نێرینەیی لە کۆمەڵگای کوردیدا.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

پێشەکییەکی کورت:
ئەم نووسینەی بەردەستتان، وەلامدانەوەی منە بۆ رۆژنامەی “ڕەوت” لە بەرانبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆ منییان ناردبوو کە تەوەرێکی تایبەت بوو لەسەر: ” ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟هۆکارە بنەرەتییەکانی هەمژموونی زمانی نێرسالاری لە ئەدەبی کوردیدا چین؟ بە بروای تۆ چی بکرێت بۆ ئەوەی دەسەلاتی هەژموونی ئەو زمانە تێکبشکێنرێت؟

بە بروای من وەلامی ئەم پرسیارە هەروا سانا نییە. خودی زمان کایەیەکی فراوانە کە تیایدا وشە، دەستەواژە و ئاماژەکان ڕەنگڕێژدەکرێن بەو بەها و پێوەرە کولتوری و ئایدیۆلۆژیانەی زمان خۆی تیا دەبینێتەوە.
لە زمانی چینۆکدا، یەکێک لە زمانەکانی باکوری خۆرئاوای باکوری ئەمریکادا دەربڕینێکی لە چەشنی
“ئەو پیاوە هارە، مناڵە فەقیرەکەی کوشت.”، دەبێتە : ” هارێتی پیاوەکە فەقیری مناڵەی کوشت”. لێرەدا وشەی فەقیر ئاماژە نییە بە دۆخێکی ئابووری کە نەبوونی ئیمکاناتە مادیی و مەعنەوییەکان دروستی دەکات. بەڵکو فەقیری بەمانای ئەو دەربڕینەی کە لە زمانی کوردیدا بۆ وەسفکردنی کەسێک کە سالارە و بێدەنگە و تەواو بارگاوییە بە هەموو مانا پۆزەتیڤەکان. “بە ڕاستی باوکی فڵانە کەس پیاوێکی فەقیرە.” ئەوەی کە وشەگەلێکی وەک ” هار، هارێتی، فەقیر و فەقیری” ماناو دەلالاتی جیاواز لەم دوو دەستەواژەیەدا دەداتەدەست، لە جیاوازبوونی ماناکانی هارو هارێتی، فەقیر و فەقیریدا نییە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو لە بەکارهێنانی کۆمەلایەتی ئەو وشانەدا هەیە لە ناو کەش و هەوای ئەو کولتورە جیاوازانەدا کە بەهای کۆمەڵایەتی جیاواز لەسەر هار، هارێتی، فەقیر و فەقیریدا دادەنێت. بەڵام ئەم نێرسالارییەی کە لە زمانی کوردیدا باسیلێدەکرێت، کەمتر تیشکی خراوەتەسەر و زیاتر سیمای پیاوێکی دڕندەی هەیە وەک لەوەی سیستەمێک بێت کە مێیتی و نێریتی لەناو تۆڕێکی بەرینی کۆمەلایەتیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. بۆیە وەلامی من بەرلەوەی لە زمانەوە دەستپێبکات، ناچارم دەکات لە خودی نێرسالارییەوە دەستپێبکەم و دواتر بگەڕێمەوە ناو کایەکانی دیکەی ئەدەب، هونەر، ریکلام و گۆرانی.
بەڵام هەرچۆنێک بمەوێ دەستپێبکەم، ناتوانم “کتێبی ملوانکە”ی شیرکۆ بێکەس فەرامۆش بکەم کە ڕێنیشاندەرێکی گەورەی ئەم باسەیە لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا.

کتێبی ملوانکە، پرۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پرۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نیوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی رۆژانەیادا داگیرنەکات و ئینسانبوون پێوەرو شوناسی ئەوان بێت ، نەک نێر یاخود مێ بوون.
ئەگەر شێرکۆ لە قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” بە شوێن نیشتیمانێکی ترەوەیە بۆ ژیانی ئینسانەکان کە دوورە لە پێناسە ناسیونالیستییەکان ، ئەوا لە “کتێبی ملوانکە”دا، کچەکانی نیشتیمان دەخاتەوە ئەو شوێنەی کە نیشتیمانی تازە دەخوازێ چۆن بن. شێرکۆ بەم هەنگاوەی گورزێکی کوشندە لەو درۆ گەورەیە دەدات کە لەناو بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی دنیادا رەواجیپێدەدرێ کە گوایە: تا نیشتیمان ڕزگار نەبێت، رزگارکردنی ژنان مەحاڵە. کتێبی ملوانکە چەند ساڵێک بەر لە نووسینی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” نووسراوە و پەیامی دێر بە دێری حەکایەتی ملوانکەکان هیچ شتێک نییە جگە لە دەستکاریکردنێکی رادیکالانەی شیعری بۆ پەیوەندی نیوان یەکسانی و رزگاری ژنان لەگەڵ رزگارکردنی نیشتیماندا.
سەیرێکی ئەم نەخشە رەنگڕێژکراوەی شیرکۆ بکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو سیستەمی جەندەرەی لە کوردستاندا کاردەکات.

“لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ: دیوار نێرە، شەقام نێرە، درەخت مێیە و کۆلانی تەنگ و باریکیش زۆربەیان مێ. بەهار و هاوین نیرینەن. پاییز و زستان میینەن. رۆژ نێرە و شەو مێ. ئاگر نێرە و خۆلەمێش مێ. نهۆمەکانی سەرەوە نێر و ژێرزەمینیش زۆربەیان مێ. شاخ نیرە و دۆلەکان مێ. لێرە. لێرە. لێرە: ئاو مییە و بەربەست نێرە. هەڵم مییە. ماسی مێیە و چەشەیش نێرە. باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیە و سووریش نێرە. سروودەکان هەموو نێر و بەستەکانیش زۆربەیان مێ. دوولەسەر سێی ئازارەکان مێینەن و حەرام مێیە و حەڵالیش نێر. بەشی زۆری سێبەرەکان میینەن و بەشی زۆری فەرمانەکان نێر. خودا نێرە و عەرشەکەی مێ. هەموو مافوورەکان مێن و هەموو کورسییەکان نێر.هەموو تەنافەکان مێن و هەموو گیرەکان نێر. بەفر مێیە و ڕەشەبا نێر. دووکەڵکێشەکان زۆربەیان مێن و نێڵەنێڵی ئاگری توونییش زۆربەیان نێر. جگەرە نێرە و تەپلەکی جگەرە مێ. لێرە. لێرە. لێرە، بەرگی پێشەوەی هەموو کتێبەکان نێرن و بەرگی دواوەیش مێ. گڵۆپی ترافیکەکان هەموویان نێرن و خەتی پەڕینەوەی سەر شەقامەکانیش هەمووین مێن.
وشە مێیەو تەباشیر مێیەو لاستیکی خەتکوژانەوە و تەختەسڕ نێر. لێرە هەموو مەتنەکان نێرن و هەموو پەراوێزەکان مێ.تەلەفیزیۆن نێرە و مێزەکەی ژیریشی مێ. لێفە نێرە و دۆشەک مێ. پەنجەرەکان مێن و پەردەکانیان نێر. هەموو ماشێنەکان نێرن و هەموو پارکەکان مێ. چادرەکان نێرن و پەردە و کولەکان مێ. تابلۆکان مێن و چوارچێوەکان نێر. دەسکەوان دەسکەکەی نێرە و خۆیشی مێ. دەرزی نێرە و دەزوو مێ. شیعر مێیە و سانسۆر نێرە. گێژاو نێرە و بواری هێوریش مێ. لافاو نێرە و داروپەردووی سەرئاوکەوتوویش مێ. بوومەلەرزە نێرە و وێرانەیش مێ. بزە مێیە و مۆڕەیش نێرە. لێرە. لێرە. لێرە: ژیان نێرە و مردن مێ. “
بە بروای من، شیرکۆ بێکەس لەم ئاماژە درێژەی مندا، بەشوێن ڕیزکردنی نێرو مێ بوونی شتەکانەوە نییە کە لە زمانەکانی دیکەی دنیادا بوونی هەیە، بەلکو نەخشەیەکی جەندەرییش دەکیشیت بۆ نێرێتی و مێیتیەک لە کۆمەلگای کوردستاندا کە دەکرێ لە زۆر جومگەکانیدا، لەناو نەخشە جەندەرییەکانی دیکەی دنیادا تەواو پێچەوانەیەی ئەو مانایانە بێت کە لای ئێمە هەیە.
لەسەر ئەم نەخشە جەندەرییەی شێرکۆوەیە، دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو نێرسالارییەی کە بڕیارە تەوەری وەلامەکانی من بێت. بەڵام بەر لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نێرسالاری، پێویستمە سەرنجێک لەو مۆدێلی نێرینەیی یان پیاوێتیە بدەم کە لە کوردستاندا ئامادەیی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، تێگەیشتن لە چەمکی نێرینەیی “کۆنێل”، کۆمەکێکی زیاتر دەکات بە تێگەیشتن لەم چەمکی نێرسالارییەی کە لە زۆر شوێندا بەکاردەهێنرێت، بێ ئەوەی سیماکانی دیاربن. پرسیارێک کە تا ئێستا، لە زمانی کوردیدا لەسەرڕاوەستانێکی قووڵی بۆ نەکراوە. بۆ ئەم مەبەستە، لێکۆڵینەوەکانی سۆسیۆلۆگی ئوستراڵی Raywen Conell و شیکردنەوەکانی ئەو لەسەر چەمکی جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لە کۆمەلگادا، ناکرێ سەرەتای دەستپێکی باسەکە نەبێت.
ئەم جۆرە لە لێکۆڵینەوە، بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پیاو ناسراوە و لە ناو زانستەکانی فێمێنیزمدا جێگای تایبەتی هەیە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی یەکسانیدا. ئاخر قسەیەک هەیە دەلێ: فێمێنیزم هێندە لە ژن ورددەبێتەوە تا وای لێدێ پیاو نەبێنێت. لێکۆڵینەوەکان لە پیاو، کۆششێکە بۆ فراوانکردنەوەی تێگەیشتن لە پرسیارەکانی یەکسانی.
ئەم پەتای نەبینینی پیاوە هەر بزووتنەوە یەکسانیخوازەکانی ئەوروپای نەگرتبووەوە، بەلکو لە کوردستانی عێراقدا کە ژنکوژی لە نەوەدەکانەوە بە جینۆسایدێکی رەگەزیی نزیکدەبێتەوە، نێرینەیی ئینسانی کورد ناخاتەتە ناو هاوکیشەکانی یەکسانییەوە و هیچ خوێندنەوەیەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم نێرە ژنکوژە ناکات و وەلامی ئەو پرسیارە نادرێتەوە کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستان چۆن دروستکرواوە و چۆنیش بەرهەمدەهێنرێتەوە. بۆیەش لەم دۆزەخەدا کە پیاو بۆ ژنانی دروستکردووە، پیاو لە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی یەکسانیخوازیدا، بە تەواوەتی ونە.
بێگوومان پرسیاری من لەسەر تاوانبارکردنی پیاو نییە وەک کەسێک و دانانی نێرینەیی پیاوی کورد نییە لە قەفەسی تاوانباریدا، بەڵکو ئەم جۆرە لە نێرینەیی، زادەی ڕژێمێکی جەندەری کۆمەلگای کوردییە کە لە ناو دامەزراوە و سترەکچەرە بەناو یەکسانەکانیشدا توانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خۆی هەیە و بە جیا لەم روخسارە ژنکوژەی ، خاوەنی دەیەها دەمووچاوی دیکەیە کە کاریگەرییەکانی کەمتر خوێناوی نییە. بەڵکوو کۆششێکە بۆ بینینی ئەو کائینەی کە بەشێکی گرنگی پرسیارەکانی کۆمەلگای لەسەر شانەو ناکرێ بخرێتە دەرەوەی بازنەکانی ئەم هاوکێشەیەوە.

جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لای کۆنێل
کۆنێل قسە لەسەر ماسکۆلێنیتی و فێمینیتی دەکات کە وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی کارێکی ئاسان نییە. لە قامووسی عەرەبیدا ماسکۆلێنیتی بە الذکورە وەرگێردراوە. لە فارسیدا بە نرینگی. لە سویدیدا، هەم نێرینەیی و هەم پیاوێتی بەکارهێنراوە.
بۆیە منیش لەم سەرەگێژییەی وەرگێران و هەژاری زمانە زانستییەکان لە زمانی کوردیدا، یان لە بێ توانایی خۆم بۆ خۆماندووکردنێکی زیاتر بۆ ئەوەی بابەتێکی سەرکەوتووانەتر پیشکەش بکەم، ناچارم دەست بە داوێنی نێرینەیی یان پیاوێتییەوە بگرم بۆ وەرگێرانی چەمکی ماسکۆلێنیتی.
بۆ کۆنێڵ کە تێروانینێکی کۆنسترۆکتیڤیستی هەیە لە لێکۆڵینەوەکانیدا، “نێرینەیی و مێینەیی لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا و لە ناو سترەکچەری رژێمی جەندری کۆمەلگادا مانا پەیدا دەکەن”. واتا ناکرێ بە جیا سەرنج لە هیچ کامێکیان بدەیت و ئەوان لە بەرانبەر یەکدا و لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا دەخوێنرێنەوە. هاوکات کۆنێل پێیوایە کە رژێمی جەندەری خۆرئاوا، لەسەر پەیوەندییەکی دەسەلات ڕاگیراوە کە سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن بناغەکەیەتی. واتا سەردەستەیی و ژێردەستەیی ئەو نایەکسانییەی دەسەلاتە لە نێوان رەگەزەکاندا. کۆنێل پێیوایە کە رژیمی جەندەر هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ سترکچەرەکانی دیکەی وەک چین و ئەتنیەت و سێکسوالێتیتدا. بۆ نموونە ژنبوونی کارەکەرێکی ئەسیوپی هەژار کە پێستی ڕەشە، لە ناو رژێمی جەندەری کوردیدا، هێندەی دی ژێردەستەیی ئەو قوڵتردەکاتەوە لەبەرانبەر هەمان ژنی ژێردەستەی کورددا چەند پلەیەک لە خوارترەوەیە. بۆیەش ناکرێ قسە لە جۆرێک لە مێینەیی یان ژنێتی بکرێت لە کۆمەلگای کوردستاندا. ئەم تێروانینە بە هەمان شێوە دروستە لە پەیوەند بەو هەمەڕەنگییەی کە نێرینەیی هەیەتی لە کۆمەلگادا. بۆیە کۆنێل قسە لەسەر جۆرەکانی نێرینەیی دەکات لە کۆمەلگادا.
لای کۆنێڵ باشترە ئینسان لە جیاوازییەکانی نێوان نێرینییەکان یان پیاوێتییەکان وردنەبێتەوە بەڵکو سەرنجی بچێتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان.
لە دەرئەنجامدا کۆنێل ئاماژە بە کۆمەلێک پەیوەندی نێوان نێرینەییەکان دەکات کە بریتین لە: نێرینەییەکی هەژمووندار، نێرینەییەکی ژێردەستە، نێرینەییەکی بەشداریکەر و لە کۆتاییشدا، نێرینەییەکی لەپەڕاوێزخراو.
ئەم پەیوەندییە جۆراوجۆرانەی نێرینەیی، ڕژێمی جەندەری خۆرئاوا پێکدەهێنێ. من پێموایە، لە رژیمە جەندەرەکانی خۆرهەلاتیشدا، جیاوازییەکی زۆر بنەڕەتی لەگەڵ ئەم پەیوەندییانەی نێوان جۆرەکانی نێرینەییدا نییە و دەکرێ لە هەندێک پراکتیکی بچووکدا لەیەک دووربکەونەوە.
با سەرنجێکی کورت لەو دابەشکرنەی نێرینەیی بدەین کە لای کۆنێل لە ناو رژێمی جەندەری خۆرئاوادا دەبینرێت.
نیرینەیی هەژمووندار.
کۆنێل چەمکی هیگێمۆنی لە گرامشییەوە وەردەگرێت و بە هەمان مانا بەکاریدەهێنێت. ئەو پێیوایە کە نێرینەیی لە دەوری چەمکی هێگێمۆنی یان کە لە زمانی کوردیدا کەڵک لە فارسییەکەی وەرگیراوە و وەک هەژموونی وەرگێردراوە، دروستکراوە. نێرینەیی هەژمووندار بە کۆمەڵێک بەها و تایبەتمەندێتی سروشتی و سادە و پۆزەتیڤ نەخشێنراوە کە جێگایەکی باڵای دەداتێ و دەبێتە ئامانجێک کە نێرینە دەبێ پێیبگات. بەڵام ئەم نێرینەییە هەژمووندارە لە هەموو ئان و زەمانێکدا دەستنیشانکەری ئەوە نییە کە نیرێنەیی دەبێ چۆن بێت. بەلکوو ئەم جۆرە لە نێرینەیی بە پێی شوێن و ژینگە کولتوریی و کۆمەلایەتییەکەی دەگۆڕدرێت. ئەم جۆرە لە نیرێنەیی هەمیشە بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای بەرز و پۆزەتیڤ کە وا دەکات وەک ئایدیالێک بمێنێتەوە کە نێرینەکان چاویلێبکەن ئەگەر نەشتوانن واهی بن. بۆیە هەژموونی لای کۆنێل بە گەرانەوە بۆ گرامشی: واتا ئاماژەدان بەو دینامیکە کولتوررییەی کە وا دەکات گروپێک جیگاو رێگایەکی لە پێشەوەیی و رابەری لە ژیانی کۆمەلگادا داگیربکات.
لە باری کولتورییەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە جۆرەکانی نێرینەیی بالادەست دەردەکەوێت لە چاو ئەوانی دیکەدا. ڕەنگە وێنەی مامۆستا لە کۆمەلگای کوردیدا، نیشاندەری ئەم جۆرە لە نێرینەیی بووبێت لە رۆژگارێکدا. دواتر پێشمەرگە جێیدەگرێتەوە و هەتا دوایی. بە زمانی کۆنێل: نێرینەیی هەژمووندار تێکەلێک لە پراکتیکی جەندەرییە کە ناوەرۆکەکەی وەڵامدەرەوەی پرسیاری شەرعییەتی سیستەمی پاتریارکە. بە کوردییەکەی: کاتێک فێمینیزم دەیەوێت لە نێرینەیی بالادەست حەکایەتێکی دیکە دروست بکات و ئایدیالێکی دیکەی لێبێنێتە دەر لە سویددا، بۆ نموونە نیرینەییەکی ئایدیاڵ بۆ فێمێنیزمی سوید کەسێکە کە رۆژەکانی مەرەخەسی دایکانە بە قەد دایک وەردەگرێت و لە هەموو ئەو پراکتیکانەدا کە بە پراکتێکی مێییانەوە لەقەلەمدەدرێت چالاکانە کاردەکات. ئەم پراکتیکە جەندەرییەی کە فێمێنیزم دەیەویت لە دەوری نیرینەییەکی ئەلتەرناتیڤ دروستی بکات، دەبێ هەمیشە بکەوێتەوە بەر پەلاماری ئەو نێرینەییەی کە شەرعیەتی پاتریارک رادەگرێت و دەیخاتەوە شوێنی خۆی. یانی باوکێک کە مەرەخەسی دایکانە دەداتەوە دەستی دایک و پێیوایە کە وەزیفەی دایکانە لای منداڵ بمێننەوە وبەرپرسیاری یەکەم ئەوە. بە کورتییەکەی جێهێشتنی کاری ناو ماڵ و چاودیریکردنی پەروەردەی مندالان بۆ ژن.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەمیشە ئەو کەسانەی کە هەلگری پەیامی نێرینەییەکی هەژمووندارن و بەرهەمهێنەرەوەی ئەم پەیامەن، مەرج نییە خۆیان خاوەن دەسەلاتە گەورەکانی کۆمەلگا بن و مەقاماتی بەرزییان هەبێت.
بەلام هەژموونیش تەنها کاتێک دەخوڵقێنرێت کە: پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان ئایدیالێکی کولتووری و دەسەلاتێکی ئەنستیۆتیتدا. قارەمانێتی ژنان و کچانی کورد لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاڤا، وێنەی ئایدیاڵی نیرینەیی پیاوی کورد دەخاتە ژێر پرسیار. بە تایبەت لە جومگەکانی ئازایەتی و کونلەجەرگدانەبوونی نیرینەی ئینسانی کورددا و ئازایەتی مێیینەی کورد دەخاتە شوینێ. بەڵام هێشتاش لە بارە گرنگەکەی دەسەلاتی سەربازیدا، تەواوی جومگەکانی سەربازی کوردی، هەر نیرانەیە.

نێرینەییەکی بەشدار
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، ئەو لەشکرە گەورە لە پیاوانی چالاک و کارا دەگرێتەوە کە ناتوانێت وەک نێرینەییەکی هەژمووندار بژی و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو لە خۆیدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەجێندای نێرینەیی هەژموونیداری پێ قبووڵە و لە هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداردا چالاکانە لە بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژندا کاردەکات.
بە پێی دابەشکردنەکەی کۆنێل، زۆربەی پیاوان دەکەونە ناو سنوورەکانی ئەم بازنەیەوە. کەسێک کە دیفاعکەرێکی سەرسەختی یەکسانی نێوان رەگەزەکانیشە، دەکرێ قازانچ لەوە بەرێت کە کرێی کار لە نێوان ژن و پیاودا جیاوازە و ئەوی پیاو ، سوودمەندی ئەم نایەکسانییەی کرێیە کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی بازاڕ بەرهەمی دەهێنێتەوە.
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، بەشداربوویەکی پاسیڤی هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژمووندارە کە بێئەوەی بەرژەوەندی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە راگرتنی سیستەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەگەرپاراستنی بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداری کۆمەلگا لە هێشتنەوەی تەڵاق لە دەستی پیاودا شەو و ڕۆژ خەریکی بانگەوازی ئایینی و قانونی خۆیەتی، ئەوا لەشکری بێدەنگی پیاوانی زۆری کۆمەلگا لە بەرانبەر ئەم پرسیارەدا، ئەوان دەکاتە شەریکێکی گەورەی هێشتنەوەی ئەم مافە لە دەستی پیاودا و خۆیشیان دەبنە قازانجکەرێکی باشی ئەم دۆخە چونکە پایە کولتورییەکانی نێرینەییەکی هەژمووندارانە وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
نێرینەییەکی ژێردەستە

وەک لە پێناسەکەی پێشەوە لەسەر هەژموونی ئاماژەی پێدرا، هەژموونی بە مانای سەردەستەیی کولتورییە لە کۆمەلگادا بە گشتی. لە ناو ئەم چوارچێوە کولتورییەدا، یاسا و رێسای جەندەری هەیە کە لەسەر چەمکەکانی سەردەستەیی و ژێردەستەی راگیراوە.
لە ناو کولتوری خۆرئاوادا، ئەم سەردەستەیە کولتورییەی نێرینەیی هەژمووندار، لەسەر بالادەستی نۆرمی هیترۆسێکسوالێتی پیاو و ژێردەستەی پیاوانی هۆمۆسێکسوال ڕاگیراوە.
ئەو نێرینەییە هەژمووندارەی کە لە کۆمەلگادا وەک نۆرمێک و ئایدیالێک سەرنجی لێدەدرێت، هەمیشە پیاویکی هێترۆسیکسوێلە. لە بەرانبەردا، هەمیشە دژە وێنەیەک ئامادەیی هەیە کە تەواوی ئەو خەسڵەتانەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە کە لە ئایدیاکنای نێرینەییەکی هەژموونداردا بوونی نییە. هۆمۆسیکسوێل هەلگری جۆرێک لە نێرینەییە کە لە پلەو پایەیەکی زۆر لە خوارترەوەی پەیوەندییەکانی نێرینەییدا قەراردەگرێت. ئەگەر زەربەیەک بەر پەیکەری نێرینەییەکی هەژمووندار کەوتبێت و نۆرم و بەها کولتورییەکانی ئەو خرابێتە ژێر پرسیار، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانی کۆمەلگاوە لێیدراوە. ئەوە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانە کە بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و پەنتاگۆن فەرزدەکات کە ئینسان ئەگەر هۆمۆش بێت دەکرێ سەربازێک و جەنگاوەرێکی ئازا بێت لە جەنگدا. ئەو ڕیگرییە کولتوری و یاساییانەی لە بەرانبەر هۆمۆکاندا دادەنرێن تا لە مەقامە بالاکانی سەبازیدا وەرنەگیرێن و وردە وردە خەریکە سامیان دەرەوێتەوە، بەشێکی گرنگی بە هۆی سەرسەختی خەبات و لەسەرپێڕاوەستاوی بزووتنەوەی هۆمۆکانەوەیە کە مانایەکی دیکە بە نێرینەیی دەدات و لەو چەمکە هەژمووندارەی نێرینەیی، هەژموونداری دەستێنێتەوە و مانایەکی دیکەی ئینسانی پێدەبەخشێت. پیاو دەکرێ جەنگاوەرێکی ئازا بێت و بێ ئەوەی سەرنج بچێتە سەر ئەوەی کە ئارەزووی سیکسی ئەو بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، ڕووی لە پیاوە یان لە ژن، یان لە هەردووکیان. لە کۆمەلگای کوردستاندا، دەرگای بە پێشمەرگە بوون لە بەرانبەر زۆرێک لە گەنجانی کوردا دادەخرێت کاتێک بە منداڵی لاقەکراون و وەک “حیزە” ناسراوەکانی گەرەک چاویان لێکراوە. ئاخر ئەوانێک کە قونی خۆیان پێنەپارێزراوە، ناتوانن پارێزەری شەرەفی دایکی نیشتیمان بن. ئەگەر بەهاو نۆرمەکانی نێرینەییەکی هەژمووندار ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نێرینەیی لەبەرانبەردا قووتدەکرێتەوە، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسێکسوالەکانەوە دێت و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەم نۆرم و بەها کولتورییانەی نێرینەیی هەژمووندار خۆی فەرزدەکات.
بەلام ئەوە تەنها هۆمۆکان نین کە لە پلەیەکی زۆرخوارەوەی دەسەلاتدا لە بەرانبەرپێوەرەکانی نێرینەیی هەژموونداردا قەراریان گرتوەوە، بەلکە جۆرەها ناو و ڕوخساری دیکەی نێرینەیی هەیە کە هەمان چارەنووسی هۆمۆکانی کۆمەلگایان هەیە و لە خوارەوەی پەیژەی نێرینەیی کۆمەلگادان. پیاوانی ترسنۆک، پیاوانی دەنگناسک، بەچکە دەوڵەمەندی بە نەستەلە بەخێوکراو، پیاوانی لووسکەلە، پیاوانی زیرەک کە بەس خوێندن دەزانن و هیچی دی، پیاوانێک کە گرفتی ئەندامناکاراییان هەیە، ئەوەی کە لە زمانی کوردیدا بە کەمئەمدام دەناسێنرێن، هەر هەموو ئەم کاتیگۆرییە جۆراوجۆرانەیش کە نێرن و بەلام دەکرێنە دەرەوەی نێرینەییەکی هەژمووندار. ئەوان لەوێن تا نێرینەیی هەژمووندار رەوایەت بە حەکایەتی بالادەستی خۆی بدات و خۆی بەرهەمبێنێتەوە. ئەم کاتیگۆرییانەی سەرەوە، دەخرێنە دەرەوەی نێرینەی هەژمووندار، چونکە لە بەشێکی زۆری ئەو پێوەر و بەها کولتوریانەی کە وەک ئایدیایەکی خۆناسینەوە بۆ نێربوون لە کۆمەلگادا سەرنجی دراوەتێ، بێبەشن.

نێرینەیی لەپەڕاوێزداخراو
کۆنێل باس لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەروونیەکانی ناو سیستەمی جەندەری خۆرئاوا دەکات و نێرینەیی هەژمووندار، بەشدار و ژێردەستە لە پەیوەندییەکی چالاکانەی پێکەوەییدا دەبینێت، بەلام سیستەمەکانی دیکەی کۆمەلگا لە گەڵ سیستەمی جەندەردا لە کار و کاردانەوەیەکی هەمیشەییدان و یەکتر ڕەنگڕێژدەکەن.
هەر بۆیەش پەیوەندی نێوان سیستەمی جەندەر و سیکسوالێتی ئینسانەکان، ، ئینتیمای چینایەتی، جۆرێکی دیکە لە پەیوەندی نیرینەیی دەخوڵقێنێ کە بە نیرینەیی لە پەڕاوێزداخراو دەناسرێت.
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، نێرینەییەکی هەژمووندار، ڕەنگێکی هەیە کە نێرینەییەکی سپییە. بۆیە نێرینەییەکی ڕەش هەمیشە لە پەراوێزی نێرینەیی هەژموونداردایە و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وەردەگرێت، کە دژە وێنەی نیرینەیی هەژمووندارن. کاتێکیش نێرینەیی ڕەشپێستێکی ئەمریکی کە وەک قارەمانێکی وەرزشی دەکەوێتە سەرەوەی نێرینەییەکان، ئەوا ئەم جۆرە لە نموونەی نێرینەییەکی ڕەشی سەرکەوتوو، بەهایەکی زیاتر دەخاتە سەر بەها نێرینەییەکانی سپی وەک جەربەزەیی و تواناییەکی فیزیکی بەرز کە نموونەی نێرینەیی خۆی پێدەباتە سەر. کەچی هاوکات پیاوانی ڕەش دەکاتە هێمای لاقەکردن و لە سیاسەتی سیکسوالێتی کۆمەلگادا کەلکی لێوەردەگرێت.
لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا، نێرینەییەک کە کرێکارێکی بەنگلادیشی و شەبەک و کرێکارێکی عەرەب نوێنەرایەتی دەکەن، نموونەی زیندووی ئەو نێرینەییە لە پەڕاوێزخراوەیە کە هاوشانی نێرینەی رەشپێشتەکانە لە مەملەکەتی سپییەکاندا.

کۆمەلگای کوردستان و مۆدێلی کۆنێل
بە بڕوای من، ئەگەرچی هەر کۆمەلگایەک سیستەمی جەندەری خۆی هەیە، بەلام هێشتاش رژێمێکی جەندەری جیهانی هەیە کە تەواوی ئەم سیستەمە جەندەرییانەی لە خۆیدا هەلگرتووە. کاپیتالیزمێکی خۆرهەلاتی، ئەگەر چەمکێکی واهی بوونی هەبێت، تەنها بەبوونی کاردابەشکردنی کاپیتالیستییانەی جیهانییەوە دەکرێ بوونی هەبێ. بۆیەش لە پاڵ هەر جوداییەک و لێکنەچوونێکی کە دەکرێ لە نێوان سیستەمی جەندەری خۆرئاوا و خۆرهەلاتدا هەبیت، هیشتاش پەیوەندییە جەندەرییەکانی کە پەیوەندی نێرینەییەکان ڕێکدەخات، بەهەمان ناوەرۆکی خۆیەوە لە خۆرهەلاتدا کاردەکات. بەبوونی کۆمەڵێک جوداییەوە کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێت.
ئەو سیستەمە جەندەرییەی کە نێرینەیی کوردی لەناو خۆیدا لەقاڵبداوە، نەکەوتووەتە بەر پەلامارێکی توندی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی کۆمەلگاوە. تا بەمرۆژەوە حسابکرێت، شەڕی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستاندا، شەرە بۆ مانەوەی مێیینەی کورد، نەک بۆ فراونکردنی مافەکانی. بە کوردییەکەی شەرە لەسەر مافی ژیان نەک ئەوەی ژیان خۆی دەبێ چۆن بێت. تا ئێستاش بە جیا لە کەمێك دەستکەوتی کەمی شەرمئاوەر لە باری قانوونییەوە کە زیندانیکردنی پیاوی بکوژی نامووسییە، هیچ شتێک بەدەستنەهاتووە. بزووتنەوەی فێمینیزمی خۆرئاوا شەڕی مان و نەمانی ژن ناکات، بەلکو شەڕی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو ڕووبەرانەن کە سیستەمی جەندەری نێرپارێز داگیریکردوون و وردەوردە دەیداتەوە دەستی ژن و پراکتیکی یەکسانیخوازانە دەخاتە جێگای. ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت لە دەستکاریکردنێکی بەئاگاهانەی بەشێکی زۆری ئەو بەهایانەدایە کە نێرینەییەکی هەژمووندار دەیەویت پیاوانە پێناسەیان بکات و فێمینیزمیش دەیەوێت مانایەکی دیکەی یەکسانیخوازانەی پێببەخشێت.
لە میژە لە خۆرئاوادا بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پیاوان لە کاردایە بۆ دووبارە پیناسەکردنەوەی پیاوبوون و نێرینەیی لە کۆمەلگادا کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بەتەواوەتی ونە.
لەپاڵ بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژناندا لە خۆرئاوادا، بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکان لە خستنەژێرپرسیاری نیرینەیی و پیاوبوون و بەشێکی زۆری جومگە گرنگەکانی نێرینەیی هەژمووندار، کاریگەرییەکی گەورەیان داناوە و پرسیاری یەکسانییان بە ئاستێکی دیکە گەیاندووە. بەلام زەربەیەکی گەورەشیان لەو ئایدیالە رە سمی و نۆرمدارەی نێرینەیی کۆمەلگا داوە و کەلێنی گەورەیان تێخستووە و ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی پیاوبوون و نێربوونیان پێشکەشکردووە.
لە کاتێکدا هۆمۆسێکسوالبوون لە کۆمەلگای ئێمەدا نەک هەر پرسیاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەلگا نییە، بەلکو ئەم پرسیارە لە جێی نەبووانە.
ئەو هۆمۆیانەی کە تا ئێستا لە کۆمەلگای کوردستاندا خاوەنی دەمووچاوی خۆیان بوون و هەموو شار و خەلک زانیوویانە کە فلانە کەس هۆمۆیە، تەنها وەک فیگۆرێک کە شایەنی نووکتەلەسەرکردنن، توانیویانە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕینی ستراکتۆری نێرینەیی کۆمەلگا نەبووە. کەریمە زلە و عەباسی خانەقین و ڕەحیمی فلانە شاری کوردستان، لەسەر زاری خەلکن و یەک جومگەی بچووکی سیستەمی جەندەری کۆمەلگایان نەگۆڕیوە. نەک لەبەر ئەوەی نەیانویستووە، بەلکو خودی سیستەمی جەندەری کۆمەلگاش هێندە ڕێی بۆ کردوونەتەوە کە بە نووکتەبکرێن تا هەرەشەیەک لەسەر سیستەم پێکنەهێنن.
بەڵام ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە نێرینەیی هەژموونداری کۆمەلگای کوردستاندا ڕووی نەداوە.
بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەنسمێڵێکی گەورەوە کە بە” ئەبوشوارب “دەستپێدەکات و بە “نادر ئاوێنە”دا تێدەپەڕێت و دەگات بە “واحیدی عەلینەژاد”، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدلبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە روخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێینەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێێ کولتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالی کۆمەلگای نوێ فەراهەمی کردووە نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نیربوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتیی و گاڵتەپێکردنەوە پێی، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کولتۆرییە لە بەرانبەریدا.
لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتە، با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە: ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟
بە بڕوای من، زمانێکی نێرسالارانە، یان دیدو بۆچونێک کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستاندا لە ناو چوارچێوەکانی نێرینەییەکی هەژموندارانەدا بەرهەمدەهێنێتەوە، ئاسان لە ناو تێکستە ئەدەبی و تابلۆ ولەسەرشانۆ و لە ناو گۆرانییەکاندا نمایشی خۆیدەکات و بێدەنگ تێدەپەڕێت بە بێ کاردانەوەیەکی ڕەخنەگرانە.
من بڕیارێکی ڕەها نادەم و دەکرێ لێرە و لەوێ کەسانێکی دیکە هەبن کە مەراقی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، چاویلکەیەکی جەندەرییان دەکاتە چاو و توانای بینینی ئەو ڕووبەرە کۆمەلایەتییە جیاوازانە دەبێتە شوێنی نیگای ڕەخنەگرانەیان تا مەملەکەتەکانی نایەکسانی پێبدۆزنەوە.
بەلام ئەم نیگایە، خود بەخود لە ئینساندا دروستنابێت و ئەوە هەموو ئەندامەکانی کۆمەلگا نین کە سوودمەندی خوڵقاندنی دنیایەکی یەکسانیخوازانەی نێوان ڕەگەزەکانن. کەسێک دەتوانێت ئەم ڕیگایە بگرێتە بەر کە پیی وا بێت پرسی نایەکسانی ڕەگەزی بەرانبەر، بە تەنها گرفتی ئەوی دی بەرانبەر نییە وتۆیەکیش کە ئەم نایەکسانییە نەیگرتوویتەوە، بە جۆرێک دەکەویتە ناو داوەکانی کۆیلەبوونی ئەوی دیکەوە. پرسیاری یەکسانی بەرلەوەی خەبات بێت بۆ ڕزگارکرنی ئەوی نایەکسانی بەرانبەر، خەباتە بۆ رزگارکردنی خۆ لەو هەموو پێوەر و بەها و ستراکتۆرانەی کە تۆ دەکاتە سەرەککۆیلەی ڕاگرتنی ئەم سیستەمی کۆیلەدارییە.
بە بڕوای من، تێکشکاندنی ئەو زمانەی نێرسالاری بەرهەمدەهێنێتەوە، بە تەنیا کارێک نییە کە لە بواری ئەدەبدا دەکرێ بەشوێن تەنگپێهەڵچنینیەوە بیت. نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان لە هەوادا ڕوونادات و بەشکیکی دانەبڕاوی ئەو نابەرابەرییە پەرگیر و هەمەلایەنەیە کە سیسەتەمی ئابووری کۆمەلگا دووبارە بەرهەمیدەهێنێتەوە. تۆ بۆ ئەوەی قازانجێکی زیاتر بکەیت، دەبێت کرێیەکی کەمی مەمرە و مژی بدەیتە کیژۆلەیەکی بەنگلادیشی وپاساو بۆ ئەم کۆیلەدارییە لەوەدا بدۆزیتەوە کە ئەو کرێکارێکی بیانییە و ئەو کرێیەی لێرە وەریدەگرێت، کۆشێ خێزانی لە بەنگلادیش پێبەخێودەکرێت. کەمێ بێئینسافتریش بیت، ڕەشبوونی ڕەنگی ئەو دەکرێ ببێتە پاساوێکی دیکەی هەرزان.
نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، لە ناو سیستەمێکی چڕ و پڕی کۆمەلایەتیدا کاردەکات کە سەرتاپای ئەو شوینانەی پەیوەندی نێوان ئینسانەکانی تیدایە دەگرێتەوە. لە ئامۆژگارییەکانی ڕۆژنامەی هاولاتیدایە لە بەشی گۆشەی خانماندا کاتێک دەنووسێ: ” رێنمایی بۆ رێکخستنی ژوری منداڵی دوو نەفەری، چۆن دیکۆری بەلەکۆنەکەت دەکەیت.”. لە تیکستی گۆرانی بەیتبێژەکانی گەعدەی ئەو هەرزەکارانەدایە کە بێوەژن و بە گەلەمارەکردنیان لە پیاوێک، لە مکەبەرەکانیانەوە گوێچکە کەڕدەکات. لە ڕیپپۆرتاژی تەلەفیزیۆنی ڕووداوی “شاهۆ ئەمین”دایە لەسەر ئەو گەنجانەی لە شاری جوانڕۆی کوردستانی ئێران کاتێک دەرەلنگی شەڕوالەکانییان تەسککردۆتەوە و بەمەش حەیای جلی پیاوانەی کوردییان بردووە و دەبێ نەفرەت بکرێن. لە سەربەزی ئەو مەلایەدایە کە پێیوایە لە پاسدا دانیشتن لە تەنیشتی کچێکەوە، ئەگەر عەورەتبەرزبوونەوی لێنەکەوتەوە، برۆ حسابێک بۆ ناپیاوبوونی خۆت بکە. لە تیکستی ئەو داخوازینامانەی کاردایە کە مەرجی وەرگرتن تیایدا لە پرسگەی ئۆفیسێکی بچکۆلەیشدا، دەبێ تەمەنت لە خوار 25 بێت و وکچ بیت. لە ریکلامەکانی برنجی مەحموددایە. ‌
بۆ ڕاوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم هێرشە سیستماتێک و هەمیشە ئامادەیە، سیاسەت و ستراتیژی دەولەتی دەوێت کە یەکسانی لە باخچەی ساوایانەوە بۆ پەروەردە وبازاڕی کار و کەرتی نیشتەچیبوون هەموو جومگەکانی دیکەی کۆمەلگا دەگرێتەوە. دانانی پلانی یەکسانی گەرەکە کە دەبێ دەولەت بچێتە ژیر بوودجەکەی. ئاخر دەمێکە ئەوە وتراوە کە یەکسانی پارەی تێدەچێت. لەم گۆشەنیگایەوە سەیری پرسیارەکەی ئێوە بکرێت، هەستدەکرێت تێکشکاندنی هەژموونی ئەم زمانە نێرسالارییە، سەدەها جۆری زمانی دیکەی دەوێ کە لەبەرانبەر نایەکسانی و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانیدا، هەژموونی بە زمانەکانی خۆی بدات.




نەفرەنەشکێنی لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

شەرەفی ئێمە بە تۆیە، ئەگەر هەنگاوێکت لەوی دیکەت درێژ تر بێت، لێت دەکەوێت. ئەگەر کەوتیش خۆت دەزانی چی چاوەڕوانت دەکات.”
ئامۆژگاری کوڕێکی پەنابەر بۆ خوشکەکەی

” دوای ئەوەی ئەرکەکانی قوتابخانەم جێبەجێکرد، لە ژوورەکەمدا سەمادەکەم. ڕۆژی پشوو لەگەڵ تۆدا مەلەدەکەم. هەندێک ڕۆژی دوای قوتابخانە، یاری باسکێت دەکەم. گەر گەورەیش بووم، ئەو کاتانەی کە ئاشق بووم، بۆخۆم کەسێک هەڵدەبژێرم. جاخۆ بابە ئەگەر بە قسەی باوکی فاتمە بێت، خێزانی ئێمە خاوەنی شەرەف نییە.”
ئاخاوتنی کچێکی کوردی نۆ سالە لەگەڵ باوکیدا، دوای کوشتنی فاتمە شاهیندال لە سوید.

Behind the sun یەکێک لە دراما جوانەکانی “والتەر سێلس” ی بەرازیلییە کە لە نواندنی “خوسێ دومۆنت” و “رۆدریگۆ سانتۆرۆیە”. لە ناوچەی تەپۆلکە بەرزەکانی بەرازیلدا، دوو خێزان لە شەڕێکی تۆلەسەندنەوەی بێمانادان لەسەر پارچەیەک زەوی. ڕووداوەکان لە سەرەتای سەدەی بیستدا دەگوزەرێن و فیلم بە دیمەنی هەڵواسرانی کراسێک بە تەنافی ماڵی “برێڤێ”وەیە دەستپێدەکات کە کونێکی تیایە و پەڵەی دەوری کونی فیشەک هێشتا سووردەنوێنێت و رەنگی خوین زەردهەڵنەگەڕاوە. کوڕی “برێڤێ” لەلایەن خاوەنموڵکی دەوڵەمەندی ناوچەکەوە کوژراوە و بە پێی ئەو ترادیسیۆنەی چەندین ساڵە پەیڕەوی لێدەکرێ، تا کراسی بەری کەسی کوژراو زەردهەڵنەگەڕێ، بکوژ ئازادە لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیدا و هیچ ترسێکی لەسەر نییە. دوای زەردبوونی ڕەنگی خوێنی سەر کراسی کەسی کوژراو، بکوژ دەبێ لە ئامادەییەکی هەمیشەیدا بێت تا بنەماڵەی کەسلێکوژراو، تۆلەی خۆیانی لێدەکەنەوە.
دیمەنی خوێنی ڕژاوی ئەم تۆڵە لێسەندنەوە بێمانایەی کە لەسەر وەلائی کوڕ بۆ باوک و پاراستنی شەرەفی بنەماڵە دامەزراوە، لە ریزی وێنەی کورە کوژراوەکانی بنەماڵەدا دەردەکەویت کە بە دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسراون. نەوە لە دوای نەوە، خێزانی “برێڤێ”ی هەژار لە دوای هەر کوژراوێکیان، دەبێ کەسێک لە بنەماڵەی خاوەنمولک بکوژنەوە. بۆ بنەماڵەی ئەوبەریش ئەم نمایشە هەر هەمان شتە.

” هیچ کەس نەیدەزانی لە ناو ئەو سووتووانەدا، وێنەی ژنێک هەیە، چەندین ساڵە دەسووتێت و دووبارە دەگەرێتەوە، ژنێک لەوەوبەر لەو شارەدا مێردێکی عاشقی هەبووە، لە ساتێکی ترس و غەمبارییدا ئەو وێنەیەی لێگرتووە. ئێستا ئەوە بۆتە نەفرەتێکی ڕەش ….نا کەس نەیدەزانی ئەو ژنە خانمی گێلاس بووە. نەفرەتەکەش نەفرەتی خۆی، نەفرەتی ژنێک پییاندەگووت خانمی نەوبەهاران.”
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، دوا پەرەگرافەکانی رۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران”ی “بەختیار عەلی”یە کە تیایدا وێنەیەکی بێتاوانی ڕووتی ژنێک وەک نەفرەتیک لە بنەمالە بەردەبێت و یەک بە یەکی ئەندامانی خێزانی ژن و مێرد و نەوەکانیشییان لە بەردەم هەرەشەکانی مردندا ڕادەگرێت.
لای بەختیار، روتیتی وێنەی ژنێک کە سەنتەری تێروانینی کولتوری شەرەفپارێزی کوردی لەدەور هەڵچنراوە، ئەو سەنتەرە گرنگەیە کە بەدەوریدا چیرۆکە دێتە گێرانەوە و پاڵەوانەکانی ڕۆمان، هەر یەکە و لە جێگاو ڕێگای خۆیەوە، پزیشکەکانی ئەم نەفرەتی ڕوتێتییەیان بەردەکەویت.
لە دراماکەی “والتەر سێلس”یشدا، پاراستنی شەرەف ئەمجارەیان لە ڕێگەی ملکەچکردنێکی کوێرانەی نەوەکان بۆ ئەو کولتور و ترادیسیۆنەی چەندین سالە پەیرەوی لێدەکرێ لەلایەن باوکەکانەوە لە سەنتەردایە و سەرتاپای دراماکە لەسەردرێژەپێدانی ئەم خوێنڕێژییە کاردەکات.
شەرەف لە ” نەفرەتی نەوبەهاران”دا لەدەوری سێکسوالێتی ژن دەسورێتەوە، بەڵام لە دراماکەی “والتەر سێلس”دا، تۆڵەسەندنەوە لە سەنتەردایە. بەڵام لە هەر دوو دۆخەکەدا، پاراستنی بەهاو پیوەرە کۆمەلایەتییەکانی لەدەوری ئەم چەمکانە بنیاتنراون، هیشتنەوەی نۆرم، درێژەدان بە ترادیسیۆن و کۆشش بۆ هێشتنەوەی ئەوەی دەبێ بپارێزرێت لەلایەن باوکەکانەوە، ئەمانە ئەو جەبرانەن کە پالەوانەکان لە ناو داوە بینراو و نەبینراوەکانی ئەم کولتوری شەرەفپارێزییەدا دیلدەکات و هەر ڕاوەستانەوەیەک لەبەرانبەریدا، باجدانێکی گەورە لە تاکەکان دەخوازێت.
بۆ “تۆنیۆ”ی پاڵەوانی لە پشت خۆرەوە، کاتێک برا گەورەکەی دەکوژرێت، دەبێ ئەو چەکی ئەم شەرەفپاککردنەوەیەی بنەماڵە بکاتە شان و لە ڕاوی کوشتنی کەسێکی دیکەی بنەمالەی ئەوبەردا بێت. دەکرێ ئەم خوێنرێژییە بۆ ئەبەد بەردەوام بێت؟ ئەوە ئەم پرسیارەیە کە لە درێژەی بەرەوپیشجوونی رووداوەکانی ناو فیلمدا ، “تۆنیۆ” ناچاردەکات رێگای خۆی هەڵببژیرێت.
بۆ “تۆنیۆ”کانی ناو ڕۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران” کە پێک هاتوون لە کامیل ئاغا و براکانی، گێلاس کە لە سەرتاپای ڕۆماندا وەک وێنەیەک دەردەکەوێت و تا کۆتایی ڕۆمانیش خوێنەر لە گەڵ وێنەکەیدا دەژی و لە کۆتای رۆماندا ، لە ناو نمایشێکی مەتەڵئاسادا کە خوێنەر دەخرێتە ناو کەش و هەواکەیەوە تا لە گومانەکانی خۆیدا بپرسێ ئەرێ ئەم گیلاسە یاخود نا، براکانی گێلاس و ئەو کەس و دەموچاوانەی دی کە لە خوێندنەوەی رۆماندا لە کونج و کەلەبەری چێرۆکەکانی ناو ڕۆمانەوە دێنە سەر رێ، هەموو ئەمانە بە جۆرێک لە بەکارهێنانی سیحر و نەفرەتی وێنەکەی گێلاس وکاریگەرییەکانیدا دەخرێنە بەردەم هەڵوێستوەرگرتنێک.
دەکرێ وێنە ڕووتەکەی خانمی نەوبەهاران ئەم ئینسانانە بخاتە بەردەم چ کاردانەوەیەکەوە؟ دەکرێ وەک “تۆنیۆ”ی فیلمەکەی سەرەوە لە پاڵ فشارەکانی باوک و ترادیسیۆندا بێ چەک نەخەوێت و بەشوین تؤلەسەندنەوەی کوشتنی براکەیەوە بێت، یان ببێتە ئاشقی کچە قەرەجێک ولە نێوان رێگای درێژەدان بە کوشتن ویاخود تێکشکاندنی ئەم کۆت و بەندەی ترادیسیۆندا، خالێک لەسەر ئەم خوێنرێژییە دابنێت و شەقێک لەوە بدات کە شەرەفی بنەمالە بە گەردنی نەوەکاندا هەلواسێت و ئەم نمایشی خوێنڕێژییە بەردەوام نەبێت؟
ئەوەی من لەم نووسینەدا بەشوینیەوەم، سەرنجدانی ئەو کاردانەوە جۆراوجۆرانەن کە پالەوانەکانی رۆمان لە بەرانبەر وێنەکەی خانمی گێلاسدا ناچارن دەستی بۆ بەرن.
کولتوری شەرەف و تاوانەکانی، خوێناویترین جومگەکانی ناو کولتوری کوردییە و گۆرستانەکانی ناوەوە و تەنانەت دەرەوەی ولاتیش، کوردی وەک ژنکوژێک ناساندووە. لە باری ریپۆرتاژ و دۆکۆمێنتکردنی ئەم کەیسەدا، داتایەکی گەورە لەبەردەستدایە و ئەم خوێنرێژییەش هێشتا هەر درێژەی هەیە.
بە ئەدەبکردنی تراژیدیایەکی وەک ئەمە لە لایەن “بەختیار عەلی”یەوە، کاریكی چاوەروانلێکراو بووە و شەن و کەوکردنی ئەم پرسیارە وەک ئەوەی هەیە و دەبێ چۆن بۆی بڕوانی، لە ئاستی چاوەروانییەکانی من و زۆر کەسی دیکەدایە.
با وێنەیەکی خێرا لە کار و کردەوەکانی پالەوانەکانی رۆمان بیری خوێنەر بهێنمەوە تا مەبەستی من لە نووسینی ئەم وتارە روونتر بێتەوە.
سەرەتای نەفرەتی نەوبەهاران لە وێنەگرتنی کامیل ئاغاوەیە بۆ خۆشەویستەکەی خۆی.
بەڵام کاتێک کەمال ئاغای برای لە دەمە قالەیەکی ئاسایی سەر جادەدا، کەسێک لە خێڵی ڕؤشارییەکان دەکوژێت، ئیتر وێنەکەی گێلاسی خێزانی لەوە دەکەوێت کە تەنها وێنەیەکی ئاسایی ناو سندوقی وێنە تایبەتییەکەی ئەو بێت. ئاخر ئەم وێنەیە لەلایەن یەکێک لە کارەکەرەکانی خانمەوە فڕێندراوە و لە سەودا و مامەلەیکەی عەشایەریانەدا وەک کارتیکی فشار لەبەرانبەر کامیل ئاگادا بەکاردەهێنرێت تا براکەی خۆی تەسلیم بکات وبکوژریتەوە. پاراستنی شەرەف و ترس لەئابڕوونەچوون ، کامیل ئاغا ناچاردەکات تا برا بچوکی خۆی بداتە دەست بکوژەکانی.
ئەم وێنە ڕووتە، دووبارە لە پاش سووتاندنی، دێتەوە ناو ڕووداوەکان و وەک کارتێکی دیکە لەلایەن “خانی زەرد”ەوە بەکاردەهێنرێت تا کامیل ئاغا بکرێ بە جاش. ئاخر پاراستنی شەرەفی خۆ: لە شەرەفی ئەم میللەتە بێڕەحمە باشترە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و ئەمجارەیان دەکرێتە فشارێک لەسەر بنەماڵەی کچ، واتا براکانی گێلاس. کاردانەوەی ئەمان لەبەرانبەر شەرەفنەچوونیاندا، شاردنەوەی خوشک و بلاوکردنەوەی هەوالی مردنی ئەوە. تەنانەت ناشتنی جەستەیەک کە گوایە خوشکیانە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و لەلایەن حاکمی سەربازی شارەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مۆبیلیزەکردنی چەکدارە کوردەکان تا لەبەرانبەر دژەشؤڕشەکانی دەولەتدا باشتر بجەنگن ئەگینا ژنەکانیان لاقەدەکرێت.
پاڵەوانێکی دیکە کە کاردانەوەیەکی دیکە لەبەرامبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا نیشاندەدات، زیائەدینی نەوبەهارانە. ئەو لەبەرانبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا دەستدەداتە دروستکردنی شارێک کە ژنان هیچ شوێنێکیان دیارنەبێت:” تا ژن هەبێت و یەکێک جلەکانییان لەبەردابکەنێت، شەرەفمان لە مەترسیدایە”
لای “مولازم حەسۆ”، ئەم وێنەیە دەکرێتە کارتی فشار لە شەری ناوخۆدا تا برا دیلەکەی و دوو کوری “زوهێر مەسۆ” لە دەستی “شەمدینی کامیل ئاغا” دەربهێنێت و ژیانێکی دیکەیان پێببەخشێتەوە. ” لەم جەنگەدا هەموو سنوورێکمان پێشێلکردووە، تەنیا ئەم سنوورە ماوە، وێنەی ناوگەڵی یەک بلاوبکەینەوە”
لەبەرانبەر ئەم کارتی فشارەدا، “شەمدینی کامیل ئاغا”ش دەکەوێتە گرتنی وێنەی ڕووتی ژنانی جەنگاوەرانی بەرانبەر و وەک دژەهەرەشەیەک بۆ پاراستنی شەرەفی خۆو راوەستانەوە لەبەرانبەر داواکەی “مولازم حەسۆ”دا، بەکاری دەهێنێت.
دواجارخانمی رووتی ناو وینەکەی رۆمان، بە گۆشت و خوێنی خۆیەوە لە ماڵی حەوت خانمدا، لەگەل دەستە خوشکەکانی دیکەی ناو مالدا، وینەی ئەو پیاوانە دەدەنە دەستی پۆلیس کە بە رووتی ولە کاتی سیکسدا لە ماڵی حەوت خانمدا گیراون . لەگەڵ ئەم دیمەنەدا، ئیتر تەنها جەستەی رووتی ژن نییە کە بانگەوازی پاککردنەوەی شەرەفی لەدەستچوو بە دەنگی بەرزبە گویی هەمواندا دەڵێتەوە، بەلکو وێنەی رووتی پیاویش لە شوێنێکی واهیدا، هەموو کۆد و بەها سیمبۆڵییەکانی شەرەف چالاکدەکاتەوە.
ئەم کاردانەوانەی پالەوانەکان لە خۆیانی نیشاندەدەن، هەر هەموویان لەناو کۆد و سیستەمی بەهای کولتوری شەرەفدا دێن و دەچن و کارو کاردانەوانەکانیشیان ئەوەیە کە ئەم سیستەمە بەرهەمیهێناوە، رەفتارنواندنێک کە کولتوری شەرەف ڕەنگرێژی کردووە. بە کورتییەکەی: کاتێک شەرەفت کەوتە مەترسییەوە، دەبێ بەو شیوازە رەفتار بکەیت کە شەرەفپارێزی وپاککردنەوەی شەرەف لێتدەخوازێت.
بەڵام کەریم ئاغای برای کامیل ئاغا، ئاڵوگۆڕێک بەم سوورانەوە هەمیشەییەی زۆربەی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا دەهێنێت کە لەناو هەمان کۆد و سترۆکتۆرەکانی کولتوری شەرەفدا دەسورێنەوە و کاردانەوەیەکی دیکە پیشاندەدات. ئەو لە پاش ئاشبەتاڵی 1975دا وزانینی نهینی وێنەکەی براژنیدا، دەکەوێتە دۆخێکی تایبەتەوە:” ئێستا پیاویکی بێشەرەفم، نەخۆم، نەخێزانەکەم، نە عەشرەتەکەم، نە نیشتیمانەکەم، شتێکمان نەماوە شانازی پێوە بکەین… ئێستا تەواو پیاوێکی بێشەرەفم”. ئەو بەم هەستە جۆشدارانەوە کە تیایدا بیشەرەفی خۆ ئەو پردەکات لە هەستی نەبوون، دەداتە شاخ و گەرانەوە بۆ دیهاتە کۆنەکەی خۆیان و پشتدەکاتە کۆمەلگا.
کەریم ئاغا لە شاخدا، لەگەڵ دیوەزمەکانی ناو ناخی خۆیدا دەکەوێتە جەنگێکی دەروونی گەورەوە. ئەم جەنگە هەموو شەوێک لە شکڵی کەسێکی نەناسراودا کە لەسەردانی هەمیشەیی خۆیدایە بۆ لای کەریم ئاغا تا بیخاتە سەر کەلکەلەی کرینەوەی شەرەفی بنەماڵە: “هەمان یاری لەگەڵدا بکە!هەمان یاری. ژنەکەی یان کچەکەی بڕفێنە، هەمان وێنەیان بگرە” بەڵام سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە کەریم ئاغا لەم جەنگەدا دەیباتەوە و دوا بڕیاری خۆی دەدات:” پیاوێکی بێشەرەفم لەناو خەڵکێکی بێشەرەفدا، سەر بە عەشرەتێکی بێشەرەف لەناو سەدان عەشرەتی بێشەرەفدا” . بۆیە بڕیاری ڕاوەستانەوەی لەبەرانبەر ئەم بێشەرەفییەی خۆی و کۆمەلگاکەیدا دەبێتە:” دەڕۆم بۆ ناو سروشت، لەوێ هەموو شتێک لەیاددەکەم”. کەریم ئاغا لەم هەڵوێستنواندنەوە و کاردانەوە جیاوازەی خۆیدا لەبەرانبەر کولتوری شەرەف و دەستنەبردن بۆ کوشتنەوەی ئەو کەسەی کە لە ئەتکردنی شەرەفی بنەماڵەکەیاندا بەشدار بووە، لە ڕیگەی نامەیەکی زۆر کورتەوە بۆ نەوەکانی گێلاسی نەوبەهاران، پەیامی رۆمان بە گوێ خوێنەردا دەدات: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە” .
تاوانی شەرەف و ڕژێمی جەندەری کوردستان

لە هیچ زمانێکی جیهانیدا کە تیایدا چەمکی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف برەوی هەیە، بەقەد زمانی کوردی بنەما و تەنانەت هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە ڕۆشن نییە. لە کۆمەڵگای کوردیدا پیاو، جا باوک بێت یان برا یان ئامۆزا یان هەر نەوەیەکی تری نێر کە لە ئامادەنەبوونی ئەو کەسانەی تردا دەکرێت ڕۆڵی پارێزەری شەرەف ببینێت، هەڵدەستێت بەم تاوانە تاکو شەرەفی خۆیی و بنەمالە بکڕێتەوە. ژنی کوژراو ئەو کەسە بوو کە ئەم شەرەفەی هەرزان فرۆشکرد، بۆیەش بۆ کڕینەوەی دەبێ نرخێکی گرانتر بدرێت کە بە هیچ شتێکی تر ناپێورێت، ژیانی خودی ئافرەت نەبێت. ئەوەی ئەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتنەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، سێکسوالیتێتی ژنە. بە پێی ئەو سیستەمە فیکرییەی کە دەسەڵاتی جەندەری لە خۆرهەلاتدا کاری لەسەر دەکات و تەواوی بەهاکانی ڕێزلێگرتنی ئینسانی لەسەر دادەمەزرێت، کە تیایدا بە پلەی یەکەم ئەو ئینسانە پیاوە، سێکسوالیتێتی ئافرەت خاڵی سەنتەر و بگرە تەواوی بنەماکانی ڕێز و حورمەتی پیاوی لەسەر ڕاگیراوە. بە پێی ئەم دەستگا فیکرییە، هەر پەیوەندییەکی جنسی ئافرەت لە دەرەوەی ئەو نۆرمەی کە خێزانە، مانای پیسکردن و لەکەدارکردنی شەرەفی پیاوە. ئەم کردەوە سێکسییە لە پلەی یەکەمدا گرنگ نییە کە لە باری فیزیکییەوە ڕووی دابێت. واتا هەر جووڵەیەکی ئافرەت، نیگایەکی ئەو کە بۆنی سێکسی لێ بێت، کافییە بۆ ئەوەی کە بە مانای لەکەدارکردنی شەرەفی پیاو لێکبدرێتەوە. تاوانی شەرەف کە لەم سیستەمە جەندرییەدا بەرهەمدەهێنرێتەوە ، هیچ شتێک نییە جگە لە کۆششی ئەم دەسەڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ژن. ژن لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەدا ، ئەو کەسەیە کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی نییە و هەر بۆیەش سێکسوالیتێتی ئەو و بڕیاردان لەسەر کردنی ئەم کارە دەخرێتە دەستی پیاوانی خێزان و هۆز و خێڵەوە. بەڵام پیاوی ئەنجامدەری تاوانی شەرەف هیچ شتێک نییە جگە لە ئامرازێک. تاوانباری ڕاستەقینە ئەو فشارە گەورە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم سیستەمە لەدەرەوەی تاکەکان دروستی کردووە و تیایدا هەموو ئاراستەکان ڕووبەڕووی ئەو پیاوە کراوەتەوە کە ژنەکەی، خوشکی یان دایکی شەرەفی ئەوی دۆڕاندووە و پێی دەڵێن: بڕۆ شەرەفت بکڕەرەوە. ئەوەی کە تایبەتمەندی تاوانی شەرەفە و ئەم تاوانە لە کوشتنی پیاوێکی سویدی بۆ ژنەکەی جیادەکاتەوە، کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەیە لەسەر ئەو تاکانەی تری کۆمەڵگا کە ڕەنگە نزیکایەتییەکی ئەوتۆییشیان لەگەڵ بنەماڵەی پیاوەکەدا نەبێت. فشارێک کاتێک هەست بە ڕەوینەوەی دەکرێت و پیاوی ئەنجامدەری تاوان دەتوانێت ئاهێک هەڵبکێشێت و سەربەرزانە بە کۆمەڵگادا بگەڕێت کە تاوان ئەنجامدراوە. پیاوی تاوانی نامووسی لە شڵەژانییەکی گەورەی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبات کاتێک ژنێکی نزیکی خۆی شەرەفی پیاوانی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە. ئەو ژن دەکوژێت بۆ ئەوەی شەرەف بکڕێتەوە و باڵانسی ڕۆحی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو سەرشۆڕترین پیاوەکانی کۆمەڵگایە و دەکوژێت بۆ ئەوەی سەربەرزکاتەوە. کاتێک لە وشەی “سەربەرزکاتەوە” وورددەبینەوە ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەم پرۆسەی سەربەرزکردنەوەیە کاردانەوەیەکی تاکگەراییانەی پیاوکوژنییە. بەڵکو لەبەرانبەر کەسانێکی تردا سەری خۆی بەرزدەکاتەوە کە تاکو ئەنجامنەدانی تاوانەکە بە ئینسانێکی بێ شەرەف و سەرشۆڕییان لەقەڵەم دەدا. هەربۆیەش لە پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی تاوانباردا، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییەکانی تاوانی شەرەفدا دەبینینەوە کە لە تاوانی تری کوشتنی ژناندا وە بەتایبەت لەو شوێنانەی کە چەمکی شەرەف لە سێکسوالێتی ژن جیاکراوەتەوە، بوونی نییە. ئەم تایبەتمەندێتییەی تاوانی شەرەف ئەوەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک نین کە لە نێوان دوو تاکی کۆمەڵگایەکدا بێت و لەسەر کێشەیەکی تایبەتی بە کوشتن تەواو بێت. بەڵکو ئێمە لەبەرانبەر تاوانێکداین کە تیایدا ژن وەک تاک لەبەرانبەر سیستەمێکدا ڕاگیراوە. تاوانی شەرەف کردەوەیەکی تاوانکارانەی تاک نییە لە بەرانبەر تاکێکی تردا. بەڵکو تاوانی شەرەف کردەوەیەکی کوژەرانەیە کە تیایدا سیستەمێکی گەورە لەبەرانبەر تاکێکدا سەنگەردەگرێت و بڕیاری مەرگی بەسەردا دەبارێنێت. ئەوەیشی کە رەهەندی کولتوری بەم تاوانە دەبەخشێت، بە کۆمەڵایەتیکردنی چەمکی شەرەف و چڕکردنەوەی ئەم چەمکەیە لە سێکسوالیتێتی ئافرەتدا کە سەرتاپای کۆمەڵگا دەتەنێت و بە شێوەی تۆڕێکی گەورە ئینسانەکان لە ناوخۆیدا یەخسیر دەکات. لەو کۆمەڵگایانەدا کە تاوانی شەرەفی تێدایە، ئێمە شایەدی بەهایەکی تر و پێناسەیەکی تری شەرەف نین کە لە سێکسوالیتێتی ژنان جیاکرابێتەوە. پیسترین و ناشیرینترین جنێوەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، ئەو جنێوانەن کە دەبێ دایک و خوشکی کەسی جنێوپێدراو بگرێتەوە. بەمە ئینسان لە ناسکترین تاڵەکانی هەستی ئەو کەسە دەدات کە هەموو حورمەت و ڕێزی خۆی لەو شوێنەدا کۆدەکاتەوە کە کەسی جنێودەر لە ڕێگەی جنێوەکانییەوە بەنیازە پیسی بکات. لە کۆمەڵگای کوردیدا هەتا ساتە وەختەکانی ئێستاکەش شەرەف و سێکسوالێتی ژن بەجۆرێک بەناو یەکدا چوون کە مەحاڵە لەیەکتری جیابکرێنەوە.

سەرتاپای رۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” نمایشکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ئەم کاریگەرییەی سیکسوالیتێتی ئافرەتە کە لە جەستەی رووتی ئەودا، هەموو لایەنە دەرگیرەکان کە لە خزم، بنەماڵە، سیستەمی داد ، پۆلیس، هۆز، دەستگای جەنگی کۆمەلگا و پیاوانی ئاین پێکهاتوون، هەموویان لە بەرانبەریدا لە کارو کاردانەوەی خۆیاندان تا ئەم شەرەفە لەکەدارکراوە بکڕدرێتەوە، کەسانی دی پێوە بکوژرێت یان شەرەفی ئەوانی دیکەی پێلەکەدار بکەن.

لە کاتێکدا لە بەرانبەر نەفرەتی ئەم جەستە رووتەدا: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، دەبێتە شا پەیامی رۆمان ولە ناو تەمومژەکانی ئەم دەربڕینە شیعارئامێزەدا، ئەوەی کە کرۆکی ئازادبوونی ئەم جەستە رووتەیە لە دەست جەبرەکانی سیستەمی شەرەف، ئەوەی کە ئەم نەفرەتە لەشوێنێکدا تێکبشکێنرێ، ئەوەی کە ئەم وێنە رووتە چەندبارە سووتێنراوە توانای گەرانەوەی نەبێ وقوربانی دیکە نەچنێتەوە، لە گرەوی بەدەستهێنانەوەی ئازادی ئەم جەستە رووتەدایە بۆ بوونەوە بە خاوەنی خۆی کە کولتوری شەرەف، دەمێکە خاوەندارێتی ئەوی لەو سەندۆتەوە و داویەتی بە کەسانی دیکە.
بەکورتییەکەی، بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستهێنانەوەی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ و سێکسوالیتێتی خۆ، ئازادبوون لەدەستی بەهاو پێوەرە کۆمەلایەتییەکانی کولتوری شەرەف، نمایشێکی زەقتری ناو رووداوەکانی رۆمان بێت، بە تایبەت لەبەرانبەر خێڵی شەرەفپارێزان و رووداوە خوێناویەکانی ناو چیرۆکدا کە گەورەترین ڕووبەرەکانی ناو لاپەرەکانی رۆمان داگیردەکەن، دەبوا دەنگی ئەم ئازادییە، ئازادی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ، بەجیا لە وتنەوەی تاکە دیڕێک: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، جێگایەکی لە رۆماندا پێببەخشرایە، کە جێی داخە بە تەواوەتی ونە. ئاخر ئەگەرئازادی چەند چەمکێکی بەرین و گشتیگیر بێت و چەندەها پێناسە لەژێریدا جێگای بێتەوە، ئەوا لە پەیوەند بە کولتوری شەرەفدا، مانایەکی دیکەی نییە جگە لە ئازادی بەدەستهێنانەوەی جەستە و سیکسوالیتێتی خۆ. ئەوە لەگەل بەدەستهێنانی ئەم ئازادیەدایە کە سەرتاپای سیستەمی شەرەف بە مانا کوردییەکەی، هاڕەدەکات. لێرەدایە کە نەفرەت چیدی ناتوانێ نەفرەتێکی ئەزەلی بێت و وێنەی ڕووت دەکرێ تەنها وێنەیەکی ئاسایی جەستەیەکی ڕووت بێت و بنەمالە و هۆز و نەتەوە ناتوانن چیدی زمانحاڵی خاوەندارێتی خۆیان بۆ وێنە و جەستەکەی بە ئەرکی خۆیان بزانن.
بەلام ئایا ئەمە داواکردن نییە لە بەختیار بۆچی ئەم دەنگەی کە یەکێک لە پالەوانەکان ببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆیی و ئەم چەندبارە بونەوەیەی وێنەیەکی رووت ساڵەکان نەبەزینێت و لە شوێنێکدا ماناکانی خۆی لەدەست بدات، وەک داوای ئەلتەرناتیڤکردن لە بەختیارلێکنادرێتەوە؟
بە بڕوای من، ئێمە لە کۆمەلگای کوردستاندا، شایەتی خوێناویترین کەیسەکانی کوشتن و شەرەفشکاندین کە هیچیان لە چارەنووسی پالەوانەکانی ناو رۆمان کەمتر نین. تەوزیفکردنی ئەم تراژیدیا خویناوییەی کۆمەلگای کوردستان لە ئەدەبدا بەو شیوازەی کە لە کۆمەلگادا هەیە و نەبوونی نیگایەکی دیکە کە تەواو پێچەوانەی بەها و پێوەرە کولتورییەکانی بەرهەمهێنانی نەفرەتی نەوبەهارانە، ئەرکی نووسەرە و لە پەیوەند بە توانا و لیهاتوویەکانی بەختیاردا، چاوەروانییەکی هەتا بڵیی سادەیە.

بەختیارعەلی و کارل یوهان ئالمکڤیست

ساڵی 1839 ی سویده‌، “سارا”ی کچی کابرای شووشه‌چی له‌ که‌شتییه‌کی نێوان (ستۆکهۆڵم) و (لیدشۆپین)دا موسافیره‌. ئەم سەفەرە چەند رۆژێکی پیدەچێت و به‌ هۆی درێژی سه‌فه‌ره‌که‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی سه‌ر که‌شتیه‌که‌دا په‌یدا ده‌کات. کاتێک دەگەنە دوا ویستگەی خۆیان، “سارا” داوا لە “ئەلبیرت” دەکات کە ئەم پەیوەندییەیان بخەنە فازێکی ترەوە و بەیەکەوە بژین. ئەو دەتوانێت بگوێزێتەوە بۆ ماڵی “سارا” و درێژە بەم پەیوەندییە خۆشەویستییە بدەن. “ئەلبێرت” لەسەرەگێژەیەکی سەیردا تیا دەمێنێت و دەپرسێ: دەکرێ دووکەس بێ گرێبەستی هاوسەری و مارەکردن لە کلێسادا، بچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە؟ ، “سارا” له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: به‌ڵێ ده‌بێ.
“به‌ڵێ ده‌بێ” ناونیشانی رۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی نووسه‌ری سویدی” کارل یوهان ئالمکڤیست”ه‌ لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا. بەلام کاردانەوەکانی کۆمەلگای کۆنسیرڤاتیڤی ئەوسای سوید، وەلامێکی تووند بەم رۆمانە بچووکە دەداتەوە و بانگەوازی: نەخێر نابێ، دەبێتە مانیفێستی دژە دەنگی “سارا”ی “ئالمکڤیست”.
ئەوەی “ئالمکڤیست” لە رۆمانی”بەڵی دەبێ”دا دەیکات، سەرنجدانە لە خۆشەویستی، لە سیکس لەدەرەوەی خێزان و هاوسەرگیری لەدەرەوی کلێسادا، بەلام بە گۆشەنیگایەکەوە کە تەواو پێچەوانەی ئەو نۆرم و بەها زالانە بوو کە لەسەردەمەکەی ئەودا لە ئارادا بوون. گۆشەنیگایەک کە سەد ساڵ لە دوای مەرگی خۆیەوە، دەبێتە نۆرم وبەها و کولتوری باوی کۆمەلگا.

بەختیار لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا، دەکرا و دەیتوانی کۆمەلگای کوردی، لە رێگەی یەکیک لە پالەوانە کچەکانی نێو ڕۆمانەوە، لە رێگەی ئازادی جەستەیەکەوە کە دەتوانێ رووت بێت وەک ئاماژەیەک بۆ پراکتیزەکردنی رووت و ئاشکرای ئازادی، وەک دەنگێک لە دەرەوەی بەها وسیمبوڵ و کۆدەکانی باوی شەرەفی کوردییەوە، بانگبکردایەتە ئایندەیەکەوە کە نەفرەتی نەوبەهاران، چیدی نەفرەتێکی ئەزەلی نەبێت.

دوا وتە

بۆ “تۆنێۆ”ی دراماکەی “والتەر سێلس”، وەختیک لە عاشقبوونیدا بە یەکێک لە کچە قەرەجەکانی ئەو خێڵە قەرەجەی بارگەیان لە شارێکی نزیکی کێلگەکانی ئەوانەوە هەڵداوە، بەجۆرێک سەرقاڵ دەبێت کە پاراستنی خۆی و براکەی بە تەواوەتی لە بیر دەچێتەوە. تا لە کۆتایی فیلمدا، بنەماڵەی خاوەنمۆلک زەفەر دێنن و برا بچووکەکەی دەکوژن. ئەو ملكەچ لەبەرانبەر باوکدا دووبارە ڕادەوەستێتەوەو دەبێ چەکی تۆلە بکاتەوە شانی. وەختێک دەگاتە سەر دووریانی بەرە و ماڵی خاوەنموڵک رۆیشتن تا تۆڵەی برابچووکی خۆی بکاتەوە یان ڕیگای بەشوین خێڵی قەرەجەکاندا بگرێ کە بارگەیان بەرەو شوێنێکی پێچاوەتەوە، ئەو رێگای دووهەمییان هەلدەبژێرێت.

وەختێ منیش لەگەڵ کچەکەمدا دەکەوینە گفت و گۆ، بە تایبەت کاتێک هەردوولامان هەمان کتێبمان خوێندبێتەوە تا لە تێگەیشتنی ئەوەوە تێروانینی خۆم بۆ کتێبەکە فراوانتر بکەم، لێیدەپرسم: دوای تەواکردنی” نەفرەتی نەوبەهاران”، چی دەبینێ؟ ئەو چاوەکانی دادەخات و دەڵێ: ” من ئێستا کچێکی بالابەرزی کراس گوڵگوڵی کاوبۆ لەبەر دەبینم کە گەیشتۆتە قەڵەباڵغترین شەقامی شار. ئەو سەرنجی هەموو ڕێبوارانی شەقام بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ. لە شوێنێکدا کە ناوەراستی گؤرەپانەکەیە، رادەوەستێ و لە دەووروبەری خۆی دەڕوانێ. لە تەنیشت شۆستەی نزیکی ڕاوەستانی ئەوەوە، پیرەمێدێکی پاکەتفرۆش دانیشتووە. لە روخساریدا، دەڵێی هەموو مەینەتەکانی سەدەی لە چرچ و لۆچی دەموچاو و دەستەکانیدا، هەڵگرتووە. کوڕێک لەبەرانبەریدا چەماوەتەوە و داوای پاکەتێکی جگەرە دەکات. دەنگەدەنگی ناو شەقامەکە تا بێت بەرزو بەرزتر دەبێتەوە. چاوەکان دەچنە سەر کیژی ڕاوەستاوی ناو جەرگەی بازاڕەکە. ئەو دوگمەی دوومی کراسەکەی کردۆتەوە وکەمێک لە ستیانەکەی دەبینرێ. پاش کردنەوەی قۆپچەکانی سەردەستی، بە هێواشی، بێگوێدانە قەلەباڵغی شەقامەکە، کراسەکەی دادەکەنێت و لە نزیک پێلاوەکانییەوە دایدەنێ.
” بسمیللا، کچەکەم ناکرێ خوا عەقڵی لێسەندبیتەوە؟ ژنێکی عەبابەسەری نێو حەشاماتەکە وادەڵێ. “قەحبەی رووداریشمان بینی”، دەنگێکی دیکەیە و بەجۆرێک دەیڵێ تا زۆرترین کەس بیبیستێ. دەنگە دەنگی ناو گۆرەپانکە لە هەڵکشاندایە. ژنێک عەباکەی سەرسەری خۆی دادەکەنێت و بە پەلە خۆی دەگەێنێتە کچەکە و دەیەوێ جەستەی روتی کیژەکە دابپۆشێ. کچەکە عەباکە لەخۆی دەکاتەوە و هەنگاوێک لە شوێنەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە. دەستدەبات و دووگمەی کاوبۆکەی دەکاتەوە و بە هێواشی پانتۆلەکەیشی دادەکەنێ و دەیخاتە سەر کراسەکەی. کۆمەڵیک ژن لێی نزیکدەبنەوە و دەیانەێ دەوری بگرن و لە چاوی حەشاماتەکەی دووربخەنەوە. کچەکە بە قەلەمبازێک خۆی لە بازنەی ژنەکان دەردێنێت و چەند مەترێک لەولای ئەوانەوە بە روتی ڕادەوەستێ. ئێستا ئەو تێکستەی کە بە رەنگی سوورلەسەر سنگی نووسراوە، بەتەواوەتی دەبینرێ. لە تاتوویەک دەچێ کە خۆشنووسێکی بە توانا نووسیبێتی.
” دەورگرتنی چی، ئەو قەحبەیە ڕەنگە ئێستا لایڤێکیان بۆ کردبێتەوە و کەسێ بۆی پەخشدەکات. ئەو نایەوێ نەبینرێ. کاری ئەم دەڵەقۆرە ڕێک ئەوەیە، ئێوە عەزیەتی خۆتان بۆ دەدەن؟” ، پیاوێکە و لەگەل ئەو ژنانەدا دەدوێ کە لە شڵەژانی خۆیاندا نازانن چی بکەن. بازنەی دەوری کچەکە پڕە لەو دەستەبەرزراگیراوانەی کە کامێرای تەلەفۆنەکانییان کردووەتەوە و فیلم و ڤیدیۆی ماجەراکە دەگرن. تەنانەت کوڕەی پاکەتکڕی بەردەمی پیرەمێردەکەیش لە سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆیدا ئەوەی بیر نییە کە خەریکی کرێنی جگەرە بووە و پیرەمێردی لە پشت خۆیەوە لەیادکردووە. پۆلیسەکان دێن و بە پەلە کچەکە دەخەنە ناو سەیارەکەیانەوە. لەناو تاریکی سەیارەی پۆلیسەکەدا، تێکستی نووسراوی سەرسینەی کچەکە دەدرەوشێتەوە و دەڵێی بە بۆیەیەکی وا نووسراوە کە لە تاریکیدا زیاتر ببینرێت. لەناو غەڵبەغەڵبی ڕێبوارانی سەرشەقامدا کە هەریەکە و لەگەڵ کەسی تەنیشتیی خۆیەوە لە قسە و باسی ئەوەدان کە چی ڕوویدا و کچی کێ بووە…، کوڕەی پاکەتکڕ، ڕوودەکاتە پیرەی پاکەتفرپش و دەڵێ:” ببوورە مامە گیان! چەند دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو، تکایە چەند دەکات؟ پیرەمێردەکە دەڵێ:” من لەبەر قەلەباڵغییەکەی دەوری کچەکە نەمتوانی ئەوە ببینم لەسەرسنگی ئەو نووسرابوو، دەکرێ پێمبڵیی چی بوو؟
کوڕەکە مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و بە پەنجەکانی وێنەکە گەورەتر دەکات ودەڵێ: ” من خاوەنی جەستەی خۆمم. من بڕیاردەدەم چۆن ببینرێ و کێ بیبینێ. تۆ ئەگەر بە جەستەی ڕووتی من دەروونت گڕدەگڕێ و پڕدەبی لە نەفرەت، دەکرێ چاوەکانت دابخەیت. من بەرپرسیاری بینینی تۆ نیم. ئەوە تۆیت خاوەنی چاوەکانی خۆتیت، منیش خاوەنی جەستەی خۆمم، لە ژێر تێکستەکەیشدا نووسراوە، زۆزان گێلاس.” پیرمێردەکە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەر ڕووخساری وچاوەکانی پڕدەبێت لە فرمێسک.” کوڕم بڕۆ و داوەتی منی”. هەرزەکارەکە دەستی مامە پیرە دەگوشێت و دەڕوا. پیرەمێردەکە لەبەرخۆیەوە ورتە ورتی دێ.” دەکرێ چاوەکانت دابخەی، دەکرێ چاوەکانت دابخەی”




بزمارە ماڵ وگۆیژە.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

چەند ساڵێکە دیاردەی “بزمارەماڵ” لە چین بۆتە وێردی سەرزاری میدیای ولات و لە ڕێگەی وێنە سەرنجڕاکێشەکانی دیاردەکەیشەوە، ئینسان لە گۆشە و کەنارەکانی دنیادا، روخساری بزمارە مالەکانیش دەبینێت.
“بزمارەماڵ” ناوی دیاردەکەیە و لە سادەترین پێناسەکردنیدا، بریتییە لەو بەریەککەوتنە یاساییانەی کاتێک خواستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیناسازی ، ڕووبەڕووی خواستی نەفرۆشتنی ماڵ و زەوی وزاری هاولاتییان دەبێتەوە کاتێک نایانەوێ ماڵ و موڵکیان بە کۆمپانیاکان بفرۆشنەوە. بێگوومان لەو کاتەی کە کۆمپانیاکان دەیانەوێت پرۆژەیەکی نوێ لەو شوێنەدا دروستبکەن کە موڵک و ماڵی هاولاتییانە.
بە کورتییەکەی: ئەو خاوەنماڵانەی ڕییاننەداوە کۆمپانیا مالەکانیان بکاتە بەشێک لە پرۆژەکەیان، مالەکانییان وەک بزمارێکی چەقێنراو لەسەر نەخشەی بیناسازی کۆمپانیاکان دەهێڵنەوە. دیمەنی تاکە ماڵێک کەوەک بزمار لە ناو شۆفڵ و لۆری و سڵنگی کۆمپانیاکاندا سەربەرزانە ڕاوەستاوە، گێرەرەوەی نا وتنێکە بە: ناکرێ هەموو شتێک بە دڵی ئێوە بێت!
هاوکاتیش دیاردەکە وەک ناوهێنانێک بۆ ئەو نەخشە جێبەجێنەکراوانەش بەکاردەهێنرێت کاتێک کۆمپانیا بە نیازە پرۆژەی تازە بخاتە پلاندانانی خۆیەوە و دەبێت حساب و کتابێ بۆ ئەو زەمینانە بکات کە لە سەرەتاوە لە کێلگەیەکی بزمار دەچن، نەبادا لە سبەینێیەکدا بزمارێک بە قاچیدا بچەقێت. ئەم دیمەنانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکی کەمی ئەو بزمارە ماڵانەن کە لە مێدیا جیهانییەکاندا سەردێڕی هەواڵ بوون.

بەلام بۆ ئەوەی دیاردەی بزمارەماڵ، ببێتە گرفتی کۆمپانیاکانی ولاتی چین، دەبێ پێشتر ماڵ لە چوارچیوەیەکی یاسایدا جێگایەکی بۆکرابێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە بزمار.

ئەو چوارچێوە یاساییەش بریتییە لە مافی دانپیانان بە موڵک و ماڵی تاکەکەسی ئینسانەکاندا. ئەوە ئەم جێگرتنە یاساییەیە کە ئەو توانایە دەدات بە ماڵ بۆ ئەوەی ببێت بە بزمارێکی سەر رێگای جێبەجێکردنی نەخشەی کۆمپانیاکان.
لە دۆخی پرۆژەکەی گۆیژەدا و ئەو نارەزایەتییەی لە سلێمانی دەستپێکردووە، ئێمە خەریکە رووبەڕوی هەمان دیاردە دەبینەوە، بەلام لە پەیوەندییەکی پێچەوانەتردا. ئاخر گۆیژە، مۆلکی کەسێک نییە وبەڵام موڵکی گشتیشە. هاوکات کەمایەتییەکی کەمی شاریش پێیوایە حزب و کۆمپانیەکەی ناتوانن بەم شێوازە مامەڵە بە مولکی گشتییەوە بکەن.
ئەگەرچی لە دۆخی چیندا، بزمارە ماڵەکان بە ساغ و سەلامەتی دەهێڵرێنەوە تا کێشەی نێوان کۆمپانیا و خاوەنماڵ بەلایەکدا دەکەوێت. لە دۆخی گۆیژەیشدا، کەسانێک هەن دەیانەوێت گۆیژە بکرێتەوە بەو بزمارەماڵەی کە کۆمپانیا نەتوانێ پرۆژەکەی خۆی تیا جێبەجێبکات.
بە کورتییەکەی: کردنەوەی گۆیژەیە بە موڵکی گشتی، مافێک کە لەم کەیسەدا لە گۆیژە سەندراوەتەوە.
لە دۆخی بزمارە ماڵەکانی چیندا، زۆربەی جارەکان، رێککەوتنێک لە نێوان خاوەنموڵک و کۆمپانیادا ئیمزادەکرێ و سازشێک لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەکرێت کە خاوەنماڵ دەیەوێ لە بری رووخاندنی ماڵەکەی وەریبگرێت. ئەگینا تا ساڵانێکی زۆر، بزمارەماڵ، لە ناو نەخشەی جێبەجێکراوی کۆمپانیادا وەک نەئێکی جیاواز بە دەنگ و رەنگی قەدیمی خۆیەوە، لە ناو ئەو ئاپارتمانە بە ئاسمانە چووانەدا، قیت و قنج ڕادەوەستێ.
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا: گۆیژە مولکی کەسیک نییە و هاوکاتیش مولکی گشتە. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لەلایەن خودی دەسەلاتی سیاسییەوە ، وەک مولکێکی تاکە کەسی مامەلەی پێدەکرێت.
بەلام ئەو لۆژیکەی لە پشت ئەم پرۆژەوەیە، لۆژیکی سەرمایەدارییەکی مافیاییە کە لە زۆر جێگای ئەمرۆی سەرمایەداری دنیادا کاری پێدەکرێت.
لە بەرازیلەوە بگرە کە سەدەها هێکتاری دارستانەکانی ئەمەزۆنی تێدا بڕاوەتەوە، بۆ کارتێلە گەورەکانی ئەمریکای لاتین کە مافیاکانی کۆکایین لە پشت بڕینەوەی داری دارستانەکانەوەن تا بیکەنە کێڵگەی کۆکا. زۆر دوور نەرۆیت، دروستکردنی چەندین بەنداو لە ئێران و تورکیادا کە لەسەر ئاوارەکردنی ئەو گوندنشینانەن کە زەوی و مولک و مالەکانیان بەتالاندەبرێت تا پرۆژە گەورەکانی کۆمپانیاکان جێبەجێبکرێ، ئەمانە چەندین نموونەی بچوکن لە گۆشە و کەنارەکانی دیکەی دنیادا.
ئەمە لۆژیکێکی سەرمایەدارییەوە و لە راستیدا ناکرێ هیچ کەسێک تووشی شۆک بکات. سەیر لەوەدایە، کە نە بڕینەوەی دارستانەکان و نە کۆلەوارکردنی دەموچاوی گۆیژە لە پاراستنی ژینگە و جێگاوڕیگای ئەم شاخە لە یادەوەری ئینسان و شیعرەکانیدا دەبێتە موتیڤی یەکەمی راوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم بەرربەرییەتەی سەرمایەداریدا، بەلکو ئەوەی کە دەکرێ خاڵی جەوهەری ئەم کێشەیە بێت: بەهێزکردنی ئەو سنوورە یاساییانەیە کە دەکرێ مولکی گشتی تیا بەهێزبکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە، بە جیا لە داخوازی ژینگەپارێزی و هێشتنەوەی بەها ڕەمزیە کولتورییەکان، لەشکرێک لە دادوەر و پارێزەرانێکی ئینسانی پێویستن تا ئەم خەباتە لە ئاستە قانوونییەکەیدا سەبت بکات. بۆئەوەی گۆیژە و شاخ و دۆلە زەوتکراوەکانی دیکەی کوردستان ببنە بزمارە ماڵێکی هەمیشەیی کە ناکرێ سازشی لەسەر بکرێت، دەبێ وەک موڵکی گشتی دووبارە ئەو مافەیان پێبدرێتەوە.
ئەوەی لەم نارەزایەتییە بچکۆلەی ئیستای سلیمانیدا بوونی نییە، ئەو دەنگە یاساییەیە کە موڵکی گشتی بکاتە خاڵێکی سوور کە هیچ هێزێک نەتوانێت دەستی بۆ بەرێت. بە بڕوای من، ئەمە بە تەنها ئەرکی سلێمانییەکان نییە و بەتالانبردنی شاخ و دۆڵی کوردستان لە مێژە لە هەراجکردندایە و لە سەرتاسەری کوردستاندا، شۆفلەکانی لە کاردایە.
سەیر ئەوەیە، رۆژگارێک لە ژێر دەسەلاتدارێتی بەعسدا، کەمەربەندی جادە شەستییەکەی دەوری سلێمانی، ئەو خالە سوورە بوو کە گەشەپێدانی کەرتی نیشتەجێبوونی شار نەیدەتوانی بیبەزێنێت. لەمرۆدا هیچ سنوورێک نییە کە ئەم شارە چەندە دەکرێ گەورە بێت و بە چ ئاراستەیەکدا دەکرێ گەشە بکات.
تێروانینێکی رۆمانسیانە هەیە کە زیاتر لە مێدیای رۆژئاوادا برەوی هەیە و کوردەکانی دەرەوەی ولات لە برەوپێدانیدا، دەستیان هەبووە. ئەویش دەربارەی پەیوندی نێوان و کورد و شاخەکانییەتی. دەربڕینەکە ئاواهییە: کورد بە جیا لە شاخەکانی، کەسی تری نییە تا بیپارێزێ.
چاڵە هەڵکۆڵراوەکانی سەر سینەی گۆیژە، گێڕەرەوەی چیرۆکێکی تراژیدی ترە: شاخەکانمان لە ئێستادا، خۆشیان بۆ ناپارێزرێت، چ جای لەوەی بتوانن، ئینسانەکانی بپارێزن.
رەنگە لە باری رەمزییەوە، شۆفلەکانی سەر گۆیژە، کۆتایی ئەو بانگەشە ناسیۆنالیستییە بێت کە ناسیۆنالیزم و چەکدارەکانی لە دەووری شاخەکانی کوردستانیان دروستکردووە. ئینسانی کورد بۆ ئەوەی شاخەکانیشی بپارێزێت، دەبێ پێشتر لە پاراستنی خۆی و حورمەتی ئینسانی خۆیەوە دەستی پێبکردایە. پرۆژەیەک کە لە هەموو مێژووی ناسیونالیزمی کورد و کوردایەتییەکەیدا، تێکستێک نادۆزیتەوە کە ئینسان تیایدا شایەنی حورمەتی ئینسانی خۆی بێت. لەم نیشتیمانەدا چی هی منەو چی هی دەسەلاتی سیاسییە؟ مافەکانی من کامانەن؟ سنووری نێوان دەرگای مالەکەی من و راوەستانی سەیارەی ئاسایش لە کوێدایە؟ کاتیک شێرپەنجە ڕێمپێدەگرێ، کەرتی تەندروستی دەرمانەکەیە یان خەستەخانەی فاروق؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وەلامەکانیان ڕێک بەو ئاراستەیەدا دەتبات کە چارەنووسی گۆیژە خۆی تیا دەبینێتەوە. بە کورتییەکەی: لە وەلامی ئەم پرسیارانەدا، ئەوەی رێزی بۆ دانەنرابێت، حورمەتی ئینسانی کوردە، بۆیە کارێکی سەرسوهیینەرانە نییە کە شاخەکانیش دەستدرێژییان بکرێتە سەر.
بەڵام هێشتا نەچووە بچێ. گۆێژە لە راستیدا دەکرێ بکرێ بە ماڵ. دەشکرێ بە کرێیەکی کەم بدرێ بەو هەزارەها کرێچی و بێ خانەولانانەی کە لە نیشتیمانی خۆیاندا بستە زەویەکییان نییە. ئەمەش دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی تر بێت: گەرانەوەی مولکی گشتی بۆ هاولاتییان. بە تایبەت لە ولاتێکدا کە هاولاتی بێ دەفتەرە دۆلار، ئیمکانی بە خاوەنماڵبوونی خۆی لێسەندراوەتەوە.

نووسینی : بەکر ئەحمەد
2024/06/17




باڵادی شادی و هەڵگێرانەوەی تێروانینەکان.. ڕانانی: بەکر ئەحمەد

ناوی کتێب: باڵادی شادی، چیرۆکە شیعر
نووسینی : چاوە/ فاتیح شیخ
چاپخانەی هانا سوید
ڕانانی: بەکر ئەحمەد

سەفەر یانی ئازادکردنی غوربەتە لە زیندانەکانی گەڕەکێکدا و
نیشتەجێکردنی ئەوە لە گەڕەکی بێ ماڵیدا
یانی بێکارکردنی “بادی خۆش مروور”ە وەک پۆستەچی بە پەنجەی “بینێرە”ی مەیلێک
سەفەردەکرێ گەورەکردنی وێنەی نیشتیمان وهەڵواسینی بێ بە دیواری ناو ماڵەوە
یان بچووککردنەوەی وێنەی گۆی زەویی و هەڵواسینی بێ بە لای پەنجەرەی نیگاوە
فێربوونی کچەکەمە بۆ وتنی: بە بڕوای من
ڕەوینەوەی ترسی ژنەکەمە لەهەڕەشەکانی دەستی تەڵاق
سەفەر دەکرێ ونبوونی دەمووچاوی باوکێک بێت و
دروستبوونی دەیەها دەمووچاوی دیکەی باوک بێت.

بەشێک لە قەسیدەی: “سەفەر و باپیرەم و کچەکەم” بەکر ئەحمەد

لە ناو “لێکۆلینەوەکانی کۆچ”دا دەربڕینێک هەیە پیی دەوترێت “ئەکولتوراسیۆن”. چەمکەکە بە کورتی باس لە نیگای ئینسانی کۆچکردوو دەکات بۆ ژیان لەناو دوو ژینگەی کولتوریدا و دوو ڕەهەند لە خۆ دەگرێت.
یەکەمییان: چەندە ئینسان دەستدەگرێت بە پێوەر و بەها کولتورییەکانی خۆیەوە و دەستبەردارییان نابێت.
دووەمیشییان: چەندە ئینسان دەیەوێ لە پەیوەندییەکی دانەبڕاودا بێت لە ناو بەها و پێوەرە کولتورییەکانی کۆمەلگای نووێدا.
ڕەنگە دەموچاوی “جانوس” کە یەکێک لە پەیکەرە یۆنانییە کۆنەکانە باشترین دەربڕینێک بێت بۆ ئەم قڵیشانە ڕۆحی و دووکەرتبوونە ناوەکییەی ئینسانی کۆچکردوو. پەیکەرەکە سیمای ئینسانێکی هەیە کە خاوەنی دوو دەمووچاوە. پشت لەیەک. ئینسان لە هەمان کاتدا پێش و پاشی خۆیشی دەبینێ. لە دۆخی کۆچدا، بوونی نیگایەکە لەسەر ڕابردوو و هاوکاتیش نیگایەک لە ئایندە. ڕاگرتنی ئەم باڵانسە و بەئاگابوون لەوەی کە نیگا دەکرێت چۆن ڕابگیرێت ، دەکەوێتە سەر هەڵبژاردنی ئەو ستراتیژیانەی کە کەسی کۆچبەر دەکرێ هەڵیانبژێرێت.

ئەکولتوراسیۆن وکۆچ
لای ” بیرڕی”، پرۆسەی ئەکولتوراسیپن دەکرێ چەند ئاراستەیەک بە خۆیەوە بگرێت وەک ستراتیژییەکی هەڵبژێردراو لەلایەن کەسی کۆچکردووەوە.
یەکەمیان: خۆجیاکردنەوە. لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو، بەها و پێوەرە کولتورییەکانی گرووپی خۆ لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت و هیچ پەیوەندییەکی دینامیکی لەگەڵ کۆمەلگای نوێ و بەهاکانیدا پێکناهێنێت. بەشیکی بەرچاوی کۆمەلگای کوردی دەرەوەی وڵات ئەم دۆخە بەسەر دەبەن و دەربڕینی: ئێمە کوردین و ترادیسیۆنە کوردی و بەها کۆمەلایەتیە کوردییەکان دەپارێزین، باشترین دەربڕینێکی ئەم دۆخەیە.
دووەمیان: تواندنەوە یان ئەسیمیلاسیۆن. لەم ستراتیژیەدا، کەسی کۆچکردوو، هەموو پردە کولتوری وبەها ترادیسیۆنییەکانی نێوان خۆی وکۆمەلگای یەکەمی تێکدەڕوخێنێت و لەناو پێوەرە کولتوری و بەهاکانی کۆمەلگای نوێدا دەتوێتەوە.
سێیەمیان: ئاوێزانبوون. لەم ستراتیژییەدا تاکی کۆچکردوو لە نێوان هەردوو کولتوورەکەدا هەلدەکات و پەیوەندی لە گەڵ کۆمەلگای یەکەم و دوومیدا لە بالانسێکی ئاسایدا ڕادەگرێت.
چوارەمییان: لە پەراوێزدا بوون. لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو هیچ پەیوەندییەک بە کۆمەلگای کۆن و نوێیەوە ناهێلێت. نەوجەوانانێکی بە تەنها هاتوو دەکرێ لەم دۆخەکەدا خۆیان ببیننەوە.
بێگوومان هەلبژاردنی هەریەکێک لەم ستراتیژیانە ، بە تەنها وەک خواستێکی تاکانەی ئینسانەکان چاویلێناکرێت و پێشینە کولتووری و ئینتیما ئەتنییەکانی کەسی کۆچکردو و ستراکتۆرەکانی کۆمەلگای نوێ بۆ دەرگاکردنەوە یان داخستن لەبەرانبەر کۆچبەردا ، گرنگی خۆی هەیە.
بەوەی کە کۆمەلگاگاکی کوردستان چەندین دەیەیە ئینسانی لێهەڵدێت و روودەکەنە ئەوروپا، بە خوێندەوار و نەخوێندەواریەوە، بە نووسەر و سیاسییەکانییەوە، کەچی هێشتاکەش ئێمە لە دەرەوەی وڵات خاوەنی بەرهەمێکی نووسراوی وا نین کە ژیانی ئێرە بناغەی نووسین و تێرامانە ئەدەبییەکان بێت. بێگوومان ئەم دەربڕینەی من گشتیگیر نییە و گەورەبوونی نەوەی دووەم و سییەمی کورد لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵێک ناو و نووسەری پێگەیاندووە کە هێشتا بەرهەمەکانیان وەرنەگێردراونەتە سەر زمانی کوردی. لە ولاتێکی وەک سویددا، ئینسان دەکرێت سەربەرزانە خۆی بەو نووسەرانەوە با بدات و دڵگەرم بێت بە لەدایکبوونی ئەدەبیاتێکی دیکەی کوردی کە لە زێدی یەکەمی خۆیدا گەورە نەبووە و قاچەکانی تووند لە ناو هەر دوو کۆمەلگاکەدا داکوتراوە و وەک مەلەوانێکی کارا، بە نیگایەکی ئەدەبی سەرکەوتوانەوە، بەرهەم دەخوڵقێنێ.
نالی لە ” قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور”دا بە دەنگێک دەربڕی ئەم دۆخی دەرپەراندنەی ئینسانی کورد نیشاندەدات لە رۆژگارێکی دوورەوە، کە تا ئێستاش سەداکەی لە گوێچکەی زۆربەماندایە. ئەو لە ئەستەمبوڵەوە کونجی خانەقاکەی خۆی دەبینێ. بەڵام ئەستەمبوڵ دیار نییە. شیرکۆ بێکەس ، درێژترین شیعرو زۆرترین بەرهەمەکانی لە ستۆکهۆڵمی سویددا دەنووسێت، کەچی بە تەنها قاوەخانەیەکی گەرەکی “گاملستادن” دەبێت بە ئیکسسوارێکی ناو شیعر و لەولاشەوە حاجیحان و مەڵکەندی و مەهاباد و دیاربەکر بە هەموو کووچە و کۆلانەکانیانەوە ئامادەییان هەیە. نووسەرێکی کورد دەڵێ:” تا ئێستاش خەونێکم نەبینیوە زەمینەکەی سویدی بێت.” بەڵام بۆ شاعیرێکی تەمەن لەسەر و هەشتاوە ، کانی ئاسکان و سنە و لەندەن و شاخەکانی وێلزلە تەنیشت یەکەوەن و خوێنەر بێ هیچ رێگرییەکی کولتوری و ڕۆحی بە ناو کووچە وکۆلانەکانی ئەم شوینانەدا دەکرێ سەفەر بکات. پرسیار ئەوەیە: نیگا و تێروانینی ئینسان ڕوولەکوێیە؟

“بالادی شادی” سەفەری “چاوە”ی شاعیرە بە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی کۆمەڵێک خێزانی کورددا کە لە کوردستانی خۆرهەڵاتەوە دەردەپەڕێنرێن و لە سلێمانی نیشتەجێدەبن و دواتریش لە لەندەن دا دەگیرسینەوە. ئەوەی لەم بەرهەمەدا جێگای تێرامانی منە، ئەم جێگۆڕکێ نەسرەوت و سووڕانەوە هەمیشەییەی نیگایە لەسەر نەخشەیەک کە کۆچ و دەرپەراندنی ئینسانەکان کێشاویەتی.
بالادی شادی چیرۆکە شیعرێکی درێژەو لە 22 بەش پێکهاتووە.
بەڵام بەرلەوەی سەفەرێکی کورت بەناو دێرەکانی ئەم بەرهەمە شیعرییەدا بکەم، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم دەبێت لەسەر ناونیشانی بەرهەمەکە. “بالاد” لە زمانە ئەوروپییەکاندا مێژوویەکی درێژی هەیە و سەرەتاکانی تا سەدەی 12 درێژ دەبێتەوە. بالاد بەو گۆرانییانە دەوترێت کە لەگەڵ سەمادا دەچڕدرێن و بەشێکی زۆر لە چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆژانە لەخۆ دەگرن. مێژووی بالاد درێژ دەبێتەوە و چەندەها لق و پۆپی دیکەی لێدەبێتەوە. لە زمانی کوردیدا، ڕەنگە حەیران نزیکترین شیوازێکی گۆرانی بێت کە لەگەل بالاددا یەککبگرنەوە.
هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ ئەم بەرهەمە لەلایەن “چاوە”وە، تێرامانێکی قوڵی لە پشتەوەیە و لەگەڵ ناوەرۆکی بەرهەمەکەدا یەکانگیردەبێتەوە.
شەو لە نیوە ترازا بوو، لە دیسکۆ هاتبوونە دەر
بەم گێرانەوە کورتە و برووسکە ئاسایە، چاوە، کیشماندەکاتە ناو دەسپێکی چیرۆکە شیعرییەکە. ئەویش سەرەتای یەکترناسینی دوو لاوی گەنجی لە لەندەندا گەورەبووی کوردە بە ناوەکانی “شاد” و “شادی”یەوە. ئەم یەکترناسینە کورتەی نیوەشەوێکی ناو مێترۆی لەندەن، چەندین ویستگەی تری بەدوادا دێ و دەبێتە هۆکاری یەکترناسینی دوو خێزان کە هەریەکەیان لە سوچ و کەنارێکی نیشتیمانی یەکەمی خۆیانەوە دەرپەڕێندراون و لێرە گیرساونەتەوە. “گەشە”، “دایە حەبیبە”، “شاهۆ” ، “کەسنەزان” و چەندین ناوی دیکە کە هەریەکەیان چمکێکی ئەم چیرۆکە دەکەوێتە سەرشانیان، لە بەرەو پێشەوەچوونی چیرۆکەکەدا ، هەریەکەیان دێنە سەر شانۆی رووداوەکان و لایەنێک لە مێژووی خۆشی و ناخۆشییەکانی خەلکی کورد و ژیانی نویی لە هەردوو دیوی کوردستان و لەندەندا دەگێڕنەوە.
بەڵام “بالادی شادی” هەر بە تەنها داستانی ڕۆژڕەشی و نەهامەتییەکانی خەلکی کورد نیە. بەلکو لە ڕێگەی ئەو ئاستە بەرزە لە وشیاری پالەوانەکانەوە کە نزیکایەیییەکی قوڵییان لەگەل شیعر و گۆرانی کوردی و جیهانیدا هەیە، ئەم بەرهەمە دەکەنە سرود و گۆرانییەک بۆ بەباڵاداهەلدانی شیعر و گۆرانی و بەرزنرخاندنی ئەم لقە ئەدەبییانە لە ژیانی رۆژانەی ئینسانەکاندا. بالادی شادی نەک هەرحەیرانێکی درێژە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و فارسی لە ڕیگای گۆرانی و شیعرەکانی ناو ئەم بەرهەمەوە بەم زمانانە، بەلکو حەیرانێکی “پێشەخۆشە” لە ستایشکردنی شیعر و گۆرانیدا.
یۆسۆ ئاسکەو دەمووچاوێکی دیکە

چاوە لەم حەیرانە درێژەدا، نەک هەر شیعرو گۆرانییە سادەکانی سەر زمانی خەلکی و شیعرە بەناوبانگە کوردی و جیهانییەکان بەسەردەکاتەوە لە ڕیگەی ئاخاوتنی پالەوانەکانەوە، یاخود لە ڕێگەی منی گێڕەرەوەی چیرۆکە شیعرییەکەوە، بەلکو ڕاستکردنەوەیەککیش بۆ ئەم مێژووە هەلەیە دەکات کە بەشێک لە شاعیرە گوومناوەکانی کوردوستان ڕووبەڕویی بوونەتەوە. ئەوەتانێ لە مێژووی ئەدەبی کوردی “”عەللادین سەجادی”دا، مەرگی یەکێک لە شاعیرە جوانەکانی هەورامان “یۆسۆ ئاسکە” دوو دێڕی پێڕەوا دەبینریت: “پیاو، شاعیری خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان ( 1638ـ1592)، لە موسل مردووە.”
بەڵام لە زمانی کەسنەزانەوە کە یەکێک لە پالەوانە جوانەکانی “بالادی شادی”یە، ئاواهی ئەم چارەنووسەی یۆسۆ ئاسکە دێتە گێرانەوە: ” یۆسۆ ئاسکە خۆشخوان بووە، جوانخاس بووە، دەمڕاس بووە. لە دیوەخانی خانەکەی مەشهوور بە “خانی کول خانان”، شیعرو گۆرانی وتووە، لە قسان، بە تۆمەت و تاوان بە ئەمری خان لە چینی دیواریان ناوە. قوڕیان بەدەمیا کێشاوە، تا هەناسەی لێبڕاوە. مەشهوورە تا ئاخر نەفەس، یۆسۆ ئاسکە بە شیعرەکانی هەجووی خانی کردووە تا مردووە.”
بالادی شادی و زمان.
بەکارهێنانەکانی زمانی ئینگلیزی چ وەک شیعری شاعیرانی دیکەی ئینگلیز و تیکستی گۆرانییە ئینگلیزییەکان، بەرهەمی شاعیرانی فارس و بەکارهێنانی دیالێکتی کوردی نەوەی دووەم و سییەمی منداڵی کوردی لە ئەوروپا گەورە بوو کە لە دراما تەلەفیزیۆنە کوردییەکاندا جێگای گاڵتەجارییە بۆ زۆر کەس، ئامادەییەکی لەرادەبەدر و بەرچاوی دیالیکتی هەورامی و سنەیی لەم بەرهەمەدا، جوانیەکی لەرادەبەدەر بەم بەرهەمە دەبەخشیت و بێ هیچ سڵکردنەوەیەک لەوەی کە خوێنەر دەکرێ تێیبگات یان نا، لە ناو دێرەکانی ئەم بەرهەمەدا بە بێ هیچ ژێرنووس و دروستکردنی فەرهەنگۆکێک ئامادەییان هەیە.
لەپاڵ ئەم ئامادەییە گەورەیەی زمانە جۆراوجۆر و دیالێکیە پەراوێزخراوەکانی زمانی کوردیدا لەم بەرهەمەدا، زمانجوانییەک لە ناو دێرەکاندا دەدرەوشێتەوە کە تەنها لەنەوەی “چاوە” و “سوارەی ئیلخانیزادە”ی شەستەکانی سەدەی ڕابردووی کوردستانی ئیراندا دەکرێ بەشوێنیدا بگەڕییت. سەیرێکی ئەم وشانە بکەن!
پێشەخۆشە، خێمپێدان، مەیمانی،وەختارێ، وەلێکان، عەلەندەوام،تەمایەر، تیتاڵی،تواشا … هتد

جەنگی نەوەکان یان پێکەوەدوواندی یەکتری
دەربڕینێکی سادە و جوانی منداڵێکی تورک هەیە کە دابڕانی نەوەکان لەیەکتری و ئینتیماکانییان بۆ ژینگەی یەکەمی دایک و باوک و نیشتیمانی دووهەمی دوای نیشتەجێبون لە پرۆسەی کۆچدا، جێگایەکی تایبەتی هەیە بۆ ئاماژەپێدان تا بزانین چۆن چاوە لەم چیرۆکە شیعرییەدا بە دەرئەنجامی پێچەوانەی ئەم دەربڕینە دڵتەنگەی خوارەوە دەگات. دەربڕینەکە ئاواهییە: “نیشتیمانی باوکم، نیشتیمانی غەریبی منە. نیشتیمانی من، نیشتیمانی غەریبی باوکمە” .
ئەم دابەشبوونە سادە و واقعییە کە لە زمانی نەوجەوانێکەوە دێتە دەربڕین، ئەو خاڵی سنوورجیاکردنەوەیە کە ئینتیمای نەوەکان بۆ جوگرافیا جیاوازەکان و دروستکردنی پردی بەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵ و دایک وباوکدا، بە سرووەدکانی “چەند شیرینە لام” و “خوایە وەتەن ئاواکەی” دروستناکرێتەوە. ڕەنگە ئەمە وێنەیەکی گشتیگیر نەبێت، بەڵام ڕاستیەکە و زەبرەکانی کۆچ دەیهێنێتە پێش.
“چاوە” لە بالادی شادیدا ئەم دابرانەی نەوەکان هێندە سادە دەهێنێتە پیش کە لەگەڵ بەریەککەوتنە رۆژانەییەکانی دایک و باوکاندا لەسەر پرسیارە سادەکانی ڕۆژانە، جێگایەک دەدۆزێتەوە کە نە نیشتیمانی یەکەمی دایک و باوک مەمەلکەتی غەریبی نەوەکانە و نە نیشتیمانی غەریبی دایک و باوکەکان، بە تەنها نیشتیمانی نەوەکانە. ئەو ڕایەلەیشی کە ئەم نەوە جیاوازانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شۆرشی ژینایە کە نەک هەر بە تەنها مەراقێکی گەورەی پالەوانەکانە کە لە زێدی خۆیان دەرپەڕێندراون، بەلکو ئومێد و خەونی ئەوە نەوە نوێیەشە کە بە ئومێدەکانی دایک و باوکەوە پەیوەست دەبن.
بالادی شادی بە تەنها چیرۆکە شیعرێکی ئەو ڕووداوانە نین کە ڕوویانداوە و لە تیکستێکی ئەدەبیدا تۆمارکراون، بەلکو وێناکێشانی دنایەکە کە دەبێت وابێت. ئەو پرسیارەی کە خوێنەر دەکرێ بەزەینیدا بێت رەنگە ئەوەبێت کە ئایا ئەم پالەوانانەی ناو ئەم چیرۆکە شیعرییە چەند نوێنەرایەتی کۆمەلگای دەرەوە و ناوەوەی کوردی دەکەن؟
بە بڕوای من، بالادی شادی تێروانینی ئەو کەمایەتییەی کۆمەلگای کوردییە کە بەشیکی گەورەی ئەو تێروانینە کولتوری و پێوەرە کۆمەلایەتیانەیان تێکشکاندووە کە لەمرۆدا لە ئاستی کولتور وبەها وپێوەری بالادەستدان لە کۆمەلگای کوردستاندا. هەر ئەم نیگایەشە کە ئەم چیرۆکە شیعرییە دەکاتە خەونێکی ئایندەییانە.
دەڵێن: لە کاتی گەیشتنی بنەمالەیەکدا بە دەرەوەی ولات، زەمەنی پێکەوەژیانی ئەندامانی خێزانێک بەم شیوازەی خوارەوە لەتدەبێت.
” باوکەکانمان لە دوێنێدا دەژین، ژنەکانمان لەمڕۆدا و منداڵەکانیش لە سبەێنێدا”
ئەگەر چرکەساتی گەیشتنی خێزانێک بەمشیوازە لەت ببێت و ئەندامانی ئەم خێزانە لە دوینی و ئەمڕۆ و سبەێنیدا جێگا بۆ خۆیان بگرن، ئەوسا بە ڕۆشنی ئەو زەبرە سایکۆلۆژییە قورسە هەستپێدەکرێت کە پرۆسەی کۆچ و دەرپەراندنی ئینسانەکان لە پاش گیرسانەوەیان لە کۆمەلگای دووهەمدا ، دووچاری دەبنەوە.
بەلام چاوەی شاعیر لە بالادی شادیدا، ئەم زەبرە قورسەی تێکشکاندنی کات زۆر سەرکەوتووانە تێکدەشکێنێت و لەبری ئەوەی لە دوێنی و ئەمڕۆدا جێگایەک بۆ خۆی هەلبژێرێت، لە سبەینێدا ڕادەوەستێت. جێگایەک بە پێی هاوکێشەکانی کۆچ دەبوایە وا نەبوایە. هەڵبژاردنی ئەم گۆشەنیگایە بۆ مامەلەکردن بە پرسیاری کۆچ، بۆ پیاوێکی تەمەن سەر و ‌هەشتا ساڵ، بالادی شادی دەکاتە یەکێک لەو بەرهەمە ناوازانەی کە مامەلەیەکی زۆر مۆدیرن بە پرسی بوونی ئینسانی کورد دەکات لە کۆچیاندا. ئەگەرچی کوردستان بە هەموو ئازار و خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە لە دێرەکاندا ئامادەیی هەیە.
لە پاش رووداوەکانی ساڵی ١٩٦٨ ی پۆلۆنیادا کە کامپینێکی “جوونەفرەتی” دەولەت لە پشتیەوە بوو، ٢٠ هەزار هاولاتی جوو ناچارکران کە پۆلۆنیا جێبێڵن. لە تەنیشت یەکێک لە ویستگاکانی وارشۆدا، کۆنە تابلۆیەک بەجێماوە کە لەسەری نووسراوە:” ڵیرە ئەوان زیاتریان لە پاش خۆیانەوە بەجێهێشت لەوەی کە پێشتر هەیانبووە”
بالادی شادی، گێرانەوەی مێژووی بەشێکی کەمی خێزانی کوردە کە لە دوای کۆچیانەوە ، زیاتر لەوەمان بۆ جێدەهێڵن کە پێشوو تر خاوەنی بوون.




شیعری دەفتەر.. نووسین و خوێندنەوەی بەکر ئەحمەد

https://www.youtube.com/watch?v=pw7qMkx83Xo



کتێبی پرسیارەکان.. نووسینی: پابلۆ نیرۆدا.. وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

نووسینی: پابلۆ نیرۆدا
نیگارکێش: پالۆما ڤالدیڤیا
وەرگێرانی بۆ سویدی لە ئیسپانییەوە: هاننا نۆدرێن هوێک
وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد
چاپخانەی: تاستێن 2023

پێشەکییەکی کورت:

نیرۆدا ناوێکی ناو ئەدەبیات و شیعرە و بۆ خوێنەری کورد نەناسراو نییە. ئەو یەکێکە لە وەرگرانی خەڵاتی نۆبێل و لە ساڵی ١٩٧٣ دا کۆچی دوایی کردووە. سێ مانگ بەر لە مردنی ، “کتێبی پرسیارەکان” بڵاودەکاتەوە. بەرهەمێک کە لە ٧٤ شیعر و ٣٢٠ پرسیار پێک هاتووە.
لە سێپتێمبەری ئەمساڵدا، ئەم بەرهەمە وەردەگێردرێتە سەر زمانی سویدی. بەڵام نەک وەرگێرانی کۆی هەموو پرسیارەکانی ناو کتێبەکە، بەلکو وەرگێرە سویدییەکە 70 دانە لە پرسیارەکان هەڵدەبژێرێ. لەم وەرگێرانەی منیشدا، دوو دانە لە پرسیارەکان لابراون. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە هەرچیمکرد، نەمدەتوانی بەو شێوەیە وەریبگێرم کە شایەنی تێکستە کورتە سویدییەکەی بێت.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەم شیعرانەی کە لە شێوەی پرسیاردان، بۆ منداڵانێکی شەش تا نۆ ساڵە نووسراون. بەڵام بەوەی فەنتازیایەکی قوڵ و فەلسەفی جەوهەری پرسیارەکانی ئەم کتێبە پێکدەهێنێت، پرسیار و شیعرەکانی ئەم کتێبە دەکاتە یەکێک لە جوانترین بەرهەمەکانی ئەو.
نیرۆدا لەم پرسیارانەدا، لە رێگای شیعرەوە، دەچێتە ناو ئەو مەملەکەتە پڕلە فەنتازیایەی کە لە منداڵدا شەپۆلدەدات و پرسیارە وجودی و فەلسەفییەکانی ئینسان دەخاتە بەردەست. بۆ کەسێک کە دەربڕینی “پرسیار بۆ مندالان لە زمانی شیعرەوە” دەبیستێت، پێویست ناکات بڕیارێکی بەپەلە بدات بۆ ئەوەی بەهانەیەک بدۆزێتەوە تا ئەم کتێبە نەخوێنێتەوە.
ئینسان ئەگەر لەو تەمەنەیشدا نەبێت کە شیعرەکانی ئاڕاستەکراوە، دەکرێ دەست بە داوێنێ منداڵی ناو ناخی خۆیەوە بگرێ و لە چاوی ئەوەوە گەشتێک بە ناو ئەم پرسیارانەدا بکات. ئەوەی کە نیرۆدا لەم نووسینەدا کردوویەتی، هەر هەمان شتە.
هاوکات من تووشی ڕاچلەکاندنێکی گەورە بووم لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا. بێ هیچ دوو دڵییەک دەتوانم بڵێم ئەم پرسیارانەی ناو کتێبی پرسیارەکان، یەکێک لە کارە ناوازەکانی ئەوە.
لەم پرسیارانەدا، نیرۆدا زمان دەداتە کیسەڵ و گوڵ و ئەستێرە و لە هیچ جێگایەکیشدا بەشوێن وەلامەوە نییە. رەنگە ونبوونی وەڵام بەهێزترین پەیامی ئەم کۆمەلە پرسیار و شیعرانە بێت بە تایبەت لە زەمەنێکدا کە پرسیارەکان کەمن و وەلامە حازربەدەستەکانیش زۆرتر.
پێشکەشکردنی ئەم وەرگێرانە بە بێ نیگارە سەرنجڕاکێشەکانی “پالۆما ڤالدیڤیا”، بە بڕوای من، وەک پێشکەشکردنی کارێکی ناتەواو وایە. کەموکوڕییەک کەمن ناتوانم پڕی بکەمەوە. تابلۆکەی سەرەوە، یەکێک لە وێنەکانی ناو کتێبەکەیە.
ئەگەر نیرۆدا سەرکەوتووانە ئەم پرسیارە سادە و پڕمانایانە بە جدێڵێ، ئەوا نیگارە ڕەنگاورەنگەکانی “پالۆما”یە کە لە ڕیگەی رەنگ و وێنەوە ئەو کەشە فەنتازیئامێزە دەسازێنێ کە پرسیارەکان پیویستییانە. بەڵام وێنەکان تایبەتن بە کاری هونەری نیگارکێشێک و لە رێگای نێتەوە دەکرێ ئینسان دەستی بە هەندێکییان بگات. بەلام بۆ چاپکردنەوەی لە بەرگێکی کوریدا، خەرجێکی ئابووری دەوێ، کەمن لە توانای هەڵسووراندنیدا نیم.

پرسیارەکان:

بۆ کەندەلان، هێندە چرچ و لۆچی هەیە
ئەوەندەش کون؟

ئایا زەوی وەک زیکزیکە، بۆ موزیکی ئاسمان دەچڕێ؟

کێ لە شادیدا ترەکا وەختێک رەنگی شین پەیدا بوو؟

چی گڕکانی قەڵسکردووە
تا ئاور و تووڕەیی خۆی وا باتە دەر؟

ئەو فرمێسکانەی هێشتاکە نەرێژراون
لە دەریاچە گچکەکاندا، لە چاوەڕوانی ڕژاندان؟
یاخود دەبنە ئەو ڕووبارە نادیارانەی
دەرژینە ناو، جۆگەکانی خەفەتەوە؟

بە زاری بێ سەرچاوەوە، لەگەڵ کامە ئەستێراندا
ڕووبارەکان دێنە پەیڤین؟
گەر ڕووبار هێندە شیرینە
دەریا ئەو هەموو خوێیەی خۆی لە کوێ دێنێ؟

وەختێک دەریا دەبینمەوە، دەریاش هەمان هەستی هەیە
یان وا ناکات؟
بۆ شەپۆلان هەمان پرسیار دەکەنەوە
وەختیک من لێیان دەپرسم؟

ناوەڕاستی دەریا کوێیە
بۆ شەپۆلان بۆ وێ ناکشێن؟

چۆن دووچەرخەیەکی جێهێڵراو
ئازادی وەردەگرێتەوە؟
چۆن بتوانم بۆ کیسەڵێ بگێڕمەوە
لەرۆیشتندا بە هێواشی ، لەو باشترم؟

بە کام ڕاستی و لەسەر کامە ناڕاستییە
باران فرمێسکی شادی خۆی دەبارێنێ؟
برنج لەبەرانبەر کێدایە
بەو گشت دانە سپیەیەوە پێدەکەنێ؟
بۆ کێڵگەکان دەدەنە قاقای پێکەنین
وەختیک ئاسمان بێرەنگ دەگری؟

قیتارێکی وەستاوی ژێر لێزمەی باران
دیمەنێکی خەفەتاوی وەکو ئەمەت، لە کوێدا بۆ پەیدادەکرێ؟
بۆ دەبێ کرمی ئاوریشم
ژیانی خۆی ، لە بەرگی پارچەقوماشدا بەسەربەرێ؟

هەڵۆ چنگی لەچی گیرکات
وەختێک لەسەر هەور ڕادەکشی تا کەمێک بحەوێتەوە؟
چۆنە هەور هێندە دەگری
هاوکاتیش ئەو، لەگەرمەی شادی خۆیدایە و پۆزلێدەدا؟
ئەرێ بەڕاست، دووکەڵ لەگەڵ هەورا دەدوێ؟

بۆ درەختان ڕووتدەبنەوە کاتێک چاوەڕوانی بەفرن؟
دەکرێ گەڵا لە زستاندا
بە نهێنی لەگەڵ رەگدا، ژیانێکی دیکە بژی؟
مانگی چواردە، بالیفە پڕ لە ئاردەکەی
لە چ شوێنێکدا دادەنێ؟

ئەی ڕەگەکەن چۆن بزانن
دەبێ ئێستا سەردەربێنن، تا سەر لە رووناکی بدەن
تا بە گوڵ و هەموو رەنگەکانیانەوە
سلاوێک لە هەوا بکەن؟

بۆچی درەخت
شۆخ و شەنگی رەگەکانی حەشاردەدا؟

شوێنێک هەیە بۆ چەند دڕکەکێوییەکی تر؟
پرسیارێک بوو لە گوڵەباخی کێوییان کرد؟
پەرەی گوڵ چی پێیە بیڵێ
وەختێک بەهارچرۆدەکا؟

لە قوڵایی پایزەوە
گوێت لە زرمەی رەنگی زەردە چۆن زرمەی دێ؟
گەر گشت زەردیی کۆتای بێت
ئەی نان لەچی دروست بکەین؟

چی بە زاری ئەلماسە سوورەکاندا هات
وەختێک شیلەی هەناریان دی؟
تۆ دەزانیت چی زۆر سەختە
چنینەوە و هەڵگرتنی میوەکانە؟

ئایا پەپوولە دەبێتە ماسی باڵدار
وەختێ دەمرێ و رۆحی لەشەقەی باڵدەدا؟

بۆ کەس بە هەلیکۆپتەرەکان ناڵێ
چۆن بتوانن هەنگوینی دڵی خۆر بمژن؟
ئەگەر مێش بیتوانیبایە هەنگوینی خۆی بەرهەمبێنێ
دەکرا هەنگەکان توورە بن؟

پرتەقالەکانی سەردار، چیدەکەن لەگەڵ یەکتردا
تا خۆریان وەک یەک بەرکەوێ؟
كێ خۆر بێداردەکاتەوە
وەختێک لەسەر تەختی خەوە گڕدارەکەی ڕاکشاوە؟
نەتزانیوە، وەختێ داری سێو گوڵدەکا
بۆ ئەوەیە وەک سێو بمرێ؟

چی بەو کولیلکەیە دەڵێن
وەختێ بەرێی کۆچی باڵنداندا دەفرێ؟
ئەوە کام باڵندەیانە
دەبێتە سەرکردەی کۆچیان؟

پەرەسێلکەکان درەنگ دێن بۆ قوتابخانە
تۆ بڵێی وا بێ، بەرلەوەی بێن
نامە ڕوونە شووشەییەکان لە ئاسماندا دابەش بکەن؟

چیت لەو پشتە قەموورەتدا حەشارداوە؟
وشترێک وای بە کیسەڵ وت.
ئەی تۆ لەگەڵ پرتەقالدا چی باسدەکەی ؟
کیسەڵ وای وت.

پێت وانییە وشترەکان
لە کۆپارەی سەرپشتیاندا، تیشکی مانگییان هەڵگرتبێ؟

ڕووی نەداوە هەندێک جاران
کە وشەیەک وەکو مار پێچ لە خۆی دەدات؟

ژمارەی چوار، هەمان چوارە بۆ هەموومان؟
ئەی حەوتەکانیش هەرواهین؟
کە زیندانی، خەو بە ڕووناکییەوە دەبینێ
ئایا هەمان رووناکییە لە تۆ دەدا؟

بۆ پێنجشەممە نایەوێ دوای هەینێ بێت؟
تەمەنی نۆڤێمبەر چەندە؟
مانگی نێوان دیسیمبەرو جانیوەری ، ناوی چییە؟

بۆ کڵاوی شەو
بەو هەموو کوونەی ناویەوە، بەم ناوەدا دەخولێتەوە؟
بۆ بە مەرەکەبی نەبینراو دەنووسین
کاتێ وەختی تاریکی دێ؟

ئەو سەعاتەی لە خەونەکانتا لێدەدا
دەکرێ لە کوێ پەیدا بکرێ؟
ئەو خەونانەی نایەنە دی، چییان لێ دێ؟
دەچنە خەونی ئەوانەوەی کە کەسانی دی دەیبینن؟

لە چ جێیەک ، کۆلکەزێرینە دوایی دێ؟
لە رۆحتدا یاخود لەو دیوی ئاسۆوە؟

دەتوانم لە پەرتووکەکەی خۆم بپرسم
کە بە راستی خۆم نووسیومە؟




دانی ئەژدیهاچاندن و نووقومبوونی غەززە لە دەریادا.. بەکر ئەحمەد

“بریا ڕۆژێک بەخەبەر بێم و ببینم غەززە نوقمی دەریا بووە”، ئەمە خولیا گەورەکەی “ئیسحاک ڕابین”ە، سەرەکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە ساڵی 1992 دا (١) . بێگوومان ، ساڵێک لەوەو پێش, ئەو ویاسر عەرەفات ، خەلاتی ئاشتی وەردەگرن بۆ ئیمزاکردنیان لەسەر ڕیکەوتننامەی ئوسلۆ.
“رابین” وەک جەنەرالێک و سیاسییەک، ئەو ئاڵوگۆرە گەورانەی بینی بوو کە لە سەر نەخشەی سیاسی غەزەددا خۆی نمایش دەکرد و نەخشەو پلانەکانیشی بەشێک بوون لەو چارەسەرانەی کە لەلایەن ئەو و دەسەلاتدارانی دیکەی ئیسرائیلەوە خراوەتە ڕوو.
ئەگەر سلێمانی لە فەنتازیای زۆر کەسدا شاری “هەلمەت و قوربانییە”، ئەوە غەززە لە پێش هەموو ناوچەکانی دیکەوەوەیە لە فەلەستیندا. بە تایبەت لە دوای ١٤ی حوزێرانی 2007 دا کاتێک حەماس لەم رۆژەوە ئیدارەی غەززەی دەکەوێتە دەست. ئەم ناوهێنانە وەک هیچ شانازییەک ناکرێت بە گەردنی حەماسدا هەڵبواسرێت کە بزوێنەری “شاری هەڵمەت و قوربانی” بوونی غەززە بێت، بەلکو ئەم خۆ.جیاکردنەوە سیاسیە لە ئیدارەی فەتح ، غەززە دەکاتە ناوچەیەکی گەمارۆدراوی ژێر دەسەلاتی یاساکانی ئاوارتە. دۆخێک کە وا لە غەززەییەکان دەکات کە بۆ پەیداکردنی نانی رۆژیشییان دەبێت لە رێگای توونێلە ژیرزەمینییەکانی نێوان غەززە و میسرەوە خۆراکیان پێ بگات.
ئەم هەلومەرجە، کارێک دەکات کە غەززە و غەززەییەکان بخاتە سەر ئاگر و هەموو ساتێک ئامادەبوونی ئەگەری تەقینەوەی رق و کلپەی نارەزایەتییەکانیان لەسەر پێ بێت.
نەهامەتییەکە لەوێدایە کە دەسەلاتی خۆماڵی نەیتوانیوە ئەو هەلومەرجە بگۆرێت کە دەسەلاتدارێتی ئیسرائیل ڕۆژانە لە فراوانکردنەوەی نیشتەجێ تازەکان و پیادەکردنی سیاسەتی ئاپارتاید بەرانبەر فەلسەتینیەکان و خەلکی غەزە بە تایبەتی پیادەی دەکات. بۆیە کەنارێکی بچکۆلە لەو سەرزەمینەی کە پیی دەڵێن غەززە، دەبێتە ئەو مەنجەلە لەسەرئاگرنراوەی کە هەموو تراژیدیای ئینسانی فەلەستینی تیا کۆدەبێتەوە. غەززە لێرەوە دەبێتە فەلەستینێکی بچکۆلە و بەو مێژووەدا دەبرێتەوە کە فەلەستین لە 1948 وە پیایدا تێپەڕیوە. بەڵام بۆ جاری دووم.
ئەم هەلوومەرجە تایبەتییەی غەززە کە هێشتا لە کەناری دەریادایە و نوقووم نەکراوە، دەبێتە شوێنی پلاندانانێکی تایبەتی دەسەلاتدارانی ئیسرائیل لە سەرەتای هەشتاکانەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕیک پێک بێت. بۆ جلەوگرتنی کۆمۆنیست و چەپ و فەتح و هێزە مەدەنییە ڕادیکالەکانی دیکەی ناو ئەم کەرتەی کە لە ناوچەکانی دیکەی فەلەستین دابڕێنراوە، ئیسرائیل رێگادەکاتەوە کە لەپاڵ سەرمایە گووزاری زەبەندی سعودییەکاندا، دەستبداتە قومارێکی ئیجگار گەورە و چاوپۆشی لە دامەزراندنی ئەم باڵەی ئیخوان موسلمین بکات لە غەززەدا. لە زمانی “ئیسحاق سێگێڤ”وە کە موتەسیریفی سەربازی غەززە بووە لەو کاتەدا، بە پێی هەواڵێک کە لە ساڵی 1981 دا لە نییۆرک تایمزدا بلاوکراوەتەوە، بوودجەیەکی گەورە وەردەگرێ و دەیداتە ئیخوانەکانی غەززە. سەیری لینکی هەوالەکە بکە لێرەدا(Opinion | Casting Blame in the Israel-Gaza Conflict – The New York Times (nytimes.com)).

بە سویدی دەڵێن: ئەوەی “با” بچینێ، زریان دەدوورێتەوە”. بە زمانی ئەفسانە یۆنانییەکە، ئەم جۆرە لە ڕەفتارنواندن پییدەوترێت: هەژدیها چاندن. ئەفسانەی ئەژدیهاچاندن واهیی دێتە گێڕانەوە.
کادمۆس شازادەیەکی فینیقی بووە. وەختێک “ئەوروپا”ی خوشکی دەفڕێنن لە لایەن “زیوس”وە، دەکەوێتە سەفەری گەران بەشوێنیدا تا پەیدای بکات. بەلام بە بێ هیچ دەرئەنجامیک. وەختێک دەگاتە “دیلفی”، داوای ئامۆژگاری لە “ئۆراکڵ”ی خواوەند دەکات. ئۆراکڵ پێی دەڵێت: ” لە جیاتی گەران بەدوای ئەوروپای خوشکدا، باشترە واز لەو کارە بێنێت و دوای مانگایەکی سپی بکەوێت و لە کوێدا دەوەستیت و دەیەوێ ئیسراحەت بکات، لەویادا شارێک دروست بکات. کادمۆس مانگاکە دەبینێت و دەبینێت لە شوێنێکدا دەوەستێت، هاوەلەکانی بانگدەکات بچن لەو دارستانە نزیکەی شوێنی حەوانەوەی مانگاکەوەیە ئاو بێنن تا سوپاسی “زیۆس”ی پێبکات. بەڵام سەرچاوەی ئاوەکە لە لایەن ئەژدیهای “ئارێز”ەوە کە خواوەندی جەنگی یۆنانییەکانە چاودێری دەکرێت. کاتێک پیاوەکانی کادمۆس نایەنەوە و ئەو خۆی دەچی بزانێت چییان بەسەردا هاتووە، دەبینێ هەموو پیاوەکانی کوژراون و بە ناچار خۆی دەکەوێتە جەنگی ئەژدیهاکە و لە دەرئەنجامدا دەیکوژێ. لەو کاتەدا “بالاس”ی خواوەندی ئەسینا دادەبەزێتەخوار و فەرمانی پێدەکات، نیوەی دانی ئەژدیهاکە بچێنێت و نیوەی دانەکانی دیکە بدات بە “لایتیس”. لە دندانی چێندراوی ئەژدیهاکەوە ، جەنگاوەرانێکی پڕچەک سەوزدەبن و دێنە دەر کە دەکەونە کوشت وکوشتاری یەکتری و تەنانەت جەنگی خۆیشی.
بۆیەش ئەوەی لە سیاسەتدا بەسەرکەوتنێکی کادمۆسییانە ناودەبرێت، هیچ شتێک نییە جگە لە چنینەوەی بەروبوومەکانی شکستی خۆ ئەگەر چی بڕیار بوو وەک سەرکەوتن بۆ خۆ تۆماربکرێت. ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئەفسانەکە دەیگێڕیتەوە.
ئیستا ددانی چێنراوی ئەژدیهاکەی خۆ لە غەززەدا، نەک هەر گەورەبووە و هێزەکانی دیکەی دەووروبەری خۆی لووشداوە، بەلکو لەو ئاستەداشدایە کە کەڵبەی خوێناوی خۆی لەجەستەی خودی ئیسرائیل گیرکردووە.
بەڵام بەرلەوەی قسەلەسەر “هەژدیها چاندن” و دانەگەورەبووکانی بکرێت، خودی غەززە جیگایەکی تایبەتی هەیە. ئەوەی کە چالاکی و جموجۆڵی سیاسی لەم کەنارەی دەریادا لە هەشتاکانەوە هێند گەورەیە کە مۆسادی ئیسرائیلی ناچاردەکات ئەو کارە بکات کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، غەززە لە دوای گەندەڵبوون و بۆگەنکردنی ئیدارەی “فەتح”ەوە دەبێتە سەنتەری مقاوەمەت لە بەرانبەر ئیسرائلدا.
دەسەلاتی فەتح لە دوای بەدەسەلاتگەیشتنیەوە، فەرمانبەرێکی ئیداری ملکەچە و ئەو دۆخە بەسەردەبات کە دەسەلاتی کوردی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ کردوویەتی.
غەززە ئەو سەرزەمینەیە کە لە پاش دەسەلاتگرتنەدەستی ئیدارەی عەرەبی خۆیەوە ، تالاوەکانی ئاپارتاید و دەسەلاتێکی راسیستی بە گۆشت و خوێنەوە تاقیدەکاتەوە و ئیدارەی خۆماڵیش لە بەیاننامە دەرکردنی سەرکۆنەکردن بەولاوە، کارێکی دیکەی نەکردووە. تەنانەت لە چالاکی موخابەراتی ژێربەژێردا، زانیاری هەموو هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژیردەسەلاتی خۆیان وناوچەی غەززەیشییان داوەتە مۆساد.
غەززە لەمڕۆدا ، ئەو بەشەی دەرەوەی دەسەلاتی “فەتح”ە کە دەیەوێت پرسی ئینسانی فەلەستینی و ئاپارتاید لە گشتییەتی خۆیدا نەمێنێ. ئەمە بەرهەمی دابراندنی غەززەیە لە ناوچەکانی تری فەلەستین. بە کورتیەکەی بەشێکی دابراوی تەوقدراو، هەموو بناغە ستراکتۆرییەکانی ئەوەی پێیدەوترێت کێشەی فەلەستین ، لە خۆدا کۆدەکاتەوە.
بەڵام ئایا ئەمە بەرهەم و چالاکی سیاسی “حەماس”ە؟
لە ڕاستیدا وەلام بە نایە. ستەم لەوێیەوە و لە بیست و چوار سەعاتدا چاولێک نانێ و حەماس لەوی بێت یان نەبێت، ئابڵۆقەدانی ئەم ناوچەیە نارەزایەتی دەکوڵینێت.
حەماس لەوێیە و سواری ئەم شەپۆلی نارەزایەتیانە بووە. هاوکات ئینسان دەتوانێ ئەوەش بڵێ کە حەماس ئەم نارەزایەتییە کڵپەگرتووەی ناو غەززە بەو ئاراستەیەدا دەبات کە لەگەل ئەجێندای سیاسی خۆیدایە. بەڵام بوونی حەماس و نەبوونی، ئەم مافی موقاوەمەتکردنەی هاوڵاتییان لەبەرانبەر سیستەمێکی راسیستیدا ناکرێ لەکەدار بکات و هەڵویستییان بخاتە ژیر پرسیارەوە.
ئاماژەکان بەرەوە کوێ دەڕۆن؟
چۆڵکردنی غەززە بە مانای هەڵبژاردنی ئەگەری ئاوەرەکردنی 2 ملیۆن ئینسان بۆ ئەوەی وەک هەموو فەلەستینیەکانی ترلە کەمپەکانی ئاوارەیدا بژین. لە پراکتیکدا: یانی هاتنەدی خەونی لە دەریادا نوققوومکردنی غەززە.
دەرهێنانی دانەکانی حەماس و تەسلیمکردنی ئیدارەی غەززە بە فەتح، دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی گوونجاوتر بێت کە کۆمەلگای نەتەوەیی سەری ڕەزامەندی بۆ دەلەقێنێ.
دەرهێنانی دانەکانی حەماس و داگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
یان، تێوەگلانی هەموو ناوچەکە لەشەڕیکی ماڵوێرانکەرانەدا.

لە ئیستادا خەونی نووقومبوونی غەزە، هەر بە تەنها خەونێکی ئیسرائیل نییە. زۆرن ئەو دەسەلاتانەی بە نهێنی ئەم خەونە دەبینن. بەڵام غەززە لەوێیە، بە حەماس و بێ حەماسەوە. چونکە بنەما سەرەتاییەکانی سەرکوت و بێحورمەتیکردن بە ئینسان، لە ئاستە نێونەتەوایەتییەکەیدا لەسەر شانۆی غەززە و لە نیگای مندالانی دەست وقاچ پەڕیودا خۆی نمایشدەکات. دەڵێن: منداڵانی غەززە لەخەو ڕادەچڵەکن، نەلەبەر کابووسەکانی ناو سەریان، بەلکو لە ترسی ئەوەی لەبیریان چوو بێت ناوی خۆیان لەسەر قۆلیان بنووسن. ئەوان ڕادەچڵەکن و بە پەلە سەیری سەرقۆڵی خۆیان دەکەن. تا لە لەوە دڵنیا ببنەوە کە لە ئەگەری بۆمبارانی مالەکانیاندا، کاتێک کەسێ جەستەی ژێرخاک و پەردووەکان دەردەکێشێ، بزانرێت کێ کچ و کوڕی کێێە.
نەبینینی ئەم ستەمە سیستیماتیک و ئاپارتایدە ڕۆشنەی کە کەمایەتییەکی هاوڵاتییان دەیانەوێ لەسەر خۆیان و زۆرایەتی کۆمەلگای فەلەستین نەمێنێ، ڕەوایەتی قەتل و عامی غەززە نادەتە دەست هیچ کەسێک.
تەنانەت ئەگەر تەرەفێکی ئەم جەنگە حەماسیش بێت.
با ئەم وێنەیە کەمێک ڕۆشنتر بکرێتەوە.
گریمان چه‌ند ڕۆژێکی به‌ر له‌ شانزه‌ی سێی ساڵی 1988و ئیسلامییه‌کانی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌له‌بجه‌ ده‌گرن و به‌عسیش به‌ هه‌موو چه‌کێک شار ده‌خاته‌ ژێر گه‌وره‌ترین ئابڵۆقه‌ی ئابووریی و بۆردوومانی زه‌مینی و ئاسمانییه‌وه‌. بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌به‌رانبه‌ر سیناریۆیه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا کام هه‌ڵوێست له‌ پله‌ی یه‌که‌مدایه بۆ تاوانبارکردنی لایه‌نه‌کانی ده‌رگیر له‌ جه‌نگدا‌: گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیی و ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ یان کیمییابارانکدنی شارێک. به‌ بڕوای من هۆی کیمیاییبارانکردنی شارێک ناخرێته‌ ته‌رازووی کۆششی سه‌ربازیی بۆ گرتنی شارێک ‌و هیچ که‌سێکی خاوه‌ن موڕاڵی سیاسیی ناتوانێت بڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه‌، به‌عسیش وای نه‌ده‌کرد. ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیستی ده‌وه‌شێته‌وه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معی سزای سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی بدات به‌وه‌ی چه‌ند هێزێکی سیاسی به‌ پێێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت شارێک ده‌گرن و ده‌وڵه‌تیش غازی کیمییاوییان به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت. ئه‌وه‌ی له‌ غه‌ززه‌دا دەگووزەرێ هه‌مان شته‌. دوو ملیۆن ئینسان خراونه‌ته‌ قه‌فه‌سێکی داخراوه‌وه‌. به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌لاتدارێتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هیچ ده‌وڵه‌تێک به‌ ناوی لێدان له‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆی نییه‌ تازه‌ترین چه‌که‌کانی سه‌ر‌ده‌م به‌سه‌ر ماڵ و منداڵی ناوچه‌یه‌کی دوو ملیۆنیدا ببارێنێت که‌ ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنیشییان لێسه‌ندرابێته‌وه‌. تۆ کاتێک وه‌ک هاوڵاتییه‌کی کورد پێتوانییه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس حه‌قی خۆی بوو شارێک کیمییاباران بکات به‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک چه‌کداری سه‌ر به‌ گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن شاره‌کەیان خستۆته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ناتوانیت پێتوابێ ئیسرائیل حه‌قی خۆیه‌تی دوو ملیۆن ئینسان بخاته‌ ژێر چه‌کی فسفۆڕیی و سه‌رتاپای پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ بناغه‌وه‌ هه‌ڵته‌کێنێت. یان پێتوابێت ئەمە جەنگی تێرۆریستەکانە وبا بەرببنە گیانی یەکدی. لێره‌دا به‌رگ و ڕه‌نگی ئایدیۆلۆژی حه‌ماس و یه‌کێتی و پارتیبوون مانایه‌کییان نییه‌. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، به‌ ڕه‌هینه‌گرتنی ژیانی دوو ملیۆن ئینسانه‌ له‌ شوێنێکدا به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌ڵاتدارێتی ناوچه‌که‌یه‌.
لەم گۆشەنیگایەوە سەیری جەنگی ئێستای غەززە نەکرێت، دەکرێ ببیتە بەشێک لەو لەشکرەی خەو بە نووقومبوونی غەزەوە دەبیین لە دەریادا. یان خستنە ژێر چادریان لە بیابانی نێوان میسر و ئیسرائیلدا.
بەڵام غەززە لەوێیە، چونکە بناغەکانی سەرکوت لە ئیسرائیلدا بە تەواوەتی خۆیەوە ئامادەیی هەیە.

بەکر ئەحمەد
2023, 10,20

1- Hamas, Israel och Palestina av Bitte Hammargren (aftonbladet.se)




لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەمدا.. بەکر ئەحمەد

بۆ پەریا

بە سویدی دەڵێن: هیچ پرسیارێک گەوجانە نییە. بە کوردییەکەی، هیچ پرسیارێک قۆڕ نییە. ئەمە بەشێک لە کولتوری پرسیارکردنە، ئەگەر چی پرسیارەکەیش هەتا بڵێی ناقۆلا و ناشایستە بێت، ئینسان هاندەدرێت بپرسێت.
بۆ ئەوەی ڕاستی و دروستی ئەم دەربڕینە بسەلمێنم، لە “ئارۆن”ی حەوتساڵە دەپرسم.
لە ناو خێزانی خۆماندا، تۆ کاممانت لە هەمووان زیاتر خۆشتردەوێت؟
لە ڕاستیدا، ئینسان پێویست ناکات مندالەکانی دووچاری فشاری وا بکاتەوە. بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، پرسیاری قۆر دەکرێ جۆراوجۆر بێ. ئەمەش یەکێک لەو پرسیارە قۆرانەیە.
من خۆمم زۆر تر خۆشدەوێت. ئەو لە وەڵامدا وا دەڵێت.
پەروەردەیەکی کولتوری خۆرهەڵاتییانە، ئەم جۆرە لە ریزبەندی تێدا نییە کە لە ریزی یەکەمدا مندال و لە دوایشدا دایک و باوک بێت. وەلامێکی لە پێشدا ئامادە بۆ ئەم پرسیارە لە مێشکی مندا دەزرنگێتەوە: من دایکم یان باوکم زیاتر خۆش دەوێ. بەڵام ئارۆنی حەوتساڵە وا ناڵێت. هەر بۆیەش وەڵامەکەی ئەو، من ناچار دەکات کە بەسەرهاتی ئاخاوتنەکەی من و ئەو، بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی سەرکارم بگێرمەوە.
هاورێکەم لە وەڵامدا دەڵێ: دڵنیابە منداڵێکی زیرەک و تەندروستت هەیە. ئاخر ئەگەر ئینسان خۆی خۆش نەوێت، بێگوومان کەسی دیکەیشی خۆش ناوێت.
ئەگەرچی منداڵەکانم خۆیان خۆش دەوێت، دایک و باوکی خۆشیان خۆش دەوێت، لە ناو بازنەی خێزانیدا کەسانێکی دیکە هەن کە خۆشیان دەوێن، بەڵام ئەوە جۆرێکی دیکەی خۆشویستنە کە گەواهی شایستەبوونی ئەوان و گوونجاوبوونی ئەوان دەسەلمێنی لە ژیانی رۆژانەیاندا.
بۆیەش خۆشەویستی تەرەفێکی دیکەی دەرەوەی ئەم بازنە خۆشەویستییە، گەلێک لەم خۆشەویستییە خێزانییەی کە دەووری منداڵی داوە قورسترە و جێگایەکی زۆر تایبەتیتر لە ژیانی ئەواندا داگیردەکات. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە ئەوان لەلایەن کەسێکی دیکەوە دەبینرێن کە لە دەرەوەی بازنە سروشتییە پرسیارهەڵنەگرتووەکەی خۆشەویستی ناو خێزانەوەیە. هیچ نەبێ تا ئەو گەواهیە بەدەست بێنن کە دەڵێ: “من شیاوم و کەسێکی دیکەش دەکرێ پەسەندم بکات و بمبینێ”. ئەم چرکەی بینینە وزەی متمانەبەخۆبوونێکی وایان دەداتێ کە مەگەر ریکلامەکەی “رێد بوول”، بتوانی دەربری هەستەکەی بێت: ئەم جۆرە لە خۆشویستن ، باڵت پێدەبەخشێ.
هەر بۆیە، من ئەو ڕیزبەندییە نۆرماڵەی کە باوکی بووک دەبێ لە پێشکەشکردنی وتەکەیدا لە کچەکەی خۆیەوە دەست پێبکات لادەدەم و هاوسەری وی دەخەمە ڕیزی پێشەوە.
دەڵێم: کوڕی گەنج! من وەک باوكیک سەربەرزم ، دڵشادم و خۆم بە باوکێکی ڕێزلێنراوی گەورە دەزانم کاتێک تۆ کچی من هەڵدەبژیری وەک خۆشەویستی خۆت. ئەوە شەرەفێکی ئێجگار گەورەیە ، کە بە جیا لە خۆشەویستی سروشتی دایک و باوک بۆ كچەکەی، کەسێکی دیکە هەبێت کە ئەوی خۆشدەوێ و دڵشاد و بەختەوەری دەکات و دڵێکی گەورە و فراوانی بۆ دەکاتەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، من دەبێت باوکێکی گەلەک بەختەوەر بم.
من لە کانگای دڵمەوە سوپاست دەکەم.
بەلام لێرەوە، لەم چیرۆکی خۆشەویستییەدا کە تیایدا ڕووخسارەکان دڵشاد و نیگاگاکان هێشتا لەناو فەزای هۆلەکەدان، سەرنجی کچەکەم دیلمدەکات و دەمباتەوە بۆ لاپەرەیەکی گرنگی رۆژژمێری ئەو، تا ئینسان هیچ نەبێت، ئەو سەرە داوانە ببینێت کە بۆمان دەگێرێتەوە کە چۆنە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین.
ئەو شەوەی کچەکەم هات، عێراق و کوردوستان، بە قسەی سوییدییەکان، سەری لە عەرز و قاچییان لە ئاسمان بوو. بەڵام ئەو لە یەکەم رۆژی لە دایکبوونییەوە ، پێ لەسەر زەوی و سەریش لەو شوێنەی کە ئینسان چاوەروانی دەکرد لەویا بێت.
لاپەڕەیەک لە ڕۆژژمێری کچەکەم

له‌كوردستان له‌دایك بوویت
له‌ مۆسكۆدا قاچه‌كانت هه‌نگاو فێر بوون
له‌گۆنتبرگ لێوه‌كانت، گووڵی‌ وشه‌ی‌
زمانێكی‌ دیكه‌یان گرت
منداڵانی‌ ناو كه‌مپه‌كان هاوڕێی‌ تۆ بوون
كه‌چی‌ هیچیان بۆ مانگێكیش، له‌لات نه‌بوون
ناوه‌كانیانت ‌یاد نییه
به‌ڵام وشه‌ی‌ ماڵئاوایی ، به‌چه‌ند زمانی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ
چ زوو فێر بوویت؟
من بزانم، هێشتا زۆر جێگای‌ تر ماون
هێشتا زۆر كه‌مپی‌ تر ماون
ده‌م‌ و چاوی‌ وشه‌ی‌ ئه‌مڕۆی، به‌رپرسیاری‌ كه‌مپه‌كه‌مان
وای‌ پێ‌ وتم
هۆ كیژۆڵه‌ وردیله‌كه‌م!
هێشتا ناونیشانت ونه.
وا ئه‌مجاره‌ش
له‌م مه‌ڵه‌به‌نده‌ هه‌ڵتده‌بڕن
كاتێك پرسیاری‌ وه‌ستاوی‌
سه‌ر سنوورێكی‌ دیكه‌ دێ ‌‌و
لێت ده‌پرسێ‌: له‌كوێوه‌ دێی‌
بۆ كوێ‌ دەڕۆی ؟‌
ناوی‌ چه‌ند مه‌ڵبه‌ند ده‌بژێری
مار و په‌یژه‌ی‌ چه‌ند ڕێگایان نیشان ده‌ده‌ی‌
به‌زمانی‌ نیوه‌ ناچڵی‌ تازه‌ فێربووی‌
كام مه‌ڵبه‌نده‌
هه‌ستی‌ خۆتیان بۆ ده‌رده‌بڕی‌؟

بۆ منێک کە نیوەی تەمەنم لە دەرەوەی شوێنی لەدایکبوونی خۆم بەسەربردووە، لەو حەکایەتانە بێبەشم کە مندالەکانمان لە سەرزەمینی تازەدا لەگەڵیا گەورە دەبن. بەجۆرێکیش گەورەبوونی ئەوان لە ژینگەیەکی جیاوازتردا لە ژینگەی من، دەبێتە بیرهێنانەوەی ئەو جومگە کولتوری و پێوەرە کۆمەلایەتییانەی کە ئینسان لە منداڵی خۆیدا تاقیکردوونەتەوە و جیاوازییەکی تاڕادەیەک گەورەی لەگەڵ تاقیکردنەوەی منداڵەکانیدا هەیە. ئینسان کەم وکوڕیەکانی پەروەردی منداڵی خۆی و خاڵە گەش و پرشنگدارەکانی پەروەردەی نوێ منداڵەکان بە زەقی هەست پێدەکات. بە کورتییەکەی، مندالەکان دەبنە ئاوێنەیەک و دایک و باوک منداڵیی خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کە لە هاوسەرگیری کچەکەمدا دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، دیاردەیەکە کە لە سویدداد پێی دەڵێن: دانلەشەقەی باڵ، یان لەماڵدەرچوون.

منێک کە بەرهەمی شەستەکانی عیڕاق و کوردستانم، شتێک لە کۆڵەپشتەکەمدا نەبووە کە ناوی:”لەماڵدەرچوون” ە کاتێک ئینسان دەگاتە تەمەنی هەژدە. لەو چوارچیوە کولتورییەی مندا، ئینسان کاتێک ماڵی باوان جێدەهێڵێ و دەگوێزێتەوە، وەختێک هاوسەرگیری دەکات. ئەوسا ئەو فرسەتە دێتە پێش کە بتوانرێ، لەگەڵ هەزار دەری سەری دیکەدا، بدا لەشەقەی باڵ و ماڵ جێبێڵێت. ئەگەر ئینسان لە ریزی “خواپێداواندا” بێت، دەکرێ لە ماڵی باواندا تا پلەی خانەنشینی بە بێ هاوسەر یان هاوسەرەوە، هەموو تەمەنی بەسەرببات. پێموابێ، نە بابی من و نە باپیرانیشم زەڕرەیەک فیکریان بەخەساردابێت کە بۆچی دەبێ کەسانێکی دی لە دوای تەمەنی هەژدەوە، بە مەبەستی جیهێشتنی تەمەنی نەوجەوانی و قاچخستنە ناو تەمەنی گەورەبوونەوە ، دەبێ خاوەنی ماڵ و بڕیاری خۆیان بن.
ئەم جۆرە ژیانەی کە ئینسان قەت لە کۆمەلگاکەی مندا نادات لەشەقەی باڵ و لە دوای هەژدە ساڵییەوە هێلانەی خێزان جێناهێڵێت ، ڕەنگە ئاماژەیەکی سادەی لە دایکنەکبوونی تاک و تاکگەراییەک بێت کە تازە چەکەرەکانی لای ئێمە دەردەکەوێت. بێگوومان ئابووری، هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئەم فڕینە مسۆگەر بێت.

بۆیە کاتێک كچەکەم لە دوای هەژدەوە لە ماڵ دەرچوو، من لە تۆماری تاقیکردنەوە و رەفتارنواندنی ڕۆژانەمدا، هیچ ڕایەڵێکی کولتوریم لەخۆمدا شکنەدەبرد کە چی بکەم و چۆن چۆنی رەفتار بکەم. ئاخر من ونەوەی من، هیچ تاقیکردنەوەیەکمان لەگەل کولتوری:لەماڵدەرچوون و “لەشەقەی باڵ”داندا شکنەدەبرد. بە کورتییەکەی: من ئاسمانێکی واهیم نەبینی بوو، چونکە قەت ئەو پەڕ وباڵەم پێنەدرابوو تا تیایدا بفرم.

بۆیە کاتێک ئەو دای لەشەقەی باڵ، ماڵێکی چۆڵ، هەمیشە لە چاوەڕوانی ئێمەدا بوو. ئیتر شاتە شات و هاواری دایک وباوک لەگەل مندالاندا لەسەر لەخەوهەڵنەستان و ڕێکنەخستنی ژوورەکانی خۆ، فرێدانی جانتاو گۆرەوی لە چەقی ژووری دانیشتن و کۆنەکردنەوەی شتەکانی خۆیان ، کە بەشێکی ڕۆتینی ماڵێکی مندالدارە و فشاری ناڕەحەتکردنی دایک وباوکیشە، هەموو ئەمانە لە “ماڵدەرچوون”ی کچەکەمدا دەبنە ئەو دەنگە خوازراوانەی کە دەتەوێ دووبارە لە ماڵدا ببیسترێنەوە. ئینسان تا دەست لە دەمووچاوی ئەم بێدەنگییە کش و ماتەی دوای دەرچوونی منداڵەکان لە ماڵ نەدات، ناتوانێت بە چاوێکی کراوە و سروشتییەوە ، ئاشقی ئەو فەوزایە بێت.

بەلام ئاشقی ئەم فەوزا بوونە و خۆگوونجاندن لە دوای لەماڵدەرچوونەوە ، لە خاڵێکدا دەبێتە ڕاستییەک و جومگەیەکی گرنگ لە ژیانی من. بێگوومان نەک وەک باوکێکی ترادیسیۆنی کە بروای بە “سەربەخۆبوونی ژیان”ی کچەکەی نییە، بەلکو وەک خۆگونجاندنێکی ئینسانی لە دوای دروستبوونی ئەو بۆشاییەی لە دوای ونبوون و دیارنەمانی ئازیزانەوە پێک دێت. بۆ من ئەم ساتە لە ئێوارەیەکی ساردی نۆڤێمبەردایە لە ستۆکهۆڵمدا .

باوک و کچ پیکەوە لە دوای نانخواردنی ئێوارەوە ، هەر یەکەو بە شوێن نەخشەی گەرانەوەی خۆیانەوەن. کچ بۆ ماڵی خۆی و باوکیش بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە. کچ هەڵدەستێ ولە دوای باوەشێکی گەرمی پڕ لە خۆشەویستیەوە ، دەپەرێتەوە بۆ ئەوبەری شەقام. لەسەر یەکەمین قاڵدرمەی چوونەخوارەوەی ویستگای میترۆکەدا رادەوەستێ. دەستەکانی هەڵدەبرێت و لە ناو قەڵەباڵغی موسافیرانی مێترۆکەدا وندەبێت.
من لەسەر شۆستەی شەقامەکەی ئەمبەرەوە ڕاوەستاوم و چاوەکانم پر دەبێت لە فرمیسک.

ئیستا کچەکەم گەورەیە.
ئەو بە تەنها لەم قەلەباڵغییەی شەقامدا ڕێدەکات
ئەو کە لە ویستگای میترۆکەی لای ماڵەکەی خۆیەوە دادەبەزێت
بێ دوودڵی، بەبەردەمی تاکە دووکانی پڕ گەنجی ئەوئێوارە تاریکەدا گوزەردەکات
بە توولەرێی دارستانی پێش گەیشتنە لای ماڵەکەی خۆیدا ڕەتدەبێ

من لە شوێنی خۆم وەستاوم و چاوپڕ لە فرمێسک. خانمێکی پۆشتەی بالا کورت، لێم دێتە پێش: پیویسیتت بە یارمەتی هەیە. ئەو وادەڵێ.

لە ئێستادا کە لەبەرانبەر ئێوەدا ڕاوەستاوم، چاوەکانم وەک ئێوارەکەی ستۆکهۆڵم پر لە فرمێسکە. ئەگەر کەسێکتان دەیەوی بپرسێ: پێویستت بە یارمەتی هەیە، من لە وەڵامدا دەڵێم: بەڵێ، پێویستم پێیەتی. ئەویش لە ڕیگای کردنی ئەم ئاهەنگەی ئەمڕۆمانەوە، بە شادییەک کە فەرامۆشی ئاسان ناتوانێت لە نێوان پێچ و پەناکانی خۆیدا، ، پەنهانی بکات.
ئازیزان!
با لەمرۆدا شادی باڵ بگرێ.

بەکر ئەحمەد
20231001




ڕەچەڵکناسی ئەنفال و حەڵاڵکردنی حەرام.. رانانی: بەکر ئەحمەد

رانانی کتێب
ڕەچەڵکناسی ئەنفال
پێشەکییەک بۆ ئابووری سیاسی ئیسلام
بەشێک لە نامەی دوکتۆرای مەنسوور تەیفووری
چاپخانە: ماڵی سوهرەوەردی

رانانی: بەکر ئەحمەد

لای فرۆید، تارماییەکی ددانپیانەنراو هەیە کە دەبێ دوورەدەست بهێڵرێتەوە. ” یەهودییەت و ئیسلام هەردوو کردە دامەزرێنەرەکانی خۆیان دەچەپێنن/ بەڵام چۆن؟ وەک چیرۆکی ئیبراهیم و دوو کوڕەکەی کە لە دوو ژنی جیاوازن دەری دەخات. لە هەردوو ئاینەکەدا ، باوک ناتوانێت ببێت بە باوک ، ناتوانێ کاری باوکانەی خۆی بەجێ بهێنێت مەگەر ئەوەی ژنێکی دیکە بێتە نێوان. ” (1)
دوورخستنەوەی ئەم تارماییە و چەپاندنی لای فرۆید لە یەهودییەتدا:” ئەوەیە کە ئیبراهیم میسرییە و جوو نییە. سیمای باوکانەی دامەزرێنەر، کە وەحی دەهێنێت و لەگەڵ خوادا پەیمان دەبەستێ، دەبێ لە دەرەوە بێت.” بەلام لە ئیسلامدا، چەپاندنەکە پەیوەندی بە ژنەوە هەیە. ئەمە ئەو گریمانەییە ک “سلاڤۆی ژیژک” سەبارەت بە چەپێنراوەکەی ناو ئیسلام تێزەکەی خۆی دادەرێژیت. بۆ ئەو، “ئەم چەپێندراوەی ناو ئیسلام لە هاجەردایە، ئەو کۆیلە میسرییەی کە یەکەم کوڕی بۆ ئیبراهیم هێنا.” بەلام ژیژک لە گەڕانیدا بەشوێن دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەم چەپێنراوای ناو ئیسلامدا، پشت بە چیرۆکی ژنێکی دیکەش دەبەستێت کە جیگایەکی گرنگی لە مێژووی ئیسلامدا هەیە کە ئەویش خەدیجەی هاوسەری پێغەمبەرە.
ئەم گەران و دەستپێکی سەفەرە، بۆ ڕۆشنترکردنەوە و تەنانەت رەخنەگرتن لە گریمانەکەی “سلاڤۆی ژیژک”، دەبێتە چوارچیوە و ناوەڕۆکی نامەی دوکتۆرای بەرێز(مەنسوور تەیفوور)ی کە بە زمانی فەرەنسی نووسراوەوە بە ناونیشانی: ” ڕەچەڵەکناسی ئابووری سیاسی لە ئیسلامدا، خەلافەت و ئاوارتەکەی” کە لەبەشی فەلسەفە و لۆژیکە هاوچەرخەکانی واتا پیشکەشکراوە. ئەوەی بە کوردی لەبەردەستدایە، کورتکراوەی دوو بەشی نامەکەی بەرێز مەنسوور تەیفوورییە بە زمانی کوردی کە لەلایەن ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاین و ئەفسانە لە ساڵی 2022 چاپ و بلاوکراوەتەوە.
تەیفووری لە گەڕانیدا بە شوین تاڵەداوەکانی ئەم حەکایەتەدا کە لە سەرچاوە باوەرپێکراوەکانی ئایین خۆیەوە باسکراون، لەگەڵ ئەو جێگاو ڕۆلە گرنگەی کە خەدیجە لە ئیسلامدا دەبوایە شوێنی هەبوایە، لە گێرانەوەکانی سەربووردەنووساندا دەبینێ کە ژن شوینێکی دیکە داگیردەکات و لە کۆتایشدا ئەو، واتا ژن، دەکریت بە غەنیمەت. بۆیە ئیدی پرسیار لەسەر ئەوە نییە کە بۆچی جیگای ژن هێندە دەهێنرێتە خوار، بەلکو چی وادەکات مرۆڤ ببێت بە موڵک و دارایی؟ بۆئەم مەبەستەش، هەستدەکرێت پرسیار و وەلامەکان سەبارەت بەم جێگاو وڕیگایەی ژن لەوە دەکەوێت لە کایەی دەروونشیکاریدا بمێنێتەوە، بەلکو ڕووبەری ئابووری دەبێتە شانۆی گەران بەشوێن ئەم پرسیارەدا.
ئا لێرەوەیە کە تەیفووری: چاوتیژانە و بە توانایەکی ئەکادیمی باڵاوە ، بە گەڕانێکی ووردی نێوان لێکۆڵینەوە تازەکانی بیرمەندان و فەیلەسوفانی کۆن و تازەوە دەکەوێتە شوێن پرسیاری:”لە دڵی کام کردەی دامەزرێنەر/ چەپێنراوەوە ژن دەکریت بە بەشێک لە غەنیمەت؟ شوێن و پێوەندی ئابووری و حاکم لەم ئاینە نوێەدا چییە؟ “. ئەمە ئەو گەرانە سیحرئامێزەیە کە خوێنەر لە دوو تویی ئەم کتیبە 231 لاپەرەییەدا رووبەڕووی دەبێتەوە. بەڵام ئەوە تەنها پرسیاری بە غەنیمەتبونی ژن نییە کە لە نێو دێرەکانی ئەم کتێبەوە دەبێتە پرسیاری سەرەکی، بەلکو پرسی ئەنفال، یان بە غەنیمەتکردنی ئینسان و ئەو چرکە میژوویەی کە تیایدا خواوەند مەملەکەتی حەرامەکان دەخاتە سنورەکانی حەلالەوە و دیدێکی بنەرەتی نوێ لە دیدگای ئاینە تازەکەدا دروستدەکات کە پێچەوانەی تێروانینی ئاینەکانی پیش خۆیەتی لە پەیوەند بە تێروانین بۆ چەمکی ئەنفالەوە.

شەری بەدر وەک ویستگەی یەکەم.
ئەم دیمەنە دەبێ بگێردرێتەوە، بۆ ئەوەی وێنەکە باشتر ببینرێت.” ئومەییەی بە تەمەن، دوای پاشەکشیی لەشکرەکەی، مادام ئەسپەکەی نەمابوو و نەشیدەتوانی هەڵبێت، بەجێ ما. خۆیی و عەلی کوڕی کە گەنج بوو و نەیدەویست باوکی بەجێبێڵێت لە مەیدانەکە بە پێوە وەستابون و بە دوای کەسێکدا دەگەڕان خۆیان بدەن بەدەستییەوە بۆ ئەوەی نەکوژرێن. عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف کە حەزی لە زرێ و پۆشینی شەر بوو، هاتبووە مەیدانەکەوە و دو زرێی بە کۆڵەوە بوو. ئومەییە لە دوورەوە ناسییەوەو وهاواری لێکرد: هۆ عەبدوڵا! وەرە من و کوڕەکەم بەدیل بگرە، ئێمە لەوەی هەڵتگرتووە زیاتر دەکەین. عەبدوڵرەحمان زرێیەکانی فڕێدا، بەدیلی گرتن و دانییە بەر، کەچی لە بیلال هەڵکەوتن کە بە گوێرەی گێرانەوەی دیکە پیشتر کۆیلەی ئومەییە بووە. بیلال لە گۆرەپانەکەدا بە شوێن خاوەنی پیشووی خۆیەوەیەتی تا بەدیل بیگرێت یان بیکوژێت.
کاتێ بیلاک دەبینێ عەبدولڕەحمان ئومەیە و کوڕەکەی بەدیل گرتوون، بانگییان دەکات:”هۆ عەبدولڕەحمان ، ئەو کافرانەی بۆیان دەگەرێم بۆ کوێ دەبەی؟ عەبدولڕەحمان وتی: بێدەنگ بە ئەوانە دیلی منن. بیلال تێهەڵچوویەوە: دەی خوا ماوەت نەدات ئەگەر بێڵم لەدەستم دەربچن! موسوڵمانان دەستو برد بە شمشێر کوڕەکەی ئومەییەیان کوشت . عەبدولڕەحمان خۆیدایە پێش ئومەیە و گووتی، ئەوەتا کوڕەکەت ئیتر نەماوە، ئێستا دێن تۆش دەکوژن. هیچم پێناکرێت. بڵێ: هیچ خودایەک نییە جگە لە ئەللا و موحەمەدیش نێردەری ئەڵلایە. ئومەییە وتی: گەر توانیبام ئەم وشانە بڵێم، نەدەهاتمە ئەم شەڕەوە. عەبدولڕەحمان وتی: مادام وایەفریای خۆت بکەوە، چونکە من ناتوانم فریات بکەوم. ئومەییە کە لەبەر تەمەنی نەیدەتوانی ڕابکات، وتی : گەر توانیبام ڕیبکەم، خۆم و کوڕەکەیشم نەدەدا بە دەستی تۆوە. کاتێک ئەوان خەریکی ئەم قسەوباسە بوون، موسوڵمانان بۆی چوون و کوشتیان. عەبدولڕەحمان بە بیلالی وت: بۆ ئەو پەندەی پێتدام ، زرێیەکانم لە کیس چوو وتۆیش دیلەکانت کوشتم. هەمووان شتێکیان دەستکەوت جگە لە من.”
ئەم دیمەنە لای کۆمەلێکی زۆری راڤەکاران دێتە گێرانەوە. بەلام هاوکاتیش دەبێتە جیگای ئەو ناکۆکییەی لە نێوان دەستەو تاقمە جۆراوجۆرەکانی جەنگاوەرانی ئەم شەرەدا بەرپادەبێت کە هەر یەکە و بەشوێن بەش و دەسکەوتی خۆیەوەیەتی لەسەر غەنیمەت و دیلەکان. ئاخر لە ئاینە کۆنەکاندا: ” غەنیمەتییان دەسووتان یان دەیانکرد بەژێر خۆلەوە بە جۆرێک کە کەس نەتوانێ دەستی لێبدات، دیلەکانیشیان دەکوشت.”
بەلام ئەوەی دێتە پیش لە دوای سەرکەوتن لە شەڕی بەدردا وهەڵوێستە جۆراوجۆرەکانی عومەری کوڕی خەتاب ، عەبدوڵای کوڕی ڕەواح و ئەبوبەکر لە پەیوەند بەوەی کە چی لە ئەنفال (غەنیمەتی بەدەستهاتووی شەرەکە) بکرێت، پەیامبەری ئیسلام بریار لەسەر ئەنفال دەدات. بڕیارێک سەرتاپای ئەو تێڕوانینە دەگۆڕێت کە تا ئەو کاتە لە ئایینەکانی دیکەدا ڕەوایەتی هەبووە. ئەویش لە کورتییەتی خۆیدا بریتیە لەوەی ئەوەی کە تا پیش ئەم چرکەساتە ئەنفال بەشێک بوو لە حەرام و نەدەکرا بە قوربانی و بەشێک بوو لەو ئاوارتەیەی لە دەرەوەی دەستگای تەشریعی ئینسانەوە بوو، ئەمجارەیان حەرام دەخرێتە ناو دەسەلاتی حاکمەوە. ئەو دوو ناوهێنانە کورتەی کە لە قورئاندا باس لە ئەنفال دەکات، ئەو ڕووبەرە فراوانەیە کە تەیفووری لە ڕەچەلەکناسی ئەنفالدا بە شوێن ئەم پرۆسەیەوەیەو لێرەیشەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ قەتڵوعامی کوردەکان لە ژێردەسەلاتی بەعسدا.
ئەم لێکۆڵینەوەیە کۆمەکێکی گەورە بە ئینسانی کورد دەکات کە لەو شتە تێبگات کە بە ئەنفالی کوردەکان ناودەبرێت کە بە یەکێک لە برینە قولەکانی سەر جەستەی ئینسانی کورد دەژمێردرێت ، کە بە بڕوای من، جگە لە بواری سیاسەت و تا رادەیەکیش شیعر ، جێگایەکی ئەوتۆی لە لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا داگیرنەکردووە کە لە ئاستی گەورەیی پرسیارەکەدا بێت. تەیفوری لەپاش روونکردنەوەیەکی درێژ و باوەرپێهێنەردا سەبارەت بە کەشفکردنی ئەو سنوورجیاکردنەوەیەی کە ئیسلام لەگەڵ ئەو نەریتە باوەی کەئاینەکانی دیکەی پێش خۆی پەیڕەوییان لێدەکرد، نیشانی دەدات کە چۆن ئەنفال دەکریتە ئەو حەرامەی کە دەسەلاتی حاکم حەلالی دەکات.

ئەنفال و خودا

ده‌ڵێن له‌ یه‌کێک له‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌کانی نازیزمدا، کۆمه‌ڵێک جووی ئایندار، له‌ ئێواره‌یه‌کی ژووره‌ شیداره‌که‌ی خۆیاندا، له‌ به‌رانبه‌ر مه‌رگبارینی ڕۆژانه‌ی هاوڕێیان و ئازیزانیاندا، ئیمانییان به‌ خواوه‌ندی خۆیان له‌قده‌بێت و ئه‌و پرسیاره‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ هیچ کاتێکی ئاسایدا نه‌یانوێراوه‌ به‌ سه‌ر زاریاندا بێت.
” ده‌کرێ خودا به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆزه‌خه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر شان بێت و له‌م جه‌هه‌نه‌مه‌ قاندراوه‌ی ئه‌واندا ده‌ستی نه‌بێت”. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، پێکهێنانی دادگایه‌کی بچکۆله‌، پێکهاتوو له‌ دادوه‌ر و پارێزه‌ر بۆ تاوانبار و تاوانلێکراو، خێرا دادەمەزرێنرێت. له‌ پاش قسه‌ و باسێکی درێژ، به‌ کۆی ده‌نگ بڕیارده‌درێت:” به‌ڵێ، خوداش تاوانباره‌” به‌ڵام هه‌ر له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگا‌، ده‌ڵێن: “به‌لام ئێستا کاتی نوێژی ئێواره‌یه، با بڕۆین نوێژه‌کانمان بکه‌ین” . ئاخر ئینسان له‌ دۆزه‌خه‌کانی ئاوشویستدا نه‌یده‌توانی بێ ئومێد، بێ خودا بێت.

ئەم نموونەیە، لە دۆخی ئەنفالی کوردەکاندا بەم جۆرە ئامادەیی خوا نیشاندەدات:” ڕەنگە 5 دەقە زیاتر هەر تەقەیان کردبێ و هەموو سەیارەکەیان کردە سەرەن، بڕوا بکە دەنگێک لەناو سەیارەکەوە دەهات لە ژیانمدا گوێم لە دەنگی وانەبوو بوو، ئەوەندە ترسناک بوو. دەنگی چۆڕەی خوێن بوو کە لەو کوونانەوە فیشکەی دەکرد کە فیشەک کوونی کردبوو. دەتووت هەوایە دەیکەیتە تایەی سەیارەوە، ئاوا فیشەکەی دەهات. چونکە خوێنەکە زۆر زۆر بوو، لە ناو سەیارەکە و هێشتا هەمووی خوێنێ لێدەچۆرا. من هەستدەکەم هەر خوا خۆی مەیلی وابووە ئێمە بمێنین و بگەڕێینەوە تا خەڵک بزانێ چییان بەسەر ئەو عالەمەیا هاورد. ئەگینا من زۆر جار بیردەکەمەوە، دەڵیی خەیالە.”

ئەمە بەشێک لە گێڕانەوەی عوزێرە بۆ ئەو چرکەساتەی کە جگە لە خوێن، خواش بە پەلەپروزێ بۆ ڕزگارکردنی دەموچاوی خۆی، شەرمنۆکانە کەسێک ڕزگاردەکات تا وەک شایەتێک ڕووداوەکە بە نەوەکانی داهاتوو بگەێنێت. بە کورتییەکەی لە ئاوشویتش و لە ئەنفالدا، ئینسان ناتوانێت بێ ئومید، یان بێ خوا بێت.

جیاوازییەک کە لە نێوان ئەم دوو نموونەیەدا هەیە ئەوەیە کە کوردەکان لە دوای شاردنەوەی جەستەکانی ئەنفالەوە، لەلایەن زیندووەکانی دوای ئەنفالەوە، ئەم پرسیارە دەکەن : لەم تراژیدیایەی رووبەروی ئێمە بوویەوە ، خودا چەندە تاوانبارە؟

بێگوومان وەلامی ” بەڵێ خودا تاوانبارە” کە تێروانینێکی باو و تا ڕادەیەک بەرینی ناو کۆمەلگای “خوێندەواری” کوردییە، ، زادەی دادگایکردن و خوێندنەوەیەکی قوڵی جێگاو رێگای ئایین نییە لە پرۆسەی ئەنفالدا، بەلکو دەرئەنجامی بەیەکەوەگرێدانی سوورەتی ئەنفالی ناو قورئانە لەگەڵ ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە ئەنفالی کوردەکانی تیا ئەنجامدەدرێت. بە بروای من، ئەم پێکەوەلکاندن و پەیوەندیسازکردنە ، کاردانەوەیەکی سروشتی و تا ڕادەیەک زۆر سادەی قوربانییە کە دەیەوێ وەڵامیكی ئیجگار سانا بە پرسێارێکی قوڵ و ئاڵۆز بداتەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە پاڵ کاردانەوەی ئینسانی تاکەکاندا و گەران بەشوێن پرسیاری بۆچی ئەنفالدا، ئەم پرسە لە کایەی سیاسەتدا دەخرێتە ناو گووتارێکی تووندی ناسیونالیستییەوە کە ناوەڕۆکەکەی دژە ئیسلام و عەرەبە. دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە، ئێمە دەبینە خاوەنی گوتارێک بۆ ناساندن و گەران بە دوای ئەنفالدا کە لە بەرگێکی ئاینییەوە پێچراوە و وەلامی پرسیاری بۆچی ئەنفال لە ئیسلامدا دەدۆزێتەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیەی تەیفوری، ئەنفالی کوردەکان دەخاتە ئەو چوارچێوە زانستییەوەی کە ئینسان بۆ سەرنجدان لەم پرسیارە گەورانە پێویستییەتی. ڕەواندنەوەی تەمی ئەو گوومانانەیشە کە لە دەوری وشەی ئەنفال و بەکارهێنانە ئاینییەکەی هەڵچنراوە. بۆیە خوێنەر سادەتر و چاوکراوانەتر دەتوانێ ئەکتەرەکانی دەرگیر لەم پرۆسەیەدا ببینیت.

“ڕەچەڵەکناسی ئەنفال”، یەکێك لەو پێویستییە گرنگانەی ئینسانی کوردە بۆ ئەوەی بتوانێ بەبێ دەمارگیرییەکی ئاینی و نەتەوەییەوە لە برینەکانی خۆی بڕوانێت. پێویستییەک کە دەمێک بوو دەبوا پڕبکرایەتەوە.

1/ مەنسوور تەیفووری، ڕەچەلەکناسی ئەنفال، 2022، چاپخانەی سوهرەوەردی




نیشتیمانی سارا و پرسیاری: كێ خەلکی شاری سلێمانییە؟.. بەکر ئەحمەد

لەسەر دیواری یەکێک لە فارگۆنەکانی شەمەندەفەری بار‌هەڵگری” دان پاگیس” کە جووەکانی تێدا دەگوێزرایە بۆ ئاوشویتز، بە تەباشیر نووسراوە:” لێرە، لەم فارگۆنەدا، من کە ناوم ئێڤایە ، لەگەڵ هابیلی کوڕم دانیشتووین. ئەگەر کەسێک قابیلی کوڕی ئادەم، کوڕە گەورەکەم دەبینێ، تکایە پێی بڵێن کە من………..”. (1). نووسینێکی بەجێماو و چارەنووسی لەیەکهەڵوەشاوەی خێزانێک.

لەسەر ڕاستە شەقامێکی شاری سلێمانی کەبەناو گۆڕستانی ٤٠ ساڵێک لەمەوبەری جووەکانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێ، پیرەمێردێکی جوو، لەسەر شۆستەی قەراغی شەقامەکە دادەنیشێت و دەست دەکات بەناو توورەکەکەی شانیدا. بەردێک دەردێنێ و لەسەر چیمەنتۆی لێوارەکە دایدەنێ. ئەو چاوەکانی دادەخات و لەبەر خۆیەوە دەڵێ:” لە ڕەقی و تەمەنی ئەبەدییەتی خۆتدا، یادی ئێمە هەڵبگرە و بە نەوەی داهاتووی ئەم شارە بڵێ کە ئێمەش لێرە بووین”.(2)

لە دیمەنی یەکەمدا، ئێڤای دایک ئوومێد دەخوازێ کە کەسێکی دی ئەم پەیامە بە قابیلی کورە گەورە بگەێنێت کە دایک و برای بچووک ، لێرە بوون. لە فارگۆنێکی قەلەباڵغدا بەرەو ئاوشویتز.
لە دیمەنی دووەمدا، ئێمە ڕووبەڕووی ڕووخساری باپیرە “خایم”ین کە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا، دێتەوە بۆ ئەو شارەی ڕۆژگارێک لە یەکێک لە گەرەکە لەپەراویزخراوەکانی خۆیدا ، لەودیووی سنوورەکانی شیوەکەی جوولەکانەوە، خۆی و هەزارەها ئینسانی دیکەی وەک ئەو لەوێدا دەژیان. هاتۆتەوە و دەیەوێ بە ڕێبوارانی سەرشەقام بڵێ: ئێمەیش لێرە بووین.

“نیشتیمانی سارا” ئەو ڕۆمانەیە کە لەناو ئەدەبیاتدا بە ژانری” سەردی سەجەلەی خێزانی” ناوزەددەکرێت. “مو یان” لە ڕۆمانی ” خیمین ناو و حەوت ژیانەکەی” دا سەجەلەی چوار نەوەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی چین دەگێڕێتەوە و لە ڕێگەی 7 جار زیندووبونەوەوە لە گیانی ئاژەڵێکی تردا، دەبێتە شاهیدی مێژوویەکی 50 ساڵەی وڵاتێک. ڕەنگە نزیکترین کارێکیش لە ئەدەبیاتی کوردیەوە رۆمانی ” بەیانییەکەی جەنین”ی سۆزان ئەبولحەوا” بێت کە لە رێگەی چارەنووسی خێزانی جوتیارێک بە ناوی “یەحیا عەبدول حەییە” کە کەسێکی سادەی گوندی “عەین حود”دە وسەرقاڵی ناشتنی داری زەیتوونە لە دێکەی خۆیدا، هەموو تراژیدیای ئەوەی ئەمڕۆ بە کێشەی فەلەستین ناودەبرێت دەخاتە ڕوو. لە کەیسی هەردوو ئەم ڕۆمانانەدا، نووسەر لە هەڵبژاردنی ژیانی کەسیك یان خێزانێکدا، ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکانی ئەو سەردەمەی کە دەکرێ مەبەستی نووسەرە، لە کەسایەتیەکانی خێزاندا بەرجەستەدەکات. ئەوەی میرانیش لەم ڕۆمانەدا دەیکات، هەڵبژاردنی بنەماڵەیەکی جووی شاری سلێمانییەو لە ڕیگەی وەچەکانی ئەم بنەماڵەیەوە، میژووی جووەکانی شارەکە و ڕووداوە مێژوویەکانی دەوروبەری کەسایەتییەکان دێتە بەر گێرانەوە. بەڵام نەک گێرانەوەیەکی ئاسایی. بەڵکو هەژاندنی ئەو پرسیارە هەرگیزنەکراوەی کە کۆمەڵگای کوردی قەت لەخۆی نەکردووە: کێ بوون ئەوانەی لە گەرەکی جوولەکاندا بوون و چییان لێهات؟
ئینسان کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە تەواو دەبێت، دەپرسێ: بۆچی ئەم کۆمەلگایە و سیاسییەکانی، شاعیرەکانی و نووسەرەکانی ئەم بابەتەیان لە بێدەنگییەکی ئاوا کوشندەدا هێشتووەتەوە.؟ کامەیە ئەو “گا پیرۆزانە”ی کە دەکرا بەسەربڕین بدرێن ئەگەر ئەم زانیارییانە پێشوو تر بدرکێنرانایە”

میران لە نیشتیمانی سارادا، لەسەر هێلێکی ئاسۆیی زەمەنەوە، لە ڕیگای خایمی گەنجەوە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە و لە ڕیگای ژمارەیەکی زۆر لە خزم و دۆست و دوژمن و کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی شارەوە، بە ئاماژە بە بەشێکی گرنگی رووداوە سیاسیەکانی ژیر دەسەڵاتدارێتی ئینگلیز، تابلۆیەکی خوێناوی و تراژیدیای “جووبوون” لە مەمەلەکەتێکدا دەخاتە بەر تیشک کە قوربانیبوونی کورد و تراژیدیا کانی ئەو، ئەو غاێەلەیە بە خەێالی کەسدا ناهێنێت کە ئەم کوردە قوربانییە لەخوێندا گەوزێنراوە، هێندە دڕندەیەکی خۆماڵی بوو بێت لە بەرانبەر هاونیشتیمانیانی خۆیدا کە سەر بە ئاینێکی دیکەن.
نیشتیمانی سارا، ئەگەر چی وەک تابلۆی جووی قوربانی و حەکایەتە تراژیدی و غوربەتە ئەبەدییەکەی ئەو دەکرێ سەرنجی لێبدرێ، هاوکاتیش دەبێتە حەکایەتی قوربانییەکی دی کە خۆی دەبێت بەجەڵلاد . سەیرەکە لەوەدایە کە تا ئێستاش ئەم قوربانییە رەنگە ئەم شووناسە بۆ خۆی قبوڵنەکات و لە بەرگی قوربانییەکی هەمیشەیدا هۆکار بۆ ئەم ڕەفتارەی خۆی بهێنێتەوە. بە واتایەکی دی، سەرنجدانە لە کورد وەک جەللادێک نەک قوربانی.
من لە گەرەکی “گاوران”دا لە دایک بوم و گەورە بووم. لە نزیکەوە ئاگاداری ژیان و پەیوەندی خەلکی گەرەک و مەسیحیەکانی ئەم گەرەکە بچکۆلانەیە هەم. ئەو ڕۆژگارەی کە نەوەی من چاودەکاتەوە و گەرەکەکانی شار دەناسێ، گەرەکی جوولەکان دەمێکە چۆلکراوە. بەلام ئەگەر ئەم گەرەکە چۆلیش نەکرایە و لە شوێنی خۆیشیدا بوایە دەکرا ببینرێت؟
بە بڕوای من، کاتێک ئینسان گەلێک دیمەنی ناو ڕۆمان دەخوێنێتەوە، وە دوای دەرچوونی ڕۆمانیش گوێبیستی سەرگووزشتەی بەشێک لە پیرەمێردەکانی شار دەبێت، هەستدەکرێت کە گەرەکی جوولەکان و هاوڵاتیانی ئەوێ هیچ کاتێک نەبینراون و لێدان و بەردبارانکرنی ئەوان و ماڵەکانییان هیچ شتێک نەبووە جگە لە پرۆسەیەکی درێژی هەڵاواردنێکی سیستیماتیکانە لەبەرانبەریاندا بە مەبەستی نەبینینیان. هەڵبژاردنی شوێنی گەڕەک لە نزیکی گواوی شارەوە و لە پەراوێزی شاردا، لەبەرچاودوورخستنەوەی جووەکانە لەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییەی کە پێی دەوترێت شار. بەردبارانکرنییان کاتێک دینەدەر، کۆششێکی بەئاگاهێنانەوەی ئەوانە کە: سنوورەکانی خۆتان بزانن و بگەڕێنەوە بۆ ناو کونجی زێرابەکانی خۆتان!
” لە دوای قوتابخانە بە غاردان بەلای گەرەکی سەرشەقام و چوارباخدا تێدەپەڕین. بەردەوام منداڵانی ئەو دوو گەرەکە بەردیان تێدەگرتین تاکو سنووری گەرەکی جوولەکان دوامان دەکەوتن”. ڕەنگە ئەم دیمەنە بێتاوانەی “خایم”ی منداڵ هیچ نەبێت لەچاو ئەو دیمەنانەی تردا کە لە رۆمانەکەدا دێنە بەر باس.
تراژیدیای ئینسانی جوو، لە بوارەکانی ئەدەبدا بە فراوانی تۆمارکراوە. هۆلۆکۆستی جووەکان ئەگەر چی وەک کۆششی نازیزم و ئەنتیسیمیتیزمی جیهانی دەکرێ سەیری بکرێت بۆ قڕکردنیان، کەچی لە جیهانی مەمەلەکەتی سارا و ئەو جوگرافیایەی پییدەوترێت جیهانی عەرەبی، لانی کەم بۆ نەوەی من کە لە سەرەتاکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لە سلێمانیدا ژیاوە، بابەتی خوێندن نەبووە.
تەنانەت سیاسەتی ئەنتیسیمێتیزمی دەوڵەتی ڕەسمی لەم ناوچەیەدا کارێکی کردووە کە جووبوونی یەکسانکرۆتەوە بە لایەنگری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و لە فراوانکردنەوەی ئەنتیسێمێتیزمی کولتوریدا کە ئایین لە پەرەپێدانیدا بەشی شێری پێبڕاوە، دۆزەخێکی سیاسی و کولتوری دەخوڵقێنێ کە تەنها لە ڕۆژگارە ڕەشەکانی ناوەراستی سییەکانی ئەلمانیای نازیدا دەکرێ نموونەی لێبدۆزیتەوە.

“نیشتیمانی سارا” وەک کارێکی ئەدەبی و سەرکەوتوو، بە هەر تێبینییەکی ئەدەبییە وە لەسەر دڕێژبوونی ڕۆمان و مامەلەکردنێکی ڕاپۆریانە بە بەشێک لە رووداوە سیاسییەکانەوە نەک ئەدەبیانە، هێشتاش ئەو وزە گەورەیەی تێدایە کە ئەو پرسیارە لە کۆمەلگای کوردی و بە تایبەت سەرجەم خەلکی شاری سلێمانی بکات : ڕۆڵی ئەوان چی بووە لەم پرۆسەی هەڵاواردن و رەفتارنوواندنیێکی ڕاسیستییانەدا بەرانبەر جووەکانی شارەکەیان کە دەرئەنجامەکەی ناچارکردنی جووەکانی ئەم شارەیە بۆ جێهێشتنی ولات و یان تێكشکاندنی رۆحییەتی دەروونی سەدەها ئینسانی ئەم کۆمەلگا بچووکەی کە رۆژانە دووچاری سووکایەتیکردن دەکرایەوە.

دەربڕینە پڕ لەفرمێسک و خوێناویەکەی باپیرە خایم:” ئێمەش لێرە بووین”، خاڵی کۆتای سەفەرێکە بۆ ئینسانی جوو لە ولاتێکدا کە ئامادەیی ئەوان چەندین هەزار ساڵ بە مێژووی ناوچەکەدا تێدەپەرێت. جووەکانی عێراق و کوردستان، پاشماوەکانی ئەو مێژووە تەوراتییەی جووە کە دەوڵەتی یەهودا تێکدەشکێنرێت و سەرۆک و هاولاتییەکانی ئەم نیمچە ئیماراتە دەگوێزرێنەوە بۆ ژیردسەلاتی بابلییەکان لە 500 ساڵ لە پێش زاینەوە. ئەوەی کە لە مێژوودا بە ” دیلەکانی بابلییەکان” دەناسرێتەوە و وەک یەکەمین دیاسپۆرای جوو ئاماژەی پێدەدرێت.
” ئێمەش لێرە بووین”، تەنها دەنگی پێرەمێردێکی جووی کوردستان نییە ، بەڵکو هاواری سەدەها هەزار لە ئینسانە کە مێژوویەکی درێژ لەناوماندا ژیاون و بەشێک لە مێژووی ئەم ولاتە بەرهەمی کار و دەستکردی ئەوانە.

شەوی بلووری و ڕۆژی فەرهود
” عباس شبلاق” لە کتێبی “هجرة أو تهجير: ظروف وملابسات هجرة يهود العراق” (3) دا پێیوایە کە جووەکانی خۆرهەلات لەناویشیاندا عێراق، لە بناغەدا بەشیک لە پرۆژەی کۆلۆنیالیستی زایۆنیستی نەبوون لە فەلستیندا”. بە تێڕوانینی ئەو، جووەکانی ئەم ولاتانە بە تایبەت لە عێراقدا، ڕەگێکی داکوتراویان لەناو کۆمەلگاکانی خۆیاندا هەبووە و لە جووبوونیاندا خۆیان وەک گرووپی سەر بە ئاینێک ناساندووە نەک وەک نەتەوەیەکی جیاواز.

بەلام ڕووداوەکانی دوای شکشتپێهێنانی حکومەتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە ئازاری 1941 دا لەلایەن بەریتانیەکانەوە و ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە دروستدەبێت لەو چەند رۆژەی دوایدا، جووەکانی بەغداد دووچاری گەرەترین زەربەی سیاسی دەکاتەوە لە مێژوودا کە بە پرۆسەی “فەرهود” ناسراوە. تالان و پەلاماردانی ماڵ و دووکانی جووەکانی بەغداد لەم ڕۆژەدا بە کوشتنی 250تا 300 جوو تەواو دەبێت . ئەم ڕووداوە برینێکی قوڵ لە دڵی جووەکانی بەغداد و عێراقدا هەڵدەکوڵی و لە لاوازکردنی هەستکردنی ئەوان بە ئارامی و ئاسایشدا لە کۆمەلگادا ، کاریگەری دادەنێ. بەلام هێشتاش نایانگەێنێتە سەر بڕیاری کۆچکردن بۆ ئیسرائیل. بەڵام لە 4ی مارسی ساڵی 1950 دا، حکومەتەکەی تۆفیق ئەلسوەیدی یاسای ژمارە 1ی سالێ 1950 پەسەند دەکات . ئەم یاسا تازەیە وەک پاشکۆی مەرسومی “اسقاط الجنسیە العراقیە” ژمارە 62 ی ساڵی 1933 دەست بەکار دەکات و بەپیی ئەم یاسا کۆن و تازانە، هەر هاوڵاتییەکی عێراقی مافی هاولاتیبوونی عێراقی لێدەسەندرێتەوە ئەگەر بە ئارەزووی خۆی ولات جێبهێڵێت. سەرنجڕاکێس ئەوەیە کە حکوومەتی عێراقی لەدەرکردنی بڕیاری لێسەندنەوەی ئینتیمای هاولاتیبووندا هیچ ڕێگرییەکی لەسەر ماڵ و موڵکی ئەوانەدا دانەنابوو کە ولات جێدێلن، بەلام لە 8ی مارسی ساڵی 1951بریار لەسەر “تجمید”کردنی سەروەت و سامانی ئەو جووانە دەردەکات کە یاسای “اسقاط الجنسیە العراقیە” دەیگرتنەوە.
سەرنجێک لەم پرۆسە خێرایەی سیاسەت، لە ئازاری 1941 وە بۆ ئازاری 1951، بەرژەوەندی ئینگلیز و ئەلمانیا لە ناوچەکە و ریزبەستنە جیهانییەکانی نیوان کۆمۆنیزم و ناسیونالیزم و هەلکشانی ناسیونالیزمێکی فاشیستی کە لە ئەلمانیای نازیدا ئومێدێک دەبینێتەوە بۆ وەستانەوە لەبەرانبەر داگیرکردنی ئینگلیزدا بۆعێراق، بۆ هەردوو ناسوینالیزمی کوردی و عەرەبییش، ئەو کەش و هەوا ناسازگارەیە کە بە گوێرەی داتاکانی دەولەتی ئیسرائیل خۆی، 124646 هەزار جووی عێراق لە نێوان سالەکانی 1948 تا 1953 دا عیراقیان جێهێشتووە. بێگوومان ئەوەشمان بیر نەچێت کە زایۆنیزم وەک تەرەفێکی دیکەی ئەم ململانێ ناسیونالیستییە هەوساربەرەلایەیە ، بەشی خۆی بەردەکەوێت.

رووداوەکانی دوای “فەرهود” و ئەو ئاڵوگۆڕە یاساییانەی کە لە عێراقدا پێکدێن، هاوتەریبی هەرهەمان مێژووی مامەلەیە بە پرسی جوو لە ئەلمانیای نازیدا و “شەوی بلوری” نازییەکان ڕێنیشاندەری فاشیستەکانی عێراقە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم شەوە لە رۆژی رووناکدا لە بەغدادا بە هەمان بێڕەحمی و درندانە بوونی خۆیەوە. ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێ سەبارەت بە مامەلکردن بە یەکێک لە کۆنترین ئاینزاکانی وڵاتێکی وەک عێراقەوە، ناکرێ وەک کۆچی ئارەزوومەندانەی جووەکانی عێراق سەیری بکرێت. بەلکو پرۆسەی “ترحیل و تهجیر”ێکی قەسری بووە کە هیچ ئازادییەک بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە.
بۆ ئەوەی ئینسان کەمێک لە تێڕوانینە ئەنتیسێمیتیزمەکانی خۆی بێتە دەرەوە و بە چاوێکی بێلایەنانەوە سەیری ئەم پرۆسەیە بکات، ئەوا “ترحیل و تهجیر”ی کوردە فەیلییەکان لە سەرەتایی ساڵەکانی 1980ی عێراقدا نموونەیەکی زیندووە و بە سەدەها داوی بینراو ونەبینراوەوە هەمان نەخشە ڕووندەکاتەوە کە پێشتر لەسەر سەری جووەکاندا تاقیکرابووەوە.
ئەگەر ئەم شیکردنەوە سادەییەی سەرەوە بەشێک لە نەخشەی سیاسی و پاڵنەری پلەیەکی پرسیاری: بۆ لێرە نەمانی باپیرە خایم بێت، ئەوا رەفتاری ڕۆژانەی خەلکی شاری سلێمانی، ئەو دۆزەخە قاندراوەیە کە جووەکانی ئەم شارە بخاتە سەر کەڵکەڵەی پرسیاری: بۆ لێرە بین؟
كێ خەڵکی سلێمانییە؟

“جوولەکە هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە….هتد”، (4) لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی 622 لاپەڕەیی (لارش . ئێم ئەندەرسۆنە) لەسەر ئەو گۆڤارە ساتیریانەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا(1900-1930) ی سویددا دەردەچوون. تەواوی مەتریاڵی ساتیرئاسای ئەو سەردەمەی سوید، بە کاریکاتێر و نوکتە و چیرۆکەکانیانەوە، قارەمانێکی هەیە کە جووە. پرسیاری ئەندەرسۆن ئەوەیە، بۆچی جوو دەبێتە پاڵەوانی ئەم نوکتە و کاریکاتێرانەی سەرەتای سەدەی بیستی سوید؟ ئەو هۆکارانەچین لە پشت بەرهەمهێنانەوەی ئەم وێنەیەی جووەوەیە؟ ئەگەرچیش جوولەکە لەو زەمەنە مێژووییەی سویددا، بەبەراورد بە ولاتەکانی دیکەی ئەوروپادا، ژمارەیەکی ئێجگار کەمن.
بەڵام گوتاری ئەنتیسیمیتیزم(دژایەتی جوو) لە سویدیشدا وەک سەرتاسەری ناوچەکانی ئەوروپا گەورەیە. ئاخر ئەم گوتارە گەورەترین پانتایی لە ڕۆشنبیری ئەوروپادا داگیر کردووە و لە تەواوی پرۆژە فیکری و ئەدەبی و سیاسییەکانی ئەوروپادا، ئەنتیسیمیتیزم، جێگای هەیە.
ئینسانی جوو لە تەواوی ڕۆژنامە ساتیرییەکانی ئەم سەردەمەدا، لە بچووکترین جوڵەیەوە بۆ گەورەترینی، جێگای تەنزە. پیاوی جوو لە پیاوی ئاسایی ناچێت. ژنانی ترن و هەتا بڵێی ناشیریینن. ژنەکانیان وەک پیاوانی جوو چاوچنۆک و پارەپەرستن. نە ڕیتواڵە ئایینییەکانیان لە ڕیتواڵێکی ئایینی دەچێت، نە سێکسکردنیان. زەواجیان پرۆسەیەکی تەواو بازرگانییە. ئیسانی جوو پیسوپۆخڵە، نە لەبەر ئەوەی خۆی ناشوات، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەی کە کارەکەی پۆخڵە.
بەڵام ئەندەرسۆن وەلامی ئەو پرسیارانە لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەم زەمەنە مێژووییە سوید، هاوکاتە بە شەپۆلە گەورەکانی مۆدێرنیتە و پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەی سویدەوە.
ئەندەرسۆن دەنووسێت:” لەناو گۆڤارە ساتیرییە ناودارەکانی ئەو سەردەمەدا بوو کە دید و بۆچوونی ڕۆژانە سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی خوڵقێنرا. سویدیبوون وەک دژێکی ئەوی دیکەی جوو پێناسەدەکرا، ئەنتیسیمیتیزمیش بووە ئەو گوتارەی گرنگەی کە بە هۆیە وەسفی ئەوە بکەیت کە سویدییە”.
ڕەنگە بیرکردنەوەیەکی قوڵی تێۆریت پێویست نەبێت بۆ ئەوەی بەو دەرئەنجامە بگەیت کە پرۆسەی دروستکردنی شوناس و دووبارە تۆخکردنەوەی سنوورەکانی شوناسی گروپی خۆ، پێویستی “بەوی دی”یەکی سەر بە گرووپێکی دیکە هەیە تا پرۆسەکە مەیسەر بێت. بوونی گروپێکی ئاینی دیکەی وەک جوو و ئامادەیی گوتاری ئەنتیسیمیتیزم بەو شێوە فراوانییە گەردوونییە و مێژووییەی کە لای ئێمە هەیە، زۆر ئاسان دەکرێ بەکار بهێنرێت بۆ پێناسەکردنی شووناسی خۆ لە شارێکی وەک سلێمانیدا. لە کاتێکدا کە شوناسی کوردبوون لەو زەمەنەدا لە سەرەتاکانی شکڵگرتنی خۆیدایە و شار وردە وردە چەکەرەکانی شاربوون لە ناویدا چرۆدەکات. بۆیە دوورخستنەوەی “ئەوانی دی” غەیری کوردی موسولمان لە جەرگەی شارەوە و نیشتەجێکردنییان لای گواوی شارەوە، بەرلەوەی دەرئەنجامی ماستەرپلانێکی ئیداری شار بێت، دەرئەنجامی سنوورجیاکردنەوەیەکی کۆمەلایەتیە کەلەسەر بنەماکانی ئینتیمای ئاینئ “ئەوانی دی” غەیری کود و غەیری موسوڵمانەوە ئیلهام وەردەگرێت.

بە بڕوای من سلێمانی ئەگەر چی تێکەڵەیەکی هەمە ڕەنگە لە ئینسانی دێهات، ئێرانی، مەسیحی و ڕۆژگارێکیش جوولەکە و چەندەها گروپی دیکە کە ناکرێت بژمێردرێن، پێکهاتووە. ئەم شارە دەکاتە شارێکی هێترۆجێن، واتا تێکەلەیەک لە کەسانی لەیەکنەچوو. بەلام ئەو شوناسەی کە وەک دروستکراوێکی کۆمەلایەتی شوناسی ئەم شارە پێناسەدەکاتەوە، دەیکاتە شووناسێک بۆ گرووپێکی هۆمۆجێن. واتا لەیەک چوو. بۆیەش جیاوازی لە ناویدا دەبێ بتووێنرێتەوە یان بەو جۆرە قبوڵبکرێت کە مەسافەڕاگرتنی سنوورەکانی گرووپی خۆ لەگەل ئەوانی دیدا مسۆگەردەکات.
جوولەکەبوون و مەسیحیبوون لە شارێکی وەک سلێمانیدا، تەنها لە ماڵدا وەک شوناسی خۆ دەمێنێتەوە. ئەندامانی ئەم گرووپانە لەدەرەوە کوردن و لە ماڵیشەوە بۆیان هەیە لە دۆخی مەسیحیەکاندا، مەسیحی بن و لە دۆخی جووەکاندا، لە ماڵیشدا بۆ ئەوەی جوو بن، دەبێ تەحەمولی بەردبارانکردن و سووکایەتیپێکردنیش ببنەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە جەدەلەکانی کۆمەلگای فرەکولتۆریدا وەک سیاسەت باسیلێدەکرێت ئەوەیە کە ئایا دەولەت پەیرەوی لە سیاسەتی ئەنتیگراسیۆنی کۆچبەران دەکات یان بەشوێن ئەسیمیلازسیۆنیانەوەیە. یەکەمیان بەواتای ئاوێزانکردنیان و تێکەلاوکردنییان لەناو کۆمەلگای تازەدا و دووەمیشیان بەمانای تواندنەوەیانە لە ناو کولتوری ولاتی نوێدا بێ گوێدانە پێشینە ئاینی و کولتووریەکانیان. لە دۆخی جوو و مەسیحیەکانی شارێکی وەک سلیمانیدا، تواندنەوەی ئەوان لە ڕووبەری گشتیدا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. واتا ئەسیمیلازیشەپێکردنیان. بەلام بەوەی ئینتیماکانی گرووپی جوو، هێندە وەک هەرەشەیەکی بەهێز بۆسەر سنورەکانی گروپی خۆ سەرنجدەدرێت، لە “گێتۆ”کردنیان دەبێتە واقعیەتێکی تاڵ. بە بڕوای من، بەرلەوەی نازیستەکان یەکەمین گێتۆ بۆ جووەکانی پۆلۆنیا دروست بکەن کە بە گێتۆی وارشۆ ناودەبرێت لە مێژوودا. گەرەکی جوولەکان دەبێتە یەکەمین گێتۆیەک کە ئەنتیسیمیتیزمی کوردی سنوورەکانی بەدەوردا دەکێشێت. ئینسان زۆر سادە لە تۆپبارانی نوکتەکانی سڵێمانییەوە بۆ گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئەم شارە، هەستدەکات کە کی دەخرێتە دەرەوەی ئەم پیکەوە ژیانییەئ سلێمانییەکان.

دوا وتە.
له‌ هه‌فته‌ی دژی ڕاسیزمدا له‌ سوید، له‌ پیره‌مێردێكی شاری یۆتۆبۆری ده‌پرسن: ” به‌ بڕوای تۆ، كێ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌؟” ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”. پاش كه‌مێك وه‌ستان، درێژه‌ به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و به‌رده‌وامده‌بێت:” یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.” به‌ لێدانی دووبه‌شی وه‌ڵامه‌كه‌: ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌ یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.
به‌ڵام سه‌رنجدانێكی به‌شی یه‌كه‌می وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌، واتا :” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”، به‌ بێ بیستنی درێژه‌ی وه‌ڵام، به‌ مانای كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ده‌ها هه‌زار ئینسانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر زه‌مینه‌ كه‌ له‌ سویددا گیرساونه‌ته‌وه‌ و بێبه‌شكردنی ئه‌وانه‌ له‌و پێكه‌وه‌ژیانییه‌ی ئه‌مڕۆیان له‌م وڵاته‌دا. یۆتۆبۆری به‌ ته‌نها شاری ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ تیایدا له‌دایكبوون ، به‌ مانایه‌كی دی، ده‌بێته‌ په‌یامی ئەو هێزە ڕاسترەوانەی کە خوازیاری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانن بۆ ولاتەکەی خۆیان. به‌ڵام به‌شی دووه‌می وه‌ڵامه‌كه‌، هێنده‌ باوه‌شێكی فراوانده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئیدی هیچ نامۆیه‌ك خۆی به‌ غه‌ریب نازانێ له‌م تێڕوانینه‌دا.
جووەکانی کوردستان و سلێمانی، ئەو نامۆیانە بوون کە قەت وەک هاولاتی ئەم ولاتە مامەلەیان پێنەکرا ئەگەر چیش لەسەر زەمینی ئەم ولاتەدا لە دایک بوون. ناونەهێنانی ئەم مێژووە خوێناوییەی کەمایەتێیەکی هێندە گەورەی ئەم شارە لەلایەن سیاسی و مێژوونووس و شاعیرە ناودارەکانیانەوە بە دێڕێک، گێرەرەوەی ئەوەیە کە ژیان و حورمەتی ئینسانی ئەم هاوڵاتییانەی شارەکە ، هیچ شایەنی ئاوڕلێدانەوە نەبووە. ئەوەی کە لەمڕۆدا دەکرێ لێرە و لەوێ باس لە جووەکانی شار بکرێت، قسەوباسکردنە لە جووەکانی دوینێ لەمڕۆدا لە گۆشەنیگای نوستالیژیایەوە . واتا سەرنجدان لە دوێنێیەک کە لەمڕۆدا ئامادەیی نیە بۆ دڵنیایدانەوە و کەمکردنەوەی هەستی “ویژدانناڕەحەتی”ی کۆلێکتیڤی خەلکی ئەم شارە.
بە بڕوای من، لە پاڵ ئەو کەش و هەوا سیاسییەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بەشێکی گەورەی دوورخستنەوەی جووەکان و ناچارکردنیان بۆ جیهێشتنی ئەم شارە، لە برەوی گوتاری ئەنتیسیمیتیزمی کوردی و سەرنجدانە لە گروپی خۆ وەک گروپێکی هۆمۆجێن کە جیگا بۆ هیچ جیاوازییەکی کولتوری و ئاینی و لقەکولتوری ناهیڵیتەوە. ئەم تێروانینە لەمرۆدا و لە پاش چەندین ساڵ نەمانی جوو لەسەر زەمینی شار، بە هەمان بەهێزی خۆیەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. بوونی تێروانینێکی ئاینی لەمڕۆدا کە داعش بەرهەمدەهێنی لە تێروانین بۆ ئەوی دی غەیری موسولماندا پێویستی بە وەبیرهێنانەوە نییە. لە لایەکی دیکەوە، دەربڕینەکانی خەلکی “شارە حەیاتەکە” کە وەک دەربڕینێکی جێگرتوو بەربڵاو لە هەموو شوێنێکدا دەبیسترێت، کەناڵەکانی ئاوێزانبوون و ئینتیمابوون بۆ شوناسەکانی کوردبوون و سلێمانیبوون لەبەردەمی هەموو ئەو گروپە جیاوازانەدا دادەخات کە لەمڕۆدا لە کوردستاندا ئامادەییان هەیە. ئاخر چیرۆکی :” ئەوان ئەمڕۆ لێرە نین” ، هیچ شتێک نییە جگە لە گێرانەوەی چیرۆکی کردنەدەرەوەی “ئەوانی دی” کە لە دوێنێدا، خەلکی شارە حەیاتەکە نەبوون.

بەکر ئەحمەد
2023-08-10

1- Steohané Bruchfelt och Paul A. Levine , Om detta må ni berätta – Forum för levande historia

2 میران ئەبراهام نیشتیمانی سارا ناوەندی کەپر و پرۆژەی کولتور 2020
3 عباس شبلاق موسسە الدراسات الفلسطینییە

4- Lars M Andersson, En jude är en jude är en jude, Academic press 2000




ئەرێ بە ڕاست دنیا کاول دەبێت کاتێک کەسێک “خیانەتی هاوسەری” ئەنجامدەدات؟.. وەرگێرانی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

ئەوەی کە بە “خیانەتی هاوسەری” ناودەبرێت، بە یەکێك لە گەورەترین جۆری بێوەفاییەکان لەقەڵەم دەدرێت لە پەیوەندی خۆشەویستیدا.
سەیر لەوەدایە کە ئەم تێڕوانینە دیدێکی زۆر کورتبینانەیشە. ئاروزووی سێکسی ئینسان وزەیەکی هەتا بڵێی بەهێزە. هەربۆیەش ئیمکانی ئەوە هەیە کە هاوکات کێکەیش بخۆیت و لێیشت بمێنێتەوە. ئەمە پوختەی پەیامی “ڤێسنا پرێکۆڤیچ”ە لە لاپەرەی کولتوری ” داگێنز نیهێتەر”دا. دەربڕینی ئەوەی کاتێک کیك هەمووی خورا ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە هیچی لێ نامێنتەوە . بەلام خواردنی کێکەکە و مانەوەی کەمێکی لە زمانی سویدیدا، وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی ئەگەری هەڵبژاردنێکی دیکە لە دۆخێکی واهیدا لێکدەدرێتەوە.
بەر لە خوێندنەوەی ئەم وتارە
دەربڕینی “خیانەتی هاوسەری” وەک چەمکێک بۆ سەرنجلێدان لەوەی کە کەسێک لە پەیوندییەکی خۆشەویستیدا ، کە لە زمانی کوردیدا ڕیک پەیوەستدەبێتەوە بە پەیوەندییەکی هاوسەرییەوە، مەیلی بەلای کەسی سێیەمدا دەچێت، هەتا بڵیی دەربڕینێکی بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای نێگەتیڤ. “خیانەت” ئاماژەکان دەباتەوە بۆ سەر جەنگ ، ئەنجامدانی کارو کردەوەیەک کە ژیانی خەلکی دی پێوە تا ئاستی مردن و کوشتن نزیکدەخاتەوە. لادان لەو پەیامە کۆمەلایەتیانەی کە لادان لێی، ئینسان ڕووبەڕووی سزای توونددەکاتەوە. کاتێکیش جەندرمە بینراو و نەبینراوەکانی پارێزەرانی شەرەف لە پشتەوە ئامادەییان هەبێت، ئیدی دەربڕینەکە هێندەی دی خوێناوی دەکات بەرلەوەی بڕگەیەکی یاسایی لە ناوپەرەگرافی سزاکانەوە خۆی نیشاندابێت.
لە کاتێکدا لە زمانە ئەوروپییەکاندا، دەرئەنجامەکانی ئەم کردەیە وەک لای ئێمە بارگران ناکەوێتەوە و زیاتر لە پەیمانشکێنییەک نزیکدەبێتەوە کە لە خراپترین دۆخەکاندا بە جایبوونەوە تەواو دەبێت.
من کاتێک گوێم لە گۆرانییەکەی ماملێ دەبێ کە شیعرەکەی هێمن دەچڕێ:
لە نێو کوردا نەبوو پەیمانشکێنی
لەکوێ فێر بووی گوڵم پەیمانشکاندن.
هەستدەکەم کە دەربڕینی “پەیمانشکێن”ی دەربڕینێکی دروستتر بێت بۆ “خیانەتی هاوسەری”. چونکە لە ڕاستیدا دەربڕینەکانی وەفاداربوون و بێوەفایی کرۆکی باسی خیانەتی هاوسەریی پێکدەهێنێت و لە کۆمەلگای کوردیدا جگە لە توورەبوونێکی رۆمانسیانەی ناو گۆرانی و شیعری ئاشقانە هیچ زرنگانەوەی خیانەت بەو دەرئەنجامە نیگەتیڤانەوە لەلای کەس بەرهەمناهێنێ.
بەلام “خیانەتی هاوسەری” کە لە ڕاستیدا جۆریک لە پەیمانشکاندنە لەبەرانبەر بەڵێندانێکدا بە یەکتری لە پرۆسەی پێکەوەنانی خێزانیدا، ئەگەر کەمێک ئاقلانە مامەلەی لەگەڵدا بکرێ، دەکرێ بەجایبوونەوەیەکی سادە کۆتایی پێ بێت بێ ئەوەی دەمانچە و تؤلەسەندنەوە و ستیگمای کۆمەلایەتی بەرهەم بێنێ: “ژنەکەی فلانە کەس لەگەڵ کوڕەکەی فیسارە کەسدا دەستی تێکەڵکرد و بۆی دەرچوون” .
من لە وەرگێرانی ئەم وتارەدا، “خیانەتی هاوسەری”م بەکارهێناوە لەبەرانبەر ئەو کردەیەدا کە لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا، لایەنێکی پەیوەندییەکە بە ئاشکرا یان بەنهێنێ، پەوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بەرقەرار دەکات. ئەویش ڕێک لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە هیچ دەربڕێنێکی تر شک نابەم بۆ وەرگێرانی چەمکەکە. ئەگەرچی من پێموایە لە زمانە خۆرهەلاتیەکاندا و لە یاساکانی ئەم ولاتانەدا چەمکی خیانەت بەکاردەبرێت. ئەم وتارە ڕەنگە کۆمەککەر بێت بە تێروانینێکی نادراماتیکیانە بۆ سەرنجدان لە کردەیەکی واهی.
ڕەنگە “خیانەتی هاوسەری” هیچ شتێک نەبێت جگە لە کۆتایی خۆشەویستیەک و دووبارە دەستپێکردنەوەی خۆشەویستیەکی دی. ئەوەی کە لەم نێوەدا وندەبێت، تەرەفێکی ئەم هاوکێشەی پێکەوەییە، واتە یەکێکیان. بەلام خۆشەویستی درێژە بە ژیانی خۆی دەدات لەگەڵ کەسێکی تردا. ئەو پرسیارانەی لەم وتارەدا دەکرێن، ئازاردەرانەیە بەوەی ئەم پرسیارە دەخاتە ئاستی کردنەوە و دانپێانانێکی ڕاشکاوانەیشی تێدایە کە زۆر کەس جورئەتی وەلامدانەوەی نییە.
لە زمانی کوردیدا دەربڕینی: بەشەرەفم لەگەڵ ئایش دا وەک خوشک و برامان لێهاتووە” باشترین دەربڕینە بۆ نەمانی هێچ ترووسکەیەکی سێکسی و حەزو ئارەزوویەک بۆ یەکتری سەرەرای مانەوە لە نێوان ئەم چوارچێوە پێکەوە ژیانییەدا.
دەکرێ مێردی ئایش ئەم وزە خۆشەویستی و حەزە سێکسییە لە کەسێکی دیکەدا ببینێتەوە؟ دەکرێ ئایش چاوی بەلای کەسێکی دیکەدا بچێت و هەستبکاتەوە کە کەسێک ئارەزووی بۆی هەیە و دەکرێ ئاشق بێتەوە؟
ئەوەی لەم وتارەدا دەستی بۆ دەبرێت، ڕێک ئەم باسەیە. بەڵام لە کۆنتێکستێکی سویدیدا. بەڵام لێرەیش لە سوید وەڵامەکان بەسەر بەرەکانی “بەلێ” و “نا” دا دابەش بوو بوون.
ئەم پرسیارە، بە وەلامەکانی ئا یان نا نادرێتەوە. بینینی وێنەیەکی واهی بە ڕەشی یان سپێتی، ئاستی جەدەلەکان قفڵدەکات. دەکرێ وەلامەکان ڕەنگی غەیری ڕەش و سپی لەخۆی بگرێت، ئەمەش لە ڕاستیدا، کۆتایی جەدەلی ئەم باسە بوو لە لاپەرە کولتورییەکانی ڕۆژنامەکانی سویددا. واتا بینینی نیگایەکی لەم جۆرە بۆ تێروانین لە پرسیارەکە.

ئەرێ بە ڕاست دنیا کاول دەبێت کاتێک کەسێک “خیانەتی هاوسەری” ئەنجامدەدات؟
نووسینی:Vesna Prekopic
وەرگێرانی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد
بلاوکراوە لە رۆژنامەی بەیانیان: Dagens Nyheter

لە باری تیۆرییەوە زۆر ئاسانە لە هەموو شتێک دڵنیا بیت. دواتریش لەو جیهانە واقعییە ئاڵۆزەدا ڕادەوەستیت و بۆت دەردەکەوێت کە هیچ نازانیت.
هەتا نەکەویتە دۆخێکی کۆنکرێتەوە لە پەیوەند بە هەڵبژاردنێکدا، کە تیایدا هەلبژاردنەکە نە ڕەشە و نە سپییە، بەلکو کەمێک خۆلەمێشییە، ئینسان بۆی دەرناکەوێت کە تۆ کێیت.
“خیانەتی هاوسەری” یەکیك لەو حاڵەتانەیە. کاتێک گەنج بووم، قەناعەتێکی بەهێزم هەبوو کە قەت لە “خیانەتی هاوسەری” نابوورم و سووریش بووم لەسەر ئەوەی کە قەت خۆم ئەو کارە ناکەم.
لەو کاتەوە تا ئیستا، هەم خیانەتم لێکراوە و هەمیش خیانەتم لە کەسانی دی کردووە.
هەتا چووبێتمە تەمەنیشەوە، زیاتر بیرم لەوە کردۆتەوە کە بۆچی “خیانەتی هاوسەری” تا ئێستاش بە یەکێک لە بێوەفاییە گەورەکانی ناو پەیوەندیی خۆشەویستی لەقەلەم دەدرێت؟
من تێدەگەم کە ئەمە دەربارەی جێگای خۆشەویستییە لە دروستکردنی پەیوەندی خۆشەویستیدا کە تیایدا پەیوەندی سیکسی بە تایبەت وەک پێشمەرجی پەیوەندییەکە سەیردەکرێت.
ئەمە ئەو دراوە گوومان هەڵنەگرتووەیە کە هەستە سیکسیی و چالاکییەکان، دەبێ تەنیا و تەنیا لەوێدا بن. ئەگەر ئەم چالاکیی و هەستە سێکسییانە، ڕوویانکردە شوینێکی دی، کەواتە هەڵەیەک لە پەیوەندییەکەدا هەیە وبەڵگەی کۆتای خۆشەویستییە.
سەیر لەوەدایە کە ئەم دیدە زۆر کورتبینانەیە، لەسەر بنەمای ئەو دیدە ڕۆمانسییەوە بنیاتنراوە کە ئەوە بە تەنها یەک ئینسانە کە دەبێ هەموو پێداویستییەکانی ئینسان ڕازی و جێبەجی بکات.
من پێموایە کە ئەمە ئیمکانی نییە و قەناعەت بەخۆمان دەکەین کە دەکرێ وابێ و ڕازیبوونی خۆمان ڕادەگەێنین بەوەی کە هەمانە.

سوید بە یەکێک لە سێکولێرترین دەوڵەتەکانی دنیا هەژماردەکرێت. بەشێوەیەکی گشتی، دۆگما ئاینییەکان دەستنیشانکەری ئەوە نییە شێوازی ژیانی تایبەتی خۆمان و بەها هاوبەشە کۆمەلایەتییەکان دەبێ چۆن بن. تەنانەت ماڵەکەی کڵێسایش، قبووڵكەری پێداویستییەکانی ئینسانی ئەمرۆی لەخۆیدا جێکردۆتەوە و بۆ کەسانێکی غەیری ئاینیش، لە رێگای رێکخستنی کۆڕی نووسەران و کۆنسیرتی جاز و کۆرسی فەلسەفە و تێراپی ئەنجیلەوە، کڵیسا بۆتە باخچەی کولتوری کاتی ئازادی ئینسانەکان. لەگەڵ ئەمانەیشدا، هەستدەکرێت کە قسەکردن لە “دە فەرمان”ەکەی موسا، هێشتاش لە وشیاری ئێمەدا بە تەواوەتی چەسپیوە و نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە. ئەمە بێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە کەسەکە هاوسەرگیری کردبێ یاخود نا.
مەبەست لە دوو لە دە فەرمانەکەی موسا:” تۆ نابێ خیانەتی هاوسەرگیری ئەنجام بدەیت” و” تۆ نابێ حەزت بچیتە سەر ئافرەتی نزیکی خۆت و ……هیچ شتێکی نزیکی خۆت”. (وەرگێڕ)
ئەوەی کە سەرنجی منیش ڕادەکێشێ ئەم “حەز”ەیە. لەو رۆژەوەی کە وزەی ئارەزوو و حەز لە منی داوە ئەگەرچی لەناو پەیوەندی پێکەوەیی خۆیشمدا بووم، من بەشوێن ئەو پرسیارەوە بووم کە بۆ دەبێ ئەم ئارەزوو سێکسییە جلەوبکرێت کاتێک ئێمە بەشوێن ئازادی ناو پەیوەندیەکە و ئازادی ناو چەندەها کایەی دیکەی ژیانەوەین. من ڕۆژ بەرۆژ ئەو قەناعەتەم لا دروستدەبێت کە ئەم وزە و ئارەزووە دەبێ وەڵامێکی ئەرێنی پێ بدرێتەوە بە جیا لە کۆنترۆلکردنی.
هەموو ئەوانەی کە ئەم وزەیەیان تاقیکردۆتەوە، کە ڕەنگە کەسانێک بە عاشقبوون ناوی بەرن، دەزانن ئەم هێزە داوای تەسلیمبوونێکی تەواوەتیت ڵیدەکات. ئەم هێزە لەشەکان دەخاتە لەرزە و بێ هیچ بەربەستێک بەرەو لای یەکیان رادەکێشێ.

من زۆر جاران لە ئاخاوتن لەگەڵ هەندێک لە هاوڕیکانمدا باسم لەم ئەزموونی نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر دۆخەکەدا کردووە. یاخود ڕاستتر باس لە هەستی پڕبوون لەوەی کە دەبێ بڕیاردەرانە بەشوێن ئەم ئارەزووەوە بم.
بەڵام ئایا ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە من بێوەفایم لەبەرانبەر هاوژینەکەمدا ئەنجامدابێت؟ بێگوومان وەڵام بە ئەرێیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو نۆرم و بەهایانەی لە کۆمەلگادا هەن. بەلام بۆ من، وەلامەکە بە نایە ئەویش لەبەر ڕۆشنایی ئەو قەناعەتەی کە ئەم جازبییەتەی باسیدەکەم، لە ناو ئەو پەیوەندییەوە سەری دەرنەهێناوە کە من ئێستا تیایدام.
لە یەکێک لە بەشەکانی ” دەربارەی خیانەتی هاوسەری” بەرنامەی” ماڵی فەلسەفە”ی کەناڵی یەکی ڕادیۆی سویددا، “کاترین ئەندێرسۆن” کە سۆسیۆلۆگ و لێکۆلەرەوەی پرسیارەکانی سیکسوالیتێتە، دەربارەی ئەو تێڕوانینە دەدوێ لە پەیوەند بە “خیانەتی هاوسەری”یەوە کە وەک بێوەفایی، پەیامنشکێنییەک سەرنجی لێدەدرێ. ئەو ئەم دیدو سەرنجدانە دەبەستێتەوە بە خەیال یان ئایدیای “پێنەگەیشتن”وە . بۆ ئەو، ئەوە شتێکی دیکەیە کە گەنجان دەیانەوێ و دەتوانن لەگەل کێدا سەرجێی بکەن، بەڵام کاتێک گەورە دەبن، ئامانجی بەرزی
“پێگەیشتن ” یان گەوەرەبوون، دەبێتە پێکەوەبوونی دووکەسییانەیە. من پێموایە “کاترین” راستی هەیە کاتێک ئاماژە بەوە دەدات کە ئێمە داوایەکی کەمتر لە گەنجان دەکەین، بەڵام هاوکاتیش دەربڕینەکەی ئەو ، جۆرێک لەسادەکردنەوەی تێدایە لە پەیوەند بەوەی کە پێی دەوترێت، “پێگەیشتن” . چونکە ئەو ئەم پرۆسەیە لە جڵەوکردنی غەریزەکانی لەشدا دەبینێتەوە. کاتێک عەقڵ دێتە ژوور، پاڵیک بە حەزەکانەوە دەنرێت، ئەم دەربڕینە بەکوررتییەکەی ئەوە دەگەێنێت. ئیتر ئەم گەمە نابەرپرسیارانەیە دەگۆرێت بە یارییەکی جدی. بەڵام بۆ من دەربڕینی “پێگەیشتن” یان گەورەبوون ، وەک تێگەیشتنێکە لە پەیبردن وکەشفکردنی بوارە جیاوازەکانی دیکەی ژیان بە بێ گوێدانە ئەو سنووردارکردنانەی ئەوانی دیکە دەیانەوێ دایبنێن. لێرەدا خاڵێکی ئەخلاقی لە ئارادایە کە دەڵێ کارێکی هەلەیە بە ئاگاهانە ئازار بە کەسێکی دیکە بگەێنی. لە ڕاستیدا هەرواشە کاتێک وەفاداری لە پەیوەندییەکدا درزی تێدەکەوێت.
نووسەری دانیمارکی ” لونی فرانک” لە کتێبەکەیدا:” خۆشویستن، سەبارەت بە سروشتی خۆشەویستی” دەنووسێ: بەوەی لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان لە لایەن خۆمانەوە هەڵبژێردراوە و لەسەر خۆشەویستی بنیاتنراوە، بێگوومان ئازارێکی سەختتر دروستدەکات بۆ ئەو کەسەی کە “خیانەتی” لەبەرانبەردا دەکرێ. بە کورتییەکەی، تۆ خۆت منت هەڵبژاردووە، من، لە ئێستایشدا کەسێکی دیکە هەڵدەبژێری. بۆیەش ئاسانە وەک بەسووک سەرنجدانێکی خۆشەویستی خۆت بۆ من سەیربکرێت.”
بە تێروانینی فەیلەسوف ” یاکوب ڤێرک مێستەر” لەهەمان پرۆگرامی “ماڵی فەلسەفە”ی رادیۆی سویددا، ئەمە جۆرێکی دیکە لە ئازارە کاتێک ئینسان پێیدەزانێ کە ئەوی دیکە “خیانەتی هاوسەری” لەبەرانبەردا کراوە بە بەراورد بەوەی کە ئەوی دیکە پەیوەندییەکە کۆتایی پێدەهێنێت و جیا دەبێتەوە.
ئەمەی دواییان لە باری مۆراڵەوە دروستە. ئاخر ئینسان هیچ بەرپرسیارێتییەکی مۆراڵی نییە کە لە پەیوەندییەکدا بێت، بۆیەش هیچ کارێکی هەلە ناکات کاتێک کۆتایی پێدەهێنێ. بەڵام کردەوەکە جیاوازە کاتێک کەسێک “خیانەتی هاوسەری” ئەنجامدەدات.
بەڵام ئایا ئەمە لە واقیعدا ڕاستە کە ئینسان بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی نییە لەبەرانبەر ئەو پەیوەندی یان خێزانەی کە هەڵیبژاردووە کە بەشێک بێت لێی؟
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم دید و بۆچوونانە هێشتا درێژە بەتەمەنی خۆیان دەددەن لە کاتیكدا نۆرمی دوانەیی پێکەوەبوون رۆژانە لە لاوازبوونی خۆیدایە. بۆ نموونە خێزان پێکەوەنان لەمڕۆدا کارێکی بێگووماناوی نییە، چ وەک وەک پرۆژەیەکی پێکەوەژیانی دووکەسی ژنێک بۆ پیاوێک.
لەمڕۆدا شیوازەکان هێندە زۆرن کە ناوهێنانی وەک خێزانێک کە لە منداڵانی پەیوەندییە پێشووییەکانی هەردوو تەرەف پیکهاتووە وهەموان پێکەوەن، یان مۆدێلی خێزانی هاورەگەزی هەردوو تەرەف یان ئەو دایکانەی کە منداڵیان لە رێگەی IVF وە دروستکردووە. سەیرەکە لەوەدایە کە هێشتاش کەسانێکی زۆر هەن کە پێیان سەختە کە جیاکاری لە نێوان ئارەزووی سێکسی وئەو پەیوەندییە مۆنۆگامییە کۆمەلایەتیدا بکەن کە هەیانە. (مۆنۆگامی بەواتای رێپێدان بەوەی کە پیاوێک تەنها بۆی هەیە ژنێکی هەبێت. پێچەوانەی پۆلیگامییە کە بە فرەهاوسەری ناسراوە و لە کوردوستاندا بە فرەژنی ناسراوە. لە کاتێکدا لە هەندێک کولتوری تردا پۆلیگامی فرەپیاوێش دەگرێتەوە.) وەرگێڕ.
دەوترێت کە پیاوان زۆر جار پەنادەبەنە بەر “خیانەتی هاوسەری” لەبەر پێداویستییە سیكسییەکانیان. لە کاتێکدا بۆ ژنان لە خراپی ئەو پەیوەندیەدایە کە لە ناویدان.
ئەگەر ئەمە بەمانای ئەوە بێت کە پیاوان دەتوانن جیاوازی لە نێوان ئارەزووی سیکسی و مانەوە لەنێوان هەمان پەیوەندیدا بکەن، من ئامۆژگاری ژنان دەکەم کە فێرببن و ئەوە ببینن کە ئەوانیش دەتوانن ئەم جیاوازییە بکەن، ئاخر هەردووکیان، ئارەزووی سیکسی و پەیوەندییەکە دوو پێداویستی جیاوازبەیەک پڕدەکەنەوە.
بێگوومان دەیەها هۆکار هەن کە وادەکات پەیوەندیت بە تەنها بە تاکە کەسێکەوە هەبێت. پەیوەندییەک کە تیایدا هەستەکان و سەقامگیری ئابووری، بەرپرسیارێتی و هۆگری بۆ پرسیارەکانی یەکدی بە تایبەت لەگەڵ کەسێکدا کە بە قوڵی خۆشەویستییەک لە نێواندایە و ئینسان دەیەویت تا کۆتا بێت. بەڵام وەک چۆن پزیشکی دەروونی وتێراپێفتی پەیوەندییەکان “ئێستەر پارێل” باسیدەکات، لەوانەیە ئەوەی کە خۆشەویستی و شەهوەتی حەزلێکردن بەرهەمدەهێنێ هەمان شت نەبن”. ئەوەی کە ژیانەوە بە حەزی ئینسان دەبەخشێت و هەموو ئەو شتانەی دی کە ئێرۆتیک لەنێوان ئینسانەکاندا دەگەشێنێتەوە، لە زۆر کاتدا ئەو شتانەیە کە خێزان لە بەرانبەریدا سەرسەختانە خۆپارێزی لێدەکات.
ژیانی خێزانی، دووبارەبەرهەمهێنانەوە، رۆتین و دەرئەنجام دەخوازێ. لە کاتێکدا ئێرۆتیک، لەسەر ڕازونیاز، پێشبینینەکراوی و سۆپرایس دەژی. ئەمە بەشێک لە قسەکانی خانمی بەلجیکی “ئێستەر پارێل”ە لە رۆژنامەی “داگێنز نیهێتەر”ی رۆژی ١٠ دیسیمبەری ساڵی ٢٠١٧دا. ئەو ئاماژەش بەوە دەداتەوە کە بۆچوونی هاوسەرگیرییەکی پڕلە سۆزهەمیشە پڕ لە دژایەتی بووە.
لە کتێبی:” ترس لە فڕین”ی “ئێریکا یۆنگ:دا کە بە یەکێک لە کلاسیکییەکانی ئازادی سێکسی لەقەلەمدەدرێت لە ساڵی ١٩٧٣دا، ئەو ڕێک و ڕەوان دەنووسێ: ئەگەر کەسێک پیاوەکەی خۆیشی خۆشبووێت، ناکرێ ئەوە نەهێنرێتە پێشچاو کە ڕۆژێک دێ سیکسکردن لەگەڵ ئەودا هیچ لەزەتێکی تیانامێنی و لە خواردنی پەنیرێکی شل دەچێت. خواردنی ،جێگایەک دەگرێ بەلام تەزوویەک بە گلاندەکانی تام و چێژدا ناهێنێت و تووشی لەرزلێهاتنت ناکات.دوای ئەوەش ئینسان ئارەزووی هاتنی رۆژێکی دیکە و تامێکی دیکەی لەزەتبەخش دەکات.”
لەوە دەچێت ئێستا زۆرتان بڵێن: بیبڕەوە و تەوای بکە!
ئاخر پەیوەندییەکی خێزانی دەکرێ پڕ بێت لە ئیرۆتیکاش سەرباری منداڵ، جلشۆشتن، قاپشۆرین و هەموو ئەو ماندووێتیانەی دیکە کە دەکرێ وزە سێکسییەکان وەڕەزبکات. ئینسان دەکرێ کارێکی زیاتر لەگەل ئەوەدا بکات. لە راستیشدا هەروایە، ئینسان دەبێ بەتەنگ پەیوەندییەکەوە بێت و کاری بۆ بکات بەڵام چی دەکەیت کاتێک هیچ حەزێک لەیەکتریدا نابینرێتەوە؟ دەکرێ ئینسان جیا بێتەوە لە کاتێکدا ژیانێکی خۆشەویستانەیشیان پێکەوە هەیە؟ وەڵام بە ئایە ئەگەر ئینسان پییوابێ بەختەوەری لە پەیوەندییەکەدا لەسەر سێکس ڕاوەستاوە و بێ سێکس شایەنی درێژەپێدان نییە، باشرە کە جیابوونەوە هەڵبژێردرێت. ئەگینا رێگاچارەکە دەبێتە ئەوەی درێژەدان بە پەیوەندییەکە بەبێ سێکس و گەڕان بەدوای سێکسدا لەدەرەوەی پەیوەندییەکەدا. من پێموایە کە “ئێستەر پیرێل” ڕاستدەکات کە سۆزداری و پەیوەندییەکی درێژی پێکەوەیی ناکرێ بەیەکەوە ببەسترێن. لانی کەم هێشتنەوەی وەک ئەوەی کە دەبێ. من پێموایە کە ئێمە دەبێ وازبێنین لە گاڵتەکردن بەو خەیاڵەی کە ناکرێ پەیوەندییەکی سۆزداری بە هەمان شێوازی عاشقبوونەوە بهێڵرێتەوە کاتێک قۆناغی عاشقبوون بە یەکتری بەرەو کاڵبوونەوەی خۆی دەچێت. لەوە دەچێت ئەم سۆزدارییە توندوتوڵە لە دەرەوەی ئەم پەیوەندییە بەردەوامەی ئێستادا بێت.
هەر ئەمەشە کە وادەکات خەڵکانێکی زۆرلەم هەستپێکردنەدا بەشداربن. بۆ “لۆو فرانک”، رێژەی ئەوانەی کە جارێک ئەم کردەوەنەیان ئەنجامداوە- لە خۆرئاوادا دەگاتە نێوان ١٥٪ و ٧٥٪، بێگوومان بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن دەکرێ “خیانەتی هاوسەری” پێناسە بکرێت. ئاخر چەندەها هۆکاری جۆراوجۆر هەن ئینسان والێدەکات پەنا بەرێتە بەر “خیانەتی هاوسەری”. ئەو لەپەیوەند بەوەی کە بۆچی خۆی “خیانەتی هااوسەری” ئەنجامداوە بەمجۆرەی خوارەوە تاقیکردنەوەی خۆی دەگیڕێتەوە: ” لە دۆخی ئەمریکادا، کەیسەکانی خیانەتی هاوسەری زیاتر لەسەر حەز و تامەزرۆیی بۆ ئەوی دی بووە وەک لە سێکس و هەندێکی دییان لەسەر دۆخی هەستکردنە بەوەی دی لە کاتی سەرخۆشبووندا”. من پێموایە ڕاستییەکی زۆر لە دەربڕینەکەی ئەودا هەیە و هاوکاتیش هەستێکی هەر ئاوا سەرخۆشانەیە کاتێک دەتەوێت کەسێکی دیکەت بووێت.لەوانەیشە هەر لەبەر ئەوەیە بۆ ئەوەی تۆ ببیت بە کەسێکی دیکە ، ئەوەی کە خۆتی ڕاستەقینەیت. یانی بوونەوە بە خۆ.
ئارەزووی سێکسی وزەیەکی هەتا بڵیی گەورەیە. ئێمە خۆمان پێ بەختەوەرترە کاتێک هەست بە وزەی خۆشەویستی دەکەین. بۆیە دەبێ خۆمان پێ بەختەوەر تر بێت کاتێک لە ژیاندا بۆ جارێکیش بێت هەست بەم وزە گەورەیەی خۆشەویستی بکەین. تۆ کاتێک کەسێک دەبینی کە ئارەزووی لێتە و تۆش بەهەمان شێوە، بە دوای ئەم تەوژمەدا بڕو. ئاخر ئەم هەستە بە هەموو کەسێک بێدارناکرێتەوە.
ئەوەش بزانین کە ژیان کورتە. لە تەمەنی درێژی ئینساندا، بێ هیچ دوودڵییەک کەسانێک پەیدا دەبن و دێنەسەرێ کە ئینسان ئارەزووی سیکسی بۆیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نامانەوێ ئەم حەزو ئارەزەووەی خۆمان بەجێبگەێنین چونکە پێمانوایە کارێکی نەکردەیە کە ئارەزووە ڕۆحی و جەستەییەکان دەکرێ ڕازی بکرێن. یان هەر لە بناغەوە پێمانوایە کە کارێکی وا ئیمکانی کردنی نییە، چونکە ئەمە یەکێک لە گوناحەکانە. بەڵام وەک چۆن ئیمکانی هەبووە و هەیە کە نۆرمەکانی خێزان دەبێ چۆن چۆنی بێت و تیكبشکێنرێت، بە هەمان شێوەیش دەرفەتی ئەوە هەیە کە شەبەقێکی گەورە بکرێتە جەستەی ئەو تێروانینەی کە پێیوایە ناکرێ کێکەکە بخۆیت و لێت بمێنێتەوە. بەلام بۆچی ناکرێت؟.
لینکی وتارەکە لە رۆژنامەی DN
1- Är det verkligen hela världen att vara otrogen? – DN.SE




ئایا ئەوەی سیلفی دەگرێ نارسیسیستە؟…  Sinziana Ravini نووسینی:… وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

هەر جارەی سێڵفییەیک دەگرم، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم. کاتێکیش دەیخەمە سەر ئینستاگرام، هێندەی دی بێتاقەت دەبم. بە تایبەت کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کە چۆن جیهانی ئەمڕۆبە کارەسات و جەنگ  قاندراوە. دواتریش وەک سمۆرەی ناو چەرخەکە کە هەمیشە لە سوورانەوەی خۆیدایە، هەستدەکەم  گیرمکردووە و بە شوین ئەوەوەم بزانم کێن ئەوانەی لایکیان کردووە، هەستێک زیاتر لەوەی بزانم کە چی لە جیهاندا دەگووزەرێ.

“نارسیس” ببووە کۆیلەی وێنەکەی خۆی، بەڵام ئەو خۆی خۆشنەدەویسیت، ئاخر بۆیەش هێند گیرۆدەی وێنەکەی خۆی بوو. ئایا کەسی سێلفیگر کەسێکی نارسیستی خۆگیرۆدەیە کە خۆی خۆش ناوێت؟

ئەمە بۆ ئەو هونەرمەندانەش دەشی کە ‌ئەوەندەی ئینسان بیری دیت،  سەرقاڵی خۆپۆرترێتی بوون. من خەیالم بۆ لای ”  Dürer” دەچێ کە هەمیشە نیگاری خۆی وەک مەسیح دەکێشا. یان”  Frida Kahlo” کە جگە لە کێشانی وێنەی پۆرترێتی خۆی ،  چی دیکەی نەدەکرد.

بەڵام بیریش لەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەکەمەوە کە خۆپۆرترێتی لە ساڵۆنی هونەرە جوانەکانی ئەم ڕۆژگارەدا تەواو ونبووە. ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارەش بێت کە لە زەمەنی ئەم خۆڕازیکردنەی ئەمڕۆدا سیلفی جێی ئەو “خۆڕازیکەر” ی گرتبێتەوە و هونەرمەندیش  دەیەوێ نیشانی بدات کە بیر لە شتی دیکەی وەک ئیکۆلۆجی، جیۆپۆلیتیک و هاوکاری دەکاتەوە.

بۆ بەشداریکەرانی پیشانگا سالانە و گرووپی و ئەوانەی کە کۆمەکی دەوڵەتی بۆ کارەکانییان وەردەگرن، ئەو چاوەروانییەیان لێدەکرێ کە دەبێ لە  دەموچاوی “ئەوی دی” بکۆڵنەوە، ئەو دەموچاوانەی کە عادەتەن ئێمە نیگایان لێوەردەگێرین.

دەموچاوی “ئەوی دی”، سەرچاوەی مۆرالە. Levinasی فەیلەسوف جارێکیان وای وتبوو. پاشان دەڵێ: لەوێدا و لە ڕووخسارە رووت وهەستپۆشیووەکەی “ئەوی دی”دایە کە ئینسان دەبێ بە شوێن هەموو پرسیارەکانئ خۆیەوە بێت.

Baudelaire (بۆدلێر) نیگەران بوو لە  فۆتۆگرافی و پێیوابوو کە فۆتۆگرافی دەکرێ مرۆڤایەتی بگۆرێت بە “نارسیس”ێکی گەورە کە بە تەنها بەشوێن وێنەکەی خۆیەوەیەتی.  بەجۆرێکیش راستی هەبوو. ئێمە لە زەمەنێکی  نارسیستیدا دەژین. ئەم سیلفییە ئایدیالیزەکراوە،  سیمبۆڵی نارسیزمێکی هیستیریکیانەیە ، هاووێنەیەک کە فشارمان بۆ دێنێ کە بەختەوەر تر بین لەوەی کە هەین.

لە بۆدابیست، مۆزەیەکی سیلفی هەیە کە ئینسان دەتوانێت وێنە لەگەڵ دارخورما، ئەسپی شاخدار و حەوزێکی پڕ لە تۆپی ڕەنگاورەنگدا بگرێت. تەنانەت لوس ئەنجلسیش بۆتە خاوەنی مۆزەی خۆیی و تیایدا مۆنالیزا و ڤان کوخ سیلفی خۆیان دەگرن.

لەم مۆزانەدا، سیلفی وەک نیگاری سەرئەشکەوتە کۆنەکان وەسفدەکرێت و تەنانەت ژوورێکی تێرامان لە کاریگەریەکانی سێلفی تێدایە وەک killfies یان ئەو ئەو سێلفییە نامۆرالێانەی لەگەڵ بێخانەولانەکاندا دەگیڕین یان لەکاتی ناشتنی مردووەکاندا ، ئەمەی دواییان بۆتە رەوتێکی subkultur ژێرفەرهەنگی.

قەدەغەکردنی سیلفیش بە هۆی کۆمەڵیک هۆکارەوە دەستی پیکردووە. ئەستێرەکانی سینەما بۆیان نییە لە میهرەجانی “کان”دا و لەسەر فەرشی سوور سێلفی بگرن. کاتیکیش Carla Bruni,   خێزانی Nicolas Sarkozys گوێ بە فرمانی قەدەغە نادات  و  لەگەڵ خودی بەرێوەبەری باڵای “کان”دا سێلفییەک دەگرێ، دەبێتە چ هەرایەک.  

لە کۆشکی Belvedere لە ڤێنا ، لە تەنیشت نیگاری ماچەکەی  Klimts وە، تابلۆیەک هەڵواسراوە کە داوا لە تەماشاچییان دەکات لە نیگارەکە وورد ببنەوە وەک لەوەی سێلفییەکی لە پاڵدا بگرن.

چەند ساڵێک لەمەوبەر، شازادە Harry نەیویست لەگەڵ کچێکی گەنجدا سیلفی بگرێت و پێیوت:” Selfies are bad, you should take a normal picture“. ئەو دەیویست مەسافەی نێوان خۆی و خەڵک ڕابگرێت . دەکرێ ئینسان ئەم تێروانینەی هەبێ کاتێک ئینسان لەو شووێنەدا بێت کە دەتوانیت وا بڵێیت.  رۆژنامەنووسێکی بەریتانی لە دوای ئەم ڕووداوەوە نووسی بووی: عومری سیلفی تەوا بوو. بەڵام کەس وەک ئەو هەلەی نەفەرموو بوو. سیلفی لەمڕۆدا بووە بە تلیاکی تازەی خەلکی.

لە Pitié Salpêtrières psyk کە خەستەخانەی دانشگایە لە پاریس ،من هەندێک جار لەوێ کاردەکەم،  خزمەتگووزاری “وازهێنان لە مۆبیل تەلەفۆن” بەو کەسانە پێشکەش دەکرێ لەوێ خەوێنراون و زۆربەی زۆریان  لە مارپێچەکانی سیلفیدا گووم بوون و یان بوونەتە

Selfiestalkers, ، ئەوانەی کە بە شوێن کەسانی دییەوەن بێ ئەوەی خۆیان ڕەزامەندییان نیشان دابێ.   ئەم ڕەفتارانە لە درێژ ماوەدا دەبێتە دروستبوونی چاونەیاری (بەخیلی) و ڕقلەخۆبوونەوە بەوەی کە هەمووان ژیانیان لە تۆ باشترە.

زۆر نییە کە من وەک رەخنەگری خوێندکارێکی نووسەر لە بەرانبەر وەرگرتنی بروانامەکەیدا لە برۆکسل بانگێشت کرابووم. ئەو رۆمانێکی لەسەر گەڕان بەشوێن دەستگیرانە کۆنەکەیدا نووسی بوو کە تیایدا دەستگیرانەکەی وێنەی خۆیی و هاوژینە  تازەکەی لە ئینستاگرامدا دادەنێ. مەگەر ئەوان دووچاری نارسیسیزمێکی دوانەیی بوو بوون؟

من خۆم تیا ماوم.  حەزم لە تەماشاکردنی ئەوەیە کە خەلکی چۆن ژیانی خۆیان نمایشدەکەن و کەمێک یاری لەگەڵ ئەو وێنەیەدا دەکەم سەبارەت بەو ژیانەی کەمن دەمەوێ دەربارەی خۆم بە کەسانی دی بدەم. ئەوەش دەزانم هەموو کارێکی شەخسیش سیاسییە.

سێلفی جۆرێکە لە ئاهەنگگرتنی خود و کەسانی دی، بەیادهێنانەوەی ساتێکی کورتخایەنە، جۆرێک لە چوارچیوەنانی فەوزای ژیانە ، شیوازێکە لەوەی کە بڵێی: من سیلفییەک دەگرم کەواتە من هەم. بەڵام ئایا کەسی سیلفیگر کەسێکی نارسیسیستە؟

لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ئەوە نیشاندەدەن کە سیلفیگران ، زۆر جار خۆوێنەیەکی گەورەی نارسیسیستیان هەیە، بەڵام لە بە دواداچوونێکی تازەی  Psychology and aging دا نیشانی دەدات کە ئەوانەی لە نێوان سالانی 1946 و 1964 دا نەوەی(boomers) لە دایک بوون ، لە نەوەی millennials ( لەدایکبووانی نێوان 1980 و ناوەڕاستی 1990) نارسیسترن.

نارسییزم هەمیشە دیار نییە. دەکرێ لە نیشاننەدانی ئارەزوو بۆ جیهانبینی ئەوانی دیکەدا خۆی نمایش بکات. نەوەی millennials، بوونەتە میراتگری ئایندەیەکی نائارام. بۆیە سەیر نییە کە زۆرینەیەکیان وێنەی خۆ و کەسانی دیکەیان لەدەستداوە. نارسیستەکان لە هەموو زەمەنێکدا هەبوون بەڵام بە راستی چۆن پەیدابوون؟

دەروونناس Donald Winnicott, کە تا ساڵەکانی 1970 چالاک بوو، روونیکردۆتەوە  کە دایک ئاوێنەی یەکەمی منداڵە.  نیگاگۆڕکێی دایک  کە کاردانەوە یان قبوبوڵکردنی  هەستەکانی کۆرپەیە ، بڕیاردەری ئەوەیە کە کۆرپە چ خۆناسییەکی self-esteemێکی هەبێت. ئەگەر دایک شپرزە بێت و سەرقاڵی شتی دیکە بێت کاتێک ئێشکی مندالەکەی دەگرێت، ئەوا کۆرپە هەستی کەسێکی بەجێهێڵراوی تیا دروستدەبێت تەنانەت ئەگەر دایک لە باری فیزیکییەوە لە منداڵەکەیەوە نزیکیش بێت. بۆیە دەکرێ دڵەترسەیەکی گەورە “تراومایەک” پەیدا بێت و تاک لەگەڵ خۆیدا هەموو تەمەنی هەڵیبگرێ. بەمشێوەیە کۆرپە “من”ێکی ساختە دروستدەکات و هەمیشە لە نیگای ئەوی دیدا بەشوێن دانپیانانەوەیە,    confirmation. من لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر ئەوم خوێندەوە و کەوتمە خەیاڵی زەمەنی گیرۆدەبوونی ئێمە بە سیلفییەوە. کولتوری سێلفی لەسەرچی ڕاوەستاوە جگە لە گەڕان بەشوێن نیگای دانپیانان وقبوڵکردنی دایک یان  باوکەوە نەبێ؟ رۆژگارێک ئینسان وێنەی منداڵەکانی خۆی پیشانی کەسانی دیکە دەدا. لە ئێستادا منداڵی خۆ بۆتە موڵکی گشت. ئەم جۆرە لە هەراجکردنی کۆرپە و مندال لە تۆرە کۆمەلایەتییەکاندا چی بە خۆوێنەی ئەوان دەکات شتێکە و ئێمە تەنها دەکرێ بە خەیاڵ پێی بگەین.  

من لەگەڵ نەخۆشەکانی خۆمدا، بەشێکی زۆر کار لەسەر کۆمۆنیکاسیۆنی ناوشەیی و کاردانەوەی دەموچاویی دەکەم. من هەولدەدەم نیگایەکی دانپیانانەیان پێببەخشم کە ئەوان قەت وەریاننەگرتووە.

   Donald Winnicott لە جێگایەکی تردا دەڵێ کە دایک پاش ماوەیەک، دەبێ ئەوە فێری منداڵەکەی بکات کە بەرگەی خودتەنهایی بگرێت. دایکێکی هەمیشە ئامادە و لەبەردەستدا بوو سیندرۆمی جێهێڵراوی لای منداڵ دەخوڵقێنێ. دایک دەکرێ دەربڕینی: ”good enough”.، هێندە کافییە قبوڵبکات. تەنانەت دەرووناسیش دەبێ “هیند کافی”یە قبوڵبکات و بە نەخۆشی نیشان بدات کە ئەو کەسێک نییە کە قابیلی جێگرتنەوە نەبێت.

لە نەوەدەکاندا ئینتەرنێت پەیدا بوو ولە 2000کاندا تۆرە کۆمەلایەتییەکان. لەو کاتەوە ئیمە لە نێوان چەندەها شوێنی مەجازیدا لە هاتووچۆداین. مەیل دەنووسین ، ئیس ئیم ئێس دەنێرین، وێنە لەسەر فەیسبووک و ئینستا دادەنێین و لایک دەکەین.  ئابووری ئەمڕۆکەی لەسەر سەرنجدان راوەستاو ، دایک و باوک لە نادیاریدا ڕادەگرێت و منداڵانێکی نارسیسیستی دەخوڵقێنێ. پێموایە دەکرێ بەرەو خراپتریش بڕوات، بەلام چارە لە کوێدایە؟

من لانی کەم وەڵام لای Kenneth Wright و بەرهەمەکەی کە بە ناوی Mirroring and attunement – self-realization in psychoanalysis and art från 2009 دا دەبینمەوە.

 Wright  ڕوونیدەکاتەوە  ئەو شتەی دەتوانێت ئەو بۆشاییە پر بکاتەوە کە لە غیابی نیگای دایکدا دروست دەبێت ،  هونەرە. لە هونەردایە  کە دەکرێ لە بری نەبوونی خۆشەویستی و نەبوونی نیگا لەسەرمان کە قەت وەرنەگیراوە، ئەو دڵنەواییە بەدەستبێنینەوە .   

بەڵام هونەریش دەبێ کاری گەڕان بێت بەشوێن ئەو دڵنیانامەدا کە سەروکاری لەگەل دانپیاناندایە، وەک چۆن هیگڵ دەڵێ: گەرانی ئینسان بەدوایی دانپیاناندا زۆر بەهێزترە لە غەریزەی سیکسی.

Amalia Ulman, Cindy Sherman, Rafia Santana, Arvida Byström och Mikael Olsson. هەریەکە لەم هونەرمەندانەی سەرەوە، جۆرێک  گەمەیان لەگەڵ سیلفی و دووبارە ‌هەڵوەشاندنەوەی  میکانیزمەکانی سیلفییدا کردووە.      

بەڵام ئایا کەسی سیلفیگر کەسێکی نارسیسیستە؟

لە راستیدا وەلام بە نا یە، بە تایبەت ئەگەر سەرنجێک لە خودی ئەفسانەی نارسیس بدەین.

نارسیس پێویستی بە کەسی دیکە نییە. ئەو هێندە سەرقاڵی کاردانەوەی وێنەکەی خۆیەتی کە تەنانەت  خۆشەویستی “ئێخۆ یان ئێکۆ”ی پەریش رەتدەکاتەوە. ئەو ناتوانێ خۆی لە چاوانی کەسێکی دیکەوە خۆش بووێت. نارسیس کەسێکی خودرازیە کە پییوایە پێویستی بە کەسی دیکە نییە. کەسی سیلفیگر پێچەوانەی ئەمەیە.

لەو شوێنەی نارسیس “ئیخۆ یان ئێکۆ” ڕەتدەکاتەوە بە گوێرەی ئەفسانە یۆنانییەکە، (ئێکۆ بە مانای دەنگدانەوە دێت، وەرگێڕ)، خودی سیلفی دەبێتە بانگەوازێک بۆ دەنگدانەوە. بەشێک لە ئیکۆلۆژییەکی کۆمەلایەتی کە پێمان دەڵێ ئێمە کێین و دەمانەوێ کێی دیکە بین. بیگوومان ئەویش بەو ئاستەی کە کەسی سیلفیگر دەیەوێت چەند لە خودبیرکردنەوە و تێرامانی خۆی بە کەسانی دی بگەێنێ. سیلفی شیوازێکی دیکەی دەستگیرۆییکردن لە کەسانی دییە. ئەویش لە ڕێگەی لایک و دانانی کۆمینتاری پۆزەتیڤەوە بۆ ئەوانەی کە وێنەکانی خۆیان بلاودەکەنەوە. چونکە بلاوکردنەوەی وێنەی خۆیش، جۆرێک لە ئازایەتی پێویستە.   ئەوەی کە ئەم جۆرە بە ئیکۆلۆژییەکی کۆمەلایەتی ناودەبرێت لە خۆیدا زۆر ئیکۆلۆگییانە نییە بۆ ژینگە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیلفیگرتن چەند گازی دووم ئۆکسیدی کاربۆن مەسرەفدەکات، ئەمە بۆ خۆی بابەتی باسێکی ترە.

هەرچۆنێک ئێمە بیرکەینەوە و سەرنجمان لەسەر سیلفی بێت، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر  subkultur ،ژێرفەرهەنگێکدا دەبینینەوە کە هاتووە تا بمێنێتەوە. بەوەی کە عەقلە گەورەکانی سەردەممان چاویان ناچێتە سەر ئەم دیاردە کولتوورییە بەو شێوەی کە دەبوایە، گێرەرەوەی شتیکە  دەربارەی خۆیان وەک لەوەی دەربارەی ئەم فۆرمە کولتورییە بێت. ئەوەشمان بیرنەچێت کە Roland Barthes یەکێک لە جوانترین تێکستەکانی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆمبیلی Citroën بوو. با سیلفیش مرد بێ، بەلام بژی سیلفی.

لینکی وتارەکە بە سویدی لە رۆژنامەی ئێوارانی سویدی ئافتۆنبلادیت.

https://www.aftonbladet.se/kultur/konst/a/z7ajdr/sinziana-ravini-om-selfies



لە کوردستان فتبۆلی “تۆپی پێی کچان” خڕ نییە… نووسینی: بەکر ئەحمەد

یۆرۆی 2022ی كچان لە رۆژنامەگەری کوردیدا

رۆژی چوارشەممەی 6/7/2022 یۆرۆی 2022ی كچان لە ئینگلتەرا دەستپێکرد.
كاروانی یارییەكانی ئەم یۆریە بە یاریی نێوان ئینگلتەرای میوانداریكەر و نەمسا كەوتەڕێ و تا ئێستاش یارییەکان بەردەوامە. سەرنجێکی خێرا لە ئاستی گەشەی هەڵبژیردراوانی ولاتە جۆراوجۆرەکانی بەشدار بوو و ژمارەی تەماشاچیانی یاریەکان، چ لە گۆڕەپانی یارییەکاندا و پەخشی زیندووی یارییەکان لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە، گێرەرەوەی حەکایەتێکی تازەی یاری تۆپی پێی کچان یاخود خانمانە.
دەسپێکی ئەم پێشبڕکێ ئەوروپییە لە گۆرەپانی Old Trafford لە نێوان ئینگلتەرا و نەمسادا دەستی پێکرد کە جێگای 75 هەزار کەس دەبێتەوە و ژمارەی ئامادەبووانی یارییەکە بە 70 هەزار ئامادە بوو هەژمارد کرا.
تۆپی پێی کچان لەم ئاستە بەرزەی ئێستایدا بێت یاخود ئەو دۆخەی کە یاریی هەڵبژێردراوە میللیەکان لە گۆرەپانە لاچەپەکەکانی وڵاتەکاندا ئەنجام دەدراو ژمارەی تەماشاچییان و ئارەزووی مێدیا بۆ پەخشکردنی یارییەکان لە جێی نەبوواندا بوو بێت، ئەم یارییەی کردوەتە گۆرەپانێکی گەورەی هەموو ئەو کەسانەی بە شوین پرسیارەکانی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکانەوەن.
تۆپێی پێی کچان ئەو گۆڕەپانەیە کە پرسیاری یەکسانی:” کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا” بە هەموو جومگە و بڕگەکانی خۆیەوە ، خۆیمان نیشاندەدات.
ئەوەی کە ئێستا ئاڵوگۆڕێک پێک هاتووە لە پەیوەند بە تێروانینێکی پۆزەتیڤانە تر لە بەرانبەر ئەم چالاکییە وەرزشییەدا، بەڵگەی ئەوەیە کە تێروانینی ئینسانەکان لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچان، نێرێتی و مێیتی، پرسی جەندەرو یەکسانی ، کاریگەرییەکانی خۆی خستۆتە ناو دڵێ گەورەترین و فراوانترین جومگەکانی بەرهەمهێنانەوەی نێرێتی و مێیتی و نایەکسانیەوە لە ناو کایەی تۆپی پێدا.
بەڵام ئەم دەرکەوتنەی کچان بەمهێزەی ئێستاوە لە گۆرەپانەکانی فتبوڵێندا ، بە تایبەت لە ئەوروپادا، بیدەردیسەری نەبووە . ئەوەتانێ کاتێک یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی لە ساڵی 1921 دا داوا دەکات کە:” تیپیەکانی پیاوان ڕیگانەدات بە تیپەکانی ژنانی خۆیان کە لەسەر گۆرەپانەکانی یانەکانی ئەوان یاری بکەن” ، ئەوان بەم بانگەوازەیان نەک هەر رێگرییان لە ژنانی ئینگلتەرا گرت شوێنێکیان دستنەکەوێت فتبۆڵێنی تێدا بکەن، بەلکو لە رێێ ئەم بانگەوازەیانەوە چوارچێوە ئایدیۆلۆژیەکانی فتبۆڵییشیان داڕشت و دووپاتیانکردەوە کە ئەم وەرزشە هی پیاوە و بۆ پیاوانە. بۆیە کارێکی زۆر سەرنجڕاکێشەر نییە کاتێک
” سەحەر خودایاری” کە لایەنگری تیپی فۆتبۆڵی “ئیستقلال”ی ئێرانەو بە خانمە شینپۆشەکە ناسراوبوو، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگیرێت و بڕیارە سزای بدرێت چونکە بە دزییەوە چووتە ژوور بۆ سەیرکردنی یاریی تیپی دڵخوازی خۆی. لە بەرانبەردا خانمی شینپۆش، بەر لە بانگهێشتکردنی بۆ بەردەم دادگا، ئاگری لە خۆی بەردا و خۆی کوشت. ئەو تێروانینە ئایدیۆلۆژی و فیکرییەی لە پشت بانگەوازی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە بوو، بە هەموو هێزی خۆیەوە لە زۆر جێگای دنیادا ، لەمڕۆدا کاری خۆیدەکات.
بە پێی راپۆرتیکی فیفا لە سالی 2007دا، ( million playing football 265)، نزیکەی 265 ملیۆن ئینسان لە ساڵی 2006دا یاری تۆپی پێیان کردووە. ژمارەکە لە پاش وەلامی 207 ولاتی ئەندامی ڕیکخراوەکەوە دێت کە وەک تۆمارێک داویانەتە فیفا. لە ناو ئەو ژمارە گەورەیەدا تەنها 26 ملیۆن کەسیان ژن بوون. بە پێی بەراوردێک لەگەڵ ساڵی 2000، تەنها 6 ملیۆن خانم زیادی کردووە.
ئەگەر دەربڕینی Rosabeth Moss Kanter بەکار بهێنرێت کە بە “رەگەزڕەنگرێژکردن” ناودەبرێت و بریتییە لەو: “سترۆکتۆرانەی کە ڕیگری لەبەرانبەر ئینساندا پێکدەهێنێ بە هۆی رەگەزیەوە”، یان بە زمانێکی تر، بەشێک لە سێکتەرەکانی کار و تەنانەت ئەو شوێنانەیشی کە دەکەونە بواری کاتی ئازادی ئینسانەکانەوە، هێندە ڕەنگڕێژی رەگەز کراوە، کە رەگەزی بەرانبەر زۆر ئاسان دەکاتە دەرەوە. بۆ نموونە قەسابی لە کۆمەلگای کوردستاندا هێندە نێرانە ڕەنگڕێژکراوە، کە زۆر سادە ژنان دەخاتە دەرەوەی ئەم ڕشتەیەوە بۆ ئەوەی وەک قەساب کاربکات. بەشێکی گەورەی کەرتەکانی بیناسازیش بە هەمان شێوە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت : ” ئینسان بەهۆی ڕەگەزی جیاوازیەوە، سنوورداری بۆ پێک دێت بۆ هەندێک کارو چالاکی کاتی ئازاد و پلەو مەقامی جیاواز لەسەر کاردا” .(1)
بۆ Moss Kanter ئەم دیاردەیە بە هۆی ئەو نیزامە کۆمەلایەتییەوە دروستدەبێت کە لە باری ستراکتۆرییەوە پلەو پایەکی زیاتر بۆ پیاوان فەراهام دەکات. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارانەی سەرەوە ئەوا هەستدەکرێت کە جیهانی فوتبۆڵ، جیهانێکی “رەنگڕێژکراوی رەگەزی”یە و هیچ بالانسێکی رەگەزی کە بریارە 60 بە 40 یش بێت، نایگرێتەوە. ئەو ژمارانەی سەرەوە نیشانی دەدات کە 10٪ کچان لە یاریەکانی فوتبۆلدا بەشدارییان کردووە و ئەمەش وادەکات کە سترۆکتۆرەکانی نێرێتی و سەردەستساڵاری پیاوان لە ئارەزوویەک و کارێکی وەک فۆتبۆلدا لە نایەکسانییەکی گەورەی نێوان ڕەگەزەکاندا دەهێڵێتەوە.

تۆپی پێ و نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان
ئەم پرسیارە، لە ولاتێکی وەک سویددا، سەدەها لێکۆڵینەوەی زانستی بەرهەمدەهێنێت و پرسیارگەلێکی وەک: ڕیگریە ستراکتۆرییەکانی بەردەم بەشداری زیاتری کچان لە کوێدایە، ڕۆڵی مێدیا لە بەرپرسیارێتی بۆ فراوانکردنەوەی ڕووبەرەکانی یەکسانی نێوان رەگەزەکان،لاپەرەی وەرزشی ڕۆژنامەکان چەندە یەکسانن لە ڕووماڵکردنی یارییەکاندا و خۆیان چەندە یەکسانن، ئەم پرسیارانە دەکاتە پرسیارێکی هەمیشەیی ئامادە لە کایەی وەرزشدا.
بۆمن ئەوەی خالێ سەرەکی نووسینی ئەم وتارەیە، نەک هەر بەشێکی کەمی ئەم پرسیارانەی سەرەوەیە لە پەیوەند بە دۆخی تۆپی پیی کچان لە کوردستاندا، بە لکو لە ونبوونی تەواوەتی هەر هەواڵێکە لە پەیوەند بەم جامی ئەوروپییەی کە بەردەوامە. بە کورتیەکەی سەرنجدان لە یۆرۆی کچانی 2022 لە ڕۆژنامەو ماڵپەڕی کوردیدا . بۆ زانیاری پەیداکردن لەسەر ئەوەی کە چەندە ئەم هەواڵە جێگایەک داگیردەکات، من سەردانی هەموو ئەو ماڵپەرانەدەکەم کە لە لینکی ماڵپەری “سپی مێدیا”دا دانراون. دەرئەنجامەکەی ئەم زانیارییە سادەیەیی خوارەوەیە.
لە ناو 101 ماڵپەری ریزکراوی “سایتەکان”ی ماڵپەڕی سپی مێدیادا، تەنها و تەنها لە لە رۆژنامەی “کوردستانی نوێ” و لە ڕۆژی 4:ی تەمووزدا ناونیشانی:” یۆرۆی كچان- 2022 دەستپێدەكات” دەخوێنرێتەوە.
ئەگینا خەبەرێک لە ئاراد نییە. ئەم سەرنجدانە لە سایتەکان لە ڕۆژەکانی 11ی تەمووزی 2022 تا 17ی تەمووزی 2022 بووە و ئەگەر سایتێک شتێکی تری دوای ئەم بەروارە بلاوکردبێتەوە، دەکەوێتە دەرەوەی ئەم باسە کورتەی من.
چی وادەکات ئەم هەموو دەستە ئیدارییەی سایت وڕۆژنامەو تەلەفزیۆنانە لە کوردستان هەواڵێک لەم چالاکییە گەورە وەرزشییە بڵاوناکەنەوە؟
لە کاتێکدا هەواڵی لە چەشنی:” لە قۆناغی یەکەمى نازناوی ویمبڵدۆن بۆ تێنسی سەر زەوی کە خەڵاتەکەی بە بەهای ١٦ ملیۆن دۆلارەو لە لەندەن بەڕێوە دەچێت لەسەر ئاستى خانمان سیمۆنا هالیپ بەرامبەر کارۆلینا موکوڤا یاریکرد” و وێنە سیکسییەکانی “ماریا شاراپۆڤا” بەشی سەرەوەی هەواڵە وەرزشییەکان داگیردەکات. تەنانەت ناوی یەک بەیەکی:” خەڵاتەکانی خانمە پاڵەوانەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی بەیژینگدا” بلاودەکرێتەوە.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لاپەرەی وەرزشی ئەم دەستگا مێدیایانە باش دەزانن کە هیچ کام لەو وەرزشانەی ئاوا تیشکی دەخرێتە سەر، بینەرێک و خوێنەرێکی گەورەی نییە. لە کاتێکدا تۆپی پێی پیاوان و ئارەزووی هەوالە وەرزشییەکانی ئەم گۆشە وەرزشییە لە ئاستێکدایە کە بۆ هەندێک لەلایەنگرانی تیمە ناودارەکانی فۆتبۆڵی ئەوروپی لە کوردوستاندا، دەستبردن بۆ چەکی لێدەکەوێتەوە و کوردستان دەکاتە جێگای بەرهەمهێنانەوەی فوندەمینتالیستترین لایەنگرانی تۆپ پێ.
من دڵنییام کە لاپەرەی وەرزشی سایت و ڕۆژنامەکانی کوردستان ، لە پرۆفیسیۆنالیزمێکی ئەکادیمی بیبەشن و ئەوەی دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، بەرهەمی خولیاو ئارەزووی کەسانێکە کە مەیلییان بۆ رووماڵکردنی ئەم جۆرە لە هەواڵ هەیە. بەوەیشی تۆپی پێ گۆرەپانی پیاوانە و مەیدانی کاری پیاوانەیە ، ڕشتەیەکی “ڕەنگڕێژکراوی” پیاوانەیە کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەم پێدا، چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەم ڕشتە وەرزشییە لە ئێستادا ناکەم بۆ ئەوەی ئەو مەیلە خۆرسکەی کە کچانی کوردستان هەیانە بۆ فوتبۆڵ بەهێزتر بکات و ئاڵوگۆڕێک لە تێروانینی کۆمەلگا دا پێک بێنت. بەلام چاوەڕوانیم لەو کەسانە هەیە کە توانای دروستکردنی سەرنجییان هەیەو هەموو ئەو ئیمکاناتانەیان لەبەردەسدتدایە کە جیاوازیەک دروست بکات کە لە دۆخی ئێستا نەچێت.
لە ولاتێکدا کە پرسیاری یەکسانی، یەکێک لە بەرپرسیاریەتەکانی مێدیایە، دەکرێ پرسیاری وەک:
چەند ڕۆژنامەنووسەکانی بەشی وەرزش ، سەیری رۆل و نەخشی خۆیان دەکەن لە پەیوەند بە پرسیاری یەکسانیدا بە تایبەت لە بەڕێوەبردنی لاپەرە وەرزشیەکانیاندا؟
ئایا ئەوان پێیانوایە کە بەرپرسیاریتییەکی یەکسانیخوازانەیان لەسەرشانە لە ڕووماڵکردنی کایە وەرزشییەکاندا، ئەگەر وایە، ئەم بەرپرسیارێتییە چۆن خۆی نمایشدەکات.
ئەوەی کە لە ئیستادا من دەیبینم، لە 101 ماڵپەر و وڕۆژنامەدا تەنها خەبەرێک لە یۆرۆی کچان بوونی هەیە، نێشاندەری ئەوەیە کە بەرپرسیاری سایتەکان و لاپەرە وەرزشییەکانیان، هێشتاش لە ساڵەکانی 1921ی ئینگلتەرەدا دەژین و پێانوایە تۆپی پێ تەنها بۆ پیاوانە. یان بە کوردییەکەی، فوتبۆڵی کچان وەک پیاوان خڕ نییە و بۆیە هیچ نیگایەکی ڕۆژنامەوانی ناچیتە سەر کە شایەنی ئاوڕلێدانەوە بێت.
من لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەم بە چەمکی یەکسانی دا کە ناچارم جارێکی دیکە بێمەوە سەری.
یەکسانی ئەوەیە: ” کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا”. ئەم پێناسە، سادەترین پێناسەیەکە کە سیاسەت لە سویددا لەبەرچاویدەگرێت.
بۆ ئەوەی ئاسانتر لەم دەربڕینە سادەیەی سەرەوەی چەمکی یەکسانی بگەین، ڕوونکردنەوەیەکی سادەی “Cecilia Ridgeway” بە پێویست دەزانم . سێسیلیا دوو شێوازی نابەرابەری ئاماژە پێدەدات بۆ ئەوەی ئاسانتر لە دەربرینی چەمکی یەکسانی بگەین. یەکەمیان ناودەبات بە “نابەرابەری کولتوری” و دووەمیشیان بە “نابەرابەری مەتریال”ی.
بە کورتیەکەی: بۆ ئەوەئ نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان دریژە بە ژیانی خۆی بدات، ئەم دوو نابەرانبەرییە پێویستن.
نابەرابەری یەکەمیان ” نابەرابەری کولتووری” لە سەرزەمینەی نۆرم و پێشداوارییەکان ڕاوەستاوە و دووهەمیشییان لەسەر دەسەلات وکەرەستەکان . ئەم دوو نابەرابەرییە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییەک لە بواری مەقامدا یان ستاتوس(نابەرابەرییەکی کولتووری)، یاخود بەرهەمهێنانەوەی جێگاورێگایەکی چینایەتی (نابەرابەرییەکی مەتریالی).
” بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێک لە نابەرابەری کولتوریدا پێک بێت، دەبێ ئاڵوگؤڕێک لە نابەرابەری مەتریالیدا ڕووبدات. یانی ئاڵوگۆڕێک لە دەستڕاگەیشتن بە کەرەستە و دەسەلاتەکاندا ڕوویدا بێت. کاتێکیش ئاڵوگۆڕێک بەئەنجامگەێنرا، زەمەنێکی دەوێ تا نیگای ئینسان لەبەرانبەر هەلومەرجی واقعیدا ، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت” (3)
لەمڕۆدا و لە ئەوروپادا ئەم گۆرینی پارادیگمە لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچانەوە بە زەقی هەست پێدەکرێت و کڕێی بەرزی یاریزانە لێهاتوەکانی کچان و تەرخانکردنی بوودجەیەکی گەوەرەی مێدیایی بۆ پەخشی یارییەکان و دروستبوونی لەشکرێکی باش لە ڕۆژنامەنووسانی کچان و فەراهامکردنی سەدەها یانەی وەرزشی و گۆرەپانی گەورە ، وەک نیشانەکانی فراوانبوونەوەی سنوورەکانی یەکسانی لەم بوارەدا سەرنج دەدرێ.
ئەم ئاڵوگۆڕە، هەم زەڕبەیەکی لە نابەرابەری کولتوری داوە و تێروانینی ملیۆنەها ئینسانی بۆ تۆپی پیی کچان گۆڕیوە و هەمیش دەستی بەو کەرەستە مەتریالە مادییەدا گەیشتووە کە لەسەر بنەماکانی ئەو بتوانێت هەنگاوی گەورەتر بهاوێژرێت.
لە دۆخی کوردوستاندا، من دڵنیام کە ئێمە ڕووبەڕووی هەمان باری سیستەمی قانونی نین لە پەیوەند بەو ڕێگرییە قانوونیانەی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە نایەلێت کچان بچنە ناو یاریگاکانی فوتبپڵینەوە و سەیری یاری بکەن، بەڵام دڵنیاشم کە ڕێگرییە کولتورییەکانی کە لەبەردەم کچاندان بۆ بەشداریکردنێکی زیاتر لە هەموو بوارەکانی وەرزشدا ، لە دەمی تیژی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئیران تیژترە. سەرنجدانیش لە نابەرابەری مەتریاڵی لە کۆمەلگای کوردستاندا، نیگایەکی تیژی پێویست نییە.
کچان و پیاوان لە کوردستاندا بە مانای وشە لە هەردوو بوارەکانی ( نابەرابەری ماددی و کولتوری)دا دەبێت خەباتێکی هەمەلایەنە پێکەوە ئەنجامبدەن تا هیچ نەبێت هەواڵی گەورەبوونی ئەم یارییە بەو هەموو گەنجەی ئاشقی فتبۆلە بگەێننن و لە پاڵ میسی و ڕۆناڵۆکانی خۆیاندا، ئایدلە کچەکانی خۆیان وەک ڕینیشنادەرێکی نموونەیی لەبەرچاودا بێت.
کاتێک نێتفلێکس زنجیرەی ” The Queen’s Gambit” نیشاندا کە سەبارەت بە Beth Harmon و چۆن ئەو لە خانەی بێدەرەتاناندا و لە ژێرزەمینی ئەو شوێنەدا لە ڕێگەی کابرایەکی عەبووسی وەک میستەر شەیبلەوە فێری یاری شەترەنج دەبێت و دەبێتە ناوێکی گەورەی جیهانی، ئارەزوو بۆ فێربوونی یاری شەترەنج لە وڵاتگەلێکی زۆردا گورو تینێک بەخۆیەوە دەبینێت کە وێنەی نییە.
بۆیە ونبوونی سەرنجدان لە هەوالەکانی تۆپی پیی کچان لەم دۆخەی ئیستایدا، نەک هەر شەقتێهەڵدانە لە پرەنسیپە ئینسانییەکان، بەلکو درێژکردنەوەی کولتوری بە سووک تەماشاکردنی تۆپی پیی کچانە و تێکشکاندنی ڕۆحیەتی ئەو کچانەیە کە دەیانەوێت وەک کوڕانی هاوڕییان لەم گەمە گەورە کۆمەڵایەتیەدا بەشدار بن.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2022-07-17

  1. Filip Edvardsson, Felix P. 2018 , Samma sport, samma guld, olika kön, Linnéuniversitet
  2. Cesar Fältskär, Felix Tornberg och Karl Andersson، 2020، Ingenting avgörs här، det bara låter så”JMC
  3. Joakim E, 2019, Varför är läkterna så tomma på damernas matcher, Malmös Universitet



سەبارەت بە ئێکۆسۆسیالیزم… وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: هێمن ئەمانی – فواد

مارکسیسزم و ئێکۆ سۆسیالیزم
مارکس بازنەی سەرمایەداری لە سێ پیتدا کورت کردۆتەوە: “م-س-م”. ڕەوتی بەرهەمهێنان بە پارە “پوڵ” واتە “م” دەست پێدەکات. ئەم پارەیە بۆ بەکارهێنانی کرێکاران، سەرچاوە سروشتییەکان و پیشەسازی بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی کاڵا “شتومەک” سەرمایەگوزاری دەکرێت واتە “س”. دواتر ئەو کاڵا بەهەمهێنراوانە بە نرخێکی زیاتر لە تێچووی سەرەتایی خۆی دەفرۆشرێتەوە کە ئەمەش بە واتای “م” دێت. شێوازی گۆڕانی کۆی پارەی تێچووی سەرەتایی بۆ پارەیەکی زیاتر، لە نهێنی چەوساندنەوەی کرێکاردایە ئەو کاتەی کە سەرمایەدار “خاوەنی پارە” حەقدەستێکی کەمتر لە نزخی ئەو کاڵایەی کە کرێکار بەرهەمیهێناوە دەدات بە کرێکاران. لەگەڵ ئەوانەشدا زێڕاندن و بەهرە “قازانج” کێشاندنەوە لە سروشت و زەوی بەشێکی جیانەکراوە و گرنگە لە خوێنی سەرمایەداریدا بۆ بەردەوامبوون و گەشە….

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن…




یادەوەرییەکی جاویدان… شیعری شاعیری ئۆکرانی/ کاتێرینا بابکینا

شیعری شاعیری ئۆکرانی Kateryna Babkina
کاتێرینا بابکینا

وەرگيڕانی: بەکر ئەحمەد

پیشکەشکراوە بەو سەدان ئینسانانەی لە خرۆشانی “مەیدان”دا گیانیان لەدەستدا.

پێشەکییەکی کورت:
یەکەم جار، ئەم شیعرەم لە هەفتەی یەکەمی دەستپێکی شەری روسیا لە ئۆکرانیادا لە بەشی کولتووری ڕادیۆی سویدەوە گوێ لێ بوو. زۆر سەرسامیکردم. خۆپیشاندانەکانی مەیدانی ئۆکرانیا سەرچاوەی ئەم شیعرەی کاتیرینایە. ناوەڕۆکە ئینسانیی و پرسە وجودییەکانی ناو قەسیدەکە لەوە گەورەترن بانگەوازی ئایدیۆلۆژی سەبارەت بەو بزووتنەوە سیاسییەی لە مەیدانی کیڤ دا گووزەرا، وامان لێبکات شیعرەکە نەخوێنینەوە.
ئەم شیعرە لە رۆژنامەی ” یۆتێبۆری پۆستن” لە رۆژی 11ی مارسی 2022 دا بلاوکراوەتەوە
وەرگێرانی لە سویدییەوە بۆ کوردی: بەکر ئەحمەد
”Evig hågkomst” – dikt av Kateryna Babkina | GP

کاتێک لەبەردەستی مەرگدا ڕادەکشێی، لەبیرت بێت
کە هەمیشە چاکە دەیباتەوە
گەرچیش لە ئەوەڵدا، دەکرێ وا نەیەتە پێش چاو
لە بیرت بێت
کە لانی کەم لە شوێنی تر، درەختی خۆڵەمێشی و جۆگەی شەکراو بوونی هەیە
ئەوەی بۆ هەمیشە دەبێتە هی تۆ، هەر ئەوەیە کە دەیبەخشیت
ئەگەرچی هەموو رووناکییەکی تۆ هەر ئەوە بێت

خۆشەویستی نە زەندەقی کەسێ دەبا و نە ئازاری کەسێ دەدا
ئەگەرچی تۆ لە خۆشەویستیدا، ترسی بێ ئامان و ژان دەورت دەدا
تۆ تێفکرە , بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکەیەوە
کە لە دوای تۆش، خەڵکانێک دەژین و دەمرن
کەسانێک کە نازانن تۆ هەشبووبی

بۆیە کاتێک کە وەختت هات
بۆ تۆ، چاوەڕاونکراو بووبێ یان نا
لە شارێکدا، کە لە ئاگردا دەسووتێ
لە وڵاتێکدا کە داوای زۆرت لێ دەکات
لە یادتدا، ناوی هەموو ئەوانە بژمێرە خۆشت دەوێن:
ئەوانەی لە عیشقدا بە شوێنپێکەی تۆدا دەڕۆن
چاوەکانت مەنووقێنە!
یادەوەرییەکی جاویدان:
تێپەڕینی تاڵە شەبەنگ بە گشت کاتدا، دەنگی ناسک لە هەوا دا
دەنگی شین کاڵ
بریسکەیەکی ئاڵتوونی لە نیگای چاوانی دیدا
بۆیە کاتێک لە بەردەمی مەرگدا ڕادەکشێی
گۆرانییەکی بێدەنگ بچرە:
ژیان دەبێتەوە بە ژیان وەک چۆن دەریا دەبێتەوە بە باران
سووڕێکی بە بێ کۆتایی
یادت نەچێ
ناوی ئەوانەش بهێنی کە قەت بۆ تۆ گرنگ نەبوون
ئەوانەی خۆشیان نەویستی یان چاویان پێتەوە نەبوو
ئەوانەی لە رۆژەکانی میحنەتدا، دەستیان بۆ درێژنەکردی
دۆعایەکیش بۆ ئەوانە بکە
کە بە سۆزەوە پێیان ئەوترێ دوژمن
بۆ بەدەکان ، هەروەها بۆ دڵڕەقەکان
بۆ ئەوانەی، ئەوە نین کە دەبوو ببن
بۆ ئەوانەی لە تۆ ناچن
نەکەی ئەوانەت لەبیرچێ کە لە کێڵگەن، ئەوانەی وا لە دەریادان، وان لە باخچە
یاخود ئیستا لە سینەمان
ئەوانەی لە ڕێدا دەکەون، ئەوانەی خۆ فڕێ دەدەنە خوارەوە و ئەوانەی بە چیچکانەوەن،
ئەوانەی درۆ دەپەیڤن، ئەوانەی یەکەم رۆژیانە لە دایەنگا،
ئەوانەی
کێک دروستدەکەن
کۆت و شەڵواریان کڕیوە
پەنجەرەیەکیان شکاندووە،
وەفاداربوون بە پەیمانەکانی خۆیان،
ئەوانەی نازانن روو لە کوێ بکەن یان بە کام ریگادا بگەڕێن
بە ناوی خۆیانەوە بانگیان بکە!
تا ناوی کەسیانت لە بیر نەچێ
بانگی ئەوە بکە تەنیایە و
ئەوەی سەقفی ماڵمان بۆ چاکدەکا
ئەوەی هەموو رۆژێ ماشینەکەی بە هەڵە لە پارک ڕادەگرێ و
ئەوەی لەسەر لای ڕاست دەنووێ
ئەوانەی قاڵدرمەکان لە سەهۆڵ پاکدەکەنەوە و
ئەوانەیشی قەشمەرییان بە ترسییان کرد و لە جەنگدا مردن

لەسەروی تۆوە، مۆمێک دەسووتێ
لە ژوورەکەتدا بێدەنگییە و لە دەرەوەیش هەر هەمان شت
تۆ ئێستا ڕوون، بێکێش و سەربەهیج کەسێک نیت
تۆ لە مێشوولەیەک بچووکتری
لە شەونمیش زۆر ناسکتر
سا بڕژێ رووبار!
بپشکوێ تۆو!

بۆ ئەوەی لەسەرتەوەیە، چاوبگێڕە!
یادت نەچێ
نەکەی نەتوانی ناویان بێنی
دەربارەی ئەوانیش بدوێ
بۆ وانیش، هەمان شت بخوازە!

بەکر ئەحمەد



کاتێک بێدەمووچاوەکانی کۆمەڵگای تورکی ڕووخساری خۆیانمان پیشاندەدەن.. نووسینی بەکر ئەحمەد

“یادەوەری بێ کێشە نییە، چونکە ئینسان کاتێک یادەوەری بانگدەکاتەوە، ئەوا بۆ پێداویستییەکی هەنووکەییە. ڕابردوو لە ڕێگای هەلومەرجەکانی هەنووکەوە خۆیمان دەداتەدەست بۆ تێگەیشتن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە یادەوەری دووبارە لە فۆرمدەرێتەوە. بۆیە مێژوو و یادەوەری هەمان شتمان پیشاننادەن. ” (1)
دەستپێکردنی من لێرەوە بۆ سەرنجدانە لەو مێژووە ڕەشانەی کە گروپێک برینێکی قوڵ لە جەستەی گروپێکی دیکەدا دروستدەکات و ئەم ڕووداوە دەبێتە یادەروریی و میژوویەک کە هەردوولا، تاوانبار و تاوانلێکراو لە دوو گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەرنجی دەدەنێ.

کورد چۆن لە ئەنفا ل دەڕوانێ ، هاوڵاتییەکی عەرەبزمان چۆن دەیبینێ. کورد چۆن لە یەزیدیەکان دەڕوانێ و ئەوان چۆن لە ئێمە، جووەکان و ئەڵمانییەکان. ئینسان دەکرێ لیستێکی درێژ بنووسێتەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئەم گروپە جۆراوجۆرانەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە خوێن و فرمیسک لە نێواندایە.

کۆششی من لەم نووسینەدا ، سەرنجدانە لە پەیوەندی نێوان هاولاتی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی ناو تورکیا لە گەڵ هاولاتیانی تورکدا، ئەویش بە سەرنجدان لەو دراما تورکییانەی کە لە نێتفلێکس و پلاتفۆرمەکانی دیکەی پەخشکردنەوە دا دەبینرێن. نەک ئەو دراما تورکییانەی کە لە تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە دۆبلاجکراون و پەخشدەکرێن.
بۆ سەرنجدان لەم درامایایە، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم پێویستە سەبارەت بەو چوارچیوە تیۆرییانەی کە لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا سەروکارییان هەیە، ئەویش چۆنێتی مامەلەکردنە بەم رووداوانە لەلایەن گروپە جۆراوجۆرەکانە . بە کورتییەکەی هەڵبژاردنی کامە ستراتیژی بەکاردەهێنرێت بۆ ئاوڕدانەوە لە کردەوەکانی گرووپی خۆ کاتێک مێژووی گرووپ خوێناوی و ئازارخوڵقێنەرە بۆ ئەندامانی گروپی بەرانبەر. کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی یان “ئازاری ویژدان” وبە نوستالژیاوەباسکردن لەو ڕووداوانەی کە ڕویانداوە، دوو ستراتیژی ناسراون بۆ مامەلەکردنی گرووپە دەستدرێژیکەرەکان بە مێژووی خوێناوی خۆیان. ئایا ئەوەی لەم درامایانەدا دەبینرێت، دەکرێ جۆرێک لە کۆششێکی هێزە زیندووەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا بێت بە مێژووی خویناوی ئەم ولاتە کاتێک حەرامەکانی دوێنێ ناخرێنە ناو مەملەکەتی حەرامەکانەوە و بە دەنگ و رەنگی خۆیانەوە، ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە لە ڕۆژگارێکی تردا بۆیان نەبووە بیکەن. با سەرنجێکی خێرا لە هەردوو چەمکی نۆستالژییا و ویژدانناڕەحەتی بدەین و دواتر بگەڕێینەوە بۆ لای پرسیارەکانی سەرەوەمان.

ویژدانناڕەحەتی:
کاتێک گروپێک دەستدرێژی دەکاتە سەر گروپێکی دیکە، هەمیشە ئامادەیی ویژدانناڕەحەتی، یان ئەوەی بە کوردی پێیدەوترێت “عەزابی ویژدان”، ئامادەییەکی گرنگی هەیە لەلای گروپی دەستدرێژیکەرەوە. ئینسان پێویستناکات خۆی بەشداریکەرێکی چالاکی ئەو کردەی دەستدرێژکردنە بیت. بێگوومان ئەمە بە مەرجێک کە گروپی دەستدرێژیکەر ئەوەی قبوڵکردبێت کە گروپەکەی خۆی کارێکی قێزەونی ئەنجام دابێت. ئەم هەستی ویژدانناڕەحەتییە لە داعشێکدا ناکرێ بوونی هەبێت کاتێک سەبایاکردنی کچانی یەزیدی بە ئەرکێکی ئاینی لە قەلەمدەدات، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵکی ئەلمانی لەمڕۆدا، مێژووی هۆلۆکۆست و ئاوشوفیتس، ویژدانێکی ناڕەحەت لە ئاستیی گروپدا دروستدەکات، ئەوەی کە پێی دەوترێت ویژداننارەحەتی کۆلێکتیڤی.
“مایکڵ هۆڵ” و”نیللا برانکۆمبی” و “یاخیل کلار” پێیانوایە کە : هەستکردن بە نارەحەتی ویژدان، پێویستی بە 4 هەلومەرجی تایبەتی هەیە.

یەکەم: چەند تاک خۆی دەبەستێتەوە بە گروپی دەستدرێژیکەرەوە یاخود نا
دووم: چەند تاک پێیوایە گروپی دەستدرێژیکەر بەرپرسیاری ئەو ڕەفتارەیە کە مەبەست بووە زیان بە گروپی دووم بگەێنێ.
سێیەم: ئەوەی کە تاک پێیوابێ زیانی بەرکەوتووی تەرەفی ئەوبەر ناڕەواو نائەخلاقیی بووە
چوارەم: ئەوەی کە تاک درک بە قورسی و تێچووی ئەو زیانە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی هەلەیەک کە کراوە.
لای نووسەرانی سەرەوە، سێ شێوازی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی تێروانینی بەرپرسیارێتی گروپی خۆ کە زیانی بە گروپی بەرانبەر گەیاندووە، کەمترین هەستی ویژدانناڕەحەتی لای گروپی خۆ بەرهەمبێنێ.

بە کورتی هەستنەکردن بەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە شتێکی گرنگ بووە.
یەکەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە نیگای لەسەر زیانی لێکەوتووی گروپی بەرانبەرە لە جیاتی ئەوەی چاوی لەسەر هەلەکانی گروپی دەستدرێژیکەر بێ. بەمەش نیگای سەرنجلەخۆدان تا دێت بچووکدەبێتەوە.
دووم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەو زیانەی گروپی بەرانبەر دوەچاری بووە لە پێشداوەرییەکانی خۆیەوە سەرنجدەدا کە گروپی بەرانبەر چ تایبەتمەندییەکیان هەبووە یان نا.
سێیەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەوەی ڕوویداوە دەخاتە سەر چەند دانەیەکی جیاوازی گروپی بەرانبەر کە گوایە بە هۆی ئەوانەوە ئەنجامدراوە.
لە ڕیی ئەم سێ دۆخەوە ، هەمیشە گروپی دەستدرێژیکەر بە شوێن ئەوەوەیە کە هەستی ویژدانناڕەحەتی خۆی کەمکاتەوە و چاو لە تاوانەکانی گروپی خۆی بنوقێنێ.

ئەوەشمان بیرنەچێت، داننان بە زیانی گروپی بەرانبەردا و قبوڵکردنی ئەوەی کە گروپی خۆ کردەوەیەکی نائینسانی ئەنجامداوە، ستراتیژییەکی ترە، دووبارە بۆ کەمکردنەوەی هەستی کۆلیکتیڤی ویژدانناڕەحەتی گروپی دەستدرێژیکەر وەک لە کەیسی دادگاییەکانی روواندا و ئەمڕۆی کۆمەلگای ئەڵمانیدا دەبینرێت.
نوستالژیا
یەکێك لەو نیگایانەی تر کە ئینسان سەرنجی ڕووداوە مێژووییەکانی دیکەی پێدەدا، نوستالژیایە. لای “سڤێتلانا بۆیین” ” ئارەزوو و تاسە بۆ ماڵێک کە لە ئێستادا بوونی نییە و یاخود قەت بوونی نەبووە، بەشێک لە جومگە ناوەکییەکانی هەموو نوستالژیایەکە. نوستالژیا تاکە شێوازێک نییە کە تاک سەرنجێکی سۆبژێکتیڤی لە ڕابردوو پێدەدەدات، بەڵکو ئەم نیگایە بەوە دەناسرێتەوە کە هەمیشە بە جومگەی پۆزەتیڤی ژیان ڕازێنراوەتەوە و وێنەیەکی کەم پۆزەتیڤ تر لە ئێستا دەنەخشێنێ. “
تیۆری نوستالژیاش، بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ پرسیاری کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی دەستەجەمعی دەکات و لە دۆخی دەرپەڕاندن و ناچاربەکۆچکردنی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکاندا سەرنجی پرسیاری پێدراوە.
ئەم ڕوونکردنەوە درێژەی من لێرەدا سەبارەت بە چەمکی ویژدانناڕەحەتی و نوستالژیا بۆ سەرنجدانێکی تارادەیەک خێرای چەند دانەیەک لەو زنجیرە تورکیانەی سەر بە پلاتفۆرمەکانی پەخشکردنی (نیتفلێکس)ە کە لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا وەک کارە سەرکەوتووەکانی دراما تورکییەکان سەرنجی دراوەتێ . لە ڕێی ئەم درامایانەشەوە ، سینەما و درامای تورکی لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوایەتیدا بەرزڕادەگیرێت.
سەرنجدانی من لە م زنجیرانە ، لە گشتییەتی ڕووداوەکانی ناو دراماکاندا نین، بەلکو نیگایە لە دەمووچاوە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکی کە تا زەمەنێکی درێژ لە ناو ئەرشیفە کڵۆمدراوەکانی دەوڵەتدا تووندکرا بوون و وقسەکردن لەسەر هەر یەکێکییان، بە زیندانیکردنی خاوەنی قسەکەر تەواو دەبوو.
ئەو گروپانەیشی کە جیگایەکی تایبەت لەم زنجیرانەدا داگیردەکەن، کورد و گرێکی و جووەکانی تورکیان.
ئایا بێدەنگکردنی کورد و قەدەغەکردنی زمانەکەیان و ناوبردنی ئەوان بە تورکی چیا لە زەمەنێکی دوورەوە، چ ئاڵوگۆڕێکی لە زەینی ئینسانی تورکدا دروستکردووە و دەرکەوتنی گۆرانی کوردی و چیرۆکی کوردی لە زنجیرە دراما تورکییەکاندا، چەندێک دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەیەکی گروپێکی دەستدرێژیکەرەوە لەبەرانبەر گروپێکی دەستدێژیلێکراودا؟
جوولەکەکانی ئیستانبوڵ چۆن دەرکران، شەوی شەش لەسەر حەوتی ١٩٥٥ چییان لە یۆنانییەکانی ئەستەنبوڵکرد، ئەمانە بەشێک لەو دەستدرێژییە خوێناویانەن کە کۆمەلگای تورکی و ئیلیتی کولتوری تورکی لە مەملەکەتی”قەدەغەکان”ی تورکیادا دووبارە دەنگ و ڕەنگییان پێداداتەوە و دەیانخاتەوە بەر نیگا . نەک هەر نیگای گرووپی خۆ، بەلکو لە ئاستێکی فراوانی نێونەتەوایەتیدا بە جیهان دەڵێ: ئاوامانکردووە.

درامای Ethos یان : Bir Başkadır

“ئێتۆس” کە ناوهێنانی دراماکەیە لە نیتفلێکسی سویددا، یەکێک لە دراما هەرە جوانەکانی ئەم پلاتفۆرمەیە. لە تورکیادا و لە کاتی نیشاندانی ئەم زنجیرەیەدا، کۆمەلگای تورکی بە ئاستێکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە جەزبدەکات.
چیرۆکی دراماکە ، نیشاندانی کۆمەڵێک دەمووچاوی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکییە بە خەون و پرسیارە سادە ئینسانییەکانی خۆیانەوە. یەکێک لەو روخسارە ئامادانەی ناو دراماکە کچێکی کوردی دەرونناسە کە خوشکێکی مەزهەبی هەیە و لە دوو گۆشەنیگای تەواو دژبەیەکەوە لەبەریەککەوتنێکی هەمیشەییدان. خێزانێکی کورد کە لە گۆشەیەکی ئەستەنبوڵدا ژیان بەسەر دەبەن و دایک و باوکێک کە کە هێندەی شاتە شات و قنەشەڕی کچەکانییان هات و هاوار لە ماڵەکەدا دروستدەکات، هێندەی کاتەکانی تر سەر قاڵی کوڕێکی گەورەی خۆیان دەبنەوە کە بە هۆی نەخۆشییە ئاوتیستییەکەیەوە، دایک و باوکی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە. تا ڕۆژێک لە دەنگدەرهاتن دەکەوێت و تەنها گۆرانی باوک دەتوانێت بیخاتەوە ناو جیهانی قسەکردنەوە.
ئینسان کاتێک کلیپی سووکایەتی ئیلیتی فاشیستی تورکیا دەبینێت لەبەرانبەر هەواڵی بە کوردی گۆرانیوتنی “ئەحمەد قایە”دا لە ساڵی 1999دا کە چ کاردانەوەیک دروستدەکات، هەستدەکات کە گۆرانییەکی کوردی لە م دراما گەورەیەی تورکیادا، کە تیکستەکەی و ئاخاوتنی دایک و باوک کە بە کوردی قسەدەکەن و بە ژێرنووسی تورکی پیشانی بینەری تورکی دەدرێت، چ تەزوویەک بە ناخی ئینساندا دەهێنێت. رەنگە هیچ ڕەخنەگرێکی ئەوروپی لە کۆڕاڵی بەرزنرخاندنی ئەم پرۆژە تەلەفیزیۆنییەدا چاوی نەچوبێتە سەر ئەم دیمەنە چەند خولەکییەدا، بەڵام مێژووی بە تورکی چیا لەقەلەمدانی کوردەکانی تورکیا و قەدەغەکردنی ئەم زمانە و زاردەربڕینی ئەم زمانە لە یەکێک لە دراما گەورەکانی ئەم ولاتەدا، کۆتایی زەمەنێکە کە مەگەر “داگیرکردنی تاریکی” بەختیار عەلی دەربڕی بێت.
زنجیرە درامایەکی دی کە بە تورکی بە “عەتییە” ناو دەبرێت و لە زمانی ئینگلیزیدا بە The Gift ناسراوە و کەش و هەوایەکی تەواو کوردی دەخاتە باکگراوندی ڕووداوە سەرەکییەکانی خۆیەوە. دراماکە لە دەوری دۆزینەوەی ئەو پاشماوە شارستانیەی کە لە تورکییەکەیدا بە “گوبڵی تەپە” دەناسرێت و دەکەوێتە 15 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئورفەوە دەسوڕێتەوە، کاتێک نیگارکێشێک بە شوێن دۆزینەوەی نهێنی ئەو ڕەمزە تایبەتییەوە کە لە تابلۆکانی خۆیدا دەردەکەوێت و ئەم ڕەمزەیش بەشێک لەو وێنانەیە کە لەسەر بەردەکانی گۆبڵی تەپەدا دۆزراونەتەوە. چیرۆکێک کە لەسەر خەیاڵێکی زانستی بنیاتنراوە.
بەڵام ئەوە بە تەنها کورد نییە دەگەڕێتەوە ناو مێژووی ئەمڕۆی تورکیا، بە ڵکو لە زنجیرە درامای “گۆبەنخانە” یان لە زمانە بازاڕییەکەیدا “مەلها” دا کە بە ئینگلیزی بە The Club پێناسەکراوە، جووەکانی تورکیا و گرێکییەکانی ئیستەمبوڵ لە سەنتەری ئەو رووداوانەدان کە قسەسەکردن دەربارەیان وەک زمانە قەدەغەکراوەکەی کوردی بووە و ئەوەتانێ لەم دراما سەرکەتووە جوانەدا بەشێک لە مێژووی چۆنێتی دەرپەڕاندنی جووەکان و قەتڵ وعامی گرێکییەکانی سالی 1955 دەبێتە تەوەری سەرەکی ڕووداوەکان.

بەڵام هۆی چییە کە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا دێنەوە سەر شانۆ لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی لە مڕۆدا ئامادەیی هەیە پرۆژە ناسیونالیستتیەکەی ئەتاتورکی لە بەرگێکی ئاینییەوە پۆشاوە و ئەمجارەیان لە ناو پرۆژەیەکی ئایینی دیدا بە شوین خەونە ناسیونالیستییەکانی تورکیاوەیە؟
بەبڕوای من، لە هەر لایەکەوە وەڵام بەم پرسیارە بدرێتەوە، ڕەهەندی سیاسی ئەم وەلامە هەمیشە ئامادەیی هەیە. ئەوە چاوکاڵی کورد نییە لە دراما تورکییەکاندا بە کوردی دێیتە ئاخاوتن و جووەکان باسی چۆنێتی دەرپەراندنیان و گرێکەکان باس لە ناخۆشترین شەوەکانی خۆیان دەکەن لە پێنج و شەشی سێپتیمبەری ساڵی 1955دا. لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر، ئەم دووبارە گێراندنەوانە لە زمانی نەتەوەی سەردەستەوە دەهێنرێتە سەر شانۆ، تا هەردوو لایەنی کێشەکە لێی بڕوانن.
بە کورتییەکەی، ئەوە کورد نییە لە بێزمانخستنی خۆیدا بۆ گۆرانییەک دەگەڕێ حەکایەتی زمانداربوونی خۆی بگێڕێتەوە، بەلکو ئەوە نەتەوەی سەردەستە کە لە چرکەیەکی مێژوویدا، ئەم زمانە قەدەغەکراوە دەخاتە سەر شانۆ و لە ڕیگای وەرگێرانی وشەکانیانەوە، هاولاتی تورکزمان لە ناوەرۆکی گۆرانییەک ئاشنا دەکات.
بە بڕوای من، کاتێک بە شێک لە هاوڵاتییانی ئەمڕۆی شاری ئەستەنبوڵ پەلاماری کۆمەڵێک گەنجی کورد دەدەن کە بە کوردی گۆرانی دەچڕن، ئەو بەشە لە دید و بۆچوونی کۆمەلگای تورکی دێتە پەیڤین کە خوازیار بووە پرسیاری بێزمانکردنی کورد، وەک ئەو پرۆژە سیاسییەی ئەتاتورک بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت. ئەم دیدە بە هەمان شێوە لەمڕۆکەی کۆمەلگای ئەلمانیدا ئامادەیی هەیە کە پرۆژەی قەتڵوعامی جووەکانی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە ڕێگاچارەیەکی زۆر ئاسایی دەزانی بۆ کۆتاییهێنان بە مەشغەڵە کۆمەلایەتییەکانی سییەکانی ئەلمانیا و لە خەون و خەێاڵێکی نوستالژیایانەدا، ئومێدی هێنانەوەی دوێنێی هەیە بۆ ئەمڕۆ. بەڵام هاوکاتیش دەنگێکی بەرزتر و گەورەتری ناو کۆمەلگای ئەلمانیش دەبیستین کە دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەی خۆوە لەبەرانبەر ئەو تاوانە گەورانەدا کە لە زەمەنی جەنگی جیهانیدا ڕوویداوە.
بە بڕوای من، دەرکەوتنی کورد بەم ئاستە لە دراما تورکییەکاندا، دەکرێ وەک پرۆسەیەکی ویژدانپاککردنەوەی نەتەوەی سەردەست بێت لە بەرانبەر دەستدرێژیکردنە سەر کەمایەتییەکی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکیدا کە بە خۆیی و زمانەکەیەوە ڕاوەستاوە و لە گۆرانیپەیڤینی خۆی نەکەوتووە. چەندێک ئەم پرۆسەی ویژدانناڕەحەتییەی ئینسانی تورک و ویژدانپاککردنەوەی خۆ لە گوڕو تینی خۆیدایە، دەکەوێتە سەر بەرابەرکێی ئەو دوو تێروانینە ی کە لە بەرانبەر چۆنێتی مامەلەکردن بە ڕووداوەکانی ڕابردووە، دەکرێ چۆن هەڵوێست بنوێنرێت؟

بەڵام ئایا یۆنانی و جووەکان کە لە مڕۆدا قەوارەیەکی گەورەی سیاسی پێکناهێنن، بە هەمان مەغزای داوالێبووردنکردنەوە دێنەوە سەرشانۆ وەک چۆن پرسیاری ویژدانناڕەحەتی ئەم دەستدرێژییە مێژووییە دەیهێنێتە پێش، یان ئەوان دەهێنرێنەوە سەر شانۆ وەک نوستالژیایەک بۆ زەمەنێکی پێکەوەژیانی فرەکولتووری کە لەمڕۆدا نەماوە بەڵام زەبروزەنگێکی خوێناویشییان بەرانبەر بەکارهێنراوە؟ وەک چۆن جووەکانی سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان لە پرۆسەیەکی نوستالژیئامێزدا باسێان لێدەکرێت . بە بڕوای من ئەوان لەمرۆدا لە نوستالژیادان، چونکە بە عەمەلی لێرە نین. ڕەنگە ئەم جۆرە مامەڵەکردن بە قوربانییەکانی دوێنێ بۆ هێنانەوەیان وەک نوستالژیایەک، ڕێگایەکی دیکە بێت بۆ مامەلەکردن بە مێژوویەکی خویاناوی و داننان بە تاوانەکانی دوێنێدا.

بە بڕوای من، شتێک لە کۆمەلگای تورکیدا ڕوویداوە کە هەتا بلیی ئومێدبەخشە. بۆیە هەر موتیڤێکی سایکۆلۆژی یان سیاسی لە پشت دەموچاونیشاندانی بێڕووخسارەکانی دوێنێی کۆمەلگای تورکییەوە هەبێت، ئەمڕۆ ئەو ڕووخسارانە لێرەن تا ڕابردووە خوێناوییەکەی خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە.

نووسینی بەکر ئەحمەد
20220116

*1 Åsa Berntsson · 2010 — Minnet av 6-‐7 septemberhändelserna. -‐ istanbulbornas minne av upploppet mot den grekiska minoriteten. By: Åsa Berntsson.




زرنگانەوەیەکی دوورەدەست لە ناو دێرەکانی “شیرم بە تووتک حەڵال بێ”وە.. بەکر ئەحمەد

23 ی حوزەیرانی ئەمسال، گەشتی ژمارە 4978ی “رایان ئەیر” لە نێوان ئەسینا و ڤیلنیوس دا ناچار بە نیشتنەوە دەکرێت لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی مینسک دا.
بە پێی هەوالەکانی دەوڵەتی ڕوسیای سپی، هەڕەشەیەک لە ناو فرۆکەکەدا هەبووە و ویستراوە کۆنترۆلی دۆخەکە بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئۆپەراسیۆنەکە مەغزایەکی دیکەی لە پشتەوە بووکە ئەویش گرتنی “ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ” بوو، گەنجێکی رۆژنامەنووسی چالاک و دەرکەووتوو لە پەیوەند بە رووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی بیلاروس دا.
لە ڕاستیدا کردەوەی ناچارکردنی نیشتنەوەی فرۆکەیەکی مەدەنی بەمشێوەیە ودیلکردنی کەسێکی ئۆپۆزسیۆنی بیلاروس لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە کردەوەی چەتەکانی دەریا دەچێت، بەلام ئەمجارەیان وەک کردەیەکی چەتەیی لە ئاسماندا.
بۆ رۆژی دوایی، لە کەناڵێکی دڵسۆزی دەسەلاتەوە رۆمان پرۆتاسیڤیچ دەردەکەوێت و باس لە مامەلەی باشی پیاوانی ئاسایش دەکات و داوای لێبووردن دەکات.
من کە دیمەنەکە دەبینم، بێتاقەتی دامدەگرێت. لەناو جەرگەی ئەوروپادا و نمایشکردنی شانۆگەرییەکی هێندە قێزەون و سووکایەتیئامێز بە ئینسان، جێگای نەفرەتە.
بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەم هەستی ڕق لە سیستەم و دەسەلاتدارێتی دەوڵەتی بیلاروس و هاوخەمی و هاودەردی لەگەڵ ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ دا، گێڕەرەوەی حەکایەتێکی هەتا بڵێی دڵتەزێنی عێراقم بیردەخاتەوە لە پەیوەند بە مامەلەکردن لەگەڵ گیراوەکانی ناو زیندانەکانی عێراقدا. یانی هەمان مامەڵەیەک بە زیندانییەکان و ناچارکردنییان بەوەی ئەوە وتانە دووپاتبکەنەوە کە دەسەلات خوازیاری بیستنییەتی. بەتایبەت لە دۆخی شیعرە بەناوبانگەکەی “موزەفەر نەواب”دا کە ناوی “پاکانە”یە. بەڵام سەیر ئەوەیە من تا پێش نووسینی ئەم وتارە، پێموانەبووە لە بەرانبەر ڕووخسارێکی پاکانەکردووی ناو شیعرەکەی نەواببدا ، هاوسۆزییەکم نیشاندابێ و وشەکانی دایکی کەسی پاکانەکردوو کە دەڵێ:

شیرم بە تووتک حەڵال بێ
نەک بەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ

وەک هەڵوێستی دایکێکی شۆڕشگێڕلە یادەوەریمدا هەڵگیراون.

سەرگوزشتەی شیعری “پاکانە” دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگارێک کە حوکومەتی عێراق لەبەرانبەر وازهێنانی ئەندامانی حزبی شیوعی عێراقدا، پاکانەیان لێوەردەگرتن و لە رۆژنامەکانی دەوڵەتەوە بلاودەکرایەوە کە فلانە کەس وازهێنانی خۆی لە رێزەکانی حزبی شیوعی ڕاگەیاندووە. بێگوومان ئەم پاکانانە هەروا بەسەر زیندانیەکاندا فەرزنەکراوەو هەموو کولتووری ئەشکەنجەدانی خۆرهەلات لە پشتییەوە ئامادەیی هەبووە. شیعری پاکانەی “موزەفەر نەواب” هیچ شتێک نییە جگە لە هەڵڕشتنی ڕق و کینەیەکی گەورەی کۆمەلایەتی کە لە زمانی دایک و خوشکی گیراوەوە دێتە سەر زارلە بەرانبەر کوڕ و کچەکانی خۆیاندا ئەگەر پاکانەیان پڕبکردایەتەوە.
بە کورتییەکەی، ئەگەر من و هەزاران خەلکانی دیکە هاوپشتی و هاوسۆزی بۆ کەسێکی گیراوی زیندانەکانی بیلاروس نیشاندەدەین و پێمان وایە کە کردەوەیەکی هەتا بڵێێ سووکایەتیئامێزە کاتێک کەسێک لەژێر فشاردا ناچاربکرێت دان بەشتێکدا بنێت کە خۆی خوازیاری نییە و لە ژێر هەرەشە و گوڕەشەدا ئەنجامدراوە. بەلام لە دۆخی گیراوی ناو زیندانەکانی دەسەلاتدارێتی عێراقدا ، ئەوانەی پاکانەیان کردووە وەک چۆن رۆمان پرۆتاسیڤیچی بیلاروسی کردوویەتی؛ ئەوا ڕووبەڕی ناشیرینترین سووکایەتی و پرۆسەی دەرکردنی کۆمەلایەتی دەکرێنەوە و شیعری پاکانەی موزەفەر نەوواب دەبێتە مانیفێستی ئەم جنێو و سووکایەتیپێکردنەی پاکانەچییان لە ڕێگەی خۆشەویستترین کەسانیانەوە کە دایک و خوشکی گیراوەکانن.
سەیر ئەوەیە ئەم شیعرەی موزەفەر نەواب لە ڕێگای وەرگێرانە سەرکەوتووەکەی “دڵشاد مەریوانی”یەوە و خوێندنی ئەم شیعرە بە گۆرانی لەلایەن ژمارەیەکی زۆری گۆرانیبێژانی کوردەوە، دەربڕێنی : شیرم بە تووتک حەڵال بێ، نەک ئەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ، کردۆتە دەستەواژەیەکی هێندە کۆمەلایەتی گەورە کە ناتوانرێ و ئیمکانی نییە هاوسۆزییەکی ئینسانی لەبەرانبەر کوڕەی پاکانەکردوودا پەیدابکرێت. تەنانەت لە ناو بازنە نزیکەکانی خێزانیشدا کە دایک و خوشکی گیراون. ئەو تێروانینەی کە موزەفەر نەواب لەم شیعرەدا بە گوێی خوێنەریدا دەدات، بەر لەوەی دید و تێڕوانینێکی تایبەتی ئەو بێت بۆ سەرنجدان لە قوربانییەکی دەستی ڕژێمدا، تێڕوانینی باو و ترادیسیۆنی زاڵی کۆمەلگایەکە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی شۆڕش و شۆڕشگێرو قارەماندا. من تا ڕووخساری رۆمانم لە تەلەفیزیۆنەوە نەبینی، ئەم شیعرەی موزەفەر نەوابم لە سووچێکی گەورەی یادەوەرییەکانی خۆمدا پاراستبوو و بە چاوێکی پر لە سەرسامییەوە سەرنجم لێدەدا. بێ ئەوەی یەک لەحزەیش چاوم بچیتە سەر ڕوخساری کوڕێکی پاکانەکردوو و کە چ هەستێکی تیا دەبزووێ وەختێ دەسەلات و دایک و خوشک و هەموو کۆمەلگا لەبەرانبەریدا سەنگەریانگرتووە و جگە لە مردن هیچ ڕیگاچارەیەکی دیکەی پێ رەوا نابیینن.
بەلام لە دوای رووخسارە خەمناکەکەی پرۆتاسیڤیچەوە، شیعرەکە لە بەرگێکی دیکەدا دێتە بەرچاوم. کۆششی من لەم وتارەدا، نیشاندانی ئەو ڕووخسارە ڕاستەقینەیەی دەموچاوی کەسی پاکانەکەرە وەک قوربانیەک ئەگەرچی ئەو وەک تاکێکی شۆڕشگێر گیراوە و ناچاردەکرێت دەست لە ئینتیما شۆڕشگێڕییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە ژێر فشاردا. دیدێک کە لەسەرتاپای قەسیدەکەدا ئامادەیی نییە و هەموو دێرەکانی قەسیدەکە دەبێتە دەنگی جەللادێک کە دەکرێ لە سەر کورسی دەسەلات دانیشبێت، یاخود دایکێک یان خوشکێک و کۆمەلگایەک بێت کەلە لەدەرەوەی زیندانە. تاکێکیش کە تەنیا و تەنیا لە بەرانبەر هەموویاندا، سەرشۆڕ راگیراوە .
سەرەتا با سەرنجێک لە هەندێک بەشی شیعرەکە بدەین.

قسەی دایک
کوڕم نائومێدم نەکەی
ڕەنجی ژینی کوللەمەرگیم بەبا نەدەی
ڕۆڵە نەکەی ورە بەردەی
ڕۆڵە نەکەی بە مەرهەمی خۆفرۆشی
زامەکانت ساڕێژ بکەی
زامدارێک خاوەن ورە بێ.. زامەکانی دژی مەرگ
وەک ڕەشەبا، وەک برووسکە.
وەک گەردەلوول دەگرمێنن
مەرهەمەکان ڕەفز دەکەن
سارغییەکان ڕەت دەکەنەوە و نەفرەت دەکەن
مەرهەم و سارغییان تەنیا ئاگر و ئاڵای شۆڕشە
هەڵمەتی سەخت و هێرشە
باوانەکەم، برینەکانت ئەوانە مەرهەمیانە
نەک «پاکانە»
چونکە دەڵێن:
بە بیانووی نان پەیداکردن
بۆ برسێتی ژیانی من
پاکانە پڕ دەکەیتەوە
وا هاتمە لات لە خۆمی ببیستە ڕۆڵە
شیرم بە تووتک حەڵاڵ بێ
نەک ئەو کوڕەی پاکانەی لە خەیاڵ بێ
کوڕم من حەز دەکەم گەڕ بم لە چڵکانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم بمرم لە برسانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم چاوەکانم کرمەڕێز بن لە زیندانا
بەڵام کوڕەکەم بەر نەبێ بە پاکانە
ڕۆڵە ئەوەی پاکانە پڕ دەکاتەوە
دووبارە کۆست دەخاتەوە
شەهیدەکان لە نوێ شەهید دەکاتەوە
ناوی پاکانە نەهێنی
سەرباری ئەم زەبوونییەم نەکەی شەرەفم بشکێنی
ڕۆڵە نەکەی ڕێگەی خۆت و هاوڕێکانت بیر چێتەوە
بمگووشە توند بە خۆتەوە
تەماشای پرچەکانم کە هەموو سپین
هۆن هۆن هەمووم هۆنیوە بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین
بڵێ دایە.. سوێند بێ بەو پرچە سپییانەت
دڵۆپ دڵۆپ سوێند بێ بە شیری حەڵاڵی ئەو مەمکانەت
تۆ دایکمی سەری دایکێک نانەوێنم
بە شیری گۆشی کردبم
بینای حزبێک ناڕووخێنم
بە خوێنم گۆشم کردبێ


قسەی خوشک:
کاکە گەرمی و ساردی هەموو زیندانەکانم چەشتووە
هاتوومە لات، جنێو و تف و نەفرەتی
یاساوڵم بە داوێنم هەڵگرتووە
نزا و نزام ڕژانۆتە ژێر پۆستاڵی ژەندرمەوە
شیشی ژەنگاوی زیندانم بە زمانم لستۆتەوە
کەچی ئەنجام لە سووچی ڕۆژنامەیەکدا بە
پاکانە پڕکردنەوە
پاداشتەکەم دەدەیتەوە؟
ئەو خەڵکەش بیخوێننەوە!
هەتا ماوین قێز و بێزمان لێ بکەنەوە
بەبنی پێڵاوی نەفرەت شەرەفمان بپلیشێننەوە
ئاوا پاداشتی ئازار و شەونخوونی
من و دایکم دەدەیتەوە؟
چۆن لە ڕووم دێ بچمە لای ئەو
خوشکانەی کە چاوەڕوانن
تۆڵەی جەرگی سووتاویان بۆ بسێنی
وا هاتمە لات، لە خۆمی ببیستە کاکە
من حەز دەکەم ڕووم ڕەش کەیت و پرچەکانم بقرتێنی
بەڵام هەرگیز ناوی پاکانە نەهێنی
کاکە چی بکەین، بیر بکەوە کاکە چی بکەین؟
مەگەر زەوی قووتمان بدا
مەگەر ئاسمان هەڵمانکێشێ
ئەگینا چۆن لە ڕوومان بێ
دوای پاکانە، ڕوو نیشانی خەڵکی بدەین؟
لە ئاستی ژنی گەڕەکدا سەرهەڵبڕین؟
چۆن باست کەین؟
چۆن لایلایە بۆ تاقانەکەی خۆت بکەین؟!
کە تۆ هەموو گیانت پیسی بێ، سەرشۆڕی بێ
کاکە گەر ئەوە نیازتە بۆ لای ئێمە نەیەیتەوە
سیکتر.. سیکتر
پاکانەی ناو ڕۆژنامەکە و خۆشت.. سیکتر
ئێمە پیاوێکمان بۆ چییە.. کە پارچەیە
پیاوەتی پێشێلکراوی جەریدەیە
هەر بە ڕۆژنامەکەی لای خۆت
بێ ئابڕوویی و سەرشۆڕی خۆت بپێچەوە
هەتا تۆ هەی لە زەلکاودا بتلێرەوە
بەڵام هەرگیز بۆ لای ئێمە مەیەرەوە
چۆن پاکانە لە گەل دەکەی
ئێمەش هەروا پاکانە لە ناوت دەکەین
دەڵێین ئەی گەل: ئەم سەرشۆڕە چاوان پڕ لە زەلیلییە
کوڕمان نییە، کاکمان نییە کەسمان نییە

ئینسان پێویستی بە ڕیزکردنی هەموو ئەو دەربڕینانەی سەرەوەی نییە بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم پرۆسەی سوکایەتی و بێشەرەفنیشاندانەی کور و برای خۆ تێبگات کاتێک دەگەیتە کۆتایی قەسیدەکە.

بەڵام بۆچی قوربانی دەبێتە شوێنی سوکایەتی؟ بۆچی لە نەبوونی ئازادییە سیاسی و ئازادی بەیان و هەموو ئەو ئازادیانەی تردا تاکەکانی کۆمەلگا باجێکی تری نەبوونی ئەم ئازادییانە بدەن کاتێک کەسێکی دیکە کە دەسەڵاتە وەفادار نییە بە جێبەجیکردنیانەوە؟ سەیر نییە کەسێک هیچ دەرفەتێکی بۆ قوربانیی نەهێشتووەتەوە و بە هەموو هۆکارێک تێکی دەشکێنێ کە چی کۆمەلگایەک دێت و ئەم جەستە و ڕۆحە تێکشکێندراوە لەناو سووکایەتیدا نووقومدەکات و هێندەی دی لە ژێر فشارە کۆمەلایەتی و رۆحیەکاندا دۆزەخێکی دیکەی بۆ قاندەدات ؟
سویدییەکان دەڵێن: ئینسان بە تەنها دایک و باوکی مندالەکانی نییە کاتیک هەموو شتێک لەسەر سکەی خۆی دەڕوات. بەلکو ئەم بەرپرسیارێتی دایک و باوکایەتییە بە هەمان شێوە دەبێ ئامادەیی هەبێت کە شتەکان وا ناڕۆن وەک ئەوەی دایک و باوک دەیانویست وا بێ. بە کورتییەکەی، منداڵەکان ئەو کاتانە خۆشەویستییان پێویستە کە کەوتوون و دەکرێ کارێکی قێزەونیشیان ئەنجامدابێت.
چی وادەکات ئینسان سەربەرزە بە ئەندامبوونی کوڕو کچەکەیدا لە ڕیکخراوێکدا و و کاتێک لە ژێر فشاردا دەشکێنرێت ئیدی کوڕو کچی تۆ نییە؟ بۆ دەبێ نووکی ڕەخنە لە بەرانبەر دەسەلاتدا کول بێت و ئەم بارانی نەفرەتە بەسەر قوربانییەکاندا ببارێنریت؟
ئەوەی لە شیعری پاکانەدا دەبینرێ، تف و سوکایەتییەکانی دەسەلات و کۆمەلگایە لەبەرانبەر تاکێکدا کە بڕیار بوو بۆ ڕزگارکردنی کۆمەلگا و لەبەرانبەر دەسەلاتدا بجەنگێ. کاتێکیش لە ژیر فشارەکانی دەسەلاتدا لە ئینسانییەتی خۆی دەخرێت و تێکدەشکێنرێت، کۆمەلگاش هێندەی دی دڵڕەقانە لە تێکشکاندنی ئەودا درێغی ناکات.
ئەم شیعرە هێندەی نیشاندانی تف و قامچی و سووکایەتییەکانی دوو جەللادە لە بەرانبەر قوربانییەکدا، کەمتر وەک بانگەوازێکی شۆڕشگێرانە دەکرێ سەرنجی لێبدرێ وەک ئەوەی کە جێگاوڕێگای ئەم شیعرە لەناو زمانی کوردی و عەرەبیدا باسیلێدەکات.بە تایبەتی کاتێک پێتوابێ ئەوەی ناچار بە دەربڕینی پاکانە و تۆبەکردن دەکرێ قوربانییەکە و دەبێ وەک قوربانییەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. ئینسانی قوربانی پێویستی بە کۆمەک و باوەشێکی ئاواڵەیە تا بەسەر تراوماکانی خۆیدا زاڵ بیت و حورمەتی ئینسانی خۆی بۆ بگێڕدرێتەوە.
بە قسەی سویدییەکان: تۆ لە دوای پاکانەپڕکردنیشتەوە هەر کورو کچە ئازیز و خۆشەویستەکەی ئێمەیت.
بەڵام دیدێکی واهی بۆ سەرنجدان لە کەسی ناچارکراو بە پاکانەکردن لە دوێنێ و ئەمڕۆی عێراقدا دەکرا ئامادەیی هەبیت؟ بە بڕوای من دەکرا هەبێ.
وەلامی من بە ئەرێ بۆ پرسیارەکەی سەرەوە، لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئینسان لە هاوکێشەی نێوان شۆڕش و شؤڕشگێڕدا ، چەندە دەکرێ وەک ئینسان بهێڵرێتەوە و نەکرێ بە کائینێکی سەروئینسانی و بکرێتە سوپەرمان. ئینسان بە ترس و دڵەراوکێکانییەوە. بە ئازایەتی و تۆقینەکانییەوە، نەک تەنها بە کونلەجەرگدانەبوون و خۆڕاگرییەکانییەوە. تاکی شۆڕشگێر دەکری بە پێوە تەقە بکا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا و بەڵام لەبەرانبەر مشکێکدا کوون نەبێ خۆی تیابشارێتەوە. بەڵام تێڕوانینی ئینسانی سۆپەرمان لە کایەی شۆرشدا بە هەموو باڵەکانی چەپ و ڕاستی عێراقەوە، بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەوە خالێ هاوبەشە و ئەگەر لەململانێکانی نیوانیاندا کوڕ و کچەکانی یەکدی بکێشنە بەر پەتی سێدارە، بەلام لە تێروانینیاندا بۆ تاکی شۆرشگێڕ، ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نییە.
ئەوە چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگاو حزب و دەوڵەت و شاعیرە کە کردەی پاکانەکردن لە ژێرفشارەکانی دەولەتدا دەکاتە پەتی سیدارەیەکی تر و قوربانی لە بێدەنگیدا دەخنکێنێ. لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە پێیوایە تاکی شۆڕشگێڕ لە خەسلەتە ئینسانییەکانی خۆی خراوە و کۆمەلگا چاوەڕوانییەکی دیکەی لێی هەیە.
بە بڕوای من، لە شیعری پاکانەی موزەفەر نەواببدا، زەڕرەیەک لە شۆڕشگێربوون نابینرێتەوە کاتێک قوربانی لە نێوان بەرداشەکانی دوو جەللادا، هەر یەکە و بە هۆکاری تایبەتی خۆی لە کوشتنی ئەودا، بەیەکەوە لەکاردان.

شیعری پاکانە لەم لینکەی خوارەوە وەرگیراوە

https://books.vejin.net/ck/text/28236

بەکر ئەحمەد
2021-07-07




یەک دیمەن و دوو نیگا.. بەکر ئەحمەد

دیمەنی یەکەم:
لە ماڵە گەوەرەکەی حاجی سەعیدی خەراجیانیداین لەسەر شەقامی کەریمی عەلەکە. ئێوارەیەکی درەنگی پاییزە و ماهیرەی حەمە تۆفیق بە قابلەمەیەکی پڕ لە ئاوی گەرمەوە دەگاتە بەردەم بەلووعەی حەوشەکە . من خەریکی گۆرەوی شتنم. ماهیرە لەولامەوە، لە ژێرلێوەوە بیسمیللایەک دەکات و قابلەمە ئاوە گەرمەکە دەڕێژێتە حەوزۆچکەی ژێر بەلۆعەکەوە.
حاجی ئامینی خاوەنماڵ دیمەنەکە دەبینێت و لە کۆمێنتاریکی گڕداردا کە لە دڵ دەدات دەلێ: کوێرایت دابێ! خۆ تۆ دایکی کۆشێ منداڵیت. بۆ دەتەوێ منداڵەکانت شێت و شەپۆڕ بن. بۆچی وەک بەشەر بیسمیللا ناکەیت و ئەو بەڵایە لە کۆڵی خۆت و منداڵەکانت ناکەیتەوە. مەگەر نازانیت لەگەڵ ڕشتنی ئاوی گەرمدا دەبێ بیسمیللا بکرێت تا جنۆکەکان لە خۆت نە ئاڵۆزێنێ؟
ماهیرە بە زمانێکی میهرەبانانە ترەوە دێتە وەڵام و دەڵێ: بڕوا بکە بیسمیللام کرد، رەنگە تۆ گوێت لێنەبووبێ!
ئەی جنۆکەکان چۆن گوییان لێ بێت کاتێک من لە تەنیشتتەوە گوێم لێ نییە؟ کچم من بۆ خۆتمە. سووتاندن و ئازاردانی یەکێک لە جنۆکەکان کارەساتی خراپی لێکەوتۆتەوە و من نامەوێ تۆ وەک دایکی کۆشێ منداڵ، دووچاری ئەو حەرامزادانە بیت.
گێرانەوەی حەکایەتی جۆراوجۆری فلانە دایك کە ئاوی ڕشتووە و بیسمیللای نەکردووە و یان وەک دۆخەکەی ماهێرە بیسمیللاکە نەتوانراوە ببیسترێ، بە شێتبوونی کوڕ و کچەکانی تەواو بووە ، بەشێک لە قسەکانی حاجی ئامینە کە کاتێکی زیاتری بەردەم بەلوعەکەی ئەوئێوارەیەی من داگیردەکات.

دیمەنی دووەم:

“هاوین لە کەناڵی یەک”ی ڕادیۆی سوید، بەهێزترین بەرنامەکانی ڕادیۆیە لە سویددا. هەموو ساڵێک کۆمەلێک ناو و کەسایەتی گەورە و بچووک لە پرۆگرامێکی سەعاتیدا، بابەتێکی تایبەتی ژیانی خۆیان دەگیڕنەوە کە ملیۆنەها لە خەلکی سوید وادار بەگوێگرتن دەکەن و لە رۆژنامە گەورەکانی سویدەوە رانان و لێکۆڵینەوە بۆ قسەکەرانی هاوینی سوید دەکرێت.
لە سێی ئابی 2021 یە ئەمساڵدا، سەرەی “تاریق تایلەر ساڵح” بوو. یەکێک لە ڕووخسارە ناسراوەکانی چیشتلێنان لە سویددا. ئەوەی کە لە زمانی کوردیدا بە شێف بانگدەکرێن لەمڕۆدا.
لە سەرەتای بەرنامەکەیدا کە قسە لەسەر کاریگەریجێهێشتنی رووداو و کەسایەتییەکانی دەوروبەری ئێمەن لەسەر خودی ئینسان خۆی، تاریق سەرگوزشتەیەکی سەیر دەگێڕێتەوە کە واهییە.
لە پایزی 2013 دا ، تاریق لە گەڵ تیمی تەلەفیزیۆنی سویددا، بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تایبەتی خواردندروستکردن دەچن بۆ شارۆچکەی “یۆک موک” . لەوێ لەگەڵ “گرێتا هوڤا” کە یەکێک لە ناودارەترین شیفەکانی خواردنی “سامەکانە” کە کەمایەتییەکی ئەتنی باکوری سکاندیناڤیان، بە تەمان بەرنامەیەکی تایبەتی دروست بکەن.

بەهۆی هەندێ گرفتی هات و چۆووە، تۆمارکردنی بەرنامەکە دەخرێتە رۆژی دوایی و بەڵام کردەی خواردندروستکردن لە جەنگەلەکانی “یوک موک”دا تا ئیوارەیەکی درەنگ درێژە دەکێشێت.
تاریق دەڵێ: گریتا خواردنێکی تایبەتی سامەکانی دروستکرد. کولاندنی پەتاتە لە خوێوئاودا و بەکارهێنانی بەشێک لە خویوئاوی پەتاتەکە بۆ شلەیەکی تایبەتی و رشتنی بەشی زیادەی خوێوئاوی پەتاتەکە لە دارستانەکەدا.
تاریق دەڵێ: کاتێک گرێتا لە پیشمەوە ڕێیدەکرد بۆ ڕشتنی ئاوەگەرمەکەی ناو قابلەمەکەی دەستی، ئەو دانەوییەوە و ورتە ورتێکی لێوە هات. پێموت: هیچ تێنەگەیشتم، چیت وت؟
تاریق دەڵێ: گرێتا وتی: شتێکی وانەبوو، تەنها بەو خەڵکە وردیلانەی ژێرگژوگیای بەردەمی خۆم وت کە ئاگاداربن!ئێستا ئاوێکی لەکوڵ بەڕێوەیەو ئاگایان لە خۆیان بێت!
ئەوەی کە تاریق لەبەرنامەکەدا دەیگیڕیتەوە ئەم گۆشەنیگایەی گرێتایە بۆ پەیوەندی نیوان ئینسان و سروشت: کە ئێمە سەروەری سەر ئەرز نین و ئینسان لە پەیوەندییەکی هارمۆنیئاسادا لەگەڵ سروشتی دەورووبەری خۆیدا دەبێ پەیوەندی بسازێنێ و رێز بۆ ئەم پەیوەندییە دابنێ. ئەوەتانێ کار و کردەوەکانی ئینسان کاریگەری لەسەر دەوروبەر جێدەهێڵێت و ئینسان ناچاردەکات بە چاوێکی دیکەوە لەم پەیوەندییە بنواڕێ. هەموو جەدەلی ژینگە و گەرمبوونی پلەکانی گەرمای سەر کۆی زەوی لەسەر تێکچوونی ئەم پەیوەندییەی نێوان ئینسان و سروشت لەمڕۆدا ڕاگیراوە و لە دایکبوونی دیدێکی هیومانیستی ئیکۆلۆجیانە لەبەرانبەر سروشتدا، دەهێنێتە ئاراوە.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سامەکان و کوردەکان بە دوو خەلکی نزیک لە سروشتەوە دەناسرێن.
کەچی لای ئەوان ڕشتنی ئاوی گەرم دەبێتە دووبارەسەرنجدانەوە لە پەیوەندی نێوان خودی ئینسان و دەوروبەری و تێروانینێکی ئینسانی تر دەخاتە بەردەمی ئینسان کە هەموو کاروکردەوەیەکی ئەو کاریگەری لە دەوروبەر دادەنێت و ئینسان دەبێ ئەم پەیوەندییە بپارێزێت.
لای کوردیش هەمان دیاردە، دەبێتە کاردانەوە لە بەرابەر چۆنێتی خۆپاراستن لە بەرنابەر دوژمنێکی نەبینراودا. ئیتر جێگاو ڕێگای ئەم ئینسانە لە ناو سروشت و دەوروبەرەکەیدا ، لە بەرانبەر ئەو جنۆکانەیشی کە دەکرێ موسوڵمان بن، هیچ مانایەک پەیدا ناکات.

بەکر ئەحمەد
2021-07-06




دانیشتن لەناو کتێب دا، داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی.. ڕانانی: بەکر ئەحمەد

کاتێک ( تشارلی مارلۆ)ی پالەوانی ” دڵی تاریکی” ( جۆزیف کۆرنارد) لەسەر کەشتی هەڵمینی “یاوڵین”، بە ناو روباری کۆنگۆدا بەڕێوەیە بۆ ویستگای سەرەوەی کۆمپانیای کۆڵۆنیاڵی یەکێک لە کۆلۆنییە ئەوروپییەکان، ئەو مەبەستییەتی چاوی بکەوێ بە نوێنەری کۆمپانیاکە کە میستەر کۆرتزە و لەوێ نیشتەجێیە. بەلام وردە وردە هەستدەکات کە شتەکان لەشوێنی خۆیاندا نین. لەوێ چی دەگوزەرێت و چی دەکرێ، دەبیتە کرۆکی وەسفکردنی کۆرنارد بۆ ئەم سەفەرەی کە لە کتێبێکی بچووکدا، گۆشەیەکی کەمی ئەم کۆلۆنییالیزەکردنەی بەشێکی ئەفریقامان نیشاندەدات.
“دڵی تاریکی” بە یەکێک لە کلاسیکە گەورەکانی ئەدەب لە قەلەمدەدرێت بۆ نیشاندانی جومگەیەکی بچووکی پرۆژەی کۆلۆنیالیزم لە کۆنگۆدا. پرۆژەیەک کە لەسەر دەستەمۆکردن و بنبڕکردنی “ئەوی دی” کێویە کە لەدەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپای سپی و شارستانیدا نیشتەجییە، تا بە پێی تێڕوانینەکانی پیاوی سپی، دەستەمۆ بکرێ و بکرێتە کەسێکی شارستانی.

میستەر کورتز:” پاڵنەرێکی سەرەکی هەیە کە ڕق و ئاروزووە لە بەرانبەر ئەوی دی کێویدا. ئەو نزیکی خۆی لەگەڵ دانیشتوانی خۆماڵی ناوچەکەدا وەک ئاکتێکی سێکسی سەیردەکات و تەنانەت سنوورەکانی ئارەزوویەکی رێپێدراوانە دەبەزێنێ. ئەو بەرلەوەی سەفەری کۆنگۆ بکات، لە وتارێکدا دەنووسێ کە چۆن پیاوی سپی دەتوانێ ژیانی ئەفریقا و هاولاتییەکانی بگۆریت. بەڵام لە دوا بەشەکانی رۆماندا، پێشنیارێک بۆ میتۆدێک دەخاتە بەردەم. میتۆدەکەش هیچ نییە جگە لە سێ وشە: Exterminate all the brutes. . بە کوردی: هەمو شەیتانەکان بنبڕبکە!” (1)
” سڤێن ڵیندکڤیست” لە کتیبە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە هەمان ناونیشانی پەیامەکە سێ وشەییەکەی میستەر کورتزی کۆرناردە لە دڵی تاریکیدا، جەختدەکاتەوە لەوەی کە پرۆسەی هۆلۆکۆست لە ئاوشویتزەوە دەستپیناکات و ئەم تێروانینە بۆ ئینسان کە لە کوورەکانی ئینسانسووتاندندا جێی بۆدەکرێتەوە، قووڵ بە مێژووی ئەوروپادا ڕۆچووە.
بە کورتی: “دڵی تاریکی” کۆرنارد، نیشاندانی دید و تێروانینێکی راسیستی کۆلۆنیالیستەکانە لە بەرامبەر ئەوی دیدا، ئەوی کیوی، ئەوی ناشارستانی کەمن لە خوێندنەوەمدا بۆ (داگیرکردنی تاریکی) بەختیار عەلیدا پیویستم دەبێت.
“بەختیار عەلی” لە (داگیرکردنی تاریکی)دا (2) وەک جۆزیف کۆرنارد، ئەم پرۆسەی سەرنجدانە “لەوی دی” لە شوێن و جوگرافیایەکی دیکەدا دەکاتە تەوەری یەکێک لەو رۆمانە گرنگانەی کە پرسی کەمایەتییەکی ئەتنی و کۆشس بۆ سڕینەوەی شووناسی ئەو لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی نوێدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستی تورکیادا ، بە هەمان پێوەرە ئایدیۆلۆژییەکانی میستەر کورتزەوە، دەخاتە بەردەستی خوێنەر. بە کورتییەکەی: ئامادەیی پرۆژەیەکی “راسیستی زانستی” بۆ مالیکردن و دانانی “ئەوی دی” یان ڕاستتر ” ئەوانی دی” لەو دیو سنوورەکانی پێکەوەبوونێکی کۆمەلایەتیدا کە دروستکردنی جمهورییەتی تورکیای نوێ دەیهێنێتە پیش. بە بڕوای من، ئەم گۆشەنیگایە بۆ سەرنجدان لە کەیسی کوردەکان لە تورکیادا وەک ئەوەی لە “داگیرکردنی تاریکی”دا نیشاندەدرێ، دیدێکی تازەیە و دەچیتە دەرەوەی ئەو تێروانینە باوەی کە لەسەر ناسیونالیزمی کوردە. ئەم خاڵە دەکرێ وەستانی زیاتری لەسەر بکرێت و ڕوونکردنەوەی زیاتر بەشوێن خۆیدا بێنێ.
ئەمجارەیان “تاریق ئاکانسۆ” دەبێتە جێگرەوەی “میستەر کۆرتز” و خۆرهەلاتی تورکیاش دەبێتە رووباری کۆنگۆ. بەلام سەفەر هەر هەمان سەفەرە و دوا ئامانجیش هەر هەمان شت.

بورجی بابل
” هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ رۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار دۆزیەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ئینجا بە یەکتریان گوت: وەرن با خشت دروست بکەین و تەواو سووری بکەینەوە. ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان : وەرن با شارێک بۆ خۆمان دروست بکەین لە گەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین ، تاکو بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرت نەبین. بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لە لایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین. بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات. ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیاتنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناو نرا بابل. چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرتی کردن” (3)
ئەمەی سەرەوە یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی تەوراتە لە پەیوەند بە دروستکردنی بورجی بابلەوە. لەم چیرۆکەدا خوا پەیوەندییە زمانەوانیەکانی نێوان ئینسان دەشێوێنێت و “بەلبەلە” دەخاتە نێوان ئاخاوتنیانەوە تاکو لە یەکتری تێنەگەن. بە مەبەستی ، وەک لە تێکستەکەدا ئاماژەی پێدەکات، بڵاوەپێکرنیان و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی دیکەدا تا فرەزمانی و دروستکرنی تیرە و قەبیلەی جیاوازتر بێتە بەرهەم. بێگوومان ئەمە لەبەر ڕۆشنایی تێکستێکی مێژووی نووسراودا کە لە پیرۆزی ئاینەوە دەئاڵێنرێت.
بەڵام چەندەها سەدە لە دوای لافاو و نیشتنەوەی کەشتی نوح وەک دەڵێن لە کێوی “ئارارات” و بلاوەپێکردنی خواوەند بۆ ئینسانەکان کە لە ئێستادا بە زمانی جۆراوجۆر قسەدەکەن، لە رۆژگاریكی واهیدا، دەسەلاتێکی سیاسی دێت و ئەم ڕیسەی خواوەند دەکاتەوە بە خوری و بە نیازە دۆخەکە بگێڕیتەوە بۆ ئەو زەمەنەی یەکزمانی باڵی بەسەر زەویدا کێشابوو.
“داگیرکردنئ تاریکی”، چیرۆکی کۆششی دروستکردنی یەک زمانییە لە تورکیای کەمالییەکاندا لە ڕێگەی لێسەندنەوە و بیربردنەوەی زمانی کوردییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لەم وڵاتەدا.
ئەوەتانێ ڕێک لە مایسی ساڵی 1945دا، “تاریق ئاکانسو”، یەکێک لە پالەوانە سەرەکییەکانی (داگیرکردنی تاریکی) بە مەئمورییەتێکی تایبەتی لە ئەستەنبوڵەوە ڕەوانەی باشووری خۆرهەلاتی تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی، یەکزمانی بکاتەوە بە ئامرازی ئاخاوتنی تیرە و قەبیلە جیاوازەکانی مەملەکەت.
ئەو بەرلەوەی بێت: ” چاوی بەسەرۆک کۆمار عیسمەت ئینۆنۆ کەوتبوو، دانیشتنێکی درێژ و داخراوی لەگەڵیدا سازکردبوو، فەرمان و هێزی لێوەرگرتبوو زمانی تورکی لە هەموو خۆرهەلات و باشووری خۆرهەلاتدا بچەسپێنێت. “
تاریق ئاکانسۆ بە وەرگرتنی ئەم مەئموریەتە تازەیەی، بەرپرسیارێتی وەک بەڕیوەبەری لیژنەی ئەمنیەتی زمانەوانی کۆتایی پێدەهێنێت. ئەو لە کارە کۆنەکەیدا وەک فەرمانبەری لیژنەکە، فەرمانی بوو لە ” ریگای پاککردنەوەی زمانی تورکییەوە لە هەموو وشەگەلێکی بیگانە، زەمینە بۆ دروستکردنی ولاتێک سازبکات، رەگەزێکی سافی تورک تێیدا نیشتەجی بێت ، بێ هیچ رەگەزێکی تێکدەر و خوێنی پیس و عەقڵێکی جوداخوازانە.”
ئەو کاتێک لە ئەستەنبوڵەوە بەرێکەوتبوو، بەو هەست و زانیاریانەوە هاتبوو کە : ” لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنەسەختەکانی خۆرهەڵاتی تورکیادا هێشتا ئەو خێلانە دەژین کە گەشەو ئیرتیقای تەواویان نەکردووە. “
فێرکردنی ئەم خێڵە نیشتەجێبووانەی خۆرهەڵاتی تورکیا بۆ شارستانی نوێ و ئیرتیقاپێدانیان، ئەو هێڵە سوورەیە کە بە جەستەی ئەم ڕۆمانەدا دەچێتەخوار و لەگەڵ چوونەپێشەوەی ڕووداوەکاندا، ئەم دیدە ڕاسیستییەی ئاکانسۆ ڕۆشنتر دەبێتەوە و خوێنەر هەستیپێدەکات.
ئەوەتانێ، “عەدنان عاریف پاشا” لە دانیشنێکی هاوڕییانەدا لەگەل ئاکانسۆدا، پێیوایە هەر بەتەنها سڕینەوەی زمانی جانەوەرەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا کۆتایی بە گرفتەکە ناهێنێ و بەروونی ئەو پەیامەی بۆ دەردەخات:” گەر دەتەوێت خۆت و منداڵەکانت لەم مەملەکەتەدا گیان بە باشی دەربکەن ، ئەوەیان تێبگەێنە ، پیشانیان بدە دیوارێکی ئەستوور لە نێوان ئێمە و ئەواندایە، دیوارێک دەبێ هەتا هەتایە بمێنێتەوە. هاتووم پێت بڵێم متمانە بە کەسیان مەکە،….. یەک یاسای دیکەش ڕەچاو بکە ، یەک شتی دیکەش بزانە، ئەمانە خۆیان چین شتێکی ترە، خۆیان مارن، دووپشکن، پشیلەن، کەروێشکن، کۆترن گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆ دەبێ وەک جانەوەر تەماشاین بکەیت. تاریق ئاکانسۆ! فریونەخۆیت، ئاگاداربە، جانەوەر دەستەمۆناکرێت، جانەوەر ڕاودەکرێت. “

لەپاڵ ئەم ئامۆژگارییەی عەدنان پاشادا، ئیتر ئاکانسۆ دیدە فاشیستیەکەی خۆی بە ئاستێکی بالاتر دەگەێنێت و راسیزمێکی پەتی دێتە ناو دیدگاو هەڵسوکەوتی ئەوەوە. چیرۆکی ڕاوشکاری ئاکانسۆ و گرتنی پلنگی تینوو ورچی هەکاری بۆیە دێتە ناو داگیرکردنی تاریکییەوە و جیگایەکی تایبەتی لە هەڵسوکەوتی پاڵەواندا داگیردەکات، چونکە ڕاسیزمی ئاکانسۆ پێویستی بەسەرنجدان “لەوی دی” هەیە وەک کێویەک، وەک دڕندەیەک یان “ئەوی دی کێوێ” کە لە ئینسانییەت خراوە، تاکو سنوورەکانی نێوان ئەمی شارستانی و ئەوی کێوی هەمیشە بە تۆخی بهێڵرێتەوە. پەیامێک کە تا کۆتایی ڕۆمان ئاکانسۆ وەفاداری دەبێت.
لێرەوە ئیتر بە تەنها سیاسەتی تواندنەوەی کوردەکان لە ناو دەسەلاتی تورکیای ناو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکدا، قەدەغەکردنی زمانەکەیان و تورکاندنییان، ئەوان ناکاتە هاوڵاتییەکی توورک، بەڵکو هەمیشە ئەوانی کێوی کە دەکرێ بە زمانی توورکیش بپەیڤن، هەڕەشەیەک بن و دەبێ ڕاوبکرێن.

ئامادەیی ئەم ترسە گەورەیە کە بە ماڵیکردنی نێچیرەکەیشی ڕازی نییە ، بە ڕۆشنی ناونیشانی داگیرکردنی تاریکیمان بۆ ڕووندەکاتەوە. ئیدی دەبێ ئەو رووبەرەش لە تاریکی داگیربکرێت کە دڕندەکان تیایدا ئازادن. ئایا کارێکی وا دەکرێ ئەنجام بدرێت، پرسیارێکە و خوێنەر خۆی دەتوانێ لە دووتووێی ڕۆمانەکەدا بەشوێنییەوە بێت.
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا (2)، زەمەنی ئەم ڕۆمانە دابەشدەکاتە بەسەر دوو هێڵێ زەمەنی جیاوازدا کە لە 12ی تەمووزی ساڵی 1977وە دەستپێدەکات و خوێنەریش لە چوونەناوەوەی رووداوەکانی دوای ئەم مێژووەوە ئاشنای میژوویەکی دیکەی پالەوانە سەرەکییەکانی دیکەی ڕۆمان دەبێت کە سەروکارێکی گرنگی لەگەڵ ناوەراستی ساڵەکانی 1945دا هەیە . لەگەل چنینێکی وەستایانەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەدا، ئەم دوو زەمەنە جیاوازە بەیکدەگەن و لە سالەکانی نێوان 1978 و 1994وە، ئەم دوو مێژووە تێکەڵدەبن.

12ی تەمووزی ساڵی 1977
“عیسمەت ئۆکتای”، بەیانییەک خەبەری دەبێتەوە و بە زمانێکی دیکە قسەدەکات کە زمانی دایکیی خۆیی نییە. ئەو لەمرۆوە تورکی بیردەچێتەوە و بە زمانی ئەو جڕوجانەوارانە قسەدەکات کە تاریق ئاکانسۆ لە ئیستەنبوڵەوە هاتووە تا لەبیریانبەرێتەوە.
بەڵام ئەو تەنیا نییە. لێرە و لەوێ، هەواڵی ئەم پەتایەی کە خەڵکانێک زمانی تورکییان بیرنامێنێت و بە زمانی کوردی دەپەیڤن، ئەو سیحرە ئەدەبییە جوانەیە کە بەختیار عەلی “ساراماگۆ” ئاسا لە خوێنەری دەکات. ئەگەر دروستکردنی جمهورییەتی تازە: یەک ولات، یەک زمان، یەک ئالا، پەیامی ئاکانسۆیە کە نوێنەرایەتی تیروانینی دەسەلاتی سیاسی جمهۆرییەتە، ئەوا لەبیرچوونەوەی زمان لای ئەو هاولاتیانەیشی کە خوێنی توورکی بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێ، کاردانەوەیەکی هیستیریکی لای دەوڵەت و دەسەلاتە نهێنییەکەی دەخوڵقێنێ کە تەواو شێتانەیە. شێتانە بەوەی کە هاولاتییانی تووشبوو بەم واگرەیە دەبێ لە کەرەنتینە بکرێن و وەک شیت مامەلەیان لەگەڵدا بکرێت. ئاخر دەرکەوتنی زمانی کێوییەکان لە سەرزمانی هاولاتییانی ئەم وڵاتە تەواوی پرۆژەی : یەک دەوڵەت، یەک زمان، یەک ئاڵا دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەوە.
لێرەوە، عەلی ئیحسان کوڕی بچووکی ئاکانسۆ دێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان وەک وەرگێڕێک کە پێشووتر بە فەرمانی باوک فێری زمانی جانەوەرەکان کراوە، جێگایەکی گەورە لە رووداوەکانی ناو رۆماندا داگیردەکات.

زەبروزەنگ وەک برینێک لە ناخ دا
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا ، بە تەنها زەبرەزەنگی کردەی داگیرکردن لەسەر جەستەی قوربانییەکان جیناهێڵیت، بەلکو بارە سایکۆلۆژییەکەی ئەم بێزمانکردنەی ئینسانەکان لە ریگای بەشێک لە پالەوانەکانەوە بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە نمایشدەکات.

زەکی ڕەزا باکلان، باشترین نموونەی خوێندنەوەی کاریگەری دەروونی ئەم پرۆسەی لەبیربردنەوەی زمانە کە خوێنەر کێشدەکاتە ئەو دیوو سنوورەکانی ئازاری جەستەوە و لە ناخەوە ڕایدەچڵەکێنێ. :” بەڵام من هیچ کەس نازانێت تورک نیم، هیچ کەس نازانێت. من هەموو توورکەکانم خەڵەتاند، هەموو وادەزان تورکی ڕەسەنم، تەنیا کەسێک ناتوانم بیخەڵەتێنم خۆمم. من هیچ کەس بە بچووکی سەیری نەکردووم، کەس پێی نەگوتووم تۆ مەخلوقێکی کەمتری لە ئێمە، چونکە لە منداڵییەوە باوکم فێریکردم چۆن وەک تورکێکی ڕەسەن خۆم دەربخەم، ئەو قسانە بکەم تورکەکان پێیان خۆشە. ڕۆژێک بووم بە میت بۆ ئەوە بوو خۆم لەخۆم ىشارمەوە، بۆ ئەوە بوو فێل لە خۆم بکەم و بڵێم زەکی ڕەزا تۆ تورکێکی ڕەسەنیت…..من کەس وەک شتێکی نزم سەیرمناکات خۆم نەبێت. بەڵام ڕاستی من بۆیە خۆم نزم سەیردەکەم چونکە خۆم بەشتێک سەیردەکەم ئەوە نیم، وەک شتێکی ڕاستەقینە لە مندا هەبێت و شاردبێتمەوە، وەک ئەوەی هەموو ژیانم دەمامکێکم لەسەردا بێت و نەتوانم دایبکەنم. عەلی ئیحسان گەر ئەو زمانە فێرنەبم، ناتوانم دەمامکەکە دابکەنم.”

پرسیاری شوناس
خاڵێکی تر کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێ، ئەوەیە کە بەشێک لە پرسیارە گرنگەکانی دەسەلاتدارانی دەولەت لە داگیرکردنی تاریکیدا لەسەر ئەوەیە کە کێ تورکی ڕەسەنە و کێ وا نییە، هەندێک لە پالەوانەکانیش لە نێوان پرسیارەکانی من کوردم یان تورکدا دێن و دەچن. بۆیەش دەکرێ پرسیاری شوناس بکرێت بە یەکێک لەو پرسیارانەی دی کە داگیرکردنی تاریکی لە دەووری دەسوڕێتەوە. بە بڕوای من، مەراقی عیسمەت ئۆکتایی و ڕەزا باکلان، بۆ ئەوەی یەکەمیان بێتەوە بە تورک و دووەمیشییان بە کورد لەسەر بناغەی فڕیدانی شوناشێک و بەدەستهێنانی شووناسێکی دیکە نییە وەک لە ڕووکەشدا خوێنەر دەکرێ بەو دەرئەنجامە بگات. ئەگەرچی لە هەردوو دۆخەکەدا جەبرێک ئامادەیی هەیە کە بۆ ئەوەی یەکەمیان ( عیسمەت ئۆکتای) تورکی بە ناچاری بیردەچێتەوە و دووەمیشیان (ڕەزا باکلان) بە شوێن خەونی بەدەستهێانی ئەو زمانەوەیە کە لە ناخیدا چەپێنراوە و بیریان بردۆتەوە. بەلکو پرسیاری شووناس لەم ڕۆمانەدا لەسەر بەدەستهێنان و قبووڵکردنی گەرانەوەیە بۆ زەمەنێکی بەرلە شوناس، زەمەنی رووتبوونی ئینسان و بێبەرگی ئەو. دواتریش چ بەرگ و رەنگێکی دیکە بەسەر ئەم شوناسە ئینسانییەدا دەدرێت، جێگایەکی ئەوتۆی نیە چونکە لە بناغەوە ئینسان، ئینسانیبوونی خۆی دۆزیوەتەوە و دووچاری دووکەرتبوونێکی سایکۆلۆژی نابێت. ئەم تێروانینە بۆ پرسیاری شوناس، کردنەوەی پرسیاری شوناس و دانەخستنی وەک ئەوەی لە تێروانینی دەسەلات و بەشێک لە کاراکتەرەکانی رۆماندا بەرجەستەیە، خاڵێکی درەخشاوەی ڕۆمانە و وادەکات خوێنەرێکی کورد یان تورک کە ئەم دیدەی بۆ لەخۆڕوانین پێ قبوڵنەبێ، بەلام ئاگاهییەکی تازەی پێ دەگات کە دەتوانێت بگەرێتەوە سەری. دۆخێک کە خوێناویبوونی کۆمەلگا بەهۆی تەسکبوونی بەرگی شوناسەکانیانەوە، ئەم ڕووتبوونەوەی ئینسانی لە هەموو شتێکی دیکە بۆ پێویستردەکات.

ئەوەتانێ لەبەرابەر هات و هاواری ڕەزا باکلاندا بۆ ئەوەی مرۆڤە لەبیرکراوەکەی خۆی ببینێت و فێری زمانی کوردی ببێتەوە، عەلی ئیحسانی بەچکە میت و جەلادی زیندانەکانی دیاربەکر، لە ئاخاوتنێکی هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشدا، گوومانی لە کردەوەیەکی وا هی هەیە کە ئەگەرچین دوای چینیش ئەو مەخلوقە بشکێنێت دەوڵەوت لە منداڵییەوە لە ناویدا دروستیکردووە، دەکرێ لە ژێر دوا چیندا چی هەبێت:” گەر وابێت خۆت وێران دەکەیت و ناگەیتە هیچ. من باوکم وا هەستیدەکرد لە ناخی مندا، لە قوڵایی قوڵایی مندا تورکێکی رەسەن هەیە، وادەکات من تورکێکی ئەبەدی بم، من خۆشم تا ماوەیەکی زۆر هەروام هەستدەکرد، بەڵام ڕاستی هیچ لە ناخمدا نییە، تۆش هیچ لە ناختا نییە، لە ناخی مرۆڤدا تەنیا مرۆڤ هەیە، تورک و کورد و ئەرمەنی بوونیان نییە”

گیاکەڵەکانی دیکە
لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەوە بە تەنها جروجانەوەرەکانی خۆرهەلاتی ئەنادۆڵ نین کە دەبێ رامبکرێن و بکوژرێن، بەلکو گرێکییەکان، ئەرمەنییەکان، سۆشیالیستەکان و سەندیکالیستەکان… بەشێکی دیکەی ئەو گیاکەلانەن کە جمهورییەتی تازە ناتوانێت لە ناوخۆیدا جێیان بکاتەوە. ئاخر ترس لەوی دی و دەوڵەتێک کە یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت بە شوێنیەوەیەتی ، هەموو ئەوانە دەکاتە ئەو مەترسییە نەبینراوەی کە هەمیشە دەبێ دەولەت لە ئامادەباشیدا بێت لە بەرابەریاندا.
لاکردنەوە لەم گرفتە جۆراوجۆرانەی دی ناو هەناوی جمهورییەت کە قەوارەی ئەم ڕۆمانە هێندەی دی گەورەتردەکات، تابلۆیەکی گەورەتر پیشانی خوێنەردەدات تا ڕۆشنتر ئەو مۆزایکە ببینێت کە سیاسەتی رەسمی دەولەت دەیەوێ فرەرەنگی لێبسەنێتەوە. ئەم وێنەیە، دەموچاوی “ئەوانی دیکە”ی ناو تورکیا زیاتر دەردەخات و دیمەنێکی ڕۆشنتر بەدەسەلات و ناوەڕۆکی ئەو دەدات.

هێنانەناوەوەی خەون و مەراقی گروپە ئەتنی و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی ناو تورکیا بەو زانیاریانەی بەختیار عەلی لە رۆمانەکەدا پیشکەشی دەکات، دەرخەری ئەوەیە کە نووسەر چ ڕەنج و ماندووبوونێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی زانیاریدا بە خەرجداوە. بەختیار بەم کۆششە نوێیەی، کۆکردنەوەی کۆمەڵی بابەتی گرنگتر کە هەریەکەیان دەکرێ کەرەستەی ڕۆمانێکی سەربەخۆ بێت لە دوو توویی کتێبێکدا، تواناییە شەخسییەکانی خۆی هێندەی دی دەباتە سەر و نیشانی دەدات کە هیچ جوگرافیایەکی تایبەتی ناتوانێ ڕیگری ئەوەی بۆ پێکبێنێ تا بیکاتە سەرزەمینی رۆمانێکی نوێ. ئاخر خوێنەر لەم کتێبەدا هەر ڕووبەرووی زانیارییەکی هاکەزایی نییە لە بەرانبەر ناوی شوێن و گۆرانی و کەسایەتی سیاسی و هونەری کۆمەلگایەکی دیکەوە کە هی خۆی نییە، بەلکو بەشێکی شاراوەی مێژووی قەتل و عامی گرێکییەکان و سۆشیالیستەکانی ئەم ولاتە زیندوو دەکاتەوە و ئەم مێژوویە گرنگەی ناو تورکیا، لە ڕیگای پالەوانەکانی ناو داگیرکردنی تاریکییەوە، تیشکی دەچیێتە سەر.

کاتێک جەللاد دەدوێت
بەختیار عەلی یەکێک لە نووسەرانی کوردە کە زۆرترین پەڕەی لەسەر پەیوەندی نێوان سەردار و کۆیلە، جەللاد و قوربانی ڕەشکردۆتەوە. دووبارە جەختکردنەوە لەم بابەتە، دەکرێ هەستی خۆدووبارەکردنەوەی نووسەر لای خوێنەر بەجێبێڵێ. بەڵام لە رۆمانێکدا کە دەربارەی سەردەستیی و ژێردەستەییە، ڕاسیزم و کێویە و دەربارەی یەکێک لە خوێناویترین جومگەکانی مێژووی نوێی تورکیایە، ناکرێ ئەم بابەت و پەیوەندییانە نەبنە تەوەری ڕۆمانەکە، ئەگەر بڵێم، شاتەوەری ڕۆمانەکە. بەڵام بەوەی بەختیار هەژموونییەکی گەورەی لە پەیوەند بە کارکردن لەسەر ئەم پرسیارانە هەیە، هەموو تواناییەکانی خۆی لە ئاستێکی بالاتردا لەم ڕۆمانەدا تەرخاندەکات بۆ دووبارە سەرنجدانەوە لەم پرسیارە کە بە بڕوای من، دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە لە بەرانبەر خوێندنەوەی داگیرکردنی تاریکیدا لە تورکیادا کە لە کۆمەلگای کوردستان زیاتر پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ بە نیگایەکی دیکەوە سەرنج لە خۆی بدات.
نووسینی داگیرکرنی تاریکی بۆ بەختیار عەلی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مافی زمانداری و نەبوونی ئەو مافە لە کۆمەلگای تورکیادا، وەک ڕۆیشتن وایە بە ناو کێڵگەیەکی میندا. نەبوونی دیدێکی هیومانیستانەی بەهێز لە کاتی تێپەڕین بە ناو ئەم کێڵگەی مینەدا، دەکرێ نوسەر بخاتە ناو بازنەکانی نەبوونی متمانەی خوێنەرەوە، کاتێک ئەگەری تاوانبارکردنی ئەو بۆ ئینتیما بۆ گروپی زمانلێزەوتکراوەکان وەک تارماییەک بەسەرییەوە، سێبەردەکات. بەڵام بەختیار عەلی لەم تاقیکردنەوەیەدا، بە بڕوای من زۆر سەرکەوتووانە دێتەدەر.

با سەرنجێک لەم ئاخاوتنە سەرنجڕاکێشەی نێوان دوکتۆر سینان و عەلی ئیحسان بدەین لە جێگایەکی رۆمانەکەدا:( ڕاستی زۆر دەترسم، بەشی ئەوە گوناهی گەورەم هەیە کوردەکان لێمنەبوورن. هەندێ جار هەستدەکەم رۆژێک تۆلەم لێدەکەنەوە، ترسێکی گەرەم لەوە هەیە. دەزانیت چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەفسەرێک چی پێگووتم؟ گووتی: ترسناکترین ساتی مێژوو ئەوەیە کە قوربانی جەللادەکەی دەکوژێت”. لێم پرسی بۆ وادەڵێت، وەلامەکەی ئەوە بوو:” چونکە ئەو ڕقەی لە مەچەکی قوربانی دایەکاتێک تەورەکەی دەکیشێت بەسەری جەللادا، زۆر لەو ڕقە گەورەتر کە لە دەستی جەللاددا بووە”
داگیرکردنی تاریکی ناکرێ وەک تۆلەی قوربانی لە جەللاد سەرنجی بدرێتێ، بە تایبەت لە بوونی ئەگەرێکی واهیدا کە گوایا رۆمان لە زمانی زمانلێزەوتکراوەکانەوە دێتەگێڕانەوە. بەلکو ئەم ڕۆمانە کۆششێکە بۆ ئەوەی جەللاد و قوربانی لە دوای میراتی ئاکانسۆ و جەنەرالەکانی دین و سوپاوە، پێکەوە لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا راوەستن و لە رووخساری یەکدی وردببنەوە.

تاقی ناو دیوارەکە (4)
ڕۆژگارێک لە مەیدانی سەرەکی گەورەی پایتەختی عوسمانییەکاندا، لەسەر دیوارێکی نزیکی مەیداندا، تاقێک لە ناو دیوارەکەدا دروستکرابوو. لەو تاقەدا، کەللەسەری ئەو یاخیی و شۆڕشگێرانەیان دادەنا تا خەلکی سەرنجی لێبدەن و بزانن دەرئەنجامی سەربەرزکردنەوەیان لەبەرانبەر دەسەلاتی خەلافەتدا ، سەریان بە کوێ دەگەێنێ. ئەم تاقە، هیچ کاتێک بێ کەللەیەکی سەربڕدراو نەبووە. ئەوەتانێ ” تونجی هەتا” لە دەشتایە تاریکەکانی ناو بالکانەوە، بە خۆیی و عەرەبانەی ئەسپەکان و سندوقی پڕلەسەهۆڵ و کەللەسەرێکەوە ، بەڕێوەیە تا سەری بڕدراوی “عەلی پاشا” کە نوێنەری سوڵتانی عوسمانی بووە لە ئەلبانیا بگەێنێتە پایتەخت.
“تونجی هەتا” بۆ گەیاندنی کەلەی عەلی پاشا بۆ پایتەخت، بەناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی ژێردەسەلاتی خەلافەتدا دەڕوات و ئەو تاریکی و بێدەنگییە دەبێنێت کە دەسەلاتی سوڵتان لە سڕینەوەو زمانلێسەندنەوەی هاولاتیانی ناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی مەملەکەتدا، دروستی کردووە.
ئەمەی سەرەوە کورتەی رۆمانی” تاقی ناو دیوارەکە”ی (ئیسماعیل کادارە)ی نووسەری ئەلبانیایە بۆ دەرخستنی ئەو بەربەرییەتەی کە دەسەلاتی سوڵتانەکان لە بالکاندا خوڵقاندبوویان.
ئەو بە وردی ئەو سیستەمە نیشانی خوێنەردەدات کە چۆن سڕینەوەی زمانەکان و ئەو دەستگاو ئیدارانەی لە دەوری سازکرابوو کاردەکات.
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەم نەخشەی سڕینەوەی زمانە لە مەملەکەتی بچووکبووەوەی دوای خەلافەت و دروستکردنەوەی جمهوریەتی تازەدا لەلایەن دەسەلاتدارانی تازەوە، بەشیوەیەکی فراوانتر و وەستایانە، لە بەرانبەر زمانێکی تایبەتیدا ، دەکێشێت و ئەو ترس و بێدەنگی و بێزمانییەی ناو کۆماری ترس، لە ئەفسانەیەکی مۆدێرندا پیشانی خوێنەر دەدات.
دەڵێن: نیگارکێشی چینی ” هو تاو تزو” ڕۆژێک لە زەمەنی دەسەلاتی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی “تانگ”ەکاندا ، سەرنج لە تابلۆیەکی تازەکێشراوی سەر دیوارەکەی بەردەم خۆی دەدات. لە پڕێکدا دەستی دەدات بە یەکدا و دەرگای پەرستگاکانی ناو نیگارەکە دەکرێنەوە، ئەویش دەچیتە ناو تابلۆکەی خۆیەوە و وندەبێت.
من کاتێک لە خوێندنەوەی “داگیرکردنی تاریکی” دەبمەوە، ئەو کاتانەی کتێبەکەی بەردەستم دادەخەم، هەستدەکەم ئەم کتێبە دەبێتە تابلۆیەکی گەورەی بەردەمی من و بێ هیچ ئەرک و زەحمەتلەخۆکردنێک ، تەنانەت بێ هیچ چەپلەلێدانێک کە “هو تاو تزو” پێویستی بوو بۆ ئەوەی دەرگای ناو تابلۆکەی بۆ بکرێتەوە، دەچمە ناو تابلۆی ” داگیرکردنی تاریکی”یەوە. راستتان دەوێت، من خۆیشم نازانم، کەی تیایدا دێمەدەر.

2021-01-03

  1. http://www.litteraturmagazinet.se/joseph-conrad/morkrets-hjarta/recension/sebastian-lonnlov
  2. بەختیار عەلی، داگیرکردنی تاریکی ناوەندی ڕەهەند 2020
  3. کتیبی پیرۆز بیبلیکا لاپەرە 12 2017
  4. Nischen i muren Ismail Kadare Bonniers 1986
  5. Myten om Wu Tao-tzu Sven Lindqvist Norhaven Paperback A/S 200



کاتێک تۆڵەکە و لفکەشامی گرانترە لە پرچی ژن “کتێبی ملوانکە” و پرسی یەکسانی… نووسینی بەکر ئەحمەد

لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، (مەلالە یوسف زەئی) بەردەسترێژی فیشيک دەدرێت و فیشەک بەر سەری و ملی دەکەوێت. تەقەکەرەکە چەکدارێکی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانە و هۆی ئەم کۆششی تێرۆرکردنەی مەلالەدەگەڕێنێتەوە بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی تاڵیبانەکانی پاکستان کە کچان نابێ بچنە قوتابخانە و مەلالەش بەبەردەوامبوونی بۆ چوون بۆ قوتابخانە، ئەم فتوای قەدەغەکردنە، پشتگوێدەخات.
بۆیەش هاتوچۆی مەلالەی بچکۆلە بۆ قوتابخانە بە خۆیی و کۆلەپشتەکەیەوە، ، لە ولاتێکی تردا کە تالیبانەکان هەژموونییەکی گەورەیان هەیە، کاتێک مەلالە دەڵێ: من هەر دەچمە قوتابخانە ، لە سەرتاسەری دنیادا دەبیسترێت.
“کاتێک هەموو دنیا بێدەنگە، تاکە دەنگێک بەهیز وکاریگەر دەبێت”. ئەم دەربڕینە کە بە یەکێک لە وتە جوانەکانی مەلالە دادەنرێت، لە دایکبووی ئەم دۆخەیە کە من زۆر بە کوورتی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.

بە کورتییەکەی: لە بێدەنگی دنیایەکدا ، نووزەیەکی بچکۆلە وەک بۆمبا دەنگی دێ.
هەلومەرجی ژنان لە کوردوستاندا، ئەگەر لە زۆر رووەوە لە گەڵ پاکستان و ئەفغانستاندا جیاوازی هەبێت، بەڵام لە زۆر ڕووی ترەوە، لە گەڵ سیستەمی جەندەری تاڵیباندا، جیاوازییەکی ئەوتۆییان نییە. هات و هاوار و زریکەی ژنکوژی کورد لە مڕۆدا هەر بە تەنها زریکەیەکی لۆکالێ نییە کە لە کوردستاندا دەبیسترێت، بەڵکو ژنکوژی پیاوی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستاندا، سەر دیڕی رۆژنامەکانی ئەوروپایە.
لە ناو دنیایەکی قاندراو بە سیاسەت و کولتور و ترادیسۆینی دژەژنی کۆمەلگای کوردیدا، لە جیهانێکدا کە:
لێرە تۆلەکە هەرزانترە، یان قژی پێرەژنێ؟
لفکە شامی گرانترە یان مەمکی بێوەژنێ؟
یەک تاڵە مووی سمێڵی خێڵێک
بەرابەر چەند زریکەی ژنە؟
شاعیرێک دێت و لە ناو ئەم دارستانی قریشکە و هاوارەدا، کە بە بێدەنگییەکی گەورە دەووردراوە، دەیەوێ ئەو دەنگە بێت کە تەلیسمی بێدەنگی بشکێنێت و مەلالە ئاسا، دڕ بە جیهانی بێدەنگی بدات.بەلام سەیر ئەوەیە لەگەڵ بەهێزی دەنگی ئەویشدا، کۆمەلگا و ئیلیتە خوێندەوارەکەی ، دەنگی ئەویش لە بێدەنگییەکی گەورەترەوە دەپێچێت و لە بەرانبەر ئەم دەنگەدا کە دەبوایە سەرنجی بۆ جیهانی کەڕ ولاڵی کۆمەلگا رابکێشایە، ئەویش بە بێدەنگی دەسپێردرێ.

“کتێبی ملوانکە”ی شیرکۆ بێکەس (١) لەگەڵ دەنگی یەک بەیەکی موور و سوورا و ملوانکە جۆراوجۆرەکانی ناویدا کە مێژووی ئەم دارستانی هاوار و مامەلە تاڵیبانئاسایەی کۆمەلگای کوردیە بەرانبەر بە کچ و ژنەکانی و دەیەوێ بۆ ساتێک لەبەرانبەریدا ڕاوەستین، کەچی زۆر بێدەنگ تێدەپەڕێت و نیگایەکی ناچیتە سەر. بەوەی شێرکۆ یەکێک لە ناوە هەرە گەورەکانی شیعری کوردییە و بەرهەمەکانی خوێنەرێکی زۆری هەیە و نووسین لەسەر بەرهەمە تازەکانی کاریكی ئاسایی بووە، بەڵام لە بەدبەختی ئەم پیاوەدا، چۆن دۆزەخی قاندراوی ژنانی کورد کاتێک وەک تایتڵی رۆژنامەیەک باسیلێوەدەکرێت و هیچ دەنگێک دروستناکات، بە هەمان شێوەش ئەم بەرهەمەی شێرکۆ، وەک دەنگی پالەوانەکانی ناو کتێبەکە، بە فەرامۆشی دەسپێردرێت و جەدەلێک لەسەری دروست نابێت.
کۆششی من لەم نووسینەدا، سەرنجدانە لە یەکێک لە بەهێزترین کۆمەلە شیعری شیرکۆ بێکەس کە ناکرێت هەروا بە بێدەنگی بەسەرماندا تێپەڕێت.

دەنگی ناو شیعر

سەرەتا قەسیدەکە بە کۆمەلێک دەنگ دەستپێدەکات وەک : دەنگی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق، دەنگی سووراوی لێوێکی جوان و ئازا. بەڵام شێرکۆ سەرتاپای قەسیدەکە دەداتە دەست دەنگی ملوانکەیەکی لەش شینی چاوسەوز کە هێشتا :” زیندووە و نەوەی تازەی گووناهەکانە و دەیەوێ هەموو خواوەندە نێرەکان و هەموو پەیامە نێرەکان لەبەردەم پرسیاردا ڕابگرێ و سەرلەنوێ ژیان بنووسێتەوە. “
شێرکۆ لیرەدا دەنگی خۆی دەداتە دەست ئەم ملوانکەیە و بە وتەی خۆی:” ئەگەر پێویست بێ پالەوان هەبێ، ئەم ملوانکەیە پاڵەوانی ئەم دەقەی ئەوە.”
ئەم ملوانکەیە کاتێک ساڵ و مێژووی لە دایکبوونی خۆی دەگێڕێتەوە دەلێ:
لە توخمی مێم
خەڵکی زەریام
لە دایکەوە بە بنەچە
دەچینەوە سەر خەونەکانی مەرجان و
لە باوکەوە
ئەچینەوە سەر خێڵەکانی مرواری

لەیەکەم ڕۆژی دەرهێنانی ئەم مراوریەوە، یەکسەر ئەو جوداسازییەی کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا لە پەیوەند بە دروستکردنی نێرێتی و مێیتی لە کۆمەلگادا دەبێ پەیڕەوی لێبکرێت، دەکەوێتە کار.
ئەو دەمەی هاتمە سەر زەوی و
بۆ یەکەم جار هەتاو لییدام
بریقەیشم نزیک نزیک
دای لە چاوی چوار پێنج پیاوێ و
کە زانییان بەردێکی مێم
ئەوسا ئیتر سمێڵیان کەوتە پێکەنین
هەر بەباوەش هەڵیانگرتم و ماچیانکردم و
لە بەردی نیریان دابڕیم.
کاتێک ئەم مراورییە جوانە دەکرێتە ملوانکە و دەفرۆشرێت و لە سەر رەفەی کۆگایەکی شووشەبەندی سەر شەقامێکی گشتیدا ، لەگەڵ چەند ملوانکەی تردا داەدەنرێت بۆ کڕیاران، ئەوسا یەکسەر هەست بەو جوداسازییە گەورەیە دەکات کە چۆن ڕۆلەکان بەسەر نێرێتی و مییەتی لە کۆمەلگادا دابەشدەکرێن و چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگا لە بەرامبەریاندا چۆنە و چۆنیش نێرەکان و مێیەکان دەکەونە ناو تۆڕێکی گەورە لە مامەڵەی جووداوە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا. ژیانێکی نوێ کە جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەل ژیانی ژێر ئاودا کە هەستی دەکرد، قسەکانی ژێر ئاو نەرمن و پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ وەکو یەک وان.

شیرکۆ وەستایانە لە ڕێگەی دانانی مووکێشێکی پیاوانەی سەر زل و قاچ خوارەوە، زنجیرێکی سەعاتی پیاوانەی دەروون پڕ گڕێوە، گوێزانی ڕیشتاشین، قەڵەمبڕ، قایشی کەمەر و مقەستی بەر سمـێڵ، بۆینباخێکی سوورفڵی دڕێژەوە، لە رەفەکانی دیکەی دوکانی ” مێلاقە”دا، ئەو جیهانە دەسازێنێ کە تەنها ژن دەتوانێت هەست بە بوونییان بکات و ڕەفتارییان بخوێنێتەوە.
ئەوەتانێ بۆینباخە سوورفڵەکە: بەدەنگی بەرز، پیادەرۆی سەرشەقامیش گوییان لێێە، ئەکەویتە تالیق لێدان: مێ بۆ بێدەنگی و مووبەق و ناو پێخەف و هیچی تر نا”
بەڵام سەررەفەکانی ئەم کۆگایە، هەر شوێنی ئەم جۆرە لە فیگۆری پیاوانە نین تا دۆزەخێک بۆ ماسکارا و سووراو ملوانکەکانی دیکە بخوڵقێنن.
بەڵکو شووشەبەندی لێیە بە پاندانەکەی تەنیشتی هەر خەریکی شتنووسینە، عەینەکێکی چاوباشقاڵی قۆزی ڵییە هەر گۆرانییان بۆ دەلێ. بۆیە لە هیچ شوێنێکی تێکستەکەدا خوێنەر ناتوانێ “کتێبی ملوانکە” بکاتە مانیفێستێکی دژی پیاوان و پێیوابێ ئەم تێکستە لە دیدگایەکی ئەنتی پیاوبوونەوە نووسراوە.
شێرکۆ لەم تێکستەدا، لە ڕێگای ئەو وێنە شیعریانەوە کە بە مقەست یان مووکیشێکی دەدات تەواوی ئەو نۆرم و بەها کۆمەلایەتی و چاوەڕوانیاننەی کە کۆمەلگا لە ناو سیسیتەمە جەندەرییەکەی خۆیدا دەستنیشانی کردوووە بۆ ئەوەی کە نێربوون و مێبوون دەبێت چۆن بێت، وەستایانە دروستدەکاتەوە.

“لین ئولمان” لە رۆمانی ” (بێقەراران)دا کە بیوگرافیەکەی شەخسییە سەبارەت بە باوکی خۆی کە “ئینگمار بێریمان”، لە پاساژێکی تایبەتیدا ئاماژەیەکی سەیر بە عادەتێکی ئەم گەورە دەرهێنەرە جیهانییە دەدات کە ناوهێنانی جێگای سەرنجە لە پەیوەند بە خوێندنەوەی شێرکۆ بۆ چەمکەکانی نیرێتی و مێیتی لە قەسیدەی “کتێبی ملوانکە”دا. ئولمان دەنووسێ: باوکم لە هەفتەیەکدا چەند خولەکێکی دادەنا بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی دی. ئەمە نەک بە مانای ڕۆچوونە ناو ناخی خۆوە بۆ ئەوەی بزانێ فڵانە ڕۆڵی سینەمای چۆن دەکرێ نمایشبکرێت و چ شتێک لە کاراکتەرێکی وەک کابرایەکی قەسابدا هەیە کە دەکرێ سەرنجی بدرێتێ، بەڵکو لەو گۆشەنیگایەوەی کە ئەگەر ئەو بۆ ماوەیەکی کورتیش کەسێکی دیکە بێت، چۆن هەست بە ژیان دەکرێت.
بە کورتییەکەی: ئەگەر بۆ ساتێکیش ئینسان چاوەکانی دابخات و پێیوابێت بۆ ماوەی چارەکێک تۆ منداڵێکی دەستگێڕی سەر شەقامی شارێکیت، تۆ هەست بەچی دەکەیت. بە بڕوای من ئەم عادەتە هەفتانەییەی (بێریمان) لووتکەی ئینسانی بوونی کەسێک نیشاندەدات بۆ ئەوەی لە چاوی کەسێکی دیکەوە سەرنج لە ژیان بدات.
نیگایەک کە هەموومان پێویستمانە تا لە بەر نیگاکانی “ئەوی دی”دا کە ڕووبەڕوو لەبەرچاودا نییە، بتوانیت سەرنج لە خۆت بدەیت، هەست بەوە بکەیت کە ئەویدی هەستی پێدەکات .
بۆیە کاتێک شیرکۆ بێکەس لە ” کتێبی ملوانکە” دا دەنووسێت

درەنگە و درەنگە و ئەمەوێ
“با”ی قسەی گیرخواردووی مێینەم
ڕاچڵەکێ و هەڵکات و
دابچێ و بمرێت و…..
وەک دەنگی سپی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق تۆماردەکات بەرلەوەی بە پەتەکەی خۆی بیخنکێنن، زیاتر وەک دەنگی مێینەی ناو کەسی خودی شێرکۆ دێتە دەر و شێرکۆ لەم شاکارە جوانەیدا ڕێک ئەو کارە دەکات دەکات کە “ئینگمار بێریمان” هەفتانە خەریکی بوو.
بەڵام وەک چۆن موکیش و سەعات و بۆینباخی ناو ئەم کۆگایە دەفرۆشرێن و دەکەونە لای کەسانی دی، ئەم ملوانکە چاوشینەی ناو کۆگای مێلاقەیش لە لایەن مامۆستایەکی کچەوە دەکڕدرێت و لە یەکەم چرکەساتی چوونە ناو جانتاکەی شانییەوە، لەگەڵ دەستەخوشکەکانی دیکەی ناو جانتاکەدا، دەکەوێتە ناو ئەو جیهانەوەی کە ئینسانی کچ لە کۆمەلگای کوردیدا ، چ لە ماڵ و چ لە دەرەوەدا رووبەڕووی دەبێتەوە.
کتێبی ملوانکە، بە جیا لە دەیەها چەخماخەی شیعری نازدار کە بەندت دەکەن و راتدەگرن تا لە بەرانبەریاندا ڕاوەستیت، سەفەری ئەم ملوانکەیەیە کە لە رێگای هەلگرەکەیەوە تا جیهانی ژنبوون لە کۆمەلگای کوردیا نیشانبدرێت.
بەڵام بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە بە تەنها گێرانەوەی ملوانکەیەکی تەنیا نەبێت و لە سنوورەکانی تاکەکەسی ژیانی هەڵگرەکەیدا قەتیسنەبێت، بولبولی مەدالیای سەربەرۆکی خانم و قەلەمی برۆ و متومووروەجۆراوجۆرەکانی دیکەی خانم کە لە شەواندا دەچنە دەرێ و سەر بەو کونج و کەلەبرەرانەی دیکەی شاردا دەکەن تا بزانن ژنانی دی چۆن دەژین. بەمەش شیرکۆ فەزایەکی فراوانتر لەبەرانبەر خوێنەردا دەکاتەوە تا تراژیدیای ژن بوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، لە رووبەریکی فراوانتردا نیشانبدات.

لە “کتێبی ملوانکە”دا شیرکۆ دەست لە هیچ ناپارێزێ. یەک بە یەکی ئەو جومگانەی کە ژێردەستەیی ژن بەرهەمدەهێننەوە دەخاتە بەر نیگای شیعر.
“باوکم هەر خۆی نییە، یەک لەشکری تەیاری لە ژمارەنەهاتووی هەموو سەدەکانی لەگەڵە. لەشکری خودا بە هەڕەشەی دۆزەخێکی هەمیشە نێڵەنێڵ سووتاوەوە. باوکم هەر خۆی نییە، هەرچی دێوجامەی هەزارساڵەی کولتووری ڕاوە لای ئەوە. باوکم وەک خودا بێباکە و چوون دەمی شمشێری هەڵکێشراو لەبەر سوورە هەتاودا بریقە بریقیتی. ئەو مووی ریشی لە ئاوی شەرەف هەلکێشاوە، بۆیە پیاوە. باوکم کتێبی نامووس و حەیای لەناوگەڵدا داناوە و لە چاوی ئەو کونانەوە تەماشی دنیای فانی دەکات. قانوون لەو بووە، جەلدە وەچەی ئەوە. باوکم تۆلەیەکی ئەبەدییە و جەنگێکی بێ کۆتایی. باوکم پیاوە پیاو، سمێڵە سمێڵ، باوکم خەنجەرە خەنجەر. باوکم هەر خۆی نییە، نیشتیمان لە پشتییەوە ئەڕواو مێژوو نووکتەی بۆ دەگیڕێتەوە و حەیاو حورمەت کڕنووشی بۆ ئەبا”
لەم کتێبیەدا، جومگەگەلێکی زۆری ژیانی ژنان تیشکییان دەخرێتەسەر، بەڵام شەرەف و خەنجەربوونی باوکێک کە ئەگەر ژیانی شارنشینیشی بۆ خۆی هەلبژاردبێت، هیشتاش نەیتوانییەوە دیوجامەکانی کولتوری ڕاوی لێبسەنێتەوە، لە سووچ و بەسەرهاتی جۆراوجۆری پاڵەوانەکاندا دێتەوە بەر باس.
ئاخر لە راستیشدا بناغەیتریتن پرسیارێک لە کۆمەلگای کوردیدا لەبەرامبەر پرسیارەکانی یەکسانیدا، لە دەوری مافەکانی ژنان چەقی نەبەستووە. بەلکو لەسەر خودی مافی مانەوەی ژنە کاتێک شەرەف بە جۆرێکی دیکە هێنرایە پێناسەکردن کە لەگەڵ پێناسەکەی باوکدا یەکناگرێتەوە. دەکرێ ژن بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیا بێت ، ئەندامی پەرلەمان بێت یان کچێکی شوونەکردووی ماڵ بێت، کاتێک قاچ لەو دیو سنوورە پێناسەنەکراوەکانی کولتوری شەرەفەوە دادەنرێت، ئەوسا سەرتاپای مافەکان هەرەسدەهێنێت و ژیان خۆی لە مەترسیدایە. بۆیە پرسی یەکسانی لە کوردوستاندا، لە دەوری فراوانکردنەوەی پانتاییەکانی ماف نییە لە ژیاندا، بەلکو لە پلەی یەکدا بەرگریکردنە لە خودی مانەوە، لە خودی بوون و نەبوونی ژن.
جەندەر و رژێمی جەندەر لە کتێبی ملوانکەدا

شیرکۆ لە زۆر قەسیدە و بۆنەی جۆراوجۆردا شیعری بۆ ژنان نووسیوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ئاوا خوێندنەوەیەکی سیستیماتیکییانەی بۆ پرسی یەکسانی و خستنە ژێر پرسیاری ئەو سیستەمە جەندەرییەی لە کوردستاندا کاردەکات نەکردووە.
کتێبی ملوانکە، پرۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پرۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نیوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی رۆژانەیادا داگیرنەکات و ئینسانبوون پێوەری بەهرەمەندبوونی ئینسانەکان بێت نەک نێر یاخود مێ بوون.
ئەگەر شێرکۆ لە قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” بە شوێن نیشتیمانێکی ترەوەیە بۆ ژیانی ئینسانەکان کە دوورە لە پێناسە ناسیونالیستییەکان ، ئەوا لە “کتێبی ملوانکە”دا، کچەکانی نیشتیمان دەخاتەوە ئەو شوێنەی کە نیشتیمانی تازە دەخوازێ چۆن بن. شێرکۆ بەم هەنگاوەی گورزێکی کوشندە لەو درۆ گەورەیە دەدات کە لەناو بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی دنیادا رەواجیپێدەدرێ کە گوایە: تا نیشتیمان ڕزگار نەبێت، رزگارکردنی ژنان مەحاڵە. کتێبی ملوانکە چەند ساڵێک بەر لە نووسینی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” نووسراوە و پەیامی دێر بە دێری حەکایەتی ملوانکەکان هیچ شتێک نییە جگە لە دەستکاریکردنێکی رادیکالانەی شیعری بۆ پەیوەندی نیوان یەکسانی و رزگاری ژنان لەگەڵ رزگارکردنی نیشتیماندا.
سەیرێکی ئەم نەخشە رەنگڕێژکراوەی شیرکۆ بکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو سیستەمی جەندەرەی لە کوردستاندا کاردەکات.
“لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ: دیوار نێرە، شەقام نێرە، درەخت مێیە و کۆلانی تەنگ و باریکیش زۆربەیان مێ. بەهار و هاوین نیرینەن. پاییز و زستان میینەن. رۆژ نێرە و شەو مێ. ئاگر نێرە و خۆلەمێش مێ. نهۆمەکانی سەرەوە نێر و ژێرزەمینیش زۆربەیان مێ. شاخ نیرە و دۆلەکان مێ. لێرە. لێرە. لێرە: ئاو مییە و بەربەست نێرە. هەڵم مییە. ماسی مێیە و چەشەیش نێرە. باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیە و سووریش نێرە. سروودەکان هەموو نێر و بەستەکانیش زۆربەیان مێ. دوولەسەر سێی ئازارەکان مێینەن و حەرام مێیە و حەڵالیش نێر. بەشی زۆری سێبەرەکان میینەن و بەشی زۆری فەرمانەکان نێر. خودا نێرە و عەرشەکەی مێ. هەموو مافوورەکان مێن و هەموو کورسییەکان نێر.هەموو تەنافەکان مێن و هەموو گیرەکان نێر. بەفر مێیە و ڕەشەبا نێر. دووکەڵکێشەکان زۆربەیان مێن و نێڵەنێڵی ئاگری توونییش زۆربەیان نێر. جگەرە نێرە و تەپلەکی جگەرە مێ. لێرە. لێرە. لێرە، بەرگی پێشەوەی هەموو کتێبەکان نێرن و بەرگی دواوەیش مێ. گڵۆپی ترافیکەکان هەموویان نێرن و خەتی پەڕینەوەی سەر شەقامەکانیش هەمووین مێن.
وشە مێیەو تەباشیر مێیەو لاستیکی خەتکوژانەوە و تەختەسڕ نێر. لێرە هەموو مەتنەکان نێرن و هەموو پەراوێزەکان مێ.تەلەفیزیۆن نێرە و مێزەکەی ژیریشی مێ. لێفە نێرە و دۆشەک مێ. پەنجەرەکان مێن و پەردەکانیان نێر. هەموو ماشێنەکان نێرن و هەموو پارکەکان مێ. چادرەکان نێرن و پەردە و کوللەکان مێ. تابلۆکان مێن و چوارچێوەکان نێر. دەسکەوان دەسکەکەی نێرە و خۆیشی مێ. دەرزی نێرە و دەزوو مێ. شیعر مێیە و سانسۆر نێرە. گێژاو نێرە و بواری هێوریش مێ. لافاو نێرە و داروپەردووی سەرئاوکەوتوویش مێ. بوومەلەرزە نێرە و وێرانەیش مێ. بزە مێیە و مۆڕەیش نێرە. لێرە. لێرە. لێرە: ژیان نێرە و مردن مێ. “
لە لێکۆلینەوە ئەکادیمیەکاندا، جەندەر بە رەگەزی کۆمەلایەتی پێناسە دەکرێت. نەک رەگەزی بایۆلۆژی (٢) بۆ نموونە بەوەی کە دارا نێرە و زارا مێیە گوایە یەکەمییان مەمکی نییە و دووەمیان هەیەتی.
واتا جەندەر ئەو جۆرە لە رەگەزە کە لە باری کۆمەلایەتی و کولتورییەوە رۆژانە دروستدەکرێتەوە. بەوەی کە کۆمەلگا چ چاوەڕوانییەکی لە رەگەزەکان هەیە، چ نۆرم و عورف وعادەتێک دەبێ پەیرەوی لێبکرێت و نێرو مێبوون لە کۆمەلگادا دەبێ چۆن بێت. ئەم جۆرە لە رەگەز، پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە رەگەزی بایۆلۆژییەوە نییە و کۆمەلگا خوڵقاندوویەتی. سواری پاسکیلبوون تا رۆژگارێکی کەمێک دوور نا کردەیەکی کوڕانە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ناوگەڵی ئینسانەکانەوە نەبووە و نۆرم و بەها کولتوورییەکانی کۆمەلگای کوردی دروستیکردووە. ئەم جۆرە لە رەگەزی کۆمەلایەتی کە لە ناو کولتور و پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکاندا دروستدەکرێت، پییدەوترێت. رەگەزی جەندەر.
ئەم بەها جۆراوجۆر و چاوەڕوانییە جۆراوجۆرانەی کە لە رەگەزەکان دەکرێ لە هەوادا ڕوونادات و پەیڕەوی لە سیستەمێکی جەندەری دەکات کە پێێ دەوترێت رژێمی جەندەر. (ئیڤۆن هیردمان)، ژنە مێژوونووسی سویدی ئاوا بەشێک سترۆکتۆرەکانی ڕووندەکاتەوە:” رژێمی جەندەرخاوەنی دوو خەسڵەتی تایبەتە کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە جەندەرییەکانی کۆمەلگا دادەنێ. یەکەمییان هیرارکییەتە و دوومیان توخمێکی لێکجیاسازی.، دیکۆتۆمی” (٣))(دیکۆتۆمی بە مانای دابەشکرنی یەکەیەکە بەسەر دوو بەشی لەیەک جیاوازدا کە هیچ شتێکیان لەیەک ناچێ).

(ساندرا ‌هاردین) سێ رەهەندی دیکە بۆ جەندەر دادەنێت کە لە ئاستەکانی فەرد و سترۆکتۆر و رەمزیەتدا دەکرێ ئاماژەیان پێبدرێ و هەریەکە و بە جۆرێک لە برەوپێدان و کەمکردنەوەی ئەم رژێمی جەندەرەدا کاریگەری دادەنێ. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
لە ئاستە سترۆکتۆریەکەیدا دەکرێ سەرنجێ لە سیستەمی کاردابەشکرنی ناو کۆمەلگا بدرێت کە چۆن سیستیماتیک کار و سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر بنەماکانی نێر و مێبوون ڕەنگرێژدەکات. بۆ نموونە سایەق تاکسی و نانەوایی هەر کارێکی پیاوانەیە و لە دایەنگادا کارکردن پیشەی ژنە.
لە بارە رەمزییەکەیدا ئەم سیستەمی جەندەرییە لە زماندا خۆی نیشاندەدات. ژن ناسکە و پیاو ڕەقە. پیاو ئازایە و ژن ترسنۆک.
لە ئاستە فەردییەکەیشیدا ، ئاستی خوێندنی تاک وپەروەردە و چوارچێوە کۆمەلایەتییەکەی تاک کاریگەرییەکی تایبەت لەسەر ئینسانەکان دادەنێ کە چ تێروانینێکی لەسەر رژێمی جەندەر هەبێت.
کاتێک بەم کەمە زانیارییەوە لەسەر رژێمی جەندەری کۆمەلگا سەرنجێک لەم وەسفکردنەی شێرکۆ بێکەس دەدەیت بۆ چیرۆکی :” لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ”، ئەوسا هەستدەکرێت شێرکۆ چەند چاوتیژانە ئەم نەخشە جەندەرییە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی، سەردەستەیی و ژێردەستەیی ژن و پیاو وەک بەشێک لە هیراکییەتی سیستەم و لێکجووداسازی بە رەهەندە فەردی و رەمزی و ستراکتۆرییەکەیەوە پیشانی کۆمەلگایەک دەدات کە نایەویت بیبینێ.

لە “کتێبی ملوانکە”دا، شیرکۆ ڕۆڵی ئایین لە تراژیدیای دەنکە مرواریەکانیدا بە زەقی نیشاندەدات، بەلام لە گەلیک شوێندا بە زمانێک دەدوێ کە هێندەی پرسیارکردنە، کەمتر پەنجەی تاوانبارڕاکێشانە لە بەرانبەریدا. بەمەش بەرلەوەی جەنگێکی ئایدیلۆژی لەبەرانبەر ئایندا بەرپاکات، دیدێکی ئیکۆلۆگیانە دەخاتە بەردەم لەچکداری لە کۆمەلگاکانی رۆژهەلاتدا.

بڕیارماندا سەردانی “لەچکەکان” بکەین
پێیان بڵێین:
ئاو وهەتاو ومانگەشەو
کلووی بەفر، دەنکە تەرزە،
سروەو جریوەی ئەستێرە و
شەبەنگەکان
نمەی باران
هەر هەموویان لێیان زیزن
چونکە ئەوانن ناهێڵن
بگەنە لای سەروقژییان.

بەڵام دەنکە مرواری ملوانکەی خانم، لە ناو هاواری جەنگ ودەنگی حەڵال و حەرامەکاندا و ئومێدی گۆرانییەکی نوێدا، دەکرێ مەئیوسانە دانیشێت و پێیوابێ
کە : یەکسانی چییە؟
جگە لە دووکەڵی جگەرەیەک کە ئەویش هەر پیاو
بە (با)ی ئەدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کەسایەتی شیرکۆ، جگەرەکێشانی لەرادەبەری ئەوە. ئەگەر ورەبەردان و بێهیوایی یەکێک لە پالەوانەکانی کتێبی ملوانکە دەخاتە سەر ئەو دەربڕینەی سەرەوە، ئەوا دەتوانم بڵێم شیرکۆ وەک پیاوێک لە کتێبی ملوانکەدا ، هەر هەموو ئەو جومگە سەرەکی و لاوەکییانەی کە نایەکسانی بەرهەمدەهێنێتەوە، لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکەیدا بە بایدەدا و جوانترین سروودی یەکسانیمان بۆدەچڕێ.
“کتێبی ملوانکە”، شایەنی ئەوەیە لە هەموو ماڵێکدا هەبێ، بە تایبەت لە کاتێکدا کە حەکایەتی رێزلێگرتن لە ژنان لە ژێر دەربڕینی :”بەهەشت لەژێر پێی دایکدایە” لەسەردەستسالارییەکی گەورەدایە و پرسیاری ئەوەی بۆ پێی ” پێ نادرێ تا پێی بڕوا و تا پێی بگات” پرسیاری یەکەمی ملوانکە و دەنکەکانیەتی.

١ شیرکۆ بێکەس، کتێبی ملوانکە، چاپخانەی ڕەنج چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٠٧

2- http://www.normbryt.se/vad-ar-egentligen-genus/
3- http://www.genus.se/wp-content/uploads/pub_-Genusperspektiv-pa-vardvetenskap.pdf sid 16-17

نووسینی بەکر ئەحمەد
٢٤ی ئەوگوستی ٢٠٢٠




دە هەزار شوێنپێ بەشێک لە شیعرەکانی (کو ئون) … بەکر ئەحمەد

بەر لەخوێندنەوەی ئەم شیعرانە، ئەم پێشەکییە کورتە پێویستە.
(کو ئون) بە یەکێك لە دەنگە گەورەکانی شیعری جیهانی و کۆریای باشوور لەقەلەمدەدرێت و هەموو ساڵێک لە لیستی ئەو ناوانەدایە کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ دەپاڵێورێت.

سالانی دەسەلاتدارێتی سەربازی (چونگ دوو هوانس) (١٩٧٩ تا ١٩٨٨) لە کۆریای باشوور، ئەو زەمەنەیە کە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە نووسینی (کو ئون)دا. لەم ساڵانەدا بوو کە ئەو لە زینداندا بەلێنە گرنگەکەی خۆی رادەگەێنێ:”گەر ئازاد بم، مەرج بێت شیعر بۆ هەموو ئەو کەسانە بنووسم کە بینیوومن یان دەیانبینم). لە ساڵی ١٩٨٢دا کون بەر لێبووردنی گشتی دەکەوێت و ئەم پەیمانە دەکەوێتە فازی جێبەجێکردنەوە. دەرئەنجامەکەی ٣٠ کتێبی گەورەی شیعرییە لە ژیر ناونیشنای(مانینبو)، یان ١٠ هەزار شوێنپێ.
هێڵێکی بینراو کە بە ناو شیعرەکانی (١٠ هەزار شوێنپێ)دا هەستی پێدەکرێت، تۆمارکردنی ئەو تاقیکردنەوە بێدەنگانەیەیە کە تراجید کۆمێکی لێدەتکێ، گێرانەوەی ئەو حەکایەتە بچکووکانەیە کە زۆر جار خۆی دەپێچێتەوە لە چیرۆکە گەورەکانی ئینسانەوە.
سەرنجراکێش نییە کە ئەم شاکارە گەورەیە بە شیعری داپیرە (سام مان) دەستپێدەکات کە داپیرە گەورەی دێیە و هوونەری گێرانەوە زیندوو رادەگرێت.

وەختێک مرد، وا دەزانرا ئەو لە گێرانەوە بەردەوامە
ئاخر ئەو بە مردوویش دەمێ هێشتا کراوە بوو
چەند هەوڵیاندا دەمی داخەن، دیسان دەمی دەکرایەوە.

کو ئون لە شوێنێکدا دەنووسی:” لە زەمەنی کۆلۆنیالیزمدا، ئێمە تەنها لە شەودا دەمانتوانی بە زمانی خۆمان بپەیڤین. ئێمە لە رێگای بە چپەدوانەوە بە کۆریایی گوێبیستی ئاخاوتنی دایک و باوکمان دەبووین.”
چەند ساڵێکی ژیان وەک راهیبێکی بوزی و لە دەستدانی زمانی دایک بەو شێوەیەی کە کوئون لە منداڵیدا دووچاری دەبێت، شیعری کون وا لێدەکات کە بە کەمترین وشە و بە دیقەتێکی وردەوە زۆرترین مانا بدرکێنێ.
شیعری کو ئون بە شیعری بەرهەڵستکاریی بێدەنگ وشیعری لەپەراوێزدا بووندا دەناسرێتەوە. ئەم بیست شیعرەی کە لێرەدا دەیخوێننەوە، بەشێکی کەمی شیعرەکانی (١٠ هەزار شوێنپێ)یە.
ئەم شیعرانە لە لایەن (کارۆلین هێرمێلین) و ( ئینگا هیرزێگ هان)ەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی سویدی.
Ko Un Maninbo Tiotusen Fotspår Atlantis 2018

سا هاێنگ

لە کەناری چەمی (میجیی)
ماسیگرێک راوەستابوو
ئەو، (ساهاینگ)ی لۆق درێژ بوو کە خەریکی تۆڕهەڵدان بوو
لەوبەرەوە، (چیل سۆنگ)ی کور، بەهەڵەداوان گەیشتە جێ
“باوە، باوە!
دایکم مرد، ئەو بە چاوی کراوەوە گیانی دەرچوو”
ئەو هێند دوور بوو، دەنگی نەگەیشتە ئەمبەر.

لەبەینیاندا، شەپۆلەکان ئارام ئارام
بەڵام خۆیان، بۆ هەمیشە لە یەک جودا.

باوک

بۆ یەک تۆزیش گرنگ نەبوو چەند هیلاک بوو
کاتێک بە رێگەدا دەرۆی، لە رووباردا دەپەرییەوە
بەسەر هەموو (نائیپۆ)دا رێی تەیدەکرد
لە بازاڕی (تایچۆن)ەوە تا دەگەییە بازارەکانی (ئیسان) ، (سۆسان)
ئەو چەندەها خەونی هەبوو
وەختێ کە باران دەباری
دەستەکانی بۆ دڵۆپەکان بەرز رادەگرت
بە تاسەوە دەیووت: ئایجو*، ئایجو
پێخۆشحالم بە بینینیت.

  • ئایجو لە زمانی کۆریدا بۆ دەربڕینێکی پڕ هەست و سۆزی ناخەکی بەکاردەبرێ.

(دۆ سۆنگ)ی مارگر

(دۆنگ سۆنگ) لە گوندی (پانگ جونک) بوو
ئەو مارگربوو
ئەو هەمیشە ماری دەگرت، کەوڵی دەکرد، سوێری دەکرد
دواتریش بە کەیفەوە دەیخوارد
ئێمە ئەومان پێ سامناک بوو، بۆیە زوو لێیهەلدەهاتین
ئەو بۆهەر شوێنێ بڕۆشتایە
بە بینینی،
زەردە مار و گەزەمار و هەموو جۆرە مارێکی دی، لە شوێنی خۆیان وشک دەبوون
بەرلەوەی دارعەسا تیژ و نووکدارەکەی لێیان بگرێ
مارەکان گشتیان گیرابوون.
ئێمە گشتمان لە ڕیگای ئەو لاماندەدا
دەترساین نەک بێتە خەومان
کەچی سەرباری هەر هەمووی، چ دڵپاک بوو
ئەگەر کەسێک لە ماڵێکدا بمردایە، چی کاری قورسی ناو ماڵ بوو
(دۆ سۆنگ) دەیکرد
ئەو دەیناڵاند و دەگریا
لەو رۆژەیشی، قوربانی بۆ مردوو دەکرا
لە سێ رۆژەی دوای ناشتندا، لەوێش ئەو عەزای خۆی دەگرت
ئەو مارگر بوو، بەلام چ دڵێکی هەبوو

(چۆڵگۆنگ)ی دەربەندی (ئۆکجۆنگ)

کە (چۆلگۆنگ) لە دەربەندی (ئۆکۆجۆنگ)دا
یان لەوبەر چیای (یۆنگ تۆل ری)دا
یان لە دەربەندەکەی خۆرئاوا، بە بێ ترپە و بە ئەسپایی
دەهات ، دەچوو
خەڵک بە گاڵتەوە دەیانووت: ئەها شێتە کەوتۆتە رێ!
بەڵام (چۆڵکۆنگ) خەمی نەبوو، وەک هەمیشە پێدەکەنی
لەو شەوە تاریکانەیشی گووڵە سپییەکانی کالیباس
تاریکی سپی دەکردەوە، (چۆلکۆنگ) بۆ خۆی پێدەکەنی
بەس ئەو ڕۆژەی کە پۆلیسە ژاپۆنییەکە
بە قەمچی بەربووەگیانی باوکی (کیل موو) و تا لێواری مردن بردی
ئەوە تەنها ئەو رۆژە بوو، (چۆلکۆنگ) تیایدا پێنەکەنی.

پەنجەی (جای هاک)
(جای هاک) هاوڕێی نزیکی باوک بوو
باوک، (جای هاک) و (کیۆنگ سۆپ)ی ئامۆزا
سوێندیان بۆ یەکدی خواردبوو کە وەک برای شیری وابن.

دەساڵ دواتر، (کیۆنگ سۆپ) مرد و
باوکیشی گەلێک نەخۆش بوو
(جای هاک) پەنجەی خۆی بۆ بڕیی وخوێنی خۆیشی وەکو دەرمان
دایە باوکی
کە (جای هاک) دەهات بۆ سەردان
لە دوورەوە، بە رلەوەی نزیک بێتەوە،
نەک یەک کەرەت، چەندین جار هاواری دەکرد: برای گەورە!
ئەوساکە باوک کە خەریکی قوڕشێلان بوو
بە قاچی قوڕاویەوە و دەمووچاوی پڕلە خەندە
رایدەکردە پیشوازی و دەیوت: برالە ، ئەمە تۆی!
توانای (جای هاک) لە دروستکردنی عارەقدا
لە ناوچەکانی (کونسان) و (ئوکوگو)دا لەسەر زاربوو.
کارگەکانی عەرەقخانە بە پەرۆشبوون ئەویان هەبێ
بەلام ئەو زۆر وەفاداربوو
قەت نەیدەویست ، ژوورەکانی پشتەوەی عەرەقخانەی (مێیجی) بە جێبهێڵێ
(جای هاک) دەیووت: گەر من بڕۆم، برایەتیمان زەربە دەخوا
ئەو کاتێک بە شیوازی خۆی، بە دەستی چوار پەنجەیەوە
کەوچکی لە تێکەلەکە دەدا،
تامی شەرابی برنج و عەرەقەکەیش، لەسەر زار قەت لانەدەچوو
کاتێک باری سێ چوار کارتۆن شەرابی برنج بۆ کێڵگەیەکی دی دەنێردرا
ڕادەوەستا و سەیری دەکرد
وەک ئەوەی بەشیک لە جەرگی خۆی لێکەنەوە
ئێوارەیەک کاتێک لێزمەی باران دایکرد
وەک وەی دونیا سەرەوژوور بێت
(جای هاک) بە هەلەداوان هات و
هاواری کرد: برا گەورە، برا گەورە!
لە مەودوا من مەشروبی بەهێز دروستناکەم
ئەوانەی شەرابەکەی منیان خواردبووەوە
ببوە شەریان
(هۆنگ سۆنگ دۆک)ی دێی (ۆندان ری)
بە چەقۆی (پاک کوانا سو) کوژرا
ئەوان هەر هێندەی مەست بووببون ، بەچەقۆ لەیەک بەرببوون

(پۆنگ تای)

من و تۆ کێبڕکێمان بوو، کێمان باشترین قوتابی پۆل بێ
تۆ لە ماڵی خانەدانێکەوە هاتبووی
هەمیشە جلکی جوانت بوو
پێنج قۆپچەکان، چەندە پاکبوون
هەموو رۆژێ، هێلکەیەکی سپی کوڵاو
لە زەمبیلەی خواردنەکەتدا کە تێکەڵێ لە جۆ و برنجی تێدا بوو
تۆ هچ فیزت نەدەزانی
ئێمە مەرەزەیەکمان هەبوو بە تەنیشت ئەوی ئیوەوە
رۆژیک وتت: با هاوڕێ بین!
ئەوەت وت و نانبرنجی وشکت دامێ
بەڵام (پۆنگ تای)!
یەکەمجار باوکت مرد
کاتێک سوورەکان بەرەو دوا و بەرە و باکوور کشانەوە
خەڵکی هاتن و تۆیان لە کۆلاندا کێشکرد
لە ئەشکەوتێ، لە چیای (هاڵمی)، لەوێ مردی
بەدەست سەربازێکی ڕەشپێستی یوئێن کوژرای
شەوێکی مانگەشەو بوو
لە ئەشکەوتێکی تاریکدا
ئای (پۆنگ تای)!
من نەمتوانی ڕزگارت کەم
تۆ ئەوسا حەڤدە ساڵان بووی
منیش هەروا.

گڵخۆرکە

ئەو تەمەنی شەش ساڵێکە و ئەستێرەکانیش دەژمێرێ
ئێوارەکان زۆر دڵگیرن
رۆژەکانیش گەلەک گران
باپیرە چووە بۆ کێڵگە
باوک لەسەر مەرەزەیە
مەرەزەی کەسانی دیکەش
بە رۆژ، لە دوای تاوێ باران
لە ژێر داری گوێسوانەدا، لەگەڵ کرمی گڵخۆرکەدا وازی دەکا
ئاوا منداڵێکی شەش ساڵ، (دۆ سووپی) ئوقرەنەگرتوو
ئیواران چاوەڕواندەکا

(پائێک)ی بێوەژنی خەلکی (هادمۆک ری)

(کیم کی هو)، بەلەموانێکی (هادمووک) بوولە دوورگەی (چیجوو)
بە بەلەمێکی ماسییەوە
لەگەڵ مامە (جۆنگ هۆنگی)دا چووە دەریا
رووبەڕووی زریان بوونەوە، بەلەم بەملاو لادا دەچوو
بەڵام قەت نەگەرانەوە
(پائیک)ی ژنی (کیم کی هو)، ژنە مەلەوانەکانی هاوڕیی کۆکردەوە
بەشوێن تەرمی پیاوەکاندا کەوتنە گەران
ماوەی هەشت رۆژ، لەو دەریا فراوانەدا ، شوێنێ نەما نەیپشکنن
بە بێ هوودە
راهیبێکیان بانگ کرد نوێژ بۆ پاشای ئەژدیها بکات
بە بێ هوودە
(پائێک) کە ببووە بێوەژن هێشتا بیست و پێنج سالان بوو
خۆی تەواو خاوێن کردەوە و خۆی بۆ نێو قووڵایی دەریا هەڵدا
لە نێوانی دوو گابەردا ، لاشەی مێردەکەی دۆزیەوە
یان وەک دەڵێن ئەوەی کە لە لاشە دەچوو
ماسی بە گازشیواندبووی
ئەو هاتە دەر، تەرمەکە لە باوەشیدا و
دواتر، بێ ئەوەی کات بدا بە پرسە گرتن
ئەوی مابوو کفنی کرد و خستیە تابووتێ سنەوبەر
لە شوێنێکی موڵکەکەیدا و لە جێێ بەرز، تەنها ناشتی
هەموو سەرلەبەیانییەک
لەبەردەم گۆردا دەوەستا
ئەمە و ئەوەی بۆ باسدەکرد کە دەبوایە بە ڕۆژ بکرێ
ئێوارانیش دەچووە سەر گۆڕ تا بەووردی ئەوە باس کا
چی فریا کەوتبوو بیکا
دواتریش دەگەرایەوە ماڵ تا چاوی لە کوڕەکەی بێت
(پایک) لە ژیانی رازی بوو
لە جیاتی مێرد، ئەو ژیانی دا بە کوڕەکەی.
ئێوارانیش کاتێ ئاوی دەریا دەکشایەوە
سەیری شکانی شەپۆلی دەریای دەکرد
کاتێ دەگەیشتنە کەنار
لە شەپۆلەکان و دەنگیاندا، گوێی لە دەنگی مێردەکەی بوو

گۆریک لە کەرەستەی کارکردن

نزیک رووباری (مانکیۆنگ)،
دەریا سەری کردو گردە خوێکانی ڕاماڵی
پیرە (سو گیل)ی دەهۆلکوت
چوو بوو بۆ خوێ هێنانەوە
رووبار لەو شوێنەی خولدەخوا، لوولی کردوو و
جیا لە تەنها تاکێ پێڵاو، لاشەکەشیان نەدۆزیەوە.
برا گەورە و خوشکانی شووکردووی (سوگیل)
باسییان کردو بڕیاریان دا یادەکێلێکی بۆ بکەن
تەشوێ و تەورداس وشەنەکەی (سوگیل)ی پیری تێبخەن
لە گۆڕستانەکەی باپیران، (سوگیل)ە پیریان ئاوها ناشت
قەبرێ بۆ سندوقی شتەکان
لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ، هیچ منداڵێکی گووندەکە
خۆی لە قەرەی گۆڕ نەدەدا
سەبەب چی بێ ، ئەم قەبرە درۆینەیە، تۆقێنەر بوو.
کێ دەکرێ بە خەیاڵیا بێ
سێ ساڵ دواتر، (سو گیل)ی پیر گەڕایەوە
براکانی هەموو تۆقین، دەیانزانی جندۆکەیە
کاتێک سوگیل بۆ چەند جارێک هاواری کرد:
منم خۆمم، جنۆکە نیم.
ئەوسا ئیتر، هەموو لە ئامێزیان گرت و تێر تێر گریان
ئەمە خەونە، سوپاس دەژی! وایان دەووت.
ئەو ڕووبار تا قولایی دەریا رایماڵی بوو
دەستی گەیبووە تەختەیەک
ئەوەش رزگاری کردبوو
شەپۆلەکان تا کەنارەکانی (چیلسان)، تا ناو دەریایان بردوو
لەوێ کەشتییەک بینی بووی
دەریاوانەکان دەیانووت: چوون ئێمە رزگارمان کردی،
دەبێ پاداشتمان بەیتەوە و کارمان بۆ بکەی
ئەو سێ ساڵە، ئەو چیشتلێنەری کەشتی بوو
لە نزیکی (پۆپسانگ پۆ)دا، رۆژێک توانی بوو هەڵبێت و
زرپ و زیندوو هاتبووەوە ماڵ
(سوگیل)ی پیر گۆرەکەی هەلدابوویەوە و
سندووقەکەی دەرهێنابوو.
دەسکی تازەی بۆ کەرەستەکان کردبوو
کاتێ یەکێکیانی لە زەوی تووند کرد
ئەو وتبووی: ئێوە زیندوو و منیش زیندوو
وەک هەمیشە، گەلێک کار ماوە تا بکرێ.

شەش پەنجە

لە تەمەنی سی ساڵیدا، شەش پەنجە هێشتا بێ ژنە
پەنجەیەکی زیادی هەیە، تا بتوانێ زیاترکار کا
دەستی ڕاستی، هەمیشە بەخشندەترە
ئەو هەروا لەدایک بووە و ئەم پەنجەیە، دەستەوستانی نەکردووە
شەش پەنجە بەو دەستەیەوە، جانتای شان و
زەمبیلە زۆر وەستایەنە دەچنێتەوە
دوای نۆشینی پەرداخێ شەرابی برنج، کەمێک مەزە
بە بێدەنگی دادەنیشێ
هەردوو قاچی درێژکردەکا
دنیا لەسەر سەر وەستا بێ یان لەسەر قاچ
وەختێ شەقاوەیەک دێت وبە بێ چرپە
خۆی لێ نزیک دەکاتەوە و بە دەنگێ زل
خوازیاری تۆقاندنییەتی
ئارام ئارام، شەش پەنجە بۆ خۆی هەر دەچنێ
دواتر دەڵێ: بە هیچ جۆرێک نامتۆقێنی
وەرە بخۆ!
ئەو بە نیگای داوەتی پەتاتەی دەکا،
پەتاتەی سارد، هینی دوێنێ
باوکی (شای بۆنگ)، بە ڕێزەوە:
کونجی دڵی بوودای گەرەک چۆنە،
شەش پەنجە بۆ ئێمە وایە.
ئەو وا دەڵێ
بەلام دەکرێ باوکی (شای بۆنگ)
یەکێ لەو دوو کچەکەی خۆی باتێ؟
بێگوومان نا.
ئەو بۆ وا بکات؟
خەرمانی زۆر وبووداکان، بەس هەر وشەن.

جۆگەلە بچکۆلەکە

وەرە و سەیری ئەم جۆگەلە بچووکە بکە
ئاوەکەی چەندە ئاشنایە وەکو نەنە و وەکو پوورێ
کە سەختی ژیانیان دیوە
بەڵام ئا ئەمە درۆیە!
کارەکەرە وردیلەکەی ناوچەی (چاینامس)
کاتێک بە ئیشی (گاسێمی)
گەیشتبووە لای جۆگەکە
ئەو کەوتبووە ناوی و خنکابوو
منداڵێکی بێ ناو
منداڵێکی بێ دایک باوک
ئەو هەمیشە ، خاوەنماڵ چاوی لەسەربوو
بۆیەش شوێنێکی دی نەبوو تا ڕووی تێ بکاو تێر تێر بگری
ئەم مندالە، قەت بە دڵی خۆی نەگریابوو
سەیری ئەم جۆگەلەیە بکە!
ئەویش لەم منداڵە دەچێ
ئاوی جۆگەش کە مندالەکەی تیا خنکا
ئەویش لەم منداڵە دەچێ.

سەرچاوە بچکۆلەکە

گەر (یونگ تون) بێ چاوگی خۆی بێ؟
نەدەکرا ببێ بە دێ
بەفر بێ وچان دەبارێ
دەبارێتە ناو قوڵایی ئاوی ڕەشی ئەم چاوەیە
لەوێش بێدەنگ دەتوێتەوە.
ئەم ئارامییە چەندە قوڵە.
کاتێ هاوسەرەکەی (یانگ سو) دێتە دەر تا بچێ ئاو بێنێ
ئەو لە ناو بەفردا داپۆشراو
گۆزەی ئاوەکەی دادەنێ
یەک سەتڵ ئاو هەڵدەکێشێ و بیری دەچێ بیکاتە ناو گۆزەکەوە
پرووشەبەفرەکان دەبینێ چۆن لە سەتلەکەدا دەمرن.
ئارامییەک قوڵ

نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان

گەر بخوازی، کەسێ سەفەرێکی خۆش کا
دەبێ بەردێ بگریتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
ئەمە شتێک نەبوو کەس لە باوکەوە فێری بێ
وەک مندالێکی سێ ساڵە، تۆ واتدەکرد
وەختێ بەردێ دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان
دوعایەک لەو کەسە دەکرێ تۆ چارەت لە چارەی نایە
بەو نیازەی ، کارێکی باش نەیەتە رێی
بەلام ئینسان دوعا ناکا کەسێ بمرێ، ئەمە ئیتر سنوورێکە ونابەزێنرێ
تووڕەیی جوتیارەکان، ناکرێ لەوە زیاتر بڕوا.
بەلام کاتی داگیرکردنی ژاپۆنییەکان، لە دوارۆژەکانی شەردا
وەختێ سکەکان برسی بوون،
خەلک جگە بێئومێدی چی دی نەبوو
ئیتر زۆر جار لەو کاتەدا کە بەرد دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان
ئینسان بێ ترس دوعای دەکرد: مناڵی کەسێکی دەوڵەمەند بمرێ!
یان باوکی کەسێ دەوڵەمەند، بەیانییەکی خۆشی نەبێ!
بۆیەش بەردی کەلەکەبووی نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
بەرز و بەرزتر دەبوویەوە
هاوسەرەکەی( پاک تان کون)یش دەچووە ماڵی دەولەمەندان
دەچووە ئەوێ و حەکایەتی ئەو نوێژانەی دەگێراوە.
(سونگ دۆ)ی هەژار کە نوێژێک ودوعایەکی وای خوێند بوو
بانگکرابوەوە باخچەی ماڵی (کانیۆکاس)ی زۆر دەوڵەمەند
کارەکەرو و(تارۆ)ی کورە گەورەکەی کانیۆکاس
بە گۆپاڵ تێرلیان دابوو.
زۆری نەبرد
لە جیاتی بەرد بگرێتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
(سو دونگ) لە شەوێکی دێردا، بەردی گرتە ماڵەکەی( کانیۆکاس )
ئەو لەجیاتی بەرد هەلبات و دوعا بکات
وەک جنۆکە بەردی گرتە گەلا برنجی سەر دەرگای
ژووری نووستنی کابراوە.
بەلام دەستبەجێ گرتیان و خرایە زیندان
بۆ مانگێک لە زینداندا بوو
کە هاتە دەر، ئەو بۆ هەمیشە دەگریا.
سەگەکانیش دەوەرین

وانگ ساناک

کاتێ قامکی لەسەر تاڵی کۆمۆنگۆنسەکە نەرم دانا
قوڵنگێکی رەش سەماکەر، هات و فڕی
کۆگۆریۆ میللەتێکی جەنگاوەر بوون
هەر لەوێش بوو، کۆمۆنگۆسژەنێ بێ بە وەزیر
وەزیری ژێردەسەلاتی مەلیک کوانگکاێت
ئەو بە تۆنی کومۆنگۆکەی، ببووە پاشای ئەم مەملەکەتە گەورە یە
سەدان ئاوازی دانابوو
کاتێ مەملەکەت گەشەی کرد، مۆسیقای کومۆنگۆش هەروا
بێگوومان ئەم مۆسیقایە پەریەوە بۆ چین، بۆ ولاتی جین،
بۆ پائێکجێ لە باشوور
بەسەر دەریادا بۆ ژاپۆن
دەڵێن قوڵنگ بەسەماوە بە دوای تۆنی کۆمۆنگۆکەدا فڕیوە
لە باکووردا ، وانگ ساناک
لە باشووردا، ووروک
گوومان نییە، ئەم موزیکە لە خولقاندنی دەنگی زیندوو و
تەنانەت دەنگی مردووشدا، لەسەر زەوی دەووری هەبووە.

داوەڵ

لە پایزدا، داوەڵەکە لە میوان دەچێ
لە زستاندا لە سواڵکەرێک
نا
وەختێ سەرژمێری گووندەکان دەکەی،
دەبێ داوەڵەکانیش بژمێری!

جنۆکە

تا تەمەنی دەسالیشم، لە بەینی مەرگ و ژیاندا هاتووچۆم بوو
لەو ماوەدا، من زەعیف و پیریش بووبووم.
وەختێ چاوانم دەچووە خەو، نیوەشەوان، جنۆکەیەک دەهاتە لام
بەدەم ئارەقکردنەوە دەمقیژان
باوکم هەلدەسا، بە ڕووتی و بە پەلە دەچووە دەر
داسی سەردیوارەکەی دادەگرت: گەر بێتەوە، من بەم داسە بۆت دەکووژم.
ئەو شەوانەی جنۆکەکە
بەملاو ئەولادا دەگەرا چەند درێژ بوون
تا تەمەنی دەساڵیشم ، من جنۆکە ڕاویدەنام
گزنگی بەیانییەکی دیکە، گژو گیاو دارو سەوزایی و
گردە رووناکەکانی شوینە دوورەکانی ئەوبەریش
ترسیان نەدەرەواندمەوە
ئەوەی جنۆکەکەی لێدەرهێنام
تەنها ئەوە بوو کە وایکرد ئیتر چیدی برسی نەبم
کاتێک توانیم لە رۆژێکدا سێ ژەم بخۆم
بۆ منێک کە بە هۆی کرمەوە نەخۆش بووم
ئەو کرمانەی لە سکمدا خۆیان لوولدابوو
بەڵام ئاخر جنۆکە چییە؟
من دەزانم، برسێتییە
من دەزانم

ئۆکایای خانمی کۆشک
لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (ئی)دا
ژنەکانی کۆشک دەبوایە دەستداخراو وبەرزکراوە بۆ لای چاویان
لە حاڵەتی ملکەچکردندا بخەوتنایە
وەک ئەوەی چەمابنەوە
ئاخر ئەگەر پاشا هەموو عومری بۆ یەک جاریش
بێتە دەر و خۆی پیشانبات
دەبوایە ژنانی کۆشکیش
بەرزە پێ هەڵبسنە سەرپێ و هەردوو دەست تووندداخراو تا لای برۆ
چ ڕێسایەکە، پێم ناڵێن.
لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆرۆی)دا
هەمان بارودۆخیان هەبوو
گەر پاشا کوڕی نەبوایە
پیاوانێکی زرپ و کەتەیان هەڵدەبژارد
تا لە ژنانی کۆشکیان جووتکەن و سکیان پڕبێ
بەلام لەو هەموو منداڵە، دانەیەکیان لێهەڵدەبژارد
دایکان، باوکان، هەموو مندالەکانی دی، گشت دەکوژران
بەلام (ئوکیا)ی خانمی کۆشک
لە هەلومەرجێکی واهیدا، کچێکی بوو وتوانیشی کە رزگاری بێ
وەک هاولاتییەک، خۆیی و کچەکەی، دوور لە چاوەکانی کۆشک
سادە ژیا.
ماوەی نێوان دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆریۆ) و(ئی) دا
بەخت و ناوچاومان وای دێنا
یەک لە هەزار
یەک لە سەد ملیۆنێکدا

باپیرە
(چووی هۆنگ کوانگ)ی باوکی دایکم
هیند درێژ بوو، شەپقە گەورە و درێژەکەی دەگەییە بنمیچی ماڵ و
دەیدا لە هێلانەی چۆلەکەکان
ئەو هەمیشە پێدەکەنی
ئەگەر نەنکم شتێکی بدایە بە کەسێ تا کو بیخوا
باپیرە بوو لە هەمووان زیاتر پێی دڵشاد بێ
ئەگەر نەنکم، ڕەقتر لەگەڵیا بدوایە
ئەو بۆ خۆی هەر پێدەکەنی و گوێی نە دەدا توورەبوونی
بیرم دێ کاتێ منداڵ بووم
باپیرەم وتی: گوێم لێگرە!
ئەگەر باخچەکە خاوێن کەی، باخچەش بۆتۆ پێدەکەنێ
ئەو پێکەنێ
پەرژینی دەوری باخچەکەیش پێدەکەنێ
تەنانەت تیشکی خۆری درەوشاوەی سەر پەرژینیش
ئەویش دێت و پێدەکەنێ

(بون ری) نابینا

کچەکەی (مون چونگ ئان)ی خەلکی (چایتۆنگ جی)
لە تەمەنی دوو ساڵیدا، چاوەکانی خۆی لە دەستدا
تەمەنیشی بیست و شەش بوو، هێشتا کەس نەدەچووە داوای
ئەو قالدرمەکانی گسک دەدا، نەک هەر جارێک لە رۆژێکدا
یان دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ
کاتێک دایک و باوک هەردووکیان لەمەزراکە لەسەر کارن
ئەو دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ
کاتێک ماڵ هیچی تیا نییە ئاگات لێی بێ
منداڵی هار دێنە ژوور و قرژاڵێکیان بەدەستەوە
دەپرسن: چۆرەک دەخۆی، دەمکەرەوە!
قرژاڵ دەخەنە نا ودەمی ولەوێ هەڵدێن
پیاوانی بەتەمەن دێن و بەدزەوە دەست دەبەن
بۆ (بون ری) کوێر و بە چپە دەڵێن: چەندە جوانی!
دەست دەخەنە سەر مەمکانی و ژێر کراسەکەی
(بون ری) دەیەوێ رایانگرێ، سەیرە ئەو هیچ ناقیژێنێ
بە بێدەنگی زەجری ئەم هەمووە و شتی دی دەکیشێت و
وەختێک ئا ئەم بەرازانە، هۆشیان دیتەوە بەر خۆیان و ماڵ جێدێڵن
وەختێک ئەو تەنها خۆیەتی، لە پرمەی گریانی دەدا
ئاخر ئەو چاوانەیشی کە نابینن، فرمێسکی خۆیانیان هەیە
ئەو هەر دەگری
جاڵجاڵۆکەیەک بە کۆتایی داوەکەیدا
بێ جوولە خۆیهەڵواسیوە

قەبری مندالەکەی (گالموێ)

عومری قەت نەگەییە ساڵێک
منداڵێکی بێ ناو

لە دایک بوو، چەند هەناسەیەکی هەلمژی
دوای ئەوە مرد
پێش ئەوەی فریا بکەون لە نفووسدا قەیدی بکەن

دایک فرمێسکی پێ نەبوو
گلەیی لە بەختی خۆی نەکرد
دەزانی؟
ئەو رۆژگارە برسێتی بوو
سەگێک هات و بە دەوری قەبری منداڵدا لمۆزی لە زەوی دەخشاند
بە چنگ گۆرەکەی هەڵکەند و
چی لە گۆردا مابوو خواردی و هار بوو

سەگی هار بوو دوو کەسی گەست

ئەم منداڵە
کە هیشتا ناویشی نەبوو
هاتە دنیا و
توانیشی سەگێک هار بکات
دەڵێن پیاوێکی ناوچەی (میجیی) بوو
توانی سەگەکە دەستگیرکا

(شیم)ەی نابینا

لە کۆلانێکی پشتەوەی شاری (سۆنگ بانگ)
پیاوێکی نابینا دەژیا
بە (شیم)ە کویر بانگیاندەکرد
لە راستیدا ناوی باپیرەیشی (کیم ) بوو
بەڵام خەلکی بە هۆی چیرۆکێکی مەشهوورەوە،
بە (شیم)ە کوێر بانگیاندەکرد
بە کۆمەکی گۆچانەکەی، هەموو ئێوارانێک دەچووە
ویستگای شەمەندەفەر و بە تەنیا لەوێ دەوەستا
گۆچان لە دەستی راستیدا
کەمێکی دی دەیگۆاستەوە بۆ دەستی چەپ
ساڵێک دەبێ، کچە چواردە ساڵانەکەی، لەگەڵ ژنێکی دراوسێ
خەریکی فرۆشتنی رۆبیانی لە قووتووکراودان
بەوەی ڕۆبیان لە (چانگ هانگ) زۆرهەرزانترە،
لەوێ دەیکرن
سەبەتە بەسەر سەرەوە، ، لەو ناوچانەدا دەیفرۆشن
بەرلەوەی تاریکی دابێ، دەگەڕیتەوە بۆ (چانگ هانگ)
جارێکی دی، سەبەتەپڕدەکاتەوە و
سواری دوا قیتار دەبێت و بەرەوە ماڵ دەگەرێتەوە
کاتیك قیتار لە ویستگاکە رادەوەستێ
یەکێک لەو موسافیرانەی دادەبەزێ، کیژۆلەکەی (شیم)ە کوێرە
ئەو بانگ دەکا: باوە، باوە
دەنگی دەڵێ بەردە سەوزەکەی (یادێ)یە *
تاریکی ناو چاوەکانی (شیم)ەی کوێریش،
لەبەر شەپۆلی رووناکی دەنگی کچدا بەچۆکدا دێ.

بەردی یادێ. بەردێکی گرانبەهایە لە چەشنی دەسکێک کە بەردێکی سەوزی لووس بەسەرێکیەوەیەتی بۆ مەساژی دەمووچاو بەکاردەهێنرێ.




کۆرۆنا و ئەدرێسی ماڵەکەت دۆخی سوید … نوووسینی: بەکر ئەحمەد

لە نێوان ستراتیژی داخستنی کۆمەلگادا بە تەواوەتی و کردنەوە و نیمچەداخستنیدا ، سوید ستراتیژی دووەمی هەلبژارد. هەر ئەمەشە وا دەکات سەرنجێکی گەورەی مێدیای لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا لەسەر بێت. من لەم نووسینەدا بەشوێن ڕوونکردنەوە و بەراوردی نێوان ئەم ستراتیژیانەوە نیم لە ئێستادا، ئاخر هێشتا زووە بزانرێت کام لە ستراتیژییەکان دروستتر بووە. ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە لە ئێستادا و بە پێی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەکانی سویددا خراونەتە ڕوو، رێژەیەکی بەرزی کۆچبەران لە ریزی تووشبووان و مردوواندان.
چی وادەکات لەگەڵ کەمی ژمارەی کۆچبەراندا لە سوید بەبەراورد بە ژمارەی هاولاتیانی سوید خۆیدا، ژمارەی تووشبووان و مردووانی کۆچبەران لە ئاستێکی بەرزتردا بێت، پرسیارێکە و زۆر لایەن خەریکی لێکۆڵینەوەن لێی. رەنگە کەسانێک کە لەدەرەوەی سوید دەژین، پێیانوابێت کە ستراتیژی نیمچەکراوەی سوید و تەواودانەخستنی کۆمەلگا هۆکاری ئەم دەرئەنجامە بێت.
بەڵام ئەوە من لەم وتارەدا بەشوێنییەوە دەبم و دەمەوێ جەختیلێبکەمەوە ئەوەیە: سوید هەر کام لە ستراتیژیەکانی بەرانبەربوونەوەی کۆرۆنای هەڵبژاردایە، داخستن یان نیمچەداخستن، لەو ڕاستییە تاڵەی کەمنەدەکردەوە کە بەرزی ژمارەی تووشبووان و قوربانییەکانی کۆرۆنا لە پەیوەند بە کۆچبەرانەوە، وەک خۆی دەبوو.
ئەم پێداگریی و دڵنیابوونە لە درکاندنی ڕاستییەکی واهی ، ڕاستییەکی تاڵە و من ناچارم لەم وتارەدا هەندێک لە لایەنەکانی ڕوونبکەمەوە. ئەگەر ئاستی بەرزی قوربانیەکانی کۆچبەران وەک دەرئەنجامێکی ستراتیژی دژە کۆرۆنای سویدی چاویلێبکرێ، ئەوا ژمارەی قوربانیەکانی کۆرۆنا، ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا نەدەهات ئەگەر سوید ستراتیژی کەرەنتینەکردنی ماوەدرێژ و داخستنی سەرتاپای کۆمەلگایشی هەڵبژاردایە. ئەم وتارە بەشوێن ئەو هۆکارانەوەیە کە ئەم گریمانە دەسەلمێنێ.

کۆرۆناو مەرگێکێ بێ ڕەنگ و شوناس

جێگری وەزیری تەندروستی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەمەبەستی كەمكردنەوە لەبایەخ‌و مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆناو پێویستی بەكەرەنتینە نەكردن، خۆی هات‌و دانی بەوەدا نا كە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە‌و خۆی كەرەنتینە دەكات، ئەو دەڵێ:” ئەم ڤایرۆسە زۆر دیموكراسییە، نەجیاوازی لەنێوان هەژار‌و دەوڵەمەندا دەكات‌و نەجیاكاریش لەنێوان دەسەڵاتدارو بێدەسەڵات، نەكاربەدەست‌ دەناسێ‌و نە هاوڵاتی ئاسایی” (1)
هەمامن دید و تێروانین لە پەیوەند بەم مەرگەدا بە زمانی جۆراوجۆر لە گۆشە و کەنارەکانی دیکەی گۆی زەویدا دەکرێ ببیسترێت و بخوێنرێتەوە.
بە کوردییەکەی: مەرگ ( بە مەرگی کۆرۆناشەوە) جیاوازی لە نێوان فەقیرو دەوڵەمەنددا ناکات و هەموومان لە بەرانبەریدا بەچۆکدا دێین.
ئەوەی منیش دەمەوێ جەختی لێبکەمەوە لە پەیوەند بە سویددا، دەرخستنی ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە : کۆرۆنا لە سویددا بە زەقی جیاوازی لە نێوان هەژار و دەولەمەند ، ڕەش و سپی، دەسەڵاتدار و بێدەسەلاتدا دەکات . ئەم ڕاستییە لە نیۆرۆکەوە بۆ نیودیلهی ، لە بەغدادەوە بۆ تاران، بێ ڕتووش ڕووخساری خۆی نیشاندەدات.
بۆ نیشاندانی ئەم مەبەستە، بەکەڵکوەرگرتن لە نیشاندانی ئەو داتایانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان خستوویانەتە ڕوو و لە ئاستێکی بەرینی کۆمەلایەتیدا لەبەردەستتدان، دەمەوێ نیشانیبدەم کە کۆرۆنا هێندە دیموکراسی نییە وەک ئەوەی زۆر کەس دەیەوێ وەک پاساوێک بۆ ڕێژەی بەرزی قوربانییەکان و نە پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، خۆیان لەژیر ناوی دیمووکراسیبوونی کۆرۆنادا بشارنەوە.

ژمارەی پۆستی گەڕەکەکان و ژمارەی تووشبوان و مردووان.

ڕۆژنامەی “ئێکسپرێسن”ی ئێوارانی سوید(2 ) لە ڕیپۆرتاژێکی دوور ودرێژدا، بە شوێن ئەدرێسی پۆستی گەرەکە جۆراوجۆرەکانی ستۆکهۆڵمەوە، ئەو ڕاستییە نیشاندەدات کە ژمارەی تووشبوان لە گەرەکە دەوڵەمەند نشینەکاندا بە بەراورد بە گەڕەکە لەپەراوێزدابووەکانی هەمان شاردا کە زۆربەی زۆری دانیشتووانەکەی کۆچبەرانن و لە باری شوێنپێی چینایەتییەوە، سەر بەچینی کرێکارن، هەتا بڵێی ئێجگار کەمە.
ئەدرێسی گەرەکەکانی سوید، لە پێنج ژمارەیەک پێک دێت کە سێ ژمارەی یەکەم ئاماژەیە بۆ ناوی گەرەک و دوو ژمارەی دووەمیان، دابەشکردنی ماڵەکانە لە نێوان سنوورەکانی هەمان گەرەکدا، بەڵام بە نیشاندانی ناوی شەقام کە دەکرێ بە هەموو گەرەکدا نەڕوات.
ئەو داتایانەی لێرەدا نیشاندەدرێن، ناوهێنانی ئەدرێسی پۆستی گەرەک و ژمارەی دڵنیابووی تووشبووانی کەسەکانە لە 14:ی مای 2020. واتا لە یەک رۆژدا. سەرەتا لە گەرەکە پەنابەرنشینەکانەوە دەستپێدەکەم کە هەموویان دەکەونە ناوچەی ستۆکهۆلمەوە.

گەرەکی ڕێنکیبی:
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
16370 36
16371 22
16372 28
16373 28
16374 39
16375 19

گەرەکی بووتشیرکا.
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
14551 28
14552 26
14553 کەمتر لە 10 کەس
14556 17
14563 کەمتر لە 10 کەس
14564 23
14565 کەمتر لە 10 کەس
14567 16
14568 21

گەرەکی سوێدێرتالێ
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
15151 27
15152 10
15153 27
15154 35
15155 33
15156 کەمتر لە 10 کەس
15161 30
15162 22
15163 کەمتر لە 10 کەس
16164 17
16165 25

دوو لە گەرەکە دەوڵەمەندنشینەکانی ستۆکهۆڵم
گەرەکی یۆرشهۆڵم
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان

18260 کەمتر لە 10 کەس
18261 کەمتر لە 10 کەس
18263 کەمتر لە 10 کەس کەس
18264 کەمتر لە 10 کەس
18265 کەمتر لە 10 کەس
18266 کەمتر لە 10 کەس
18267 کەمتر لە 10 کەس
18268 کەمتر لە 10 کەس

گەرەکی ئوێستەرمالم
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان

11520 کەمتر لە 10 کەس
11521 کەمتر لە 10 کەس
11522 کەمتر لە 10 کەس
11523 کەمتر لە 10 کەس
11524 14 کەس
11525 کەمتر لە 10 کەس
11526 11 کەس
11527 کەمتر لە 10 کەس
11528 کەمتر لە 10 کەس

ئەگەر شوێنێک ژمارەی تووشبووانی لە خوار 9 وە بێت، شارەوانی ستۆکهۆڵم هیچ داتایەکی نەداوەتەدەر، بێگوومان دەکرێ 1 تا 8 بێت. گرنگ ئەوەیە ژمارەی تووشبووان لەم پۆست ئەدرێسانەدا کەمن.

“کۆچبەربوون” وەک فاکتەریكی ریسکی زیاتر بۆ مردن

ئەگەر ژمارەکانی سەرەوە بە زەقی بەرزی و نزمی نێوان تووشبووان ڕووندەکاتەوە لە پەیوەند بەوەی کە ئینسان لە کام گەرەکی شاردا نیشتەجێیە، لە گەرەکە کۆچبەرنشیناکاندایە یان لە گەڕەکە ڤیللانشینەکاندایە، ئەوا لێکۆلێنەوەی 4 دوکتۆری سویدی لە” گۆڤاری پزیشکان”دا (3)، رەهەندێکی دیکەی خەتەرناک بەم ژمارانە دەدات و پەیوەندی نێوان ریسکی مردن بەهۆی کۆرۆناوە وەک کۆچبەر و سەر بەوڵاتێکی دیاریکراو، دەکاتە ڕاستییەکی هەتا بلیی تاڵ. ئەمە نەک بە مانای دۆزینەوەی پەیوەندییەکی میکانیکی لە نێوان جوگرافیایەکی سیاسی و ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا و مردنەوە، بەڵکو شوێنپیی کۆمەڵایەتی ئەم ئینسانانە لە کۆمەلگای نوویدا و هۆکارەکانی هەڵاواردن کە ئینتیمای ئەتنی دەکاتە پێوەرێک بۆ دەستگەیشتن بە کار، شوێنێ ژیان، خوێندن و زۆر چالاکی دیکە، تۆڕێک لە سترۆکتۆری کۆمەلایەتی بەرهەمدەهێنێتەوە کە لەو شوینەدا داتدەنێت کە کۆرۆنا ئاسان دەتوانێ زەفەرت پێبەرێت.
“کریستینا یاکۆبسۆن” ، پرۆفیسۆر لە بواری (دەرمانی کۆمەڵگا و تەندروستی کۆمەڵ) لە دانشگای یۆتۆبۆری، یەکێک لە نووسەرانی راپۆرتەکەیە و دەلێ: “بەرزی ژمارەی مردووانی هاوڵاتیانی هاتوو لە عێراق و سوریا و سۆماڵیاوە ، ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان 40 و 64 و سەر و 65 وەیە لە مانگەکانی مارس و ئەپریل و مایدا مردوون، بە بەراورد بە ساڵانی 2016 تا 2019، 250 ٪یە. لە کاتێکدا ڕێژەکە بۆ ئەوانەی خەلکی سویدن و یان لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپای یەکگرتووە و سکاندیناڤیاوە هاتوون و لێرە دەژین، بۆ هەمان فەترەی زەمەنی، 19٪”
کریستینا لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا دەنووسێ: ئەم ژمارانە هیچی دیکە نیشاننادەن جگە لە دووبارە تەئکیدکردنەوەی لەو دۆخی جووداسازییەی( سێگریگاسیۆن)ەی لە بواری نیشتەجیبووندا بوونی هەبووە و هەیە. بە قسەی ئەو، هەڵبژاردنی هاوڵاتی ئەم سێ وڵاتە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ساڵی 2000دا، پەنابەرانێکی زۆر لەم وڵاتانەوە هاتوون و گرفتەکانی تەزییقی خانووبەرە، بەکارهینانی هۆکارەکانی هاتووچۆی گشتی وەک پاس و ترام لە لایەن ئەم گرووپانەوە و پێکەوەژیانی نەوەکان لەگەڵ یەکدا، بە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزی رێژەی توشبوون ومردنی کۆچبەران دەبەستێتەوە. بەڵام فاکتەری سەرەکی کە ئەم ڕێژەیە بەرەو سەر دەبات ئەوەیە کە کاری ئەم گرووپانە لەگەڵ خەڵکانێکی زۆردایە و ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی دیکە دەبینن لە ڕیگای کارەکانیانەوە. بوارەکانی خزمەتگووزاری، تەندروستی و هاتوچوو، ئەو کەرتانەن کە شوێنی کاری هاولاتی ئەم ولاتانەیە و دەرفەتی کارکردن لە ماڵەوە کە کارمەندانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی دیکە هەیانە، بۆ ئەوان لە ئارادا نییە. تۆ بۆ ئەوەی خزمەت بە کەسێکی نەخۆش بکەیت، دەبێ بیبینیت، ناکرێ لە ماڵەوە ئەم خزمەتگووزارییە پیشکەش بکرێت. بە کورتییەکەی: ئینتیمای چینایەتی ئینسانەکان هۆکاری مردنی ئەوانە.
ئەگەر من لە سنوورەکانی ئەم لێکۆڵینەوە پزیشکییە کەمێک بێمە دەرەوە و هۆکارێکی دیکە ریز بکەم، پێموانیە لە چوارچیوەکانی باسەکە دوورکەوتبێتمەوە. ئەو هۆکارەش ئەو لەو تێڕوانینە کولتوررییەدایە کە جەنگ لای ئینسانەکانی ئەم ولاتانە دروستیدەکات و لە بەکەمتەماشاکردنی ژیانەوە خۆیدەردەخات. کاتێک تۆ لە بۆمبارانەکانی مەقەدیشۆ و حەلەب و بەغدادەوە هاتوویتە ئێرە و ڕزگارت بووە. پێتوایە شوورەییە خۆت لە دوژمنێک بشاریتەوە کە دیار نییە. تۆیەک کە لەگەڵ مردندا ڕووبەڕوو بوویت و دەستت لە دەمووچاوی داوە، سامی مردنت لا نامێنێت و دیدیکی دیکەت بۆ ژیان لادروستدەبێت. یان بە زمانێکی ڕۆشنتر: ئینسان بێ لاموبالاتییەکی زیاتر نیشنادەدات لەبەرانبەر ئەو ریسکانەی کە دێتە سەر ڕیی ژیان، ئاخر شتی لەوە سەختتر هاتۆتە سەر ڕێم، جا کۆرۆنا چییە؟ دەکرێ دەربڕینی بەشیکی زۆری هاولاتیانی ئەم ولاتانە بێت.
بە کورتییەکەی: ئەوەی کە بەشێکی زۆری قوربانییەکانی کۆرۆنا لە ناوچە کۆچبەرنشینەکان و هاولاتیانی ئەو ناوچانەدایە، پرسیاری سترەکچەرە کۆمەلایەتییەکان دەکاتە هۆکارێکی گرنگی تووشبوون و مردنی هاوڵاتییان. فاکتەرێک کە لە زۆر دۆخدا لەلایەن راستی کۆمەلگاوە بە تووندی بەرپەرچدەدرایەوە و ئینکاری لێدەکرا.

واتا ئەگەر تا ئێستا بەرزی تەمەن و بوونی چەندەها نەخۆشی دیکە لای ئینسان بەو هۆکارە مەترسیدارانە لەقەلەمدرابێت لە کاتی دووچاربوون بە کۆرۆنادا و ریسکی نزیکی لەمردنەوە، ئەوا ستراکچەرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک لە پەراوێزدابوونی کۆمەلگا، ئینتیمای چینایەتی وژیان لەگەرەکە لەپەراوێزخراوەکانی کۆمەلگادا ، لە دۆخی بلاوبوونەوەی پاندێمی و رۆژگاریی ئاساییشدا، دووبارە ئەو راستییە تۆخدەکاتەوە کە مەرگ ئاسانتر زەفەر بەو ئینسانانەدەبات کاتێک کە جەبرە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگای چینایەتی سەختترە لەسەرییان تەنانەت لە یەکێک لە دەوڵەتە دەولەمەندەکانی دنیادا کە سیستەمی دەوڵەتی ریفاهەکەی لە ئاستێکی بالای نیونەتەوەیەتیدایە.
ئەگەر تەماشایەکی ئەو مۆدێلە تێۆرییە بکەین کە پسپۆڕانی لێکۆڵینەوەکە بەکاریانهێناوە بۆ گەیشتن بەو دەرئەنجامامەی کە رێژەی بەرزی مردن بۆ کەسێکی پەنابەری سەر و 65 ساڵ لە سەدا 250 یە بەرانبەر کەسێکی لەدایکبووی ئەم ولاتەدا کە لە سەدا 19 یە، ئەوا ئەم نەخشەیەمان دێتە بەردەست.

ئەو هۆکارانەی کە یارمەتیدەری زیاتربلاوبوونەوەی کۆرۆنایە :

بچووکی خانووبەرە یان تەزیقی ماڵ و قەڵەباڵغی ناوچەکە،
کەمی ڕێژەی ئەوانەی کە دەکرا لە ماڵەوە کاربکەن بەهۆی پاندێمییەوە
مەسافەی درێژی نیوان شوینی کار و ماڵ و بەکارهێانی ئامرازە گشتییەکانی هاتووچۆ.
بەرزی رێژەی ئەوانەی لە کارە خزمەتگووزارییەکاناد کاردەکەن.
بەرزی ژمارەی ئەوانەی کارەکانییان بە سەعاتە، فلان ڕۆژ 10 سەعات و رۆژێکی دیکە هیچ
کەمی زانیاری دەربارەی چۆنێتی خۆپارێزی لە ڤایرۆس لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی رێکخراوی کاردا
پێکەوەژیانی نەوەکان. باپیر و داپیرە لە ماڵی کوڕ وکچدا
خزمەتی پیران زیاتر لەلایەن کەس وکارەوە ئەنجامدەدرێت

ئەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە زیاتربلاوبوونەوەی کۆرۆنا دەگرێت.

کەمی ئەندامانی خێزان و مەسافەی بەرینی نیوان خانووەکان
بەرزی ژمارەی ئەوانەی کە دەتوانن لە ماڵەوە کار بکەن و نەچنە سەر کارەکانی خۆیان
کورتی مەسافەی نێوان شوێنی ژیان و شوێنی کار یان بوونی ئۆتۆمبێلی شەخسی
کەمی ڕێژەی ئەوانەی لە کارەکانی وەک خزمەتگووزاریەکاندا کاردەکەن.
پیکەوەنەژیانی نەوەکان. نەنک و باپیرە لەگەڵ کوڕ و کچەکانیاندا ناژین
خزمەتی پیران زیاتر لەلایەن دەستگاکانی دەوڵەتی ریفاهەوە ئەنجامدەدرێت.

کاتێک هەموو ئەو فاکتەرانە لەبەرچاودەگرین کە یارمەتیدەری زیاتری بلاوبوونەوە و تووشبوون بە کۆرۆنایە، ئەوسا بە ئاسانی دەبینرێ کە کار و شوێنی ژیانی پەنابەران هەموو ئەو ئامادەییە بونیادیانەی تێدایە کە کۆرۆنا بە کەیفی خۆی دەتوانێ تەراتێنی تیدا بکات. بۆیە کارێکی سەخت نییە کە ژمارەی تووشبووان و مردووان، قوربانییەکانی ناو گیتۆکانی شارە گەورەکانی سوید بێت کە بەر لە هاتنی کۆرۆناوە بۆ قەسابیکردنێکی ئاواهی ئامادەکرابوون. ئەگەرچی چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوانەی ڕۆژنامەکانی سوید شاری ستۆکهۆڵم و گەرەکەکانی دەووروبەرێتی، بەڵام ئاڵوگۆڕێکی جیاواز بەسەر زانیارییەکاندا نەدەهات ئەگەر داتاکان هی شارێکی وەک یۆتۆبۆری و مالموێ بووایە.
چونکە ئەو گرفتانەی کە لێکۆڵینەوەی کە پزیشکان ئاماژەی پێدەدا، لە بوونیادە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگادایە و دیاردەیەکی بینراو و ناسراوی ژیانی کۆچبەرانە لە سەرتاسەری سویددا.
بۆیە ئەگەر ستراتیژی داخستنی سەرتاپای کۆمەلگاش پەیڕەو بکرایە، کە سوید ئەم ستراتیژیەی هەڵنەبژارد، هیچی لەو فاکتەرە ڕیسکدارانە کەمنەدەکردەوە کە کۆرۆنا پێویستییەتی بۆ ئەوەی ئینسانەکان تووش بکات و ژمارەی تووشبووان و قوربانییەکانی لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵێتەوە. ئاخر سەرتاپای بونیادی کۆمەڵایەتی زۆربەی کۆچبەران لە سویددا، بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا، ئەو ریسک فاکتەرانە دەیانگرێتەوە بۆ ئەوەی وەک نێچیرێکی ئاسان ڕاوبکرێن کاتێک دوژمنێک پەلاماردەدات. ئێستا لانی کەم لە کاتی پەلاماری کۆرۆنادا، لە رێگای ژمارەکان و پۆست ئەدرێسی ماڵەکانەوە، دەزانرێ چ دوژمنێک بە ئاسانی دەتوانێ خۆی بکات بە ژووردا و لە کاتی هاتنەدەرەویدا، چ ماڵێکی سارد و چۆڵ لە دوای خۆیەوە جێبێڵێ.

نوووسینی : بەکر ئەحمەد
2020, 07, 21

سەرچاوەکان:

1- http://www.estanews.net/2017-08-21-09-55-39/4436-سلاڤۆ-ژیژەک-کۆرۆنا-دواهەمین-قۆناغی-سەرمایەدارییە.html

2- https://www.expressen.se/nyheter/qs/koderna-avslojar-har-smittas-flest/
3- https://www.gp.se/nyheter/sverige/stora-skillnader-i-%C3%B6verd%C3%B6dlighet-beroende-p%C3%A5-f%C3%B6delseland-1.30542150




کۆرۆنا و سینەما و دیواری سەر باڵەخانەی کەلاوەکەی گاوران … نووسینی: بەکر ئەحمەد

ئەم وێنەیەی ژێرەوە، ئەگەرچی بەشی سەرەوەی ئەم وتارەی داگیرکردووە، دەکرێ لە کۆتایی وتارەکەدا، جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە سەری. لە راستیشدا هیچ شتێکیش روونادات ئەگەر بەر لەخوێندنەوەی وتارەکەیش سەرنجێکی وردی بدەیتێ. دیمەنی پیرۆزەیی و خۆڵەمێشی تێکەڵ بە زەردەپەڕو بێجوولەیی ناو وێنەکە، شتێکی تیایە کە نیگا بەخۆیەوە ڕادەکێشێ.

بۆ کرۆکی بابەتەکە.

ڕۆژگارێک لە سویددا کەتەلۆگێک هەبووکە پییاندەووت: لاپەرەزەردەکان. دەکرێ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئەوروپادا ناوێکی دیکەی هەبووبێت.

کوردواتەنی، شاخی مار و شیری چۆلەکە لە دوو توویی ئەو کەتالۆگەدا جێیدەبوەوە. لە ئاستی سەراسەری و شار و شارۆچکەکانی دیکەی ولاتدا، تۆ دەتتوانی بۆ فلان کارخانە بگەرێیت وناوی هەر “قادر قادر”ێکی کورد کە لە سویددا دەژی و تۆ نازانی لە چ شارێکدا نیشتەجێیە، بە چاوخشاندنێکی خێرا بە لاپەرەکانیدا ، ئاسان بدۆزیتەوە. ئەگەر زانیارییەکان دەربارەی کاک “قادر”، بە خواستی خۆ نەخرابێتە خانەی شاردنەوەوە بە مەبەستی پاراستنی کەسایەتیەوە.
گەشەی نێت و دیجیتالیزەکردنی زانیاری و پیشکەوتنی ئەپلیکەیشنەکانی ناو مۆبایلە زیرەکەکان، کارێکی کرد کە لەمڕۆدا ، لە هیچ کونج و کەلەبەرێکی ئەم ولاتەدا، دانەیەک لەو کەتەلۆگانە نەدۆزیتەوە.
رۆژێک لەگەڵ برا بچکۆلەکەمدا، تەمەنی 50 ساڵە لە ئیستادا و ئەم دوو ژمارەییەی تەمەنەکەی هێشتاش ئەو رزگارناکات لەوەی هەر برا بچووکی من بێت، پرسیاری کاریگەری گەشەسەندنی دیجیتالیزەکردنی دنیامان دەکرد و کەوتین بەسەر باسی ئەو خزمەتگووزارییانەی کە لاپەرەزەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە نوێکانی دنیای ناو مۆبایلەکان هێناویانەتە ئاراوە. بە کورتی: سەفەری بەدەستهێنانی زانیاری لە پەڕەی کاغەزەوە بۆ ناو شاشەی مۆبایلەکان.
لە شوێنێکدا برا بچکۆلەکەم دەڵی: دەزانی کە کورد و خەلکی سلێمانی لە پێش سویدییەکانەوە بوون بۆ داهێنانی لە چەشنی بە دەستهێنانی زانیاری کە لاپەرە زەردەکانی جاران دەیدایە خەلک، بەڵام نەگبەتی کوردەکان لەوەدایە کە ئەو داهێنانەیان بەو شیوازە ناونووسنەکردووە وەک ئەوەی لە سوید و ولاتەکانی دیکەی خۆرئاوادا کردوویانە. بۆ نموونە تۆمارکردنی ئەو زانیارییانە لە کوردستان لە شکڵی کەتەلۆگێکدا نەبووە و ئینسان ناشکرێ بەوەی ئەم داهێنانە لە کەتەلۆگ نەنراوە، ئینکاری ئەم دەستپیشخەرییەی خەلکی شارە حەیاتەکە بکات.
من سەیرێکی دەکەم و سوپاسگوزارم کە دەمێکە لە سوید دەژیم و لە بەرانبەر ئەم شەکرشکاندنەی براکەمدا، هیچ شتێکی تێناگرم و ئەویش دەمبەخەندە و بە حەماسەتێکی تووندەوە، خەریکی بەلگەهێنانەوەیەکی زیاترە. ناچار لە شوێنێکدا، دەیوەستێنم و پێیدەڵێم: دەکرێ نموونەیەک لەو لاپەرە زەردانەی سلێمانیم بۆ بێنیتەوە کە من پێمنەزانیوە، یاخود نەمبینیوە و دەکرێ لای جەنابتان دەستکەوێ.

برا بچکۆلە پەنجا ساڵانەکەم ئاوا وەڵامدەداتەوە: رۆژگارێک لە حەفتاکانی سلێمانیدا، خەلکی تەلەفۆنییان بۆ ریستۆرانێک دەکرد و ئەو خواردنانەیان داوا دەکرد کە دەیانویست بۆیان بێتە ماڵ، یان دەیانپرسی فلانە خواردنیان ماوە و دەیانەوێ کەسێک بنێرن تا دوو قابلەمەی بچووکییان بۆ پرکات.
ئەو کات مەتعەمی عەلی سوور، لە گەڵ مەتعەم سلێمانییدا کە خاوەنەکەی حاجی فەتاح بوو، بە دوو لەریستۆرانە گەورەکانی سلێمانی دەژمێردران. مەتعەمەکەی عەلی سوور بەرانبەر سینەمای ڕەشید بوو، ئەوەی حاجی فەتاحیش لە ئەسحابەسپی بوو. یادی بەخێر (عەلی سوور) لەسەر کورسییەکەی خۆیەوە کە لە سووچێکی نزیک هاتنەژوورەوەی ریستۆرانەکەدا دانرابوو و پارەی وەردەگرت، هەموو ئەو پانتاییە گەورەیەی دەبینی کە بە سەر دەرگا گەورەکەی سینەماوە بوو و پۆستکارت و ریکلامە گەورەکانی فیلمەکانی پیا هەڵدەواسرا. گەر هاموشۆ و قەلەباڵغی سەرشۆستەکەی بەردەم ریستۆرانەکەش نەبوایە، گۆشەیەکی باشی ریکلامی فیلمەکانی سینەما “سیروانیش”ی دەبینی کە کەوتبووە کۆلانی خوارەوەی لۆقەنتەخانەکەی خۆیەوە.
جار ناجارێک مشەتەری قۆشمە و ساختەچی تەلەفۆنێکییان دەکرد و دەیانپرسی ئاخؤ فلانە خواردنییان ماوە یاخود نا، بەلام بەر لە کۆتایپێهێنانی ئاخاوتنەکە بە عەلی سوورییان دەوت: زەحمەت نەبێت سەیرێکی ئەو بەریش ناکەیت تا پێمان بلییت چ فلیمیك ئیشدەکا. ئەگەر ریکلامی سەر سووچەکەی لای سەعاتەکەیشت لی دیارە بەشکم پێمان بلێی، ریکلامی فیلمە یۆنانییەکەی پێوەیە بۆ هەفتەی ئایندە؟
برا بچکۆلەکەم درێژەی دەداتێ و دەڵێ: من دڵنیام کە کۆمەڵێک جنیو لە کۆتایی ئەم جۆرە ئاخاوتنانەدا دەکرێ ببیسترێ کە من نامەوێت تۆماری بکەم. وەک دەزانن ئەو جنیوانە ئەوەندە تەڕن کە ئەگەر وشکیش ببنەوە، نووسینەوەیان ئاسان نییە. من لە بەرزی ئاداب و ئەخلاقی زمانەوانی برا بچکۆلەکەم سەرم سووڕدەمێنێ، ئەو درێژەی دەداتێ و دەڵێ: بێگوومان ئەگەر داخوازیکردنەکانی کریاران بۆ خواردن جدیی بۆایە و کەلەک و کووڵەکی هەرزەکارانەی لە پشتەوە نەبوایە، ئەوا عەلی سوور ناوی فیلم و پالەوانی فیلمەکانیشی بۆ مشتەرییەکانی دەگێراوە.
بەڵام خاڵی سەرەکی گێرانەوەی ئەم چیرۆکەی کاکم ئەوەیە کە ئەو زانیارییانەی لاپەرە زەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە تازەکانی ئەمڕۆ بە هاولاتیانی دەدا، 40 تا 50 سالیک لەمەوبەر لایەن “عەلی سوور”ەوە پیشکەشکراوە. وەلامدانەوە بەوەی کە چ خواردنێک دەستدەکەوێت و دەکرێ بگەێنرێتە ماڵ یاخود نا، پێدانی زانیاری بەو کڕیارانەی کە دەیانەوێ بزانن چ فیلمێک لە سینەماکاندا نمایشدەکرێت و تەنانەت ئاگاداربوون لەوەی کە پرۆگرامی هەفتەی ئایندەی سینەمایش چییە. بەدەستهێنانی کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لە ئاخاوتنێکی تەلەفۆنی کورتدا.
هەستدەکەم بە ناهەق لە سەرەتای دامەزراندنی باسەکەدا، خەریکبوو رەفتارێکی براگەورانەی کوردی لەبەرانبەر برا بچکۆلەکەمدا ئەنجامبدەم و گوێ لە ئەرگومێنتەکانی نەگرم . بەڵام قسەکانی جۆریکیش راستی تێدایە و من ناچارم سوپاسی بکەم کە لە تۆمارکردنی مێژووی بەدەستهێنانی زانیاریدا، لە ڕیی ئەو نموونانەوە کە هینایەوە، شارەکەم رۆلێکی گرنگی ونبووی هەبووە و ئەم گیرانەوەیەی منیش لەم وتارەدا، دەبێتە تۆمارکرنی مێژووی ئەم جۆرە لە خزمەتگووزاری کە بەشێک لە بناغە سەرەتاییەکانی کۆمەلگایەکی بەکاربەرە.
بەلام بەوەی هێشتا لە نزیک مەتعەمەکەی “عەلی سوور”ەوەین و چاومان هێشتا لەسەر ریکلامی حەوت بەتەڵەکە و ترنتی و فیلمە یۆنانییەکەی دوێنییە، با کەمێک بچینە کۆلانەکانی دوور لە سەرای سلیمانییەوە و لەوێوە سەیری پرۆسەی کڕیاردیتنەوەیەک بکەین لەبەرانبەر نیشاندانی فیلمی نوێدا. ئەوەی کە بەشێکی کەم لە مشتەرییەکانی لۆقەنتەخانەکەی عەلی سوور دەیانویست لە رێگای خزمەتگووزارییەکی زیاتری رێستورانەکەوە بەدەستی بێنن.
یەکەم : شاگردێکی سینەما تەختەیەکی 1 بە 30لە رێگەی دەسکێکی گەورەوە بە سەر شانەوەیە و ریکلامی ئەو فیلمەی لەسەرە کە ئەمڕۆ نیشاندەدرێت. ئەو کۆڵان و گەرەکی جۆراوجۆری شار دەگەڕا و ئەم پەیامەی بە خەڵکی دەگەیاند. سەیر ئەوەیە لە زمانی ئەو زەمەنەی مندا، نیشاندانی فیلمییان وەک ئیشکردنی فیلم باسدەکرد. نەیاندەووت چ فیلمێک نمایشدەکرێت، دەیانووت چ فیلمێک ئیشدەکات. لە هەمووی جوانتر، ئەو کات بە فیلمیان دەوت، فلیم. کورداندنی وشەیەک بەهەلە بەڵام لە رووی کۆمەلایەتییەوە، جوان و جێکەوتوو. خۆش ئەوە بوو، ئەو برادەرەی کە تەختەکەی بەسەر شانەوە بوو و پۆستکارتی گەورەی فیلمەکەی پیادا هەڵواسرا بوو، کۆمەڵێک ریکلامی دیکەی فیلمەکەی بە رەنگاورەنگی پێبوو کە لەسەر کاغەزێکی A3 چاپکرابوو.
ئاواتی گەورەی مندالانی گەرەک ، بەدەستهێنانی دانەیەک یان ژمارەیەکی زۆرتر لەو ریکلامانە بوو کە بە هەموو کەسێک نەدەدرا. بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین شتێک بتکردایە، یارمەتیدانی کابرای دارهەڵگربوو کاتێک دەگەیشتە هەورازەکەی لای مزگەوتی “تەکیە رووتەوە” و لە بەر گەرانی زۆریی بە زۆربەی گەرەکەکانی شاردا و ماندووبوونی، زمانی لە عەرزدەخشا. ئەوکات بۆ ساتێک دارەکەیت لێوەردەگرت و لە هەورازەکەوە سەرت دەخست و دوو سێ دانە ریکلامت حاسڵدەکرد.
هەندێ جار، لای دووکانەکەی “مەلا عوسمان” یان نزیک ئاشەکەی گاورانەوە راماندەگرت و پیماندەوت: دەکرێ کەمێکی “فلیمە”کەمان بۆ بگێڕیتەوە، ئەو کوڕی باشە دەیزانی کە ئەم کارە چ کاریگەرییەکەی بۆ ریکلامکردنەکەی ئەو تیا دەبێت، یەکسەر دەیووت: یان دوو لەفە قاورمەم بۆ دەکڕن، گەندەڵی جاران، یان ئەوەتا خۆتان دەچن بۆ بینینی.

دووەم. سینەماکانی جاران لە پرۆسەی کڕیاردیتنەوەی خۆیاندا و لە وەرزی هاویندا، لە جیاتی ئەوەی تۆ بچیت بۆ سینەما، ئەوان سینەمایان بۆ دەهێنایتە گەرەک. سەیارەیەکی گەورە لە چەشنی لۆریدا دەهاتە کەلاوەکەی گاوران کە ئێستا گەراجی “عوسەی تەمین”ی پێدەڵێن. لە بەشی خوارەوەی کەلاوەکەدا کە دیواری دەرەوەی باڵەخانەیەکی گەورە بوو، بە دیووی لای باشووری کەلاوەکەدا ئەگەر پشتت لە ئاشەکەی گاورانی ئەوسا بێت، پەردەیەکیان هەڵدەواسی و بە ئارەزوی خۆیان، ئەو فیلمەیان نیشاندەدا کە لە بەرنامەی خۆیاندا بوو. خەلکی گەرەک لە سەرکارێز و سەرقەبران و قاوەخانەی سەرچیمەنەوە ، بە خۆیان و ماڵ و منداڵ و شووتی و قاپ و قاجاغی دیکەوە، لەسەر گڵەکە و لەبەرانبەر دیوارەکەدا، بە دێژی و پانی هەموو کەلاوەکە کە بە راستی گەورە بوو، دادەنیشتن و نقەیان لە خۆیان دەبڕی.
سینەما لە شاری سلێمانی جاراندا لە رێگای کابرای دارەریکلام بەشانەکەوە و لۆرییە گەڕۆکە گەورەکەی گەرەکەکانی سلێمانیدا، بوو بووە بەشێک لە ژیانی کولتووری 50 ساڵی پێش ئەمرۆمان. عەلی سوریش ، لەپاڵ نەبوونی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ و کەتەلۆگە زەردەکانی دوێنی سویددا، جۆرێک لە کاری گەیاندنی زانیاری سینەمایی کەوتبووە سەرشان.
بەلام دەمەوێ لە کەلاوەکەی گاورانەوە بتانهێنمەوە بۆ سەرەتای ئەم وتارە و وێنەکەی سەرەوە. لە ڕاستیدا، ئەم وێنەیەی سەرەوە نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ هەمان ئەو وێنەیەدا هەیە کە سەر دیواری باڵەخانە گەورەکەی کەلاوەی گاورانی 50 ساڵ پێش ئیستادا هەبوو. ئەگەر کەسێک دیمەنی ئێوارەیەکی فیلمنیشاندانی کەلاوەکەی گاورانی بچرکاندایە و لەپاڵ وێنەکەی سەرەوە لە تەنیشت یەکەوە دایبنایە، ئەوسا ئاسانتر تێدەگەیشتن ئەم هەموو شێر و ڕیویەم بۆچی بوو.

وێنەکەی سەرەوە، بەشێکە لەو کاردانەوە و پرۆسەی کڕیاردیتنەوە تازەیەی کە سینەما لە سویددا لە ژێر فشارەکانی کۆرۆناو قەید و بەندی تێکەلنەبوون و مەسافەگرتنی نێوان ئینسانەکاندا کردویەتی بە راستییەکی تازە، بەڵام کۆن بە قسەی کاکم: ئاخر بە قسەی ئەو، سلیمانییەکان لێرەیشدا، لە پێش سویدییەکانەوە بوون. لەم پرسیارەیشدا کە کۆرۆنا لە زەمەنی دیجیتالدا لە بەرانبەر نەهاتنی تەماشاچیانی فیلمەکاندا ، کاتێک کەس ناتوانی بچێت بۆ سینەما، ئەوا سینەما دەکرێ بچێت بۆ لای بینەرانی .
وێنەکەی سەرەوە، دیمەنی ئێوارە نمایشێکی سینەمای یۆتۆبۆریە لە گۆرەپانی “بەنان پیرین” و لە رێگای شەپۆلی رادیۆیی FMو سیستەمی رادیۆیی ناو سەیارەکەوە، تەقە و زرمەی سەر شاشە دیجیتالەکە رێک دیتە ناو ماشین یاخود هێدفۆنەکەی گوێچکەتەوە. جۆرێک لە کاری بازارفرۆشی تازە بۆ دۆزینەوەی کڕیار و بینەری تازە کاتێک ڕێگرییەکانی کە کۆرۆنا دروستیکردوون، سینەما لە هۆلەکان دەردەهێنێت و دەیباتە پارکێکی گەورەی سەیارەراگرتن.

بەڵام کۆرۆنا و دنیایەکی دیجیتاڵی تازە کە کۆرۆنا بە گووروژمی گەورە بەرەوپیشتری دەبات، ئەو دەرفەتەیشمان بۆ دەرەخسێنێ کە لە زەمەنی مەرگ و ترس و دڵەراوکێی ئینسانەکاندا، لە رووخسارە هەناسەسواربووەکەی تووشبوانیدا، رابردوو و یادەوەرییەکانی دوێنێشمان بخاتەوە بەرچاو. یان رووت و قووت، بەشێکی گەورەی رابردوو، لە زەمەنێکی دیکەدا، لە مرۆدا، دووبارە زیندووبکاتەوە.

ناوهێنانی بەرێز “عەلی سوور” لەم وتارەدا، لە گێرانەوەی بەشێک لەو سەرگوزشتانەوەیە کە بەریزیان تیایدا بەشداربوون و لە رێزلێگرتن و بەرزنەخشاندنی ڕۆلی ئەم پیاوە زیاتر، هیچ مەبەستێکی دیکە نییە.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2020-05-13




یەحیا حەسەن: ئەو گەنجەی لەسەروکاری کوشتنی باوکەکاندا، باوکەکان کوشتییان…بەکر ئەحمەد

بیست لیتر تاریکی و منداڵیم بە دیوارەکەدا دەڕێژم

دەستێک هینی چاخی بەردین، قۆرئانێکی حەجمی گیرفان

دەکرا من تۆم خۆشویستبا

ئەگەر من باوکی تۆ بوایەم، نەوەک کوڕت.

٢٩ ی ئەپریل، شاعیری لاوی دانیمارک کە نەوەی ئەو کۆچبەرە فەلەستینیانە بوو کە وەک پەنابەرانی بێ دەوڵەت لە دەستگاکانی ئەوروپادا تۆمارکراون، لە ماڵەکەی خۆیدا بە مردووی دۆزرایەوە. تا ئێستاش وەک مەرگێکی ئاسایی ناوبراوە و هیچ هۆکارێکی دیکەی لە پشتەوە نەبووە. ئەو تەنها فریاکەوت ٢٤ ساڵ بژی و دوو بەرهەمی شیعری جوان لە دوایی خۆیەوە بەجێبێڵێ.

مەرگی یەحیا بە یەکێک هەواڵە گەورە کولتوریەکانی ئەوروپا لەقەلەم دەدرێت. لاوێک  لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە کۆمەلە شیعری” یەحیا حەسەن” وەک بەهێزترین دیاردەی شیعری لە دووهەزەرەکانی دانیمارکدا ناودەردەکات و شیعرەکانی وەردەگێردرێتە سەر کۆمەڵێک زمانی جیهانی.

لە پاش شەش ساڵ بەشی دووەمی شیعرەکانی بە ناونیشانی “یەحیا حەسەن ٢” چاپدەکات و چەند مانگێک لە دوای ئەوەوە دمرێت.

شیعرەکانی یەحیا هەتا بڵێی تووڕەن. ڕوون و بێ پەردەن. دژی ئیسلام و باوک و کۆمەلگای دانیمارکن. لە بەرپرسەکانی سوشیالەوە، بۆ دەستگاکانی پۆلیس و ئەنستییتیۆتەکانی کە سەروکاریان لەگەڵ ئەو منداڵانەدایە کە تووشی گرفتەکانی مەوادی بێهۆشکەر و تاوان بوون،   باوک و خزم و مەلای مزگەوت، هەر هەموویان ئەم نیگا توورەیەی یەحیایان بەردەکەوێ.

لە هەمووی سەرنجراکیشتر، نیشاندانی ژیانی کۆچبەرانی موسولمانە وئەو بەریەککەوتنە کولتورییانەی نەوەکانیان دووچاری دەبنەوە.

ڕەخنەگرانی ئەوروپا لە دابەشکردنی یەحیادا بەسەر بەرەی چەپ یاخود راستتدا سەرە گیژەیەکی گەورە دەیانگرێت.

ئاخر یەحیا حەسەن بەشێک لەو چیرۆکانە دەگێڕیتەوە کە راست و راسیزمی ئەوروپا  چەندین ساڵە لەبەرانبەر پەنابەراندا دەیلێنەوە . چەپی ئەوروپا لە یەحیادا ئەو هاوارە دەبیستێ کە لە گیتۆکانەوە دێتە دەر. ئەو خۆی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی سویددا، لە بەرانبەر ئەم ڕەخنانەدا دەڵی: بۆ من هیچ گرنگ نییە کە ئەجێنداکە لە لایەن چەپ یاخود راست، شەیتان یاخود خواوە دادەڕێژرێت، بۆ من پرسیارەکە دەربارەی شیعرە، دەربارەی ئەدەبە. من وای دەبینم کە ئەدەب و شیعر دەبێ لەپەیمانە جۆراجۆرەکانی دیکە ئازاد بن.

رۆژنامەی ئافتونبلادیتی سویدی دەنووسێ: یەحیا حەسەن چۆن دەخوێنرێتەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان خوێندنەوەی یەکێك لە پرسیارە چارەنووسسازەکانی ئەوروپایە”

بۆ من یەحیا حەسەن دەنگێکی بەهێزە بۆ ئازادی، ئەگەرچی پێشێلکەری ئەم ئازادییە باوک بێ، یان  دەنگی بڵندگۆی مزگەوتێک یاخود کولتور و ستراکتۆرێکی راسیستی بێت.  

ئەو وەک گەنجێکی هەژدە ساڵە، شیعر دەباتەوە ئەو شوێنەی کە دەبێ لەوێ بێ. بە بێ رتووش و زۆر لەخۆکرنی شاعیرانە و وێنەی شیعری. ئەو بۆ درکاندنی راستییەکان لە دەرئەنجامی ڕاستیەکانی یەک زەررە سڵ ناکاتەوە.

ئاخر یەحیا حەسەن و شیعرەکانی یەک بوون. ئەو گەنجێک بوو کە چەندین جار لەسەر دزی و سەیارەفراندن و حەشیشە کڕین و فرۆشتن لە زینداندا دیلکرابوو. بەڵام لەپاڵ وەسفکردنی چۆنێتی وەدووکەوتنی سەیارەکانی پۆلیس بەدوای ئەودا، بێموبالاتی خێزان و دەسەلات و دامودەستگاکانی کۆمەلگا لەبەرانبەر ژیانی گەنجێکدا، هەر هەموو ئەم هۆکارانە بە رووخساری بێدەمامکی خۆیانەوە، لە شیعرەکانی یەحیا حەسەندا، بە ڕووتی نیشاندەدرێن.  ئەم چەند شیعرەی خوارەوە لە کتێبی یەکەمی یەحیا حەسەندا و لە وەرگیرانە سویدییەکیەوە کراونەتە کوردی.

Yahya Hassan, Nordstedt, 2017

منداڵی

پێنج منداڵ لە ڕیزێکدا و باوکیش بە گۆپاڵێکەوە

هەمووان پێکەوە دەگرین و گۆمێک لە میز

دەستی چەپ یاخود راستمان بۆ پێش خۆمان درێژدەکەین

ئای لەو دەنگەی کاتێک زرمە لە یەکێک هەڵدەسێ 

خوشکێك کاتێک  لەسەر قاچی چەپی بازدەداتە سەر قاچی ڕاست

میز جۆگەیە و بە قاچیدا دەڕژێتەخوار

یەکەم جار دەستی ڕاستی، دوای کەمێ تر، دەستی چەپی

گەر دواش کەوێ، بەرجێیەکی دیکەی دەکەوێ  

زرمەیەک و هاوارێک و ژمارەیەک، سی، چل،  پەنجا

دوا لێدانیش، شەقێک لە قن کاتێک ژوورەکە جێدێلرێ

دەستدەنێتە سەر شانی گچکەکەمان، قیافەی رێکدەخاتەوە و

بەرجنێو و شەقی دەدا

من چاوشۆر وچاوەڕوانی نۆرەی خۆمم

لە حەسرەتتدا، دایکم قاپەکان دەشکێنێ

لەولاشەوە، ئەلجەزیرە هەواڵەکانی پەخشدەکا

بلدۆزەرێک بە گرمەگرم

دەست وقاچی ژیان تاڵکەر

کەرتی غەززە لەناو تیشکا

ئاڵاکانن دەسووتێنرێن

گەر تاکە زایۆنیستێک بوونی ئێمە قبووڵنەکا

گەر بەڕاستی ئێمە هەبین

کاتێک بە دوای کەمێک هەوا و مانایەکدا هەناسەبڕکێ گرتووینی

لە قوتابخانە بۆمان نییە بە عەرەبی قسان بکەین

لە ماڵیشەوە بۆمان نییەبە دانیمارکی بپەیڤین

بۆکسێک و هاوارێک و ژمارەیەک

گوورچیلەکە

گشت پێکەوە، بۆ خالێکم لە دوبەی، پارەی گوورجیلەیەکمان پاشەکەوتکرد

بۆ باپیرەییشم لە لوبنان،  بۆ نەشتەرگەریەکەی دلی

بۆ دەردی ئەوانی دیکە، پارەمان خڕدەکردەوە

لەژێر فەرشدا پارەکانمان دەشاردەوە

دەمانگۆرییەوە بۆ دۆلار و پێکەوە دۆعاماندەکرد

خۆشەویستی

ئەوکاتەی من لە زیندان بووم، باوکم منداڵێکی دیکەی بوو

من نازانم ناوی چییە

بیرم نایە کوڕ بوو یان کچ

مەرەخەسییەک ، سەردانی مالی باوکم کرد

کە من هاتم، مندالەکان دلیان خۆش بوو، دەیانویست یاریم لەگەڵ کەن

باوەژنەکەم وتی: نابێ پەنجەم بەر پەنجەی کەسیان بکەوێ

گەورەکەیان، بە سکەخشێ دەهات بۆ لام

زللەیەکی تووندی لێدا

منداڵەکە بە دەم گریانەوە وتی: ئاخر دایە تۆم خۆش دەوێ

زللەیەکی کەی پیاکیشا،

بەلام من نا،  دایکی وتی.

دوانزە ساڵ

کاتێک برا بچکۆلەکەم سەرجێگاکەی خۆی تەڕدەکرد

بە بۆکس خەبەردەکراوە.

شەوێک براکەم رایوەشاندم: کاکە هەستە، میزم بەخۆمدا کردووە

بۆیە گرفتی وی بوو بە هی من.

بەدزییەوە خۆمگەیاندە توالێت و دەسری تەڕم پەیدا کرد و

لەشیم سڕی

دۆشەکە ئاونەدزەکەم پاککردەوە و

جلەکانیم کردە  کیسە و لە ژێر تەختەکەی شاردمەوە

لێفەکەیشم هەرشەو گۆڕی

بۆ بەیانی، لێفەکەیشم تووردایە ناو عەللاگەکە و

لە پەنجەرەی قاتی یەکی ماڵمانەوە، هەلمدایە خوار.

دانم شت و نانێکی عەرەبیم خوارد

عەللاگەکەم لەلای دایکم، لە شوقەی ژمارە ٣٦جیهێشت

گەرچی باوکم پییوتبووم

ڕێم کەوێتە ماڵی دایکم، قەپۆزم شین و مۆردەکا.

لە دوای مەکتەب، عەللاگەکەم هێنایەوە

بۆنی میزی لێنەدەهات

باوکم هیشتا لەسەرکاربوو

لە ژووری میوان دانیشتم وجگەرەیەکم داگیرساند

لە دوورەوە، سەیری دیوارەکەم دەکرد.

ماڵبڕین

لەسەر ٣٠٠ لێدەخوڕین

لە سەیارەیەکی چەتالکراوی دزراوی بێ ئیستۆپدا

دەستکیش لە گیرفانەکانی دواوە دادگایکردنەکانی ئایندەن

من لەسەر جادەکەوە چاوچاوێنمە

 پەنجەرەی سەر حەوشەکە دەشکێنی و

هەڵدەگەرێ و دەرگاکەی ماڵ دەکاتەوە

بۆنی عەترەکەت هێشتا دێت

پەنجەرەکان تاریکدەکەم

“ئای ماک”ەکە لە رارەوەکەدا دادەنێم

ئامۆزاکەم کەلوپەلەکان هەڵدەگرێ و دەیانبات بۆ ناو سەیارەکە

ئەو بە دراوسێکان دەلێ: یارمەتی هاورێیەک دەدەین

بە نیازی گواستنەوەی ماڵە.

دواتر تێڤێی و بڵندگۆکان، ئەمپریفایەر وقەوان و

لاپ تۆپ وئایپاد و گیتارەکان

باران بەلێزمە لە جامی بەردەمی سایەق دەدا

فلچەکان هیچییان ئیش ناکەن

من نازانم، لە کوێێ شارداین

چەند رەقەمی سەیارەی دی دەدزین و رەقەمە کۆنەکە دەگۆڕین

لە بانزینخانە فولی دەکەین و دوو هۆڕنییان بۆ لێدەدەین

قاچ لە بانزینەکە توونددەکات

من پیی دەڵێم بە هێواشی بەلای چەپدا

 ئامۆزاکەم  وەک شێت سەیارە لێدەخورێ

وەک ئەوەی گەواهینامەی لێخوڕینی رەسمی پێ بێ.

وەک ئەوەی شتەکانی ناو سەیارە، کەل و پەلی گواستنەوەی ماڵ بێ

ئێستاش لە ناو خەتی لێخوڕینی پاسەکاندا گیرمانکردووە

من بە سەریا دەقیژێنم: گەمژە، پێم ناڵێی چی دەکەی؟

کورسی سایەق تا دەتوانم دەبەمە دوا، بەگ دادەنێم

هەر بە پێوە ، قاچ لەسەر بەنزین توونددەکەم

سەیارە باڵی لێدەردێ.

بەکر ئەحمەد

202020503




کۆرۆنا و جیابوونەوە … نووسینی: بەکر ئەحمەد

قەدەغەکردنی هاتووچۆ و درێژکردنەوەی بەردەوام بوونی مانەوەی هاولاتییان لە مالەکانیاندا وەک یەکێک لە ستراتیژییەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەبەرچاودەگیرێت. لەم ڕیگایەوە، مەترسی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سنووردارتر دەکریت بەوەی کە فرسەتی بەریەککەکوتنی ئینسانەکان لە فەزای گشتی کۆمەلگادا ، کەمتردەبێتەوە.
بەڵام هاوکاتیش دەرفەتی پێکەوەبوونی زیاتری ئینسانەکان لە فەزای شەخسی و تایبەتیدا، لە ماڵدا زیاتر دەبێت.
هاوکیشەیەکی ماتماتیکی سادە دەکرێ باشتر ئەم وێنەیە بخاتە بەرچاو.
ئەگەر پیاو کرێکاری ماڵ بێت، ئەوا لە بیستو چوار سەعاتی شەو ورۆژێکدا، ١٠ تا ١٢ کاتژمێر لە کارە و سەعەتەکانی دیکەیشی لە ماڵدایە.
بەوەی کە پیاوی کۆمەلگای کوردی بە جیا لە سەعەتکار دەکرێ چەندەها سەعاتی دیکە لەدەرەوە بێت، دەرفەتی بینینی منداڵ و خێزان، تا دێت کەمتر دەبێتەوە.

شەقی کۆرۆنا بۆ ئەوەی کە ئینسان یەکتری تووشنەکات و لەماڵەوە بێت، ئەم هاوکیشە ماتماتیکییەی سەرەوە هەڵدەگێڕێتەوە و پیاو ناچاردەکات لە جیاتی ١٠ سەعات لەماڵەوەبوون، ٢٤ سەعات لە ماڵدا بگوزەرێنێ.
بەمەش فرسەتی بینینی هاوسەر و منداڵ لە چەند سەعاتێکی کەمەوە دەبێتە چەند بەرانبەر.
ئەم هاوکیشەیەش بۆ ژنی ماڵ، بەهەمان شێوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لە جیاتی ئەوەی ماوەیەکی کەمتر هاوسەری ببینێ، ناچارە، هاوسەری خۆی وەک “مووی لووت” لە بیست وچوار سەعاتدا لەبەرچاودا بێت.
نیشاندانی ئەم وێنەیە بەمجۆرە، بە مانای ئەوە نییە کە ژنانی کورد کارناکەن و کۆمەلگای کوردی لەمرۆدا ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە. بەڵکو لە چوارچێوەیەکی گشتی و بنەرەتیدا ، هێشتاش کۆمەلگای کوردی ملکەچی ئەم جۆرە لەکاردابەشکردنی دەرەوە و ماڵە.
بۆیە ستراکچەری ئەم پێکەوەژیانییەی خێزان ڕووبەرووی کۆمەلێک چاڵێنجی تازەدەبێتەوە کە لەشەقەکانی کۆرۆنا بێئازار و دەردیسەری تر نییە. بە تایبەت لە کاریگەریدانان لەسەر ئەوەی کە چ فشارێک لەسەر پەیوەندییەکە دادەنێت.
بەڵام ئەگەر ئەم سترەکچەرە پاتریارکییەش کە من ئاماژەم پێدا لەبەرچاونەگرین و تەنها سەعاتەکانی پێکەوەبوونی ئینسانەکان زیاتر بکەین لە ژێر هەلومەرجێکی نۆرماڵ و نا نۆرماڵدا، ئەوا کۆمەڵێک ریسک ناخۆویستانە دێنەپیش کەدەکرێ کاریگەری سەیر لەسەر پەیوەندییەکە دابنێ. لێرەوەیە کە من دەمەوێ پەیوەندییەکی سەیر لەبەینی کۆرۆناو جیابوونەوەدا نیشانبدەم.
بەڵام باشترە سەرنج لەو لێکۆڵینەوانە بدەم کە دەکرێ کۆمەککەری ئەم باسە بێت.
با سەرنجێک لە مەملەکەتی جیابوونەوە بدەین کە سویدە.
لە ٥٠٪ ی پەیوەندیە خێزانییەکان لە سویددا بە جیابوونەوە کۆتایی دیت. ئەم ژمارەیە هەموو ساڵێک لە هەلکشاندایە بە تایبەت لە سالەکانی دوای ٢٠٠٠وە.
بێگوومان جیابوونەوە لەم باسکردنەی مندا مانایەکی نێگەتیڤ ناگرێتە خۆیی و دەکرێ وەک هۆکارێکی پۆزەتیڤ سەرنج بدرێت بەوەی کە ئینسانەکان کاتێک ناتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن، باشترە و ڕاستترە لەو پەیوەندییە بچنە دەر.
بە جیا لە هۆکارە ئابووریەکان، دوورکەوتنەوەی ئارەزووەکان لە یەکتری، “دڵپیسی” ، ئازاردانی فیزیکی و دەروونی لە پەیوەندییەکەدا، کۆمەڵێک فاکتەری دیکە هەن کە وەک ریسکێکی سەیر کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکە دادەنێت و ئاراستەی پەیوەندییەکە بەرەو جیابوونەوە زیاتر دەکات.
ئەمە بەشێک لەو ریسکە سەیرو سەمەرانەن کە ئەگەری جیابوونەوە لە سویددا زیاتردەکات.

کاتێک هەردوو بەیەکەوە لە پشوودان
مانگەکانی شەش و حەوت و هەشت و دوانزە کە پشووەکانی هاوین و سەری ساڵی تێدەکەوێت، بەرزترین ئامارەکانی جیابوونەوەی تیا تۆماردەکرێت. ئاخر کاتێک ئینسان لە ماوەیەکی زیاتردا یەکتردەبینێت، فرسەتی بینینی دیو و گۆشەی زیاتری بەرانبەرەکەی بۆ دەردەکەێت کە لە رۆژانی غەیری پشوو و دەردی سەریەکانی رۆژانەدا ئیمکانی بینینی نییە.
بۆیە بەریەککەوتن و بەیەکداهەڵشاخانەکان زیاتردەبێت و فشارێکی زیاتر بۆسەر پەیوەندییەکە دروستدەبێت.

کاتێک کرێی کارەکان کەمترە
کڕێ کار فاکتەرێکی گرنگە بۆئەوەی پەیوەندییەک درێژ یان کورتخایەن بێت. بوونی خوێندنی باڵا کە دەکرێ کرێ بەرزتربکاتەوە، بە هەمان شێوە هەمان کاریگەری هەیە.
کرێی کەم و خوێندنی کەمتر، بە یەکێک لەو ریسکە گەورانە سەرنج دەدرێت کە فشار بۆسەر پەیوەندییەکە دروستدەکات.

کاتێک یەکێکیان کیشی دەدابەزێنێت
کاتێک یەکێک لە پەیوەندییەکەدا “خرپن”ەو کێشی زیادە و کێشی خۆی دادەبەزێنێ، بەمەش بەخۆباوەڕبوونێکی زیاتر بۆ خۆی بەدەستدەهێنێ و ئەگەر لە پەیوەندییەکی ناسالمدا ژیان بەسەردەبات، ئەوا ئاسانتر هەنگاودەنێ بۆ ئەوەی پەیوندییەکە جێبهێڵیت و کەسێکی دیکە بدۆزێتەوە.

کاتێک هەردوو گەنجن
لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە لەو تەمەنەی ئەواندا نازانن چییان لە ژیان دەوێت و رۆژبەڕۆژ لە یەکدی دوورتر دەکەونەوە.

کاتێک قەت دەمەقاڵێ و قنەشەڕێک لە نێودا روونادات
هیچ جووتێک نییە کە هەمیشە لە شامی شەریفدا بژین و دەمەقاڵێ و قنەشەڕێک نەکەوێتە نێوانیانەوە. بۆیە ئەوانەی کە هیچ کاتێک بیروراکانییان بەر بەریەکەوتنێکی رۆژانە ناکەوێ ، فرسەتی ئەوەیان نییە کە دەرفەتێکی شیاو بۆ دەربڕینی نەگوونجاندەکانییان بکەنەوە و لە دۆخێکی بوغزاویانەدا ژیان بەسەردەبەن.

کاتێک خەریکی نۆژەنکردنەوەی ماڵ دەبن
بەوەی لەم دۆخەدا ئارەزوو ویستە جیاوازەکان لە هەڵبژاردنی رەنگ و قەنەفە و بەرز و نزمی دیوار و کەرەستەی موبەقدا لە بەریەککەوتنێکی رۆژانەدایە، فشارێکی زیاتر لەسەر جووتەکە پێک دێت.

کاتێک منداڵی بچووک لە نێودایە.

ئەمانەی سەرەوە بەشێکی کەم لەو ریسکە سەیر و سەمارانەیە کە لەباری ئامارەوە پشتراسکراوەتەوە و وەک ئەو ریسکانە تەماشادەکرێن کە دەکرێ پەیوەندییەکە بەرەو هەڵدێر بەرێت. بێگوومان بەلەبەرچاوگرتنی ئەو چوارچێوە کولتوری و کۆمەلایەتییەی کە هیچ بەهایەکی نائەخلاقی لەسەر چەمکەکانی “بێوەژن”ی و”بێوەپیاو”ی دانانرێت.

بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە سەر بابەتە سەرەکییەکەی خۆم، کۆرۆنا و جیابوونەوە، دەکرێ بڕیاری نەچوونەدەرەوەی هەمووان لەماڵدا و زیادکردنی سەعاتەکانی لەبەرچاویەکتردابوون، گۆشە و لایەنی جۆراوجۆری پیشتر نەبینراو دەربخات و فشار و مەترسییە گەورەکەی کە هەمووان لەبەرانبەریدا لەماڵخزێنراون، قلشتی نێوان ئینسانەکان گەورەتر بکات و مەسافەی نێوان ئارەزو و حەزەکان نیوان ئینسانەکان زیاتر بکات.
ئەگەر کۆرۆنا خۆی ریسکێکی گەورەیە لەسەر ژیانی ئینسانەکان، ئەوا ریسکە لاوەکییەکانی دیکە کە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەوەوە بەرۆکی بە ئینسان گرتووە، زەربەیەکی دیکە لە ئینسانەکان دەدات کە دەکرێ لە دوای سڕبوون و مردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ڤایرۆسی نەگوونجان لە نێوان ئینسانەکاندا ئەکتیڤ تر بکاتەوە.
بینینی پەیوندی نێوان دووئینسان لەم کۆنتیکستەدا، دەکرێ وشیاری ئەوان زیاتر بکات و ئاقلانەتر ئەم ئەزمە رۆحی و سایکۆلۆژییە تێپەڕێنن.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2020-03-18




سووتووگر* … نووسینی : اسحاق باشێڤیز سینگەر

لە کتێبی: حەکایەتەکانی دنیای کۆن و نوێ.
چاپخانەی: BRA BÖCKER
وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد

جیاوازی هەیە لە نێوان زەربەیەک و زەربەیەکی تردا. زەربەیەک کە بەرسەردەکەوێ هەروا ئاسان نییە. مێشک شتێکی ناسکە، ئەگینا بۆچی رۆح دەبێ لەوێدا نیشتەجی بێ؟
بۆچی لە جگەردا، یان بمبوورن، یان لە گەدەدا دانانیشێ؟
ئینسان دەتوانێ لە چاودا ڕۆح ببینێ. چاو وەک پەنجەرەیەکە کە رۆح دەتوانێ لێیەوە لە دەرەوەی بڕوانێ.
لە شاردا (سووتووگر)ێکمان هەبوو خەڵک بە “یاشە ڕەش” بانگیان دەکرد. هەموو سووتووگرەکانیش هەر رەشن، ئاخر مەگەر ئەوان دەیانتوانی چی تر بوونایە؟ بەلام یاش لەوە دەچوو کە هەر بە ڕەشی لە دایک بووبێ. قژێکی زبری ڕەش و چاوەکانیشی قەترانی و پیستیشی بە شتنیش لە سووتوو پاکنەدەکرایەوە. تەنها ددانەکانی سپی دەچوونەوە. باوکیشی سووتووگری شار بوو ئەو ئەم کارەی لە وەوە بۆ جێمابوو. یاش پیاوێکی زەلام بوو، هیشتاش ڕەبەن و لەگەڵ “ماچیچۆڤا” ی دایکە پیرەکەیدا دەژیا.

مانگی جارێک دەهاتە ماڵی ئێمە، بە پێی پەتی و هەر شوێنپێیەکی پەلەیەکی رەشی لە ئەردەکەدا جێدەهێشت. دایکم، ئەمشەوی لە هەموو شەوێک خۆشتر بێ، هەمیشە بەرەو پیری ڕایدەکرد و نەیدەهێشت زیاتر وەژوورکەوێ.
یاش کرێی کارەکەی لە دەوڵەت وەردەگرت و ژنانیش “گرۆشێن”ێک یان لەتێ نانیان پێدەدا کاتێ لە کارەکەی تەواو دەبوو. ئەمە عورفێکی کۆن بوو. منداڵان زەندەقیان لە یاش چوو بوو ئەگەر چی ئەو ئازاری کەسیشیانی نەدابوو. تا یاش سووتووگری شار بوو، ئاگر لە لوولەکێشی هیچ کوورەیەک بەرنەبوو بوو. وەک هەموو کریستیانەکانی دیکە لە یەکشەمماندا خۆی دەشوشت و لە گەڵ دایکیدا دەچوونە کلێسا. بەڵام ئەو بەشۆراویش هێندەی دی ڕەش دەهاتە پێش چاو ، ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێ نەیتوانی بێ کەسێک بدۆزێتەوە تا بیکاتە هاوسەری خۆی.
مانگێکیان، من وام لەبیرە کە دوێنی بوو بێ، “فێتیل”ی ئاو هەڵگر هاتە لامان و گێرایەوە کە یاش لە سەربانەکەی ماڵی “تێڤیی بۆرشێز” بەربۆتەوە. تێڤیی ماڵێکی دوو تەبەقەی هەبوو لای مەیدانەکە. هەموو بەزەییان بە یاشدا دەهاتەوە. ئەو هەمیشە نەرم وەک پشیلە بە سەربانەکاندا هەڵدەزنا، بەڵام ئەگەر لەناوچەوانێ کەسێک نووسرابێ کە تووشی شتێک دەبێ، هەر دەبێ ڕووبدا.

فیتیل وتی کە یاش بە سەردا کەوتووە و هیچ شوێنێکی نەشکاوە. کەسێک گەیاندبوویەوە ماڵ . ئەو لە کۆخێکی ئامادە بۆ ڕووخاندا لە قەراغی شار و لە نزیک دارستانەکەدا دەژیا.
ماوەیەک کەس هیچ شتێکی دەربارەی یاش نەبیست. ئاخر سووتووگرێک چ جیگایەک داگیردەکات.؟
ئەگەر ئەو نەتوانێ چیدی ئیش بکات، شار پیویستی بوو کەسێکی دی دامەزرێنێ. رۆژێک فییتیل بە دوو سەتڵ ئاوەوە خۆیکرد بە مالدا و بە دایکمی وت: ” ئاخر خەبەرت بیستووە، یاش بووە بە میشکخوێنەرەوە.”
دایکم بە پێکەنیەوە وتی: بە گاڵتەتە؟
نە بە گاڵتەمە و نە نووکتەیشە. ئەو لەسەر تەختەخەوەکەی بە سەری بەستراوەوە ڕاکشاوە و خەریکی هەلهێنانی نهێنییەکانی خەڵکیە.
دایکم بە تووڕەییەوە پێیوت: مەگەر تۆ شێت بووی؟
زۆری نەبرد هەموو شار باسی ئەوەیان دەکرد.
ئەو زەربەیەی بەرسەری کەوتبوو برغوویەکی ناو مێشکی یاشی شلکردبوویەوە و ببوە کەسیكی ئایندە بین. مامۆستایەکمان لە شاردا هەبوو، نۆشین میخێلس، ئەو یاشی بە فاڵچی بانگدەکرد.
ئاخر کێ رۆژێک شتێکی لەو چەشنەی بیستبوو؟ گەر هەر زەربەیەک کە بەر سەردەکەوێ ئینسانی بکردایەتە ئایندەبین، ئەوا لە هەر شارێکدا سەدەها کەسی وەک یاش پەیدا دەبوون . بەڵام خەلکی دەچوونە لایی و بە چاوی خۆیان ئەوەیان دی بوو.
ئینسان دەیتوانی مشتێک پارەی وردە لە گیرفانی دەربێنێت و بپرسێ: چیم لە دەستایە؟
ئەویش دەیوت: ئەوەندە سێ، چوار و پێنج گرۆشی و ئەوەندەش کۆپێک. پارەکان دەژمێردرا و تا دوا گرۆشێش هەڵەی تیدا نەبوو.
یەکێ دی دەیوت: هەفتەی ڕابردوو ئەم کاتە من لە (لوبلین) چیمدەکرد؟
ئەویش دەیووت کە ئەو بە هاوەڵی دوانی دیکە لە باڕێکدا دانیشتووە. ئەو بە جۆرێک دەیگێراوە وەک ئەوەی بەرانبەریان دانیشتبێ.
کاتێک دوکتۆر و دەستگاکانی دەوڵەت خەبەری یاشییان بیست، بەهەلەداوان گەیشتنە لای.
کۆخەکەی ماچیچۆڤا هێندە بچووک و نزم بوو کە کلاوی ئەوانەی بۆ سەردان دەهاتن، لە بنمیچەکە گیردەبوو.
ئەوان پرسیارەکانی خۆیان دەکرد و ئەمیش وەلامی هەموانی دەدایەوە.
قەشە تۆقی بوو. جوتیارەکان دەیانوت یاش بووە بە کەسێکی پیرۆز. ئەوان هیچ شتێکی زیاتریان پێویست نەبوو تا وەک ئایکۆنێک لە سەفەری حەجدا بەدەوریدا بسوڕێنەوە. بەڵام دوکتۆر خێرا وتی کە کەس بۆی نییە لە شوێنی خۆی بیجوڵێنێ. ئاخر جگە لە رۆژانی یەکشەمووان ، کەسی دی یاشی لە کڵێسادا نەبینی بوو.

بەڵێ، ئەو لە ناو دۆشەکە پووشەکەی خۆیدا راکشابوو و وەک هەر کەسێکی سادە دەپەیڤی، دەیخوارد و دەیخواردەوە و لەگەڵ سەگەکەی دایکیدا یاریدەکرد. بەلام ئەو هەموو شتێکی دەزانی، دەیزانی چی لە گیرفانەکانی سەر سنگدایە، چی لە گیرفانی پانتۆلەکانیادایە، ئەوی دی پارەکانی لە کوێ شاردبوویەوە و ئەمی دیکە دوو ڕۆژ پێش ئێستا چەندی پارە لە کرینی عارەقدا سەرفکردووە. وەختێک دایکی بینی چ قەڵەباڵغییەک دروست بووە، بۆ هەر کەسێک بڕی کۆپێکێکی وەردەگرت.
خەلکیش پارەکەیان دەدا.
دوکتۆری شار نامەیەکی بۆ لوبلین نارد.
قایمقامی شار هینێکی نارد، ئەو شتە چی پێدەڵێن، راپۆرتێکی نارد و لە زامۆچچێ و لۆبلینەوە کەسانی مەقامدار هاتن.
دەڵێن شارەدار جێگرێکی خۆی ناردبوو، قایمقام تۆقی بوو و فەرمانی دابوو دەبێ هەموو جادەکان پاکبکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێک پاککرابووەوە کە پووش یان چیلکەیەکی لینەدەبینرا.
بە خێرایی هەموو ئەندامانی قایمقامییەت بانگکران. ئەم هەموو لە پای چی؟ هەر هەمووی بە هۆی یاشی سووتووگرەوە.
(گیتێلس)ی خاوەن میوانخانەی شار گەشکە بوو بوو، کێ بە خەونیش دی بووی میوانی وا هێندە بەناوبانگ بێنە ئەوێ؟ هەموو سەرەگەورەکانی پاریزگا هاتبوون و سەردانی ماڵی یاشییان کرد لە کونجەکەی خۆیدا. ئەوان پرسیاری خۆیان دەکرد و وەلامەکانی ئەویش ترسی لە دڵی هەموو فەرمانبەراندا چاندبوو. کێ دەیزانی ئەم کەسانە خۆیان لە چ تاوانێکەوە گلاندووە؟ هەرهەموویان بەرتیلخۆر بوون. یاشیش ئەمەی پێڕادەگەیاندبوون.
ئاخر کابرایەکی سووتووگر چی دەزانێ؟ئەوەی کە لە هەمووان دەسەلاتی زیاتر بوو، نازنم ناوەکەی چی بوو، وتبووی یاش تێکچووە و دەبوایە بنێردرایە بۆ شێتخانە. بەلام دوکتۆر زۆر بڕیاردەرانە وتی کە یاش نابێ لە شوێنی خۆی بگوێزرێتەوە.
دەنگۆێەک بلاوبۆوە کە دوکتۆر و نوێنەری پارێزگا بووەتە دەمەقاڵەیان و لەیەکترییان داوە. بەڵام دوکتۆرەکەمان خۆی پیاوی دەوڵەت بوو و لە بەشی خزمەتی سەربازی کاریدەکرد. ئەو پیاوێکی رەق بوو، بەرتیلنەخۆر، هەر بۆیەش سامی لە هەڵهێنانەکانی یاش نەبوو. ئاخر هەر ئەویش بوو کە بردیەوە. بەڵام نوێنەری پاریزگار لە راپۆرتەکەیدا وتبووی یاش تێکچووە و گازندەیشی لە دژی دوکتۆر تۆمارکردبوو، بۆیەش زۆری نەبرد دوکتۆر گوێزرایەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

لەو ماوەیەدا یاش سەری چاک بووەوە و گەرایەوە سەر کاروباری خۆی، پاککردنەوەی لوولەکێشی کوورەی ماڵان. بەڵام توانا سەرسوڕهێنەرەکەی هەر مابوو. کاتێک دەچووە ماڵانەوە بۆ ئەو ئەوەی پارەکەی وەربگرێت، ژنان وەک عادەت لێیاندەپرسی: یاش، چی لە چەکمەجەکەی لای دەستی چەپەوەیە، یان چی لە دەستمدایە کاتێک دەستم دەخەمە پشتمەوە. یان دوێنێ ئێوارە چیم خواردووە؟
ئەویش دەیتوانی هەموو شتێکیان بۆ بگێرێتەوە. ئەوانیش پرسیاریان لێدەکرد: یاش، ئەم هەموو شتە چۆن دەزانی؟ ئەویش شانی هەڵدەتەکاند و دەیووت: لە خۆمەوە دەزانم. پەیوەندی بە زەبرەکەی سەرمەوەیە و دەستی بۆ تەوێڵی ڕادەکێشا.
یاش دەیتوانی بچێت بۆ شارە گەورەکان و خەلکیش بلیتیان بۆ دەبڕی بۆ ئەوەی بیبینن بەلام ئەو کەی تاقەتی لە خۆ مەشغوڵکردن بە شتێکی واوە هەبوو.

لە شاردا ژمارەیەکی زۆر دز هەبوون. جلکی شۆراوی کە لە هەورەبانەکاندا هەڵخرابوون دەدزی و دەستیان بە چی دیکە بگەیشتایە دەیانبرد. بەلام ئێستا دزییان بۆ نەدەکرا.
ئەوانەی دزیەکەیان لێکرابوو دەهاتنە لای یاش و دەیانووت دزەکە ناوی چییە و شمەکەکانیش لە کوێ شاراونەتەوە. جوتیاری گوندەکانی دی کاتێک دەربارەی یاشیان بیست، هەر کاتێک ئێسترێکیان بدزرایە، ئەوا خاوەنەکەی دەهاتە لای یاش و دەیپرسی ئێسترەکە لە کوییە؟ ژمارەیەکی زۆر لە دزان خرابوونە زیندانەوە. دزەکان چاویان لەسەری بوو و بە ئاشکرا دەیانووت کە ئاگایان لێیەتی، بەلام یاش هەموو نەخشە لە پێشەوە دارێژراوەکانیانی ئەوانی دەزانی. شەوێکیان هاتبوون تا بەراستی کەوڵی بکەن بەڵام ئەو لە کادانی ماڵە دراوسێیەکدا خۆی شاردبووەوە.

کاتێک بەردیان تێدەگرت، خۆی لادەدا و سەری خۆی نەویدەکرد. ئەمە بەرلەوەی بەردەکە بەرەو رویی بێت. خەلکی پارە و ئالتوونیان دەشاردەوە، یاشیش هەمیشە پییدەوتن لە کوێدایە. ئەو هەر بیریشی لێنەدەکردەوە، یەکسەر دەیزانی لە کوێدایە. گەر منداڵێک ونببوایە، دایکەکە بە هەلەداون رایدەکرد بۆ لای یاش و ئەویش دەستی دایکەی دەگرت و دەیبردە لای منداڵە ونبووەکە. دزەکان دەیانووت کە یاش خۆی مندالەکەی دزیوە بۆیە دەزانێ لە کوێیە، بەلام کەس بروای پێنەدەکردن.
ئاخر ئەو بۆ بەرامبەر ئامۆژگارییە بەنرخەکانیشی بۆ خەلک ماقڕێکی وەرنەدەگرت.
دایکی داوای پارەی دەکرد، بەلام یاش خۆی کەرێ بوو لەو گۆڕەی.
ئەو نەیدەزانی فلسێک چەندە. لە شارەکەماندا رابینێک هەبوو ناوی (رێب ئارێل) بوو کە لە شارێکی گەورەترەوە هاتبوو.
ئەو لە شاباتی پێش جەژنی پاکدا لە سیناگۆگدا وتاری خوێندبویەوە، بلێ چی باشە؟ دەربارەی یاشی سووتووگر قسەی کردبوو.
“گووماندارەکان”، ئەو وای دەووت. ئەوان نەهییان لەوە دەکرد کە مووسا پێغەمبەر بێت. ئەوان دەیانووت هەموو شتێک دەبێ روونکردنەوەیەکی عەقلانی لە پشتییەوە بێت. ئەگینا سووتووگرێکی وەکو یاش چووزانێ (ئیتێ چایێ)ی نانکەر ئەلقەکەی لێکەوتۆتە ناو بیرەوە؟ ئەگەر یاش بزانێ شتی شاراوە لە کوێدایە، چۆن دەکرێ کەسێک هەبێ گوومان لە دەسەلاتی پیاوە پیرۆزەکان بکات؟
لەم شارەدا کۆمەڵێک خەڵکی کافر بوونیان هەبوو بەڵام ئەوانیش هیچ وەلامێکیان پێنەبوو. هاوکاتیش ناووناوبانگی یاش گەیشتووە وارشۆ و هەندێ جێگەی تریش. لە رۆژنامەکاندا لەسەریان دەنووسی. لە وارشۆوە کۆمیتەیەکیان ناردبوو، قایمقامی شار دووبارە جارچی ناردبووەوە ناو شار و فەرمانی دابوو هەموو باخچەو خانووەکان دەبێ خاوێنبکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێ گسکدرابوو بریسکەی دەهات.

دوای جەژنی “سوککوت” باران دایکرد. لە شاردا تەنها یەک شەقامی سەنگفەرشکراو هەبوو کە ناوی شەقامی کڵێسا بوو. تەختەی دارەرا و قەدی بڕاوەی درەخت لە هەموو شوێنێکی شاردا دانران تا جەنابعالییەکانی کە لە وارشۆوە هاتبون نەکەونە ناو قوڕولیتەکەی شارەوە. گیتێلی خاوەن تاکە هوتێلی شار، چی هەبوو هێنابوویەدەر. هەر هەموو شار لە جووڵەدا بوو. تاکە کەسێک کە ئارامی خۆی لەدەستنەدابوو، یاش بوو. ئەو گەرانە ئاساییەکەی خۆی دەکرد و خەریکی پاککردنەوەی لوولەکیشەکان بوو. تەنانەت عیلمی نەبوو بە هۆی سەردانی جەنابەکانی وارشۆوە کەمیک بترسێ.
بەڵام باش گوێ لەمە بگرە!
رۆژێ پێش گەیشتنی کۆمیتەکە لە وارشۆوە، بووە بەفر و سەرمایەکی سەخت. شەوی پێشوو تر، بریسکە و تەنانەت ئاگریشیان لە لوولەکیشی کورەی (چایم)ی نانەواوە بینی بوو. چایم لەوە تۆقی بوو ئاگرەکە تەشەنە بکات و ناردبووی بە دوای یاشدا. ئەویش بە خۆی وگسکەکەی دەستییەوە هاتبوو و خەریکی لوولەکیشەکە بوو. لە دابەزینیدا، هەلخلیسکا بوو و دووبارە بەربوو بۆوە.
جارێکی دی کەللەی زەربەیەکی دیکەی خواردبوو، بەڵام وەک ئەوی یەکەم بەهێز نا. تەناتەت خوێنیشی پێوە نەبوو، بە کۆمەکی هەرچوارپەلی، توانی بووی هەستیتەوە و چوو بووە ماڵ.

هاوڕی خۆشەویستەکانم! بۆ ڕۆژی دوایی کاتێک کۆمیتەکە گەیشتبوو و دەستیان کردبوو بە سین و جیمی خۆیان لە یاش، ئەو هیچ شتێکی لەبیر نەمابوو. زەربەی یەکەم شتێکی لەسەریدا کردبوویەوە و زەربەی دووەم دایخستبوو. ئەو پیاوە بەرێزانەی هاتبوون دەیانپرسی پارەیان چەند پێیە و دوینێ چییان کردووە و هەفتەی پێشوو لە کاتێکی وەک ئێستا چییان خواردووە، بەڵام یاش وەک گەمژەیەک دەتریقایەوە و دەیووت: جا من چووزانم.
پیاوانی دەولەت هەتا بڵیی توورەبوون. حەیای بەڕیوەبەری پۆلیس و دوکتۆریشیان برد. داوایان دەکرد بزانن بۆچی لە وارشۆوە ئەمانیان هێناوە بۆ ئێرە تا ئەم گەمژەیە یان ئەم دێوانەیە ببینن کە هیچ شتێک نەبووە جگە لە سووتووگرێکی ئاسایی کە لوولەکیشەکان پاکدەکاتەوە. بەڕیوەبەری پۆلیس و حەشاماتەکەی ئەوێ سوێنیان دەخوارد کە یاش هەموو شتێکی زانیوە و ئەوانەیشی بۆ سەردان هاتبوون نەیاندەویست گوێبگرن.
کەسێک وتی کە دوێنێ ئێوارە یاش لە سەربان بەربووەتەوە و سەری بە ئەرزەکەیدا کێشاوە، بەڵام ئێوە ئەو خەلکە دەناسن، ئەوان بروایان تەنها بەو شتەیە کە لەبەر چاویاندایە و دەیبینن.

بەڕیوەبەری پۆلیس لە یاش چووە پێشەوە و بە کەشک چەند دانەیەکی لەسەری دا، ئەو پییوابوو بەشکم برغووەکە بگەرێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام کاتێک ئەو دەرگایەی ناومیشک داخرا، هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە.
کۆمیتەکە گەرایەوە بۆ وارشۆ و سەرلەبەری حەکایەتەکەی لە ئەوەلەوە تا ئەخیر بە روونەدراو لەقەلەمدا. بەلام یاش فریای ئەوە کەوت چەند ساڵێکی دی خەریکی کارەکەی خۆی بێ. تا پەتایەک لە شاردا بلاوبوویەوە وئەویش بەهۆیەوە مرد.
میشکی ئینسان پڕە لە ژوور و دەرگای جۆراوجۆر. یەک زرمە کافییە بۆ ئەوەی هەموو شتێک تێک بدات. بەڵام هەموو شتێک پەیوەندی بە رۆحەوەیە. بە بێ ڕۆح، مێشک بۆی ناکرێ لە پێیەکان زیرەکتر بێ.

—————————————————————–

*سووتووگر بە کەسێک دەوترێ کە خەریکی پاککردنەوی لوولەکیشی کوورەی ناو ماڵانە کە بەدار کاردەکات. هەموو ساڵێ جارێک دەبێ پاک بکرێتەوە ئەگینا مەترسی لەسەر ماڵ دروستدەکات کاتێک دووکەڵکێشەکە توانای راکێشانی دووکەڵی نییە. ئەگەر داری تەڕ بەکاربهێنرێت بۆ داگیرساندنی کورەکە، ئەوا قەتران بە لێواری لوولەکیشەکەوە پەیدادەبێ و ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر زۆر دەبێ.




دووبارە قەرزوەرگرتنەوەیەک … بەکر ئەحمەد

کە لە دارستانەکە دێمەدەر
نیگام بە ترۆپکی بەرزی سنەوبەردا ‌هەلدەواسم،
پەنجەکانم لە دەووری تەڕترین گەلا و گوڵی بن بەردێکدا جێدەهێڵم
گویچکەکانم دەدەمەدەست
گەرووی پڕ ئاوازی بەرزی
باڵندەی سەر بەردە گەورەی نزیک داربەرووە تەنیاکە.

کە لە دارستانەکە دێمەدەر
من هەمیشە ، بۆ ساتێکیش بیرم ناچێت
نیگاو پەنجە و گوێچکەکانم لەو شوێنانە بەجێبێڵم.

ئاخر وەختێک، میلی سەعات راومدەنێ و
پاسەکەی شار تین دەداتە بەرهەنگاوم
تا خێراتر بگەمە ناو ئاپۆرەی ناو گەراجەکە
کاتێک کەللەی سەر پردەبێ لە ژمارە و
لیستی درێژی پێویستە و دەبێ بکرێ
ئەو ساتانە
نیگای سەوزی لای سنەوبەر، پەنچەی تەڕی دەوری گوڵ و
گوێچکەی تەژی لە جرییوە
بۆ چاو و پەنجە و گوێچکەی خۆم
دووبارە وەردەگرمەوە و بۆ چەند ساتێک قەرزییاندەکەم
تا هیچ نەبێ
ماوەی نێوان ماڵ و دواویستگەی پاسەکە، تەنها نەبم
تا بە نیگایەکی قەرسیلی و نەرمی گەلا لە پەنجەدا و
گویێەکی پڕ لە نەغمەوە، ڕێگا تەی کەم.

20191231
بەکر ئەحمەد




هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە رۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە … نووسینی: عومەر سەید

هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە
رۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە
نووسینی: عومەر سەید
چاپخانەی یاد
سالێ بلاوکردنەوە: ٢٠١٨

نووسینی: بەکر ئەحمەد

هۆڵۆکۆستی جووەکان تەنها وەک پرسیارێکی سیاسی و مێژووی نامێنێتەوە و لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەردا ئامادەیی خۆی رادەگەێنێت. ئەوەی کە ئینسان دەرەقەتی خوێندنەوەی ئەم مێژووە خوێناوییە درێژەی نەبێت، دەکرێ لە ئەدەبدا و لە رۆمانێکدا گۆشەیەکی ئەم چیرۆکە دیژ و گەوەرەیە بخوێنێتەوە. ئەم ئامادەییە هونەریی و ئەدەبییەی هۆلۆکۆست، وشیارییەکی کۆمەلایەتی گەورە لە دەرەوەی بازنەکانی جووبووندا دروستدەکات و پرسی هۆلۆکۆست لە پرسی جووەکانەوە دەگۆرێت بە پرسێکی ئینسانی و ئاسان ئینسانەکانی ژینگە کۆمەلایەتی و جوگرافیا جیاوازەکانی دیکە لەگەڵیدا هاوسۆزی پەیدادەکەن.

” نۆرمان فینکڵیشتاین” لە (پیشەسازی هۆلۆکۆست) دا دەست بۆ هەستیارترین جومگەکانی تراژیدیای جووەکان دەبات و پێیوایە کە ئازارو فرمیسکی جووەکان لە هۆلۆکۆستدا لە دەستی ناسیونالیزمی جوودا دەبێتە سەرچاوەیەکی سەروەت و سامان پێکەوەنان بۆ ئیلیتێکی کەمی جوو.
بە کورتییەکەی: تەرمی قوربانیەکانی نازیزم هەمیشە بە شانی سیاسەتمەدارانی جوەوەوەیە تا قازانجی تایبەتی لێبکەن. یان بە هەق و ناهەق، پرسیاری جووی قوربانی بەرزڕادەگیرێت.
ئەگەر پیشەسازیدروستکردن لە قوربانییەکانی جوو، فینکڵیشتاین دەخاتە سەرکەلکەلەی ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم ماکینە گەورەیەی دروستکرن و دووبارەدروستکردنەوەی جووی قوربانی دابنرێت، ئەوا لە بوارەکانی ئەدەبدا، کەمتر دروستکرن و دووبارەگێڕانەوەی قەتڵ وعامی جووەکان دەخرێتە بەر هەمان نیگای ڕەخنەگرانە.
بە بڕوای من، (لیستی شیندلەر) و(خاڵکوتەکەی ئاوشویتش) و دەیەها چیرۆک و فیلمی جۆراوجۆرلە ئاگادارکردنەوەی ئینسانەکانی ئەمڕۆدا، لە سەدان دۆکۆمێنت و وانەی مێژووی سەبارەت بە دڕندەییەکانی نازیزم کاریگەرتر بوون.
بەلام ئایا لەبەرانبەر هۆلۆکۆستی کوردەکاندا لە ئەنفالدا، بە جیا لە شیوەن و فوغان و مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال و شیعرە پڕلە فرمێسکەکانی ئەنفالدا، چیرۆکی ئەنفال لە ڕۆماندا چۆن دەگێڕدرێتەوە؟
لێرەوە دەمەوێ سەیرێک لە رۆمانی ” زیکزیکە” ی(عومەر سەید) ە بکەم کە کۆششێکی هەتا بڵێی جوانی بە ئەدەبیکردنی ئەم مێژووە پڕلە نەهامەتییەی خەلکی کوردستانە لە بواری رۆماندا.
بۆ ئەم مەبەستە ، ناچارم باسەکەم هەر لە هۆلۆکۆستی جووەکانەوە دەستپێبکەم.
لە هەر لایەکەوە سەرنج لە هۆلۆکۆستی جووەکان بدەیت، ناکرێ چاوت نەچێتەسەر رەیلی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتس. قوولەیەکی بەرز، هێڵی شەمەندەفەرێک کە بە ژێر قوولەکەدا تێدەپەڕێت و دەتگەێنێتە ئەو دیوی شوراکانی دوای قولەکە. لێرەدا سنووری ژیانی کۆتایی دێت. بەخێربێن بۆ ئاوشویتش!

ئەم وێنەیەی سەرەوە، بە یەکێک لە بەهێزترین سیمبولەکانی قەتڵ و عامی جووەکان دەناسرێتەوە. تراژیدیای جوو، لەبەردەم ئەم دەمە داچەقیوەی ناو قوولە سەربازییەکەی ئاوشویتسدا، بە لووتکەی خۆی دەگات. بەڵام هەمووشمان دەزانین کە بەرلەوەی ژیانی پینەچییەکی کراکۆڤ، یان وێنەگرەکەی پراگ، یان پیانۆژەنەکەی بەرلین، لە کوورەکانی ئاوشویتسدا کۆتایی پێ بێت، ئەوا لە رێگای هونەری ڕۆمانەوە، بێگوومان هونەرەکانی دیکەشەوە، دووبارە ژیان بەبەریاندا کراوەتەوە و تەماشاکەری ئەم وێنەیە، دەکرێ ئەو ژیانەش ببینێت کە لە سەنتەری شارەکانی کراکۆڤ و پراگ و بەرلینەوە دەستپیدەکات و بەرلەوەی ئەو کەسانەی سەرەوە بخرێنە ناو فارگۆنی شەمەندەفەرەکانی ئاوشویتسەوە، ژیانێکی دیکەیان بووە و ئامادەیی هەبووە.
بەڵام لە دۆخی هۆلۆکۆستی کوردەکاندا، لە ئەنفالدا، ئێمە خاوەنی وێنەیەکی وەک ئەو وێنەیەی سەرەوە نین کە لە ناوشیاری دەستەجەمعی ئینسانەکانی سەرزەویدا ، ئەنفالی پێبناسرێتەوە.
هونەر و ئەدەبی کوردیش لەم ئاستەی ئێستایدا لە خوڵقاندنی وێنەیەکی دیار و ناسراوی هولۆکۆستی کوردەکاندا بە تەواوەتی دەستەپاچەیە.
ئەنفال لە شیعری کوردیدا ، بەشی شێری بەردەکەوێت. رێک بە پێچەوانەی (تیۆدۆر ئەدۆرنۆ)وە کە لە ساڵی ١٩٥١ دەنووسێ: (لە دوای ئاوشویتسەوە شیعرنووسین کارێکی بەربەریانەیە). بەڵام ڕێک لەو شوینەدا کە کورتهێنانی شیعر دەکرێتە هۆکارێک لەلای ئەدورنۆوە بۆ ئەوەی دەرەقەتی تراژیدیای هۆلۆکۆست نەیەت ، ڕێک لەو شوێنەوە، شاعیری کورد لە پاڵ ئەو هەموو شێوازەی دەربڕیندا، زیاتر دەست بەداوێنێ شیعرەوە دەگرێت بۆ ئەوەی ئەنفال بگرێت و رامیبکات.
دەربڕینەکەی ئەدۆرنۆ جێگای مشت ومڕێکی زۆرەو بە شێوازی جۆراوجۆر راڤەکراوە. لای رەخنەگری ئەدەبی (سارا عەبدوللاهی)، ئاواهی تەفسیری ئەم دەربڕینەی ئەدۆرنۆ کراوە: لە دوای سامی هۆلۆکۆستەوە، ئینسان لەبەرانبەر ئەو نەکردە مۆراڵییەدایە کە بتوانێت جوانیەکی شاعیرانە فۆرمۆلە بکات. ئاخر زمان وەک کەوتوویەک سەرنجدەدرێت ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەستێتەوە ، پێویست بوو ئەو درزە دبدۆزرێتەوە کە کەوتۆتە ناو زمانەوە، پاشان درزەکە تۆماربکرێت. لای ئەدۆرنۆ، شیعر فۆرمی دەربڕینی کەسی ئازادە، ئاوشویتسیش نەفیکەرەوەی هەموو ئازادییەکی ئینسان بووە. ) (1)

گەر زیادەڕەویم نەکردبێ ، دەتوانم ڕاشکاوانە بڵێم: عەرعەر، بیابانی خۆرئاوا، زیل، جاش ئەو وشە هەمیشە ئامادانەن کە چیرۆکی ئەنفالییان لە شیعردا تۆمارکردووە و ئەنفالییان لە ناودا دیلکردووە. هەموویشی لە وێنەیەکی کۆلیکتیڤیستی گەورەدا کە قوربانی دەمووچاوی دیار نییە.
بە تەفسیری سارا عەبدوللاهی، لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، زمان زەربەیەکی گەورەی بەردەکەوێت و درزێکی گەورە دەکەوێتە جەستەی زمان خۆیەوە. کاتێک ئینسان دەستی خستە سەر ئەو برین و درزەی کە زمان تێیکەوتووە، ئەوسا دەتوانێت فۆرمێک بدۆزێتەوە کە دەربڕی ئەو جوانکارییە بێت کە شیعری پێدەناسرێتەوە.
لەوە دەچێت کە دەربرێنی ئیستاتیکییانەی شیعری کوردی لە سی ساڵ دوای ئەنفالیشەوە، هێشتا نەیتوانییەوە دەستبخاتە سەر ئەو برینەی کە ئەنفال لە جەستەی ئینسانی کورددا هەڵیکەندووە. بۆیەش دەربڕینەکانی سەبارەت بە ئەنفال لە پێنچ وشە تێناپەڕێت کە نەک دەروازەیەکی ئەدەبی لەبەرانبەر ئەنفالدا ناکاتەوە، بەڵکو لە بێدەمووچاوییەکی نەبینراودا بە نادیاری دەیهێڵێتەوە.

ئەگەر بگەڕێمەوە سەر وێنەکەی سەرەوە، شەمەندەفەرەکەی کە دەگاتە ئاوشویتس، پەیوەندی ئەم وێنەیە لەگەڵ وێنەیەکدا کە دەکرێ ئەنفالی کوردستانی لە ئاستی لۆکاڵیدا پێبناسرێتەوە، ئەوا ئێمە جگە لە بیابانێك رووت، هیچ شتێکی دیکە شک نابەین. واتا لەبەرانبەر دوا ویستگەی ئەنفالدا کە چارەنووسی 182 هەزار ئینسانی کوردی تیا دەگاتە کۆتایی، تەنها بیابانێکی ڕووت شک دەبەین.
بەڵام لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، لە دوای گەیشتنی جووەکانەوە بۆ ئاوشویتش، لە ڕێگەی چیرۆک و رۆمانەوە ، ئێمە دەمووچاوی ئەوانە دەبینین کە دەسووتێنرێن. واتا لە رێگای دووبارە دروستکردنەوەی ئەدەبی هۆلۆکۆستەوە، بە سەر هێڵی هەمان ئەو شەمەندەفەرەدا کە سەرێکی لە ئاوشویستدایە دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ناو کوچە وکۆلانەکانی شارەکانی ئەوروپا و ژیان و دەمووچاوی قوربانییەکان بدۆزینەوە. بەڵام شیعری کوردی کە گێرەرەوەی بەشێکی زۆری ئەدەبی ئەنفالە، ئەم دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێنێ. واتا هێڵێک دروست ناکات بۆ گەرانەوە بۆ ناو ژیان.

هەر بۆیەش رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە)ی عومەر سەیدە لەم شوێنەوە جیگای سەرنجدانە کە بەرلەوەی قوربانییەکانی ئەنفال بگەێنرێنە عەرعەر و لە ژێرلمدا بشاردرێنەوە، ژیانێکی دیکەیان بۆ دروستدەکات و سەرزەمینی زیکزیکە دەبێتە ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی کە لە وێنەکەی ئاوشویتسدا هەیە ، بەلام لە شێوەی رێگای قەتارئاسای ئەو لۆری و زیلانەی لە گوند و شارەکانی کوردستانەوە بەڕێدەخرێن تا بە دوا مەنزلگای خۆیان بگەن کە بیابانە.
ئەگەر لە دیمەنی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتسدا سەرێکی ئەم هێڵی ئاسنە لە ناو ئاوشویتسدایە و سەرێکی تری بە پایتەختی شارەکانی ئەوروپاوەیە، سەرێک لە ناو مەرگ و سەرێکیش بە ژیانەوە، ئەوا رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە) کێشانی ئەو رێگا درێژەیە کە سەرێکی لە مەرگدایە، لە بیاباندا و سەریکی دیکەی ڕیگاکە لە ناو شارو گوندێکی کوردستانەوە دەستپێدەکات. لێرەوەیە کە ئەنفال و حەکایەتە گەورەکەی تراژیدیای کورد دەکرێ بگیرێت و قوربانییەکان ببنەخاوەنی دەمووچاوی خۆیان. سەرزەمینی زیکزیکەی عومەر سەید، لێرەوە لە بەشەوە دەچێت بۆ کۆ، نەک وەک ئەو گوتارە باوە ئاساییەی کە ئەنفال هەمیشە لە کۆدا تەفسیردەکات و توانای پەڕینەوەی نەبووە بۆ بەش.

” لەم ماڵەدا من و میمکم و باپیرەم دەژین. لە باوک و دایک و سێ براو دوو خوشک ، هەر بە تەنها خۆم ماوم و ئەوان هەر هەموویان ئەنفالن. میمکیشم حەوت براو چوارخوشکی بێسەروشوێنی ئەنفالە.”
عومەر سەیدە لە کێشانی وێنەی یەکێک لە پاڵەوانەکانیدا، بەو شێوەیەی سەرەوە، لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە، کاراکتەرێکی رۆمانەکە دەخوڵقێنێ. ئەم پاڵەوانە لە ئۆردۆگایەکی کەس و کاری بێسەروشوینکراوی ئەنفالکراوەکاندا ژیان بەسەر دەبات. دیمەنی ئەم ئۆردوگایە کە بەسەرزیندووکانی دوای ئەنفالی تێدا دەژی، هێندە خاکستەری و بێرەنگ باسدەکرێت، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لە ژیانی ناو ئاوشویتسدا نییە. دیمەنی کارو لە خەوهەستانی پالەوان و ئاخاوتنی بێ ئاخاوتنی ئەم لەگەل میمکدا، لە شانۆگەرێەکی بێدەنگ دەچێت. باسکردنی ژیانی ئەم ئۆردوگایە، خوێنەر دەخاتە ناو کەشوهەوایەکی هەتا بلیی ئۆردوگا ئاساوە.
بەڵام ئەوەی کە جێگایەکی گەورە لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا داگیردەکات، لە راستیدا میمکی پالەوانە و لە بێزمانی ئەو و کەم قسەکردنیشیدا ، بەشێکی گەورە لە حەکایەتی ئەنفال دێتە گێرانەوە، بێگوومان لە چارەنووسی بنەماڵەیەکدا.
یەکێک لە دیمەنە جوان و بەهێزەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە پرۆسەی ئەنفالکردنی گوندێک لە گوندەکانی ئەنفال، لە رێگای پالەوانەکانی کتێبی (ئەلف و بیی) باڵدارەوە دێتە گێرانەوە ئەویش لە ریگای ئاخاوتنی نێوان دارا لەگەڵ کوڕە فیگورئاساکەی (ناجی ئەلعەلی)دا کە بە حەنزەڵە ناودەبرێت. بێنە بەرچاوی خۆت کە دارا بۆردومان دەبینێت و مام زۆراب هەڵدێت و زارا پەلاماری منداڵ دەدات.
هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی ناو ئەلف و بیی باڵدار کە زرنگانەوەیەکی گەورە و شەخسی لە یادەوەری ئینسانی کورددا هەیە، قورساییەکی گەورە لە سەر زەینی خوێنەر دروستدەکات و نووسەر زیرەکانە خوێنەر کیشدەکاتە ناو بازنەیەکی خۆناسینەوەی کۆمەلایەتییەوە کە پالەوانی چیرۆکی ئەنفال پێویستی پێیەتی.
شایەنی باسەکە کە دەنگی گێرانەوەی ناو ڕۆمان بەسەر چەند کاراکتەرێکدا دابەشدەبێت . دەنگێکی بێڕەنگ کە رووداوەکان وەک ئەوە دەبینێ لە پەیوەند بە ژیان لە دوای قەومانی ئەنفالەوە. دەنگێکی دیکە کە هێندەی لە دەنگی ڕەنگدار دەچێت کە جێگایەکی تایبەت لە دووبارە نیشاندانی ژیانی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا داگیردەکات بەرلەوەی لە دوا ویستگەی ئەنفالدا ، لە بیاباندا جێبگرێت.
ئەم دەنگە وەک دەنگی زیکزیکەکانی گەرمیان وایە و ڕەنگاورەنگە. ئەم ڕەنگە دەکرێ ئازارێکی پرتەقاڵی بێ کە سەرگوزشتەی دڕکەپیاوێکە کە شادی هێنەری ناو مەملەکەتی درکە، یان دەکرێ دەنگێکی خەنەیی بێت کە لە سیمای تارماییەکەی دەشتی حەمریندا خۆی بەرجەستەدەکاتەوە.
زمانی گێرانەوە لە دەربڕینی هەردوو دەنگی بێڕەنگ و ڕەنگداری سەزەمینی زیکزیکەدا سادەیە و وەک زمانی سادەی گەرمیانیەکانی قوربانی ئەنفال ئاسان دەچێتە دڵەوە. ئایا ئەمە هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانەی نووسەرە بۆ نەخشاندنی زمانێک کە تراژیدیای تیا دەخوڵقێ، یاخود زمانی ناوەوەی قوربانیانێکە کە کەوتنی زمان لە دوای ئەنفالەوە تەنیویەتی، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەدۆرنۆ، هیشتا دەستی نەخستۆتە سەر درزو بریندارییەکانی ناو زمانەوە تا لە ئاست ئەم تراژیدیایەدا بێت. بە هەر حاڵ، سادەیی ئەم زمانە لە گێرانەوەدا لە هەرکامێکی ئەو هۆکارانەی سەرەوە سەرچاوەی گرتبێ، وەک خاڵێکی سەرکەوتووبۆ نووسەر تۆماردەکرێت.
بەڵام جێی داخە لە نێوان لاپەرەکانی ٧٥ تا ٧٩ دا ئەم دووبارە گێرانەوەی تراژیدیای ئەنفال لە گێرانەوە ئەدەبییەکەی خۆی دەکەویت و بە زمانی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، مێژوویەکی سادە وەک ئەوەی کە چۆن بووە دەگێڕدرێتەوە.
بە بروای من ئەگەر ئەم بەشەش وەک دەنگی زیکزیکەیەکی رەنگدار بهێنرایەتە گێرانەوە، دەکرا ڕەهەندی تر و گۆشەی دیکەی رووداوی تێبکەوتایە کە زمانی ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی نەدەکردە دەربرین بۆ خۆی.

لەگەڵ گەیشتنە کۆتایی دێرەکانی ئەم ڕۆمانەدا ، خوێنەر هەستدەکات کە هەڵبژاردنی ناونیشانی سەرزەمینی زیکزیکە چەند هەڵبژاردنێکی بەئاگاهانەی نووسەرە و خوێنەر لە بەشی ٧ رۆماندا: کیڵگەی دڕک، زریکەی ئەبەدی میمکمدا دەکرێ زریکەی ئەنفال ببیستێت وهاوکاتیش بە تاسەیەکی زۆرەوە بەشوێن گەیشتن بە کۆتاییەکانی ڕۆمانەوە بێت. لە جیگایەکی ئەم رۆمانەدا گوێبیستی ئاخاوتنێکی نێوان حەزرەتی ئیبراهیم و خودا دەبین:
حەزرەتی ئیبراهیم بەدەم چەقۆ تیژکردنەوە ڕووی کردە ئاسمان و وتی:
خودایە قوربانییەکە ئامادەیە لە کوێ سەری ببڕم؟
دەنگێک لە ئاسمانەوە وەلامی دایەوە: بچۆرە گەرمیان، مەگەر نازانی من ئەو جێگایەم بۆ قوربانیدان خوڵقاندووە.
لە زریکەی ئەبەدی میمکمدا، زۆر بە سادەیی نەک هەر پرۆسەی سەربڕینی قوربانییەکان، بەلکو ژیانی ئەوانەیشی لە دوای ئەنفالەوە لە چاوەروانیدا رۆژەکان تێدەپەڕێنن، بە تەواوەتی دیلتدەکات و قورگت پڕدەکات لە گریان. لانی کەم بۆ من کە چاوەروانی ئەم جۆرە لە چارەنووس نەبووم بۆ میمکی پالەوان.
عومەر سەید، بەوەی حەنزەڵەی (ناجی ئەلعەلی) دەکاتە گوێگری دارای ئیبراهیم ئەمین باڵدار بۆ بیستنی چیرۆکی ئەنفال، ئەوا جێگای خۆیەتی ئاماژەیەک بەم فیگورە کاریکارێستییەی ناجی ئەلعەلی بدەین . ئەو لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بەم فیگورە دەڵێ: حەنزەلە خۆیەتی لە منداڵیدا کە لە گووندەکەی خۆی هەلدەکەنرێت. وەک منداڵێکی تۆراو، دەست لەپشتا و پشت لە بینەر، تەمەن دە ساڵ، بڕیارە گەورە نەبێ تا نەگەرێتەوە بۆ شوینێ خۆی.

لە سەر زەمینی زیکزیکەدا، حەنزەلەکانی کوردستان، بە گەورە و بچووکەکانیانەوە، دەست لە پشت و پشت لە بینەر نین. وەک ئەوەی کە فیگۆرەکەی ناجی ئەلعەلیدا دەبینرێت، بەلکو روخسارییان هەیە و ناوییان دڕکە پیاو و میمک و کاکەولایە.
ئەگەر حەکایەتی گومناوکردنی ١٨٢هەزار گوندنشینی کورد تاکە زانیاری ئێمەیە لەسەر یەکیك لە برینە قوڵەکانی سەرجەستەی ئینسانی کورد، ئەوا (سەرزەمینی زیکزیکە) پێدانی دەمووچاوە بە چەند کەسێکی ئەم قوربانییانە.
وەزیفەی ئەدەبیش هیچ شتێکی دیکە نییە جگە بەخشینەوەی دەمووچاو بەوکەسانەی لە دەموچاو بێبەشکراون.
عومەر سەیدە لە کیشانەوە و دووبارەدروستکردنەوەی هەندێک لە دەمووچاوەکانی ئەنفالدا، بە سۆزو میهرەبانانە و وەستایانەوە ئەم پرۆسەی بەکەسیکردنەوەی قوربانییەکان ئەنجام دەدات و لە چەند سەد لاپەرەیەکدا کارێکی هەتا بڵێی جوان دەخوڵقێنێ.

سەرچاوەکە بە سویدی لە ژێر ناونیشانی: شیعر لە دوای ئاوشویتسەوە لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پەیدادەبێت.
1) https://sverigesradio.se/sida/avsnitt/1297766?programid=503




چەند شیعرێکی شاعیری ئەمریکی ” سۆلماز شەریف” … و: بەکر ئەحمەد

لە دیوانی: look
سولماز لە ساڵی 1986 لە ئەستەنبوڵ لە دایک و باوکێکی ئیرانی لە دایک بووە. لە تەکساس، ئالاباما و کالیفۆرنیا گەورە بووە. ئێستا لە سانفرانسیسکۆ دەژی و لە دانشگای ستانفۆرد وانەدەڵێتەوە. سالێ 2016 بە کۆمەلە شیعری “لووک” یەکەمین بەرهەمی بلاوکراوەی خۆی چاپدەکات و کۆمەڵێک خەلاتی گەورە بەدەست دینێت. واشینتۆنپۆست دیوانی look ی بە باشترین کتێبی شیعری ساڵ ناساند.

Solmaz Sharif, 2016, look, Ramus Bokförlag
لەلایەن ئیدا بۆرێل و جێنیفەر هەیاشیدە و لە ئینگلیزیەوە کراوە بە سویدی

گەیشتنە گوانتانامۆ

سالمی خۆشەویست،

خۆشەویستم، چۆنیت تۆ؟………………. ئەتدەن؟
من نیگەرانم. لەم ماوەیەی دوایدا قژم تەواو…………….
تەنانەت پێستیشم ………………….
دکتۆرەکان دەڵێن…………….
من لەگەڵ ئەواندا هاوڕام. دەبوایە…………………..
داواکارم دڵگیر نەبیت.
……………………… لە باخچەکەدام و خەریکی هاڕینم
دەستیان بە دایکت گەیشتووە………………..
…………………تۆ لە یادتە.
هەندێکم بۆ خستۆیتە ناو پاکەتەوە ……………….
بە تەنها بۆ تۆم دروستکردووە. هەوڵ بدە بە ڕێک و پێکی نان بخۆیت
بۆچی………….. من دەبوایە من شوویەکی دیکە بکەمەوە
بۆمگێرایەوە……………ئەو خۆی نەیدەتوانی……………..ئەوە
من قەت نەمتدەتوانی………………
خۆشەویستم، من ئەم گۆرانییەت بۆ دەلێم……….تۆ حەزت لێی بوو
ئەو دێرەیانت بیر نییە ……………………..
من خەریکم………………..
تەنها بۆ تۆ
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

هەموو دوێشەو لە ئاسماندا چەخماخە بوو، ………….ڕووناک کردەوە
بەڵام باران هەر نە باری. هیچ
کە دەگەمە ماڵەوە، هەموو شتێک
…………….. تەپ و تۆز. جووتێک…………………
لە تەنیشتی……………… خاولییەک و
………………….و ……………….
لە بەیانیدا. هەر چۆنێک بیت، من نەمتوانی………………
لای پەنجەرەکەوە دانیشتم و سەیرمدەکرد
سەیریان دەکرد………………و
دەیانزانی من لە هین دەچم………
………………….واهی
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

ئەوان لە گەڵ هیندا هاتن………………….دوکانەکە
……………… پیشتر
لووتم تەقی بە لووتیانا……………………
بەڵام هێشتاش هەر ئاودارە
ترشییەکەیم تەواو دەرکرد
………………. هەموو رۆژەکە. لاپەرەی رۆژنامەکە
…………….بەهۆی شەربەتەکەوە.
دەیخەمە ناو قوتویەکەوە تا ئەو کاتەی تۆ دێیتەوە.
………………………هەندێک هەڵوژەیشم.
من هێشتاکە نەمکردۆتەوە…………..دوای ئەوەی ئەوان…………….. یت
تاقەتی ئەم هەمووەم…………..ئەو هەموو……………ددانانە
یان لەوانەیە……………….
چۆن چەرچەفەکەیان پیس کرد
هیوادارم تۆ لە من……………..
هیوادارم رێت پێبدەن کەمێک…………………
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

……………. دەیووت من پێویستە زمانم.
تووند تر بووە. من پێموت کە ئەو ………………….خۆی تێنەخات
کە………………هی خۆی……………… ژنەکەی
ئەو …….نابێ
گەر ئەو هی من ………………هیچ کاتێک لێم …………….
جارێکی دی. هەندێک جار نامە بۆ تۆ دەنووسم و پۆستی ناکەم.
عاجز نەبی!
دەمەوێ ئەوان……………
وەختێ دەیکەیتەوە…………
………………..وەک گردێک لە گوڵالەسوورە
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،
…………………..هێلانەیان دروستکردووە
لە ژێر………..
و ئێستاش ………….بەچکەکان هەمیشە…………….
……………..هێلەکەیان بردووە
و برنجیش. چایش. نازانم کێ…………………
بریاردەدا……………..ئەم شتانە
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

دراوسێکان لێبووردنێکیان وەرگرت و
…………… چەندە هەزار دۆلارێکیش
ئەوان وا حسابیان کردبوو……………….لەسەر ……………….و

…………… تەمەنیش.
قیمەتی…………….هی ئینسانێک…………………….
……………….شتی وا روویدا کاتێک کردیانەوە و دراندیان……………..
…………………وەک تۆپەلێک، ئاگریان دا هەر لەوێدا و لەبەرامبەر…………….
……………….دەڵێن بۆ دەنێرن. چەکێک……… بۆ……………..
من ……………..! …………………….!
…………………………….؟
هەرگیز.
هی خۆت،

سالمی خۆشەویست،

لە ……………..حیکمەت دەخوێنمەوە.
ئینسانی……………….نیشتیمان
ژنەکەی نامە بۆ ………….دەنێرێ
…………….وەک من.
ئێستا ناخوێنمەوە. ئەو وا بوو……………وەک تۆ
من هەموویانم هەیە…………………… کتێبەکانی
هەموویان.
تەحەموولی ………………….
………………………………..
هەموو کتێبەکان بەریز لە ناو رەفەکەدان
وەک چۆن تۆ…………….
دەوەستایت و بۆنی لاپەرەکانت دەکرد
هەموو دەلێن…………………..
هەمان………………….مێژوو
بەڵام کەسێک هی ئێمە ناگێڕێتەوە.




شیعرێکی شاعیری مەغریبی “موستەفا ستیتۆ” لە دیوانی “پەرستگا”دا

وەرگێرانی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

زۆر بەزەحمەت تابووتی باوکم هەلگرتووە و
هەنگاو هەنگاو بۆ پێشەوە، پشت چەماوە
باری سەرشان تادەهات هەر قورستر دەبوو
توانا و بڕستم لێبڕا
دانەوییم و خۆم لە ژێر تابووت دەرکێشا
سەری تابووتەکەم لادا و بێ دوودڵی و بە سرتەیەک
وتم: باوە چیدی ناتوانم هەڵتگرم، داوای لێبووردن دەکەم و
دەپرسم هێندەی کە ماوە دەکرێ لەگەڵمدا ڕێ کەی؟
لەپاش کەمێک، هەردوو چاوانی کردەوە
دەمووچاوی پڕ لە وزە و قژ ئاڵووزکاو
دەرپێ و کراسێکی سپی لەبەردا
ئاهێکی کورتی هەلکیشا و سەری لەقان
بە تەوسێکی سۆزدارەوە ، هەروەک جاران
هەستایە پێ، هەنگاوێکی هاویشتە دەری تابووت و
کەمێک سست و شەقاوی رێک
من بەدوایدا ، ئەو بێدەنگ و
منیش هەروا.
تابووتەکە لە شوێنی خۆی، لە ناو چەقی توولەڕێدا.
گەیشتینە لای ئەو گۆرەی پێش چەند وەختێک هەڵکەندرابوو
بێ وەی ورتەیەکی لێ بێ، لە گۆرەکەیدا ڕاکشا
یەکەمجار لەسەرلایەک و
دواتریش ، پێچەوانەی جاری یەکەم ، خۆی وەرگیڕا.
خوای ئەو دەڵێ: دەبێ ڕووی بەرەو مەشریق بێ
بە زەینی من، دەبێ رووی لە مەککە بێ
لە بەختی من، ئەو ناپرسێ مەشریق دەکەوێتە کام لا
راستت دەوێ، من بۆ خۆیشم نازانم کوێ دەکەوێ
دەستەکانی لێکئاڵاند و کردیە سەرین بۆ ژێرسەری
هەناسەیەکی قوڵی هەڵمژی، هەردووچاوانی لێکنان و
منیش یەکسەر چوومە سەرچۆک
بە هەردوو دەست و بەپەلە، سەری گۆڕەکەم داپۆشی.

وەرگێرانی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد




هاتنەوە بۆ ماڵی چۆل یان بۆ ماڵ … ڕانانی: بەکر ئەحمەد

ناوی ڕۆمان: ماڵی پشیلەکان
نووسینی: هیوا قادر.
ڕانانی: بەکر ئەحمەد
30ی ئەپریلی 2019

“ئەوەی کول نابێت، بەفر و سەرما و تاریکی مانگی یانیوەرییە، بەردەوام بەفر ئەبارێ و سەرما وەک چەقۆ هەڵدەکات. تاریکیش هەموو شتێکی مرۆڤەکان، بە ژیانیشییانەوە دادەپۆشێت”. لە كەش و هەوایەکی ئاوا زستانانەدا پاڵەوانی (ماڵی پشیلەکان)ی هیوا قادر لە خەوهەڵدەستێت و لە شەشی یانیوەریەوە تا پێنجی فێبریوەری هەمان ساڵ، بەڕێوەیە بۆ کارێکی زۆرەملێ لە یەکێک لە ماڵی پشیلەکانی شاردا.

ئەو ناوی (یوسف موهەمەد)ە و تەمەنی چل ساڵە. لە دە ساڵ پێش ئێستادا، لە پۆلی خوێندنی فێربوونی زمانی سویدیدا، لەگەڵ خوێندکارێکی دیکەی تورکدا لەسەر ناوی کوردستان دەبێتە دەمەقاڵەیان و دە ساڵ دواتر، لە باڕێکدا ئەم کۆنە دەمەقاڵەیەی ناو پۆڵ دێتەوە سەر شانۆ و لە بەیەکدا‌هەڵشاخانێکی تا ڕادەیەک خوێناویدا ، یوسف ڕاپێچی دادگا دەکرێت و لە بری سزایەکی تووند، کاری زۆرە ملێی بۆ ماوەی مانگێک بۆ دەبڕنەوە. جۆرێک لە سزا کە لە سویددا بە “خزمەتگووزاری کۆمەلگا” ناودەبرێت و کەسی تاوانبار لەبری چوونەزیندان، لە کۆمەڵەیەکی خێرخوازی و دەستگا قازانجنەبەرەکاندا بە پێی ماوەی سزاکەی ، دەبێ کاربکات.

“ماڵێ پشیلەکان” لە 315 لاپەرە پێکهاتووە، سەفەری هەمەڕۆژەی یوسفە بۆ شوێنی کارەکەی و ئاشنابوونی ئەوە بە شاشتین ، کارینا، پیا، زیباخانم، فریشتە شەریفی، گوونیللا، سۆفی و دەیڤید. کۆمەڵێک ناو و دەمووچاوی دیکە دێنە ناو ماڵی پشیلەکان و جێگایەکی ئەوتۆ داگیرناکەن. بەڵام لە ماڵی پشیلەکاندا، لە ڕێگای ئەو کاراکتەرانەوە کە ڕێیان دەکەوێتە ئەوێ، خوێنەر شایەتی کۆمەڵێک چیرۆک و سەرگووزشتەی جوان دەبێتەوە کە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە پێکدەهێنێ.
(ئەلێکساندرا پاسکالیدۆ) لە کتێبی “تاکسی”دا و لە ڕیی ئاخاوتن لەگەڵ شۆفێری تاکسییەکانی کۆمەڵێک وڵاتدا، چیرۆکی ژیانی زیاتر لە بیست و چوارشۆفێر تۆماردەکات و دەبێتە پەنجەرەیەکی واڵا بۆ زانینی گۆشەیەکی ژیان لەو وڵاتانەدا. ئەگەر دانیشتن لە پشتی سووکانی تاکسییەکانەوە شوێنی گێرانەوەی حەکایەتەکانی هاوڵاتییانی کۆمەڵێک وڵاتە کە (پاسکالیدۆ) پێشکەشی خوێنەری دەکات، ئەوا ماڵی پشیلەکانی هیوا قادر، شانۆی گێڕانەوەی ژیانی کۆمەڵێک کاراکتەری جیاوازن کە خوێنەری لەبەرانبەردا ڕادەگیرێت.

بەڵام نەک هەر ئەم کاراکتەرانەی سەرەوە کە ناویان هێنرا، بەڵکە لە هەر بەشێکی ڕۆمانی ” ماڵی پشیلەکان”ندا، خوێنەر ئاشنای کۆمەڵێک ناو و ڕەگەزی پشیلەش دەبێت کە سەروکارییان لەگەڵ ناوەکانی سەرەوەدا هەیە.

مایا، ئەنگۆرەی تورکی، فیندەوسی دارستانی نەرویجی و زیبای ئێرانی، مەینی کوون، پشیلەی وانی، ماناکی نیکۆ، لوسیڤەر، بەشێک لە ناوی پشیلەکانن کە هەریەکە و خاوەنێک و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە. هیوا قادر لە گەرانیدا بەشوێن زانیاری تایبەت سەبارەت بە ڕەگەزی پشیلەکاندا، ماندووبوونێکی زۆر نیشانداوە و خوێنەر بە سادەیی لە تایبەتمەندیی و خەسڵەتە جیاوازەکانی ئەم پشیلانەدا دەکەوێتە ناو فەزایەکی دیکەوە کە بۆ کەسێک سەروکاری لەگەڵ پشیلەدا نییە، جیهانێکی سەرنجڕاکێشە.

بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، لە (ماڵی پشیلەکاندا)، ئەوە پشیلەکان نین کە لە سەنتەری ڕووداوەکاندان. ڕەنگە ئەمە ئەو فێڵە ئەدەبییە وەستایانە بێت کە هیوا قادر سەرکەوتووانە لە خوێنەری دەکات.

بەڵکو پشیلەکان لەوێن و دەکرێ لە وەسفکردنێکی سادەی چەند دێڕەدا شوێنی خۆیان چۆڵبکەن بۆ خاوەنی پشیلەکان و چیرۆکەکانی ژیانییان. بە کورتییەکەی، پشیلەکان ئامرازێکی ئەدەبین و لە نیگاو ناو و تەنانەت ڕەنگیشییانەوە، خوێنەر دەچێتە ناو ماڵی ڕاستەقینەی ئینسانەکان و لە چیرۆکەکانی تەنهایی، بێوەفایی، خۆشەویستی، خیانەت و تەنانەت دێوەزمە دەروونییەکانی ناخی ئەواندا لە بەرانبەر چارەنووسێکدا ئۆقرە دەگرێت.

بۆیەش پشێلەی زیبای ئێرانی هێندە دەهێنرێتە سەر شانۆی ناو قەفەسەکانی ماڵێ پشیلەکان، تا لە رێگەی ئەوەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئاغای شەریفی و فریشتەی کچی و زیباخانمی خێزانیدا پەیدا بکەیت. بەڵام ئەم چیرۆکانەی خاوەنی پشیلەکان هێندە سەرنجڕاکیشەر و سیحراوییانە پێشکەشی دەکرێت، خوێنەر حەزدەکات یەک بەیەکی پشیلەکانی ماڵی پشیلەکان بۆ ساتێک دەرگای قەفەسەکانییان بکرێتەوە و لە ڕێگای ئەوانەوە گوێبیستی ئەو چیرۆکانە بین کە هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا خوێنەر کیشدەکاتە ناو ماڵە بچکۆلانەکەی( سیمابا)وە کە ڕۆژانە سێ کەس کاری تیادەکەن و چەندە مشتەری جۆراوجۆر ڕوویتێدەکەن.

پالەوانی سەرەکی ئەم ڕۆمانە، ‌هێندەی( ¬شاشتین)ی خاوەنی ماڵی پشیلەکانە، کەمتر لە یوسفی کورددا بەرجەستەدەبێتەوە، ئەگەر چی ئەوە کارکردنە رۆژانەییەکانی یوسف و سەفەری ئەو بۆ ئەم ماڵەیە کە ڕووداوەکان بەشوین خۆیدا دەخوڵقێنێ.

هیوا قادر لە خوڵقاندنی کەسایەتی شاشتیندا سەرکەوتووانە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەم پاڵەوانە دەنەخشێنێ کە بە جۆرێک نزیکایەتی بە کەسایەتی پشیلە و ئەو تایبەتمەندییەتییەوە هەیە کە ئەم ئاژەڵە لە کولتوری سویدیدا هەیەتی.

پشیلە لە زمانی سویدیدا بە ئاژەڵێک دەناسرێت کە خاوەنی کونجکووڵییەکی لە رادەبەدەرە. حەزی ناسینی خاوەنەکەیی و خۆتێهەڵسووین و نزیکبوونەوە لێی بەشێک لەو پراکتیکانەن کە پشیلەی پێدەناسرێتەوە.

بەڵام دەکرێ تۆ خاوەنی ماڵی پشیلەکان بیت و ئەم کونجکووڵییەت تێدا نەبێت؟

ئەگەر ژێر سەقفی ماڵی پشیلەکان ئەو فەزایەیە کە خاوەنی پشیلەکان کۆدەکاتەوە لە کاتی وەرگرتن و جێهێشتنی ئەواندا، بەڵام ئەوە کونجکووڵی لەرادەبەدەری “شاتشتین”ە کە پالەوەنەکان ناچاردەکات لە گێرانەوەی چیرۆکەکانی ژیانیاندا، سنوورەکانی کامە شەخسییە و کامە ناکڕی ببەزێنرێت ، تا ئاستی بەزاندن و ڕووتبوونە ببات و سیمای پاڵەوانەکان بە جوانی دەربخات. لێسەندنەوەی ئەم کونجکووڵییە وەک سیفەتێکی بەرجەستە لە شاشتین بە مانای درووستنەبوونی هیچ چیرۆکێک.

لە بەرگی ئەم ڕۆمانەدا نووسراوە:” ماڵی پشیلەکان ڕۆمانێکی کوردییە بە نەفەس و تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپی. لەم رۆمانەکەدا ، فەزا، شوێن، کات و چۆنێتی رووداوەکان هەمووی ئەوروپییە”. ئەگەر ئەم دەربڕینەی سەربەرگی کتێب وەربگیردرێتە سەر زمانێکی ئەوروپی، گۆشەنیگاکان بۆ ئەم دەربڕینە چۆن دەبن؟ چی وادەکات ئەوروپی بێت؟

من بە پێویستی دەزانم ئێستێکی کورت لەبەرانبەر ئەم دەربڕینەدا بکەم بۆ ئەوەی هەندێ لایەنی دیکەی ئەم ڕۆمانە دەربخەم.

لە ماڵی پشیلەکاندا، هیوا قادر هیچ دەرفەتێکی دیکەی لەبەردەستدا نییە کە بەو نەفەس و تەکنیکە نەنووسێت کە پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمان خۆیانی تیادەبیننەوە. بە کورتییەکەی، ئەو ژینگە کولتوری و کۆمەڵایەتییەی ڕووداوی تیا دەسازێ، ئەو جەبرە ئامادەیەیە کە تەکنیک و نەفەس شێوازی ئاخاوتنی پالەوانەکان دەستنیشاندەکات. بەم جۆرەش گێرانەوەی ئەوروپی و نەفەس و تەکنیکی هەڵبژێردراوی ئەوروپی ماناکانی خۆیان لەدەستدەدەن.

ناکڕێ شاشتین و ئاخاوتنی ئەو لەگەڵ یوسف و گونیلادا کوردانە بێت بەوەی نووسەری ڕۆمانەکە کوردزمانە. ئەوەی ‌هیوا قادر لەم ڕۆمانەدا دەیکات، خوێندنەوەیەکی بەئاگاهانەی نووسەرە بۆ کەسایەتی و شوێنپێی پاڵەوانەکانی لەو کۆمەڵگایەی ڕووداوی تیا دەگوزەرێ. ئەم لایەنە هێندە وەک گوێپێدانی نووسەرە بەو کۆد و ئاماژانەی کە پالەوانەکانی تیاسازێنراوە، ڕووچوونە ناو ناخی پاڵەوانەکانەوە وەک ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەبێ ببێت، کەمتر لە ڕیعایەتکردنی (تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپییەوە) دەکرێ سەرنجی بدرێتێ.

باشترین نموونەیەک بۆ دەرخستنی ئەم لایەنە لە رۆمانی ماڵی پشیلەکاندا، پەیوەندی نێوان یوسف و کارینایە. ئەگەر ئیشکالییەتێکی گەورە لە ئاخاوتن و کومینیکاسیۆنی نێوان ئەم دوو پاڵەوانەدا تا کۆتایی ڕۆمان ئامادەیی هەیە، هۆکارەکەی بە بڕوای من لە کەسایەتی کارینا دا شاراوەیە کە هیوا قادر زیرەکانە مامەلەی لەگەڵدا کردووە. هیچ خوێنەرێکی ئەوروپی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ پەیوەندیی و مامەلەی ئەم دوو کارەکتەرە لەگەڵ یەکتریدا لەم ڕۆمانەدا ناگێڕێتەوە بۆ ریعایەتکردنی “نەفەس و گێرانەوەیەکی ئەوروپی”. بەلکو هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا پەیڕەوی سادەترین پرەنسیپەکانی پالەوانسازی ناو ڕۆمانە کە لەم دەربڕینە سادە سویدییەدا خۆی کورتدەکاتەوە: لەگەڵ جوتیاردا بە زمانی ئەو بپەیڤە و لەگەڵ قەشەشدا بە زمانی لاتینی بدوێ!

نەفەسی ئاخاوتن و داڕشتنی ڕستەکان و دوورکەوتنەوە لە زمانێکی بەلاغەیی زۆر خۆرهەڵاتییانە بەزەقی لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەستی پێدەکرێ. هەر لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەیشی کە نووسەرێکی کورد فەزای گێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەباتە وڵاتێکی ئەوروپییەوە و ئەم کارەیشی سەرکەوتووانە بە ئەنجامدەگەێنێت.

خالێکی دیکە کە من لە پەیوەند بە (نەفەس و تەکنیک و گێڕانەوەی ئەوروپی)دا دەکرێ ئاماژەی پێبدەم دوو کەرتبوونی شوناسی ئەو نووسەرانەیە کە لە تەمەنێکی گەورەییاندا وڵاتی دووەم دەبێتە شوێنی ژیانییان بە هۆی کۆچ و جەبرەکانییەوە. کۆمەڵگای دووەم نووسەرانی کۆچکردوو دەخاتە ناو جەبرێکی قورسترەوە کە پرسیارەکانی ئینتیما، یادەوەری، قاچێک لە ناو دوو کولتوردا کە نووسەری کۆچکردوو لەگەڵ یەکەمیاندا گرفتێکی ئەوتۆی نییەو بە کۆدە دەرەکیی و ناوەکییەکانی ئاشنایەتی هەیە، بەڵام لە گەڵ کۆمەلگای دووەمدا کۆمەڵە پانتاییەکی ناڕۆشن هەن کە ناوێرێ دەستییان بۆ بەرێ. بۆیە لە دۆخێکی ئاوادا، بەشێکی زۆری نووسەرانی کۆچکردوو، دەکەونە دۆخێکی تایبەتی نووسینەوە کە دووبارە نووسینەوەی تاقیکردنەوەی کۆچ و شووناسی تازە و یادەوەری ناوەرۆکەکەی پێکدەهێنێت. کەم نووسەری کورد هەیە لە سوییدا کە لانی کەم بەرهەمێک یان زیاتری سەبارەت بەم جۆرە نووسینانە نەبێت. بەشێکی زۆرییان تا زەمەنێکی دووریش لەسەر فرۆشتنی حەکایەتەکانی کۆچبەربوونی خۆیان دەژین. ئەوەی لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا بە نووسینی نووسەرانی کۆچکردوو ناویان دەبرێت، ناوهێنانی ئەم کاتیگۆرییەیە لە کاری ئەدەبی.

ماڵی پشیلەکان ناچیێتە خانەی ئەدەبیاتی نووسەرانی کۆچکردووەوەوە بەوەی سەرگوزشتەی کۆچی تیادەنووسرێتەوە و پالەوانی رۆمانەکە کوردە و نووسەرەکەیشی کوردێکی کۆچکردووە بۆ سوید. بەڵکو کۆششێکی هەتا بڵێێ سەرکەوتوانەی هیوا قادرە وەک هەر نووسەرێکی دیکەی کۆمەڵگای سوید کە کەرەستەی نوێ بۆ نووسینەکانی هەڵدەبژێرێت. هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا لە نووسەرێکی کوردەوە ، لە نووسەرێکی پەنابەرەوە دەبیتەوە بە نووسەر.
ماڵی پشیلەکان بۆ هیوا قادر بازدانێکی گەورەی شەخسییە و سەرکەوتووانە ئەم شوێنپێگۆڕینەوەیە لە نووسەرێکی دیاریکراوەوە بۆ نووسەر ئەنجامدەدات.

لە شوێنێکی ئەم نووسینەدا ئاماژەم بەوە دابوو کە لە ماڵی پشیلەکاندا ، پشیلەکان لە سەنتەردا نین. بەڵام لە پەراوێزدابوونیشیاندا، بە مانای نادیاربوونی ئەوان لێکنادرێتەوە.
کاتێکیش دەربرێنە جوانەکەی ژنە شاعیری ئوستراڵی، پام بڕاون لەبەرچاوبگیرێت کاتێک دەنووسێ: بەچکە پشیلەیەکی وردیلە کارێکی وادەکات کە ئینسان نایەتەوە بۆ ماڵێکی چۆڵ، بەڵکو دێتەوە ماڵ.” ئەوا ئەوسا هەستدەکرێت پرۆسەی کردنەوەی ماڵی چۆڵ بە ماڵ یان بە پێچەوانەوە، بۆ یەک بەیەکی پاڵەوانەکانی ماڵی پشیلەکان ئامادەییەکی گەورەی هەیە وئەم تابلۆیەی پێکەوەژیانی ئینسان و ئاژەڵ، لە ماڵی پشیلەکاندا، پڕدەبێت لە دەنگ و رەنگ و ژیان.




ئاپۆکالیپس لە “سەرما و بەرد”ی دلاوەر قەرەداغیدا …نووسینی: بەکر ئەحمەد

لە فیستیڤاڵی فیلمی ٢٠١٨ ی یۆتۆبۆریدا، چەترێک وەک ناونیشان کۆمەڵێک تەوەری ناوەرۆکی فیلمەکانی کۆدەکردەوە: (ئاپۆکالیپس و فیلم). بابەتەکانی وەک پەلاماری زۆمبی، بڵاوبوونەوەی پاندێمی، گەرانەوەی وەحشە گەورەکان، کاتێک مەکینەکان دەسەڵات بەدەستەوەدەگرن، دەسەڵاتە دیستۆپیەکان، کارەساتە سروشتییەکان، سروشت پەلامار دەداتەوە، پەلامار لە فەزاوە و جەنگە ئەتۆمیەکان، دەکرێ وەک کۆمەڵێک ناونیشان ئاماژە پێبدرێت بۆ ئەو بەرهەمانەی کە لە ڤیستیڤاڵدا نمایشکران. هەموو ناونیشانەکانی سەرەوەیش بە جۆرێک گێڕەرەوەی ئەوەیە کە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی کۆتایی خۆی دەبێتەوە و کەمایەتییەک مێژووی دووبارە ژیانەوە و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەیەکی تر نمایشدەکات.

چەمکی (ئاپۆکالیپس) لە سادەترین دەربڕینەکانی ماناکەیدا :بە کۆتایی دنیا دەکرێ سەرنجی بدرێتێ. وشەکە لە بناغەدا یۆنانییە و زانستی ئێستاکۆلۆجیا کە بەشێکە لە زانستەکانی لاهوت و فەلسەفە سەروکاری لەگەڵ ئەو بەشە لە حەکایەتی “کۆتاییەکان”دایە.

چیرۆکی نوح و دروستکردنی کەشتییەک بۆ ڕزگارکردنی نەوەکانی بەشەرییەت و تۆفانی گەورە بە یەکێک لە حەکایەتە ئاپۆکالیپسییەکانی ناو ئایین لەقەڵەم دەدرێت. هەمووان دەمرن و کەمایەتییەکی کەم دەربازدەبێت و سەرلەنوێ دەستپێدەکردنەوەیەکی دیکە بەرێوەیە.

یەکێ لەولقانەی فیلمەکانی ئاپۆکالیپس لەم دواییانەدا کاری لەسەر دەکات، بە فیلماتیزەکردنی ئەو چیرۆکانەیە کە سەر بە ئەدەبیاتی دیستۆپیایە. لقێک لە بواری نووسین کە نووسەر بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەلگای ئەمڕۆ ، وێنەیەکی ئایندەییانە بۆ کۆمەلگایەک دەکێشی کە دەسەلاتی سیاسی تیایدا تۆقێنەرە.
دیستۆپیا ڕێک پێچەوانەی یۆتۆپیایە و رۆمانە بەناوبەنگەکەی (مارگرێت ئەتوود) ” حەکایەتی کارەکەرەکە” و “1984’ی “جۆرج ئۆروێل” دەچێتە خانەی ئەم بوارەوە.
ئەگەرچی (سەرما وبەردی) دلاوەر قەرەداغی دووبارەکێشانەوەی وێنەی ڕابردوویەکە لە ئیستاوە سەرنجی دەدرێتێ، بەلام گێرەرەوەی هەمان ناوەرۆکێکە کە حەکایەتە دیسپۆتییەکان باسیدەکەن. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەدەبی دیستۆپیا لە زمانی عەرەبیدا بە (ادب المدینە الفاسدە) وەرگێردراوە.

بۆیەش ئەو وێنەکێشانە رۆژانەیەی لە مەمەلەکەتی سەرما و بەرد دا دلاوەر دەستی بۆ دەبات، هێندەی وەسفکردنی شاریکی فاسدە، رەنگە ناونیشانێکی دیکە دروست نەبێت بۆ ئەم جیهانە.

ئەم پیشەکیییە کورتە سەبارەت بە ئاپۆکالیپس و دیستۆپیا، بۆمن گرنگە و لە شوێنێکی دیکەی ئەم نووسینەدا دەگەرێمەوە سەری.

ئەگەر گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئیلهامی (مارگەرێتا ئەتوود)ی ئەمریکییە بۆ نووسینی “حەکایەتی کارەکەرەکە”، ئەوا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا، ئیلهامبەخشی دلاوەرە بۆ نووسینی (سەرما و بەرد). بەڵام بە جیاوازییەک کە (مارگەریتا ئەتوود) لە ئیستاوە وێنەی کۆمەلگایەکی ئایندەییانەی ئەمریکا دەکێشێت کە کارەساتێکی سروشتی روویداوە و دەسەڵات کەوتوەتە دەست ڕاستی مەسیحی. بەڵام لای دلاوەر قەرەداغی، (سەرما و بەرد)، دووبارەگیرانەوەی مێژووی دابەزینی جەنگاوەرەکانی شاخە بۆ شار لە شیعردا.

کاتێک جەنگاوەرەکان لەشاخەکان
هاتنە خوارەوە و شۆڕش کۆتایی هات.
من شەوێکیان جلی پێشمەرگایەتیم لەبەر کرد و
دامە شاخ.

ئەم چەند دێرەی سەرەوە، دەستپێکی یەکەمین دیرەکانی قەسیدەی (سەرماو وبەرد)ی دلاوەرە. خوێنەر لەم دەربڕینە کورتەدا لە بەرانبەر بەهێزترین بەشەکانی ئەم قەسیدەیەدایە. ئاخر کۆتایی شۆڕش و هاتنەخوارەوی جەنگاوەرەکان، دەکرێ بە دەستپێكی ئەو یۆتۆپیایە دەستپێبکات کە حەکایەتی شۆڕش لە چەند دەیەی رابردوودا کاری لەسەر کردووە و بە گوێی کۆمەلگادا دراوە. بەڵام رێک لەو سەرەتایەدا کە خەون و ئاوات و درەخشاوەیی ئایندەیەک کە خەریکە خۆی پیشانی هەمووان دەدا، شاعیری (سەرما وبەرد)، پشت لە شار و یۆتۆپیا و ڕوو لە شاخ هەڵدێ.

“گابرێل گارسیا مارکیز” لە (سەجەلەی مردنێکی ڕاگەیاندراو)دا و لە یەکەمین دێرەکانی رۆمانەوە دەنووسێ:”ئەو رۆژەی ئەوان دەیانویست سانتیاگۆ ناسر بکوژن، ئەو پینج و نیوی بەیانی لە خەو هەستا تا خۆی بگەێنێتە لای ئەو کەشتییەی کە قەشەی پێ هاتبوو.” ڕەنگە ئەمە جوانترین دەستپێکردنی رۆمان بێت کە بە کوشتنی پالەوانی سەرەکی دەست پێدەکات.
دلاوەریش لە قەسیدەی سەرما و بەردا، لە رۆژی سەرکەوتنی شۆرشدا، لە شۆرش هەڵدێت. ئیتر خوێنەر دەبێ بە شوێن ناوەرۆکی ئەم شۆرشەوە، لە دیرەکانی دیکەدا بۆ کار و کردەوەکانی شۆڕش بگەرێ.

بەوەی جەنگاوەرەکان بەشاخەوە بوون و کارییان لە شۆڕشدابوونێکی بەردەوامدا بووە، لە هاتنەخوەرەوەیاندا، کۆتایی بە شۆڕشییان دەهێنن و لەگەڵ زەماوەندی ئەم هاتنەخوارەوەیاندا، جەژنی سەرکەوتنی شؤڕش دەگیڕن.

بەڵام ئەم جەژنگێرانەی شۆڕش لە شارەکاندا کە بە کۆتایی شۆڕش تەواودەبێت، بە دەستپێکی جەژنگێڕانێکی دیکەی شاخەکان دەستپێدەکات کە لە کاتی بوونی شۆڕشگێرەکاندا لە شاخ، دەرفەتی ئەم سەما بێدەنگییەی ناو شاخەکانی نەدەرەخساند. ئاخر

ئەو ڕۆژانە بەفرێکی سپیتر ئەباری
بارانێکی نەرمتر بەسەر گووندەکاندا دای ئەکرد
…….
ئەو ڕۆژانە هەموو شت لە شاخەکان
کپ و ئارام
وەک ئەوە وابوو
دونیا دوای شەوانێکی درێژ پشێوییو خەوزڕان
قوڵ قوڵ خەوی لێ بکەوێ

بەڵام ئەم ئارامییە ئەفسووناوییەی شاخەکان لەدوای جێهێشتنی جەنگاوەرەکان و چوونەخوارەوەیان بۆ شارەکان، هاوکاتە بە پڕبوونی شارەکان لە دەنگەدەنگ و قەڵەباڵغی.

بەڵام کاتێک دەنگی منی ناو شیعر کە لەگەڵ هاوڕێەکیدا بە جادەیەکی تەڕ و تاریکدا پیاسەیان دەکرد، بە دەنگێکی نزم کە بە تەنها هاوڕێکەی گوێی لێ بێ

ئەبینیت.. من لە دوورەوە تارمایی سەرما و زوقمێک
ئەبینم
کەوا خەریکە بەرەو ڕوومان هەڵ ئەکا!

شاعیر لەناو کەڕنەڤاڵی شایی و زەماوەندی ناو شارەکاندا، هەوری سەرما و زوقمێکی سارد دەبینێ کە بەڕێوەیە.

لێرەوەیە کە دەنگی گێرەرەوەی ناو شیعر، ئەو سەری کارەسات دەبینێت و پێی وایە شار ڕووبەڕووی تاعونێکی سەخت دەبێتەوە.

بەڵام ڕێک لەو شەوانەدا کە شاعیر بای تاعوونی سەرما و بەرد دەبینێ

شەوێکیان دەستێک جلی پێشمەرگایەتیم
لە یەکێکیان
کە چیدی پێویستی پێنەمابوو
وەرگرت و
دامە شاخ.
نەک بۆ ئەوەی دژی هیچ بجەنگم
بەڵکو بۆئەوەی لەگەڵ خۆمدا ئاشت ببمەوە.

کاتێك شاعیردەداتە شاخ، ئەو بە ئەلفبێی زوبانێک کە خەریک بوو لەو زەمانی پێشمەرگایەتییەی دوای شۆڕشدا فێری دەبوو، دەکەوێتە یاداشتکردنی ئەو شتانەی کە دەیبینێ و دەیبیستێ. ئیتر خوێنەر کێشدەکرێتە ناو تۆماری ئەو ڕووداوانەی کە لە دوای کۆتایی شۆڕشدا ، شاعیر لە وێنەکێشانیدا نیشانماندەدات.

ئالێرەوەیە تەواوی ئەو لقە جۆراوجۆرانەی کە ئاپۆکالیپس دەکرێ لەخۆیدا کۆیبکاتەوە لەبواری ئەدەب و فیلماتیزەکردنی ئەو لە سینەمادا، دێنە ناو سەرماو بەردی دلاوەر قەرەداغییەوە.

جەنگەکان دێنە ناو زمان و ماڵی ئینسانەکانەوە. لە جیاتی گۆدزیلا، وەحشی گەورە گەورە لە هەموو شکڵەکانی خۆیاندا پەیدادەبن، لە شیوازی خانووی گەورە گەورەدا، لە شێوازی زەلامی گەورەدا. ئینسانەکان وەک ئەوەی بەر پەلاماری زۆمبییەکان کەوتبن:

هەر شت بوو لێمان ئەکەوت
هەر شت بوو لە شوێنان بیرمان دەچوو
هەرشت بوو لەملاو لا لێمان جێ ئەما

وەک ئەوەی لە دوای کارەساتێکی سروشتییەوە رودەدات، ئینسانەکان لە کونج و کەلەبەری شارەکەیانەوە سەردەردێنن، هەتاو تەڵ تەڵ دەیدایە کزی، کۆلان عەموود عەموود دەیدایە کزی، شەوان تاریک و بێ ئەستێرە.

ریتمی ژیان وەک ئەوەی لە فیلمی خەیاڵە زانستییەکاندا لە لایەن رۆبۆتێکەوە قورمیشکرابێ و لە ژیانی ( مومو و خەبات لە پێناوی کات) ی “میشێل ئێندێ”دا بەرجەستەدەکرێتەوە، بە خێراییەکی لەرادەبەر تێدەپەڕێ. ئیتر ژنەکانی ئەم مەملەکەتە لە ناو قەسابخانەکانی سەربڕیندا لە هەموو شوێنێکدا سەردەبڕڕان. لە دەوڵەتێکی پۆلیسیدا، هەموو ئینسانەکان دەکرێن بە پۆلیس و لەسەرە درێژەکانی بوون بە پۆلیسدا، لە شار و دێوە، حەشاماتێکی زۆر ڕادەگیرێن.

کارەساتە سروشتییەکان نەک هەر تەر و وشک دەسووتێنێ، بەڵکو وەک دارەکانی فیلمی “حەکایەتی ئەڵقەکە”ی “جەی ئار ئار تۆڵکین” زمانیان دەپژێ و دەقیژینن و دەترسن بکەونەوە بەردەستی باخەوانە دڵرەقەکان. ئیتر هەڵهاتنی خەلک دەستپێدەکات وبە کۆرەوی نیوان شار و شاخەکانەوە دەبینرێت. سەرما هەلدەکات و سروشت بە هەموو رقێکی خۆیەوە پەلاماردەدات و ئەم مەملەکەتەی سەرما و بەرد لە گرتنێکی دڵرەقانەدا یەخسیردەکات. ئەگەر کانیبالیزم و ونبوونی هەموو پێوەرە ئینسانییەکان لە ئاپۆکالیپسییەکانی ئەدەب و ئایین دا هەمیشە ئامادەیی خۆی هەیە، ئەوا لە سەرما و بەردا بە تەواوی هێزی خۆیەوە، نمایشدەکرێت. لەم حەکایەتانەدا ئینسان دەگەێنرێتە ئاستانەی فەنابوون (یوم الاخر)، بەڵام کەسانێکیش هەن دەبێ بجەنگن و مانایەک لەم کاوسەدا بدۆزنەوە و حورمەتی ئینسانی خۆیان لەدەستنەدەن. ئالێرەوەیە شۆڕش وەک یاخی بوونێکی لە سەرەتاوە تاکگەرایانە و دواتریش دەستە جەمعی دێتە ناو مێشکی ئەو ئینسانانەی کە دووچاری ئەم عەزابە گەورەیە ناو حەکایەتە ئاپۆکالیپسییەکان دەبنەوە.

لە سەما و بەردا، ئەوە گێرەرەوەی چیرۆکی گەیشتن و دابەزینی شۆڕشگێرەکانە بە شار کە دەداتە شاخ و لەم کەش وهەوا زەهراوی بووەی شارەکاندا ، ئینسانییەتی خۆی دەپارێزێ و جار ناجار، لە ڕێگای نامەی هەندێک لە هاورێکانییەوە بەشێک لە جومگەکانی ژیانی دەمووچاودارانەی ژێر دەسەلاتی (سەرما و بەرد)مان پیشاندەدات.

دلاوەر قەرەداغی لە سەرما و بەرددا، لە باسکردنی دوایین بەیانییەکانی کۆتری برا گچکەماندا، دەربرینێکی جوان و سادە بۆ ناونیشنای ئەم پۆرترێتە هەڵدەبژیرێ. ئەو بە “دۆکۆمێنتارییەکی شیعری رەش و سپی” ناوی دەبات و منیش زۆر سادە و سووپاسگوزارانە لە دەلاوەری قەرزدەکەم.

بۆ من، هەموو قەسیدەی (سەرما و بەرد) دۆکۆمێنتارییەکی ڕەش و سپی ناشیرینترین زەمەنەکانی مێژوویەکە کە تا ئیستاش زوقمی ئەم بەستەلەکە و دڵرەقی ژیانی ناو ئەم مەملەکەتە درێژەی هەیە. بەلام لەگەل ئەوەیشی کە دلاوەر وەستایانە هەموو رەگەزەکانی ناو ئاپۆکالیپسێکی سیاسی کە لە یەکەمین وشەکانی دەستپێکی قەسیدەکەوە ئاماژە بە دەرکەوتنەکانی دەکات و بە دەربڕینی: کاتێک شۆڕش کۆتایی هات و ئەو شەوێکیان جلی پێشمەرگایەتی لەبەردەکات و دەداتە شاخ. لە کاتێکی وادا کە یۆتۆپیا دوای سەرکەوتنی شۆرش ، جەماوەرێکی گەورە مەستدەکات ، ئەو نەک هەر پێشبینی هەڵهاتنی خۆری دەسەڵاتێکی دیستۆپی دەکات ، بەلکو لە وێناکردنی بەشێکی گەورەی جومگەکانی ژیانی ناو ئەم دەسەلاتەدا ، وێنە دەگرێت و لە بەئەرشیفکردنی ئەم مێژووەدا لە بواری شیعردا، قەسیدەیەکی جوان دەخوڵقێنێ.

بەلام هیشتاش هەستدەکەم دڕندەیی زەمەنەکە و کارەساتەکانی ناوی خاوەنی دەنگ و دەمووچاوێکی دیاریکراوی خۆیان نین تا خوێنەر بتۆقێنێت و هەست بە ساردی و گەرمی بێحورمەتییەکانی ئەو زەمەنە بکرێت کە (سەرما و بەرد) دەیەوێ بیگێڕێتەوە.

قەسیدەی سەرما وبەرد، لە نیشاندانی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری ڕەش و سپی دەچێت لە سەر مێژووی زەمەنێکی پڕ لە دڕندەیی، بەڵام بە بێ بوونی هیچ مۆسیقایەک لە باکگراوندی دیمەنەکاندا. ونبوونی دەنگ بە مانای تایبەتی وشەکە، وەک ئەو فیلمانەی لەسەر مەکینەی سینەما کۆنەکان پیشاندەدرێت کە تاکە دەنگێک دەبیسترێت، چکەچکی بەکرەی فیلمهەڵکردنەوەکەیە. وەک نیشاندانی فیلمەکانی ئاوشویتس بە کامێرای ڕەش و سپی کە تیایدا دەمووچاوەکان بە کۆمەڵ دەسووتێنرێن و ئاه و نزوولەیەکێان لێدەرنایەت.

(ستیڤن سپێڵبێرگ) لە فیلمی “لیستی شیندڵەر”دا، بۆ ئەوەی لەم بێدەنگیی و بێدەمووچاوییەی چۆڵکردنی گەڕەکی جووەکانی یەکێک لە گیتۆکانی کراکۆڤدا لە پۆلۆنیا رزگارمان کات و زەبروزەنگی بەکارهاتووی زەمەنەکە بخاتە دڵی تەماشاچییانی فیلمەکەوە، لە کاتێکدا کە فیلمەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە رەش و سپی گیراوە، دیمەنی منداڵێک کە پاڵتۆیەکی سووری لەبەردایە و بۆ کەسێک دەگەرێ، دەخاتە ناو وێنە رەش و سپییەکانی سکێچەکەوە و بینەری فیلم، بیجگە لە منداڵی پالتۆسوور، هەموو ئەو جووڵە بێئەژمارانەی کە لە دیمەندا دەگووزەرێ لە بەرچاویدا وندەبێ و چاوی ئەو جگە لە منداڵی پاڵتۆسوور، ناچێتە سەر هیچ گۆشەیەکی دیکەی ناو دیمەنەکە.

دلاوەر قەرەداغی لە سەرما وبەردا، بێجگە لە پۆرترێتی کۆتری برا گچکەمان و دوو نامەیەک کە دەکرێ دەنگ و رەنگ بە زەبرو زەنگ و دڕندەیی زەمەنەکە بدات و خوێنەر لە بەرانبەر سەرمای یەکێک لە دەمووچاوەکانی ژێر دەسەلاتی کوردیدا ڕابگرێت، دڕندەییەکانی زەمەنەکە و تووندوتیژی ڕۆژگارەکە لە دەرکەوتنیدا لەسەر دەمووچاوەکان جێناهێڵێ. بۆیەش دەنگ ورەنگ و زەبروزەنگی ڕۆژگاری ئینسانەکانی کۆماری سەرما و بەرد، وەک وێنەیەکی ڕەش و سپی دۆکۆمێنتاری بێدەنگ بەبەرچاوماندا تیدەپەرێ. هەربۆیەش سەرتاپای شیعرەکە لەسەر ریتمێکی ئارام دەچیتە پێشەوە کە خوێنەر لە خوێندنەوی دێرەکانیدا تووشی ماندووبوون و دڵەراوکییەکی دەروونی نابێت. بێگوومان ئەم دەربڕینە گشتیگەرانە نییە و هەندێ شوێنی قەسیدەکە راتدەگریت و جوولەت لێدەبڕێ.
دیمەنی گۆرانیوتنی ماسییەکانی دەریای ئیژە بۆ منداڵە نووقومبووەکانی کۆچی کوردان، یەکێک لەو دیمەنانەیە کە لە پرسەیەکی ژێر ئاودا، بێ هەناسەدان بۆ ماوەیەکی درێژ ڕاتدەگرێت.

ماسییەکان قوڵپ قوڵپ لەبەرخۆیانەوە
بە دیارییانەوە گریاون و
بۆ دڵدانەوەیان
شەڕە ئاویان لەگەل کردوون و
هەی لێ لێ، هەی لۆلۆیان بۆ گوتوون.

وەک چۆن لە هەموو حەکایەتە “ئاپۆکالیپس”ەکاندا گروپێک و چەند کەسانێک بەرەنگاربوونەوەیەک نیشاندەدەن، چیرۆکی مەرگی کۆتایی و دووبارە دەستپێکردنەوەیەکی دی سەرهەڵدەدات، بەڵام لە سەرما و بەرددا، ئاماژەیەکی لەم جۆرە بەدی ناکرێت. ئەمە نەک بەداوای ئەلتەرناتیڤکردن لە شاعیر لێکبدرێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک و جومگەیەکی سادەی ناو ژیانی ئەم مەملەکەتەی کە دووچاری پەلاماری شۆرش و نەفرەتەکەی دەبێتەوە و بەستەلەکێکی دیستۆپییانە هاولاتیانی ئەم مەملەکەتە لە زستانێک و دڵرەقییەکی گەورەدا رادەگرێت، هاتنەدەرەی ئینساکان لە تاریکی و دووبارەدەستپێکردنەوەیەکی تر، لە سەرما و بەردا ، لە نادیاریدا هێڵراوەتەوە.

بە جیا لە دەنگێكی یاخی کە دەنگی شاعیر خۆیەتی کە وەک چاوساغێک دەستمان دەگرێت و دەمانباتە ناو ئەم مەلەکەتەوە، خۆڕاپسکادنێکی سروشتی و بەئاگایانە لە بەرانبەر دەسەلاتی مەملەکەتی سەرما و بەردا، لە بێجوولەیەکی تەواونادیارو نەبینراودا، خۆی نمایشدەکات.

|ئیلیزابێس فۆنسێکاس” لە تۆمارکردنی مێژووی قەرەجەکانی ئەوروپای خۆرهەڵاتدا، لە زمانی یەکێک لە قەرەجەکانی بوڵگاریاوە، دەربڕینێک وەردەگرێت و دەبێتە ناونیشانی کتێبە بەناوبانگەکەی. ئەو دەنووسێ: کاتێک ماڵەکەم جێهێشت، پیرەی ناو ماڵ دەستی گرتم و پییوتم: تۆیەک کە مێژووی ئێمە دەنووسیتەوە، دەمەوێت ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بکەیت. بە پێوە بمنێژە، ئاخر هەموو تەمەنم لەسەر چۆک بووم!”
ئەم دەربڕینە غەمناکە کە فرمێسکی لێ دەڕژێ ، هاوکات ئاماژەی ملنەدانە بە ژێردەستەییەکی مێژوویی کە تیایدا قەرەجی تیا دەخرێتە سەرچۆک، بەڵام لە مەرگیدا دەیەوێ ئازاد بێت وبە پێوە بێت.”

لە قەسیدەی( سەرما و بەرد)دا، هێندە چاولەسەر ناشتنی دار و عەمود و باخچە و ئینسانەکانی ناو مەملەکەتی شۆڕشگێرە دابەزیوەکانە لە شاخە و بۆ شار کە بە لەسەرچۆکبوونەوە دەخرێنە گۆڕ، فرسەتی بینینی ناشتنی ئەو تەرمانەی دی نییە کە ناتوانرێت لە گۆرەکانیاندا رایانکێشن و بە ڕاوەستاوی و بە پێوە نەبن، چاویان لێکنانێن.

بەلام کاتێکیش دەگەینە کۆتایی قەسیدەکە، هەستدەکرێت، وەرزی دەستپێکردنی سەرما، لە سەرەتای خۆیدایە و دەکرێ ئەم خۆڕاچلەکاندنەی کۆمەلگا، لە بەرگی کچێکی پاڵتۆسووری دەمووچاودیاری شاردا، یان لە سەفەری لووتێکی بڕاوی ناو کۆلاندا ، یان شیعاری نووسراوی سەردیواری کارگەی جگەرەدا، بەستەڵەکی ئەم وەرزە دڵڕەقە هێندە دی ساردتر نەکات.

کۆتایی قەسیدەی سەرما وبەرد، لەوە دەچێت، سەرەتایەک بێت لە کۆتایدا. بۆیە دەکرێ وەک چۆن سەرەتای یۆتۆپیای کۆتاییهاتنی شۆڕش بە “شەوە”یەکی سیاسی دەستپیدەکات، هەر ئاواش کۆتایی قەسیدەکە، سەرەتای یۆتۆپیایەکی دیکە بێت کە کۆمەڵگای کوردی قەت نەیتوانیوە، ناوێکی بۆ بدۆزێتەوە.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2019-06-06




سەبارەت بە سێکسفرۆشی نووسینی سوسان دۆدیلێت (١) … وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

پێشەکییەکی کورت:

هەندێک پرسیار هەن کە لە جەدەلەکانی سیاسەتدا جێگای هەمەڕۆژە داگیرناکەن، بەڵام وزەیەکی گەورە و نهێنی سەیریان لە ناوخۆیاندا حەشارداوە.
پرسەکانی ئیعدام و سێکسفرۆشی لەم پرسیارانەن.
ئەم وتارەی بەردەستتان نووسینی (سوسان دودیلێت)ە کە یەکێک لە دەنگە ڕادیکاڵەکانی فێمێنیزمە لە سویددا. تەوەری باسەکانی سوسان لێکؤلێنەوەیە لە سەر پرسیاری سێکسفرۆشی لە سوید و ئەڵمانیادا. سوسان تێروانینێکی سەنجڕاکێشی لەبەرانبەر سیاسەتی رەسمی دەوڵەت و فێمێنیزمی سویددا هەیە کە خۆی لە خستنەژێرپرسیاری سیاسەتی سێکسفرۆشی سویدا دەبینێتەوە. ئەو پێیوایە پرسیاری چەقبەستن لەدەوری ئەوەی کە هەمیشە پێتوابێت کارێکی دزێوە پیاوان سیکس بکڕن، دەکرێ بە جۆرێکی دیکە بکرێت: بۆچی پیاو دەبێ هەمیشە سێكسی بەلاشی دەستبکەوێ.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سوید لە ڕیگای یاسای “سێکسکڕین”دا سزا بۆ کڕیاردەبڕێتەوە و ئەم کردەی کڕینە بە تاوان لەقەلەمدەدات. لە ئەڵمانیاشدا لە رێگای سەرنجدان لە سێکسفرۆشسیەوە وەک کارێک، بیمەی بێکاری و خزمەتگوزارییە دەرمانی و خانەنشینییەکانی کرێکارانی سێکس فەراهەمکراوە.

چی وادەکات فێمێنیزمی ئەلمانی لە پشت ئەم سیاسەتەوە دەوەستێت، لە کاتێکدا فێمینیستەکانی سوید پێیانوایە ئەوەی لە ئەلمانیا دەگوزەرێت، بێحورمەتیکردنە بە فێمینیزم و بە ژنان. من لەم وەرگیرانەدا وشەی سێکسفرۆشیم لەبەرانبەر لەشفرۆشیدا بەکارهێناوە. ئاخر فرۆشتنی هێزی کاریش بە خۆفرۆشی ناونەبراوە. بۆ دەبێ سیکسفرۆشی بە لەشفرۆشی ناوزەدبکرێت. لە کاتێکدا لە باری میژووییەوە، جێیداخە کە سیکسفرۆشی بە یەکێک لە کۆنترین کارەکانی میژوو لە قەلەمدەدرێت.

سەبارەت بە سێکسفرۆشی

هاوزەمان کە سوید یاسای بەتاوانهەژمارکردنی کڕینی خزمەتگووزارییە سێکسییەکانی لە پەرلەماندا پەسەندکرد، ئەڵمانیا پەیڕەوی لە یاسایەکی دیکە کرد کە سێکسفرۆشی دەکاتە یەکەیەکی ئاوێزانبوو لە کۆمەلگادا.

خەلک زۆر جار ئەو پرسیارە دەکەن کە من کام سیاسەتی سێکفرۆشییەم لا پەسەندە، ئەوی سوید یاخود ئەوی ئەڵمانیا. من دەبوایە ئەم وەلامەم باش بزانیایە چونکە مێژوویەکی درێژە خەریکی لێکۆڵینەوەم لەم بابەتە. بەڵام وەلام هەروا ئاسان نییە.
کاتێک لە سویدم، من پاریزگاری لە سیاسەتی ئەلمانی دەکەم و ئەوە دەگێڕمەوە کە چۆن ئەم سیاسەتە زامنی مافەکانی سێکسفرۆشان دەکات. لە ئەڵمانیا سێکسفرۆشان مافی بیمەی بێکاری و خانەنشینی و باشترکردنی هەلومەرجی کارییان بەدەستهێناوە.

کاتێکیش کە لە ئەڵمانیام، داکۆکیکی لە یاسای سێکڕینی سوید دەکەم. لێرەدا سێکسفرۆشی لە ناشیرینترین سیماکانیدا بەرجەستە دەکرێت کە یانی چەوساندنەوەی ژنانە و ئەمەش لەلایەن سیاسەتەوە لە سوید تیشکیخراوەتەسەر.
ئەوەی کە سیاسەت لە ئەلمانیادا جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ سویددا هەبوو بۆ من واهی ڕاڤەی لێدەکرا کە ئەڵمانیا کەمتر وڵاتێکی فێمێنیستییە. ئاخر ئەگەر ئینسان بەشوێن یەکسانی نێوان ڕەگەزەکانەوەیە، ناکرێ سێکسفرۆشی قبووڵبکات. ئەمە ئەو لایەنەیە کە چەندەها ڕاڤەکەران و سەرنجدروستکەرانی سویدی جەختییانلێکردۆتەوە. بۆیەش لای من ناکرێ تۆ فێمینیست بیت و هەبوونی شوێنەکانی سێکسفرۆشیت پێقبووڵبێت.

بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێ واش بێت.

من لە ڕێگای توێژینەوەکانمەوە ئەوە فێربووم کە کەسانێکی فێمێنیست هەن کە پێیانوایە لە ڕیگای سێکسفرۆشیشەوە دەکرێ بەسەر چەوساندنەوەی ژناندا زاڵ ببیت. ئەمەی دواییان، ئەو جۆرە فێمێنیستانە بوون کە بوونە ئیلهامبەخشی سیاسەت لە ئەڵمانیادا.

ئەو بزووتنەوە فێمینیستییەی کە بە ناوی ” کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا” دەستبەکار بوو، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەڵمانیادا زۆر چالاک بوو. ئەم کامپینە، بە تەنیا وەک هۆکاری سەرەکی ئەوە نەبووە ئەڵمانییەکان مافەکانی سێکسفرۆشانیان پەسەند کرد، بەلام کاریگەریی گرنگی هەبوو.

گرنگترین تێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە بریتی بوون لە:

یەکەم: سێکسی ترادیسیۆنی کارێکە بۆ خۆی.
دووەم: سێکسفرۆشی وزەیەکی شۆڕشگێرانەیە.
سێیەم: سێکسفرۆشان نموونە چاولێکراوەکانی فێمێنیزمن.

لە لێکۆڵینەوەکانی خۆمدا، وێنەیەکم دەستکەوتووە کە تیایدا ژنانی “کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا”، لە بەرلینی خۆرئاوا و لە کۆتایی حەفتاکاندا، خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریین. لە وێنەکەدا هەتاو دەدرەوشێتەوە و ڕوخسارەکان دڵشاد و بڕیاردەرانە دەردەکەون. لەو کاتەدا لێکۆڵینەوەیەک بەو دەرئەنجامە گەیشتبوو کە خانمانی ناوماڵ لە ئەڵمانیای خۆرئاوا چلوپێنج تا پەنجا ملیارد سەعات کاری بێکرێ ئەنجامدەدەن. هاوکاتیش سێیەکی کاری بەکرێی ئەو وڵاتە کە بە نزیکەی پەنجاو دوو ملیارد سەعەتکار دەخەملێنرێت، لە لایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت. بە کورتیەکەی، ژنان دوو لەسەر سێی کاری ئەنجامدراوی ناو کۆمەلگایان لەسەر شانە. پشکی پیاوان، تەنها سێیەکی کاری ئەنجامدراوی ناو کۆمەلگا بووە. لەسەر لافیتە و پلاکاردەکانیان، ژنانی ئەم بزووتنەوەیە ئەم زانیاریانەیان بۆ خەلکی دووپاتدەکردەوە. ئەوان بەو دەرئەنجامە گەیشتبوون کە هەر سەعاتێکی کاری ناو ماڵ کە کرێی نادرێت و وەرناگیرێت و لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت، بایی هەزار و نۆسەد مارکی ئەلمانییە لە مانگێکدا. پرسیاری سەرەکیشیان ئەوە بوو: ئەم پارەیە بۆ کوێ دەچێت؟

ژنان دەیانووت: لە ڕێگای خۆشەویستییەوە ناتوانین کرێی ماڵ و پێداویستییەکانی دیکەی مانگانە بدەین”. بە پیتی گەورە دەیاننووسی:کاری ناوماڵ بناغەی پیشەسازی کۆمەڵگایە. ئێستاش وەختییەتی کە داوا لە دەوڵەت و پیاوان بکرێت ئەم سەرمایە کەڵەکە بووەی بە هۆی کاری ناو ماڵەوە پێکەوەنراوە، بگێردرێتەوە بۆ ژنان و تێچووەکانی مانگانەی خۆیانی پێبدەنەوە.
یەکێک لەوانەی کە لە وێنە فوتوگرافییەکەی لای مندایە، (پیئێکێ بییەرمان)ە. ئەمڕۆ ئەو یەکێک لە روخسارە ناسراو و نووسەرە خەڵاتکراوەکانی بواری رۆمانی پۆلیسییە لە ئەلمانیادا. بەڵام ئەو لەو ڕۆژگارەدا، نەک هەر رێکخەرێکی بزووتنەوەی “کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا” بوو، بەڵکو وەک سێکسفرۆشێکیش کاری دەکرد.

لە وێنەکەدا (پیئێکی) زەردەخەنەیەکی گەورەی لەسەر لێوە و لە پشتی (گیسیلا بۆک)وە ڕاوەستاوە. گیسیلا لە وێنەکەدا خەریکی توندکردنەوەی بەرکۆشەکەی خۆیەتی و یەکێک لە روخسارە ناسراوەکانی بزووتنەوەکە بوو و ئێستاش پرۆفیسۆری مێژووە.

من کاتێک لە بەرلین (پیئێکێ)م بینی بۆ ئەوەی باسی ئەو سەردەمە بکەین، ئەو جەختی لەوەدەکردەوە کە پەیامی بزووتنەوەکە بە هیچ جۆرێک لە گەورەکردنەوەی ئایدیۆلۆژی خانمانی ناو ماڵدا نەبووە. بە هیچ جۆرێک باس لەسەر ڕازیبوونی ژنان نەبوەوە لەسەر وەزعییەتی ژیانی خۆیان. داخوازی قەرەبووکردنەوەی کاری کرێپێنەدراوی ژنان لە ناو ماڵدا تەنها وەک خوڵقاندنی زەمینەیەکی گونجاو سەرنجی دراوەتێ بۆ ئەوەی لە کاری ناو ماڵ ئازادبکرێن.

ئێمە لە ڕێگەی کرێی کاری ناو ماڵەوە دەمانویست ژنانێک کە پێشووتر لە وابەستەییەکی تەواوی ئابووری پیاودابوون ئازادی و دەسەلات بەدەستبهێننەوە.

پەیامی بزووتنەوەکە لە پێناسەکردنی کاری ناوماڵدا بەرفراوان بوو. بەڕۆشنیش ئەوە دیار بوو کە کامپینی کرێی کاری ناوماڵ ، بە تەنها کامپینێکی خانمانی ناو ماڵ نییە. بەڵکو بزووتنەوەیەکی بەربڵاو بوو بۆ هەموو ژنان. ژنانێک کە بە تەنها لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەژین و ئەوانەیشی لە پەیوەندییەکی خێزانیدان، بێمنداڵان و دایکان، هێترۆ و هۆمۆکان، هەرهەموویانی لەخۆیدا جێدەکردەوە.

کاری ناو ماڵ هەموو کارێکی کراوی پێویستی ناو ماڵی دەگرتەوە کە ژنان بێکرێ ئەنجامیدەدەن بۆ ئەوەی کۆمەلگا بتوانێت هەڵسوڕێت. کارەکان بریتی بوون لە بەرهەمهێنانی کرێکاری نوێ، یانی دووگیانی و منداڵخستنەوە، شیرپێدان و پەروەردەی منداڵ، وەهەروەها دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کرێکاری کۆن، یانی ئەو هەمو کارو کۆمەکەی کە بۆ پشتیوانی کردنی پیاوی کرێکاری ناوماڵ دەسازێنرێت تا بتوانێت بچیتەوە سەرکار، چێشتلێنان و بازارکردن، ماڵپاککردنەوەو هتد. تەنانەت ئەو ژنانەیشی لەدەرەوی ماڵدا کارییاندەکرد، لە شوێنکارەکانی خۆشیاندا هەندێک لەو کارە بێکرێیانەیان ئەنجامدەدا، هەر لە قاوەدروستکردن و هەندێک لە کارو شتی دیکە کە پیاوان نەیاندەکرد و پێیانوابوو ئەمە کارێکی ژنانەیە، ژنانی کارکردووی شوێنی ئەم کارانە ئەنجامییان دەدا.

بەڵام هەر لەخۆ و بەڕێکەوت نەبوو کە (پیئێکێ) بووە یەکێک لە ڕوخسارە بەرجەستەکانی ئەم بزووتنەوەیە. ئاخر سێکسیش لە دۆخە ترادیسیۆنییەکەی خۆیدا یەکێک لەو کارانەی ناو ماڵ بوو کە لە ژنان چاوەڕواندەکرا بە بێکرێ ئەنجامی بدەن.

لە کاتێکدا سێکسفرۆشان بۆ ئەم جۆرە لە کار پارەیان وەردەگرت و بەمەش ئەوان بۆ ژنانی دیکە وەک ئایدیالێک یان کەسانێکی نموونەیی دەردەکەوتن لەم پەیوەندەدا.

(پیئێکێ بییەرمان) دەگێڕێتەوە و دەڵێ کە ئەو کاتێک لە پۆڕکلووبەکانی هانۆڤەردا کاریدەکرد: “هەستمکرد کە سێکس لە فۆرمە نوێیەکەی خۆیدا جۆرێکە لە کار. سێکسفرۆشان کرێی شتێک وەردەگرن کە ژنانی دیکە وا لێیان چاوەڕواندەکرێت بە خۆرایی و بە ناوی خۆشەویستییەوە ئەنجامی بدەن.”

بە تێڕوانینی (پیئێکێ)، ئەو سێکسەی سێکسفرۆشان لە کلووبەکاندا پارەی لە بەرانبەردا وەردەگرن، جیاوازییەکی گەورەی نییە لەگەڵ ئەو سێکسەی ژنان لە پەیوەندییە تایبەتییەکانی خۆیاندا ئەنجامیدەدەن.
ئەو بیروخەیاڵە فێمینیستییەی لەو کاتەدا واهی بوو کە ئەگەر سێکسفرۆشان وخانمانی ناوماڵ پێکەوە کارێک ئەنجامبدەن، بە قازانجێکی گەورە بۆ ژنان تەوادەبێت. ئەو کات ژنان دەیانتوانی نەرێ بە سێکسێکی نابەدڵ بڵێن کە بە مەرجەکانی پیاوانە و داخوازییەکانی خۆیان بنێنەپێش و پێداویستییە سێکسییەکانی خۆیشیان بەدەستبێنن.

ئیلهامبەخشی ئەم بیرکردنەوەیە بۆ (پیئێکێ) و ژنانی دیکەی ناو کەمپینی کرێی کاری ناوماڵ یەکێک لە فێمێنیستە رادیکاڵەکانی ئەمریکا بوو بە ناوی (ئاننێ کودێت).

(کودێت) لە رۆژنامەیەکی شۆڕشگیرانەدا ئەوەی دەرخستبوو کە ئەوەی پێی دەوترێت: “ئەفسانەی ئۆرگازمی مەهبەلی” بە پێی تێڕوانینی کودێت، ژنان تەنها لە رێگەی بەجۆشخستنی قیتکەیانەوە ئۆرگازمییان پێدەگات و چیرۆکی ئۆرگازمی مەهبەلییانە بە تەنها ستراتیجییەکی پیاوانە بووە بۆ خوڵقاندنی سێکسوالیتیتێک کە بە تەنها پیاوان ڕەحەتدەکات و لەزەت بەوان دەبەخشێت.
ئەم تێزەی کودێت لە ناو فێمێنیستەکانی ئەلمانیادا سەدایەکی گەورەی هەبوو.

(پیئێکێ بییەرمان) یەکێک بوو لەوانەی بروای وابوو سێکس بە زۆرییەکەی پیاوان ڕەحەتدەکات. ئەو دەڵێ: “ژنان دەمێکە ئەوە دەزانن کە سێکسوالیتێتی ترادیسیۆنیانە چ ئەرک و زەحمەتێکی بەسەر ئەوانەوە هەبووە” ، ئەمە ئەو لە حەفتاکاندا نووسی بووی، پیاوان لەبیریانچۆتەوە کە پێداویستییە سێکسییەکانی ژنان بهێننە دی.”
(پیئێکێ بییەرمان) لە گەڕان بە شوێن چارەسەری ئەم گرفتەوە بەو دەرئەنجامە گەیشتبوو کە:”سێکسفرۆشان دەتوانن ئەوە نیشانی دەستەخوشکە بێکرێکانییان بدەن کە ئەوان دەتوانن کرێ وەربگرن و بێئەوەی ئەم کارەیان، کاراکتەرییان بشێوێنێت و بە زەرەر بۆیان بگەڕێتەوە”.
فیکرەکە ئەوە بوو کە ئەگەر ژنان ملنەدەن بۆ ئەو سیکسە بێکرێیەی کە لە دەوری ئارەزووە سێکسییەکانی پیاوان چەقیبەستووە، ئەوا دەتوانن دانووستاندن بکەن بۆ بەدەستهێنانی جێگاوڕیگایەکی باشتر تەنانەت لە شوێنی خەوتنیشدا.

بێگومان ئەوەی کە سێکسفرۆشی زیانی نەبێت بۆ ژنان، کە لە ئەلمانیای ئەوسادا وەک ئەرگومێنتێک دەوترایەوە، لەلایەن توێژینەوەران و کەسانی سویدییەوە سەری ڕەزامەندی بۆ نالەقێنرێت. ئاخر لە سوید و زۆر شوێنی دی ئینسان پێیوایە کە سێکسفرۆشی، سیکسوالیتێتێکی لە هەست و داخوازیدابڕاوە کە تەنها و تەنها بە خواست و مەرجەکانی پیاوان دەچێتە پێش و زیانی بۆ ژنان هەیە.

بەڵام ئایا ئەو فێمینیستانەی لە بزووتنەوەی:” کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا” کاریان دەکرد، ئەو جیاوازییەیان نەدەبینی کە لە نێوان سێکسێک کە لەگەڵ کەسی خۆشەویستتدا ئەنجامدەدرێت و سێکسێک کە بە کەسێکی نەناسراو دەفرۆشرێت؟

بێگومان ئەم جیاوازییە لای ئەوانیش ڕۆشن بوو. بەڵام بە جیاواز لە فێمینیستەکانی سوید، ئەوانەی ئەلمانیا پێیانوابوو: کە سیکسی بە پارە کەلکی بۆ ژنان زیاترە. ئاخر ئەوە چییە کە ئێمە لە بەرانبەریدا بەدەستی دێنین کاتێک بەناوی خۆشەویستییەوە دەبێ سێکس بکەین.؟
فێمینیستەکانی ئەڵمانیا پێیانوابووکە لە دۆخی دووەمیاندا، سێکسی ناوماڵ، دەستکەوتەکان هێندە گەورە نین.

ئەو سویدیانەی لەم جەدەلانەدا چالاکن، پێیانوایە پەیوەندییەک لەسەر بنەمای خۆشەویستی لە باری پرەنسیپەوە یەکسانترە لە پەیوەندییەکی سارد وسڕی بێخۆشەویستیدا. بەڵام ئەوانەی لە ئەلمانیا ئەم جەدەلەیان دەبردەپیش، بە گومان بوون لە کاریگەرییەکانی وزەی خۆشەویستییدا کە بتوانێت پەیوندییەکی پارسەنگئامێز بهێڵێتەوە لە پەیوەند بە پرسی یەکسانیدا لە ناو ئەم پەیوەندییەدا. بە پێچەوانەوە ئەوان پێیانوابوو کە خۆشەویستی وابەستەیی بەهێزدەکات بە تایبەتی کاتێک یەکێک لە تەرەفەکانی خۆشەویستی هەستی بەهێزتری لەبەرانبەر ئەوی دیکەیاندا هەبێت. بۆ ژنانی کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ماڵدا، جەختکردنەوە لە خۆشەویستی ستراتێژییەکی پیاوانە بووە بۆئەوەی ژنان لە پەیوەندییە پاتریارکارەکالەکاندا بهێڵێتەوە. ئەوان ئاماژەیان بەوە دەدا کە هەموو پەیوەندییەکی پێکەوەیی زۆر جار لەسەر هەستی خۆبەقوربانیکردنی خۆشەویستی ژنان بنیات نراوە لە بەرانبەر دەسەلاتی پیاودا کە بەخێوکەری ئابووری ماڵە. بەڵام لە کردەی سێکسفرۆشیدا ژنان لە بەرانبەر کاری ئەنجامدراوی خۆیاندا کرێ وەردەگرن و زیاتر سەربەخۆن. سەربەخۆبوون و ئازادی، نەک خۆشەویستی، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی کامپینی بزووتنەوەی کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا بوو.

بۆ ژنانی ئەم کامپینە، سروود و پیاهەڵدانەکان بە خۆشەویستیدا بە تەنها تاکە حیلەی پیاوان نەبوە بۆ ئەوەی ژنان بەردەوام بن لە بە خۆڕایی کارکردن لە مالدا، بەڵکو ستیگماتیزەکردنی (مۆرلەناوچاواندانی) ژنانی سێکسفرۆش، وەک هۆکارێکی دیکەی کاریگەربەکاردەهێنرا لە بەرانبەر ژناندا تا شەرم بیانگرێت داوای کرێ نەکەن لە بەرانبەر هەر خزمەتێکی سێکسیدا کە دەبوایە پێشکەشی بکەن. تەنانەت وەسفکردنی کردەی سێکسفرۆشی وەک سووکایەتیکردن بە ژنان و سێکسفرۆشان وەک قوربانییەکی بیدەسەڵاتی تەواو ژیردەستە، لەلایەن ژنانی کامپینەکەوە وەک ستراتێژییەکی پیاوانە سەیردەکرا تا ژنانی پێبتۆقێنرێت و داوای کرێ نەکەن.

هەر بۆیەش کاتێک پیاوان بەشوێن ئەوەوە بوون کە سێکسفرۆشی وەک ڕیگایەکی مەترسیداربۆ ژنان وەسفبکەن، لە ڕاستیدا بەشوێن زامنکردنی سێکسێکی بەلاشەوە بوون بۆ خۆیان.
خالێکی دیکە کە (پیئێکێ) ئاماژەی پیدەدا و وەک هۆکارێکی دیکە لە پشت ئەوەوەی کە بۆچی پیاوان دەیانەوێ ژنان لە کاری سێکسفرۆشان بتۆقێنن: سێکسفرۆشان چاوێکی کراوە و زانیارییەکی گەورەیان لە بارەی پارەی ناو کۆمەلگاوە هەبوو. بۆیە کاتێک ژنان دەیانویست داوای کریی کاری ناو ماڵ بکەن و دەوڵەت لەوەلامدا بیوتایە: بوودجە نییە و پارە نییە، ئەوا سێکسفرۆشان خێرا دەهاتنە وەڵام ودەیانوت: پارە زۆرە، وەرن لە ئێمە بپرسن، ئێمە هەموو کات دەیبینین.

کاتێک ئینسان ئاگاداری ئەو مێژووە بێت کە لە پشتی سیاسەتی سێکسفرۆشی ئەلمانیایەوەیە، ئەو کات تێدەگات کە بۆچی یاسای سێکسکڕینی سویدی کە دەربڕی سیاسەتێکی فێمینیستییە لە سویددا، بۆچی هەستێکی هێندە دژە ژنانە لە ئەڵمانیادا دەخوڵقێنێ.

فێمینیستەکانی ئەڵمانیا لە کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا پێیانوانەبوو کە ژنان بەکاردەهێنرێن و دەچەوسێنرێنەوە کاتێک لە بەرانبەر خزمەتگوزارییە سیکسییەکاندا پارە وەردەگرن. سێکسفرۆشی وەک کارێکی نێوماڵ کە کرێکەی وەردەگیرێت سەرنجدەدرا.
ئەوەی کە لە سویددا پیاوان سزا دەدرێن کاتێک سێکس دەکڕن، لە دیدی کامپینی کرێ لە بەرانبەر کاری ماڵدا، بە هێچ شێوەیەک یەکسانییەکی زیاتر ناخوڵقێنێ. سزادانی ئەو پیاوانەی کە پارە دەدەن لەبەرانبەر سێکسدا، دەبێتە بەهێزکردنی ئەو پیاوانەی کە پێیانوایە و مافی خۆیانە سێکسی خۆڕاییان دەستبکەویت.
یاسای سێکسکڕینی سویدی لەم گۆشەنیگایەوە، ڕێگریدروستکەرە لە بەرانبەر ژنانێکدا کە دەیانەوێ کرێ لەبەرانبەرخزمەتەکانیاندا وەربگرن. لەم گۆشەنیگایەوە، پەرلەمانی سوید هاوکاریکەری درێژەپێدان بە چەوساندنەوی ژنانە نەک ڕزگاریکەری ئەوان.

پرسیار ئەوەیە: ئینسان دەکرێ چی بکات کاتێک دوو لێکۆڵینەوەی فێمینیستی بە دوو دەرئەنجامی تەواو جیاواز دەگەن؟

رێگایەکیان ئەوەیە کە تێڕوانینی بەرانبەرەکەت کە بە دژی تێڕوانینی تۆیە بێدەنگ بکەیت.
ئەم شیکردنەوە فێمینیستییە ئەڵمانییە تا ئێستا لە جەدەلەکانی سویددا بە تەواوەتی پشتگوێخراوە. ئەمەش تا ئێستا قازانجی خۆی هەبووە، ئاخر کاتێک ئینسان بە تەنها لە یەک گۆشەنیگاوە سەیری شتەکان دەکات، ئاسانتر و کەمدەردیسەریتر دێتە بەرچاو کە بڵێی کامە ڕاست و کامە هەڵەیە. بەلام لە زۆر لایەنی دیکەوە، ئەم پشتگوێخستنە زۆر خراپ دەکەوێتەوە.
ئەم فێمینیزمە باڵادەستەی ئێستای سوید دەتوانێت هەندێک لە لایەنەکانی ژیردەستەیی ژن لە کۆمەلگادا دەستنیشانبکات و هەندێکی تریشی لە ناڕۆشنیدا بهێڵێتەوە.

بۆ نموونە ئەوەی کە خۆشەویستی وا لە ژن دەکات یارمەتیدەری سێکسی پیاو بێت لە جیاتی ئەوەی بەشوێن پێداویستییە سێکسییەکانی خۆیەوە بێت، ئەم تێڕوانینە لە گۆشەنیگای فێمینیزمی سویدەوە لەبەرچاونەگێراوە. کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ماڵی ئەلمانیدا توانای تەواوکردنی ئەم شیکردنەوەیەی هەیە لە سویددا. بۆیە کارێکی باش نییە ئەم گۆشە نیگا ئەلمانییە هەرئاوا بە ئاسانی بخرێتەلاوە.
فێمینیستبوون بە مانای کەشفکردن و دواتر خستنەژێرپرسیاری ئەو شتەی کە وادەکات ژن و پیاو جیاواز رەفتاربکەن. ئەگەرچی من تەواو لەگەڵ (پیئێکی بیریمان)دا نیم بەوەی چی نووسیوە و وتووە، بەڵام دڵنیام کامپینی کرێی ئەلمانیا کۆمەککەرێکی باش دەبێت بۆ سەرنجدان لەو ستراکچەرە دەقپێوەگرتوانەی لای خۆمان هەن.

بۆیەش هەموو ئاشکراکردن و ڕۆشناییخراوەسەرەکانی فێمینیستی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەهای خۆیان هەیە چونکە ئەو دەرفەتە فەراهەمدەکات کە خەڵکانێکی زیاتر بتوانن لە بەرانبەر نۆرم وچاوەڕوانییە جیاوازەکاندا هەڵوێستوەربگرن و ڕێگای وشیارانە ترهەڵبژێرن.
هیچ تیۆرییەکی فێمینیستی بە تەنها ناتوانێت وەسفی ئەو هەمەرەنگییە بکات کە لە تاقیکردنەوە و فانتازیا و خولیاکانی کۆمەلگایەکدایە. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کاتێک ئینسان دەیەوێ خەبات لە بەرانبەر ژێردەستەیی ژناندا بکات، تەنها خۆی لە قاڵبی یەک تەفسیردا گیربکات.
بۆیەش وەلامی من لە بەرانبەر ئەوەی کە کامە سیاسەت باشترە، من دەڵێم کە ئینسان دەبێ گوێبیستی تەفسیرە ئەلتەرناتیڤەکانی دیکەیش بێت. لە جیاتی ئەوەی خەریکی پێناسەکردن و بەرزڕاگرتنی ئەو سیاسەتە بێت کە گوایە یەکاسانیترە لەوی دی.

—————————
سوسان دۆدیلێت، مامۆستای زانکۆی یۆتیبۆرییە لە بواری مێژووی هزردا .
ئەم وتارە لە کتێبی
Petra Östergren, F-Ordet mot en ny feminism, Norhaven A/S 2009

—————–
سەبارەت بە سێکسفرۆشی
نووسینی سوسان دۆدیلێت (١)
وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد




کــــــۆلاره‌بـــــــازه‌که‌ … ڕانانی: به‌کر ئه‌حمه‌د


لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە … 2008

—————————————


ناونیشانی کتێب به‌ ئینگلیزی The kite runner
نووسینی: خالید حوسێنی
وه‌رگێڕانی بۆ سویدی یوهان نیلسۆن
چاپخانه‌ی: Wahlström& Widstarnd
ساڵی چاپ: 2008
ڕانانی: به‌کر ئه‌حمه‌د

2008-07-11

—————————————–
کاتێک له‌ ته‌مه‌نێکی 9 تا 10 سالیدا وڵات جێده‌هێڵی‌و زیاتر له‌ 26 ساڵ به‌سه‌ر ژیانتدا تێده‌په‌ڕێت له‌ کۆمه‌ڵگای نوێدا، ئاسان یاده‌وه‌ریه‌کانی کۆمه‌لگای کۆن، ناتوانێت کێشت بکاته‌وه‌ بۆ باوه‌شی خۆی. ئه‌مه‌ گرفتی به‌شیکی گه‌وره‌ی منداڵانی په‌نابه‌ره‌ که‌ له‌ ته‌مه‌نێکی زووی مندالێیانه‌وه‌ زێدی خۆیان جێهێشتووه‌و له‌ خۆرئاوادا گه‌وره‌ بوون. نیشتیمانی دایک‌و باوکیان ده‌بێته‌ مه‌مله‌که‌تی غه‌ریبیی ئه‌وان‌‌و ماڵی نوێشیان ده‌بێته‌ مه‌مله‌که‌تی غه‌ریبی دایک‌و باوکییان.

به‌ڵام بۆ “ئه‌میرئاغا”ی پا‌ڵه‌وانی (کۆلاره‌بازه‌که‌)ی “خالید حو‌سێنی”، نووسه‌ری ئه‌فغانی نیشته‌جێی ئه‌مریکا، ده‌کرێ ته‌نها زه‌نگی ته‌له‌فۆنێک له‌ پاکستانه‌وه‌، هه‌موو ژیانی نوێ‌و دامه‌زراو له‌ کۆمه‌ڵگای نوێدا، به‌جارێک هه‌ره‌س پێبێنێ. ئه‌میر 26 ساڵه‌ کابولی ئه‌فغانستانی له‌ دوای له‌شکركێشی سۆڤێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ باوکیدا جێهێشتووه‌و له‌ سانفرانسیسکۆی ئه‌مریکادا گیرساوه‌ته‌وه‌. وه‌ک نووسه‌رێک خه‌ریکه‌ ناوبانگ ده‌رده‌کات‌و بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ی ئاینده‌دا، له‌ یه‌کێک له‌ کتێبخانه‌ به‌ناوبانگه‌کانی شارێکی ئه‌مریکادا، ڕیکلام بۆ به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌که‌ی بکات.

چرکه‌ساتێک که‌ زۆرێک له‌ نووسه‌رانی تازه‌ ناوده‌ر‌کردوو، خه‌ونی پێوه‌ده‌بینن. ئه‌وه‌ی له ته‌له‌فۆنی ئه‌وبه‌ره‌وه‌ ده‌دوێت، ده‌نگێکی ناسراوه‌، ده‌نگی ڕه‌حیم خانی هاوڕێی خۆشه‌ویستی باوکییه‌تی. پیاوێک که‌ هه‌میشه‌ له‌ ته‌نیشت باوکییه‌وه‌، دڵێکی فراوان‌و گوێگرێکی باشی پرسیاره‌ وردیله‌کانی ئه‌میر بووه‌ له‌ مندالیدا. ” ئه‌میر! تۆ ده‌بێت بێیته‌وه‌. ئاخر هه‌میشه‌ شێوازێک هه‌یه‌ که‌ شته‌کانی پێ بخه‌یته‌وه‌ سه‌ر ڕێچکه‌ی خۆی” به‌ڵام ده‌نگه‌که‌ به‌ ته‌نها ده‌نگی ڕه‌حیم خان نییه‌ که‌ له‌ گوێی ئه‌میردا ده‌نگده‌داته‌وه،‌ به‌ڵکو هه‌موو ڕابردووی ئه‌میره‌ که‌ هاواری لێده‌کات. ئه‌و ده‌بێ بڕواو خاڵی کۆتایی بخاته‌ سه‌ر زۆر ڕسته‌ له‌ کاتی خۆیدا، نه‌یکردوون، په‌رده‌ له‌سه‌ر زۆر لاپه‌ره‌ی ژیانی ڕابردووی خۆی هه‌ڵداته‌وه‌، که‌ له‌ مێژه‌ له‌ ده‌ست چیرۆکه‌کانی هه‌ڵدێت. مێژووی ده‌ستپێکردنی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌ ئه‌مریکاوه‌ بۆ پاکستان‌و دواتریش بۆ کابول، هاو‌کاته‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌رکاری تاڵیبانه‌کاندا له‌ ئه‌ڤغانستان.

ئه‌میر له‌ یه‌کێک له‌ بنه‌ماڵه‌ ده‌وله‌مه‌نده‌کانی کابوله‌و باوکی” بابا” سه‌رمایه‌دارێکی گه‌وره‌ی شاره‌. به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ ناوداره‌کانی ئه‌فغانستان‌و له‌ کۆشکێكی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌دا ژیانێکی خۆشی بێ دایک له‌ کابولی حه‌فتاکانی ئه‌فغانستاندا به‌سه‌ر ده‌بات. منداڵێک هه‌رچی پێداویستییه‌ مادییه‌کانی ژیانی مندالی ده‌وله‌مه‌ندانه‌ له‌به‌رده‌ستیایه‌تی‌و له‌ عیشقی باوکیش بێبه‌شه‌.
باوكێک که‌ خه‌ونی دروستکردنی ماڵێکی تایبه‌تی بۆ بێ‌دایک‌و باوکانی شاری له‌ که‌لله‌دایه‌و ئه‌میری کوڕیشی خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت، باوکی ڕۆژانه‌ بۆ ساتێکی که‌م، له‌ باوه‌شی بگرێت‌و گوێ له‌ پرسیاره‌ بێشووماره‌کانی بگرێت. به‌ڵام باوکێکیش که‌ له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین به‌ها ئینسانی‌و مۆدێرنه‌کانی کۆمه‌ڵگا، خوازیاری په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌میره‌. ئه‌میرێک که‌ خه‌ونی چیرۆکنووسین له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ مێشکیدا گینگڵ ده‌دا‌و ڕه‌حیم خانی هاورێی باوکی، ئه‌و که‌لێنه‌ی بۆ پڕده‌کاته‌وه که‌ گوێگرێکی باشی ئه‌و بێت‌و کتێبی تازه‌یشی بۆ بێنێ‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ پڕکه‌ره‌وه‌ی ژیانی منداڵانه‌ی ئه‌میره‌، حه‌سه‌نی کوڕی عه‌لی خزمه‌تکارییانه‌ که‌ هاوته‌مه‌نی خۆیه‌تی‌و ئه‌و ڕۆحه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌یه‌ که‌ ئه‌میر بێ ئه‌و ژیانی مانایه‌کی دیکه‌ی نابێت. به‌ڵام حه‌سه‌ن سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی “هه‌زاره‌”کانی باکوری ئه‌فغانستانه‌و ئه‌مه‌ش کۆمه‌ڵێک ده‌ردیسه‌ری گه‌وره‌ بۆ ئه‌میر ده‌خوڵقێنێ. ناکرێ تۆ کاره‌که‌رێکی “هه‌زاره‌”ییت هه‌بێت‌و وه‌ک ئینسان مامه‌ڵه‌ی بکه‌یت. ئاخر سه‌ر به‌ گروپی هه‌زاره‌ بوون له‌ ئه‌فغانستاندا، وه‌ک جووبوو‌ن وایه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی نازیزمی ئه‌ڵمانیدا. ئه‌و سیسته‌می کاسته‌ی له‌ هیندستاندا په‌یڕه‌وی پێده‌کرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌ ئه‌فغانستاندا ئاماده‌یی هه‌یه‌و قوربانییه‌کانی خه‌لکانی سه‌ر به‌م گروپه‌ن.

حه‌سه‌ن نه‌خوێنده‌واره‌و ئاشقی چیرۆکی ڕۆسته‌م‌و زۆرابه. ئه‌میر‌ بۆ سه‌دان که‌ره‌ت ئه‌م سه‌رگوزشته‌یه‌ی له‌بن دارهه‌ناره‌کانی پشت ما‌ڵه‌کانی خۆیانه‌وه‌ بۆ حه‌سه‌ن خوێندوه‌ته‌وه‌و هێشتاش ئه‌گه‌ر ئه‌میر لێی بپرسێت: ده‌ته‌وێت ئه‌مڕۆ چیت بۆ بخوێنمه‌وه‌، له‌ وه‌لامدا هه‌ر هه‌مان شت ده‌بیستێته‌وه‌: ڕۆسته‌م‌و زۆراب. به‌ڵام حه‌سه‌ن نه‌ک هه‌ر هاوڕێیه‌کی دڵسۆزو وه‌فاداری ئه‌میره‌، به‌ڵکو باشترین کۆلاره‌بازی کابولیشه‌. له‌ فیستیڤاڵی کۆلاره‌هه‌ڵدانی ساڵانه‌ی کابوولدا که‌ سه‌ربانه‌کانی کابولی ده‌کرده‌ گه‌وره‌تین ترادیسیۆنی به‌رچاوی ئه‌م شاره‌، کاتێک له‌ جه‌نگی کۆلاره‌به‌زاندندا، کۆلاره‌یه‌ک ده‌دۆڕێت‌و به‌رده‌درێته‌خوار، کوڕ ئه‌وه‌یه‌ ڕابکات‌و کۆلاره‌ی به‌ربوه‌وه‌ بگرێته‌وه‌و ببێته‌ خاوه‌نی.

کاتێک منداڵانی کابول به‌ شوێن کۆلاره‌یه‌کی به‌ربووه‌وه‌دا به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات هه‌ڵده‌هاتن‌و خوازیاربوون له‌ کۆڵانێکی گه‌ڕه‌کی خۆرهه‌ڵاتدا بیگرنه‌وه‌، حه‌سه‌ن به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو منداڵانه‌وه‌، به‌ره‌و خۆرئاوای شار هه‌ڵده‌هات‌و بێ که‌یف له‌بن گوێسوانه‌ی مالێکدا چاوه‌ڕێیده‌کرد، تا کۆڵاره‌که‌ له‌ نزیکیه‌وه‌ ده‌که‌وته‌ خوار. حه‌سه‌ن له‌ شه‌ڕفرۆشتنی منداڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی دیکه‌ی شاردا به‌ ئه‌میر که‌ زیاتر له‌سه‌ر هاوڕێیه‌تی نزیکی ئه‌میر بوو بۆ مندالێکی کاره‌که‌ری “هه‌زاری” که‌ وه‌ک جووه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی نازیزم مامه‌ڵه‌یان پیده‌کرێ له‌مڕۆو دوێنێی ئه‌فغانستاندا، هه‌میشه‌ دۆستی ئازاو وه‌فاداری ئه‌میره‌، به‌ڵام کاتێک حه‌سه‌ن به‌ شوێن کۆلاره‌یه‌کی تایبه‌تیدا که‌ بڕیاره‌ بیگرێته‌وه‌و بیدات به‌ ئه‌میر، له‌ یه‌کێک له‌ کووچه‌ داخراوه‌کانی کابولدا له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک منداڵی تره‌وه‌ ده‌ستگیرده‌کرێ‌و ئه‌میریش له‌ پشتی دیوارێکدا ئاگای له‌ ماجه‌راکه‌یه‌، په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تییان، ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ره‌تی به‌سه‌ردا دێت.

ئاخر به‌به‌رچاوی ئه‌میره‌وه‌، دزداشه‌ درێژه‌که‌ی حه‌سه‌ن هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌و ده‌ستدرێژی لێده‌که‌ن. قیژه‌و هاواری حه‌سه‌ن، خوێنی له‌به‌ڕۆیشتووی نا‌وگه‌ڵی حه‌سه‌ن، به‌به‌ر چاوانی ئه‌میردا، ترس‌و بێهه‌ڵوێستییه‌کی وای له‌لا دروستده‌کات، که‌ تا کۆتایی ژیانی لێیده‌ربازنابێت. به‌ڵام حه‌سه‌ن له‌سه‌ر په‌یمانی هاوڕێیه‌تی‌و وه‌فاداری خۆی بۆ ئه‌میر به‌رده‌وامه‌. “بۆ تۆ هه‌زار جاری تر، ده‌یکه‌م‌و ده‌یکه‌مه‌وه‌، کۆلاره‌ت بۆ دێنمه‌وه‌”
ئه‌میر که‌سایه‌تییه‌کی زۆر ساده‌ی منداڵانه‌یه‌و له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی دنیادا ده‌بینرێت. ئه‌و گرێ ده‌روونییه‌ منداڵانه‌یه‌‌ی خۆی وای لیده‌کات له‌به‌رانبه‌ر حه‌سه‌ندا، هه‌میشه‌ خۆی پێ که‌متر بێت. حه‌سه‌نێک که‌ دالێک له‌ واوێک لێکجیاناکاته‌وه‌، به‌ڵام دوو چاوی تیژو زمانێکی ساده‌ی ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ ئه‌میر چیدی ناتوانێت، له‌به‌رانبه‌ریدا بوه‌ستێت. بۆیه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له‌م عه‌زابه‌ ڕۆحییه‌ی خۆی ڕزگاری بێت، پاش ئه‌وه‌ی که‌ ناتوانێت به‌ لێدانیش یه‌ک زه‌ره‌ له‌ دڵسۆزیی‌و وه‌فاداری حه‌سه‌ن بۆ ئه‌و بێنێته‌خوار، ناچار له‌ پیلانێکی منداڵانه‌ی خۆیدا، حه‌سه‌ن تاوانبارده‌کات به‌وه‌ی کاتژمێره‌ گرانبه‌هاکه‌ی که‌ له‌ ڕۆژی له‌دایکبوونیدا وه‌ریگرتووه‌، له‌لایه‌ن حه‌سه‌نه‌وه‌ ده‌دزرێت‌و حه‌سه‌ن‌و عه‌لی باوکی، له‌ ماڵه‌ گه‌وره‌که‌ی ئه‌میرئاغا ده‌چنه‌ده‌رو له‌ ژیانی ئه‌میردا ونده‌بن.

گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌میر بۆ پاکستان‌و پاشانیش به‌ قاچاخ چوونه‌ ناو ئه‌فغانستانه‌وه‌، بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی ونبوونی حه‌سه‌ن‌و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ له‌ مندالی ئه‌میره‌ که‌ ده‌بێت له‌ گه‌وره‌ییدا، پارچه‌کانی بدۆزێته‌وه‌و مانایه‌ک بۆ بێوه‌فایی‌و هه‌ستی ئازاری ویژدانی خۆی په‌یدا بکات تا که‌مێک ئارام بگرێت.
به‌ڵام چیرۆکی “کۆلاره‌بازه‌که‌”ی خالید حوسێنی، به‌ ته‌نها سه‌رگوزشته‌ی هاوڕێیه‌تی‌و وه‌فاداری دوو منداڵ نییه‌، به‌ڵکو سه‌رتاپای مێژووی خوێناوی ئه‌فغانستان له‌ ژیان‌و یاری ڕۆژانه‌ی باباو ئه‌میرو حه‌سه‌ن‌و ڕه‌حیم خان‌و هه‌ندێک له‌ که‌سایه‌تیه‌کانی دیکه‌ی رۆماندا دێته‌ به‌رچاوی خوێنه‌ر.

خالید به‌رله‌وه‌ی ڕۆمانێکی مێژوویمان له‌سه‌ر مێژووی کۆن‌و نوێی ئه‌فغانستان پێشکه‌شکات، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی پاڵه‌وانه‌ بچکۆله‌کانیدا ئه‌و مێژووه‌ دێنێته‌ قسه‌. به‌شێکی زۆر له‌ دیمه‌نه‌کانی ڕۆمان، وه‌ک فلیمێکی زیندوو به‌به‌رچاوی خوێنه‌ردا ده‌هێنێت، که‌ گێڕانه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی ڕۆمان، به‌ بێ هیچ گرێ‌و درێژدادڕییه‌ک، خوێنه‌ر له‌ سیحرێکی خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامدا ڕاده‌گرێت که‌ ده‌کرێ به‌ یه‌ک نه‌فه‌س‌، ڕۆمانه‌که‌ به‌ چاو هه‌ڵلووشیت. ئه‌گه‌ر دانی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ مێژوو پێکهاته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک کاری هونه‌ری ڕۆماننوسیین نه‌بێ له‌مڕۆداو ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئاگاهانه‌ به‌کاریان نه‌هێنێت، تیکسته‌که‌ دووچاری ڕێپۆرتاژێکی ڕۆژنامه‌وانیانه‌ ده‌کات، ئه‌وا بۆ خالید حوسێنی، نه‌ک هه‌ر سه‌رکه‌وتووانه‌ ئه‌م کاره‌ ئه‌نجامده‌دات، به‌ڵکو زیره‌کانه‌، ڕۆمانه‌که‌ ده‌کاته‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی زانیاریدان به‌ خوێنه‌رو بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستبکه‌یت فێڵێکی گه‌وره‌ت لێکراوه‌.

نووسه‌ر ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی نه‌بووبێت له‌و وێنه‌و ڕووداوانه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا پێشکه‌شی کردووین، قووڵی نائینسانیبوونی دابه‌شکاریی چینایه‌تی‌و جیاکردنه‌وه‌ی ئینسانه‌کانمان له‌سه‌ر بنه‌مای جێگاوشوێنیان له‌ سیسته‌می به‌رهه‌مهێنان‌ دێنێته‌ به‌رچاو.‌ خزمه‌تکاریی حه‌سه‌ن‌و ئاغایه‌تی ئه‌میر به‌سه‌ر حه‌سه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای درۆیه‌کی گه‌وره‌و دێرین دامه‌زراوه‌و ئه‌و ڕاستیانه‌ی له‌ کۆتایی ڕۆمانه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت پووچه‌ڵیان ده‌که‌نه‌‌وه‌.

ڕاستیه‌کی تر که‌ ده‌کرێت له‌ نێو زنجیره‌ی ڕووداوه‌کاندا درکی بکه‌یت‌و بیناسیته‌وه‌، ڕاسیزمێکه‌ که‌ له‌ دڕنده‌یی‌و بێبه‌زه‌یی ئاسفی مێردمناڵه‌وه‌ دێته‌ به‌رچاومان‌و به‌ نێو جه‌نگ‌و ئاواره‌یی‌و داگیرکاری‌و داڕمانی مه‌ده‌نیه‌تدا تێده‌په‌ڕێ ‌و گه‌وره‌ ده‌بێت تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ پشت ڕیشێک‌و مێزه‌رێکی ئیسلامیانه‌ی تاڵه‌بانێکه‌وه‌ ده‌رکه‌وێته‌وه‌‌. که‌ دیمه‌نه‌کانی کۆتایی ڕۆمانه‌که‌ دێنیته‌ به‌رچاوو له‌ته‌ک دیمه‌نه‌کانی سه‌ره‌تایدا دایده‌نێیت، هه‌ست ده‌که‌یت ڕاسیزم‌و ئینساندوژمنی سه‌رێکه‌و له‌ ئیسلامی سیاسیدا کڵاوی خۆی دۆزیوه‌ته‌وه‌.

بۆ ڕه‌خنه‌گرانێک که‌ پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌فغانستان له‌مڕۆی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وایه‌تیدا جێگایه‌کی هێنده‌ گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسه‌تی دنیادا نه‌بوایه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ ئه‌و سه‌دا نێونه‌ته‌وایه‌تییه‌ی نه‌ده‌بوو، هه‌ستده‌کرێت بڕیارێکی بێبه‌زه‌ییانه‌یه‌.
چونکه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌م کتێبه‌دا دێته‌ گۆ، سه‌رگوزشته‌یه‌کی پرسیاره‌ وجودییه‌کانی ئینسانه‌ که‌ خۆشه‌ویستی‌و ڕق، وه‌فا‌و بێوه‌فایی، هاوڕێیه‌تی‌و خیانه‌ت، سیاسه‌ت‌وئایین، مندالی‌و گه‌وره‌بوون ته‌نیوویه‌تی‌و خوینه‌ر کێشده‌کاته‌ ناو پرسیاره‌ گرنگه‌کانی ڕۆمانه‌وه‌.

یه‌کێک له‌ هاوکارانی کارم که‌ پێش من ئه‌م ڕۆمانه‌ی خوێندبوه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌م ڕۆمانه‌ کاتێک له‌سه‌ر کار باسمانکرد پێی وایه‌: ئینسان هه‌ستده‌کات، که‌ پێشتر له‌ ئه‌فغانستاندا ژیانێکی تر هه‌بووه‌و من هیچ ئاگام لێی نه‌بووه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ی بۆ نیشاندام. ڕه‌نگه‌ درکاندنی ڕاستییه‌کی تاڵی وا له‌مڕۆدا که‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی سیمای کۆمه‌ڵگای به‌ده‌موچاوی زۆرێک له‌ کۆمه‌ڵگاکانی دنیاوه‌ نه‌هێشتووه‌، په‌یا‌مێکی دیکه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ بێت، ئه‌گه‌ر چی مه‌به‌ست له‌ خودی چیرۆکه‌که‌ بۆ نووسه‌ر شتێکی دیکه‌ش بێت. به‌ڵام بۆ خوێنه‌رێکی ئه‌وروپی، سیمای زۆڕیک له‌ کۆمه‌ڵگاکانی دنیا له‌ پاش هاتنه‌سه‌رکاری ئیسلامی سیاسی، پێویستی به‌ دووباره‌ وێنه‌کێشانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ ساده‌یی ده‌یکێشێت.

کاتێک “ئه‌رۆندهاتی ڕۆێ” ژنه‌ ڕۆمانووسی به‌ناوبانگی هندستان “خوای شته‌ بچووکه‌کان”ی نووسی، یه‌کێک له‌ ڕۆماننوسانی سوید، ئه‌ندێرش پاوڵرود ده‌نووسێ:” خوایه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌ چه‌ند جار که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌فه‌ری هندستانی له‌سه‌رمدا زیندووڕاگرتووه‌.”
له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، چه‌ند حه‌زدمده‌کرد، خۆزگه‌ مندالێم له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن‌و ئه‌میردا، له‌ ژێر ئاسمانی به‌فراوی کابولدا ببردایه‌ته‌ سه‌رو بۆ ساتێکێش له‌ فیستیڤالێ کۆلاره‌هه‌ڵداندا، له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ندا، کۆڵانه‌و کۆڵان به‌شوێن کۆلاره‌ به‌ربووه‌کانی جه‌نگی کۆلاره‌کاندا، هه‌ڵهاتمایه‌. خوایه‌، ئه‌م ڕۆمانه‌، چ عیشقێکی سه‌یری بۆ منداڵبوونه‌وه‌ له‌ کابولی حه‌فتاکاندا، له‌ دڵی مندا دروستکردووه‌.




“مردووشۆر” و ڕەشەبای سلێمانی …. ڕانانی کتێب …. نووسینی بەکر ئەحمەد


ناوی کتێب: مردووشۆر
نووسینی: سارا عومەر
وەرگێرانی بۆ سویدی لە دانمارکییەوە: لیۆ گێفێرت
بنکەی بڵاوکردنەوە: پۆلاریس
ژمارەی لاپەرە: ٢٩٥

———————————————–

ڕۆژی 10 ئاوگوستی 2016 یە و فرمێسک لە خەستەخانەی “سکێیبی” دانمارک بە دەست بیمارییە دەروونی و جەستەییەکانی خۆیەوە دەناڵێنێت. ئەو ئێستا لە تەمەنی ٣٠ ساڵەی خۆیدایە و لە ئاخاوتنێکی دۆستانە و هەندێک جار نادۆستانەدا بەشێک لە حەکایەتی ژیانی خۆی بۆ “دەریا”ی پەرستیار کە کوردێکی وڵاتی خۆیەتی و لەم خەستەخانەیەدا کاردەکات، دەگیڕێتەوە.

فرمێسک لە دایکبووی سلێمانییە و کاتیک دێتە دنیا، قژ بەسەرییەوە نییە و گودیلەیەکی سپی درێژ بە ناوچەوانییەوەیەتی. بۆ خەلکانێکی زۆر، کچێک بەم سەر و سیمایەوە، یان ئەوەتا نەفرەتێکی خودایی تیا بەرجەستەیە و بەڵایەکە بۆ کەس وکار و بنەماڵەکەی، یان ئەوەتا دەکرێ موعجیزەیەک بێت و نیشانەی پەیامێک بێت لە ڕێی ئەم کچەوە نێردرابێت. بەلام ئەنوەری باوکی فرمێسک بەوەی خوازیاری کوڕە و کچی دەبێت، لە پاڵ دڕندەیی خۆیدا وەک پیاوێکی تووڕە، هەرچی ڕقی کۆبووەوەی خۆیەتی لەوەی کە کچییان بووە لە “ڕووبار”ی هاوسەری خۆیدا بەتاڵ دەکاتەوە و لە کۆمەڵێک پیلانی جۆراوجۆردا خوازیاری لە ناوبردنی کیژۆڵە تازە لەدایکبووکەیەتی. نەک هەر باوکی فرمێسک، بەلکو هەموو بنەماڵەی ئەنوەر بە چاوێکی سووکەوە لە دایکی فرمێسک و کچە تازەبووەکەی دەڕوانن و ئەم ڕقی دژی کچبوونەی فرمێسک لەناو ئەندامانی بنەماڵەکەیاندا پەرە پێدەدەن . دایکی ئەنوەر، هەر لە هەفتەکانی دوای لە دایکبوونی فرمێسکەوە دەیەوێ فرمێسک خەتەنە بکات و بەڵام لەڕو لاوازی فرمێسک و ناننەخواردنی ئەو، ڕووباری دایک دەتۆقێنێت لەوەی کچەکەی بەرگەی ئەم نەشتەرگەرییە خۆماڵییە نەگرێت و لە ناچاریدا بۆ دورخستەنەوەی فرمێسک لە پیلانەکانی باوک و بنەماڵەی ئەو، فرمێسک دەنێرێتە لای دایک و باوکی خۆیی تا چاکدەبیتەوە و بەو ئومێدەی ماڵی نەنەو باپیرەش، ببێتە پەناگایەکی ئارام بۆ ئەو.

گەوهەر، نەنکی فرمێسکە و تاکە مردووشۆری شارە. ئەو لەگەڵ دەروێشی مێردیدا کە پیاوێکی زەردەشتییە ژیان بەسەر دەبات و ئەو کارە دەکات کە هیچ کەسی تر لە شاردا، جگە لە دەستە خوشکەکانی دیکەی گەوهەر کە لە زیکر و تەراویح و نوێژە بە کۆمەلەکانی خۆیاندا یەکدەگرنەوە، پێیانوانییە ژنە کوژراوەکانی شار شایەنی ناشتنن. بەڵام گەوهەر، وەک ئامادەکردنێکی ڕۆحی، ئەم جەستە لەت وپەتکراوانەی قوربانییانی شەرەف پاک دەشوات و بۆ دوا ماڵیاوایی خۆیان کفن و دفنییان دەکات و دەروێشی مێردیش لە شاردنەوەی ئەواندا، هاو رۆح و هاوکارێکی گەورەیە.

زەمەن لەم ڕۆمانەدا لە ١٠ ی ئاوگوستی ٢٠١٦ وە دەستپێدەکات و دیمەنەکانی دیکەی ڕۆمان بەشێوەی فلاشباک و وەک بەشێک لەو تراومایەی کە فرمێسک لە ژیانی خۆیدا دووچاری بووە، دەمانگێڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. واتا ڕووداورەکانی ئەم ڕۆمانە لە نێوان ١٩٨٦ و ٢٠١٦ دەگووزەرێ.
بەڵام مێژووی نائومێدی و دەردیسەرییەکانی کە فرمێسک دووچاری دەبێت لە نێوان سالانی ٨٦ و ٩١دایە. ئەم ڕۆمانە مێژووی ژیانی شەش ساڵەی منداڵێک دەگێڕیتەوە لە گەرمەی جەنگی ئێران و عێراقدا و بەشێکیش لە ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکانی کۆمەلگای کوردستان تیشکیان بەردەکەوێت. شوێن لەم ڕۆمانەدا شاری سلێمانییە کە سارا عومەر بە زاموای ناو دەبات، گوایە ناوە کۆنەکەی سلێمانییە.

ئەگەر شەش ساڵی تەمەنی منداڵێک کرۆکی ئەم ڕۆمانە پێکدەهێنێت، ئەوا سارا عومەر لەم ڕۆمانەدا بەشێکی زۆر لەو پراکتیکە دڕندە و نا ئینسانییانەی کە ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا دووچاری دەبێتەوە، دەبیتە شوێنی نیگاو جێگایەک لە چیرۆکە کورت و ئاماژە کولتوورییەکانی ناو ئەم تێکستەدا داگیردەکات.
ئەم تیکستەی سارا عومەر، هاوارێکی توورە و تووندی ژنانەی کوردییە لەبەرامبەر ئەو کولتووری شەرەفەی کە قوربانیەکانی لە کوردستان و دەرەوی کوردستاندا، کوردی پێدەناسرێتەوە.

ئەگەر تاوانەکانی کولتوری شەرەف ئەدەبیاتێکی سیاسیی گەورەی لە ئەرشیڤی بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان و دواتریش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا داگیرکردبێت، ئەوا “مردووشۆر”ی سارا عومەر، بە ئەرشیڤکردنی ئەم مێژووە لەکەدارەی کۆمەلگای کوردستانە لە بواری ئەدەبدا.
زۆر جار لە جەدەلە سیاسییەکانی کە دەربارەی پرسی یەکسانی و خەباتە لەبەرانبەر کولتووری شەرەفی ژنکوژی کوردیدا، ڕژێمی جەندەری کوردی دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە و باسیلێوەدەکرێت، بەڵام “مردووشۆر”ی سارا عومەر نمایشکردن و بەڕوونی نیشاندانی ئەوە تۆڕە ئاڵۆز و لەیەکهەڵپێکراوەی ئەم ڕژێمی جەندەرەیە کە تیایدا ترادیسیۆن و ئایین، کولتور و دواکەوتوویی وجەنگ ئینسانەکانی لە داوەکانی خۆیدا گیرکردووە.
سارا عومەر لەم ڕۆمانەدا وەستایانە لە بەکارهێنانی زمانێکی ژنانەدا ئاخاوتنی پاڵەوانە ژنەکانی ناو ئەم ڕۆمانە تۆماردەکات. تەمەنی سارا و لە دەرەوە ژیانی ئەو لە زەمەنێکی دووردا، ڕێگری پێکنەهێناوە لە تێبینیکردنی ئەو زمانە تایبەتییەی کە ژنی کورد لە ئاخاوتنی رۆژانەیدا بەکاریدەهێنێت. زمانێک کە تێکەڵ بە دەستەواژەی ئایینی و پارانەوە و دوعا و نزای لە خۆگرترووە کە خوێنەری ئەوروپی تووشی سەرئێشەیەکی گەورەدەکات و ساراش ڕاستگۆیانە و وەستایەنە ئەم زمانە بە پاڵەوانە ژنەکانی دەبەخشێت و بە زمانێکی دیکەی ئەوروپی دایدەڕیژیتەوە.

دیمەنی ئێشکگرتنی گەوهەر و دەستەخوشکەکانی لە هەفتەی یەکەمی لە دایکبوونی فرمێسکدا بۆ ئەوەی شەوە نەیبات ، خوڵقاندنی کەشو هەوایەکی تەواو ژنانە بۆ پارستنی مندالێک لە دەست خێو و جنۆکە، لە قەلەمی کەسێکی بەتوانا دەوەشێتەوە کە چەندین رۆمانی نووسییەوە نەک وەک ئەوەی مردووشۆر یەکەم بەرهەمی ئەو بێت.
ئەم ڕۆمانە لە دانمارک تیشکێکی لە رادەبەدەری دەچێتە سەر. بە بڕوای من نەغمەی تووندی دژی ئیسلام و گەرم وگووڕبوونی جەدەلی تاوانی نامووسی و ئامادەیی گوتارێکی دژی پەنابەری و تا ڕادەیەک ڕاسیستی دژی پەنابەران، ئەو چوارچێوەیەن کە ئەم زەمینەیە سازدەکەن بۆ ئەوەی زیاد لە پێویست ئەم کارە لە بەر تیشکدا بێت. بێگوومان ئەمە بەمانای کەمکردنەوەی بایەخی ئەم کارە ئەدەبییە نییە کەمن لەم وتارەدا دەگەڕێمەوە سەری.

سارا عومەر لەسەرەتای ئەم کتێبەدا لە عومرانی کوڕی حسێنەوە، حەدیسێکی سەحیح دەهێنێتەوە کە بووخاری بە ٤:٤٦٤تۆماری دەکات: پێغەمبەر دەڵێ:سەیرێکی بەهەشتم کرد، بینیم خەڵکانی هەژار زۆربەی دانیشتوانی بەهەشت پێکدەهێنن. سەیرێکی جەهەنەمم کرد، بینیم زۆربەی دانیشتوانی ئەوێ ژن بوون.” بێگوومان هێنانەوەی ئەم حەدیسە لە دەستپێکی کتێبەکەدا جێگایەکی گەورە لە بنیاتنانی سترەکچەرەکانی ئەم ڕۆمانەدا داگیردەکات.

لە زۆر جیگای ئەم ڕۆمانەدا هەستدەکرێت زەبر وزەنگی تووندی بەکارهاتووی بەرانبەر بە ژنان کە پاڵەوانە جۆراوجۆرەکانی ناو رۆمان دووچاری دەبنەوە، هاوکات دەبێت بە هێنانەوەی بەشێک لەو ئایەتانەی کە بە زەقی باس لە ژێردەستەیی ژن و تەنانەت لێدان لە ژن ناوەڕۆکییانە، بۆیەش لەلایەن نووسەرەوە ڕیزدەکرێن و لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەخڕێنە ناو تێکستەکەوە. بە کورتییەکەی: دروستکردنی فەزایەک کە خوێنەر کیشبکریتە ناو قەناعەتی ئەوەی کە سەرچاوەی ئەم تووندوتیژییەی لەم دیمەنەدا دەگوزەرێ، ئیلهام لەم دەقە ئاینییەوە وەردەگرێت.

ئەگەر ئەم دیدە تووند و رەخنەگرانەیە لە ئیسلام وەک بووێریێەکی گەورە بۆ سارا تۆماردەکرێت و شایەنی بەزرکردنەوەی ئەوە بۆ وەستانەوە لە دژی ئیسلام و بزووتنەوە جیهادیستیەکەیدا، بەڵام ئێمە لە دنیای رۆمانداین و تەوزیفکردنێکی نائەدەبی لە کارێکی ئەدەبی گەورەدا وەک لاوازییەک بۆ کارە ئەدەبییەکە دەگەڕێتەوە. جا ئەگەر گۆشەنیگایەکی کوردی بۆ سەرنجدان لە چۆنێتی نیشاندانی پەیوەندی نێوان زەبروزونگ و ئیسلام لە بەرچاوبگیرێت بە تایبەت لە پەیوەند بە ڕوداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانەوە، ئەوا لە دیمەنی کوشتنی خەندەی بچکۆلەدا کە وەک کابووسێک دیتەوە یادی فرمیسک و تیایدا خەندە بە پاسکیلەوە دەکەوێت و خوێنی لێدێت گوایە پەردەی کچێنییەکەی دراوە، باوکێک کە خەنجەرەکەی دەردەهێنێت و بە سەدای ئەڵاهوئەکبەرەوە زمان و گوێچکەی منداڵەکەی دەبڕێت، یان بەلەقەوە چوونە سەر کۆرپەیەکی هێشتا لە دایکنەبوو کە بە زۆر لە سکی دایکی دەردەهێنرێت و حەشاماتێکی گەورە بە هاواری ئەلاهوئەکبەرەوە ئەم کوشتنە رەوایەت پێدەدەن و لە هەندێک دیمەنی دیکەی ناو ڕۆماندا کە بەرجەستەتر وتنەوەی ئایەتەکان لەلایەن پەڵەوانەوە هاوکاتە بە ئەنجامدانی کردەوەی تاوانکارانە، ئەم نموونانە دەکرێ بۆ ڕەخنەگرێکی ئەوروپی جێگای سەرنج نەبن و کاتێکیش دیدێکی ڕەخنەگرانەی کوردی لەبەرانبەر ئەم دیمەنانەدا ڕادەگیرێت، پرسیار دەبێتە ئەوەی: ئایا ئەم دیمەنانە کوشتنەکانی داعشمان بۆ وەسفدەکات یان ڕووداوەکانی ناو زەمەنێک کە دەکەوێتە نێوان ساڵەکانی ٨٦ و ٩١ سەدەی ڕابرووی شارێکی وەک سلێمانییەوە. لێرەدایە کە ڕەوایەتبەخشین بە زەبروزەنگی بەکارهاتووی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان لەو نموونانەدا بە خواستی ئایدیۆلۆژی نووسەر دەچیتە پێش و زمانێک هەڵدەبژێردرێت بۆ وەسفکردنی زەبروزەنگ کە لە بیست ساڵی دوای رووداوەکانی ڕۆمانەوە دەکرێ ئێمە گوێبیستی بین لە کوردستاندا. یان بە زمانێکی ڕۆشنتر، ئەگەر هەمان کوشتنی ناو ئەو دیمەنانە بە بێ وتنەوەی سەدای ئەڵاهوئەکبەر ئەنجامبدرایە، کەس نەیدەتوانی ڕایەلێک پەیدابکات بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان بکوژان و ئیسلام بەیەکەوە گڕێبدات. کاریگەرییەکانی ئیسلامی سیاسی و بزووتنەوەکانییان لەسەر زمانی کۆمەلگای کوردی لە دوای جەنگی ناوخۆوە هەستیپیدەکرێت و لە ئێستایشدا ئەم زمانە ئایینییە لە ئاخاوتنی کۆمەلگای کوردستاندا بە زەقی لە زمانی ڕۆژانەدا دەبیسترێت.

لە راستیدا و لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا، ئێمە خاوەنی لیستێکی درێژ لە کردەی ژنکوژی نین لە کۆمەلگای کوردستاندا. بێگوومان ئەمە بە مانای نەهیکردن نییە لە کولتوری شەرەفی کوردی، بەڵکو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە سادەیەی کە چوارچێوەیەکی یاسایی و لێپرسینەوە لە کەسانێک کە تاوانیان ئەنجامداوە ئامادەیی هەبوو. سیستەمێک کە لەگەڵ کەوتنی پەیکەرەکانی سەددامدا هاڕە دەکات و بە ئێستاشەوە کوردستان لە غیابی سیستەمێکی قەزائیدا کە بە حزبی کراوە، باجێکی گەورەی داوە.
ئێمە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە ڕووبەڕووی دیاردەیەکی نەخشەبۆداڕێژدراوداین لە بەرانبەر کوشتنی ژناندا کە یەکەمین فیشەکەکانی لە چەکەکانی بزووتنەوە ناسیونالیستەکانی کوردستانەوە دەتەقێنرێت نەک لە لایەن هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانەوە.
ئەوە پرۆسەی لیستی ” لە قائیمەکەدا بوون”ی ژنکوژیە کە لە ٩٢ بە دواوە دەستپێدەکات و دەرگا لە سەر کۆنەپەرەستی کۆمەلگا دەکاتەوە و لێنەپرسینەوە لە کەس دەبێتە دەستپێکی مۆدەی ژنکوژی لە شارێکی وەک سلێمانیدا.

هەڵبژاردنی زمانێکی ئایینی بۆ ژنکوژی وەک ئەوەی سارا لە دۆخی کوشتنی هەندێک لە پاڵەوانەکانی “مردووشۆر”دا بەکاریدەهێنێت، تەنها ڕەگێکی ئایدئۆلۆژی لە پشتییەوە کاردەکات و لە کوردستانی هەشتاکاندا بە تەواوەتی وونە. بەکارهێنانی ئەم زمانە بۆ بەشێک لە دیمەنەکانی ژنکوژی لە مردووشۆردا و هەندێک ئاماژەی دیکە کە لە جێگایەکی دیکەی ئەم رۆمانەدا دەگەرێمەوە سەری، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

کەسێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە دەکرێ بپرسێت: بەڕاست ئەمە ژیانی ژێردەسەلاتی تالەبانی کوردیە و بۆچی ئێمە هەستمان پێنەکردووە و هیچ شتێکمان دەربارەی نەزانیوە؟ لە کاتێکدا سەدای ئەلاهوئەکبەر ببیسترێت و نەبیسترێت کولتوری شەرەفی کوردی بە تەواوی بەها و تێروانینەکانییەوە لە کۆمەلگای ئێمەدا ئامادەیی هەبووە بێ ئەوەی جێگاو ریگای ئاین لە پلەیەکی بالادا بێت وەک ئەمڕۆی کوردستان، یان لە دۆخێکی ترادیسیۆنی خۆیدا بێت وەک پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەوەی کە بۆچی سیمای کۆمەلگایەکی مەزهەبی بە قۆناغێکی دیاریکراوی کۆمەلگای کوردستان و شارێکی وەک سلێمانی دەدرێت، ئەو پرسیارەیە کە ئینسان دەکرێ بە شوێنیەوە بێت بێ ئەوەی ئەم ڕوونکردنەوەیە بچێتە خانەی پاککردنەوەی ئایین و ڕۆلی ئەو لە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کولتوری شەرەفدا.

خوێندنەوەی “مردووشۆر” وەک سەفەرکردنە بە ناو توونێلێکی هەتا بڵێێ تاریکدا. ناوە ناوە لەم تاریکاییەدا ترووسکایەکت نیشاندەدرێت، نەک بۆ ئەوەی بەرپێێ خۆت ببینیت، بەڵکو بۆ ئەوەی خنکاندنی منداڵێک بینی کە سەرین دەخرێتە سەردەمی بە نیازی خنکاندنی، یان بەلەقەوە دەچنە سەر جەستەی کۆرپەیەکی لە سکی دایکدا دەرهێنراو، یان دایکێک کۆرپەی بە باوەشەوەیە و بەر فیشەک دەدرێت. زەبرو زەنگ و وەسفکردنی لەم ڕۆمانەدا هێندە ڕووت و بێپەردەیە کە خوێنەر ناچارە ناوە ناوە ئەم کتێبە دابخات و مەسافەیەک بگرێت وئاهێکی بەبەردا بێتەوە و بە هیوای ئەوە بێت کە لە دیمەنەکانی دیکەدا ئەم کچ و ژنە هەژارانەی مەملەکەتی زاموای سارا عومەر بگەنە ئەو سەری تونێلەکە و ڕوناکی ببینن.

سارا عومەر لە لاپەرەی یەکەمی مردووشۆردا دەنووسێ: پێشکەشە بە فرمێسک، ئەو کچەی لە ساڵانێکی ئێجگار سەختدا، لە دڵی مندا زیندانی بوو”. ئەم پێشکەشکردنە و نووسینی مردوو شۆڕ، تۆڵەی سارا عومەرە لەم رژێمی جەندەرەی کە مردووشۆر دەکاتە زیندانێکی ئەدەبی بۆ فرمێسکێک کە ئەگەر هەموو ڕۆژڕەشییەکانی ناو ڕۆمانیشی نەبینی بێ، ژنان و کچانی دیکەی کوردستان بینیویانە. بۆیە سارا عومەر چاو لە هیچ شتێک ناپۆشێت و بەشێکی ئێجگار گەورەی ئەو سونەت و ترادیسیۆنە مردووانەیشی کە لەمێژە لە کوردستاندا نەماون، یان جیگایەکی ئەوتۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی ژیانی ئینسانەکاندا نییە، لە کونجێکی چیرۆکە وردیلەکانی ناو ڕۆماندا ناودەهێنێت و شوێنیان بۆ دەکاتەوە. گەورە بە بچووک، سێ بەیەک یان دانی سێ کیژۆلەی مندال بە کچێک بۆ باوکێک کە ژنی دووەم دەهێنێتەوە، کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی قوزەکەمتیار لە شێوەی هەڵواسینی پارچەگۆشتێک بە کەمەری کچێکەوە تا بەختی بکرێتەوەو شوو بکات، پێشنیارکردنی میزی حوشترخواردنەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی، ئەم ئاماژە کولتووریانە و زمانێکی ئایینی کە لە سەدای ئەللاهوئەکبەری تاوانکاراندا دەنگدەداتەوە ، پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە لەم کۆمەلگایەدا جگە لە خورافە و ژنکوژان دەکرێ خەبەر لە شتێکی دیکە هەبێت.
بێگوومان هەموو ئەمانە ڕیزدەکرێن تا بە خوێنەر بسەلمێنرێت کە لەم زۆنگاوەی ناوی زاموایە، ئەنوەر وفایەق وبەهرە و ڕەشیدی زیاتری تیا سەوزنابێت. ئەگەرچی لە واقیعدا دەستەواژەی قوزەکەمتیار و میزی حوشترخواردنەوە، هێندەی تەنزێکی زمانەوانی خۆشە کەمتر ترادیسیۆن و کولتورێکە کە خەڵک بڕوای پێیەتی.

خالید حوسەینی لە “هەزاران خۆری درەوشاوەدا” مریەم دەخاتە ناو چوارچێوەیەکی خیزانییەوە کە شەق و شەق نەک نان، سەرتاپای ژیانی مریەم داگیردەکات. بەڵام خوێنەر خێرا درک بەوە دەکات کە ئەگەر مریەم هەنگاوێک نانێت بۆ دەربازبوون لە تاڵیبانی مێردی ناو ماڵ، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ماڵ، سیستەمێکی دیکەی کۆمەلایەتی تاڵیبان لە دەرەوە چاوەڕێدەکات کە ژنی لە ڕووبەرە کۆمەلایەتییەکەیدا سڕیووەتەوە. بۆیە خوێنەر ئاسان مانەوەی مریەمی لە ناو دیوارەکانی ماڵدا پێ قبووڵە.
لە مردووشۆردا، تاکە کەسێک کە ژن ناکوژێت و دەکرێ وەک ئاماژەی زیندووی ئەم کۆمەلگایە سەرنجی بدرێتێ، دەروێشی مێردی گەوهەر و گەوهەر خۆیەتی. بەلام ئەوانیش توانای پاراستنی نەک هەر فرمێسک، بەڵکو کیژۆلەکەی خۆیشیان نییە کە ئەنوەر هەموو ساتێک بەبەرچاوی دایک و باوکیشییەوە تیرۆری نەفسی دەکات،
“مردوشۆر” مەملەکەتی ئەو دۆزەخەیە کە پێغەمبەری ئیسلام پێیوایە هاولاتییەکانی هەموو ژنن ئەگەر چیش هەموویان سەر بە چینە نەدار و هەژارەکەی کۆمەلگان. ئیتر خەبەرێک لە عەدالەتی کۆمەلایەتی، یەکسانی، مۆدیرنیتە، کاردانەوە خۆڕسکەکانی کۆمەلگا لە بەرانبەر ژنکوژیدا، لە هیچ شوێنێکی ڕۆمانەکەدا هەست پێناکرێت. زاموای ناو رۆمانی مردووشۆر، هێندەی لە دێ دەچێت، کەمتر سیمای شاری پێوە دیارە.

مردووشۆڕی سارا عومەر ئەگەر بە دروستکردنی کەش و هەوایەکی تا بڵێی دواکەوتووانە و کێشانی پەردەیەکی ئایینی فەرزکراو لە هەندێک جێگای ڕۆمان و لە دەوری ڕووداو و کارەکتەرەکانی دروستنەکرایە ، زەرەیەک لە ناوەڕۆکی بەربڵاوبوونی کولتوری شەرەف و دەرئەنجامەکانی لەسەر فرمێسک و تەنانەت پالەوانەکانی دیکەی ناو ڕۆمانی نەدەگۆڕی. بۆ خوێنەرێکی ئەوروپی زاموا دێهاتێکە و کولتوری شەرەف تیایدا بەهۆی خورافە و ئایین و دواکەوتوویی ئەم شوێنە جوگرافیایەوە لە برەوی خۆیدایە. لە کاتێکدا پاڵەوانەکانی مردووشۆر کچانی زانکۆی زامواش بوونایە و بە مینی جۆبی حەفتاکانەوە بسووڕانایەتەوە، پانتایەکانی کولتوری شەرەف بچووکتر نەدەبوو لەوەی کە هەیە و ئەگەر لە یەکەمین شەوی چوونە پەردەیانەوە پەڕۆکە سوورنەچوایەتەوە، چارەنووسێکی باشترییان لە چارەنووسی پاڵەوانەکانی ناو مردووشۆر بە نسیب نەدەبوو. بەڵام چی وادەکات کە نووسەر شار دەکاتە گوند و نەغمەیەکی بەهێزی ئایینی دەکاتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ژنکوژییە بۆ قۆناغێکی تایبەتی کۆمەلگای کوردستان کە تیایدا نەغمەی ئایین و دەسەلاتەکەتی بەتەواوەتی ونە.

من لە دڵەوە هیوادارم کە خوێنەرێکی ئەوروپی پێیوابێت کە پرسیارەکانی یەکسانی، جەنگی بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان، پرۆژەی ڕۆشنگەری، عەدالەتی کۆمەلایەتی و ئینساندۆستی پێشتر لە زاموای سارا عومەردا تێرۆکرابن و لەسەر تاتەشۆرەکەی گەوهەردا شۆردراون و کفن و دفن کراون و لە کونجێکی شاردا و لە گۆرستانێکی بێناودا بە خاک سپێردراون.

ڕەنگە تەفسیرێکی واهی لە زاموای ناو مردووشۆردا لە غیابی هەموو جومگەیەکی ئینساندۆستی و ژیاندۆستی لەم ڕۆمانەدا، وەلامێکی دروستتر بێت. لە تەفسیرێکی واهیدا ڕەشەبای سلێمانی کە ئامادەییەکی گەورەی ناو لاپەرەکانی “مردوشۆر” داگیردەکات، زیاتر وەک قیژەو هاواری ژنەکانی سلێمانی دێتە بەرگوێ، بەرلەوەی بە گۆیژەدا هەڵگەڕێتەوە و ئەم پەیامە بە شوێنەکانی دی بگەێنێ.
من کە لە رێگای دێرەکانی ئەم ڕۆمانەوە و لەسەر لاپەرەی ئەم کتێبەدا خۆم دەکەم بە کووچە و کۆلانەکانی زاموادا، لە زۆر کووچە وکۆلانی ئەم شارەی ناو ڕۆماندا وندەبم، لە زۆر شوێندا خۆم و شار ناناسمەوە.
بەڵام خێرا ئەوەشم دێتەوە یاد، کە زاموای ناو مردووشۆر دەستکردی سارا عومەرە کە دەکرێ ئەم شارەی وا بینیبێ. من ناتوانم ئەم بینینە لەو زەوت بکەم. بەڵام لەگەڵ ئەم تێبینیانەیشدا، من دڵنییام ئەوەی کە ئەم کتێبە توانای دروستکردنی جەدەلی هەیە و پرسی ژنکوژی بە هۆی شەرەفەوە دەخاتە ئاستێکی تر و چۆن گودیلە سپییەکەی ناوچەوانی فرمێسک تەفسیری جۆراوجۆری لیدەکرێت، ئەوا مردووشۆریش خوێنەر بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشدەکات.

نووسینی بەکر ئەحمەد
١٨ی تەمووزی ٢٠١٨




جەناب و قوربان و بەڕێز …. بەکر ئەحمەد

لە ماوەی پانزەساڵی بەرنامەپەخشکردن و کارکردن وەک بێژەر لە ڕادیۆی هاوپشتی، کۆمەڵێک یادگار و رووداوی سەرنجڕاکێش و تێبینی هەن کە تا ئێستاش نەمپەرژاوە ئاوڕدانەوەیان لەبەرانبەردا بکەم. یەکێك لەو تێبینییانە چۆنێتی ناوبردن و بانگردنی ئەو کەسانە بوون کە گفتوگۆی ڕادیۆییم لەگەڵدا ئەنجامم دەدان.
لەو ماوە درێژەدا، کەسانێکی زۆری دەسەلاتی سیاسی و هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و نووسەرانی کورد لە ڕادیۆوە ئاخاوتنییان لەگەڵدا کراوە.

لە زۆر حاڵەتدا دەمویست کەسەکان بەناوی خۆیانەوە ناوبەرم. بەڵام لە شوێنێکی ئاخاوتنەکەدا، کولتووری باوی کۆمەلگا لە ناخی منیشدا قووتدەبووەوە و دەستەواژەکانی، مامۆستای بەرێز، کاک کۆسرەت، بەڕێز کاکە حەمە یان هەر ناو و ناونیشانێکی دیکە کە بە میشکی هەمووماندا دێت، بەسەرزاردا وژەی دەکرد.
ئولوف پاڵمەی سوید لە ساڵی ١٩٦٧ دا بە ڕۆژنامەنووسان دەلێت: بە ناوی خۆمەوە بانگم بکەن! تەنها ئولوف و بەس.

من شەخسی خۆم هیچ ئاخاوتنێک و چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیم نەدیوە، مەزهەری خالقی و ناسری ڕەزازی و نێچیروان بارزانی بە ناوی خۆیانەوە بانگبکات.
مامۆستای گەورە و جەنابی سەرۆکی حوکمەت و دەیەها ناو و ناونیشانی دیکە لە گوێچکەی هەمووماندا دەزرنگێتەوە. بە کورتییەکەی، لە زمانی کوردیدا هێشتاش کارێکی ئاسان نییە لە ئاخاوتن لەگەڵ کەسێکی دیار و نادیاردا بە ناوی خۆیەوە بانگی بکەیت و هیچ پێشگرێکی جەناب و قوربان و بەڕێزی بۆ دانەنێیت.

من پێموایە تا ئێستاش قوتابیی ناتوانێت بە مامۆستاکەی بڵێ: شلێر یان ئازاد. مامۆستا شلێر و مامۆستا ئازاد تاکە شیوازی ئاخاوتنی قوتابییانە لەگەڵ مامۆستادا.
هەتا مەقام و پلەو پایەکانی ئینسانیش بەرزتربێتەوە، ناو و ناونیشانەکانیش ئاسانتر نابنەوە و جەنابی بەڕێوەبەر و دوکتۆر فڵانەکەس دەبنە ناوی یەکەمی کەسی بانگکراو.
پوختەی قسەی من ئەوەیە: کەی ئینسان دەبێتەوە بە خۆیی و ڕاناوی “تۆ”، جێگای “ئێوە” دەگرێتەوە و مامۆستا و جەنابی دوکتۆر و بەرێوەبەر دەبنەوە بە کەسەکانی خۆیان.

ئەم باسە ڕەنگە بۆ زۆر کەس پەیوەندی بە ئاداب و ئوسوڵی ئاخاوتنی کۆمەڵگاوە هەبێت و پرسیارێکی دیموکراتی نەبێت. بۆ من هەم سەروکاری لەگەڵ ئادابدا هەیە و هاوکاتیش پەیوەندییەکی سەیری لەگەڵ دروستبوونی تاکی ئازاد و بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراتی و یەکسانییدا هەیە.
لە وڵاتێکی وەک سویددا، تەنها بە “پاشا”ی سوید دەوترێت ئێوە. ئەگینا سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەرە باڵاکانی گەورەترین کۆمپانیاکان بە ناوی خۆیانەوە بانگدەکرێن و بەکارهێنانی دەربڕینی “ئێوە” وەک سووکایەتییەک سەرنجدەدرێ.
بەلام بەوەی هێشتا، نموونەکانم لە سویددا دەسوڕێتەوە، باشترە نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش لەمێژووی سوید بهێنمەوە کە پەیوەندی بە باسەکەمانەوە هەیە.

ڕیفۆرمی “تۆ”

لە مانگی حەوتی ١٩٦٧دا، “بروور ڕێکسێد” دەبێتە بەڕێوەبەری باڵای یەکێک لە دەستگا گەورە دەوڵەتییەکانی سوید و لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ کرێکار و کارمەندانی ئەو دەستگایەدا، بانگەوازی هەموان دەکات کە بە “بروور” بانگی بکەن و هەرچی ناونیشانی سەرکار هەیە، وەلا بنرێت.
سەیر ئەوەیە: سکرتێرەی یەکەم برگیتا و بەرێوەبەری بەشی ژمێریاری پاتریک و سەرۆکی بەشی تەلەفۆنات ناوی بەکارهاتووی سەرکاری ڕۆژانەی کارمەندانی نەک هەر ئەم شوێنە، بەڵکو زۆربەی شوێنی کارەکانی دیکەی سوید بوو لەو زەمەنەدا. واتا هیچ کەسێک بە ناوی خۆیەوە بانگنەدەکرا و ناونیشانی وەزیفەکە دەخرایە پێش ناوی کارمەند یان کرێکار.

لەسەر کاردا، ئینسان نەیدەتوانی و ئاسان نەبوو یەکتری بە تۆ و ناوی خۆیەوە بانگبکات. ئەوەی بروور ڕێکسید دەیکات ئەوەیە کە ئەو لەگەڵ کارمەندەکانی خۆیدا دەبێتەوە بە بروور و بە ناوی خۆیەوە بانگدەکرێت.
بە کوردییەکەی: تۆ لە ئاسیا سێڵدا کارمەندی پرسگە بیت و بە فاروقی مەلاموستەفا بڵێێ: فاروق. بە بێ جەناب و کاک فاروق و قوربان و هەموو ئەو دەستەواژانەی لە مێشکدا هەن.

مێرتا نوردنفێلت کە کارمەندی دەستگاکەی بروور ڕیکسێدە دەڵێ: من لە ئاخاوتن لەگەڵ دایک و باوکمدا، تۆم بەکارنەدەهێنا و بە دایە و بابە بانگم دەکردن. بە دایک و باوکی هاوڕێکانیشم دەوت: پوورێ یان مامە.
بەڵام بۆ ئاخاوتن لەگەڵ کارمەندانی دەستگاکەدا، لیستی درێژی ناو و مەقام هەبوو کە نەدەکرا هەڵەی تیادا بکرێت. بۆیە کاتێک قسە لە گەشەکردن بەکارهێنانی “تۆ”وە دەکرێت لە سویددا، بروور ڕێکسێد، وەک یەکێك لە فیگورە تایبەتییەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە سەرنج دەدرێت و شانسی ئەوەی پێدەدرێت لە پەیوەند بەوەی کە کاتێک ناوی ڕیفۆرمی تۆ دەهێنرێت، ناوی ئەویش دێتە پێش.
بە کورتییەکەی: ڕیفۆرمی تۆ، ئەو چاکسازییە زمانەوانییەیە کە لە سویددا ئەنجامدەدرێت و لە ئاخاوتنی ئینسانەکاندا تۆ جێگای ناونیشان و ئێوە و پێشگرو پاشگرەکانی دیکە دەگرێتەوە.

پڕۆفیسۆری زمانەکانی باکوور، “ئوللێ یوسفسۆن” لە دانشگای ستۆکهۆڵم دەڵێ: دوو سەرچاوەی گەورە لە پشت پەرەسەندنی ریفۆرمی تۆوەیە لە سوید.
یەکەمیان: گەشەی دیموکراسی و یەکسانیخوازی کە لە کۆتایی شەستەکانی ئەوروپادا لە پەرەگرتنی خۆیدا بوو بە هۆی بزووتنەوەی ٦٨ وە، دووەمیشیان: کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی دێیە بەرەو شارەکان کە بە ئۆربانیزەیشن ناودەبرێت.

لە دۆخی یەکەمیاندا، گەشەی بیروباوەڕی یەکسانیخوازی ئینسان دەخاتەوە مەرکەز و ناو و ناونیشانەکانی لێدەکاتەوە و دەکرێتەوە بە خۆ. کۆششێک بۆ سەرنجدان لە ئینسان وەک ئەوەی هەیە بێ ئەوەی بەرزی و نزمییە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگای چینایەتی، لە ماهیەتی ئینسان کەمبکاتەوە. لانی کەم لە زمانی ئاخاوتنی رۆژانەدا.
لە دۆخی دووەمیشیاندا، کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکی دێ بۆ شار، جۆرێک لە پێکەوەژیانی قورستری هێنایە پێش کە ئاسان نەبوو بۆ خەلکی تازەی شارەکان ئەو هەموو ناو و ناونیشانە زۆرانە لەبەرکەن و لە کاتی ئاخاوتندا ڕیعایەتی بکەن.

لە دێهاتدا، بە هۆی بەرتەسکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زانینی ناو و ناونیشانەکانەوە دەکرا بزانرێت کێ کچی کێەو ئامۆزای ئاغا کێە و سەپانی ماڵی فلانە کەس ناوی چییە.

لە زۆربوونی دەمووچاوەکان و قەڵەباڵغبوونی شارەکاندا، ئیمکانی پەیڕەویکردن لە کۆد و کولتوورێکی زمانەوانی بەمجۆرەی کە لە دێهاتدا هەبوو، یان پلەو مەقامە جۆراوجۆرەکانی کۆمەلگای چینایەتی و بازاڕێکی قەلەباڵغتر هێنابوویە پێش، کارێکی ئاسان نەبوو.

کۆمەلگای کوردی و تۆ

نەبوونەوەی مامۆستا سەردار بە سەردار و دوکتۆر مەحمود بە مەحمود و عالییەخان بە عالییە، بەرلەوەی نیشاندانی کۆد و کولتووری کۆمەلگا بێت کە ڕێز سەرتاپای تەنیوە، ئاماژەی ونبوونی تاکێکە کە دەبوایە بە ناو و ناونیشانی خۆیەوە دەرکەوێت.
بانگکردن و ناونیشانەکانی سەرەوە، بەرلەوەی حەکایەتی ڕیزداری کۆمەلگایەکمان بۆ بگێڕێتەوە، چیرۆکی ئەو زیندانەیە کە بە ناوی ڕێزەوە لە دەوری تاک دانراوە. بۆ ئەوەی تاکیش ببێتەوە بە خاوەنی خۆ، دەبێ لە کۆت و پێوەندەکانی ئەم جۆرە ڕێزە خۆی رزگاربکات.
لەم ناو و ناونیشان هێنانەدا، ڕێز ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی تاک نەتوانێ وەک خۆی دەرکەوێت.

لە دایکنەبوونی تاک لە کۆمەلگای کوردیدا، دەکرێ لە دەیەها شکڵی جۆراوجۆری کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خۆی نیشان بدات. پەردەکانی ڕێز کە ناو و ناونیشانەکانی دەوری ناوی داپۆشیوە، هیچ شتێک نییە، جگە لە کۆششێکی ئامانجدارانەی کۆنسیرڤاتیڤانە بۆ دەمپێداخستنی تاکێک کە ئیلهام لەخۆیەوە وەردەگرێت و دەکرێ تێروانینێکی تەواو ڕێزدارانەش بۆ ئاخاوتنی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیدا بدۆزێتەوە بێ ئەوەی دەم وچاو و ناوی ڕاستەقینەی خۆی ونبکات. واتا ڕێز لێرەیە تا ڕێ لە لەدایکبوونی تاکێک بگرێت کە دەکرێ پێناسێکی دیکە بۆ رێز بدۆزێتەوە بۆ ڕاگرتنی پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
خاڵێکی دیکە کە جێگای سەرنجە، پرۆسەی کۆچی دێیە بۆ شار کە وەک هۆکاری گرنگی پەرەسەندنی چەمکی “تۆ”ی بەرانبەر “ئێوە”یە لە شارەکاندا ئاماژەی پێدەدرێت. بە تایبەت لە دۆخی سویددا.

ئەم وێنەیە لە کوردستاندا تەواو پێچەوانەیە.

بە بیرم دێ، کاتێک دەربڕینی سوپاس دەبێتە وێردی سەرزاری خەڵکی شار، شەپۆلێک نوکتەی “لادێ”یانەی لەبەرانبەردا قوتدەکرێتەوە.
دەڵێن کابرایەک خەڵکی لادێ دێ بۆ شار و لە کاتی فرۆشتنی شتومەکەکانیدا، خەڵکی بەس سوپاسی دەکەن. لە ئێوارەدا کە دەچێتەوە بۆ دێ و لێیدەپرسن شتەکانی بە چەند فرۆشتووە، لە وەلامدا دەلێ: بەس سوپاسم وەرگرتووە.
با نموونەیەکی دی لە کۆششی شار لە کاتی بەریەککەوتنی خەلکی دێدا بێنمەوە. “بەڕێز” دەربڕینی خەڵکی شارەکانی کوردستانە لە ناوەراستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە. بەڕێز فەرموو، بەڕێز بەخێر بێت، بەڕێز چیتان دەوێ، هتد

کاتێک گەڕامەوە کوردستان و ئەم هەموو بەرێزفڕێدانەم لە ژیانی رۆژانەدا بینی، تووشی بیرکردنەوەیەکی سەیر بووم. چی دەبوو ئەگەر: فەرموو چیت دەوێ وەک خۆی بەکاربهێنرایە و بەڕێزی لە پێشەوە دانەنرایە، بێگوومان دەستەواژەی بەڕێز، جێگای ناوی کەسی کڕیار دەگرێتەوە.

ئەگەر دێهات بوایە، هەمووان ناوی یەکترییان دەزانی و بە مامۆستا فلانە کەس و حاجی عەلی و ئایشەخان جێگای پڕدەکرایەوە. بەلام بەوەی ئەم ئاخاوتنە لە شاردا ڕوودەدات و کەسی کڕیار نازانرێت کێیە، بەڕێز دێت و ڕزگارمان دەکات. ئاخر ناکڕێت ناوی هەموو کڕیارەکان بزانرێت. واتا بەڕێز بەرلەوەی نیشاندانی ڕێز بێت لەکەسێکی نەناسراو، ناوێکە و دێت و شوێنی ناو و ناونیشانی ڕاستەقینەی کڕیار دەگرێتەوە.
ئەوەی کە ئینسان لە سویددا بە تۆ و ناوی خۆیەوە لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ بەرانبەردا ئاخاوتندەکات، ئاسناکردنەوەی ئاخاوتن و لابردنی ڕیگرییە کولتووری و چینایەتییەکانە و بوونەوەی ئینسانە بە خۆی.

لە دۆخی سوپاس و بەڕێزی شارەکانی کوردستاندا، ‌هێندەی شار بەم دەربڕین و دەستەواژانەوە خەریکی خۆجیاکردنەوەیە لە دێهات، هێندە بەشوێن دروستکردنی تاکێکی ئازادەوە نییە کە شار دەبوایە لە گەورەکردن و پێگەیاندنیدا، لانکەیەکی گرنگ بوایە. بەڵکو هێشتاش بە چەک وکەرەستەکانی زمانی “لادێ”وە، خەریکی خۆجیاکردنەوەیەتی لە دێ.

بە زمانێکی دی: ئەگەر لە دیهاتدا، ناو و ناونیشانەکان دیارن و دەزانرێ کێن و پلەو مەقامەکان و سنوورەکانی ڕێز و بێڕێزی لە زمان و پراکتیکەکانی دیکەی ڕۆژانەدا بە زەقی خۆیان نیشاندەدەن، ئەوا لە کاتی قەڵەباڵغی شارەکاندا ناکرێ پەیڕەوی لەهەمان کۆد و کولتووری زمانەوانی بکرێت و قسەبکرێت.
بۆیە بەکارهێنانی بەڕێز لە زمانی شارەکانی کوردستاندا، هیچ نییە جگە لە وەرگرتنی کولتووری ڕێزی دێ و گواستنەوەی بۆ ئاخاوتنی ناو شار لە دۆخێکدا کە دەموچاوەکان نادیارترن و دەکرا ببنەوە بە خۆیان و لەو هەموو کۆدە کولتووریی و چینایەتییەیانەی دێ ڕزگاربکرانایە، پرۆسەیەک کە لەگەڵ گەشەی زۆربەی شارەکاندا بینراوە و لە دۆخی کوردستاندا تەواو پێچەوانە دەبێتەوە.

بێگومان ئەم دۆخە لەوە دەچێت کە دێ و کولتووری دێ شار لووشدەدات و بە هەمان پێوەرەکانی دێهاتەوە ئاخاوتن ئەنجامدەدرێت. بە تایبەت لە کاتێکدا کە تۆ لە ئاخاوتندا وندەبێت و ناوو ناونیشانەکان جێگای تۆ دەگرنەوە.
ئەگەر هۆکاری کۆچی دێ بۆ ناوشارەکان لە دۆخی سویددا بەڕێوەبەری قوتابخانە دەکات بە “ویلیام”ێک و تایتڵی کارەکەی لێدەکاتەوە، ئەوا لە زمانی کوردیدا، نەک هەر نایکاتەوە بە “مودیری قوتابخانە”، بەڵکو ناونیشانی “بەڕێز مودیری قوتابخانە”ی پێدەبەخشێت و دەیکات بە کائینێک کە هەموو شتێکە خۆی نەبێت بە ناوی خۆوە.

بێگومان ونبوونی تێڕوانینێکی یەکسانیخوازانە بۆ کەمڕەنگکردنەوەی کاریگەرییەکانی کۆمەلگای چینایەتی و تێروانینێکی دیموکراتی ساغ و سەلیم لە کۆمەلگادا بۆ ئینسان، کولتووری بانگنەکردن بە “تۆ”ی لە کۆمەلگای کوردیدا هێندەی دی، لاوازتر کردووە. ئەگەر گەشەی دیموکراسی و تەشەنەکردنی بیروباوەڕی یەکسانیخوازانە هۆکارێکی دیکەی گەشەی ریفۆرمی تۆی کۆمەلگای سویدە، ئەوە لە کۆمەلگای کوردیدا، بە زەقی غیابی ئەم لایەنە هەستپێدەکرێت.

* بروانە گۆڤاری پوبلیکت Publikt گۆڤاری یەکێتی کارمەندانی دەولەتی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٧




ئەبوشوارب و نادر ئاوێنە و واحیدی عەلینەژاد … بەکر ئەحمەد

برادەرێکم لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا نیازی گەرانەوەی کوردستانی لەسەردا بوو. چوار سالێک دەبوو گەیشتبووە دەرەوەی وڵات و خوازیاری سەردانەوەی کەس وکاری بوو. ئەم ئارەزووە بەهێزە بۆ شادبوونەوە بە ئاشنا و ناسیاو، هەمیشە تێکەلێک لە ئارەزووی نەگەڕانەوەیشی تێدا دروستدەکرد. ئاخر دەبوایە بەسەر و سمێلێکی پاک تاشراوەوە بگەڕێتەوە. یان دەبوایە چاوەڕێ بکات تا سەرورێش درێژدەبێتەوە و دەبێتەوە بە کاک فڵان کەسەکەی جاران. ئەو هەر تەنها یەک کاک فلان بوو، بەڵام بە سمێڵەوە کەسێک و بە بێ سمێڵ کەسێکی دیکە. ئەوەی کە ئینسانێک دەکرێ دوو کەسایەتی بۆ دروست بکرێت و سەرنجی جیاوازی لێبدرێت، جێگاوڕێگای سمێلە لە کەش و هەوا کولتوورییەکانی ژیانی ئەم برادەرەدا.
لە ئەوروپا، ئەوەی باشترین و پیاوترین پیاو بێت، سمێڵی نییە. لە کوردستانیش ئەوەی سمێڵی نەبێ، پیاو نییە. نەک بە پێوەرەکانی هەموو زەمەنەکان، بەلکو تا رۆژگاررێکی درێژ، سمێڵ و بیسمێڵی سنوورەکانی پیاوبوون و پیاونەبونییان تۆخدەکردەوە. ئەگەرچی دەرویشەکانی کوردستان قژدرێژ بوون و کەسێک گوومانی لە پیاونەبوونی ئەوان نەدەکرد و نەشکراوە، بەلام هەمان قژهیشتنەوە بۆ پیاوی دی، لوولەی جنێوەکانی دیسکو و خەنافس و لاجانگشۆری تێدەکرا.

بیرم دێ یەکەم جار کە سمێڵم تاشی، هەستمدەکرد کارێکی هەتا بڵێی قورس ئەنجامدەدەم. تا هەفتەیەکیش بەر سمێڵم هێندە نەرم دەهاتە بەر زمان کە حەزمدەکرد هەمیشە گازی لێبگرم. لە مۆسکۆ بوو سمێڵم تاشی. ئەگەر لە کوردوستان بوومایە، دەبوایە وەک کوڕی کابرای خاوەنماڵەکەی گاورانمان بە شەوان و بەیانیانی زوو بێمەدەر کە کەس بە کووچە و کۆڵانەوە نەبوو.
ئەم درێژدادڕییەی من لەسەر سمێل و سمێڵداری و نەداری ئەو، جێگایەکی تایبەتی داگیردەکات لە پرۆسەی سەرنجدان لەو مۆدێلی نێرینەییەی یان پیاوێتییەی کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بوونی هەیە. پرسیارێک کە تا ئێستا لەسەرڕاوەستانێکی قووڵی بۆ نەکراوە. بۆ ئەم مەبەستە، لێکۆڵینەوەکانی سۆسیۆلۆگی ئوستراڵی Raywen Conell و شیکردنەوەکانی ئەو لەسەر چەمکی جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی، ناکرێ سەرەتای دەستپێکی باسەکە نەبێت.

ئەم جۆرە لە لێکۆڵینەوە، بە لێکۆڵینەوەکان لە پیاو ناسراوە و لە ناو زانستەکانی فێمێنیزمدا جێگای تایبەتی هەیە لە پرسیارەکانی یەکسانیدا. ئاخر قسەیەک هەیە دەلێ: فێمێنیزم هێندە لە ژن ورددەبێتەوە تا وای لێدێ پیاو نەبێنێت. لێکۆڵینەوەکان لە پیاو، کۆششێکە بۆ فراوانکردنەوەی تێگەیشتن لە پرسیارەکانی یەکسانی.
ئەم پەتای نەبینینی پیاوە هەر بزووتنەوە یەکسانیخوازەکانی ئەوروپای نەگرتبووەوە، بەلکو لە کوردستانی عێراقدا کە ژنکوژی لە نەوەدەکانەوە بە جینۆسایدێکی رەگەزیی نزیکدەبێتەوە، نێرینەیی ئینسانی کورد ناخرێتە ناو هاوکیشەکانی یەکسانییەوە و هیچ خوێندنەوەیەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم نێرە ژنکوژە ناکرێ و وەلامی ئەو پرسیارە نادرێتەوە کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستان چۆن دروستکرواوە و چۆنیش بەرهەمدەهێنرێتەوە. بۆیەش لەم دۆزەخەدا کە پیاو بۆ ژنانی دروستکردووە، پیاو لە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی یەکسانیخوازیدا، بە تەواوەتی ونە.
بێگوومان پرسیاری من لەسەر تاوانبارکردنی پیاو نییە وەک کەسێک و دانانی نێرینەیی پیاوی کورد نییە لە قەفەسی تاوانباریدا، بەڵکو ئەم جۆرە لە نێرینەیی، زادەی ڕژێمێکی جەندەری کۆمەلگای کوردییە کە لە ناو دامەزراوە و سترەکچەرە بەناو یەکسانەکانیشدا توانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ماشێنە ژنکوژەی هەیە. بەڵکوو کۆششێکە بۆ بینینی ئەو کائینەی کە بەشێکی گرنگی پرسیارەکانی کۆمەلگای لەسەر شانەو ناکرێ بخرێتە دەرەوەی بازنەکانی ئەم هاوکێشەیە.
جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لای کۆنێل

کۆنێل قسە لەسەر ماسکۆلێنیتی و فێمینیتی دەکات کە وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی کارێکی ئاسان نییە. لە قامووسی عەرەبیدا ماسکۆلێنیتی بە الذکورە وەرگێردراوە. لە فارسیدا بە نرینگی. لە سویدیدا، هەم نێرینەیی و هەم پیاوێتی بەکارهێنراوە.
بۆیە منیش لەم سەرەگێژییەی وەرگێران و هەژاری زمانە زانستییەکان لە زمانی کوردیدا، یان لە بێ توانایی خۆم بۆ خۆماندووکردنێکی زیاتر بۆ ئەوەی بابەتێکی سەرکەوتووانەتر پیشکەش بکەم، ناچارم دەست بە داوێنی نێرینەیی و پیاوێتییەوە بگرم بۆ وەرگێرانی چەمکی ماسکۆلێنیتی.
بۆ کۆنێڵ کە تێروانینێکی کۆنسترۆکتیڤیستی هەیە لە لێکۆڵینەوەکانیدا، “نێرینەیی و مێینەیی لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا و لە ناو سترەکچەری رژێمی جەندری کۆمەلگادا مانا پەیدا دەکەن”. واتا ناکرێ بە جیا سەرنج لە هیچ کامێکیان بدەیت و ئەوان لە بەرانبەر یەکدا و لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا دەخوێنرێنەوە. هاوکات کۆنێل پێیوایە کە رژێمی جەندەری خۆرئاوا، لەسەر پەیوەندییەکی دەسەلات ڕاگیراوە کە سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن بناغەکەیەتی. واتا سەردەستەیی و ژێردەستەیی ئەو نایەکسانییەی دەسەلاتە لە نێوان رەگەزەکاندا. کۆنێل پێیوایە کە رژیمی جەندەر هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ سترکچەرەکانی دیکەی وەک چین و ئەتنیەت و سێکسوالێتیتدا. بۆ نموونە ژنبوونی کارەکەرێکی ئەسیوپی هەژار، کە پێستی ڕەشە لە ناو رژێمی جەندەری کوردەواریدا، هێندەی دی ژێردەستەیی ئەو قوڵتردەکاتەوە لەبەرانبەر هەمان ژنی ژێردەستەی کورددا چەند پلەیەک لە خوارترەوەیە. بۆیەش ناکرێ قسە لە جۆرێک لە مێینەیی یان ژنێتی بکرێت لە کۆمەلگای کوردستاندا. ئەم تێروانینە بە هەمان شێوە دروستە لە پەیوەند بەو هەمەڕەنگییەی کە نێرینەیی هەیەتی لە کۆمەلگادا. بۆیە کۆنێل قسە لەسەر جۆرەکانی نێرینەیی دەکات لە کۆمەلگادا.
لای کۆنێڵ باشترە ئینسان لە جیاوازییەکانی نێوان نێرینییەکان یان پیاوێتییەکان وردنەبێتەوە بەڵکو سەرنجی بچێتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لە دەرئەنجامدا کۆنێل ئاماژە بە کۆمەلێک پەیوەندی نێوان نێرینەییەکان یان پیاوێتییەکان دەکات کە بریتین لە: نێرینەییەکی هەژمووندار، نێرینەییەکی ژێردەستە، نێرینەییەکی بەشداریکەر و لە کۆتاییشدا، نێرینەییەکی لەپەڕاوێزخراو.
ئەم پەیوەندییە جۆراوجۆرانەی نێرینەیی، خوڵقێنەری ڕژێمی جەندەری خۆرئاوا پێکدەهێنێ. من پێموایە، لە رژیمە جەندەرەکانی خۆرهەلاتیشدا جیاوازییەکی زۆر بنەڕەتی لەگەڵ ئەم پەیوەندییانەی نێوان جۆرەکانی نێرینەییدا نییە و دەکرێ لە هەندێک پراکتیکی بچووکدا لەیەک دووربکەونەوە.
با سەرنجێکی کورت لەو دابەشکرنەی نێرینەیی بدەین کە لای کۆنێل لە ناو رژێمی جەندەری خۆرئاوادا دەبینرێت.

یەکەم: نیرینەیی هەژمووندار.

کۆنێل چەمکی هیگێمۆنی لە گرامشییەوە وەردەگرێت و بە هەمان مانا بەکاریدەهێنێت. ئەو پێیوایە کە نێرینەیی لە دەوری چەمکی هێگێمۆنی یان کە لە زمانی کوردیدا کەڵک لە فارسییەکەی وەرگیراوە و وەک هەژموونی وەرگێردراوە، دروستکراوە. نێرینەیی هەژمووندار بە کۆمەڵێک بەها و تایبەتمەندێتی سروشتی و سادە و پۆزەتیڤ نەخشێنراوە کە جێگایەکی باڵای دەداتێ و دەبێتە ئامانجێک کە نێرینە دەبێ پێیبگات. بەڵام ئەم نێرینەییە هەژمووندارە لە هەموو ئان و زەمانێکدا دەستنیشانکەری ئەوە نییە کە نیرێنەیی دەبێ چۆن بێت. بەلکوو ئەم جۆرە لە نێرینەیی بە پێی شوێن و ژینگە کولتوریی و کۆمەلایەتییەکەی دەگۆڕدرێت. ئەم جۆرە لە نیرێنەیی هەمیشە بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای بەرز و پۆزەتیڤ کە وا دەکات وەک ئایدیالێک بمێنێتەوە کە نێرینەکان چاویلێبکەن ئەگەر نەشتوانن لەو بچن. بۆیە هەژموونی لای کۆنێل بە گەرانەوە بۆ گرامشی: واتا ئاماژەدان بەو دینامیکە کولتوررییەی کە وا دەکات گروپێک جیگاو رێگایەکی لە پێشەوەیی و رابەری لە ژیانی کۆمەلگادا داگیربکات.

لە باری کولتورییەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە جۆرەکانی نێرینەیی بالادەست دەردەکەوێت لە چاو ئەوانی دیکەدا. ڕەنگە وێنەی مامۆستا لە کۆمەلگای کوردیدا، نیشاندەری ئەم جۆرە لە نێرینەیی بووبێت لە رۆژگارێکدا. دواتر پێشمەرگە جێیدەگرێتەوە و هەتا دوایی. بە زمانی کۆنێل: نێرینەیی هەژمووندار تێکەلێک لە پراکتیکی جەندەرییە کە ناوەرۆکەکەی وەڵامدەرەوەی پرسیاری شەرعییەتی سیستەمی پاتریارکە. بە کوردییەکەی: کاتێک فێمینیزم دەیەوێت لە نێرینەیی بالادەست حەکایەتێکی دیکە دروست بکات و ئایدیالێکی دیکەی لێبێنێتە دەر لە سویددا، بۆ نموونە نیرینەییەکی ئایدیاڵ بۆ فێمێنیزمی سوید کەسێکە کە رۆژەکانی مەرەخەسی دایکانە بە قەد دایک وەردەگرێت و لە هەموو ئەو پراکتیکانەدا کە بە پراکتێکی مێییانەوە لەقەلەمدەدرێت چالاکانە کاردەکات. ئەم پراکتیکە جەندەرییەی کە فێمێنیزم دەیەویت لە دەوری نیرینەییەکی ئەلتەرناتیڤ دروستی بکات، دەبێ هەمیشە بکەوێتەوە بەر پەلاماری ئەو نێرینەییەی کە شەرعیەتی پاتریارک رادەگرێت و دەیخاتەوە شوێنی خۆی. یانی باوکێک کە مەرەخەسی دایکانە دەداتەوە دەستی دایک و پێیوایە کە وەزیفەی دایکانە لای منداڵ بمێننەوە.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەمیشە ئەو کەسانەی کە هەلگری پەیامی نێرینەییەکی هەژمووندارن و بەرهەمهێنەرەوەی ئەم پەیامەن، مەرج نییە خۆیان خاوەن دەسەلاتە گەورەکانی کۆمەلگا بن و مەقاماتی بەرزییان هەبێت.
بەلام هەژموونیش تەنها کاتێک دەخوڵقێنرێت کە: پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان ئایدیالێکی کولتووری و دەسەلاتێکی ئەنستیۆتیتدا. قارەمانێتی ژنان و کچانی کورد لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاڤا، وێنەی ئایدیاڵی نیرینەیی ئینسانی کورد دەخاتە ژێر پرسیار بە تایبەت لە جومگەکانی ئازایەتی و کونلەجەرگدانەبوونی نیرینەی ئینسانی کورددا و ئازایەتی مێیینەیی کورد دەخاتە شوینێ. بەڵام هێشتاش لە بارە گرنگەکەی دەسەلاتی سەربازیدا، تەواوی جومگەکانی سەربازی کوردی، هەر نیرانەیە.

پەیوەندی دووەم، نێرینەییەکی بەشدار

ئەم جۆرە لە نێرینەیی ئەو لەشکرە گەورە لە پیاوانی چالاک و کارا دەگرێتەوە کە ناتوانێت وەک نێرینەییەکی هەژمووندار بژی و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو لە خۆیدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەجێندای نێرینەیی هەژموونیداری پێ قبووڵە و لە هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداردا چالاکانە لە بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژندا کاردەکات.
بە پێی دابەشکردنەکەی کۆنێل، زۆربەی پیاوان دەکەونە ناو سنوورەکانی ئەم بازنەیەوە. کەسێک کە دیفاعکەرێکی سەرسەختی یەکسانی نێوان رەگەزەکانە، دەکرێ قازانچ لەوە بەرێت کە کرێ لە نێوان ژن و پیاودا جیاوازە و ئەوی پیاو سوودمەندی ئەم نایەکسانییەی کرێ بێ کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازەکان بەرهەمی دەهێنێتەوە.
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، بەشداربوویەکی پاسیڤی هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژمووندارە کە بێئەوەی بەرژەوەندی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە راگرتنی سیستەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەگەر نێرینەییەکی هەژموونداری کۆمەلگا لە هێشتنەوەی تەڵاق لە دەستی پیاودا شەو و ڕۆژ خەریکی بانگەوازی ئایینی و قانونی خۆیەتی، ئەوا لەشکری بێدەنگی پیاوانی زۆری کۆمەلگا لە بەرانبەر ئەم پرسیارەدا، ئەوان دەکاتە شەریکێکی گەورەی هێشتنەوەی ئەم مافە لە دەستی پیاودا و خۆیشیان دەبنە قازانجکەرێکی باشی ئەم دۆخە چونکە پایەکانی سیستەمی جەندەر وەک خۆی دەهێڵێتەوە.

نێرینەییەکی ژێردەستە

وەک لە پێناسەکەی پێشەوە لەسەر هەژموونی ئاماژەی پێدرا، هەژموونی بە مانای سەردەستەیی کولتورییە لە کۆمەلگادا بە گشتی. لە ناو ئەم چوارچێوە کولتورییەدا، یاسا و رێسای جەندەری هەیە کە لەسەر چەمکەکانی سەردەستەیی و ژێردەستەی راگیراوە.
لە ناو کولتوری خۆرئاوادا، ئەم سەردەستەیە کولتورییەی نێرینەیی هەژمووندار، لەسەر بالادەستی نۆرمی هیترۆسێکسوالێتی پیاو و ژێردەستەی پیاوانی هۆمۆسێکسوال ڕاگیراوە.
ئەو نێرینەییە هەژمووندارەی کە لە کۆمەلگادا وەک نۆرمێک و ئایدیالێک سەرنجی لێدەدرێت، هەمیشە پیاویکی هێترۆسیکسوێلە. لە بەرانبەردا، هەمیشە دژە وێنەیەک ئامادەیی هەیە کە تەواوی ئەو خەسڵەتانەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە کە لە نێرینەییەکی هەژموونداردا بوونی نییە. هۆمۆسیکسوێل هەلگری جۆرێک لە نێرینەییە کە لە پلەو پایەیەکی زۆر لە خوارترەوەی پەیوەندییەکانی نێرینەییدا قەراردەگرێت. ئەگەر زەربەیەک بەر پەیکەری نێرینەییەکی هەژمووندار کەوتبێت و نۆرم و بەها کولتورییەکانی نێرینەی هەژمووندار خرابێتە ژێر پرسیار، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانی کۆمەلگاوە لێیدراوە. ئەوە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانە کە بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و پەنتاگۆن فەرزدەکات کە ئینسان ئەگەر هۆمۆش بێت دەکرێ سەربازێک و جەنگاوەرێکی ئازا بێت لە جەنگدا. ئەو ڕیگرییە کولتوری و یاساییانەی لە بەرانبەر هۆمۆکاندا دادەنرێن تا لە مەقامە بالاکانی سەبازیدا وەرنەگیرێن و وردە وردە خەریکە سامیان دەرەوێتەوە، بەشێکی گرنگی بە هۆی سەرسەختی خەبات و لەسەرپێڕاوەستاوی بزووتنەوەی هۆمۆکانە کە مانایەکی دیکە بە نێرینەیی دەدات و لەو چەمکە هەژمووندارەی نێرینەیی هەژموونداری دەستێنێتەوە و مانایەکی دیکەی ئینسانی پێدەبەخشێت. پیاو دەکرێ جەنگاوەرێکی ئازا بێت و بێ ئەوەی سەرنج بچێتە سەر ئەوەی کە ئارەزووی سیکسی ئەو بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، ڕووی لە پیاوە یان لە ژن، یان لە هەردووکیان.

ئەگەر بەهاو نۆرمەکانی نێرینەییەکی هەژمووندار ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نێرینەیی لەبەرانبەردا قووتدەکرێتەوە، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسێکسوالەکانەوە دێت و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەم نۆرم و بەها کولتورییانەی نێرینەیی هەژمووندار خۆی فەرزدەکات.
بەلام ئەوا تەنها هۆمۆکان نین کە لە پلەیەکی زۆرخوارەوەی دەسەلاتدا لە بەرانبەر نێرینەیی هەژموونداردا قەراریان گرتوەوە، بەلکە جۆرەها ناو و ڕوخساری دیکەی نێرینەیی هەیە کە هەمان چارەنووسی هۆمۆکانی کۆمەلگایان هەیە و لە خوارەوەی پەیژەی نێرینەیی کۆمەلگادان. پیاوانی ترسنۆک، پیاوانی دەنگناسک، بەچکە دەوڵەمەندی بە نەستەلە بەخێوکراو، پیاوانی لووسکەلە، پیاوانی زیرەک کە بەس خوێندن دەزانن و هیچی دی، هەر هەموو ئەم کاتیگۆرییە جۆراوجۆرانەیش کە نێرن، دەکرێنە دەرەوەی نێرینەییەکی هەژمووندار و لەوێن تا نێرینەیی هەژمووندار رەوایەت بە حەکایەتی بالادەستی خۆی بدات و خۆی بەرهەمبێنێتەوە.

نێرینەیی لەپەڕاوێزخراو

کۆنێل باس لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەروونیەکانی ناو سیستەمی جەندەری خۆرئاوا دەکات و نێرینەیی هەژمووندار، بەشدار و ژێردەستە لە پەیوەندییەکی چالاکانەی پێکەوەییدا دەبینێت، بەلام سیستەمەکانی دیکەی کۆمەلگا لە گەڵ سیستەمی جەندەردا لە کار و کاردانەوەیەکی هەمیشەییدان و یەکتر ڕەنگڕێژدەکەن.
هەر بۆیەش پەیوەندی نێوان سیستەمی جەندەر و سیستەمی ڕەگەز، سیستەمی چین، جۆرێکی دیکە لە پەیوەندی نیرینەیی دەخوڵقێنێ کە بە نیرینەیی لە پەڕاوێزخراو دەناسرێت.
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، نێرینەییەکی هەژمووندار، ڕەنگێکی هەیە کە نێرینەییەکی سپییە. بۆیە نێرینەییەکی ڕەش هەمیشە لە پەراوێزی نێرینەیی هەژموونداردایە و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وەردەگرێت، کە دژە وێنەی نیرینەیی هەژمووندارن. کاتێکیش نێرینەیی ڕەشپێستێکی ئەمریکی کە وەک قارەمانێکی وەرزشی دەکەوێتە سەرەوەی نێرینەییەکان، ئەوا ئەم جۆرە لە نموونەی نێرینەییەکی ڕەشی سەرکەوتوو، بەهایەکی زیاتر دەخاتە سەر بەها نێرینەییەکانی سپی وەک جەربەزەیی و تواناییەکی فیزیکی بەرز کە نموونەی نێرینەیی خۆی پێدەباتە سەر. کەچی هاوکات پیاوانی ڕەش دەکاتە هێمای لاقەکردن و لە سیاسەتی سیکسوالێتی کۆمەلگادا کەلکی لێوەردەگرێت.
لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا، نێرینەییەک کە کرێکارێکی بەنگلادیشی و شەبەک و کرێکارێکی عەرەب نوێنەرایەتی دەکەن، نموونەی زیندووی ئەو نێرینەییە لە پەڕاوێزخراوەیە کە هاوشانی نێرینەی رەشپێشتەکانە لە مەملەکەتی سپییاندا.

کۆمەلگای کوردستان و مۆدێلی کۆنێل

بە بڕوای من ئەگەرچی هەر کۆمەلگایەک سیستەمی جەندەری خۆی هەیە، بەلام هێشتاش رژێمێکی جەندەری جیهانی هەیە کە تەواوی ئەم سیستەمە جەندەرییانەی لە خۆیدا هەلگرتووە. کاپیتالیزمێکی خۆرهەلاتی، ئەگەر چەمکێکی واهی بوونی هەبێت، تەنها بەبوونی کاردابەشکردنی کاپیتالیستییانەی جیهانییەوە دەکرێ بوونی هەبێ. بۆیەش لە پاڵ هەر جوداییەک و لێکنەچوونێکی کە دەکرێ لە نێوان سیستەمی جەندەری خۆرئاوا و خۆرهەلاتدا هەبیت، هیشتاش پەیوەندییە جەندەرییەکانی کە پەیوەندی نێرینەییەکان ڕێکدەخات، بەهەمان ناوەرۆکی خۆیەوە لە خۆرهەلاتدا کاردەکات. بەبوونی کۆمەڵێک جوداییەوە کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێت.
ئەو سیستەمە جەندەرییەی کە نێرینەیی کوردی لەناو خۆیدا لەقاڵبداوە، نەکەوتووەتە بەر پەلامارێکی توندی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی کۆمەلگاوە. تا بەمرۆژەوە حسابکرێت، شەڕی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستاندا، شەرە بۆ مانەوەی مێیینەی کورد، نەک بۆ فراونکردنی مافەکانی. بە کوردییەکەی شەرە لەسەر مافی ژیان نەک ئەوەی ژیان خۆی دەبێ چۆن بێت. تا ئێستاش بە جیا لە کەمێك دەستکەوتی کەمی شەرمئاوەر لە باری قانوونییەوە کە زیندانیکردنی پیاوی بکوژی نامووسییە، هیچ شتێک بەدەستنەهاتووە. بزووتنەوەی فێمینیزمی خۆرئاوا شەڕی مان و نەمانی ژن ناکات، بەلکو شەڕی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو ڕووبەرانەن کە سیستەمی جەندەری نێرپارێز داگیریکردوون و وردەوردە دەیداتەوە دەستی ژن. ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت لە دەستکاریکردنێکی بەئاگاهانەی بەشێکی زۆری ئەو بەهایانەدایە کە نێرینەییەکی هەژمووندار دەیەویت پیاوانە پێناسەیان بکات و فێمینیزمیش دەیەوێت مانایەکی دیکەی یەکسانیخوازانەی پێببەخشێت.

لە میژە لە خۆرئاوادا بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پیاوان لە کاردایە بۆ دووبارە پیناسەکردنەوەی پیاوبوون و نێرینەیی لە کۆمەلگادا کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بەتەواوەتی ونە.
لەپاڵ بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژناندا لە خۆرئاوادا، بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکان لە خستنەژێرپرسیاری نیرینەیی و پیاوبوون و بەشێکی زۆری جومگە گرنگەکانی نێرینەیی هەژمووندار، کاریگەرییەکی گەورەیان داناوە و پرسیاری یەکسانییان بە ئاستێکی دیکە گەیاندووە. بەلام زەربەیەکی گەورەشیان لەو ئایدیالە رسمی و نۆرمدارەی نێرینەیی کۆمەلگا داوە و کەلێنی گەورەیان تێخستووە و ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی پیاوبوون و نێرینەیی بوونیان پێشکەشکردووە.
لە کاتێکدا هۆمۆسێکسوالبوون لە کۆمەلگای ئێمەدا نەک هەر پرسیاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەلگا نییە، بەلکو ئەم پرسیارە لە جێی نەبووانە.
ئەو هۆمۆیانەی کە تا ئێستا لە کۆمەلگای کوردستاندا خاوەنی دەمووچاوی خۆیان بوون و هەموو شار و خەلک زانیوویانە کە فلانە کەس هۆمۆیە، تەنها وەک فیگۆرێکی شایەنی نووکتەلەسەرکردن توانیویانە بژین و توانای گۆڕینی هیچ ستراکتۆرێکی نێرینەییانەی کۆمەلگایان نەبووە. کەریمەزلە و عەباسی خانەقین و ڕەحیمی فلانە شاری کوردستان، لەسەر زاری خەلکن و یەک جومگەی بچووکی سیستەمی جەندەری کۆمەلگایان نەگۆڕیوە. نەک لەبەر ئەوەی نەیانویستووە، بەلکو خودی سیستەمی جەندەری کۆمەلگاش هێندە ڕێی بۆ کردوونەتەوە کە بە نووکتەبکرێن تا هەرەشەیەک لەسەر سیستەم پێکنەهێنن.

دوا وتە

بەڵام ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە نێرینەیی هەژموونداری کۆمەلگای کوردستاندا ڕووی نەداوە.
بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەنسمێڵێکی گەورەوە کە بە ئەبوشوارب دەکرێ ناوببرێت بۆ پیاوێکی بێسمێڵ و عەیبنەبوونی بێسمێڵی لە کۆمەلگای کوردستاندا لەمرۆکەدا ، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدیالبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە روخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێینەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێێ کولتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالیزەیشنی کۆمەلگای نوێ فەراهەمی کردووە نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نیربوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتیی و گاڵتەپێکردنەوە پێیان، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کولتۆرییە لە بەرانبەریاندا.

ئەم سەرچاوەیەی خوارەوە کە بناغەی لێکۆلینەوەکانی ماسکۆلێنیتییە وەک تاکە سەرچاوە بەکارهێنراوە.

R. W . Conell 2003, , Maskuliniteter , Daidalos AB

2017-04-17