یەمەن- مەترسیەکانی فراوانبوونی جەنگ و تێکچوونی ئاساییشی ناوچەکە.. فەرمان محەمەد

گرژییەکان بە خێرایی بەرز دەبنەوە و دەکێشرێنە ناو ململانێیەکی ناوچەیییەوە. وەک چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار ئەوەی نیشانداوە، کە بەرزبوونەوەی گرژییەکان دەتوانێت بەخێرایی بۆ شەڕێکی جددی بگۆڕێت. بەم شێوەیەش ترس لە ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرک پێدەکەین؛ ترسی ئەوەی کە گرژییەکان لەسەر شەڕی غەززە و هاوکاتیش گرژیەکانی یەمەن، بڕژێتە ناو ململانێیەکی ناوچەیی فراوانترەوە.
ئاڵۆزییەکانی جیهان ڕووە و ‌هەڵکشانن و دەبینین، کە لە ئۆکرانیا شەڕەکە درێژەی کێشاوە و کۆتایی نەهاتووە. شەڕی غەزەش پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدار و پاشان شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکڕای جیهان ماندووێتی شەڕ و مەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیی و تێکچوونی نەزمی جیهانی پێوەدیارە. ئێستاش ناوچەکە ڕووبەڕووی جەنگێکی تری دۆستێکی نزیکی ئێران دەبێتەوە، کە دوژمنی سەرسەختی ئەمریکایە، ئەویش یەمەنە. حووسیەکان بەهەندێک داینامیکی ئاڵۆز و گرەوێکی بەرز یاریی دەکەن، لەژێر سێبەری سەرکردەی جیهانی ئیسلامیی شیعە کە ئێرانە و لە بەرانبەردا سعوودیە سەرکردەی ئیسلامی سووننەیە، کە شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ڕاستیدا بووەتە شەڕێکی بەوەکالەت لەنێوان هەردووک زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەک و هەروەها ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا لەلایەکی دیکەوە.
بەریتانیا، ئەمریکا و ئەو هاوپەیمانییەی کە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێکهاتووە زیاتر لە دەیان هێرشی بۆ سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەستپێکرد. واشنتۆن و لەندەن ڕێگەیان بە فڕۆکە جەنگییەکانیاندا، کە هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنەی کە بە قەڵای حووسییەکان ناودەبردرێت. ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە حووسییەکان هەڵمەتێکی دوو مانگەیان ئەنجامدا، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا، کە بە گوتەی خۆیان پشتیوانیی لە فەلەستینییەکانی غەززە دەکەن. لەهەمان کاتدا حووسییەکان بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە کەشتییە ئیسڕائیلییەکان دەکەنە ئامانج. بەم جۆرە هێرشەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا مەترسییەکانی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر و خێراتر کرد. حووسییەکان هۆشداریی دەدەن کە تۆڵە دەکەنەوە و بەڵێن دەدەن بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیی و بەرژەوەندیەکانی ئیسڕائیل- ئەمریکا. ئەمەش لەلای کەسانی سیاسیی، شرۆڤەکار و بیرمەندان بووەتە مەترسیی و ڕایانگەیاندووە، کە بەردەوامیی پەککەوتنی بازرگانیی دەریایی، ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک.

لێرەدا دەکرێت بپرسین حووسییەکان کێن؟
حووسییەکان گرووپێکی میلیشییایی یەمەنن، کە بە ناوی دامەزرێنەرەکەیان حووسێن بەدرەددین حووسییەوە ناونراوە و نوێنەرایەتیی لقی زەیدی ئیسلامیی شیعە دەکەن. ئەوان لە هەشتاکانی سەتەی ڕابوردوودا بە دژایەتیی کاریگەریی سعوودیە لە یەمەن سەریان هەڵدا. ئەو گرووپە کە بە زیاتر لە سەت هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت و ناوی فەرمییان ئەنساروڵـڵایە، زۆربەی ڕۆژاوای وڵات بەڕێوەدەبەن و بەرپرسی کەناراوەکانی دەریای سوورن و بەشێکی زۆری وڵاتی کۆنتڕۆڵکردووە، لەنێویاندا گەرووی “بابولمەندەب” کە بەرەو دەریای سوور دەکشێت.
حووسییەکان، هاوپەیمانی ئێرانن و لە شەڕێکی ناوخۆدا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری یەمەندا گرت، لەگەڵ هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، بۆ ئەوەی پشتیوانیی خۆیان بۆ حەماس نیشان بدەن، بەڵێنیاندا کە هێرش بکەنە سەر ئەو کەشتیانەی کە پەیوەندییان بە ئیسڕائیلەوە هەیە، یان بەرەو بەندەرەکانی ئیسڕائیل دەڕۆن.
حووسییەکان دەڵێن، ڕێگریی لە کەشتییە ئیسڕائیلیی و ئیسڕائیلییەکان دەکەین، کە بە گەرووی بابولمەندەبدا تێبپەڕن، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئیسڕائیل بۆ ئەوەی لانیکەم ڕێگە بە یارمەتی مرۆیی پێویست بدات، بچێتە ناو کەرتی غەززەوە، کە ئیسڕائیل لە ماوەی سێ مانگی ڕابوردوودا گەمارۆی داوە. حووسییەکان لە ١٩ی ئەم مانگەدا سەرنجی جیهانی ڕاکێشا، کاتێک فەرماندەیی کەشتیی بارهەڵگری گالاکسیی کرد و دواتر کردیان بە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی.
لە کاتێکدا کەشتیوانیی جیهانیی کاریگەری قووڵی لەسەر بووە، کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانیی بە تەواویی، خۆیان لە دەریای سوور دوور خستووەتەوە، بەڵام سەرەڕای ڕێگرییەکانیان، حووسییەکان زیانێکی کەمیان بە کەشتییەکان گەیاندووە و خۆیان لە کوشتن یان بریندارکردنی خەڵکەکەی ناو کەشتیەکان بەدوور گرتووە.
گۆڕینی تاکتیک لەهێرشەکانیاندا؛ لە سەرەتای مانگی یەکدا، حووسییەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی کەشتیی بێسەرنشین و لە ماوەی ڕابوردوودا ئەو گرووپە بەلەم و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە، کە لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ کەشتیەکانی دیکەدا دەتەقنەوە. لە کاتێکدا ئەو گرووپە تاکتیکی گۆڕیوە، بەڵام چالاکییەکانیان لە دەریای سوور ڕانەگرتووە.
ڕاپۆرتێکی ئەم دووایییەی کۆمپانیای ویندوارد کە کۆمپانیایەکی شیکاریی دەریایییە، دەریخستووە کە لەوەتەی حووسییەکان دەستیان بە هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر دەریای سوور، ژمارەی ئەو ڕێڕەوانەی کە بە هێڵی کەشتیوانییە گرنگەکەدا تێدەپەڕن، زۆر دابەزیووە. لە هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمدا، کەشتییە کۆنتێنەرەکان کە بە دەروازەی باشووری دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب تێدەپەڕن، بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای هەفتانەی ساڵی ٢٠٢٣، بە ڕێژەی ٧٠% کەمیکردووە. لەهەمان کاتدا 136% زیادبوونی گەشتەکان لە ڕێگەی “کیپی هیوای باش”ـەوە هەبووە.

گرژیەکانی دەریای سوور و هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاساییش: ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کۆتاییهێنانی بە هێرشی حووسییەکانی کردووە. ئەووە بوو ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیی لە دەریای سوور، بەپەلە بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد، سەرەڕای نیگەرانی ڕووسیا و چین.
بڕگەیەکی سەرەکیی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاساییش، ڕۆژی چوارشەممە کە لەلایەن ئەمریکا و ژاپۆنەوە سپۆنسەر کراوە، ئاماژەی بە مافی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، “بۆ بەرگریکردن لە کەشتییەکانیان، لەنێویاندا ئەوانەی کە ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانیی تێکدەدەن ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی بکرێنەوە”. ئەو بڕگەیە گەیشتە پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانیی، کە هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی و ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، بۆ بەرگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانییە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات وتەبێژی حووسییەکان بڕیارنامەکەی بە “گەمەی سیاسیی” ناوبردوو و ڕەتیکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوە ئەمریکایە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
دەستتێوەردانی ئەمریکا و بەریتانیا ڕەنگە بەسوودی حووسییەکان بشکێتەوە؛ حووسیەکان دەتوانن لە بەرزبوونەوەی گرژی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی قازانج بکەن و زلهێزی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی بخزێننە ناو یارییەکەوە، بەمەش ڕێگرییان لێناکرێت و لە ڕاستییدا دەکرێت زیاتر بوێرییان پێبدرێت.
شەوی پێنجشەممە، ئەمریکا و بەریتانیا چەندین شوێنیان لە یەمەن بۆردومان کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەو مووشەکانەیان خستە خوارەوە، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە دەریای سووردا ئاڕاستەکرابوون، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکا ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، دوو مووشەکی کروزی دژە کەشتیی و یەک مووشەکی بالیستیی دژە کەشتییان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە. ئەمەش یەکەمجارە لەم شەڕەدا ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی، هێرش بکەنە سەر خاکی یەمەن.
ئەگەرەکانی فراوانبوونی ململانێ و شەڕی بەوەکالەت؛ ئەگەر شەڕ لەگەڵ حووسییەکان پەرە بستێنێت – بۆ نموونە ئەگەر ئێران بڕیار بدات چەکی زیاتر بۆ حووسییەکان دابین بکات – ئەوا ئوسترالیاش کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکایە دەچێتە ژێر فشارێکی زیاترەوە بۆ ناردنی سەرچاوەی سەربازیی. شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، کاتێک حووسییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی یەمەن. حووسییەکان لەگەڵ ئێران هاوپەیمانن، حکوومەتی یەمەنیش لەگەڵ سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی هاوپەیمانە و چەند ساڵێکە شەڕی بەوەکالەت و سیبەری ئێران-سعوودیە دەکەن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بە ناوبژیوانی چین ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئێران و سعوودیە ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا گرژییەکانی نێوان حووسییەکان و حکوومەت کەم بووەوە.

پشتگیریی ئێران یان بوێریی و توانای ناوخۆیی؛ لە کاتێکدا هێشتا هەندێک گرژیی لە ئارادایە، بەڵام پێدەچێت خراپترینی شەڕی ناوخۆ، لانیکەم بۆ ئێستا کۆتاییهاتبێت و لەنێوان ئەو پێشهاتانەشدا حووسییەکان بەو باوەڕە گەیشتوون، کە لە ململانێکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. بەو هەستەیان ئەوەندە بوێرانەبوون، کە هەست بە بەهێزبوون بکەن بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی یەمەن تێبپەڕێنن و کردەی سەربازی لە دەریای سووردا ئەنجام بدەن، کە لە جیهاندا بە یەکێک لە قەرەباڵغترین کەناڵی کەشتیوانیی دادەندرێت. لەگەل ئەوەشدا حووسییەکان ئامادەی کەمکردنەوەی چالاکییەکانیان نین، بەڵکوو گرینگی زیادتر بە پەرەسەندنی هێرشەکانیان دەدەن.

فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




بۆچی بڕیارنامەی ٣٧٧ و مادەی ٩٩ی پەیماننامەی UN نەیانتوانی شەڕی غەززە بووەستێنن؟.. فەرمان محەمەد

ئاشکرایە کە بڕیارنامەی ٣٧٧ و ماددەی ٩٩ بەدرێژایی مێژووی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٩٤٥ـەوە زۆر بەدەگمەن پەنایان بۆ بردراوە، بەڵام لە ماوەی ٧٠ ڕۆژی شەڕی ئیسڕائیل-حەماس، سکرتێری گشتیی، هەموو دەستەڵات و کارتەکانی سنووری دەستەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ وەستاندنی شەڕ.
لێرەدا دەکرێت بپرسین ئاخۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هەوڵەکانی بۆ وەستاندنی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس، وەک ئەرکی سەرەکیی خۆی؟
ئەرکی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتییە. لەبەشی شەشەمی میساقەکەدا چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە، لەڕێگەی دەستێوەردانی ئەنجوومەنی ئاساییشەوە، بە ڕێگەکانی وەک دانوستاندن، نێوەندگیریی، ناوبژیوانیی و بڕیاری دادوەریی دیاریکراوە. ئەنجوومەنی ئاساییش دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە هەر ناکۆکییەک یان بارودۆخێک بکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە. لە هەر قۆناغێکی ناکۆکیەکەدا، ئەگەر لایەنەکان نەیانتوانی بەڕێگەی ئاشتیانە ناکۆکییەکە یەکلایی بکەنەوە، ئەوە ئەنجوومەن دەتوانێت ڕێکار یان شێوازی گونجاو پێشنیار بکات.
ئامانجی سەرەکیشی دەستەبەرکردنی ئاساییشی بەکۆمەڵە، کە بنەمای بەشی حەوتەمی میساقەکەیە، کە دەستەڵات بە ئەنجوومەنی ئاساییش دەدات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی زۆرەملێ لە سزای دیپلۆماسیی، ئابووریی و دوواتر دەستێوەردانی سەربازیی و چەکداریی لەو دۆخانەی کە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانە شکست دەهێنێت. بەڵام لە کاتی شەڕی سارددا ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە بە دەگمەن جێبەجێ دەکران، چونکە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت ڕێگریان لە ئەنجوومەنی ئاساییش دەکرد لەسەر ڕێککەوتن و دەرکردنی بڕیار. ئێستاش گەڕاوینەتەوە هەمان دۆخی جەنگی سارد، کە بەجەنگی ساردی دووەم ناودەبردرێت، بەو پێیەی ئەمریکا ڕێگرە لە دەرکردنی هەر بڕیارنامەیەک بۆ وەستاندنی جەنگ.

کەواتە بڕیارنامەی٣٧٧ و مێژووەکەی چییە؟ ئایا دەتواندرێت بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی بەدەوری ڤیتۆی ئەمریکادا تێپەڕێت بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە؟
لە مادەی ٢٧، بڕگەی ٣ی میساقەکەدا هاتووە، کە بڕیارنامە جەوهەرییەکانی ئەنجوومەنی ئاساییش پێویستیان بە دەنگی بەڵێی نۆ ئەندام هەیە “لەوانەش دەنگی هاوڕایی ئەندامانی هەمیشەیی”. بەڵام زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش هاوڕابوون کە ئامادەنەبوون لە ژووری کۆبوونەوەکە، ناتوانێت ڕێگریی لە ئۆرگانی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، کە بەشێوەیەکی درووست مامەڵە بکات، ئەمەش بۆچوونێک بوو کە دواتر لەلایەن دادگەی دادی نێودەوڵەتیی (ICJ)ـەوە پشتڕاستکرایەوە. زۆرجار لەمپەری بەردەم دەرکردنی بڕیار لە ئەنجوومەنی ئاساییش، بوونی ناکۆکی وڵاتە زلهێزەکان بەتایبەت ڕووسیا و ئەمریکایە، بۆیە پەنا دەبردرێتە بەر ئەم بڕیارنامەیە. بڕیارنامەی 377؛ کە بە “یەکگرتن بۆ ئاشتیی” ناسراوە، ئامانج لێی چارەسەرکردنی دۆخێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نەتوانێت بەرپرسیاریەتی سەرەکیی خۆی لە پاراستنی ئاشتیی و ئاساییشی نێودەوڵەتییدا جێبەجێ بکات. ئەنجوومەنی گشتیی دەتوانێت بە بەکارهێنانی میکانیزمی دانیشتنی تایبەت و لەناکاو کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕاسپاردەی بەکۆمەڵ پێشکەش بکەن، بەڵام لەڕووی یاسایییەوە پابەندکەر نییە و بابەتەکە درێژ نابێتەوە بۆ بڕیاردانی پابەندکەر، وەک ئەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش کە بڕیارەکانی پابەندکەرن.
ئەم بڕیارنامەیە، دەستەڵات بە ئەنجوومەنی گشتیی دەدات، یەکەم: کە لەڕێگەی ئەمینداری گشتییەوە کۆبوونەوەیەک گرێبدات، بۆ دەرکردنی ڕاسپاردە بۆ ئەندامان و ڕێوشوێنی بەکۆمەڵ، لەوانەش بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە کاتی پێویستدا. بەڵام لێرەدا بەلایەنی کەمەوە دەبێت ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان یان کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی لەگەڵ بانگهێشتکردنی بڕیارنامەکەدا ببن، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆ ئەم بڕیارنامەیە بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە بێئەنجام بوو؟
هەموو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی گشتیی UNGA تەنیا ڕاسپاردەن، ئەمەش بەو مانایەیە، کە بە پێچەوانەی هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاساییش، ئەم بڕیارنامانە لەڕووی یاسایییەوە پابەندکەر نین. ئەمەش واتە دەتواندرێت پێشنیارەکانی بەبێ هیچ دەرەنجامێک پشتگوێ بخرێن. ئیسڕائیل لە ماوەی ڕابوردوودا چەندین بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتگوێ خستووە، ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکیی دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانی دیپلۆماسی واشنتۆن.
گۆتێرێس سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند سەرەڕای ڤیتۆی ئەمریکا واز لە بانگەوازکردن بۆ ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە ناهێنێت. ئاماژەی بەوەش دا، “بەداخەوە ئەنجوومەنی ئاساییش نەیتوانیووە ئەو کارە بکات، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی بەردەوام نەبم.”
چی ئەم بیرۆکەیەی هێنایە ئاراوە؟ لە ئەنجامی جەنگی کۆریا لە ساڵی ١٩٥٠ بیرۆکەی پێشبینیکردنی دەستەڵاتی زیاتر بۆ سکرتێری گشتیی، بۆ ئەوەی ئەگەری شکاندنی بنبەستێک هەبێت، پەسەندکرا. لەو کاتەدا یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، ڕێگریی لە هەر بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاساییش دەکرد بۆ وەستاندنی شەڕەکە، ئەمەش وایکرد بڕیارنامەی ٣٧٧ (V) لە ٣ی تشرینی دووەمی ١٩٥٠ پەسەند بکرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا توانی پشتگیریی بۆ ئەو بیرۆکەیە دەستەبەر بکات، کە کۆبوونەوەی گشتیی پێویستی بە بەهێزکردن بوو بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی لە پاراستنی ئاساییشی جیهانییدا.

ئەم بڕیارنامەیە پێشتر لە کوێ بەکارهێنراوە؟
ئەم بڕیارنامەیە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکارناهێندرێت، بەڵام لە ماوەی دەیان ساڵدا چەند جارێک بەکارهێندراوە بۆ چارەسەرکردنی چەند ناکۆکییەک، لەوانە قەیرانی کۆنگۆ لە ساڵی ١٩٦٠، ململانێی نێوان هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٧١ و ئەفغانستانی سەردەمی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٠.
تایبەتمەندییەکی هەرە گرینگی بڕیارنامەکە ئەوەیە کە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەنجوومەنی گشتیی ئەگەر بە گونجاوی بزانێت، دەتوانێت پێشنیاری بەکارهێنانی هێز بکات، بەڵام بۆ قۆناغی ئێستا ئەمە ئەستەمە، چونکە ئەمریکای گەورەزلهێز لە یاریەکەدایە و وڵاتانی عەرەبیش خەریکی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانن.
بەو پێیە، ئەم بڕیارنامەکە چەندین جار بەکار هاتووە، بەڵام تەنیا جارێک جێبەجێ کراوە، ئەویش لە قەیرانی کۆریادا. بڕیارنامەی ٣٧٧A بۆ بانگهێشتکردنی دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجوومەنی گشتیی لە ساڵی ١٩٥١ بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی لەنێوان ئەندامانی UNSC بەکارهات و بووە هۆی دەرکردنی بڕیارنامەی ٤٩٨ (V)ی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە تێیدا هاتبوو چین لەڕووی سەربازییەوە بەشداریی شەڕی کۆریای کردووە. ئەمەش یەکەمجار بوو، کە نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی شەڕێکەوە وەک دەستدرێژکارێک مامەڵە لەگەڵ نەتەوەیەکدا بکات.
ئەم ئەرکەی یەکگرتن بۆ ئاشتیی، جیاوازە لە ئەرکی ئاشتیپارێزیی ڕێکخراوەکە، یان هێزی فریاگوزاریی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNEF)، کە یەکەمیان لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ چاودێریکردنی هێڵی پێشەوەی نێوان ئیسڕائیل و میسر دامەزراوە، UNEFیش ئەرکی شەڕکەری نەبوو و مەبەست لێی بێلایەنکردنی ململانێکان بوو، کە بووە هۆی درووستبوونی یەکەمین هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان و یارمەتی کۆتاییهێنانی لەشکرکێشیی سێ لایەنەی ئیسڕائیل، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سەر میسر و غەززە.

بۆچی ئەمریکا بەردەوام ڤیتۆی بڕیارنامەی ئاگربەستەکان دەکات؟
واشنتۆن بەردەوام ڤیتۆی هەر بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاساییشی کردووە، کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و هێنانی بڕێکی بەرچاوتر لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییە گەمارۆدراوەکان دەکات. ئەمەش هەمان سیناریۆکانی ساڵی ١٩٥٠ی یەکێتی سۆڤیەت دووبارە دەکاتەوە بۆ درێژەدان و بەردەوامیی شەڕ. فرانسیسکا ئەلبانیز، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ فەلەستین، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە “سوپای ئیسڕائیل شەڕی هەموو کەسێک و هەموو شتێک دەکات لە غەززە، لەنێویاندا UN و هاوکاتێش ئەڤریل بینۆیت بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور گوتی: “ئەمڕۆ زۆرینەی جیهان بەیەکەوە ڕاوەستان و داوای کۆتاییهێنان بەم خوێنڕشتن و ئازارەی غەززە دەکات، بەڵام ئەمریکا جارێکی دیکە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات کوشتاری خەڵکی سڤیل لە غەززە بەردەوام بێت ڤیتۆی بڕیارنامەکەی کرد”.

ئەی مادەی ٩٩ چییە؟ کەی پەنای بۆ دەبردرێت؟
مادەی ٩٩، سکرتێری گشتیی دەتوانێت هەر بابەتێک بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش، کە بەبۆچوونی خۆی مەترسیی لەسەر پاراستنی ئاشتیی و ئاساییشی نێودەوڵەتیی درووست بکات. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٧/١٢/٢٠٢٣ پەنای بۆ مادەی ٩٩ برد، کە ماددەیەکە زۆر بەدەگمەن بەکاردەهێندرێت لە میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە دەستەڵات بە سکرتێری گشتیی دەدات “هەر بابەتێک کە بە بۆچوونی ئەو مەترسیی لەسەر پاراستنی ئاشتیی و ئاساییشی نێودەوڵەتیی درووست بکات” بیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش، هەر بۆیە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ یەکەمجار ئەم دەستەڵاتەی بەکارهێنا، هەرچەندە مادەی ٩٩ دەستبەجێ نابێتە هۆی کردەوەی ڕاستەوخۆی نەتەوەیەکگرتووەکان یان ئەنجوومەنی ئاساییش، بەڵام دەتوانێت پاڵنەرێک بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش بۆ پێداچوونەوەی بڕیارنامەکانی پێشووی.
گۆتێرێس دەڵێت: “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتی ئەوەیە کە هەموو کاریگەرییەکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر و کۆتاییهێنان بەم قەیرانە”، بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە ئاگربەست تاکە ڕێگەیەکە بۆ گەڕاندنەوەی “ئارامیی و مانەوە” لە غەززە.

فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




شەڕی ئیسڕائیل و حەماس بەرەو ململانێیەکی فرەجەمسەریی.. پارێزەر/ فەرمان محەمەد

شکست لە ئۆکرانیا و شکستێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە دوا بزماری تابووتی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا بێت. ٧ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی ناوچەکە و ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیی. ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتدا دەنگدانەوە و کاریگەریی دوور مەودای دەبێت لە سەرانسەری جیهان، کە لە ئەنجامدا ناکۆکییەکان دەچنە ناو قۆناغێکی نوێوە، هەر ئەمەشە کە مەترسییەکانی هەڵکشانی شەڕەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، شەڕێک کە لەوانەیە بەرەو دەرەوەی غەززە بکشێت.
ڕاکێشانی وڵاتانی دیکە، جیهان بەرەو شەڕێکی ناوچەیی و جیهانیی دەبات، کە لێکەوتەکانی بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل بەتایبەتیی و جیهان بەگشتیی کارەساتبارتر دەبێت. بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ئێران لە شەڕەکەدا یان بە بڕیاری خۆی یان بە هەڵبژاردنی ئیسڕائیل بۆ لێدانی ئێران؛ سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراوە، لە گۆڕینی ململانێی ئێستا بۆ ئاگرکەوتنەوەیەکی سەرتاپاگیر.
ئەو وێنە ناشرینانەی کە لە هێرشە دڕندانەیەکەی سەر غەززە بەرهەم دێن، پێدەچێت بە تووندیی سنووردارکردنی دانوستانی ئاشتیی عەرەبیی-ئیسڕائیل بێت تەنانەت لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودییە، کە زۆرترین خواست و بەرژەوەندیی کەسیی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە. بەپێچەوانەی فەرمانڕەواکانیان، هاودەنگیی لەگەڵ فەلەستین لەنێو گەلانی عەرەبدا بە زیندوویی ماوەتەوە، تەنیا دوو لەسەتی گەنجانی سعوودیی پشتگیریی لە ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسڕائیڵ دەکەن.
ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لەشەڕی نابەرانبەریی ئێستایی ئیسڕائیل-حەماس، ئەوە ئەگەری داییساندنی ئاگرێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕوانکراوە، ئەوە نەک هەر لەڕووی سەربازیی و دیپلۆماسییەوە ئەمریکا لاواز دەکات، بەڵکوو چین و ڕووسیا وەک زلهێز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. هەموو جیهانی موسڵمانان لایەنگری چین و دژە ئەمریکا دەبن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی داشکانی دۆلار و کۆتایی هاتنی پترۆدۆلار، کە ئەمەش بە واتای کۆتایی هاتنی هەژموونی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.

ئاڵۆزتربوونی دۆخی جەنگ
بەلەبەرچاوگرتنی شکستە گەورەکە، بە تایبەت بۆ دەزگەی هەواڵگریی ئیسڕائیل، کە پێشبینی هێرشێکی گەورەی لەم جۆرەیان نەکردبوو، نەک هەر بە تەواویی لە تاریکییدا بوون سەبارەت بە پلانەکان، بەڵکوو دیارە پێیان وا نەبوو هیچ شتێکی ئا لەم شێوەیە لەڕووی سیاسییەوە مومکین بێت، وا دەکات کە ئیسڕائیل دڕندانەتر مامەڵە بکات کە ڕۆژانە گەمارۆ و قەیرانی مرۆیی لە غەززە بەرەو خراپتر و مەرگەساتتر هەنگاو دەنێت، چونکە ئیسڕائیل ڕۆژانە چەندین هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر هاوڵاتیانی غەززە ئەنجام دەدات. هاوکاتیش هێرشی زەمینیی مەترسیی شەڕەکەی زیادتر کردووە و زیاد لە دوو میلیۆن فەلەستینیی لە مەترسییەکی گەورەوەدا دەژن. نیگەرانییەکان لە زیادبووندان، چ لە ناوچەکە و چ لەئاستی نێودەدەوڵەتیی، کە جەنگەکە ئەگەری زۆرە فراوانتر بێت. بۆیە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن، پلانی نائاسایی ئامادە دەکەن بۆ جێهێشتنی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئەمریکیی کە لە ئیسڕائیل و لوبنان دەژن.

ڕاکێشانی ئێران بۆ جەنگەکە
پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئاخۆ ئێران بۆ نێو سیناریۆکە پەلکێش دەکرێت، کە پێگەی زلهێزی ناوچەکەیە؟
تەنیا دوو ڕێگە هەیە، کە ئێران بتوانێت شەڕەکە بەرەو ئیسڕائیل ببات: بەشێوەی وشکانیی و بالیستیی. ئەمە ڕوونە کە ئێران دوژمنێکی سوێندخواردووی ئیسڕائیلە. هاوکات کۆمەڵێک گرووپی چەکداریی ژێر هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا دامەزراندووە و ڕاهێنانی پێکردوون، چەکداری کردوون و بەردەوامیش لە پشتیوانیکردنیاندایە. گەورەترین و ناسراوترینیان حزبوڵڵای لوبنانە، جگە لەمە لەڕێگەی پرۆکسییەوە لە عێراق، سووریا و یەمەنیشدا ئامادەیی هەیە. بۆیە ئێستا ئێران لە جەنگی بەوەکالەتدایە و هەر جۆرە ئەگەرێکیش بۆ پەلکێشکردنی ڕاستەوخۆی، ئەوە ئێستا ئەگەرێکە، تەنەنەت دەتوانین بڵێین ئەستەمە.

مەترسییەکانی فراوانبوونی ئەم شەڕە بۆ دووبەرە لەگەڵ لوبنان و سووریا
نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە، کە شەڕی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و حەماس دەتوانێت فراوانتر بێت بە کردنەوەی بەرەی دووەم لەسەر سنووری باکووری ئیسڕائیل لەگەڵ لوبنان، چونکە لوبنان وەک مەترسیدارترین بەرەی دووەمە دەناسێندرێت. بەڵام لەشکرکێشییەکی زەمینی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، دەتوانێت ئەم هەوڵانە بکاتە شتێکی جێی مشتومڕ. حزبوڵڵا ڕەنگە شکستی کۆی ئەگەری حەماس بە هێڵی سوور بزانێت و ناچاری بکات ڕێوشوێنی زۆرتر بگرێتەبەر.
ئەمە مانای ئەوەیە کە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا، دەتوانن زیانێکی گەورە بە سوپای ئیسڕائیل بگەیەنن، بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناهاوسەنگ و تاڕادەیەک بە چەکی تەکنەلۆژیای نزم و هەرزانتر، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نارنجۆکی هاژەکیی و هاژەکی دژە تانک.
ئیسڕائیل لەمێژە هۆشداریی دەدات لەوەی وەڵامدانەوەی بۆ شەڕێک، کە حزبوڵڵای لوبنانی تێدابێت، بەرفراوان و مەرگەساتتر دەبێت. لە ئەگەری حیساباتی هەڵەوە، کە لە دەرەنجامی بەردەوامبوونی هێرشی ئیسڕائیل سەرهەڵدەدات، دەبێتە ململانێیەکی تەواو مەزن. ڕاکێشانی حزبوڵڵا بۆ شەڕەکە و لە ئەگەری پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسڕائیل، حزبوڵڵا دەتوانێت بەپێی ڕێڕەوی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس، حسابی خۆی بگۆڕێت و شەڕەکە فراوانتر بکات و بەرەی دووەم لەگەڵ ئیسڕائیل بکاتەوە. لێرەدا زۆر شت بەندن بە بارودۆخ و کاردانەوەی شەقامی عەرەب و مسووڵمانەکانەوە.

بەرەی شەڕ لەگەڵ سووریا
ئێستا سووریا ناوچەیەکی چالاکانەی شەڕی ئیسڕائیل و ئێرانە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا سووریا چالاکترین گۆڕەپان بووە لە شەڕی سێبەر و بەردەوامی نێوان ئیسڕائیل و ئێراندا. لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە حکوومەتی ئیسڕائیل هەڵبژاردەی گۆڕینی ڕێساکانی بەشداریکردنی لە سووریا هەڵبژارد و هێرشەکانی بۆ سەر بریکارەکانی ئێران و بەمەش ئامانجە سەربازییە سەرەکییەکانی سەر سووریای خێراتر و زیادتر کرد. سووریا بە ناوچەیەکی چالاکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل و ئێران دادەندرێت؛ بۆیە ئاسۆی کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لەم شەڕەدا پێشبینیکراوە، بەو پێیەی ئێستا چالاکیی جووڵەی بەرچاو لەنێوان ئیسڕائیل و ئێران لە سووریا لەئارادایە.
هێزەکانی ناوچەکە، هێرشێکی زۆریان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و چەندین هاژەک (مووشەک) و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە یەمەن لەلایەن حوسییەکانەوە تەقێندراون و بەرپرسانی ئەمریکاش بە ئاشکرا نیگەرانن لەوەی کە یەمەن بەرەو نێو ململانێکە دەخزێت.

هێشتا تەمی ڕووداوە پەرەسەندووەکان بە تەواوی بەرز نەبوونەتەوە. بەڵام ئەوە ڕوونە، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا، جیهان بە ‌هێرشێکی شکستخواردوو بۆ سەر ئیسڕائل ڕاچڵەکی، کە گەورەتر لە پیرڵ هاربەر (بەندری مرواریی) یان ١١ی سێپتەمبەر، نەک تەنێ لە دەرەنجامە ستراتیژییەکانیدا، بەڵکوو لە دەرەنجامە دەروونییەکانیشدا بوو.
پێشتر بینیمان حەماس دەتوانێت چی بکات، بەڵام حزبوڵڵا سەت هێندە شارەزاتر و ئامێری باشتری هەیە. لە ماوەی دەیەی ڕابوردوودا حزبوڵڵا لە سووریا شەڕی لەگەڵ ئەو گرووپانەوە کە لەلایەن ناتۆوە، کە پڕ چەک دەکرێن و پارەیان بۆ دابین دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێچەوانەی حەماس، حزبوڵڵا خاوەنی چەندین چەکی ئاڵۆز و چالاکییە، وەک مۆبایل کروز و هاژەکی ڕێنماییکراو، کە مەودابڕ و دوورمەودان.
لە کۆتاییدا، ئەگەر سووریا و ئێران بڕیاری پڕچەککردنی حزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن بدەن، ئیسڕائیل ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە: یەکەمیان شکست قەبووڵ بکات و ئاشتیی هەڵببژێرێت، دووەمینیان دەستپێکردنی شەڕێکی سەرتاسەریی هەرێمیی، بە پشتیوانیی ئەمریکا و ناتۆ و بۆردوومانی لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و ئێران لەخۆبگرێت. هەرچەندە لە بژاردەی دووەمدا تەنیا هەنگاوێک لە جەنگی سێیەمی جیهانیی دوور دەبێت.
ماوەتەوە بڵێین، کە بارودۆخی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس لە ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا، خێرایی، هەڵسوکەوت و ڕێڕەوی خۆیی دیاریی دەکات کە ئایا ململانێیەکە تەنیا لە ئیسڕائیل و غەززەدا دەمێنێتەوە، یان دەتەقێتەوە و دەبێتە ململانێیەکی بەرفراوانتر.

پارێزەر/ فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




شەڕی فەلەستین – ئیسڕائیل و داڕووخانی وەهمیی گەورەی مۆساد.. فەرمان محەمەد

هێرشی لەناکاو بۆ سەر ئیسرائیل شکستی شۆککەری دەزگە هەواڵگرییەکان پێشان دەدات، کە ئەمە یەکێکە لە گەورەترین شکستەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل لە دوای شەڕی یۆم کیپوری ساڵی ١٩٧٣ەوە؛ کە توانای هێرشەکە ناتواندرێت کەم بکرێتەوە یان بە زاراوەیەکی کەمتر بخرێتەڕوو.
وردبینیی هێرشەکە سیستەمی هەواڵگریی ئیسرائیلی شۆککرد، کە ئەمەش شکستی هەواڵگریی و بەرگرییە، کە نەیتوانیووە بەرگریی پێویست بۆ هاوڵاتیانی مەدەنیی ئیسرائیل دابین بکات. ئەمە جۆرێکە لە پیرڵ هاربەر و یانزدەی سێبتەمبەر بۆ ئیسرائیل، کە تا ئەمڕۆ واقیعێک هەبووە، بەڵام ئەم شکستە بەرەوڕووی واقیعێکی دیکەی کردینەوە. واقیعێک کە تێگەیشتنێکی دیکەمان پێدەدات لەمەڕ سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەردەم، لەهەمبەر هێزێک بە تاکتیکی کلاسیک و چەکی ئاسایی.
ئیسرائیل هەمیشە شانازی بە بەرگرییە سنوورییەکانی خۆیەوە دەکرد، کە هیچ چاوێک بەڕواڵەت نەتواندرێت بچێتە ژوورەوە، بەتایبەتی سیاج و دیواری پێشکەوتووی سنووریی و دیواری کۆنکرێتی لە نزیک غەززە، بەڵام لەم هێرشەدا دەیان چەکدار بە کەرەستەی زۆر سادەی جەنگ لە چەند شوێنێک لەڕێگەی ئاسمانیی، وشکانیی و دەریایییەوە دزە دەکەنە ناو سنوورە قەڵادارە قورس و سەختەکانەوە، کە لە پشوویەکی کورتدا وڵاتەکەیان بێئاگا گرت.
هێرشەکە دەزگەی ئەمنیی ئیسرائیلی لە دۆخێکی نائاسایییدا ڕاشلەقاند و سەرکەوتوو بوو لە کاڵکردنەوەی پێگەی گەورە و بێوێنەی چەندین ساڵەی ئیسرائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل بەهۆی ئەو هێرشە بێوێنەیەی حەماس ڕووبەڕووی پرسیار دەبنەوە و پرسیار لەسەر شکستی دەزگەی هەواڵگریی بەناوبانگی مۆساد دەورووژێندرێت، لەکاتێکدا بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، ئیسرائیل خاوەنی بەرفراوانترین، زۆرترین بودجە و تۆڕی هەواڵگرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

شکستی دەزگە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل
شکستەکە زیاتر سەرنجڕاکێشە بەو پێیەی کە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، سەرچاوەیەکی بەرچاو بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵگەی فەلەستین و لەنێویاندا حەماس، لەڕێگەی تۆڕەکانی سەرچاوەی مرۆیی و هەروەها تەکنەلۆژیای چاودێریکردنەوە تەرخان دەکەن. شکستەکە تەنیا لە کۆکردنەوەی هەواڵگرییدا نەبووە، بەڵکوو پێدەچێت بێتوانایییەکی سیستماتیکی هەبێت بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتا هەواڵگرییەکان. لە کاتێکدا کە دەزگەکانی وەک مۆساد، فەیلەقی هەواڵگریی و دەزگەکانی ئاساییشیی لە ڕابوردوودا ستایشی سەرکەوتنەکانیان لێدەکرا، بەڵام ئەم ڕووداوە پرسیار و گومانی خستووەتە ڕوو. بەلەبەرچاوگرتنی ناوبانگ، دووربینیی،هەژموون، دەستکراوەیی و ڕەخساندنی ژینگەی نێودەوڵەتیی دەزگە هەواڵگرییەکانی؛ بە تایبەت مۆساد، ئێستا لەژێر پرسیاردان و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە.

هۆکارەکانی پشت شکستەکەی مۆساد

  • قەبارە و خێرایی هێرشەکە؛ گەورەیی هێرشەکە لەگەڵ جێبەجێکردنی خێرایییدا، میکانیزمەکانی بەرگریی ئیسرائیلی لە دۆخێکی خراپ و بێهیوادا هێشتەوە.
  • بێتوانایی هەواڵگریی ئیسرائیل؛ بێتوانایی لە پێشبینیکردن یان بەرپەرچدانەوەی “ئۆپەراسیۆنی لافاوەکەی ئەقسا”، کێشەیەکی قووڵی چەسپاو پێشان دەدات، شارەزایانی هەواڵگریی و سەربازیی باس لەوە دەکەن کە نەیانتوانیووە بچنە ناو تۆڕی پلاندانانی ئاڵۆزەوە، کە لەلایەن حەماسەوە دارێژراوە.
  • وەهمی ئەتۆمیی ئێران؛ هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە کە ئیسرائیل ئەوەندە بە تەواویی سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی ئێران و هەوڵەکانی پووچەڵکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی بووە، کە حەوشەی ماڵەکەی خۆی پشتگوێ خستووە. ئەمە خەڵکی خستووەتە ناو هەستێکی ساختەی ئاساییشەوە.
  • وردبینیی هێرشەکە؛ وردبینیی هێرشەکە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیلی شۆککرد و پلانی وردی پشت هێرشەکە دڵنیاییی ئەوە دەدات کە هەم هەماهەنگ و هەم بە تەواویی چاوەڕواننەکراو بووە، کە ئیسرائیی لە زۆرترین حاڵەتی لاوازیدا گرت.

پاڵنەرەکانی پشت تۆفانی ئەقسا
گرژییەکانی پێش هێرشەکە، چەند مانگێک پێش ئەم هێرشە پڕ بوو لە گرژیی، کە لە پرسەکانی وەک تووندوتیژیی مزگەوتی ئەقسا و بەردەوامیی گەمارۆ و داگیرکاریی سەرچاوەی گرتبوو.

پلانی لەخەودا گیران
ئیسرائیلییەکان بەشێوەیەکی نائاسایی لەخەودا گیران، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل یەکێکە لە بەهێزترین هێزی سەربازیی ناوچەکە؛ کامێرای ئەمنیی سەرسنوور، بوونی کارمەندانی هەردووک کۆمپانیای شین بێت و مۆساد لە مەیدانەکەدا، هەستەوەری وێنەگرتنی گەرمیی/ جووڵەی پێشکەوتوو و تەنانەت سیاجکردنی سنووری ئاڵۆز، بەڵام هێرشەکە زیاتر شۆککەرە بەو پێیەی دوای ٥٠ ساڵ لە شکستی ئیسرائیل دێت لە هێرشێکی لەناکاودا، کە میسر و سووریا ئەنجامیاندا. بێگوومان دەزگەی هەواڵگریی پشکی خۆی لە بەرپرسیاریی هەڵدەگرێت. بەهۆی نەبوونی زانیاریی، سەرەڕای ناوبانگ، توانا و هەژموونی هەواڵگریی. ئەمەش گەورەیی، وردیی پلانەکە و بێتوانایی زیاتریی دەزگە هەواڵگریەکانیان دەردەخات. هێرشەکە بەو ئامادەکارییە کراوە، کە زۆربەی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئاگاداریی وردی پلانەکە و کاتی جێبەجێکردنی نەبوون، بەڵام بەشداریکردنی هەزاران چەکدار، ڕاهێنانی تووند و فراوانیی هێرشەکە و خەوتوویی دەزگە هەواڵگرییەکان، جیهانی ڕاچڵەکاند.
ئێلی مارۆن، سەرۆکی پێشووی هێزی دەریایی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، کە ”هەموو ئیسرائیل لە خۆی دەپرسێت: کوا IDF، کوا پۆلیس، کوا ئاسایش؟ شکستێکی گەورەیە؛ پلەبەندییەکان بە سادەیی شکستیان هێناوە”.
هەروەها ڕۆژنامەی تایمز ئۆفی ئیسرائیلیی لە زاری ئامۆس یادلین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی IDFـەوە نووسیویەتی ”هێرشەکە دەنگدانەوەکانی جەنگی یۆم کیپوری وەرگرتووە – هێرشێکی دیکەیە کە بە شکستی هەواڵگریی دیاری کراوەوە”، کە بۆ دەیان ئیسرائیلیی؛ دزەکردنە کوشندەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، یەکسەر یادەوەریییە ئازاربەخشەکانی جەنگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ی زیندوو کردەوە.

پەنجەی تۆمەتی ئیسرائیل
بە زیادبوونی لێکەوتە ئەمنییەکان، ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتبارکردنی خۆی ئاڕاستەی تاران دەکات، بەهۆی ڕێکخستنی هێرشەکانی حەماس. ڕەنگە هێرشەکان لەدایکبووی توڕەیی بن، بە تایبەتی لە ڕەفتاری چەند مانگێکی هاوپەیمانیی نەتەنیاهۆ، لەوانەش ئیستفزازی مزگەوتی ئەقسا، بەڵام ئێران و ئەو هێزانەی کە پشتیوانیان دەکات، ئامانجێکی ستراتیژیی درێژخایەنتریان هەیە، ئەویش پووچەڵکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیلە، هەنگاوێک کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەسپاندوویەتی، بەڵام لە چاوی ئێراندا فەلەستینییەکان لە دوا سپۆنسەری کاریگەرییان بێبەش دەکات.

فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا