سیاسەتی زمان، زمانی زبر.. فەرەیدوون سامان

پرسی زمان هەر بەتەنێ پرسێکی زانستی زمانەوانی ئەبستراکت نییە، واتە ڕەهەندەکانی قسەکردن و کارکردن لەسەر پرسەکانی زمان بەدەر لەلایەنە زانستییەکە دەچێتەوە سەر ڕەهەندی فەلسەفەی زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، دەلیڤەکانی دیکەی زمانناسییەوە، لەوانەش سیاسەتی زمانناسی، یان سیاسەتی زمان کە ئامانجی نووسینی ئەم وتارەی ئێمەیە، هەندێ پێیانوایە قسەکردن لەسەر زمان هەر دەبێت باسی لایەنە زانستتیەکەی زمان بکرێت وەک گراماتیک و ئیتمۆلۆژیاو فەرهەنگنووسی و سینتاکس و مۆرفۆلۆلۆژی و فۆنۆلۆژی بەس، لە ڕاستیدا بایەخی زمان لە بایەخی سروشتی “سیاسی-کەلتووری” و “کۆمەڵایەتی-کەلتووری”دایە، واتە هەرچەند زمان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە، سیاسەتیش لەژێر باندۆری دەربڕینە زمانەوانییەکاندایە میناک: زمانی زبر و توندوتیژ، یان زمانی نەرم و هێمن لە نووسین و دەربڕینەکاندا، کاتێک لایەنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە دژی دەسەڵاتدا، بە پێچەوانەش زمانی دەربڕینی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، لەکاتی قەیران و کێشەکاندا کاتێ ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەو شێوازە زمانە زبر و توندوتیژە بەکار دەهێنن، و پەنا دەبەنە بەر ناووناتۆرەو ناوزراندن، کە هەندی جار لەئاکامی ئەو زمانە زبرە دووچاری هەڵایسانی شەڕی ناوەخۆو جەنگێکی وێرانکەر دەبنەوە.
زمان لە وشەسازیی بەکارهێنراوەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ واتاکانی وشە هاوبەشەکان، تەنانەت بۆ خودی شێوازی ئاخافتن، وەک لە دەربڕینی زمانی گوندی و زمانی خێڵەکی و زمانی شارستانیدا دەبینین، جگەلەوەش زمانگەلێکی تایبەت هەیە بە نەتەوە جیاوازەکان کە هەمان زمانی دەربڕینی دایکیانە، وەک زمانەکانی تورکی، فارسی، عەرەبی…تد کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک زمانن، نەک یەک زمان، هەر زمانێکیش نوێنەرایەتی ناوچەیەک و گرووپێکی جیاواز لە ئاخێوەرانیان دەکەن، لەسەر ئەم بنەمایەش کەسانی وەک ئەمیری حەسەنپوور و میهرداد ئیزەدی و محەمەد موکری و جەعفەر شیخولئیسلامی و هیتر… زمانی کوردی بە کۆمەڵە زمان یان زمانە کوردییەکان دەناسێنن.
ڕەنگە یادەوەری سیاسی و زمانەوانی شایەتحاڵی نەهێشتنی فیزیکی بێت لەسەر بنەمای زماندا، وەک لە شەڕی ناوخۆی هەندێ نەتەوەو وڵاتاندا بینران، لەوانەش شەڕەناوخۆییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جۆراوجۆری ئەو دەربڕینی زمانەی کە لایەنە شەڕکەرەکان قسەیان پێدەکرد، وای لێکردن ببنە ئامانج، هەر لایەنێک بە ڕوونی لایەنەکەی دیکەی بەو زمانەزبرە دەکردە ئامانج. واتە هەر لایەنێک زمان و زاراوەی تایبەتی بە خۆی هەبوو، تەنانەت لە نێو ئەندامانی حیزبەکانیش کە هەمان باوەڕ و ئایدۆلۆژیایان هەبوو، کە بەکۆمەڵ ئەو هزرە پێکدەهێنن، بە گوتاری گروپێکی دیارکراو ناسراون، بۆ نموونە: بزووتنەوە ئیسلامییە میانڕەوەکان گوتارێکی جیاوازیان هەیە لە بزووتنەوە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان و گوتاری پراگماتیک لە گوتاری پرەنسیپی جیاوازە، جگە لەوەش سۆفیگەری جیاوازە لە سەلەفییەت و هەردووکیشیان جیاوازن لە بزووتنەوە سیاسییەکان، بەم شێوەیە مرۆڤ بە زمان و زاراوەی خۆی دەناسرێتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە، شێوازی ناساندنی چەپێک، مارکسیستێک بە هاوزیندانییەکانی، نیشاندەرێک بوو بۆ پەیوەستبوونیان بەو حیزبەوە پێیان دەگوتن هاوڕێ، نەتەوەییەکان بە هەڤاڵ، ئیسلامییەکانیش بە “برای تۆ لە خودا”، و هتد.. دەناسرانەوە.
هەموو ئەمانە لە گوتاری سیاسی و زمانەوانیدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە، بۆ هەمان ڕووداو بەلایەنی کەمەوە دوو زاراوە هەن، بۆ نموونە کەسایەتییە سیاسییەکان، کەسایەتییە میدیاییەکان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی سەر بە هەردوو پارتی دەسەڵات، دەستەواژەی “دابەشبوون” بەکاردەهێننن وەک بۆ وەسفکردنی ئەوانەی لە زۆنی زەردن، کە لە ساڵانی شەڕی ناوەخۆی نەوەتەکاندا ڕوویدا، جیاوازتر لە دەربڕینی ئەو زمانەی کە لە زۆنی سەوز بەکار دەهێنرا، کە بریتی بوو لە زمانی زبری میدیایی لایەنی شەڕکەر، لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر بە “سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە” ناوی دەبرد. ئەویدی بە خیانەت.
شاراوە نییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە میدیای جیهانیدا دەستکاری زمان و زاراوەکان دەکرێن، کە هەموو ئەمانە ئاماژەن و بەربڵاون بۆ ڕوانگەیەکی سیاسی، ئایدۆلۆژی، زاراوەگەلێکی وەک ئیمپریالیزم، کۆلۆنیالیزم، تیرۆر، کوردفۆبیا، ئیسلامۆفۆبیا..تد، لە ماوەی پێنجدەیەی شۆڕشەکانی کوردستاندا دوو زاراوە لە گوتاری سیاسیدا بەریەککەوتن، ئەو لایەنەی کە لەگەڵ ڕژێمدا هاوتەریب بوون و بە جاش و بەکرێگیراو دەناسران، ئەو لایەنەش کە لە دەرەوە بوون ناوزەد دەکران بە شۆرشگێر، شەڕڤان، گەریلا، پێشمەرگە، هەڵبەتە لەگەڵ ئامێرە زمانەوانییە پەیوەندیدارەکاندا، بۆیەش گوتارەکانیان لەگەڵ ئەم زاراوانەدا یەکیان دەگرتەوە، ئەم دیاردەیە لە هەموو زمانێکی جیهاندا بەدی دەکرێت، کە زاراوەکانی مەیلی ڕەنگدانەوەی دیدگای ئاخێوەرەکانیان هەیە.
جێی سەرنجە لە چوارچێوەی ئەو شەڕەی کە لە لایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە دژ بە گەلانی ناوچەکە بۆ نموونە لە ئەفغانستان و عیراق یان ئێران و کوردستان بەڕێوەچوون، میدیاکان پشتیوانیان لەو زلهێزانە دەکرد و زاراوەی جیاوازیان بەکاردەهێنا لە چاو ئەوانەی بەرگرییان لە نیشتمان یان ئایینەکەیان دەکرد. لەو سۆنگەیە بە سەدان و وشەو زاراوەو ئیدۆیان درووست بوون و بەکار هێنرانن تا ڕادەی ئەوەی کە بەرگریکارانی ئەم نەتەوانە بە تیرۆریست و دڕندەو و وەحش دەناسران. لێرەدا زمانی وەسفکەر ئەم لایەنگرییە ئاشکرا دەکات و دەتوانێت بنەمای توێژینەوەیەکی زمانەوانی جددی و کاریگەر پێک بهێنێت، ئەم نموونەیە ئەم لایەنگرییە دەسەلمێنێ، لەم چوارچێوەیەدا ویستم خاڵێک بخەمەڕوو سەبارەت بەو زمانەی کە میدیکاران و ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ئاماژەدان بە داگیرکەری ناوچەیەک یان وڵاتێک بەکاری دەهێنن. زۆرێک لە ڕۆشنبیران، بە ئاسانی ئەم ناوە بەکاردەهێنن، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگیراوە و لەلایەن داگیرکەرانەوە وەک ڕەمزی کیانەکەیان قبوڵکراوە، ئەم ڕۆشنبیرانە بەبێ ئازاری ویژدان و ناڕەزایی ئەم ناوانە بەکاردەهێنن، بێ ئاگا لەوەی کە چەواشەکارانە و بێمانان. کە مخابن نابێت لە ئەدەبیاتی کوردیدا بوونی هەبێت، بەڵکو زمان دەبێت یەکگرتوو بێت لە وەسفکردنی ئەم ستەم و نادادپەروەری و داگیرکارییانەی کە لەڕابردووی نزیکدا دووچاری نەتەوەکەمانی کردەوە، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەک چەمگەلی “ داگیرکەری عیراقی، سوری، ئیرانی، تورکی”. تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان دان بەوەدا بنێن، کە ئەم دەوڵەتانە قەوارەیەکی دەستوورین، کۆلۆنیالیزمی نین، لەسەر بنەماکانی کوشتن و دزین و بێ یاسایی و بێڕێزیکردن بە شکۆی مرۆڤی کورد دانەمەزراون، چۆن دەتوانرێت بە دەوڵەتێکی مۆدێلرن هەژمار بکرێن؟
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە لایەنگری لە زمانی دەربڕین و هزرینی هەندێ ڕۆژنامەنووس بکەم لە وتووێژ و وتارەکانیاندا بکەم، لەبری ئەوە زاراوەگەلی سەیرو سەمەرە بەکاردەهێنن، کە هۆشیارییەکی زمانەوانی و سیاسی ئاڵۆز نیشان دەدەن، سەبارەت بە دەربڕینی هەندێ بۆچوونی ڕەخنەگرانە و هزری جیاواز، بەهۆی ئەوەی گوایە ستانداردەکانیان پێشێل کردووە، ئیدی لەو کەناڵانەدا بایکۆت کراون، ئەمەش ناچاری کردوون لە سەرەتای یەکێک لە بابەتەکانیدا، ئەگەر تەنیا ژینگەی کولتووری بە هەموو هەمەجۆرییە سیاسی و ئەدەبی و ئایینییەکانییەوە خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێگایەدا بگونجێنن، کە دەسەڵاتداران گرتوویانەتە بەر، لە ترسی ئەوەی نەبادا لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن لەو زمانەی کە بەکاری دەهێنین، بۆیە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە ئاماژەکردن بە هەندێ وشەو زاراوەی هەستەوەر و بەناوزراندنی ئەو کەسانەی سەر بەو قەوارەیەن. گرنگە بگەڕێینەوە، بۆ ئەو کەناڵانەی بە ئاشکرا لە ژێر پەردەی داگیرکەراندا شەڕمان لەگەڵ دەکەن، مێژووەکەمان چەواشە دەکەن، تەنانەت لەسەر بانگەشەیەیەکی ڕەوای نەتەوەییمان بەناوی ئایدۆلۆژیاو ئاساییشی نەتەوەییان دەمانکوژن و یان بە بەناوی پیرۆزی ئایینەکەیان لە خاکەکەمان دەرمان دەکەن، کەواتە ڕۆڵی سیاسەتی زمان لەو ئاقارەدا چییە، ئایا ئێمە ناچار دەبین لە ئاست زمانی توندو تیژ و زبری ئەوان، بە زمانێکی نەرم بدوێین، ئەگەر وا بکەین، نادادپەروەری و شەڕانگێزییەکمان بەرامبەر خۆمان و دژی پرەنسیپی پیرۆزی مرۆڤبوونمان ئەنجامداوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەبێت هەمووان خۆمان بە دوور بگرین لە وەسفکردنی پلان و بەرنامە ڕەگەزپەرستییە ڕێکخراوەکانیان لە چەواشەکردنی زمان و ناسنامەو مێژوومان، یان دەبێت هەر هەموومان بە یەک شێوە کە خۆیان دەیانەوێ لە ناشیرینکردنی وێنەی سیمبولە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان پێناسە بکرێن:
هەردەم وەک تیرۆریست و تاوانباری جەنگ و ئەنجامدەری جینۆساید بناسرێین، کە ماوەیەکە لەڕێی وتارە پڕ لە درۆ و چەواشەکارییەکانیان لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا وەک کۆلۆنیالیست و داگیرکەر و هیچی تر دەیان چیرۆکی ئەفسانەیی دەئافرێنن، ئەگەر بەڕاستی چەمکەکانی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و چارەنووسی هاوبەش و یەکپارچەیی هزری لە گوتاری سیاسی داهاتووماندا بخوازین.
ئاخۆ دەبێت ئێمەش لە عاست ئەو زمانە زبرەیان بێدەنگ بین، ئەوەی بەڕاستی سەرسامم دەکات، خودی زمانی سیاسی ئەوان نییە، هەرچەندە سیاسەت بەشێکە لە کولتوور، بەڵکو بەکارهێنانی گوتاری قێزەون و ناڕەوایە لە دەربڕینی ئەم جۆرە زاراوانە لەلایەن نووسەرەکانیانەوە، بۆیە دوورکەوتنەوە لە زمانی زبردا لەم دەستەواژانە بایەخێکی سەرەکی هەیە، نووسەران دەبێت سەرلەنوێ بە هەرچی نووسیویانە لێی بکۆڵنەوە بۆ پاککردنەوەی هزرو هەستەکانیان لەو کەموکوڕییە زمانەوانیانەی کە هۆشیاری زمانەوانی دەشێوێنن و هۆشیاری گشتی ساختە دەکەن. درککردن بەم ڕاستییە، من لە خۆمەوە دەستم پێکرد و گەڕامەوە سەر هەموو ئەو شتانەی کە نووسیبووم و هیشتا بڵاوم نەکردبوونەوە، دووبارە دەستکاریم کرد و زمانەکەمم لەو جۆرە تەڵە زمانەوانییانە ڕزگار کرد، و ڕێگە بە خۆم دەدەم کە بیانگۆڕم، واتایەکە وەربگرم، من ئەمەم زۆر بە توندی لە دوا نووسینمدا کە بە ناوی “بیرکردنەوە لە واقیعی کولتووریمان” جێبەجێ کرد. ئیدی پێموانییە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەم بەم ناوە داوە، بە تاک یان فرە، بچێتە ناو زمانەکەمەوە. کە لە سیاسەتی زمانەوانیدا بە زمانی هێمن ناسراوە.

فەرەیدوون سامان




زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.. فەرەیدوون سامان

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سوریا، مەگەر بۆ ماوەیەکی کەم تەبێت لەسەردەمی ئینتدابی فرەنسییەکان دەرفەتێک بە کوردانی دانیشتووی شام ڕەخسا، لە بواری زمان و کەلتوور و چاپەمەنیدا چالاک بن، لەوانەش وەشاندنی گۆڤاری هاوار(١٩٣٢)، ئەگینا هیچ ئاماژەیەکی دەستووری و یاسایی لەو وڵاتەدا بە زمان و کەلتووری کوردیدا نەکراوە، ڕاستە وەک کۆماری تورکیا بە ڕەسمی زمانی کوردی قەدەغە نەکرابوو، بەڵام لەکایەکانی پەروەردەو فێرکردن و فەزا گشتییەکانی فەرمانگە حکوومییەکان، تەنانەت لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەشدا لەلایەن دیمەشقەوە زۆر بەتوندی دژایەتی زمان و ناسنامەی کوردی کرا، لەو سۆنگەیەشدا هاووڵاتییانی کورد دووچاری زیندان و ڕاوەدوونان و ئاوارەیی تەنانەت کوشتنیش هاتوون.
دوای سەرهەڵدانی ڕۆژاوای کوردستان و دواتر دامەزراندنی کانتۆنەکان و دەسەڵاتی خۆسەری لەو هەرێمەدا، بزاڤێکی کەلتووری و زمانەوانییان بۆ فەراهەم بوو و ئاستی خوێندنی کوردی لە سێکتەری پەروەردەو فێرکردندا گەیشتە قۆناغەکانی زانکۆ(زانکۆی ڕۆژاوا لە کۆبانێ بە نموونە)، بەڵام کاتێک زمانی کوردی لەلایەن حکومەتەکەی شەرعەوە بە فەرمانی ڕەسمی دەخرێتە ناو قوتابخانەکانی ڕۆژاواوە، ئێمە تەنیا باسی قۆناغێکی جیاواز دەکەین، باس لە لاپەڕەیەکی نوێ دەکەین لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی سوریا و شوناس و کولتوور و زمانی نەتەوەیەک کە لە مێژە تووشی پەراوێزخستن بووە.
وەزارەتی پەروەردەی سوریا ڕێنمایی جێبەجێکاری سەبارەت بە فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکاندا دەرکرد. ئەم بڕیارە شایەنی ئەوەیە بە هێمنی و بێ زیادەڕەوی و کاردانەوەی سۆزداری و لە چاویلکەیەکی سیاسی و یاساییەوە بخوێنرێتەوە و لەبەرچاو بگیرێت، تا بزانین چی بەدەست هاتووە و چی دەبێت لە داهاتوودا بەدەست بهێنرێت. لە ڕاستیدا بەشێک لە هاووڵاتیانی کورد ڕەخنەیان لەو بڕیارە گرت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فێرکردنی زمانی کوردی بە تەنیا بۆ ئاستی مافێکی نەتەوەیی و زمانەوانی بەرز نابێتەوە و ئەوەی پێویستە دانپێدانانی زمانی کوردییە وەک زمانێکی ڕەسمی نەک وەک زمانێکی نیشتمانی بخوێنرێتەوە، بەتایبەتیش لە ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانی مێژوویی کورد پێکدەهێنن. پێموایە ئەم داخوازییەی کورد ڕەوایە، مافی گەلان بۆ زمانەکەیان نابێت تەنها لە خوێندنی ئیختیاری یان قۆناغێکی سنووردار بێت. بەڵام ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دەبێت لە خۆمانی بکەین ئەویش ئەوەیە ئایا پێویستە ئەم هەنگاوە مێژووییە ڕەت بکەینەوە، تەنها لەبەر ئەوەی کۆتایی ڕێگەکە نییە؟
بەڕای من نەخێر. هێنانە ناوەوەی زمانی کوردی بۆ ناو خوێندنگەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە ڕێگەی بڕیارێکی فەرمی کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی سووریاوە، گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە مێژوویەکی دوور و درێژی ئینکاری و پەراوێزخستن. لە ڕووی سیاسییەوە ناژیرانە دەبێت کە بەهای ئەم هەنگاوە کەم بکەینەوە تەنها لەبەر ئەوەی هەموو داواکارییەکانی کوردی بەدی نەهێناوە. دەیان ساڵە کورد لە سوریا لەژێر سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەدا دەژین، کە بەشێکی بنەڕەتی لە ناسنامە و کەلتوور و زمانییان ڕەتکراوەتەوە. ئەوان تووشی ستەم و هەڵاواردن هاتوون، سیاسەتگەلێک کە بوونی زمان و ناسنامەی کوردی لە کایەی گشتیدا لاواز کردبوو. لە هەندێک کاتدا کارەساتەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە نەوەکان لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بێ ترس و فێربوون زمانەکەیان زەوت بکرێت. بۆیە ئەمڕۆ ناساندنی زمانی کوردی هەڵگری بەهایەکە کە لە وردەکارییەکانی میتۆد و شێوازی وانەگوتنەوەدا تێدەپەڕێت. دانپێدانانە بەوەی کە زمانی کوردی زمانێکی زیندووە، و ئاخێوەرانی ئەو هاووڵاتییانەن کە مافی ئەوەیان هەیە منداڵەکانیان لە ناو خوێندنگەکانی سوریا گوێیان لە ئاوازی زمانەکەیان بێت، نەک لە پەراوێزدا و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بن. لێرەدا دەبێت ڕوونتر بین: ستایشکردنی بڕیارەکە بە واتای وازهێنان لە داخوازییەکانی دیکەی کورد نییە. دەتوانین بڵێین ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ ئەم هەنگاوە، لە هەمانکاتدا دان بەوەدا بنێین کە گەشتەکە کۆتایی نەهاتووە، دەتوانین پشتیوانی لە فێرکردنی زمانی کوردی بکەین لە هەمانکاتدا داوای مافی زیاتری زمانەوانی و کەلتووری بکەین. دەتوانین ئەو بڕیارە بە خاڵی دەستپێک بزانین و داوا بکەین کە ئەم سەرەتایە پەرە بسێنێت بۆ دانپێدانانێکی دەستووری ڕوونتر بە مافەکانی هەموو گەلی کوردی ڕؤژاوا، لە پێش هەموویانەوە مافی کورد بۆ زمان و ناسنامەو کەلتوورەکەی، و زامنی پێگەی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە ناوچە کوردنشینەکاندا، لە چوارچێوەیەکی دەستووری و ئیداریدا کە مافەکانی هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات بەبێ ئەوەی کەمێک لە مافی هەر گروپێکی تر، ئەمانە دژایەتی نین، بەڵکو سیاسەتی پێگەیشتوو ناچارمان ناکات لە نێوان دانپێدانان بەو شتەی بەدەست هاتوون و داوای ئەوەی هێشتا بەدەست نەهاتوون هەڵبژێرین.
کوردی ڕؤژاوا بە درێژایی مێژووی سوریا باجی قورسیان داوە، لەپێناو ئازادی و دادپەروەری ڕۆڵەکانیان کردە قوربانی، و بەرگەی ساڵانێک لە ستەم و هەڵاواردنیان گرت و باجی ستەمکارییان داوە، لەگەڵ ئەو سەختییەی ژیان کە ناسنامە و زمان و بوونی کولتوورییان کردە ئامانج. بۆیە ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە گوتارێکی سیاسی جیاواز هەیە. نامانەوێت مافی زمان ببێتە مایەی ململانێی نێوان سوورییەکان. کورد دەیەوێت زمانی کوردی ببێتە بەشێکی سروشتی سوریای نوێ، هەروەک چۆن دەیەوێت زمانی عەرەبی زمانی یەکگرتووی دەوڵەت بێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بەبێ جیاوازی پارێزراو بێت. زمان دیواری نێوان مرۆڤەکان نییە؛ زمان پردێکە بۆ شکۆی مرۆڤ، داننان بە زمانی کوردی، عەرەبێک کەم ناکاتەوە، هەروەک چۆن داننان بە زمانی عەرەبی، کوردێک کەم ناکاتەوە. دەوڵەتێک کە ڕێز لە فرەچەشنی زمانەوانی و کولتووری خۆی بگرێت، لاوازتر نابێت، بەڵکو زیاتر متمانە بەخۆی دەکات و باشتر ئامێزی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەکاتەوە.
لێرەوە ئەرکی ئەمڕۆی کوردی ڕۆژاوا هەر تەنها ئاهەنگگێڕان نییە بۆ بڕیارەکە، نە هێرشکردنە سەری، بەڵکو کارکردنە بۆ سەرکەوتنی. پێویستە داوای مامۆستایانی شارەزا، و میتۆدی کوالیتی بەرز، کتێبی خوێندن، ڕاهێنان، ژینگەیەکی گونجاوی فێربوون و چاودێری جێبەجێکردنیان بکەن. چونکە مافەکان تەنیا بە دەرکردنی فەرمان نابنە واقیع؛ مافەکان پێویستیان بە دامەزراوە هەیە بۆ پاراستنیان، خوێندنگە بۆ جێبەجێکردنیان، کۆمەڵگەیەک کە بزانێت چۆن بیانپارێزێت. هەروەها ئەمڕۆ کورد بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە. ئەگەر دەیانەوێت زمانی کوردی لە پەروەردە و کارگێڕی و کۆمەڵگەدا ئامادەیییەکی بەهێزی هەبێت، پێویستە کار بۆ پەرەپێدانی، ڕاهێنانی کارمەندەکانی، بەرهەمهێنانی کتێب و پرۆگرامی خوێندن، هاندانی منداڵان و لاوان بۆ فێربوونی و لە داخوازییەکانی بگۆڕین بۆ پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی فەرهەنگی و پەروەردەیی.
ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەوە بووین کە زمانی کوردی بە فەرمی بخرێتە ناو قوتابخانەکانی سوریاوە. با وەک شایەنی خۆی سەیری ئەم ساتەوەختە بکەین.ئەمە کۆتایی نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەنگاوێکی زوو تێپەڕ نییە. هەنگاوێکی مێژووییە دوای دەیان ساڵ کە زمانی کوردی لەو پێگەیەی کە شایەنیەتی بەهرەمەند نەبوو. بۆیە گەرەکە کورد پێشوازی لێ بکەن، کاربکەین بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنەکەی. لەهەمانکاتدا پابەندی تەواوی مافەکانی خۆیان ببنەوە بە مافی کورد بۆ ئەوەی زمانەکەیان بەشێکی دانەبڕاو بێت لە پەیکەری دەستووری و ئیداری سوریای نوێ، هەروەها بە مافی ناوچە کوردییەکان کە پێگەی فەرمییان هەبێت بۆ زمانی کوردی کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و مێژووییە ناوازەکانیان بێت.
کورد زمانێکی ناوێت کە تەنیا ڕێگەپێدراو بێت؛ ئەوان زمانێکیان دەوێت کە ڕێزی لێ بگیرێت. مافێکی کاتیمان ناوێت؛ مافێکی هەمیشەییمان دەوێت، کە لە دەستووردابچەسپێت. جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان ڕەتکردنەوەی هەنگاوێک چونکە نەگەیشتووەتە ئەنجام و پەژراندنی وەک سەرەتایەک و بەردەوامبوون لە ڕێگاکەدا. با ئەوەی بەدەست هاتووە بە جددی وەربگرین و بە بەردەوامی داوای ئەوەی دەمێنێتەوە. مافەکان لە یادەوەریدا پارچە پارچە نین، بەڵکو لە سیاسەتدا بنیات نراون، ئێستا زانکۆی ڕۆژاڤا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانە دەکات کە لەم دواییانەدا وەزارەتی پەروەردەی سوریا سەبارەت بە کەمکردنەوەی وانەکانی زمانی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا دراون. لەم چوارچێوەیەدا زانکۆ لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی و پەروەردەیی خۆیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پێوەرە پاشەکشەیە لە مۆدێلی پەروەردەیی وەرگیراو، هەنگاوێکە بۆ دواوە کە ڕێگری دەکات لە گەشەسەندنی بەردەوامی سیستەمی پەروەردە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕۆژاوای کوردستاندا.
لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، تاقیکردنەوەیەکی زانستی و مەیدانی گشتگیر لە ڕۆژاڤا/باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا، کە تێیدا سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر دامەزرا و زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی پەروەردە و توێژینەوە لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا ناسێندرا. ئیتر بەکارهێنانی زمانی دایک تەنیا لە بەشی ئەدەبی و زانستە مرۆییەکاندا سنووردار نەبووە، بەڵکو فێرکردنی هەموو بوارە زانستی و پزیشکی و کارپێکراوەکان – وەک بیرکاری و فیزیا و کیمیا و ئەندازیاری- بە پێی پرۆگرامە زانستییەکان و ستانداردە پێشکەوتووەکانی ئەکادیمی لەخۆگرتبوو. جیاکردنەوە و سنووردارکردنی زمانی فێرکردن بۆ سێ وانەی هەفتانە و مانەوەی وەک پێکهاتەیەکی زمانی لاوەکی، لەبری ئەوەی ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ گوتنەوەی بابەتەکانی زانستی، لێکەوتەی نەرێنی پەروەردەیی و ئەکادیمی هەیە، وەک:

  • کەمکردنەوەی توانای تێگەیشتن و شیکردنەوەی خوێندکارانی کورد بە دابڕینی لە ژینگە زمانەوانییەکەی کە زیاتر لە 12 ساڵە وەبەرهێنانی زانستییان تێدا کردووە.
  • وازهێنان لە ژێرخانی ئەکادیمی و دەستکەوتەکان کە لە ڕێگەی هەوڵ و سەرچاوەکانی پەروەردە لە ماوەی تەواوی ١٢ ساڵدا بنیاتنراون و پەرەیان پێدراوە.
  • پشتگوێخستنی پێوەر و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە پەروەردەییەکان کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پەروەردە بە زمانی دایکی فاکتەری سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی کوالیتی پەروەردە و جێبەجێکردنی داهێنان و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە.
    ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پەروەردەیی باشترین چارەسەری ئەکادیمی لە سنووردارکردنی زمانێک نییە لەسەر حیسابی زمانێکی دیکە، بەڵکو لە ئەگەری وەرگرتنی مۆدێلی خوێندنی دوو زمانەدایە. ئەمەش مۆدێلێکی زانستییە و لەسەر ئاستی جیهانی جێبەجێ دەکرێت. دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ فێرکردنی زانست و بابەتەکانی سەرەکی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی شانبەشانی یەکتر، بە شێوەیەک کە پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی خوێندکاران مسۆگەر بکات، توانای زانستی و پەیوەندی کردنیان بەرز بکاتەوە، هەروەها پردی یەکڕیزی ئەکادیمی و نەتەوەیی لەبری سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دروست دەکات.
    مافی خوێندن بە زمانی دایک لە لقە جیاجیاکانی زانست و زانستدا مافێکی ئەکادیمی و مرۆڤە و لە ستاندارد و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا پارێزراوە، هەروەها ئامرازێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی پرۆسەی خوێندن و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی. جگە لەوەش بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر و بەردەوام، پێویستە فرەزمانەوانی بەهێز بکرێت و بەرنامەی پەروەردەیی گشتگیر بگیرێتەبەر، لەبری جێبەجێکردنی سیاسەتی سنووردارکردن و پەراوێزخستن
    لەسەر ئەم بنەمایە، زانکۆی ڕۆژاڤا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە چاو بەو بڕیارە بخشێننەوە کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، لە سنووردارکردنی بازنەی خوێندن بە زمانی کوردی، هەروەها کاربکەن بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئاستی ئەکادیمی و پرۆگرامە زانستییە گشتگیرەکان کە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا بە زمانی کوردی دەگوترێنەوە – لەوانەش ڕێگە خۆشکردن بۆ پەرەپێدانی مۆدێلی پەروەردەی دوو زمانەیی بەردەوام بە مەبەستی دڵنیابوون لە داهاتووی خوێندکاران و پاراستنی کوالیتی سیستەمی پەروەردە. ئەگینا بە شێوەیەی کە بڕیاری لەسەر دراوە لە هەفتەیەکدا سێ وانە بخوێنرێت، پاشەکشەیەکی گەورەیە لە خەون و خواستی گەلەکەمان لە ڕۆژاوای نیشتمان.

فەرەیدوون سامان




دوای پەیماننامەی لۆزان, ساختەکردنی ناسنامە، زمانی ساختە.. فەرەیدوون سامان

١٠٣ ساڵ تێپەڕی، ئێستاش دەرەنجامە شوومەکانی پەیماننامەی لۆزان کاریگەرییان بەسەر دابەشکردن و لێکترازانی بەشەکانی کوردستان هەیە، وێڕای نیشتمانەکەمان، نەتەوەکەش بەردەوام پرۆژەیەک بووە بۆ جینۆساید، بە هۆکار و بیانووی جیاواز، ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردیش ڕووبەڕووی شاڵاوێکی بێبەزییانەی حاشالێکردن و ساختەکردنی ناسنامەکەی بۆتەوە، بەتایبەتتر لەو چەند ساڵانەی دوای دەسەڵاتی خۆڕێبەری لە هەرێمی کوردستاندا، بە پلان و بەرنامەی قووڵی ستراتیژی برادژمنەکانمان لە وڵاتانی ئیقلیمی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون تەگەرە بخەنە بەردەم یەکێتی نەتەوەییمان، لە ڕێگەی دژایەتی زمانی کوردی و قەدەغەکردنی، یان ناساندنی شێوەزارەکان وەک زمانی جیاواز لە زمانی کوردی، یان ناساندنی بە کۆمەڵە زمانە کوردییەکان، بەڵام زمان دەفری یادەوەری بەکۆمەڵە و یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی، لێرەو لەوێش هەن گرووپ و پێکهاتە هەن خەریکن خۆیان لە کوردبوون جودا دەکەنەوە، و هەوڵدەدەن ناسنامەیەکی ساختە بۆ نەتەوەو بۆ زارەکانیان هەڵدەگرن، لە پلاتفۆرمە میدیاییەکان حاشا لەڕەسەنایەتی مێژوو و کەلتووری خۆیان دەکەن، دیارە هەرکەسێک، گرووپێک بانگەشەی بوونی نەتەوەیەکی سەربەخۆ بکات، بەرایی دەبێت بزانێت ئەو بناخە بابەتییانەی کە ئەم نەتەوەیەی لەسەری وەستاون ڕوون بکاتەوە، کە بەر لە هەر شتێک زمان و ناسنامەی نەتەوەکەیە، نەک ئایین یان ئایینزاکەی بکاتە کۆڵەگەی بنەڕەتی ناسنامە و تاکە بنەمای شوناسی نەتەوەیی خۆی.
زمان هەڵگری مێژوو و کەلتوور و هۆشیاری بە کۆمەڵی گەلانە، زمان ئەو پردەیە کە نەوەکان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، بۆیە هەر تاکێک باس لە ناسنامەی خۆی بکات، ناتوانێ ئەم توخمە بنەڕەتییە پشتگوێ بخات، کە بە درێژایی سەدەکان کوردبوونی بەنەمری پاراستووە، لێرەدا ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی یان کولتووری بە واتای گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ حوکمدان لەسەر بەهای مرۆڤ یان ڕەسەنایەتی ناسنامەی نەتەوەیی نییە، شکۆو و ناسنامەی مرۆڤ زۆر فراوانترە بۆ ئەوەی لە یەک پێوەردا کورت بکرێتەوە، دابەشبوونێکی لەم شێوەیە دەرگا بەڕووی کێشەیەکی قووڵتر دەکاتەوە، چونکە گەلان لەسەر پلەکانی ڕەسەنایەتی لە نێوان ئەندامەکانیاندا بنیات نراون، لەسەر ئەو دانپێدانانەی یەکترن کە مێژووی هاوبەش بەهۆی بیروباوەڕی جیاوازەوە ناسڕدرێتەوە، فرەچەشنی لەناو یەک کۆمەڵگەدا دەتوانێت سەرچاوەی هێز بێت، نەک هۆکارێک بۆ دابەشبوون، جا گەر بیەوێت ڕەسەنایەتی واقیعێکی بابەتیی بێت، دەبێت لەسەر بنەمای پێوەرێکی دادپەروەرانە بێت کە مافی هەمووان دابین بکات، نەک لەسەر ئینتمای ئایینی، کە بە سروشتی خۆی قەناعەتێکی ڕۆحی و هزرییە. ڕەنگە مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا ئایین یان ئایینزای خۆی بگۆڕێت، بەڵام ناتوانێت ئەو بنەچەی کە تێیدا لەدایک بووە بیگۆڕێت.
ڕاستە لە سەردەمێکی جیاوازی مێژووی ئێمەدا بە فبیتی داگیرکەران لەلایەن میرانی سۆران و بابان و بۆتان بە ناوی ئیسلامەوە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان کراوە، بەڵام بەدرێژایی ڕۆژگاریش بە گشتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ئایین و ئایینزاکان شایەنی ڕێز و پێزانین بوون وەک هەڵبژاردنی ڕۆحی و هزری مرۆڤەکان، پێکەوەژیان و ئاشتەوایی لە نێوان ئایین و ئایینزایەکان هەبووە، لە کاتێکدا ناسنامەی نەتەوەیی بەرهەمی کەڵەکەبوونی مێژوویی، کولتووری، زمانەوانی و کۆمەڵایەتییە، کە چەندان نەوە لە دوای نەوە پێکهاتووە، بۆیە هەڵەیە ئەم دوو کایە لە دژایەتی یەکتردا دابنێین، یان یەکێکیان بکرێتە پێوەر بۆ نکۆڵیکردنی لە ئەوی دیکە.
مخابن مێژووی ئێمە پڕە لە ستەم و چەوسانەوە و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و گۆڕانکاری دیمۆگرافی، بەڵگە مێژوویەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە چەوساندنەوە تەنیا لە هیچ گرووپێکی ئایینی یان تائیفیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو کارەساتەکان بێ جیاوازی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە، بەتایبەت خوشک و برا ئێزیدییەکان، کریستانەکان، فەیلییەکان، بارزانییەکان…تد، ئەم کارەساتانە پێویستییان بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی بێلایەنی هەیە، ئەگەر نادادپەروەرییە مێژووییەکان پاساو بۆ وازهێنان لە ناسنامەی نەتەوەیی مرۆڤ دەهێننەوە، بۆچی کوردی موسڵمان سەرەڕای بەرگەگرتنی هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەیی، دەستبەرداری ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان نەبوون؟ بۆچی بەرخودانی کۆبانی دوای زاڵبوونی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا وەک سیمبولی ناسنامەی نەتەوەیی کورد مایەوە، هەروەک چۆن شەنگال وەک سیمبولی خۆڕاگری ئێزیدییەکان ماوەیەوە.
ئەو قوربانیدانانەی کە گەلی کوردستان داویەتی، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئازاری هاوبەش هۆکاری یەکگرتنمان بووە، هەروەها ئەو خوێنەی کە بۆ بەرگری کردن لە خاک و شکۆی مرۆڤی کورد ڕژاوە، پێش پێشکەشکردنی، پرسیاری لەبارەی ئایین و ئایینزای کەس نەکردووە، بەڵکو لە هەستێکی قووڵی سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی بەرامبەر مرۆڤایەتی و خاکەوە سەرچاوەی گرتووە، داعش لە دوژمنایەتی کوردی موسڵمان و ئێزیدی هیچ جیاوازییەکی نەکرد؛ بەپێی بارودۆخی شەڕەکە هەمووانی کردە ئامانج. لە کاتێکدا کە کۆمەڵکوژی شنگال بە هۆی سروشتی ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجام دران، سیمایەکی تایبەتی وەرگرت، ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە: ئایا دەکرێت تاوانەکانی ڕێکخراوێکی توندڕەوی تیرۆریست بگەڕێندرێتەوە بۆ تەواوی نەتەوەیەک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرینەی ڕەهای ئەندامەکانی بە هیچ شێوەیەک کورد نەبوون، بەڵکو زۆربەیان عەرەبی سوننە بوون. ئایا تەنها بۆ هەموو گەلی کورد بەرپرسیارێتی کارەکانی گروپێکی توندڕەو هەڵبگرێت کە نوێنەرایەتیان ناکەن، پێویستە بگوترێ ئەوانەی بەرگرییان لە ئێزیدییەکان کرد و داعشیان لە شنگال بەرپەرچ دایەوە و ئازادیان کردن و شەهیدی بێژماریان پێشکەش کردن لە بەرگری و ڕزگارکردنیدا، هەموویان ئەندامی نەتەوەی کورد بوون.
دادپەروەری لە حوکمدانی گەلاندا پێویستی بە جیاکردنەوەی کردەوەی گروپە توندڕەوەکانە لە ناسنامەی خودی خەڵک، کە ڕەنگە لە ڕیزی ئەو کەسانە بن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لەلایەن ئەو گروپانەوە. گەلێک بە کردەوەی ئەو کەسانە ناپێورێت، کە دژایەتی دەکەن یان زیانی پێدەگەیەنن، بەڵکو بە مێژووەکەی و هەڵوێستی گەلەکەی و بەشداری کردنیان لە بەرگری کردن لە مرۆڤایەتیدا دەپێورێت، جگە لەوەش، ئایا دادپەروەرانە نییە باس لەوە بکەین کە هەزاران چەکداری کورد، لە پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان لە بەرگریکردن لە شەنگال و گەلەکەی، گیانی خۆیان بەخت کرد، تەنانەت هەندێکیان لە خەباتی ڕزگارکردنی خاک و ڕزگارکردنی خەڵکی سیڤیلی ئێزیدیدا شەهید بوون، ئەگەر تاوانەکە ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ تەواوی نەتەوەیەک، ئایا دروستە چاوپۆشی لەو کەسانە بکرێت کە خۆیان کردە قوربانی بەرگری کردن لە ئێزیدییەکانیان؟
دداننان بە قوربانیدانی ئەوانی تر لە کارەساتی هیچ گروپێک کەم ناکاتەوە؛ بەڵکو بەشێکە لە بەدەستهێنانی دادپەروەری مێژوویی. ڕاستی تەواو لەسەر یەک یادەوەری بنیات نراوە، بەڵکو لەسەر کۆکردنەوەی هەموو ڕاستییەکان و داننان بە هەموو ئەوانەی دژی نادادپەروەری وەستاونەتەوە، لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە: ڕەسەنایەتی ڕاستەقینە لە کوێدایە؟
ئایا لەو کەسەدا نیشتەجێیە کە سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرگەی دەگرن، بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە دەلکێت، یان لەو کەسەدا نیشتەجێیە کە لە یەکەم تاقیکردنەوەدا واز لە نەتەوەی خۆی دەهێنێت؟ ئایا ڕەسەنایەتی بە چەسپاوی پەیوەندی نەتەوەیی کەسێک دەپێورێت، یان تەنها بە پابەندبوونیان بە باوەڕی ئێزیدییەوە؟ ئەمە بە هەموو ڕێزێکەوە بۆ شوێنکەوتووانی دەگوترێت.
ڕەسەنایەتی ڕاستەقینە بەو شێوەیە ناپێورێت کە مرۆڤ چەندە بانگەشەی دەکات، نە بە قۆرخکارییەکەی لەلایەن گروپێکەوە بەسەر گروپێکی تردا. بەڵکو بە ڕاستگۆیی مرۆڤ بە مێژوو و کولتوور و زمان و پەیوەندی بە کۆمەڵگەکەیەوە دەپێورێت و بە توانای ڕێزگرتن لە جیاوازیی ئەوانی دیکە بەبێ ئەوەی نکۆڵی لە بوونیان بکات، پرسیاری هەرە بەرچاو لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر لایەنگرانی هەر یەکێک لەو ئایین و باوەڕانەی کە لە نێو کورددا باو بوون، تووشی نادادپەروەری و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی ببن و دواتر لە ئەنجامدا ئینکاری ناسنامەی کوردبوونی خۆیان بکەن، ئایا هیچ کوردێک دەمێنێتەوە؟
ئەم پرسیارە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کارەساتەکان هەرچەندە مەزن بن، نابێت ببنە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەندامانی یەک کۆمەڵگە، بەڵکو پاڵنەرێک بن بۆ پێداچوونەوە بە هەڵەکانی ڕابردوو و بەهێزکردنی بەهاکانی دادپەروەری و پێکەوەژیان، ناسنامەی نەتەوەیی بەرگێک نییە کە مرۆڤ بە ئارەزووی خۆی دایبکەنێت و لەبەری بکات، هەروەها نازناوێکیش نییە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە ببەخشرێت یان بکێشرێت، بەڵکو لوتکەی مێژوویەکی دوور و درێژی زمان و کولتوور و یادەوەری و سەربەخۆییە، ناسنامە تەنها هەڵبژاردنێکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو درێژکراوەی ئەو ڕەگانەیە کە لە ماوەی درێژخایەندا پێکهاتوون و ئەزموونی باوباپیران و یادەوەرییەکانی نەوەکانی پێشوو لەناو خۆیاندا هەڵدەگرن، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵیدا پەند و هۆشیاریی دەوێت نەک بچووککردنەوە یان دوورخستنەوە.
ئایا مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە نەتەوەی خۆی هەڵبژێرێت، هەروەک چۆن بیروباوەڕەکەی هەڵدەبژێرێت. ئەمەش پرسیارێکی لۆژیکی دەوروژێنێت: ئایا نەتەوەبوون کردەوەیەکی ڕەهای هەڵبژاردنە، یان پەیوەندییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە مرۆڤ تێیدا لەدایک دەبێت، مەرج نییە ڕێزگرتن لە ئازادی خۆدەربڕینی مرۆڤ بە مانای سڕینەوەی ئەو واقیعە مێژوویی و کۆمەڵایەتییانە بێت کە شوناسەکان لە قاڵب دەدەن، جیاوازییەک هەیە لە نێوان ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی کەسی و پێناسەکردنەوەی چەمکە سەرەکییەکان بەبێ پشتبەستن بە پێوەرە ڕوون و بابەتییەکان، ئەگەر کەسێک ڕایبگەیەنێت کە بووەتە تورک، فارس، عەرەب، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە، ئایا ئەم ڕاگەیاندنە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەو مێژوو و زمان و کولتوورەی کە بەدرێژایی چەندان سەدە بۆ ئەو نەتەوەیە دروست بووە، کە ئێستا خۆیان لەگەڵیدا دەناسێنن؟
ئایا شوناس تەنیا لە ڕێگەی ئارەزووی کەسییەوە دەگۆڕێت، یان توخمگەلێکی بابەتیی هەن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن، ئازادی هزر و دەربڕین لەسەر بنەمای بانگەشە نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پەیوەندی مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتییە کە بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبن، لە هەمانکاتدا جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە تاک و مافی دەربڕینی ناسنامەی خۆیان دەکەنەوە کە خۆیان دەیبینن. ڕێزگرتن لە مافی تاکەکان بۆ پێناسەکردنی خۆیان، ڕێگری ناکات لە باسکردنی خودی چەمکی ناسیۆنالیزم، هەروەها ڕێگری ناکات لە پرسیارکردن لە سنوورەکانی نێوان سەربەخۆیی کەسی و مێژوویی. دیالۆگ سەبارەت بە شوناس نابێت بچێتە ناو ململانێ لە نێوان ئەندامانی یەک نەتەوەدا، بەڵکو دەبێت ئامرازێک بێت بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خودی دەستەجەمعی و دۆزینەوەی فۆرمولێک کە جیاوازیی هەمووان لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی یەکتردا بپارێزێت.
لە کۆتاییدا بە ڕای من ئەم جۆرە کێشانەی وەک هەڵگەڕانەوەو حاشاکردن لە زمان و ناسنامەی نەتەوە وەک گرووپێک لە ئێزیدی و شەبەک دەیکەن، دەبێت ئیحتوا بکرێت نەک بە توندوتیژی وەڵام بدرێتەوە، بێ ئەوەی دەست بەسەر مافی هیچ کەسێکدا بگرین بۆ دەربڕینی ناسنامەی خۆی، بەڵکو داوای گفتوگۆیەکی عەقڵانی بکەین کە خۆی لەو پۆلێنکردنانە بە دوور بگرێت کە ئایین دەکاتە پێوەر بۆ ڕەسەنایەتی نەتەوەیی خۆی، چونکە ئەمە نادادپەروەرییە بەرامبەر بە خەڵکی دیکە و دەستوەردانی ئایین بۆ بابەتێک کە لە بنەڕەتدا جیاوازە لە ئیمان.
دواجار ڕێزگرتن لە هزرین و هەڵوێستی بەشێک لە ئێزیدییەکان و گرووپەکانی دیکە بە کەمکردنەوەی پێگەی ئەوان یان پرسیارکردن لە ناسنامەکەیان نیشان نادرێت، بەڵکو بە یەکترناسینی ئەوەی کە فرەچەشنی ئایینی و کولتووری لەناو یەک کۆمەڵگەدا دەتوانێت سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزی بێت، نەک هۆکارێک بۆ دووبەرەکی و ناتەبایی. ئەگەر هەموو ئەندامانی گەلێک خاک و زمان و مێژوو و ئازار و قوربانیدانیان هاوبەش بووبێت، ئەوا ئەم مێژووە هاوبەشە دەبێت سەرچاوەی یەکڕیزی بێت نەک دابەشبوون و دیالۆگ لەسەر بنەمای ئارگیومێنتی عەقڵانی نەک تۆمەتبارکردن و لەسەر لۆژیک بێت نەک هەست و سۆز.
ئەو گەلانەی ڕێز لە مێژووی خۆیان دەگرن، ئەو گەلانەن کە دەتوانن ڕووبەڕووی ئێستای خۆیان ببنەوە و داهاتوویان لە قاڵب بدەن، گۆڕینی جیاوازییە ناوخۆییەکان بۆ ئامرازی دابەشبوون تەنیا خزمەت بە دوژمنانی پێکەوەژیان و سەقامگیری دەکات، ئەو پەیوەندییانەش لاواز دەکات کە کۆمەڵگەکەیان لە سەرانسەری نەوەکاندا بەردەوام کردووە.




دژبەرەکانی زمانی کوردی-2- .. فەرەیدوون سامان

بەشی دووەم..

زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش کردنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی، ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو سنوورە سیاسیانەی کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارەکانیدا. هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، لە ئەنجامدا خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە: ماوەیەکە باس لە زمانی ئێزیدی و خوێندن بە زمانی ئێزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە “یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی” کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی دێرینی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کرمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدییەکان نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن و کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراون؟
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە هاندانی پارتی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی، باشووری کوردستانیان بە “باکوری عێراق” و باکووری کوردستانیان بە “ڕۆژئاوای ئەرمینیا” ناودەبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین، کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.
لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە نەتەوەی کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو کوردە ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. لەوانەش ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند “ئێمە کوردی ئێزیدین “.تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناساند، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین”.
ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بەتایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی تورک و عەرەب و ئەرمەنەوە کاری بۆ دەکرێت.
بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری دنیادا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
بێگومان ئەگەر کورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشەو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە، نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزاری هەیە.
ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆ دەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
جیاوازی شێوەزارەکان دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە، ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات، یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زارەکانیش لک و پۆپن.
ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما.
دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو سیاسەت و شەڕە تایبەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ. تەنانەت ئەو کەسانەش بە شڵەژانی دەروونی و دوور لە میتۆدێکی زانستی ڕەخنە لە هەوڵی زمانناسانی کورد دەگرن، هەوڵەکانیان دەچێتە خانەی خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی نەتەوەکەمان.

فەرەیدوون سامان




دژبەرەکانی زمانی کوردی.. فەرەیدوون سامان

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە ڕاستەوخۆ لە سەنتەری کۆمەڵایەتی کۆییانی شاری سلێمانی لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٦/٦/٢٠٢٦ پێشکەشکرا.
دەتوانین ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دژبەرەکانی زمانی کوردی بکەین، یەکەمیان هۆکارەکانی دەرەوە کە بریتین لە هۆکاری سرووستی- جوگرافی، هۆکاری سیاسی و ئایدۆلۆلۆژی، هەروەها هۆکارە یاسایی و دەستوورییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جینۆسایدی کەلتووری ناسنامەو زمانی کوردیدا هەبووە.
هۆکارە ناوخۆییەکانیش بریتین لە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و هەبوونی فرە زار و فرە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان و هەروەها دژەگوتاری ئایینی و مەزهەبی، خەمساردی دەزگە کولتوورییەکانی حکومەت و نزمی ئاستی زانستی بەشە کوردییەکانی زانکۆیەکانی هەرێمی کوردستان.
بە ڕای زمانناسی کوردی سۆڤیەتی جاران (زارا یوسوبۆڤ ئەلینۆڤا) زمانی کوردی لەسەر بنەمای ئیتنیکی لە دوو زاری سەرەکی(کورمانجی و گۆران) پێکهاتووە، واتە کرمانجی ژوورو و کرمانجی ژێری بە بنزارەکانیانەوە، زاری گۆران(زازاکی- ھەورامی، بە بنزارەکانی شەبەک و باجەلان و زەنگنە..تد)، بەڵام بە ڕای زانایەکی کوردی فەیلی وەک د.ئیسماعیل قەمەندار کە ئەندامی ئەکادیمیای زانستی فرەنسایە، نووسەری کتێبی(زارە کوردییەکانی خوارین- اللهجات الکوردیە الجنوبیە)ە، ئەو زارەکانی(لەک و لوڕ و کەڵھور و گەرووسی..تد)، بە کۆمەڵەی سێیەمی زارە کوردییەکان دەناسێنێت، مخابن ئەو زارە ڕەسەنە کوردییانە لە بەشەکانی کوردستاندا، سەبارەت بە زۆر ھۆکاری ئایدۆلۆژی و سیاسی کە پێشتر ئاماژەم پێکردوون، دووچاری نکۆڵی لێکردن و هەڵمەتی جینۆسایدی کەلتووری ھاتوون، ئەویش لە ڕێی قەدەغەکردنی قسەپێکردن و نەخوێندنی لە بوارەیلی پەروەردە و فێرکردندا، لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، ساڵانەش بوودجەیەکی قەبەیان بە پلان و بەرنامەڕێژی کردنی ئاسمیلەکردنی ئەو زارە کوردییانە تەرخان کردووە، تەنانەت چەندان نووسەر و زمانناسی ئەکادیمی لە خودی ئەو خەڵکانەیان ھانداوە بۆ ئەوەی توێژینەوەو کتیبەکانیان لەسەر جیاوازی و سەربەخۆیی ئەو زارانە بە چاپ بگەیەنن و بانگەشەی ئەوەش بکەن کە زارەکانیان زمانی سەربەخۆن و کوردی نین.
کاتێک کۆمەڵگەیەک پێدەزانێ ‌زمانەکەی لە مەترسی لەناوچووندایە، دەتوانێ تێکۆشانەکانی بەدەر لە ئایدۆژیای سیاسی و حیزبایەتی و ناوچەگەرێنی بکاتە یەک و ھەنگاوی ئەوتۆ ھەڵبێنێت کە بە ڕاستی بکرێ زمانەکەی ببۆژێنێتەوە، بۆ سەرکەوتن لەو کارەشدا ھەڵبەت ھەموو خەباتێک دەبێ بە ئاوایەکی نەتەوەپەروەرانە دروست بکرێ، واتە تاک و کۆی کۆمەڵگەکە خۆی دەبێت ویستی ڕزگارکردنی زمانەکەی ھەبێت، واتە ئەو کولتوورەی کە پارچەیەک پێویستی بەوە ھەیە کە ڕێزی زمانەکەی خۆی بگرێت، ئەو کارەش دەرفەت و دەرەتانی مادی و مەعنەوی و میدیایی پێویستە، دیارە پێویستی بە ھەبوونی زمانناسانیش ھەیە، کە بە ئەرکی سەرەتایی گردەوەکۆیی و بە بەڵگەیی کردنی زمانانەوە خەریک بن.
د.فوئاد حەمە خورشید لە پێشەکی کتێبی(زمان و زارە کوردییەکان)یدا دەڵێت: لەم سەردەمەدا زمانی کوردی لە نێو باھۆزی بە جیھانیبوون و سەدەی مردنی زمانەکان و باڵادەستی زمانی ئینگلیزیدا، بە ڕێرەوێکی سەخت و پڕ لە کەند و ھەڵەت تێدەپەڕێت. ئەم زمانە بە درێژایی مێژوو ھەر بە زیندوویی ماوەتەوە، ئەمە ھەر چەندە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا و ئێران و عیراق و سووریاوە زۆر بە توندی نکۆلی لێ کراوە و بە زۆر شێواز ھەوڵی لەناوبردنی دراوە، مەگەر تەنھا لە بەشێکی کوردستاندا کە باشووری کوردستانە، دوای خەباتێکی بێوچان و قوربانییەکی زۆر، ئازادیی بەکارھێنانی بۆ ڕەخساو ھەتا ڕادەیەکی بەرچاویش گەشەی کردووە.
لە کوردستاندا کە پتر لە سی و چوار ساڵە خاوەنی حکومەت و دەیان دەزگەی توێژنەوەو ناوەندی کەلتوورین، تا ئێستا وەکو پێویست بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوە لەسەر ئەم زارە کوردییانە نەکراوە، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی زارەکییش لە نێو زارەکاندا ھەیە و بە میتۆدێکی زانستی کۆنەکراوەتەوە، ئەمڕۆ ئەم گەنجینە ئەدەبییە لەبەردەم مەترسی لەناوچووندایە، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لە سەردەمی کۆکردنەوەی زانیاریداین و تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی تۆمارکردن و نەخشەسازیمان لەبەردەستدایە، کەچی تا ئێستا ئەتڵەسی زارەکانمان نییەو ناشزانین ژمارەی ئاخێوەری زارەکانیشمان چەندن، نەک ھەر زارەکان، بەڵکو ھەتا ئێستا نازانین لەسەر نەخشە جوگرافیای زمانی کوردی لە کوێوە ھەتا کوێ درێژ دەبێتەوە، ھەندێک توێژەری کورد بە کاریگەری ھەندێک لە ڕۆژھەڵاتناس و کوردناسە ئەوروپییەکان گومان لە ناسنامەی کوردبوونی زمان و ناسنامەی لوڕ و لەک و زازا و ھەورامییەکان دەکەن، چاوەڕێ دەکەن ئەوان بە ئێمە بڵێن ئەم زارە کوردییە و ئەو شێوەزارە کوردی نییە، ئەوان بە ئێمە بڵێن کە زمانی کوردی چەندان زاری ھەیە، ئەوسا ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵێین ئەدی ئەوە نییە ئەوروپییەکان دەڵێن ئەوانە کوردن، کەواتە ئەوانە زاری کوردیین، ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە کە ئێمە بە خۆمان لە زارەکانی کوردی بکۆڵینەوە و لەسەر بنەڕەتی مێژووی گەشەکردنی زمانی کوردی و بنەماکانی زمانەوانی نوێ ناسنامەیان دیار بکەین، ھەروەھا دابەشکردنێکی سەردەمییانە بۆ زارەکان بکەین و نەخشەی ورد و زانستییانەیان بۆ بکێشین.
ئایا زمانی کوردی ھێشتا لە سنووری مان و نەمان ‌دایە؟
ئەمڕۆ زمانی کوردی ئەو سنوورەی بەرەو پانتاییەکانی ژیانی ھەمیشەیی بەزاندووە و مەترسییە سەرەکییەکانی سەر ئەم زمانە لە سەردەمی گلۆباڵ و تەکنەلۆژیای زانیاریدا کامانەن، چۆن دەتوانین زمانی کوردی لەم مەترسییانە دوور بخەینەوە و ھاوکاتیش بەرە و گەشەکردن و بەخشینی توانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەکانی سەردەمی ببەین و لە باری فورم و ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتری بکەین، چۆن دەتوانین بارودۆخ و توانستەکانی ئەم زمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زانست و دیاردە مودێرنەکاندا فراوانتر بکەین، بێ گومان چ زمان بە خانەی ھەستیی بزانین یان بە ئامرازی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان، چ بە دیاردەیەکی مێژوویی دابنێین یان وەکوو سیستەمێک لە نیشانەکان بیبینین و بە شێوەیەکی ھەنووکەیی سەیری بکەین، ناتوانین خۆمان لەم ڕاستییە بشارینەوە کە زمان و هزری مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی یەکترن، بە واتایەکی‌ دیکە زمان ئامرازی هزرکردنە و هزریش بنەمای زمانە.

زمانی کوردی و گوتاری ناسیۆنالیزم
هزری نەتەوەیی، کۆڵەکەی سەرەکی ڕزگارکردنی ئەم زمانەیە، کە لە ژێر پەنجە نەگریسەکانی سڕینەوەی کولتووریی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازانەی کە سەردەمانێک خەونیان بە درووستکردنی یەک نەتەوە و یەکزمان دەبینی. بەڵام ئێستاکە بە ئاشکرا و بە تەواوی پەیکەری ئەم ئاواتە نامرۆڤانەیان ڕووخاوە، ئەم حکومەتانە بە ناچاری ئاراستەی سیاسەتەکەیان گۆڕیوە بۆ سیاسەتی برایەتی ڕواڵەتیی و ڕازی کردنی ڕووکەشییانە، پێیان خۆش بێت یان نا، ئێستە زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کە تەنانەت لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیشدا ڕووبەرێکی سیاسی و کولتووریی بەرین و بەرفراوانی ھەیە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە دەرکەوتە ئایدیۆلۆژیکەکەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ھێشتا قەناعەتی بەم وەرچەرخانە مێژووییە نەھێناوە و ھەر لە ڕەھەندی دووانەی مەرگ و ژیانەوە مێزەی زمانی کوردی دەکات، بەم پێیەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر و دۆخەکانی گەشەی زانستیی لێوەر‌گرتۆتەوە و ڕێگەی بۆ ھەر چەشنە دەستێوەردانێکی نازانستیی خۆش کردووە؛ ئەو دەستێوەردانانەی کە بە دروشمی ڕەسەنایەتی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمان و کتێبخانەی کوردی پاساو دەدرێن، بە گشتیی دوو گرووپ خاوەندارێتی ئەم دەستیێوەردانە ئایدیۆلۆژیک و نازانستییە دەکەن:
یەکەم- ئەوانەی تا ئێستەش ئاگاداری ئەم ڕاستییە نین و بە شێوازەکانی ڕابردوو ھێشتا ھەر پاراستنی زمان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
دووەم- ئەوانەی بە تەواوی ئاگادارن، بەڵام ئەم دۆخەیان پێخۆشترە و شکۆی دەستکرد و نانی خۆ ھەڵواسین بەم زمانەدا بە ئاسانی ڕادەستی پرۆسەی بە پسپۆڕیی بوون و زانستیی کردنەوەی زمانی کوردی ناکەن، بە داخەوە نموونەیان کەم نییە ئەوانەی کە هەرچەند توانستی وەزیفی و داراییان قۆرخکردووە، ھێشتا گرفتی سەرەکییان لە نووسینی کوردیدا ھەیە، کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بڵاودەکەنەوە.
بە ئایدیۆلۆژیی کردن یەکێکە لەو مەترسییانەی دەتوانێت پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان زمان و هزر تووشی دابڕان بکات، ئایدیۆلۆژی وەکوو دەزگەیەکی هزریی سیاسیی پێشتر داڕێژراو و بە پیرۆزکراو، ئاراستەی گەشەی زانستیی زمان دەگۆڕێت و سیستەمێکی چەقبەستوو لە نیشانەکان بەرھەم دەھێنێت، کە دەروازەکانی زمان لەسەر گەشەکردن و نوێبوونەوە دادەخات، لە ساتەوەختێکدا بە دووپات بوونەوەی دروشمگەلی وەکوو “ھەرچی بێت ھەر کوردی بێت” زمان دەبێتە بەستێنی تەراتێنی ناشارەزایی و لە ئەنجامدا دەقی لاواز و نەزۆک بەرھەم دەھێنێت. بۆ نموونە دوای ڕاپەڕین و لە ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فەرھەنگیی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستاندا کە بوو بە ھۆی ھەڵتۆقانی دەیان زانکۆی ئەهلی و بەخشینی سەدان بڕوانامەی باڵاو دامەزراندنی دەیان مامۆستای زانکۆی بێ بەهرە و بوونی چەندان دەزگە و ڕێکخراو بۆ زمان و کەلتووری کوردی، دیاردەی وەرگێڕانێکی بە لێشاو ھەموو ڕووبەری زمان و هزری داگیر کرد، کە بە داخەوە لە غیابی میکانیزمی زانستیی و چاودێریی پێویستدا تا ئێستەش بەردەوامە و خراپترین شێوە تەنیوەتەوە. ڕاستییەکی تاڵ کە بووەتە ھۆی زمان‌بێزیی بەشێکی بەرچاو لە خوێنەران و ھۆگرانی زمانی کوردی.

                                    (بەشی دووەم)

هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، کە خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە ماوەیەکە باس لە زمانی ئیزیدی و خوێندن بە زمانی ئیزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە “یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی” کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی کۆنی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کورمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدی نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن؟ کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراو بوون؟ ئێزیدییە نوێیەکان، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو و موجیزەیی ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی. باشووری کوردستانیان بە “باکوری عێراق” و بەشی باکووری کوردستانیان بە “ڕۆژئاوای ئەرمینیا” ناوبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین و کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنستانە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.

  • لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند “ئێمەی کوردی ئێزیدین “.تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناوزەدکرد، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان دەکرد، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین”.
    ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بە تایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
    بۆیە دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی ئەرمەن و تورک و عەرەبەوە کاری بۆ دەکرێت.
    بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا، بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
    ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کوردیش دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشهو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی کوردی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
    ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزار و وشەسازی هەیە.
    ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆدەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
    زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی و ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەربەستی بابەتیی تریش هەن کە ڕێگرن لەوەی کورد شارەزا بێت لە هەموو ئەو وشە زمانەوانییانەی کە لە سەرانسەری کوردستاندا قسەی پێدەکرێن. گرنگترینیان ئەو سنوورە سیاسیانەیە کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارە کوردییەکاندا، جیاوازی شێوەزاری دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە.
    ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. بەڵام جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زاراوەش لک و پۆپن. ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما، دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو شەڕ و سیاسەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، و ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ.
    زمانی کوردی خاوەنی دەوڵەمەندی و فرەچەشنییەکە کە وای لێدەکات بتوانێت زمانێکی یەکگرتوو پێکبهێنێت، بە مەرجێک مەرجە مێژوویی و سیاسییە گونجاوەکان جێبەجێ بکرێت، هەروەک چۆن لەگەڵ زمانەکانی دیکەی جیهاندا ڕوویداوە، جگە لەوەش جیاوازییە شیوەزارییەکانی ناو خۆی، یەکێتییەکەی نکۆڵی ناکات، بەڵکو زیندوویی و وشەسازی دەوڵەمەند و قووڵی مێژووییەکەی دووپات دەکەنەوە.



کتێبی “زمان و دەسەڵات”.. ڕانانی: فەرەیدوون سامان

بەشێکە لە بواری زمانناسیی کۆمەڵایەتی

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەکەوە، جیهان گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا بینیوە، لە بزافتی مافەکانی مرۆڤەوە تا سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیای جۆراوجۆری وەک مارکسیزم و فێمینیزم و تەنانەت پارتە ئوسولییەکانیش. ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە لەسەر شێوازی تێگەیشتنی زمان وەک ئامرازێکی پەیوەندی و وەک ئامرازێکی زاڵبوون بەسەر هزرین و هەست و نەستی تاک و جڤاکدا.
بۆ نموونە هەر لە سەردەمی دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا، توێژینەوەی زمانەوانی بە ئامانجی هەنگاونان بەرەو تێگەیشتن لە زمان دەستی پێکرد، نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ دەربڕین، بەڵکو وەک ئامرازێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگ بداتەوە و بەرهەم بهێنێتەوە. چونکە بایەخدان بە چۆنیەتی کاریگەری زمان لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بوارێکی نوێی وەک شیکردنەوەی گوتار و تیۆری ڕەخنەیی دروست کرد.
زمان چوارچێوەیەکی تیۆری و میتۆدی بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات پێشکەش دەکات، تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوونی کۆمەڵایەتی و کەلتووری، بە تێکەڵکردنی تیۆری زمانەوانی و شیکاری کۆمەڵایەتی، هاوکات هەوڵدەدات ئەو میکانیزمانە ئاشکرا بکات کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا بەرهەم دەهێنرێن، زمان و دەسەڵات یەکێکە لە کارە پێشەنگەکانی شیکردنەوەی وتاری ڕەخنەیی، چونکە زمان وەک ئامرازێکی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدا، وەک ئامرازێکی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی دەبەستێتەوە. دەسەڵاتی زمان لە شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەییدا، پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان زمان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا دەدۆزێتەوە، هاوکات تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان وەک ئامرازێک بۆ پاراستن و گۆڕینی دەسەڵات و ڕەنگدانەوەی کاریگەرییە قووڵەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگادا.
زمان وەک چەمکی دیالۆگ، وەک سەنتەرێکی دەربڕین تاقی دەکاتەوە کە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان تێیدا تێکەڵ دەبن. ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە زمان تەنها ئامرازی پەیوەندی نییە، بەڵکو ئامرازی زاڵبوون و کاریگەریشە، لە ڕێگای شیکردنەوەی دەق و وتووێژەکان، کە چۆن زمان بەکاردێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی نایەکسان لەنێوان تاک و گروپەکاندا و ئامرازی شیکاری پێشکەش دەکات کە یارمەتی خوێنەر دەدات تا تێبگات کە چۆن ماناکان لە ڕێگای زمانەوە دروست دەبن و چۆن ئەم مانایانە دەتوانرێت پڕ بکرێن لە ئایدیۆلۆژیای دیارکراو، هەروەها زمان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیاییەکان دەدوێت کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی هێز هەبووە و پێویستە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە گەشەی پێبدرێت، کە تاکەکان بتوانن بەرگری لە زاڵبوونی زمانەوانی بکەن. ئەویش لە ڕێگای نمونەی ڕاستەقینە، نیشانی دەدات کە چۆن زمان دەتوانێت لە دەسەڵاتدا ڕەنگ بداتەوە و بەرهەم بهێنێتەوە.
ئەم هزرینە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ توێژەران لە بوارەکانی زمانەوانی و کۆمەڵناسیدا، بۆ تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە لە بەرامبەر زماندا، هەروەها بەهێزکردنی توانای تاکەکان بۆ تێگەیشتن و گۆڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتدا.
لەم ڕەوشەدا زمان و دەسەڵات تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ ڕۆڵی گرنگی زمان لە شێوەی جیهانی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشکەش دەکات و دەیکاتە کارێکی ئەکادیمی بەنرخ.
لێرەدا بایەخی زمان و دەسەڵات لە چوارچێوەیەکی مێژوویی ئاڵۆزدا دەردەکەوێت، کە تێیدا پەرەسەندنی هزری زمانەوانی لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سەدەی بیستەم تێکەڵ دەبێت.
بۆ نموونە بیرۆکەکانی ڤێرکلیف* زۆر کاریگەر بوون بە تیۆری ڕەخنەیی کە لە قوتابخانەی فرانکفۆرت پەرەی سەند، کە جەخت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی کەلتوور و زمان وەک ئامرازی زاڵبوون دەکرا. ئەم خوێندنگایە هەوڵی ئەوەی دەدا کە چۆن ئایدیۆلۆژیاکان کاریگەرییان لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە و چۆن زمان دەتوانێت ئەم ئایدیۆلۆژیایانە بەرز بکاتەوە یان بەرگری بکات. بە تێکەڵکردنی ئەم بیرۆکانە لەگەڵ چەمکەکانی بونیادگەرایی و پۆست ستراکتورالیزم، ڤێرکلیف چوارچێوەیەکی بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵات پەرەپێدا.
جیهان لە دوایین دەیەکانی سەدەی بیستەم شۆڕشێکی تەکنەلۆژیای بەخۆوە بینی، کە چۆنیەتی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زانیاری گۆڕی. لەگەڵ هاتنی میدیا و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ، زمان زیاتر لە ئامرازێکی پەیوەندی نێوان تاکەکان، بۆتە ئامرازێکی بەهێز بۆ دروستکردنی ڕای گشتی و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات، لەم چوارچێوەیەشدا، زمان و هێز وەک کارێک دەردەکەوێت کە چۆن زمان دەتوانێت ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان بێت کە لە ئەنجامی ئەم گۆڕانانەدا دەردەکەون.
لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، چەندان ئایدیۆلۆژیای سیاسی سەریان هەڵدا کە زمان وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان بەکاردەهێنا، بە شیکردنەوەی گوتاری سیاسی و میدیایی، ڤیرکلیف ئەوە دەردەخات کە چۆن زمان بەکاردەهێنرێت بۆ شێوەی تێگەیشتنی گشتی و بەهێزکردنی ناسنامەی کۆمەڵگا، ئەم شیکردنەوەیە سنووردار نییە بۆ چوارچێوەی ڕۆژئاوایی، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ کاریگەرییەکانی جیهانگیری و چۆنیەتی کاریگەری لەسەر ناسنامەی کەلتووری ناوخۆییدا.
کتێبی “زمان و دەسەڵات” بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگ لە بوارەکانی زمانەوانیی و کۆمەڵناسی و ڕەخنەی ئەدەبیدا. بەشداری کردووە لە پەرەپێدانی چەمکی نوێ، سەبارەت بە شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی و کاریگەری لەسەر تێگەیشتن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەروەها هانی زۆرێک لە توێژەرانی دا بۆ دۆزینەوەی چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی زاڵبوون.
کتێبی (زمان و دەسەڵات)ی نۆرمان ڤیرکلیف تێڕوانینێکی قووڵ پێشکەش دەکات سەبارەت بەوەی کە چۆن زمان و دەسەڵات لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و کەلتووری ئاڵۆزدا یەکتر دەبڕن. بە لێکۆڵینەوە لەم دینامیکیانە، کتێبەکە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی ڕەخنەگرانە لە زمان و ڕۆڵی گرنگی لە شێوەپێدانی جیهانی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
ئەو چوارچێوە مێژووییەی کە دەوری کتێبەکە دەدات، ڕەنگدانەوەی ئەو ئاستەنگ و بیرۆکەیە کە بیری ڕەخنەیی مۆدێرنیان پێکهێناوە و جەخت لەسەر بایەخی هۆشیاری ڕەخنەیی زمان دەکاتەوە وەک ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زاڵبوونی کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
لە زمان و دەسەڵاتدا، نۆرمان ڤیرکلیف پەیوەندی نێوان زمان و پەیوەندییەکانی هێز دەکۆڵێتەوە، بەڵام هەندێک بیرۆکەی نەگوتراو بەجێ دەهێڵێت، کە دەتوانرێت لە ڕێگای شیکردنەوەکانییەوە هەستی پێبکرێت. ڤیرکلیف، سەرەڕای تەرکیزی لەسەر ڕۆڵی زمان لە پاراستن و گۆڕینی دەسەڵاتدا، وا دیارە دەیەوێت بایەخی هۆشیاری ڕەخنەیی وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئازادی تیشک بخاتە سەر.
خوێنەر لە نێوان دێڕەکاندا هەست دەکەن کە ڤێرکلیف داکۆکی لە پێویستی تێگەیشتن لە ئایدیۆلۆژیای پشت بەکارهێنانی زمان دەکات، چۆن ئەم ئایدیۆلۆژیایانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر هۆشیاری تاکەکاندا هەبێت. هەروەها ئاشکرایە کە ئەو دەیەوێت خوێنەر هان بدات بیر لەوە بکاتەوە، کە چۆن زمان وەک ئامرازێکی زاڵبوون بەکار بهێنێت، نەک تەنها وەک ئامرازێکی پەیوەندی.
سەرەڕای ئەوەش، دەبینرێت کە نووسەر ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە گرنگی کارلێکردنی کۆمەڵایەتی دەکات لە داڕشتنی مانای زماندا، ئەمەش نیگەرانی خۆی دەردەخات سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەم مانایانە دەتوانرێت سوود وەربگرن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نایەکسانەکانی هێز. هەروەها وادیارە ئاماژە بە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی ئەم زاڵبوونە زمانەوانییە دەکات لە ڕێگای پەرەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و تواناکانی ڕەخنەگرتندا.
بەکورتی، ئەوەی ڤێرکلیف دەیەوێت بیڵێت ئەوەیە کە تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵات تەنها شیکردنەوەیەکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ بەکردارکردن بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی لە زاڵبوونی زمانەواندا.
یەکێک لە دیارترین خاڵە بەهێزەکانی زمان و هێز ئەو چوارچێوە تیۆرییە پتەوەیە کە ڤێرکلیف پێشکەشی دەکات بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان زمان و کۆمەڵگادا. نووسەر سوود لە چەمکەکانی مارکسیستی و پێکهاتەیی و پۆست ستراکتورالیزم وەردەگرێت بۆ شیکردنەوەی چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان، وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوونی ئایدیۆلۆژی. ئەوە ڕوونی دەکاتەوە کە گوتار تەنها ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەرهەمهێنان و گۆڕینی ئەو ڕاستییە.
ڤێرکلیف ئامرازی شیکاری بەهێز پێشکەش دەکات بۆ تێگەیشتن لە دەق و گفتوگۆکان. چەمکەکانی وەک “ئینتەرتێکست” و بەکاردەهێنێت بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی پەیوەندیی تێکستەکان بە یەکتری و چۆنیەتی پێکهێنانی ماناکان لە دەقە جیاوازەکاندا. ئەم ئامرازانە لەم کتێبە زۆر بەنرخە بۆ توێژەران کە دەیانەوێت لە دینامیکی زمانەوانی ئاڵۆز تێبگەن.
پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵات
کتێبەکە بە توندی تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵات و ئەوە نیشان دەدات کە چۆن زمان بەکاردەهێنرێت بۆ پەرەپێدانی زاڵبوونی کۆمەڵایەتی و کەلتووری. بۆ نموونە، ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن میدیا و سیاسەت زمان بەکاردەهێنن بۆ شێوەی ڕای گشتی و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی نوخبەی فەرمانڕەوا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی شاراوەی زمان دەکاتەوە وەک ئامرازێک بۆ ئازادی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی.
سەرەڕای ئەو بەها زۆرەی کتێبەکە پێشکەشی دەکات، بێ خەوش نییە. یەکێک لە ڕەخنە سەرەکییەکان ئەوەیە کە چوارچێوەی تیۆری لەوانەیە زۆر ئاڵۆز بێت بۆ خوێنەرێکی ناشارەزا. سەرەڕای ئەوەش، کتێبەکە جەختێکی زۆر لەسەر ناوەڕۆکی ڕۆژئاوا دەکات، کە لەوانەیە کەمتر بۆ کۆمەڵگا ناڕۆژئاواییەکان جێبەجێ بکرێت.
بایەخی گەورەی کتێبی “زمان و دەسەڵات” لە بواری توێژینەوەی زمانەوانی و کۆمەڵایەتیدا نکۆڵی لێناکرێت. ئەو بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە لە پەرەپێدانی بواری شیکردنەوەی وتاری ڕەخنەیی و بووە بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژەران و خوێندکارانی ئەم بوارە. هەروەها هانی خوێنەران دەدات بۆ پەرەپێدانی هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە زمان و تێگەیشتن لە ڕۆڵی لە شێوەی کۆمەڵگادا.
کتێبی “زمان و دەسەڵات” بەشێکە لە بواری زمانی کۆمەڵایەتی. کتێبەکە پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵات و چۆنیەتی کاریگەری زمان لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکۆڵێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ڤێرکلیف جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چۆن زمان وەک ئامرازێکی زاڵبوون بەکار دەهێنرێت و چۆن هەڵبژاردنی زمان ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای زاڵ لە کۆمەڵگادا دەکات. کتێبەکە هەروەها لێکۆڵینەوە دەکات کە چۆن گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان کاریگەری لەسەر زمان هەیە، وادەکات پەیوەندی بە توێژینەوەی زمانەوانی کۆمەڵایەتییەوە هەبێت کە پەیوەندی بە خوێندنی زمان لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا هەیە.
هەروەها کتێبەکە نیشانی دەدات کە چۆن گوتار تەنها دەربڕینی بیرۆکەکان نییە، بەڵکو توخمێکی چالاکە لە پێکهێنانی شوناس و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە لەگەڵ ئامانجە بنچینەییەکانی کۆمەڵناسی زمانەوانیدا دەگونجێت. کەواتە، دەتوانین بڵێین “زمان و دەسەڵات” خاڵی کۆبوونەوە لە نێوان زمانناسی کۆمەڵایەتی و شیکردنەوەی ڕەخنەیی گفتووگۆ دەنوێنێت.
لە کۆتاییدا، زمان و هێزەکەی نۆرمان ڤێرکلیف کارێکی پێشکەوتووەیە کە تیۆری و پراکتیکی تێکەڵ دەکات بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵات. سەرەڕای هەندێک لەو ئاستەنگانەی کە لەوانەیە ڕووبەڕووی خوێنەری ناپسپۆر ببێتەوە، ئامرازەکانی شیکاری و تێڕوانینەکانی کتێبەکە وای لێدەکات کە زۆر بەنرخ بێت بۆ هەر کەسێک کە ئارەزووی تێگەیشتن لە جوڵەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری زمانەکە دەکات.
• نۆرمان فەیرکلیف. زمانناسێکی بەریتانیایە و لەدایکبووی ساڵی 1941 بووە و بە یەکێک لە دیارترین بیرمەندەکانی بواری شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی دادەنرێت، ئەو لە ژینگەیەکی ئەکادیمی گەورە بوو، لەوێ کاریگەری ئاڕاستەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بوو. ڤێرکلیف لە خێزانێکی خوێندەوار گەورە بوو، کە ئارەزووی سەرەتایی بۆ زمان و ئەدەب دروست کرد. لە ماوەی تەمەنی هەرزەکاریدا، دەستی کرد بە دۆزینەوەی حەزی خۆی بۆ زمانناسی، کە وای لێکرد سەرقاڵی خوێندنی قوڵتری زمان بێت. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی مانچستەر بەدەستهێناوە و پاشان خوێندنی باڵای لە زمانناسی تەواو کردووە.




بەبۆنەی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.. فەرەیدوون سامان*

ڕۆڵی سۆشیالمیدیا لە گەشەپێدانی زمانی کوردیدا

یەکێک لە کۆڵەگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی زمانی کوردی بووە، چونکە هەر لە ڕێگەی ئەو زمان شیرینەوە نەتەوەی کورد پەیامی دۆزە ڕەواکەی بە دنیا گەیاند، هەر لەو ڕێبازە پیرۆزەشدا بە سەدان قور بانی بەخشی، تا دەگات بەوەی لە دەستووری عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک هاوتای زمانی عەرەبی ددانی پێدانرا، لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ زمانی کوردی بە زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردرا، هاوکات لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا لە شوباتی ٢٠١٤ لە پاڵ زمانی عەرەبی لەسەر ئاستی عیراقدا زمانی کوردی بە فەرمی ناسێنرا، زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی پلەی زمانی چوارەمینی وەرگرتووە.
ئەو قۆناغە سیاسییەی كە لە باشووری كوردستاندا هەیە، بێگومان ڕۆڵی یەكجار زۆری لە پەرەپێدانی فەرهەنگ و كەلتووری كوردی و بەتایبەت لە بواری ڕاگەیاندن و سۆشیالمیادا هەیە، وێڕای كۆمەڵێك ناوەندی حكومەتی، كەسایەتی کەلتووری، ڕۆژنامەوانی‌ و ڕاگەیاندن بەردەوام ڕۆژانە لەگەڵ پرسی زمانی کوردیدا دان، لەو کایە جیاوازانەدا كار بە زمانی کوردی دەكەن، بۆ نموونە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن ‌چ ڕۆڵێك بگێڕن‌ لە دروستبوونی ئەو پرۆسە زمانە نەتەوەیی‌ و زمانە یەكگرتووەدا.
زمانی كوردی تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە زمانی نەتەوەکانی دیکە ناچێت و سەربەخۆیی خۆی هەیە، بەڵام لەهەر بەشێکی کوردستاندا کەم تا زۆر هەژموونی زمانی فەرمی دەوڵەت کاریگەری بەسەر زمانی کوردیدا هەیە، تەنانەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی قافقاسدا تا ڕادەیەکی باش ئاسمیلە کراوە، سەرباری ئەو هەموو جینۆسایدی کەلتووری و دژایەتی کردنەش، بەڵام زمانی کوردی هێشتا بە زمانێکی زیندوو و سەربەخۆ ماوەتەوە، بە پێچەوانەی ڕای هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناس و ئێرانناس و بیانییەکان کە وای بۆ دەچن کە زمانی کوردی زمانێكە کەڤناری و دیرۆکییە، خەڵكی بیانی بە ئاسانی دەتوانن فێری ببن، لە هەمانكاتدا زمانێكە دینامیكیەتێكی بەهێزی پێشكەوتن ‌و گەشەكردنی تێدایە.
سەرباری ئەوەی کە سۆشیالمیدا دەسکەوتێکی مەزنی زانستی و تەکنەلۆژییە بۆ مرۆڤایەتی بەتایبەتیش بۆ گەلانی بێ دەوڵەت لەوانەش کورد، کەچی ئەمڕۆ دەبینین زمانی کوردی ڕووبەڕووی دوو هێرشی دەرەکی و ناوەوە بۆتەوە، بە پلەی یەکەمیش دەسەڵاتی کوردی لێی بەرپرسە لە دۆزینەوە رێگاچارەی گونجاو لەو کایە گرنگەدا بۆ ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە هاتوونەتەتە بەردەم نەبوونی زمانی ستانداردی کوردی. بە نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و گونجاو بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان، دەبینین هێشتا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زمانی کوردی لە ڕەوشێکی ئاڵۆز و لە پاشەکشەدایە، کە دواتر ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەین کە بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و پشێوی لە بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردیدا.
بە دڵنیایی هەر نەتەوەیەك زمانەكەی لە زمانی ئاخافتنەوە گۆڕابێت‌ بە زمانی نووسین، ئەلفابیتای تایبەت بەخۆی هەڵبژاردووە، لەگەڵ سیستمی دەنگی ‌و تایبەتمەندیی زمانی خۆیان گونجاندوویانە، لەو رۆژەوە كە كورد زمانەكەی بۆتە زمانی نووسین، هەر لە سەردەمی باباتاهیری عوریانەوە، نزیكەی دە سەدەیەك پێش ئێستا ئەو ئەلفابیتایەی هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی ئەو كاتە كەلتووری زمانەکانی عەرەبی‌ و فارسی لە كوردستاندا زاڵ بووە، خوێندن‌و خوێندەواری، زانست بەو دوو زمانە بوو، ئەدەبییات بەو دوو زمانە بووە، كەواتە ئەم ئەلفابیتایە لە پرۆسێسی دروستبوونی زمانی ئەدەبییدا دەركەوتووە ‌و سەرجەم هزر ‌و بیركردنەوە ‌و تێڕوانین ‌و سیستمی بیركردنەوەی كوردی لە ماوەی ئەو دە سەدەیەدان، ئەم ئەلفابیتایە نووسراوە، ئەلفابیتای كوردی بە جۆرێكی جوان ‌و سەرنجڕاكێش، كە دینامیكیی زمانی كوردی دەردەخات، هەمواركراوە و گەشەی پێدراوە.
ئێستا لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چەندان ئەلفابیتای کوردی بەرچاو دەکەون، ئیتر هەوڵدان بۆ کارکردن لەسەر ئەلفابێتایەکی تر، جگە لە زیان گەیاندن بە زمانی کوردی شتێکی تر ناگەیەنێت، بۆیە گەرەکە کەناڵە میدیاییەکانی کوردستان ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە کە لە هەنگاوی بەراییدا بۆ داهاتوو هەوڵێکە بۆ زمانی ستانداردی کوردی .
ئاشکرایە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان گەشەکردنی زمان و کایەکانی سۆشیالمیدیا هەیە، چونکی ڕەوشی زمان پەیوەستە بە ئاساییشی نەتەوەیی هەر گەلێک، هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی لە دیموگرافیای ئەو ناوچانە ڕوودەدەن، کە دەکەونە بەر هێژموونی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و ئاسمیلاسیۆنی زمان. هەر بۆیەش کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا لەو پرسەدا دەتوانن ڕۆڵێکی کارا و ستراتیژیانە بگێڕن لە ناساندنی دۆزی نەتەوەکەمان، بەتایبەتیش لە ڕێگەی زمانێکی ستانداردا و گەیاندنی ئەو پەیامە بە هەموو تاکێکی هاووڵاتیانی کوردستان لە هەر کوێیەکی ئەو سەر زەمینەدا.
سۆشیالمیدیا دوو ڕووی هەیە، یەکیان بەڕاستی دەتوانێت لە خزمەت زمانی یەکگرتووی کوردیدا بێت، ئەویش لە ڕێگای گەیاندنی پەیامی ئەو کەناڵانە بە ئامانجی لە یەکتر نزیککردنەوەی زار و بنزارە کوردییەکان و ئەو بەرنامە پەروەردەیی و هونەری و وێژەییانەی کە بە سانایی دەگەنە ناو هەموو ماڵێک، ئەویش بە ئاشناکردنی کولتووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، ئەمەشیان تا ڕادەیەک لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ کە هاووڵاتییەکی دەڤەری ئیلام یان شارەزوور بە سانایی لە زۆر وشە و زاراوەی کوردی باکوور یان ڕۆژاوای کوردستان دەگات و تا ڕادەیەکی زۆریش زانیاری گشتی لە سەر دابونەریت و کەلەپووری بەشەکانی تری کوردستان پەیدا کردووە.
بەڵام ئەمڕۆ لەسۆشیالمیدیادا کێشەیەک لەبەردەم زمانی کوردیدا هەیە، ئەویش نەبوونی زمانێکی ستانداردە بۆ سەرجەم زار و بنزاری ئیتنیکە کوردییەکان کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی زمانی کوردییان داگیرکردووە، وێڕ أی ئەوەی کە زۆرلە نووسەران و ڕۆشنبیرانی پێکهالتەکان بە زمانە بیانییەکانی وەک عەرەبی و فارسی و تورکی دەنووسن، هێشتاش زمانێکی یەکگرتووی کوردی نەبۆتە پێوەر و هۆکاری بەیەکگرێدانی هزرو ئاوەز و یەکێتی نەتەوەییمان. چونکە سۆشیالمیدیا دەبانێکی دوو تیغەیە، لەکاتێکدا هۆکارێکیشە بۆ درووستکردنی زمانی پێوەری هەر نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زارو بنزار و دەڤۆکی جیاواز، لێرەدا نامەوێ باسی هۆکارە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو لێکترازانەی زار و بنزارە کوردییەکان بکەم، چونکە پێشتر قسەم لەسەر کردووە، بەڵام بۆچی دوای ٣٥ ساڵ لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ناساندنی ئەو زمانە لە دەستووری عیراقدا، هێشتا میدیای حکوومی و ئەهلییەکان خاوەنی زمانێکی ستاندارد نین، هەر کەناڵە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەدوێت و دەنووسێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاوی بینەران و بیسەران، کە ئەمجۆرە هزرینەش لە جوغز و چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی تێناپەڕێت، لەکاتێکدا زمانی کوردی ڕەوتی سروشتیی گەشەسەندنی مێژوویی خۆی بڕیوە.
هەبوونی دوو ستاندارد لە میدیای کوردیدا بەکار دەهێنرێن، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەوانەی بە کوردی باکوور(کرمانجی ژووروو) دەدوێن ئەو ستانداردە بەکار دەهێنن. ئەوانەشی بە کوردیی ناوەند(کرمانجی ژێری)دەدوێن ستانداردی کوردیی ناوەند(سۆرانی)بەکار دەهێنن، تا ئێستاش هەوڵێکی جیددی نەدراوە ئەو دوو زارە هەر نەبێت لە ڕووی ڕێنووسەوە، هەمیش لە ڕووی گراماتیکەوە، ئاوێتە بە یەکتر بکرێن، یان بەلای کەم لەیەکتر نزیک بکرێنەوە.
زمانی کوردی بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی مێژووییدا کە بەردەوام بەربەستی خراوەتە پێشی، ماوەی سەدەیەک پترە بە زۆر شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت و سیستەماتیکانە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، بەشێک لەو هەوڵانەش لای خودی هەندێ بەناو زمانناس و نووسەرانی ئەو ئاخێوەرانەیە، بەتایبەت لە هەندەران ئەگەر سەیری وێبسایتەکان کوردییەکان بکەین دەبینین، زمانی کوردی بۆ چەند زارێک دابەش بووە وەک (کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، لەکی..)، کە بەداخەوە ڕێنووسەکانیش لە یەکتر جیاوازن، ئەم دیاردەیە لەنێو هیچ گەلێکی سەر ڕووی زەویندا بەدی ناکرێت، خزمەتێکی بێ بەرامبەریشە بە ئەجیندانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکەمان بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزانی نەتەوە باش چۆتە پێشەوە، لە باشووری کوردستاندا خاوەنی ئارشیفێکی گەورەی زمانەوانین، خاوەنی ڕێنووسێکی پێشکەوتووین، ئەگەر هەمووان ئەو ڕێنووسە بەکار بهێنن، زمانەکەمان زووتر دەبێتە خاوەنی ڕێنووسێکی یەکگرتوو.
بەگشتی کەناڵە میدیاییەکاندا بەتایبەتیش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا زمانێکی نووسین بەکاردەهێنرێت. ئەگەر چارەسەرێکی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە لە داهاتوودا بە تێپەڕینی کات دەبێتە دوو زمان، کەوابێت لە جیهانی میدیای کوردیدا ڕەنگە تاکەکەس لەو دەزگایانەدا بە حوکمی نەشارەزاییان و نەبوونی فلتەرێکی زمانەوانی لێرە و لەوێ هەڵەی زمانی میدیایی بکەن، ئەوەش ڕاستەوخۆ باندۆری بەسەر شێواندن و لێکترازانی زمانی کوردییەوە هەیە، ئەو کەسانە بۆ خۆیان زمان نەزانن و لە ژێر هەژموونی زارە لۆکاڵییەکەی خۆیان یان زمانی نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتەکەی خۆیانن.
ئەمڕۆ ئەو زمانە باوەی کە لە جیهانی سۆشیالمیدیادا بەکار دەهێنرێت ڕەنگدانەوەی هزری کوردە لە دەرەوەی دنیای دیجیتاڵیدا، دنیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو لک و پۆپەکانی، دنیایەکی ئازادە کە کەس ناتوانێت ڕێ لە کەس بگرێت و شتی خۆی بەسەر کەسی تردا بسەپێنێت، ئەوەی لەوێ دەبینرێت ئەوەیە کە زمانێکی تاکستاندارد بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو جووتستاندارد گەشە دەستێنێت. نابێت ئەوەشمان لەبیرمان بچێت کە زارەکانی تریش لەوێ باشتر دەستیان کراوەیە بۆ گەشەسەندن، واتە خەڵک لایەنگری ئەوە نین کە تاکستانداردێک هەبێت و ئەوانی تر پەراوێز بخرێن. بۆیە باشترە ڕێز لە خواستی یەکتر بگرین و بەو ڕێزلێنانە زیاتر لە دەوری یەکتر کۆبینەوە.
نەبوونی سایتێکی تایبەت بۆ پرسەکانی زمان لەو دەزگا کولتوورییە فەرمییانەی سەر بە حکومەتن، کە بەرهەمی هزری دەبێت بە شێوەی نووسین و دەقی ئاسایی لەو سایتە دابنرێت تا مرۆڤ بتوانێت لە وێبگەڕەکاندا پشکنیان بۆ بکات، نەک بە شێوەی پیدیئێف. بە هەمان شێوە پێویستە ڕێزمانێکی بەپێز و دەوڵەمەند، دیسانەوە بە شێوەی تێکست لەسەر ئینتەرنێت دانابێت، کە جێی متمانەی هەمووان بێت و هەر کاتێکیش بیانەوێت دەستکاریی بکەن و نووژەنی بکەنەوە، هەروەها دەبوا تا ئێستا وشەنامەیەکی دەوڵەمەندی دیجیتالییان لەسەر ئینتەرنێت هەبوایە.
بۆ چوونە نێو قووڵایی ئەو هەل‌ومەرجەی ئەمڕۆ بە سەر زمانی کوردیدا زاڵە، وا باشە ڕوانینێکی تایبەتمان بەسەر نووسەرانی کوردەوە هەبێت. ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگە لە نووسەرانی خۆی هەیەتی، لە هەل‌ومەرجی ئاوادا زۆر لە قەبارەیان زیاترە. نووسەری کورد لە دەرەوەی جیهانی سۆشیالمیدیا‌دا چی بۆ کراوە، هەتا بەشێک لە توانایەکانی لە نێو جیهانی سایبەریدا تەرخانی خزمەت بە زمانی ستاندارد بکات!؟ وا باشە چاوەڕوانی مۆجیزەیەیەک نەبین لەم توێژەدا، بەتایبەت کە بەشێکیان “قسەکەری بێکردەوەن”.چونکە لە غیابی ڕۆڵی دەزگا کولتوورییەکانی حکومەتدا و هەروەها هەبوونی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە پەیمانگە و کۆلیژەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی هەڵگری چەندان بڕوانامەی باڵای ئەکادیمین، بەڵام زۆرینەیان(ناڵێم هەموویان)ئەو مامۆستایانە لە ڕووی زمانەوە کۆڵەوارن، کە دەبوو لەو ماوەیەی ڕابردوودا بۆ چارەسەری پرسی زمان لە کایەکانی ڕاگەیاندندا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەشە کوردییەکان پرۆژەی مەزنییان لەسەر ئاستی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەرهەم هێنابووا. هەڵبەت بێ هەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ئەم ئامانجە هەرچی دەکرێت مخابن بە فیرۆدانی پارەیەکی زۆر و بێنرخ کردنی کات بووە، ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێن زمانێکی ستاندارد بۆ گەلانی بێ قەوارەی سیاسی لە جیهانی سۆسیالمیدیادا مەحاڵ نییە.
دیاردەی نووسین بە شێوەزار و دەڤۆک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن

زارە کوردییەکان – کە لکەکانی زمانی کوردین، پەنابردنە بەر ئەو شیوەزارە نووسینە، ئەو دەربڕینەیە کە خەڵکی گشتی (ڕەشۆک) لە بازاڕدا، لە جۆرەکانی تری پەیوەندی زارەکیدا پەیوەندی و گفتوگۆی پێدەکەن، لە کاتێکدا زمانی پێوەر، زمانی زانست و خوێندن و نامەنووسی فەرمییە، زمانی ئەفراندنی دەقێکی ئەدەبی یان هزری و فەلسەفییە، مخابن هەندێ نووسەر تێینەگەیشتوون و دژ بە زمانی پێوەری کوردی بانگەشە بۆ شێوەزارە لۆکاڵییەکەی خۆیانی بۆ دەکەن.
ڕەنگە ئەم دیارەیە بۆ ڕۆژنامەنووسێک یان میدیکارێک تا ڕادەیەک ئاسایی بێت، بەڵام ئەو دیاردە نامۆیەی کە لەدەزگەکانی ڕاگەیاندن لە هەوڵی ئەوەدان بە شێوەزار، بنزار یان دەڤۆکی گوندەکەی خۆیان بئاخڤن و بنووسن، نیشانەی پرسیارە، داخۆ ئەو دەزگە میدیاییە تا چەند لە ڕێگای بەرنامەکانیان خزمەت بە زمانی پێوەر-ستاندارد دەکەن، هەڵبژاردنی ئەم ڕێبازی کارکردنە هەر چەند دەوڵەمەند بێت بە فەرهەنگێکی وشە و زاراوەی ناوچەیی و خۆماڵی، بەڵام دواجار هۆکارێکە بۆ لێکترازان و دوورخستنەوەی زار و بنزارەکان لە زمانی پێوەر و ستانداردی کوردی، چونکە شێوەزاری لۆکاڵی فۆرمێکی زمانەوانییە و تایبەتە بە ناوچەیەکی جوگرافیای دیارکراو، کە دانیشتوانەکەی میراتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش وا دەکات پەرەسەندنی زمانی دایک لە بەکارهێنانی ناوخۆییدا لە نێو ئەندامانی ئەم گرووپەدا بەرتەنگ و تا ڕادەیەک جیاواز بێت.

*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی (زمان و زار)




زمان لە بنیاتنانەوەی ناسنامەی نەتەوەدا.. فەرەیدوون سامان*

زمان هەر بەتەنێ ئامرازێکی پەیوەندی کردن نییە؛ بەڵکو قەڵای مانەوەی نەتەوەیە، کاتێکیش زمانێک لاواز دەبێت، پەیوەندییە کولتووری و مێژووییەکانی نەتەوەکەش لاواز دەبن و دەڕووخێن.
بە درێژایی مێژوو زمانی کوردی مەیدانی شەڕ بووە بۆ مانەوە و ناسنامە نەتەوەییەکەی، زمانی کوردی هەردەم بەهێزترین و کاریگەرترین چەک بووە لە دژی سڕینەوەی ناسنامەکەی، بۆ ئێمەی کورد کە مێژوویەکی دوورودرێژی ستەممان لەسەر دەستی داگیرکەران چەشتووە، پاراستنی زمانەکەمان ئەرکێکی پیرۆزی نەتەوەییە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ شاهیدی دەبین، جۆرێکە لە هەڕەشەی ناوخۆیی کە لە مەترسی دەرەکی کەمتر نییە، بۆ نموونە فێربوونی زمانە بیانییەکان و پشتگوێخستنی زمانی کوردی لە دامەزراوە حکومییەکانی وەک پەروەردە و فێرکردن و یاسایی و بازرگانی و گەشتیارییەکاندا.
بێگومان زانینی زمانە بیانییەکان وەک(عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی…تد) بۆ تێگەیشتن و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە گرنگە، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە ئەم زمانانە ببنە جێگرەوەی زمانی دایک، کاتێک منداڵی کورد لە باکووری کوردستان ناچار دەبن بە زمانی تورکی قسە بکەن، یان لە ڕۆژاوا بە عەرەبی بئاخفن، لە ڕۆژهەڵاتدا بە فارسی و وشەی بێگانە تێکەڵ بە زمانەکەیان بکەن، ئەم دیاردەی ئاخاوتن بە زمانە بیانییەکان نیشانەی “پێشکەوتن” نییە، بەڵکو نیشانەی گرێی دەروونی خۆبەکەمزانین و ڕادەستبوونی کولتوورییە.
تەنانەت ئەو دەزگە چاپەمەنی و ئەو نووسەرانەی، ئەوانەی ڕێساکانی ڕێنووسی کوردی پشتگوێ دەخەن! بەکارهێنانی پیتی لاتینی یان ئینگلیزی بۆ نووسینی کوردی بەکار دێنن، لە هەوڵێکدا بۆ دەرکەوتنی “مۆدێرن” کە هەڵەیەکی گەورەیە. چونکە هەر میللەتێک ڕێز لە ئەلفوبێ و سیستەمی نووسینەکەی خۆی نەگرێت، مێژووەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەشێوێنێت. نووسین بە کوردی ناسنامەی ئێمەیە. هەنووکە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش هاتۆتە پێش، کە مەترسی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی ژن و ژنخوازییە لەگەڵ کچان و ژنانی نەتەوەی سەردەست، ڕەنگە کەسانێک هەبن ئێستا موزایەدەم لەسەر بکەن و بڵێن ئەم نووسەرە ڕەگەزپەرستەو دژی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام مێژووی ئێمە سەلماندوویەتی کە داگیرکەران تەنیا خاکی ئێمەیان داگیرنەکردووە، بەڵکو هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئاسمیلەکردنی کۆمەڵایەتییەوە هەستی نەتەوەییشمان لەناو ببەن. کاتێک تاکی کورد هاوبەشی ژیان لە لەگەڵ خانمێکی نەتەوەیەکی دیکە هەڵدەبژێرێت، کە مێژوویەکی تاریکی لەگەڵ کورددا هەیە، نەوەیەک لە نێوان دوو کولتووری جیاوازدا لەدایک دەبێت و پەروەردە دەبن لەو نێوانەدا زۆرجار زمانی کوردی دەبێتە قوربانی.
تاکی کورد دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی. دەبێ زمانی کوردی زاڵ بێت لە ماڵەوە، لە ناو بازاڕدا، لە قوتابخانەکاندا. لە فەرمانگە حکوومییەکان قسەی پێ بکرێت، تەنانەت لەناو پاینەختی عیراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش دلێرانە قسەی پێ بکرێت، خیانەت تەنیا لە هەڵگرتنی چەک لە دژی نیشتمان سنووردار نییە؛ بەڵکو کوشتنی زمان و کولتوری کوردی گەورەترین خیانەتە، شانبەشانی تێکۆشانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان- کە ئازادی کورد و کوردستان-ە نابێ لە پاراستنی زمانەکەمان کەمتەرخەم بکەین و بیکەینە چەکی بەردەوامی خۆمان لە بەرەکانی شەڕدا.
بۆ نموونە زمانی کوردی-زاری کرمانجی وەک تاکە ئامرازی دەقە ئایینیەکان (قەوال) لە کتێبی پیرۆزی ئێزیدییەکان بە زیندووی دەمێنێتەوە، لەگەڵ وار و مەزارگە و گوندەکان، بوونەتە ناسنامەی بوون بەرامبەر بە هەوڵەکانی سڕینەوەی کولتوورییاندا. هەرچەند بە درێژایی سەدان ساڵ فەرمان و کۆمەڵکوژی گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی لە ناسنامەی ئێزیدییەکاندا هێنایە ئاراوە، لە دۆخی گۆشەگیریی خۆسەپێنراوەوە بۆ دۆخی داکۆکیکردنی جیهانی بۆ مافەکان گواسترایەوە، بەڵام چیا ڕۆڵی ناوەندی خۆی وەک هێمای مانەوە و پەناگەی هەمیشەیی وەرگرتەوە، هەرچەند هەبن حاشا لە کوردبوونی ئێزەدییەکان بکەن، بەڵام زمانەکەیان، داوونەریتیان، گۆرانی و مۆسیقایان، جلە بەرگیان،ئەدەب و هونەرەکەیانتەنانەت گۆڕستانەکانیشیان باشترین بەڵگەو وەڵامن بۆ ئەو کەسانەی کە نایانەوێ تێ بگەن ئێزیدی بوون واتە کورد بوون. ئێزیدیخان بە کەلەپوورە ئایینی و وێژەو هونەرە رەسەنەکەی سەروەری شوناس بەسەر ئەو خاکەدا دووپات دەکاتەوە کە بکوژان و تاوانکاران هەرچەند هەوڵیانداوە بیگۆڕن بۆ فەزای سەردەم. بەڵام دواجار لەعاست کێوی مەزنی شنگال کەپوویان شکاوە..
هەر بۆیەش زمانی کوردی بۆ مرۆڤی ئێزیدی بە هەموو توانا و خولیا و تێگەیشتنەکانییەوە، گەورەترین بەڵگەی گەورەیی و هێزی سرووشتە، کەی مرۆڤ بە توانای هزرین و بیرکردنەوەدا، توانایەکی گەورەی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هزر و بیری نوێ، لە ئەنجامدا هەموو گەشەسەندنی مرۆڤ لە سەرەتای دروستبوونی یەکەمەوە(مرۆڤی پێش مێژوو)دێتە ئاراوە، ئەو گەشەسەندنە هزرییەی کە ئەم پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژی و وێژەیی و کۆمەڵایەتییەی بەرهەمهێناوە، تەنیا بەشێکی کەمی بەرهەمی هزری مرۆڤی بیرکەرەوە پێکدەهێنێت، بەو پێیەی گوزارشت لە ناتەواوی ئاوەز دەکات لە بەرهەمهێنانی هزری داهێنەرانە و بەرهەمدار لە خودی مرۆڤەوە لە سەردەمی ئێستایدا نەک داهاتوو، بە ناچاری ئەو ئاوەزانە سەرهەڵدەدەن کە توانای پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری نوێیان زیاترە، باوەڕ و ئایینی ئێزیدی ئایینێکی ڕەسەن و دێرینی کۆمەڵگەی کوردستانە، کە هەزاران ساڵە خەڵکانێکی باوەردار بە خودای یەکتا پەیڕەوی لێدەکەن، کەچی هەندێک لە مرۆڤکوژەکان بەناوی خوداوە هێشتا هەڵمەتی دڕندانە دژی هەموو بیرکردنەوەیەک ئەنجام دەدەن، کە جیاوازە لەوان بەردەوامن لە دەرکردنی فەتوا بۆ ڕاگەیاندنی لادان و بیرکردنەوە بە کافرکردن…
لەکاتێکدا ئێزیدییەکان تاکە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانن بە درێژایی مێژوو لە ڕێی پیرۆزی ئایینەکەیان زمانی کوردییان پاراستووە، هەر لە ڕێی ئایینەکەشیان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لە ژیانی خێزانداری و هاوژینی پاراستووە، بۆیە من پێشنیار دەکەم لە پەرلەمانی داهاتوودا بڕیارێک دەربکرێت بە پاراستنی سەلامەتی زمانی کوردی و هاوکات ئەکادیمیایەکی تایبەتیش دابمەزرێت بە ناوی ئەکادیمیای زمانی کوردی، کە ئیش و کارەکانی تایبەت بێت بە زمانی کوردی لە کایە جیاوازەکانی پەروەردەو فێرکردن و ڕایەڵەکانی ڕاگەیاندن و زار و بنزارە کوردییەکان.

*فەرەیدوون سامان
سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار.




پرسی دەوڵەت و زمان و زارە کوردییەکان-1-.. فەرەیدوون سامان*

       

ماوەیەکە بێ هیچ بنەماو میتۆدێکی زانستی زمان ، لێرەو لەوێ دەنگۆیەک هەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زاری هەورامی زمانە و جیاوازە لەگەڵ زمانی کوردی، هەڵبەتە ئەم بۆچوونە ڕەگاژۆیەکی مێژینەی هەیە ، هەر لە سەردەمی دەورانی دەسەڵاتی ڕەزاخانی پەهلەوی و توێژینەوە کرچەکانی ڤلادیمێر مینۆرسیکییەوە هات ، کاتی گوتی گۆرانەکان لە باکووری دەریای خەزەرەوە بۆ ناوچەی هەورامان هاتوون و زارەکەشیان لەگەڵ زمانی کوردی جیاوازە.
ئاشکرایە زمانی کوردی وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر ڕووی زەوین لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە، سەبارەت بە حوکمی جوگرافیای سرووشتی، چەند هۆکارێکی سیاسی و دابەشکردن و زەوتکردنی بەسەر چوار نەتەوەی دەسەڵاتداردا، لەماوەی سەدساڵی ڕابردوودا زمانی کوردی ڕووبەڕووی توانەوە و سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن بوویەوە، مخابن وەک نەتەوە سەرفرازەکان کورد نەبووە خاوەنی زمانێکی پێوەر و یەکگرتوو بۆ هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورە.
وێڕای ئەوەش کە زمانی کوردی جوگرافیایەکی بەرفراوانی هەیە، هەر لە ڕۆژاوای کوردستانەوە تا ڕۆژهەڵات، هەر لە باکوورەوە تا باشوور، جگە لە چەندان دەڤەری کوردنشینی وەک هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری ڕەوەندی کورد لە شارەکانی ئەستەنبۆڵ و ئیزمیر، لە ئوستانەکانی تاران و مازەنداران و خۆراسان، لە وڵاتانی قافقاس-ئەرمەنستان و گورجستان و ئازەربایجان- تادەگاتە ئاسیای ناڤین، هەروەها ڕێژەیەکی زۆری کوردانی تاراوگە لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئامریکا و ئوسترالیادا،
لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی وەک ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا، دابەشکردنی بەشێک لە نیشتمانەکەمان، ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کرد جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەی زمانەکەمان بوو، ئەویش لە ڕێگای سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، لە ڕێگای بە یاسا قەدەغەکردنی زمانی کوردی، کە ئامانجی ستراتیژی ناسیۆنایستی نەتەوەی سەردەست گۆڕانکاریی دیموگرافی و سیاسەتی بە عەرەبکردن و فارسکردن و تورککردن بوو، ئەویش بە حاشاکردن لە کوردبوونی پێکهاتە-ئیتنیکە کوردییەکانی وەک هەورامی، ئێزیدی، شەبەک، زازاکی، لەک و لوڕ تا دەگات بەوەی کە حاشا لە کوردبوونی ڕەسەنایەتی کاکەییەکانیش بکەن، دیارە بە بیانووی ئەوەی کە زارەکانیان لە گەڵ زمانی کوردی ناوەند- زاری سۆرانی جیاوازە، هەر بۆیەش ئەوان زمانی کوردی بە یاسا قەدەغە دەکەن، چونکە لێی دەترسن و بە هەرەشەی دەزانن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان، پێیانوایە دواجار دداننان بە ناسنامەو زمانی کوردی، وڵاتەکەیان پارچەپارچە دەبێت، هەر بۆیەش دەیانەوێ بۆ هەمیشە زمانی کوردی زمانێکی لەتکراو و سەرکوتکراو و ژێردەستە بێت.
لە سەدساڵی ڕابردوودا ئەم زار و بنزارە کوردییانە بە پلان و ئەجیندای نەتەوەی دەسەڵاتدار وەک شەڕی تایبەت بەرامبەر بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری لە برەودایە، تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئاخێوەرانی ئەم زمانە و زارەکانی زیندانی بکرێن، تەنانەت هەندێجار لە سێدارەش بدرێن، وێڕای هەوڵی بەردەوامی جینۆسایدی کەلتووری نەتەوەییمان و هاوکات هەوڵی ئەوەیان داوە ئاسمیلاسیۆنی زار و بنزارە کوردییەکانیش بکەن، ئەویش لەسەر بنەمای تیۆرەکانی مەکنزی و مینۆرسکی و هاوڕاکانیان لە هەندێ لەو ڕۆشنبیرە کوردانەی وەک ڕەشید یاسەمی و د.محەمەد موکری و میهرداد ئیزەدی و مەردۆخی سنەیی و ئەمیری حەسەنپوور و شاگردەکانی…
هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون کە ئەم زار و بنزارە کوردییانە وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە زمانی کوردی بناسێنن، ئەگەر لە باکورو ڕۆژاوای کوردستاندا، ئاخافتن و نووسین و چاپەمەنی بە زمانی کوردی قەدەغە بووە و سزای زیندانی و ماڵی لەسەر بووە، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا هەرچەند قسەکردن بە کوردی قەدەغە نەبووە، هەر لە سەردەمی پاشایەتی پەهلەوی تا کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەک دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی کراوە و پەراوێزخراوە هەر بە زارێکی لۆکاڵیی و تایفەیی دانراوە و کراوەتە پاشکۆی زمانی فارسی، دەوڵەت هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بووە زارە کوردییەکانی وەک هەورامی و لەک و لوڕ و لە زمانی کوردی بترازینێ و یان وەک زمانێکی جیاواز و سەربەخۆ لە زمانی کوردی بیناسێنن.
بێگومان بایەخی زمان بەپێی بۆچوونە ئایدۆلۆژی و میۆدە فەلسەفییەكان دەگۆڕێت‌، بەپێی هزری فەلسەفەی ناسیۆنالیزم، زمان یەكێ‌ لە مەرجە هەرە سەرەكییەكانی دروستبوونی نەتەوەیە و بە ژێرخانی كۆمەڵگە دادەنرێت، بەڵام کاتێ لاپەڕەی کتێبەکانی مێژووی کورد هەڵدەدەینەوە، بە دوای ناوی دەوڵەتێکی کوردیدا دەگەڕێین کە لە هەندێک قۆناغی جیاواز و سەردەمی مێژووییدا هەبووە، هەڵبەت بە ناوی جیاوازی هەرێمێک یان بنەماڵەیەک، نەک بە (ناوی کوردستان)، هیچ باسێکی لەو سەرچاوانەدا نادۆزینەوە، هەر بۆیەش ڕەگەزپەرستەکانی نەتەوەی سەردەست بەتوانجەوە دێن و بە متمانەیەکی زێدەڕۆییەوە بەسەرمەستی هەستێکی ساختەی سەرکەوتن پێمان دەڵێن، هەرچەند بەدوایدا بگەڕێن هیچ شتێک بە ناوی زمانی کوردی نییە و دەوڵەتێکیش بە ناوی کوردستانەوە لە مێژوودا بوونی نەبووە، پاشان لەسەر ئەم لێکۆڵینەوە گوماناویانە کۆمەڵێک ئەنجامی کەموکوڕی بنیات دەنێن و دەڵێن: بەو پێیەی لە مێژوودا دەوڵەتێکی کوردی بە ناوی کوردستانەوە نەبووە، ئەمە مانای ئەوەیە کە تۆ مافی دامەزراندنی دەوڵەتت نییە. لەو کاتەدا تۆ نابیتە شتێکی تر، جگە لە پێکەنینێک لە چاوی ئێمەدا، چونکە تا ئێستا هیچ کوردێک بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە لە ڕۆژگاری دێریندا زمانێکی هاوبەش و دەوڵەتێکی کوردی هەبووە بە ناوی کوردستان.
ئەمە ئەنجامە هەڵەکەی تۆیە، بەرهەمی عەقڵی سەرلێشێواو و تێنەگەیشتنەکەتە. کورد بانگەشەی ئەوە ناکات کە دەوڵەتێکی مێژوویی هەبووە بە ناوی کوردستان، بەڵکو دەڵێن و تکایە بە وردی ئەمە لەبەرچاو بگرن کە ناوچەیەکی جوگرافیای مێژوویی زۆر گەورە و فراوان هەبووە کە کورد هەزاران ساڵە تێیدا ژیاوە، کە ئەمڕۆ بە کوردستان ناوی دەبەن، ئەمەش بەو مانایەیە کە کوردستان ناوی دەوڵەتێکی مێژوویی کوردی نییە، بەڵکو ناوی خاکی کورد و ماڵ و زێدی مێژوویی کوردە. دوای پەیماننامی شومی لۆزان ئەم ڕووبەرە جوگرافییە بەسەر چوار وڵاتی ئێستادا بەشکراوە و کە بریتین لە سوریا، تورکیا، عێراق، ئێران.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ناوی ناوچەیەکی جوگرافیای مێژوویی و ناوی دەوڵەتێکی مێژووییدا هەیە، کورد ئاماژەیە بۆ خاکێکی مێژوویی بە ناوی کوردستان نەک دەوڵەتێکی مێژوویی بەو ناوەوە، هەروەک چۆن ناوچەی مێژوویی هەیە کە بە چەند ناوێک ناسراوە، وەکو میزۆپۆتامیا، ئەنادۆڵ، حیجاز (کە لە مێژوودا بە چەندان ناو ناسرابوون، لەوانەش نیمچە دورگەی عەرەب، خاکی دوو مزگەوتی پیرۆز، تەنانەت ئێرانی جاران ناوی -مەملەکەتی مەحرووسە- بووە)، کە هەموویان ئاماژەن بۆ ناوچەیەکی جوگرافی دیارکراو، کوردستانیش بە درێژایی مێژوو بە چەندان ناو ناسراوە، وەک خاکی گوتیيەکان، کاردوخییەکان، ئۆرارتووەکان، میزۆپۆتامیا، خاکی زاگرۆسەکان و جەزیرە(میزۆپۆتامیای سەرەوە) و چەندان ناوی تر. وەک دەبینین ناوەکان بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن، هەروەک چۆن لە ڕۆژگارێکدا زمانی کوردی خۆی لە زاری گۆران بەرجەستە کردبوو بووە زمانی پیرۆزی یارسانەکان و زمانی دەسەڵاتی حەوتسەدەی میرنشینی ئەردەڵان، بەڵام هەموویان ئاماژەن بۆ زمانی کوردی کە خاوەنی چەندان شاعیری بلیمەتی وەک خانای قوبادی و بێسارنی و مەولەوی تاوەگۆزی و یەک ناوچەی جوگرافی کە ئەویش کوردستانە.
ئێستا کە وێنەکە بۆ ئێوە ڕوونە، دەتوانن جارێکی تر قووڵ ببنەوە ناو کتێبەکانی مێژوو و بەدوای ئەو ناوچە جوگرافییە مێژووییە بگەڕێن کە هەزاران ساڵە گەلی کوردی تێیدا ژیاوە. بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ناوچەیە بە چەند زارێک ناسراوە وەک گۆران و کوردی خوارین هەروەها بە چەند ناوێکی جوگرافیش ناسراوە، وەک بلاد الجبال، میزۆپۆتامیا، ناوچەی جزیرە، خاکی کوردان، زێدی کورد، کوردستان. بۆت دەردەکەوێت کە ئەم دەستەواژانە لە کتێبەکانی مێژوودا زۆرن، هەموویان ئاماژەن بۆ خاکی کوردان و نیشتمانە ڕەسەنەکەی.




ڕۆڵی وەرگێڕان و کاریگەری بەسەر زمانی پێوەری کوردیدا.. فەرەیدوون سامان

وەرگێڕان لە کایەکانی کەلتووری و پەروەردەییدا ھۆکارێکی گرنگە بە خزمەتکردنی زمانی پێوەر-ستاندارداردی کوردی، ساڵانە و مانگانە تەنانەت ھەفتانەش، چەندان کتێبی وەرگێردراو لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ زمانی کوردی بەرچڤە دەکرێن، بێگومان ھەیانە شایستەی پەسن و پێزانینن، لێ ھەشیانە شیاوی ئەوە نین نەک ھەر بخوێنرێنەوە، بەڵکو تەماشاش بکرێن، چونکە ھیچ مەرج و رێساو یاسایەک و پێوەرێکی وەرگێران لەخۆ ناگرن، ھەر بۆیەش پرسیارەکە لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا مەرجە وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی ھەر دەقێکدا ناوەڕۆک و واتای دەقە ئەسڵییەکە بگەیەنێت، یانیش بۆی ھەیە بەپێی خواست و مەزاجی خۆی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ خۆی دەیەوێ ‌ دەستکاری دەقەکە بکات، وەک کورتکردنەوە یان ئیختیزالکردن، کەوایە ئەدی مەبەست چییە لەوەی کە دەگوترێ وەرگێڕ دەبێ شێوازی دەربڕینی نووسەر بپارێزێت؟.
لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ھەر زمانێک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە لە ڕووی سینتاکس- ڕستەسازیی و ئیدیۆم و فۆرمۆلۆژیدا لە زمانەکەی دیکەدا جوێی دەکاتەوە، وەرگێڕ دەتوانێ زمانێکی گونجاو لەگەڵ دەقە ئەسڵییەکە بدۆزێتەوە، کە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی بابەتە وەرگێردراوەکە دووچاری گرێ و گۆڵە و تاسە نەیەت، یان لەکاتی ھەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی دروست ‌و خۆشئاوازدا ئەرکی وەرگێڕی شارەزا چییە، داخۆ بۆی ھەیە وەرگێر پەنا بباتە بەر قامووسی وشە و زاراوەی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان یان دەقە وەرگێردراوەکە پڕ بکات لە وشەو زاراوەی بیانی، کە لە ئێستاکەدا ھەندێک لە وەرگێرەکانمان لەبەر کەم شارەزاییان ئەم شێوازە بەکار دێنن، جا بۆ نموونە گەر ئاوڕێک لەو کتێبە چاپکراوانەی وەزارەتی پەروەردە بدەینەوە بەتایبەت کتێبە پیشەییەکان بە ڕاستی هەڵەی زۆری زمانی کوردی لەو وەرگێڕانە سەقەتانە دەبینین، هەرچەندە لە بنەرەتدا وشەو زاراوەی پیشەیی کەمتر لەو میتۆدە پەروەردەییانە لە داوو دەزگا حکومییەکاندا کاری پێکراوە و جێگیر بووە، سەرباری ئەوەش زۆرینەی زۆری وەرگێری ئەو کتیبانە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگایانەن، کە ساڵانی ساڵ ئەو کتیبانە بە زمانی عەرەبی خویندراون نەک زمانی کوردی.
باشە دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی تایبەت بە وەرگێران ڕۆڵ ‌و ئەرکیان چییە لە جوێکردنەوەی بابەتێکی وەرگێردراوی باش لە بابەتێکی وەرگێردراوی خراپدا؟ وەرگێری باش و کارامە چۆن دەکارێ لە وەرگێڕانەکەیدا بنەماو ڕێزمانی نووسەرەکە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش کورتی یان درێژدادڕیی نووسینەکە چۆن ڕەچاو دەکات، جا چونکە زۆرینەی نووسەرانی ئێمە لە نووسیندا کێشەی خاڵبەندییان ھەیە، ئەدی دەبێ وەرگێڕ چۆن بایەخێک بە خاڵبەندی بدات، و چ جۆرە وەرگێڕانێک چێژی دەقە ئەسییەڵەکە دەپارێزێ‌ و خوێنەریش ماندوو ناکات..
زۆر لە وەرگێڕەکان پەنا دەبەنە بەر فەرھەنگی وشەو زاراوەکان، ئێستا کاری وەرگێڕان بووەتە بەشێک لە بازرگانیکردن نەک بەرپرسیاریەتی، کەواتە وەرگێران نەبۆتە پرۆسەیەکی کەلتووری و مەعریفی لە ناو ئێمەدا، لە کاتێکدا توانستی ماددی و مانەوی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەم پرۆسەیەش دابینکرابوو.
ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێران لە کوردستاندا، کتێبێکی بە ژمارە زۆر و بۆر تەرجەمەی زمانی کوردی دەکرێن، کەچی لە ڕووی چۆنیەتییەوە خراپن. ئەز پێم وایە ئەم دیاردەیە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەرگێری شارەزا و لێھاتوو و پسپۆڕ لە بواری وەرگێڕاندا، چونکە لە زانستی وەرگێراندا بە تەنیا زانین ھەردوو زمان بەس نییە بۆ پرۆسەی وەرگێران، وەرگێڕ دەبێ شارەزای ھەردوو کولتووری زمانەکەش بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وەرگێڕ دەبێت لە تەکنیکی وەرگێڕاندا کارامە بێت، لە کاتێکدا کە ڕستەیەکی ئاڵۆزی دێتە پێش نابێت وەرگێرانی حەرفی بۆ بکات، پێویستە بە ڕادەیەک لە وەرگێران شارەزا بێت تا بتوانێت بەرامبەرەکەی لە زمانی ئامانج بدۆزێتەوە. لەلایەکی دیکەوە وەرگێر دەبێت لێھاتوو بێت لە گواستنەوەی شێوازی نووسینی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی ئامانج، نەک ھەر گواستنەوەی واتا بەبێ شێوازەکەی، بە تایبەتی لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبیدا.
بایەخی وەرگێڕان لە دانانی میتۆدە پەروەردەییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا لەوەدا‌یە کە لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرھەمی فەرھەنگیی، زانستی، کولتوری و مێژووی نەتەوەکان دەناسین و کەڵک لە ‌ئەزموونەکانیان وەردەگرین، بەداخەوە ھەر لە بنەڕەتدا کتیبەکانی خوێندنی پەروەردەیی لە کوردستاندا دەقی وەرگێڕاو بوون نەک نووسین، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی تەرجەمەکراون، بۆیەش دەبینین لەو میانەدا دووچاری کۆمەڵێک ھەڵەی زمانەوانی ھاتوون.
دیارە لە ھەموو سەردەمێکدا وەرگێڕان ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێڕاوە بۆ سازکردنی میکانیزمی خەبات لە پێناو زمانی نەتەوەدا و کاریگەریی مەزنی ھەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی زمانێکی پێوەرو ستانداردی کوردی. مخابن ھەندێک لە وەرگێڕکاران زمانێکی ناوچەیی لە ‌وەرگێڕانەکانیاندا بەکار دەھێنن، ئەمەش کەمتر چێژ بە خوێنەران دەدات، ڕاستە کوردی زمانێکی فرەزارە، شێوەزاری ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکەدا جیاوازە، بەڵام دیسان زمانی کوردی یەکێک لە ‌زمانە دەوڵەمەندەکانی جیھانە. پێموابێت ئەگەر نووسەرێک، شاعیرێک، توێژەرەوەیەک ئەگەر بۆ وشە یان دەستەواژەیەک دابمێنێت و کەمێک خۆی ماندوو بکات، دەتوانێت لە دوورە دێیەکی گەرمیان یان کوێستان، لە ‌زاری پیرمێردێک، لە دەق و کتێبێکی کۆنی ناوچەیەکی ئەم کوردستانە پان و بەرینەیدا جوانترین وشە ‌و زاراوە پەیدا بکات و بەشێوەیەکی سادەو ساکار، لە ‌ھەمانکاتدا ڕەوان، بیترنجێنێتە ناو بەرھەمەکەیەوە، ئەوسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و چێژێکی بێھاوتای پێدەبەخشێت. وەلێ کورد لە سایەی داگیرکاریی و دابەشبوونی بە ‌سەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا، تەنانەت ئاشنایی لەگەڵ زمانەکەی خۆیشیدا نەبووە.
بەداخەوە ئەمڕۆ کێشەی گەورەمان لە تێگەیشتنی زارەکانی هەورامی و کرمانجی ژووروودا ھەیە ‌و خەریکە بە ‌زمانێکی دی لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەگەر ئێمە بتوانین لە ‌زمانی ئەدەبی و لە ڕاگەیاندنەکاندا خوێنەرو بیسەر بەو زار و شێوەزارانە ئاشنا بکەین، ئەوە خزمەتێکی باش بە ‌زمانەکەمان دەکەین و ئەرکێکی پیرۆز بەجێ دەھێنین. پاشان بەرھەمێک دەخەینە بەردەست خوێنەران، لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانیشدا بخوێندرێتەوە ‌و لێی حاڵی بن، وەرگێڕی سەرکەوتوو پێویستیی بە زانینی زمانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی، ئاخافتن بەیەکێ لە زمانە بیانییەکان وەرگێڕ دروست ناکات. ھەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد لەویش گرینگتر زمانی دایکە، مرۆڤ گەر شارەزاییەکی باشی لە زمانی دایکیدا (بە زار و شێوەزارە جۆراوجۆرەکانییەوە) نەبێت ناتوانێت ببێت بە ‌وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، لەپاڵ ئەمیشەوە زانینی چەند زمانێک وەرگێڕ دەوڵەمەندتر دەکات.
لەو ساڵانەی دواییدا و پاش کۆچی گەلێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ دەرەوەی وڵات، ھەندێک بەرھەمی کوردی وەرگێڕدرانە سەر زمانە ئەوروپاییەکان، بەڵام ژمارەیان کەمن و لەو ئاستەدا نەبوون، کە بەرھەمی ئەدەبی کوردی بەخوێنەری بیانی بناسێنن. دیارە ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی تەواو لەو زمانانەدا، وەکو لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا وەرگێڕان پێویستی بە شارەزاییەکی گەلێک فرەتر لە قسەکردن و خوێندنەوە بە زمانێکی تر ھەیە، چونکە ھەڵبژاردنی دەقی شایستە، زەوقی ئەدەبی وەرگێڕ بە خوێنەرەکەی دەناسێنێت، وەرگێڕی جددی بەتەنێ کار بۆ ئەوە ناکات ھەرچییەکی بەردەست بکەوێ بیکوردێنێت، بەڵکو دەبێت بەھەڵبژاردنەکەی ئامانجێک بە خوێنەر بگەیەنێت و تینوێتی خوێنەر بە بەرھەمە ناوازە نەناسراوەکانی نەتەوەکانی دی. باشترین پێشنیار و ڕاسپاردەم ئەوەیە گەرەکە دەزگایەکی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەبێت و لە شارەزاییان و پسپۆرانی زارەکانی زمانی کوردی و هەروەها زمانە بیانییەکان پێکهاتبێت تا بتوانن بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی کتێبەکان بۆ زمانی کوردی وەربگێڕن، لەهەمانکاتیشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند و بنکە و دەزگە کەلتوورییەکانی وەک دەزگەکانی سەردەم و موکریانی و بنکەی ژین و جەمال عیرفان، پرۆژەیەکی ساڵانەی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەرگێڕانی شاکارە کەلتووری و وێژەییەکانی زمانی کوردی بۆ سەر زمانە بیانییەکان.




مرۆڤبوون لەنێوان ئایین و ئەخلاقدا.. فەرەیدوون سامان

ئەخلاق لە مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە ئایین (ئیمیل دورکهایم).

پێموایە فاکتەری دیارکەر لە هەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤدا سەر بە مرۆڤایەتییە. گشتگیربوون ئەو مرۆڤایەتیەیە کە ناچارمان دەکات ئیدانەی توندوتیژی بکەین، پرۆتیستۆی تاوانکاری بکەین، نەوەکانی داهاتوومان ئامادە بکەین بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بۆ ڕێککەوتن و دانوستان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی توندوتیژی، ئەمانە ئەو ئەخلاقە گشتگیرانەن کە دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر توندوتیژی و شەڕ لەناوببەن، یان لانیکەم سنوورداری بکەن، بۆ ئەوەی واقیعبینتر بین. بەبێ ئەمە: شەڕەکان کە بەناوی ئایینەوە ئەنجامدراون، شەڕەکان کە بە ناوی بەکافرکردن و داگیرکاری و ئاوارەیی و دەرکردنەوە ئەنجامدرابوون، شەڕەکان کە بەناوی ئەرکی پیرۆزی بڵاوکردنەوەی پەیامێکەوە کرابوون، بەناوی ئایین و بەناوی بڵاوکردنەوەی پەیام و قسەی خودا – و بەناوی ئەنفال و فەتحکردن ئەنجامدرابوون. هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکان، بێگومان بەناوی ئەم ئەرکەوە تفەنگ و شمشێر و کوشتن و جێبەجێکردنی سزاکان هەبوو. هەموو ئەمانە بە باشی ناسراون، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆی. ئەگەر بە کورتی بگەڕێینەوە سەری، ئەوە دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە شتێکی گرنگتر و بەردەوامتر هەیە و ئەویش مرۆڤایەتییە. مرۆڤایەتی سەرچاوەی سەرەکی ئەخلاقە کە گەرەنتی پێکەوەژیانی نێوان گروپ و ئایینە جۆراوجۆرەکان دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەو ئایین و گروپانە ناتەبا و ناکۆکیش بن.
کێشەکانی پەیوەندی لە نێوان ئەخلاق و ئاییندا لە ڕووی ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵناسییەوە پرسێکی یەکلاکەرەوەیە، دۆرکهایم دەڵێت: کاتێک ئەخلاق دەست پێدەکات کە وابەستەبوون بە گروپێکەوە دەست پێدەکات، واتە کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەم گرێبەستە ناڕاستەوخۆیەوە دامەزراوەکان بەرهەم دەهێنێت، لەوانەش دامەزراوەی ئەخلاقی، بە چ واتایەک باس لە دامەزراوەیەکی ئەخلاقی دەکەین؟
ئێمە باس لە پلەبەندییەکی بەهاکان دەکەین، سیستەمێکی ئەرکە باڵاکان کە تاکەکان تێدەپەڕێنێت و پەیوەندییەکانیان لەنێو کۆمەڵگەدا ڕێکدەخات. ئەمە ئەخلاقە! ئەخلاق لە نەریت و ئاوەزەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها لە ئایینیشەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک باس لە ئەخلاقی ئایینی دەکەین، باس لە دیاردەیەکی گشتگیر دەکەین.
ئایین لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە، لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە خێڵ و کولتوورە ڕەسەنەکاندا، شتە پیرۆز و تابووەکان هەبوون.
لە هەر شوێنێکدا قەدەغەکردن بدۆزینەوە، ئیمتیازێکی ئەخلاقی دەبینینەوە، کە خۆمان لەم کارە یان ئەو کارە بەدوور بگرین. ئەو تێڕوانینەی کە لاوازبوونی ویژدانی ئایینی ویژدانی مرۆڤ و هەستی مرۆڤ و ئەخلاقی لاواز دەکات، لێدوانێکی ڕێژەیی و بەپێی کۆنتێکست و کۆمەڵگە دەگۆڕێت و لەگەڵ ئەو گرەوانەی کە پەیوەندی بەوەوە هەیە پەرەدەسەنێت، شەڕە ئایینییەکان- جەنگی خاچپەرستەکان، شەڕەکانی هەلگەڕانەوە لە ئیسلامدا، شەڕی نێوان کاسۆلیکەکان، پرۆتستانتەکان و ململانێ و شەڕی نێوان سونەو شیعە، هەموو ئەم نموونانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە قسەکردن لەسەر ویژدانێکی ئایینی کە مرۆڤایەتی یان لانیکەم بەشێکی ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات، بەرەو چاکە و ئاشتی، زیادەڕەوییەکە کە بێبەری نییە لە بنەما ئایدیۆلۆژییە ناسراوەکان.

مەبەستیش ئەوەیە کە هەندێک شەڕ لە هەندێک شەڕی تر وێرانکەر و دڕندەتر بوون. لە کۆتاییدا بابەتی سروشتی چەک و سروشتی ئامێرەکانی کوشتنە. جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بە جەنگی خاچپەرستەکان بەراورد ناکرێن، بە شەڕەکانی هەڵگەڕانەوە، بە ململانێی نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانت… بێگومان ژمارەکان ڕێژەیین؛ ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەو ژمارە ڕەها و سەرسوڕهێنەرە نییە، کە لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە هێرۆشیما و ناگازاکی بەهۆی چەکی ئەتۆمی مۆدێرن کوژراون.
سەدان ساڵ برا هاودینەکانمان هەر بە ناوی خودا و ئیسلامەوە قڕمان دەکەن، جا ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی دوور و نزیکی نەتەوەکەمان هەڵدەینەوە، تەنانەت ئەو مێژووەی کە دژمنی ناحەز و دڵڕەق بە درۆو بووختان بۆی تۆمار کردووین، مخابن هەر هەمووی کوشتوبڕی کوردی ئێزیدی و یارسان و زەردەشتی و عەلەوی نەبووە، تەنانەت کوردی مسوڵمانی باوەڕداریش لەو هەموو تاوانی قڕکردن و کۆمەڵکوژییە بی بەش نەبووە، نەتەوەی کورد هەردەم پرۆژەیەک بووە بۆ جینۆساید بەناوی ئایین و پشتکردن لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و هاوشاری و هاونیشتمانی، شەڕ فرۆشتنەکەی ڕۆژانی ڕابردووی گەرەکەکانی ئەشرەفییەو شێخ مەقصود بەلگەیەکی زیندوون بۆ گەڕاندنەوەی پاشخانی مێژووی تاوانەکانی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی نەتەوەسەردەستەکان لە کوردستاندا.

فەرەیدوون سامان




لە غیابی زمانی پێوەری کوردیدا.. فەرەیدوون سامان

             

لەو ڕۆژانەی ڕابردوو لەسەر کێشەی یەک واو یان دوو واو، لەسەر کتێبێکی خوێندنی کوردی لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا، لەلایەن هاووڵاتیان و ڕۆشنبیران، تەنانەت زمانناسانەوە ڕەخنەیەک زۆر گیرا، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاپ و بڵاوکرابوویەوە، بەڵام ئایا کێشەی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا هەر تەنها کێشەی یەک واو و دوو واوە، یان کێشەکان زۆر لەوە قوڵترن، بۆ نموونە ئایا پشتکردنە زمانی پێوەر و ستاندارد و خوێندن بە هەردوو زاری بادینی و سۆرانی لەو هەرێمەدا کێشە نییە؟ ئایا نەبوونی ئەکادیمیایەکی زمانی کوردی کە تایبەت بێت بە چەتری کۆوەکردنی هەرچی شارەزا و پسپۆری زمانی کوردییە بە هەموو زار و بنزارە کوردییەکانەوە کێشە نییە؟
داخۆ بۆ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەیەک بوونی یەک زمانی ستاندارد بەسە، یان جووتستانداردی باشە(کە لەواقیعدا بوونی هەیە) و لە غیابی زمانی ستاندارد، زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن هەروەک ئەزموونی زاری کورمانجی ژووروو بۆ کوردانی ڕۆژاوا و زاری کورمانجی ژێری- سۆرانی باشووری کوردستان لەبەرچاوە.
زمانی کوردی ساڵانێکە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیدا بە جۆرەها شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت، جاڕێک بە ناوی جیاوازی ئایین و ئایینزاوە و جارێکی تریش بەناوی حاشاکردن لە ناسنامەی نەتەوەیەک، نکۆڵی لە بوونی دەکرێت و بە پلان و بەرنامەی تایبەت ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری دەبێتەوە.
زمانى كوردى له‌ نێوان ئه‌م زار و بنزار و دەڤۆکانە، ئه‌و ناوچه‌ و ئه‌م دەڤەرە. هه‌م پێدانى پایه‌یه‌كى به‌رزتر دەبێت به‌ زمانى كوردى، به‌ تایبه‌ت له ‌هه‌لومەرجێکدا کە‌ هه‌ڕه‌شه‌كان نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر زمانن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌مانى خستۆته‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كى نائومێده‌وه، جا چی زمان به خانه‌ی هه‌ستیی بزانین یان به ئامرازی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان، چی به دیارده‌یه‌کی مێژوویی دابنێین، یان وه‌کو سیستەمێک له نیشانه‌کان بیبینین و به شێوه‌یه‌کی هه‌نووکه‌یی سه‌یری بکه‌ین، ناتوانین خۆمان له‌و ڕاستییه ڕەهایە بشارینه‌وه که زمان و هزر‌ی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی یه‌کدین، به واتایه‌کی‌ دی، زمان ئامرازی هزرکردنه و هزریش بنه‌مای زمانه.
به‌م پێیه گه‌رچی ئێستاکه زمانی کوردی له خه‌می مه‌رگ ڕه‌خساوه، به‌ڵام سه‌رلێشیواوی و فره‌مه‌رجه‌عیی و پاشاگه‌ردانییه‌کی له ڕادەبه‌ده‌ری پێوه دیاره، ئه‌م دۆخه قه‌یراناوییه بووه به ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوه‌ره‌کانی‌، هه‌روه‌ها بیر به‌رهه‌م هێنراوه‌که‌شی.
دواڕۆژی زمانی کوردی بەم ھەموو زارەکانەوە، بەتایبەتیش ھەردوو زاری کرمانجی ژووروو و کرمانجی ژێری، ئەگەر لە داھاتوویەکی نزیکدا کاری جددی و دڵسۆزانەی بۆ بە یەکگرتووکردنی بۆ نەکرێت و لەسەر ئاستی کەسانی شارەزاو پسپۆر و دوور لە دەمارگیری ناوچەگەریی چی دەبێت و بە کوێ دەگات؟

دیاردەی دوو زمانی، یان فرە زمانی
زمانەکان پایەی سەرەکی میراتی مرۆڤایەتین، نوێنەرایەتی ناسنامەی مرۆڤ دەکەن و ئامرازێکی پێویستن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، زمانناسان پێیان وایە زمان بنەمای بیرکردنەوە و دەربڕینی جەوهەری مرۆڤە، زمان وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی جیهان دەزانن و پێیان وایە کە گوزارشت لە ئاوەزی ئاڵۆز و ناسنامەی مرۆڤ دەکات، لە ڕاستیدا زمان یەکێکە لەو توانایانەی کە جۆری مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی وەک زانین و ژیری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کولتووری مرۆڤەوە هەیە.
دوو زمانی دیاردەیەکی باوە لە جیهانی ئەمڕۆدا لەناو گەلاندا و لە زۆر شوێنی جیهاندا بەدی دەکرێت، بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگەکاندا، دوو زمانەکان ئەو کەسانەن کە توانای پەیوەندی کردنیان هەیە بە دوو زمان یان زیاتر، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان دوو زمانی مرۆڤ و لێهاتوویی مەعریفی، لەوانەش ژیری و تێگەیشتن و داهێنان ڕوون بکرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیانە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە: “ئایا دوو زمانی کارامەییەکانی وەک ژیری، تێگەیشتن و داهێنان زیاد دەکات؟”
مرۆڤ سیستەمێکی کۆدکراو بەکار دەهێنێت کە پێی دەگوترێت “زمان” بۆ گەیاندنی چەمکە مەبەستدارەکانی بە کەسانی دیکە و پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی دیکە و بە ئاسانی باس لە ڕووداو و خەون و ئارەزوو و هەستەکانی دەکات (ئۆرتێگا، ٢٠٠٩: ١). بە کەڵک وەرگرتن لە زمان، دەخوێننەوە و دەنووسن؛ بە دەستهێنانی زانیاری و گواستنەوەی بۆ کەسانی تر.
دوو زمانی دیاردەیەکە کە هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەوتی گەشەسەندنی لە سەدەی ڕابردوودا وای کردووە کە ببێتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتان، زۆر کەس لە جیهاندا دوو زمانە یان فرە زمانن و جگە لە فێربوونی زمانی زگماکی و ناوخۆیی خۆیان، ناچارن زمانی فەرمی وڵاتەکەیان یان زمانێکی نێونەتەوەیی فێربن.
پرسی جیهانگیریی، پێویستیی ئەم دیاردەیەی زیاتر کردووە. ئەوەندە کە زۆرجار خۆیان بە پێویستی فێربوونی زمانی زیاتر دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندی کردن و خوێندن و بازرگانی و ژیانێکی باشتردا سەرکەوتوو بن.
کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت هەوڵی پەیوەندی کردن دەدات، سەرەتا بە پشتبەستن بە ژینگەی ژیانی فێری زمانێک دەبێت کە زمانی زگماکی خۆیەتی. هەروەها ڕەنگە لە تافی منداڵیدا یان لە تەمەنی گەورەییدا بە هۆی هەلومەرج و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە زمان یان زمانێکی دیکە فێربێت و دیاردەی “دوو زمانی” بەم شێوەیە ڕوودەدات.
پێناسەکردنی دوو زمانی، لە یەکەم نیگادا، ئاسان دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک هەوڵ دەدەین بگەینە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن کە هەموو ڕەهەند و ئاستەکانی لەخۆ بگرێت و سنوور و سنوورەکانی دیار بکات، تێدەگەین کە ئەمە ئاسان نییە و کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
پێناسەکانی دوو زمانی کە دراون لە چڕی و لاوازی و ئاستی دوو زمانەوانیدا جیاوازن و پێیان دەگوترێت “جیاواز”. بۆ نموونە بەپێی فەرهەنگی وێبستەر (١٩٦١)، کەسێکی دوو زمانە، کەسێکە کە بتوانێت بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان قسە بکات، وەک قسەکەرێکی ڕەسەن، بەپێی ئەم پێناسەیە دوو زمانی یەکسانە بە توانای قسەکردن بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان و تەواو.
دیاردەی دوو زمانی یان فرە زمان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگەکانی تری سەر زەوی، فرە ئیتنیک و فرە پێکهاتەی نەتەوەیی و کەلتوورییە، بۆنموونە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیراندا زمانی دووەمیان فارسییە، کە زمانی فەرمی دەوڵەتە، هاوکات دەبینین ئەو ناوچە کوردییانەی کە تێکەڵەیەکن لە تورکی ئازەری لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هەروەها ئەو کوردانەی خۆراسان فرەزمانن بە حوکمی تێکەڵبوونیان لەگەڵ گەلانی فارس و تورکە مەغۆڵەکان، تەنانەت لە هەندێ ناوچەی ئوستانی خوزستانیش ژمارەیەکی زۆر کورد عەرەبی زانن، ئەم دیاردەیە لە باکووری کوردستان و تورکیاشدا بە ئاشکرا بەدی دەکرێت، تەنانەت لە ناوەندی شارە گەورەکاندا زۆرجار زمانی تورکی زمانی یەکەمەو زمانی کوردی بۆتە زمانی دووەم، لە باشوورو ڕۆژاوای کوردستاندا دەبینین چونکە زمانی فەرمی دەولەتی عیراق و سوریا عەرەبی بووە، هەر بۆیەش زۆر بەدەگمەن کورد هەیە جگە لە زمانی دایکی کە زمانی کوردییە، زمانی دووەم نەزانێت کە زمانی عەرەبییە. کەواتە پەیوەندی نێوان توانا مەعریفیەکان و دوو زمانی یەکێک بووە لە بابەتە سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوییەکانی دوو زمانی و بیروباوەڕی پسپۆڕان و تەنانەت ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا جیاوازن.

فەرەیدوون سامان




دیاردەی فرەزاری و فرەزمانی.. فەرەیدوون سامان*

زمانەکان کە پایەی سەرەکی میراتی مرۆڤایەتین، نوێنەرایەتی ناسنامەی مرۆڤەکان دەکەن و ئامرازێکی پێویستن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەکەیان، زمانناسان پێیانوایە زمان بنەمای بیرکردنەوە و دەربڕینی جەوهەری مرۆڤە، زمان وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی جیهانبینی خۆیان دەزانن و دواجار پێیانوایە کە گوزارشت لە ئاوەزی ئاڵۆز و ناسنامەی مرۆڤەکان دەکەن، لە ڕاستیشدا زمان یەکێکە لەو توانایانەی کە جۆری مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی وەک زانین و ژیری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کولتووری مرۆڤەوە هەیە. مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمێکی کۆد کە پێی دەوترێت “زمان”، چەمکە خوازراوەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە، پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەکات و بە ئاسانی باسی ڕووداو و خەون و ئارەزوو و هەستەکانی دەکات (ئۆرتێگا، ٢٠٠٩: ١).
بە بەکارهێنانی زمان دەخوێننەوە و دەنووسن؛ زانست بەدەست دەهێنن و دەیگوازنەوە بۆ کەسانی دیکە، بۆیە کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت هەوڵی پەیوەندی کردن لەگەڵ دەوروبەریدا دەدات، سەرەتاش بە پشتبەستن بە ژینگەی ژیانی فێری زمانێک دەبێت، کە زمانی دایک یان زگماکی خۆیەتی، ڕەنگە لە تەمەنی منداڵیدا یان لە تەمەنی گەورەییدا بە هۆی هەلومەرج و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانێکی دیکە فێربێت، لێرەدا دیاردەی “دوو زمانی یان فرە زمانی” بەم شێوەیە ڕوودەدات.
بۆ پێناسەکردنی فرەزمانی، لە یەکەم نیگادا، بە ئاسانی دەردەکەوێت، کاتێک هەوڵ دەدەین بگەینە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن کە هەموو ڕەهەند و ئاستەکانی لەخۆ بگرێت و سنوورەکانی دیار بکات، تێدەگەین کە ئەمە ئاسان نییە و کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
لە دنیای ئەمڕۆدا فرەزمانی دیاردەیەکی باوە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا بەرچاو دەکەوێت، و بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی ئاخێوەران لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگە و ناوچەکاندا، فرەزمانەکان ئەو کەسانەن کە توانای پەیوەندی کردنیان هەیە بە دوو زمان یان پتر، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان فرەزمانی مرۆڤ و لێهاتوویی مەعریفی، لەوانەش ژیری و تێگەیشتن و داهێنان ڕوون بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی ئەو توێژینەوەیە دەکرێت، کە لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێن.
لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوانە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە: “ئایا فرەزمانی کارامەییەکانی وەک ژیری، تێگەیشتن و داهێنان زیاد دەکات؟”
فرەزمانی دیاردەیەکە کە هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەوتی گەشەسەندنی لە سەدەی ڕابردوودا وای کردووە ئەم دیاردەیە ببێتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتان، زۆر کەس لە جیهاندا دوو زمانن یان فرەزمانن، جگە لە فێربوونی زمانی زگماکی خۆیان، ناچارن زمانی فەرمی وڵاتەکەیان یان زمانێکی نێودەوڵەتی فێرببن، پرسی جیهانگیری پێویستیی ئەم دیاردەیەی زیاتر کردووە، ئەوەندە زۆرجار خۆیان بە پێویستی فێربوونی زمانی زیاتر دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندی و خوێندن و بازرگانی و ژیانێکی باشتردا سەرکەوتوو بن.
پێناسەکانی فرەزمانی کە دراون لە چڕی و لاوازی و ئاستی دوو زمانیدا جیاوازن و پێیان دەوترێت “جیاواز”. بۆ نموونە بە پێی فەرهەنگی وێبستەر (1961) کەسی دوو زمانە کەسێکە کە بتوانێت بە دوو زمان بەشێوەیەکی ڕەوان قسە بکات، وەک ئاخێوەرێکی ڕەسەن، بەپێی ئەم پێناسەیە دوو زمانی یەکسانە بە توانای قسەکردن بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان و تەواو.
پەیوەندی نێوان توانا مەعریفییەکان و دوو زمانی بە نموونە یەکێک بووە لە بابەتە سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوییەکانی دوو زمانی و بیروباوەڕی پسپۆڕان و تەنانەت ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا جیاوازن.
با بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی مەبەست، زۆرجار لێرەو لەوێ ھەندێک کەس لە دڵڕەشی و کینەوە یان لە نەزانینی خۆیانەوە دەپرسن: بۆچی ھەندێک خەڵکی ناوچە کوردییەکان بە زەحمەت لە زاری یەکتر تێدەگەن؟ ھەندێکی تریش ئەم جیاوازییە دەکەنە بڕوبیانوو بۆ گومان خستنە سەر نەبوونی زمانێکی یەکگرتووی کوردی و هەروەها نەبوونی یەکێتی نەتەوەییمان، جا بە مەبەستی نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەی کورد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زمان یەکێکە لە پایە ھەرە گرنگەکانی نەتەوە و نەتەوەسازی، گەر نکۆڵی لە بوونی ئەو زمانە بکەن، بەو ھۆیەوە نکۆڵی لە بوونی نەتەوەش دەکەن! ئەم جۆرە خەڵکە دەڵێن: کورد بە زۆر زمانان قسە دەکەن، نەک تەنھا یەک زمان! بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە یەک زمانی کوردی نییە، تا یەکیان بخات! بە دڵنیایی ئەمە بەڵگەی بێ ئاگایی ئەوانە لە زمانی کوردیدا، بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە جیاوازی لە نێوان زمان و زارێکدا ناکەن! وەڵامەکەی ئەوەیە: ئەگەر ھەندێک کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە زەحمەت لە وشەو زاراوەی یەکتری تێبگەن، با بڵێین وەک خەڵکی هەولێر و ئامەد هەورامان بۆ نموونە، یان لە نێوان کوردێکی لەکستان و کوردێکی ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری، یان ھەر ناوچەیەکی دیکە، ئەوا ئەمە شتێکی زۆر سروشتییە و بە ھیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە کورد بە زمانێکی جیاواز قسە بکات و یەک زمانی ھاوبەشیان نییە، ئەم دیاردەیە لای ئاخێوەرانی وڵاتێکی گەورە و پێشکەوتووی وەک ئەلمانیا و بەریتانیاش هەیە، ھەندێک لە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک و عەرەب و فارس بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی زمانی کوردی زمانێکی بەھێزە و دەوڵەمەندە بە وشەسازی، زۆر سروشتییە مرۆڤی کورد ھەموو ئەو وشەسازییەی زمانی کوردی نەزانێت، کە لە ھەموو ناوچە بەرفراوانەکانی کوردستان لە باشوور و باکوور، لە ڕۆژهەلات و ڕۆژاواو تەنانەت لە ناوچە کوردنشینەکانی خۆراسان و مازەندەران تا دەگات بە کوردانی قافقاس و ئەوانی تردا قسەی پێدەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە کورد تا ئێستا دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، لێرەدا ھێزی زمانی کوردی بەدەر دەکەوێت و خۆشبەختانە خاوەنی زەخیرەیەکی مەزنی فەرهەنگی وشە و زاراوەکانە، کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە بە زار و شێوەزار و وشەسازی و ئەم بڕە زۆرە وشەسازییە بەسەر ھەموو ناوچەکانی کوردستاندا بەشکراوە، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک وشە و ئەمانەش ئەو وشانەن کە تەنێ لە زارەکانی کورمانجی ژوورو و ژێری وەرگیراون و ئەو زارە زۆرانەی دیکەی کوردی وەک لەک و لوڕ و هەورامی تێدا نییە. ئەمە فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی زمانی کوردی و ھەموو شێوەزارەکانی و وشەکانی لە ونبوون و لەناوچوون، سەرەڕای ئەو شەڕە سەختانەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان، لە دژی زمانی کوردی و نەیانھێشتووە تاکی کورد فێری خوێندنەوە و نووسین بێت، بەڵام ھێشتا زمانەکەی بەھێزترە لە زۆرێک لە زمانەکان کە لە ناوچەکە و جیھاندا ھەن.
کۆمەڵگەی کوردستان بە حوکمە گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و مێژووییەکانی، کە تێکەڵەیەکە لە نەتەوەکانی غەیرەکوردی وەک عەرەب و تورک و فارس و ئەرمەن و کلدان و ئاشووری، زمان و کەلتووری ئەم نەتەوانە کەم و زۆر کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەبووە، چۆن بە ناهەق جوگرافیای کوردستانی گەورە بەسەر دەوڵەت نەتەوەکانیان دابەشکراوە، بۆیە بە دەگمەن نەبێت تاکێکی کورد نابینین، جگە لە زمانی دایکی کە زمانی کوردییە، لە وڵاتەکەی خۆیدا زمانی دووەم یان سێیەمی نەزانێت، هەر بۆ نموونە کوردەکانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان زۆرینەیان زمانی دووەم کە زمانی عەرەبی و زمانی فەرمی دەوڵەتی سووریا و عیراقە دەیزانن، لە باکووری کوردستانیش هەروایە، بە دەگمەن نەبێت کوردێک نابینیت زمانی تورکی نەزانێت، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەتایبەت لە ناوچەی موکریاندا زۆرینەیان وێڕای زمانی فەرمی دەوڵەت کە فارسییە، هاوکات بەحوکمی هاوشارییان لەگەڵ تورکە ئازەرییەکاندا زۆرینەیان زمانی تورکیش دەزانن.
لەو ساڵانەی دواییش لە هەرێمی کوردستاندا بە حوکمی هەبوونی خویندنگە ئەهلی و تایبەتەکان تا ڕادەیەک زمانی ئینگلیزیشی هاتەسەر، نەوەیەک درووست بووە بەتایبەت نەوەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ زۆرینەیان ئینگلیزیزان و ئاخێوەرن.

*سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار.




کتێب\ دیداری یەكەمی شانۆیی نووسەر و هونەرمەند تەڵعەت سامان.. ئامادەکردنی: فەرەیدوون سامان

بۆ خوێنەنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




سنووری زمانەکەم سنووری جیهانی منە”.. نووسینی: لودویگ ویتگنشتاین.. وەرگێڕانی: فەرەیدوون سامان

“Tractatu Logico-Philosophicus” کتیبی (تراکتاتۆس لۆجیکۆ-فیلۆسۆفیکۆس) بەرهەمی بەرایی زمانناس ڤیتگنشتاینە، کە تێیدا هەوڵی کێشانی هێڵەکانی نێوان ئەوەی کە دەتوانرێت بە ڕوونی لە فەلسەفەدا بگوترێ و ئەوەی کە پێویستە بێدەنگ بکرێت، بکێشێت. ئەوە لەو بیرۆکەیەدا سەرهەڵدەدات کە پێکهاتەی زمان ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی واقیعە و زۆرێک لە کێشەکانی فەلسەفە لە ئەنجامی تێنەگەیشتن لە لۆژیکی زمانەوە سەرچاوەیان گرتووە. مەبەستی سەرەکی کتێبەکە پێناسەکردنی ئەرکی فەلسەفەیە وەک شیکارییەک بۆ زمان، نەک وەک داڕشتنی باوەڕەکان یان حوکمەکان سەبارەت بە جیهاندا.
خاڵە سەرەکییەکان:

  • جیهان وەک ڕاستی نەک ئۆبژە
    ویتگنشتاین جیاوازی دەکات لە نێوان “شتەکان” (سادە، دابەشنەکراو) و “ڕاستییەکان” (تێکەڵکردنی شتە بەیەکەوە گرێدراوەکان).
    ئەو جیهانەی ئێمە هەستی پێدەکەین، کۆی ڕاستییە ئەگەری و ڕاستەقینەکانە، نەک تەنها لیستی شتەکان.
    -فۆڕمی لۆژیکی واقیع
    ڕستە یان گەڵاڵە لە زماندا نوێنەرایەتی “وێنەی” ڕاستییەکان دەکەن.
    پەیوەندی نێوان توخمەکانی ڕستەیەک هاوشێوەی پەیوەندی نێوان توخمەکانی ڕاستییەک لە واقیعدا.
    -سنووری زمان و سنووری جیهان
    ئەوەی دەتوانرێت بە ڕوونی بە زمان دەرببڕدرێت، ئەوەیە کە دەتوانرێت بیری لێبکرێتەوە.
    هەرچی لەوە زیاتر بێت (بەهاکان، جوانیناسی، میتافیزیکی پاک) لە “دەرەوەی” جیهاندایە و دەبێت “بێدەنگ” بێت.
    -شیکاری لۆژیکی زمان
    ئەرکی فەلسەفە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی لۆژیکی زمان، بەمەش چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ناڕوونی یان سەرلێشێواوی زمانەوانییەوە سەرهەڵدەدەن.
    شیکاری ئەو پێکهاتە لۆژیکییە ئاشکرا دەکات کە لە ژێر فۆرمولەی زمانەوانی ڕووکەشدا شاراوەتەوە.
    -گەڵاڵەی شیکاری و پێشوەختە
    گەڵاڵە لۆژیکی و بیرکارییەکان وەسفی واقیع نین، بەڵکو یاساکانی ڕستەسازی خودی زمانن.
    ئەوان وەک “چوارچێوە”ی زمان وان، کە بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو ناعەقڵانییەتەوە تێپەڕێنرێت.
    -زمان و مانا و ناعەقڵانیەکان
    مانا ئەگەری نوێنەرایەتیکردنی لۆژیکی واقیعە.
    ئەوەی لە ڕێگەی وێنەیەکی لۆژیکییەوە ناتوانرێت بیری لێبکرێتەوە، ناتوانرێت دەرببڕدرێت و هەر هەوڵێک بۆ دەربڕینی دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی مانا.
    بایەخی کتێبەکە:
    نوێنەرایەتی بناخەی فەلسەفی قوتابخانەی شیکاری فەلسەفە دەکات لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا.
    ئەو کاریگەری لەسەر فەیلەسوفە لۆژیکییە پۆزەتیڤیستەکانی بازنەی ڤیەنا هەبوو، هەرچەندە ڤیتگنشتاین خۆی هەموو دەرەنجامەکانیان هاوبەش نەبوو.
    ئەو چەمکی “سنوورەکانی زمان”ی وەک پێوەرێک بۆ ئەوەی کە فەلسەفە دەتوانێت باسی چی بکات، ناساند.
    پوختە:
    کتێبی “Tractatus Logico-Philosophicus” هەوڵێکی ڕادیکاڵە بۆ پێناسەکردنی ئەوەی کە فەلسەفە دەتوانێت چی بڵێت و دەبێت لە چیدا بێدەنگ بێت، بە بەستنەوەی لۆژیکی زمان بە پێکهاتەی جیهانەوە. ویتگنشتاین فەلسەفە وەک کۆمەڵێک بابەتی نوێ نابینێت، بەڵکو وەک چالاکییەکی ڕوونکردنەوە دەبینێت کە ئەو کێشانە چارەسەر دەکات، کە لە تێگەیشتنێکی هەڵە لە زمانەوە سەرهەڵدەدەن. جیهان لە ڕاستییەکان پێکهاتووە و زمان لە ڕێگەی وێنەی لۆژیکییەوە ئەو ڕاستیانە ڕەنگ دەداتەوە. هەر شتێک کە سنووری ئەم وێنانە تێپەڕێنێت، دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی لێدوانی ئەگەری.

نووسینی: لودویگ ویتگنشتاین
وەرگێڕانی: فەرەیدوون سامان




لەبارەی گرفتەکانی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە.. فەرەیدوون سامان*

وەک چۆن ئێمەی کورد نیشتمانەکەمان بەسەر چەند وڵاتێکدا بەشکراوە، زمانی نەتەوەی سەردەست باڵادەستیی بەسەر زمانەکەماندا هەیە، زمانەکەمان بەسەر چەند زار و بنزارێکی سەرەکیدا دابەش بووە و هەریەک لەو زارانەش خاوەنی خەسڵەتێکی تایبەتی خۆیانن کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی فەرهەنگی و جوگرافیای گەلەکەمانە. مخابن هێشتا زمانێکی پێوەرمان بۆ گشت زار و بنزارە کوردییەکان نییە. هاوکات دەبینین لە ڕووی ئەلفوبێ و ڕێنووسیشەوە، ڕێنووسێکی پێوەر و هاوبەشمان بۆ نووسینی تێکستەکانمان نییە. بە دڵنیایییەوە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی جوگرافیاییی زمانی کوردی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی فرەچەشنیی زارە کوردییەکان، بەو پێیەی هەر دەڤەرێک و ناوچەیەک بە سروشتی خۆی، شێوەزاری تایبەتیی خۆی پەرە پێ داوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی مێژوو و ڕۆشنبیریی ناوازەی خۆیەتی. هەر بۆیەش زمانی کوردی بە یەکێک لەو زمانانە دادەنرێت کە دەوڵەمەندە بە فرەچەشنیی فەرهەنگی.
فرەچەشنیی شێوەزارەکان لە زمانی کوردیدا بەڵگەی دەوڵەمەندیی فەرهەنگییە. ئەم فرەچەشنییە ڕەنگدانەوەی مێژووی دوورودرێژی کوردە، بە درێژاییی سەدەکان کارکردنە لەگەڵ فەرهەنگ و گەلانی جۆراوجۆردا. چونکە لە ڕێگای ئەم زارانەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە مێژووی کورد و شارستانییەتەکەی و کارلێکی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا بگات.
زمانی کوردی جگە لە فرەچەشنیی شێوەزار، میراتێکی دەوڵەمەندیی ئەدەبی لەخۆ دەگرێت کە لە ژانرەکانی شیعر، ئەدەبیاتی فۆلکلۆر و چیرۆکی مێژوویی پێک هاتووە. ئەم میراتە ئەدەبییە گوزارشت لە حیکمەت و ئەزموونە مرۆیییەکانی گەلی کورد دەکات، هەروەها ڕەنگدانەوەی جوانی زمان و هێزی لە دەربڕینی هەست و بیرۆکەکاندایە.
سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە زمانەوانی و فەرهەنگییە، زمانی زمانەکەمان بەرەو ڕووی چەندان ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ پەراوێزخستن و گۆشەگیریی زمانەوانی کە بە درێژاییی مێژوو بەر کەوتووە. بەڵام هەوڵەکان لە لایەن خودی ڕۆشنبیرانی کوردەوه بۆ پاراستنی زمان و بەرەو پێشبردنی و بەکارهێنانی له هەموو لایەنەکانی ژیاندا. پاراستن و پەرەپێدانی ئەم زمانە ئەرکێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئەم میراتە فەرهەنگییە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
یەکێک لەو بەربەست و ئاستەنگانەش نەبوونی ئەلفوبێیەکی یەکگرتوو هەروەها ڕێنووسێکی یەکگرتووە بۆ گشت زارە کوردییەکان بە تایبەتییش لە دامەزراوە چاپەمەنییەکانی وەک ڕۆژنامە و گۆڤار و هەروەها ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەبوونی ئەو هەموو وێبسایت و کەناڵە کوردییە جیاوازانە دیاردەیەکن وێڕای هەبوون واڵایی و بەرفرەیی و پەراوێزێکی ئازادی نووسین و دەربڕین، هاوکات لە دەلیڤەی بەکارهێنانی ڕێنووسدا کێشەیەکی چارەسەر نەبوون، کە بە داخەوە زۆر جار خودی ئەو نووسەرانەی کە باس لە گرفتەکانی ڕێنووسی کوردی دەکەن یان ئەو دەزگا ڕۆشنبیرییانەی کە ساڵانە بە دەیان کتێب چاپ دەکەن و ڕێنمایییەکانی ڕێنووس و خاڵبەندی پارڤە دەکەن ڕووبەڕووی هەمان هەڵە و کێشەی ڕێنووس دەبنەوە.
دوای پتر لە سەدەیەک لە بزاڤی چاپەمەنی کوردیدا، تەنانەت بەر لە سەرەتای بیستەکان و دەسەڵاتی حکومڕانی شێخی نەمر تا دەگات بە ئێستا زمانی کوردی بە چەندان قۆناغ و شێوازی ڕێنووس و خاڵبەندیدا تێپەڕیوە، ئەگەر جاران دەقی نووسین بە کەشکۆڵ یان بەڵگەنامەی مێژوویی بە ڕێنووسی کلاسیکیی کوردی دەنووسرا، کە پتر لە ژێر هەژموونی ئەلفوبێ و ڕێنووسی عەرەبی و فارسیدا بوو، ئەوا دواتر بە هەوڵی زانایان و زمانناسان و ئەدیبانی کورد تا ڕادەیەکی باش ڕێنووسی کوردی لە نووسین و چاپەمەنییەکاندا سەرباری هەندێک گۆڕانکاریی لێرە و لەوێ، بەڵام لە دوای ساڵانی هەفتای سەدەی ڕابردووەوە هێشتا وەکوو پێویست هەر سەقامگیر نەبوو، ئێستا لە چاپەمەنی کوردیدا لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبە چاپکراوەکان سەرباری ئەوەی کەمترین کێشەی ڕێنووسمان هەیە، بەڵام دیسانیش جار جار لەو بڵاوکراوانەدا ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە ئەویش هەبوونی فرەڕێنووسی یان هەڵە ڕێنووسییە لە تێکستەکاندا، واتە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەوانی و فەرهەنگی بە گۆڤار و ڕۆژنامەو بڵاونامەکانیانەوە، تەنانەت هەر نووسەرێک بێ ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنی ئەو ڕێنمایییانەی کە پێشتر لە ئەکادیمیای کوردی یان دەزگای سەردەمەوە چاپ و بڵاو دەکرانەوە، دواجاریش ئەو کتێبانەی مامۆستا دیاکۆ هاشمی و دکتۆر نەریمان عەبدوڵڵا، ڕەنگە ئێستا ناوی نووسەرانی دیکەم لەبیر نەبێت، کە لە سەر ڕێنووس و خاڵبەندی بە چاپیان گەیاندووە، دیسان لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا تەنانەت لە خودی گۆڤاری (ئەکادیمیای کوردی)یشدا، بە نموونە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندی دەبینەوە، ئەویش هەندێک جار سەبارەت بە خەمساری و یان نەزانینی بەکارهێنانی ئەو نووسەرانەی کە بەشێکی زۆریان هەڵگری بڕوانامەی باڵان لە زمان و ئەدەبیاتدا لە تێکستە هزرییەکانیاندا بەکاری دەهێنن، ڕووبەڕووی هەمان ئاستەنگ دەبینەوە کە کێشەی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندییە، بێگومان هەبوونی ئەو هەڵانەش کەم و زۆر کاریگەرییان لەسەر گەیاندنی چەمک و واتاکانی بابەتەکە هەیە، تەنانەت جاری وا هەیە هەر زۆر بە هەڵەش واتایەکی پێچەوانە بە خوێنەران دەگەیەنن، هەڵەبەکارهێنانی خاڵبەندییش لە هەر دەقێکی ئەدەبی یان هزریدا، هەمان کێشە و گرفتی گەیاندنی چەمک و واتاکانی لێ دەکەوێتەوە.
ئێستا لەو بەشەی باشووری کوردستاندا کە بە زمانی کوردیی ناوەند دەنووسین و دەخوێنین و بڵاو دەکەینەوە، ڕاستە وەک ڕێنماییی ڕێنووسێکی پێوەر و ستانداردمان هەیە و بەڵام دیاردەی هەبوونی ئەو هەموو هەڵە ڕێنووسییە هۆکارەکەی چییە، تا چەندیش کاریگەرییان لە سەر زمانی ستانداردی کوردیی ناوەند-زاری سۆرانی، چونکە لەو بەشەی دەڤەری بادینان تا ڕادەیکی زۆر سەبارەت بە جیاوازیی هەندێک پەیڤ و زاراوە و دەستەواژە و دەربڕین، ڕێنمایییەکانی ڕێنووسیش جیاواز دەبن.
ئێمە لە ئەزموونی دەرکردنی گۆڤارەکەمان (گۆڤاری زمانناسیی وەرزی_زمان و زار)، نووسینی زۆرینەی ئەو نووسەر و توێژەرە بەڕێزانەی کە لەو گۆڤارەدا وتار و توێژینەوەکانیان بڵاو دەکەنەوە، ماڵیان ئاوا بێت، بەڵام هەمیشە مەرجی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان ئەوە بووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێمە دەسکاری ڕێنووسەکەیان بکەین، ئەم داواکارییەش وای لە ئێمە کردووە بەرانبەر هەڵەیەک دەستەوسان بین کە خۆمان قەناعەتمان پێی نییە و نەبووە، بەڵام بۆ بەردەوامی و شکۆی گۆڤارەکەمان ناچاریش بووین لە سەر خواستی ئەوان وەک خۆیان دەقەکانیان بڵاو بکەینەوەـ هەر بۆ دڵنیایییش من نامەی هەموو ئەو بەڕێزانەم لایە کە جەخت لە داواکارییەکانیان دەکەنەوە کە نابێت دەسکاریی شێوازی ڕێنووسەکانیان بکرێت، دیارە ئەو هەڵەچنە بەڕێزانەش کە خۆبەخشانە لەو گۆڤارەی ئێمەدا هاوکار بوون، سەرباری شارەزایی و ئەزموونیان لە بواری ڕێنووس و خاڵبەندیدا، بەڵام چونکە ئەوانیش دووچاری هەمان هەڵە دەبنەوە هەرچەند هەریەکەو بە پێی توانا و کارامەیی و ئەزموونی خۆیان بەو کارەدا ڕاپەرموون، بەڵام هەبوونی چەند هەڵەیەکی ڕێنووسی کە ئەم دیاردەیە لە زۆرینەی چاپەمەنییە کوردییەکاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، تا ڕادەیەک مایەی ڕەنجاندنی بەشێک لە خوێنەران و نووسەرانیش بووە. لەوانەش خودی خۆم، ڕەنگە هەبوونی هەڵەیەکی چاپ یان لە کاتی فۆنتگۆڕیندا هۆکارێکی سەرەکی بووە کە بە سەر هەڵەچنی گۆڤارەکەی ئێمەدا تێپەڕ بووبێت، دیارە ئەمەش لە بایەخی هەوڵەکانی ئێمە بۆ بەردەوامیی دەرچوواندنی ئەو گۆڤارە کەم ناکاتەوە، کە هاوکاران و هاوڕێیانی نزیک لەو گۆڤارەی ئێمە دەزانن بە چی دەردەسەرییەک ئەو گۆڤارە زمانناسییە دەردەکەین لە پێوەندیی بەردەواممان بۆ دابینکرنی وتار و توێژینەوە زمانناسییەکان، چونکە خوێنەرانی هێژا و نووسەرانی دڵسۆزی پەیڤ و زمانی کوردی دەزانن کە نووسین لە بواری زمانناسیدا چونکە کاری ئیلیەتە (نوخبە)یە، تا ڕادەیەکیش توێژینەوەی زمانناسیی پێویستیی بە چەندان پەراوێز و سەرچاوەی زانستی هەیە و پرۆسەکارێکی دەگمەنیشە واتە ئەگەر ئاوڕێک لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵا زانستییەکانی سەر زمانی کوردی بدەینەوە دەبینین کەمترین هەوڵی نووسینی زمانناسیی لای ئەو بەڕێزانە بەدی دەکرێن، ڕەنگە بە پاساوی ئەوەش بیانووەکەیان ئەوە بێت کە ئەم بەڕێزانە هەر بەتەنێ بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستی فریای توێژینەوەکانیان دەکەون، بۆیە قسەکردن لەسەر پرس و گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا کێشەیەکی تازە نییە، بە دڵنیایییشەوە تا ئێمەی کورد نەبین بە خاوەنی یاسایەکی چاپەمەنی کە پەیوەست بێت بە ئاساییشی زمان و ئاساییشی نەتەوەییمانەوە دواتر تا نەبین بە خاوەنی زمانێکی ستانداردی کوردی ئەستەمە لەو ڕەوشەدا بتوانین وا بە سانایی چارەسەری گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی بکەین و ببین بە خاوەنی ڕێنووسێکی پێوەر و ستاندارد.
• سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار)




چەند چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ فەرەیدون سامان سەبارەت بە زمانی کوردی

بۆ گوێگرتن لە قسەو باسەکان کلیک لەسەر نانونیشانی باسەکان بکە..

١- کێشەکانی بەردەم زمانی یەکگرتووی کوردی چین؟

٢- گۆڤاری زمان و زار رۆڵی لە گەشەپێدانی زمان..

٣- وتوویژێک لەسەر پرسی زمان، گۆران زمانە، یان زارێکی کوردییە…




کتێب/ زمـان و یـاسـا… ئامادەکردنی: فەرەیدوون سامان

توێژینەوەکانی دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی
زمانی کوردی و زاراوە یاساییەکان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




نێوانمان.. فەرەیدون سامان

نێوان من و تۆ دیوارێک هەیە
خشتەکانی بە خوێن سوورکراون
نێوان من و تۆ دەرگایەک هەیە
هەزار ساڵە کلیلەکەی
لەنێو قوڕگی ئەژدیها دایە
نە تۆ من دەبینی
نە منیش تۆ
نە تۆ دەنگم دەبیستی
نە من دەنگت دەبیستم
بەڵام تەواوی هەست و نەستم لای تۆیە
خۆ من کۆیلەی عیشقی تۆ نیم
پێم بڵێ…
چۆن بتپەرستم؟!

Fereydun Saman




بانگێشتێک بۆ سەماکردن.. شیعری/ هادیا ئامنە.. وەرگێڕانی بۆ کوردی/ فەرەیدون سامان

لە ئاڵۆزی جانتاکەی مندا
چاوی ماناکانی تەقییەوە وەک ئاواز
لە هەرای جانتاکەمدا
مۆبایلەکەم ون بوو
ئاوازەکانی خەوندارن لەگەڵ بێدەنگیی شوێنەکەدا
چڕتر دەبنەوە
بەرەو لای خۆم تەماشایکرد و
ساتەکانی رەندی لە باخچەکانی جوانی
بەرەو هەوراز بوونەوە ،
ریگام بە چاوم نەدا بینینیت
بەڵام بەلەز بەلامدا تیپەڕی
جوانیی سێوەکەی ئادەم لە ستەمکاریدا چێنراوە
ئەوان گوتیان
کە کەلەکەوانی ژنان
لەگەڵ چەناگەی خۆی درۆی کرد
ئەوە قسەی قۆرە
دوگمەکانی سەر سنگی گەنجانە
فراوانی چارۆگەئاسا کردەوە
بانگهێشتی ژنانی گەردوون و سوپایەیەک لە ماچ دەکات،
مۆبایلەکەم لەو بێسەروبەری
ئاشووبی هەستەکان و لە بێدەنگی شوێندا ون بوو
چاوە بە خوومارەکەی پڕ بوون لە مۆبایلەکە
لە نۆڕەی بەیانێکدا مامز ئاسا باز دەدات
سەمەندەر داوای شەریعەتی سەما کردن دەکات
جەستەیەیەک فێری بێخەو بووە
لەسەرهەواری خاڵی وەنەوزدا
ناخەویت تەنێ دوای تاوێک سەما نەبیت
پرچی قەرەجانەم گێژاوێکی شەپۆلدارە
گڕپرژین سەما بە دوو سەمای دادێ
بۆنت شەپۆلی کشان و داکشانە،
حیلەی شەهوەتەو مگێزی ئارەزووی سەما دەکات
چامەم لە فەرهەنگەکەم ئازاد کرد
لەدایکبوونەکەی خولیای شێتی بوو
پیتەکانم بە رەندی خۆیان فێری
سەما بوون
ئاخۆ خوڕەی بارانی سەر شوشەم گورەم ناتوروژینیت بۆ سەما
بەنزینی تەپڵە هارەکان تاسە دەسووتێنێت چەشنێک لە سەما
قاوە و مۆبایلەکە لەلایەک دانێ دەتەوێ ئەبجەدیەتی سەما فێر بیت؟
بەتاسەوە لەرزینی سەرەپەنجەکانت بۆ ژنێک درێژکەوە
شەرم مەکە بۆ بانگهێشتی پیاوێک بۆ سەما کردن
کە خۆت ئارەخووی سەمای ئەو دەکەی
سەمایەک حەز دەکات سەما بکات لەگەڵ سەمادا.

شیعری/ هادیا ئامنە- تونس

وەرگێڕانی بۆ کوردی/ فەرەیدون سامان




گیانگۆڕ … فەرەیدون سامان

هێندە بیرت دەکەم
دەڵێم ئاخۆ دەبێت تۆم لە بیر بچێتەوە
وا دەزانم پەتی هەموو سێدارەکانە
لە گەردنی مندا ئاڵاون
وا هەستدەکەم ئەوە منم
من دەخنکیم…
کوڕەکەم رامین بگەڕێوە
چۆن ئاو پەژیوان بێتەوە
تۆش بۆ سەرچاوەکەی خۆت بگەرێوە…
یان خۆرەتاو ئاسا بە نابەلەدی
لە خۆر جوێ بێتەوە
منیش رادەستی ئامێزی ئەڤینی جاویدانی
تۆ دەبم…
لەنێو تۆدا
لە نێو فرمێسکی خوێنینی دایکەکاندا
دەتوێمەوە
دەبم بە تۆ
دەبم بە پەپوولەیەک باڵدەگرم و
هەڵدەفرم
بەرەو ئاسۆ
بەرەو شکۆ
بەرەو هەواری شەهیدانێ
کە بۆنی خاک وخۆلی نیشتمان مەستی کردن…

فەرەیدون سامان