ئیستێتیكای شیعر.. بڵند باجەڵان

بەشی یەكەم: ئیستێتیكا لە شیعرەكانی (شارڵ بۆدلێر)دا
(تەوەری یەكەم)

1-1 كورتەیەك لەبارەی ژیان و بەرهەمی (بۆدلێر)ـەوە
(بۆدلێر) یەكێكە لەو شاعیرانەی كە ناكرێ كاتێك باس لە شیعری جیهانی و بە تایبەتیش لە شیعری فەڕەنسی دەكەین، باسی ئەو نەكەین، چونكە ئەو شاعیرە كاریگەریی گەورەی لەسەر نوێكردنەوەی شیعر و دووبارە ناساندنەوەی ئیستێتیكای شیعر هەبووە.
ئەو شاعیرە هەموو ژیانی بریتی بووە لە ئازار و ئەشكەنجە و نەهامەتی، سەفەریش میوانی بەردەوامی شاعیر بووە.
دوای تێپەڕینی سەدە و نیوێك بەسەر شیعرەكانی شاعیردا، هێشتا تازەگەریی نێو شیعرەكانی فەرامۆش ناكرێ. ئەو شاعیرە لە ساڵی (1821)دا لەدایكبووە و لە (1857)دا (گوڵی خراپە)ی بڵاوكردووەتەوە.
(بۆدلێر) تووشی كێشەی دادگا بووە، (گوڵی خراپە) لەپشت ئەو كێشانەوە بووە. جیاوازیی دەقی (بۆدلێر) لەوەدایە، كە نازانین بیبەستینەوە بە ڕۆمانسییەكانەوە، یان پەرناسەكان، یان ڕێبازی سیمبۆلیزم.
(بۆدلێر) ئەو كەسە بوو شیعرەكانی (ئیدگار ئالان پۆ)ی وەرگێڕاوە و چەندان كەسیش بە بۆچونی جیاوازەوە لەبارەی ئەوەوە قسەیان كردووە، بە تایبەتیش (ڤیكتۆر هۆگۆ) كە زۆر بە بایەخەوە باسی شیعرەكانی دەكا.
(ئیفابونفوا) بە پێشەوای شیعری نوێی فەڕەنسی دادەنێ. (بۆدلێر) چەندان پەخشانیشی هەن. لە ساڵی (1867)دا مردووە.

1-2 (بۆدلێر) و جوانی
(بۆدلێر) پێی وایە كە دەبێت هەمیشە جوانی نامۆ و سەرسامكەر بێت، بۆیە هەست بە بایەخی جوانیی دەكرێ لای ئەو، بەوەی گەڕانەوە بۆ جوانی، گەیشتنە بە گەوهەرێك كە سەرسامكەرە و بەخشەریی نامۆییە، وەلێ جوانیی نامۆ، مەرج نییە خود بكا بە كەسێكی نامۆ، بەڵكو چێژی جوانیی پێ دەبەخشێ.
ڕەنگە ئەو نامۆبوونەی جوانی لای شاعیر، پێوەندی بە ئازارە گەورەكانی ئەوەوە هەبێت كە لە (گوڵی خراپە)دا دەیبینین، دەرەنجامی ئازارەكانیش بریتین لە بێزاریی گەورەی شاعیر لە كۆمەڵگای فەڕەنسی و ژیانی شارنشینی، ئەگەرچی بێزاریی شاعیر لە هەموو ئەوانە گەورەترە و ڕەگێكی میتافیزیكی هەیە.
شیعری (بۆدلێر) بەخشەری جوانییە و لە ڕێگەی شیعری ئەوەوە دەتوانین هەست بەو جوانییە تازانە بكەین پێمان دەگەن. ئەو نوێكردنەوەیەی (بۆدلێر) لە شیعردا كردی، ئه‌وینی ئەومان بۆ جوانی پێ دەناسێنێ، بەو مانایەی كەسێك كە دەیەوێ بە جۆرێكی تر شیعر بنووسێ، گەرەكیەتی جوانییەكی ترمان پێ ببەخشێ، هەر ئەمەشە (ڤیكتۆر هۆگۆ) باسی دەكا.
(هۆگۆ) پێی وایە شیعری (بۆدلێر) گوڕێكی تازەی بە شیعری فەڕەنسی بەخشی. ئەو جیاوازییانەی شاعیر، وایان كردووە ببین بە خاوەنی جوانیی جیاواز، هەر لەوێشەوەیە كە دەبین بە خاوەنی شیعری جیاواز.

(تەوەری دووەم)
أ- بێزاریی (بۆدلێر) و ئیستێتیكای شاعیر

وەك گوتمان (بۆدلێر) یەكێك بووە لەو شاعیرانەی بەردەوام هەستی بە بێزاریی كردووە لە بەرانبەر كۆمەڵگای فەڕەنسی و ژیانی شارنشینی، ئەوەشمان گوت كە ئەو بێزارییە ڕەگێكی میتافیزیكی هەیە و درێژكراوەیە، بەو مانایەی بێزارییە لە بەرانبەر ژیان بە مانا فراوانەكەی و ئەوەشی كە ژیان لای ئەو بێزارییە.
ئەگەر بێزارییەكانی (پاریس) بۆ شاعیر فۆرمی یەكەمی بێزاری بن، ئەوە بێزارییەكانی نێو ژیان فۆرمە ڕاستەقیەنە و مەزنەكەن. ئەو بێزارییە گەورانەی شاعیر ئیستێتیكای گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێناوە، ئەوەتا شاعیر ئەو بێزارییە گەورانە بۆ نێو فەزای شیعرەكانی دەگوێزێتەوە و لەوێدا ئیستێتیكای تایبەت لەدایك دەبێت، كە پێویستە لە ئانی مەلەكردن لەنێو شیعرەكانی شاعیردا ئاوڕیان لێ بدەینەوە.
((مەخابن! ئەوە مەرگە كە ئاشتمان دەكاتەوە، ژیانمان پێ دەبەخشێ
ئامانجی ژیانە و تاقە هیواشە، هەر چەشنی
ئێلیكسیر دەمانورووژێنێ و مەستمان دەكات،
وزەمان دەداتێ بۆ ئەوەی تا ئێوارە ڕەوت بكەین.
بەنێو باهۆز و بەفر و شەختەدا
ڕۆشناییەكی بەجۆش بۆ ئاسۆی سیامان،
خانێكی بەناوبانگە و لەنێو كتێبدا تۆمارە،))(قەسیدەی مەرگی هەژاران)
لەم پارچە شیعرەی (بۆدلێر)دا هەست بە بێزارییەكی گەورە دەكەین، ئەو بێزارییە گەورەیە وایكردووە هانا بۆ مەرگ ببررێ و مەرگ ئەو كەسە بێت ژیانمان پێ دەبەخشێ، وەلێ شاعیر خەفەت بۆ ئەوە دەخوا كە مەرگ ئامانجی ژیانە و تاقە هیوایە، ئەو كەسەیە مەستمان دەكا. ئەو جوانبوونەی مەرگ لە شیعرەكەدا، بۆ مردنی ئیستێتیكای نێو ژیان دەگەڕێتەوە، بەو مانایەی ژیان چیتر جوان نییە و ئەوە مەرگە خانێكی بەناوبانگە و لەنێو كتێبدا تۆمار كراوە.
كەواتە كە مەرگ هەمیشە میوان بێت، ئەوە بێزارییە گەورەكانیش وجودیان هەیە، چونكە ئەگەر ژیان هیچی نەبێت پێمانی ببەخشێ، ئەوا ئیتر مردن خەوش نییە و ئیستێتیكایە، هەرئەمەشە پێی دەڵێن (ئیستێتیكای مەرگ) كە بەرهەمی ئەو بێزارییە گەورانەیە لە ژیانەوە پێمان دەگەن.
ئیستێتیكای نێو شیعرەكانی (بۆدلێر)، جیاكەرەوەی شیعری ئەون لە دەقێكی ئاسایی، لێرەوە دەتوانین وەڵامی فۆرمالیستەكان بدەینەوە كاتێ دەیانپرسی: جیاوازیی نێوان دەقێكی ئەدەبی لەگەڵ دەقێكی تردا چییە؟.
دەتوانین بڵێین جیاوازیی نێوان هەردوو دەقەكان بەهۆی جیاوازیی ئیستێتیكای دەقەكانەوەیە، چونكە ئیستێتیكای ئەدەب بەگشتی، هەڵگری سیمای تایبەتی خۆیەتی، بەڵام لای فۆرمالیستەكان خودی دەق، یان وەك ئەوەی (بابەك ئەحمەدی) دەڵێ ئەوەی لە دەقدا ڕەنگی داوەتەوە بوو بە سەنتەر.
جەختكردنەوەی فۆرمالیستەكان لەسەر گەوهەری سەرەكی و ئەدەبیی دەق و سەربەخۆیی لێكۆڵینەوە دوو ئادگاریی سەرەكی ئەوانن كە (بابەك)یش دەیانخاتە ڕوو لە (بەهای شێوە: فۆرمالیستە ڕووسەكان)دا.
كەواتە ئیستێتیكای نێو شیعرەكانی (بۆدلێر) جیاكەرەوە و تایبەتمەندی شیعری ئەون، وەلێ ئیستێتیكایەكی ڕووت نییە و لە بێزارییە گەورەكانی شاعیرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو بێزارییە گەورانەی شاعیر وایان كردووە شاعیر ببێتە خاوەنی شیعرێك كە هەڵگری ئازارە، كەواتە هەڵگری ئیستێتیكایە، چونكە زۆر جار ئازار هیچ نییە جگە لە جوانی، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ئازارانە بەهۆی نەهامەتی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەكانەوە بن.
ئایا بێزاریی هەمیشە جوانە؟. ئەگەر سەیرێكی مێژوو بكەین، ئەوە دەبینین هەمیشە كەسانێك بەهۆی ئازارە گەورەكانیانەوە بووە كە لە دیدی خەڵكییەوە جوان دەركەوتوون، واتە ئەگەر ئەوان ئازار و بێزاری و نەهامەتی زۆریان نەچەشتایە، جوان دەرنەدەكەوتن. ڕۆیشتن بەگوێرەی ڕێرەوی هەمیشەیی مێژوو، خەڵەتاندنی ئینسانە، واتە ئینسان بۆ مانەوە بە هەمیشەیی، مەرج نییە بوونێكی هەمیشەیی بە مێژوو بدات، بەڵكو دەشێ دەربڕینی كۆتایی مێژووش لەبەر چاو بگرین، بەوەی كە دەكرێ مێژوو لە خاڵێكدا بە كۆتا بگات، وەلێ ئەوەی لەدوای كۆتایی مێژووشەوە دەمێنێتەوە، ئیستێتیكای مێژووە.
كاتێ كە مێژوو تەواو دەبێت، ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە كۆتاییەكانی ئەو مێژووەیە، ئەوەشی لەو كۆتاییانەدا دەمێنێتەوە، خودی كۆتاییەكان نییە، بەڵكو ئیستێتیكای نێویانە، سەرەڕای بێزارییە گەورەكان كە وا دەكەن مێژوو كۆتایی بێت. كەواتە ئەوە بێزاری نییە هەمیشە جوانە، بەڵكو خودی جوانییە هەمیشە جوانە كە لەنێو بێزارییەكاندا پێی دەگەین.
لای شاعیرێكی وەك (بۆدلێر)، بێزارییەكان سەرچاوەن بۆ ئیستێتیكای شیعری، لە یەكەمین ساتی هاتنی ئیستێتیكای نێو شیعرەكاندا، هەست بە بێزاریی بەردەوام دەكەین، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە، ئیستێتیكای هاتووی نێو دەقەكانە كە هەر ئەوانیش وا دەكەن شیعری شاعیر بمێنێتەوە تا سەدە و نیوێك، بەجۆرێك مرۆڤ سەرسام دەبێت كە چۆن ئەو ماوە زۆرە بەسەر شیعرەكاندا تێپەڕیوە.
((لەسەر خاكێكی چەور و پڕ قاقلە جنۆكە
دەمەوێ چاڵێكی قووڵ هەڵكەنم،
بۆ ئەوەی بە كەیفی خۆ ئێسقانە كۆنەكانم هەڵخەم،
هەروەك كۆسە ماسییەكان قووڵایی ئاو لەنێو فەرامووشیدا بنووم.
قینم لە وەسیەت و قینم لە گۆڕە،
لەجیاتی ئەوەی بە تەمای فرمێسكی خەڵكی بم،
چاترە داوەتی قەلەڕەشكەكان بكەم
بۆ ئەوەی بەربنە لەشی پیسە خوێناوییەكەم.
ئای كرم! یاوەری سیا، بێ چاو و بێ گوێ
ئەوە مردوویەكی ئازا و شادمانتان بۆ هات)) (قەسیدەی مردوویەكی شاد)
لەو پارچە شیعرەی سەرەوە، دیسانەوە هەست بە بێزاریی گەورە دەكرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ نەخراوەتە ڕوو، بەڵكو لە بەرگێكی ئیستێتیكیدا خراوەتە ڕوو. خاكی پڕ لە قاقلە جنۆكە ئاماژەیە بۆ خاكێكی پڕ لە قەیران كە وا دەكەن كەسێك چاڵێكی قووڵ هەڵكەنێ و ئێسكەكانی خۆی تێبكا و وێنای خۆی بچوێنێت بەو ماسییانەی لە قوڵاییەكاندا دەخەون و هەموو شتێك فەرامۆش بكا، ئەو كەسە دەیەوێ خۆی بخاتە نێو وەها دۆخێكەوە و فەرامۆشی قووڵ هەڵبژێرێ.
دیسانەوە ئەو كەسە كە كەسی یەكەمی قسەكەرە، بێزاریی خۆی دەخاتە ڕوو، وەلێ ڕاستەخۆ نا و لە بەرگێكی ئیستێتیكی. ئەو بێزارە لە وەسیەت و گۆڕ، وەلێ هەر مەرگیش هەڵدەبژێرێ، نائومێدی و بێزاریش لە خەڵكی و فرمێسكەكانیان، داوەتی قەلەڕشەكان دەهێنێت كە گوزارشتن لە تاڵیی ژیان، بۆ ئەوەی بێن و كۆتایی بە هەموو شتێك بێنن. لە كۆتاییشدا ئەو كەسە كە دەمرێ شادومانە، لە كاتێكدا لە ژیاندا بێزار و ڕەنجەڕۆ بوو. لای (نیتشە) بوونی جیهانی واقیعی تەنیا وەك دیاردەیەكی ئیستێتیكی شایانی ئیحتیمالە. ژیان لەو ئاستە ئیستێتیكییەدا توانای تێركردنی حەزی مرۆڤی نییە، بۆیە مرۆ هەمیشە دەیەوێ بگات بە باڵاتر و تێیپەڕێنێ، ئه‌ده‌بیش دەرگاكەیە و مومكینبوونی ژیانیشە. ئەوە ئه‌ده‌به‌ پشت بەست بە خوڵقاندنی حەقیقەتی نەشئەبەخشەوە هانی مرۆڤ دەدا بۆ خۆ سەپاندن.
خەونی (نیتشە) ژیانێكی باڵا بوو كە تێیدا شتەكان بە بارێكی تایبەتدا دەڕۆن. ئەوەی لە شیعرەكەدا بەدی دەكرێ، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باڵا و بە بەختەوەری لە ڕێگەی مەرگەوە، شاعیر مەرگ دەكاتە ڕێگەی گەیشتن بە ژیان، مەرگ بۆ ئەو ژیانە و تاقە ژیانیشە كە شاعیر تاقەتی ئەوەی هەبێت تێیدا هەست بە بێزاری نەكاو ئیستێتیكای دەستكەوێ. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باڵا و جوان، بیری مردن ناكاتە هەموو بەشەكانی ژیانی و نایكاتە وێستگەی سەرەكیی دابەزین و مانەوە، وەلێ هەر مرۆڤیشە بیری مەرگ و خۆكوشتن و ئەوی دی كوشتن دەخاتە ڕوو.
لەنێوان دوو وێنای مرۆڤداین، وێنای یەكەم مرۆڤێكە دەیەوێ لەڕێگەی پەراوێزخستنی مەرگەوە بژی، وێنای دووەم وێنای مرۆڤێكە دەیەوێ لەڕێگەی مەرگەوە بژی، (بۆدلێر) بەسەر ڕێگەی دووەمدا گوزەر دەكا و ئەویان هەڵدەبژێرێ.
((منداڵ كە شەیدای نەخش و نیگارە، لای ئەو
جیهان بریتییە لە خولیا بەرهەڵداوەكانی، تەنیا.
ئاخ! لەژێر ڕووناكی چرادا دنیا چەند گەورەیە!
لەچاو یادەوەریشەوە چەندێك بچووك!

سپێدەیەك، سەر بڵێسە، سەرهەڵدەگرین
دڵ هەڵپەنماوی ڕق و هەوەسی تاڵ، دەڕۆین
شوێن پێی ئاهەنگی شەپۆلەكان دەكەوین
ئارەزوو بێكۆتاییەكانمان لە دیماهیی دەریاكاندا ڕادەنێژین)) (قەسیدەی سەفەر)
ئەم جارە هانا بۆ منداڵ دەبرێ و دیدی ئەو بۆ جیهان دەخرێتە ڕوو، بەوەی لای ئەو جیهان بریتییە لە خولیا بەرهەڵدراوەكان بەهۆی كەمی ئەزموونی ژیان و یادەوەرییەوە، لەوێوە قسە دێتە سەر كەسی قسەكەر و ئەو لەجیاتی خۆی و كەسانێكی تریش بڕیاری سەرهەڵگرتن دەدا، بڕیاری ڕۆیشتن دەدا، ڕۆیشتن بەدوای ئاهەنگی شەپۆلان، وەلێ ئەو سەفەرە سەفەری چێژ نییە، یانی سەفەرێك نییە بۆ گەیشتن بە چێژی سەفەر، ئەوەتا كەسی سەفەركەر بەر لە سەفەر، ئارەزووە بێ كۆتاكانی دەخاتە نێو دەریاوە. دەشێ ئەو سەفەرە بێ ئارەزووە سەفەری مەرگ بێت. مەرگ بۆ زۆر كەس هیچ نییە جگە لە سەفەر، بۆ (سۆكرات)یش هەروەها بوو. ئەو بۆیە بەو سەفەرە مەحكوم كرا، گوایە لاوانی گومڕا كردووە. مەرگی (سۆكرات) بێزاریی ئەو نەبوو، بەڵكو جوانی ئەو بوو.
ئەو خۆی مەرگی هەڵبژارد لە بارێكدا دەیتوانی ڕابكا و ژیان هەڵبژێرێ، بۆ ئەو مەرگ بەختەوەری بوو، ماهیەت و كەسایەتی ئەویش لەئاست مردندا لە دادگاییەكەیدا دەركەوت، كاتێ وتی خراپە لە مەرگ توندترە و من كەوتوومەتە چنگی مەرگەوە، بەڵام داخوازانی مەرگی من تووشی خراپە هاتوون. لەوێدا مەرگ بۆ دوو بەش دابەش دەبێت، لەباری یەكەمدا واتای كۆتایی ئەبەدییە، لەباری دووەمدا مەرگ واتای سەفەر دەدا، سەفەری ڕوح. لەو پارچە شیعرەی (بۆدلێر)دا سەفەر وێنای سەفەری مەرگە، مردووێك سەفەر دەكا. مرۆڤ بەبێ ئارەزوو، بە بێ حەز دەگات بە كوێ؟. دەشێ نزیكترین كەسێك كە پێی بگا مەرگ بێت، وەلێ مەرگ واتای كۆتایی نادات، لەبەر بوونی ئیستێتیكا لە مەرگدا، كەواتە ئەگەر بێزارییەكان كارێك بكەن كەسێك مردن هەڵبژێرێ، ئەوە مەرگ كۆتایی نییە، مەگەر بەر لە مردنی ئەو كەسە، ئیستێتیكای مەرگ بمرێ. سەفەری مەرگ جۆرێكە لە خۆكوشتن، وەلێ ئایا خۆكوشتن خراپەیە، یان باشەیە؟ ڕەخنەی (شۆپنهاوەر) لە یەهودگەرایی و زانا یەهودییەكان لەوەدایە، خۆكوشتنیان حەرام كردووە بەبێ ئەوەی لە كتێبەكانیاندا حەرام، یان حەڵاڵ كرابێ.
بە ڕای (شۆپنهاوەر) خۆكوشتن ڕێگرە لە بەردەم زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر ویستدا، بەڵام هەمان بۆچوونی (ئەرستۆ) و (ژان ژاك ڕۆسۆ) و (زەینۆن)ی هەیە كە هەر كاتێك مرۆڤ لە هەموو لایەكەوە پاڵی پێوە بنرێت بۆ خۆكوشتن و ئیتر ژیان بۆ ئەو قەفەسێكی داخراو بێت، دەكرێ خۆی بكوژێ. (ئەمیل دۆركهایم) بۆچوونێكی تا ڕادەیەك نزیكی هەیە لە (شۆپنهاوەر).
ئەو لە كتێبی (خۆكوژی)دا خۆكوشتن بە كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەبەستێتەوە. (فرۆید) دەیگوت خۆكوشتن سەرەتای لەدایكبوونە. ئەو جیهانبینییەی (شۆپنهاوەر) كاریگەریی لەسەر (نیتشە) هەبوو، ئەگەرچی ڕەتی ئەلكهول و ماددە بێهۆشكەرەكان دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێ ئەلكهول و مەسیحیەت یەك سەرچاوە كۆیان دەكاتەوە، ئەویش بێهۆشكردنی خەڵكە. ئەو كەسەی لە شیعرەكەی (بۆدلێر)دا سەفەر دەكا، نایەوێ خۆی بكوژێ، چونكە مردوو توانای خۆكوشتنی نییە و ئەو وێنای مردوویەك سەفەر دەكا.

ب- (بۆدلێر) و ئیستێتیكا و حەقیقەت
وەك گوتمان (بۆدلێر) لەو شاعیرانەیە كە تووشی بێزاریی زۆر هاتوون لە ژیانیاندا و ئەو بێزارییەشیان كردووەتە ئەو پەنجەرەیەی لێیەوە سەیری ئیستێتیكا بكەن، بەڵام (بۆدلێر) حەقیقەتی پەراوێز نەخستووە و هەوڵی داوە ڕووبەڕووی ببێتەوە لە چەندان ئاستەوە، شیعری ئەویش دابڕ نییە لە بەركەوتن بە حەقیقەتەكانی دەوروبەر جا چ حەقیقەتی كۆمەڵگا بن، یان حەقیقەتی تاك، یان حەقیەقتی خودی (بۆدلێر). ئەوە لە خوارەوە لە ڕوانگەی چەند نموونەی شیعریی شیعرەكانی شاعیرەوە، ئەوە دەخەینە ڕوو كە چۆن شاعیر حەقیقەتی ئیستێتیكا و ئیستێتیكای حەقیقەتمان پێ دەناسێنێ، بەتایبەتی ئەگەر كەسێك بیەوێ لە شیعرەكانی شاعیر ورد بێتەوە و لە قووڵاییدا بڕیاریان لەسەر بدات، چونكە شوێنی ڕاستەقینەی ئیستێتیكا قوڵاییە نەك سادەیی، لە سادەییشدا ئیستێتیكا دەبینرێ، بەڵام ماڵی گەورەی ئیستێتیكا قووڵاییە.
((وتم ئەی پیاوی كردەوە نامۆ، باوكت خۆش دەوێ؟ یان دایكت، یان برات، یان خوشكت؟
وتی: نەخێر، چونكە باوك و دایك و خوشك و برام نییە
وتم: ئەی هاوڕێكانت؟
وتی: تۆ وشەیەك بەكار دەهێنی من تا ئێستا ماناكەی نازانم
وتم: نیشتیمانەكەت؟
وتی: نازانم دەكەوێتە چ ناوچەیەكەوە.
وتم:جوانی؟
وتی: من بە خۆشحاڵییەوە حەزی لێ ناكەم))(دەقی نامۆ)
لەو پارچە دەقەی سەرەوەدا كەسێك زۆر بە ڕاشكاوانە حەقیقەتەكانی خۆی دەخاتە ڕوو هەر لە حەقیقەتی دایك و باوكەوە تا حەقیقەتی جوانی. ئەو ڕاشكاوییە وای كردووە ئەو كەسە وەك كەسێكی نامۆ دەربكەوێ، ئەو نامۆبوونەش دەكرێ بۆ دیدی بینەر بگەڕێتەوە، ئەگینا ئەوە نامۆیی نییە كە كەسێك نەزانێت دایكی خۆشتر دەوێت، یان باوكی لە غیابی ئەواندا، نامۆیی نییە كەسێك نەزانێت هاوڕێكانی كێن كاتێ هاوڕێی نییە، هەمان شتیش بۆ نیشتیمانەكەی، بۆیە نامۆیی نییە كەسێك هیچی نییە و كەسی نییە كە حەز بە جوانی ناكات، چونكە ئەگەر تۆ بتەوێ حەز بە جوانی بكەی، ئەوە دەبێت كەسانێكت هەبن، یان شتانێكت هەبن تێیاندا بەدوای جوانیدا بگەڕێیت، وەلێ لە غیابی هەموو ئەو شتانەدا، حەزكردن لە جوانی، شتێكی بێ مانایە، لەبەر نەبوونی جوانی. ئەوانەی كەسی نامۆ باسی كردن، حەقیقەتی ئەون با سیفات و ئەخلاقی ئەویش بن.
(نیتشە) لە بابەتی سنوورداركردنی ئەخلاقدا كاریگەریی گەورەی هەبووە، ئەو زیاتر لەبارەی ئەخلاقیاتەوە دەدوێ نەك لەبارەی تیوری مەعریفە و سروشتی دنیا، بۆیە ئەو وەك كارەكتەرێكی ئەخلاقی لای زۆر كەس دەردەكەوێ، چونكە ئەو ڕەتكەرەوەی ئەخلاق نییە ئەگەرچی ڕەخنەگری ئەخلاقە، ئەو ڕەخنە لە ئەخلاقی باوی كۆمەڵگاكەی دەگرێ و بنەمای ئەخلاقیی تایبەت بە خۆی دەخاتە ڕوو كە لە باشە و خراپەدا خۆیان دەبیننەوە. كەسی نامۆش كە لەو دەقەی (بۆدلێر)دا هاتووە، دەیەوێ لە ڕێگەی دەرخستنی حەقیقەتی خۆیەوە، ڕەخنە لە ئەخلاقی باوی كۆمەڵگا بگرێ، لە ڕێگەی ڕەتكردنەوەی جوانییەوە، جوانیمان پێ ببەخشێ، كەواتە ئەوەی لە حەقیقەتی كەسی نامۆوە پێمان دەگا ئیستێتیكایە سەرەڕای دووركەوتنەوەی ئیستێتیكا و ئەوەشی كە كەسی نامۆ حەز بە جوانی ناكات.
مرۆڤی جوان بۆ گەیشتن بە جوانی، هانا بۆ حەقیقەتە جوانەكان دەبا و گەرەكیەتی حەقیقەتی خۆی لەوانەوە وەربگرێ، بەو ئامانجەی حەقیقەت ئەو وێستگەیە بێت مرۆڤ لێیەوە بگاتە جوانیی زیاتر، كەواتە ئێمە دەتوانین حەقیقەت بكەینە كەرەستەی گەیشتن بە ئیستێتیكا، با حەقیقەتەكانیش دزێو بن.
((سەعات دوازدەی شەو لێ دەدات،
بەگاڵتەجارییەوە دەمانخاتە ژێر لێپرسیارییەوە،
یادمان دەخاتەوە كە چیمان كرد،
ئیمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتەوە:
-ئیمڕۆ، كاتێكی شووم،
هەینی، سیازدەی مانگ،
سەرەڕای هەموو شتێك
شەمەندەفەری بیدعەمان هێنا.
كفرمان بە مەسیح كرد،
.
.
.
جوێنمان بە هەرە خۆشەویست دا
هەڵشاخاین بەو كەسانەی كە تووڕیان هەڵداین)) (قەسیدەی: تاقیكردنەوەی نیوەی شەو)
لەو پارچە شیعرەشدا (بۆدلێر) هاوشێوەی پارچەی یەكەم، بەشێك لە حەقیقەتەكان دەخاتە ڕوو، بە بوێری. ئەو باس لە حەقیقەتی كەسانێك دەكا و حەقیقەتی خۆشی بە ئەوانەوە دەبەستێتەوە، هەر لە حەقیقەتی هێنانی شەمەندەفەری بیدعە و كوفركردن بە مەسیحەوە بیگرە، تا دەگاتە حەقیقەتی جوێندان بە خۆشەویستان و هەڵشاخان بە كەسانێكدا. ئەو ڕاشكاوییە لە دەربڕینی حەقیقەتدا، وای كردووە بگەین بە ئیستێتیكای دەق و شیعرەكە جوانییەكی تازەمان پێ ببەخشێ، سەرەڕای دزێوی حەقیقەتەكان، كەواتە حەقیقەتەكان ناشرینن، بەڵام جوانییەكان لەوانەوە سەرچاوە دەگرن.

بەشی دووەم:
ئیستێتیكا لە شیعرەكانی (سوهراب سپهری)دا
(تەوەری یەكەم)
گومان لە ئیستێتیكا و ئیستێتیكای گومان لای (سوهراب سپهری)
( ئه‌وین و زەمەن وەك دوو وێستگەی پڕ لە گومان)
(سوهراب) یەكێكە لەو شاعیرانەی بەردەوام لە شیعرەكانیدا بوون و نەبوونی شتەكان دەخاتە ژێر تیشكی گومانەوە، ئەو كردارەش ئیستێتیكای شیعریی لە شیعرەكانی شاعیردا بەیان دەكا، بە جۆرێك گەورەبوونی گومانەكان لە تێكستەكاندا، دەبنە دەرخەری جوانییە گەورەكان كە لە گومانی گەورەوە هاتنە كایەوە.
هەمیشە گومانی یەكەم گومانی تر دروست دەكا، ئیستێتیكای یەكەم ئیستێتیكای تر دروست دەكا و دەبنەوە تەواوكەری یەكتری. كۆكردنەوەی گومانەكان لە تێكستێكی شیعریدا، دوو فۆرم لە جوانی دەخوڵقێنێ: (ئیستێتیكای شیعری و ئیستێتیكای فیكری)، وەلێ ئیستێتیكای شیعری لەو ئاستەدا سەرەكییە و ڕۆڵی ماڵ دەبینێت و لەخۆگری ئیستێتیكای دووەمە.
بوونی دوو جوانی، هاوزەمانە لەگەڵ بوونی دوو گومان، یان زیاتر، لەوانەیە لەنێو ئەو گومانانەدا گومانی تێدابێ لە بەرانبەر خودی ئیستێتیكا (گومان لە ئیستێتیكا). دەشێ گومان مرۆڤ هان بدا واقیع بگۆڕێت بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە و ئەو لەمپەرانەشی دێنە بەردەمی، بە چەكی گۆڕین وەڵامیان دەدرێتەوە.
گومان دەسەڵاتی گۆڕینی هەموومانی هەیە و بۆ خۆشی دۆخێكی جێگیری نییە و قابیلی گۆڕانە. بینینی جەوهەری گومان ئیشكردنە لەسەر مرۆڤێك قبووڵی نییە بە ئاسانی و لە ناشوێندا ببێتە مرۆڤێكی كۆمپیووتەری.
دەشێ گومانكردن سەلمێنەری بوون بە مرۆڤی مەزن بێت تەنانەت ئەگەر شێتیشی لێ بكەوێتەوە. (فۆكۆ) لە كتێبی (دیرۆكی شێتی)دا پرسیارێكی كاریگەر دەخاتە ڕوو كە قسەكردنە لەبارەی ئەو كەسانەوە شێت بوون، ئەو دەپرسێ: بۆچی مرۆڤە مەزنەكان وەك (نیتشە) شێت بوون؟ شێتی (نیتشە) و (ڤان كۆخ) و (ئارتو) بەستراونەتەوە بە بەرهەمەكانیانەوە و شێتی (نیتشە) بۆ زانینی ڕەهای ئەو گەڕێنراوەتەوە بەوەی وەها زانینێك مرۆڤ شێت دەكا. لەوێدا زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لە جیهانی مۆدێرندا زەمینە بۆ شێتبوون دەرەخسێنن، دابڕانی نێوان هونەرمەندە داهێنەرەكانی ئەو بەرهەمانە لەتەك جیهانی ڕاستەقینەدا ناسەلمێنن.
دەتوانین (ژیل دولۆزیش) بكەین بە نموونە، لای ئەو ئەو كەسەی لە كەشی خۆی دوور دەكەوێتەوە تووشی شتێك دەبێت پێی دەڵێن شیزۆفرینیا، ئەمەش هەمان شتە كە دەیداتە پاڵ (نیتشە) و دەرەنجامیش قەیران و وڕێنە دەبێت.
بێ گومانی گومانكردنی زۆر لە پشت شێتبوونی بیرمەندانەوەیە. كەواتە ئێمە ئێستا لەنێوان دوو فۆرمداین لە گومان، فۆرمی یەكەم مژدە بەخشە و هێوركەرەوەی عەقڵە، ئەوەی دووەمیان بكوژی عەقڵە كە (فۆكۆ) بە مرۆڤە گەورەكانەوە دەیبەستێتەوە بەوەی بیرمەندان بۆیە شێت دەبن، چونكە مەزنن.
هەڵبەت شێتبوون كۆتا وێستگە نییە، چونكە بۆچوونێك هەیە پێی وایە شێت لە لووتكەی مەعریفەدایە بەوەی هەست بە مەعریفەیەك دەكا كەسانی ئاسایی هەستی پێ ناكەن، ئەگەرچی من بۆ خۆم لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم و بە وێستگەیەكی تری شێتبوونی دادەنێم، بەڵام هێشتا ئەو وێستگەیەشیان دوا وێستگە نییە. گومانی (سوهراب سپهری) لە خۆگری هەردوو فۆرمە.
لە هەندێ شوێنی شیعرەكانیدا، گومانی (سوهراب) وای كردووە شاعیر ببێتە خاوەنی ئاگایی زیاتر و لە نائاگایی دووركەوێتەوە، وەلێ لە هەندێك شوێنی تری شیعرەكانیدا، شاعیر ئەو ئاگاییە لە دەست دەدا شێتانە دەتەقێتەوە لە بەرانبەر ئازار و نەهامەتییەكانی.
هەر گومانی گەورەی نێو قەسیدەی شاعیریشە وا دەكا بڵێین: قەسیدەی (سوهراب سپهری)، یەكێكە لە قەسیدە فرە دیو و ناوەرۆك و ئاستەكان، ڕەخنەگر لە ئانی قسەكردن لەسەر ئەو قەسیدەیە، بەر ئەو فرەییبوونە دەكەوێ. دەرەنجامی ئەو فرەییبوونە بریتییە لە لەدایكبوونی فیكرێكی فرە ئاراستەی شیعری، ڕەخنەگر پشت بەست بەو فیكرە، قسە لەسەر تێكستێكی شیعری دەكا كە پنتی فیكری تێدایە، دواتر هەر ئەو فیكرە ڕەخنەگر ئاراستە دەكا و وێنای تێكستی بۆ دیاری دەكا.
تێكستەكانی (سوهراب) وێنایەكی دیاریكراویان نییە، دەشكرێ بڵێین:
زۆربەی تێكستەكانی دنیا بەتایبەتی تێكستە ئەدەبییەكان، تاقە وێنایەكیان نییە و بەستراونەتەوە بە مەیل و تێڕوانینی خوێنەرەوە، واتە ئەوە خوێنەرە بچم و وێنا بە تێكست دەبەخشێ، وەلێ ئەوەی ئەو تێكستە جیادەكاتەوە، فرە وێناییە لای تاقە وێنایەك كە خودە.
خود (منی نووسەر) بۆ قسەكردن لەسەر تاقە تێكستێكی شیعری، بەر وێنای جیاواز دەكەوێ كە هەموویان گوزارشتن لە قەسیدەكە، هەڵبژاردنی یەكێك لەو وێنایانە، نابێتە هۆی مردنی وێناكانی تر، سەرەڕای زۆری وێناكان، دەشێ كۆی وێناكان لە بازنەیەكی دیاریكراودا كۆبكەینەوە كە بازنەیەكە ئەو فیكرە سنووری دیاری دەكا، لە سەرەوەدا باسمان كرد (فیكرێكی فرە ئاراستەی شیعری).
بەستنەوەی (سوهراب) بە (مەولانا) لە بابەتی فیكردا دروست نییە، چونكە ئەو یەك پارچەییەی فیكر كە لای (مەولانا) هەیە، كەمتر لای (سوهراب) تێبینی دەكرێ، ئەمەش بۆ ئەو گەمە شیعرییە بەردەوامەی (سوهراب) دەگەڕێتەوە لەگەڵ وشەكانی دەكا. گەر بمانەوێ قسە لەسەر شیعری (مەولانا) بكەین، دەبێت ڕاستەوخۆ بۆ فیكری (مەولانا) خۆی بگەڕێینەوە، وەلێ بۆ قسەكردن لەسەر شیعری (سوهراب)، دەكرێ بۆ فیكری ئەوانی تر بگەڕێینەوە، ئەمەش هەر ئەو كارەیە كە لەو لێكۆڵینەوەیەدا دەیكەین.
(سوهراب) هەندێك جار لە بوونگەراكان نزیك دەكرێتەوە، بەوەی كە لە تێكستی شیعریدا لەسەر بابەتی بوون كاری كردووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەو قسەیەی كردمان:
هەڵەیە (سوهراب) بە (مەولانا) بچوێنین وەك ئەوەی (د. سیروس شەمیسا) لە لێكۆڵینەوەی (موسافیرێك وەك ئاو)دا باسی دەكا.
((نیگای كابرای موسافیر كەوتە سەر مێز:
” ئای لەو سێوانە چەند جوانن!
ژیان نەشئەی تەنیاییە “
خانەخوێ پرسی:
جوان یانی چی؟

  • جوان یانی دەربڕینی عاشقانەی شێوەكان
    عیشقیش… بە تەنیا عیشق
    تۆ بە گەرمی سێوێ ئاشنا ئەكا.
    عیشقیش… بەتەنیا عیشق
    منی گەیاندە دەڤەری بەرینی حوزنی ژیان
    وای لێ كردم بتوانم ببمە باڵندە.))
    (سوهراب) لەو پارچە شیعرەیدا موسافیرێك دەكاتە ئەو كەسەی سەرسامە بە جوانیی سێوەكان، ئەو سەرسامییەی موسافیر وا لە خانەخوێ دەكا پرسیار لەبارەی چییەتی جوانییەوە بكا، ئەوەی وەڵام دەداتەوە موسافیرە، كاتێ پێگەی جوانی بە ئه‌وینه‌وه‌ دەبەستێتەوە، ئه‌وین بۆ ئەو هۆكاری بوون بە باڵندە و بوون بە موسافیرە.
    خانەخوێ كاتێ پرسیار لەبارەی چییەتی جوانییەوە دەكا، گومانێك لە ناخیدا لەهەمبەر جوانی هەیە و دەیەوێ ئەو گومانە لە ڕێگەی پرسیارەوە بسڕێتەوە.
    هەمیشە پرسیار كردن فاكتەری كاڵبوونەوەی گومانەكانە. مرۆڤ لە ڕێگەی پرسیار كردنەوە گومانەكانی دەگۆڕێن بۆ یەقین. مرۆڤ كاتێ پرسیاری لە گومان و جوانی و بوونی مرۆڤ كردووە، بۆ ئەوە بووە بگاتە حەقیقەت لە ئاست ئەو بابەتانەدا. (سۆكرات) بەردەوام بوو، تا بابەتێكی ورووژاند بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكانی لەهەمبەر مرۆڤەوە، ئەو دەیویست بپرسین مرۆڤ چییە بەر لەوەی بپرسین بوون چییە؟، ئەمە شیاوترە بۆ مرۆڤێك كە دەیەوێ بپرسێ: بوون چییە؟.
    ئەم هەوڵە درێژبوویەوە بۆ پرسیاركردن لە بیركردنەوەی مرۆڤ و كێشەكانی مرۆڤ و شێوازی مامەڵەكردنی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ. كەواتە مرۆڤ گەر بیەوێت ببێت بە خاوەنی بیركردنەوەی جوان و بوونی جوان، پێویستی بە فۆرمێك لە گومان هەیە، هەر ئەو گومانەش گومانێكی جوانە و وا دەكا مرۆڤ خاوەنی ئیستێتیكا بێت. لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا بە ئاشكرا هەست بەوە دەكەین چۆن گومانكردن وەك پرۆسەیەكی ئیستێتیكی، وای كردووە خود ببێتە كەسێكی خاوەن ئاگایی، بە جۆرێك ئەگەر پرسیاری لەبارەی جوانییەوە نەكردایە، هەستی نەدەكرد بووەتە ئه‌ویندار، ئەگەر بەر تاریكی گەورە نەكەوتایە، نەدەبوو بەو چرایە. لەنێوان بوون بە ئه‌ویندار و بوون بە باڵندەشدا، پێوەندی هەیە، بەوەی ئه‌وین ڕۆشنكەرەوەی ڕێگایە و ڕێگاكانیش دەچنەوە سەر ئه‌وین، باڵندەكانیش هەڵدەفڕن بۆ ڕۆشنكردنەوەی تاریكییەكانی ئه‌وین. موسافیر لەو پارچە شیعرەدا، لە یەك كاتدا ئەو ڕێگایەیە كە دەچێتەوە بۆ ئه‌وین، ئەو باڵندەشە كە ڕێگاكە ڕۆشن دەكاتەوە، ئەو ڕێگایەی دەچێتەوە سەر ئه‌وین و تەنانەت ڕێگاكانی ئه‌وینی خۆشی. كەواتە خود لەو پارچە شیعرەدا، نابێتە بكوژی خود سەرەڕای ئه‌وینه‌ گەورەكەی، بەڵكو دەبێتە هۆی گەشەكردنی خود. لە سەردەمی (بۆدلێر)دا خۆكوشتن سیفەتی پاڵەوانان بوو، ئەوەتا (بنیامین) مۆدێرنە بە مەرگەوە دەبەستێتەوە، وەلێ مەرگێكی پاڵەوانانە. دەبێت خۆكوشتن مۆركی مۆدێرنە بێت، خۆكوشتنێك خەتمەكەی لێ دەدات لە ژێر ویستێكی پاڵەوانانەدا، ویستێك هیچ چەشنە هەڵوێستێكی دوژمن بەخۆی قبووڵ نییە، خۆكوشتن وازهێنان نییە، سۆزێكی پاڵەوانانەیە، داگیركردنی مۆدێرنەیە لە كایەی سۆزەكاندا. ئەوەی كە لە شیعرەكەی (سوهراب)دا دەیبینین، مەیلی خودكوشتن نییە، بەڵكو هێشتنەوەیەتی، چونكە ئەو خودە لە كەشێكی تەنیاكەردا دەژی، بۆیە پێوستە ئومێد بدۆزرێتەوە، ئومێدی مانەوە و درێژەدان بە ژیان. ئەو ژیانەش ژیانێكی ناچاری نییە، بەڵكو ویستە لەسەر مانەوە. مرۆڤ بۆ مانەوەی لە ژیاندا، پێویستی بە ویستێك هەیە بیهێڵێتەوە، لە غیابی ئەو ویستەدا، مانەوە دەبێتە شتێك كە جێگای گومان بێت. ئەوەی ویستی مرۆڤ بەهێز دەكا، ئه‌وینه‌، تەنیاییش وەك میوانێكی ئامادە لە ئه‌ویندا ناكرێ بۆ ئەبەد فەرامۆش بكرێ، بەڵكو دەتوانین لە ڕێگەی تەنیایی زیاترەوە، بگەین بە ژیانی زیاتر و مانەوەی زیاتر، چونكە مانەوە پەیوەستە بە ویستەوە، ویستیش پەیوەستە بە ئه‌وینه‌وه‌ و ئه‌وینیش سنووری بۆ نییە، بۆیە دەتوانین بێ سنوور بژین تا گەیشتنی ئەو سنوورەی ناوی مەرگە.
    موسافیر دوای (بیركردنەوە لە بیركردنەوە)، نیگاكانی لەسەر مێزەكە دەگیرسێنەوە و هەست دەكا لە بەردەم جوانیدایە، سێوەكان جوانی پێ دەبەخشن، بینینی جوانی لەدوای وەها بیركردنەوەیەك، چێژێكی زیاتری هەیە، بەڕادەیەك ئینسان پێی خۆشە بەر بیركردنەوەی تری هاوشێوە بكەوێ، تا دوای هەر وەها بیركردنەوەیەك، تێبینی جوانی بكا و ئەو تێبینی كردنەی جوانیش، جار لەدوای جار چێژی زیاتر ببەخشێ، چێژی زیاتریش بەستراوەتەوە بە بیركردنەوەی قووڵترەوە.
    لە قەسیدەكەدا تێبینیكردنی جوانی، تێبینیكردنی تەنیایی بەدوای خۆیدا دەهێنێ، مرۆڤ لەڕێگەی جوانی زیاترەوە، دەگاتە تەنیایی زیاتر، ئەوەتا موسافیر دوای بینینی جوانی سێوەكان و قسەكردن بە سەرسوڕمانەوە لەسەریان، دەڵێ: ژیان نەشئەی تەنیاییە.
    هەموومان ناتوانین تێبینی جوانی بكەین و لە جوانی بگەین، دەشێ لە ڕێگەی كەسانی ترەوە لە جوانی بگەین و پرسیار لەبارەی جوانییەوە بكەین (هەر ئەمەش لە شیعرەكەدا دەبینرێ). پرسیاری: جوانی چییە؟ لەو ساڵانەی دواییدا كەمتر جێگای بایەخ بووە. خانەخوێ پرسیاری جوانی لە موسافیر دەكا، وەك بڵێی جوانەكان نامۆ بن بە خانەخوێ، وەلێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێ خانەخوێ خۆی ناشرین بێت، دەشێ كەسێك بێت كە مەیلی پرسیاركردنی هەیە، یان دەشێت كەسێك بێت خۆی خاوەنی جوانی بێت و نەشزانێ جوانی یانی چی!!، ئیتر بەو شێوانە و شێوەی تریش.
    موسافیر جوانی بە ئه‌وینه‌وه‌ دەبەستێتەوە، ئەمەش گوزارشتە جوانه‌كه‌یه‌ لە جوانی و گوزارشتە جوانەكەشە لە ئه‌وین. ئه‌وین بریتییە لە دەریای جوانییەكان و جوانی بریتییە لە سەرزەمینی ئه‌وین و ئه‌وینداران.
    موسافیر دەگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا، خاڵی تێبینیكردنی سێوەكان و باسی ئەوە دەكا چۆن ئه‌وین وا دەكا تەنانەت هەست بە گەرمی سێوەكانیش بكەی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە پاڵ بیركردنەوەكە، ئه‌وین بوونی هەبووە، واتە ئەوانەی وایان لە موسافیر كردووە سێوەكان بە جوان ببینێ، ئه‌وین و بیركردنەوەن. ئه‌وین لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا بنیاتنەرە و ڕووخێنەر نییە، كەواتە دەشێ ئه‌وین فاكتەری ئەوە بێت جوانتر بژین وەك ئەوەی لە قەسیدەكەدا هاتووە، ئەوەندە جوان بژین پێمان وا بێت باڵندەین. جوانی چییە؟ ئه‌وین چییە؟ بیركردنەوە چییە؟ تەنیایی چییە؟، ئەمانە ئەو پرسیارانەن قەسیدەكە لەدوای خۆیدا جێیان دەهێڵێ. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئه‌وین، پێویستی بە بیركردنەوە هەیە، لە ئه‌وینیشدا پێویستی بە بیركردنەوە هەیە ئەگەرچی زۆرجار ئه‌وین بیركردنەوە ڕادەگرێ، لەدوای ئه‌وینیش پێویستیمان بە بیركردنەوە هەیە، بیركردنەوە لە مانەوە لەگەڵ ئەو ئه‌وینه‌ تێپەڕیوە، بیركردنەوە لە ئه‌وینێكی تازە.
    كەواتە ئه‌وین و بیركردنەوە هاوسەنگەرن، تەنیاییش لە ئه‌ویندا وەك میوانێكی ڕوح سووك بوونی هەیە، هەموو ئەو بیركردنەوە و تەنیایی و ئه‌وینانه‌شی باسمان كردن، لە جوانیدا هەن، هەروەك چۆن جوانیش لەناو ئەواندا هەیە.
    بۆ قسەكردن لەسەر جوانی و تەنیایی و بیركردنەوە و ئه‌وینی مرۆڤ، پێویستە باس لە بوونی ئەو مرۆڤە بكەین و پرسیاری جیاواز بكەین و باسێكی گوماناوی بخوڵقێنین، بۆ نموونە بپرسین:
    مرۆڤ سەرەتا ماهیەتی هەیە؟. لای فەلسەفە ئایدیالیزمییەكان مرۆڤ لە جیهانی واقیعدا چیەتییەكەی پێش بوونەكەی دەكەوێ. بوونگەراكان ئەو دیدە بە تەواوی ڕەت دەكەنەوە و ڕایدەگەینن مرۆڤ سەرەتا (ماهیەت – چیەتی) نییە.
    لە قەسیدەكەدا بوون بوونێكی شیعرییە و دنیای هەبووش شیعرییە، بۆیە (جوانی و ئه‌وین و تەنیایی) ناو قەسیدەكەش، شیعری دەردەكەون، هەمووشیان بەرهەمی ئەو گومانەن كە موسافیر دەریخست، بۆیە دەتوانین دەربڕینەكانی: گومانی جوان، گومانی ئه‌وین، گومانی تەنیایی، بخەینە ڕوو.

(تەوەری دووەم)
یاخیبوون و ئیستێتیكا

هەمیشە پێوەندی لەنێوان دەقی نووسراو و خوێنەرێك هەیە كە خەریكی خوێندنەوەی دەقی نووسراوە، چونكە نووسەری دەق، خۆشی خوێنەری دەقە، ئەوە خوێنەری دەقە نووسەری دەق دەخاتەوە بە ڕەچاوكردنی سیاق (context)ی دەق، واتە تۆ ناتوانیت ببیت بە نووسەرێكی سەركەوتووی دەق ئەگەر خوێنەرێكی سەركەوتووی دەق نەبیت، بۆیە جەخت كردنەوە لەسەر ئەو باوەڕەی پێوەندی لەنێوان خوێنەر و دەقدا نییە، غەدركردنە لە نووسەری دەق بەر لە خوێنەری دەق، چونكە ئەو كاتەی غەدر لە خوێنەری دەق دەكەین وەك ئەوە وایە غەدرمان لە نووسەری دەق كردبێت، چونكە نووسەر خۆشی خوێنەرە، وەلێ مەرج نییە خوێنەر نووسەر بێت.
مرۆڤی یاخی ئەو كەسە نییە هیچ كەسێك بەدەورییەوە نییە، دەكرێ مرۆڤ لە جەنجاڵیشدا یاخی بێت. مرۆڤی تەنیا دەكرێ وێنای خۆی نزیك بكاتەوە لە مرۆڤی یاخییەوە، وەلێ مرۆڤی یاخی یەكسان نییە بە مرۆڤی تەنیا، بگرە مرۆڤ یاخی دەبێت تا لە تەنیایی دووركەوێتەوە.
یاخیبوون لای (كامۆ) بۆ یاخیبوونی میتافیزیكی و یاخیبوونی مێژوویی دابەش دەبێ. یەكەمیان سێ لقی لێ دەبێتەوە:
1- (ڕەتكردنەوەی ڕەها – ماركیز دی ساد)
2 – (ڕەتكردنەوەی نەجاتبوون – ئیڤان كارامازۆف)
3- (شیكاری ڕەها -نیتشە).
(كامۆ) هەموو یاخیبوونە مێژووییەكانی وەك (سپارتاكۆس) و شۆڕشی كۆیلەكان و شۆڕشی (فەڕەنسا) دەخاتە ژێر باسەوە. ئەو كاتەی (كامۆ) قسە لەسەر كوژرانی شا دەكا لەلایەن فەڕەنسییەكانەوە، قسە لەسەر ئەو تیورانەش دەكا ڕێخۆشكەر بوون، تا دەگاتە نووسینەكانی (ڕۆسۆ) و (پەیمانی كۆمەڵایەتی). مرۆڤ خۆی چارەنووسی خۆی دیاری ناكا، ئەوە ڕەوتی حەتمی مێژووە چارەنووسی ئەو دیاری دەكا (ئەمە دیدی كامۆیە لەهەمبەر فەلسەفەی هیگل). ئەوانەی سەردەكەون، لەبەر پێویستی مێژووە، لێرەوەیە ڕەوایەتی دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاری دێت. (كامۆ) بەوەش وازی نەهێناوە، (ئەفسانەی سیزیف)ـەكەی لێكۆڵینەوەیەكە لەسەر چەمكی پووچی و خۆكوشتن و (مرۆڤی یاخی)یەكەی لێكۆڵینەوەیە سەبارەت بە یاخیبوون و كوشتن.
ئەو كاتەی مرۆڤ باوەڕی لەدەست دەدا، دەكرێ لە بەرگێكی لۆژیكییانەدا، بیانوو بۆ كوشتی ئەوانی تر بهێنێتەوە. یاخی كەسێكە تاقە وێنایەكی نییە. بیرمەندان و ڕۆشنبیران فۆرمی جیاواز جیاوازیان بەو مرۆڤە بەخشیوە كە دەشێ بە (مرۆڤی یاخی) ناوزەدی بكەین. (مرۆڤی یاخی) لای (كامۆ) مرۆڤێكە لە ناوەڕاستی دیاردە و ئایدیاكاندا دەوەستێ و ڕەتیان ناكاتەوە، بەڵام لەگەڵیشیاندا نییە. (گۆتە) لە هۆنراوە دراماتیكییەكانی نێو (فاوست)دا وێنای مرۆڤێك دەكا كە زۆر لە ڕەخنەگر و لێكۆڵەرەوان نزیكی دەكەنەوە لە (سوپەرمان)ـەكەی (نیتشە)، وەلێ من پێم وایە ئەگەر (فاوست) مرۆڤێك بێت هەردوو قاچیشی نەخزابێتە نێو بازنەی (مرۆڤی یاخی)یەوە، ئەوە بەلایەنی كەمەوە قاچێكی لەو بازنەیەدایە. (نیتشە) وەك پەیڕەوكارێكی گومانی میتودییانە، دەیویست بیسەلمێنێ كە ئەگەر بێ باوەڕی بكرێتە نیهلیزم، ئەوە مرۆڤ دەتوانێت بە باوەڕهێنان بە هیچ بژی، بۆیە ڕەوایە گەر بڵێین: كۆی فەلسەفەی (نیتشە) یاخیبوونە.
مرۆڤی یاخی ئەو مرۆڤەیە، لە پێناوی بەهایەكدا یاخی دەبێت. (سوهراب)ی یاخی، لە پێناوی بەهایەك یاخی دەبێت، كە بەهایەكی تاكەكەسییە، وەلێ بەقەد تاكەكەسی بەهاكە، تاكەكەس بە مرۆڤایەتییەوە گرێ دەدا، ئەو ئازارەشی هەیەتی، ئازارێكی بە كۆمەڵە ئەمەش جیاوازی نێوان یاخیبوون و پوچێتییە، كە لەوەی دووەمیاندا، ئازار تاكەكەسییە. كێشەی گەورەی (كامۆ) لە بابەتی یاخیبووندا ئەوەیە كە یاخیبوونەكە بە ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە، لە بارێكدا كە دەكرێ ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات بە نموونەی زەقی یاخیبوون نیشان بدەین كە كۆمەڵیك لە خەڵكی لەپێناوی دەستكەوتنی بەهایەك كە ئازادییە یاخی دەبن. (سوهراب) زۆر جار هاوشێوەی (فڕووغ) لە شیعرەكانیدا یاخییانە لە كرداری مرۆ دەدوێ و كردەوەی مرۆڤ دەخاتە ڕوو، كردەوەگەلێك تەنیاییان لێ دەكەوێتەوە، كردەوەی نێو یەك ماڵ، كرداری نێو یەك خێزان كە زۆر كەڕەت تراژیدیان. لای (ئەرستۆ) شیعر دەبێت بابەتی بێت. لەوێدا تراژیدیا ڕۆڵی ورووژێنەر دەبینێت، ورووژێنەری بەزەیی و ترس، پاكبوونەوەی مرۆڤیش ئەنجامە. پێوەندیی پتەو لە نێوان شیعر و كۆمەڵ، شیعر و حەقیقەتدا هەیە، كەواتە شیعر چالاكییەكی بەسوود و مرۆڤانەیە، لاسایی سروشت و مرۆ دەكاتەوە، نەك جیهانی ئایدیالیزمی و دیاردەی شتەكان وەك ئەوەی (پلاتۆ) دەیخاتە ڕوو. (سوهراب) وەك (فڕووغ) پشت بەست بە خەیاڵە یاخییەكانی گوزارشت لە حەقیقەت دەكا، خەیاڵی خۆی دەكاتە ڕێگەیەك بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی جڤات و خێزانیش وەك بەشێك لە كۆمەڵگا. ئەو خەیاڵی خۆی دەكاتە كەرەستەی گەیشتن بە حەقیقەتی جڤات.
خستنە ڕووی حەقیقەتی كۆمەڵگا، هاوكات خستنە ڕووی حەقیقەتی (خود) و (ئەوی تر)ـە، چونكە ئەوانیش ناكەونە دەرەوەی كۆمەڵگاوە و كەلێنێك لە كۆمەڵگادا پڕ دەكەنەوە، كەواتە بۆ مرۆڤێكی یاخی كە لە بەردەم حەقیقەتی كۆمەڵگاكەیدایە، ئەگەری گەیشتن بەو حەقیقەتە نزیكترە لە مرۆڤێكی تر كە مەودایەكی گەورە هەیە لەنێوان ئەو و حەقیقەتی كۆمەڵگادا، بەو مانایەی بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی كەسی یەكەم، بینینی حەقیقەتی كۆمەڵگا وەك خۆی، یان بینینی حەقیقەتی بەشێكی كۆمەڵگا وەك خۆی، دروستە، ئەمە بۆ كۆمەڵگای ئێرانیش دروستە. ئەو كاتەی (سوهراب) خوێندنەوەی دەبێت بۆ حەقیقەتی كۆمەڵگاكەی خۆی و بۆ چینی فەرمانڕەوا، ئەوە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ حەقیقەتی خێزان، گەیشتنە بە حەقیقەتی خود، چونكە ئەویش لەنێو خێزاندایە نەك لە دەرەوەی.
هەموو یاخیبوونێك بە شتێك دەست پێ دەكا و بە شتێك كۆتایی دێت، ئەگەر یاخیبوونی میتافیزیكی بە ناوی ئازادی مرۆڤەوە دەست پێ بكا و بە ستەم كۆتایی بێت و یاخیبوونی مێژوویی بە دادپەروەری دەست پێ بكا و بە كەمكردنەوەی ئازادیی تاك كۆتایی بێت، ئەوە یاخیبوونی (سوهراب سپهری) بە ئه‌وین دەست پێ دەكا و بە تەنیایی كۆتایی دێت، وەلێ ئه‌وینێك كە لەخۆگری جوانییە و تەنیاییەكی جوان، بۆیە دەكەوینە بەر دەمی یاخیبوونێكی ئیستێتیكی لە شیعرەكانی شاعیردا.
كەواتە یاخیبوونی (سوهراب) ئەو لە تەنیایی و ئه‌وین دوورناخاتەوە لەبەر حزوری ئیستێتیكا تێیاندا، بەڵكو زیاتر تەنیای دەكا و ئه‌وینی شاعیریش سەلمێنەری زیاتری ئەو تەنیاییەیە.
((جەنگی ڕۆچنەیەك لەگەڵ ئەڵهای ڕووناكیدا.
جەنگی پلەیەك لەگەڵ قاچی درێژی خۆردا.
جەنگی تەنیایی لەگەڵ ئاوازێكدا.
جەنگی جوانی هەرمێكان لەگەڵ بەتاڵی ی زەمیلەیەكدا.
جەنگی خوێناوی هەنار و ددان.
جەنگی نازییەكان لەگەڵ لاسكی گوڵی نازدا.
جەنگی تووتی و ڕەوانبێژی لەگەڵ یەكدا.
جەنگی تەوێڵ لەگەڵ ساردیی بەرمۆدا)) (دەنگی پێی ئاو)
ئیستێتیكا و یاخیبوون لە شیعری (سوهراب)دا یەك وێنایان نییە و بەردەوام لە وێناگۆڕكێ دان، ئاگایی و نائاگایی شاعیر و كارلێكی نێوانیشیان لەپشت ئەو گۆڕانانەوەن كە هەن. ئاشكرایە بارودۆخی (ئێران) و ژیانیش لەو وڵاتەدا ناجێگیری بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوام ئاراستەكان لە گۆڕاندان، شیعری فارسیش لەگەڵ ئەو گۆڕانانە گۆڕانكاریی بەخۆیەوە بینیوە، شیعری (سوهراب) دابڕاو نییە لەو گۆڕانكارییانە و بگرە خودی شیعرەكانی شاعیر لەپشت ئەو گۆڕانانەوەن و لە دروستبوونی گۆڕانكاریی لە شیعری فارسیدا ڕۆڵیان هەبووە.
لە شیعری (سوهراب)دا بەردەوام هەست بە بوونی هەستێكی یاخی دەكەین كە وێڵە بە دوای ناسنامەی كەسێكی بێناسنامەدا، ئەو هەستەش ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت، چونكە ژیان لە نیشتیمانەكەی (سوهراب)دا نەیتوانیوە پێناسێكی دیاریكراومان پێ ببەخشێ، بەڵكو ژیانێكە سیماكان بە فڵچەی مردن ڕەنگ دەكا، ژیانی نێو ئەو نیشتیمانە پڕ لە تراژیدیایەش، لە زۆر قۆناغی مێژوویی خۆیدا نزیك بووە لە مردنەوە، ئەو كارەساتە گەورانەی بەسەر نیشتیماندا هاتوون، وایان كردووە شاعیر هەست بە تەنیابوون بكا، ئەو تەنیابوونەش جۆرێك لە ئه‌وینی خوڵقاندووە بۆ تەنیاكەرەكە دەگەڕێتەوە، واتە ئەوەی خودی تەنیاكردووە، خەمەكانە، وەلێ هەر خەمەكانیش شاعیر دەكەن بە كەسێكی یاخی، یاخی لە زوڵم. واتە خەم فاكتەرێكی تەنیاكەرە و دەرخەری جوانییە، جوانیش دەرگا گەورەكەیە دەتوانین لێیەوە بچینە ژوورەوە و بە ئه‌وینه‌وه‌ لێیەوە بێینە دەرەوە.
تەنانەت ئەو ئه‌وینه‌ی (سوهراب) بۆ جوانی هەیەتی، وا دەكا جۆرێك لە گیرۆدەبوون تا ئاستی شێتبوون بۆ جوانی مانیفێست ببێت. شێتبوون لە ئانی هۆگریدا لەخۆگری دوو ئاراستەیە ( هۆگربوون وەك فۆرمێك لە یاخیبوونی ئیستێتیكی)، لە ئاراستەی یەكەمدا دەتوانین بڵێین كە دەشێ ئه‌وین دووركەوتنەوە نەبێت لە هۆشیاری و جۆرێك لە هۆشیاربوونەوە بێت. (ئیرۆس eros) وشەیەكی یۆنانیی كۆنە و گوزارشت لە ئه‌وین دەكا. قسەكردن لەسەر ئیرۆس بۆ نیشاندانی (reference) فۆرمەكانی ئه‌وینه‌.
(ئەفلاتوون) ئیرۆسی بە مانایەكی فراوان بەكاردەهێنا و مانای ئایدیای جوانی و شادی پڕوكێنەر و شێتی مەستانە و كۆبوونەوە و…تاد، دەگەیاند. ئه‌وینی (سوهراب)ی یاخی سست و بێ چێژ نییە و دەگونجێ لەگەڵ ئه‌وینی (ستانداڵ) كە پێی وایە ئەو كاتەی پیاو دەكەوێتە ئه‌وینه‌وه‌، دانایی لە ئاست بینینی شتەكان وەك خۆیان لەدەست دەدا و ئیرۆس بیركردنەوە (meditation) لە مردن (death) سادە دەكاتەوە و مردن نرخی لەدەست دەدا، چونكە لەو بەهایە (cost) پتر نییە كە مرۆڤ دەیەوێ بیداتە زۆر شت. ئاراستەی دووەم پێچەوانەی ئاراستەی یەكەمە.
((لقی مەعریفەتێ وا لە دەستی هەر منداڵێكی دەساڵانە
خەڵكی شار چۆن ئەڕواننە گڕێك، خەونێكی ناسك،
واش ئەڕواننە چینی دیوار.
زەوی مۆسیقای هەستی تۆ ئەبیستێ.
لەهەوادا دەنگی باڵەفڕێی مەلە ئەفسانەییەكان دێ.
لەودیو دەریاكانەوە شارێك هەیە
كە تێیدا هێندەی چاوانی ئەوانەی سەحەران زوو بە ئاگان،
خۆر گەورەیە.
شاعیران میراتگری ئاوو ئاوەزو ڕۆشنایین.
لەودیو دەریاكانەوە شارێك هەیە!
ئەبێ بەلەمێك دروستكەین.))
(كامۆ) دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1957دا لەلایەن ئەكادیمیای سویدی، نامەیەك بە سادەییەوە بۆ خێزانی (نیكۆس كازانتزاكیس) دەنووسێت و تێیدا دەڵێ:
(كازانتزاكیس) شایستەتر بوو لە من بۆ ئەو خەڵاتە. سادەیی (كامۆ) ئاوێتەی سادەیی (كازانتزاكیس) دەبێت و درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە (نیتشە)، لەوێدا (كازانتزاكیس) بە ئاشكرا و بە سادەییەوە پێیەوە دیارە چۆن سوودی لە (نیتشە) وەرگرتووە و هەر ئەویش دیدی (كازانتزاكیس)ی بۆ ئه‌ده‌ب گۆڕی و پێی وابوو ئه‌ده‌ب هەر چەند ڕەق بێت واتای ژیان دەگەیەنێ.
ئەو سوود وەرگرتنە ئاساییە، (ئەفلاتوون) كە زۆر جار بە باوكی فەلسەفە دادەنرێ لە سەرەتادا لەژێر كاریگەریی (هیراكلیتس / 544- 483 پ ز) و (فیساگۆرس / 580 – 500 پ. ز) و (سۆكراتدا) بوو.
لە ناو هەندێك لە دێرەكانی (سوهراب)دا هەست بە سادەیی یاخیبوون دەكەی، بەو مانایەی یاخیبوون نەیتوانیوە سادەیی خود بكوژێ، وەك چۆن (كامۆ)ی یاخی بە سادەییەوە دەڵێ: (كازانتزاكیس) شایستەتر بوو لە من بۆ ئەو خەڵاتە. وێنەی نووسەر لەناو فەزای بیركردنەوەی كارەكتەرەكانی وێنەیەكی تەماوییە، ئەوە فەزای گشتیی شیعرەكەیە وێنای نووسەرمان پێشان دەدا.
یاخیبوونی شاعیر لە تێكستێكی شیعریدا دەكەوێتە پەراوێزی یاخیبوونی شاعیرەكە خۆی لە ژیانی ڕۆژانەیدا؟ ئایا فەزای تێكستی شیعری ئەوەندە فراوانە بتوانێ داڵدەی یاخیبوونی شاعیرێك لە دیاردەیەك لە دیاردەكان بدا كە دەشێت ئەو یاخیبوونە (یاخیبوونێكی ڕەها) بێت؟ ئایا ئەو وێنا كۆنەی بۆ یاخیبوون هەمانە و پشت ئەستوور بەو وێنایەش تا ئێستا قسەمان كردووە لەسەر تێكستی شاعیران، وای كردووە لە (یاخیبوونی شیعری) بگەین؟ دوا جار دەكرێ بپرسین: هەر بەڕاست ئەوەی لەنێو شیعردا هەیە یاخیبوونە، یان كوشتنی ڕوحی یاخیبوونە و چواندنیەتی بە جەستەیەكی بێ دەنگ و بێ ڕوح؟.
سوریالیزم یاخیبوونێكی ڕەهایە و تێیدا هەرچی پێوەر و میتود و بنەماو ئاكارە ڕەت دەكرێتەوە، بەڕادەیەك (ئەندرێ پرۆتۆن) كوشتنی خەڵك لەسەر شەقام بە بچووكترین پنتی سوریالیەت دادەنێ. لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا دەتوانین هەست بە ئیستێتیكای یاخیبوون بكەین لە شیعری (سوهراب)دا.
ئەوی تربوون لە دیدی (لێڤیناس)ـەوە لە دەرەوەی من و ئەودیوی (من)دایە. لەو پارچە شیعرەی سەرەوەدا، قسەكردنی خودی یاخی جۆرێكە لە نزیكبوونەوە لە ئەوی تر. (لێڤیناس) پێی وایە قودرەتی دیالۆگی نێوان من و تۆ بۆ جیاوازیی نێوان من و تۆ دەگەڕێتەوە. ئەوە ویستنی میتافیزیكیانەی جیهانی نەبینراوە لەپشت چوونی من بەرەو ئەوی ترەوەیە، كە ویستێكە وێڵە بەشوێن (بێ كۆتایی)دا لە ئەوی تردا. بە گەڕاوە بۆ (لێڤیناس)، پێوەندییەكی نایەكسان هەیە لەنێوان كارا و ئەوی تردا. بەرپرسیارێتی من بەرانبەر ئەوی تر جیایە لە پێچەوانەكەی، ئەوە ویستی میتافیزیكی منە بۆ دۆزینەوەی كۆتایی من بەرەو ئەوی تر كێش دەكا. ئەو شتەی دەبێتە دروستكەری ئەو ویستە، بۆ پێوەندی مرۆڤ و (مەرگ) بە یەكترییەوە دەگەڕێتەوە. لە (زەمەن و بەئەوی تربووندا) مەرگ پەیامهێنی ڕووداوێكە بكەر دەسەڵاتی بەسەریدا نییە.
مەرگی مرۆڤی یاخی بە زەمەنەوە پەیوەست نییە، بەڵكو كۆتایی زەمەنی كەسە. (كەس) بە مەرگ كۆتایی دێت، كەسەكانیش كۆتاییەكەیان مەرگە. ئەوە مەرگە خاڵێك لە كۆتاییماندا دادەنێ. ئەی ئەوە كێیە خاڵ لە كۆتایی مەرگدا دادەنێ؟. پێم وایە ویستی مرۆڤ دەتوانێ كۆتایی بە مەرگ بهێنێ، تەنانەت ئەگەر لەو پێناوەدا بشمرێ. گەر بمانەوێ دەتوانین مەرگ بكوژین، وەلێ ئەمە پێویستی بەقوربانیدان و یاخیبوون و مەرگ هەیە. بۆ كوشتنی مەرگ، پێویستیمان بە بەشداریی (Participation) مەرگ هەیە، مەرگی زەمەن، مەرگی هەوەس، مەرگی تاریكی، مەرگی خوێن. كەواتە گەر بمانەوێ دەتوانین مەرگ بكوژین و یاخی بین لە مەرگ، ئەویش لەڕێگای مەرگی شتە ناشرینەكان و هەڵبژاردنی ژیانێكی جوانەوە دەبێت، ئەگەر توانیمان جوان بژین و ژیانمان بریتی نەبێت لە لاساییكردنەوە، ئەوە دەتوانین مەرگ بكوژین و كاتێكیش دەمرین، مەرگ بۆمان ببێتە ژیانە ڕاستەقینەكە و دەستپێكی ژیانێكی تر (ژیانی دوای مردن).

ئەنجامەكان:
(1) كۆمەڵێك پرسیارمان خستنە ڕوو وەڵامەكانمان بۆ خوێنەر جێهێشت، بە ئامانجی ئەوەی بیركردنەوەی خوێنەر سنووردار نەكەین، لێرەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە ئیستێتیكا بەش بەشە و پەیوەستە بە سات و شوێنی جیاوازەوە، ئیستێتیكای كوردی جیایە لە هی فەڕەنسی، یان نەتەوەیەكی تر، ئیستێتیكای فیكر جیایە لە ئیستێتیكای شیعر، سەرەڕای پێوەندی نێوانیان. ئیستێتیكا بە گۆڕانی واقیع و قەیرانەكان و كارەكتەرەكان دێتە گۆڕین.
(2) گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە شیعری (بۆدلێر) پڕە لە بێزاری، بەڵام بێزارییەكی بێزاركەر نییە و بێزارییەكی ئیستێتیكییە. حەقیقه‌تی شاعیریش فرەوێنایە و زۆرترین جوانی بۆ لای خۆی ڕادەكێشێ. بە كورتی: حەقیقەتی شاعیر و بێزارییەكانی شاعیر و ئەو پردەشی دەیانگەیەنێت بە یەك، ڕێگر نەبوون لە بەردەم (بۆدلێر) بۆ ئەوەی ئیستێتیكای دەق و فیكری نێو شیعرمان پێ بدا، بەڵكو شیعرەكان لەخۆگری پرسیار بوون و دەتوانرا گفتوگۆیەكی فیكری لە سێبەری شیعرەكان بكەین.
(3) گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی كە (سوهراب) شاعیرێكە خاوەنی جوانییە و جوانییەكەشی بەستووەتەوە بە ژیان و یاخیبوون و گومانەكانی و بە چەندان بابەتی تریشەوە، بۆیە دووركەوتنەوە لە جوانیی نێو دەقی (سوهراب)، دووركەوتنەوەیە لە خودی شیعرەكانی شاعیر، چونكە ناسنامەبەخشی شیعرەكانی شاعیر جوانییە، لە غیابی جوانیدا، بوونی شیعری (سوهراب) جێگای گومانە، بۆیە دەتوانین بڵێین جوانی شیعری (سوهراب)ـە و شیعریش جوانییەكەیەتی.

سەرچاوەكان:
(1) عاشق هەمیشە تەنیایە، و: ئازاد بەرزنجی، سلێمانی، 2006.
(2) شوكریە ڕەسوڵ، حەكایەتی خورافی كوردیی لە ڕووی مۆرفۆلۆژییەوە، چاپی یەكەم، لە بڵاوكراوەی ئینستیوتی كەلەپووری كورد، 2003.
(3) د. نەجم ئەڵوەنی، جۆرەكانی دەقئاوێزان، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2012.
(4) جەبار ئەحمەد حسێن، ئیستێتیكای دەقی شیعری كوردی، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2008.
(5) كەمال مەمەند میراودەلی، فەلسەفەی جوانی و هونەر – ئیستاتیكا، بەغدا، 1979.
(6) ئازاد حەمە، ویستی فەلسەفاندن – بادیو و ڤینگشتاین، ئازاد حەمە، چاپی یەكەم، هەولێر، 2007.
(7) قوتابخانە فەلسەفییەكان، میهرداد میهرین، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2009.
(8) فاروق ڕەفیق، هونەری عیشق، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2010.
(9) مدرنیتە و اندیشەی انتقادی، بابك احمدی، چاپ چهارم اسفند، 1380.
(10) حقیقت زیبایی، درسهای فلسفە هنر، بابك احمدی، چاپ پنجم، 1380، نشر مركز
(11) اشوری داریوش، زبان باز، نشر مركز، چاپ دوم، 1387، 2006.
(12) میشیل فوكو، تاریخ جنون، چاپ سوم، انتشارات هرمس، تهران، 1389.
(14) محمد رچا شفیعی كدكنی (د.)، صور خیال در شعر فارسی، چاپ پنجم، تهران، 2731.
(15) خسرو فرشید ورد (د.)درباره و ادبیات و نقد ادبی، جلد اول، چاپ سوم، تهران، 1378.
(16) حركە الحداثە في الشعر الكردي، د. سرور عبدوللە، من مطبوعات: مركز جاودیر، 2012.
(17) أزدواجیه‌ العقل, دراسه‌ تحلیلیه‌ نفسیه‌, کتابات حسن حنفی, جورج طرابيشی.
(18) در امدی بر جامعە شناسی ادبیات: لوكاج، ادورنو، گلدمن، گرامشی…، مترجم: محمد جعفر پویندە، نشر چشمە، تهران، 1380.
(19) از مصاحبت افتاب: زندگی و شعر سهراب سپهری، كامیار عابدی، تهران، 1376.
(20) ڕێنێ دێكارت، كاوە جەلال، سلێمانی، 2008
(21) د.كەمال مەعروف، كەڵە ئەدیبانی بیانی، چاپی یەكەم، دەزگای سەردەم، سلێمانی، 2002.
(22) د. فەرهاد پیرباڵ، باخچەیەك شیعری فەڕەنسی، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2004.
(23) بۆدلێر، گوڵی خراپە، و: ئەحمەدی مەلا، هەولێر، 2001.
(24) د. سیروس شمسیا، نگاهی تازە بە بدیع، نشر میترا، تهران، 1390.

دوا سەرنج: بۆ ئەم لێكۆڵینەوەیە سوودم لە لێكۆڵینەوەكانی خۆم وەرگرتووە.




خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی‌ بۆ كورته‌چیرۆكی (قه‌بات)ی گۆران سه‌باح.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:
کورتەچیرۆکی “قەبات”ی گۆران سەباح هەوڵێکه‌ بۆ نیشاندانی تێکشکان و ئاڵۆزییەکانی ناو خێزان لە کۆمەڵگای ئێستای کوردی دا، بەتایبەت لە سایەی قەیرانی ئابووری و کاریگەرییەکانی تەکنەلۆجیای نوێ. چیرۆکەکە بە زمانێکی ڕاستەوخۆ و واقیعی، لە ڕێگەی گێڕانەوەی چەندین دەنگەوە، ڕووداوی تەڵاقێکی سێ بە سێی نێوان “سەفین” و “سەناریا” دەخاتە ڕوو.
ئەم دەقە، وێڕای نیشاندانی لایەنە کۆمەڵایەتی و ڕۆژانەییەکان، دەکرێت لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و عیرفانی قووڵترەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی بیرۆکەکانی ” نیتشە” سەبارەت بە ویستی دەسەڵات، هەروەها لە دیدگای عیرفانەوە کە جەخت لەسەر خودناسین، زاڵبوون بەسەر نەفس، پێکهاتن لەگەڵ ڕاستی دەکاتەوە.

ويستى ده‌سه‌ڵات و كاره‌كته‌ر
نیتشە پێی وایە ژیان بریتییە لە “ویستی دەسەڵات”، کە هەموو بوونەوەرێک، بە مرۆڤیشەوە، بەدوایدا دەگەڕێت بۆ گەشەکردن و سەپاندنی خۆی, ئه‌مه‌ دەکرێت وەک چوارچێوەیەک بۆ خوێندنەوەی کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە بەکار بهێندرێت.
سەفین نموونەیەکی بەرچاوی ویستی دەسەڵاتە کە لە ژێر گوشاردا تووشی شێوان بووە. ئەو وەک پیاوێک کە خۆی بە بەرپرسی خێزان دەزانێت، هەست دەکات ویستەکەی بۆ دابینکردنی سەفەر و ژیانی خۆشگوزەران بۆ ژنەکەی شەکەت بووە. نەبوونی مووچە وای لێ دەکات هەست بە بێدەسەڵاتی بکات. لە کاتێکدا ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر حکومەتدا بسەپێنێت (بۆ وەرگرتنی مووچە)، ئەم ناڕەزاییە قووڵە دەگۆڕێت.
ئەو هێرش دەکاتە سەر کەسانی لاوازتر: قوتابیەکەی، شۆفێری تەکسی، لە کۆتاییدا ژنەکەی. تەڵاقدانی سەناریا لای سەفین، سەرەڕای هەموو کێشەکانی، هەوڵێکی کۆتاییە بۆ سەپاندنی ویستی خۆی وەک دەسەڵاتدارێک لەو پەیوەندییەدا، کە چیتر نەیتوانی پارێزگاری لێ بکات. سەناریاش بە شێوازێکی جیاواز خاوەنی ویستی دەسەڵاتە. داواکارییەکانی بۆ سەفەر و گەڕان، ساردبوونەوەی سێکسی، چوونە ناو سۆشیال میدیا (تیکتۆک) هەموویان هەوڵن بۆ سەپاندنی ویست و خواستی خۆی. دڵخۆشییەکەی بە تەڵاقەکە نیشانەی سەرکەوتنی ویستی خۆیەتی بۆ ڕزگاربوون لە پەیوەندییەک کە چیتر نەیدەتوانی تێیدا بگاتە خواستی خۆی.
دایکی سەفین و دایکی سەناریا هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر منداڵەکانیاندا بسەپێنن و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانیان هەبێت. دایکی سەفین دەیەوێت کوڕەکەی “وەک جاران” بێت و ڕەخنە لە سەناریا دەگرێت، دایکی سەناریاش دەیەوێت کچەکەی “ئاوا لەو مل پانە قبوڵ نەکات”. ئەمەش نیشانەی ویستی دەسەڵاتە بەسەر ژیانی کەسانی دیکەدا.

مرۆڤی كۆتایی نیتشه‌ و مرۆڤی هه‌رزانی گۆران سه‌باح
ئه‌و هه‌ستی تۆڵه‌یه‌، بریتییە لەو تووڕەیی و کینە قووڵەی کە لە هەستکردن بە بێدەسەڵاتی یان ستەمه‌وە سەرچاوە دەگرێت و ئاراستەی دەرەوە دەکرێت. سەفین، بەهۆی بێمووچەیی و نەتوانینی دابینکردنی ژیانی خۆش، تووشی ئەم حاڵه‌ته‌ دەبێت. لەبری ئەوەی بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بێت، دەست دەکات بە لێدان لە قوتابی و شەڕکردن لەگەڵ شۆفێری تەکسی و کۆتایی بە ژیانی هاوسەری دەهێنێت.
“مرۆڤی کۆتایی” لای نیتشە مرۆڤێکە کە گەیشتووەتە بارێکی پاشماوە، ژیانێکی بێ ئامانج و بێ ئایندە دەژی، تەنیا بەدوای ئاسوودەیی و چێژی کاتی و بێ واتا دەگەڕێت. داواکارییەکانی سەناریا بۆ سەفەر و گەڕان، ئاڵوودەبوونی بە تیکتۆک، دەتوانرێت وەک نیشانەی ئەم مرۆڤە کۆتاییە ببینرێت کە بەدوای چێژە هەرزانەکاندا دەگەڕێت و ژیانی هاوسەرییان تەنیا وەک ئامرازێک دەبینێت بۆ گەیشتن بەو چێژانە. هەروەها سەفینیش کاتێک دەست دەکات بە توندوتیژی لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی قووڵتر، ئەویش نیشانەی هەمان دیاردەیە. جێگای باسه‌ دختۆر گۆران سه‌باح ڕۆمانێكیشی هه‌یه‌ به‌ناوی (مرۆڤی هه‌رزان).

په‌یوه‌ندی نێوان خود و خودا
عیرفان به‌واتای په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان خود و خودا نه‌ك به‌ واتای ئه‌و دنیا خورافیه‌ی له‌ ئێستادا سۆفیزم وێنای ده‌كا، جەخت لەسەر پەیوەندی خود بە خودا، زاڵبوون بەسەر نەفسی ئەمارە (ego)، و گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی ناوخۆ دەکاتەوە. زۆر جار کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە بە پێچەوانەی ئەم بنەمایانەوە دەجوڵێنەوە.
کارەکتەرەکانی چیرۆکەکە، بەتایبەت سەفین و سەناریا، بە تەواوی لەناو نەفسی خۆیاندا نوقم بوون. کردارەکانیان لە داواکارییە ماددییەکان و تووڕەیی و هەستی خۆبەزلزانینەوە سەرچاوە دەگرن. هیچ یەکێک لەوان هەوڵ نادات لە ڕێگەی خودناسینەوە هۆکاري ڕاستەقینه‌ی ناڕەحەتییەکانی بدۆزێتەوە و ڕووبەڕوویان ببێتەوە. سەفین هەستەکانی بەسەر کەسانی دیکەدا دەڕژێنێت، سەناریاش لە ڕێگەی داواکاری بێ کۆتایی و هەڵهاتن بۆ ناو جیهانی خەیاڵيی تیکتۆک، هەوڵی شاردنەوەی بۆشایی ناوەوەی دەدات.
عیرفان پێی وایە کێشەی مرۆڤ لە خودی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دەرەوە، بەڵام ئەم کارەکتەرانە بەردەوام هۆکاری کێشەکانیان دەخەنە ئەستۆی دەرەوە (مووچە، سەناریا، سەفین). “قەبات” کە ناوی چیرۆکەکەیە و وشه‌یه‌كی هه‌ولێرییه‌، دەتوانرێت بە واتای نەفسی مرۆڤ لێک بدرێتەوە کە وەک هێزێك بەسەر ڕۆحی مرۆڤدا زه‌خت دەکات و ڕێگەی لێ دەگرێت بگاتە ئاشتی و ئارامی.
ژیانی هاوسەريی نێوان سەفین و سەناریا بە تەواوی ماددی و دنیاییە. ئه‌وین و پەیوەندی ڕۆحی لەنێوانیاندا ون بووە. له‌ سەرەتای هاوسەرگیرییان سەفین سەناریا بە فریشتە ناودێر دەکات، لێ دواتر دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی پڕ لە داواکاری و تۆڵەسەندنەوە. لە عیرفاندا، پەیوەندییەکانی مرۆڤ پێویستە بنەمایان لەسەر ئه‌وین و بەزەیی و لێبوردەیی بێت، نەک لەسەر داواکارییە ماددییەکان یان سەپاندنی ویست.
خواستی سەناریا بۆ سەفەر و گەڕان، لە دیدی عیرفانییەوە، تەنیا ئارەزووی دنیاییە کە لە کۆتاییدا مرۆڤ تووشی ناڕەزایی و بەتاڵی ناوەوە دەکات. لە عیرفاندا، “سەفەر”ی ڕاستەقینە سەفەرکردنە بۆ ناو خود و گەڕان بەدوای ڕاستیدا، نەک سەفەرکردن بۆ شوێنە ماددییەکان.
لە چیرۆکەکەدا جەستە و پێداویستییەکانی زۆر زاڵن. خواردن (دۆڵمە یان شاورمە)، سێکس (گانم ناداتێ)، ئارەزووی سەفەرکردن، هەموویان پێداویستیی جەستەیین. هیچ ئاماژەیەک بە بوونی پێداویستییەکی ڕۆحی یان عیرفانی نییە. ئەمە نیشانەی جیهانبینییەکی تەواو ماددیی كاره‌كته‌ره‌كانه‌ کە لە فەلسەفەی عیرفانیدا بە سەرچاوەی ناخۆشی و خەم و پەژارە دادەنرێت و دختۆر گۆران به‌ جوانی دایڕشتووه‌.

ڕەخنە لە لایەنی هونەری و تەکنیکیی چیرۆکەکە
يه‌كه‌م: نووسەر شێوازێکی تەکنیکی جوانی بەکارهێناوە کە بریتییە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە دیدی چەند کارەکتەرێکەوە. ئەمە یارمەتی خوێنەر دەدات کە لە نزیکەوە هەست و بیرکردنەوەی کەسایەتییە جیاوازەکان بناسێت. بەڵام کێشەیەک هەیە؛ شێوازی گێڕانەوەی دەنگی جیاوازەکان (سەفین، دایکی سەفین، دایکی سەناریا، سەناریا) زۆر لێک نزیکە و هەندێک جار ئەوەندە جیاوازییەکی ڕیشەییان نییە کە خوێنەر بتوانێت بە ئاسانی جیاوازی له‌نێوان دەنگی نووسەر و دەنگی کارەکتەرەکان بکات. زۆر کەم دەتوانرێت “شێواز”ی قیاس و ڕستەسازيی جیاواز لە نێوان کارەکتەرەکاندا هەست پێ بکرێت، کە ئەمەش کاریگەریی “فره‌ ده‌نگی” کەم دەکاتەوە.

دووه‌م: کارەکتەرەکان زۆر ڕاستەقینە و واقیعین، بەتایبەت لە نیشاندانی ناڕەزایی و تووڕەییەکانی ڕۆژانە, لێ کەمترین گەشەکردنیان تێدا دەبینرێت. به‌ درێژایی چیرۆکەکە، تەنیا ڕووبەرەکانی ناڕەزایی و تووڕەییەکانیان دەردەخەن، بەبێ ئەوەی هەوڵێک بۆ تێگەیشتن یان گۆڕینی خۆیان بدەن. ئەمە دەقەکە دەگۆڕێت بۆ ئاوێنەی ڕووداوەکانی ژیان و هەستی تاک، نەک لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لە خودی مرۆڤ.

سێیه‌م: زمانەکەی ڕاستەوخۆ و واقیعییە و زۆر نزیکە لە زمانی قسەکردنی ڕۆژانە. بەکارهێنانی وشەی وەک “قەبات” و “زمانپەل” و “مل پان” و “بەدفەڕ” دەقەکە دەوڵەمەند دەکات بە وشەی فۆلکلۆری و ناوخۆیی, لێ لە هەندێک شوێندا، بەکارهێنانی زۆری وشەی زبر و توندوتیژ (لێدان، گارەگار، شیڕاندن, گانم ناداتێ) دەقەکە لە ڕووی هونەرییەوە کەمێک هەژار دەکات، چونکە ناتوانێت بە وردەکاری و قووڵی, دەروونی مرۆڤ دەرببڕێت، بەڵکو تەنها کاردانەوە سەرەتاییەکانیان پیشان دەدات.

چواره‌م: چیرۆکەکە وەک کورتەچیرۆک خاوەنی چڕییە، بەڵام ئەم چڕییە وادەکات خوێنەر هەست بە پچڕپچڕی بکات لە کاتی گواستنەوەی خێرا لە دەنگێکەوە بۆ دەنگێکی دیکە. هەندێک لە بەشەکان (بە تایبەت بەشی کۆتایی سەناریا) هەست دەکەی بە ناتەواوی کۆتایی هاتووە.

به‌ كورتى:
“قەبات”ی گۆران سەباح چیرۆکێکی گرنگ و جياوازە لە نیشاندانی لایەنە واقیعی و خەمناکەکانی ژیانی هاوسەری و قەیرانی ئابووری لە کۆمەڵگای کوردیدا. نووسەر توانیویەتی بە شێوازێکی هونەری (گێڕانەوەی چەند دەنگ) و زمانی واقیعی، وێنەیەکی ڕوون لەم کێشانە بخاتە ڕوو.

ئه‌نجام:
لە ڕوانگەی فەلسەفەی نیتشەوە، چیرۆکەکە وێنەی “مرۆڤی کۆتایی” نیشان دەدات کە لە ویستی دەسەڵات نوقم بوون، بێ ئەوەی بتوانن بەسەر خودی خۆیاندا زاڵ بن یان بەها نوێیەکان دروست بکەن. کارەکتەرەکان لە بازنەیەکی بێ کۆتایی لە تووڕەیی و داواکاری و تۆڵەسەندنەوەدا دەخولێنەوە.
لە ڕوانگەی عیرفانییەوە، چیرۆکەکە بە تەواوی نیشانەی ونبوونی ڕۆحی و گەیشتن بە خودناسیی دەخاتە ڕوو. کارەکتەرەکان لەناو نەفسی خۆیاندان و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ژیان و پەیوەندییە مرۆییەکان نییە، بەڵکو تەنیا بەدوای چێژە ماددی و کاتییەکاندا دەگەڕێن.

لە کۆتاییدا، چیرۆکەکە وەک ئاوێنەیەکە بۆ ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییەکان، لێ پێویستە قووڵتر بڕواتە ناو ڕۆحی مرۆڤەوە، نەک تەنیا ڕووبەرە دەرەکییەکان نیشان بدات. ئەگەر نووسەر کەمێک ڕێگەی بە کارەکتەرەکانی بدایە کە لەو بازنەی نەفسه‌ دەربچن و ڕووبەڕووی خودی خۆیان ببنەوە، دەقەکە دەبووە خاوەنی قووڵاییەکی فەلسەفی و عیرفانی زیاتر و کاردانەوەیەکی هەمیشەیی تری بەسەر خوێنەردا دەبوو.

بڵند باجه‌لان

سه‌رچاوه‌: قه‌بات، گۆران سه‌باح، گۆڤاری كاروان، 2025




لەبارەی ئەزموونی یوسف عیزەدینەوە.. بڵند باجەڵان

ڕۆمان و چیرۆکەکانی یوسف عیزەدین، بە جیهانە ناوەکییە قووڵ و پڕ لە ناسنامە و گەڕانەکەیان، مێرگێکی بەپیتن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوانگەی دوو فەلسەفەی جیاوازەوە کە یەکێکیان ڕیشاڵەکانی لە قووڵایی ڕۆحی مرۆڤ دەدۆزێتەوە، ئەوی تریان لە سەرچاوەی گومان و عەقڵدا. ئەم دوو ڕوانگەیە، واتە فەلسەفەی خوداناسی و فەلسەفەی خودناسیی دیکارت، وەک دوو ئاوێنەی جیاواز کار دەکەن بۆ تیشک خستنە سەر ئەو جیهانە دەوڵەمەندەی یوسف عیزەدین بنیاتی ناوە.

کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین زۆرجار وەک گەڕیدەیەکی ڕۆحی دەردەکەون. ئەوان لەناو نائومێدی و دابڕان و گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشە و مانای بووندا دەژین. ئەم گەڕانە، کە ڕەنگە لە سەرەتادا وەک گومانێکی جیهانی یان ناسنامەیی دەربکەوێت، لە قووڵاییدا دەکرێت وەک حەزی نادیاری ڕۆح بۆ نزیکبوونەوە لە حەقیقەتی باڵا لێکبدرێتەوە. عیرفان پێی وایە خودناسی بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو ڕووناکییە خوداییەی لە قووڵایی هەموو مرۆڤێکدا هەیە؛ ئەو کاتەی کە کارەکتەرەکانی عیزەدین هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکەن یان لەناو بیرکردنەوەی بێ کۆتای خۆیاندا نوقم دەبن، لە ڕاستیدا لە گەشتێکی بێ کۆتان بەرەو حەقیقەتی خۆیان، گەشتێک کە تێیدا سنوورەکانی “من”ی بچووک دەتوێنەوە و بەرەو “من”ێکی گەورەتر، کە ڕەنگە جیهان یان بوونی گەردوونی بێت، دەچن. ئەم دۆخە پڕ لە گەڕان و حەسرەتە، زۆرجار لەناو چیرۆکەکانی یوسف عیزەدیندا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە ناسنامەی کارەکتەرەکان لە ژێر کاریگەریی مێژوو، نیشتمان یان چارەنووسی گشتیدا تێکەڵ دەبن، ئەمەش جیاکەرەوەی ئەزموونی یوسف عیزەدینە لە چیرۆکنووسەکانی تری وەکو ( کاروان کاکەسوور، عەتا محەمەد و توانا ئەمین)

لەلایەکی دیکەوە، فەلسەفەی خودناسیی دیکارت، بە دروشمە بەناوبانگەکەی “من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم”، بناغەی بوونی مرۆڤ لە بیرکردنەوەدا دەبینێتەوە. دیکارت داوای گومانێکی بنەڕەتی دەکات لە هەموو شتێکدا بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکی نەگۆڕ و دڵنیا. کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین زۆرجار نموونەی ڕوونی ئەم گومانە و گەڕانە عەقڵانییەن. ئەوان لەناو بیرکردنەوەی بێ وەستاندا دەژین، پرسیار لە بوونی خۆیان، لە ناسنامەیان، لە مانای ژیان و چارەنووسیان دەکەن. لەنێو نووسەرە گەنجەکان، لە چیرۆکەکانی (ئارام محەمەد) و ( جێگر بەختیار) زۆرجار هەست بەم دنیایە دەکەین. ئەم گومانە عەقڵانییە، کە دڵەڕاوکێیەکی فیکریی قووڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وەک ئامرازێک کار دەکات بۆ لێدان لە بنچینەی تێگەیشتنەکانیان لە جیهان و لە خود.

جیابوونەوەی جەستە و ڕۆح (دووانەیی دیکارتی)، یان بەمانایەکی تر، ململانێی نێوان پێداویستییە مادییەکان و بیرکردنەوەی قووڵی عەقڵانی، زۆرجار لە ژیانی کارەکتەرەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوان لەناو جیهانێکی ماددیدا دەژین کە زۆرجار توندوتیژ و پڕ لە نادادپەروەرییە، بەڵام بیر و هۆشیان سەربەخۆیە و بەردەوام پرسیاری بوون و ناسنامە دەکات.

هەرچەندە عیرفان و فەلسەفەی دیکارت دوو ڕێچکەی جیاوازن بۆ خودناسی (یەکێکیان زیاتر ڕۆحی و هەستەکی، ئەوی تریان عەقڵانی و لۆژیکی)، بەڵام لە کارەکانی یوسف عیزەدیندا دەکرێت بەیەکەوە بن و تەواوکەری یەکتر بن. گومانی دیکارتی دەکرێت ڕێگە خۆشبکات بۆ گەڕانێکی عیرفانی قووڵتر، یان بە پێچەوانەوە، ئەو حەسرەتە ڕۆحییەی عیرفان قووڵاییەکی فیکریی دیکارتی بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت. کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین لە دۆخێکی نێوانیدا دەژین؛ گومان دەکەن و بیر دەکەنەوە و دەیانەوێت بە عەقڵ بگەن بە ڕاستی، لە هەمان کاتدا هەست بە تەنیاییەکی ڕۆحی قووڵ دەکەن و بەدوای نزیکبوونەوە لە حەقیقەتی باڵا دەگەڕێن کە لە دەرەوەی سنورەکانی عەقڵ بێت. ئەم تێکەڵاوییە کارەکانی یوسف عیزەدین دەکاتە گۆڕەپانێکی فیکریی دەوڵەمەند، کە تێیدا خودناسی وەک گەشتێکی هەمە لایەنە و بێ کۆتا دەردەکەوێت، گەشتێک کە هەم ڕێچکەی عەقڵ و هەم ڕێچکەی ڕۆح دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی حەقیقەتی مرۆڤ لە بووندا.

سەرنج: عیرفانم وەکو فۆڕمێکی باڵای خوداناسی باسکردووە نەک وەکو ئەو دنیا خورافییەی تەسەوف لە ئێستادا وێنای دەکا.




تارماییه‌كانی موشه‌ك و برینه‌كانی خود له‌ شیعری “موشه‌ك”ی “ته‌یب قادر”دا.. بڵند باجه‌لان

ته‌یب قادر زۆرجار بەدواداچوون بۆ تەوەری بوون و شوناس و بارودۆخی مرۆڤ دەکات. شیعری ته‌یب گوزارشت لە هەستێکی قووڵی حەسرەت و خەبات دەکات کە دەتوانرێت هاوتەریب بکرێت لەگەڵ دیدگای نیتشە. نيشته‌ به‌ چه‌مكه‌كانی ” سوپه‌رمان” و “ئیرادەی دەسەڵات” ناسراوە. ئەم بیرۆکانە جەخت لەسەر هێزی تاک و زاڵبوون و دروستکردنی بەهاکانی مرۆڤ دەکەنه‌وه‌ لە جیهانێكى تايبه‌تدا.
له‌ قه‌سیده‌ی” موشەک”ی تەیب قادر, لە کاتێکدا وردەکاریی تایبەت سەبارەت بە كوشتن و جه‌نگ لەلایەن شاعيره‌وه‌ خراوەتەڕوو، دەتوانین تەوەرەکانی قەیرانی بوون، شوناس، یان بارودۆخی مرۆڤ, وەک زەمینەیەکی بەپیت بۆ گفتوگۆ تێبینی بكه‌ین.
له‌ ده‌قی ” موشه‌ك” دا, شاعير بەدواداچوون بۆ ئازارى ئينسان ده‌كا، جێگای سەرنجه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌, مامەڵە لەگەڵ پرسی مانا و ئامانج دەکات، ڕەنگە دەنگدانەوەی ئەو توڕەییە وجودييه‌ بێت له‌ شیعره‌كه‌دا هه‌یه‌:
له‌ شه‌ڕدا نازانن منداڵ چییه‌
له‌ شه‌ڕدا نازانن ژن چییه‌
ته‌نیا ده‌زانن مرۆڤ بكوژن
مرۆڤ نابێت بكوژرێت، دڵی هه‌یه‌.

  • چەمکی “ئیرادەی دەسەڵات”ی نیتشە دەتوانێ لە ڕۆحی ته‌وه‌ره‌كانی ناو ” مه‌شه‌ك”دا ڕەنگ بداتەوە کە جەخت لەسەر خۆڕاگری و ئیرادە ده‌كه‌نه‌وه‌ و پاڵنەرن بۆ زاڵبوون بەسەر ناخۆشییه‌كان. ئه‌م شیعره‌، دەست ده‌خاتە سەر بابەتەکانی خۆڕاگری و توانای ڕۆحی مرۆڤ بۆ بەرگەگرتن، ئەمەش خاڵێك بۆ جەختکردنەوە له‌سه‌ر گۆشه‌ فەلسەفییەکانی نیتشە دابین ده‌کات.
    -برينی ئه‌م ده‌قه‌ كه‌ ڕەگ و ڕیشەی لە کولتوور و زمانی کوردیدا هەیە، ڕوانگەیەکی ناوازە بۆ شوناس و تەوەرە وجودیەکان پێشکەش دەکات. فەلسەفەی نیتشە، جەخت لەسەر ڕۆڵی تاک دەکاتەوە لە دروستکردنی شوناس و بەهاکانی خۆیدا. “موشه‌ك” دەتوانێت وەک گەڕانێکی دژه‌ مۆدێرنه‌ بۆ ئەم بابەتانە ده‌ربكه‌وێ، ناسنامەی کولتووری لەگەڵ پرسیارە وجودییەکان تێکەڵ ده‌كات:
    ئه‌و ده‌یه‌وێت گه‌وره‌ بێت و بچێته‌ زانكۆ و
    ببێته‌ ئه‌ندازیار و
    نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بهێنێت و
    بینایه‌ك دروست بكات،
    تا هه‌ست بكات زیندووه‌.
    ئه‌م شیعره‌، تێڕوانینێک پێشکەش دەکات کە چۆن فۆرمە جیاوازەکانی دەربڕین تاقی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ گوزارشت كردن وه‌ك چۆن باس لە تەوەرە گشتگیرەکانی بوون، شوناس و بارودۆخی مرۆڤ دەکا, تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە بەردەوامەکانی خود له‌ ئه‌ستانه‌ی ژیان و سته‌می جیاوازی ئينساندا.
    بە لێکۆڵینەوە لە تێما و مۆتیڤەکانی ناو شیعری (ته‌یب) و بیرۆکە فەلسەفیەکانی نیتشە، دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پرسیارە وجودييه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ شوناسەوە بەدەست بهێنین, كه‌واته‌ ده‌قه‌كه‌ بە گەڕان بەدوای تەوەرە وجودیەکان و شوناس و بارودۆخی مرۆڤ دەناسرێتەوە:
    ئه‌و ده‌یه‌وێت ته‌نیا ببێت به‌ دایك
    ئه‌و ده‌یه‌وێت ته‌نیا ببێت به‌ باوك
    بەکارهێنانی هێما و وێنە و مێتافۆر، دیمەنێکی دەوڵەمەند و ئاڵۆز دروست دەکات کە خوێنەران بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی بیر لە بوون و شوێنی خۆیان بکەنەوە لە جیهاندا, تاک هاندەدرێت بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی خۆی و هەوڵدان بۆ گەورەیی ئاسمانى, ئەم تەوەرە لە خواستی خود بۆ زاڵبوون بەسەر ناخۆشییەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕەنگ دەداتەوە, دەتوانرێت گەشتی خود وەک پرۆسەیەکی داهێنەرانە سەیر بکرێت، کە دەبێت به‌ خيابانى ئاڵۆزییەکانی بووندا بڕوات و به‌ مانای خۆی بگات. ئەنجام: ئەم شيعره‌ تیشک دەخاتە سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ كۆنه‌كانی مرۆڤ و ئازار, له‌و سیاقه‌ (ئه‌ده‌بی_ فیكری)یه‌، دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵتر لە وجود و شوناس بەدەست بهێنین کە لە “موشةك”دا خراونەتەڕوو, هاوكات بەهای ئينسان و توانای مانه‌وه‌ی ئه‌و ئینسانه‌ و سته‌می ئینسان ده‌رحه‌ق به‌ ئینسان، به‌یان ده‌كا، پێمان ده‌ڵێ كه‌ زه‌مین پڕه‌ له‌ تاوان مه‌گه‌ر خه‌یاڵی جوانییه‌كانی ئاسمان ئارامی بێت.

سه‌رچاوه‌:
موشه‌ك، ته‌یب قادر، سایتی (ته‌م)، 2025
در امدى بر جامعە شناسى ادبیات: لوکاج، ادورنو، گلدمن، گرامشى، مترجم: محمد جعفر پویندە، نشر چشمە، تهران، ١٣٨٠.
المدخل الى الفلسفة، جون لویس، ترجمة: د. انور عبدالملک.




فيكر و كێشه‌ فیكرییه‌كان له‌ فه‌زای ده‌قی ئه‌ده‌بیدا.. بڵند باجه‌لان

چەمکی ده‌ق و دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی گشتی بۆ ده‌ق به‌ر له‌ نووسینی ده‌ق، پێویستی نییه‌ و ده‌کرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆمانمان پرسیبێ ده‌ق چییه‌، قسه‌ له‌بارەی ده‌قەوە بکه‌ین و چه‌ندین ده‌ق له‌ ئاست و بواری جیاجیادا بنووسین. کرده‌ی نووسین خۆی گوزارشتکردنه‌ له‌ مانا و پێناسه‌ی ده‌ق. (پۆل ڕیکۆر) پێی وایە‌ ده‌ق گوتارێکه‌ له‌ ڕێگا‌ی نووسینه‌وه‌ نه‌بێت, ناچه‌سپێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ قسە لەبارەی چیرۆکێکەوە دەکەم که‌ (مناره‌ی ئاوه‌دانی)یه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی چیرۆکم کردبێت. ئیشی چیرۆک کردنه‌وه‌ی نیشتمانێک نییه‌ به‌ ڕووی دنیادا. ڕۆشنبیران له‌ (یابان) هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی (میچی) فاکته‌ری کرانه‌وه‌ی یابان بوون به‌ ڕووی شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوادا نه‌ک هونه‌ر و چیرۆک و نووسین به‌گشتی. (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به‌ وێستگه‌ و ئایدیا و میتۆدێکی دیاریکراوەوە نابەستمەوە، هاوکات دژی ئه‌و ترادسیۆنه‌ دۆگمایانه‌م که‌ ئه‌ده‌ب پۆلێن ده‌که‌ن.
میتۆده‌کان له‌ ڕێگای ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی هه‌ڵیان گرتووه‌، له‌سه‌ر گرفت و که‌لێنی میتۆدی به‌ر له‌ خۆیان ئیش ده‌که‌ن. میتۆدخوازی خانه‌به‌ندکرنی ئه‌ده‌به‌، ئه‌مه‌ش زوڵمکردنه‌ له‌ دەق. به‌رهه‌مه‌کانی (ساموێل بێکت) ده‌درانه‌ پاڵ مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم، به‌ڵام مۆدێرنیزم و پۆسته‌که‌ی له‌ گۆڕانن، که‌چی هێشتا ده‌قه‌کانی ئەو نووسەرە خوێنه‌ری خۆیانیان هه‌یه‌ و جێگیرن. (دیستۆڤسکی) ده‌قه‌کانی به‌ نه‌یاری ڕه‌وتێكی ئه‌ده‌بی داده‌نران و (لینین) له‌ بیسته‌کاندا گوتبووی ڕقی له‌ خاوه‌نی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف)ه‌. (لینین) کۆتایی هات و (ستالین)یش به‌دوایدا، به‌ڵام ده‌قه‌کانی (ديستۆڤسکی) ئێستاش ده‌خوێندرێنه‌وه‌ و لای هه‌ندێک به‌ سیمبوڵ و سوپه‌ر ناوده‌برێن.
به‌شێک له‌ کلاسیکیاتی چیرۆکنووس و ڕه‌خنه‌گر ئه‌و کاته‌ خۆی مانیفێست ده‌کا که‌ ئیش له‌سه‌ر سۆز ده‌کرێ. نزیکبوونه‌وه‌ له‌ سۆز به‌ مانای دوور که‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ شوناس (مه‌به‌ست له‌ سۆزێکی نائه‌قڵانییه‌، چونکه‌ زۆربه‌ی سۆزه‌کان له‌ بۆشاییدا دروست نابن و بە فيکرەوە ده‌به‌سترێنه‌وه‌). شته‌ چه‌سپاوه‌کانیش سوود له‌ سۆز وه‌رده‌گرن. مه‌رج نییه‌ قووڵبوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو بابه‌ته‌ هزرییه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لقه‌ ئاڵۆزه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ و گه‌ڕان به‌دوای یاساکان به‌بێ ڕه‌چاوکردنی پره‌نسیپی یاسایی بۆ قسه‌کردن له‌بارەی چیرۆکەوە به‌تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور) ده‌یاننووسێ، پێویست بن (لێرانه‌دا باسی یاسا ده‌که‌م و باسی فيکر ناکه‌م، چونکه‌ یاساکان به‌رهه‌می سۆز و فيکرن و سۆزیش وه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌ فيکر باسی کراوه‌).
چیرۆکنووس به‌بێ بوونی خوێنه‌ری جدییش ده‌توانێ زۆرجار داهێنان بکا. دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی (عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدولا)م که‌ پێی وایە‌ داهێنان ئه‌و کاته‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئاماده‌گیی هۆشیارانه‌ی خوێنه‌ر و بیرکردنه‌وه‌ و چێژی خوێندنه‌وه‌ بوونیان هه‌بێت و داهێنان بێ به‌شداریی خوێنه‌ر له‌نگه‌. (عه‌بدولموته‌لیب) ئاستی داهێنانی به‌ستۆته‌وه‌ به‌ ڕێژه‌ی خوێنه‌ره‌وه‌. ئه‌و بۆچوونه‌ كوشتنى داهێنانه‌ وه‌کو چه‌مکێک و سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادییشه‌ لێی وه‌کو کرده‌یه‌ک. داهێنان پێویستی به‌ ئامۆژگاری و سنوور نییه‌. ئه‌مه‌ به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی وزه‌ی داهێنانی پێ ده‌ڵێن.
چیرۆک وه‌کو ژانرێکی ئه‌ده‌بی، زۆرجار لقی زانستی و فيکری و که‌ڵکه‌ڵه‌ی هزری مۆدێرنی لێ ده‌بێته‌وه‌. بۆ لێدوان له‌بارەی چیرۆکگه‌لێکی له‌و شێوه‌یه‌وە، ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیمان به‌ دۆزینه‌وه‌ی توخمه‌ چیرۆکییه‌کان و لێکۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ و ڕاڤه‌کردنی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌ جۆراوجۆره‌کان هه‌یه‌، دوو ئه‌وه‌نده‌ پێویستیمان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ڕووتێکردنی زه‌ینی و سه‌رچاوه‌ فه‌لسه‌فی و ئايينى و ئایدۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسی و زانستییه‌کان به‌گشتی. به‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک چیرۆک، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ گه‌ردون و نهێنییه‌ گه‌ردونییه‌کان، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و چیرۆکانه‌ی گرنگی به‌ ڕووداوه‌ بینراوه‌کان دەدەن و که‌متر ئیش له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ و خه‌یاڵ ده‌که‌ن، ئه‌و چیرۆکانه‌ سه‌ردێری نزیک له‌ زه‌ینیان هه‌یه‌. ئه‌و چیرۆکانه‌شی له‌ ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن و وه‌کو چیرۆکی ناواقیعی پێناس ده‌کرێن و جێگیرمان ده‌که‌ن له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌ی چیرۆکه‌که‌ی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه‌.
جێگیرکردنه‌که‌ زاده‌ی گه‌ڕان و ئاشکراکردنێکی به‌رده‌وام بووه‌ له‌ سه‌رەتادا، فێره‌ جۆرێک له‌ هۆگریمان ده‌که‌ن به‌ بابه‌ته‌ سه‌یر و نامۆکان و ته‌سک كردنه‌وه‌ی بازنه‌کانی واقیع، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و کامڵبوونی ئه‌ده‌بیاتمان ببه‌ن, چیرۆکنووسه‌که‌ش هه‌وڵ ده‌دا وه‌کو بۆهیمی یان پێشه‌نگ ده‌ربکه‌وێ. (رۆبه‌رت مۆزیل)ی چیرۆکنووس له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێ: ددان به‌وه‌دا ده‌نێم که‌ ئه‌وه‌ی دیرۆکی نییه‌، من له‌ به‌رده‌می ڕووداوه‌ واقیعییه‌کاندا نیم، ده‌توانین له‌بری ئه‌وان ڕووداوی تر بگێڕینه‌وه‌.
(مارکیز)ی ڕۆماننووس له‌ ڕۆمانێكیدا په‌نای بۆ سه‌رچاوه‌ی شێوه‌کاری بردووه‌. مارکیز له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا گه‌شتێک به‌نێو ڕووباری (مه‌جدۆنیا)دا ده‌کات و له‌ ڕۆمانی (خۆشه‌ویستی له‌ سەردەمی کۆلێرا)دا دووباره‌ بۆ ئه‌و گه‌شته‌ و دیمەنەکانی ئه‌و ڕووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. (مارکیز) پێی وابوو شێوه‌کاره‌کان وێنه‌ی ڕووباری (مه‌جدۆنیا)یان جوان کێشاوه‌. (کاروان)یش له‌م چیرۆکه‌دا دیمه‌نه‌ جوانه‌کانی ئه‌وروپا به‌لاوه‌ ده‌نێت و بۆ وێنه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵات که‌ وێنه‌ مناره‌ی چۆلییه‌. سه‌ره‌تای چیرۆکه‌که‌ ئاوایه‌:
له‌ کاتێکدا ده‌ستت له‌ناو قوڕه‌که‌دایه‌ و ده‌ته‌وێت ئه‌سپێک بۆ (ئالان)ی خوشکه‌زات دروست بکه‌یت، خۆشت نازانی بۆ بیر له‌وه‌ ده‌که‌یته‌وه‌، که‌ تۆ ئه‌وه‌تا وا ته‌مه‌نت له‌ چل تێده‌په‌ڕێت و هێشتا مناره‌ی چۆلیت له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌بینیوه.
چیرۆکی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)ی (کاروان کاکه‌سوور) ڕاڤەیەکی دیکه‌ی جیاوازی داهێناوه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ زمانی ئۆرگیناڵ. له‌ ڕێگای چیرۆکه‌که‌وه‌ جیاوازی له‌ نێوان چیرۆکی مه‌عریفی و ئیبداعی و چیرۆکی په‌رپوتدا دەبینین. ده‌قه‌که‌ ورد نووسراوه‌ و ڕه‌چاوی وردبینیی مەعریفی کراوه‌ و پێمان ده‌ڵێ که‌ڵه‌که‌بوونی شته‌ دووباره‌کان ئاماژه‌ن بۆ فيکرێکی ته‌سک و نووته‌ک و سه‌رچاوه‌یه‌کی شێواو و ته‌سلیمبوو به‌ هیچ. (سه‌لامه‌ موسا) که‌ نووسه‌رێکی مسرییه‌ و به‌رهه‌می دیاری هه‌ن، وای داناوه‌ که‌ نابێ نووسه‌ر له‌ ده‌ربڕینه‌کانیدا وردبینی مەعریفی له‌ بواره‌کانی فه‌لسه‌فه‌، ئه‌ده‌ب، ئه‌خلاق ڕه‌چاو نه‌کا.
چیرۆکه‌که پێشکەش‌ به‌و کەسە کراوە کە وای لە چیرۆکنووس کردووە بە ناچاری واز لە یاریی تۆپی پێ بهێنێت. وازهێنان له‌ تۆپی پێ به‌بێ مردنی ئه‌و حه‌زه‌ له‌ ناخدا، وازهێنانه‌ له‌ کرده‌یه‌ک به‌ قسه‌ی جێناوی سه‌ربه‌خۆی که‌سی سێیه‌می تاک، قسه‌یه‌ک هێنده‌ کاریگه‌ریی ده‌بێت، تۆپ ده‌بێته‌ بۆمبێکی دانراوه‌، به‌ڵام فوتباڵ وه‌کو هونه‌رێکی نزیک له‌ چیرۆک و ئه‌ده‌ب و فيکر و جوانی، له‌ ناخیدا ڕه‌گی خۆی قایمتر ده‌کا:
پێشکه‌شه‌ به‌و هاوڕێ یاریکه‌ره‌م، که‌ له‌ به‌هاری 1982 له‌ ستادیۆمی هه‌ولێر له‌ به‌رچاوی ده‌یان که‌س گاڵته‌ی پێ کردم و پێی وتم: (بڕۆ واز له‌ تۆپ بێنه‌، چونکه‌ تۆ نه‌ له‌ تۆپ تێده‌گه‌ی و نه‌ده‌زانی شووتی لێ بده‌ی)… هه‌ر به‌ ڕاستی له‌و کاته‌وه‌ من نه‌متوانی یه‌ک شه‌قی تر له‌ تۆپ هه‌ڵبده‌م و وازم له‌ تیمه‌که‌مان هێنا، به‌ڵام ئه‌وە وای لێ نه‌کردم له‌ خه‌یاڵی خۆمدا ده‌ست له‌ یاریی فوتباڵ هه‌ڵگرم.
ئه‌و چیرۆکه‌ قسه‌کردنه‌ بۆ ئه‌ویتر‌، به‌ڵام هه‌ست به‌ خودئاگایی و بێزاریی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌که‌ی له‌ قه‌یرانه‌کان، ئه‌مه‌ش هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌ده‌بیات که‌ ده‌ره‌نجامی قه‌یرانه‌کانن. دوای شکستی شۆڕش، ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک له‌ ده‌قه‌کانی (شارل بۆدلێر) و (گۆستاڤ فلۆبیر) چڕ بۆوه‌ که‌ پڕ بوون له‌ کێشه‌ و قه‌یران. (سارته‌ر) باوه‌ڕی به‌ کاریگه‌ریی بیۆگرافی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌ق و پێی وابوو ئه‌و نووسه‌ره‌ی خودئاگایانه‌ ده‌نووسێ به‌ره‌و جۆرێک له‌ عه‌فه‌ویه‌ت ده‌چێت. من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی سارته‌ر ناکۆکم، به‌تایبه‌تی که‌ ئێستا خه‌ریکم قسە لەبارەی چیرۆکی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م و هیچ عه‌فه‌ویه‌تێک نابینم.
(کاروان) باسی قه‌یرانی مه‌مله‌که‌تێک ده‌کا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌مله‌که‌ته‌. کاتێ ئه‌و چیرۆکه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ و دواتریش ده‌بیستین نووسه‌ره‌که‌ی له‌ (دانیمارک) ده‌ژیێ, تووشی شڵه‌ژان ده‌بین، ئه‌مه‌ش جیاکه‌ره‌وه‌ی چیرۆکی (کاروان)ه‌ له‌ چیرۆکی (شێرزاد حه‌سه‌ن، عه‌تا نه‌هایی، عه‌تا موحه‌مه‌د، یوسف عیزه‌دین و… هتد)
ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له ‌نێوان (کاروان کاکه‌سوور) و (شێرزاد حه‌سه‌ن)دا بکەین، دەبینین (شێرزاد) کێشه‌ی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌ هه‌مان هه‌ناسه‌ی (حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم) درێژه‌ به‌ ئەزموونی نووسینی خۆی بدا، کاتێکیش ده‌گه‌ینه‌ سه‌ر (خه‌ونی جاڵجاڵۆکان و ژنێکی منگن), تووشی نائومێدی ده‌بین. به‌رده‌وامی نه‌بووه‌ته‌ کێشه‌ له‌ به‌رده‌م ئەزموونی نووسینی (کاروان)دا. (به‌ختیار عه‌لی) له‌ شوێنێکدا له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مێکی (کاروان)دا پێی وایە‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی (کاروان) باشترین کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکیش نه‌بێت که‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی خوێندوویەتیه‌وه‌، ئه‌وا بێگومان یه‌کێکه‌ له‌ باشترینه‌کان.
ئێستا که‌ من هاتووم قسە لەبارەی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر وته‌که‌ی (به‌ختیار)دا تێپەڕیوە، به‌ڵام هه‌مان بۆچوون دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌‌.
ناڵێم ئه‌و بۆچوونه‌ی من ته‌واو عه‌قڵانییه‌، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی پێچەوانەکەی‌ نییه‌. عه‌قڵانیه‌ت له‌ پێناسه‌ کۆنه‌که‌یدا بریتییه‌ له‌ پشتبه‌ستنێکی قایم به‌ عه‌قڵ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقیع و ئەزموون به‌ مه‌به‌ستی شی کردنه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام. مه‌به‌ستی من له‌ عه‌قڵانیه‌ت ئه‌و بۆچوونه‌ ته‌قلیدییه‌ نییه‌، من باوه‌ڕم به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقیع هه‌یه‌. عه‌قڵانیه‌ت (rationalism) له‌لای (فاروق ڕه‌فیق)، ئه‌و قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فیه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیته‌ و پێگه‌یشتنی شانبه‌شانی ئەزموونگه‌رایی( empiricism) هاته‌ کایه‌وه‌. (فاروق) پێی وایە‌ عه‌قڵانیه‌ت ناوێکه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک تیۆری جیاواز که‌ خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان باوه‌ڕه‌ به‌ عه‌قڵی مرۆڤ که‌ ده‌توانێ وه‌ڵامی پرسیاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ناو کایه‌ی فه‌لسه‌فی بداته‌وه‌، به‌ڵام من عه‌قڵانیه‌تم بۆ (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به‌ مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی هێواش بۆ عه‌قڵ به کار هێناوه‌ و ئه‌و ڕۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌م نه‌به‌خشیوه‌ته‌ عه‌قڵی مرۆڤ.
مرۆڤ که‌ تاوه‌کو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ له‌ چلۆنایه‌تیی ناخ و نهێنییه‌کانی خۆی بگات، مه‌حاڵه‌ بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ورانه‌ بداته‌وه‌ که‌ فه‌لسه‌فه‌ ده‌یانکات، مه‌به‌ستم له‌ گه‌وره‌یی پرسیاره‌کان له‌ ڕووی قه‌باره‌وه‌یه‌ نه‌ک له‌ ڕووی به‌هاوه‌. عه‌قڵ لای من چیتر ئه‌و ئه‌رکه‌ قورسه‌ی له‌سه‌ر نییه‌ که‌ (فاروق) و به‌شێکی زۆری فه‌لسه‌فه‌کاره‌کانی ڕۆژئاوا بۆیان دیاری کردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ست به‌و به‌شه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وان ئه‌و ئه‌رکه‌ به‌ ئه‌رکێکی قورس دانانێن، به‌ڵکو به‌ فاکته‌ری جووڵانە‌وه‌ی عه‌قڵی داده‌نێن, به‌ پێچه‌وانه‌وە من به‌ ماندووکردنێکی بێمانای عه‌قڵی داده‌نێم و هیچی تر. دیسانه‌وه‌ وته‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی (کارل مارکس) ده‌هێنمه‌وه‌: بیرکردنه‌وه‌ لێ ناگه‌ڕێ بژیم.
بۆ قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌ی (کاروان)ەوە عه‌قڵم نه‌کردۆته‌ سه‌نته‌ر. ئه‌رکی عه‌قڵ له‌ چیرۆکدا ئاشکراکردنی شته‌ په‌نهان و نادیاره‌کان نییه‌ به‌ پشتبه‌ست به‌ که‌ره‌سته‌ی به‌رجه‌سته‌. گه‌ر وامان کرد ناچار ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و غه‌ریزانه‌ی قاچێکیان له‌ نادیاره‌ و قاچێکی تریان له‌ دنیادایه‌، به‌ مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مکردنی ژیان و گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌تی پێویستبوونی بوونی چیرۆک و غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌.
ئه‌و بۆچوونه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) که‌ پێی وایە‌ ده‌بێ له‌ بەرامبەر بوونی جیهان شیوه‌ن بگێڕین نه‌ک پێبکه‌نین، ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه‌. شیوه‌ن گێڕان بۆ بوونی جیهان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان که‌م کردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌ده‌ب و چیرۆکه‌، به‌تایبه‌تیش که‌ ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ی شۆپنهاوه‌ر پشتی پێ به‌ستوون، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ تێک ناگرنه‌وه‌ که‌ من بۆچوونه‌کانی خۆمم پێ سه‌لماندوون له‌ باسه‌کانی پێشترمدا. پێشم وایه‌ بۆچوونه‌کانی شۆپنهاوه‌ر ئه‌نجامی نه‌بوونی هه‌ندێ گوتاری سه‌ره‌کییه‌.
بیركردنه‌وه‌ وه‌کو یه‌کێک له‌ جدیترین کایه‌کانی مه‌عریفه‌ ناکوژێنمه‌وه‌ و به‌هاى که‌م ناکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت پرسیاره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان له‌ ده‌ره‌نجامی تێگه‌یشتنی ته‌واو له‌ دنياى ئه‌ده‌ب سه‌رچاوه‌ بگرن.
مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چیرۆکه‌ تووشی وه‌سوه‌سه‌ی بڕیاردانمان ده‌کا. بۆچوونه‌کانمان له‌ دێرێکیه‌وه‌ بۆ دێرێکی تری ده‌گۆڕێن، کاریگه‌ريی چیرۆکه‌که‌ش له‌سه‌ر خوێنه‌رێک بۆ خوێنه‌رێکی تر جیاوازه‌. له‌لای (رۆلان بارت) تێکستی نووسراو زیاتر له‌ واتایه‌ک هه‌ڵده‌گرێ و فره‌دیو و فره‌ناوه‌رۆکه‌. واتاکه‌ی له‌ خوێنه‌رێکه‌وه‌ تا خوێنه‌رێکی تر جیاوازی هه‌یه‌. (دێریدا) پشت به‌ست به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ نێو هه‌یکه‌لیه‌تی زمان و گوتاری سه‌نته‌ریزمی لۆگۆسی خود سه‌نته‌ریدا، به‌ گومان بوو له‌وه‌ی ده‌ق یه‌ک واتا هه‌ڵبگرێ، بەڵکو ڕه‌چاوی خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌ق ده‌کرد. ئه‌مه‌ش بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی (دێریدا) و ئه‌و گۆڕانانه‌ بوو که‌ له‌ هزری فه‌لسه‌فیدا ڕوویاندا. به‌مه‌ش زه‌برێکی کوشنده‌ی له‌ بونیادی گوتاری هزری و ئه‌پستمی ڕۆژئاوا دا.
من هه‌ستم به‌ ساده‌بوونه‌وه‌ و ژیان کرد له‌ دنیای نێو چیرۆکه‌که‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی چیرۆکه‌کانی (کافکا) و (جیمز) که‌ دنیا له‌ چیرۆکه‌کانیان وه‌کو شتێکی ئاڵۆز و بێمانا ده‌رده‌که‌وێ. جیاوازیی کافکا له‌گه‌ڵ جێمز له‌وه‌ دابوو، کافکا به‌ دوای مانایه‌ک بۆ دنیا ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام جێمز باوه‌ڕی به‌ هیچ نه‌بوو. جیاوازیی دنیای (کاروان) له‌گه‌ڵ هه‌ردووک نووسه‌ر له‌ بوونی مانایه‌که‌ بۆ دنیا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و مانایه‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بێمانایيش بێت. کوژرانی (ست ساماڵ) به‌ ده‌ستی (ساماڵ)ی کوڕی و کوژرانی (ڤیان) له‌سه‌ر قسه‌ی باوکی, مانا و ده‌لاله‌ته‌ شاراوه‌کانی دنیایان له‌ پشته‌، له‌ناو کوشتنیشدا هێشتا دنیا هه‌ناسه‌ ده‌دا. نامه‌وێ (کاروان) له‌گه‌ڵ (کافکا) و (جێمز)دا به‌راورد بکه‌م، به‌ڵکو ده‌مه‌وێ ده‌قه‌کانیان به‌یه‌کدا بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگا‌ی ئه‌و به‌یه‌کدادانه‌وه‌ مانا مانیفێست بکه‌م. ئه‌و به‌راوردکردنانه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامیان نه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی زیانیان بۆ ده‌ق هه‌یه‌ سوودیان پێ نه‌گه‌یاندووه‌.
چیرۆکه‌که‌ به‌‌ دروستکردنی ئه‌سپێکی قوڕینه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌سپی قوڕین ده‌کرێ وه‌کو دیاريکه‌ری ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناکۆمه‌ڵایه‌تی و کاتی چیرۆکه‌که‌ چاوی لێ بکرێ. ڕاسته‌وخۆ بۆ دیاریکردنی کاتی ڕووداوه‌که‌ ئیش نه‌کراوه‌ و بایه‌خ دراوه‌ به‌ لێکته‌نراوی. بۆ ئاشکراکردنی ناوی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیش که‌ (زێره‌ڤان)ه‌، هونه‌رێکی دیکه‌ به‌ کار هاتووه‌ و چیرۆکنووس ڕاسته‌وخۆ نه‌یگوتوه‌ کاره‌کته‌ره‌که‌مان (زێره‌ڤان)ی ناوه‌:
ئه‌گه‌رچی تۆ تاکه‌ ڕیزێرڤ نه‌بوویت، به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ ته‌نها به‌سه‌ر تۆدا بڕا و هه‌ر ئاوا بانگ ده‌کرایت… سه‌ره‌تا وات ده‌زانی وشه‌که‌ هه‌ندێک له‌ ناوی خۆته‌وه‌ نزیکه‌، یان با بڵێین له‌نێوان (ریزێرف) و (زێره‌ڤان)دا زۆربه‌ی پیته‌کان هاوبه‌شن…..

گرنگترین ئه‌و چه‌مکانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ده‌قه‌که‌وە:
ئه‌و کاته‌ی چه‌مکه‌کان جگه‌ له‌ مانا بنه‌ڕه‌تیه‌کانیان مانایه‌کی دیکه‌ی دوور له‌ مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆیانیان پێ ده‌درێ، جۆره‌ گه‌مه‌یه‌کی زمانه‌وانی دێته‌ پێشه‌وه‌ و چێژێکی ئه‌ده‌بی ده‌به‌خشێ. وشه‌ی (mach) که‌ به‌ مانای یاریی نێوان دوو تیم دێت، نزیک کراوه‌ته‌وه‌ له‌ وشه‌ی (ماچ)ی کوردییه‌وه‌‌. وشه‌ی (coach) که‌ به‌مانای ڕاهێنه‌ر دێت، په‌یوەندییه‌کی ئه‌ده‌بی بۆ دروستکراوه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ی (کۆچ)ی کوردی. کۆمه‌ڵه‌ چه‌مکێکیش زه‌ق کراونه‌ته‌وه‌:

  • ترس و چێژ:
    لە دەقەکەدا په‌یوەندییه‌ک له ‌نێوان ترس و چێژدا هەیە. لە ترسان له‌و چیرۆکانه‌ی باسی مناره‌ی چۆلی ده‌که‌ن تا ترسان له‌ (ست ساماڵ) که‌ مامۆستایه‌ له‌ یه‌کێ له‌ قوتابخانه‌کانی کچان و به‌هۆی له‌ سێداره‌درانی مێرده‌که‌یه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی جلی ڕه‌ش ده‌پۆشێ، هاوکات چێژ وه‌رگرتن له‌ لایه‌نێکی چیرۆکه‌کان و جوانیی (ست ساماڵ). نه‌ترسان نیشاندانی ئادگاری مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ نییه‌.
    لای من شتێک نییه‌ به‌ ناوی مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ و مرۆڤی وه‌همی. (میشێل فۆکۆ) به‌هۆی ئه‌و ڕه‌خنه‌ به‌هێزانه‌ی ئاڕاسته‌ی کران، خه‌ڵکی له‌ فه‌لسه‌فه‌ ڕادیکالییه‌کان دوور خسته‌وه‌، پێی وابوو شێته‌کان مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ن، چونکه‌ شێت دەرک به‌و مه‌عریفه‌یه‌ ده‌کا که‌ گه‌یشتن پێی ئه‌سته‌مه‌ و شێتیی له‌ دیارده‌یه‌کی پزیشکییه‌وه‌ کرد به‌ دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی.
    بۆچوونی من زیاتر له‌ وته‌که‌ی (پاسکال)ه‌وه‌ نزیکه‌ که‌ پێی وابوو شێته‌کان تا ئه‌ندازه‌یه‌ک شێتن، نکوڵیکردن له‌و شێتییه‌ بۆ خۆی جۆرێکی تره‌ له‌ شێتی. (فۆکۆ) ده‌ڵێ: شێتيی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب له‌ودیو خه‌یاڵدانیه‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌. (زێره‌ڤان) شێت نییه‌ و چیرۆکه‌که‌ش شێتانه‌ شێتیی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌. بوونی هه‌ر ڕه‌فتارێکی شێتانه‌ش له‌ چیرۆکه‌که‌دا په‌یوەندیی به‌و ترس و چێژه‌وە هەیە کە پێشتر باسمان کرد، نه‌ک به‌ ڕاده‌ی ژیری و پیاوبوونه‌وه‌.
  • بوون:
    فيکری (هایدگه‌ر) به‌ ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی ئایدیاکانی (دیکارت) ده‌ست پێ ده‌کا. کاریگه‌ریی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ و میتافیزیکی ڕۆژئاواییدا هەبوو. به‌ به‌رده‌وامی ده‌یپرسی: بوون چییه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ سه‌رده‌می (سۆكرات)ه‌وه‌ تا سه‌رده‌می (دیکارت) به‌ لاوە نرابوو. (هایدگه‌ر) ئاماده‌گیی تێدا نه‌بوو ده‌ست له‌و پرسیاره‌ هەڵگرێت و ده‌یگوت ئه‌و که‌سه‌ فه‌یله‌سوف نییه‌ پرسیاری زۆر و زه‌به‌ند ده‌ورووژێنێ و به‌بێ وه‌ڵام ده‌یانهێڵێته‌وه‌، ئه‌و که‌سه‌ فه‌یله‌سوفه‌ که‌ هه‌موو ژیانی بۆ تاكه‌ پرسیارێک ته‌رخان ده‌کا.
    ئه‌نتۆلۆجیا له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا به‌های بۆ گه‌ڕایەوه‌. باسی بوون باسێکی قووڵه‌ و گێڕانه‌وه‌ی مه‌حاڵه‌، به‌بێ بوونی پێناسه‌یه‌کی گشتیی بوون (وجود) و عه‌ده‌ممان کردبێت به‌ دژی یه‌کترمان داناون. مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ چیرۆکه‌که‌دا مامه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌تییه‌. (ئه‌رستۆ) پێی وایە‌ بوون گشتگیرترین و هه‌مه‌کیترینه‌ و ده‌کرێ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی یه‌که‌م ناوی ببه‌ین وه‌کو جیاکارییه‌ک له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی دووه‌م که‌ زانستی سرووشته‌. له‌ چیرۆکه‌که‌دا باسی بوون و په‌یوەندیی مردووه‌کان به‌م دنیایه‌ی ئێمه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ی مردووه‌کان له‌ مناره‌ی چۆڵی هاتووه‌.
  • کۆمه‌ڵایه‌تیبوون:
    ئه‌گه‌ر چیرۆکنووس بکه‌وێته‌ نێو نه‌ستی کۆوه‌، مانای وا نییه‌ که‌وتبێته‌ ژێر کاریگه‌ریی فیکری مێگه‌ڵ و کۆنه‌پارێزانەوە. نزیکبوون له‌ که‌سێک یان که‌شێک مانای تێگه‌یشتن نییه‌ لێی. (فوئاد ڕفقه‌)ی شاعیری لوبنانی که‌ وه‌رگری خه‌ڵاتی گۆته‌یه‌ ده‌ڵێ من زۆر له‌ گۆته‌وه‌ نزیک بوومه،‌ به‌ڵام لێی تێنه‌گه‌یشتم، چونکه‌ ده‌توانم له‌ فه‌یله‌سوف، شاعیر، زانا، پیاوی یاسایی تێبگه‌م، به‌ڵام تێگه‌یشتن له‌ که‌سێک که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ خۆ گرتووه،‌ ئه‌سته‌مه‌. مناره‌ی ئاوه‌دانی په‌یوەندیی به‌و که‌شوهه‌وا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە هەیە کە نووسه‌ر تێیدا ژیاوه‌، پێچه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ بڕێک له‌ فه‌یله‌سوفه‌کان که‌ پێیان وایه‌ په‌وەندیکردنی به‌ها ڕۆحییه‌کان به‌ ئه‌ده‌بیشه‌وه‌ به‌ ڕووداوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، مانای تێگه‌یشتی لاوه‌کیی ئه‌و به‌هایه‌ ده‌گه‌یه‌نێ.
  • ئه‌وین:
    ستوونێکی ئامادده‌یه‌ له‌ ده‌قه‌که‌دا، ئه‌وه‌ ئه‌وین‌ بۆ مناره‌ی چۆلییه‌ وا له‌ (زێره‌ڤان) ده‌کا، ده‌ست له‌ دروستکردن هه‌ڵبگرێ و به‌ره‌و دروستکراوێک که‌ مناره‌که‌یه‌ بچێت. ئه‌وین په‌نهانه‌ له‌ تێکسته‌که‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ بوونی نه‌بێت. دیاریکردنی جۆری ئه‌و ئه‌وینه‌ تۆزێک زه‌حمه‌ته‌. (ستاندال) عيشق پۆلێن ده‌کا بۆ جۆره‌کانی: عیشقی په‌رۆشی, عیشقی جوانیناسانه‌ aesthetic love)), عیشقی فیزیکی (عاشقبوون به‌ جه‌سته‌).
    ئه‌وینی (زێره‌ڤان) له‌ جۆری یه‌که‌مه‌وه‌ نزیکه‌. دوای چل ساڵ ئه‌وينى بینینی مناره‌ی چۆڵی له‌ نزیکه‌وه‌ له‌لای سه‌رهه‌ڵده‌دا، ئه‌مه‌ش کۆکه‌ له‌گه‌ڵ (سپیونزا) که‌ پێی وابوو ئه‌وین ده‌بێت ئاسووده‌ییه‌کی پشت به‌ستوو به‌ مه‌عریفه‌ و هۆکاره‌کانی بێت. جوانی وه‌کو هۆکارێکی مه‌عریفه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌ست بوونی نییه‌، بەڵکو بینینی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ شته‌ وه‌همی و به‌رجه‌سته‌کان به‌ ده‌قیشه‌وه‌ که‌ له ‌نێوان وه‌هم و به‌رجه‌سته‌کاندایه‌. مه‌رج نییه‌ له‌ناو هه‌موو جوانییه‌کدا ویست له‌ناو بچێت.
  • خۆکوشتن:
    ئایا خۆکوشتن له‌نێو چیرۆکدا تاوانه‌ یان هه‌ڵه‌یه‌؟ تازه‌گه‌ریی ڕۆژئاوایی له‌سه‌ر فه‌ردانیه‌ت وه‌ستاوه‌ و ئه‌و فه‌ردانیه‌ته‌ ژنیشی گرتۆته‌وه‌, فه‌ردانیه‌ت كه‌ زۆرجار وێستگه‌ی گه‌یشتنه‌ به‌ خۆكوشتن. ڕه‌خنه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) له‌ یه‌هودگه‌رایی و زانا یه‌هودییه‌کان له‌وه‌دایه‌، خۆکوشتنیان حه‌رام کردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ کتێبه‌کانیاندا حه‌رام یان حه‌ڵاڵ کرابێ.
    به‌ڕای (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتن ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م زاڵبوونی مرۆڤ به‌سه‌ر ویستدا، به‌ڵام هه‌مان بۆچوونی (ئه‌رستۆ) و (ژان ژاک ڕۆسۆ) و (زه‌ینۆن)ی هه‌یه‌ که‌ هه‌ر کاتێ مرۆڤ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ پاڵی پێوه‌ بنرێت بۆ خۆکوشتن و ئیتر ژیان بۆ ئه‌و قه‌فه‌سێکی داخراو بێت، ده‌کرێ خۆی بکوژێ. (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتنی به‌ تاوان دانه‌ناوه‌ و به ‌هه‌ڵه‌ی داناوه‌.
    (ئه‌میل دۆرکهایم) بۆچوونێکی تا ڕادده‌یه‌ک نزیکی هه‌یه‌ له‌ (شۆپنهاوه‌ر). ئه‌و له‌ کتێبی (خۆکوژی)دا خۆکوشتن به‌ کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانەوە دەبەستێتەوە. (فرۆید) ده‌یگوت خۆکوشتن سه‌ره‌تای له ‌دایک بوونه‌. به‌ بۆچوونی من بۆی هه‌یه‌ ئه‌و تێزه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) بۆ ده‌قه‌ ڕۆژئاواییه‌کان قسه‌ هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام بۆ چیرۆکه‌ ڕۆژهه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور و سادقی هیدایه‌ت و مه‌حمود ده‌وڵه‌ت ئابادی و عه‌زیز نه‌سین و….. هتد) ده‌یاننووسن بایه‌خی نابێت، مه‌گه‌ر نووسه‌ر بیه‌وێ له‌ ڕێگای خۆکوشتنه‌وه‌ به‌های خۆکوژه‌که‌ دیاری بکا، بیه‌وێ له‌ ڕێگا‌ی کوژرانی ژیانه‌وه‌ جوانیی ژیان پێشان بدات (ماناکه‌ی).

    ژن:
    ژن له‌ چیرۆکه‌که‌دا یه‌کسانه‌ به‌ (ڕۆح و جه‌سته‌). له‌ ده‌قه‌که‌دا ته‌نیایی وه‌رسکه‌ره‌، به‌ڵام ته‌نیایی ژن کوشنده‌یه‌. ته‌نیایی کوشنده‌ به‌ مانای مانه‌وه‌ی ته‌نها له‌گه‌ڵ خود نایه‌ت، به‌ مانای سڕبوون و متبوونی ئه‌به‌دی دێت. ژنی سڕبوو ته‌نیایه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌و ته‌نیاییه‌ بکا یان بیری لێ کردبێته‌وه‌. (ست ساماڵ و ڤیان) دیارترین نموونه‌ن. بیرکردنه‌وه‌ له‌ ژن به‌رهه‌می مه‌عریفه‌یه‌، واته‌ ئه‌وه‌ مه‌عریفه‌یه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌گێڕێ که‌ ژن وه‌کو کێشه‌ سه‌یر بکرێ.
    ژن وه‌کو کێشه‌ له‌ به‌رده‌م ئاراسته‌کردنه‌ ناڕه‌واکانی پیاودا هاتووه‌. ده‌قه‌که‌ پێمان ده‌ڵێ: به‌هۆی بوونی ناکۆکییه‌ فيکری و جیاوازییه‌ میتۆدییه‌کانی نێوان ژن و پیاو، کاره‌کته‌ری ژن له‌لای به‌شێکی گه‌وره‌ی پیاوانی دنیا، خه‌سڵه‌تی عیشقه‌ مۆدێل و خودی پێ دراوه‌ و زۆرجاریش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ په‌راوێز خراوه‌.
    تاقی کردنه‌وه‌ و ته‌فسیرکردنی ڕه‌وتی ئایدیاکانی ژن، له‌ ڕێگای دنیابینی و مه‌رام و نیازی لۆژیکناسه‌ پیاوه‌کانه‌وه‌، زوڵمێکه‌ بەرامبەر ژن ئه‌نجام ده‌درێ. پیاو قه‌ت له‌ ژن و چلۆنایه‌تیی ناخ و کێشه‌ و مه‌عریفه‌ی ژن تێ ناگا، ئه‌گه‌ر له‌و بازنه‌ کۆنه‌ی هه‌یه‌تی ده‌رنه‌چێت و بڕیاره‌کانی باکگراوندێکی ژنانه‌ له‌خۆ نه‌گرن. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری، فلته‌رێک نییه‌ به‌شێک له‌ حه‌قیقه‌تی ژنبوونی له‌خۆ گرتبێت، بۆیه‌ بۆچوونه‌ دروسته‌کان ده‌بنه‌ دۆگما. له‌و وڵاتانه‌ی نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کان تێکه‌ڵبوونه‌ و وڵات به‌ره‌و پلورالیزمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چووه‌، مه‌ودای نێوان ژن و پیاوی هاونه‌ژادی و هاونیشتیمانی له‌ کشاندایه‌. هۆی تر که‌ ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ دروستبوونی ئه‌و مه‌ودایه‌، لاوازبوونی ئینتیمایه‌ بۆ ڕابردوو و تڕادسیۆن و هۆشیاريی مێژوویی.
    به‌گشتی له‌ دیدی تاکه‌کانه‌وه‌، جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه‌ له ‌نێوان ئه‌و ژنانه‌ی بوونه‌ به‌ دایک له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی هێشتا نه‌بوونه‌ته‌ دایک. ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ چیرۆکه‌که‌دا هاوار ده‌کا. زۆرن ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی ئافره‌تیان به‌ شه‌یتان داناوه‌ و باسی دایکی خۆیانیان وه‌کو فریشته‌یه‌ک کردووه‌ که‌ هیچ وزه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نی تێدا نییه‌. ئه‌مه‌ له‌ وتاری (دایکانێکم هه‌ن، میهره‌بانترن له‌ گه‌ڵای دره‌خت…)ی (ڕێبوار سیوه‌یلی) له‌ په‌رتووکی (نه‌ته‌وه‌ و حیکایه‌تدا) به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ.

    -حه‌قیقه‌ت:
    چیرۆکه‌که‌ فه‌زا و زه‌مینه‌ی ئازاد و فره‌ڕه‌نگ له‌ ناخی بونیاد و ستراکچه‌ره‌کان ڕه‌نگرێژ ده‌کا و ڕووگه‌ جياوازه‌كان که‌شف ده‌کا له‌ خه‌یاڵگه‌ و ژێرخانی ئه‌ده‌بیدا. گه‌ره‌کیه‌تی دیدگا و ڕوانینێکی ترمان پێ ببه‌خشێ بۆ چیرۆک. ده‌قه‌که‌ بۆته‌ ئه‌و فه‌زا ڕوونه‌ی تێیدا حه‌قیقه‌ت بۆ نێو بیری وه‌هم شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، تاوه‌کو حه‌قیقه‌تی گه‌وره‌ له‌ گۆشەیه‌کدا به‌رجه‌سته‌ ببێت. زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانی گه‌ره‌کیانه‌ خۆیان به‌ جیاوازگه‌ری و ئيستێتیكا و زه‌خره‌فه‌ و سحر بارگاوی و لێورێژ بکه‌ن.
    دواجار هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ پاشکۆی شتێکی گرنگ که‌ داهێنانه‌. ده‌قه‌که‌ سێ قاچی هه‌یه‌، قاچی یه‌که‌می له‌ ڕێگای ئاشکراکردنی بچمی ڕاسته‌قیه‌نه‌ی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وامی به‌ خۆی ده‌دا، واقیع به‌ ژیرییه‌وه‌ ڕاڤه‌ ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و قاچه‌ ده‌که‌وێته‌ نێو فه‌زایه‌کی یۆتۆپی و وه‌همییه‌وه‌. قاچی دووه‌می له‌ عه‌قڵدا ڕه‌گی خۆی داکوتاوه‌ و په‌رده‌ له‌سه‌ر واتا ئابڕووبه‌ره‌کان و کۆد و مه‌رجه‌ کۆنکرێتییه‌کان و مۆرالییه‌ت و ئاکاری خه‌سێنه‌ر و سکێچه‌ ته‌ماوییه‌کان و ئه‌و بیمارستانه‌ی تێیدا نامرین، لاده‌دا. نه‌مردن جیایه‌ له‌ ژیان، نه‌مردن جۆرێکه‌ له‌ ژیانکردنی خاڵی له‌ جوانی. قاچی سێیه‌می نادیاره‌ و نازانرێ ده‌که‌وێته‌ کوێ, به‌ڵام ئاماژه‌کان پێمان ده‌ڵێن بوونی هه‌یه‌.
    زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی کورد هه‌رکه‌ گوێیان لە ناوی (سادقی هیدایه‌ت) ده‌بێت، وێنه‌ی که‌سێکی ڕه‌شبین له‌ ژیانیان دێته‌ به‌رچاو که‌ خۆی و کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی نێو یه‌کێک له‌ چیرۆکه‌کانی به‌ غاز ده‌خنکێنێ، بەڵام له‌و چیرۆکه‌ی (کاروان)دا حه‌قیقه‌ت هێشتا گه‌شه‌ و تا ئه‌و شوێنه‌ بڕ ده‌کا که‌ درۆکان ده‌ست پێده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ چه‌مکی حه‌قیقه‌تدا، (کاروان) سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌.

    ئه‌فسانه‌ (fable):
    جیاوازی له ‌نێوان ئه‌فسانه‌ و حه‌قیقه‌تدا ئه‌وه‌یه‌، ئه‌میان حه‌قیقه‌ت ده‌بینێ و ئه‌ویان ئه‌فسانه‌. ئه‌فسانه‌ جیاوازه‌ له‌ درۆ, چلۆنایه‌تیی حه‌قیقه‌ت ڕێژه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ دیاری ده‌کات. یۆتۆپیا نزیکتره‌ له‌ ئه‌فسانه‌ وه‌ک له‌ درۆ، به‌ڵام یه‌کسان نییه‌ پێی. ئه‌فسانه‌کان هۆکار بوون بۆ مانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌کان له‌ناویشیان حه‌قیقه‌تی جه‌نگه‌ڵستان (خورانی بێهێز له‌لایه‌ن به‌هێزه‌کانه‌وه‌). ڕاسته‌قینه‌کان ئه‌فسانه‌کانیان داهێناوه‌ نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، مرۆڤ (human) وه‌کو ڕاسته‌قینه‌یه‌ک له‌ ئه‌فسانه‌وه‌ نه‌خوڵقاوه‌.
    (که‌مبڵ) پێناسه‌ی ئه‌فسانه‌ی گۆڕی له‌ گه‌ڕان به‌دوای مانا بۆ ئەزموونکردنی مانا. (که‌مبڵ) داوا ده‌کا ئه‌فسانه‌ی گه‌لانی دنیا بخوێنینه‌وه‌ نه‌ک ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌کانی خۆمان، گوایه‌ فێرمان ده‌که‌ن چۆن بۆ ناخ بگه‌ڕێینه‌وه‌. چیرۆکی (مه‌سیح) له‌ ئینجیلدا داوای قه‌بوڵکردنی مه‌رگمان لێ ده‌کا، مه‌رگی مه‌سیحی کوڕی خودا. (جۆزیف که‌مبڵ) له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ (بیڵ مویز)، مه‌رگی (مه‌سیح) به‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتن به‌ ئازادی ناوده‌با، به‌ڵام ئه‌و مه‌رگه‌ سه‌رەتای سه‌فه‌ری ئازادییه‌ به‌ که‌شتیی ژیان بۆ وڵاتی ونبوون.
    دابه‌شکردنی ئایین (religion) به‌سه‌ر جومگه‌کانی (بیروڕا و ڕیچوەڵ و ئه‌فسانه‌) یه‌کانگیر نییه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونی من. ئه‌فسانه‌کان بچووکترین پنتیان له‌ناو هه‌ر ئایینێکدا هه‌بێت خۆی زاڵ ده‌کا به‌سه‌ر بیرورا و ڕیچوەڵ و کۆی هه‌یکه‌لیه‌تی ئایین، دواجار ئایین ده‌بێته‌ هاوواتای ئه‌فسانه‌. ئه‌گه‌ر له‌ دیدێکی ئه‌ده‌بی سادده‌وه‌ ئه‌فسانه‌ پۆلێن بکه‌ین، ئاوای لێ دێت:
    1: ئه‌فسانه‌ی نێو ده‌قه‌کان (چیرۆک، شیعر، ڕۆمان و هتد)، بۆ نموونه‌ له‌ (دۆن کیشۆت)ی (سێرڤانس)دا ئه‌فسانه‌یه‌ک هاتووه‌:
    خودا له‌سه‌ره‌خۆ وازی له‌ عه‌رشه‌که‌ی هێنا و بووه‌ فه‌رمانڕه‌وای گه‌ردوون، خێر و شه‌ڕی جیا کرده‌وه‌، شته‌کانی مانادار کرد. (دۆن کیشۆت) له‌ ماڵه‌که‌ی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و جیهانێکی بینی که‌ نه‌یده‌توانی بیناسێته‌وه‌. جیهان له‌ ونيی ده‌سه‌ڵاتی باڵادا، سه‌رله‌نوێ ده‌ستی پێکرده‌وه‌. تاقه‌ حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها ته‌قییه‌وه‌ بۆ چه‌ندین حه‌قیقه‌تی ڕێژه‌یی و خه‌ڵکی له ‌نێوان خۆیاندا ده‌ستیان به‌ دابه‌شکردنی کرد.
    لێره‌وه‌ جیهانی نوێ و له‌گه‌ڵیشیدا ڕۆمان په‌یدا بوو که‌ وێنه‌ی ئه‌و جیهانه‌یه‌. ڕه‌خنه‌گران وه‌کو ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وی ده‌ق که‌ جۆری دووه‌می ئه‌فسانه‌یه‌ و دواتر قسه‌ی لێوە ده‌که‌ین، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ کردووه‌. هه‌ندێکیان به‌ ڕه‌خنه‌یه‌کی عه‌قڵانی له‌ ئایدیالیزمە‌ شێواوه‌که‌ی (دۆن کیشۆت)ی داده‌نێن، که‌چی هه‌ندێکی تر به‌ ستایشکردنی ئه‌و ئایدیالیزمه‌ ناوی ده‌به‌ن. هه‌ردوو بۆچوونه‌که‌ هه‌ڵه‌ن، چونکه‌ وه‌کو شتێکی ئاکاری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌که‌دا کردووه‌ نه‌ک له‌ چوارچێوه‌ی ده‌قدا.
    بۆچوونه‌کانی (ئه‌دمۆند هۆسرل) گرنگیی خۆیان هه‌یه‌ که‌ فه‌یله‌سوفێکی ئه‌ڵمانی سه‌دده‌ی بیسته‌مه‌ و دامه‌زرێنه‌ری فینۆمینۆلۆجیایه‌ و دوای ئه‌وه‌ی (هایدگه‌ر) ده‌بێته‌ سه‌رۆکی زانکۆی فرایبۆرگ له‌ژێر ترسی نازییه‌کان ناوی (هۆسرل) له‌ لیستی مامۆستایانی زانکۆکه‌ لا ده‌دا.
    2: ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، ئه‌میشیان دوو لقی لێ ده‌بێته‌وه‌: (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قن، به‌ڵام له‌ ڕێگا‌یه‌که‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ری) و (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی سه‌ر به‌ سه‌ده‌یه‌کی تر و گه‌لێکی تر و دنیایه‌کی ترن)
    له‌ناو ده‌قی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)دا ئه‌فسانه‌ ڕووه‌ و حه‌قیقه‌ت مل ده‌نێ و هێنده‌ی نه‌ماوه‌ بگاته‌ لای، له‌ ده‌ره‌وه‌شی ئه‌فسانه‌ کۆنه‌ کوردییه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی مۆرکی شه‌ڕ و ئاواره‌بوونیان پێوه‌یه‌ خۆیان لێی نزیک ده‌که‌نه‌وه‌ و گه‌ره‌کیانه‌ ده‌ستی ته‌وقه‌ی بۆ درێژ بکه‌ن.

    حاڵه‌ته‌کان:
    له‌ فه‌زای چیرۆکه‌که‌دا حاڵه‌ته‌ هه‌ستییه‌کان، حاڵه‌ته‌ نه‌ستییه‌کان، سه‌لماندنی ترسناک و جدییه‌تی ڕێساکان و شتی تریش له‌سه‌ر خوانی ئه‌ده‌بدا کۆ بوونه‌ته‌وه‌.
    دژه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ لکاون و وه‌کو ته‌واوکه‌ر و ئاسایی ده‌بینرێن. نووسه‌ر خودی خۆی پیرۆز و ئه‌وی تری کافر نه‌کردووه‌، له‌ هه‌ندێ شوێنی ده‌قه‌که‌ خود و بەرانبەره‌که‌یت بۆ جیا ناکرێته‌وه‌. نووسه‌ر له‌ دنیای چیرۆکه‌که‌دا که‌ جیایه‌ له‌ دنیای ڕاسته‌قیه‌نه‌، خودێکه‌ باوه‌ڕی به‌ به‌یه‌که‌وه‌ ژیان و ڕای بەرامبەر هه‌یه‌.
    (تۆماس هۆبز)ی فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی که‌ ململانێ گرێ ده‌دا به‌ چاکسازیی خود و باوه‌ڕی وایه‌ ژیان بریتییه‌ له‌ ململانێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌سه‌ڵات و ئه‌وه‌ مردنه‌ کۆتایی به‌و ململانێیه‌ ده‌هێنێ. قسەکردن لەبارەی به‌یه‌که‌وه‌ ژیانەوە بۆ خۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌. (دۆن کیشۆت) توانای دروستکردنی په‌یوەندیی نه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا، بۆیه‌ ته‌نها له‌ خه‌یاڵی خۆیدا پاڵه‌وان بوو. (دۆن کیشۆت دالامچا) هه‌ڵناکا له‌گه‌ڵ بۆچوونی جیاواز و ئه‌و دنیا قازانجخواز و بێڕه‌حمه‌ مۆدێرنه‌دا. (فۆکۆ) پێی وایە‌ (دۆن کیشۆت) دابڕانێکی ئه‌پسمۆلۆژیی تازه‌یه‌.
    نموونه‌: ئێوه‌ له‌ودیو ده‌رگای ژووره‌که‌م دانیشتون و خه‌ریکی قاوه‌ خواردنه‌وه‌ن. یه‌کێک له‌ ئێوه‌ بانگم ده‌کا: خه‌ریکی چی؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: چایه‌ ده‌خۆمه‌وه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی منتان لێ دیار بێت و په‌رداخه‌ چایه‌که‌متان بینیبێت، هه‌ر یه‌که‌تان وێنه‌یه‌کی لا دروست ده‌بێت. یه‌کێکتان چایه‌که‌ له‌ نێو ئیستیکانێک ده‌بینێت، دووه‌متان له‌نێو ژێرپیاڵه‌، سێیه‌متان له‌ نێو قۆریی چا، ئیتر به‌و جۆرانه‌. په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له ‌نێوان چایه‌ی به‌رده‌می من و ئه‌وه‌ی نێو خه‌یاڵدانی ئێوه‌. له‌ بازنه‌ی ئه‌و ڕێساگه‌لانه‌ و ده‌قه‌که‌ی (کاروان)دا به‌ ڕه‌وای ده‌بینم ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌ندێک حاڵه‌ت ڕێکبکه‌وین که‌ پێشتر هه‌موومان نه‌مانبینیبێ ته‌نها یه‌ک دووانێکمان بینیبێتیان.

    زمان (language):
    له‌ کتێبی (ویستی هێز- The will to power)دا که‌ ڕاڤه‌ له‌پاڵ میتافۆڕه‌، (نیتشه‌) نووسیویه‌تی: تاقه‌ شوێنی بیرکردنه‌وه‌ فۆڕمی زمانه‌، ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بین، چیتر بیرناکه‌ینه‌وه‌.
    زمان ئه‌و کاته‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌بینێ که‌ په‌یوەندییه‌کی سازگار ته‌رخان بکرێت له‌ نێوان تێکست و ڕاڤه‌کاردا. (گادامێر) چه‌مکی پێکه‌وه‌بوونی بۆ مانیفێستکردنی هه‌مبه‌رێتیی نێوان ڕاڤه‌کار و ده‌ق به‌کار هێنا. (ریکۆر) ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رفراوانتر ده‌ربڕی. زمانی چیرۆکه‌که‌ سه‌رکه‌وتوو بووه‌ و بووه‌ته‌ شوێنی بیرکردنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه‌ زۆره‌ به‌ ڕووداوه‌کانه‌وه‌. له‌ کتێبی (حه‌قیقه‌ت و میتۆد)ی (گادامێر)دا هاتووه‌ که‌ باسه‌که‌ی (شلایر ماخێر) له‌مه‌ر هێرمێنۆتیک و هونه‌ری ڕاڤه‌ ناسینی تێگه‌یشتنی باش (good) و خراپ (bad)، ڕاڤه‌کردنی ده‌ق به‌ره‌و‌ باشتر تێگه‌یشتنمان ده‌بات. (کاروان) خولیایه‌کی زۆری هه‌یه‌ و زمانی ده‌قه‌که‌ی نه‌کردووه‌ به‌ سیمبولێکی خه‌یاڵاوى.
    (فرۆید) له‌ (راڤه‌ی خولیاکان)دا جیاوازی کردووه‌ له‌نێوان زمانی خولیا و زمانی سیمبولێکی خه‌یاڵپه‌روه‌ری، پێی وایە‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان زمانێکی ناکارایه‌.
    (لامارتین) له‌وه‌ ناره‌حه‌ت بوو که‌ زمان له‌ توانایدا نییه‌ گوزارشت له‌ هه‌ڵچونه‌کانی بکا. ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ یه‌که‌ زمانییه‌کان پێکهاتووه‌. ڕاسته‌ شیکردنه‌وه‌ی هونه‌ری به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆر و میتۆده‌کانی زمانناسی ڕێگایه‌کی ئاسانه‌، وه‌لێ جوان نییه‌. فۆرمالیسته‌کان و پێکهاته‌گه‌رایه‌کان شیکاری ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیان متمانه‌ی تێدا نه‌بوو، مامه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌مزییان له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌کانی دیکه‌ ده‌کرد، ئه‌وه‌ی له‌ بواره‌کانی (سینه‌ما و وێنه‌ و مۆسیقا و بیناسازی و کایه‌ جیاوازه‌کانی تر) بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ شتێکی ڕه‌مزییه‌. من نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و بیردۆز و میتۆدانه‌ له‌کاتی قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌وە کە په‌نجه‌مان له‌سه‌ر شل کردووه‌.
    پۆلێنکردنی ئه‌ده‌بیات له‌ ئامانجه‌کانی نووسه‌ره‌. نها ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌ده‌بیاتی کوردی پۆلێن بکه‌ین به‌م جۆره‌ی لێ دێ:
    1/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی مرۆڤێک له‌ خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن، له‌ کۆتاییشدا ده‌یخنکێنن, مرۆڤه‌که‌ ته‌کنیکه‌.
    2/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی سیحربازێک له‌ خۆیان هه‌ڵده‌گرن، سه‌ره‌نجام ده‌یسووتێنن, سیحربازه‌که‌ زمانه‌.
    3/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی پڵنگێک له‌خۆ ده‌گرن، دواجار که‌وڵی ده‌که‌ن, پڵنگێک ناوی ڕۆشنبیرییه‌.
    که‌م ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌یه‌ (زمان و ته‌کنیک و ڕۆشنبیریی ئه‌ده‌بی) به‌یه‌که‌وه‌ گرێ بدا. زاراوه‌ی ئه‌ده‌ب به‌ کردار پێناسه‌ نه‌کراوه‌. ئه‌دیبه‌کانمان به‌ ئه‌ده‌بێک ده‌ڵێن داهێنان که‌ هێشتا باڵق نه‌بوه‌ (خۆی نه‌ناسیوه‌). (کاروان) له‌م ده‌قه‌دا کاری بۆ ئه‌و گرێدانه‌ کردووه‌.

  • کورتبڕی:
    درێژدادری ئه‌نفله‌وه‌نزای ئه‌ده‌به‌. وشه‌ ڕیزکردن به‌ مه‌به‌ستی دروستکردنی ڕسته‌، ڕسته‌ ڕیزکردن به‌ مه‌به‌ستی دروستکردنی بابه‌ت، لایه‌نی خراپی نووسین پێشان ده‌ده‌ن. (خوان ڕۆڵفۆ)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی مه‌کسیکی، به‌ ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ) که‌ له‌ 150 لاپه‌ره‌ زیاتر نه‌بوو، بوو به‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین ڕۆماننووسه‌کانی دنیا و دوای ئه‌و ڕۆمانه‌ش بۆ ئه‌به‌د ده‌ستی له‌ نووسین هه‌ڵگرت.
    ڕۆمانه‌که‌ له‌ جه‌وهه‌ردا (300) لاپه‌ڕه‌ بووه‌ و له‌(150) لاپه‌ڕه‌دا چڕ کراوه‌ته‌وه‌. (ئۆکتاڤیۆ پاژ) که‌ نزیکترین هاوڕێی (ڕۆڵفۆ)یه‌ وه‌ها باسی ده‌کا: بۆ (ڕۆڵفۆ) بێده‌نگی کوشنده‌ بوو، هاوڕێکانی داوای ڕۆمانی تازه‌یان لێ ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و وا هه‌ستی ده‌کرد هه‌موو شتێکی له‌ (پیدرۆ پارامۆ)دا گوتووه‌.
    (مالارمێ) نه‌یگوتووه‌ ئه‌ده‌ب ماندووکردنی پیته‌کانه، بەڵکو‌ ئه‌و ده‌یگوت “ئه‌ده‌ب په‌ره‌پێدانی پیته‌کانه‌”. ئه‌و کاته‌شی (بلانشۆ) ده‌ڵی: گرنگ نییه‌ چی ده‌نووسی؟ دووباره‌کردنه‌وه‌ گرنگه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌که‌مین جار بێت نووسیبێتت، پره‌نسیپێکی دیاریکراو هه‌یه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌و پره‌نسیپە‌ی درێژدادڕه‌کان ئیشیان له‌سه‌ر کردووه‌. درێژدادڕی جیایه‌ له‌ زۆرنووسین. باسی زۆرنووسینی (نیتشه‌) ده‌کرێ. نووسین بۆ ئه‌و گوزارشت نه‌بووه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ئه‌بستراکت، ئیشی له‌سه‌ر دامه‌زراندن نه‌کردووه‌، به‌ڵکو کاری ئه‌و سه‌ره‌ولێژکردنه‌وه‌ی ماناکان بوو، بۆیه‌ وه‌کو داهێنه‌ری میتۆلۆجی چاوی لێ ده‌کرا، تا ئه‌و کاته‌ی (هایدگه‌ر) هات و وه‌کو دوا فه‌یله‌سوفی ڕۆژئاوا خستییه‌ نێو خێزانی میتافیزیکی.

    نموونه‌ له‌سه‌ر کورتبڕیی نێو چیرۆکه‌که‌:
  • دایکت وه‌ک بڵێی مار پێوه‌ی دابێت…
    -هیچ له‌وه‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه‌ چۆن و که‌ی و له‌کوێ به‌ یه‌کتر گه‌یشتوون…
    ئه‌گه‌رچی سوور ده‌زانی (ڤیان) ناتوانێت قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکات، چونکه‌ ماوه‌که‌ی ته‌واو بووه‌…
    بێگومان تۆ له‌ ده‌رفه‌تێکدا هه‌موو ئه‌مانه‌ی لێ ده‌پرسی…
    یاخیبوون:
    یاخیبوون لای (کامۆ) بۆ یاخیبوونی میتافیزیکی و یاخیبوونی مێژوویی دابه‌ش ده‌بێ. یه‌که‌میان سێ لقی لێ ده‌بێته‌وه‌:
    (ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕه‌ها – مارکیز دیساد)
    (ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نه‌جاتبوون – ئیڤان کارامازۆف)
  • (شیکاری ڕه‌ها –نیتشه‌).
    (کامۆ) دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ ساڵی 1957دا له‌لایه‌ن ئه‌کادیمیای سویدی، نامه‌یه‌ک به‌ ساده‌ییه‌وه‌ بۆ خێزانی (نیکۆس کازانتزاکیس) ده‌نووسێت و تێیدا ده‌ڵێ: (کازانتزاکیس) شایسته‌تر بوو له‌ من بۆ ئه‌و خه‌ڵاته‌. سادده‌یی (کامۆ) ئاوێته‌ی سادده‌یی (کازانتزاکیس) ده‌بێت و درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ (نیتشه‌)، له‌وێدا (کازانتزاکیس) به‌ ئاشکرا و به‌ سادده‌ییه‌وه‌ پێیه‌وه‌ دیاره‌ چۆن سوودی له‌ (نیتشه‌) وه‌رگرتووه‌. ئه‌و سوود وه‌رگرتنه‌ ئاساییه‌، (ئه‌فلاتون) که‌ زۆرجار به‌ باوکی فه‌لسه‌فه‌ داده‌نرێ, له‌ سه‌ره‌تادا له‌ژێر کاریگه‌ریی (هیراکلیتس / 544- 483 پ ز) و (فیساگۆرس / 580 – 500 پ. ز) و (سۆكراتدا) بوو. له‌ناو هه‌ندێ له‌ دێره‌کانی چیرۆکه‌که‌دا هه‌ستم به‌ سادده‌یی نووسه‌ره‌که‌ی کرد، وێنه‌ی نووسه‌ر له‌ناو فه‌زای بیرکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی وێنه‌یه‌کی ته‌ماوییه‌، ئه‌وه‌ فه‌زای گشتیی چیرۆکه‌که‌یه‌ وێنه‌ی نووسه‌رمان پێشان ده‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی یاخییه‌ به‌ڵام خۆشی جیا ناكاته‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا. له‌ چیرۆکه‌که‌دا هاتووه‌:
    – بۆنی عه‌تره‌کانی ته‌فره‌یان ده‌دای.
    – وات ده‌زانی که‌نارییه‌ک له‌ناو قوڕگیدایه‌.
    – ئه‌گه‌رچی ئه‌وان وایان ده‌زانی تۆ له‌ داخی ئه‌و نازناوه‌ وازت هێنا…
    – که‌واته‌ ئه‌و چه‌ند جاره‌ی یه‌کتریتان ده‌بینی، ئه‌و مردبوو له‌ گۆڕستان گه‌ڕابۆوه‌.
    – هیچ له‌وه‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه‌ چۆن و که‌ی و له‌ کوێ به‌ یه‌کتر گه‌یشتوون؟…
  • داهێنان و پاسۆلۆژی:
    لای ده‌روونناسی نه‌مساوی (سیگمۆن فرۆید) دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی دەروونشیکاری، داهێنان په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ حەده‌سه‌وه‌ و حاڵه‌تێکی پاسۆلۆژییه‌. (فرۆید) له‌ ڕێگا‌ی بیردۆزی دەروونشیکارییەوە، شیکردنه‌وه‌ی بۆ هونه‌ری (داڤینشی) و (دیستۆڤسکی) و (شێکسپیر) ده‌کرد، پێی وابوو هونه‌ر هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ فاکته‌رێک بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌ سێکسییه‌کانی مرۆڤ و حاڵه‌تێکی سێکسیی پاسۆلۆژییه‌. دابونه‌ریتی کۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی لاواز له‌گه‌ڵ سێکساندندا ده‌کا، هۆکاره‌ له‌پشت هونه‌رەوە. به‌ بۆچوونی من ئه‌و بۆچوونه‌ی (فرۆید) به‌رهه‌می نه‌خوێندنه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌وروپا و پێگه‌ی سێکس (sex) له‌ داهاتووی ڕۆژئاوایه‌، ئه‌و کاته‌ی سێکس زۆربه‌ی سنووره‌کان ده‌به‌زێنێ.
    بۆی هه‌یه‌ جوانترین هونه‌ر هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بێت که‌ بۆشایی سێکسیی نییه‌ ئه‌مه‌ بۆ جڤاتی ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی دروسته‌. داهێنانی چیرۆکه‌که‌مان، به‌رهه‌می فيکرێکی نزیک له‌ مناره‌ و دار و به‌رد و چه‌ک و سێکسێکی ته‌ماوی و خوێنه‌، نه‌ک نزیک له‌ مه‌مک و باسک و پشت و بنهه‌نگڵ و داوێنی ژنی ئه‌وروپی.
    (فیلیپ ڕۆس) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ (میلان کۆندێرا) ویستی بۆچوونی ئه‌و بزانێ بۆ سێکس وه‌کو ڕۆماننووسێک. (کۆندێرا) وه‌ها وه‌ڵامی دایه‌وه‌: باسی سێکس چیتر قه‌ده‌غه‌ نییه‌. ڕاوه‌ستان به‌ وێناکردنی گشتی یان ددانپێدانانی سێکسه‌وه‌، سه‌ر‌نجڕاکێش نییه‌، به‌ڵکو وه‌رسکه‌ره‌.
    له‌م ده‌قه‌دا کار بۆ جیاکاری و تێکشاندنی فۆڕمه‌ دووباره‌کان و به‌خشینی مانایه‌کی تازه‌ به‌ دێره‌کان کراوە. (بلۆم) مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر به‌ر له‌ هه‌ر شت له‌ خۆی ده‌پرسێ: چۆن ئه‌ده‌بێکی جیاواز بنووسم؟ شیعرێک به‌ خه‌یاڵی که‌سدا نه‌هاتبێت. چۆن چۆنی جیاکاری دروست بکه‌م؟ له‌ باسی (فۆڕمشکاندن)دا ئه‌م باسه‌ زیاتر که‌وته‌ سه‌ر پای خۆی و پۆلێن کرا له‌ تیۆرییه‌ک له‌مه‌ڕ (میتۆدی خوێندنه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق). (بلۆم) نووسی: ئه‌ده‌ب فێرمان ده‌کا له‌پێناوی داهێنان و واتای تازه‌دا، فۆڕم تێکبشکێنین.
    (دێریدا)به‌ پێچه‌وانه‌ی (ئه‌فلاتون)ەوە پێی وابوو هه‌موو وشه‌ و نیشانه‌یه‌ک په‌یوه‌سته‌ به‌ جیاکارییه‌کی واتادار. له‌ چیرۆکه‌که‌دا جیاوازیی فيکریی کاره‌کته‌ره‌کان ڕێگر نه‌بووه‌ له‌ به‌رده‌م کۆکبوون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌گه‌لێک که‌ ته‌نها له‌ ساتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین نه‌ک له‌کاتی قسەکردن لەبارەیەوە. جیاوازییه‌کان ڕێگر نین له‌ به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ هاوبه‌شه‌کان، جیاوازیی بزوێنه‌ری هاوبه‌شی و هاوبه‌شی فه‌زای به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی جیاوازییه‌. قه‌شه‌ (ئۆگه‌ستین 354-430ز) که‌ بیرۆکه‌کانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی نێوان بیری مه‌سیحی و یۆنانی کۆن بوون، له‌ باسی کۆمه‌ڵگادا که‌متر باسی جیاوازییه‌کان ده‌کا تا هاوبه‌شه‌کان، لای ئه‌و کۆمه‌ڵگا‌ بریتییه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک که‌ بیروباوه‌ڕی هاوبه‌ش کۆیان ده‌کاته‌وه‌.

    فه‌لسه‌فه‌:
    ڕه‌نگه‌ يه‌كێك له‌ كاره‌كانی چیرۆک ورووژاندنی پرسیاری قووڵ بێت. به‌ نموونه‌: “بناغه‌ی دروستبوونی گه‌ردون چییه‌؟”
    ئه‌م پرسیاره‌ گرفتێکی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ له‌ به‌رده‌می فه‌لسه‌فه‌ و فه‌لسه‌فه‌کار و فه‌زای فه‌لسه‌فی له‌ ڕۆژئاوا و ڕاڤه‌ی بۆ کراوه‌. کێشه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر سێ قۆناغه‌که‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بوو که‌ هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی بوونیان بۆ هۆکاری ماددی ده‌گه‌ڕانده‌وه‌. مه‌به‌ستم له‌:
    قۆناغی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ر له‌ (سۆکرات).
    قۆناغی (سۆکرات) تاوه‌کو (ئه‌رستۆ).
    قۆناغی دوای (ئه‌فلاتون) (ئه‌و قۆناغه‌ تاوه‌کو سه‌ره‌تای چه‌رخه‌کانی ناوه‌ڕاست درێژه‌ی کێشا). هه‌ر بۆ نموونه‌:
    _ تاڵیس (560-548پ. ز) بناغه‌ی دروستبوونی بوونی بۆ ئاو ده‌گه‌ڕانده‌وه‌.
    _ ئه‌نکسمندریس (610 – 545پ. ز) بۆ هه‌وای گه‌ڕاندۆته‌وه‌.
    _ هیراکلیس بۆ ئاگر و پارمه‌ندیس بۆ هه‌بوونی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
    _ ئه‌نبادوکلیس ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پێنج توخمی (ئاگر، هه‌وا، ئاو، خۆڵ و کاریگه‌ری). ئه‌و توخمانه‌ش وه‌کو خودای ئه‌فسانه‌یی باسیان لێوه‌ کراوه‌.
    فيکر له‌م چیرۆکه‌دا بۆ چه‌ند به‌شی جیاواز دابه‌ش ده‌بێته‌وه‌. دابه‌شبوون به‌ مانای په‌رته‌وازه‌بوون و شه‌قبوون نایه‌ت، به‌ڵکو‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی فيکره‌ بۆ به‌شه‌کانی. ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی خه‌یاڵی خوێنه‌ر په‌یوەندییه‌کی ڕاسته‌وانه‌ و دانه‌بڕاوی‌ له‌گه‌ڵ کۆبونه‌وه‌ی فيکری نووسه‌ر و یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارچه‌کانی خه‌یاڵی هەیە، بۆ ئه‌وه‌ی بکێشن به‌ یه‌کتردا و وه‌کو بروسکه‌ بگرمێنن و ده‌قێکی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌م بهێنن. به‌رهه‌مه‌که‌ وه‌کو شتێکی ده‌سته‌مۆ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان خۆی ئاشکرا ده‌کا، خوێنه‌ر پێویستی به‌وه‌ نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌یاڵدانی (کاروان) و شرۆڤه‌ی فيکری و مه‌عریفی بۆ بکا. خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ ڕێگاکه‌مان بۆ کورت ده‌کاته‌وه‌، وشه‌کان ده‌بنه‌ ماسی و کۆی ده‌قه‌که‌ش ده‌بێته‌ ده‌ریا نه‌ک کۆمه‌ڵه‌ ماسی، چونکه‌ وشه‌کان له‌ خه‌یاڵدا نوقم بوونه‌ و مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌ به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ وشه‌کاندا نییه‌، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌یاڵه‌شه‌ که‌ له‌ پشتی وشه‌کاندا خۆی مه‌ڵاس داوه‌ و وشه‌کان له‌ ناویدا مه‌له‌ ده‌که‌ن.
    له‌ یادمان نه‌چێت خه‌یاڵی پشت وشه‌کان یه‌کسان نییه‌ به‌ خه‌یاڵی نێو خه‌یاڵدانی چیرۆکنووس. وشه‌کان گرينگ نین، ماناکان گرينگن. زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ی له‌ چیرۆکه‌که‌دا هاتوون له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ماندا به‌ کاریان ده‌هێنین، بەڵام ئه‌وه‌ ماناکانن جیاوازییه‌کان دروست ده‌که‌ن.
    ده‌ق به‌رده‌وام فيکر به‌رهه‌م دێنێ و کاڵی ده‌کاته‌وه‌. ده‌کرێ ده‌قی ئه‌ده‌بی ببێته‌ مه‌ڵبه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی بیرۆکه‌ی فه‌لسه‌فی و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئایدیا و جیهانبینییه‌کان. (فۆکۆ) له‌ کتێبێکی ئه‌ده‌بی سه‌ده‌ی شازده‌هەمەوە چه‌ندین تێزی فه‌لسه‌فی هه‌ڵهێنا، که‌ (دۆنکیشۆت)ی (سێرڤانس) بوو. ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌ ته‌نها گوزارشت نییه‌ له‌ ئه‌دیببوونی نووسه‌ر, زۆرجار هه‌وڵێکه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی فيکری فه‌لسه‌فی، هه‌ندێجار بارودۆخه‌که‌ ده‌گۆڕێ. فيکری فه‌لسه‌فی و ژیانی فه‌یله‌سوفه‌کان ئاراسته‌مان ده‌که‌ن بۆ نووسینی ده‌قی ئه‌ده‌بی.
    به‌ردبارانکردنی (ژان ژاک ڕۆسۆ)، دادگایيکردنی (سۆكرات)، شێتبوونی (نیتشه‌)، ده‌کرێ ببنه‌ بیرۆکه‌ی نووسینی چه‌ندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بیی تر. خۆکوشتنی (گۆگۆل) و ژیانی (ئه‌کاکی ئه‌کاکیفیجی) نێو (پاڵتۆ)، زیندانیکردنی (مه‌رسۆ)ی نێو (نامۆ)ی (ئه‌لبێر کامۆ)، (راسکۆڵنیکۆف)ی (دیستۆڤسکی)، ئه‌مانه‌ فيكر به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن.
    گرنگترین ئه‌و پرسیاره‌ فيكرييانه‌ی چیرۆکه‌که‌ دروستیان ده‌کا:
    – مردووه‌کان له‌ کوێی زیندووه‌کاندان؟
    – خۆکوشتن سه‌ره‌تای ئه‌به‌دیه‌ته‌ یان ئه‌به‌دیه‌ت سه‌ره‌تای خۆکوشتنه‌؟
    – دایکانمان چی ئێمه‌ بوونه‌ له‌ سه‌ره‌تادا؟ (به‌ر له‌ بوونی ئێمه‌).
    – منداڵی یانی چی؟

بڵند باجه‌لان

سه‌رچاوه‌كان:

  • بیری پۆستمۆدێرنیزم ، ئازاد حەمە، هەولێر، 2002
  • لێبووردەیی و فەلسەفە, رێبوار سیوەیلی، هیوا حاجی، نەوزاد جەمال، هەولێر ، 2009
  • فەلسەفە بۆ ئەو كەسەی دەیەوێت, د : نبیل عبدولحەمید عبدالجبار، هەولێر، 2010
  • سۆران ئازاد، کاردانه‌وه‌ی هزر (فکر) له‌ ڕۆمانی کوردیدا، ده‌نگه‌کان، 2012
  • مناره‌ی ئاوه‌دانی، کاروان کاکه‌سوور، گۆڤاری ئایینده‌، ژماره‌ نه‌وه‌د و یه‌ک.
  • مدرنیته‌ و مدرنیسم, مجموعه‌ مقالاتی در سیاست، فرهنگ و نظریه های اجتماعی, ترجمه‌ و تدوین: حسین علی ، تهران 1378
  • أزدواجیه‌ العقل, دراسه‌ تحلیلیه‌ نفسیه‌, کتابات حسن حنفی, جورج طرابيشی.



هێڵ و گونجاندنی هێزی خود له‌ ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:
هه‌میشه‌ گه‌یشتن به‌ فه‌زای ئه‌و وشانه‌ی له‌ ڕۆحه‌وه‌ ده‌رده‌چن، پێویستی به‌ مه‌عریفه‌ هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌باره‌ی (فه‌زای شیعری) بكه‌ین، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌، پێویستیمان به‌ دروستكردنی دنیایه‌ك هه‌یه‌، بانگمان ده‌كا بۆ خۆشه‌ویستی و به‌رائه‌ت و ترازان له‌ كینه‌ و تارمایی.
ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر بریتی نییه‌ له‌ دابه‌شكردنی ده‌ق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ده‌قی (باش) و (خراپ)، به‌ڵكو گه‌یشتنه‌ به‌و فه‌زایه‌ی، ڕۆح تیایدا سه‌نته‌ره‌ و ئاگادار كردنه‌وی خوێنه‌ریشه‌ له‌و ته‌گه‌ره‌ ده‌ستكردانه‌ی، زۆرجار (جه‌هلی ئه‌ده‌بی)، كه‌ به‌رهه‌می (كینه‌ی ئایدۆلۆژی و فیكری و ده‌روونییه‌)، له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی.
بۆ گه‌یشتن به‌و ڕۆحه‌ شیعرییه‌، كار ده‌كه‌ین بۆ كه‌شفكردنی چه‌ند كۆدی شاراوه‌ی نێو دنیای مه‌ودا فراوانی شیعری (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین توانیویه‌تی، خوێنه‌ر بخاته‌ نێو بازنه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی، هه‌میشه‌ پێویستییان به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ هه‌یه.‌
شیعر دنیایه‌كه‌ سه‌ربه‌خۆ. سه‌ربه‌خۆیی دنیای شیعر سنوورداره‌، شیعر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار، سه‌ربه‌خۆیه‌. ئه‌وه‌ی سنووری سه‌ربه‌خۆیی شیعر دیاری ده‌كا, فیكره‌. ئه‌وه‌ فیكره‌ وا ده‌كا شیعر سه‌ربه‌خۆ بێت, وه‌لێ‌ فیكر خۆشی دیارخه‌ری سنووره‌، كه‌واته:‌ فیكر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار ده‌به‌خشێ‌ به‌و دنیایه‌ی ناوی شیعره‌. سنووره‌كانی شیعر، كه‌ فیكر دیاری كردوون, پێویستین. له‌ودیو ئه‌و سنووره‌ سروشتییانه‌ی شیعردا ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی تر بوونیان هه‌یه‌. سنوورداركردنی سه‌ربه‌خۆیی شیعر دواجار به‌خشینی سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوه‌ به‌ شیعر ئه‌و كاته‌ی قسه‌ دێته‌ سه‌ر (شیعری جوان).
‌ بۆ نووسینی شیعرێكی جوان, بوونی ئه‌و سنووره‌ جوانانه‌ پێویستین, چونكه‌ جوانییه‌كی فیكری ده‌به‌خشن به‌ شیعر، ئه‌گه‌ر ئه‌و سنوورانه‌ گوزارشتێكی ڕووت بن له‌ خودی فیكر, كه‌واته:‌ ده‌ركه‌وت شیعر پێویستی به‌ فیكره‌، فیكریش پێویستی به‌ شیعره‌, له‌ كاتێكدا فیكر و شیعر ده‌كه‌ونه‌ نێو یه‌ك بازنه‌ی خودییه‌وه‌, واته:‌ ئه‌گه‌ر شیعر بازنه‌یه‌كی هه‌بێت, یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و بازنه‌یه‌ فیكره‌, به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه،‌ ئه‌گه‌ر فیكر بازنه‌یه‌كی سروشتی هه‌بێت, ئه‌وا شیعر كه‌لێنێك له‌و بازنه‌یه‌دا پڕ ده‌كاته‌وه‌.
شیعرییه‌ت چڕ بوونه‌وه‌ى حاڵه‌تێکى واقیعى و زانستى نییه‌، قسه‌کردن له‌باره‌ى خۆ گرێدانه‌ به‌ گوریسى نه‌گه‌یشتنه‌وه‌. شیعرییه‌ت لای هه‌ندێ شاعیر، به‌ وێنه‌ و ڕایه‌ڵێكى فیکرى و مه‌عریفى، خۆى نه‌خستۆته‌ ڕوو، وه‌کو هاوكێشه‌یه‌كی ته‌مومژاوى له‌ چه‌ندین شوێن به‌یان نه‌بووه‌، شیعرییه‌تێکه‌ ده‌کرێ ببینرێ، به‌ڵام ناکرێ بکرێته‌ میکانیزمى به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌.
لێدوان له‌ شیعرییه‌ت له‌ سیاقێكی ڕه‌خنه‌یی وشكدا، ڕشتنى خوێنى شیعره‌ (poem) و نووسینه‌وه‌ى نه‌هامه‌تییه‌کانه‌ به‌ خوێنى ئه‌ده‌ب، ئێمه‌ ته‌نیا قسه‌ له‌باره‌ی جۆرى شیعرییه‌ت ده‌که‌ین. (ڕۆلان بارت) له‌ کتێبى (ئه‌فسانه‌ناسیدا – fable logy) ڕه‌خنه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گره‌کان ده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێیان وایه‌ ده‌قێک، که‌ ئه‌وان تێى نه‌گه‌ن؛ خوێنه‌ریش تێى ناگا. گرژى ڕه‌خنه‌گره‌ کۆنه‌کان گه‌یشته‌ ئاستێک، که‌ ده‌قه‌کانى (بارت) به‌ بێبه‌ها و بێسه‌لیقه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن، دواجار (بارت ) وه‌ڵامى به‌شێک له‌ ڕه‌خنه‌گره‌ کۆنه‌کانى دایه‌وه‌ له‌ کتێبى (ڕه‌خنه‌ و حه‌قیقه‌ت)دا.
پێناسه‌كان بۆ ڕه‌خنه‌ جیاوازن. (کریتیک) لاى (شێکسپیر) به‌ واتاى تێپه‌ڕاندنى سنووره‌ ئه‌خلاقییه‌کانه‌. ئه‌خلاق لێكدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تى هه‌یه‌ لاى (شێکسپیر) که‌ له‌ ده‌قه‌کانیدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌. (هاملێت) و (ماکبێس) گوزارشت له‌ فۆڕمێک له‌ ئه‌خلاق ده‌که‌ن به‌ جیاوازییه‌کانى نێوانیانه‌وه‌. گرنگه‌ ڕه‌خنه‌گره‌کان گوێ به‌ بۆچوونى جیاواز بده‌ن و کار بۆ به‌ته‌خته‌بوون و به‌به‌فربوونى عه‌قڵ نه‌که‌ن.
لاى (کانت)ى فه‌یله‌سووفى مۆدێرنه‌، ڕه‌خنه،‌ واته:‌ فۆڕمێک له‌ دادوه‌رى، (هیگل)یش ڕه‌خنه‌ى به‌و واتایه‌ى (کانت) قه‌بووڵ کردووه‌ و له‌ (ئۆدیسه‌ى ڕۆح)دا به‌کارى هێناوه‌.
جوانترین ده‌ق ئه‌و ده‌قه‌یه‌، زۆرترین ڕه‌خنه هه‌ڵده‌گرێ و زۆرترین به‌یه‌کداکه‌وتن و جه‌نگى ناوخۆیى له‌ نێوان وشه‌کانیدا ڕووده‌دا. وه‌کو پێویستییه‌ک و ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ ستایشکردن، ڕه‌خنه‌م گرتووه‌.
دووپات کردنه‌وه‌ى ڕوانگه‌ نه‌ریتییه‌کانى دڕدۆنگى توندڕه‌وانه‌ و پابه‌ندبوون به‌و واقیعه‌ى له‌ وه‌هم و ئه‌ندێشه‌ ڕووته‌کانه‌وه‌ نزیکه‌، تاریکستانى فیکر به‌رهه‌میه‌تى. ڕه‌خنه‌گرتن له‌ پاڵ ئه‌وه‌ى كرده‌یه‌کى درێژکراوه‌ و درێژخایه‌نى مه‌عریفییه‌، دروشم و سیمبوله‌ و له‌ په‌ناگه‌ی ئه‌ده‌بیى و فیکریدا، خۆمان (منى نووسه‌ر ) و ده‌قه‌کانمان (ده‌قى نووسراو )ى پێ ده‌ناسینه‌وه‌.
که‌سانێک ئه‌و میتۆده‌یان به ‌دڵ نییه‌، ئه‌م وته‌یه‌ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌: (شیعر هه‌موو که‌سێک پێى ده‌وێرێ)، ئه‌م وته‌یه‌ زاده‌ى نه‌بوونى ڕۆشنبیرییه‌کى فیکرى و شیعرییه‌ و دابڕانه‌ له‌ ڕۆشنبیریى ئێستاى ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بنه‌ماى شیعرى (نه‌ک پێوه‌رى شیعرى) ڕێککه‌وتین، که‌ شیعره‌کانمانى له‌سه‌ر هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وا چیتر شیعر بێده‌سه‌ڵات نییه‌، ته‌نیا شاعیره‌کان ده‌توانن بینووسن، شاعیریش ئه‌و که‌سه‌یه‌، که‌ شیعر ده‌نووسێ، شیعریش واته‌ شیعرییه‌ت و شتى تر.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ لێكۆڵه‌ر‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت نییه‌ به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یبینێ، به‌ڵكو بینینی بابه‌ته‌كه‌یه‌ به‌و جۆره‌ی هه‌یه‌، ئه‌و كرداره‌ش كامڵ نابێت تا به‌ چاوی وشه‌ی نێو ده‌قه‌كانه‌وه‌ سه‌یری ده‌قه‌كان خۆیان نه‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ سه‌نته‌ر، وشه‌گه‌لی نێو تێكسته‌، دواجار یه‌كگرتنی وشه‌كان ڕسته‌گه‌لی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌: (هه‌ڵبه‌ت مامه‌ڵه‌ی لێكۆڵه‌ر‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ و ڕسته‌، دوو مامه‌ڵه‌ی جیاوازه‌). ده‌ره‌نجامی یه‌كگرتنی ڕسته‌كان، هاتنه‌ كایه‌ی تێكسته‌ به‌ ژانره‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌. هه‌موو تێكستێك ڕووبه‌ڕووی چه‌ند ڕێگایه‌كی بێكۆتایی ده‌بێته‌وه‌، له‌ دیارترینی ئه‌و ڕێگایانه‌ش، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ وه‌كو ڕێگایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناخ و دڵی ده‌ق: (لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌مان به‌ رێگا چوواند، ئه‌گینا خودی لێكۆڵینه‌وه‌ش تێكسته‌).

پاژی یه‌كه‌م: خود چییه‌؟
قسەكردن لەباره‌ی چەند بابەتێك بەیەكەوە، پێویستی بە جۆرێك لە پۆلێنكردن هەیە، یانی ناكرێ‌ ئێمە قسە له‌باره‌ی بابەتی ئەخلاق بكەین، ئەگەر قسەمان نەكردبێ‌ لەباره‌ی خود، بەڵام بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، پێویستیمان بە گەڕانەوە نییە بۆ ئەخلاق، چونكە خود دەروازەی ئەخلاقە نەك بە پێچەوانەوە.
بۆیە من وەكو نووسەری ئەم بابەتە، ڕێگا بە خۆم دەدەم ڕاستەوخۆ و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەخلاق، قسە لەباره‌ی خودی مرۆڤ بكەم، بەڵام دواجار ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، كە ئەو مرۆڤانەی باسیان دەكەین بكەونە دەرەوەی ئەخلاقەوە، بابەتەكە پەیوەستە بە پێویستی قسەكردن و ئەوەی، كە من دەبێت چی بڵێم و دەبێت چی نەڵێم.
بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك دەرگای جیاواز دەبینەوە، هەندێ‌ لە دەرگاكان كراوەن و هەندێكی تریان داخراون و هەندێكی تریان شكاون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كەلتووری جیاواز و وێنا جیاوازەكانی خود و شێواز و میتۆدە جیاوازەكانی قسەكردن لەباره‌ی خود.
مەبەست لە خود، كەسی یەكەمی قسەكەرە، واتە: منی بینراو، كە دەمەوێ‌ حەقیقەتی كەسیی خۆم و حەقیقەتی شتەكانی دەوروبەرم بخەمە ڕوو، ئەو مەودایەی لە نێوان خود و دەوروبەر هەیە، بەستراوەتەوە بە زەمەنەوە، ئەوە زەمەنە مەودای نێوان خود و ئەویتر دیاری دەكا.
خودێك هەیە لەناو خودی ئێمەدا، ئەو خودە چون منداڵێكی ساوایە، وەلێ‌ زۆر جوان بیردەكاتەوە و توانای بیركردنەوەی بەرزە، ئەو باسەش گفتوگۆ هەڵدەگرێ،‌ كە ئایا ئەو منداڵە ساوایە خودە ڕاستەقینەكەیە یانی ئەو خودەی فەیلەسووفان بە خودی حەقیقی ناوزەدی دەكەن, یان خودی هەڵگری ئەو منداڵە ساوایە خودە حەقیقییەكەیە؟ بە لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاسانتر: ئایا مرۆڤەكەی ناومان خودی حەقیقییە، یان خودی خۆمان؟
ئەوەی ناسنامه‌ی كەسێك دیاری دەكا، وای لێ دەكا بیناسینەوە، دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و پەنجەی لە ئاستدا شل بكەین، چۆنیەتی بینین و تێبینیكردنی خودە جەوهەرییەكەیە، ئەمەش دوو وەسفی گشتی و تایبەتی لەخۆ دەگرێ‌، هەڵگری هەردوو وەسفەكەیە وەكو دوو وەسفی جیاواز، ئەگەر ڕوونكردنەوەیەك بدەین لەو ئاستەدا، ئەوا دەكرێ‌ بڵێین مەبەست لە وەسفی تایبەتی، خاسیەتەكانی كەسەكەیە، ناسنامه‌ی خودیش عەقڵ و ژیری خودە، واتە: عەقڵ و ژیری ناسنامه‌ی خود دیاری دەكەن و بەرپرسیارن لەو ناسنامه‌یه‌.
ئێمە هەریەكەمان هه‌ست بە خودی تاك دەكەین، هەست بەوە دەكەین ئەوەی لە بەرانبەرمانه‌ شتێكە، كە دەكرێ‌ لە وشەیەكدا چڕی بكەینەوە، ئەویش وشەی (تاك)ە، دەشكرێ‌ بڵێین خودێك، كە جێگای گومان نییە. دڵنیاین لەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، توانای هاموشۆ و خواردن و خەوتن و خوێندنەوە و دواتریش داهێنانی هەیە، خودێكی بیركەرەوەیە، بەو مانایەی توانای بیركردنەوەی هەیە، ئاگایە بە بوونی خۆی و لە بوونی خۆی دڵنیابۆتەوە، هیچ چه‌ندوچوون و گومانێكی نییە لە بوونی خۆی (تیۆریییەكی دیكارت لە فەلسەفەی مۆدێرندا هەیە جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكاتەوە).
كەواتە: ئەو كاتەی مرۆڤ شوێنی نەفسی دەكەوێت، نەفسی دەبێتە خودە ڕاستەقینەكە و ئیتر ئەو كەسە بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی جووڵە دەكا، نەفسی داوای چی لێ بكا ئەوە دەكا، دەست لە هەڵە ناپارێزێ‌، خراپە دەكا و گوێش بەوە نادا، كە دەرەنجامی هەڵەكانی بەرەو كوێی دەبەن, تا ئەو كاتەی, بڕیار لەسەر خۆی دەدا بەوەی تەسلیمی نەفسی دەبێت و ئیتر بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی دەجووڵێتەوە، دەبێتە كۆیلەی نەفسی.
ئەگەر بڕیار بێت خود كۆی هۆشیاری نەبێت وەك ئەوەی (جۆن لۆك) دەڵێ‌، ئەوا خود بەشێكە لە عەقڵ، خود ئەو بەشەی عەقڵە, هەڵگری ڕابردووە، لای (جۆن لۆك) ئەمە گوزارشتە لەوەی كە ئێمە هەمان كەسین لە پەنای گۆڕانە ڕادیكاڵییەكاندا. لای (كیركگارد)، خود یەكسانە بە سۆز و لای (نیتشە) خود (ئیرادە)یە. دەشكرێ‌ خود بیركردنەوەی عەقڵانی بێت.
لێرەدا پرسیار دەكەین: (ئایا ئێمە جگە لە ناسینی خۆمان، توانای ناسینی ئەوانی تریشمان هەیە؟) ئەگەر قسەكردن لەباره‌ی هەر یەكێك لە ئێمە قسەكردنێكی ڕووت بێت لەباره‌ی هۆشیارییمان و قسەكردن لەباره‌ی هۆشیاری قسەكردن بێت لەباره‌ی ئێمە، لەو ئاستەدا چۆنچۆنی دەتوانین بگەین بە خودەكانی دەرەوەی خودی خۆمان؟
(سارتەر) پێی وابوو خود بەردەوام لە داهاتوودا دانیشتووە، ئێمە دەمانەوێ‌ خۆمان بكەین بە شتێك. ئەو تیۆرییانەی لە فەلسەفەدا پێیان وایە خود بوونی هەیە، لای سارتەر بێكەڵكن، چونكە سارتەر پێی وایە خودی ڕەسەن شتێكە بنیاتدەنرێ‌، شتێك نییە بدۆزرێتەوە، سارتەر ئەو تیۆرییانە بە بەدئیمانی ناودەبا.

پاژی دووه‌م: خنكان له‌نێو دنیای جوانیدا:
خنكان هه‌ر به‌ ته‌نیا وێستگه‌ی گه‌یشتن نییه‌ به‌ مردن، به‌ڵكو زۆر جار گوزارشته‌ له‌ قووڵترین خاڵی بیركردنه‌وه‌، كه‌ له‌ڕێگایه‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌ حه‌قیقه‌تی زیاتر، كه‌واته:‌ جۆرێك له‌ خنكان هه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی گه‌ڕان به‌دوای حه‌قیقه‌ته‌وه‌ پێی ده‌گه‌ین.
(ئاوه‌دانی ڕه‌گم
ڕه‌گ ده‌مگه‌یه‌نێ به‌ لێهه‌ڵبووم
لێهه‌ڵبووم بۆم ده‌ڕوانێ
لێوی په‌ڕیوم به‌ گۆلمی خۆم وه‌ده‌نێم
پرچی په‌رتی مناڵیم هێشووی سێبووری گرتووه‌
دێم و كۆت و به‌ندی كات و ناكات ده‌كه‌مه‌وه‌)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 9.
له‌م كۆپله‌ شیعره‌دا، شاعیر مرۆڤ په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ڕه‌گه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌خشه‌ری هێزه‌ به‌و مرۆڤه‌ی، ویستی گه‌یشتنی هه‌یه‌ به‌ وزه‌ی درێژه‌دان به‌ ژیان. دیسانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ منداڵی، پشت به‌ست به‌ ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕه‌گه‌ی شاعیر تێبینی ده‌كا، سێبووری بۆ ئێستای شاعیر ده‌هێنن، ده‌ره‌نجام منداڵیی شاعیر پڕ ده‌بێت له‌ ده‌نكه‌ ترێ و دڵۆپه‌ فرمێسك كه‌ تامی بزه‌ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌نجامی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش، كرانه‌وه‌ی ئه‌و كۆته‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه‌، كه‌سێك له‌ زه‌مه‌نێكی شیندا ده‌یانخاته‌ گه‌رده‌نمانه‌وه‌.
زه‌مه‌ن كاتێ شین ده‌بێت، هه‌موو شتێكی نێو زه‌مه‌ن هه‌ر شینه‌، پرته‌قاڵه‌كان شینن و په‌نجه‌ره‌كانیش هه‌ر شین، ده‌رگاكان شینن و فرمێسكه‌كانیش هه‌ر شین، بۆیه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌و (شینستانه‌)، پێویسته‌ به‌رده‌وام ئێستامان گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ منداڵی، چونكه‌ ئه‌و دنیا په‌مه‌ییه‌ی له‌نێو خه‌یاڵی زۆرێكمان بوونی هه‌یه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ باخچه‌ سه‌وزه‌كانی ئه‌وێدا پێی بگه‌ین، ئه‌گینا بیابانی شینی (گه‌وره‌بوون)، هه‌رگیز نابێته‌ مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵه‌ په‌مه‌ییه‌كان.
وه‌كو گوتمان، شاعیر تێبینی ئه‌و ڕه‌گه‌ پته‌وه‌ ده‌كا، كه‌ هێزی ئه‌وه‌، هێزی خۆشویستنی وشه‌ و نیشتمان و خودا، هێزی به‌رگه‌گرتن به‌رانبه‌ر ئازار و سه‌راب و ناڕه‌حه‌تی، كه‌ ئه‌مه‌ش دیدگای (نیتشه‌)یه‌، كاتێ پێی وابوو، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و دژی بۆچوونی (شۆپنهاوه‌ر) بوو، كه‌ وجودی ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك قه‌بووڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و پێی وابوو، كه‌ به‌زه‌یی تۆ به‌رانبه‌ر به‌ من، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه،‌ ترسی ئه‌و ئازاره‌ی تووشی من بووه‌، له‌ خۆت دوور بخه‌یته‌وه‌.
پاژی سێیه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت و ترسان له‌ سروشت:
ئه‌و ساته‌ی، مرۆڤ له‌نێو سروشتدا، سروشتێكی به‌د نمایش ده‌كا، ئه‌وا به‌رانبه‌ر تووشی ئازارگه‌لێك ده‌كا، وه‌كو ئازاره‌كانی نێو سروشت ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چی له‌نێو وێنا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و نمایشه‌، ده‌زانین، كه‌ ئازاره‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ ئازاری مرۆڤه‌ به‌ده‌كان كه‌ ده‌مانسووتێنن.
( سروشت هه‌موو شتێكت ترساندوومی
لرفه‌ی ئاگرت
بڵندایی چیات
گه‌فی ڕووبارت
ده‌شتایی ڕووتت
په‌نجه‌م له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 5.
ترسان له‌ سروشت، ترسانه‌ له‌و دیوه‌ بینراوه‌ی، كه‌ مردن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌ شیعره‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ترسان له‌ مردن بوونی نییه‌، ته‌نیا ترسان له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ مردن هه‌ستی پێ ده‌كرێ، بۆیه‌ شاعیر وه‌كو كاره‌كته‌رێكی بوێر باسی ئازاری ئه‌و سروشته‌ ده‌كا، بوێرییه‌ك كه‌ له‌ ترسان له‌ ئاگر و چیا و ڕووبار و ده‌شتاییدا به‌ كۆتا ده‌گات، ترسانێك، كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو، یان گیان پێ نه‌ماو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
مرۆڤ له‌ ئه‌ستانه‌ی گه‌یشتن به‌ مردن، له‌وه‌یه‌ بیر له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌و مردنه‌ بكاته‌وه‌، وه‌ك چۆن باڵنده‌یه‌ك ده‌فڕێ و ده‌شزانێ فڕینی ئه‌و له‌وه‌یه‌ مردنی ئه‌و بێت، له‌وه‌یه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌و فڕینه‌یدا، ببێت به‌ قوربانیی فیشه‌كێك، یان ساچمه‌یه‌ك، یان دارلاستیكێك، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ترسانه‌ له‌ فڕین پاشگه‌زی ناكاته‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ فڕین به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، بێكۆتایه‌.
(سارتەر) لە شانۆنامەی (دەرگای داخراو)دا، لەسەر زاری كارەكتەرێكەوە دەڵێت: (نەخێر لە دۆزەخدا پێویستیمان بە گورزی ئاگرین نییە، دۆزەخ هەر ئەمانەی دەوروبەرمانن). ناڕەحەتیی نائاسایی (سارتەر)، بەشێكی پەیوەستبووە بە شێوەی (سارتەر) خۆیەوە، كە خاوەنی دوو چاوی كز بووە و مامەڵەی ئەوانی تر لەگەڵیدا لە منداڵییەوە نائاسایی بووە، دواجار (سارتەر) نیگای ئەوانی تر بە ڕق و كینەوە ڕوون دەكاتەوە، بۆیە ژیان لەگەڵ ئەوانی تر لای ئەو فەیلەسووفە، دۆزەخێكە بۆ خۆی، چونكه‌ هه‌ست به‌و ئازاره‌ ده‌كا كه‌ له‌ مرۆڤه‌كانه‌وه‌ پێمان ده‌گه‌ن.
پاژی چواره‌م: له‌ ئه‌زموونی مردنه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی گۆڕستان:
گۆڕستان ئه‌زموونێكی تازه‌یه‌ بۆ مرۆڤ به‌ هه‌میشه‌یی، چونكه‌ به‌رده‌وام مردووی تازه‌ دێنه‌ نێو گۆڕستان، بۆیه‌ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ به‌رده‌وام خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌رده‌وام له‌سه‌ر حیسابی خوێن و ئێسقان و جه‌سته‌ی ئێمه‌، بانگه‌شه‌ بۆ ڕیفۆڕم ده‌كا.
( گۆڕستان ماڵێكه‌ ئازیزه‌كانی بانگ ده‌كاته‌ ناو خۆی به‌ مه‌دالیا ناسراویان ده‌كا
فێری زمانی هه‌موومان ده‌بن
له‌
كتێب و
چرا و
سرووش و
شۆڕش و
ئه‌سپ ده‌دوێن
دارشه‌خسه‌كانی لێیان ده‌بڕدرێ بۆ
لانك و
بلوێر و
گۆپاڵ و
په‌رژین
چۆن و به‌ چ تامه‌زرۆیییه‌ك ده‌مخه‌یته‌ سه‌ر دووباڵی به‌هێزی فڕین
ئای فڕین به‌ره‌و كوێم ده‌بات)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 19.
شاعیر باسی ونبوونی ئازیزه‌كان ده‌كا له‌نێو گۆڕستاندا، باسی ئه‌و لێدوانه‌ ده‌كا، كه‌ لێدوانه‌ له‌ كتێب و چرا و شۆڕش و ئه‌سپ، دواتر (فڕینی نادیار) كه‌ فڕینه‌ به‌ره‌و دنیایه‌كی نادیار، خه‌یاڵی شاعیر داگیر ده‌كا، فڕینێك له‌پاڵ ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی، له‌خۆگری تامه‌زرۆییه‌كانی گۆڕستانه‌ و وێناگه‌لی وه‌كو لانك و بلوێر و گۆپاڵ و په‌رژین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
گۆڕستان پێمان ده‌ڵێ: شكستی مەزن ئەو شكستەیە, مرۆڤ هەست بكا لەسەر ڕێگایەكی ڕاستە و هەر ئەو ڕێگایەش سپاردەی دۆزەخی بكا، شەڕ لە پێناوی ئایدیایەك بكا، هەر ئەو ئایدیایەش بیبا بەرەو كەناراوەكانی مردن، شانازی بە مەعریفەیەكەوە بكا، هەر ئەو مەعریفەیە وجود و بیركردنەوە و عەقڵی لێ بسێنێ‌، كەواتە: لەو ساتەدا ئەو مەعریفەیە هیچ نییە جگە لە جەهلێكی خەست، كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێ بۆ گومڕابوونی زیاتر.
مادام ژیان هەر كۆتایی دێت و لە چركەساتێكدا دەبینەوە بە سفر، كەواتە: ئەوەی دەمێنێتەوە، ڕابردووی ئێمەیە، هەر ئەو ڕابردووە بەرپرسیارە لە داهاتووی ئێمە و خۆشی و ناخۆشی ئێمەی پێوە لكاوە، بەئەندازەی جوان كێشانی تابلۆی ڕابردوومان، باخچەی ئایندەمان فراوانتر دەبێت, ئەو حەقیقەتە شتێكە پێویستی بە سەلماندن نییە، چونكە زمانی حاڵی هەموو مردووەكان ئەوەمان پێ دەڵێن، كە ژیانی دنیا كۆتایی بۆ هەیە، بەڵام وێستگەی جوانكردن و نەخشاندنی ژیانی حه‌قیقییه‌، هەر ئەو چركەساتەی سپاردەی خاكمان دەكەن، تێ دەگەین ئازاردانی ئه‌وانی تر، چ كارەساتێكی مەزن بوو، وەلێ‌ تازە درەنگە بۆ هەموو شتێك.
كۆتایی:
شاعیر به‌ر‌ده‌وام له‌م به‌رهه‌مه‌یدا كه‌ (زێوان)ه‌، پێمان ده‌ڵێ: پێویسته‌ به‌ قووڵی له‌ دنیا بڕوانین و مامه‌ڵه‌یه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، هیچ له‌ حه‌قیقه‌تی پووچێتی دنیا كه‌م ناكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:
1- دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م، 2018، هه‌ولێر.
2- ژیان بێمانایه‌؟، بڵند باجه‌لان، 2023، هه‌ولێر.
3- سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، 2022.
4- زه‌ینه‌ب خان له‌نێو دنیای چه‌مكه‌ جیاوازه‌كاندا، بڵند باجه‌لان، هه‌ولێر.




وێنا جیاوازه‌كان له‌ فه‌زای (سڵاو له‌ بیكێت)ی (داستان به‌رزان)دا.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:

(سڵاو له‌ بیكێت)، ناونیشانی ده‌قێكی (داستان به‌رزان)ه‌ كه‌ تیایدا شاعیر به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك وێنای جیاوازی شیعری ئاراسته‌مان ده‌كا، كۆمه‌ڵێك وێنا كه‌ سه‌ر به‌ فه‌زای جیاوازن له‌نێو فه‌زای ده‌قه‌كه‌دا جێگایان ده‌بێته‌وه‌.
له‌ شیعره‌كه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ستانه‌ی له‌ ژیانه‌وه‌ جێده‌مێنن، به‌ خه‌یاڵی گه‌یشتن به‌ مردنێك كه‌ له‌وه‌یه‌ نزیك بێت، ده‌بینین. وێناكان به‌رده‌وام ده‌بن تا سنووری گه‌یشتن به‌و وێنایه‌ی، گه‌یشتن پێی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سنووره‌ ترازاوه‌كانی نیشتمانه‌وه‌. چونكه‌ كۆی ده‌قه‌كه‌ كاركردنه‌ له‌نێو ئازار و سه‌فه‌ره‌ له‌ ئازارێكه‌وه‌ به‌ره‌و ئازارێكی تر، ئه‌وا له‌ سێبه‌ری به‌شێك له‌ دیدگاكانی (فریدریك نیتشه‌)دا(1)، قسه‌ له‌سه‌ر شیعره‌كه‌ ده‌كه‌ین.

پاژی یه‌كه‌م: ئه‌ڵماسه‌كانی نێو جیهانێكی تاریك

گوزارشتكردن له‌ دنیایه‌كی تاریك كه‌ ناخمان پڕ ده‌كا له‌ تاریكی و نیگا و هه‌ستیشمان به‌ هه‌مان شێوه‌، وه‌كو (دنیای هه‌بوو)ی نێو شیعره‌كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌، بۆیه‌ شاعیر به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ له‌م دنیایه‌ ڕابكا، ڕاكردنێك كه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌مان ئه‌و ململانێیه‌یه‌ له‌ ئاستی ژیاندا ده‌یكات.
(( ئه‌ڵماسه‌كان له‌ ناومدا
ده‌جوڵێنه‌وه‌ و
گه‌شه‌ ده‌كه‌ن
ڕێگرییان لێده‌كه‌م نه‌دره‌وشێنه‌وه‌
په‌رش نه‌بن
نه‌شكێن
نه‌توێنه‌وه‌
له‌ جیهانێكدا كه‌ تاریكه‌.))
ئه‌و به‌هایه‌ی له‌ ناخی شاعیردا هه‌ستی پێكرا، هه‌مان ئه‌و ئه‌ڵماسه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ جۆرێك له‌ پارێزگاریی خودی هه‌یه‌، واته‌ ئه‌وه‌ شاعیره‌ ده‌بێت له‌ ئاستی ئه‌و هه‌موو تاریكییه‌ مه‌زنه‌، پارێزگاری له‌و ئه‌ڵماسه‌ تاقانه‌یه‌ بكا كه‌ وزه‌ی به‌رده‌وامیی خوده‌ و به‌ نه‌مانی، (خودێكی ته‌نیا و بێهێز) ده‌بێته‌ چه‌ق. به‌ ئامانجی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی تاریكی و هاتنی تاریكیی مه‌زن، ده‌بێته‌ پارێزه‌ر و پاسه‌وانی ئه‌ڵماسه‌كه‌ی ناخی.
ئه‌م ململانێیه‌ له‌گه‌ڵ ژیان و تاریكی، فه‌زایه‌كی به‌رفراوانی فه‌لسه‌فه‌ی (نیتشه‌) ده‌گرێته‌وه‌. (نیتشه‌) شه‌رابی نه‌ده‌خوارده‌وه‌ و گه‌وره‌یی ده‌به‌سته‌وه‌ به‌ ئازاره‌وه‌، یانی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگای شه‌راب و ڕاكردنه‌وه‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌ نێو دۆخی نائاگایی، چیتر گه‌وره‌ نین، بۆیه‌ به‌ركه‌وتن به‌ ئازار وه‌كو پێویستی ده‌بینرێ كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی دیدگای (شۆپنهاوه‌ر)ه(2)‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندی (نیتشه‌) له‌گه‌ڵ ڕاستی، وه‌كو په‌یوه‌ندی (مارتن لۆته‌ر)(3) نه‌بوو له‌گه‌ڵ (ئیمانی ئایدۆلۆژی)، سنووردار نه‌بوو، ئاسته‌ جیاوازه‌كانی ده‌گرته‌وه‌، ‌ هه‌ر ئه‌م دیدگایه‌یه‌ وا ده‌كا لای (نیتشه‌) به‌زه‌یی بكه‌وێته‌ نێو قاڵبی خراپه‌وه‌، ‌ كاتێ تۆ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ خۆشتده‌وێم، به‌ڵكو له‌وه‌ ده‌ترسی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌ به‌سه‌ر تۆش بێت، له‌ ڕێگای نیشاندانی به‌زه‌ییه‌وه‌، ئه‌و ترسه‌ له‌ خۆت دوورده‌خه‌یه‌وه‌.
شاعیر له‌ شیعره‌كه‌دا به‌رده‌وام فێری ئه‌وه‌مان ده‌كا، سه‌ر به‌ ئازارێكی دیاریكراو نه‌بین، دۆخه‌ جیاوازه‌كانی ئازار تاقی بكه‌ینه‌وه‌ و خۆمان ئالووده‌ی یه‌ك جۆری ئازار نه‌كه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌و دنیایه‌ی له‌نێو شیعره‌كه‌دا مانیفێست ده‌بێت و دنیای ئه‌و ئازاره‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه، ناخمان داگیر ده‌كه‌ن و ڕۆحمان ئاوێزانی گوناهه‌كانی ئینسان ده‌كه‌ن. پارێزگاریكردنی خود له‌ ناخ و ئه‌ڵماسه‌كه‌ی كه‌ فاكته‌ری مانه‌وه‌یه‌تی، دیسانه‌وه‌ ده‌مانبه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ی، پڕن له‌ ئازار، له‌ ئازاره‌ گه‌وره‌كانی نیشتمانه‌وه‌ تا ئازاره‌ سه‌رابییه‌كانی شیعر، له‌ ئازاره‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی سووتانی باخچه‌وه‌، تا ئازاره‌ سووره‌كانی مردنی گوڵ، ئه‌و وه‌كو چۆله‌كه‌یه‌ك كه‌ سووتان ناسنامه‌ی وجدی بێت، ده‌یه‌وێت فێری وانه‌ جیاوازه‌كانی ژیانمان بكا.
((گرانه‌ له‌ ماڵه‌كه‌مدا كه‌سێك هه‌بێت بیری بكه‌م
كه‌سێك هه‌بێت له‌ دڵمدا
كه‌سێك له‌ ماڵه‌كه‌یدا بیرم بكات)).
(( من تاكه‌ مرۆڤم
پێكه‌وه‌ دۆست و دووژمن
ده‌بێت له‌ ده‌ستیان ڕابكه‌م
من ئه‌و نه‌فره‌ته‌م ئه‌ی دڵ
ئه‌و نه‌فره‌ته‌!))
ته‌نیایی شاعیر به‌ ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێ. شاعیری ته‌نیا، ته‌نیایی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌وه‌، واته‌ مادام كه‌سێك نییه‌ شاعیر بیری بكا یان ئه‌و بیری شاعیر بكا، كه‌واته‌ شاعیر ته‌نیایه‌، ته‌نیایه‌ك كه‌ نابه‌خته‌وه‌ری به‌ شوێن خۆیدا ده‌هێنێ، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی‌ یادمان ده‌كه‌ن و بیرمان لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بنه‌ هۆكاری به‌خته‌وه‌ریمان. ‌ وه‌كو (ئه‌رستۆ) ده‌ڵێ: به‌خته‌وه‌ری ئامانجی یه‌كه‌می كرداره‌كانمانه‌، وه‌لێ له‌و‌ سیاقه‌دا به‌خته‌وه‌ری به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌وه‌، مادام كه‌سێك نییه‌ بیری بكه‌ین و كه‌سێك نییه‌ بیرمان بكا، كه‌واته‌ ئه‌و خوده‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مندا بوونی هه‌یه‌، من نییه‌ به‌ڵكو سێبه‌رێكه‌ ده‌یه‌وێ ڕۆڵی من ببینێ له‌سه‌ر شانۆی ژیاندا، ئه‌گینا ئه‌وه‌ خود نییه‌ كه‌ به‌خته‌وه‌ره‌.
(نیتشه‌) كاتێ تووشی نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت، بۆ خوشكه‌كه‌ی ده‌نووسێت: هیچ قه‌شه‌یه‌ك نه‌یه‌ته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌م، دواتر كه‌ له‌و نه‌خۆشییه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌، وێستگه‌یه‌كی تری ته‌نیایی (نیتشه‌) دێت، ئه‌و كاته‌ی خۆشه‌ویستترین هاوڕێی كه‌ (واگنه‌ر)ه‌ ته‌نیای ده‌كا و له‌ (به‌یروت) كۆنسێرتگه‌لێك ساز ده‌كا، گوزارشتن له‌ پیرۆزییه‌كانی مه‌سیحیه‌ت، چونكه‌ (نیتشه‌) ئه‌گه‌رچی ئه‌خلاقیاتی مه‌سیحی قه‌بووڵ بوو، به‌ڵام ته‌واو دژی سیفه‌ته‌ خوداییه‌كانی ئه‌و بوو، پێیوابوو (پۆڵس) بنیاتنه‌ری مه‌سیحیه‌ته‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای ده‌كرد كه‌ بڵێ: شه‌راب و مه‌سیحیه‌ت یه‌ك سه‌رچاوه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویشیان بێهۆشكردنی خه‌ڵكه‌، بۆیه‌ كاتێك (واگنه‌ر) جارێكی تر باوه‌ش بۆ مه‌سیحیه‌ت ده‌كاته‌وه‌، (نیتشه‌) ڕاده‌ستی ته‌نیایی ده‌كا.
ته‌نیایی هه‌میشه‌ نمایشی ئازار ده‌كا، وه‌لێ زۆرجار مرۆی ته‌نیا چێژ له‌و ئازارانه‌ی ته‌نیایی ده‌بینێ و خۆی جوانتر ده‌ناسێ و كۆمه‌ڵگا و ئه‌وی تر باشتر ده‌ناسێ، ئه‌و ناسینه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ئه‌ستانه‌ی ناسینی خودا و له‌ڕێگای ته‌نیاییه‌وه‌، خودایه‌كی ته‌نیا ده‌ناسێ. شاعیر له‌م ده‌قه‌دا، دوو باڵمان پێده‌دا كه‌ به‌رده‌وام سۆراغی كه‌سه‌ ته‌نیاكانی پێ بكه‌ین، به‌جۆرێك ئه‌وه‌نده‌ خه‌یاڵمان ده‌با بۆ لای ئه‌وی تری ته‌نیا، زۆرجار ته‌نیاییه‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌ كه‌ ته‌نیایی شاعیره‌، ده‌بێته‌ دووڕیانی گه‌یشت و نه‌گه‌یشتن، گه‌یشتن به‌و خۆشییانه‌ی ژیان ده‌یانچێنێ له‌ باغی نه‌ستدا، نه‌گه‌یشتن به‌و نێرگزه‌ی مردن ده‌یچێنێ له‌ ماڵی حه‌قیقه‌ت و ئه‌به‌دیه‌تدا، بۆیه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا له‌پاڵ نمایشی دیوه‌ سه‌رابییه‌كه‌ی ژیان، پێناسه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ مردنیش دێت، یانی كاتێ مردن دێت، ته‌نیایی دێت، كاتێكیش ته‌نیایی دێت، ئه‌و دیوه‌ سه‌رابییه‌ی ژیان كه‌ باسمان كرد، چیتر ناتوانێ نمایش بكا.
(( شتێك فریای مرۆڤ بكه‌وێت
ته‌نه‌كه‌یه‌ك ڕۆنی به‌تاڵ
تاته‌شۆرێك / سندوقێك لم/ ئیسپانه‌یه‌ك/ به‌لۆعه‌یه‌ك
مۆبایلێك / كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك/ پاره‌یه‌كی دڕاو
فریای مرۆڤ بكه‌وێت
فریای خۆی بكه‌وێت مرۆڤ
شتێك فریای مرۆڤ بكه‌وێت))
هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی له‌م پارچه‌ شیعره‌دا بوونی هه‌یه‌، ده‌بوو شاعیر بڵێت: ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌تاڵی ڕۆن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌تاڵه‌ ته‌نه‌كه‌كه‌یه‌ نه‌ك ڕۆنه‌كه‌. به ‌هه‌ر حاڵ ده‌قه‌كه‌ به‌دوای فریادڕه‌سێك ده‌گه‌ڕێ، ده‌ستی ئینسان بگرێ و به‌ به‌هاكانی مرۆڤبوونی شادبكاته‌وه‌، باوه‌ش به‌ مرۆڤدا بكات و بیكاته‌وه‌ به‌ مرۆڤ، جا ئه‌و فریادڕه‌سه‌ ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌تاڵی ڕۆن بێت یاخود مۆبایلێك یاخود كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك یان هه‌ر شتێك كه‌ ده‌توانێ فریای مرۆڤ بكه‌وێ. دوایین شت كه‌ شاعیر وه‌كو فریادڕه‌سی مرۆڤ ده‌یبینێ، مرۆڤه‌، واته‌ مرۆڤ كۆتا شته‌ ئومێدی ئه‌وه‌مان پێی بێت بتوانێ مرۆڤ ڕزگار بكا. ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ په‌یژه‌ییه‌ی له‌ شیعره‌كه‌دا هاتووه‌، دیوێكی ئیستێتیكی ده‌قه‌كه‌مان بۆ به‌یان ده‌كا كه‌ گوزارشتی وشه‌كانه‌ له‌ مێژووێك كه‌ مێژووی مرۆڤه‌ و ئێستا و داهاتووێك كه‌ هی مرۆڤه‌.
ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ ده‌یڵێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌: زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كان جێگای ئومێد نین، به‌ڵكو پێویسته‌ شه‌قام و كۆڵان و خانووه‌كان ته‌ی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێك بدۆزینه‌وه‌ كه‌ كه‌ڵكی هه‌بێت بۆ مرۆڤێكی تر. (نیتشه‌) به‌رده‌وام كێشه‌ی هه‌بوو له‌گه‌ڵ زۆرینه‌، بگره‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی (نیتشه‌) كێشه‌بوو له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت، به‌ درۆی ده‌بینی و پێیوابوو ده‌وڵه‌تێك كه‌ بێهێزه‌كان پێكیان هێناوه‌، به‌هێزه‌كانیان كۆت و زنجیر كردووه‌، به‌ڵام كه‌سی به‌هێز شه‌هوه‌تی له‌ناو نابات به‌ڵكو ڕێكی ده‌خات، ئه‌م گرفته‌ش له‌ (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)دا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ. كتێبه‌كه‌ له‌ چوار به‌ش پێك دێت و به‌ ده‌ربڕینێكی شاعیرانه‌ نووسراوه‌، تیایدا كار كراوه‌ بۆ تێكشكاندنی خاچ. به‌ كورتی: (زه‌رده‌شت) دوای ده‌ ساڵ له‌ گۆشه‌گیری له‌ ئه‌شكه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و باوه‌ڕی به‌و خودایه‌ نه‌ماوه‌ مه‌سیحییه‌ت باسی ده‌كا، لێره‌وه‌ دنیای مرۆڤی باڵامان پێ ده‌ناسێنێ.
ئه‌و ته‌نیاییه‌ی شاعیر تووشی بووه‌، پێویستی به‌ كه‌سی دووه‌می قسه‌كه‌ره‌ كه‌ ببێت به‌ سێبه‌رێك و شوێنی شاعیر بكه‌وێ، به‌ڵام شاعیر نایه‌وێت سێبه‌ره‌كه‌ی هی خۆی بێت یان هی هیچ مرۆڤێكی تر، له‌به‌ر خراپه‌ی زۆری مرۆڤ، ده‌یه‌وێ سێبه‌ره‌كه‌ی هی مۆبایلێك یاخود به‌لۆعه‌یه‌ك یاخود ئیسپانه‌یه‌ك بێت. ئه‌وكاته‌ی نامۆبوونی مرۆڤ ده‌بێته‌ شتێكی ئاسایی، خود دێت له‌نێو ئه‌و بازنه‌ی نامۆییه‌دا، به‌ قه‌ڵه‌می وجود، وێنه‌ی مردن و به‌ قه‌ڵه‌می مردن وێنه‌ی ژیان ده‌كێشێ، تازه‌ كه‌ له‌ دیدگای ئه‌ودا دره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فریادڕه‌سێكی زه‌مینی بێت، ئه‌وا ئیتر دنیای زه‌مین چیتر دنیای هاتنی فریادڕه‌سه‌كان نییه‌، بۆیه‌ به‌شێون كه‌سێكی تر و دنیایه‌كی تر ده‌گه‌ڕێت جگه‌ له‌ زه‌وی و مرۆڤ كه‌ له‌ ته‌نیایی دووری بخه‌نه‌وه‌، ته‌نیاییه‌ك كه‌ نه‌بێته‌ وێستگه‌ی دابه‌زین له‌ نیشتمانی ته‌نیاییه‌كی باڵادا، بۆیه‌ چون گه‌ڕیده‌یه‌ك نمایشی خۆی ده‌كا!

پاژی دووه‌م: سته‌می مرۆڤ له‌ مرۆڤ و هاتنی خیانه‌ت!

شاعیر درێژه‌ به‌ ناساندنێكی دیكه‌ی مرۆڤ ده‌دا. ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ مرۆڤ ده‌ناسێنێ، خودی مرۆڤه‌، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و خوده‌ زۆرجار خیانه‌ت له‌ به‌هاكانی مرۆڤبوون ده‌كا و ناسنامه‌ و پێناسه‌یه‌ك به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێ، كه‌ هی مرۆڤ نییه‌، ئه‌گینا مرۆڤ بۆ ده‌بێت خیانه‌تكار بێت؟!
((جیهانی من جیهانی دیكه‌ی زۆری تیایه‌
ماندوونابێت له‌ دروستكردنی بۆشایی
به‌رله‌وه‌ی گه‌ردوون بخنكێت
به‌رله‌وه‌ی گه‌ردوون بتوێته‌وه‌.))
دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك كه‌ شاعیر په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ئومێده‌كه‌وه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و گه‌شت و گه‌ڕانه‌ خێرایه‌وه‌یه‌ به ‌ناخی خۆیدا ده‌یكا، دۆزینه‌وه‌ی جیهانێك له‌نێو زیهن و ڕۆحی شاعیردا كه‌ دابڕن له‌و دنیایه‌ی مرۆڤه‌كان ئاوێزانی بوون، باسیان كراوه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت وه‌كو واقیع مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دنیا تازه‌ دۆزراوه‌كه‌ی نێو ناخی بكا و وه‌كو خه‌یاڵ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دنیا هه‌بووه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بكا، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووكه‌شدا دنیای ده‌ره‌وه‌ دنیای واقیعه‌ و دنیای ناوه‌وه‌ دنیای خه‌یاڵ، وه‌لێ هه‌میشه‌ حه‌قیقه‌ت له‌ قوڵاییدا بوونی هه‌یه‌ نه‌ك له‌ ڕووكه‌ش و بۆشاییدا. ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ی خود ده‌ركی پێ ده‌كا، ئێستا گه‌ردوونێكی تر دێت و پڕی ده‌كاته‌وه‌، گه‌ردوونێك‌ له‌ ناخی ئه‌و خوده‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت و تا سنووری ئاسمان ئیدامه‌ به‌ وجودی خۆی ده‌كا، بۆیه‌ هێنده‌ دڵنیایه‌ له‌و گه‌ردوونه‌ی ناخی‌، وه‌كو دنیای قه‌بووڵكراوی خۆی پێمانی ده‌ناسێنێ نه‌ك جیهانێك كه‌ نه‌توانرێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و جیهانه‌، شاعیر ده‌یویست كه‌سێك ببێت به‌ هاوڕێی، ئێستا كه‌ نائومێده‌ له‌ هاتنی ئه‌و كه‌سه‌، ناچار هانا بۆ خۆی ده‌بات و له‌نێو قوڵاییه‌كانی خۆیدا به‌ ته‌نیا ئه‌و جیهانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، كاتێك ده‌زانێ ئه‌و كه‌سه‌ی قه‌راربوو هاوڕێی ئه‌و گه‌شته‌ی بێت و له‌و شۆڕشه‌یدا له‌گه‌ڵی بێت، ئیتر نایه‌ت. (نیتشه‌) به‌رده‌وام (واگنه‌ر)ی هاوڕێی كردبوو به‌و كه‌سه‌ی، له‌ بابه‌تی گه‌ڕانی به‌دوای حه‌قیقه‌تدا هاوده‌می بێت، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا هه‌ردووكیان له‌ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) بوون، به‌ڵام كاتێك بارودۆخی (واگنه‌ر)ی له‌ (به‌یروت) بینی، زانی كه‌ چیتر هاوڕێكه‌ی ناتوانێ له‌و شۆڕشه‌ ئه‌خلاقییه‌ی باسی ده‌كرد، هاوه‌ده‌می بێت، بۆیه‌ له‌ كاتی سه‌ره‌مه‌رگی (واگنه‌ر)دا، (نیتشه‌) كتێبی (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)ی بۆ نووسی، به‌ڵام (واگنه‌ر) فریا نه‌كه‌وت بیخوێنێته‌وه‌، له‌ كاتی شێتبوونیدا هێشتا (نیتشه‌) به‌ هاوڕێكه‌ی ده‌گوت: ڕۆژانێك من ئه‌و پیاوه‌م خۆشده‌ویست. هاوڕێكه‌ی چیتر نه‌بوو به‌ هاوده‌می شۆڕشی.
ئێمه‌ لێره‌ نامانه‌وێ دیدگای یه‌كێك له‌م دووانه‌ بسه‌پێنین به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تردا، له‌وه‌یه‌ دیدگای ئێمه‌ وه‌كو دیدگای سێیه‌م ده‌ركه‌وێ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو دیدگاكه‌، زیاتر مه‌به‌ستمانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌سێك ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ دۆسته‌وه‌. ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ له‌ هاوڕێكه‌ی جیاده‌بێته‌وه‌، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی دووڕیانێكی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دنیایه‌كی پێ ببه‌خشێ جوانتر له‌و دنیای پێشووتر به‌یه‌كه‌وه‌ كێشاویانه‌، ئه‌وا كارێك ده‌كا ده‌كه‌وێته‌ نێو بازه‌ی چاكه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر كارێك بكا كه‌ جێهێشتنی ئه‌و به‌ واتای خۆشاردنه‌وه‌ و نه‌مانی بێت لای ئه‌و، ئه‌وا ئه‌و خۆشاردنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو بازنه‌ی خراپه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و (دۆسته‌ بكوژ)ه‌ كه‌ له‌ ڕووكه‌شدا وه‌كو فریادڕه‌س هات، ئێستا ڕۆڵێ جه‌لاد ده‌بینێ.
(( من تاكه‌ مرۆڤم
پێكه‌وه‌ دۆست و دووژمن
ده‌بێت له‌ ده‌ستیان ڕابكه‌م
من ئه‌و نه‌فره‌ته‌م ئه‌ی دڵ
ئه‌و نه‌فره‌ته‌!))
له‌ پاژی یه‌كه‌مدا، له‌باره‌ی ئه‌م پارچه‌ شیعره‌وه‌ قسه‌مان كرد، ده‌توانین له‌م پاژه‌شدا له‌ ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ باسی بكه‌ین. خیانه‌تی دۆست، ترسناكترین جۆری خیانه‌ته‌، خیانه‌تێك هێنده‌ به‌ ئازاره‌، فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین پارچه‌ شكاوه‌كانی دڵمان كۆبكه‌ینه‌وه‌، فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین به‌ دۆست بڵێین: ئه‌ی دوژمن بۆچی ئاوات كرد؟! فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین دنیا به‌ بۆیه‌ی سپی ڕه‌نگ بكه‌ین و سڵاو له‌ ئاشتی بكه‌ین، چونكه‌ هه‌میشه‌ خیانه‌تی دۆست له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خیانه‌تانه‌یه‌، دنیا پڕ ده‌كه‌ن له‌ سه‌راب و زێرابه‌كانمان وه‌كو شه‌مه‌نده‌فه‌ری جوانی و شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ وه‌كو چۆله‌كه‌ی ئارامی پێ ده‌ناسێنن، بۆیه‌ به‌ ئازارترین جۆری خیانه‌ت، خیانه‌تی دۆسته‌ به‌رامبه‌ر دۆست، خیانه‌تی جوانییه‌ به‌رامبه‌ری دڵ!
(نیتشه‌) هه‌ستی به‌ كاریگه‌ری ئه‌و خۆبه‌كه‌مزانینه‌ كردبوو كه‌ هه‌ندێ جار وا له‌ كۆیله‌ ده‌كا، به‌رامبه‌ری گه‌وره‌كه‌ی بوه‌ستێته‌وه‌ و ببێته‌ ڕزگاركه‌ری دنیا. مرۆڤی باڵا كه‌ له‌وپه‌ڕی چاكه‌ و خراپه‌یه‌( خیانه‌تیش وه‌كو دۆخێك له‌ خراپه‌)، گاڵته‌ به‌ هه‌موو تراژیدیایه‌ك ده‌كا، هه‌وڵ ده‌دا مناڵه‌كه‌شی باڵا بێت، مرۆڤی باڵا ئامانجه‌ نه‌ك جۆری مرۆڤ، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌كو توخمێك یاخود جۆرێكی مرۆڤ له‌باره‌ی مرۆڤی باڵاوه‌ ده‌دوێن، نه‌یانتوانیوه‌ له‌ جه‌وهه‌ری ئه‌و مرۆڤ بگه‌ن، به‌ڵكو سه‌رابێك له‌ تێنه‌گه‌یشتن به‌یان ده‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌كو گوتمان: مرۆڤی باڵا ئامانجه‌ نه‌ك جۆری مرۆڤ، هه‌ركاتێك مرۆڤی باڵا وه‌كو جۆری مرۆڤ بینرا، ئه‌وا له‌ حه‌قیقه‌تی ئه‌و ئامانجه‌ كه‌ مرۆڤی باڵایه‌، دوورده‌كه‌وینه‌وه‌.
دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دۆست له‌به‌ر بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك كه‌ له‌نێو هه‌ناسه‌ی دۆستێكی تردا ده‌ستده‌كه‌وێ، خستنه‌ڕووی ته‌رزێكی دیكه‌ی خیانه‌ته‌، ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌ وا له‌ كه‌سێك ده‌كا واز له‌ هه‌ندێك له‌ دۆستانی بهێنێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاری ئه‌و له‌ ئێستادا سپارده‌ی كه‌سانێك كراوه‌ كه‌ له‌ جنسی جوانی نین، چونكه‌ ناكرێ كه‌سێك جوان بێت و ببێته‌ به‌شێك له‌ خیانه‌تی كه‌سێك به‌رامبه‌ر كه‌سێكی تر. ئه‌و دنیا پڕ له‌ خیانه‌ته‌ كه‌ شاعیر باسی ده‌كا، درێژده‌بێته‌وه‌ تا سنووری گه‌یشتن به‌ خیانه‌تێكی گه‌وره‌تر كه‌ خیانه‌تی خوده‌ به‌رامبه‌ر خود خۆی، واته‌ ئه‌وكاته‌ی ئه‌و خوده‌ نائومێد ده‌بێت خیانه‌ت له‌وانی تر بكا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ وه‌ها خیانه‌تێك بكا، ناچار خیانه‌ت له‌ خودی خۆی ده‌كا و ده‌بێته‌ خائینێكی ئه‌به‌دی كه‌ تا كۆتایی ئه‌و خوده‌، خیانه‌تی خود ئیدامه‌ پێده‌دا.

پاژی سێیه‌م: خود له‌نێوان ئاگر و جیهاندا
وه‌كو له‌ پاژی یه‌كه‌م و دووه‌مدا باسی ئه‌و نائومێدییه‌ مه‌زنه‌مان كرد كه‌ شاعیر باسی كرد و به‌ خیانه‌ت كۆتایی پێهێنا، ئێستا وێنایه‌ك له‌ جیهانی ئاگرین دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ خود به‌ره‌و ئاگرستانی ڕۆح ده‌با و وای لێده‌كا پرسیار له‌باره‌ی ئه‌و جیهانه‌ پڕ له‌ ئازاره‌وه‌ بكا، خۆی تیادا ده‌بینێته‌وه‌ و نمایشی ڕۆحی خۆی تیادا ده‌كا.
(( هه‌ڵبكه‌ ئه‌ی هه‌وای ناو سه‌رم
جیهان بخه‌ره‌ ترسه‌وه‌
وه‌ك دڵی من كه‌ گڕ ده‌خوات
له‌ تاو سه‌رێك كه‌ ئاگره‌))
ئه‌و هه‌وایه‌ی شاعیر باسی ده‌كا، ده‌بێت كوژێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و جیهانه‌ ترساو و دڵه‌ گڕگرتووه‌ی كه‌ ئاگر ناسنامه‌یه‌تی، ناسنامه‌ی گڕ كه‌ به‌ زمانی ئاگر گوزارشت له‌ سووتانی خود ده‌كا و ڕێساكانی ته‌نیایی به‌ فڵچه‌ی نائومێدی ده‌كێشێ و ئازاره‌كان له‌ په‌نجه‌ره‌ی ئاوه‌وه‌ هه‌ڵده‌داته‌ نێو كانیاوی نائومێدییه‌وه‌، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی بوونی سه‌رێك له‌ ئاگر ده‌بێته‌ چه‌قی باس و نازانرێ چۆن شاعیر له‌ سیاقی ئه‌و دڵه‌ پڕ له‌ گڕه‌ ڕزگاربكریێ مه‌گه‌ر به‌ هاتنی ئه‌و هه‌وا فێنك و كوژێنه‌ره‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ سه‌ری شاعیره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و ده‌بێته‌ پێده‌شتی كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ی هه‌موو وجدی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می گریمانه‌ی ئاگر و سووتانه‌وه‌، ده‌سته‌كانی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می ده‌رگای فڕین و كه‌وتنه‌وه‌، ڕۆحی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می ئه‌ستانه‌ی ته‌نیایی و مردنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ شیعره‌كه‌دا ده‌بینرێ، جۆرێك له‌ به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌یه‌‌ به‌ خود. (نیتشه‌) به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌ی ده‌خسته‌ نێو چوارچێوه‌ی خراپه‌وه‌، چونكه‌ پێیوابوو ئه‌وكاته‌ی تۆ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ منت خۆشده‌وێ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، تا ئه‌و ترسه‌ له‌ خۆت دووربخه‌یته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌، وای نیشان بده‌ی كه‌ ترسێك نییه‌ ڕووبه‌ڕووی تۆ ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كا به‌زه‌ییت به‌ من بێته‌وه تا ترسی ئه‌وه‌ له‌خۆت دووربخه‌یته‌وه‌، ئه‌و شته‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌، به‌سه‌ر تۆش بێت. لای (نیتشه‌)، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و پێویستییه‌، بۆیه‌ به‌زه‌یی به ‌چوارچێوه‌ی خراپه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌، له‌و‌ پارچه‌ شیعری خواره‌وه‌ زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین.
كاتێ مرۆڤ به‌زه‌یی به‌ ئه‌وی تردا دێته‌وه‌، بۆچوونی جیاواز له‌باره‌ی ئه‌و به‌زه‌ییه‌وه‌ دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌ی به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌‌ به‌ خود واتای چییه‌، مرۆڤ كاتێ به‌زه‌یی به‌ خۆی دێته‌وه‌ نیشانه‌ی چییه‌؟! نیشانه‌ی بێهێزییه‌تی یاخود نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌قیقه‌تێك كه‌ له‌نێو خوددا هه‌یه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی تریش ده‌ربكه‌وێ؟.‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و به‌زه‌ییه‌، ئازارێكه‌ كه‌ له‌وانه‌ی تره‌وه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ خود. شاعیر له‌ ده‌رنجامی ئه‌و به‌زه‌ییه،‌ خودێكی به‌هێز نمایش ده‌كا، به‌و واتایه‌ی به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌ به‌ خود، وای نه‌كردووه‌ شاعیر ببێته‌ كه‌سێكی بێهێز، به‌ڵكو سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئازار و نائومێدی و خیانه‌تێك، هێشتا به‌دوای هه‌وایه‌ك ده‌گه‌ڕێ له‌نێو سه‌ری خۆیدا كه‌ ئازاره‌كانی به‌كۆتا بێنێت و خه‌مه‌كانی بكات به‌ ئاوازێك بۆ مانه‌وه‌ و ژیان.
(( پێشنیاز:
له‌ گه‌ڕان و هه‌ڵهاتن و كه‌وتن مه‌ترسن..
به‌یانی هه‌ر وه‌كو ئێستایه‌
سه‌دان به‌یانی دێت به‌بێ ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر
من زۆرم دیون له‌و به‌یانییه‌ بێمروه‌تانه‌
ئیتر خۆم كاتێكم ناولێناوه‌ به‌یانی.))
له‌ كۆتایی گه‌شته‌كه‌یدا، شاعیر ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ كه‌ له‌و ژیانه‌ ماندووكه‌ره‌، مادام هه‌موو شته‌كان دووباره‌ن، كه‌واته‌ ئازاره‌كانیش دووباره‌ن، ئازاری دووباره‌ش شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ لێی بترسی، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ په‌ڕه‌موچه‌ی هیچ له‌سه‌ر كاغه‌زێكی له‌ هیچ وێنای بكێشرێ، ترسانیش له‌ هه‌ڵهاتن و كه‌وتن، له‌ كاتێكدا كه‌ به‌یانی هه‌ر وه‌كو ئێستایه‌ و كه‌ڵه‌شێرێك نییه‌ بقووقێنێ، ئیتر ده‌به‌نگییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ خۆی كاتێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ به‌یانی و شه‌وێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ شه‌و و ڕابردووێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ دوێنێ، مادام خه‌ڵكی له‌ ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر ده‌ترسن، كه‌واته‌ هاتنی به‌یانی بۆ ئه‌و ترسنۆكانه‌ سوودی نییه‌، وه‌كو ده‌گوترێ: بۆیه‌ خه‌ڵكی زیاتر حه‌ز له‌ مریشك ده‌كه‌ن نه‌ك كه‌ڵه‌شێر، چونكه‌ خه‌ڵكی به‌دوای ئه‌و شته‌وه‌یه‌ سكیان تێر ده‌كا، نه‌ك ئه‌و شته‌ی خه‌به‌ریان ده‌كاته‌وه‌.
وه‌كو گوتمان (نیتشه‌) به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌ بوو كه‌ ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا، بۆیه‌ مانه‌وه‌ی ئازاری له‌گه‌ڵ مرۆڤ وه‌كو پێویستییه‌ك، به‌ گه‌وره‌ ده‌زانی، ئه‌و پێیوابوو مادام ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا، كه‌واته‌ پێویسته‌ ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی دیدگای (شۆپنهاوه‌ر) بوو كه‌ ئه‌میان ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك نه‌ده‌بینی، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ره‌تادا (نیتشه‌) و (واگنه‌ر)ی هاوڕێی هه‌ردووكیان له‌ژێر كاریگه‌ری دیدگا فه‌لسه‌فییه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر) بوون، به‌ڵام دواتر بابه‌ت و تێڕوانینه‌كانیان ده‌به‌نه‌ نێو قاڵبێكی دیكه‌وه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێك روانگه‌وه‌ بۆچوونه‌كانی (نیتشه‌) دژی بۆچوونه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر) ده‌وه‌ستنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و مه‌سه‌لانه‌ بابه‌تی ئازاره‌ كه‌ هه‌میشه‌ (نیتشه‌) پێیوابوو ئازار پێویستییه‌ نه‌ك سزایه‌ك بێت تووشمان هاتبێت، بۆیه‌ مرۆڤی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئازار ده‌جه‌نگێ.
شاعیر له‌م شیعره‌دا، ئازاره‌كانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌. پەیوەندی نێوان عەقڵ و حەقیقەت پەیوەندییەكی سروشتییە و دەستكرد نییە، ئەو پەیوەندییە پەیوەستە بە بیركردنەوەوە. دنیای عەقڵ لە حەقیقەت دەگەڕێ‌ و دەدوێ‌، ئینجا ئەو حەقیقەتە لە شەقامی (وەهمەكان)دا پیاسە بكا یان لە شۆستەی (واقیع)دا، گرنگ حەقیقەتێك هەیە و واتا عەقڵییەكانی لە خۆیدا مەڵاس داوە، یان دەكرێ‌ بڵێین، عەقڵێك هەیە و ماناكانی حەقیقەتی لە خۆیدا مەڵاس داوە. دنیای عەقڵ، دنیای وردبوونەوەیە لە واقیع و وەهم و دیار و نادیار و گشت و بەراوردكردنی ئەو گشتە لەگەڵ هیچ و درێژكردنەوەی كردارەكان تا ئاستی گەیشتن بە ئەنجام. ئەو كاتەی عەقڵ زۆرترین پرسیار لەدوای خۆیدا جێدێڵێ‌، سەلماندنی سەركەوتنی عەقڵەكە ئاسان ناكەوێتەوە. بەشێك لە پرسیارەكان، هەڵگری وەڵامەكانن لەنێو خۆیاندا و بەشێكی تریان دۆزەرەوەی پرسیاری زیاتر و بنیاتنەری وەڵامی زیاترن.
ئایا شاعیر له‌م ده‌قه‌یدا پرسیاره‌كانی له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟
پرسیاری مرۆڤ بەرهەمی ونبوونی حەقیقەتێك یان شتێكە، دەشێ ئەو حەقیقەتە ونە بوونی هەبێ، بەڵام كەسی پرسیاركەر كە دوورە لەو حەقیقەتە یان لەو شتە، لە دەرەنجامی ونبوونی ئەو شتەی بەدوایدا دەگەڕێ‌، تووشی گومان هاتووە، بۆیە دەیەوێ‌ لە ڕێگای پرسیاركردنەوە، ئەو گومانە لە خۆی دووربخاتەوە. پرسیارەكان دەست لە ملی وەڵامەكان ناكەن لە ئانی بوونی ناكۆكی فیكریدا, یانی كاتی ئاشتبوونەوەی پرسیار و وەڵامەكان پەیوەست نییە بە كێشە فیكرییەكانەوە، لەوانەیە بوونی كێشەی فیكری زیاتر، گومانی زیاتر و پرسیاری زیاتر دروست بكەن، بەڵام بە وەڵامی كەمترەوە .

ئه‌نجام:
(سڵاو له‌ بیكێت)ی (داستان به‌رزان)، هه‌وڵێكه‌ بۆ ده‌رخستنی نهێنییه‌ شاراوه‌كانی خود و داماڵینی ئه‌و دیوه‌ كرێت و دزێوه‌ی هه‌میشه‌ وه‌كو جه‌وهه‌ر نمایش كراوه‌. شاعیر گه‌ره‌كیه‌تی نهێنییه‌كان ئاشكرا بكا، نهێنییه‌ خودییه‌كان كه‌ ئازاری هه‌میشه‌یین و هاوزه‌مان له‌خۆگری ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ورانه‌ن، مرۆڤ ده‌یه‌وێ نمایشیان بكا و بیانكاته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خزانه‌ نێو باوه‌شی ئاسووده‌یی و حه‌قیقه‌تی زینده‌گی، حه‌قیقه‌تێك به‌ هه‌مان فڵچه‌ی ئه‌و وه‌همه‌ نه‌خشێنراوه‌ كه‌ كراوه‌ به‌ هۆكاری مانه‌وه‌ و بوون، بوونێك كه‌ وه‌همه‌ و درۆیه‌كی دیكه‌ی ژیانه‌، بۆ ڕزگاربوون له‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ناوی ژیانه‌، شاعیر وزه‌ی زیاتر كۆده‌كاته‌وه‌، له‌ڕێگای ناسینی زیاتری خود و ئه‌وی تر و گه‌ردوون و خودا.

سه‌رنج:
ئه‌و شیعره‌ی كاك (داستان به‌رزان)، له‌ ژماره‌ (321)ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوبۆته‌وه‌، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی شیعره‌كه‌، ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گۆڤاره‌كه‌.

په‌راوێزه‌كان:
(1) فه‌یله‌سوفێكی ئه‌ڵمانییه‌ كه‌ (وه‌های گوت زه‌رده‌شت) له‌ دیارترین كتێبه‌كانیه‌تی، له‌ چوار به‌ش پێك هاتووه‌، به‌ ده‌ربڕینێكی شاعیرانه‌ نووسراوه‌. (نیتشه)‌ له‌م كتێبه‌دا، هه‌وڵی تێكشكاندنی خاچیدا. كورته‌ی كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (زه‌رده‌شت) دوای ده‌ ساڵ گۆشه‌گیری، له‌ ئه‌شكه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
(2) فه‌یله‌سوفێكی ئه‌ڵمانییه‌، پێیوابوو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م ژینه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كا، عه‌قڵ نییه‌، به‌ڵكو ئیراده‌یه‌كی وه‌حشییه‌ كه‌ عه‌قڵ به‌كارده‌هێنێ بۆ گشت مه‌به‌سته‌ ڕه‌شه‌كانی خۆی، ئه‌و ئیراده‌یه‌ ڕیشه‌ی بوونه‌ و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. ئایدیالیستی ته‌واو نه‌بوو، هیچ كه‌س وه‌كو ئه‌و ڕه‌خنه‌ی له‌ مه‌تریالیزم نه‌گرتووه‌. ئیراده‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كات و شوێنه‌وه‌، واته‌ خودی هه‌بوونه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێنه‌، كه‌واته‌ تاك و ته‌نیایه‌. هه‌رچه‌ند پله‌ی بوونه‌وه‌ر نزم بێت، ئیراده‌ هێنده‌ی تر زاڵه‌ به‌سه‌ر بوونیدا، بۆیه‌ كرداری ئاژه‌ڵه‌كان، هه‌مووی ئیراده‌یه‌، كرداری مرۆڤه‌كان هه‌ندێكی پێچراوه‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌، ته‌نیا كرداری مرۆڤه‌ به‌رزه‌كانه‌ كه‌ زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵه‌ نه‌ك ئیراده‌.
(3) له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ دژی پاپا شۆڕشی كرد و چه‌ندین چاكسازی دروست كرد كه‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی ئایینی پرۆتستانت. جه‌ختی له‌سه‌ر وازهێنان له‌ گۆشه‌گیری كرده‌وه‌. زه‌واج له‌ مه‌سیحیه‌تی ڕاسته‌قینه‌دا جگه‌ له‌ گونجانێكی سه‌پێنراوی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشته‌ تاوانباره‌كه‌ی خۆی، زیاتر نییه‌، به‌ڵام مارتن لۆته‌ر هاوسه‌رگیری به‌ جوان و پیرۆز دانا.

سه‌رچاوه‌كان.
1: سڵاو له‌ بیكێت، داستان به‌رزان، ژماره‌ (321)ی گۆڤاری ڕامان.
2: چیرۆكی ئایینه‌كان، سلێمان مه‌زهه‌ر، و: لوقمان حاجی قادر
3: فه‌لسه‌فه‌ بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت، د. نه‌بیل عبدالحمید عبدالجبار، و: هاوار محه‌مه‌د ڕه‌شید
4: سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، ژماره‌ (69-70)ی گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ.
5: فه‌لسه‌فه‌ و ژیان، فاروق ڕه‌فیق، سلێمانی، 2009




فڕین به‌ره‌و ڕووباری وشه‌ به‌ باڵی جوانی!.. بڵند باجه‌لان

(شیعر وه‌كو دنیای مانیفێستبوونی ئه‌و فڕینه‌)

سه‌ره‌تا:
هه‌میشه‌ گه‌یشتن به‌ فه‌زای ئه‌و وشانه‌ی له‌ ڕۆحه‌وه‌ ده‌رده‌چن، پێویستی به‌ مه‌عریفه‌ هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر (فه‌زای شیعری) بكه‌ین، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌، پێویستیمان به‌ دروستكردنی دنیایه‌ك هه‌یه‌، بانگمان ده‌كا بۆ خۆشه‌ویستی و به‌رائه‌ت و ترازان له‌ كینه‌ و تارمایی.
ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر بریتی نییه‌ له‌ دابه‌شكردنی ده‌ق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ده‌قی (باش) و (خراپ)، به‌ڵكو گه‌یشتنه‌ به‌و فه‌زایه‌ی، ڕۆح تیایدا سه‌نته‌ره‌ و ئاگاداركردنه‌وی خوێنه‌ریشه‌ له‌و ته‌گه‌ره‌ ده‌ستكردانه‌ی، زۆر جار (جه‌هلی ئه‌ده‌بی) كه‌ به‌رهه‌می (كینه‌ی ئایدۆلۆژی و فیكری و ده‌روونییه‌)، له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی.
بۆ گه‌یشت به‌و ڕۆحه‌ شیعرییه‌، كار ده‌كه‌ین بۆ كه‌شفكردنی چه‌ند كۆدی شاراوه‌ی نێو دنیای مه‌ودا فراوانی شیعره‌كانی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین شاعیر توانیویه‌تی، خوێنه‌ر بخاته‌ نێو بازنه‌ی ئه‌و بیر كردنه‌وانه‌ی، هه‌میشه‌ پێویستییان به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ هه‌یه‌.

پاژی یه‌كه‌م: ( خنكان له‌نێو دنیای جوانی)دا.

خنكان هه‌ر به‌ ته‌نیا وێستگه‌ی گه‌یشتن نییه‌ به‌ مردن، به‌ڵكو زۆر جار گوزارشته‌ له‌ قووڵترین خاڵی بیر كردنه‌وه‌ كه‌ له‌ڕێگایه‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌ حه‌قیقه‌تی زیاتر، كه‌واته‌ جۆرێك له‌ خنكان هه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی گه‌ڕان به‌دوای حه‌قیقه‌ته‌وه‌ پێی ده‌گه‌ین.
(ئاوه‌دانی ڕه‌گم
ڕه‌گ ده‌مگه‌یه‌نێ به‌ لێهه‌ڵبووم
لێهه‌ڵبووم بۆم ده‌ڕوانێ
لێوی په‌ڕیوم به‌ گۆلمی خۆم وه‌ده‌نێم
پرچی په‌تری مناڵیم هێشووی سێبووری گرتووه‌
دێم و كۆت و به‌ندی كات و ناكات ده‌كه‌مه‌وه‌)
له‌م پارچه‌ شیعره‌دا، شاعیر ئینسان په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ڕه‌گه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌خشه‌ری هێزه‌ به‌و مرۆڤه‌ی، ویستی گه‌یشتنی هه‌یه‌ به‌ وزه‌ی درێژه‌دان به‌ ژیان. دیسانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مناڵی، پشت به‌ست به‌ ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕه‌گه‌ی شاعیر تێبینی ده‌كا، سێبووری بۆ ئێستای شاعیر ده‌هێنن و ده‌ره‌نجام مناڵیی شاعیر پڕ ده‌بێت له‌ ده‌نكه‌ ترێ و قه‌تره‌ فرمێسك كه‌ تامی بزه‌ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌نجامی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش، كرانه‌وه‌ی ئه‌و كۆته‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه‌، كه‌سێك له‌ زه‌مه‌نێكی شیندا ده‌یانخاته‌ گه‌رده‌نمانه‌وه‌.
زه‌مه‌ن كاتێ شین ده‌بێت، هه‌موو شتێكی نێو زه‌مه‌ن هه‌ر شینه‌، پرته‌قاڵه‌كان شینن و په‌نجه‌ره‌كانیش هه‌ر شین، ده‌رگاكان شینن و فرمێسكه‌كانیش هه‌ر شین، بۆیه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌و (شینستانه‌)، پێویسته‌ به‌رده‌وام ئێستامان گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ مناڵی، چونكه‌ ئه‌و دنیا په‌مه‌ییه‌ی له‌نێو خه‌یاڵی زۆرێكمان بوونی هه‌یه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ باخچه‌ سه‌وزه‌كانی ئه‌وێدا پێی بگه‌ین، ئه‌گینا سه‌حرای شینی (گه‌وره‌بوون)، هه‌رگیز نابێته‌ مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵه‌ په‌مه‌ییه‌كان.
وه‌كو گوتمان، شاعیر تێبینی ئه‌و ڕه‌گه‌ پته‌وه‌ ده‌كا كه‌ هێزی ئه‌وه‌، هێزی خۆشویستنی وشه‌ و نیشتمان و خودا، هێزی به‌رگه‌گرتن به‌رامبه‌ر ئازار و سه‌راب و ناڕه‌حه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ش دیدگای (نیتشه‌)یه‌، كاتێ پێی وابوو، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و دژی بۆچوونی (شۆپنهاوه‌ر) بوو كه‌ وجودی ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك قه‌بووڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و پێیوابوو كه‌ به‌زه‌یی تۆ به‌رامبه‌ر به‌ من، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه،‌ ترسی ئه‌و ئازاره‌ی تووشی من بووه‌، له‌ خۆت دوور بخه‌یته‌وه‌.

پاژی دووه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت و ترسان له‌ سروشت!

ئه‌و ساته‌ی، مرۆڤ له‌نێو سروشتدا، سروشتێكی به‌د نمایش ده‌كا، ئه‌وا به‌رامبه‌ر تووشی ئازارگه‌لێك ده‌كا، وه‌كو ئازاره‌كانی نێو سروشت ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چی له‌نێو وێنا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و نمایشه‌، ده‌زانین كه‌ ئازاره‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ ئازاری مرۆڤه‌ به‌ده‌كان كه‌ ده‌مانسووتێنن.
( سروشت هه‌موو شتێكت ترساندوومی
لرفه‌ی ئاگرت
بڵندایی چیات
گه‌فی ڕووبارت
ده‌شتایی ڕووتت
په‌نجه‌م له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو)
ترسان له‌ سروشت، ترسانه‌ له‌و دیوه‌ بینراوه‌ی كه‌ مردن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌ شیعره‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ترسان له‌ مردن بوونی نییه‌، ته‌نیا ترسان له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ مردن هه‌ستی پێ ده‌كرێ، بۆیه‌ شاعیر وه‌كو كاره‌كته‌رێكی بوێر باسی ئازاری ئه‌و سروشته‌ ده‌كا، بوێرییه‌ك كه‌ له‌ ترسان له‌ ئاگر و چیا و ڕووبار و ده‌شتاییدا به‌ كۆتا ده‌گات، ترسانێك كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
مرۆڤ له‌ ئه‌ستانه‌ی گه‌یشتن به‌ مردن، له‌وه‌یه‌ بیر له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌و مردنه‌ بكاته‌وه‌، وه‌ك چۆن باڵنده‌یه‌ك ده‌فڕێ و ده‌شزانێ فڕینی ئه‌و له‌وه‌یه‌ مردنی ئه‌و بێت، له‌وه‌یه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌و فڕینه‌یدا، ببێت به‌ قوربانیی فیشه‌كێك یان ساچمه‌یه‌ك یان دارلاستیكێك، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ترسانه‌ له‌ فڕین پاشگه‌زی ناكاته‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ فڕین به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، بێكۆتایه‌.
(سارتەر) لە شانۆنامەی (دەرگای داخراو)دا، لەسەر زاری كارەكتەرێكەوە دەڵێت: (نەخێر لە دۆزەخدا پێویستیمان بە گورزی ئاگرین نییە، دۆزەخ هەر ئەمانەی دەوروبەرمانن). ناڕەحەتیی نائاسایی (سارتەر)، بەشێكی پەیوەستبووە بە شێوەی (سارتەر) خۆیەوە كە خاوەنی دوو چاوی كز بووە و مامەڵەی ئەوانیتر لەگەڵیدا لە مناڵییەوە نائاسایی بووە، دواجار (سارتەر) نیگای ئەوانیتر بە ڕق و كینەوە ڕوون دەكاتەوە، بۆیە ژیان لەگەڵ ئەوانی تر لای ئەو فەیلەسوفە، دۆزەخێكە بۆ خۆی، چونكه‌ هه‌ست به‌و ئازاره‌ ده‌كا كه‌ له‌ مرۆڤه‌كانه‌وه‌ پێمان ده‌گه‌ن.

پاژی سێیه‌م: له‌ ئه‌زموونی مردنه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی گۆڕستان!

گۆڕستان ئه‌زموونێكی تازه‌یه‌ بۆ مرۆڤ به‌ هه‌میشه‌یی، چونكه‌ به‌رده‌وام مردووی تازه‌ دێنه‌ نێو گۆڕستان، بۆیه‌ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ به‌رده‌وام خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌رده‌وام له‌سه‌ر حیسابی خوێن و ئێسقان و جه‌سته‌ی ئێمه‌، بانگه‌شه‌ بۆ ڕیفۆڕم ده‌كا.
( گۆڕستان ماڵێكه‌ ئازیزه‌كانی بانگ ده‌كاته‌ ناو خۆی به‌ مه‌دالیا ناسراویان ده‌كا
فێری زمانی هه‌موومان ده‌بن
له‌
كتێب و
چرا و
سرووش و
شۆڕش و
ئه‌سپ ده‌دوێن
دارشه‌خسه‌كانی لێیان ده‌بڕدرێ بۆ
لانك و
بلوێر و
گۆپاڵ و
په‌رژین
چۆن و به‌ چ تامه‌زرۆیییه‌ك ده‌مخه‌یته‌ سه‌ر دووباڵی به‌هێزی فڕین
ئای فڕین به‌ره‌و كوێم ده‌بات)
شاعیر باسی ونبوونی ئازیزه‌كان ده‌كا له‌نێو گۆڕستاندا، باسی ئه‌و لێدوانه‌ ده‌كا كه‌ لێدوانه‌ له‌ كتێب و چرا و شۆڕش و ئه‌سپ، دواتر (فڕینی نادیار) كه‌ فڕینه‌ به‌ره‌و دنیایه‌كی نادیار، خه‌یاڵی شاعیر داگیر ده‌كا، فڕینێك له‌پاڵ ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی، له‌خۆگری تامه‌زرۆییه‌كانی گۆڕستانه‌ و وێناگه‌لی وه‌كو لانك و بلوێر و گۆپاڵ و په‌رژین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
گۆڕستان پێمان ده‌ڵێ: شكستی مەزن ئەو شكستەیە, مرۆڤ هەست بكا لەسەر ڕێگایەكی ڕاستە و هەر ئەو ڕێگایەش سپاردەی دۆزەخی بكا، شەڕ لە پێناوی ئایدیایەك بكا و هەر ئەو ئایدیایەش بیبا بەرەو كەناراوەكانی مردن، شانازی بە مەعریفەیەكەوە بكا و هەر ئەو مەعریفەیە وجود و بیر كردنەوە و عەقڵی لێ بسێنێ‌، كەواتە لەو ساتەدا ئەو مەعریفەیە هیچ نییە جگە لە جەهلێكی خەست كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێ بۆ گومڕابوونی زیاتر.
مادام ژیان هەر كۆتایی دێت و لە چركەساتێكدا دەبینەوە بە سفر، كەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە، ڕابردووی ئێمەیە، هەر ئەو ڕابردووە بەرپرسیارە لە داهاتووی ئێمە و خۆشی و ناخۆشی ئێمەی پێوە لكاوە، بەئەندازەی جوان كێشانی تابلۆی ڕابردوومان، باخچەی ئایندەمان فراوانتر دەبێت, ئەو حەقیقەتە شتێكە پێویستی بە سەلماندن نییە، چونكە زمانی حاڵی هەموو مردووەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە ژیانی دنیا كۆتایی بۆ هەیە، بەڵام وێستگەی جوانكردن و نەخشاندی ژیانی حه‌قیقییه‌، هەر ئەو چركەساتەی سپاردەی خاكمان دەكەن، تێدەگەین ئازاردانی ئه‌وانی تر، چ كارەساتێكی مەزن بوو، وەلێ‌ تازە درەنگە بۆ هەموو شتێك !

كۆتایی:
شاعیر به‌ر‌ده‌وام له‌م به‌رهه‌مه‌یدا كه‌ (زێوان)ه‌، پێمان ده‌ڵێ: پێویسته‌ به‌ قووڵی له‌ دنیا بڕوانین و مامه‌ڵه‌یه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، هیچ له‌ حه‌قیقه‌تی پوچێتی دنیا كه‌م ناكاته‌وه‌.

——–

سه‌رچاوه‌:
دیوانی سه‌باح ره‌نجده‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م، 2018، هه‌ولێر
ژیان بێمانایه‌؟، بڵند باجه‌لان، 2023، هه‌ولێر
سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، 2022




سێ چیرۆکی زۆر کورت بۆ باوکم.. بڵند باجەڵان

بابه‌

ده‌سته‌سرێكی له‌ گیرفانی ده‌رهێنا و بۆ منی ڕاگرت. گیرفانه‌كانم پڕ بوون له‌ كلێنكس، بۆیه‌ گوتم: پێویستیم پێی نییه‌. دواتر بیرمكرده‌وه‌، چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر ده‌سته‌سڕه‌كه‌م لێ وه‌ربگرتایه‌ و فرمێسكه‌كانی چاوم نا، ئه‌وانه‌ی دڵم پێ بسریبایه‌وه‌. چه‌ند ڕۆژێك بوو دڵم ئازاری هه‌بوو. ڕۆیشتم بۆ لای دختۆر، گوتی: خۆت تاقیبكه‌وه‌ بزانه‌ ده‌توانی له‌ ماوه‌ی ڕۆژێكدا چه‌ند كیلۆ هه‌نار و ترێ بخۆی. من ده‌مزانی كێشه‌ی دڵم ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ گه‌ده‌م گیراوه‌ و ناتوانم هیچ بخۆم، كێشه‌ی دڵم دووری ئه‌و كه‌سه‌یه‌ ده‌سته‌سڕێكی له‌ گیرفانی ده‌رهێنا و بۆ منی ڕاگرت و من گیرفانه‌كانم پڕ بوون له‌ كلێنكس و نه‌مگوت: بێنه‌ بیخه‌مه‌ سه‌ر دڵم. ئای بابه‌ گیان چه‌ند بیری تۆ و ده‌سته‌سڕه‌كه‌ت ده‌كه‌م!

مردوو

په‌رۆشی من بۆ ئه‌وه‌ بوو، جارێكی تر تۆ ببینمه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ باخچه‌ بچوكه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان دابنیشین و چایه‌ بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ تۆ باوکی من بووی. کراسێکت كڕیبوو، كات ده‌رفه‌تی نه‌دای له‌به‌ری بكه‌ی. كه‌ تۆ ده‌چوویته‌ نێو باخچه‌، هه‌موو باڵنده‌كان ده‌هاتن و له‌ چوارده‌ورت كۆده‌بوونه‌وه‌، هه‌میشه‌ ده‌سته‌كانت پڕبوون له‌ نوقڵ، بۆ باڵنده‌كان نا، بۆ ئه‌و ئازارانه‌ی من كه‌ هه‌میشه‌ داگیریان ده‌كردم. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی ده‌شۆردی، هاواری كرد: ئه‌و هه‌موو باڵنده‌یه‌ چی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و تاته‌شۆره‌ سپییه‌؟ ژووره‌كه‌ت پڕ ببوو له‌ باڵنده‌، بۆ ناشتنی تۆ نه‌هاتبوون، ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ له‌وێ بوون، ببینن كه‌ ئه‌و ئازارەی تۆی كوشت، نه‌بووه‌ به‌ نوقڵ؟

( و )

سه‌رپۆشه‌كه‌ی دا به‌سه‌ریدا و ڕووخساری سوور ببوو. دایكم هه‌میشه‌ هه‌ر وابوو، هه‌ر كاتێ بیری باوكمی ده‌كرد، له‌چكه‌كه‌ی ده‌دا به‌سه‌ریدا و ڕووخساری سوور. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌ دوودڵی و په‌شۆكاوی من كردبێت، گوتی: به‌فر هێنده‌ باریوه‌ته‌ نێو حه‌وشه‌كه‌مان، مرۆڤ نیگه‌ران ده‌بێت. ده‌مزانی دایكم نیگه‌رانی بارینی به‌فر و حه‌وشه‌كه‌مان نییه‌، ئه‌و ته‌نیا بیری باوكمی ده‌كرد، كه‌ به‌یانییه‌ك به‌ر له‌ نوێژی به‌یانی، كڵاوه‌كه‌ی كرده‌ سه‌ری و گۆچانه‌كه‌ی له‌ ده‌ستی گرت و كفنه‌ سپییه‌كه‌ی له‌به‌ر كرد و چه‌ند كتێبێكی سه‌وزی خسته‌ بن هه‌نگڵی و ڕۆیشت و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ و دایكم و سه‌رپۆشه‌كه‌ی دایكمی بۆ ئه‌به‌د ته‌نیا كرد و دایكم گوتی: نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ باوكت!




جگه‌ له‌ پیاڵه‌ شكاوه‌كان.. بڵند باجه‌لان

من له‌نێو ئاوێنه‌ی سزادا، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینینم چه‌شت .
منیش وه‌كو باران،
ساردییه‌كی بێڕه‌نگم،
حه‌ز به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌م،
له‌ ماڵی كۆتره‌وه‌، به‌ره‌و ئه‌ستانه‌ی ونبوون .

ده‌بێ له‌ مشتی ده‌ریادا بمرم و ببم به‌ ئاو. تۆ خاوه‌نی ئاوی له‌وكاته‌ی، پێشده‌كه‌وێ دونیا و من له‌ ئاوێنه‌ی سزادا، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینین و نه‌بینین ده‌چێژم! باش ده‌زانم، هه‌موو ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ ئاسماندا، هه‌موو كرمێك كه‌ تا سپێده‌ له‌نێو ته‌نیاییدا پیاسه‌ ده‌كه‌ن، پێویستییان به‌ تۆیه‌. به‌ لاری كه‌وانه‌یه‌ك، كۆتایی به‌ به‌سه‌رهاتی كه‌وتنی ئاوێنه‌كان دێت.

تۆ هه‌میشه‌ هه‌میشه‌یی!
دڵنیام گه‌ر سپێده‌ نه‌یه‌ت، خاڵخاڵۆكه‌ ده‌خه‌وێ. بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌نكه‌ خه‌رده‌لێك، هاوشێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو دونیا.
ئه‌فسانه‌ له‌ گالیسكه‌كه‌ كه‌وت.
چوارچێوه‌ شكاوه‌كان،
كورسییه‌ بیماره‌كان، شایانی ئه‌وه‌ن بۆ هه‌ندێكیان نه‌گرین.
شه‌قامه‌كه‌، له‌ كۆتایی شۆسته‌كه‌ دانیشتووه‌ و سیگار ده‌كێشێ. تۆ سزای من مه‌ده‌ له‌ كاتێكدا یه‌كجار دڵته‌نگم و سپارده‌ی گوناهم. له‌ خه‌ونێكی كورتی زستاندا، نیازی هه‌ناسه‌یه‌كی تازه‌ و
فرمێسكێكی تازه‌ و
هه‌ناسه‌یه‌كی چاو به‌ فرمێسكم دۆزییه‌وه‌.

ئاو به‌بێ پاسه‌پۆڕت، ده‌ڕژێته‌ نێو ڕابردوومه‌وه‌. جارجار ژیان ئه‌و شكسته‌ گه‌ورانه‌ی خۆیم لێده‌شارێته‌وه‌.
وه‌ڵامێكی دروستم دایه‌وه‌،
به‌ خۆمم گوت: ئه‌گه‌ر ئاماده‌بووی، بڵێ: ئا .
ئاگر به‌بێ ناسنامه‌، ده‌مكا به‌ خۆڵه‌مێش، ئاگری جوانیت. ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی، ناوی منی له‌ ڕێبواره‌كان پرسی. ته‌نیا هه‌ر كه‌وتنێك ماوه‌. ئه‌و گیا ناسكانه‌، نازانن چی ده‌كه‌ن؟!. نازانم من بۆچی ده‌بێ له‌باره‌ی هاتنی خۆمه‌وه‌ بنووسم؟. ده‌بێ بگه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی، ناوی منی له‌ ده‌ریادا ونكرد!.

به‌ر له‌ ئێمه‌، ته‌نها تۆ هه‌بووی.

ڕێزی چركه‌ سامناكه‌كانم تێبینی كرد. ساته‌كان بچوك ده‌بنه‌وه‌. هه‌ر كاتێك خوازیاری هه‌ر شتێك بم، ده‌زانم خاكی پرته‌قاڵه‌كان، هه‌رگیز ناتوانێ ببێته‌ به‌خشه‌ری خۆخه‌ تازه‌كان. له‌ نێوان هاتن و نه‌هاتندا، چلووره‌ ده‌توێته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هاتنی من و نه‌هاتنی شه‌و. له‌ لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی هه‌موو كتێبه‌كانی قوتابخانه‌دا، تێبینی چركه‌ساتی ڕۆیشتنی زۆر شت ده‌كه‌م. چركه‌ساته‌ سامناكه‌كان، ڕێزی منیان نه‌گرت.

به‌ر له‌ باران، ته‌نها تۆ هه‌بووی.

من ڕووباری (سیروان) نیم. ئێستا له‌ هه‌فته‌یه‌كدا،
ته‌نها
ڕۆژێك
چۆله‌كه‌كان
دێنه سه‌ر گۆڕی شكسته‌كانم!
دیواره‌كان، تووڕه‌ن. هه‌وره‌كان، به‌شێكی ترن له‌ پێگه‌ ناوازه‌كانی ئاو. ده‌زانم هه‌موو خه‌تای من بوو له‌ ناكاو بڕیاری سزادانی چاویلكه‌ شكاوه‌كانمدا. خاك گیانی سپارد. مانگ و ئه‌ستێره‌، له‌ جوانی ئاوێته‌ی یه‌كتری، پیاڵه‌كان پڕ ده‌كه‌ن له‌ پرسیار، پیاڵه‌ شكاوه‌كان نه‌بن: من ڕووباری (سیروان) نیم.

به‌ر له‌ مردن، ته‌نها تۆ هه‌بووی!

وشه‌ ته‌نیاكان، بخه‌ینه‌ نێو گۆزه‌یه‌كی شكاوه‌وه‌.
خه‌یاڵم
ده‌بێ به‌ با.
چی له‌ دانه‌دانه‌ كه‌وتنی گه‌ڵاكانی پایزدا تێبینی ده‌كرێ؟ كه‌ ویستم بڕۆم، ده‌رگاكه‌م به‌ ڕووی خۆمدا داخست، با ئه‌وانه‌ی له‌ ژووره‌وه‌ن، هه‌ست به‌ سه‌رمای ناخی من نه‌كه‌ن. تۆ یه‌كه‌مین و دوواهه‌مینی. شه‌خته‌ به‌ر له‌ تووانه‌وه‌، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌رگ نزیكه‌. چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ ناكاو سه‌ر به‌رز بكه‌یته‌وه‌ و ببینیت كه‌ ئاسمان پڕه‌ له‌ ئه‌ستێره‌؟ ئه‌مڕۆ نه‌ ماڵه‌وه‌م گسك داوه‌ و نه‌ ده‌ستم بردووه‌ بۆ سێوه‌ سووره‌كانی په‌نجه‌ره‌ی وه‌ستان به‌ ڕووی بیره‌وه‌رییه‌كان. ده‌خوازم وێنه‌ی دارگوێزێك بكێشم له‌سه‌ر قه‌دی دارقه‌زوانه‌كه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، هه‌موو كه‌سێك له‌ كۆتایی ته‌مه‌نیدا، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ زۆر شتی له‌ده‌ستداوه‌.

باران نم نم نابارێ.

تۆ
بێسه‌ره‌تا و
بێكۆتای. وجودم سووره‌ و به‌سه‌ر ئه‌و شووشه‌ شكاوانه‌دا ده‌نووزێته‌وه‌!

سه‌گ به‌ر له‌ تۆپین، بیری ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌و هه‌رگیز مه‌یموون نه‌بووه‌.

تا له‌ سه‌رابی ڕۆژه‌ مه‌ییوه‌كان غه‌رق نه‌بووین، با هه‌ست بكه‌ین ئازاره‌كان به ‌هۆی دووری وشه‌كانه‌ له‌و ڕستانه‌ی، چوون به‌ره‌و ئۆقیانووسی برین. تۆ بۆ هه‌میشه‌ و بۆ هه‌مووانی. كاتێكی زۆر تێپه‌ڕیوه‌ و هاوین له‌ ده‌ره‌وه‌ و ژووره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌مان هه‌ر هاوینه‌.

كه‌ر به‌ر له‌ نه‌مان، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌رگیز ( داروین ) نه‌بووه‌.

من له‌نیو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا، ویستم خۆم بدۆزمه‌وه‌ له‌ ساتی بیركردنه‌وه‌ له‌ ونكردنی شته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان. دڵنیام من سه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زی ئه‌و په‌شیمانییانه‌م،‌ زۆر دوور و بێسوودن. ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌رده‌كه‌وێ خۆشتبوێم؟ كێ هه‌یه‌ وا بكا من سه‌رمام نه‌بێ له‌ بارێكدا دڵم پڕه‌ له‌ شه‌خته‌؟

باران نم نم نابارێ.




جگه‌ له‌ پیاڵه‌ شكاوه‌كان… بڵند باجه‌لان

من له‌نێو ئاوێنه‌ی سزادا ، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینینم چه‌شت .
منیش وه‌كو باران ،
ساردییه‌كی بێڕه‌نگم ،
حه‌ز به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌م ،
له‌ ماڵی كۆتره‌وه‌ ، به‌ره‌و ئه‌ستانه‌ی ونبوون .

ده‌بێ له‌ مشتی ده‌ریادا بمرم و ببم به‌ ئاو . تۆ خاوه‌نی ئاوی له‌وكاته‌ی ، پێشده‌كه‌وێ دونیا و من له‌ ئاوێنه‌ی سزادا ، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینین و نه‌بینین ده‌چێژم ! . باش ده‌زانم ، هه‌موو ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ ئاسماندا ، هه‌موو كرمێك كه‌ تا سپێده‌ له‌نێو ته‌نیاییدا پیاسه‌ ده‌كه‌ن ، پێویستییان به‌ تۆیه‌ . به‌ لاری كه‌وانه‌یه‌ك ، كۆتایی به‌ به‌سه‌رهاتی كه‌وتنی ئاوێنه‌كان دێت .

تۆ هه‌میشه‌ هه‌میشه‌یی ! .
دڵنیام گه‌ر سپێده‌ نه‌یه‌ت ، خاڵخاڵۆكه‌ ده‌خه‌وێ . بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌نكه‌ خه‌رده‌لێك ، هاوشێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو دونیا .
ئه‌فسانه‌ له‌ گالیسكه‌كه‌ كه‌وت .
چوارچێوه‌ شكاوه‌كان ،
كورسییه‌ بیماره‌كان ، شایانی ئه‌وه‌ن بۆ هه‌ندێكیان نه‌گرین .
شه‌قامه‌كه‌ ، له‌ كۆتایی شۆسته‌كه‌ دانیشتووه‌ و سیگار ده‌كێشێ . تۆ سزای من مه‌ده‌ له‌ كاتێكدا یه‌كجار دڵته‌نگم و سپارده‌ی گوناهم . له‌ خه‌ونێكی كورتی زستاندا ، نیازی هه‌ناسه‌یه‌كی تازه‌ و
فرمێسكێكی تازه‌ و
هه‌ناسه‌یه‌كی چاو به‌ فرمێسكم دۆزییه‌وه‌ .

باران نم نم نابارێ .

ئاو به‌بێ پاسه‌پۆڕت ، ده‌ڕژێته‌ نێو ڕابردوومه‌وه‌ . جارجار ژیان ئه‌و شكسته‌ گه‌ورانه‌ی خۆیم لێده‌شارێته‌وه‌ .
وه‌ڵامێكی دروستم دایه‌وه‌ ،
به‌ خۆمم گوت : ئه‌گه‌ر ئاماده‌بووی ، بڵێ : ئا .
ئاگر به‌بێ ناسنامه‌ ، ده‌مكا به‌ خۆڵه‌مێش ، ئاگری جوانیت . ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی ، ناوی منی له‌ ڕێبواره‌كان پرسی . ته‌نیا هه‌ر كه‌وتنێك ماوه‌ . ئه‌و گیا ناسكانه‌ ، نازانن چی ده‌كه‌ن ؟! . نازانم من بۆچی ده‌بێ له‌باره‌ی هاتنی خۆمه‌وه‌ بنووسم ؟ . ده‌بێ بگه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی ، ناوی منی له‌ ده‌ریادا ونكرد ! .

به‌ر له‌ ئێمه‌ ، ته‌نها تۆ هه‌بووی .

ڕێزی چركه‌ سامناكه‌كانم تێبینی كرد . ساته‌كان بچوك ده‌بنه‌وه‌ . هه‌ر كاتێك خوازیاری هه‌ر شتێك بم ، ده‌زانم خاكی پرته‌قاڵه‌كان ، هه‌رگیز ناتوانێ ببێته‌ به‌خشه‌ری خۆخه‌ تازه‌كان . له‌ نێوان هاتن و نه‌هاتندا ، چلووره‌ ده‌توێته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هاتنی من و نه‌هاتنی شه‌و . له‌ لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی هه‌موو كتێبه‌كانی قوتابخانه‌دا ، تێبینی چركه‌ساتی ڕۆیشتنی زۆر شت ده‌كه‌م . چركه‌ساته‌ سامناكه‌كان ، ڕێزی منیان نه‌گرت .

به‌ر له‌ باران ، ته‌نها تۆ هه‌بووی .

من ڕووباری (سیروان) نیم . ئێستا له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ،
ته‌نها
ڕۆژێك
چۆله‌كه‌كان
دێنه سه‌ر گۆڕی شكسته‌كانم ! .
دیواره‌كان ، تووڕه‌ن . هه‌وره‌كان ، به‌شێكی ترن له‌ پێگه‌ ناوازه‌كانی ئاو . ده‌زانم هه‌موو خه‌تای من بوو له‌ ناكاو بڕیاری سزادانی چاویلكه‌ شكاوه‌كانمدا . خاك گیانی سپارد . مانگ و ئه‌ستێره‌ ، له‌ جوانی ئاوێته‌ی یه‌كتری ، پیاڵه‌كان پڕ ده‌كه‌ن له‌ پرسیار ، پیاڵه‌ شكاوه‌كان نه‌بن : من ڕووباری (سیروان) نیم .

به‌ر له‌ مردن ، ته‌نها تۆ هه‌بووی ! .

وشه‌ ته‌نیاكان ، بخه‌ینه‌ نێو گۆزه‌یه‌كی شكاوه‌وه‌ .
خه‌یاڵم
ده‌بێ به‌ با .
چی له‌ دانه‌دانه‌ كه‌وتنی گه‌ڵاكانی پایزدا تێبینی ده‌كرێ ؟ . كه‌ ویستم بڕۆم ، ده‌رگاكه‌م به‌ ڕووی خۆمدا داخست ، با ئه‌وانه‌ی له‌ ژووره‌وه‌ن ، هه‌ست به‌ سه‌رمای ناخی من نه‌كه‌ن . تۆ یه‌كه‌مین و دوواهه‌مینی . شه‌خته‌ به‌ر له‌ تووانه‌وه‌ ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌رگ نزیكه‌ . چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ ناكاو سه‌ر به‌رز بكه‌یته‌وه‌ و ببینیت كه‌ ئاسمان پڕه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ ؟ . ئه‌مڕۆ نه‌ ماڵه‌وه‌م گسك داوه‌ ، نه‌ ده‌ستم بردووه‌ بۆ سێوه‌ سووره‌كانی په‌نجه‌ره‌ی وه‌ستان به‌ ڕووی بیره‌وه‌رییه‌كان . ده‌خوازم وێنه‌ی دارگوێزێك بكێشم له‌سه‌ر قه‌دی دارقه‌زوانه‌كه‌ . به‌ هه‌ر حاڵ ، هه‌موو كه‌سێك له‌ كۆتایی ته‌مه‌نیدا ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ زۆر شتی له‌ده‌ستداوه‌ .
تۆ
بێسه‌ره‌تا و
بێكۆتای . وجودم سووره‌ و به‌سه‌ر ئه‌و شووشه‌ شكاوانه‌دا ده‌نووزێته‌وه‌ ! .

سه‌گ به‌ر له‌ تۆپین ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ ، ئه‌و هه‌رگیز مه‌یموون نه‌بووه‌ .

تا له‌ سه‌رابی ڕۆژه‌ مه‌ییوه‌كان غه‌رق نه‌بووین ، با هه‌ست بكه‌ین ئازاره‌كان به ‌هۆی دووری وشه‌كانه‌ له‌و ڕستانه‌ی چوون به‌ره‌و ئۆقیانووسی برین . تۆ بۆ هه‌میشه‌ و بۆ هه‌مووانی . كاتێكی زۆر تێپه‌ڕیوه‌ و هاوین له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌مان هه‌ر هاوینه‌ .

كه‌ر به‌ر له‌ نه‌مان ، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ ،‌ ئه‌و هه‌رگیز ( داروین ) نه‌بووه‌ .

من له‌نیو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا ، ویستم خۆم بدۆزمه‌وه‌ له‌ ساتی بیركردنه‌وه‌ له‌ ونكردنی شته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان . دڵنیام من سه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زی ئه‌و په‌شیمانییانه‌م كه‌ زۆر دوور و بێسوودن . ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌رده‌كه‌وێ خۆشتبوێم ؟ . كێ هه‌یه‌ وا بكا من سه‌رمام نه‌بێ له‌ بارێكدا دڵم پڕه‌ له‌ شه‌خته‌ ؟.

باران نم نم نابارێ .




بوورانەوەی من و چەرچەفە خوێناوییەكانی دایكم … . بڵند باجەلان


بۆ : (ن) و بارانەكانی كە (ن)(ن) دەیانبارێنێ‌

……………………

بەسەركردنەوەی شەو
لە بەردەم شەوی كەوتنی سێودا
بەسەر تەنیایی سێودا
ساتی هاتنەوەی بزەو ڕۆشتنی پەسیرە
بە دەم خەوەوە
كەوتنی نێو دەستەكان نائومێدی دیكەی تۆ بوون
لە
بەردەم ئەو ئوتوبانە ساردەدا
كە من هاتمەوە و
تۆ دەڕۆیشتی بەرەو
شەوی یەكەمی
كەوتنی سێو بەسەر تەنیایی باخچەدا
كاتژمێرەكان .. هەمیشە كاتژمێرەكان دەهاتن بۆ دیدەنی تۆ
ساتی بەر پەنجەرە و ساتی بەر لە بارینی باران بەسەر شووشەی ئەو هاتنەوەیەتدا
بێیتەوە كانتۆرەكە پڕ دەكەم لە پرتەقاڵ
لە ئەنەناسی
قاشكراوی سوور بە خوێنی هەنار
بەسەركردنەوەی شەو لە نیوەڕۆیەكی تەنیادا
مزگێنی بوون بۆم كاتێ‌ زانیم تۆ ناگەڕێیتەوە بۆ بینینی كانتۆری پڕ لە پرتەقاڵ و
سێوی سوور سوور بەخوێنی من و
خوێنی چۆلەكە
چۆلەكەكان خوێن دەخۆنەوە لە ئوتوبانە ساردەكەدا
كە تۆ من بكوژی بە بێدەنگی بە بێدەنگیم بناسێنی
من دەبێ چۆن دەستم بگا بە كانتۆرەكە
و
تەرمی سووری نێوی و ئەو كوژرانە؟
دەستم بكە بە كەشتی و
با من دابەزم بۆ كەناری دەریاكە .. دەبوورێمەوە
چۆلەكەكان لە بەردەم پەنجەرەكەدان
باوكم دەڵێ‌ : چۆلەكەكان كە لە بەردەم پەنجەرەكەدان ..دەبوورێنەوە
تكایە پەلە بكەن و با من لەو كەشتییە دابەزم
زەمین بەر لە كەوتنی سێوی
بیركاری
هاوكێشەی فڕینی
كۆترە بەرەو مردن
مردن دێتەوە بە زەمبیلێك
لە شەوی بەسەركردنەوەی شەو لە شەوێكی تەنیادا
باخەوان خۆی كۆدەكاتەوە:
زەمین بەر لە كەوتنی سێوی مەرگ هاوكێشەی فڕینی من بوو بەرەو خیابانە كارتۆنییەكان
كارتۆنی پڕ لە ئاو
ئاوی پڕ لە ماسی
من خالی لە ئاوی پڕ لە كارتۆن و ماسی پڕ لە سێوی ماتماتیك
باوكم دەڵێ‌ : دڵم دەوەستێ و قەلەوێرەكەم ببەن بۆ گۆڕستان بینێژن
دایكم دەستی دەخاتە سەر دڵی و ژوورەكەمان كتێب داگیری كردووە
دایكم لە گۆڕستاندا چەرچەفی خوێناوی دەداتە بەر با و
باران دەیبوورێنێتەوە
تۆش بوورانەوەی من بوویت كاتێ‌ دڵم دەوەستێ و دەمبەی بۆ گۆڕستان
مەمنێژە لەسەر قەلەوێرەی جێماوی باوكمدا بمچێنە
تا دەبوورێیتەوە .. بە چەرچەفی خوێناوی بەر با كفنت دەكەن
كە
بە
هێواشی
دەبوورێمەوە
من باران دەبوورێنمەوە و خۆم بە نەرمی دەخەمە ژێر پرسیارەوە
مەمنێژە تا دایكم بێتە دیدەنیم
و
ببینێ‌ من مردووم
و
گۆڕهەڵكەن
داوای مەرگی كەسێك دەكا لە بڕی هەڵكەندنی گۆڕێك بۆ من
چەند سەخت دەڕوا ئەو ماشێنە
كە
خەیار و مەرگی هەڵگرتووە
دڵ
كە
دەوەستێ‌ .. مەمنێژە تا كوڕەكەم دەڵێ‌ : بابە مەمنون
مەمنون كە نەتهێشت
یەخەی ئەو گوڵە یەخانە و یەخەی خۆم نەدڕم
دەبوو بیدڕم ..ئەو هەموو كفنە بدڕم لەبەرما
چەند سەخت دەڕوا ئەو گالیسكەیە كە گوڵ
و
تۆی هەڵگرتووە
تۆ جێم مەهێلَە كەس هیچم پێنادا تۆ نەبێ كە خۆتم پێبدەی
با ئەو كانتۆرە بكرێتەوە
تەرمی شاردراوەی نێو پرتەقاڵەكان و
قەلەڕەشە مۆمیاكراوەكان .. ببوورێنینەوە
قسە لەسەر فەریكە نۆك نییە
ئیتر ئەوا مانگ لە باوەشی كۆیلەیەكی نێو زیندان خەوتووە
زیندانەكە زیندانی بكەن
وەرزی دروێنە و مردنی لەسەرەخۆیە
وەك سەرخۆشێك نەتهێشت قەپێلكە هێلكە جێگای دڵ بگرێتەوە
لە چڕنووكی شەكەتی ئەم سەدەیە هیچ نەقەوما
دانەوێڵە دەبارێ‌ لە زەوییەوە بۆ سەر ئاسمان
لەژێر كورسیدا تەقە تەق
لە دەرەوەدا قسەی پڕ لە نهێنی
دەمێكە باخچەی ماڵەكەمان بۆتە مەزرای ئاژەڵان
پێشێلی یاسای چیلكە دار و گەڵا ناكەم
لەژێر سێبەری بزنەكە
شاعیرێك شیعر دەنووسێ بۆ خۆشەویستەكەی كە مردنە
گوڵەگەنم سەر دەردێنن
وەرزی دروێنە و دووركەوتنەوەتە…
بە فانۆسی سپی
بەنێو دارستانی سەوزدا
دەڕۆم.
درەختەكان
لایلایە بۆ چۆلەكەكان دەكەن .
دەریاكان
پڕن لە دەستنووسی با و
.ڕەشەبا
كاتی ڕۆیشتنم هاتووە
ئێوە دەمرن و منیش لە چاوەڕوانی مردندا
سەفەر دەكەم
قوڕ و لیتەی باخچە باریوە بەسەر سەری
باراندا
لەنێو دڵۆپێك فرمێسكدا كۆنسێرتێك ساز دەكەم : كۆنسێرتی پێكەنین.
پێكەنین ئاوازی گریانەكانی
ئەمڕۆمە
خۆشەویستە بچكۆلەكەم
قسە ناكەم
ئەوەی پرد دروستدەكا بۆ پەڕینەوە من نیم
زرینگەی زەنگوڵە و خرخاڵ بەرز دەبێتەوە
بە فانۆسێكی ڕەشەوە دەگەیتەوە لام
هێشتا
درەختەكان لایلایە بۆ چۆلەكەكان دەكەن
هێشتا
دەریاكان پڕن لەو مردووانەی ئاوازی ئەمڕۆمن.
بە ئاو پاكژ نابیتەوە
ڕووت
پێخواس
ئاوابوویت و هێشتا خۆر ئاوانەببوو
سەوزایی چاوت پڕ بوو لە جوانى ڕەنگ زەرد
ئەو گۆرانییەی بە یەكەوە نەمانگوت
گۆرانی دەڵێ‌ بۆ ئەو منداڵانەی لاسایی بەچكە شێرەكان دەكەنەوە
تۆ سەرەنجت نەداوە
یان
بێدەنگیی باڵندەیە هەموو شتێكی تەنیوە ؟
من دەزانم
ئەو كەفە زۆرە
هاواری یەكەمین باڵندەی كوشتووە
ئەگەر تۆ بارانی یەكەمینی
نووستووی نێو تابووتی بەردین
بە پێنج دڵۆپە خوێنی سەر چەقۆ لەش پیسە
هێشتا
كاتژمێری وەستاو
هێشتا
جووڵەی نێوان دوو كەوانە
هێشتا
. مەرگ
گیانێك
پڕ لە برینی فێنك
لە خانووێكی دیكەدا
گوێی لە ترپەی دڵمە
سووك سووك
برینەكانی دەپێچێتەوە و دەپرسێ : كاتژمێر چەندە بە تەوقیتی برین ؟
ئەوەی من باسی دەكەم
باران تێیدەگا
چەقۆیەك و
حەوت دڵۆپە خوێنی مەیو
لەبەر باران ڕووت دەبنەوە
خۆشەویستە بچكۆلەكەم لەنێو جێگای خەوتنەكەیدا گۆرانی دەڵێ‌
گیانێكیش
پڕ
لە بیرەوەری
لەبەر بارانی دەرەوە تەزیوە.
بەو هەموو خوێنەوە چۆن لەو شەقامە بپەڕمەوە ؟
خوێنێكی زۆرم لەبەر دەڕوا
دەترسم ماشێنەكان بە هۆڕنەكانیان گەرمی ئەو نیوەڕۆیەم بۆ بگۆڕن بە ساردیی بەفر , لە ژیانمدا یەك جار بەفرم بینیوە ببارێ‌ , بۆ چەند خولەكێكی كەم بەفر باری بەسەر كارگەی دروستكردنی بوزدا . دەترسم ماشێنەكان بەر لە من بپەڕنەوە سەر شۆستەكە , ماشێنەكان لە شەقام دەترسن , كەسێك لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا مردووە , وابزانم ئەمە هۆكاری بارینی بەفرە قورسەكەی بەیانییە , بەیانی بەفر دەبارێ‌ بەسەر كارگەی مافووردا , تۆ لە كارگەكەدا كاردەكەی , مافوور دروست دەكەی و بیر لە من دەكەیتەوە لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا مردووم و ماشێنەكان لە ترسی من دەپەڕنەوە سەر شۆستەكان.