لە بەختەوەرییەوە بۆ بەدبەختی سەبارەت بە ڕۆمانی لافاو.. ڕانانی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی (لافاو) یەکێکە لە شاکارە جوانەکانی نووسەری ناوداری فەڕەنسی (ئێمیل زۆلا) و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئەردەڵان عەبدوڵڵا)ەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە یەکێک لەو کۆمەڵە کتێبە نوێیەی کە دزگای چاپ وپەخشی سەردەم، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبدا، ڕۆژی 18/11/2021 لە شاری سلێمانی بەشداری تێدا دەکات.

وەرگێڕی ئەم کتێبە شارەزاییەکی باشی لە دنیای فراوان و فرەڕەهەندەکەی ئەم نووسەرە گەورە فەڕەنسییە هەیە و پێشتریش لە دووتوێی کتێبێکدا لێکۆڵینەوەی خۆی سەبارەت بە ژیان و ڕەهەندەکانی ئەم نووسەرە چاپ وبڵاوکردۆتەوە، بێگومان هەر وەرگێڕێک بەم ڕادەیە مەعریفە و شارەزایی لەسەر هەر نووسەرێکی جیهانی هەبێت، چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت جوانترین و بێ گرێترین وەرگێڕان پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەری کوردی بکات.

ڕۆمانی لافاو، بە سروشتی خۆی ڕۆمانێکە تێیدا خوێنەر بەر چەندین ئاست لەژیان، دۆخ و جیاواز و تێما دەکەوێت، دیارترینیان بوونی ململانێی مرۆڤە لەگەڵ دیاردە و کارەساتە سروشتییەکاندا، ئەوەش لەپێناو مانەوە لەژیاندا، هاوکات ئەو دیوە پەنهانەی مرۆڤمان پیشان دەدات کە لە ناخی خۆیدا هەڵگری چەندین تایبەتمەندیی سروشتیی و خودییە، لەوانەش بوونی تەماع و باوەشکردن بە ژیاندا و بینینی هەموو شتەکان لە چوارچێوەی قازانجپەرستی و هەوڵی زیاتر و پتر بۆ پاوانکردنی هەموو شوێنەکان بۆ خودی خۆی.
ڕۆمانی لافاو بە قەبارە گچکەیە و خوێنەری وریا لە ماوەی تەنها یەک کاتژمێردا تەواوی دەکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بێئەنداز گەورەیە و زۆریك لە ڕووداو و دیمەن و کەسایەتییەکانی تا ماوەیەکی زۆری داهاتوو، لە خەیاڵ وزیهنی خوێنەردا دەمێنێتەوە و بەردەوام دەیانهێنێتەوە پێشچاوی خۆی، چیرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە لە ڕووداوێکی واقیعییەوە وەرگیراوە و ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نووسینی (ئێمیل زۆلا) و بەو شێوازەوە بەرهەمەکانی دەناسرێنەوە، بەڵام لەسەر ئاستی زمان و تەکنیک و ڕووداو و شێوازی گێڕانەوە شاعیریانەکەی، بە ئەندازەیەک هونەراندوویەتی، کە خوێنەر کتومت وا هەست دەکات لەبەردەم شاشەیەکی گەورەی سینەمادایە و ڕووبەڕوو بەر دیمەنە ترسناکەکان و ڕوخساری تۆقیو و ناخی هەڵچووی کاراکتەرەکان دەکەوێت.

ئەم ڕۆمانە یەک مانگ دوای کارەساتە سروشتییەکە نووسراوە و تێیدا شاپاڵەوانی حیکایەتەکە ژیانی ڕابردووی خۆی دەگیڕێتەوە، بە دەستپێکێکی بەهێز کە تێیدا خۆی دەناسێنیت، خوێنەر وەدووی خۆی دەخات و دەیانبات بست بە بستی ئەو شوێنانەیان پیشان دەدات کە کارەساتە تراژیدییەکە ڕوویداوە، یەک ئەو کارەکتەرانەیان پێ دەناسێنێت کە هەندێکیان لافاوەکە ڕایماڵین و غەرقی مەرگی کردن، هەندێکیشیان لە ململانێی نێوان مەرگ و ژیاندا، بڕست و حەوسەڵەیان نامێنێت و بە جۆرێک دووچاری دۆخی شێواوی دەروونی دەبنەوە، کە تەنها دەریچەیەکی ڕزگاربوون لە لەخۆکوشتندا دەبیننەوە.
لویس ڕۆبیۆ، پاڵەوانی ڕۆمانی (لافاو)ە، جوتیارێکی بەختەوەرە و خۆی گوتەنی لە ئاسمانەوە خێر وقازانج و بەرەکەت باریوە بەسەر خۆی و کێڵگە و ئەرزەکانیدا، تەمەنی حەفتا ساڵە و لە گوندی سان ژوری دەژی، هاوسەرەکەی مردووە و ئەم لە خانوە گەورەکەیدا نە ئارامی لەگەڵ کوڕ و کچ و برا و نەوەکانیدا دەژی، لویس، زۆر بە وردی باس ئاکنجیانی خانوەکەی دەکات، ناوی یەک بە یەکیان و سروشت و تەمەن و ئاستی خێزاندارییان دەخاتە ڕوو، ڕەنگە خوێنەر لە سەرەتادا پێی وا بێت ناساندنی ئەم کەسانە زیادەن، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی ڕووداوەکاندا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە ئەو وردەکارییە چەند گرنگ بووە لە ناساندیاندا.

لە ماڵەکەی لویسدا، لە گوندە ئارامەکە، هەموو شتێک بەپێی یاسا ونەریتی تایبەت بە خۆی بەڕێوەدەچێت، هەموان کار و وەزیفەی خۆیان دەزانن و تەنانەت لە کاتی نانخواردن ودانیشتیان بە دەوری مێزەکەدا، هەرکەسە و بەپێی تەمەن و جێگە و ڕێگەی خۆی کورسی بۆ دانراوە، گەورەکان لە بەشی سەرەوە و بچووکەکانیش لە بەشی خوارەوە، لویس لەو جوتیارە بەختەوەرانە بوو کە هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی ئەودا بوو، قازانجێکی زۆری لە کێڵگە و ئەرزەکانی دەست دەکەوت، ئەمەش وای لێ کردبوو لە جووتیارێکی سادەوە خەریکبوو وردە وردە سروشتی چینایەتی دەگۆڕا بە کەسێکی دەوڵەمەند و خاوەن موڵک و زێدەبایی و سەرمایە، هەربۆیە لەگەڵ ئەو گۆڕانە چینایەتییەدا، خەون و بیرکردنەوەکانی ئەمیش گۆڕانیان بەسەردا هات، خەونەکانی بۆ فراوانبوونی زەوی و زارەکەی و ئەسپ و مەڕوماڵاتەکەی زیاتر بوو، چاوی لەوەبوو خانوەکەی بکات بە چەند قاتێک و کاتێک هەرکام لە نەوەکانی بچنە ژیانی هاوسەرییەوە، ئەم قاتێکی دیکە بۆ خانوە گەورەکەی زیاتر بکات، بیری دەکردەوە لە داداهاتوودا خانووەکەی سەری دەگاتە هەور و بزەیەکی تێر و تۆخ ڕۆ دەنیشتە سەر لێوەکانی و دڵی تژی دەبوو لە شادی،بە گشتی لای پیرەی جووتیاری بەختەوەر پێوەری شانس و بەخت ئەوەیە کەسەکان لەگەڵ یەکدیدا شەڕ نەکەن پارەی زۆر کۆبکەنەوە و نەوەی زۆر بخەنەوە، بۆ خۆیشی هەروای کردووە، پارەی زۆری کۆکردۆتەوە و کەسێکی بێکێشە بووە و نەوەی زۆری ستۆتەوە.

یەکێک لەحیکمەتەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە فێرمان دەکات چاوی تەماع و بەرژەوەندیخوازیمان هێندە زۆر نەبێت، فێرمان دەکات کەپارە و سەرمایە ناتوانن مرۆڤ لەهەندێک قەیران و دۆخی تەنگانەدا بپارێزن، بۆ ئەم مەبەستەش (ئێمیل زۆلا) ڕەوتی ڕوودا و گێڕانەوەکە لە دۆخێکەوە دەبات بۆ دۆخێکی تر، ئەو ژیانە ئارامەی باڵی بەسەر گوندەکەدا کێشاوە دەشێوێت و مەرگی بە کۆمەڵی مرۆڤ و درەخت و ئاژەڵان، لە بەرگی لافاوێکی دڵڕەق و بێڕوحمدا ناوچەکە بە تاریکی دەتەنێت و چ هیوایەکیش نامێنێت و (لویس) لە جووتیارێکی بەختەوەرەوە دەبێت بە بەدبەختێکی تەنیا و نە سامانەکەی بۆ دەمێنێتەوە، نە هیچ کام لە منداڵ ونەوەکانی.
بە هۆی بەردەوامیی شەست سەعات بارانبارینەوە، ڕووباری نزیک گوندەکە پڕ دەبێت و لافاو بە پانتایی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، لویس کاتێ هەست بە گەیشتنی مەترسی دەکات بۆ سەر ماڵەکەی، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە دەباتە قاتی سەرەوە و بەو ئومێدەی لافاوەکە دامرکێتەوە و مەرگ زەفەریان پێ نەبات، یەکێک لە دیمەنە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەشە ئەوەیە سیمای سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە ترس دایدەگرێت، دڵەڕاوکە و تێکچوونی باری دەروونیان دەگات بە شوێنێک کە چیدی بڕوایان بەوە نامێنێت کەسیان بە سەلامەتی لێی دەرچن، لەم دیمەندا مرۆڤگەلێک بەرجەستە دەبن کە بە هەموو شێوازێک ململانێ دەکەن لەگەڵ مەرگدا، ژیان و شیرینی و چێژەکانی ژیان لەو ساتەدا سەد بەرابەر بەها و گرنگیی زیاتر پەیدا دەکات، لە چاوی هەر کەسێکدا بڕوایەک دەبینرێت کە وەک مۆم لەبەردەم زریانی مەرگدا خەریکە دەتوێتەوە، نووسەر بە جۆرێک ترس و هەڕەشەی مەرگی لە ڕێگەی لافاوەکەوە وێنا کردووە، کە هیچ خوێنەرێک نییە وا هەست نەکات خۆی یەکێکە لە قوربانییەکان.

سەرەنجام دۆخی ئەندامانی خێزانەکە بە شوێنێک دەگات، کە هەر یەکەیان بە جۆرێک دەبنە قوربانی و لافاوەکە ڕایاندەماڵێت، بەڵام غەمگینترینیان ئەوانەن کە هیچ هیوایەکیان بە ژیان نامێنێت و لە پرۆسەیەکی خۆکوژیدا خۆیان هەڵدەدەنە نێو لافاوەکە، ڕۆژی دواتر کە ناوچەکە ئارام دەبێتەوە و خۆر هەڵدێت، پیرەی جووتیاری بەدبەخت خۆی تاک و تەنیا دەبینێتەوە و لە دۆخێکی نائارامدا بڕیار دەدات کە هەرچی لە کێڵگە و سەروەت و سامان و زەوییەکانی هەیە یبەخشێت بەو خێزانانیە کە منداڵیان هەیە، ئەو کارەسات سروشتییە و دۆخە غەمگینەی دوای مردنی سەرجەم منداڵ و برا و نەوەکانی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، گۆڕانێکی ئەوتۆ لە شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیدادروست دەکەن، کە خوێنەر لە شوێنی خۆیەوە نەفرەت بۆ ئەوانە دەنێرێت کە تێر نابن لە ژیاندا و چەندیان هەبێت، هێشتا هەر چاوەڕێی زیاتر دەکەن.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی سادە و بە زمانێکی سادە، بۆ ئەوەی خوێنەر هان بدەین خۆیان لە چێژ وجوانیی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن.




عەشقی هاجەرە.. ئەو عەشقەی خوێن دەکات بە ئاو سیامەند هادی

ئەم دەقە لە زۆر ڕووەوە مۆرکی چیرۆکی هەڵگرتووە، بەوەی هەموو ئەو کەرەستانەی چیرۆک کاریان لەسەر دەکات، لەم دەقەدا خراونەتەڕوو. لە خوێندنەوەی دەقەکەدا، ئێمە بە تەواوی هەست بەوە دەکەین چیرۆکێک دەخوێنینەوە، چونکە بەر گێڕانەوە و بیرۆکە و کاراکتەر و شوێن و کات و وەسف و دیالۆگ و فەنتازیا و گرێچن و هەموو لایەنە هونەرییەکانی چیرۆک دەکەوین. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەم دەقە بە چەند وردەکارییەکی هونەریی لە چیرۆک دوور دەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی هەندێک جار بەسەر پانتاییەکدا لە ڕوانین دەکرێتەوە، کە چیرۆک ناتوانێت قبووڵی بکات. وەک دەزانین لە چیرۆکدا بابەت و وەسف و کاراکتەر و شوێنکات بە شێوەیەکی هونەری ورد و چڕ کاریان لەسەر دەکرێت و پانتاییەکی کراوە لەبەردەم چیرۆکنووسدا نییە بۆ گوزارشتکردن، هەربۆیە چیرۆکنووس دەبێت لە کاری گێڕانەوەدا مەودای ڕوانین و خستنەڕووی بابەت و کاراکتەرەکانی لەو پانتاییە دووربخاتەوە کە دەکەونە قاڵبی کرانەوە و ڕاڤەیەکی زیاترەوە لەوەی چیرۆک دەیخوازێت. لێرەدا بە تەنها مەبەست لە درێژی نییە، بەڵکو مەبەست لە ئەو کرانەوە و ڕاڤە زۆرەیە کە دەقێک دەیخوڵقێنێت.

لە سەرێکی دیکەشەوە ئەم دەقە بەشێک لە مۆرکی یادەوەریی هەڵگرتووە، بەوەی گێڕەرەوەیەک (ڕاوی) بە شێوەیەک لە شێوەکان بیۆگرافیای خۆی دەنووسێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەوەی وەک مۆرکی چیرۆک ئاماژەمان پێدا (کە زیاتر دەقەکە بە لای ئەو لایەنەدا دەشکێتەوە) ئەم تێکستە لەوە دەخات کە وەک یادەوەریی لێی بڕوانین. هەر ئەوەشە وا دەکات کە نووسەری ئەم تێکستە کارەکەی بە (گێڕانەوە) ناوبەرێت، چونکە هەموو ئەوەی لەم تێکستەدایە، لەژێر ئەو چەمکەدا بە تەواوی جێگەی دەبێتەوە.

(عەشقی هاجەرە) لە ڕێگەی گێڕەرەوەی کەسی یەکەمەوە دەخرێتەڕوو، کە خۆی وەک کاراکتەر بەشدارە لە تێکستەکەدا. هەندێک چیرۆکنووس لە مامەڵکردن لەگەڵ گێڕەرەوەدا زۆرجار دەکەوێتە هەڵەوە، چونکە جۆرەکانی ڕاوی ئەدگاری تایبەتی خۆیان هەیە و نووسەر دەبێت ئاگادار بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گێڕەرەوەدا دەکات، بەوەی گێڕەرەوە کێیە و چۆن دەگێڕێتەوە و لە کوێدا وەستاوە و ئەو ماوەیە چەندە کە دەکەوێتە نێوان ئەو و خوێنەر لە لایەک و نووسەر لە لایەکی ترەوە. گێڕەرەوەی (عەشقی هاجەرە) کەسی یەکەمی بەشداربووە لە دەقەکەدا، هەربۆیە ئەم جۆرە گێڕەرەوەیە وەک گێڕەرەوەی هەمووشتزان ناتوانێت بەبێ بوونی هۆکار بە تەواوی ڕووداو و سایکۆلۆژیای کەسێتییەکاندا بچێتە خوارەوە و لە هەموو شوێنکاتێکدا ئامادەبوونی هەبێت.

گێڕەرەوەی بەشداربوو ئەوەی دەیزانێ و دەگێڕێتەوە، ئەوەیە کە بینیویەتی یان بۆیان گێڕاوەتەوە. لەم دەقەدا ئێمە بەر ئەو شێوە مامەڵە هونەرییە دەکەوین، کە گێڕەرەوە بونیادی دەنێت. کاتێک گێڕەرەوەی کەسی یەکەم و بەشداربووی دەقەکە دەست دەکات بە گێڕانەوە، ئەوەی دەیگێڕێتەوە ئەوەیە کە خۆی بینیویەتی، یان بۆیان گێڕاوەتەوە. لەو شوێنەی کە شتێکمان لە دەرەوەی ئەو لایەنە بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت (من بەو شێوەیە وێنای دەکەم)، بەو پێیەی ئەوەیان خەیاڵی خۆیەتی بۆ وێناکردنی ڕووداوێک یان حاڵەتێکی تایبەتی، بەمەش بە شێوەیەکی هونەریی خۆی لەو هەڵەیە قوتار کردووە کە هەندێک چیرۆکنووس دەیکەن و ئەو پاساوەیان بەدەستەوە نەداوە کە خوێنەر قایل بکات. لەگەڵ ئەوەشدا وێناکردنەکانی گێڕەرەوە کە ڕوانینی تایبەتی خۆیەتی، لە ڕەوتی هارمۆنیای دەقەکە نەچوونەتە دەرەوە، بەڵکو هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەکانی دیکەدا دەڕۆن و دەبنە تەواوکەری چیرۆکەکە.

ئەگەر تەماشای ئەو گرنگی و سەرسامییە بکەین کە گێڕەرەوە لە باسکردنی (دێخاوەر)دا دەیخاتەڕوو، جگە لە ڕەوتی چیرۆکەکە بەوەی وەزیفەیەکی تایبەتی خۆی هەیە، نووسەر دەیەوێت دوو دەلالەتمان لەو کەسێتییەوە بۆ دەربخات. لە لایەک دەیەوێت ڕێگە بۆ ئەو شێوە گێڕانەوەیەی ڕاوی دەقەکە خۆش بکات، بەوەی کەسێکی لەو شێوەیەی ناسیوە، بۆیە دەتوانێت بەو جۆرە چیرۆکێک بگێڕێتەوە. لە لایەکی تریشەوە بەو سەرسامییە زۆرەی بەرامبەر شێوازی گێڕانەوەی ئەو ژنە هەیەتی، دەیەوێت بڵێت کە ئەویش خوازیارە بتوانێت وەک ئەو ژنە چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە.

ئەگەرچی ئەم گێڕەرەوەیە کەسی یەکەمە و دەیەوێت بایۆگرافیای خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام خۆی نەکردۆتە سەنتەر و دەوروبەریشی بە پەراوێز، بەڵکو زۆرجار حیکایەتی باوکی قورساییەکی زیاتری پێ دەدرێت. ئەم کەسی یەکەمە لێرەدا نابێتە پاڵەوان و بە شێوەیەکی خودباڵایی تەواوی کێشە و ڕووداوەکان بەرەوپێشەوە ببات، بە پێچەوانەوە ئەم کەسێتییە زۆر ئاسایی و بێ ئەوەی بە کۆمەڵێک شت بارکرابێت، چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە.

لێرەدا دەکرێت بپرسین: ئەم گێڕەرەوەیە دەیەوێت چیمان بۆ بگێڕێتەوە؟ عەشقی باوکی، یان بایۆگرافیای تایبەتی خۆی، یان کارەساتەکانی ناوچەیەک؟ ڕەنگە دوای خوێندنەوەی دەقەکە خێرا ئەو بڕیارە بدەین کە سەنتەری گێڕانەوە و بابەتی سەرەکی لەم تێکستەدا ئەو عەشقەیە لەنێوان (فەقێ عەلی) باوکی گێڕەرەوە و ئەو کچە قەرەجەدا دروست دەبێت کە ناوی هاجەرەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی قورساییەکی زیاتر بەو عەشقە دراوە، هەست دەکەین پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا دروست کراوە، کە دەبنە تەواوکەری یەکتری و ناتوانین لە یەکترییان داببڕین.

ئەو باوکە گەورەترین خەون و خەیاڵی بە کچێکەوە دەبەستێتەوە و تا سەر ئێسقان عاشقی قەرەجێک دەبێت و دەیەوێت تەواوی ژیانی لەگەڵدا بباتە سەر، بەڵام دەوروبەری ڕێگریی لێ دەکەن و ئەو عەشقە گەورەیە لەناودەبەن. خەڵکی ناوچەیەک کە عەشقێکی بێگەرد و گەورەی لەو شێوەیە لەناوبەرێت، دەبێت چاوەڕێی چی بکات؟ باوک بێ ئەوەی بیەوێت، تۆڵەی ئەو لەناوبردنی عەشقە لە هەموو دەوروبەری دەکرێتەوە. جگە لەو کارەساتانەی یەک لە دوایە یەک بەسەر ناوچەکەدا دێن، خێزانەکەشی لەنێو ئازار و کارەساتدا ژیان دەگوزەرێنن. کچەکان بە بۆنی گوڵ دەمرن و کوڕەکانیش بە هۆی بوونی باوکێکەوە کە سروشتێکی ناتەواوی هەیە، لەنێو هاوڕێ و دەوروبەریاندا ڕیسوا دەبن. هەمیشە باوک بابەتێکە بۆ دەوروبەر، بۆ ئەوەی نەوەکانی پێ ڕیسوا بکرێن و وەک بەڵایەک بە دوایانەوە بێت.

هاجەرە لەو گوندە بەزۆر دەردەکرێت و ون دەبێت، باوکی گێڕەرەوە دواتر هاوسەرگیریش دەکات و چەند مناڵێکیشیان دەبێت، بەڵام هەرگیز عەشقی هاجەرەی بیرناچێتەوە و ئەو عەشقە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناخیدا تەشەنە دەکات. ئەو لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا لە دەرەوە دەمێنێتەوە و نایەوێت بێتە ژوورەوە، چونکە ماڵەوە دەلالەتی هێمنی و ئارامی دەبەخشێت، لە کاتێکدا ئەو ژیانێکی هێمن و ئارامی نییە و دەیەوێت لە دەرەوە بێت، کە لە ڕووی دەلالەتەوە ئاماژەیە بۆ وێڵبوون و بێجێگەیی. ئەو نە لە کاتێکی دیاریکراودا دەژی و نە شوێنێکیشی هەیە تێیدا بێت، بەڵکو ئەو بە خەیاڵ لە کات و شوێنێکی تردایە، بەوەش نائاگایە بەو ساتانەی لە ڕووی واقیعییەوە تێیدایە. هەر ئەوەشە وا دەکات ئەم دەقە لە سەرەتاوە دەیەوێت بە دوانەی (ناوەوە/ دەرەوە) دەست پێ بکات، کە ئێمە دەتوانین سیمای ئەو دوو جیهانە ڕاڤە بکەین و پەی بەو پەیوەندییانەش بەرین کە ئەو دوو چەمکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. باوک نایەوێت بێتە ژوورەوە، لەبەر ئەوەی دڵ و خەیاڵی لە شوێنێکی ترە، بەبێ ئەوەی خۆیشی بزانێت ئەو شوێنە کوێیە.

باوک لە ڕۆژی بۆردومانەکەدا ون دەبێت و کەس نازانێت لە کوێیە، دایک ناسنامەی خێزانەکە لەگەڵ خۆی دەبات، بۆ ئەوەی شوناسی ئەو خێزانە بپارێزێت، بەڵام هەرچەند دەگەڕێت ناسنامەی باوک نادۆزێتەوە. باوک ناسنامەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، چونکە ئەو کەسێکی بێشوناسە و نایەوێت هیچ ناسنامەیەک لە دوای خۆی بەجێ بهێڵێت. ئەو ناسنامەکەی دەبات، بۆ ئەوەی وەک هاجەرە بێشوناس بێت و لە لای خێزانەکەی بۆ ئەبەد بسڕێتەوە.

عەشقی هاجەرە سات لە دوای سات، گاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و جەستەی باوک دادەنێت، تا ئەوکاتەی تەواوی خوێنی ئەو جەستەیە دەکات بە ئاو، هەربۆیە کاتێک بەر بۆردومانی فڕۆکە دەکەوێت، لە بری خوێن، ئاو بەسەر ستارەی سەربانەکەدا دەڕژێت.
*(عەشقی هاجەرە)- گێڕانەوەی: ئیدریس عەلی-سلێمانی ٢٠١٧.




دلاوەر قەرەداغی.. زیاد لە کەسێک…! …. ئیدریس عەلی

دنیای کلتووری و ئەدەبی ئێمە، لەم پنتە داخراو و دوورە شارستانییەتەی جیهاندا کە ناوی کوردستانە، زیاتر لەو منداڵە بێکەس و هەژارە دەچێت، کە چاوەڕێی دەستێکی ڕەحمەتە تێر و پۆشتەی بکات، لە ڕووی بەرهەمی ئەدەبی و داهێنانەوە، لە چەند هەوڵێکی لێرەولەوێ بترازێت، چ شتێکی ئەوتۆ نابینرێت، ئەم حاڵەتە تەواو لە کتێبخانەکانماندا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە و دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت.

بەڵام ڕەنگە لەڕووی کاری وەرگێڕانەوە، هێشتا شانسێکی ئەوتۆمان مابێت بۆ بەرگەگرتنی دڵڕەقی ژیان و وەستانەوە بەڕووی ناشرینییە زۆرەکاندا، لانیکەم بە وێنەی وڵاتانی دەوروبەرمان هەنگاو بنێین و وزە و ژیانێک بگەڕێتەوە بۆ نێو گیانی کلتوور و ئەدەبییمان، دیسان ئەم حاڵەتەش بە ڕوونی بە کتێبخانەکانمانەوە هەست پێ دەکەین و دەبینین، پێدچێت ئەمەش جۆرە خۆشبەختییەک بێت بۆ ئێمەی خوێنەر، کە لە ناو ئەم بێکەسیی و کەس بە کەسەدا، چەند وەرگێڕێک، بەوپەڕی پەرۆشی و عەشقەوە خەریکی کاری وەرگێڕانن لە ناو زمانە جیاجیاکانی دنیادا، وەرگێڕانی شاکارە زیندووەکانی نووسەرە گەورە و دیارەکان، لە لایەکەوە بوونەتە خەزنەیەکی دەوڵەمەند و بە بەها بۆ خوێنەران، لە لایەکی دیکەوە خۆری ئاوەدانین و تیشکەکانیان کەوتوونەتە سەر کتێبخانەکانمان، ئەوان بێوچان کاری وەرگێڕان دەکەن و لەو جوانیانەی خۆیان دەیبینن بەشی ئێمەشی لێ دەدەن.

بەشبەحاڵی خۆم، وەک خوێنەرێک کە سەروکارم لەگەل کتێبە ئەدەبییەکاندا هەیە و حەز بە خویندنەوە دەکەم، ئاشنای گەلێ وەرگێڕ و بەرهەمەکانیان بووم و تا سەر ئێسک بە کتێب و جوانی قەرزاریان کردووم، ڕەنگە لە ڕابردوودا لەسەر هەندیکیان لێرەولەوێ.. لەم ڕۆژنامە و گۆڤار، قسەیەکی خێرمانکردبێ، یاخوود بە ستوونێک و چەند وشەیەکی سادە، بەڵام هەڵقوڵاوی ڕاستگۆیی ناخ و دڵ، سوپاسیکمان کردبن، بەڵام هێشتا ئەم هەوڵانەی ئێمە لە کوێ و ئەو ماندووبوون و شەوننخوونی و عەشقە گەورانەی ئەوان لە کوێ؟.

یەکێک لەو وەرگێڕکارانەی کە ئەزموونێکی جوانی هەیە ( دلاوەر قەرەداغی)ە، ناوبراو لە پەنا ئەزموونە تایبەت و هێمنەکەی شیعردا، بە عەشقێکی ئەبەدییەوە، چەندین شاکاری مەزنی جیهانیی وەرگێڕاوە و بە زمان و کوردییەکی تەواو جیاواز و جوان ئاشنای کردووین، گەر لامسەلایی و بە خێرایی چاوێک بە کتێبخانەی کوردیدا بگێڕین. مومکین نییە نیگامان لەسەر چەنین کتێبی (دلاوەر) نەگیرسێتەوە، من بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵیم کە ئەگەر ئەو نەبوایە ئێمەی خوێنەری کورد، مەگەر تەنها لە دوورەوە ناوی نووسەرەکانیان، یاخوود کتێبەکانیانمان ببیستایە.

ڕەنگە کاری ئەم نووسینە نەبێت ناوی یەک بەیەکی ئەو کتێبە گرنگانە بەرێت کە لەماوی ئەزموونی کاری وەرگێرانی دا پێشکەشی کردووین، چونکە بە دڵنیاییەوە خودی خوێنەران بۆ خۆیان ناوی سەرجەم کتێبەکانیان ئەزبەرە و بەریکەوتوون، کتێبخانەی ماڵەکانیان تژین لەو ڕۆمان و شانۆنامە و بیروەریانەی گەورە نووسەرانی جیهان، کە ئەم وەریگێڕاون، دیسان کاری ئەم نووسینە ستایش و مەدحێکی بێ بنەما و فووتێکردنێکی لە خۆوە نییە، چونکە نە نووسەری ئەم نووسینە بێ بنەما وەسف دەکات، نە ئەوەی ئەم نووسینەی لەبارەوە نووسراوە پێی خۆشە وەسف بکرێت، نە کاریشی پێیەتی، ڕازیبوونی خوێنەر لە کتێبەکانی بۆ ئەو هەموو شتێکە و پێزانینێكی خاکەرایانە سەرلەنوی دەیخەنەوە سەر نەغمەی کارکردن و ماندووبوونی لەبیر دەبەنەوە.

تازەترین کتێبی وەرگێرانی کاک دلاوەر، کتێبە بە نرخەکەی ( ئەندرێ مالرۆ)ی فەڕەنسییە، بە ناوی( نایادەوەری) ئەو کتێبە قەبەی کە ئێمە پێشتر تەنها ناویمان بیستبوو و لێرەو لەوێ باس لە گرنگی و بایەخی کرابوو، وەک خوێنەری کورد خەونمان بە وەرگێڕانییەوە دەبینی، من بیر لەوە دەکەمەوە چ ئازایەتی و عەشقێک لای دلاوەر هەیە کە دەست بەرێت بۆ کتێبێکی قەبارە گەورەی وەها؟ لە سەردەمیکدا کە دنیا بەرەو بەرژەوەندییە زۆر تایبەتییە تاکە کەسییەکان دەڕوات، ئەوە چ لە خۆبردووییەکە وا لە دلاوەر دەکات پشت بکاتە خۆی و چێژی ژیان و ڕووبکاتە خوێنەر عەزابی وەرگێران و ئازاری نووسینەوە و وەک کارگەیەکی چالاک پڕ بەرهەم بێت و جوانی پێشکەش بکات؟ لە نێوەندێکدا بە ناوی نێوەندی ئەدەبی کوردییەوە کە دەیان و زیاتریش خەریکی خۆبردنە پێشەوە و ئیمتیازات و هاتوهاوار و گیرفان گەرمکردنن، ئەو تایبەتمەندییە چییە وا لە دلاوەر دەکات بێدەنگ و بێ بانگەشە و دەنگەدەنگ، تاوناتاوی کتێبێکی نوێ و نووسەرێکی نوێمان پێ ئاشنا بکات؟ بێگوومان بوونی کەسانی وەک کاک دلاوەر و چەند هاوڕێیەکی دیکە لە نیوەندەکەدا، کتوومت لە کۆڵەکەی ئەو ماڵە هەژارە دەچن، کە شانیان داوەتە بەر ڕووخان و بە پێوە ئازار دەچێێژن بۆ ئەوەی جوانی نەکەوێت، ئەز دڵنیام ئەوەی ئەم هاوڕێ شاعیر و وەرگێرە بە تەنیا دەیکات، کاری دامودەزگایەکەی گەورەیە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە.




له‌ژێر پله‌ی سفری فه‌رامۆشیدا…! ئیدریس عه‌لی

ئینجیل: به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕۆژی ئێوه‌یه‌.. کاتێ تاریکی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌…!

به‌شی شیعر نووسینێک
چاومان بده‌ین به‌ کۆتر
تاوه‌کو له‌بری ئێمه‌ پێی بڕوانێ و
جار جار له‌ دواوه‌
بۆ ختوکه‌دانی هه‌ستمان
په‌ڕێکی بخشێنێ به‌ بناگوێماندا و
پێمانڕا بگمێنێ،
چه‌ند جۆر جوانی تر
به‌ شه‌رتی ئه‌به‌دیه‌ت
له‌ملاولای دڵمان دا
وه‌ک قارچکی دوای تاوه‌باران
له‌ ژێر هه‌تاوی خورپه‌مان دا هه‌ڵتۆقیون،
که‌چی ئێمه‌
‌ له‌سه‌ر نوکی خه‌یاڵیش
به‌لایاندا نه‌چووین،
‌ له‌تاو بڕان و
هاتنەوەی تەزووی خه‌یاڵ
نه‌په‌رژاوین
له‌ ڕسته‌یه‌کی گونجاودا
به‌ ته‌نیشت گوڵ و
به‌فر و
باڵنده‌کانی تره‌وه‌ ‌
جێیه‌کی فه‌ره‌حیان بۆ بکه‌ینه‌وه‌،
تا سه‌ربه‌ست و خۆشحاڵ
له‌ هه‌ر ئینجانه‌یه‌کی گه‌رموگوڕ که‌ پێیان خۆشه‌.. بڕوێن
به‌سه‌ر هه‌ر باخیکی ئاشنادا که‌ حه‌ز بکه‌ن.. ببارێن
باڵیان بۆ هه‌ر ئاسمانێکی به‌رین که‌ بیگرێت .. بفڕن و
خۆیان له‌ چنگ
خه‌ونی کوردانه‌ و
خه‌یاڵی شاعیرانه‌ی ئێمه‌
قوتار بکه‌ن…!

بایی ئاخهه‌ڵکێشانێ‌
به‌دیار گۆرانییه‌که‌وه‌
گوێیه‌کانمان به‌ پشیله هه‌ڵخه‌ین‌،
تا به‌سه‌ر دیواری بێده‌نگیمانه‌وه‌
بمیاوێنێ به‌ڕووماندا و
ئاگادارمان بکاته‌وه‌
هه‌ر له‌م ده‌وروبه‌ره‌ی ڕۆحمان
قه‌ڵبه‌زه‌ی چه‌نده‌ها ده‌نگی تر
زوڵاڵتر له‌و ده‌نگانه‌ی
له‌ ژووری ته‌نیاییمانه‌وه‌ دێن و
ده‌می کراوه‌ی برینه‌کانمانی پێ ده‌به‌ستین،
به‌ نه‌رمی و کاوه‌خۆ
‌ له‌ گه‌رووی کانییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێن،
که‌چی ئێمه‌
له ڕۆژه‌‌ سه‌فه‌رییه‌کانی مناڵی و
شه‌وه‌ دڵنشینه‌کانی مه‌ستبوونا
نه‌مانبیستوون…!

ماوه‌ی میواندارییه‌ک
هه‌ستی بۆنکردنمان بده‌ین به‌ سه‌گ،
ته‌نیا و بێکه‌س
پێچێ به‌ده‌وری عه‌لوه‌که‌دا بکات،
نزیک بێته‌وه‌ له‌ بارێ قۆخ
لوت له‌ توێکڵه‌ سێوێ بژه‌نێ و
حه‌په‌حه‌پ له‌ژێر که‌ڵبه‌وه‌
بقروسکێنی به‌ گژماندا
تاوه‌کو له‌ خه‌می زه‌ردبوون و
هه‌ڵوه‌رین بڕه‌خسێین،
تا‌ هیچ نه‌بێ به‌شی ئه‌وه‌نده‌ خوێنمان پێبێ
به‌رگه‌ی یه‌کدوو پاییزیی دیکه‌ی
ئاوه‌ها دڵڕه‌ق و
ساردوسڕ
ئه‌وه‌نده‌ گرانجان له‌ فرۆشتنی باران بگرین،
له‌ سیله‌ی ئومیده‌وه‌ بڕوانین
نێو‌ ساردکه‌ره‌وه‌کانی ناخمان
چه‌ند سوزگی تر
میوه‌ی ئاڵ و گه‌یوی وه‌فا
خه‌ریکه‌ خراپ ده‌بن و
له‌ توێکڵی په‌شیمانیی خۆیان دێنه‌ ده‌ر،
چه‌ند جۆری تر
بو‌تڵه‌ شه‌ربه‌تی گیراوه‌
له‌ بێده‌نگیی ترێ و
شووشه‌ مره‌بای خۆشکراو
به‌ شه‌رمی گێلاس و
مه‌نجه‌ڵی بچوک بچوکی
پڕ له‌ شۆربای خۆشه‌ویستی
له‌ژێر پله‌ی سفری فه‌رامۆشیدا
خه‌ریکه‌ ماوه‌ی میهره‌بانییان به‌سه‌ر ده‌چێ و
ئێمه‌ له‌تاو شه‌ڕه‌ دڵ
لە تاو سەگە سەگی چاوتێری
هێشتاکه‌ ده‌ستی به‌خشینمان
بۆ نه‌بردوون…!

فرسه‌خێ نزیکتر بۆ گه‌یشتن به‌ به‌هه‌شت
تۆزقاڵێک له‌ ئیمانی زیاده‌ی خۆمان
بده‌ین به‌ کاریله،‌
تا له ‌وانه‌ی “زوهد و به‌لاغه‌ دا
له‌سه‌ر ره‌حله‌ ره‌قه‌که‌ی “جه‌لاله‌دین”
شانبه‌شانی برینه‌کانی
“شه‌مس”‌‌ دابنیشێ،
له‌نێو گژوگیای ته‌ڕ و پاراوی
باخه‌کانی فیرده‌وس و
کانیاوی زمزم دا
زانستی کاوێژ بخوێنێ،
به‌ ده‌ستێکی زاهیدانه‌وه‌
سێ جار به‌ ئاسته‌م
ئه‌ڵقه‌ڕێزی ده‌رگا دارینه‌که‌ی “ڕه‌ییان” بکوتێ و
دڵێکی دایکانه‌ی زه‌خمار داچڵه‌کێنێ
که‌ له‌ودیوه‌وه‌ ‌ ئارام و هێدی
به‌ده‌م هه‌نسک و لاوانه‌وه‌وه‌
خه‌ریکی پروکاندنی برینه‌کانی جه‌سته‌ی
ده‌روێشێکی خوراسانیی و
شوشتنی کراسی خوێناوی زامدارێکی ئه‌فغانییه‌‌،
به‌ ده‌نگی ‌ شیوه‌ن و سنگکوتانه‌وه‌
فه‌رمووی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی‌ لێ بکات،
وای بۆ بچێت پۆسته‌چییه‌
ڕیش چه‌رمووه‌که‌ی که‌نعانه‌ و
نامه‌ی “یوسفی” ێکی تری بۆ هێناوه‌،
مه‌زه‌نه‌ بکات‌ شه‌هیدێکی تری بۆنخۆشیان
له‌ ئورشه‌لیمه‌وه‌‌ ناردووه‌،
وابزانێت عاشورایه‌ و
سه‌ری بڕاوی “”حوسێن” ێکی تر
له‌ ده‌شتی که‌ربه‌لاوه‌ ‌‌ هاتووه‌،
جار جار ملێ ڕاته‌کێنێ و
له‌ دووره‌وه‌ بباعێنێ بۆمان،
تا بیرمان بخاته‌وه‌
که‌ هه‌زاران فه‌رمودی تری سه‌حیح
له‌ خه‌ره‌ند و پێچ و چۆڵی
کتێبه‌کانی خوادا
وه‌ک زه‌ڕنه‌قوته‌ی به‌یانیان
به‌سه‌ر به‌فری فه‌رامۆشیدا هه‌ڵوه‌ریون،
دڵی گه‌رمی گه‌نجیکی دێی ” سوهروه‌رد” و
غه‌زه‌لی به‌ په‌ڕی باڵنده‌ نووسراوی
شاعیرێکی “تاوگۆزی” و
ده‌ستی ڕه‌حمه‌ت و پڕ له‌ شیفای
” کاک ئه‌حمه‌د” ناوێکی “پریسی” یان ده‌وێت،
هه‌تا سپێده‌ی کۆچێکی تر
خه‌ونی فڕین بداته‌وه‌ له‌ که‌له‌‌یان
هه‌تا ئێواره‌ی زکرێکی تر
خولیای ئه‌وین بزێته‌وه‌ نێو دڵیان…!