ساتێ له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند دڵڤین شه‌نگالی.. بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

کاتێک هونه‌ر له‌ ناو گه‌رده‌شدا سه‌ر ده‌ردێنێت

پێشکه‌شه‌ به‌و که‌سه‌ی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی به‌رزه‌و هونه‌ر دۆسته.
بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

کۆتایی مانگی گوڵانه‌‌، له‌ گه‌ڵ سه‌ره‌تای گزنگی به‌یاندا، زه‌وی هێشتا بێدار نه‌بوبۆ‌وه‌، ده‌ریاش جارێ هه‌ر ده‌ینرکاند. ته‌م و مژی سه‌رله‌به‌یانی ده‌شته‌که‌ی داپۆشی بوو. خۆر ده‌رکه‌وت و که‌وتبوه‌ سه‌ما، دروه‌شانه‌وه‌و تیشکی خۆی بڵاوکرده‌وه‌، هێدی هێدی ده‌ستی کرد به‌ لادانی ئه‌و سه‌رپۆشه‌ ته‌نکه‌ی که‌ زۆر ناسک ده‌له‌رییه‌وه‌، هه‌لمه‌که‌ ورده‌ ورده‌ ڕه‌وییه‌وه‌و بووه‌ ئاورنگ به‌ سه‌ر گژو گیاو گوله‌کاندا، گه‌واڵه‌ هه‌‌وره‌کان په‌رت و ڕیشال ڕیشال ‌ بوونه‌وه‌ و بلاوه‌یان کرد، ده‌نگی پۆلێ‌ مراوی و قاز و قوو له‌ به‌رزی ئاسمانه‌وه‌ ده‌هات. ده‌نگی زوڵالی باڵنده‌ی ڕه‌شی ده‌نوک زه‌رد (میره‌ل) له‌ سه‌ر ترۆپکی داره‌ به‌رزه‌کان ده‌بیسترا . تاوێک به‌ ده‌نگێکی مۆسیقی ناسکی به‌رزو پڕ جۆش و خرۆش ‌، به ئاوازی جیاجیاو تۆنی جۆراوجۆر، تاوێکی دی به‌ ئاوازی نه‌رم و ناسک ده‌یچریکاند. میر‌‌ه‌ل مژده‌ی خۆشی گزنگی خۆر و رۆژێکی نوێمان ده‌داتێ و خه‌ڵکی به ئاگا ‌ د‌ێنێته‌وه.‌ دارستان و ده‌شت و بێستان به‌ گوڵی ره‌نگاو ره‌نگ و ڕازابونه‌‌وه‌، سه‌ر ڕێگاکان به‌ گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگی هه‌لوه‌رییوی دره‌خته‌کان ته‌نرابوون، ڕه‌نگی ئه‌رخه‌وانی، سپی ، په‌مه‌یی، زه‌رد و وه‌نه‌وه‌شه‌یی ئاوێته‌یه‌کی گه‌لێ جوانیان پێکهێنابوو. دیمه‌نی هاوڕێیه‌تی هه‌نگ و په‌پوله‌ له‌ نێو ئه‌و هه‌مو جوانیه‌دا باڵا بوو. به توله‌ ڕێیه‌کدا، دارستانه‌که‌م بڕی و به‌ناو سه‌وزایی و گژوگیاو ده‌وه‌نه‌که‌دا ، سه‌رکه‌وتم و ئنجا به‌ره‌و لێژی ، بۆ سه‌ر که‌ناری ده‌ریا که‌وتمه‌ ڕێ. خۆر وه‌ک ئه‌لماس ده‌دره‌وشایه‌وه‌و ده‌ریاش هێمن و له‌سه‌رخۆ ره‌نگی سپی ده‌ینواند، وه‌ک زیو ده‌بریسکایه‌وه‌.‌ بریسکه‌ بریسکی خۆر له سه‌ر روی ده‌ریا به‌ به‌جۆرێک جوان بوو‌ وه‌ک بلێێت بۆ ژووانیک خۆی ڕازاندبێته‌وه‌. شه‌پۆله‌کان به‌ هێمنی و به نه‌رمی ده‌هاتنه‌ ڕۆخی ده‌ریاکه‌ و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ . هه‌ر له‌ وێ که‌فێکی سپییان به‌جێ ده‌هێشت، ئیتر بۆنی قه‌وزه‌ بڵاوه‌‌ی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی خۆر له‌ زه‌ویی، ده‌ریام جێهێشت، و له‌ سروشت دابڕام به‌ره‌و گوزه‌رێک به‌ ناو هونه‌ردا، بۆ دیداری خانمێکی هونه‌رمه‌ندی کورد دلڤین شه‌نگالی که‌وتمه‌ ڕێ . ئه‌م خانمه‌ ‌ له‌ شاری ئا‌مه‌رسفۆرته،‌‌ له‌ ماڵێکی خنجیلانه و دڵگیردا‌ ده‌ژی ، ڕازا‌وه‌ به‌ گوڵی دلرفێنی جوراوجۆر، هه‌ر که‌ سه‌ر ده‌ ‌که‌یت به‌‌ ماڵه‌که‌یدا، بۆن و به‌رامه‌ی گژوگیای به‌هار،دره‌خت و گوڵی گه‌شی تازه‌ پشکووتوو، ‌ ئه‌و ناوه‌یان پڕ کردوه. له‌ ژووره‌وه‌ که‌شی مۆزه‌خانه‌یه‌کی بچوک باڵی به‌ سه‌ر ماڵه‌‌ خنجیلانه‌که‌یدا کێشاوه.له‌ هه‌ر سوچێکی ژووره‌که‌دا‌ تابلۆکان هه‌ڵواسراون، که‌لوپه‌له‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی،فڵچه‌ و بۆیه‌ و کاره‌‌ هونه‌رییه‌کانی دانراون. دیمه‌نگه‌لێکی ئێجگار سه‌رنج ڕاکێش و تایبه‌تیان هه‌یه‌. تێکه‌ڵه‌ی جۆراوجۆری ڕه‌نگی گه‌شی به‌رهه‌مه‌کان، قه‌شه‌نگی ڕوناکی و تیشک دانه‌وه‌یان ، به‌ جۆرێکن که ووزه‌و ‌ ئاسوده‌یی ، هارمۆنی به‌ ڕۆح ده‌به‌خشن. خانمی هونه‌رمه‌ند جلێکی ساده و ساکار، چاکه‌تێکی شینی تۆخ و پانتۆڵێکی ڕه‌شی له‌ به‌ردا بوو، جوتێ ده‌سکیشی ڕه‌ش ، که‌ نیوه‌ی په‌نجه‌کانی داپۆشی بوو، ڕوخساریكی گه‌شاوه‌و ساف و په‌مه‌یی بێ ئارایشت، ده‌م و لێوێک، که‌ گۆشه‌کانی بۆ سه‌ره‌وه‌یه‌و ‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌ ‌ سه‌ر لێوه‌وه‌یه‌، قژیکی ڕه‌شی تۆخی سروشتی له‌ دواوه‌ کۆی کردبوه‌وه‌، جوتێ گواره‌ی مرواری سپی له‌ گوێکانیدا ئه‌دره‌وشانه‌وه‌‌، ناوچه‌وانی گه‌وره‌ و دووچاوی گه‌ش و پرشنگدار ، هه‌روه‌کو ده‌ڵین چاوه‌کان په‌نچه‌ره‌ن بۆ رۆح ،یاخود چاوه‌کانی تینوی زانیارین، له‌ خۆمم پرسی ئاخۆ شه‌یدایی و تامه‌زرۆیی رۆحی؟! ئه‌و گڕ و تینه‌‌ی ناخی؟ که‌ له‌ ڕه‌نگ و گڵ و هێڵکارییه‌کانیدا ده‌ریده‌برێت و وتینوێتی پێ ده‌شکێنێت ، له‌ کوێوه‌‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟ ئایا چالاکی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌کانی، گوزار‌شته‌ له‌ ئاتاجی ڕۆحی هونه‌رمه‌ند خودی خۆی یاخود خانم که‌سێکی جوانی خوازه‌و هه‌ستی جوانی خۆیه‌تی؟ ئه‌م پرسیارانه‌و چه‌نده‌ها پرسیارگه‌لی تر بووه‌ ده‌ستپێکی دانیشتنه‌که‌مان. کاتێک خانم وه‌لامی ده‌دامه‌وه‌، زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێوه‌کانی، فرمێسکی قه‌تیس ماوی چاوانی، نه‌رمی و هاوکات هه‌ستی دڵره‌قی که‌ له‌م خانمه‌دا کۆبۆته‌وه‌، زیاتر سه‌رنجی ڕاده‌کێشام. له‌و ساته‌دا ڕێگام به‌ خۆمدا، له‌ رێ به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌کانی زیاتر بچمه‌ ناو ژیانی تایبه‌تیه‌وه‌ ‌.

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ته‌مه‌نی ٦٠ ساله‌، له‌ خێزانیکی ڕۆشنبیردا چاوی کردۆته‌وه‌، دایک و باوکی خه‌ڵکی شه‌نگاڵن، به‌ڵام دلڤین خۆی له‌ شێخان له‌ دایک بووه‌، باوکی که‌ به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ بووه‌ ، به‌هۆی بزاڤی رامیاری و کوردپه‌روه‌ری، توشی گرتن و له‌ کار ده‌رکردن بووه‌، دوای ئه‌وه‌‌ی به‌هۆی لێبووردنی گشتی گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ کوردستان ، دوباره‌ له‌ سالانی ٧٠ کاندا دوورخراونه‌ته‌وه‌ بۆ باشوری عێراق. ژیانی ئه‌م خێزانه‌، وه‌ک زۆربه‌ی خێزانی کورد ئاویزان بووه‌ له‌ کێشمه‌کێش و ده‌رده‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی، ئاواره‌یی.
دلڤین، هه‌ر له‌ مندالییه‌وه‌، ئاشنا ئه‌بێت به‌ کتێبی زانستی و مێژوویی کتێبخانه‌‌که‌ی باوکی، کاتێک ته‌مه‌نی ٦ ساڵان ده‌بێت، وێنه‌ی کتێبه‌کانی باوکی سه‌رنجی ڕاده‌کێشێت. هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ ده‌ست ده‌کات به‌ وێنه‌ کێشانی ئه‌و وێنانه‌ی ناو کتێبه‌کان ، وه‌کو وێنه‌ مێژوویه‌کان ، گیانداری کێوی و مامز ، گوڵ ودار که‌ له‌ناو ئه‌شکه‌وتدا هه‌لکه‌نراون ‌. ئیتر هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ په‌نجه‌ بچکۆله‌کانی مژده‌ی بلیمه‌تیان پێیه‌. دایکی که‌ ژنێکی ده‌رون فراون و ووریا ده‌بێت، سه‌رقالی درومان و چنین ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌نده ‌ناخایه‌نێت، دلڤین ده‌‌سته‌‌وئێخه‌ی نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختی ده‌بێته‌وه‌، به‌ جۆرێک ده‌که‌وێته‌ به‌ر شه‌پۆله‌ بێ به‌زه‌ییه‌کانی ژیانی پڕ هات و نه‌هات، شه‌پۆله‌کان له‌م تاشه‌ به‌ردوه‌ ده‌یده‌ن به‌‌و تاشه‌ به‌رده‌دا. دلڤین سه‌رتاپای ژیانی ته‌ژی بوو له‌ دڵه‌راوکێ و پشیوی و گه‌رده‌ش، نه‌خۆشی له‌ ناکاوی دایکی، له‌ ته‌مه‌نی ١٠ ساڵیدا دایکی له‌ ده‌ست ‌دا ، مه‌رگی کتوپڕی دایکی، روبه‌روی خه‌م و ئازاری ده‌کاته‌وه‌، ئاله‌و کاته‌دا، ژنێکی مه‌سیحی هاورێی دایکی و هاوکات دراوسێیان ، بۆ دڵنه‌وایی و ده‌رهێنانی له‌و خه‌مه‌ قورس و کۆسته‌ گه‌وره‌یه، دڵڤین ده‌باته‌ لای خۆی به کاری ده‌ستی ‌ قوڕی دروستکراوه‌وه‌، سه‌رقالی ده‌کات، دلڤینی خۆراگرو کۆڵنه‌ده‌ر،که‌ نه‌یده‌ویست، وه‌ک گیایه‌ک له‌ به‌ر بادا،سه‌ر دابنه‌وێنت،به‌ ره‌نگاری ئازارو خه‌می له‌ ده‌ستدانی دایکی ده‌بێته‌وه‌و ، ئیتر خه‌م و په‌ژاره‌ ده‌گۆردرێت بۆ هونه‌ر. لێره‌وه‌ هه‌ر له‌و قوره‌ ماسییه‌ک دروست ده‌کات. به‌م شێوه‌یه‌ دلڤین خولیای هونه‌ر زیاتر ده‌چیته‌ ناخییه‌وه‌ ،ئیدی به‌‌رده‌وام ده‌بێت به‌ هونه‌ری وێنه‌کێشان، هه‌ر بۆیه‌ وه‌کو تاکه‌ کچیک له‌ ساڵی ١٩٨٠ له‌ سلێمانی له‌ هۆڵی قوتابخانه‌ی گوێژه‌ی کچان پێشانگای بۆ ده‌کرێته‌وه‌، جیا له‌مه‌، چه‌ندین جار، چ له‌ هه‌ولیر و چ له‌ سلێمانی به‌شداری له‌ پێشانگای هونه‌ری کردوه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ژیانی خێزانیان ته‌ژی بوو به‌ نائارامی و پشیوی و نه‌هامه‌تی، ئاواره‌یی ئه‌م شار بۆ ئه‌و شار، پله‌ی خوێندنی قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌ی به‌ پله‌ی به‌رز ته‌واو کردوه‌، کاتێکیش که‌ له‌ باشوری عیراق دوورخرابونه‌وه‌، له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی وه‌کو کچه‌ کوردێکی ئاواره‌ له‌ ناسریه‌،ڕوبه‌روی هه‌راسان کردن و بێزارکردنی قوتابیه‌ عه‌ره‌به‌کان ده‌بێته‌وه‌، به‌ گشتی نمره‌کانی له‌ له‌ قوتابیه‌ عه‌ره‌به‌کان به‌رزتر ده‌بیت به‌ تایبه‌ت له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا.
ئه‌م خانمه‌ ‌‌‌‌ شه‌شی ئاماده‌ی به‌ پله‌ی به‌رز ته‌واو ده‌کات، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خواست و ئاره‌زووی له‌ سه‌ر وێنه‌کێشانه‌، ده‌یه‌وێت له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کان له‌ به‌غدا بخوێنیت، به‌ڵام چونکه‌ به‌عسی نه‌بوو، وه‌ک چه‌ندان خوێندکاری تر وه‌رنه‌گیرا. بۆیه‌‌ زانستی ئه‌ستێره‌ناسی یاخود زه‌وینانسی هه‌ڵده‌بژێریت، به‌لام خێزانه‌که‌ی فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ری که‌ ئه‌و ده‌بێت زانستی پزیشکی هه‌ڵبژێریت، لێره‌وه‌ دڵڤین به‌رگری ململانێ و گرژی که‌سوکاری ده‌کات، ده‌رئه‌نجام که‌سوکاری ڕازی ده‌بن و وه‌ک تاکه‌ کچێک له‌ ناو کوڕاندا، خوێندنی زه‌وینناسی(جیولۆجی) هه‌ڵده‌بژێرێت و زانکۆ ته‌واو ده‌کات. ئاله‌و کاته‌وه‌ ئه‌م خانمه‌ شاره‌زاییی له‌ سه‌ر چینه‌کانی زه‌وی، گڵ، لم، زیخ و به‌رد و کانزا په‌یدا ده‌کات، ئاشقی ڕه‌نگ و خۆشه‌ویستی بۆ سروشت له‌ ناخیدا چه‌که‌ره ‌ده‌کات.

کاتێک ده‌چێته‌ ژیانی هاوسه‌رگیری و ئنجا به‌ره‌و هه‌نده‌ران هه‌ڵدێن، سه‌ر له‌ نوێ نائارامی و ناسه‌قامگیری و دڵه‌راوکێو یه‌خه‌ی ده‌گرێته‌وه‌ ژیانی ده‌که‌وێته‌ گه‌رده‌ش و جه‌نجاڵی.

دواجار ژیانی هاوسه‌رگیری تێکده‌چیت و ته‌نیایی هه‌ڵده‌بژێریت. دوای ماوه‌یه‌ک بوار به‌ هونه‌ره‌که‌ی ده‌دات و ده‌ستده‌کاته‌وه‌ به‌ خوێندن. ماوه‌ی دوو ساڵ له بواری هونه‌رو دوای ئه‌وه‌ش گرافیک دیزان ده‌خوێنیت. هه‌مو ئه‌و ئه‌زمونانه‌ی له‌ بواری زه‌وینناسی و به‌هره‌و توانای له‌ هونه‌ری گڵکاری و سیرامیک و وێنه‌کێشاندا،ئه‌وه‌نده‌ی تر هونه‌ره‌که‌ی ده‌وڵه‌‌مه‌ندو چڕکردۆته‌وه‌. که‌ هه‌ست ده‌که‌یت هونه‌ره‌که‌ی سه‌رچڵی نیه‌، به‌لکو له‌ ناخییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قولێت، له‌ نێو پاکی و بی گه‌ردی زانستدا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ هه‌ر خۆی کۆله‌وژی ئاگری ناخی خۆیه‌تی، به‌ ته‌نیا و له‌ دوای هه‌مو که‌وتنێک، پاش هه‌رگلانێک ، خۆی هه‌ڵده‌سێته‌وه‌ و هیوای له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له ناو‌ تاریکی، له‌ ده‌ست نادات، سه‌ربه‌رزانه‌ درێژه‌ به‌ هونه‌ره‌که‌ی ده‌دات . به‌ جۆرێک له‌ گۆره‌پانی داهێنانی هۆله‌ندیدا جێگای خۆی ده‌کاته‌وه‌و به‌‌شداری کردوه‌ له‌ چه‌ندین پێشانگا له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هۆله‌ندیدا،هه‌روه‌ها پێشانگای تایبه‌ت به‌ کاره‌کانی خۆی رێکخستوه‌. هه‌روه‌کو خۆی ده‌ڵیت، بۆ کاری سیرامک‌ نزیکی ١٠٠ جۆر ره‌نگ(بۆیه‌ی شووشه‌یی)، (٥)جۆر گڵ به‌کار ده‌هێنێیت، کاته‌کانی له‌ دارستان و بێستان ده‌باته‌ سه‌ر. ڕه‌نگی گه‌لای ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و گوڵ و گل له‌ ئامیزی چاوه‌کانی ئه‌گرێت و ده‌بیته‌ خۆراکی رۆحی . وێنه‌کانی ناو کتێبه‌کانی باوکی، له‌ مامزی کێوی ناو ئه‌شکه‌وت،ماسی له‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی به‌دی ده‌کرێت،ڕه‌نگی زۆر سه‌رنج راکێشی شینی پیرۆز‌‌ه‌یی و ره‌نگینی تر به‌کار ده‌هێنیت.

به‌لام ئه‌مه‌ زۆرنا‌خایه‌نێت، دڵڤین ڕوبه‌روی ئازار و نه‌خۆشی له‌ دوای نه‌خۆشی ده‌بێته‌وه‌، گێژه‌لۆکه‌یه‌کی توند هه‌سته‌کانی ده‌هێنێت و ده‌با ، ده‌یه‌ها بیری ڕه‌ش و خراپ له‌ مێشکیدا کێنگل ده‌دا،‌ ده‌ستو ئێخه‌ی ئازاری شێرپه‌نجه‌ و نه‌خۆشی تێکچونی ریتمی دڵ و فیبرۆمالۆجی ده‌بێته‌وه ، ئیتر له‌ جیاتی دارستان و ده‌شت و کێلگه‌، کاته‌کانی له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌باته‌ سه‌ر، نه‌شته‌گه‌ریی و چاره‌سه‌ری کیمۆ تراپی، ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنێت، باری ژیانی ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌خت ده‌‌کات..به‌ڵام چونکه‌ که‌سێکه‌ ناخی پره‌ له‌ ئه‌وین به‌ دوای به‌های جوانی گه‌راوه‌ ، له‌ کلاوڕۆژنه‌یه‌کی به‌ر فراوه‌نه‌وه‌ سه‌یری ژیان و سروشت ده‌کات، دوای ماوه‌یه‌ک ده‌ست ده‌کاته‌وه‌ به‌ چالاکییه‌کانی. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ر وه‌کو خۆی ده‌لیت له‌ ته‌وقی سه‌ری تا نینۆکه‌کانی قاچی، ‌ ئازاری به‌رده‌وامی ماسولکه‌‌ی هه‌یه‌، درێژه‌ده‌دات به‌ کاره‌ هونه‌ره‌یه‌‌کانی، به‌ تایبه‌تی گڵکاری. هه‌رچه‌نده‌ له‌ گلکاری و قورشێلاندا ده‌بیت‌ په‌نجه‌کانی به‌کار بهێنیت ،‌ ئاکامه‌که‌ی ئازاری جه‌سته‌ی زیاتر ده‌کات ، به‌ڵام له‌ ناخییه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی و گرو تین زیاتر ده‌کات، کاتێک ده‌ست ده‌خاته‌ ناو ئه‌و گڵ و قوڕه، هه‌ست ده‌کات په‌یوه‌ستیه‌کی دانه‌بڕاوی توندی له‌ گه‌ل سروشتدا، له‌ گه‌ل خاکدا هه‌یه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ک بالی ئه‌ندیشه‌ی، بیری بۆ لای دایکی ده‌فرێت، گڵ ‌ به‌ شێکه‌ له‌ سروشت مانایه‌کی تایبه‌تی لای دلڤین هه‌یه‌ ، که‌ له‌ کۆتاییدا هه‌مومان ده‌بینه‌وه‌ به‌و خاک و گڵه‌..ئه‌م ئه‌وینه‌ی بۆ سروشت و هه‌ستی جوانی بۆ هونه‌ری گلکاری ، ڕه‌نگ، هاوسه‌نگی له‌ نێوان جه‌سته‌ی شه‌که‌تی پڕ ئازار و ده‌روونی به‌‌هێزی راگرتوه‌. هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌دا، خانمێکی هونه‌رمه‌ندی هۆله‌ندی “مارایکه‌ سخورینک” له‌ ساڵی ٢٠١٩، پێشه‌نگایه‌کی هونه‌ری ‌ به‌ ناوی “سه‌دویه‌ک” ژن کرده‌وه‌، تایبه‌ت به‌و ژنه‌ هه‌ڵکه‌وتوانه‌ی له‌ سه‌ده‌کانی ڕابوردودا، رۆڵیکی گرنگیان هه‌بووه‌ ، ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ پۆتریتی دلڤنیش وه‌ک ژنێکی به‌توانای کورد، وه‌کو هونه‌رمه‌ند و زه‌ویناس هاوسه‌رده‌م، له‌ گه‌ل پۆتریتی ژنه‌کانی تر پیشان داوه‌. دوا به دوای ئه‌وه‌ش ، کاره‌ هونه‌رییه‌که‌ له‌ کتبێک چاپ ده‌کریت و پۆترێتی دلڤینش ده‌چیته ئه‌و‌ ئارشیفه‌وه‌.




وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

بەشی پێنجەم….

ڕیشەی ئایین

پێموایە بەشی پێنجەم گرنگترین بەشی ئەم کتێبەیە، بە تێگەیشتین لێی وەڵامی گەلێک پرسیاری ڕیشەییمان لەسەر ئاین دەستدەکەوێت.

له‌ سه‌ره‌تادا نوسه‌ر لە پرسیارێکی سەرەکییەوە دەستپێده‌کات، به‌ پرسیارێک، کە پێشترێتیی (أسبقية) هەیە لەبەر هۆگەلێک، کە دەیبینین: پرسیاری داروینی لەبارەی هەڵبژاردنی سروشتییەوە. نوسه‌ر دەڵێت دەکرێت پرسیار بکەین، چ فشارێک یان فشارگەلێک لە بنەچەوە، لەلایەن هەڵبژاردنی سروشتییەوە کراوە بە سوودی پاڵپێوەنانی ئایین. ئەم پرسیارە بەپێی لێکدانەوەی پێوانەییی داروینیی بەفیڕۆنەدان جێگەیەکی پڕبایەخ پەیدا دەکات. ئایین زۆر بەهەدەردەرە، زۆر دەستبڵاوە و هەڵبژاردنی سروشتی هەمیشە لە دژی بەفیڕۆدانە و لەناوی دەبات.

سروشت ژمێریارێکی پیسکەیە، دەست بە فلسەسوورێکەوە دەگرێت، چاوی بڕیوەتە چرکە و خولەکی کاتژمێر و بچووکترین خەرجیی ناپێویست، بێسزا لە دەستی دەر ناچێت. وەک داروین ڕوونی کردۆتەوە، لاسارانە و بێبڕانەوە “هەڵبژاردنی سروشتی ڕۆژانە و کاژێرانە بەناو جیهاندا، لە هەموو شتە جۆراوجۆرەکان، هەتا لە وردترینیان ورد دەبێتەوە؛ ئەوەی خراپە ڕەتی دەکاتەوە، ئەوەی چاکە دەستی پێوە دەگرێت و فرەی دەکات؛ لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکدا هەل هاتە پێشەوە، بێدەنگانە و بێبەزەیییانە کاری خۆی دەکات بۆ باشترکردنی هەر بوونەوەرێکی ئۆرگانی.” ئەگەر ئاژەڵێکی دڕندە خووی گرتووە بە ئەنجامدانی هەندێک چالاکیی بێکەڵکەوە، ئەوا هەڵبژاردنی سروشتی یارمەتیی تاکە ڕەقیبەکانی دەدات، کە کات و توانای خۆیان تەرخان کردووە بۆ گیانبەدەر بردن و فرەکردن، لەجیاتی ئەو. سروشت ناتوانێت لەگەڵ بێبایەخی هەڵبکات. بەكەڵکێتیی سەرسەخت سەر دەکەوێت، هەتا ئەگەر ئەمە هەمیشە وەهاش دەرنەکەوێت.

لە یەکەم نیگادا، وا دەر دەکەوێت کلکی تاوس دەستبڵاوییەکی بێهاوتایە. بەدڵنیایییەوە خێری تێدا نییە بۆ گیانبەدەربردنی خاوەنەکەی. بەڵام سوود دەگەیەنێت بەو جینانەی ئەم جیا دەکاتەوە لە ڕەقیبە کەمبەرچاوەکانی. کلک پڕوپاگەندەیە، کە لەناو بازاڕی سروشتدا جێگەکەی دەکڕدرێت لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشانی مێیینەکانەوە. نمونه‌یه‌کی تری وه‌ک “مێروولەبازی anting”، خوویەکی سەیری باڵندەی وەک قەلەباچکەیە، کە لەناو شارەمێروولەدا “حەمام دەکات” یان بە جۆرێک مێروولە بەر دەداتە ناو پەڕەکانی. هیچ کەسێک نازانێت کەڵکی مێروولەبازی چییە – لەوانەیە جۆرێک لە پاکوتەمیزی بێت، پاککردنەوەی پەڕەکان بێت لە خۆژێن؛ گریمانی جۆراوجۆری تر هەیە، بەڵام بۆ هیچکامیان بەڵگەی بەهێز بەدەستەوە نییە. بەڵام گومان لەم وردەکارییانەدا، ڕێگر نییە – نابێت ببێتە ڕێگری – گریمانی بەمتمانەی داروینییەکان، کە دەبێت مێروولەبازی “لەپێناوی” شتێکدا بێت.

لەم حاڵەتەدا، دەکرێت هزری تەندروست بەوە ڕازی بێت، بەڵام ژیربێژیی داروینی هۆی تایبەتی خۆی هەیە، کە وا بیری لێ بکاتەوە، ئەگەر باڵندە ئەمە نەکات، لەوانەیە بوارگەلێکی ئاماری سەرکەوتنی جینی زیانی پێ بگات، هەرچەند هێشتا ئێمە بەوردی نازانین ئەم زیانبینینە چ ڕێگەیەک دەگرێت. سەرئەنجامەکەی لە گریمانێکی دووانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هەڵبژاردنی سروشتی سزای بەفیڕۆدانی کات و وزە دەدات و کە باڵندە بەبەردەوامی دەبینرێت، کات و وزەی خۆی تەرخان دەکات بۆ مێروولەبازی. ئەگەر مێروولەبازی کەڵکێکی ئەرێنیی نەبووایە بۆ گیانبەدەربردن و زاووزێ، هەڵبژاردنی سروشتی لەمێژ بوو یارمەتی تاکەکانی دەدا، کە خۆیان بەدوور بگرن لێی.

لەوانەیە داروینییەک کەڵکەڵەی ئەوەی بچێتە سەرەوە، هەمان شت بڵێت لەبارەی ئایینەوە؛ لەبەر ئەوە ئەم گفتوگۆیە پێویست بوو. بۆ گەشەگەرێک، ڕێوڕەسمەکانی ئایین “لە تاوس دەچێت لەنێو ڕووتەنی هەتاوی دارستانێکدا” (بە وتەی دان دێنێت). ڕەفتاری ئایینی هاوئاستی گەورەکراوی مرۆڤی مێروولەبازییه. کاتبەرە، وزەخۆرە، زۆرجاریش وەکوو ڕازاندنەوەی دەستبڵاوانەی پەڕی باڵندەی بەهەشت وایە. ئایین دەتوانێت ژیانی تاکێکی ئایینمەند بخاتە مەترسییەوە و هەروەها ژیانی کەسانی تریش.
بە هەزاران ئەشکەنجە دران لەسەر وەفادارییان بۆ ئایینێک، ڕاو نران لەلایەن دەمارگیرانی تایەفەیەکی ترەوە، کە لە زۆر حاڵەتدا بیروباوەڕێکی ئایینی جێگرەوەی بەئەستەم جیاواز ههبووە. هەندێک جار ئایین بە پێوەرێکی ئێجگار فراوان، سامان هەڵدەلووشێت. کەنیسە سەرەکییەکانی سەدەی ناوەڕاست بۆ چەندین سەدە، هێزی کاری سەدان پیاوی بردووە بۆ دروستکردنیان، لەگەڵ ئەوەشدا، هەرگیز بەکار نەهێنران بۆ نیشتەجێبوون یان بۆ هەر مەبەستێکی تر، کە وەها چاوی لێ بکرێت بەکەڵک بێت. ئایا ئەمە جۆرێک لە خانووسازیی کلکی تاوس نەبووە؟ ئەگەر وا بووبێت، ئەم پڕوپاگەندەیە ڕوو بە کێ بووە؟ مۆسیقای ئایینی و وێنەکێشانی خواپەرستی، بەهرەکانی ڕێنێسانس و سەدەکانی ناوەڕاستیان بە شێوەیەکی فراوان پاوەن کردبوو بۆ خۆیان.

خەڵکی ئایینمەند لەپێناوی خواکانیاندا کوشتاریان بەڕێ خست و خۆیان بە کوشت دا؛ سوێندیان خوارد، کە بۆ هەموو ژیانیان بەسەڵتی و تەنیا ژیان بکەن، هەموو ئەمانە بۆ خزمەتی ئایین بوو. هەموو ئەمانە لەپێناوی چیدا؟ باشە کەڵکی ئایین چییە؟ بە شێوەیەکی گشتی، مەبەستی داروینییەک لە “کەڵک،” هەندێک هێزدانە بە توانای ژیانبەدەربردنی جینی تاکێک. ئەوەی لێرەدا دەر نەکەوتووە ئەو خاڵە گرنگەیە، کە کەڵکی داروینی سنووردار نەکراوەتەوە بە جینەکانی ئۆرگانیزمێکی تاک.

دەکرێت سێ ئامانجی جێگرەوەی کەڵک لە ئارادا بێت. یەکەم، لە بیردۆزی هەڵبژاردنی گروپەوە group selection دێتە کایەوە، دووەم، لە بیردۆزێکەوە دێت، کە نوسه‌ر لە بۆماوهڕوخساری درێژەپێدراودا The Extended Phenotype خستوویه‌ته‌ بەردەست: ئەو تاکەی تۆ چاودێریی دەکەیت، لەوانەیە کار بکات لەژێر کاریگەریی گۆڕاوی جینگەلی تاکێکی تردا، نموونەگەلێکی زۆر هەیە لە ئاژەڵدا، کە کەوتوونەتە ڕەفتار بە شێوازێک وەک ئەوەی بۆ بەرژەوەندیی گواستنەوەی خۆژێنێک بێت بۆ خانەخوێی داهاتووی. ئەم خاڵەی لە “بیردۆزی سەلمێنراوی ناوەندی central theorem بۆماوهڕوخساری درێژەپێدراودا” فۆرمولە‌ی کردووە: “هەڵسوکەوتی ئاژەڵێک بۆ به ئهوپهڕگەیاندنی گیانبەدەربردنی ئەو جینانەیە، که ‹یارمهتی›ی مانەوەی ئەو هەڵسوکەوتە دهدات، ئیتر بەجیا لەوەی ئەو جینانە دەکەونە لەشی ئەو ئاژەڵە دیارکراوەوە کە ئەو هەڵسوکەتە دەکات یان نا.
” سێیەم، لەوانەیە “بیردۆزی سەلمێنراوی ناوەندی،” جێی “جین” بگرێتەوە بە چەمکێکی زێتر گشتیی “خۆکۆپی.” ئەو ڕاستییەی، کە ئایین لە هەموو شوێنێکدا هەیە، ڕەنگە بە واتای ئەوە بێت، کە کاری کردووە بە قازانجی شتێک، بەڵام لەوانەیە ئەو شتە ئێمە یان جینەکانمان نەبێت. لەوانەیە تەنیا بە سوودی هزرەکانی ئایین خۆیدا بێت، تا ئەو ئاستەی کەم تا زۆر ڕەفتار بکەن وەکوو جین، وەکوو “خۆکۆپی.” دواتر، لەژێر ناونیشانی “بەهێواشی هەنگاو بنێ، چونکە تۆ پێ دەنێیت بە میمەکانمدا،” نووسەر ئەمە باس دەکات. تا ئەو کاتە، قووڵ دەبێته‌وه‌ لەسەر لێکدانەوەی نەریتییانەی داروینیزم، کە تێیدا “کەڵک” وا لە بەرچاو دەگیرێت، کە بە واتای بەکەڵکهاتن دێت بۆ گیانبەدەربردن و بەرهەمهێنانەوەی تاک.

ئایین وەک بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر

نووسه‌ر یه‌کێکه‌ له‌و زیندەوەرزانانایه‌ی، کە ئایین دەبینێته‌وه‌ وەک بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر. ئه‌و بیرۆکەی بەرهەمی لاوەکی ڕۆشن ده‌‌کاته‌وه‌ بە بەراورد لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئاژەڵ، کە مەیدانی کاری خۆیه‌تی. فڕینی خورک(جۆرێک لە مێشوولەیە‌، کە له‌ په‌پووله‌ ده‌چیت) ‌‌بۆ ناو ئاگری مۆم، وا دەر ناکەوێت ڕێکەوت بێت. لە ڕێگەی خۆی لادەدات و خۆی بە سووتاندن دەدات. دەکرێت ئەمە بە “ڕەفتاری خۆسووتاندن” ناو بنێین و لەژێر ئەم ناوە تەنگاوکەرەدا بپرسین، ئاخر چۆن دەکرێت هەڵبژاردنی سروشتی ڕێگە بەمە بدات. ئەوەی مەبەستیه‌تی ئەوەیە، کە پێویستە لەسەرمان جارێکی تر پرسیارەکە بنووسینەوە، هەتا لەپێش ئەوەی لە هەوڵی وەڵامێکی زیرەکانەدا بین. خۆکوژی لە ئارادا نییە. خۆکوژی بە ڕواڵەت، وەکوو کاریگەرییەکی لاوەکی یان بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر دەر دەکەوێت. بەرهەمی لاوەکی… چی؟ لێرەدا یەک بوار هەیە، کە کۆمەک دەکات بە ڕوونکردنەوەی خاڵەکە.

ڕووناکیی دەستکرد بەم دوایییانە هاتۆتە شانۆی شەوەوە. تا ئەم دوایییانە تەنیا ڕووناکیی شەو، ڕووناکیی ئەستێرەکان ومانگ بووە. ڕووناکیی ئەمانەش لە دوورییەکی بێکۆتایییەوە دێن، بەو هۆیەوە تیشکەکانیان بە شێوەی تەریبی دەگات. ئەمە وایان لێدەکات وەکوو ڕێنما بەکار بهێنرێن. ئەوە زانراوە، کە مێشوولە لە شتی ئاسمانی وەکوو ڕۆژ و مانگ، کەڵک وەر دەگرێت بۆ ئاڕاستەکردنی خۆی بە شێوەی هێڵێکی ڕاست و دەتوانێت هەمان ڕێنما بەکار بهێنێت وەک نیشانەی ئاوەژوو بۆ گەڕانەوە بۆ لانەی خۆی لەپاش گەڕان بەناو سروشتدا. سیستمی هەستەدەماری مێشوولە، ئاڕاستەی خۆی دەکات بە دانانێکی کاتیی ڕێسای پەنجەگەورەی بەم جۆرە: “بە جۆرێک ئاڕاستەی خۆی دەکات، کە تیشکی ڕووناکی بە گۆشەی سی پلە لە چاوی بدات.

” لەبەر ئەوەی مێشوولە چاوی لێکدراوی هەیە (بە بەشەچاوی ڕێک یان ڕووناکیگەیەنەر، کە لە چەقی چاوەوە پرشنگ دەداتە دەرەوە، هەر وەکوو دڕکی سەر پێستی ژیشک)، دەکرێت لە کرداردا ئەمە بە شتێکی زۆر سادە ئەژمار بکرێت، وەک پاراستنی ڕووناکی لە یەک بەشەچاو یان ڕووناکیگەیەنەرێک. بەڵام ڕێنمای ڕووناکی بەتەواوی پشت دەبەستێت بە شتی ئاسمانی لە دوورییەکی بێپایانەوە. ئەگەر وەهانەبێت، تیشکەکانی تەریبی نابن، بەڵکوو لە یەک جیا دەبنەوە، هەر وەکوو تەلی تایە (وەک تەلی تایەی پاسکیل – و.). سیستمی هەستەدەمار گۆشەی سی – پلەی ڕێسای پەنجەگەورە پەیڕەو دەکات (یان هەر گۆشەیەکی نووکدارتر) لە نزیک مۆمێک، وەک ئەوەی مانگ بێت لە دوورییەکی بێپایانەوە ئاڕاستەی خورکەکە بکات بە ڕێڕەوێکی فەنەری (مارپێچی – و.) بەرەو ئاگری مۆمەکە.

هەرچەند لە هەندێک هەلومەرجی تایبەتدا ڕێسای پەنجەگەورە بۆ خورک کوشندەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەتێکڕا بەکەڵکە، چونکە بۆ خورک بینینی مۆم حاڵەتێکی دەگمەنە بە بەراورد لەگەڵ بینینی مانگدا. ئێمە سەرنجمان بۆ لای ئەو سەدان خورکە ناچێت، کە بەبێدەنگی و چالاکانە بە هۆی مانگ یان ئەستێرەی پرشنگدارەوە یان هەتا ڕووناکی لە شارێکی دوورەوە، ئاڕاستەی خۆیان دەکەن. ئێمە تەنها ئەو خورکانە دەبینین، کە بەدەوری مۆمەکەماندا دەخولێنەوە و پرسیارێکی هەڵەش دەکەین: بۆچی هەموو ئەم خورکانە خۆکوژی دەکەن؟ لەجیاتی ئەوەی بپرسین، بۆچی سیستمێکی هەستەدەماریی وایان هەیە، کە ئاڕاستەی خۆیان دەکەن بە ڕاگرتنی گۆشەیەکی جێگیر بۆ تیشکی ڕووناکی، تاکتیکێک تەنیا کاتێک سەرنجمان ڕادەکێشێت، کە بە هەڵەدا بچێت.
کاتێک پرسیارەکە فۆرمولە دەکرێتەوە، ڕازەکە دەڕەوێتەوە. هەرگیز ڕاست نییە، خۆکوژیی پێ بوترێت. بەرهەمێکی لاوەکی هەڵەی ڕێنمایەکی بەکەڵکە لە حاڵەتی ئاساییدا. سه‌باره‌ت به‌ بەرهەمی لاوەکی، لە پەیوەند بە ڕەفتاری ئایینی لە مرۆڤدا. ئێمە ڕێژەیەکی زۆر دەبینین لە خەڵک – لە هەندێک ناوچەدا، دەگاتە لە سەددا سەد – کە هەڵگری بیروباوەڕگەلێکن بێ هیچ ئەملا و ئەولایەک، ئاشکرا پێچەوانەی بەڵگەی زانستین، هەر وەکوو ئایینە ڕەقیبەکانی تر، کە لەلایەن خەڵكی ترەوە پەیڕەوی دەکرێن. خەڵک نەک تەنیا هەر بە دڵنیایییەکی قووڵەوە دەستیان بەو بیروباوەڕانەوە گرتووە، بەڵکوو کات و سامان تەرخان دەکەن بۆ ئەو چالاکییە پڕخەرجییانەی، کە خۆیان بوونەتە هۆی پەیدابوونیان. لەو پێناوەدا، کوشتار بەڕێ دەخەن یان خۆیان بە کوشت دەدەن.

ئەمەمان بۆ سەیرە، هەر وەکوو چۆن “ڕەفتاری خۆکوژی”ی خورکمان پێ سەیر بووە. بەسەرسووڕمانەوە دەپرسین، بۆچی؟ قسەکە‌ی نوسه‌ر ئەوەیە، کە لەوانەیە پرسیارێکی هەڵە بکەین. ڕەفتاری ئایینی لەوانەیە کارێکی سەرنەگرتوو بێت، بەرهەمێکی لاوەکیی جێی داخی مەیلێکی زگماکی دەروونیی بنچینەیی بێت، کە لە هەلومەرجێکی تردا بەكەڵکە یان بەکەڵک بووە. لەم گۆشەنیگایەوە، مەیلی زگماکی، کە سروشتییانە لەناو باووباپیرانماندا هەڵبژێردراوە، لە خۆیدا ئایین نەبووە؛ بەکەڵک بووە لە هەندێک بواری تردا و تەنیا بەڕێکەوت بەیانی خۆی دەکات وەکوو ڕەفتارێکی ئایینی. ئێمە لە ڕەفتاری ئایینی تێدەگەین، تەنیا پاش ئەوەی کە ناوێکی ترمان لێناوە.

ئینجا ئەگەر ئایین بەرهەمی لاوەکیی شتێکی ترە، ئەو شتەی تر چییە؟ “هاوشت” ی خووی ئاڕاستەکردنی خورک، بە هۆی ڕێنمای ڕووناکیی شتی ئاسمانییەوە، چییە؟ ئەو تایبەتمەندییە کەڵکدارە سەرەتایییە چییە، کە هەندێک جار هەڵە دەر دەچێت و ئایینی لێ دەکەوێتەوە؟ نوسه‌ر لێره‌دا بۆ ڕوونکردنەوە‌ی بابه‌ته‌که‌ی نموونە له‌ سه‌ر منداڵان ده‌هێنته‌وه، نوسه‌ر ده‌ڵێت ئێمە بە هۆی ئەو ئەزموونە کەڵەکەبووەی باووباپیرانمانەوە، ژیان بەدەر دەبەین و بۆ ئەمەش پێویست دەکات ئەو ئەزموونانە بگوێزرێنەوە بۆ منداڵان، بۆ پارێزگاریکردن و خۆشگوزەرانییان. لە ڕووی بیردۆزییەوە، دەکرێت منداڵان بەپێی ئەزموونی کەسیی خۆیان فێر ببن، زۆر نزیکی قەراغی کەندەڵان نەکەونەوە، تووتڕکی سووری نائاشنا نەخۆن، لەناو ئاوێکدا مەلە نەکەن، کە تیمساحی تێدایە. بەڵام پێویست بە وتن ناکات، مێشکی منداڵ بژاردەیەکی بەكەڵک دەکات، ڕێسای پەنجەگەورە بەهەند وەر بگرێت و بڵێت: بێ هیچ چەندوچوونێک، گەورەساڵان هەرچییەکیان وت، باوەڕیان پێ بکە. گوێڕایەڵی دایکوباوکت بە، ملکەچی بەساڵاچووانی خێڵەکەت بە، بەتایبەتی کاتێک کە بە دەنگێکی غەمناک و ترسێنەرەوە دەدوێن. بێ هیچ ئەملا و ئەولایەک، متمانە بکە بەوانەی لە خۆت گەورەترن. ئەمانە بەگشتی یاسایەکی بەکەڵکن بۆ منداڵ. بەڵام، هەر وەکوو ئەوەی لە خروکەکان دەقەومێت، دەکرێت بۆ منداڵانیش هەڵەی لێ بکەوێتەوە.
هەڵبژاردنی سروشتی مێشکی منداڵانی بەو مەیلەوە پێک هێناوە، کە دایکوباوکان و سەرۆکخێڵەکانیان هەرچی شتێکیان وت، ئەمان باوەڕیان پێ بکەن. گوێڕایەڵییەکی وەها متمانەدارانە بەکەڵکە بۆ گیانبەدەربردن: ئەمە هاوجۆری ئاڕاستەکردنە لەلایەن مانگەوە بۆ خورک. بەڵام ڕووی پشتەوەی گوێڕایەڵییەکی متمانەدارانە، خۆشباوەڕییەکی کۆیلەنەیە. بەرهەمێکی لاوەکی، کە هەر دێتە ئاراوە، لەرزۆکە بەرامبەر تووشبوون بە ڤایرەسی بیروباوەڕ. لەبەر بەڵگەگەلێکی زۆر باشی پەیوەنددار بە گیانبەدەربردنی داروینییەوە، پێویستە لەسەر مێشکی منداڵ، متمانە بە دایکوباوکی بکات و بەو گەورەساڵانەی دایکوباوک ڕای دەگەیەنێت، ببنە جێگەی متمانە.
ئاکامێکی خۆبەخۆیی ئەوەیە، کە متمانەکەر هیچ ڕێگەیەکی نییە بۆ جیاکردنەوەی ئامۆژگاریی باش لە خراپ. منداڵ ناتوانێت بزانێت، کە ئامۆژگاریی “لەناو ڕووباری لیمپۆپۆ مەلە مەکە، پڕیەتی لە تیمساح،” باشە، بەڵام ئامۆژگاریی “کاتێک کە مانگ دەچێتە چواردەوە، دەبێت بزنێک بکەیت بە قوربانی، ئەگینا تووشی وشکەساڵی دەبین،” لە باشترین حاڵەتدا، بەفیڕۆدانی کات و بزنە. هەردوو پێوتنەکە، وا دەر دەکەون وەکوو یەک جێگەی متمانە بن. هەردووکیان لە سەرچاوەیەکی بەڕێزەوە دێن و بە جیددییەتێکی فرە گرنگەوە دەگەیەنرێن، کە ڕێز و داوای جیبەجێکردنیان پێ دەبەخشێت.
هەمان شت دەکرێت بوترێت لەبارەی جیهان، گەردوون، ڕەوشت و سروشتی مرۆڤەوە. هەروەها زۆر ڕێی تێدەچیت، کاتێک منداڵەکە گەورە دەبێت و منداڵی خۆی دەبێت، هەموو ئەو شتانەی لە هەمانەکەیدا، بە چاک و خراپەوە پێی بدات – بە بەکارهێنانی هەمان ڕەفتاری بەشکۆی درمهەڵگرەوە. ڕابەرانی ئایینی زۆر باش ئاگاداری ئەم خاڵە لاوازەی مێشکی منداڵن و ئەو گرنگییەن، کە دەبێت هەر لە زووەوە گۆش بکرێت. هەر لەم پەیوەندەدا، جیژوێت ێک شانازی بە خۆیەوە دەکات، ”حەوت ساڵی یەکەمی ژیانی منداڵێکم پێ بدە، پیاوێکت پێ دەدەم”.




گولێک له‌ نێو تاشه‌به‌رده‌وه‌ … بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

زۆرن ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی دکتۆران و توانای خۆیان له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ بوارێکدا تاقی کردۆته‌وه، بەڵام که‌من ئه‌وانه‌ی به‌هره‌مه‌ندن و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ بوارێکی گرنگ و ده‌گمه‌نی وه‌ک پزیشکیدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. پزیشکی کورد “له‌نگێزه‌ ساڵح فه‌ره‌یدون”، که ده‌رچووی زانکۆی ئیراسموسه‌ له‌ڕۆته‌ردام، (بەشی پزیشکی هه‌ناوی ــ نەخۆشی ژنانە و زانستی ده‌رمانی Erasmus medisch centrum Rotterdam / interne geneeskunde/gynaecologie en pharmacologie)، بابه‌تی نامه‌ی دکتۆراکه‌ی بریتی بووە له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی به‌ ناوی (ناهاوسەنگی دەمارە خوێنییەکان لە ژەهراوی کردنی زیندۆڵەدا ــ ئاکامی نەخۆشییەکە، دیاریکردن‌ و پێشبینی Angiogenic imbalance in preeclampsia, Pathogenice, diagnostic and prognostic implications).

د. له‌نگێزه‌ ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵه‌، له ‌سلێمانی له‌دایکبووه ‌و تا ‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵی له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی له‌ کوردستاندا ژیاوه، هەر لەوێش قوتابخانەی بنەڕەتی دەستپێکردووە و خوێندکارێکی وریا و زیرەک بووه‌. وه‌ک زۆربه‌ی تاکی کورد، لە قۆناغه‌کانی منداڵیدا، ژیانی ئاوێزان بووە لە‌ دڵه‌راوه‌کێ و کێشمه‌کێش، به‌ جۆرێک شه‌پۆله‌کانی ژیانی پڕهاتونەهات ئه‌میان له‌م تاشه به‌رده‌وه‌ داوە به‌و تاشه‌ به‌رده‌دا،به‌ڵام خۆراگرو و کۆڵنه‌ده‌ر بووه‌، به‌ چه‌شنێک حه‌زی نه‌کردووە وه‌ک گیایه‌ک سه‌ر بۆ با دانه‌وێنت ، به‌ڵکو هه‌ر‌ وه‌ک گوڵیکی نێو تاشه‌به‌رد گه‌شه‌‌ی کردووە. له‌نگێزه‌ باوه‌ری به‌ خۆی دەبێت، دەزانێت چی له‌ ژیانیدا ده‌وێت. له‌ ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی ڕێی دەکەوێتە سەر ڕێی پڕ هەوراز و نشێوی ئاوارەیی‌ لەم وڵاتەوە بۆ ئەو وڵات، تا دواجار خۆی لە هۆلاند دەبینێتەوە و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. ئه‌م کچه‌ ته‌مه‌نی چوار پێنج ساڵان بووه‌ له‌گه‌ڵ دایه‌گه‌وره‌ی سه‌ردانی ماڵانی کردوه‌، ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی که‌ له‌ ئاوێنه‌ی خه‌یاڵیدا کێشاویه‌تی، کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان دانەوە له‌ قۆناغە یەک لەدوا یەکەکانی خوێندنیدا و ئه‌ندێشه‌ی گه‌وهه‌رییان فراوان کردوه، ‌کە لە هەر هەوڵ و ئاستەنگی فێربوونیدا مۆرکیان بەدیار کەوتووە. دایه‌گه‌وره‌ی بۆی چرایه‌کی ڕێنماییکه‌ری ڕێگای پڕ تاریکی بووە. وێنه‌ و بیرەوەرییەکانی منداڵیی له‌ هزری ساف و بێگەردیدا، وەکو دەستی گەرمی دایەگەورە یارمەتیدەری بووە نەک هەر بۆ سەرکەوتن بەسەر شاخی پڕ ئاستەنگی زانستدا، بەڵکو بۆ ئەو پیشەیەش کە هه‌ڵیبژاردوه‌. هاوڕێیەتی له‌نگێزەی کیژ لەگەڵ دایەگەورە له‌ کاتی سه‌ردانی ئەو ژنانە بووە کە منداڵانیان هێناوەتە ژیانەوە. دیمەنی ژنێکی پاڵکەوتووی داپۆشراو بە پەڕۆیەک بەسەر قاچییەوە له‌ ژوورێکدا و دەور دراو به‌ ‌قیژه‌و هاوار و ناله‌ و ئازار و گریان، ئینجا‌ پاشان خۆشی و که‌یف و گریانی کۆرپه‌ جێی قیژه‌و هاواری دایکه‌ بگرێته‌وه‌ ‌. ئه‌م گۆران و وه‌رگۆراندا له‌ ترس و هاوار و قیژه‌ بۆ خۆشی و شادی سه‌رنجی له‌نگێزه‌‌ی پێنج ساڵان ڕاده‌کێشت.
بە پێویستم زانی بۆ ناسینی هەرچی زێتری د. له‌نگێزه‌، ئه‌م دیمانەی لەگەڵ ئەنجام بدەم.

بێریڤان: لە کوردستاندا چه‌ند ساڵت خوێندووە‌‌؟ له‌ کام خوێندنگە‌؟ یاده‌وه‌رییەکانی ئەو ماوەیەت چییە‌؟

د. لەنگێزە: له‌ سابونکه‌ران له‌ قوتابخانه‌ی که‌ریمی عه‌له‌که‌، پۆلی یه‌که‌م و دووه‌می بنەڕەتیم تەواو کردووە. هه‌ر له‌مندالییەوه‌ حه‌زم له‌ خوێندن بووە، به‌ تایبه‌تی وانه‌ی ماتماتیک. کاتێک کە وچانی نێوان وانەکان ده‌ستی پێده‌کرد، مامۆستایان داوایان لە من ده‌کرد، چاودێری قوتابییه‌کان بکه‌م. هه‌ر لە سەرەتای تەمەنمەوە، زۆر ئاره‌زووی رێکخستن و سه‌رپه‌رشتیاریم هه‌بووە. له‌ وانه‌ی ‌ماتماتیک زۆر باش بووم، له‌ یادمه‌ جارێک هه‌ڵه‌یه‌کم کرد، مامۆستاکه‌ لێم تووره‌ بوو، سەرەڕای ئەوەش شه‌قێکی له‌ قاچم دا. تا رۆژی ئیمڕۆ مامۆستا نه‌سرین و شه‌قه‌که‌یم له‌ دڵ دەرنەچووە. زۆربه‌ی جار له‌ ماڵه‌وه‌ دایکم لە خوێندندا یارمەتی دەدام، گه‌ر شتیکم له‌ لا ڕوون نه‌بوایە هاوکاری دەکردم‌. ئەوە هه‌ر دایکم بوو بە هانامەوە دەهات، هەر کاتێک پێویستیم بە شتێک ببووایە. خراپی بارودۆخه‌وی کوردستان تەنگی پێهاڵچنین و‌ له‌ ساڵی 1998دا، وڵاتمان بەجێهێشت. له‌ کۆتایی ساڵی 1999دا، گەیشتینە هۆلاند، به‌و هۆییه‌وه‌، ساڵیکی خوێندم له‌ کیس چوو.

بێریڤان: قۆناغه‌کانی دواتری خوێندن له‌ هۆلاند‌ چۆن ده‌ستی پێکرد ‌و کێشه‌کانت چین بوون؟

د. لەنگێزە: هه‌ر بەگەیشتمان له‌پاش چەند مانگێک،‌ چوومەتە خوێندنگەی هۆلاندی و لە‌ پۆلی شەش دانرام، که‌ ده‌کاته‌ پۆلی چواری کوردستان. لێرەش هەروا لە ماتماتیکدا زۆر باش بووم، گه‌ر قوتابییه‌ هۆلاندییه‌کان نیو کاژێر خه‌ریکی خشتەی زه‌رب بونایه‌، من به‌ پێنج خوله‌ک ته‌واوم ده‌کرد. مامۆستاکان زۆر نه‌رم و له‌سه‌رخۆ بوون، وه‌ک کوردستان تووند نه‌بوون، گه‌ر هه‌له‌شم بکردایه‌، زۆر بە هێمنی ڕوونیان دەکردوە بۆم. لێدان نه‌بوو، به‌ڵکو ڕێزیان لێده‌گرتین، وه‌ک مرۆڤێکی ته‌واو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردین. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ وانه‌ی ماتماتیک و فیزیا خۆم زۆر باش بووم، زۆر پێوستی به‌ زمان نه‌بوو، هیچ کێشه‌یه‌م له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ دروست نه‌بوو، به‌ڵام له‌ وانه‌کانی تردا، که‌ پێوستی بەوە بوو توانایی زۆر بەسەر‌ زمانەکەدا هەبێت، بۆم زه‌حمه‌ت بوو، ده‌بووایه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ لەگەڵ دایکم بۆ واتای ووشه‌کان بگەڕامایە. جیا له‌وه‌ش وه‌ک کچیکی کورد، ئازادیم سنوردار بوو بەراورد بەو ئازادییەی کە کچه‌ هۆلاندییه هاوڕێکانم هەیان بوو. گه‌ر له‌ ئاهه‌نگی قوتابخانه‌ یان هەر ئاهەنگێکی تردا بمویستایە باشداری بکەم، بەو مەرجە بۆم هەبوو، کە لەو کاتەی بۆیان دانابووم، بگه‌ڕێمە‌ ماڵه‌وه. بەهۆی ئەوەی له قۆناغه‌کانی تری خوێندندا زۆر باش بووم، لە خوێندنگە تووشی هیچ کێشەیەک نەبووم.

بێریڤان: زۆر جار مرۆڤ له‌ ژیانیدا پێوستی به‌ کەسێک هەیە بۆئەوەی بیکات بە سەرمەشقی خۆی. بۆ تۆ ئەو کەسە دایەگەورەیە. زۆر که‌س هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ لای خۆمان، له‌و حاڵه‌تەی مناڵ لەدایکبوون ده‌ترسن، کەچی ئەمە لە لای تۆ وەها نییە، دەکرێت ڕوونی بکەیتەوە بۆچی؟

د. لەنگێزە: به‌ڵی هه‌روه‌کو ئەوەی باسم کردووە، هەمیشە دەستم بە دەستی نه‌نکمەوە بووە، ئێستاش وەک نمونه‌یه‌ک دەستم لێبەرنەداوە. هەرگیز ئەو ژنانەم لە بیر ناچێت، کە چۆن لەوپەڕی ئازار و زریکە زریکدا، هەر ئەوەندەی منداڵەکانیان بە دنیا دەهات، دەموچاویان دەگەشیەوە و زردەخەنه‌ دەکەوتە سەر لێوانیان. ئەم زەردەخەنانە بۆ من لەو چوکلێتانە خۆشتر بوون کە پێیان دەدام. منیش دەمەوێت وەک دایەگەورە، ژنان لەو خۆشی و شادیە بێبەش نەبن. هەر لەو تەمەنەوە ئه‌و حه‌زه‌م له‌لا گەڵاڵە بوو، که‌ ده‌مه‌وێت ببم به‌ پزیشکی ژنانی دووگیان. ئیتر ئەمە ورده‌ ورده وەک پشکۆیه‌‌ک لە‌ ناخمدا هەرچی زێتر گەشایەوە. ئەو بەرپرسیارییەم زۆر زوو لا درووست بوو، که‌ ئەوەندەی لە توانامدایە، دەبێت یاوەری دەستپێکی ژیانی هەر مرۆڤێک بم، هەتا لەپێش لەدایکبوونیدا.
وه‌ک پزیشکێک گرنگی ئه‌م بەرپرسیارییەتییە له‌وه‌دایه،‌ که لە حاڵەتە هەستیارەکاندا‌ ده‌بێت زۆر زوو بریار بده‌یت، کە چی دەکەیت. رزگارکردنی کۆرپه‌له‌ و ژیانی دایکه‌که، بریاردانی دەستبەجێ و دەستبەکاربوونی خێرای دەوێت. بۆ نمونه‌ لە کاتی ‘ژەهراویبوون Pre-eclapmsie’ی حاڵەتی سکپڕیدا، گه‌ربێتو گومانی ئەمە له‌ دایکه‌که‌ بکرێت، ئەوا پزیشک ڕووبه‌رووی دووڕیانێک ده‌بیته‌وه‌. ئایا دایکه‌که‌ بخرێتە سه‌ر ژانی پێشوەخت و منداڵه‌که‌ له‌دایکبێت و بەو شێوەیە ژیانی هه‌ردووکیان رزگار بکرێت یان چاوه‌روانی ژانی سروشتیی دایکەکە بکرێت؟

بێریڤان: ئەو لێکۆڵینه‌وەی ئەنجام داوە‌ له‌ سه‌ر چییه‌؟

د. لەنگێزە: لێکۆڵینەوەکەم له‌ سه‌ر نه‌خۆشی ژەهراویبوونە یان با بڵێین ئەو حاڵەتەی‌ که‌ ژن له‌ کاتی دووگیانیدا توشی ده‌بێت. که ئەگەری هەیە ببێتە‌ هۆی مردنی دایکه‌که‌ یان کۆرپه‌لەکه‌. ئه‌م حاله‌ته‌ش نزیکی % 3 ــ 5 ئەو ژنە سکپڕانە دەگرێتەوە. ژه‌هرایبوونیش‌‌ بریتییه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی پەستانی خوێنی دایکه‌که‌، هه‌روه‌ها خراپ کارکردنی گورچیله‌. هۆکاری ئه‌م حاله‌ته‌ش تا ئێستا ناروونه‌ و نه‌زانراوه‌، که‌ بۆچی ئه‌م کێشیه‌یه‌ له‌ کاتی سکپڕیدا ڕووده‌دات. لە هه‌ندێ حاڵەتەدا ئاسایی دەست دەبرێت بۆ‌ خستنه‌ سه‌ر ژانی ده‌ستکرد بۆ زووتر له‌دایکبوونی کۆرپه‌که. بە له‌دایکبوونی کۆرپه‌که‌، نه‌خۆشییه‌که‌ نامێنیت، به‌ڵام ئه‌م ژه‌هراویبوونه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی کۆرپه‌لە‌، چونکه‌ ئه‌ندام و ئۆرگانه‌کانی لەشی کۆرپه‌له‌ له‌ سکی دایکیدا هێشتا به‌ته‌واوی گه‌شه‌یان نه‌کردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ربێتو ئەو هەوڵە نەدرێت، ئەوا ئەگەری مردنی دایکه‌که‌ هەیە. هەرچی چۆنێک بێت، ئه‌مە حاڵه‌تێکی مەترسیدارە‌ چ بۆ دایکه‌که بێت‌ یان بۆکۆرپه‌لەکەی.

بێریڤان : لە پەیوەند بە لێکۆلێنه‌وه‌که‌تدا، ئەرکێکی زۆرت کەوتۆتە سەر شان، دەکرێت زێتر بۆمان ڕوون بکەیتەوە؟

د. لەنگێزە: لە پەیوەند بەم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌مدا، بۆ چه‌ندین جار به‌شداریم له‌ کۆنفرا‌نسی وڵاتانی تردا کردووه‌ و زۆر جاریش پرۆگرامی خۆمم پێشکه‌ش کردووه‌. له‌م نێوه‌ندا‌نەدا، پرۆگرامه‌کانم به‌ پله‌ی زۆر باش هه‌ڵسه‌نگێنراون و پێنج جاریش خه‌ڵاتم وه‌رگرتووه‌‌. بۆ نمونه‌ بۆ کۆنفرا‌نس له‌سه‌ر پەستانی خوێن سه‌فه‌رم بۆ میلان، بۆداپست، پاریس، ساوپالۆ، واشنتن، سانفرانسیسکۆ…هتد کردووه‌. جیا له‌وه‌ش چه‌ندین ووتاری زانستیم له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌کانی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا بلاوکردۆته‌وه.

بێریڤان : پلانت بۆ ئایینده‌ چییه‌؟

د. لەنگێزە: هه‌ر له‌دوای به‌ده‌ستهێنانی دکتۆراکه‌م، له‌ دوو زانکۆ کۆنتراکتی کارم پێدراوە. یەکێکیان کۆنتراکتە بۆ سێ ساڵ له‌ زانکۆی هارفارد و ئەو تریان له‌لایه‌ن زانکۆی ئوکسفۆردەوە‌ داوام لێکراوە، کاریان له‌ گه‌ڵدا بکه‌م، به‌ڵام هێشتا بریارم نه‌داوه‌، کامه‌یان هه‌ڵبژێرم. ئێستا له‌ زانکۆی ئیراسموس، مامۆستام و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و خوێنکارانە دەکەم که‌ ماسته‌ر دەخوێنن.




بۆچی بەوپەڕی دڵنیایییەوە خوا بوونی نییە … ڕیچارد داوکینز … بەشی چوارەم


وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … بەشی چوارەم …
خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید
…

بۆچی بەوپەڕی دڵنیایییەوە خوا بوونی نییە….


ئاڵۆزیی لە داشکاننەهاتوو

نووسه‌ر له‌م‌ به‌شه‌دا ئاماژە به‌ گه‌وره‌یی گرفتێک ده‌کات که‌ له‌ لایه‌ن داروین و والاس چاره‌سه‌ر کراوە. بۆ ڕونکردنه‌وه‌ی گرفته‌که‌ نمونه‌ی توێکاریی ئورگانیزمی زیندوو، پێکهاتی شانەیی، زیندەکیمیا و هەڵسوکەوت ده‌هێنێته‌وه‌. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ به‌لگه‌ی نه‌شیان ده‌کات؛ ئافره‌ندگه‌ران به‌لگه‌ی نه‌شیان بۆ بوونی خوا، وه‌ک به‌لگه‌یه‌کی ته‌واو و قایلکه‌ری ده‌مکوتکه‌ر، به‌کار ده‌هێنن. له‌ به‌رامبه‌ر بۆچوونی یه‌کخواگه‌راندا، دروست به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی مه‌به‌ستی یه‌کخواگه‌ران، نووسه‌ر ده‌ڵیت به‌رێکوپێکی به‌کارهێنانی به‌ڵگه‌ی نه‌شیان، نزیکمان ده‌کاته‌وه‌، له‌ سه‌لماندنی نه‌بوونی خوا. پیشاندانێکی ئاماری که‌ خوا به‌وپه‌ڕی دلنییاییه‌وه‌ بوونی نییه‌. له‌م باره‌وه،‌ بۆ زیاتر رونکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی نه‌شیان‌ چه‌ند نمونه‌یه‌ک له‌ کتێبێکی ئافراندنگەرەوە دەهێنت. پاشان به‌ پشت به‌ستن به‌ تیوری هه‌ڵبژاردنی سرووشتی داروین، رونکردنه‌وه‌ی خۆی له‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌خاته‌ روو.

کتێبەکە: ژیان – چۆن گەیشتە ئێرە؟ کە ناوی هیچ نووسەرێکی بەسەرەوە نییە، به‌ڵام له‌لایه‌ن کتێبی پیرۆزی بورجی دیده‌بانی و کۆمه‌ڵگه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی ئایینی‌ چاپکراوه‌. له‌م کتێبه‌دا باسی جۆرە قارچکێکی تێدایە، ناسراوە بە سەبەتەی گوڵی ڤینۆس و یەکێک لەو وتانەی بۆ ئەمە هێنراوەتەوە، وتەیەی میستەر داڤید ئاتێنبۆرۆگە: “کاتێک کە لە ئاڵۆزیی ئێسکبەندی قارچک ورد دەبیتەوە، وەک ئەوەی لە سلیکای دڕکی دروست کرابێت، کە ئێمە پێی دەڵێن، سەبەتەی گوڵی ڤینۆس، مرۆڤ بڕوا بە چاوی خۆی ناکات. چۆن شانەگەلێکی زۆر بچووکی نیمچە سەربەخۆ، هاوکاری دەکەن بۆ دەرکردنی بە ملیۆن تەڵەزمی شووشەیی و دروستکردنی تۆڕێکی جوان و سەرنجڕاکێشی وەها؟ نازانین: “بەڵام ئێمە یەک شتمان لا ڕوونە: ڕێی تێناچێت شانس نەققاش بێت.” نا، بەڕاستی وا نییە، ناشێت شانس نەققاش بێت. ئەوە شتێکە، دەتوانین هەموومان لەسەری کۆک بین. نەشیانی ئاماریی دیاردەیەکی وەک ئێسکبەندی سەبەتەی گوڵی ڤینۆس، کێشەیەکی ناوەندییە، کە دەبێت هەر بیردۆزێکی ژیان چارەسەری بکات.

چەند نەشیانی ئاماری زێتر بێت، کەمتر بەجێیە شانس وەکوو چارەسەر بێت: دروست هەر ئەوە واتای ئەستەمە. بەڵام چارەسەرە پاڵێوراوەکان بۆ مەتەڵی نەشیان، نەخشە و شانس نییە، وەک ئەوەی بە هەڵە ئاماژەی پێ دەکرێت. نەخشە و هەڵبژاردنی سرووشتییە. شانس چارەسەر نییە، بەو ئاستە بەرزانەوە لە نەشیان، کە ئێمە لە بوونەوەرە زیندووەکاندا دەیبینین و هەورەها هیچ زیندوەرزانێکی ژیر ئەوەی نەوتووە. نەخشەش چارەسەرێکی ڕاستەقینە نییە، هەر وەکوو دواتر دەیبینین؛ نووسه‌ر بەردەوام دەبێت لە پیشاندانی گرفتەکە، کە هەر بیردۆزێکی ژیان دەبێت چارەی بۆ بدۆزێتەوە: گرفتی ئەوەیە، کە چۆن خۆمان ڕزگار بکەین لە شانس.

لە لاپەڕەیەکی تری کتێبی بورجی دیدەبانیدا، باسی ڕووەکێکی جێسەرنج بە ناوی لوولەی هۆڵەندی دەکات، هەموو بەشەکانی لەوە دەچێت، وەها جوان نەخشەی بۆ کراوە، کە مێشومەگەز بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، هەڵاڵاوییان بکات و بیاننێرێت بۆ گوڵە لوولە هۆڵەندییەکی تر. وردی و جوانیی ئەم گوڵە، وا لە بورجی دیدەبانی دەکات بپرسێت: “ئایا هەموو ئەمانە بەڕێکەوت ڕوویان داوە؟ یان بەپێی نەخشەی زرنگ؟” جارێکی تریش، بەڕێکەوت ڕوویان نەداوە. جارێکی تریش، نەخشەی زیرەک جێگرەوەیەکی لەبار نییە بۆ ڕێکەوت. هەڵبژاردنی سرووشتی نەک تەنیا ئابوورییانەیە، بەڵکوو بەجێ و ڕێکوپێکیشە؛ تەنیا جێگرەوەیەکی کرداریارە بۆ شانس، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشنیار کراوە. نەخشەی زیرەک هەر وەک شانس، لەگەڵ هەمان ناڕەزایەتی بەرەوڕووە.

سووکوئاسان چارەسەرێکی بەجێ نییە بۆ مەتەڵی نەشیانی ئاماری. چەند نەشیانی بەرزتر بێت، ئەوەندە نابەجێیی نەخشەی زیرەک زۆر دەبێت. نەخشەی زیرەک دەبێتە هۆی دووئەوەندەکردنی گرفتەکە. جارێکی تریش، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە نەققاش بۆخۆی دەستبەجێ گرفتی گەورەتری ڕیشەی خۆی دەهێنێتە کایەوە. هەر بوونەوەرێک کە توانای نەخشەدانانی زیرەکانەی شتێکی ئەستەمی وەک گوڵەلوولەی هۆڵەندی (یان گەردوونی) لەباردا بێت، دەبێت بۆخۆی زێتر ئەستەمتر بێت لەو گوڵە. بەدوور لە کۆتاییهێنان بە گەڕانە دواوەی نابەجێ، خوا گرفتی زێتر دەنێتەوە.

هەندێک دیاردەی سرووشتی لە ڕووی ئامارییەوە زۆر ئەستەمە، زۆر ئاڵۆزە، زۆر جوانە، زۆر شکۆبەخشە بۆ ئەوەی بەڕێکەوت پەیدا بووبێت. نەخشە تەنیا جێگرەوەی شانسە، ئەوە تەنیا شتێکە، کە نووسەرانی کتێبەکە دەتوانن بیری لێ بکەنەوە. لەبەر ئەوەی نەققاش دەبێت کردبێتی. وەڵامی زانستیش بۆ ئەم ژیربێژییە هەڵەیە، هەمیشە هەمان شتە. نەخشە تەنیا جێگرەوەی شانس نییە. هەڵبژاردنی سرووشتی جێگرەوەیەکی باشترە. لە ڕاستیدا، نەخشە بە هیچ جۆرێک جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە نییە، چونکە لەجیاتی چارەسەر، گرفتێکی گەورەتر دەهێنێتە کایەوە: کێ نەخشەی نەققاشی کێشاوە؟ وەک چارەسەرێک بۆ گرفتی نەشیانی ئاماری، هەردووی ڕێکەوت و نەخشە ژێر کەوتوون، چونکە یەکێکیان گرفتەکەیە و ئەوی تریان گەڕانەوە بۆ دواوەوەی تێدایە. هەڵبژاردنی سرووشتی چارەسەرێکی ڕاستەقینەیە. تەنیا چارەسەری کرداریارە، کە بەیان کراوە. هەروەها نە تەنیا چارەسەرێکی کرداریارە، بەڵکوو ڕێگەچارەیەکی بێهاوتایە لە جوانی و بەهێزیدا.

چی وا لە هەڵبژاردنی سرووشتی دەکات، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی نەشیان سەرکەوتوو بێت، لە کاتێکدا شانس و نەخشە هەر لە دەرگای حەوشێوە ژێر دەکەون؟ وەڵامەکە ئەوەیە، هەڵبژاردنی سرووشتی پڕۆسەیەکی کەڵەکەیییە، کە گرفتی نەشیان تێک دەشکێنێت بۆ پارچەی بچووک بچووک. هەریەک لەم پارچە بچووکانە بۆخۆی بڕێک ئەستەمە، بەڵام ئەوەندە ڕێگر نییە. کاتێک ژمارەیەکی زۆر لەم ڕووداوە ئەستەمە بچووکانە، بە زنجیرە کەڵەکە دەکرێنە سەر یەک، دوابەرهەمی ئەم کەڵەکەکردنە، دەبێت بە ئەستەمێکی زۆر زۆر، ئەستەمێکی وەها، کە زۆر دوورە لەوەی شانس پێی بگات. ئەم دوابەرهەمانەیە، کە بابەتگەلێک پێک دەهێنێت بۆ بەڵگەی یەک لەسەر یەکی وتراوی وەڕسکەری ئافراندنگەر.

ئافراندنگەر بە هیچ جۆرێک خاڵەکە ناپێکێت، لەبەر ئەوەی پێداگری دەکات لەسەر مامەڵەی پەیدابوونی نەشیانی ئاماری وەک ڕووداوێکی تەنیای بێوێنە. لە هێزی کەڵەکەبوون تێناگات.
نووسه‌ر لە کتێبێکیدا بەناوی ‘سەرکەوتن بەسەر ئەستەمی چیادا’، ئەم خاڵە‌ی بە نموونەیەک ڕۆشن کردۆتەوە. دیوی پێشەوەی شاخێک سەربەرەوژوورکەیەکی سەختە، سەرکەوتن بەسەریدا بۆ لووتکهکهی مەحاڵە، بەڵام دیوی دواوە سەربەرەوژوورکەکەی ئاسانە و سەرکەوتن بەسەریدا زەحمەت نییە. لەبنی شاخەکەدا، ئامێرێکی ئاڵۆز هەیە، وەک ئەوەی چاوێک یان قامچیماتۆڕییهکی بەکتریایی بێت. بیرۆکە نابەجێکە ئەوەیە، کە ئامێرێکی ئاڵۆزی وەها، لەخۆوە بتوانێت خۆی خڕ بکاتەوە و وەک هێمایەک بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم سەربەرەوژوورکە سەختەدا، بەیەک قەڵەمباز لەبنی شاخەکەوە خۆی بگەیەنێتە سەر لووتکەکەی. کەچی گەشەکردن، بەپێچەوانەوە دەچێت بۆ دیوی دواوەی شاخەکە، ڕێگەی سەربەرەوژوورکە ئاسانەکە دەگرێت و وردەوردە سەر دەکەوێت بۆ لووتکەکە: سووکوئاسان! سەرکەوتنی لەسەرخۆ بەسەر سەربەرەوژوورکە ئاسانەکەدا، لەبەرامبەر سەرکەوتن بە یەک قەڵەمباز بەسەر سەربەرەوژووکە سەختەکەدا، پرنسیپێکی ئەوەندە سادەوساکارە، کە مایەی سەرسووڕمانە، بۆچی ئەوەندە کاتی برد تا داروینێک بێتە مەیدانەوە و بیدۆزێتەوە.

داروین بەشێکی تەواوی لە ڕەچەڵەکی چەشن، بۆ “دژوارییەکانی نێو تیۆری نەوە لە ڕێگەی وردەگۆڕانەوە تەرخان کردووە و ڕەوایە بڵێین، ئەم بەشە کورتە، سەرجەمی ئەو دژوارییە بانگەشەبۆکراوانەی ئەوسا ئاماژەیان بۆ کراوە و ئەوانەی ئێستا دەوترێن، پێشبینیی کردووە و ڕەتی هەموویانی کردۆتەوە. دژوارییە هەرە سەختەکانی داروین، ”ئورگانە هەرە بێخەوشەکان و ئاڵۆزەکان”ە، کە هەندێک جار، بەهەڵە وەک “ئاڵۆزگەلێکی لەداشکاننەهاتوو” باسیان دەکرێت. داروین چاو دەهێنێتە بەرباس، وەک نموونەیەکی پڕکێشەی تایبەت: “چاو لە بەرچاو بگرە، بە هەموو ئەو میکانیزمە لە لاساییکردننەهاتووانەوە بۆ گونجاندنی چاوتیژی بۆ دووریی جیاواز، بۆ وەرگرتنی بڕی جیاوازیی ڕووناکی و بۆ ڕاستکردنەوەی لاریی ڕەنگی و خولگەیی، ئایا دەکرێت ئەمە لە هەڵبژاردنی سرووشتییەوە پەیدا بووبێت، وا دەر دەکەوێت ئەوپەڕی نابەجێیی بێت،” ئافراندنگەران وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، ئەم وتەیە یەک لەسەر یەک دەهێننەوە. پێویست بە وتن ناکات، هەرگیز وتەکانی دواتر ناهێننەوە.

خۆتێوەگلاندنی داروین بە دانپیادانانەوە، تەنیا هەوڵێک بووە بۆ سەرنجڕاکێشان. داروین بەرهەڵستکارانی ڕاکێشاوەتە مەیدانەوە، تا لە کاتی خۆیدا وەڵامی ددانشکێنی باشتر بپێکێت. بەدڵنیایییەوە، وەڵامی ددانشکێنیی داروین، تەنیا ڕوونکردنەوەی بێزەحمەتی ئەوە بووە، کە چۆن چاو پلەبەپلە گەشەی کردووە. لەوانەیە داروین ڕستەی وەک “ئاڵۆزیی لەداشکاننەهاتوو” یان “سەرکەوتنی نەرم بەسەر ئەستەمی چیادا” بەکار نەهێنابێت، بەڵام بەڕوونی لە پرنسیپی هەردووکیان تێگەیشتووە.
“نیوچاو بەکەڵکی چی دێت؟” و “نیوباڵ بە دەردی چی دەخوات؟” هەردووکی ئەم نموونانە وەک بەڵگە، بەپێی “ئاڵۆزیی لەداشکاننەهاتوو”ە. دەڵێن، میکانیزمێکی بەکار لە داشکاندن نایەت، ئەگەر لابردنی یەکێک لە بەشەکانی، ببێتە هۆی لەکارکەوتنی تەواوی میکانیزمەکە. ئەمە وا لە بەرچاو گیراوە، کە بەڵگەنەویست بێت هەم بۆ چاو و هەم بۆ باڵ. بەڵام هەر ئەوەندە بۆ ساتێک بیر لەم لەبەرچاوگرتنانە دەکەینەوە، یەکسەر هەڵەکانیان دەر دەکەون.

نەخۆشێک، کە بە هۆی تانەی ڕەشی چاوەوە عەدەسەی چاوی لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە لا براوە، بەبێ چاویلکە ناتوانێت بەباشی ببینێت، بەڵام ئەوەندە دەبینێت، کە خۆی لە درەختێک لا بدات یان لە کەندەڵانێک دوور بکەوێتەوە. لە ڕاستیدا، نیوباڵ وەک باڵێکی تەواو باش نییە، بەڵام بەدڵنیایییەوە، باشترە لەوەی هەر نەبێت. لە 50%ی باڵێک لەوانەیە ژیانت ڕزگار بکات، بە هێواشکەوتنەخوارەوە لە درەختێک، لە بەرزایییەکی دیاریکراودا. لە 51%ی باڵێک، لەوانەیەژیانت ڕزگار بکات، ئەگەر لە دارێکی تۆزێک بەرزتر بکەویتە خوارەوە. لەبەرامبەر هەر بەشە کەمێک لە باڵ کە تۆ هەتبێت، بەرزایییەکی کەوتنەخوارەوە هەیە کە ژیانت ڕزگار دەبێت، کە هەر بەشە کەمترێکی تر لە باڵ ناتوانێت. بیرتاقیکردنەوەی درەخت بۆ بەرزاییی جیاواز، کە لێوەی لەوانەیە کەسێک بکەوێتە خوارەوە، تەنیا شێوازێکە لە تیۆریدا بۆ بینینی ئەوەی، کە دەبێت لە تەواو ڕێگەدا لێژییەکی ئاسانی بەكەڵک هەبێت لە 1%ەوە بۆ 100%. دارستان پڕیەتی لە ئاژەڵی بەخز یان بەپەڕەشووتبازدەر، کە بەکردەوە هەر هەنگاوێکی ڕوولەسەری ئەو لێژییە تایبەتییەی ئەستەمی چیایه، پیشان دەدەن.

بەو شێوەیە دەبینین، کە چاو و باڵ بەدڵنیایییەوە لە داشکاننەهاتوو نین؛ بەڵام ئەو زانستە گشتییەی دەبێت پێی بگەین، زۆر زێتر جێگەی سەرنجە لەو نموونە تایبەتییانە. ئەو ڕاستییەی کە هەندێک خەڵک لە پەیوەند بەم حاڵەتە ڕۆشنانەوە، تەواو بە هەڵەدا دەچن، دەبێت ببێت بە ئاگادارییەک بۆ ئێمە لە نموونەگەلێکی تر کە کەمتر ڕۆشنن، هەر وەکوو حاڵەتی پێکهاتی شانەیی و زیندەکیمیاوی، کە ئێستا بوونەتە بنێشتهخۆشهی سەر زمانی ئافراندنگەران، کە پەنایان بۆ دەمامکێکی ئاسانی سیاسی “بیردۆزگەلێکی نەخشەی زرنگ” بردووە.

لێرەدا، چیرۆکێکی نەریتفێرکردنمان هەیە و ئەمەمان پێ دەڵێت: بەس ئەوە ڕامەگەیەنە، کە شتەکان شتگەلێکی ئاڵۆزی لەداشکاننەهاتوون؛ ئەو ئەگەرە هەیە، بەدیقەتێکی باشەوە وردەکارییەکانت تاووتوێ نەکردبێت یان زۆر باش بیرت لێیان نەکردبێتەوە. لە لایەکی ترەوە، نووسه‌ر ده‌ڵێت ئێمەش لە بەرەی زانستدا، نابێت متمانەیەکی وشکەباوەڕانەمان هەبێت. لەوانەیە لە سرووشتدا شتێک هەبێت، بە هۆی ئاڵۆزیی لەداشکاننەهاتووی ڕاستەقینەی، بەڕاستی لێژییەکی ئاسانی ئەستەمی چیا نەیگرێتەوە. ئافراندنگەران ئەوەیان ڕاستە، ئەگەر ئاڵۆزییەکی لەداشکاننەهاتووی ڕاستەقینە، بتوانرێت بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پیشان بدرێت، بیردۆزی داروین تێک دەشکێنێت.
داروین بۆ خۆشی ئەمەی وا وتووە: “ئەگەر بکرێت پیشان بدرێت، کە ئۆرگانێکی ئاڵۆزی ڕاستەقینە هەیە، کە ناشێت لە ئاکامی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بچووکی پلەبەپلە پەیدا بووبێت، ئەوسا ئیتر بەڕەهایییەوە بیردۆزەکەم دەچێتە کەنارەوە. بەڵام نووسه‌ر حاڵەتێکی لەو جۆرەی نەدۆزیوەتەوە.” داروین نەیتوانی حاڵەتێکی وەها بدۆزێتەوە و هیچ کەسێکی تریش لەپاش داروین نەیتوانی، سەرەڕای هەوڵێکی کەللەڕەقانەی لێبڕاوانە. هەندێک وەک پاڵێوراو بۆ ئەم خەڵاتە پیرۆزەی ئافراندنگەرییە پێشنیار کران، بەڵام هیچیان بەرگەی لێکۆڵینەوەیان نەگرت. هەتا ئەگەر ئاڵۆزیی لەداشکاننەهاتووی ڕاستەقینە، بیردۆزی داروینی تێک شکاندووە، ئەگەر لە شوێنێکدا دۆزرابێتەوە، ئەوە کێیە دەڵێت، بە هەمان شێوە بیردۆزی نەخشەی زرنگیی تێک نەشکاندووە؟ لە ڕاستیدا، هەر ئێستا بیردۆزی نەخشەی زرنگیی تێک شکاندووە، بەردەوام وتوویه‌تی و دەیڵێته‌وه‌، لەگەڵ ئەوەی ئێمە چەند کەم دەزانین لەسەر خوا، بەڵام لە یەک شت دڵنیاین، ئەویش ئەوەیە، کە خوا دەبێت زۆر زۆر ئاڵۆز بێت و هەروەها لەوانەیە لە داشکاندنیش نەیەت.

له‌ کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا، نووسەر بۆئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە دووبارەکردنەوە، بەڵگەی سەرەکیی کتێبەکە لە شەش خاڵدا کورت دەکاتەوە.

1. لە ماوەی چەندین سەدە، یەکێک لە بەرەوڕووبوونەوە هەرە گرنگەکانی زیرەکیی مرۆڤ ئەوە بووە، کە ڕوونی بکاتەوە چۆن گەردوون ئەم مۆرکە ئەستەم و ئاڵۆزانەی لە نەخشەوە وەر گرتووە.

2. مەیلی سرووشتی ئەوەیە، کە ڕوونی بکاتەوە لە ئاکامی نەخشەوە هاتوون. لە حاڵەتی شتێکی دروستکراوی دەستی مرۆڤ، وەک کاتژمێری دەست، کە نەققاشەکەی بەڕاستی ئەندازیارێکی زیرەک بووە. ئەو مەیلە لە ئارادا هەیە، کە هەمان ژیربێژی پیادە بکات بۆ چاو یان باڵ، جاڵجاڵۆکە یان مرۆڤ.

3. ئەو مەیلە هەڵەیە، چونکە گریمانی نەققاش دەستبەجێ گرفتێکی گەورەتر دەهێنێتە کایەوە، کە کێ نەخشەی نەققاشی کێشاوە. تەواوی ئەم گرفتە کە لە سەرەتاوە لەگەڵمان بووە، گرفتی ڕوونکردنەوەی نەشیانی ئاماری بووە. ئاشکرایە چارەسەر ئەوە نییە، شتێک لە بەرچاو بگرین، کە هەتا زێتر ئەستەمتر بێت. پێویستمان بە “کرێن”ە، نەک “قولاپی ئاسمانی،” چونکە تەنیا کرێن دەتوانێت کارێکی ڕوولەسەرانەی هەنگاو بە هەنگاو و گونجاو، لە سادەیییەوە بۆ جۆرێکی تر لە ئاڵۆزی ئەستەم بکات.

4. تێژهۆشانەترین و بەهێزترین کرێن، کە تاکوو ئێستا دۆزرابێتەوە، گەشەکردنی داروینییە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی سرووشتییەوە. داروین و جێنشینانی پیشانیان دا، کە چۆن بوونەوەرێکی زیندوو، بە نەشیانێکی ئاماریی دانسقە و ڕوخساری نەخشە، بەهێواشی، هەنگاو بە هەنگاو لە دەستپێکێکی سادەوە گۆڕاوە. ئێستا دەتوانین بەدڵنیایییەوە بڵێین، وەهمی نەخشە لە بوونەوەری زیندوودا تەنیا وەهمێکە و هیچی تر.

5. هێشتا ئێمە بۆ زانستی فیزیا کرێنێکی هاوبایەخمان نییە. لە ڕووی پرنسپییەوە، دەکرێت هەندێک جۆری بیردۆزی چەندگەردوونی، هەمان ڕوونکردنەوە بە ئەنجام بگەیەنێت بۆ فیزیازانی، وەک چۆن داروینیزم دەیکات بۆ زیندەوەرزانی. بە ڕواڵەت ئەم جۆرە ڕوونکردنەوانە کەمتر جێگەی پەسەندە لەچاو گێڕانەوەی زیندەوەرزانییانەی داروینیزم، چونکە داواکاریگەلێکی سەختتر دەخوازێت بۆ بەخت. بەڵام پرنسیپی مرۆڤزانی ئەو مافەمان پێ دەدات تا بەختێکی زۆرتر لە بەرچاو بگرین وەک لە توانای پێشبینیی سنوورداری مرۆڤدایە، کە پێی خۆشە.

6. دەست لە هیوای خۆمان بەر نادەین بۆ بەدەستهێنانی کرێنێکی باشتر لە فیزیادا، هەر وەک شتێکی بەهێزی وەک داروینیزم بۆ زیندەوەرزانی. بەڵام هەتا لە سایەی نەبوونی کرێنێکی قایلکەری بەهێزدا بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی زیندەوەرزانیدا، کرێنگەلێکی بەڕێژە بێهێز، کە لە ئێستادا هەمانن، کاتێک لە ڕیگەی پرنسیپی مرۆڤزانییەوە بەکار دەهێنرێن، بەڵگەنەویستە باشترێکن لە گریمانی قولاپی ئاسمانیی خۆتێشکێنی نەققاشی زرەنگ.

ئەگەر بەڵگەی ئەم بەشە قبوڵ بکرێت، ئیتر ڕاستەقینەبوونی دەستپێکی سەرەکیی ئایین – گریمانی خوا – بێبناغە دەر دەچێت. بەدڵنیایییەکی تەواوەوە، خوا بوونی نییە. ئەمە ئاکامگیریی سەرەکیی تا ئێستای کتێبەکەیە.




وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … 3 … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

بەشی سێیەم….

به‌ڵگه‌کانی بوونی خوا ….

سەرەتا نووسەر ئاماژە دەکات بە بەڵگە ئاکامییه‌کانی ئاییناس (تۆماس ئاکینوس)، که مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزەهەمین‌‌. ئەم پێنچ ‘بەڵگە’یە هیچ شتێک ناسەلمێنن و دەکرێت بەئاسانی ڕەت بکرێنەوە. سێ بەڵگەی یەکەمیان، سێ شێوەی جیاوازن بۆ بەیانی هەمان شت و دەکرێت هەموویان وەک یەک چاویان لێ بکرێت. هەموویان گەڕانەوەیەکی بێپایان لەخۆ دەگرن – وەڵامدانەوە بە پرسیارێک، پرسیاری پێشووتر قوت دەکاتەوە و ئیتر بەو شێوەیە، بەبێ ئەوەی پایانێکی هەبێت. به‌لگه‌کانیش ئه‌مانه‌ن:
5- پاڵپێوەنەرە ڕاوەستاوەکە. هیچ شتێک ناکەوێتە جووڵە، بەبێ ئەوەی پاڵپێوەنەرێکی پێشوتری هەبێت. ئەمە وامان لێ دەکات، بگەڕێینەوە بۆ دواوە و تەنیا ڕێگەی دەربازبوونمان خوایە. شتێک کە دەبێت یەکەم جووڵەی کردبێت و ئەو شتەش ئێمە پێی دەڵێن خوا.
2- هۆ بێهۆکە. هیچ شتێک ناتوانێت هۆکەی لە خۆیەوە بێت. هەر ئاکامێک، هۆی پێشووتری هەیە و دووبارە ناچارین بۆ دواوە بگەڕێینەوە. ئەمە دەبێت کۆتایی بێت لەلایەن یەک هۆوە، کە ئێمە پێی دەڵێین خوا.
3- بەڵگەی گەردوونی. دەبێت ڕۆژگارێک بووبێت، کە هیچ شتێکی فیزیکی بوونی نەبووبێت. بەڵام چونکە ئێستا شتگەلێکی فیزیکی بوونی هەیە، دەبێت شتێکی نافیزیکی هەبووبێت تا ئەم شتگەلە بهێنێتە کایەوە و ئێمە بەو شتە دەڵێین خوا.

هەرسێ بەڵگەکە، پشت دەبەستن بە هرزی گەڕانەوە و دەست بەدامێنی خوا دهبێت بۆ یەکلاییکردنەوە. گریمانێکی تەواو نابەجێ دەکەن، کاتێک کە خوا پارێزراو دەکەن لەم گەڕانەوەیە. هەتا ئەگەر ئێمە بوارێکی وەها فراوانی گوماناوی بدەین بە جادوویەکی هەوەسکارانە، کە کۆتایی بەم گەڕانەوە بێپایانە بهێنێت و ناوێکی لێ بنێت، تەنیا لەبەر ئەوەی پێویستیمان پێیەتی، ئاوا بەڕەهایی هیچ هۆیەک نییە، هیچیەک لەو تایبەتمەندییانە ببەخشێت بەو کۆتاییهێنەرە، کە ئاسایی دەدرێنە پاڵ خوا: بێئەندازەتوانی، بێئەندازەزانی، میهرەبانی، داهێنەری لە نەخشەدا، هەتا ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە مرۆڤییانەی وەکوو: گوێبیستنی نوێژ، لێبووردن لە گوناهـ و خوێندنەوەی بیروبۆچوون، بخەینە لاوە. لەم پەیوەندەدا سەرنجێکی ژیربێژانە هەیە، جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێبکرێت، ئەوەیە کە بێئەندازەزانی و بێئەندازەتوانی پێکەوە نەکڵۆکن. ئەگەر خوا هەموو شتێک دەزانێت، دەبێت هەر ئێستا بزانێت، چۆن دەستوەردەداتە گۆڕینی ڕێڕەوی مێژوو، بە بەکارهێنانی بێئەندازەتوانیی خۆی. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە دێت، کە ناتوانێت بۆچوونی خۆی بگوڕێت سەبارەت بە دەستتێوەردانەکەی، کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، بێئەندازەتوان نییە.

4- بەڵگە بەپێی پلە. وەک دەیبینین، شتەکانی دەوروپشتمان جیاوازن. دەکرێت بڵێیت، بە پلەی جیاوازجیاواز باشن یان بێخەوشن. بەڵام ئێمە بڕیار لەم پلەبەندییانە دەدەین بە بەراورد لەگەڵ ئەوپەڕیدا. مرۆڤ دەتوانێت هەم باش بێت، هەم خراپ، بەو پێیە، ئەوپەڕی هەرە باشی ناتوانێت لە ئێمەدا بوونی هەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت شتێکی ئەوپەڕی هەبێت بۆ دانانی پێوەرێک بۆ بێخەوشی و ئێمە بەو ئەوپەڕییە دەڵێین خوا.

5- بەڵگەی ئایینناسی یان بەڵگە بەپێی نەخشە. شت لە جیهاندا، بەتایبەتی شتگەلێکی زیندوو، وا دێتە پیشچاو، کە نەخشەیان بۆ کێشراوە. هیچ شتێک نییە ئێمە نەیزانین، وا دەر نەکەوێت نەخشەی بۆ نەکێشرابێت، مەگەر ئەوەی بەپێی نەخشە بێت. لەبەر ئەوە دەبێت نەققاشێک هەبێت و ئێمە پێی دەڵێین خوا.

پاشان نوسه‌ر دێتە سه‌ر به‌لگه‌ی بوونه‌‌وه‌رزانی و به‌لگه‌کانی ئانسیلمی کانتبیری به‌ نمونه‌ ده‌هێنیته‌وه‌. نوسه‌ر ده‌ڵێت، لایەنی زۆر سەیری بەڵگەی ئانسیلم ئەوەیە، کە لە سەرەتاوە ڕووی لە مرۆڤ نییە، بەڵکوو ڕووی لە خوا خۆیەتی بە شێوازی نوێژ (دەکرێت وەها بیر بکەیتەوە، هەر قەوارەیەک کە بتوانێت گوێبیستی نوێژ بێت، پێویست نییە بوونی خۆی بسەلمێنێت). ئانسیلم پێیوایە، دەشێت کەسێک باوەڕ بهێنێت بە بوونەوەرێک، کە مەزنتر بێت لەوەی توانبێتی بیری لێ بکاتەوە. هەتا ئیسییستێک لەوانەیە بوونەوەرێکی باڵادەستی وەها بهێنێتە بەرچاوی خۆی، سەرەڕای ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا، نکۆڵی لە بوونی دهکات. بەڵام بەڵگەکە دێتەوە لەگەڵ بوونەوەرێک، کە لە جیهانی ڕاستەقینەدا نەبێت، ئیتر بەو هۆیەوە کەمتر بێخەوشە.

فەیلەسووفان بۆ چەندان سەدە بەڵگەی بوونەوەرزانییان بەجیددی وەر گرتووە، ئیتر چ لەگەڵی بووبن یان لە دژی. ڕەتکردنەوەیەکی هەرە بنچینەیی بەڵگەی بوونەوەرزانی، ئاسایی دەگەڕێنرێتەوە بۆ فەیلەسووفانی وەک داڤید هیوم و ئیمانۆئیل کانت. کانت ئەو کارتە جۆکەرەی دۆزییەوە، کە ئانسیلم یاریی پێ دەکرد و گریمانە ساکارەکەی ئاشکرا کرد، کە ‘بوون‘ زێتر ‘بێخەوش’ترە لە نەبوون. فەیلەسووفی ئەمەریکی نۆرمان مالکۆلم، ئەمەی ئاوا ڕوون کردۆتەوە: ئەو ڕێچکەیەی پێی وایە بوون بێخەوشە، تا ڕادەیەکی زۆر جێگەی گومانە. ئەوە وایە و دروستە بڵێیت، خانووی داهاتووم باشتر دەبێت، ئەگەر دیوارەکانی ناوکاری بکرێت وەک لەوەی نەکرێت، بەڵام ئەمە چی دەگەیەنێت، کە بڵێیت ماڵی داهاتووم باشتر دەبێت، ئەگەر بوونی هەبێت وەک لەوەی ئەگەر بوونی نەبێت؟
هەندێک جار نوسه‌ر له‌ دیمانه‌کانیدا ڕووبه‌ڕوی پرسیار دەبێتەوە سەبارەت بە داهێنانی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌کانی جیهان، وه‌کو شکسپیر، میکایل ئەنجلو، بتهۆڤن، هتد..
که‌ ئایا نوسه‌ر شاکاری ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌ورانه‌ چۆن شی ده‌کاته‌وه‌؟ هیچ گومانێکی تێیدا نییە، دواچوارینەی بتهۆڤن، شاکارێکە بۆخۆی. هەروەها سونیتی شکسپیر. ئەمانە شاکارن، ئەگەر خوا هەبێت یان نەبێت. ئەمانە بوونی خوا ناسەلمێنن؛ بەڵکوو بوونی شکسپیر و بتهۆڤن دەسەلمێنن. وتەیەکی ڕابەری ئورکێستەری بەتوانا هەیە، دەڵێت: ‘ئینجا ئەگەر تۆ مۆزارتت هەبێت و گوێی بۆ بگریت، ئیتر بۆچی ڕوو له خوا دهکهیت؟’
ئەگەر بەڵگەیەکی ژیربێژی هەیە، کە بوونی شاکاری هونەری دەبەستێتەوە بە بوونی خواوە، دەبوو لەلایەن لاینەگرانی بوونی ئەم بەڵگەیە بوترایە. ئاسایی وا لە بەرچاو گیراوە، کە بەڵگەنەویستە، کە بەوپەڕی دڵنیایییەوە وا نییە. لەوانەیە وەها لێک بدرێتەوە، کە جۆریکی تر بێت لە بەڵگەی نەخشەی زرەنگ: مێشکی مۆسیقیی شوبێرت، جێگەی تێڕمانی شیانە، هەتا زۆر زێتر لە چاوی گیاندارانی بڕبڕەدار. یان هەتا لەوانەشە جۆرێک لە ئیرەیی بێت لە فرەژیری. چ مرۆڤێکی تر ئەو پڕکێشییە دەکات، مۆسیقایەکی/هەڵبەستێکی/هونەرێکی وەها جوان دروست بکات، لە کاتێکدا کە من ناتوانم؟ دەبێت ئەوە خوا بێت، ئەوەی کردبێت.

بەڵگەیەکی تر کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات، بەڵگەی ئەزمونی کەسییە. هەندێک خەڵک باوەڕیان بە خوا هەیە، چونکە لەو باوەڕەدان، بوونی خوایان بینیوە – یان یەکێک لە فریشتەکان یان مریەمی پاکیزە بە جلوبەرگی شینەوە. یان لەناو مێشکیاندا، قسەی بۆ کردوون. بەڵگە بەپێی ئەزموونی کەسی، یەکێکە لە بەڵگە هەرە ڕازیکارەکان بۆ هەریەکێک لەوانەی بانگەشەی بینینی ئەزموونێکی وا دەکەن. بەڵام بۆ کەسانێکی تر، ئەزموونگەلێکی وهها، کەمترین جێگەی باوەڕن و هەروەها بۆ هەرکەسێک، کە سەری دەر بچێت لە دەروونزانی. هەندێک لە نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی دەروونی وا بیر دەکەنەوە، کە ناپلوێنن یان شارلی شاپلینن یان هەموو جیهان کەوتۆتە پلانچنین لە دژیان یان پێیان وایە، دەتوانن بیروبۆچوونی خۆیان بگەیەنن بە مێشکی خەڵکانی تر.

مێشکی مرۆڤ وانواندنی پلە یەک بەکار دەهێنێت. چاوەکانمان وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەوەی هەیە، نادات بە مێشکمان یان فیلمێکی وردی ئەوەی لەو کاتەدا ڕوو دەدات. مێشکمان بەبەردەوامی نموونەی نوێتر دروست دەکاتەوە: نوێکردنەوە لە ڕێگەی گرتەی هێمایییەوە، کە بە هۆی هەستەدەماری بینینەوە لەدەرەوە دێنە ژوورەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، هێشتا هەر دروستی دەکاتەوە. بههەڵەبینینی شت، وەبیرهێنانەوەیەکی ڕۆشنی ئەمەیە. زۆربەی هەرە زۆری هەڵەبینینەکان، کە شەشپاڵووی نیکەر نموونەیەکیەتی، ڕوو دەدەن، چونکە ئەو زانیارییە هەستییەی بە مێشک دەگات، لەگەڵ دوو نموونەی جێگرەوەی ڕاستی دێتەوە. مێشک پێوانەیەکی نییە بۆ هەڵبژاردن لەنێوان ئەم جێگرەوانەدا و لەگەڵ زنجیرەیەک گیرسانەوە، لەم نموونەیەوە بۆ ئەوی تر، بەرەوڕوو دەبین. وێنەیەک کە تەماشای دەکەین، تا ڕادەیەک بەڕاستی وا دەر دەکەوێت، دەگۆڕێت و دەبێت بە شتێکی تر.

پرۆگرامی وانواندنی مێشک توانایەکی لەئەندازەبەدەری هەیە. لێهاتوویییهکی باشی هەیە لە دروستکردنی ‘دیمەن’ و ‘بوونەوەر’، کە تەواو وەک ڕاستەقینە وا بن. هێنانەبەرچاوی جنۆکە یان فریشتە یان مریەمی پاکیزە، وەک یاریی منداڵان وایە بۆ پرۆگرامێکی وەها لێزان. بە هەمان شێوەش، دەتوانێت بۆ بیستن کار بکات. کاتێک گوێبیستی دەنگێک دەبین، دەقاودەق ناگوێزرێتەوە بۆ هەستەدەماری بیستن و ناگات بە مێشک هەر وەکوو بینین، مێشک نموونەی دەنگ دروست دەکات بەپێی نویکردنەوەی بەردەوامیی زانیاریی هەستەدەماری بیستن.

بەڵگەی زۆر زێتر بەهێزتر هەیە، کە پشت نابەستێت بە هەڵسەنگاندنی کەسی، ئەوەش بەڵگەی شیانە. کە بەشێوەیەکی کاریگەرییانە دوورمان دەخاتەوە لە نەزانێتی، بەرەو ئەوپەڕی یەکخواگەری لە گۆشەنیگای گەلێک لە یەکخواگەرانەوە و بەرەو ئەوپەڕی ئیسییزم لە گۆشەنیگای نووسەرەوە. نووسه‌ر لە بەرامبەر یەکخواگەراندا دەپرسێت: ‘باشە ئەگەر ئێمە خوا دروستی کردووین، ئەی کێ خوای درووست کردووە؟ ئەمە پرسیارێکە کە زۆربەی خەڵکانی بیرکەرەوە لە خۆیان دەپرسن.

گرەوی پاسکال: ماتماتیکزانی فەڕەنسیی گەورە، بلایس پاسکال خەمڵاندوویەتی، کە تا هەر ئەندازەیەک بوونی خوا ئاستەم بێت، ئەوەندە سزای بەهەڵەداچوون لەو بارەیەوە گەورەیە تا ئاستی سەرکێشیکردن. باشترە بۆ تۆ بڕوات بە خوا هەبێت، چونکە ئەگەر ڕاست بیت، ئەوا ئەو بوارەت هەیە بەختەوەریی هەتاهەتاییت پێ ببڕێت و ئەگەر هەڵەش بیت، ئەوا هیچ شتێک لە هەلومەرجەکە ناگۆڕێت. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر باوەڕت بە خوا نەبێت و دەرکەوت تۆ بە هەڵەدا چوویت، ئەوا بەر نەفرەتی هەتاهەتایی دەکەویت، لە کاتێکدا ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەوا هیچ شتێک لە هەلومەرجەکە ناگۆڕێت.

ئیتر ئەمە ڕۆشنە، هیچ بگروبەردەیەکی ناوێت، بڕوا بە خوا بهێنە. شتێکی سەیر لەم بەڵگەهێنانەوەیەدا ئه‌وه‌یه که‌ بڕوابوون شتێک نییە، کە تۆ بتوانیت بڕیاری کردنی بدەیت وەک ئەوەی کارێک بێت. هەر هیچ نەبێت، شتێک نییە کە بتوانی بڕیاری کردنی بدە‌ی، وەک کارێک کە ویستی خۆتی لەسەر بێت. دەتوانی بڕیار بدەی بچی بۆ کڵێسا، دەتوانی بڕیار بدەی سوێند بخۆی، کە باوەڕت بە کۆی کتێبی پیرۆزە بە سەروبۆرەوە. بەڵام هیچ یەک لەمانە، ناتوانێت وا لە کەسێک بکات، کە بە ڕاستی باوەڕی پێیان هەبێت ئەگەر وا نەبێت. گرەوی پاسکال هەرگیز ناتوانێت شتێک بێت، بێجگە لەوەی بەڵگە بێت بۆ خۆنواندنی باوەڕبوون بە خوا. بۆیە وا باشتره ئهو خوایەی کە تۆ ئەوا بانگەشەی باوەڕبوونی بۆ دهکهیت، لە جۆری بێئەندازەزان نەبێت، ئەگینا بە درۆکەت دەزانێت.
دوا به‌ڵگه‌ که‌ ئاماژه‌ی پێ ده‌کات بۆ سەلماندنی بوونی خوا، بەڵگەی بایزێینە، کە بەم دوایییانە لە کتێبەکەی ستیفن یونوین، شیانی خوا باس کراوە. به‌لگه‌که‌ هه‌م لاواز و هەم کەمتر جێی سەرنجە لەچاو ئەوانی تردا.

بەڵگەیەکی تر کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات، بەڵگەی کتێبی پیرۆزە، کە هێشتا خەڵکێک هەن، لەو پەیوەندەدا باوەڕیان بە خوا هەیە. ئەم باسە ئاساییە، زێتر بە سی. ئێس. لیویس دەگەڕێنرێتەوە. کە پێوایە، لەبەر ئەوەی عیسا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە کوڕی خوایە، دەبێت ڕاست بێت، ئەگەرنا دەبێت شێت یان درۆزن بێت: ‘شێت، بەدکار یان خوا،’ یان بە لەیەکچوونی دەنگی وشەکان بە شێوەیەکی نەزانانە، ‘دێوانە، درۆزن یان خوا.’ بەڵگەی مێژوویی، کە تێیدا عیسا ئاماژەی بە پلەوپایەیەکی خوایی کردبێت، هەر زۆر کەمە. بەڵام هەتا ئەگەر بەڵگەیەکی وەها باشیش هەبێت، ئەوا ئەو سێ بژاردەیە، کە سەختە کامیان هەڵبژێریت، شتێکی پووچی ناتەواو دەدەن بە دەستەوە. ئەگەری چوارەم ئەوەندە ڕۆشنە، کە پێویست بە ئاماژەکردن ناکات، ئەویش ئەوەیە، کە دروست عیسا بە هەڵەدا چووە. خەڵکانێکی زۆردەکەونە هەڵەوە. هەرچی چۆنێک بێت، وەکوو نوسه‌ر ده‌ڵیت ، هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراوی مێژوویی لە ئارادا نییە، کە عیسا بانگەشی خواییی کردبێت.

ڕاستییەکەی ئەوەیە، هەندێک شتی قاییلکەر نووسراوە بۆ خەڵکێک، کە ئاسایی ئەم جۆرە پرسیارانە ناکەن: ‘كێ ئەمەی نووسیوە و کەی؟’ ‘ئەوەی نووسیویانە، چۆنیان زانیوە؟’ ‘ئایا واتای ئەو شتانەی، ئەوان لەو کاتەدا نووسیویانە، ئێمەش بە هەمان واتا تێیان دەگەین؟’ ‘ئایا چاودێرێکی بێلایەن بوون یان بۆ مەبەستێکی تایبەتی خۆیان، چۆنیان ویستووە، وایان نووسیوە؟’ هەتا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، لێکۆڵەرەوانی ئایینناسی ڕۆشن و ئاشکرا ئەوەیان بەیان کردووە، کە بەشە ئینجیلەکان گێڕانەوەیەکی باوەڕپێکراو نین بۆ ئەوەی چی ڕووی داوە لە مێژووی جیهانی ڕاستەقینەدا. هەموو ئەوەی کە نووسراوە، لەپاش ماوەیەکی دوورودرێژی دوای مردنی عیساوە بووە هەروەها لەپاش نامەکانی پۆلۆس (لە پەیمانی نوێدا – و. )، کە بەئەستەم ئاماژە دەکات بەو ڕاستییە بانگەشەبۆکراوانە لەسەر ژیانی عیسا. پاشان هەموو ئەمانە، یەک لەسەر یەک کۆپی کراونەتەوە لە ڕێگەی هەندێک ‘نەوەی چرپەکەرانی چینی’ جیاوازەوە و لەلایەن نووسەرانێکی لەهەڵەبەدەر نەبوو، کە هەرچییەک بووبێتن، ئامانجی تایبەتیی ئایینیی خۆیانیان هەبووە.




وه‌همێک ڕیچارد داوکینز … به‌شی دووه‌م … گریمانی خوا


ئایینی چاخێک، سه‌رگه‌رمی وێژه‌ییی سه‌رده‌می داهاتووه‌
رالف والدو ئیمرسون

خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید ….

نووسەر لە به‌شی دووه‌می کتێبکەیدا، دەچێتە سەر باسی‌ گریمانی خوا. ‌گریمانی بوون و نەبووی خوا، وەک هەر گریمانێکی زانستیی تر، دەکرێت ڕوون بکرێتەوە. لەم پەیوەندەدا، نووسەر لەڕێگای یاسای شیانەوە ئەم گریمانانە تاوتوێ دەکات.
لەبەرامبەر ئەم بوون و نەبوونەدا، یان بەواتایەکی تر، لەبەرامبەر یەکخواگەری و ئیسییزمدا بۆچوونی نەزانیەتی هەیە، کە پێیوایە، پرسی خوا بابه‌تێکه‌ شیاوی هه‌ڵسه‌نگاندن و دەستتێوەدان نییە، بۆ هەتاهەتایە لە سەرو ئەوەوەیە، کە زانست بتوانێت دەستی بۆ بەرێت. نەزانیەتییان پێیانوایه، بوونی خوا نه‌ دە‌توانرێت بسه‌لمێنرێت و نه‌ ده‌توانرێت ڕەتبکرێتەوە. نووسەریش پێوایە، کە بوون و نەبوونی جنۆکەی ددان یان دەعبای سپاگێتی باڵدار نەدەکرێت بسەلمێنرێت و نەدەشێت ڕەتبکرێتەوە.

لێره‌دا نوسه‌ر ئاماژه‌ بە جیاکردنەوەی دوو جۆر لە نەزانێتی دەکات: (نەزانێتی کاتی بە کردەوە)، کە بەم ئاڕاستەیە بێت یان ئاڕاستەیەکی تر، لە کۆتاییدا دەگەین بە وەڵامێکی تەواو ڕۆشن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووین بە بەڵگەی پێویست (یان لە بەڵگەکە تێناگەین، یان کاتمان بە دەستەوە نییە بۆ تاوتوێکردنی بەڵگەکە، هتد.). بۆ نمونه‌ چی بۆته‌ هۆی قرتێکه‌وتنی کۆتاییی سه‌رده‌می پرمیان، قڕتێکه‌وتنی به‌ کۆمه‌ڵی گه‌وره‌ی مێژووی پاشماوه‌ی به‌ردینی گیاندار و ڕووه‌ک، یان قربوونی دواتری دایناسۆره‌کان، لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا ئێمە بەڵگەمان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی بزانین، بەڵام ئەگەری هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەڵگەمان دەسبکەوێت و بزانین. بەڵام جۆرێکی تر له‌ نه‌زانێتی هەیە، نوسه‌ر به‌ (نەزانێتیی هەمیشەیی بەگشتی) ناوی ده‌بات. ئەم جۆرەیان‌ گونجاوە بۆ پرسیارگەلێک، کە هەرگیز وەڵامی نییە، چەند بەڵگەشی بۆ کۆ بکەینەوە، دەوری نییە، چونکە بیرۆکەی خودی بەڵگەکە کارپێکراو نییە. پرسیارەکە لە ئاستێکی جیاوازدایە یان لە ئەندازەیەکی جیاوازدایە، لەودیو ناوچەگەلێکەوە، کە تێیاندا دەتوانرێت بەڵگە بەدەست بێت. دەکرێت کەستەنەی فەلسەفی نموونەیەک بێت، پرسیاری ئەوەی ئایا تۆ ڕەنگی سوور بەو شێوەیە دەبینیت کە من دەیبینم. لەوانەیە سوورەکەی تۆ، سەوز بێت لای من یان شتێکی تەواو جیاواز لە هەر ڕەنگێک، کە من دەتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم.

زاناکان ئەم پرسیارەیان وەک نموونە هێناوەتەوە، کە هەرگیز وەڵامی نییە، ڕۆژێک لە ڕۆژانیش بەڵگەیەکی تازە دەر بکەوێت، هیچ کاریگەریی نابێت. گەلێک لە زانایان و ڕووناکبیرانی تر لەو باوەڕەدان ــ زۆر پەرۆشانە بە بۆچوونی نوسه‌ر ــ کە پرسی بوونی خوا دەگەڕێتەوە بۆ خانەی ” نه‌زانێتی هه‌میشه‌یی بەگشتی” دەستپێڕانەگەیشتووی هەتاهەتایی. وەک دەیبینین، هەر لێرەوە ئاکامگیرییەکی ناژیربێژانەی لێ دەکەن، کە گریمانی بوونی خوا و گریمانی نەبوونی خوا، وەکوو یەک، بە یەک چاو سەیری دەکەن. ئەو بۆچوونەی نوسه‌ر لایەنگریی لێ دەکات ، تەواو جیاوازە: نەزانێتی لەبارەی بوونی خواوە، بەتەواوی دەگەڕێتەوە بۆ خانەی نه‌زانێتی کاتی به‌ کرده‌وه‌. ڕوونتر بلێین ئه‌و بەجۆرێک بۆچوونی نەزانیەتی هەیە، بەڵام نەزانیەتییەکەی کاتییە و پێیوا نییە، کە بوون و نەبوونی خوا لە یەک ئاستدا بەن و وەکو یەک شیاو. دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت، کە ئەم نەزانیەتییە کاتییە، تەواو دیدێکی زانستییە بەرامبەر هەر دیاردەیەک، کە ئێمە زانیاری لە سەدا سەدمان نییە لەبارەی دیاردەیەکی دیاریکراوە، ئەمەش دەرگای قسەوباس و لێکۆڵینەوە بۆ هەمیشە بەڕوویدا دەکاتەوە.

باسێکی تری زۆر گرنگ لە بەشی دووەمدا ئەوەیە، کە لە ڕووی ژیربێژییەوە بەرپرسیارییەتی سەلماندنی بوونی هەر دیاردەیەک دەکەوێتە سەر شانی کێ. کەسێک دێت و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە هەسارەی زەوی لەسەر پشتی گایەک دانراوە و گاکە لەسەر پشتی ماسییەک ڕاوەستاوە، ئەرکی سەر شانییەتی بیسەلمێنێت، کە ئەمە وایە، نەک منێک کە باوەڕم پێی نییە. هەڵوێستی من ئاسایی و جێگەی قبووڵە، هەتا ئەگەر بەو واتایەش بێت، کە ئێمە هەرگیز بەڕەهایی ناتوانین نەبوونی هیچ شتێکی وەکو ئەمە بسەلمێنین. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوە نییە، کە ئایا شیاوە خوا ڕەت بکرێتەوە (کە ناکرێتەوە)، بەڵکوو ئەوەیە ئایا بوونی ڕێیتێدەچێت. هەندێک شتی نەسەلمێندراو هەیە، ژیرانە بڕیاریان لەسەر دەدرێت، بوونیان زۆر کەمتر شیاون لە شتگەلێکی تر، سەرەڕای ئەوەش کە ناکرێت ڕەت بکرێنەوە. ئێمە هیچ هۆیەکمان بەدەستەوە نییە، وەها چاو لە خوا بکەین، کە پارێزاروە و نابێت جێگەیەکی هەبێت لەسەر پێوەری شیان. هەروەها بەدڵنیایییەوە هیچ هۆیەک نییە، وەها بزانین تەنیا لەبەر ئەوەی ناکرێت خوا بسەلمێندرێت یان ڕەت بکرێتەوە، ئیتر شیانی بوونی لە سەددا پەنجایە. بە پێچەوانەوە، وەک دەیبینین. نووسەر لەم پەیوەندەدا دەڵێت:
‘بوونی خوا، گریمانێکی زانستییە وەک هەرشتێکی تر. هەتا ئەگەر سەلماندنی بە کردەوەش دژوار بێت، بەڵام دەچێتە چوارچێوەی خانەی نەزانیەتیی کاتی، بوون یان نەبوونی خوا، ڕاستییەکی زانستییە لەبارەی گەردوونەوە، لە ڕووی پرنسیپییەوە دەکرێت بزانرێت، هەتا ئەگەر بەکردەوەش نەبێت. ئەگەر خوا هەبووایە و حەزی بکردایە خۆی دەر بخات، ئەوا هەر خۆی ئەم قسەوباسەی ڕێکوڕەوان و بە دەنگی بەرز، لە بەرژەوەندیی خۆی تەواو دەکرد. هەتا ئەگەر بوونی خوا، بەدڵنیایییەوە، ناتوانین جیای بکەینەوە لە نەبوونی، ئاوا دەکرێت بە بەڵگەی بەردەست و قسەوباسی ژیربێژانە هەڵسەنگاندنێکی شیان بدەین بە دەستەوە، کە زۆر زێتر لە سەددا پەنجا بێت.’

نوسه‌ر بیرۆکەی پێوەری شیان، هەڵسەنگاندنەکانی مرۆڤ لەبارەی بوونی خواوە، لەنێوان دوو ئەوپەڕی بێگومانی (قەناعەتی) دژ بە یەک داده‌نێت. پێوەرەکە حەوت خاڵی وەرچەرخانی یەک لەدوای یەکە کە ئه‌مانه‌نن:
1. باوەڕمەندێکی بەهێز. شیانی خوا لە سەددا سەدە. “لەو باوەڕەدا نیم، بەڵکوو دەزانم.”
2. شیانی بەرزی زۆر، بەڵام کەمتر لە سەددا سەد. باوەڕمەندێکی ڕاستبینە. ”من ناتوانم بەدڵنیایییەوە بزانم، بەڵام بەتەواوی بڕوام بە خوایە و ژیانی خۆم بە جۆرێک دەبەمە سەر، کە وای دادەنێم هەیە.”
3. بەرزتر لە سەددا پەنجا، بەڵام زۆر بەرز نا. بەجۆرێک، بۆچوونێکی نەزانێتیی هەیە، بەڵام بەلای یەکخواگەریدا دەیشکێنێتەوە. ”من زۆر نادڵنیام، بەڵام مەیلم هەیە بە باوەڕکردن بە خوا.”
4. ڕێک لە سەددا پەنجا. نەزانێتییەکی تەواو بێلایەن. ”بوون و نەبوونی خوا، دوو ئەگەری تەواو وەک یەکن.”
5. کەمتر لە سەددا پەنجا، بەڵام زۆر نزم نا. بە جۆرێک، بۆچوونێکی نەزانێتیی هەیە، بەڵام بەلای ئیسییزمدا دەیشکێنێتەوە. ”من نازانم ئایا خوا هەیە یان نا، بەڵام مەیلم بەرەو گومانە.”
6. شیانی نزمی زۆر، بەڵام ناگاتە سفر. ئیسییستێکی ڕاستبینە. ”من ناتوانم بەدڵنیایییەوە بزانم، بەڵام لەو باوەڕەدام، بوونی خوا زۆر مەحاڵە و ژیانی خۆم بە جۆرێک دەبەمە سەر، کە وای دادەنێم نییە.”
7. ئیسییستێکی بەهێز. ”من دەزانم خوا نییە، بە هەمان ئەو قەناعەتەی جونگ دەڵێت، ‹دەزانە›م خوا هەیە.”

ئه‌مه‌ دەبێتە مایەی سەرسامی نووسەر، کە ئەگەر خەڵکێکی زۆر بکەونە خانەی حەوتەمەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ئەمە‌ی هێناوەتەوە بۆ هاوسەنگی لەبەرامبەر خانەی یەکەمدا، کە خەڵکێکی زۆر دەگرێتەوە کە ئەمەش سروشتی باوەڕە، بەتایبەتی باوەڕی ئاینی. نوسه‌ر خۆی لە خانەی شەشەمدا دەبینێته‌وه‌ ، بەڵام بەرەو خانەی حەوتەم مەیلی هەیە ــ ده‌لێت : من نەزانێتیم تا ئەو ئاستەیە، کە نەزانێتیم سەبارەت بە جنۆکەیە لەپشتی باخچەکە.
نوسه‌ر له‌ سه‌ر پرسی بوون و نه‌بوونی خوا نمونه‌یه‌ک ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ لەلایەن بێرتراند ڕوسلەوە قاییلکەرانە ڕۆشن کراوەتەوە، کە بەراوردی دەکات بە قۆریی ئاسمانی. “هەندێک خەڵکی ئوسوڵگەرا وەها دەدوێن، کە ئەوە ئەرکی گومانمەندانە، وشکەبڕوا قبووڵکراوەکان بەدرۆ بخەنەوە، زێتر لەوەی ئەرکی وشکەبڕواکەران بێت، کە بیانسەلمێنن. بێگومان ئەمە هەڵەیە. ئەگەر من وتبێتم، کە لەنێوان زەمین و مەریخدا، قۆرییەکی چینی لەسەر سووڕگەیەکی هێلکەیی بەدەوری ڕۆژدا دەخولێتەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم وتەیە بەدرۆ بخاتەوە، بەو مەرجەی من ئەوەندە وریا بووبێتم، ئەم سەرنجەشم لەگەڵ دابێت، کە قۆرییەکە ئەوەندە بچووکە، هەتا بە بەهێزترین دووربین نابینرێت. بەڵام ئەگەر هات و پێم لێ ڕاکێشا و وتم، لەبەر ئەوەی ئەم وتەیەی من بەدرۆ ناخرێتەوە، ئیتر پڕڕوویییەکی قبووڵنەکراوە، کەسێک بێت و گومان لە بانگەشەکەم بکات، ئیتر ئەمە دەری دەخات وڕێنە دەکەم. ئەگەر بهاتایە بوونی قۆرییەکی وەها، بە جۆرێک لەناو کتێبە کۆنەکاندا ناوی هاتبایە و هەموو ڕۆژانێکی یەکشەممان، وەک ڕاستییەکی پیرۆز، بە گوێی خەڵکدا هەڵبدرایە و لە قوتابخانەدا مێشکی منداڵانی پێ پڕ بکرایە، ئیتر ئەوسا هەر دوودڵییەک لە باوەڕکردن بە بوونیدا، وەک نیشانەیەکی لادان چاوی لێ دەکرا و وەها بە باش دەزانرا، گومانمەندکە بچێت بۆ لای پزیشکی دەروونی لە سەردەمی وشیاریی ئیمڕۆدا یان ببرێت بۆ بەردەم دادگای کڵێسا لە سەردەمانی زووتردا” .




وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز


خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید
……

کتێبی ‘وەهمێک’، لە نووسینی ڕیچارد داوکینزە و لەلایەن نوری کەریمەوە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێرداوەتە سەر زمانی کوردی و هەروەها لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. چاپی یەکەمی بە زمانی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 و تاکو ئێستا بۆ زۆربەی هەرە زۆری زمانەکان وەرگێڕدراوە.
‘وه‌همێک’، به‌ناوبانگترین به‌رهه‌می زینده‌وه‌رزانی گه‌شه‌یی، ئیثییست و پرۆفیسۆری پێشووی زانکۆی ئوکسفۆردی به‌ریتانیا ڕیچارد داوکینزه1941. نووسەر ئەزمونێکی پڕ نووسینی بابەتی زانستی هەیە و لەم پەیوەندەدا، یەکەم کتێبی ‘جینی خۆویست The Selfish Gene’ـــە کە دەگەڕێتەوە بە ساڵی 1976.

‘وه‌همێک’ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌کادیمیی زانستیی هەمەلایەنەیە سه‌باره‌ت به‌ ئاین لە گۆشەنیگای داروینیزمەوە، بۆیە خوێندنه‌وە و تێگەیشتنی تەواوی ئەم کتێبە، پێویستی بە ئاستێک له‌ ڕۆشنبیرییە لە پەیوەند بەم زانستەدا، بە دیاریکراوی خوێندنەوەی ڕەچەڵەکی چەشن ــ چارلز داروین و هەروەها لە بواری گه‌ردوونزانیدا. بابەتە زانستییەکانی ئەم کتێبە زۆر لەوە زێترە کە تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی بێت دەربارەی ئاین. خوێندنەوەی و قسەوباس لەسەری، ئاستی ڕۆشنبیری خوێنەر دەباتە سەرەوە، کە ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانی نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبەدا. دە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەدا، کەچی هێشتا قسەوباسی بابەتەکانی و کۆڕ و سیمیناربەستن لەم پەیوەنددا نەک هەر که‌م بۆتەوە، بەڵکو بە هۆی ئەو هەلومەرجەی سیاسییانەی هاتوونەتە ئاراوە، تاوێکی بە تینتری بە خۆیەوە گرتووە. مەبەستی منیش لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بانگەوازە بۆ خوێندەنەوە و چەندبار خوێنەوەی ئەم کتێبە و کردنەوەی دەرگای قسەوباس و توێژینەوەی بابەتە زانستییەکانی. ‘وەهمێک’ لە پێشەکییەک و دە بەش پێکهاتووە، بۆ ناساندنی هەر بەشێک، کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڵاو دەبێتەوە، من تەنیا ئاماژە دەکەم بە خاڵە سەرکییەکانی بەو هیوایەی کە هاندەر بێت بۆ خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ کتێبەکە.

به‌شی یه‌که‌م
بێباوه‌ڕمه‌ندێکی ئاینیی تۆخ
هەوڵ نادەم خوایەکی کەسی بهێنمە بەرچاوی خۆم؛ ئەوەندە بەسە بە ترسەوە لە بەردەم پێکهاتی جیهاندا ڕابوەستین، تا ئەوهندهی ڕێگە دەدات، هەستی هەڵسەنگاندنی ناتەواومان بەرز دەینرخێنێت.
ئالبرت ئەنیشتاین

نوسه‌ر له‌ سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌مدا، ئاماژه‌ ده‌کات به‌ بیروباوه‌ڕی چه‌ند بیرمه‌ند و زانای وه‌کو ئه‌نشتاین و هاوکینگ، کە لە ناو بابەتە زانستییەکانیاندا ئاماژیان بە ‘خوا’ کردووە. ئەمە بۆتە سەرچاوەی بە هەڵە لێکدانەوەی یه‌کخواگه‌ره‌کان، که‌ گوایه‌ ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ بیرباوەڕی ئاینی یەکخواگەرییان هەیە. به‌و شیوه‌یه سەرلێشێوادنێکی ئالۆز دروست بووە. دیاره‌ ئه‌مه‌ش لە ئاکامی نەتوانینی جیاکردنەوەی ئەوەی پێی دەوترێت ئاینی ئەنیشتاینی لە ئاینی سروشتبەدەر. هەندێک جار ئەنیشتاین ناوی ‘خوا’ی بردووە به‌ڵام نەک ‘خوای کەسی’، بەڵکو ‘خوا’ بە واتا مەجازییەکەی، هەر شتێک کە بۆی ناڕوون بووە و لێیتێنەگەیشتووە بە ‘خوا’ ناوی بردووە. خوای ئاینەکەی ئەنیشتاین ‘هەمەخوایی’یە نەک ‘خوای کەسی’ هەر سێ ئاینە ئیبراهیمییەکە.

فیزیازانی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ (هەروەها ههندێک ئیسییستی تریش)، ستێڤین وینبێرگ لە خەونەکانی دوابیردۆزدا، ئاماژەی بەم خاڵە کردووه باشتر لە هەرکەسێکی تر:
هەندێک خەڵک بۆچوونگەلێکیان هەیە لەسەر خوا، کە زۆر بەرین و لاستیکییە، بەناچاری لە هەموو شوێنێکدا بۆی دەگەڕێن بیدۆزنەوە. کەسێک گوێبیست دەبێت، کە ‘خوا ئەوپەڕە (مطلقة)’ یان’خوا باشترین سروشتمانە” یان’خوا گەردوونە.’ بێگومان وەک هەر وشەیەکی تر، دەتوانین چۆنمان پێ خۆشە، وەها واتای وشەی’خوا’ لێک بدەینەوە. ئەگەر ویستت بڵێیت، ‘خوا وزەیە،’ ئیتر ئەوسا دەتوانیت خوا لە کڵۆیەک خەڵوزدا بدۆزیتەوە.
بێگومان وینبێرگ ڕاست دەکات، ئەگەر وشەی خوا بەتەواوی لەکار نەکەوێت، دەبێت بە شێوەیەک بەکار بهێنرێت، کە خەڵک بەگشتی تێی بگات: وەک نیشانەیەک بۆ ئافرێندەرێکی سروشتبەدەر بۆ ئەوەی’بۆمان گونجاو بێت بۆ پەرستن.’ ئەوە ڕوونە کە هەندێک لە زانایان لەناو نووسینەکانیاندا ناوی ‘خوا’ دەبن، هەر بەو واتایەی کە ئەنشتاینی لێرەدا ئاماژەی پێدەکات:

“من بێباوەڕمەندێکی ئاینیی تۆخم. ئەمەش بۆخۆی جۆرێکی تازەیە لە ئاین. هەرگیز سروشتم بە هییچ مەبەستێک یان ئامانجێک یان هەرشتێک نەزانیوە، کە بکرێت وەک شتێکی مرۆیی چاوی لێ بکرێت. ئەوەی من لە سروشتدا دەیبینم، پێکهاتێکی مەزنە، کە تەنیا دەتوانین بە شێوەیەکی ناتەواو تێیبگەین و ئەمەش وا دەکات، کەسی بیرکەرەوە هەست بە خۆبەزلنەزانی بکات. ئەمە هەستێکی ڕاستەقینەی ئاینییە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە خواناسییەوە نییە. بیرۆکەی خوای کەسی، تەواو بێگانەیە بە من و هەتا وا دەردەکەوێت بیرێکی ساویلکانە بێت.’
بۆ هەرچی زێتر ڕوونکردنەوەی ئاینی ئەنشتاینی، نووسەر وتەیەکی تری ئەنشتاین دەهێنێتەوە‌: “وا هەست بکرێت لەپشت هەر شتێکەوە کە بتوانرێت دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بکرێت، شتێک هەیە مێشکی ئێمە ناتوانێت لێی تێبگات و جوانی و مەزنییەکەی تەنیا ناڕاستوخۆیانە پێمان دەگات و وەکوو ڕەنگدانەوەیەکی لاواز، ئەمە ئایندارێتییە. بەم واتایە، من کەسێکی ئاینیم.” بەم واتایە، نوسه‌ریش ده‌ڵیت، منیش کەسێکی ئاینیم، بەو مەرجەی ئەوەی ئێستا “لە توانای تێگەیشتن بەدەرە،” بەو واتایە نییە، کە “بۆ هەتاهەتایە شیاوی تێگەیشتن نییە.” بەڵام ئه‌و پێی باشە، بە خۆی نەڵێت ئاینی، چونکە ئەم شێوە بەیانکردنە بەهەڵەدابەرە. چەواشەکارێکی وێرانکەرە، لەبەرئەوەی بۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، ”ئاین” واتای “سروشتبەدەری” دەگەیەنێت. کارل ساگان لەلای خۆیەوە ئەمەی باش ڕوون کردۆتەوە:» … ئەگەر کەسێک مەبەستی لە (خوا)، کۆمەڵێک یاسای فیزیاوی بێت بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون، ئاوا ئیتر ئاشکرایە خوایەکی وەها هەیە. ئیتر ئەم خوایە پێویستییە هەستییەکانمان بەئەنجام ناگەیەنێت… نابەجێ دەر دەچێت، نوێژ بۆ یاسای کێشی زەوی بکەیت.”

لە ئیسییزم؛ پێشەکییەکی زۆر کورتدا، جولیان باجینی پەیوەندیی ئیسییست بە سروشتخوازییەوە ڕوون دەکاتەوە: “زۆربەی ئیسییستان لەو باوەڕەدان، بەدیاریکراوی یەک جۆر شت هەیە لە گەردووندا، کە ئەویش مادده‌یە، بەڵام هۆش، جوانی، هەست، بەهای ڕەوشتی، لەو شتەوە دێت ــ بەکورتییەکەی، تەواوی ئەو دیاردانەی دەوڵەمەندی دەدەن بە ژیانی مرۆڤ. هەستی مرۆڤ، لە پێکەوەبەستنەوەی پڕئاڵۆزی ئێجگار زۆری قەوارە فیزیکییەکان لەگەڵ مێشک، سەرچاوە دەگرێت. بەم واتایە، ئیسییست لە بۆچوونی فەیلەسوفێکی سروشتخوازدا، ئەو کەسێکە لەو باوەڕەدایە، کە هیچ شتێک لە دەرەوەی سروشت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیهانی ماددی بوونی نییە، هیچ بوونەوەرێکی زیرەکی ئافرێندەری سروشتبەدەر، لەپشت گەردوونی بەرچاو بەنهێنی نابزووێت، هیچ گیانۆکەیەک زێتر لە لەش ناژی و هیچ پەرجوویەک لەئارادا نییە، مەگەر ئەوەی دیاردەیه‌کی سروشتیی هەبێت، کە هێشتا تێی نەگەیشتووین. ئەگەر شتێک هەبێت، کە وا دەر دەکەوێت دەکەوێتە پشتی جیهانی سرووشتەوە، وەک ئەوەی کە تائێستا بەتەواوی تێینەگەیشتووین، ئومێدەوارین لە ئاکامدا تێیبگەین و بیکەین بە بەشێک لە سروشت. ئیتر پەلکەڕه‌نگینه‌ کەمتر بۆمان جێگەی پرسیارە، چونکە دەزانین لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو شتێکی تریش هەر ئاوایە.”

ئەگەر بێتو بە وردییەکی زێترەوە تاووتوێی بیروبۆچوونەکانی ئەو زانا لێهاتووانەی ئەم سەردەمەمان بکەین، ئەوانەی کە وا باسیان لێوە دەکرێت ئاینی بن، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە وەها نین. بەدڵنیایییەوە لەپەیوەند بە ئەنیشتاین و هاوکینگدا هەر ئەمە دروستە. مارتین ڕیس، ئەستێرەناسی هاوچەرخ و بەرپرسی ڕێکخراوی پاشایەتی، وەک “بەریتانییەکی بێباوەڕ… وەک وەفادارییەک بۆ خزم و کەسوکاری’ دەچێت بۆ کڵێسا، نە وەکو ئەوەی بیروباوەڕێکی یەکخواگەرانەی هەبێت. هەروەها خۆی بە بەشدار دەزانێت لەو سروشتخوازییە هۆنراوەیییەی گەردوون لەنێو زانایانی تر و گەلێک ئیسییستی ڕۆشنبیردا هەیە، کە بە شانازییەوە بە خۆیان دەڵێن جوولەکە و پەیڕەوی مەڕاسیمی ئاینی دەکەن، کە لەوانەیە لە وەفادارییانەوە بێت بۆ دابونەریتی کۆن یان بۆ خزمانی کوژراویان، یان دەکرێت لەبەر ویستێکی ناڕۆشن و سەرلێشێواوانە بێت بۆ لێدانی مارکەی “ئاین” بەو ڕێزە هەمەخوایییە، کە گەلێک لە ئێمە خۆمان دەبینینەوە لەگەڵ دیارترین مرۆڤی بەتوانا، ئەلبێرت ئەنشتاین. لەوانەیە باوەڕیان نەبێت، بەڵام باوەڕیان بە باوەڕ هەیە.

هه‌روه‌ها له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه‌ی که‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا په‌یره‌و ده‌کرێن، و زۆربەی خەڵک قبووڵی دەکەن هەتا بەو کەسانەشەوە، کە دانوویان لەگەڵ ئاین ناکوڵێت ــ یەکێک لەو بۆچوونانە ئەوەیە کە باوەڕی ئاینی بەتایبەتی بەرگەنەگرە و دەبێت بپارێزرێت بە دیوارێكی ئەستووری نائاسایی لە ڕێز، جۆرێک لە ڕێز کە تەواو جیاوازە لەو ڕێزەی دەبێت هەر مرۆڤ هەیبێت بۆ مرۆڤی بەرامبەری. کە ڕێزێکی زۆر زێتر لە پێویست لە ئاین دەگیرێت، نابێت ڕه‌خنه‌ی لێبگیرێت. باشە بۆچی ئەمە ئاوایە، کە تەواو ڕەوایە لایەنگری بکەیت لە پارتێکی کرێکاری یان پارتێکی کۆنەپارێز، کۆماری یا دیمۆکراتی، ئەم مۆدێلە ئابوورییە لەبەرامبەر ئەوی تردا، بەڵام ئەگەر بۆچوونێک هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن گەردوون دەستی پێ کردووە، لەسەر ئەوەی کێ گەردوونی دروست کردووە.. نا، ئەوە پیرۆزە؟… ئێمە وەها خوومان گرتووە، کە بیروباوەڕی ئاینی نەخەینە ژێر پرسیارەوە. ئاین لەلای کۆمەڵگا، زۆر زێتر و لەپێشترە لە ڕێز بۆ مرۆڤ.
له‌م به‌شه‌دا چه‌ند زاراوه‌یه‌ک به‌کارهاتوه‌، وه‌کو گەردوونخوایی، هەمەخوایی، یەکخواگەری، ….
گەردوونخوا بڕوای بە هۆشمەندێکی سروشتبەدەر هەیە، بەڵام کارەکانی لە چوارچێوەی دامەزراندنی یاساگەلێکدا بووە بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون بە پلەی یەکەم. ئیتر لەپاش ئەوە خۆی بە دوور گرتووە لە هەر خۆ تێهەڵقورتاندنێک و بەدڵنیایییەوە، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی نییە لە کاروباری خەڵکدا.

یەکخواگەر بڕوای بە هۆشمەندێکی سروشتبەدەرە، کە سەرەڕای کاری سەرەکیی ئافراندنی گەردوون لە سەرەتاوە، هێشتا لە جێگەی خۆی ماوە، چاودێریی دەکات و دەستکاریی چارەنووسی کاری سەرەتای خۆی دەکات. خەریکی کاروباری مرۆڤە. وەڵامی نویژکەران دەداتەوە؛ لە گوناهکاران دەبوورێت یان سزایان دەدات؛ لە ڕێگەی ئەنجامدانی پەرجووەوە، لە کاروباری جیهاندا خۆی هەڵدەقورتێنێت؛ مەراقی کاری چاکە و خراپە دەخوات و بەو پێیە مامەڵە دەکات.
هەمەخوایان بەهیچ جۆرێک بڕوایان بە خوایەکی سروشتبەدەر نییە، بەڵام وشەی خوا بەکار دەهێنن وەک وشەیەکی هاوواتای ناسروشتبەدەر بۆ سروشت، یان بۆ گەردوون، یان بۆ سستمی یاسایییەک بۆ بەڕیوەبردنی کارەکانی. گەردوونخوایان خۆیان جیا دەکەنەوە لە یەکخواگەران، بەوەی کە خواکەیان وەڵامی نوێژکەران ناداتەوە، گوێ نادات بە گوناهـ و داننان بە گوناهدا، مێشکمان ناخوێنێتەوە و هەوەسبازانە لە ڕێگەی پەرجووەوە خۆی هەڵناقورتێنێت. گەردوونخوایان خۆیان جیا دەکەنەوە لە هەمەخوایان، بەوەی کە خواکەیان جۆرێکە لە هۆشمەندێکی گەردوونی، وەک لەوەی هاوواتایەکی شاعیریانە یان مەجازییانەی هەمەخوایەک بێت بۆ یاساکان و گەردوون. هەمەخوایی ڕتووشکردنی ئیسییزمە. گەردوونخوایی هێزداچۆڕینی یەکخواگەرییە.




فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ….. ئۆلف بروبێری و له‌یف ئیریکسۆن

-وه‌رگێڕانی له‌ سویدییه‌وه‌: نوری که‌ریم
بێریڤان جەمال حەمەسەعید……

‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، لە نووسینی ‘ئۆلف بروبێری و له‌یف ئیریکسۆن’ــە، یەکێکە لەو کۆمەڵە کتێبەی کە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

مه‌رگی فادیمه‌، هه‌ر تراجیدیای رۆمێو و جولێتی شکسپیری سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م نییه، کە به‌ ته‌نیا ناکۆکی و ناته‌بایی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی چینی جیاوازی له‌ خۆگرتبێت، کاره‌ساتی ئه‌و، چیرۆکی دڵته‌زێنی ئه‌و، بەیەک نەگەیشتنی دوو خۆشەویست نه‌بوو، به‌ڵکو بە شەڵاڵ خوێنکردنی ئەو بە دەستی باوکی له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا، کارەساتێک بوو لە کۆمەڵگای سوید کەوت و لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگی دایەوە. درامای ئه‌و، چیرۆکی تاکه‌ که‌س و بنه‌ماڵەیەک نه‌بوو، شۆکێک بوو سیاسه‌تمه‌دارانی سویدی به‌ خه‌به‌ر هێنایەوە، تا دان بەو ڕاستییەدا بنێن، که بە‌ سه‌دان کچ و ژنی گه‌نجی وه‌کو فادیمە، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی باوک، برا، مامدان، تا بکەونە خۆیان و پرسی شەرف بە هەند وەربگرن و لەو پەیوەندەدا، چاو بە یاسا و ڕێساکانیاندا بخشێننەوە. داستانی ئەوینی فادیمە بۆ کوڕێک لە دەرەوەی بنەماڵە و پێداگری ئەو لەسەر ئەوەی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، بەڕەی لەژێر پێی داب و نه‌ریتی خێڵه‌کییانه‌ی کوردەواری ده‌رهێنا و لایەنگرانی هزری پیاوسالاری شەرمەزار کرد. فادیمە، نەک هەر ئەو “سۆزانی” نەبوو، وەک ئەوەی باوکی لەکاتی پەلامار و تەقەلێکردنەکەیدا هاواری لێدەکات، بەڵکو کچێکی ئازاو و بوێر بوو، ده‌نگێک بوو ببووە‌ هێمای ئازادی و یه‌کسانی به‌بێ لەبەرچاوگرتنی جێنده‌ر، ئایین و نه‌ژاد. لایه‌نگری تێکەڵبوون و دژ به‌ په‌راویزخستن بوو. هه‌ر ئه‌و تاسه‌ و بوێریه‌ی بوو بۆ ژیان، بووه هۆی لەدەستدانی ژیانی. ‌بێگومان کوشتنی فادیمه لە ئاکامی هه‌ڵچونێکی دەروونی یان دڵپیسیه‌وه‌ نەبوو، بەڵکو وەک باقی کوشتنە ناموسییەکانی تر، پلانداڕێژراو بوو، کەسوکاری پێیهەڵساو و کۆمەڵانی بەرینی کوردەواری پشتیوانیان لێکرد.

‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، لە وەرگێڕانی ‘نوری کەریم’ــە لە زمانی سویدییەوە. ئەم کتێبە یەکێکە لەو زنجیرە کتێبانەی کە وەرگێڕ لەسەر پرسی یەکسانیخوازی ژنان کردوونی بە کوردی، کە بریتین لە: کچانی خوا ــ جێراڵدین بروکس، گوڵێک له‌ بیابانی ئه‌فریقا ــ واریس دیریه، زینده‌سووتێنراو ــ سوعاد، به‌بێ کچه‌که‌م، هه‌رگیز نا ــ بیتی مه‌حمودی، کچه سه‌ماکه‌ره‌کانی لاهور ــ لویس براون و ئافرەت لەژێر ڕکێفی ئاینەکاندا ــ ئۆفێلیا بێنسۆن و جێریمی ستانگروم. هەموو ئەم کتێبانە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراون و ئاستی بڵاوبوونەوەیان جیهانی بووە.

بۆ ناساندنی ‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، دەگەڕێمەوە بۆ پێشەکی کتێبەکە وەرگێڕدراوەکە، کە وەرگێڕ نووسیویەتی.
ڕۆژی بیست و دووی کانوونی دووەمی 2002، بۆ من وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی وا بوو. بەیانی زوو کاتژمێری شەش چووبوومە دەرەوە بۆ کار و چواری ئێوارێش، خۆم گەیاندە قوتابخانەی بنەڕەتی کچەکەم بۆئەوەی لەگەڵ خۆم بیبەمە ماڵەوە. هەر وەکو ئێوارانی تر، تەلەفیزیۆنم داگیرساند و پێکەوە بە دیار بەرنامەی منداڵانەوە دانیشتین. زەنگی تەلەفون لێیدا، چووم بۆ وەڵامدانەوە و گفتوگۆ درێژەی کێشا. لەپڕ کچەکەم هاواری لێکردم بچم بۆ لای. ئەوەندەی نەبرد ئەو هات بۆ لام، بەچاوانی پڕ فرمێسک و قورگی پڕگریانەوە، شتێکی پێوتم تێینەگەیشتم. زۆر ترسام و پێموت چی بووە، دیسانەوە قسەکەی بۆ دووبارە کردمەوە، “فادیمە بەدەستی باوکی کوژراوە”. لەگەڵ ئەوەی هەواڵێکی پڕکارەسات بوو، بەڵام پێمسەیر بوو، منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵە، فادیمە لە کوێوە دەناسێت و بۆ دەبێت پەیوەندی بە خۆی و منەوە هەبێت.

کوشتنی فادیمە ساهینداڵ، بوو بە هەواڵی یەکەمی تەواوی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنی سوید و پاش هەواڵەکانیش قسەوباس هەر لەسەر ئەم تاوانە بوو. کوشتنی کچێک لەلایەن باوکییەوە، لەپەیوەند بە کێشەیەکی نامووسیدا، لە ناو کۆمەڵگایەکدا کە مافی مرۆڤ و مرۆڤدۆستی بەهەند وەردەگیرێت و ویستی بەرابەرخوازی لە ئاستێکی بەرزدایە، هەتا بە بەراورد بە باقی وڵاتانی ئەوروپا، بە کارەساتێکی ئاسایی چاوی لێناکرێت. لەگەڵ ئەوەش فادیمە کەسێکی نەناس نەبوو بۆ کۆمەڵگاکە، وەک هەزاران قوربانی تری کوشتنی نامووسی، کە تەنیا ناوێک یان ناو و وێنەیەکن ئەگەر ناونیشانێکیان هەبێت. فادیمە خەباتگێڕێکی نەبەزی لێهاتووی سەنگەری پێشەوەی بەرابەرخوازی بوو، دەنگی ناڕەزایەتی هەزاران کچی پەنابەر بوو، کە بەدەست دابونەریتی نامووسپەرستییەوە دەناڵێنن. لەدژی ئەم نایەکسانییە، پڕ بەدەنگی زوڵاڵی لەناو پەرلەماندا هاواری کرد، ڕۆیشتە بەردەم کامێرای تەلەفیزیۆنەکان، مایکی ڕادیۆکانی بەدەستەوە گرت و کەم ڕۆژنامە و گۆڤار نەما، چەند لاپەڕەیەکی تێیدا ڕەشنەکاتەوە. کوشتنەکەشی ئەم چالاکییانەی بەو پەڕی گەیاند، کاردانەوە بەرامبەر ئەم تراجیدیایە، سنووری سویدی بەزاند و بوو بە هەوڵێکی جیهانی. فادیمە ئێستا بووە بە سیمبولی ناڕەزایەتی و هەموو ساڵێک لە یادی کوشتنیدا، لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕین، ئەم چالاکییانە لە ئاستێکی سەراسەری و باڵاتردا بەڕێوە دەبرێن. لەبەرامبەردا، زۆربەی ڕەوەندی کوردی لە سوید، بەدەستپێشخەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان (ڕێکخراوێکی فەرهەنگییە، کە نوێنەران و لایەنگرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەکەی کوردستانی تێدایە)، سەرسەختانە دژی ئەم چالاکییانە دەوەستنەوە و بەتایبەتی لە کاتی کوشتنەکەیدا، فادیمەیان تاوانبار کرد بەوەی پێی لە بەڕەی دابونەریتی کوردەواری زێتر ڕاکێشاوە، حەیای کوردی بردووە و …. ئەم کێشمەکێشە تاکو ئیمڕۆ بەردەوامە. چالاکییەکانی فادیمە، کوشتنەکەی و دادگایییەک کە بەدوایدا هات، کاریگەرییەکی هەمەلایەنەی داناوە لەسەر کۆمەڵگا. ئەگەر لەلایەک ئاستی ئاگاهی و هەڵوێستی سیاسی لەسەر ئەم کێشەیە بەرز کردەوە، ئەوا لەبەرامبەردا ڕووی ڕاستەقینەی دابونەریتی پیاوسالاری لەنێو بەشێکی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردیدا هەڵماڵی و تەکنیکێکی تازەی ژنکوژی هێنایەکایەوە بەناوی ‘کچانی باڵکۆنی’1.
دە ساڵ دواتر، کچەکەم چوو بۆ هەمان کۆلێژ و هەمان زانکۆی فادیمە ساهینداڵ لە ئوستەرشۆند. لە یەکەم ڕۆژی چوونیدا بۆ کۆلیژەکە لەگەڵ باقی خوێنکارانی قبووڵکراو، لەلایەن ڕاگر و مامۆستایانەوە گەشتێکیان پێدەکرێت بەناو کولێژەکەدا بۆ ناساندنی. کاتێک کە خۆیان دەکەن بە یەکێک لە ساڵۆنەکانی وانەخوێندندا، ڕاگرەکە ڕوو بە قوتابیان دەڵێت، “ئەمە ئەو ساڵۆنەیە کە فادیمە ساهینداڵ دوا وەرزی خوێندنی تێیدا خوێندووە”. وەک کچەکەم بۆی گێڕامەوە، “لەپڕ بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر هەمووماندا، بزە و خەندەی سەر لێوان جێگەی دا بە داخێکی قووڵ، کە لە ڕووخساری هاوپۆلەکانمدا بۆم دەرکەوت، فادیمە لە دڵی هەر هەموواندا کەسایەتییەکی نەمرە”.

بەبۆنەی هاتنە پێشەوەی یادی دە ساڵەی کوشتنەکەی، هەواڵی داتاشینی پەیکەری فادیمە لەلایەن شارەوانی شاری ئۆپسالای نیشینگەی فادیمەوە، بڵاو بۆوە. بوو بە هەراوهوریا و دەنگی ناڕەزایەتی نامووسپەرستان بەرز بۆوە بەوەی، “کە دروستکردنی پەیکەر بۆ کچێکی کوردی کۆژراو بەدەستی باوکی، مایەی شەرمەزارییە بۆ ئێمەی کورد”. نوێنەرانی شارەوانی ڕێکوڕەوان وەڵامیان دانەوە، کە “بەڵێ، ئێمە بۆ ئۆلوف پاڵمە2 پەیکەرمان دروستکردووە و بۆ فادیمەش دروستی دەکەین. بەڵێ، ئەمە ڕسوایییە بۆ دابونەریتی نامووسپەرستی و پارێزەرانی”.

لە مەڕاسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری فادیمە، لەگەڵ سەدان کەس بەشداریم کرد. گوێم دەگرت لە وتاری وەزیری هاوپەیوەستی بەم بۆنەوە، لەپڕ چاوم بە کچێک کەوت کە بۆم نائاشنا نەبوو، زۆرم لە خۆم کرد تا ناسیمەوە، سونگوڵی خوشکی فادیمە بوو، کە نزیک دە ساڵ لەوەوپێش دەبوو لە دادگادا بینیبووم، ڕووبەڕوو و چاوبەچاو بەرامبەر بکوژی خوشکەکەی، ڕەحیمی باوکی، لەنێوان پارێزەری بەرگری، کە یەکێک لە نووسەرانی ئەم کتێبە و پارێزەری گشتی دانیشتبوو. تەواو ژاکاو و لە پەلوپۆ کەوتبوو، بەڵام لە گورگێکی بریندارکراو دەچوو، کە بەو پەڕی دڕندەییەوە پەلامار دەدا، لەدژی باوکی سەرشکستە شایەتی دەدا. لە قووڵایی دەروونی خۆمدا بووم، ژنێک کە تا ئاستێک بە یەکتری ئاشنا بووین و لە کۆبوونەوەی ژناندا بینیبووم، بە چرپە پرسیارێکی لێکردم، “ئەگەر خەڵک لە کوردستاندا، بۆ هەر قوربانییەکی کوشتنی نامووسی پەیکەرێک دروستبکات، ئاخۆ دەبێت چەند دانە دابتاشێت؟” ماوەیەکی ویست تا وەڵامم دایەوە، “ئەو پەڕی یەک یان دوو دانە”. “مەبەستت ئەوەیە کە لەهەر مەیدان و چوارڕێگایەکدا”، ژنە هاوڕێکەم وتی. ” نا، مەبەستم لە هەر چوار پارچەکەی کوردستانە. ئەگەر هاتوو دەسەڵات لە کۆمەڵگادا، ژن لە مەیدانەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدەر نەکات، هەر ڕۆژە یاسا و ڕێسایەک دەرنەکات بۆ هێشتنەوەی ژێردەستەیی ئافرەتان، شەو و ڕۆژ مەلای مزگەوتەکان بەرنەداتە گیانی کچان، بکوژانی کوشتنی نامووسی لەجیاتی دەستخۆشی و بەڵگە هۆنینەوە بۆیان، لە چواردیواری زینداندا حوکمی هەمیشەیییان بۆ دەربکات، خەڵکانێکی وەک ئەمانە دێنە ئاراوە، کە هەر ڕۆژەی بەشێوەیەک لەبەرامبەر نایەکسانیدا دەوەستنەوە، ئیتر ئەوسا کێ دەوێرێت ژنکوژی بکات”.

تەواوی ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە، کاردانەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵگای سویدە بەرامبەر بە کوشتنی فادیمە ساهینداڵ. مەبەستی منیش لە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ سەر زمانی کوردی هەر ئەوەیە، چونکو پێموایە لە کوردستاندا، ئەو خێزانانەی کە دەستیان دەچێتە خوێناوی کچەکانیانەوە، زۆر دەگمەنن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، بە قبووڵکردن و ڕەزایەتدان کاردانەوەی خۆیان پیشاندەدەن. لەم پەیوەندەدا، لە ساڵی 2012دا، ماریانە سپانەر لە مێزگردی ئافتۆنبلادت دەنووسێت: “فادیــــمە تا حەز بکەیت، نەبەز و جوان بوو. بـــــەڵام ئابڕووی خێزانەکەی و خزمەکانی خۆی بردبوو. کەسوکاریشی ئێجگار زۆر بوون. لەوانەیە سێ سەد کەس لە سوید و هەر زۆر زێتریش لە زێدی باوباپیرانی. ئەوانە بێشمار بوون کە داوای گەڕانەوەی ئەم ئابڕوویەیان دەکرد. ئەوە باوکی بوو کە دەستی چووە خوێناوییەوە. بەڵام ئەوە داوای گەلێک خەڵک بوو، کە خوێناوەکەی بخورێتەوە”.

…………………………………………………………………….

پەراوێز:

1. کچانی باڵکۆن: تەکنیکێکی تازه‌ی کچکوشتنه‌، هه‌ر وه‌کو تەکنیکی په‌ره‌مێزته‌قینه‌وه‌کانی کوردستان یان به‌سه‌ردا کەتنه‌ ناو ته‌نووره‌وه‌ له‌ فه‌له‌ستین. ئه‌م شێوه‌ تازه‌یه‌ له‌ داهێنانی په‌نابه‌رانی دانیشتووی سویده‌. له‌م شێوه‌یه‌دا کچانی به‌سزمان، “هه‌ر له‌خۆوه”‌ له‌ باڵکۆنی خانووه‌ نهۆمییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ خواره‌وه‌ و گیانیان ده‌رده‌چێت. لایه‌نی “ئه‌رێنی” ئه‌م داهێنانە تازه‌یه‌ ئه‌وه‌یه،‌ که‌ پۆلیس چه‌ند گومانی هه‌بێت لەسەر ئەوەی‌ ئه‌م کوشتنه‌ پلانداڕێژراوه،‌ به‌ڵام زۆر سەختە بۆی بتوانێت بیسەلمێنێت، به‌پێچه‌وانه‌ی کوشتنی کوردییه‌وه‌‌ بۆ نموونه‌ (ئه‌گه‌ر واژه‌ی میدیای سوید به‌کار بهێنین، له‌ئاکامی زۆر دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ناو په‌نابه‌رانی کورددا)، که‌ تێیدا کوشتنه‌که‌ به‌ئاشکرا پلانداڕیژراوه‌ و بکوژ به‌پێی خۆی ده‌چێت بۆ لای پۆلیس یان پۆلیس ئەو زەحمەتە دەکێشت ده‌چێت بۆ لای.

2. ئۆلۆف پاڵمە Olof Palme: (1927 ــ 1968) سەرکردەیەکی سیاسی سویدی بووە، سەرۆکی پارتی سوسیال دەیموکراتی سوید بووە لە ساڵی 1968وە. لە نێوان ساڵی 1969 ــ 1976 و 1982 تا ڕۆژی کوشتنەکەی لە ساڵی 1986دا، سەرۆکوەزیرانی سوید بووە. یەکێک بووە لە بەشداربوونی ناڕەزایەتی دژی کوشتاری ئەمریکا لە ڤێتنام.




‘ڕەچەڵەکی چەشن’ی داروین دەکرێت بە کوردی … بێریڤان جه‌مال حەمەسەعید

ئەمە خەوێک بوو، ئاواتی دەیان خوێنەری ڕۆشنبیری ساڵەکانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردو بوو، کە لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ڕەچەڵەکی چەشن ــ چارلز داروین On the Origin of Species – Charles Darwin، پڕ بەدڵ حەزیان دەکرد وەریگێڕنە سەر زمانی کوردی، تا خوێنەرانی کوردی زمان لێیبێبەش نەبن. هەندێکیان هەوڵیان دا، بەڵام بێئاکام بوون. نوری کەریم ئێستا خەریکی وەرگێڕانی ئەم کتێبەیە.

نوری که‌ریم یه‌کێکه له‌و وه‌ڕگێره سه‌رکه‌وتوانه‌ی که له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا چه‌ندین کتێبی به‌ عیشق و بایه‌خی زۆره‌وه‌، وه‌رگێڕاوه‌تە سه‌ر زمانی کوردی. وه‌رگێڕ جیا له‌وه‌ی شاره‌زایییه‌کی باشی له زمانی عه‌ربی، فارسی، ئینگلیزی و سویدیدا هه‌یه، هه‌وڵی داوه به‌زمانێکی پوخت و ساده‌، خوێنه‌ر له‌کاره‌کانی نزیک بکاته‌وه و په‌لکێشی خوێندنه‌وه‌یان بکات، که ئەمه‌ش خۆی له‌خۆیدا رێخۆشکردنێکە بۆ خوێندنەوه‌ی به‌رهه‌می نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی گه‌لانی تر. که دیسانه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمان و گه‌شه‌سه‌ندنی ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌گرێته‌خۆ. لەسەر وەرگێڕانی ئەم کتێبە پڕ بەهایە، پێمباشە لەگەڵ وەڕگێڕ ئەم دیمانەیە بکەم، تا لە نزیکەوە بیروبۆچوونی بزانین لەسەر کاری ئەم وەرگێڕانە تازەیەی.

پرسیار: دەکرێت زۆر بەکورتی پێمانبڵێیت ناوەڕۆکی ئەم کتێبە چییە؟

نوری کەریم: تەواوی ئەم کتێبە وەڵامە بە پرسیارێکی دیاریکراو، ئایا ئەم هەموو جۆراوجۆرییەی کە لە ناو زیندەوەراندا هەیە، لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. وەڵامی داروین ڕۆشنە، بە بەڵگە و توێژینەوەیەکی قووڵ دەیسەلمێنێت، کە هەمەجۆریی تەواوی زیندەوەران، بە جیهانی ئاژەڵ و ڕووەکەوە، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی یەکەم شانەی ئورگانی. هەر هەموومان وەک زیندەورانێک، سەرەڕای ئەوپەڕی جیاوازیمان، لە جیاوازی نێوان ئاژەڵ و ڕووەکەوە بگرە تا جیاوازی نێوان دایباب و ڕۆڵەکەی، نــەوەی ئەو زیندەوەرە یەکشانەیییەین. ئەم زیندەوەرە یەکشانەیییە نەک هەر ژیانی کردووە بەڵکو نەوەشی خستۆتەوە، ئەم نەوە تازەیە نەک هەر ژمارەی زۆر بووە، بەڵکو هەموو ئەو سیفەتە بۆماوەیییانەی لە دایبابەوە بۆ ماوەتەوە، کە پێویست بوون بۆ ژیان بەدەربردن و زاوزێکردن. لەم پەیوەندەدا، بەپێی هەلومەرجی ژیان، هەر سیفەتێکی بۆماوەیی کە زێتر یارمەتیدەری بووە، کەڵکە بووە و ئەوانی تر خراوەتە لاوە، بەو پێیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەرچی زێتر جیاوازی کەوتۆتە نێوان تاکەکانی نەوە لەدوای نەوەوە. ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامی سرووشتییە، بەدەرە لە ویستی هەر زیندەوەرێک.

پرسیار : تایبەتمەندی ئەم کتێبە لە چیدایە، کە وای کردووە بە نەمری بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەمێژە نووسراوە؟

نوری کەریم: ئەم کتێبە لە ساڵی 1859دا لە بەریتانیا بڵابۆتەوە، لە هەلومەرجێکدا کە بیروبۆچوونی گشتی کۆمەڵگای نەک هەر بەریتانیا بەڵکو زۆربەی سەرتاسەری جیهانش، بیروبۆچوونی ئاینیی ‘کتێبی پیرۆز’ بووە لەسەر چۆنییەتی پەیدابوونی مرۆڤ و زیندەوەران. بۆ نموونە، بەپێی ئەم جیهانبینییە ئاینییە، خوا پیاوی لە سەر وێنەی خۆی لە خۆڵ دروستکردووە و پاشان فووی کردووە بە کونەلووتیدا و ڕۆحی بەبەردا هاتووە. پاشان کە ئەم پیاوە لە خەودا بووە، پەراسوویەکی دەرهێناوە و ئافرەتێکی لێدروستکردووە، بۆئەوەی ئەم پیاوە بەتەنیا نەبێت. داروین لەبەرامبەردا جیهانبینییەکی تەواو جیاوازی هێنایە کایەوە لەسەر پەیدابوونی زیندەوەران، کە هیچ جێگەیەکی بۆ بوونی خوا نەهێشتەوە. تائیمڕۆ هەر دەستکەوتێکی زانستی لە مەیدانی زیندەزانیدا هاتبێتە کایەوە، بۆچوونەکەی داروینی سەلماندووە. تائیمڕۆش کێشمەکێشی نێوان ئەم دوو جیهانبینییە بەردەوامە، لەناو گەلێک لە کۆمەڵگاکاندا شێوازێکی خوێناوی بە خۆیەوە گرتووە.

پرسیار: ئایا بۆ ناکرێت بیروبۆچوونی ئاینی لەگەڵ داروینزم وەکو بیردۆزێکی زانستی، پێکەوە هەڵبکەن؟

نوری کەریم: نەک هەر پێکەوە هەڵناکەن، بەڵکو تەواو بەدژی یەکترین. دوو جیهانبینیی جیاوازن، لە یەکەم بەردی بناغەوە. تەواوی بیروبۆچوونی ئاینی، کۆمەڵێک بانگەشەی بێبەڵگەی چەقبەستوون، هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرن. خوا یەکە نابێت بە دوو؛ خوا تەواوی سرووشتی لە شەش ڕۆژدا درووستکردووە؛ بــۆچی؟ وەڵام نییە؛ یان ئەوەتا باوەڕەت پێیەتی یان نەء. بەڵام بیرباوەڕی زانستی لەسەر هەر دیاردەیەک، شتێکی نەگۆڕی نییە. لەسەر هەر شتێکی سرووشتی، زانیاری تەواو و کۆتایی نییە. یەک زاید دوو، هەر مەرج نییە دەبێت بکاتە سێ. ئیمڕۆ مرۆڤ لە پیتاندنی هێلکە بە تۆماوەوە لە منداڵدانی ئافرتدا دروستدەبێت، دەکرێت سبەینێ لە تاقیگەدا درووستبکرێت. چارلز داروین دەیزانی جیهانبینییەکەی تەواو دژی بیروبۆچوونی زاڵی کۆمەڵگایە، لێی ڕۆشن بوو کە چ کفرێکی گەورە دەکات و ئامادە بوو لەپێناوی بەرزڕاگرتنی ڕاستیدا، باجەکەی بدات. بۆیە بۆ ماوەی شەش حەوت ساڵ دەستی ڕاگرت لە چاپکردنی کتێبەکەی. کاتێکیش کە بڵاوی کردەوە، لە هەموو ‘ناز و نیعمەت’ێکی دەرباری پاشایەتی بەریتانیا بێبەش کرا، کە لەو کاتەدا نوێنەرایەتی سیاسی کڵێسای دەکرد و دەسەڵاتی تەواوی بەدەستەوە بوو. تا لەم ساڵانەی دواییدا، دەرباری پاشایەتی ئەم پەڵە ڕەشەی بە ناوچەوانی خۆیەوە کاڵ کردەوە و لە مەراسیمێکی گەورەدا، ئەو ڕێزلێنانەی کە شایەنی زانایەکی وەها مەزنە، بۆی گەڕاندەوە و بەڕەسمی داوای لێبوردنی لە نەوەکانی داروین کرد.

پرسیار : چۆن بوو وا ئەم کتێبەت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟

نوری کەریم: منیش وەکو یەکێک لە خوێنەرانی ئەو کتێبە، بەهۆی ئەو بەها زانستییەی کە هەیەتی، هەمیشە ئەو خەیاڵەم لەسەردا بووە، کە بیکەم بە کوردی. بەڵام کاتێک کە کتێبە بەناوبانگەکەی زانای زیندەزانی ڕیچارد دواکینزم بەناوی ‘وەهمێک’، وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی، کە ڕەخنەیەکی کەمەرشکێنە لە بیربۆچوونی ئاینی لە گۆشەنیگای داروینزمەوە، ئەم خەیاڵەمی دەمەزرد کردەوە و ئیتر لەوە زێتر نەمدەتوانی وەرگێڕانی دوابخەم.

پرسیار : گەلێک هەوڵیان دا ئەم کتێبە وەرگێڕنە سەر زمانی کوردی، بەڵام بێئاکام بوون. ئەم توانایییەی تۆ لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت؟

نوری کەریم: بەڵێ گەلێک هەوڵیان دا و گەلێکیان بەو ئاواتەوە سەریاننایەوە. جێگەی داخە بۆ ئەوانە و مایەی خۆشحاڵییە بۆ من، کە دەتوانم ئەو ئاواتە بهێنمەدی. وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی، بەتایبەتی بۆ سەر زمانی کوردی، لە توانایی کەسی ئەو ڕۆشنبیرانەی ساڵەکانی حەفتاکان و هەشتاکان بەدەر بووە، بەڵام بۆ من هەلومەرجەکە تەواو جیاوازە و ئەمەش هێشتا بەواتای ئەوە نایەت کە کارێکی ئاسانە. ‘ڕەچەڵەکی چەشن’ یانزەهەمین کتێبە کە خەریکم وەریدەگیڕمە سەر زمانی کوردی. تاکو ئێستا نۆ کتێبم لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و یەک کتێبیشم لە زمانی سویدییەوە، کە بەشێکیان کتێبی زانستی بوون، بەتایبەتی ئەوەی ڕیچارد داوکینز، کە بەهای زانستی و ئاستی زمانە ئینگلیزییەکەی، ئەگەر لە کتێبەکەی داروین زۆر زێتر نەبێت بەدڵنیاییەوە کەمتر نییە. ئەم کارانە بۆ من هەمووی ئەزمونگەلێکی وەرگێڕانی گەورەن. هەروەها زمانی ئینگلیزییەکەی داروین، کە کتێبەکەی پێنووسیوە، زمانی ئینگلیزی ڤیکتۆریانییە، زمانی نووسینی تۆێژێکی دەرباری باڵای کۆمەڵگای ئەو سەردەمەیە، کە لەگەڵ زمانی ئینگلیزی ئێستادا جیاوازی زۆر هەیە، هەتا بۆ ئینگلیزیزمانێک ئاسان نییە. ئینجا بۆ وەرگێڕانیشی پێویستی بە تێگەیشتنێکی تەواو هەیە، لەم پەیوەندەدا زانینی زمانێکی ئەوروپی تر، کە هەموو بوارەکانی زانستی پێنووسراوە، پێویستییەکە کە ناکرێت چاوی لێبپۆشرێت. من زمانی سویدی دەزانم، ئەمە یارمەتیدەرێکی لەبننەهاتووە بۆ تێگەیشتنی تێکستە هەرە سەختەکانی ئەو کتێبە.

پرسیار: گرفتی وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی بۆ سەر زمانی کوردی لە چیدا دەبینیتەوە؟

نوری کەریم: زێتر لە 155 ساڵ بەسەر دەرچوونی ‘ڕەچەڵەکی چەشن’دا تێپەڕیوە، کەچی هێشتا هەر زۆر زووە بۆ زمانی کوردی کە بتوانێت خۆی لە قەرەی وەرگێڕانی کتێبێکی وەها بدات. وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەواتای بەراوردکردنی دوو زمانەکەیە، بەڵام دوو شت شایەنی بەراوردکردنن کە لەیەکەوە نزیک بن. بەداخەوە کە دەچیتە پای وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی، ئەوسا بەتەواوی دەزانیت، کە زمانی کوردی چەند بێخاوەنە، چەند لە کاروانی پێشکەوتنی زانستی لەدوایە، هەتا ئەوەشی کە بۆی کراوە زۆر پڕ کەموکورتین. بۆ نموونە، تەواوی ئەو فەرهەنگانەی کە بۆ بوارە زانستییەکان نووسراون و بە چاپ گەیەنراون، دەکرێت تا ئاستی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی وەڵامدەرەوە بێت، بەڵام زۆر ئاستەمە بە پشتبەستن بەم فرهەنگانە دەستبدەیتە وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی. گرفتەکە لەوە دایە، کە زمانی کوردی نەکراوە بە زمانێکی زانستی، لە کۆمەڵگاکەماندا هیچ هەوڵێک بەدی ناکرێت، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان زانست جەماوەری بکرێتەوە، تا هەموو کەس بتوانێت لە هەر بوارێکی زانستیدا، ئەوەی هەیە بە زمانی کوردی بیخوێنێتەوە.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بە باری زاراوەزانی وەرگێڕانی ئەم کتێبە، هەوڵدەدەم لە ڕێگای وشەداهێنان بۆ زاراوە بناغەیییەکان و پەڕاوێزنووسینەوە، واتاکان بگەیەنم. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بەناوی ئەو ڕووەک و ئاژەڵانە کە بۆ ئێمە نائاشنان، کە زۆربەیان دەگرێتەوە، بە ئینگلیز و عەربیش نووسیمن، بۆئەوەی ئەگەر خوێنەر ویستی، بەدوایاندا بگەڕێت. ئەگەر ئەم کارانە نەکەم، دەبێت دەست لە وەرگێڕانی هەڵگرم. بێهـۆ نییە، زمانی کوردی لەو زمانە هەرە دەگمەنانەیە کە تاکو ئێستا ئەم کتێبەی بۆ وەرنەگێڕدراوە.

پرسیار: گەورەترین ئاستەنگی وەرگێڕانی کتێب تا دەگات بە دەستی خوێنەر بەشێوەیەکی گشتی لە چیدایە؟

نوری کەریم: بەپێی ئەزمونی ئەو کتێبانەی کە وەرمگێڕاون و بە چاپم گەیاندون، گەورەترین ئاستەنگ بێمەیلی دامودەزگا پەیوەندیدارە حوکمییەکانە بەرامبەر بە کاری ڕۆشنبیری. دەچیت بۆ لای هەر دامودەزگایەک، چ حکومی بێت یان ناحکومی، ڕێنووسێکی زمانی کوردی تایبەت بە خۆی هەیە. زێتر لە سەدە و نیوێک بەسەر ڕۆژی مێژووییی بیست و پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی 1859دا تێدەپەڕێت، ئەو ڕۆژەی کە لە کازێوەی بەرەبەیاندا ‘ڕەچەڵەکی چەشن’یان بە سەر کتێبفرۆشەکانی شاری لەندەندا دابەش کرد و بۆ ئێوارێکەی یەک دانەی لێنەمایەوە. ڕۆشنبیران و خەڵک وەڵامێکی ددانشکێنیان دایەوە بە دەرباری بنەماڵەی دەسەڵاتدار. لەپاش یەک سەدە و نیو، لەوە دەچێت هێشتا هەر زۆر زوو بێت، ئەو چاوەڕوانییەمان هەبێت لە ڕۆشنبیرانمان کە ئەوەندە ڕۆشنبیر بن و لە خەڵکەکەمان کە ئەوەندە تینوی زانست بن. ئەم ئاستەنگە ئاستەنگێکی کوشندەیە، ڕوو لە هەر کۆمەڵگایەک بکات، بەرەو داڕمانی دەبات.




ڕادێوی کوبانی ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم … بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

“ڕادێوی کوبانی”، یەکێک بوو لە فلیمە دۆکۆمێنتییەکانی ڤێستیڤالی جیهانی دووهه‌زار و شانزه‌ له‌ شاری ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆله‌ندا، کە به‌ باشترین فلیمی دۆکۆمێنتی هۆله‌ندی هه‌لبژێردرا و خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا. هەر لەو پەیوەنددا، ئه‌م فلیمه‌ یانزه‌ جار له‌‌ هۆلی سینه‌ماکانی ئه‌مستردامدا، نمایش درا.
ئەم فلیمە لە دەرهێنانی ڕێبەر دۆسکییە (٤١ ساله‌) و بابەتەکەی لەسەر هێرشی داعشە بۆ داگیرکردنی کۆبانی و بەرەنگاربوونەوەی جەماوەری خەڵکەکەیەتی لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا و ڕزگارکردنی. له‌لایه‌ک سیمای دیمه‌نی دڵته‌زێنی شارێکی وێران و کاولکراو پیشان دەدات، که‌ چۆن لاشەی شێواو و پارچه‌ پارچه‌‌ کراو له‌ناو داروپه‌ردووی ئەم شارە وێرانەدا به‌ شۆفل ده‌رده‌هێنرێن، له‌لایه‌کی تریشەوە، هێزو توانای لەبننەهاتووی دانیشتوانی بەیان دەکات، کە چۆن زاڵ دەبن بەسەر ئه‌م بارودۆخه‌ پڕکارەساتە و چ هەوڵ و کۆششێکی پڕزەحمەت دەدن بۆ دەستپێکردنەوە ژیان و ئاوەدانکردنەوە‌ی شارەکە لەپاش ئەم هێرشە.

له دیمانەیەکدا بۆ ئاوێنه‌، ڕێبه‌ر دۆسکی ئاماژه‌ بەوە دەکات، “که‌ ده‌یه‌وێت لەڕێگای ئەم فلیمەوە، کۆبانی لە دوای کاره‌ساتی جه‌نگ به‌ جیهان بناسێنیت، جێگەیەک کە لەکاتی ڕوودانی جەنگەکەدا، تەواوی زۆمی کامێراکانی جیهان ڕووی تێکردبوو، سات بەسات ڕووماڵی ڕووداوە پڕ تراجیدییەکانی دەکرد، کەچی کۆبانی دوای جەنگ، کاتێک کە خەڵکەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی پێویستی بەوپەڕی هاوکارییە، کامێرەکان باریان کردووە و جیهان لێی بێئاگایە.”
کچێکی گەنجی کوردی تەمەن بیست و دوو ساڵ، دیڵۆڤان کۆکیی هه‌واڵنێر و بێژه‌ری وێستگه‌ی ڕادێوی کۆبانی له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کیدا پرۆگرامه‌کانی پێشکه‌ش ده‌کات. ‘ڕادیوی کۆبانی’ لە زمانی ئەم بێژەرەوە، هەواڵی ڕووداوەکانی ڕۆژانەی شەڕ، پێشڕەوی جه‌نگاوه‌رانی کوبانی، هەلومەرجی ژیانی ئاواره‌کان، خەڵک و جەنگاوەران دەڵێن چی، بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و جیهانی لێئاگادار دەکاتەوە و هەروەها لەگەڵ موزیک. لەپاش جەنگیش ‘ڕادێو کۆبانی’ ڕۆلی خۆی دەگێڕێت له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌که‌ و دەبێتە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ یەکڕیزی وسەرەتای دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ خەڵكەکەی.
دۆسكی له‌ چاوپێکه‌وتنه‌کەیدا ده‌ڵیت: “له‌م فلیمه‌ دکومێنتییەدا، ژن کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییە‌، ژن لەناو جه‌نگ، ژن لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی بەرگریدایە لەبەرامبەر شاڵاوی سوپایەکی دڕەندە، هەروەها ژن لە ڕێزی پێشەوەی خەباتی یەکسانیخوازیدایە لەبەرامبەر کەلتووری پیاوسالاری. بەرگری لە باژێڕی کوبانی، ئیتر به‌ته‌نیا کاری پیاوه‌ جوامیر و ئازاکانی گه‌ل نییه‌. به‌ڵکوو هاوکات و هاوشان، ئەرکی ژنە‌ دلێر و نه‌به‌ردەکانیشە.

ژنانی چەکبەدەستی کوبانی بوون بە سیمبول، سیمبولێک کە هەموو ژنانی کۆمه‌ڵگایەکی پیاوسالاری‌ لە وڵاتانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست، چاویان لێیەتی.”
دیڵۆڤانی کۆکیی بێژەر خەیاڵی لەلای منداڵە لەدایکنەبووەکەیەتی، بەو وشانەی کە بوون بە وشەی سەردەم، نامەی بۆ دەنووسێت و له‌ پرۆگرامی ڕادێوکەیدا ده‌یخوێنێته‌وه‌. چیرۆکی جه‌نگاوه‌ران و شەڕی خوێناوی کۆڵان بە کۆڵانی داعشی بۆ باس ده‌کات. لێره‌دا دیڵۆڤان دەبێت بە دیڵۆڤانی تەواو، ده‌روونی پڕ له‌ ناسۆر و برینداری خۆی، یاده‌وەرییە‌ پڕئازاراوییەکانی و هه‌ستی مرۆڤدۆستی به‌ جوانییەکی بێوێنە و زمانپاراوانە ده‌رده‌بڕێت. ده‌نگی هێمن و ماتی، گۆمێکه‌ پر‌ له‌ ئازار و حه‌سره‌ت، هاوکات هه‌ر هه‌مان ده‌نگه‌ که‌ ئومیدبه‌خش و کۆڵنه‌ده‌رە. پێده‌چێت له‌و رێگایەوە بیه‌وێت زاڵ بێت به‌ سه‌ر بارودۆخەکەدا، ئەمەش پرۆسه‌ی هێوربوونەوەی خۆیه‌تی، له‌ یه‌ک کاتدا خۆی تیغه‌ و خۆشی برینه‌، ده‌روونبرینداره‌ و ساڕێژی برینی خۆشی ده‌کات … له‌ پرۆگرامه‌که‌یدا ڕابوردووی خۆی، مێژووی شاره‌که‌ی و چیرۆکی ڕادێوی کوبانی بۆ ڕۆڵه‌ له‌دایکنه‌بووه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌:
“ڕۆڵه‌ی من! ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم! له‌ پانزه‌ی ئه‌یلولی دوو هه‌زار و چوارده‌دا، داعشی چه‌ته‌، وه‌ک په‌ڵه‌ هه‌وڕێکی ڕه‌ش، کەوتنە گیانی شارەکەم، ده‌ستی چه‌په‌ڵیان بۆ درێژکردین، هه‌زارانیان لێئاواره‌ کردین. براکه‌م و باوکم له‌گەڵ هەزاران برا و باوکی تر له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدان.

“ئه‌م چیرۆکه‌، چیرۆکی من و سه‌دانی وه‌کو منه‌، هاورێی منداڵیم شیرین حه‌سه‌ن له‌ جه‌نگی بەرگری کوبانیدا، که‌وته‌ ده‌ست تیرۆریسته‌کانی داعش، سه‌ریان په‌ڕاند و له‌ مه‌یدانی جرابلس Jarablus هه‌ڵیانواسی، ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی بۆ من مرد و نه‌ما، پێکه‌نینی ئه‌و، چاوه‌کانی، قژه‌ جوانه‌که‌ی … من و شیرین به‌لێنمان به‌ یه‌کتری دابوو، کە کوبانی ئازاد کرا، بۆ چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ کوڕان بچین بۆ پارکی شار”
“ڕۆڵه‌کەم!‌ گه‌ر بێته‌ دنیاوه‌، هه‌نگاو به‌ هه‌نگای خاکی من، دڵۆپی خوێنی هاورێی منی به‌ سه‌ره‌وه‌یه … ڕۆڵه‌‌که‌م ئومێد ده‌که‌م ژیانی تۆ له‌م جیهاندا،‌‌ پڕ خۆشی و شادی بێت” .

هه‌ر چه‌نده‌ شاره‌که‌ وێرانه‌ و که‌لاوه‌یه‌، دیڵۆڤان له‌ناو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا گه‌شبینه ‌و بیر له‌ داهاتوو ده‌کاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ کچێکی تری هاوڕێی سه‌ردانی پارک ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌ی که‌ ئاشقی یه‌کتر بوون، ژیانی هاوسه‌رگیری پێکدەهێنێت.
هه‌ر وه‌کو ئەوەی ڕێبەر ده‌ڵێت: “له‌م فلیمە دۆکۆمێنتییه‌دا، دیوێکی تر وێنه‌ی مرۆڤ دەبینین. چاومان بە مرۆڤێک دەکەوێت لە کۆمه‌ڵگا‌یەکدا،‌‌ که‌ له‌وپه‌ڕی سته‌مدیده‌ییشدا هه‌ستی متمانه‌ به‌خۆبوونی نه‌دۆڕاندووه‌ و بڕوای ته‌واوی به‌ خۆی و ئیراده‌ی پۆڵایینی خۆی، به‌ خه‌ون و تواناکانی‌ و به‌ خه‌بات و تێکۆشانی خۆی هه‌یه‌.”

ڕێبه‌ر دۆسکی، جیا له‌م به‌رهه‌مه‌، چه‌ند به‌رهه‌مێکی تری هەیە:

mijn geluk in auschwitz(2012)،
lokroep(2013)
4Ever(2014)
One happy day (2015)
Paardenkracht(2015)
The Sniper of Kobani(2015)
Yezidi Girls(2016)
Meryem de Commmandante (2016)




گه‌رانه‌وەیەک بێریڤان … جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

فێستیڤاڵی جیهانی دوو هەزار و شانزە بۆ نمایشی فلیمی دوکومێنتی، لە شاری ئەمستردامی پایتەختی هۆلندا بەڕێوەچوو،
یەکێک لەو فلیمانە، بەرهەمی دەرهێنەری کورد زەهاوی سەنجاوی (47 ساڵ) بوو، بە ناونیشانی، “گه‌رانه‌وه‌یەک The Return”
بابەتی “گەڕانەوەیەک” ئاکامە سەختەکانی کۆمەڵکوژی و ڕاونانی یەزیدییەکانە لە شەنگال بەدەستی داعش.

شوێنی دەرهێنانی ئەم فلیمە، کەمپی ئاوارەکانی یەزیدییەکانە لە با‌جد که‌ندال له‌ کوردستانی باشوور. لەم بارەوە ده‌رهێنه‌ر له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا ده‌ڵێت: ” له‌ چوارچیوه‌ی هونه‌ری سینه‌ماییدا، کاره‌سات و کۆمه‌لکوژی یه‌زدییه‌کان به‌ جیهان ده‌ناسێنم، هه‌روه‌ک چۆن نوسه‌ران و مێژووناسان، مێژوو ده‌نووسنه‌وه‌، منیش ئاوا لە‌ ڕێگا‌ی کاری سینه‌مایییه‌وه،‌ واقعی ژیانی ئه‌مرۆی ئاواره‌کان ده‌خه‌مه ڕوو.”
ئه‌م فلیمه‌‌ بووە جێگەی سه‌رنجی زۆری بینه‌رانی هۆله‌ندی و خەڵکانی تری و لە پەیوەندەدا، بۆ چوار جار له‌ هۆڵی سینه‌مای جیاوازدا له‌ ئه‌مستردامدا نمایشدرا.

فلیمی” گه‌رانه‌وەیەک‌” له‌سه‌ر هەلومەرجی ژیانی پڕئازاراوی یه‌زیدییه‌کانه‌ له‌ ناوچادردا،‌ لەدوای کاره‌ساتی جه‌رگبڕی هێرشی دڕندانه‌ی
داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و ناوچه‌کانی تر، ڕزگاربووانی ئەم تراجیدیایە له‌ چ بارێکی ده‌روونیدا دەژین؟ چۆن بیرده‌که‌نه‌وه‌؟ چۆن ده‌ڕوانن لە ژیان؟ چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن؟ تۆ دەڵیت چی؟ کاردانه‌وه‌ت چۆن ده‌بێت، کاتێک کە گوێبیستی به‌سه‌رهاتی باوکێکی لێقه‌وماو دەبیت، باسی به‌سه‌رهاتی ڕفاندنی کچه‌که‌ی ده‌کات؟ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ل ئه‌و منداڵانه چۆن ده‌بێت، که‌ له‌به‌رچاوی خۆیان دایکیان کوژران یان سه‌ربڕاون؟ ئێستاش ته‌نیا ماونه‌ته‌وه‌؟
چۆن ڕەفتار له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵه ماتانە ده‌که‌یت، که لەتاو‌ دڵی پڕ ئه‌شکیان ئۆقرە ناگرن، ئه‌و ژن و کوڕه‌ گه‌نجانه‌، که‌ له ئه‌نجامی زه‌بری ده‌روونی، نائومێدی و بێئارامی و ترسی لەڕاده‌به‌ده‌ر، باڵی به‌ سه‌ر ژیانیاندا کێشاوه‌؟ کچێکی‌ گەنجی سویدی بە ڕەگەز کورد،* شیلان ئا‌تروشی (35 ساڵ)، که‌ له‌ سوید گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، پیشه‌ی په‌رستیاره، له‌گه‌ڵ دکتۆر لوقمان پێکه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی سویدی له‌و که‌مپه‌‌ کار ده‌که‌ن، شیلان بە سەرما و بەناو قوڕوچڵپاودا، سه‌ردانی ئاواره‌کان ده‌کات، ده‌رمانیان بۆ ده‌بات، سەردانی یەک بە یەکیان دەکات و
ئه‌وانیش کاره‌سات و ڕووداوی خۆیان بۆ شیلان ده‌گێڕنه‌وه‌. ئیتر شیلان به‌ گوێگرتن و کاردانەوە پیشان دان، دەبێتە هاوبه‌شی غه‌م و ئازاری کۆمه‌ڵکوژی و ڕاونانی ئەم مرۆڤانە، به‌م جۆره‌ ئه‌م په‌رستیاره‌ جارێک به‌ گوێگرتن، جارێکی تر به‌ گریان و چاوی پڕفرمێسکەوە، به‌ خه‌نده‌ و خۆشه‌ویستی باوه‌شی گه‌رم بۆ ئاواره‌کان ده‌کاته‌وه‌.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌، ئه‌م خانمه‌ به‌ ڕه‌سمکردن و گۆرانی و یاری، کات له‌گه‌ڵ منداڵانی که‌مپه‌که‌ ده‌باته‌ سه‌ر. شیلان له‌ ناو منداڵاندا ڕۆلێکی گرنگ و به‌رچاوی دەگێڕێت، به‌ جۆرێک هه‌موو منداڵانی که‌مپه‌که ئه‌م په‌ستیاره‌ ده‌ناسن و دەبێتە مایه‌ی متمانه‌و دڵنه‌وایییان. کاری شیلان هه‌ر به‌وه‌ ناوه‌ستێته‌وه، که‌ ئاواره‌کان بەسەربکاتەوە، بە هانای نه‌خۆشه‌کانەوە بچێت و لە ئێش و ئازاری منداڵان کەم بکاتەوە، به‌ڵکو له‌ چادرێکدا چاوی بە حاله‌تێکی ئالۆز دەکەوێت ، ژنێک کە هەموو پەیوەندییەکی بە جیهانی دەرەوە پچڕانبدووە. ئه‌م ژنه‌ له‌ ئه‌نجامی زه‌بر و ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌روونی خۆی لەناو چادرێکدا زیندانی کردووە، قسه له‌گه‌ڵ که‌س ناکات، شیلانیش بۆ دەرهێنانی ئەو ژنە لەو هەلومەرجەی تێیکەوتووە، دەکەوێتە گێڕانه‌وه‌ی ڕابوردووی ژیانی خۆی، کاتێک کە منداڵ بووە، چۆن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌، قاچه‌کانی باش گه‌شه‌ نه‌کردووە، ده‌رئه‌نجام که‌مئه‌ندام لێدەرچووە.
سەرەڕای ئەوەی کیشه ‌و گرفتی زۆری بۆ دروست ده‌بیت … به‌ڵام هێز دەدات خۆی و ئازایانە ئەو گیرگرفتانەی ئەم نەخۆشییە بۆی هێناوەتە پێشەوە، بەسەریاندا زاڵ ده‌بێت و ئێستاش لە دۆخێکدایە، کە دەتوانێت به‌ دڵێکی گه‌وره‌وه‌ هاوکاری ئاواره‌کان بکات. به‌م جۆره‌ ورده‌ ورده‌ شیلان دەتوانێت توانایییەک ببخشێت بەو ژنە، کە هەستێت و دەرگای ڕوو بەدەوەرە لە خۆی بکاتەوە.

شیلان له‌ کورته‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا ووتی، ئه‌مه‌وێت له‌لایه‌ک بە گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆم‌، ئاواره‌کان هانبده‌م بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌ سه‌ر ژیانی خۆیاندا زاڵ بن، ‌لەلایه‌کی تریشەوە، من وه‌کو په‌رستیاری که‌مپێک هەوڵ دەدەم چیرۆک و کاره‌ساتی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ گه‌لانی تر بناسێنم. هه‌ر به‌رده‌وام له‌ خزمه‌تی ئاواره‌کانی که‌مپه‌که‌دابم.
و شایانی باسه‌، له‌ دوای ته‌واو بوونی فلیمه‌که‌، له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی فێسیتڤاله‌که‌دا له‌ڕێگای دیمانه‌یه‌که‌وه‌، زه‌هاوی وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکی دا‌یه‌وه ‌و ئاماژه‌ی کرد بە ئاین و که‌لتوری یه‌زدییه‌کان. لە کۆتاییشدا، به‌ گه‌رم و جۆشوخرۆشییه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له شیلان و ده‌رهێنه‌ری فلیمه‌که‌ کرا.
شیلان ، چه‌ند ساڵیک له‌ مه‌وبه‌ر له‌ سویدەوە گه‌راوه‌ته‌وه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی سویدی له‌ هه‌‌ولێر و هاوکات له‌ که‌مپی با‌جد که‌ندال، وه‌ک په‌رستیار کار ده‌کات.