( پەڕەنگ ) زایەڵەی دەنگی ڕەوەندی کورد لە قۆناغە سەختەکاندا … ئیسماعیل تەنیا

ساغکردنەوەو بەسەرکردنەوەی گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکان، کارێکی گرنگ و یارمەتیدەریشە بۆ تێگەیشتن لە بزوتنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەو قۆناغەدا… وێرای ئەوەش بە خوێنەرو نەوەی نوێیان ئاشنا دەکات و ڕێگاکانیان ڕۆشنترو کورتتر دەکاتەوە… ئەگەر ئەو بەسەرکردنانەوەش، ئەو گۆڤارو بڵاوکراوانە بگرێتەوە کە لە سەردەمانێکدا لە دەرەوەی وڵاتدا دەرچووبن و ڕایەڵەی پەیوەندییەکانیش ئەوەندە ئاسان نەبووبن، گرنگی کارەکە دوو هێندەو سێ هێندەی تر دەبێت. ئەڵمانیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کوردێکی زۆری لێ گیرساونەتەوەو لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، تاوەکو ئێستا، بە دەیان گۆڤارو بڵاوکراوەی کوردییان لێ بڵاوکراونەتەوە.

یەکێک لەو گۆڤارانەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت هەروەستەی لەسەر بکەین، گۆڤاری (پەڕەنگ)ە. پێش پەڕەنگیش چەندین گۆڤاری تر لەو هەوارەدا دەرچووینە، نموونەی: (پڕشنگ، دەنگی خوێندکاران، دەم، کوردستان ڕاپۆرت، مزگین، دڕک، ڕۆژی کوردستان، دەنگی خوێندکارانی کوردستان، پێشەنگ، ژیان،….. تاد).
(پەڕەنگ) لە لایەن کۆمەڵێک کوردی ئاوارەی زێتر سەر بە باشووری کوردستان لە شاری (دارمشتاد)ی ئەڵمانیا، بە زمانی کوردی (کرمانجی خواروو- ڕێنووسی ئارامی) دەرچووە. بابەتەکان بە دیالێکتی (کرمانجی خواروو) بووە، جگە لە یەک بابەت کە وتارێکە لەلایەن (هەڤاڵ مراد) لە ژمارە (٥)دا، بە دیالێکتی (کرمانجی ژووروو- ڕێنووسی ئارامی)، نووسراوەو بڵاوکراوەتەوە. بە گوێرەی دوا هەوڵ و گەڕان و سوڕانی من، تا ئێستاکە (٦) شەش ژمارەی لێ دەرچووە، کە خۆشبەختانە من توانیومە (٥) ژمارەیان دەست بخەم و لە ئەرشیفەکەی خۆمدا ریزبەندیان بکەم.
چاوەڕوان بووم تا ئەو تاکە ژمارەیەش کە ژمارە (٣) یە دەست بخەم، ئەوجا بابەتێکی لەسەر بنووسم. بەڵام زۆر لەمێژە هەوڵ دەدەم و سەرم بە زۆر شوێندا گرتووە کە گومانی دەستکەوتنم لێ کردووە، مخابن سۆراغ کردنەکەم بێ ئەنجام بووەو ئەو ژمارەیەم دەست نەکەوتووە.

پێناسین

لە هەر پێنج ژمارەکەدا، بە شێوەی جیا جیا ناوی (پەڕەنگ) لە دەستەڕاستی سەرووی بەرگی گۆڤارەکە نووسراوە… لە ژێر ئەو ئارمەشدا بە ڕێنووسی لاتینی (پەڕەنگ) نووسراوە. لە ژمارە (١) و (٢)دا، (نەجمەدین کەریم لە (سۆفیا)وە، بە نامەیەک لە ژێر ناوونیشانی (پەڕەنگ و چەند وشەیەک) کۆمەڵێک ڕازو سەرنج و بۆچوونی خۆی دەربارەی ژمارە (١) خستۆتە ڕوو، لە پێشنیازێکیشدا دەڵێ: (پێشنیازی ئەوە دەکەم بگوترێت: گۆڤاری پەڕەنگ گۆڤارێکی ئەخباری و کولتورییە).
پێدەچێت ئەو پێشنیازە جێی خۆی گرتبێت بۆیە لە ژمارە (٤)داو لە لاپەڕەی یەکەمدا، کۆمەڵێک شت کراوە کە جاران نەبووینە…نموونەی:
(١)- لە لاکێشەیەکدا لەسەرەوە ناوی (پەڕەنگ) نووسراوە… لە لاکێشەیەکی ترداو لە ژێر پەڕەنگ وا پێناسەی گۆڤارەکە کراوە: (گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی گشتییە، بۆ یەکگرتن و پێشخستنی فەرهەنگی کوردی هاوچەرخ).
(٢)- لە سێیەم لاکێشەدا، ناوونیشانی گۆڤارەکە بڵاوکراوەتەوە کە دوو ناوونیشان هەبووە، یەکەمیان:

pereng
TH-Darmstadt-PF-7262
G 700 Darmstadt w- Germany

دووەمیان:
Pereng
F-M-PF 2825
Gottingen 3400

لەژێر ناوونیشانەکەشدا، نرخی گۆڤارەکە کە (٦) مارکی ئەڵمانییە، نووسراوە. نرخی ژمارەکانی تریش هەر بەم شێوەیە بووە. پێشتر لە ژمارە (١) و (٢)دا، نرخەکەی دیار نەبووە.
(٣)- لەژێر نرخەکەش ڕوونکردنەوەیەک هەیە کە لە ژمارەکانی داهاتووشدا دەبینرێت… لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: (گۆڤاری پەڕەنگ تەنها بەرامبەر ئەو نووسینانە بەرپرسیارە کە لەژێر ناوی دەستەی ئامادەکەرانی گۆڤاری پەڕەنگدا بڵاو دەکرێتەوە. بەردەوام بوون و گەشەکردنی پەڕەنگ بەندە بە پشتگیریی و یارمەتی ئێوەوە… تکایە لە نووسین و ڕەخنەو پێشنیاز درێغی مەکەن).

لەژێر ئەو ڕوونکردنەوەیەشدا، ژمارەی بانک هەیە کە بۆ یارمەتی و پارە ناردنە، کە بەم شێوەیەیە:

Sparkasse Darmstadt
Az, Na
Kto-Nr-100060680
BLZ-50850150

(٤)- لە دەستە چەپی هەمان لاپەڕەداو لە سەرەوە، لە لاکێشەیەکدا، کە وێنەی قەڵەمێکی گەورەی سەر بەرەو ژێر لە تەنیشت لاکێشەکە دەبینرێت، وتەیەکی (ڕۆزا لۆکسمبۆرگ)یش لەناو لاکێشەکە لەو ژمارەو ژمارەکانی تریش وەک کڵێشە دەبینرێت کە نووسراوە: (سەربەستی، ئازادی بیروڕا هەمیشە بۆ ئەوانەیە کە ڕوانگەو بۆچوونیان لەگەڵ ئێمەدا جیاوازە).
(٥)- لە خوار ئەو لاکێشەیەش، لەناو چوارچێوەیەک (پێڕست)ی بابەتەکانی پەڕەنگ دەبینرێت کە جاران ئەو (پێڕست)ە بە ناوی (ناوەڕۆک) لە دوا لاپەڕەی گۆڤارەکەدا بڵاو دەکرایەوە.
(٦)- لە ژێری ژێرەوەش تابڵۆ و وێنەی بەرگ دەستنیشان کراوە.

ئامانج لە دەرکردنی (پەڕەنگ)

زۆر لەو گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوانەی کە کوردەکانی دەرەوە دەریان کردووە، جۆرە لایەنگیریی و سۆزدارییەک بۆ پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان (بە هەر چوار پارچەکەیەوە) بەدی دەکرێت… وەلێ لە (پەڕەنگ)دا، با نووسەرەکانیش لایەنگیرو هەواداری یەکێک لەو پارتانە بن، یان بە پێچەوانە، دژیان بن… نووسین و بۆچوونی وای تێدا بڵاوکراونەتەوە، کە خوێنەر هەست بەم لایەنگیری و ئاڕاستانە بکات… ئەوەی لە ناوەرۆکی بابەتەکاندا بەدی دەکرێت:
– لایەنگیرو هەوادار و دژی هیچ پارتێک نین.

– کوردایەتی و هەستی کورد بوون، تاکە ئاڕاستەی هەموو نووسینەکانە. بە بۆچوونی من، کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال، هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ یەکبوونی ئاڕاستەکان و نەمانی بەربەستی حزبایەتی تەسک.
– ڕەخنە (بە هەردوو دیوەکەیەوە، بنیاتنەرو ڕوخێنەر)، لە حزبەکان نەگیراوە… هەموو هەوڵەکان بە یەک ئاڕاستە کاریان کردووە کە ئەویش بڵاوکردنەوەو شرۆڤە کردنی ڕوداوەکان و بە دنیا ناساندنیان و ریسوا کردنی ڕژێمی سەدام بووە.

چرپەیەک

بۆ زێتر ڕوونکردنەوەی ئاڕاستەو ئامانجەکانی (پەڕەنگ)، حەز دەکەین ئەو کورتە نووسینە کە بە ناوی (چرپەیەک) لە بەرگی یەکەم (دیوی ناوەوە)ی ژمارە (١)دا بڵاوکراوەتەوە، دووبارە بڵاوی بکەینەوە تاوەکو لە زاری خۆیانەوە ئامانج و ئاڕاستەکانی ئەم گۆڤارە بزانین:
(دیسان گۆڤارێکی نوێ لە ئەوروپادا.. بێگومان گەلێک گۆڤار هەن لە ئەوروپاداو هەر یەکەیان بە گوێرەی بۆچوون و بیرکردنەوەی، دەرفەتی بۆ ئەو جۆرە لێکدانەوەیە ڕەخساندووە شوێنی خۆی لای خوێنەران و لایەنگرانی کردۆتەوەو پەسەند دەکرێت، بەڵام ئێمە بە پێویستی نازانین گۆڤارێک تەنها خۆی بە بڵاوکردنەوەی نووسراوی تیۆرییەوە ببەستێتەوە، ئەمە زیاتر ئەرکی ئۆرگانی گروپە سیاسییەکانە.

زمانی کوردی بەهۆی باری سەختی کوردستان و تەسکبینی داگیرکەرانییەوە لە گۆڤارێک بێبەشە کە بتوانێت باوەش بۆ هەموو جۆرە نووسینێک بکاتەوەو ڕێگە لە بۆچوونە جیاوازەکان نەگرێت و بە شێوەیەکی دیموکراتی پێشکەوتنخوازانە لە ڕاستی سەرجەمی ژیان بڕوانێت و ببێتە چەقی پیاهەڵچوونی بیروڕای جیاواز، تا لەو ڕێگەیەوە دەرفەت بۆ خوێنەری کورد بڕەخسێت، خۆی لە ئەنجامی لێکدانەوەو هەڵسەنگاندن و هەژاندنیدا بڕیار بدات، نەک بە هۆی سانسۆرەوە، پێش دەمییان بۆ بکرێت. هەروەها بایەخدان بە ڕووداوەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری جیهان کارێکی زۆر زۆر پێویستە، چونکە ئێمە لەو جەرگەیەدا دەژێین و خۆ لێ دوور خستنەوەی، زەوی ژێر پێ ونکردن و چوونە دنیای خەیاڵەوەیە. واتە ئێمە دەمانەوێت پەڕەنگ گۆڤارێکی ڕۆشنبیری بێت و ڕێگا بە هەموو قەڵەمێکی ئازاد، بێ سانسۆری نووسینەکەی، بە مەرجێک لەسەر بنچینەی دیموکراتی و پێشکەوتنخوازی داڕێژرابێت، بدات.

گۆڤاری پەڕەنگ بە هیچ شێوەیەک نایەوێت هاڤڕکێی هیچ گۆڤارو لایەن و گروپی دیموکرات بکات و ئامادەی هاوکاریشە بە مەرجێک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت. جا داوا دەکەین، پەڕەنگ بە گۆڤاری خۆت بزانیت بە گوێرەی توانا بە بڵاوکردنەوەی و بە ناردنی نووسین و دەنگوباس و وێنە، پشتگیری لێ بکەیت و ڕەخنەو پێشنیازو ئامۆژگارییەکانت بە دڵنیایی کاریگەریی دەبێت).

پەڕەنگ: کاتی دەرچوون و قەبارەی ژمارەکانی

– ژمارە (١)ی لە ساڵی ١٩٨٨، بە (٤٠) لاپەڕەی قەبارە (٢١ جاران ٢٩)سم، دەرچووە… مانگ و ڕۆژی دەرچوونی گۆڤارەکە دیار نییە، بەڵام بە گوێرەی ئەو نامەیەی کە لە لایەن (نەجمەدین کەریم)ەوە، بۆ گۆڤارەکە ناردراوەو لە ژمارە (٢)دا بڵاوکراوەتەوە، ناوبراو دەنووسێت: (لە ڕۆژی ٢٦ی ئەپرێلی ١٩٨٨دا، ژمارە یەکی ساڵی ١٩٨٨ی گۆڤارە خنجیلانەکەتانم بە سوپاسەوە وەدەست گەیشت….). جگە لەمەش، لە ژمارە یەکدا وێنەو هەواڵی کارەساتی هەڵەبجەی بڵاوکردۆتەوە… کەواتە دەبێت ژمارە یەک، لە کۆتایی ئادار یان سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٨٨، دەرچووبێت.
– ژمارە (٢)ی لە ساڵی ١٩٨٨دا، بە (٦٠) لاپەڕەی هەمان قەبارەی ژمارە (١)، دەرچووە. بە گوێرەی بابەتێک کە لە ڵاپەڕە (٥٦)ی ئەو ژمارەیەدا بڵاوکراوەتەوەو باسی کۆمەڵێک چالاکی.کولتوری لە شارەکانی وەک: (دارمشتاد، کوێلن، هایدڵبێرگ، دۆرتمۆند) دەکات کە لە ١٢/١١/١٩٨٨دا، ئەنجام دراون. کەواتە دەبێت ئەو ژمارەیە لە کۆتایی تشرینی دووەم، یان مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٨٨دا دەرچووبێت.

– ژمارە (٤)ی ساڵی (٣) بە (٦٨) لاپەڕەی قەبارەی هەمان ژمارەکانی پێشوو دەرچووە.( ساڵەکەی لەسەر نەنووسراوە). ساڵی سێیەمی گۆڤارەکە دەکەوێتە نێوانی مانگی ئاداری ١٩٩٠- مانگی ئاداری ١٩٩١. ژمارە (٥)یشی لە مانگی یەکی ١٩٩١دا، دەرچووە. کەواتە: دەبێت ژمارە (٤) لە ساڵی ١٩٩٠دا دەرچوو بێت.
– ژمارە (٦) لە ساڵی ١٩٩١بە (٦٠) لاپەڕەی قەبارەی هەمان ژمارەکانی پێشوو دەرچووە. هەر چەندە ساڵی ١٩٩١ی دراوەتێ، بەڵام لە ڕاستیدا لە بەهاری ١٩٩٢دا، ئامادە کراوەو بڵاوبۆتەوە، جونکە لە بابەتی : (ئەرێ بابە دیموکراتییەت بۆ ناخۆشە….!) کە لە لاپەڕە (٥٥-٥٦)دا بڵاوکراوەتەوە، لە کۆتایی بابەتەکە تێبینییەک هەیە کە تێیدا هاتووە: (بڕوانە: ڕۆژنامەی صوت آلکویت)، ژمارە ٤٧٧، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕێکەوتی ٢/٢/١٩٩٢، هەردوو وێنەکەش (مەبەست لە وێنەکانی بابەتی ئەرێ دیموکراتییەت بۆ ناخۆشە) وەرگیراوە.
– ژمارەی لاپەڕەکانی هەر پێنج ژمارەکە بەسەر یەکەوە (٣٠٠) لاپەڕەیە.

نووسەرەکانی پەڕەنگ

هەر چەندە گۆڤارەکە لە دەرەوە دەرچووەو لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا نووسەرەکان نەیانتوانیوە ناوی تەواوی خۆیان بنووسن، چونکە ئەو کاتە ڕژێم بالیۆزخانەکانی کردبووە مەکۆی کاری سیخوڕی کردن بەسەر ئەو خەڵکە ناڕآزی و بەرهەڵستکارانەی کە لە دەرەوە بوون. جگە لەوەش خەڵکانێک لەبەر گرتن و ئازاردانی کەسوکاریان لەلایەن ڕژێمەوە، نەیانتوانیوە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن… هەر بۆیە زۆربەی هەرە زۆری بابەتەکان بە ناوی خواستراو( تەنها پیتێک یان یەک وشە)، بڵاوکراوەتەوە.
وا لێرەدا ناوی هەموو ئەو نووسەرانە (بە ناوی تەواو یان نازناو)، بڵاو دەکەینەوە، کە بابەتیان لەو پێنج ژمارەی (پەڕەنگ)دا، بلاوکردۆتەوە.

– ئەو نووسەرانەی بە نازناو تەنها یەک بابەتیان لەم گۆڤارەدا بڵاوکردۆتەوە، ئەمانەن: (پواز، سەفین، هۆزان، نەبەز، دیدار، دڵشاد، سەربەست، هەڵۆ، مەبەست، زاگرۆس، د.شوان، ڕەشید، ئاوارە، مینە، ئاواز، ش.ن.ڕ، سۆران، سیامەند، زەردەشت، زەردە، ڕەڤین، باوکی ئامانج، سوارۆ، باوکی ئاڵا، ئومێد، ب.لاوین، تاژدین، بابە حاجی، خانێ، شازێ، هیوا.م).
– (کەمال میراودەلی، جەلال میرزا کەریم، حوسێن بەفرین، نەجمەدین کەریم، سامان فوئاد، شێرکۆ بێکەس، کەمال ڕەشید، هەڤاڵ مراد، زریان کاکەیی، گۆران هەڵەبجەیی)، یەکەو یەک بابەتیان تێدا بڵاوکردۆتەوە.
– هەروەها بە ناوەکانی: (پەڕەنگ- ١٣، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد- ٦، ئەحمەدی مەلا- ٤، ژیلەمۆ-٤، کاوە- ٣، د. فەرهاد پیرباڵ- ٣، ئاسۆ سەڵتە- ٣، د.سەیدا- ٣) بابەت بڵاوبۆتەوە.
– (مستەفا گەرمیانی، هەورامان، دانا، گارا ڕەسوڵ، جەزا چنگیانی، د. ئیبراهیم، سیروان.ب) یەکەو دوو بابەتیان تێدا بڵاو کردۆتەوە.

ناوەڕۆکی بابەتەکان

گۆڤارەکە، گۆڤارێکی گشتی بووە، ناچێتە خانەی هیچ جۆرە پسپۆڕی و تایبەتمەندییەکەوە… لە (شیعرو چیرۆک بگرە تا دەگاتە کورتە هەواڵ و بابەتی زانستی )، بڵاوکردۆتەوە… بۆیە زۆر ئەستەمە تایبەتمەندییەکی بۆ دیاری بکەین. (پەڕەنگ)، زێتر لە (١٠٦) ناوونیشانی لەخۆ گرتووە، کە بەم شێوەیە پۆلینمان کردوون:
– (٦٣) وتار… وتارەکانی بریتی بووینە لە (لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، لێکدانەوەی هەواڵ، بابەتی سیاسی، کاروباری سەربازی و جەنگ، مێژوویی، ڕەخنەی ئەدەبی، مێژووی سینەما، وتاری شانۆیی، نامەو هەڵسەنگاندن ….).
– (١٦) پارچە شیعر.
– (١٤) چیڕۆک، کە بەشی زۆریان چیڕۆکی وەرگێڕدراو بووینە.
– (٣) بیرەوەری، کە ئەحمەدی مەلا بە سێ بەش لە سێ ژمارەدا، بڵاوی کردونەتەوە.
– (٣) بابەتی زانستی.
– (٣) چاوپێکەوتن کە لەگەڵ (گارا ڕەسوڵ، مەکەنزی، ئیسماعیل بێشکچی )دا، ئەنجام دراون.
– (٣) نمایشکردنی کتێب. هەر سێ کتێبی (کورتە مێژووی فەلسەفە، بەیانی باش ئەی غەریبی، فەرهەنگۆکی ئەڵمانی- کوردی)، لە ژمارە (٢)دا، نمایش کراون.
(وێنە)و (مۆنتیڤ)و (کاریکاتێر) لە (پەڕەنگ)دا
وێنە هۆکارێکی گرنگ و زیندووە، بۆ زێتر ڕوونکردنەوەو ئاسانکارییەکیشە بۆ خوێنەران تاوەکو باشتر لەگەڵ بابەتەکاندا پەیوەست بن و ئەو زانیارییانەی کە وەریشی دەگرن، بە ئاسانی لە هزرو بیریان کاڵ نابێتەوە. لەم ڕووەوە، (پەڕەنگ)، بە یەکێک لەو گۆڤارە کوردییە دەوڵەمەندانە دادەنرێت کە لە ئەڵمانیادا دەرچووینە. ژمارە هەیە (٥٨) وێنەی تێدایە. وێنەکانیش دەکەینە سێ بەش :

– وێنە: (٨٤) وێنەی جۆر بە جۆری لە ؛ (ڕوداو، کەسایەتی، دیمەن، شار، …..)، بڵاوکردۆتەوە، کە بەشێکی زۆریان وێنەی ئەو ڕوداوە تراژیدییانەیە کە بەسەر کورددا هاتوون، نموونەی: (هەڵەبجە، ئەنفال، کۆڕەو، کەمپەکانی کۆڕەو لە تورکیاو ئێران، …). هەندێک لەم وێنانە بە کامیرای ڕۆژنامەنووسە بێگانەکان گیراون و لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی دەرەوەدا، بڵاوکراونەتەوە… پەڕەنگ بۆ دەوڵەمەند کردنی بابەتەکانی، دووبارە ئەم وێنانەی بڵاوکردوونەتەوە.
– مۆنتیڤ: (٦٤) مۆنتیڤی بڵاوکردۆتەوە، کە لە ژمارە (١)و (٢)دا، ئاماژە بە ناوی خاوەنەکانیان نەکراوە، بەڵام لە ژمارەکانی (٤)و (٥)و (٦)دا، هەندێک لە مۆنتیڤەکان، ناو و ئیمزای هونەرمەند (دانا)ی لەسەرە.
– کاریکاتێر: کاریکاتێر لایەنێکی زیندووی ناو گۆڤارو ڕۆژنامەکانە. کاریگەرییەکەی لە هەواڵ و شرۆڤەو بابەتەکانی تر کەمتر نییە. لەناو ئەم پێنج ژمارەیەدا، سی (٣٠) کاریکاتێر بڵاوکراونەتەوە کە بەشی زۆریان تایبەتن بە زوڵمو زۆری سەدام و ڕژێمەکەی دەرهەق بە گەلی کوردو سەرجەم گەلانی عێراق. چەند دانەیەکیان دەستکردی هونەرمەندانی کوردن، ئەوانی تر، لە گۆڤارو ڕۆژنامە جیهانییەکانەوە، خواستراون و دووبارە بڵاوکراونەتەوە.

لایەنی هونەری و نەخشەسازی

لە ڕووی هونەرییەوە، ژمارە سەرەتاییەکان، بە تایبەتیش ژمارە (١)و (٢)، زۆر سادە بووینەو جۆرە نەشارەزاییەک بە نەخشەسازەکانەوە دیارە. بۆ زێتر ڕوونکردنەوە، هەڵسەنگاندنەکەمان بەم شێوەیە پۆلین دەکەین:
– فۆنت: بابەتەکانی ژمارە (١)، بە فۆنتێکی بچووکی ئامێری تایپی (برازەر)، چاپکراوە. ناوونیشانەکانیش، بەشێکیان بە تایپ و بە فۆنتێکی گەورە نووسراون و بەشەکەی تریشیان بە دەست نووسراون…
پیتەکانی (ۆ)و (ڕ)یش سەرو بۆریان نییەو بەدەست بۆیان داندراوە. لە ژمارە (٢)دا، ئەو فۆنتەی پێی نووسراوە گەورەترەو ناوونیشانەکانیش وەک ژمارە (١) بە تایپ و دەست نووسراونەتەوە… ژمارەکانی تریش بە هەمان شێوە.
– ستوونەکان: لاپەڕەکان بەسەر (٣) ستووندا دابەش کراون، کە دوو ستوونیان پانییەکەیان (٥،٥) سانتیمەترو ستوونی سێیەمیش (٦) سانتیمەترە… جار جارەش ناڕێکییەک لەم دابەشکردنەدا دەبینرێت.
– لە دابەشکردن و پۆلینکردنی بابەتەکاندا ناهاوسەنگی و ناڕێکییەکی زۆر بەدی دەکرێت… نەهاتوون بابەتەکان بە پێی چمک یەک لەدوای یەک بڵاوبکەنەوە… بۆ نموونە: یەکەم جار وتارە سیاسییەکان، ئینجا چیڕۆک، شیعر، بابەتی زانستی، چاوپێکەوتن… تاد. جاری وا هەبووە لە ژمارەیەکدا، بابەتێکی سیاسی بڵاوبۆتەوە، بە دوای ئەو شیعرێک هاتووە.. ئینجا (بابەتی سیاسی، چیڕۆک، بابەتی کۆمەڵایەتی، شیعر، … تاد).

– قەبارەی ژمارەکان: بە شێوەیەکی گشتی قەبارەی هەموو ژمارەکان (٢١ جاران ٢٩) سانتیمەترە. بەڵام جاروبار لە کاتی بڕیندا، نیو بۆ سانتیمەترێک کەم و زیادییەک لە قەبارەی ژمارەکاندا بەدی دەکرێت و بە شێوەیەکی ستاندارت نەبڕدراون.
– لە ژمارەکانی (٤)و (٥)و (٦)دا، شێوەی چاپکردنی بابەتەکان ڕێکترو پاکتر بووەو ئەو تایپەی کە پێی چاپکراوە نوێتر دیارەو جۆرە جیاوازییەک لە شێوەی فۆنتەکان لەگەڵ ژمارەکانی پێشووتر، بەدی دەکرێن. بە کورتی لە ژمارەکانی (٥)و (٦)دا، سەرپەرشتکارانی (پەڕەنگ)، بوونەتە خاوەن ئەزموونێک و لە ڕووی دیزاین و نەخشەسازی و چاپەوە، توانیویانە ژمارە لە دوای ژمارە، گۆڕانکاری ئەرێنی بکەن و گۆڤارەکە جوانترو هونەری تر بە چاپ بگەیەنن.

بەرگ

وێنەی بەرگی یەکەم و دووەمی هەر پێنج ژمارەکە، ڕەنگاو ڕەنگن، کە هەندێکیان فۆتۆگرافین و ئەوانی تریش تابلۆ و پۆرترێتن… وا لە خوارەوە باسی بەرگی هەر پێنج ژمارەکە دەکەین:

* ژمارە (١):

– بەرگی یەکەم (دەرەوە): وێنەیەکی فۆتۆگرافی منداڵێکی کوردە کە بە گازی کیمیایی جەستەی سووتاوەو لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشک دایە.
– بەرگی یەکەم (ناوەوە): تەواوی لاپەڕەکە ڕەنگی سوورەو بە ڕەنگی سپیش نووسینێک بە ناوونیشانی (چرپەیەک)، بڵاوکراوەتەوە.
– بەرگی دووەم (دیوی دەرەوە): تابڵۆی لاپەڕەکە ڕەنگی سوورەو بە ڕەنگی سپیش نووسینێک بە ناوونیشانی (شێخ وەسانان) بڵاوکراوەتەوە کە باسی جوگرافیاو ژمارەی دانیشتوان و کیمیا بارانکردنی ئەم گوندە دەکات.

* ژمارە (٢):

– بەرگی یەکەم (دەرەوە): سێ وێنەی ڕەنگاوڕەنگی فۆتۆگرافی ئاوارەکانی کوردە لە کەمپەکانی تورکیاو ئێران کە لە کۆڕەوی ١٩٩١دا، ڕوویان لەم وڵاتانە کردووە.
– بەرگی یەکەم (ناوەوە): وێنەیەکی فۆتۆگرافی ڕەش و سپی، کە کۆمەڵێک تەرمی ژن و منداڵی خنکاو بە گازی کیمیایی لە ناو پیکابێکی ژمارە (٥٨١٤)، سلێمانی- عێراق، دەبینرێن. لەسەر وێنەکەش پۆستەرە شیعرێکی (ڕەزا حەمە فەرەج)، بە ڕەنگی سوور بڵاوکراوەتەوە.

– بەرگی دووەم (دەرەوە): تابلۆی (تا کەی چاوەڕوانی) هونەرمەند (شوان)ە.
– بەرگی دووەم (دیوی ناوەوە): کورتە نووسینێک هەر بە ناوی تابلۆی (تا کەی چاوەڕوانی)، بڵاوکراوەتەوە.

* ژمارە (٤):

– بەرگی یەکەم (دەرەوە): کوردێکی موکریانییە، نیگارکێشەکەی نەناسراوە. (مینۆرسکی) ساڵی ١٩١٣، لە تەورێز کڕیویەتی. (تەمەنی تابلۆکە لە کاتی کڕینی کۆنترە).
– بەرگی یەکەم (دیوی ناوەوە): وێنەی ئاوارەکانی گازی کیمیایین لە تورکیا.
– بەرگی دووەم (دیوی دەرەوە): تابلۆی هونەرمەند (فایەق ڕەسوڵ)ە.
– بەرگی دووەم (دیوی ناوەوە): وێنەیەکی (کاولۆکان)ی سەر بە شاری ڕواندزە لە ساڵانی چلەکاندا، (کۆکراوەکانی مەکەنزی).

* ژمارە (٥):

– بەرگی یەکەم (دیوی دەرەوە): کاریکاتێرێکی سەدامەو لە ژمارە (٣٥)ی ٢٣/٨/١٩٩٠ی گۆڤاری بونتەی ئەڵمانی وەرگیراوە.
– بەرگی یەکەم (دیوی ناوەوە): منداڵێک لە یەکێک لە کەمپەکانی ئاوارەکانی گازی کیمیایی لە تورکیا.
– بەرگی دووەم (دیوی دەرەوە): تابلۆی هونەرمەند (مەنسوور).
– بەرگی دووەم (دیوی ناوەوە): وێنەی منداڵێک لە لایەن (هێلاشلۆمبێرگ)ەوە گیراوە.

* ژمارە (٦):

– بەرگی یەکەم (دیوی دەرەوە): وێنەی کۆنتێنەیەک لەبەردەم دەزگای ئەمنی سلێمانیدا، کە ساڵەهای ساڵ شوێنی دەست درێژی کردنە سەر ژنانی کورد بووە. وێنەگر: لالە گەشە.
– بەرگی یەکەم (دیوی ناوەوە): وێنەیەکی فۆتۆگرافییە کە شەش منداڵ بە وردە دارو بەرد خانوچکە دروست دەکەن.
– بەرگی دووەم (دیوی دەرەوە): تابلۆی (ڕێبوارێکی ماندوو)ی هونەرمەند (عەتا قەزاز).
– بەرگی دووەم (دیوی ناوەوە): وێنەیەکی فۆتۆگرافی کۆڕەو.

ئیندێکسی پێنج ژمارەی (پەڕەنگ)
* ژمارە (١)، ١٩٨٨.

– پاش هەڵەبجە، خورماڵ سلێمانی یان … ؟، وتار، پواز، ل١.
– بوونم، شیعر، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، ل٥.
– شەڕی عێراق و ئێران، وتار، سەفین، ل٦.
– ڕۆشناییەک لەسەر ئێستای ڕۆشنبیریی کوردی، وتار، گارا ڕەسوڵ، ل١١.
– وانەکانی ڕاپەڕینەکەی هامبۆرگ، وتار، ئێرنست نیلمان، ل١٥.
– عێراق لە ڕوانگەی ڕۆژنامەنووسێکی سویسرییەوە، وتار، هۆزان، ل٢٠.
– منداڵانی بێ منداڵان، وتار، دیدار، ل٢١.
– فەلەستین، وتار، سەربەست،ل٢٢.
– پەنابەرێتی، وتار، مەبەست، ٢٣.
– کورتە باس، هەمەڕەنگ، ل٢٥.
– زایەڵەی ویژدان، وتار، زاگرۆس،ل٢٨.
– بەراوردێک، کورتە باس، ل٢٩.
– دوا بڕیاری هەرەوەزان، شیعر، ب- بریشت، ل٣٠.
– منداڵانی ئاخر زەمان، چیڕۆک، عەزیز نەسین، وەرگێڕانی: ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، ل٣١.
– عێراق یان ئێران، وتار، ل٣٢.
– بۆشایی، چیڕۆک، کاوە، ل٣٣.
– پاشماوەی لاپەڕەکانی (١٩، ١٤، ٣٦، ٣٩)ی تێدایە، ل٣٥.
– ئەیدز، وتار، د. شوان، ل٣٦.
– گەردوون، وتار، ژیلەمۆ، ل٣٧.
– خاکی سوتاو، وتار، ل٣٧.
– ناوەڕۆک، ل٤٠.
* ژمارە (٢)، ١٩٨٨.
– دوا چارەسەری سەدام بۆ کێشەی کورد، وتار، ڕەشید، ل١.
– کڕێوەن، وتار، ل٤.
– بەڵگە، وتار،ل٥.
– پێشبڕکێی خۆ پڕ چەک کردن لە کەنداو، وڵاتە سەرمایەدارەکان ئەبوژێنێتەوە، وتار، ئاوارە، ل٦.
– پێشخستنی بەرهەمهێنانی چەک لە پشت پەردەی ئاشتیخوازی و پەیماننامەی چەک، وتار، سۆران، ل١٠.
– کورتە باس، ل١١.
– کەی هەوا دەسوتێ، وتار، و: گارا، ل١٣.
– عەزیز نەسین و مەسەلەی کورد، وتار، سیامەند، ل١٤.
– سوریالیزم، وتار، زەردەشت، ل١٦.
– بانگەوازی ئەحمەد بن بێلا، دەست هەڵبگرن لە قەتل و عامی میللەتی کورد، وتار، و: دانا، ل١٧.
– ئەوروپاو بازرگانی منداڵ، وتار، ل١٨.
– زانیاری مۆسیقا، وتار، ئاسۆ سەڵتە، ل١٩.
– موحیبەت، وتار، مستەفا گەرمیانی، ل٢٧.
– شاعیرو مۆم و زللە ، چیڕۆک، کاوە، ل٣١.
– بۆ کوێ بڕۆینەوە، شیعر، ئەحمەدی مەلا، ل٣٣.
– ئاشنایەتی، شیعر، شێرکۆ بێکەس، ل٣٦.
– هەڵوێست، شیعر، ئاسۆ، ل٣٦.
– کامۆ، چیڕۆک، و: ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، ل٣٧.
– سینەما، هەڵسەنگاندنی دوو فیلم، وتار، کەمال ڕەشید، ل٤٠.
– ئەردینی کیران چەواشەکەری تۆقاندن لە سینەمای تورکیدا، وتار، ڕەڤین، ل٤٢.
– نەنە کاراریان کارەخان، وتاری ڕەخنەیی، هەورامان، ل٤٣.
– مۆسیقای سلێمانی بەغدا دەخاتە لارو لەنجە، وتار، ل٤٦.
– پاشماوەکان، ل٤٨.
– پەڕەنگ و چەند وشەیەک، نامە و پێشنیار، نەجمەدین کەریم، ل٤٩.
– گەردوون، وتار، ژیلەمۆ، ل٥٠.
– مانگرتن لە خواردن، وتار، کۆمیتەی بەرهەڵستی لەناو بردنی گەلی کورد لە فەڕەنسا، وتار، ل٥٣.
– بانگەواز، بانگەواز، کۆمیتەی هاوکاری کوردستان لە سویسرا، ل٥٤.
– لە نێوەندی ڕۆشنبیری (مشت) میونخ بۆ گۆڤاری پەڕەنگ، نامە، ل٥٥.
– چالاکی کولتوری، ل٥٦.
– پاشماوەی وتارەکان، ل٥٧.
– نمایشکردنی وتارەکان، ل٥٧.
– نمایشکردنی سێ کتێب:
١ – کورتە مێژووی فەلسەفە، ئامادە کردن و وەرگێڕانی: مەحمودی مەلا عیزەت.
٢- بەیانی باش ئەی غەریبی، شانۆنامە، فەرهاد پیرباڵ.
٣- فەرهەنگۆکی ئەڵمانی کوردی، نەوزاد محەمەد قەفتان، ل٥٨-٥٩.
– ناوەڕۆک، ل٦٠.
* ژمارە (٤)، ساڵی (٣)
– ئاوڕدانەوەیەک لە گۆڕانکارییەکانی ئەوروپا، وتار، پەڕەنگ، ل٢.
– دۆسیەی کورتە چیڕۆک، وتار، د. سەیدا، ل٧.
– لە دێی ماکوندۆ ئاشتی بەرکەماڵە، چیڕۆک، ل١١.
– پیاو و فلیمەکە، چیڕۆک، و: تاژدین، ل١٨.
– ڕاگەیاندنەکەی کارلۆس لۆپێز، چیڕۆک، و: سامان فوئاد، ل٢١.
– هەواڵێک، ل٢٣.
– کەشتی دیلەکان، چیڕۆک، و: بابە حاجی، ل٢٤.
– پوپای ئوام چوو بۆ بانکۆک، چیڕۆک، و: خانێ، ل٢٧.
– ژیانی بەختەوەرو کورتی کۆنات، چیڕۆک، و: شازێ، ل٣٢.
– ئافرەتی کوردو مافی مرۆڤ، وتار، مستەفا گەرمیانی، ل٣٥.
– چاوپێکەوتنێک، هیوا.م، ل٣٧.
– ئیساکە، یادەوەری، ئەحمەدی مەلا، ل٤٠.
– چەند لایەنێکی زمانی کوردی، ڕێزمان، د. ئیبراهیم عەزیز ئیبراهیم، ل٤٤.
– هونەر چییە، وتار، ئاسۆ سەڵتە، ل٤٨.
– عێراق، وتار، ئامادەکردنی: زەردە، ل٥٧.
– ئەگەر نەهات، پەخشان، سیروان.ب، ل٥٩.
– ژیلەمۆی هەڵچوونی مەرگ، شیعر، مینە، ل٦٠.
– ئاپۆرەی سەر شەقامەکان، شیعر، فەرهاد پیرباڵ، ل٦٣.
– بەرەو ژیان، شیعر، ئاواز، ل٦٥.
– سەرنجێک لە گۆڤاری پەڕەنگ، وتار، جەزا چنگیانی، ل٦٧.
* ژمارە (٥)، مانگی یەکی ١٩٩١.
– تراژیدیای جەنگ و ناوچەکە، وتار، پەڕەنگ، ل٢.
– تکای منداڵان، شیعر، و: ئەنوەر، ل١١.
– خوێنڕێژی بەغدا، وتار، ژیلەمۆ، ل١٢.
– فاشیزمی نوێ لە ئەڵمانیا، وتار، و: ش.ن.ز، ل١٣.
– یەکی گوڵانێ و پاڵێن کورد، وتار، هەڤاڵ مراد، ل١٦.
– ڕژێمی کۆنەپەرستی عێراق بۆ پێش سەرهەڵدانی ئیسلام دەگەڕێتەوە،وتار، باوکی ئامانج، ل١٨.
– چەند تێبینییەک لەسەر ئافرەتانی کوردو مافی مرۆڤ، وتار، سوارۆ ، ل٢٠.
– سەرخۆش، شیعر، فەرهاد پیرباڵ، ٢٢.
– سینەمای کوردی و کورد لە سینەما، کوردەکان لە سینەمای سۆڤیەتی، وتار، و: سەیدا، ل٢٤.
– سیستەمی ستانیس لافسکی، وتار، هەورامان، ل٣١.
– ژوورەکەم ، شیعر، زریان کاکەیی، ل٣٥.
– چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مەکەنزی، پەڕەنگ، ل٣٦.
– لەیادی قانیع، وتار، هەورامان، ل٤١.
– چەند لایەنێکی زمانی کوردی، بەشی دووەم، ڕێزمان، د. ئیبراهیم عەزیز ئیبراهیم، ل٤٧.
– چاوی عەشقێکی تر، شیعر، جەزا چنگیانی، ل٥٢.
– ڕەنگەکان لەناو مندا، وتار، دانا، ل٥٣.
– ئیساکە، بەشی دووەم، بیرەوەری، ئەحمەدی مەلا، ل٥٥.
– جوانی، چیڕۆک، و: گۆران هەڵەبجەیی، ل٦٠.
– گوڵالە کێویەکانی کۆتەڵ، چیڕۆک، فەرهاد پیرباڵ، ل٦٤.
– مۆر، چیڕۆک، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، ل٦٨.
– ڕازێکی نەدرکاو، شیعر، سیروان.ب، ل٧٠.
– بانگەوازێک، کۆمەڵەی پەنابەرانی عێراقی لە ئەنقەرە، ل٧٢.
* ژمارە (٦)، ساڵی ١٩٩١.
– سەر لەنوێ ڕێکخستنەوەی جیهان، وتار، پەڕەنگ، ل٢.
– ئەنفالەکان، وتار، باوکئ ئاڵا، ل٧.
– لە بیرم نییە دوا جار بۆ کێ گریام، شیعر، کەمال میراودەلی ، ل١٢.
– کێشەی کوردو تەنگ و چەڵەمەی ڕابەرایەتی و بازنەی بەتاڵی (شەڕ) و (مفاوەزات)، بەشی یەکەم، وتار، د. فوئاد سەیدا، ل١٦.
– چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی، چاوپێکەوتن، و: پەڕەنگ، ل٢٧.
– ئیساکە، بەشی سێیەم، بیرەوەری، ئەحمەدی مەلا، ل٣٠.
– سەرنجێک دەربارەی پاشگرێک لە زمانی کوردیدا، وتار، ئومێد، ل٣٤.
– سەرەتای حەیرانی تەمەنمان، شیعر، جەلال میرزا کەریم، ل٣٦.
– مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێرانداو شۆڤینزم وەک سیاسەتی باوی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی ئێران، وتار، ب.لاوین، ل٣٩.
– ئوم ماعارک، وتار، ژیلەمۆ، ل٤٦.
– خامۆشییەکی پیرۆز، چیڕۆک، و: هەڵۆ، ل٤٧.
– تاڵە موو، چیڕۆک، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، ل٤٩.
– هونەرمەند جەمال عەبدۆ، وتار، ل٥٢.
– ڕەگەز پەرستی لە ئەڵمانیا، وتار، نەبەز، ل٥٣.
– ئەرێ بابە دیموکراتییەت بۆ ناخۆشە، وتار، دلشاد، ل٥٥.

ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر




” هاڤیبوون ” ناوەندێکی چالاک و بەخشندە بوو … ئیسماعیل تەنیا

بە گوێرەی بوون و ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتی ڕەوەندی کورد لە وڵاتە جۆر بە جۆرەکانی دنیادا، بە دەیان ڕێکخراو و کۆمەڵەو ناوەندو گۆڤارو ڕۆژنامە دامەزراون و درێژەیان بە کارو چالاکییەکانیان داوە… کرۆک و ئامانجی هەمووشیان، خزمەت کردن بووە بە مێژوو و کولتوری کوردی و، کێشە سیاسییە ڕەواکەی. هەر یەکەو لە تێڕوانینی خۆیەوە هەوڵی داوە شتێک بە شتێک بکات. هەندێک لەم دامودەزگاو سەنتەرانە، بە حوکمی نەبوونی توانای ماددی و فکری و مرۆییەوە، نەیانتوانیوە بەردەوام بن و درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن، زوو بەزوو، لە چاوان ون بووینە… هەندێکیش لەمانە بەهۆی لێهاتوویی و ئارام گرتن و سوور بوون لەسەر درێژە پێدان، توانیویانە بەردەوام بن و خەرمانەکە بە بەرەکەت تر بکەن.

یەکێک لەم ناوەندە چالاک و پڕ لە بەخششانە، کە ڕۆڵێکی ئەکتیڤی لە ناساندن و بەرچاو ڕوونکردنی کوردەکان لە دەرەوەی وڵاتدا هەبوو، ” ناوەندی هاڤیبوون بۆ لێکۆڵینەوەو بڵاوکردنەوەی کوردی- بەرلین” بوو.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستی ئێمەدان و بۆ بەسەرکردنەوەی ئەم ناوەندە توانیومانە سوودی لێوەربگرین، ئەوەیە کە لەسەرەتادا بە هەوڵ و کۆششی چەند خوێندکارێکی کورد لە (زانکۆی ئازاد )ی بەرلین، لە هاوینی ساڵی ١٩٩٠دا، توانیویانە گروپێکی کوردی لەو خوێندکارە کوردانە پێک بهێنن کە لەم زانکۆیەدا دەیانخوێند… دوای چەند دانیشتن و یەکتر بینین و کۆبوونەوەیەک، توانیویانە (گروپی کاری کوردستانی-کوردستان ئا گێ ) ڕابگەیەنن.

ئەم گروپە لەساڵی ١٩٩٢دا، هەوڵیانداوە کارو چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن و (ئینستیتویەکی کوردۆڵۆژی) لە زانکۆی ناوبراو دابمەزرێنن، بەڵام لەبەر فشاری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لەلایەک و، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی زانکۆ لە لایەکی ترەوە، ڕوبەڕووی ڕەفزکردن بوونەتەوە… بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا زۆر هەوڵیداوە بەرپرسانی زانکۆ ڕازی بکات کە ڕەزامەند نەبێت لە پێدانی مۆڵەت بەم گروپە.ئەم نەیارانە، لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو بووینە. لەگەڵ وەرگرتنی ئەم ڕەفزەش، هەندێک لە بەرپرسانی زانکۆ ڕێگەیان بەو خوێندکارانە نیشانداوەو پێیانگوتوون: (ئەگەر لەسەرەتادا ئێوە بتوانن چەند سیمینارێک ڕێکبخەن و تیایدا سەرکەوتووبن، ئەوە دەبێتە ڕێخۆشکەرێک بۆ هاتنەدی خواستەکانتان).

شایانی گوتنە؛ لەم کاتەدا، ژمارەی سەرجەم خوێندکارەکانی ئەم زانکۆیە خۆی لە شەستو پێنج (٦٥٠٠٠) هەزارێک دەدا. بۆ بەختیاری ئەم گروپە، یەکێک لە ئەندامەکانی سەرۆکی (دەزگای خوێندکارانی زانکۆ) بووەو ڕۆڵێکی چاکی بینیوەو، پشتگیری لە بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکە، کردووە.
هەر لەم کاتەدا، گروپێکی کاری کوردۆلۆژی لە زانکۆی (هامبۆرگ) هەبووەو، لە ئەنجامی پەیوەندی و ڕا گۆڕینەوەدا، توانیویانە یارمەتی گروپەکەی بەرلین بدەن. بە هاوکاری ئەوان، ڕیزە سیمینارێکیان لەسەر دۆزو کولتوری کوردی لە هاوینی ١٩٩٣دا، لە زانکۆی بەرلین سازکردووە. بابەتەکانی ئەم سیمینارانە، لە کتێبی جیا جیاو سەربەخۆدا، بە زمانی ئەڵمانی، چاپکراون و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە. لەمە بەدواوە، بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەم گروپە، سەرۆکایەتی زانکۆ لەسەرەتای ساڵی ١٩٩٥دا، ڕەزامەندی لەسەر داواکانیان داوە. لە وەرزی خوێندنی (هاوینی ١٩٩٥و زستانی ١٩٩٥و ١٩٩٦)دا، بە هاوکاری لەگەڵ (بەشی ئێتنۆلۆگی) زانکۆ، چەند سیمینارێکی کوردۆلۆژییان ڕێکخستووەو زانکۆش هەموو مەسروفەکانی گرتۆتە ئەستۆی خۆی. بۆ ئەم سیمینارانەش دەیان پسپۆڕو شارەزاو کوردناسیان، لە وڵاتە جۆربەجۆرەکاندا، بانگهێشت کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٨دا، سەرۆکایەتی زانکۆ، خەڵاتی (مارگەریتا برینتانۆ)ی داوەتە گروپی ناوبراو. خەڵاتەکە بەهای بیست هەزار مارکی ئەوکاتی ئەڵمانی بووە. لە ڕۆژانی ( ٢٩-٣١/گوڵانی ١٩٩٨)دا، بە هاوکاری و پارەی سەرۆکایەتی زانکۆ، توانیویانە گەورەترین کۆنگرەی کوردۆلۆژی لە ئەوروپا رێکبخەن و، هەژدە پسپۆڕی کوردۆلۆژی لە وڵاتەکانی جیهاندا، بانگهێشت بکەن.

دوای ئەم کۆنگرەیەو دانوستاندنی بەردەوام، سەرۆکایەتی زانکۆ بڕیاریدا دوو کەس لەم گروپە، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زانکۆ دابمەزرێنن تاوەکو هەوڵبدەن (ئینستیتوتەکی کوردۆلۆژی) دابمەزرێنن. دەزگاکە دامەزرا، شوێنەکەی بریتی بوو لە دوو ژوور. دوای پێنج مانگ توانییان کتێبخانەیەک بۆ ناوەندەکە بکەنەوە. لە ڕۆژانی (٢٣-٢٥/٩/٢٠٠٠)دا، لەشاری (کاتسۆف)، کۆنگرەی (لێکۆڵینەوە لەسەر ژنانی کورد)یان سازکردو، دواتر بابەتە پێشکەش کراوەکان بە زمانی ئەڵمانی لە دوو کتێبدا، وەک زنجیرەی بڵاوکراوەکانی (کوردۆلۆژی)، بڵاوکرانەوە. هەر لە سەرەتادا، چەندین ناوەندو مامۆستای زانکۆ، دژایەتی ئەم ناوەندەیان دەکرد. بۆیە ناوەندەکە ناچار بوو لەگەڵ (ئینستیتوتا ئێرانستیک) پێکەوە کار بکەن. ئەم ئینستیتوە هەوڵی دەدا تەواوی گروپە کوردییەکە کۆنترۆڵ بکات و چاڵاکییەکانیان سنوردار بکات، بۆ بەرژەوەندی ئێران بەکاریان بهێنێت… تا ئەو ئاستە کە ئامادە نەبوون ناوی پڕژەکەش بە (لێکۆڵینەوەی کوردی )، بمێنێتەوە. بۆیە ئەم دوو کەسە کۆتاییان بە چاڵاکییەکانیان لەگەڵ ناوەندی ناوبراو هێناو لێی دوور کەوتنەوە. بەهۆی ئەم دژایەتی کردنەو گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی زانکۆی بەرلین، لەم کاتەدا، زیانێکی گەورە بەر چالاکییەکانی پڕۆژەی کوردۆلۆژی کەوت.

لە کۆتایی ساڵی (٢٠٠١)دا، بە فەرمی (ناوەندی هاڤیبوون بۆ لێکۆڵینەوەو بڵاوکردنەوەی کوردی) لەلایەن (عەبدولڕەحمان مزوری و موحسین ئۆسمان و سالمێ جاسم) و بە ڕاوێژکاری (د. فەرهاد ئیبراهیم)، دامەزرا. ئەم ناوەندە توانیویانە چەندان سیمینارو کۆنگرەی گرنگ لەسەر پرسەکانی (کولتور، ژن، شانۆ، زمان، مێژوو) سازبکەن و تا سەرەتای ساڵی (٢٠٠٨)یش، توانیویانە چل و هەشت (٤٨) کتێبی هەمەچەشن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی، بڵاوبکەنەوە. لەپاڵ ئەم چالاکیانەشیاندا، تا هاوینی (٢٠٠٨)، توانیویانە بیستو یەک ژمارە لە گۆڤاری (هاڤیبوون) و دوو ژمارە لە گۆڤاری (کوردناسی)، کە گۆڤارێکی تایبەت بوو بە وەرگێڕانی لێکۆڵینەوەکانی بابەتی کوردۆلۆژی بۆ سەر زمانی کوردی و، دوو ژمارە لە گۆڤاری (پێڵ)، گۆڤاری یەکێتی نووسەرانی کورد- ڕۆژئاوای کوردستان لە دەرەوەی وڵات، چاپ و بڵاوبکەنەوە.

گۆڤاری (هاڤیبوون)

ئەم گۆڤارە هەروەک لە پێناسەکەیدا دیارە، گۆڤارێکی تایبەت بووە بە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی وشوێنێکی بەرچاوی هەیە لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا. جگە لە دەستەی بەڕێوەبەرو ستاڤە هەمیشەییەکەی، چەندان پسپۆڕو خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی پشتگیرییان لێکردووەو بابەتەکانیان لەوێدا بڵاوکردۆتەوە. یەکەم ژمارەی لە هاوینی ١٩٩٧دا، بە (١٣٢) لاپەڕەی قەبارە (١٤ جاران ٢٠)سم، بە زمانی کوردی (کرمانجی خواروو و ژوروو- ڕێنووسی ئارامی ) دەرچووە. لە پێناسەکەیدا هاتووە: ( کۆڤارەکا ڕەوشەنبیری گشتییە ژ پڕۆژی کوردۆلۆگیێ سەر ب کوردستان ئاگ، ئاستا فو ل زانکۆی ئازادا بەرلین دەردکەڤیت).
سەرنڤیسەر: سالمێ جاسم.
دەستەکا نڤیسەرا: کەریمێ بیانی، موحسین ئۆسمان، نەجیب باڵایی.
دەرهێنانی هونەری: گوهدار سەلاحەدین.

مانای (هاڤیبوون)

خوالێخۆشبوو (هەژار موکریانی) لە لاپەڕە (٩٤٠)ی فەرهەنگی ( هەمبانە بۆرینە)، چاپی یەکەم،تاران، ١٣٦٩دا دەنووسێت: ( هاڤی: نامۆ، غەوارە، بێگانە، غەریبە). کەواتە: هاڤیبوون بە مانای نامۆبوون،ئاوارەبوون دێت.

قەبارەو کاتی دەرچوونی

هەموو ژمارەکانی لە کاتی دیاریکراودا دەرنەچووینەو، ژمارەی لاپەڕەو قەبارەکانیشیان چەسپاو نەگۆڕ نەبووە. لەبەرگەلێک هۆکار نەتوانراوە مانگانە یان وەرزانە، ژمارەکانی بڵاوبکاتەوە. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان کاتی ژمارە بڵاوکراوەکان دەبینرێت. بۆ نموونە؛ لە ساڵی ١٩٩٧دا تەنها یەک ژمارە دەرچووە. لەساڵی ١٩٩٩دا، تەنها دوو ژمارە دەرچووە. لە ساڵانی (٢٠٠٠)، دوو ژمارە لەیەک بەرگ و (٢٠٠١) یەک ژمارە دەرچووە. ساڵی (٢٠٠٦)یش هیچ ژمارەیەکی لێدەرنەچووە. دەتوانین کاتی دەرچوونی (هاڤیبوون) بە شێوەیەکی ناڕێک وەسف بکەین.
بۆ کارئاسانی و بەرچاوڕوونی ئەو کەسانەی دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم گۆڤارە بکەن. وامان بەباش زانی زانیارییەکان و ژمارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلین بکەین:
– ژمارە (١)، ١٣٢ لاپەڕە، قەبارە (١٤ جاران ٢٠)سم، هاوینی ١٩٩٧.
– ژمارە (٢و٣)، جمکانە ژمارە، ٢٨٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی ژمارەی پێشوو، ساڵی ١٩٩٨.
– ژمارە (٤)، ٢٠٨لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ١٩٩٨.
– ژمارە (٥)، ٢٢٤لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو. ساڵی ١٩٩٩.
– ژمارە (٦)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ١٩٩٩.
– ژمارە (٧و٨)، جمکانە ژمارە، ٢٨٨لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٠.
– ژمارە (٩)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠١.
– ژمارە (١٠)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٢.
– ژمارە (١١)، ٢٧٢لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی٢٠٠٢.
– ژمارە (١٢و١٣)، جمکانە ژمارە، ٣٣٦لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، کۆتایی ساڵی٢٠٠٢و سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣.
– ژمارە (١٤)، ٢٤٨لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٣.
– ژمارە (١٥)، ٢٤٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی٢٠٠٤.
– ژمارە (١٦و١٧)، جمکانە ژمارە، ٣٦٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٥.
– ژمارە (١٨)، ١٨٦لاپەڕە، قەبارە (١٦ جاران ٢٤)سم، ساڵی ٢٠٠٧.
– ژمارە (١٩و٢٠)، جمکانە ژمارە، ٣٢٠لاپەڕە، هەمان قەبارەی پێشوو، ساڵی ٢٠٠٨.
– ژمارە (٢١)، ٢٢٤لاپەڕە، قەبارە (١٧ جاران٢٤)سم، ساڵی ٢٠٠٨.

دەستەی بەڕێوەبەر

لەڕوی کار دابەشکردن و سەرپەرشتکارانی (هاڤیبوون)ەوە، لە هەموو ژمارەیەکدا، یەک کلیشە نابینرێت. لەژمارە یەکدا (سالمێ جاسم ) سەرنووسەرو ( کەریمێ بیانی و موحسین ئۆسمان و نەجیب باڵایی) دەستەی نووسەرانن و، (گوهدار سەلاحەدین)، دەرهێنەری هونەری بووینە. لەژمارە (٢و٣)دا، سەرنووسەر وەک خۆی ماوەتەوەو بەڕێوەبەری نووسینی بۆ زیاد کراوەو (کەریمێ بیانی ) بۆتە بەڕێوەبەری نووسین. (عەبدولڕەحمان مزوری و سیامەند حاجۆ)ش بۆ دەستەی نووسەران زیاد کراون. لەژمارە (٤)دا، سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسین، وەک خۆیان ماونەتەوە.
دەستەی نووسەران نەماوە. بەڕێوەبەر زیادکراوەو بە (موحسین ئۆسمان)، سپێردراوە. لە ژمارەکانی (٥)و (٦)و (٧و٨)دا، هەمان کاردابەشکردنەکەی ژمارە (٤)، دووبارە بۆتەوە. لەژمارە (٩)دا، پرۆژەی گۆڤارەکە بۆتە پڕۆژەی هاوبەش (پڕۆژەی کوردۆلۆژی زانکۆی بەرلین و ماڵی شەرەفخانی بەتلیسی لە هەولێر). دەربارەی ئامانجی ئەم پڕۆژە هاوبەشە لە سەروتاری ژمارە (٩)دا، هاتووە: ( کۆڤارا مە ژی هاڤیبوون، کو هەتا نها ل بەرلینێ چاپ دبوو ژ دەرڤەی وەلاتی بەلاڤ دبو، دخوازیت ژ ڤێ ژمارێ -٩- پێڤە ل کوردستانێ ژی چاپ ببیت و ب بەرفرەهی ل هەمی جها بێتە بەلاڤکرن، چونکی بەری نهو یەک ژ ئارێشێن مە گەهاندنا کۆڤارێ بوو بۆ کوردستانێ و ڕەنگە دابڕینەک د ناڤبەرا مەو خواندەڤانێن د ناڤ وەلاتدا هەبوو، لێ ب چاپبونا -هاڤیبوون-ێ ل کوردستانێ دێ ئەڤ ئارێشە چارەسەر بیت و دێ گەهیتە بەردەستێ هەمی خواندەڤانان. هاڤیبوون دێ بزاڤێ کەت پرەکێ د ناڤبەرا نڤیسەرو خواندەڤاناندا چێکەت، ل کوردستانێ ب هەردو پارچێن خۆڤە دگەل دەرڤەی وەلاتی ژی پەیدا بکەن. ژمارە ٩، لاپەڕە ٤-٥).

ئەم پڕۆژەیە تا ژمارە (١٢و١٣)، بە هاوبەشی ماوەتەوە. لە ژمارە هاوبەشەکاندا؛ (د.فەرهاد پیرباڵ) بۆتە خاوەن ئیمتیازو، (سالمێ جاسم) بۆتە سەرنووسەرو، (موحسین ئۆسمان)یش بۆتە بەڕێوەبەری گۆڤارەکە. لە ژمارە (١٤)دا، پڕٶژە هاوبەشەکە نەماوەو (سالمێ جاسم) بە سەرنووسەری و (موحسین ئۆسمان)یش بە (بەڕێوەبەری نووسین)، ماونەتەوە. (عەدنان شینۆ)ش بەڕێوەبەری هونەری بووە. لە ژمارەکانی (١٥)و (١٦و١٧)دا، هەمان دەستەی ژمارە (١٤)، دووبارە بوونەتەوە. لە ژمارە (١٨)دا، قەبارەی گۆڤارەکە گۆڕاوەو خاوەنی ئیمتیاز بۆتە (عەبدولڕەحمان نەقشبەندی). لە ژمارە (١٩و٢٠)دا، سەرنووسەرو خاوەن ئیمتیازو بەڕێوەبەری نووسین وەک خۆیان ماونەتەوەو بەشی (سەرپەرشتی گشتی ) بۆ زیاد کراوەو بە (عەبدولڕەحمان مزوری ) سپێردراوە. هەروەها (د.فەرهاد ئیبراهیم و د.سەلاح هرۆری و د. فەرسەت مەرعی) ، وەک بەشی سەرپەرشتکاری ئەکادیمی، بۆ زیاد کراوە. هەمان کار دابەشکردن، لەژمارە (٢١)یشدا، دووبارە بوونەتەوە.

بابەتە بڵاوکراوەکان بە زمانی ژمارە

لەگەڵ ئەوەی گۆڤاری هاڤیبوون کە بە گۆڤارێکی ئەکادیمیش ناسراوە، لە ژمارە سەرەتاییەکانیدا، دەقی چەند شیعرو چیرۆکێکیشی بڵاوکردۆتەوە. ئەم حاڵەتە تا ژمارە شەش دەبینرێت. لەمە بەدواوە، هیچ دەقێکی شیعرو چیرۆکی بڵاونەکردۆتەوەو، قورسایی خۆی خستۆتەسەر بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی زانستی، کە هەندێک لەم لێکۆڵینەوانە بابەتی کتێب بووینەو بە دوو سێ بەش بڵاوکراونەتەوە. بۆ زانیاری زێتر، تەواوی بابەتە بڵاوکراوەکان پۆلین دەکەین:
– (١٦٧) لێکۆڵینەوەی زانستی (بە نووسین و وەرگێڕانەوە).
– (٧٣) وتار.
– (١٧) بابەتی تایبەت بە خستنەڕوو و کتێب خوێندنەوە.
– (١٥) دیدارو دیمانە لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی و ئەدەبییەکان.
– (١٠) هەواڵی جۆر بەجۆر.
– (٨) شیعر.
– (٨) چیرۆک.
– (٧) ریکلام و ئاگادارینامە.
– (٦) وتاری بیرەوەری ئامێز.
– (٤) ڕێپۆرتاژ.
– (٣) ڕەخنەی ئەدەبی.
– (١) نامە (نامەی د. ئەمیری حەسەن پوور بۆ گۆڤاری هاڤیبوون).
هەمووی بەسەریەکەوە، (٣١٩) بابەت و ناوونیشانی بڵاوکردۆتەوە، کە لێکۆڵینەوە بەشی شێری بەرکەوتووەو ڕێژەی لەسەدا پەنجاو دوو و نیوی ناوونیشانە بڵاوکراوەکانی داگیر کردووە. جگە لەم بابەت و چمکانە، لە ژمارە (١٠) بە دواوە وەک پاشکۆیەک، (٦١) بەڵگەنامەی بڵاوکردۆتەوە، کە (د. نەجاتی عەبدوڵلا)، لە پاریسەوە ئامادەی کردون.

نووسەرەکانی هاڤیبوون

لە (٢١) ژمارەی هاڤیبووندا، بەدەیان نووسەرو پسپۆڕی شارەزای کوردو بێگانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە، بابەت و لێکۆڵینەوەیان لەم گۆڤارەدا بڵاوکردۆتەوە. ڕێژەیەکی کەم بەناوی خوازراوەیە، هۆکاری سەرەکیش ئەوە بووە، کە وا ڕێککەوتووە نووسەرێک دوو بابەتی لە یەک ژمارەدا هەبێت. بۆیە ناچار بووینە پەنا بۆ ناوی خوازراو ببەن. زۆرترین بابەت بە ناوو ئیمزای (هاڤیبوون)ەوەیە، کە (٢٢) بابەتە. دیارە زۆربەی ئەم بابەتانەش لە (سەروتار) خۆیان بینیوەتەوە، ئەو کەسانە نووسیویانە کە لە گۆڤارەکەدا کاریان کردووە.

نووسەرانی بابەتەکانی (هاڤیبوون) و ژمارەی نووسینەکانیان، لەچەند گروپێکدا پۆلین دەکەین:

* گروپی یەک بابەتی: ئەم نووسەرانەن کە تەنها یەک بابەتیان لەم (٢١) ژمارەیەدا بڵاوکردۆتەوە کە ئەمانەن: (سیامەند حاجۆ، ش. لیبیرسینێڤێسکی، موحسین قۆچان، شکری شەهباز، نزار محەمەد سەعید، نەجیب باڵایی، مەجیدێ حەسۆ، جوتیار بامەڕنی، د. سیابەگ میران، د. نەلیدا فوگارۆ، د. گونتەر بێرند، موحسین ئەحمەد عومەر، شێرکۆ بێکەس، هزرڤان، جانکورد، د. عەباس وەلی، نەوشێروان مستەفا، د.مارف خەزنەدار، سەرفراز نەقشبەندی، م. مەلا ئەحمەد، د. محەمەد موکری، محەمەد فەریق حەسەن، عەبدوڵلا جوندی، ڕ.ها، ئەحمەد بەربەر، د. برهان یاسین، میرهەم یگت، عومەر شێخ مووس، د. یوسف زەنگەنە، سەبیحا، د. فەرهاد پیرباڵ، سەیوان، سەلاح قادر، ڕۆژان حازم، د. ئیسماعیل شوکر، زانا خەلیل، فەتحوڵلا حوسێن، گوشاد حەمە سەعید، قادر ڕەشید ” ئەبو شوان “، د. ئەفراسیاو هەورامی، عەبدولموئمین دەشتی، بەدرخان عەلی، پێشڕەوی سەید برایم، عەمەرێ تۆڤی، خەلیل دهۆکی، د. جەبار قادر، ئومێد تەها، فوئاد سەدیق، د. هەژار مەعروف، کەرەڤان ئامێدی، عەبدال نوری، جەلال مستەفا، موحسین عەبدولڕەحمان، بورهان هەژار، د. فازیل عومەر، غەیاسەدین نە‌قشبەندی، د.کریستۆفەر ئونگەر، ڕەزۆ، غەفوری میرزا کەریم، عەبدولغەنی کاکۆ، محەمەد عەلی یونس، د. ئەحمەدی مەلا، شیرالی ئەحمەد، ئەدیب چەلکی، سەلاح سەلیم سەیدۆک، عەبدوڵلا سەڕاج، نەوزاد هرۆری، محەمەد ژۆری، سەدیق ساڵح، د. ئازاد شێخانی، ساڵح محەمەد ئەمین، عەلی مەحمود محەمەد، عەبدوڵلا دارتاش، حەمە جەزا ساڵح، جوتیار تۆفیق هەورامی، سدقی هروری، فەیسەڵ داغلی، د. ئازاد ئەمین باخەوان، د. لەیلا جەلیل عەباس، فەیسەڵ مستەفا، سەلیم بچووک، مستەفا ڕەشید، سەدیق سنداڤی، سەعید ئۆسمان، مەسعود خالید گولی).

* گروپی دوو بابەتی: بریتین لە : (حوسێن کارتاڵ، سیروان حەجی بەرکۆ، یاسین بانیخێڵانی، هەژار عەزیز سورمێ، حەمە سەعید حەسەن، کەچا کورد، تێمورێ خەلیل، حەمە نوری عومەر کاکی، حەجی جەعفەر، نەوزاد جەمال، غازی حەسەن، جەزا چنگیانی، ئامەد تگریس، ڕوهات ئالاکوم، د. عزەدین مستەفا ڕەسوڵ، زاگرۆس ئاگرخوین، عەبدوڵلا ئوزون، د. کەمال فوئاد، محەمەد ساڵح ئامێدی، زەین عابدین خان، هۆشەنگ بروکا).
* گروپی سێ بابەتی: بریتین لە : (عەلی جەعفەر، حەیدەرێ ئومەر، خەسرەو پیرباڵ، پەروێز جیهانی، شاخەوان شۆڕش، عەبدولڕەحمان نەقشبەندی، د. زەردەشت حاجۆ، فەرسەت ڕۆژبەیانی، کەریمێ بیانی، محەمەد ئەمین پێنجوینی، فەهمی باڵایی، شێرزاد هەینی، تەلعەت تاهیر).
* گروپی چوار بابەتی : بریتین لە: (کونێ ڕەش، فاتیح ڕەسوڵ، د. نوری تاڵەبانی، د. فەرهاد ئیبراهیم).
* گروپی پێنج بابەتی : بریتین لە : (کاکشار ئورەمار، د. ئەمیری حەسەن پوور، حازمێ جاسم).
* گروپی شەش بابەتی: بریتین لە ؛ (د. سەروەر عەبدوڵلا، جەمال خەزنەدار).
* گروپی حەوت بابەتی: بریتین لە ؛ (د. جەلیلێ جەلیل، سەعید دێرەشی).
* گروپی هەشت بابەتی: تەنها (سالمێ جاسم )ە.
* گروپی یازدە بابەتی: بریتین لە : (عەبدولڕەحمان مزوری، د. زۆرابێ بودی).
* گروپی دوازدە بابەتی: تەنها (موحسین ئۆسمان)ە.
* گروپی شازدە بابەتی: تەنها (د. نەجاتی عەبدوڵلا)یە.

ڕاوێژکارەکان

بابەت و لێکۆڵینەوەی زانستی کە لە (هاڤیبوون)دا بڵاوکراونەتەوە، پێویستیان بە سەرنج و بۆچوونی خەڵکی پسپۆڕ هەبووە، هەر بۆیەش گۆڤارەکە لە دەرەوەی ستاڤی کارەوە چەند ڕاوێژکارێکی بۆ خۆی دەستنیشان کردووە. ئەم ڕاوێژکارانە پشتگیرییان لێکردووەو بە سەرنجەکانیان گۆڤارەکەیان دەوڵەمەندتر کردووە. لە ژمارە چوارەوە کۆمەڵێک ناو وەک گروپی پشتگیری کردنی گۆڤارەکە دەبینرێن. لە ژمارە چواردە بەدواوە، ئەم دەستە ڕاوێژکارییە نەماوە. ئەو کەسانەی کە لە ژمارەکانی (٤) تاوەکو (١٣)، ناویان هاتووەو لەسەر گۆڤارەکەدا نووسراون بریتین لە؛ (د. ئەمیری حەسەن پوور، د. ئۆردیخانی جەلیل، د. برهان یاسین، د. جەلیلی جەلیل، د. سیابەگ مگارۆیان، م. عەبدولڕەحمان مزوری، عومەر شێخ مووس، د. فەرهاد ئیبراهیم، د. مەمۆ عوسمان، د. نەزەند بەگی خانی، د. نوری تاڵەبانی، د. یوسف زەنگەنە، دلشاد سەعید، د. محەمەد موکری، د. زۆرابێ بودی، شارەزاد موجاب، د. سەروەر عەبدوڵلا، د. ئەحمەدی مەلا، جەمال خەزنەدار، د. دلێر شاوەیس، نەجدەت ئاکرەیی، د. عارف حیتۆ، د. عەبدوڵلا ئاگرین، عزەت فەندی، د. مارف عومەر گوڵ، د. موەفەق دەرگەڵەیی).
ئەم ناوانەی سەرەوە لە هەموو ژمارەکاندا دووبارە نابنەوەو جاروبار ناوێک نەماوەو ناوێکی تر هاتۆتە جێگای، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم کەسە ناو هاتووانە، ناویان وەک پشتگیری و ڕاوێژکار، لە چەند ژمارەیەکدا هاتووە.

هەندێک وردە زانیاری تر

(١)- ژمارەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢و١٣)، بە هاوبەشی لەگەڵ ماڵی شەرەفخانی بەتلیسی لە هەولێر دەرچووە.
(٢)- لە ژمارە (١-١٧) بە قەبارەی (١٤ جاران ٢٠)سم دەرچووە. ژمارەکانی (١٨، ١٩و٢٠) بە قەبارەی (١٦ جاران ٢٤)سم و ژمارە (٢١)یش بە قەبارەی (١٧ جاران ٢٤)سم دەرچووە.
(٣)- ژمارە یەک بە کەمترین لاپەڕە دەرچووە کە (١٣٢) لاپەڕەیەو، ژمارە (١٦و١٧)ش بە زۆرترین لاپەڕە کە (٣٦٠) لاپەڕەیە.
(٤)- بەرگی هەموو ژمارەکان بە تابلۆیەکی جوانی ڕەنگاوڕەنگ، ڕازاندرایتەوە.
(٥)- هەڵەی چاپی کەمە.
(٦)- کۆی لاپەڕەکانی سەرجەم ژمارەکانی بە هەردوو قەبارەیەوە، (٤٠٣٨) لاپەڕەیە.
(٧)- (١٣٦) نووسەر بابەتیان تێدا بڵاوکردۆتەوە.
(٨)- زیاتر بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
(٩)- سالمێ جاسم و موحسین ئۆسمان، بە داینەمۆی سەرەکی گۆڤارەکە دەژمێردرێن.
(١٠)- لە ژمارە (٤)دا، نرخی گۆڤارەکە دیاری کراوە کە (١٠) مارکی ئەڵمانی بووە. هەروەها ئابۆنەی ساڵانەش ( بۆ کەسەکان پەنجا مارک و دەزگاکان حەفتاو پێنج مارک ) بووە. لە ژمارە (١٠)شدا، ئابۆنەکە بۆ کەسەکان بۆتە (٢٥) ئۆیرۆ و، بۆ دەزگاکانیش (٣٥) ئۆیرۆ.
(١١)- زۆرترین بابەت لە دوای ئیمزای (هاڤیبوون)ەوە، (د. نەجاتی عەبدوڵلا)، بڵاویکردۆتەوە.

بۆ هاڤیبوون ؟!

لەبەر ئەوەی گۆڤارێکی ئەکادیمییەو لەلایەن دەزگایەکی کوردۆلۆژی لە دەرەوەی وڵات دەرچووەو کۆمەڵێک بابەتی گرنگی بە قەڵەمی ڕۆژهەڵاتناسان و شارەزایانی کوردۆلۆژی، بڵاوکردۆتەوە، لە دواڕۆژیشدا دەبێتە ژێدەرێکی باش بۆ نەوەی داهاتوو، لەوانەیە هەموو کەسێکیش بەم گۆڤارە نەزانن… بۆیە بە پێویستمان زانی کۆمەڵێک زانیاری چڕ دەربارەی (نووسەرەکان، کاتی دەرچوون، ژمارەکان، قەبارە، لاپەڕەکان، جۆری بابەتەکان، ….. ) بلاو بکەینەوە. ئامانج لە نووسینی ئەم بابەتە؛ دەست نیشانکردنی پێگەی (هاڤیبوون)ە لە کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ئاسانکردن و بەرچاو ڕوونییەکیشە بۆ ئەو کەسانەی کە لەبارەی ڕۆژنامەگەریی و کاری بیبلۆگرافیاوە، هەوڵەکانیان، چڕ کردۆتەوە.

سەرچاوەکان

جگە لە ژمارەکانی (هاڤیبوون)، بە تایبەتیش هەرسێ ژمارەی (٧و٨)ی جمکانەو ژمارە (٩)، سوودیش لەو دیمانەی (سالمێ جاسم)ی سەرنووسەر وەرگیراوە کە ڕۆژنامەنووس (نازم دڵبەند) لەگەڵیدا سازیکردووەو، لە لاپەڕە (١١)ی ژمارە (٤٥٠٠)، ڕۆژی ١٩-٢-٢٠٠٨ی (کوردستانی نوێ)دا، بڵاوکراوەتەوە.

ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر




ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی (١٩٧٥- ١٩٩٣) … ئیسماعیل تەنیا-

ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی
(١٩٧٥- ١٩٩٣)
ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر

————————————————

* باشوری کوردستان:

دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق، لە ساڵی١٩٣٤ دا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی بە گشتی و کوردستاندا بەتایبەتی. پێش بوونی ئەم حزبە، هەست کردن بە جیاوازی چینایەتی، جگە لەلای دەستەبژێرێک لە ڕۆشنبیرو خوێندەواران بەولاوە، بوونی نەبوو. بەهۆی خەباتی کادیرانی ئەم حزبە لەنێو چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگاو، دواتر کردنەوەی بارەگا یاخود (هەرێمی کوردستان)ی ئەم حزبە لەشارە گەورەکانی کوردستاندا، ئیدی خەڵک هوشیار بۆوەو هەستی بەوە کرد کە لەپاڵ چەوساندنەوەی نەتەوایەتی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەرهەقیان ئەنجام دەدرێت، لەلایەن ئاغاو دەرەبەگ و خاوەن مولکە گەورەکانیش، ڕوبەڕوی جۆرە چەوساندنەوەیەکی تر دەبنەوە کە ئەویش، چەوساندنەوەی چینایەتییە. ئەوان، فیکری تازەو چمکی مۆدێرنی وەک: (یەکسانی ژن و پیاو، خەباتی کرێکاران، چەوساندنەوەی چینایەتی، مافی مرۆڤ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، …. تاد)یان، لە کوردستاندا، بڵاوکردەوە.

هەر لەم سەرو بەندەو، هەشت نۆ ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی ئەم حزبە، کۆمەڵێک ئەندامی چاڵاک و ڕۆشنبیری (حزبی هیوا)، کە خاوەن دیدو بۆچوونی فیکری چەپ بوون، لە (هیوا) جیابوونەوەو، لەساڵی ١٩٤٣ دا، ڕێکخراوێکیان بەناوی (کۆمەڵی میللەت)، دامەزراند، کە دەتوانین بە یەکەم ڕێکخراوی سەربەخۆی چەپی کوردی، ناوزەدی بکەین. ئەم ڕێکخراوە، هەرلەم ساڵەدا، بڵاوکراوەیەکیان بەناوی (دەنگی کورد)، بڵاوکردەوە، کە بە دەستنووس، بڵاودەکرایەوە. هەر لەهەمان ساڵدا، عەبدولسەمەد محەمەد ناسراو بە ( سەمەد مەنجەڵ)، ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لە شاری کۆیە، بڵاوکراوەیەکی یەک لاپەڕەیی بە دەستنووس، بەناوی (بڵێسە)، بڵاو دەکردەوە. بەداخەوە، تا ئێستاکە دانەیەک لە هەردوو بڵاوکراوەکە: (دەنگی کورد) و (بڵێسە)، نەدۆزراونەتەوەو لەبەر دەستدا نین. ئەو زانیارییانەی هەشن هەر وردە زانیاری نێو یاداشت و پەراوێزی ڕوداوەکانە… هەتا ئەمەی دواییان (بڵێسە)، هەندێک دەڵێن هەر بوونی نەبووە، ( بۆ ئەم مەبەستە بڕوانە: بورهان حاتەم گۆمەتاڵی، ساڵح حەیدەری ١٩٢٢-٢٠٠١ ڕۆڵی سیاسی و ڕووناکبیریی، چاپی یەکەم، هەولێر،٢٠١٢ ، لاپەڕە ١٧٠).

ڕێکخراوی (یەکێتی تێکۆشین)ی عەرەبی، لەسێ ڕێکخراوو گروپی مارکسی لەساڵی ١٩٤٣ دا، دادەمەزرێت. لە هاوینی هەمان ساڵدا، بە مەبەستی یەکگرتن، پەیوەندی بە ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)ەوە، دەکەن. پاش گفتوگۆو دانوستاندن، هەردوولا، یەکدەگرن. مەرجی کوردەکان ئەوە بوو: کە لقێکی کوردی (وحدة آلنضال)، لە کوردستاندا بکەنەوەو ڕۆژنامەیەکیش بەزمانی کوردی بەناوی (یەکێتی تێکۆشین)، دەربکەن. یەکەم ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە، لەهاوینی ساڵی ١٩٤٤ دا، بڵاوکرایەوە کە (نافع یونس و سالح حەیدەری و عەلی عەبدوڵلا)، سەرپەرشتکارو لێپرسراوی بوون. بەشە کوردییەکەی ئەم ڕێکخراوە (یەکێتی تێکۆشین)، خۆیان هەڵوەشاندەوەو ناوی خۆیان کردە (حزبی کۆمۆنیست لە کوردستانی عێراق). لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٤ دا، ئەم حزبەش، خۆی هەڵوەشاندەوە. دەبێ ئەوەش بگوترێت کە ڕۆژنامەی (یەکێتی تێکۆشین)، یەکەمین ڕۆژنامەی چەپی کوردییە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا. لەمە بەدواوە، کادیرو سیاسەتمەدارە کوردەکانی ناو ئەم حزبەو دەرەوەیدا، لەبواری ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی، درێژەیان بەخەبات کردندا.

گرنگترین ئەم گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەی کە لەنێوان ساڵانی (١٩٤٥-١٩٧٥)دا، دەرچووینەو دەچنە خانەی مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردییەوە، دەکرێت وا پۆلینیان بکەین:
– ڕۆژنامەی (ئازادی): ساڵی (١٩٤٥) بەنهێنی دەرچووە. لەساڵی (١٩٥٩)دا مۆڵەتی وەرگرتوەو، بە ڕەسمی و ئاشکرا، بڵاوکراوەتەوە.
– ئاڵای کارگەران: حزبی شێوعی عێراق (هەرێمی کوردستان- لقی سلێمانی)، بەنهێنی، دەریکردوە.

پاش لێکترازانە مێژووییەکەی ساڵی (١٩٦٤)، باڵی جیابۆوە (پارتی دیموکراتی کوردستان- مەکتەبی سیاسی)، کە دواتر بە (جەلالی)، ناسران، ئەندام و هەوادارانی بەشێک لەم باڵە، خەریکی زەمینەسازی بوون بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تازە. لەم پێناوەدا، لەساڵی (١٩٦٩)، ڕۆژنامەی ڕووناکی (آلنور)، بە عەرەبی و، گۆڤاری (ڕزگاری)یان بەکوردی، دەردەکرد. بڵاوکردنەوەی وتارو ڕەخنەو گفتوگۆکانی نێو ئەم دوو ڕۆژنامەو گۆڤارە، بوونە زەمینە سازییەک بۆ دروستبوونی (کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان)، لەساڵی ١٩٧٠ دا. دوای (آلنور)و (ڕزگاری)ش، (ئاڵای سوور- تەموزی ١٩٧٣، ئۆرگانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان) و، (بیری نوێ)ی حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی ١٩٧٢ دا، بڵاوکرانەوە.

لەدوای کارەساتی ئازاری (١٩٧٥)و، کۆتایی هاتنی شۆڕشی ئەیلول، هەر دوای ساڵێک، دووبارە خەباتی چەکداری دەستی پێکردەوەو، ئەمجارەیان لەجیاتی خەباتی تاک حزبی، زەمینەی ئەوە ڕەخسا کە کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوی جیا جیا دروست ببن و، درێژە بە کاروانەکە، بدەن. لەگەڵ بوونی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق و، (کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان)، کە دواتر ناوەکەی بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، گۆڕدراو، باڵی قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق، ڕیکخراوێکی تری چەپ بەناوی (بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان) لە ساڵی (١٩٧٦)دا، دامەزرا. ئیدی لەمە بەدواوە، ڕێکخراوو گروپی بچووک بچووکیتر دروستبوون و تا ساڵی (١٩٨٥)، توانییان کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە دەربکەن، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

– ئاڵای یەکگرتن: ڕۆژنامەیەک بوو حزبی شیوعی عێراق ( باڵی قیادەی مەرکەزی)، بەزمانی کوردی، لەساڵی ١٩٧٦، لە سوید، دەریکردوە.
– ڕەنجدەر: بڵاوکراوەیەکی نهێنی بوو، ڕێکخراوی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە ساڵی (١٩٧٦)دا، دەریکردوە. ئەم ڕێکخراوە، هەر لەم ساڵەدا دامەزراوە.
– ئاڵای شۆڕش: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان، لەساڵی (١٩٧٧)دا، دەریکردوە.
– کۆمەڵە: گۆڤارێک بوو، (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– تێکۆشان: ڕیکخراوی (تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان)، کە شەهید (رەئوف ئاکرەیی) لێپرسراوی بوو، بە نهێنی لەشاری سلێمانی، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– ڕاپەڕین: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان- لقی ئەوروپا، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– ڕێگای کوردستان: حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، دوای دەرچوونیان بۆ شاخ، لەساڵی (١٩٨٠)دا، دەریانکردوە.
– سۆسیالیست: گۆڤارێکی تیۆری بوو، (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)، لەساڵی (١٩٨١)دا، دەریانکردوە.
– ڕێگای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بووە، لەساڵی (١٩٨١)دا، دەرچووە.
– کار: بڵاوکراوەیەک بووە لەنێوان ساڵانی (١٩٨١-١٩٨٢)دا، نزیکەی سێزدە ژمارەی لێدەرچووە.
– گۆڤاری (ڕێبازی زەحمەتکێشان)، لەنێوان ساڵانی (١٩٨٣-١٩٨٥)دا، یازدە ژمارەی لێدەرچووە.

لەساڵی (١٩٨٥)، لەهەناوی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)دا، دوو ڕێکخراوی چەپ دروستبوون کە خۆیان لە دایکە چەپەکانیان بە چەپتر دەزانی، ئەمانە بریتیبوون لە:
– ئاڵای شۆڕش: ساڵی (١٩٨٤) هەوڵیانداو لەساڵی (١٩٨٥)دا، بە ڕەسمی دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند. (مەلا بەختیار) ڕێبەرایەتی دەکردن.
– حزبی سۆسیالیستی کوردستان-ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، لەساڵی (١٩٨٥)، بە ڕێبەرایەتی (قادر عەزیز و عەبدولخالق زەنگەنە)، دروستبوو. ئیدی ئەمانەش بە بڵاوکردنەوەی ئۆرگان و گۆڤارەکانیان، مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردیان، دەوڵەمەندتر کرد. لەساڵی (١٩٨٥)ەوە تاوەکو ڕاپەڕین، کۆمەڵێک گۆڤارو بڵاوکراوەی تر، چ لەلایەن ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی سەر گۆڕەپانی خەباتی چەکداری، یان لەلایەن ڕێکخراو و دەستەو گروپی تازە دروستبوو لەنێو شارەکانی کوردستاندا، بڵاوکرانەوە، بریتیبوون لە:

– بیری نوێ: گۆڤارێک بوو، حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی (١٩٨٥)دا، دەریکردوە.
– سۆسیالیزم یان بەربەری: بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی بووە، لە مانگی ئابی (١٩٨٥)، لە سوید دەرچووە.
– پێشکەوتن: گۆڤارێکی تیوری بوو، حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، کە دواتر بوونە (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، لەساڵی (١٩٨٦)دا،دەریانکردوە. تەنها پێنج ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
– دەنگی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، ئاڵای شۆڕش لەساڵی (١٩٨٦)دا، دەریکردوە.
– ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم: گۆڤارێک بوو لە بنچینەدا بە زمانی عەرەبی دەردەچوو. چاپە کوردییەکەی لەلایەن حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (١٩٨٦)، لە سوریاوە، بڵاودەکرایەوە.
– ئاڵای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ بوو و لە ساڵی (١٩٨٦)ەوە، بڵاو دەکرایەوە.
– ڕابەر: گۆڤارێک بوو، (ئەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)، بەنهێنی لە شاری هەولێر، بە دەستنووس ( بە کاربۆن لێی زیاد دەکرا) و بڵاو دەکرایەوە. لە ساڵی (١٩٨٧)، دەرچووە. ئەڵقەی ناوبراو، لەساڵی (١٩٨٧)، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ، نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، جەمال کۆشش)، دامەزراوە.
– ئاسۆی سۆسیالیزم: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (کۆمەڵەی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست- کۆتک)، لەساڵی (١٩٨٧)، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ساڵی (١٩٨٧)، لەلایەن (سالار ڕەشید، ڕەحمان داود، ڕێبوار ئەحمەد)، دامەزراوە. – پەیامی کرێکاران: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس،(گروپی عیماد ئەحمەد و ئەبوبەکر خۆشناو)، لەساڵی (١٩٨٨)دا، دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ئاڵای شۆڕش، جیا ببوونەوەو خۆیان بە (ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس)، دەناساند.

– ئاڵا: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس، لە ساڵی (١٩٨٨)دا، دەریدەکرد.
– خەباتی کرێکار: (کۆمەڵەی کرێکارانی یەکی ئایار)، لە ساڵی (١٩٨٩)دا، دەریانکردوە.
– ئاسۆی کرێکار: کۆمیتەی ڕێکخستنی هەولێری (ئاڵای شۆڕش)، بە نهێنی، لەناو شاری هەولێر، لە ساڵی (١٩٨٩)دا، دەریانکردوە.
– ئاڵای شۆڕش: ڕۆژنامەیەکی قەبارە گەورە (ئەی سێ ) بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە ساڵی (١٩٩٠)دا، دەریاندەکرد.
– نۆژەن: گۆڤارێکی تیوری بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە زستانی (١٩٩١)، یەک مانگ پێش ڕاپەڕین، دەریکردوە.
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١)، بەهۆی بەرقەرار بوونی ئازادی و نەمانی دەسەڵاتی ڕژێم لە کوردستاندا، چەندین گروپ و ڕێکخراوی چەپی مۆدێرن دروستبوون کە ئەندام و دامەزرێنەرانی زۆربەیان بە سیاسەتمەداری چەپی فارس (مەنسووری حیکمەت ١٩٥١-٢٠٠٢)، سەرسام بوون. لەژێر ڕۆشنایی نووسین و وتارەکانی ئەودا، خەباتیان دەکرد. گرنگترین گۆڤارو بڵاوکراوەی ئەم ڕیکخراوانە، لەم قۆناغەدا، ئەمانە بوون:
– هەواڵنامەی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، (هەستەی کرێکارانی سۆسیالیست)، لە ساڵی (١٩٩١)دا، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە کۆتایی نیسانی (١٩٩١)دا، دامەزراوە.
– بۆ پێشەوە: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)، لەساڵی (١٩٩١)دا، دەریدەکرد. رەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی ١٩٨٤دا، دامەزراوە.
– پەیامی کرێکار: هەڵسوڕاوی بواری خەباتی چەپ لە کوردستان، تاهیر حەسەن، لە ساڵی ١٩٩١ دا، دەریدەکرد.
– سەرنجی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، کۆڕو کۆمەڵ و ئەڵقە کرێکارییەکان لەساڵی ١٩٩١ دا، دەریاندەکرد.
– ئەدەبی کرێکاری: گۆڤارێکی ئەدەبی، خاوەن ئایدیای چەپ بوو، عەباس شوان، لەساڵی ١٩٩١ ، لە شاری سلێمانی دەریدەکرد. (٣٣) ژمارەی لێدەرچووە.
– پڕۆلیتاری: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی ١٩٩١ دا، بڵاویدەکردەوە.
– ڕێبازی کارکەر: بڵاوکراوەیەک بوو، (کۆمەڵەی خەباتی سور)، بە کوردی (کرمانجی خواروو)، لەساڵی ١٩٩١دا، دەریاندەکرد.
– بڵێسە: بڵاوکراوەیەک بوو، (ئەڵقەی کۆمۆنیستی بڵێسە)، لەساڵی ١٩٩٢ دا، دەریاندەکرد. ئەڵقەی ناوبراو لەساڵی (١٩٨٥)دا، دروست بووە.
– دەنگی بێکاران: ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران، لەساڵی ١٩٩٢دا، لە هەولێر دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە (٢/٦/١٩٩٢)دا، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ )ەوە، دامەزراوە.
– شۆڕشی کرێکاری: بڵاوکراوەیەک بوو، (یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست)، لەساڵی ١٩٩٢دا، دەریانکردوە.
– نینا: گۆڤارێکی ئەدەبی پڕۆلیتاری بوو، لەساڵی (١٩٩٢)، لە هەولێر دەرچووە.
– هاوپشتی کرێکاری: بڵاوکراوەیەکی ئەنتەرناسیۆنالیستی کرێکاری بوو، لەساڵی ١٩٩٢دا، دەرچووە.
– دەنگی کرێکار: دەنگی ناڕەزایەتی کرێکارانی چیمەنتۆی شاری سلێمانی بوو، بەداخەوە نازاندرێ کەی دەرچووە. بەندە (نووسەری ئەم بابەتە)، ژمارە حەوتی بینیوە، بەڵام مێژووی دەرچوونی لەسەر نیە.
– کرێکارانی کۆمۆنیست: بڵاوکراوەیەک بوو، نازاندرێ کەی دەرچووە. دەڵێن سێ ژمارەی لێدەرچووە.
– زەنگ: بڵاوکراوەیەک بوو، یەک دوو ژمارەی لێدەرچووە. مێژووی دەرچوونی دیار نیە.

* ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چەمکی چەپ و کۆمۆنیستی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆ (حزبی تودەی ئێران، دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرو تێکۆشەرانی کورد، کە دواتر هاتونەتە ڕیزی (حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران)، سەرەتای خەباتی سیاسییان لە (حزبی تودە)ەوە، دەست پێکردوە. دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو و غەنی بلوریان، دوو سیاسەتمەداری دیاری کوردن و، سەرەتای کاری سیاسییان لە (حزبی تودە)وە، بووە. واتە، ئەوانە باکراوندێکی چەپ و کۆمۆنیستیان هەبووە. لە سەردەمی حوکمی (شا)دا، کۆمەڵێک گروپ و دەستەی هەڵگری ئایدیای چەپ لەساڵی (١٩٦٩)، (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە)، بە ڕەسمی ڕادەگەیەنن و درێژە بە خەباتی سیاسی، دەدەن.
پاش ئەوەی کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩دا، بە ڕێبەرایەتی (خومەینی)، دەسەڵات دەگرێتە دەست، نکوڵی لە مافە نەتەوایەتیەکانی کورد دەکات، لەپاڵ (حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران)، کە هەڵگری بیری ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بوو، کۆمەڵێک خەڵکی تری کورد، (حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی ١٩٨٣دا، دادەمەزرێنن و لەسەر ڕێبازی مارکسیزم- لینینیزم، لەپێناو بنبڕکردنی چەوساندنەوەی چینایەتی و بەرقەرار کردنی کۆمەڵگایەکی ئازادو بنیاتنانی سۆسیالیزم، درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.

دوای ئەم (حزب و کۆمەڵە)یە، (مەنسوری حیکمەت)، لەساڵی ١٩٩٠دا، (ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری)، دادەمەزرێنێت، کە دواتر کاریگەری کردە سەر کۆمەڵێک گەنجی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان. لەژێر ڕۆشنایی نووسینەکانی ئەودا، کۆمەڵێک دەستەو گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیزمی کرێکاری، هاتنە دامەزراندن. لەلایەن ئەم کۆمەڵ و حزبە چەپانەدا، کۆمەڵێک بڵاوکراوەو گۆڤار بڵاوکرانەوە، نموونەی:
– (مردم)، یان (نامەی مردم): بڵاوکراوەیەک بوو (حزبی تودەی ئێران)، لە ساڵی ١٩٧٩، لە (تاران)دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە. ئەم بڵاوکراوەیە، چاپی فارسیشی هەبوو.
– شۆڕش: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی ئینقلابی زەحمەتکێشانی کوردستان- کۆمەڵە)، لە ساڵی ١٩٧٩دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– خبرنامە: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی ١٩٧٩دا، بە زمانی فارسی، بڵاویدەکردەوە.
– پێشڕەو: ڕۆژنامەیەک بوو، هەمان سازمانی ناوبراو، لەساڵی ١٩٨٣دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– پێشەنگ: گۆڤارێکی ئەدەبی کرێکاری بوو، لە پایزی ١٩٨٥دا، بە زمانی کوردی، لەلایەن (کۆمەڵە)وە، بڵاودەکرایەوە.

* ڕۆژئاوای کوردستان:

لە ڕۆژئاوای کوردستان (سوریا)دا، هەر لەگەڵ لێکترازانی (پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا)، لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، باڵێک لەم پارتە جیابۆوەو، خۆیان بە هەڵگری بیری چەپ و سۆسیالیزم، ناساند. دوای ئەوان، کۆمەڵێک گروپ و ڕێکخراوی چەپ، چ ئەوانەی لەناو وڵات، یان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات، خەباتیان دەکرد، دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند، لە نموونەی:
– گرێدانا مارکسیستێن کورد: ئەم گروپە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری (عەفرین)، گۆڤارێکی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی،یان بە ناوی (پێشەنگ)، بە زمانی کوردی، لەساڵی ١٩٧٦دا، بڵاودەکردەوە.
– هەمان ڕێکخراو، لەساڵی ١٩٧٧، لە ئەڵمانیادا، ڕۆژنامەیەکی سیاسییان بە ناوی (ڕێیا ڕاست)، بە زمانی کوردی، بڵاو دەکردەوە، کە تا ساڵی (١٩٨٠)، توانراوە دوازدە ژمارەی لێدەربکەن.
– ڕێک (آلطریق): گۆڤارێکی سیاسی و کولتوری ساڵانە بوو، (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ)، بە زمانی کوردی و عەرەبی، لەساڵی ١٩٧٧دا، دەریاندەکرد.
– الاشتراکی: ڕۆژنامەیەک بوو، ئۆرگانی (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ) بوو. لە ساڵی ١٩٧٨دا، بە زمانی عەرەبی لە سوریا، بڵاودەکرایەوە. دواتر، شوێنی دەرچوونی بۆ ئەڵمانیا گواستراوەتەوەو، لەوێ بەردەوام بووە. ژمارە (١٤٥)ی لە ئەیلولی ١٩٩٩دا، دەرچووە.
– (طریق الیسار) و (فکر الجدید)یش، بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، دەرچووینە.

* باکوری کوردستان:

لەم بەشە ستراتیژییەی کوردستاندا، لە ژێر کاریگەری پارتە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانی تورکیادا، یەکەمین ڕۆژنامەی هەڵگری ئایدیای چەپ و سۆسیالیستی کوردی، لەساڵی ١٩٦٦دا، بە ناوی (ڕیبازی نوێ- یەنی ئاکیش)، لەلایەن (محەمەد عەلی ئەسڵان)ەوە بڵاوکراوەتەوە. دوای ئەوە، وردە وردە ئەو کوردە چەپانەی کە لە ڕیزەکانی (پارتی سۆسیالیستی تورکیا)دا، خەباتیان دەکرد، لەگەڵ هەندێک چەپی تورک، لەساڵی ١٩٦٩دا، لە ئەنقەرەو ئیستانبول، (یانەکانی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات- دۆغو دەڤرمچی کولتور ئۆجاغی)، کە کورتکراوەکەی (د.د.ک.ۆ)، بوویان دامەزراند. زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانی کورد بوون. هەر زوو لە شارەکانی باکوری کوردستاندا، لقیان کردەوەو لەناو خەڵکدا، دەستیان بە خەبات کرد. پاش (د.د.ک.ۆ)، هەندێک چالاکڤانی سیاسی تر، لەنێوان ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٥)دا، دامەزراندنی (کۆمەڵەی کولتوری دیموکراتی شۆڕشگێڕ- دەڤرمچی دەمۆکراتیک کولتورو دەرنەگلەری)یان، دامەزراند. ئیدی لەمە بەدواوە، ساڵ لەدوای ساڵ، گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و چەپ، لەلایەن کوردەکانەوە، دادەمەزران، نموونەی:
– پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا: لە دێسێمبەری ١٩٧٤، لەلایەن ( کەمال بورکای)و چەند هەڤاڵێکی ترەوە، دامەزرا.
– رێکخراوی ڕزگاری کوردستان: لەساڵی ١٩٧٦دا، زیاتر دەرکەوتن و ناسران. ئەندامەکانی، پێشتر لەچەند گروپێکی جیا جیادا، جیاببوونەوە وەک: (پارتی کرێکارانی تورکیا)، (یانەی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات).
– ڕێکخراوی کاوە: لە ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٧)دا، دامەزراوە.
– کۆمەڵی تێکۆشین: لەساڵی ١٩٧٨دا، دروست بووە.
– پارتی کرێکارانی کوردستان، کە دواتر ناوەکەی بۆ: (پارتی پێشەنگی کارگەری کوردستان) گۆڕدرا، لەساڵی ١٩٧٨دا، دامەزرا.
– پارتی کرێکارانی کوردستان- پ.ک.ک: بە ڕێبەرایەتی (عەبدوڵلا ئۆجەلان- ئاپۆ)، لەساڵی ١٩٧٨دا، دامەزرا.
– تەڤگەری سۆسیالیستی کوردستان: جولانەوەیەکی مارکسی- لینینی بوو، باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەبوو. ماوەیەک لەگەڵ (پ.ک.ک)، نێوانیان خۆش بوو. هەندێک هێزی چەکدارییان هەبوو کە لەژێر ناوی (لەشکری ڕزگاری کوردستان)، خەباتیان دەکرد. ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (دەنگی وڵات)، دەردەکرد.
هەموو ئەم ڕێکخراوانە، تا کودەتای سەربازی ١٢/٩/١٩٨٠، بە نهێنی و ناوە ناوەش بە نیمچە ئاشکرا، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان دەردەکرد:
– ڕێیا ئازادی (ئۆزگورلوک ێۆلو): پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٥دا، بە زمانی تورکی و کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– بروسک: ڕێکخراوی (مارکسیستێن- لینینیا کوردستان/باکور)، لەساڵی ١٩٧٧دا، بە زمانی کوردی و تورکی، بڵاویاندەکردەوە.
– پێشەنگ بۆ شۆڕش: پارتیا پێشەنگا کارگەریا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٧دا، بڵاویان دەکردەوە.
– ئەم چی بکەین: (ڕێکخراوا مارکسیستێن شۆڕشگەرا کوردستان)، لەساڵی ١٩٧٨دا، بە زمانی کوردی و تورکی لە ئەڵمانیا، بڵاویاندەکردەوە.
– ڕۆژا وەلات: پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٧دا لە تورکیا بڵاویدەکردەوە. پاش قەدەغەکردنی، لەساڵی ١٩٧٩، لە ئەڵمانیا درێژەی بە بڵاوکردنەوەدا.
– کاڤا (کاوە): ڕیکخراوی کاوە، بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٧٨ لە تورکیا، بڵاویدەکردەوە. دواتر گواسترایەوە سویدو بەزمانی کوردی و تورکی، بڵاودەکرایەوە.
– ئاڵا ڕزگاری: ڕێکخراوی ڕزگاریا کوردستان، لەساڵی ١٩٧٩دا، بەزمانی تورکی بڵاویدەکردەوە. هەر زوو لەهەمان ساڵ بە بڕیارێکی عەسکەری، قەدەغە کرا.
– سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان، بە زمانی تورکی لەساڵی ١٩٧٩، دەریدەکرد.
دوای ئەوەی کودەتاچییەکان، بە ڕێبەرایەتی جەنەراڵ (کەنعان ئێڤرین)، لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا، کودەتای سەربازییان ئەنجامداو، دەسەڵاتیان گرتە دەست، پێش هەموو شتێک کەوتنە گیانی حزب و ڕیکخراوە چەپەکان، بە تایبەتیش کوردەکان. لەنێوان ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٣)دا، زیاتر لە حەڤدە هەزار کوردیان، زیندانی کرد. بەدەیان سیاسەتمەداریان لە سێدارەدا. لە ساڵی ١٩٨٢یشدا، دەستورێکی تازەیان نووسیەوە. لە ماددە سێی ئەم دەستورەدا هاتووە: (جگە لە زمانی تورکی، هەموو جۆرە زمانێکی تر بۆ قسە کردن و نووسین، قەدەغەیە. دەوڵەتی تورکیا خاک و میلەتەکەی یەک قەوارەیەو دابەش نابێت و زمانەکەشی تورکییە). هەروەها لە ماددەی (٤٢)یشدا هاتووە: (هیچ بڵاوکراوەیەک رێگەی پێنادرێ ئەگەر بە زمانێک بێت کە بە قانون قەدەغە کرابێت).

لەسایەی ئەم دەستورو حوکمە عەسکەرتارییەدا، ئەم دەنگە کزانەی کە جاروبار لەملاو لەولا، دەبیستران و ناوە ناوە، ڕۆژنامە، یان گۆڤارێکیان بڵاودەکردەوە، ئەمەش نەما. بەشی زۆری چالاکڤانە چەپەکان، ئەوانەی زیندانی نەکرابوون، توانیان تورکیا جێبهێلن و ڕوو لە ئەوروپا بکەن. ئەوانە، لە هەندەران، درێژەیان بە خەباتی سیاسی و کولتوری شۆڕشگێڕی خۆیاندا. چەند ڕێکخراوێکی تازەی وەک: (یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان) و (پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان- ک.ک.پ)یان، لە دەرەوەی وڵات، دامەزراند.
ئەم ڕێکخراوانەی پێش و دوای کودەتای ئەیلول، دروستبوون، چ لە ناوەوەی وڵات، چ لە هەندەران، بە گوێرەی دەرفەت و زەمینەسازی، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان، بڵاوکردۆتەوە:

– دەنگێ کوردستان: پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان (ک.ک.پ)، لەساڵی ١٩٨١دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویان کردۆتەوە.
– سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٨٢، لە ئەڵمانیا، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
– بەرخودان: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٨٣، لە سوید، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
– راستیا کوردستان: یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان، لەساڵی ١٩٨٧دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویانکردۆتەوە.
– ئاڵا یەکێتی: رێکخراوی کاوە، لەساڵی ١٩٨٨دا، لە ئەڵمانیا بەزمانی کوردی، بڵاویکردۆتەوە.
– تێکۆشینا سۆسیالیست: کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (تێکۆشینا سۆسیالیست)، بەزمانی کوردی، لە وڵاتی سوید، بڵاویانکردۆتەوە.
– کوردستانلی مارکسیست: ئۆرگانی (بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان) بووە. لەساڵی ١٩٩٠، بەزمانی تورکی لە بەریتانیادا، بڵاوبۆتەوە.
– (کەندال نەزان)یش، وەک خوێندکارێکی چەپی سەربەخۆ، لەساڵی ١٩٧٦دا، گۆڤاری (ئازادی)، بەزمانی کوردی، لە فەڕەنسا (پاریس)دا، بڵاوکردۆتەوە.

ئەنجام

(١) هێنان و بڵاوکردنەوەی فیکری چەپ لە کوردستاندا، لەلایەن (حزبی شیوعی عێراق)ەوە،هاتۆتە کوردستان.
(٢) یەکەم ڕێکخراوی چەپ لەسەرانسەری کوردستاندا، ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)،بووە، کە لەساڵی ١٩٤٣دا، دروستبووە. ئەندامەکانی، پێشتر لە ڕیزی (حزبی هیوا)دا، خەباتیان کردوە.
(٣) لە نێوان ساڵانی (١٩٧٥-١٩٩٣)دا، (٦٧) ناوونیشانی: (گۆڤار، ڕۆژنامە، بڵاوکراوە)ی هەڵگری فکری چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان و دەرەوەیدا، دەرچووینە، کە زۆرترینیان لە باشوری کوردستاندا بووەو ژمارەیان گەیشتۆتە (٤٠) ناوونیشان و، هەمووشیان بە زمانی کوردی بووینە. ئەوانی تریش: (لە باکور: ١٦، لە ڕۆژئاوا: ٦، ڕۆژهەڵات: ٥).
(٤) لەڕوی ئەو زمانانەی کە بڵاوکراوەکانیان پێ بڵاوکراوەتەوە: ئەوانەی باشور، هەمووی کوردی بووینە. ئەوانەی تر: – باکور: شەش بە کوردی و تورکی، سێ بە کوردی، پێنج بە تورکی.
– ڕۆژئاوا: سێ بە عەرەبی، دوو بە کوردی، یەک کوردی و عەرەبی بووە.
– ڕۆژهەڵات: دوو بە زمانی فارسی، دوو بە کوردی، یەک بە فارسی و کوردی بووە.
(٥) قەبارەی زۆربەی ناوونیشانەکان، قەبارەی فۆلسکاپ، بووە.
(٦) هەندێک لە بڵاوکراوەکان بەدەست نووسراونەتەوەو تیراژیان سنوردار بووە.
(٧) سێ تا چوار هەوڵی تاکە کەسییە، ئەوانەی تر لەلایەن ڕێکخراوی سیاسییەوە، بڵاوکراونەتەوە.
(٨) رۆژنامە، یان گۆڤاری (یەکێتی تێکۆشین)، بەیەکەم ڕۆژنامەی چەپی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان، دادەنرێت.




(ڕۆستەم باجەلان) و پڕۆژەی (ئەدەبی منداڵان) و هەندێک شتی تر … ئیسماعیل تەنیا

مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٢، چوار ساڵ بەسەر شیعر نووسینم تێپەڕیبوو… چەند شیعرو بابەتێکیشم، بڵاوکردبۆوە. ئەو کات، مانگ نەبوو، چەند کتێب و نامیلکەیەکی کوردی تێدا بڵاو نەکرێتەوە، بە تایبەتیش شیعر… شیعرەکانی خۆم لە دەفتەرێکدا، نووسیبۆوە. لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی، بە تایبەتیش لە پۆلی دووەم و سێیەم، هاوڕێی هەرە نزیکم (دلێر ئیسماعیل ڕەزا) بوو. ناوبراو، کوڕە خەزوری (مەدحەت بێخەو)ی شاعیر بوو. پێشنیاری کرد کە شیعرەکانم بە (مەدحەت)ی زاوای پیشان بدەم. هاوینی ساڵی ١٩٨١، ئێوارەیەک لەگەڵ دلێر، چووینە ماڵیان لە گەڕەکی ڕووناکی. لە باخچەکەی دانیشتین، هەندێک لە شیعرەکانمی خوێندەوە، بەشێکی کەمی بە دڵ بوو… ڕێنوێنی زۆری کردم، هانیدام زێتر شیعر بخوێنمەوە… هەروەها لەم سەردەمە سەخت و دژوارەدا، گەلێک باسی کورد بوون و کوردایەتی، بۆ کردین. ئەوەشی پرسی:
– کۆمەڵە شیعرەکانی منت خوێندۆتەوە؟
– نەخێر، لەبەر ئەوەی لە بازاڕدا دەست ناکەون.

دوای دوو هەفتە، دوو کۆمەڵە شیعری بڵاوکراوەی خۆی، (ڕابەری ژیان- ١٩٦٨)، (ورشەی ئاوات- ١٩٧٣)، بە دلێردا، بۆ ناردم. دیار بوو لە کتێبخانەی (ئامادەیی ڕزگاری کوڕان)، خواستبوونی، چونکە مۆری ئەوێی بەسەرەوە بوو. دوای خوێندنەوەیان، بەهەمان ڕێگا، کتێبەکانم ناردنەوە. ئەوەندەی نەبرد، دلێر بە ماڵەوە چوونە بەغدا. چەند ساڵیک دوای ئەمەش، لە ڕێگای نامەوە، پەیوەندیمان هەر هەبوو… ماوەیەک بێدەنگ بوو، پاش سۆراغ کردن، بۆم دەرکەوت کە سەفەری (لەندەن)ی کردووە. زۆر پێش مەدحەت بێخەو، پەیوەندیم لەگەڵ مامۆستا (عەزیزی مەلای ڕەش)، هەبوو. ئەو، دوو نامیلکەی بۆ منداڵان، بڵاوکردبۆوە، (پشیلۆکە، شیعر، چاپخانەی کاکەی فەلاح،سلێمانی، ١٩٧٩ ،٤٠ لاپەڕە)، (قولەمەیتەر، چیڕۆک،چاپخانەی ڕاپەڕین، سلێمانی،١٩٨٠ ، ٣٠، لاپەڕە). شازدە پارچە شیعری خۆم هەڵبژاردو لە دەفتەرێکی شەست لاپەڕەیی هێلداری قەبارە (ئەی پێنج)، نووسییەوە… کەوتمە خولیای چاپکردنیان. لەبەر ئەوەی مامۆستا عەزیز ئەزموونی کتێب چاپکردنی هەبوو، ڕێو شوێنی چاپکردنم، لێپرسی. ناوبراو گوتی:
– دەبێت شیعرەکان، بە دەست خەتێکی درشتی خۆش و ڕوون، بنووسییەوە. بینێریە بەغدا بۆ دائیرەی (ڕیقابەی گشتی)، تاوەکو ئەوان شیعرەکان بدەنە پسپۆڕ (خەبیر)ێک، لەوێ مۆڵەتی چاپکردنی پێبدەن… وا باشتریشە، شیعرەکان بە قەڵەم ڕەنگ، کەرت (تەقتیع) بکەی، چونکە گەر مۆڵەتی چاپکردنت وەرگرت و بۆ چاپخانە ناردتە بەغدا، کارمەندانی چاپخانە عەرەبن و کوردی نازانن… دەبێت وشەکان بە قەڵەمی سوور لەیەکتر، جودا بکرێنەوە، تاوەکو دوو وشە تێکەڵ بە یەکتر نەکرێن. ئەوکات، دەبوو وا بکرێت، بەم پرۆسەیە دەگوترا: (تەقتیع). پرسیم: من ناچمە بەغدا، چۆن بینێرم؟

– ڕۆستەم باجەلان (ڕۆستەم سەلام محەمەد ئەمین)، زوو زوو دەچێتە بەغدا، بەویدا بینێرە… ماڵیشیان لە بەرامبەر مزگەوتی (ئازادی)یە، سەلامی منیشی پێبگەیەنە.
هەفتەیەک دواتر، لەگەڵ (نەجات هەمزە حوسێن)ی هاوڕێم، دەستنووسەکە (پەردەی شەرم)م، هەڵگرت و کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی، بە سۆراغ کردن، ماڵی (ڕۆستەم)مان دۆزیەوە. لە دەرگاماندا، دەرگای کردەوە، خۆمم پێناساند. هەر خەواڵوو بوو، دیار بوو تازە لەخەو هەستابوو. ناوبراو، یەک دوو مانگ دەبوو کۆمەڵە شیعری: ( لەپێناوی تۆدا دەژیم)ی، چاپ و بڵاوکردبۆوە. لەمەوبەریش، ( ژان و دڵداری- ١٩٧٧)، (شاعیرێکی تینوو لە پەڕاوی بیرەوەریدا- ١٩٧٨)، (سۆلین، شیعری منداڵان- ١٩٨٠)، (دەریا- ١٩٨١)ی، بڵاوکردبۆوە. ئەوانەم خوێندبۆوە، لە دوورەوە، بە ناو، دەمناسی…. بە خەندەو ڕویەکی خۆشەوە، وەک ئەوەی لەمێژ بێت من بناسی، پێشوازی لێکردم. سەربردەی گیرانی خۆی لەلایەن دائیرەی ئەمنی هەولێرەوە، بۆ گێڕاینەوە… ئەو ڕۆژە، یەک دوو ڕۆژ دەبوو، ئازاد کرابوو.

ڕۆستەم، شەو لە یەکێک لە یانەکانی (مامۆستایان)، یان (ئازادی)، دوای خواردنەوەو مەست بوون و، گەڕانەوە بۆ دونیای لێوانێو لە ئازادی، هەقیقەت دەدۆزێتەوە، هیچ بەربەست و سانسۆرێک لەبەردەم خەیاڵ و ئازادی دەربڕین، نابینێت…. لەم دونیا ئازادەوە، لەناو حەشاماتی خەڵکەوە، ئەوەی لە هزرو دەروونیدا هەیە، دێتە سەر زمانی و، نایانگێڕێتەوە… ئەوەندە جوێن بە ڕژێم و دارو دەستەکانی دەدات، تا سفت و سۆی دڵی خۆی دادەمرکێنێت. مەفرەزەیەکی دائیرەی ئەمن دێن و، دەستگیری دەکەن. پاش دوو سێ ڕۆژ زیندانی کردن لە دائیرەی ئەمن، بۆیان دەردەکەوێت ئەو کاتە خەیاڵ بووە، ئازادی دەکەن. ئەوەی من بیزانم، ناوبراو لەم کاتە سەختانەدا، هەڵوێستێکی تریشی هەبوو، حەز دەکەم هەر لێرەدا باسی بکەم: لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری بەیان، لەسەروبەندی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی (تازە دامەزراو)، بۆ سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (ڕۆستەم)، شیعرێکی بۆ ئەم گۆڤارە ناردبوو. دیار بوو شیعرەکە نیشتیمانی و کەوتبووە خانەی شیعری بەرگرییەوە. سەرپەرشتکارانی ئەوکاتی گۆڤاری (بەیان)، بێ گەڕانەوە بۆ شاعیرو، ڕوخسەت لێوەرگرتنی، لەژێر ناوونیشانی شیعرەکەدا، نووسیبوویان: ( پێشکەشە بە شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران). ئەم پێشکەش کردنە هەرچەندە خەوش نەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی لێکدانەوەی جیاوازو هەڵەی بۆ نەکرێت و شاعیر بە پاڵپشتیکاری ئەوکاتی سیاسەتەکانی ڕژێم لێک نەدرێتەوە، رۆستەم بێبەری خۆی لەم پێشکەش کردنە ڕاگەیاندو، گەر هەڵە نەبم، ڕوونکردنەوەیەکی لە گۆڤاری ( نووسەری کورد)، بڵاوکردەوە.

دەستنووسی ( پەردەی شەرم )ی لێوەرگرتم و بردییە بەغداو تەسلیمی (لیژنەی ڕیقابەی گشتی)، لە بەغدا، کردبوو. لە کۆتایی ئەیلولی ١٩٨٢، لەگەڵ ( نەجات هەمزە)، بە کاروباری دامەزراندن، چووینە بەغدا. سۆراغی دەستنووسەکەشم کرد. تەنها یەک شیعریان سانسۆر کردبوو، مۆڵەتی چاپکردنیان دابوو. دەستنووسەکەم وەرگرتەوە، ناردمە چاپخانەی ڕاپەڕین، لە سلێمانی. ئەوکات، (ئەبوبەکر عەلی ئەحمەد)ی خزمم، لە شاری سلێمانی سەرباز بوو، ئەو سەرپەرشتی و سۆراغی چاپکردنی دەکرد… بۆ وێنەی بەرگەکەش، هاوڕێی خوێندنم، هونەرمەندی شێوەکار، مامۆستا (جەوهەر عومەر محەمەد)، وێنەیەکی جوانی کێشاو، دیزاینی بەرگەکەی کرد. لەدوا جاردا، بەرگەکەی ئەو، چاپ نەکرا… نامیلکەکە لە دوا قۆناغی تەواو بووندا بوو، کارمەندانی چاپخانەی ڕاپەڕین گوتبوویان: دەبێت بەرگەکە بنێرینە یەکێک لە چاپخانەکانی بەغدا، چونکە پێویستی بە (زەنگۆغراف) هەیە کە ئێمە نیمانە.

ئەگەر ڕازین، ئێمە بەرگێکی خاکەڕایی بۆ دەکەین و زوو تەواو دەبێت… منیش پەلەی چاپکردنم بوو، بە پێشنیارەکەی ئەوان ڕازی بووم… بە هیمەتی هەموو لایەک: ( عەزیزی مەلای ڕەش، ڕۆستەم باجەلان، ئەبوبەکر عەلی ئەحمەد)، (پەردەی شەرم)، وەک نۆبەرە چاپکراوم، بە تیراژی دوو هەزار دانە، لە دووتوێی کتێبۆلکەیەکی (٣٢) لاپەڕەی قەبارە زەنگیانە کتێب (ئەی شەش)، لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٨٢ ، لە چاپخانە دەرچوو و کەوتە بازاڕەوە. بە بڵاوکردنەوەی، زۆر دڵخۆش و کەیفساز بووم. دوای ماوەیەکی زۆر، (غازی حەسەن)، بابەتێکی بە ناوونیشانی: ( با ڕازی پەردەی شەرم بپشکنین!!)، لەسەر نووسی و لە ژمارە (١٥٨)ی مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٩ی گۆڤاری (بەیان)دا، بڵاوکردەوە. زێتر لایەنە باشەکانی خستبووە ڕوو. فوئاد سەدیق ( فوئاد خۆگر)ی ئەوسا، ئەویش شتێکی لەسەر نووسیبوو، بەڵام ئەوەی ئەو، زۆرتر لایەنە نێگەتیفەکانی دەستنیشان کردبوو. پێش ئەوەی بۆ گۆڤاری (بەیان)ی بنێرێت، لە دوکانی (جەعفەر هاشم خەیات)، کە ئەوکات شوێنی بەیەک گەیشتنی دۆست و ڕێکخستنەکانی (حزبی سۆسیالیستی کوردستان) بوو، بۆی خوێندمەوە. بەڕاستی سەرنج و بۆچوونی جوان و دروستی، دەربڕیبوو. بابەتەکەی نارد، بەڵام بەداخەوە، بڵاونەکرایەوە.
دوای ئەوە، ڕۆستەم بووە یەکێک لە هاوڕێکانم. جارێکیان لە گازینۆی (مەچکۆ)، دانیشتبووین، پرسی: بە ئەسڵ خەڵکی کوێندەری؟
– خەڵکی گوندی (گۆمەگڕو)ی سەر بە ناحیەی (قوشتەپە)م.

– ئەها… من لە کۆتایی مایسی ساڵی (١٩٦٩)، (گۆمەگڕو)م بینیوە… ئەوکات، من کادیرێکی باڵی مەکتەبی سیاسی (جەلالی)، بووم. بیرت دێت، (چاڵاک)ی هاوڕێمان ، نیوەڕۆکەی تفەنگی بردو، پەیوەندی بە پێشمەرگەو پارتییەوە، کرد؟
(ڕۆستەم)، هەرچەندە تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەچوو، بەڵام هێشتا ژیانی هاوسەرگیری پێکەوە نەنابوو. تەواو خۆی بۆ شیعرو ئەدەب و فەنتازیا، تەرخان کردبوو. لەپاڵ ئەوەشدا، مامۆستا بوو و شیعری منداڵانیشی دەنووسی. کۆنتاکی ڕۆژانەی لەگەڵ منداڵاندا، هەبوو. ناوە ناوە کۆڕی بۆ منداڵە بەهرەمەندەکان، سازدەکرد. هانیدەدان کتێب بخوێننەوەو شیعر بنووسن. کتێبی منداڵانی بەسەردا دابەش دەکردن. هەوڵیدەدا لە دونیای خوێندنەوەو ئەدەب، نزیکیان بکاتەوە. فێری چوونە سەر مینبەرو مایکرۆفۆن گرتنە دەست و وتاربێژی و شەرم شکاندنی دەکردن. ئەوکات، لەم بوارەدا، ڕۆستەم باجەلان، یەکێک بوو لەو کەسایەتییە پەروەردەییە ناوبەدەرانەی هەولێر. یەکێک بوو لە هاندەرو پشتیوانە دیارەکانی منداڵان و نزیککردنەوەیان لە جیهانی خوێندنەوە.

لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٤)، لەبەرئەوەی ئەوکات گۆڤارێکی کوردی تایبەت بە منداڵان نەبوو، پێشنیاری پڕۆژەی (ئەدەبی منداڵان)ی کرد. هەر خۆی داینەمۆی سەرەکی پڕۆژەکە بوو. کۆمەڵێک شیعرو چیڕۆکی منداڵانی کۆکردەوە، بردییە بەغداو مۆڵەتی چاپکردنی لە (ڕیقابەی گشتی)، وەرگرت. بەرگ، یان ژمارە (١)ی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی (١٩٨٥)، بە تیراژی دوو هەزار دانە لە چاپخانەی هەولێر (کوردستان)ی جارانی گیو موکریانی، چاپ و بڵاوکرایەوە. بەشدارانی یەکەم ژمارە بریتی بوون لە: (ڕۆستەم باجەلان، نەجات ڕەفیق حیلمی، پیرباڵ مەحمود، ئیسماعیل تەنیا، سەلاح سەلیم سەیدۆک، خالید شەیدا، فەیسەڵ دێهاتی). ئەم ژمارەیە لەسەر ئەرکی ئەوان چاپکرا. (عەبدولغەنی عەلی یەحیا)، لەیەکێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی (ألعراق)ی عەرەبی، لاپەڕەی ( ألثقافة ألکردیة)، لەسەری نووسیبوو، ئەو بەشدارانەی بە دامەزرێنەری پڕۆژەکە وەسف کردبوو. دوای ئەویش،( سەعید زەنگەنە)، لە بەرنامەی (ئەدەب و هونەر)، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک، نمایشێکی باشی بۆ کردبوو.

لە نەورۆزی ساڵی (١٩٩٠)دا، ویستم ژمارە دوو، ئامادە بکەم. بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیم بە نووسەران کرد، بەتایبەتیش ئەوانەی زێتر بۆ منداڵان دەنووسن. دوای ماوەیەکی کەم، نۆزدە بابەتم لەهەموو ناوچەکانی کوردستانەوە، بۆ هات. هەمووم دووبارە بە خەتێکی جوان نووسییەوە، بە (٥٦) لاپەڕەی قەبارە فۆلسکاب، ناردمە (کۆڕی زانیاری عێراق- دەستەی کورد)، بە مەبەستی پیاچوونەوە لەڕووی زمانەوە، کە پێیان دەگوت: (سەلامە لوغەوی). دوای ئەمە، ناردمانە (ریقابەی گشتی). پاش دوو مانگ چاوەڕوانی، لەوێش دەرچوو. (سەعدوڵلا شێخانی )، ئەوکات، پڕۆژەیەکی هەبوو، کتێبی بۆ خەڵکی چاپ دەکرد. نازانم قازانجی دەکرد یان نا؟! دەستنووسی ژمارە دوومان دایە ناوبراو بە نیازی چاپکردن. لەسەر بەرگەکەی نووسیبووم: ئەدەبی منداڵان، کۆمەڵە بەرهەمێکی ئەدەبییە بۆ منداڵان، بەسەرپەرشتی: ئیسماعیل تەنیا، ژمارە (٢)، نیسانی ١٩٩٠، هەولێر.
ناوەڕۆکی ژمارە دوو بریتیبوون لەم بابەتانە:
– بەردەوام بوون، چیڕۆک، هیوا عەوڵا غەفور، ( بەداخەوە لە کاتی هاتنەوەی ڕژێم بۆ هەولێر لە ٣١/٣/١٩٩١، شەهید بوو…پێشتر لە ڕۆژنامەی هاوکاری چەند شیعرێکی بۆ منداڵان، بڵاوکردبۆوە)، خەڵکی گەڕەکی (کوران)، بوو.
– هونەرو پەپولە ڕەنگینەکە، چیڕۆک، خالید عوسمان تەها.
– سوود وەرگرتن ، چیڕۆک، دایکی ڤیان.
– مەریوان و دار پڕتەقاڵ، چیڕۆک، غازی حەسەن.
– چونا ڕوڤی بۆ حەجێ، چیڕۆک، حەسەن کوخی.
– مام هۆمەر، چیڕۆکی فۆلکلۆری، ئاواز دزەیی.
– گرنگترین کارێک کە دەبێ ئەنجامی بدەیت، چیڕۆک، وەرگێڕان لە فارسی: هیمداد حوسێن.
– مام کەروێشک و مام گورگ، چیڕۆک، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: بەیان محەمەد کەریم.
– بۆق و مار، چیڕۆک، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: ئیسماعیل تەنیا.
– هەورۆکەو مناڵ، شیعر، ڕۆستەم باجەلان.
– ئاواتی من، قەڵەم، شیعر، جەزا عەلی ئەمین.
– ساڵی نوێی خوێندن، شیعر، ئیسماعیل تەنیا.
– جەژنی نەورۆز، سمۆرە، شیعر، عەبدوڵا سالح شارباژێڕی.
– چرای زانست، شیعر، نەجم خالید نەجمەدین ( نەجم ئەڵوەنی).
– پێنووس ، شیعر، شۆڕش محەمەد عەلی.
– گوڵە جوان، شیعر، مەحمود خەسرەو کاوانی.
– ڕاوە کەو، شیعر، ساڵح محەمەد کلێسەیی.
– پشیلە زەردە، شیعر، لەتیف عوسمان ئاسۆ.
پێشەکییەکیشم بۆ نووسیبوو، کە ژمارە دوو چاپکرا، سەعدوڵلا شێخانی، بە ئارەزوی خۆی، دەستکاری کردبوو: پێشەکییەکەی لادابوو. ناوی منی وەک سەرپەرشتیار لەسەر بەرگەکەی هەڵگرتبوو. هەندێک بابەتی دەرهێنابوو، لەجیاتی ئەوە هەندێک بابەتی تری دانابوو، کە پەیوەندی بە پڕۆژەکەی ئێمەوە نەبوو، زێتر لێکۆڵینەوە بوون. لەبەر ئەوەی ئەهلی کارەکە نەبوو، بە نەشارەزایی ئەم بابەتانەی دانابوو. دوای تێپەڕبوونی (٢٧) ساڵ بەسەر ئەم پڕۆژەیە، بۆ مێژوو، پێشەکییە لادراوەکە، بڵاو دەکەمەوە:
وتەیەکی پێویست
خوێنەرانی هێژا…
* ئەم کۆمەڵە شیعرو چیڕۆکەی دەیخوێنیتەوە، زادەی بیری چەند نووسەرێکن، هەڵبەتە هەموویان لەیەک ئاستی ڕۆشنبیریدا نین، هەندێکیان دیارن و خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراون. هەشیانە لە گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا، چەند بەرهەمێکیان بڵاوکردۆتەوە. هەر بەو پێودانگەش، هەموو بابەتەکان، لەیەک ئاستدا نین. هەر نووسەرێکیش بەرپرسیارە لە بابەتەکەی خۆی.
* هەقتانە بپرسن و بڵێن: ئەم پڕۆژەیە چۆن هاتە ئاراوە؟ لەوەڵامی ئێوەدا دەڵێین: لەسەرەتای ساڵی (١٩٨٥)دا، چەند نووسەرێک لەشاری هەولێر پێشنیاریان کرد کە کۆمەڵە شیعرو چیڕۆکێک بۆ منداڵان بەناوی (ئەدەبی منداڵان)، چاپ بکەن. پێشنیارەکە جێبەجێ بوو. یەکەم ژمارە چاپکرا.
* بەشدارانی یەکەم ژمارە، نووسەران: ( ڕۆستەم باجەلان، نەجات ڕەفیق حیلمی، پیرباڵ مەحمود، ئیسماعیل تەنیا، سەلاح سەلیم سەیدۆک، خالید شەیدا، فەیسەڵ دێهاتی)، بە دامەزرێنەری بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە دادەنرێن و کاک ( ڕۆستەم باجەلان)یش ڕۆڵێکی تەواو دیاری هەبوو لە پێشنیار کردن و ئەنجامدانی ئەم کارە هەر لە قۆناغی ئاوڵەمەییەوە تاوەکو کامل بوون.

* ئەم کارەی ئێمە، یەکەم هەوڵی کۆمەکییە، لە بواری (ئەدەبی منداڵان)داو، پێش ئێمە، هیچ کەسێک ئەم کارەی وا بە فراوانی لەڕووی چەندایەتی نووسەرەوە، ئەنجام نەداوە.
* دوو سێ مانگ پاش دەرچوونی ژمارە یەک، گەنجێکی تولاز، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەکە، ویستی ژمارە دوو دەربکات. بۆ ئەم مەبەستە، نووسەران بە دەنگییەوە هاتن و بابەتیان بۆ ئامادە کرد. هەر خۆشم پڕۆژەکەم بۆ نووسییەوەو هەر بەشدارێکیش بەپێی تواناو ویستی چاپخانە، پارەیان کۆکردەوەو دایانە دەست برای نووسەرو ئەو هەقەشیان پێ ڕەوا دیت کە لەسەر بەرگی یەکەمی ژمارەکە وشەی ( بە سەرپەرشتی: …………)، بنووسێت. بەڵام هەوڵەکە پاش دابینکردنی بەشێکی زۆری پێویستییەکانی چاپخانە، لەبار چوو، بە دیداری ئێوەی بەڕێز شاد نەبوو.
* پاش تێپەڕبوونی زێتر لە پێنج ساڵ و چەند مانگێک بەسەر چاپ بوونی یەکەم ژمارە، بیرم لە دەرکردنی ژمارە دوو، کردەوە. لە ڕۆژی ٩/٣/١٩٩٠، لە گازینۆی (مەچکۆ)، پێشنیارەکەی خۆم بە کاک (ڕۆستەم باجەلان) گەیاند. بە سیفەتی ئەوەی کە لە ژمارە یەکدا، ڕۆڵێکی باشی هەبوو، سەرەدەریش لە ئەدەبی منداڵان، دەردەکات. ئەویش زۆر بە پەسەندی زانی و، ئیدی پاش ئەوە نووسەرانی ترمان تێگەیاند کە نیازی پڕۆژەیەکی وامان بە دەستەوەیە. پاش مانگ و نیوێک، کۆمەڵێک بابەتمان لە نووسەرانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک و کۆیە، بۆ هات و، بە ژمارە (٢)، ڕاگەیشتن.

* نەبوونی گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵانی کورد، یەکەم هاندەرمان بووە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە. لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، پڕۆژەی هاوبەش لە بوارەکانی شیعرو چیڕۆک و لێکۆڵینەوەو فۆلکلۆر، کراوەو بە چاپیش گەیەنراوە، بەڵام لەم بوارەدا- وا بە فراوانی-، ئەمە یەکەمین هەوڵەو، نیازی بەردەوام بوونیشمان هەیە. بۆ مەسەلەی چاپکردنیش، هەر نووسەرەو بە پێی توانای خۆی، ئەرکی چاپکردنی داوە. ئەوەی کە ماوەش، کە لە نیوەی زێترە، برای فۆلکلۆر پەروەر، کاک ( سەعدوڵلا شێخانی)، تەواوی کردو ، خۆشی سەرپەرشتی چاپی کردووە. ئێمەش ئەم هەقەمان پێدا کە لەسەر بەرگەکەی بنوسێت: ( لە بڵاوکراوەکانی سەعدوڵلا شێخانی )یە.
* ئەم ژمارەیە، شیعرە، چیڕۆکی خۆماڵی و فۆلکلۆرییە… چیڕۆکی وەرگێڕدراوە لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبی. لە کۆتاییدا، داوا لە خوێنەرو نووسەران دەکەین هاریکاریمان لەگەڵدا بکەن و، بە ڕەخنەو بۆچوون و پێشنیاری بەجێ، پڕۆژەکە دەوڵەمەند بکەن، لە پێناوی بەردەوام بوون و بەرەو پێش چوونی زێتر.

ئیسماعیل تەنیا
هەولێر- (٥/٥/١٩٩٠)

دوای بڵاوبوونەوەی ژمارە دوو، بابەتێکی ڕەخنە ئامێزم لەسەر نووسی، بەڵام بارودۆخ گۆڕاو، بڵاونەکرایەوە…




شەڕو ئاشتی پەنجەکان یان دیوانی (ماچباران) ؟ … ئیسماعیل تەنیا

ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر
کەژاڵ ئیبراهیم خدر یەکێکە لەو شاعیرە ئافرەتانەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە تاوەکو ئێستاکە، توانیویەتی جێ پەنجەی خۆی لەسەر نەخشەی شیعری کوردیدا دیاری بکات و، وەک ئافرەتێکیش کۆژانەکانی ڕەگەزەکەی خۆی، لە ڕێگای دنکە مروارییەکانی شیعرەوە بە کۆمەڵگا بگەیەنێت.
کەژاڵ، لە کۆمەڵە شیعری ( شەڕو ئاشتی پەنجەکان )دا، خەمەکانی هەموومانی بەسەرکردۆتەوەو، زۆر بە جورئەتیشەوە پەنجەی لەسەر زامەکاندا، داناوە. ئەو لە کۆمەڵگایەکدا باسی خۆشەویستی و ماچ دەکات، کە ڕۆژانە چەندین کچ لەسەر پیاسە کردن لەگەڵ کوڕێک، یان ئاشکرابوونی پەیوەندی خۆشەویستی و بەرگریکردن لە ڕاو بۆچوونەکانیان، ڕاپێچی گۆڕ دەکرێن، یان لوتیان دەبڕدرێت… هەموومان ڕۆژانە چەندین کورتە هەواڵ و ڕێپۆرتاژی لەم بابەتە لە ڕۆژنامەو سایتە کوردییەکاندا، دەخوێنینەوە.

شاعیر لە کۆمەڵگایەکدا دەژیت کە تا ئێستاکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بناغەی عەشیرەتگەریی و خزمایەتیدا، ڕایەڵ کراوە. هەر چەندە تەواوی شیعرەکان، لە منداڵدانی شەڕو خۆخواردن، شەڕو داغانبوونی کۆتری ئاشتی، شەڕو فرمێسک باراندنی چاوەکان، شەڕو هەڵوەرینی پەنجەکان، شەڕو… شەڕو…. لەدایکبوونە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من پێموایە کۆمەڵە شیعرەکە بە ناوی (ماچباران) ناوزەد بکرایە، تەواو پڕ بە پێستی ناوەڕۆکی شیعرەکان دەبوو، چونکە تەنیا لەم نامیلکە (١١٦) لاپەڕەییەدا، (٣٢) جار وشەی ماچی بەکار هێناوە.
کەژاڵ بە یاخیبوونی لە کۆمەڵگاو شتە باوەکاندا،هەوڵی ئەوەی داوە ئەو کۆت و پێوەندانە بپچڕێنێ کە بە بیانوی وەهمییەوە کراونەتە دەست و گەردنی ئافرەتەوە. دیاردەی کۆچ و سەرهەڵگرتنی لاوانی خێر لەخۆنەدیوی کوردیش، لە منداڵدانی ئەم قۆناغەدا لەدایکبوونە، بۆیە شیعرەکانی ئەویش، بێبەری نین لە ئازارەکانی لێکدابڕانی خۆشەویستان و کۆژانەکانی تەنیایی. ئەو زامانەش دەکولێنێتەوە کە لە جەستەی کۆمەڵگادایەو تا ئێستاکەش، خوێنی لێ دەچۆڕێت. دەیان وێنە شیعری ناسک و تازەی ئەفراندوە… کەژاڵ مێژوونووس نییە، بەڵام بە شیعر، مێژووی زەمەنێکی دیاریکراومان، بۆ دەنوسێتەوە.
یاخیبوون لەو کولتورە دەق گرتووانەی دەوروبەر، جۆرە هەڵوێست و جورئەتێکی دەوێ بۆ گۆڕ کردنیان، نەخوازەڵا ئەگەر ئەو دەقانە لەلایەن کۆمەڵگاوە، بە پیرۆز سەیریان کرا بێت… پەروەردەی سەقەتیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتن و، تا ئێستاکەشی لەگەڵدا بێت، هەموومان قوربانی ئەم جۆرە پەروەردانەین کە شتە ئاساییەکانیان لێکردوین بە قەدەغەو حەرام. کەژاڵ، لەو جۆرە دەوروبەرە یاخییەو، لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەمڕۆکە لەسەر دوێنێ بنیات نانێت.
بیرمە ئێستاکەش کە منداڵ بووم
دایکم پەنجەی شایەدمانی ڕادەوەشاند
بە دەنگی بەرز پێی دەوتم:
ئەتۆ کچی
مەچۆ بۆ ئەوێ شەرمە
بۆ ئەولایەش شوورەیی یە
نەکەی بچی….!
کە گەورە بووم
پەنجەکانت فێریان کردم
ئەو پەنجانەم هەر بشکێنم
لە کچەکەمی ڕاوەشێنم.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان…ل ٦-٧)
لای شاعیر کۆت و پێوەند هەر کۆت و پێوەندە، با هەندێک جاریش سیمبوڵی خۆشەویستی و پێکەوە گرێدانی دوو جەستەش بگەیەنێت… تاکە ئەڵقەیەک مادام بەشێکی دانەبڕاوە لە زنجیرە ئەڵقەیەکی دەرگای زیندانەکان و کەلەپچەی دەستی تێکۆشەران، ئەو بە چاوێکی گومانەوە. لەم پیرۆزییە دەڕوانێت کە بۆتە شتێکی باو لە تەواوی کۆمەڵگاکانی دنیادا.
هەموو پەنجەکان جوانن
تەنیا ئەو پەنجەیە نەبێت
ئەڵقەیەک داگیری دەکات.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ١٠)
لە کۆمەڵگایەکدا ئەگەر پاداشتی خۆشەویستی و خۆشەویستی کردن لوت بڕین و زیندانی کردن و کۆتابوونی جەستەی بوێت، ئەو کەسە ی بەم کارە هەڵدەستێ و ئەنجامی دەدات،دەبێتە پێشمەرگەی عیشق و بە ڕاشکاوی بانگی محەمەد دەدات و لە هیچ داوەڵێک ناسڵەمێتەوە. کەژاڵ لەنێوان میلی کاتژمێرو ترپەی لێدانی دڵدا، وێنەیەکی جوانی قوربانیدانی بەرجەستە کردوە…
دڵی من و کاتژمێرەکەی
ژوور سەرم لەیەک دەچن
ئەو چەندە بۆ کات لێدەدا
دڵی منیش هێندە بۆ تۆ.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان…..ل ٣٢).
خۆشەویستی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای لەیەکتر حاڵیبوون و خوێندنەوەی یەکتر هەڵدەچنرێت، نەک لەسەر بنەمای ماددەو زێڕو گەوهەر… ئەو خۆشەویستییانەی لەسەر بنەمای یەکەم هەڵدەچنرێت. دەبنە ئەزەلی و ئەوەی تریان وەک (هێمن)ی شاعیر گوتەنی: ( ماڵی دنیا چڵکی دەستە وەک دەڵێن). شاعیر هەموو شتێک دەکاتە قوربانی ئەو دوو قۆڵەی کە لەسەر بنەمایەکی پتەوی خۆشەویستی، دەکرێتە کەمەری…
ئەگەر ویستت خوازبێنیم کەیت
بە دایکم بڵێ
بیانووی پشدێنت پێ نەگرێ
من هەردوو قۆڵی تۆم بەسە
بۆ کەمەرم.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان…. ل ٤٦).
ئەو ماچەی کە لە زۆربەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا بۆتە ڕەمزی گۆڕینەوەی خۆشەویستی و متمانە بەیەکدان، بە شێوەیەکی ئاشکراو بەبەر چاوی هەموو خەڵکی، لە گۆڕەپانەکان و، لەسەر کارو، ناو پاس و پیاسە کردن و…… مومارەسە دەکرێت، لای خۆمان، با تاسەر ئێسقانیش یەکتریت خۆشبوێت و حەڵاڵی خۆشت بێت، ماچکردن شوورەییەو، زۆربەمان لێیدەسڵەمینەوەو، دارو دیوارمان لێ دەبێتە گوێچکەو خەفیەو چاو و، لەوە دەترسین نەوەک باجی ئەو ماچە، قوربانی جەستەیی بەدواوە بێت… کەژاڵ لە ناڕەوابوونی ئەو دیاردە باوانە، ڕوی پرسیار دەکاتە هەموومان و دەڵێت:
بۆچی دەبێ
بەس بۆ ماچێک
لە چاوی منداڵێک بترسین !
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان…. ل ٥١).
چاوەڕوانی، پانتاییەکی گەورەی ئەم کۆمەڵە شیعرەی داگیر کردوە… چاوەڕوانییەک، کە هەموومان هەر لە لەدایکبوونەوە تا گۆڕستان، لە چاوەڕوانیداین و، بە ئاواتەوەین بگەین بەو چاوەڕوانییانەی کە تەمەنی خۆمان لە پێناویدا، بەخشیوە… بەڵێ، چاوەڕوانییەکی بێسنوورو بێ چوارچێوە، وەک ئەو چاوەڕوانییەی کچێکی دەزگیران ئەنفالکراو، کە لای کەژاڵ بۆتە پەڕتووکی خۆشەویستی….
چەند ساڵێکە
پەڕتووکێکی خۆشەویستی
دەتخوێنمەوەو لێت تێر نابم…
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ٥٧).
ئەو کچە خێر لەخۆ نەدیوە، کە تەواوی تاڵە قژەکانی لە چاوەڕوانیدا سپی کرد، بە بێئومێدییەوە سەیری دەقە باوە ئەفسانییەکان دەکات، کە تا خەونەکانیان لەوێدا بەدی بکات… خەڵکێکی زۆر ، لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا، هاتنەدی خەونەکانیان، لەسەر ئەم ئەفسانانە، هەڵدەچنن… کەژاڵ دەڵێت:
دایکم دەڵێ
هەر کاتێ کۆتر لەسەر باڵێک بکەوێ و
چۆلەکە لەسەر گوێسوانەکان بجریوێنی
میوانێکی ئازیزت دێ
ئەوە چەند ڕۆژە کۆترەکەی دڵم
باڵی خستووە چۆلەکەی چاوەکانم
دەجریوێنی
ئەی میوانی ئازیزی من بۆ دیار نەبووی….
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ٦١).
لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا، هەر پیاو توانیویەتی خۆشەویستی خۆی بە ڕاشکاوی بۆ ئافرەت دەرببڕێ. بە پێچەوانەوە، ئافرەت – تاک و تەرای ناو داستانەکان نەبێت-، دەنا نەیتوانیوە ئەو تەلیسمە بشکێنێت و هەست و خۆشەویستی خۆی بەرامبەر بە پیاو دەرببڕێت. کەژاڵ پێشبڕکێی خۆشەویستی لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەکات و، دڵنیایە لەوەی کە ئەو لە شەڕە سپییەکەدا، دەیباتەوە. لە دەڤەرێکدا، کە خۆشەویستی یەکێک بێت لە شتە قاچاغکراوەکان، چۆن دەتوانرێت بە ئاشکرا دەستنیشانی پێوانەکان بکرێت، کەژاڵ، بە ڕاشکاویی دەستنیشانی پێوانەکە دەکات و دەڵێت:
من و تۆ هەردەم شەڕمانە
کە تۆ زیاترت خۆش دەوێم،
یاخود من
دوێنێ هێندە سەیری یەکترمان کرد
چاوەکانی تۆ هیلاک بوون
چاوەکانی من هەر گەشتر
ئینجا زانیم کە من زیاترم خۆش دەوێی…
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان… ل ٩١-٩٢).
هەر لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگادا عیشق حەرامە، کەژاڵ لەوە دڵنیایە، کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە پێناوی ئەم عەشقەدا، سەر بنێتەوە، دوای خۆی کەس شینی بۆ ناگێڕێ و جگە لە چەند کورتە هەواڵێکی ڕۆژنامەکان، ناویشی ناهێنن، چونکە خۆشەویستی لە دەڤەرێکی سنوور تەلبەندکراو، بە عەیب و عارو شەرمەزاری، دەهێتە ژماردن و کەسە نزیکەکانی خۆیشی، خۆی لێ بە خاوەن ناکەن.
من دەمەوێ بۆ عەشقی
تۆ بمرم
بەڵام دەزانم، نە دەتوانن
شینم بۆ بگێڕن
نە دەوێرن ناوم بێنن.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….ل ٩٢).
بەراوردکردنی وەرینی گەڵای پایز بە وەرینی ماچی کچێک بۆ دەستگیرانەکەی، وێنەیەکی شیعری جوانەو لە شیعرێکی شیاویشدا تەوزیف کراوە. گەڵا لە حەژمەت پایزو، هەڵکشانی تەمەن، ئەمیش بە داخی ئەو بەربەستانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەیەک گەیشتنیان…. ماچەکانی ئەو، تەنیا لە حزوری نیگای خۆشەویستەکەی، هێدی هێدی، بە خامۆشی دەوەرن، بێ ئەوەی ماچی هەقیقەت بکەن و ببنە دوو گیان لە یەک جەستەدا و، لەناو یەکتریدا، بتوێننەوە.
پایز هەنگاوەکانی ناو
گەڵاکانیش بەسەر ڕوخساری زەویدا
دادەبارن
گەڵاڕێزانی من و تۆش دەستی پێکرد
درەختەکان گەڵاکانیان وەراندو
لێوەکانی من ماچ
ئەوان بۆ سەر سنگی زەوی
من بۆ نیگای سیحراوی تۆ.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ١٠٥).
لە شیعری کوردیدا، بەو سیفەتەی زۆربەی هەرە زۆریان، پیاوەکان نووسیویانە، هەر خودی شاعیرەکان، خۆیان بە پەپوولە چواندوەو، دەستگیرانەکانیشیان بە گوڵ و مۆم چواندوە… هەر چەندە لە واقیعدا، زێترو زێتر، کچەکان دەبنە قوربانی و زۆر جارانیش، ئەو پیاوانەی کە بوونەتە پەروانە، وەک بەرزەکی بانان لێی دەردەچن و، کچەکانیش مەرگ و ئاگر، دروێنەی تەمەنیان دەکات. کەژاڵ، ئەمجارەیان، وێنە شیعرییەکەی بەرەواژ کردۆتەوەو، خۆی کردۆتە پەپوولەیەک و دەستگیرانەکەشی، بە هەموو زبریەکەوە، بە گوڵ چواندوە. ئەو، لێرەدا دەڵێت:
کە من هێندە شەیدای تۆ بم
کە تۆ هێندە عاشقی من
دەبێ من ببمە پەپوولەو
تۆش گوڵێکی باخەکەی من.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….ل ١١٣).
لەدوا جاردا، هیوای سەرکەوتن و بەخششی بەردەوام و جورئەتی بەردەوام بۆ کەژاڵ دەخوازین و، ئومێد دەکەین ببێتە یەکێک لە کۆڵەگە پتەوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەت و ، سەوڵێک بێت بۆ ئەو گەمییەی کە هەموومان دەمانەوێت بەرەو یەکسانی و ئارامیمان ببات.

* شەڕو ئاشتی پەنجەکان، کەژاڵ ئیبراهیم خدر، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٠.
* ئەم وتارە پێشتر بڵاوم کردۆتەوە. بەبۆنەی مەرگی ناوادەی ( کەژاڵ )ی هەمیشە نەمر، پێم باشبوو دووبارە بڵاوی بکەمەوە.
* کەژال، لە ساڵی ١٩٦٨ ، لە قەڵادزێ لە دایکببوە. شاعیرێکی هەست ناسک و بە بڕشت بوو… کۆمەڵێک شیعری لە دوو توێی چەندین کتێب لە دوای خۆی جێهێشتوە…شیعرەکانی وەرگێردراونەتە سەر زۆربەی زمانەکان لە نموونەی؛ ( عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ئەمازیغی،…….). دەیان لێکۆڵینەوەی ئاسایی و ئەکادیمی ، لەسەر شیعرەکانی نوسراوەو بڵاوکراونەتەوە. بە داخەوە، لە شەوی ٢٣/٤/٢٠١٨ دا، بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین….جارێکی تریش بە داخەوە، بۆ مەراسیمی پرسەکەی کە زۆر چۆل و هۆل، ساردو سڕ، بوو… دڵنیام ئەگەر ئەوە پرسەی زڕە سیاسییەکی کورد با، زۆر گەرم و گوڕتر دەبوو….لێرەوە تێدەگەین کە ئەوەی لای سیاسی و سەرکردەکانمان قەدرو قیمەتی نەبێت، ئەوە شاعیرو ئەدیب و نووسەرەکانمانن. حەیف و مخابن بۆ نەتەوەیەک کە سەرکردەکانیان، ڕێز لە قەڵەم و نووسەرەکانیان ناگرن…!!!




ناتوانین بۆت بگرین نەوەک نیشتیمان جێمانبهێڵێت … ئیسماعیل تەنیا

عوسمانییەکان، هەتا ئاو لەدوایان ڕۆیشت، هاژوشتیان. وەک ئەو زەمانەی ئێستامان، با بە ئاڕاستەی ڕۆیشتنی کەشتییەکەی ئەوان، هەڵیکردبوو. لەبەرگی ئایینی و دوا خەلیفەی ئیسلام و بەناوی (فەتحول موبین)ەوە، بە کەیف و ماشای خۆیان چەندین شارو وڵات و پێگەی جوگرافیای گرنگ و، نەتەوەو ئۆڵی جیا جیایان، خستە ژێر ڕکێفی خۆیان. هەر وەک ئێستا، بە ناوی قورئان و ئاین و خۆ بەدوا خەلیفەی موسڵمانان، خۆیان ناساند. چی باشە نەیانکرد، بۆ زوڵم و زۆرو خراپە کارییەکانیشیان، دەتوانن لە لاپەڕەکانی سەر ڕەفەکانی مێژوو بپرسن. کە بایەکە شکاو کەشتییەکەیان وەک کەری دێزەی غەزریو، هەنگاوێکی تر نەچووە پێشەوە.

ئیدی هەر بەوە ڕاگەیشتن هەڵبێن و پایدۆز لە کورسی و حوکم و سەڵتەنەکەیان، بکەن، بەڵام بە دەستی بەتاڵ نەگەڕانەوە، هەرچی لە عەمبارو کەندو و هەمبانەی ئەو خەڵکە هەژارو ژێر دەستەیە هەبوو، هەموویان بەتاڵان، برد. لە دەورو بەری کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و شکست هێنانی عوسمانییەکان و تاڵانو بڕۆ کردنی میللەتە ژێر دەستەکانیان، گرانی گەورە داکەت. بە هەزاران کەس، بەهۆی بەربڵاوی نەخۆشییە کوشندەکان و هەژاری و برسێتی، گیانیان لەدەستدا. بە گوێرەی گێڕانەوەکان، خەڵک بە شاردنەوەو ژێر گڵ کردنی تەرمەکان، ڕانەگەیشتونە. (عەزیز گۆران)، جوتیارێکی خانەدان و دەست ڕۆیشتو و خاوەن مێگەلە مەڕی گوندی (گۆمەگڕو)، بوو. باوکم، (حەسەن فات ١٩١٢- ١٩/٥/١٩٩٨ )، ئەو کات تەمەنی پێنج بۆ شەش ساڵان بووە. گوێم لە گێڕانەوەی چەندین ڕوداوی دڵتەزێن و ناخ هەژێن، لە زاری ئەوەوە، بووە.

ئەو دەیگوت: عەزیز گۆران، دراوسێیەکی دەرگا بە دەرگای ماڵمان بوو، تەنها دیوارێکی کورتە باڵا سنوری ماڵەکانمانی لێک جودا کردبۆوە. شەو و ڕۆژ لەگەڵ یەک بووین. هەر لەسەر دیوارەوە، چێشتە خۆشەکانمان، ئاڵوگۆڕ دەکرد. ناوبراو، هەموو ڕۆژێک گیرفانەکانی پاڵتۆ و شەرواڵەکەی پڕ لە گەنم و نیسک و نۆک، دەکرد. لە کوچەو کۆڵانەکانی گوند، توشی هەر منداڵێک هاتبا، دەستی لە گیرفانەکانی ڕادەکردو چنگێک گەنم و نیسک و نۆکی دەردەهێناو، لەدەستی دەکردن و لە ڕەشەبای مەرگ و برسێتی، رزگاری دەکردن. باوکم چەندین جار دەیگوت: عەزیز گۆران ئەوەندە بە بەزەیی و بەخشندە بوو، گەر خودا بەهیچ شتێک لێی خۆش نەبێت، بەم بەخشندەییەی، لێی خۆش دەبێت و ڕەوانەی بەهەشتی دەکات. ناوبراو چەند منداڵێکی هەبوو ، لەوانە: ڕەزا، ڕەشید، ساڵح. ئەوەی دواییان ، کە دواتر بە (حاجی ساڵح ١٩١٣- ١٦/٥/١٩٩٠) ناسرا، بە ساڵێک لە باوکم (حەسەن فات)، بچووکتر بوو. سەرەڕای نزیکی شوێنی نیشتەجێ بوون، زۆر لە ڕۆحی یەکتریش نزیک بوون. باوکم، پیاوێکی هەژاری نەخوێندەوارو زاکیرە تیژ، (حاجی ساڵح)یش، جوتیارێکی حاڵ خۆش و خاوەن مێگەلە مەڕو حسێب گرێکی بە توانا بوو، زۆر باش سەری لە ڕۆژژمێرو باری کەش و هەوا، دەردەچوو. زۆربەی ڕوداوە گرنگەکانی، لە نمونەی: کوژرانی فڵانە کەسی هاوگوندیمان لەسەر لاتە جۆتێک.

کوژرانی فڵانە کەس بە خەنجەر، لەسەر سەگ… لەدایک بوونی فلانە کەس، لە فلان ساڵ. ئەم ڕوداوانەی بە ئەمانەتەوە، لە زاکیرەی هەڵگرتبوو. حاجی ساڵح، بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ئاغاکانی گوند، لەساڵی ١٩٥٧، گۆمەگڕو بەجێدەهێڵێت و بۆ هەولێر بار دەکات، لەوێ بۆ بژێوی ژیان دوکانێکی عەتاری دادەنێت. هەتا لە گوند بووین، کە لەگەڵ باوکم دەهاتینە شار، بێ سەردانیکردنی حاجی ساڵح و دوکانەکەی، نەدەگەڕاینەوە. هەر چەند جارێک کە باوکمی دەبینی، پاش گێڕانەوەی ڕوداوەکانی ڕابردوی گوند، بە داخ و کەسەرو ئاهی سارد هەڵکێشان، دەیگوت: (ئێی هێی حەسەن فات، عومرمان بووە ئەوەندە ساڵ). هەر ئەویش بەرواری ساڵ و مانگی لەدایکبوونی منی ئاشکرا کردو، لە دڵەڕاوکێی تەمەن زانین، قوتاری کردم.

بە پێو دانگی حسێب و زاکیرەی من، حاجی ساڵح، ( لەچوار چێوەی زەمەن و باری کۆمەڵایەتی ئەوسای کۆمەڵگەی کوردی)، مرۆڤێکی زیرەک، نیشتیمان پەروەر، دۆستی هەژاران، دژی ئاغاو دەرەبەگان، حسێب گرێکی بەتواناو خوێندەوارێکی مفەکەرە لە گیرفانی، گوندەکەمان بوو. بەبارکردن و دورکەوتنەوەشی، بە هۆی گێڕانەوە بەردەوامەکانی باوکم، ئەو پیاوەو ماڵباتەکەی، لە زاکیرەی منەوە، هەر بە زیندوویی و بە نزیکی، مانەوە.

* * * *

کۆمەڵێک شاعیری هەولێری هەن، کەم و زۆر ئاوڕیان لێنەدراوەتەوەو، ڕەخنەو مێژووی ئەدەبی کوردی فەرامۆشی کردون و بەرامبەریان کەمتەرخەمە. پێچەوانەی ئەمانە، بەشێکی تریان زیاد لە قەبارەو شایستەیی خۆیان، لە هەموو دەورو قۆناغێکدا، زوومی کامیرایان هەر لەسەر بووەو لە قەبارەی خۆیان، زێتر گەورە کراون و نیشان دراون. لە هەردوو قۆناغ، پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، (دەسەڵاتی بێگانەو خۆماڵی )، گرنگی پێداون و نامیلکەو دیوانە شیعری بۆ چاپ کردون. کەچی خەڵکی تر هەبوونە، ئەگەر زیاتر لەوانیان نەکردبێت، بێگومان کەمتریان نەکردووە… درەنگیش نەهاتوون و بە پیریش نەچوونەتە بەر هەویری. دیارە ئەمەش هۆکارێکی هەر هەبووە، بۆ شانس و ناوچەوان گەڕاوەتەوە، یان بۆ خۆڕەپێش کردن و مامە حەمەیی، گەڕاوەتەوە !!

لە شاعیرە کلاسیکییەکانمان ، نموونەی: هەوایی، مەلا خەلیلی دووسەرە (موخلیس)، مەلا خدری دەشتی، ئەکرەم ئاغای کانی، بورهان جاهید، حەبیب عەلی مەنمی میرانی، مەلا عەبدوڵا شەنەغەیی (بێدڵ) و لە شاعیرە میللیەکانیش نموونەی سەعید سەلیم دۆڵەبەکرەیی و سمایلە باشە و، لە تازەکانیشمان: جەوهەر غەمگین و مستەفا کەریم پەژارو مەجید هێرش و عومەر شەریف ڕەسوڵ خامۆش و مەجید حەمەدەمین سلێمان خەمناک و ڕۆستەم باجەڵان و جەمیل ڕەنجبەرو… تاد، کەی بە پێی پێویست و ڕادەی ڕاژەی ئەدەبی و سیاسی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیان، ئاوڕیان لێدراوەتەوە ؟!! چییان لەسەر نووسراوە ؟!!

ئەمەی دواییان (جەمیل ڕەنجبەر)، کوڕی (حاجی ساڵح گۆران)ی دژبەری ئاغاکانی گوندو عەتاری شارو، نەوەی ( عەزیز گۆران)ی گیرفان پڕ لە گەنم و بەخشندەی سەردەمی گرانی گەورەی گوندی گۆمەگڕو، بوو. جەمیل ڕەنجبەر، هاوڕێ و هاوتەمەنی من نەبووە. کە من لەدایک بوویمە (نیسانی ١٩٦٢)، ئەو تەمەنی چواردە ساڵان بووەو پێنج ساڵیش دەبوو گوندەکەی جێهێشتبو و ئۆغریان کردبوو. تاکە پەیوەندی و هۆکاری گرێدانی ڕۆحیم بەو شاعیرە هاوسێ و هاوگوندییەم، یادەوەرییەکانی باوکم و هاوڕێیەتی گیانی بە گیانی باوکی هەردووکمان، بووە.

هەر ڕایەڵەی ئەو سۆزو خۆشەویستی و پەیوەندییە ڕۆحیەش وای لە من کرد کە لە ساڵی ١٩٨٠، لە ئاڵوگۆڕ کردنی کتێب لەگەڵ هاوڕێکانمدا، کۆمەڵە شیعری (زریان)ی ئەنوەر محەمەد قادر جاف بدەمە هاوڕێی شاعیرم (سەباح ڕەنجدەر). لە بری ئەوە، (سەباح)یش هەردوو نامیلکە شیعری (ڕازو سکاڵا- ١٩٦٨)ی جەمیل ڕەنجبەرو (گزنگی ئادار- ١٩٧٠)ی مستەفا پەژاری پێشکەش بە من کرد. (ڕازو سکاڵا)م لە ساڵی ١٩٧٧، لە کتێبخانەی گشتی هەولێر، خوێندبۆوە، بەڵام حەزم دەکردو کەیفم پێدەهات کە نامیلکە شیعری شاعیرە دراوسێ و هاوگوندییەکەم، لە کتێبخانەکەمدا هەبێت. یەکەم لێکۆڵینەوەش کە لەسەر شیعری جەمیل خوێندبێتەوە، لێکۆڵینەوەی: (لکە زەیتوون لە گێژاوی خوێنداو چەند سەرنجێکی ڕيخنەیی) مامۆستای شەهید (یوسف ئەحمەد دەرگەڵەیی) بوو، مخابن کە ئەویش جەمیل ئاسا لەسەر پەیوەست بوون بە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و کوردایەتی، لەلایەن دائیرەی ئەمنی هەولێر، شەهید کرا.

جەمیل، سەرەڕای ڕاژە زۆری لە بوارەکانی: پەروەردەو شیعرو ئەدەبیات و ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوان و کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و مانەوەی لە زیندانەکانی ڕژێم، بە گوێرەی پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوەو لە خانەی فەرامۆشکردن و پەراوێز خستن، گۆشەگیر کراوە. دوای ڕاپەڕینیش، سەرەڕای کاربەدەستی هاوڕێکانی لە هەموو بوارەکاندا، ئەو ڕاستییەم بۆ دەرکەوت کە جەمیل نەک هەر هەقی شایستەی خۆی نەدراوەتێ، بەڵکو تەواو فەرامۆشیش کراوە… بەڵام ئەوەی نەمدەزانی و لە دوا کتێبی چاپکراوی هاوڕێم (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ- جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا، ٢٠١٨)، بۆم دەرکەوت کە لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (١٩٧٠-١٩٧٤)و دەسەڵاتی بەعس و ڕیکخراوی (یەکێتی نووسەرانی کورد)یش، غەدری زۆری لێکراوەو لێنەگەڕاون بەشداری کارا بکات و ئازادانە، لە مینبەرەکانەوە دەنگی خۆی بە جەماوەرو خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بگەیەنێت و، بەشداری ئازارو کۆژانەکانیان بێت. جەمیل نموونەی باپیری (عەزیز گۆران)، مرۆڤێکی بەخشندەو هەژار دۆست بووە… زۆر جاران دەڵێن: باپیرانمان لە دەربڕینی هەندێک پەندو ئیدیۆمدا سەرچیغ چووینەو نەیانتوانیوە ئامانج بپێکن… من ڕێک پێچەوانەی ئەم بۆچوونەم، ئەدی ئەوە نییە ( گیا لەسەر بنجی خۆی ڕواوەتەوە)!!. ئەدی ئەوە نییە جەمیل هاوشێوەی باپیری مرۆڤێکی دەستکراوەو سەخی تەبیعات و بەخشندە بووە…لەسەر زاری (سەعادەت) خانی هاوسەری، ئەو سەعادەتەی لە ژیانیدا هەموو شتێکی بینی بێت تەنها (سەعادەت)ی نەبینیوە… ناوبراو دەربارەی خەسڵەتە جوانەکانی جەمیلی هاوسەری دەبێژێت: ( هەردەم دەیگوت: ئەگەر پارەت هەبوو بە دڵی خۆت بیخۆ، جلی جوان لەبەر بکە. خەڵکی هەژاریشی پێ تێر بکە، ئەوەی دەمێنێتەوە دابەشی بکە….. مادام ئێمە هەمانە بیخۆین پێویستیمان پێ نییە با خەڵکی تر سوودی لێوەربگرێت و لە ئێمە زیاتر پێویستیان پێیەتی. بڕوانە: کتێبی جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا، ل ١٤١).

جەمیل بەهۆی چالاکییە بەرچاوەکانی دژی ڕژێم، دوای ئەوەی دوو جاران زیندانی دەکرێت و دوای ئازاد بوونی ئەوەی لا ڕوون دەبێتەوە کە چیتر ناتوانێت لە سایەی ئەم ڕژێمەدا ژیان بەڕێ بکات، بۆیە چوار مانگ دوای ئازاد بوونی، لە مانگی دوازدەی ساڵی ١٩٧٩، ڕودەکاتە شاخ و لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا، دەبێتە پێشمەرگە.لەوێش بە قەڵەمەکەی دەستی و تفەنگەکەی شانی، درێژە بە خەباتی پیرۆزو ڕەوای نەتەوەکەی دەدات. بە گەشبینییەوە لە ژیان و ئایندەو خەباتی بەردەوام و نەپساوە، دەڕوانێت.

جەمیل، لە ساڵی ١٩٦٨، کاتێک کە (یاسین)ی برای شەهید دەبێت، فرمێسک و کۆژانە پەنگ خواردوەکانی دڵی دایکی وەک (ئاوێنەی بەر هەتاو ڕوون)، لە چاویدا دەبینێت، هەر ئەو دەم، پەیمان و بەڵێنی ڕاستگۆیی بە دایکی (کوردستان و دایە ئاسک) دەدات، کە درێژە پێدەری ڕێبازی خەباتی چینایەتی و کوردایەتی بێت و لە هیچ داوەڵێک سڵ نەکاتەوە… ئەوکات، ئەم شیعرە هەست بزوێن و وزە بەخشە دەکرێتە دروشمێک و بە تەوێڵی کێلە بەرزەکەی (یاسین) و چەندین شەهیدی خێرلەخۆ نەدیوی تر، هەڵدەواسرێت. جەمیل لەوێدا ڕوو لەدایکی جگەر سوتاو و چاو بە فرمێسکی دەکات و دەڵێت:
پەیمان بێ دایە تاکو دوا تۆڵەم
پێشکەشی گەل و ئەو خاک و خۆڵەم
ئامۆژگاری تۆ هەمیشە دایە
بۆمان پەیڕەو و نەخشەو بڕوایە
تاکو بەخشی کەم گیانی بێگەردم
بە دۆڵ و چیاو نزارو هەردم
نازی دوژمنت ڕائەگرم بە خوێن
مەرجە تا ماوم نەشکێنم بەڵێن.

جەمیل ڕاستگۆ بوو لەگەڵ ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ چینی چەوساوەی نەتەوەکەی و قەڵەمەکەی گرێدابوو… بە ڕاستگۆیی ژیاو بە سەربەرزیش لە بناری کێوە ڕەش و لە ئاقاری گوندی (پیرانە ڕەش)، بە دەستڕێژی کۆپتەرە خومپارە هاوێژەکانی ڕژێم لە بەرواری ١٨/١١/١٩٨٠ شەهید کراو، بۆ دوا جار ماڵئاوایی لێکردین. (ئاسک)ی دایکی، پازدە مانگ پێش کۆچکردنی یەکجارەکی خۆی، ڕاستگۆیی و بەجێهێنانی بەڵێنی کوڕە شەهیدەکەی بە چاوی خۆی بینی، چیتر نەیتوانی بەرگەی ئەم هەموو ئازارو فیراقە بگرێت و دوا جار، ئەویش پازدە مانگ دوای جەمیل، گەڕایەوە باوەشی ئەو خاکەی کە پێش ئەو، (یاسین و جەمیل)ی جگەر گۆشەی لە باوەش گرتبوو.
لە دامێنی ئەم بابەتەدا، من لە لای خۆمەوە، دەستخۆشی لە هاوڕێی هێژا کاک (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ) دەکەم کە لە دوو توێی کتێبێکی ناوازەدا، (جەمیل) جوانی بەسەر کردۆتەوەو کۆتایی بەم خامۆشی و فەرامۆشکردنە هێناوە کە باڵا دەست بووە بەسەر جەمیل و تێکۆشان و قوربانییەکانی. لەوێدا، کۆمەڵێک نامەو سەربردەی کەسو کارو هاوڕێکانی لەگەڵ جەمیل و چەند لێکۆڵینەوەیەک لەسەر شیعرەکانی شەهید، بڵاوکردۆتەوە. ناخ هەژێنترین بابەت ، پەخشانەکەی (هەریار)ی کچی جەمیل بوو کە لە کاتی خوێندنەوەدا نەمتوانی بەسەر هەستو سۆزی باوکایەتی و ئینسانیمدا زاڵ ببم، بە پەنهانی چەند دڵۆپە فرمێسکێکم بۆ شەهیدو کۆژانەکانی (هەریار)ی باوک نەدیو، داباراند. چەند ناخ هەژێنە منداڵێکی بێ بەش لە خۆشەویستی و سۆزی باوەشی گەرمی باوکایەتی، بۆ باوکی بنووسێت: (ناوێرم بگریم و دەترسم نەوەک ئەمجارە نیشتیمان ئێمە جێبهێڵێت وەک چۆن باوکم ئێمەی جێهێشت…بڕوانە: جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشآن نەژیا، ل١٢٢).
دەکرێت خوێنەری شیعرو هەڵوەدای ڕێبازەکەی جەمیل، ئەم کتێبە بەسەر بکەنەوەو زێتر بە ناخی پڕ لە جوانی و درەوشاوەی جەمیل شارەزا بن. (مەشخەڵ)، پێش ئەم هەوڵەی، هەوڵێکی تری جوانی بە چاپ گەیاندوەو بڵاو کردۆتەوە. لەوێدا: (لە کەرکوکەوە بۆ ڤێستەڕۆس)، زۆر بە جوانی و دیقەتەوە، تیشکی خستۆتە سەر ژیان و ئەزموونی شاعیری جواننووس و نوێخواز (سەلاح محەمەد)، کە لە زەمانێکدا، دەنگێکی جوانی نوێخوازی شاری کەرکوک و شیعری کوردی بوو.
سڵاو لە گیانی (جەمیل)ی دراوسێ و مامۆستاو چالاکڤان و پێشمەرگەو شەهید و، ئەو شاعیرەی کە ناتوانین بۆی بگرین نەوەک نیشتیمان بەجێمان بهێڵێت (١).

—————-
(١): ئاماژەیەکە بۆ دێڕێک لە پەخشانە ناخ هەژێنەکەی (هەریار جەمیل ڕەنجبەر)، کە لە لاپەڕە (١٢٢)ی کتێبەکەی (مەشخەڵ)دا، بڵاوکراوەتەوە. ناوونیشانی بابەتەکەشم هەر لەم پەخشانە خواستوە.

ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر




عەفرین … ئیسماعیل تەنیا

پێرێ شەنگال
دوێنێ کەرکوک
لەژێر زەبری
شمشێر وەشێنی ڕیش چڵکن
بە نابەدڵی کران بە بوک.
ئەمڕۆش
بە تانکی (بسمارک) و
سیخۆی ستالین
باڵای زراڤی زەیتونم
گەوزان لە خین.

لەژێر سێبەری عەمامەو
بە سورەتی (فەتحول موبین)
داگیر کرا، وێران کرا
عەفرین… عەفرین.

هەر ئێمەینە مێگەل ئاساو
هیچتر لە هیچ
بۆ دوژمنێک کەوتوینەتە هەلەکە سەما
پیچتر لە (پیچ)
وەک وەی نە بارانمان دیبێ و
نە گڤە گڤی ڕەشەبا.

* پیچ: وشەیەکی تورکییە بە مانای (زۆڵ) دێت.




پێشکەوتن: گۆڤارێکی تەمەن کورت و بە بڕشت … ئیسماعیل تەنیا

ڕۆژنامەگەریی کوردی بە گەلێک قۆناغی جیا جیادا تێپەڕیوە. ڕوبەڕووی دەیان ئاستەنگی قەبە، هاتووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بێ پسانەوەو بەردەوام، شان بە شانی تفەنگە ئەکتیڤەکان، لە خەبات و تێکۆشاندا، بەردەوام بووە. ڕۆژنامە نووسە بوێرەکان، ئەوانەی گیانی خۆیان خستبووە سەر لەپی دەست و ، مەمرەو مەژی، داینەمۆی سەرەکی ئەم بزاڤە بووینەو درێژەیان بەم ڕێگا پیرۆزە داوە.
ڕۆژنامەگەریی شاخ، لە مێژووی بزاڤی کوردایەتیدا، شوێنێکی دیارو بەرچاوی هەبووە… سەربەرزانە، هاوسەنگەر لەگەڵ پێشمەرگەکان، مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلەکەمانیان، نووسیوەتەوە. لە شۆڕشی نوێی ئەمجارەشماندا، بە دەیان گۆڤارو
ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی جیا جیا، لە ڕووی هزرو ئایدۆلۆژییەوە، دەرچووینە، کە لە ئاڕاستە کردن و گۆشکردنی جەماوەردا، جێ پەنجەیان لەسەر ئەم نەخشە جەنجاڵەدا، دیارو ڕۆشن بووە. جگە لەمەش، دۆزی کوردیان بە خەڵکی تر ناساندووەو، ڕژێمە
داگیرکەرەکانیشیان، ڕیسوا کردووە. یەکێک لەم گۆڤارە سەربەرزانەی کە دەبێت شوێنێکی شایستەی لە خەباتی کوردایەتی و چینایەتیدا، دەقەبەر بکرێ، گۆڤاری (پێشکەوتن)ە.
پێناسین
کەڵەکە بوونی چەندین تەنگوچەڵەمەی فکری و ئیداری و ناوخۆیی، بووە هۆی لەباریەکچوون و لێکترازانی (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)و، پارچە پارچە بوونی.
بەرەنجامی لەبەرچاو نەگرتن و لەیەکتر حاڵی نەبوون و جیاوازی بیرکردنەوەو بیرو بۆچوون، زەمینەیەکی ئەوتۆی خولقاند کە لە ڕێکەوتی ١٤/١٢/١٩٨٥ دا، (حزبی سۆسیالیستی کوردستان- عێراق/ ئیتجاهی دیموکراتی شۆرشگێڕ)، هەڵوێست وەربگرێت و،
لە حزبی دایک، جودا بێتەوە. ئەم حزبە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندو کەوتە جموجۆڵ و ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری خۆی. بۆ ئەم مەبەستەش، لەبواری ڕاگەیاندنەوە، (ئاڵای ئازادی) و گۆڤاری (پێشکەوتن)ی، دەرکرد.
پێشکەوتن، گۆڤارێکی سیاسی، ڕۆشنبیریی، گشتی، قەبارە ( ١٧ بە ٢١) سانتیمەتر، بوو، حزبی سۆشیالیستی کوردستان- عێراق/ ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، دواتر، (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، لە شاخ، دەریدەکرد. هەمووی بەسەر یەکەوە، پێنج

(٥)، ژمارەی لێدەرکراوە. لە یەکەم ژمارەوە، تا ژمارە چوار، لەژێر ناوی (حزبی سۆسیالیستی کوردستان- عێراق/ ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ)دا، دەرچووە. لە پاش کۆنفرانسی یەکەمی ئەم حزبە لە بەهاری ساڵی (١٩٨٨)، کە لە کوردستاندا، بەستی،
ناوی حزب بۆ (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، گۆڕدرا. بۆیە: لە ژمارە پێنج (٥)دا، ناوی حزبە تازەکە (حزک)ی لەسەر نووسراوە. ئەم گۆڤارە لە ڕێگای ڕێکخستنەکانیانەوە، بڵاو دەبۆوەو، ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد. زۆر جاران
دەگەیشتە ناو خوێندکارو نووسەرە بەغدانشینەکانیش. ئەم گۆڤارە، پێنج ژمارەی بەم شێوەیە، لێدەرچووە:
– ژمارە (١) ، ئازاری ١٩٨٦، ٤٤ لاپەڕە.
– ژمارە (٢) ، تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ ، ٦٠ لاپەڕە.
– ژمارە (٣) ، شوباتی ١٩٨٧ ، ٨٠ لاپەڕە.
– ژمارە (٤) ، تشرینی یەکەمی ١٩٨٧، ٥٦ لاپەڕە.
– ژمارە (٥) ، نیسانی ١٩٨٨، ٥٢ لاپەڕە.
کۆی هەموو لاپەڕەکانی بەسەر یەکەوە: (٢٩٢)، لاپەڕە بوو. لە ژمارە دوو بەدواوە، چەند لاپەڕەیەکیشی بۆ بابەت بە زمانی عەرەبی، تەرخان کردبوو.
ناوەڕۆکی گۆڤارەکە
پێشکەوتن لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بە گۆڤارێکی چەپی شۆڕشگێڕ، لەقەڵەم دەدرێت. بە دیدێکی پێشکەوتنخوازانەوە، لەژێر ڕۆشنایی بیرو ئایدۆلۆژی (سۆسیالیستی زانستی)دا، هەڵوێستی لە ڕوداوەکان، وەردەگرت و شرۆڤەی گونجاوی، بۆدەکردن.
بابەتەکانی، زێتر سیاسی بوون. لەکۆی (٢٩٢) لاپەڕەدا، (١٨٣) لاپەڕەی بۆ بابەتی سیاسی، تەرخان کردبوو. پاش سیاسەتیش، (٥٠) لاپەڕە بۆ ئەدەب، (١٥) لاپەڕە بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی، (١٤) لاپەڕە بۆ مێژوو، (٩) لاپەڕە بۆ مێژووی
ڕۆژنامەگەریی کوردی. لە کۆی پێنج ژمارەدا، (١٢) لاپەڕەی بۆ زمانی عەرەبی تەرخان کردبوو. بەشە ئەدەبییەکەی بریتیبوو لە بڵاوکردنەوەی نۆ پارچە شیعرو، دوو چیڕۆک و، چوار لێکۆڵینەوە. یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان، وەرگێڕان بوو. بابەتە وەرگێڕدراوەکان، هەموویان لە زمانی عەرەبییەوە، بوون.
پێشکەوتن، دوو گۆشەی بەردەوامی هەبوو، یەکەمیان: ڕۆژژمێری پێشمەرگە بوو، کە بریتی بوو لە بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەکانی پێشمەرگە. بە شێوازێکی ئەدەبی پەخشان ئامێز، داڕێژرا بوون. گۆشەی دووەمیان: (داستانی پێشمەرگە)، بوو. ئەم گۆشەیە، گۆشەیەکی زیندو و هەست هەژێن و پڕ خوێنەر بوو. زانیاری لەسەر شەڕە داستان ئامێزەکان، بڵاو دەکردەوە، کە بۆ نووسینەوەی مێژووی هاوچەرخمان، سەنگی تایبەتی هەبوو، بە تایبەتیش، داستانەکانی: (وەڵزێ)و، (شیوەپیران)و، (دەشتێو)، (سماقولی)و، (ترپەسیان).

نووسەرەکانی (پێشکەوتن)
سەختی ژیانی پێشمەرگایەتی و بوونی پاڵەپەستۆو فشاری ڕژێم لەسەر کەس و کاری پێشمەرگە، ببووە هۆی ئەوەی (ئەگەر نەڵێم هەمووی)، ئەوا دەتوانم بڵێم بەشی هەرە زۆری بابەتەکان، بە ناوی خوازراوەوە، بڵاوکراونەتەوە. ئەمەش لە پێناوی پاراستنی گیان و ماڵی کەسوکاری نووسەرەکانەوە، بووە. ئەم ناوە خواستراوانەش لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا، بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەم زەمەنە سەختە، سەرئێشەیەکی گەورەی دروستکردووە، چونکە: دەیان نووسەر، لە ڕێبازو بیرو بۆچوون و سەر بە حزبی جیا جیا، بە هەمان نازناو (ناوی خواستراو)، لە گۆڤارو بڵاوکراوەکانی شاخدا، نووسینیان بڵاوکردۆتەوە. دەبێت (هێرش)ی نووسەر لە گۆڤاری (پێشکەوتن) لەگەڵ(هێرش)ی نووسەر لە گۆڤارێکی تری سەر بە حزبێکی تر، جودا بکرێتەوە. دەبێت: هەوڵ و ماندو بوونی ئەوان ڕۆژنامەنووس و نووسەرانە، نەبێتە ئاردی ناو دڕکان . دەبێت بە مێژوو و نەوەی نوێ، بناسرێن.
لەم ڕوانگەیەوە، من بە پێویستی دەزانم – کاتی خۆی، وەک لە ستوونێکی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ-شدا، ئاماژەم پێکردووە، دەبێت، ئەم نووسەرە گومناوانە، خۆیان ئاشکرا بکەن، یان ئاشکرا بکرێن، تاوەکو خەڵکی لە ڕێگای نووسینەکانیانەوە، بیانخوێننەوە.
من بە سیفەتی ئەوەی دۆستایەتییەکی باش و پتەوم لەگەڵ (پێشکەوتن) و نووسەرەکانیدا هەبووە، وێرای ئەمەش، لە ڕێگای پرسیارو سۆراخکردنەوە، توانیوومە بەشێکی هەرە زۆری نووسەرەکانی ئەم گۆڤارە، ئاشکرا بکەم. بۆ ئەم مەبەستەش، سوودێکی باشم لە کاک ئاسۆ حەسەن (کاکل حەسەن)، وەرگرتوە. ناوبراو، هەرچەندە ناوی لەسەر گۆڤارەکە نەبووە، بەڵام سەرنووسەرو داینەمۆی سەرەکی
پێشکەوتن، بووە.
لە کۆی سەرجەم بابەتەکاندا، دوو بابەت بە ناوی (دەستەی نووسەران)ەوە، بڵاوکراونەتەوە، کە هەردووکیان (هێرش)، نووسیویەتی. دوو بابەتیش بەناوی پێشکەوتن)ەوە، بڵاوکراونەتەوە کە یەکێکیان (هێرش) و، ئەوی تریان (ب- ڕێگا)، (
نووسیویەتی. بابەتەکانی تریش بەم ناوانەوە بڵاوکراونەتەوە: ( هێرش، ئاسۆ، دارا، ب- دەوەن، کاردۆ، ئومێد، دلێر، ئاشتی، ڕێباز، خەبات، عەبدولڕەزاق مەرزەنگ، ڕ- هۆشەنگ، ک- حەسەن، باوکی سەیران، م- سەنگەر، م.ج، ڕابەر، سەفین-
خ، هێڤی، هەژار، هەڵمەت، فارس، زۆزان، ح.م، هاوار، هۆشەنگ، بروسک، ڕێکان، ب- پێشمەرگایەتی، ب- ڕێگا، هۆشمەند، گۆران، سۆران، ئاکۆ ئاکۆیانی، حەسیب).هێرش و ئاشتی، هەر یەکەو سێ بابەتیان، بڵاوکردۆتەوەو بە پلەی یەکەم دێن. دوای
ئەمانیش، ئەم نووسەرانە: ( ئاسۆ، کاردۆ، هەڵمەت، ڕابەر، هەژار، زۆزان، ڕ- هۆشەنگ، ک- حەسەن، ڕێکان )، بە پلەی دووەم دێن و هەر یەکەو دوو بابەتیان لە هەر پێنج ژمارەکەدا، بڵاوکردۆتەوە. بە پێی ئەم زانیارییانەی کە دەستم کەوتوون، ناوە خواستراوەکان و ناوی ڕاستەقینەیان، بەم شێوەیە:
– هێرش: (قادر عەزیز)ی سکرتێری (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان )ی جاران و ئەندامی مەکتەبی سیاسی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)ی ئێستایە.
– ئاسۆ، کاردۆ، ئاشتی، ک- حەسەن، ب- پێشمەرگایەتی، هەموویان، (ئاسۆ حەسەن)ی ڕۆژنامەنووس و چیڕۆکنووس، بووینە.
– ح.م، ب- ڕێگا: (عەباس محەمەد حوسێن)، ناسراو بە (حاجی مەمۆ)، یان(کاکەباس)، بووە. ناوبراو، ئەم کات (ئاڵای شۆڕش) بووە.
– ب- دەوەن، ڕێکان: (ئیسماعیل تەنیا)ی نووسەری ئەم بابەتە، بووە.
– هاوار، زۆزان: (عەبدولڕەزاق مەرزەنگ)، بووە.
– هەژار، م- سەنگەر، م.ح: نووسەرو پێشمەرگەی شەهید (هەژار دێدەوانی)، بووە.
– هەڵمەت: (ئیبراهیم) ناوێکە. بە داخەوە ناوی باوکیمان بۆ ساغ نەکراوەتەوە.
– ڕابەر: (ڕابەر ڕەشید)، یان (فازیل ڕەشید)ە، ناوبراو ئێستاکە مامۆستایەو لە شارۆچکەی (ئاڵتون کۆپری) پردێ، دەژیت.
– سەفین- خ: شاعیرو نووسەری خوالێخۆشبوو (ئەبوبەکر خۆشناو)، بووە.
– خەبات: (بەڵێن عەبدوڵڵا)ی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)ی ئێستایە.
– سۆران: مامۆستای زانکۆ، (دارا عومەر)ە.
– ئومێد: (زرار جۆڵا)یە.
– حەسیب: (ئارێز عەبدوڵلا)ی ئەندامی سەرکردایەتی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)ی ئێستایە.
پێشکەوتن لە ڕوی هونەرییەوە بە هۆی کەمدەرامەتی و هەل و مەرجە سەختەکانی ئەوان ڕٶژان، بڵاوکراوەکانیش، باڵایان بەقەد باڵای ئەو هەل و مەرجانە بووە… بۆیە، گۆڤاری (پێشکەوتن)یش، وەک هەموو گۆڤارو بڵاوکراوەیەکت تری زادەی زەمەنی شاخ، لەم ڕووەوە، هەژارەو خواستی خوێنەری ئەم سەردەمە تێر ناکات. بە فۆنتێکی ورد تایپ کراوە، دێڕەکان چوونەتە پاڵ یەک و بۆشایی نێوانیان کەمە، وشەکان سەرو ژێریان بۆ نەکراوە، ناوونیشانی بابەتەکان بە دەستی نووسراونەتەوە، لاپەڕەی دیارو جێگیرکراوی بۆ
پاشماوەی بابەتەکان، نییە، بە گوێرەی (چۆن گونجان)، جێگایان بۆ کراوەتەوە.
بەرگ، کارتۆنێکی ڕەق و جوانە، هیچ وێنەیەکی لەسەر نییە. لەسەر بەرگی دووەمدا، ناوی گۆڤارەکە بە پیتی لاتینی و ، هەروەها بە زمانی عەرەبی (ألتقدم)، نووسراوە. لە هەموو ژمارەکانیدا، لە ڕوپەڕی ناوەوەی بەرگی یەکەمیدا، وتەیەکی (لینین) نووسراوە، کە گوزارشت لە سەربەستی و بیروبۆچوونی حزب دەکات.
بەم کورتە نووسینە، هیوادارم توانیبێتم لاپەڕەیەکی شاراوە لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی سەردەمی خەباتی نهێنی و شاخ (١٩٧٥-١٩٩١) ئاشکرا بکەم و، هەوڵ و کۆششی ئەم سەربازە ونانەشم خستبێتەڕوو. درود بۆ گیانی هەردوو پێشمەرگەو شاعیر (ئەبوبەکر خۆشناو) و (هەژار دێدەوانی)، کە لەم گۆڤارەدا ڕۆڵیان هەبووەو یادەوەریان بۆمان بەجێهێشتووە…

ئیسماعیل تەنیا – هانۆڤەر




یادەوەرییەک لە پەراوێزی بڵاوکردنەوەی شیعرێکدا … ئیسماعیل تەنیا

ساڵی (١٩٨٣)، تەمەنم بیست و یەک ساڵ بوو. سێ ساڵێک دەبوو، شیعرو وردیلە بابەتم لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەوسا؛ ( بەیان، هاوکاری، پاشکۆی عێراق )دا، بڵاو دەکردەوە، زۆربەشیان دەستکاری دەکران، تا ڕادەی نەناسینەوەیان. ئەو کات، کەم ئەزموون بووم، هەڵپەی بڵاوکردنەوە بووم. لە زاری تەمەندارێکی خانەوادەکەمان ( حاجی خدر عەبدوڵلا مارف تەتراوەیی ١٩٠٧- ١٨/٤/١٩٨٦)، شیعرێکی تەنز ئامێزی (عەلی بەردەشانی )م، چەند جارێک بیستبوو. کەوتمە مژولی ئەوەی کە بیگوازمەوە سەر کاغەز و لە دەرفەتێکدا، بڵاوی بکەمەوە. هەل رەخسا، بە پێشەکییەکی تێرو تەسەل و پەراوێزو کورتەیەک لە سەربردەی کەسی لێوەرگیراو، لە ڕۆژی (١٣/٢/١٩٨٠)دا، بۆ گۆڤاری (بەیان)م نارد. ئەو کات (بەیان)، گۆڤارێکی ئەدەبی دیارو بە هەڕمێن بوو… ساڵێکیش دەبوو (کاروان)، لە هەولێر دەردەچوو. پاش چاوەڕوانییەکی زۆری چاوەڕوان نەکراو، لە ژمارە (٨٦)ی مانگی ئایاری ساڵی (١٩٨٣)ی گۆڤاری ناوبراودا، بە ناوونیشانی؛ ( پارچە شیعرێکی بڵاونەکراوەی عەلی بەردەشانی )، بڵاوکرایەوە. چۆن بڵاوکراوکردنەوەیەک؟! پەراوێزەکان، پێشەکییە تێرو تەسەلەکە، ژیاننامەی کەسی لێوەرگیراو، هەموویان لابردبوو. مەقەسکارییەکی باشیان کردبوو. ئەو چەند دێڕە کورتەی وەک پێشەکی بۆیان دانابوو، هی من نەبوو. ئەوان؛ ( دەستەی نووسەران وسەرپەرشتکاران)، بە کەیف و ماشای خۆیان، نووسیبوویان و بڵاویان کردبۆوە. بە کورتی؛ پێشەکییەکە هی من نەبوو. خۆشم بە خاوەنی نەدەزانی. ئەو ڕەفتارەی دەستەی نووسەرانی ئەوسای گۆڤارو ڕۆژنامە کوردییەکان، لەگەڵ زۆربەی نووسەرو قەڵەم بەدەستە کوردەکانیان دەکرد، چ جای بابایەکی تازە دەستپێک و نەناسراوی وەک من، کە ژمارەی بابەتە بڵاوکراوەکانم ئەوسا، هەر هێندەی ژمارەی پەنجەکانی هەردوو دەستم بوون. لە بارەی ئەم دیاردە دزێوە، ( ئازاد عەبدولواحید)ی سەرنووسەری ئێستای گۆڤاری (ڕامان)، سەربردەیەکی خۆی دەگێڕێتەوە کە کاتی خۆی، ساڵی (١٩٧٦)، دیمانەیەکی لەگەڵ حەیرانبێژی بەناوو دەنگ (ڕەسوڵ بێزار گەردی)دا، کردووەو بۆ رۆژنامەی (العراق)ی عەرەبی ناردووە،لەم بارەیەوە ناوبراو دەنووسێت؛ ( بەرپرسی دوا لاپەڕە، دەستی خستبووە ناو بابەتەکەی من، کاتێ بابەتەکەم لە لاپەڕەی دواوەی “العراق”دا بینی کە بەو شێوەیە کورت کرابۆوە شۆک بووم، چونکە هەر زوو زانیم ناهەقی لەگەڵ بابەتەکەم کراوە کە بەم شێوەیە بڵاویان کردۆتەوە، بەم کارەشیان بەشێکی زۆری ڕەنجەکەم بەفیڕۆ چوو. ئەوەی زیاتر بووە مایەی خەفەت، ئەوەبوو من نوسخەی پاکنووسکراوی گفتوگۆکەم، یان ڕەشنووسەکەیم لەلای خۆم نەهێشتبۆوە، ئەم جۆرە کارکردنەش لە بواری ڕۆژنامەنووسی سەردەمی پێش ڕاپەڕین کە هیچ پرەنسیپ و داوو نەریتێکی تێدا نەبوو، زۆر باو بوو، ئەوان زۆر جار نووسینیان بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی خاوەنەکەی کورت دەکردەوە، تەنانەت هەندێ جار کار بە “کورتکردنەوە” نەدەوەستا، بگرە نووسین ئەتک دەکراو بە تەواوی سەروگوێلاکی دەشکێندرا، بە شێوەیەک کە هەندێ جار ئەو دەستکاری کردنە دەبووە هۆی ئەوەی نووسینەکە نەناسیتەوە، بەڵام نووسەری کورد ناعیلاج بوو، ڕەفتار لەگەڵ ئەو واقیعەدا بکات، بە داخەوە ئەوانەی کە دەستیان دەچووە ئەو کارانەو نووسینی نووسەرە کوردەکانیان دەشێوان ، زیاتر هەر ئەو نووسەرو شاعیرە کوردانە بوون کە لە بەغدا دەکەوتنە وێزەی نووسینی نووسەرانی کورد، لەم ڕووەوە کەم نووسەرو شاعیری کورد هەن، بەر ئەم شاڵاوە نەکەوتبن…… بڕوانە؛ ئازاد عەبدولواحید، ڕەسوڵ گەردی: ناسننامەی هونەری ڕەسەنی کوردی ، یادکردنەوەو ووتوێژێکی پێش چل و یەک ساڵ، گۆڤاری ڕامان، ژمارە ” ٢٤٣” ،٥/٨/٢٠١٧ ، ل ١٣٣) .

بەهەرحاڵ، لەگەڵ دەستکاری کردنیشی، زۆر کەیفم هات. تاکە هەڵەو کەموکورتی لەم بابەتە بڵاوکراوەم، ئەوەبوو؛ کە ئاگادار نەبووم، نەمزانیبوو، کاتی خۆی، نووسەرو فۆلکلۆریستی پێشەنگ و خامە بە بڕشت (محەمەد تۆفیق وردی)، ئەم شیعرەی لەگەڵ چەند بابەتێکی تری فۆلکلۆریدا، لە دووتوێی کتێبێکدا، بڵاوکردۆتەوە. واتە؛ ئەو شیعرە پێشووتر، بڵاوکراوەتەوە، کەمتەرخەمی و کەم ئەزموونی من وای کردبوو، سۆراغی زێتری نەکەم و زوو بکەومە مژولی بڵاوکردنەوەی.

دوای بڵاوبوونەوەی، چەند نووسەرێک، سەرنج و بۆچوونی خۆیان لە شوێنی جیا جیادا، لەسەر بڵاوکردەوە. لەوانە؛ـ

ـ کامەران بێباک، لە ژمارە (٧١٤)ی ڕۆژنامەی هاوکاری.

ـ زیاد محەمەدئەمین، بەرگرییەک لە عەلی بەردەشانی، گۆڤاری (بەیان)، ژمارە (١٠٤).

ـ دلشاد مەریوانی، چارێک بۆ پەرێشانی عەلی بەردەشانی، گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ)، ژمارە (١٠٩)، ساڵی ١٩٨٦ .

ـ لەتیف هەڵمەت، ڕایەک دەربارەی کۆکردنەوەی کەلەپوور، رۆژنامەی هاوکاری، ژمارە (٩٢٢)،١٢/١١/١٩٨٧ .

سەرنجەکانی کامەران بێباک و زیاد محەمەدئەمین، زێتر لەسەر ئەوە بوون کە بابەتەکە پێشتر، بڵاوکراوەتەوە. لەتیف هەڵمەت، لە وتارەکەیدا، بێ ئەوەی ناوی من بهێنێت، کۆپڵەیەک لەم شیعرەی ( عەلی بەردەشانی )، کە من بڵاوم کردبۆوە، وەرگرتبوو، بە دڵنیا نەبوون لەوەی کە هی عەلی بەردەشانی بێت، سەرنجێکی لەسەر نووسیبوو. لەوێدا گوتبووی؛ ئەم شیعرە بێ بایەخ و کەڵکە چییە کە بڵاوکراوەتەوە ؟ چ ئیزافەیەک دەکاتە سەر کەلەپووری کوردی؟! بە چاوێکی کەمەوە سەیری شیعرەکەی کردبوو. لە پاڵ ئەم سەرنجەی، بۆچوونی خۆیشی لەسەر کەلەپوور، خستبووە ڕوو. دوای هەمووانیش، (دلشاد مەریوانی)، لە پەرەگرافێک لە نووسینە درێژو ئەکادیمییەکەی، ئاماژەی بە بابەتەکەی من کردبوو، ڕەخنەی هەرە زەقیشی ئەوە بوو؛ کە پێشەکی و ڕونکردنەوەو پەراوێزی پێویستی بۆ نەنووسراوە. بابەتەکەی ئەو؛ بابەتێکی زانستی بوو. هەوڵێک بوو بە ئاقاری ساغکردنەوەو کۆکردنەوەی تەواوی شیعرەکانی شاعیری میللی میرنشینی بابان، (عەلی بەردەشانی )و دواتر چاپکردنیان لە دووتوێی کتێبێکی ناوازەدا. ناوبراو، لە بابەتەکەیدا، ناوی زۆربەی هەرە زۆری ئەو نووسین و سەرچاوانەی هێنابوو، کە پێشتر لەسەر (بەردەشانی )یان، نووسیبوو. لەوێ بەڵێنی ئەوەی دابوو لە داهاتوویەکی نزیکدا، پرۆژەکەی بەئاکام دەگەیەنێت. من بەباری خۆم، ئاگاداری ئەوە نیم کە پرۆژەکە بە ئاکام گەیشتبێت. بۆ کامەران بێباک و زیاد محەمەدئەمین، وەڵامم نەبوو. بۆ لەتیف هەڵمەت، لەژێر ناوونیشانی؛ (بانێکەو دوو هەوایە)، لە ژمارە (٩٤١)ی ڕۆژی ١٨/١/١٩٨٨، ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا، وەڵامم دایەوە. بۆ (دلشاد مەریوانی )ش، لەبەر ئەوەی لە بابەتەکەیدا داوای سەرنج و زانیاری زێتری کردبوو، ناوونیشانی پۆستی خۆیشی، بڵاوکردبۆوە، لە ڕۆژی (١٦/٤/١٩٨٦)دا، نامەیەکم بۆ ناوبراو نووسی و هەمان ڕۆژ، لە ڕێگای دائیرەی پۆستی هەولێر، بۆم پۆست کرد. چاوەڕێی وەڵام دانەوەی نەبووم. ئەمەش دەقی نامەکەی منە کە لێرەدا بڵاوی دەکەمەوە؛ـ

بۆ مامۆستای بەڕێز کاک دلشاد مەریوانی…..

ئەم کاتەت شاد…

لە ناخی دڵەوە جوانترین سڵاوت لێ دەکەم و هیوای باشی و سەرفرازیت ئاواتی هەرە بەرزمە لەپێناو زیاتر هەوڵدان و خۆماندو کردن بۆ بەرەوپێش بردنی ڕەوڕەوەی ئەدەبی کوردیمان…

بەڕێزم؛ ئەم پرۆژە گرنگەی لەبەر دەستتدایەو بەجێ گەیاندنی ئاواتی هەموو ڕۆشنبیرێکی دڵسۆزی کوردە، هیوادارم بەم زوانە بە تێرو تەسەلی پرۆژەکەت بە شێوەی کتێب دیدەی ڕۆشنبیران و گیانی (بەردەشانی )ش شاد بکات. لەسەر ڕەخنەکەشت کە لە ژمارە (١٠٩)ی گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ)دا، بڵاوت کردۆتەوە، بەسەر چاوان و بە دڵ فراوانییەوە خوێندمەوەو وەرم گرت. بڕواشم بەو ڕاستییە هەیە؛” کە ئەوەی لە مەیدانی کارکردندا بێت، بێگومان هەڵەش دەکات ” و چاوەڕوانی ڕاستکردنەوەیە لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕانەوە. بێگومان ئەم کارەی منیش لە دڵسۆزییەوە بووە نەک ناوو ناوبانگ پەیدا کردن. دان بە هەڵەکانم دادەنێم دەربارەی ( شیعرێکی بڵاو نەکراوەی عەلی بەردەشانی ). بەڵام ئەم چەند وردە سەرنجەشم هەیە، هیوادارم ئاگاداری بیت. تۆ دەڵێیت؛ ( ناوبراو بێ باسی ڕوداو، بێ بۆنە، بێ پەراوێز بۆ دانان )….. منیش دەڵێم؛ ئەم پارچە شیعرەم لە زاری حاجی خدر عەبدوڵا کە لە دایکبووی ساڵی (١٩٠٧)ە، وەرگرتووەو پێشەکییەکی تێرو تەسەل و فەرهەنگۆکەک و باسکردنی ڕوداوەکە، بە قەبارەی (١٤) لاپەڕەی فۆلسکاب نووسی و لە ڕۆژی (١٣/٢/١٩٨٠)دا ، بۆ گۆڤاری ناوبراوم نارد، کە پاش دوو ساڵ و سێ مانگ چاوەڕوانی کردن، بە ناتەواوی و قرتاندن و بڕین، بڵاوکرایەوە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ کە ئەو پێشەکییەی نووسراوە مافی منی بەسەرەوە نییەو کارگەرانی ( بەیان )، ئامادەیان کردووە. هەڵەی گەورەش کە بەسەر مندا تێپەڕیوە، ئەوەیە؛ من ئاگاداری بڵاوکردنەوەی ئەم شیعرە نەبووم لەلایەن مامۆستا ( محەمەد تۆفیق وردی ). دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ ئەرێ مامۆستا دلشاد، دەزگای ڕۆشنبیری چ بەرهەمی تۆیان نەقرتاندووە؟ ئایا بە شێوەی نووسراو، بێ زیاد و کەم، بڵاویان کردۆتەوە؟!

ئەم نامەیەشم لە پێناو داکۆکی لەخۆ کردن نییە، بەڵکو چەند ئاگاداری و سەرنجێکە و دووبارە سوپاس بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانم….

ئیسماعیل تەنیا

(١٦/٤/١٩٨٦)

، دوای ناردنی نامەکە، ( هەر چەندە من بە تەمای ئەوە نەبووم کە وەڵام بدرێتەوە )، کەچی لە ڕۆژی ٢٧/٤/١٩٨٦ دا، وەڵامی نامەکەم بە دەست گەیشت، کە لە ڕۆژی ٢٤/٤/١٩٨٦ دا، بۆی نوسیبووم.

ئەمەش دەقی نامەکەی شەهید ( دلشاد مەریوانی )یە ؛ـ

دلشاد مەریوانی

سلێمانی ـ (٢٤/٤/١٩٨٦)

برای ئازیزو هێژا کاک ئیسماعیل تەنیا

ڕێزو نەوازش هەر شادو بەختەوەر بن

ئازیزەکەم نامەی شیرینی ١٦/٤/١٩٨٦ ت گەیشت. سوپاسی پیرۆزباییەکەت و ئەو نەزاکەتە جووانەو ئاستی هوشیاریت دەکەم. کاشکا نووسەرانی ئێمە خاوەنی ئەو ئاست و نەزاکەتە دابوونایە. ئەوا گیروگرفتمان هەر زۆر کەم دەبوو.

سەرنجەکانتم بە دڵ بوو. ڕاستە لەم سەردەمەدا دەستکاری ئادەمیزاد دەکەن چ جای نووسین. پرسیارەکەتم بە دڵ بوو کە دەفەرمووی : ئەرێ مامۆستا دلشاد دەزگای ڕۆشنبیری چ بەرهەمی تۆیان نەقرتاندووە ؟ ئایا بە شیوەی نووسراوە بێ زیادو کەم بڵاوی دەکەنەوە ؟ منیش لە وەڵامیاندا دەڵێم : من بیست ساڵ لەمەوبەر دەستم کردووە بە بڵاوکردنەوە، لەو سەردەمەدا ڕەوشت لە کاری ڕۆژنامەگەرییدا هەبوو یان بڵاویان نەدەکردەوە یاوەکو کتومت بڵاویان دەکردەوە یان هەندێک دەستکاری ڕێنووس و زمانەوانییان دەکرد کە پێویست بوو. هەتا نووسەرەکەی بە هەڵەکانی خۆی ـ ناڕاستەوخۆ ـ بزانێ ئیتر دووپاتیان نەکاتەوە. ئەمڕۆش ئەم ڕەوشتە نەماوە. بە جۆرێکی تری لێ هاتووە. ئەوەی کە نە ناسراو بێ ( زیاد ) و ( کەم ) و بۆ خستنە سەری بەرامبەر بەکار دەهێنن، ئەوەی ناسراویش بێ ( زیاد ) نا بەڵام ( لێ قرتاندن)ی بەرامبەر بەکار دەهێنن. چونکە من لێ قرتاندنەکەم بە خۆمەوە دیوە. گەرچی کورد ووتەنی : وەک گای قەشە ناسراووم. هیچ نەبێ شەرم لەوەش ناکەن کە جگە لە پتر لە بیست ساڵ من ئەدەب کارمەو جگە لەدەیەها بەرهەمی هەمە چەشن، خاوەنی هەشت کتێبی چاپکراویشم.

بۆیە سەرنجەکانتم زۆر بە دڵ بوو. حەز دەکەم پێش داخستنی نامەکەم سەرنجێکی ترت بدەمێ؛ تۆ کارەکەت کۆلێکتەرییە، واتە کۆکردنەوەی فۆلکلۆرە. کارێکی زۆر زۆر پیرۆزە، وەلێ زۆر پێویستی بە ووریایی و هوشیاری و نەفەس درێژی هەیە. جگە لەوەی دەبێ خۆت تێکەڵ نەکەی بە کاری توێژینەوەو بەهای فەلسەفی دەرهێنان لە بەرهەمی ئەدەبی فۆلکلۆری. چونکە سەرت لێ دەشێوێنێ و ئێستا ئەو کارە لە توانای هەر زۆر کەم کەسانی ئێمەدا هەیە؛ مەگەر دوای زانیاری و خۆ پسپۆڕ کردنێکی زۆر قووڵ نەبێ. ئەو سەرنجەم لەبەر ئەوە نییە کە بڵێم من زۆر پسپۆڕم. نەخێر لە نەبوونیدا چارم نەماوە. (خانی) دەفەرمووێ:

خانی ژ کەمالی بێ کەمالی

مەیدانی کەمالی دیت، خالی

یەعنی نە ژ قابیلی و خەبیری

بەلکی بە تەعەسوبی عەشیری.

هیوادارم ئەو چەند دێرانە بەس بن بۆ یەکتر ناسین و بوونە ئاشنای یەک.

هەر شادو سەرکەوتوو بن

ئیمزا

برای دڵسۆزتان دڵشاد مەریوانی

(٢٤/٤/١٩٨٦)

* دلشاد محەمەدئەمین فەتاح (دلشاد مەریوانی )، لە ٢٨/٣/١٩٤٧ دا، لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. لە ساڵی (١٩٦٣)وە، دەستی بە کاری سیاسی کردووە.لە ساڵی ١٩٧٢ دا، بەشی کوردی لە کۆلیژی ئادابی بەغدا تەواو کردووە. لە بوارە جیا جیاکاندا، کۆمەڵێک کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە، لەوانە؛ ( فرمێسک و زەردەخەنە، شیعر،١٩٦٧ . یەکەم هەنگاو، پەخشان، ١٩٧٣. دڵدارانی شۆڕش، چیرۆک، ١٩٧٣. پێشوازی خاوەن شکۆ، ڕەخنە،١٩٧٣ . ببن بە تیشک، شیعر،١٩٧٦ . بە پەنجەکانم دەتبینم، چیرۆک،١٩٧٧ . دێر یاسین، چیرۆک،١٩٧٨ . سەمفۆنیای وەنەوشە، شیعر، ١٩٨٠). هەروەها لە هەردوو شانۆنامەی ( لانەوازان، ١٩٧٣) و ( پردی وڵات، ١٩٧٤)دا، وەک ئەکتەر، بەشداری کردووە. کۆمەڵێک کاری وەزیفی بینیوە. لە خوێندنگاکانی (دوا ناوەندی سەرچنار، ناوەندی برایەتی، ئامادەیی هەڵکەوت، ئامادەیی شۆڕش )، مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی بووە. بەشداری شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی کردووە. لە ١٢/٢/١٩٨٩ دا، لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر کراوە. لە ڕێکەوتی١٣/٣/١٩٨٩ دا، شەهید کراوە. دوای ڕاپەڕین، لە دەزگاکانی ئەمن و ئیستیخباراتدا، دۆسیەکەی دۆزراوەتەوە. لەوێدا هاتووە ؛ ( دلشاد، مامۆستا بووە لە دوا ناوەندی شۆڕشی کوڕان. پیتی لاتینی فێری قوتابیان کردووە کە ئەمەش لەگەڵ بۆچوونە جیاواز خوازو شۆڤینییەکاندا دەگونجێ و هەروەها یەکێک بووە لە ئەدیبەکانی سەر بە گروپە موخەڕیبەکان….).

———————-

ئیسماعیل تەنیا ـ هانۆڤەر




ئەرشیفخانەکانی ئەوان و خەمساردی ئێمە … ئیسماعیل تەنیا

لە کاتێکدا کە ئێمە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا، لە ئەنجامی هەژاری و نەخوێندەواری و قەدر نەزانین و، فشاری زۆری داگیرکەران و نەبوونی کەرەستەی پێویست و لەبار نەبوونی زەمینە، بەشێکی زۆری ئەو مەتریال و ڕوداوانەی کە مێژوو دروست دەکەن، لە دەستمان داون… ئەوە، بێ ئەوەی خۆمان پێیبزانین، بەشێکی زۆریان بە زمانە زیندووەکانی جیهان، تۆمار کراون و، بوونەتە دیکۆمێنتی نێو ئەرشیفخانە دەوڵەمەندەکانیان. لەم ڕۆژانەدا، کە سەیری کتێبخانە بچووکەکەی هاوڕێیەکم لە ئەڵمانیا دەکرد، کەسێک کە تەمەنی خۆی لەم وڵاتەدا بەسەر بردووە، کۆمەڵێک بڵاوکراوەو دیکۆمێنتی نایابی پاراستووە. بە ڕێکەوت، چاوم بە گۆڤارێکی ئەڵمانی کەوت، کە هەموو بابەتەکانی ئەو ژمارەی تایبەت بوون بە ڕوداوەکانی کوردو کوردستان. ئەم گۆڤارە ناوی ( پۆگرۆم ) بوو، کە بە مانای ( چەوسانەوە )، دێت.

پۆگرۆم، گۆڤارێکی وەرزیی بووەو ڕێکخراوی بەرگریکردن لە نەتەوە هەڕەشە لێکراوەکان، دەریکردووە. ئەو ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستە، لە پێناوی پاراستن و دەستەبەر کردنی مافی نەتەوە هەڕەشە لێکراوەکان، دژی ئیمپریالیزم و ڕەگەزپەرستی، خەبات دەکات. لقی تایبەتییان لە زۆر وڵاتانی جیهاندا، هەیە.

گۆڤارەکەیان، هەر ژمارەیەکی تایبەت دەکەن بە دەورکردنەوەو تۆمار کردنی مێژووی یەکێک لەو نەتەوە هەڕەشە لێکراوانە. ژمارە (٢٩ و ٣٠)، ساڵی پێنجەم، کە لەیەک بەرگی قەبارە فۆلسکاب، بە (٧٤) لاپەڕە، بە زمانی ئەڵمانی، لە ساڵی ١٩٧٤ دا، دەرچووە. هەمووی تایبەتە بە مێژووی کوردو، ڕوداوەکانی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لەنێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشی کوردستان لە ئازاری ساڵی ١٩٧٤دا.

کۆمەڵێک ڕوداوی ئەوەندە وردو سەرنج ڕاکێشی تێدا تۆمار کراوە، کە دەیخوێنیتەوە، وا هەست دەکەیت خەڵکێکی سادەی لادێنشین، بە زمانە سادەکەی، ئەو ڕوداوانەی بۆ گێڕاویتەوە. وا لێرەدا، زۆر بە کورتی، باسی هەندێک لەو لاپەڕانە دەکەم؛
– لاپەڕە ١٣: گرنگترین ڕوداوەکانی مێزووی کوردی، بە شێوەیەکی گشتگیریی کورت و پوخت لەنێوان ساڵەکانی (١٨٣٤-١٩٧٠)دا، تۆمار کردووە.
– لاپەڕە ١٤-٢٢: ڕاپۆرتێکی دوورو درێژی لە سەر ڕوداوەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، بڵاوکردۆتەوە.

– لاپەڕە ٢٣: ڕاپۆرتێک لەسەر چالاکییەکانی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول و، وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان، بە فڕۆکە لەلایەن ڕژێم و قەتلوعامکردنی خەڵکی سڤیل لە نێوان ١١/٣/١٩٧٤ تاوەکو ٢٧/١١/١٩٧٤.
– لاپەڕە ٢٦: بابەتێک لەسەر چۆنیەتی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە ئازاری دا ١٩٧٤.

– لاپەڕە ٣٢-٣٤: لیستێک لە ناوی ئەو گوندو شارو شارۆچکانەی کوردستان، کە ڕژێمی بەعس لە مایسی ١٩٧٤دا، بۆردومان و وێرانی کردوون… کە ژمارەیان پازدە شارۆچکەو، دووسەدو چوار گوندن. هەر بۆ نموونە ناوی هەندێکیان دەهێنین کە لە ڕاپۆرتەکەدا، ناویان هاتووە؛ ( بێستانەی گەورە، بێستانەی گچکە، چەمرگە، بایزئاغا، جەلی، گۆمەشین، کەردز، سەر بە پارێزگای هەولێر. ماخۆبزنان، زەندۆڵان، سینەمۆکان، کۆمتان، سەر بە قەڵادزە. هەڵەدن، قەمچووغە، شەدەڵە، چوخماخ، مالومە، سەر بە پارێزگای سلێمانی. خاڵۆبازییان، قادرکەرەم، ڕێدار، باپیلان، سەر بە پارێزگای کەرکوک. زۆربەی گوندە وێرانکراوەکانیش، وێنەی تایبەتییان لەگەڵدا، بڵاوکراوەتەوە.

– لاپەڕە ٥٢-٥٥: بابەتێکی بە ناوونیشانی؛ (کوردەکان و شەڕێکی نوێ)، تێدا بڵاوکراوەتەوە، کە مەبەست لێی شۆڕشی ساڵی (١٩٧٤)ە.
– کۆمەڵێک وێنەی؛ ( پۆلە پێشمەرگە، قوتابخانەو خوێندن لە ژێر سایەی شۆڕشدا، مستەفا بارزانی، بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا، ژیانی لادێنشینەکان، وێنەی ئەو جانتا پڕ لە تەقەمەنییەی کە ڕۆژی٢٩/٩/١٩٧٢، کۆمەڵێک سیخوڕ لەبەرگی پیاوانی ئایینیدا، ویستیان بارزانی لەبەین بەرن، گوندی سوتاو، پیاوێکی پیری ڕیش چەرموو لەسەر تەرمی نۆ لە خانەوادەکەی، چاپخانەی شۆڕش،……تاد)، تێدا بڵاوکردۆتەوە.

– لە لاپەڕە (٥٣)، لە هەواڵێکدا هاتووە؛ ڕۆژی ٣٠/٤/١٩٧٤، پێنج قوتابی کورد، لە زانکۆی بەغدا، بە تۆمەتی پەیوەندی بوون بە شۆڕشی کوردەوە، دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن، کە یەکێک لەوانە کچێک بوو بە ناوی (لەیلا قاسم). هەر لەو لاپەڕەدا، لە هەواڵێکی دیدا هاتووە؛ ڕۆژی ١٤/٤/١٩٧٤، یازدە پێشمەرگە لەناو هەولێردا دەگیرێن و ڕەوانەی شاری بەغدا، دەکرێن…ئەوانە؛ بەدەم گوتنەوەی” بژی کوردستان، بژی بارزانی” ، چوونەتە ژێر پەتی سێدارەو، لە سێدارە، دراون.

بە کورتی؛ ئەگەر ئێمە شتێکمان لەباردا هەبێت و خەمساردی لێنەکەین، کەمێک خۆمان ماندوو بکەین، ئەوا؛ کۆمەڵێک دیکۆمێنت و بەڵگەو مەتریالی تایبەت بە مێژووی تۆمارکراوی خۆمان لەنێو ئەرشیفخانەو کتێبخانە گەورەو دەوڵەمەندەکانی ئەوروپادا، دەدۆزینەوەو بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی خۆمان، سوودێکی زۆریان لێدەبینین. کۆمەڵێک دیکۆمێنت و مەتریالی تۆز لێنیشتوو لەسەر ڕەفەکان، چاوەڕوانی ڕووناکبیری زمانزانی ماندونەناس، دەکەن، تاوەکو تۆزی چەندین ساڵەیان لەسەر بتەکێنن و، بە ساحێبیان، بکەنەوە…


ئیسماعیل تەنیا – هانۆڤەر




ئەو کاتەی بەغدا بە هەمووانەوە جوان بوو … ئیسماعیل تەنیا

هەر وەک لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە شوێن و پێگەی ڕەسەنی عەرەبەکان، جەزیرەی عەرەبی و سەنتەری سەرەکیشیان، میرنشینی عەرەبستانی سعودی ئێستا، بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، ئیدی وردە وردە، سنوور و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلامەوە، فراوان کردووە. ئەوان؛ لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدی گەیشتوونەتە باشووری (عێراقی ئێستا). لە سەردەمی دوا خەلیفە، ( عەلی کوری ئەبو تالیب) و کوڕو نەوەکانی، بە شێوەیەکی فراوانتر هاتوونەتە باشووری عێراق، بە تایبەتیش شارەکانی نەجەف و کەربەلا و کوفە و، تیایاندا نیشتەجێبوون و ، کردیانە هەواری تازەی خۆیان. بە درێژایی قۆناغەکانی دوای ئەم مێژووە، وردە وردە بەرەو سەروو، بە تایبەتیش سنوورەکانی بەغدای ئێستا، هەڵکشآن و ئەوێشیان کرد بە نیشتیمانیی خۆیان.

بەغدا لە سەردەمی ساسانییەکاندا، سەرەتا گوندێکی بچووک بووە. ئەو کات؛ زمانی فارسی زمانی فەرمی وڵات بووە. لە سەردەمی خەلافەتی دەوڵەتی عەباسییەکاندا، بۆتە شارو پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی. عەبدوڵلای کوڕی محەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵلا کوڕی عەباس عەبدولموتەلیبی هاشیمی قوڕەیشی، ناسراو بە ؛ ( ئەبو جەعفەری مەنسوور ٧١٤ـ ٧٧٥ ز)، دامەزرێنەری دەوڵەتی عەباسییەکان، بەغدای دروست کردووە. ئەبو جەعفەر، خۆیشی لەدایک بووی سنووری ئێستای عێراق نەبووە، ئەو؛ لە شام لە دایک بووەو، لە شاری (مەککە)ی زێدی باب و باپیرانی، بە نەخۆشی، لە ساڵی (٧٧٥ ز)، کۆچی دوایی کردووە. بەغدا لە سەدەی هەشتەم (٧٥٣ـ ٧٧٠)، بنیات نراوە.

کە عەرەبەکان هاتوونەتە ئەم شارە تازە دروستکراوە، خەڵکی تریش لە نموونەی؛ پاشماوەکانی ئاشوری و بابیلی و ساسانییەکانی لێ بووە. بەغدا، هەر لە ناوەکەی ڕادیارە ، ناوێکی عەرەبی نییە، ئەگەر کوردی نەبێت، ئەوا سەد دەر سەد فارسییە.
جوولەکەکانیش وەک گەلانی تری ناوچەکە( ئەرمەن و کورد )، بە درێژایی مێژوو، چەوساونەتەوەو ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە. لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کوشت و بڕ، تاڵان، جینۆساید، کراون. لێیان نەگەڕاون لەسەر زێدی باب و باپیرانیان، ئارام بژین و هەردەم نوونەی ( تۆپی پێ )، تۆپ تۆپانێیان، پێکراوە.

ئەوەی هەتا ئێستاکە زاندراوە؛ جوولەکەکان بە درێژایی مێژوو لە نێوان بابل و ئۆڕشەلیم (قودس)، لە هاتوچۆ کردن و ڕاگواستندا، بووینە. هەشت سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح، لە ئۆرشەلیمەوە، بە زەبری هەڕەشەو هێزەوە، بۆ بابل، دوور خراونەتەوە. لەوێ؛ بە ناچاری، ئەم دەڤەرە تازەیان کردووە بە نیشتیمانیی خۆیان. لە دەورو بەری ساڵی (٥٣٩)ی پێش زایین، کاتێک کە کۆڕشی گەورە، پادشای فارسەکان، بابلیان داگیر کرد، ئارەزوو مەندانە، ڕێگایان بە جوولەکەکاندا کە بگەڕێنەوە زێدو کۆنە هەواری خۆیان (ئۆڕشەلیم). ئەوان؛ ئەو کاتەی کە گەڕانەوە، ژمارەیان (٢٤٣٦٠) کەس دەبوون. هەروەها لەگەڵ خۆشیاندا نزیکەی (٣٣٧٧) خزمەتکاریشیان بۆ ئۆڕشەلیم بردەوە. ئەوان؛ هەر ئەوەندە گەڕانەوە. ئەوانەی تر، لە بابل مانەوەو درێژەیان بە ژیان و جێبەجێ کردنی مەراسیمە ئایینی و کولتورییەکانی خۆیاندا. دوای ئەم مێژووە، ئیدی بە درێژایی (١١٠٠) ساڵی داهاتووەوە ( دوای ساڵی ٥٣٩ ی پێش لەدایکبوونی مەسیح)، شاری ئۆڕشەلیم کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی (ساسانی و گریک و ڕۆمان و سەلجووقی)یەکانەوە. هەر یەکەیان چەند ساڵ و قۆناغێک، حوکمڕانی ئەوێیان، کردووە.

لە سەدەی هەشتی زایینییەوە، شاری بەغدا بوو بە سیمبۆڵێکی دیاری ئایینی ئیسلام. ئەو کاتە؛ جوولەکەکان تەبای گەلان و نەتەوەکانی تر، بە ئارامیی و ئاسوودەییەوە، ژیاون. لە ڕووی خوێندەواریشەوە، میللەتێکی کارکردەو پێشکەوتوو بووینە. (بنیامین تەلیتەلی)، گەڕیدەی جوولەکە، سەردانی شاری بەغدای کردووە.لە ساڵی (١١٦٨) ی زایینی ڕاپۆرتێکی لەسەر بەغدا نووسیوە. لەوێدا هاتووە؛ نزیکەی چل هەزار جوولەکە لە شاری بەغدا، لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی خەلیفەی ئیسلامەکاندا، دەژین. کاتێک کە ( هۆلاکۆ )ی نەوەی جەنگیز خان، لە ساڵی (١٢٥٨)، بەغدای داگیر کردووە، سوپاکەی ، بە شێوەیەکی دڕندانە، دەستی کردووە بە کوشتن و بڕین و تاڵان کردن و سووتاندنی هەموو جۆرە ژییارێک لە بەغدا. ئەو کاتە؛ بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی لە ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، ئاوارە بووینەو، بەغدایان بەجێهێشتووە. هەندێک لە جوولەکەکان، ئاوارەی ئیسپانیا بوون. لە ساڵی (١٣٣٦)دا، مەغۆڵەکان بەغدایان بەجێهێشت و لە ساڵی (١٤٩٢)، کەوتەوە دەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی( ئاک قۆینلوـ مەڕی سپی)ەکان.

ئەوان؛ زۆر نەرم و نییان بوون. ڕێگەیاندا، ئەو کەسانەی ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، کە لە ترسی مەغۆلەکان بەغدایان بەجێهێشتبوو، بگەڕێنەوە بەغدا. بۆیە ئەو جوولەکانەی کە چووبوونە ئیسپانیا، جارێکی تر گەڕانەوە. لە ساڵی (١٥٣٤)، کاتێک کە سوڵتان سلێمان قانوونی، پادشای عوسمانییەکان، هاتە بەغدا، کۆمەڵێک زانا و دکتۆرو فەلەکناسی جوولەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە بەغدا… بە هۆی ڕەفتار نەرمو نیانی سوڵتانەوە، جوولەکە بەغدا نشینەکان، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە سوڵتان و سوپاکەی کردو، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەو کاتە؛ سەرەڕای نەتەوەی عەرەب،( جوولەکە، مەسیحی،فارس، کورد، تورک)یش، لەم شارەدا، پێکەوە ژیاون. تورکەکان، زێتر ئەو کەسانە بوون کە لەگەڵ هاتنی مەغۆل و عوسمانییەکان، بە شێوەی فەرمانبەرو سەرباز هاتنە بەغداو، نەگەڕانەوەو لەوێ نیشتەجێبوون. ئەوان؛ زێتر بە تورکمان، ناسران، نەک تورک.

لە ساڵی (١٨٦٤)دا، کۆمەڵگای جوولەکەکان لە بەغدا، یەکەمین قوتابخانەی سەردەمییانەیان لەم شارەدا، کردۆتەوە، کە بووە یەکەمین قوتابخانە لە هەرسێ ویلایەتەکەی عوسمانی ( موسڵ و بەغدا و بەسرە). هەروەها بە هۆی کرانەوەیان بە رووی پێشکەوتن و شارستانی و ژیانی سەردەمییانە، لە ساڵی (١٨٩٣) یەکەمین قوتابخانەی کچانیان لەم شارەدا کردۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا، دوو قوتابخانەی تری کوڕانیان، لە بەغدا کردۆتەوە. ئەوە جگە لە دوو قوتابخانە لە ویلایەتەکانی ( موسڵ و بەسرە).

لە بواری بنیاتنانی قوتابخانەی مۆدێرندا، ئەم کۆمەڵگایە، زۆر لە هاوسێ موسڵمانەکانیان، پێشکەوتوو تر بوون. لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەشدا، بیریان لە دامەزراندنی چاپخانەش کردۆتەوە. ( بارۆخ مۆشێ مزراحی ) کە یەکەم کەس بووە کە چاپخانەی بە زمانی عەرەبی لە ساڵی (١٨٥٣)، لە بەغدا دامەزراندووە. دوای ئەو، چەندین کارسازی جوولەکەی تر لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، چەند چاپخانەیەکی تریان دامەزراندووە کە کتێبیان بە عەرەبی و عیبری، بڵاوکردۆتەوە. لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٠٩)دا، ڕۆژنامەی (ئەلزهور)ی تورکی و عەرەبی، سەرنووسەرەکەی ( نەسیم یوسف سومیخ و ڕەشیدە فەندی سەفار)، بووە. ڕۆژنامەی (بەین ئەلنەهرەین)، کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، ( ئیسحاق حەسقیل و مەناحیم عانی )، دەریان دەکرد. ڕۆژنامەی ( تەفەکور)، سلێمان عەنبەر لە ساڵی (١٩١٢)دا، دەریکردووە. ئەوانە؛ ڕۆژنامە پێشەنگەکانی بەغدا بوون.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی دە هەزار جوولەکە لە بەغداو هەزارو پێنج سەد، لە شاری بەسرەدا، ژیاون. لە ساڵی (١٩٠٨)دا، ئەو کاتەی کە بەغدا ژمارەی دانیشتوانی (١٥٠) هەزار کەس بووە، (٥٣) هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ سێیەکی دانیشتوانەکەی. بە گوێرەی دوا ساڵنامەی عوسمانییەکان، کە لە ساڵی (١٩١٧)دا، بڵاویان کردۆتەوە، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا (٢٠٢،٢٠٠) هەزار کەس بووە. لەوانە؛ هەشتا هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ بە ڕێژەی لە سەدا سی و نۆی دانیشتوان. ئەوانی تریش؛ (١٢) هەزار مەسیحی، هەشت هەزار کورد، (٨٠٠) فارس، (١٠١،٤٠٠)، عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تر بووینە.

کاتێک کە ئینگلیزەکان عێراقیان داگیر کرد، لە ساڵی (١٩٢٠)دا، سەرژمێرییەکیان کرد، ئەو کات، ڕێژەی جوولەکەکان لە بەغدا لە سەدا بیست بوو. هەروەها لە سەرژمێری نیشتیمانیی دەوڵەتی تازەی عێراق لە ساڵی (١٩٤٧)دا، سەرجەم دانیشتوانی عێراق چوار ملیۆن و نیو بووە، سەدو هەژدە هەزار، بە ڕێژەی لە سەدا دوو و نیو زێتر، جوولەکە بووینە. بەغدای پایتەختیش ئەو کاتە، بە گوێرەی یاداشتەکانی (د. جەمال نەبەز، لاپەڕە ٢٤٧)، نیوەی پتری عەرەب نەبوون، بەڵکو ؛ کورد ( فەیلی)، جوولەکە، مەسیحی، فارس، بووینە. ئەم پێکهاتە سەرەکییەی بەغدا ( جوولەکە)، لە بواری هونەرو ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوەش، ڕۆڵێکی کاراو بەرچاویان، گێڕآوە. لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییەوە؛ چەندین ڕۆژنامەیان دەرکردووە. لەوانە؛ ( ئەلمیسباح)، کە بە زمانی عەرەبی لە نێوان ساڵانی (١٩٢٤ـ ١٩٢٧)دا، دەرچووە. چەند ژمارەیەکیشی لە ساڵانی (١٩٢٨ـ ١٩٢٩)دا، دەرچووە، ئیتر وەستاوە.

هەروەها گۆڤاری ( ئەلحاسد)، کە لە ساڵی (١٩٣٨)دا، داخراوە. ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانە، خاوەن ئیمتیاز، یان سەرنووسەرەکانیان جوولەکە بووینە، یان بە پارەی ئەوانەوە دەرچووینە. هەر لە سەدەی بیستەمی ڕابردوودا، چەندین نووسەری عێراقی بە بنەچەکە جوولەکە، دەرکەوتن. لەوانە؛ ( ئەنوەر شائول ١٩٠٤ـ١٩٨٤) ، ( عزرا حەداد ١٩٠٩ـ١٩٧٠) ، ( سەلمان شینە ١٨٩٨ـ١٩٧٨). ئەوەی دواییان، پارێزەرو ئەندام پەرلەمانی عێراقیش بووە. لە بواری هونەری مەقاماتی عێراقیشدا، جێ پەنجەی ئەوان دیار بوو. ( نوری سەعید)یش، زۆر هاندەر و پشتیوانیان بوو. ( سەلمان مۆسێ١٨٨٠ـ١٩٥٥ ) و ( حەسقیل قەساب)، لە مەقام بێژە ناودارەکانی عێراق بوون. هەروەها خانمە گۆرانیبێژ ( سەلیمە موراد١٩٠٠ـ١٩٧٢ )، هاوسەری ( نازم غەزالی)، ئەویش جوولەکە بوو…ئەوە سەرەڕای چەندین کەسایەتی دیاری سیاسی لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق و، حزبە نیشتیمانیی و دیموکراتەکانی تر.

لە بواری بازرگانی و بازاڕی کاردا، بەشی هەرە زۆری بازاڕەکانیان، کۆنترۆڵ کردبوو. لە سنعەتی کاری دەستی، جێ پەنجەیان دیار بوو. لە دامەزراوە مالیی و بازرگانییەکانی هاوردەو هەناردە کردندا، ئەوان پێشەنگ بوون. بۆیە سەیر نییە ئەگەر لە ساڵانی (١٩٣٨ـ١٩٣٩)دا، لە بیستو پێنج ئەندامی ژووری بازرگانی بەغدا ، دە کەسیان جوولەکە بووبن… هەروەها لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە کۆی سی و نۆ سەڕاف، ( ئەوانەی مامەڵەیان بە دراو دەکرد)، سی و پێنجیان جوولەکە بوون.

لەم سەرو بەندەدا، خانەوادەی ( ساسۆن )، ناودارترین بازرگانی جوولەکە بوون لە بەغدا. لەبەر ئەوەی تەواوی بازاڕەکان لە دەستی ئەواندا بوو، هەڵبەتە ڕۆژی پشووی جوولەکەکانیش، ڕۆژی شەممە یە. لەم ڕۆژەدا تەواوی بازاڕەکان دادەخران. هەر لەبەر ئەمە، عەرەبە شیعە مەزهەبەکانیش، لە جیاتی ڕۆژی هەینی، ئەوانیش پشووی خۆیان دەکردە ڕۆژی شەممە. لەم کاتەدا، ئەو کەسانەی کە کاری پاسەوانی شەوان و پاککردنەوەیان دەکرد، بریتی بوون لە عەرەب و مەسیحییەکان. ئەو کوردانەی کە لە شارەکانی کوردستانیشەوە بۆ کاسبی دەهاتنە بەغدا، زۆربەیان بە کاری کۆڵهەڵگرییەوە خەریک بوون. هەموو پەرستیاری نەخۆشخانەکانیش، جوولەکەو مەسیحی بوون.

لەگەڵ هاتنە سەر کاری نازییەکان لە ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی (١٩٣٣) و، پاشان بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیهانی (١٩٣٩ـ١٩٤٥) و، جینۆساید کردنی جوولەکەکان، وردە وردە هەستی نازییەت لە نێو زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانیشدا، چەکەرەی کرد. عێراق یەکێک بوو لەم وڵاتانە. لەژێرئەم فکرو ئاڕاستەیەوە، ( ڕەشید عالی گەیلانی ١٨٩٣ـ١٩٦٥)، یەکێک بوو لەو عەرەبە ڕەگەزپەرستانەی کە زۆر بە حەماسەتەوە لایەنگیری لە هیتلەرو نازییەکان دەکرد. خەریکی بڵاوکردنەوەی فیکری نەتەوەیی عەرەبی ڕەگەزپەرستانە بوو.

هەر لەژێر ئاڕاستەو ئەم کاریگەرییەش کودەتای مایس (١ـ٤ـ١٩٤١)ی هەڵگیرساندو تا (٣١ـ٥ـ١٩٤١) دەوامی کرد. ئەم کودەتایە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پشێوی و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەو، ڕق هەستان لە جوولەکەکان. لە ڕۆژی (١ـ٦ـ١٩٤١)دا، عەرەبە شۆڤینییەکان، لایەنگرانی ڕەشید عالی و دۆستانی نازییەت لە ئەڵمانیا و فاشییەت لە ئیتالیا، بە تفەنگ و داس و تەورو خاکەناس و خۆترمە، هێرشیکی فراوانیان کردە سەر گردبوونەوەیەکی ئایینی جوولەکەکان ، زێتر لە (١٧٥) کەسیان لێ کوشتن و نزیکەی هەزار کەسێکیشیان لێ بریندار کرا.

وێرای ڕوخاندن و وێرانکردن و تاڵان و بڕۆی (٩٠٠) ماڵ و دوکان و شوێنی کارکردنیان. ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانیان، تەقێندرایەوە. بزووتنتەوە مایس (گەیلانی)، زوو سەرکوتکراو دامرکایەوە، بەڵام هەستی نەتەوایەتی لە فۆرمی ڕەگەزپەرستی، لای عەرەبەکان، بەرەو هەڵکشان دەچوو…لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨) و، یەکەم هێرشی شکست خواردووی سوپای دەوڵەتە عەرەبییەکان لە مایسی (١٩٤٨)، بۆ سەر ئەم قەوارە تازەیە، کە سوپای عێراقیش یەکێک بوو لەم سوپا بەشداربووە شکست خواردوانە، هەستی نازییەتی عەرەبی گەیشتە لووتکە. لەم کاتەدا، فراوانترین هێرشی کوشتن و ڕفاندن و شونبزر کردن و تاڵانکردن و تۆقاندن دژی جوولەکەکان، لە بەغدا دەستی پێکرد.

لە ژێر فشاری ئەم ‌هێرشانەو بڵاوبوونەوەی بێ نیزامی، حکومەت باری نائاسایی لە بەغدا ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، جوولەکەکان، بە قاچاغ و بە ناچاری، ئەوەندی بۆیان کرا، بەغدایان بەجێهێشت. لە (٧ـ١٢ـ١٩٤٩)دا، باری نائاسایی هەڵگیرا، کە بووە هۆی ئەوەی جوولەکەکان بتوانن لە دوو ڕێگاوە بەغدا بەجێبهێڵن؛ـ
ـ حکومەتی عێراقی ماڵ و سامانی ( مەنقولەو غەیر مەنقولەی) لێ زەوت دەکردن، ڕەگەزنامەی عێراقی ڵی دەستاندنەوەو ڕەوانەی ئیسرائیلی دەکردن.

ـ هەندێکی تریان، لە ڕێگای باشوور ( بەسرە )و، باکور (کوردستان)ەوە، بە قاچاغ، عێراقیان بەجێدەهێشت. لە باشوور دەچوونە شاری بەسرە، لەوێوەش ، لە ڕێگای باندە قاچاخچییەکانەوە، ئاودیوی ئێران ( شاری عەبادان )، دەکران. لە ڕێگای کوردستانیشەوە، بە هەمان ڕێگای قاچآغ ، ئاودیوی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکران. لەوێوەش ( ئێران )، ڕیکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ڕێگای فڕۆکەخانەوە، بۆ ئیسرائیل، دەگوازرانەوە.

ئیدی بە هۆی هەڵکشانی هەستی ڕەگەزپەرستێتی، بەغدایان خاڵی کرد لە هەزاران هاونیشتیمانی جوولەکە لە؛ ( بازرگان،پارێزەر، سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس،دکتۆر، هونەرمەند، کاسبکار،….تاد). لە ساڵی (١٩٥١)دا، لە سەدا هەشتای جوولەکەکان، عێراقییان بەجێهێشت. ئیدی لەمە بەدواوە، فرە کولتوری و فرە ڕەنگی ، لە زۆنی (بەغدا)دا، بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆیشت.

ئەمجارەیان لە هەشتاکان (١٩٨١)دا، نۆرە هاتە سەر کوردە فەیلییەکان. ئەمانیش وێنەی جوولەکەکان، بازاڕی بەغدایان کۆنترۆڵ کردبوو. ئەوەی ناوی بازرگانی و کاری بازاڕ بوو لە دەست ئەوان بوو…ئەمجارەیان؛ ( ڕەشید عالی گەیلانیی)ەکی تر، بەڵام بێ بەزەییانە تر ( سەدام حوسێن)،کەوتە گیانی کوردە فەیلییەکان.

ئەوەی دەستی کەوت؛ گرتی، هەندێکیانی لە سێدارە دان. ئەوانەی تریشی بە جلکی بەری ڕەوانەی سنوورەکانی ئێرانی کردن… بەشی زۆریان بەهۆی نەخۆشی و بەساڵدا چوونەوە، بەرگەی گەرماو سەرمایان نەگرت و لەسەر سنوورەکان، بوونە قوربانی. ئەگەر بەغدا لەسەردەمی هۆلاکۆدا، وێران و تاڵان و قەتلوعام کرا، ئەوا لە سەردەمی گەیلانی و سەدام و شوێنهەڵگرانیان، بە بەردەوامی درێژەی پێدرا…ئیتر ئەو بەغدایەی جاران نەما، کە شوێنی هەڵکردنی کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان بوو.

ئەگەر لە بیستەکان تاوەکو پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، بەغدا ئەستێرەیەک بوو، تیشک و ڕووناکی بەسەر شەپۆڵەکانی دیجلەو دارخورماکان، دەبەخشییەوە، ئەوا لە پەنجاکان بە دواوە ئەم ئەستێرە پرشنگدار و ڕەونەق ڕێژە، بەرەو کز بوون و داڕژان ڕۆیشت… ئیتر لەمە بەدواوە، بەغدانشینەکان، جارێکی تر، ئەستێرەیەکی تریان ، بە ئاسمانەکەیانەوە، نەبینییەوە.

ئێستاش، بەهۆی هەڵکشانی هەستی نازییەت لە بەرگی مەزهەبدا، دەسەڵاتداران خەریکن، ئەوەندەی ماوە وێرانتری بکەن…کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان،ڕیشەکێش و شاربەدەر بکەن. ئێستا هاووڵاتییە کوردەکان، (هەتا بەشێک لە مەسیحی و عەرەبە سوونی مەزهەبەکانیش)، هاوشێوەی جوولەکەکانی کۆتایی چلەکان و کوردە فەیلییەکانی سەرەتای هەشتاکان، لەژێر ڕەحمەتی شمشێری ترس و تۆقاندن، بە نائارامی و دڵەڕاوکێ وترس و لەرزەوە، دەگوزەرێنن و ڕۆژ دەکەنەوە. هەموو چرکەیەکی ژیانیان، لە چاوەڕوانی دووبارە کردنەوەی هەمان تاس و حەمام، بەسەر دەبەن.

* ئەم بابەتە لەژێر کاریگەریی خوێندنەوەی کتێبی؛ ( نسیم رجوان،آخر الیهود فی بغداد ذکریات وطن مفقود، ترجمە: د. رمضان مهلهل سدخان، الطبعة الاولی، لبنان ـ کندا ـ بصرە، ٢٠١٦)دا، نووسراوە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر




سنوورداریی وشەسازییەکانی شیعر لای یونس ڕەزایی … ئیسماعیل بابانی

ئەمن سەرەتا حەز دەکەم ئەوە بڵێم نە شاعیرم و نە نووسەر، بەس وەکو خوێنەرێکی شیعر سەودایەکی زۆرم هەیە بۆ هەموو ئەو شاعیرو شیعرانەی وەستانی بۆ دەکرێت، جارانێك دەگەمە ئەو قەناعەتەی کە دنیا جوانەکانیشمان وێرانن و ئێمەی کورد هەر بەدبدبەختی و پاشکەوتەییمان بۆ ماوەتەوە، ئەم قسەیەش کە دەکەم دەزانم کێشەی ئێمەی خوێنەران زۆر قوڵە، کە ناتوانین قوڵ بە جیهانی شیعرەکاندا رۆبچین، ئەوەی کە پشت بە بەهرە دەبەستێت لە هەموو ژیانیدا زۆر بە هەڵەدا دەچێت لە برەوی داهێنان نزیک بێتەوە، چونکە کانی بەهرە زیاتر لەسەرەتاکانی نووسیندا بۆ شاعیر دێت، ئەنجا دەبێت کار لەسەر (تەکنیك- هونەرکاریی) بکات بە خۆ سازاندن لەسەر ستایڵێك هاوتەبا بێت لە زانینی چۆنییەتی بەکارهێنانی دەستەواژەو زاراوەکان.
لێرەدا قسە لەسەر بەشێکی تەجروبەی شیعریی زۆر بەڕێز کاک یونس رەزایی دەکەم وەك نموونە، من کە چاوم خشاند بە بەرهەمە شیعریەکانی نزیکەی ٣ ساڵی ئەم شاعیرەدا بۆم دەرکەوت نەك هەر کەموکورتی لە چۆنییەتی بەکارهێنانی زمانی کوردیدا لای ئەم شاعیرە هەیە، بەڵکو تەنیا لە خولگەی کۆمەڵە زاراوەیەك دەسوڕێتەوەو لەو قەناعەتەشدام گەر ئەو زاراوانە لە شیعرەکانی دەربکرێت زۆر کلۆر دەردەچن.
زاراوەکانیش ئەمانەن:
(( وڵات و نیشتمان، ئاڵا، شیعر، ئاور، گورگ، با- نا، ون، سەرباز، باران ، دەریا، گوللـه))
بەڵێ ئەم سنوورداریە دەستی شاعیر دەگرێت لە داهێنان، وەك چۆن مەلی خەیاڵی بێ سنوور دەفڕێت، هەرواش دەبێت توانای وشەسازیی شاعیر هەمیشە جیاواز و لە نوێبوونەوەدا بێت، ئەم خولانەوەیە لە بازنەی ئەو چەند زاراوەیەدا دنیابینی شاعیریش زۆر سنووردار دەکەن.
جا لێرەدا بۆ پاڵشتی ئەم گوتەیە ئەوا هەر لە ناو شیعرەکانی شاعیرەوە نموونەکان دەهێنینیەوەو شەش شیعری ماوەی ٣ ساڵی شاعیر دەکەینە مەیدانی تاوتوێکرنەکەمان، خۆزگە کاک یونس وەڵامی ئەم خاڵەشی دەداینەوە،تا بمانزانیایە چۆن بێئاگا لەو کەلێنە ئەو هەموو شیعرەی هەر بەو کەرەسانە نووسیوە؟ وشەکانیش خەت بەژێردا دەهێنین تا زیاتر تەرکیزی خوێنەر بکەوێتە سەر دووبارەبوونەوەکانیان.

شیعری یەك:
(نازانم لە کوێ بدۆزمەوە ..ئەو باڵەی … بەشێک لە ئاسمانی تێدا …ونتر)
زاراوە دووبارەکان:

پەنجەکانت وڵاتێکی بێ ناو نیشانن
ئەو نیشتمانەی تۆ
بۆ ون بوون لە ناونیشانی تەڕی دەریا دا
گورگانەدا
کچانی لە شیعرم دا.
بە سەربازێکی ونەوە
وە ئاڵا دەشەکێتەوە
لە بادا
بێ وڵاتیی دارەکان
لە باران

شیعری دوو:
(کاتژومێری سیفری ئاور)
زاراوە دووبارەکان:

شیعر چی بەسەر
سەربازانی بێ ناو
گەمەی ئاور
زیاتر نا
پاشگەز دەبمەوە لە باران … نا
لە گورگ نا
بە با..دا
بە دوای باران دا
بە گورگێک دەسپێرم
لە هەڕەتی … گوللەدا
زمان…بە با..دا
رەوە گورگێک
لە سەر ئاڵایەکی کەون
شیعر چ فڕێکی بایە
پۆتینەکانتان ون کرد
هێڵی ئەو شیعرەی

شیعری سێ:

(سروودی شاربەدەرێک)
زاراوە دووبارەکان:

قەتیسی با
لە بەرۆکی دەریا
ئاڵایەک هەڵکەم
کوێرە رێیەکی دەریا
گۆڕم دا ون
دەریایەکی سوور
شیعڕێکی رۆمانتێکیش
دزانی دەریایی دا
گوللەیەک لە گەرووی
بێ وڵاتیی بم
نیشتمانی لە ئاوردا
نیشتمانێکی بێ بن

شیعری سێ:
(وانەی سیزێف..لە سنوورەکانی رۆژائاوا
لە سنووری بادا)…
زاراوە دووبارەکان:

پەنجەکانی ئاور
خەفەتباری دزانی دەریا
.ماندوو نا
لە شیعرم دا
رێگای گولڵەکانیش
دەریایەکی تینوو
لە با
دزانی دەریا
بەرەو دارەکان نا
بۆ گوللەکان
سەربازە خەمینەکانی
وڵات لە باڵی
لە سەر شانم نا
گوللەیەک مەستی باڵەکان
لە نیشتمانم دا

شیعری چوار:
(ئه‌وشه‌و له‌ شمشیره‌کانت ده‌په‌ڕمه‌وه‌ خاتوون)
زاراوە دووبارەکان:

نیشتمانم ده‌کێڵێ
ئه‌و شیعره‌ شێتانه‌
مێترۆدا ون ده‌بێ
به‌ ته‌نیشت مندا ونی
که‌ نیشتمانم ده‌کێڵێ
که‌ ئاورت کردۆته‌وه‌
ئه‌ی با
ئه‌و شیعره‌ شێتانه‌
به‌ با ده‌فرۆشێ
داده‌به‌زی له‌ باران دا
ئاورێکی خه‌مۆکه‌
لاپه‌ڕه‌ی شیعره‌کان

شیعری شمارە پێنج:‌

(٣٦ده‌ره‌جه‌ی گرینویجی خوێن)

زاراوە دووبارەکان:

پێشه‌وه‌ی –با–دام
ده‌وامه‌ی باران
به‌ رووی نیشتمان
بۆ تاریکی نا
وه‌ستان نا
زه‌رده‌ی ئاڵا
سه‌رله‌ نوێ ده‌کاته‌وه – با-
ئه‌و شێعره‌ی من
وه‌ ده‌ریا؛ پڕ له‌ خه‌ونی دارستانی ئاور
به‌ سبه‌ینێی ده‌ریا
من شێعره‌کانم

شیعری شەش:
(کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)
زاراوە دووبارەکان:

گورگێک فەرز کەن
لە ئاور
گورگێکتان بەو زستانە
رێ داوەتە شیعرەوە
ناڕەسەن نا
وەرزی شیعر
پێستی بادا
دەریای سوور
لەنگەری بە ئاورەوەیە
گورگێک لە ژێر
ئەی نیشتمانی
تاڵانی -با-
جوگرافیای دەریاکانم
گوللەکانی بەرەو شیعرەکانی ئێوە،
لە بادا
دەنگ دەدەم بە بادا
شیعرێکیش داگیرساو
سەرەتای گورگە
کێشی ئەو شیعرە

لە کۆتاییدا هەر ئەوە ماوە بڵێمە کاکە یونس کورد پیتی (و) لە جیاتی (وە) بەکادێنێ و هەروەها دووبارەبوونەوەی پیتی(کە)ش رەونەقی شیعر تەڵخ دەکات، جگە لەوەی هەر لەمەڕ وشەسازیەوە، ئەسڵ لە کۆپلە و دەستەواژە شیعریەکان (ئەرێنییە) نەك (نەرێنیی) وەك بەڕێزتان زۆر ئەو ستایڵە دووبارە دەکەنەوە کە بێزارکارە، گەر لە شیعرێکدا بەکاربێت وەك تەکنیك جوانە ، بەس کە لەزۆر شیعردا دووبارە بێتەوە بێزارکارە، ئەو پیتەش بۆی بەکاردێنن (نا)یە.
دستی ئێوەش خۆش بێت و منیش زۆر ماندووبووم بەم تێڕامان و سەرنجەوەو هەر بژین و حورمەتمان قبوڵ بفەرموون.




میولەر و پشیلە ئەڵمانیا داگیر دەکەن … ئیسماعیل تەنیا

ئەڵمانیا، لەڕووی پێشکەوتنی پیشەسازی وتەکنۆلوژیاوە، یەکێکە لەو پێنج وڵاتە زلهێزەی جیهان، کەوا خەریکە هەموو بازاڕەکانی جیهان کۆنترۆڵ دەکات. لەشەڕی دووەمی جیهانیدا، گورزێکی گەورەی کەمەرشکێنی بەر کەوت، بەڵام لەبەر ئەوەی میللەتەکەی کارکردەو خۆنەویست بوون، توانییان بەزووترین کات هەڵبستنەوەو پێش بکەون. زۆر جاران لەکاتی خوێندنەوەی بابەتی تەرفیهی، یان حەسانەوەی مێشک، شتی سەرنج ڕاکێش و سەیرو سەمەرەت بەرچاو دەکەوێت، کەلای ئەوان ئاسایین و بوونەتە ترادسیۆنی میللەتەکەیان، وەلێ لەوانەیە لای ئێمەی لایدەو میوان، مایەی سەرنج و تێڕامان بن… لەگەڵ ئەمانەشدا شتی هاوبەش زۆرن، بەتایبەتیش لە پەندی پێشینان و مەتەڵ و ئیدیۆم گەلێک، کە لەکاتی کارو خوێندن و هەڵسووکەوتدا، گوێمان لێی دەبێت. هەندێک لەو بۆچوون و روداوو خاسیەتانەی کەلای ئەوان ئاسایین و لای ئێمە، مایەی تێڕامانن، ئەمانەن؛

ـ ژمارە سێزدە:

هەر وەک چۆن لەلای زۆربەی گەلانی دنیا، سێزدە ژمارەیەکی نەویستراو و شوومە، لای ئەڵمانەکانیش، بەهەمان شێوەیە.بۆیە؛ لەشارەکان، لە وێستگە سەرەکییەکانی شەمەندەفەردا،(گلایس) شوێنی سواربوون و دابەزینی ژمارە سێزدە بوونی نییە. لەژمارە دوازدەوە یەکسەر باز دەدرێتە سەر ژمارە چواردە. گەر لە زانکۆکان، ڕۆژی تاقیکردنەوەی خوێندکاران، بکەوێتە ڕۆژی سێزدەی مانگ، ئەوا کاتی تاقیکردنەوەکە بۆ ڕۆژێکی تر دوادەخەن، یان پاش و پێشی پێدەکەن. جگە لەمەش لە هوتێلەکاندا، ژووری ژمارە سێزدە بوونی نییە. ئەم جۆرە باوەڕبوونە لای گەلانی؛ ( یۆنان و تورک و ئێران و ئەفغان و پاکستان و ڕووس و مەکەدۆنیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و…..)، بەکەمێک جیاوازییەوە، هەمان بۆچوون و باوەڕ بوون، بەرقەرارە….کەچی لای ئیتالییەکان، ژمارەیەکی زۆر نۆرماڵەو هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ژمارەکانی تر. بەڵام ژمارە حەڤدەیان لا شوومە.بۆیە گەر حەڤدەی مانگ بکەوێتە ڕۆژانی پشوو( شەممەو یەک شەممە)، ئەوا بە دیقەت و ئاگاییەوە، کارەکانیان دەکەن. نەوەک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات. چونکە حەڤدە بە شووم و نەگبەت هێن دەزانن.

ـ (نازناو)، یان (پاشناو):

هەموو تاکێکی ئەڵمانی، پاشناوێکی خانەوادەیی هەیەو لەناو خەڵک و شوێنە فەرمییەکان، پێی دەناسرێتەوە. کەلاو ئێمەش، جاران، لە عەشیرەت و پیشەی بنەماڵەو شوێن و دەڤەری نیشتەجێبوون و…..تاد، خۆی دەبینییەوە.بە گوێرەی داتا فەرمییەکان، کۆمەڵێک (پاشناو)، لەلای ئەڵمانەکاندا، لەڕیزی پێشەوەن،وەکو؛ ( میولەر: ئاشەوان)، (شمیت: ئاسنگەر)، (شنایدەر: بەرگدروو)، (فیشەر: ماسیگر)، (ڤێبەر: جۆڵا). کە هەموو ئەم پاشناوانە، لە پیشەی بنەماڵەکانەوە بۆ نەوەکانیان، ماونەتەوە. لەکۆی نزیکەی شەست ملیۆن ئەڵمانی؛ ( حەفت سەد هەزار کەس، پاشناوی میولەر، پێنج سەدو هەژدە هەزار کەس شمیت ، سێ سەدو سێزدە هەزار کەس شنایدەر، دوو سەدو شەست و حەفت هەزار کەس فیشەر، دوو سەدو سی و چوار هەزار کەس ڤێبەر )یان هەڵگرتووەو پێیەوە دەناسرێنەوە.

ـ خەوتن:

ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا، نزیکەی (٨١ـ٨٢) ملیۆن کەسە. بۆ مەسەلەی خەوتن، ڕێژەی ئەوانە وەرگیراوە کە تەمەنیان لە سەرووی هەژدە ساڵییەو دەبێت کار بکەن، یان کارێکیان هەبێت. هەر یەکێک، تێکڕا (معەدەل) ڕۆژانەهەشت کاتژمێرو بیستودوو خولەک دەخەوێت. سێ کاتژمێرو چوار خولەک کار دەکات. شەش خولەک بە پاککردنەوەی ئۆتۆمبیلەکەی خەریک دەبێت. لە خوێندنەوەو تێگەیشتن لەم رێژانە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ؛ ئەوانەی کار دەکەن؛ لە ساڵێکدا بیستو یەک ڕۆژ مافی مۆڵەت وەرگرتنیان هەیە. لە هەفتەیەکیشدا پێنج ڕۆژ، واتە چل کاتژمێر،کار دەکەن… چەندین موناسەبەو بۆنەی نیشتیمانی و ئایینیش هەیە و دەکەونە ڕۆژانی کار کردنەوەو دەبنە پشوو و کاریان تێدا ناکرێت. جگە لەوەش چەند ملیۆنێکیش هیچ کارێکیان نییە. بۆ دیاریکردنی ئەم ڕێژەیە، هەموویان لەبەرچاو گیراون. مەسەلەی خەوتنیش لە تاکێک بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێت. بۆ نموونە؛ لە خوێندنەوەی بیۆگرافییای (ئەلبێرت ئەنشتاین) و (ناپلیۆن پۆناپێرت)دا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ؛ یەکەمیان لە ماوەی بیستو چوار کاتژمێردا، چواردە کاتژێر خەوتووە. دووەمیشیان تەنها چوار کاتژێر خەوتووە. هەر تاکێکیش بە هۆی جۆراو جۆرەوە، لە هەفتەیەکدا، سێ جار تووشی خەوزڕان، دێت.

ـ ڕاگرتن و بەخێوکردنی ئاژەڵ و تەیروتاڵ:

لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری ئەڵمانەکان لە ئێستادا، لە خێزانی بچووک بچووک پێکهاتوون، یان زۆریان بە تەنیا دەژین، بۆ فەرامۆشی و ئاوەدانی، لەماڵەوە ئاژەڵێکی ماڵی، یان تەیروتاڵ، بەخێودەکەن. زۆر جارانیش بەهۆی خۆشەویستییان بۆیان، ئەم کارە دەکەن. ژمارەکان ئەوە دەردەخەن کە؛ خۆشەویسترین ئاژەڵی ماڵی لای ئەڵمانەکان (پشیلە)یە. هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار پشیلە بە نازو نیعمەتەوە لەم وڵاتەدا دەژین.واتا لە هەر دە کەسێک، یەکێک لە ماڵەوە پشیلەی هەیە. دوای پشیلە ئاژەڵ و تەیروتاڵی بچووکی وەک؛ (سمۆرە، کەروێشک، مار، کۆتر، بولبول، کەناری، بەبەغا، ……)، بە پلەی دووەم دێتن. (سەگ)یش بە پلەی سێیەم دێتن.

ـ لە ئەڵمانیادا، بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و لەباری داهاتی تاکەکەس، بەشی زۆری تاکەکان، خاوەن ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیانن، ئەمە جگە لە ئۆتۆمبێلی جۆر بەجۆری کۆمپانیاو کارگەو دامەزراوەکان…لە شەقام و هێلە سەرەکییەکان، زۆر جاران، بەتایبەتیش لەکاتی چوونە سەرکاریان لە بەیانیان و دەست هەڵگرتن، جۆرە قەرەباڵغی و تێکچڕژان و ڕاوەستانێک دروست دەبێت، کە ئەڵمانەکان پێیدەڵێن (شتاو)… ئەم دیاردەیە رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، ڕادیۆکان وەک ئاگادارکردنەوەی شۆفێرەکان ئاگاداری بڵاودەکەنەوە کە لە فلان شوێن، ماوەی ئەوەندە کاتژێر یان خولەک، (شتاو)، هەیە. گەورەترین و درێژترین (شتاو)ی ئۆتۆمبیل لەمێژووی ئەڵمانیادا، ئەو (شتاو)ە بوو کە لەدوای یەکگرتنەوەی هەردوو بەشەکە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)، لە ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی مانگی نیسانی ساڵی (١٩٩٠)دا، ڕوویدا. لەم ڕۆژەدا هەژدە ملیۆن ئۆتۆمبیل، لەسەر شەقامی گشتیدا لەریز وەستابوون، چاوەڕوانی پەڕینەوەیان لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا، دەکرد.

ـ ئەوەی تا ئێستاکە کە لە کتێبی (سەیرو سەمەرەکان)دا، تۆمارکرا بێت، ئەوەیە؛ کە بچووکترین کتێب، کتێبێک بووە لە وڵاتی چین، چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوای ئەمە؛ بچووکترین کتێب، ئەم کتێبەیە کە ژمارەی لاپەڕەکانی بریتییە لە (٣٢) لاپەڕەی قەبارە پانی: (٢،٤) دوو ملیۆن و چوار لەدەیاو درێژی (٢،٩) دوو ملیم و نۆ لە دەیا، لەشاری ( لایبزیگ)ی ئەڵمانیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە…( دەبێت چ چاوێک و بە چ جۆرە چاویلکەیەک بتوانیت بیخوێنیتەوە !!).ئەم چاپخانەیە چۆن چاپی کردووە؟!!.
مرۆڤ هەموو کاتێک پێویستی بە خوێندنەوەی جدی و تاقەت پروکێن نییە، زۆر جاران بۆ فزولییەت و جۆرە پشوودان و زاخاودانەوەی مێشک، ئەم زانیارییانەشی پێویستە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر




ئاڵا … ئیسماعیل تەنیا

ئاڵا،جگە لەوەی کە هێمایەکە بۆ ناسین و ناساندنی وڵاتێک، هۆکارێکیشە بۆ دەستنیشانکردنی ڕادەی خۆشەویستی هاونیشتیمانیان و شێوەی پابەندبوونیان پێیەوە. لە هەموو بۆنە نیشتیمانیی و ئاهەنگ و خۆپیشاندان و هەڵبژاردنەکاندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئامادەگی هەیە. میللەتانی جیهان، بەتایبەتیش لە کاتی یارییەکانی تۆپی پێ و خوولی جامی جیهانی، زێتر لە هەموو کاتێک لەم هێما نیشتیمانیی و نەتەوەییە نزیک دەبنەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە لە سەر تەختی نێوچەوان و ڕوومەت و قۆڵ و باسکیان دەینەخشێنن. هەر ئەم ئاڵایە، هۆکارێکیشە بۆ کاسبی و پارە پەیدا کردنی بەشێک لە هاووڵاتییان… لە بۆنەکاندا، لە شوێنە گشتییەکان، دوکان و مارکێتەکان،لە لایەن دەستگێڕەکانی سەر شەقامەکاندا، مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ماوەیەکە، لە سەنتەری شاری هانۆڤەری ئەڵمانیادا، دوو گەنج بە کۆمەڵێک تەباشیری ڕەنگاو ڕەنگەوە دەبینم، دانیشتوون و لەسەر زەوی ئاڵای وڵاتانی جیهان دەنەخشێنن. ئەوانە؛ سواڵکەرن، بەڵام سواڵکەرێکی خوێن شیرین و ڕەزا سووک لەلایەن خەڵکەوە…بە بەردەوامی، چوار دەوریان لەلایەن خەڵکی جۆراوجۆر( لە ڕوی نەتەوەییەوە)، تەنراوە… هەر تاکێک بە دوای ئاڵای خۆیدا دەگەڕێت. کە دۆزییەوەش، بە گوێرەی توانا و ئاوەدانی گیرفانی خۆی، بڕێک پارە هەڵدەداتە سەر ئاڵاکەی خۆی. بەم کارەی ویژدانی خۆی ئاسوودە دەکات و یارمەتی سواڵکەرەکە دەدات، لەهەمان کاتیشدا، خۆشەویستی و وابەستەیی خۆی، بە چەمکی نیشتیمان پەروەری و نەتەوەییەوە، دەمەزەرد دەکاتەوە.

ئاڵای کوردستان، هەر چەندە لە ڕوی قانوونی نێودەوڵەتییەوە، بوونی نییە، چونکە تا ئێستاکە خاوەن قەوارەیەکی تایبەتی دانپیانراو نین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، ڕۆژانە، ئامادەگی خۆی لەپاڵ ئاڵاکانی ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و ……تاد، هەیە. هەر دوو گەنجەکە ، بەین نا بەین، ون دەبن، ناوە ناوەش لە هەمان شوێنی گۆرین، دەردەکەونەوە. وا دیارە ئەم ڕۆژانەی کە لە هانۆڤەر دەرناکەون، دەچنە شوێن و شاری ترو بەردەوامی بە کاسبییەکەیان دەدەن.

دوو هەفتە لەمەوبەر، سەیری ئاڵای کوردستانم کرد، پارەیەکی زۆری لەسەر بوو، بە پارەی کاغەزیشەوە، کە خۆی لەشآنی وڵاتە ناسراوەکان، دەدا. ئەمجارەیان، ڕۆژی ١٥/٧/٢٠١٧ ، چونکە بە نیاز بووم شتێکیان لەسەر بنووسم، زۆر بە دیقەتەوە، سەیرم کردن؛ لە نێو پەنجاو چوار ئاڵای خاوەن قەوارەو ناسراودا، لە ڕوی زۆری بڕی پارە لەسەر بوون، لە دوای وڵاتانێکی وەک؛ ئەلبانیا و ئیتالیاوە، دەهات، زۆر کەیفم پێهات… هەر چەندە ڕەوەندی تورک بە ژمارە لە هانۆڤەر زۆرن، لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوەندە پارەیان نەبەخشیبووە ئاڵاکەیان. هەر کەسێک کە دەهات، کەمێک ڕادەما، بڕیک پارەی دەبەخشییە ئاڵاکەی،( یان ئەو ئاڵایەی کە حەزو خۆشەویستی بۆی هەیە)، دواتر، بە مۆبایلەکەی، وێنەیەکیشی دەگرت… هەندێک کەسیش کە سەیری ئاڵاکەی خۆیان دەکرد؛ کە شتێکی ئەوتۆی لەسەر نییە مایەی سەرنج ڕاکێشان بێت، بە غەمگینی و گرژییەوە، شوێنەکەیان بەجێدەهێشت.

دەوڵەمەندی ئاڵای کوردستان لە شاری هانۆڤەر، چەند دەلالەتێک دەبەخشێت، کە لەپێش هەموویانەوە زۆری ژمارەی کورد لەم شارەو هەستی بەرزی پڕ لە حەماسەتی پەنگ خواردوی نەتەوەیی و خۆشەویستی کوردستانە، لای تاکەکانی ئەم ڕەوەندە.
ئەم دوو گەنجە، سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی ئاڵاکەمانەوە، بڕە پارەیەکی باش پەیدا دەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا، نەتەوەی کوردو خاکی کوردستان و دەوڵەتی چاوەڕوانکراوی کوردستان، بە جیهان دەناسێنن و حەماسەتی ڕەوەندی کوردیش، گەرمترو بەگوڕ تر دەکەن.


ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر




کتێبخانەی کوردی لە هانۆڤەر … ئیسماعیل تەنیا

هانۆڤەر یەکێکە لەم شارانەی ئەڵمانیا کە مێژوویەکی (٧٥٠-٨٠٠) ساڵی هەیەو کەوتۆتە باکوری وڵات و ژمارەی دانیشتوانەکەی (٥٢٥) هەزار کەسێک دەبێت. ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە نەتەوە جیا جیاکانی وەک؛ ( یۆنانی، ئیتالی، ئێرانی، ئیسپانی، تورکی، عەرەب، هیندی، ئەفغانی، ئەلبانی، کورد، بە هەموو پارچەکانییەوە، …..تاد)، تیایدا نیشتەجێن. پەنابەرە چالاکەکان، سوودیان لە دەستووری ئەڵمانیا، وەرگرتووە. توانیویانە ڕێکخراوی کولتووری، قوتابخانە بە زمانی دایک، کتێبخانە، دابمەزرێنن و بکەنەوە. هەڵبەتە، شارەوانیش یارمەتییان دەدات. لە میانەی ئەم سەنتەرو ڕێکخراوانەدا، چالاکی کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان نمایش دەکەن و زێتر خۆیان لە کولتووری ئەڵمانی و ئەوروپی، نزیک دەکەنەوەو خۆیانیان پێدەناسێنن. بە چالاکییەکانیان بەشداری بۆنە نیشتیمانیی و فەرمییەکان دەکەن. جگە لە سازکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیریی و شەوانە ئاهەنگ و نمایشکردنی خواردەمەنی و ڕێپێوانی لایەنگیریی و ناڕەزایی دەربڕین.

لەم شارەدا، چەند نەتەوەیەکی چالاک، توانیویانە ئەم کتێبخانە تایبەتییانە بکەنەوە؛
– کتێبخانەی ئێرانی: بریتییە لە دوو کتێبخانە لە دوو شوێنی جیا جیادا. هەر کتێبخانەیەک زێتر لە بیست هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی جوولەکەکان: نزیکەی دە هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی چینییەکان: دە هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی ئەرکەداش(تورکی): هەشت هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی ئێزیدییەکان: نزیکەی پێنج هەزار کتێبی تێدایە.
جگە لەم کتێبخانانەی سەرەوە، هەندێک کتێبخانەی تریش هەن، وەک؛ کتێبخانە ئەلبانی، رووسی،…هەندێک ئەڵمانی چەپڕەویش، چەند کتێبخانەیەکی نێونەتەوەییان دامەزراندووە، کە یەکێک لەم کتێبخانانە، کتێبخانەی ( هانا ئاڕند)ە ، کە زیاتر تایبەتە بە پەنابەران و پرۆسەی ئاوێتە بوونەوە. بۆ بە ناوی ( هانا ئاڕند ) و بۆچی تایبەت بە پەنابەران و خەڵکی غەریب و لایدە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت کەمێک باسی ناوبراو بکەین.

هانا ئاڕند کێیە

لە ڕێکەوتی١٤-١٠-١٩٠٦ ، لە ( لیندن)ی سەر بە هانۆڤەر، لە خانەوادەیەکی جوولەکە، لەدایک بووە. لیندن، ئێستاکە بۆتە بەشێک لە شاری هانۆڤەر. لە ساڵی١٩٢٤ دا چۆتە زانکۆ و لە بەشی ( فەلسەفەی کلاسیک ) درێژەی بە خوێندن داوە. لە ساڵی ١٩٢٩دا لەگەڵ خانەوادەکەیدا، شاری هانۆڤەر بەجێدەهێڵن و لە بەرلین نیشتەجێ دەبن. لەوێ، ” گونتەر شتێرن ئاندرس” دەناسێ و شووی پێدەکات. کاتێک کە هیتلەر و نازییەکان، دەسەڵات دەگرنە دەست، کاری لەپێشینەیان، دژایەتی کردنی هاووڵاتییە جوولوکەکان دەبێت و هەموو مافە سەرەتایی و بنچینەییەکانیان، لێ زەوت دەکرێت. چەندین نووسەرو سیاسەتمەدار و ڕۆشەنفکر و چالاکڤان و کەسایەتی جوولەکە، لەلایەن نازییەکانەوە، بندەست دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە. ( هانا ئاڕند)یش یەکێک دەبێت لەوانە. لە ساڵی ١٩٣٧، لە زیندان ئازاد دەکرێت، بەڵام ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لێدەسەندرێتەوە. هەر لەم ساڵەدا، لە مێردەکەی ” گونتەر شتێرن ” جودا دەبێتەوەو وەک پەنابەر ڕوو لە فەڕەنسا دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. درێژە بەکاری نووسین و ڕۆژنامەگەریی، دەدات. لەوێ، لەڕێگای نووسین و کتێبەکانییەوە ( سیاسی و فەلسەفی)، وەک ڕۆژنامەنووس، پرۆفیسۆر، فەیلەسوف، دەناسرێت و درێژە بە کارو چالاکییەکانی دەدات. ناوبراو، باوەڕی بە ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی تەواوی مرۆڤەکان هەبووە. ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە. جیاوازی لەنێوان ڕوخسارو ڕەنگەکان نەکردووە. بۆ جاری دووەم، لە ساڵی ١٩٤٠دا ئەمجارەیان لە فەڕەنسا، دەچێتەوە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریی و لەگەڵ ( هاینریش بلوکەر)، زەماوەند دەکات و تا مردنی بلوکەر لە ساڵێ ١٩٧٠دا، هەر لەگەڵ ئەودا، درێژە بە ژیان دەدات. لە ساڵی ١٩٤٩، وەک پەنابەر روو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات و لە ساڵی١٩٥٠ دا، ڕەگەزنامەی ئەم وڵاتە وەردەگرێت. پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و شکست خواردنی نازییەکان،( هانا ئاڕند)، لەساڵی ١٩٤٨ ، بەسەردان دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا. لەپاش پەنجاکانەوە، زۆر کاری لەسەر چمکی نازییەت و هەوڵی تواندنەوەی جوولەکەکان، لەلایەن نازییەکانەوە، کردووە. لە ڕۆژی ٤-١٢-١٩٧٥، ( پێنج ساڵ دوای مردنی هاوسەرەکەی)، لە شاری (نیۆیۆرک)، لە تەمەنی شەست و نۆ ساڵیدا، بە نەخۆشی دڵ، کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێش دەنێژرێت.
کۆمەڵێک کتێبی سیاسی، مێژوویی، فەلسەفی، چاپ و بڵاوکردۆتەوە، کە گرنگترینیان کتێبی؛ (ڕەگی تۆتالیتاریزم)ە. ئەم کتێبە؛ بریتییە لە شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەو هەڵوەستە کردنە لەسەر چمکی نازییەت و ستالینیزم و بزووتنەوەو هزرە شمولییەکانی تر لەسەدەی بیستەم. لە ساڵی ١٩٥١ دا، بڵاویکردۆتەوە. دوای ئەمە، ئەم کتێبانەشی بڵآوکردونەتەوە؛-
( ژییاننامەی ئافرەتێکی جوولەکە- ساڵی ١٩٥٨ ، دۆزی مرۆڤایەتی- ساڵی ١٩٥٨ ، لە نێوان ئێستاو داهاتوودا- ساڵی ١٩٦١ ، لەبارەی شۆڕشەوە- ساڵی ١٩٦٣، پیاوانی کاتە تاریکەکان- ساڵی ١٩٦٨ ).
لەبەر هەوڵ و خەبات و ماندوو بوونی، حکومەت و کۆمەڵگای ئەڵمانی، ڕێزیان لێ گرتووە، چەندین (شەقام و کوچەو کۆڵان و قوتابخانە و باخچەی گشتی)، لە ئەڵمانیا بە گشتی و لە هانۆڤەر بە تایبەتی، بە ناوی ئەم ژنەیان کردووە، تاوەکو هەر بە زیندوویی لە هزری نەوەکانیاندا،بمێنێتەوە.

کتێبخانەی ( هانا ئاڕند )

کتێبخانەی هانا ئاڕند، یەکێکە لەم کتێبخانە نێونەتەوەییانەی شاری هانۆڤەر، کە زیاتر تایبەتن بە پەناهەندەکان، لە ساڵی ١٩٨٢دا ،( بەڵام بە ناوی ترەوە) دامەزراوە. لە (٦-٥-٢٠٠٥)دا، بە رەسمی ناوەکەی بۆتە ( هانا ئاڕند). ( ڤاڵتەر کۆخ )ی نووسەر و خاوەن ئایدیای چەپ دایمەزراندووەو هەر خودی خۆیشی بەڕێوەی دەبات. بۆیەش ئەم ناوەی لێناوە، چونکە؛ هانا ئاڕند، یەکێک بووە لە قوربانییەکانی هەڵگری فکری ئازادی و یەکسانیخوازی و یەکێکیش بووە لە پەناهەندە کۆچبەرەکان و بەبێ ویستی خۆی، زێد و کتێبخانەکەی، پێ بەجێهێڵدراوە. چۆن ناوبراو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە، سەرپەرشتیارانی ئەم کتێبخانەیەش، لەسەر هەمان ڕێباز دەڕۆن.
لە ڕۆژانی دووشەممەوە تاوەکو هەینی، لە کاتژمێری(١٤-١٨)،کراوەتەوەو بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە میوان و هاوڕێیانی کتێب دەکات. کارو چالاکییەکانی بریتییە لە؛-
– ئامادەو سازکردنی کۆڕو سیمینار بۆ خەڵکی پەناهەندەو دۆستەکانیان و یارمەتیدانیان.
– هەوڵدان بۆ لەیەکتر نزیک کردنەوەی کولتوورە جۆراو جۆرەکان و ئاوێتە بوونیان بە کۆمەڵگای ئەڵمانی، تاوەکو بە ئاسانی لەگەڵ ئەم کۆمەڵگا تازەیە هەڵبکەن و بتوانن درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن.
– ئەم کتێبخانەیە بۆتە ماڵی دووەمی پەناهەندەکان، ئەگەر لە وڵاتی یەکەمیان بەهۆی کۆچبار بوونەوە، کتێبخانەکانیان لەدەست داون، ئەوا لێرەدا دەتوانن کتێبەکانیان بدۆزنەوەو ئارەزوو و خەونە بەدینەهاتوەکانیان، بهێننە دی.
– کتێبخانەیەکی نێونەتەوەییە، جگە لە کتێب کۆمەڵێک گۆڤار و رۆژنامەو کارتی داوەتنامەو کارو چالاکییەکانی پەناهەندەکان، تێیدا ئەرشیف کراون.
– پەناهەندەکان ( بەتایبەتی ڕۆشنبیرو کەسایەتییە کولتووریەکان)، دەتوانن لەم کتێبخانەیەدا ژوان بگرن و یەکتر ببینن و لە دەوری یەک مێزدا گفتوگٶ بکەن و بیروڕاکانیان، ئاڵوگٶڕ بکەن. جگە لەمەش دەتوانن کۆڕو سیمینار ببەستن و ئاگاداری کارو چالاکی ڕابردوو و ئایندەی یەکتر، ببن.
لەم کتێبخانەیەدا، کۆمەڵێک کتێبخانەی بچووک بچووک هەن، وەک؛-
– کتێبخانەی یۆنانی: کە بریتییە لە چەند دۆڵابێک لە کتێبی یۆنانی.
– کتێبخانەی باکوری ئەفەریقا: ئەم بەشە بریتییە لە چوار دۆڵاب کتێب، ئەوانیش دابەش دەبن بەسەر کتێبی؛ (بەربەر، ئەمازیغی، عەرەبی)، کە بە زمانی جۆراو جۆر نووسراون، لەوانە؛ ( فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، بەشێکی کەمیش بە زمانی عەرەبی).
– کتێبخانەی کوردی: ژمارەی کتێبەکانی ئەم کتێبخانەیە، بە بەراورد بە کتێبخانەکانی تر، زۆر نین، بەڵام لە دەستپێکی دامەزراندنیدا، لە هەموویان زیاتر، ئەندام و چالاکی زیاتری هەبووە.
– کۆمەڵێک کتێبی فارسی: کە خۆیان لە سێ دۆڵاب کتێب دەدەن، بەڵام بە کتێبخانە حسێب نەکراوە. باوەڕ دەکەم هەر لەبەر ئەوە بێت کە لە شاری هانۆڤەر، دوو کتێبخانەی تری پەناهەندە ئێرانییەکان هەیە، بۆیە ئەمەیان بە کتێبخانە حسێب نەکردووە.

کتێبخانەی کوردی

دامەزراندن و زەمینە سازکردن بۆ ئەم کتێبخانەیە بۆ ساڵانی (١٩٨٦-١٩٨٧) دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک کوردی پەناهەندەی باشور لەم ساتەوەختەدا کۆمەڵیک کتێبیان کۆکردۆتەوەو وەک بەشێک لە کتێبخانەی نێونەتەوەیی دایانناوە. لە ساڵی (١٩٨٧)دا، یەکەم چالاکییان بەستنی کۆڕێک بووە بە زمانی ئینگلیزی و لەهەمان کاتیشدا تەرجەمەی زمانی ئەڵمانی کراوە. تورکە چەپەکانیش هاریکاریان کردوون و ئەوانیش کتێبەکانی خۆیان، لەم کتێبخانە نێونەتەوەییە داناوە. پاشان کوردەکانی باکور هەوڵ دەدەن کتێبخانەیەک بکەنەوە، بەڵام هەوڵەکەیان شکست دێنێت. کتێبخانەی کوردی لە ساڵی (١٩٩٣)دا، بە فەرمی مۆڵەت لە حکومەت وەردەگرن و دەیکەنەوە. کەسە چالاک و ئەکتیڤەکان بریتی بوون لە ؛( هوشیارعەبدوڵا هەولێری، کەمال سلێمانی، ڕەمەزان ). ئەمانە دەست پێشخەر و بناغە دانەری بوون. دوای ئەوە خەڵکانی تریش دەبنە ئەندام لەم کتێبخانەیەدا. بە گوێرەی دیکۆمێنتەکانی ناو ئەم کتێبخانەیە، لە ساڵی (١٩٩٥)دا، چالاکی باشیان هەبووەو رۆژانە کرایتەوەو ئەم ئەندامانە؛( هوشیار عەبدوڵا، ئیبراهیم محەمەد، فەرەج تەها، بەکر مەرگەیی، ئەحمەد کەلاری، کەنعان شێخۆ)، دەوامیان لێ کردووە. جاران لە ناوچەی نۆرد شتاد ( باکوری شار)، لە کۆرن شتراسە ( شەقامی کۆرن)، بووە.
لە ڕێکەوتی (٢٩-٨-٢٠٠١)، پرۆتۆکۆڵێک لە نێوان کتێبخانەی کوردی ( وریا،ئەردەڵان،فرانک پوئین) و کتێبخانەی هانا ئارند ( ڤاڵتەر کۆخ)دا، واژۆ دەکرێت. بە گوێرەی ئەم پرۆتۆکۆڵە، کتێبخانەی کوردی دەگوازرێتەوە ئەم کتێبخانە نێونەتەوەییە. کوردەکان هەوڵ دەدەن، شوێنێکی تایبەت بگرن و بیکەنە کتێبخانە،بەڵام هەوڵەکانیان سەر ناگرێت. بە گوێرەی قسەکانی ( ڤاڵتەر کۆخ)، ئەندامەکانی ئەم کتێبخانەیە زۆر چالاک بووینەو بە بەردەوامی بە ژمارەیەکی زۆر هاتوچۆی ئەم شوێنەیان کردووە، کە جاری وا هەبووە خۆی لە پەنجا کەس داوە.

بەشێک لە ئامانج و ئەرکەکانی کتێبخانە

بە گوێرەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆ ؛ ( کتێبخانەی کوردی شاری هانۆڤەر دەزگایەکی کولتووری بێلایەن و سەربەخۆیە، لە هەنگاوەکانیدا بەرژەوەندی کورد بە گشتی ڕەچاو دەکات).
– کتێبخانەی کوردی تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی دۆستایەتی نێوان هەموو میللەتانی جیهان و بەهێزکردنی بیروباوەڕی نێونەتەوەیی.هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە؛-
– کۆکردنەوەی هەموو ئەو کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوانەی کە بە زمانی کوردی چاپکراون یان چاپدەکرێن بە هەر جۆرە ئەلف و بێیەک نووسرابن.
– کۆکردنەوەی هەموو ئەو کتێب و بڵاوکراوانەی کە بە زمانە جیهانییەکان چاپکراون و دەکرێن، بە تایبەت دەربارەی کوردو کوردستان.
– بنیاتنانی ئەرشیفێکی بەرفراوان بۆ کتێبخانەی کوردی.

– کتێبخانە هەوڵ دەدات ببێتە مەڵبەندێکی کولتووری بۆ کوردە ئاوارەکان و کەسانی بیانی کە دەیانەوێت توێژینەوە لەسەر کورد بکەن.
– کتێبخانە تێدەکۆشێت بۆ بەشداری لە بواری هونەریدا وەک ( پێکهێنان و یارمەتی کۆمەڵەی شانۆو مۆسیقاو کاری تەشکیلی).
– کتێبخانە کار دەکات بۆ بانگهێشتن و سازکردنی سیمینارو یاد کردنەوە لەلایەن ڕۆشنبیران و کەسان و کۆمەڵەی هونەری دەرهەق بە خزمەت بە کولتووری کوردی ، کتێبخانە پێویستییەکانی ئەو جۆرە کارانە دابین دەکات.
– کتێبخانە هەوڵ دەدات بۆ یارمەتیدانی کوردە ئاوارەکان و پەنابەرەکان.

کتێبەکانی ناو ئەم کتێبخانەیە

کتێبەکان، بەشی زۆریان لەلایەن کوردەکانی هانۆڤەرەوە بە تایبەتی ئەندامەکانیان، پێشکەش کراون.ئەوانی تریش بە گوێرەی نووسراوی سەر کتێبەکان، لەلایەن خودی نووسەرەکانەوە، یان خەڵکی ترەوە لە شوێنی جیا جیا پێشکەش بەم کتێبخانەیە کراون. دەتوانین کتێب و مەوجوداتی کتێبخانەکە کە خۆیان لە (٣٢٥) ناوونیشان دەدەن، بەم شێوەیە پۆلین بکەین.( هەڵبەت لە سەرەتاوە ژمارەکە زۆر لەمە زۆرتر بووە، بەڵام کە داخراوە، وردە وردە کەم بوونەتەوە).
(١) – دوو سەدو سی و پێنج دانە بە زمانی کوردی( کرمانجی خواروو-ڕێنووسی ئارامی)و عەرەبین.کتێبە عەرەبییەکان زۆر کەمن، لە ڕووی ژمارەوە لەگەڵ کوردییەکاندا بەراورد ناکرێن. بەرهەمی زۆربەی نووسەرانی کوردی تێدایە، ئەگەر بە یەک ناوونیشانیش بووبێت. لەوانە، نووسەران؛ ( د.جەمال نەبەز، د. ئاوڕەحمانی حاجی مارف، د. مارف خەزنەدار، حوسێن حوزنی موکریانی، مەسعود محەمەد، عەلائەدی سەجادی، محەمەد عەلی قەرەداغی، د. سادق شەرەفکەندی، د. خەلیل جندی، ئەسکەرێ بیوک، فریاد فازیل عومەر، دلشاد مەریوانی، حەیدەر عومەر، خەبات عارف، د. حوسێن خەلیقی، فەرهاد شاکەلی، عەونی داودی، ڕێبوار ڕەشید، سەعید نورسی، عەلی باپیر، عەبدولقادر سەعید، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، …..تاد).

(٢)- بیست و حەوت دانە بە زمانی کوردی ( کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکین. کتێبە تورکییەکان زۆر کەمن کە خۆی لە (٤-٥)، کتێب دەدات. ئەوانیش هی مێژوونووس و کۆمەڵناسی دۆستی کورد ( ئیسماعیل بێشکچی)ن و لەسەر مێژوو و دۆزی کورد نووسراون.
(٣)- شەست و سێ دانە بە زمانی ئەڵمانی نووسراون کە سێزدە لەوانە ڕۆمانەکانی ( یەشار کەمال)ن و لە تورکییەوە کراونەتە ئەڵمانی. لەگەڵ چەند کتێبێکی تر کە نووسەری ئەڵمانی ( مۆتکە)، لەسەر کوردستان و کورد، نووسیویەتی. بەشێکی تریان خەڵکی پسپۆڕ و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی و کورد نووسیویانە، یان وەرگێڕدراون. کتێبی نووسەرە کوردەکانی وەک ( لەیلا زانا، د. عیسمەت شەریف وانلی، مەهدی زانا، مەحمود باکسی، شێرکۆ بێکەس، فازیل ڕەسوڵ،…..) لەوێدا، دەبینرێن.
(٤)- گۆڤارەکان: هەندێک لە ژمارەکانی گۆڤارە کوردی و ئەڵمانی و عەرەبییەکانی وەک؛( یەکگرتن، ژیلەمۆ، دالیان، هاڤیبوون، هاوار، نواڵە، ڕۆژ، هانا، ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، نووسەری کورد، نووسەری نوێ، وان، بیری نوێ، ئەکادیمی، ئەمارا، رسالە العراق، کوردستان ئینفۆ،…..تاد)، لە دۆڵابەکاندا دەبینرێن.
ناوەرۆک و چمکی کتێبەکان وەک هەر کتێبخانەیەکی ئاسایی تر، هەمەجۆرن، وەک؛-
– کتێبی مێژوویی
– کتێبی سیاسی
– کتێبی کۆمەڵایەتی
– ئیسلامی
– زانستی
– قوتابخانە، یان پەروەردەیی
– ئەدەبی بە هەموو چمکەکانی وەک؛ ( ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، چیرۆکی منداڵآن، فۆلکلۆر، فەرهەنگ).

بە داخەوە، بەهۆی گواستنەوەی ململانێی حزبی لە کوردستانەوە بۆ هەموو شوێنێک کە کوردی پەناهەندەی لێ بێت، هەروەها یەکتر قبوڵ نەکردن و لەگەڵ یەکتر هەڵنەکردن، بە ناچاری کتێبخانەکە- مەبەست لە کوردیەکەیە نەک هانا ئارند – ، داخراوەو چالاکییەکانیان وەستاوە. ئەوەندە کتێبەی کە ماویشن، بە بێنازی لەنێو دۆڵابەکاندا تۆزیان لێ نیشتووەو کەسێک نییە لایان لێ بکاتەوەو میواندارییان بکات.

پێشنیارێک بۆ حکومەتی هەرێم

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، کوردێکی زۆر- هی هەموو پارچەکان بە لوبنان و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانیشەوە- لە هانۆڤەردا دەژین، وا خەریکە ئەو نەوەیەی لەوێدا لەدایک بوون، پێڕادەگەن و لێپرسراوەتی سیاسی و کارگێڕی وڵات دەگرنە دەست، ئەگەر لایان لێ نەکرێتەوەو خۆیان لێ بە خاوەن نەکرێت، لەوانەیە سوودێکی ئەوتۆیان بۆ نیشتیمانی یەکەمیان ( کوردستان) ، نەبێت. بۆیە پێشنیار دەکەین کە حکومەتی هەرێم، دوور لە گیانی زاڵبوونی حزبایەتی، خۆ لەم پەناهەندانە بە خاوەن بکات و بەدەنگ داواکارییە کولتووریەکانیانەوە بچێت، خەڵکێکی ڕۆشنبیر لەم نێوەندەدا هەن، دەکرێت لێپرسراویەتی ئەم سەنتەرو کتێبخانەیان پێ بسپێردرێت. بۆ مەسەلەی کردنەوەو دامەزراندنی کتێبخانە هەر هیچی تێناچێت، حکومەتی خۆجێیەتی ئەڵمانیا، بە پێی یاسا دەتوانێت یارمەتییەک بدات. دەمێنێتەوە سەر کۆکردنەوەی کتێب، ئەمەش ئەوەندە کارێکی ئەستەم نییە، حکومەت ( وەزارەتی ڕۆشنبیری) ، لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانەوە ، دەتوانێت بە ناردنی کتێب یارمەتی بدات. حاڵی حازر ئەوەندە کتێب لە کوردستاندا چاپ دەکرێت، بەڵام بە داخەوە خوێنەریان نییە. دڵنیام ئەم کاتە، دەزگا تایبەتییە ئەهلییەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش بە کتێب ، یارمەتی پێشکەش دەکەن.
مەسەلەیەکی تری هەرە گرنگ ئەوەیە، مانەوەی کتێب و نەفەوتانی ، لە ئەوروپا زامنترە وەک لە کوردستان.ئەدی ئەوە نییە کتێب و گۆڤارو دەستنووسە کۆنەکانمان لەم کتێبخانانەدا پارێزراون….




جەمال خەزنەدارو خەرمانێکی تر … ئیسماعیل تەنیا

جەمال خەزنەدار، یەکێکە لەم کەسانەی کە بە عەشقەوە، خەریکی کاری ڕۆژنامەگەریی کوردییە. جاران، لە بەشێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی بەغدا، وەک سکرتێری نووسین یان نووسەر، دەست بەکار بووە.ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگ بێت و سەرنجی ڕاکێشابم؛ کاری ( کۆکردنەوە،دووبارە چاپکردنەوە، لێکۆڵینەوەو لەسەر نووسین،ساغکردنەوەو بەدواداچوون )ە لای ناوهاتی… لە هەمووشیان گرنگ و بەرچاوتر؛ کۆکردنەوەو پۆلین و ئەرشیف کردنی ئەو هەموو گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەن کە ناوبراو زێتر لە نیوەی تەمەنی خۆی پێی بەخشیون.لەسایەی ئەم هەوڵانەشیدا، بۆتە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندو دەگمەن، کە لەڕۆژی ئەمڕۆماندا، بەسامانێکی نەتەوەیی گران بەها، حسێبی بۆ دەکرێت. ئەوەندەی من لە نزیکەوە ناوبراو بناسم، لەپای ئەم تەمەنەیشییەوە، هێشتان بەگوڕترو عاشقانە تر، نموونەی گەنجێکی (٢٠-٢٥) ساڵی لە تێکۆشان و نەسرەوتندایە. خۆشەویستی بۆ ئەم کارەی، وایکردووە کە لەسەرف کردنی پارە نەسڵەمێتەوە…هەر لەبەر ئەم خۆشەویستییەشی، زۆر جاران کۆنە گۆڤارو ڕۆژنامان دووبارە کۆپی دەکاتەوە لەکاتێکدا لە ئەرشیفەکەی خۆیدا ژمارەی ئۆرگینالی هەیە. خانوویەکی گەورەی خۆی لەشاری هەولێر، لە قەبەر ئەرشیفخانەکەی کردووە، کە تاکە ژوورێکی بەتاڵی تێدا نابینیتەوە. ئەو لەبری بەکرێدان و خەمی گیرفان پڕکردن؛ لەخەمی دابینکردنی شوێنێکی شیاوو گونجاودا بووە بۆ پاراستنی دیکۆمێنتە کۆکراوەکانی. سەرەڕای خەریک بوون بە پرۆژە گەورەکەی؛(ئینیسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی)، کە تاوەکو ئێستاکە تەنها بەرگی یەکەم (پیتی ئەلف)ی لێ بڵاوکردۆتەوەو بەرگی دووەمیشی لەژێر چاپدایە، لەپاڵ ئەم کارە تاقەت پروکێنەشدا، ناوە ناوەش لە مەڵبەندە کوردییەکانی ئەوروپا کۆڕ دەبەستێت، یان وتارو لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی،بڵاودەکاتەوە.
تازەترین کاری چاپکراوی ئەو،کتێبێکە بەناوی؛( لەبابەت مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە)یە. ئەم کتێبە؛ بریتییە لە سێزدە بابەت و لێکۆڵینەوەو ساغکردنەوە، کە پێشتر بەشێکیانی لەگۆڤارو ڕۆژنامەکاندا یان کۆڕو سیمینار،بڵاوکردۆتەوە،یان پێشکەشی کردوون. (٢٥٥) لاپەڕەی قەوارە گەورەیە. لەسەر حسێبی خۆی چاپی کردووە. لەم ڕۆژگارە کەسادو بێ هەڕمێنییەی بازاڕی (کتێب،گۆڤار،ڕۆژنامە)ی کوردیدا، ئەو هاتووە چەندین گۆڤارو ڕۆژنامە و تێمای ساغکردۆتەوە- هەڵبەت بێبەریش نین لە کەم و کورتی- و بە نەوەی تازە هەڵچووی دوای ڕاپەڕینی ئاشنا کردوون. ئەو پاش سەرئێشەو ماندوو بوون وهەڵگێرو وەرگێڕ کردنی ئەم کۆنە بڵاوکراوانە، مێژووی بەکارهێنانی وشەی گۆڤار(کۆوار)و ڕۆژنامەمان لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بۆ ساغ دەکاتەوە. بەهەناسەیەکی ساردەوە، دووبارە خەمەکانی ( حوسێن حوزنی موکریانی و ئیبراهیم ئەحمەد)مان بۆ دەگێڕێتەوە. لە خوێندنەوەو ورد بوونەوەی خەمەکانی ئەواندا دەگەینە ئەو قەناعەتە؛ کە تا ئێستاکەش بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی کەسادەو ( کاڵا بەقەد باڵا)،نییە.
حوزنی، هەشتاو یەک ساڵ لەمەوبەر، لەسەروبەندی دەرکردنی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (ڕووناکی) لە (٢٤/١٠/١٩٣٥)دا، باسی ئەو گیروگرفتانە دەکات کە ویستوویانە وەک ئاستەنگ بیخەنە پێش کاروانەکەی. هەر کەسێک ئەو چیرۆکە واقیعییەی حوزنی بخوێنیتەوە، لەوە تێدەگات کە جیلی یەکەمی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە چ مشەقەتییەک کاروانەکەیان بەسەلامەتی بەڕێکردووە.
( ئیبراهیم ئەحمەد)یش لەسەربردەی دەرکردنی گۆڤاری (گەلاوێژ) لە کانوونی یەکەمی (١٩٣٩)دا، لە حوزنی باشتری نەهاتۆتە ڕێگا.ئەو دڕکانەی لەپێی حوزنی ڕاچوونە، بەپێی (ئیبراهیم ئەحمەد)یش چەقیون. هەقە نەوەی تازە، بەتایبەتیش ڕۆژنامەنووسان و خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن، ئەم دوو سەربردە پڕ لە ناسۆرە بخوێننەوە، ئەوجا بە هزرێکی ساردەوە، لە چوارچێوەی زەمەنی خۆیاندا، لە باڵای بەرزی ئەم کۆڵەگانە ڕابمێنن و بە ویژدانەوە، هەڵیانسەنگێنن.
جەمال خەزنەدار، عەشق و خەمخۆری ڕۆژنامەگەریی کوردی و بەهەند هەڵگرتنیانی،لەم کۆڵەگانەوە خواستووە.بۆیە؛ سەرەڕای گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەو ئەندامەکانی جەستە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی.
بابەتێکی تری نێو کتێبەکەی ناوبراو؛(ڕۆژنامەی ئازادی١٩٤٥-١٩٦٠ و گۆڤاری شەفەق ١٩٥٨-١٩٦٣ )یە. هەرچەندە تا ئێستاکەشی لەگەڵدا بێت، زۆر پسپۆڕی بواری لێکۆڵینەوە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، وای بۆ دەچن کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ئازادی ( زوبانی حزبی شیوعی عێراق-لقی کورد)، لەساڵی (١٩٤٥)دا،دەرچووە. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حزبی شیوعی کوردستان، لەژێر تایتڵی ڕۆژنامەکەیان(ڕێگای کوردستان)دا دەنووسن؛ یەکەمین ژمارەی بە نێوی (ئازادی)یەوە لە نیسانی (١٩٤٤)دا، دەرچووە.
جەمال خەزنەدار،لەبەر بەردەست نەبوونی ئەو ژمارانەی کە ( گوایا لەساڵی ١٩٤٤)دا دەرچووینەو تا ئێستاکەش هەر گومانن، هاتووە بە دوو بەڵگەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژمارە(١)ی ئازادی بەنهێنی لەساڵی (١٩٤٥)دا، دەرچووە نەک لە ساڵی (١٩٤٤)دا.
لەم ڕانانە سەرپێیەدا، هەندێک سەرنج و پرسیارم لا دروست بوون، حەز دەکەم لێرەدا بیانخەمەڕوو؛-
(١) لەلاپەڕە (١٢٦)دا، باسی گۆڤاری (ڕووناکی) ساڵی (١٩٣٥)ی حوزنی موکریانی دەکات.دڵنیام نووسەر هەر یازدە ژمارەکەی- ئەگەر نەشی بێت – ئەوا،بینیویەتی.مادام بابەتەکەی ناوبراو لێکۆڵینەوەیە دەکرا زۆر فراوانتر لەسەر گۆڤارەکە بینووسیبایە.ناوەرۆکی بابەتەکانی دەستنیشان بکردایە،وەک؛ ڕووناکی زیاتر بایەخی بە بڵاوکردنەوەی چ بابەتێک داوە( شیعر، چیرۆک، بابەتی مێژوویی،هەواڵ، لێکۆڵینەوە،….)؟.لێکۆڵینەوەکە (٢٩) لاپەڕەی گرتۆتەوە،لەم (٢٩) لاپەڕەیە تەنها بە پێنج لاپەڕەو نیو تەواوی لایەنەکانی ڕووناکی خراوەتەڕوو، بیستو دوو لاپەڕەو نیوەکەی تر تەنها بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی سەربردەکەی ( حوزنی موکریانی)یە، کە باسی لەم گرفتانە کردووە،کە هاتوونەتە ڕێگای مۆڵەت وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی ڕووناکی. ئەم کورتە نووسینەی نووسەر کە بە باڵای (ڕووناکی)دا بڕیوە،دەکرا لە شوێنێکی وەک ڕابەر یان بیبلۆگرافیا،ئاماژەیان پێ بدات نەک لە لێکۆڵینەوەدا.
(٢) لە لاپەڕە (١٥٣)و بابەتی؛ گۆڤاری گەلاوێژ (١٩٣٩-١٩٤٩) ئاوێنەی پێشەنگی ڕۆژنامەگەریی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی وسیاسی کوردستانی باشوورە!!. نووسەر دیسان بەهەمان شێوەی (ڕووناکی)، زۆر بەکورتی باسی (گەلاوێژ)ی کردووە.هەموومان دەزانین کە گەلاوێژ لەسەردەمی خۆیدا،چ ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە تازەکردنەوەی زمانی کوردی و ڕێنووس و گرنگیدان بە چمکەکانی ئەدەب.دەکرا ناوبراو، زێترو گرانتر هەروەستەی لەسەر ئەم گۆڤارە بکردابووایە،هەر بەم کورتە زانیارییە بیبلۆگرافیا ئامێزە دڵی ئاوی نەخواردابووایەوە.دەکرا؛ ناوی ئەم نووسەرانەمان بۆ دەست نیشان بکات کە لە (گەلاوێژ)دا نووسیویانە،هەر هیچ نەبێت نووسەرە بەردەوامەکانی.دەکرا وەڵامێکی بۆ ئەم تەوەرانە پێبووایە؛-
– ڕۆڵی گەلاوێژ لەتازەکردنەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی و بژارکردنی لە وشەی بێگانە.
– گەلاوێژو بەیەخدان بە چیرۆکی بێگانە.
– گەلاوێژو ڕەخنەی کوردی.
– ئەدەبی منداڵان لە گۆڤاری گەلاوێژدا……تاد.
مادام بابەتەکەی نووسەر لێکۆڵینەوەیە،دەکرا سیماکانی لێکۆڵینەوەی تێدا بەدی بکرایە.ئەم بابەتەش (٢٨) لاپەڕەی کتێبەکەی دەقەبەر کراوە.گەر (٢٥) لاپەڕەی سەربردەی دەرکردنی گەلاوێژ لەلایەن (ئیبراهیم ئەحمەد)ەوە لێدەربکەین،ئەوا تەنها سێ لاپەڕە دەمێنێتەوە،کە ناوبراو نووسیویەتی. زانیارییەکانی ئەم سێ لاپەڕەش زانیاری بیبلۆگرافیا ئامێزن نەک لێکۆڵینەوە.
(٣) لەبابەتی گۆڤاری (نیشتیمان)ی ساڵی (١٩٤٣-١٩٤٤)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەردەمی کۆمار،لەدوا دێری لاپەڕە (١٨٨)دا، جەمال دەنووسێت؛(هەر لەم بارەیەوە غەنی بلووریان، بە پێچەوانەوە لە نامەیێک لە بەرواری ئاپریلی ساڵی ١٩٩٥دا بۆ عەلی عەسکەری دەنووسێ….). نازانین نووسەر زانیارییەکانی بەهەڵە گواستۆتەوە، یان (غەنی بلووریان)،هەڵەی کردووە؟! چونکە ئاشکراو ڕوونە کە لە ئاپریلی ساڵی (١٩٩٥)دا،عەلی عەسکەری لە ژیاندا نەماوە،بگرە (١٧) ساڵیش بەسەر شەهید بوونیدا تێپەڕیوە.
(٤) لە لاپەڕە (٢٥٠)و بابەتی؛ ( گۆڤاری ڕۆژ،مەهاباد،١٩٦٦،گۆڤارێکی بێدەنگ لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا). جەمال تەنها بە سێ لاپەڕە باسی ئەم گۆڤارە بێدەنگەی کردووە.لەم سێ لاپەڕەشدا،شتێکی ئەوتۆی لەسەر (ڕۆژ) نەنووسیوە.مادام ئەم گۆڤارە بێدەنگەو کەس لەسەری نەنووسیوە،ئەمیش ژمارە دووی ئۆرگیناڵی لەبەردەستدا بووە،دەکرا هەر هیچ نەبوایە،باسی بابەتەکان، ئاڕاستەی سیاسی گۆڤارەکەی، ڕوون بکرادابوایە.
لەم ڕانان و نمایشکردن و خستنەڕووی ئەم سەرنجانەوە،لە دوا جاردا- کە هیوادارم دواجار نەبێت-، دەستخۆشی لە خاوەنی پرۆژەی ( ئینسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی) دەکەم،لەگەڵ هیوا خواستن بۆ تەندروستییەکی بەردەوام وتەمەن درێژی. روی ئەوەشی لێدەنێم کە پەلەش بکات لە نووسینەوەی یاداشتەکانی،چونکە بە گوێرەی ئەم یادەوەریانەی کە من ڕۆژانە لێی دەبیستم،دڵنیام خرار(خەروار)ێکی مشت لە ڕووداو و بیرەوەری گران بەهای لە زەین تۆمارکراوی لایە، کە پێم وایە حەیف و مخابنە هەر لای خۆی بیانهێڵێتەوەو نەیانخاتەڕوو.

هانۆڤەر




ڕۆژنامەگەریی چوار پارتی کوردستانی (١٩٧٥-١٩٩٣) …. ئیسماعیل تەنیا-هانۆڤەر

یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران، پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەم چوار حزبەی سێ پارچەی کوردستان، لە گەشەپێدان و دەوڵەمەند کردنی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە، بەتایبەتیش لە فەترە زەمەنی ساڵانی(١٩٧٥-١٩٩٣)دا. لەم هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییانەی سەر گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی و چەکداری کوردستاندا، بۆیە ئەم چوار حزبەمان هەڵبژاردووە، چونکە؛-
– لەڕووی بنکەی جەماوەرییەوە،ئەندام و لایەنگرو هەواداری زۆریان هەبووەو هەیە. جگە لەمەش، لە بواری چالاکی سیاسیی و کاری پێشمەرگایەتیدا، ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە تۆقاندن و زەبر وەشاندن لە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستاندا و-هەندێک جار- ناچارکردنیان کە دان بە داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکەماندا بنێن- ئەگەر بۆ کاتێکی کەم و تاکتیکیش بوو بێت-.
– لەڕووی سیاسییەوەش،بەهۆی ئەم حزبانەوە، کێشەی ڕەوای کورد(بەتایبەتیش لەدەرەوە)، زێتر ئاشنای شەقامی ئەوروپی کراوەو هاریکاری و سۆزی ئەوانی بۆ ڕەوابوونی کێشەکە، دەستەبەر کردووە.
– ڕێبەرە پلە یەکەکانی ئەم حزبانە بوونەتە ناسنامەیەک بۆ نەتەوەکەمان و بەهۆی ئەوانەوە کێشەکە زێتر ناسێندراوە.کەم بێگانە هەیە – ئەگەر سەرەداوێکی لەگەڵ سیاسەت و خوێندنەوە هەبووبێت- ، ناوی تاڵەبانی و بارزانی و ئۆجەلان و قاسملوی نەبیستبێت.
– هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، هەر ئەوان گۆڕەپانەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، جا چ بە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بێت، نموونەی باشووری کوردستان، یان بنکە فراوانی جەماوەرەکەیان وەک ئەوەی باکور و ڕۆژهەڵات.
کە تەنها ناوی ئەم چوار حزبە دێنین، وەنەبێت ڕۆڵی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی تر لە خەباتی چەکداریدا،نادیدە بگرین، بەڵکو تەنها ئەوانە وەک نموونە وەرگیراون، لەبەر ئەم هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێکردوون. ئەم چوار حزبە وەنەبێت تەنها ئەم ناوونیشانە ڕۆژنامەگەرییانەیان بڵاوکردبێتەوە، کە ئێمە لەخوارەوە باسیان دەکەین…نا، زۆر ناوونیشانی تریشیان دەرکردووە،بەڵام ڕاستەوخۆ ناوی ئەوانی لەسەر نییە. ئێمە تەنها ئەوانەمان هەڵبژاردوون کە ڕاستەوخۆ ناوی ئەوانی لەسەرە، یان ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی بێ ئەملاو ئەولای بوون…دەنا؛ هەر یەکێک لەم چوار حزبە ناوهاتییە بگری، چەندین ڕێکخراوی پیشەیی وابەستە بەخۆیان هەیە،نموونەی؛ ئافرەتان(ژنان)، قوتابیان(خوێندکاران)، مامۆستایان، هونەرمەندان، مافناسان، …..تاد.ڕاستە ئەم ڕێکخراوانە بانگەشەی سەربەخۆبوون دەکەن و ناوی حزبەکانیان لەسەر بڵاوکراوەکانیاندا،نانووسن، وەلێ لەمیانەی بابەت و هەڵوێست و وتارەکانیاندا، ڕاستییەکان، ڕوونتر دەبنەوە. یان لەم کاتانەی کە حزبەکانیان بە ‌قۆناغێکی سەخت و ناسک و چارەنووسسازدا تێدەپەڕن، ئەم ڕێکخراوانە، بێ سڵەمینەوە، خۆیان لە حزبەکانیان بەخاوەن دەکەن.

یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
لە ڕێکەوتی ٢٢/٥/١٩٧٥، هەر یەکە لە مام جەلال و د.فوئاد مەعسوم و عەبدولڕەزاق عەزیزو عادل موراد، لەشاری (دیمەشق)دا، کۆبوونەتەوەو ڕێکخراوی( یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان)یان، دامەزراندووە.یەکەمین بەیانی فەرمی راگەیاندنی دامەزراندنیان لە ١/٦/١٩٧٥دا، بڵاوکردۆتەوە. پاش ئەوەی ( کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان) و (بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان)، پەیوەندی بە (یەکێتی) تازە دامەزراو دەکەن، ئەم ڕێکخراوە دەبێتە نیمچە بەرەیەک. تا بەستنی یەکەم کۆنگرە لەساڵی١٩٩٢ دا، وەک ڕێکخراوێکی نیمچە بەرەیی بیروڕا جیاواز،خەباتی کردووە.پاش ئەم کۆنگرەیە، بۆتە یەک ڕێکخراوی سیاسی خاوەن یەک بەرنامەو ئایدۆلۆژیاو پەیڕەوو پرۆگرام. تا ئێستاکە سێ کۆنگرەی بەستووە. لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێدا، ڕۆڵێکی کاریگەرو بەرچاوی هەبووە.باوەڕی بە سۆسیال دیموکرات و عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەیە، لەم پێناوەشدا درێژە بە خەبات دەدات.
لەڕووی کاری ڕۆژنامەگەرییەوە، (ئەلشەرارە)، یەکەم بڵاوکراوەی ئەم ڕێکخراوەیە. ئۆرگانی ناوەندی ئەم ڕێکخراوە بووە. یەکەم ژمارەی لە تشرینی دووەمی١٩٧٥ دا، بەزمانی عەرەبی، لە دیمەشق دەرچووە. یەکێتی، تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٢،(٤٦) گۆڤار و ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی بە زمانەکانی؛ کوردی،عەرەبی،ئینگلیزی،هۆڵەندی،ئەڵمانی، دەرکردووە.دوا بڵاوکراوەی ڕۆژنامەی(ئەلئیتحاد)ە. ئەم بڵاوکراوانە، (٣٠)یان بەزمانی کوردی، (٩) بە عەرەبی، (٤) بە ئینگلیزی، (٢) بە هۆڵەندی، (١) بە ئەڵمانی بووینە. یازدە دانەیان لەساڵانی١٩٩١ و١٩٩٢ دا،دەرچووینە. ڕیزبەندی بڵاوکراوەکانی یەکێتی بە پێی کات، بەم شێوەیەیە؛ ( ئەلشەرارە ١٩٧٥، ڕێبازی نوێ ١٩٧٦،دەنگی یەکێتی١٩٧٦ ، زی سپارک ١٩٧٧، بەلاغی عەسکەری ١٩٧٧،ئاڵای شۆڕش ١٩٧٧، لێتینسەلە ١٩٧٧،کۆمەڵە١٩٧٨ ، ڕاپەڕین- سوید ١٩٧٨، کۆمەڵە- ئەوروپا ١٩٧٨، هەواڵنامەی کوردستانی عێراق ١٩٧٨، ئاڵا-ئەمەریکا١٩٧٩ ، دێر فونکە-ئەڵمانیا ١٩٧٩،هەواڵنامەی کوردستان لە ڕۆژنامەکانی ئەوروپادا- ئەوروپا ١٩٨٠، ئەلخەلیج- کوێت١٩٨٠ ،ئەلخەنادق ١٩٨٠ ، بزووتنەوە ١٩٨٠، دەڤۆنک ئوت کوردستان- هۆڵەندا١٩٨١، سۆسیالیست ١٩٨١، پێشمەرگە ١٩٨٢، سەوت ئەلئسبوع١٩٨٢ ، راپەڕین ١٩٨٢،ئەلئیتحاد-سوریا .هۆڵەندا١٩٨٢، کۆسار١٩٨٣، کوردایەتی ١٩٨٣، سەنگەر١٩٨٣ ، هەڵوێست ١٩٨٣،کیفاح ئەلئەنسار-ئەوروپا ١٩٨٣، دەنگی شۆڕشی عێراق ١٩٨٣، زی تۆرخ-ئەمەریکا ١٩٨٤، ڕۆشنبیری ١٩٨٤،ڕزگاری ١٩٨٥، ئەرکی نوێ- سوید ١٩٨٧،زی کوردستان فۆکوس- بەریتانیا١٩٨٩ ، ئەستێرەی کوردستان- ئەمەریکا١٩٨٩ ، بابەگوڕگوڕ١٩٩١ ،سەرهلدان ١٩٩١، پەیامی نوێ ١٩٩١، بابەگوڕگوڕ کەرکوک ١٩٩١، ئەلئیعتسام١٩٩١ ، کوردستانی نوێ ١٩٩٢، ئەلئیتحاد-دهۆک ١٩٩٢، سیاسەتی دەولی ١٩٩٢، پەرلەمان- دهۆک ١٩٩٢،کوردستان تایمز١٩٩٢ ، ئەلئیتحاد- هەولێر ١٩٩٢).

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لە ڕێکەوتی ١٦/٨/١٩٤٦،لەشاری بەغدا، لە ئەنجامی یەکگرتنی سێ ئاڕاستەی جیاواز( چەند سەرۆک عەشیرەتێکی خەباتگێڕ، کۆمەڵێک سیاسەتمەدارو ڕووناکبیری ناسیۆنالیست، چەند سەرکردەو ڕووناکبیرێکی هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی و سۆسیالیستی)، لە کۆنگرەیەکدا،دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.خاوەنی شۆڕشی ئەیلول(١٩٦١-١٩٧٥)ە. یەکێکە لە لایەنە کاریگەرەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (١٩٧٦-١٩٩١).تا ئێستاکە سێزدە کۆنگرەی بەستووە.
لەڕووی ڕاگەیاندنەوە، جگە لە ئێستگەکەیان(دەنگی کوردستانی عێراق)، کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی هەمە چەشنی بڵاوکردۆتەوە.یەکەم بڵاوکراوەی (پارتی)، ڕزگاری بووە.(ڕزگاری)، ئۆرگانی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد – پاشان کوردستان-ە.یەکەم ژمارەی لە ئەیلولی١٩٤٦ دا، دەرچووە.یەکەم بڵاوکراوەی ئەم فەترە زەمەنیەی کە ئێمە باسی لێوە دەکەین(١٩٧٥-١٩٩٣)،(زۆزک)ە. زۆزک، بڵاوکراوەیەکی هەواڵی وەرزیی بوو، لقی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەڵمانیا بە زمانی عەرەبی،دەریکردووە. ژمارە شەشی دەکەوێتە ئەم فەترەیەی کە ئێمە لەسەری دەدوێین.ژمارە شەش لە شوباتی ١٩٧٦دا، بە چوار لاپەڕە دەرچووە.ئەمە یەکەمین بڵاوکراوەی پارتییە لە شۆڕشی گوڵاندا. دوای زۆزک، رۆژنامەی (خەبات) دێت. ژمارە (٥٢٦)ی خەبات – کە دەبوو لەسەری بنووسرابایە ژمارە ٥٢٨-، لە ١/٧/١٩٧٦دا،دەرچووە. شایانی گوتنە؛ ژمارە(٥٢٧)، دوا ژمارەی خەبات بووە کە لەدوا ڕۆژەکانی شۆڕشی ئەیلول لە١٩٧٥ دا،دەرچووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەرەتای شۆڕشی نوێوە تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٢، (٢٣) بڵاوکراوەی دەرکردووە، کە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلینیان بکەین؛ ( زۆزک- ئەڵمانیا ١٩٧٦، خەبات ١٩٧٦، صدا خەبات- ئەوروپا١٩٧٦ ، پێشمەرگە- بەزمانی ئینگلیزی- ئەوروپا ١٩٧٧،زاگرۆس-ئەمەریکا ١٩٧٨، ئەخبار کوردستان ١٩٨٠ – لە دوو چاپی جیاوازی کوردی و عەرەبی-،سەفین١٩٨٠ ، مەتین١٩٨١ ، ولات-ئەوروپا ١٩٨٢، گۆڤاری شەهیدانی کوردستان ١٩٨٢، صدا کوردستان -لوبنان ١٩٨٣، دەنگی کوردستان ١٩٨٣، بابە گوڕگوڕ ١٩٨٤، ڕزگاری- ئێران ١٩٨٤، ئەزمڕ ١٩٨٥، کوردستان تودەی- ئەمەریکا ١٩٨٧، ئەخبار مەتین ١٩٨٨، ئەلئەنسات- دهۆک ١٩٩١، ئەلئەنسات- ئاکرێ ١٩٩١، سەرەدان ١٩٩١، دەروازە ١٩٩٢، سپێدە- ئێران ١٩٩٢، مەهاباد-سلێمانی-؟-). بڵاوکراوەکانی پارتی بە زمانەکانی؛ کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بووینە. لەم (٢٣) دانەیەدا؛ (٨)یان لە دەرەوەی کوردستاندا دەرچووینە. هەروەها (٥) دانەشیان لە ساڵەکانی ١٩٩١ و١٩٩٢ دا،دەرچووینە.

حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران
لە ڕێکەوتی ١٦/٨/١٩٤٥، بە ڕێبەرایەتی پێشەوا (قازی محەمەد)، لە شاری مەهاباد، دامەزراوە. خاوەن دیدگاو ئایدۆلۆژی نەتەوەیی، دیموکراتە.چەندین جار کەرت بوون و لێکترازان، لە ڕیزەکانیدا، ڕوویداوە.یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی ئەم حزبە، ڕۆژنامەی ( کوردستان ) بووە. کوردستان؛ ئۆرگانی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێرانە.یەکەم ژمارەی لە ١١/١/١٩٤٦، لە شاری مەهاباد، دەرچووە. یەکەم بڵاوکراوەی ئەم حزبە لەنێوان (١٩٧٥-١٩٩٣)دا، بریتییە لەم ( کوردستان )ەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٧٥،لە بەیروت دەرچووە. کوردستان لە (١٩٧١-١٩٧٥) لە بەغدا دەرچووە. پاش ئەوەی کە ڕێبەرانی ئەم حزبە ئامادە نابن بچنە ژێر باری داخوازییەکانی ڕژێمی بەعس، کوردستان لە بەغدا دادەخرێ و چیتر بڵاو نابێتەوە.کەریم حسامی، لەم بارەیەوە، لە کتێبی؛ ( لە بیرەوەرییەکانم ١٩٧٥- ١٩٧٩،بەرگی پێنجەم،ستۆکهۆڵم، ١٩٩١، ل٩)دا، دەنووسێت؛ ( ڕۆژی ١٥/١/١٩٧٥، لەلایەن موخابەراتەوە پێیان ڕاگەیاندین کە نابێ ڕۆژنامەی کوردستان، چاپ و بڵاوبکەنەوە.یان دەبێ دژی مەلا مستەفا بنووسن و بە عەمیلی ئەمەریکا ناوی بەرن.ئێمە پاش باس و لێکۆڵینەوە بڕیارماندا کە ڕۆژنامەکە ڕابگرین).
بەگوێرەی گێڕانەوەکەی حسامی بێت، پاش ئەوەی لە بەغدا قەدەغە دەکرێت، بڕیار دەدەن لە سوید چاپی بکەن.لەوێش ڕێک ناکەوێت.ئەمجارە بڕیار دەدەن لە ئەڵمانیا چاپی بکەن، لەوێش سەرناگرێت.بۆیە؛ دواجار دەیبەن لە بەیروت چاپی دەکەن.ئەو ژمارەیەی کە لە بەیروت دەرچووە، لە مانگی تشرینی یەکەمی١٩٧٥ دا،دەرچووە. حسامی لە لاپەڕە (٦٤)ی هەمان بەرگی بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت؛ (خاوەن چاپخانەکە دۆستی سەلاح بەدرەدین بوو،پیتی فارسی هەبوو،ڕۆژنامەو نووسراوی ڕێکخراوە ئێرانییەکانی چاپ دەکرد.کرێکارەکانی چاپخانە، میسری بوون ).
بەداخەوە، کەریمی حسامی ڕوونی ناکاتەوە،ئەم ژمارەیەی کە لە بەیروت چاپ و بڵاوبۆتەوە، زنجیرەی ژمارە چەندی لەسەرە.ئێمە پاش سەیرکردن و گەڕان بەدوای سەرچاوەگەلێک لەبارەی ئەم ژمارەیەوە،هیچ ئەنجامێکمان دەستگیر نەبوو.ئاڵۆزترین ساغکردنەوە،ساغکردنەوەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ە بە هەموو قۆناغەکانییەوە، چونکە لە کات و ساتی جیا جیا،لە شوێنی جۆر بەجۆر،بڵاو بۆتەوە.ڕۆژنامەکە، ڕۆژنامەیەکی کۆچەر بووە هەر چەند ژمارەیەکی لە شوێنێک دەرچووە.ئەوە لە مەسەلەی لێکترازانەکانیشی هەر گەڕێ،چونکە هەر لایەنەو بە هەمان ناو، درێژەی بە دەرکردنی کوردستان، داوە. ژمارەی وا هەیە لە بەغدا دەرچووە، هەمان ژمارە لە وڵاتێکی تری وەک فەڕەنسا، یان سوید، دووبارە بڵاوکراوەتەوەو ئەدرەسی ئەم وڵاتانەی لەسەرە…من، یەک بەباری خۆم، زۆر بەدوای ئەم مەسەلەیەدا گەڕاوم، بەڵام ئەنجامێکی دروست و دڵخۆشکەرم،دەست نەکەوتووە.
حزبی دیموکرات، پاش ئەم ژمارە (کوردستان)ەی بەیروت، تا ساڵی (١٩٩٣)،(١٥) بڵاوکراوەی تریشی دەرکردووە، کە ئەمانەن؛ ( دەنگی کورد-تاران ١٩٧٩، دەنگی کوردستان- تاران ١٩٧٩، پێشەوا-مەهاباد ١٩٧٩،زانیاری پێشمەرگە-سنە ١٩٧٩، شەهید- بانە ١٩٧٩، هەواڵەکانی کوردستان- بە زمانی فەرەنسی بووە- فەڕەنسا ١٩٨٠،یەکێتی ١٩٨١،کێلەشین ١٩٨١،نەکەرۆز ١٩٨١،ئارارات ١٩٨٢،پڵنگ ١٩٨٢، ٢٦ی سەرماوەز ١٩٨٤،نووچەنامە- فەڕەنسا ١٩٨٤،بازتاب وقائیع کردستان در مطبوعات فارسی زبان- ئەوروپا ١٩٩١،کوردستان د ئێران- بە زمانی فەڕەنسی بووە- فەڕەنسا ١٩٩١). لەم (١٦) بڵاوکراوەیە، شەش دانەیان لە تاران و پاریسدا، دەرچووینە.زمانی بڵاوکراوەکان؛ کوردی،فارسی، فەڕەنسی، بووینە.زۆرترین ناوونیشان لە ساڵی ١٩٧٩دا،دەرچووینە کە ژمارەیان پێنج دانەیە.لەم ساڵەدا، ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە ئارادا بوو،خەڵکی کوردستانیش توانیبوویان خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببەن.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پێ.کا.کا)

سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێبازو فکری ئاپۆچێتی لە ساڵی ١٩٧٦وە،دەست پێدەکات…دوو ساڵی سەرەتایی، لەژێر ناوو گرووپ و بازنەی جیا جیادا، خەباتیان کردووە.لەمە بەدواوە،بڕیار دەدەن چیتر بە پەرتەوازەیی و گرووپ گرووپ نەمێننەوە.بۆیە؛ بە ئامادەبوونی (٢٣)کەس، کە دووانیان کچ بوون، لە ڕێکەوتی ٢٧/١١/١٩٧٨، لە گوندی ( فیس )ی سەر بە قەزای (لیجە)ی شاری ئامەد(دیاربەکر)، یەکەم کۆنگرە (دامەزراندن) دەبەستن و هەر لەوێش دامەزراندنی (پارتی کرێکارانی کوردستان )، ڕادەگەیەنن.لە ١٥/٨/١٩٨٤شدا،خەباتی چەکداری دەست پێدەکەن.ئەم پارتە؛ بۆ بەدەست هێنانی مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەمان لە باکوری کوردستاندا، باوەڕیان بە فکرو ئایدۆلۆژیای (مارکسی- لینینی) هەیە. خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی، بە یەکەوە گرێدەدەن. لەڕووی خەباتی ڕاگەیاندنەوە، کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەیان دەرکردووە.یەکەم پارتی کوردینە کە بوونەتە خاوەنی کەناڵی ئاسمانی. بۆ دەست نیشانکردنی یەکەم بڵاوکراوەیان(گۆڤار،ڕۆژنامە)، یەکێک لە ئەندام و دامەزرێنەرە دیارەکانیان (جەمیل بایک) دەڵێت؛ ( خەباتی ڕۆژنامەوانیی ئێمە بە یەکەمین کۆنفرانس لە ساڵی١٥/٧/١٩٨١ کە لە لوبنان بوو،دەست پێدەکات.لە کۆنفرانسی یەکەمدا ئەو بڕیارەمان وەرگرت کە ئێمە ڕۆژنامەی سەرخوەبوون لە ئەوروپا دەربخەین.لە ئاکامی ئەو بڕیارەدا،هەڤاڵان کاریان کرد سەرخوەبوون لە ئەوروپا دەرچوو. یەکەمین ڕۆژنامەی ئەم تەڤگەرە سەرخوەبوونە.( بڕوانە؛ حەسەن جودی،مێژوویەک لە ئاگر،نهێنی و خۆڕاگری بزووتنەوەی ئاپۆچی،دیمانەیەک لەگەڵ جەمیل بایکدا،چاپی سێیەم،سلێمانی،٢٠١٤،ل٤٢٩ ). ئەو (سەرخوەبوون)ەی جەمیل بایک باسی لێوە دەکات،سەرەتا لە فۆرمی ڕۆژنامەدا بووە،دواتر بۆتە گۆڤار.ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو. یەکەم ژمارەی بە (٢٠) لاپەڕە، لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢،لەشاری (کوێلن)ی ئەڵمانیا، بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکی،دەرچووە.نرخەکەی یەک مارک و نیو بووە. ژمارە (٢)ی بە (٢٠) لاپەڕە لە شوباتی ساڵی ١٩٨٢دا،دەرچووە. ژمارە (١٢٠)ی بە (٢٤) لاپەڕە لە مانگی دێسێمبەری ١٩٩١دا،دەرچووە. پاش ئەوەی کە بە شێوەی ڕەسمی لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە لە ٢٦/١١/١٩٩٣دا،چالاکییەکانی ئەم پارتە قەدەغە دەکرێت،بنکەو بارەگای ئەم ئۆرگانەش (سەرخوەبوون)،بۆ هۆڵەندا دەگوازرێتەوە.
بەڕای ئێمە، ئەو(سەرخوەبوون)ەی جەمیل بایک باسی لێوە دەکات،یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی ئەم پارتە نییە.یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی پارتی ناوهاتی،ئەو (سەرخوەبوون)ەیە کە زیندانیانی (پێ.کا.کا) لە زیندانی شاری (غازی عەنتاب)،لە مایسی (١٩٧٩)دا،دەریانکردووە.کاتێک کە ئەم بڵاوکراوەیە دەرچووە،شەش مانگ بەسەر دامەزراندن و ڕاگەیاندنی (پێ.کا.کا)دا تێپەڕیوە.ئەو (سەرخوەبوون)ەی کە لە زینداندا ئامادەکراوە،بە دەستی نووسراوەتەوە،لە دەرەوەی زیندان کۆپی کراوەو دابەشکراوە.یەکەم ژمارەی بەزمانی تورکی، لە مایسی ١٩٧٩دا،دەرچووە.ژمارە (٤)ی دوا ژمارە بووەو لە ئەیلولی ١٩٧٩دا،دەرچووە.پاشان هەر چوار ژمارەکە،لە بەرگێکدا،لە ئەڵمانیادا،جاپ و بڵاوکراوەتەوە. دووەم بڵاوکراوەی ئەم پارتە؛(هەوار) بووە.هەواریش پێش ئەم بەروارەیە کە جەمیل بایک دەست نیشانی کردووە. هەوار؛ ڕۆژنامەیەک بوو،بەزمانی کوردی (کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکی، لە زیندانەکانی شاری دیاربەکر،دەردەچوو.(مەزڵوم دۆغان و فەرهاد کونتای و حەیدەر دورموش)، سەرپەرشتییان دەکرد. یەکەم ژمارەی بە هەشت لاپەڕە لە ١٩/٨/١٩٨٠دا،دەرچووە.ژمارە (٣)، دوا ژمارە بووەو لە ٢/٩/١٩٨٠دا،دەرچووە.جارێکی تر ، لە ئەڵمانیا بەم شێوەیە چاپ کراونەتەوە؛ ژمارە (١)،لە ٥/٤/١٩٨١دا،دەرچووە.ژمارە (٢)،لە ٢٤/٤/١٩٨١دا،دەرچووە.
کەواتە ( سەرخوەبوون)ەکەی زیندانی غازی عەنتاب،یەکەمین کاری ڕۆژنامەگەریی ئەم پارتە بووە. دووەم کاریشیان، (هەوار)ەکەی زیندانی دیاربەکر،بووە.ئەم (سەرخوەبوون)ەی جەمیل بایک،دەبێتە سێیەمین کار،نەک یەکەمین. پاش ئەم سێ بڵاوکراوەیە، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەشیان بڵاو کردۆتەوە؛ (بەرخوەدان-ئەڵمانیا ١٩٨٣،پێشمەرگە- باکوری کوردستان ١٩٨٣،دەنگی کوردستان- زیندانی ئیستانبوڵ ١٩٨٩،شەڤکا بەرخودان- زیندانەکانی تورکیا ١٩٨٩، کورد ئا- ئەڵمانیا ١٩٩٢،سەرهلدانا کوردستان- زیندانەکانی تورکیا-ساڵی چاپکردنی نەزانراوە).لەم نۆ ناوونیشانەی باسمان کردن،پێنج دانەیان لە زینداندا، دەرچووینە.سێ دانەشیان لە ئەڵمانیادا،دەرچووینە.

ئەنجام
لەم بەسەرکردنەوەو دەورکردنەوەیەدا،دەگەینە ئەم ئەنجامانە؛
(١)- هەر چوار پارتە سەرەکییەکەی سێ پارچەی کوردستان، (٩٤) ناوونیشانیان دەرکردووە،کە دەکاتە لە سەدا دوازدەو نیوی سەرجەم ئەم ناوونیشانانەی کە لەنێوان (ئازاری ١٩٧٥-١٩٩٣)دا، دەرچووینە.لەم (٩٤)دانەیە،(٤٦)یان،( یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان )،دەریکردوون.کە دەکاتە نزیکەی نیوەی بڵاوکراوەکان.بە هەرسێ حزبەکەی تر ئینجا هێندەی (یەکێتی)،بووینە.ئەم ڕێکخراوە،لە رووی کاری ڕۆژنامەگەریدا،پێشەنگی بێ ڕکابەرە.دوای (یەکێتی)،ئەمانی تر،بەم شێوەیە ڕیزبەند دەکرێن؛ پارتی دیموکراتی کوردستان (٢٣) دانە، حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران، (١٦)دانە،پارتی کرێکارانی کوردستان(پێ.کا.کا)، (٩)دانە.
(٢)- یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی پارتی کرێکارانی کوردستان،ئەم (سەرخوەبوون)ەیە کە لە زیندانی غازی عەنتابدا لە مایسی ١٩٧٩دا، دەرچووە،نەک ئەم (سەرخوەبوون-١٩٨٢)ەی کە لە ئەڵمانیادا دەرچووە.
(٣)- زۆربەی هەرە زۆری- لە نیوەی زێتر-ی بڵاوکراوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان،لە زینداندا دەرچووینە.
(٤)- یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان،سەرەڕای بەکارهێنانی زمانی کوردی و عەرەبی لە کاری ڕۆژنامەگەرییدا،پێشەنگە لە زمانە زیندووە جیهانییەکانی وەک؛( ئینگلیزی،هۆڵەندی،ئەڵمانی).
(٥)- لە کۆی (٢٣) ناوونیشانی ڕۆژنامەگەریی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقدا، (٨) دانەیان لە دەرەوەی کوردستاندا، دەرچووینە.
(٦)- سەردەمی زێڕینی رۆژنامەگەریی حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران، لە پاش ڕوخانی شا لەساڵی (١٩٧٩)ەوە،دەست پێدەکات.

ئیسماعیل تەنیا-هانۆڤەر