پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کێ یە ..؟؟ … بەختیار نامیق

ڕێککەوتنامەی ستراتیژی ئەگەر چی ڕێککەوتنێکە ڕەگێکی مێژویی هەیە و درێژکراوەی ڕێککەوتنامەکانی تری مێژوی نێوان ئەنقەرە و تارانە ، دوو (والی) یان دو وەکیل ئەم وەکالەتە جیبەجێ دەکەن ، زۆنی زەرد وەکالەتی ئەنقەریە و زۆنی سەوز وەکالەتی تارانە ، لە بەشی ناوەندیشدا ئەم ڕێککەوتنە بە یەکسانی دابەشکردنی پۆستە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ، واتا پۆستەکان بە پێ ی قورسایی دەبێت هاوشانی یەکتری بن ، ئەم دابەشکاریە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە واتا لە وەزارەتە سیادیەکانەوە تا دەگاتە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی و خوارەوە تر بۆ ئاستی سەندیکاکان ، ئەگەر حیزبێکیش لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی هێنا بێت ( یەکگرتو کۆمەڵ .. و هتد) ئەوا بەشیان دراوە و تا ئاستێک پۆستەکانیان کارتۆنی بوە و هەر لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی و یەکێتیدا بوە ، ئەگەر حیزبێکیش زانیبێتیان بە پێچەوانەی بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنەوە بوە ئەوا بە هەمو هێزی میت و ئیتلاعات هەوڵیان داوە کە نەهێڵن گەورە بێێت ، ئەگەر چی هێزی ناوخۆی و دەنگدەریشی لەگەڵ بوبێت ، هەر بە ساختە کردن پارتی و یەکێتیان بردوەتە سەروی هەرەمەکە ، بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان کە دەیویست دەستکاری ئەم دابەشکاریە بکات و پاشکۆیەتی کۆتایی پێ بهێنێت و نەخشەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی هەڵبوەشێنێتەوە ، لە هەمو هەڵبژاردنەکاندا ئەگەر چی دەنگی زۆر گەورەی هێنا بێت ، ئەوا نەیان هێشتوە ببێت بە دەنگی یەکەم ، وەک هەڵبژاردنی پارێزگاکان هەر قاسمی سلێمانی خۆی کرد بە سلێمانیدا کە ١٢ بە ١٢ کۆتاییان پێ هێنا هەموشمان دەزانین کە چۆن بو بە یەکێتیشەوە ، هەر لەسەر زاری بەرپرسەکانیانەوە بە ئاشکرا وتراوە ( سینی ئاڵتونی و یەک کورسی بێنن هەر لە هەرەمی دەستەڵاتدا دەبن ) مادام گۆڕان دەیوسیت دەستکاری نەخشەی ڕێککەوتنی ستراتیژی بکات ئەوا بە هەمو توانای ئەنقەرە و تارانەوە دژی دەوەستنەوە ، ئەگەر وردتری بکەینەوە لە بەرزترین پۆستەوە ئەوا سەرۆکی کۆماری عێراق بۆ یەکێتی بوە و لە باڵی دەست ڕۆیشتوی یەکێتی دانراوە ، هەمو خولەکان هەر بۆ یەکێتی بوە کێ دادەنێ ئارەزوی خۆیەتی ، لە بەرامبەردا پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی دەبێت و کێ دادەنێن ئارەزوی خۆیانە ، چەند خول دەمێنێتەوە و کێ دادەنێن هەر ئارەزوی پارتیە و دەبێت یەکێتی پشتگیری لێ بکات و یاسای بۆ دابتاشێ ، وەک بینیمان هەر وا بوە ، ئەڵبەت هەردو پۆستەکە ڕای یەکتر وەر دەگرن ، بۆ سەرۆکی کۆماری عێراق دەبێت یەکێ بێت بە دڵی یەکێتی و هەم پارتیش بێت ، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمیش هەر وا بوە ، واتا هەردوکیان ڕەزامەند بون لە بەرامبەر یەکتریدا وەک بینیمان لە ڕیفراندۆمیشدا کارئاسانیان بۆ پارتی کرد ( بەرهەم ساڵح کە خۆی کاندید کرد لەبەر ئەوەی خواست دو سەرەی لەسەر نەبو نەیتوانی ببێت بە سەرۆک کۆمار و ئێشتەش کە بەڵینی ئەو پۆستەیان پێداوە و خەریکە حیزب و ڕاگەیاندنەکەی دەپێچێتەوە دوبارە کڵاو دەکەنەوە سەری ) .

ئێستە پۆستی سەرۆکی هەرێم نەماوە و هەڵپسێراوە ، کاتێک یەکێتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات لەبەرامبەردا دەبێت چی بدات بە پارتی ، کە بنەماکانی (بەناو) ڕێککەوتننامەی ستراتیژیە ، کەواتە شەڕەکە لێروە دەست پێ دەکات ، پارتی بە پێ ی کورسی و قورسایی خۆی داوای ئەو پۆستە دەکات و یەکێتیش دەڵێ ئیستحقاقی خۆمە ، کە دەبێت یان سەرۆکایەتی هەرێم زیندو بکەنەوە و خولێکی تر بۆ بارزانی درێژ بکەنەوە (کە ئەمەش مەحاڵە هەر بارازنی خۆشی وازی لێهێناوە ، وازلێهێنانی دەرئەنجامی هەڵەی یەکێتی بوە لە بەرامبەر بنەماکانی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ) کەواتە ئەگەر یەکێتی نەتوانێت خولێکی تر بۆ بارازانی درێژ بکەنەوە ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە لە بەرامبەر سەرۆکی کۆماری عێراق کە ئیستحقاقی کوردە و لە ناو کوردیشدا بە پێ ی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ یەکێتیە چی پۆستێک بۆ پارتی دەبێت کە سەرۆکایەتی هەرێم نەماوە ، شەرەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە پارتی بە حوکمی کورسی زۆرینە ( ئەڵبەت هەردوکیان بە تەزویری ئیقلیمی ) دەڵێت دەبێت ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت چونکە سەرۆکی هەرێم نەماوە و یەکێتیش دەلێ نەخێر هی ئێمەیە ، ململانێکان لێرەوە دەست پێ دەکات یان دەبێت هەردوکیان یەکێک هەڵبژێرن کە هەم پارتی بێت و هەم یەکێتی بێت ، کە ئێستە دەنگۆی بەرهەم هەیە ، کە باڵی دەست ڕۆشتوی یەکێتی چارەی بەرهەمیان ناوێ مەگەر گوشاری پارتی ئەمەی پێ بکات ، کەواتە شەرکە نزیکە لە بونەوە ، کە پێم وا بێت هەردو بنەماڵە ئێستە بە دوای یەکێکدا دەگەڕین کە خواستی هەردو لایانی لەسەر بێت ، کە من پێم وایە دوا جار لە پارتی دەبێت و یەکێتیش قبوڵی دەکات لە بەرامبەر دانی وەزارەتێکی سیادیدا بە یەکێتی .




ئەمریکا و روسیا ، سوریا و عێراق ، کەرکوک و عەفرین بەرەو کوی ..؟ بەختیار نامیق

ئەگەر ڕوداوەکانی کەرکوک و عەفرین لەسەر ئاستی بەریەککەوتنە لۆکاڵیەکان بخوێنینەوە ئەوا دەکەوینە هەڵەیەکی قورس و جۆرێکە لە خلیسکێن بەسەر ڕوداوەکاندا ، ئەگەر نەتوانین ئەو هێزانە بدۆزینەوە کە لە پشتەوە ئاراستەی وەکیلەکانیان دەکەن ، کە دەکرێت لە نێوان هیزە گەورەکاندا بەرژەوەندی هاوبەش و بەرژەوەندی دژ بەیەک بدۆزینەوە ئەو کات دەتوانین بگەینە ئەنجامێک .
ئەمریکا و ڕوسیا دوو دژ و دوو دۆستن ، کە دەتوانین دژ بگۆڕین بە ململانێ و دۆستیش بگۆڕین بە هاوبەرژەوندی ، کە هەمو ئەمانە لەسەر دو ئاست ڕو دەدەن ، ئاستێکیان خۆیان دایرێکت لە ناو یاریەکەدان و ئاستێکیان بە وەکیلەکانیان دەیکەن ، وەکیلەکانیش دەزانن کە کارتن بەڵام ئەوانیش دەیانەوێت ببن بە کارتێک کە بەرژەوەندی خۆیانی تیا بێت ، سەرزمینی نمایشی ئەم شانۆیانە سەر زەمینی سوریایە و دەکرێت پشتی کەوالیش زۆر شوێنی تریش بگرێتەوە بەتایبەت یەمەن و لیبیا ، کە دەتوانین بە چەند هەنگاوێک جیای بکەینەوە .
• بەرژەوەندی هاوبەشی ڕوسیا و ئەمریکا ( دوو دۆست ).
1. لەسەر ئاستی چەکی ناوەکی هەردوکیان هاو بەرژەوەندین و لەبەردەم ترسێکی هاوبەشدان ، بە تایبەت کۆریای باکور.
2. لەسەر ئاستی عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیا هەردو لایان دەیانەوەێت هەمان نەخشەی سیاسی سایکس بیکۆ بێت و جۆرێک لە فیدڕاڵی هەبێت .
3. هەردوو لایان بەرژەوەندی گەورەیان هەیە لەگەڵ ئێران و بە جۆرێک لە جۆرەکان دژایەتی ئەمریکا بۆ ئێران لە چوارچێوەی ڕاگەیاندن زیاتر دەرناچێت ئەمەش سینارێوی نێوان خۆیانە .
4. هەردو لایان باشترین کارت بەدەستیانەوە کوردە لە عێراق و سوریا هەردولایان مامەڵە بەم کاڵا و کارتەوە دەکەن .
5. هەردولایان لە ڕوی جیوپۆلەتیکە و ڕێگای گواستنەوە وە تورکیا زۆر بە گرنگ دەزانن .
6. هەردو لایان دەیانەوەێت چی عێراق و چی سوریا وڵاتێکی یەکگرتو بێت و سیادەی پارێزراو بێت.
7. هەردو لایان چەک فرۆشن پێویستیان بە بازاڕی جەنگ هەیە تا کاڵا سەربازیەکانیان ساغ بکەنەوە ، بۆیە هەردولایان بەرژەوەندیان لە مانەوەی جەنگدا هەیە .
8. هەردو لایان پێیان وایە دەبێت میراتگیری عوسمانی و سەفەوی (تورکیا و ئێران ) بە هاوسەنگی ڕابگرن ، حوکمی ئەم ناوچەیە نەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی یەکێکیان .
9. هەردو لایان پێیان وایە دەبێت ئۆپیک و نرخی نەوت و غاز لەژێر حوکمی بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیان بێت لە ڕێ ی وەکیلەکانیانەوە .
10. هەردو لایان هاوبەرژەوەندین کە هیلالی شیعە و سونە هاوسەنگ بێت .
11. هەردولایان مامەڵە بە کارتەکانیانەوە دەکەن و کڕین وفرۆشتنی پێدەکەن .

• ململانێ ی نێوان ڕوسیا وئەمریکا ( دوو دژ)
1. هەردو لایان دەیانەوێت کە چونە سەر مێزی گفتوگۆ کارتی زیاتریان پێ بێت.
2. ئێران : ئەگەر ئێران وەکیلی ڕوسیا بێت ئەوا بە حوکمی هاوسەنگی هێز دەبێت تورکیا ببێت بە وەکیلی ئەمریکا ، بەلام ئێران توانیوەیەتی وەک وەکیلی ڕوس تا ئاستێک بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکاش گرێ بدات ، بە تایبەت لەسەر بەرەی سوریای دیموکرات و دژی دروستبونەوەی داعش ، بۆیە ئەمریکا ئەگەر پێشتر وەک تاک جەمسەر دەستەڵاتی گەورەی هەبو بێت ئەوا ئێستا بوتەوە بە دو جەمسەری و دەبێت هەمو ئاستەکان ڕابگرێت ، وە ناتۆ ئەوە دەزانێت کە ئەندامێکی خۆی و سونەکان لە پشت داعشەوەن و سونە ماڵی ناتۆی شێواند وەک بینیمان هەمو تەقینەوە خۆ کوژیەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سونە بون شیعە هیچ مەترسیەکی بۆ دروست نەکردون ، لەسەر ئاستێکی تر کە دژە ئێران بەردەوام پەرە بە چەکە ناوکیەکانی دەدات و بونێکی سەربازی و سیاسی و ئابوری هەیە لە یەمەن و لیبیا و سوریا و عێراق و فەلەستین و لوبنان ، ئەمریکا دەیەوێت نەهێڵێت ئێران زیاتر فراوان بێت ڕوسیا پشتگیری دەکات و لەسەرێکەوە دەیەوێت وەک کارتێک بەرامبەر سونەکان بە تایبەت تورکیا بەکاری بهێنێت .

3. تورکیا : ئەگەر تورکیا درێژکراوەی ناتۆ وئەمریکا بوبێت ئەوا ئێستا لەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆی دەیەوێت یاری بکات ، دەیەوێت ببێت بە کارتی دەستی ئەمریکا لەبەرامبەردا ئەمریکا کار بە ئاراستەی تواندنەوەی دۆسیەی کورد لە بۆتەی سوریایەکی عەربی کە مەرجەکانی تورکیا دابین بکات ، بۆیە ئەمریکا لەبەردەم دو بژاردەدایە و دەبێت هەردوکی ڕابگرێت ، لە ڕێ ی کوردەوە پێگەی بەهێزی هەبێت لە سوریا و بگاتە دەریایی سپی ، بۆیە تورکیا دەبێتە ئەو سەزەمینە جیوپۆلەتیکییەی کە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا گرنگە .
4. عەفرین و کەرکوک : ئەگەر بەرژەوەندی چی ئەمریکا و چی ڕوسیا لە یەکێتی فیدڕاڵی تورکیا بێت ئەوا کارتەکان لە نێوان ئێران و تورکیا کە دەگۆڕێتەوە بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕوسیاوە دەبێت ، خۆ ئەگەر کەرکوک لە بەرامبەر عەفریندا بێت وەک دوو کارتی گۆراوە لە نێوان تورکیا و ئێراندا ئەوا دوا جار مێزی سەر گفتوگۆی ڕوسیا و ئەمریکا و ئێران و تورکیا کارتەکان لە ئیستا دا گرنگترینیان کوردە ، بۆیە ئەوەی دەگوزرێ چی لە عێراق و چی لە سوریا ململانێ ی نێوان دو جەمسەرکەیە وپڕە لە سیناریو.
دوا جار دوای هاتنەوەی ڕوس بۆ سەر ساحەی ململانێکان دەتوانین بڵێن جارێکی تر دو جەمسەری دروس دەبێتەوە ، کورد لە یەک جەمسەردا ئەستێرەی بەختی دروەشاوە بو ، بەلام دو جەمسەری کورد دەبێتە کارتی دەستیان ، ئێستە لە عێراقدا هەڵبژاردن دەکرێت و دوای ئەم هەڵبژاردنە کورد وریا نەبێت سیادەی هەرێم نامێنێت و دەچینەوە سەر پلێت ، وە دەگاتە ئەوەی سەرانی دەستەڵاتداری هەرێم بدرێتە دادگا ، عەفرین ئەگەر بتوانێت خۆ راگر بێت تا دەگاتە ئەوەی ببێتە کەیسێکی ئینسانی گەورە ئەوا ناکەوێت ، بەڵام دوا جار لە ڕێ ی ڕێککەوتنی روسیا و ئەمریکاوە کورد دەخەنەوە بەردەست ئەو حکومەتەی کە حوکمڕانی سوریا دەبێت وەک عێراق .
ماوەتەوە بڵێن دوا لوتەکەی کورد قەندیلە و وا ئیستا ئێرانو تورکیا ڕێککەوتون کە دوای هەڵبژاردنەکان هێرشی بۆ بکەن ئەڵبەت ئێران لە ڕێگەی عێراقێکەوەیە کە ئەمریکاش لەسەر مەمان مێزی ڕێککەوتنە و روسیاشی تێدایە ، بۆیە بەڕای من دوا جار کورد لە وسوریا دەچێتەوە ناو سەریایەکی یەکگرتو هەرێم سیادەی نامێنێت و پەکەکەش ناچار دەکەن بە دانوستان لەگەڵ تورکیا ، چونکە کارتی مامەڵەکان تەنها کوردە و ئەوەشی ماوەتەوە جێگەی ئومێد بێت کە ڕوو بە ڕووی ئەم هاوکێشە و ئەم ڕێککەوتنانە بێت خۆراگری عەفرین و قەندیلە .




سیناریۆی خۆپیشاندانەکانی ئێران ودووبارە بونەوەی شۆڕشی سەوزی بێ ڕابەرایەتی …. بەختیار نامیق

پشتی کەوالیس و خۆپیشاندانەکان دو دیدگای تەواو جیاوازن ، ئەگەر چی تاکی ئێرانی لەژێر فشارێکی زۆری ژیاندایە و پرسی نرخی شمەک بوتە داینەمۆی ئەم خۆپیشاندانانە و دوا جار داواکاریەکان گەورەتر دەبێت بۆ پرسە سیاسیەکان و پرسە نەتەوەییەکان ، کاتێک زۆربەی شارەکان دەگرێتەوە ناڕەزایەتی خەڵک بۆ خەرجکردنی پارەیەکی گەورە بۆ فراوانخوازیەکانی ئێران لە دەرەوە ، لەسەر حسابی تاکی ئێرانی دەبێت ، ئەگەر ئەمە ڕوە سەرەکیەکەی خۆپیشاندان بێت ئەوا دەبێت ڕووە شاراوەکانی چی بن ، ئەوە دەزانین کە ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرژەوەندی خۆی تەواو بکات ، دوای دوبارە نەخۆش کەوتنەوەی تورکیا ، ئەوا دەبێت سەرمایەیەکی زۆر بخاتە خزمەت ئەم پلانی فراوانخوازیەوە ، ئەمەش دەبێتە دابەزینی ئاستی ژیانی تاک و خێزانی ئێرانی و ئەوەش دەزانن ئەمە وا دەکات ڕق و توڕەی گەورە دروست ببێت ، هەر بۆیە بۆ دامرکاندنەوەی ئەم ڕق و توڕەییە هەر چەند ساڵ جارێک ئێران بۆ خۆ خاڵی کردنەوەی ناوەوەی پێویستی بە خۆپیشاندانێک هەیە و دوا جار جگە لە دوبارە بونەوەی سیناریوکانی نێوان ئەحمەدی نەژاد و موسەوی و کەڕوبی هیچی تری لێ ناکەوێتەوە ، ئەمە دوای زنجیرە بومەلەرزەکان ڕو دەدەن کە دوڵەت وەک پێویست نەبو لە بەهانا هاتنی زیان لێکەوتوانەوە ، کە بوە دەرگای کردنەوەی هەمو رقە ئابوری و سیاسی و نەتەوەییەکان ، ئەگەر لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ شۆڕشی سەوز تاکتیک و سیناریویەکی خۆیان بوبێت ( ئەو کات بۆ دەنگی ساختە و دزراو بو بەڵام ئێستە سەقفی داواکان گەورەترە بۆ گۆڕینی سیستەمی وڵات ) ئەوا ئێستا لە هەناوی ئەم خۆپیشاندانەدا و لە پەنای داواکاری خەڵک باندێک ئەم پلانی خۆ خاڵیکردنەوەیە بە پێ ی پلانێکی دراسەکراو جێ بە جێ دەکەن ، ئەگەر خۆپیشاندانی ٢٠٠٩ چەند سەرکردەیەکی ڕیفۆرمخوازی وەک موسەوی و کەڕوبی سەرپەرشتی کردبێت و دوا جار هەردو باڵەکە (موسەوی نەژاند ) دوو باڵی خامنەئی بۆ بێتن بۆ فڕینی ئێران ، ئەوا ئەم جارە ئەم خۆپیشاندانانە هیچ رابەرایەتیەکی نیە ، جۆرێکە لە ڕقێکی گەورەی ناوەکی و ناتوانێت تا سەر بێت وبگاتە داواکاری گۆڕینی سیستەمی وڵات ، ئەگەر چی شۆڕشی سەوز زیاتر پایتەختی گرتبوەوە و ئەم خۆپیشاندانانە زۆربەی شارەکانی گرتوەتەوە ، بەڵام مادام بێ ڕابەرایەتیەکی ڕادیکالە ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات ، هەمو ئەو خۆپیشاندان و شۆڕشانەی دنیا ڕێکخستنێک و حیزبێک و گروپێكی لە پشتە ، بەڵام نەک وەک کەڕوبی و موسەوی کە جۆرە سیناریویەک بو بۆ خۆ خاڵیکردنەوەی ناوەکی و ڕێگەگرتن لە پلانی ئەمریکی دژیان ، دوا جار ئەمریکا و ئەوروپاش تا دەگاتە ناتۆ جگە لە چەند ڕاگەیەنراوێکی ڕاگەیاندنی هیچی تر هەڵوێستیان نابێت ، چونکە ئەوە دەزانین ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بە نهێنی بۆ ئێران هەڵکردوە و بەدوای هاوسەنگی هیلالەکاندا دەگڕێت ، ئەمەش بۆ ئەوەیە بتوانێت شەڕی کۆریای باکور بکات ، بە تایبەت لە ئێستادا سین بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ کۆریای باکور تەماویە بۆیە ئەمریکا و ناتۆ نایانەوێت پشتوان بۆ کۆریا دروست بکەن ، بە تایبەت ئێران و بە ڕەزامەندی ڕوسیا لە پشتی کەوالیسەوە ، بۆیە لەم خۆپیشاندانانەدا جگە لە شەڕی ڕاگەیاندن هیچ پشتیوانیەکی مەیدانی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ خۆپیشاندەران لێ ناکەوێتەوە و پێ دەچێت هەر سیاسەتی خۆیان بێت و ڕاگەیاندنیش وەک دەمامکێک بەکار بهێنن و لە ژێرەوە ڕێک بن ، ئەگینا ئەگەر ئەمریکا مەبەستی بێت بە کردار دژی ئێران بێت ئەوا دەتوانێت وەک نمونە لە یەمەن بە ئاسانترین شیوە کۆتای بە حوسیەکان بهێنێت ، ئەوەش دەزانین کە ئێران دەتوانێت خەتەری گەورەی هەبێت بۆ سەر بۆریەکانی نابۆکۆ و دەستی هەیە لەسەر وڵاتانی دەریای قەزوین کە بە یەدەگی غازی جیهانی ناسراوە ، تا دەگاتە پاکستان و ئازەرباینجان و ئەفغانستان وهەتا وەزیرەیە و کشمیریس لەوێوە بۆ ناو ئاو و تومبەکان و ئەبو موسا و لەو بەریشەوە یەمەن و لیبیا ولوبنان و سوریا و عێراق تا ئاستێکیش ئێستە ئەگەری ئەوەی هەیە بتوانێت لە دەریای سپیدا پێگەی هەبێت ، خۆ ئەگەر بەس بیان توانیایە گەروی عەدەن داگیر بکەن لە ڕێگەی حوسیەکانەوە ئاوا دریایی سور ئاسان دەبو دەیتوانی بگاتە جەبەل تاریق.
بە بۆچونی من مادام خۆپیشاندان خاوەنی ڕێبەریەتیەکی رادیکالی ڕاستەقینە نیە نەک ناتوانێت بگاتە ئەنجامەکانی و هەر خۆیان دروستی دەکەن و هەر خۆشیان دوژمنە درەکییەکە ، کە کاڵ بوبویەوە لە ناوخۆدا تۆخ تر دەکەنەوە ، کە یەکێتی ناوەکی ئێران وەک ئەمریکا بەستراوە بە دروستکردنی دوژمنێکی گەورەی دەرەکیەوە ، دوا جار مادام ئێران و ئەمریکا هەردوکیان پێویستیان بە دوژمنێکی دەرەکی هەیە هەر خۆشیان ئەو بۆشاییە بە تاکتیکێک و سیناریو ماکیاجێک بۆ یەکتر تەواو دەکەن ، نە ئەمریکا بە کردار دژی ئێرانە نە ئێران بە کردار دژی ئەمریکایە ، دوا جار دو دوژمنی کارتۆنین لەسەر سفرەی بەرژەوەندی هاوبەش ، وەک چۆن شۆڕشی سەوز تاکتیک و سیناریو بو ، ئاواش ئەم خۆپیشناندانانە دەکرێتە سیناریو و جگە لە خۆبەتاڵکردنەوەیەکی ناوەکی هیچی تری لێناکەوێتەوە ، لە پلانەکانیشدا لای دوڵەتی ئێرانی ئاساییە ئەگەر چەند هەزار کەسێکیشی لێ بکوژرێت .




دیوی شاراوەی ڕوداوەکان و ئەم دۆخە بەرەو کوێ دەبات..؟ … بەختیار نامیق

ئەوەی لەسەر شاشەکان دەیبینین تەنها ڕوداوەکانە ، ئەی کێ ڕوداوەکان دروست دەکات…؟ یارییە سیاسیەکانی هەر ولاتێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئەو وڵاتە دەڕوات ، خۆ ئەگەر بەرژەوەندی ئەو وڵاتە بهێنیت و بیکەیت بە پێوەر ئەوەت بۆ ڕون دەبێتەوە کە ئەو وڵاتە چۆن یاری دەکات ، لێرەوە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ دەتوانین ناوی بنێین قۆناغی دوای داعش لە عیراق و شام ، ئەوە دەزانین کە دو ولات یاریەکانیان بەردەوامن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاتسدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری خۆیان ، ئەگەر ئەو پێودانگە ڕاست بێت کە دەوترێت ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوە بە هاوسەنگی نێوان تورکیا و ئێرانەوە وەک دو میراتگیری سەفەویی و عوسمانی ، ئەوا لە ئێستادا ئێران توانیوەیەتی ببێتە ئەخەتەبوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا لەم دەریای ڕۆژهەڵاتەدا بوتە ماسیەیکی بچوک ، بۆیە تورکیا دەیەوێت ببێتەوە بە هێزەکەی جاران و چی تر بچوک نەبێتەوە لەبەرامبەر ئێراندا ، هەر بۆیە تورک ئەوە دەزانن کە جیوپۆلەتیکی تورکیا وەک دەروازەی گواستنەوەی دنیا وێنا دەکرێت ، بۆیە دەیانەوێت کارتەکانیان بخەنە گەڕ .

تورکیا دەیزانی لە بەرامبەر ڕۆڵی کورد لە ڕۆژئاوا دەکەوێتە بەردەم ئەگەری مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە و لەلایەکی ترەوە گەشتن بە دەریای سپی گرنگی بەندەری جیهان کەمدەکاتەوە ، هەر بۆیە دژایەتیەکانی گۆڕی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیران و ڕوسیا ، چونکە ئێران و ڕوسیا ئێستە دەستەڵاتێکی گەورەی سیاسی و سەربازیان لە سوریادا هەیە چەندین کارتیان بەدەستەوەیە دژی تورک بەکاری بهێنن ، تا ئاستێکش لە دوای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیەوە ئێران لەگەڵ ئەمریکا بەس لەسەر ئاستی بچوک و ڕاگەیاندن ناکۆکن ، دەنا لەسەر پرسە گشتیەکان هیچ کێشەیەکیان نیە ، بە لێدوانی ئەم دواییەی ترامپیشەوە ، چونکە ترامپ داوای دژایەتی نەکردوە بەڵکو داوای هەمواری ئەو پڕۆژەیەی کردوە ، دەمێنێتەوە تورکیا چۆن بتوانێت خۆی هەڵسێنێتەوە ، بۆ ئەمەش لە عێراقدا کار دەکات چونکە دەبێتە پێگەیەکی گرنگ بۆ سوریاش ، تورک ئەوە دەزانی کە سونە لە عێراقدا ئاوت بوە ، دەزانێ هیچ گرنگیەکیان پێ نەدا لە ڕزگارکردنی موسڵدا ، دەزانی تا سەر ناتوانێت مامەلە بە گاز و نەوتی کەرکوکەوە بکات ، بۆیە هەڵسا بە دروستکردنی کارت و دوای بە هێزی ئەو کارتە دانوستان بکات لەگەڵ عێراق و ئێران و ڕوسیا و ئەمریکا ، لە ڕێی سیناریویەکەوە هەڵسا بەم کارە ، ئەویش کورد بکاتە کارتێکی بەهێزی دەستی خۆی ، لە ڕێگەی زۆنی زەردەوە کە بە هی خۆی دەزانێت ، پرسی گشتپرسی و ڕیفراندۆمی وروژاند ، دوای ئەوەی کە ئەم کارتە توانی ئێران و عێراق بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕوسیاوە بهێنێتە سەر خەتی خۆی ، دێت ئەم کارتە دەفرۆشیت و خۆی ڕێککدەکەوێت لەگەڵ ئێران و عێراقدا ، هەمان سیناریوی ١٩٧٥ دوبارە دەکاتەوە بەڵام لە وێنەیەکی تردا ، هەر بۆیە لەناو ئەم هاوکێشانەدا و لە ناو بەریەککەوتنەکاندا تورک توانی میرنشینەکەی خۆی بەکار بهێنێت و بیکات بە کارتێکی بەهێز ودوای بۆ بەرژەوەندی خۆی لەسەر مێزی سێکوچکەی (ئێران + عێراق + تورکیا ) دایبنێت و مامەڵەی پێوە بکات و بیفرۆشێت ، ئەڵبەت هەمو وڵاتانی دنیا بە ئەمریکاشەوە لەم یارییە تێگەشتبون ، بەڵام کورد خۆی نەیتوانی سود لە رای وڵاتانی دنیا وەربگرێت ، هەر بۆیە ئەم کارەتەی دەستی تورکیا دیوی دوهەمی بوە هۆی ئەوەی ڕێکەوتنێک بهێنێتە ئاراوە لەسەر عێراقێکی یەکگرتو ، گەڕانەوە بۆ ٢٠٠٣ ، ئێستە دوای ڕێککەوتنی عێراق و تورکیا و ئێران ، کوردی باشور لە بەردەم دو ڕێگادایە :

1. یان گەڕانەوە بۆ عێراقێکی یەکگرتو .
2. یان شەڕێک کە هیچ پشتوانیەک نابێت و ئەوەش دەزانین هەر هێزێک ئاسمانی بە دەستەوە بێت ئەو هێزە سەرکەوتوە .




جوگرافیای سیناریوکانی پارتی و دیزاینی ڕیفراندۆمی تورکی …. بەختیار شارەزوری

والی میرنشینی زەرد و سەبەتەی دەوڵەتی عوسمانی .
بۆ هەر ڕوداێک لەسەر ئاستی لۆکاڵی دەبێت بچینەوە سەر ئەو هێزانەی کە لە دەرەوە خۆیان بە میراتگیری ناوچە بچوکەکان دەزانن ، هێشتا جیهان فراوانخوازی تینەپڕاندوە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەم مانایە ئەوەی لە ناوخۆی باشوری کوردستاندا ڕوو دەدات جگە لە گەمەیەکی وڵاتانی زل هێزی ناوچەیی لە ڕێ ی وەکیلەکانیانەوە هیچی تر نیە ، جگە لە بەشکاری لەسەر زەمینی ئێمە هیچی تر نیە ، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت هاوسەنگی لە ڕۆژەهەڵاتی ناوڕاستدا دروست بکات ئەو دەبێت بچیتەوە سەر هەمان بەشکاری مێژوویی و تورکیا لەم جۆرە دەستەڵاتە دابماڵێ و دەستەڵاتێکی بە دڵی زل هێزەکانی تیا بێت ، بۆ ئەوەی هێزێک هەبێت لە بەرامبەر ئەختەبوتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئێرانە و سەر بە بلۆکی ڕوسییە هاوسەنگی بگێڕێتەوە ، ئەڵبەت ڕوسیا و ئەمریکاش تا ئاستێک ڕێکن لەسەر ئەوەی هاوسەنگی هێز بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کەواتە ئەمریکیەکان و ناتۆ پێویستیان بە تورکیا هەیە بۆ ئەم هاوسەنگیە ( وەک بینیمان دوا وتاری ترامپ ناوی ئێرانی هێنا و ناوی تورکیای نەهێنا ) بەڵام ئەم هاوسەنگیە چۆن دەبێت ، بە گۆڕینی ئەم حکومداریەی ئێستا لەتورکیا هەیە بە گولەنیەکان ، یان ئەردۆغانیەکان ناچار بکات بچنەوە سەر هێڵی بەرژەوەندی ڕێککەوتنی ڕوسی – ئەمریکی ، هەر لەم ڕاونگەیەوە ئەگەر لەسەر ئاستی ناوچەیی سەیر بکەین و فۆکس بخەینە سەر عێراق و باشوری کوردستان ئەوا دەبینین ناوەند بە دەست ئێرانەوەیە و هەرێمیش بەدەست تورکیاوەیە ، واتا ڕیکەوتنێک هەیە بە (کارت بە کارت ) لە بەرامبەر ناوەندا هەرێم بدرێتە دەست تورکیا ، بەڵام ئەمە بۆ سەر ئاستی نێودەوڵەتی پێوستی بە سیناریو هەیە تا لەبەردەم هەڵبژرادنەکاندا بتوانن تەمەنێکی تر لە حوکمڕانی بدەنەوە بە یەکتر ، بۆ تورکیا هەرێمی زەرد وەک میرنشینێک لەسەر دەوڵەتی عوسمانی حساب دەکرێت و مەسعود بارزانیس والی ئەم میرنشینەیە ، ئەمەش وا دەکات تورکیا و ئێران ئەگەر لەسەر هەمو شتەکان ناکۆک بن ئەوا لەسەر هەرێمی کوردستان کۆکن و ڕێکەوتننامەی ستراتیژی لە نێوان تورکیا بە نمایندەی پارتی و ئێران بە نمایندەی یەکێتی هەیە ، بۆیە دەکرێت بزانین سنوری جوگرافیای سیناریوکانی پارتی تا کوێ دەڕوات ، ئەم جوگرافیایە بۆ سیناریو لە سنوری زەرد تێدەپەڕێت و سنوری سەوزیشی گرتوەتەوە ، بە گڵۆپی سەوزی ڕێککەوتنی تورکیا و ئیرانەوە ، دیزاینی ڕیفراندۆم دیزانێکە کە لە ئەنقەرەوە دادەڕێژرێت و ڕەزامەندی ئێرانیشی لەسەرە ، لە بەرامبەر دروست نەکردنی کێشە بۆ ناوەند کە لای ئێرانیەکان زۆر گرنگە ، هەر بۆیە بۆ ئەم جۆرە لە ڕیکلام ئێران یەکیتی خستوەتە ژێر باری ڕیفراندۆمەوە لە ڕێگەی عەبادیەوە پارێزگاری کەرکوک دەنێرێت ، تا تورکەکان لە ڕێگەی سونەکانەوە ( بە تایبەت دوای موسڵ ) کێشە بۆ ئێران دروست نەکەن ، جوگرافیای ئەم سیناریویەی پارتی بە دیزاینی تورکی و ڕەزامەندی ئێرانەوە کێشەی لە سنوری زەرد نیە ، بەڵکو دەیەوێت فراوانتر بێت سەراپا سنوری سەوزیش داگیر بکات ، ئەم ڕیفراندۆمە تەنها بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی بارزانیە و هیچی تر ، دیزانی ئەم سناریویەش لە ئەنقەرەوە دەکرێت و بۆ ئەوەی بتوانێت پارتی و بارزانی وەک خۆی بهێلێتەوە ، چونکە لەسەر ئاستی بەرژەوندی گشتی تورکی ، تورکیا سودێکی زۆری لەم میرنشینە وەرگرتوە ، وە تا ئێستا والی میرنشنی زەرد بەردەوام هەمو هێلکەکانی خستوتە ناو سەبەتەی عوسمانیەوە ، دوای موسڵ هەمو عێراق دەخرێتە بەردەم هەڵبژاردنێکەوە ، بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت گەورەترین دروشم بەرێتە ناو ساحەی ململانێ ی هەڵبژاردنەوە ، دیزاینی ڕیفراندۆم و دەوڵەتیان بۆ داناوە ، تا بتوانێت هەمو شکستەکانی پێ بشارێتەوە ، هەر لە حکومەت و سەرۆکایەتیەکی ناشەرعی و فەشلی کەرتی نەوت و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان و وە پارتی نەیتوانیوە وەک سەرۆکایەتی هەرێم سەرۆکایەتیەک بێت ببێتە هۆی ڕەزامەندی زۆرینەی هاوڵاتی و حیزبکان ، بگرە لە سنوری زەرد تێپەڕی نەکردوە ، هەر بۆیە دەبێت دروشمێکی گەورە بەکار بهێنێت تا وەک ماکیاج شکشت و ناشیرینیەکانی پێ بشارێتەوە ، لە ئیستا جوانترین ماکیاج ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردیە ، ئەوەش دەزانین کە دەوڵەتی کوردی دەبێت لەسەر بنەمای زانستێکی سیاسی ىیت و دەبێت پایەکانی دەوڵەتداری چەسپی بێت لە ڕوی ( سیاسی و ئابوری خۆ بژێنی و ئاشتەوای نیشتمانی و حکومەتێکی دامەزاروەیی و سوپایەکی نیشتمانی ) کە ئەمانە نین ئیتر چۆن دەتوانرێت دەوڵەتی کوردی دروست بکرێت ، ئەڵبەت چی بۆ ئیران و چی بۆ تورکیا ئەگەر دەوڵەت سیناریویەک نەبێت بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان ، هەرگیز ڕێگەیان نەدەدا هەر باسیشی بکرێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی سیناریویەکە و هیچ لە پێگەی کوردی باشور ناگۆڕێت ، خۆیان دەڵین ئەوە بکەن و ئێمەش ناو بەناو تۆزێ دژایەتیتان دەکەین هەر خۆیان پێیان دەکەن و هەر خۆشیان بە ڕاگەیاندن دژایەتی دەکەن ، ئەم دژایەتی کردنە سنورەکانی ڕاگەیاندن زیاتر نابڕێت ، ئا لێرەوە دیسانەوە بەم سیناریویانە دەچنەوە سەر ڕێکەوتننامەی ستراتیژی و جارێکی تر بەشکاریە و نایانەوێ پارتی بکەوێت ، چونکە لەو باشتریان دەست ناکەوێت ، ئەوەی دەمێنێتەوە بزوتنەوەی گۆڕانە ، کە شەڕی گۆڕان شەڕی پارتی و یەکێتی نیە ، بەڵکو گەورەترە لەوان و دەیەوێت شەری کۆتایی هێنان بە دابەشکاری بکات لەسەر زەمینی باشوری کوردستان ، دەیەوێت پایەکانی دەوڵەت لەسەر ئیرادەی لۆکاڵێ بێت و نەهێلێت دیزاینەکەی لە تاران و ئەنقەرە بکرێت ، گۆڕان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بە نیشتمانی کردنی دام و دەزگا و سوپا و خۆبژێییەوە ، پارتی و یەکیتی لە سوارەی حەمیدیەوە و بەسیجەوە بهێنێتە ژێر باری ئیرادەی خۆیی و لەوێوە بە تورکیا و ئێران و دنیا بلێێت ئا لێرەدا ئەم مێژووە ڕابگرن ، ئەو کات چی تورکیا و چی ئێران ناچار دەبن مامەڵە لەگەڵ واقع بکەن ، بۆیە هەمو سیناریوکان بۆ ئەوەیە بە دروشمی قەبەوە بێن و شکشتەکانیانی پێ ماکیاج بکەن ، چونکە چی پارتی چی یەکێتی لەبەردەم ئەگەری کەوتندان لە هەڵبژاردنەکاندا ، خۆشیان ئەو ڕاستیە دەزانن ئەگەر پێشتر درۆ و دراویان پێ بوێت ، ئەم جارە ئەوەشیان پێ نەماوە بۆیە دەبێت سیناریویەکی گەورەیان پی بێت تا بتوانن درێژە بە ڕێکەوننامەی ستراتیژی و دزییەکانیان بدەن و جارێکی تر ڕو بە ڕوی گۆڕان ببنەوە ، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوڵاتی پشتی کەوالیسەکان دەبینێت و دەزانێت لەسەر شانۆ ئەم دروشمانە ماکیاجن بۆ درێژکردنەوەی جوگرافیای سناریوکانی پارتی و دەیانەوێت والی میرنشینی زەرد هەمو هێلکەکان بخاتە ناو سەبەتەی دەوڵەتی عوسمانیەوە بە گڵۆپی سەوزی ئێرانییەوە .




گۆڕانکاری ناوچەیی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و پاوانخوازی پارتی ….. بەختیار شارەزوری

بەرژەوەندی وڵاتە زل هێزەکان خەتی کێرڤی پەیوەندیەکان دیاری دەکەن ، بەرژەوەندی ئەو خاڵەیە کە هێزکان لە پۆینتێکدا کۆدەکاتەوە ، دەکرێت نەخشەی بەرژەوەندی ولاتە زلهێزەکان چەند ئاستێک بن ، لەسەر ئاستی (ئابوری ، سیاسی ، جیپۆلەتیکی ، گواستنەوە ، ماتریالی بەکاربردن ، بازاڕ دروستکردن ..هتد ) ، پێش کەوتنی تەواوەتی داعش ڕەسمی دابەشکاری لەسەر بناغەی بەرژەوەندی وڵاتە بەهێزەکان دیاری دەکرێت و لە پشتی کەوالیسەوە دەگەنە ڕێککەوتنێک ( ئەڵبەت میدیا و ڕاگەیاندنەکانیش هەر وەک دەمامک بەکار دەهێنرێت ) ، دیارە پێش ئەوەی وڵاتەکان بچنە سەر مێزی ئەم دابەشکاریە ، هەر کامیان شەڕی ئەوە دەکات کە چوە سەر ئەم مێزە زۆترین کارتی پێ بێت ، بۆ ئەوەی بتوانێت کارت بە کارتی پێ بکات ، ئا لێرەوە لە دوای گەردەلولی بیابان و شەری ئەفغانساتان و ئۆکرانیا و بەهاری عەرەبی ، کە دەکاتە پشێوی و وڵاتە زل هێزەکان کار بۆ ئەوە دەکەن ، کە یارچیەکی سیاسی بەهێزبن و بچەنە ناو گەمەکە و ببنە کارئەکتەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی زۆرترین کارت بۆ خۆیان کۆبکەنەوە و ببنە خاوەن هەمو جۆرە کارتەکان ، لەم دیدەوە ئەگەر ئەفغانساتان جۆرێک لە ڕێککەوتن هەبوبێت بۆ ئەم دابەشکاریە لە نێوان وڵاتاندا بۆ نەمانی قائیدە ( پاکستان ، هندستان ، ئێران ، ئەمریکا ، ڕوسیا ، ئەوروپا ) ئەوا ئەو هاوپەیمانیەتیە لە دژی قائیدە توانی باڵانسی بەرژەوەندیەکان ڕابگرێت و پرۆسەی لێدانی قائیدە بچێتە بواری جیبەجێکردنەوە ، لە دوای ئەوەش ، گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لەسەر دورگەی کریم و ئۆکرانیا ، کە ئەمەش کۆتای هات لە دوای دەرکەوتنی بەهاری عەرەبی ، خۆ ئەگەر بەهاری عەرەبی جۆرێک بوبێت بۆ نانەوەی پشێوی و هاتنە ناوەوەی وڵاتان جارێکی تر ، ئەوا لەم نێوەندەدا لە ڕوی ئابوری و بەرژەوەندییەکانەوە کۆمەڵێک کارتی تازە لەسەر خەتی بەرییەککەوتنەکان دروست دەبێت ، ئەگەر سەرزەمینی داعش خاڵی بەرییەککەوتنی ئەم بەرژەوەندییانە بن ، ئەوا کۆمەڵێک یارچی تر دەردەکەونەوە بە هێزو گڕو تینێکی ترەوە ، پێش لە ناوبردنی داعش چی ئەمریکا و چی ڕوسیا و چی ئەوروپا بە تایبەت فەرەنسا و بەریتانیا و چی ئێران ئەو یارییانەیان کرد کە پێوست بو بۆ ئەوەی ببەنە خاوەن کارتی بەهێز ، بۆیە لەم یارییانەدا ئەمریکا وەک یاریکەرچیەکی سەرەکی دێت و بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە دیاری دەکات ، کە بونەتە هێز و دەبێت لەگەڵیان ڕێک بکەوێت ، یان بەرژەوەندییەکانیان لەبەر چاو بگرێت بۆ ئەوەی بێکێشە بگاتە ئامانجەکانی ، لە ئێستادا ئێران توانیویەتی ببێتە خاوەن کۆمەڵێک کارتی بەهێز ( کارتەکانی پاکستان ، ئازەرباینجان، ئەفغانستان ، لوبنان ، بەحرەین ، یەمەن ، فەلەستین ، عێراق ، سوریا ) لەبەرامبەردا بەهۆی هەڵەکانی تورکیاوە تورکیا لەم یارییەدا کۆمەڵێک کارتی دۆڕاندوە ، ڕوسیا دەبێتە خاوەن کارتی بەهێز ، بەرەی ناتۆ بۆ ئەوەی بتوانێت نەخشەکەی سەربگرێت دەکەوێتە گفتوگۆی شاراوە لەگەڵ هەر وڵاتێک کە کارتی هەبێت ، هەر بۆیە لە ئێستادا و دوای دەرکەوتنی ترامپ ، چی بەرەی ناتۆ و چی بەرەی ڕوسیا ئێران (ئەگەر چی لەسەر ئاستی بچوک کۆمەڵیک شەر هەیە ئەویش ململانێیە بۆ دەستکەوتنی کارت لەبەرامبەر یەکدا) رێکن لەسەر دابەشکاری دوای داعش ، بۆ ئەم نەخشەیەش جیوپۆلەتیکی تورکیا گرنگی خۆی هەیە ، ئەگەر چی تورکیا ئاوت کراوە لەم دابەشکارییە ، بەڵام دواجار ئەگەر بەگۆڕینی دەستەلاتی سیاسی تورکیاش بێت هەر دەبێت بیخەنەوە سەر ئەو خەتە ، بەڵام لە ئێستادا تورکیا مەترسی هەیە ، ئەم مەترسیەش وا دەکات کە ببێتە هۆی داخستنی باشترین ڕێگای گواستنەوە ئەویش بەندەری جیهانە ، بۆیە وەک بەدیلێک دەبێت دەریای سپی بکرێتە ناوەندیکی گواستنەوە و بازرگانی گەورە و وە لەسەر جێبەجیکردنی ئەم نەخشەیە هەر هێزێک بکەوێتە سەر ئەم ڕێگایە ، ئەوا دەبێتە کارتێک و حسابی بۆ دەکرێت ، دەبینین یەپەگە و بەرەی دیموکراتی سوری بە ڕاگرتنی هاوسەنگی بەشار شانسی ئەم کارتەیان بەرکەوتوە ، بێ ئەوەی حساب بۆ تورکیا بکرێت هاوکاری هەمەلایەنە دەکرێن ، خۆ ئەگەر ئەم ڕێگەیە بۆ سەر دەریای سپی ببێتە هۆیەک بۆ خەتێکی تری گواستنەوەی نەوت و غازی وڵاتانی دەریای قەزوین لە ڕێگەی نابۆکۆوە ، ئەوا کەوتوەتە سەر هێزەکان چۆن دەتوانن ببنە کارت لە ناو ئەم بەریەککەوتنانەدا ، کەواتە بۆ ئەوەی بەژەوەندیە ئابوری و گواستنەوە و بازرگانی بەردەوامی هەبێت پێویستیان بە سوریایەک هەیە کە هەمویان ڕێک بن لەسەری و دابەشکاریەکە بەرژەوەندی هەمولایەکی تێدا بێت ، وە بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە تورکیایەک لە بەرژەوەندی هەمان خەتدا بێت ، ئەوا ئەگەر لە ئێستادا خستبێتیانە دۆخی بەستوییەوە ، پێ دەچێت دوای سوریا لە ڕێگەی گولەنیەکانەوە دەستەڵاتی تورکیا بگۆڕدرێت ، ئەگەر ئەردوگانیەکان کار نەکەن لەبەرژەوەندی ئەو خەتەدا ، دوا جار کورد دەبێتە کێشەی گەورە ، ئەمڕۆ کورد لە سوریا توانیوەیەتی ببێتە کارتی بەهێژی بەرییەککەوتنی وڵاتە زل هێزەکان و ئەوەشی لە هەگبەی ئەو وڵاتانەدا هەیە بۆ سوریایەکی فیدڕاڵ کورد پێ ی ڕازیە ، دوا جار لەم یاریەدا تورکیا ناچار دەبێت بە ڕێککەوتن لەگەڵیان ، دەمێنێتەوە سەر جۆری مۆدێلی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا چی بەرەی ناتۆ چی بەرەی ئەمریکی ڕێکن لەسەر ئەوەی کە مۆدێلی سوڵتانی بۆ هەندێ لەم ولاتانە پاڵپشتی بکەن ، لە بەرژەوەندی ئەواندایە وەک دەبینن کوەیت و قەتەر و سعودیە و ئیمارات نەک نەبونەتە کێشە بۆ بەرژەوەندی وڵاتە زل هێزەکان بەڵکو بونەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتانە ، لە بەهاری عەرەبیشدا دەرکەوت بۆ هەندێ ولات دیموکراتی هەزم ناکرێت و دوای دەبێتە هۆی پشێوی ، بۆیە ئەوەی مەریوان قانع ناوی دەنێت مۆدێلی سعودی و سوڵتانی لەبەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکاندایە ، بە مەرجێک ئەو سوڵتانە بێت کە وێنەی کێشراوە لە ناو بەرژەوندییە هاوبەشەکاندا .

سەبارەت بە تورکیاو ئێران ئەگەر لە مێژوەوە تا ئێستا هێمنی و ئاسایشی ئەم ناوجەیە بەسترابێت بە باڵانسی تورکیا و ئێرانەوە ئەوا دوای ئەم ڕوداوانە ئێران لە بەرامبەر تورکیادا بوتە خاوەن هێزێکی گەورە و تورکیا پاشەکشەی کردوە لەو دەستەڵاتەی کە هەیبوە ، خۆ ئەگەر باشوری کوردستان وەر بگرین ئاوا سنوری دێگەڵە و ڕێککەوتنی ستراتیژی جۆرێک بوە لە دابەشکاری لە نێوانیاندا ، بەڵام لە دوای کەوتنی سەدام ئێران توانی ناوندی عێراق داگیر بکات و دەستەڵاتیکی شیعەی تیا دروست بکات وەک خۆیان دەڵێن ئێران سێ پایتەختی هەیە ( تاران ، دیمەشق ، بەغداد) ئەوا تورکیا نەک نەیتوانی وەک باشوری کوردستان ببێتە هاوبەشی ئێران لە ڕیگەی سونەکانی عێراقەوە بەڵکو ئاوت کرا ، ئەوەی ماوەتەوە بەدەستیەوە سنوری زەردە و بە ناچاری ئێستە بەس یاری بەم کارتە دەکات ، بۆ ئێران کارتی سەرەکی بەغدادە نەک زۆنی سەوز ، کەواتە کارتی سەوزی دەستی ئێران لە خزمەت کارتی بەغدادایە ، بۆیە بۆ ئەوەی تورکیا لە ڕێگەی موسڵ و سونەوە کێشە بۆ ئێران و ناوەندی بەغداد دروست نەکات ، لەبەرامبەردا ئێران کێشە بۆ دەستەڵاتی پارتی دروست ناکات ، هەر بۆیە لە ئێستادا پارتی دەتوانێت پاوان خواز بێت و وە کردیشی ، دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەندێ تورکیا دەگەڕیتەوە ناو بەغداد و بەرەی سونە دەچنەوە ناو پرۆسەی سیاسی ، یان بە تەواوەتی لەسەر ئەم خەتە دەکەوێتە خوارەوە ، بۆیە پارتی دەتونێت پاوان خواز بێت و سود لە یەکێتی دوای تاڵەبانی وربگرێت و هەر بە ڕێککەوتنی ستراتیژی لەبەرامبەر سەرۆک کۆماری عێراقدا کە هیچ کێشەیەک بۆ عەبادی دروست نەکات ، دەبێت لە باشوریش یەکێتی هیچ کێشەیەک بۆ سەرۆکی هەرێم دروست نەکات و بە سیاسەتی پاوانخوازی پارتی ڕازی بن و ببنە پاشکۆ ، ئەمە ڕێککەوتنی نێوان ئەنقەر و تارانە ، واتا کارت بە کارتە ، ئەوەی کە دەیەوێت دەستکاری ئەم نەخشەیە بکات تەنها گۆڕانە کە نەک ناچێتە سەر دابەشکاری ڕێککەوتنی ستراتیژی ، بەڵکو دەیەوێت دەستکاری ئەم نەخشەیە بکات و هەڵی بوەشێنێتەوە ، شەڕی گۆران دژی پارتی و یەکێتی نیە ، بەڵکو لەوە گەورەترە و دەیەوێت ڕسمی بەرژەوەندییە نەتەوایەتیەکە لەو دیو ئیرادەی دابەشکاری ئێرانی و تورکیەوە بکات ، لەبەردەم ئەم ڕێگایەدا کاتێک پارتی و یەکێتی دژایەتی گۆران دەکەن ئەوە نمایندەی ئێران و تورکیا دەکەن و ئێران وتورکیاش ئەوە بەباش دەزانن کە سەرانی ئەم دو حیزبە بکەنە بزنس و بیانبەستن بەخۆیانەوە ، تا هیچ ڕێگریەک وەک خۆیان دەلێن نەمێنێت لەبەردەم ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان تورکیا و ئێراندا بە نمونەی گۆڕان ، لەگەڵ هەمو کەمو کوڕیەکانی گۆراندا ، تەنها گۆڕان لە دەرەوەی ئەم ڕێککەوتنە دەیەوێت ئەم ڕەگی پاشکۆیەتیە کە لە میرنشینەکانەوە دێت ببڕێت و هەرێم ببێت بە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆی ، شەڕی گۆران لە یەکێتی و پارتی گەورەترە ، ئەوە ئێران و تورکیایە ناهێڵن گۆران یاری سیاسی بکات ، دوا جار ئەگەری گۆڕانکاری داوی ئەم دابەشکارییە گۆڕان مەحکوم دەبێت بە گۆڕینی یارییەکەی وەک ئەوەی واقعی سیاسی دەیخوازێ ، گەر وا نەکات پرسەی خۆی دەبینێت .




دەنگێک لە مێژووەوە هاوار دەکات, ئەم شەڕە ڕاگرن ….. بەختیار شارەزوری

ڕایگرن تکایە ڕایگرن
ئەم خوێنەی ئێمە سەرچاوەکەی لەوێوە دێت
کە خەنجەرەکانی خۆمان
پشتی نیشتمانیان بریندار کرد
ئەم زامانە جێ شەلاقی دوژمن بوە و
دراوەتە دەست براکانمان
ڕایگرن تکایە ڕایگرن
ئەم ڕەشەبایە ڕەشەبایەکی شومە و
کە دێت چارۆکەی کەشتی نیشمان وێران دەکات
ڕایگرن چی دی
مەبنە دەستی دوژمن بۆ شیواندنی نیشتمان
مەبنە پەنجەی دوژمن بۆ سەر بەلەپیتکەی
ئەو تفەنگانەی ڕوو لە ئێمەن
مەبنە دوربینی ڕۆشنکردنەوەی نەخشەی داگیرکەران
ڕایگرن ….
لە مێژە ئێمە خاکمان تاڵان دەکرێت
وڵاتمان هەراج فرۆش دەکرێت
تورک و عەرەب و فارس
سێ دڕندەن جگە لە پیسکردنی خاکمان هیچی تر نین
مەبنە کارتی دەستیان
تکایە ڕایگرن
وتمان ئێوە شۆڕشتان کرد و
بونە دزی ناو ماڵەکانمان
وتمان ئێوە بە دەمامکی شۆڕشەوە
وڵاتتان کردە کاڵایەکی هەرزان
دەزانین ئێوە…. شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ
بونەتە چەتەی خۆماڵی ناومان
کە بەهای خۆتان لە دەست دا
بەهای نیشتمانیش مەفرۆشن
مەبنەوە بە سوارەی حەمدییە
مەبنەوە بە یەزدان شێر
مەبنەوە بە جێبەجێکاری پلانەکانی دوژمنان
تکایە ڕایگرن
دەنگێک لە مێژوەوە هاوار دەکات
چی دی لەمە زیاتر
بەرگی مێژوو خوێناوی مەکەن
لەمە زیاتر
مێژوو شەرمەزار مەکەن
وەک خۆتان هیچ نین
شانازیەکانمان سەر مەبڕن
گەریلا و پێشمەرگە بزوێنەری نەتەوەیەکن
ئاڵایەک لەسەر خوێنی گەریلا و پێشمەرگە دەشکێتەوە
مەیدەنە دەست نەوەی گورگەکان
کچە گەریلایەک شوناسی مرۆڤایەتی و کوردە
هەر دەستێک خوێنیان بڕێژێ
ڕو ڕەشی بەردەم ویژدان و مێژووە
تکایە ڕایگرن
قەندیل دڵی نیشتمانە
بونی نەتەوەیەکە
بێ گەریلا … بێ پێشمەرگە
لە لێدان دەکەوێ
ئەوە وەسیەتی پیاوانی ئازایە
کە قەندیل لەبەردەم پلانی جاش و دوژمناندا
هەرگیزا و هەرگیز نانەوێ
ڕایگرن
ئەوە مێژوە و کە توڕە بو
دەموچاوتان پڕ دەکات لە تف
پڕتان دەکات لە حاشای جاشایەتی
دەمامکی دوژمن لەسەر دەمو چاوتان لابەن
چی تر با دەنگی مێژو بەسەر قەندیلەوە هاوار بکات
نابینن چۆن نیشتمان هاوار دەکات
نابیستن دەنگێک لە مێژوە دێت
نەفرەت لە بونتان دەکات
ڕایگرن چی دی مەبنە جێبەجێکاری
پلانی دوژمنان
ڕایگرن ئەم شەرە نەفرەتیە ڕاگرن .




عیبرەت لە جێبەجێکردنیدایە … بەختیار شارەزوری

ئەگەر گۆڕان هەوڵێک بو بێت بۆ ئەوەی ڕەوتی مێژوی بەریەککەوتنەکان لەسەر لاشەی نەتەوەیی کورد کرا بێت و کۆتای پێبهێنرێت ، یان ئەوەی پێ ی دەوترێت ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئێران ، کە بە درێژایی مێژوو کورد بوتە چەکی دەستیان و کارتی دەستیان بۆ شەڕ و فرۆشتنەوەی کارتەکنایان بەیەکتر ، ئەمەش هەر لە شۆڕشکانەوە تا دەگاتە میرنشینەکان و هەر لە سوارەی حەمیدییەوە تا دەگاتە یەزدان شێر درێژ کراوتەوە ، لە ئێستاشدا خۆی بە فۆرمێکی ترەوە نمایش دەکاتەوە ، ئەگەر سەیری ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەین ئەوا کار لەسەر دو ڕەهەندی سیاسی و ستراتیژی دەکات :

1. ستراتیژی سەربەخۆ : واتا هەرێم ببێتە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆی و ئێران و تورکیا وەک دو دەوڵەتی دراوسێ بن ، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و بنەماکانی دەوڵەتی دراسێ مامەڵە بکەن ، نەک پاشکۆیەتی بۆ ستراتیژی ئێرانی یان تورکی ، بۆ ئەمەش زەمینەی گشتی لەبار بو چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و چ لەسەر ئاستی جیهانی ، بە مانایەکی تر بزوتنەوەی گۆڕان ویستی لە ڕێگەی دەنگ و کورسی پەرلەمانیەوە بە خەباتێکی بێ خوێن و پەرلەمانی قورسایی هەبێت ، کار بۆ ئەم ئامانجانەی بکات ، وە کار لەسەر دروستکردنی فشار بکات بۆ سەر پارتی و یەکێتی تا ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیە کە هەیە و درێژکراوەی هەمان ڕێککەوتنە مێژوییەکانی تری نێوان تورکیا و ئێرانە هەڵبوەشێنرێتەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەم دو وڵاتە بکاتە ڕێککەوتنێکی تر و هەرێم خاوەنی سەربەخۆی خۆی بێت ، خۆ ئەگەر کورد لە ئێستادا بوبێتە هێزێک کە هەمو بەرەکان پێویستیان پی ی بێت ، ئەوا کورد دەتوانێت لەم کاتەدا ئەو ڕەگە مێژوییە بپچڕێت و بونیادی خۆی بنێت ، بە تایبەتی تر دوای بەهاری عەرەبی و دەرکەوتنی داعش ، کە زەمەیەن لەبار بو بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە پاشکۆیەتییەوە ببێتە هێزێکی کاریگەر و هاوپەیمانی هەمو بەرەکان .
2. بە نیشتمانی کردنی پرسەکان : لەسەر ئاستی ناوخۆیش دەیویست کار بکات لەسەر گواستنەوەی جۆری حکومڕانی و دەوڵەتداری لە ئەقڵی خێڵ و پاشایەتی و وەلی عەهدەوە بۆ سیستەمێکی پەرلەمانی پتەو و بە نیشتمانی کردنی ئەو دەزگایانەی کە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە ، وەک ئەوەی تەفسیر دەکرا گۆڕان نەهاتبو بۆ ئەوەی هێزەکانی تر سفر بکاتەوە ، بەڵکو دەیویست هێزکان ناچار بکات ، کار بۆ بە نیشتمانی کردنی پرسە گرنگەکان بکەن ، تا ئامادە بن ئەم ڕەگی مێژوییە ببڕن و ئەم هەلە سیاسی و جوگرافی و ئابوری و جیۆپۆلەتیکییە لەدەست نەچێت ، گۆڕان ویستی ئیرادەیەکی وا دروست بکات کە ئەم هەلە بکاتە قۆناغی وەرچەرخانی مێژوویی .

ئەوەی جێگەی تێڕامانە پارتی و یەکێتی لەبەر بەرژەوەندی سەرانیان نەک نەیان توانی کار بۆ ئەم ئامانجانە بکەن ، بەڵکو جارێکی تر بونەوە بە پاشکۆیەکی کارتۆنی و بەردەوامیدان بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ، کە جگە لە وەکالەتی ئێرانی و تورکی هیچی تر نیە و هەمان مێژووە خۆی دوبارە دەکاتەوە ، وە بەمەشەوە نەوەستان دەستیان کرد بە دانانی سەدان سیناریو بۆ دژایەتی کردنی گۆڕان کە نەخشەکەی لە تاران و تورکیاوە بۆ دەکێشرا ، خۆ ئەگەر گۆڕان مەبەستی بو بێت نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆڕێت ، ئەوا ئەو گۆڕینە بو کە لە بەرژەوەندی نەتەوەییدا بو ، وە لە زەرەری بازرگانە جاشەکانی تورکیا و ئێراندا دەبو ، بۆیە هەر زو کەوتنە داڕشتنی سەدان سیناریو بۆ گۆڕان و بە تایبەتیتر نەوشیروان مستەفا ، خۆ ئەگەر ئیرادەیەکی نیشتمانی بەهێز هەبوایە ئەوا چی ئێران و چی تورکیاش ناچاردەبون بەم ڕێکەوتنە ، چونکە بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ هەرێم هەیە و وە ڕای نێودەوڵەتیش ئەو ئامادەگییەی تیا بو هاوکاری ئەم پرسە نیشتمانییە ببێت ، بەڵام کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر نەبونی یەک دەنگی نەیتوانی ئەم کارە بۆ ئامانجەکانی بکات و بە تایبەتی تر دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دروستبونی فرە دەسەڵاتی ونبونی سەنتەر لە ناو یەکێتیدا ، پارتی وەک حیزبێکی تاکتیکی توانی بە تەواوەتی یەکێتی بکاتە پاشکۆیەکی لەرزۆکی خۆی و تەواوی دەستەڵاتەکان لای خۆی کۆبکاتەوە ، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان یارییەکەی گۆڕی بەوەی نەهێڵێت هاوسنگی هێزی نێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد بگۆڕێت و زیاتر پارتی فراوانخوازی بکات و گوێ بە دەنگ و ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان نەدات ، بۆیە کاری لەسەر پرسی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی کرد ، بەڵام هەر زو دیار بو کە یەکێتی ئەو یەکێتیە نیە تازە بتوانێت ئەو ئیرادەیەی هەبێت کار بۆ هاوسەنگی هێز بکات ، بەهۆی تەکتیکەکانی پارتییەوە ، هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە و ئەو ناهاوسەنگی دەستەڵاتەیان قبوڵ بو کە ئێستە یەکێتی وەک پاشکۆی کارتۆنی دەبینرێت ، بە مانایەکی تر ڕێککەوتنی ستراتیژی بەشکاریە لە نێوان تورکیا و ئێراندا و پارتی و یەکێتی وەکالەتی ئەم دو دەڵەتە دەکەن ، ئیتر هەر هێزێکی تر لەدەرەوەی ئەمانە دروست بێت دەبێت ڕازی بێت بە پشک لەسەر حسابی یەکێکیان وەک یەکگرتو ، کۆمەڵ و حیزبە بچوکەکانی تر ، لە ناو ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیەدا ، ئیتر ئەوەی پێ ی دەوترێت دەنگ دان ئەنجامەکەی هەر دەبێت بچێتەوە سەر هەمان دابەشکاری پۆستەکان لە پشکی پارتی و یەکێتی ، گۆڕان هەر زوو ئەوەی دەزانی کە عیبرەت لە تاکتیک و سیناریو شوان خەڵەتێندا نیە …. بەڵکو عیبەرەت لە جێبەجیکردنیدایە … ئەگەر بزانن و دەرکی پێ بکەن .




٢٠١٧ چی دەگوزەرێ …؟ … بەختیار شارەزوری

بۆ ئەوەی بتوانیت ئارستەی گۆڕانکارییەکان بدۆزیتەوە ، ئەوا لە ڕوانگەی بەرژەوەندی هەر وڵاتێک و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تردا کار بکرێت ، وە ئەو ڕوداوانەی ئێستە هەیە و لە ساڵی نوێدا ئەگەری چی گۆڕانکاریەکی تر هەیە ، ئەڵبەت هەر وڵات و هەر هاوپەیمانیەک لە چواچێوەی بەرژەوەندی تاک وڵات و بەرژەوەندی کۆ وڵاتان کار دەکات ، بەریەککەوتنەکانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەمە لایەنەوە کاری پێ دەکرێت ، ئەگەر وامان کرد لە ڕونگەی بەرژەوەندیەوە بیخوێنینەوە ، ئەوە دەتوانیت تا ئاستێک یان ٦٠٪ ی ڕوداوەکان ببینین، وە هەر کەسەو بەپێ ی دیاریکردنی ئارستەی بەرژەوەندیەکان لە ڕویەکەوە دەیبینێت ، ئەوەی دەکرێت پێشبینی بکرێت ئەم خاڵانەن :
1. ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ هێز دەکات و دەیەوێت هەمو هێزەکان لە چوارچێوەی ئەو بازنەی بۆی کێشاوە کۆبکاتەوە لە بەرژەوەندی خۆی و هاوپەیمانەکانی بیجوڵێنێت ، بەبێ ئەمریکا هەربڕیارێک لەسەر گۆڕانکاریەکان مەحاڵە ، لە ئێستادا لەسەر سوریا خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان بەرەی ئەمریکا و بەرەی ڕوسیدا وە خاڵی ناکۆکیش هەیە هەردوکیان لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرتیرن قازانج .
2. لەسەر ئاستی سوریا ، کە دەکرێت لقی هەمو ناکۆکیەکان لەسەر جەستەی سوریا ببینرێت ، لەسەر خاڵە سەرکیەکان کۆک دەبن چونکە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە ، بەریەککەوتنە سەرتاییەکان بەردەوامی دەبێت ئەویش بۆ بەدەست هێنانی کارتی زیاترە لە هەدو سەربازگەکە بۆ ئەوەی کە چونە سەر مێزی گفتوگۆ هەر هەر یەکەیان کارتی زیاتری پێ بێت .
3. تورکیا کە دەچێتە سەر سفرەی لاڤرۆڤ ئەوا داعشیش دەبێتە کارتری دەستی ئەم بەرەیە ، لە بەرامبەردا ئەمریکا دەست دەخاتە ناوخۆی تورکیا بە گۆڕینی دەسەڵاتی تورکیا لەڕێ ی کارتی گولەنیەکانەوە .
4. داعش دەمێنێت و تەنها لە ٢٠١٧ دا لە عیراقدا وەک هێزێکی دیار نامێنێت ، لە عێراقدا لە هێزێکی دیارەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی نادیار ، لەبەر ئەوەی تورکیا بەشدار پێ دەکەن لە چوار چێوەی ئەو ڕێککەوتنە ٣ قۆڵیەی (ڕوسیا +تورکیا+عێراق) داعش وەک کارتی دەستی تورکی لە سوریا دەمێنێتەوە بەڵام بە پێ ی بەرژەوەندیەکانی تورکیا بچوک دەبێتەوە تا ئاستی بون بە نادیار .
5. سەربازگەی ڕوسی لە ڕێگەی هێزە درێژکراوەکانیەوە کۆنتڕڵی دەریای سپی دەکەن .
6. لە عێراقدا سەنتڕاڵ بەهێز دەکەن و هەمو هێزکان ناچار دەکەن پەیوەست بن بە دەسەڵاتی ناوەندی شیعەی درێژکراوەی ئێرانەوە .
7. کەرکوک دەبێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ ، تا ئەو کاتەی کورد ڕازی دەبێت بە داواکاریەکانی ناوەند ، داعش لە حەویجە دەهێڵنەوە وەک کارت بەرامبەر کورد .
8. پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی تۆختر دەکەنەوە دوای ڕێککەوتنی تورکیا و ئێران و ڕوسیا و هەمو هێزەکان ناچار دەکەن بچنە زسەر ئەو خەتە .
9. کارتەکان پەیوەندیان زیاتر پێکەوە توند تر دەبێت ، ئێران کە من ناوم ناوە ئەختەبوتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کارتەکانی زیاتر دەبێت و پەیوەندی نێوان کارتەکانی زیاتر دەکات ( کارتەکانی عێراق ، لوبنان، بەحرەین ، یەمەن ، سوریا، ئەفغانستان ، فەلەستین ..هتد)
10. ولاتانی خلیج ناچار دەبن بە ڕیککەوتن لەگەڵ ڕوسیا .
11. نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە وەک کارتی شەڕ دژی چین.
12. بۆ کوردانی باکور لە ٢٠١٧ دا لە ترسی دوبارەنەبونەوەی ئەزمنی عێراق ، تورکیا لاواز تر بێت ئەگەری فشاری توند تر دەبێت لەسەر کوردەکان .




بۆ… نەوشیروان مستەفا بێدەنگە …؟ … بەختیار شارەزوری

نەوشیروان مستەفا وەک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر ئامانجەکانی ناو بزوتنەوەکەی کرد ، بەوەی لەم زەمەنەدا ژینگەی گشتی ناوچەیی لەبارە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لەو کۆت و بەندە مێژوییە بێتە دەرێ و درێژکراوەی ستراتیژی وڵاتان نەبێت ، کاری ئەم پیاوە دژی هیچ کەسایەتیەک نەبوە ، هێندە نەبێت کاری لەسەر بڕینی ئەم ڕەگەی (مێژوو کردە) کردوە ، بەوەی ببینە خاوەنی ستراتیژی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆمان ، ئەو کات وڵاتانی ناوچە وەک دراوسێ ناچار دەبون کە مامەڵە لەگەڵ هەرێمێکی سەربەخۆی خاوەن ستراتیژ بکەن ، نەک وەک پاشکۆی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ، نەوشیروان مستەفا دەیویست یەکێتی و پارتی ناچار بکات بە دەست بەردان لە ڕێکەوتنی ستراتیژی و کار بۆ بە نیشتمانی کردنی کۆی پرسەکان بکەن ، لەبەر ئەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی هێندە ڕێککەوتنێکە لە نێوان تورکیا و ئێراندا ، هێندە ڕێکەوتنێک نیە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا تەنها بە وەکالەت نەبێت ، ئەم پیاوە ویستی دەستی پارتی و یەکێتی لە پاشکۆیەتی دەربهێنێت و بیانکاتە خاوەن سیستم و ستراتیژی خۆیان و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بکاتە نەریت ، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی سەرانی پارتی و یەکێتی بەستراوە بە ڕێکەوتنی ستراتیژیەوە ، وە بۆ ئێران و تورکیاش قازانجە کە کەلتوری خێڵ حکوم بکات ، تا سەرەک خێڵ بگرن کۆی هەرێم بگرن، ئەم پیاوە کە زانی نە پارتی و نە یەکێتی ئەو ئیرادەیان نیە و دروشمەکانیان جگە لە سیناریو و ماکیاج هیچی تر نیە ، چونە ناو دەسەڵاتەوە تا گوشاریان زیاتر بێت ، بەڵام تورکیا بە تایبەت (چونکە تورکیا لە عێراقدا بەس پارتی بە دەستەوەیە وەک کارت و سونە پەراوێز خراوە… بەڵام ئێران ناوەندی عێراقی بەدەستەوەیە بۆیە نەیان هێشت ئەم ئامانجە بکرێتە کردار ) ، داواجار بە ناچاری گەڕایەوە بۆ یاریەکی تر ، کە هاوسەنگی هێز بو ، بەڵام هەر زوو بە پلانی تورکیا کار بۆ دوکەرت کردنی یەکیتی و یەکگرتو کراو نەیان هێشت ئەم هاوسەنگییەش سەر بگرێت و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە کە ئێستا هەمو حیزبەکان پاشکۆن تێیدا ، تاکە هێزێک لە بەرامبەر پاوان خوازی پارتیدا گۆڕانە و بەردەوامیش لە ململانێدایە ، وە نەوشیروان مستەفا دەیزانی کە ئەم یارییە یارییەکی ناچارییە ، وە ئەوەشی دەزانی لە سایەی حکومڕانی ئەم دو حیزبەوە ئەم دۆخە دەبێت ، بۆیە وەک ساڵی ١٩٩٠ چاوەڕێ ی گۆڕانێکی ناوچەییە ، وەک گەردەلولی بیابان و ڕاپەڕین ( ئەگەر تەمەن باقی بێت ) کە لە ئێستادا دەکاتە پڕۆسەی موسڵ و دوای موسڵ ، ئەم پیاوە دەزانێت کە دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان توانای گۆڕانیان نیە بە ئاراستەی ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ، هەموی بەستراوە بە گۆڕانکارییە دەرەکییەکان و بە تایبەتی تر گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە ، بۆیە ئەم پیاوە هەر کات زانیبێتی دەتوانی یاری خۆی بکات و کاریگەری دەبێت ، ئەوا یاری خۆی کردوە ، هەر کاتیش زانیبێتی هەر یارییەک بکا یاریچیەکی گەورەتر هەیە لە دەرەوە ، ئەوا یارییەکەی خۆی وەستاندوە ، لە ئێستادا وەک ١٩٩١ چاوەڕێ ی دوای موسڵە ، ئەوەش دەزانێت کە تورکیا بۆ بەرژەوەندی سەرانی (ئاکەپە) توند تر دەبن لە دژایەتی کردنی ناتۆ و ڕوسیا ، ئەمەش نزیکی دەکاتەوە لە کەناری بچوک بونەوە بە تایبەت دوای ئەوەی کە نەیتوانی بەشداری موسڵ بکات وەک هێزێکی کاریگەر ، بگرە لەوەش بچوک تر هەڕەشەکانی بۆ سەر تەلعەفەر سفر بویەوە ، لە بەرامبەردا ئێران لە هەر چوار لاوە لە فراوان بوندایە ، بە جۆرێک وڵاتانی خلیج بە سوعدەیشەوە ترسی هاتنی حشدی شعبیان هەیە بۆ ناو سوریا ، کە بە ئاشکرا ئێران دەڵێت دەچینە ناو سوریا ، بێگومان بە گڵۆپی سەوزی ناتۆ و ئەمریکا و ڕوسیاوە ، چونی مسعود بارزانی بۆ ئیمارات هەر لەم چواچێوەیەدایە ، وە دابەزینی بۆ پرسی هەڵبژاردن هەمان کاریگەری گەورە بونی ئێران و بچوک بونەوەی تورکیاییە ، نەوشیروان مستەفا کە بێدەنگە چاوەڕێی ئەم گۆڕانکاریانەیە ، ئیتر دوای ئەم گۆڕانانە یاری سێیەمی نەوشیروان مستەفا دەست پێ دەکاتەوە و دەتوانێت ببێتە ئاراستەکەری نەوەی سێیەم وەک ساڵی ١٩٩١ ، ئەم پیاوە بۆیە بێدەنگە چاوەڕێ ی یاری یارچیەکانی ناو گۆڕەپانەکەیە و دوای دۆڕانی یەکێکیان ئەم دێتە ناو گۆڕەپانەکە و یاری سێیەم دەست پێ دەکات ، بێگومان بە تێگەیشتن لە تاکتیک و فێڵەکانی یارچیەکانی بەرامبەری ، وە ئێستە لە دورەوە سەیری دەکات و باش لە فێڵەکانیان تێدەگات ، ئەو کات نەوشیروان مستەفا بە کردار دێتە دەنگ.




گەورەبونی شەقام و بچوک بونەوەی حیزب… بەختیار شارەزوری

ئەگەر کۆمەڵگا پانتاییەک بوبێت و حیزبەکان هاتبێتن هێڵی دەسەڵاتی خۆیان کێشا بێت و هەر حیزبە و پانتاییەکی بۆ خۆی داگیرکردبێت ، ئەگەر پێشتر حیزب جێ ی متمانەی بەشێك لە کۆمەڵگا بوبێت و باوەڕی تاک وا بوبێت کە بتوانن کار لەسەر دروشمەکانیان بکات ، ئەوا ئێستە ئەوەی جێگەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە ئەو دروشمانەن کە حیزبەکان هەڵیان گرتبو ، ئەگەر پێشتر تاک پێ ی وا بوبێت کە بە دەنگی دەتوانێت دەسەڵاتەکان بگۆڕێت ، ئەوا ئێستە لەساییەی دو حیزبی بێ ئەرزش دەنگی تاک هیچ ناکات جگە لە یارییەکی بێ تام ، ئەگەر پێشتر تاک باوەڕی بە دەنگدان بوبێت بە ئۆپۆزسیۆن ، کە کار لەسەر دامەزراوەیی بونی کۆی دەزگا نیشتمانییەکان بکات ، ئەوا لەسایەی تاکتیک و سیناریوکانی ئەم دو حیزبەوە ، ئەو ماکیاجەی بۆ خۆیان کردبویان ، هەمان ماکیاجیان بۆ ئۆپۆزسیۆنیش کرد و ڕەنگی خۆیانیان کردە بەری ، ئەگەر هەوڵێک بوبێت لەلایەن گۆڕانەوە بۆ گۆڕێنی ئەم دۆخە و جێ ی هیوای شەقام بوبێت ، ئەوا لەسایەی جاشایەتی و پاڵپشت بە هێزی بێگانە هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش خرایە کۆڵانێکی داخراوەوە ، ئێستە شەقام چی تر ئەو شەقامە نیە کە پێشتر حیزبەکان کەرتیان کردبو ، ئێستە لە سایەی حکومڕانییەکی مافیاوە دۆخێک خوڵقاوە ، کە نەهامەتییەکان هەمو تاکێکی گرتوەتەوە ، گەیشتوەتە ئاستی بژێوی تاک ، بە جۆرێک کۆی کۆمەڵگا توشی داڕمانێک هاتوە ، چیتر شەقام خۆی هەڵدەسێت خەتی دابەشکاری حیزبەکان لەسەر جەستەی خۆی دەسڕێتەوە ، هەر شەقام خۆی دێت ، دەموچاوی ناشیرنی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دەر دەکات ، چونکە نەیان توانی کلتوری دەستاودەستکردن و سەروەری یاسا گەورەتر بکەن لە منداڵدانی حیزب ، بە ڕیگایەکدا ڕۆشتن کە ڕێگای شکستی ئەم جۆرە مۆدیلە بو لە حیزب ، تا ئێرا دەتوانین ناوی بنێن ململانێ ی شەقام و حیزب ، لە داوی دەرکەوتنی کاریگەری دەرئەنجامەکانی شکستی ئەم دو حیزبە لە ڕوی حکومڕانییەوە ، دوای داکەوتنی دەمامکی دەموچاویان و خراپی بژێوی تاک ، دواجار تاکەکان هیچ شوێنێک بە گۆڕەپانی خۆیان نازانن تەنها گۆڕەپانی شەقام نەبێت ، بە جۆرێک کوڕانی حیزب حاشا لە حیزبەکانیان دەکەن و دەگەڕێنەوە لای دایکی شەقامیان ، ئەمەش پشکی شێر بەر پارتی و یەکێتی دەکەوێت ، لەبەر ئەوەی گۆڕان خۆی لە شەقامەوە دروست بوە ، زوتر کوڕانی گۆڕان دەچنەوە ناو باوەشی شەقام ، ئەگەر چی گۆڕان دەیویست یاساکانی گشتی بۆ هەمو تاکێک بێت بێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگ ، بۆیە دەبینین کوڕانی گۆران ناتوانن لە شەقام هەڵبین ، ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەی دەنگی شەقام ئەو حیزبانەن کە خاوەنی دەستەڵات بون و ئەم شکستەیان بەرهەمهێناوە ، دەرئەنجام شەقام زۆر گەورەتر دەبێت لە حیزب و دەبێتە یەک دەنگ ، ئەگەر پێشتر ناڕەزایەتیەکان داینەمۆی بزوێنەری چەند حیزبێک بوبێت ، ئەوا ئێستە ئەوەی جێگەی گەڵتەجاڕییە هەمو حیزبەکانن ، ئەگەر چی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی خەڵک ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ببێتە کوڕی شەقام دەبێت لەوە گەورەتر بێت کە ئێستە هەیە ، دەیانەوێت گۆڕان ببێتە فشار بۆ دو حیزبی گەندەڵ ، بەڵام کاتێک دەبینن لە ئاستی دۆخی دەست تێوەردانی دەرەکی و جاشایەتی ئەم دو حیزبەدا و جوڵاندنیان بە کۆنتڕۆڵەکانی تاران و ئەنقەرە هیچیان بۆ ناکرێت ، ئەوا شەقام خۆی دێتە قسە و دەکەوێتە جوڵە .
ئەوەی گرنگە لە ئێستادا دەرئەنجامی حوکمڕانی ئەم دو حیزبە بوتە هۆی داڕمانی دۆخی بژێوی تاک لە دەنگ دەرانی خۆشیان ، زۆر خوڕسکانە شەقام لە داواکارییەکانی مامۆستایانەوە بوتە شەقامێکی توڕە و شوێنێک بۆ ڕیسواکردنی حیزب ، ئەوەی گرنگە ئامانجی ئەم خۆپیشاندانانە لە چوارچێوەیەکی بچوکدا قەتیس نەکرێت ، دەبێت چوارچێوەی داواکارییەکان گەورەتر بکرێت بۆ مافە یاسای و گشتیەکان ، تەنها لە چوارچێوەی موچەی مامۆستایاندا نەبێت ، سنوری موچە ببڕێت بۆ هەمو ئەو داواکارییانە کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەم حکومەت و دەستەڵاتە بە حکومەتێکی تەکنۆکراتی چاودێری کراو ، پێویستە لەوە بگەین ئیتر ئەوە حیزب نیە دەچێت بە قەڵەمێکی سور هەندێ لە جەستەی حیزب بۆ خۆی داگیر دەکات ، چی تر شەقام خۆی دەتوانێت سنوری متمانە و دەسەڵاتی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دیاری بکات ، دەبێت لەوە تێ بگەین کە دەسەلاتی شەقام باڵا ترە لە هەمو ئەو سیناریو و گەڵتاجاڕییانە کە ئەم دو حیزبە دیکەن ، گەورەترە لەوەی شەقام گوێ بۆ گۆرانی درۆزنەکان بگرێت ، گەورەترە لەوەی بە دروشم ڕوی ڕەشی خۆیان سپی بکەنەوە.




دەرکەوتە و سیناریۆکانی ڕزگارکردنی موسڵ … بەختیار شارەزوری

بڕیاری ڕزگارکردنی هەر یەک لە ڕەقە و موسڵ ، ئەوەندەی بڕیارەکە لای ووڵاتانی زل هێزە ، ئەوەندە لای ووڵاتانی ناوچەیی نیە ، تەنها ئەوەندە نەبێت لە داڕشتنی ئەم نەخشەیەدا تا چەندێ دەتوانرێت ئەم وڵاتانە و ئەم هێزانە بخرێنە خزمەت ئەو ئامانجە ، کە وڵاتانی زل هێزی وەک ڕوسیا و ئەمریکا دایان ڕشتوە ، کە بە جۆرێکە هەتا فەرەنسا و بەریتانیاش هەندێ نیگەرانیان هەیە ، بەوەی کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمریکا و ڕوسیا ئامادە نەبون نهێنی هێرش کردنە سەر ڕەقە و موسڵ ئاشکرا بکەن ، لەم نێوەندەدا ئەمریکا و ڕوسیا لە کاتی ئەم پڕۆسەیەدا مامەڵە لەگەڵ هێز دەکەن و کێ پێشتر بوەتە هێزی خێر بۆ ئەم دوانە ، ئەوا دەکەوێتە چوار چێوەی بەرژەوەندی ئەم دو زل هێزەوە ، ئیتر وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا هەر یەکەیان دەیانەوێت بە پێ ی بەرژەوەندی خۆیان بچنە ناو ئەم نەخشەیەوە ، ئێستە لەسەر و بەندی ئازاد کردنی موسڵدا تورکیا دەیەوێت داعشەکانی ناو موسڵ و ڕەقەی دەست بکەوێت ( کە پێشتر خۆی ناردبونی ) بۆ ئەو شەڕەی کە تورکیا پێ ی وایە دوای ڕەقە و موسڵ توشی دەبێت ، ئەوەی تورکیا لێ ی دەترسێت بە پلەی یەکەم پشک نیە لە موسڵ و ڕەقە ، بەڵکو ترسی کوردی هەیە دوای ئەم شەڕانە لە پلانی ئەمریکا و ڕوسیادا ببێتە کیانێک لە چوارچێوەی فیدڕاڵیدا لە وڵاتانی سوریا و عێراقدا وە دوایش ئەم داوایە لە تورکیا بکرێت ، بۆیە دەیەوێت هەر چۆنێک بێت داعشەکان بباتە ناو تورکیا بیان کات بە جەندرمە و میت بۆ شەڕی کورد دوای ئەم شەڕانە ، لە ئێستادا خەونی ئیمپراتۆری عوسمانی نەک کۆتایی پێ هاتوە ، بەڵكو دەیەوێت تورکیا بە مانا جوگرافییەکەی لەدەست نەچێت ، لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەش سعودیە و قەتەریش وەک پێویستی بەرژەوەندی تورکیا نایەتەوە ، بۆیە تورکیا ئەوەندەی شەڕی دژی کورد دەکات و شەڕی پاراستنی سنورەکانی دەکات ، ئەوەندە شەڕ بۆ فراوانخوازیەکەی ناکات کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات ، بە کورتی تورکیا دەیەوێت هەرچۆنێک بێت پاشماوەی داعش بکاتە کارتێک بۆ پاشەڕۆژی خۆی بۆ دژی کورد ، لە ئێستاشدا کە ئێران و ئەمریکا و ڕوسیا تەنها کێشەی بچوکیان هەیە ، بەڵام لەسەر دۆسیە گەورەکان ڕێکن ، ئەمەش دژ بە بەرژەوەندییەکانی تورکیایە .
لە شەڕی موسڵدا و لە ئێستادا پێشمەرگە لە سنورێکدا دوەستێت و ڕۆڵی عێراق دەست پێ دەکات وەک حشدی شعبی و هێزی سەربازی عێراق ، دوای ئەوەش ڕۆڵی پەکەکە دەست پێ دەکات ، کە ئەمە بۆ تورکیا مایەی نیگەرانیە ، چونکە نەک تورکیا ڕۆڵی پێ نەدرا بەڵکو دژەکانی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن ، بە هەمو دیوەکاندا تورکیا لەسەر مێزی داڕشتنی ڕزگارکردنی موسڵ بە قەد پەکەکە نابێت ، بۆیە تورکیا ئەگەری ئەوەی هەیە لە بەرامبەر بەرگریکردن لە پاشماوەکانی داعشدا توشی شەڕێکی دۆڕاو بێت ، خۆ ئەگەر پلانی B وC بەکار بێنێت دور نیە پەکەکە شەڕ بەرێتە قوڵایی تورکیاوە ، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک سیناریو هەیە کە ئەگەر کاریان پێ بکات دور نیە توشی دۆڕانێکی گەورە بێت ئەویش لە ڕێگەی پارتی و کۆنە بەعسیەکان و سونەکانەوە هەوڵی ڕزگارکردنی داعشەکان بدرێت و بۆ مەبەستی خۆی بەکاریان بهێنێت ، ئەوەی دەمێنێتەوە دوای موسڵە کە پێ دەچێت تورکیا لە عێراق دەربکرێت و کوردیش لە باشور بگەڕێتەوە ناوەند و گڵۆپی سەوزیش بۆ لایەنگرانی ئێران هەڵبکرێت لە عێراقدا ، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو ڕاستیەیە کە دوای موسڵ کار لەسەر وەدەرنانی تورکیا دەکرێت و عێراقێکی فیدڕاڵی دروستبکرێت بە ڕەزامەندی وڵاتانی ڕوس و ئەمریکا و ئێران ، بۆ دوای موسڵ و چۆنیەتی ئیدارەدانی موسڵ سیناریۆیی ئاشکرا نەکراوی ئەمریکا و ڕوسیا ئەبێتە ئەجێندای بەڕیوەبردنی موسڵ ، ئەویش کردنی بە چوار پارێزگا و وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئیتر ئەو سیناریویانەی کە لەلایەن کورد و سونەکان و عێراقەوە خراوەتە ڕو پێ ناچێت هیچیان کاریان پێ بکرێت .