04-mai-2020
-تیۆری (necropolitics) كاركردەی هزری ئاشیل مبێمبیە. بەپێی ئەم تێۆرییەیە دەسەڵاتی سیاسی و كۆمەڵایەتی بڕیار لەسەر (ژیان و مەرگ)ی خەڵك دەدات. ناوبراو لێرە لەژێركاریگەری “تێۆری بایۆپۆلیتیك” و “مافی شمشێر”ی فوكۆدایە.

ماویەتی…………




ژیژێك: كۆرۆنا هیوایەك بۆ گەڕانەوەی كۆمۆنیزم … ئازاد حەمە … بەشی دوانزەهەم

ئاماژە: دەستبردن بۆ هزری سیاسی سڵاڤۆی ژیژێك (Slavoj Žižek) دەستبردنە بۆ جەنجاڵییەكی هزری بێ تخووب، بۆ وتنگەلێكی بێ ڕەهەند، ناچووست، دووبارە و ناكۆك. زانینمەندی ئەم بیریارە، كە لە پاشكۆی بیری سێ بیریاری گەورەی ڕۆژاوادایە(هێگل، ماركس، لاكان)، لە كۆڵنەدان بەدوای”ئیدیای کۆمۆنیزم” لە دوورەوە دەدرەوشێتەوە و لە هەموو گۆشەیەكی نووسینەكانیشیا تۆوی كۆمۆنیزم دەچێنێت تا ئەو دەمەی باروبارگە بەرەو هەوارێکی، تێکستێکی، تازە دەگوێزێتەوە. چاندنی نەمامی كۆمۆنیزم، کە زەقترین كاری هزرییەتی زێدی ڕاستەقینەی شرۆڤەكردنە سیاسییەكانیشیەتی کە لەو نووسینانەی بە كۆرۆنای تایبەتیكردن گەیشتە ترۆپك. كۆرۆنا كە گشت گۆی زەمینی سەرقاڵی خۆی كردووە ژیژێكی سەرقاڵی ئەو تێزە فەلسەفییانە كردووە هەڵگری تووخمی كۆمۆنیستین. دروستكردنی نیگا لەمەڕ كۆمۆنیزمێكی نوێ لە تێکستەکانی ژیژێك تایبەت بە كۆڤید-19 بۆ هاوبیرانی لە شكۆفەدان و مانا و شوێنی خۆیان ونناكەن. هاوكات كۆرۆنا چی بەسەر سێستەمی سەرمایەداری جیهانی دەهێنێت و ئایندەی كۆماری سوری چینی چۆندەبێت؟ ئەو پرسیارە دوو ئاقارییە سیاسییەیە کە لە ڕێگای ئەو تێکستانەوە لاماندروستدەبن. بەشێكی زۆریش لە بۆچوونەكانی ئەو تێکستانە سیاسی و ئابوورین كە پێشتر پێیانئاشناین. بەمجۆرە پەتای كۆرۆنا بۆ ئەم ڕوناكبیرە فریادرەسە، هەلێكە لەبەردەم مرۆڤایەتی بۆ ڕزگاربوون لە كۆیلایەتی سیاسەتی بازاڕ، جیهانگیریی ئابووریی، مۆدێلی بەرخۆری ڕۆژئاوا و ئەو تەنگژانەی سەرمایەداری جیهانی زوو زوو بەرهەمیدەهێنێت.
لەم بەشە لەسەر نیگا سیاسی و ئێدیۆلۆژیەكانی ژیژێك دەوەستین سەبارەت بە چۆنیەتی هاوتابوونی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناڤایرۆس لەگەڵ “ئیدیای كۆمۆنیزم” كە خەونە گەورە سیاسییەكەی ژیژێكە. شرۆڤەكانی لەو بارەیەوە پێماندەڵێن، ئەم ڤایرۆسە هیوایەكە بۆ سەرهەڵدانەوەی كۆمۆنیزم ،كۆمۆنیزمێكی نوێ، كە ئەوەش بۆ ئێمە شكۆداری ماركس وەبیردەهێنێتەوە، بۆ گۆڕینی سێستەمی سەرمایەداری جیهانی بە مۆدێلێكی سیاسی تر كە كۆمۆنیزمە. كۆتا ئاماژەش لێرە ئەوەیە، ناوبراو زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكات کە پەتای كۆرۆنا ژیانمانی گۆڕی، سەرلەبەر ئەو ژیانەی گۆڕی پێشتر هەمانبوو و گەڕانەوەشی بۆ هەمان ژیان ئەستەمكرد. بۆیە بەدرێژای ئەم بەشە ئەو لایەنە بەرباسدەخەین، ئەم هزرەڤانە وەك هەموو جارێك بۆ دەرفەتێك دەگەڕێت بۆ تۆڵەكردنەوە لە نیولیبرالیزم، لێدانی سەرمایەداری گلۆباڵ و خستنەڕووی هیپۆتێزەكانی(گریمانەكانی)سەبارەت بە گەڕانەوەی كۆمۆنیزم.”كۆرۆنا و شەپۆلی پەناهەندەكان دەكات بە دوو هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپا و لەمیانەشیانەوە سەرلەنوێ بانگەشەی دروستبوونەوەی كۆمۆنیزم دەكات. هەروەك چۆن ماركس دروشمی”كرێكارانی جیهان یەكبگرن”ی جاڕدا پێمان چاک بوو كە ژیژێك دژ بە سەرمایەداری جیهانی بانگەشەی دروشمی (تووشبوانی كۆرۆنا یەكبگرن) یان (كەرەنتینكراوەكان یەكبگرن) بکات.

ئیدیای كۆمۆنیزم لە زانینی ژیژێك دا

زانینمەندی ژیژێك لە بواری تێۆری كۆمۆنیزم بۆ دەمی لاوی ئەم بیریارە و ئەو هەل و مەرجە سیاسییە دەگەڕێتەوە کە وشەی كۆمۆنیزم پڕ بەهاترین وشەی زێدی ناوبراوە. پاش هەڵوەشانەوەی یەكیەتی سۆڤیەتی جاران، لە كۆتای 1990، داڕمانی كۆمۆنیزم لە كۆمەڵگە سۆسیالیستیەكان، یەك لەوانە سلۆڤێنیا كە زێدی ژیژێكە، زۆرترین زیانی هزری لە وشەی ناوبراودا كە تا هەنووكەش جێیباسە. لە ساڵی 2009 لە لەندەن كۆنفرانسێك بەناوی””ئیدیای كۆمۆنیزم””بەسترا و بەشێكی دیار لە بیریار و روناكبیرە چەپە رادیكالەكانی ئەوروپا(ژیژێك، بادیو، ڕانسیێر، نێگری، ئێگلتۆن، نانسی، هاڵوارد، تۆسكانۆ و….. ) تیایا بەشداربوون و ساڵانی دواتریش بەشەكانی تری ئەم كۆنفرانسە لە چەند شوێنێكی جیا بەستران. ئامانجی سەرەكی كۆنفرانسەكان “دروستكردنی پەیوەندی بووە لەنێوان فەلسەفەیەكی ڕادیكال و سیاسەت”، چونكە كۆمۆنیزم بۆ زۆربەی ئەو بیریارانە خۆی لە ئیدیای فەلسەفە و سیاسەتی رادیكاڵدا پووختدەكاتەوە، كە واشپێویست دەكات ئیدیاكە خۆی لە دەوڵەتمەداری و ئابووریخوازی داببڕێت و ئامانجیشی گەیشتنبێت بە ئازادی و یەكسانی. لەناو ئەم ئیدیایە خۆڕێكخستنەوەیەك پەنهانە كە زۆر لایەن دەگرێتەوە: پێداچوونەوە بە واتای دێمۆكراتی، پارتی(حیزب)، سەرمایەداری و لیبرال دێمۆكراسی. ژیژێك وایدەبینێت بۆسەرخستنی ئەم ئیدیایە هەر ئەنتی سەرمایەداری پێویست نییە، كە تاڕادەیەك ڕێژەیەكی زۆر بوونی هەیە، دوژمنانی لێبرال دێمۆكراتیش پێویستن. لەسەر بنەمای بینینێكی فەلسەفییانەی بادیوش گوزارە لەوە دەكات كە، دیكتاتۆری كێشەكە نییە، ئەوەی لە ئێستادا لەبەردەم كۆمۆنیزمدا كێشەیە خودی دێمۆكراتیە. بەئاشكرا هەست بەوە دەكرێت كە (بادیو-ژیژێك) ئەو لێبرال دێمۆكراتە لەبەردەم كۆمۆنیزمی نوێ بە كێشەكە دەزانن كە ڕۆژئاوای ئەمڕۆی تەنیوەتەوە.
مایەوە ئەوەش بێژین، ئەم پاندێمییە گڵوباڵە ژیژێكی سەرلەنوێ هەڵدایە ناو پارادۆكس(ناكۆكئامێزی)ەكانیەوە و تێزە فەلسەفییەكانیشی سەرلەنوێ خستەوەڕوو. لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردووشدا لەلایەك لەناو جۆرێك لە خۆ دووبارەكردنەوەی تێزەكانیدا دەخولێتەوە، لەلایەكیتر هەمان تێزە فەلسەفییەكانی(هێگڵ،ماركس،لاكان) دووبارەدەكاتەوە و تێزی سەرەكیشی، كە هەر جارەو ڕەوانبێژییەكی فەلسەفیی بەبەرادەكات، لە هیپۆتێزی(گریمانەی) كۆمۆنیزمدا چڕدەكاتەوە. بەواتایەكی تر ژیژێك خەریكە لە بیرمەندێكی داهێنەرەوە دەبێتە بیرمەندێكی هەمان و ،لەناو هزری خۆشیدا لە داهێنان دەكەوێت.

كۆمۆنیزم و كۆرۆنا

بەپێی ژیژێك كۆرۆنا خوڵقانی كۆمۆنیزمی بەدەمەوەیە، ئەمەش لەڕێگای تێكشكاندنی سەرمایەداری گڵوباڵەوە دێتەدی و هیوامەندیشە كۆرۆنا ببێتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی تر، ڤایرۆسی بیركردنەوە لە جێگرەوەی سەرمایەداری، جێگرەوەیەك بكارێت كۆتای بە دەوڵەتی ناسیۆنال بهێنێت و سۆلیداریتی (هاریكاری)یش ببێتە كاكڵی ئەو جێگرەوەیە. وێرای ئەوە، كۆرۆنا، لەدیدی ژیژێكەوە، دەمانخاتە بەردەم دوو بژاردەوە: كۆمۆنیزم هەڵببژێرین یان یاسای جەنگەڵ، كە مەبەست ئابووری بازاڕی سەرمایەدارییە. بۆ (ئەم) چارەسەر دابڕان یاخود كەرەنتین، دروستكردنی دیواری نوێی تەندروستی نییە، چارەسەر پێویستییە بۆ هاریكاریەكی نێودەوڵەتی، هاریكاری دروستكردنی شتێك كە پێشتر،بەناوی كۆمۆنیزمەوە، بوونی هەبووە. قەیرانە گەورەكە بازاڕی ئازاد و جیهانگیریەكی ناڕێك دروستیانكردووە كە دەكارێت هەڵمانداتە ناو چەندین جۆر لە تەنگژە و درمەوە. گەر ژیژێكانە بێینەگۆ ئێژین، لەم حاڵەتەدا كەرەنتینێكی زۆر، تەنهای و دیواری نوێ چارەسەر نین، چارەسەر هێنانەئارای هاریكاریەكی جیهانییە بۆ سازاندنی شتێكی تازە بەناوی كۆمۆنیزمەوە. كۆمۆنیزم شتە تازەكەیە كە كۆرۆنا بۆی هێناین. ئەمە هەمان كۆمۆنیزمی جاران نییە. گەر هەوڵەكانمان بۆ ئەم ئامانجە یەكنەخەین لەناو چوار دیوار دەمێنینەوە، بە كۆمپیوتەرەكانمانەوە سەرقاڵدەبین، كۆنفراسەكانمان بەجۆرێكی ئێلكترۆنی ئەنجامدەدەین و خواردنیشمان بە دیلیڤەری دەگاتەدەست. دەكارین زۆر شتی تریش بكەین و هەر لەماڵەوەش بمێنینەوە. وێرایئەوە، تەنگژەی كۆرۆنا، ژیژێك گۆتەنی، بەڵگەیە لەسەر بێدادییەكانی كۆمەڵگە، دەرفەتێكیشە لەبەردەم نوێبوونەوەی كۆمۆنیزم، ئەو شێوە كۆمۆنیزمە نا لە چین هەیە، ئەوەی سنور بۆ پۆپۆلیزمێكی ناسیۆنالی دادەنێت و هێزی بازاڕی ئازاد و جیهانگیریش دەنێژێت.
ئەو كۆمۆنیزمەی ژیژێك باسی دەكات هەمان ئەو كۆمۆنیزمە مێژووییە نییە پێشتر پێیئاشنابووینە. لای ژیژێك كۆمۆنیزم بەردەوامە و لەناومانیشا دەخولێتەوە، نموونەش لەسەر كاتی قەیرانەكان، كۆرۆنا یان هەر قەیرانێكی تر. دێنێتەوە کە زەبری قەیرانەكان وادەكەن هەموو سۆسیالیستی بین. لێرە دەكارین تێگەیشتنی ژیژێك بۆ ئەو شوێنەش پەلەكێشبكەین كە لە كاتی كۆرۆنا بەشێك لە دەسەڵاتی ئابووری سەرمایەداری هەوڵی دەربازكردنی هەندێك لە كۆمپانیا گەورەكانیدا لەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووبەڕوویانبوەوە. ئەمەش بۆ ڕزگاركردنی دەوڵەمەندەكان بوو لە داڕمانی نەختی ، باشە ئەی هەژارەكان! كێ ئەركی دەربازكردنی هەژارەكان بگرێتە ئەستۆ؟ بەپێیی ئیدیای ژیژێک كۆمۆنیزم پێویستە لەم دۆخە بكەوێتەگەڕ و كاری خۆی ئەنجامبدات. دژی ئەوەشە تەنیا بە گۆشەگیری(یان کەرەنتین)، دابڕان و خۆپارێزیەوە سەرقاڵبین، دەبێت داوایترمان هەبێت. ئەڵبەتە داواكانیش مەرجە لە پێكەوەكاركردن، هاریكاریكردنی یەكتر دا خۆیان پووختبكەنەوە، كە ئەمانەش دەشێت دژ بە سێستەمی سەرمایەداری جیهانی بەكارببرێن. ئەو سێستەمەی لە ساتەوەختی كۆرۆنا زۆر وەحشەتناكانە ڕەفتاریكرد. بۆیە (ئەو وتەنی) هەستی خۆدەربازكردن لە تەنگژەی كۆرۆنا و خۆ بەدورخستن لە تووشبوونلێی هاریكاریەكی نێودەوڵەتییە و هەر ئەوەشە كۆمۆنیزمە تازەكە كە هەموو خەمی یەكمانە و كار بۆ ئەوە دەكەین خۆمان لەم پەتا ترسناكە بەدووربگرین. واتە، خەمخۆرییەكی جیهانیانە بە هەستێكی جوانی گلوبالەوە ئەو كۆمۆنیزمە دادەهێنێت كە ژیژێك مەراقیەتی، كە دەشكارێت سنور بۆ كۆرۆنا و گشت ڤایرۆسێكی تر دانێت. لێرەوە ژیژێك بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بە هیوایەك دەزانێت بۆ تێكشكاندنی سێستەمی سەرمایەداری جیهانی، ئەو سێستەمەی ،بە قسەی ژیژێك، بە ئامرازی كۆن و نەریتی كاردەكات، كە هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم جۆرە ڤایرۆسانەیە و ئەو تەنگژەیەشی قووڵتركردەوە ئەم پەتا جیهانییە دروستیكرد. ئەمە وادەكات ژیژێك زۆر ڕاشكاوانە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكاتە پردێك بۆ پەڕینەوە بەرەو ناوچەی كۆمۆنیزم، بە چركەیەكی پەرچەكرداری گڵوباڵ دژ بە سەرمایەداری و خەونی گەیشتن بە كۆمۆنیزم. ئەم ڤایرۆسە بۆ ژیژێك لە توانایدایە پاكتاوی ڤایرۆسەكانی تری كۆمەڵگە بكات كە ئێدیۆلۆژیای سیاسی ناساغیان بەرهەمهێناوە.
هەوڵی ژیژێك بۆ گەڕانەوەی كۆمۆنیزم هەمان ئەو مۆدێلە سیاسییە كۆمۆنیستییە كۆنە نییە كە ڕووخا. ئەم كۆمۆنیزمەی ژیژێك باسیدەكات كۆمۆنیستێكی ئایدیالیستی نییە، ئەو كۆمۆنیزمەیە پێویستیەكانی مانەوەی ڕووت دەیسەپێنێت. ڕێك ئەمە ئەو كۆپیەیە لەو “كۆمۆنیزمی جەنگە” ی لە یەكیەتی سۆڤیەتی جاران لە ماوەی ساڵانی 1918 و 1945دا پیادەكرا. هاوكات هەوڵەكانی ترامپ بۆ كاركردن لەگەڵ كەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی پێویستیەكانی ئەمەریكا، هەوڵی جۆنسۆن لە بەریتانیا بۆ خۆماڵیكردنێكی كاتی هێڵی شەمەندەفەر، زۆر دیاردەی تریش بە جۆرێك لە هەڵسوكەوتی سیاسی و ئابووری سۆسیالیستیانە دەزانێت. نەك هەر ئەوە، نموونەش لەسەر ڕفتارێكی (ترامپ) دێنێتەوە كە شیكێك دروستبكرێت بە بەهای 1000 دۆلار و بە گشت ئەو هاوڵاتیانە بدرێت لاو نیین. هاوكات بڕیاریشدراوە چەندین تریلیۆن دۆلارییش بۆ بردنەڕێوەی بازاڕ خەرجبكرێت، كە دیسان ڕوون نییە بۆ؟ لەپێناوی كێ؟ گەر ئەمە مۆدێلێك بێت لە سۆسیالیزم ژیژێك ئەم جۆرە سۆسیالیزمە بە “سۆسیالیزمی بەزۆر” (enforced Socialism )ناودەنێت. باشە ئەم سۆسیالیزمە بەزۆرە سۆسیالیزمی دەوڵەمەندەكان نییە؟ لێرە ژیژێك نموونە لەسەر ساڵی 2008 دێنێتەوە، دەمووەختی داڕمانی بانكەكان، كە كار بۆ دەربازكردنی بانكە گەورەكان كرا لەو تەنگژە نەختییەی ڕووبەڕوویانببوەوە. گشت ئەمانەش ئەم بیرمەندە بەرەو ئەم پرسیارە دەبات: ئەوەی پەتای كۆرۆنا لەگەڵ خۆی هێنای بەرەو بەشی یەكەمی رۆمانی””سەرمایەداری كاتاسترۆف”مان نابات؟ ئەو رۆمانەی ناومی كلاین (Naomi Klein)لەسەر قێزەوەنییەکانی سەرمایەداری نووسی، یان دەبێتە هۆكاری دروستبوونی سێستەمێكی جیهانی نوێی پتر لەسەرەخۆ و زۆرتر هاوتا؟
بێگومان ژیژێك ڕەخنە ئاڕاستەی سێستەمی سیاسی چینیش دەكات. پێیوایە دەسەڵاتی چینی گومانی لە گشت بۆچوونێكی جەماوەری و زانستی هەیە. ئەم بێ متمانەییەی كۆمەڵگەی چینی پەیوەندی بە دەسەڵاتە سیاسییەكەیەوە هەیە. دەسەڵات هەمیشە هەوڵیداوە بەسەر گشت جومكەكانی ژیانا زاڵبێت و دەرگا لە گشت بۆچوونێكی جیاواز دابخات. ئەمەش وایكردووە بێ متمانەی لە وڵاتی چیین بكەوێتە نێوان خەڵك و دەسەڵاتەوە. ژیژێك لە پەرتووكە ناسراوەكەی،””پاندێمی: كۆڤید -19 جیهانی هێنایەلەرزین””، ئاماژە بەوە دەكات كە پزیشكە چینیەكە( لی وینلیانج ) یەكەم كەس بوو هۆشداری لەسەر پەتای كۆرۆنا لە شاری (وەهان )دا و كەچی دەسەڵاتی سیاسی چینی هەر زوو بێدەنگیانكرد و دواتریش خۆی بووە قووربانی ڤایرۆسەكە. بۆیە نەبوونی مافی ڕادەبرڕین لە چین بە سەرچاوەی بەكێشەبوونی پەتای كۆرۆنا دەزانێت. گەر دەسەڵاتی چینی ڕێگایبدایە بەئاشكرا باس لە كۆرۆناڤایرۆس بكرێت دۆزەكە بەم شێوەی ئێستا نەدەبوو. ئەمەی لە ئێستادا لە چین ڕوودەدات تازە نییە و دەسەڵاتی ناوبراو پێشتر زۆر شتی لەوجۆرەی كردوە( بێدەنگكردنی گرووپە ماركسیەكانی زانكۆكان، سەندیكاكان، چالاكەوانانی ژینەگەپارێزی و گرووپە ئاینییەكان)، بەڵام بەپێی بۆچوونە كۆمۆنیستیەكانی ژیژێك بێت مۆدێلی چین لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا مۆدێلێكی سەركەتوو بوو، بەجۆرێك كە پێشی بە مۆدێلی ئەوروپای بەتایبەت ئیتالی و دواتر ئەمەریكیش دایەوە. لە ساتەوەختی پەتاكە میكانیزمی بازاڕ بەجۆرێكی تر، جیاواز لە بەشێكی زۆر لە جیهان، كاریكرد، كە ڕەنگە ئەمە هەندێك كەس ناویبنێت كۆمۆنیزم، لێ لە دۆزی چینیدا بەشێوەیەكی تر كەوتەوە. پرۆسەی بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنان لەو وڵاتە ڕەوتێكی تری وەرگرت كە لە میكانیزمی برسیكردن و چاوچنۆكی ئابوورییەوە، كە ئەوروپا تێیكەوت، دووربوو. لەسەر ئەم بناغەیە، ژیژێك لە یەكەم نووسینی لەسەر پەتای كۆرۆنا بەناوی””خەونم لەمەڕ وەهان22/01/2020″” ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەوانەی دەیانەوێت چین بخەنە كەرەنتینەوە باشەرم لەخۆیانبكەن. هەر لە یەكەم نووسینیەوە ژیژێك بە هیوای ئەوەیە پەتای كۆرۆنا دەرهاویشتەی پۆزەتیڤی هەبێت. دەرهاویشتەی پۆزەتیڤ بۆ ژیژێك چی دەگەیێنێت؟ بێگومان گەڕانەوەی كۆمۆنیزم و تێكشكانی نیولیبرالیزم. بەلاشیەوە سەیرە ئەو هەرایە لەسەر ئەم پەتایە دروستكراوە لەكاتێكا ساڵانە خەڵكێكی زۆر بەنەخۆشی كوشندەی تر دەمرن.
ژیژێك هۆشداری لەسەر ئەوەش دەدات كە، ڕقی ئەوروپاییەكان لە كولتووری غەیرە ئەوروپای، لە كولتووری چینی لە كاتی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا گەیشتە لوتكە. “چینیە پیسەكان كە ئێمەیان تووشی ئەم پەتایە كرد” بۆچوونگەلێكی لەم جۆرە، كە لێوانلێوە لە شكاندن و بەكەمزانینی كولتووری ئەویتر، لە ئەمەریكا و ئەوروپا خێرا بڵاوبۆوەوە. باشە بۆ ئەوروپا لەژێر سایەی ئەمەریكا ویستی جوگرافیایەكی نائەوروپای بە بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا تاوانباربكات؟ یەک لە هۆکارەکان ڕەنگە ئەوە بووبێت کە لەڕێگای تاوانباركردنی ئەویترەوە بەدوای چارەسەرا بگەڕێن. چارەسەرەكە ئەوە نییە توهمەتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بخرێتە ئەستۆی وەهان، بەڵكو ئەوەیە هەستبكەین كە هەموو لە هەمان بەلەم داین. ڤایرۆسەكە بەزەیی بە كەسمانا نایەتەوە و جیاوازی ئیتنی، ڕەگەزی و ئاینی نێوانیشمان ناكات. هەر بەوهۆیەوە ژیژێك بە هەموو جۆرێك ڕووبەڕووی ئەو دەنگۆ ڕەگەزپەرستیانە دەبێتەوە چین دەكەنە هۆكاری بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە. ئەمە بەو مانایەش دێت كە، لێكدانەوەكان سەبارەت بە پەتاكە بەدەر نییە لە ڕەگەزپەستی (ڕەیسیزم)كاتێك بە ئاشكرا داپیرە چینیەكان، ئەوانەی ماری زیندوو و شۆربای شەمشەمەكوێرە دەفرۆشن لە بازاڕەكانی وەهان، بە هۆكاری ئەم پەتایە بزانرێت. بۆیە ژیژێك نیگامان بۆ ئەو تەماشاکردنە دەبات کە تا ئەو جیهانەی تیایدەژین لە پەیوەندی چوونەنێویەكدیدابێت كاتەسترۆفی، موسیبەتی (catastrophe)، ناوخۆی لە وروژاندنی ترسی گڵوباڵ زیاتر دەكات و بەوەش كاتەسترۆفی جیهانی زۆرتر دەبێت. هەچ كاتەسترۆفێكی ژینگەیی كە ڕوودەدات ترسێكی گەورە دروستدەكات و ئەوەش شڵەژان دروستدەكات. ئەمەش بەڵگەیە كە مرۆڤ جارێ جۆرێكە لە بوونەوەری سەر زەوی و هیچیتر. ئەو هەستی شەرمەش لە شارێكی وەك وەهان بۆ سەركەوتن بەسەر كۆرۆناڤایرۆس هەبوو هەستێكی پۆزەتیڤانەبوو.

كۆنەبوونەوەی ژیژێك و ئاگامبێن لەسەر سفرەی كۆرۆنا

جیۆرجیۆ ئاگامبێن(Agamben) یەكەم نووسینی لەسەر پەتای كۆرۆنا لە 26/02/2020 بەناوی””داهێنانی درمێك””بڵاوكردەوە. ئەم نووسینە لەلایەن بیریارانەوە سەرنجی زۆری خرایەسەر و ژیژێكیش، ئەڵبەتە لەڕێگای هێرشكردنە سەر مۆدێلی بیركردنەوەی فوكۆ لە “”چاودێری و سزا””سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتا و ڕووبەڕووبونەوەكانی، ڕەخنەی تووندی ئاگامبێن دەكات. ژیژێك یەكەم پەرچەكرداری ئاگامبێن سەبارەت بەو شڵەژان و میكانیزمی چاودێری و سزایەی پەتاكە لەگەڵ خۆی هێنای بە پەرچەكرداری چەپێكی نەریتی لەقەڵەمدەدات و سەرنجیشمان بۆ ئەو شوێنە دەبات كە ئاگامبێن لەژێر كاریگەری هزری سیاسی و تێگەیشتنی بایۆپۆلیتیكی فوكۆ بە دەرهاویشتەكانی گەیشتووە و میكانیزمەكانی دەسەڵاتی سیاسی هاوچەرخی ڕۆژئاواشی پێڕاڤەكردووە. ژیژێك بەلایەوە گرنگە ئەوە بزانین كە بۆ ئاگامبێن لە نووسینەكانی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا بەرەو ئەو تێگەیشتنەمان دەبات دەسەڵات بایەخ بە شڵەژان دەدات؟ تەنانەت ئەوەش بە ڕاست نازانێت كە ئاگامبێن پێیوایە حكومەتەكان دەمێك بوو بەدوای بیانووێکەوە بوون بۆ داخستنی كۆمەڵگە. بۆ دەبێت حكومەتەكان هەوڵی داخستنی كۆمەڵگە بدەن كاتێك ئەمە ئابووریان وێراندەكات؟ ژیژێك نایەوێت تەنگژەكە وەك موئامەرەیەكی دروستكراوی كۆمەڵایەتی سەیربكرێت كە هەندێك لە چەپ و یان لە ڕاستڕەوەكانی ڕۆژئاوا دەیبینن. تەنانەت ڕەخنەی ئەوەش لە ئاگامبێن و ئاگامبێنیەكان دەگرێت كە پەتاكە بە درۆدەخەنەوە و وەك یاریەكی سیاسی لێیدەڕوانن. بۆیە ئەم بیرمەندە ئیتالییە لە چاوی ژیژێك نوسخەیەكە لە فەیلەسوفێكی چەپ و كاتێكیش لە بەشی هەشتەمی پەرتووكەكەی كارە ناسراوەكەی فوكۆ،””چاودێری و سزا””،باسدەكات بەهۆیەوە ڕەخنەی شێوازی بیركردنەوەی ئاگامبێنیش دەكات كە چۆن لەژێر كاریگەری فوكۆ بەو سەیرکردنە گەیشتووە کە حكومەتەكانی ئەوروپا لەم كەرەنتین و قەدەغەی هاتووچۆیە مەبەستیان سنورداركردنی ئازادییەكانە. هەرچی ژیژێكە لەلایەن خۆیەوە مەترسی پەتای كۆرۆنا بە ڕاست دەزانێت و ئەو شێوە خۆپارێزیی و ڕێكارییانەی لە وڵاتی چین گیرانەبەر بەسەركەوتوو تر دەزانێت لەوەی لە ئەوروپا، بەتایبەت لە ئیتالیا،پیادەكرا، بەڵام ڕەخنەی شێوازەكەی دەكات كە دێمۆكراسیانە نەبوو. بەمجۆرە ئێمە دەبینین كە ژیژێك پەتاكە بە درۆنازانێت و خودی خۆكەرەنتینكردنیش لە تێگەیشتنی تر دا بەرجەستە دەكات كە هاوشێوەی وێناكردنەكانی ئاگامبێن نییە. لایەنێكی تر كە ژیژێك لە ئاگامبێن جیادەكاتەوە ئەوەیە كە ژیژێك پێیباشە ئەم خۆكەرەنتینكردن و ئەو دۆزەی پەتاكە دروستیكردووە بگۆڕدرێتە جۆرە هاریكاریەكی (سۆلیداریتی) نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی سەرمایەداری جیهانی. ڕاستە ژیژێك كۆك نییە لەگەڵ ئاگامبێن سەبارەت بە بۆچوونەكانی تایبەت بەو تەنگژەیەی كۆرۆنا دروستیكرد، بەڵام بێ ئاگایانە لە هەندێك شوێن یەكدەگرنەوە. ئەوەتا ژیژێك لە هەموو قوژبنێكی نووسینەكانی قامك دەخاتەسەر ئەوەی كۆڤید–19 سێستەمی چاودێری توندی لەگەڵ خۆی هێنا و چاودێریشی لەتەك سزا دا هاوشانی یەكتركرد. ئاگامبێن لەم بارەوە جیاوازتر ناڕوانێت و كۆرۆنا وەك شێوازێكی تازە لە چاودێری، قەدەغە و ڕێكاری توندی ئاسایشانە دەبینێت كە دەمێك بوو حكومەتەكان خەونیان پێوەدەبینی . پێشتریش پەی بەوە بردووە كە كۆمەڵگاكانمان لە ژیانی ڕووت (bare life) بەولاوە شتێكیتریان لاپەسەند نییە و ئیتالیەكانیش بۆ ئەوەی لە پەتاكە دووربن ئامادەبوون قووربانی بەگشت شتێك بدەن: هەل و مەرجی ژیانی سروشتی، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، كار، تەنانەت هاورێیەتی و سۆز و باوەڕە سیاسی و ئایینیەكانیش. ژیانی ڕووت و ترسی لەدەستدانی ئەو ژیانە تەنیا بۆ یەكخستن و كۆكردنەوەی كەسەكان نییە بگرە بۆ جیاكردنەوە و دووچاربوونیشیانە بە نابینای. ژیژێك ئەم گوزارانەی ئاگامبێن پەسەند ناكات. چونكە لەو باوەڕەدایە مەودا، دیستانس، دروستكردن و نێوان خستنە بەینی جەستەكانەوە مافێكی باشە بۆ لەیەكتردوركەوتنەوە بە هیوای تووشنەبوون. ئەم دیستانسە بە ڕێزگرتن دەزانێت لەیەكتر. نموونە لەسەر حاڵەتی خۆشی دێنێتەوە كە كوڕەكەی ماوەیەكە سەردانی ناكات نەبا دووچاری ڤایرۆسەكە بێت. ئەمەو تێگەیشتنی ژیژێك بۆ ئەو ڕەوشی ئاوارتە (State of Exception) یەی كۆرۆنا هێنای هەمان تێگەیشتنی ئاگامبێن نییە. ئاشکرایە ڕەوشی ئاوارتە بارێكی زۆرداری لەگەڵ خۆیدا هێنا، لێ پەیوەندییە ناوەكیە كۆمەڵایەتیەكانی بەهێزكرد. ئەم بینینە ژیژێكانەییە پشتگیری لەو ئاكارەش دەكات، پێچەوانەی بۆچوونی ئاگامبێن، كەپێكەوە تەوقەنەكردن و یەكترنەبینین بەشێكە لەو هاریكەرییەی كۆرۆنا دایهێنا. لەسەرووی ئەمانەوە ژیژێك پێمانناڵێت كە چۆن بایۆپۆلیتیك كاری خۆی لە كۆمەڵگەی چینی دەكات؟ ڕاستە توێژینەوەی پێویست لەو بارەوە بێسنور كەمە، بەڵام بە ڕوونیش ئەوەمان بەرچاوناخات كە ئایا كۆرۆنا ڤایرۆسێكی ئێدیۆلۆژییە؟ كاردانەوەی كۆرۆناش، هەرگیز، لە دەرەوەی ڕۆژئاوا نابینێت و پەرچەكرداری ئیسلامی سیاسی لەسەر پەتای كۆرۆنا شرۆڤەناكات. جگەلەوە دۆخی كۆمەڵگە گەندەڵەكانیش شیكارناكات كە خەونیان بە قەدەغەكردنەوە دەبینی. نموونەش لەسەر ئەو جۆرە كۆمەڵگە گەندەڵانە كوردستانە. كاری ڕوناكبیرانی كوردە ئەوە بۆ جیهان ئاشكرابكەن كە لەژێرسایەی”” كوردایەتیەكی كوشندە و ساختەگەرا””تاکەکانی کۆمەڵگە برسیدەكرێن و بیانووی زۆرزانئامێزانەش بۆ بێ مووچەی و نادادییەكان دەهێنرێنەوە. چاكسازی چ بەهایەكی هەیە كە بۆ چاكسازیكردن بێت لەناو نەیاران. چاكسازی كردەیەكی ئابووری و كارگێڕی خودییە، بۆ بەهێزكردنی خۆت و لاوازكردنی ئەویتر نییە.

سۆلیداریتی و پێكەوەگلان

ژیژك دەخوازێت لەو هەل و مەرجە تازەیەی كۆڤید–19 دروستیكرد كەڵك وەربگیرین بۆ سازدانی سۆلیداریتی(هاریكاریی) جیهانی. كەرەنتینكردن ژیانێكی گۆشەگیرانە و داخراوی دروستكرد كە هۆكاری ڕاستەوخۆشە بۆ كەمكردنەوەی ماف و سنورداركردنی ئازادییەكان. ئەم لایەنە تاكە شت نییە لە هاوكێشە سیاسییەكەی كۆرۆنادا. لەبەرئەوەی پەتای كۆرۆنا جۆرە هاریكاریەكی ،لەناو خەڵك، لە ئاستێكی نێودەوڵەتی و ناوخۆی سازاند. هەر ئەم دۆزەی لەدەمووەختی كۆرۆنا سازێنرا مرۆڤەكانی فێری ئەوەش كرد لە چاودێریكردنی دەسەڵاتە سیاسییەكان لێهاتووبن. ئەو هاریكاریەی ژیژێك باسیلێوەدەكات لەگەڵ كاری تاكگەرایی دەوڵەتەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا یەكناگرێتەوە و، هاریكاریەكەش مەرجە ئاقارێكی نێودەوڵەتی هەبێت. لەمڕوەوە نموونەیەكی پارادۆكساڵی حكومەتی ئیسرائیلمان بۆدێنێتەوە كە سەرۆك وەزیرانەكەی لە ساتەوەختی پەتاكە هەوڵی پێكەوەكاركردنی لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینی داوە تا سنور بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاكە دابنرێت. ژیژێک ئەم پێكەوەكاركردنە وەك دیاردەیەكی مرۆی نابینێت، وەك بەرژەوەندییەكی هاوبەشی خۆپارێزی لە پەتاكە دەیبینێت. لێرە وتنێكی مارتن لۆتەر بەنموونە دێنێتەوە كە””پێشتر هەموو لەسەر سەفینەی جیابووین كەچی ئێستا لەسەر هەمان سەفینەین””. بەپێیئەوەی كۆرۆناڤایرۆس ئاڕاستەیەكی جیهانی وەرگرتووە ئەوە وایكردووە وڵاتان خۆیان لەناو هەمان سەفینەدا ببینەوە، لێ ئەوروپا لەم قۆناغەدا پێدەچێت بەتەنیا لە یەك سەفینەدا خۆیببینێتەوە لە ڕووبەڕووبونەوەی سێ ڕەشەبادا: ڕەشەبای یەكەم لێدانە یەك لەسەر یەكەكانی پەتای كۆرۆنایە، ڕەشەبای دووەم لێكەوتەكانی ئەم پەتایەیە لە مردوو، تووشبوو، كەرەنتینی تەندروستی و پاشماوەی ئابووری وێرانكار، كە بەسەر ئەوروپایەكدا هاتووە خۆی بەدەست گرفتە ئابوورییەكانیەوە دەتلێتەوە. ڕەشەبای سێهەم ململانێ سەربازییە بەردەوامەكانە لەناو سوریا، كە دەستی پێكدادانە سەربازییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی سوریا و توركیای تیایە. لێرە ژیژێك ڕەخنەی توند لە ڕژێمی سیاسی توركی دەگرێت كە دەستی لە قووڵكردنەوەی كێشەكانی ناو سوریا و هاندانی گروپە تێرۆریستیەكان و خستنەسەرسنوری پەناهەندەكان هەیە. باس لە دوو پێكەوەكاركردنی سیاسیش دەكات: پێكەوە كاركردنی سوریا-روسیا كە ئامانجی ئابووریانەی خۆی هەیە. هەروەها پێكەوەكاركردنی توركیا -روسیا کە ئامانجی لاوازكردنی ئەوروپای یەكگرتووە ئامانجێكی سیاسیانەی خۆشی هەیە. خودی كەیسی پەناهەندەكانیش بەشێكە لە كەیسی سیاسی كۆرۆنا. پەناهەندەكان لەلایەن تورکیاوە دەخرێنە سەرسنورەكان بە بیانووی ئەوەی نەبا پەتای كۆرۆنا لە ئۆردووگای پەناهەندەكان بڵاوبوبێتەوە.
پێمانوایە، كورتەی تێگەیشتنەكانی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن كە هەموو پێكەوە گلاوین، بە پەتایەكەوە، بە دۆزێكەوە، تخووبەكان بە ساكاری تێدەپەڕێنێت و لە تووشكردنیشمان بێباك و كۆڵنەدەرە. داتا گرینگی خۆی لە كەیسی كۆرۆنادا هەیە، لێ هەواڵی تووشبووان هێشتا لەناو زۆر گرووپ نازانین. دەستكاری داتاكان لە زۆر شوێن لە دونیادا بۆ یاریكردنن بە تەندروستی و بە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیشەوە. گەندەڵیكردن لە داتاكان زۆرجار بۆ وەرگرتنی قەرەبووێكی زۆرترە یان بۆ بەسیاسیكردنی ڕەوشی شارە، بەتایبەت لە وڵاتە گەندەڵەكان، بۆنموونە “بێ موچەی و كۆرۆنا” پێكەوە شانۆگەری سیاسی سەیر لە باشوری كوردستان دەگێڕن. بەکاربردنی ترسناکی کۆرۆنا بۆ دەمکوتکردنی بێ مافان و پینەکردنی دزییەکان توێژینەوەكان لەبارەی كۆرۆناوە گوماناویدەکەن. زۆرێك وتن هەن كە نە ژیژێك و نەش بیریارانی تری ڕۆژئاوا پەییانپێنەبرووە. چەند تووشبوو لەناو گەریلاكان(كورد و جیهان)، كۆڵبەرەكان، داعشەكان، مافیاكان، سەرا و باڵاخانەی شازادەکان، تێرۆریست و قاچاخچییەكانی سەر سنورەكانی جیهان هەن؟ ڕوون نییە. كڵێسا و سیناگۆگ و بەتایبەت مزگەوتەكان، لەژێر زەبری كۆرۆنا بەوە قایلبوون بە دیستانس ئیمانداریبكەن. خواپەرستی بە دیستانسەوە مۆدێكی نوێی ئایینە لە سەردەمی كۆرۆنا. نیولیبرالیزمی كورد هێرشی توركیا-ئێران بۆ سەر خاكی كوردستان بێدەنگانە پەسەنددەكات. نیولیبرالیزمی كورد بینینێکی تری بۆ ئاڵا هەیە. ئەمە گلانە بە كوردایەتیەكەوە كە چەپەڵیەکانی بێ پایانن، کە پێتدەڵێت”من نەبم گورگەکان دەتخۆن”. ئەمە یەکگرتنەوەی زەبری گەندەڵی سیاسی کوردیە لەتەک زەبری كۆرۆنا. بێ موچەی و دووڕەوشتی لە چاكسازی حكومەت پێكەوە كوردایەتی قێزەوەندەكەن. چاكسازی؟ ئەم چاكسازییە وەك ئەوە وایە ئەو فرۆكەوانانەی بۆمبڕێژدەكەن هەر خۆشیان پاشتاوێك لە هەمان شوێن دەستبە بنیادنانەوە بكەن.
—————————————————————–

پەراوێز: بۆ بەدەستهێنانی تێكڕای نووسینەكانی ژیژێك تایبەت بە”پەتای كۆرۆنا”بڕوانە ماڵپەری ئینگلیزی كارەكانی (Slavoj Žižek bibliography)،هەروەها ماڵپەری رووسی كارەكانی (https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/index/page/1) . هاوكات بڕوانە پەرتووكە سێ بەشیەكەی ژیژێك و هاوبیرەكانی سەبارەت بە “” “” The Idea of Communism .




كرۆكی درمناسی لە بیریاریی سڵاڤۆی ژیژێك دا-11- … ئازاد حەمە

بەشی یانزەهەم

دەستپێك:
خونچەی هیچ توێژینەوەیەك لەخۆڕا ناپشكوێت. بۆئەوەی باخی توێژینەوەكان هەردەم پڕبن لە مەنزڵی جوداجودا كە ڕامان و ڕوناكی ،تایبەت بە دەوروبەروو و جیهان، ڕۆكەنە ناو بۆچوونەكانمان بەردەوام پێویستمان بە ڕواندنی پرسیار و دروستكردنی شكۆداریە بۆ گومانكردن. لەبەر ڕۆشنایی ئەم قسانە لەسەر سەكۆی ئەم بەشە (و بەشی داهاتووش) لە گوێی دیدگاكانی سڵاڤۆی ژیژێك (Slavoj Žižek) ڕۆدادەنیشین و ئەو سەیركردنە فەلسەفییانە دەهۆنینەوە كە لەمەڕ پەتای كۆرۆنا وتونی. ژیژێك كە بیریارێكی چەپە خەڵكی وڵاتێكی خنجیلانەیە بەناوی سلۆڤێنیاوە بەپایتەختێكی دڵفرێنەوە ،لیوبلیانە، كە دانیشتوانەكەی دوو میلیۆنێكە و پێشتریش بەشێك بووە لە كۆماری سۆسیالیستی یۆگسلاڤی پێشوو. هزرەڤانیەكانی ژیژێك پانتایەكی گەورەیان لە نووسین سەبارەت بە “”فەلسەفە و كۆرۆنا”” داگیركردووە. لە شیكاریەكانیدا سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا و ئەو تەنگژەیەی پەتاكە لەگەڵ خۆیدا هێنای بۆ جیهان ڕەهەندێكی زۆری ئێدیۆلۆژیش بەدیدەكەین. سەرباریئەوە، سەمەرەیی سڵاڤۆی ژیژێك لەوەدایە كە زۆر دەنووسێت و لەسەر هەموو شتێكیش وتنی خۆی هەیە و لە سۆسیال مێدیای ڕۆژئاواش دەركەوتنی بەردەوامی هەیە. لە هەموو تەنگەژەیەكی سیاسی و ئابووریدا پۆلێك پەرچەكرداری دەنوێنێت و زۆرێك لە ڕوناكبیرانی ڕۆژئاواش بەخۆیەوە سەرگەرمدەكات. لەناو هەموو ئەو شیكاریانەی بێوچان سەبارەت بە پەتای ناوبراو بەردەستمانیدەخات وتنی هێگل، ماركس، فرۆید و لاكان بێ شۆمار لەسەر زاری دێن و دەچن. لە یەكەم نوسینی لەسەر ڤایرۆسەكە، كە سەرەتای ئەم ساڵ نووسیویەتی، جاڕی ئەوە دەدات كە خەون بە (وەهان) ەوە دەبینێت، حەزدەكات سەفەرێك بۆ ئەوێندەرێ بكات و لە شەقامە جەنجاڵەكانی پیاسەیەك بكات. ئەم هەڵوێستەی ژیژێك لەسەر شاری (وەهان)ی چینی دژ بە هەڵوێستی ڕۆژئاوایە كە وەهان دەكەنە منداڵدانی پەتای كۆرۆنا. لایەنێك لە كرۆكی نووسینەكانی ئەم هزرەڤانە سلۆڤێنییە ئەوەشمان پێدەڵێن كە شتێك بەناوی ڤایرۆسی ئێدیۆلۆژیا لە سەرهەڵدانە و وشەی كاتەسترۆف- موسیبەت، كارەسات، بەڵا- (catastrophe) یش لە بەكاربردنێكی زۆردایە و لە كن ناوبراو جارجار بە داڕمانێكی نەختی و جارجارەش بە قەیرانێكی ژینگەیی یاخود تەندروستی دێت. هێندەی لە ئەندێشەی سیاسی و فەلسەفی ژیژێكیش حاڵیبووبێتین مادەمەكی لەژێرسایەی سێستەمێكی سەرمایەداری چاوچنۆكی جیهانیدا دەژین كاتەسترۆفەكان بڕانەوەیان بۆنییە.

درمناسی بیرمەندێك

ژیژێك هەڵگری ئایدیای كۆمۆنیزمە، لە نووسینەكانیدا بەگشتی خەو بە گەڕانەوەی كۆمۆنیزمەوە دەبینێت، ئەمەش وایكردووە لەتەك بەشێک لە بیرمەندانی ڕۆژئاوا لە ململانێی هزری تووندا بێت. شێوازە گاڵتەجار و پێكەنیناوییەكانی زۆرجار هۆكارن كە هەوادارانی سێمینار و لێدوانە تەلەفزیۆنیەكانی زۆرتربن و، نووسینە سیاسییەكانیشی ،بەردەوام، لەناو نەیارانیدا زۆرێك مقۆمقۆی ئێدیۆلۆژی دروستكردووە و تێگەیشتنی سەمەرەشی لەسەر تێكڕای وتنەكانی نەخشاندووە. ڕەنگە چەپبوونەكەی، دواتر هێرشە بەردەوامەكانی بۆسەر نیولیبرالیزم(Neoliberalism)پەیوەندیەكی زۆری بە بەشێك لەو ڕەخنانەوەش هەبێت نەیارانی لێیدەگرن. ژیژێك درمناس(epidemiologist) نییە، شتێكی ئەوتۆش لەسەر درمناسی(Epidemiology) نازانێت. لە زۆربەی نووسینەکانیشی سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا ڤایرۆس دانی بەوەدا هێناوە كە لەو بوارەدا پسپۆر نییە، لێ ئەم ڕوناكبیرە سلۆڤێنیە كۆمەڵناسێكی دیاری ئێستای ئەوروپایە و لەسەر ئەو بناغەیەش پاشخانێكی ئەكادێمی بۆخۆی لە بوارەكانی ئابووری، سیاسەت و فەلسەفە پێكهێناوە، بۆیە شیكارییەكانی ڕەهەندی جۆراوجۆر وەردەگرن و لەژێرسایەی تێهزرینە فەلسەفییە سیاسیەكانی هێگل و ماركس، دواتر لاكانی شیكاری دەروونی، تیۆریزە بەسەر سێستەمی سیاسی و ئابووری- كۆمەڵایەتی جیهانیەوە دەكات و، خودی مۆدێلی بازاڕی گلوباڵیش، كە تەواوكەری سەرمایەداری جیهانییە، بەردەوام دەخاتەژێر نەشتەری شیكارییەوە. بەو پێیە ژیژێك سەبارەت بە مانای درم(Epidemic) بەرەو ئەو بینینەمان دەبات کە پێویستە لێكدانەوە بۆ ئەو هەل و مەرجانە بكرێن درم شیاودەكەن. لەم بارودۆخە جیهانییەدا بەپێی بینینی ژیژێك هەندێك لەو هەل و مەرجانە دەشێت جیهانگیری و بازاڕی سەرمایەداری بن.
ناشێت جێگای سەرسوڕمانبێت کە درمناسیەكەی ژیژێك ڕەهەندی پزیشكی یان بایۆلۆجی نییە لەبڕی ئەوە ئەو درمناسییە لەژێر چەتری پۆلێك جیهانبینی فرەئاقاری تر(سیاسەت، دەروونناسی، ئابووری، فەلسەفە، سینەماناسی) كاری درمناسی خۆیاندەكەن كە پێگەی تایبەتی خۆیان لەناو ڕوناكبیر و خوێندكارانی زانكۆ و ڕۆژنامەوانان دا دروستكردووە، كە ڕەنگە هەر ئەمەش هۆكاربووبێت ببن بە سەكۆیەك بۆ بڵاوبوونەوەی خێرای تێگەیشتنەكانی. جێی سەرنجە ئەوەش بێژین، نووسینە سیاسی و فەلسەفی و شیكارییە سۆسیۆلۆژییەكانی ژیژێك تایبەت بە فیلمە جیهانییەكان دەلاقەیەكی نوێیان لە پەیوەندی ئەم بیریارە لەگەڵ كێشە نێودەوڵەتیەكان (نایەكسانی، هەژاری، بێكاری، گەندەلی، چەوسانەوە)سازاندووە. بۆیە خوێنەری نووسینەكانی ،لە ناو زمانە جیاكان، لە هەڵكشاندایە، لەلایەك بەهۆكاری كەمتر ئاڵۆزی ڕەوانبێژی نووسینەكانی و لەلایەكی تر بەهۆكاری ئەوەی بەردەوام لەسەر كێشە و دیاردە ڕۆژانەییەكان دەنووسێت.
ژیژێك زۆر زوو لەسەر پەتای كۆرۆنا دەستی بە نووسین كرد و بەشێك لەو نووسینانەی لە پەرتووكێك بەناوی “”پاندێمی: كۆڤید – 19 جیهانی هێنایەلەرزین”” كۆكردەوە و وەكیتریش تا هەنووكە لەسەر نووسین، لەو بارەیەوە، بەردەوامە. نووسینەكانی دووتۆی ئەم پەرتووكە لە چەند بابەتێكی زەقی سەرسامئامێزی سیاسی و سۆسیۆلۆژی پێكهاتوون (ئێمە هەموو لە ئێستایا لەناو هەمان بەلەمین، بۆ ئێمە هەموو كاتێك ماندووین؟، بەرەو ڕەشەبایەكی فیعلی لە ئەوروپا، بەخێربێن بۆ بیابانێكی ڤایرۆسی، پێنج ئاستی درم، ڤایرۆسی ئێدیۆلۆژیا، هێمنبەرەوە و شڵەژان! ، چاودێری و سزا؟ بەڵێ، تكایە! ، بەربریزم لەگەڵ ڕوخسارێكی مرۆیی چارەنووسمانە؟ ، بەربەریزم یان كۆمۆنیزم بە جۆرێكی سادە! ). جێی وتنە، ئاستی درمناسیەكەی ژیژێك لە پەرتووكەكەیدا دەگاتە ئەو شوێنەی هێما بۆئەوە بكات، هیگڵ ئەوەمان بۆ ڕووندەكاتەوە کە تاكە شتێك لە مێژووەوە دەكارین فێریبین ئەوەیە كە هیچی لێوە فێرنابین، بۆیە گوماندەكات ئەم پەتایە وامانلێبكات داناتربین، ئەوەی دەبێت بۆ هەموان ڕوون بێت ،بەبۆچوونی ژیژێك، ئەوەیە كە ئەم پەتایە ژێرخانی ژیانمان دادەڕمێنێت كە ئەوەش ڕووبەڕووی كاتەسترۆفێكی، كارەساتێكی، ئابووریمان دەكاتەوە كە گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاساییمان ئەستەمدەكات. بەمە ژیانە تازەكەمان لەسەر كەلاوەی ژیانی پێشومان بونیاددەنێینەوە و خۆشمان لەگەڵ ژیانێكی ڕووكەش دەگونجێنین. لێرەوە شڵەژان (پانیك) لەدایكدەبێت و هەراسانی دەروونی و ڕۆحی لەناو ڕەفتار و جووڵەكانمان دەڕوێت. ژیژێك هەر لەوێڕا، لە پەرتووكەكەی، لە نووسینێك بەناوی””بەربەریزم (Barbarism)بە ڕوخسارێكی مرۆییەوە”” گوزارە لەوە دەكات كە ماوەیەكە خواستی ئەوەی هەیە دووچاری ڤایرۆس بێت هیچ نەبێت بۆئەوەی لەو ڕاڕایە دەربازیبێت كە تیایدەژیت. تەنانەت خەوەكانی شەوانیشی نیشانەیەكی ترن لەسەر ئەو ڕاڕاییانە. پێشیوایە بەجۆرێك هەست بە پەرێشانی دەكات كە تەنیا بیرلەوە دەكاتەوە كەی شەو دادێت تاوێك بنوێت، كە دەشنوێت خەوە ناخۆشەكانی بێداریدەكەنەوە. لەم بارودۆخەش ،ژیژێك پێیوایە، خەو بە گۆڕانی كۆمەڵایەتی ڕادیكاڵانەوە دەبینێت. ئەو خەوە بەبۆچوونی ژیژێك بەهۆی كۆرۆناوە دێتەدی، ئەوە دێتە دی كە پێشتر پەیمان پێنەبردبوو. ئەو جیهانەی دەمانناسی و تیایا دەژیاین وا بەرەو داخستنی تەواوەتی دەچێت. هەموو لە ماڵەوەین و پێشمانخستۆتە ناو ئایندەیەكی ناڕوونەوە، ئەمەو جگەلەو تەنگژە ئابوورییە زەبەڵاحەی لە چاوەڕوانیماندایە. لێرەوە دەگاتە ئەو خاڵەی كە پەرچەكردارییەكان پێویستە نەشیاو بهێننەدی. نەشیاو تازە هاتەكایەوە. وەستان، لەماڵەوە بوون و داخراوییەكانمان بۆ ژیژێك “ئەو” نەشیاوەن، ئەو خراپەیەن كە ڕوویاندا. ئەمەشە كاتەسترۆفەکە- موسیبەتەکە- کە لێماننابێتەوە. لە ڕاڤەكردنەكانی ژیژێك دا كاتەسترۆف – بەڵا- فۆڕمی جیاجیا وەردەگرێت. كۆڤید-19 كاتەسترۆفی- كارەساتی- تازەی بۆهێناین، كە داڕمانی ئابووری و ژیانی كۆمەڵایەتیمانی گرتەوە. پێشتر تەنگژە نەختییەكان ئەوەیانكرد. پێشتریش وتمان، تا ئەو جێگایەی بە بیركردنەوەی سیاسی و فەلسەفی ژیژێك ئاشنابین مادامەكی لەژێرسایەی سێستەمێكی سەرمایەداری چەپەڵی جیهانیدا دەژین كاتەسترۆفەكان كۆتاییان نایەت.
ئەو داڕمانەی لەم ڕووەوە ژیژێك چاوەڕوانیەتی دەركەوتەی بەربەریزمە(وەحشیەتگەری)، ئەڵبەتە بە ڕوخسارێكی مرۆییەوە. بۆ ژیژێك ئەمەیە ئەو كێشەیەی لەگەڵ ساتەوەختی كۆرۆنا، بە جۆرێكیتر، بە بەربەریزم ئاشنابووین. ئەم بەربەریزمە بەربەرییەكی كلاسیك و نەریتی نییە. ئامانجی ئەم جۆرە بەربەریەتە مانەوەیە. لەو بارەیەوە ئاماژە بە وتاری سیاسییەكان دەكات كە پڕە لە ترس و تۆقان كە گوایە ئەم پەتایە ترسناكە و دەبێتە هۆی دووچاربوونی ژمارەیەكی زۆری سەرزەوی. لەم ڕوەوە باس لە دۆزی ئیتالیا دەكات لەسەر زاری سیاسییەكانیان كە گوایە پەتای ناوبراو زۆرێك لە بەساڵاچوان و ناساغەكان دەكوژێت. بیر لەو دۆزەش دەكاتەوە كە نەخۆشخانەكانی ئەوروپا ڕێكەوتیانكرد، وەلاوەنانی گیانی ئەوانەی هیوای چاكبوونەوەیان نەماوە، كە ئەوە بەقسەی ژیژێك تەنانەت لەگەڵ لۆژیكی كاتی جەنگیشدا ناگونجێت. لە دوای جەنگ، بەبێ گوێدانە تێچوون، بریندارە هەرە خراپەكان چاكدەكرانەوە. بۆیە داوادەكات ئەوانەی باری تەندروستیان زۆر خراپە، بۆئەوەی چیدی ئەوەنە ئازارنەچێژن، پێویستە جۆرە دەرمانێكیان بۆ دابینبكرێت كە یارمەتی مردنیانبدات، ئەڵبەتە یارمەتیدانی ئەوانەش كە پێویستەبژین. مەرجیشە گشت ڕێگایەك بۆ ئەم جۆرە یارمەتیانە بگیرێتەبەر بێ بیركردنەوە لە تێچوون.
ژیژێك وایبۆدەچێت، زوو زوو گوێمان لەوە دەبێت كە دەوترێت كەسانێك سەرپێچیان لە ڕێكارییە تەندروستییەكان كردووە، لێ ئەم سەرپێچیە بەزیانی كەسانی تەندروست دەگەڕێتەوە. ئەم هزرەڤانە كێشەكە بە چەند لایەنێكی ترەوە دەبەستێتەوە، ئاستی هۆشیاری تاك، هەستی ژینگەپارێزی و ..هتد، بەڵام بۆ ژیژێك ئەمە كێشە گەورەكە نیە، كێشە گەورەكە لەوێدایە سۆسیال میدیا زۆر ڕەفتاری تاكەكسی لە شكاندنی ڕێكاریە تەندروستییەكان گەورەدەكات و ناشمانگەیێنێتە ئەو شوێنەی تەنگژەی كۆرۆنا دژ بە سێستەمی سەرمایەداری بەكاربەرین و بیكەینە سەكۆیەك بۆ دروستكردنی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و ئابوری پێویست. ژیژێك تەنیا داوای ئەوە ناكات كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دۆزی تەندروستی مرۆڤەكان باشبكات، بەڵكو كاربۆ بەهەندوەرگرتنی دۆزی سروشتیش بكات. ئەمەش بەهۆكاریئەوەی ڤایرۆسەكان پەلاماری ڕووەكەكانیش دەدەن كە سەرچاوەی سەرەكی خۆراكەكانمانن. كەوابێت لێرە دەشێت بپرسین دەركەوتنی بەربەریزم بە پەچەی مرۆییەوە چۆن ڕوودەدات؟ بەبۆچوونی ژیژێك كاتێك ڕوودەدات ئامانج تەنیا مانەوەمان بێت لە ژیانا، مانەوە وەك مرۆڤ و هیچی تر. ئەو دەمەی كەمی لە پێویستی خزمەتگوزاری و شمەك دەبێت ئەمە لەلایەن خۆیەوە دەبێتە هۆكاری مردنی خەڵكێكی زۆر كە ڕێژەكەی بەپێی ژیژێك لەنێوان 60 بۆ 70 لە سەدی دانیشتوانی گۆی زەوی دەبێت. لەم حاڵەتە سێستەمی سەرمایەداری جیهانی دەكەوێتە پەیڕەوكردنی ڕێكارییە بەربەریەكان، هەروەك ئەوەی لە ئیتالیا كرا، زۆرێك نەخۆش و دووچاربوانی ڤایرۆسەكە فەرامۆشكران و لەبڕی ئەوە بایەخ بەوانە درا پێویستیان بە یارمەتی مامناوەندی بوو. هەر لە پەنای ئەم دۆزە قسە لە ترس هاتەگۆڕێ و باسی ترس لەگەڵ كۆرۆنا زیادیكرد. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانیش ئەم وشەیە لە میدیاكانا نۆرمالبووەوە. داتاكان زۆرجار بەجۆرێك بڵاودەبنەوە كە ترس دروستبکەن. زۆرجار بانگەشەی نەمانی ماسك و پێویستیە پزیشكییەكانیش خەڵك دەترسێنن. بیریشماننەچێت، سێستەمی سەرمایەداری مشەخۆرە لەسەر ئەم جۆرە ترسانە.
ژیژێك وایدەبینێت لە هەنووكەدا لەبەردەم تەنگژەیەكی سێ ڕەهەندی داین. ڕەهەندی پزیشكی (بڵاوبوونەوەی پەتا)، ڕەهەندی ئابووری(بەدوور لە دەركەوتەكانی پەتاكە)، ڕەهەندی تەندروستی مێنتاڵیانە. ئەم سێ ڕەهەندە كاردانەوەی خۆیان لەسەر گشت بوارەكانی كار و ژیان هەیە. لەمبارودۆخە هەندێك كۆمپانیا بە میلیۆنەها ماسكیان بۆ فرۆشتن بەرهەمهێنا، واچاكە ماسكەكان نەك هەر نەكڕدرێن بگرە دەستیشبگیرێت بەسەریانا. نموونەیەكیشمان لەسەر هەوڵێكی ترامپ بۆدەهێنێتەوە كە پێشنیارێكی بە بەهای یەك میلیارد دۆلار خستۆتە بەردەست كۆمپانیەیەكی دەرمانی ئەڵمانی(CureVac) تاپەرەبە دروستكردنی ڤاكسین بدەن بۆ ئەمەریكا، هەرچی وەزیری تەندروستی ئەڵمانییە ئەوەی ڕەتكردەوە و ئاماژەی بەوەشدا كە ئەڵمانیا كار بۆئەوە دەكات ڤاكسین بۆ گشت جیهان بەرهەمبهێنێت. ژیژێك بەمە دەڵێت: مۆدێلی ململانێی نێوان بەبەریزم و شارستانی. ترامپ ڕێك دوابەدوای ئەمە داوای لە كەرتی تایبەتی ئەمەریكی كرد هەڵستن بە بەرهەمهێنانی پێویستییە پزیشكییەكانی ناوخۆی ئەمەریكا. ئەوەی دەوڵەت بڕیار لەسەر جۆری بەرهەمهێنانی كەرتی تایبەت بدات، وەك ئەوەی لە ئەمەریكا دەگوزەرێت، ژیژێك بە گەڕانەوەی كۆمۆنیزم پێناسەیدەكات.
ژیژێك لە قوژبنێكی تری پەرتووكەكەی،””بۆ زۆربەی كاتەكانی رۆژ هەست بە ماندووبوندەكەین ؟””، تیۆریزە بەسەر درمەوە دەكات و بەو دەرئەنجامەشمان دەگەیێنێت كە بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا وایكرد دوو چەشن لە مرۆڤ بوونیان هەبێت: یەكەم چەشن كارمەندانی كەرتی پزیشكیین. دووەم چەشنیش شتێكی ئەوتۆیان نەبوو بیكەن لە مانەوە لەماڵەوە زیاتر، ئەم چەشنە كەرەنتینكراوەكان دەگرێتەوە. ژیژێك وتەنی چەشنی دووەم زۆربەی كاتەكان هەست بە ماندووبوونێكی زۆر دەكەن كە خۆشم یەكێكم لەوانە. لێرەوە ژیژێك سەرگوزشتەی فەیلەسوفێكی ئەڵمانی، بەڕەچەڵەك كۆریای باشوری، دەگێڕێتەوە سەبارەت بە ڕەفتاری دوانەیی مرۆڤ لەژێر كاریگەری بەربەستی ناوەكی یان بەربەستی دەرەكی. بۆ ژیژێك نموونە لەسەر ئەم جۆرە بەربەستانە نووسەری پاكستانی كامیلە شەمسی(Kamila Shamsie) یە كە بەهۆی پشتگیریكردنی لە بایكۆتكردنی حكومەتی ئیسرائیلی لە خەڵاتی نێللی ساكس (Nelly Sachs Prize )ی ئەدەبی دوورخرایەوە، ئەمە لەكاتێكا نووسەری نەمساوی پێتر هاندكە(Peter Handke) ساڵی 2019 خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەب پێدرا كە پێشتر پاڵپشتی سوپای سربی كردبوو لە قەتلوعامی بۆسنیەكان. هەرچی جۆری دووەمی ئەم دوانەییەیە پەیوەندی بە ئێستای سەرمایەداری جیهانیەوە هەیە كە كۆمەڵگەیەكی چیناوی فرەئاستی دروستكردووە، كارمەندانی پزیشكی لە وڵاتێكی وەك چین بەشێكن لە چینی كرێكاران، كە ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە لەژێر فشارێكی زۆردان. هەرچی جۆری سێهەمە ئەوا هەردوو جۆرەكەی تری تیایە. ئەمەش ئەوانە دەگرێتەوە كە دەستی كارن و هاوكات جۆرێكیشن لە بەرهەمهێنەر، لێ لە شوێنی كارەكانیان دەچەوسێنرێنەوە. لەم بارەیەوە نموونە لەسەر ئەو كرێكارانە دێنێتەوە لە ناو چین و ئەندۆنیسیا لە كۆمپانیاكانی مایكرۆسۆڤت و ئاپڵ دا كاردەكەن. لێرەوە ژیژێك دەست بۆ ڕاستیەكی تر دەبات كە یەكێكە لە ناكۆكیەكانی سێستەمی سەرمایەداری جیهانی و لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناشدا سەریهەڵدا بریتییە لە زۆربوونی كەڵێنی چینایەتی و ئابووری نێوان كرێكار( و جوتیاران) و خاوەن كۆمپانیا و بەڕێوەبەرە گەورەكانی دامەزراوە گەورەكان. چونكە زیانە زۆرەكەی پەتای كۆرۆنا بەر ئەوانی یەكەم (كرێكار و جووتیار) دەكەوێت و زیانە هەرە گەورەكەش بەر كرێكارانی كەرتی تەندروستی دەكەوێت، هەرچی ئەوانیترە (خاوەن كۆمپانیا و كارگەكان) لەژێرسایەی تێكنۆلۆژیای زانیاری و ئامرازەكانیدا دەتوانن لەماڵەوە كارەكانیان ئەنجامبدەن. بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی و سیاسی ژیژێك پەتای كۆرۆنا ڕەهەندی تری بە كەڵێنە چینایەتی و ئابوورییەكاندا.
ژیژێك لە پەنایەكی تری پەرتووكەكەی باسی”بەخێربێن بۆ بیابانی ڤایرۆسیی”دەوروژێنێت. بەپێی ئەو باسە، بڵاوبوونەوەی بەردەوامی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە ئێدیۆلۆژییەكان كە ساڵانێكە لێرە و لەوێ تەشەنەدەستێنن (تیۆرییەكانی موئامەرە، تووندبوونەوەی ڕەگەزپەرستی و.. هتد). لەماوەی كەرەنتینی تەندروستیش ئەوانەی دووچاری ڤایرۆسە ئێدیۆلۆژیەكان بوون هەر ئەوانە بوون ڕەخنەی كەرەنتینی تەندروستی و لەماڵەوە بوونیان دەكرد. ئەڵبەتە ڤایرۆسگەلێكی تریش بوونیان هەیە كە بێزیانن، ئەمانە ئەو ڤایرۆسانەن بیر لە دروستكردنی كۆمەڵگەی ئەلتێرنەتیڤی فرەنەتەوەیی دەكەنەوە كە ڕۆڵی سەرەكی تیایانا هاریكاری و پێكەوەكاركردنی وڵاتانە. هەندێك، بەپێی تەماشاكردنی ژیژێك، پێیانوابوو بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە چین دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی كۆمۆنیستی لەو وڵاتە، كە پێشتر بەڵایەكی لەو جۆرە، تەقانەوە نەوەوییەکەی تشێرنۆبیل، بووە هۆكاری هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتی سەردەمی گۆرباتشۆڤ. ژیژێک واینابینێت. بە قسەی ژیژێك گرفتەكە لەوەدایە كە “ئەوانە” لەوە حاڵی نیین ئەم پەتایە دەبێتە هۆكار بۆ هیوامەندی بە ئەزموونی كۆمۆنیزم لە متمانەی ڕەهای بە زانست و زانایان. ژیژێك ڕەخنەی ئەوەش دەكات كە لەم دوایە زۆرترین بەرپرسیاریەتی دۆخە ناهەموارە تەندروستیەكە خراوەتە ئەستۆی هاوڵاتیان لە پاندبوونیان بە ڕێنوماییە تەندروستییەكان. ئەم بیرمەندە ئەمە بە تاكە چارەسەر نازانێت، بەڵكو گۆڕینی سێستەمە كۆمەڵایەتی – ئابوورییەكان بەلەوە لەپێشتر دەزانێت.

نیولیبرالیزمی كۆرۆنا

ژیژێك ئێستا لە هەموو ئێستاكانی تر بە ئێستایەكی سیاسی دەزانێت. لە دیدی “ئەو” ئێستامان سیاسی ترە لەچاو پێشوومان. بۆیە لەكاتی وادا دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هاتنەدەرەوە لە تەنگژەكان ئاساییە. هەر بەو هۆكارە ژیژێك لەگەڵ ئەو كەسانەدا كۆك نییە كە وایبۆدەچن ئێستا كاتی سیاسەت نییە، بەپێچەوانەوە ئێستا ،بۆ ژیژێك، مەزنترین كاتی سیاسەتكردنە. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی جیهان لە فۆڕمی هەنووكەیدا لە ونبووندایە. وەكیتر ئەمە وادەكات ژیژێك هێرشی تووند بكاتەسەر نیولیبرالیزم (Neoliberalism) . نیولیبرالیزم كە كارلەسەر تێكشكاندنی ڕێسا ئابوورییەكان دەكات، تا زەمینە بۆ ئازادی ئابووری و زاڵكردنی كەرتی تایبەت بسازێنێت و لەو سەریشەوە خەرجیەكانی دەوڵەت كەمكاتەوە و بواری كاركردنی بازرگانی ئازاد بەرینكات و سنور بۆ دەستتێوەردانی ئابووریانەی دەوڵەت دانێت، بە یەكێك لە خەسڵەتە ئابوورییەكانی ئابووری سەدەی بیست و یەك، كە بناغەی بۆ سێستەمی ئابووری پۆستكاپیتالیزم (پاش سەرمایەداری) داناوە، دێتەژماردن. شایانی باسە، خاڵی هاوبەشی پەرتووكە ناوبراوەكەی ژیژێك هێرشكردنە سەر سێستەمی سەرمایەداری جیهانی و مۆدێلە سیاسیەكەی ئەم ئێستای ئەم سێستەمەیە، واتە نیولیبرالیزم، و بانگەشەكردنیش بۆ گریمانی كۆمۆنیزم بەرامبەر بەو تەنگژانەی سێستەمی ناوبراو ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەكاتەوە. لێرە بەبێگومانەوە قامك لەسەر ئەو لایەنە دادەنێین كە پاشخانی ماركسیستی و لاكانی(ژاك لاكان مەبەستە) ئەم بیرمەندە یارمەتیدەرن وێنەیەكی بەرینمان لەسەر ئەو تەنگژە ئابووری و سیاسی و دەروونی و ڕەوشتیانە بۆ بخەنەڕوو كە لەگەڵ پەتای كۆرۆنادا دەركەوتن. تەقەلای بەشێك لە وڵاتان، كە سێستەمێكی سیاسی و ئابووری نیولیبرالیزمیانەپیادەدەكەن، بۆ بردنەڕێوەی ئابوورییانەی جیهان لە قۆناغی پاش كۆرۆنا دەكرێت وەك بەشێك لە سیاسەتی ئابووری سەرمایەداری جیهانی تەماشابكرێت. بۆ ژیژێك سێستەمی سەرمایەداری جیهانی لە تەنگژەی قووڵدایە. ئەم سێستەمە لە كۆرۆنا دەربازی بێت دەبێتە سێستەمێكی سیاسی و ئابووری بەربەری. ئێستاش لەناو ئەو گرفتە گەورەیەی بەهۆی كۆرۆناوە دووچاریبوەتەوە سەرقاڵی خۆسەپاندن و بەهێزكردنی سێستەمی كۆنترۆل و سزادانی توندە.
نیولیبرالیزمی كۆرۆنا بەرەو ئەو تەماشاكردنەمان دەبات كە دەوڵەمەندەكان لە ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا لە ماڵەوە بن و كرێكارە هەژارەكانیش كارە سەختەكان، كارە خزمەتگوزارییە ڕۆژانەییە قورسەكان و ئیشی ناو نەخۆشخانە و شوێنە گومانلێكراوە تەندروستییەكان بكەن. هەر لەم كاتەدا دەوڵەمەندەكان بەسەر یەختەكانیانەوە هەوایەكی پاك لەناو دەریا دوور لە مەترسییە تەندروستییەكان هەڵدەمژن یان لەو دوورگە و ناوچانە كاتەكانیان بەسەردەبەن كە دوورن لە ترسی ئاوەدانی. ژیژێك بۆ پتر ڕوونكردنەوەی ئاكاری دەوڵەمەندەكان لەم دۆزانە باسی رۆمانی””دی كامیرۆن Decameron””ی نووسەری ئیتالی بوكاچیۆ (Boccaccio) دەكات كە چۆن كۆمەڵە لاوێكی كچ و كوڕ تا لەو تاعونە بەدووربن لە شاردا بڵاوبۆتەوە ناچار شاری فلۆرێنسای ئیتالی جێدێڵن و دەچنە فێلایەك لە دەرەوەی شار. لەڕێگای ئەمەوە ژیژێك باسی ئەو دەوڵەمەندە ئەوروپاییانە دەكات بە فرۆكە تایبەتەكانیان دەچن لە دورگە بچوكەكانی كاریبی كات بەسەردەبەن تا لە پەتای كۆرۆنا بەدوربن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە جیاوازی لەنێوان تاعونی سەدەكانی ناوەڕاست و ئەم پەتایەی ئێستادا هەیە. خەڵكی سەدەكانی ناوەڕاست لەگەڵ تاعونەكە بەجۆرێك ڕەفتاریانكردووە كە بێ بەهایە، بۆیە بەشێكیان سەرقاڵی ڕەخنەكردنی خواوەند و چێژوەرگرتن و خۆشیەكانی خۆیان بوونە و بەشەكەی تر خەریكی ئیمانداری و تەسەوف بوونە.
ژیژێك لەو نووسینانەی سەبارەت بە كۆرۆنا نووسیونی، پێش ئەوانەش، گازندەی توندی سێستەمی سیاسی و ئابووری ئەمەریكی دەكات. وەكیتریش هەر دەبێت وابێت هیچ نەبێت ئەمەریكا لە ئێستا وەك قەڵای نیولیبرالیزمی جیهانی لەقەڵەمدەدرێت و سەرچاوەی دروستكردنی تەنگژە ئابووریەكانی (جگەلە سیاسی و سەربازی) ناو ئەمەریكا و وڵاتانی جیهانیشە. ئەم ڕوناكبیرە ماركسیستییە ڕاشكاوانە ئەوەمان پێڕادەگەیێنێت كە كاتی ئەوە هاتووە دەستبەرداری ئەو دروشمە بین كە دەڵێت: وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا(دەوڵەت)پێش هەموو شتێكە. بۆیە بۆ قسەیەكی مارتن لۆتەر دەگەڕێتەوە كە بەمجۆرەیە: “هەموو ئێستا لە هەمان بەلەمین”.
لە پەرتووكی ناوبراو،كە لایسەرەوە ناویهات، ژیژێک دەپرسێت ئایا لە بەرژەوەندی كۆمپانیا گەورە و دەسەڵاتی سەرمایەدارییە قەیران دروستبكات؟ چونكە هەندێك وایدەبینێت. گەر ئەمە وایە چەند بە قازانجی سەرمایەداری دەگەڕێتەوە؟ گومانیناوێت سێستەمی سەرمایەداری جیهانی، بە كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكانیەوە، لە دەرئەنجامی ئەو تەنگژە گەورەیەی كۆرۆنا دروستیكرد ترسێكی گەورەیان لێنیشتووە و دەشزانن هەژاری و بێدادیەكی زۆر بڵاوبۆتەوە. ئەمە وادەكات كە ژیژێك لە هێرشەكانی بۆ سەر نیولیبرالیزم لە سەردەمی كۆرۆنا باس لەو بەربەریزمە سیاسییە بكات كە لەئێستادا لەناو سێستەمی جیهانی سەرمایەداری دەخولێتەوە. ترسناكی ئەم بەربەرییە(وەحشیەتە) لەوەدایە بە دەموچاوێكی مرۆییەوە خۆیمان نیشاندەدات. ئامانجی ئەم بەربەریزمە مانەوەمانە، ئەڵبەتە بەزۆر، لە ژیانا. ئەڵبەتە بەجۆرێكیش دەمانهێلێتەوە كە هیچ حورمەتێكمان بۆ بەها ڕەوشتییەكان نەمێنێت، بێباك بین بەرامبەر بەساڵاچووان، كەنەفت و بێ دەرەتانەكان. خەمی خۆمان بێت و بەس. بەمشێوەیە بێت، بەبۆچوونی ژیژێك كۆرۆنا نامانخاتە ناو سەردەمێكی نوێوە، كە تیایا خەریكی تێڕامانە ڕۆحییەكانمان بین. واتە ناشێت چاوەڕێی وانەگەلێكبین كە لە قەیرانەكانمان دەربازمانبكات. ئەوەی بەڕێوەیە ئەوە نییە كە پەتای كۆرۆنا وامانلێدەكات بیر لە بەهێزكردنی بنەما سەرەكییەكانی ژیانمان بكەینەوە. پێشدەچێت ئەمە دەرهاویشتەیە نەك پەرچەكرداریی. بەو واتایەی، نیولیبرالیزم لەبڕیئەوەی بایەخ بە باری ئابووری و ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونیانە بدات مرۆڤەكان بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و خۆكەرەنتینكردنەوە دووچاریدەبن دەبینین سەرنجە ڕۆژانەییە گەورەكانی دەخاتە سەر پەیڕەوكردنی ڕێكارەكان نەك شكاندنیان، سەر جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان لە گشت شوێنێك، سزادانی سەرپێچكاران.
پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت بۆ بەهاناهاتنەوەی حكومەت و پارە وەرگرتن لە دەوڵەمەندەكان یەكێك بوو لە ڕەفتارە ئابوورییەكانی نیولیبرالیزمی سەردەمی كۆرۆنا. بێگومان دەوڵەمەندەكانی كوردستان و شێوازی كاركردن و جوڵەی نیولیبرالیزم لە كوردستان لەم هاوكێشە جیهانییە بەدەر نەبوو. ئەمە بەپێی زۆنە سیاسیەكان كرا. سەوز لە دەوڵەمەندی خۆی وەریدەگرێت و بۆ ئامانجی خۆی بەكاریدەبات و زەردیش بەهەمان شێوە دەوڵەمەندی خۆی هەیە و بگرە دروستكەری ئەو جۆرە دەوڵەمەندانەشە كە ئەندامی مەكتبەی سیاسی و سەركردایەتین. دەوڵەمەندی سەردەمی نیولیبرالیزم بێ لایەن نییە و لە سیاسییەك زۆرتر سیاسەت دەكات. بۆیە هەڕەشە گەورەكەی پەتای كۆڤید -19 دەستبەرداربوونی زەبر بە ئاڕاستەی مانەوە لە ژیان نییە، هەڕەشەكە ئەوەیە نازانین پاش ئاوابوونی پەتاكە چی چاوەڕوانمانە. جیهانی پاش پەتاكە ڕوون نییە چ جۆرە جیهانێك دەبێت. جیهانی ئێستامان كە ئەو تاكە جیهانەیە كە هەمانبوو ئەوەتا لە ناكاو لە جووڵە وەستا. ڕەنگە جیهانێكی سۆسیالیستی بۆ دەوڵەمەندەكان و سەرمایەداریەكی كاتاسترۆڤئامێزانەش، یان شتێكی تەواو جیا، بۆ هەژاران بەڕێوەبێت.

سەرنج:
بەشی 12 تەرخاندەكەین بۆ بڕەودان بە تەواوكردنی دیتنەكانی سڵاڤۆی ژیژێك لەژێرناوی”” كۆرۆنا هیوایەك بۆ گەڕانەوەی كۆمۆنیزم””.
ژێردەر: گەلێك ڕێگا هەن بۆ بەدەستهێنانی تێكڕای نووسینەكانی ژیژێك تایبەت بە “پەتای كۆرۆنا” ، لەوانە: ماڵپەری ئینگلیزی كارەكانی(Slavoj Žižek bibliography)،هەروەها ماڵپەری رووسی كارەكانی (https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/index/page/1).

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم باسە کلیکی ئێرەبکەن ….




فوكۆ و ئاگامبێن: فەلسەفەی پزیشكی و ڕەخنەكردنی پزیشكیپەرستی-10- …. ئازاد حەمە

بەشی دەیەم

پێشەكی: ڤایرۆس شتێكی تازە نییە بۆ فەلسەفە

ژێرخانی هزریی ئەم بەشەی نووسینەكەمان لەوێوە خۆیواڵادەكات كە، بۆچوونی فەیلەسوفەكان مانای بۆ نەشونمای تێگەیشتنی هزری پزیشكی و تەندروستی هەبووە و پزیشكی كلینیك (Clinic) ی و توێژینەوەی كلینیكیش تادەگاتە ئێتیكی پزیشكی خستۆتەژێر دیدگای چاودێری خۆیەوە. بۆیە بۆ فەلسەفە شرۆڤەكردنی دەسەڵاتی پزیشكی، سیاسەتی تەندروستی و تێگەیشتن لە ڤایرۆس شتێكی نوێ نییە. ڤایرۆس، كە بەشێكە لە مێژووی بوونمان، لەناو خانەخۆی تردا دەژیت و بەردەوامی بە هەبوونی خۆی دەدات، وەكیتریش سێستەمی ژینگەیی گەردوون بەجۆرێكە لە سەرهەڵدانی ڤایرۆس و دروستبوونی بەكتریاكان بەدەرنییە. بوونی ڤایرۆس ئاماژەیە لەسەر ژیان، جووڵەی زیندەكان و دروستبوون و كاری خانەكان. هەرچی فەلسەفەیە پێیوایە مێژووی كۆمەڵایەتی ڤایرۆسەكان دەمانباتەوە شوێنێكی تر كە هەمان شوێنی ڕاڤەكردنی فەلسەفیانەی ڤایرۆسەكان نییە. بایەخدانی زانستە سروشتییەكانیش لە پاش سەردەمی ڕۆشنگەریییەوە بە ژیاندۆستی(Vitalism)فەلسەفەی زۆرتر لە زیندەوەرناسی(Biology)نزیككردەوە. یەكێك لە لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆناش،كە بە ڤایرۆسە زیرەكەكە ناوی ڕۆشتووە، ئەوەیە كە ڕەوشی تەندروستی بووە بابەتی مشتومڕ و پزیشكیش وەك زانستێكی موقەدەس خۆی نمایشكرد. ئەمەش وایكردپاراستنی ئاسایشی گشتی لە گوزارەی ئاسایشی تەندروستیدا خۆی چڕبكاتەوە و ئاسایشی ژیانی (Biosecurity)یش بەسیاسیبكرێت و هەرهەمووش لەوسەرەوە بە”ماسكێكی تەندروستییەوە بناسرێینەوە”. هەر لەم ڕێگایەوە دۆزێكی ئەوتۆی تەندروستی سیاسیئامێزانە هاتەپێشەوە كە “ناسنامەی ڕەوشتی و ناسنامەی تەندروستی” ڕوبەڕووی یەكدیببنەوە. بۆیە ناكرێت لە دۆخێكی وادا بكەوینە ناو بەهەڵەلێكدانەوەی پەتایەكی بەجیهانگیریكراو و خۆشمان بە بیانووی نالۆجیكییەوە سەرقاڵبكەین. جێگەی سەرسوڕمانیش نییە ئەوەی ئێستا لەژێرسایەی پەتای كۆرۆنادا دەگوزەرێت بۆ بیرمەندان”قەیرانێكی بایۆلۆژی جیهانگیرییە” و لەیەكاتیشدا مێژووی زانست و فەلسەفە پێماندەڵێت، پەتاكان بەپێی مێژووی سەرهەڵدانیان سنوری تەشەنەسەندن و كارتێكردنیان دیاریكراو نییە و جەنگیش لەگەڵ پەتاكانا بێكۆتایە و بوونەوەرەكانیش لەتەك ڤایرۆس و بەكتریاكانا دیرۆكێكی كۆنیان هەیە. ڕوونیش نییە وانە وەرگرتنی مرۆڤەكان لە نەخۆشییەكان چ جۆرە وانەیەك دەبن: ڕەوشتی یان دەروونی، بایۆلۆجی یان ئاینی؟لەسەر ئەم بنەمایە، لەم بەشەدا، بەشێك لە پرسیارە لێڵە سیاسی و وەڕسكەرەكان تایبەت بە پەتای كۆرۆنا و بابەتی تووشبوونی دەرد و تۆقانی تەندروستی لەڕێگای شیكارییە فەلسەفییەكانی فوكۆ و ئاگامبێنەوە وەڵامدەدەینەوە و دەشیانكەین بە كۆڵەكەی سەرەكی ئەو باسانەی لەم بەشە تێڕامانی لەبارەوە دەكەین. پێشمانوایە خوێنەر پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی ئایدیای نیولیبرالیزم و تارمای هزری سیاسی كارل شمیت Schmitt لە لێكدانەوەكانی فوكۆ و ئاگامبێن دا بكات.

فەلسەفەی پزیشكی

هزری پزیشكی بەشێكە لە مێژووی هزی زانستی. مامەڵەی فەلسەفەش لەتەك هزری زانستی یان لەتەك پرسیارە بایۆ-كیمیای و جیۆ-فیزیاییەكان بۆ سەرەتای دەركەوتنی فەلسەفە دەگەڕێتەوە. لێرەوە بەوە دەگەین كە زانست كەوتنە فەلسەفەوە پیشەی فەیلەسوفەكان(بەتایبەت فەرەنسییەكان)بووە و پزیشكیش یەك لەو زانستانە بووە فەلسەفە خستوویەتەناوخۆیەوە. جگەلە پزیشكی بیركاری،فیزیاش شوێنیان لەناو فەلسەفەدا هەمیشە دیاربووە. كەوابێت، مانای فەلسەفە بۆ پزیشكی تەنیا لە پزیشكیدا قەتیسنابێت بگرە گشت زانستە سروشتیەكانیش دەگرێتەوە. دیرۆكی پێكەوەلكانی فەلسەفە و پزیشكیش وەك دوو دیسیپلینی زانستی لەگەڵ تێگەیشتنی فەلسەفییانەی هێپۆكراتێس (Hippocrates ) و گالێن (Galen) (یان جالینۆس) بۆ پزیشكی دەستپێدەكات كە تا هەنووكەش جێگای لەناو فەلسەفەی پزیشكیدا بەرچاوییە. لە فەلسەفەی پزیشكیدا لێكۆڵینەوە لە كاری پزیشكی گرنگی خۆی هەیە و پەل هاویشتنی فەلسەفەش بەرەو تێگەیشتن لە سروشتی بوونی مرۆییمان بەشێكە لەو گرنگییە. شوێنی فەلسەفە لە پزیشكیدا ئاوێتەبوونی دوو دادوەرییە ،فەلسەفی-پزیشكی، كە ئەو دوو دادوەرییەش بۆگەیشتنن بە ڕاستیەكی فەلسەفی-پزیشكی، كە ئەوەش گەیشتنە بە دەستنیشانكردنی ئازار(ئێش)لە جەستەی ناساغدا. لێرە پێویستە وتن بێتەسەر پاتۆلۆجی (Pathology) كە زانستی نەخۆشیناسییە و دەبێتە دوو بەشەوە: زانستی هۆكاری نەخۆشی (Etiology) و زانستی پۆلینكردنی نەخۆشی (Nosology ) . هۆكارناسی نەخۆشییەكان پشت بە جوگرافیای جەستەی نەخۆش دەبەستێت. شوێنی نەخۆشی لە جەستە ئەو جێگایەیە نەخۆشیەكە خۆی تیامەڵاسدەدات و دیاریكردنیشی جوگرافیای جەستەی نەخۆش لەبەردەم توێكاری پزیشكی دەخاتەسەرپشت. لێرەوە پەیوەندی پزیشكی بە ئازار و نەخۆشییەوە ڕەهەندی تری تێكەوت و پاتۆجێن یان نەخۆشخەر (Pathogen) لەگەڵ زاراوەی نیشانە (Symptom ) ، نیشانەكانی نەخۆشی، پێكەوە ئیشیان لەسەر ناساغی(Illness)، نەخۆشی (Disease) و پەتا بەجۆرێكی سێستەماتیكی پزیشكییانە كرد. مێژووكردانی پزیشكیش كە زانینێكی زۆرمان لەسەر دەركەوتنی نەخۆشیە نوێکانی پاش سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی پیشەسازی دەدەنێ هێما بۆئەوە دەكەن كە لە كۆتای سەدەی نوزدە بەولاوە فەلسەفە زۆرتر لە پزیشكییەوە نزیكبووەوە تا فیزیا و ئەمەش زەمینەی بۆ گەشەی فەلسەفەی پزیشكی و فەلسەفەی زیندەوەرناسی شیاوتركرد. پردی نێوان فەلسەفە و زانستیش لەمیانەی زیندەوەرناسی و كارئەندامزانییەوە(فسیۆلۆجی) بەجۆرێك كارابوو فەلسەفەی سەرگەرمی بیركردنەوەی تركرد.
سەرباری هەموو ئەوانەی وترا، لەگەڵ دەركەوتنی كۆرۆناڤایرۆس فەلسەفە و پزیشكی، دواتر بیركردنەوەی فەلسەفی و بیركردنەوەی پزیشكی، زۆرتر لەیەك نزیكبوونەوە. دیرۆكی پەیوەندییەكەشیان بۆ ئەو دەمانە دەگەڕێتەوە کە فەیلەسوف بە حەكیم ،دانا (Sophon) ، ناوزەدكراوە. ڤیتاگۆراس (Pythagoras) یش حەكیمە پزیشكەكە بووە. حەكیم ئەو كەسە بووە دانایی و زانینی لەسەر گشت هەبووە: خوا، ئێش، كەشوهەوا، ڕەوشت، گەردوون، نەخۆشی،دادپەروەری و…هتد. ئێستاشی لەگەڵ بێت یەكلانەبوەتەوە هێپۆكراتێس فەیلەسوف بووە یان”یەكەم دامەزرێنەری قووتابخانەی پزیشكی”لە یۆنانی كۆن! لەناو دە كولتوورە كۆنەكەی مرۆڤایەتیش””میزۆپۆتامیا، هیندۆس، میسری كۆن ،مایا ،چینیەكان، یۆنانی كۆن، فارس، ڕۆما، ئازتێك (Aztec) و ئینكان (Incan) پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی لێكتردانەبڕاوبوونە. جێیگومانیش نییە، ناوی فەیلەسوف و پزیشك لەگەڵ گەشەی شارستانی كاری جیایان گرتە ئەستۆ و دەركەوتنی تێكنەلۆژیای زانیاریش ئاقاری تری بەم پەیوەندییەدا و لەناو پزیشكیشدا”دوكتۆر”نازناوێكی تر و ئەركێكی تری بۆدیاریكرا، كە هەمان ئەركە كلاسیكەكەی نییە.
پارسەنگیەكەی ناو فەلسەفە، لەدیدی ژۆرژ كۆنگیلێمی (Georges Canguilhem) مامۆستای فوكۆ، بە نزیكبوونەوە لە زانستەكان ڕێكدەخرێتەوە كە ئەمە لایەنێكی تری ئەم باسەیە پێویستە لێرە تایبەت بە فەلسەفەی پزیشكی،یان پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی، باسبكرێت. زیندەوەرناسی نەك هەر زانستی هاوبەشی نێوان فەلسەفە و پزیشكییە، بەڵكو زانستی هاوبەشی نێوان فوكۆ و ئاگامبێنیشە. قەرزاری تێۆریی ئاگامبێن بۆ فوكۆ بۆ تێمای سیاسەتی ژیانی(Biopolitics )دەگەڕێتەوە كە بەبێگومانەوە بانكی مەعریفی فوكۆ لەم بارەیەوە پڕە لە یەدەگی هزری كە دواتر ئەو لایەنە لەسەر دەستی ئاگامبێن وەبەرهێنانی تری تێداكرا. پێش فوكۆش بەشێك لەو بیرمەندانەی مەیلیان بۆ تیۆری زانین(Epistemology) و فەلسەفەی زانست هەبووە لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكییان سازاندووە. لەم ڕوەوە كۆنگیلێم، كە مامۆستا تێزی دكتۆرانامەكەی فوكۆ بووە، چاترین نموونەیە و كارە ناسراوەكەشی لەسەر نەخۆشیناسی(پاتۆلۆجی)باشترین بەڵگەیە. لێرەوە دەشێت بوترێت، لە 70 ساڵی ڕابردوودا لەناو بیریارانی فەرەنسی مێژووی پزیشكی و مێژووی زیندەوەرناسی كە بەشێكن لە مێژووی زانست لەسەر دەستی كۆنگیلێم دەرگا لە فەلسەفاندنێكی زانستی دەكاتەوە. لەوێ پرسیاری فەلسەفی دەبێت بە پرسیاری پزیشكی و بایۆلۆژی، لێ وردەكاریەكانی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانستە سروشتییەكان و كێن ئەوانەی، لە ڕوویی مێژووییەوە، هزری ئەم پەیوەندییە پێكدێنن بۆ نووسینیترمان هەڵدەگرین.

فوكۆ: لەدایكبوونی هزری پزیشكی و كلینیك

ئەستێرەی هزریی فوكۆ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە درەوشانەوەدا بوو و پەتای كۆرۆناش گفتوگۆكانی فوكۆیان سەبارەت بە مەرگ، دركی پزیشكی، لەدایكبوونی كلینیك و نیشانەكانی نەخۆشی وروژاندەوە. ئەمە وادەكات بێژین، لەسەر دەستی فوكۆ پزیشكی و سیاسەت ،پزیشكی و فەلسەفە پێكەوە بابەتی بایۆپۆلیتیك و بایۆئێتیك، ڕەوشتیبایۆ (Bioethics) دەوروژێنن. ئەمەش لەبەرئەوەی مێژوو و سێستەمی هزر لەسەر دەستی فوكۆ لە شوێنێكی بەرتەسكدا نەوەستاوە و پەل بەرەو دیسیپلینەكانی تریش دەهاوێت و، پەیوەندی نێوان بایۆلۆجی و فەلسەفە، نێوان پزیشكی و فەلسەفە تادەگاتە فەلسەفە و مێژووی زانستیش لێكدەئاڵێنێت. هەر لەوێندەرێش نەخۆشی و پزیشكی، ساغ و ناساغ (نۆرمال و نانۆرمال)لە چوارچێوەی مێژووی هزر ڕاڤەدەكرێن و دیدێكی فوكۆیانە بۆ واتای ساغ و ناساغ هاوكات بۆ نەخۆشیناسی سەرهەڵدەدەن. فوكۆ لە ڕێگای ناسنامەی نەخۆشییەوە توێژینەوەی فەلسەفی و زانستی پزیشكی پێكەوەگرێدەداتەوە و لەدایكبوونی كلینیكیش دەكاتە بناغە بۆ هەڵكۆڵین(ئاركیۆلۆجیای) لە دركی پزیشكی كە ئەوەش هەوڵێكە بۆ چوونە نێو بابەتە پزیشكیەكان (درم، جەستە، بیماری، ئێش و…). سەرباریئەوە، خستنەڕوو و پێشاندانی نەبینراو لە بواری پزیشكی هەوڵێكی تری فوكۆیانەیە بۆ وەستان لەسەر ژیانی ناوەوەی ئەم بوارە و ئاشكراكردنی پەیوەندیشی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە، چونكە بینراو/نەبینراو لە پزیشكی سنوری تەندروست/ناتەندروست، نۆرمال/نانۆرمالیش ئاشكرادەكات. بەمجۆرە ئەو دەمەی مرۆڤی ناساغ دەبێتە بابەتی بواری توێكاری پزیشكی ئەم پرسیارەمان لادروستدەبێت: چی لەو جەستە بیمارەدا دەگوزەرێت كە توێكاری تیادەكرێت؟
بۆ فوكۆ دەركەوتنی كلینیك فۆڕمێكە لە زانین و جۆرە كاركردنێكی فوكۆیانەشە لەسەر(نەخۆشی و مەرگ). ئەمەش داوادەكات شوێنی نەخۆش لە كۆمەڵگە و بابەتی مەرگ وەك باسێك لە خراپە بخرێتەبەرباس. فوكۆ لە ئامادەبوونی مەرگ لەناو هزری پزیشكی بەو ڕاستییە دەگات كە پزیشكی”زانستی تاك”ە. واتە پزیشكی ئەو زانستەیە شیكاری لەسەر خودی تاك دەكات. سەرەڕای ئەمانە، فوكۆ ئاماژە بە گرنگی پزیشكی لە دامەزراندنی زانستە مرۆییەکانیش دەدات. لەمحاڵەتەدا پزیشكی وەك زانستێكی پۆزەتیڤ دەخرێتەڕوو كە گرنگی نەك هەر مێتۆدۆلۆجی بگرە ئۆنتۆلۆجیشی هەیە. واتە، بۆ فوكۆ پزیشكی وەك زانست كاریگەری لەسەر گشت تەلارسازی زانستە مرۆییەكان هەیە و نزیكترین زانستیشە لە ئەنترۆپۆلۆجییەوە(مرۆڤناسییەوە). لەسەر قسەی فوكۆ كەسانێكی وەك(فرۆید، جاكسۆن و بیشا Bichat ) لەناو كولتووری ئەوروپایی تەنیا فەیلەسوف نەبوونە بگرە پزیشكیش بوونە. ئەم كولتوورەش کە هزری پزیشكی بە كردەی فەلسەفییەوە گرێداوە دیدگای دانسقەی لێبەرهەمهێناوە.
لە ڕێگای شیكردنەوە نەخۆشیناسییەكانی فوكۆوە لەوە حاڵیدەبین، درم بە حاڵەتێك و دوان و سیان دروستنابێت. نەك هەر ئەوە بگرە فوكۆ سەبارەت بە دروستبوونی درم باس لە ئاگایی مێژوویی و جوگرافیش دەكات. واتە ژینگە و ئاو و هەوای شوێنەکان كاریگەری خۆیان لەسەر بڵاوبوونەوەی درم دادەنێن. درمەكان بە هەمان نیشانە(سیمتۆم)لە كەسەكانا دەرناكەون. تەمەن،ڕەگەز، توانای بەرگری جەستەكان هەموو ئەمانە كاردانەوەی خۆیان لەسەر ئیشكردنی درمەكان لەسەر جەستەی مرۆڤەكان هەیە. نەك هەر ئەوانە ،بەڵكو گەرما، سەرما، شێداری، وشكیش كاردانەوەی خۆیان لەسەر بڵاوبوونەوەی درمەكان هەبووە. سەرەڕای ئەمانە فوكۆ مێژووی درم وەك بەشێك لەو گفتوگۆیانە دەخاتەڕوو كە تایبەت بە هزری پزیشكی كاریتیاكردون. ئەمە وادەكات پزیشكی لە دیدی ئەم بیرمەندە بێ لایەن نەبێت و لەناو ستاتۆس(كیان)ێكی سیاسییانەشدا جێیبكاتەوە و ئەو ئاگاییە پزیشكیەش كە لەدوای سەدەی نۆزدەوە دروستبوو واوێنابكات كە شوێنێكی تری بۆ پزیشكی ڕەخساند. ئەم شێوە ڕاڤەكردنە بەو مانایەش دێت، ناوی دەوڵەت بە نەخۆشیناسی درمەوە بلكێت، دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی درمیش ڕەهەندی سیاسی و ئابووری لێبكەوێتەوە. بۆیە درمناسی دەچێتە خانەی گرنگیپێدانی دەوڵەتیەوە. لێرەوە دەوڵەت كار لەسەر بڵاوكردنەوەی ئاگای سەبارەت بە درم دەكات، ئەڵبەتە ئەمەش لەڕێگای دامەزراوەی پزیشكییەوە مەیسەردەكرێت. گشت ئەوەی وتراش سەرچاوە لە توێژینەوەی””لەدایكبوونی كلینیك””ی فوكۆوە وەردەگرێت كە لەخۆیدا وەرچەرخاندنێكە لە تێخوێندنەوەی ئەزموونی پزیشكی ڕۆژئاوا لە پەیوەندی بە نەشونمای زانستە مرۆییەكان و پەیوەندی ئەم زانستانەش بە زیندەوەرناسییەوە. دیاریكردنی شوێنی پزیشكی لە كۆمەڵگەی مۆدێرن داوای ئەمجۆرە تێخوێندنەوەیە دەكات. بۆیە فوكۆ بەوردی پۆلینكاری نەخۆشی دەكات و ئێدیۆلۆژیای سیاسی دەوڵەتیش لە خودی سیاسەتی پزیشكی دانابڕێت. نەخۆشیش لەهەر بەرگێكدا بێت جۆری نەخۆشیەكە سروشتی نەخۆشیەكە دەستنیشاندەكات. جەستە كە دەبێتە موڵكی دامەزراوەی پزیشكی هەر لەوێ دێتەناساندن. بەمە نەخۆشخانە سەرهەڵدەدات، نەخۆشخانە ئەو شوێنەیە ناسنامەی جەستەی تیادیاریدەكرێت. واتە، جەستە لە موڵكی تاكەوە دەبێتە موڵكی دەوڵەت، موڵكی دامەزراوەی تەندروستی یان نەخۆشخانە.
گەر تەماشای دۆزی پزیشكی لە كاتی پەتای كۆرۆنا بكەین دەبینین كە شێوەی جووڵەی سێ كوچكەی(پزیشكی. زیندەوەرناسی و كارئەندامزانی) هاوشانییەكبوون، لێ ئەوەی بۆ فەلسەفە مەبەست بوو ئەوەنەبوو، بەڵكو ئەوەبوو كە سێكوچكەی(نەخۆش، نەخۆشی و نەخۆشخەر) نەبنە قوربانی پزیشكیەكی بەسیاسیكراو. بەگشتی بۆ فەیلەسوفان هزری پزیشكی بابەتی تێهزرینە نەك خودی پزیشكی. واتە، پزیشكی وەك هزر نەك وەك زانستێكی ئەبستراكت. بەها و پێوانەكانیش لە پزیشكیدا و پەیوەندی پزیشكی بە زانستی ڕەوشت و بە ڕەوشتی پزیشكییەوە هاوكێشە ناسادەكەی كاتی كۆرۆنا بوو. بۆیە كلینیك شوێنی بایەخپێدانە بە نەخۆش دواتر بە نەخۆشیەكە و ئەوەش كە نەخۆشخەرە. بەپێی بنەماكانی ڕەوشتی پزیشكییش بێت ئەوەی کە گرنگە پزیشك بایەخ بە خودی نەخۆش بدات پێش بایەخدان بە نەخۆشییەكە، لێ سێستەمی سەرمایەداری تەندروستی بەها ڕەوشتییەکانی پزیشكیی كوشتوە.
مرۆڤی نوێ چ سودێك لە پزیشكی وەردەگرێت؟ پزیشكی هۆكار نییە بۆ دوركەوتنەوەی مرۆڤ لە خورافیات؟ یاخود پزیشكی بووە بە زەبرێكی زانستی؟ لای خوارەوە دێینەسەر تێگەیشتنی ئاگامبێن سەبارەت بە پزیشكی كە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆناڤایرۆس گفتوگۆیكرد.

ئاگامبێن: پزیشكی وەك ئاین و مانای ئاسایشی ژیانی(Biosecurity)

ئاگامبێن ،لەسەر ڕەوتی فەلسەفیی فوكۆ، تێۆری بایۆپۆلیتیك لە كولتووری نوێی ڕۆژئاوا بەرباسدەخات و لە گەرمەی گفتوگۆی پەتای كۆرۆناشدا هەندێك نووسینی بڵاوكردەوە كە لێرە ئەوەیان بەسەردەكەینەوە كە لەگەڵ تێگەیشتنی فوكۆ بۆ هزری پزیشكی هاوشانە لە شارستانی هاوچەرخی ڕۆژئاوا. ئاگامبێن پێیوایە پزیشكی، ئەم زانستە، بووەتە ئاینی سەردەمەكەمان، لە ڕۆژئاوای مۆدێرنیشدا هەمیشە “سێ سێستەمی باوەڕ” ژیانیان پێكەوەبەسەربردووە: مەسیحیای، سەرمایەداری(پارەپەرستی) و زانستەكان. لە مێژووی مۆدێرن ئەم سێ ئاینە لەلایەك لە پێكدادان و دابڕاندا بوونە لەتەكیەكدا و لەلایەكیترپێكەوە ژیاون و كارلێكیان لەسەر یەكتر داناوە و تاگەیوەتە ئەو ڕادەیەی كە ئێستا پێكەوە بایەخی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە. بۆ ئاگامبێن ڕاستییە تازەكە ئەوەیە كە لەنێوان زانست و ئەم دوو ئاینەی تر (مەسیحیای، سەرمایەداری) ململانێیەك هەبووە كە دواتر بە قازانجی زانست گەراوەتەوە. ململانێكە پەیوەندی بە تێۆری و بە پرینسیپەكانەوە نەبووە، بەڵكو بە پراكسیسی كولتوورییەوە هەبووە. شتێكی سەیریش نییە قارەمانی ئەم جەنگە ئاینیە نوێیە ئەو بەشەیە لە زانست كە پێیدەوترێت پزیشكی و ئامانجی راستەوخۆشی جەستەی زیندووی مرۆڤە. بۆ ئەو مەبەستە ئاگامبێن خەسڵەتەكانی پزیشكی دیاریدەكات كە لە سەردەمی ئێستادا خۆی وەك ئاین نمایشدەكات. یەكەم خەسڵەتیشی ئەوەیە كە پزیشكی وەك سەرمایەداری دۆگمای تایبەتی پێویست نییە، چونكە واتا سەرەكییەكانی لە بایۆلۆجییەوە وەردەگرێت. بەپێچەوانەی بایۆلۆجییەوە، پزیشكی ئەو واتایانە لە تێگەیشتنێكی عیرفانی-لاهوتی دا دادەڕێژێت كە جەمسەرێكی فرەناكۆكی دژەگەرایان تیایە. ئاگامبێن پێشیوایە لاهوتییەكان كە دەبێت ستراتیژی داكۆكیان بگۆڕن نوێنەری ڤایرۆسناسی(Virology) و زانستن و شوێنیشیان لەسەر سنوری نێوان بایۆلۆجی و پزیشكی دایە. ڕاهیبەكان كە پێشتر نوێژی بەردەوامی خۆیان دەكرد ئەمرۆ لەژێر فشاری پزیشكی، كە رۆڵی ئاین دەبینێت، دیستانس دەخەنە نێوان خۆیانەوە. عیبادەتیش بۆلەمەولا نە ئازادە و نەش بێ بەرامبەرە. عیبادەت بەو سزایانە سنورداركراوە لەسەر سێستەمی رۆحی سەپێنراون، لێ لە كات و شوێنی دیاریكراویشدا پێڕەودكرێت. كارلێكی نێوان ئاین و دەسەڵاتی سێكولار شتێكی نوێ نییە. نوێبوونەكە تەنیا لەو ڕاستیەدایە كە ئەوەی گرنگە دۆگم(عەقیدە)نییە، بەڵكو خودی جۆری عیبادەتەكەیە. ئەو جۆرە عیبادەتە ئاینییەی لە ئێستادا هەیە پزیشكییە. هەر دەسەڵاتی سێكولاریشە بەئاینیبوونەكەی پزیشكی دێنێتەسازان. بێگومان ئەم عیبادەتە ئاینییە تازەیەش، بەناوی زانستەوە، هۆكاری گشت دوركەوتنەوەكانمانە لەیەكتر، دەستبەرداربوونەكانمان لە: جوڵە، كار، خۆشەویستی، هاوڕێیەتی،پەیوەندی كۆمەڵایەتی، باوەڕە ئاینی و سیاسییەكانمانیش. بەپێی تێگەیشتنی ئاگامبێن بێت پزیشكی نەك شوێنی عیبادەتی گرتەوە، بەڵكو فشاریشە لەسەر ئاین و دەشخوازێت شوێنە ئاینیەكان(وەك ڤاتیكان)گوێڕایەڵی پزیشكی بین. بۆئەوەی پزیشكی مومارەسەی ئاینگەرایی خۆی بكات پێویستی بە پاڵپشتی دەسەڵاتی سێكولارە تا ئاینی زانستخوازی كاریخۆیبكات.
ئاگامبێن سەرسامی خۆی بۆ ئەوە نیشاندەدات كە چۆن دوو ئاینەكەی تر ، ئاینی پارە و ئاینی مەسیحی، شوێنی خۆیان بە پزیشكی (و زانستەكان) بەبێ شەڕ بەخشی. ئاگامبێن وتەنی ئەی ئەوە سەرسامكەر نییە كە پاپا دەستبەرداری یەكێك لە كارە پیرۆزەكانی خۆی بووە كە ئەوەش سەردانی نەخۆشەكانە! یان سەرمایەداری لێگەڕا بەو هەموو زیانە قایلبێت كە لە بەرهەمهێنان لێیكەوت بەرامبەر بە كۆكبوونی لەگەڵ ئاینە نوێكەی ڕۆژئاوا (ئاینی پزیشكی)! بەپێی ئەم سەیركردنە ئاگامبێنیانە بێت ئاین و سەرمایەداری (یان كڵێسا و كارگە)بوونە نۆكەری ئاینە نوێكەی ڕۆژئاوا ( واتە پزیشكی). ئاینی پزیشكی توانی مەسیحیەت لە دیدی كۆتای جیهان(ئێسكاتۆلۆجی)یش دابڕێت. سەرمایەداری كە مۆدێلی لاهوتی دەربازبوون(Salvation)ی سێكولاركرد ئایدیای كۆتای كاتیشی لەناوبرد و بە قەیرانێكی بەردەوامیشی گۆڕی كە بێ كۆتایە. بەبۆچوونی ئاگامبێن قەیران، لە ڕیشەدا، واتایەكی پزیشكییە كە لەگەڵ هیپۆكراتێس (دۆزەرەوەی پزیشكی لە یۆنانی كۆن )دەستپێدەكات. بەمشێوەیە، ئەوە پزیشكە بڕیار لەسەر مانەوە و نەمانەوەی نەخۆش دەدات. بەپێی ئاگامبێن، گەر مرۆڤ سەرنجی ئەم دۆخە ئاوارتەیە بدات كە لە ئێستادا تیایدەژین دەبینێت ئاینی پزیشكی چ قەیرانی هەمیشەیی سەرمایەداری و چ ئایدیای مەسیحی بۆ كۆتای جیهان لەیەك سەبەتەدا كۆكردەوە. ئەم ئاینە جیهانییە كە پەلە لە”ئایدیای كۆتای جیهان”دەكات توانای ئەوەی نییە لەسەر شێوازی پزیشكی هیپۆكراتێسیانە بڕیار لەسەر مەرگ و مانەوە بدات. سەرمایەداری ،بەپێچەوانەی مەسیحیەتەوە، نە دەربازبوون و نە قووربانی بۆ ئاینی پزیشكی شیاودەكات. ئەو شیفایەی ئەم ئاینە تازەیە بەدوایدا دەگەڕێت كاتییە و ناشتوانێت ئەم خواوەندی بەدییەی ئێستا كارایە، واتە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ هەمیشە لەناوبەرێت(واتە پزیشكی توانای لەناوبردنی هەتاهەتای ڤایرۆسی نییە). هۆیەكە تەنیا ئەوەشە كە ئەم ڤایرۆسە بەردەوام دەگۆڕێت و فۆڕمی جیاش وەردەگرێت. دواتر ئاگامبێن لە نووسینەكەی دێتەسەر ئەوەی كە درم(ئێپیدێمی)هەروەك بە ڕیشەی زاراوەكەشدا دیارە(دێمۆس -لە زمانی یۆنانی واتە خەڵك وەك جەستەی سیاسی- لە هۆمێرۆس، ئێپیدێمیپۆلیمۆس- لە هۆمیرۆس- بە مانای شەڕیناوخۆ دێت)پێش هەموو شتێك بە واتای سیاسی دێت كە هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە بناغەیەكی نوێ بۆ سیاسەتی جیهان. كەوابێت، لەسەر بناغەی وتنەكانی ئاگامبێن، دەشێت ئەم درمەی هەنووكە دەیژێین بەرجەستەكردنی شەڕێكی ناوخۆی جیهانی بێت، كە بە بۆچوونی زۆرێك توێژەرەوەی سیاسی شەڕ لەگەڵ ڤایرۆس جێگرەوەی شەڕە جیهانییە نەریتییەكانە. بەواتایەکیتر، زۆربەی وڵاتان لە ئێستادا لەتەك خۆیانا لە شەڕدان. ئەو دوژمنەی شەڕەكەی لەتەكدا دەكەن والەناویانا (ڤایرۆسی كۆرۆنا دوژمنە نادیارەكەیە كە والەناومانا ئاگامبێن وتەنی). ئاگامبێن پێیوایە فەیلەسوفەكان چەندین جار لە مێژوو لەتەك ئاین، تەنانەت لەتەك زانستیش، یان ئەو بەشەی كە فۆڕمی ئاینی وەرگرتووە لە ململانێدابوونە. باشە بۆ؟ بەپێی تێگەیشتنی ئەم بیرمەندە ئیتالییە فەلسەفە ئیشی ئەوەیە بە دوای ڕاستیدا بگەڕێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمەش دەڵێین گەڕان بەدوای ڕاستی كارە كۆنەكەی فەیلەسوفە و قسەكردنیش لە سروشتی ڤایرۆس و بەكارهێنانی سیاسییانەی درم و پەتاكان بەشێكە لە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی نا-ڕاستی لەناو سیاسەتی تەندروستیدا. لێكئاڵانی فەلسەفە و پزیشكیش سەرچاوە لە گەڕانی فەلسەفە بەدوای ڕاستی و لە گەڕانی پزیشكی بەدوای تەندروستیەوە هەڵدەگرێت.
هەروەك پێشتریش وتمان، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا ڕەوشی تەندروستی بووە بابەتی مشتومڕ و پزیشكیش وەك زانستێكی موقەدەس خۆی نمایشكرد. ئەمەش وایكرد پاراستنی ئاسایشی گشتی لە گوزارەی ئاسایشی تەندروستیدا خۆی چڕبكاتەوە. لەو بارەیەوە ئاگامبێن دێتەسەر ئاسایشی ژیانی(Biosecurity) و سیاسەت و ڕەخنەی توانای كۆلێكتیڤی(دەستەجەمعی) خەڵكیش دەكات لە تێگەیشتنی ئەو بارە ئاوارتەیەی لە دەرەوەی ئەو كۆنتێكستە(سیاقە) راستەوخۆیە دروستبوو كە كاری تیادەكات. بەدڵنیاییەوە كەمیشن ئەوانەی لێكدانەوەیەكی سیاسییانەی ووردبین بۆ ئەم بارە دەكەن. ئاگامبێن بە پشتبەستن بە هەندێك بۆچوونی پاتریك زیلبێرمان Patrick Zylberman لە پەرتووكی””ڕەشەبای میكرۆبانە”” گوزارە لەو بۆچوونەی ناوبراو دەكات كە چەند ساڵێك بەر لەئێستا پێیوابووە ئاسایشی تەندروستی لە پەراوێزی حیساباتی سیاسیدایە كە دواتر بووە ستراتیژێكی سیاسی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی گرنگ. ئەمەش دروستكردنی تێرۆرێكی تەندروستییە وەك ئامرازێك بۆ ئامادەكردنی سێناریۆیەكی خراپ. ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش لە 2005 پێشبینی ئەوەیكرد كە 150 میلیۆنێك بەهۆی ئینفلاوانزای باڵندەوە بەڕێگاوەن بمرن. ئەو دەمە ئەم ڕێكخراوە پێشنیاری جۆرە ستراتیژێكی سیاسی كرد كە حكومەتەكان پەسەندیان نەكرد. زیلبێرمان، ئاگامبێن وتەنی، پێیوایە ئەم پێشنیارە گەلێك لایەن لەخۆ دەگرێت وەك: بونیادنانی سێناریۆیەكی وڕێناوی لەسەر بناغەی مەترسی پێشبینیكراو (ئەگەری مەترسی بەڕێوەبوون). لەم دۆخەشدا داتاكان بەجۆرێك دەخرێنەڕوو كە كارگێڕی دۆخە خراپەكەی پێبكرێت(دوور نییە داتای وڕێناوی بێنەئاراوە). هەر ئەم سێناریۆ خراپەش دەكرێتە بناغە بۆ ڕژێمێكی عەقلانی سیاسی (دەسەڵاتی سیاسی سودمەند دەبێتلێی). ئەڵبەتە ئەم لایەنەش پێویستی بەوەیە جەستەی هاوڵاتیان بەجۆرێك ڕێكبخرێت كە متمانە بۆ دامەزراوەكانی دەسەڵات بگەڕێنێتەوە و جۆرێك لە هاوڵاتیەتی باڵاش بخوڵقێنێت، لێرەوە ئیدی هاوڵاتی مافی تەندروستی، سەلامەتی تەندروستی، نابێت کەچی لەڕووی یاساییەوە مەجبووریشە تەندروستبێت (ئاسایشی بایۆلۆجی). ئاگامبێن وایدەبینێت، ئەوەی پاتریك زیلبێرمان لە 2013 باسیلێوەكردووە ئێستا هاتوەتەدی. سەرباری ئەو ڕەوشی ئاوارتەیەی(دۆخی ڕیزپەڕەی) بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی دیاریكراوەوە دروستبوو ڕێیتێدەچێت لە ئایندە زەمینە بۆ ڤایرۆسی تریش خۆشبێت. ئەمە قسەكردنە لە نەشونمای جۆرە مۆدێلێكی حكومەت كە لە ئایندە دەردەكەوێت و كارایی گشت ئەو حكومەتانەش تێدەپەڕێنێت مێژووی سیاسی ڕۆژئاوا پێیئاشنابووە. لەم بارودۆخە داڕماوە ئێدیۆلۆژی و سیاسییەی ئێستا گەر هۆكارەكانی ئاسایشپارێزی ڕێگاخۆشكەر بووبێتن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دەستبەرداری ماف و ئازادیەكانیان بن، كە پێشتر ئەوەیان نەكردووە، ئەوا ئاسایشی بایۆلۆجی توانی كۆكبوونێك لەو بارەیەوە ڕێكبخات كە هاوڵاتیان واز لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیان بهێنن. ئاگامبێن ڕەخنەی سەندیكاكانیش دەكات كە لەبەر چەند بڕیارێكی وەزاری دەستبەرداری گشت چالاكیەكانیان بوون و، ئەوەش دەڵێت کە ئەوەی ئەم حكومەتە ئیتالییە لەگەڵ خەڵكدا كردی فاشیەكانیش ئەوەیان نەكردووە. ترسی ئاگامبێن لەم ڕووەوە ئەوەیە كە نەبا دەسەڵات لە ئایندە بە هاوڵاتیان فێربێت ئەم دیستانسە كۆمەڵایەتییە پەرەپێبدات و لەسەر قەدەغەی هاتووچۆش ڕایانبهێنێت و ئەم جۆرە ژیانەش بكاتە مۆدێلێكی سیاسی كە زوو زوو دوبارەکرێتەوە.

ئازاد حەمە

————————————————————-

ژێردەر: جگەلە نووسینی(نۆرماڵ و پاتۆلۆجی)كۆنگیلێم نووسینە ناسراوەكەی فوكۆش(لەدایكبوونی كلینیك) لەم بەشە كەڵكی لێوەرگیراوە. سەروتارەكەی ئاگامبێن (پزیشكی وەك ئاین)لە 02/05/2020 لە ماڵپەڕی ئیتالی (quodlibet.it)بڵاوكراوەتەوە و دواتر دەقە ڕوسییەكەی لە https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/read/id/meditsina-kak-religija بڵاوكراوەتەوە. نووسینی (ئاسایشی ژیانی و سیاسەت)یش لە 11/05/2020 لە هەمان ماڵپەڕی ئیتالی بڵاوبۆتەوە و دەقە روسیەكەشی لە
(https://politcom.org.ua/biobezopasnost-i-politika) بڵاوكراوەتەوە.

————————————————-

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…….




توانستمەندی هزری میشێل فوكۆ لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس سەرلەنوێ هاتەگۆڕێ-9- ئازاد حەمە

بەشی نۆیەم

سەرەتا: بۆ تێگەیشتن لە كارگێڕی گڵوباڵی سیاسییانەی پەتای كۆرۆنا پێویستمان بەوە دەبێت كە بۆ بەشێك لە گەنجینەی هزری میشێل فوكۆ (Foucault) بگەڕێینەوە كە بە بایۆپۆلیتیك (Biopolitics ) ەوە (سیاسەتی زیندەیی/ سیاسەتی ژیانكاری) تایبەتی كردوون. مێژووی هزر ،كە بواری پسپۆری میشێل فوكۆ بووە، لەژێرسایەیا دەرگای لە شیكاری گەلێك دیاردەی كۆمەڵگەی مۆدێرن كردوەتەوە. ئەم بیریارە بۆ ئەوەی دیاردە وەلانراو و پەراوێزەكانی كۆمەڵگەی نوێی ڕۆژئاوا (شێتی، ناساغیدەروونی، بەندیخانە، نەخۆشخانە، پۆلیسخانە، ئەرشیفكردن، بەبێگانەبوون ) بە چاكی ببینێت كاری بۆ ئەوە كرد كە لەسەر دەستی بیریارانی سەردەمی پێش و پاش خۆی، پردێك لەنێوان فەلسەفە، مێژووی پزیشكی و بایۆلۆجیدا دروستبكات. ئەوەش بەچاكی لە سێ بەرهەمە ناسراوەكانیدا گەرایان دانا: مێژووی شێتی، لەدایكبوونی كلینیك (عیادە)، مێژووی سێكسگەرایی (1). لەم بارەیەشەوە هەر زوو بیرمەندە گەورەكانی فەرەنسا (ژۆرژ كۆنگلێم، ئەلێكسەندەر كۆریێ، ژان كاڤایێس، گاستۆن باشلار، لوی ئاڵتیسێر، ژۆرژ دۆمیزیل ) كاریگەریان لەسەر هزری شیكاریی فوكۆ دانا. كەوابێت پرسیارە سەرەكییەكەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە كە، چۆن فوكۆ لەگەڵ كۆرۆنا بوەوە بابەت؟ لەڕێگای بایۆپۆلیتیك و گرێدانەوەی پزیشكی (و زیندەوەرناسی) بە سیاسەتەوە ئەمەكرا. بۆیە ئەوەی ئێمە لەم بەشە مەبەستمانە لەسەری بوەستین بابەتی بایۆپۆلیتیكە بەپێی تێگەیشتنی فوكۆ، كە لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس لەناو بیریارانی ڕۆژئاوا بووەوە بابەت و فوكۆش لە دوو بەرهەمیدا (یەكەم: چاودێری و سزا-لەدایكبوونی بەندیخانە 1975، دووەم: بەشی یەكەم(ویست بۆ زانین) ی پەرتووكی مێژووی سێكسگەرایی 1976) كاری لەسەر كردوون. كەوابێت، “لە فوكۆوە فێری ئەوە بووین جەستەی زیندوو ئامانجی هەموو سیاسەتەكانە”. لێرە مەبەستی فوكۆ گشت جۆرەكانی دەسەڵاتە. “هیچ سیاسەتێك نییە كە سیاسەتی جەستەی نەبێت”، بەڵام بەپێی فوكۆ جەستە بوونەوەرێكی بایۆلۆجی نییە كە هێز بتوانێت كاری لەسەر بكات. وەكیتر، فوكۆ لە هەوڵی ئەوەشدا بووە كە لێكدانەوەی مێژوویی بۆ ئەو تەكنیكە جیاوازانە بكات كە هێز تیایاندا كارگێڕی ژیان و مەرگی دانیشتوان دەكات” ( وانەی ڤایرۆس: پاولۆ پرێسیادۆ). ئەمە بە واتای ئەوەش دێت كە بەسیاسیكردنی بایۆلۆجی لەكاتی ئاسای و لەكاتی پەتاكانا شوێن بۆخۆی داگیردەكات و خودی كۆرۆناش كولتووری سیاسی ئەوروپایی جارێكیتر دەخاتەوە بەرباسی فەلسەفی.

فوكۆ بە ئایدز مرد

فوكۆ یەكێكە لە قووربانیەكانی “سیاسەتی جەستە” (2). شاردنەوەی دووچاربوونی جەستەی فوكۆ بە ئایدز بەشێكە لە تێۆری بایۆپۆلیتیك كە خودی فوكۆ بەرهەمهێنەریەتی. هەر بۆیشە پێكەوەلكانی پاندێمی كۆرۆناڤایرۆس و بایۆپۆلیتیك ناوی ئەم بیرمەندە فەرەنسییە دەوروژێنێت. لە ناوەراستی ساڵی 1981 بەولاوە “ناوەندی كۆنترۆلی نەخۆشیەكان و خۆپارستنلێیان” (CDC ) لە ئەمەریكا چەند حاڵەتێكیان دەستنیشانكرد كە ناوی “ڤایرۆسی دابەزاندنی بەرگریی مرۆڤ، HIV”ی لێنرا. واتە، ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز. ئەم نەخۆشیە بە زۆری لەناو هاوڕەگەزبازەكانا بلآوبوەوە و میشێل فوكۆش یەكێك بوو لەو كەسانەی لە فەرەنسا لە ساڵی 1983 دووچاریبوو و پاش ساڵێكیش ، 25/06/1984 ، كوشتی. ئەو كات نەخۆشیەكە نە لەناو خەڵک ئاگایی پزیشکی لەسەربووە و نەش پزیشكانی فەرەنسی زۆر ئاشنابوونە پێی. بەپێی دانپیاهێنانەكانی دانیال دۆفێر (Daniel Defert) ی پارتنەری فوكۆ بێت ، فوكۆ ئەم نەخۆشیەی لە ئەمەریكاوە لەگەڵ خۆی هێناوە. فوكۆ پێش مردنی بە ماوەیەك لە سەفەرێكی زۆردا بوو بۆ ئەمەریكا و لەوێش سەردانی یانەی هاوڕەگەزبازەكانی كردووە. ئەو دەمەی فوكۆ بە ئایدز دەمرێت فەرەنسا لەبەر هەندێك ئیعتباراتی خێزانی و سیاسی بە ئاشكرا باسی لە نەخۆشیەكەی فوكۆ نەكردووە. هەمان ساڵی مردنی فوكۆ پارتنەرەكەی (لە 1963 تا كاتی مردنەكە لە 1984پێكەوەژیان) ڕێكخراوێكی بۆ داكۆكی لە مافی تووشبوانی ئایدز دامەزراند كە تائێستاش بەردەوامە. لەبەر ئەوەی فوكۆ و دۆفێر لەكاتی خۆیدا هاوسەرگیری فەرمیان نەكردبوو یان یاسای مەدەنی فەرەنسی ئەو كات ڕێگای بەم جۆرە هاوسەرگیریانە نەدەدا ئەمە وایكرد كێشەیەكی یاسای زۆر بۆ دۆفێر پاش مەرگی فوكۆ دروستبێت و بە ئاسانی نەبێتە خاوەنی ئەو میراتەی (شوقە، ئەرشیف و پەرتووكخانە) فوكۆ بۆی جێهێشتبوو. كەسوكاری فوكۆش ڕێگرنەبوون لەبەردەم وەسیەتنامەكەی فوكۆ، لێ تا ئەم ساڵانەش دۆفێر كێشەی فرۆشتنی شوقەكەی فوكۆ و ئەرشیف و پەرتووكخانەكەی هەبوو.

كۆرۆناڤایرۆس و دووبارەبیركردنەوە لە بایۆپۆلیتیك

بایۆپۆلیتیك زاراوەیەكە سەرەتا لەلایەن فوكۆوە بەكاربراوە و دواتر بواری بەكاربردنی لەسەر دەستی هەندێك بیرمەندی تر، بەتایبەت ئیتالی ( ئاگامبێن، ئەنتۆنی نیگری، رۆبێرتۆ ئێسپۆزیتۆ Esposito ) ، بەرینتر بوو. بایۆپۆلیتیك دوو زاراوەی گرنگمان بیردەخاتەوە كە ئەوەش ژیان (زیندەوەرناسی) و سیاسەتە. بەپێی ئەم تێۆرییە بێت دەسەڵات توانای خۆی بەسەر جەستەی تاكەكانی كۆمەڵگە پراكتیزەدەكات كە دواتر سەروەری، بابەتی مەرگ و بوونی جەستەش دەكەونە ناو پرۆسەكەوە. فوكۆ لە دوا بەشی یەكەم پەرتووكی (ویست بۆ زانین) “”مێژووی سێكسگەرای”” لەژێرناوی””مافی مەرگ و دەسەڵات بەسەر ژیانەوە”” ئەم لایەنە بە ووردی ڕاڤەدەكات، كە پاشان ئاگامبێن لە بەشی دووەمی پەرتووكی””هۆمۆساكەر: دەسەڵاتی سەروەری و مرۆڤی رووت””دێیتەسەر ئەو لایەنە تێۆریانەی فوكۆ بە كراوەیی جێیهێشتبوون، لەوانە “سەروەری و مرۆڤی رووت”، كە بەهۆیەوە ئەوەمان بۆ بەرچاویدەكات كە چۆن دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەستگرتن بەسەر ژیانی بوونەوەرەكان هێزی خۆی بەكاردەبات. فوكۆ لە توێژینەوەكانیا ئەم لایەنەی بۆ لێكدانەوەی كەسی ناجۆری كۆمەڵگەش (لادەر، پەناهەندە، شێت، نانۆرمال یان ناساغ و.. )بەكاربردووە.
فوكۆ لەڕێگای بایۆپۆلیتیكەوە هەوڵی شیكاركردنی پەیوەندی هێزی داوە بە جەستەی كۆمەڵایەتییەوە. شیكاركردنەكەی زۆرتر ئاراستەی كۆمەڵگەی مۆدێرن كردووە. هەر لەبەرئەوە بەهۆی بایۆپۆلیتیكەوە باس لە كۆمەڵگەی سەروەریش دەكات كە بەرەو كۆمەڵگەی دیسیپلین دڕوات و تیایا ژیانی خەڵك چاودێریدەكرێت و ، خودی ژیانەكەش وەك ئامرازێك بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانی بەكاردەبرێت. بەپێی فوكۆ بڵاوبوونەوەی تەكنیكەكانی دەسەڵاتی بایۆپۆلیتیك ،وەك تۆڕێك لە هێز، بوارە یاساییەكان تێدەپەڕێنێت تا ببێتە هێزێكی ئاسۆیی و لەوسەریشەوە گشت ژیانی جەستەی تاكەكان بگرێتەوە (لای خۆمان جەستەی سەردەشت عوسمان نموونەیەكە لەسەر ئەمە). كەواتە، گەوهەری تێگەیشتنی فوكۆ بۆ بایۆپۆلیتیك لە شیكاری پەیوەندی هێز بە جەستەوە خۆی پووختدەكاتەوە. جەستەی تاك لە كۆمەڵگە لە ڕێگای دیسیپلینەوە قۆرخدەكرێت. دامەزراوەكانی كۆمەڵگە ،كە دامەزراوەی سیاسیشن (نەخۆشخانە، قووتابخانە)، شوێنی پیادەكردنی ئەم دیسیپلینەن. بایۆپۆلیتیك لە كۆمەڵگەی نوێ بەپێی تەكنیكەكانی هێزی نوێ بەڕێوەدەچێت كە ئەوەش دەستدەگرێت بەسەر ژیان و مەرگی خەڵك، لەدایكبوون و مەرگ، تەندروستی تاكەكانی كۆمەڵگە (كەوتنەدوای د. عەبدولستار تاهیر شەریف تا مەزرەعەكەی و كوشتنی لەنێو زێدی خۆی نموونەیە لەسەر ئەتكردنی جەستە بەپێی پێویستی سیاسی).
بایۆپۆلیتیك بواری كاركردنی خۆی هەیە. بۆنموونە كاتێك درم و پەتا بڵاودەبێتەوە بە یەكێك لە بوارەكانی دەژمێردرێت. واتە بایۆپۆلیتیك هەردوو لایەنی سیاسی و تەندروستی پێكەوەگرێدەدات و، پێشماندەڵێت تەندروستی شتێكی بێ لایەن نییە و شوێنێكیشە بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەت. هەر دەوڵەتیشە دواتر سەروەری دروستدەكات كە ئەوەش لەو سەرەوە دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی بەكاربردنی جەستە. بەپێی زانینمەندی فوكۆ بێت بایۆپۆلیتیك بوارێكی شیكارییە بۆ كاركردن لەسەر ئاسایش، دیسیپلین و سەروەری. هەریەك لەوانەش پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە. سەروەری پێویستی بە پیادەكردنی دیسیپلینە. بۆ ئەوەی ئەم دیسیپلینە پیادەبكرێت دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە دامەزراوەیە: قوتابخانە، نەخۆشخانە، بەندیخانە، ئەمانەش لەڕێگای پۆلیسەوە ئیشی خۆیان دەكەن. ئیشەكەش بریتییە لە بەرهەمهێنانی تاكەكانی كۆمەڵگە بەو جۆرەی میكانیزمی دەسەڵات پێویستیپێیەتی. بایۆپۆلیتیك لەگەڵ هاتنی مۆدێرنە وا لە سیاسەت دەكات دەستبخاتە ژیانی خەڵكەوە. بەڵام پێش مۆدێرنە مامەڵە لەگەڵ دەستەی بیمار و ناساغ ئاقاری تری وەرگرتووە. هەر بۆنموونە، گولی Leprosy كە بەهۆی بەكتریایێكەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆكاری دروستكردنی لییر، بەپێی فوكۆ بێت، کە لە یەكێك لە نووسینەكانی (مێژووی شێتی) دا هێمای بۆكردووە ، گولی لە سەدەكانی ناوەڕاست دا وەك نەخۆشیەك سەیركراوە كە سزایەكی یەزدانییە و كەسی گول بە دورخستنەوەی لە كۆمەڵگە لە گولیدەخرێت. ئەوەش بەهۆی مردنێكی مەدەنیەوە كە لە ئاهەنگێكی دیاریكراودا بۆیدەسازێنرێت. گول كەسێكی پیسە و پێویستە لە كۆمەڵگە دوورخرێتەوە و مردنەكەشی لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی. لێرە جەستەی نەخۆش جەستەیەكی لایەندارە و شوێنی دروستكردنی مەترسی و لەخۆگرتنی درمی نادیارە. بەمجۆرە جەستەی گول جەستەیەکی گوماناوییە و خۆڕزگارکردن لێی پێویستە.
سەرباری هەموو ئەوانەی وترا، ئەو جۆرە هێزەی لەناو بایۆپۆلیتیكدا كاردەكات هێزێكی نوێیە و جەستە و ژیانیش دەكاتە بواری كاركردنی خۆی. بۆیە فوكۆ لە تێۆری بایۆپۆلیتیكدا پێیوایە كە، كەرەنتین سەرەتای پیادەكردنی ئەو هێزە سیاسییەیە كە لە بایۆپۆلیتیكدا پەنهانە. واتە، كاركردن لەسەر قۆرخكردنی ژیانی دانیشتوان (جەستە و زیندەگییان). ئەمە وادەكات دۆزی شاریش لەژێرسایەی كەرەنتبن بگۆڕێت كە خۆی لە هەندێك لایەن پووختدەكاتەوە: دابڕان لەیەكتر، ڕاگرتنی پاكوخاوێنی شار، تێكچوونی پەیوەندی نێوان مەرگ و لەدایكبوون و زۆر شتیتر. هەر ئەم جۆرە سیاسەتەش توانای ڕێكخستنی چاودێری تاكەكەنی كۆمەڵگە و هێزی كۆنترۆلكردن شیاودەكات (2). لەماوەی كەرەنتینە وردەكارییەكانی پاراستنی شار و خەڵكەكەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی تەندروستییەوە ڕێك ئەوەیە كە فوكۆ لە “”چاودێری و سزا “” لە بەشی سێهەم بەناوی “”(چاودێری هەموو، Le panoptisme “” باسی لێوەكردووە.

پزیشكی و بایۆلۆجی بوونە بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسی لە سەردەمی كۆرۆنا

بایۆهێز (زیندەگی هێز)(biopouvoir/ biopower) جۆرێكە لە جۆرەكانی هێزی سیاسی كە دەسەڵات بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە پیادەیدەكات. دەسەڵاتی سیاسی كۆمەڵگەی نوێ لەڕێگای هەندێك تەكنیكی خۆیەوە (تەكنیكی لەدایكبوون و مردن) جەستە و ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە كۆنترۆڵدەكات. بەم جۆرە، لەڕێگای تێۆری بایۆپۆلیتیكی فوكۆوە لەوە حاڵیدەبین ژیاندان بە كەسێك و ژیانوەرگرتنەوە لە كەسێك ئیشی سیاسەتە( كوشتنی كاوە گەرمیانی). پەیوەندی نێوان خودی دەسەڵات و كوشتنیش هەر دەچێتە ئەم خانەیەوە. مۆدێلە سیاسییەكان لە كۆن و لە ئێستادا ئەمەیان پیادەكردوە. جەستەی جوولەكە بەدەستە نازیەكانەوە، جەستەی كورد بەدەست ئەنفالچیەكانەوە، جەستەی فەلەستیینیەك بەدەست ئیسرائیلیەكانەوە، جەستەی جەزائیریەكان بەدەست كۆلۆنیالە فەرەنسیەكانەوە. لێرەوە تێكنەلۆژیای كۆنترۆل لەدایكدەبێت كە كۆنترۆلی جەستە و رۆحی تاكەكانی كۆمەڵگە دەكات، كە ئەمەش بەسیاسیبوونی ژیان یان مردن لەگەڵ خۆی دەهێنێت. فوكۆ لە پەرتووكی””پێویستە داكۆكی لە كۆمەلگە بكرێت””باس لەوە دەكات كە “كێ بژێت و كێ بمرێت”. ژیان لەمحالەتەدا دەبێتە سیاسەت و مردنیش هەر لەژێركۆنترۆلی سیاسەتدا دەبێت. كۆتای ژیان، كە مەرگە، سیاسەت دەستنیشانیدەكات (شێوەی مردنەكەی بۆنموونە مام جەلال و كاك نەوشیروان یان یاسر عەرەفات، ئەو داستانانەی لەسەر مەرگیان دروستكرا). واتە سیاسەت مەرگی جەستە دیاریدەكات. لەسەردەمی حكومەتی ساركۆزی ویسترا گۆڕی ئەلبێر كامۆ لە گۆڕستانێكی باشوری فەرەنساوە بۆ گۆڕستانی مەزنەكان، پانتێۆن (Panthéon )، لە پاریس بگوازرێتەوە، بەڵام كاترینی كچی كامۆ ئەو پێشنیارەی ساركۆزی ڕەتكردەوە. ئامانجی سیاسی لە پشت ئەم كردارەی ساركۆزییەوە بوو. پیرۆزكردنی جەستەی مردوو، مردووێك كە دەكارێت هاوكێشە سیاسییەكان بگۆڕێت (بۆنموونە هەوڵی گەڕانەوەی گۆڕی نازم حیكمەتی شاعیری تورك لە مۆسكۆ وە بۆ توركیا، یان شێوەی ناشتنەکەی بن لادن: تەرمەکەی هەڵدرایە ناو دەریاوە). بازرگانیكردنیش بە مردووەوە لە بەشێك لە پرسەكانا بەشێکە لەم لایەنە.
ژیانی خەڵك كە بریتییە لە ژیانێكی جەستەیی تەندروستی جەستەش بابەتی شیكارییە. لەم حاڵەتەشدا سیاسەت لەگەڵ زیندەوەرناسی مرۆڤ یەك دەگرێتەوە كە تەندروستی خەڵك (یان گشتی)یش لەخۆدەگرێت. ژیانی جەستەیی خەڵك كە بەهۆی زیندەوەرناسییەوە دەبێتە بابەتی شیكاری بۆ تەندروستی ئەمە وادەكات پزیشكی لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە بێتەناوەوە. واتە، جەستە بەهۆی زیندەوەرناسییەوە دەبێتە بابەتی سیاسەت. فوكۆ لەم ڕەوەوە سەرچاوەیەكی ئێپیستیمییە(مەعریفییە) بۆ بابەتی قۆرخكردنی جەستە لەلایەن دەسەڵاتەوە. خەڵك بەیارمەتی “تەندروستی گشتی” public health یەوە دەبێتە بابەتی دەسەڵاتی تەندروستی كە دەسەڵاتە سیاسییەكەش لەخۆدەگرێت. بەمجۆرە، پاش ئەوەی جەستە دەبێتە بابەتی تەندروستی، كە دامەزراوەیەكی پزیشكییە و بەشێكیشە لە دەسەڵاتی سیاسیی، دەبینین كە تەندروستی ئیشی كاركردنە لەسەر بوونی جەستە. جەستە لێرەوە دەبێت موڵكی ئەویتر، بەسیاسیدەكرێت و لە خاوەنداریەتی “خودی” ییە وە دەگوازرێتەوە بۆ خاوەنداریەتی “ئەویتر”. بۆنموونە جەستەی جوولەكەیەك كە دەبێتە بابەتی شیكاری و موڵكی نازیەكان یاخود جەستەی كوردێك كە بەدەست بەعسیەكانەوە دەبێتە شوێنێك بۆ یاریپێكردن و مامەڵەپێوەكردن (سوتاندن، لەسێدارەدان، شێواندن و تادەگاتە زیندەبەچاڵكردن). لەژێرسایەی ئەم جۆرە مامەڵەكردنە بە جەستە دەسەڵاتی سیاسی بوارێك بۆ دادوەریكردن بە جەستە دەدۆزێتەوە. واتە جەستەی”تۆ” تەنیا موڵكی”تۆ” نییە، موڵكی ئەویتری سیاسیشە (بۆنموونە ڕادەستنەکردنەوەی جەستە كۆرۆناویەكان بە خێزانەكانیان یان جەستەی هەندێک سەرکردەی مێژووی یان سیاسی بە کەسوکاریان ). لێرە دادوەریكردن بەمانای ئەوە دێت كە دەسەڵاتی سیاسی مافی ژیاندان بە جەستە، قۆرخكردن و لەناوبردنیشی هەیە. بەمە جەستە شتێكی شاراوە نابێت و شوێنێكیشە كە دەسەڵاتی تەندروستی، كە ڕەوایەتیەكەی لە دەسەڵاتی سیاسییەوە وەردەگرێت، دەكارێت بڕیار لەسەر چارەنووسی جەستە بدات. واتە، دامەزراوەی تەندروستی لەوە دەردەچێت تەنیا بریتی بێت لە شوێنێك بۆ دیاریكردنی بیماری یان ئێش ، بەڵكو شوێنێكیشە بۆ دەستنیشانكردنی ماهیەتی جەستە و چۆنیەتی قۆرخكردنی. بەمە دەرمان و چارەسەر بێ لایەن نابن (سیاسی لە چ نەخۆشخانەیەك دەخەوێنرێت و میوانەكانیشی كێ دەبن؟). نەخۆشی كەسایەتی دیاریدەكات و كار لەسەر ئیعلانكردنی ناسنامەی جەستە دەكات. نەخۆشیەكانی جەستە دەشاردرێنەوە. جەستە دەبێت بە بەشێك لە نهێنی (مردنی فوكۆ بە ئایدز). ئاشكراكردنی نهێنی جەستە تێرۆری بەدواوە دەبێت. كێ بە چی مرد؟ كێ چۆن مرد؟ زۆربەی رووداوەكانی تێرۆر و كوشتن، كوشتن بە ئازاردان و یان دەرمانخوردكردن و زۆر شتیتریش دەچنە خانەی ئەو گفوگۆیانەی دەشێت بكرێن لەسەر: نهێنی جەستە، نهێنی مەرگ، سیاسەتی مردن یان سیاسەتی جەستە. مەرگ كە واتای جەستە لەخۆدەگرێت بێ لایەن نابێت. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی مانا بۆ جەستە، بۆ مەرگ دەدۆزێتەوە. بەهای جەستە و بەهای مەرگەكان بەیەكتر تێكەڵدەبن. ساڵانێك دەوترا كە پێش دووەم كاندیكردنەوەی سەرۆكی فەرەنسا میتێران Mitterrand دەنگۆی ئەوە هەبووە كە شێرپەنجەی پرۆستاتی هەبووبێت و ئەمە لە عەوام شاردراوەتەوە. نهێنیەكانی جەستە و سیاسەتی بندەستكردن و داگیركردنی جەستە بەزمی زۆرە و كۆرۆناش سەرلەبەر ئەم بابەتەی گۆڕی و جەستە جارێكی تر بوەوە بە بابەتی تەندروستی سیاسی و دەسەڵاتی بایۆلۆژی.
كۆرۆنا مەرگی بە سیاسیكرد. بەسیاسیبوونی مەرگ سەرچاوەكەی بۆ بەسیاسیكردنی جەستە دەگەڕێتەوە. لە ترسی دووچارنەبوون بە كۆرۆنا و ڕێگاگرتن لە تەشەنەسەندنی پەتای كۆرۆنا داوایلێكردین جەستە بشارینەوە. بۆیە جەستەی كۆرۆناوی ونكرا و بێ ناسنامە كرا. خۆ نەناسكردن لە جەستە بوو بە بابەتی كۆرۆنا. كۆرۆنا و جەستە هۆكاربوون كە كۆرۆنا و مەرگ لەیەكتربئاڵێن. كۆرۆنا ئێژێت: جەستەی كۆرۆناوی ترسناكە. جەستە ونكردنی پێویستە، لێرە ونكردن لەڕێگای شاردنەوەی جەستە لە شوێنێكی نادیار لە خۆ دەگرێت. مەرگ نادیاركرا، چونكە جەستە نادیاركرا یان بێ ناسنامە كرا. ترس لە جەستەی كۆرۆناوی بوو بە ترس لە مەرگی كۆرۆناوی. كۆرۆنا كە مەرگ هێنەرە جەستەی بێ بەها كرد. كۆرۆنا هات تا جەستە قێزەوەنبكات، بەوەش مەرگ قێزەوەن بوو. قێزەوەنكردنی جەستە كە ناشرینكردنی مەرگی بەدەمەوەیە پێش كۆرۆنا نازیەكان لە ئاوشویتز Auschwitz ، لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی سوتان و ئەتكردنی جەستەی جوولەكەكان، ئەنجامیاندا. دواتریش جەستە لە چەندین شوێنیتر، لەژێرسایەی دەسەڵاتە دیكتاتۆر و ڕەگەزپەرستەكان گاڵتەیپێكرا و بووە هێمای نەتەوە و سیاسەت. چی بەسەر بۆسنییەكان نەهات لە شەڕی بەڵقانی 1991؟ لێرە دەشێت قسە لە کاریگەرییەکانی بایۆهێز (Biopower ) بكرێت. فوكۆ لە سیمینارەكانی كۆلێجی دۆ فرانس، نووسینی “”ویست بۆ هێز”” و “”چاودێری و سزا”” واتای بایۆهێزی بەكاربردووە و ئامانجیشی لە بەكاربردنەكەی ئەوە بووە كە ئەوەمان لاڕوونبێت کە دەسەڵاتی سیاسی دەستدەگرێت بەسەر ژیان bios ی خەڵكەوە. بایۆپۆلیتیك لە تێگەیشتنی فەلسەفی فوكۆ بریتییە لە دەسەڵاتی دەوڵەت كە قۆرخی ژیانی جەستەی مرۆڤ دەكات. نازییەكان باشترین نموونەن لەسەر ئەوە. ئەنفال كە جەستەی مرۆڤی كورد ئەتكدەكات، جێنۆسایدی ڕوەندا Rwanda یان ئەرمەنییەكان.
پەراوێز: (1). بەپێی ئەرشیفی نووسینەكانی فوكۆ بێت ناوبراو لە ماوەی ساڵانی 1965 بۆ 1976 پێنج جار سەردانی بەرازیلی كردوە و لەوێ چەند سمینارێكی سازكردوە كە تەوەرەكانی تایبەت بوونە بە: كۆچاودێری (Panopticism) ، هاتنەدونیای پزیشكی كۆمەڵایەتی، كۆمەڵگەی سزادان، پێكەوەلكانی نەخۆشخانە بە تێكنەلۆژیای نوێوە، ویست بۆ زانین یان ئۆدیپۆس و چەند باسێكیتر كە دەچنە خانەی شیكاری لەمەڕ قەیرانی پزیشكی، دامەزراوەكان، زانین و هێز لەوانەش گرنگتر بابەتە سەرەكیەكەی فوكۆ، بایۆپۆلیتیك، كە تێكڕای ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت ، كە دواتر لە كارە چاپكراوەكانی ساڵانی پاش 1976 ڕەنگدانەوەی خۆیان هەبووە. لێرە مەبەست پەرتووكە ناسراوەكانیەتی: “”چاودێری و سزا”” و بەشی یەكەمی “”مێژووی سێكسگەرایی””. جگەلەناو فەرەنسا لە بەرازیلیش بە زمانی پۆرتوگالی لەم ساڵانەی دوایدا قسەیەكی زۆر لەسەر سەردانەكانی فوكۆ بۆ بەرازیل ،و ئەو وانانەی لەو ماوەیەدا لەوێندەرێ وتونیەتەوە، كرا. تەنانەت هەڵوێستی بێدەنگانەی فوكۆ سەبارەت بە دۆزی سیاسی ئەو دەمەی بەرازیل و بەدواچوونەكانی پۆلیسی نهێنی بەرازیلی لە ئامانجی سەفەرەكانی فوكۆ بۆ ئەو وڵاتە قسەی لەسەرە.
(2). لەكاتی ناشتنی فوكۆ ژیل دولۆز (Deleuze ) پەڕەگرافێك لە پەرتووكی”” مێژووی سێكسگەرایی”” فوكۆ بەنموونە وەردەگرێت و دەیخوێنێتەوە. دولۆز، بەپێی نزیكی لە فوكۆوە، یەكەم كەس دەبێت پاش مەرگی فوكۆ پەرتووكێك لەسەر فوكۆ بەناوی”” فوكۆ””وە، لە 1986، دەنووسیت. لە كۆتای 1969 فوكۆ لە لێدوانێك لەگەڵ دوو خوێندكاری خۆی كە بەڕەچەڵەك ئەمەریكی دەبن ،وەك دانپیاهێنانێك بە تواناكانی دولۆز، بەم جۆرە دولۆز ناوزەددەكات :””ڕۆژێك دێت ئەم چاخە بە چاخی دولۆزی ناودەنرێت “”، كە دواتر دولۆز وەڵامی فوكۆ لەڕێگای هەمان ئەو خوێندكارانەوە بەم جۆرە دەداتەوە:”” فوكۆ لەبەر سادەی خۆی بەو جۆرە پێناسەی “من” دەكات ، ئەگەرنا ئەوە فوكۆیە چاخەكەی بەناوەوە دەنرێت نەك من””.

ئازاد حەمە

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……




ئالان بادیو: دۆزی درماوی-8- … ئازاد حەمە

بەشی هەشتەم

سەرەتا: ئەو دەمەی درم دەبێت بە دۆز
پەتای كۆرۆناڤایرۆس لە ئاستێكی گڵوباڵ دۆزێكی هێنایەپێشێ كە شایانی بەخیلیپێبردن نییە. ئەم دۆزە خورپەهێنەرە وتنی فەلسەفیشی گرتەخۆی و ئالان بادیو Alain Badiou ،كە لەم بەشەدا ئاوڕیلێدەدەینەوە، یەكێکە لەو بیرمەندانەی لەمبارەیەوە وتنی خۆی، كە شایانی تێهزرینە، لەژێرناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی””بڵاوكردەوە. بۆ ئێمە هێندەی وشەی دۆز situation لە نووسینەكەی ئەم بیرمەندە گرنگە هێندەی ئەوە وشەی درم گرنگ نییە. ئەمەش لەبەرئەوەی دۆز یەكێكە لە وشە سەرەكییەكانی فەلسەفەی بادیو هەرچی درمە شتێكە دێت و دەڕوات، ئەمڕۆ كۆرۆنا درمە، دوێنێ سارس و پێشتر ئێبۆلا و…هتد. وشەی دۆز دەچێتە خانەی فەرهەنگی بادیو، واتە دۆز هەروەك بوون، خراپە، رووداو، خود، هەل و مەرج بەشێكن لە زاراوەناسی فەلسەفەی بادیو و كاردانەوەی خۆشیان لەسەر تەلاری سیاسی و كۆمەڵایەتی وتارە فەلسەفییکەی داناوە. لەڕێگای نووسینەكەی بادیوەوە لەوەش حاڵێدەبین بۆ هەندێك پێیانوایە ئەم دۆزە داهێنراوێكی سیاسییە، بەڵام ئەمە چەند ڕاستە؟ ئایا ئەم دۆزە كۆرۆناویە دەتوانێت هەڵاوگۆڕانێكی كۆمەڵایەتی ڕیشەیی دروستبكات یان پێویستمان بە هێزە كۆمەڵایەتییەكانە ئەوە بكەن؟پەلاماردانی سەرمایەداری جیهانیش بەهۆی كۆرۆناوە چەند هیوابەخشە؟ چەند شیاوە بەدیهاتنی ئەو هیوابەخشیە؟ دۆزی جیهان لە چ دۆزێکدا بوو؟ ئەم پەتایە ئەم دۆزە بەرەو کوێ دەبات؟ بۆیە سەرەتا دەخوازین بزانین دۆز لە زاراوەناسی فەلسەفیی بادیو چی دەگەیێنێت، پاشان فەلسەفەی بادیو خۆی لەسەر چ بنەمایەكی شیكاریی فەلسەفی ڕاگرتووە، ئەوجار دێینەسەر خستنەڕووی كاكڵی بۆچوونەكانی بادیو لە وتاری ناوبراوەوە و پاشانیش بە كورتی گوزارە لە بۆچوونی بادیو سەبارەت بە “گریمانەی كۆمۆنیستی” دەكەین، کە بەشێكە لە هزری سیاسی ئەم بیریارە و ڕەنگدانەوەشی لە نووسینەكەی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا هەبووە.

فەلسەفەی بادیو

پەرتووكە قەبە فەلسەفییەكەی ئالان بادیو ( بوون و رووداو، لە 1988) پاش ئەوەی هایدیگەر(بوون و كات، لە 1927 ) و سارتەر ( بوون و هیچی ،لە 1943 )بە سێهەمین پەرتووكی فەلسەفی لەقەڵەم دەدرێت كە لە نێوەندی فەلسەفیی رۆژئاوا لەسەر واتای بوون نووسرابێت. گومانیناوێت، هەر ئەم پەرتووكە بناغەی بۆ ناساندنی فەلسەفەی رووداوناسی بادیو لەناو فەرەنسا و ڕۆژئاواش داناوە. بادیو كە ئێستا ناوێكی دیارە لەناو فەلسەفەی كۆنتینێنتالی فەرەنسی و ئەوروپای گفتووگۆكەرێكی چالاكی فەلسەفەی شیكردنەوەی ئەنگلۆ- ئەمەریكیشە. ڕیشەی بیركردنەوە سیاسییەكانی سەرەتا ماوی (Maoist) بووە و دواتر پۆست ماوی (postmaoist) ، ئێستاش كار بۆ خوڵقاندنی”سیاسەتێكی بێ حیزب”، “سیاسەت بەبێ دەوڵەت و سیاسەتێكی ئەنتی پەرلەمانی” (anti parlementarisme) دەكات. بادیو لە دیدی زەمینەسازی بۆ داكۆكیكردن لە فەلسەفە هەر لەسەرەتای نووسینیەوە خۆی وەك دوژمنێكی سەرسەختی “فەیلەسوفە سۆفیستەكان (ڤێتگێنشتێن ، دێریدا، لیوتار و…) نیشانداوە. ئەڵبەتە تێگەیشتنگەلێكی كاریگەرئامێزیشی لە بواری گفتوگۆی سیاسی هاوچەرخ لەسەر تێمای جەنگ دژ بە تێرۆریزم، خیانەت و گەندەڵی، وەك دیاردەگەلێكی گرنگی بواری فەلسەفەی ڕەوشت، وروژاندوە و وەرچەرخاندنێكی چاكیشی لە فەلسەفەی كۆمەڵایەتی و سیاسی تازەی فەرەنسیش كردووە. لە توێژینەوە فەلسەفییەكانیا ڕەخنەگرێكی تووندە لە دێمۆكراسی هاوچەرخی ڕۆژئاوا و یەكێكیشە لە ئایارییەكانی 68 ی پاریس و داكۆكیكەریشە لە ئایدیای كۆمۆنیزم و پێشیوایە بیركاری فۆڕمێكە لە هزر. بەپێچەوانەی هاونەوەكانی لە 1960 كان ،كە گرنگیان بە فەلسەفەی شیكردنەوەیی نەداوە، لەو گفتوگۆ فەلسەفییانە بەئاگایە كە لە نێوەندی فەلسەفی ئەنگلۆ- ئەمەریكی تایبەت بە لۆژیك و زمانەوانی كراون. بەتێگەیشتنێكی تر، فەیلەسوفە فەرەنسییەكانی سەردەمی بادیو ،ئەڵبەتە ئێپیستێمۆلۆژەكانی لێدەرچێت، ئەوەندە بایەخیان بە فەلسەفەی ماتماتیك و لۆژیك نەداوە و زیاتر بە سیاسەت و ئەدەب و شیكردنەوەی دەروونی و مێژووییەوە سەرقاڵبوونە. هەر ئەو وەختەش كە شۆڕشی قوتابیان لە 1968 لە پاریس لە دەركەوتن دا بووە بادیو یەكێك بووە لە چالاكەوانە سیاسییەكانی گۆڕەپانەكانی پاریس و ووردە ووردەش لەبارەی خود و گەشتی ئەم خودە لە جیهانی سیاسی و ژیانی هزریدا هاتووەتەگۆ. دیدی شۆڕشگێڕی و بیركاری بادیو پەیوەندیەكی یەكانیگیری بە باوكییەوە، رایمۆند بادیو Raymond Badiou هەیە، كە لە ماوەی جەنگی جیهانی دوو، لە ناوچەی تولوز Toulouse ، لەگەڵ گرووپە بەرهەڵستكارەكان دژ بە هێزی فاشی چالاكەوانبووە و پێش ئەوەش سەرقاڵی بیركاری بووە.

دۆز لە فەلسەفەی بادیو دا

واتای دۆز لە لێكسیكۆنی فەلسەفی بادیو بەهای فەلسەفی خۆی هەیە. ئەم بیرمەندە فەرەنسییە لە یەكەم گەورە نووسینیەوە بەناوی “”بوون و رووداو””، گرنگی بەم واتایە داوە و لە ڕاڤەكردنەكانی بۆ رووداو و هەل و مەرج و خود كەڵكی لێوەرگرتووە. دۆز بەپێی فەلسەفەی بادیو”دۆزە بۆ فەلسەفە، دۆزە بۆ هزری فەلسەفیی”. “دۆز دەشێت لە بارودۆخ پێكهاتبێت” و خاڵی جیاكارەی نێوان ناوەوە و دەرەوەشە. لە هزری فەلسەفی بادیو دۆز لەگەڵ وشەیەكی تر دێتەبەكاربردن كە بۆشاییە. لێرە بۆشای هیچ دەگەیێنێت. هیچیش لەناو دۆز خۆی لە دۆزینەوەی بۆشای بریتیدەكات. بۆشای لەناو دۆز ئەو بەتاڵایەیە كە پێویستی بە پڕكردنەوەیە. واتە “دۆز لەسەر بۆشای پێكدێت”. بۆشایش لەم دۆخەدا شتی، هیچی، تیانییە بۆیە ناونەنراوە. كەوابێت ناونەنراو ئەو شتەیە كە بۆشە. دۆخی بۆشای بەم جۆرە دێتەسازان. بەم شێوەیە بێت كە باس لە دۆز بكەین پێویستمان بە باس لە دۆخیش دەبێت. لێرە پرسیارەكە ئەوەیە كە دۆخی دۆز چۆن دێتەسازان؟ گەر وەلامەكەمان لە جۆری نموونەیەكی زیندوو بێت لەسەر هەنووكە ئەوا دەبێژین: دۆزی ئێستای جیهان بەدەست پەتای كۆرۆناوە و دۆخی ئەو دۆزە چ تێگەیشتنێكمان لا دروستدەكات گەر ئێمە لە ئەستێرەیەكی ترەوە بێینەسەر زەوی. بەپێی پسپۆران لە هزری بادیو ئەوەش شایانی وتنە كە دۆز لە پەیوەندییدایە بە واتای ڕاستییەوە. لەبەرئەوەی فەلسەفە بەپێی بادیو كردەیەكە لە ڕاستی ئەوا ڕاستیش هەروەك دۆز فرەیە. واتە نە دۆز و نەش ڕاستی تاك ڕەهەند نیین. دۆز لای بادیو حاڵەتی شت پێكدێنێت، واتە دۆز دەكرێت سیاسی بێت، ماتماتیكی بێت، بۆنموونە دۆز لەم نووسینەی بادیو لەسەر کۆرۆنا درماوییە.

هەنووكەیەكی درماوی

ئالان بادیو لە سەرەتای نووسینەكەی تایبەت بە پەتای كۆرۆناڤایرۆس، كە بە ناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی”” بڵاویكردۆتەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە نەیزانیووە ئەم دۆزە هەنووكەییە، كە لە ناوەڕۆكدا پەتایەكی ڤایرۆسانەیە شتێكی ئاوارتانە (exceptional ) ی تایبەت نەبووە. بۆیە دەڵێت: گەر لە پەتای ڤایرۆسی ئایدزەوە دەستپێبکەین بەرەو ئەنفلاوانزای باڵندە و ڤایرۆسی ئێبولا Ebola و ڤایرۆسی سارس1 (SARS 1 ) – و بەشێكی تر لەو ڤایرۆسانەی ئەنتیبایۆتیكە چارەسەری نەكردن و تادەگاتە خودی گەڕانەوەی سورێژەش- دەبینین لەم بارەیەوە بازاڕی جیهانی كاری خۆی بەو جۆرە دەكات کە دەیەوێت، نەک هەرئەوە بگرە ناوچەیەكی زۆریش لە جیهان بێ پزیشكی پێوەدیارە و پێویستیەكانی كوتانیشی تیابەدیناكرێت، ئەوەش لە دواتردا دەركەوتنی درمی ترسناكی بەدەمەوەیە، هەر بۆنموونە ئەو ملیۆنەهایەی بەهۆی ئایدزەوە دەمرن بەڵگەیە لەسەر ئەم لایەنە. سەرباری ئەوە ڕاستییەك هەیە ئەوەش ئەوەیە کە دۆزی پەتای هەنووكە كاردانەوەی سەختی لەسەر ڕۆژئاوا داناوە و لە سۆسیال میدیاش دەبەنگیەكی زۆری وروژاندووە. بادیو پێیوایە پێویستە ئاماژە بە ناوی ڕاستەقینەی درمەكە بكرێت كە بە هیچ جۆرێك لەوەی پێشوو، واتە لە سارس 1، تازەتر نییە. كەوابێت بەپێی تێگەیشتنی بادیو ناوە ڕاستەقینەكەی ئەم درمەی ئێستا سارس 2 (SARS 2 ) ە و تەواوكەری سارس 1ە، كە لە بەهاری 2003 پێیدەوترا یەكەم نەخۆشی نەناسراوی سەدەی بیست و یەك. بۆیە درمی هەنووكە هیچی لەگەڵ ئەوەی پێشوتر جیا نییە و بەمەش دووەم جۆری درم لەم سەدەیە پێکدێنێت. لەم حاڵەتەدا بادیو بەباشی دەزانێت كە ڕەخنە ئاڕاستەی دەسەڵات بكرێت، چونكە پاش سارس 1 توێژینەوەی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجامنەدرا،گەر بدرایە ئێستا بۆ دەستنیشانكردنی سارس 2 سوودیلێوەردەگیرا. وەکیتر، بادیو پابەندبوون بەو دیسپیلینە توندەی بەهۆی ئەم پەتایەوە دروستبوو بە پێویست دەبینێت و لە ماڵەوەبوونیش لە هەموو شتێكی تر بەباشتر دەزانێت و داواشی لە ئەوانیتر ئەوەیە كە هەمان شت بكەن، هیچ نەبێت بۆ پاراستنی خۆیان لە تووشبوون و پاراستنی ئەوانەش کە لە پێشی پێشەوەی مەترسیكەن، كە كارمەندانی پزیشكی دەگرێتەوە تا دەگاتە بەتەمەنەكان لە “ماڵی بەساڵاچووان” و ئەوانەش كە بەرەو كارەكانیان ڕۆژانە بەڕێدەكەون. كەواتە “لە ماڵەوە مانەوە” بەبۆچوونی بادیو ئەركە و بەشێكە لەو دیسپیلینەی لایسەرەوە باسكرا، ئەوانەش كە بێ ماڵن پێویستە خەمیان بخورێت و داڵدەیەكیان بۆ دابینبكرێت. ڕاستە ئەم ئەركانە بوونە بە ناچاریەكی زۆر مانادار، بەڵام پێویستی بە تەقەلای شیكاری زۆر یان دروستكردنی ڕێگایەكی نوێ بۆ بیركردنەوە نییە. بادیو دەڵێت: ڕۆژانە هەقایەتێكی زۆر دەبیستم، هەقایەتەكان بەرهەمی ئەو پەشێوییەن ئەو دۆزە دروستیكردوە كە لەكۆتایدا دۆزێكی سانەیە. بادیو بێگومانیشە لەوەی ئەم دۆزە درماویە بۆچوونی جیای دروستكردووە: هەندێك لە جیهانی خۆیاندان، هەندێكی تر خەریكی لۆمەكردنی ماكرۆنMacron ی داماون و ناشزانن ، كە ماكرۆن وەك سەرۆكی وڵات ،لە كاتی جەنگ یان درم، تەنیا خەریكی كاری خۆیەتی و، کە دۆزێكیش لە پشت ئەم درمەوە لەسەرهەڵدانە چەند جەمسەریە. هەندێك لافی شۆڕشگێڕی لێدەدەن لەكاتێكا هیچ شتێكیان بۆ لەناوبردنی درمەكە پێنییە. هەیە كەوتۆتە بارێكەوە نزیكە لە ڕەشبینی ئەپۆكالیپس(apocalyptic) (هەستی كۆتای جیهان)، هەشە تەنیا لە خەمی خۆیدایە، ئەمەش درێژەپێدانەوەی بەدییە تا كاتێكی نادیار.
بەبۆچوونی بادیو، پێدەچێت ڕووبەڕوبوونەوەیەكی زۆری ئەم درمە لە گشت شوێنێك زێدەڕۆییەكی لە چالاكی جەوهەری عەقڵی كەسەكان دروستكردبێت و ناچاریشیكردوبێتن بۆ هەندێك دەرەچەی خەماوی تر بگەڕێنەوە- تەسەوف، ئەفسانە، نوێژ و بەدبینی- كە لە سەدەكانی ناوەڕاست كاتێك پەتا تیایا بڵاوبوەتەوە ئەو شتانە ئاسای بوونە. لە دەرئەنجامی ئەوە، بادیو پێیوایە ناچارە هەندێك شت بڵێت كە بەخۆشحاڵیەوە ناویانبنێت: دێكارتانە (cartésiennes ) (فەیلەسوفی فەرەنسی دێكارت مەبەستە). سەرەتا ئاماژە بەو كێشەیە دەکات کە ئەم درمە لە هەندێك شوێن بە خراپ ناونرا و بە خراپیش چارەسەركرا. سەرەتاكانی ئەم درمە دەكرێت لە شوێنێكی وەك وەهان دەستیپێكردبێت كە ژینگەیەكی سەرەتایی لە پاكوخاوێنی و خۆپارێزی تیایە و بازاڕە كراوەكانیشی شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵی زیندووە. ئەو بۆچوونەش هەیە كە تێكڕای ڤایرۆسەكان لە ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ دێن. ڕوونیش نییە چۆن ئەمە روودەدات؟ كارە زانستییەكان دەبێت ئەوەمان بۆ شیبكەنەوە. بانگەشەیەكیش لە ئینتەرنێت دەكرێت كە چیینیەكان شەمشەمەكوێرە خۆرن و كەچی هیچیشیان لێنایەت. گوازتنەوەی تێكڕای ڤایرۆسەكان لە ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ، بۆ بادیو، ئەمە خاڵی سەرەكی كێشەكەیە. ئاشکرایە دەوڵەتی سەرمایەداری چینی ئامادەبوونێكی باشی لەناو بازاڕی جیهانی هەیە و پاش دەركەوتنی ڤایرۆسەكەش لە شاری وەهان توانرا شارەکە، کە 40 ملیۆنی یە، گۆشەگیربكرێت و ڤایرۆسەکەش بنەبڕبکرێت ، لێ موخابن ئەمە کاتێککرا کە ڤایرۆسەكە بەرەو جیهان ڕۆشت. بەپێی شیکردنەوەکەی بادیو ئێمە لەبەردەم كێشەیەكی دوانەیداین سەبارەت بە دۆزی درمەكە. چۆن؟ سارس 2 ، ئەوەی لە وەهان دەركەوت، هاوكات لە شەنگەهایش حاڵاتی تر دەركەوت، ئەوەش بەهۆی ئەو چینیانەوە بوو لە دەرەوەی چینەوە هاتبوونەوە. چین لەم حاڵەتە دەكرێت وەك ئەوە ببینرێت کە شوێنێكی كۆنی پڕ لە داب و نەرێتی دێرین و هاوكات بازاڕێكی جیهانیشە، خەڵکی كە لە هەموو لایەكەوە سەردانیدەکەن. كەوابێت لەم حاڵەتە دیاریكردنی ڤایرۆس سانا نییە. لەوە سەرنجڕاكێشتر، درمەكە لۆكاڵی نییە، لێ موخابن ڕووبەروبوونەوەكەی لۆكاڵی بوو یاخود دواتر بە لۆكاڵی مایەوە لەگەڵ بوونی هەندێك وڵاتی سەرووی نەتەوەیش. شتێكی ڕوونە كە دەوڵەتە بۆرجوازییە لۆكاڵییەكان كەوتنە بەرەی پێشەوەی ئەم ڕووبەروبوونەوەیە. واتە هەریەكە بۆخۆی كاری لەسەر وەستانی درمەكە كرد.
بادیو نە ئابووری جیهان وەك یەك ئابووری سەرمایەداری جیهانی دەبینێت و نەش بازاڕەکەی. ئەو ناكۆكیەش لەنێوان ئابووری و سیاسەتی جیهانیدا هەبوو لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەم درمە پتر دەركەوت. وڵاتانی ئەوروپاش نەیانتوانی سیاسەتی خۆیان لە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە بگۆڕن. گومانیش ناكرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم ناكۆكیە گەر پێویستبكات دەوڵەتی نەتەوەیی ئامادەیە شێوازی دەسەڵاتەكەی بگۆڕێت. چۆن؟ لەماوەی جەنگی نێوان وڵاتانا دەوڵەت واپێویستیدەكرد بارگرانی نەك هەر بخاتە سەر هاوڵاتیان، بەڵكو بۆرجوازیانیش، ئەمەش بۆ پاراستنی سەرمایەی لۆكاڵی بوو نەك شتێكی تر. لەو دەمانەدا بەشێك لە پیشەسازیش خۆماڵی دەكرا بەتایبەت ئەو جۆرەی بە بەرهەمهێنانی چەكەوە تایبەت بوو . هەندێك لە بۆرجوازیەكانیش دەكران بە ئەفسەر و دواتر لە بەرەی جەنگ دەمردن. زاناكانیش شەوڕۆژ لەپێناوی بەرهەمهێنانی چەكی نوێ كاریاندەكرد. زۆرێك لە روناكبیر و هونەرمەندانیش رۆڵی پروپاگەندەیان دەبینی. ئەوە بوو دۆزی کاتی جەنگ و دەوڵەتی نەتەوەیی. هەرچی دۆزی درمەکەیە، بادیو وتەنی، هەموو پەرچەكرداریەكی بەخۆوە بینی، لەمڕوەشەوە باسی دۆزی فەرەنسا دەكات كە چۆن ماكرۆن بانگەشەی یارمەتیدانی خاوەن كار و پیشە بچووكەكانیكرد و بەڕاشكاویش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد “ئێمە لە جەنگ داین”. گومانی ناوێت لە كاتی جەنگ یان درم دەوڵەت ناچارە سروشتی چینایەتی خۆی بگۆڕێت تا ستراتیژێكی ئەوتۆ داڕێژێت بەهۆیەوە بکارێت ڕووبەڕووی ئەوە ببێتەوە مەترسی دروستكەرە. ئەمە دەرئەنجامی لۆژیكی ئەم جۆرە دۆزانەیە كە لە كۆتایدا بۆ بردنەوەی ئەو جەنگەیە ماكرۆن ناوینا. لێرە دەكرێت باسی خراپی كەرتی تەندروستیشبكرێت کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی درمەکە لە ئاستی پێویستدا نەبێت. بەدڵنیاییەوە ئەوەش وڵات دەخاتە بەردەم دۆزێكی ناهەموارەوە.
بادیو جەخت لەوەش دەكات کە هەڵەنییە گەر بڵێین ئەم جۆرە پەتایەی کە لە فەرەنسا بڵاوبوەوە كەس پێشبینی نەدەكرد جگەلە چەند زانایەك. ئەمە دەكرا لە شوێنێكی وەك ئەفەریقای تاریك یان چینی تۆتالیتاری رووبدات نەك لە شوێنێكی وەك ئەوروپای دێمۆكراسی. چەپەكان، بە هێلەگ زەرد و سەندیكاكانیشەوە، پێشبینی ئەمەیان نەدەكرد كەچی بەردەوامیش لە گاڵتەكردندان بە ماكرۆن. بادیو لە ئێستایەکدا باس لەم هەل و مەرجە دەكات كە لە فەرەنسا دوژمنێكی گشتی بوونی هەیە. ئەم دوژمنە لە كاتی جەنگ دەشێت بە داگیركەرێكی دەرەكی ناوبنرێت، لێ لە حاڵەتی ئێستادا دەكرێت بە ڤایرۆسی سارس 2 ناوبنرێت. ئەم جۆرە دۆزانە (جەنگی جیهانی و پەتای جیهانی) لەسەر ئاستی سیاسی بێلایەنن. بادیو دەخوازێت بەو دەرئەنجامەمان بگەیێنێت كە ئەو وانەیەی لەم دۆزەوە فێریدەبین ئەوەیە كە وەها پەتایەك ناشێت هیچ جۆرە دەرهاویشتەیەكی سیاسی لێوەبەدیبكرێت. هیچ هیوایەكیش بە بۆرجوازییە سیاسییەكان ناكرێت كە بكارن پاڵ بە ماكرۆنەوە بنێن. ئەوانەی ئارەزووی گۆڕانێكی ڕاستەقینەی سیاسی لە فەرەنسا دەكەن پێویستیان بەوەیە كەڵك لەم كاتە درماویی و تەنانەت گۆشەگیرییەش وەربگرن تا فیگەری نوێی سیاسی دروستبكەن. ئەم دۆزە واشیكرد پێویستمان بەوە بێت پێداچوونەوە بە دۆزی نەخۆشخانە و تەندروستیدا بكەین. سۆسیال میدیاكانیش جارێكیتر سەلماندیان كە گیرفانی ملیاردێرەكان قەڵەوتردەكەن و زەمینەش بۆ بانگەشەیەكی لێڵی فاشیستانە خۆشدەكەن.
كەوابێت، ئەوەی لە تێكستەكەی بادیوەوە وەبەرهات سەرەتا ئەوە بوو كە بپرسین: فێربوون لەم پەتایە بە كوێمان دەگەیێنێت؟ دەشێت وەڵامەكە ئەوە بێت كە ئەم پەتایە مرۆڤایەتی خستەژێر تاقیكردنەوەوە. ڕژێمەكان هەموو شتێكیانكرد تا بەسەریا زاڵبن. بەشێك لەو ناچارییە تەندروستیەی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا تێكەوتن پەیوەندی بە خراپی كەرتی تەندروستیانەوە بوو تا گەورەیی پەتاكە. دوركەوتنەوەش ،بادیو وتەنی، لە لێكدانەوەی سۆفیانە بۆ ئەم دۆزە گرنگی خۆی دەبینێت. هەروەها بێتوانایی دەوڵەتی ناسیۆنال لە رووبوڕووبونەوەی ئەم رووداوە جیهانیە وایكرد ئابووری و سیاسەت ناكۆكییان تێبكەوێت. ئابووری كەوتەژێر سایەی بازاڕی جیهانییەوە و ئەركی سیاسەتیش بووە ڕووبەڕووبونەوەی درمەكە، ئەڵبەتە، لەئاستی دەوڵەتی ناسیۆنالدا.

گریمانەی كۆمۆنیستی

لەو تێكستەی کە بادیو لایسەرەوە سەبارەت بە دۆزی جیهان پاش دەركەوتنی كۆرۆنا كاریلەسەر كردووە دەبینین سێبەری هزری چەپگەرای بادیو، تەنانەت چین، ماو و كۆمۆنیزمیش كەوتوونەتە ناو هزری سیاسی تێكستەكەوە. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوە بكەین كە بادیو یانزە ساڵێك لەمەوبەر، لە 2009، نووسینێكی بەناوی گریمانەی كۆمۆنیستی Hypothèse communiste نووسیوە، كە بەشی پێنجەمی زنجیرە پەرتووكی “”بارودۆخ”” پێكدێنێت، بۆ ئەو مەبەستە لێرە چەند تێگەیشتنێكی ئەو نووسینە بەسەر دەكەینەوە. بادیو لەژێر سایەی ئەو گریمانەیە جارێكیتر واتاگەلێكی وەك دەوڵەت، دێمۆكراسی، ئۆپۆزیسیۆن، ململانێی كۆمەڵایەتی، سەرمایە و دادپەروەری دەخاتەوە بەرمشتومڕی فەلسەفیی بەرینەوە. هاوكات بەپێی ئەو گریمانەیە نە داهاتووی مرۆڤایەتی لە سەرمایەداری بریتیدەبێت و نە تاهەتایە مرۆڤایەتی لەناو بێدادیدا دەكارێت بژیت. بیرۆكەی بادیو لێرە ئەوەیە كە جیهانێكی تر جگەلە سەرمایەداری دەشێت هەبێت و دژ بەم جیهانە سەرمایەداریە وەحشەتناكەی ئێستا بێتەسازان. بۆ بادیو لەمحاڵەتەدا گەڕانەوەی ئایدیای كۆمۆنیزم گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئایدیای كۆمۆنیزم سیاسەتی شۆڕشگێڕی، ململانێی چینایەتی و یەكسانیمان بیردەخاتەوە. بەس پرسیارەكە لێرەدا ئەمەیە: شیاوە ئەم گەڕانەوەیە پاش ئەو ئەزموونە ڕەشەی مرۆڤ لەژێرسایەی كۆمۆنیزم تیایاژیا؟ واتە “بەپێی چ ڕەوایەتیەك چالاككردنەوەی ئایدیای كۆمۆنیزم” گونجاوە؟ شایانی وتنە، كۆمۆنیزم، بەقەولی بادیو، تاكە گریمانەی ڕاستەقینەیە و ئەوانەش كە دەستبەرداری ئەم گریمانەیە دەبن خۆیان دەخەنە باوەشی ئابووری بازاڕ و دێمۆكراسی پەرلەمەنتاریزمییەوە. جگەلەوە بادیو بەشێك لە ڕاڤەكردنەكانی تایبەت بە كۆمۆنیزم بۆ وەستان لەسەر دەستەواژەی “فەشەل” تەرخانكردووە. پرسیاری فەشەل چییە؟ چی لە سیاسەتدا بە فەشەل دەزانرێت؟ بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە ئەم دوو پرسیارە گەڕانە بەدوای هۆكاری مێژوویی فەشەلی كۆمۆنیزم. هەر ئەمە ئەوەشمان وەبیردەهێنێتەوە كە وشەی كۆمۆنیزم چی لەمناڵدانیدا كۆدەكاتەوە. بەپێی ئەم بیرمەندە فەشەلی كۆمۆنیزم بەڵگە نییە لەسەر دەستهەڵگرتن لە ئایدیای كۆمۆنیزم. ئەمە وادەكات بڵێین گریمانەی كۆمۆنیستی لە هزری سیاسی بادیو لە خودی خۆیا بریتییە لە گەیشتن بە ئایدیای ڕزگاریخوازی و یەكسانی. نەك هەرئەوە بەڵكو بەدوای چارەسەری نوێش بۆ فەشەلی سیاسی كۆمۆنیزم دەگەڕێت و بیركردنەوەی نوێی سیاسیش پێشنیاردەكات. ئەمە بەو مانایەش دێت كە دەركەوتنی هێزی سیاسی نوێ ،بۆ بادیو، هیوایەكن بۆ سەرخستنی گریمانەكە. بۆیشە بادیو لە دیدی سیاسییەوە بەدوای هۆكارەكانی فەشەلی كۆمۆنیزم دا دەگەڕێت و لەو بارەیەوە سێ چركەی شۆڕشگێڕی لە مێژوو دیاریدەكات كە هەڵگری تووخمی پرۆژەی كۆمۆنیستی بوونە: كۆمۆنەی پاریس، شۆرشی كولتووری(چینی) و ئایاری 68 (رووداوەكانی ئایاری 68 ی پاریس). بادیو لەلایەكەوە كێشەكانی ئەزموونی كۆمۆنیستی دەخاتەبەرچاو و هێرشی تووند دەكاتە سەر پراكتیزەكردنە سیاسییەكەی و لەلایەكیترەوە دەستبەرداری گریمانەی كۆمۆنیستی نابێت و وەك دژەجەمسەرێكی سەرمایەداریش بەكاریدەبات. هەمیشەش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە فەشەلی چەپی فەرەنسی، و ئەوروپای، كاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر تێگەیشتن بۆ كۆمۆنیزم داناوە. لە باسی گریمانەی ناوبراودا بادیو بەوەوە ناوەستێت كە تەنیا نامرۆی سەرمایەداری جیهانی پێشانبدات بەقەد ئەوەی کە ئەو ڕابردووە سیاسییە تەڵخەش بەرباسدەخات كە مرۆڤایەتی لەژێرسایەی ستالینیزم تیایاژیاوە، بەڵام چواندنی هیتلەر بە ستالین بە هەڵە دەزانێت. پاش چاپكردنی ئەم پەرتووكەش بە بەردەوام ئەو پرسیارەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە كە بەمجۆرەیە: پاش ئەو ئەزموونە تاڵەی كە كۆمۆنیزم بۆ مرۆڤایەتی هێنای (ستالیزیزم) كەس ئامادەیە گریمانەی كۆمۆنیستی لاپەسەندبێت؟ واتە ئەو بێدادیەی كۆمۆنیزم لە چینی ماو و سۆڤیەتی ستالین دروستیكردوە گەورەترین كێشەن لەبەردەم ئەو گریمانەیەی ئێستا بادیو دەخوازێت بۆیبگەڕێینەوە، بەڵام بادیو بەراووردكردنی تاوانسازییەكانی سەرمایەداری بە كۆمۆنیزم بە شتێكی نەشیاو دەزانێت. نەك هەرئەوە بگرە ئایدیای كۆمۆنیزم كە بەشێكە لە مێژووی ئایدیای سیاسی ڕابردوو و ڕۆژانێكیش ئینجیلی چەپەكان بووە لە ئێستادا گونجاندنی لەبەردەم زۆرێك ئەستەمیدایە. ئێستا كە سەرمایەداری گەیشتۆتە قۆناغی پاش سەرمایەداری ڕێگا بە هاتنەناوەی كۆمۆنیزم نادات و تاپێشیبکرێت ئایدیاكەی قێزەوەندەکات. ئەگەرچی ئاشكراكردنی ئەو نادادپەروەری و قەیرانە ئابوورییانەی سەرمایەداری لۆكاڵی، دەوڵەتی ناسیۆنالی سەرمایەداری، لە كۆمەڵگە بەرهەمیانهێناوە هۆكارن كە سەرمایەداری خۆشەویست نەبێت، بەڵام سەرمایەداری جیهانی لە گەڕانەوەی کۆمۆنیزم دەترسێت؟

————————————————————————————————

تێبینی: لەو ماوەیەی كە بەشێكی زۆر لە فەیلەسوف و ڕوناكبیرانی ئەوروپا دەستیانكرد بە نووسین لەسەر پەتای كۆڤید-19 ئالان بادیوش یەكێك بوو لەو بیرمەندانەی لەو بارەیەوە كەوتە نووسین. نووسینەكەی بەناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی Sur la situation épidémique “” لە 21/03/2020 بڵاوكرایەوە كە نوسخەی ئینگلیزیەكەی لە ماڵپەری چاپخانەی ڤێرسۆ versobooks.com لە 23/03/2020 دانرا. تێكستەكە لەلایەن روناكبیری ئیتالی ئالبێرتۆ تۆسكانۆ Alberto Toscano وە، كە یەكێكە لە وەرگێڕی كارەكانی بادیو بۆسەر زمانی ئینگلیزی، وەرگێردرا. نوسخە فەرەنسیەكە لە زۆر شوێن https://qg.media/ بڵاوبۆتەوە. بادیو لە نووسینەكەی لە هەندێك شوێن درم Épidémie بەكاردەبات و لە هەندێك شوێنی تر پەتا Pandémie .




ژان- لوك نانسی: فەلسەفەكردن لە كاتی كۆرۆناڤایرۆسدا … ئازاد حەمە – بەشی حەوتەم

دەروازە: نانسی و هەڵوەشانەوەی پەتای كۆرۆنا

لەم بەشەی نووسینەكەمان تایبەت بە”فەلسەفە و كۆرۆنا”فەلسەفەكردنی ژان – لوك نانسی (Jean-Luc Nancy) بە‌ڕووی پەتای كۆرۆناڤایرۆسدا دەكەینەوە، كە پرسیاری قووڵی فەلسەفی دەوروژێنێت و بەجۆرێك لە جۆرەكانیش سێبەری هەنووكەی هاوبەش(Common)مان لە وتنە فەلسەفییەكانیدا دەدۆزینەوە. لە لێدوانێكیش لەگەڵ Marianne نێت بەناوی””پاندێمیەكە(پەتاكە)دووبارەبەرهەم هێنانەوەی كەڵێن و دابەشكردنە كۆمەڵایەتییەكانە””هێما بۆ ئەوە دەكات، کە كۆرۆناڤایرۆس سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی نایەكسانی و گەڕانەوەی مەرگێكی لەبیرەوەچووە و نەخۆشیش دووبارە دابەشكردنەوەی نایەكسانییە كۆمەڵایەتییەكانە و خودی حەپس(confinement)یش جیاوازییە كۆمەڵایەتیەكان بەرچاویتردەكات. بەپێی ئەوەی نانسی لەبارەی جەستە ،ئەڵبەتە جڤات و هەڵوەشانەوەی مێتافیزیك لێكدانەوەی فەلسەفی ووردی ئەنجامداوە لەوە حاڵییە تەوقەنەكردن و دابڕان، دوركەوتنەوە و مەحرومبوون لەیەكتر گۆشەگیریی و بێ سۆزی دروستدەكەن. دەستلێدان و دیستانسیش دوو وشەی كارلێكن لای نانسی و هیچیشیان پاشكۆی ئەویتر نییە. بەپێی بینینی فەلسەفیی نانسی دەستلێدان كەمترین ئاستی دیستانسە. هەر لەو دیدەشەوەپەرچەكردارییەكانمان بەرامبەر بە حەپس وەك شتێكی سروشتی دەبینێت. حەپس هەمان ئەو مانایەی بۆ ئەو كەسانە نییە كە لەنێوان چوار دیوار یان لە ماڵێكدا دەژین. نانسی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە فەلسەفە دەخوازێت فێری ئەوەمان بكات چۆن بمرین و گومانی ئەوەش ئایا ڕۆژئاوا ئامادەیە ئەم جۆرە فێربوونە بەدەستبهێنێت؟بەم جۆرە دێتەگۆ: بەڵێ پاندێمی دەبێتە هۆكاری لەبیركردنی مەرگ. مەرگ كە لە هەموو شوێنێك دەخولێتەوە ڕووبەڕووی هەموو پاراستنێك دەبێتەوە. ئێمە لە دۆزی جەنگ یان شەڕی گریلای بەردەوام، دۆزی برسیەتی یاخود موسیبەتی نەوەوییەوە دوورین((كە هەموو ئەمانە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەرۆكی شارستانی ڕۆژئاوایان گرتووە)) بەڵام لە تارمای مەرگێكەوە نزیكین كە دەمێكە پێیئاشنا نیین. مەرگ، نانسی وتەنی، هەمیشە كۆمەڵایەتی بووە، داوای یارمەتی لە ئەوانی تریش بۆ خۆبەكۆمەڵایەتیبوونەكەی کردووە. لێرەوە دێینە ناو فەلسەفەی ژان- لوك نانسی و ئەو ئەركە فەلسەفییەی لەم ‌ڕوەوە گرتوویەتە ئەستۆ.

سروشتی فەلسەفەی ژان- لوك نانسی

ژان- لوك نانسی فەیلەسوفێكی هاوچەرخی فەرەنسییە، كە تێزی دكتۆرانامەكەی (Phd)لە ساڵی 1973 لەژێر سەرپەرشتی پۆل ڕێكۆر((Ricoeur لەسەر “كانت Kant”نووسیووە و لەژێر كاریگەری هایدیگەر و گەلێك بیرمەندی هاوچەرخی فەرەنسی( لاكانLacan، بلانشۆBlanchot،بەتای Bataille،دێریدا Derridaو ..هتد)دا بووە. هەرچی دووەم تێزیەتی،كە لە فەرنسا بە docteur détat و لە وڵاتانی تر بە Habilitation دەناسرێت و بۆ بەدەستهێنانی پلەی پرۆفیسۆریە، لە ساڵی 1987 لەژێر سەرپەرشتی لیژنەیەك(كە لە لیوتارLyotard، دێریدا Derridaو ژێرار گرانێل Granel پێكهاتبوو)لەسەر”ئەزموونی ئازادی”نووسیویەتی. لە “ئەزموونی ئازادی” فەلسەفە وەك دایكی ئازادی خۆی دردەخات و بیركردنەوەش بە ئازادییەوە گرێدەدرێتەوە. ئەمەش وادەكات بیركردنەوە بیر لە ئازادی بكاتەوە. نانسی لەم كارە فەلسەفییەی لەژێر كاریگەری هایدیگەر ئەوە شرۆڤەدەكات، فەلسەفە بە هەماهەنگی لەگەڵ بیر بەوە دەگەن كە پێویستە. لەم هەماهەنگیەدا بیر گوێڕایەڵی فەلسەفەیە. لەم جۆرە شرۆڤەكردنانەوە ئەوە فێردەبین كە ئازادی لەناو فەلسەفەدا پەنهانە. فەلسەفە پێویستی بە ئازادیە تا پەرە بە بوونی خۆی بدات. ئازادیش بۆ بیر پێویستە تا لەڕێگای ئەوەوە فەلسەفە دەركەوێت و وتنی خۆشی هەبێت. فەلسەفە كە دایكی ڕاستەقینەی ئازادیە، بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی نانسی، دەكارێت ئاقاری ئازادی دەستنیشانبكات. لەسەر ئەم بنەمایە فەلسەفە بێ بەها و بێ مانا دەمێنێتەوە گەر بریتی نەبێت لە چالاكیەك سەبارەت بە ئازادی.
نانسی لە نووسینەكانیدا، كە بەشێكی لەگەڵ هاوڕێیەكی فەیلەسوفی بەناوی فیلیپ لاكو – لابارت( Philippe Lacoue-Labarthe ) نووسیوە، بایەخێكی زۆر بە واتای جڤات –كۆمەڵ- (Community / Communauté) و دۆزی بوون لە كۆمەڵگەی هاوچەرخ دەدات. گرینگیپێدانیش بە بوون، بوون لە جیهان، بەپێی نانسی گرنگیپێدانە بە شتێك كە هیچكات خۆی بۆ فەلسەفە تازە نیشان نەداوە، بەتایبەت ئەوكاتانەی بابەتی بوون پرسیاری ئۆنتۆلۆژی(بووناوی) دەووروژێنێت. كێشەكە لێرە بۆ نانسی لەو بینینە فەلسەفییەدا خۆی پووختدەكاتەوە كە بوون لە جیهانا بوونە لەناو جڤات و بوونیش لەئێستادا لە جیهانا بوونە لە جیهانێكی تازە. ئەم جیهانە تازەیەش هەروەك جیهانە كۆنەكە جیهانی هەمووانە، بەس گرفتەكە لەوێدایە كە جیهانی ئێستا نایەوێت خۆی بە ماناوە گرێدات. لەوە گرنگتر ئەوەیە، کە نانسی لەسەر شێوازی فەلسەفی هایدیگەر پرسیار لەسەر بوونمان دەكات و ئەو لایەنەش دەوروژێنێتەوە كە پێشتر هایدیگەر تایبەت بە جیهان ورووژاندویەتی. لێرە مەبەست ئەوەیە كە”هیچ كات جیهان پێش ئێمە ناكەوێت”. ئەم جیهانەش كە نانسی باسیلێوەدەكات ئەو جیهانەیە كە خۆی هەیە و هەریەكە دەكارێت شوێنێكی تیا هەبێت.

ڤایرۆسێكی فرە مرۆیی

” ڤایرۆسێكی فرە مرۆیی” Un trop humain virus ” گوزارەیەكی ژان- لوك نانسی یە كە بەهۆیەوە شرۆڤەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس دەكات. لەمیانەی وەها دەربڕینێكەوە نانسی بە پەرۆشەوە دەخوازێت بزانێت كۆرۆناڤایرۆس لەناو قارەی ئەوروپا خەریكی چییە و چۆنیش دەجولێتەوە؟ ئەم پرسیارە بەگرنگییەوە لەلایەن نانسیەوە وەڵامدەدرێتەوە. بەهۆی ئەم گوزارەیەوە نانسی بەرەو ئەو خەیاڵەشمان دەبات كە بە ڤایرۆسەكەوە ئێمە دوانین. لەهەركوێ بین لەوێ لەگەڵماندایە. هەر ئەم گوزارەیە، ئەڵبەتە ڤایرۆسەكەش، كە هەڵاوگۆڕانی گەورەی كۆمەڵایەتی خستەوە، پێیماندەڵێت هۆشدارییەك لە ماهیەتی كۆرۆناڤایرۆس دا ئامادەیە كە مرۆڤ ئیدی سۆپەرمان نییە، سەرووی خۆی نییە، كەسێكی ئاسای و سروشتییە. نانسی بۆئەوەی وێنەی كۆرۆنا لەناو قارە كۆنەكە وەك خۆی بنەخشێنێت هێما بۆ ئەوە دەكات كە پێشتریش وتراوە، ئەوروپا لە ساڵی 1945 وە جەنگەكانی هەناردەی دەرەوەی خۆی دەكات. ئەوروپا پاش داكەوتنی ئەڵبەتە توانای ئەوەی نەما هیچ بكات جگەلەوەی كە كەوتە بانگەشەكردن بۆ جیابوونەوە لە كۆلۆنیە كۆنەكانی. دواتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیشی كەوتە ناو جەمسەرە نوێكانی هێز لە جیهانا (لێرە مەبەست دوو جەمسەرە ئێدیۆلۆژییەكەی پاش جەنگە: بلۆكی سۆسیالیزم و بلۆكی سەرمایەداری كە دواتر پەیمانی وارشۆ و ناتۆی لێدروستبوو). ئەوروپا لەنێوان دوو جەمسەرەكە، تەنیا یادەوەریەك بوو، لەكاتێكدا ئێستاش هەر خۆی وانیشاندەدات كە ئایندەی هەیە. لێرە نانسی بەڕاشكاوی ئەوە بۆ بیرلێكردنەوە دەخاتەڕوو كە ئەوروپا هەمیشە بانگەشەی ئایندەبوونی خۆی كردووە. هەرچی ئێستایە ئەوروپا لە دۆزێكی تردایە: ئەوروپا هاوردەیە نەك هەناردە. هاوردەیە، لێ تەنیا شمەك ناهێنێت، كە پێشتر كردویەتی، پێش هەموو شتێك دانیشتوان هاوردەدەكات(ئیستیراد)-ئەمەش بۆ نانسی شتێكی نوێ نییە، بەڵام خێرایە-. ئەوروپا كە هەناردەی(تەسدیر) ململانێ و كێشەی ژینگەیی دەكردە دەرەوەی سنورەكانی خۆی، هەنووكە ئەم ئەوروپایە ئێپیدێمیەكی(دەردێكی) ڤایرۆسانە (viral epidemic) هاوردە دەكات. لەمبارەیەوە نانسی پرسیار دەكات كە ئەمە مانای چییە؟ ئەم لایەنە تەنیا پرسیار نییە لەسەر بڵاوبوونەوە. ئەوروپا نێوەندی جیهان نییە، بەڵام بەردەوامە لە گێڕانی ڕۆڵی درێژخایەنی خۆی، ڕۆڵی مۆدێل یان نموونە. جگەلە ئەوروپا شوێنی تریش هەیە كە سەرنجڕاكێش بێت، لێ ئەوروپا پێیوایە بەجۆرێك لە جۆرەكان پەسەندكراوە، هیچ نەبێت وەك پەناگە(داڵدە) یەك. لێرە دەشێت تەوژمی ڕووكردنە ئەوروپا لە ئەسیا و ئەفەریقا و ئەمەریكای لاتینەوە بەنموونە بهێنرێتەوە. ئەوروپای سەرنجڕاكێش و بنكەی ماف و یەكسانی و ئازادی، ڕووبەڕووی پرسیاری قەیرانی پزیشكی بوەتەوە. نانسی لەسەر هەقە كە پێیوایە، وێنەیەكی ئایدیالیستی لەسەر ئەوروپا هەیە كە شوێنی داد، زانست، دێمۆكراسیەت، جوانی و خۆشگوزەرانییە. ئەمانە وادەكەن ئارەزووەكانی ئەوانیتر بەلای ئەوروپا ڕابكێشرێت. دەرگای ئەوروپا لەسەر پشتە، بەڵام ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە کە توانای كڕینی ئارەزووەکانیان نییە. شتێكی سەرسامكەر نییە كە ڤایرۆس بێتە بەینەوە. ئەوەش هەر سەرسامكەر نییە كە ئەم ڤایرۆسە لە ئەوروپا لەچاو شوێنی ڕاستەقینەی خۆی پەریشانیەكی گەورە دروستکردووە. ئەوەتا دەبینین كە چین توانیویەتی سێستەمێك سەبارەت بە بازاڕ و نەخۆشی دابمەزرێنێت. بەس ئەمە كوا لە ئەوروپا بوونی هەیە؟ ئەوروپا كە لەژێرسایەی ستەمی كۆرۆنا لە دۆخێكی پەشێوی ڕێژەییدایە دژواری لە خۆگونجاندن دروستكردووە. هەرچی ئەمەریكایە نە چینە و نەش ئەوروپا. ئەمەریكا بەپێچەوانەوە، نانسی وتەنی، لە گۆشەگیرییدابوو كە دواتر لەمە و لە توانا ناجێگیریەكەی لە بڕیاردان پاشگەزبوەوە. لێرە نانسی وێنەیەكی تر لەسەر ئەوروپا دروستدەكات: ئەوروپا هەمیشە هەوڵیداوە خۆی بدۆزێتەوە. لە گەڕانی بەردەوامیشدایە كەچی جارێ شوێنەكەی دیارینەكردووە.
كاتێك چەقی پاندێمیەكە(پەتاكە) دەستنیشانكرا ئەوروپا بووە ئەو چەقە و وڵاتانی تریش، كە هێشتا لە پاندێمیەكە بەدووربوون، دەرگایان بەڕووی ئەوروپا و چین داخست. بۆیە سەفەركردن بۆ چین و ئەوروپا بووە سەفەر بۆ شوێنە ترسناكەكان. لەم حاڵەتانەدا لە ئەوروپا”بەدوای ژیانی خۆت ڕابكە”باوە، هەرچی لە شوێنی ترە”پیشانمبە چیت لە ڤایرۆسەكە دروستكرد!” باوە. ئەمە، بەقسەی نانسی، جیاوازی نێوان میراتی ئێمەی ئەوروپایی و ئەوانیترە. بەواتایەكیتر، نانسی جەختلەوەدەكات كە لە ئەوروپا چاوچنۆكی، گومانخوازی و سەرسەختی زۆرتر باوە تا لە شوێنەكانی تری دونیا. ئەمەش میراتی عەقڵگەرایی و بەدبینی ڕەوشتی و ئازادی ئەوروپاییەكانە كە نانسی دەیبینێت. بۆ نانسی ئەمە ئەوە دەگەیێنێت كە ئێمە، ئەوروپاییە كۆنەكان، ژیانی عەقڵیمان بەهەند وەرگرتووە. هەر ئەمەشە هۆكاری زۆر دووبارەكردنەوەی گوزارەی”پێڕەوییە ئاوارتەییەكان”، كە بەكاربردنی تارمای “كارل شمیت” ی(Carl Schmitt) تیادەبینرێتەوە-تیۆریزەكەرێكی دیارە لە بواری تێزی ڕەوشی ئاوارتە.
نانسی بۆچوونی شاعیرێكی فەرەنسی میشێل دێگی( Michel Deguy)بەنموونە دێنێتەوە كە لەم دوایە شیعرێكی بەناوی Coronation بڵاوكردۆتەوە، كە لێرە چەند كۆپلەیەكی ئەو شیعرە، نەك تێگەیشتنە كورتەكەی نانسی، دادەڕێژینەوە:كۆرۆناڤایرۆس جارێ نیوەیە، پیسی لە پیسەیەوە دێت، سنوری تۆ سنوری منە و یەكتر سنورداردەكەن، گوێملێیە ئابووری لە بۆرسەكانا گرژدەبێتەوە، ترامپە قەڵەو دەڵێت لە وڵاتەیەكگرتووەكان ڤایرۆس نییە، پوتین خوا دەگەڕێنێتەوە ناو دەستور، مارین لۆ پان (Marine Le Pen ) (سەرۆكی پارتێكی ڕاستڕەوی توندڕەوی فەرەنسییە) بە كلیلە ژەنگاوییەكانی سنورەكان دادەخات، پارتی سەوز پێش هەڵبژاردنەكان قایلبوون، فیلمەكە جیهانگیری سەربەرەوخواردەكاتەوە، ئاسمانی شین لە پەكین شیندەكاتەوە، وشەی ناسین مانا باشەكەی خۆی لەدەستداوە، جیهانگیری و پەتا یەكدەگرنەوە و ناشیانەوێت یەكتر بەردەن، قاچاخچیە لیبیەكان خەریكی موزایەدەن، بەڵام نازەنینەكەم دوودڵ مەبە، هەمووی وەك خۆی لێدێتەوە، شی Xí قەیسەریش پەچە لە ڕەوتی چینیبوونی خۆی لادەدات…..
پەتای كۆرۆناڤایرۆس، لەسەر هەموو ئاستەكان، كاڵایەكی جیهانگیرییە. ئەم پەتایە چاودێرە بەسەر تایبەتمەندی و ئاقارەكانی ئەم جیهانگیرییەوە و دەشیكات بە شتێك كەمتر بێت لە كولتوور و بەهێزتر بێت لە ئابووری و تەكنیك. شیاوە، لەم ئەوروپایە، كار بۆ گۆڕینی ئەلگۆریتم (Algorithm پرۆسەیەكی هەنگاو بە هەنگاوی ماتماتیكییانەی خواریزمیە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجام)بكرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دەچینە سەردەمێكی نوێوە. واتە ئەوروپا بە گۆڕینی ئەلگۆریتمی خۆی ناشێت پێیوابێت دەچێتە قۆناغێكی تازەوە. ئەمە لەسەرێكی تریشەوە بەو مانایە دێت كە زاڵبوون بەسەر ڤایرۆس بەس نییە. گەر توانا سیاسی و تەكنیەكییەكان زاڵبوونەكەیان سەلماند، جیهان دەبێت بە گۆڕەپانی پێكدادانەكان. شارستانی ئەوروپا كە چوبووە قۆناغی جێبەجێكردنی ڕەگەزەكانی شارستانیبوونەوە، وائێستا لەژێر زەبری ڤایرۆسەكە خەریكە لە شارستانیبوون دەكەوێت. وەحشتناكی تەشەنەی ڤایرۆسەكە وەك وەحشەتناكی كارگێڕی بڵاودەبێتەوە. ئەمەی ڕوودەدات گێچەڵێكی نابەڵەد نییە كە كەسێكی نەناسراو هەڵیگیرساندبێت. هەروەها بەرهەمی دەستدرێژی هەندێك نەتەوەش نییە. لەكۆتایدا هێزە ئابوورییە تەكنییەكان مەبەستن. لێرەوە پرسیار لەسەر داهاتووی زانست و ئابووری ئەوروپا لەدایكدەبێت.
هەر تایبەت بەو لایەنەی سەرەوە، ئەم هزرەڤانە فەرەنسییە، ئەوەشمان وەبیردێنێتەوە كە پێشتر، پەتاكان (پاندێمیەكان) وەك سزایەكی یەزدانی دەبینران، هەروەك ئەوەی كە نەخۆشیش، جاران، بەگشتی ماوەیەك وەك شتێك لە دەرەوەی جەستەی كۆمەڵایەتی سەیردەكرا. هەرچی ئێستایە زۆربەی نەخۆشیەكان ناوەكین و بەرهەمی هەلومەرجی ژیان، كوالیتی خواردن و ژەهراویبوونی ژینگەكەمانن. كەوابێت هەروەك نیچە دەڵێت ئەوەی یەزدانی بوو بووە مرۆی، زۆر مرۆیی، تائەوپەڕی مرۆیی (Allzumenschliches/ All Too Human) . بۆ ئەو مەبەستە نانسی بۆ بیركاری فەرەنسی پاسكال Pascal دەگەڕێتەوە،كە ناوبراو تازەگەری بە گوزارەی”مرۆڤ بێ كۆتا مرۆڤ تێدەپەڕێنێت( L’homme dépasse infiniment l’homme )”پێناسەدەكرد، بەڵام ئەگەر مرۆڤ خودی خۆی زیادلەپێویست تێپەڕێنێت، بێ ئەوەی بگاتە ئاستی ئەو تێگەیشتنە یەزدانیەی پاسكال بۆ مرۆڤ هەیبوو، ئەوا مرۆڤ هەرگیز سەرووی خۆی نابێت. لەبڕی ئەوە، نووقمی مرۆیبوونێك دەبێت كە پڕە لەو روودا و دۆزانەی خۆی بەرهەمی هێناوە. بەمە نانسی دەخوازێت چیمان پێبڵێت؟ نایەوێت بڵێت مرۆڤ زۆرتری شایانە وەك لەوەی دەستیكەوتووە؟ لێرە لای پاسكال مرۆڤ دەگاتە چەقی تەوەرەی تپپەڕاندن و بەسەرزاڵبوون. بەپێی نانسی، هەر لەوكاتەوەی بە سروشتی بایۆلۆجی ڤایرۆسەكە ئاشنابووین پێداگری لە ئامادەنەبوونی یەزدان هاتەگۆڕێ. نانسی وتەنی، ئێستا ئەوەمان بۆدەركەوت كە چەند سەختە پێناسەكردنی بوونەوەرە زیندوەكان لەچاو ئەوەی پێشتر كردوومانە. ئەوەشمان بۆدەركەوت كە پێناسەكردنی دەسەڵاتی سیاسی لەچاو ئەوەی پێشتركردوومانە چەند دژوارە. هەنووكە تێدەگەین، بە قسەی نانسی، وشەی سیاسەتیژیان(biopolitics) لەم جۆرە دۆزانەدا (كۆرۆناڤایرۆسە مەبەستە) نەگونجاوە بەكاربردنی. نانسی لەگەڵ تێهەڵكێشردنی ئەم وشەیە نییە بەو هەل و مەرجانەی كۆرۆنا هێناویەتی. هەرگیزیش گومانناكات كە ژیان و سیاسەت بەرەنگارماندەبنەوە. زانینی زانستیشمان پێماندەڵێت كە تەنیا پشت بە هێزی تەكنیكی خۆمان دەبەستین، بەڵام تەكنیكی پووخت بونی نییە و خودی زانینیش نادڵنیایی لەخۆدەگرێت. ئەم نادڵنیایەی نانسی دەیداتەپاڵ زانست لە تایبەتمەندیەكانی خودی زانستە. كۆرۆنا نادڵنیاییەكەی زانستی دووبارە بیرخستینەوە. ئەوەشی بیرخستینەوە مەرگ هاوڕێی ڤایرۆسەكەیە. مەرگ، كە ئەوروپا پێشتر بە جەنگ و برسیەتی و وێرانكاری كاری بۆ هەناردەكردنی دەكرد، ئەمئێستا بەهۆی ئەم پەتایەوە لەگشت جێگایەك چاوەڕێمانە. لەم ساتەوەختەدا مەرگ لە بەرگی كۆرۆنا خۆیمان نیشاندەدات و دونیایەك ئاماژە لەخۆیڕا پەنهاندەكات. وەكیتریش مەرگ، لەناو خۆشگوزارەنی و ئازادی ئەوروپایی بیرچووبوەوە، بەهۆی ترسێكەوە كە لەخۆدووبارەكردنەوەدایە ئاوەڵناوی تری بۆخۆی دۆزیەوە: مەرگی پیر و مەرگی گەنج، مەرگی لەش تەندروست و مەرگی لەشی بیمار، لێ كۆرۆنا كەلەبەری نێوان ئاوەڵناوەكانی پأكردەوە. بەم چەشنە، هێڵی جیاكارەی نێوان ئاوەڵناوەكان لەژێرناونیشانی كۆرۆنادا بووە مەرگ، مەرگێكی هاوبەش كە نازناوی كۆرۆناڤایرۆسی هەیە.

ڤایرۆسی هاوبەش

پەتای كۆرۆنا مشتومڕی زۆری لێكەوتەوە و ژان- لوك نانسیش یەكێك بوو لەو هزرەڤانانەی ڕۆڵێكی كارای لە فەلسەفەكردن بەسەر پەتاكەوە بینی و ئاقاری مشتومڕەكانیشی بەرەو ئەو جێگەیە برد كە فەلسەفە دەكارێت لەوێندەرێ داڵدە بۆ پرسیارسازی بدۆزێتەوە. وەکیتر هەر ئەوەشە كە فەلسەفە دەیكات، لێناگەڕێت دیاردە و رووداوەكان لە شوێنێكی وەستا و نەگۆڕدا باروبارگە دابنێن. نانسی لەڕێگای ئەم پەتایەوە، بەپشت بەستن بە تێزە فەلسەفییەكانی پێشتری تایبەت بە جیهانگیری، هەڵوەشانەوەی باوەڕ و جڤات (كۆمەڵ) دادگایی مێژووی سیاسی ئەوروپا دەكات و واتا و گوزارەكانی ئەم مێژووەش شیتەڵدەكات. لەسەرەتای ئەو نووسینەی ماوەیەك لەمەوبەر بەناوی “” communovirus”” نووسی باس لە هاوڕێیەكی هیندی خۆی دەكات كە پێیوتوە ئەوان لە ماڵەوە قسە لە” كۆمۆنۆڤایرۆس” دەكەن. نانسیش لەخۆی دەپرسێت كە بۆ پێشتر “ئێمە” بیرمان لەوە نەكردبوەوە؟پێناچێت مەبەستی نانسی لە “ئێمە”تەنیا فەرەنسییەكان بێت بگرە گشت ئەوروپاییەكانیشی مەبەستە. بۆ نانسی شتێكی سەرسامكەر و سەرلەبەر ناكۆكئامێزە: ڤایرۆسەكە لە كۆمۆنیزمcommunismەوە دێت. تەنانەت كۆرۆنای ئێستا لەو كۆرۆنا پاتاڵەی هەقایەتە كۆنەكانی پاشایەتیش بەپیتر دەزانێت. ئەم كۆرۆناڤایرۆسە ،بەپێی بۆچوونی نانسی، هەر لەیەكەم مانایەوە دیارە دەیەوێت چی بكات مادام لە وڵاتێكی گەورەوە دێت كە بە فەرمی ڕژێمەكەی كۆمۆنیستە. شتێكی تەنیا فەرمی نەبوو كاتێك سەرۆك شی جینپینگ Xi Jinping وتی”كارگێڕیكردنی ئێپیدیمیەكی ڤایرۆسانە” نیشانەیە لەسەر باڵایی سێستەمی سۆسیالیستی بە تایبەتمەندی چینییەوە”. نانسی بۆئەوەش دەچێت، ئەگەر كۆمۆنیزم، بریتییە لە هەڵوەشانەوەی خاوەنداری تایبەت ئەوا كۆمۆنیزمی چینی، چەند ساڵێكە، بریتییە لە تێكەڵكردنی خاوەنداری كۆلێكتیڤی دەوڵەتی بە خاوەنداری تاكی (بەدەر لە موڵكایەتی زەوی). ئەم تێكەڵكردنەش ڕێگاخۆشكەربووە بۆ نەشونمای توانای ئابووری و تێكنیكی چین و دەركەوتنی رۆڵە جیهانیەكەشی. نانسی وایدەبینێت كە، هێشتا زووە ئەو كۆمەڵگەیەی ئەم تێكەڵكردنەی دروستكردووە دەستنیشانبكرێت: واتە بە چ مانایەك كۆمۆنیستە و بە چ مانایەكیش ڤایرۆسی خستەناو ڕكابەری تاكییەوە؟ كۆرۆناڤایرۆس توانیویەتی توانستی كۆلێكتیڤ و دەوڵەتی چین بسەپێنێت بە ڕادەیەك كە ئێستا چین یارمەتی ئیتالیا و فەرەنسا دەدات. بەبۆچوونی نانسی، ڤایرۆسەكە كاریگەری نەكردۆتەسەر دەسەڵاتی ئیستیبدادی چین. شتەكان بەجۆرێك دەردەكەون وەك بڵێی ئەم ڤایرۆسە لەكاتێكدا هاتووە كە بەهێزكردنی ئەو كۆمۆنیزمە فەرمییەی مەبەستبووە لە چین هەیە. شتە ناخۆشەكە لێرە ئەوەیە كە ئەمە وادەكات وشەی “كۆمۆنیزم” تەماوی بێت. ماركس ، نانسی وتەنی، زۆر بە ووردی ئەوەی نووسیوە كە خاوەنداری تایبەت بە واتای ونبوونی خاوەنداری كۆلێكتیڤ دێت، لەگەڵ كات خاوەنداری تاكی (ئیندڤیدوال) جێگای هەردووكیان دەگرێتەوە. ئەمە بەو مانایە نایەت كە ماركس مەبەستی ئەوە بووە شمەكەكان بەجۆرێكی تاكانە خاوەنداری دەكرێت(واتە بوونی خاوەنداری تایبەت)، بەڵكو شیاوی ئەوەی تاكەكان خودیخۆیان بن. ناسی جەخت لەوەدەكات كە، ماركس لەم روەوە كات و ئامرازی لەبەردەست نەبووە تا كاری زۆرتر لەم بارەیەوە بكات. هاوكات، نانسی ئەوەش دەڵێت کە ماركس جیهانبینیەكی پەسەندكراوی سەبارەت بە”پرۆپۆزەڵی كۆمۆنیستی” خستۆتەڕوو. وەكیتریش نانسی لە توێژینەوەكانی تریدا ماركس بە فەیلەسوف نازانێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئارگومێنتی خۆی هەیە كە لێرە دەرفەتی گفتوگۆكردنیمان نییە.
دووەم مانای كۆمونۆڤایرۆس (communovirus) ئەوەیە كە ڤایرۆسەكە كۆمۆنیزماندەكات( communize ). دەمانخاتە سەر بناغەی یەكسانی (equality) و بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەشیش كۆماندەكاتەوە. ئەمە ئەزموونكردنی گۆشەگیرییمانە. گەر گۆشەگیریمان بە مانای كەمبوونەوەی پیسبوونی ئەتمۆسفێرێش بێت هۆیەكەی كەمبوونەوەی هاتووچۆ و پیشەسازییە. پێشئەوەی قفڵیشبین هەستدەكەین بەهێز قفڵكراین، تەنانەت ئەگەر ئەوە لەبەر خۆشگوزارەرانیشمانبووبێت لێ هەر قفڵكراین. هەندێك پێیانوایە سەرمایەداری تێكنۆلۆژی لە داڕمان نزیكبوەتەوە، نانسی بۆ ئەوەی ئەمە ڕەتکاتەوە دەڵێت: هێشتا ماومانە لە سروشتی جڤاتەكەمان(كۆمەڵەكەمان) تێبگەین. نانسی وایدەبینێت كە ئێمە ئاژەڵ نیین، هەربۆیە پێویستمان بەیەكبینین و خواردنەوە و سەردانە. دابڕانیشمان لەیەكتر وایكرد ڕێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنی و نامە ئێلكترۆنییەكانمان بەرزببنەوە. ئەمەش تەنیا لەبەر ترسی لەدەستدانی پەیوەندییەكان بوو. بۆیە نانسی لێرە دەپرسێت ئایا ئێستا لە بارێكی باشترین بۆ بیركردنەوە لەم كۆمەڵەیە؟ كێشەكە لەوەدایە ڤایرۆسەكە نوێنەرایەتی سەرەكی ئەو كۆمەڵەیە دەكات. لەنێوان مۆدێلی چاودێری و مۆدێلی خۆشگوزەرانیدا ڤایرۆسەكە خاوەنداری هاوبەش commonە. شتێكی باشە، بەپێی نانسی، كۆرۆناڤایرۆس پاڵمان پێوەبنێت بکەوینە پرسیارکردن. هەر بەم مەرجەش دەتوانین بەسەریا زاڵبین ئەگەرنا شیاوە گەڕانەوەمان بۆ خاڵی دەستپێك. ئەوەمان بیرنەچێت دەبێت ئامادەی ڕووبەڕوبونەوەی پەتای تریش بین.
تێگەیشتنی فەلسەفییانە بۆ ئاوارتە لەنێوان ئاگامبێن و نانسی دا

مایەوە لەم كورتە نووسینە لە ڕووبەرێكی تەسكدا ئەو مشتومڕە فەلسەفییەش بجولێنینەوە كە دوو فەیلەسوفی ئەوروپایی (ئاگامبێن و نانسی) كۆ-جیا دەكاتەوە. تێگەیشتنی فەلسەفییانەی ئەم دوو فەیلەسوفە بۆ ڕەوشی ئاوارتە State of exception) )تێگەیشتنە بۆ چۆنیەتی كاركردنی هێز و شێوازەكانی ئەم هێزە لە بندەستكردن و گەمارۆدانی ئازادی و مافی تاكەكانی كۆمەڵگا. ئاوارتە دۆخێك (بارێك، ڕەوشێك) دێنێتەپێشەوە كە مرۆڤەكان لە مرۆییبوونیان دەخات. ئەوەی ئاگامبێن لەیەكەم نووسینی تایبەت بە كۆرۆناڤایرۆس وتی بەرهەمی تێهزرینی فەلسەفی چەندین ساڵەیەتی لەبارەی ڕەوشی ئاوارتەوە كە ڕۆژئاوا ئاشنایە بە بەكاربردنی. پاش بڵاوبوونەوەی یەكەم نووسینی ئاگامبێن بەناوی “”داهێنانی ئێپیدێمیەك”” لە 26/02/2020 وەڵامێكی گازندەئامێزی زۆر ئاراستەی نووسینەكە كرا و یەك لەوانەش روونكردنەوەكەیەكی نانسی بوو لە 27/02/2020 بەناوی””ئاوارتەی ڤایرۆسانە( Viral Exception ).
نانسی لەم ڕووكردنەوەیە وایبۆدەچێت كە ئاگامبێن هیچ جیاوازیەك لەنێوان كۆرۆناڤایرۆس و ئەنفلاوەنزەیەكی ئاساییدا نابینێتەوە. بەپێی نانسی ئەم هاورێ كۆنەی بیریچوەتەوە كە ئەنفلاوەنزەی ئاسای ڤاكسینی هەیە كە كاریگەری خۆی سەلماندووە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بەوەیە ساڵ لەدوای ساڵ لەگەڵ هەڵاوگۆڕانی ڤایرۆسەكە خۆی بگونجێنێت. بەپێی ئەوە، ئەنفلاوەنزەی ئاسای حەڵكێكی زۆر دەكوژێت لەكاتێكدا كۆرۆناڤایرۆس، كە ڤاكسینی بۆ دروستنەكراوە، لەتوانایدایە ژمارەیەكی زۆر لەوە زۆرتر بكوژێت! ئاگامبێن وایدەبینێت كە حكومەتەكان كەڵك لە هەموو جۆرە بەهانەیەك دەبیننەوە تا ڕەوشی ئاوارتە پیادەبكەن، بەڵام ئاگامبێن، بەبۆچوونی نانسی، سەرنجی ئەوە نادات كە ئاوارتە بووەتە رێسا لە جیهانێك كە پەیوەندییە تێكنیكییەكان بە هەموو چەشنەكانیەوە (جوڵانەوە، هەموو جۆرەكانی گوازتنەوە، پیتاندن و بڵاوبوونەوەی مادەكان و شتیتریش) چڕیەكی نادیارە و بەهەمان نەشونمای دانیشتوانیش لە زیادبووندایە. تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانیشا ئەم زیادییە لە ژمارەی دانیشتوان تەمەن درێژی لەخۆدەگرێت كە ئەوەش بە مانای زۆربوونی بەساڵاچووان دێت و بەگشتی ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە زۆرێك لەبەردەم مەترسیدان.
نانسی بە ئاگامبێن دەڵێت كە پێویستە وریابین ئامانجی هەڵە نەپێكین: گومانی ناوێت گەر بلێین گشت شارستانیەكەمان ئەمڕۆ لەژێرپرسیارە و جۆرێكیش لە ئاوارتەی ڤایرۆسانە- بایۆلۆژیی، زانستی كۆمپیوتەرانە، كولتووریی- دروستكەری پاندێمییە. لەم بەینەدا حكومەتەكان هیچ نیین جگەلەوەی كە بكوژێكی نەفرەتئامێزن و لۆمەخستنە سەریشیان مانۆرێكی لادانە تا پەرچەكرداریەكی سیاسی. وتمان كە جۆرجیۆ هاوڕێیەكی دێرینە. هەروەها ئەوەش دەڵێت کە داوای بەخشیندەکات كە لێرە یادەوەرییەكی شەخسی دەخاتەڕوو: پێش سی ساڵێك لەمەوبەر پزیشكەكان پێیانوتم پێویستم بەوەیە دڵ دانێم. جۆرجیۆ ئاگامبێن یەكێك بوو لەو چەند كەسە كەمەی پێیوتم كە گوێ لە دكتۆرەكان نەگرم. گەر گوێم لە ئاگامبێن بگرتایە ئێستا مردبووم. شیاوە هەڵەكردن. ئەوەش دەڵێم كە جۆرجیۆ لەگەڵ ئەوەشدا رۆحێكی پاك و میهرەبانە و مرۆڤ دەكارێت وەك ئاوارتەیەك –وەك ڕیزپەرێك as exceptional – پێناسەیبكات
—————————————————————–

ژێردەر: ژان- لوك نانسی سەبارەت بە كۆرۆناڤایرۆس زۆرێك گفتوگۆی فەلسەفی هێناوەتەپێش كە شایانی تێڕامان و ئاوڕدانەوەن كە لەم نووسینە بۆ مشتومڕكردن كەڵكیان لێوەرگیراوە: لەژێرناونیشانی””فەلسەفەكردن لە كاتی ئێپیدێمی “”(Philosopher en temps d’épidémie ) ،كە دوو بابەتی سەرەكی لەخۆدەگرێت یەكێكیان””ڤایرۆسێكی فرە مرۆیی”” (Un trop humain virus ) لە 17/03/2020 بڵاوكراوەتەوە و ئەویتر””خراپە و هێز” (Le mal, la puissance) لە07/04/2020 بڵاوكراوەتەوە. وەڵامێك بەناوی””ئاوارتەی ڤایرۆسانە” (Viral Exception) لە 28/02/2020 ئاڕاستەی نووسینێکی ئاگامبێن كراوە كە بەناوی””داهێنانی ئێپیدێمیەك- درمێك-“”لە 27/ 02/2020 بڵاوكراوەتەوە. لە لیبراسیۆنی فەرەنسیش(liberation.fr) لە 24/03/2020 بابەتێكی لەژێرناوی””كۆمۆنۆڤایرۆس” (Communovirus) نووسیوە .هەروەها ئەو لێدوانەش كە لە 28/03/2020 لە (marianne.net ) بەناوی””پاندێمیەكە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی كەڵێن و دابەشكردنە كۆمەڵایەتییەكانە”” بڵاوكراوەتەوە. بەشێك لە تێكستەكان بە وەرگێڕانی ئینگلیزی لە “گۆڤاری شیكردنەوەی دەروونی ئەوروپایی”یش بڵاوكراونەتەوە.
ماویەتی….

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم باسە کلیکی ئێرەبکەن …..




ئاگامبێن: پەتاكە بیانوو بوو بۆ ڕاگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتە -6- … ئازاد حەمە

بەشی شەشەم

    نازانین مردن لە كوێ چاوەڕێماندەكات، لێمانگەڕێن با لە هەموو شوێننێك چاوەڕوانیبكەین. تێڕامانی مردن تێڕامانی ئازادییە. ئەوانەی خۆیان فێری مردن كردووە نازانن چۆن خزمەتدەكەن. زانینی ئەوەی چۆن دەمرین لە گشت نشوستی و زەبرێك ئازادماندەكات.

میشێل دۆ مۆنتاین  Michel de Montaigne

دەروازە: ئەوەی دەیكەینە ناواخنی ئەم بەشە پەرچەكرداری فەلسەفەی سیاسی هزرەڤانی ئیتالی جیۆرجیۆ ئاگامبێن Agamben ە لەمەڕ پەتای كۆرۆنا. پەرچەكردارییەكە لە میانەی پووختەی ئەو تێكستانەوە بەردەستی خوێنەری دەخەین كە ئاگامبێن لەماوەی دوو مانگی رابردوو نووسیونی. نووسینەكان دەقی پووخت پووختن كە لە یەك دوو ماڵپەری سەرەكی ئیتالی بڵاوبوونەتەوە و دواتریش بە وەرگێڕانەوە لە هەندێك ماڵپەری تری ئەوروپای بڵاوكراونەتەوە(بڕوانە ژێردەر). لە بەشی پێشوو كرۆكی ئەو تێزە فەلسەفییە سەرەكییانەی ئەم هزرەڤانەمان بەرچاوخست كە لەگەڵ ئەو نووسینانەیدا یەكدەگرنەوە سەبارەت بە كۆرۆناڤایرۆس نووسران و ئێستاش هەوڵدەدەین پووختەی دەقەكان وەك خۆی بخەینە بەردەست خوێنەر تا راستەوخۆ لەوە بەئاگابێت كە ئاگامبێن بە چ شێوازێكی فەلسەفی-سیاسیی پەرچەكردارییەكانی دەگەیێنێت و كاردانەوەش لەناو تێگەیشتنی روناكبیرانی ئەوروپای دروستدەكات و تاكوێش دەكارێت ڕاچڵەكانی هزری لە بینین سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا، لە پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەوروپایی لە ڕاگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتە، دروستبكات. دەقەكانی ئاگامبێن بە ناونیشانەكانیەوە خراونەتەبەرچاو و لە زۆر شوێنیش بەجۆرێك داڕێژراون كە ڕوونی لە تێگەیشتنی خوێنەری كورد دروستبكەن. دواتریش ڕاڤەی پوختەكان دەكەین.  

داهێنانی ئێپیدێمیەك  The Invention of an Epidemic

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكارییە ناچارییە ناشایستە و نالۆژیكییەی دژ بە ئێپیدێمی (درم یان كۆتووشی  Epidemic-Épidémie) ناوبراو بە كۆرۆناڤایرۆس گیرانەبەر پێویستە بڕوانینە بەیاننامەكانی”سەنتەری توێژینەوەی نیشتیمانی” كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن کە پەتای سارس SARS-CoV2 لە ئیتالیا بوونی نییە و ئەوەی بوونی هەیە پەتایەكی تری سووكە، كە دەشێت دە هەزار كەسێك پێوەیببن و بە جۆرێك لە ئینفلەوانزای تایبەتیش ناوبنرێت و بەشێكی كەمیش لە تووشبوان ( 10-15% ) دووچاری هەڵاوسانی سییەكان دەكات و ژمارەیەكی زۆر كەمیش لەوانە، كە ڕەنگە بكات 4% ، پێویستی بە چاودێری چڕدەبێت. گەر ئەمەیە دۆزەكە كەوابێت بۆ راگەیاندنەكان و  دەسەڵات كار بۆ بڵاوكردنەوەی كەشێكی شڵەژان Panic دەكەن كە ئەمەش بووە هۆكاری دروستكردنی ڕەوشی ئاوارتە (باری ئاوارتە، دۆخی ڕیزپەڕ State of exception)و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و هەڵپەساردنی هەل و مەرجی كار و ژیان؟دوو هۆكار هەیە ئەم رەفتارە ناهاوتایە ڕوندەكاتەوە. هۆكاری یەكەم ئەوەیە، مەیلێكی زۆر بۆ بەكاربردنی(خستنەگەڕی) ڕەوشی ئاوارتە هەیە وەك پارادایم  paradigm ێكی نۆرمالی حكومەت. ئەو مەرسومەی كە حكومەت زۆر بە پەلە سەبارەت بە پابەندبوون بە پاك و خاوێنی و ئاسایشی گشتییەوە پەسەندیكرد رێگایەكی راستەقینە بوو بۆ بەسەربازیكردنی ئەو شارەوانی و ناوچانەی دەنگۆی ئەوە هەبوو كەسێكی تووشبووی بە ڤایرۆسی  تیابێت و سەرچاوەكەشی نەزانراوە. ئەم فۆرمە ناروون و نادیاریكراوە وادەكات ڕەوشی ئاوارتە لە گشت ناوچەكان درێژبكرێتەوە لەكاتێكا دەشێت ئەو حاڵەتە لە شوێنی تر ڕوونەدات. بەپێی مەرسومە حكومییەكەش ئازادی كەوتە بەردەم سنورداركردنێكی جدییەوە :1) قەدەغەكردنی گشت هاتووچۆ و جوڵەیەكی تاكەكان لە شارەوانی و ناوچە پێوەبووەكەوە بۆ شوێنێكی تر؛ 2) قەدەغەكردنی چوونە شارەوانی یان ناوچەی پێوەبووەكە؛ 3) هەڵپەساردنی گشت جۆرە بۆنە و كۆبوونەوەیەك كە لە شوێنی گشتی و پرایڤت دا بكرێت، تادەگاتە بۆنە و رووداوی ئاینی و روناكبیری و وەرزشی، تەنانەت گەر لە شوێنە داخراوەكانیشدا بێت ؛ 4) هەڵپەساردنی خزمەتگوزارییەكانی پەروەردە بۆ مناڵان و قوتابخانە و گشت ئاستەكانی تر، گشت چالاكییەكانی قوتابخانە و خوێندنی باڵا وەستێنرا خوێندنی دیستانس نەبێت؛ 5) هەڵپەساردنی گشت خزمەتگوزارییەكی شوێنە كولتووری و مۆزەخانەكان؛ 6) هەڵپەساردنی گشت سەفەرێكی پەروەردەیی لەناوە و دەرەوەی وڵات؛7) هەڵپەساردنی گشت كارێكی گشتی و فەرمی بێدەستكاریكردنی خزمەتگوزارییە گشتی و بناغەییەكان؛ 8) پەیرەوكردنێكی وردی كەرەنتینكردن و چاودێریكردنی ئەو كەسانەی لە پەیوەندیدابوونە بەوانەی گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكەیان لێدەكرێت. بەپێی”سەنتەری توێژینەوەی نیشتیمانی” ئەمە ئینفلەوەنزایەكی نۆرمالە و لەوانە جیاواز نییە ساڵانە بڵاودەبنەوە. پاش ئەوەی پاساوی تێرۆریزم بۆ راگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتە كاریگەری خۆی لەدەستدا داهێنانی ئێپیدێمی epidemic یەكی (درمێكی) ئایدیاڵ كرا بە بیانوو بۆ تەشەنەدان بە ڕەوشی ئاوارتە بەرەو دەرەوەی سنورەكان. هۆكاری دووەم، كە كەمتر لە هۆكاری یەكەم بێزاركەر نییە، بریتییە لە بارێك بۆ ترس كە لەم ساڵانەی دواییدا لە ویژدانی تاكەكاندا بڵاوبوەوە، ئەوەش بەو مانایە دێت كە پێویستییەكی راستەقینەی دەستەجەمعی بۆ باری شڵەژان بوونی هەیە، كە ئێپیدێمیەكە پێشنیاریدەكات و دەشبێتە پاڵپشتی بیانووە ئیدیاڵەكە. لەبەرئەوە، لە بازنەیەكی داخراوی بەدكاردا، حكومەتەكان بەناوی خواستی ئاسایشەوە سنورداركردنەكانی ئازادیان سەپاند و پەسەندیشكرا و، لەلایەن هەمان ئەو حكومەتانەشەوە ئەو خواستە مەیلی بۆ پەیداكرا.

تەشەنەكەر Contagion

یەكێك لە دەرئەنجامە نامرۆییەكانی شڵەژا  Panic ،كە هەوڵدەدرێت بە هەموو جۆرێك لە ئیتالیا بە بیانووی پەتای كۆرۆناڤایرۆسەوە بڵاوبكرێتەوە، هەمان ئایدیای تەشەنەیە كە بناغەشە بۆ ئەو ڕەوشی ئاوارتەیەی حكومەت پیادەیكرد. ئایدیاكە، كە لە پزیشكی هیپۆكراتێس Hippocrates ەوە دوورە(ناوبراو دامەزرێنەری پزیشكییە لە یۆنانی كۆن)، خۆی لەگەڵ ئەو تاعون Plague ە یەكدەخات ساڵی 1630 شاری میلانۆی ئیتالی گرتۆتەوە. لێرە ئاگامبێن وێنەیەكمان لەسەر دۆزی شارەكە پیشاندەدات كە لە رۆمانی “نیشانكردن”ی ئەلێساندرۆ مانزۆنی Alessandro Manzoniیەوە وەرگیراوە (ناوبراو رۆماننووسێكی ئیتالی سەدەی هەژدەیە). ئاگامبێن لە ڕێگای ئەم رۆمانەوە باسی شاری میلانۆمان بۆ دەكات كە چۆن لەو دەمەدا دانیشتوانەكەی دووچاری تاعون دەبن و هەریەكە لە خەمی ئەوەدایە دووچارنەبێت. وەك ئەوەی مانزۆنی لە رۆمانەكەیدا وێنەی دەكات كەسە تووشبووەكان لە شار وەك تاوانكار سێردەكرێن. لێرەوە دەبینین ئاگامبێن پردێك لەنێوان میلانۆی 1630 و ئیتالیای 2020 دا دروستدەكات و بەهۆیەوە هەل و مەرجی شار و مامەڵەی كڵیسە و هاوڵاتیان و دەسەڵات دەخاتەڕوو. ئاگامبێن ئاماژە بەوە دەدات كە بەپێی ئەم دوا یاسایەنەی ئیتالیا بێت دەشێت گشت هاوڵاتیەك تێرۆریست بێت، چونكە ئاگامبێن رێنوماییەكانی خۆپارێزی ئەوەندە تووند دەبینێت، تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لەبەر رۆشنایی یاساكانی خۆپارێزی ڕێك بە دۆزی خۆپارێزی هاوڵاتیان لە تێرۆیست وێنادەكات. لەوەش ناخۆشتر بۆ ئاگامبێن دۆزی دوركەوتنەوەیە لەیەكتر و دانانی نێوان (دیستانس)ە، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی تا لە تووشبوون بە پەتاكە بەدووربین.  هەر ئەوە بارێكی هێنایەپێشێ كە بە داخستنی قوتابخانە و زانكۆكان دەستیپێكرد و ئینتەرنێت شوێنیانی گرتەوە و هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی سیاسی یان روناكبیری هەڵوەشایەوە و تاكە شتێك مایەوە نامە گۆڕینەوە دیگیتالیەكانمانن، بەوە ئالەت لەنێوان مرۆڤەکانا جێگای گشت پەیوەندیەكی– گشت تەشەنەكەر Contagion ێكی- گرتەوە.

ڕوونكردنەوەكان  Clarifications

ترس ڕێگانیشاندەرێكی باش نییە، لێ واشمانلێدەكات زۆر شت ببینین كە پێشتر لێیگەڕابووین نەیبینین. یەك لەوانە ئەو تەوژمی پانیكە بوو كە وڵات بەخۆیەوە بینینی و ئەوەشی نیشانداین كۆمەڵگەكەمان جگەلە ژیانی ڕووت (Bare Life/ La nuda vita) باوەڕی بە هیچ نەبووە. ئەوەش ڕوونبووەوە كە ئیتاڵییەكان بۆ دوركەوتنەوە لە مەترسی نەخۆشبوون بە پراكتیك ئامادەن، سەلماندییان، قووربانی بە هەموو شتێك بدەن-هەل و مەرجی نۆرماڵی ژیان، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، كار، تەنانەت هاوڕێیەتی و ئاینش یاخود باوەڕی سیاسیش- . ژیانی ڕووت، هاوكات ترسی لەدەستدانی ئەم ژیانە ڕووتە، شتێك نییە بۆ یەك خستنی خەڵك، بەڵكو شتێكە بۆ كۆكردنەوە و لێكدابڕانیان. بوونەوەرەكانی تر، هەروەك مانزۆن Manzoni ی لە رۆمانەكەیدا وەسفیكردووە، وادەردەكەون پیسن و پێویستە لێیاندوربكەوینەوە بەهەچ نرخێك بێت، یان دیستانسێك بخەینە نێوان ئەوان و خۆمانەوە كە بەلانی كەمەوە یەك مەتر بێت. مردووەكانمان مافی ناشتنیان نییە و ڕوونیش نییە لاشەی خۆشەویستەكانمان چی بەسەر دێت. هاودۆستەكانیشمان سڕاونەتەوە و سەیرەكەش لەوە دایە لەم بارەیەوە كڵیسە بێ دەنگە. پەیوەندییە مرۆییەكان لە وڵاتێك چی بەسەر دێت، كە كەس نازانێت تاكەی بەم جۆرە دەژیت ؟ ئەمە چ كۆمەڵگەیەكە لەو بەهایە زیاتری نییە كە دەیەوێت تەنیا بژیت و هیچیتر؟

شتەكەی تر، كە لەوی پێشتر كەمتر ڕاڕائامێز نییە، ئەوەیە كە ئێپیدیمییەكە بە ڕوونی ئەوە نیشاندەدات ڕەوشی ئاوارەتە (باری ڕیزپەڕ State of exception)، كە حكومەتەكان ساڵێك لەمەوبەر ئێمەیان لەسەری ڕاهێنا، بووە هەل و مەرجێكی نۆرماڵ. پێشتر ئێپیدیمی لەوەی ئەمڕۆ جدیتریش هەبووە و كەسیش بیری لەوە نەكردۆتەوە ڕەوشی نائاسای(دۆخی ناچاریState of emergency) ڕابگەێنرێت. ڕەوشەكە بەجۆرێكە تەنانەت ڵێشمانناگەڕێن بجولێینەوە. خەڵك ڕاهاتوون لە هەل و مەرجی قەیرانی بەردەوام و ناچارییدا بژیین و سەرنجی ئەوەش نەكەن ژیانیان بووەبە حاڵەتێكی بایۆلۆژی پووخت، حاڵەتێك كە نەك تەنیا ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و سیاسییان تیا لەدەستداوە، بەڵكو بەزەی و سۆزی مرۆیش. ئەو كۆمەڵگەیەی لە ڕەوشی نائاسای (دۆخی ناچاری، باری ناهەمواری) بەردەوامدا دەژیت كۆمەڵگەیەكی ئازاد نییە. بەفیعلی ئێمە لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین کە قووربانیدا بە ئازادی بۆ ئەو شتەی پێیدەڵێن “هۆكاری ئاسایش Security” و لە ئاكامی ئەوەشەوە حوكمی ئەوەی دایەسەرخۆی لە ڕەوشێكی بەردەوامی ترس و نائاسایش  Insecurity دا بژیت.

شتێكی چاوەڕێنەكراو نییە قسە لە ڤایرۆس بكەین بە زمانی جەنگ. ڕەوشی نائاسای(دۆخی ناچاری) مەجبوورماندەكات لەژێرسایەی قەدەغەی هاتووچۆدا بژیین، بەڵام جەنگ دژ بە دوژمنێكی نادیار كە دەتوانێت تیامانا نیشتەجێبێت لە پووچترین جەنگەكانە. ئەمە، با ڕاستگۆ بین، جەنگی ناوخۆیە. دوژمنەكە لە شوێنێك نییە لە دەرەوە، بەڵكو لە ناواماندایە. ئەوەی زۆر ڕاڕاماندەكات هەنووكە نییە یان هەر تەنیا ئەوە نییە، بەڵكو دواترە. هەروەك ئەوەی جەنگ ڕیزێك تێكنەلۆژیای زیانبەخشی سازاند و لەكاتی ئاشتیدا ڕاپێچی كارگە ئەتۆمییەكانی كردن ڕێشیتێدەچێت پاش ئەوەی ناچاری تەندروستی(sanitary emergency)  كۆتای دێت بەشێكی زۆر لەو ئەزموونانەی حكومەتەكان دەستیاندایێ و نەیانتوانی جێبەجێیبكەن: شیاوی مانەوەی زانكۆ و قووتابخانەكان بەداخراوی و وانەكانیش لەڕێگای ئۆنلاینەوە بن، بەمەش دوا سنور بۆ كۆبوونەوە و پێكەوبوونەكان دادەنرێت كە گفتوگۆی پرسیاری سیاسی و كولتووریان شیاودەكرد، ڕەنگە ئیتر تەنیا بە نامە دیگیتالییەكان ئاڵوگۆڕییەكان بكرێن، زۆر ڕەنگیشە مەكینەكان جێگرەوەی هەر كۆنتاكتێك– هەر تەشەنەكەر Contagion ێك- بن لەنێوان مرۆڤەكانا بكرێت.

پەرچەكرداری لەمەڕ تاعون Reflections on the Plague

ئەو پەرچەكردارییانەی دواتردێن پەیوەندیان بە خودی ئێپیدیمیەكەوە نییە، بەڵكو دەتوانین بەهۆی پەرچەكردارییەكانەوە لە ئێپیدیمیەكە تێبگەین. ئەمەش بەپێی ئەوەی، بابەتەكە پەیوەندی بە بیركردنەوە لە بەئاسانی خۆڕاهێنانی كۆمەلگەوە هەبووە كە چۆن ئاوا خۆی لە ماڵەوە گۆشەگیركرد و توانی هەل و مەرجی ژیانی نۆرماڵی خۆی، پەیوەندییەكانی كار، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی هەروەها باوەڕی ئاینی و سیاسیش هەڵپەسێرێ. بۆچی هیج جۆرە ناڕەزای و پرۆتێستێك، كە شیاو و ئاسای بوو، لەم حاڵەتانەدا بكرێن نەكران؟ ئەو گریمانەی لێرە دەخوازرێت بخرێتەڕوو ئەوەیە كە تاعونەكە، گەر بێئاگایانەش بێت، پێدەچێت بەجۆرێك لە جۆرەكان پێشتر بوونی هەبووە، ئەو هەل و مەرجی ژیانەی تاعونەكە هێنای بەسە بۆ ئەوەی لەوبارەوە بپرسین مرۆڤەكان جارێكیتر دەگەڕێنەوە سەر ڕیتمی ژیانی لەمەوبەریان؟ ئەم پرسیارە پووختەی ئەو شتەیە، ئەو حاڵەتە نوێیەیە، كە تاعونەكە هێنای.  

ئەوەی كە شایانی بیركردنەوەیە، لەم بارانەدا، پێویستییە بۆ ئاین ئەوەش دۆزەكە پێشنیاریدەكات. زاراوەناسیەكی زۆر لە ئایدیای ئاخرزەمانناسی(eschatology) یەوە هاتۆتە ناو وتاری میدیاوە، بەتایبەتیش میدیای ئەمەریكی، لەو میدیایەش”ئەمە”بەجۆرێك دەردەكەوێت كە وشەكە لەلایەن خۆیەوە بۆ كۆتای جیهان (apocalypse ) دەگۆڕێت. كڵیسە كە نەیتوانیووە پێویستی ئاین تێربكات جێگرەوەیەكی بۆ دروستبوو كە زانستە. زانست بووەتە ئاینی سەردەم. زانستیش هەروەك ئاین توانای بڵاوكردنەوەی نەزانی و ترسی هەیە. بەكاربردنی ئایینیش لە كاتی تەنگەژەكانا بەشێكە لە پرۆسەی ئاین كە زانستیش دەكارێت ئەوە بكات. شتێكی تر كە لێرە پێویستە بیریلێبكرێتەوە داڕمانی ڕوونی گشت تێگەیشتن و باوەڕێكی هاوبەشە. لەم حاڵەتەدا مرۆڤ دەكرێت بڵێت، مرۆڤەكان ئیتر باوەڕیان بە هیچ نەماوە- بەدەر لە بوونێكی بایۆلۆژی ڕووت كە دەبێت بە هەچ نرخێك بێت بپارێزرێت، بەڵام ناكرێت زۆرداریی لەسەر بناغەی ترس لە ژیان لەدەستدان دابمەزرێت. هەر لەبەر ئەوە – كاتێك ناچارییەكە  emergency، تاعونەكە ڕووندەكرێتەوە-باوەڕناكەین ئەوانەی كەمترین ڕوونییان لابووە بكارن بۆ ژیانی پێشوویان بگەڕێنەوە (گەڕانەوە بۆ ژیانی پێش تاعونەكە مەبەستە). ئەمڕۆ دەشێت ئەوەش خەمۆكاویترین شت بێت، تەنانەت ئەگەر ،وەك دەڵێن، “تەنیا بۆ ئەوانەی هیوایان نەبووە هیوایان پێدرا”.

دیستانسی كۆمەڵایەتی  Social distancing

مێژوو فێرماندەكات گشت دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی كاردانەوەی سیاسی هەیە، ئەمەش وادەكات واتای نوێ بچێتە لێكسیكۆنی سیاسی رۆژئاواوە: دیستانسی كۆمەڵایەتی كە لەگەڵ زاراوەی حەپس (confinement) هاتەگۆڕێ لەویش نەرمونیانتر خۆی دەردەخات. ئەوەی ئێستا روودەدات دەشێت بە جۆرێك لە جۆرەكان بە ناچاریی تەندروستی ناوبنرێت و وەك ئەزموونگەیەكی تازەی دروستكردنی بنەمای سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێش سەیربكرێت. ڕەنگە جارجار هەندێك دەبەنگ پێیانوابێت تێكنەلۆژیای دیگیتالی نوێ دەتوانێت بە دیستانس پەیوەندییەكان بەجۆرێكی پۆزەتیڤ ئەنجامدات، بەڵام كۆمەڵگەیەك لەسەر بناغەی دیستانسی كۆمەڵایەتی پێكبێت باوەڕناكرێت شایانی ژیانێكی مرۆیی و سیاسی بێت.

پرسیارێك  A Question

هاوبەشی لە بیركردنەوەی ئەوانە دەكەم وەك خۆم ماوەی مانگێكە بیر لە پرسیارێكی لەم شێوەیە دەكەنەوە: چۆن سەرلەبەری وڵاتێك، لەڕووی سیاسی و ڕەوشتییەوە، لەبەردەم نەخۆشییەكدا داڕما؟ ئەو وشانەی بۆ داڕشتنی ئەم پرسیارە بەكاربراوە زۆر بە ووردی بیریلێكراوەتەوە؟ پێوانەی دەستبەرداربوونی پرینسیپە ڕەوشتیی و سیاسییەكان شتێكی زۆر ئاسانە: پرسیارەكە لێرە تەنیا پەیوەندی بەو سنورەوەیە كە ناتەوێت دەستبەرداری بیت. ئەو خوێنەرەی دژوارییەكان لەئەستۆدەگرێت دەكارێت لەو لایەنە بێ خەم تێبگات كە ئەو رێگرییە تێپەرێنرا مرۆڤایەتی لە بەربەریەت جیادەكاتەوە.

یەكەم شت و گرنگترین شتێك كە لێرە هێمای بۆدەكرێت پەیوەندی بە جەستەی مردووەكانەوە هەیە. باشە چۆن توانیمان تەنها بەناوی ترسێكەوە كە ناتوانین سەرچاوەكەی دیاریبكەین لێگەڕاین كەسانێك كە خۆشماندەوێن نەك هەر بەتەنها بمرن، بەڵكو –كە لە مێژوودا لە ئەنتیگۆن Antigone  ەوە تا ئێستا رووینەداوە- لاشەكانیشیان بێ ناشتن بسوتێنرێن ؟

دووەم شت ئەوەیە، ئەوەشمان پەسەندكرد، كە ئازادی جووڵانەوەمان سنوورداربكەین بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكیش دروستبكەین، بەناوی مەترسیێكیشەوە ئەوەمان پەسەندكرد كە پێشتر نە لە مێژووی وڵاتەكەمان و تەنانەت نەش لەماوەی دوو جەنگە جیهانیەكە (لەماوەی جەنگ قەدەغەی هاتووچۆ چەند كاتژمێرێك بوو) روویداوە. لە دەرئەنجامی ئەوە، قایلبووین بەناوی مەترسیێكەوە، كە ناشێت دیاریبكرێت، كەوتینە كۆتایپێهێنانی پەیوەندییە هاوڕێیەتی و خۆشەیستیەكانمان ئەوەش بەبیانووی ئەوەی نەبا هاوسێكەمان سەرچاوەی تەشەنەكردن contagionێك بێت. 

سێهەم شت ئەوەیە كە ئەمە دەبایە رووبدات. لەبەرئەوەی ئەزموونی یەكەی زیندەیی خۆمان، كە هەمیشە جەستەیی و ڕۆحی  لەیەكتر دانەبراو بوونە، دابەشكردە سەر دوو یەكە، یەكێكیان بایۆلۆژی پووخت و ئەویتر سۆزی و كولتووری. چ پێشتر ئیڤان لیش Ivan Illich  و چ لەم دواییە داڤید كایلی David Cayleyئەوەیان پێشانداین كە ئەم دابەشكردنە پزیشكی مۆدێرن لێیبەرپرسیارە. جگەلەوە گەورەترین تەجریدیشە. دڵنیاشین ئەم تەجریدە زانستی نوێ لەڕێگای دەزگای ئینعاشەوە ئەنجامیداوە تا جەستە لە بارێكی ژیانیی گیایی پووختدا بهێڵێتەوە. گەر ئەم هەلومەرجەش سنورەكانی كاتشوێنی تێپەڕاند، هەروەك ئەوەی ئەمڕۆ دەكرێت، جۆرە پرینسیپێكی رەفتاری كۆمەڵایەتی دروستدەبێت، بەمە ئێمە دەكەوینە ناو جۆرە ناكۆكیێكەوە كە هاتنەدەرەوەلێی ئەستەم دەبێت. ڕەنگە كەسێك، لەم حاڵەتانە، وەڵامباتەوە و بڵێت گشت ئەمانە هەل و مەرجێكی دیاریكراوبوون و تێدەپەرن و هەموو شتێكیش دەگەڕێتەوە باری جاران. دەكرێت ئەو بارەی ئێستا هاتۆتەگۆڕێ دووبارەببێتەوە گەر بە نیازێكی خراپیشەوە نەبێت، چونكە هەمان ئەو دەسەڵاتانەی ناچاری (emergency) یەكەیان سەپاند دوور نییە هەركە بەسەر ئەم ناچارییەدا زاڵبوون هەمان شت دووبارە نەكەنەوە، ئەو كات پێویستە بەردەوامبین لەسەر لەبەرچاوگرتنی هەمان ئەو رێنوماییانەی پێشوو، دیستانسە كۆمەڵایەتیەكەش، ئەو دیستانسەی بە شێوازێكی ناسك گوزارەیلێكرا، لەگەڵ كاتدا دەبێتە پرینسیپیێكی نوێی ڕێكخستنی كۆمەڵگە. بەهەرحاڵ، ئەو شتەی كە بە نیەتی باشەوە یان خراپەوە پەسەندكرا ناكرێت هەڵوەشێنرێتەوە.    

بەرپرسیاریەتی هەریەكێكمان و بەرپرسیارییە گەورە ترسناكەكەش كە بەرپرسیاریەتی ئەركی چاودێریكردنی كەرامەتی مرۆڤە گرنگی خۆی هەیە. پێش هەموو شتێك، كڵیسە كە ئێستا بووەتە نۆكەری زانست، زانست كە ئێستا بووەتە ئاینی راستەقینەی سەردەمەكەمان، پرینسیپە سەرەكییەكانی خۆی ئینكاردەكات. كڵیسە، لەژێرسایەی ناوبراو بە پاپا فرانسێسكۆ Francesco،  بیریچوەتەوە كە فرانسیسكۆ دووچاری گولی Leprosy بووە. ناوبراو بیریچوەتەوە یەكێك لە كارە بەڕەحمەكانی ئەوەیە سەردانی نەخۆشەكان بكات. هەروەها پاپا بیریچوەتەوە شەهیدەكان دەزانن مرۆڤ پێویستە ئامادەی قووربانیدان بە ژیان بێت لە جیاتی ئیمان و وازهێنانیش لە هاوسێ وازهێنانە لە ئیمان. چەشنێك(كاتیگۆری)ی تر لە چەشنەكانی كۆمەڵگە كە لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان سەرنەكەوتن یاساناسان بوون. دەمێكیشە لەسەر یاساكانی ناچاریی ڕاهاتووین كە بەهۆیەوە دەسەڵاتی جێبەجێكاری جێگای دەسەڵاتی تەشریعی دەگرێتەوە. ئەم یەكگرتنەوەیەش دژی دێمۆكراسییە. لەژێرسایەی چ بنەمایەكی یاسایی سنور بۆ ئازادییەكان دادەنرێت؟ لەژێرسایەی ڕەوشی ئاوارتەی بەردەوامدا؟ ئەوە ئیشی یاساناسانە بەدواچوونی بۆ ئەم لایەنە بكەن، لێ یاساناسان بێدەنگن. دەزانین كە هەمیشە یەكێك بەمجۆرە وەڵامدەداتەوە: ئەو قووربانییە جدییانە بەناوی پرینسیپە مورالییەكانەوە پیادەكران. دەشمەوێت ئەوەتان بیربخەمەوە كە ئیخمان Eichmann، بە نیەتێكی باشەوە، هەرگیز ماندوو نەدەبوو لە وتنی ئەوەی، هەرچی كردبێت بە ویژدانێكی زیندوەوە كردوونی و وەك بەشێكیش لە بەجێگەیاندنێكی مورالیانەی كانتی(كانت لێرە مەبەستە). رێسایەك لەئارادایە كە پێیوایە دەبێت دەستبەرداری باشە بین بۆ رزگاركردنی باشە، ئەمە هەر وەك ئەوە نادروست و ناكۆكە كە پێمانوابێت دەستبەرداری ئازادی بین بۆ رزگاركردنی ئازادی.

  هەنگاو٢    2    Phase   

هەوڵماندا بیری ئەوانەی بخەینەوە،كە چاو و گوێیان داخستبوو، هەنگاوی دووەم خراپتر دەبێت لە هەمووی ئەوانەی تائێستا تیایژیاوین. دوو خاڵ کە گرنگە سەرنجیان بخرێتەسەر كە بۆسەر پرینسیپەكانی دەستور هەرەشەن:  شیاوی دیاریكردنی جووڵەی هەندێك تەمەن، واتە ناچاركردنی ئەوانەی تەمەنیا سەروی حەفتا ساڵە لە ماڵەوە بمێننەوە. ئێستا دەنگۆیێكیش لەناو ئیتالیا هەیە كە ئەم جیاكارییە نادەستورییە هۆكاریشە بۆ دروستكردنی هاوڵاتی پلە دوو. لەكاتێكا گشت هاوڵاتیان لەبەردەم یاسا یەكسانن، زەوتكردنی ئازادییان ،و سەپاندنی ئەوەی هیچ پاساوێك بۆ سەپاندنی بوونی نییە، بە زیانی تەندروستی ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە. ئەو هەواڵانەش هەن كە گوایە دوو سەروی تەمەنی حەفتا ساڵ، بەهۆكاری ئەوەی بەرگەی تەنهاییان نەگرتووە، خۆیان كوشتوە. بەپێی دەستور، پەرەگرافی 32، بێت یاسایەك هەیە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی پشكینی پزیشكی دەكات. تەنانەت یاسایەكیش هەیە لەسەر دروستكردنی دیستانس و پاراستنی ئەم دیستانسە. دیستانس بە واتای ئەوە دێت گشت چالاكیەكی سیاسی راستەقینە كۆتای دێت. لێرەوە دەبێت دژی ئەو مۆدێلە كۆمەڵایەتیە بوەستینەوە لەسەر بناغەی دیستانسی كۆمەڵایەتی كاردەكات و ئەو كۆنترۆڵە بێ سنورەش ئەو دیستانسە دەیەوێت بیسەپێنێت. 

ژێرنووس: ئاگامبێن سەرەتا بابەتێك لە 26/02/2020 بەناوی “”داهێنانی ئێپیدێمیەك”” دەنووسێت، پاش ئەم بابەتە لە 11/03/2020 بابەتێكی تر بڵاودەكاتەوە بەناوی””تەشەنەكەر””، لە پاش ئەمە بابەتێك لە17/03/2020 بەناوی””ڕوونكردنەوەكان”” بڵاودەكاتەوە كە وەڵامی ئەو گازندانە دەداتەوە ئاڕاستەی نووسینی””داهێنانی ئێپیدێمیەك”” كراون، لە27/03/2020 بابەتێك بەناوی””پەرچەكرداری لەمەڕ تاعون”” بڵاودەكاتەوە و پاشان لە 6/04/2020 بابەتێك بە ناوی “”نێوانی كۆمەڵایەتی”” تا دەگاتە 13/04/2020 كە كورتە نووسینێك بەناوی “”پرسیارێك”” بڵاودەكاتەوە و كۆتا نووسینیش  تا كاتی نووسینی ئەم بابەتەی ئێمە بەناوی “”هەنگاو 2″”ی لە 20/04/2020 بڵاوكردۆتەوە. تێكرای نووسینەكان لە ماڵپەڕی سەرەكی ئاگامبێن و ئەو ماڵپەڕانە دەستدەكەون كە نووسینەكانی ئاگامبێنیان وەرگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی، سویدی، فەرەنسی. هەندێك پووختەش لە بۆچوونەكانی ئاگامبێن لێرە و لەوێ لە هەندێك ماڵپەڕی دانماركی و نەرویجی روسی دەستدەكەن، گەر خوێنەر مەبەستی بێت پێیانبگات.  هەروەها ئاگامبێن لە تێکڕای نووسینەکانی وشەی ئێپیدێمی بۆ کۆرۆناڤیروس بەکاردەبات نەک پاندێمی کە بە فەرمی “ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی” ، لە ناوەندی مانگی ئادار، کۆرۆناڤیروسی بە پاندێمی ناساند.

ماویەتی……




سەرەكیترین تێزی فەلسەفی ئاگامبێن لەگەڵ پەتای كۆرۆنا یەكیگرتەوە-5- … ئازاد حەمە

بەشی پێنجەم

پێشەكیەكی پێویست: فەلسەفاندنی پەتای كۆرۆنا لەسەر دەستی جیۆرجیۆ ئاگامبێن Agamben پاڵنەرێكی سەرەكی بوو بۆ هێنانەپێشەوەی گفتوگۆ لەناو روناكبیرانی ئەوروپا لەسەر پەتای ناوبراو. ئەم بەشە، پێدەچێت دوو بەشی دواتریش، كە تەواوكەری هەمان ئەو باسەیە سەبارەت بە “فەلسەفە و كۆرۆنا” دەستمانداوەتێ، تەرخاندەكەین بۆ شیكاركردنی چۆنیەتی یەكگرتنەوەی سەرەكیترین تێزی فەلسەفیی ئاگامبێن لەگەڵ پەتای كۆرۆنا. بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا تەلاری فەلسەفی ئەم بیریارە نمایش دەكەین و دواتر ئەوە پیشاندەدەین لەسەر چ بناغە و بیانوویەكی فەلسەفی ئەم یەكگرتنەوەیە هاتووەتەسازان. هاوكات بۆ ئەوەی یەكگرتنەوەكە راڤەبكەین پێویستمان بەوەش دەبێت بۆچوونە سەرەكییەكانی ئاگامبێن لەو نووسینانەیەوە هەڵبهێنجێنین لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا بڵاویكردونەتەوە. لە سەرێكی تریشەوە، لە ماوەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی كۆڤید-19 لە وڵاتان، لێرە و لەوێ، وشەگەلێكمان بەرگوێكەوت: قەدەغەی هاتووچۆ، خراپی دۆخ، لەژێرچاودێریبوون، بارودۆخی نەخوازراو، ڕەوش (دۆخ، بار) ئاسایبوونەوە، دۆخی ئاوارتەی وڵات، باری نائاسایی، ئاسایشی نیشتمانی و….كە هەر هەموو شایانی تێڕامانن هاوكاتیش تێزە فەلسەفییە سەرەكیەكانی ئەم بیرمەندە ئیتالییەیان بیرخستینەوە. لەتەك ئەوەشدا هەوڵدەدەین پەیبەوە بەرین لە چ ئاستێك دونیابینینی ئاگامبێن لەسەر پەتای كۆرۆنا وەك خۆی نەیپێكا، چونكە ئاگامبێن لە یەكەم پەرچەكرداری بەرامبەر مامەڵەی دەسەڵاتی ئیتالی لەگەڵ پەتاكە حاڵەتەكەی بە ترسناك نەبینی و بەشێکی زۆر کەم نەبێت کە بە “دووچاری هەڵاوسانی سییەكانی” لەقەڵەمدان و وتیشی” گەر ئەمە دۆزەكە بێت بۆچی دەسەڵات ئەو هەڵایە دروستدەكات” و بەمەش ڕەخنەیەكی زۆری ئاراستەكرا و ئێمەش بەشێك لەو ڕەخنانە بەسەر دەكەینەوە.

ئاكاری ڕەوشی ئاوارتە لە پێش كۆرۆنا

فەیلەسوفەكان لێناگەڕێن رووداوەكان، بێ ئەوەی قسەی لەسەربكەن، تێپەڕێن. هەر لەسەرەتای تەنگەژە تەندروستی و پزیشكییەكەوە، كە تەنگەژەی سیاسی- ئابووری تادەگاتە پەروەردەی و كولتووری-كۆمەلایەتیشی بەدوای خۆیدا راكێشا،ئاگامبێن لەپێشی پێشەوەی هەموو ئەوانەبوو(ژیژێك Žižek ی لێدەرچێت)وتنی فەلسەفی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە و خودی وتنەكانیشی فەلسەفە سیاسییەكەی و سەرەكیترین تێزی فەلسەفیشی، ڕەوشی ئاوارتە(باری ئاوارتە، دۆخی ریزپەڕ State of exception)، جارێكیتر خستەوە بەرباس. ئەو دەمەی ڕەوشی ئاوارتە، لە ئیتالیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تا دەگاتە بەشێك لە ئەمەریكا، راگەیەندرا بەجۆرێك لەجۆرەكان سەلماندنێك بوو بۆ تێزە سەرەكیەكەی ئاگامبێن، كە لە پەرتوكی””ڕەوشی ئاوارتە””خستوبیەڕوو. بێگومان ئاگامبێن هەشت ساڵێكیش پێش ئەم كارە فەلسەفییەی لە كارێكی تری(دەسەڵاتی سەروەر و ژیانی رووت Sovereign Power and Bare Life) وردەكارییە فەلسەفییە سیاسیەكانی خۆی لەو بارەیەوە بە زەقی نیشاندابوو. بۆ ئەوانەش بە فەلسەفەی سیاسی ئاگامبێن ئاشنان لەوە حاڵین وتنی ئاگامبێن لەسەر سەروەریی(فەرمانرەوای ،حاكمیەت Sovereignty) و ڕەوشی ئاوارتە بە تونێلی وتنە هزرییە سیاسییەكانی كارل شمیت Schmitt و والتەر بنیامین Benjamin بە پلەی یەك و بۆچوونە سیاسییەكانی هانا ئەرێنت Arendt بە پلەی دوو تێدەپەڕێت، ئەوەش بناغەی لە گەلێك لاوە بۆ هزری سیاسی ئاگامبێن دانا.
بۆ ئەو مەبەستە لەو تێگەیشتنە ئاگامبێنیانەوە دەستپێدەكەین،كە هزری ئاگامبێن لەناو ئەم باسە لەخۆی دەگرێت، كە توێژینەوە لەسەر ئۆشویتز Auschwitz(ئۆردوگای كوشتارگەی جوولەكەكان)، كامپی گوانتانامۆ Guantanamo (بەندیخانەیەكی ئەمەریكییە)، دەچێتە خانەی وتن لەسەر بیۆپۆلیتیك Biopolitics (سیاسەتی بایۆلۆجی، سیاسەتی ژیانی). بەپێی ئاگامبێن مرۆڤی سەردەم و گرفتە بووناوییەكانی ئەم مرۆڤە شایانی شیكاریین هەر بۆیە لە فەلسەفەكەیدا ژیان، ژیانێكی خراپ و هەل و مەرجی مانەوە، یان”بوون لەژێر سایەی سیاسەتێكی ئێتیكی رۆژئاوایی”هەموو ئەمانە هەڵوێستەی گرنگییان لەبارەوە مەرجەبكرێت. گومانی ئاگامبێن لێرە لە”مۆدێلی هزری سیاسی نوێی رۆژئاوایە”كە هەمیشە توانای بەكاربردنی بیۆپۆلیتیكی هەیە و لەناو ئەوەشدا دروستكردنی قووربانی تاكە بەرهەمی ئەم بەكاربردنەیە. پرسیارە بناغەییەكە لێرە ئەوەیە: كێ ئێستا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پاندێمی كۆرۆنا، جوولەكەیە و كێش نازییە؟ ئەو كەسە جولەكەکەیە کە كەرەنتینكراوە و ئازادی لێزەوتكراوە یان ئەوەی قوربانی پەتای كۆرۆنایە؟ شێوەی ناشتنی مردووانی كۆرۆنا هاوشێوەی شێوەی مردووانی(جوولەكەكانی) ئۆشویتز نییە؟ چونكە ئۆشویتز خۆی وەك شوێنی لەدەستدانی كەرامەت نیشاندەدات، شوێنێك بەد Evil ی تیا بەرهەمدەهێنرێت، بەدی لەوێ دەبێت بە شمەك هەرچی كۆرۆنایە كەم بەشداری لە بەرهەمهێنانی بەدی نەكرد!ئاگامبێن لە رێگای تێزەكانی هەنا ئەرێنتەوە فەلسەفە بەسەر ئەم شوێنەوە دەكات و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پرسیاری ئێتیكی و سیاسی لەسەر شوێنی ناوبراو دەكات بە بناغە بۆ قسەكردن لەسەر پەراوێز و بندەست و بێمافەكانی ناو شارستانی تازەی رۆژئاوا. ئەو جیاوازییەش ئاگامبێن لەنێوان ژیان و مەرگ لەو شوێنە دەیكات لە تێگەیشتنی بیۆپۆلیتیكانەی میشێل فوكۆ Foucault وە سەرچاوەی گرتووە كە لە رووی تێۆرییەوە بە بابەتی تێگەیشتنی فوكۆ بۆ پانئۆپتیكۆن (چاودێریهەموو Panopticon) گرێدەداتەوە. باشە ئەم تیۆرییەی ئاگامبێن وامانلێدەكات لەماڵەوەبوون لە كاتی كەرەنتین بە ئۆردوگا زۆرە ملێكانی جوولەكەكان بچووێنین؟ خۆمان بە پەناهەندەی ناو ماڵی خۆمان بزانین؟ ببینە تالیبانێكی گوانتانامۆی ناو شوقەكانی خۆمان؟ ژوورەكەمان وەك ژووری زیندانیەكی سەر سنورەكانی توركیا/یۆنان ببینین؟ باشە بۆ ئێمە پرسیارەكانمان بەم شێوەیە ئاراستەی ئاگامبێن دەكەین؟هۆكارەكەی لای خوارەوە رووندەكەینەوە. بۆ ئەوەی هۆكارەكەی روونبكەینەوە پێویستمان بەوە دەبێت لە بنەما تیۆرییەكانی ئاگامبێن سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارتە(باری ریزپەڕ) و بابەتی سەروەریی وڵات و ئەو مرۆڤە پیرۆز Homo sacer ەش تێبگەین كۆڵەكەی تیۆری تێزی ئاگامبێن، لەبارەی بیۆپۆلیتیكەوە، پێكدێنن.
لە رێگای بینینی ئاگامبێنەوە بۆ تێۆری ڕەوشی ئاوارتە لەوە حاڵێیدەبین ڕەوشی ئاوارتە تێۆرییەكیشە لەسەر ڕەوشی مرۆڤی سەردەم و مافەكانی. مافی ئەو خەڵكی جیهانی سێیانەی لە ئۆردوگای پەناهەندەكان لە ئەوروپا بەبێ وەڵام ماونەتەوە و پێیاندەوترێت بێ كاغەزەكان sans-papiers، كە هیچ مافێكی یاسای، تەندروستییان نییە تا دەكاتە بێ مافە بەندكراوەكانی Guantánamo، كە لە شەڕی ئەمەریكی/تالیبان دوای 11 سێپتێمبەر كەوتنەدەست ئەمەریكایەكانەوە. واتە ڕەوشی ئاوارتە( State of Exception) دەكارێت ڕەوشێكی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و “خۆی وەك پارادایمێكی، چوارچێوەیەكی گشتگیری، زاڵ لە سیاسەتی هاوچەرخدا نیشانبدات”. لە رێگای گوزارەی ڕەوشی ئاوارتەوە ئاگامبێن گفتوگۆی واتای سەروەریی دەكات كە ئەمەش دەیباتەوە سەر گفتوگۆی بۆچوونە سیاسییەكانی شمیت Schmittلەسەر واتای ناوبراو. شمیت، كە لەم روەوە سەرچاوەی تێۆری ئاگامبێنە، وای بۆدەچوو”ئەوە سەروەرییە لە وڵاتدا ڕەوشی ئاوارتە دەستنیشاندەكات” و لە كاتی جێبەجێكردنیشی كار بە دستور ناكرێت. بۆ ئەوەی ئەو ڕەوشەش وەگەڕبخرێت پێویستدەكات یاسا كاری پێنەكرێت. بەپێی تێۆری سیاسی شمیت “بۆئەوەی سەروەریی سەرپشكبێت پێویستە ڕەوشی ئاوارتە پیادەبكرێت”. ئامانجی سەرەكی لە بوونی ڕەوشی ئاوارتە، بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی ئاگامبێن، بۆئەوەیە دەسەڵات بتوانێت بمێنێتەوە. ئەو دەمەش ئەو ڕەوشە پیادەدەكرێت”ئەوەی پێیدەڵێن مافی مرۆڤ فەرامۆشدەكرێت، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی پاراستنی سەروەریی بۆ ئەو هێزە سیاسییەی لە پشت داڕشتنی ئەو ڕەوشەوەیە سەروەریی سەروەر گشت شتێكە”. شمیت وتەنی، كە بۆچوونی ئاگامبێنیشە، رەوشی ئاوارتە، كە هەل و مەرجێك دروستیدەكات، ئەو هەلومەرجە رێگا بۆ بێ یاسایی یاسا خۆشدەكات. كەوابێت تالیبانەكانی گوانتەنامۆ نە تاوانبارن و نەش بێتاوان، تەنیا دەستبەسەرێكی بێمافن و هیچیتر. ئالێرە شیاویی لە ئارادایە بۆ “جیاكردنەوەی زەبری پوخت لە دەسەڵاتێكی بەدەستوركراو”. ئەوەی بۆ ئاگامبێن لە تێۆری ڕەوشی ئاوارتەی شمیت دا شایانی هەرسكردن نییە ئەوەیە شمیت ڕەوشی ئاوارتە لە كۆنتێكست contextی یاسایدا جێدەكاتەوە.”ڕەوشی ئاوارتە بۆ شمیت شتێكە لە دەرەوەی كاوس(شێواوییChaos )و لە كۆنتێكستی یاسایی و سەربازیدا دەمێنێتەوە”.”تێگەیشتنی شمیت بۆ ڕەوشی ئاوارتە هەوڵێكە بۆ جیاكردنەوەی نۆرم (رێساnorm ) لە بڕیار”. شمیت وایلێكدەداتەوە هەڵپەساردنی یاسا مەرجی مانەوەی سەروەریی سیاسییە.ئەم هەڵپەساردنی یاسایەش بۆ پاراستنی سەروەرییە نەك شتێكی تر.هەموو ئەوەش كە لەم روەوە دەكرێت بۆ ئەوەیە سەروەری(رابەری) سیاسی وڵات بمێنێتەوە.
هەرچی والتەر بنیامین Benjaminە، كە ئاگامبێن لەمڕوەوە دیتنەكانی بەهەندوەردەگرێت، لەو باوەڕەدایە”ڕەوشی ئاوارتە ڕەوشێكی بێ یاسایە”.ئەم ڕەوشە بنیامین وتەنی “بۆ خستنەگەڕی زەبرێكی پوختی شۆڕشگێڕانە بەكاردەبرێت. ئەمەش ڕەوشێكی تازە لەگەڵ خۆی دەهێنێت كە بێ یاسای دەخاتەوە”. ڕەوشی ئاوارتە لە زەینی سیاسی ئاگامبێن ئەوەش دەگەێنێت”ئەوەی لە دەرەوە و ناوەوەی یاسایە تەنیا دەسەڵاتە و ڕەوشی ئاوارتە دەكارێت باری یاساڕێژی بگۆڕێت و پێشێلیش دروست بكات. هاوكات ڕەوشی ئاوارتە نە لە ناوەوە و نەش لە دەرەوەی سێستەمی مافە”. هاوكات ئاگامبێن پەی بۆ ئەو راستیەش دەبات كە”دەسەڵات لە كاتی قەیرانا یاسا و هێزی خۆی بەكاردەبات و لەم بارودۆخەشدا زۆر ئاساییە مافی هاوڵاتێتی و تاك ژێرپێبخرێن. ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەوشی ئاوارتە ئەو ڕەوشەیە كە زۆنی بێ یاسای لەناو یاسا شوێن بۆ خۆی دابیندەكات”.واتە، ڕەوشی ئاوارتە دژی دەوڵەتی یاسایە. ئاگامبێن ئەوەشمان پێڕادەگەێنێت”ناواخنی بیۆسیاسی Biopolitics ڕەوشی ئاوارتە ئەو كاتە دەردەكەوێت ماف لەگەڵ شتی ژیانیدا لەپێكداداندا بێت”. ئەمەی باسكرا ڕەوشێك دێنێتەپێشەوە ستاتۆس(قەوارەی) ی یاسای تاك هەڵدەوەشێنێتەوە و بارێكی یاسایی تر بەرهەمدەهێنێت ناچۆنایەتی دروستكەرە.واتە،”ڕەوشی ئاوارتە یاسایەكی تایبەت نییە وەك یاساكانی جەنگ، بەڵكو لەگەڵ ڕەوشی ئاوارتە بار(ڕەوش) ێك دێتەپێش مافەكان بەرتەسك و سنوردار دەبن”.
ئاگامبێن بۆئەوەی وێنەیەكی پانۆرامایمان لەسەر ڕەوشی ئاوارتە بەرچاوبخات لە ئیمپراتۆریەتی رۆمانییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە سەردەمی ناپلیۆن لە فەرەنسا و دواتر دێتەسەر دەم و وەختی جەنگی جیهانی دوو و نموونەكەشی هەردوو رژێمی هیتلەر و مۆسۆلینییە كە فۆرمێكی یاساییان بە رەوشی ئاوارتە دا. ئاگامبێن پێشیوایە”كۆماری وایمارWeimar Republic بەدرێژای 12 ساڵ لەڕووی یاساییەوە ڕەوشی ئاوارتەی پیادەكردوە”. ئەوەی تایبەت بەم لایەنە زێدە گرنگە سەرنجی بخرێتەسەر ئەوەیە لەڕووی تێۆرییەوە”ئاگامبێن جیاوازی لەنێوان ڕەوشی ئاوارتە و دیكتاتۆریی دا دەكات” و پاشتر دێتە سەر بارودۆخی دوای رووداوەكانی 11 ی 9 لە ئەمەریكا و وڵاتانی هاوچەرخی رۆژئاوایی و هێما بۆ ئەوە دەكات كە چۆن مافەكانی تاك لەژێرسایەی ئەو ڕەوشی ئاوارتەیەی ئەو رووداوانە دروستیانكرد بەئاگاییەوە فەرامۆشكران. بەپێی جیهانبینی فەلسەفی ئاگامبێن”بۆ ئەوەی ڕەوشی ئاوارتە شیبكرێتەوە مەرجە واتای پێویست necessity شیبكرێتەوە”.ئاگامبێن بۆ ئەو مەبەستە مێژووی كۆن و نوێی رۆژئاوا هەڵدەداتەوە تادەگاتە رووداوەكانی 11 ی 9 لە ئەمەریكا. بۆئەوەی شتەكان ووردتر نیشانبدات بۆ ئەو مەبەستەش گەشتێك بەناو ئیمپراتۆریەتی رۆمانی كۆندا دەكات و ئەو حاڵەتە نیشاندەدات كە یاسا لەگەڵ پێویستیدا كاریكردووە. مەبەستی ئاگامبێن لەمە ئەوەیە كە ڕەوشێك دێتەپێشەوە شیاوی بۆ ئاوارتەیی یاسا مسۆگەردەكات. ئاگامبێن تێبینی ئەوەشی كردوە سیاسییەكان لە سەردەمی نوێدا گەر پێویستی بۆ ئەو مەبەستە لەئارادابووبێت یاساشیان هەڵوەشاندۆتەوە و، پێشیوایە ئەمە بووە بە مێتۆدێكی سەرەكی بۆ دەسەڵاتی سیاسی و بەكاریشی بردووە تا لە بەڕێوەبردن بەردەوامبێت. ئەمەش ڕێك یەكگرتنەوەی تێزی سەرەكی فەلسەفیی ئاگامبێنە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا كە دواتر، لە بەشەكانی تر، زۆر بە وردی لەسەری دەوەستین.

وێڕای ئەوەی وترا، گرنگترین خاڵێك سەبارەت بەوەی لایسەرەوە هێمای بۆكرا، بەپێی ئاگامبێن، ئەوەیە كاتێك سێستەمە سیاسییە دێمۆكراسییەكان بەیانی ڕەوشی ئاوارتە دەكەن لە دوای ئەوەوە ئیدی جیاوازی لەنێوان سێستەمی دیكتاتۆری و دێمۆكراسی دا نامێنێت و، پێداگیری لەسەر ئەوەش دەكات شێوازی بەڕێوەبردن لە وڵاتانی هاوچەرخ ووردەووردە خۆی لە ئیدارەسازی نزیكدەكاتەوە تا ماف و یاسا. ئەو كاتەش سێستەمە سیاسییە دێمۆكراسییەكان”ڕەوشی ئاوارتە رادەگەیێنن(لێرە دەشێت مەبەستەكە حکومەتی سەربازیی یان پیادەكردنی ئەحكامی عورفیش بێت) جیاوازیەكی ئەوتۆ لەنێوان سێستەمی سیاسی دێمۆكراسی و دیكتاتۆری دا نامێنێت. باشە خۆ گرنگە بزانین كێ بڕیار لەسەر دۆخی ئاوارتە دەدات؟كێ ئەو مافەی هەیە؟ چۆن بارودۆخی نەخوازراو سەرهەڵدەدات؟
بۆ شیكاركردنی ئەو پرسیارانە ئاماژە بەوە دەکەین کە ئاگامبێن سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارتە، بەپێچەوانەی شمیتەوە، خاوەنی تێۆرییەكی فەلسەفی-سیاسی خۆیەتی و بابەتی ڕەوشی ئاوارتەش دەكات بە مەحەكی دادوەری بەسەر چۆنیەتی كاركردنی دەسەڵات و خاڵی جیاكارەش لەنێوان دوو مۆدێلی دەسەڵات: دێمۆكراسی و تۆتالیتاری. بۆ ئەوەی ئەم هزرەڤانە تێۆرییەكی تایبەت بە ڕەوشی ئاوارتە دابهێنێت بێگومان پێویستی بەوە دەبێت بە تونێلی گفتوگۆ تێۆرییە سیاسییەكانی پێش خۆیدا تێپەڕێت هەروەك لایسەرەوە هێمای بۆكرا، لێ لەو بەینەدا دەستبەرداری بۆچوونە سیاسییە-فەلسەفەییەكانی خۆی نابیێت. بۆ ئاگامبێن گرنگە ئێمە لەوە تێبگەین لەو شوێنەی ڕەوشی ئاوارتە پیادەدەكرێت ماف ژێردەكەوێت و ئەو سەربەخۆیەش دوو دەسەڵاتە سەرەكیەكەی(تەشریعی و جێبەجێكردن) كۆمەڵگەی دێمۆكراسی كاری لەسەر دەكات ئاوادەبێت. لێرەدا بینینی ڕەوشی ئاوارتە وەك ئامرازێكی دەسەڵات هزرێكی یاسایی لە پشتەوەیە، ئەو هزرەش یاساناسان و مافناسان بناغەی بۆ دادەنێن، هەروەك ئەوەی شمیت پێشتر بۆ رژێمی نازی كردووە. بەم جۆرە، بێ یاسای جەوهەری ڕەوشی ئاوارتە دەسازێنێت. بۆیە لە دیدی تێۆرییەوە هزری سیاسی بنجامین لەتەك شمیت، كە كاربەدەستی سیاسی و یاسازانی دەسەڵاتی نازی بووە، یەكناگرنەوە، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە شمیت وایتێدەگات كاتێك ڕەوشی ئاوارتە دێتەئاراوە دەسەڵاتی سەروەری لە وڵاتدا بەدەست تاكە كەسێكەوە دەبێت و هەر ئەو كەسەش بۆی هەیە دۆخی وڵات دیاریبكات، یاساش، بەدڵنیاییەوە، پارێزراوە لەڕێگای بێ یاساییەوە. بێمافی تاكەكان سەرچاوەی كێشەكانە لای ئاگامبێن و ڕەوشی ئاوارتەش ئەو بێ مافییە بەرجەستدەكات. بێ مافەكان خاوەنی ژیانێكی رووتن bare life/ la nuda vita. بەواتایەكیتر ڕەوشی ئاوارتە ڕەوشی هەڵوەشانەوەی ماف دێنێتەپێشەوە. كۆرۆنا كە وایكرد بخزێینە ناو ماڵ و ژوورەكانمانەوە ئاماژە بوو لەسەر سەرلەنوێ سازاندنەوەی بێ مافی لە رۆژئاوا. ئەمە یەكەم جاری نییە لەناو سێستەمی سیاسی رۆژئاوا بێمافی بە یاسایی دەكرێت. ئەم زیانە یەك لایەنی نییە. ئاگامبێن لەرێگای تیۆری ڕەوشی ئاوارتەشەوە”رەخنەی كولتووری سیاسی رۆژئاوا دەكات و ئەوەشمان بیردەهێنێتەوە کە رۆژئاوا سەرنجی ئەوە نادات پێوانەكانی لەدەستداوە و ئەمەش، بەپێی تێگەیشتنی ئاگامبێن، وادەكات رۆژئاوا نەكارێت وانەی دێمۆكراسی بە كولتوورەكانی تر بڵێتەوە”. ئەمە کە خەمێكی فەلسەفی جوانی ئاگامبێنە لە دووتۆی ئەو نووسینانەش هەوێنیداناوە بە پەتای كۆرۆناوە تایبەتیكردوون.

هۆمۆساكەر : بەسیاسیكردنی ژیان، بەسیاسیكردنی مەرگ

هۆمۆساكەر(مرۆڤی پیرۆز Homo sacer )بەشێكی تر لە تێزی بیۆپۆلیتیك لە فەلسەفەی سیاسی ئاگامبێن پێكدێنێت. هۆمۆساكەر بەپێی یاسای رۆمانی كۆن ئامادەبوونێكی كۆمەڵایەتی هەبووە. ئەو مرۆڤەیە تاوانێک دەكات و دەبێت بە هۆمۆساكەر. ئەوەی ئەم مرۆڤە بكوژێت سزانادرێت و كارەكەشی بەتاوان لەقەڵەمنادرێت. هۆمۆساكەر مرۆڤیێكی بێمافە و یاساشی لەپشت نییە و هەر وەك بێمافیش لە كۆمەڵگە ژیان بەسەر دەبات. ئەم كەسە خوێنی حەڵالە و لەسەر كوشتنی كەس سزا نادرێت. لەبەرئەوەی بوونی دەكەوێتە دەرەوەی یاسا هیچ بەرپرسیاریەكی رەوشتی و یاسای ناكەوێتە ئەستۆی بكوژەكەیەوە. ئاگامبێن لەئێستادا ئەم واتایە بۆ هێرشكردنە سەر سیاسەتی هاوچەرخی رۆژئاوایی بەكاردەبات. بەم شێوەیە هۆمۆساكەر لە كۆمەڵكەكانی ئێمە دەكرێت كوردێك بێت لەكاتی ئەنفالەكان بۆ بەعسیەك، موسڵمانێك بێت لەدەمووەختی رووداوەكانی 11/9 بۆ ئەمەریكاییەك، رەشپێستێكی ئەفەریقای ،پێش ماندێلا، بێت بۆ سپیپێستێك، ئێزدیەك بێت بۆ داعشێك، جوولەكەیەك بێت بۆ نازیەك یان فەلەستینییەك بۆ ئیسرائیلییەك، كۆمۆنیستێك بۆ فاشیستێك. ژیانی ئەم كەسە دەچێتە خانەی”ژیانێكی ناچۆنایەتییەوە، ئەم ژیانە ناچۆنایەتییە ئاگامبێن بە” zoe” ناویدەبات و ئەوەش كە ژیانێكی چۆنایەتی دەژیت بە” bios ” ناودەبات. ئاگامبێن “لەسەر بناغەی دابەشكردنی ژیان بەسەر ژیانی چۆنایەتی و ژیانی ناچۆنایەتی(ژیانی رووت ، ژیانی سروشتی) دا ئەوەش راڤەدەكات كە ژیان هەمیشە بووە بە بابەت”، ئوبژێكت Object، بووە بەو شتەی پێیدەڵێن سیاسیی political. ئەو شێوە دابەشكردنەی لایسەرەوە ئاماژەی پێكرا، كە لە یۆنانی كۆندا سەبارەت بە ژیان هەبووە، لەئێستادا بەوجۆرە نییە. ئاگامبێن وتەنی، ئێستا “ژیانی مرۆڤ بەسیاسیكراوە ئەمەش وایكردوە جەستە بەسیاسیبكرێت” بۆیە ناشێت جیاوازی لەنێوان ژیانێكی رووت و ژیانێكی چۆنایەتیدا بكرێت. ژیانی چۆنایەتی بوونی نییە خودی جەستەش بەشێكە لەو شتەی دەسەڵات قۆرخیكردوە. لێرە، لەناو ئەم تێۆرییە، دەكرێت باس لە سەروەریی سیاسیش بكرێت، چونكە سەروەریی سیاسی هەوڵێكە بۆ قۆرخكردنی ژیان، بۆ دەستگرتن بەسەر ژیانی خود دا. بۆیە ئاگامبێن لەسەر ریتمی فەلسەفی فوكۆ لە نووسینی “مێژووی سێكسگەرایی” قسە لە بیۆپولیتیك دەكات، لەوەی كە چۆن سیاسەت كەوتۆتە ناو ژیانی سروشتی مرۆڤەوە، مەرگ بەسیاسیكراوە(بەسیاسیكردنی مەرگ The Politicization of death)، جەستە پیرۆزكراوە و لەرێگای ئەوەشەوە ژیان بەسیاسیكراوە(بەسیاسییكردنی ژیان The politicization of life). ئاگامبێن لەو شوێنەی دیدی بیۆپولیتیكی فوكۆ بەكاردەبات، “ژیانی سروشتی مرۆڤ و مەودای مەدەنی گشتی (the polis) بەرباسدەخات و دەیكات بە بناغە بۆ سیاسەت”. ئاگامبێن “پێشیوایە ئەرێنت بە بیست سالێك پێش نووسینی “مێژووی سێكسگەرایی” فوكۆ قسەی لە بیۆپۆلیتیك كردووە كەچی فوكۆ لەو پەرتووكەیدا ناگەڕێتەوە سەر ئەرێنت”.
هۆمۆساكەر لە زەینی ئاگامبێن بابەتی سەروەرییش دەگرێتەوە.ئەم سەروەرە دەكرێت پادشایەك یان قەیسەرێك یاخود سەرۆكێك بێت كە یاسای بەدەستەوەیە. ناوبراو جاریوایە لە ناوەوەی یاسایە و جاریواشە لە دەرەوە. لێرەدا قسەی ئاگامبێن لەو دەسەڵاتەیە سەروەریی بەدەستەوەیە و بەو جۆرە بەكاری دەبات كە پێویستیەتی.بەپێی شیكردنەوەكانی ئاگامبێن”سەروەر ئەو كەسەیە بڕیاردەدات كێ ببێت بە هۆمۆساكەر” و كێش لەناوەوە یان دەرەوەی كۆمەڵگە بژیت. هەر ئەم كەسە، سەروەری سیاسی،بڕیاری ئەوەشی بەدەستە”كێ ژیانێكی چۆنایەتی بژیت”، چ مافێك بە ژیان بدرێت و خود لەناو ژیانا چۆن بژیت.واتە، ئەوەی چارەنووسی هۆمۆساكەر دەستنیشاندەكات كەسی سەروەرە، سەروەر یان سیاسییە یان دادوەری شارە یاخودیش سەرۆكی وڵات. ئاگامبێن كە لەسەر رەوتی ئەریستۆ “جیاوازی لەنێوان ژیان و ژیانی باش، ژیانی بەچۆنایەتیكراوی سیاسی bios و ژیانی رووت(سروشتی) zoe دا دەكات” بۆ ئەوە دەچێت “یاسا توانیویەتی دەسەڵات والێبكات دەستنیشانی ژیان بكات”.واتە ئەوەی ژیان دیاریدەكات سیاسەتە، بەهۆی ئەم دابەشكردنە ئەریستۆیشەوە قسە لە پەیوەندی نێوان ژیان و سیاسەت دەكات و ژیانیش لە شار، لە شارە رۆژئاواییەكان ژێرپرسیاردەخات. بەسیاسیبونی ژیان کە هەنووکە دەگرێتەوە هەنووکە بەسیاسیکراوە، هەنووکە جیاوازی لەنێوان هاوڕێ و دوژمندا نابینێتەوە، هەنووکە دروستکەری هۆمۆساكەرە، كە دەكرێت بەبێ لێپرسینەوە بكوژرێت یان بكرێتە قووربانی، لەهەر شوێنێک بێت. لە هەنووکەدا هۆمۆساكەر دەشێت تووشبووێکی کۆرۆنا بێت کە لاشەکەی وندەکرێت، کە مەرگی بەسیاسیكراوە، لەناو ژیانێک کە ئەویش بەسیاسیكراوە.
سەرنج: لەم بەشە زۆر بە كورتی تەلاری هزری ڕەوشی ئاوارتەمان باسكرد كە گرنگی بۆ تێگەیشتن لە تێۆریزەكردنەكانی ئاگامبێن سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا هەیە و لە بەشی داهاتووش دێینەسەر گفتوكۆی ناوەرۆكی نووسینە فەلسەفییەكانی ئاگامبێن تایبەت بە كۆرۆناڤایرۆس و شێوازی یەكگرتنەوەی چوارچێوەی هزری بیۆپولیتیك و پەتای كۆرۆناڤایرۆس و ئەو بارە نائاساییەش پەتای ناوبراو سازاندی. كار بۆئەوەش دەكەین بەكورتی ئەوە بخەینەروو كە ڕەوشی نائاسای- دۆخی ناچاری- State of emergency لە ڕەوشی ئاوارتەState of exception ئەویش لە ناچاری نەتەوەیی National Emergency جیاوازە.

ئازاد حەمە

ماویەتی……………………

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……….




دیستانس لە دوژمنە نادیارەكە -4- … ئازاد حەمە

بەشی چوارەم

  • لە دیستانسی ئەندازەییەوە بۆ دیستانسی كۆمەڵایەتی :

لەژێرسایەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس زاراوەناسی (Terminology) بە خشكە ئیشی خۆیدەكات و رۆژانە بە زاراوە و وشەی نوێ دەمانناسێنێت و لەگەڵ مانا و بەكاربردنەكانیشی دەمانگونجێنێت. بەپێی ڤایرۆسناسەكان لە ئێستادا باشترین شتێك دەشێت بۆ خۆپارێزی شانبەشانی رێكارییە تەندروستییەكانی تر جێبەجێبكرێت دیستانسە (دووری، نێوان، بەین)( Distance)، ئەڵبەتە دیستانسی جەستەیی (فیزیكیی) (Physical Distancing). رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO ) بریاری لەسەر دروستكردنی بەینێك داوە لەنێوان كەسەكاندا كە 2 مەترێك بێت لە ئێستاشا لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەكان، زانایانی بواری ڤایرۆسناسی پێشنیاری زۆرتر لە 2 مەتر دەكەن، بەڵام سازاندنی ئەم نێوانە زەبری رۆحی و ناخی بۆ تاكەكانی كۆمەڵكە دروستكردووە و هەڵچنینی دیوارەكانی بەین و نێوان زۆرێك لە مرۆڤەكانی دووچاری نامۆی و خەمۆكی كردووە. بەریەككەوتن و دەست لەیەكتردان و باوەشبەیەكتركردن هەمیشە بۆ كەسی ناساغ مانای رۆحی و دەروونی خۆی هەیە، لێ پەتای كۆرۆناڤایرۆس ئێژێت ئەوە قەدەغەیە!
دیستانس لە تێگەیشتنێكی بیركارییەوە بۆ تێگەیشتێكی كۆمەڵایەتی ئەو گفتوگۆیەیە كە پاندێمی كۆڤید- 19 بەجۆرێكی تر هێنایەگۆرێ. پەتاكە ئەو وشەیەی خستەناو سێستەمێكی گشتگیری ئەنجامگرانەی زیرەكانەوە. بیریشمان نەچێت كە زۆربەی مایكرۆبایۆلۆژیست و ڤایرۆسناسەكان پێیانوایە ئەم پەتایە ڤایرۆسێكی ژیرە و جوڵەكانی سامناكە و لە دەرەوەی كۆنترۆڵیشە. ئەمە وایكرد كۆرۆناڤایرۆس دروستكەری دوورییەكی (دیستانسێكی) تایبەت بەخۆی بهێنێتەئاراوە،پێوانە بێتەكایەوە و ئەندازە كاری ژماردن بكات. هەر بۆیە دووریی لە لێكسیكۆنی كۆرۆناڤایرۆس مانای پزیشكی و تەندروستی هەیە، كە لە مانا ماتماتیكییەكەوە سەرچاوە دەگرێت و مرۆڤاكان جێگای ژمارەكان و ئەندازەكان دەگرنەوە. دووریی جەستەكان لەیەكتر ئامانجی پزیشكی تێدایە، كە ئەوەش بۆ ئەوەیە ناسنامەی تەندروستیمان تێكەڵبەیەك تر نەبن، هەرچی كۆرۆناڤایرۆسە ناسنامەی لە جەستەكان وەرگرتۆتەوە. جەستەكان لە چوونە نێو یەكتر Intertextuality دان. جەستەكان لێكدابراو نیین. بەیەك ئاشنان و بەیەكتر شت دەدەن. هەستیان بۆ یەك هەیە و یەكتر بانگ دەكەن، شتی هاوبەشیان هەیە. ئارەزووی یەكتر دەكەن و لەناو یەكتردا وێنابوون دروستدەكەن. مەخابن سیاسەتی تەندروستی تایبەت بەپەتای كۆرۆناڤایرۆس جەستەكان لێكدادەبرێت و دوورییش دەخاتە نێوانیانەوە. دووری بۆشایی (Space ) دروستدەكات. لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس كە باس لە بۆشایی كرا نەك هەر فەلسەفە، بەڵكو بیركاری و فیزیاش هاتەگۆ. چونكە وشەی بۆشایی ئاقاری تر بە گفتوگۆ دەدات كە بۆشایی لەوێدا تەنیا كۆمەڵایەتی یان جەستەیی نییە هەروەك تەندروستی مەبەستیەتی.
بەواتایەكی بەرینتر، مۆدێلی بیركاری شانبەشانی فیزیك لەم تەنگەژەی پەتای كۆرۆنایە هاتەناوەوە. لە فیزیكدا دوو جۆر چەندێتیی هەیە. “چەندێتیی پێوانەیی (كات، بارستایی، درێژایی) و چەندێتیی ئاراستەدار (هێز و تاودان)”. ئێمە ئێستا لەناو چەندێتیی پێوانەییداین. یەكەی پێوانە بۆ دورخستنەوەمان لەیەكتر دەكەوێتە كار. مەتر ئامرازی پێوانەكردنەكەیە. ئەمە مۆدێلی نەهێشتنی سۆز و هەستە بۆ یەكتر، نەمانی ماچ و باوەش و تەوقەیە، كۆتایهاتنی بەریەككەوتنی جەستەییە. وەكیتر، كۆرۆنا شێوازێكی تازەی لە چاودێری و قەدەغە و رێگری و بگرە رێكاری توندی ئاسایشیش دروستكرد كە دەمێكە حكومەتەكان خەونی پێوەدەبینن.
مەبەست، كۆرۆناڤایرۆس وشەی دووریی (دیستانس) لە كردارە ژمارییەكەی خۆی خست و لەبری ئەوەی لەنێوان شتەكاندا هەبن كەوتنە نێوان مرۆڤەكانەوە. دووریی لە دووری ئەندازەییەوە بەرەو دووری كۆمەڵایەتی ملینا. پێشتر بیركاری باسی لە “دووریی لە بۆشایی دوو رەهەند (Dimension)ی یان سێ رەهەندی” دەكرد كەچی ئێستا دووریی كەوتۆتە دۆزێكی رەهەندی كۆمەلایەتییانەوە. دووریی لە رەهەندی ماتماتیكییەوە بەرەو رەهەندی سۆسیۆلۆژییانە هەنگاو دەنێت. ماتماتیك دەیویست پێمانبڵێت “دووریی نێوان خاڵ و راستەهێل خۆی بریتییە لە كەمترین دووری نێوان خاڵەكە و هەر خاڵێكی سەر راستەهێڵەكە” كەچی ئێستا سۆسیۆلۆژیای دووریی لەژێر زەبری كۆمەڵایەتی پەتای كۆرۆنا پێمان دەڵێت دووریی خۆپارێزیی و ئەوی تر پارێزیشە. دووریی لێرە دروستكردنی مەودایە بۆ زەقكردنەوەی بۆشاییەك كە رەهەندەكەی سیاسەتی تەندروستی دیاریدەكات. پەتای كۆرۆناڤایرۆس سود لە نەمانی دووریی وەردەگرێت بۆ ئیشكردن، بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی خۆی، سیاسەتی تەندروستیش بەچاندنی دووریی، كە دیواری هەڵچنراوی نێوان جەستەكانە، كار لەسەر سنوردانان بۆ پەتاكە دادەنێت، بەڵام پەتای كۆرۆناڤایرۆس دوورییەكانی، نێوانەكانی، جارێ لەسەر زەوی هێشتوەتەوە و نەیگەیاندۆتە ئاسمان. لەسەر زەوی بەینەكان پێویستە لەنێوان مرۆڤەكان بپێورێن، كە پێشتر لەنێوان شتەكاندا دیاری دەكران. سیاسەتی تەندروستی و پزیشكی كە گوێ لە سەنتەرەكانی ڤایرۆسناسی و مایكرۆبایۆلۆجی دەگرێت بریار لەسەر دووریی نێوانەكان دەدات. هەنووكە نێوانی مرۆڤەكان ترسناكترە لەنێوانی مرۆڤ – ئاژەڵ یان مرۆڤ – شتەكان (ئۆتۆمبیل، تەنەكە).
كەوابێت لێرە دەپرسین:دیستانسی جەستەیی (فیزیكی) یان دیستانسی كۆمەڵایەتی(Social Distancing) بكەوێتە نێوان كەسەكانەوە؟بەشێك لە راوێژكارانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێیان باشترە بوترێت دیستانسی جەستەیی تا دیستانسی كۆمەڵایەتیی،ئەمەش بۆ ئەوەی مرۆڤەكان هەست بە بوونی خۆیان، بوونی كۆمەڵایەتیان، بكەن. دیستانسی كۆمەڵایەتی دابڕان و لێكجودابوون لە ئاگایی كەسەكان دروستدەكات و كاردانەوەی دەروونیشیان لەسەر دادەنێت. هەرچی لە دیستانسی جەستەییدایە جەستە لەوێ نابێت و لە “ئەوی تر”یش دوور دەبێت و دەكرێت بوونی كۆمەڵایەتی خۆشی بپارێزێت. وەك خوێندن و كاركردن لەماڵەوە،لە دوورەوە. واتە لە دیستانسی جەستەییدا لە پەیوەندیداین بە دابڕاوی. ئەمە داهێنانی پاندێمی كۆڤید -19 یە.ئەم پاندێمیە دەخوازێت دووربەدوور لەتەكیەكدا بین. نێوان یەكماندەخات نەك پێوەكەوەبوون.
حەیف ئەو دەمەی بۆشایی دەكەوێتە نێوانمانەوە ئیدی ئێمە لێك دادەبردێین. لێكدابران تەنیا كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو جەستەیشە. بۆشایی لێكماندەكاتەوە و نێوان دەخاتە بەینمانەوە. بەینمان تێدەكەوێت و پەیوەندی لێكدەترازێت. لە فیزیادا هەروەك بیركاریش هەموو دوورییەك ئاراستەی خۆی هەیە. كە باس لە بۆشایی دەكەین جێیەك ئامادەیە. شوێنێك كە خۆی لە بەرفرییدا دەبینێتەوە. واتە رەهەند (Dimension) بوونی هەیە و خودی رەهەندیش لە فرە رەهەندیدایە. كۆرۆناڤایرۆس دەخوازێت شوێن دیاری بكات، جێ دەستنیشان بكات و لە بێ سنورییەوە بیبات بەرەو سنورداریی. رەهەندی بۆشایی لەسەر دەستی فیزیاناسان لە “سێ رەهەندییەوە (بەرزی، درێژی، پانی) بەرەو چوار رەهەندی” دەچێت. “جێی (شوێن) كە سێ رەهەندییە لەگەڵ كات كە یەك رەهەندییە پێكەوە چوار رەهەندییەك پێكدێنن” كە ئەوەش جێكات Spacetime دروستدەكات.
ئەڵبەتە بۆچوونی فەیلەسوفان و بیركاران و فیزیاناسان بۆ بۆشایی لە زۆر لاوە یەكناگرنەوە بەتایبەت لەو شوێنەی كە فەلسەفە دەیەوێت بزانێت بۆشایی بوونە یان نەبوونە، لێ فەلسەفە لەوە حاڵییە كە بۆشایی دەكەوێتە نێوان شتەكانەوە. ئەو دەمەش ئەمە روودەدات بۆشایی تەنیا نییە و لە پەیوەندیدایە. ئێستا كۆرۆناڤایرۆس ئەو پەیوەندییە دەخوازێت بقرتێنێت. ئەم گفتوگۆیە كە دەچێتە خانەی فەلسەفەی كاتەوە دوو زانای سەدەی 17 ، نیوتن و لایبنتز Leibniz، رۆلیان لە بەرەو پێشەوەبردنی ئاقاری گفتوگۆكان، لەمەر كات و بۆشایی، دیووە. بۆ نیوتن جیاوازی لە نێوان ” جووڵەی سرەوت و جووڵەی نەسرەوت” دا نییە. ” لەو شوێنەی سرەوت نەسرەوتە بۆشایی هەر دەمێنێتەوە”. هەرچی بەپێی لایبنتزە “بۆشایی پەیوەندی نێوان تەنەكانە”. بەم شێوەیە ناجۆری و ناهاوشێوەییەك لە بینینی ئەم دوو زانایەدا هەیە. نیوتن “بۆشایی یەكساندەكات بەو پەیوەندییەی لەنێوان شتە مادییەكاندا “هەیە. ئەمە بۆ لایبنتز وەك خۆی هەرسنابێت، چونكە لایبنتز وایدەبینێت كە “بۆشایی ئەو كاتە هەیە كە تەنەكان جێگا داگیردەكەن و دەبێت لەتەنیشت یەكیشەوە بن ئەگەرنا بۆشایی بوونی نییە”. بۆشایی لای نیوتن “جێگایەكی رەهای هەیە و بوونی پێویست ناكات بە شتێك پربكرێتەوە”. بەم شێوەیە بێت ئێستا ئێمە زۆرتر لەناو بیردۆزەكانی لایبنتز دەژین تا نیوتن.
كەواتە، لەبەر رۆشنایی ناسنامەی بایۆلۆجی پاندێمی كۆڤید – 19ناسنامەی رەوشتی و ناسنامەی تەندروستی خۆمان دادەرێژینەوە و لە جەنگی پزیشكی و تەندروستییەوە بەرەو جەنگی فیزیایی و ئەندازەیی ملدەنێین. ئەم جەنگە بۆ خۆڕاهێنانی تاكیشە لەسەر لە ماڵەوەبوون بە پاساوی پاراستنی تەندروستی، تەندروستی جەستەكرا بە خەمی هەمووان. هەموان بووینە كۆیلەی جەستە و جەستەش نایەوێت ئەوە ببینیت كە نابینرێت یان جارێ نەبینراوە.

  • دوژمنی نادیار/ بینینی نەبینراو
    گۆی زەوی دوژمنێكی هاوبەشی بۆ دروستبوو كە هەموو پێكەوە لەسەر ناونانی بە پاندێمی كۆڤید – 19 رێككەوتین، هەر هەمووش كەوتینە جەنگەوە لەگەڵ ئەم دوژمنە نادیار‌ە. لە ماڵەوەبوونمان كردە سەنگەری بەرەكانی ئەو جەنگە زۆرە ملێیەی بەسەرمانا سەپێندرا دژ بە “”دوژمنی نادیار Invisible enemy “”. بێ ئەوەی بچەینە بەرەكانی جەنگ، بێ وەگەرخستنی تانك و تۆپ و رۆكێت كەوتینە بەزاندنی ئەم دوژمنە گەردوناوییە. سەرسامكەر نەبوو كە ترامپ وتی “من سەرۆكی كاتی جەنگم لە شەری كۆرۆناڤایرۆسدا” (wartime president in coronavirus battle). هەندێك ناویاننا “”دوژمنی نادیاری هاوبەش common invisible enemy “”، چونكە دوژمنی كۆیە، دوژمنی پێكەوەبوون و رابەری دابران و جوداكردنەوەكانە لەگەڵ ئەویتر و لەگەڵ خودی خۆشمانا. لەتەك ئەویتر دووچاری نەناسی كردین، لەتەك خۆمانا خستمانیە ململانێ و گومانكردن لە پاكوخاوێنی خۆمان. بەم شێوەیە، نادیاریی (نەبینراوی) Invisible كۆرۆنا چیمان لێ داوادەكات؟ كۆرۆنا داوای ئەوەمان لێدەكات ببەینە قۆناغی دیارەوە (بینراوەوە) ( Visible) یان دان بە بوونی ئەو دیوارە بهێنین كە لەنێوان دیار و نادیاردا هەیە؟ بە هاتنی ئەم میوانە نائازیزە نەبینراو بووە بینراو و بۆشایی نێوانیشان نەما و شوێنێكیش بۆ نەبینراو لە بوونمان لە ئامادەبوون كەوت. بۆئەوەی وتنەكانمان پتر فەلسەفی بكەین و دۆزی دیار(بینراو) لەناو نادیار(نەبینراو) و بەپێچەوانەشەوە راڤەبكەین، بۆ ئەو مەبەستە، دەگەرێینەوە لای بیرمەندی فێنۆمێنۆلۆژی فەرەنسی مێرلۆ – پونتی Merleau-Ponty كە لەم روەوە جێپێی تێرامانەكانی وننابن.
    لێرە، لەو توێژینەوەیەی ناوبراوەوە دەستپێدەكەین كە بەناوی “”چاو و رۆح”” نووسیویەتی و تیایدا هەندێك پرسیار دەكات كە پێشتر لە پەرتووكی “فێنۆمێنۆلۆژیای درك” دا كردونی: “پەیوەندی دژەگەرای نێوان بینین (روئیا) و بابەت؟ ئەو روئیایەی ناسنامەی گشت جەستە و جیهانێك دیاریدەكات”؟پرسیارەكان وادەكەن مێرلۆ – پونتی “پەیوەندیەك لە نێوان جەستە و جیهان دروستبكات كە جەستە نەتوانێت دەستبەرداری جیهان بێت ” بەجۆرێك ” گشت جیهان دەشێت لە جەستەدا خۆی بەرجەستە بكات”. ئەزموونی جەستە لێرە ئەزموونی دانەبڕانە لەنێوان شت و خود دا. بەمجۆرە جەستە لای مێرلۆ – پونتی دەتوانێت ببینرێت و بشبینێت”.
    مێرلۆ – پۆنتی لەم كارەیدا باوەریشی بەوەیە “دركی حیسی جیهان بە بینین دەستپێدەكات و سەرەتای ئەم بینینەش جەختكردن دەبێت لە رووی جیهان. واتە “دركی حیسی بەهۆی بینینەوە مسۆگەردەبێت”. ئەوەی تایبەت بەم لایەنەش مەرجە سەرنجی بخرێتەسەر ئەوەیە كە بەهۆی بینینەوە دركی جیهان دەكەین. لەم حاڵەتەدا “چاو دركی جیهان دەكات. كۆرۆنا دۆزێكی هێناوەتە پێشێ كە جیهانی دركپێكردن بكەوێتە ناو زۆنی نەبینراوەوە، ئەو جیهانەی كە تیایدەژین و خەریكە دەكەوێتە دۆخی لەبیرچوونەوەوە، كە ئەوەش وادەكات نەكارین ئەو جیهانە وەك بینراو پەیپێبەرین. لەم حاڵەتەدا “جیهانی دركپێكردن” پێچەوانەكەی بەرهەمدەهێنێت. “تێژیانی ژیان” یش دووچاری ئەستەمی بینین دەبێت. بۆیە سەرنجڕاكێشانە پاندێمی كۆڤید-19 بینینمانی لە بینین خست. یان كۆرۆناڤایرۆس مافی بینینی سنورداركرد. تەنیا ڤایرۆسناسەكان، شارەزایان لە ئێپێدیمی، درمناسی (Epidemiology )، ئەو مافەیان پێبەخشراوە ببینن.
    میرلۆ – پونتی لە بەشێك لە قسەكانی پشتگیری لە وتنێكی پۆل ڤالێری Paul Valéry دەكات كە “وێنەگر جەستەی خۆی ئامادە دەكات” و ئەوەش بە ئەستەم دەزانێت كە “چۆن مرۆڤ دەتوانێت رۆح وێنەبكات”. بەس ئەم پرۆسەیە جیهان دەكات بە وێنە و “ئەوەش كە وێنە دەدات بەدەستەوە چاو و دەستە”. كەواتە لێرە وێنەگر دەبێت بە مایكرۆبایۆلۆژیست كە دەكارێت نەبینراو بخاتە ناو پرۆسەی بینراوەوە. گەر لەسەر رەوتی هزرەڤانی میرلۆ –پونتی سەبارەت بە هەمان بابەت بەردەوامبین دەپرسین: “شتی بینراو چییە؟ ئەو شتە چییە كە شت دەكات بە بینراو؟ بینراویی شت چییە؟ لێرە مێرلۆ – پۆنتی جەختدەكات كە “مانا بینراو نییە” و بەهۆی ئەوەوە نەبینراویش دەستنیشاندەكات. بەس ئەوەش رووندەكاتەوە كە “بینراو دژە جەمسەری نەبینراو نییە”، چونكە “بینراو بەشێكی لە نەبینراویی تێدا ئاخنراوە”. واتە بینراو نەبینراو لەخۆیدا كۆدەكاتەوە. مێرلۆ – پۆنتی ئەمە بەوە لێكدەداتەوە كە” نەبینراو بۆچوونێكی دژە نهێنیانەیە بۆ بینراو”، بەڵام”مێرلۆ- پۆنتی بەراووردكارییەكان لەنێوان بینراو و نەبینراو پەسەند ناكات”، چونكە بەراووردكارییەكان بوونیان نییە. ئەمەش بۆ ئەم بیریارە فەرەنسییە ئەوە دەگەێنێت كە “بینراو بناغە بۆ نەبینراو دادەنێت”. كەواتە كۆرۆناڤایرۆس لێرە نەبینراوە، لێ مەحكومە بە بینین. خودی ناوەكەی بەڵگەیە لەسەر بینینی. ناونانی سەرچاوەی بینینەكەیەتی. بینراوە بۆ كێ؟ لە كوێ؟ بۆ ڤایرۆسناس و لە ئەزموونگەكانی درمناسی دا ئەوە كراوە.
    بەقسەی مێرلۆ – پۆنتی “بۆئەوەی لە بینراو تێبگەین پێویستە لەپەیوەندی بینراو بە نەبینراو تێبگەین”. “بینراویش بەوە لەقەڵەم دەدات كە شتێكە لێرە نییە، ئەو شتەیە كە دوورە”. گومانیش ناكات “بینراو یان بریتییە لەو ئیدیایەی گشت كەسێك هەیەتی بۆخۆی یانیش ئەوەی ئەویتر لەپێناو تۆدا هەیەتی”. ئەڵبەتە پەیوەندی نێوان بینراو و نەبینراویش واشیدەكاتەوە كە “نەبینراو تەنیا نەبینراو نییە”. “بینراویش دەشێت ئەو شتە بینراوە بێت كە بۆ من بینراوە، یان بۆ كەسێكی تر بینراوە، دەشكرێت ئەو شتە بۆ ئەو بینراو بێت و بۆ من نەبینراو بێت”. تەنانەت باوەڕی بەوەشە كە “نەبینراو چاڵێكە لە بینراو دا”. هاوكات هەموو بینراوێك وەك نەبینراوێك دەبینێت “ئەمەش بەو مانایە نایەت كە بینراو و نەبینراو ناكۆكن”. مێرلۆ- پۆنتی ئەمە بەسەر درك و نادرك، ئاگای و نائاگایشا پەیرەودەكات. هەروەها مێرلۆ – پۆنتی “نەبینراو وەك ئەو شتە دەبینێت كە ئێستا بینراو نییە”، لێ دەكرێت لە شوێنێكی تر خۆی دەرخات. ئەمەو پێیشوایە “نەبینراو وەك هیچ وایە، هیچیش نە لە نەبینراو زیاترە و نەش كەمتر”. ئەڵبەتە”پەیوەندی نێوان جیهان و بوونیش وەك پەیوەندی نێوان بینراو و نەبینراو دەبینێت”. پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە گفتوگۆی مێرلۆ – پۆنتی تایبەت بە بینراو و نەبینراو لەهەندێك شوێن لەگەڵ “ئۆنتۆلۆی دێكارت رووبەروودەبێتەوە”، كە لێرە بواری وەستانمان لەبارەیەوە نییە.
    سەرباری ئەوە، مێرلۆ- پۆنتی لەم بەرهەمەیدا “جەستە دەكات بە شتێك دەكەوێتە نێوان جیهانی دەرەوە و ناوەوەی “من” ەوە، جەستە ئیدی شتێكی بابەتی یان دەرەكی نییە، بەڵكو لەنێوان بابەتی و خودیدایە”، ئەمەش لەبەرئەوەی كە “جیهان بۆلەمەولا ، بەبۆچوونی مێرلۆ – پۆنتی، جیهانێكی بابەتی تاك نییە”. بۆ مێرلۆ – پۆنتی ئەوەش پرسیارە كە “ئایا جیهانی دەرەكی لەودیو ئاگایمیانەوە بوونی هەیە؟ باشە گەر هەشبێت دەتوانین جیهان لە دەرەوەی ئاگایمان بناسین؟” بەخۆی ئەوەی مێرلۆ – پۆنتی دەیەوێت بیكات پێشنیاركردنی لێكدانەوەیەكی ئۆنتۆلۆژیانەیە لەمەر بوون لە جیهانا. پرسیاری “بوونی جیهان مانای چییە؟” بۆ مێرلۆ – پۆنتی پرسیارێكی فرە بە ماهیەتە. ئەم پرسیارە لای ئەم هزرەڤانە بە ناواخنە، چونكە “پرسیارە لەسەر مانای بوون”. پرسیاركردنی ئەم هزرەڤانەش لەسەر مانای بوون لە جەختكردن لە بوونی خودی بوون گرینگترە. وەكیتریش “عەوداڵبوونی مێرلۆ – پۆنتی بەدوای مانای بوون دەیباتەوە شوێنێك قسە لە واتای خود (سوبژێكت) و بابەت (ئوبژێكت) یش بكات”.
    پووختە، بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی كۆرۆناڤایرۆس بریار لەسەر دروستكردنی بەینی كۆمەڵایەتی لەنێوان كەسەكان لە كۆمەڵگە ، لە شوێنە گشتی و تەنانەت ناو ماڵەكانیش درا. تاكەكان لە ماڵەكان، ماڵ كە بووە ئۆفیس و كارگە و یاریگای بچووك، كە لە دۆخی كەرەنتیندان ویستی تەندروستیان بەسەر ویستەكانی تردا سەپاند و ئەو بەینەیان خستە نێوان خۆیانەوە كە سیاسەتی تەندروستی دایرشت. ئەمە دانپیاهێنانە بە بینینین. بەینی كۆمەڵایەتی بۆ كەمكردنەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە شوێنە گشتییەكان و وەستاندنی جوڵە هەوڵێكە بۆ دوركەوتنەوە لە بینراو. بەینخستنە نێوان كەسەكانەوە دانپیاهێنانە بە بوونی فیزیای، جەستەیی، پەتای كۆرۆنا. دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی دوركەوتنەوەی جەستەیشی تێدا بەرجەستەیە. دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی هاوشانە لەگەڵ خۆكەرەنتینكردن، هەردووش خۆپارێزی دروستدەكەن لە پەتای ناوبراو، لە دوژمنە نادیارەكە. ئەوەی یەكەم لە دەرەوە لەناو كۆمەڵگە پیادەدەكرێت و هەرچی دووەمە لەناو ماڵ لە رووبەرێكی بچووكتر. بەم جۆرە پەتای كۆرۆنا لە گشت شوێنێك بوونی خۆی سەپاندووە. مەترسیەكە بەڵگەیە لەسەر بوونی بە بینراو. پەتای ناوبراو ئێستا قۆناغی نادیاری تێپەراندووە. واتە كۆرۆنا جەستەیە.جەستەش ، بەپێی بینینی فێنۆمێنۆلۆژییانەی مێرلۆ – پونتی، “بابەتێكە لە جیهان دا خۆی تاقیدەكاتەوە”.
    كەوابێت پاندێمی كۆڤید – 19 كۆتایی بە فەلسەفە ناهێنێت. “فەلسەفە كە پرسیاركردنە لە جۆرێكی تر”، پرسیاركردنێك كە گشت “پرسیارەكانی زانین دەجووڵێنێت و لە بنەچەی مانای پرسیار و وەڵامەكانیش دەكۆڵێتەوە” ئەو رێگایانە هەڵدەوەشێنێتەوە كار لەسەر بەسیاسەتكردنی ڤایرۆس دەكات و ئەوەش شیدەكاتەو كە پەتای كۆرۆنا بووە هۆكاری بینینی نەبینراو.
    سەرنج: لەبەشەكانیتر دێینەوەسەر ئەم بابەتانە: دەرمانخانەی فەلسەفی و دەرمانخانەی كۆرۆنا، گەرانەوە بۆ خوێندنەوەی رۆمانی “تاعون”ی كامی لە دەمی كۆرۆنادا، كۆتایی جیهان و ترس لە كۆرۆنا، كۆتایی فەلسەفە یا خود كۆتایی زانست؟، چارەنووسی كۆمەڵگەی فرەكولتوور و جیهانگیری لەژێر زەبری پەتای كۆرۆنا، راڤەكاری بیرمەندان (بادیو، ئاگامبێن، ژیژێك و…) بۆ پەتای كۆرۆنا…..

ماویەتی…………




لەگەڵ پەتای كۆرۆنا ڤایرۆس روناكبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان-3-… ئازاد حەمە

بەشی سێهەم

  • كۆرۆناڤایرۆس ژیانمانی كردە بەشێك لەپزیشكی و تەندروستی:

    لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس (COVID-19) روناکبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان. پەتاكە بووە هۆكاری وروژاندنی زیاد لەپێویستی ناوی پزیشك(Doctor) و خودی پسپۆریەكەش، پزیشكی(Medicine)، تادەگاتە وشەگەلێكی تر وەك تەندروستی، دەرمان، ناساغی (Illness)، پەتا، نەخۆشی (Disease)، پاكوخاوێنی(Hygiene) و نەخۆشیناسی(Pathology) ((ئەو زانستەیە لەسروشت و هۆكاری نەخۆشیبوون دەكۆڵێتەوە))…هتد. ئەمە چەند باشە لایەنی خراپی هەیە. بێگومان باشە كە مرۆڤەكان ئاگایی پزیشكییان هەبێت و ئەوەش بكارێت زانینی تەندروستی لای تاكەكان دروستبكات، بەڵام كاتێك پزیشكی قسە لەسەر تەندروستیمان لە رێگای قسە لە مەرگمان و جەستەی بیمارمان دەكاتە بابەتێكی رۆژانە و بەردەوام لێكەوتەی دەروونی خراپی دەبێت. لێرەوە پزیشكی ترسناكی دروستدەكات، دەبێتە شتێكی تۆقێنەر و مەرگی خۆمانمان بیردەخاتەوە. هەر بۆیە پێویستە بپرسین: تاكوێ پزیشكی مافی قسەكردنی لەسەرجەستە(مەرگ بە كۆرۆنا) هەیە؟ لێرە پێویستمان بەجیاكردنەوەی پزیشكییە لە ڤایرۆسناسی (Virology). پزیشك هەمان ئیشی ڤایرۆسناس ناكات. ڤایرۆسناسی دەچێتە خانەی مایكرۆبایۆلۆجی(microbiology) یەوە، كە كاری لێكۆڵینەوەیە لە زیندە بچووكەكان. ئەدی كێ مافی قسەی لەسەر مەرگ هەیە؟ مەرگی جەستە، بە درمێك، بە ناساغیەك؟كۆرۆنا هۆكاربوو پزیشكی بێتە ناو ماڵەكانمانەوە.كێ ئەم مافەی بە پزیشكیدا؟بێگومان ماهیەتی دیسیپلین(Discipline)ەكە، بەهۆكاری ئەوەی ئێمە دەشێت دووچاربووبێتین، پێوەبووبێتین. بۆیە پزیشكی دێت و ئەو مافە بەخۆی دەبەخشێت قسە لە تەندروستیمان بكات تا جەستەی بیمار(ناساغ)لە جەستەی تەندروست جیابكاتەوە.لەبەرئەوەی پزیشكی”زانست و كرداری تیماركردن و نەهێشتنی نەخۆشی و دەردەكانە” مافی قسەكردنی لەسەر تەندروستیمان لە رێگای دەستنیشانكردنی ئەو پاتۆجێن(Pathogen)ەوە((نەخۆشخەر یان نەخۆشی دروستكەر))هەیە لە جەستەمان شوێنێك بۆ خۆی دابین دەكات.بەمە پزیشكی بەهۆی ئەوەوە، نیشانە(Symptom)كانی ناساغی جەستەمان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی جەستەمان، كە بۆ ئێمە تەندروستیمانە،دەدات.باشە پزیشك جگە لە پسپۆری لە زیندەوەرناسی(بایۆلۆژی)و كارئەندامزانی(فسیۆلۆژی) پێویستە چیتر بزانێت تا قسە لەسەر تەندروستیمان بكات؟ئەم پرسیارە بەو ئاقارە كاردەكات كە روناکبیری پزیشك بخرێتە ژێرپرسیارەوە.پزیشك جگە لە چەمكگەلێكی وەك
    نەخۆش(نەخۆشی)، نیشانەكانی ناساغی، ئازار و دیاریكردنی جێگای ئێش و بیماری چیتر پێویستە بزانێت؟

    بەواتایەكی تر، لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس، كە روناکبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان، هەموو خۆمان بە نەخۆش(Patient) زانی وزمانی پزیشكیش كەوتە گۆگردن. مانای تەندروستییش كە زمانە پزیشكییەكەی لەخۆدا بەرجەستەكردوە لە میدیاكانا خۆی نمایشكرد و زۆنێكیشی بۆ پراكتیزەكردنی خۆی، پاش نەخۆشخانەكان، لە ماڵەكانمانا دۆزییەوە. میدیاكان لە ژێر فشاری كۆرۆناڤایرۆس ماڵەوەیان لێكردینە دەرمانخانە و نەخۆشخانەیەكی بچووك و رۆژانە چەند جارێك وشەگەلێكی وەك: پزیشك، تەندروستی، تووشبوو، نەخۆش، پزیشكی،پەتا، ناساغ، هەڵگری ڤایرۆس، چاكەوەبوو، مردوو، جەستە، دەرمان، ڤاكسین، پاكوخاوێنی، دەرمانخانە، چارەسەر، پشكنین..وهتد بەرگوێمان كەوت. هەموو ئەو وشانەش پزیشكی و پزیشك و نەخۆشخانەیان بیر دەخستینەوە.تەنانەت هەندێك وشە(تەشەنەسەندن، هەڵاوسان، ئاسایش و..) بواری بەكاربردنیان زۆرتر كەوتە ناو بواری پزیشكی و تەندروستییەوە تابواری مێژوو، ئابووری، ئەدەب، سیاسەت. كەوابێت كۆرۆناڤایرۆس ژیانمانی كردە بەشێك لەپزیشكی و تەندروستی.

  • كۆرۆناڤایرۆس پزیشكی كردە شای زانستەكان

    پزیشكی چییە؟ ئەو پرسیارە لە بیركراوەیە (كۆرۆناڤایرۆس) هێنایە ناو گفتوگۆكانمان سەبارەت بە تەندروستی گشتی یان خەڵك(Public health). تەندروستی بووە بابەتی راگەیاندنەكان، پزیشك دەركەوت، نەخۆشی بوو بە چەمكەێك كە جێگای بە هەندێك چەمكی تر لەقكرد كە پێشتر راگەیاندنەكان لەسەری مشەخۆربوون وەك: تێرۆر، گەندەڵی، جێندەر، داعش، یەكسانی و.. هتد. پزیشكی كە كۆرۆنا كردیە بابەتی بەردەوامی ماڵەكانمان واتای نەخۆشی لەگەڵ خۆی گشتیكرد. لەگەڵ واتای نەخۆشی چیتر بەرۆكی گوێگرتنەكانمانی گرت؟ تووشبوون، چاكبوونەوە، مردن، بیماری، ساغی، شفا، پاكوخاوێنی و..هتد. كەواتە پزیشكی خۆی ساناكرد و لە دیسپلینێكی ئاڵۆزەوە بووە روناکبیرییەكی سەرپێی رۆژانە.پزیشكی وەك زانستی دەردناسی و كاركردن لەسەر بیماری و توێكاری جەستە بووە باسی گشت میدیاكان و لەوەكەوت شتێكی تایبەت و لە شوێنێكی دیاریكراودا كاری خۆی بكات یان دەركەوێت، بۆنموونە نەخۆشخانە و هۆڵی توێكاری جەستە و ژووری نەشتەرگەریی.
    بەواتایەكی تر، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە زانستی دەردناسی(Pathology)((نەخۆشیناسی، ئەو زانستەی لە سروشت و هۆكاری نەخۆشیبوون دەكۆڵێتەوە))، كە كار لەسەر جەستەی ناساغ و دووچاربوو بە نەخۆشی دەكات بووە بوارێكی دەركەوتوو لە میدیاكانی جیهان و ئیشیشی بووە قسەكردن لە تووشبوو و چاكبووەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. مەبەست كۆرۆنا وایكرد دەرمانسازی و پەرستیاری ببن بە زۆرترین چەمكی بەكاربردوو لە میدیا گڵوباڵەكانا. كەس ئێستا قسە لە دان ناكات، لە قووڕگ، لە چاو…. قسەكردن لە ڤێتێرنەری ( Veterinary ) بەتەواوی فەرامۆشكراوە. كەس هەست بە ئازاری ئاژەڵەكان ناكات. ئەوەی گرنگە مرۆڤە. لەوەش گرنگتر مرۆڤی ساغە. هەموو خەمی ئەوەیانە ساغ بن، ساغ دەركەون. پەتای كۆرۆنا وایكرد پزیشكی ئاژەڵ بكەوێتە پەراوێزی پزیشكی مرۆڤەوە. ئێستا كێ باس لە ئازاری ئاژەڵەكان دەكات؟ خۆی دەبایە، بێكومان، مرۆڤ بێت، لێ مرۆڤەكان كەوتونەتە وایخۆیان. پەتای كۆرۆنا وایكردووە مرۆڤەكان ئێستا تەنیا لە خەمی خۆیاندا بن. هاوكات، پەتازانی و نەخۆشیزانی بەهۆی كۆرۆناوە بوونە چەمكە شیرینەكان لەكاتێكا ترسناك و سامناكن. بۆئەوەی پێشگیریش لە نەخۆشبوونمان و ئازاربكەین بێ ئەوەی پێی بزانین، و بشمانەوێت، بووینە بەشێك لە زانستی پزیشكی.ئێستا ئێمە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ماڵەكانمان و شوێنی كارەكانمان بوونە بە نەخۆشخانەیەكی بچووك یان دەرمانخانەیەكی گوازراوە. زۆرترین بوارێكی پزیشكی كە ئێستا لەژێرسایەی ترس لە كۆرۆنا بەكاردەبرێت كارئەندامزانی و زانستی بەرگرییە، ئەڵبەتە لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە كە شادەماری گفتووگۆ پزیشكییەكان پێكدێنێت.

    پەتای كۆرۆنا وایكرد پزیشكی ببێتە زاڵترین بواری زانستی. هەموو حەزدەكەین پزیشك بووینایە یان ببین بە پزیشك. گومانی ناوێت زانستە پزیشكییەكان لەڕووی مێژووییەوە لەخۆڕا گەشەیان نەكردووە و مرۆڤایەتی، بە بوونەوەرەكانی تریشەوە، زۆری چەشتوە تا پزیشكی بەم ئاستەی ئەمڕۆ گەیشتووە، بەڵام پزیشكی كە تەندروستی لەخۆدەگرێت بێلایەن نییە و شێوازی جوڵانەوەشی ئاراستەی خۆی هەیە و لە زانستە مرۆییەكان(سیاسەت، دەروونناسی، كۆمەڵناسی)دابڕاو نییە، لەپێش هەموشیانەوە لە فەلسەفە كە لەڕێگای رەوشتەوە، ئێتیك، دێتە ناو پزیشكییەوە. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی كە رەوشتی پزیشكی(Medical ethics) گەلێك میكانیزمی جووڵەی پزیشكی دیاری دەكات و مرۆییبوونی پزیشكی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەوە. لێرەوە ئاكاری پزیشكی چاودێری دەكرێت و كردەی پزیشك پێناسە دەكرێت و نەخۆشیش بابەتی هاوبەشی نێوان رەوشت و پزیشكی پێكدێنێت. تەنانەت دادوەری پزیشكیش لەگەڵ رەوشت ئیشی خۆیان لەسەر دیاردە تەندروستییەكان دەكەن. لێرە دەشێت نموونە لەسەر تێزەكانی بیرمەندی ئوسترالی پێتەر سینگر (Peter Singer) بهێنینەوە سەبارەت بە ((لەباربردن، كوشتنی ئاولەمە(embryo)، مەرگی باش یان مردنی میهرەبانانە(Euthanasia)، (Infanticide) )) كە لە بواری فەلسەفەی بیۆئێتیكی ئوتیلیتاریستی(Utilitarian bioethics) گفتوگۆی زۆری لەسەرە و پزیشكیش لەسەر دەستی تێزەكانی ئەم فەیلەسوفە تەندروستی و كۆمەڵگە پێكەوە گرێدەدات و هەنگاویش بەرەو سنوردانان بۆ ئازارچەشتن دەنێت. پێتەرسینگر، دوای دەركەوتنی پەتای كۆرۆنا، كار لەسەر زۆر تێزی تازەی خۆی دەكات كە پەیوەندییان بە بابەتی مردن (death) و رەوشتی مرادنەوە (dying) هەیە. ئەو دەمەش تێزە فەلسەفییە ئێتیكییەكانی سینگر سەبارەت بە مەرگ گفتوگۆی لەلایەك بایۆ-فسیۆلۆجی و لەلایەكی تر ئاینی و كۆمەڵایەتی-سیاسی لە خۆدەگرن لەگەڵ تێزی بیرمەندانی بیۆئێتیك (Bioethics) لێرە و لەوێ لە زانكۆكانی رۆژئاوا رووبەڕووی یەكتردەبنەوە و هەڵوێستەی جیاوازیی رەوشتی دروست دەكەن.

  • كۆرۆناڤایرۆس رەوشتی پزیشكی خستەبەر گفتوگۆە

    كۆرۆناڤایرۆس رەوشتی پزیشكی بەرچاویتركرد. بواری پزیشكی، كە دەسەڵاتی تەندروستیش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا زۆرتر وابەستەی بەها رەوشتییەكان بوو و بڕیارە پزیشكییەكانی پزیشكیش پتر لە جاران كەوتنە ژێر چاودێری تاكەكانی كۆمەڵگەوە.پزیشكی خەریكە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دیار لە نادیار، بینراو لە نەبینراو زۆرتر لە جاران لەیەكدی جیادەكاتەوە و ئەوەش دەستنیشاندەكات كە كۆمەڵگە لە چاوەڕوانیدایە. بۆئەو مەبەستەش پزیشك دادوەرییە پزیشكییەكانی كەوتە ئاستێكی پزیشكی ئەوتۆوە كە لایەنی كۆمەڵایەتی و رەوشتیشی تیا بەهەند وەربگیررێت. بەهەمانشێوە، سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناڤایرۆس بڕیاری پزیشكی(Medical Decision) كردە كارێكی ئاڵۆز. ئاڵۆزییەكە لە تایبەتییەتەكەی خودی پیشەی پزیشكییەكەوە سەرچاوەدەگرێت. بڕیارەكەش سەرچاوەی كارئەندامزانی و زیندەوەرناسی هەیە كە لەگەڵ نەخۆشیناسیدا پێكەوە بۆ دەستنیشانكردن (Diagnosis)ی نەخۆشیەكە كاردەكەن. دەستنیشانكردن بۆ چارەسەركردن (Treatment)ە. لێرەشەوە پۆلینێكی تر لەدایكدەبێت كە دەشێت ناونرێت كێ ساغە؟ كێ ناساغە؟ جیاكردنەوەی ناساغ لە ساغ گشت پرۆسەكە داگیردەكات. پەتای كۆرۆنا كە دەركەوت بۆ ناساغكردنمان هات. پزیشكی وەك تاكە بوارێك توانی رووبەڕووی ئەم پەتایە ببێتەوە و پرۆسەی ناساغی بگۆڕێتە ساغی.

    كۆرۆناڤایرۆس گفتوگۆیەكیتری لەبواری دادوەری رەوشتی و بڕیاری پزیشكی دا هێنایە كایەوە. چۆن؟ دیارە كە دادوەری رەوشتی و بڕیاری پزیشكی لە پەیوەندیدان لەگەڵ یەكتردا، بڕیارە پزیشكییەكان چەند لەگەڵ كردە رەوشتییەكان یەكدەگرنەوە و چەندیش پزیشكی (وەك بوارێكی زانست) گوێ لە رەوشت (وەك بوارێكی فەلسەفی) دەگرێت لەو شوێنە دەردەكەوێت كاتێك كە كەیسێكی پزیشكی رووبەڕووی دادوەری رەوشتی دەبێتەوە، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی كە زۆرجار پێكدادان لە نێوان بڕیاری رەوشتی و دیلێمای ڕەوشتی(Ethical dilemma)دا روودەدات. پێكدادانەكە لەسەر پێوانەی باشە و خراپە نییە، كە دووچەمكی هێژای فەلسەفەی رەوشتن، بەقەد ئەوەی كاركردنە لەسەر بنەمای سەیركردنی پزیشكیانە بۆ كردە پزیشكیەكە كە ئەوەش پاشخانی كارئەندامزانی و بایۆلۆژی خۆی هەیە. كەوابێت باشە و خراپە دەگۆڕدرێن بۆ دروست و هەڵە كە رەنگە لەتەك بنەما كۆمەڵایەتیەكان، كە ژێرخانی رەوشتی و ئاینییان هەیە یەكبگرنەوە. رێك بابەتی ناشتنی مردووانی كۆرۆناڤایرۆس بەنهێنی یان دوور لەچاوی زۆربە دەشێت ئەم لایەنە بگرێتەوە. ئەو ئارگومێنتانەی پزیشكی باوەڕی پێیەتی كە دەبێت بەو جۆرە بنێژرێن نەك بەوجۆرەی تر هێندەی پەیوەندی بەهەڵبژێرە پزیشكیەكەوەیە هێندە پەیوەندی بە پێوانە رەوشتی یان ئایینییەكانەوە نییە. زۆرجار دەسەڵاتی پزیشكیش كە هێزی خۆی لەناو تەندروستیدا هەیە وەك بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسی سەیر دەكرێت و، ئەم لایەنەش لەكاتی ناشتنی مردووانی پەتای كۆرۆنا لە ئیتالیا رەنگدانەوەی خۆی هەبوو. نەك هەر ئەوە بگرە گوزارەی “”لێگەڕێ با بمرێت”” كە لە مێدیاكانا گۆكرا لەناو پزیشكانی ئیتالی كاردانەوەی هەبوو،””لێیگەڕێ بابمرێت”” خەریك بوو ببێتە پرینسیپ لەناو هەندێك لە دامەزراوە تەندروستییەكانی هەندێك لەو وڵاتانەی دەرەقەتی رووبەورووبوونەی پەتاكە نەدەهاتن(لەوانە ئیتالیا).

    بەپێیی ئەوە بێت لای سەرەوە باسكرا، كۆرۆناڤایرۆس تێگەیشتنی بۆ واتای ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) نەخۆشیش گۆڕی. راستە ئۆتۆنۆمی بەشێكە لەو ئاگاییە روناكبیرییەی نەخۆش پێویستە سەبارەت بە دۆزی نەخۆشییەكەی هەیبێت، بەڵام لە حاڵەتی وەك كۆرۆنا دا بڕیاری لەسەرووی ئەوەوە(نەخۆشەكەوە) بەسەر جەستە و تەندروستیدا دەدرێت. تەندروستی نەخۆش(لەو جۆرەی كۆرۆنا) تەندروستی هەموانە، چارەنووسی زۆرێكیش بە چارەنووسی تەندروستی ئەوەوە بەندە بۆیە بڕیاری پزیشكی لێرە بریارێكی تاك رەهەند دەبێت ئەمەش هەمووی دەچێتە خانەی ئاسایشی نەتەوەوە.جەستە لە حاڵەتی وادا موڵكی تاك نییە و بەشێكە لە جەستەی كۆمەڵگە كە ئاسایشی وڵات لێی بەرپرسیارە. جەستەیەكی كۆرۆنادار، ئایدزدار. جەستەیەك كە هەڵگری كۆرۆناڤایرۆسە جەستەیەكی ترسناكە و دوورخستەوەی لە جەستەكانی تر بەرپرسیارییەكی تەندروستییە. تەندروستیش هەروەك وتمان بێ لایەن نییە و بەشێكە لە سیاسەتی وڵات(شار) بۆیە بڕیاری تاك لایەنانەی پزیشك لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ جەستە پەیوەندی بەم خاڵەوە هەیە تا شتێكی تر. بەم جۆرە جەستەی سەردەمی كۆرۆناڤایرۆس جەستەیەكی گفتوگۆواوییە. جەستەیەكی بێ لایەن نییە. جەستەیەكی سیاسییە. مەرگیشی هەر سیاسییە. لێرەوە گفتوگۆی بەسیاسیكردنی مەرگ و جەستە دێتەگۆڕێ. لەو وڵاتانەی كە پەتاكە شەكەتیانیكرد، مردووان یان تووشبووان یەكسانكران بە جەستەكان، ئەمڕۆ چەند كەس لە فەرەنسا یان ئەلمانیا دووچاری پەتاكە بوون بووە باس لە جەستە. جەستە و شوێن بوونە باسی میدیاكان. جەستەی ئیتالی و جەستەی ئەمەریكی و … هتد. جەستە چەند لاوازبێت و چۆن پەتاكە پێیدەوێرێت، جەستەی تر چەند بەهێزە و كاری تێناكات. جەستە و بەرگری بوونەكەی بووە باس. چۆن جەستەمان بەهێزبكەین و باشی بەخێوبكەین ئەوەش بووە بابەت. ژەمەكانی خواردنی و بەهێزكردنی جەستە. بۆیە دەستكرا بە پروپاگەندەی رەگەزپەستی كە ئەوروپاییەكان بەرازخۆرن و چینییەكان پیسخۆرن و، ئێمەی رۆژهەڵاتی خواردنی تازە دەخۆین و ئەوان خواردنی بەستوو. بەبێ ئەوەی پسپۆران لە خواردنناسی و ژەمی خوارن بێنەسەرخەت و هەڵەكان راستكەنەوە جەستە كرایە كۆیلەی كولتوور.

    كۆرۆناڤایرۆس ئاقارێكی تری بە تێگەیشتنی رەوشتیانەی پزیشكی دا. دەبینن لەگەڵ ئەم پەتایە دكتۆر كۆمەڵایەتیتر بوو و پزیشكیش پتر لە جاران بەهاكان لەبەرچاودەگرێت. سەرەتا، و ئێستاش، بەشێك لە تووشبووان و دواجار قووربانیانی دەستی كۆرۆنا ئەوانەبوون لە كەرتی پزیشكی كاردەكەن. بەم جۆرە بەها بە جۆرێكی خەستتر لە جاران هاتە ناو كەرتی تەندروستییەوە. دەشێت لێرە بوترێت ترس لە پەتای كۆرۆنا هۆكار بوو بۆ زۆرتر رەوشتیبوونی كەرتی تەندروستی لە ئاستێكی گڵوباڵ؟ بێگومان سەرەتای قووربانیەكانی شاری یۆهانی چینی پۆلێك پزیشك و پەرستیار بوون. جیهان لە قۆناغی پاشكۆرۆنا ڤایرۆس(Post-Coronavirus) رەنگە وابكات كە بەشێك لە وڵاتان بیر زۆرتر، جیاوازتر، لە كارمەندانی كەرتی تەندروستی بكەنەوە تا قۆناغی پێش كۆرۆناڤایرۆس(Pre-coronavirus). كەمترین شتێكیش كە جیهان پاشكۆرۆناڤایرۆس Post-Coronavirus شیاوە بیكات بیركردنەوەیە لە باشتركردنی مووچە و پێداویستییەكانی بواری كاری تەندروستی و ئاوڕدانەوە لە ژیانی پرایڤت و پشوویان. ئەمەو وتنەوەی بەهای رەوشتی، رەوشتی پزیشكی و دادوەری رەوشتی پزیشكیش دەشێت لە ئاستێكی هاوچەرخ و باڵای ئەكادێمی تر ببن بە بەشە وانە لە كۆلێجەكانی پزیشكی، پەرستیاری، ڤێتێرنەری و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە فەلسەفەی رەوشت و فەلسەفەی پزیشكی كاریگەریی لەناو بەشەكانی زانستە پزیشكی و تەندروستییەكاندا دابنێن.

  • خۆیەكسانكردنی كۆرۆناڤایرۆس بەمەرگ

    پزیشكی بەهۆی كۆرۆناوە چالاكتر بوو. ئێستا پزیشكی زۆرتر بیردەكاتەوە. پزیشك پتر لە جاران چالاكەوانە.كۆرۆنا داوای كاری خۆبەخش و چالاكەوانی لە پزیشك و پزیشكی دەكات. پزیشك واتە سەربازی ون، بەڵام كەناڵەكانی بازرگانی تەندروستی و دەرمانسازی نەوەستاون و هەوڵی گەورە كۆمپانیاكانی دەرمان كێ زووتر ڤاكسینی ئەنتی كۆرۆناڤایرۆس دروستبكات كێبركێی تووندی تێكەوتووە. لەم حاڵەتە ڤاكسین بووە دەرمان(چارەسەر)،ئەویش واتە رزگاركردن لە مەرگ، كەمكردنەوە ئازار و لەوسەریشەوە نەهێشتنی ترس، ترس لە مەرگ بە كۆرۆناڤایرۆس. كۆرۆنا مەرگمان بیردەخاتەوە. كۆرۆنا بێ لایەن نییە. مادامەكی هێنەری مەرگە و لە رێگای ئەوەوە مەرگ واتای خۆی لە كۆمەڵگە جارێكی تر بەدەستهێنایەوە. كەوابێت كۆرۆنا نەك هەر وەك هێزێكی نادیار، دوژمنێكی نەناسراو، بگرە وەك هێزێكی مێتافیزیكیش خۆی نمایش دەكات. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی كۆرۆناڤایرۆس خۆی بە مەرگ یەكسانكرد، بەو شتە ونەی لە گشت شوێنێك دەخولێتەوە و هەر نادیارە. كۆرۆناڤایرۆس لە رێگای ناوی مەرگەوە مەرگی لە ونبوون خست. لە رێگای ئیعلانكردنی مەرگی كەسێكەوە رق لە مەرگ بوو بە رق لە كۆرۆناڤایرۆس.

  • ئیدیای پاكوخاوێنی ئیدیای كۆرۆناڤایرۆس نییە

    بۆ كەمكردنەوەی، تەنانەت نەهێشتنی ترس لە مەرگ و لاوازكردنی دەسەڵاتی مەرگاوی كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی(Hygiene) بووە سەرباسی راگەیاندنەكان. پێش كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی هەبووە بەس ترس لە مەرگ بە كۆرۆناڤایرۆس هۆكاربوو بۆ ئەوەی كە كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی بۆخۆی قۆرخ بكات. پاكوحاوێنی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بوو بە بیزنز(Business)، دەرمانخانەكان بەشێكی زۆر لە ئەركی ئەم بیزنزەیان لەئەستۆگرت. ئیدیای پاكوخاوێنی ئیدیای كۆرۆناڤایرۆس نییە، بەڵام كۆرۆناڤایرۆس بۆ خۆجیاكردنەوە و خۆسنورداركردن پاكوخاوێنی كرد بە دیوارێك لەنێوان دووچاربووان و دووچارنەبووان. ئیدیای پاكوخاوێنی لەدێر زەمانەوە هەوڵیداوە پیسی بخاتە دەرەوەی خۆی. خاوێن دەمێكە لەگەڵ پیس، هەروەك چۆن باشە لەگەڵ خراپە، لە رووبەڕووبونەوەدان. خاوێنی و پیسیش بابەتی شەڕی چین و كارەكتێریش دێنێتە گۆڕێ. واتە دەوڵەمەند كە دەبێت بە هێمای خاوێنی و هەژاریش كە دەبێت بە هێمای پیسی كۆرۆنا ئەو ئیدیایەی لەبنڕا هەڵوەشانەوە. ئێستا پیس و پاك، هەژار و دەوڵەمەند، خۆیان پاكدەكەنەوە. هەنووكە پیس و پاك، هەژار و دەوڵەمەند لەیەك دەترسن و خۆیان لەیەكتر بەدووردەگرن. سەرسامیەكە ئەوە نییە، بەڵكو ئەوەیە كە خاوێنی لەگەڵ پەتای كۆرۆناڤایرۆس بوو بە ئەرك و فەرمان و لەوەكەوت كە كردەیەكی خۆی بێت. لەحاڵەتی پەتای ناوبراودا خاوێنبوون داوایە و ئەوەش وایكردوە ببێتە بەرپرسیارییەكی رەوشتی فەرمی. لێرەوە رەوشت فەرمی دەبێت، حاوێنی بەیاسادەكرێت و خۆپارێزی ویستێكی ئیداری-تەندروستی دەبێت.بەمجۆرە، ئەوەی كە خاوێنبیت ئەوە ترسە نەك خۆشی. خاوێنی دەمووەختی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ئازادی تیا نییە و دیسیپلینە. خاوێنی لەم شێوەیە ،خاوێنیەكی زێدەرۆیتیاكراوە، شتێكە لە دەرەوەی ویستی خود، دەستشتنیش كە خاوێنیەكە دەپارێزێت بووە رۆتینێكی بێزاركەر.زێدەرۆی لە دەست دەستشتن و لە خاوێنی بەرهەمی ترسە لە كۆرۆنا. دیاردە هیچگەراكە، لێرە، ئەوەیە كە بە نەمانی پەتای كۆرۆناڤایرۆس، تا پاندێمییەكی تر، خاوێنی خۆی دەشارێتەوە، یان هەروەك پێشتر خاوێنی دەبێتە بابەتی چین و توێژە كۆمەڵایەتیەكان و خۆی بە ئاستی هاوچەرخی و هۆشیاری چینایەتی تاكەكانەوە هەڵدەواسێت. راستە زۆرجار ئەو بنەما رەوشتیانە دەكرێت بە سەرەتا بۆ خاوێنی كە ریشەی مێتافیزیكییان(یان لاهوتیان)هەیە، كە ئەمەش وادەكات كەسیێكی ئیماندار، وەك كەسێكی خاوێن، لە كەسێكی بێ ئیمان، وەك كەسێكی ناخاوێن، جیابكرێتەوە. بەپێیی ئەوەی كە خاوێنی خواستێكی مرۆییە و پەیوەندی بە ئاستی كولتووری تاكەوە هەیە ناشێت بەو جۆرە پۆلینبكرێت. خاوێنی لە شارستانی و كولتوورێكەوە بۆ ئەوی تر فۆرمی جیاوازیی كۆمەڵایەتی وەردەگرێت و مۆدێرنەش رۆڵی راستەوخۆی لە پاك و خاوێنی دیوە. ئێمە لەبەر خودی خۆمان خۆمان خاوێن رادەگرین نەك ئەویتر. خاوێنی كردەیەكی مرۆییە و پەیوەندی بەئاگایی مرۆڤەوە هەیە نەك شتێكیتر. مرۆڤ تاكە بوونەوەرێكە كە دەزانێت خاوێنی ئەركێكی رەوشتییە و دیوێكی جوانكاریشی هەیە. ئاین قۆرخی واتای خاوێنی دەكات بۆمەبەستی مێتافیزیكی خۆی، هەندێك لە ئاینەكانیش بەلوتبەرزی ئاینییەوە قسەدەكەن وخاوێنی تەنها بەئایینەكەی خۆیانەوە گرێ دەدەنەوە. خاوێنی كە دیاردەیەكی رەوشتی مرۆیی نا-مێتافیزیكییە پەیوەندی بە پێوانە رەگەزپەرستی وشۆفێنییەكانەوە( دەوڵەمەند خاوێنترە، سپی خاوێنترە، موسڵمان خاوێنترە،ئەوروپایی خاوێنترە، پیاو خاوێنترە) نییە. كۆرۆنا لە هەنووكەدا تێگەیشتنی بۆ خاوێنی و خاوێنبوون بەجۆرێك گۆڕی كە بۆخۆی قۆرخكرد. پێوانەی خاوێنبوونی خستە ئاستێكی تر. ئێستا هەموو خاوێنین بە بێ جیاوازی. ئەمەش ترسە لە مەرگ كە ترس لە كۆرۆناڤایرۆس، واتە ترسە لە دژە جەمسەری خاوێنی كە پیسییە. بەشێك لە ترسەكە سەرچاوەی یاسای هەبوو. بەیاسا خاوێنیمان هەڵبژارد. یاسا(غەرامە)خاوێنیكردین.

ماویەتی …..

ئازاد حەمە




فەلسەفە و کۆرۆنا -2- ئازاد حەمە

بەشی دووەم

دڵسۆزی سۆسیال میدیای هاوچەرخ بۆ کۆرۆناڤایرۆس COVID-19

پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس Coronavirus 2019(COVID-19)پێویستی بە دڵسۆزێک بوو هەواڵەکانی خێرا خێرا بگوازێتەوە ،باسیبکات و وتنیش لەبارەیەوە بهێنێتەگۆڕێ.ئەو خەونەی کۆرۆنا هاتەدی کە هیچ پاندێمیpandemic یەکیتر،لە سەدەکانی ڕابردوو و لە مێژووی پەتای ڤایرۆسدا،بەخۆیەوە نەیبینیبوو. کۆرۆنا ئێستا سوڵتانی پاندێمیەکانە و هەر لەگەڵ دەرکەوتنیشی ناوێکی درایە پاڵ کە شایانیەتی. خودی دەرکەوتنی جۆری ڤایرۆسەکە لە شێوەی کۆرۆنا(تاجی شاهانە) هەر ئەوەش کردی بەو کۆرۆناڤایرۆسەی ئەمڕۆ گۆی زەوی بە دەنگوباسی ئاشنان. کۆرۆنا ئێستا وەک پاندێمی سەردەمەکانی تر نییە.پاندێمی سەردەمەکانی تر هەواڵەکانی درەنگ گەیشتوون و کاردانەوەکانیش بەرامبەر مەترسییەکانی کاتی خایاندووە.ئەو دەمە نە پزیشکی لەم ئاستەی ئێستادا بووە و نەش مرۆڤایەتی ئەوەندە ژیر بووە و دانیشتوانی گۆی زەویش کە ئێستا 7،8 بیلیۆنە((لە زمانی ئینگلیزی ئەمەریکی و بەریتانی دا بیلیۆن billionبەکاردەبرێت و لە زمانی ئەوروپای میلیاردmilliard، بیلیۆنێک بە مانای هەزار میلیۆن دێت)) ئەو کات چەند میلیۆنێک بووە.بە حوکمی سۆسیال میدیای هاوچەرخ،کە بە زەبری تێکنەلۆژیایەکی زانیاریی ئێلکترۆنی کاردەکات، کە بێ لایەن نییە و زۆرجاریش دروستکەری شڵەژانەکانمانە، کۆرۆنا بە چرکە تیایدەژین و تیامانادەژیت.ئەوەش ترسناکی تیا دروستکردوین و بە چرکە دەشێت لە کەسێکی نۆرماڵەوە ببین بە کەسێکی نانۆرماڵ ،لە ساغەوە بۆ ناساغ،لە تووشبووەوە بۆ چاکەوەبوو.

ئەمەش مانای ترسی لەوە خست مانایەکی سادە بگەیێنێت و ،ترسیش لە سێبەری کۆرۆنا و بەهۆی دۆستە هێژاکەی ئەم ڤایرۆسەوە ((سۆسیال میدیای هاوچەرخ))داهێنانی لە ترسا کرد و فۆڕمی تری بە ترس دا و کردیشیە ئازیزترین واتای خۆی.کۆرۆنا هەرکە لەگەڵ ترس یەکیانگرتەوە مەرگیان خوڵقاند.خوڵقاندنی مەرگیش ئیشە گڵوباڵە تاریکەکەی کۆرۆنایە کە تەنگەژەی بێسنوری دروستکرد.زۆربەشمان ئەوە دەزانین کۆرۆنا کە لە ئێپیدێمی Epidemicیەوە بووەپاندێمی( Pandemic ،Pandémie)گشتگیری توشبوون و کۆتوشی چەسپاند. وشەی پاندێمی کە ڕیشەیەکی یۆنانی هەیە لە دوو بەش پێکدێت:پان pãn واتە گشت و دێمی یان دێمۆسdễmosواتە خەڵک،بەمجۆرە پێکەوە دەبن بە زۆرینەی خەڵک. ئەمەش دەشێت بە مانای ئەمە بێت:پاندێمی واتە گشتگیریی یان کۆتوشی.سەرەتا گشت بیمارییەک یان ناساغییەک ،بۆنموونە ڤایرۆسێک، ئێپیدێمییە و پاش تەشەنەسەندنێکی فراوان و خێرابڵاوبوونەوە دەبێتە پاندێمی. کۆرۆناش بۆیە بوو بەپاندێمی،چونکە تایبەتمەندیە بنەڕەتییەکانی بەپاندێمیبوونی تێدایە.واتە لەگەڵ کات،زۆر خێراش کات بەزاندن، کۆرۆنا بوو بە شتێک کە سنوری تێپەڕاند و تەشەنەی سەند.هەچ ناساغییەک لۆکاڵ تێپەڕێنێت و بێسنور بڵاوبێتەوە دەبێتە پاندێمی،ئەمەش گشتگیریی لە ناساغبوون،کۆتوشی لەگەڵ خۆی دروستدەکات و زاڵبوون بەسەری لە شوێن و ڕووبەرێکی دیاریکراودا ئەستەم دەکات.ئەوەش کە هەنووکە ڕوودەدات ڕێک ئەوەیە کە گۆی زەوی تیای دەژیت.بەپێی مێژووی پاندێمیش بێت، لە یەکەم پاندێمییەوە کە تاعونی ئەنتۆنین Antonine Plague بووە تا COVID-19 مرۆڤ بە چەندین جۆری درم(پەتا، ناساغی) ئاشنایە.بەپێی دیرۆکی ڤایرۆس بێت سەرەتای پاندێمی لە ساڵی 165 ی زاین دەستیپێکردووە و تا ساڵی 180 ی زاین بەردەوامبووە و 5 میلیۆنی کوشتووە کە ئەو کات گۆی زەوی 200 میلیۆنێک بووە.ترسناکترین پاندێمیش تاعونی سپانی بووە کە 40 بۆ 50 میلیۆنی کوشتوە و لە ماوەی ساڵانی 1918-1920 دا بڵاوبۆتەوە،کە ئەو کات گۆی زەوی 7،1میلیاردێک بووە.ئێستا کە گۆی زەوی 8،7 میلیاردە ڕوون نییە قوربانیانی کۆڤید-19 چەند دەبێت! بڵاوبوونەوەی زۆرخێرای پەتای کۆرۆناڤایرۆسیش، لەچاو پەتاکانی تر،لێکەوتەی سەیری لێدەبێتەوە و لەگەڵگاتیشا شیاوی زۆرتر لەبەردەم تێۆریزەکردن دا دروستدەکات.

کۆرۆنا فەلسەفەی هێنایەگۆ
1.کەرەنتین بوو بە ماڵەوە

ڕیشەی وشەناسیEtymologyشیتەڵکاری بۆ وشەی کەرەنتین Quarantine،وەک هەموو وشەیەکیتر،ئەنجامداوە و پێشماندەڵێت کە دیرۆکێک لەپشت مانا بەخشینەکەوە هەیە.بەپێی هەندێک سەرچاوە دیرۆکی بەکاربردنی وشەی کەرەنتین بۆ سەدەی 13 بۆ 14 ی زاین دەگەڕێتەوە کە بە مانای”چل ڕۆژ”دێت.ئامانج لە کەرەنتینکردن گۆشەگیرکردن و جیاکردنەوەیە بەهیوای پاراستنی کەسێک یان شتێک یاخودیش ئاژەڵێک لە ترسی ئەوەی نەبا دووچاری نەخۆشیەکی کوشندەبێت.کۆرۆنا،فەلسەفە وتەنی،دابڕان و جیاکردنەوە و گۆشەگیرکردنی شانبەشانکرد لەگەڵ وشەی کەرەنتین.ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا کەرەنتینکردنێکی لۆکاڵی نییە،لەناو لۆکاڵ کڵوباڵی دروستکرد و لەناو کڵوباڵیش لۆکاڵی هێنایەکایەوە.کۆرۆنا کە بووەپاندێمی وایکرد وشەی کەرەنتین Quarantine لە ئاستێکی گڵوباڵدا بەرکارببرێت و پرۆسەی گۆشەگیرکردن و جیاکردنەوەی توشبوو لە ناتوشبوو، چاکەوەبوو لە توشبوو لەخۆبگرێت.هەر خودی وشەی کەرەنتین کە لەگەڵ کۆرۆنادا یەکانگیر بوو دەرکەوتەی کولتووری و ئۆنتۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی جۆراوحۆری لێکەوتەوە و شوێنی پیادەکردنیشی کەوتە ماڵەوە.کۆرۆنا وایکرد ماڵەوە جێگای کۆمەڵگە بگرێتەوە. ماڵەوە بوو بە کۆمەڵگە گەورە بچووکەکەی تاکەکان،بووە جێگرەوەی یاریگا،مۆزەخانە،پارک،قاوەخانە،ریستۆرانت،مەلەوانگە و…وشەی کەرەنتین بەجۆرێک کەوتەگەڕ کە لەماڵەوەبوون و لەناوەوەبوونی لەخۆیداڕابەرجەستەکرد و تاڕادەیەک گشت گۆی زەوی لە ماڵەوەبوونی (Stay home،Restez chez vous،Остаться дома) پیادەکرد.واتە هەرکەسە لە شوێنی حەوانەوە و زێد و خانەخوێی خۆیدا مایەوە و جووڵە و هاتووچۆ و سەردان و سەفەر وەستێنرا.لەماڵەوەبوون و کولتووری لەگەڵ خودی خۆبوون بەرهەمی کۆرۆنایەکە کەرەنتینبوونی خستە ناو ماڵەوە و کولتووری گۆشگیری و تەنهایی کردە شتێکی ڕۆژانە.کەرەنتین کە جێگای ماڵەوەی گرتەوە،ئیدی لەوێوە ماڵەوە لەوەکەوت کە تەنیا ماڵەوە بێت،ماڵەوە دەرچوو لە ماڵەوەبوون و بوو بە ئۆفیس و کارەگەو، واتای ماڵەوە لە ماڵەوەوە بووە شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و ساغکردنەوەی کاڵا و سینەما و قاوەخانەی کولتووریش.

2- شڵەژانی تایبەت بە COVID-19هەڵیداینە ناو دیلێمای ڕەوشتییەوە Ethical dilemma

کۆرۆنا جۆرێکیتر لە شڵەژانPanicی(ترسی ناگەهانی،هەراسانی) بۆهێناین، ئەو تەنگەژەیەی بۆ مرۆڤی سەر زەوی دروستکرد کە بەهۆی سۆسیال میدیاوە هەمووی لێبەئاگاکراین،هەموو بووین بە بەشێک لەو شڵەژانە.دەسەڵاتەکان لە هەموو قوژبنێکی سەرزەوییەوە هەمان شتیان وت:”لەماڵەوە بمێننەوە”.ترسی دەسەڵاتەکان لە کۆرۆنا هەر ترس نەبوو لە تەندروستی ئێمە ترسیش بوو لە دەسەڵاتی خۆیان،لەوەی نەبا ئاشکرابن خزمەتگوزاری تەندروستی لە ئاستی پێویستدا نییە.هەرچی ترسی ئێمەیە ترسە لە ناساغبوون،ترس لە ترسە گەورەکە،کە ترسە لە مردن.ئەم ترسە سەرلەبەر ڕەفتارمانی گۆڕی،زۆربەمان بەوە قایلبووین لە ماڵەوە بمێنینەوە. ئەوە لەولاوە بوەستێت کە ئەرکێکی ڕەوشتیشمان بە مانەوەمان لە ماڵەوە بەجێگەیاند:ئەویتر The Other با نەخۆشنەخەین بوو بە ڕەوشتێکی ڕۆژانەمان،ئەم ڕەوشتەمان درایێ،واتە قەرزمانکرد،داوامانلێکرا ڕەوشتیبین.کۆرۆنا،پاندێمییە نەحلەتیکە،فێری ئەوەی کردین ڕەوشتیبونمان بەجۆرێک بێت ڕەزامەندی ئەویتری لەسەربێت نەک خۆمان،لەماڵەوە بمێنینەوە بۆ پاراستی ئەویتر،لەکاتێکا ئێمە هەموو ئەویترین بەرامبەر بە کۆرۆنا.
کۆرۆنا خۆیەتی، کۆرۆنا “من”ە و وێڵی گشت “ئەویتر” ێکە.کەچی فەلسەفەی پۆست هۆلۆکۆست Holocaust/فەلسەفەی پۆست ئۆشویتزAuschwitzتکمان لێدەکات با لەتەک”ئەویتر” ڕەوشتیبین.ئەم جۆرەش لە ڕەوشتیبوون واتە یەکترساغکردن کە ئەوەش بە دوورکەوتنەوە لەیەک تر دێتەدی و ئەوەش دەزگا تەندروستیەکان بەختەوەردەکات. کەواتە ئێمە بەو ڕەفتارەمان خۆمان بەڕەوشتیکرد.خۆڕەوشتیکردن لەم حاڵەتە ویستی ئەوی ترە نەک خۆمان.هەندێکجار مرۆڤ لە ترسی ئەویتر ڕەوشتی دەبێت،ئەوە هەنووکەیە.ترس لێرە تەنیا سیاسی نییە بگرە مرۆیشە.ئێمە بۆ ئەوەی نیشانی ئەویتری بدەین کە مرۆین ڕەوشتیدەبین.ڕەوشتیبون لێرە ئەرکێکە بۆ قایلکردنی”ئەویتر”جێبەجێیدەکەین. فەلسەفە لێرە بە کۆرۆنا دەڵێت:ڕەوشتیبون بابەتێکی خاترانە نییە،لەپێناو نییە،هاوکات لەترسیشانییە.ئەم جۆرە ڕەوشتیبوونەی کۆرۆنا هێنای وایکرد ئەویتر بەڕەوشتیبونی خۆمان شادمانبکەین،جا ئەوە دەسەڵاتی سیاسی تەندروستیی بێت یان دەسەڵاتی کۆمەلایەتی(خزم، هاوڕێ، هاوسێ، ناسیاو و ..)کەچی فەلسەفە واینابینێت! فەلسەفە کۆرۆنا وەک جەنگ،جەنگی تەندروستی دەبینێت!بۆ لێڤیناسLevinas،کە تیۆریزەکەری بواری “ڕەوشتی ئەویتر””ە حاڵەتی جەنگ موڕال دەقرتێنێت.جەنگ تەنیا یەکێک نییە لە تاقیکردنەوەکانی ئەوەی ڕەوشت دەیژێت،جەنگ وادەکات ڕەوشت ببێتە گاڵتەجاری.جەنگ مانیفێستی (ئیعلانی)ئەویتر وەک ئەویتر(the other/L’autre)ناکات،جەنگ ناسنامەی هەمان(the same/le même) وێراندەکات.دەموچاوی بوون کە خۆی لە جەنگدا نیشاندەدات لە واتای گشتدا جێدەکاتەوە،کە ئەوەش فەلسەفەی ڕۆژئاوای داگیرکردووە”.ڕوونە میراتی فەلسەفی ڕۆژئاوا لەمڕوەوە زۆر وانەی ڕەوشتی فێرکردوین.بەو واتایەی هزری ڕەوشتی مرۆڤ هەوراز و نشێوی خۆی هەیە ئەوەش لەکاتی شڵەژانەکانا دەردەکەوێت.لەبەرئەوەی شڵەژانەکان فێری وانەی خۆدەربازکردن،پاراستن و توشنەبوونمان دەکەن.
لەگەڵ شڵەژان موڕالmoral (ئاگار)ی مرۆڤ گۆڕانیتێدەکەوێت. بۆنموونە،لەکاتی خۆدەربازکردن لە ئاگربەربوونەوە،بوومەلەرزە،لافاو،بڵاوبوونەوەی پەتایەکی کوشندە،وەک ئێستا،لە هەموو ئەو کاتانەدا دیدی ڕەوشتی،ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ڕەوشتی،ئاکاری تایبەت بەخۆی بەرهەمدەێنێت.هەموو ئەوانەش مردنمان بیردەخەوە،بۆیە لەو دۆزانەدا ڕاکردن و خۆپارستن،لەپێش هەموو شتێکەوە،لە مەرگە نەک لە شتێکیتر.ڕاستە ئەوە مافێکی مرۆییە و ویستە بۆ مانەوە،لێ پەیوەندی نێوان”من”و”ئەویتر”تێکدەدات.چۆن؟ بۆ پتر ڕونکردنەوەی وتنە ڕەوشتییە درشتەکانی کۆرۆنا و پووچکردنی تێگەیشتنی فەلسەفییانەی کۆرۆنا بۆ پەیوەندی ڕەوشتی نێوان “من” و “ئەویتر” جارێکی تر دەگەڕێینەوە لای بیرمەندی فەرەنسی لێڤیناس:””ڕەوشت پێویستە بناغەی خۆی لە ئەزموون دا ببینێتەوە،ئەمەش بۆئەوەی ڕەوشت نەکرێت بگۆڕدرێت بە لۆژیکی کۆنتڕۆل و پێشبینی و گەمە”.ئەم وتنە لێڤیناسیە بۆ “ئەویتر” ئەوەش دەگەیێنێت کە”ئێمە بەئاکار ناخەڵەتێین”،بەڵام بۆ لێڤیناس”ئاگایی شتێکی ڕەوشتییە و بوونی جیهانیش لەسەر ئەم ئاگاییە وەستاوە”.کەوابێت کۆرۆنا ئەو تەماشاکردنە فەلسەفییەی کوشت کە پێیوایە لە ڕووبەڕووبونەوەدا(کاتێک ڕوخسارەکان بەرامبەر یەکدیدەبنەوە)هەست بە بوونی ئەویتر دەکەین.کۆرۆنا هەموو ئەویترێکی کردە”من”ێک،چونکە بۆ کۆرۆنا شتێک نییە ناوی”ئەویتر”بێت.تەنانەت مەرگیش.مەرگی هیچ “ئەویتر”ێک بۆ کۆرۆنا مەرگی”من”نییە،بەڵام لێڤیناس ڕێک بەپێچەوانەی کۆرۆناوە بیردەکاتەوە:”من بۆ تۆ ئەویترم دەکەوابێت مەمکوژە”.ئاشکرایە کە،”من” لە هزری فەلسەفی لێڤیناس نازیێکە و “ئەویتر”یش جوولەکەکە.کۆرۆنا،کە خۆی نازانێت،نازیەکەیە و هەموو ئێمەش جوولەکەکەین بۆیە ئێستا هەموو لەسەردەمی هۆلۆکۆست Holocaustدا دەژین نەک پۆست هۆلۆکۆست.
کەرەنتینە ئۆشویتز Auschwitzە.گشت ئێمە لە خەمی ئەوەداین نەمرین،کۆرۆنا نەچێتە خوێنمانەوە.بەکورتی ئێمە جوولەکەی کاتی جەنگی جیهانی دووین.نازی چۆن بەدوای جوولەکەوە بوو ئاواش کۆرۆنا بەدوای ئێمەوەیە.پەیوەندی نێوان کۆرۆنا و ئێمەی کورد وەک پەیوەندی نێوان بەعسی و کوردە.نامەنەوێت ڕەوانەی ئۆردوگای زۆرەملێی سمود بکرێن،نامەنەوێت بمرین.کۆرۆنا و کورد واتە بەعسی و کورد.کۆرۆنا(نازی،بەعسی)بێباکە بەرامبەربە”ئەویتر”.کۆرۆنا، وەک نازی و بەعسی، تەنیا لە خەمی خۆیەتی، چونکە بۆ کۆرۆنا ئەنجامدانی کردە کوشندەکانی سەروی گشت شتێکە.گشت ئەوروپاییەک واتە جوولەکە کۆرۆناش واتە نازیزم. کۆرۆنا بە دوای گشت تەندروستێکەوەیە،کە جارێ توشنەبووە. کۆرۆنا بەدوای ساغەکانەوەیە.نازیش بەدوای جوولەکەوەیە،ئەو جوولەکە تەندروستەی وەک لێڤیناس، هەنا ئەرێنتArendt و هاوشێوەکانیان بیردەکەنەوە،کە بەخۆشاردنەوە،بەهەڵاتن،بەخۆدەربازکردن و بەخۆونکردن گشت جوولەکەیەک لە دەست نازیەکان ڕزگاری دەبوو.ئێستاش هەمان شتە: بەلەماڵەوەبوون،بەدوورەپەرێزی،بەخۆتەنهاکردن،بەنەکەوتنە ناو ڕوبەڕوبوەنەوە ساغدەمێنینەوە و پلانەکانی کۆرۆناش پووچەڵدەکەین.کوردی ئێستا وەک کوردی سەردەمی بەعس کێشەی ڕوبەڕوبوونەوەی بۆ دروستبووە.بەعس دەیویست کوردی ساغ بکوژێت،لای بەعس پێشمەرگە کەسە ساغەکەبوو!بەعس ڕقی لە کوردی پارتیزان،بەرهەڵستکاربوو.کۆرۆناش دوژمنی بەرهەڵستکاری Resistanceیە(مقاوەمە).ئەو لەشەی بەرهەڵستکار بێت دەخوازێت تەفروتونای بکات.بۆیە کۆرۆنا بەدوای تەندروستەکانەوەیە لەهەر شوێنێک بن،هەرچی ناتەندروستەکانە دەمێکە مسۆگەریکردون، خەمی گەورەی کۆرۆنا ساغەکانە.خەمی گەورەی بەعس ئەو کوردانە بوو بەرهەڵستکاربوون. بەعس مامەڕیشە، خاڵەشەهاب، شەهید ئارام و هاوڕێکانی بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانی،هەروەک کۆرۆنا گشت تەندروستێک بە دوژمنی خۆی دەزانێت یان نازیەکان کە گشت جوولەکەیەکیان،لەماوەی جەنگی جیهانی،بە ئەویتر دەزانی.ئەویترێکی ساغی بەرهەڵستکار کە شایانی مردنە.نازیەکان جوولەکە پەککەوتە و پیرەکانیان هەر زوو لەناو دەدا و دواتر کاریان لەسەر ساغەکان دەکرد.لێرە گشت یەکێک لە ئێمە دەکارێت،وێناکردنەکان گەورەتر نیشانبدات و باس لە جووڵەی کۆرۆنا بکات کە تەکان بەرەو دەرەوەی سنور و جوگرافیای خۆی دەدات: گەڕانی کۆرۆنا بەدوای نەیارەکانی،کە ساغەکانن،وێناکانیش گرنگە بە تەقەلای نازیەکانەوە گرێبدرێنەوە لە دۆزینەوەی جوولەکەکان لەهەر شوێنێک بن تا دەگاتە ئەوەی وێناکردنەکە ڕوو لە شاخ بنێت،لەو شوێنەی کورد ڕووبەرێک بۆ بەرهەڵستکاری و”وتنی نەخێر” بەعس دەدۆزێتەوە ،کە کۆرۆنای جەستەی سیاسیی ئەو دەمەی کورد بوو.
وێرای ئەوەی لای سەرەوە لەسەر پانیک لە سەردەمی کۆرۆنا و کاردانەوەی لەسەر گفتوگۆی”من”و”ئەویتر”وترا ئەوەش دەخەینەسەری کە،لەگەڵ هەموو پانیکێک ئاکارکاریMorality مرۆڤ گۆڕانی دێتەسەر.بەپێی پانیکەکان ئاکارکاری،یان ڕەوشتکاری، کاردانەوەی جیا لەسەر بەها و پرینسیپەکان،لەسەر بنەمای ئەو شتەی خۆی وەک شتی ڕەوشتی دێنێتەناساندن و ڕەفتار و کارەکتەری مرۆڤەکان دیاریدەکات،دادەنێت.ئەوەی زۆر سەیرە لێرە ئەوەیە کە کۆرۆنا ئاکارکاری:سیاسی،خێزانی،تەندروستی تا دەگاتە ئاکارکاری سێکسی ،هاوڕێیەتی،خۆشەویستی،هاوسێیەتی …گۆڕی.مەبەست،کۆرۆنا دۆزێکی ڕەوشتی تایبەت بەخۆی هێنایەسازاندن.مرۆڤەکان لە ترسی مەرگ و ویستی تەندروستبوون زۆر بەهای کۆمەڵایەتی و ڕۆحی و جوانکاریان پێشلکرد.کۆرۆنا لە سەرانسەری دونیا دۆزی هاوڕێیەتی،هاوسێیەتی،نەک لەنێوان کەس و گرووپەکان بگرە وڵاتانیش(ئەوەی کوبا بۆ ئیتالیایکرد هاوسێ/هاوڕێ سیاسییە ئابووریەکانی بۆینەکرد)لە ڕادەبەدەر لەکەدار و زامدار کرد.کۆرۆنا پەتایەکی کەم وێنەیە،لەکاتێکدا دەرکەوت کە دانیشتوانی گۆی زەوی خۆی لە 8میلیارێک دەدات.پەتاکانیتر کەمتر لە کۆرۆنا کوشندەتر و سامناکتر نەبوون،لێ ئەو هەڵایەیان بەخۆیانەوە نەبینی.ئەدی بۆ ئەوە بۆ کۆرۆنا کرا؟نەک هەر لەبەرئەوەی ئەو کات گۆی زەوی لە ئەمئێستا زۆرتر نەبووە و قووربانیەکان کەمتربوونە،لەبەرئەوەش کە ئەوکات ئەمەریکایەک نەدۆزرابوەوە،چینێک نەبوو لەسەر ئابووری گشت ئەویترە زەبەڵاحەکان مەترسیبێت،جەمسەرەئابوورییە-
ئەتۆمییەکان(هیندستان،ڕووسیا)بوونیاننەبوو،کەسایەتی ئەوروپای لەڕێگای وتارەکانیەوە ((مۆدێرنە و ڕۆشنگەریی و تێکنەلۆژیای ئێلکترۆنی)) نەدەهاتەناساندن.ئێستا هاوکێشەکە جیایە.ڕۆژئاوا خۆی بە سەرچاوەی ڕەوشت دەزانێت. ڕەوشت شمەکێکە لە ڕۆژئاوا لە سێبەری ئەو وتارانە بەرهەمدێت.کۆرۆنا هاتوە تا بیرکردنەوە ڕەوشتییەکانی ئەو وتارانە تێکبشکێنێت و ڕۆژئاواش بخاتە قۆناغی بەرهەڵستکارییەوە،وانەش بە دەزگا تەندروستیەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە شەڕی مانەوە بڵێتەوە.باشە بۆ ڕۆژئاوا؟چونکە نوێنەرایەتی جیهان دەکات.ڕاستە لە کۆرۆناوە،لەم پاندێمییە هەنووکەییەوە،فێری ئەوەبووین چۆن دەزگا تەندروستیەکانمان بەهێزبکەین و چۆنیش خۆمان تەندروستئامێز ڕابگرین،موخابن ئەمە دوا گریمان نییە بەدەست ڤایرۆسەوە و دەرکەوتن و سەرهەڵدانی پاندێمیەکانیش هیچ کات ئاسان نەبووە دەستنیشانکردنیان.دوژمنە نەبینراوەکە ناوە دەقاودەقەکەی پاندێمیەکانە،نەک هەر ئەم پاندێمییە بگرە ئەوانەش جارێ نین و لەدایکنەبوون.پاندێمیەکان هەمیشە دەبن،چونکە ئێمە هەین.ئەو زیندوو نییە،زیندووەکە ئێمەین و خۆراکی مانەوەیشین.
COVID-19،خۆی و شڵەژانە لەناکاوەکانی،لەسەرەخۆ ئەو ترس و هەراسانییەی بۆهێناین کە لەوسەرەوە شڵەژانەکەی پێشنداین و هەمدیس لەسەرەخۆ فرێیداینە ناو تەنگەژەی ئاکاری Moral Dilemma یشەوە. لەگەڵ خێزان،هاوسێ،هاوڕێ،ناسیاو کەوتینە دۆزێکی ڕەوشتی نابەجێ و هەڵەشەیێکی ئاکاری و بەزمێکی ڕەفتاری ئەوتۆەوە کە یەک شت لەنێوان دوو شتدا هەڵببژێرین:یان سەردانیبکەم و لێیبپرسمەوە یاخود خۆمی لێنەناسکەم و پشتیتێبکەم کە ئەوەش تەندروستیم بۆدەهێنێت.شەڕ و سەرئێشە ڕەوشتیەکە لەپێناو هەڵبژاردنی باشترین، بەسودترین بوو.کەوتینە نێوان دوو شت کە دەبێت یەک لەو دوو شتە هەڵببژێرین،کە لە خودی خۆیدا هەردووکیشی کێشاوین.ئەوەی وتمان بەکوردی خۆمان بەم جۆرەی لێدێت:بچم هەر وەی و نەچم هەر وەی.قووتابخانە فەلسەفییەکان زۆریان لە سەر کێشەی دیلێمای ڕەوشتی Ethical dilemma وتووە و پیێشیانوایە مرۆڤ هەڵبژاردەکەی لەنێوان دوو شتی ناکۆکدا دەبێت و ئەوەش داوای ئەوەی لێدەکات ئەوە هەڵبژێرێت کە بەکەمترین زیان دەکەوێتەوە.ئەوەی لێرە بۆ فەلسەفەی ڕەوشت جێی تێڕامانە ئەوەیە،چەند هەڵبژێراوەکە ڕەوشتییە؟بچین لەم باردوۆخە سامناکە سەردانەکەمان بکەین یان لەماڵی خۆمان دانیشین و هەقی کەسمان نەبێت؟ کامە باشە؟کێشەی باشە لێرە لەوەدایە کە بێ لایەن نییە.باش بۆ من ئەوەیە کە نەیەم و تۆ ناساغم نەکەیت.وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەوەشەوەیە هەڵبژێرراو چەند بۆ هەڵبژێر بە کەڵکە و دواتر سودی هەڵبژێراوەکەش بە باشییەکەیەوە دەپێورێت،باش بۆ من وەک باش نییە بۆ تۆ.بۆ؟ چونکە کردەی ڕەوشتی لە دۆزی وادا دەبێت بە کردەیەکی ڕەوشتی ناکۆکئامێز Ethical paradox .بەم شێوەیە پرسیارە بنچینەییەکە لە پرسی دیلێمای ڕەوشتی خۆی لە سوود،باش،دا کۆدەکاتەوە و پشتکردنیشە لە زیان،خراپ،.باشترین و خراپترین،ئەوەشیان لە دیدی فەلسەفییەوە،لە ڕوانگەی بزووتنەوە فەلسەفییە ڕەوشتییەکانەوە وتن و ئارگومێنتی جۆراوجۆری لێکەوتوەتەوە.ئەو شتەش کە لەناو کردە ڕەوشتییەکەداپارادۆکسال paradoxicalە ئەوە لە خودی خۆیدا ناکۆکئامێزە و بگرە دژێکیش لە ناخی خۆیدا بەخێودەکات.بەمە ڕەگەزەکانی ناو شتێکی”پارادۆکسالی ڕەوشتی”لەڕووی لۆژیکییەوە ناکۆک و دژن و لەتەک خودی خۆشیاندا یەکناگرنەوە.شتێکیش کە ڕەوشتی بێت و هاوکات پارادۆکسال بێت فەلسەفە ئیشی لێرە ئەوەیە ئەو حاڵەتە پارادۆکسالە یەکلای بکاتەوە((نەک تەنیا باش لە خراپ،بەڵکو باش لە باشتر و لەوەش جیاکاتەوە چ باشێک بۆ من باشە کە ڕەنگە هەمان باش بۆ تۆ باش نەبێت)).ئیشی فەلسەفەی ڕەوشتی لەم حاڵەتەدا یەکلاخستنی ئەو کێشەیەیە خۆی وەک کێشەی ڕەوشتی ناکۆکئامێز نمایشدەکات، کە لە ڕیشەدا و هەر لەسەرەتاشەوە نە پەسەند و نەش شایان بووە.کۆرۆناڤایرۆس دەقاودەق ئەمەی کرد.پارادۆکسی هێنا و لەناومانیشا بەخێویکرد و پەرشوبڵاویشیکردەوە،بەڵام کۆرۆنا کۆمۆنیست نییە، ڕقیشی لە دادپەروەرییە.

هەروەک وتمان بەدوای تەندروستەکانەوەیە،بەدوای ئەوانەوەیە کە دەڵێن ئێمە لەشمان بێ عەیبە.لەبەرئەوەی کۆرۆنا یەکسانە بە مەرگ،مەرگیش،لێڤیناس وتەنی،دیکتاتۆرە. مەرگ دێت و ئیشی خۆی دەکات و دەڕوات.مەرگ ،بەبۆچوونی ئەو بیریارە فەرەنسییە، گوێنەگرە و سەرقاڵی کاری خۆیەتی و بەس.بۆیە کۆرۆنا مەرگە چونکە خراپە گەورەکەیە.بێسود نییە لێرە بۆچوونێکی بادیو Badiou بەسەربکەینەوە کاتێک”ڕەخنەی ڕەوشتی سەردەم دەکات و ئەم ڕەوشتەش بە ڕەوشتێکی هیچگەرا ناودەبات”ئەمەش وادەکات بادیو وەک هەڵوێستێک دژ بە فەلسەفەی ڕەوشتی هاوچەرخ باشە بەجۆرێک ڕوونبکاتەوە کە خودی باشە ببێتە تێگەیشتن لەسەر ئەو شتەی ناودەنرێت خراپە.لە دیدی بادیودا”خراپە بوونی هەیە،لێ خراپەی ڕادیکال بوونی نییە”.”بادیو ڕەتیدەکاتەوە هولوکۆست Holocaustخراپەیەکی ڕادیکال بووبێت”.نەک هەر ئەوە بگرە بۆ بادیو”ڕەوشت تەنیا سێ ناوی هەیە:تێرۆر، خیانەت و کاتەسترۆف(موسیبەت،بەڵا)”.پرسیارەکەی ئێمە کەلێرە ڕوبەڕووی بادیوی دەکەینەوە ئەمەیە:کۆڤید-19دەشێت بە کاتاسترۆف سەیربکرێت؟ گەر بەوە سەیرکرا لەگەڵ تێزی قیامەت،کۆتای جیهان Apocalypse،یەکناگرێتەوە؟((ئەمەیان لە بەشێکی تایبەت دێینەوەسەری)). بۆیشە وادێینە گۆ،چونکە کۆرۆنا فێری ئەو وانە موڕالیەشی کردینکە،ئەو شتەی شڵەژان و پەشێوی دروستدەکات ڕادەی خۆپەرستی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی شڵەژان و پەشێویەکەی تیا دەخولێتەوە بەرزدەبێتەوە.لە هەچ کۆمەڵگەیەک شڵەژان و پەشێوی زیادیکرد کردەی ڕەوشتی دەکەوێتە ژێرپرسیارەوە،ئەرک و بەرپرسیارییە ڕەوشتییەکان ڕوو لە کەمی و لاوازی دەنێن.مرۆڤەکان بۆ کەمکردنەوەی شڵەژان و پەشێویان دەکەونە دۆخی خۆپەرستن egoisەوە،خۆپەرستیەکە کە ویستێکی مرۆییە بۆ مانەوە لە قاوغی خۆپارستن دەردەکەوێت،خۆپاراستن لەو شتەی شڵەژان و پەشێویی دروستکردوە،لەم حاڵەتەدا کۆرۆنا ئەو کارە دەبینێت.کۆرۆنا کە شڵەژان و پەشێویهێنەرە،ئەرک و بەهاکان تەسک و هیچگەرا دەکات.گەرچی خۆپەرستیەکە،خۆویستیەکە،خۆی بەشێوەیەک دەردەخات کە ڕیشاڵی ڕەوشتی هەیە،لێ لەتەک پەشێویەکەدا یەکدەگرێتەوە و سەیرەکە لەوەشدایە خۆویستیەکە وەک کردەیەکی ڕەوشتی سوودئامێز خۆینمایشدەکات.لێرە خودپەرستی ڕەوتێکی ڕەوشتی وەردەگرێت کە بە واتا فەلسەفییەکەی دەبێت بە خودپەرستی ڕەوشتی Ethical egoism .ئەمە واتە چی؟خودپەرستی ڕەوشتی بنەمایەکی سوودگەرای هەیە.ئەو کەسەی خودگەری ڕەوشتی پیادەدەکات لە سۆنگەی کەڵکخوازییەوە ئەنجامی دەدات.لێرە ئەم کردەیە خۆی لەگەڵ کۆرۆنا یەکدەخات.ئێستا هەموو لە سەردەمی کۆرۆنادا خودپەرستێکی ڕەوشتیین.بۆ؟ لەبەرئەوەیکە کۆرۆنا پانیک هێنەرە،ڕاڕایی و هەراسانیەکی لەگەڵ خۆی هێناوە کەم وێنەشە.بۆ جوولەکەکان بە هۆلۆکۆست Holocaustناودەبرێت،چونکەلەماڵەوە بوونی جوولەکەیەکی ئەرتەدۆکس و نەچوونی بۆ عیبادەت لای”دیواری ڕۆژئاوا لە ئوروشەلیم”لەناوبردنی تووخمی جوولەکە دەگەیێنت((هەروەک بینیمان لە میدیاکانا چۆن جوولەکە ئەرتەدۆکسەکان لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیلی بەشەڕدێن لەسەر قەدەغەکردنیان لە چوون بۆ لای دیواری ڕۆژئاوا))،بۆ ئەمەریکایەکان بە مانای دووەم تراژێدی دێت دوای 11 سێپتەمبەر،ئەی بۆ ئێمەی کورد؟ بێکومان جینۆسایدەکانمان،کە ئەوانەش مردن و قڕبوونمان،بیردەخەنەوە. ئەوەی لایسەرەوە لەسەر کۆرۆنا،وەک هێنەری شڵەژان و پەشێوی،وترا وادەکات بڵێین،کۆرۆنا کارتێکردنی نێگەتیڤانەی ڕەوشتی لێرە و لەوێ لەسەرمان دانا و کردەی ڕەوشتی ناجۆریشی تیاچاندین کە ئامانجی سەرەکی خۆپاراستن بوو لەو ترسەی کە جارێ ڕوونیە ئایندەکەی.موخابن هەنووکە شڵەژانەکە بەجۆرێکی ترسناک میوانمانە.میوانێکی ناوەختەی ناخۆشەویست.هاتووە بێ ئەوەی بپرسێت و بە گوێشمانا دەچرپێنێت: من شڵەژانی سەردەمم و شای شڵەژانەکانیشم. سۆسیال میدیای ئێلکترۆنیش درێغینەکرد لە گەردووناویبوونی.بەهۆی کۆرۆناوە ڕەوشتی پانیک سەرلەنوێ بوەوە بە باس،واشیکرد ڕەوشت لەڕووی یاسایی،ئاینیی،سیاسییەوە گفتوگۆی بەردەوامی لەسەر بێت.نەچوونەدەرەوەمان خۆی ڕەوشتیکرد.ڕەوشتیبوونمان یەکسانبوەوە لەگەڵ ترسی سزادان و غەرامەکردن. COVID-19پابەندبوونی بە ڕەوشت لەگەڵ خۆی بە دیاری بۆهێناین.دەمێکە ئاوا ڕەوشت نەبۆتە بابەتی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی.ناوی خوا لەگەڵ هاتنی پانیکی COVID-19 جاران ۆرتر لە بەکاردەبرێت.ترس لە مەرگ،یەزدان، کۆتای جیهان، ئاوابوون و قیامەت جارێکیتر بوونەوە بە بابەتی فەلسەفەیی لە گەڵ کۆرۆنا.

ئازاد حەمە

ماویەتی…..




فه‌لسه‌فه‌ و كۆرۆنا -1- … ئازاد حه‌مه‌

به‌شی یه‌كه‌م

((ئەم کارەم بە ماندووبونی هەردوو هاوڕێیانی پزیشکم د.کامەران قەرەداغی و د.وەسفی تاڵەبانی پێشکەشە))

دەروازە: لەدایکبوونی پرسیار

هەندێک نووسین بەگشتی و فەلسەفیش بەتایبەت نازانرێت کە چۆن لەدایکدەبن، وەک ئەم نووسینە بۆنموونە. ئەم نووسینە، ناونیشانەکەی و بەشێک لە تێۆریزەکانی زادەی دادوەرییەکی پێش وەخت و تێڕامانێکی ئامادە نین بەقەد ئەوەی کە دەرکەوتنی کۆرۆنا خستیانیە هزری نووسەرەکەیەوە. بەڵێ نووسینەکە نیگای کارتێکەری بزووتنەوە و شەپۆلی فەلسەفیی جیاجیا و ئەندێشەی هەندێک هزرەڤانانی تێکەوتووە بەس هەرگیز ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە پێمانوابووبێت کە ڕۆژێک دێت و لەژێر ناونیشانی “فەلسەفە و کۆرۆنا ” نووسینێک دەخەینە بەردەست خوێنەرانمان.
هاتنی کۆرۆناڤایرۆس Coronavirusهاتنی چاخ و سەردەمێکی فەلسەفیی نوێ نییە هەروەک ئەوەی لە فەلسەفەدا باوە کە چاخەکان یان سەردەمەکان بە واتا و ڕووداو(بۆنموونە تازەگەری،ڕێنیسانس،ڕۆشنگەریی) یاخود بە بزووتنەوە و ڕێبازە فەلسەفییەکانەوە ناوزەددەکرێن یاخودیش گرێدەدرێنەوە، تەنانەت لە بواری پزیشکیشدا کۆرۆنا سەردەمێکی پزیشکی نییە بەقەد ئەوەی کە بەشێکە لە مێژووی ڤایرۆس یان زانستی ڤایرۆس Virology(ڤایرۆسناسی)، کە ئەوەش دەچێتە خانەی مایکرۆبایۆلۆژی Microbiologyیەوە(ئەو زانستەی لە زیندەبچووکەکان دەکۆڵێتەوە).لێرەوە دەڵێین ، بەو مەرجە هاتنی کۆرۆنا دەرکەوتنی دیاردەیەکە شایانی تێڕامانی مەزنە کە مرۆڤەکان ئامادەبن فێربوون لە کۆرۆناوە بەدەستبهێنن و تێگەیشتنە جوانکاری، ڕەوشتیی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەرەو ئاستێکی باڵاتر بەرن.
بەدڵنیاییەوە لە قۆناغی پۆست -کۆرۆناڤایرۆس Post-Coronavirus پرسیاری نوێ لەدایکدەبن و مرۆڤەکانی کۆمەڵگە جیاکانیش سەبارەت بە داهاتوو، بەو شتەی بەڕێگاوەیە و هیچی لەبارەوە نازانین،ڕووبەڕووی لێخوردبوونەوەی جیا دەبنەوە: هەنگاوەکانی پۆست کۆرۆنا چیدەبن؟ چۆن مامەڵە لەتەک سێستەمی خواردن و سێکس و حەوانەوەمان بکەین؟ ئابووری پێش بە سیاسەت دەداتەوە یان بەپێچەوانەوە؟ئەی شوێنی تەندروستی (ئاگایی تەندروستی، پەروەردەی تەندروستی) لە هاوکێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا چ ڕەوتێک وەردەگرێت؟ مەرگ،جەستە،ساغی/ناساغی ئەمانە چییان بەسەردێت؟ ئەدی دژەجوولەگەرایی Antisemitism، ڕەگەزپەرستیRacism ، ڕق لە ژن، ئیسلامۆفۆبیا، پیسکردنی سروشت، چۆن دەکەونەوە؟ ڕۆژێک دێت بڵێین سوپاس بۆ کۆرۆناڤایرۆس کە پەردەی لەسەر یەک دونیا درۆ و ناڕوونی Obscurantism(تاریکیپەرستی) مرۆڤی هاوچەرخ هەڵدا یان ئێژین نەخێر هەرگیز کۆرۆنا بە شادمانی Ecstasy خۆی نەگەیشت و هیچی فێرنەکردین. ئەوە بۆچوونێکی فاشیستانەیە کە سوپاسگوزاری کۆرۆناڤایرۆس بین، هەر ئەوە تێۆری مالتۆسمان Thomas Malthus بیردەخاتەوە کە پێیوایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زۆری دانیشتوان و ترسی کەمی خواردن ڕژێمەکان پێویستە ناساغی و نەزۆکی بڵاکەنەوە، لێ ئەوانە لەولاوە بوەستێت خۆ کۆرۆنا دروستکەری بیرکردنەوە بوو لەسەر داهاتوو، ڕۆشتن بوو لە بیرکردنەوەی خودی خۆوە بۆ بیرکردنەوەی خودی ئەویتر. هاتنەدەرەوە بوو لە “من” و چوونیش بۆ لای “تۆ” ،بێسڵەمینەوە ئەمەش وایکرد بیربکەینەوە لەوەی کە””من و تۆ””پێکەوە چۆن ڕووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە کە پێشتر بەیەک ئاشنانەبووین.کۆرۆنا ڕێزمانی گفتوگۆی جێندەری گۆڕی بەرەو ئاقارێکی ڕەوانبێژی سەرسامکەر. کۆرۆنا جارێکی تر وتاری ڕۆشنگەری Enlightment ڕۆژئاوایی خستەوە ژێرپرسیار و چارەنووسی دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی(ئازادی، یەکسانی، برایەتی)سەرلەبەر هەڵتەکاندووە. کەواتە کۆرۆنا سەرلەنوێ ئەو تێگەیشتنە فەلسەفیی، زانستیی ،هونەریی و ئابوورییەی تەڵخکرد کە بنەمای بۆ ئەو وتارە دانابوو کە فەلسەفە ناوی لێنابوو وتاری مۆدێرنە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کە لەگەڵ تەوژمی باس لە کۆرۆنا بەها هاوبەشەکان کە پێشتر وتاری ڕۆشنگەریی خەمی بوو بیپارێزێت و جیهانگیریش دەمامکی ئابووری بۆ زیادکردبوو کۆرۆنا وێنەکانی گۆڕی. شار کە بەرهەمی گەشەی مۆدێرنەیە چارەنووسی وا بەدەست کۆرۆناوە.
کۆرۆنا شاری خامۆش و هێمنکرد، بەجۆرێک بێدەنگیکرد کە شارە پۆست مۆدێرنەکان جارێکیتر بە شەرمەوە دەرکەونەوە. کۆرۆنا وایکرد شار ترسناک و نەخۆشئامێز بێت. لە سەردەمی کۆرۆنا دا ژیانی”من” و ژیانی “تۆ”لە شاردا وەک یەک کپکرا. کپبوون بوو بە تایبەتمەندی مۆزەخانە و باڵاخانە و یاریگا مەزنەکان و لەگەڵ کۆرۆناشاپاتریۆتیزم(نیشتیمانچیەتی) کە سەرلەنوێ سەریهەڵدایەوە شانبەشانی تەوژمی جیهانگیریی،کە سێ دەیەی بە فەرمی پڕکردەوە،لە شارە جیهانیگیرییەکانا خەمی زاڵبون بەسەر کۆرۆنا دەخۆن. کۆرۆنا وایکرد جیهانگیری تەندروستی سەرنجی بخرێتەسەر و ئابووری ببێتە پرسیار لەسەر ئەو جۆرە لە جیهانگیرییە. هەر جیهانگیری تەندروستیشە کە وایکرد وڵاتانی نیولیبرالیزم تادەگاتە ئەو وڵاتانەی مافی نەخۆش و کارمەندی تەندروستی تیا پارێزراو نییە هەموو چاویان لەسەر ئەمەریکا بێت کە بۆ لە بەر تەوژمی کۆرۆنا وای بەسەرهات؟بەشێک لە وڵاتان بەتایبەت عەرەبی-ئیسلامی کە هەمیشە لە سیاسەتە دەرەکییە ڕەشەکانی ئەمەریکا زەرەرمەندبوونە بەتاسەوە دەڕواننە دوا هەواڵەکانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا.بەشێک لەوە هەر پەیوەندی بە جۆری سیاسەتەکەی ئەمەریکاوە نییە بگرە پەیوەندی بەو بانگەشانەشەوە هەیە کە ئەمەریکایەکان لە بواری زانست و زانینی پزیشکیدا کردویانە.
کۆرۆنا لەڕێگای مێژووی ڤایرۆس و ڤایرۆسناسییەوە پێماندەڵێت گەردوون و مرۆڤ ،چاترە بڵێیین، گەردوون و بوونەوەرەکانی ناو بوون لە دێرزەمانەوە بە ڤایرۆس و بەکتریا ئاشنان و کارلێکیشیان لەسەر یەک داناوە و فەلسەفەش لەم بارەیەوە لە مامەڵە لەتەک زانستە سروشتییەکان دیرۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە.وێرای ئەوە،فەلسەفە و کۆرۆنا واتە لەیەک نزیکبوونەوەی بیرکردنەوەی فەلسەفی و بیرکردنەوەی پزیشکی. لە سەردەمی کۆرۆنا فەلسەفە پتر لە پزیشکی نزیکبوەوە ئەوەش بە حوکمی قسەکردنەکانی فەلسەفە لەسەر چەمکگەلێکی وەک جەستە،مەرگ،تەندروستی،چارەسەر،دووچاربوون و پێوەبوون ئەمەو تادەگاتە نێوان(دیستانس)ی تەندروستی کۆمەڵاتی، کەرەنتینەکردن وپاقژی و.. .

سەرنج:
ئەوەی لە دووتۆیی ئەم نووسینەدا دەوترێت دەبایە هەر بوترایە و زۆر لەمە باڵاتریش پێویستیدەکرد بێینەگۆ، لێ وتنەکانمان پووخت و چڕدەکەینەوە و دواتر کاردانەوەکانی کۆرۆنا درێژەی وتنەکانمان و ئاقارەکانیشی دیاریدەکات. ئەم “دوژمنە نادیارە” هۆکاری شێوازی چۆنیەتی وتنەکانمانە و تازەگەریەکانیشی ئاڕاستەی نەوتراوەکانمان دەستنیشاندەکات، کە پاشان دەبن بە وتن یان لەڕێگای ئەوەن ببن بە وتن. هاوکات ئەوەی لێرە گۆدەگرێت لەلایەک و ، ئەوەش کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە ڕۆژانە ئەنجامیدەدەن تا تووشبوانمان ڕوو لە کەمی و کەمی بنێن شایانی ڕێزە. ئەوەی لێرەدا دەوترێت پێویستی بەزۆرتر بەدواچون و قووڵبونەوەیە،کە ئەوەش کاری دواترمانە. ڕاڤەکردنەکە لایخوارەوە لە چەند پەڕەگرافێکدا جەمسەرگیردەکەین و ناسنامەی پەڕەگرافەکانیش دەخەینە خزمەتی سەرەکی باسەکەوە کە “فەلسەفە و کۆرۆنا”یە.

وتنی فەلسەفە و کۆرۆنا

کۆرۆنا شایانی وتنە؟ وتن لەمەڕ کۆرۆنا بۆ کوێمان دەبات؟ فەلسەفە مافی وتنی لەسەر کۆرۆنا هەیە؟ کێ ئەم مافە بە فەلسەفە دەبەخشێت؟ مافی ئەوەی کە فەلسەفە وتن سەبارەت بە کۆرۆنا قۆرخبکات؟ گومانیناوێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەوێوە وەسەرەتادێین کە، فەلسەفە لەم کاتانە وتنی خۆی هەیە. وتنێک کە نادوبارە و وروژێنەرە. ئەو کاتانە فەلسەفە پێویستە بێتەگۆ کە شیاوی بۆ وتن لە ئارادایە. شیاویش پێویستییە بۆ ئەو وتنە. وتنی پێویست دەگمەن و وتنئامێزە. ئەم جۆرە وتنە وتنێکە کە نەوترا و بیرلێنەکراو پێکەوە گرێدەداتەوە. وتنی وتراوئامێز چییە؟ ئەو وتنەیە شایانی وتنە، واتە وتن شایانی گۆکردنە. وتنێک کە ئیدی کاتی وتنی هاتووە. وتنەکەش وتنێکە کە بێدەنگی تێدەپەڕێنێت و زۆنێک بۆ وتن بۆخۆی دێنێتەسازاندن. لەو شوێنەی شتێک هەیە بۆ وتن بێدەنگی، نەوتن، لەسەرە مەرگ دا دەبێت. ئەمە بۆ لێدانی ئەو تێزەیە کە بەم جۆرەیە: “ئەو دەمەی شتێک نییە بۆ وتن ،چاترە بێدەنگبین”.ئەو بێدەنگییەی پەیوەندی بە وتنێکەوە هەیە کە شایانی وتن نییە ئەو وتنەیە کە هیچمان بۆ قسەکردن پێنییە، کە هیچمان بۆ وتن پێنەبوو چاترە نەوتن هەڵببژێرین. بەدڵنیاییەوە ئەو نەوتنەش بێدەنگی لێبەرهەمدێت، بێدەنگیەک کە بەرهەمی شایانی نەوتن بووە، لێ بێدەنگی ،بەردەوام، بێ لایەنی نییە، بەڵکو زۆرجار ئەندێشەیەک لە پشتەوەی خۆیڕاحەشارداوە.
بێدەنگی لەم شێوەیە ناچارییە،بەڵام لاوازیی نییە.پێچەوانەی ئەو جۆرە بێدەنگییەش ، بێدەنگی ناچاریی، بێدەنگییەکە لێوان لێوە لە ترس و بێ هێزی و دژە جەمسەری ئەمەش وتنە، وتنێک کە دلاوەریی و توانایی تیا سەزبووە. بۆ؟ چونکە کە بێدەنگیی لەدایکدەبێت بوێری و دلاوەریی نامێنێت. هەموو بێدەنگییەکان داناییان تیانییە. بەشێکی زۆر لە بێدەنگییەکان بێئاگایی و ترسنۆکیان تیا مەڵاسدراوە. شکاندنی بێدەنگیش بە وتنێک پێویستە کۆتای بێت کە وتراوئامێز بێت، شایستەی گۆکردن بێت، قابلیبێت بە ئاخاتن. وتنی لەو جۆرە درەنگ دێتەدونیاوە. بەپێی ئەوەی دەگمەن و نادوبارەیە جوگرافیای خۆی دەبەزێنێت و بۆ هەمووان پێویست و شایانە. بۆیە وتنی بیرمەندەکان لە یەک شوێن ئۆقرەناگرن،پیرنابن و بێزارکەیش نیین. هەرچی ستێڤێن شرۆدێرە Steven Schroeder بەجۆرێکی تر وتنی نەوتن، “وتنی هیچ ” شرۆڤەدەکات:” تاکە ڕێگا بۆ وتن لەمەڕ هەموو وتنێک وتنی هیچە، نەک بۆ وەستان لە وتن ،بەڵکو بۆ هێنانە لەرزینی سێستەمی هێز و ڕەتکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەو سێستەمە. سێستەمەکەش لە بێ توانایی بیرۆکراتەکان و دڕندەیی دیکتاتۆرەکان و خولانەوەی سیاسییەکان دەبینێت”. با هەنووکە هاوکێشەکە بە شێوەیەکی تر بخوێنینەوە. کاتێک کە ئێمەی مرۆڤ دەڵێین “هیچم بۆ وتن نییە” جیایە لە نەوتن. هیچم بۆ وتن نییە زۆرجار بەرهەمی پەشۆکاوی و دەستەوەستانە لە ئاست شتێک کە شایانی وتنە. لەوێ، واتە کە وتن بوونی نییە، بێدەنگ نەزان و نادانەیە، لێ گوزارەی هیچ ناڵێم هەڵوێستەیە لەسەر وتراو کە زۆر وتنی قێزەوەن و بێ ماناکردووە. بەواتایەکی تر. کۆرۆنا کە هات وتنی سەپاند. کۆرۆنا بەم هاتنەی خۆی سەپاند، سەپاندنێک کە درزی خستە تێگەیشتنەکامان لەمەڕ داهاتوو.
بەم جۆرە وتن لە بۆشاییەوە دروست نابێت. کۆرۆنا هەیە بۆیە وتنیش هەیە. وتن دۆزی هەیە. پێویستی بە شوێنە. کۆرۆنا کە شوێنی داگیرکردووە پێویستی بە وتنە. کۆرۆنا کە ڤایرۆسە و ئەویش نازیندووە بەوە زیندوو بوو کە هاتە ناو خانەخوێمانەوە. ئێستا ئەو دەژی و گەشەدەکات.لە کوێ؟ لەناو جەستەی ئێمە و لەناو شادەمارەکانمان، لەناو شادەماری کۆمەڵگە و زمان و ڕوناکبیریماندا دەخولێتەوە و کاری خۆی دەکات. فەلسەفەش کە لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە وتنی لەسەر مرۆڤ و دەوروبەری ئەم مرۆڤە هەبووە هەنووکە بەپێویستی دەزانێت کە وتن لەسەر کۆرۆنا بهێنێتەگۆڕێ.هەموو وتنێک جێکایەک بۆ خۆی شایستەدەکات و لەو جێگایە ڕووبەرێک بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی خۆی دەدۆزێتەوە. کەوابوو وتن دەسەڵاتە، هاتنەکایەوەی هێزە.
وتن ڕاڤەکردن دەسازێنێت ئەوەش توانایی لەخۆیدا پەنهاندەکات. وتنی لەخۆڕا وتنی بەتاڵ ئەوەش نەوتن یان بێمانای لە وتن دروستدەکات کە لە کۆتایدا تێنەگەیشتن پێکدێنێت. وتنی لەم شێوەیە،وتنی بۆش، فیزیای نییە، چونکە جێگا داگیرناکات و هێزیش هەرگیز پێکناهێنێت. وتنێکی توانایی تێدا نەبوو شیکاریش دروستناکات. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە وتن، هەروەک نووسین، دەسەڵاتە. ویست بۆ وتن ویستە بۆ هێز. وتنی فەلسەفە وتنی دایکە( فەلسەفە لە زمانانی بێگانە مێیە)،هاوسەرگیری فەیلەسوفیش لەگەڵ فەلسەفە هاوسەرگیرییە لەگەڵ وتن، لەگەڵ بیرکردنەوە و پرسیارسازیدا.
کۆرۆنا فەلسەفەی هێنایە گۆ. فەلسەفە کە بیرکردنەوەیە وتن دەسازێنێت. بیرکردنەوەش کۆرۆنای کردە بابەت بۆ وتنەکانی، لێ شای وتنەکان،بەپێیئەوەی کە، وتنی فەلسەفییە وتنی فەلسەفیش لە ساتەوەختی کۆرۆنادا لە ئاستێکی تر ڤایرۆس دەخاتە نێو وتنەکانی خۆیەوە. بێماناش نییە بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە هاتن گۆ: ئالان بادیۆ Badiou، جیۆرجیۆ ئاگامبێن Agamben، سڵاڤۆی ژیژێک Žižek، لۆک فێری Ferry، میشێل ئۆنفرێ Onfray ، ئێدگار مۆران Morin ، ژان -لۆک نانسی Nancy، ئەنتۆنیو نێگری Negri و..هتد.
کاتێک بیرکردنەوەی فەلسەفی لەگەڵ بیرکردنەوە لەمەڕ کۆرۆنا هاتەئاراوە بیرکردنەوەی فەلسەفی لەتەک بیرکردنەوەی پزیشکی یەکیگرتەوە کە ئەوەش یەکگرتنەوەی فەلسەفە بوو لەگەڵ پزیشکی یان تەندروستیدا، بەڵام فەلسەفە نایەت بە زمانی پزیشکی قسە لە کۆرۆنا، لە ڤایرۆس، لە کەرەنتینەکردن ، لە ئاسایشی تەندروستی تاک و کۆمەڵ،لە پانیک (شڵەژان)،لە ماڵەوە بوون، لە قەدەغەی هاتووچۆ ،لە مەودای تەندروستی بکات. وتنی فەلسەفە لەسەر کۆرۆناڤایرۆس هاوکات وتنیشیەتی لەسەر پرسیارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەکان، کە ئەوەش وەک هەمیشە پرسیاری باشە و خراپە، مەرگ و ژیان، بێدادی و دادپەروەری دێنێتەپێشەوە. جیاوازی نێوان فەلسەفە و کۆرۆنا هەر ئەوە نییە کە کۆرۆنا زیندوو نییە و بەهاتنەناو خانەخوێکەوە ،لە ڕێگای مشەخۆرییەوە، دەست بە ژیان دەکات و فەلسەفە زیندووە، بەڵکو ئەوەشە کە کۆرۆنا خانە نییە،بەڵکو پشت بە خانەخوێک دەبەستێت تا گەشەبکات، هەرچی فەلسەفەیە زیندووە و عەقڵێک بەرهەمیدێنێت و تایبەتمەندی مشەخۆرانەی نییە و ئەمەش وادەکات فەلسەفە وتنی هەبێت و هەڵوێستە لە ئاست شتەکانی ناو بوونمان وەربگرێت ئەو گرفتارییەش، کۆرۆنا، بهێنێتە گۆ کە هەموو دووچاریبووینە.

ماویەتی…..