ئایا بەم زمانە زبرە داکۆکی لە ئاین دەکرێت؟.. گۆران هەڵەبجەیی

هەر ئاینێک گەر نەیتوانی شوێنکەوتوانی خۆی فێری مۆراڵ و ڕێز و ئاخافتنی جوان و دیالۆگی هێمنانە بکات،گەر نەیتوانی پڕچەکیان بکات بەکەمترین و سەرەتاییترین زانیاری تا لەبری جنێو و زمانی زبر بەرگری لە ئاینەکەیانی پێ بکەن ،ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەو ئاینە لەو ڕووەوە شکستی هێناوەو نەیتوانیوە ئیمانداری خاوەن هزر و ئەقڵ تەندرووست بەرهەم بهێنێت.
کارەساتە بەرهەمی ئاینێکی پتر لە [١٤٠٠]ساڵە سوپایەک لە ئیمانداری دەمشڕو دەم هەڕاش و بەدئەخلاق بێت،کە پەلاماری داروبەر دەدەن.تەنها شتێک ئەم ئاینە بەخشیوەتی پێیان بەهرەی جنێودان و سوکایەتیە کە پسپۆڕن تێیدا.
ئەوەی ئاگاداری سۆشیال میدیابێت دەرک بەوەدەکات کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو گەنجە مسوڵمانانەی کە هەگبەیان بەتاڵەو سەرەواوێک لە مێشک و هزریاندا نیە ، بەردەوام پەلاماری هەرکەسێک دەدەن کە گچکەترین ڕەخنە لە ئاینەکەیان بگرێت ،یاخود تێبینیەکی لۆژیکانە لەمەڕ بۆچوونی مەلایەک بدات،یا پۆستێک بکات کە بەدڵی ئەوان نەبێت .هەر جوڵەو کردەیەکی کۆمەڵایەتی یا کەلتووری بەفلتەری ئاینەکەیاندا تێنەپەڕێت و لەکنیان قەبوڵکراو نەبێت ئەوە دژە دینەو دەبێ نەفرەتی لێ بکرێت ،ئیدی دەدرێتە بەر لێزمەی جنێو.
ئەمانە خاوەنی زمانێکن لەزبری و پیسیدا وێنەی نیە،جۆرە جنێوێک بەکاردەهێنن کەلە فەرهەنگی هیچ کەلتوورێکدا بوونی نیە.
بەحسابی خۆیان بەم زمانە بۆگەنە داکۆکی لە ئاینەکەیان دەکەن ،لێ نازانن کە ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێتەوە ، کە هێنانی شەرمەزاریە بۆخۆیان و ئاینەکەیان و زیاتر خەڵک دەکەنە نەیاری خۆیان.
بەندە لە مێژە بەرکەوتنم لەگەڵ ئەم جۆرە مێشک وشک و دواکەوتووانەدا هەیە، جنێو و زمانە پۆخڵەکەیان هێندەی سەرەدەرزیەک نیگەرانم ناکات و هەرگیز لە ڕێبازو قەناعەتم پاشگەزم ناکاتەوە ، تالەژیاندام لەسەر هەمان میتود بەردەوام دەبم.
ئەم جنێو فرۆشانە لەخەسڵەتی بەدڕەوشتی و جۆری جنێوداندا هاوبەشن و پەروەردەی یەک مەدرەسەی داڕماون،جا من جنێوەکانیان یا کۆمەنتەکانیان لەچەند خاڵێکدا کۆدەکەمەوە،ئەو دەمە بۆتان دەردەکەوێت کە چەند داماون.
٠تۆ کەسێکی مولحیدی دژ خواو پێغەمبەرە قورئان و ئیسلامیت.
٠ڕۆژی محاسەبە لەودنیا دەتبینم کە چیت بەسەردێت.
٠ئیسلام هەر لە پێشکەوتندایە تۆش لەداخا بمرە.
٠دیارە تۆ حەزت لە ژنی بەرەڵا و خۆڕووتکردنەوە هەیە.
٠باشترین ڕێزلەئافرەت لەئیسلامدا هەیە
٠بڕۆ بۆلای کچە قەحبەکانی دیسکۆو باڕەکان
٠بۆباسی خراپەکانی جولەکەو مەسیحی ناکەیت؟
٠کەسەنزیکەکانت بەرەڵان بۆیە تۆش داکۆکی لە ئافرەتی بەرەڵادەکەیت.

سەیر ئەوەیە زۆربەی ئەم گەنجانە لە جەرگەی ئەوروپا دەژین کەچی هیچ سودێکیان لەو کەلتوورە شارستانیە وەرنەگرتوە لەڕووی تۆلەڕانس و بەرامبەر قەبوڵکردنەوە،بەڵکو وەک میزی هوشتر بۆدواوە گەڕاونەتەوە ،مێشکیان بە خورافیان ئاخێنراوە..
ڕەفتارەی ئەم گەنجانە لە بێدەسەڵاتیدا ئاوا تووندڕەون،خۆگەر دەسەڵاتیان هەبێت داعش ئاسا هەرکەس بچوکترین ڕەخنە لە ئاینەکەیان بگرێت سەری دەبڕن.
زۆرترین ژمارەیان تەنها بۆ جنێودانێک بەمن لەفەیس بووک ئەکاوەنتێکی فەیکی درووست کردوە ، نەناو نە وێنە نە پۆست نەبرادەر ،بەکوورتیەکەی ئەکاونتێکی پاک و تەمیزە، ئەمەش دەلالەت لەترسنۆکی و ناجوامێری و جەبانیان دەکات،جاگەر کەسێک ئاینی خۆی بوێت دەبێ نەترسێت و بە ئاشکرا داکۆکی لێبکات نەک بەترسنۆکی و بەناو و ئەکاونتی ساختە.
سەیر لەهەندێک لە ناوەکانە کە نازانن چ ناوێکی فەیک بۆ خۆیان داتاشن ،ناوی وای تێدایە جێگەی هەم پێکەنین و هەم بەزەییە،یاخود کوڕە و ێنەی ژنی داناوە کە توانیم دوانیان ئاشکرا بکەم ،ئیدی پاش نووسینی جنێوەکانیان واڵەساختەکەش ئاسەواری نامێنێت.
سەبارەت بە جنێوەکانیش ببورن کە نمونەیان داناگرم ئەویش لەبەر دوو هۆ ،یەکەم زۆرن نزیکەی [٨٠٠] جنێوە ،دووەم زۆر قێزەوەنن و بەکەڵکی باسکردن نایەن ،کەبەداخم لەدەمی کەسانیک دەرچوون کە خۆیان بە موسوڵمانی عەیار [٢٤] دەزانن.
دڵنیام ئەم سوپا جنێوفرۆشەی مسوڵمانان بەر لە ئاشنابوونیان بە مەلا تووندڕەوەکان بەنمونەی مەلا هەڵۆ،مەلا مەزهەر مەلاکانی دیکەی هاوشێوەیان ئەمانە گەنجی پاک و بەڕەوشت بوون بەڵام ئەو مەلا تووندڕەوانە فێری ئەم جۆرە ڕۆچوونەی ئەخلاقیان کردوون ،بەجۆرێک مێشکیان شتوونەتەوە کەدژی هەموو جوانی و بۆنەو کردەیەکن کە پەیوەندی بە نەتەوەی کوردەوە هەبێت یا جیهانی بێت.
ئەم نووسینەم بە وتەیەکی دالای لاما کۆتایی پێدەهێنم کەدەڵێت:
[ئامانجی ئاین ئەوەیە کە کۆنترۆڵی خۆت بکەیت و چاودێری هەڵەکانت بکەیت نەک ڕەخنەو لێپرسینەوە لە کەسانی تر.]




پێناسەیەکی زانستیانە بۆ شکستیەکانی دەسەڵاتی جووت حیزب.. گۆران هەڵەبجەیی

بەو پرسیارە دەست پێدەکەم کە دەڵێت[ئایا دەسەڵاتی کوردی شکستخواردوە؟] بێ ڕامان هەموومان دەڵێین بەڵێ شکستخواردوە.
گەر بێین دادوبێدادی خەڵک،گلەییی و ڕەخنە وناڕەزایی،تادەگاتە ئاستی زمانی زبری هاوڵاتیان ،گەر هەموو ئەمانە بکەینە پێوەر ئەوە بەدڵنیاییەوە ئاماژەن بۆ شکستی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی.
بەڵام ئایا ئەم پێناسەیە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین دەسەڵاتی کوردی لەگێژداوی شکستیدا دەخوڵێتەوە؟ جا بۆ ئەوەی پێناسەو خەسڵەتی دەسەڵاتی شکستخواردوو کە مەبەستمان دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە،وەک خۆی پێناسە بکەین ، پێویستمان بە تەعریفە نیودووڵەتیەکان هەیە،کە دەکرێ وەک چواچێوەیەکی ستانداری جیهانی وەریان بگرین.
ئەو چوارچێوەی کە ئێمڕۆ لە جیهاندا باوە و وەک پێوەری جیهانی زانستی بۆ پێناسەی دەسەڵاتە شکستخواردوەکان تەعامولی پێدەکرێت، دێین دەیبڕین بەباڵای دەسەڵاتی چوووت حیزبدا، تا بزانین ئەو چوارچێوە دەیانگرێتەوە یا نا. جا من هەوڵدەدەم لەچەند خاڵێکدا کۆیان بکەمەوە.

١.لە زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا حکوومەتی شکستخواردوو (یان دەوڵەتی شکستخواردوو) بەو دەسەڵاتە ناوەندیە دەگوترێت کە سەروەری و کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر خاکەکەیدا لەدەستداوە، و ناتوانێت ئەرکە سەرەتاییەکانی حوکمڕانی و پارێزگاری لە هاووڵاتیانی خۆی بکات.

٢.لەدەستدانی شەرعی ومتمانەی خەڵک، بێتوانایی دەوڵەت لە سەپاندنی ئاسایشی ناوخۆ و پاراستنی سنوورەکانی، سەرهەڵدانی میلیشیا[هێزی چەکدارەی دەرەوەی هێزە فەرمیەکان]، زیادبوونی تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو کە ڕکابەری دەسەڵاتی ناوەندی دەکەن.

٣.لاوازی یا نەمانی کاریگەری شەرعیەتی دامودەزگاکان، نەبوونی سەروەری یاسا، بەربڵاوی گەندەڵی لە هەموو سەکتەرو بوارەکاندا بێنرخبوونی دەسەڵاتی دادوەری ، بێتوانایی ئیداری لە بڕیاردان یان جێبەجێکردنی بڕیاری سیاسی .

٤.بێ توانایی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، شکستی تەواو لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ دانیشتووان، وەک کارەبا، ئاوی خواردنەوە، چاودێری تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی سەکتەرەکانی تر.

٥.تێکچوونی ئابووری گشتگیر، کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بەهۆی نەبوونی پشتگیری لەلایەن داموودەزگا فەرمیەکانەوە، داڕمانی کارەساتبارانەی دراوی نیشتمانی، هەڵاوسانی زۆر و باڵادەستی ئابووری نافەرمی و چالاکییە نایاساییەکان.

٦.تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگا و ئاوارەبوونی هێزی ئایندە {گەنجان}، توندبوونەوەی ململانێی نەتەوەیی یان تائیفی، زیادبوونی ڕێژەی کۆچی زۆرەملێ لە ناوخۆدا، لاوازبوونی هەستی نیشتمانی بەهۆی سەرقاڵی بە کێشە زۆرەکانی ڕۆژانەوە. [حییزب،خێڵ،ناوچە، کەسانی خاوەن نفوز و هێزی چەکدار]، ئەمانە دەبنە جێگرەوەی ناسنامەو دامەزراوە فەرمیەکان.
چوارچێوەی ستاندارد:
دامەزراوە و توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان وەک ( سندوقی ئاشتی)، لە ڕێگەی پێوەرەکانی دەوڵەتە شکستخواردوەکانەوە، بۆ پێوانەکردنی تایبەتمەندییەکانی شکستخواردوو و پتر پشت بە سەکتەرەکانی، ئابووری و سیاسی دەبەستن .لەڕێگەی ئەم پێوەرانەوە ڕیزبەندی وڵاتان دەکەن لە بواری شکستیدا کە تا ڕادەیەکی گونجاو دەیسەلمێنن کە هەندێک لە حکومەتەکان چەندە نزیکن لە لەدەستدانی کۆنترۆڵ و سەقامگیری.
پشتبەستن بەم پێناسە باوەڕپێکراوە، دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە پتر لە[٣٠] ساڵەی تەمەنی حکومڕانیاندا، بەشی شێریان بەردەکەوێت ومەزنترین شکستخواردوون، سەیر لەوەدایە لەبری هەوڵدان بۆ چارەسەر یا کەمکردنەوەیان ،بەپێچەوانەوە هەمووساڵێک شکستیەکانیان کەڵەکەترو زیاتربووە.




ئایا {گرۆنلاند}یش ماددەی هۆشبەر بەرهەم دێنێت؟.. گۆران هەڵەبجەیی

دەمێک دەسەڵاتێک سەرقاڵی ئەنجامدانی کارێکی نایاسایی،نا شەرعی،نا ئینسانی دەبێتت،کەدەشێت لەشێوەی ڕووخاندنی حکومەتێک،ڕفاندنی بەرپرسێکی باڵا،تەرۆرکردنی کەسایەتیەکی سیاسی،درووستکردنی پشێوی لە وڵاتێکی نەیاردا بێت،لەوکاتەدا ئەو دەسەڵاتە پێویستی بە بەهانە،پاساو،هۆکاردەبێت بۆ بەجێگەیاندنی پلانەکەی ،جادەشێت ئەم پاساوە لەکاتی جێبەجێکردندا یاخود پاش ئەنجامدانی بخرێتەڕوو.
دیارە بەهانە هێنانەوە بۆ ئەو جۆرە کارانە ئاسانە ،چونکە گەر دەسەڵاتێک هێندە بەتوانابێت کارێکی وا مەترسیدار ئەنجامبدات کەواتە هۆنینەوەی پاساویش ئاسانە.

دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزویلا {مادۆرۆ}.
پاساوی ترامپ بۆدەستگیرکردنی مادۆرۆ گوایە بەهۆی ناردنی مادەی هۆشبەرەوەیە لە فەنزویلاوە بۆ ئەمریکا ،لەگەڵ هەندێک وردەتۆمەتی دیکە.ئەوەەی کەمێک شارەزایی لەدونیای سیاسەتدا هەبێت و لە {لۆژیکی هێز}ی ئەمەریکا تێبگات کە وەک زلهێزێکی جیهانی بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی پەیڕەوی دەکات ،تێدەگات کە پاساوەکان زۆر دوورن لە واقیعەوە.
سەیر لەوەدایە بێ ئەوەی ترامپ هەست بەخۆی بکات هەر خودی خۆی بەدرۆخستەوە ،دەمێک گووتی کۆمپانیا نەوتیەکانمان ئامادەن بۆ کارکردن لە فەنزویلا ،کەواتە مەسەلەکە پەیوەندی بە مادەی هۆشبەرەوە نیە چونکە ترامپ باش دەزانێت سەرچاوەی هەناردەکردنی مادەی هۆشبەر چ وڵاتێکەو چ جۆرە باندێکی لەپشتە .
بەڵکو مەسەلەکە نەوتی ڤەنزوێلایە کە دەرکەوتووە خاوەنی[٣٠٣] ملیارد بەرمیلە کە بەیەکەم یەدەک هەژماردەکرێت لەجیهاندا.
هەر پەیوەست بەم باسەوە مۆدۆرۆ بەرلەدەستگیرکردنی گووتی ئەمەریکا چاوی بڕیوەتە نەوتەکەمان کە بەشی سەدساڵ دەکات.
گەر ترامپ هێندە جددیە بۆبەگژاچوونی سەرچاوەکانی مادەی هۆشبەر کە وەک خۆی گووتی ساڵانە [٣٠٠] هەزار گەنجی ئەمریکی دەکووژێت، بۆچی [ خوان ئۆرلاندۆ] سەرۆکی پێشوی هندۆراسی ئازادکرد کە بەتۆمەتی تێوەگلان بەبازرگانی کۆکاینەوە ساڵی [٢٠٢٢] لە لایەن حکومەتی هندۆراسەوە بەهەمان تۆمەت ڕادەستی ئەمەریکا کرا؟کەواتە ئەو بەهانە یا پاساوەی مادۆرۆی لەسەر فڕێنراوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە .

[گرۆنلاند]بۆ؟
ترامپ ناتوانێت ئامانجەخراپەکانی خۆی بشارێتەوە ،ئەوەبوو هەر لەمیانەی قسەکردنی دەربارەی مادۆرۆ لەدەمی دەرچوو یا بەئەنقەست بوو وەک پەیامێک بۆ دانمارکیەکان ،گووتی [گرۆنلاند]یش بەدەست دێنین،دیارە بەدەستهێنانیش تەنها لەڕێگەی داگیرکردنەوە دەبێت.
خۆ ئەو دوورگەیە ماددەی هۆشبەری لێ نیە،ئیدی بۆچی ترامپ دەخوازێت داگیری بکات؟کەواتە لێرەدا مەبەستەکە باشتر ڕووندەبێتەوە کە زۆر دوورە لە مادەی هۆشبەر،بەڵکو مەسەلەکە دیسان نەوت و شتی ترە.
ساڵی پار ترامپ دووسێ جار داوای کڕینی ئەو دوورگەیەی کرد،دانمارکیەکان سەرەتا واتێگەشتن کەترامپ شۆخی دەکات ،بەڵام دەمێک تێگەشتن کە ترامپ بەجدیەتی ئەوجا کەوتنە خۆیان،هەردوو دەسەڵاتی دانمارک و دوورگەکەش گووتیان[وڵاتەکەمان بۆ فرۆشتن نیە].
بەڵام دیارە ترامپ سوورە لەسەر بردنی ئەو دوورگەیە ،بەهەرجۆرێک بێت ،کە من هیوادارم هەرگیز ڕوونەدات.

لەوانەیە بپرسن ئەی بۆچی ترامپ چاوی بڕیوەتە ئەم دوورگەیە؟
ساڵانێک لەمەوبەر پاش کنەوپشکنین دەرکەوت کە نەوتێکی زۆر لە دوورگەکەدا هەیە ،پێدەچێت ئەم هەواڵە گەشتبێتە لای ترەمپ.
هۆکاری دووەم پێگەی ستراتیچی دوورگەکەیە لە ڕووی سیخوڕی و سەربازیەوە.لەدەمی [جەنگی سارد]دا چەندین وێستگەی سیخوری و ڕاداری ئەمریکی و ناتۆ جێگیرکرابوون،مەزنترینیان بنکەی ئەمریکی [توولە]بوو ، دانمارک بۆ ئەم بنکانەکرێی وەردەگرت.
بەڵام پاش نەمانی بلۆکی سۆشیالست و کۆتایی جانگی سارد ئەو بنکانەش پێویستیان نەماو هەڵگیران.
جا ئێستا ترامپ دەیەوێت ئەو بنکە سیخوڕیانە دژبە ڕوسیا دابمەزرێنێتەوە،چونکە ئەو دوو هێزە هەرگیز متمانەیان بەیەکتر نیەو نابێت.

هەڵوێستی حکومەتی دانمارک چیە؟
دانمارک وڵاتێکی گچکەیە تواناکانیان سنووردارە بەتایبەتی لەڕووی سوپاوە،وەک بزانم جگەلە پۆلیس هیچ هێزێکی دانمارک لەسەر ئەو دوورگەیە بوونی نیە.کەواتە بەهیچ جۆرێک شەڕی ئەمریکای پێ ناکرێت، وێرای ئەمە هەردوو وڵات ئەندامی ناتۆن کەبۆیان نیە دژبەیەک بجەنگن .
سەرۆک وەزیرانی دانمارک[ میتە فرەدریکسن] و بەرپرسانی دیکەی حکومەت زۆربەجددی قسەکانی ترەمپ وەردەگرن، شڵەژانیان پێوەدیارە تا ئێستا تەنها هەڵوێستیان نەرمە ڕەخنەیە لەترامپ و داوای وەستانی ئەوجۆرە لێدوانانەدەکەن لێی.

گرۆنلاند بە فاکت
بەر پتر لە هەزارساڵ کە [ڤیکینگەکان] تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی دەریاکانیان کردبوو ،بەردەوام بەدووی شوێنی نوێدا دەگەڕان ،جا لە یەکێک لەو گەڕانانەدا دانمارکیە ڤیکینگەکان ئەو دوورگەیان دۆزیەوەو ناویان نا [گرۆن لاند] واتە وڵاتی سەوزایی ،کەوانیە و بەردەوام بەستەڵەکە ،ئیدی لەوساتەوە بووەتە بەشێک لەدانمارک.

———————–

[گرۆنلاند] گەورەترین دوورگەی جیهانە کە پانتاییەکەی [٢،١]ملیۆن چوارگۆشەیە،لەدانمارکەوە بۆ گەشتن بەو دوورگەیە بەفڕۆکە [٧] کاتژمێر دەخایەنێت.ئیسلاند و کەنەدا نزیکترین دراوڕسێی ئەو دوورگەیەن .دانیشتوانەکەی نێوان [٥٠-٦٠]هەزارکەسە.
جۆرێک لەسەربەخۆییان هەیە و خاوەنی پەرلەمان و ئەحزابن.لەڕووی ئابووریەوە دانمارک بەخێویان دەکات چونکە دوورگەیەکی سپیی پۆشە و خاوەن کەشێکی ساردە،خەڵکەکەی توانای بەرهەم هێنانی دەسکێک کەوەریان نیە.




ئەم مرۆڤانە جێگەی شانازین.. گۆران هەڵەبجەیی

پاش ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرو چەوسێنەرەکەی بەشار ئەسەد لەسوریا،لەلایەن میدیاو سۆشیال میدیای جیهانی و عەرەبی و دەفەرەکەوە گرنگیەکی تایبەت بەم ڕووداوە درا.
بەهۆی ئەوەی کوردانی ڕۆژئاوا بەرکەوتەی ڕاستەوخۆیان بەو گۆڕانکاری و ڕووداوانەوە هەیە ،ئاساییە کە ئەوانیش بگرێتەوە .بەوەی کوردانی ڕۆژئاوا لەمێژە خاوەنی کیانێکی سەرکەوتوون ، جا ئەوئەزموونە سەرکەوتووە بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا هاوکات بۆ دەسەڵاتەکەی شەرع جێگەی نیگەرانیەو و وەک مەترسیەک بۆسەر دەوڵەتەکانیان تێی دەڕوانن ،بۆیە بەتایبەت تورکیا بە بەرنامەیەکی هەمەلایەن هەوڵی لەناوبردنی دەدا، دەمێک دەرکەوت ئەو هەوڵە شکستی خوارد ئیدی هەوڵی لاوازکردن و ناشیرین کردنی دەدەن ،کە تا ئێستاش بەردەوامە.بەوەی ئێمە شارەزایمان لە زمانی تورکیدا نیە بۆیە نازانین لەمیدیای تورکیدا چ باسە بەڵام دڵنیام مشتومڕی گەرمی لەبارەوە دەکرێت.

ئەوەی ئێمە لەڕێگەیانەوە هەڵوێستی تورکیا وەک دەسەڵات و نوخبەی ڕووناکبیر بزانین میدیا عەرەبیەکانە کە بەردەوام نووسەر،شرۆڤەکار،ڕۆژنامەنووسانی تورکی عەرەب زمان بەشداری تێدادەکەن.
شایانی ئاماژەیە ژمارەیەک لەو بەشداربووانە عەرەبی سورین و شوناسنامەی تورکیان وەرگرتوەو بەشێک لە ناوی خۆیان گۆڕیوە بۆ تورکی .
چەند دەزگایەکی میدیایی عەرەبی پانتاییەکی فراوانیان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردوە ،بە وێنەی [العربیە بەهەردوو کەناڵەکەیەوە،الجزیرە بەهەردوو کەناڵەکەیەوە،بی بی سی عرەبی ،سکای نیوز وچەنەد کەناڵێکی دیکە]. دەمێک بەرنامەکان پەیوەندیان بە سێکووچکەی{تورکیا،سوریا،ڕۆژئاوا} دەبێت ئیدی ئاساییە دوو لە میوانەکان تورکێک و کوردێک بن، جاروباریش میوانێکی عەرەبی شۆڤێنی یا مسوڵمانی ئیخوانی لەم بەرنامانەدابەشدار دەبن..
لەکوردەکانیش چەند بەڕێزێک بەردەوام بەشداریان هەیە کە زۆربەیان ڕۆژئاواین ،دەمێک ئەم بەڕێزانە قسەدەکەن گەوهەر لەزاریان دێتە دەر،پەیڤەکانیان حساب بۆکراون ،بەرسیڤەکانیان بۆ تورکە شۆڤێنستەکان هێندە بەهێزن هێندە دەمکووتکەرن هێندە حاشاهەڵنەگرن وەک داکووتانی بزماروایە بە تەختەدا .دەمێک ئەم بەڕێزانە دەدوێن تەنانەت پێشکەشکارانی بەرنامەکانیش ناتوانن سەرسامی خۆیان بشارنەوە کە ئەویش بە گوزارشتی سیمایاندا دەردەکەوێت .مرۆڤ بە گوێگرتن لێیان ئارام و ئاسودە دەببێت،هاوکات شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات کە ئەم کەسە بەتوانایانە هاوزمان و هاونەتەوەین.
کاتێک ئەم بەڕێزانە دەدوێن قسەکایان هێندە کاریگەرو لۆژیکن بەتایبەت کە بە فاکت و بەڵگە تورکەکان بێ دەنگ دەکەن ،ئیدی ئەوانیش هیچیان پێنیە بۆ قەناعەت پێکردنی بەرێوەبەری بەرنامەو و بینەر تەنها هەڵچوون و سوکایەتی نەببێت.زۆر جا کاردەگاتە ئەوەی بەڕێوەبەری بەرنامەکە بەهۆی سنوربەزاندنیان لە ئادابی دیالۆگ ناچار دەبێت ڕایانبگرێت.هەریەک لەم کوردانە لەچەندین بواری تردا کاردەکەن،وەک مامۆستای زانکۆ ،شاعیرو ڕۆماننووس،،نووسەر ،ئەکادیمیست .ئەو زمانەی قسەی پێدەکەن لەئاستێکی باڵادایە،دەتوانم بڵێم هێندە بەجوانی وپاراوی قسەدەکەن لەوانەیە عەرەبەکانیش نەگەن بەو ئاستە.
چەند جێگەی دڵخۆشیە ئێمەی کورد خاوەنی ئەم جۆرە سیاسیانەین کە لە سەنگەرێکی تۆکمەو مەزنەوە داکۆکی لەنەتەوەکەیان دەکەن و جێگەی متمانەن بەوەی کە هەرگیز ئەو سەنگەرە چۆڵ ناکەن. بەڵێ ئێوە جێگەی شانازیمانن و دڵسۆزیتان بەرز دەنرخێنین.
ناوی هەندێک لەو تورکانەی لەبەرنامانەدا بەشداری دەکەن: محمد زاهد گول،ئۆکتای یڵماز،مستەفا ئۆزجان،تەها ئۆغلۆ،بکیر ئاتاجان[ئەم بەکیرە زۆر بێ ئەدەب و بێ ئەتەکێتە و ئیلتیزام بە بەرنامەوە ناکات، لەهەمووی خۆشتر جێ بەخۆی ناگرێت و بەردەوام دەجوڵێت و بەدەنگی بەرز قسەدەکات و زاری پڕدەبێت لە کەف ،هێندە ڕەگەزپەرستە وای بۆدەچم بەهۆی کوردەوە لە خەفەتدا ڕۆژێک دڵی بوەستێت،کارەسات لەوەدایە ئەم ڕەگەزپەرستە بەڕێوەبەری پەیمانگای هزرە لە ئەستەنبوڵ].
سەبارەت بە شداربوانی کوردیش ئەم ئەستێرە گەشانەم لەیادە ،جا داوای لێبووردن لەهەر بەڕیزێک دەکەم کە لەو بەرنامانەدا بەشداری هەبووەو ناویم یاداشت نەکردوە .
دکتۆر سەربەست نەبی،شێرزاد ئەزیدی،شڤان خابووریی،ڕۆستەم مەحمود،شۆڕش دەروێش ،نەواف خلییل ، وتاد.




پێگەی ئەخلاق لە سیاسەت و حیزبایەتیدا ، هەڕەشە و ترس وەک بەشێک لە ژیانی حیزبایەتی.. گۆران هەڵەبجەیی

ئەوەی زانراوە سیاسیەکان لەهەموو جیهاندا گرنگیەکی ئەوتۆ بەئەخلاق نادەن و زۆرجار دەیکەنە قوربانی مەرامە سیاسیەکانیان. مکافیللی{١٤٦٩-١٥٢٧} لەبارەی ئەخلاقی دەسەڵاتدارانەوە دەڵێت[گەر بە سیاسیەکت گووت تۆ بێ ئەخلاقیت،ئەوە سوکایەتی نیە بەڵکو پیاهەڵدانە]، یاخود لە شوێنێکی تردا دەڵێت{سیاسەت هیچ پەیوەندی بە ڕەوشتەوە نیە} ،مەبەستی ئەوەیە کە ئەودوو دەستەواژەیە پێکەوە هەڵناکەن. لەڕۆژهەڵاتی نێویندا ژینگەکە زۆر لەبارە بۆ وەلانانی پرەنسیپەکانی ئەخلاق و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. هەرێمی کوردستان ئەو دەڤەرەیە کە بەقێزەوەنترین شێوە ئەخلاق لەژێرپێ دەنرێت.
گەر ئەخلاق ، ڕەوشت ، مۆراڵ بخەینە نێو چوارچێوەیەکی گونجاو و پێناسەیەکی شایستەی بکەین بەبەردا، ئەو دەمە وێنەکە ڕوونتر دەردەکەوێت، وەک ئەم نمونانەی خوارەوە:

  • دەمێک سیاسیەک، سەرۆکی حیزبێک بەر لەهەڵبژاردن کۆمەڵێک بەڵێنی ڕەنگاوڕەنگ بەخەڵک دەدات و پاشان هیچی لێ جێبەجێ ناکات،کەواتە ئەمە بێ ئەخلاقیە.
  • حیزبێک سەرکردەیەک داهاتی وڵات بدزێت و خۆیی و دەورووبەری شاهانە بژین و خەڵکیش نغرۆی هەژاری بێت ،بەدڵنیاییەوە ئەمە بێ ئەخلاقیە.
  • گەر حیزبێک بەهەڕەشە یا دەسکەوت و مووچەی چەور ئەندامەکانی ڕاگرتبێت ئەوە بێ ئەخلاقیە.
  • سەرکردەیەک لەبەردەم میدیاکاندا هەڕەشەی قورس لە لایەنەکەی تربکات ،بەڵام لەژوورەداخراوەکاندا لەسەرهەموو شتێک ڕێبکەون،ئەمەش بێ ئەخلاقیە.
  • سەرکردەیەک نەتوانێت شارستانیانە لەگەڵ موخالیفەکانی خۆی ڕەفتار بکات و بۆ یەکاڵاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ هێزبەرێت،ئەوە بێئەخلاقیە.
  • حیزبێک بەرەگەی ڕەخنەی هاوڵاتیان نەگرێ و بەشێوەیەکی دڕاندانە پاش فڕاندیان بیانکووژن، ئەمەش دەچێتە خانەی بێ ئەخلاقیەوە.
  • دەنگ کڕینی کەسانێک کە سوور دەزانن فڕیان بەسەر دڵسۆزی و بیروباوەڕەوە نیەو تەنها پارە هۆکارە،بەمەش دەوترێت بێ ئەخلاقی.
  • حیزبێک تەنها بیر لە دزی بکاتەوەو ژیانی هاوڵاتیانیش هیچ بایەخێکی نەبێت لەکنیان ،گەر ئەمە بێ ئەخلاقی نەبێت چیە؟
  • گەر دوو حیزب دەستیان نابێتە بینەقاقای کۆمەڵگاو سەرجەم دام و دەزگاو دامەزراوەکان لەژێر هەژموونی حیزب و سەرکردەکانیانابن، بێگومان ئەمەش جۆرێکە لە بێ ئەخلاقی.
  • لە دامەزراندنی فەڕاشێکەوە تا وەزیرێک بە ڕەزامەندنی حیزب بێت ئەمەش بێ ئەخلاقیە.
  • حیزبێک لە کردنەوەی دوکانێکی شەربەت فرۆشیەوە تا دەگاتە مۆڵ و کۆمپانیاکان پشکی هەبێت دیارە بێ ئەخلاقیە.
  • حیزبێک سامانی وڵات بە ژێر زەوی و سەرزەوی و هەوایی لەسەر خۆی تاپۆبکات بێئەخلاقیە.
  • نەوەی سێیەمی سەرکردە باڵاکانی حیزبێک، ملیۆنێرو ملیادیارو خاوەنی زانکۆ،کەناڵی تێڤێ،هەزارەها دۆنمی زەوی ،ڕێکخراوی هەمەجۆر و فڕۆکەی تایبەتبن،ئەوە ئەوپەڕی بێئەخلاقیە.
    +بۆهەر شکستیەک کە خەڵک باجەکەی دەدات، بێ شەرمانە پاساوی بۆ بهێننەوە،تەنها وەک بێئەخلاقی پێناسەی بۆدەکرێت.
  • تەزویر لەهەڵبژاردنەکاندا بەخەبات حساب بکرێت بێگومان بێئەخلاقیە.
  • فەرمانی دراوسێ دوژمنەکانت جێبەجێ بکەیت بەڵام ئامادەنەبیت بچوکترین داوای خەڵکەکەت جێبەجێ بکەیت،ئەمەش ترۆپکی بێ ئەخلاقیە.
  • منداڵانی جیلی سێی سەرکردەکانی بنەماڵە کە هیچ پۆستێکی ئیداری و حیزبیان نیە ، دەستیان لە زۆرێک لەسەرکردەکانی هەمان حیزب و هەر وەزیرێک زیاتر دەڕوات ولەسەردانەکانیاندا فەرشی سوریان بۆرادەخەن و ئەفسەرە پلەدارەکان سڵاوی سەربازیان بۆدەکەن.ئەمەش دیسان بێئەخلاقیە.
  • گچەکەترین خزمەتگوزاریان پێشکەش نەکردوە، کەچی شکستیەکانیان بەنرخی سەرکەوتن دەفرۆشنەوە.
    +تادوێنی ئەوانە بەشێک بوون لە جەستەی هێزە بێبەزەیی و داپڵۆسێنەرەکەت کەچی بەهۆی ناکۆکیتەوە لەگەڵ ئامۆزاکەت بەقێزەوەنترین و دڕندانە ترین شێوە ڕەفتارت لەگەڵیان کرد ،لە کووشتن، ئەشکەنجە ،سوکایەتی،ڕووتکردنەوە،سووتاندن و تاد،بەم کارانەتان ئەخلاقتان لەسنوور تێپەڕاند.
    [هەڕەشە و ترس وەک بەشێک لە ژیانی حیزبایەتی]
    لەکن یەکێتی و پارتی ئەندام هیچ بەهاو مەکانەیەکی نیە بەڵکو ئەندامان بریتین لە جەستەیەکی بێ بزاوت و مێشکێکی زەوت کراو،ئەندامان کۆیلەی گوێڕایەڵن ،هەردەم لە ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانی سەرەوەیان . لەدۆخێکی پڕ لەترس و دەڵەڕاوکێدا دەژین.ئەندامانی ئەم دووحیزبە هەرگیز ناتوانن ئاسوودە بژین، ئەویش بەهۆی ئەو فشارە دەرونیەی لەسەریانە. ئەم ڕەوشەی نێو ئەم دووحیزبە دەلالەت لە ئەوپەڕی بێ متمانەیی دەکات لەسەرەوە بە ئەندامەکانیان. دەمێک لەسەرەوە هەڕەشە لە ئەندامانیان دەکەن کە لەکاتی دەنگداندا وێنەی دەنگدانەکە بگرن،گەر ئەوکارەنەکەن دەبێ چاوەڕێی یەکێک لەم سزایانە بکەن،دەرکردن لەکار،بڕینی مووچەی بندیوار،گواستنەوی بۆشوێنێکی دوور،دابەزاندنی پلەی حیزبی و وەزیفی و سزای دیکەش.جا ئەمە نمونەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە بێ متمانەیی.
    هەرحیزبێک گەر نەیتوانی کەشێکی لەبار بۆ ئەندامەکانی فەراهەم بکات ،ئەو ئازادیەیان پێنەدات ڕەخنەبگرن یا ڕای جیاوازی خۆیان دەرببڕن ،کەواتە ئەوە حیزب نیە بەڵکو بەندیخانەی ئەقڵە.



تەنها بۆ ئەوەی بەدکتۆر بانگم بکەن.. گۆران هەڵەبجەیی

لەباشووری کوردستان لەو دەمەی یەکێتی و پارتی قۆرخی دەسەڵاتیان کردوە،هیچ کایەو بوارێک نەماوە کەدەستیان بۆ نەبردبێت و وێرانیان نەکردبێت. گەر ئەم دەستێوەردان و موداخەلەیە بە ڕووە پۆزەتیڤەکەیدا بوایە واتە بەمەبەستی خزمەت و گەشەکردن بوایە ئەوە جێگەی دەستخۆشی و پێزانین دەبوو.

گەر هەرنەتەوەیەک نەیتوانی سەکتەری خوێندن بەباشی بەرێت بەڕێوە و سەرکەوتوونەبوو تێیدا ئەوە بەدڵنیاییەوە ئایندەیەکی تاریک چاوەڕێی هەم بوارەکەو هەم وڵاتیش دەکات.
لەباشووری کوردستان بواری خوێندن لە قۆناغی بنەڕەتیەوە تا دوای زانکۆش کە ماستەرو دکتۆرایە ،لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە بێ بەها کراوە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا خراپبوونی دۆخی سەکتەری خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزب کە بەمەبەست کراوەو دەکرێت، ئەویش لەپێناوی ئاسانکاری بۆخۆیان بۆ وەرگرتنی شەهادەی ساختە.واتە هەموو پرۆسەکەیان کردە قوربانی چەند دکتۆرایەکی ساختە.
مەبەستیش لەوەرگرتنی شەهادەی ساختە کە بە تەکلیفێک و بڕێک پارە کەسێک وەری دەگرێت، بۆ ئەوەنیە کە پاشان خزمەتی پێ بکات ،چونکە ناتوانێت وناشخوازێت ،بەڵکو تەنها یەک مەبەستی هەیە و زۆرش گرنگە ،ئەویش تا پێی بڵێن {دکتۆر} کە لەپەنای ئەم ناوەوە خۆی لەئاستێکی باڵادا دەبینێت کەلەواقیعدا ئاستێکی ساختەیە.
ئەوەی سەیرە بوونی ئەو گشت خاوەن دکتۆرایەی نێو هەردوو حیزبە، کەس نازانێت لە چ بوارێکدا وەریان گرتوە و خۆیشیان هەرگیز باسی ناکەن ،چونکە شەرم لە باسکردنی دەکەن.
ئەم دووحیزبە جگە لە کاری باشە لەهەموو کارێکی خراپدا مونافەسەی یەکتر دەکەن ،لەم بوارەشدا هەمان شتە بەوەی گەر ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێک لەودووحیزبە دکتۆرایەکی ساختەی وەرگرتبێت، ئەوە ڕویداوە کە یەکێکی ئەولاش وەری گرتبێت.
هەر بەم هۆیەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بواری خوێندن لەئاستێکی زۆر زۆر داتەپیو و خراپدایە،بۆنمونە دەرچوانی زانکۆ شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەبوارەکەی خۆیاندا نیە.
یەکێک لەو لایەنانەی لە ناشیرین کردن و خراپکردنی ئاستی خوێندن بەشدارە ،هەندێک زانکۆی ئەهلین،ئەمانە بەمەبەستی چنگ کەوتنی بڕێک پارە بێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپ ومەرج و ئسوڵیاتی بەخشینی دکتۆرا ،هەڕەمەکی دەیبەخشن.ئەوەی جێی داخە ئەو کەسانەی کە ئەوشەهادە ساختانە دەبەخشن بزانن یا نا خیانەت لە پیشەکەیان دەکەن و بێڕێزیش بە زانست.
بێ گوێدانە ئاکامە خراپەکانی کارەکانیان ئەوکەسانە ئامادەن لە پێناو بڕێک پارەو سوپاسگوزاریدا لەسەر تێکدانی ئاستی خوێندن بەردەوامبن. ئەوانە زۆر باش دەزانن کە ئەو کەسەی ماستەر یا دکتۆراکەی پێدەبەخشن لەو ئاستەدا نیەو شایستەش نیە.
ئەوەی زانراوە هەندێک لەو زانکۆ ئەهلیانەی ئەوجۆرە شەهادانە دەبەخشن سەر بە دەسەڵات و دووبنەماڵەکەن.ئەو زانکۆیانە ماستەر بە[٣ ] هەزاردۆلار و دکتۆرا بە[٥ ] هەزاردۆلار دەفرۆشن.
دەمێک بەخشینی زانست و گەشەکردنی لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا بووە پارە ئەوە دەستی لێ بشۆ ،چونکە لەم حاڵەدا پارە دەبێتە ئامرازی سەرەکی و زانستیش دەبێتە پاشکۆ.
ئەم گەندەڵیە تەنها هەندێک لە زانکۆ ئەهلیەکانی هەرێمی نەگرتوەتەوە ،بەڵکو بڕێک زانکۆی ئەهلی گرتوەتەوە کە بارەگاکانیان لە ئەوروپایە و خاوەنەکانیان عەرەبن،ئەمانەش هەڵپەیانە تا بەشێک لەو کێکەیان بەر بکەوێت.
ئەم زانکۆیانە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە چەند کەسێکی بێویژدانیان خستوەتەکار کە پێیان دەڵێن دکتۆر یا پرۆفیسۆر ، تا ئەوجۆرە شەهادانە لە هەندێک لەشارەکانی عێراق وە بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان ببەخشن.
یەکێک لەو زانکۆیانەی هەندەران کە لەم کارە قێزەوەنەوە تێوەگلاوە ناوی [ئەکادیمیای ئەلبۆرگ بۆزانست] ه کە خاوەنەکەی کەسێکی عێراقیە بەنێوی طلال ئەکرەم.{ ئەلبۆرگ باژێڕێکە دەکەوێتە باکووری وڵاتی دانمارکەوە}. چەند مانگێک لەمەوبەر بەناوی ئەم ئەکادمیەوە دکتۆرایان بەخشیە کەسێک کە نە بەهەقی خۆی ئامادەیی تەواو کردوە نە دەوامی زانکۆی کردوە نە ماستەری هەیە ، کەچی لەماوەی چەندکاتژمێرێکدا بەزەبری پارە کردیانە دکتۆر.
دووشتی سەیر سەرنجمیان ڕاکێشا، یەکەمیان ناوی تێزی دکتۆراکەیەتی کە جێگەی پێکەنینە [پەیوەندی سیاسی نێو دەوڵەتی و کاریگەری لەسەر بەشداری وەرزشی ] .{العلاقات السیاسیە الدولیە وە انعکاساتها علی المشارکات الریاضیە} . کەسێک دەبوو ببێتە خاوەنی ئەم تێزە کە بەلای کەمەوە[ کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی] تەواو کردبێت یاخود شارەزایی لە چالاکیە وەرزشیەکانی جیهانیدا هەبێت ،بەتایبەتی {ئۆلۆمپیاد} ،دڵنیام ئەو شارەزایی لە هیچیاندا نیە . خاڵی دووەم ئەو کەسانەی کەسەرپەرشتی تێزەکەیان کردوە ،بڕواناکەم هیچیان شارەزاییان لە وەزش یاخود لە خولەکانی ئۆلۆمپیاتدا هەبێت کە گەورەترین و گرنگترین ڕووداوی وەرزشیە لەسەر ئاستی جیهان. کەواتە ئەمەش کەماسیەکی تری ئەو بەخشینەیە.
ئەم کارەی ئەکادیمیای تەکنەلۆجی ئەلبۆرگ بێڕێزیە بە پیرۆزترین بوار کە خوێندنە، بەم کارەی هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی عێراق کە دکتۆرای ساختە دەبەخشن.
بۆئەم مەبەستە پەیوەندیم بە سەرۆکی ئەم ئەکادیمیایەوە کرد[دکتۆر طلال] تا لەوبارەوە ڕوونکردنەوە بدات، بەڵام نەچوەژێرباری و ئامادەنەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات.
سەرەتا نکولی لەوەە کرد کە بەناوی ئەکادیمیەکەیانەوە ئەو دکتۆرایە بەخشرابێت ،بەڵام دەمێک وێنەکانم نارد بۆی هیچ وەڵامێکی نەبوو،پاشان بەبەهانەی نەخۆشی و بێکاتی کۆتایی بەگفتوگۆکە هێنا ،لەڕۆژانی ئایندەدا چەندین جار هەوڵمدا پەیوەندی پێوەبکەم لێ بێسوود بوو.تەنانەت وەڵامی ئەو پرسیارانەشی نەدایەوە کە لەسەر پێشنیاری خۆی ناردمن بۆی.
هۆکاری وەڵامنەدانەوەش ئەوەیە کە ناتوانێت نکولی لەوکارەبکات کەلە سلیمانی کراوە،خۆ گەر نکولی لێ نەکات ئەودەمە لەڕووی یاساییەوە لەسەری دەکەوێت چونکە دەزانێت کە کارێکی نایاسایی و نازانستی کردوە.




بافڵ بەڕێگەی دیکتاتۆرەکاندا.. گۆران هەڵەبجەیی

[ بەچەکی دیموکراتی دیموکراتیم کووشت- هیتلەر]
پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی [١٩٣٣] دا حیزبەکەی هیتلەر
{حیزبی کارگەرانی نەتەوەیی سۆشیالستی ئەڵمانیا-نازیەت} زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمانی هێنا ، ئەوەبوو بەتەنها حکومەتی پێک هێنا . ئەم سەرکەوتنە هیتلەری دووچاری حاڵەتی لەخۆبایی بوون کرد،ئیدی دەستی وەڵا بوو بۆ جێبەجێ کردنی پلانە مەترسیدارەکەی کە لەمێژبوو چاوەڕێی دەکرد . ئەوانەی ئاگاداری مێژووی ئەوسەردەمەن دەزانن کەئەو پلانەی هیتلەر چ ئاکامێکی کارەساتباری بۆ جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی و گەلی ئەڵمانیا بەتایبەتیتر هەبوو.
سەرەتا پلانەکەی لەناو خۆی ئەڵمانیا جێبەجێ کرد ،بەوەی هەرچی حیزب و ڕێکخراو و ئۆرگان هەیە هەرهەموویانی هەڵوەشاندەوە ،ئەندامە باڵاکانی خستە بەندیخانە یا کەمپە بەدناوەکان.
ئەو حیزبانەی بەر ئەم شاڵاوە کەوتن بریتی بوون لە پارتی کۆمۆنیست،سۆشیال دیموکرات،دیموکراتی مەسیحی و حیزبە موحافیزکارەکان،بەمجۆرە جگە لە حیزبەکەی خۆی هیچ حیزبێک بوونی نەما.
پاش چەند ساڵێک هەموو ئەڵمانیا یەک ڕەنگی پۆشی ئەویش ڕەنگی نازیەت بوو، هاوکات یەک سومبڵ، لۆگۆ،ئاڵا فەرزکرا ئەویش ئاڵاو لۆگۆی نازیەت بوو.
هیچ دەنگێکی موعارەزە یا ڕەخنە نەما ،هەرکەسێک ناڕەزایی لەبارەی هەر شتێکەوە دەرببڕیایە و بگەشتایەتەوە دەمی پۆلیس یا{گستاپۆ}ئەوە لەناویان دەبرد ،خۆگەر شانسی هەبووایە لەبری گووشتن لەبەندیخانەیان تووند دەکرد،یاخود هەرکەسێک بۆنی حیزبە قەدەغەکراوەکانی لێبهاتایە، چارەنووسی زۆر دژواردەبوو. بەم جۆرە نازیەکان ترس و تۆقندنیان لەهەموو قوژبنێکی وڵاتدا چاندبوو،هەناسەی ئازادی بەتەواوەتی خەفەکرابوو.
دکتاتۆرەکان سیمایان جیاوازە ،بەڵام ڕەفتارو ئامانجیان یەکە ئەویش کۆکردنەوەی دەسەڵاتی ڕەهایە لەدەستی کەسی یەکەمدا و بەڕێوەبەدنی وڵات بە جەور و ستتەم وچەوساندنەوە.
دەخوازم ئەودۆخەی ئەڵمانیای سەردەمی هیتلەر ،بەتایبەتی ڕووەناوخۆییەکەی و ئەزموونی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکان گرێ بدەم بە ئێستای دۆخی زۆنی سەوزەوە.
ئەوەی تا ئێستا سەرەتاکانی بەدیارکەوتووە ئەوەیە کە ئاماژەکان و هەنگاوەکان لەمەملەکەتی سەوز بەهەمان ئاراستە دەڕۆن کە هیتلەر و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان گرتیانەبەر.

  • سەرەتا پاڤێل لە نێو حیزبەوە دەستی پێکرد،ئەوەبوو زۆربەی ئەندامە ناڕازیەکانی دوورخستەوە ،یاخود پەروپاڵی کردن،بەمەش بووە تاکەسی بڕیاردەر لە نێو یەکێتیدا.
  • دەمێک زانی کۆنترۆڵی تەواوی حیزبی کردوە ئەوجا کەوتە وێزەی هێزە چەکدارەکان و هەموویانی خستە ژێر باڵی خۆی،بەجۆرێک بێ ڕەزامەندی ئەو، کەس نەیدەتوانی هێز بجوڵێنێت.
  • هاوکات ئەوسەرکردانەی یەکێتی کەخاوەنی هێزی تایبەت بوون ئەوانیشی هەڵوەشانەوە یا کەمیکردنەوە،بەشێوەیەک کەترس و کاریگەریان نەما.
  • سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەلەسەر یەکێتی حساب بوون یاسێبەری یەکێتی بوون ،هەموویانی بەستەوە بەخۆیەوە ،یا کەسانێک دەیانبەن بەڕێوە کە گوێرایەڵی خۆین .
    +بۆپتر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی خێراتر لە ڕێگەی میدیاوە ، کەنالی{٨}ی تایبەت بەخۆی دامەزراند..
    +ڕاگەیاندنی سەربەخۆ یا ئەهلی کەجاران تا ڕادەیەک ئازادانە بواری کارکردنیان بۆڕەخسابوو ،ئەوانیش سنووردارکران ،بەوەی بەهۆی سوکە ڕەخنەوە لە خودی باڤێڵ یا قوبادی برای گێچەڵیان پێ دەگرتن ودەدرانە دادگا، یاخود سزایەکی قورسی دارایی دەدران.
  • ڕاگەیاندنەکانی موعارەزەش لەدەستی پاڤێڵ و حیزبەکەی بەدوورنەبوون ، بەهۆی ڕەخنەکانیان لەسەرانی یەکێتی و خودی باڤێڵ ، فشاری بەردەوامیان لەسەر بوو تا ئاستی هەڕەشە، هەر بەم هۆیەوە بڕێک لەو میدیایانە بۆ دوورکەوتنەوە لە گێچەڵی پاڤێڵ خۆیان سانسۆرکرد .
    +سەبارەت بە ڕێکخراوەجەماوەریەکانیش، بەپێشنیاری خودی پاڤێڵ کەسانێکی گوێڕایەڵ کرانە بەرپرسیان کە لە فەرمانی سەرووی خۆیانەوە دەرنەدەچوون.
  • لێسەندنەوەی مافی لێدوان بۆ میدیاکان لەزۆربەی سەرکردە سیاسی و سەربازی و ئەمنیەکان و هێشتنەوەی لەدەستی خۆی و قوبادی برای و یەکدوو کەسی دیکەی سەرکردەی جێ متمانە.
  • خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بوونەسەراب، بەجۆرێک گەر ڕێگەیان بەئەنجامدانی بدایە ئەوە زۆر زۆر سنووردار دەکران ، پۆلیس و دژەتەرۆر ڕێگەیان بۆ دیاری دەکردن کەچۆن و لەکوێ دەستپێبکات و لەکوێ و کەی کۆتایی بێت ،بەمەش ئەو چالاکیانە لە ماهیەت و ئامانج و مەبەست بەتاڵ دەبوونەوە.
  • دیارە ئەوجۆرە چالاکیانە پێویستیان بە ڕوپۆشی میدیایی هەیە،لەمەشدا میدیاکاران دووچاری سووکایەتی ،لێدان،کامێراو مۆبایل شکان و گرتن دەبوونەوە.
  • بێ دەسەڵاتکردن و سوک و ڕسواکردنی دەزگاکانی دادوەری ،بەچەشنێک ئەو دادوەرانە بوونەتە گەمەی دەستی پاڤێڵ.
    +دواخاڵ بڵاوکردنەوەی ترس و ئیرهابە لە نێو یەکێتیەکاندا بەوانەی هەندەرانیشەوە ،زۆرجار بیستوومانە یا خوێندومانەتەوە کە لەسەر لایکێاک یاکۆمەنتێک خاوەنەکەی سزادراوە یا هەڕەشەی لێکراوە.
    تەنها کۆسپێک لەڕێگەی باڤێڵدا مابوو تا ببێتە دیکتاتۆرێکی [فول مواسەفات] بوونی لاهوربوو کە وەک نەیارێکی سەرسەخت بەرامبەر پاڤێڵ وەستابوو. باڤێڵ باش دەیزانی تەنها بە لادانی ئەو شەقامەکەی تەواو بۆتەخت دەبێت.
    بۆدەرفەتێکی گونجاو دەگەڕا تا لەو کۆسپەش ڕزگاری ببێت،ئەوبوو لە شەڕەکەی لالەزاردا لەو کۆسپەش دەربازبوو.
    ئەم هەنگاوانەی باڤێل ڕێک لەهەنگاوەکانی هیتلەر ، مۆسۆلۆنی ، سەددام و دیکتاتۆرەکانی دیکە دەچن.
    مێژوو سەلماندویەتی کە هیچ دیکتاتۆرێک بە زەبروزەنگ و چەوساندنەوە نەیتوانیوە خەڵک لەخۆی ڕازیبکات،یاخود ئاسایش و ئارامی و پێشکەوتن مەیسەر بکات،بەڵکو مەرگی خۆیی و دەسەڵاتەکەی نزیک کردوەتەوە. کەم نەبوون ئەو دیکتاتۆرانەی وایان نیشاندەدا کە لەکن خەڵک زۆر خۆشەویستن بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی سەلماند.
    دەبێ پاڤێل بەوە نەخڵەتێت کە لە دەرکەوتنێکدا لێرەولەوێ هەندێک گەجەرو گووجەرو بندیوار گەر سێلڤیەکیان لەگەڵدا گرت ،واتێبگات کە خۆشەویستی نێو جەماوەرە.
    جاگەر پاڤێل ئەمجۆرە حکومڕانیە لە تاکڕەوی و تۆتالیتارزم بە ڕێگایەکی درووست و سەرکەوتوو بزانێت ،ئەوە زۆر بەهەڵەدا چووە.
    خەڵک نان و کارو ئازادی و پاراستنی کەرامەت و ژیانێکی ئاسودەی دەوێت کەلە ئێستادا نەلەزۆنی سەوز و نەلەزۆنی زەرد بوونیان نیە.



بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەر ،وەک بەشێک لە دیرۆکی خوێناوی نەتەوەیەک.. گۆران هەڵەبجەیی

{گەر زمانەکەم مەترسی بێت بۆسەر پایەکانی دەوڵەتەکەت،کەواتە
وڵاتەکەت لەسەر خاکەکەی من بونیاد ناوە- مووسا عەنتەر}

من کەسێکم زۆر ئارەزوی خوێندنەوەی بیرەوەری دەکەم، بەتایبەت هی ئەو کەسانەی کە ڕۆڵ و نەخشیان لە کایەکانی مرۆڤاتیدا هەبووە و هەیە ،ئیدی لەسەر ئاستی لۆکالی بێت یا جیهانی. لەو ڕووەوە هەرچیم دەست کەوتبێ خوێندومەتەوە ،خوێندنەوەیان سوود بەخش بوون هەمیش چێژ بەخش.
نوێترین کتێب کە خوێندمەوە کتێبی{بیرەوەریەکانی مووسا عەنتەر} بوو بە قەوارەی[٦٣٨] لاپەڕە کە لە کاک سەلام محەمەدی هاوڕێم قەرز کردبوو .
مووسا عەنتەر مرۆڤێکی ڕووناکبیری هەمەڕەنگ بوو، بەو واتایەی لە زۆر بواردا خۆی دەبینیەوە ،لەوانە سیاسەت،نووسین و ڕۆژنامەگەری،زمان،یاسا،پرۆژەی بازرگانی.
ئەو کەسانەی یاداشتنامە یا بیرەوەری یاخود ژیاننامەی خۆیان دەنووسنەوە ،هەر یەکەیان بە ستایل و شێواز و فۆرمی تایبەتی خۆی دەنووسێت و پێی ناسراوە . لەخوێندنەوەی بیرەوەریەکانی مووسا عەنتەردا خۆم لەبەردەم جۆرێکی نوێ لە گێڕانەوەی ژیاننامەدا بینیەوە کە جیاوازە لەوانەی کە پێشتر خوێندومنەتەوە.بۆنمونە مووسا عەنتەر بەوجۆرە باسی خۆی نەکردوە کە وەک قارەمان خۆی نمایش بکات ،بەڵکو هێندە زوومی خستووەتە سەر خودی خۆی کە خزمەتی پەرەگرافەکەی کردوە،ئەو وابەستەنەبووە بە کات و ڕۆژەوە ، لە کویدا بەگونجاوی زانیبێت باسی ئەوڕووداو و کەسانەی کردوە کە بەرکەوتنی لەگەڵیاندا هەبوو،ئیدی بۆجارێک بووبێت یا بۆچەندین جار.مەبەستم ئەوەیە بەپێی سیاقی زەمەنی ڕووداوەکانی یاداشتت نەکردوە بەڵکو بەپێی پێویستی و گرنگیان باسی کردون. مووسا عەنتەر سیاسەتمەنداری کوردی باکوور، لەڕێگەی ئەو کتێبەوە توانیویەتی هەرچی ناسۆرو ستەم و چەوساندنەوە و کووشتار کە لە دیرۆکی پڕخوێناوی نەتەوکەیدا ڕویانداوە بەخوێنەری بناسێنێت .
ئاپێ مووسا لە باسکردنی ئەو فشارو ئەشکەنجەو گرتن و نکولی کردن لە مافی نەتەوەکەیدا کە خودی خۆی بەشی شێری بەرکەوتووە بەشێوەیەکی سادە بەڵام پڕمانا و هەندێک جاریش لەقاڵبی کۆمیدیدا باسکردوە،بۆنمونە لەدەمی یەکێک لە دادگایکردنیدا دادوەر لێی دەپرسێت ،چ کارەیت؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت [کوردایەتی]،دادوەریش واتێدەگات کە قەشمەری پێ دەکات بۆیە لێی دووبارەدەکاتەوە،ئەویش بۆی ڕووندەکاتەوەو دەڵێت[لەسەر کوردایەتی دادگایی دەکرێم،لەسەرکوردایەتی سکاڵا لەدژم تۆمارکراوە،لەسەر کوردایەتی دژایەتی دەکرێم،لەسەر کوردایەتی چەندین جار بەند کراوم،لەسەر کوردایەتی نەفی دەکرێم ،لە سەر کوردایەتییە کە ناتوانم ژیانێکی ئاسوودە بژیم ]،کەواتە ڕاستم گووتووە کە پیشەم کوردایەتیە.
خەسڵەت یاخود بەهرەیەکی دیکەی ئەو مرۆڤە مەزنە ئەوەبوو کە لەکاتی خۆیدا و زۆر بەخێرایی وەڵامی نەیارانی داوەتەوە ،بەتایبەت ئەوانەی بۆنی سووکایەتی لەقسەکانیان یاخودلە پرسیارەکانیان هاتوە،ئەو بەجۆرێک بەرسیڤی داونەتەوە کە دەمبەستی کردوون.
ئەو تێکۆشەرە مەزنە تائەو ڕۆژەی تەرۆریان کرد پشویەکی نەدا ، ژیانێکی ئاسایی لەتەک خێزانەکەیدا نەژیا ،بەڵام هەرگیز کۆڵی نەداو بێزار نەبوو، چونکە دەیزانی ئەوە باجی کوردبوونە دەیدا.ئەو بەردەوام بەڕێگەی دادگاو بنکەکانی پۆلیسەوە بوو،لەزۆربەی باژێڕەکانی تورکیادا دۆسیەی هەبووە ،لەدۆسیەیەک دەربازدەبوو لەشوێنێکی تر دۆسیەیکی تری بۆ کراوەتەوە .
لەسەر شتی وابێ ماناو بێ نرخ لێپێچینەوە ولێپرسینەوەیان لەگەڵداکردوە کە عەقڵ قەبوڵی ناکات .وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، لەسەرووەختی جەنگی جیهانی دووەمدا قەیرانی خۆراک لەتورکیا پەیدا دەبێت،بۆئەوەی خۆی و ئەو خوێندکارە کوردانەی لەو بەشە ناوخۆییەدا لە ئەستەمبوڵ دەژیان کە ئاپێ موسا خاوەنداری کردوە،بۆئەوەی برسی نەبن، دەنێرن لە گوندەکانی کوردستانەوە لەلایەن کەسوکاریانەوە خواردنی وشکەیان بۆبێت وەک ساوەر،نیسک، نۆک و پیاز. لەسەر ئەمە سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن،
بەبەهانەی ئەوەی کە گوایە خوێندکارە کوردەکان فێردەکات تا خواردنی ئیستانبوڵ نەخۆن ، هاوکاتهانیان دەدات تا خواردنە نەتەوەییەکانی کورد لە بیر نەکەن.ئاپێ مووسا دەڵێئێمە لەنەبوونیدا ئەو خواردنانەمان دەخواد،کەچی ئەوەی خەبەری لێداین هەروەها پۆلیسیش خستبوویانە قاڵبی سیاسەتەوە.جا لەسەر ئەوە جارێکی دیکە بانگھێشتی بنکەی پۆلیس کرابوو.
زۆر جار بیرەکەمەوەو لەخۆم دەپرسم کە چۆن بەرگەی ئەو هەموو مەینەتیەی گرتووە ؟ وەڵێ دەمێک ئاوڕێک لە دیرۆکی سەخت و دژوارو پڕ تراژیدیای نەتەوەکەم دەدەمەوە، دەگەمە ئەو ڕاستیەی کەدەڵێت هەر تاکێکی کورد گەر بەشێک لە غەمی نەتەوەکەی کردەکۆڵ ،ئیدی ژیان و چارەنووسی دەبەسترێتەوە بە چارەنووسی نەتەوەکەیەو دەبێتە بەشێک لێی ،کەواتە ژیانی هێژا مووسا ئاوێنەی گەلەکەی بووە ،یاخود کورد واتەنی ژیانی مووسا [ مشتێک بووە لە خەروارێک] .
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتی و ناهەقی و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەیدا کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە هەرگیز ورەی بەرنەداوەو لەتێکۆشان سارد نەبووەتەوە ،هاوکات ئەم حاڵەتەی نەکردوەتە کەرەستەیەک بۆ دژایەتی کردنی گەلی تورک، بەڵکو تەنها دەسەڵاتداران و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی تاوانبارکردوە،هەربەهۆی ئەم هەڵوێستە جوانەیەوە هاوسۆزی کۆمەڵێک ڕووناکبیری تورکی بۆخۆی ڕاکێشاوە : لەوانە ئیسماعیل بێشکچی،عەزیز نەسین،نازم حیکمەت ،پرۆفیسۆر سەروەر تانیللی وکەس و لایەنە چەپەکانی تورکیاش .
لەپاش خوێندنەوەی بیرەوەریەکان لەلایەن پرۆفیسۆر ساروەر تانیللیەوە نامەیەکی دەستخۆشی بۆ مووسا دەنووسێت و لەبڕگەیەکدا دەڵێت[ئەو ستەم و چەوساندنەوەو ئازاردانەی دووچاری خۆت و نەتەوەکەت بوون ،گەر ١% ی ڕاستبن ئەوە شەرمەزاریە بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەم،بەڵام دڵنیام کە ١٠٠% هەموویان ڕاستن ،بۆیە من ئەوە بەتاوان دەناسێنم.]
دەسەڵاتدارانی تورک دەیانزانی کە مووسا عەنتەر کەسێکی زیرەک و بیرتیژەو بەئاگاوە دەجوڵێتەوە،هەرگیز بەهانەی نەداوە بەدەستەوە ،هەربۆیەش زۆربەی جارەکان لەدادگاکان بێ تاوان دەردەچوو.
ئەو دەمەی هاوژینەکەی فرانسۆ میتران{دانیال میتران}بەسەردانێک لەتورکیا دەبێت،بەڕێز مووسا عەنتەر دەبینێت ،گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی خراپی کورد دەکەن،پاشان خانمە دانیال بانگهێشتی مووسا دەکات بۆ فەرەنسا بەمەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسێک دەربارەی دۆزی کورد.
پاش ماوەیەک ڤیزەو داوەتنامەی پێدەگات،دەمێنێتەوە سەر ڕەزامەندی [میت] ،ئەوانیش کۆمەڵێک بەهانەی پێدەگرن،مەبەستیش ئەوەیە کە ڕێگەی سەفەری لێبگرن کە هەرواش بوو. دوا بیانو پێ ئەڵێن تۆ بەر لەچەندساڵێک قاچاخچێتیت کردووە،ئەویش وێرای ئەوەی پێکەنینی بەو تۆمەتە دێت ، داوای بەڵگەدەکات،پێی دەڵێن بەڵگەکان لە فڵان باژێڕە،ئەویش سەفەری هەمان باژێڕ دەکات،لەوێ پێی دەڵێن تۆ هیچ دۆسیەکت لای ئێمە نیە،ئیدی تێدەگات کە هەوڵدان بئ هودەیە بۆیە واز لە مەسەلەی سەفەر دێنێت .
سەیری سەخافەتی کاربەدەستانی تورک بکەن هەر تۆمەتی قاچاخچێتی مابوو بیدەنە پاڵی ،خۆشبەختانە بە هەوڵ و تواناو لێهاتوویی خۆی هەموو تۆمەتەکانی بەدرۆ دەخستەوە.
ئاپی مووسا ڕۆژنامەنووسێکی کاراو چالاک بووە ،وەک سەرنووسەر چەندین ڕۆژنامەی بەڕێوە بردوە ،یاخود ئەو ڕۆژنامانەی ئەو کاری تێداکردوون پڕفرۆشترین ڕۆژنامەبوون. لەڕووی بیروبۆچوونی سیاسیەوە سەربە مەدرەسەی چەپ بووە و وەک چەپێکی کورد ماوەیەک ئەندامی{پارتی کرێکارانی تورکیا}و بەربژێریان بووە بۆ یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا.
ئەوەی پتر دەسەڵاتدارانی تورکیای تووڕەو سەغڵەت کرد کتێبەکەی یاخود شانۆنامەکەی بوو بەنێوی [برینی ڕەش]+.ئەم کتێبە وەرگێڕدرایە سەر چەندین زمانی ئەوروپی ،تەنانەت لەسوید کردیانە دەقێکی شانۆیی و لەسەر شانۆ نمایش کرا،بەڵام لەتورکیا قەدەغەکراو لەبازاڕەکاندا کۆکرایەوە.
وەزیری ئەودەمەی تەندرووستی[١٩٥٩] دەربارەی نەخۆشی برینی ڕەش گووتبووی هۆکار خواردنەوەی ئاوی پیسە نەک گەنمی ژەهراوی،
نازم حیکمەتیش لە مۆسکۆوە بابەتێک دەنووسێت بەنێوی[ئابڕووچوونەکەی وەزیری تەندرووستی].
مووسا عەنتەر وێرای ئەوەی نووسەرو ڕۆژنامەنووسێکی بەتواناو سەرکەوتووبوو ،هاوکات خاوەنی ئەقڵێکی کاراو تیژبوو بوو،بەتایبەتی زرنگی لە خوێندنگا،وەڵامی گونجاو بۆ پرسیارەکان،بەرزی توانای بەڕێوەبردنی پرۆژەی بازرگانی گچکە یا مەزن و زۆر بواری دیکە.
بەکوردی و کورتی مووسا عەنتەر دیاریەکی مەزن بوو بۆ گەلی کورد،بەڵام بەداخەوە نەژادپەررستانی تورک بەرگەی ئەو ڕاستیانەیان نەگرت کە دەیخستنە ڕوو،جا بۆئەوەی ئەم مرۆڤە مەزنە پایەکانی ئەو دەوڵەتە فاشیە زیاتر هەڵنەتەکێنێت و پتر ئابڕوویان نەبات ،بڕیاری تەرۆرکردنیان دا.
لە ڕێکەوتی [ ٢٠/٩/١٩٩٢ ] مووسا عەنتەر لە هۆتێلێک دەبێت لە دیاربەکر،کەسێک دێتە لای و داوای لێدەکات کە کێشەی نێوان دوو لایەن چارەسەربکات،ئەویش لەدڵپاکی خۆیەوە قەبوڵی دەکات ،بەتەکسیەک لەگەڵ بکوژەکە دەچنە ئەو کۆڵانەی کەگوایە ئەو ماڵەی تێدایە کە ڕێکەوتنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەناکاو ئەوکەسەی لەگەڵیدا بووە لەناو کۆڵانێکی تاریکدا چەند فیشەکێک دەنێت بە مووسا عەنتەرەوەو و گیان لەدەست دەدات.
وەک هەندێک لە میدیای تورکی بڵاویان کردەوە ئەوانەی لەپشت تەرۆرکردنەوەکەوەبوون گرووپی[ژیتەم ]ن ،ئەوەی سەیرە لەپای ئەو تاوانە قێزەوەنە دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی جددی نەناو دۆسیەکەیان داخست.وەک خوێندمەوە تەنانەت بەخاک سپاردن و پرسەکەی زۆر سنووردار کرابوو.
دواوتەم ئەوەیە کە ئەم کتێبە تەنها یاداشتنامەی کەسێک نیە ،بەڵکو بریتیە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی دیرۆکی نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو لە بەشێکی کوردستان کە باکوورە،ئەو زوڵمەی تائێستاش بەردەوامە،وەلێ ئەوەی مایەی شانازیە لەبەرامبەردا بەرەنگاربوونەوەش بەردەوامە.
سەرنج/ دەربارەی [+برینی ڕەش] هیچ نانووسم چونکە لە کتێبەکەدا باس کراوە،هیوادارم لەدەرفەتێکدا بیخوێننەوە.
*موسا عەنتەر، لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی (زڤینگێ) ی سەر بە شارۆچکەی نوسەیبینی پارێزگای مێردین، لەدایک بووە، دایکی موسا عەنتەر یەکەم موختاری ژن بووە لە تورکیا، لەساڵی ١٩٤٤ ژیانی ھاوسەری پێکھێناوەو خاوەنی دوو کوڕو کچێک بووە، بە ناوەکانی عەنتەر و دیجلە و ڕەشێ.




دیسان ئاسۆ حاجی قووڕمیش کرایەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

سەعد قوڕەیش دەربارەی نووسەرە قەڵەمفرۆشەکان دەڵێت :{لە قۆناغێکدا کە ستەم دەگاتە ئاستێکی باڵا ،ئەو دەمە کایەی ڕووناکبیری دەبێتە کاڵایەک بەئاسانی لەلایەن ڕووناکبیری بەئەزموونەوە هەڕاج دەکرێت،ئەو ڕووناکبیرەی کە خۆی وەک (خاوەن پیشە) دەبینێت نەک وەک خاوەن پەیامێک کە لەوانەیە نرخەکەی لەدەستدانی ژیانی بێت.}
د.عەبدولکەریم بەکاریش لەم بارەوە دەڵت[ڕووناکبیری ڕەسەن ئەوکەسەیە کە هەڵگری ڕاستیە بەرامبەر بە هێزی ستەمکار، ڕووناکبیری ساختەش ئەوکەسەیە کە نانی لەسەر وەستانیەتی لەگەڵ زاڵمدا دژ بە زوڵم لێکراو]
کارەسات لەوەدایە خۆت بەڕووناکیر و نووسەر بزانیت و داکۆکی لە دەسەڵاتیکی گەندەڵ و ستەمکار بکەیت. لەوە کارەساتتر ئەوەیە کە ئەو نووسەرە تەواو دڵنیایە لەوەی کە خودی خۆیشی بڕوای بەو قسانە نیە.
لەهەردوو زۆنی زەردو سەوز چەندین قەلەم بەدەست هەن کە هەردەم وەک پاسەوانی سەرکردەکان لەئامادەباشیدان بۆ پیاهەڵدان و جوانکردنی ڕووخساری ڕەشی سەرکردەکانیان ئەمانە هەرچی بەهای ئەخلاق و ئینسانی و ویژدانی هەیە لەدەستیان داوە،تەنها شتێک کەلەدەستیان نەداوە خەسڵەتی (ماستاوکردنە )بۆسەرەوەی خۆیان. یەکێک لەم ویژدان فرۆشانە کەسێکە سەربەزۆنی زەرد بە نێوی {ئاسۆ حاجی}،ئەم کەسە لەوجۆرە [کۆیلەنووسەرانەیە] کە کوردستان ئاوبیبات،خەڵک لەوە زیاتر هەژاربێت،مووچە نەبێت،خزمەتگوزاریەکان وەک ئاو کارەبا تەندرووستی خوێندن ڕێگاوبان لە خراپترین دۆخدابن ،ئەم مێش میوانی نیەو ویژدانی مردووی نابزوێنێت،بەڵام گەر کەسێکی باڵای حکومی یا حیزبی سەربە پارتی جوڵەیەک بکات ئەم خێرا وەک بووکە شووشەی قووڕممیشکراو دەکەوێتە جوڵە.
قووڕمیشکردنەوەی ئەمجارەی دەربارەی [دەسکەوتە مەزن و ستراتیژیەکەی] مەسرور بارزانیە کە لە واشنگتۆن وەک ڕێبوار وەلی دەڵێت ( لەسەر بەتانیەکی تەحالووف] واژۆ کراوە.
ئەم قەڵەم رسواو سوکانە ئامادەن مێروویەک بکەنە فیلێک لەبەرژەوەندی دەسەڵات ،خۆ گەر بەپێچەوانەوە کەماسی و شکستی بێت ئەوە بێبەهای دەکەن.
ئەز ناچمە ناو تەفاسیلی پیاهەڵدانەکەی ئاسۆ حاجی کە بەر لە چەندڕۆژێک لە ماڵپەڕی شارپرێس بە ناونیشانی{ئەو گرێیەی مەسرور بارزانی لەئەمەریکا کردیەوە}پۆستی کردبوو،بەڵکو تەنها ئەو بڕگانەی لێوەردەگرم کە سوود بەم وتارەم دەگەیەنن.

سەیری ئەم بڕگەیە بکەن کە چەند گاڵتەجاریە ،چەند وێرانە کەدەڵێت: (لەدوا ڕۆژەکانی ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکایەتی دەکات، دەسکەوتەکانی گەیاندە ئاستێک، کە خەڵکی کوردستان بەئومێدو خۆشحاڵیەوە چاوەڕێن کە سەرۆکایەتی کابینەیەکی بەهێزترو پڕ دەسکەوتتری لێبکەن.)
ئاخر بێ ویژدان بەچ ڕوویەکەوە باسی دەسکەوت دەکەیت ؟ ئایا نەتبیستوە لە خەڵک و تەنانەت هەندێک لەپارتیەکانیش بەدزیەوە دەڵێن شکستخوارترین کابینە ئەم کابینەی مەسرور بووە. مەبەستت کام دەسکەوتە؟ بێ کارەبایی،بێ ئاویی، بێ مووچەیی ،نادادپەروەری،زیادبوونی دزی و گەندەڵی، نەمانی فەزای ئازادی،کووشتنی نەیاران،بەندکردنی ڕەخنەگران.
یا تەخشان و پەخشانکردنی داهاتی هەرێم بەئارەزووی خۆی،داگیرکردنی زەوی خەڵک و دەوڵەت و پێدانی بەنرخی تۆڵەکە بە مافیاکانی پارتی، نازانم چیترت بۆ بنووسم.

لەم بڕگەیەشدا ئاسۆ نووسیویەتی:
{لەو چەند ساڵەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی‌و کابینەکەی ڕوبەڕوی ئاڵنگاری‌و فشارو هێرشی زۆر توند بونەوە، بەڵام ئەوانە تەنها بونە هێزێک بۆ ئەوەی دەستبەرداری ستراتیژییەتی بونیادنان نەبێت، لەڕێگه‌ی ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حوکمڕانی‌و گرتنەبەری ڕێگه‌ی دروست بۆ گره‌نتیكردنى ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان.}
دیارە ئەم ئاسۆیە لەهەسارەیەکی دی دەژی واباسی ئالنگاری و فشارو هێرشی تووند دەکات.خۆزگە بمزانیایە ئەو فشارانە لە چ لایەنێکەوە دێن ، ئەودەمە پێناسەیەکی گونجاوم بۆدەکرد،ئاخر کێ دەوێرێت بچوکترین ڕەخنە بگرێت بەتایبەتی لە زۆنی زەرد ؟ گەر شتی وا ڕووبدات هەر بەڕۆژی ڕوناک دەیفڕێنن و بەدەردی سەردەشت عوسمانی دەبەن ،خۆگەر مەبەستی یەکێتی بێت ئەوە ئەوان لەحکومەتدا بەشدارن ،ناڕازیەکانیان تەنها بۆڵە بۆڵەو هیچی تر .
سەبارەت بە دەستەواژەی {ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حکومڕانی ،دیارە مەبەستی کابینەکانی پێشوی نێچیرە ،پێم وایە ئەمەش پەیامێکە بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆبەردەوامی مەسرور لەکابینەی داهاتوودا.
حەقیقەتێک هەیە پێویستە بیڵێم ئەویش ئەوەیە هەرچی کابینە هەیە بەخواری هاتوون ، هەر کابینیەکی نوێ دامەزرابێت لە کۆتایدا خواروخێچیەکەی لەوەی پێشتر زیاتر بووە ،بە دانپیانانی خەڵکی هەرێم ئەم کابینە بەسەرچووەی مەسرور لەهەموویان خوارترە ،بەجۆرێک خوارە کە هەرگیز ڕاست نابێتەوە.
لەکۆتایدا دەڵێم مۆراڵ ویژدان پێویستن بۆمرۆڤ تا ڕاستیەکانی پێ ببینێت ،خۆگەر نەبوون ئەودەمە حسابی مرۆڤێکی زیانبەخشی بۆدەکرێت.




نیگەران مەبن ،ئەوان باشتر ڕەوشەکە هەڵدەسەنگێنن.. گۆران هەڵەبجەیی

لەپاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی نێوان جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی ،فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع،سەرۆکی کاتی سوریا ،سەدەها بۆچوون و شرۆڤە سۆشیال میدیای تەنی.
من لێرەدا تەنها تیشک دەخەمەسەر لایەنی کوردی کە پانتاییەکی زۆری لە سۆشیال میدیا داگیرکرد ،بەتایبەتی فەیسبووک.
دەمێک ڕووداوێک گۆڕانکاریەک کارەساتێک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکدا دێتە ئارەوە و وێنەیەکی تەواو نوێ خۆی نیشان دەدات، ئەو دەمە ئاساییە لەبارەیەوە بیروراو بۆچوونی جیاواز و هەڵوێستی هەمەجۆر گوزارشت لەخۆیان بکەن.
سەبارەت بەو ڕێکەوتنە سێ جۆر هەڵوێست ودەربڕینم بەدی کرد کەئەمانەن:
جۆری یەکەم زۆر نەرێنی و تاڕادەیەکیش ڕەشبینیان پێوە دیارە ،بەداخەوە بڕێکیان لە قاڵبی سوکایەتیدا و بە ئاشبەتاڵ شوبهاندویانە، کە ئەمەش دەلالەت لەکوورتبینی دەکات لە خوێندنەوەی ڕەوشی ڕۆژئاوادا.
بەدڵنیاییەوە لەم گرووپەدا کەسانی خەمخۆرو لایەنگری ئەو ئەزموونەی ڕۆژژئاوا هەن ،وەڵێ پێچەوانەکەیشی هەن کەهیوادارم کەمینەبن.
جۆری دووەم زیاتر نیگەرانی پێوەدیارە کە هەڵقوڵاوی دڵسۆزی و پەرۆشیانە بۆ ئەو ئەزموونە سەرکەوتووە و ناخوازن لەنێو بچێت ،بەڵام پێدەچێت ڕووکەشیانە شرۆڤەیان بۆ ڕێکەوتنەکە کردبێت و حسابیان بۆ ئەوبەندانە نەکردبێت کە ئاشکرانەکراون ،کەئەمەش لەزۆرێک لەڕێکەوتنەکاندا هەن .
جۆری سێیەم ئەوانەن کە جیاواز لەدووگروپەکە خوێندنەوەیەکی واقیعیانەو ژیرانەیان بۆ ڕێکەوتنە کە کردوەو پێشوازی لێدەکەن.
هەوڵدەدەم لێرەدا بۆچوونی خۆم سەبارەت بەو ڕێکەوتنە دەرببڕم کە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆ دەگرێت .
لایەنە ئەرێنیەکان:

  1. یەکەمجارە لە مێژووی دەوڵەتی سوریادا لە بەڵگەنامەیەکی فەرمیی دەوڵەتدا دان بەبوونی کوردا دەنرێت.کە پێویستە پاشان لەدەستووردا جێگیربکرێت.
  2. ئەم دانپیانانە دەروازەیەکە بۆ مامەڵەی و پەیوەندی راستەوخۆی وڵاتان لەگەڵ هەسەدە و هیزە سیایەکانی ڕۆژئاوا.
  3. گەڕانەوەی ئاوارەکوردەکانی عەفرین ،سەری کانی،گرێسپپیی و شوێنەکانی دیکە .
  4. هێزی چەکداریی [هەسەدە] هەرگیز هەڵناوەشێتەوە ،بەڵکو یەکدەخرێت و ناوێکی دیکەی پێدەدرێت ،یەکخستن جیاوازە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوه.
  5. ڕەوشی کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ لەژێرکۆنتررۆڵی خۆیاندا دمێنێتەوە،بەسەرچاوە ئابوریەکانیشەوە.
  6. ئەم ڕێکەوتنە هەگیز لە بەژەوەندی تورکیادا نیەو تورکیا گۆشەگیر دەکرێت،واتە ئەمە لێدانێکە لە پێگەی تورکیا ، چونکە هەوڵ و ئامانجی تورکیا نەمانی ئەوکیانەبوو ،بەڵام ئێستا نەک هەرمایەوە بەڵكە شەرعیەتیشی وەرگرت .ئەم هەڵوێستەی تورکیا لەوەدا دەرکەوت کە درەنگ ڕای خۆیان دەربڕی کە بەهیچ جۆرێک پیرۆزبایی تێدا نیە،هاوکات ڕایانگەیاند کە هێرشەکانیان بۆسەر ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت.

.7دەرکەوت کە ئەمەریکا ڕۆڵی هەبووە لەم ڕێکەوتنەدا ئەمەش بۆخۆی جۆرێک لە هێز ومتمانە دەبەخشێتە ڕێکەوتنەکە.
.8ڕاگرتنی شەر لە هەموو بەرەکانی جەنگدا بەتایبەت لە بەنداوی تشرین،گەر ئەم خاڵە سەربگرێت ئەوە دەسکەوتێکی مەزن دەبێت بۆ هەسەدە.
.9.زۆرێک لە ڕێکەوتنەکان دۆسیەیەک یا چەند خاڵێکی هاوپێچی ئاشکرانەکراوی لەگەڵدایە کە پاشان لیژنە تایبەتمەندیەکان کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەن. کەواتە ئەم ڕێکەوتنە تەنها بریتی نیە لەو خاڵە ئاشکرایانە.
10.ئەم ڕێکەوتنە پێگەی کورد لە جیهاندا بەهێز دەکات،بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی نێوین.

خاڵە نەرینیەکان :

  1. هیچ ڕێکەوتنێک نیە کە هەردوولا چیان بوێت پێی بگەن،بەڵکو بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە پێویستە هەردوولا تەنازولات بۆ یەکتری بکەن.کەواتە بەدووری نازانم هەسەدەش لەهەندێک داواکاری خۆی تەنازول بکات.
  2. لەدیرۆکی دانوستانەکاندا ڕوویداوە کە هەندێکیان شکستی هێناوە ئەویش بەهۆی پاشگەزبوونەوەی لایەنێک لەلایەنەکان.لەم حاڵەتەدا گەر پاشگەزبوونەوە ڕووبدات بەبۆچوونی من لەتەرەفی دەسەڵاتی دیمەشقەوە دەبێت.
  3. لەدیرۆکی حکومڕانی سوریادا هەر حیزبێک دەسەڵاتداربووبێت دژی گەلی کورد بووە و لە مافی هاوڵاتیبوون بێ بەشی کردون،بەتایبەت حیزبە نەتەوەییەکان بەنمونەی حیزبی بەعس ،بەڵام حیزب و لایەنە ئاینییەکانیش بەدەرنەبوون لە دژایەتی کوردی سوریا ،بەڕای من هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ بەعسدا نەبووە و دۆژمنایەتی خۆیان بە ڕاشکاوانەو ئاشکرا دەربڕیوە ،بەتایبەتی ئیخوانەکان،جا ئەمانەی ئێستاش کە درێژکراوەی قاعیدە و جەبهەی نووصرەن ،هەمان هەڵوێستی دوژمنکارانەیان بەررامبەر بەکورد بەگشتیی هەبووە ،گەر گۆڕانکاری بەسەر سیاسەت و هەڵوێستیاندا نەیەت ئەوە ئاستەنگ بۆ ئەم ڕێکەوتنە دێتە پێش و دەردەکەوێیت کەبەهۆی نالەباری ڕەوشەکە ئەو دژایەتیان خەفەکردوە .
  4. گەر هەر ڕێکەوتنێک ڕەنگدانەوەی قەناعەتی تەواو نەبێت و وەک پێداویستیەکی چارەسەری هەمیشەیی سەیرنەکرێت، ئەوە هەر دەرفەتێکی گونجاو بێتە ئاراوە ئەودەمە بۆ پاشگەزبوونەوە بەئاسانی پاساو دەدۆرێتەوە ،کەواتە گرنگە ئەم ڕێکەوتنە وەک ستراتیج سەیربکرێت نەک وەک تاکتیک.
  5. لەئێستادا ئەحمەد شەرع لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەری ئەردۆغاندایە،جا بەدووری نازانم ئەردۆغان کار بۆ تێکدانی ئەم ڕێکەوتنە بکات، چونکە بەهیچ جۆرێک لەبەرژەوەندی تورکیادانیە.
    لەکۆتایدا گەرەکمە بێژم ئەوەی هەردەم دڵخۆشی کردووم ئەوەیە کە کوردانی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا لە کوردانی هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان ناچن ،بەتایبەت دەسەڵاتدارانی باشوور. ئەوان بۆ بەرژەوەندی و لەپێناوی خەڵکدا حکومڕانی دەکەن نەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان .مەسەلەی ئاشبەتاڵ لەفەرهەنگیاندا نیە، پاشەکشەو چۆکدادان بۆ دوژمن لەکەلتوریاندانیە.
    گەر ئەم ڕێکەوتنە سەری گرت ئەوە بۆهەردوولا بەسودە و ڕۆژئاوا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە،خۆگەر شکستی هێنا کەئومێدەوارم ئەوە ڕوونەدات ئەوە ئەوان بەچەک و هێزو توانای خۆیانەوە لەجێی خۆیانن و درێژە بە خەبات دەدەن، لە خزمەت و پێشخستن و ئاوەدانیدا بەدەوام دەبن. ئەوان ئەزمونێکیان دامەزراندوە کە پایەکانی ڕۆچووەو بەهیچ هەڵناکەنرێت،هاوکاتت ڕێزی جیهانیان بۆخۆیان ڕاکێشاوە .
    هەسەدەو هێزە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا توانیان لەماوەی چەند ساڵێکدا موعجیزە درووست بکەن کە لە باشوور بە سێدەیە زیاتر نەیانتوانیوە کارێکی وابکەن هاووڵاتیان ئاسودەو ڕازی بکەن.
    کەواتە با گومانمان لەدڵسۆزیان نەبێت متمانەیان پێبکەین،با ڕێگەبدەین خۆیان چۆن دەخوازن لەبەرژەوەندی خۆیان بڕیاربدەن ،چونکە ئەوان لەدۆخەکەدا دەژین و باشتر شارەزان. تاوانبارکردنیان بە ئاشبەتاڵ هەرگیز لەجێی خۆیدا نیە و ناهەقیە .
    هاوکات بانیگەرانیەکانمان پشتبەستووبێت بەخوێندنەوەیەکی درووست و واقیعی بۆ بارودۆخی ڕۆژئاوا و سوریا بەگشتی و وڵاتانی دوروبەر.
    بالەحکومداندا پەلەنەکەین و چاوەڕێ بکەین بزانینن ئایندە چی پێیە ،بەشبەحاڵی خۆم تەنها هێندەم لەدەست دێت کەهیوای سەرکەوتن و سەرفرازیان بۆبخوازم.

گۆران هەڵەبجەیی




لە گروپێکی گچکەوە بۆ لوتکە.. گۆران هەڵەبجەیی

دەمێک لە نۆڤەمبەری ساڵی[ ١٩٧٨ ]ی سەدەی ڕابردوودا چەند گەنجێکی باکوور کە ژمارەیان لەپەنجەکانی دەستێک تێپەڕی نەدەکرد،سەرکێشیەکی مەزنیان کرد، ئەویش دامەزراندنی حیزبێکی سەرچڵ و شۆڕشگێڕ بوو بەنێوی{پارتی کرێکارانی کوردسستان}.
ئەودەمەی ئەو گەنجە خوێنگەرمانە ئەم هەنگاوەیان هاوێشت هەرگیز بیریان لەوە نەکردبوویەوە کە ئەم حیزبە لە ئایندەدا تورکیای ئەندامی ناتۆ ،لەڕووی ئابوری وسەربازیەوە ماندوو دەکات و دەبێتە هۆی قەیرانێکی هەمەلایەن بۆیان .
ئەوەش لەهزریاندا نەبوو کە لەجیهاندا دەناسرێن و دەبنە ژمارەیەکی گرنگ لە نێو هاوکێشەکانی دەڤەرەکە. یانژی دەبنە بابەتی گەرمی میدیاجیهانیەکان و ناوەندە سیاسی و حکومیەکان.
دیارە گەر لەودەمەدا ژینگەیەکی لەبار لەتورکیا بۆ کاری حیزبی لەئارادابووایە ، ئەو چەند گەنجە پاش چەند ساڵێک ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان هەڵنەبژارد کەئەویش پەنابردن بوو بۆچەک.
تورکیا وەک دەوڵەت لەپاش ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی لەسەردەستی کەمال ئەتاتورک ،ئیدی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، نەژادپەرست،نادادپەروەر چەقێنرا . لەو مێژوەوە تا ئەم سەردەمەش هەرئەتنیک و نەتەوەیەک داوای مافی خۆی کردبێت لەوانە میللەتی کورد ئەوە بەدڕنداترین شێواز سەرکووتکراوە. هەر ئەمەش بوو وای لە (پەک) کرد بۆ داکۆکی لە بوونی گەلەکەیان چەک هەڵگرن.
میللەتی زیندو و خاوەن کەرامەت هەرگیز ڕێگەنادات سوکایەتی و چەوساندنەوە ببێتە میتۆدێکی چەسپاو ، هەرگیز ملکەچی واقیعی سەپێنراو نابێت،بەڵکو بەهەر شێوازێک بێت داکی لەخۆی دەکات،ئەمەش لە شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی باکوردا بەجەرستەبوون ،کە بەداخەوە سەرجەمیان زۆربەدڕندانە خامۆش کران.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی تورکییای ڕەگەزپەەرست ،ئەم حیزبە ساڵی [١٩٨٤]بە ڕابەرایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان یەکەم بڵێسەی شۆڕشی چەکداری هەڵکرد .ئەم شۆڕشە بە میتۆدێکی نوێ و لەبەرگێکی ئایدۆلۆجیای چەپی سەردەمیانەو شۆڕشگێڕانەدا خۆی نمایش کرد. ،ئیدی لەودەمەوە تائێستا بڵێسەی ئەو گرە بڵندترو مەزنتر دەبێت .
شۆڕشی پارتی کرێکاران تەنها لە ڕێکخستنێکی پڕدسپلین و هێزێکی چەکداریدا قەتیس نەبوو ،بەڵکو بەرهەم هێنەری کۆمەڵێک لەداهێنانی سەرکەوتووی ناوازەبوو لە شێوەی ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەی هەمە بوارو هەمەلایەن و هەمە ئەرکدا، لە وێنەی میدیایی ،کۆمەڵایەتی،هونەری، کەلتووری،گەنجان،زارۆک ،ژنان،ئینسانی ،ئابووری و چەندین بواری دیکە.. دەتوانم بڵێم وڵاتی ئەوروپی نیە دەستی ئەم ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەریانەی پێنەگەشتبێت.
هاوکات وڵاتێک،کیشەوەرێک دەڤەرێکی ئەم جیهانە شکنابەم کە کوردی تێدابژی و کاریگەری ئەم بزافە شۆڕشگێڕەی لەسەر نەبێت،ئیدی وەک ئەندام و لایەنگر یاخود وەک بوونی چەندین چالاکی و پرۆژەی هەمەجۆر،کە ئیلهامیان لەم بزافە وەرگرتوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بزافە شۆڕشگێڕە ئەو کۆتوبەندەی شکاند کە دەوڵەتی تورک بەناوی [تەرۆرەوە] کردبوویە ملی،ئێستا وڵاتانی جیهان بەچاوی خۆیان دەڕواننە ئەم بزافە نەک بەچاوی دەسەڵاتدارانی تورک.ڕاستە تائێستاش بەهۆی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیانەوە ناتوانن مامەڵەی ڕاستەخۆیان لەگەڵ بکەن ،بەڵام داوەتکردنی هاوسۆزو دۆستەکانیان لەلایەن هەندێک وڵاتانی خاوەن سەنگی ئەوروپاوە ،یاخود داکۆکی پەرلەمانتارانی ئەوروپی لە کوردو دۆزەڕەواکەی لەدانیشتنەکانیاندا،یان پێشوازی گەرم بەچەپڵەڕێزان لە سەرکردەسیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن جەماوەری بەرفراوانی وڵاتانی ئەوروپا ،یانژی پێشوازی گەرم لەکەلتوورو گۆرانی کوردی لە جیهاندا ،هەموو ئەمانە دەرەنجامی خەباتی کەڵەکەبووی ئەو شۆڕشەیە بەهەردوو باڵەکەیەوە.
لەسەر ئاستی کوردستانیش هێندە بەسە کە بڵێین ئەم بزافە دۆزی کوردی بردەوەتە ئاستێکی باڵا کە دەتوانم ناوی بنێم {شۆڕشی ناسنامە لە ناخی تاکی کورددا}،ڕوونتر بێژم بەر لەو سەرهەڵدانە تاکی کورد بەتایبەت لە باکوور لەدۆخێکی پڕنائومێدی و فشارو ترسدا دەژیا ،بەجۆرێک نەیاندەوێرا کوردبوونی خۆیان ئاشکرابکەن ،بەڵام ئێستا بەگەنج و بەتەمەنەوە سەربەرزانە و بەشانازیەوە باسی کوردبوونی خۆیان دەکەن و داکۆکی لە ناسنامەی خۆیان دەکەن.،ئەمەش لە کۆبوونەوەکانی دایکانی شەممەو ئاهەنگەکانی نەورۆزی باژێڕەکانی باکوورو ئیستەنبوڵ و چالاکیە هەمەجۆرەکاندا دەردەکەون.
خاڵێکی گرنگ پێویستی بەئاماژەیە ئەویش مەسەلەی شۆڕشە چەکداریەکەی پارتی کرێکارانە ،ئەم شۆڕشە چەکداریە کە بەر لە[٤١]ساڵ بەرپابوو ،وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ،مەبەست لێی داکۆکی کردن بوو لەبوون و شوناسی نەتەوەکەیان لەباکوور ،واتە چەک ئامرازبوو بۆگەیشتن بە ئامانج.ئامانجیش بریتی بوو لە گەیاندنی پەیامێک بە دەسەڵاتدارانی یەک لەدوای یەکی تورکیا ،کە دەڵێت ئێوە چەند بەهێزو باڵادەست بن ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن ،ناتوانن بێدەنگمان بکەن ،ئێمە بەرەنگارتان دەبینەوە ،زیانتان پێدەگەیەنین،ئارامیتان دەشێوێنین،خەوتان دەزڕێنین.
ئەودەمەی ئەم شۆڕشە چەکداریە سەری هەڵدا ژمارەیان کەم بوو،گەورەترین چەکی دەستیان کڵاشینکۆف بوو،دۆستەکانیان کەم بوون و دوژمنیان زۆر ،بەڵام لە ئێستادا پەکەکە وەک حیزب و وەک هێزی چەکدار لە ئاستێکی باڵادان ،بەو ڕادەی خاوەنی درۆن وچەندین جۆرەچەکی پێشکەوتوون کەهەندێکیان بەرهەمی ئەقڵی خۆیانە. دڵنیام کە دەسەڵاتدارانی باڵای تورکیاش ئەم حەقیقەتە دەزانن و حساب بۆ ئاستی توانای گەریلا دەکەن.
کەواتە هێزی گەریلا بەرەنگاری تورکیایەک بووەتەوە کە دووەم هێزی ناتۆیەو خاوەنی تەکنەلۆجیای سەربازی و هەمووجۆرە چەکێکی پێشکەوتووە .
دەتوانم بڵێم لە ئێستادا پارتی کرێکاران لە پێگەی هێزدایە نەک لاوازی ، دۆست و دوژمن ئەم ڕاستیە دەزانن ، بۆیە دەتوانم بڵێم تورکیا لەڕووی سەربازیەوە چەند بەهێزبێت ناتوانێت کۆتایی بەوهێزە شۆڕشگێرە بهێنێت.
دیارە چوونە نێو پرۆسەی دانووستان بۆ ئاشتی لە مەوقیعی هێزەوە باشترین بژاردەیە ،چونکە لەم حاڵەتەدا سەپاندنی داواکاریەکان گەر هەموویشی نەبێت بواری زیاترە.
لای ئەردۆغان ڕوونە کە {پێ کا کا} لەئێستادا وەک هێزی گەریلا یا وەک هێزێکی سیاسی خاوەن دسپلین نەلاواز دەکرێت و نەلەناودەبرێت ،بۆیە ڕێکەوتن لەگەڵیدا تاکە بژاردەیە و هاوکات بژاردەیەکی ئەقڵانیشە.
دوا قسەم ئەوەیە گەرئەم بزافە شۆڕشگێڕە لە ڕێڕەوی خەباتیدا بەچەندین قۆناغی دژوارو سەختدا گوزەری کردبێت و لە چەند خەباتگێڕێک و ژمارەیەک گەریلاوە گەشتبنە ئەم ئاستە باڵایەی ئێستا، کەواتە باترس و خەم داماننەگرێت ودڵنیابین کە ئایندە لەبەرژەوەندیانە.

گۆران هەڵەبجەیی




دەبێ تێبگەن.. گۆران هەڵەبجەیی

حیزب ئامرازێکە بۆ گەشتن بەدەسەڵات وپاشان خزمەتکردنی خەڵک لەو ڕێگەوە،جاگەر حیزبێک ڕاستگۆبوو لەگەڵ خۆی و بەشێکی گرنگی لەبەرنامە حیزبیەکەی جێبەجێ کرد کە لەدەمی هەڵبژاردندا یاخود وەک درووشمی حیزبەکەی بەرزی کردوونەتەوە ،ئەوە حسابی حیزبێکی سەرکەوتوو و خاوەن هەڵوێستی بۆدەکرێت.
ئەمجۆرە سیاسەت و حیزبایەتیە لە وڵاتە مۆدێرن و پێشکەوتوەکاندا بەتایبەتی ئەوانەی ڕەچاوی پرەنسیپە ستاندرو باوەکانی کاری حیزبی دەکەن و ڕێز لە ئەندام و جەماوەری دەنگدەر دەگرن تا ئاستێکی بەرز پەیڕەودەکرێت.
لێ لە سیستەمە تۆتالیتارو دواکەوتوەکاندا کارەکان بەجۆرێکی ترن،بەوەی حیزبەکانی دەسەڵات تاکە هەوڵ و تەقەلایان مانەوەیە لەدەسەڵات،ئیدی جێبەجێکردنی بەرنامەی ئینتخابی و بەڵێنی خزمەتکردن فلسێک ناهێنێت و پشتگوێی دەخەن.
گەر یەکێتی و پارتی بەنمونە بهێنمەوە ئەو ڕاستیەمان بۆدەردەکەوێت کە ئەم دووحیزبە لە ماوی [٣٤] ساڵی حکومڕانیاندا لەگەڵ بەردەستبوونی ئەو گشت پارەیە کە لەچەندین سەرچاوەوە دەستیان کەوتووە کەچی نەیانتوانیوە یاخود ڕوونتر بڵێم نەیانویستوە خزمەتی خەڵکی پێبکەن ،گەر تاڕادەیەکی کەمیش بێت هەوڵبدەن هاوڵاتیان لەخۆیان ڕازی بکەن.
لەبری ئەوە هەردووحیزب ئیمپراتۆریەتی سامان کۆکردنەوەیان دامەزراند،مافیا ئاسا کەوتنە بەتاڵانبردنی هەرچی سامان و سەرچاوەی ئابووری کوردستان هەیە ،لەبەرامبەردا سیاسەت و حیزب و خەڵک و وڵات و بەرژەوەندی نیشتمان، هەموو ئەمانەیان خستە سندوقێکەوەو قفڵێکی گەورەیان لێداو کلیلەکەیان فڕێدایە بەنداوی دوکانەوە.
بەهۆی ئەوەی ئەم دووحیزبە ئامانجیان کۆکردنەوەی پارەیە ،جا لەو پێناوەدا هەموو ڕێگایەکی نایاسایی و ناشەرعی و نائەخلاقی دەگرنەبەر، باگەر دزینی پارووی دەمی منداڵە هەژارەکانیش بێت.بوار نەماوە دزی تێدانەکەن،شوێن نەماوە گەندەڵی تێدا نەکەن،پێگەیەکی ئابووری نەماوە دەستی بۆنەبەن ، کۆنترۆڵی سەرجەم کایە ئابوریەکانیان کردوە، لەو شوێنانەوە بەردەوام پارەیان بۆدێت و بەمەش خەرمانی پارەدزراوەکان تابێت بەرزتردەبێتەوە.
سەیرلەوەدایە ڕۆژبەڕۆژ تۆڕە ئابووریەکانیان فراوانتر دەبێت بەوەی بەردەوام پێگە و سەرچاوەی نوێ دەدۆزنەوە بۆ دزی و سەندنی باج و سەرانە.دوکاندار هەیە هەشت نۆ جۆر باج دەدات بێ ئەوەی سەری لێدەرکات کە هی چین.
کارگەیشتوەتە ئەوەی دەست بۆ تاکەسەرچاوەی بژێوی مووچەخۆران و خانەنشینان ببەن.
ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێت مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیەکیان بە ڕێک و پێکی وەرنەگرتوە،دەسەڵات چەندین موووچە قەرزداری مووچەخۆرانە.لەکاتی چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەدا بەتایبەتی خانەنشینان سوکایەتیان پێدەکرێت لەحەسرەتدا لێیان دەمرێت ،کەچی دەسەڵاتداران مێشێک میوانیان نیە. لەهەر وڵاتێکی دیکە ئەوە ڕوویبدایە ،بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کەرامەتی هاووڵاتیان پارێزارەوە،دەسەڵات و حکومەتی دووچاری قەیرانی ئەخلاقی دەکرد و حکومەتی پێدەڕوخا.
ئەم مافیانە خۆیان کوڕو کوڕەزاکانیان شاهانەدەژین وخاوەنی ملیارات دۆلارن ،کەچی پێیان قەلسە و سەختە بۆیان گەر مووچەخۆران داوای مافی خۆیان بکەن .هیچ باکیان بەژیانی سەختی خەڵک نیە کە بە چ کوولەمەرگیەک دەژی .لە بەدبەختیدا خەڵکی باشوور ڕووبەڕووی دووحیزبی ویژدان مردوو بوونەتەوە کە ژیانی خەڵک لەوە سەختتریش بێت باکیان پێ نیە و هەرگیز کێشەی ئەوان نەبووەو ونیە..
لەم ڕوانگەوە گەشتوومەتە ئەو قەناعەتەی گەر هەموو مامۆستایانی مانگرتوو گیان لەدەست بدەن ،سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە خەیاڵیاندا نایەت ،چونکە ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە بەردەوامی ماشێنی پەیداکردنی پارەیە لەکارکردن.
یەکێتی و پارتی لەمێژە لە وەهم و خەیاڵدا دەژین، وا تێگەشتوون تاستەم وچەسانەوە و برسیکردن و ناعەدالەتی لەسەر خەڵک زیاتر بێت ،ئەوان باشتر و زیاتتر پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن . بەڵام دەبێ تێبگەن هەر ئەم وهمە دەبێتە لاوازبوون و لەدەستدانی دەسەڵاتیان . دەبێ تێبگەن پارێزگاری لە دەسەڵات بە چەکداری دەمامکدارو شەقووەشێن و کەسانی مشەخۆرو بندیوارو هیچ و پووچ و ستەمکاری ناکرێت. لەوە دڵنیام دوور یا نزیک ،ئیمڕۆ یا سبەی خەڵکی کوردستان لەوە زیاتر ستەمکاریتان قەبوڵناکەن،دەبێ تێبگەن کە ڕۆژێک دێت دەکەونە بەر نەفرەت و بێزاری خەڵک. دەبێ تێبگەن کە تووڕەیی خەڵک لە شکاندنی[ قەڵای دێگەڵە] و ڕێکردن بەرەو هەولێر لەلایەن هەودارانی مانگرتوانەوە بەرجەستەبوو کە ئاماژەیە بۆ هێزی جەماوەرو شکستی هێزی پارتی.




پیاوە بەددەکانی پارتی.. گۆران هەڵەبجەیی

دانانی کەسانی لێهاتوو شارەزا پرۆفیشیناڵ و خۆشەویست و قەبوڵکراوی خەڵک، یەکێکە لە پرەنسیپەکانی دەسەڵات و حکومەتە سەرکەوتووەکان ،بەتایبەتی گەر قسەلەسەر پۆستە هەستیارەکان وەک وەزیر،پارێزگار،قایمقام ،وتەبێژ،ڕاوێژکاربێت ،چونکە ئەمانە ڕووی دیاری دەسەڵاتن و بەرکەوتنی بەردەوامیان لەتەک خەڵک و میدیاو کەسانی بێگانە هەیە. کارەسات لەوەدایە یەکێتی و پارتی وەک چۆن دەسەڵاتەکەیان شلۆق و گەندەڵە، هاوکات دوورن لە نمونەی دەسەڵاتی مۆدێرن .
دیارە دەسەڵاتی خراپ و شکستخواردوو تەنها لە پلان و سیاسەت و بڕیاری کەسانی یەکەمدا قەتیس ناخوات بەڵکو شتێکی سرووشتیە کە شۆرببێتەوە بۆ خوارەو ە و پۆستەکانی دیکەش بگرێتەوە ،لەئاکامدا دەبنە ئاوێنەی دەسەڵاتە فاشیلەکە.
لەودەمەوەی ئەم دوو حیزبە کۆنترۆڵی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتیان کردوە ،دیقەتم داوە بەدەگمەن کەسانی بەموراڵ و شارەزاو خاوەن ئەتەکێتیان لەپۆستە گرنگ و هەستیارەکاندا داناوە، سەرجەم یا زۆرینەیان کەسانی{نەخوێنەوار} نەشارەزا لە بوارەکانیاندا،خاوەن زمانی زبرو بێ ئەتەکیەتن.
سێ نمونەی زیندوو لەبەردەستدان کە ئەوانیش پێشەوا هەورامانی{وتەبێژی حکومەت و ئومێد خۆشناو{پارێزگاری هەولێر} وکیفاح مەحمود {ڕاوێژکاری} مەسعود بارزانی.
لە هەموو دیرۆکی پارتیدا کەسم نەدیت هێندەی ئەم سیانە بێ شەخسیەت،بێ ئەتەکیەت،نەشارەزا لە کارەکانیاندا،خاوەن زمانی بازاڕی دوور لە عورفی دیبلۆماسی. .
دوێنێ مامۆستایان ،مووچەخۆران،پشتیوانانی مامۆستایانی مانگرتووی سلیمانی، ئەمانە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن تا داواکاریەکانی مانگرتوان بگەیەننە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان ،ئەوەبوو پارتی لەپشتی دێگەڵە بەزەبری هێز ڕێگەی لێیان گرت و نەیانتوانی بەرەو هەولێر بڕۆن.
ئەمە بەشێکی کێشەکەیەو سرووشتی پارتی ناسراوە کە بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەوجۆرە چالاکیانەنادات ،بەتایبەتی دەرکەوت کە ژمارەی ڕێکەران زۆربوون .
کێشەو سکەنداڵە مەزنەکە لە قسەکانی ئومێد خۆشناو و کیفاح مەحموددا یە. کیفاح ئەو مرۆڤانەی بە{ڤایرۆس} شوبهاندبوو . ئەم پێناسەیە زۆر زۆر دوورە لە ئەخلاق و گوزارشتی کەسێک خۆی بە ڕۆشنبیر بزانێت وبەردەوام میوانی میدیا عەرەبیەکان بێت. چۆن ڕوویدێت لەمەودوا بەخۆی بڵێت ڕوناکبیر؟
ئومێدیش گووتبووی [ئەو میوانانە ڕەزا قورسن و وەریان ناگرین].ئەم قسەبازاڕیەی نەک هەر مانگرتوان و ڕێپێوانانی تووڕە کرد ،بەڵکو ملیۆنان کوردی لەناوەو دەرەوەی کوردستانی هێنایە قسە.ئومێد خۆشناو بەم قسەبازاڕیەی هەندێک لە بەرپرسانی پارتیشی ڕووگیرکرد ،بۆیە هەوڵیان دا فەزاحەتەکەی ڕاست بکەنەوە ،بەوەی گوایە ئەو قسانە تەنها گوزارشتت لەخودی خۆی دەکات. گەر پارتی ئەم خۆشناوە لەپۆستە کەی دوورنەخاتەوە ئەوە شەرمەزاری زیاتر بۆ پارتی دەهێنێت.
هەر پەیوەست بە ئومێد خۆشناوەوە دەمەوێت ئاماژە بەدووخاڵ بکەم ،یەکەم ئەو پارێزگاری هەولێرە، واتە هەرچی قەزاو ناحیەو گوندە دەکەونە ژێر قەڵەمڕەوی پارێزگاری هەولێرەوە.بەڵام هەر کارێک پەیوەندی بە باژێڕی هەولیرەوە هەبێت وەک[باژێڕ] ئەوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی [قایمقامەوە] نەک پارێزگار.ئەمە لە هەموو دونیادا وایە،پێم وابێت ئەم پرەنسیپە تەنها لەپارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ کراوە.
وای بۆدەچم کەسیان، واتە [قایمقام و پارێزگار]سنووری کار و دەسەڵاتی خۆیان نازانن ،یاخود پێدەچێت کە ئومێد تەجاوزی دەسەڵاتەکانی خۆی کردبێت و لەبەشی قایمقامیش بخوات ،ئەمەش تەنها بەمەبەستی خۆدەرخستن.
دووەم ئەم کابرایە خۆی فڕێدەداتە هەندێک شوێن و هەڵوێستەوە کە لە ئاکامدا خۆی پێ سووک و ڕسوابووە ،ئەمانەش چەند نمونەیەکن: بەخشینەوەی خەیار ،کە لەوکاتەوە ناوی {ئومێدخەیار} بڕاوە بەسەریدا.پێشوازیکردن لە ئارین کوڕی مەسروور ،کە دەزانین ئەم گەنجە هیج پۆستێکی حییزبی و حکومی نیە،ئەوە بوو لەلایەن حیمایەکانی ئارینەوە سوکایەتی پێکراو کەوتە بەر پاڵ.دواشت کەوتنەدوای مەسرور لەکاتی بینینی بەرپرسێکی بێگانەدا ،لەوێشدا حیمایەکانی مەسروور ڕێگریان لێکرد و بەچاوی میدیاکانەوە سوکایەتیان پێ کرد.بەڵام دیارە ئەم ئومێدە وانە وەرناگرێت ،بۆیە بەدووری نازانم لەئایدەدا دووبارەیان بکاتەوە.
سەبارەت بە پێشەوا هەورامانیش شتێکی لە ئومێد کەمترە ، جا بۆئەوەی ئەم باسە درێژ نەبێت ئەو هەڵدەگرم بۆ دەرفەتێکی گونجاو.




ڕاکردن لە کوردایەتی و قەبوڵکردنی نامەردی.. گۆران هەڵەبجەیی

{ئیسلامیەکان باشوور بەنمونە}

{خۆشەویستی وڵات شەرەفە ،ئەوشەرەفەش بەزۆرنادرێت بەکەسانێک کە نەخوازن-شێخ سەعید پیران}
[کوردبوون سەختە،ڕاکردن لێی نامەردیە- بەڕێز ئۆ-جەلان]

گەر تێکۆشانت پێ ناکرێت،گەر ناتەوێت لەگەڵ ئازارەکانی نەتەوەکەتدا بیت ،گەر هاوسۆزی بەرخوردان و خەباتی سەختی نەتەوەکەت نیت،گەر دڕندەیی و فاشیەتی ڕژێمە داگیرکەرەکان هەستی مردووت نابزوێنێت، تاڕادەیەک ئەمانە ئاسایین چونکە شتێک تۆی بەستوونیەتەوە بە نەتەوە و نیشتمانەکەتەوە ،تەنها زمانە،بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەم جۆرە مرۆڤانە دژ بە خواستی گەلەکەیان کاربکەن و ببنە چاوساغ و کۆیلەی دوژمنانی خودی نەتەوەی خۆیان .
لێرەدا بەپلەی یەک مەبەستم لە ئیسلامیەکانی باشوورە ،بە ئەحزاب و ڕەوت و مەلاو کەسایەتی و ژمارەیەکی زۆر لە ئیمانداران.بە ئەزموونی ڕابردوودا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم جۆرە مسوڵمانانە ئەوەی جێگەی بایەخ نەبێت لایان پرسی نەتەوەیە،نەک هەر گرنگی نیە لایان بەڵکو هەمیشە دۆزی نەتەوەکەیان کردوەتە قوربانی ئاینەکەیان.لەکن ئەوان مسوڵمانێکی میانمار کە هەزارەها کم دوورە لێیانەوە پیرۆزترە لە کوردێکی بێ باوەڕیی وڵاتپارێز.ئامادەن هەموو کورد بکەنە قوربانی وڵاتێک،حیزبێک،ڕێکخراوێک یاکەسێکی مسوڵمان، ئیدی لەهەرکوێی ئەم هەسارەیە بێت.
ئەمانە لەمێژە دابڕاون لە هەستی خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان ،دەتوانم بڵێم هەڵوێستیان هاوتەریبە لەگەڵ گەڵ دامەزرێنەرو سەرانی ئیخوانی میسر .بۆنمونە حەسەن بەننای دامەزرێنەر دەڵێت[هیچ ئینتمایەکم بۆ نیشتمان نیە،وە سید قطبیش دەڵێت{نیشتمان لە مشتێ خۆڵی بۆگەن زیاتر هیچی ترنیە.]
لەڕابردوو وە لەئێستاشدا ئەو هەمووستەم و چەوساندنەوەو وێرانکاری و داگیرکاری و کووشتارەی سوپای ئەردۆغان لە عەفرین،سەری کانی ،گرێ سپی و دەڤەرەکانی باکوور ئەنجامیداون ویژدانی مردویانی نەجوڵان و بەوشەیەکیش ئیدانەیان نەکرد،کەچی مسوڵمانێک لە دوورترین خاڵی جیهان بکوژرێت ئەمانە شیوەنی بۆدەگێڕن و میدیاکانیانی خۆیان پڕدەکەن لەهاوسۆزی بۆی.دڵنیام ئەم مسوڵمانە ئەردۆعانیانە بەلەناوچوونی ئەو ئەزموونە سەرکەوتوەی ڕۆژئاوا خۆشحاڵدەبن ،بەتایبەت گەر سەرکەوتوو ئەردۆغانی بەناو مسوڵمان بێت.
دەمێک لە ڕێگەی میدیاکانەوە بەگەرمی داکۆکی لە حەماس دەکەن لەکنیان زۆر ئاساییەو و بەئەرکێکی ئاینی دەزانن ،بەڵام دەمێک دەربارەی کوردی ڕۆژئاوا یا باکوور پرسیاریان لێدەکرێت ئەو دەمە یاخۆیان گێل دەکەن یادەڵێن باسەکەمان ئەوەنیە یا خود ئەوە بابەتێکی سیاسیە.
بەویژدانەوە دەڵێم کە ژمارەیەک لەئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکان تادەگاتە ئاستی سەرکردایەتی،هەندێک مەلاو وتار خوێن ،پیاوانی ئاینی ناودار، ئیسلامی ئاسایی بێلایەن ،ئەمانە خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی جوانن و بەردەوام داکۆکی لە خاک و نیشتمان دەکەن و سەرکۆنەی ڕژێمە چەوسێنەرەکان دەکەن ،ئەمانە جێگەی ڕێزو خۆشەویستین و ئومێدەوارم نمونەیان زیادبێت .دوای لێبوردن دەکەم کە ناوی ئەو بەڕێزانە یاداشت ناکەم نەکا ناوی کەسێکیانم لەیاد بچێت ببێت هۆی زویربوونی.
لەولاشەوە هەرچی مەلاو پیاوانی ئاینی تورک هەیە لەدەمی هێرشی سوپای تورکیا بۆداگیرکردنی عەفرین، لەسەرجەم شارو شارۆچکەو گوندەکانی تورکیاوە لەمینبەری هەزارەها مزگەوتەوە نزاوپاڕانەوەیان بۆسەرکەوتنی سوپای تورکیا دەکرد.هەموو گوێمان لەو مەلایانە بوو کەهاواری دەکردو بانگەوازی بۆ سەربازە تورکەکان دەکرد و دەیگووت {بەزەیتان بەمارمێلکەدا بێتەوە بەڵام بەزەیتان بەکورددا نەیتەوەو بیانکوژن}.جاگەرئەمە هەڵوێستی ئیماندارێکی لەخواترس بێت ئەی دەبێ کەسێکی شۆڤێنی چیبڵێت؟ دڵنیام کە مەلا تورکەکان سەبارەت بەهەڵوێستیان بەرامبەر بەکورد هەمان هەڵوێستی ئەردۆغان و باخچەلی و حیزبەکانیانەو دەبنە شۆڤێنیەکی عەیار [٢٤].سەیرلەوەدا بوو لەو چەند هەزار پیاوی ئاینی و مەلایانەی کوردی باشوور ،نەمبیست کەسێک وەڵامی بداتەوە گەر نەرمە وەڵامێکیش بێت .
لەوانەیە مسوڵمانانی کورد نەزانن یا دەزانن و خۆیانی لێ گێل دەکەن کە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بە ئەردۆغانیشەوە هەموو کورد بەدوژمن دەزانن ئیدی چەکدار،بێچەک،عەلمانی،ئیسلامی و هەڵگرانی هەر ئاین و مەزهەب و ئایدیایەک بێت.
بۆ جوانکردنی دەسەڵاتەکەی خۆی ،ئەردۆغان چەند کوردێکی خۆفرۆشی مسوڵمان لەکاتی پێویستدا بەکاردەهێنێت ،ئەوانەش درێخیان نەکردوە لەو ڕووەوە و زیاد لە پێویست بەئەرکی جاشایەتی خۆیان هەستاون ، بەنمونەی عەلی قەرەداغی،مەلا ئەحمەدی پێنجوێنی،مەلامەزهەری دەم هەڕاش،مەلاهەڵۆی کەمەرگر،یاخود سەرۆکی حیزبە ئیسلامیەکان وەک سەلاحەدین بەهادین ،علی باپیر عیرفانی مەلا عەلی و هاوفکررەکان و ئەندامەکانیان.
لەهەر چوارپارچەی کوردستان چەند هەزارێک مزگەوت هەن ،ئەمانە لەلایەن مەلاو بانگخوازەوە بەڕێوەدەبرێن،ئەوەی بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە کە جگە لە بەشی باشوور سەرجەم مەلاکانی سێ بەشەکەی دیکە هەڵوێستی جوامێرانەیان هەیەو بەردەوام پشتگیری نەتەوەکەی خۆیان کردوە،تەنانەت هەندێکیان بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییانەوە دووچاری هەڕەش و گرتن و دەرکردن لەمەلایەتی بوونەوە ،بەتایبەتی مەلا بەڕێزەکانی ڕۆژهەڵات،کەچی ئەوانەی باشوور بێهەڵوێسترین ،ترسنۆکترین نامەردترین توێژن.وادیارە ئەو نامەردیەیان پێ قەبوڵە کە بریتیە لەڕاکردن لەکوردایەتی،دەی پیرۆزیان بێت نامەردی و جاشایەتی.




بنەما داتەپیوەکانی مەسعود بارزانی.. گۆران هەڵەبجەیی

{دەوڵەت بەمرۆڤی نەخوێنەوار بەڕێوە نابرێت}،دکتۆر یوسف محەمەد.
ئەو دەسەڵات و ڕژێمانەی کە حیزبە تۆتالیتارییەکان بەڕێوەیان دەبەن،بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران دەبنەوە کە بەرهەمی [ئەنقەستی]خودی خۆیانن.
هەڵسەنگاندنی هەر دەسەڵاتێک لەڕووی شکستی یا سەرکەوتوویی ،بە پێوەری کارەکانی هەڵدەسەنگێنرێت ،گەر سەرکەوتووبوو ئەوە خەرمانی کارە سودبەخشەکانی بەرزدەبێتەوە ،خۆ گەر شکستخواردووبوو ئەوە تای تەرازووی کارە خواروخێچەکانی قووستر دەبێت.
سەیر لەوەدایە ئەو جۆرە ڕژێمانە کە جڵەوەکانیان بەدەست حیزبێک یا دووحیزبی ئەقڵ دواکەوتووەیە کە نامۆن بە هونەری حکومداری مۆدێرن و هاوچەرخ ،وا تێدەگەن کە زۆرسەرکەوتوون و خەڵک لێیان ڕازیەو پێویستە بەردەوام ستایش بکرێن.ئەم بیرکردنەوە نادرووست و ناواقیعیە لەئەنجامی دووری و دابڕانیانەوەیە لە خەڵک.
ئەم بەرپرسە حیزبیانە بەردەوام لەوەهمادەژین ،وەهمی عەزەمەت،وەهمی خۆشەویستی نێو خەڵک،وەهمی زەرووریەتی مانەوەیان لەدەسەڵاتدا .ئەمانە خۆیان بەوە دەخڵەتێنن کەلە دەمی دەرکەوتنیاندا هەندێک بندیوارو گەجەروگووجەر چەپڵەیان بۆلێدەدەن یاخود سێلڤیان لەگەڵدا دەگرن.
حەقیقەتی ئەم جۆرە سەرکردانە ئەودەمە دەردەکەوێت کە دۆستەکانمان لە غەیرەکورد ، لە خراپی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات ئاگاداردەکەنەوە ،یاخود کاتێک دەنگی ناڕەزایی و بێدادی خەڵکی ستەم لێکراو دەگاتە بارەگاکانیان.
بەو حسابەی پارتی دێرینترین و گەورەترین حیزبە لە باشوور ،ڕەفتارەکانیشی وەک حیزبی بەعس ، دەرەنجامی ئەقڵیەتی پارتی پێشڕەو و خۆبەمەزنزانینن.
ئەم وەهمە واتە وەهمی[زەعامەت و عەزەمەت] زۆر بەی سەرکردەکانی پارتی گرتوەتەوە بەوەی خۆیان زۆر لەسەرووی خەڵکەوە دەبینن و حسابی ڕەعیەتیان بۆدەکەن.
مەسعود بەرزانی کە لەدوای کوژرانی ئیدریسی برایەوە سەرۆکی ئەو حیزبەیە،ئەم گشت تەمەنە نەفێری سیاسەت و حیزب بەڕێوەبردنی کردوە وە نەفێری وڵات بەڕێوەبردن. [٣٣]ساڵە لەگەڵ زۆنی سەوز هەرێم دەبەن بەڕێوە،دیارە بەپێی مەوقعی جوگرافیا و نفوز و توانای هێزوپارە ،پارتی پتر کۆنترۆڵی حوکومڕانی بەدەستەوەیە.
ئەم سەرکردەیەی پارتی وڵات بە عەشیرەت تێگەشتوە ،هەر بۆیەش بەعەقڵیەتی سەرۆک عەشیرەت مامەڵە لەگەڵ جوومگەکانی حیزب و حکومەت دەکات .
ئەوەتی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارن هەرێمیان نغرۆی قەیرانی قوڵکردوە،لەبری ئەوەی هەوڵبدەن بڕێک لەو قەیرانانە سووک یا چارەسەر بکەن ، دەبینین بەردەوام قەیرانی نوێ دێنە پاڵیان. دەمێکیش دەنگی ناڕەزایی و بێزاری خەڵک بەرزدەبێتەوە ،یەکێک لەم سەرکردە حکومی یا حیزبیانە دێت هەندێک قسەی ناوەڕۆک بەتاڵ بۆمیدیاکان دەکات کەهیچ ئەرزشێکیان لای خەڵک نیەو هەرگیز جێگەی بڕوانین، وانیشانی دەدات کە ئاستەنگیەکان گەورەنین و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنیان نراوە ،بەمەش لەنرخی کێشەکان کەمدەکاتەوە .
یەکێک لەو کەسانەی کە لەدەمی قووڵبوونەوەی ئاستەنگی و گرفتەکاندا ،دەخوازێت خەڵک چاوەشە بکات مەسعود بارزانیە.
دوای هەڵبژاردنە پڕ ساختەکاریە {دیزاینکراوەکەی}پەرلەمانی کوردستان ،دۆخێکی ئاڵۆز هاتەوەتە پێشەوە ،جا ئەم سەرۆک فاشیلە هاتوەتە مەیدان و قسەی هیچ وپوچ فڕێدەدات کەگوایە [بنەمان] بۆچارەسەری دۆخەکە. تۆیەک کە لەدوای ڕاپەڕینەوە هەموو بڕیارە چارەنووسسازەکانت بەدەستبووە،عەرەب واتەنی [کل في کل] خۆت بوویت و ئێستەش هەرخۆتیت ،جا شوێنی خۆیەتی بپرسم بۆچی هەرگیز هەوڵت نەداوە بەپێی {بنەما} عەبقەریەکانت چارەسەری کێشەیەک بکەیت لەو کێشە هەمەجۆرەی کە باری سەرشانی خەڵکی ستەملێکراوی دەستی ئێوەی گران کردوە ؟ خێرە تائێستا خۆت و حیزبەکەت گچکەترین کێشەی هاوڵاتیانتان چارەسەر نەکردوە کەچی ئێستا دەتەوێت بە [فانۆسەکەی عەلادین] چارەسەری بکەیت؟
دڵنیام و زۆرینەی خەڵکی هەرێمیش هاوڕامن کە هەتا ئێوە پاشای عەرشی کەلاوەبن هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکەن،چونکە ناتانەوێت.ئەوەی گرنگە بەلاتەوە [دزی دزی دزیە ]کەهەرگیز تێرناخۆن.
سەیر لەوەدایە کەسانێک کە خۆیان بە سیاسەتمەدارو ڕوناکبیرو چەپ دەزانن دێن ئارایشتی ئەم قسە {بێ بنەما}یانەی مەسعود بارزانی دەکەن و دەخوازن بەخەڵکی بفرۆشنەوە.
بەڕاستی کارەساتە سیاسەتمەدارێک کە ئەزموونێکی درێژی لەسیاسەت و حیزبایەتی و دنیای نووسین و شارەزایی دەربارەی ڕووداوەکانی جیهان هەبێت ،کەچی پروپاگەندە بۆ کەسێکی نەخوێندەواری ناسیاسی بکات و ئومێدی چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی لەسەر هەڵبچنێت.
هەرکەس ئەمەی کردبێت ئەوە شەرمەزاری بۆخۆی و حیزبەکەی و مێژووی خەباتی خودی خۆی دێنێت و لە ماستاوکردنێکی بێمانا بەولاوە هیچی تر نیە، کە لەوانەیە مەبەستێکی بەرژەوەندیدار لەپشتیەوە بێت . خاوەنی ئەم دەنگە داکۆکیکارانە لە مەسعود بارزانی ، دەبێ بگەنە ئەو قەناعەتە و باش بزانن کە ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییانەی تالەبانی و بارزانی ڕزیون،گەنیون، ئێکسپایەربوون و شەرعیەتیان لەدەستداوە ،هاوکات تاوانبارن بەوەی کارەساتیان بەسەر خەڵکدا هێناو و پتر لە [٣٣] ساڵە ژیانی خەڵکیان کردوەتە دۆزەخ،جا هەرکەسێکیش لە هەر پێگەیەکدابێت خۆی لەم حەقیقەتە لادات ئەوە وەک سەرانی هەردووحیزب تاوانبارەو دەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو ، هەر پیاهەڵدانێک گەر بێ مەبەستیش بێت ئەوە دەچێتە خانەی هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوە و جوانکردنی {بنەما داتەپیوەکان بارزانی}.

گۆران هەڵەبجەیی




گەمژەکانی ئەمەریکا گەمژەکەیان سەرخست.. گۆران هەڵەبجەیی

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەریخست کە [دوناڵد ترامپ]ی سەرمایەدار بەڕێژەی {%51}بەرامبەر بە{47,5} لە[کاملا هاریس]ی بردەوە.زۆربەمان دەزانین کە ئەمەریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهان لەڕووی ئابووری و سەربازیەوە ،پایەکانی لەسەر بەرژەوەندی وەستاون،دۆست و دوژمنەکانیش بەرژەوەندی دیاریان دەکات کە بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. لەوانەیە هەندێک زانیاریی دەربارەی کارکردنی ماشێنی زەبەلاحترین وڵاتێکی وەک ئەمەریکا لەکن کەسانی سادە کارێکی زەحمەت بێت، لێ لەکن ئەوانەی سەرقاڵی سیاسەتن، چۆنیەتی کارکردنی ئەو ماشێنە تاڕادەیەک زانراوە. ڕاستە سەرۆکی وڵات لەکۆشکی سپی دادەنیشێت و بەکۆمەڵێک ڕاوێژکاری بەتوانا لەبوارە جیاجیاکاندا دەورەدراوە کە سەرۆک بەپێی ڕاوێژ و ڕێنماییان هەندێک بڕیار وەردەگرێت ،بەتایبەت پەیوەست بە بڕێک لە پرسە ناوەکی و دەرەکیەکان ،بەڵام زۆربەی بڕیارە چارەنووسساز و هەستیارەکان لەدەرەوەی کۆشکی سپی لە لایەن چەند گروپێکەوە وەردەگیرێن کە بەرژەوەندی پێکەوە گرێیداون لەوانە،نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەکانی جەنگ،نوێنەرانی بانکە زەبەلاحەکان،نوێنەرانی گرووپی فشاری جولەکەی دەستڕۆیشتوو کە بۆبەرژەوەندی ئیسرائیل کاردەکەن. جا هەر سەرۆکێک بە پێچەوانەی خواستەکانی ئەم [گرووپە کاریگەرانە] ڕەفتار بکات، ئەوە کێشەی بۆدرووست دەکەن یا وەک {کەنەدی }دەیکوژن.
………………………………………
لە دیرۆکی سەرۆکەکانی ئەمەریکادا کە ژمارەیان[٤٧] سەرۆکە لە[جۆرج واشنتۆنەوە دەستپێدەکات {١٧٨٩}تا دەگاتە ترامپ ،کەبۆ دووەمجار دەسەڵات دەگرێتە دەست، هیچیان هێندەی ئەم ترامپە گێل و گەمژە نەبوون،هێندەی ئەم ڕاستڕەو وهزردواکەوتوو وڕاسست نەبوون،هێندەی ئەم دژە ئافرەت و بێگانە نەبوون.
وەرە تۆ سەرۆکی زەبەلاحترین وڵاتی جیهان بیت کەچی هێندە شارەزایی و زانیاریت دەربارەی مێژوو و سیاسەتی وڵاتان و نەتەوەکان نەبێت کە بتوانیت لەبەردەم میدیاکاندا ڕووی خۆتی پێ سپی بکەیت؟زانیاریەکانی تەنها تایبەتن بەخودی ئەمریکا و لەوە بەدەر شتێکی پێنیە تا لەدەرەوەی سنووری ئەمریکا کاری پێبکات. لەدەورەی پێشودا دەمێک گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان داگیرساند بۆداگیرکردنی سەریکانی و گرێسپی ،ئەوەبوو لە ناوەو دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەیەکی زۆری هاتەسەر،کەچی بۆپاساو هێنانەوە بۆ ئەم کارە نامرۆڤانەی ویستی بەچەند قسەیەکی گەمژانە خۆی دەرباز بکات،لەوانە گوایە کوردەکان لەجەنگی دووەمی جیهانیدا هاوکاری سەربازی ئێمەیان نەکردوە،وەک ئەوەی کورد خاوەنی دەوڵەت و سوپایەکی پڕچەک بووبێت.یاخود گووتی کێشەی نێوان کوردو تورک پتر لە{٢٠٠} ساڵەو بەمن چارەسەرناکرێت.تەنها شتێک کە بەڕای خۆی پۆزەتیفە ئەوەبوو کەوتی کوردەکان شەڕڤانی ئازان.بەڵام خۆی لەوەلادا کە ئەو شەڕڤانە ئازایانە پێویستیان بە ژیانی ئاسودە و دوور لەهەڕەشەی تورکیا هەیە ،کە پاراستنیان لەئەستۆی ئەمریکادایە.
…………………………………………
سەبارەت بە گەمژەیی گەلی ئەمەریکا کە زیاتر مەبەستم زۆربەی ئەوانەیە کە دەنگیان بە ترامپداوە، بە دڵنیاییەوە وایە،ئەمەش پەیوەندی بە شێوەژیانیانیانەوە هەیە.ئەمەریکیەکان زیاتر بۆخۆیان دەژین و ئەولەویەت لەلایان خۆشگوزەرانی خۆیانە،کەئەوەش مافی خۆیانە ،وڵاتان و نەتەوەکانی دیکە گرنگیەکی ئەوتۆیان نیە لە کنیان،هەر بۆیەش زانیاریان دەربارەی ڕووداوەکانی جیهان لەزۆر لایەنەوە دەگمەن وکەمە.
………………………………………………….
پێم وابێت سەرەتاکانی ئەم سەدەیەبوو ئەکتەرێکی کۆمیدی دانمارکی بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی زانیاری ئەمریکیەکان سەفەری ئەمریکای کرد،لەشەقام و بازاڕەکاندا جۆرەها پرسیاری لە ڕێبواران دەکرد ،ئەوەی لەیادم مابێت ئەم پرسیارانەبوون: مارگرێت تاتشەر کێبوو؟نیلسۆن ماندیلا دەناسیت؟لە ئێستادا کێ سەرۆکی فەرەنسایە؟کەسیان وەڵامی درووستیان پێنەبوو،دەربارەی کۆچکردوو مارگرێت تاتشەریەکدوانێکیان گووتیان ئەکتەرە،ئەوانی دیکە وتیان نایناسین ،بۆنیلسۆن ماندیلاش هیچیان نەیانزانی کە کێیە ،لەهەمووی سەیرتر کەسێک گووتی ،وابزانم یاریزانی بۆکسێنە.لەهەمووی پێکەناویتر ئەوەبوو دەمێک ئەو ئەکتەرە کۆمیدیە لەبەردەمی {سوپەر مارکێتێکدا} وەستابوو،لەهەندێک لەوانەی پرسی کە دەهاتنەدەرەوە ،پرسیارەکەی ئەمەبوو:[وەک بزانیت ئەم سوپەرمارکێتە {شیری ماسی}یان هەیە؟
ئەم پرسیارەی لە چوارپێنجێک کرد تەنها یەکێکیان بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە، وەک ئەوەی بڵێ هێندە گەمژەنیم، بەڵام ئەوانی دیکە یادەیانگووت نازانم یاخود دەیانگووت بڕۆژوورەوە خۆت پرسیار بکە.
بۆیە بەدووری نازانم کە زۆرینەی ئەوانەی دەنگیان بەترامپداوە لەم جۆرەبن و وەک خودی ترامپ گەمژەن و شتێکی ئەوتۆ لە دانیا نازانن. تەنها ئومێدم ئەوەیە کە ئەمجارەش ترامپ کوردەکانی ڕۆژئاوا گورگانخوارد نەکات و گورگەبۆرەکەی تورکیایان تێبەرنەدات.

گۆران هەڵەبجەیی




پێویستە ناتانیاهوی یاخی ڕابگیرێت.. گۆران هەڵەبجەیی

کەم نین ئەو ڕابەرو سەرکردانەی لەجەنگدا ئەستێرەیان دەدەرەوشێتەوە ،ئەوانە جەنگ بە دەسکەوتێکی ئیلاهی دەزانن بۆ بەردەوام بوون لە دەسەڵاتەکەیان، هاوکات جەنگ هۆکارێکە بۆ خامۆشکردنی کێشەو قەیرانە ناوخۆییەکان .ئەم جۆرە سەرکردانە ،بەبێ ویست و ئارەزووی دانیشتوانی وڵاتەکە یاری بەچارەنووس و ژیانیانەوە دەکەن ،بۆیە بەردەوام بۆ هەل دەگەڕێن بۆ هەڵگیرسانی جەنگ.یەکێک لەوانە هیتلەربوو کە بەر لە دەسپێکی چەنگی دووەمی جیهانیدا گووتبووی:
[یەکەم شتی بنەڕەتی بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنی هەمیشەیی ،کارکردنی بەردەوام و ڕێکخراوەییە لە تووندوتیژی.]
دیارە چەنگیش بەشێکی سەرەکیە لە مەبەستەکەی هیتلەر ، بەوەی تووندووتیژی سیمایەکی سەرەکیە لە هەموو جەنگێکدا.
گومان لەوەدا نیە ئیسرائیلیەکان بەدڵسۆزی ناسراون بۆ وڵاتەکەیان ،ئەم دڵسۆزیەش وایلێکردوون کە بۆ پاراستن و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان هەموو شێوازێک بەکاربهێنن تا دەگاتە کاری زۆر نائینسانی .
لەدیرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لەساڵی[١٩٤٨]ەوە تا ئێستا چەندین سەرۆک وەزیر دەسەڵاتداربوون ،لە نێوانیاندا هەبووە تووندڕەو بێبەزەیی میانڕەو و هێمن. گەر هەڵەنەبم لەو دیرۆکەدا کەسیان هێندەی{ ناتانیاهۆ} بێ بەزەیی و سادی و شەڕانگیز نەبوون.
ناتانیاهۆ لەوپەڕی ڕاستڕەوەکاندایە،بەپشتگیری حیزبە ئاینیە تووندڕەوەکان زۆرترین کات بەسەرۆک وەزیری ماوەتەوە.
ئەم جەنگەی غەزە نیعمەتێک بوو بۆی باری ،تا پلانە مەترسیدارەکەی جێبەجێ بکات ،ئەویش لەناوبردن یا لاوازکردنی هەر وڵات و کیان و لایەنێکە کە بەهەڕەشەیان دەزانێت بۆسەر وڵاتەکەی ،بەنمونەی حماس ،حیزب اللە ، حوسیەکان ، ملیشیاکانی سەربەئێران لەسوریاو عێراق و خودی ئێرانیش.
هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات بەئیسرائیلیشەوە،بەڵام ناتانیاهۆ ئەم بەرگریەی لەسنوور دەرکردوە ، وێرانکاری ئەنقەست پەیڕەو دەکات ،زیادەڕۆیی لە پرۆسە سەربازیەکاندا دەکات ، ئەوەتا لەغەزەو لوبنان باڵەخانەکان بەسەر نیشتەجێبوونیاندا دەڕوخێنێت.
مەناعەتی نیە چەندین باڵەخانە تەختی زەوی بکات بە خەڵکەکەیەوە گەر بزانێت ئەندامێکی حیزبواللە لەیەکێکیاندایە. بەسیستەماتیک یەک لەدوای یەک گوندو باڵەخانەکان لە بەیروت و باشووری لوبنان وێران دەکات کە هەڕەشە نین بۆسەر سوپاکەی.
ئەوەی سەیرە ئیسرائیل لە مێژووی خۆیدا حسابی بۆ هیچ وڵاتێک نەکردوە و نایکات، تادەگاتە نەتەوە یەکگرتوەکانیش ،خۆی لەسەری هەموو جیهانەوە دەبینێت ،ئەوەتا بەهۆی ڕەخنەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان{ أنطونيو غوتيريش }،ناتانهاهۆ بە ناشیرینترین شێوە بەرسیڤی دایەوە .هەروەها دەمێک ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕەخنەی لەشێوازی بەڕێوەبردنی چەنگ کرد بەتایبەتی بەکار هێنانی تووندووتیژی زیاد لەپێویست، بەتووندی وەڵامی ماکرۆنی دایەوە .
نوێترین کاری ناتانهاهۆ کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی نیگەران و تووڕە کرد ،تەقەکردن بوو لە هێزی {یونیفل}ی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان کە بوونیان لە سنوری نێوان لبنان و ئیسرائیل هەیە ،مەبەست لەم تەقەکردنەش بێزارکردنییانە تا ئەو سنوورە چۆڵ بکەن.
زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی کە سەربازیان لەو هێزەدا هەیە، ئیدانەی ئەم کارەی ئیسرائیلیان کرد ،هاوکات {١٣٦} وڵات کە لەسەر ئاستی جیهان بەشداریان لەو هێزەدا هەیە سەرکۆنەی ئەو کارەی ئیسرائیلیان کرد، بەڵام ناتنیاهۆ گوێی بەو دەنگانە نەداو بۆجاری دووەم کارەکەیان دووبارەکردەوە. لەئەنجامدا بەرپرسی ئەوهێزانە لە لوبنان گووتی، بەهیچ خۆرێک شوێنەکانمان چۆڵ ناکەین ،جا پێدەچێت ناتانیاهۆ حساب بۆ ئەم پەیامەش نەکات چونکە جارێکیتریش ئەو هێزانەی ئاگادارکردوەتەوە کە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن ،بەمەرجێک ئەو هێزانە بەبڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکان لەوێن.
تەنها دەوڵەتێک کە کاریگەری لەسەر ئیسرائیل هەبێت و بتوانێت لەهەندێک شوێن ڕایبگرێت ئەمەریکایە،بەڵام وادەردەکەوێت ناتانیاهۆ لە بایدن و داروودەستەکەیشی یاخیە،بەوەی وەک هەواڵە جیهانیەکان بڵاویان کردەوە بایدن زۆر بەتووڕەییەوە سەرزەنشتی ناتانیاهۆی کردوە کە تەقەیان لەهێزەکانی یونیفل کردوە.
ئەوەی ناتانهاهۆ لە غەزە و لوبنان ئەنجامی دەدات بە پێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان دەچنە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی.
پێدەچێت ناتانیاهۆ بەنیازبێت دەڤەرەکە بەرەو ئایندەیەکی مەترسیدار ببات و جەنگێکی درێژخایەن بەرپابکات، بۆیە پێویستە بەر لەوەی ئاواتەکەی بەجێبهێنێت سنورێک بۆ یاخیبوونەی دیاری بکرێت.




ئایا بواری ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ماوە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

پرسیارێکی جددی هزری زۆربەمانی داگیرکردوە،پرسیارەکەش ئەوەیە ،ئایا دەکرێ هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکیۆبەر دووربێت لە ساختەکاری ؟
مەبەست لە لایەنی ساختەکار تەنها یەکێتی و پارتیە چونکە ئامرازەکانی ساختەکاری تەنها لای ئەوانە و هەر ئەوان بەوکارە هەڵدەستن ،لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لەساختەکاریدا بلیمەت بوون ،ئەنجامەکانیش بەجۆرەبوون کە ئەوان دەیانخواست.
هۆکارەکانی ئاسانکاری بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زۆرن لەوانە :
+دیاری کردنی ئەندامانی کۆمیسیۆن لەلایەن خۆیانەوە.
+کۆنترۆڵکردنی بنکەکان و زۆربەی چاودێران دیسان لە خۆیان بوون.
+هەژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان هەر خۆیان بوون .

  • بێ ترس دەستکاریکردنی ئەنجامەکان .
    +ڕێگەدان بە دەنگدەرانی سەربەخۆیان بە چەندین جاردەنگدان.
  • کۆنترۆڵکردنی بنکە دوورەدەستەکان ئەویش بەهۆی نەبوونی یا کەمی چاودێری سەربەلایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات.
    +بەلێشاو وەرگرتنی دەنگی کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان،بەتایبەت [هێزی ڕۆژ] ی ڕۆژئاوا و چەکدارانی سەر بە حسین یەزدان پەنا کە هەردوو گروپەکە درووستکراوی پارتین .
  • دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە بەرژەوەندی دوولایەنە حکومڕانەکە ،بەتایبەت ئێران , بە درووستکردنی هەزارەها کارتی ساختەی دەنگدان لەبەرژەوەندی یەکێتی.
  • مسۆگەرکردنی ١١ کورسی کۆتا بۆپارتی .
  • کڕینی دەنگ بەناوی پێدانی ئیمتیازات و خزمەتگوزاری کە تەنها بەڵێنی بەتاڵی بەر لەدانگدان بوون.
  • ئەنجامدانی گەورەترین ساختەکاری لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا.

بۆئەم هەڵبژاردنە هاوکێشەکە جیاوازەو زۆربەی ئەوخاڵانەی سەرەوە کەلەبەرژەوەندی جووت حیزب بوون نەماون یا گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە کەلەدژی خواستی ئەو دولایەنەن.
لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانیمان هەر هەیەو تەواو دڵنیانین کە بەهیچ جۆرێک ساختەکاری ڕوونادات.
سەرچاوەی نیگەرانیەکەشمان لە سرووشتی قێزەوەنی ئەم دوو حیزبەوە سەرچاوەی وەرگرتوە ،بەوەی کە ئەمانە لەمێژووی بوونیاندا چ لەشاخ و چ لەشار هەرگیز نەسڵەمینەتەوە لە ئەنجامدانی تاوان و سەرکووتکردن و ساختەکاری بۆ گەیشتن بەئامانج و مەرامی خۆیان.لەپێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتەیان کە وەک{ماشێنی بەرهەم هێنەری پارە} لێی دەڕوانن ،کە ساڵانە ملیارات دۆلاریان بۆ دەخاتە سەر خەرمانی پارەکانیان،ئامادەن هەموو کارێکی نایاسایی و نائینسانی ئەنجام بدەن.ئەمە جگە لە دەسەڵاتی ڕەها بەسەر کۆمەڵگاو بازاڕو سنورەکان و زەوی و زارو و خاوەنداریەتی هێزی چەکدار بۆسەرکووتکردنی نەیارو دەنگە ناڕەزاییەکان.

کەواتە ئەم دووحیزبە بۆ درێژەدان بەم دۆخە ،جەنگی مان و نەمان دەکەن .
ئامادەن لەو پێناوەدا ملیۆنان دۆلار خەرج بکەن تا ئەگاتە ئاستی جەنگی دەروونی و پروپاگەندەی بێ مانا.
بەندە نیگەرانیەکانم لەم خاڵانەدا کۆدەکەمەوە کە هەندێکیان لەشێوەی پرسیاردان .

  • ڕاستە بەپێی ئەو ئیجرائاتانەی کۆمیسیۆن دەیگرێتەبەر وانیشان دەدات کە بواری ساختەکاری نەماوە ،بەڵام ئایا گەرەنتی هەیە کە یەکێتی و پارتی بەتەواوەتی ڕێگەی ساختەکاریان لێگیراوە؟
  • بە قسەکانی باڤێلدا دیارە کە [٢٧] کورسیان مسۆگەر کردوە ،گەر لە ئێرانەوە بەڵێنی پێنەدرابێت لەم دۆخە وێرانەی حیزبەکەیدا بە چ پێوەرێک باسی [٢٧] کورسی دەکات؟بۆیە بەدووری نازانم ئێران لەو ڕووەوە هاوکاریان بکات.
    +بڕیار وەرگیراوە کە کەس مۆبایل لەگەڵ خۆی نەباتە ژووری دەنگدان ،کە بەڕای من بڕیارێکی درووستە ،جاهیوادارم ئەو بڕیارە بەباشی جێبەجێ بکرێت.
    +گەر ئەندامانی کۆمیسیۆن کەسانی سەربەپارتی و یەکێتی تێدابوو گەرەکە بەوردی چاودێری بکرێن.
    +گەر ئیمکانیەت هەبوو گەرەکە هەر بنکەیەکی هەڵبژاردن نوێنەری لایەنەکانی بەشداربوو وە چاودێری وڵاتانی ئەوروپی لێبێت.
    +جیاکردنەوەی دەنگەکان ڕاستەوخۆ پاش کۆتایی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان کارێکی باشە ،بەڵام دەبێ دڵنیابن لەوەی کە ئەنجامەکان لە بەغدا لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەفشارو دەستتێوەردانی ئێران بۆبەرژەوەندی لایەنێک دەستکاری نەکرێن.
  • بەر لەناردنی ئەنجامی دەنگی هەر بنکەیەک بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا پێویستە ئەنجامەکان بەئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لایەنەکان وێنە بگیرێن.
    +سەبارەت بەدەنگدانی هیزەچەکدارەکان کە ڕۆژێک پێشتر دەنگدەدەن، بەوردی چاودێری بکرێن چونکە گەورەترین ساختەکاری لەو ڕۆژەدا ڕوودەدات.
  • نیگەرانیەکی دیکە دێتە پێشەوە کە دەڵێ، گەر ئەنجامەکان بەدڵی پارتی یا یەکێتی نەبوون و قەبوڵیان نەکرد،لایەنە براوەکان چ هەنگاوێک دەگرنەبەر؟
    بەهەرحاڵ ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخان بێت بەوەی ئەو دووحیزبە لەدەسەڵات دووربخرێنەوە ،چونکە چیتر خەڵک تەحەمولی نەماوەو بێزاری گەشتوەتە لوتکە.
    بەهیوای هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لەساختەکاری،بەهیوای فڕێدانی جەلالی و مەلایی بۆ زبڵدانی مێژوو.

گۆران هەڵەبجەیی




ڕێگەی (قودس) بە هەولێردا تێناپەڕێت.. گۆران هەڵەبجەیی

زۆر جار ڕوویداوە لەکاتی بوونی ناکۆکی و ململانێی و جەنگ لە نێوان دەسەڵات و ڕژێم و وڵاتەکاندا لایەنی دیکە خراونەتە نێو جەنگ و ململانێکانەوە .
ئەم تێوەگلان و بەشدارپێکردنەی لایەنی دیکە دەگەڕێتەوە بۆچەند فاکتەرێک لەوانە:
بەکووشتنەدانی سەربازو کەسانی خۆیان ،نەبونی خواستی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ ،ترس لەپەرچەکرداری تووندو چاوەڕواننەکراوی لایەنی بەرامبەر.نەگونجانی دۆخی سیاسی و ئابووری ناوخۆ.
لەم حاڵەتانەدا لایەنی تێوەگلاو هەر زیانێکی بەربکەوێت بۆ تێوەگلێنەر ئاسایی دەبێت، چونکە خودی خۆی ناگرنەوە.
حاڵەتێکی دیکە لەململانێکاندا لێدانی وڵاتێک،کیانێک،هەرێمێک حیزبێکە لەلایەن تەرەفێکی شەڕکەرەوە ، کە حسابی دۆست یا هاوپەیمانی بەرەی نەیاری بۆدەکرێت. بۆ نمونە حیزبڵای لوبنان،حوثیەکانی یەمەن،مەلیشیا شیعەکانی عێراق،مەلیشیاکانی سوریا، ئەمانە دەچنە خانەی دۆست و هاوپەیمان و درووستکراوی ئێران و لەڕاستیشدا هەروایە.جا لێدانیان لەلایەن ئەمریکاوە یا ئیسرائیل ئامانجی مەشروعن و بەردەوامیش لێدەدرێن.
لەدیدی ئێرانیشەوە دەتوانین کوردانی ڕۆژئاواو باشوور بخەینە خانەی ئەمەریکاوە.
لەم هاوکێشەیەدا لایەنە دژبەرەکان بەتایبەتی ئێران دەخوازێت لە ئەڵقە لاوازەکەوە زیان بە لایەنی بەرامبەر بگەیەنێت.
بەنسبەت ئێرانەوە هەرێمی کوردستان ئەو ئەڵقەلاوازەیە کە دەتوانێت بەئاسانی و بێ پەرچەکردار کاری سەربازی تێدا ئەنجام بدات .دیتمان حەرەسی ثوری ئێرانی هەوڵێری ڕاکێت باران کرد ،گوایە بنکەو بارەگای [مۆساد]ی لێیە،کەلەڕاستیدا ئەوە بەهانەیەکی پڕوپووچ و بێ بنەمایە ،وەک ئەحمەد بەشیر لە بەرنامە کۆمیدیەکەیدا {البشیر شو}دا گووتی دڵنیام گەر بنکەو بارەگای مۆسادی لێبوایە هەرگیز ئێران لێی نەدەدا ،چوونکە بەرپرسانی ئێران چاک دەزانن پەرچەکرداری ئیسرائیل چۆن و چەند کاریگەر دەبوو.
کەواتە لێدانی هەولێر پەیامێکی لاوازە بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل بەوەی گەر بەخۆتان نەوێرین خۆ بەوانە دەوێرین کە پێمان وایە گوێرایەڵی ئێوەن.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا هەرێم توانای وەرامدانەوەی دەستدرێژیەکانی ئێرانیان نیەو دڵنیاشم بەرپرسانی هەرێم ناخوازن دۆخەکە بەئاراستەی ئاڵۆزی تەشەنە بکات ،چونکە بەهیچ جۆرێک لەبەرژەوەندیان نیە.
کەواتە چی بکرێت بۆ پاراستنی هەرێم و کەمکردنەوەی دەستدرێژی دراسێ دوژمنەکانی کورد ؟
بەڕای من چەند هەنگاوێکی گرنگ و هەنووکەیی هەن کە پێویستە بنرێن.
• یەکهەڵوێستی دووحیزبە سەرەکیەکە[دەزانم ئەمە ئەستەمە]،ناکرێ دوژمنان بەناوی شوناسی کوردبوونەوە هەوڵی لەناوبردنت بدەن، بەڵام لەبەرامبەردا دووهەڵوێستی جیاواز دوو سیاسەتی جیاوازی دژبەیەک هەبن.ناکرێ خەڵک یەک تێڕوانینیان بۆ دراوسێکان هەبێت بەڵام دووحیزبەکە بەناوی ئەوانەوە بیربکەنەوەو بڕیاربدەن وبخوازن بیانکەن بەدووبەشەوە.
• جددیەت لەبڕیاردا،گەر پارتی بڕیاری بایکۆتی کاڵای ئێرانی دەرکرد دەبێ جددی بێت لەجێبەجێکردنیدا ،نەک وەک تاکتیتێکی کاتی بەکاری بهێنێت و پاشان پاشگەزبێتەوە لێی.
• گشتگیری هەماهەنگی لەجێبەجێکردنی بڕیارەکاندا.لەزۆنی زەرد بایکۆتی کاڵای ئێرانی دەکەن بەڵام زۆنی سەوز مێش میوانی نیە.
• تورکیاو ئێران وەک یەک و بەیەک ئەندازە دوژمنی کوردن ،جا هەر هەنگاوێک دژبەلایەک نراو لایەنەکەی تری نەگرتەوە ئەوە بڕیارێکی لاوازەو هەر بەزوویش کاریگەری نامێنێت، بۆنمونە دەمێک دەنگۆی بایکۆتی کاڵا دێتە ئاراوە پێویستە کاڵای هەردوو وڵات بگرێتەوە نەک تەنها وڵاتێک.
• مێژوو سەلماندویەتی کە بایکۆت چەکێکی کاریگەرە بە تایبەت بۆکورد کە ناتوانێت بە چەکی تەقلیدی بەرەنگاری دوژمنەکانی ببێتەوە.لەوانەیە هەندێک بپرسن ئەی لەکوێوە شمەکمان بۆبێت؟ لەوەڵامدا دەڵێم بەرووبوومی ناوخۆ گەشە پێبدەن و پشتگوێی مەخەن وەک ئێستا،{لەشەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرووبوومی عێراق بەکوردستانیشەوە بەتایبەتی بەرهەمی کشوکاڵی هێندە زۆربووە هەناردەی وڵاتانی دەرەوەکراوە} ،هاوکات دەکرێ لە ئوردن و میسرەوە کاڵا هاوردەبکەن کە بەدڵنیاییەوە لەڕووی کوالەتیەوە لەهی هەردوو وڵاتی دراوسێ باشترە.
• هەموو دەزانین تورکیاو ئێران هەموو جۆرە بەهانەیەک بەکاردێنن بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هەرێم،کە هەموومان دەزانی ڕاست نین و بەهانەی لاوازن و تائێستاش خودی هەردوو وڵات نەیانتوانیوە بیسەلمێنن،جا بۆ دوورخستنەوەی پریشکی ئەم ئاگرە پێویستە جۆرە ڕێکەوتنێک یا جۆرەدڵنیاییەکیان پێ بدرێت [گەر قەبوڵی بکەن] کە هەرێم مەترسی درووستناکات بۆسەریان.بەڵام زۆرگرنگە هەر بەڵێنێکیان پێدەدرێت لەسەر حسابی سەروەری خاک و خەڵک و کوردانی بەشەکانی ئەو دوو وڵاتە نەبێت.
• هاوکات تادەکرێت دوورکەوتنەوە لە ئەمریکا، چونکە ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لەدەڤەرەکەیە نەک بۆپاراستنی کورد،بۆسەلماندنی بۆچوونەکەم ئەوەتا بەڕاکێتی دژەڕاکێت[پاتریۆت] کونسڵخانەوفڕۆکەخانەی هەریری پاراستوە، بەڵام بێ باکە لەئاست بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلدا.
• جا کەی ئەمەریکا بەرژەوەندی نەما وەک چۆن ئەفگانستانی جێهێشت ئاواش بێباکانە دەڤەرەکە جێدەهێڵێت.
لەکۆتایدا گەرەکە بە بەرپرسانی ئێران بگووترێت کە ڕێگەی قودس بەهەولێردا تێناپەڕێت ،گەر دەتانەوێت لە ئیسرائیل بدەن ئەوە باساروخەکانتان ڕاستەوخۆ بۆ ئەوێ بهاوێژن ،شاراوە نیە کە ئێران خاوەنی چەندین جۆرە ڕاکێتە ،یەکێک لەوانە ڕاکێتی دوورمەودایە کە مەوداکەی [٢٠٠٠] کم و بەئاسانی دەگاتە بارەگای سەرەکی مۆساد.




بۆ لەتیف سەلەفی ، ئەم وێنە حەرامانەت لێ دیارە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

هەر ئایدۆلۆجیایەک یا ئاین و مەزهەبێک، وڵاتێک ،باژاڕێک، ناوەندێک،کەسێکی کاریزما بەسەرچاوەی ئیلهام و وزەبەخش و بەردەوامی ڕێبازەکەی دەزانێت، کە هەندێک جار دەگاتە ئاستی پیرۆزی و پەرستن.
وەک چۆن ڤاتیکان ناوەندی کریستیانە کاسۆلیکەکانی جیهانە ،بەهەمان شێوە وڵاتی سعودیەش بەتایبەتی مەککە پیرۆزترین پێگەی مسوڵمانانە.
بەدرێژایی مێژوو ئەم وڵاتە لەڕێگەی وەهابیزمەوە ساڵانە هەزارەها مرۆڤی تووندڕەو تاریکدۆستی بەرهەم هێناوە. ئەم مەلاو بانگخوازە وەهابیانەی سعودیەکۆنترۆڵی خیتابی ئاینی و کۆمەڵگایان کردوە و بەردەوام ژەهری کەراهیەت و تووندڕەوی دەڕژن و ئاینی ئیسلامیان بە کردەوە و هزر گەیاندە مەترسیدارترین ئاست.
هەرچی بزافی تووندڕەو و تەرۆریست هەن لەجیهانە بەجۆرێک لەجۆرەکان درووستکراو یا لەژێر کاریگەری و پشتگیری مادی سعودیەکاندا بوون، لەوانە [القاعیدە] و [داعش] و چەندین بزافی دیکەی ئیرهابی. جێگەی سەرسووڕمان نیە دەمێک دەرکەوت لە [١٩] ئیرهابی [القاعیدە] کە دووتاوەرەکەی نیۆیۆرکیان تەقاندەوە [١٣]یان گەنجی سعودیە بوون.
لەسعودیە، ناوەندە وەهابیەکان خاوەن هێز و بڕیاردەربوون لە هەمووشتێکدا تائەوڕادەیەی پادشاکانی سعودیە نەیاندەتوانی گوێڕایەڵیان نەبن.
بەڵام پاش هاتنی پادشا سەلمانی بەتەمەن دۆخەکە بەتەواوەتی گۆڕدرا.
گۆڕانکاری جەوهەری ئەوکاتە دەستی پێکرد کە شازادەی جێنشین[محمد کوری سەلمان]دەسەڵاتی ڕەهای گرتە دەست ،ئیدی باوکی وەک سومبلێک مامەڵەی لەگەڵ کرا نەک وەک بڕیاردەرێک.
محەمەد دەستی بەڕەفۆرمێکی مەزن و بەرفراون لە هەموو بوارەکاندا کرد.هاۆکارەکانی پشت ئەم ڕەفۆرمە هەرچیبن ئەوە لێرەدا جێگەی باس نین ،لێ بەدڵنیاییەوە لەبەرژەوەندی خەڵکی سعودیەو جیهانی ئیسلامین.
گۆڕانکاریەکان سەرەتا بەوە دەستی پێکرد ، هەرچی پیاوانی وەهابی هەن لە پێگە هەستیارەکان دوورخرانەوە ،هەر یەکێکیشیان مقاوەمەی بکردایە یا ناڕەزایی دەربڕیایە ئەوە بەزەبری یاسا ئاقڵیان دەکرد.
ئەوجا مەنهەجی خوێند{ وانەی ئاین} و کتێبە ئاینیەکان دەستکاری کران بەجۆرێک کە بگونجێن لەگەڵ سەردەم و شارستانیدا،وتاری بانگخوازو خەتیبەکان، بەتایبەتی وتاری ڕۆژانی هەینی سنوردار کران.
ئافرەت کە پێشتر هیچ خۆرە ئازادیەکی نەبوو، تاڕادەیەک دەرگای ژیانی بۆ کرایەوە، وەک سەفەر بەتەنها،لێخوڕینی سەیارە ،نەپۆشینی سەرپۆش ،وەرگرتنی تەڵاق،کارکردن لەهەر شوێنێک دەیخوازێت.
کردنەوەی باڕ،فرۆشتنی کحول، سازدانی کۆنسەرتی ڕۆژئاوایی،کردنەوەی شانۆ و چالاکی نمایشی جلوبەرگی ئافرەتان، قەبوڵکردنی پێکەوەژیانی ڕەگەزی نێرو مێی بێگانە لەدەرەوەی هاوسەرگیری،ئەمانەش بەشێکی ترن لە کرانەوەکان.
لەڕووی هونەریشەوە هەنگاوێکی مەزن درا بەوەی ڕێگەدرا هونەرمەندە گۆرانیبێژەکان لەڕەگەزی مێ کۆنسەرت سازبکەن.
جاران تەنها بۆ پیاو بوو لەسەر شانۆ گۆرانی بڵێت ،بەڵام دوای ئەم کرانەوەیە تا ئێستا چەندین ئاهەنگ و کۆنسەرت بۆ گۆرانیبێژە عەرەبەکان سازکراوە ، کە نوێترینیان ئاهەنگی سەری ساڵبوو.
پێموابێت ئەمە یەکەمجارە لە سعودیە ڕێگەدەدرێت بەبۆنەی ساڵی نوێوە ئاهەنگ سازبکرێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە سەرجەم گۆرانیبێژەکان لە ڕەگەزی مێ بوون{ئەلیسا،ئەنغام،اصالە،نانسی عجرم احلام و ….} کە جلوبەرگی هەندێکیان بۆ ئەو کەلتوورە موحافیزکارە جۆرێک لە زیادەڕۆیی پێوەدیاربوو ،وەک ئەلیسا،نانسی عجرم ،ئەنغام.
دڵنیام گەر هەرکامێک لەوگۆرانبێژانە بەو جلانەوە لەکوردستان گۆرانیان بگووتایە ،مەلا دەم هەڕاشەکان بەسەلەفی و ئەخوانی و هەودارە مێشک پوچەکانیان دەیانکردە هەرا و تاماوەیەک خەڵک و میدیایان بەناوی بڵاوبوونەوەی [فەسادەوە] خەریک دەکرد.
ئەو تانەو تەشەرو هێرش و سوکایەتیەی مەلا مێشک ژەنگاویەکانی کوردستان بە لەتیف سەلەفیشەوە بەناهەق بەخانمانی کوردی دەکەن گەر لەسعودیە بیانکردایە ،ئەوە لەسەر ئەو قسانە ئاقڵیان دەکردن.
بۆیە بە عەبد سەلەفی دەڵێم، ئەو دیوارەی پاڵت پێوەدەدا ئەوەتا درزی تێکەوت و هێدی هێدی لاردەبێتەوە و ڕۆژێک دێت دەکەوێت ،ئەودەمە تۆ و نمونەکانت بێ پشتوپەنا دەمێننەوە، ئەوجا پشتگیری دەسەڵاتی گەندەڵ، درۆی گەورە ،گەمژەکردنی خەڵک ، ،مووچەو سەیارەی دەرع ، ژنی چوارەم ، مزگەوتی بەهەشتی پڕ لە مرۆڤی مێشک پووچ ،هیچ کام لەمانە فریات ناکەون و تەواو ڕسوادەبیت.




[فوئاد سالم] ئەفسانەی هونەر و هەڵوێست.. گۆران هەڵەبجەیی

پێشکەشە بە [١٠]یەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند.

زیادەڕۆیی نیە گەر بڵێم حیزبی شیوعی عێراقی لە دەمی دامەزراندنیەوە تا قەدەغەکردنی وەک حیزبێکی چەپ، مەدرەسەیەک بووە بۆ بەرهەمهێنان و پێگەیاندنی هەزارەها(بەهرمەند) .گەر ئاوڕێک لەمێژووی عێراق بدەینەوە دەبینین ئەو بەهرەمەندانەی لەبوارە جیاجیاکاندا ڕۆڵ و کاریگەریان هەبووە ئەندام یا هاوسۆزی حیزبی شیوعی بوون. تا ئەو دەمەی بەعسی فاشی کۆنترۆڵی دەسەڵات و سەرجەم کۆمەڵگاو کایە ئیبداعیەکانی نەکردبوو ،بەدەگمەن کەسێکی بەهرەمەند دەستدەکەوت کە ئەندام یا لایەنگری حیزبی شیوعی نەبووبێت.
پاش ئەوەی لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا شاڵاوی گرتن و ئەشکەنجە و کووشتن بۆسەر حیزبی شییوعی دەستی پێکرد ،ڕۆژبەڕۆژ ئەو شاڵاوە تووندتر دەبوو، بۆیە بەناچاری زۆربەی ئەو بەهرەمەندانە عێراقیان بەجێ هێشت و ڕویان کردە هەندێک وڵاتانی عەرەبی وەک یەمەنیی باشوور،لیبیا ،جەزار،سوریا.،هەروەها هەندێکیشیان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژ هەڵات گیرسانەوە،ژمارەیەکی زۆریشیان ڕوویان کردە چیاکانی کوردستان و بوونە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی.
یەکێک لەو بەهرەمەندانەی هەرزوو عێراقی جێهێشت ، هونەرمەندی پایەبەرزی عێراقی {فوئاد سالم} بوو.بەهۆی ناوبانگ و ئاستی بەرزی جەماوەری و پێگەو توانای لە نێو هونەری گۆرانی عێراقیدا دەزگاکانی بەعس فشارێکی زۆریان خستەسەری ،دەیانەویست بەهەرجۆرێک بێت ئەو شوعیە جەسورە ئەو دەنگە دلێرە خامۆش بکەن .سەرەتا هەوڵیاندا بە پێدانی ئییمتیازات بیکەنە بەعسی، دەمێک زانیان ئەم کارە سەرناگرێت توونندوتیژی و لێدان و سوکایەتی دەستی پێکرد ،پاشان لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان وەک وانەبێژ دەریان کرد ،ئەوجا ڕێگری لە گووتنی گۆرانی و بەکارهێنانی زەبروزەنگ بەرامبەری شێوازێکی دیکەی فشاربوو بۆسەر هونەرمەندی کۆچکردوو.
لە ئاکامدا بۆی دەرکەوت کە لەو وڵاتەی خۆشی ویستوە و بەهونەرو سیاسەت خزمەتی کردوە، شوێنکی تێدا نەماوە بۆ ئەو بۆ درێژەدان بە ژیان .ئیدی دڵنیا بوو لەوەی مانەوەی لەوڵاتدا مەترسیە بۆسەرژیانی ،بۆیە بڕیاری سەفەریدا.
ئەوەبوو ساڵی ١٩٧٨ عێراقی بەجێهێشت و هەرچی یادگاری تاڵ و شیرینی ڕابردوو هەن لەپاش خۆی بەجێیهێشت و بەرەو کوێت سەری هەڵگرت.
{نەغم)ی کىی دەربارەی ئەم مەشهەدە حەزینە دەڵێت:[تەمەنم شەش ساڵ بوو بەیانی زوو لەخەو هەڵیانساندم ،بەیانیەکی ساردو تەماوی بوو ،دایکم ،مامم ،دووکوڕی مامم، باوەگەورەو دایەگەورە لەدەورم کۆبووبوونەوە ،نەمدەزانی چی دەگوزەرێت ،گووتیان ماڵئاوایی لەباوکت بکە چونکە سەفەردەکات.بابم بەتووندی لەئامێزی گرتم و ماچبارانی کردم کە هاوکات فرمێسک بە چاوانیدا دەهاتە خوار.پاشان بەباوەشی ماممەوە لەسەر دیواری حەوشەکەوە دیقەتم دا بابم لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیدا ئاوڕدەداتەوەو بەدەستتی ماڵئاوایمان بۆدەنێرێت ،ئێمەش بەهەمان شێوە وەڵاممان دەدایەوە ،تا لەنێو تەمی ساردی بەرەبەیاندا بەیەکجاری ونبوو،ونبوونێک ٢٤ ساڵی خایاند تا بەدیداری شادبوومەوە،]ئەودەمە لەوبارەوە هیچ حاڵی نەبووم،پاشان کەگەورەبووم تێگەشتم چ تراجیدیایەک ڕوویداوە.
فوئاد سالم پێشتر لەڕێگەی هونەرەکەیەوە لە کوێت ناسرابوو، هەر بۆیە بەخێرایی لەئامێزیان گرت و دەرگای هونەریان بۆ کردەوە.
بەهۆی ئەو زەمینە گونجاوەی لەکوێت بۆی ڕەخسابوو، هونەرمەندی کۆچکردوو زۆر بەخێرایی چالاکیە هونەریەکانی گەشەی کرد،جگە لەکوێت لەوڵاتانی دیکەی کەنداو بانگهێشت دەکرا بۆ سازکردنی ئاهەنگ و کۆنسەرت .
ژیانی هونەرمەندی کۆچکردوو لەکوێتیش دوور نەبوو لە فشاری مخابەراتی ئێراقی ،بەردەوام لەژێر چاودێری و هەڕەشەی ئەو دەزگا تۆقێنەرەدابوو ، تەنانەت هەوڵدان بۆ کووشتنی یەکێک بوو لەپلانەکانیان.
بۆنمونە جارێک فوئاد سالم لە بەرنامەیدابوو لەیەکێک لەوڵاتانی کەنداو بەشداری کۆنسەرتێک بکات ، هاوکات بڕیار بوو لە ئێراقیشەوە چەند گۆرانیێژێک بەشداربن.مخابەراتی ئێراقی یەکێک لەو گۆرانیێژانە ڕادەسپێرێت کە بە دەرزیەکی ژەهراوی فوئاد سالم بکوژێت، بەهەرهۆیەک بێت خۆشبەختانە فوئاد ئامادەی ئەو ئاهەنگە نابێت و پلانەکەیان شکست دێنێت.
ئەم مرۆڤە شیوعیە هێندە بەئەخلاق و لێبوردەبوو هەرگیز ئامادەنەبوو ناوی ئەوناپاکە بهێنێت،تەنانەت دوای هەرەسی ڕژێمی سەددامیش ئامادەنەبوو تۆڵەی لێبکاتەوە.لەوکارەدا پەنجەی تاوان بؤ یەکێک لەم سێ گۆرانبێژانە درێژدەکرا کە لەو ئاهەنگەدا بەشداربوون ئەوانیش سعدون جابر،ریاض احمد،حمید منصوربوون.
تا دەهات فشاری موخابەراتی عێراقی لە باڵوێزخانەکەیان بۆ سەر هونەرمەند و هاوکات بۆ دەسەڵاتدارانی کوێتتیش تووندتر و زیاتر دەبوو ،جا پێدەچێت لایەنی کوێت و خودی فوئاد سالمیش گەشتبنە ئەو قەناعەتەی کە دەببێت کوێت بەجێ بهێڵێت.وێرای ئەم مەترسیانە سەددام حوکمی لەسێدارەدانی بە (غیابی) بۆدەرکردبوو، چونکە هەردەرفەتێکی بۆ بڕەخسایە هێرشی تووندی دەکردە سەر ڕژێمی بەعس و خودی سەددام. وەک خۆی ئاماژەی پێدابوو ،لە بۆنەیەکی عەرەبیدا کەسێک لە باڵوێزخانەوە جپێدەچێت پیاوی مخابرات بووبێت،دێتەلای و بەهێمنی پێی دەڵێت{هەرچی دەکەیت دژ بە دەسەڵاتتی بەعس بیکە تەنها شتێک داوات لێدەکەم هێرش مەکەرە سەر سەرۆک سەددام چونکە ئەنجامەکەی باش نابێت}.ئەویش داواکەی پشتگوێ خستبوو.
لەوانیە بۆکار ئاسانی سەفەر ، کوێتیەکان پاساپۆرتی کوێتیان پێدابێت، چونکە ئەو خاوەنی هیچ پاسپۆرتێک نەبوو. ئەوەبوو بەر لەداگیرکردنی کویت لەلایەن سەددامەوە کوێتی بەجێهێشت .پاش بەجێهێشتنی کوێت لە قوبرس و ئەمریکاو سوریا ژیا.لەکۆتایدا بەیەکجاری لە دیمەشق جێگیر بوو .بەهۆی ئەوەی هونەرمەندێکی خاوەن جەماوەر و بەهەڵوێست بوو، حکومەتی سوری ڕێزی لێگرت و پێداویستیەکانی ژیانیان بۆ دەستەبەرکرد.
شایانی ئاماژەیە پاش ڕاپەڕین و کشانەوەی دامودەزگاکانی بەعس لەکوردستان، هونەرمەندی کۆچکردوو چەندین جار لەڕێگەی فێشخاپورەوە سەردانی کوردستانی کردو لەچەندین باژێر ئاهەنگی گێڕا ،بەتایبەتی بۆیادەکانی دامەزراندنی حیزبی شیوعی.
پاش کەوتنی دیکتاتۆرو ڕژێمەکەی بەردەوام سەردانی عێراقی کردوە ،هەر لەوێ لەیەکەم سەرانیدا پاش ٢٤ ساڵ بۆیەکەمجار بەدیداری [نغم]ی کچی شادبوویەوە.
بەنسبەت فوئاد سالمەوە کەوتنی سەدام ، ئاسودەیی و دیموکراتی و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق نەهێنا،تەنها هێندەبوو دەسەڵات لەدیکتاتۆرێکی ناسیۆنالیستتەوە گۆڕا بۆ دەسەڵاتێکی دواکەوتوی شیعە مەزهەب کە تێڕوانینیان بۆ هونەر و هزری چەپ لەسەدام خراپترە،بۆیە بیرۆکەی گەڕانەوەی یەکجارەکی بۆ عێراق لە مێشکی خۆی دەرکرد.
وەک خۆی دەڵێت کاربەدەستانی عێراقی دوای سەددام هیچ ڕێزێکیان نەبۆخۆم نە بۆ مێژووی هونەریم و نە بۆ تێکۆشانم دژی دیکتاتۆر دانەنا،دەڵێت بۆ گەڕانەووەی مافەکانم کەسەددام زەوتی کردبوو{بۆنمونە خانوەکەی لە بەسرە}، چەندین جارو چەندین مانگ هاتووچۆیان پێم کرد،لەکۆتیدا هیچم بۆ نەکرا،لەم بارەوە دەڵێت بۆئەوەی بیسەلمێنم کە ئێراقیم داوای [کارتی بەشەخۆراک]یان کرد لێم، وەی خۆی گووتی لەژیانمدا کیلۆیەک شەکرم وەرنەگرتوە ،خاوەنی هیچ شتێک نیم گەر مەترێک زەویش بێت، ئێستا ئەمە چ داوایەکی بێیمانایە.
لە کۆتا ساڵانی ژیانیدا هونەرمەندی مەزن دووچاری نەخۆشیەکی سەخت بووبوو،هەر بەو هۆیەوە چەندین ساڵ لە چالاکی هونەری دابڕا بوو یا زۆر کەم بوو.دوا کاری هونەری کۆنسەرتێک بوو لەبەغدا کەساڵی ٢٠٠٧ ئەنجامیدا.
بەر لەکۆچی دوایی بەچەند ڕۆژێک ژمارەیەک هونەرمەندی عێراقی لەبوارە جیاجیاکاندا لەنێویاندا سەعدون جابر لە نەخۆشخانەی دیمەشق سەردانیان کرد و مەدالیای ڕێزیان پێ بەخشی کە کەناڵی[الشرقیە] گرتبوویە ئەستۆ.
ئەم هونەرمەندە بەهەڵوێیستە لە ڕێکەوتی ٢١/١٢/٢٠١٣ لە نەخۆشخانەیەکی دیمەشق لەتەمەنی (٦٨) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد . لەپاش خۆی خەرمانێک لەگۆرانی و ئاواز و شیعری بەجێهێشت،هاوکات سمعیەکی بەرز و شانازیەکی مەزن و ڕێزێکی زۆری وەک سەرمایەیەکی پڕ بەهاوبایەخ لەدوای خۆی بۆمایەوە.
ئەو یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەی بیروباوەڕەکەی نەگۆڕیەوە بە هیچ دەسکەوتێک ،ترساندن و فشارو هەڕەشەو هەوڵی کووشتن چۆکی پێ دانەدا ، بەسەربەرزی ژیاو بەسەربەرزیشەوە کۆچی دوایی کرد.
هونەرمەندی کۆچکردوو خاوەنی کۆمەڵێک بەهرەبوو لەوانە: چڕینی گۆرانی بەهەموو شێیوازەکانی باو لە عێراقدا،ئامێرژەنی عودو ئۆکۆردیۆن،ئاوازدانان ،شیعر[خاوەنی سێ دییوانی چاپکراوە]، نواندن و بەشداری لە فلیمداو ڕۆڵگێڕان لەچەندین ئۆپەرێتدا.

چیرۆکی گۆرانی {مەشکورە}
پاش ئەوەی فوئاد سالم لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان وەک وانەبێژ دەردەکرێت،هاتوچۆی بینای ئیزاعەوتەلەفۆنی لێ قەدەغەدەکرێت،هەروەها ڕێگەی پێنادەن لەهیچ شوێنێک گۆرانی بڵێت ،تەنانەت جارێک لە هۆڵێکی ئاهەنگ دێتە دەرەوە بەکلکە دەمانچە سیمای خوێناوی دەکەن و هەر لەوێشدا هەڕەشەی کووشتنی لێدەکەن.وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بۆی دەردەکەوێت کە ژیانی بووەتە دۆزەخ ،بۆیە بڕیاری دەربازبوون دەدات. مەسەلەی سەفەر لەگەڵ هاوژینەکەیدا(مي جمال) کەئەویش لەبواری نواندندا کاری کردوە باس دەکات ،بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە .{ دەنگۆیەک لەئارادابوو کە گوایە لای ئەمن خەبەری لێداوە کە نیازی سەفەری هەیە بەڵام بەبڕوای من ئەمە دوورە لەڕاستیەوە،چونکە گەرکاررێکی وای بکردایە بەرلەسەفەر دەستگیریان دەکرد}.
مانگی دێسەمبەری ساڵی ١٩٧٨ سەفەری کوێت دەکات ،پێدەچێت زیرەکانە کوێتی هەڵبژاردبێت چونکە سەفەری عێراقیەکان بۆ کوێت ئاسایی بووە و جێگەی گومان نەبووە.
لە ساڵی [١٩٨٣] لەکویت ئەلبومێک دەردەکات بەناوی[مشکورە]
ئەم گۆرانیە شیعرو ئاواز و ئەدای هی خودی خۆی بووە .
لەدایک بوونی ئەم گۆرانیە لە ئاکامی ئەو هەواڵە ناخۆشەبوو کە پێی دەگات ئەویش هەواڵی جیابوونەوەی هاوژینەکەیەتی لێی {مي جمال} . پێدەچێت ئەم جیابوونەوەیە پلان و فشاری دەزگاداپڵۆسێنەرەکانی بەعس بووبێت و ئەویش نەیتوانیبێت جێبەجێی نەکات.دیارە مەبەستی موخابەرات لەم کارە ئازاردانی دەروونی بووە.
کاریگەری قوڵی دەروونی لە سەر هونەرمەند بەهۆی ئەو ڕێزو خۆشەویستیەوە بووە کە بۆ هاوژینەکەی هەیبوو . وەک لە وشەکانی گۆرانیەکەدا دەردەکەوێت هەرچی هیواو چاوەڕوانی و ئایندەی پڕ ئومێد هەیە هەرەس پێدێنێت .
ئەم مرۆڤە هێندە ڕەوشت بەرز و دڵپاکە، هێشتا بەزمانی ڕێزو شارستانیەوە موخاتەبەی دەکات ،هیچ وشەیەکی بریندارکەر بەکار ناهێنێت ،بەڵکو بەپێچەوانەوە هیوای ئاسودەیی بۆدەخوازیت و بەجوانترین پەیڤ ستایشی دەکات . تەنها گلەیی ئەوەیە کە دەلێت (چاوەڕێم دەکرد گەر بەدرۆش بوایە داوای لێبوردنت بکردایە).
ڕاستە هاوژینەکەی بێوەفایی بەرامبەرری نواد و لەناخەوە زامداری کرد ،بەڵام بووە هۆکاری لەدایکبوونی شاکارێکی پڕغەم کە هەرگیز لەیادەوەری گوێگرانی فوئاد سالمدا کاڵ نابێتەوە،گۆرانیەکە پڕاوپڕە لەهەستی بەئازاری دڵێکی شکاو،ئەستەمە کەسێک جارێک گوێی لێبگرێت و دووبارەی نەکاتەوە،ئەم گۆرانیە لەڕووی شیعروئاواز و ئەداوە لەترۆپکدایە.
سەبارەت بە هاوژینەکەی ،واتە {مي جمال} لە ساڵی [٢٠٠٥]دا لەتەمەنی [٦٠] ساڵیدا بە نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد.
[[نغم]] ی کچیشی کە شانۆکارو دەرهێنەرێکی بەتوانابوو ئەویش تاڕادەیەک چیرۆکی باوکی لەکنی دووبارە بوویەوە ،بەوەی لە بوارەکەی خۆیدا زۆر دژایەتی دەکرا ،تا ناچار بوو ئێراق بەجێ بهێڵێت و لە تورکیا بگرسێتەوە.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە لێهاتوە بەهۆی نەخۆشیەوە ساڵی (٢٠٢١ ) لەتەمەنی ٤٨ ساڵیدا لە وڵاتی غەریبیدا کۆچی دوایی کرد.

تەکستی گۆرانی شکورە
……………………………
هاي تاليتها صفيت هيجي وبسرعة مشيتي
رحتي وحتى بالكذب وبالكذب ماتعذريتي
لالالالالالالالالا…لالالالالا
خفتي الله ولاحسبتي حساب حوبة دمعي وقليبي وخطيتي
شرد اكلج غير وانا مسافر لديرة غرب
مشكورة تردين ماقصريتي
جنت اشوفج يقظة باحلام السعادة
ودنية مليانة امل
وجنت اشوفج فرح عمري وشمع ليلي
ودهر ايامه عسل
هدمتي بية اشما بنيتي
وكتبتي بية اشما محيتي
يعني شفتيني رجيجي الحال يمعودة اشتفيتي
مشكورة تردين الصدك ماقصريتي
الله يهديك بشبابج غير هاذة شرد اكول
بعد ماضل لي عتب
وانتي والايام صرتي ضيم ضهري والعذول
عجب ياحبيبة عجب
الله يهديج بشبابج غير هذة شرد اكول
بعد ماض لي عتب
وانتي والايام صرتي ضيم ضهري والعذول
عجب ياحبيبة عجب
هدمتي بية اشما بنيتي
كتبتي بيه اشما محيتي
كتاب بيتج جان حرف واحد ما قريتي
مشكورة تردين الصدق ماقصريتي

سەرنج/ هەر بەڕێزێک بخوازێت گوێ لە گۆرانی [مشکورە] بگرێت دەتوانێت لە یوتوب بەئاسانی بیدۆزێتەوە.

گۆران هەڵەبجەیی




دەزگاکانی خێرخوازی( بارزانی و مام ) دەرفەتێک بۆ گەندەڵی و هەوڵێک بۆ گەمژەکردنی خەڵک.. گۆران هەڵەبجەیی

بەهۆی ئەوەی هیچ کاروکایەو بزافێکی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتی لە سیاقی سرووشتی خۆیاندا لە هەرێم ڕوونادەن ،بۆیە هەردەم ڕوودانی ئەو جۆرە کاروچالاکیانە جێگەی گومانن، بەتایبەت گەر لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە ئەنجام بدرێن.
ئەم دووحیزبە بەرلەوەی هەر هەنگاوێک بنێن ، یا هەر کارێک لەهەر بوارێکدا ئەنجام بدەن گچکە یا گەورە ،یەک شت لەبەرچاودەگرن ئەویش بەرژەوەندی حیزبە، کەواتە لەم جۆرە مەسەلانەدا بەرژەوەندی خەڵک و خزمەتکردنیان لەزهن و بەرنامەیاندا غائیبە.
نمونەیەکی بەرچاو دەزگاکانی {بارزانی و مام}ن،گوایە ئەم دوو دەزگایە دوو دەزگای خێرخوازین و ئامانج و مەبەستیان هاوکاری و گرۆیی لێقەوماوان و هەژارانە.
لێ لە ڕاستیدا مەبەست و مەرام پڕوپاگەندەیە بۆ حیزبەکانیان ، دەخوازن لەڕێگەی ئەو ڕێکخراوانەوە ڕووی قێزەوەنی حیزبەکانیان جوان بکەن و وەک فریشتەو فریادڕەس نیشانیان بدەن.

زۆربەی وڵاتانی جیهان خاوەنی دەزگاکانی خێرخوازین وەک [خاچی سوور، نیومانگی سوور یا هەر ناوێکی تر] ،بەو پرەنسیپانە کاروچالاکییەکانیان بەڕێوە دەبەن کە لەهەمووجیهاندا پەیڕەو دەکرێن. زۆر ئاساییە کە هەرێمیش چەند دەزگایەکی خێرخوازی هەبێت، بەمەرجێک شەفافیەت و ڕاستگۆیی لە کارەکانیاندا هەست پێبکرێت.
ئەو دوو دەزگا خێرخوازیەی هەرێم کە لەسەرەتادا ئاماژەم پێداون دوو دەزگای تەواو حیزبین و کادێرانی حیزب دەیانبەن بەڕێوە و بۆ خزمەتی حیزب دامەزراون و دوورن لە پرەنسیپە جیهانیەکانی تایبەت بە دامەزراوە خێرخوازیەکان.
داهات کۆڵەکەی سەرەکی هەموو دەزگا خێرخوازیەکانە ،جا بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیەکمان سەبارەت بە سەرچاوەی داهاتی دەزگاخێرخوازیە جیهانیەکان هەبێت ،دەزگای[خاچی سووری دانمارکی ] دەکەمە نمونەو پاشان لەگەڵ هەردوو دەزگا حیزبیەکەدا بەراوردی دەکەم.
.
چەند سەرچاوەیەک هەن کە بەردەوام دابینی خەرجیەکانی ئەم ڕێکخراوەدەکەن و لە ماڵپەڕو گۆڤارە وەرزیەکانیاندا بە داتا ئاماژەیان پێدەکەن لەوانە:
+ئەو دوکانانەی شمەک و کۆنەی تێدا دەفرۆشن.ئەم شمەکانە هاوڵاتیان دەیانبەخشن یاخود ناوماڵی کەسانی کۆچکردوون.
+لەڕێگەی ئەو هاوبەشانەی مانگانە مەبلەغێک دەبەخشن.[من و هاوژینەکەم لەساڵی ١٩٩١ وە مانگانە مەبلەغێک دەبەخشین.
+فرۆشتنی گۆڤاری وەرزی خۆیان
+تەبەروعی میدیاکانی دانمارک.
+هەڵمەتی ساڵانەی کۆکردنەوەی پارە لەڕێگەی گەڕان بەماڵان و بازاڕەکاندا .
+کۆکردنەوەی پارە لەڕێگەی ژمارەی بانکی یاخود [SMS]ەوە
+بەخشینی کارگەو کۆمپانیاکان .
+کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فلیم
وێرای ئەم سەرچاوانە دەزگای خاچی سووری دانمارکی هاوکاری دارایی لە لایەنێکی دەوڵەت وەردەگرێت کە ئەویش {فەرمانگەی کۆچبەرانی دانمارکی}یە.
کەواتە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە بەهیچ جۆرێک پارە لە حیزب و حکومەت و سەرۆک وەزیران وەرناگرن و بەیاسا قەدەغەکراوە.
ئەوجا بابزانین ڕێکخراوە حیزبیەکانی بارزانی و مام بەچ میتۆدێک کاردەکەن و چ جۆرە مەرجێکی [ڕێکخراوی خێرخوازیان تێدایە بەتایبەت لەڕووی داهاتەوە].
باز بەسەر مۆڵەت و بارەگاو سنووری کارکردن و شێوازەکانی هاوکاری و هەندێک وردەکاریدا دەدەین ،چونکە گرنگ نین و لەکوردستان بە ئاسانی دەستەبەر دەبن ،بەتایبەت بۆ دوولایەن کە خۆیان دەسەڵاتداری یەکەمن.
ئەو مەرجەی گرنگەو هەڵوەستەی لەسەردەکەم داهاتی ئەم دوو ڕێکخراوە خێرخوازیەیە،کە ناڕوون و نادیارە.
لە پێناسەی دەزگای خێرخوازی بارزانیدا بەم جۆرە ناڕوونە ئاماژە بەسەرچاوی داهات کراوە :
{دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە زیاتر پشتی بە خەڵکی خێرخواز و مرۆڤدۆستی کوردستان بەستووە، دەتوانین بڵێین بەشێوەیەکی سەرەکی خەڵکی خێرخواز و دەوڵەمەندی کوردستان ھاوکاری ماڵی (فەند) ی پرۆژەکانی ئەم دەزگایە دەکەن.}
سەیر ئەوەیە ناوی یەک مرۆڤدۆست یا دەوڵەمەندی کوردستان نەهاتوە کە[فەندی] پێشکەش بەو دەزگایە کردوە ،کە ئەوەش مەرجێکە لەمەرجەکان و پێویستە بەناو و مەبلەغەوە ئاماژەی پێبدرێت.با لەوەش گەڕێین کە سەرچاوەکانی هاوکاری دارایی ناشەفافن ،بەڵام دەچێتە ئەقڵەوە دەزگایەکی وا زەبەلاح کە بەقسەی خۆیان چالاکیەکانی چەندین و ڵات و دەڤەری گرتوەتەوە تەنها بەخێرو سەدەقەی چەند دەوڵەمەندێک بچێت بەڕێوە؟
کەواتە لەکوێوە پارە دابین دەکەن؟ بۆ گەڕان بەدووی وەڵامەکەیدا خۆماندووکردنی نەگەرەکە و زۆر سانایە .ئاشکرایە هەرچی داهاتی کوردستانە لەژێر چنگی ئەو دووحیزبەدایە ،هەرخۆیان بڕیار لەسەر خەرجکردنی یا تەخشان وپەخشانکردنی دەدەن.
لەم حاڵەتەدا زۆر ئاساییە ساڵانە پارەیەکی زۆر لە داهاتی هەرێم کەهی خەڵکە بخرێنە سەرحسابی حیزب و لەوێشەوە بۆ [دەزگای خێرخوازی بارزانی و مام].
بەهۆی ئەم دەزگایانەوە ژمارەیەکی زۆر لەئەندامان و لایەنگرانی هەردوو حیزب بەناوی خۆبەخشەوە کاردەکەن بەڵام لەڕاستیدا مووچەخۆرن کە مەرج نیە ناونیشانی مووچەکانیان ئەم دەزگایانە بێت.
بەهۆی ئەوەی لێپرسینەوە و چاودێری و حسابات لەداهات و خەرجیەکاندا نیە ، ئەم دەزگایانە بوونەتە ژینگەیەکی گونجاون بۆ گەندەڵی و بەهەدردانی پارەی میللەت، ،خۆگەر لەوبارەوە شتێک هەبێت ئەوە بەنهێنی و لەتاریکیدا ڕوودەدەن.
دیارە لایان شەرمە بڵێن سەرچاوەی داهاتمان پارەی دزراوی خەڵکە چونکە لەسەریان دەکەوێت.
سەبارەت بە سەرچاوەکانی داهاتی دەزگای خێرخوازی مام زۆرگەڕام هیچ زانیاریەکم دەست نەکەوت.
من دژ بەهیچ دەزگایەک نیم گەر لەبواری هاوکاری مرۆیدا کاربکات و هاوکاری لێقەوماوان بکات،بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەم دوو دەزگایە مەبەست و ئامانجیان لایەنە ئینسانیەکە نیە کەوەک پێشتر ئاماژەم پێدا، بەڵکو خۆدەرخستن و پروپاگەندەی بێتامە بۆ حیزب و سەرکردە کۆچکردوەکانیان.
ئەم بۆچوونەم لەخۆڕا نەهاتوە بەڵکو ئەزموونی ٣٢ ساڵی دەسەڵاتی ئەم دووحیزبەیە بەوەی هیچ کارێک هیچ هەنگاوێک بەرەو خزمەتکردنی خەڵک هەڵناگرن با گچکەش بێت گەر بەرژەوەندی حیزب و ڕمووزەکانی تێدا نەبێت.
هاوکات منافەسەی ناشەریفی ئەم دووحیزبە گەشتە ئەم بوارەش،بەوەی هەر پاش چەند ساڵێک لەدامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەزگای خێرخوازی مامیش بوونی خۆی بەیان کرد.
هەردوو دەزگاکە دەخوازن خەڵک گەمژە بکەن کەگوایە دوودەزگای تەواو خێرخوازین و تەنها ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵکەو لەهەرشوێنێک پێویست بێت ئەمان لەوێن،ئەوەش ڕاست نیە بەوەی لە دیاری کردنی شوێنی پێشکەشکردنی هاوکاریدا مەزاج و نزیکی لە حیزبەکانیان و وەلای خەڵکەکە بۆ یان دەوردەبینێت.

هەندێک زیانیاری گرنگ دەربارەی دەزگای خاچی سووری دانمارکی.
+ئەم ڕێکخراوە لەساڵی 1876 دا دامەزراوە، لە نێو دانمارکدا [220] لقی هەیە، کە 35000خۆبەخش کاری تێدادەکەن.

  • لە 192 وڵاتدا پرۆژەیان هەیە .
    +بەسەرجەم بنکە و لقەکانی لە ناوەوەو دەرەوەی دانیمارک تەنها [200] مووچەخۆری هەیە، کە ئەمانەش زیاتر بەرپرسی وێزگەکانن و بەمووچەیەکی کەم کاردەکەن.
  • تەنها لەساڵی پاردا خاچی سووری دانمارکی 1,6 ملیار کرۆنی لە نێو دانمارک و وڵاتانی دیکەدا لەبواری هاوکاری جۆراوجۆردا خەرج کردوە.
    +خاچی سووور لەبووارەکانی پەناهەندە،نێوگری لایەنەکان لەجەنگدا،دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە بۆ خەڵکانی نێوجەنگ،هاوکاری لەبواری کارەساتی مرۆیی و سرووشتیدا،هاوکاری وڵاتە هەژارکان لەئاسایا ئەفریقا ئەمریکای لاتین،کردنەوەی خەستەخانە،ڕاکێشانی ئاوی خواردنەوە، کردنەوەی خوێندنگا، نوێژەنکردنەوەی ڕێگاوبان و زۆرکاری دیکە



ئاشبەتاڵێک بەڕێوەیە.. گۆران هەڵەبجەیی

دووجۆر دەسەڵات هەیە،جۆرێکیان ئەوەیە کە بەپێی بەرنامە دەروات بەڕێوە ،حسابی ورد بۆ هەموو هەنگاوێک دەکات، ڕەخنەو هەڵوێستی خەڵک و ئۆپۆزشیؤن بەهەند وەردەگرێت، کەمترین گەندەڵی و تەجاوەزات تێیاندا ڕوودەدات،دامەزراوە حکومیەکان دوور لە دەستتێوەردانی حیزب کاری خۆیان دەکەن ، دادگاکان هەیبەت و پێگەی خۆیان هەیەو دەسەڵاتیان بەسەر گەورەترین پلەداری دەسەڵاتدا دەشکێت، هاوڵاتی مافی پارێزراوە و کەس ناتوانێت دەستی بۆ بەرێت.
دایاری کردنی بەرنامەو کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و ئیلتزامە ،بەڵام مەرج نیە هەموو بڕگەو بەندو خاڵەکانی جێبەجێ بکرێن، گرن خەباتکردنە بۆ بەرجەستەکردنی زۆرترین خاڵ و بڕگەیان ئەویش بەپێی و توانا و دەرفەت.
کەواتە لەم جۆرە سیستەمەدا کارەکان بەباشی بەیوە دەچن،خۆگەر شکستیەک لەکاتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا ڕووبدات ئەوە کاریگەری قوڵی لەسەر ڕەوتی کارەکان نابێت، چونکە دیموکراتیەت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات زەمانەتی ئەوە دەکەن کە بەپێی پرەنسیپ و یاساکان لەداهاتوودا چارەسەری ئەو شکستیە بکرێت. کەواتە شکستی یا ئاستەنگیەکان لەم حاڵەدا کاتین نەک بەردەوام.
ئەم جۆرە دەسەڵاتانە تاڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵکەو دەچێتە خانەی دەسەڵاتە مۆدێرنەکانەوە.

لەجۆری دووەمی دەسەڵاتدا ،کە لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا باون، کارەکان تەواو پێچەوانەن ،لەم جۆرە حکومڕانیەدا یاساکانی بەڕێوەبردنی وڵات و کاری دامەزراوە حکومیەکان گرنگیەکی ئەوتۆیان نیە،ئەوەی گرنگە حیزب و دەستی حیزبە لەو پێگانەدا، لەو دەزگایانەدا حزب هەمووشتێکەو سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگا لەژێر هەژموونیدایەو بڕیاردەرو سەپێنەر هەرحیزبە.
٣٢ ساڵە لەهەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی سواری کۆڵی خەڵک بوون ،لەم ماوەیەدا نەیانتوانیوە ژیانێکی نیمچە شایستە بۆ خەڵکی هەرێم دابین بکەن، نەک هەر ئەوە بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مانگ لەدوای مانگ ساڵ لەدوای ساڵ گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپتر ڕۆشتوە.
گەر پرسیار ئەوە بێت کە ئایا لە توانایاندا هەبووە یاخود دەرفەت لەباربووە بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵک یا نا؟ بەڵێ هەبووەو دەیانتوانی، بەڵام نەیانویستوە.دانا ئەو گشت توانا دارایی و دا هاتانەی لەبەردەستدابوون گەر بە شێوازێکی ئەقڵانی بۆ خزمەتکردنی هووڵاتیان بەکاریان بێنایە ئەوە بەدڵنیاییەوە دەیانتوانی گوزەرانی خەڵک زۆر باش بکەن.
ئەم دووحیزبە هەر لەسەرەتاوە ، واتە لە دوای ڕاپەڕینەوە ماهیەت و بەرنامەی خۆیان ئاشکرا کرد ،نیشانیاندا کە ئەوان بۆ خزمەەتی خۆیان هاتوون نەک بۆ خزمەتی خەڵکی چەوساوەو بەشمەینەت. هەر بۆیەش دەستیان بەهەرچی بگەیشتایە کە پارەی بکردایە، یا سەرچاوەی داهات بووبێت ،ئەوە دەستیان بەسەردا گرتوە،حیزب و جووت بنەماڵە بوونە نەهەنگ و هەموو شتێکیان قووتدا، هیچ کایەو بوارێک نەما حیزب یا دوو بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی دەستی بەسەردا نەگرن . بە تێپەڕبوونی ساڵ، جووت حیزب و لەپاڵیدا چووت مالبات بوونە گەورەترین سەرمایەدار و هێدی هێدی درێژبوویەوە بۆ خوارەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان.
لە ڕووری سیاسەت،کۆمەڵایەتی،پەروەردە و خوێندن ،تەندرووستی و سەرجەم بوارەکانی دیکە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە وێران کران.
بەم هۆیەوە بێزاری و ناڕەزایی هاوڵاتیان گەشتوە ئاستێکی مەترسیدار،سیمای ئەم ناڕەزاییانەش لە توڕەبوون و بێ ئومێدی وچاوەڕێی خراپتر و دژوارتر خۆی دەبینێتەوە.
لە ڕەوش و حاڵەتێکی ئەوها نالەبار و دژواردا دەسەڵات هیچ چارەسەرو ئەڵتەرناتیڤێکی پێ نیە، بەڵکو بەردەوام بوون لەسەر هەمان ڕەوت بە درۆ و چاوەشەکاری و پاساوی نادرووست بۆشکستیەکان بە چارەسەر دەزانێت.
گەر نیەتی چارەسەر لە نێو بڕێک لە سەرانی هەردووحیزبدا هەبێت ،ئەوە بەدڵنیاییەوە هیچی لێ سەوزنابێت، چونکە بڕیاربەدەستەکان چاکسازی ناخوازن، هاوکات دەرفەتیش نەماوەو کات درەنگە.
ئەم شکستیانە وای کردوە کە هاوڵاتیان، ڕێکخراوە خێرخوازیەکان،دۆستانمان،نوێنەری وڵاتان لە کونسوڵخانەکان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئێراق و کوردستان، هەموو ئەمانە سەرانی هەردوو حیزبیان لە ئاکامە خراپەکانی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە ئاگادارکردوەتەوە ، لێ ئەوەی دیارە سەرانی دەسەڵات گوێیان بەم دەنگە دڵسۆزانە نەداوە.
فەرزکردنی بەغدا ئەجندەکانی بەسەر هەرێمداو هەوڵدان بۆ لاوازکردنی هەریم کە هەندێک لەو فشارانە کاریگەری هەبوە و سەری گرتوە،بەجۆرێک لە ئێستادا هەرێم لەوپەڕی لاوازیدایە، بڕیارو کارەکانی حکومەتی هەرێم و هەندێک لە دامەزراوەکانی هیچ ئەرزشێکیان نیە،حکومەتی کاربەڕێکەر لە ئێستادا ڕۆڵی پۆستەچی دەبینێت بەوەی چی لەبەغداوە بێت ئەمان دابەشی دەکەن.
دەستڕۆشتوانی هەردوو حیزب بەباشی دەرکیان بە مەترسیەکانی ئەم ڕەوشەکردوە، بەڵام دیارە پارە و دەسەڵات بێباکی کردوون،هێندە هەیە هەندێک لەسەرکردەکانی هەردوولا دان بە مەترسیەکەدا دەنێن و باسی ناڕەزایی و بێزاری خەڵک دەکەن و هەستیان بە لەدەست دانی دەرفەت کردوە.
بۆیە من وای دەبینم ئەمە سەرەتایەکە بۆ دۆڕاندنێکی مەزن ،بۆ لەدەستدانی هەمووشتێک ،بۆ شکستی یەکجارەکی، بۆ ئاشبەتاڵی دەسەڵاتی سەپێنراوی جووت حیزبی چەتەو مافیا.
گەر ئەمە ڕوویدا کەداوا و خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، ئەودەمە هیچ کردەو پەشیمانیەک داد نادات چونکە خۆیان سەبەبکار و تاوانبارن.




علی قەرەداغی نەیویست بڵێ ئەردۆغان کورد دەچەوسێنێتەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

لەمێژە ژمارەتەلەفۆنی دکتۆر[ علی قەرەداغی] م لەکنە ،زۆر جار زەنگم لێداوە بۆی ،بەڵام هەرگیز بەرسیڤی نەداوەتەوە.ئیمڕۆ{١٤/٨} بۆ ژمارەی هاوڕێم علی سیاسی دەگەڕام،لەناکاو ناوی علی قەرەداغیم بەرچاوکەوت.
بەفرسەتم زانی هەوڵێک بدەم بەڵکو بەرسیڤ بداتەوە،هەرواش دەرچوو ،کەزەنگم لێدا خۆی وەڵامی دایەوە.
پاش سڵاو ئەو بەعەرەبی وەڵامی دایەوە،گووتم کوردم فەرموو بەکوردی قسەبکە. وتی فەرموو برا چیت دەوێت؟
منیش خۆم پێناساند و مەبەستی پەیوەندیەکەشم ڕوونکردەوە بۆی.
دەتوانم دەست بە قسە بکەم؟
وتی بەڵێ بەڵێ فەرموو قسەبکە.
داوام کرد کە قسەکانم پێ نەبڕێت تا کۆتایی پێدێنم ،ئەویش بەڵێنی دا.
گووتم بەر لە چەند ڕۆژێک لە سۆشیالمیدیاکاندا هەواڵێک بەرچاوم کەوت کە دەربارەی شاندێک پێم وابێت لەلایەن یەکێتی زانایانی ئیسلام بەسەرۆکایەتی بەڕێزت پێکهاتبوو ، چووبوونە لای ئەردۆغان.
وایە وایە ئەو شاندە نوێنەرایەتی هەزارەها مسوڵمانیان کرد .
ببورە ئەو ژمارەیە گرنگ نیە نەلامەوە،ئەوەی گرنگە ئەم پرسیارەمە،هیوادارم وەڵامم بدەیتەوە ،ئەویش ئەوەیە کە مەبەستی شاندەکە شەفاعەت کردن بووە بۆ [ئیخوانەکانی میسر] تا ئەردۆغان فشارەکانی لەسەریان کەمبکاتەوە بەتایبەتی لەڕووی گرتن و دەرکردن و لێسەندنەوەی [ئیقامە] و ئاستەنگیەکانی دیکەوە.
هیوادارم بەهۆی ئەو پەیوەندیە باشەی لەگەڵ ئەردۆغان هەتانە سووکە شەفاعەتێکیش بۆ نەتەوەکەت بکەیت، با دەست لە کووشتنیان هەڵبگرێت کە ڕۆژانە بەدرۆن ئەیانکاتە ئامانج ،خۆ ئەوانیش جگەلەوەی مرۆڤن، کوردن ، مسوڵمانن.
لەبری ئەوەی وەڵامی ڕاستەوخۆی پرسیارەکەم بداتەوە باسیەکەی دوورخستەوەو بە ئەنقەست بەلاڕێدا بردی،گووتی کاتی خۆی هەوڵمداوە شەڕ ڕابگیرێت ،گوایە لەوبارەوە قسەی لەگە ئەردۆغان و پێ کاکاش کردوە،[بەشبەحاڵی خۆم بەگومانم لەو هەوڵەی].پرسیم ئەی ئەنجام چی بوو ؟وەڵامێکی ناڕوونی دایەوە ،بۆیە ناچار گووتم دڵنیام کە پێ کاکا ئامادەیە بۆ ئاشتی، بەڵام ئەوە ئەردۆغانە ئاشتی ناوێت و هەموو کورد بەدوژمنی خۆی دەزانێت.پاشان پرسیم بۆ ئێستە هەوڵنادەیت تا ئەردۆغان دەست لەچەوساندنەوەی کورد هەڵبگرێت؟
لەبری ئەم وەڵامەش بازی دا بۆ ئیبراهیم خەلیل ،گووتی من نەبوومایە ئەردۆغان ئەو دەروازەیەی دادەخست،هەوڵیشم داوە تورکیا ڕێگە بە فڕۆکەخانەی سلیمانی بدات تا گەشتەکانیان بۆ تورکیا دەست پێبکەنەوە ،بەڵام جاری هەوڵەکانم کۆتایی نەهاتوە.
لەوەڵامی مەسەلەی سنووری ئیبراهیم خەلیلدا گووتم ،ئەردۆغان هەرگیز ئەو سنورە داناخات چونە داهاتی ساڵانەی بۆ تورکیا چەندین ملیار دۆلارە ،جگە لەوە لەمدیویش داهاتەکەی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانیە نەک بۆ خەڵک ،جا گەر داشبخرێت هیچ زیانێک بەخەڵکی بەشمەینەت ناگەیەنێت.
پرسیم تکایە بە بەڵێ یا نەخێر وەڵامم بدەرەوە کە ئایا ئەردۆغان کورد دەچەوسێنێتەوە یا نا؟نەیویست ڕاستەوخۆ بە بەڵێ یا نەخێر وەڵام بداتەوە بەڵکو دەیخواست تەموومژاوی بکات و بەجۆرێکیتر ڕوونی بکاتەوە، بۆیە ناچار بووم پێی ببڕم و دووبارەم کردەوە کە تکایە بە یا یاخود نا وەڵامم بدەرەوە،بڕێک توڕەبوو گووتی تۆ بۆت نیە ئیمتحانی من بکەیت،گوتم ئیمتحان نیە بەڵکو تەنها پرسیارە و پرسیاریش عەیبە نیە ،دەکرێ بێ ڕوونکردنەوە بە وشەیەک وەڵامم بدەیتەوە .دەرکەوت کە ناخوازێت وەڵام بداتەوە،چونکە لەهەردوو حاڵەتەکەدا لەسەری دەکەوت .
ئەو تەواو دڵنیایە کەکورد لەلایەن ئەردۆغانەوە دەچەوسێتەوە، بەڵام هەرگیز ناخوازێت بەئاشکراو ڕاشکاوانە ئەو حەقیقەتە بڵێت ،چونکە نایەوێت ئەردۆغان لەخۆی زویربکات.
گووتم ئەردۆغان تەنانەت دژی زمانی کوردیشە،بەردەوام میدیا کوردیەکان دادەخرێن خاوەنەکانیان زیندانی دەکرێن،گووتی شتی وا نیەو تا ڕادەیەک ئازادی بۆبەکارهێنانی زمانی کوردی هەیە،منیش نمونەی مامۆستایەکی کوردم بۆ هێنایەوە کەجگە لەداخستنی پۆلەکەی هەڕەشەی کووشتنیان لێکردوە ،لەئاکامدا ناچاربووە تورکیا بەجێ بهێڵێت و ئێستا لەهۆڵەندا وانەی کوردی دەڵێتەوە.نکولی لەمەش کرد ،بۆیە گووتم چی دەڵێیت گەر هەواڵەکەت بۆبنێرم کەلە ماڵپەڕی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە؟ گووتی باشە بۆم بنێرە،منیش گەرماوگەرم ناردم بۆی.
ئەوەی سەیربوو بەلامەوە ئەوجۆرە ستایشە بوو لەلایەن دکتۆر علی قەرەداغیەوە ،بەوەی گوایە من لە ئاخافتنمدا زمانی زبرم بەکارنەهێناوە،وابزانم هەر ئەوەش بوو کە زوو کۆتایی بە گفتوگۆکان نەهێنا. لەوبارەوە گووتم وابزانم کەم تا زۆر موتابەعەی سۆشیال میدیای کوردی دەکەیت ،وە ئاگاداری هەڵوێست و تێڕوانینی خەڵکی کوردستانیت بەرامبەرت، کە بەهۆی پشتگیریتەوە بۆ ئەردۆغان خەڵک زۆر لێت تووڕەن ،جاگەر بەزمانی زبر دوابن ئەوە هۆکارەکەی بێ هەڵوێستیتە بەرامبەر بە نەهامتیەکانی گەلەکەت،بۆیە هیوادارم بەخۆتا بێیتەوەو کەمێک کار بۆنەتەوەکەت بکەیت.
دەیویست کۆتایی بە دیالۆگەکە بهێنێت ئەویش بەبەهانەی سەرقاڵی،بۆیە منیش نەمویست لەوە زیاتر کاتی بگرم و سوپاسیم کرد بۆ ئەو دەرفەتەی بەخشی پێم،بەئومێدی ئەوەی لەداهاتودا دووبارەی بکەینەوە.




خاڵە هاوبەشەکانی نێوان گەنجە جنێوفرۆشەکان.. گۆران هەڵەبجەیی

شاراوەنیە کە هەرێمی کوردستان لەمێژە گیرۆدەی دەستی ڕەوتێکی ئیسلامی تووندڕەوی جیهادی بووە. ڕابەرانی ئەم ڕەوتە لە زۆرێک لە مەلاو بانگخواز پێک دێن، کە هەرشتێک لەخۆیان نەچێت دژایەتی دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە، باگەر گرووپ و حیزب و تاکی تەواو ئیمانداریش بن.
لەکن ئەمانە هەمووخۆشی و جوانیەکانی ژیان هیچ بایەخێکی نیەو تەنها پێوەریان بۆ چالاکیەکانی ژیان گەڕانەوەیە بۆ [١٤٠٠]ساڵ لەمەوبەر ،واتە گونجاندنی کۆمەڵگایە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا نەک گونجاندنی خۆیان لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتنەکانیدا.
ئەم ڕابەرە تاریکپەرستانە بە هەڵوێست و خیتابە مەترسیدارەکانیان مێشکی ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەنجیان شۆردوەتەوە، بەجۆرێک لە شارستانیەت و زانست و خۆشیەکانی ژیان دایانبڕیون و لەخۆیان هارتر و تووندهاژۆترن.
کاریگەری ئەم مەلا تاریکپەرستانە گەشتووەتە هەندەرانیش بەوەی زۆرێک لە گەنجەکان پەیڕەوی هەمان خیتاب و ئەقڵیەت دەکەن و هەندێک جار زیادەڕۆیی تێدا دەکەن .
ئەوەی جێگەی سەرنجە خاڵەهاوبەشەکانی نێوان ئەم گەنجانەیە کە وەک خەسڵەتێکی نەرێنی کۆیان دەکاتەوە کە گرنگەکانیان ئەمانەن:

  • زۆربەی هەرەزۆریان لەئاستێکی زۆر نزمی خوێندەواریدان، بەئەندازەی بێ تواناییان لە نووسینی ڕستەیەکی بێ هەڵە.
  • لەبارەی خوێندنیشەوە ،زۆرینەیان قۆناغی بنەڕەتیان تێنەپەڕاندوە.
    +ناشارەزاییان لەزمانی عەرەبیدا کە قورئانی پێ نووسراوە.
    +نامۆییان بە شەریعەت و قورئان و حەدیس و تەفسیری ئایەتەکان ،بەجۆرێک لە کاتی پرسیاردا لەوبارەوە خۆیانی لێ دەدزنەوە.
  • بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتیانەوە کە دەرفەتی ژیانێکی باشیان بۆ هەڵنەکەوتوە بەکاردەهێنرێن.
    +دووریان لەدنیای کتێب و هونەرو ئەدەب و خۆپڕچەککردن بە بابەتەکانی ڕووناک کردنەوەی هزر.
    +مزگەوت یەکەم وێستگەی ئاشنابوونیانە بە ئاین و بیستنی ختابی کەراهیەت لەدەمی مەلاکانەوە.
    +بەکارهێنانی بەردەوامی تاکە چەکی دەستیان کە ئەویش جنێو،قسەی ناشیرین،تەکفیر کردنی بەرامبەرە ، بەتایبەتی بەکارهێنانی وشەی[مولحید] کە بە ناوهێنانی زۆر خۆشحاڵ دەبن.
    +ئەمانە لەدایک بووی ساڵانی دوای ڕاپەڕینن ،واتە لەژێر دەسەڵاتی کوردی خۆماڵیدا گەورەبوون و پەروەردەی ئەو سەردەمەن.
  • خاک ،وڵات، نیشتمان، نەتەوە لەکن ئەمانە هیچ بایەخێکی نیەو دەیانکەنە قوربانی مسوڵمانێکی ئیماندار ،ئیدی لەهەرکوێ بێت.{یەکێک لەم گەنجانە لەفەیسبووک بێ شەرمانە نووسیبووی ،هەموو کوردوکوردستان دەکەمە قوربانی تاکێک پێڵاوی مسوڵمانێکی لەخواترس لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت.}
  • خۆیان دوورخستوەتە لە خۆشیەکانی ژیان و زۆربەی کاتیان بەفێڕبوونی خیتابی کەراهیەت بەسەردەبەن..
    +دابڕاون لەکۆمەڵگا ،وشک و گۆشەگیر و کەمدوون.
    +هەوڵەدەن کۆنترۆڵی ڕەفتاری خێزانەکانیان بەتایبەتی خوشکەکانیان بکەن بەجۆرێک هەندێک جار فشارەکان هێندە بەهێز بووە خوشک بەرگەی نەگرتووە بە خۆکووشتنی خوشک کۆتایی هاتوە ،یا لەلایەن براوە لەسەر شتێکی بێبایەخ کوژراوە.

پرسیار ئەوەیە لە ئایندەدا ئەم گەنجانە بەم فکرە مەترسیدارایەنەوە چ کارەساتێک بۆکۆمەڵگا دەخولقێنن؟




با ڕێگەنەدەین تەرۆرکردنی خواناس وەک تاوانەکانی ڕابردوو بێدەنگی لێ بکرێت.. گۆران هەڵەبجەیی

لەدوای ڕاپەڕینەوە و تا ئەمڕۆ ڕشتنی خوێنی مرۆڤە بێ تاوانەکان لەژێر پاساوی جۆراوجۆردا بەردەوامە،هاوکات هەڕەشەو سوکایەتی و لێسەندنەوەی مافی ڕادەربڕین لە زۆرێک لە ڕووناکبیران و ژنانی چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی درێژەی هەیە.
ڕەوشەکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو خراپترو مەترسیدارتر دەڕوات ،بەجۆرێک هیچ ئاسۆیەک بۆ باشبوون یا بەلای کەمەوە کەمبوونەوەی تووندووتیژی بەدی ناکرێت.گەر ڕەوشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت ئەوە دۆزەخێک بەڕێوەیە کە بەئاسانی هەست بە سەرەتاکەی دەکرێت.
هۆکاری ئەم ڕەوشە مەترسیدارە دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنی خێرای ڕەوتی تووندڕەوی ئیسلامی و باڵادەستی حیزب وگرووپ و مەلاو کەسە تووندڕەو و تەرۆریستەکان لە نێو کۆمەڵگادا. ئەم ئیسلامیانە بەجۆرێک کۆنترۆڵی کۆمەڵگایان کردوە کە هەر کارێک جوڵەیەک چالاکیەکی مەدەنی بەدڵیان نەبێت بەئاسانی ڕێگری لێدەکەن و شاڵاوێکی بەربڵاوی میدیایش دەکەنە سەر خاوەنەکانیان.
لە بەرامبەردا سوپایەک لە گەنجی تووندڕەو و مێشک ڕەقیان پەروەردەکردوە و بەریان داونەتە گیانی خەڵک .هەندێک لەو مەلایانە[ بە نمونەی مەلا هەڵۆ،مەلا عەبدول لەتیف سەلەفی،مەلا مەزهەر و مەلا عادل و چەندین مەلای تر ]بەردەوام ژەهر دەڕژن و گەنجەکانی بەردەستیان هاندەدەن بۆ ئەنجامدانی دژیاتی و تاوان .
لەهەر کیان و دەوڵەتێدا گەر یاسا غایب بوو، ئەودەمە گروپ و تاقمی دەرەوەی دەسەڵات و یاسا سەرهەڵدەدەن و بۆشاییەکە لەبەرژەوەندی خۆیان پڕدەکەنەوە و ئەجندای خۆیان دەسەپێنن. لە مێژە گووتوومەو ئێستەش دووبارەی دەکەمەوە کە لە مێژە ڕێکەوتنێکی واژۆنەکراو لە نێوان دەسەڵاتی کوردی[یەکێتی و پارتی] لەلایەک و ڕەوت و حیزب و بانگخوازە تووندڕەوەکان لەلایەکی تر لە هەرێم ئەنجامدراوە،ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە ،کۆمەڵگاو شەقام بۆ ئیسلامیەکان ،دەسەڵات و پارەش بۆ یەکێتی و پارتی.
ئەم ڕێکەوتنە دەڵێت هەرلایەک چی دەکات ئازادە ،بەمەرجێک تووخنی کاروبەرژەوەندی یەکتر نەکەون ،جا تا ئێستا بەو جۆرە بەڕێوە چووە ،ئیسلامیەکان لە تاوان و ناعەدالەتی و دزی و گەندەڵی جوت حیزب بێدەنگن و مێش میوانیان نیە،[گەر تاک و ترا مەلایەک لەوبارەوە قسەی کردبێت و پشتگیری خەڵکی کردێت ،ئەوە گەر لەنێونەبرابێت بەدڵنیاییەوە لەئەرکەکەی دوورخراوەتەوە بێدەنگ کراوە].لەبەرامبەردا پارتی و یەکێتیش هیچ کردەو هەڵوێستێکیان نیشان نەداوە و نایدەن بەرامبەر بە چالاکی و ڕەفتاری ئیسلامیەکان بەهەموو ڕەوت و ڕەنگەکانیانەوە . هەندێک جار ئەم هاوپەیمانیە لە کۆبوونەو دیداری سەرانی دەسەڵات و سومبوڵی ئەو ڕەوتە تووندڕەوانە بەرجەستەدەبێت.
ئەم بێدەنگی و خەمساردیەی دەسەڵات وای کردوە تاوانی کووشتنی ڕەگەزی مێینە بەپاساوی شەرەف بەهاندانی ئەم مەلاتووندڕەوانە بەردەوام لەهەڵکشاندابێت،هاوکات پانتایی ڕادەربڕین و باسکردنی ژیانی مەدەنیەت بەرتەسک بکرێتەوە.
دەمێک ژنێک کچێک خوشکێک لە لایەن کەسە نزیکاەکانیەوە بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت، زۆر جار تاوانبار لای سەرانی هەردووحیزب داڵدەدەدرێت،پاشان هەر داڵدەدەر لەژێر فشارو هەڕەشەدا هەوڵی چارەسەر بەڕێگەی سوڵحی عەشایەری دەدات، خۆگەر لەژێر فشاری ئازادیخوازاندا ڕادەستی دادگا بکرێت، ئەو دەمە بەفشاری سیاسیەکان ئازاد دەکرێت یاخود حوکمێکی سوکی دەدەن و پاش بەسەربردنی ماوەیەک ئازاد دەکرێت.
ئەم دۆخە وای کردوە دەستی تاوانباران ئاوەڵابێت و تاوانیش لە هەڵکشاندابێت. خۆگەر دەسەڵاتداران دەستنەخەنە نێوکاری دادگاکانەوە،هاوکات دادگاکانیش بەپێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان تاوانباران سزای قورس بدەن ، ئەو دەمە کەسەکە بەر لە ئەنجامدانی تاوانەکەی بیر لەسزاقورسەکەی دەکاتەوە،بەڵام بەهۆی زەمینەلەباریەوە و بێدەنگی دەسەڵاتداران و لاوازی ڕۆڵی داگاکان، ئەم تاوانانە بەردەوام دەبێت.
ئەز دڵنیام یەکێتی و پارتی بێدادگا خەڵکیان بەنهێنی لەسێدارە داوە کە لەوانەیە مەترسیان بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبەکانیان هەبووبێت، لەوبارەوە نمونەم لایە بەڵام ئێرە شوێنی باسکردنی نیە. دەی با بۆ چاوترساندن و ڕێگەگرتن لەتاوانی کووشتنی بەناهەق یەک دوو قاتل لەسێدارە بدەن و لەمیدیاکاندا ئاماژەی پێ بدەن،دڵنیام ئەودەمە ڕێژەی تاوانی کووشتنی مێینە گەر نەمێنێت بەدڵنیاییەوە زۆر دەگمەن دەبێت .
کووشتنی خواناس دوا تاوان نابێت کە تووندڕەوێکی تەرۆریستی پەروەردەی دەستی مەلاهەڵۆ ئەنجامی داوە،ئەو تاوانەی کۆمەڵگای ڕانەچڵەکاند و جگە لە توێژێکی ڕۆشبیر کە ئیدانەیان کرد ،لەلایەن زۆرینەوە بەئاسایی وەرگیرا،لەوە خراپتریش زۆرێک لەهاوڵاتیان خۆشحاڵیان دەربڕی و بەئاشکرا لەسۆشیال میدیاوە دەستخۆشیان لەتاوانبار کرد.
لەڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر تاوانی کووشتن بەهاندانی وەکیلەکانی خوا لەسەر زەوی ئەنجامدراون ،پاش هەر تاوانێک بۆ چەندڕۆژیک میدیاکانیان پێوە خەریک کردوە، داوای سزای تووند بۆتاوانبار کراوە،ئیدی پاش ماوەیەک بەسوڵحی عەشایەری یا بەسوکە سزایەک کۆتایی بە مەسەلەکە هێنراوە و باسەکە ساردبووەتەوە ،لەئاکامدا لەبیرکراوەتەوە و تاوانباریش وەک هیچ ڕووینەدابێت ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێ کردوە.
ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە زۆربەی تاوانباران نەک پەشیمانیان دەرنەبڕیوە بەڵکو بەئاشکرا شانازیان بەو تاوانەوە کردوە، بەنمونەی بکوژی ماریاو خواناس و چەندینی تر . جابۆئەوەی تاوانی کوشتنی خواناس وەک تاوانەکانی ڕابردوو لەیاد نەکرێت ،بۆئەوەی ببێتە وێستگەیەکی ڕاوەستان وڕامان و هەڵوێست وەرگرتن لەمەڕ تاوانی کووشتن ، گرنگەو زۆریش پێویستە ئەم تاوانە بەگەرمی بمێنێت،فشار بۆسەردەسەڵات زیاد بکرێت،سنوورێک بۆ مەلاتووندڕەوەکان دابنرێت،بەدواچوونی بۆ بکرێت،دوای تووندترین سزا بۆ بکووژ و هاندەری بکوژ بکرێت کە مەلاهەڵۆیە.




بەر لە دووژمن ناپاکان لەناوبەرن.. گۆران هەڵەبجەیی

{گەر دە فیشەکم پێبێت نۆی دەنێم بە ناپاکانەوە و تەنها یەکێکی دەنێم بەدوژمنەوە / چیڤارا}
ناپاک تاک یا کۆ گەورەترین زیانی بە دۆزی گەلی کورد گەیاندوە،ئیدی لە دیرۆکی کۆندابووبێت یاخود لەسەردەمی پەیدابوونی حیزب و سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداریدابووبێت.
مەسەلەی بوونی ناپاک شتێکی نوێ نیە ، هەر لە دەمی پەیدابوونی شەڕو ناکۆکی و ململانێی نێو شارستانیەکان و مرۆڤەکان لەپێناوی کۆنترۆڵکردنی خاک و شوێنی ستراتیژی هەبووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە.
لەمێژوودا چەندین شارستانی،ئیمپراتۆریەت،دەوڵەت،حکومەت،جەنگ بەهۆی کاری ناپاکانەوە زیانیان پێگەشتوە، یاخود شکستیان هێناوە.
ناپاکی یا سیخوڕی کردارێک نیە تایبەت بێت بە نەتەوەیەک یا دەسەڵاتێک بەڵکو زۆربەی نەتەوەکان ناپاکیان تێدا هەبووەو هەیە.
گەر کوردستان بەنمونە بگرین بۆمان دەردەکەوێت هەرگیز ناپاکی لێ نەبڕاوە ،بەتایبەت لەدەمی پەیدابوونی حیزب و سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداریەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ .
ئەو پێشمەرگانەی بۆ سەردانی خێزان و کەسوکاریان دەهاتنەوە نێو شارەکان و پاشان دەستگیر دەکران،ئەوانەی خەبەریان لێدەدان کوردبوون و لە پێناوی بڕێک پارەدا ئەو کارەیان دەکرد و پشمەرگەکانیان بە سێدارە دەگەیاند.یاخود ئاشکراکردنی شانە حیزبیەکانی نێو باژێرەکان و دەستگیرکردنیان ،دیسان هەرئەوانەش کاری سیخوری کوردبوون.پێدانی زانیاری هەستیار دەربارەی هێزی پێشمەرگە بە ئەمن و ئیستیخباراتی بەعس ،ئەوەش کاری کوردی ناپاک بوو.
گەر ناپاک و سیخور و جاش و بەعسی کورد نەبایە دەزگا سەرکووتکەرەکانی ڕژێم هیچیان پێ نەدەکرا .ئەم ناپاکە کوردانە مەزنترین خزمەتیان بەڕژێمی بەعس کرد ،هاوکات مەزنترین زیانیان بە دۆزی کورد گەیاند.
ئەوەی جێگەی ئەسەفە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەو سیخوڕو سەرۆک جاش و کوردە بەعسیانە لەکن یەکێتی و پارتین و پلەوپایەو مووچەو ئیمتیازاتیان بۆ دابین کراوە و شاهانە دەژین.
لەدوای ڕاپەڕینەوە دەزگا سیخوریەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیاو ئێران[میت و ئیتلاعات] دەستیان بە چالاکی کردوەو چەندین بنکەوبارەگایان لەژێر جۆرەها ناودا لەباشوور دامەزراندوە، بەجۆرێک خۆیان جێگیرکردوە کە دەتوانم بڵێم هەرێم لەژێر هەژموونی ئەواندایە،کێیان مەبەست بێت و لەهەر شوێنێک بێت بەئاسانی[ بەهۆی سیخوری کودەوە] دەستیان پێی دەگات و لەناوی دەبەن.
جا بۆ ئەوەی ئەم دەزگا سیخوڕیانە کارەکانیان بەرهەمداربێت ،پێویستیان بە چاوساغ هەیە تا ڕێگەنیشاندەرو هاوکاریان بن،دەنا ئەوان دەستەپاچە دادەنیشن و هیچیان بۆناکرێت .لەو ڕووەوە هەردوو دەزگای سیخوڕی سەرکەوتووبوون لە تەجنیدکردنی ژمارەیەکی زۆر لەکوردی باشوور.هەر لەڕێگەی چاوساغەکانەوە توانیان ژمارەیەک لەسەرکردەو کادێرو ئەندامی چالاکی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوور بکوژن.
زۆربەی هەرەزۆری ئەو ناپاکانە لەپێناوی پارەدا ئەوکارە قێزەوەنە دەکەن و حسابی بزنس بۆ ناپاکیە دەکەن . لەبەرامبەردا خەڵکانێکی دیکە هەن کە بەهۆکاری جیاواز ئەو کارە دەکەن،بۆ نمونە پارتیەکان بەهۆی دژایەتیانەوە بۆ پێ کا کاو هەدەپە ئەو خزمەتە پێشکەش بە میتی تورکیا دەکەن و بەردەوامیشن لەو خزمەتە.یەکێتیش بەهۆی هەڕەشەو فشاری هەردوو دەزگاوە چاوپۆشی دەکەن و هەندێک جاریش هاوکاریان دەکەن بۆ پێدانی زانیاری دەربارەی ئەو کەسانەی سەرەی کووشتنیان هاتوە.
سەیر لەوەدایە لەهەردوو زۆنەکە گەر بکوژەکان دەستگیربکرێن هەرگیز نیشانیان نادەن وەک لەگەڵ سادەترین تاوانباردا دەیکەن.جگەلەمە پاش مانەوەی بکوژ لەبەندیخانە بۆیەک دوورۆژ ، بەفشاری هەردوولا بێ دادگایی ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئێران یا تورکیا.
مەسەلەی ناپاکی هەر لە باشوور نەوەستاوە ، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ڕۆژئاواش،دەبیسین بەردەوام میتی تورکیا بە درۆن کادێرو بەرپرسە مەدەنی و سەربازیەکانی [قەسەد] دەکەنە ئامانج.لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی [قەسەد] بەردەوام ئەو تۆڕە سیخوریانە ئاشکرا دەکەن و بە سزایان دەگەیەنن ،بەڵام بەزەبری پارە میت بەردەوام خەڵکانی نوێ بەکرێ دەگرێت بۆ پێدانی زانیاری.
نوێترین کاری سیخوری، پێدانی زانیاری بوو دەربارەی دووکادێری باڵای[قەسەد] ئەوانیش ( یوسرا دەروێش ) هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و( لیمان شوێش ) نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، کەلە ڕێگای نێوان تربەسپی و قامیشلۆ لەلایەن فروکەکانی دەولەتی تورکیای فاشیەوە بەدرۆن کوژران.

دەپرسم گەر کوردی ناپاک زانیاری ورد نەداتە میت ئەوان چۆن دەزانن ئەو دووبەرپرسە دەرچوونیان هەیەو بەرەوکوێ دەرۆن؟
وەک بیستوومە یەکێک لەو سیخوڕانەی کە چەند مانگێک لەمەوبەر دەستگیرکراوە ،کەسێکە سێ برای شەهیدی ڕێزەکانی [قەسەدە]،ئەمە ئەوپەڕی داڕمانی ئەخلاق و هەستی نەتەوایەتیە کەسێک بۆپارە سێ برا لەبیربکات و هاوکاری دەوڵەتێکی فاشی بکوژی براکانی بکات.
دەزانم کە تورکیا لەڕووی سەربازی و تەکنەلۆجیای زانیاری و درۆنەوە بەتوانایەو قەسەد بەپێی پێویست ناتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە ،بۆیە پێویستە باشتر ئاگایان لە جوڵەی خۆیان و دەوروبەربێت و زۆر زۆر بەنهێنی کارەکانیان ئەنجام بدەن،دەنا بەئامانج گرتنیان بەردەوام دەبیت و زیانی زیاتریان پێدەگات.
ئەرکێکی تریان وەک ئەولەویەت مامەڵەی تووندو بێ بەزەییانە لەگەڵ ناپاکاندا ،چونکە پاسیڤ کردنیان یانی شکاندنی باڵی درۆنەکانی تورکیایە.




حەقیقەتی ئەردۆغان.. گۆران هەڵەبجەیی

[بۆ ئەو مسوڵمانە کوردەی هەموو کورد دەکاتە قوربانی تورکێکی مسوڵمان،بۆ هەودارانی ئەردۆغان لە باشوور]

ئەردۆغان ئەو کەسەیە کە زیرەکانە ئیسلام بۆ بەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەی بەکاردەهێنێت، ئیدی ئەم بەرژەوەندیە چۆنی خواست، ئەو خۆی لەگەڵیدا دەگونجێنێت ، با ئەگەر لەسەر حسابی ئاینەکەیشی بێت.

بۆنمونە لەم ماوەیەدا ئەردۆغان پەنای بۆ چەند کردەیەک بردوە کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ قەناعەتی ئاینی و پرەنسیپی ئیسلامیدا یەکناگرنەوە ،بەڵام ئەو چاوی لەبەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەیەتی نەک بەرژەوەندی ئاینی.

  • چەند ساڵێک بوو پەیوەندی نێوان تورکیاو ئیسرائیل تێکچوبوو ، هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تاوانبار دەکرد،لێ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کەساڵێک کەمتری ماوە ،وە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی کێرڤی حیزبەکەی، ئەردۆغان چەندین هەنگاوی نا ،یەکێک لەوانە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان بوو لەگەڵ ئیسرائیل ، ئەم هەنگاوە کووتووپڕەی ئەردۆغان بۆ ئیسرائیلیەکانیش جێگەی سەرسوڕمان بوو .
    +تورکیا یەکەم دەوڵەتی ئیسلامیە کە ئیعترافی بە ئیسراێیل کردوە.
    +تورکیاو ئیسرائیل گەورەترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا هەیە کە ساڵانە بە چەندین ملیاردۆلار دەخەمڵێنرێت.
    +گەشتیارانی ئیسرائیلی بۆ تورکیا ساڵانە لە نیوملیۆن گەشتیار تێپەڕدەکات.
    +مەزنترین کارگەی درووستکردنی کەرەستەی سەربازی ئیسرائیلی لەتورکایە.
    +تورکیا گەورەترین هەناردەکەری چیمەنتۆیە بۆ ئیسرائیل [کە بۆ بیناکردنی مستەوتەنەکان بەکار دەهێنرێن]
    +ناوی تورکیا لە نێو ئەو وڵاتانەدا {نیە }کە لەڕووی داراییەوە کۆمەکی فەلەستینیان کردووە.
    +ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی مسوڵمانە کەمەدالیای [جوامێری ئیسرائیلی] پێبەخشراوە.
    +ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی مسوڵمانە کە زیارەتی گۆڕی دامەزرێنەری بزافی زایۆنزمی{ تیودۆر هەرتزل} ی کردوە .
    +ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی مسوڵمانە کە تا ئێستا [٥] جار سەردانی ئیسرائیلی کردوە.
  • سەفەرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بۆ تورکیا بێ ڤیزەیە ،بەڵام بۆ فەلەستینیەکان [ئەگەر ڕێگەیان پێبدەن] ئەوە بە ڤیزەیە،
    +دەمێک ئەردۆغان کووفیە{جامانە} ی فەلەستینی لەمل نابوو ،لە بەردەم میدیاکاراندا گووتی [قودس هێڵی سوورە]و بەرەنگاری هەر وڵاتێک دەبینەوە باڵوێزخانەکەی بگوێزێتەوە بۆ ئەو باژێڕە ،بەڵام هەر زوو لەو قسەیە پەشیمان بوویەوە ،بەوەی بە فەرمانی خودی خۆی کۆمپانیای{لیماک}بەگوژمەی [٢١] ملیۆن دۆلار ، درووستکردنی بینای {باڵوێزخانەی ئەمریکای لە قودس} لە ئەستۆگرت.شایانی ئاماژەیە خاوەنی ئەو کۆمپانیایە[نیهاد ئۆزدمیر] ە کە دۆستێکی نزیکی ئەردۆغانە،هاوکات زاواکەی ئەردۆغان[بیرات بەیرەق] و [بن علی یەڵدرم] پشکیان تێیدا هەیە.
    بەمەش تورکیا بووە سەرمەشقی هەموو وڵاتانی جیهان کە دەستی بۆ کارێکی هەستیار و مەترسیدار برد ،هاوکات دۆستایەتی و دڵسۆزی خۆی بۆ ئیسرائیل سەلماند.
    +لەتورکیا ٢٦ قاعیدەی عەسکەری ناتۆ هەیە.
    +تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کەبەفەرمی ڕێگەی بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازەکان داوە.
    +تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کە [ کەناردەریای نوودیست]ی هەیە،واتە ڕووتبوونەوەی تەواو .
    +تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کەدژی قورئان وبنەماکانی ئیسلام کاری کردوە ،بەوەی فرژنی تێیدا قەدەغەیە .
    +یەکەم دەوڵەتی ئیسلامی تورکیایە کە بەفەرمی ڕێگەی بە لەشفرۆشی داوە.
    +ژمارە ئەو ماڵانەی کاری لەشفرۆشیان تێدا دەکرێت لە سەرانسەری تورکیادا پتر لە {٢٠٠٠٠} ماڵە.
    +داهاتی ساڵانەی تورکیا لە بواری لەشفرۆشیدا [چوار ملیار دۆلارە]
    +ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن بە گەوادەکانیشەوە ژمارەیان [٣٠٠٠٠٠]کەسە.
    +٢٦٥ کارگەی درووستکردنی مادەکحولیەکان لەتورکیا هەیە .
    +دەرکردنی ئیخوانەکانی میسر لە تورکیاو داخستنی بارەگاو میدیاکانیان ، بێ دەنگی مسوڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە بەکوردیشەوە.

+ئەردۆغان ،وەک ئامرازێک ئاین بۆ گەوجاندنی کوردە ئیماندارەکان بەکاردەهێنێت،بەتایبەتی ئەوانەی ئەردۆغان بە خلیفەی نوێی موسوڵمانان دەزانن.
+لەکن ئەردۆغان هەموو کورد دوژمن و نەیارن ،ئیدی با مسوڵمانی عەیار ٢٤ بێت،وەک عەلی قەرەداغی و هاو فکرەکانی.

گەر ئەم حەقیقەتانە لەکن هەندێک کاڵفامی ئیسلامی باشوور نوێبن،ئەوە بەدڵنیاییەوە بە دوونوێژی ئەردۆغانی نەژاد پەرست و فاشست لەخشتە براون.
+گەر پرسیار ئەوەبێت ئەی بۆچی لەگەڵ ئەم هەموو فەزاحەتەشدا هێشتا ئیماندارانی باشوور سەرسەختانە داکۆکی لێدەکەن؟
+بەبۆچوونی من وەڵامەکە ئەوەیە ،ئەو جۆرە کوردە ئیماندارانە بڕیاریان داوە گەر فەزیحەتەکانی ئەردۆغان لەوەش زیاتربن ، هەر داکۆکی لێدەکەن و وەک ئیماندارێکی بێگانەپەرست و خۆفرۆش بمێننەوە ،کە ئەمەش لادانە لەپرەنسیبە ئەخلاقی و نەتەوەیی و نینسانیەکان.
ئاشکرایە کوردی مسوڵمانی حیزبی و غەیرە حیزبی نیشتەجێی باشوور هەستی نەتەوایەتی و مرۆڤدۆستی لەکن زۆربەیان غائیبە ،ئەوانە ئازاری مسوڵمانێکی فەلەستین یا بورما [کە دڵنیام زۆربەیان نازانن بۆرما دەکەوێتە کوێوە] کە هەزارەها کم لێمانەوە دوورە ،هەستیان دەبزوێنێت و داکۆکییان لێدەکەن و فرمێسکیان بۆدەڕێژن،کەچی لەئاست ئازار و مەینەتی و چەوساندنەوەی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا { کەڕوکوێرولاڵن} ،دەتوانم بڵێم بەکارە نائینسانیەکانی ئەردۆغان دژی هاوزمانی خۆیان خۆشحاڵن و خەنی دەبن.
سەرنج/ ساڵی پار کۆتایی مانگی {٨} ئەم بابەتەم بە ناونیشانێکی دیکە نووسی، کە ئاراستەی علی قەرەداغیم کردبوو.هەست دەکەم دووبارە پۆست کردنەوەی لەم دۆخەی ئێستادا کە[هەڵبژاردنەکانی تورکیا]بەڕێوەیە، بەپێویست دەزانم.
جگەلەوەی ناونیشانەکەیم گۆڕی ،هاوکات کوورتم کردەوەو لەهەندێک شوێنیش دەستکاریم کرد.




بۆ ئاسۆ حاجی ،نرخی وتارەکەت چەند درهەمە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

لەسەردەمی حکومڕانی عەباسیەکاندا کایەی ئەدەبی بەتایبەتی شیعر ڕۆڵی گرنگی هەبوو ،شیعر وەک کاڵا پارەی دەکرد،بەتایبەتی لە شەوە سوورەکانی پڕ ڕابواردن و ڕازاوەی خەلیفەکاندا کە لە کۆشکەکاندا سازدەکران . لەو شەوانەدا زۆرێک لە شاعیرەکان هەوڵیان دەدا خۆیان بگەیەننە ئەوێ و بڕێک لە شییعرەکانیان کە هەمووی پیاهەڵدان و مەدح و سەنای خەلیفە بوو بفرۆشن.
پاش خوێندنەوەی هەر شیعرێکیش بەپێی ئاستی پیاهەڵدان و پەسەندی لەکن خەلیفە ، فەرمانی دەدا کە بڕێک درهەمی پێ بدەن،بۆنمونە دەیگووت [اعطو ١٠٠ درهما] ،یاخود لەشاعیرەکەی دەپرسی [کم درهما یساوی قصیدتک؟]واتە نرخی شیعرەکەت چەند درهەمە؟
کەواتە ئەو جۆرە شاعیرانە کەپێیان دەگووترا {شاعیرانی کۆشک} بۆ خۆشەویستی دەسەڵاتداران نەیاندەنووسی ،بەڵکو بۆخۆشەویستی پارە دەیاننووسی.
ئەوانە هەرچی زەبروزەنگ و ناعەدالەتی و خراپەکاری ئەو خەلیفانە هەبوو لەکنیان گرنگ نەبوون و جێگەی بایەخیان نەبوون،چونکە بڕیاریان دابوو بولبولی خۆشخوانی کۆشکبن.
لەهەرێمێش لەدوای ڕاپەڕین ،بەتایبەتی پاش ئەوەی دەسەڵات و پارەو هێز و ڕاگەیاندن کەوتە دەستی یەکێتی و پارتی،ئیدی بە زەبری پارەو پۆست و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی ،سوپایەک لە مرۆڤی خۆفرۆش،قەڵەم فرۆش،ویژدان فرۆشیان لەخۆیان کۆکردەوە تا داکۆکیان لێ بکەن و ڕەش بکەن بەسپی و ناشیرین جوان بکەن،شکستیش بکەنە سەرکەوتن.
یەکێک لەو قەڵەم فرۆشانە پارتیەکە بەنێوی {ئاسۆ حاجی}،جاروبار نووسینەکانیم بەرچاودەکەوێت ،بۆم دەرکەوتووە هەرگیز بچووکترین ڕەخنەی لە [٣٢]ساڵی کەڵەکبووی گەندەڵی نەگرتووە و لەئاستیدا کەڕوکوێرە،بەڵام دەمێک سەرۆک وەزیران یاخود یەکێک لەبنەماڵەی بارزانی دەکەوێتە بەر تیغی ڕەخنە کە {درووست و بەرچاون} ،ئیدی بەفەرمانی سەرەوە ،ئاسۆکان دەکەونە خۆیان و داکۆکی لە کەسی ڕەخنەلێگیراو دەکەن و پاساو بۆ شکستیەکانیان دەهێننەوە.
نوێترین وتاری ئاسۆ حاجی بەر لە چەندڕۆژێک بەرچاوم کەوت بەنێوی
[بۆ مەسرور بارزانی کراوە بە ئامانج ؟] کە لە چەند ماڵپەڕێکی کوردیدا دابەزیبوو. کاک ئاسۆ زۆر هەوڵیداوە هەرچی ڕەخنەو گازندەی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی دیکە هەن ،بیانخاتە چوارچێوەی {ڕق وکینەو بەغیلی} بە عەبقەریەتی مەسروور بارزانی و دەسکەوتەکانی.
بۆنمونە بڕواننە ئەم بڕگە نەشازە کە دەڵێت:
[ ئێستا کە مەسرور بارزانی لەلایەن هەندێک کەس و لایەن بۆتە ئامانجی گوتاری سیاسی و میدیاکان، دووبارە بوونەوەی هەمان چیڕۆک و ئەزموون و مێژووە، ئەوان تەحەمول و تەقبوڵی ئەو گۆڕانکارییانە ناتوانن بکەن، کە دەوڵەتدارییەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی. لەگەڵ بوونی بە سەرۆک وەزیران.]
کاک ئاسۆ زەحمەت نەبێت بۆمان ڕوونبکەرەوە کام گۆڕانکاری و بە چ ئاراستەیەکدا و چ مۆدێلێکی دەوڵەتداری؟ خۆگەر بەئاراستەی باشکردنی گوزەرانی خەڵک و نەهێشتنی دزی و گەندەڵیە ، ئەوە قەبوڵمانە و نەفرەت لەو کوردەی پێی خۆش نیە.بەڵام گەر بەئاراستە خراپەکەدایە کە بەدڵنیاییەوە وایە ،ئیدی بۆ قەبوڵبکرێت؟
کاک ئاسۆ لە شوێنێکی دیکەدا نووسیویەتی،[دوای چوار ساڵ ئەوە روون بۆتەوە کە پێگەکانی حوکمڕانی لەلایەن مەسرور بارزانی لە سەر بنەمای شەفافەیەت و موجامەلەنەکردن و خاترنەگرتنی بەرامبەر بەڕێوە دەچێت].
ئای کەوانیە و خۆزگە وابوایە و ئێمەش {ئەشهەدوویەکمان پێبدایە}،ئاخر کاک ئاسۆ کەمێک ویژدانت ببزوێنە ،کام شەفافیەت ولەچیدا؟ ئەو شەفافیەتەی کە نەپەرلەمان،نە وەزیرەکان ،نەحیزبەکان،نەئەندامانی پارتی بەفازل میرانیشەوە،لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە هیچ نازانن ؟
ئێوە جوان دیقەتی ئەم دەستەواژە ئاڵۆزانە بدەن کەبەتاڵن لە حەقیقت و کاک ئاسۆ بۆ سەرلێشێواندن و لەخشتەبردنی خەڵکی ساویلەکە بەکاری هێناون،[راست کردنەوەی هێلی خواری حوکمڕانی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و داڕشتنەوەی چەمک و دەستەواژەکان، بە گوێرەی قۆناغی نوێی سیاسی و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان، کات و ئیرادە و مکوڕبوون و پێداگری پێویستە، کە هەموویان ئەو کەرستانەن مەسرور بارزانی لە بنیاتنانی گوتار و قۆناغی نوێی حوکمڕانی بەکاریان دەهێنێ و دەستەبەرداریان نابێت]
خۆزگە کاک ئاسۆ یەک دوو نمونەی لەو هێڵە خوارانە دەخستە ڕوو کە مەسروور بارزانی ڕاستی کردوونەتەوە،ئاخر فڕێدانی قسە بێ سەنەد و سەلماندن پولێک ناهێنێت.بڕوات بێت هێڵەکەی مەسروریش هێندە خواروخێچە وەک گاڵۆکی شوانی کورد وایەو هەرگیز ڕاست نابێتەوە.
یاخود لە جێگەیەکی تردا دەڵێت[ئەوانەی دژایەتی دەکەن و گرەو لە سەر شکست پێهێنانی هەوڵەکانی دەکەن، دەبێت لە جارێک زیاتر بیر بکەنەوە]
کاک ئاسۆ بڕوات بێت کەس لەهەرێم دژایەتی کاری چاکە و سوودبەخش ناکات گەر لەبەرژەوەندی گشتیدابێت،بەڵام کێشەکە لەوەدایە کاری چاک نەکراوەو ناشکرێت،بەڵکو کاری خراپ و گەندەڵی بەردەوامی هەیە.

کاک ئاسۆ وا تێگەشتوە حەقیقەت و دەرک کردن پێی ئەقڵێکی خارقی دەوێت بۆیە داوادەکات و دەڵێت [مل بۆ حەق و حەقیقەت بدەن و ببنە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە کە سوود و خێری گشتی تێدایە و کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و تر و بەهێزتر].
شەرمە بۆکەسێک بەچاوی خۆی ڕۆژانە هەژاری ،نەبوونی،تووڕەیی خەڵک ناعەدالەتی،داگیرکردنی مڵک و زەوی خەڵک،دزی و گەندەڵی،دەوڵەمەندبوونی بێ ئەندازەی بەرپرسان و کوڕەکانیان ببینێت کەچی بێت باسی [گۆڕانکاری بەسوود و خێری گشتی وقۆناغی پێشکەوتووتر بکات.]
دەزانم کاک ئاسۆ لەنووسینی ئەم وتارەدا پتر مەبەستی یەکێتیە ،کە ئەوانیش لەپارتی بەدترن ،بەڵام ناکرێت و درووست نیە لەپال لێدانی لایەنێکدا پاکانە بۆ کەسێکی شکستخواردوو بکرێ و ڕووی سپی بکرێتەوە.
لای هەمووان ڕوونە کە شکستخواردووترین،خراپترین،بێ ئەزمووترین،ناشیرینترین،ناتەباترین کابینە ئەم کابینەیەی مەسروور بارزانیە.
نکولی ناکرێت کابینەکانی پێشووتر بەتایبەتی ئەو کابینانەی نێچیر بارزانی سەرۆک وەزیرانیان بوو ،تژی بوون لەگەندەڵی، ناعەدالەتی و نادیموکراتی ،بەڵام خودی نێچیر تا ڕادەیەکی زۆر لە مەسرور جیاوازبوو ،بەوەی ئەو خاوەن تۆلەڕانس بوو، ڕەخنەی قەبوڵ دەکرد، هەڕەشەی لەخاوەن ڕەخنە نەدەگرت،فەرمانی کووشتنی بۆکەس دەرنەدەکرد.بەڵام مەسروور بەوجۆرە نیە ،ئەوەی هەستی پێدەکرێت مەسرور خاوەن کەسایەتیەکی مەترسیدارە،تووڕەیە،کین هەڵگرە،ڕەخنە قەبوڵناکات،کار بە پێشنیارو ئامۆژگاری کەس ناکات ،بەپێی ئەقڵی خۆی بڕیاردەدات ، بە دوورخستنەوە لە پۆستەکانیان یا لەناوبردن کەسە نابەدڵەکان لەڕێگەی خۆی دووردەخاتەوە.
لەکۆتایدا بەکاک ئاسۆ دەڵێم ،گەر خۆت لەبەرەی گەلی ستەم لێکراو نابینیتەوە[کەبەداخەوە وایە]،جا تکایە ستەمکاریش مەکە بە سۆپەرمان و فریادڕەس و بلیمەت ،چونکە وانیە.




هەواڵنێرێکی وەرزش بەتامی بانگخواز؟.. گۆران هەڵەبجەیی

لەمێژە گووتوومە هیچ شتێک لە باشوور لە شوێنی خۆیدا نیە ونەماوە ،شتەکان لە ڕەوتی خۆیان دەردەچن ،لەزۆربەی کایەکاندا باسی شتگەلێک دەکەن کە دوورو نزیک پەیوەندیان بە باسەکەوە نیە.جا ئەم پێسەروبەریە زۆربەی بوارەکانی گرتۆتەوە،لە سیاسەتەوە بگرە تا دەگاتە ،ئابووری،کۆمەڵایەتی،تەندرووستی،وتەبێژی،ڕاوێژکاری و وەرزش.هۆکاریش نەبوونی شارەزاییە لە بوارەکاندا ،واتە پەندی{ کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو} پەیڕەو ناکرێت و نەکراوە،ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە لە هەرێم شتێک نیە بە نێوی ڕێزگرتن لە پیشە.
لەڕابردوودا چەند نمونەیەکم لە [لادان لە بابەت] بەوتار خستەڕوو،بە تایبەتی لەبواری وتەبێژی و ڕاوێژکاریدا.
ئێستەش ناچارم لەسەر لایەنێک بدوێم کە وەرزشە ،بەتایبەتیش پیشەی[هەواڵنێر] لە کەناڵە کوردیەکان ،وە بەدیاری کراوی لە کەناڵی[NRT].
شەوی[٨/١] دوای هەواڵەکان ، نۆرەی هەواڵی وەرزشی هات،ئەو گەنجەی هەواڵە وەرزشیەکانی خوێندەوە ناوی{سامان عارف}ە،زیاتر لەسەر [ڕۆناڵدۆ] هەڵوەستەی کرد، باسی گرێبەستەکەی نێوان ئەو یاریزانە بەتوانایە و یانەی {نصر}ی سعودیەی کرد لەزۆر ڕووەوە ،ئەز قسە گرنگەکانی لەم خاڵانەدا کۆدەکەمەوە:
+جۆش و خرۆشی خۆی بۆ خولێکی نوێ و ئەزموونێکی نوێ دەربڕی.
+زۆرێک گووتیان ڕۆناڵدۆ لەبەر پارە یاری بۆ ئەم یانەیەدەکات.
+هەندێکیش دەڵێن سعودیە دەخوازێت لەڕێگەی کریستیانۆوە هەنگاو بەرەو مۆندیاڵ بنێت.
+ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆڕاکێشانی ئەستێرە جیهانیەکانی تر بۆسعودیە.
+سعودیە لە ئایندەدا وەک چەکێکی کاریگەر ئەو ئەستێرانە بەکاردەهێنێت.
+سعودیەکان چاوەڕێ دەکەن ئەم کارە ببێتە هەنگاوێک بۆ میوانداریکردنی مۆندیال و سعودیە بکەوێتە سەر ڕیگەی جیهانی تۆپی پێ.
تائێرە هەواڵەکان تا ڕادەیەک ئاسایین ،لێ ئەوەی ئاسایی نیە ئەم خاڵانەی خوارەوەن ،کە دڵنیام لەگیرفانی خۆی دەریهێناون.
+هاندەرانی دڵخۆشن بەچوونی ڕۆناڵدۆ بۆناو دڵی ئیسلام.
+سعودیە ئەو شوێنەیە کە ساڵانە ملیۆنان خەڵک بە ئاواتەوەن حەج و عەمرەی تێدا ئەنجام بدەن.
+ئیتر لەمەودوا رۆناڵدۆ کاتەکانی لەوێ بەسەردەبات،بۆیە زۆرێک پێیان وایە ئەمە سەرەتایەکە بۆ بەمسوڵمانبوونی ڕۆناڵدۆ.
+لەڕابردوودا ڕۆناڵدۆ لەزۆر کاری خێرخوازیدا بەشداری کردوە و ساڵانە پارەیەکی زۆر دەبەخشێتە هەژاران،هەرئەمەش وایکردوە هەودارێکی زۆری لەوڵاتە ئیسلامیەکاندا هەبێت.
+جگە لە پارە ڕۆناڵدۆ خوێنیش دەبەخشێت.
+دژی تاتۆیەو هیچ تاتۆیەک لەسەر جەستەی نیە.

  • مسعود ئوزیل و کریم بنزیمە ئاماژەیان بەوەداوە ڕۆناڵدۆ زۆر ئاشقی ئەوەیە گوێ لەقورئانی پیرۆز بگرێت.
    +بۆیە ئەم هۆکارانەو چەندینی تر وایان کردوە هاندەرانی هیوایان هەبێت بەوەی ڕۆناڵدۆ ببێتە مسوڵمان.
    دوورکەوتنەوە لە ڕەوتی باسەکە ، پەیڕەونەکردنی پیشەیی، ئیزافەکردنی بڕگەی ناپێویست زیانی بە ڕاپۆرتەکەی ئەو بەڕێزە داوە.
    لەو بەڕێزە دەپرسم تۆ هەواڵگری وەرزشیت یا ئیمامی مزگەوت؟ کەی کاری تۆیە باسی ئاین و گریمانەی بەمسوڵمان بوونی ڕۆناڵدۆ بکەیت؟ ئەوانە شتی شەخسین و کەس بۆی نیە قسەیان تێدابکات یا پرسیاریان لەبارەوە بکات.بۆ ڕێز لە پیشەکەت ناگریت؟ بۆ لە بابەت دەردەچیت ؟پاشان ئەم بڕگە بێ ئەرزشانە چ سوودێکیان هەیە؟وەک [زۆرێک گووتیان،هەندێک دەڵێن، پێیان وایە ،هاندەرانی هیوایان هەبێت ، ئاماژەیان بەوەداوە ] ئەم قسانە بۆ فڕێدەدەیت کە هیچ بنەمایەکی درووست و سەلمێنەریان نیە؟
    دەپرسم ڕۆناڵدۆ چ پێویستی بە ئاین هەیە تا ببێتە مسوڵمان؟
    ئەو بۆ پارە چووەەتە سعودیە نەک بۆ گۆڕینی ئاین.
    لەکن من خەڵک ئازادە چ ئاینێک هەڵدەبژێرێت یا ئاین دەگۆڕێت ،بەڵام شوێنی خۆیەتی بپرسم ، گەر پاش کۆتایی هاتنی گرێبەستیەکەی گەڕایەوە بۆ پورتوگال و نەبوو بە مسوڵمان ،ئەدی چی بە خەڵک دەڵێیت؟
    سەبارەت بەکاری خێرخوازیش بۆچوونێکی زۆر هەڵەیە بەوەی ئەوکارەی کرد ئیتر بەرەو مسوڵمان بوون هەنگاو دەنێت.
    کاری ئینسانی و هاوکاری هەژاران پەیوەندی بە ئاین و مەزهەب و نەتەوەو ڕەگەزەوە نیە،بەڵکو ئەوە پەیوەندی بە هەستی ئینسانی مرۆڤەکانەوە هەیە.هێندەی ئاگاداربم بێ باوەڕەکان و وڵاتە ئەوروپیەکان بەتایبەت دامەزراوەو دەزگا خێرخوازەکانیان زیاتر لەوبوارەدا کاردەکەن،هاوکات بە وپێیەی لەبەرچاومە وڵاتان و پارەدارە ئیسلام و عەرەبەکان کەمترین هاوکاری مرۆییان پێشکەش بە وڵاتە هەژارەکان کردوە،تەنها وڵاتانی کەنداو وەک دەسەڵات و سەرمایەداران کە ملیۆنەرو ملیاردێرەکانیان زۆرن گەر بەجددی هاوکاری هەژارانیان لە جیهانی ئیسلامیدا بکردایە ئێستا کەمترین ڕێژەی هەژار بوونی دەبوو.
    سەیرە لام دەڵێ دژی تاتۆیە،وەک ئەوەی لە نێو مسوڵماناندا کەس نەبێت تاتۆی کردبێت، بڕۆ سەیری وێنەکانی مەسعود ئۆزیل بکە دەبینیت جەستەی چەندین تاتۆی پێوەیە ،هەر وەها چەندین یاریزانی دیکەی مسوڵمان.
    سەبارەت بە گوێگرتن لە قورئان، بۆدەبێ بەمەسعود و کەریم بڵێت کە تامەزرۆی گوێگرتنە لەقورئان ؟ خۆپێویستی بەڕاکێشانی هەستی ئەوان نیە تا مجامەلەیان بکات.کێ ڕێگەی لێگرتوە کە گوێ لەقورئان بگرێت؟ هەرلەمۆبایلەکەیەوە دەتوانیت بەئارەزووی خۆی ئەوکارەبکات، ئیدی چ پێویستە لای کەسانی دیکە باسی بکات؟
    قسەیەکی تری ئەم بەڕێزە زۆر سەرنجی ڕاکێشام کە لەبڕگەیەکدا گووتی[سعودیە لە ئایندەدا ئەو ئەستێرانە {دیارە مەبەستی ڕۆناڵدۆو کەسانی ترە، گەر بیانکڕن}،وەک چەکێکی کاریگەر بەکار دەهێنێت.] خۆزگە ڕوونت بکردایەتەوە مەبەستت چ چەکێکەو دژ بەکێ بەکاریان دەهێنن؟هیوادارم مەبەستت ئەوەنەبێت بەو یاریزانانە ئیسرائیل تەفروتونا بکات و وەک کڵاوەی ئەتۆمی بەکاریان بهێنێت هههه.هێندەی ئاگاداربم یانەکانی ڕیاڵ مەدریدو بەرشەلۆنە بەردەوام زۆرترین ژمارەی یاریزانە جیهانیەکانیان لەخۆ گرتوە ،کەچی ئێستاشی لەگەڵدابێت سەرۆکی هیچ یانەیەکیان نەیانگووت ئەم یاریزانە بەتوانایانە وەک چەک بەکار دەهێنین،بەڵکو تەنها ئامانجیان کۆکردەوەی پارەیەو هیچی تر ،چونکە وەرزشیش جۆرێکە لە بزنس.
    هەر بۆ ئەوەی بیسەلمێنم بۆت کە لە خەیاڵدانی خۆتدا شتت درووست کردوە،ئەم بڕگەیە لە ماڵپەڕی {ایلاف} دەخەمەڕوو کە هەواڵێکە دەربارەی ژیانی ڕۆناڵدۆ لەسعودیە ،جامن بۆت دەکەمە کوردی و لەکۆتایشدا لینکی هەواڵەکەت بۆدادەگرم، کەدەڵێت{شەوی شەممە ڕۆناڵدۆ بەیاوەری هاوژین و منداڵەکانی لە باژێری ڕیاز بۆ خوانخواردن چوونە ڕێستوڕانتی[میازو]ی یابانی.لەو ئێوارەدا ڕۆناڵدۆ{سەلیبێی گەورەی لەملدابوو}.
    لەوانەیە نەزانیت کە لەسعودیە جگە لە سومبڵی ئیسلام ،لەملکردن و نیشاندانی لۆگۆ و سومبڵی هەموو ئاینەکانی تر قەدەغەن،بەڵام ڕێگریان لە ڕۆناڵدۆ نەگرت ئەوکارە بکات.هیوادارم باش تێبگەیت بۆچی ڕۆناڵدۆ ئەو سەلیبەی لەمل کرد.
    ئەم بەڕێزە لەواڵەکەی خۆیدا لەفەیسبووک هەمان هەواڵی بە ڤیدیۆ بڵاوکردوەتەوە،بەڵام بە ماشێتێكی جیاواز کە بەم جۆرەیە:[
    ‎ڕۆناڵدۆ دەبێتە موسڵمان ؟
    ‎نهێنیەکانی چونی ڕۆناڵدۆ بۆ یانەی نەسڕ ئاشکرا دەکەین.
    ئەم بەڕێزە یەکەمجاری نیە کە قەناعەتی ئاینی خۆی تێکەڵ بە پیشەکەی دەکات ،کە پێدانی زانیاری وەرزشیە،لەدەمی مۆندیالی قەتەریشدا هەمان شتی کرد.
    وەک ئامۆژگاریەک بەو بەڕێزە دەڵێم کوورت وپوخت بابەتەکانت پێشکەش بکە،مەچۆرە نێو وردەکاری زیادەوە ،باسی شتی شەخی کەس مەکە،تەنها گرنگی بەلایەنە سەرەکیەکە بدە ئەویش کایەو بوارو ژیانی وەرزشیەو هیچی تر.قەناعەتە ئاینیەکەت هەڵگرە بۆخۆت،ئازادیت چۆن گوزاشتی لێدەکەیت ،بەڵام تکایە تێکەڵی مەکە بە ئەرکەکەتەوە کە گەیاندنی هەواڵی وەرزشیە.



ڕاستگۆیی لە یاداشتنامەی تێکۆشەرێکی چەپدا.. گۆران هەڵەبجەیی

یەکێک لە ئارەزوەکانم پەیوەست بەخوێندنەوەوە، یاداشتنامەیە، لەهەر شوێنێک یاداشتنامەم کەمەرکێشم بکات خوێندومنەوە.

لەنێو بابەتی یاداشتنامەدا پتر ئارەزووم لەوجۆرەیە کە کەسانی سیاسی بەئەزموون، پێشمەرگەی سەرقاڵی جەنگی پارتیزانی، تێکۆشەرانی ڕۆژانی خەباتی نهێنی و قارەمانە خۆڕاگرەکانی بەندیخانە بەدناوەکانی بەعس نووسیویانەتەوە.

گرنگی ئەم جۆرە یاداشتانە لەوەدایە کە وێرای[ گێڕانەوەیە دەربارەی خود ]، هاوکات تیشک خستنە لەسەر بەشێک یا قۆناغێک لە دیرۆکی خەباتی نەتەوەیەک بە سلبی و ئیجابیاتیەوە، بەسەرکەوتن و شکستیەوە، بەجۆرێک خوێنەر دەتوانت لە { کڵاوڕۆژنەی} ئەو جۆرە نووسینانەوە ئاشنایەتیەکی باش و پڕ بایەخ سەبارەت بە زۆر شتی نەبیسراو و نەزانراو بزانێت.

سەرکەوتووترین یاداشت یا بیرەوەری لەوەدایە کە هەموو چەمکەکانی خەبات لەخۆ بگرێت و بەسەلیقەوە بەیەکەوە ئەڵقە ئەڵقە وەک زنجیرێک بەیەکەوەیان ببەسترێن.

جا هاوڕێ و هاوشاریم بەهادین حاجی بەکر ناسراو بە { ریبوار عارف}، لە کتێبەکەیدا بەنێوی [دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە]، ئەو کارەی کردوە کە ئاماژەم پێداوە . قۆناغەکانی کاری ریکخستن لە هەڵەبجەو سلیمانی بەنهێنی، پێشمەرگایەتی، قۆناغی خۆڕاگری ڕۆژە سەختەکانی زیندانەکانی بەعس، پاشان دووبارە پێشمەرگایەتی، لەنێو ئەو قۆناغەشدا سەرهەڵدانی ناکۆکی فیکری و تەخوینکردنی لەلایەن هەڤاڵانیە ودواجار ناچاربوون بەسەنگەر گواستنەوە بۆلای حیزبێک کەتاڕادەیەک تینوەتی فکری شکاندوە.

پێناسەیەک بۆ کتێبەکە

بەر لەخوێندنەوەی یادەوەریەکانی هاوڕێ بەها، بە ناونیشانی کتێبەکەدا خوێنەر وادێت بەخەیاڵیدا کە کتێبەکە تایبەتە بە قۆناغی زیندانی و گێڕانەوەی ئەزموونی تاڵ و پڕ ئازارو ئەشکەنجەی خۆی لەوێدا، بەڵام لەڕاستیدا وانیە، وەک ئاماژەم پێدا کتێبەکە گشتگیرە و زۆر لایەنی ژیانی خودی خۆی تێدا یاداشت کردوە، کەپتر سیاسەت و چەرمەسەریەکانی دەگرێتەوە.

گەرەکمە ئەوەبێژم کە کتێبی سەرکەوتوو ئیدی لەهەر بوارێکدابێت، ئەو کتێبەیە کە بەشەوق و زەوقەوە بیخوێنیتەوە پەلەتبێت لەوەی کە لاپەڕەکانی ئەودیو چیمان پێدەڵێن، جا ئەم کتێبەی هاوڕێ بەهادین لەوجۆرەیە کە خوێنەر بەئەستەم دەنواتیت دەستبەرداری بێت.

لەهەندێک وێزگەدا دەمێک نووسەر کەوتوەتە ڕەوشێکی مەترسیدارەوە، هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا دەربازی دەبێت یا دەرگای دۆزەخی بە روودا دەکرێتەوە، لەوکاتانەدا بەشبەحاڵی خۆم لێدانی دڵم خێراتربووە، وام چاوەڕێ کردوە کە دووچاری کێشەی گەورەبووبێت، چونکە نەهامەتی و دەردی سەری کورد هێندە زۆرە هەر ئەوەشم بۆ هاوەڕێ بەها چاوەڕێ کردوە.

کتێبەکەی هاوڕێ بەها نزیکەی [٣٥٠] لاپەڕە لەخۆ دەگرێت، چاپێکی جوان و نایابە، لەچەندین بەش پێکهاتووە کە لە سەردەمی منداڵیەوە دەست پێدەگات، دوابەشیش سەفەر کردنیەتی لەتورکیاوە بۆ فینلاند وەک پەنابەرێکی سیاسی، ئەوجا سەردانی باشوور و کێشمەکێشی ئەو سەردانەی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردیدا.
لەڕاستیدا گەر کەسێک بخوازێت لەڕووی شرۆڤەو ناساندنەوە هەق بە کتێبەکە بدات ،گەرەکە قسە لەسەر هەموو وێستگەو قۆناغ و بەشەکانی کتێبەکە بکات، چونکە هەموو وێستگەکان گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام لەڕووی واقیعەوە ئەو کارە بڕێک زەحمەتە، چونکە ئەودەمە زۆر درێژ دەبێتەوە و پێویستی بە نامیلکەیەک دەبێت نەک چەند لاپەڕەیەک.

جا بۆیە ئەز هەوڵدەدەم ئەو خاڵانەی بەلامەوە گرنگ و زۆر سەرنجڕاکێشن تیشکیان بخەمەسەر.

لەڕووی زمان و داڕشتنەوە ،وەستایانە کاری لەم بەرهەمەدا کردووە، پەیڤ و بڕگەی جوانی خۆماڵی لە سەرەتاوە تا کۆتایی بوونیان هەیە، هەوڵی داوە خۆی بەدوور بگرێت لەدەستەواژەی سواو و کلاسیک، جا ئەمەش تەڕاییەکی بە یاداشتنامە بەخشیوە.

ئاوارەبوون
ئاوارەبوون و رووکردنە ئیران و ژیانی کەمپەکان دەروازە لەرووی خۆناسینەوەیدا دەکانەوە، وەک هەرزەکارێک هاوکاری بابی دەکات لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیاندا، ئەویش بەفرۆشتنی تەلی حاجەت شتن و هەندێک جاریش پاقلاوە و پرتەقال.

چالاکی شانۆیی وەک دەسپێک
زۆربەی مێردمنداڵ و گەنجانی هەڵەبجە گەر ئیمکانیەت هەبووبێت لە بوارە چالاکیەکاندا خۆیان بینیوەتەوە، وەک وەرزش، شانۆ، موزیک و بواری ئەدەبی، جا هاوڕێ بەهاش خولیای شانۆی هەبووەو لەوێدا تواناکانی خۆی بەرجەستە کردوە، هەر لەوێشەوە خۆی کردوە بە دەروازەی سیاسەتدا.

دەست پێکردنی ژیانێکی نوێ
گەڕانەوە بۆ هەڵەبجەو دەست پێکردنی ژیانێکی نوێ، ئەمەش یەکێکە لەوێستگە یەکاڵاکەرەوەکانی ئایندەی سیاسی هاوڕێ بەها .
بەهۆی چەوساندنەوە و فشارو زەبروزەنگی بەعسەوە، هەستی نەتەوایەتی هاوکات چینایەتی لەکن هاوڕێ بەها چەکەرە دەکات، بۆ نمونە بەباوکی دەڵێت بۆ کرێکارێک ناگریت ئاوڕشێنی خانوە نوێکە بکات؟ من ناخوازم مافی کرێکارێک بخۆم، هەر لەو سەردەمەدا پەیوەست دەبێت بە یەکێک لە حەڵقەکانی کۆمەڵەی مارکسی نێو شار.

یەکەم ئەزموونی زیندانی
گرتنی لەلایەن ئەمنەوە بەڕێکەوت لە چایخانەکەی مام علی لە سلیمانی یەکەم ئەزموونی دەبێت هەم لەبەندیخانەو هەم لەگەڵ ڕەفتاری فاشیانەی بەعسدا. ڕاستە زۆر نەمایەوە بەڵام پەندو وانەی بۆ ئایندە لێوەرگرت، ئەوەی سەیرە لای کەس باسی نەکردو خۆی نەکردە پاڵەوان.

سەرەتایەک بۆ ناڕەزایی
یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵ ئەقڵیەتی باوی شۆڕشگێڕە بێ ئەزموونەکاندا ئەو دەمەبوو کە کەسێک لەبەرپرسانی شار کە بڕیارێکی بەپەلەی بۆ هاتبوو بۆ کووشتنی چەند ئافرەتێک، گوایە ئەمانە زانیاری دەدەنە بەعسیەکان. هاوڕێ بەها بەم بڕیارە تووشی شۆک دەبێت، هەر بۆیەش ئەوکارە ڕەتدەکاتەوە ، هاوکات کەسانی دیکەی هۆشیار هەمان ڕایان دەبێت، بۆیە لێی پاشگەزدەبنەوە.

ڕووکردنە شاخ
قۆناغی پێشمەرگایەتیش بۆخۆی وەرچەرخانێکی نوێیە لەڕێڕەوی خەباتی هاوڕێ بەهادا. گەنجێک بە باوەشێک ئومێد و بەگیانێکی ڕۆمانسی شۆڕشگێڕانەو پڕچەک بەهزرێکی چەپ کە لەو دەمەدا لەترۆپکدا بووە، چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان. مەخابن زۆر نابات وێنە جوانەکەی زهنی دەربارەی شۆڕش و شۆڕشگێڕان کاڵ دەبێتەوە، دەبینێت ئەو شۆڕشە تژیە لە کەمووکووڕی، ئاستەنگی، کاری دزێو ،ناکۆکی و ململانێی نادروست لەنێو شۆڕشگێڕاندا. لێ بەهۆی ئومێد بە چاکبوونی ڕەوشەکە وزاڵبوون بەسەر تەنگەشەو کێشەکاندا، لەوش گرنگتر وەک ئیلتزامێکی ئەخلاقی و مەبدەئی بەردەوام بووە لە تێکۆشان و لەچەندین نەبەردیدا بەشداری هەبووە.

دەستگیرکردنی لەهەڵەبجە
دەمێک لەگەڵ هاوڕێیەکی پێشمەرگەیدا، بەمەبەستی سەردانی خێزانەکانیان هاتبوونە شار، لەلایەن جاشەکانی ڕەشەی ساڵحەوە دەستگیر دەکرێن. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ کردنەوەی چەند لاپەڕەیەکی پڕ لەئازارو ئەشکەنجە کە وەک شانۆیەکی درێژ هەر ڕۆژەی مەشهەدێکی لێ نمایش دەکرا.

قۆناغە گرنگەکە
ئەم بەشە یاخود ئەم قۆناغە کە هاوکات ناونیشانی کتێبەکەیشە، پانتاییەکی زۆری لە یاداشتنامەکەدا داگیرکردوە، لەمەدا هاوڕێ بەها مافی خۆیەتی و چاکی کردوە چونکە ئەم بەشە هێندە سەخت و دژوارو پڕ تراژیدیایە، نەدەکرا سەرپێی باسی بکات، بەڵکو گەرەک بوو هەر ڕۆژێک لە ڕۆژانی ئەو دۆزەخە هەڵوەێستەیەکی لەسەر بکات و لە هەموو گۆشەکانیەوە پێناسەیەکی شایستەو پڕ پڕاوپڕی بۆ بکات، کە بەڕای من هاوڕێ بەها لەمەدا سەرکەوتووبووە.

هەموومان خوێندومانتەوە یا بیستوومانە کە زیندانیە سیاسیەکان یا پێشمەرگەی بەدیلگیراو بەچ شێوازێکی وەحشیانە لەلایەن جەلادەکانی بەعسەوە ئەشکەنجەدراون و چ خۆڕاگریەکیان نیشانداوە، ئەوەش دەزانین کە زۆرن ئەوانەی قارەمانانە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخشی.

بۆیە لەم ڕوانگەوە دەڵێم گەر کەسێک بۆ تەنها ڕۆژێکیش بەر ئەشکەنجەی بەعس کەوتبێت و نهێنی نەدرکاندبێت، ئەوە پاڵەوانێکە بۆخۆی، جا هاوڕێ بەهاش وەک زۆرێک لەو زیندانیە ئەشکەنجەدراوانە بەو پرۆسە بەدناوەدا گوزەری کردوە. دەمێک مرۆڤ ئەو بڕگانە دەخوێنێتەوە کە تایبەتن بە ئەشکەنجە، مچوورک بەجەستەیدا دێت، هاوکات سەرسام دەبێت بە خۆڕاگری و هێزو وزەی هاوڕێ بەها. بیهێننەبەرچاوی خۆتان کەسێک لەبەرگەرمای پلە لەسەروو چلەوە هەڵواسن، بۆی نەبێت بجوڵێت، سەرباری ئەمەش شیلە بکەن بەسەریداو مێرومەگەز تێبدەن، بەڵام ئەو خۆڕاگر دەبێت و ئەشکەنجەدەران شەرمەزار دەکات.
لەگەڵ هەموو خۆڕاگریەکیدا لەپاڵ ئەو گشت ئەشکەنجەشدا هێشتا بەلەسێدارا حوکمی دەدەن.

دەمێک هەستی ئینسانی دەبزوێت
هاوڕێ بەها لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەزۆر وردە ڕووداو داوە کە لە ژیانی تایبەتیی و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا ڕوویانداوە، ئەمەش نووسینەکە یاخود یاداشتنامەکەی زەنگین کردوە، جا ناکرێت لێرەدا هەموویان یاداشت بکەم، بۆیە بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەدوو حالەتی گرنگ بدەم کە لە دەمی بەندی و ئەشکەنجەدانیدا ڕووینداوە.

کاتێک کە بۆ یەکەم جار لە ئەمنەکەی سلیمانی دەگیرێت ، یەکیک لە ئەمنەکان بەجۆرێک دەست دەخاتە سەرشانی کە بەها هەست بە دلنیایی و ئارامیەکی گەوەرە دەکات، بەتایبەت لەکاتێکدا پێیدەڵێت ( بۆ واتیکچووی هیچ نیە؟) ئەم دوو ووشەیە بۆ ئەو لەوکاتەدا دنیایەک دلنەوایی کردن بوو، بۆیە وەک خۆی دەلێت ئێستەشی لەگەلدا بێت تێنەگەشم کە چۆنە لەناو دەزگا حکومییەکانیشدا کەسانێکی ئاوا شەرافەتمەند هەن؟ کە لەراستیدا ئەم جۆرەکەسانە کەمنین بەلام ژیان پالَیان پێوەدەنێت کەخۆیان لەو شوێنانەدا ببیننەوە.

دووهەم جار ئەوکاتە دەبێت، کە هاوڕێ بەها لەتەک پێشمەرگەیەکی هاوڕێیدا لە هەڵەبجە یەخسیر دەکرێن، دەیانبەن بۆ دائیرەی ئەمن، لەوێ جۆرەها ئەشکەنجەیان دەدەن، بەڵام هەردووکیان خۆڕاگردەبن و هیچ نادرکێنن. لە پشوی نێوان دوو جەولەی ئەشکەنجەدا هاوڕێ بەها بەیەکێک لە ئەمنەکان دەڵێت پێویستم بە سەرئاو هەیە، ئەویش ڕەزامەندی دەردەبڕێ، بەڵام کێشەکە لەوەدا هێندە کێبڵ دراوە بە بنپێیدا ناتوانێت لەسەر پێکانی بڕوات، ئەویش واتە ئەمنەکە پێشنیاری بۆ دەکات کە لەسەر لاپێ بڕوات ، هاوکات دەچێتە ژێر باڵی و ئامۆژگاریشی دەکات کە خۆڕاگربێت ،ئەم رۆژە سەختانە تەواو دەبیت.

ئەم دووحاڵەتە ئەوەمان پێدەڵێت لەناخی مرۆڤدا هەردەم دوو جۆر هەست دوو جۆر ڕەفتار هەن، [ئینسانی و شەڕانگێز] ئەم دوولایەنە بەردەوام لە ململانێدان ، لەکۆتایدا لایەنێک زاڵ دەبێت بەسەر لایەنەکەی تردا.خۆشبەختانە لایەنی ئینسانی و میهرەبانی پتر زاڵە بەسەر مرۆڤدا . ئەو دوو نمونەیە ئەوەمان پێدەڵێت ئەو کەسانەی لەگەڵ ڕژێمە دیکاتۆرو چەوسێنەرەکاندا کاردەکەن ئەوانەش لەکۆتایدا مرۆڤن و هەموو کات ناتوانن هەستە ئینسانیەکە بشارنەوە.

لە چاوەڕێی سێدارەوە بۆ تەخوین
دوای ئەوەی لەدەمی دانووستاندی نێوان یەکیەتی و بەعسدا [١٩٨٣] بەندکراوەکانی سەربە یەکێتی بەر بڕیاری لێبووردن دەکەون، هاوڕێ بەهاش یەکێک دەبێت لەوانە. پاش ئەوەی دانووستان شکست دێنێت ئیدی شەڕدەست پێدەکاتەوە، هاوڕێ دەیتوانی لەشار بمێنێتەوەو واز لەسیاسەت بهێنێت و ژیانێکی ئارام و ئاسودە هەڵبژێرێت، بەڵام مەخابن ئەو دیسان ڕێگەی خەباتی هەڵبژاردوە، بۆ دووەمجار چەکی کردەوە شان.

زۆری نەبرد بۆی دەرکەوت ئەوشۆڕشەی ئەم ئامادەبوو لەپێناویدا پەتی سێدارە بکاتە ملی، ئەوە نیە کە چاوەڕێی دەکرد، هەستدەکات زۆر خراپتربووە بەبەراورد لەپێش گرتنی.

بۆی ڕوونبووتەوە کە ئەو چرایەی بۆ ڕووناکردنەوەی ڕێگایەک هەڵیگرتبوو ئەو ڕێگایە نیە، دەبینێت نە لەڕووی فکر نە لە ڕووی ئامانج نە لەڕووی ڕەفتارەوە هەرگیز لەگەڵ قەناعەتی ئەودا یەکناگرنەوە و بگرە زۆریش دژبە قەناعەتی ئەون.

ئەو خەوی بە شۆڕشێک و بزافێکەوە دەبینی کە هەڵگرانی مەشخەڵەکەی کەسانێکبن پەیڕەوکەری شۆڕشگێڕترین ڕێبازی فکریبن، ئەویش فکری {مارکسیە}، ئارەزووی دەکرد پڕچەکبن بە ئەزموونی شۆڕشگێڕی، خوازیاربوو ڕەفتاری ڕۆژانەیان چ لەنێو یەکداو چ لەگەڵ خەڵکی دیکەدا ڕەنگدانەوەی خەسڵەتی شۆڕشگێڕانەدابێت.

بەهۆی ئەو ڕەوشە نا سەغڵەمەوە کە لەنێو شۆڕشدا لەئارادابوو، هاوکات بەهۆی ڕەخنەو تێبینی بەردەوامی لەسیاسەتی چەوتی کاری پێشمەرگایەتی، ئیدی زوومی {چاودێری} و هاوکات تاڕادەیەکیش ناپاکی دەخرێتەسەر، هێدی هێدی ناڕەحەتی دەکەن، جێگەی پێلێژ دەکەن، تۆمەتی [ئاش]ی دەدەنە پاڵ کە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە لەهاوسۆزیەک بەولاو قەناعەتی بەوانیش نەبووە.
کاردەگاتە تەخوین کردنی بەئاشکرا، ئەمەش تۆمەتێکی مەترسیداربووە لەوسەردەمەدا، لەئەنجامدا لەپاداشتی ئەو گشت تێکۆشانەیدا بەندی دەکەن.
پەیوەست بەم بڕگەیەوە، دەمێک هاوڕێ بەها لەگەڵ یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەدا دەکەونە گفتووگۆ سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی،کابرای سەرکردە تا ڕادەیەک بەزمانێکی بازاڕی هەڕەشە ئامێز لەگەڵ هاوڕێ بەها دەدوێت، یەکێک لە پێشمەرگەکان ڕوودەکاتە فەرماندەکەو پێی دەڵێت[ئایا دەزانیت ئەو هاوڕێیە لە سێدارەی بەعس ڕزگاری بووە؟] ئەویش بەسوکایەتیەکەوە دەڵێت { جا چیە}؟

بیهێنە بەرچاوی خۆت کەسێک جوانترین ساڵانی تەمەنی خۆی لەپێناوی شۆڕشێکدا بەسەربردبێت، خەباتی نهێنی ناوشار، پێشمەرگایەتی بەدەردەسەری و ناڕەحەتیەکانیەوە، بەندیخانە بە ئەشکەنجەو ئازارە جەستەیی و دەروونیەکانیەوە، چاوەڕێکردنی لەسێدارەدان بەورە بەرزیەوە، کەچی تەنها بەهۆی جیاوازی لە بیروبۆچووندا، یابەهۆی ڕەخنەگرتن لە شێوازی ئاراستەکردنی { شۆڕشدا}،بێن زەربێکی گەورە بەسەر هەموو ئەمانەدا بهێنن وسفری بکەن، ئیدی ئەمە ناودەنێێت چی؟
مەخابن زۆرێک لە بزافە سیاسی و شۆڕشەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ئەم ڕەفتارە ناشیرینە پەیڕەو دەکەن.

تۆ تا لەتەکیاندایت شۆڕشگێڕ، دڵسۆز، ئازاوبەجەرگ، خۆڕاگر، پاک، گوێڕایەڵ و چی و چیت، لێ هەر هێندە لەسەر کارە دزێو وسیاسەتە چەوتەکانی سەران وڕابەرانی جڵەو گرتووی ئەو حیزبە یا ئەو شۆڕشە ڕەخنەت گرت یا تێبینیتدا، ئیدی تۆ ڕوخاو، لادەر، بودەڵە، ترسنۆک ،ناپاک و چەندین تۆمەتی تر دەدەنە پاڵت.
ئەوەی لەگەڵ هاوڕێ بەها کرا پەیڕەوکردنی هەمان ئەقڵیەت وهەمان کەلتوورە کە ئاماژەم پێداوە.

گواستنەوەی سەنگەر
پاش بەسەربردنی ماوەیەک لە بەندیخانەی هاوخەباتاندا، هاوڕێ بەها ئازاد دەکرێت، بەڵام هیچ بڕواو ئیمانێکی بەو بزافە نامێنێت و ناخوازێت لەگەڵیاندا درێژە بەخەبات بدات. بۆیە بەدووی بزافێکدا دەگەڕێت کە وەک کەسێکی چەپی شۆڕشگێڕ، وەک مارکسیەک تینوێتی بشکێنێت، ئەوەش لە کۆمەڵەی ئێراندا خویدەبینێتەوە.

لەوێ بۆی دەردەکەوێت ژیان، سیاسەت، پەروەردە، دیسپلین بەمانای هەقیقی لای ئەوانە، دەرک دەکات شۆڕش لەوێ تام و بۆن و پێگەی جیاوازی هەیە لەوەی کە لەڕابردوودا دیبووی، دەبینێت جیاوازی نێوان سەرکردە یا ڕابەر ئیدی سیاسی بێت یا سەربازی لەگەڵ پێشمەرگەو ئەندامانی خوارەوە هیچ واتاو گرنگیەکی نیە، بەڵکو تێکۆشان و بەرخورد سەنگی مەحەکە. لەوێ بەمەلموسی هەستی پێکرد کە ئەم بزافە بە تیئۆری و پراکتیک پەیڕەوی هزری مارکسی دەکات، نەک وەک شۆڕشەکەی باشوور کە بۆ لەخشتە بردنی گەنج ئەو درووشمەیان بەرزکردبووەوە و پاشانیش هەرخۆیان خنکاندیان.

ماڵئاوایی لە کۆمەڵەو گرتنەبەری ڕێگەی هەندەران
بەهۆی فشاری بەعسەوە بۆسەر کۆمەڵەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە نابێت کوردی عێراقی لە ڕێزەکانیاندا هەبن، بۆیە کۆمەڵە ناچار دەبیت بەوەی کە دواین بریار بدات لەوبارەوە ،ئەوەبوو کە مەکتەنی سیاسی حیزب بریاری ناردنە دەرەوەی هەموو ئەو کەسانەی دا کە عیراقین و لە ریزەکانی کۆمەلەو حزبی کۆمۆنیستدان،بۆیە ئەوانیش پێکەوە وەک گروپیک ڕوودەکەنە هەندەران.

ئەم ڕێگەیە چەندین مانگی خیایاندوە، پڕبووە لە موجازەفەو مەترسی و گرتنی لەلایەن جەندرمەو حەرەس سنوور و مانەوەیان لەزێوێ لای پارتی وەک دەستبەسەر، پاشان بێڕەوشتی پارتی لەبری هاوکاریان بۆگەشتن بەهەندەران تەسلیمکردنیان بە ئیتڵاعات، لەوێش پاش بەندکردنیان بۆ چەند ڕۆژ تەسلیم کردنیان بەکەمپی جەهرووم لە ژیرچاودێریدا.
لە کەمپی جەهرووم زۆر نامێننەوە و بڕیاردەدەن بەزووترین کات لەوێ دەرچن، ئەویش بەهۆی بوونی خۆفرۆشێکەوە لەکەمپەکەدا کە پێشتر لە ریزەکانی کۆمەلەدا بووە، ئەمانی ناسیوەتەوە و ئیخباری کردون.

گەشتن بە تورکیا ،سەفەر بۆ فینلاند
دوای ئەوەی بە هەر زەحمەتیەک بێت و بێ شارەزایی ،دیسان ڕێگەی سنووری تورکیا دەگرنەبەر، بەکۆمەڵک گوندو شاخ و شوێنی دژوارو پڕمەترسیدا گوزەردەکەن، لەم ڕێگە پڕ موجازەفەیەدا قیبلەنمایان تەنها ئەستێرە بووە.

پاش چەند هەفتەیەک و بڕینی چەندین کم بە پێ و بەبرسیەتی و ماندوویی دەگەنە باژێڕی وان لە باکوور، لەوێ بەڕێکەوتیکی زۆرسەیر هەمان ئەو کەسە دەبیننەوە کە لەسەرەتای هاتنە تورکیاوە وەک قاچاحچیەک هاوکاریانی کردوون. لە باژێڕی {وان} بە خێرایی پەیوەندیان کردوە بەکەسانیکەوە کە چالاکەوانی کۆمەلە دەبن لە ئەنقەرە، لەوێ هەر لەڕێگەی هاوڕێیانی کۆمەڵەوە ئاسنانکاریان بۆ دەکریت بۆ خۆناساندن بە نووسینگەی کۆمیسیۆنی پەنابەران و دۆسیەیان بۆ دەکەنەوە.
خۆشبەختانە زۆر ناخایەنێت لەلایەن فینلەنداوە وەردەگیرێن.
بەمجۆرە هاوڕێ بەها لەفینلەندە قۆناغێکی نوێ لەخەبات و لەژیان دەست پێدەکات کە تا ئێستاش درێژەی هەیە.

دەرئەنجام
ئەو مرۆڤانەی کە یاداشتنامە یا بیرەوەرژیەکانی خۆیان لەدووتوێی کتێبدا دەنووسنەوە، ئیدی هەرچیبن، پێویستە ڕەچاوی خاڵێکی گرنگ بکەن، ئەویش ڕاستگۆییە.
ڕاستگۆیی متمانە دەبەخشێتە خوێنەر و هاوکات سوود بەخشە بۆ نووسەریش، ڕاستگۆیی یانی دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە پیاهەڵدانی ناپێویست، لە باسکردنی ڕووداوەکان بە ناواقیعیانە، تاوانبارکردنی کەسان بەبێ بەڵگە، خۆبەپاڵەوان کردن.

بەشبەحاڵی خۆم لەکاتی خوێندنەوەی یاداشتنامەی هەندێک لەو کەسایەتیانەدا بەتایبەتی {کوردەکان}، تێبینم کردوە کە لەهەندێک شوێن و بڕگەدا ڕاستگۆییان نەپاراستوە، دیارە ئەمەش لەنرخ و بەهاو مەسداقیەتی ئەو یاداشتنامانەی کەم کردوەتەوە.

سەبارەت بە یاداشتنامە یاخود یادەوەریەکانی هاوڕێ بەها[ دەنگپک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە]، خوێنەر هەست بەڕاستگۆیی دەکات، هەست ناکات لەشوێنێکدا زیاد لەپێویست ستایشی خۆی کردبێت، بەزمانێکی سادەو دوور لە گەورەکردنی شتەکان موخاتەبەی خوێنەردەکات، هەوڵی بەقارەمانکردنی خۆی نەداوە،ئەوەی لە ڕێڕەوی خەباتیدا ڕوویداوە، بێزیادوکەم ئەوەی تۆمار کردوە. هەرئەم ڕاستگۆیەیشە بووەتە خاڵی جوان و پرشنگداری کتێبەکەی.

بە هیوای سەرفرازی بۆ هاوڕێ و هاوشاری و هاوڕێبازم، هاوڕێ بەها [بەهادین حاجی بەکر دارتاش]




ئایا کەمی یا زۆری شیعر پێگەی شاعیر دیاری دەکات؟.. گۆران هەڵەبجەیی

{ئەحمەد هەردی بەنمونە}

بەڕێزێک کە بەوە ناسراوە بەردەوام لایڤی هەیە و سەبارەت بە شتگەلێک ڕاوبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت ، لە لایڤێکیدا کە لە ڕابردووی نزیکدا پێشکەشی کرد کەوتە هەڵەیەکی مەزنەوە.
مرۆڤ هەرچەند بەتواناو لێهاتووبێت ،هەرچەند مەودای زانیاری و هزری فراوان بێت ، ناتوانێت فریای هەمووشت بکەوێت و هەق بە هەموو بوارو لایەنەکان بە پێی پێویست بدات.بۆیە باشترە تەرکیز لەسەر لایەنێک بکات کە سەرکەوتووە تێیدا و لەوێدا خۆی بەهێز بکات و تواناو وزەی خۆی تێدا وەگەڕ بخات.
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ئەوەیە ،دەمێک دەربارەی کەسێک قسەدەکرێت پێویستە زوومی باسەکە تەنها لەسەر ئەوبێت و پەلنەهاوێژێت بۆکەسانی دەرەوە ،ئیدی باب،دایک ،خوشک و برا و خزم یا هەرکەسێکی دیکەبن،چونکە لەم حاڵەتەدا تەرکیزەکە پەرشوبڵاو و لاواز دەبێت،هاوکات مەرج نیە کەسانی دورووبەری ڕەخنە لێگیراو پەیوەندیان بەوباسەوە هەبێت یاخود لە بۆچوونەکاندا هاوڕابن.
لایڤەکەی ئەم بەڕێزە تایبەت بوو بە دکتۆرە چۆمان هەردی ،کە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەک دەربارەی [جەندەر] کۆمەکی دارایی لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرتوە.
ئەز قسە لەسەر ئەو لایەنە ناکەم چونکە کاری من نیە، بەڵکو تەنها هەڵوەستە لەسەر بڕگەیەک لە قسەکانی ئەو بەڕێزە دەکەم کە پەیوەستە بە باوکی دکتۆرە چۆمانەوە ،واتە شاعیری کۆچکردوو ئەحمەد هەردی.
لە سەرەتای لایڤەکەیدا بێ ئەوەی پەیوەندی بە ناوەڕۆکی بابەتەکەیەوە هەبێت یاخود سوود بە باسەکەی بگەیەنێت،بە شێوەیەکی گاڵتە ئامێز و تاڕادەیەک بێبەها کردنی شاعیر گووتی:
[هەموو شیعرەکانی ئەحمەد هەردی هێندەی لاپەڕەکانی پاسپۆرتەکەم نابن].
دیارە ئەم بەڕێزە وا تێگەشتوە کە هەر شاعیرێک شیعری زۆربوو ئەوە شاعیرێکی سەرکەوتووە ،خۆگەر شیعری کەم بوو ئەوە شاعیرێکی لاواز و شکستخواردوە.
نکولی لەوە ناکرێت کە ئەحمەد هەردی ئەستێرەیەکی گەشە بە ئاسمانی شیعری کوردیەوە.شیعرەکانی هێندە بەسۆزن هێندە هەست بزوێنن هێندە پڕماناو ئەندێشەی قوڵی کۆمەڵایەتین بە ئاسانی لە دەروازەی ڕۆح دەدەن،هەر ئەم خەسڵەتەیە وای کردوە کە زۆربەی شیعرەکانی لەلایەن کەڵە گۆرانیبێژەکانەوە بکرێنە گۆرانی. ئایا کەسێک هەیە بتوانێت نکولی لەبەرزی شیعری { ست فاتیمە} بکات؟ ئایا ئەویندار هەیە لە کاتی چاوەڕوانی ژوواندا خۆی لە شیعری { چاوەڕوانیدا}دا نەبینیبێتەوە؟
یاخود پەندە شیعری:
[بەدەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر زەهریشی تێدابێت گوناهی خۆتە بیزانە
هەڵە یاخود گوناهت کرد لەکاتێکدا کە بێهۆشی
سزاو تاڵاوی هەرچی بێت ئەبێ وەک بادەبینۆشی]
ئەم پەندە شیعریە هێندە جوان و پڕمانایە ، دەشی وەک کردارێکی چەوت و هەڵە بەسەر زۆربەماندا هاتبیت ،تەنانەت دەکرێ بۆ هەنگاو و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵات و حکومەتەکانیش دەستبدات.
دیوانی [ڕازی تەنیایی ]شاکارێکە بۆخۆی کە دەکرێ لەپاڵ هەر شیعرێکدا هەڵوەستەیەک بکەین،بەتایبەتی شیعری {دڵێکی تێکشکاو} کە بەڕای دەکرێ هەموو گەنجێکی بەشمەینەتی وڵاتەکەم خۆی تێداببینێتەوە } ،ئەم شیعرە هێندە چێژبەخشە هێندە باڵایە مرۆڤ بە خوێندنەوەی دەچێتە دنیای ڕامان خەیاڵاتەوە.
هەر بۆ ئەوەی بۆ ئەو بەڕێزە بسەلمێنم کە کەمی یا زۆری بەرهەمی ئەدەبی پێوەرنیە بۆ ناو و ناوبانگی ئەدیب ،بەڵکو ناوەڕۆک و ماناو پێگەی خودی بەرهەمەکەیە ،کە تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر خوێنەر دەبێت و هەستی دەبزوێنێت، ئەوە چەند نمونەیەک دەخەمەڕوو:

  • شەهید مەلا عەلی خاوەنی شیعری {سێدارە} کە هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا بەکلیپ شاکارێکی لێ درووست کردوە، پێدەچێت هەندێک شیعری دیکەی هەبێت ،بەڵام ئەو شیعرەی کە لە ژووری چاوەڕوانی سێدارەدا نووسیویەتی ،شعرێکە مرۆڤ لە ئاست ورەبەرزی و ماناو مەدلولاتیدا سەری سووڕدەمێنێت. کەواتە تەنها شیعری { سێدارە} پێناسەیەکی پڕاوپڕە لە سەلیقەو شاعیریەتی شەهید مەلا عەلی.
    +کازم ساهیر گۆرانیەکی بەناوبانگی هەیە بەنێوی{انا و لیلی} واتە من و لەیلا،شیعری گۆرانیەکە هێندەبەرزە هێندە جوانە ، چەندین شاعیر خۆیان کرد بە خاوەنی ،بەڵام کازم ساهیر بەگومان بوو کە ئەوانە خاوەنی ئەو شیعرە بەرزەبن،بۆیە پاش گەڕان و پرسیار کە چەند ساڵی خایاند شاعیرەکەی دۆزیەوە کە ناوی [حەسەن مەروانی]یە خەڵکی باشووری عێراقە. ئێستایشی لەگەڵدابێت ئەو کەسە خاوەنی تەنها ئەوشیعرەیە کە لەدەمی زانکۆدا نووسیویەتی بۆ خۆشەویستەکەی ،ئەو خۆشەویستەی کە خیانەتی لێکردوەو کەسێکی تری خۆشویستوە.
    دیارە کازم ساهیر بەپێی ئەزمون و سەلیقەو مێژووی هونەری خۆی ،هەموو شیعرێک ناکاتە گۆرانی ،بەڵکو جۆرە شیعرێک پەسەنددەکات هەست بزوێن بن و هاوکات لەڕووی ناوەڕۆک و ستاتیک و تەکنیک و لایەنی دیکەوە گونجاوبن .کەواتە شێعرەکەی حەسەن مەدوانی ئەو هەموو خەسڵەتانەی لەخۆ گرتوە،ئەمەش ئاست بەرزی شاعیربوونی حەسەن دەسەلمێنێت..
    +نمونەیەکی تر ڕۆماننووسی کورد [بەهرۆز بووچانی]یە کە بەنووسینی تەنها ڕۆمانێک ناوی دەرکرد و هەر بەو بۆنەشەوە بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی لە ئوسترالیا وەرگرت .ڕۆمانەکەی بەنێوی [ جگە لە چیاکان کورد دۆستی نیە].هەر پاش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەی نیوزیلەندا مافی پەنابەری پێبەخشی ،کە تا ئەوکاتە لە کەمپێکی پەنابەران لە دوورگەی [مانوس] سەر بە ئوقیانووسی ھێمن دەژیا،.
    پاشان هەمان ڕۆمان بۆچەندین زمان وەرگێڕدرا.
    +حەمەدۆستانی کۆچکردوو ،ئەویش بە ڕۆمانی یەکەمی کەبە سویدی نووسی بە نێوی[شوێنێک لەبەهەشت] ناوبانگی دەرکردو هەمان ڕۆمان چەندین جار چاپکرایەوە،هاوکات وەرگێردرایە سەرچەندین زمان لەوانە ئینگلیزی.
    حەمە دۆستان بەو ڕۆمانەی لەڕووی کۆڕو سەمینار وخەڵات و فرۆشی ڕۆمانەکەیەوە توانی پێش نووسەرە ناودارەکانی سوید بکەوێت.
    +سارا عومەری شاعیر نیشتەجێی دانمارک لەگەڵ یەکەم ئەزموونیدا لەبواری نووسینی ڕۆماندا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
    سارا پێشتر تەنها شیعری دەنووسی ،بەڵام ساڵی [٢٠١٧] یەکەم ڕۆمانی بەزمانی دانمارکی بەنێوی{مردووشۆر} نووسی.
    ئەو ڕۆمانە هێندە دەنگی دایەوە بەجۆرێک کەم خێزان هەیە دانەیەکی نەکڕیبێت
    پێم وابێت ڕۆمانەکەی دووسێ جار چاپکرایەوە ،ژمارەیەکی باش خەڵاتی چنیەوە ،زۆرترین دیدارو کۆڕو سەمینارو دیبەتی لەبارەوە سازکرا .هەر بە نمونە ئێمە ناوەندێکمان هەبوو بەنێوی[سەنتەری دیالۆگ] ،دیبەیتێکمان بەدانمارکی بۆ ساز کرد ،هۆڵەکە [٤٠٠] کەسی دەگرت ،لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بەپێوە وەستابوون.
    +دوا نمونە سەبارەت بە ڕۆماننووسی ئەفغانی {خالید حوسینی}یە ،خاوەنی ڕۆمانی [کۆلارە ].ئەم ڕۆمانە یەکەم بەرهەمی ئەدەبی خالید بوو .
    ڕۆمانەکەی هێندە بەهێزبوو وای لە دەرهێنەرانی هۆلیود کرد کە بیکەنە فیلم ، لەئەنجامدا فلیمێکی سەرکەوتووی لێ بەرهەم هات.وەک زانراوە لەو وڵاتانەی فلیمەکەی تێدا نمایش کرا ،پڕداهاتترین فلیم بووە،وێرای ئەمە لە یەکێک لەفەستیڤالە سینەماییەکاندا لە ئەمەریکا خەڵاتی باشترین فلیمی ئەو سەردەمەی پێبەخشرا.
    نمونە زۆرە چ لەنێو کوردو چ لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا کە بەتاکە بەرهەمێکی ئەدەبی ناوبانگیان دەرکرد.
    جا بەم نمونانەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە کەمی بەرهەم هەرگیز نابێتە شوناسی بەهرەمەندی سەرکەوتوو.

گۆران هەڵەبجەیی




لەغیابی قەبوڵنەکردنی ئاینەکانی تردا چی ڕوودەدات؟.. گۆران هەڵەبجەیی

گەر کەسێک بەوردی قورئان بخوێنێتەوە ،بەئاسانی ئەو ناکۆکی و نالۆژیکیەی بۆدەردەکەوێت کە لە دووتوێی ئایەت و سورەتەکانداهەن. ناکۆکیەکان یا دژبەیەکەکان زۆرن ،بەڵام من تەنها دوو دانە بەنمونە دەهێنمەوە کە سوود بەم نووسینەم دەگەیەنن ،یەکێکیان دەڵێت : “ولا أنا عابد ما عبدتم؛ ولا أنتم عابدون ما أعبد، لكم دينكم ولي دين” (الكافرون:6).
دژەکەیشی دەڵێت:وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ {سورة آل عمران 85}.
جێی خۆیەتی کە بپرسم ئیماندارێکی ئاسایی چۆن لەم ناکۆکی و جیاوازیە سەردەربهێنێت و بڕوابەکامیان بکات؟
ئەوەی مایەی سەرنجە ،ئەوەیە کە زۆرێک لە ئیماندارە مسوڵمانەکان،بەتایبەتی وتارخوێن و پێشنوێژو کەسە ناودارەکان ،ئەوانەی کە خاوەنی هەودارێکی زۆرن،ئەمانە [ آل عمران] یان لاپەسەندەو پەیڕەوی دەکەن و {الكافرون }یان وەلا ناوە.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەسڵەت و بونیادی کەسایەتی و هزرو بیرکردنەوەیان،کە دەکرێ بیانخەینە خانەی ئیماندارە تووندڕەوەکانەوە.
ئەمانە لەنێو جۆرە خیتابێکدا خۆیان دۆزیوەتەوە کە تژیە لە کەراهیەت و دژایەتی و ڕەتکردنەوەی هەموو ئاینەکانی دەرەوەی ئیسلام .
لەکن ئەم جۆرە بانگخوازانە ئیسلامی لێدەرچێت،هەموویان گڵاو، بێ باوەڕ،دۆزەخی، بێ ڕەوشت ،بەرازخۆر و چەندین خەسڵەتی دیکەی ناشیرین و نامرۆڤانەی دیکەیان دەدەنە پاڵ.
مەترسیەکە لەوەدایە هەر یەکێک لەم جۆرە ئیماندارانە سوپایەک لە گەنجی تووندڕەویان لەخۆیان کۆکردوەتەوە کە لە خودی بانگخوازەکان تووندڕەوترن لە دژایەتیکردنی ئاینەکانی تردا،ئەوەش لە بۆچوون و ڕەفتاری ڕۆژانەیاندا بە ئاشکرا هەستی پێدەکەین.
جێگەی خۆیەتی لەم ڕووەوە چەند نمونەیەک بخەمەڕوو.
چەند ساڵێک لەمەوبەر لە سۆشیال میدیادا ڤیدیۆیەکم بەرچاو کەوت کە تێیدا [وجدي غنیم] بانگخوازی میسری ،زۆر زۆر بەناشیرینی و بە دەستەواژەی نەشیاو دابەزیە سەر شۆڕشگێڕی کۆچکردوو [جیڤارا]،هاوکات هێرشی کردە سەر ئەو مسوڵمانانەی کە سەرسامن پێی و [T shert]بەوێنەی ئەوەوە لەبەردەکەن.
سەرچاوەی ئەم سوکایەتیەش ئەوەیە کە جیڤارا مسوڵمان نەبووە.
واتە لای وەجدی مسوڵمان بوون تاکە مەرج و شوناسە بۆ قەبوڵکردن وەک ئینسان،جا گەر ئەم مسوڵمانە هەمووژیانی پڕبێت لەپۆخڵەوات و کاری نائینسانی،هیچ کێشە نیە.بەڵام جیڤارایەکی شۆڕشگێڕ،ئینساندۆست،داکۆکیکار لەهەژارو چەوساوەکان ،دژە داگیرکەران ،هیچ نرخێکی نیەو ویژدانی نابزوێنێت.
هەر ئەم وەجدیە داعشیە لە ڤیدیۆیەکی تردا دەڵێت[گەر وڵاتی کافرانمان {فتح} کرد، دەبێ وەک بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لەوێدا هەمان مامەڵە بە مرۆڤەکانیانەوە بکەین،کەئەمەش یارمەتی ئابووری ئیسلامی دەدات.]
نمونەیەکی دیکە لە باشووری کوردستان وەردەگرم ، لەوێ چەند مەلاو بانگخوازێکی ناسراوی کوردن هەن ،کە بە ئاشکرا لە مینبەری مزگەوتەکان و ڕووبەری سۆشیال میدیاکانەوە بەردەوام بەتووندی هێرش دەکەنە سەر پەیڕەوکارانی ئاینەکانی تر و بێ ڕێزیان پێدەکەن ،بەتایبەتی کریستیان و ئێزیدی . تەنها پێوەری ئەم ئیماندارانە بۆ چاکی و خراپی مرۆڤەکان [ئاینە] ،گەر کەسەکە مسوڵمان بوون ،ئەوە شایانی ڕێزو خۆشەویستیە وقەبوڵکراوە ، خۆگەر مسوڵمان نەبوو ئەوە کەسێکی قێزەوەنەو شایانی ژیانیش نیە.
بەئاشکرا دیتمان دکتۆر عەبدولواحیدی بانگخواز بێ شەرمانە لەبەردەمی هەودارەکانیدا بەگاڵتە پێکردنەوە دەڵێت: [هەموو ڕۆژەکە کاری قورس بە ئەزیدیەک بکەو لە ئێوارەدا گەر داوی پارەی کرد پێی بڵێ[اعوذ بالله من الشيطان الرجيم]،ئیتر ڕادەکات و تۆش پارەکە نادەیت .هەر هەمان عەبدولواحید دەڵێ ئەوانە باکوردیشبن{مەبەستی ئێزیدیەکانە}هیچ ڕێزیان مەگرن ،چونکە شەیتان پەرستن. یەکێکی تر لەو بانگوازە تووندڕەوانە عەبدول لەتیف سەلەفیە،کە بۆنە نیە سوکایەتی بە ئاینەکانی تر نەکات.
لە وتارێکیدا دەڵێت [برادەرایەتی و پەیوەندی و ژیانکردن لەگەڵ غەیرە مسوڵماندا حەرامە و جائیز نیە ،پاشان دەڵێ ،دەبێ هێندە دووربیت لەو کافرانەوە تا ئەو ئاستەی نابێت ئاگرەکەیانت لێ دیاربێت.]
هەر لەسەر بنەمای ئەم هزرە مەترسیدارەبوو کە تەرۆریستانی قاعیدەو بەرەی نووسرەو پاشانیش داعش گەورەترین کارەساتی جینۆسایدیان بەسەر ئێزیدیەکاندا لەشەنگال هێنا کە تەنها باسکردنی مووچووڕک بەلەشی مرۆڤدۆستاندا دەهێنێت.کارەساتەکە هێندە سەخت و بەسوێ و کاریگەرە ،هەرگیز ئاسەوارەکانی لە دەروون و ویژدانماندا کاڵنابنەوە.
ئەوەی جێگەی داخە نەبوونی کاریگەری و ڕەنگنەدانەوەی ئەو کارەساتە تراژیدیایە لە هزری زۆربەی هەرەزۆری کوردی مسوڵماندا، بەتایبەتی تووندڕەوەکان.ئەوانە نەک هاوسۆزنەبوون بەڵکو زۆریش خۆشحاڵ بوون بە جینۆسایدکردنیان و ئەوەشیان نەدەشاردەوە بەوەی فەیسبووکیان لێ پڕکردبوو..
ئەم تووندڕەوانە چونکە خۆیان هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی و خۆشەویستی خاک و مرۆڤایەتیان سفرە ،هەربۆیەش گوێ بەوەنادەن کە ئەوانە بێ تاوانن ،ئینسانن ،کوردن ،نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت،بەڵکو لە دیدی ئەوانەوە تاوانبارن چونکە [مسوڵمان ]نین.
دوانمونە سەبارەت بە کۆچکردنی هونەرمەندی مەزنی کورد[باکوری]یە،کە هەر ئەمەش بوو پاڵی پێوەنام ئەم بابەتە بنووسم.
ماوەیەک لەمەوبەر ئەو هونەرمەندە مەزنە کۆچی دوایی کرد،مرۆڤدۆستان و هەوداران و ڕێزگرانی هونەری موزیکی کوردی ،هەموو بۆی خەمباربوون و پانتاییەکی فراوانی لە سۆشیالمیدیادا بەتایبەتی فەیسبووک داگیرکرد ،کەچی هەندێک لە مسوڵمانە ڕەفتار داعشیەکان ،نەک خەم وهاوسۆزیان دەرنەبڕی بەڵکو هەرچی دەستەواژەی قێزەوەن لە فەرهەنگیاندا هەیە لەفەیسبووک دەرهەق بەو مرۆڤە ڕۆح پەپولەیە بەکاریان هێنا، تەنها لەبەر ئەوەی سەربە ئاینی کریستیان بوو.
یەکێکیان نووسی بووی[چۆن و بەچ ڕوویەکەوە لەو دنیا لەبەردەم خودا دەوەستیت و چی وەڵام دەدەیتەوە کە بە مولحیدی ژیانت بەسەربردوە؟]
لەکن ئەو مێشک ژەنگگرتووانە گرنگ نیە کە باکووری پتر لە ٧٠ ساڵ خزمەتی هونەری کوردی کردوە،ئەوەش حساب نیە کە یەکێک بوو لەڕایەڵەکانی موزیکی کوردی ، هەروەها ئەوەش مەسەلە نیە بەلایانەوە کە باکووری هەرگیز جیاوازی لە نێوان ئاینەکاندا نەکردوە ،بەوەی پەیوەندیەکانی لە بواری کۆمەڵایەتی و کاری هونەریدا ،لەسەر بنەمای گونجان و ئینسانی بووە و ئاین گرنگیەکی ئەوتۆی نەبووە لەکنی. گەر باکووری سەر بە هەر نەتەوەیەکی تربوایە لەئاڵتون پەیکەریان بۆ درووست دەکرد،کەچی لەکن هەندێک مرۆڤی کوردی هزرنەخۆش و تەرۆریستی ئیسلامی بێ نرخ دەکرێت.
ئەو گەنجانەی خاوەنی ئەم جۆرە گوزارشتە پڕ مەترسیدارەن ،بەدڵنیاییەوە لەخۆڕا وەریان نەگرتووە ،بەڵکو بەرهەمی پرۆسیەیەکی دووروودرێژی شۆردنەوەی ئەقڵە ،کە لەلایەن زۆرێک لە بانگخوازو سومبڵەکانی ئیسلامەوە ئەنجامدراوە . هەڵگرانی ئەم ڕەوتە بەردەوام دژایەتی کەسانی سەربە ئاینەکانی دیکە دەکەن ،هاوکات هەوڵی سڕینەوەی هەر جۆرە بۆچوونێک دەدەن کە وەک خۆیان بیرناکەنەوە .ئەمەش پێمان دەڵێت کەلتووری پێکەوە ژیان و قەبوڵکردنی یەکتری گەر تا ئێستا هەبووبێت ئەوە ئێستا بەرەو لەناوچوون دەچێت و کەلتووری ڕەفزکردن و دژایەتی و پەراوێزخستن ،تادەگاتە لێسەندنەوەی ژیان ، جێگەی گرتووەتەوە ،کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارەو ئاکامێکی زۆر زۆر خراپ و دۆخێکی پڕ جەهالەت چاوەڕێی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات ، لەئەگەری ڕوودانیدا کەبەدووری نازانم ،بەهیچ لایەن و دەسەڵاتێک کۆنترۆڵ ناکرێت .
{لەگەڵ ئێوەمە دەسەڵاتداران خەبەرتان ببێتەوە بزانن چ کارەساتێک بەڕێوەیە}.




بنەچەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”.. و/ گۆران هەڵەبجەیی بە دەستکاریەوە

هێڤار حەسەن / بی بی سی نیوز عەرەبی

درووشمی {ژن،ژیان،ئازادی} لەپاش کووشتنی کیژە گەنجی کورد{ ژینا ئەمینی} بووەتە درووشمی سەرەکی خۆپیشاندەرانی ئێران و زۆرێک لە باژێڕەکانی جیهان.
زۆری نەبرد ئەم درووشمە ڕووپەری زۆر لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی جیهانی داگیر کرد. هاوکات وەک هاوسۆزیەک بۆ ژنانی ئێران هەمان درووشم بە فارسی لەسەر تیشێرتی زۆرێک لە خانمانی جیهان بینرا ،لە نێویاندا{میگان مارکل} هاوژینی شازادە هاری.
جێگەی خۆیەتی بپرسین سەرچاوەی ئەم درووشمە چیەو کێ بۆیەکەم جار بەکاری هێناوە؟
ژنانی کورد نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە تورکیا کاتێک بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین دەچوونە دەرەوە، ، بەمەبەستی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانیان لەو وڵاتە ، وەک پەروەردە بە زمانی کوردی و یەکسانی و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی کورد، ئەم دروشمەیان بەکارهێناوە

بەڵام ئەو دروشمە ئەوکاتە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە، دەمێک شەڕ لە نێوان بەناو دەوڵەتی ئیسلامی و هێزە کوردییەکان لە شاری کۆبانی لە باکووری سووریا لە ساڵی ٢٠١٤دا هەڵگیرسا.

لە ڕێکەوتی ١١.١.٢٠٢٠ دەمێک خۆپیشانده‌رانی کورد لە با ژێڕی [بۆڵۆنیا] لە ئیتالیا بەبۆنەی یادکردنەوەی ‌ کوژرانی سێ ژنە چالاکوانە کورده‌کە، سه‌کینه‌ جانسز، له‌یلا سۆیلمێس، فیدان دۆغان ، خۆپیشانداندەران لافیتەیەکیان بەدەستەوەبوو لەسەری نووسرابوو (ژن، ژیان، ئازادی) .
كاتێك رێكخراوی داعش زۆرێک لە خاكی سوریای داگیركرد و ناوچەیەكی فراوانی لە باكووری سوریا كۆنترۆڵكرد، بەتایبەت ئەو دەڤەرەی كە زۆرینەی كوردەكانی سوریای تێدا دەژین، ژنان دوو شەڕیان دەكرد، یەكێكیان بەمەبەستی بەرگریكردن لە خاك، ئەوی دیكەشیان بۆ پاراستنی ڕەگەزی مێ و رێگریكردن لە كەوتنیان ژێر ڕەحمەتی ڕێکخراوە توندڕەوەکە، کە قوربانی یەکەمی ئەو تەرۆریستانە ژنانن.

دڵشاد عوسمان، چالاكوانی سیاسی كوردی سووری و ئەندامی رێكخەری كۆنفرانسی ژنان لە ئەوروپا بە [بی بی سی عەرەبی ]راگەیاند: لەسەرەتادا پیاوان ئەو دروشمەیان قبوڵ نەدەكرد، بەڵام ژنان پێیان چەسپاند و هەوڵێكی زۆریان دا تا ئەو دروشمە پەسەندكرا و لە ساڵی 2017دا جێبەجێكرا .

دڵشاد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ دروشمەکەمان لەڕێگەی ژنە کوردەوە، لەگەڵ ژنانی جیهان، و ژنانی ئێران دەنگی داوەتەوە ، بە زمانە جیاوازەکان و لەلایەن ڕەگەز و ئایین و پاشخانی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە وتراوەتەوەو دەوترێتەوە.

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئێستا بەرخۆدانی ژنان لە ئێران بەرەو پێشەوە دەچێت، ژیان و ئازادی ژنان بۆتە شوناسێک بۆ خەبات، تەنانەت یاخیبوون لە دژی زوڵم و ستەم و نایەکسانی هەست پێدەکرێت.

چۆن ئەم درووشمە گەیشتە ئێران؟
ژنە چەكدارانی كورد لە باكووری سوریا لە كاتی وەڵامدانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر ناوچە كوردییەكان ،بەرخۆدانێكی بەهێزیان نیشان دا و لە كاتی ڕۆشتن بەرەو بەرەكانی جەنگ وشەی “ژن،ژیان ، ئازادی”یان دەوتەوە ،ئەمەش پەیامێک بوو بەوەی كە هیچ ئازادیەک و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ پیاو نیە تا ژن ئازاد نەبێت و کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەبێ ڕزگاری ژنان بوونی نابێت.

شەڕڤانانی ژن لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩ شەڕی خوێناوی و بەرخوردانی مەزنیان لە دژی ڕێکخراوەکە کرد ،تا شکستیان بەو ڕێکخراوە هێنا. بۆ ئەوان ئەو سەرکەوتنە شکستێک بوو بۆ ئەو هێزە تاریکانەی کە هەوڵی بەکۆیلەکردن و چەوساندنەوەی ژنان دەدەن، هەروەها پەیامێک بوو بۆ هەموو ژنانی جیهان کە ژنان توانای ئەوەیان هەیە هەموو ئەو شتانە بەدەست بهێنن کە ئاواتەخوازین ،ئەگەر ئیرادەی ئازادیان هەبێت.

ئەو دروشمە لە گرتە ڤیدیۆییە بەرفراوانەکاندا دەرکەوتووە کە شەڕڤانانی ژنی کورد لە دژی داعش دەجەنگن، نەک تەنیا لە هێڵەکانی پێشەوە، بەڵکو لە توندترین شەڕەکانیشدا، وەک شەڕی رزگارکردنی ڕەققە ئەو درووشمەیان دەگووتەوە.

شەڕڤانانی ژن بوونەتە جێگەی سەرنجی سینەماکاران و هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهاندا و چەندین فیلم و فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر ئەم ئەزموونە بەرهەم هێنراون.

هەروەها دروشمی “ژن، ژیان ئازادی” بە زمانی کوردی گۆڕدرا بۆ ناونیشانی کتێبێک کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئیتاڵی چاپکرابوو، دروشمەکە لە میانی ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکانی کورد لە ڕۆما لە ساڵی ٢٠١٧، و ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی ژنان بەرزکرایەوە، و بوو بە ناونیشانی چەندین بابەت و گۆرانی و شیعر.

خانمە ئەکتەری ناسراوەی ئێرانی [ گۆڵشیفتا فەرەحانی]، لە فیلمێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەرهەم هێنراوە، بە ناوی “کچانی خۆر” رۆڵی فەرماندەیەکی ژنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان گێڕاوە ،کە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی شەڕڤانانی کورد لە باکووری سووریا بەرهەم هێنراوە.
چۆن ئەم درووشمە گەیشتە ئێران؟
لە میانی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کچە کوردی ئێرانی ژینا ئەمینی، لە زێدی خۆی لە شاری سەقەز لە پارێزگای کوردستان، ئامادەبووان بەکۆمەڵ هەمان دروشمیان وتەوە . دواتر خۆپیشاندانی ناڕەزایی بۆ هەمان مەبەست زۆربەی باژێڕەکانی ئێرانی گرتەوە ،ئەوە بوو ئەو دروشمە بەخێرایی لە نێو خۆپیشاندەراندا بە چڕی و بڵندی دەگووترایەوە. وێرای ناوخۆی ئێران لە جیهاندا دەنگی دایەوە ، بە فارسی و کوردی وهەندێک زمانی دیکە بەرزدەکرایەوە..




هەڵوێستێکی چەوت لەمەڕ ڕژێمی ئێران ،پێویستی بەڕاستکردنەوە هەیە.. گۆران هەڵەبجەیی

{دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترۆپکی ئیرهابدان}،نبیل حیدری نووسەری تایبەت بە دۆخی ئێران.

ئەوەی لەکن چاودێرانی سیاسی و کەسانی موتابعی ڕەوشی ئێران و تەنانەت کەسانی ئاسایی ڕوونە ،ئەوەیە کە ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران لەو دەمەی دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست[ ١٩٧٩]، تا ڕۆژی ئیمڕۆ لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە درێژەیان بەتەمەنی دەسەڵاتەکەیان داوە ،بەجۆرێک کووشتن و سەرکووتکردن و سڕینەوەی نەیاران کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیان بووە. ئاشکرایە ئەم دەسەڵاتە بۆ ساتێکیش دەستبەرداری ئیرهاب نەبووە و نابێت.

ماهیەت و سرووشتی دەسەڵاتدارانی ئێران شتێک نیە جێگەی گومان و مشومڕبێت،ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دڕندەیی و سادیەتی مەلاکانی ئێران زەقتردەبنەوە.کوورت و پووخت ڕژێمێکە دەکەوێتە خانەی ،دژە دیموکرسیەت،دژە ئینسانیەت،دژە فرەبۆچوون و ڕا ،دژە نەتەوەو ئەتنیک ،دژە مافی مێینە و دژە ژیانی مەدەنیەت بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە واتە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر  وڕەفتار فاشییە.

لە حاڵەتێکی ئەوهادا گرنگەو زۆریش گرنگە دیدو بۆچوونی چینێکی سیاسی سەرچڵ و خاوەن مێژووی تێکۆشانی سەخت ،دەربارەی ئەو ڕژێمە  بزانرێت  کە ئەویش دەسەڵات وحیزب و لایەن و تاکی  چەپ و کۆمۆنیستەکانە.

هەڵوێستێک کە بەخاڵێکی سەلبی و هاوکات ڕەخنە لەسەر زۆرێک لە  دەسەڵات و حیزب و ڕەوت و کەسایەتیە چەپەکانی جیهان بە عەرەب و {کوردیشەوە }هەژمار دەکرێت،پشتگیری کوێرانەیانە  لە ڕژێمی ئێران،ئەمانە نالۆژیکیانە داکۆکی لە ڕژێمی ئێران دەکەن و هەڵوێستی نادرووست و دوور لە واقیع وەردەگرن. پاساوی گەورەیان بۆ ئەم هەڵوێستەیان ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیلە،یاخود بەلۆژیکی[دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە] کاردەکەن.

بابزانین بەڕاست ئێران دژی ئیسرایئل و ئەمریکایە یا تەنها دروشمێکی فریودەرو بێ ناوەڕؤکە.؟

ئاشکرایە سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزراوە و هەر ئەوەش داینەمۆی بزواندنیەتی. کەواتە ئێرانیش لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکات ،نەک لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەب .لەحاڵەتێکی ئەوهادا دەکرێ و ڕوویداوە ئاین و مەزهەب کراونەتە قوربانی بەرژەوەندی گشتی.

بۆنمونە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ئیسلامی شیعە مەزهەب ، لەکاتی جەنگی [٨] ساڵەیاندا لەگەڵ ڕژێمی سەدام ،چەکیان لەڕێگەی لایەنی [سێیەمەوە] دەکڕی،لە نێوانیاندا  چەکی ئیسرائیلی و ئەمریکی، کاربەدەستانی چەککڕی ئێرانی  چاک دەیانزانی ئەوچەکانە ئیسرائیلین یاخود هی {شەیتانی گەورەن}. هەموومان {ئێران کۆنترای} سەردەمی ڕێگانمان لەیادە کە لەڕێگەی ملیاردێری سعودیەوە عەدنان خاچەقچی بەنرخی چەند ملیارێک دۆلار چەکی ئەمریکی فرۆشت بە ئێران. هەرلەو دەمەدا ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی خۆی لەڕێگەی [مانگە دەستکردەکانەوە] زانیاری سەربازی دەدا بەهەردوو لا،هیچ لایەکیشیان ئەو زانیاریانەیان ڕەتنەدەکردەوە.

خومەینی بەردەوام بەدرووشمی قەبەو بێ ناوەڕۆکی [نەڕۆژئاوایی و نەڕۆژهەڵاتی ] دەیویست خەڵکی ساویلکە هەڵبخڵەتێنێت ،کەچی لەدەمی جەنگی هەشت ساڵەدا ،ئەو درووشمەی وەلاناو  وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ،چەک و کەرەستەی جەنگی لە وڵاتانی هەردوو بەرەکە دەکڕی و نەوتیشی بەهەردوولا دەفرۆشت.

دڵنیام هەمان ڕژێم ژێر بەژێر پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەبووەو هەیە کە بەدژو نەیاریان دەزانێت ،[یەکێک لە وەزیرەکانی دەرەوەی ئەمریکا بەر لە دەساڵێک ئەو نهێنیەی درکان]کە پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ ئێران هەبووە،بەداخەوە ناوی ئەو وەزیرەم لەیاد نەماوە. کەواتە ئێستا بۆمان ڕوونبوویەوە کە ڕژێمی ئێران دوژمنی ئەمریکاو ئێران نەبووەو نیە ،درووشمەکانیشی لەو بارەوە تەنها بۆ فریودان بووە.

دەربارەی هاوکاریەکانی ڕژێمی ئێران  بۆ لایەن و وڵات و بزافە ئیسلامیەکان ،ئەوەش مەغزاو مەبەستی تایبەتی لە پشتە ،ئەوەی لەم بوارەدا بەلایانەوە گرنگ نیە ئاین و مەزهەبە.

هەموو دەزانین کە لەدوای کووشتنی حسین کوڕی علی ابی طالب لەلایەن زید بن معاویەوە لەساڵی[٦١] ی کۆچیەوە تا ئێستا خوێن لە نێوان ئەو دوو مەزهەبەدا حکوم دەکات و یەکتر ڕەتدەکەنەوە و جۆرەها سفەتی ناشیرین دەخەنە پاڵ یەکتر،کەچی مەلاکانی ئێران پەیوەندیەکی تووندوتۆڵ و باشیان لەگەڵ زۆرێک لە گەڵ بزاف و حیزبە ئیسلامیە سوونەمەزهەبانەدا هەیە،لە نێویاندا هەن  کەهەرگیز دان بە ئیسلامیەتی شیعەدا نانێن و تەنها سوونە بەمیراتگری ئیسلام دەزانن.

ئێران بە پارە و چەک یارمەتی زۆر هێزولایەن دەدات کە هیچ شتێک کۆیانناکاتەوە جگە لەبەرژەوەندی ،بەنمونەی حماس و جیهادی فەلەستینی و [تالیبانی ئەفغانستان لە سەردەمێکدا] و حیزبی  «الجماعة الإسلامية» باكستاني تووندڕەو.

یاخود لە تەنگەژەو جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجاندا ،ئێران لایەنی ئەرمینیای گرت،کەدەبوو بەپێچەوانەوەبوایە چونکە ئازربایجان وڵاتێکی شیعە مەزهەبە. دیارە مەبەست لەم پەیوەندیانە دووسەرەیە ،یەک ئەوەیە تا لایەنە هاوکاریکراوەکان دژ بەبەرژەوەندی و ناوەندو کەسایەتیەکانی ئێرانی چالاکی ئەنجام نەدەن،دووەم هەوڵدان بۆ جێگیربوون و درووستکردنی پێگەیەک بۆ خۆیان لەو دەڤەرانەی ئەو حیزب و بزافانە باڵادەستن تێیدا..

ئەوەی دەزانین لە ئێستادا ئێران کەم تازۆر کۆنترۆڵی لوبنان لەڕێگەی حیزب للەوە،یەمەن لەڕێگەی حوثیەکانەوە، عێراق لە ڕێگەی حیزبە شیعەکانەوە،سوریا لە ڕێگەی ئیتڵاعات و گرووپە چەکدارەکانەوە دەکات.ئەم کارانە هەرگیز ناچنە خانەی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە ،بەڵکو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا مەسەلەکە بەهێزکردنی پێگەی خۆیانە دوور لە مەزهەب و ئاین.

بۆپاراستی خودی خۆیان ئاخوندەکانی  ئێران لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا لە هەرشوێنێک ناڕەزاییەک چ وەک تاک چ وەک حیزب و نەتەوە و لایەن ،سەری هەڵیدابێت ،ئەوە بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت کراوە،ئەم ئیرهابەی دەسەڵاتی ئێران سنوورەکانی وڵاتی بەزاند و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی گرتەوە ،بۆ نمونە لە هەندەران کەم حیزب و کەسایەتی سیاسی و سکرتێری حیزبە کوردیەکان هەن دەستی ئیرهابی ئێرانی پێنەگەشتبێت.

لە وڵاتانی  وەک ئەڵمانیا،نەمسا ،فەرەنسا، هوڵەندە،سوید ،دانمارک ،تورکیا ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزشیۆنەکان ونەیارانی ڕژێمی ئێران تەرۆرکراون یا بریندار کراون یا هەوڵی ڕفاندیان دراوە  .لەباشووریش تا ئێستا پتر لە ٦٠٠ تێکۆشەری کوردی سەربە حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات بەدەستی ئیتلاعات کووژراون.

هەر ڕژێمێک ڕێز لە هاوڵاتیانی خۆی نەگرێت ، پانتاییەک بۆ ئازادی و دیموکراتی مەیسەر نەکات ،پێویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان دابین نەکات،لە جیهاندا  بێزراو  و نامەرغوب نەبێت،کەواتە ئەو ڕژێمە کە مەبەست لێی ئێرانە هەرچیبێت و هەرچ ناوێک لەخۆی بنێت ،ناتوانێت  ببێتە نوێنەری ڕاستی گەلێکی  ستەم لێکراو ،هاوکات ناکرێت خەسڵەتی دژە ئەمریکاو ئیسرائیلیش هەڵبگرێت ،چونکە ئەو ڕژێمە زۆر دوورە لەو ئەرکەوە. تا ئێستایشی لەگەڵدابێت دژایەتی ئێران بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل لە واقیعی عەمەلیدا بەرجەستە نەبووە، بەجۆرێک زیانی مەزنی پێ گەیاندبن ،یاخود لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا جێگەو پێگەیان لەقبووبێت.

بۆئەوەی باشتر و ڕوونتر ماهیەتی دەسەڵاتدارانی ئێران بزانین ،چەند پرسیارێک ئاراستەی ئەو حیزب و لایەن و تاکە کەسانە دەکەم بە خۆشمانەوە کە لەخانەی  چەپ،ئازادیخواز ،ئینساندۆست،دیموکراتیخواز،کۆمۆنیست خۆیان دەبیننەوە ،ئەوجا دەردەکەوێت کەئایا هەڵەیەکی سیاسی مەزن لە هەڵوێستی ئەو حیزب و دەسەڵات و لایەن و کەسانەدا نیە کەداکۆکی لەو ڕژێمە دەکەن ؟ 

+ دەکرێ و درووستە کەسێکی چەپ یا کۆمۆنیست داکۆکی لە ڕژێمێک بکات کەبەدڕندەترین شێوە چەپ،کۆمۆنیست،ئازادیخوازان سەرکووتدەکات و گوللەبارانیان دەکات، بەتایبەی ئەندام و سەرکردەکانی تودەو فیدائیان و لایەنەچەپەکانی دیکە کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپارد یا پاکانەیان لێوەرگیرا و پاشان لەسەر تەلەفزیۆن سوکایەتیان پێکرا؟ تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەندامبوون لەو حیزبانەدا سزای تووندی لەسەرە.

+ دەکرێ و ڕەوایە لایەنێک یا کەسێکی تینوی ئازادی و مافی مرۆڤ ،لایەنگری دەسەڵاتێک بێت کە هەناسەیەکی ئازادی و دیموکراتی لە وڵاتەکەدا بوونی نیە؟

+ئایا ئاساییە داکۆکیکارانی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنیانەی بێ فشارو سەرکووتکردن، هەوداری دەسەڵاتێک بن کە خۆپیشاندانەکانی خەڵک کە بۆ نان و کارو ئازادی ئەنجام دەدرێن، بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت بکەن ،هاوکات دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەر، شانازی بەژمارەی زۆری کوژراوە خۆپیشاندەرەکان بکەن؟

+ڕەوایە حیزبێک یاخود کەسێکی چەپ کە بڕوای بە ماف و سەربەستی و سەربەخۆیی گەلان هەیەو خەباتی لەپێناودا کردووە ، هاوکات دژ بە  چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەنگی دلێربێت، بەڵام بێباک بێت لە ئاست کردەوەی  نامرۆڤانەی ڕژێمێکی وەک ئێران  کە بە ڕژێمێکی دژە میللەتان ناسرابێت؟ ئەو ڕژێمەی لەبری مەیسەرکردنی بڕێکی کەمی داخوازیەکانی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتەکەی لە کورد،بلوج،ئازەر،عەرەب، و نەتەوەکانی دیکە ،بە بێ بەزەییانە  سەرکووتیان بکات و بیانچەوسێنێتەوە ،وە ئەندامی  چالاک و سەرکردەکانیان لە دەرەوە تەرۆربکات ؟تا ئاستی ئەوەی ڕێگەنەدات کەسانی سەربەو نەتەوانە  تەنانەت منداڵەکانیان بەخواستی خۆیان ناوبنێن؟

+ منێک ئاواتەخوازی فرەدەنگی و فرەنگی بم و بخوازم هەموو بیروبۆچوونێک لەگۆڕەپانەکەدا  مافی خۆ نمایش کردنی هەبێت ،بەڵام چاو لە ئاست تاوانەکانی ڕژێمی ئێرانی سەرکووتکەر دابخەم یاخود پاساوی لاوازی بۆ بهێنمەوە، کە ڕێگە بەهیچ بۆچوون و ڕایەکی جیاواز نەدات ،تەنانەت گەر لەڕەحمی ڕژێمەکەشەوە هاتبێتەدەر بەنمونەی [حسین مووسەوی] کەتا ئێستاش لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە؟

+ ئەمە چ ڕژێمێکە چەندین ملیۆن لەدانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدابن ،گرانی  و بێکاری تەنگی پێهەڵچنیون ،کەچی ساڵانە ملیارات دۆلار لەدەمی خەڵکەکەی دەدزێت وەک هاوکاری دارایی یا وەک کڕینی چەک دەیبەخشێتە  حیزب اللە و بزافی ئەمەل و حماس و جیهاد و ئیخوانەکانی میسرو بزافە ئیسلامیە ئیرهابیەکانی جیهان؟

+ من کە داکۆکیکاربم لە مافی مێینەو ئومێدم ئەوەبێت بە ئازادی مومارەسەی ژیانی خۆیان بکەن،ئیدی چۆن قەبوڵبکەم خانمێک بەهۆی دەرکەوتنی چەند تاڵە قژێکی پرچی، تامردن ئەشکەنجە بدرێت؟

+بەهەموو پێوەرێک ڕژێمی ئاخوندەی ئێران ڕژێمێکی چەوسێنەر،سەرکووتکەر، دژبە ئینسانەو هەموو بەهایەکی ئەخلاقی لەدەستداوە،بۆیە دژایەتی کردنی ئەرکی سەرجەم  ئەو وڵات و دەسەڵات و حیزبانەیە کە مافی مرۆڤ بەلایانەوە گرنگە،هاوکات ئەرکی ئەخلاقی هەموو تاکێکی ئازایخواز،مرۆڤدۆست،دیموکرات خواز،چەپ، کۆمۆنیست، ئەتایستە کە ئەم دەسەڵاتە ڕسوابکات،هاوکات پێویستە ئەو تێڕوانینە چەوتە ڕاستبکرێتەوە.

گۆران هەڵەبجەیی




بۆ عەلی قەرەداغی و هاوفیکرەکانی،ئەمە حەقیقەتی ئەردۆغانە… گۆران هەڵەبجەیی

زۆربەمان عەلی قەرەداغی پیاوە بەوەفاکەی ئەردۆغان دەناسین،ئەوەتی قەرەداغی بووەتە ئەستێرەی فکری ئیخوانی و هاوکات ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی ئیسلام ،درێغی نەکردوە لە داکۆکیکردنی کوێرانە لە تاوانەکانی ئەردۆغان .کارگەشتە ئەوەی بە زمانیکی دژ و دوور لە بەهای ئینسانی دابەزێتە سەر هاونەتەوەو هاوزمانی خۆی، ئەویش کوردانی ڕۆژئاوایە.
دەمێک ئەردۆغان عەفرینی داگیرکرد ،ئەم ئیخوانچیە خۆی گەیاندە لای ئەردۆغان و پیرۆزبایی لێکرد و لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی تورکیا گووتی، ئەو قەوارەیەی ڕۆژئاوا پرۆژەیەکی {زایۆنزمە} ،دژی عەرەب و ئیسلامەو دەبێ لەناوبچێت.
هەرسەربازێکی تورک کوژرابێت ئەو هاوخەمی خۆی دەربڕیوەو بە شەهید ناویهێناوە، هەندێک جاریش بۆ بەشداری لە بەخسپاردنی سەربازە کوژراوەکاندا خۆی گەیاندوەتە تورکیا ، بەڵام بۆ کوژرانی هەزارەها شەڕڤان و سڤیل مێش میوانی نەبووە.
گومانی تێدا نیە عەلی قەرەداغی لە فەلەکی ئەردۆغاندا دەخولێتەوە،بای ئەردۆغان لە کوێوە هەڵبکات ئەو لەوێوە شەندەکات،بۆنمونە دەمێک بۆ چەندساڵێک کێشە لەنێوان تورکیاو ئیسرائیلدا لە ئارادابوو ،عەلی قەرەداغی لە ئەردۆغان پەرۆشتر بۆ دۆزی فەلەستین و هاوسۆزی بۆ تورکیا خۆی نیشاندەدا.
ئەردۆغان ئیسلام بۆ بەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەی بەکاردەهێنێت، ئیدی ئەم بەرژەوەندیە چۆنی خواست، ئەو خۆی لەگەڵیدا دەگونجێنێت ، با لەسەر حسابی ئاینەکەیشی بێت.

بۆنمونە لەم ماوەیەدا ئەردۆغان پەنای بۆ چەند کردەیەک بردوە کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ قەناعەتی ئاینی و پرەنسیپی ئیسلامیدا یەکناگرنەوە ،بەڵام ئەو چاوی لەبەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەیەتی نەک بەرژەوەندی ئاینی.

  • چەند ساڵێکە پەیوەندی نێوان تورکیاو ئیسرائیل تێکچوەو هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تاوانباردەکرد،لێ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ،ئەردۆغان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی کێرڤی حیزبەکەی چەندین هەنگاوی نا ،یەکێک لەوانە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بوو ، ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان بۆ ئیسرائیلیەکانیش جێگەی سەرسوڕمان بوو .
    +عەلی قەرەداغی کە هیچ ڕووداو بۆنەیەکی لە دەستنەداوە گەر سەرکۆنەی ئیسرائیلی نەکردبێت،کەچی لەمەدا هەر زوو هاتە سەرخەت و بەگەرمی دەستخۆشی لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان کرد،تا ڕادەی ناوهێنانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە [بەڕێز] یائیر لبید.
    +تورکیا یەکەم دەوڵەتی ئیسلامیە کە ئیعترافی بە ئیسراێیل کردوە.
    +تورکیاو ئیسرائیل گەورەترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا هەیە کە ساڵانە بە چەندین ملیاردۆلار دەخەمڵێنرێت.
    +گەشتیارانی ئیسرائیلی بۆ تورکیا ساڵانە لە نیوملیۆن گەشتیار تێپەڕدەکات.
    +مەزنترین کارگەی درووستکردنی کەرەستەی سەربازی ئیسرائیلی لەتورکایە.
    +تورکیا گەورەترین هەناردەکەری چیمەنتۆیە بۆ ئیسرائیل [کە بۆ بیناکردنی مستەوتەنەکان بەکار دەهێنرێن]
    +ناوی تورکیا لە نێو ئەو وڵاتانەدا نیە کە لەڕووی داراییەوە کۆمەکی فەلەستینیان کردووە.
    +ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی مسوڵمانە کەمەدالیای [جوامێری ئیسرائیلی] پێبەخشراوە.
    +ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی مسوڵمانە کە زیارەتی گۆڕی دامەزرێنەری بزافی زایۆنزمی{ تیودۆر هەرتزل} ی کردوە ،
    +ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی مسوڵمانە کە تا ئێستا [٥] جار سەردانی ئیسرائیلی کردوە.
  • سەفەرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بۆ تورکیا بێ ڤیزەیە ،بەڵام بۆ فەلەستینیەکان [ئەگەر ڕێگەیان پێبدەن] ئەوە بە ڤیزەیە،
    +دەمێک ئەردۆغان کووفیە{جامانە} ی فەلەستینی لەمل بوو ،لە بەردەم میدیاکاراندا گووتی [قودس هێڵی سوورە]و بەرەنگاری هەر وڵاتێک دەبینەوە باڵوێزخانەکەی بگوێزێتەوە بۆ ئەو باژێڕە ،بەڵام هەر زوو لەو قسەیە پەشیمان بوویەوە ،بەوەی بە ئیعازی خودی خۆی کۆمپانیای{لیماک}بەگوژمەی [٢١] ملیۆن دۆلار ، درووستکردنی بینای باڵوێزخانەی ئەمریکای لە قودس لە ئەستۆگرت.شایانی ئاماژەیە خاوەنی ئەو کۆمپانیایە[نیهاد ئۆزدمیر] ە کە دۆستێکی نزیکی ئەردۆغانە،هاوکات زاواکەی ئەردۆغان[بیرات بەیرەق] و [بن علی یەڵدرم] پشکیان تێیدا هەیە.
    بەمەش تورکیا بووە سەرمەشقی هەموو وڵاتانی جیهان کە دەستی بۆ کارێکی هەستیار و مەترسیدار برد ،هاوکات دۆستایەتی و دڵسۆزی خۆی بۆ ئیسرائیل سەلماند.
    +لەتورکیا ٢٦ قاعیدەی عەسکەری ناتۆ هەیە.
    +تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کەبەفەرمی ڕێگەی بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازەکان داوە.
    +تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کە [ کەناردەریای نوودیست]ی ، تایبەت بە ڕووتبوونەوەی تەواو هەیە.
    +تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کەدژی قورئان وبنەماکانی ئیسلام کاری کردوە ،بەوەی فرژنی تێیدا قەدەغەیە .
    +یەکەم دەوڵەتی ئیسلامی تورکیایە کە بەفەرمی ڕێگەی بە لەشفرۆشی داوە.
    +ژمارە ئەو ماڵانەی کاری لەشفرۆشیان تێدا دەکرێت لە سەرانسەری تورکیادا پتر لە {٢٠٠٠٠} ماڵە.
    +داهاتی ساڵانەی تورکیا لە بواری لەشفرۆشیدا [چوار ملیار دۆلارە]
    +ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن بە گەوادەکانیشەوە ژمارەیان [٣٠٠٠٠٠]کەسە.
    +٢٦٥ کارگەی درووستکردنی مادەکحولیەکان لەتورکیا هەیە .
    +بێدەنگی قەرەداغی لە پەیوەندی تووندوتۆڵی نێوان ئیسرائیل و قەتەر.
    +دەرکردنی ئیخوانەکانی میسر لە تورکیاو داخستنی بارەگاو میدیاکانیان و بێ دەنگی عەلی قەرەداغی بەرامبەر بەم ئیجرائەتە[نائیسلامی و نائیخوانیەدا]

ئەردۆغان ،وەک ئامرازێک عەلی قەرەداغی بۆ گەوجاندنی کوردە ئیماندارەکان بەکاردەهێنێت،بەتایبەتی ئەوانەی ئەردۆغان بە خلیفەی نوێی موسوڵمانان دەزانن.
لەکن ئەردۆغان هەموو کورد دوژمن و نەیارن ،ئیدی با مسوڵمانی عەیار ٢٤ بێت،وەک عەلی قەرەداغی.
هەر کاتێک ئەردۆغان پێویستی بە علی قەرەداغی نەما وەک چۆن خیانەتی لە هاوڕێبازەکانی خۆی [ ئیخوانەکانی میسر] کردو لە تورکیا دەریپەڕاندن، کەواتە بەدووری نازانم بەهەمان شێوە ئەمیش پشتگوێ بخات و لە سەر شانۆی ڕووداوەکانیش دووری بخاتەوە.

گەر ئەم حەقیقەتانە لەکن هەندێک نوێبن،ئەوە بەدڵنیاییەوە لەکن قەرەداغی نوێنین و ئاگادارە لێیان، گەر پرسیار ئەوەبێت ئەی بۆچی لەگەڵ ئەم هەموو فەزاحەتەشدا هێشتا سەرسەختانە داکۆکی لێدەکات؟
بەبۆچوونی من وەڵامەکە ئەوەیە ،علی قەرەداغی بڕیاری داوە گەر فەزیحەتەکانی ئەردۆغان لەوەش زیاتربن ، ئەو وەک داکۆکیکارێکی بەئەمەک بمێنێتەوە ،هاوکات دژی خواستی گەلەکەی خۆی کاربکات.




دەسەڵاتێکی شەقوەشێن… گۆران هەڵەبجەیی

لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دامودەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەزۆرترین حاڵەتدا نوێنەرایەتی جۆری ئەو دەسەڵاتە دەکەن کە وڵات بەڕێوەدەبات،دەتوانین بڵێین ئاوێنەی جۆری ئەقڵیەت و بیرکردنەوەو ڕەفتاری حیزبە حکومڕانەکانن.
گەر دەسەڵاتێک خاوەن بەرنامە و پلان و خەمخۆری خەڵک بێت و ئەولەویەتی کارەکانی خۆشگوزەرانی و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان بێت،کەواتە گەرەکە و سرووشتیە کە سەرجەم پێکهاتەکان ،ئەوانەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن لەسەر هەمان ڕیتم بڕۆن و بەهەمان نەفەس کاربکەن.
لەدەمی دەسەڵاتی نازیەکاندا لە ئەڵمانیا سوپا،پۆلیس، ئاسایش{گستاپۆ} ، مەلیشیای حیزبی،ڕێکخراوەکانی لاوانی نازی و سەرجەم هێزەچەکدارەکانی وڵات ،تەنانەت فەرمانگە میریەکانیش،ڕەفتاروکرداریان ڕەنگدانەوەی سیاسەتی باوی نازیەکان بوو.ئەندامانی ئەو هێزانە بەدڕندەیی و سادیەت ناسرابوون ،کووشتنی مرۆڤ لە کنیان لە کووشتنی چۆلەکە ئاسانتر بوو،ئیهانە و ئەشکەنجەدان و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان لەلایان کارێکی ڕۆتین بوو، بەجۆرێک لەگەڵ ئەو جۆرەکارە نامرۆڤانە ڕاهاتبوون، لەزەتیان لێ دەبینی و خەنی دەبوون پێی. ئەم جۆرە پەروەردەیە بەبەرنامە کرابوو ،ویست و
لەماوەی دەسەڵاتی جووت حیزبدا لەلایەن پیاوانی ئەو دەزگایانەوە بەردەوام سوکایەتی، تێهەڵدان، ئازاردان ،گرتن و زۆر کاری نابەجێ و نایاسایی بەرامبەر بە هاوڵاتیان کراوەو دەکرێت ،دەمێکیش لەسەر ئەم تێهەڵدان و کەرامەت شکاندنانە دەبێتە هەرا ،بەرپرسێکی ئەو دەزگایە یا کەسێکی سەرووتر زۆر بێباکانە دەڵێت ،ئەو کارە فەردی بووەو ئێمە ڕێز لەیاسادەگرین و بکەران سزادەدەین،وەک ئەوەی یەکەمجاربێت کاری واڕوویدابێت. هەر زۆری پێناچێت هەمان شت لە شوێنێکی دیکەو بەرامبەر بە کۆمەڵە کەسانێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە .کێشەکە لەوەدا ئەم ئەفسەرو پۆلیسانە بەو ئەرکە هەڵناسن کە دەبێ پێی هەڵسن ،بەڵکو ئەوان پاراستنی حیزب و دەسەڵات بەئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن ،بەوەی دووشەق زیاتر بوەشێنن ئافەرینێک و پلەبەرزکردنەوەیەک وەردەگرن.
ئاخر گەر کارمەندانی دەزگایەکی گرنگی وەک پۆلیس کە بەرکەوتنی ڕۆژانەیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەیە ،گەر ئەمانە لە ژیانی کارکردنیاندا خولێکیان بۆ نەکرابێتەوە، ئامۆژگاری و ڕێنمایی نەکرابن دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی جوان و مەدەنیانە لەگەڵ هاوڵاتیاندا،یاخود باسی ئەزموونی مامەڵەی شارستانیانەی پۆلیسی وڵاتە پێشکەوتووەکانیان بۆ نەکرابێت ،کەواتە هەر چاوەڕێی شەقوەشاندن و شکاندنی کەرامەتی خەڵکیان لێدەکرێت. ڕاستیەکیش هەیە کە دەبێ بیزانین ،ئەویش ئەوەیە کە جووت حیزب پێویستیان بەم جۆرە بەڵتەجی و شەق وەشێنانە هەیە ،هەر ئەمانەن بە شەق و بۆکس و تووندووتیژی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتیان ڕاگرتوە. ئەمانە بەوەفاترین خزمەتکاری دەسەڵاتن ، ئاوێنەی سرووشتی دەسەڵاتن،دەسەڵات خۆی مرۆڤ کوژە ،نادادپەروەرە ،نادیموکراتە،گەندەڵە سەرکووتکەرە،ئێ خۆ ناکرێت ڕێبازی دەسەڵاتێک بەوجۆرەبێت و چەکدارەکانی بەجۆرێکی تربێت .
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەوانە لە دوای وەشاندنی هەر شەقێکدا مووچەو پلەیان بەرزدەکرێتەوە،جا گەر هەندێک لە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان باسی ڕاگرتن یا لەکاردەرکردن یا دادگایی و زیندانی کردنی ئەوکەسانەیان کرد ، هەرگیز بڕوایان پێ مەکەن ،ئەوە تەنها بۆ گێلکردنی خەڵکە و هیچی تر. قوباد تالەبانی چەند لە بەڵێنەکەی بردەسەر بە سزادان و زیندانی کردنی ڕائید دلێری {نەخوێنەوار }،ئەو ڕائیدەی لە سلیمانی شەقی لەدەمی خوێندکارێک دا ،یاخود شەقوەشێنەکەی هەولێر و بکوژانی خۆپیشاندانەکان چەندوچۆن سزادران ،هەر هێندەش بەڵێنی سزادانی ئەو شەقوەشێنانەی دادگای سلیمانیش جێبەجێ دەکرێت.
نە بڕوا بە بەڵێنەکانی پەرپرسانی ئیداری بکەن ، نە بەسەردانی بەرپرسانی حیزبی بۆلای شەقتێهەڵدراوان.دڵنیابن ئەوان شەقوەشێنێکی بەڵتەجی کە پەروەردەی خۆیانە و تاسەر ئێسقان دڵسۆزو گوێڕایەڵیانە ،هەرگیز سزانادەن لەبەرخاتری هاوڵاتیەک.
نیوەی تەمەنم لە ئەوروپا بەسەربردوە زۆر جار لە نزیکەوە ئاگاداری مامەڵەی پۆلیسم لەگەڵ خەڵکدا، هێندە بەئەدەب و شارستانیەوە ڕەفتاردەکەن مرۆڤ شەرمەزاردەکەن.تەنها لە حاڵەتی {داکۆکی لەخود}دا بۆیان هەیە هێز بەکار بهێنن دەنا بە پێچەوانەوە گەر سەلمێندرا پۆلیسێک بێ هۆ زەبری بەکار هێناوە ئەوە سزادەدرێت و ڕاگەیاندنەکانیش دەیکەنە هەرا.
بەڕای من تا ئەم دوو حیزبە بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبن ،بەوەی تەنها لە خەمی خۆیاندابن و هاوڵاتیش لەکنیان بێ بەهاو کۆیلەبێت ،ئیدی بەهیچ جۆرێک چاوەڕێی ڕەفتاری جوان و شارستانی لە کەسانی سەربە دامەزراوە میریەکانیش مەکەن، دڵنیابن ئەوانە هەر وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەست و شەقیان کراوەدەبێت.
دڵنیام لە نێو ئەو دامەزراوانەدا کەسانی پاک و دڵسۆزهەن کە دەسەڵات نەیتوانیوە مەعدەنیان بگۆڕێت،بەڵام بەداخەوە کەمینەن و ڕۆڵیێکی ئەوتۆیان نیە و ڕێگەشیان پێ نادرێت ڕۆڵیان هەبێت،دەلیلیشم ئەوەیە ئایا لە نێو ئەو پۆلیسانەی نێو بینای دادگادا بەویژدانێکیان تێدا نەبوو ڕێگری لەو شەقوەشێنە بکات؟




یاداشتنامەی(پزیشکێکی پێشمەرگە)م خوێندەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

{کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم دەکەم ١٩٦١-١٩٨٩} ، ناونیشانی یاداشتنامەکەی دکتۆر فایەق گوڵپیە ،کە بەشێکی گرنگ لە ژیاننامەی خودی گوڵپی تێدا تۆمارکراوە .ئەم کتێبە ساڵی [٢٠١٨] کەوتوەتە بەر دیدی خوێنەر، لەهەندەرانیش ئەوانەی خولیای خوێندنەوەیان هەیە ،بەدەستیان گەشت و بەناوەڕۆکەکەی ئاشنا بوون.
بەندەش لە ڕێگەی خودی دکتۆر فایەقەوە کتێبەکەم بە [PDF] پێگەیشت.
خوێندنەوەی یاداشتنامە ئیدی هی هەر کەسێک بێت، یەکێکە لە ئارەزووەکانم ،چێژێکی تایبەت لە خوێندنەوەیان دەبینم ،بەتایبەتی گەر ڕاستگۆییان تێدا بەدی بکەم .تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە یاداشتنامەی کەسایەتیە کوردی و عەرەبی و جیهانیەکانم خوێندوەتەوە.بەکوورتی هی هەرکەسێکم بەردەستکەوتبێت یا بیستبێتم کە کەوتوەتە بەردەستی خوێنەر ،خێرا هەوڵی بەدەستهێنانیم داوە.
سەبارەت بەمەی دکتۆر فایەقیش ،سەرەتا کاک سەلام محەمەدی برادەرم بە ئیجابی باسی ئەم کتێبەی بۆکردم کە خۆی بەدەستیەوە بوو، ،پاشان بۆ وەدەستهێنانی داوام لە دکتۆر کرد ،بەسوپاسەوە ناردی بۆم.
هەوڵەدەم بە پێی خوێندنەوە تێڕوانینی خۆم بۆ ڕووداوەکانی دووتوێی ئەم یاداشتنامەیە،هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بێلایەنەی بۆ بکەم.لە کۆتایدا خوێنەر سەرپشکە لە حکومدان بەسەر هەڵسەنگاندنەکەمدا، کە هیوادارم سەرکەوتووبم تێیدا.

دکتۆر فایەق لە پێناسەیەکی شایستەدا
بەرلەوەی بچمە قووڵایی باسەکەوە ،لەسەر ڕۆشنایی ئاشنایی و پەیوەندیم لەتەکیدا ،دەخوازم کەمێک سەبارەت بە کەسایەتی خودی دکتۆر بنووسم.
لەسەرەتای حەفتاکاندا لە قوتابخانەی ناوەندی شارەزوور لە هەڵەبجە بۆ دووساڵ هاوپۆلم بوو،زۆر بەخێرایی بووینە برادەر ،هەستم کرد زۆر جیاوازە لە هاوپۆلەکانم،کەسێکی بە ڕەوشت، هێمن،کەمدوو ، ڕووخۆش و زرنگ و زیرەک ،{یەکەمی پۆلەکەمان بوو} ، هیچ شتێکی لێ عاسی نەدەبوو ،لە هەموو وانەکاندا پەرفەکت بوو.بیرم دێت جارێک وانەی عەرەبیمان هەبوو بابەتی[ئیعراب]نازانم بەکوردی پێی دەڵێن،لەوانەیە شیکاری پێ بڵێن، من زۆر کۆڵەوابووم تێیدا و حەزم پێی نەبوو،زیاتر ئارەزووم لە [انشاء] داڕشتن هەبوو،ئەو ڕۆژە مامۆستاکەمان لەسەر تەختەڕەشەکە دوودێڕ شعری درێژی کلاسیکی نووسی ،پێم وابێت هی{ ئەحمەد شەوقی-امیر الشعراء} بوو ،پرسی کێ دەتوانێت ئیعرابی بکات ؟هەموو سەرمان کزکرد ،من لەژێرەوە سەیری دک تۆر فایەقم کرد،هێندەی پێنەچوو دەستی بەرزکردەوە ،پاشان دەستی کرد بە ئیعرابکردن، ئێمەش بەسەرسامیەوە سەیرمان دەکرد،کە کۆتایی هات مامۆستاکە سوپاسێکی گەرمی کرد کە بێ هەڵە ئەوکارەی ئەنجامدا.
پەیوەندیمان پەرەی سەند ،جگە لە خوێندنگا لەدەرەوەش یەکترمان دەدی ،بۆنمونە بەهاران بۆسەعی کردن دەچوین بۆ ڕێگەی [عەنەب ]،یاخود جاروبار لە چایخانەیەک کە بەرامبەر سینەماکەی هەڵەبجە بوو دادەنیشتین ،جۆرەها قسەوباسمان دەهێنایە گۆڕێ.پێم وابێت تاکە باس کە خۆمان بەدوور دەگرت لێی سیاسەت بوو. بەشبەحاڵی خۆم ڕێزێکی زۆرم بۆ ئازایەتی و گیانفیدایی باوکی هەبوو.ئەز سەربە ئایدۆلۆجییایەکی چەپی عێراقی بووم ،لەوە دەترسام باسێک بکەمەوە و ئەو وەک هێرش بۆ سەر ڕێبازەکەی باوکی لێکی بداتەوە، و بەوە هەستی بریندارببێت ،بۆیە تا بۆم کرابێت باسی سیاسەتم نەدەکردەوە.
پاش شەهیدبوونی باوکی وەک خۆیشی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە بەدۆخێکی سەختی نالەباری ژیاریدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەم دۆخە هەرگیز لە ژیانی دکتۆردا هەستی پێنەدەکرا،هەرگیز گلەیی لەبەختی خۆی نەدەکرد،هێندە نەفس بەرز بوو لە هیچ کاتێکدا ڕێگەی نەدەدا ببێتە جێگەی بەزەیی.ڕاستە ئەو هەژاربوو ،وەلێ لەناخ و هزردا زەنگین بوو.
پاش کۆتایی ناوەندی من چومە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ ،ئەویش لە ئامادەیی درێژەی بەخوێندن دا.
هەرجارێک لە هەڵەبجە بوایە یا سلیمانی گەر بەڕێکەوت یەکترمان بدیایە ،ئیدی لە دەمی خوێندندابوایە یادەمی سەربازیم، هەر بە گووڕوتینەکەی جارانەوە باوەشمان بۆ یەکتر دەکردەوە.
دەمێک ساڵی[1991] بۆیەکەم جار سەردانی کوردستانم کرد ،دکتۆر فایەق یەکێک لە هاوڕێ دێرینەکانم بوو کە تامەزرۆی بینینی بووم،ئەوە بوو سۆراغیم خوارد و لە نۆرینگە کۆنەکەی [دکتۆر عەبدولرحمان ڕیس] دۆزیمەوە.ئەوەی خۆشحاڵی کردم ئەوە بوو کە پاش ئەو دابڕانە زۆرە ،وەک هەمیشە بە خەندەو ڕۆح شیرینیەوە باوەشی کرد پێمدا.
هەر لەو سەفەرەمدا بەهۆی هەندێک خواردنەوە کە پێی ڕانەهاتبووم ، تووشی ئازاری سک بووم،ئەو هات بۆلام و چارەسەری نووسی بۆم.
پاشان پەیوەندیمان بەردەوام بوو،بەوەی هەرجارێک سەردانی کوردستانم کردبێت بەتەنها خۆی یا لەتەک خێزانەکەی چەند ساتێکمان پێکەوە بەسەر بردوە.
دکتۆر فایەق یەکێکە لە هاوڕێ دانسقەکانم کە ماوەی [50]ساڵە هاوڕێیەتیمان بەردەوامەو تابێت ڕێزو خۆشەویستیمان بۆیەکتر زیاددەبێت. تەنانەت هەندێک جار لەم دوورەوە کە کێشەیەکی تەندرووستیم دەبێت بە تەلەفۆن ڕێنمایی لەو وەردەگرم.
ئەم پێشەکیەم وەک ئیزافەیەک نووسی تا خوێنەر لە دیدی هاوڕێیەکی دێرینیەوە دکتۆر بناسێت و بە هەندێک وردەکاری ژیانی ئاشنا بێت کە خودی دکتۆر ئاماژەی پێنەداون.

خەسڵەت و مەرجەکانی یاداشتنامە
نووسینەوەی یاداشتنامە بەر لەوەی ئاوێنەی ژیانی خودی کەسەکەبێت، تۆمارکردن و گێڕانەوەو وەبیرهێنانەوەی قۆناغێک یا چەندقۆناغێکە لە ژیانی میللەتێک،شۆڕشێک،بزافێکی سیاسی،جا بۆیە زۆر زۆر گرنگە نووسەری یاداشتنامەکە ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ناکرێ نووسەر هەست وسۆز بکاتە پێوەر بۆ یاداشتکردنی ڕووداوەکان ،بەڵکو گەرەکە بەوجۆرە باسیان لێوەبکات کەڕوویانداوە،واتە گەرەکە چاوەکانی ببنە ڤیدیۆکامێرایەک و ڕەکۆردی مەشهەدەکان وەک خۆی بکات،ئیدی تەنها بەم جۆرە دەتوانێت متمانەی خوێنەر بە دەستبهێنێت.

  1. سەرجەم یاداشتنامەو یادەوەریەکان کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خەباتی گەلەکەمانەوە هەیە،بە کەمووکووڕی شکستی و سەرکەوتنەکانیەوە ،هەموویان دەبنە بەشێک لە دیرۆکی بزافی گەلەکەمان و دەکرێ نەوەکانی داهاتوومان سودی لێوەربگرن.
  2. دەکرێ و ڕوویداوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ژیانی میللەتێک شۆڕشێک لێکۆڵەوەرانی کورد و بێگانە پەنا بۆ ئەوجۆرە یادەوەریانە بەرن.
  3. لەکاتی دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگدا ڕوویداوە هەندێک جار سود لەم جۆرە یاداشتنامانە وەرگیراوە،نمونەی دادگایکردنی تاوانبارانی سەرانی نازی لە دادگای نۆرەنبرگدا.
    لەسەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانە دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەی دکتۆر گوڵپی جێگەی متمانەیەو دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی پاکژ سەیربکرێت.
    دەشێ و ڕوویداوە بڕێک لەوانەی بیرەوەریەکانیان نووسیوەتەوە ،لە هەندێک بڕگەو مەوقعدا لە حەقیقەت لایاندابێت و ڕووداوەکانیان بەجۆرێک وێنا کردبێت کە لەتەک مەزاج و بیرو پێویستی دۆخەکەدا بگونجێت،لێ دکتۆر فایەق تەنها ڕاستگۆیی کردوەتە پێوەر و بەوجۆرە باسی ڕووداوەکانی کردوە کە ڕوویانداوە،جا لەوانەیە ئەو گوزارشتە لەتەک قەناعەت و ڕێبازی سیاسیشیدا یەکانگیر نەبووبێت.

وێستگە گرنگەکان کە شایانی ئاماژەن

  • گەر ئاوڕێک لە سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی دکتۆر بدەینەوە دەبینین خۆشەویستی خاک و نیشتمان و پێشمەرگە لە ناخیدا چەکەرەی کردوە، پاشان ئەم خۆشەویستیە نما دەکات و دەبێتە هەڵوێست و کردار.
    +باوکی لە پێناوی خاک و کوردایەتیدا قارەمانانە گیانی بەخشی،ئەم گیانفیدایەی بابی هانی دا بەشداربێت لە خەباتدا بەڵام بە شێوازێکی جیاواز و ڕێبازێکی فکری جیاواز لەوەی باوکی.
  • یەکێک لە براکانی ڕێچکەی باوکی گرت و بووە پێشمەرگەی پارتی،هەر لە پێناوی ئەو حیزبەدا گیانی بەخشی.
    +بەپێی پێوەرو کەلتووری ڕۆژهەڵاتی ،دەبوو دکتۆریش ببێتە پارتی ،ئەویش لەبەر دوو هۆ،یەکەم بۆ بەزیندووڕاگرتنی ڕێبازەکەی باوکی،دووەم بۆ [تۆڵەسەندنەوە]ی براکەی لەو لایەنەی کووشتیان.
    +عاتفە بەسەر دکتۆر گوڵپیدا زاڵ نەبوو ،کوێرانەش شوێنی حیزب نەکەوت،بەڵکو بە قەناعەت و هۆشیاریەوە ڕێبازی خۆی هەڵبژارد.
    +دایکی و براکانی چاوەڕێی ئەوە بوون دەمێک دکتۆر فایەق زانکۆ تەواو دەکات لایەکیان لێ بکاتەوەو لە هەژاری دەریان بکات و ژیانێکی ئاسودەش بۆ خۆی پێک بهێنێت، بەڵام خۆشەویستی وڵات و خاک و خەڵک ڕێگربوو لەمەدا.

ئەمانە چ جۆرە سەرکردەیەک بوون؟

  • زۆر لە سەرکردەکان لە پاڵ کاریزمایدا جۆرێک لە خەسڵەتیان تێدایە کە دەکرێ بە نەگەتیڤ پێناسەیان بکەین،جا ئەم جۆرە خەسڵەتانە وادەکەن دەورووبەر بەحەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن،ئەمەش وەک جۆرێک لە خۆپاراستن و ڕێزگرتن لەخود.
    لەم ڕووەوە دکتۆر زۆر بە وردی پێناسەی مام جەلال و نەوشیروانی کردوە.
    بۆنمونە مام جەلالی وا پێناسە کردوە کە کەسێکی تووڕە و زوو هەڵچوو،حەقد هەڵگر،حەزی نەکردوە کەس قسە لە قسەیدا بکات یا فەرمانەکانی ڕەد بکرێتەوە.
    بڕوای بە دیسپلین و بڕیاری جەماعی نەبووە و دوا بڕیار لای خۆی بووە.
    خەڵکی تاوانباری ئازاد کردوە لەنمونەی[ملازم کاوە]، کە حوکمی کووشتنی بەسەردا سەپێنراوە.
    +خیانەتکار،تۆمەتبار، لادەر، هەڵەکار،کەمتەرخەم ئاساییە ئەم جۆرە مرۆڤانە لە زۆرێک لە شۆڕشەکاندا بوونیان هەبێت،بەشۆڕشی کوردیشەوە.
    ساغکردنەوەی تاوان یا کەمتەرخەمی ئەم جۆرەکەسانە تەنها لە ڕێگەی کۆکردنەوەی بەڵگەو دادگایکردنی بێلایەنانە لەلایەن کەسانی شارەزاوە ئەنجام دەدرێت،بەڵام نە مام جەلال نە نەوشیروان ،بڕوایان بەم جۆرە ئیجرائاتانە نەبوەو لە کاتی توڕەیی و هەڵچوندا تاکڕەوانە فەرمانیان دەرکردوە کە زۆر جار بڕیارەکان هەڵەبوون و تراژیدیایان بەشوێن خۆیدا هێناوە.
    +ئاخر چۆن دەکرێت کەسی یەکەمی هێزێک بەو ڕادەیە حاقدبێت بەرامبەر دکتۆرێکی دڵسۆز و بۆچەندین ساڵ قسەی لەگەڵ نەکات ،تەنها بەهۆی ئەوەی لە خەستەخانەکەی سورداش پشتگیری لەداواکاریەکانی پێشمەرگەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کردوە؟
    گەر دکتۆر تاوانبار یا کەمتەرخەم بووە بۆ لەلایەن لیژنەیەکەوە لێپرسینەوەی لێ نەکرا یاخود بۆ گوێ لە داخوازیەکانی مانگرتووەکان نەگیرا؟
  • سەبارەت بە نەوشیروانیش ،وەک دکتۆر باسی لێوەدەکات سفاتی خراپی زۆری هەبووە لەوانە،شکاندن و بێڕێزیکردن بە کەسایەتی پێشمەرگەو خەڵکی تر ،قسەڕەق،مۆنوگرژ،نەبوونی گیانی لێبووردن،نەبوونی گیانی هاندانی کەسانی لێهاتوو.{بۆ نمونە بە هۆکاری سرووشتی بەرپرسێکی پێشمەرگە بەناوی پۆڵا کە نەیتوانیبوو کارێک ئەنجام بدات ،نەو شیروانیش سەرزەنشتی کردبوو بەڵام لە شێوەی سوکایەتیدا ،پێی گووتبوو تۆ پۆڵا نیت بەڵکو تەنەکەیت }.
    جگە لەمانە وەک دکتۆر باسی لێوەدەکات ،نەوشیروان ڕووناکبیرێکی فکر عەشایەر بوو ،بەوەی بڕوای بە ئازادی ئافرەت نەبوو، وەک سەرۆک عەشیرەتێک ڕوانیویەتە ڕەگەزی مێ.
    بەگووتەی نەوشیروان هەوڵێری و دهۆکی کورد نین.
    هەڵەبجەییەکان یا جاشن یا ئاشن.
    هێندە دڵڕەق و بێ بەزەیی بووە تا ئەوڕادەیەی ئامادە نەبووە سەرەخۆشی لە دکتۆر بکات کەدایک و برایەکی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەدەستدا.
  • یاخود علی شامار{سەرکردەیەکی پێشمەرگە} بەهۆی ڕەخنەی گوندنشینێکەوە ویستویەتی کەسەکە وەک سزادان بخاتە حەوزی ساردی مزگەوتەکەوە.
    ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ئەو بەرپرسانە چەند دڵڕەق و بێ بەزەیی بوون ،چەند دووربوون لە دیسپلین و میهرەبانی، چەند دووربوون لە قەبوڵکردنی ڕەخنە.ئەو گووندنشینانە هەمووشتێکیان بۆ پێشمەرگە کرد،لە پێناوی ئەواندا ئەنفالیان بەسەرهات ،کەچی ئەوە پاداشتیان بوو بۆیان. زۆربەی بەرپرسانی ئەو شۆڕشە بە ئارەزووی خۆیان و لەسەر شتی بێبایەخ یا تۆمەتی بێبەڵگە خەڵکی بەستەزمانیان سزاداوە ،هەندێک جار بەمەرگ سزای خەڵکیان داوە.
  • نمونەیەکی دیکە دەربارەی ئەندامی مەڵبەندێکە،زۆر سەیرە کەسێک ئەندامی مەڵبەند بێت خۆشحاڵی خۆی دەرببڕێت بە کارەساتی هەڵەبجە ،ئەوەتا شێرکۆ مەرانەیی ئەندامی مەڵبەندی یەک گووتوویەتی [با بکوژرێن هەموو جاشن].
  • خاڵێکی گرنگ دکتۆر ئاماژەی پێداوە کە دەچێتە خانەی ڕەفتاری ناشۆڕشگێڕانە ،ناکۆکی و ململانێی نێوان سەرکردایەتی یەکێتیە ،کە بەدەگمەن دووکەسیان پێکەوە هەڵیان کردوە.پرسیارێک دێتە پێشەوە کە دەڵێ،گەر سەرکردایەتی شۆڕشێک تەبایی و هاوسۆزی لە نێویاندا بوونی نەبێت و ملشکاندن و چاڵهەڵکەندن بۆ یەکتر ڕەفتاری زۆرینەیان بووبێت،ئیدی چۆن دەتوانن سەرکردایەتی میللەتێک بکەن کە چاوەڕێی دەستی ئەمانە بن و بەفریادڕەسیان بزانن؟دەرکەوت ئەنجامی ئەم ناکۆکیانە کارەساتی بۆ شۆڕش و حیزبەکەو خەڵکیش هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە ، نوێترینیان نمونەی ناکۆکی نێوان باڤێل و لاهورە.

پزیشکێکی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەکی پزیشک

  • دکتۆر گوڵپی وەک پزیشکێک بە دڵسۆزی و بە جوانی ئەرکە پیشەییەکەی خۆی بەجێ گەیاندوە، چ لە نۆرینگاکانیدا یا لە نزیک بەرەکانی جەنگەوە، بە چارەسەرکردنی سەدەها پێشمەرگەی بریندار. چەندین نەشتەرگەری مەترسیداری ئەنجامداوە، بەکۆڵە پشتەکەیەوە لەهەرکوێ داواکرابێت خۆی گەیاندوەتە ئەو شوێنە ،تەنانەت زۆر جار چارەسەری گوندنشینانیشی کردوە و لەمەرگ ڕزگاری کردوون.
    +دڵسۆزی پاڵی پێوە ناوە زانیاری و شارەزایی لەسەر چەکی کیمیاوی پەیدا بکات،تاڕادەیەک لەوەشدا سەرکەوتووبوە کە پاشان سودی بە بەرکەوتوانی ئەو چەکە گەیاندوە و چارەسەری کردوون.
    +ڕاستە دکتۆر فایەق وەک پزیشک لەناو شۆڕشدا بووە ،کە ئەرکێکی زۆر پیرۆز و پێویست بووە ،بەڵام ئەرکی دووەمی پێشمەرگایەتی بووە و لە زۆر بەرەو جەنگدا تەواجودی هەبووە.بەڕای من ئەم کارەیان هەڵەبووە ،کە پێدەچێت لەسەر ئارەزووی خۆی بووبێت ،چونکە باوەڕناکەم کەس ناچاری کردبێت، ئەرکی ئەو پزیشکی بووە کە ئەرکێکی زۆر سەخت و ئینسانیە ،لەکاتی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک دەکرێ و ئاساییە چەندین پێشمەرگە جێگەی بگرێتەوە،بەڵام لەدەستدانی پزیشکێک جێگرەوەی زۆر زەحمەتە. هاوکات ژمارەی پزیشکەکان کەمبوون و ئەرکی زۆریشیان لەسەر بووە ،کەواتە ئەو بۆئەوە هاتوبووە دەرەوە تا بەپیشەکەی خۆی خزمەت بکات نەک تفەنگ بەکاربهێنێت.

شۆڕشکێکی بێ ستراتیج و بەرنامە

  • شۆڕشی بێ ستراتیج و شوێنکەوتنی تاکتیک،یەکێک لە سیماکانیی شۆڕشی نوێ بووە ،وەک گوڵپی لەبارەیەوە دواوە ،دەرکەوتوە شۆڕشێکی بێبەرنامەو پلان و بێ ستراتیج بووەو تەنها بەپێی زرووف و باروودۆخی ڕۆژانە کاریان کردوە.واتە تاکتیت بزوێنەر و سیمای شۆڕش بووە و ستراتیج ونبووە.
    ئەمەش بەڕوونی لەوکاتەدا دەردەکەوێت کە خۆیان بۆ دانووستان لەگەڵ ڕژێمدا ئامادەدەکەن ،مام جەلال پرسیار لە دکتۆر فوئاد مەعسوم دەکات ،چ داوایەک بدەینە ڕژێم؟ ئەویش دەڵێ [حوکمی زاتی متەتەور ههههههههههه] ،{واتە وەک ئەوی ١١ ئازار،وەڵێ بڕێک جوانکاری تێدابکرێت}.گەر شۆڕشێک لەسەرەتادا بەرنامەی خۆی داڕشتبێت و داواکاری و ئامانجەکانی لەو بەرنامەیەدا ڕەنگی دابێتەوەو ئەندامانی پێ ڕۆشنبیرکردبێت و ئاشناییان پێی هەبێت،ئیدی چ پێویست بە ڕاوێژ و پرسیار دەکات؟ئایا درووست ئەوەنیە لەسەر ڕۆشنایی خاڵەکانی ئەو بەرنامەیە [گەر هەبووە]، دانووستان بکەن و بیکەنە قیبلەنمای هەموو جوڵەیەکیان؟

دوور خستنەوەی کەسە بەتواناکان و پشتگوێ خستنی ڕێکخستن و نەبوونی ئایدۆلۆجیا
+دوور خستنەوەی کەسە بەتواناکان لەڕووی هزرەوە ، لایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە لە ڕێکخستنەکان ، تا پ،م ڕووناکبیر نەبێت ،چونکە سەرکردایەتی تەنها چەکداریان پێویست بووە تا شەڕیان بۆ بکەن ، نەک ڕووناکبیرو هۆشیار کە لە سەرنج و ڕەخنەکانیان بترسن یا چاوی پێشمەرگە بکەنەوە ،جا دکتۆریش لەسەر هەمان هۆ لە ڕێزی ڕێکخستنەکان دوورخراوەتەوە.

  • گرنگی نەدان بە سیاسەت و پشتگوێ خستنی ڕابەرە سیاسیەکان لەسەر حسابی ڕابەرە سەربازیەکان خاڵێکی نەگەتیڤی دیکەی ئەو شۆڕشە بووە کە دکتۆر ئاماژەی پێداوە.لەم خاڵەدا کووتوومت لە شۆڕشەکەی مەلا مستەفا دەچێت کە لەوێش ڕابەر سیاسی هیچ ڕۆڵ و بەهایەکی نەبوو بەڵکو بەردەوام ئەستێرەی سەرپەل و سەرلق و ئامر بەتالیۆن درەوشاوە بوو وە بڕیاریش هەر لای ئەوان بوو.
    ئێوە شۆڕش یا حیزبتان دیوە خاوەنی ئایدۆکۆجیا یاخود ڕێبازی فیکری نەبێت؟
    ئەم شۆڕشە نوێیە ڕێک ئەوە بوو،نە مارکسی بوو،نە سۆشیال دیموکرات ،نە ناسیۆناڵ،نە لیبراڵ،نە ئاینی، چێشتێکی مجەوەربوو بۆخۆی، تا دوای ڕاپەڕینش کۆچکردوو مام جەلال لە هیچ لێدوان و وتار و نووسینێکدا تووخنی ئایدۆلۆجیا نەدەکەوتەوە ،ئەمەش بە مەبەست بوو بۆئەوەی هیچ لایەن و دەسەڵات و حکومەتێکی لێ زوویر نەبێت.

هۆکارەکانی شکستی

  • بە پێی بۆچوونی بیرمەندی چەپ هاوڕێی کۆچکردوو بەهادین نوری کە لە دەمی ئەنفالەکاندا لە قۆپی قەرەداغ کۆمەڵێک پێشمەرگەی یەکێتی دیوە ،لە نێویاندا دکتۆر فایەق ،لەوەڵامی پرسیارێکی شێرکۆ مەرانەیدا سەبارەت بە دۆخەکە ،هاوڕێ گووتوویەتی[ئەم شکستە سەربازیە نەک سیاسی ،بەبەراورد بە ئاشبەتاڵی ٧٥ کە شکستی سیاسی بووە نەک سەربازی بەوەی سەرکردایەتی سیاسی ئەو دەمە بڕیاری ئاشبەتاڵی دابوو.
    +بەڵام خودی دکتۆر گوڵپی دان بەوەدا دەنێت کە شکستی ئەم جارەی شۆڕشی چەکداری زۆر گەورەتر بوو لە ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥ .بە پێی بۆچوونی ،ئەودەمە هۆکارەکەی پلانگیری نێو دەوڵەتی بوو ،لێ ئەمجارە شکستی سەرکردایەتی بوو ،واتە شکستی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی شۆڕش بوو لە ڕووی سیاسی و سەربازی و پەیوەندی بە وڵاتانی دەوورووبەر و دەرەوە.
    +شکستی بوو لە نەخوێندنەوەی لۆژیکانە بۆ عەقڵیەتی بەعس و پەرچەکرداری سەدام بۆ ڕووداوەکان،شکستی بوو بەوەی ئامانج و چارەنووسی شۆڕشیان بەستەوە بە جەنگی نێوان دوو وڵاتی تا سەر ئێسقان دژە کورد.
    +شکستی بوو بە وەی کە پاسداریان بەجلی کوردیەوە هێنا بۆ لێدانی چاڵەنەوتەکانی کەرکوک.
    واتە هۆکارەکانی شکستیەکە هەمەجۆرن کە سەرجەمیان لەئەستۆی سەرکردایەتی کورددان.

کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال و ڕۆڵی خراپی پێشمەرگە تێیاندا

  • کارەساتی هەڵەبجە خاڵێکی ڕەشە بەناوچەوانی سەرانی شۆڕشەوە بە تایبەتی یەکێتی ،کە دکتۆر زۆر بەوردی باسی کردوە .ئەو کارەساتە چەند ڕژێمی بەعسی فاشی تاوانبارە ،بە ئەندازەی کەمتر ئەو حیزبانەی کە پێش پاسداران کەوتن تاوانبارن.هیچ حسابێکیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە نەکرد کە چ چارەنووسێکی مەترسیدار چاوەڕێیان دەکات.بەوەش تاوانبارن کە وەک چۆن پاشان لەدەمی ئەنفالدا ڕێگەیان لەخەڵکەکە گرت تا خۆیان دەرباز بکەن و نەیاننێرن بۆ چاڵەکانی مەرگ،ئاوهاش ڕێگریان لە خەڵکی هەڵەبجەگرت کە خۆیان قورتار بکەن.
    +تاوانبارن بە دزینی پارەی خەڵکی باژێر کە لەبانقی هەڵەبجە دایاننابوو.تاوانبارن لە هەندێ کاری قێزەوەن وەک دزی،تاوانبارن کە هاوکاری خەڵکەکەیان نەکردو بەتەنها جێیان هێشت.تاوانبارن بە ڕێگەنەگرتن لە پاسداران لە بردنی کتێبە دانسقەکانی کتیبخانەی هەڵەبجە.
    +تاوانبارن بە دانەنانی پلان بۆ پاراستن وڕزگارکردنی خەڵک لە کاتی هەڵەبجەو ئەنفالدا،تاوانبارن بەوەی لەدەمی ئەنفالدا بەرپرسی مەڵبەند فەرمانی بە خوارخۆی دابوو گەر گوندنشینەکان ویستیان گوندەکانیان جێبهێڵن ،تەقەیان لێبکەن و کێشە نابێت گەر چەند کەسێکیشیان لێ بکوژن.
  • هەر لەم ڕووەوە دکتۆر دان بە بۆچوونی هەڵەی خۆیدا دەنێت کە دەڵێت ،پێشتر ئومێدم بە ڕزگارکردنی شارەکان هەبوو ،بەڵام پاش کارەساتی هەڵەبجە زانیم کە ئومێدەکەم لە جێگەی خۆیدا نەبوو،بەوەی کارەساتی بۆ خەڵک هێنا.
    ئەمەش دانپیانانێکی ڕاشکاوانەی تری دکتۆرە کە دەریخستوە ،خەیاڵ و ئومێد شتێکەو واقیعیش شتێکی ترە.

بێ باکی مام جەلال
+مام جەلال و بێباکی لە کارەساتی هەڵەبجە ،دەکتۆر فایەق لە بڕگەیەکدا دەنووسێت[کە کارەساتی هەڵەبجە ڕوویدا مام جەلال لە هەندەران بوو ،پاش ماوەیەک لە ڕێگەی تارانەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان،ژمارەیەک لەسەرکردایەتی یەکێتی چووبوون بۆ پێشوازی،لە نێو هەموویاندا بەگەرمی سڵاوی لە شەوکەتی حاجی مشیر کردبوو ،باوەشی پێدا کردبوو پێی گووتبوو پیاوە دڵسۆزەکەی یەکێتی،وەک دەگێڕێتەوە ئەوانی تری پشتگوێ خستبوو.گرنگیدانی مام جەلال بە شەوکەتی حاجی مشیر بە هۆی ئەوەوە بووە کە پارەکەی بانکی هەڵەبجەی بۆ یەکێتی تاڵان کردبوو ،ئیتر چی بەسەر شارەکەو خەڵکەکەی هاتوە جێگەی بایەخی نەبوون.

دوورکەوتنەوە لە یەکێتی

  • پاش ئەوەی کارو سیاسەتە چەوتەکانی یەکێتی لە کن دکتۆر زۆر دەبن،ئیدی ناتوانێت لە گەڵیاندا درێژە بەخەبات بدات و یەکێتی جێدەهێڵێت،ئەمە ئەو کاتە دەبێت کە شۆڕش کۆتایی هاتوەو زۆربەی سەرکردەکان نیشتەجێی ئێرانن.

+پاش وازهێنانی لەیەکێتی حیزبی دیکە تاقی دەکاتەوە،هاوکات بەر لەشەڕی براکوژی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆلای یەکێتی بەڵام نەک بە قەناعەت و گووڕووتینی جارانەوە، هەر بۆیە زۆر نامێنێتەوەو بەیەکجاری ماڵئاوایی لە یەکێتی دەکات.
+دواکاری سیاسی دکتۆر گوڵپی حیزبی چارەسەری دیموکراتی دەبێت،کە چەند ساڵێک سکرتێری دەبێت. پاشان دەستبەرداری ئەو حیزبەش دەبێت و وەک هەودارێکیان دەمێنێتەوە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆش بەدڵسۆی وەک لایەنگری ئەو ڕەوتە فیکریە ماوەتەوە.

خۆلاسە
لە پاش ئەوەی لە ژیانی حیزبایەتی{نەک سیاسی} دوور دەکەوێتەوە ،ئیدی ژیانی خۆی بۆ پیشەکەی {پزیشکی} تەرخان دەکات و ئەو خەباتەی لەڕابردوودا لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا وەک[پزیشکێکی پێشمەرگە یا پێشمەرگەیەکی پزیشک] ئەنجامی داوە ،دەبێتە بەشێک لە ژیانی خۆی و وەک شانازیەک بۆی دەمێنێتەوە.بە هەموو کەمووکووڕی و چەوتی و هەڵەی تراژیدی هێنەری ئەو هێزە چەکداریەی دکتۆر فایەق ساڵانێکی بەنرخی تەمەنی لە نێویدا بەسەربرد، کە تێیدا ڕووبەڕووی جۆرە ها مەترسی و ناڕەحەتی و چەرمەسەری و دژایەتی هاوخەباتانی بوویەوە،لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەو بەقەناعەت و بڕوای تەواویەوە خەباتی دەکرد،کە لەپاشان لەبەر هۆکارگەڵێک ئەو قەناعەتەی گۆڕا،کە ئەوەش ،پەیوەندی بە خودی دکتۆرەوە هەیە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە ،لەم یاداشتنامەیەدا دکتۆر فایەق خۆی نەکردوەتە سووپەر مان، یاخود بووختان و ناهەقی دەرهەق بەشۆڕش و سەرکردەکانی نەکردوە، هاوکات لە ئاستی هەڵەو کەمووکوویەکان بێدەنگ نەبووە.شۆڕش و ڕەوتی ڕووداوەکانی شۆڕشەکەی نەکردوەتە شۆڕشێکی نمونەیی،بەڵکو ویژدانی خۆی کردوەتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداو و کاراکتەرەکانی،لەمەشدا سەرکەوتووی و ڕاستگۆیی بەدی دەکرێت.

سەرنج/ تێبینیەکەنم سەبارەت بە کتێبەکەی دکتۆر فایەق بە پێی زنجیرەی بابەت و لاپەڕەکان نیە،بەڵکو بەپێی گرنگی پەرەگرافەکان بووە لە کن بەندە.

ڕاستکردنەوەی هەڵەکان:
لەم یاداشتنامەیەدا دکتۆر هەندێکی زانیاری بەهەڵە یاداشت کردوە،کە زۆر گرنگ نین،جا من لێرە هەندێکیان ڕاستدەکەمەوە.
-عومەری خەزان بوو نەک ئەنوەری خەزان کە کەفالەتی کرد تا لەبەندیخانەی هەڵبجە شەو نەمێنێتەوە.چونکە کۆچکردوو عومەری خەزان هونەرمەندی گۆرانیبێژ بوو نەک ئەنوەری برای.
-جیڤارا لە بۆلیڤیا گیانی سپارد نەک لە فەنزویلا.
-کارەساتی پشتئاشان لە یەکی ئایاری ١٩٨٣ ڕوویدا نەک ١٩٨٤.




هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە دانمارک ، ئەنجامەکانی بە داتا.. گۆران هەڵەبجەیی

  1. ڕۆژی 11.16 هەڵبژاردنی شارەوانیەکان{کۆموون} لە دانمارک بەڕێوە چوو.
  2. کاتژمێر هەشتی بەیانی دەرگای بنکەکان کرانەوەو کاتژمێر هەشتی ئێوارە داخران.
  3. پاش کاتژمێر دوانزەی شەو بە نیوکاتژمێر ئەنجامە کۆتاییەکان ڕاگەیەنرا.
  4. ژمارەی کۆموونەکان {98} کۆموونن ، کە دابەش بوون بەسەر زۆربچوک،بچووک،مامناوەند،مەزن،زۆر مەزن.ئەم قەوارانەش[ژمارەی دانیشتوانی شارەوانیەکان] ژمارەی کورسیەکانی ئەنجومەنەکان دیاری دەکەن.
  5. ڕێژەی دەنگدەران لە هەموو دانمارک 67.2٪ کە دەکاتە [3.1] ملیۆن کەس.
  6. [41] سەرۆک شارەوانی نوێ هەڵبژێردران،ئەوانی دیکە کۆنەکانن کە لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە.
  7. وەک ڕێژە ،دەنگی سۆشیال دیموکراتەکان کەمی کردوە بەڵام وەک حیزبی یەکەم مانەوە.
  8. ڤێنستراش کە حیزبێکی ڕاستڕەوی محافیزکارەو لە ڕووی قەوارەوە دووەم حیزبە،ئەمانیش دەنگەکانیان بڕێک دابەزیوە.
  9. مەزنترین دۆڕاندن و شکستی دووچاری [حیزبی گە لی دانمارکی]بوویەوە کە حیزبێکی نەژادپەرستە و دژی بێگانەیە.شکستیەکە هێندە گەورەیە ،فۆرمانەکەیان دەموودەست دەست لە کارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و بەکارەساتی ناوزەندی کرد.[ئەم فۆرمانەش پەیڕەوی هەمان کەلتووری شارستانی کرد کە لەوڵاتدا باوە،بەوەی پاش شکستی گەورەی هەر پارتێک کەسی یەکەم دەست لەکار دەکێشێتەوەو شکستیەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی].
  10. ئەو حیزبەی سوپرایسی درووست کرد حیزبی [لیستی یەکگرتووە] کە تێکەڵەیەکە لە کۆمۆنیست وچەپ.دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە،بەجۆرێک لە چەند با ژێڕێکی مەزندا وەک کۆبنهاگن و دوورگەی[بۆنهۆڵم]دەنگی یەکەمن و پێش سۆشیالیست دەمووکارەتەکانیش کەتن کە لە مێژووی ڕابردوودا شتی وا ڕووینەداوە.
    ڕێژەی دەستهێنانی حیزبەکان بەم جۆرەیە؛
    Socialdemokratiet 28,4%
    Venstre 21,2%
    Konservative 15,3%
    SF 7,6%
    Enhedslisten 7,3%
    Radikale Venstre 5,6%
    Dansk Folkeparti 4,1%
    Nye Borgerlige 3,6%
    Liberal Alliance 1,4%
    11.ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە حیزبە چەپەکان لە زۆربەی باژێرە گەورەکاندا براوەی یەکەم بوون ،حیزبە مافیزکارەکانیش لە با ژێڕە بچوکەکاندا سەرکەوتووبوون.
    12.ژمارەیەکی باش لە بێگانە لە ڕێزی حیزبە چەپەکاندا خۆیان کاندیت کرد، وەک .Radikale Venstre- Enhedslisten- SF -Socialdemokratiet.
    13.لە نێو ئەو بێگانانەدا ژمارەیەکی بەرچاویان کوردن ،بەگشتی [28] لەم کوردانە گەشتنە ئەنجومەنی کۆمۆنەکان کە زۆربەیان کوردی باکوورن..
    14.خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش زیادبوونی ڕێژەی ڕەگەزی مێینەیە لەم هەڵبژاردنەدا،بۆ نمونە پێشتر وەک سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیەکان ژمارەیان[11]بوو ،ئێستا بەرزبوویەوە بۆ[19].هاوکات ژمارەیان وەک ئەندامی ئەنجومەنەکان بە بەراورد بە ڕابردوو زۆر زیادی کردو بووە 35.7٪، کە دەکاتە[873] ئەندام لە هەموو دانمارکدا.
    15.ئەم هەڵبژاردانەش لە [پاشوقل گرتنی سیاسی] بەدەر نەبوو.وەک ئاگاداربم لە سێ کۆمۆن ڕوویدا. لە دوورگەی بۆنهۆڵم سەرۆکی لیستی یەکگرتوو کە یەکەم دەنگی بەدەست هێنا ،دەبوو ببێتە سەرۆکی شارەوانی ،بەومەرجەی دوولاینی چەپ دەنگی بۆبدەن بەڵام ڕەتیان کردوە ئەو کارە بکەن، جا بۆ ئەوەی زۆرینە نەکەوێتە دەست بەرەکەی تر ، سەرۆکی لیستی یەکگرتوو هەڵوێستێکی جوانی نواند و دەنگی خۆی دایە سەرۆکی لیستی سۆشیال دیموکراتەکان کە لایەنێک بوو لە ڕێگرانی ئەو کە ببێتە سەرۆکی شارەوانی ،بەو پێیە سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی بووە بەشی سوشیال دیموکراتەکان.

    لە کۆمۆنێکی تر شەو بە زارەکی براوەکان لەسەر ئەوە ڕێکەوتن سەرۆکی لیستی کۆنزەرڤاتیڤ ببێتە سەرۆک شارەوانی کە دووم دەنگی بەدەست هێنابوو، بەڵام هەرلەکۆبوونەوەکە چووبوونە دەرەوە سەرۆک لیستێک کە دەنگی ئەو یەکاڵاکەرەوە بوو،لە بەڵێنەکەی پاشگەزبوویەوە و هەر ئەو شەوە پەیوەندی بە سەرۆکی سۆشیال دیموکراتەکانەوە کردو پێشنیاری سەرۆکی شارەوانی بۆ کرد ،ئەویش بێ چاوەڕێ قەبوڵی کرد و لەبەرامبەردا بەڵێنی پۆستێکی گرنگی ئەنجومەنەکەی پێدا.
    سبەی بۆ میدیاکان دوا و باسی ئەم [پاشقولگرتنەی]کرد گووتی تەنها بۆ چارەکێک سەرۆک شارەوانی بووم ،واتە لە دوای کۆبوونەکەوە تا گەشتنی بەماڵەوە خەوتن بە ئارامی،بەڵام دەمێک لەخەو هەستا بۆی دەرکەوت هەر شەو دوای دەرچوونی ئەو ،پلانەکە لەدژی لە جێبەجێ کراوە .
    سێیەمیش ،منافەسەی نیوان کاندیدی حیزبێکی چەپ[SF] و ڕاستڕەو [venstre+]بوو ,بەپێی ژمارەی دەنگەکان حیزبە چەپەکە کاندید بوو بۆ سەرۆک شارەوانی ،بەڵام نوێنەری حیزبە کۆنزەرڤاتیڤەکە خەریکی دەنگ کۆکردنەوە بوو بۆ خۆی ،ئەمیش خێرا ڕێگەی لێگرت و نەیهێشت خەونەکەی بێتەدی،بۆیە حیزبێکی دیکەی کاندید کرد و ئەو بووە سەرۆک شارەوانی .کاندیدە چەپەکە کە کاتی خۆی فۆرمانی حیزبەکەی و وەزیری دەرەوەی دانمارک بوو . سەرۆکی لیستە چەپەکە بە ئاشکرا گووتی مادام ڕێگریم لێدەکات بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی کەواتە منیش بەهەمان شێوە ڕێگری لێدەکەم ببێتە سەرۆک شارەوانی.
    پێم وایە ئەم جۆرە پاشقولگرتنە لەم هەڵبژاردانەدا ئاساییەو جێگەی دەبێتەوە ،چونکە ئەمەش بەشێکە لە گەمەی سیاسی و لە سیاسەتدا زۆر کاری نەشیاو دوور لە پرەنسیپەکانی مۆراڵ ڕوودەدەن.

سەرنج / [venstre+] لە فەرهەنگی سیاسیدا [ڤەنسترا] پێناسەیە بۆ لایەنێک ، گرووپێک ، یا حیزبێکی چەپگەرا، بەڵام ئەم حیزبە ڤەنسترایەی دانمارک تەواو پێچەوانەی ناوەکەیەتی و حیزبێکی دژە چەپەو وەک نوێنەری مزارعە دەوڵەمەندەکان ناسراوە و لەبەرەی حیزبە ڕاستڕەوەکاندایەو پێشەوایەتی ئەو ڕەوتە دەکات.




بوێری لەگێڕانەوەی( خوێنڕێژێکی بێتاواندا).. گۆران هەڵەبجەیی

مرۆڤ دەمێک ڕۆمانێک ، چيرۆکێک، ياداشتنامەيەک،یا هەرجۆرە کتێبێکی دیکە دەگرێت بەدەستەوە ،پاش خوێندنەوەی چەند لاپەڕەيەک بۆی دەردەکەوێت کە ئەم پەرتوکەی بەدەستیەوەیەتی سەرکەوتووە ياخود نا،ئەوش بەوەی کە تاچ ئەندازەيەک توانای ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەری هەیە.
پەرتووکی سەکەوتوو ياخود نووسينی سەرکەوتوو ئەوەيە کە دێڕ لە دووای دێڕ ، لاپەڕە لەدووای لاپەڕە پەلکێشت کات بۆ قوڵایی ، نووسينی بڕشت و بەپێز وا لە خوێنەر دەکات تەنانەت لەکاتی نانخواردنيشدا دەستبەرداری نەبێت ، بەوەی چاوێکی لەسەر پەرتووکەبێت و چاوەکەی دیکەی لەسەر خوانەکەی بێت .کتێبی سەرکەوتوو لەوەدا بەرجەستە دەبێت دەمێک ڕووداوەکانی نێوی وەک دەنکە مرواری ببەستێت بەیەکەوە و هیچ ڕووداوێکی لێ زایەنەبێت و لە تۆمارگای زهندا وەک خۆیان بمێننەوە.
ئەم جۆرە کتێبانە زۆر جار دووجۆر هەست لەکن خوێنەر درووست دەکەن،هەستێک دەڵێ دەخوازم زووبگەمە کۆتایی ،دەخوازم بگەمە ئامانج و مەبەستی نووسەر و دەمەوێت بەخێرایی کۆدەکان بکەمەوەو لە ڕێگەیانەوە بگەم بە پەیڤە کۆتاییەکان،هەستێکیش دەڵێت نەخێر ناخوازم لەخوێندنەوەی ببمەوە ،ناخوازم فەزای فراوان و ئەندێشەی جوانی پڕ لە ڕازی هەمەڕەنگ هەمەڕووداو جێبهێڵم.
لەبەرامبەردا دەشێ هەندێ کتێب هەبن هەستێکی سەلبی لەکن خوێنەر درووستبکەن و هەڵسەنگاندنێکی وای لا درووست بببێ کە ئەم کتێبە لەهیچ ڕوویەکەوە سەرنجڕاکێش نیە ،بەوەی پاش چەند لاپەڕەيەک لێی بێزار دەبێت و ڕەنگە تەواوی نەکات ودەستبەرداری خوێندنەوەی ببێت.
کۆتایی مانگی ئاگوست لە گوبنهاگن، نووسەری هاوڕێم، بەڕێز کاک هيدايەتی مەلاعەلی پەڕتوکە نوێکەی بە نێوی [خوێنڕێژێکی بێتاوان] نمايشکرد .
لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەدا ،خوار ناونیشانەکە نووسراوە { گێڕانەوە هيدايەت مەلاعەلی،} ،واتە ئەم بەرهەمە بریتیە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتێک کە لەزەمەنێکی ڕابردوودا ڕوویانداوە و خودی نووسەر پاڵەوانی نێو ڕووداوەکانیەتی. دەکرێ ئەم بەرهەمە چەندین پێناسە هەڵبگرێت ،بۆنمونە دەکرێ وەک گێڕانەوەيەک لە قاڵبی فەنتازيادا پێناسە بکرێت ،دەکرێ وەک ڕۆمانێکی حەقیقەت ئامێز سەيربکرێت ،دەکرێ وەک ياداشتنامەی سەردەمێکی دیاریکراو بناسرێت، دەکرێت وەک بەسەرهاتێک لە چوارچێوەیەکی ئەدەبیدا هەڵسەنگێنرێت، کەواتە ئەوە خودی خوێنەرە لە چ گۆشە نیگایەکەوە سەیری دەکات و چ ناونیشان و پێناسەیەکی پێدەبەخشێت.
بێگومان قسەکردن و هەڵوەستەکردن لە مەر سەرجەم بەسەرهات و ڕووداوەکانی نێو پەرتوکەکە {بەووردی }،کاتی زۆری دەوێت ، بۆیە هەوڵدەدەم پتر تیشک بخەمە سەر هەندێک ڕووداوی گێڕانەوەکە ، کە بەلامەوە گرنگن زیاتر سەرنجمیان ڕاکێشاوە.

يەکەم:

پەڕتوکەکە سەبارەت بە ژينگەيەک ، يا باژێڕێک نووسراوە کە کارئەکتەرە سەرەکیەکە خەڵکی ئەوێيە،کە با ژێڕی هەڵەبجەیە ، خۆشبەختانە منيش خەڵکی ئەوێم و تاڕادەیەکی باش شارەزای کوونووکەلەبەر و جێگەکانم،جاکەسێک لە ژينەيەکدا گەورە بوبێت کە مەکۆی ڕووداوەکانە ،دیارە باشتر پەی بەلايەنە شاراوەکان وناواخنی ئەو دێڕانە دەبات وەک کەسێکی نامۆ کە لەدورەوە بيخوێنێتەوە.
ئەو گەڕەکەی کە بووەتە شانۆی نمایشی ڕووداوەکان ،گەڕەکی ( کانی عاشقان)ە ، ڕاستە من لەو گەڕەکە نەژياوم ،بەڵام بەهۆی بچوکی شارەکە لەو سەردەمەدا ،زۆربەی دانیشتوانەکەی شارەزاي کوچەوکۆڵانەکانی بوون ،تەنانەت دەمانزانی ماڵی فڵان و فيسار لەکويدايەو حەوشەو دەرگانیان چۆنن و چ ڕەنگن ، جا زۆربەی ئەو شوێنانەی کە کاک هيدايەت ئاماژەیان پێدەکات و هەڵوەستەیان لەسەر دەکات ، ئەز لە دەمی خوێندنەوەدا وەک فلاش باگ گوزەرم پێدا دەکردن و بە خەياڵ دەمهێنانە بەردیدی خۆم .

دووەم:

لايەنکی زۆرجوان و گەشی پەڕتوکەکە ،ئەو زمانەيە کەبەکاری هێناوە، زمان زۆر گرنگە بۆ نووسين ، زمانی بڕشت کليلی نووسینە،زمان ئەو سيحريە کەخوێنەر دەخاتە حاڵەتی ڕامان ، زمانی زەنگین و هەمە گوزارشت چێژی تایبەت دەبەخشێتە خوێنەر ،گەر هێزی زمان نەبێت نووسين لە چەند دێڕێکی ڕەق و وشک و بێ بزاوت بەولاوە هيچی تر ناگەيەنێت ،کاک هيدايەت توانیویەتی زمانێکی شيرين بکا بەبەرگی ئەم نووسينەيدا ، لە زۆر جێگەدا، وشەگەلێک ،ڕستەیەک ياخود دەستەواژەیەکی بەجۆرێکی وا ئەدەبی داڕشتوە کە خوێنەر سەرسام دەبێت و دەپرسێت کە لە چ گەنجینەیەکەوە وەریگرتوون؟ بە بۆچوونی من ئەوە بۆخۆی مانای شارەزايە لە زماندا، تواناسازی و زەنگینیە لە دەربڕیندا ، سەیری ئەم چەند نمونەیە بکەن: [وەک ئەوەی تازە لە کەرنەڤاڵی سەما گەڕابنەوە – ڕۆحم زیاتر تژی دەبێت لە موجیزەی شینایی خەیاڵم-لەتەک پۆلێک باڵندەی دڵخۆشدا دەڕوات{لاپەڕە 8} -وەک کەرەی سەر نانی گەرم بەڕۆح و جەستەی یەکدیدا دەتوانەوە{ لاپەڕە13} – ڕێگایەکی کوورت بوو بەڵام پڕ لە ئاوازودەنگ و ڕەنگ بوو- ڕێگایەک ئاشنا بە هەنگاو و نیگاو وترپەکانی دڵم{ لاپەڕە15}-تا بەقوڵایدا ڕۆبچیت، دووڕ و مەرجانی زیاتری تێدا دەدۆزیتەوە { لاپەڕە28}- من لەو پارچە قوماشە دەچووم کە دراوە بەسەر تەنافداو بیریان چووە لێی بکەنەوە-من لەپاش ئەو پرسیارە نەفرەتیەوە ،وەک باڵندەیەکی غەمگین باڵ کرام و خرامە نێو قەفەزێکی ئاسنین{لاپەڕە 83}.
نووسەر دەيتوانی هەمان مەبەست و هەمان وشە یا هەمان دەستەواژەی بەکاربهێنایە کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاری دەهێنین ، بەڵام ئەمەی نەکردووە ، بەڵکو بۆ ئەوەی گوزارشتەکان ،مەبەستەکان ،پەرەگرافەکان لای خوێنەر جوانتر و دڵگیرتربن ،چووە زمانێکی ئەدەبی ڕەوانی بەکار هێناوە . هاوزەمان زۆر دەستەواژە و ڕستە هەن کە بە سێ چوار جۆری ئەدەبی دایڕشتووە وهۆنيويەتەوە ، ئەمە بۆخۆی جوانی بەخشیوە بە ڕستەکەو و جێگەی تێڕمانە ، بۆ نمونە دەمێک باسی حەوشەکەی ماڵی خۆيان دەکات ،کەدايکی چۆن بەجۆرەها گوڵ ڕازاندویەتەوە و چۆن ئێوارانی هاوینان ئاویداون و ئاوڕشێنی ئەو ناوەی کردوە و چۆن سفرە ڕازێنراوەتەوە و لەنێو بۆن و بەرامی گوڵ و درەخت و ئاسەواری ئاوڕشێن و فێنکی هەوا و نانخواردنی بەکۆمەڵ و بەقسە و پێکەنين ، پێکڕا ئەمانە جۆرە هارمۆنیایەکیان پێکهێناوە ،کە ئارامیان بەخشیوە بە خێزانەکە.
ئەم جۆرە وەسفکردنەی ماڵ و دەوروبەر و گەڕەگ ،سەلیقەیەی تایبەت دەخوازێت کە لە هەمووکەسدا مەوجوود نیە و هەمووکەس ناتوانێت ئەم جوانکاریەی تێدابکات.
لە جێگەیەکی تردا باس لە قەيسەریەکەی باژێڕ دەکات کە باوکی لەوێدا دووکانداربووە، ئەو قەيسەريە بەیەکێک لە پێگە کلتوري و ئەفسوناویەکانی شار هەژمار دەکرا،{ بەداخەوە بەعس پاش کیمیابارانەکە ڕووخانی بەمەش بەشێک لە کەلەپووری ئەو باژێڕەی مەحفکردەوە}. لەکن باژێڕوانان ، ئەو قەيسەريە، وەک جێگە و مەنزڵگای حەج وسوکنابەخش وابوو ،دەگمەن ڕوویداوە کەسێک ڕێگەی کەوتبێتە{مەیدانەکە} و کوورتە پیاسەیەکی بەنێو قەیسەریەدا نەکردبێت. پەیوەست بەو قەیسەریەوە هيدايەت لەوێدا باسی چەند شتێک دەکات کە سەرنجڕاکێشن، يەکێکيان چاودێریکردنی ئەو پەڕەسێلکانەیە کە لە بنمیچەکاندا هێلانەيان چێکردووە ، هیدایەت سەرنجی وەردی دەخاتە سەر هاتووچۆو و جولەو چۆنیەتی بەخێوکردنی زەڕنەقووتەکانیان .ئەمە بۆخۆی تیژی نیگاو ئارەزووی چاودێری وردی مێرد منداڵێک دەگەيەنێت بۆ کائینێکی بچوک کە بوونەتە بەشێک لە بزاوتی قەیسەریەکە .هەر لەهەمان قەیسەریدا کە ئەم بۆ جێگرەوەی باوکی نیوەڕوان چووەتە ئەوێ ،هاوکات کۆمەڵێک مێردمنداڵی هاوتەمەنی کە ئەوانیش زیاتر هەر لەوکاتەداو بۆ هەمان مەبەست لەوێ بوون ،ئەمانە بۆ چەندکاتژمێرێک بوونەتە برادەی یەکتری .ئەم مێردمنداڵانە لە ماوەی ئەو چەندکاتژمێرەدا {ئاتمۆسفێر}ێکی تايبەتيان بۆخۆيان درووستکردووە ،بە باسوخواستی هەمەچەشنە و گەمەی جۆراوجۆر و سەرنجی تەنزئامێزی ڕێبواران کاتەکەیان بەسەربردووە.

ڕووداويکی تر کە دەشێ زۆربەمان هەستمان پێکردبێت و بیزانين،یاخود ڕەنگە بەسەرماندا هاتبێت ،کاریگەری خراپ وزیانبەخشی باڵادەستی مرۆڤە بەهێزەکانە ، جا بەهێزی جەستە ياخود ئەقڵبێت،يا گەورەیی تەمەن بێت، بەداخەوە زۆر جار ئەم {گەورانە} منداڵی لەخوارخۆيان، ئیدی برای بچوکبێت ياخود خزم ودەوروبەر، بەکاریان هێناون بۆکاری نادرووست و قيزەوەن ، ئەتوانم بڵێم ئەو کارانە لە کلتووری ڕۆژهەڵاتیدا باوە و ڕەنگە هەتا ئێستاش هەر مابێت. جا کاک هيدايە ئەم [گەورەییە] لەدوو جێگەدا و وەک دوو چەمک لەدوو ڕووداوی جیاوازدا باسدەکات .
يەکێکیان کارکردنی بووە وەک پەيامبەرێک بۆ بردنی فەرمایشەکانی {گەورەیەک} ،کە بریتی بوون لە حەزو ئارەزوە سێکسیەکانی و هێنانەوەی وەڵامەکان لە جەمسەری خانمێکەوە. ئەم کابرايە و برادەرەکانی بۆ گەشتن بەو ژنە [کۆدی تایبەتیان] بەکار هێناوە کە هیدایەت لێی تێنەگەشتووە ،بەڵکو تەنها گەیاندنی لەسەربووە ،ئەویش لەژێر فشارو ترسدا. سەرەتا لەمەسەلەکە نەگەشتووەو لە پاکی و بێئاگایدا ئەو کارەی کردوە ،بەڵام لەدوايدا کە بۆی دەردەکەوێت مەسەلە چیەو خەریکە کۆدەکان دەکاتەوە ،ئیدی هێدی هێدی خۆی دەکشێنێتەوە .
چەند [گەورە]یەکی تر لەتووخمێکی دیکە و لە نمایشێکی نائینسانیدا هیدایەت ناچار دەکەن تا چاو لە دزيەیەکانیان بپۆشێت،دزیلێکراویش خودی هیدایەت خۆیەتی و بەدیاری کراویش دەغیلەکەی باوکی. لەو دەمەی باوکی نووسەر بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ و پشوودان گەڕاوەتەوە بۆماڵەوە،ئەمیش وەک هەمووجار لەبری باوکی ئاگای لەداوکان بووە ،هەندێک جار چەند گەورەیەک یەک دوو منداڵيان ناردۆتە سەری بۆ ئەوەی لە دەخیلەکەی باوکی پارە دەربهێنن ، ئەوێش نەيتوانيوە ڕێگربێت یا ناڕەزایی دەرببڕێت چونکە [دزە گەورەکان] لە دوورەوە چاودێرييان کردووە و بەزمانی جەستە هەڕەشەيان لێکردووە، ئەوەش بۆخۆی دووجار کارێکی نەشیاو قيزەوەنە ،یەکەم تێکدان و لەکەدارکردنی کەسایەتی منداڵ بە بەکارهێنان و بەدزکردنیان کە پێدەچێت ئەوانیش بەدەر لەخواستی خۆیان ولەژێر فشارو ترسدا بەوکارە هەستابن، دووەم دزیلێکراوە کە بێگومان لەکاتی کردارەکەدا بەدۆخێکی دەروونی نالەباردا تێپەڕیوە ،بەوەی لەبەرچاوی خۆی لە ڕەنج و ماندووبوونی باوکی دەبەن ،بێ ئەوەی هیچی بۆ بکرێت. ئەوەی لام جێگەی پرسیارە ،چۆنە کاک هیدایەت ئەم باسەی لای باوکی نەدرکاندوە؟ ياخود ئايا باوکی هەستی بەوە نەکردووە کە پارەی دەغيلەکە کەمیکردووە ؟

ناونيشانی پەڕتوکەکەش شایانی هەڵوێستەیە،جێگەی خۆیەتی بپرسین کە بۆچی کاک هیدایەت ئەم ناونیشانەی بەخشیوەتە کتێبەکەی؟ ( خوێنڕێژێکی بێتاوان) چ واتاو ماناو مەدلوولێکی هەیە؟دەکرێ کەسێک خوێنڕێژبێت و هاوزەمان بێتاوانیش بێت؟
ئایا خوێنڕشتن بۆخۆی تاوان نیە؟بەدیوەکەی دیکەدا دەپرسم ،ئایا بێتاوان ئەوەیە کە خوێنەکەی ڕژاوە یا ئەوەی تاوانەکەی ئەنجامداوە؟بۆ کردنەوەی ئەم لوغزە ئاڵۆزە هەردەپێ پەنا بۆخودی نووسەر بەرین کە بەسانی ڕوونیکردوەتەوە ،مەبەست ڕشتنی چ جۆر خوێنێکەو بۆ چ مەبەستێک ڕژاوە.
چیرۆکە{خوێنڕشتنە}لەوێوە دەست پێدەکات کە خێزانێک وەک کرێچی دێنە نێو حەوشەکەيان و کچێکيان دەبێت کەچەند ساڵێک لە کاک هيدايە بەتەمەنتردەبێت، دروستبونی پەيوەندي ئەم کرێچیە نوێیەو ئەم مێردمنداڵە لەو ساتەوەختەوە دەستپێدەکات کە ستایلی قژی کچەکە سەرنجی هیدایەت ڕادەکێشێت و لێی دەپرسێت [قژت بەچی وا وەک بورمە لول کردووە؟ ]، پرسیارێکی گەلێک سادە وەک سادەیی هەر پرسیارێک، بێ مەبەست لەزاری موراهیقێکەوە دەرچووە ، ئيدی ئەم پرسیارە دەبێتە داچەقاندنی یەکەم کۆڵەکەی بەندیخانەیەکی ڕۆحی ، دەبێتە درێژکردنەوەی یەکەم تەونی جاجڵۆکەی ڕاوکردنی نێچیرێک ،نێچیرێک کە ڕاوکردنی زۆر سانابووە ،چۆن و چ کات ویستبێتی بۆ مەرامی خۆی بەکاريهێناوە .
ڕۆشتن لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە ئەم کچە {سادییە} کۆتوبەندی هیدایەتی بەجۆرێک کردوە ،کە نەيتوانیوە بێ فەرمانی ئەو جوڵەيەک بکات ،یاخود بەکام و ئارەزوی خۆی بڕوات ، بخوات وبژی، بەجۆرێک یەخسیری کردوە کە بووەتە ئامێری بەڕيمۆکۆنترۆڵ ، بە ڕیمۆنکۆنترۆڵەکەی لەماڵەوە و لەدەرەوە بزاوتەکانی بۆ دیاری کردوە و چی ويستی خۆی لەسەربوبێ پیکردوە ،تەنانەت وای لێکردوە کە هێدی هێدی لە خودی خێزانەکەشی هەم بەجەستە و هەم بەهەست دووربخاتەوە و وەک نامۆیەک ڕەفتار بکات ،بەتایبەتی لەتەک کاکیدا. ئەم فشارە دەرونیە گەشتوە بەوەی ڕێگەی پێنەداوە لەگەڵ هاوڕێکانی گەڕەک وازی بکات ، ئەم دابڕانە کووتووپڕە لە کن هاوڕێکانیشی بووەتە جێگەی پرسیار ،ئەمیش هەرجارە بە بەهانەیەکی [ناموقنیع] وەڵامی داونەتەوە .
بۆدەربازبوون لەو دۆخە کەهەرخۆی زانیویەتی ئاسەوارو کاریگەریە جەستەیی و دەروونیەکانی چەند قوڵ و بەسوێیە،پێویستی بە بڕیارێکی بوێرانە هەبووە کە پێی بڵێ[ستۆپ] ،پێی بڵێ بەسە ئیتر من گەمەی دەستت نیم، دەمەوێ بۆخۆم بژیم نەک بۆتۆ. پێيدەچێ لەودەمەدا ئەو بڕیارو هەڵوێستە لەدایک نەبووبێت ،یاخود بيرکرنەوەی هەر هێندە بووبێت کە ملکەچی فەرمایشە [سەربازیەکان ]ی بەرامبەرەکەی بێت. ئەم بێ دەنگیە سامناکە ئاکامێکی خراپ و مەترسیداری دابەدەستەوە،ئەو ئاکامەی ژیانی ئەو دەمەی نووسەری وێران کردو ونغرۆی قوڵایی کێشەیەکی کرد کە دەربازبوون لێی ئەستەم بوو.بەهۆیەوە هەموو دەرگاکان بەسەریدا داخرابوون ، کەسێکی دڵسۆزی شک نەدەبرد بەهانایەوە بێت و دەستی بگرێت و لەو زۆنکاوە دەریبهێنێت،دەبوو بەتەنها ئەو جەنگە سەپێنراوە بکات.

لێرەدا پرسيارێک دێتە پێش ؟ دەمێک دەبینن کە هيدايەت نەهەڵسوکەوتی هەڵسوکەوتە ، نەخوێندنی خوێندنە ، نان خواردنی نانخواردنە ،نەڕەفتاری لە خوێندنگاو نێو ماڵ ئاسايیە ،تا ئەو ڕادەیەی زۆر جار خۆی لە نانخواردنی خێزانی بەبیانوی کوورتمەودا دزيوەتەوە و لەگەڵ خێزانەکەیدا نانی نەخواردوە ،مەعانات وایلێکردوە ڕۆژبەڕۆژ زەردو لاواز بووە، بێ ئارەزوو ،کەمدووبووە. جا پرسيارە کە ئەوەيە ئەرێ بۆ تەنها جارێک کەسێک لەخێزانەی لێیان نەپرسی { بۆ ڕەفتارت وەک جاران نیە؟ } یاخود براگەورەکەی کە کوڕە گەورەی ماڵ بووە و پاش باوکی بەرپرسیاریەتی خێزانی لە ئەستۆ بووە ، کاتێک کە { لەقافا گرتوويەتی} ، بۆچی بانگی نەکردووە و پێی بڵێت برای بچوکم ئەم کارە باش نیەو خۆت دوورخەرەوە لەوکچە؟ بەپێچەوانەوە لەبری ئەوەی چارەسەری کێشەکەی بکات توانج و تانەی لێداوە ،ئەوەش بۆتە هۆی زياتر دوورکەوتنەوەی هیدایەت لەوبرایەی و سەرجەم خێزانەکەی. وەک خۆی دەڵێت شەش مانگ قسەی لەگەڵدا نەکردووە، ئاخر ئەمە چ براگەورەییەکە دەمێک برا بچوکەکەت بۆماوەی شەش مانگ دوو وشەت لەگەڵدا نەگۆڕێتەوە و تۆش مێشێک میوانت نەبێت و لەهۆکارەکەی نەپرسیت؟بە بۆچوونم ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لەزۆرحاڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی نزمی ڕۆشنبيری و خەمساردی ئەو کەسانەو کۆمەڵگا.
وێرای ئەمە خودی هيدايەتیش کەم تەرخەم بووە ،بەوەی بۆچی بانگی براکەی خۆی نەکردووە و بەڕاکشاوانە هەموو شتێکی بۆ باسبکردايە و داوی ئامۆژگاری بکردایە؟ تا وەک مەسەلە کوردیەکە دەڵێت[ زەرەر لە نيوەی بگەڕێتەوە هەر باشە]،ئەوکات توشی ئەم کارەساتە نەدەبوو کە بەدڵنیاییەوە زۆر ئازاری ڕۆحی داوە.
هیدایەت بەو تەمەن و کەم ئەزموونەی ژیانەوە بتوانێت ئامۆژگاری هاوڕێ خوێندکارەکەی بکات و قەناعەتی پێبکات کە دووربکەوێتەوە لەو پەیوەندیە ئەوینداریە بێ ئاکامەی تێی کەوتووە ،ئەی بۆچی کاکە نەیتوانی ئەو کارە بۆ براکەی خۆی بکات؟لەوانەیە گەر برا گەورە بە ئەرکی برایانەی خۆی هەستیایە ئەو دەمە هیدایەتیش ئەو ئازارەی لە سینەیدا بۆ ئەم ماوە درێژە هەڵنەدەگرت کە لە ئاکامدا بەم کتێبە گوزارشتی لێکرد.
خاڵیکی تر کە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم ،پەیوەستە بە براکانی کچەکەوە ، وەک کاک هيدايەت باسيان دەکات، يەکيک لەبراکانی {پێموابێت ناونجی بووە}زۆر تێگەيشتوو،هۆشیارو ڕوناکبيربووە{ئەهلی کتێب بووە} .دەمێک برا گچکەکەی هەستی بەپەيوەنديەکەی نیوان هیدایەت و خوشکەکەی خۆی کردوە ويستويەتی ئەو باسە بوروژێنێ و بیکاتە کێشە ،بەلام ئەو ڕێگری لێکردووە ونەیهێشتووە لەسەری بڕوات و پێی گووتووە{ نەکەی کێشە درووست بکەیت و بەدەستی خۆت ئابڕوی خێزانەکەمان وخوشکەکەمان بەریت} .گەر ئەو برایە خاوەنی ئەو تێگەشتنە جوانە نەبوایە و ئاقڵانە لە مەسەلەکەی نەڕوانیایە،کەسێکی کەلەڕەق و مێشک بەتاڵ بوایە،وەک چۆن لە ڕابردوو و ئێستادا بەهۆی هەمان مەسەلەوە هەزارەها کارەساتی لێکەوتوەتەوە ، لەوانیە ئەمەش کارەساتی بخولقاندایە. بەداخەوە ئەم هەڵوێستە ‌هۆشمەند و عەقلانیە لەهەموو خێزانێکدا بوونی نیەو نمونەی ئەم چەشنە مرۆڤانە دەگمەنن.

خاڵێکی دیکە کە لەکن من گرنگە و شایانی ئاماژەیە ،ئەوەيە کە بيلێم ،ئەوەی کاک هيدات نووسیویەتی شتێکی نوێيە لەدنيای نووسيندا ، گێڕانەوەی بەسەرهاتێک کە لە فەترەيەکی مێردمنداڵيدا پێیدا تێپەڕیەوە و ڕووداوەکانی بۆ نزیکەی چواردەیە لەسنگی پەنگخواردويدا هەڵیگرتووە ،ئێستا تواني لەزمانی ئەم پەرتوکەوە دەريببڕێت، دەربڕینێکی {بوێرانە}و بێ زیادوکەم.
ڕۆژی ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبەکەی کە لەکۆپنهاگن بەڕێوەچوو، لەمیانەی باسەکەیدا دەربارەی کتێبەکە ،کاک هیدایەی لە بڕگەیەکدا گووتی[پێدەچێت پاش خوێندنەوەی ،کەسانێک هەبن ڕقیان لێم ببێەوە یا بەجۆرێکی بوغزاوی لێم بڕوانن،هاوزەمان لەوانەیە بڕێک لەو خوێنەرانە بەچاوی بەزەیی و وەک بوێر لێم بڕوانن و پتر منیان خۆش بووێت ] پێدەچێت هەردوو حاڵەتەکە ڕووبدات بەڵام دڵنیام کە تێڕوانینە {ئیجابیەکە} زۆر زیاتر دەبێت. بەشبەحاڵی خۆم چێژم لە خوێندنەوەی وەرگرت ،هەر بۆیە دەستخۆشی لێدەکەم بۆ ڕاستگۆیی و بوێری .
هيوادارم هەرکەسێ دەيخوێنێتەوە هەقی خوێ پێبدات وبەچاوی ڕەخنەی بابەتیانە لێی بڕوانێت ،هاوکات ئومێدەوارم بۆ لەمەودوا هەموومان ئەو بوێريەی ئەومان تێدابێت،بەوەی هەرکەسێکمان لە ڕابردوودا دووچاری گرفتێکی جەستەیی یا دەروونی بوبینەوە ، خەفەی نەکەین و لەسینەماندا بەندی نەکەین ، بەڵکو هەوڵبدەین لە دووتوێی پەڕەو و پەڕتوکێکدا یا بەهەرجۆرێک کە دەگونجێت دەریببڕین، کە ئەوەش دوو ئامانج دەپێکێت يەکەم : لەڕووی دەروونيەوە کەسەکە ئاسودەدەبێت ولەو فشارە نەفرەتيەی دەروونی دەربازدەبێت.
دووەم: خەڵکی ئاشنا دەکات بەم جۆرەکێشانە کەنوێن {لە ئاشکراکردنیاندا} ،چونکە هەتا ئێستا کەسێک ئەو بوێریەی مامۆستا هيدایەتی نەبووە ،بێت ڕووداوە قێزەوەنەکانی سەردەمی منداڵی،مێردمنداڵی یا گەنجێتی خۆی بۆکەس ئاشکرا بکات یا بەشوەيەک بينووسيتەوە و ئێمەش خوێندنەوەمان بۆی هەبێت.
لەهەمان مەراسیمدا کاک ( ريبوار حەمەمە فەرج) ی شاعيرو شانۆکار وئەکتەر ،لە ڕووی هونەریەوە پێناسەيەکی جوانی بۆ پەرتوکە کرد وخستيە چواچێوەيەکی هونەريەوە، وەک ئەوەی کە خۆی سيناريوی بۆ دانابێت و گەر لەشانۆدا نمايش بکرێت چ جۆرە ڕەنگدانەوەیەکی هونەری هەڵدەگرێت ،دیارە باسەکەی کاک ڕێبوار بابەتەکەی دەوڵەمەند کرد و جێگەی دەستخۆشیە .
لە کۆتایدا دووبارە دەستخۆشی لەکاک هيدات دەکەم ،بۆ ئازایەتیەکەی ، هەم بۆ بەخشینی داهاتی پەرتوکەکەی، کە بەخشيە ڕێخراوەکەی [کاک لوقمان و مەهاباد خانی هاوژینی ]کە ئەوانیش شتومەک و پێداویستی پێدەکڕن و دەینێرن بۆ خەلکانی کەم دەرامەت و خاوەن پيداويستی تایبەت لە کوردستان ،بەمەش کارێکی ئینسانی ئەنجام دەدەن وشایانی ڕێز و دەستخۆشین.
هيوادارم وەک بەندە ئەوەی لەم نووسینەدا پێمکراوە ،توانیبێتم تاڕادەیەک وەک پێویست تیشکم خستبێتە سەر هەندێک لایەنی پەرتوکەکە .




هەرێمێک لە تاریکیدا.. گۆران هەڵەبجەیی

گەر کەسانێک تا ئێستاش قەناعەتیان وابێت ،یا وای بۆبچن کە ئەم دەستەڵاتەی ئێستا  کەڵکی چاکسازی پێوەماوە،یاخود ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنیبێت کە هێشتا ترووسکاییەک لە کۆتایی تونێلەکەدا بەدی دەکرێت ،جا  ئەو جۆرە کەسانە خەڵکانی سادەبن یا لە هەر پێگەیەکی سیاسیدا بن،ئیدی سەر بە حیزبەکانی دەسەڵات یا لە ئەحزابی[موعارەزە] بن ،ئەوە بەدڵنیاییەوە هیچ لە ماهیەتی دەسەڵاتی کوردی تێنەگەشتوون و خوێندنەوەی هەڵەیان بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان هەیە، یاخود باش شارەزای دۆخەکەن و بە هۆکارگەڵێک دەخوازن خەڵک چەواشە بکەن.

گەر شکستی دەسەڵاتی هەرێم بۆماوەیک لە بوارێکدابوایە ئەوە قەبوڵکراو بوو،بەوەی دەرفەتێکی پێدەدرا تا چارەسەری بکەن،بەڵام کارەسات ئەوەیە شکستی و قەیران و گەندەڵی هەموو بوارەکانی گرتوەتەوە ساڵ بەدوای ساڵ ئەو قیرانانە قوڵتر دەبنەوە،ئەویش بەهۆی ئەوەی هیچ نیەتێک بۆچارەسەرکردنیان نیە .ئەوەی بەلای دەسەڵاتدارانەوە مەسەلە نیە باشکردنی گوزەرانی خەڵکە،هەربۆیەش جیاوازیەکی قوڵ ومەزن لەنیوان دەسەڵاتدارن و خێزان و کەسووکارو دەورووبەریان لەلایەک و زۆرینەی خەڵکی بەشمەینەت  و کەم دەرامەت وچەوساوە لەلاکەی دی بەدی دەکرێت.دۆخەکە گەشتووە بەوەی خەڵک بە ئاشکرا و بەشێوازی تووند گوزارشت لە ناڕەزایی وخەمەکانیان دەکەن.

پێوەری درووست و شایستە بۆ هەر کابینەیەک و دەسەڵاتێک لە سەر بنەماو ڕۆشنایی کارەکانی دەکرێت،یاخود ڕوونتر بڵێن  هەڵسەنگاندن و  پێوانەکردنی سەرکەوتن و شکستیەکانیەتی  لە دووتای تەرازوودا .

گەر بەم پێوەرە حساب بۆ کابینە یەک لەدوای یەکەکانی  یەکێتی و پارتی بکەین،کە بە تێکڕا  تەمەنی [30]ساڵ دەبێت ،ئەوە بێ دوو دڵی دەڵێین  سەرجەم کابینەکان شکست لەدوای شکستییان هێناوەو کارەساتیان بۆ خەڵکی هەرێم خولقاندوە.

گەر ئەڵمانیاو یابان پاش دووەم جەنگی جیهانی بە نمونە بهێنینەوە ،دەردەکەوێت ئەو دوو وڵاتە مووعجزەیان درووست کرد و لە ماوەی کەمتر لە دەساڵدا نەک هەر بینای وڵاتە داڕماو و وێرانەکەیان کردوە بەڵکو بوونە دوو وڵاتی خاوەن سەنگ و هێزی ئابوری لە جیهاندا. بێگومان هۆکاری ئەو هەڵسانەوەو پێشکەوتنە بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و دەسپاکی و ئیرادەی بەرزی  دەسەڵاتداران ،ئەوجا پاڵپشتی خەڵک بۆیان.

لە هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە سەلماندیان کە ئەوان ئامانجیان خزمەتکردن و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری نەبووە ،بەڵکو تەنها ئامانجیان خۆدەوڵەمەندکردن بووە ،واتە کوردستان بۆ ئەوان بازاڕێک بووە بۆ تاڵانی .هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە نیەت و نیازی گەندەڵی و ڕاورووتییان بە ئاشکرا دەرکەوت ،بەوەی  هەرچی پارەی بکردایە و دەستیان پێدا بگەشتایە ئاودیویان دەکرد،بەمەرجێک  هەموو ئەو کەرەستانە بۆ ئاوەدان کردنەوە پێویست بوون.

ساڵی ١٩٩١ لە لەندەن هونەرمەندانی جیهانی بۆ هاوکاری کۆڕەوەکە ،کۆنسەرتیان ڕێکخست،کە داهاتەکەی لەگەڵ  هاوکاری تری جیهانی [57] ملیۆن پاوەند بوو ،هاوکات کوردانی هەندەران دڵسۆزانە ماڵ بە ماڵ دەگەڕان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک . ئەم هاوکاریە داراییانە پارتی و یەکێتی حەپەلووشیان کرد ،وەک دەرکەوت تەنها[ 320000]پاوەنی گەشتە دەستی ڕێکخراوە مرۆییەکان

ئیدی ئەوە سەرەتایەکی خراپ و مەترسیدار بوو بۆ ڕەوشی ڕووداوەکان و  بڵاوبوونەوەی ئافاتی گەندەڵی . گەندەڵی ئەو دوو حیزبە هێدی هێدی هەموو بوارو کایەو قوژبنێکی ژیانی گرتەوە و شوێنێک نەما هاوڵاتیان دوور لە دەست و چاوی دەسەڵات هەناسەیەکی پاکی تێدا بدەن.

لە هەر وڵاتێکدا  گەندەڵی بووە دیاردەیەکی بەربڵاو  و بە قوڵی ڕەگی داکووتا و بە ئاشکرا پەیڕەو کرا ،ئیدی هیچ جوڵەو  سەکتەرێک بەپاکی نامێنێتەوە کە  مڵەی گەندەڵی هەڵی نەتەکێنێت.

گەر چەند بوارێک بکەینە نمونە ئەوجا کاریگەری گەندەڵی لەسەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا بە ڕوونی دەردەکەوێت.

  • سیاسی /  فاشلترین دەسەڵات لەڕووی سیاسیەوە دەسەڵاتی کوردیە،بەوەی تا ئێستا نەیانتوانیوە گچکەترین دەسکەوت بۆ میللەت دەستەبەر بکەن،بەڵکو ئەو کەمە دەسکەوتەی دوای ڕاپەرین بەدیهات لە مەترسیدایەو خەریکە لەدەست دەردەچێت.
  • تەبایی نێو حیزبەکان / تەبایی درۆزنانەو ساختە لە نێو حیزبەکوردیەکانی هەرێم هەیە ،بەڵام لە واقیعدا  لە دووژمنایەتی خەفەکراوە یا هەندێ جار بەئاشکرا  دەیبینین ،بەتایبەتی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا . تا ئێستاش هەرێم دوو زۆنە بە دوو دەسەڵات و دوو میتۆدی جیاواز .ئەمەش سەلمێنەری  ئەو ناکۆکی و ناتەباییە کە لە نێو خودی حیزبەکاندا بوونی هەیە ،بێگومان ئەمەش کاریگەری سەلبی لەسەر  پێگەی کورد لە جیهاندا جێهێشتوە.
  • مافی مرۆڤ و ئازادیەکان / ئەوەی دەیبینین و هەستی پێدەکەین پاشەکشەی تراجیدیانەی مافی مرۆڤ و ئازادی و پەراوێزی دیموکراسیەتە.دەتوانم بڵێم لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە ئازادی زۆر لە ئێستا باشتربوو. ئازادی ڕاگەیاندن،خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی،ئازادی دادگاو دادوەرەکان ،ئازادی حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات ،و زۆر لایەنی دیکە بەردەوام بەرەو تەسککردنەوە دەچن.نەبوونی یا کەمی  ئازادی گەشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار ،بەوەی خەڵکانێک لەسەر ڕای جیاواز کوژراون،سەرنگوون کراون،بێدادگایی کردن لە بەندیخانە نراون،یاخود بەهۆی لایک و کۆمەنتی فەیسبووکەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە، کە ئەمەش تەنها لەسایەی ڕژێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکاندا ڕوودەدەن.
  • پەیوەندی لەگەڵ بەغدا/ ئەم پەیوەندیە  زۆر خراپەو ئومێدی باشبوونی نیە،چونکە دەسەڵاتدارانی کورد لە دانووستاندا زۆر لاوازو بێ بەرنامەن و بەردەوام گۆڕانکاری لە ڕۆژەف و ستراتیژیاندا  دێت ،تەنها ئامانجیان وەرگرتنی پارەیەوە هیچی تر.
  • ئابوری / سەکتەرێک شوێنێک دامەزراوەیەک نەماوە دەستی گەندەڵی مافیای حیزبی پێنەگەشتبێت،وێرای کۆنترۆڵکردنی سەرجەم سەکتەرە بازرگانیەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی سەربەم دووحیزبەوە کە گرنگەکانیان بریتین لە: قاچاخچێتی نەوت و غاز ،کەرتەکانی بیناسازی و پیشەسازی{کارگەکانی بەرهەمهێنان}،درووستکردنی مۆڵ، قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکان،هاوردەکردنی سەیارە، هاوردەکردن و دابەشکردنی دەرمانی ئێکسپایەر،مەشروباتی کحولی،کاڵاو خۆراکی ژەهراوی ،مادەی هۆشبەر، یانەو کلوبەکانی ڕابواردن و سەرانەسەندن و هەرشتێک پارەی تێدابێت.
  • کەرتی  خوێندن و پەروەردە / وتەیەک هەیە دەڵێت ،گەر ویستت پێناسەی درووستی هەر وڵاتێک بکەیت،سەیری ئاستی پەروەردەو خوێندنی بکە.

گەر ئاوڕێک لە کەرتی خوێندن و پەروەردە بدەینەوە  ،دەردەکەوێت زۆر دواکەوتووە و لە ئاستی سۆماڵ و وڵاتە دواکەوتوەکاندایە،لەبری ئەوەی لەماوەی ئەم سی ساڵەدا تەکانێکی باشی بۆ پێشەوە پێبدرایە ،دەبینین لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدایە. [2000]بینا هەیە دوو دەوامی تێدادەکرێت و [80]بیناش  سێ دەوامی تێدا دەکرێت،هەندێک قوتابخانە لە بینای کرێ یا کابینەدا دەوام دەکەن کە هیچ مەرجێکی قوتابخانەیان تێدا نیە،پۆل هەیە پتر لە 90 خوێندکاری تێدایە، خوێندنگاکان خاڵین لە پێداویستیەکانی سەردەم،زۆر جار کەسوکاری خوێندکاران ناچار دەبن هەندێک لەو پێداویستیانە دابین بکەن .بەهۆی دەستتێوەردانی حیزب لە پرۆسەی خوێندن، ئاست و تواناسازی مامۆستاو خوێندکار زۆر دابەزیوە.زۆرێک لە زانکۆ و خوێندنگاکان لەبری ئەوەی ببنە ناوەندی لێکۆڵینەوە وتوژینەوە و بەرهەمهێنانی زانست ،بوونەتە مزگەوت و شوێنی عیبادەت و نوێژی جەماعەتیان تێدا ئەنجام دەدرێت. جا هەرکاتێک ئایین و زانست تێکەڵاو بوو ، ئەوە بە دڵنیاییەوە  لە ئاکامدا هەردووکیان شێواو و وێران دەبن.

لەلایەکی دیکەوە زانکۆو خوێندنگا ئەهلیەکان کە خاوەنداریەتیان دەگەڕێتەوە بۆکەسانی حیزبی،خەریکن جێگە بە خوێندنگە حکومیەکان لێژدەکەن و هێندەی دی دەبنە هۆکار بۆ  وێرانکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە. دەردەکەوێت  ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و بێ مۆراڵە هیچ شتێک گرنگ نیە بۆی ، [نەزانست] ،نەخاک ،نەنیشتمان، نەخەڵک ،نەکوردایەتی، بەڵکو تەنهاوتەنها[گیرفان و بەرژەوەندی خۆی گرنگە].

7.کەرتی تەندرووستی / پێشکەوتن و ئاستی خزمەتگوزاری تەندرووستی  هەر وڵاتێک دەلیلە بۆ ئاستی بەرزی سەغڵەمی هاوڵاتیان.ئەوەی لەکوردستان لەبەرچاوە کەرتی تەندرووستی تەواو فەرامۆش کراوە و تابێت بەرەو داڕمان و کاولبوون دەڕوات، لەماوەی ئەم سی ساڵەدا هیچ پلانێکیان بۆ چاککردن و پێشخستنی کەرتی تەندرووستی نەبووە. هەر وەزیرێک یا بەڕێوەبەری تەندرووستی باژێڕێک دەمێک دەستبەکار بوون لە خۆدەوڵەمەندکردن و گەندەڵی بەوڵاوە هیچیان نەکردوە. هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەریش لەولاوە بوەستێت کە مەترسیی و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان و بەهۆیانەوە بەردەوام هاوڵاتیان گیان لەدەست دەدەدن.

نۆرینگەو نەخۆشخانە ئەهلیەکانیش کە هی مافیاکانی حیزبن، هێندەی تر گیانی لەبەر نەخۆشخانە گشتیەکان بڕیوە.پێدەچێت لە ئایندەدا شتێک نەمێنێت بە نێوی نەخۆشخانەی حکومی.

8. ڕێگاوبان و هاتووچۆ/ کەم ڕۆژ هەیە کەسانێک بەڕووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست نەدەن،زۆربەی ڕێگاکانی نێوان باژێڕەکان ناونراون{ ڕێگای مەرگ}.ڕاستە زۆر جار بەهۆی هەڵەشەیی و پەلەو  ڕێزنەگرتنی برێک لە شۆفێران بە یاساکانی هاتووچۆ ،ڕووداوی دڵتەزێن ڕوودەدەن،بەڵام بەپێی شارەزایانی هاتووچۆ ،ڕێژەی زۆری ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ خراپی و کۆنی ڕێگاکان،واتە دەسەڵات بەرپرسە لەو ڕووداوانە.

ڕێگا هەیە کە نزیکەی سی [کم]ە  بەڵام لە ماوەی دەساڵدا نەتوانراوە تەواو بکرێت.ڕێگاش  هەیە دووسێ جار پارەی بۆدەرچووە و بەڵێندەرەکانی گۆڕاون، بەڵام بەهۆی گەندەڵیەوە کۆتایی پێ نەهاتوە یا بە کوالەتیەکی خراب و نیوەناچڵ وەرگیراوە.

خۆ گەر ئەو داهات و باج و خەراخەی لە شۆفێران و سەرپێچکاران وەردەگیرێت کە ساڵانە بە[300]ملیار دینار مەزەنە دەکرێت گەر نەچێتە گیرفانی حیزبەوە ،ئەوە بە دڵنیاییەوە باشترین تۆڕی ڕێگاوبانی پێ درووست دەکرێت.

9. گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان و مادەی 140  / لەم بوارەشدا دەسەڵاتی کورد   شکستیەکی مەزنی تۆمارکردوە،هەرچی درووشمی قەبەو بریقەداری سەرانی کوردە،بەتایبەتی سەرانی ئەو دوو حیزبە باڵادەستە، دەربارەی دڵسۆزی خاک و نیشتمان و هەوڵدان بۆگەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان ،لە مێژە بووەنەتە درووشمی  بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک.مادەی [١٤٠] عەیامێکە لەبیرکراوەو کاری پێناکرێت .جوتیارە کوردەکان لە لایەن عەرەبە بەعسی و شوڤێنستەکانەوە بە ئاشکرا لە گوندەکانیان دەردەکرێن و زەویوزار و ماڵ و حاڵیان  داگیر دەکرێت ،دەسەڵاتدارانی کورد نەک  داکۆکیان لێ ناکەن ،تەنانەت ئیدانەی ئەو کارانەش ناکەن.

کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستانیان بەدەردێک برد کە بووەتە جێگەی  شەرمەزاری بۆ سەرانی کورد، ئەو ساڵانەی یەکیتی وپارتی لەوشارەدا باڵادەست بوون ،لەبری خزمەتکردن و ئاوەدان کردنەوە و ڕازیکردنی پێکهاتەکانی شارەکە ،لەبری ئەمانە کەوتنە دابەشکردنی شارەکە و داگیر کردن وبەتاڵانبردنی هەرچی بەردەستیان دەکەوت.لەبری کوردایەتی کەوتنە پێشبڕکێی حیزبایەتیەکی ناشارستانی و قێزەوەن ،ئەمەش لە بۆیاخ کردنی دارو بەردو بیناو پردو دیوار و شۆستە و هەرچی بۆیاخی بگرتایە بە ڕەنگی زەردوو سەوز   .

10.شێواندنی تاکی کورد / یەکێتی و پارتی  بە درێژایی{30} ساڵ  کاریان  بۆ لاوازکردن و شێواندنی کەسایەتی  تاکی کورد کردوە. ئەوەی بەعس بۆی نەکرا و نەیتوانی  ڕۆحی تاکی کورد  بڕوخێنێت ،جووت حیزب بە ئاسانی ئەنجامیاندا.

گەر دەسەڵاتێک لەماوی سی ساڵی تەمەنیدادا نەیتوانیبێت پێویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان دەستەبەر بکات ،وەک ئاو کارەبا نەوت غاز  بەنزین و پێداویستی سادەی دیکە .

گەر دەسەڵاتێک  لە بری پاشەکەوت ٢٦ ملیار دۆلار قەرز بخاتە ملی هاوڵاتیان،بێ ئەوەی هاوڵاتی بزانێت سەرچاوەی ئەو قەرزانە چین.

گەر دەسەڵاتێک نەتوانێت مووچەی مووچەخۆران دابین بکات و پتر لە  مووچەی چواردە مانگ قەرزدار بێت.

گەر دەسەڵاتێک پارەی چەندین سندوق بدزیت [سندوقی خانەنشین، وشکەساڵی،کشتوکاڵ ،گەشەکردنی ژێرخانی ئابووری و  سندوقی دیکە].

گەر دەسەڵاتێک نەیتوانیبێت    تاکی کوردی سودمەند  پەروەردە بکات ،یاخود  کۆمەلگای کوردستان بە شێوەیەکی شارستانی و سەردەمیانە ئاراستەبکات ،لێ لەبری ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی مشەخۆر و لاواز و ئینتهازی چەپڵەلێدەری زیانبەخشی  لەخۆ کۆکردبێتەوە .

گەر دەسەڵاتێک هۆکاربێت بۆ  خولقاندنی دۆخێک تێیدا کەس هەست بە ئارامی و ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی نەکات و گەنجەکان کەسەرمایەی ئایندەن بەلێشاو وڵات جێبهێڵن.

بەهۆی  ئەم [گەر]انەو هاوکات بەهۆی ئەو خاڵانەی سەرەوە  ،دەردەکەوێت ئەم دەسەڵاتە لەمێژە شەرعیەتی لەدەستداوە و شایانی ئەوە نیە بەردەوامبێت ،وێرای ئەمانە  تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵک گەشتوەتە لووتکەو ناخوازن چیتر بەوجۆرە وڵات ببرێت بەڕێوە و بەهەر نرخێک بێت گەرەکە کۆتایی بەو حکومڕانیە شکستخواردوە بهێنرێت..

جێگەی سەرسوڕمان و هاوکات پرسیارە  کە هاوڵاتی سادە دەرک بەو ناعەدالەتی و گەندەڵی هەموو قەیرانانە بکات و ژیانی [تاریك ]کردبێت و دۆزەخێک لەئارادا بێت ،بەڵام کەسانێک کە لەمەوقیعێکی سیاسی باڵادابن هەستیان بەو تاریکسانیە نەکردبێت.

خاوەنی ئەم بۆچوونە کە پێی وایە هەرێم لە تاریکیدانیەو [لەدەرەوە] لە قەوارەی خۆی زیاتر گەورە کراوە، گەر ئەم گشت قەیرانە کەڵەکەبووانە قەناعەتی پێ نەهێنێت کە هەرێم نغرۆی گەندەڵی بووەو هیچ بوارێک بۆ چاکسازی نەماوە و وەک   پیرەگۆچان  هەرگیز ڕاست نابێتەوە، ئەوە بەدڵنیایەوە ئەو کەسە کەوتوەتە هەڵەیەکی مەزنەوەو گەرەکە بەخۆیدا بچێتەوە.

لە کۆتایدا دەڵێم ،بەڵێ هەرێم لە مێژە لە تاریکسانیدا دەژی ، نەک ڕۆشنایی بەڵکو تروسکایش لە کۆتایی تونێلەکەدا بەدی ناکرێت، هەرکەسیش بە پێچەوانەوە بیر بکاتەوە ئەوە بەخۆی بزانێت یا نا دەیەوێت سیمای ناشیرینی دەسەڵاتداران جوان بکات.

.

.




ئاین و ئیرهاب .. گۆران هەڵەبجەیی

ئیرهاب کردەیەک نیە تایبەتبێت بە ،دەسەڵاتێک،حکومەتێک ،ئاینێک،مەزهەبێک ئایدۆلۆجیایەک.،حیزبێک بێت ،بەڵکو هەموو ئەم پێکهاتانە هەروەها تاکەکانیش کەم تازۆر لە ڕابردوو و ئێستادا مومارەسەیان کردوە و دەیکەن.
بەڵام ئەوەی دیارەو شاراوەنیە کە ئاینەکان وە بەتایبەتی مەسیحیەت و ئیسلام زیاتر ئەم ڕێگەیان گرتوە و وەک بەشێکی سەرەکی لەبەرنامەو کرداری ڕۆژانەیاندا ڕەنگی داوەتەوە……

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن ….




لەقاڵبدانی دەسەڵاتی چوارەم لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

هەموومان ئەو حەقیقەتە تاڵە دازانین کە میدیاکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەژێر سایەی یەکێتی و پارتیدا لە چ دۆخێکی دژواردا کاردەکەن.
لێرەدا مەبەستم دەزگاکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەیە،نەک ئەوانەی سەر بە دەسەڵاتن وکاروپیشەیان تەنها جوانکردنی دەسەڵاتدارانە.
لەژێر هەژمونی ئەم ئیدارە سەرکووتکەرەدا ،میدیاکاران ڕووبەڕووی جۆرەها کاری ناڕەواو نائینسانی بوونەتەوەو دەبنەوە ،لەوانە هەڕەشەی کووشتن،هەڕەشەی ئەخلاقی ،سکاڵاو دادگایی،گرتن،لێدان،سوکایەتی تادەگاتە ئاستی کووشتن،بە نمونەی سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی،ویداد ،سۆرانی مامە حەمەو چەندین میدیاکاری دیکە.
ئەم دوو حیزبە دۆخێکی وا مەترسیداریان بۆ میدیاکاران درووست کردوە کە کارکردن زۆر زۆر ئەستەم بووە.وای لێهاتوە ڕۆژنامەنووسێک بەر لە نووسینی بابەتێک،ئامادەکردنی ڕیپۆرتاجێک،دیدارێک و هەر کارێکی میدیایی ،گەرە سەدجار بیربکاتەوە لە ئەنجامدانی ،بەوەی نەکا لەدێڕێکدا ،لە بڕگەیەکدا ،لە قسەیەکدا ،لە شوێنێکدا جووت حیزب بە سوکایەتی یا هێرشی بزانن بۆسەرخۆیان و بەهۆیەوە گێچەڵی پێبگرن و کێشمەکێشی سکاڵاو دادگای بۆ درووست بکەن.
ئەوەی تووشی شۆکی کردم و پاڵنەرم بوو بۆ نووسینی ئەم بابەتە ،ئەوەبوو کە دووسێ ڕۆژ لەمەوبەر نوێترین بابەتی خۆم بەنێوی{پارتی حیزبێکی ڕەفتار فاشی} نارد بۆ چەند ماڵپەڕێک، کە لە هەرێم بەڕێوە دەبرێن،بەداخەوە هیچیان بڵاویان نەکردەوە، لەبەرامبەردا ئەو ماڵپەڕانەی لە هەندەران دەردەچن بڵاویان کردەوە.
تا ڕادەیەک دەمزانی هۆکار چیە ،بەڵام بەباشم زانی لە زاری هەندێک لە سەرنووسەری ئەو ماڵپەڕوو ڕۆژنامانەوە هۆکار بزانم،بۆیە تەلەفۆنم بۆ سەرنووسەری دوو لە ماڵپەرە خاوەن سەنگەکان کرد کە پەیوەندیم باشە لەگەڵیاندا. ئەوەی کەباسیان کرد حەقیقەتی زۆر زۆر ناخۆش و سەختە،بەجۆرێک مرۆڤ لەناخەوە ئازار دەچێژێ.
یەکێکیان گووتی {بابەتەکەت جوانە لەوە جوانتر ئەو خاڵە بەراوردکارانەن کە بابەتەکەت پێ بەهێزکردوە کە جێگەی گومانی نەهێشتوەتەوە و کەس ناتوانێت نکولیان لیبکات، بەڵام ئێمە ناتوانین بڵاوی بکەینەوە ،لەبەر ئەوەی دڵنیام پارتی سکاڵامان لەسەر تۆمار دەکات و ڕاپێچی دادگام دەکات.خۆت باش دەزانیت کە پارتی چی بوێت دەیکات ،تەنانەت هەر خۆیشیان جۆری سزاکە و مەبلەغەکە دیاری دەکەن ،نەک دادوەر.من تا ئێستا چەندین دۆسیەم بەسەردا ساغ بووەتەوە ،وێرای ئەمە بەردەوام مانگانە مەبلەغێک پارەدەدەم لەسەر سکاڵایەکی کۆنی پارتی و تا ئێستاش چەند دۆسیەیەکم لەدادگا کۆتاییان نەهاتوە،جا گەر ئەم بابەتەتم بڵاوبکردایەتەوە جگە لە سکاڵا بەدووری نازانم هەڕەشەی کووشتنیشم لێ بکەن} .
جا با بێمە سەر قسەکانی سەرنووسەری دووەم کە گووتی{دۆخی کارکردنمان زۆر ناهەموارە ،بەردەوام لەژێر فشارداین سکاڵای دووحیزب زۆربوون لەسەرمان، هەربابەتێک بەدڵیان نەبێت خێرا سکاڵا تۆمار دەکەن،بەهۆی ئەوەی دەزگای دادوەریش بێ دەسەڵاتە ئیدی چۆنیان بوێت وادەکەن،چەند جارێک ڕاپێچی دادگای هەوڵێر و دهۆک کراوم ،بەغەرامەی چەندین ملیۆن سزادراوم ،جا بەڕاستی ماندووبووم و نامەوێت چیتر بەڕێگەی هەولێر و دهۆکەوە بم} .پرسیم کارێکی جوانە کە ئێوەی میدیاکار ڕێز لە یاسادەگرن و ئامادەی بەردەم دادگا دەبن،ئەی گەر نەچن یا دوابکەون چی ڕوودەدات؟ گووتی{ پۆلیس دەنێرن و قۆڵبەستمان دەکەن و پاشان ئابڕوومان دەبەن بەوەی ڕێزی یاسامان نەگرتوە} .ئەی گەر کەسێک میدیاکارێک سکاڵا لە پارتیەک بکات یا لەکەسێکی میدیاکاریان ،ئەوە چۆنە ؟گووتی ئەوەش ڕوویداوە بەڵام پارتی ڕێگەنادات کەسێک لەزۆنی سەوز سکاڵای لەسەر بێت ئامادەی دادگابێت، بەتایبەت گەر ڕاگەیانکار یا بەرپرس یا ئەندامیان بێت،دیارە مەبەست لەمەش بێنرخ کردنی دەسەڵاتی زۆنی سەوزە .پرسیم ئەی یەکێتیش بۆ [المعاملە بالمثل] ناکات و ڕێگەنەدات سکاڵالەسەرکراوەکان بەتایبەتی میدیاکاران بچنە بەردادگاکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی؟ لەوە ڵامدا گووتی [یەکێتی ئەوکارە ناکات چونکە نایەوێت بەشەکەی خۆی لەداهاتی نەوت کە پارتی دەیداتێ لەبەرخاتری ڕۆژنامەنووسێک ببڕێت،جگە لەوە هەردووکیان هاهەڵوێستن لەدژایەتی کردنی میدیاکانی دەرەوەی خۆیان].
جا خوێنەری بەڕێز گەر ئەمە حاڵی دەسەڵاتی چوارەم بێت بەڕاستی کارەساتە.لەجیهانی پێشکەوتوودا بەو ئازدیەی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دراوه ،کاری مەزن و کاریگەر ئەنجام دەدەن، چەندین حکومەتیان ڕووخاندوە ،چەندین گەندەڵیان ئاشکرا کردوە،چەندین وەزیریان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کردوە ،چەندین کەیسی هەستیاریان جوڵاندوە.بەکوورتی میدیا سەنگ و قورسایی خۆی هەیەو دەسەڵاتداران ڕێزیان لێدەگرن و هەندێک جار لێشیان دەترسن،
کەچی لەهەرێمی وێرانەدا و پاش ٣٠ ساڵ دەسەڵاتی خۆماڵی دۆخی میدیای کوردی لە ئەوپەڕی پاشەکشەدایە و کارکردنی ڕۆژنامەنووسان هێندە مەترسیدارە وەک چوونیان بۆ بەرەی جەنگ وایە.ئاخر لە کوێی جیهاندا بووە میدیاکار لەسیاسی گەندەڵ بترسێت و بەردەوام دەستی لەسەردڵی بێت؟
بەشێکی زۆری ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ سەندیکای ڕۆژنەمانووسان کە بووەتە گەمەیەی دەستی چووت حیزب بەتایبەتی پارتی،وە تا ئێستا مشەخۆرانی ئەم سەندیکایە کارێکیان نەکردوە جێگەی دەستخۆشی و ڕەزامەندی میدیاکاران بێت،بۆیە هەڵوەشاندنەوەی باشترە لەبوونێکی بێ جوڵە.
گەر کار وا بڕوات ئەوە پێدەچێت لە ئایندەدا پانتاییەک بۆ کاری ڕاگەیاندنی سەربەخۆ یا لە دەرەوەی حیزبەکان نەمێنێت.یا لەوانەیە شتێک نەمێنێت بەنێوی دەسەڵاتی چوارەم،خۆ گەر بشمێنێت ئەوە بێ کاریگەرو بێ پەڕوباڵ دەبێت.ئەوەی دەمێنێتەوە ڕاگەیاندنە بێ ڕۆح و بێ ناوەڕۆکەکانی دەسەڵاتدارانە ،کە لە پروپاگەندەی نەشازو بێتام بۆ دەسەڵاتداران بەولاوە هیچی کەی تێدا بەدی ناکرێت.




پارتی حیزبێکی ڕەفتار فاشی.. گۆران هەڵەبجەیی

پێدەچێت لەکن هەندێک خوێندەر ئەم مانشێتەی بەلاوە سەیربێت، یاخود لەوانەیە بڕێک بڵێن گۆران زایادەڕۆیی دەکات.
گرنگە بزانین فاشیزم چیەو ڕەفتارەکانی دەسەڵاتێکی فاشی چین ؟ئەوجا بەراوردیان بکەین لەگەڵ ئەم جۆر دەسەڵاتەی پارتیدا ، ئیدی دەگەینە ئەو قەناعەتەی کە پارتی بە ئیمتیاز دەسەڵاتێکی فاشیە.
هەوڵەدەم خاڵە جەوهەریەکانی فاشیەت بخەمە ڕوو بەتایبەتی ئەو خاڵانەی کە لە پارتیدا بوونیان هەیە.
خەسڵەتەکانی فاشیەت:
١- فاشیەت ڕەوتێکی فکری ئەوپەڕی ڕاستڕەوە، کە تێیدا سەرۆک تائاستی پەرستن پیرۆزدەکرێت.
٢- ڕەتی هەمووجۆرە دەوڵەتێک یا کیانێکی دیموکراتی دەکاتەوە.
٣- هەوڵی یەکگرتنی نەتەوە[خێڵ]دەدات و دەوڵەتی شمولی پێک دەهێنێت.
٤- چەسپاندنی هەیبەتی [دەوڵەت]،خۆشەویسکردنی بێسنووری سەرکردەکان.
٥- تووندوتیژی سیاسی یەکێکە لە میتۆدەکانی دەسەڵاتی فاشی.
٦- چەوساندنەوەی بەرهەڵستکاران.
٧- حیزب و دەسەڵاتی فاشی بەهێز ،مافی کۆنترۆڵی لایەنە لاوازەکان و لەناوبردنیانی هەیە.
٨- ئەندامەکانیان پۆستە سەرەکی و گرنگەکان دەگرنە دەست.
٩- سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی ڕەها وەردەگرێت کە کەسێکی چەوسێنەرە و دیکتاتۆرە و کەس بۆی نیە ڕێگری لە بڕیارەکانی بکات.
١٠- ئەندامانی حیزبەکە دەسەڵات و پێگە گرنگەکان بۆخۆیان قۆرخ دەکەن ،ڕێگەنادەن حیزبی دیکە مونافەسەیان بکات ،یا ڕەخنە لەسیاسەتیان بگرێت.
١١- کۆنترۆڵکردنی زۆربەی کایە ئابوریەکان ،هاندانی درووستکردنی کەرتی گشتی بەقازانجی خۆیان واتە ئەندامانی حیزب .
١٢- بەخشینی پارەو ئیمتیازات و دیاری بۆ کڕینی ئەندام و لایەنگر.
١٣- نەمانی ئازادی تاکەکەس و نەبوونی دەرفەت بۆ دەربڕینی ڕای جیاواز.
١٤- چاودێری خستنە سەر تاکەکانی کۆمەڵگاو بڵاوکردنەوەی ترس لە وڵاتدا.
١٥-گومان خستنە سەر هەندێک کتێب و بڵاوکراوە وسانسۆری تووند بۆ سەر چاپکراوەکان.
١٦- هەیمەنەکردن بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی کۆمۆنیکاشیۆندا .
١٧- قەدەغەی سەفەر لە سەر هەرکەسێک گومانیان لێی هەبێت.
١٨- داخستن و مسادەرەکردنی میدیای ئۆپۆزسیۆن ،تەنها بەوەهمی مەترسیان بۆ سەر حیزب یا دەوڵەتی فاشی.
١٩- زیدەڕۆیکردن لە بەرزکردنەوەی درووشمی نەتەوەیی ونیشتمانیدا.
٢٠-سەرکوت کردنی بێڕەحمانەی نەیارەکان.
٢١- پەیوەست کردنی گەنجان و مێردمنداڵانەوە بە ڕێکخراوە شوبهە سەربازیەکانەوە کە سەر بە حیزبن وحیزب بەرنامەیان بۆدادەنێت وەک دیدەوانی و مالیشای گەنجان وهاوشێوەکانی.
٢٢- سەرکووتکردنی بێبەزەییانەی هەر بەرەنگاربوونەوەیەک و لەناوبردنیان لەلایەن پۆلیسی نهێنیەوە.
٢٣-بڕوانەبوون بە یەکسانی لەنیوان خەڵکدا ،هەم وەک چین هەم وەک ڕەگەز.
٢٤-بڕوابوون بەوەی کە چینە باشەکەی کۆمەڵگا بۆی هەیە بەرپرسیاریەت وەربگرێت ،کە لەبەرژەوەندی خەڵک کاردەکەن، بۆیە پێویستە تاکەکان ببنە قوربانی بۆ ئەو نوخبەیە.
٢٥- بەناوی حکومەتەوە بۆیان هەیە مداخەلەی ژیانی تایبەتی تاک بکەن.
٢٦- ئیلغاکردنی مافی تاک ، ژیان ، کەرامەت وە تایبەتمەندیەکانی دیکە.
٢٧- هەوڵدان بۆ بەهێزبوون لەسەر حسابی ئەوانی دیکە.
٢٨-کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی چینێکی دیاریکراوی [نایاب]دا.
٢٩- ئامێتەکردنی حیزب و دەوڵەت بەجۆرێک حیزب ڕۆڵی دامەزراوە فەرمیەکان دەبینێت و بە پێچەوانەشەوە.
٣٠- پروپاگەندەی بەردەوام بۆ سەرکردە و حیزب وەک باشترین سەرکردەو دڵسۆزترین حیزب.
لەبەر ئەوەی زانیاریەکانم لە دوو سەرچاوەوە وەرگرتوە،جا پێدەچێت هەندێک لە خاڵەکان دووبارە یا هاومەبەستبن،بەڵام ئەوە کەماسی نیە و لەوانەیە بابەتەکە دەوڵەمەند بکەن..
جا خوێنەری هێژا تکایە وەک بێلایەنێک ئەو خاڵانەی سەرەوە بەراورد بکە لەگەڵ سیاسەت و ڕەفتارەکانی ڕۆژانەی پارتی و سەرۆک و سەرکردەکانی بزانە زیادەڕۆیم کردوە یا نا؟ گەر پارتی تەنها لە دووخاڵیشدا لەگەڵ بەرنامەو خەسڵەتەکانی فاشیەتدا یەکبگرنەوە ئەوە بەدڵنییەوە شوورەی و نەنگیە بۆ حیزبێک درووشمی{دیموکراتیەت}ی بەرزکردبێتەوە بەڵام لەواقیعدا بەرنامەی فاشیەت جێ بەجێبکات.
بە ئومێدی زیاتر بەرچاوڕوونی و بۆ ئاسانکاری تیشک دەخەمە سەر چەند خاڵێکی گرنگ لە ئایدۆلۆجیای فاشیەت و لەگەڵ هەندێک بەرنامەی هاوشێوەی پارتیدا بەراوردیان دەکەم.
خاڵەکانی [٥-٦] زۆر بەڕوونی لەبەرنامەی پارتیدا هەستی پێدەکرێت.

خاڵەکانی[٨-٩-١٠] بەجوانی لای پارتی بەرجەستە بووەو بەردەوامیش کۆڵەکەکانی بەهێزتر دەبن.

خاڵەکانی [١٣-١٤-١٦] ئەو دۆخە پۆلیسیەی پارتی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بەرهەمی هێناوە ،ڕێک لە خاڵی [١٣] ی بەرنامەی فاشیەت وەریگرتووە.

بڵاوابوونەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو ئەندامانی خۆی و کۆمەڵگادا لە خاڵی [١٤]دا دەیبینین وهەستی پێدەکەین.

بوونی ئەو ژمارە زۆرەی دەزگای ڕاگەیاندن و هەیمەنەکردنی پارتی بەسەریاندا لە خاڵی[١٦]بەدی دەکرێت.

خاڵەکانی [١٨-١٩-٢٠] لە کارەکانی ڕۆژانەی پارتین و بەردەوام لەلایەن ئەندامانی پارتیەوە مومارەسە دەکرێن .
بڕوانەبون بەیەکسانی نێوان نێرو مێ و بەکەم سەیرکردنی مێینە ،هاوکات تێڕوانینیان بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ،تێڕواینێکی عەشایەریانە و ڕەفتارکردن لەتەکیاندا وەک خەڵکانی خوارتر لەخۆیان ،هاوتایە بە خاڵی[٢٣].

باشترین و نایابترین توێژ یا چین کە خاڵی [٢٨] ئاماژەی پێداوە بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستیدا ،ئەوە پارتی لەسەر خۆی جێبەجێی کردەوە ئەو مافەی بۆخۆی دەستەبەرکردوە.

خاڵی [٢٩] خاڵێکی زۆر زۆر گرنگە،بەوەی پارتی یاهەر ئەندامێکی پارتی گەر پۆستێکی ئیداریشی نەبێت ئەوە وەک بەرپرسێکی ئیداری هەڵسوکەوت دەکات و کەسیش ڕێگری لێناکات.ئەم حاڵەتە هێندە دووبارە بووەتەوە وەک شتێکی ئاسایی لێ هاتوە.لەم ڕوەوە تەنها دوو نمونە دەهێنمەوە،[کۆبوونەوەی بەرپرسی پارتی لەهەولێر لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەیەک.یاخود کردنەوەی وێستگەیەکی کارەبایی لە لایەن {بابۆ} کوڕە بچوکی مەسعود بارزانیەو.]

دواخاڵ کە خاڵی {٣٠} کە پەیوەستە بە پیرۆزکردنی سەرکردە،ئەمە بوەتە بنێشتە خۆشەو هاوکات بوەتە کاری بەردەوامی کادێران و میدیاکانی پارتی ،بەتایبەت نیشاندانی مەسعود بەرزانی وەک فریادڕەس و عەبقەری و سیاستمەداری بلیمەت و کەم وێنە لە ڕەوانبێژیدا .گاڵتەجاری گەشتە ئەوەی دکتۆرا لەسەر ڕەوانبێژی لەقسەکانی مەسعوددا بدەن.هەموومان {شیشەی شیرو باربیمان} لەیادماوە ههه.

لەکۆتایدا دەڵێم هیچ حیزبێک یا سەرۆکێک لە خۆڕا نابێتە فاشی و دیکتاتۆر و چەوسێنەر ،گەر زەمینە و بارودۆخ هاوکارو لەبار نەبن. کەواتە گەشتنی پارتی بە حیزبێکی ڕەفتار فاشی و سەرکووتکەر کەبچوکترین حساب بۆ خەڵک وحیزب و لایەنەکان ناکات ،ئەوە هۆکاری خۆیان هەن. بە پلەی سەرەکی و یەکەم بێدەنگی،بێ هەڵوێستی، ترسنۆکی یەکێتی و گۆڕانە،ئەوجا حیزب و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات هۆکاری دووەم بێدەنگی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی هەرێمە کە ئەمە تەنها یا بەترسنۆکی یا بەخەمساردی لێکدەدرێتەوە.
جا تا گۆڕانکاری بەسەر ئەم هەڵوێستانەدا نەیەت ،ئەوە دەبێ چاوەڕێی خراپتر لەپارتی بکەین. گەر گۆڕانکاری ڕوونەدات بەدووری نازانم پارتی کارەسات بەسەر خەڵکی کوردستاندا بهێنێت.

سەرچاوەکان/
{ حول الفاشیە } کتێبێکی زۆر کۆنی [دار التقدم]ە .
[ویکی پەدیا ]wikipedia بە دانمارکی

—————————————————-

  • وێنەکە لە فەیسبوکی کاک ئاسۆ دیلان وەرگیراوە.. دەنگەکان



ماسیەکان لەسەرەوە بۆگەن بوون پێویستە فڕێبدرێن … گۆران هەڵەبجەیی

[من ناتوانم وەک دایک بەشیری مەمکەکانم نەوەی وڵاتەکەم بە خێو بکەم ،بەڵام دەتوانم وەک باوکێک دزی لەو داهاتە نەکەم کەهی نەوەی وڵاتەکەمە.]

{خۆسێ مۆخیکا  –کۆنە سەرۆکی ئۆرۆگوای}

[کوردستان وەک بانکێکی پڕەپارە وایە کە کۆمەڵێک دزو جەردە دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەم کۆمەڵە دزە ، نە لە سیاسەت دەزانن و نە شارەزاییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە.]

{محەمەد حەسەنین هەیکەل –ڕوناکبیرو نووسەری کۆچکردوی میسری }

نزیکەی  [30]  ساڵە جووت حیزب{پارتی و یەکێتی}  کۆنترۆڵی  تەواوی هەرێمی کوردستانیان کردوە. لەگەڵ ئەوەی  لەوماودا دەرفەتێکی باش و گونجاو لەبەردەستدا بوو بۆ چاککردنی گوزەرانی خەڵکی بەشمەینەت و ستەم دیدەی کوردستان، کە عەمامێک بوو   لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی و  چەوساندنەوەیان بەڕێ دەکرد، بەڵام ئەم دوو حیزبە نەک هەر ئەو دەرفەتەیان بۆ بوونیاد نانی وڵات و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکار نەهێنا ،بەڵکو  شکستیان هێنا لە پێشکەشکردنی  فۆرمێک لە دەسەڵاتی تەنانەت [چارەکە سەرکەوتووش].بەمەش هەرچی خەون وخولیاو ئومێدی مێژینەی کوردە بۆ هەمیشه لە گۆڕنا.

یەکێتی و پارتی ناشیرینترین ،قێزەوەنترین ، خراپترین ،فاشلترین نمونەی حکومڕانیان نیشانی خەڵکی کوردستان و جیهاندا ، کە لەو بڕوایەدام لە سەر ئەم هەسارەیە کەم وینەیە یا هەر وێنەی نیە.

دەسەڵاتێک گەر  لەماوەی نزیکەی [30] ساڵدا نەتوانێت تەنانەت لە سەکتەرێکدا سەرکەوت تۆمار بکات و  لە هەموو بوارو کایەو سەکتەرەکاندا تەواو شکستی بهێنێت، کەواتە   شەرعیەتی مانەوەی لە مێژە لەدەست داوە و  لە کارەسات بەولاو شتیکی نیە پێشکەشی  خەڵکی بکات.

سەرانی ئەم دوو حیزبە لە  مێژە دڵنیان لەوەی  کە متمانەیان لەدەستداوە  و خەڵک بێزار و تووڕەیە لێیان  .  ئەوەش دەزانن و لایان ڕوونە کە  لەماوەی ڕابردوودا  توانای  چارەسەرکردنی  گچکەترین کێشەیان نەبووە ، سادەترین  و سەرەتایترین  خزمەتگوزاریان  پیشکەش نەکردوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە  تابێت شکستیەکانیان زۆرتر و زیاتر دەبن .

بە ئاخافتنی   هاوڵاتیاندا لە سۆشیالمیدیاکاندا، دەردەکەوێت کە  ئەم جووت حیزبە تا چ ئەندازەیەک ناشیرەین و ڕسوابوون ، شێوازی  ناڕەزایی و ڕەخنەی هاوڵاتیان  چووەتە قۆناغێکی جیاوازەوە، دەربڕین وگوزارتەکان فۆرمێکی نوێی وەرگرتوە کە پێشتر بوونی نەبووە ،  ئەویش  خاڵیکردنەوەی ناخی تووڕەو بێزاریە بە دەربڕینی تووند  و قسەی ڕەق .وشەگەلی وەک مافیا،وڵات فرۆش، گەندەڵ، دز، جەردە، چەتە، مرۆڤکوژ، ئەمانە تەقریبەن تەجاوزکروان و وشەو داهێنانی نوێ جێگەیانی گرتووتەوە، بۆ نمونە شوبهاندنی  سەران و بەرپرسانی هەردوو حیزب بە تاکی پێڵاو ،پیسایی،تەوالێت ،بێکەرامەت، بێئەخلاق  و شتی دیکە.

پێدەچێت ئەم پێناسە نوێیانەش وەک کۆنەکان کاریگەریان نەبێت لەسەریان،چونکە گەر هات و کۆمەڵە خەڵکێک تەنها بیر لە دزی و تاڵانی بکەنەوە ،ئەو دەمە ئاسایی دەبێت  لایان  گەر بەوجۆرە موخاتەبە بکرێن. واتە  مۆراڵ  و کەرامەت هیچ گرنگیەکی نیە لەکنیان ،چونکە لەمێژە لەدەستیان داوە.  ئەو دەمەی ئەوجۆرەکەسانە بەهەموو قەناعەتیان بڕیاری دزینی پاروی خەڵکی برسیاندا،دزین و داگیرکردنی سەروەت و سامانی وڵاتیان بەلاوە ئاسایی بوو،کەواتە ئەوانە خاڵین لە هەرچی بەهای ئەخلاق و مرۆڤایەتی ودەستپاکی و نیشتمانپەروەریە .

تەنانەت حاڵ گەشتوەتە ئەوەی  گەر یەکێک لەو بەرپرسانە   تێوەگلانی لەگەندەڵیەکدا ئاشکرابوو و لە ،سۆشیال میدیادا ناوی هێنرا ،زۆر بەئاسایی وەری دەگرێت و بێدەنگ دەبێت تا باسەکە خامۆش دەبێت. گەر جاران بوایە کەسەکە هەڕەشەی کووشتنی دەکرد، سکاڵای تۆمار دەکرد، بەرپرسی نووسینگەکەی هەواڵەکەی بەدرۆ دەخستەوە.

ئەوەی کە ڕوونە خەڵکی هەرێم نزیکەی [  30] ساڵە  ئەم ڕەوشە نالەبار و  پڕ   ستتەم و گەندەڵیان لەم دوو حیزبە قەبوڵ کردوە. چەندین دەرفەتیان پێدرا ،ئەویش بە ئومێدی بەخۆداچوونەوەو  و لاکردنەوە لە مەینەتیەکانی هاوڵاتیان ،لێ لە ئاکامدا یەک هەنگاو نەچوونە پێشەوە و هیچ  گۆڕانکاریەکی ئیجابی لە ژیانی خەڵکدا ڕووینەدا ، بەپێچەوانەوە قەیرانەکان قووڵترو ژیانیش سەختر بوو.

کەواتە چاوەڕێکردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ئەرێنی لە گوزەرانی خەڵکدا  ،خۆخڵەتاندنە و ڕاکردنە بە دووی سەرابدا.دەسەڵاتی مافیاو گەندەڵ ئامادەنیە دەستبەرداری دەسکەوتە ناشەرعی و نایاساییەکانی ببێت،لەبەرامبەریشدا خەڵکیش ئامادە نیە تاسەر ئەم ڕەوشە قەبوڵ بکات.بە واتایەکی تر  ئەو دیوارەی نێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەیە ،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چینەکانی بەرزتردەبێت و دابڕانەکە قوڵتر دەبێتەوە.

چارە چیە؟

بۆ کۆتایی هێنان بەم ژیانە سەختەی خەلكی هەرێم ،بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە ستەمکارە کە هەموو سنورێکی بەزاندوە،گەرەکە بیر لە ڕێگەچارەی لۆژیک و دەستەبەر  بکرێتەوە. لەساڵانی ڕابردوودا لەلایەن  زۆرێک لە دڵسۆزان،ڕووناکبیران،چاودێرانی سیاسی و سەرانی هەندێک لە ئەحزابی موعارەزە  هەندێک پێشنیار خرانە ڕوو. لەگەڵ ئەوەی ئەو پێشنیارانە لە سۆنگەی دڵسۆزیەوە  خراونەتە ڕوو، ،بەڵام هەندێکیان نالۆژیکن و جێبەجێکردنیان سەخت و مەحاڵە.

بۆنمونە چارەسەری چەکداری یەکێک بوو لە چارەسەرەکان ، واتە  بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا، ئەم  چارەسەرە سەرکەوتوونابێت، چونکە هەردوو حیزب هێز و توانای هەمەجۆری چەکداریان هەیە و مەناعەتیان نیە بۆ مانەوەی خۆیان ئەو هێزانە پێکڕا  بەکار بهێنن وکوردستان نغرۆی خوێن بکەن.

گەواتە دەبێ بگەڕێین بەدووی ئەڵتەرناتیڤێکدا کە جێبەجێ کردنی لەسەر ئەرزی واقیع بەردەست بێت،هاوکات زیان بە سەروماڵی خەڵک نەگەیەنێت.

ئەوەی لەم سەردەمەدا لە  جیهاندا وە بەتایبەتی جیهانی شارستانیدا پەیڕەو دەکرێت  و ئەنجامی باشی هەبووە ، چالاکی مەدەنیە بە هەموو جۆرەکانیەوە.

دەکرێ خۆپیشاندان،گردبوونەوە مانگرتن،بایکۆت و تاد بگرێتەوە .

هەر یەک لەم چالاکیانە گەر هەقی خۆی پێبدرێ و لە ئاستێکی باڵادا ئەنجام بدرێت،ئەوە بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت.

گەر خۆپیشاندان بە بۆنمونە وەربگرین ،گەرەکە خۆپیشاندانێک ئەنجام درێت کە زۆرترین ژمارە بەشداری تێدا بکەن.ناکرێ ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی کاریگەر لە  خۆپیشاندانێکی چەند سەدکەسی بکەین.گەر خۆپیشاندان سەرتاسەری بێت ،گەر  بەرفراوانبێت،گەر هەرکەس زیاندمەندی ئەم دەسەڵاتەیە بەشداربێت تێیدا ،گەر  هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی  دەتبزوێنیت و بەم دۆخە ناڕازیت ،کەواتە لەسەرتە بەشداری لەخۆپیشاندانەکان بکەیت.ناکرێت کەسانێک[کە زۆرینەی خەڵکی هەرێمن] لە ماڵەوە لە شاشاشەی تێڤێکانەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن و پاسیڤ دانیشن و چاوەڕێبن خەڵک لە شەقام ڕەوشەکەیان بۆ بگۆڕێت.

هاوکات نادرووست و نالۆژیکە لە بەهاو کاریگەری خۆپیشاندان کەم بکەینەوە ،هەر لەژێر زەبری خۆپیشانداندا چەندین حکومەت و دەسەڵات لەکار کەوتوون.نزیکترین نمونە حکومەتەکەی عادل عبدولمهدی یە کە لەگەڵ ئەو پشتگیریە گەورەی ئەحزابی شیعە، مەلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ئێران بەهەموو توانایەوە پشتگیری بوون، بەڵام هێزو بەردەوامی و ئیرادەی خۆپیشاندەران خستیان، نەک هەر ئەو بەڵکو لەدوای ئەویش دووکاندیدیان بۆ هەمان پۆست  ڕەتکردەوە.

کەواتە یەکێک لە ئامرازە کاریگەریەکان خۆپیشاندانە،بەڵام بەوجۆرەی کە ئاماژەم پێدا.

ئامرازی دووەم مانگرتن و بایکۆتە ، گەر ئەمانەش بە شێوەیەکی دراسەبۆکراو، پلان بۆدانراو  ئەنجام بدرێن،هاوکات هەموو بوار و سەکتەر و بزاوتە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بگرێتەوە ،بەتایبەت ئەو کەرتانەی کە دەسکەوتی ماددیان بۆ جووت حیزب هەیە ،ئەوە بەدڵنیاییەوە  ئومێدی سەرکەوتن و سەرفرازی زیاتر دەبێت و فشارێکی مەزنیش  بۆسەر دەسەڵات درووست دەکات.

کەواتەگەر بێت و ئەم چالاکیانە پێکەوە گرێبدرێن و بکرێنە سەرمەشقی کارو بەرنامەی جەماوەری ناڕازی .هاوکات لەگەڵ ئەم کارانەدا  قۆستنەوەی دەرفەتی میدیا بەهەموو جۆرەکانیەوە،وەگەڕ خستنی لەخزمەت دۆزەکەدا ،بێگومان دەبێتە تەواوکەری ناڕەزاییەکان  و پەرە پێدانی ،کە بەدڵنیاییەوە کاری خۆی دەکات.

دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کێن و چ لایەن و حیزبك بەم ئەرکە قوورسە هەڵدەسێت.

خۆپیشاندانی خۆڕسک و غەیرە ڕێکخراو ،لەگەڵ ئەوەی چەند کاراو سەرچڵ و جەربەزە بێت ،هەمووکات سەرکەوتوو نابێت و  ئامانج ناپێکێت. بۆیە گرنگ و پێویستە ئەو بزاف و چالاکیە جەماوەریانە ،پێشڕەویان هەبێت،تا درووشمەکان بەپێی ڕۆژ  و ڕەوش دیاری بکات ،تاکاتیک و جوڵەیان ڕێک بخات ، لیژنەو گرووپی کاریان لێ درووست بکەن، کادێرەکانیان ئامادەبن لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان وناڕەزاییەکاندا دەرکەون.

ئەو لایەنانەی دەتوانن بەم ئەرکە هەستن و پێشڕەوایەتی ناڕەزاییەکان بکەن، نوێنەرانی هەژارو چەوساوەکان،چەپەکان، ئەخزابی ئۆپۆزشیۆن[ئەوانەی بەکردار ئۆپۆزشیۆنن]،ئازادیخواز و  مرۆڤدۆستان و هەر لایەن و گرووپ و کەسێک خۆی لەخانەی دژ بە ستەمکاری دەسەڵات دەبینێتەوە.

ئەمانە پێکرا لەبەرەیەکی تۆکمەو خاوەن پلان و بەرنامەیەکی واقیعی  کە خواستی خەڵکی ستەملێکراوی تێدا بەرجەستە بکرێت ،درەنگ یا زوو دەتوانن دەسەڵاتی گەندەڵ بڕوخێنن.

گەر ئیرادە بەهێزبێت، گەر ویست و ئارەزوو بوونی هەبێت ،گە بڕوای تەواو هەبێت بەوەی کە جگە لە نەمانی ئەم دەسەڵاتە هیچ چارەسەرێکی تر بۆ قەیرانەکان نیە،گەر ئەو قەناعەتە درووست ببێت کە  مانەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە ،یانی پتر و پتر هەژار بوونی تۆ و زیاترو زیاتر دەوڵەمەندبوونی دەسەڵاتداران، گەر هەر تاکێک هەست بەوە بکات کە کێشەو قەیرانەکان درەنگ یا زوو ئەویش دەگرێتەوە، گەر هەر هاوڵاتیەک خۆی بە بەشێکی کارا  لە پرۆسەی  خستنی  دەسەڵاتدا ببینێتەوە،ئەوە  گەر  دەسەڵاتی مافیا و گەندەڵی پێ نەرووخێت ، بەدڵنیاییەوە هێندە لاواز دەبێت کە جیتر نەتوانێت وەک پێشتر حکوم بکات، مەرجیشە ئەم بزاوتە ناڕەزاییانە  بەردەوامیەت وەربگرێت و لە نیوەی ڕێگا نەوەستێت ،چونکە بەردەوامیەت و سووربوون لەسەر گەشتن بەئامانج ،ئەویش فڕێدانیانە بۆ نێو زبڵدانی مێژو.

خۆلاسەی کەلام ،گەر پێناسەیەکی درووست بۆ  سەرانی دەسەڵات بکەین دەتوانین بیانشوبهێنین بە ماسی بۆگەن، دیارە ماسیش لەسەرەکەیەوە بۆگەن دەبێ ،بۆگەنیش دەبێ فڕێ بدرێت.کەواتە لەمێژە ماسیەکانی دەسەڵات لەسەرەوە بۆگەن بوون و پێویستە هیمەت بکرێت بۆ  فڕێدانیان..




بۆ ئەرسەلان بایز وبایزەکانی دیکە ،لێدانی ئەم قەوانە سواوە ڕابگرن … گۆران هەڵەبجەیی

[گەر بەرامبەر خەباتم پارەم وەربگرتایە،ئیدی لە خەباتگێڕەوە دەبووم بە جاش.] نیلسۆن ماندێلا
لە مێژە بە نیازم دەربارەی ئەم دەستەواژەیە بنووسم کە دەڵێت[ئەم دەستکەوتانەی ئێستا بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی شەهیدەکانمانە.]
وەلێ هەرگیز دەرفەتم بۆ نەڕەخسا،لێ ئێستا ئەرسەلان بایز ناچاری کردم کە چیتر ئەو بابەتە پشتگوێ نەخەم.
ئەم ڕستەیە ،دەستەواژەیە بەردەوام لە لایەن سەرکردە فاشیلەکانی ڕێبازی کوردایەتیبەوە بە جۆرەها شێوە و لەجۆرەها فۆرمدا بەکار دەهێنرێت ،کە نوێترینیان لەلایەن ئەرسەلان بایزەوە بوو. هەر کاتێک شەپۆلی تووڕەیی و بێزاری خەڵکی ستەملێکراوی دەستی قارەمانەکانی کوردایەتی دەگاتە ئاستێکی بەرز ،ئیدی ئەم بلیمەتانەی گەندەڵی دەست دەکەن بە گیرفانیانداو ئەم قسە پڕوپووچ و بێ ئەرزشانە دەدەن بەڕووی خەڵکدا.
دوو مەبەست لە ژێر هەزاربارەکردنەوەی ئەم قەوانە ژەنگاویەوە خۆی حەشارداوە، یەکەم قەرزاربارکردنی خەڵکە بە تێکۆشان و ماندووبوونیان،دووەم بێدەنگکردنی خەڵکیە تا داوای مافەکانیان نەکەن و سوپاسگوزاربن بەوەی کەهەیە و بەئاقڵی دانیشن .لە ڕێگەی ئەم درووشم و وتارە قەبانەوە ،دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن کە دەڵێت[ گەر خەباتی ئێمەو خوێنی شەهیدان نەبوایە ئێوە ئەم ژیانە خۆش و ئاسودەتان نەدەبوو].
هەوڵەدەم لێرەدا ڕوونیبکەمەوە و بە لۆژیک بیسەلمێنم کە ئایا ئەم دۆخەی ئێستا، بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدانە یا نا .
لە زۆرترین حاڵەتدا و لەکن نەتەوە چەوساوەو ژێردەستەکان، ئامانج لە شۆڕشی چەکداری گەشتنە بە دونیای سەرفرازی و شکاندنی کۆتی چەوساندنەوە و دەربازبووب لە ژیانی نکولیکردن لە ماف و ئازادی ،و لە پێناو دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و ژیانێکی پڕ کەرامەتە بۆ هاوڵاتیان.ئەمەش تەنها لەو حاڵەتەدا دێتە دی کە شۆرشە چەکداریەکە ئامانجی خۆی بپێکێت و بگاتە دوا مەنزڵ و شۆڕشگێڕان لە لولەی تفەنگەکانیانەوە سەرفرازی بەدەست بهێنن ،یاخود بەدیوێکی دیکەدا شۆڕشگێڕان نەتەوەی سەردەست ناچاربکەن کە مل بۆ داخوازیەکانیان بنێت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند نمونەیەکی بەرجەستەکراو لەو شۆڕشە چەکداریە سەرکەوتووەکان بهێنمەوە کە لە ئاکامی خەباتیاندا دەسەڵاتیان گرتە دەست و گۆڕانکاری بنەڕەتیان لەسیستەمی حکوم وژیانی خەڵکدا کرد ،لەوانە:

  • شۆڕشی چین بە سەرکردایەتی [ماو]
  • شۆڕشی کوبا بە سەرکردایەتی [کاستر و جی ڤارا]
  • شۆڕشی جەزائیر بە سەرۆکایەتی[ئەحمەد بن بلە و هواری بۆ میدیان]
  • شۆڕشی ڤێتنام بەسەرکردایەتی [هۆشی منە]
  • شۆڕشی فەلەستینیەکان[تا ڕادەیەک]
    شۆڕشەکانی نیکاراگوا،سلڤادۆر،ئەنگۆلا ،مۆزەمبیق و چەند شۆڕشێکی دیکە.
    سەرجەمی ئەم شۆڕشانە لە ئاکامی خەباتێکی درێژخایەن و سەخت و دژوار و بەختکردنی گیانی هەزارەها شۆڕشگێڕو سڤیل هاتنەدی.پاش سەرکەوتن شۆڕشگێڕان ئەو خەباتەیان بە هاوڵاتیان نەفرۆشتەوەو بەردەوام نەیاندایەوە بەڕوویاندا، پۆزیان بەسەر خەڵکدا لێنەدەدا،بەڵکو بە بێدەنگی لە فۆرمێکی نوێدا درێژەیان بە تێکۆشاندا.
    گەر پێناسەیەکی کوورت و لۆژیک بۆ[ شۆڕشی] چەکداری باشوور بکەین دەبینین ئاکامەکەی بە هیچ جۆرێک لەو شۆڕشانە ناچێت کە ئاماژەم پێداون.
    شۆڕشی باشوور نە ڕژێمی گۆڕی، نە خاکی کوردستانی ئازاد کرد و نە دەسڵاتی ناوەندی ناچار کرد تا دان بە هەندیک لە مافەکانماندا بنێت.
    بە پێچەوانەوە ئاکامی شۆڕشی کورد بۆ خودی کورد ، بریتی بوو لە کۆمەڵێک کارەسات و تراژیدیای خوێناوی ،کە هەرگیز لە یادەوەرماندا ون نابن.
  • لەدەستدانی ئەو کەمە دەڤەرەی کە بەدەست پێشمەرگەوە بوون.
  • ئاشبەتاڵێکی دیکەی هێزی چەکداری
  • وێرانبوونی سەرجەم گوندەکانی کوردستان،لەگەڵ چەندین شارو شارۆچکە.
  • لە نێوچوونی نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی لە پرۆسەی ئەنفالی بەدناودا
  • گیان لەدەستدانی ٥٠٠٠ خەڵکی هەڵەبجە لە ئاکامی کیمیا باراندا
  • کووشتنی ٨٠٠٠ بارزانی
  • لەسێدارەدانی هەزارەها گەنجی کورد لە زیندانەکانی بەعسدا
  • تەعریبکردنی زۆرێک لە باژێڕ و گوندە کوردیەکان
  • گەیاندنی زیانێکی گەورە بە ژینگەی کوردستان
    جا گەر ئەم خاڵانە بخەینە بەرچاو وە لەگەڵ ماناکانی شۆڕشدا بەراوردیان بکەین ،دەبینین کە ئەوەی لەمەڕ خۆمان شۆڕش نەبووە ،بەڵکو بزافێکی چەکداری کارەسات هێنەر بووە.
    بۆیە پۆزلێدانی سەران و سیاسیەکانی کورد بەو شۆڕشەوە هەرگیز لەشوێن خۆیدا نیەو هەرگیز جێگەی شانازیش نیە.
    ڕاستە ئێوە چەند ساڵێک لەتەمەنی خۆتان لە شاخ بەسەربرد لەگەڵیدا ناخۆشی و چەرمەسەری و نەهامەتیتان دی ،بەڵام بۆخۆتانتان کرد نەک بۆ گەل، بەوەی ئێستا خۆتان سوڵتانانە دەژین و گەلیش وەک کۆیلە.
    ڕاستە کە ژمارەیەکی زۆر گەنجی نیشتمانەکەم لە پێناوی پەیامێکی پیرۆزدا لەشاخ و لە ژێر پەتی سێدارەدا گیانیان بەخشی، بەڵام بەداخەوە خوێنیان بە فیڕۆچوو، بەوەی ئێوە ناوی ئەوانتان کردە بەردەباز بۆ پتر دەوڵەمەندبوون و خانەوادەکانیشیان پشتگوێ خراون و لەدۆخێکی دەروونی خراپدا دەژین ،کە کەس ئیرەییان پێنابات. ئەمە جگە لەو سوکایتیەی ئێوە بەو شەهیدانەتان کردوە،ئەویش بە ئامێتەکردنی ناوی کۆمەڵێک سەرۆک جاش و موستەشار و خۆفرۆشی مردوو یا کوژراو ،لەگەڵ ناوی پیرۆزی شەهیداندا .

لەیادمان نەچێت دوای ئەنفال جگە لەمانەوەی چەند مەفرەزەیەکی سەربەخۆ و سەرکێش لە دەڤەرە سنووریەکاندا ، هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی چەکداری خاوەن سەرکردایەتی کۆتایی هاتبوو ،دووچاری شکستی و ئاشبەتاڵ بوو،زۆربەی هەرەزۆری پێشمەرگەو بەرپرسەکانیان نیشتەجێی کەمپەکانی ئێران بوون یا لە هەوڵداندا بوون بۆ گەشتن بە ئەوروپا ،یا خۆیان تەسلیم بە ڕژێمی بەعس کرد. بەکورتی و کوردی شتێک لە ئاڕادا نەمابوو بەنێوی شۆڕش و پێشمەرگە. جا ئەوەی پڕوپاگەندەی ئەوە بکات کە ئەم دۆخەی ئێستا بەرهەمی خەباتی ئەوانە ،ئەوە دوورە لە ڕاستیەوە و شانازی کردنیش پێیەوە لە جێگەی خۆیدا نیە.
ئەوەی کە هەیە و ئێوە بەدەسکەوتی خۆتانی دەزانن تەنها ئەنجامی [حەماقتی]سەدام حسین بوو کە لە ئاکامی داگیرکردنی کوێتدا دۆخێکی نوێ لە باژێرەکانی ئێراق و کوردستاندا هاتە ئاراوە ، کە ڕاپەڕینی لێ پەیدابوو ،وە خەڵکی ڕاپەڕیوی شۆڕشگێڕ داوموودەزگاکانی بەعسیان ڕاماڵی. پاشان هەڤاڵانی [شۆڕشگێڕ] لە ئێرانەوە هاتن بەمدیوداو سواری شەپۆلەکە بوون و خۆیان کرد بە خاوەنی ڕاپەڕین و لەو ڕێگەشەوە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد،کە تاڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە .
گەر حەماقەتی سەدام نەبوایە کە ئێوەی گەندەڵی گەیاندە دەسەڵات لەوانەبوو تا ئێستاش لە کەمپەکانی ئێراندا سەرەتان بۆ ئازووقە بگرتایە.
جاگەر شتێکی نوێتان پێنیە بیبەخش بە خەڵک،گەر ناتوانن ژیانێکی ئاسودەو پڕ کەرامەت بۆ خەڵکی بەشمەینەت دابین بکەن ،کەواتە وازبهێنن لە فرۆشتنەوەی شۆڕشی شکستخواردوو بە خەڵک ،بەسە لێدانی قەوانی کۆن ،چونکە بووەتە مایەی بێزاری و چیتر کەس گوێی لێناگرێت.خەڵک دەیەوێت گوێ لە ئاوازێک بگرێت کە ئاسودەیی و ئارامی بۆ بهێنێت نەک بێزاری بکات.




مەلا شەهوەتبازەکان و مۆراڵی گشتی … گۆران هەڵەبجەیی

لە دوای ڕاپەڕینەوە وە بەهۆی خەمساردی دەسەڵاتی کوردیەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ ڕەوت و کەسە ئیسلامیە توندڕەوەکان ڕەخسا. بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی ژمارەیەک مزگەوت و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و تا ڕادەیەک شەقامیشیان کەوتە دەست. هەر یەک لەو مەلاو ڕەوتانە مێشکی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی کوردیان شووشتەوە و بۆ بەگژاچوونی نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنان. ئەو مەلاو بانگخوازانە بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەکان و لە سۆشیال میدیکانەوە ،هەروەها لە هەر شوێنێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت هێرشیان کردوەتە سەر مۆراڵی گشتی بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە، بە ئەقڵیەت و لێکدانەوەی خۆیان و هەندێک جاریش پشتبەستن بە هەندێک دەقی قورئان، پێناسەی مۆرالیان کردوە. بەجۆرێک لە دەرەوەی ئیمانداری هیچ پانتاییەک نەماوە مرۆڤەکان خۆیانی تیدا نمایش بکەن و هەناسەیەکی ئازادی تێدا هەڵمژن.
ئەمانە خۆیان کردوەتە وەکیلی خوا لەسەر زەمین، وانیشان دەدەن کە کۆی چەمکەکانی ئەخلاق تەنها لای ئەوانە و لەدەرەوەی ئەمان هەموو بزاوتێک جیگەی گومانەو بەشێکە لە بێ ئەخلاقی .هەر بۆیەش کەسێک بیەوێت مۆراڵداربێت و بەشێکی بەر بکەوێت گەرەکە ئەوان پێێ ببەخشن.
هەر شتێک کە مایەی جوانی و خۆشەویستی و کیف و ڕابواردن بێت ، یاخود کارێک هزری مرۆڤەکان دەوڵەمەند بکات و مەودای دنیابینیان فراوان بکات یا هەر بزاوتێک کاری بەهرەمەندی تێدا بەدی بکرێت ، یاخود چالاکی خانمان و دەرکەوتنیان ،کاری ڕووناکبیران ، هونەرمەندان ، چەپ و ئازادیخوازان ، پەێڕەوەکەرانی ئاین و ئاینزاکانی دیکە ، گۆرانی گووتن، هەڵپەڕکێ، سەیران ،گوێگرتن لە موزیک ، پۆشینی جلی جوان، بۆن لەخۆدان و میکیاج. مەشروب خواردنەوە وینەگرتن سەردانی سینەماو پێشەنگا ، ناونانی منداڵ بەناوی کوردی و زۆر شتی دیکەش ،هەموو ئەمانە دەچنە لیستی حەرامەکانەوە و لەلایەن ئەو جۆرە مەلا و بانگخوازانە دژایەتی دەکرێن و بە پێی شەرع و بەناوی خوداوە حەرامی دەکەن .

سەیر لەوەایە ئەم مەلا تووندڕەوانە لەبری پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەیی و چاندنی نەمامی ئاشتی و تۆلەڕانس ، بە ناشیرینترین و ناشاستانیترین ڕیگە پەیامەکانیان دەیگەیەنن ،ئەویش لەڕێگەی زمانی زبر، هەڕەشە، تەکفیر، جنێو ، سوکایەتی و درۆ و بوختانەوە دەیگەیەنن.
ئەمانە لەبەرچاوی میدیا و خەڵکی ئیماندار و گەنجە هەڵخڵەتاواکانی ژێر دەستیان ، وا خۆیان نمایش دەکەن بەوەفاترین {بۆ هاوسەرەکانیان} ، خاوێنترین ، بە ڕەوشتترین ،هێمنترین ،بەئیمانترین مەخلوقی سەرزەمینن، وەلێ لە ڕاستیدا وا نیە، زۆرێک لەم مەلاو بانگخوازنە لە بێڕەوشتیدا وێنەیان نیە ، جا کیشەکە لەوەایە بڕێک لەم بەدڕەوشتیەیان شاراوەیە و هەوڵیش دەدەن بە نهێنی بمێنتەوە . مەگەر تەنها ئەو کاتانە دەربکەون کە فەزاحەتێکیان ئاشکرا دەبێت.
تا ئێستا دوو لەمانە لە قافدا گیروان و ڕسوابوون ، یەکێکیان عەبدول لەتیف سەلەفیە کە زۆربەمان گوێداری تەلەفۆنە غەرامیەکانی بووین لەگەڵ {چاوانی} خاوەن مێرددا کە ئەم لەتیف سەلەفیە لە هاوسەرەکەی خۆی هەڵگەڕانەوە و بەخێرای لەخۆی مارەکرد . تەنانەت ڕێزی لە شەرع و یاسای ئاینەکەیشی نەگرت، [سەبارەت بە ماوەی تەڵاقدان و سەرلەنوێ مارەکردنەوە لە کەسێکی تر،کە پیم وابێت دوو مانگە].
دووەمیان مەلا هەڵۆ یە کە لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا گوێمان لە قسە عەشقبازیەکانی بوو لەگەڵ خانمێکدا. ئەم مەلا هەڵۆیە بەردەوام ئامۆژاگاری خەڵکی دەکرد تا دووربکەونەوە لە خۆشیەکانی ژیان ،چونکە حەرامن . هەر بەوەوە نەوەستا بەڵکو خانمێک کە تەنها گۆرانی گووتووە و کەسانێکیش لە گەڵیدا هەڵپەڕیون ،بێ ڕەوشتی کردن، یا لە شوێنێکی تردا دەڵێت ،ئەو خانمانەی بۆن لەخۆیان دەدەن فاسد و دۆزەخین .
لە ڕێگەی ئەو تەلەفۆنەوە دەمامکەکەی مەلا هەڵۆ کەوت وە دەرکەوت کە کەسێکی ناپاکە بەرامبەر بە هاوسەرەکەی و لە ژێرەوە خیانەتی لێ کردوە و کەوتووەتە داوی عەشقەوە. ئەو وشانەی مەلا هەڵۆ بەرامبەر بە عاشقەکەی بەکاری دەهێنان ،هێندە بازاڕین هێندە ئاست نزمن ، مەگەر تەنها لە فەرهەنگی ئەودا بوونیان هەبێت.
سەیر لەوەدایە هەر دوو مەلا، پێشتر باسی ناشەرعیەت و حەرامی خۆشەویستی دەکەن لە نیوان کچ و کوڕدا ،تەنها ئەو خۆشەویستیە بەشەرعی و پاک دەزانن کە بۆ خوایە. کەچی خۆیان لە دەبڕینی خۆشەویستیاندا بۆ عاشقەکانیان هەر یەکەیان دەڵێت، {هیچ خۆشەویستیەک لە دڵمدا نەماوە نیە و هەموو شتیکم لە بیر جووەتەوە تەنها خۆشەیوستی تۆ نەبێت } .ئەوانەی کە خیانەت لە هاوسەرەکانیان دەکەن ،هەر یەکەیان گەر چوار یا سێ ژنی نەبیت ئەوە دوانی هەیە ، کەچی هەر تێرنابن و لە شەهوەتبازی دەگەڕێن.
تا ئێستا تەڵەکە تەنها ئەم دوانەی پێوە بووە ،بێگومانم کە هی تریش هەن هەمان کاریان کردوە ، بەڵام تا ئێستا ئاشکرا نەبوون .با چاوەڕێ بین بزانین فیلمی داهاتوو دەربارەی چ بانگخوازێکی تووندڕەو نمایش دەکرێت.
جێگەی خۆیەتی پرسیاریک ئاراستەی شوینکەوتوانی ئەم مەلا شەهوەتبازانە بکەم ،ئایا شەرم ناتانگرێت کە دەبینن ئەو کەسەی کە لە دیدی تۆدا نمونەی ئەخلاق و ئیمانداری و زانایی و پیاوچاکی بووە و بەسەرسامیەوە گوێت بۆ وتار و قسەکانی گرتوە و لەوانەشە هەندیک جار بە کاریگەری قسەکانی گریابیت ،ئایا ئێستا تووشی حەپەسان نابیت کە دەبینیت نمونە جوانەکەت کەوتووەتە زەلکاوی خیانەتی زەوجی و بەدرەوشتیەوە؟ تاکەی ئێوە ڕیگە بە خۆتان دەدەن ئەم جۆرە مرۆڤە بێ ڕەوشتانە بە ناوی ئاینەوە گەمە بەهەست و سۆزو ئەقڵتان بکەن و وەک منداڵ بتان گریەنن ،کەچی خۆیان تەواو خاڵین لە ئەخلاق؟
ئەم جۆرە مەلاو سومبوڵە ئیسلامیانە کە سەرچاوەی تووندووتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕوق و کینەنن و دژی کایە جوانەکانی ژیانن ، گەرەکە هەمیشە زوومیان بخرێتە سەر و ڕسوابکرێن و چیتر ڕێگەیان پێنەدەن وانەی ئەخلاق بەخەڵک بڵێنەوە لە کاتیکدا کە خۆیان نیانە.




ئاراستەکانی ئۆپۆزسیۆن بوونی حیزبی شیوعی کوردستان … گۆران هەڵەبجەیی

لەم دەورەی پەرلەماندا حیزبی شیوعی کوردستان کە تاکە کورسیەکی بەدەست هێناوە، ئۆپۆزشیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند. واتە بەشداری لەم کابینە نوێیەدا ناکات کە بڕیارە مەسرور بەرزانی پێکی بهێنێت.
ئەم بڕیارە گەر چی درەنگ هات بەڵام بووە مایەی خۆشحاڵی قەواعیدی حیزب و جەماوەرەکەی کە بڕیارێکی درووست و پێوستیەکی هەنووکەیی قۆناغەکەیە .
ئەوەی جێگەی تێڕمانە لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن بڕێک لەسەرانی پارتیەوە چەندین پێناسەی نا درووست بۆ معارەزەبوونی حیزب کراوە ، ئەمەش بە مەبەستی بێ بایەخکردنی ئەو هەڵوێستەی حیزبە .بەداخەوە هەندێک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزبیش بەهەڵە پێناسەی موعارەزەبوونیان دەکرد . دیارە بەم بۆچوونە نادرووستانە هەوڵدەدرێت ڕەهەندو خەسڵەتەکانی معارەزەبوون لە سیاقی سرووشتی خۆی دووربخەنەوە تا هیچ دەورو کاریگەری نەبێت.

ئەوەی بڕێک ئاگاداری ڕەوشی سیاسی و ڕەوتی بەڕیوەبردنی دەسەڵات و ئەدای پەرلەمان بووبێت لە ساڵانی ڕابردوودا ،لە ژێر هەژموونی جووت حیزبی باڵادەستدا بۆی ڕووندەبێتەوە کە ئەو دوو حیزبە بەردەوام هەوڵیانداوە کە ئەو دامەزراوانەی گەرەکە لەژێر چاودێریدا بن ، لە بەهاو گرنگیان بەتاڵ بکەنەوە و بیانکەنە جەستەیەکی بێ بزاوات بێ کەڵک کە سەرکەوتووش بوون تێیدا.
گرنگە بپرسین کە حیزبمان چ ئاراستەیەک دەگرێت لە ئۆپۆزشیۆن بووندا وچۆن و بە چ میتۆدێک ئۆپۆزشیۆن دەبێت؟
ئاشکرایە کە ئەزموونی نزیکەی [30] ساڵی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەری خستووە کە سیاسەت و بەرنامەیان لە بواری ئابووریدا لەبەرژەوەندی چینێکی دیاریکراوی سەرمایەداری {هەڵتۆقاو}دایە کە تەنها بیر لە کۆکردنەوەی سامان دەکات، ئەویش بەڕێگەی نا یاسایی و ناشەرعی ،کە تێدا هیچ نرخ و بەهایەک بۆ ژیانی هاوڵاتیان دانانێت ، بەجۆرێک هەژاران تا دێت هەژارتر دەبن و ئەوانیش تا بێت سەرمایەکانیان کەڵەکەتردەبێت.
لەڕووی سیاسەت و پاراستنی خاک و نیشتمان پەروەریەوە، دیسان دەرکەوت کە لەکن ئەو دوو حیزبە لەبەرنامەو ئەجندایاندا شتێک نیە بەنێوی دۆزی کورد وپاراستنی خاکی کوردستان ، بەڵکو هەردەم ئەم چەمکەیان کردوەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان و بازرگانیان پێوەکردووە و هەرکات وڵاتانی دراوسێ{ئێران و تورکیا} و حکومەتەکانی عێراق بڕێک ئیمتیازاتیان پێدابن ،ئەودەمە دۆزی کوردو خاکی کوردستان و [ئاسایشی نەتەوەیی] یان هەراج کردووە.

جا لەم دۆخە نوێیەو لە دەمی دەستبەکاربوونی کابینەی مەسروردا، گەمژەییە گەر چاوەڕێی گۆڕانکاری لە ئەقڵیەت و سیاسەتیاندا بکەین و بیر لە دەسەڵات و پەرلەمانێکی تەواو جیاواز لەوانەی پێشوو بکەینەوە .
بۆیە پێویستەو زۆریش پێویستە ،حیزبمان بەدرێژایی هیڵ معارەزەیەکی جەسوور و سەرچڵ بێت و بەپێی بەرنامەیەکی تۆکمە و واقیعی ببێتە داکۆکیکاریکی سەرسەخت لە چینی هەژاران و کەم دەرامەتەکان و دژ بە سیاسەتە سەپێنراوەکانی سندوقی دراوی نیو دەوڵەتی بوەستێتەوە .ئەمەش تەنها یەک جۆر ئۆپۆزشێون دەخوازێت ویەک پێناسە هەڵدەگرێت کە بریتیە لە {ئۆپۆزشیۆنی شۆڕشگێڕانە} .

ئۆپۆزشیۆنی شۆرشگێرانەش نە سازش دەکات و نە نەرمی دەنوێنێت و نە سڵ لە دەسەڵات دەکاتەوە و نە گوێ بە فشارو هەرەشەکانی ئەو دەسەڵاتە دەدات. ئۆپۆزشیۆنی کاراو شۆڕشگێڕ یانی وەستانەوە بەڕووی هەر کردەو جوڵەیەکی دەسەڵات کە ناچێتە خانەی خزمەت و بەرژەوندی چینی کرێکارو خەڵکی هەژارەوە . ئۆپۆزشیۆنی جددی یانی ڕەخنە و ڕسواکردنی هەر هەنگاوێک کە سەروەری خاکی کوردستان و دۆزەکەی دەکاتە جێگەی مساومە .ئۆپۆزشیۆنی جددی و شۆڕشگێڕانە یانی بەئاگا هێنانەوەی دەسەڵات و چاودێریکردنی لە هەر خەمساردی و پشگوی خستنێک لە مەسەلەی داکۆکی سەربەخۆیی بڕیارو سیاسەتی درووستی کوردستانیانە .
ئیدی بەدەر لەم جۆرە ئۆپۆزشیۆنە هەر ناو و فۆرمێکی دیکەی ئۆپۆزشیۆن وەک{ ئۆپۆزشیۆنی ئیجابی یا نەرم} خۆ هەڵخڵەتاندنە و ناچێتە خانەی ئۆپۆزشیۆنەوە ،بەڵکو ئەوە ڕازیکردنی دەسەڵات و تەسلیم بوونە بە فشارەکانی، کە پێدەچێت لە ئایندەدا درووستببن .

دەسەڵات بۆئەوە دێتەکایەوە کە خزمەت بکات و ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکی داون جیبەجێیان بکات ، جا گەر لەم میانەدا کارێکی باشی کرد ،[ کە لەوبڕوایەدا نیم بیکات]، واتە بەشێک لە بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردوە ،کە لەبەرنامەکەیدا هاتووە، بۆیە ئەوە کاری ئۆپۆزشیۆن نیە دەستخۆشی لێبکات ،یا بە دەسکەوتێکی مەزن هەژماری بکات، چونکە ئەوە ئەرکی ئەو نیە .
لە بەرامبەردا ئۆپۆزشین ئەرکی ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتە لەو کارانەی کە پێوستە ئەنجامیان بدات و ،ئەنجامی نەداون . یاخود وەستانەوەیە بەڕووی ئەو یاساو پێشنیارانەی لە پەرلەمان لەدژی بەرژەوەندی خەڵک دەردەکرێن..
گەرەکە ئۆپۆزشیۆن شلگیرانە لەتەک خەڵکی مافخوارو بەشمەینەتدا بێت و هەست بە ئازارەکانیان بکات و سەرسەختانە داکۆکی لە داخوزیەکانیان بکات . تەنها ئەم جۆرە ئۆپۆزشیۆن بوونە دەتوانێت حیزب بخاتە ئاستێکی باڵاوە و پێگەی خۆی بەهێزبکات و لەکن خەڵکی چەوساوە خۆشەویست و مەقبول بێت .

دیارە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە گرنگە، لەسەر حیزبمان پێوستە هەموو ئۆرگانەکانی بخاتە کارو وەک یەکەیکی چالاک کاربکەن ،زۆر گرنگە لە هەموو ڕێکخراوەکانی حیزبدا لیژنەی کاری سیاسی وجەماوەری دابمەزرێن و هاوڕێ چالاکەکان ڕۆڵی تێدا بگێڕن. هاوکات ڕێکخراوە جەماوەریەکانی سەر بە حیزب ئەکتیڤ بکرێن و هەر ڕێکخراوێک و ئۆرگانێک لە بواری خۆیدا دەنگو ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت .
فاکتەرێکی دیکەی گەرنگ کە پێوستە حیزب ڕەچاوی بکات و کاری بۆ بکات ، هاودەنگی و هاوهەڵوێستی و کاری هاوبەشە لەگەڵ حیزب و لایەن و کەسایەتیە چەپەکان ،ئازادیخواز و دیموکرات خوزەکاندا ،لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش . ڕێپێوانەکانی سلیمانی و هەولێر بەبۆنەی [1] ی ئایارەوە دەریانخست کە کاری هاوبەش چەند گرنگی هەیە.
بۆ بەرجەستەکردنی ئۆپۆزشیۆن بوون ، حیزب پێویستی بە بڕیاری شۆڕشگێڕانەو بوێرانە هەیە ،هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەش حیزبمان پێوستی بە کەسی بوێرو بەتوانا و شارەزا هەیە . بەداخەوە هاوڕێ دکتۆر محێدین ئەو کەسە نیە کە بتوانێت لە پەرلەماندا ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە لێی چاوەڕوان دەکرێت . لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا{5.8} بۆ دەنگدان لەسەر یاساکانی پەیوەست بە سەرۆکی هەریم ،چاوەڕێی ئەوەدەکرا کە لەدژ دەنگ بدات ،کە ئەوە سیاسەتی حیزبە ، لێ مەخابن هیچ مناقەشەیەکی نەبوو لەسەر بڕگەکان ،وەک ئەندامانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان تەنهادەستی بەرزدەکردوە دەنگی بە پێشنیاریک دەدا کە دژ بە سیاسەتی حیزب و بۆچوونی زۆرینەی قەواعدی حیزب بوو.

بێگومانم کە زۆرێک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزب هاوڕانین لەگەڵ ئەم دەنگدانەدا، جا بۆیە گرنگە سەرکردایەتی لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە بۆ هاوڕێ محێدین دەنگی بەو یاسایانە داوە.
گەر ئەو هاوڕێیە بەم جۆرە نوێنەرایەتی {ئۆپۆزشیۆن بوونی} حیزب بکات ،دەبێ لە ئێستاوە گومان لە سەر ئەو ئۆپۆزشیۆن بوونە بکەین ودەستی لێ بشۆین.
لە دەورەی ڕابردوودا کە حیزب ئۆپۆزشینیش نەبوو هەڵوێستەکانی لە چاو ئێستادا زۆر ڕادیکاڵانەترو بوێرتر بوو ،بە تایبەتی هەڵوێست و چالاکیەکانی ئەبو کاروان.
گەر حیزب ،بەتایبەتی سەرکردایەتی بڕیاردەر ،دەخوازێت بەجددی معارەزە بێت ، دەبێت ئەندام پەرلەمانەکەمان و هەموو ئۆرگان و هاوڕێیانی حیزب، جۆرێکی تر کار بکەن .

نابێت هەرگیز مجامەلەی دەسەڵات بکرێت تا لێمان نەڕەنجێت. هاوکات ناکرێت حیزب هەوڵی ڕازیکردنی دەسەڵات بدات و لەولاشەوە درووشمی داکۆکی لە خەڵک بەرزبکاتەوە. ئەمە دووشتی دژ بەیەکن ، لەسەر حیزب پێوستە یەکێکیان هەڵبژێرێت. جا بۆ ئەوەی حیزب بوونی خۆی وەک معارەزەیەکی کاراو دڵسۆز وازی بکات ،گەرەکە بەرەی خەڵکی هەژار هەڵبژێرێت. نابێ حیزب گوێ بەو پەرچەکردارانەی دەسەڵات بدات، مادام پێگەی معارەزەبوونی هەڵبژاردووە .




بەڵێ بۆ لەسێدارەدانی ژنکوژان …. گۆران هەڵەبجەیی

دەربارەی ژنکوشتن یا بەکارهێنانی زەبروزەنگ و سوکایەتی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە، [نوال سعداوی] هۆکارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی کە بریتین لە [ ئاین واتە ئاینی ئیسلام، ، دابوونەریتی داواکەوتوو ،دەسەڵات وەک دەزگایەکی کەمتەرخەم و ڕێگە خۆشکەربۆ تووندووتیژی].
ئەم فاکتەرانە پێکڕا بۆ ماوی نزیکەی {30} ساڵە بوونەتە هۆکار و پاڵپنەر بۆ کووشتنی هەزارەها ژنی بێتاوان لە کوردستاندا. کەم هەفتە هەیە گوێبیستی کوشتنی ژنێک نەبین ،ئیدی بە خۆسووتاندن ،کووشتن بە فیشەک، خنکاندن و شێوازی دیکە. لەبەر ئەوەی مێینە کووشتن بوەتە دیاردە هەر بۆیەش زۆر بە ئاسانی قەبوڵ کراوەو وەک کارێکی ڕۆتین سەیرکراوە ، پاش یەکدووڕۆژ لە باسکردنی تراژیدیایەکی ژن کووشتن لە میدیاکان و دەربڕینی ناڕەزایی و پرۆتەستی هەندیک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی ئافرەت ،ئیدی تا ڕوودانی تراژیدیایەکی دیکە دیتە گۆڕێ هێدی هێدی لە یاد دەکرێت.
هۆکاری تەشەنکردنی ئەم دیاردە ترسناکە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئەو سێ خاڵەن کە دکتۆرە [نوال سعداوی] بەجوانی دەستی خستوەتە سەریان.
یەکەم فاکتەر کە ئاینە بە تایبەتیش ئاینی ئیسلام ،لە تەکستەکانی قورئانەوە بگرە تا فەرموودەکان و قسەو هەڵوێستی ئەمڕۆی دونیای فوقەهاکانی ئیسلام ، هەموویان بە تووندترین شێوە، ناشیرینترین شیوە، بێبەزەیترین و نا ئینسانیترین شێوە دەربارەی ڕەگەزی مێینە ڕەفتار دەکەن و ئامۆژگاری بە پیاوان دەدەن کە بەپێی بنەماکانی ئیسلام لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا بجوڵێنەوە ، لە کۆتایدا ئەم ئامۆژگاریە ژەهراویانە زۆر جار دەبنە هاندەر و پاڵنەر بۆ پیاوان کە بەخواستی مەلاکان و بە پێی فەرمان و عەقیدەی ئیسلامی مامەڵە لەتەک هاوسەر ،خوشک، کچی خۆیاندا بکەن.

مەسەلەی لێدان لە هاوسەر لە ئیسلامدا قەدەغە نیەو تەنانەت پەیامبەر خودی خۆی ئەم کارەی زۆر جار بەرامبەر بە ژنەکانی و بە تایبەت بەرامبەر بە عائیشە کردوە. تەنها مەرج ئەوەبووە کە ئاسەواری لیدانەکە بەجەستەیەوە دیار نەبێت. ئێستاشی لەگەڵدابێت لە کەسایەتیەکی ئیسلامیم نەبیستوە کە دژی لێدانی هاوسەر بێت ،بەڵکو بە ئامانەتەوە پەیڕەوەی دەکەن .ئەوەتا یەکێک لە بانگخوازە ئیسلامیەکانی عەرەب بە نێوی [دکتۆر محمد شحرور] لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا جەخت لەسەر لێدانی ژن دەکاتەەوە دەڵێت : {ان الله كرّم المرأه بعقوبه الضرب} ،
واتە خوا پاداشتی ژنانی بە سزای لێدان داوەتەوە .پیاوانی ئاینی و بانگخوازەکانی کوردیش بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەکانەوە لە شاشەی تێڤێکانەوە لە کۆبوونەوە و بۆنە ئاینیەکاندا ، پیاوان هاندەدەن ئاگایان لە ژن وکچ وخوشکی خۆیان بێت و کۆنترۆڵیان بکەن و ڕێگەیان نەدەن بۆ نمونە :

* بەتەنها بچنەدەرەوە.
* جلی جوان و ڕەنگاو ڕەنگ لەبەر نەکەن .
* دوور کەونەوە لە میکیاج و بۆن لە خۆدان .
*گوی نەگرن لە موزیک .
* لە گەڵ کوڕاندا لە قوتابخانە تێکەڵاو نەبن.
*سەیران و گەشت نەکەن.

بێگومان سەرپێچکەرانی ئەم یاسایانە زۆربەی کات دووچاری تووندووتیژی دەبنەوە ، کە زۆر جار ئەم تووندووتیژیە تەشەنەدەکات بۆ کووشتن یا بۆ ناچارکردنی ژن بە خۆ کووشتن.
فاکتەری دووەم کە دابو نەریتی دواکەوتووە زۆربەی پیاوەکان بەتووندی پابەندن پییانەوە ،ناتوانن یا ناخوازن فەرامۆشیان بکەن ،جا دەبینین کە دابو نەریت بەهیچ جۆریک لە بەرژەوەندی ڕەگەزی مێینە نیەو ئازادیەکانی زەوت دەکات ، زۆر جار دابونەریت و ئاین ئامێتەی یەکتر دەبن و پێکەوە هارمۆنیایەکی نەشاز پێکدەهێنن و کاری خۆیان لەسەر هێشتنەوەی ژن بە دواکەوتیی دەکەن ،لە ئەنجامدا مێیینە هیچ فەزایەکی ئازادی بۆ نامێنێتەوە ، جا دەمێک هەوڵی دەربازبوون لەو دۆخە سەپێنراوە دەدات و دەخوازێت ئەوکۆت و بەندە بشکێنێت ، بە ناوی پیرۆزیەکانی دابونەریتەوە لەمپەری بۆ دروست دەبیت.
فاکتەری سێیەم دەسەڵاتە ، یەکێک لە ئەرکەکانی دەسەڵات لە هەر وڵاتێکدا دابینکردنی سەلامەتی ژیانی خەڵکە ،تەنانەت بەرپرسە لە ژیانی ئاژەڵەکانیش. حبیب بورقێبە سەرۆک کۆماری کۆچکردووی تونس لەسەرتای دەسەڵاتیدا {1957} هەستا بە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسای باری شارستانی لە بەرژەوەندی ڕەگەزی مێ ،بۆ نمونە[قەدەغکردنی فرەژنی،بەرزکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ 20 سال قەدەغەکردنی تووندووتیژی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە ،قەدەغەکردنی سەرپۆش و کۆمەڵێک یاسای شارستانی دیکە]. بەهۆی ئەم یاسایانەوە لە ماوەی دەسەڵاتیدا کەمترین تووندووتیژی دەرهەق بە ژنان تۆمارکران ،تا ئیستاش کاریگەری ئەو یاسایانە بەسەر کۆمەڵگای تونسیەوە ماونەتەوە و خەڵکی تونس بە شارستانیترین خەڵک ناسروان لە دەڤەرەکەدا.

ئەو کۆمەڵە یاسایانە بە دوو ئاکار کارییگەریان هەبوو ، یەکەم بوونە هۆی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و تێگەشتن لە گرنگی ڕێزگرتن لە ڕەگەزی مێ ، دووەم ترس لە سزا قورسەکانی هەر تووندووتیژیەک بەرامبەر بە ژنان.
دەسەڵاتی هەرێم تا سەر ئێسقان بەرپرسە لە کوشتنی هەر ژنێک کە لە هەرێم ڕوودەدات. دەسەڵاتداران زۆر زۆر کەمتەرخەم و خەمساردن بەرامبەر بە تاوانباران. بۆنمونە پیاوێک لەسەر دەمەقاڵەیەک یا گومانێک یا لەسەر هێنانی ژنی دووەم هاوسەرەکەی خۆی دەکوژێت ، بە پێی پێوست و ئیستحقاقاتی یاسا مامەڵە لەگەڵ تاوانبارەکەدا ناکرێت. یاخود ڕوویداوە هەندێک جار تاوانبارێک پاش بەسەر بردنی ماوەیەکی کەم لە زینداندا بەهانەیەکی بۆ دەدۆزنەوەو ئازادی دەکەن، یا بەرپرسێکی حیزبی بە فشار بۆسەر حاکم ناچاری دەکات بکوژ ئازاد بکات، یاخود زۆر جار تاوانبار دەستگیر ناکرێت وئازادانە دەسوڕێتەوە ،ئەوەش بە پشتیوانی کەسێکی پلەداری یەکیتی یا پارتی . یاخود پاش بەسەربردنی یەکدووساڵ تاوانباران بەر لێبووردنی مەسعود بارزانی دەکەون.

دەرکەوتووە ئەوانەی بەدەوام تاوان دەکەن ئەوانەن کە پیشتر کەیسیان لە دادگا هەبووەو تاوانیان کردەوە پاشان ئازاد کراون.
زۆربەمان لە یادمانە ساڵی [2010] کەسێکی چەکدار و پشتقایم بە یەکێتی ،بە ناوی [سالە مزەلی] دووخوشکی بە ناوەکانی میدیاو جوانە پاش ئەوەی دەستدریژی کردبوویە سەریان کووشتنی . ئەم کابرا دڕندەیە دەبوو دەموودەست لە سێدارە بدرایە ،چونکە مام جەلال هاتبوویە سەرخەت و ئەو بڕیارەی دەرکردبوو.
مەخابن نەک هەر لە سێدارە نەدرا بەڵکە ئەوشوینەی کەتێیدا بەندکرا بوو وەک هۆتێل وابوو، هەموو جۆرە پێداویستیەکانی تیدابوو ، بەردەوام چەندکەسێک لەسەرانی یەکێتی [کە پدەچێت لەو ڕوەوە خزمەتی ئەوانیشی کردبێت] سەردانیان دەکردو بەڵێنی ئازاد کردنیان پێدەدا. هەرواش دەرچوو ،نە مامە بەڵێنەکەی خۆی بردەسەرو نە دادگاش سوربوو لەسەر بڕیارەکەی. لە ئاکامدا باوکی دووکچەکەیان ناچار کرد بە بڕێک پارەو بە سوڵحی عەشایەری دەمکووت بکەن.

جا لەدوای ئەو سکەنداڵەوە مەترسی مەزن ڕووی کردە میینەو کوردستان بووە دۆزەخی ژنان و بکوژەکانیش دەستیان کراوەتر بوو ،چونکە دڵنیابوون لەوەی هیچ سزایەکی ئەوتۆ نایانگرێتەوە.
جا گەر کاتی خۆی سالە مزەلی لەسێدارە بدرایە ئەوە دەبوو پەندو وانەو ژنکوشتنیش زۆر زۆر کەم دەبوویەوە ،چونکە ئەو سزا قورسە ترسی دەخستە دڵی هەر پیاویکەوە بەر لەوەی تاوانەکە ئەنجاوم بدات بیر لە سزاکەی بکاتەوە.
ویرای ئەم خاڵانە ،بەداخەوە بڕێک لە دادوەرەکانیش بە هۆی بیرکردنەوە وتێروانینی ئاینیانەوە بە پێی یاسا سزای تاوانباران نادەن و زۆر جار پشتگیری لە پیاوەکان دەکەن ،ئەمەش نائومێدی لای ڕەگەزی مێینە درووست کردووەو و پاڵنەر بووە بۆ بڕیاری خۆ کووشتن یا هەر کارێکی نەخوازراو.
سەبارەت بە تاوانبار ،مێردی کۆچکردوو سێوە ، هەموو ئاماژەو بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە ئەو هەستاوە بەو کارە قێزەوەنە ،چیتر پێوست بەکنەو پشکنین و گەڕان بەدووی بەڵگەدا ناکات ،مەزنترین و گرنگترین بەڵگە قسەکانی سێوە خانە بەر لە مردنی ،کە با ئاشکرا گووتی[ مێردەکەم ئەو کارەی کردووە و لێی خۆشنابم] ،ئەمەش وامان لێدەکات ئەو دڕندەیە بە [تاوانبار ]بناسێنین نەک تۆمەتبار.

لە ئێستادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک شەپۆلێک ناڕەزایی لەوبارەوە لە ئارادایە ،هاوکات کەمپینێک پەیدا بووە بۆ داواکاری لەسێدارەدانی تاوانبار.
من بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ کوشتنی کەسدا نیم ،بەڵام ئەم حاڵەتە ئەم تاوانە هێندە گەورەیە هێندە بەئازارە هێندە پڕ تراژیدیایە، مرۆڤی خاوەن ویژدان ناتوانێت لە ئاستیدا بێ هەڵوێست بێت. بەڕای من گونجاوترین هەڵوێستیش داواکاری لەسێدارەدانە . ئەمەش بۆ ئەوەی چیتر ئەم تراژیدیای ژن کوشتنە بەردەوام نەبێت ،بۆ ئەوەی چیتر کەس پەنا بۆ کوشتن نەبات، بۆ ئەوەی لەوەزیاتر ناوبانگی هەرێم بە هەرێمی ژنکوژ ناشیرینتر نەکرێت ، بۆ ئەوەی کەرامەت و ژیانی ژن پارێزراوبێت و لە ترس و دۆزەخی بەردەوامدا نەژی .
هاوکات لەسێدارەدانی ئەم کەسە هەنگاوێکە بۆ بۆ ئەوەی ببێتە پەندو عیبرەت و چاو ترسێن بۆ ئەو پیاوە دڕندانەی کە ڕەفتاریان لەگەڵ هاوژینەکانیاندا ، لەگەڵ خوشک و کچەکانیاندا خراپە ، تا هەرگیز بیر لە کووشتنی ئەو کەسانە نەکەنەوە .منیش داوای خۆم دەخەمە پاڵ دواکاری ئەو کەمپینەی فەیسبووک و هەر کەسێک کە بەتەنگ ژیانی ئینسانەکانەوەیە ،با ئەو دڕندەیە بە لە سێدارەدان سزا بدرێت و سزاکەشی لەبەرچاوی خەڵکی باژێڕی چەمچەماڵ جێ بەجێ بکرێت.
بەڵێ بۆ لە سێدارەدانی تاوانباری بکوژی سێوەخان و سێ منداڵەکەی.




سارا عومەر، لە دیبەیتێکی سەرکەوتوودا … گۆران هەڵەبجەیی

ڕۆژی 5شەممە ڕێکەوتی 09.20،2018 لە هۆڵێکی مەزن لە کۆمۆنی Taastrup کە [400] کەس لەخۆدەگرێت ، خانمی کورد سارا عومەر ،شاعرو ڕۆماننووس ،دیبەیتێکی ساز کرد. دیبەیتەکە سەبارەت بە ڕۆمانی [مردوو شۆر ]بوو کە خودی سارا خان بەر لە کەمتر لە ساڵێک نووسیویەتی.
ئەم دیبەیتە کتێبخانەی کۆمۆنی Taastrupبەهاوکاری ناوەندەکەمان ، {ناوەندی سیکولاری کوردی لەدانمارک} سازی کردبوو. لە ڕاستیدا ئەم چالاکیە لەسەر پێشنیاری ئیمە بوو ، ئیدی پاش ڕێکەوتن لەسەر لایەنەکانی چالاکیەکە هەنگاو بۆ ئامادەکاری نرا.
هۆڵەکە تەوا پڕبوو لە خەڵک کە زۆربەیان دانمارکی بوون و لە ناوەندەکەشمانەوە ژمارەیەکی بەرچآو ئامادەبووبوون.

نگین خان کە پزیشکی نەخۆشی ژنانە، دیبەیتەکەی زۆر بەجوانی و ژیرانە بەڕێوە برد . ئەو پرسیارانەی ئاراستەی سارای دەکردن زۆر بایەخدارو گرنگ بوون .سارا خان لە وەڵامی پرسیارەکانی نگین خاندا، دوو کاتژمیر قسەی کرد .ئاخافتنەکانی سارا هێندە کاریگەرو بەئازار بوون ئامادەبووان تامەزرۆبوون پتر گوێی بۆ ڕادێرن ،بەڵام کاتەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، بۆیە پاشان بوار درا بە ئامادەبووان پرسیار و سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو .ئەویش بەمتمانە بەخۆبوون و بە سەلیقە و لێهاتوویی، وەک دەڵێن [پڕبەپێستی خۆی}وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە ،بۆنمونە لە وەڵامی بەڕێزێکدا گووتی [من شتێکم نەنووسیوە کە ڕووی نەدابێت] ،یاخود لە وەڵامی خوشکێکی موسوڵماندا ،کە گووتی ناتوانم بڕوا بەهەموو ئەو شتانە بهێنم کە لە ڕۆمانەکەتدا هاتوون. لە وەڵآمدا سارا گووتی[ گەر لەو وڵاتەی کە بەڕێزت تێیدا لەدایکبوویت، یا وەک هەواڵ نەتخوێندبێتەوەو نەتبیستبێت کە کاری وا قێزەوەن دەرهەق بە مێینە کرابێت ،ئیدی مانای ئەوە نیە کە لە شوێنێکی تر ڕووینەدابێت].

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو نیگین خانی بەڕیوەبەری دیبەیتەکە بوو کە هەمووانی سەرسام کرد بە لێهاتووی و بە قسە خۆشەکانی کە جاروبار لە دووتوێی دیبەیتەکەدا دەیخستنە ڕوو .
لە کۆتایدا ئامادەبووان بە چەپڵە و هەستانە سەرپێ خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و سوپاسی هەردوو خانمیان کرد. جێگەی ئاماژەیە لەکۆتایی دیبەیتەکەدا سارا خان واژۆی لەسەر ڕۆمانەکەی خۆی بۆ ئەو کەسانەکرد کە لەوێ کڕیبوویان.
پاش کۆتایی دیبەیتەکە ،بەرپرسی بەشی کەلتووری لە کتێبخانەی تاستروپ کە هاوکات بەرپرسی ئەو ئەو چالاکیە بوو[ Christence Stubbe ]هات بۆلام وسوپاس و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم کارە سەرکەوتووە دەربڕی، هاوکات ستایشی کردین بەوەی کە دوو خانمی بەتوانامان بۆ ئەو دیبەیتە دەستنیشان کرد . گووتی هەردووکیان [فەنتاستیسک] بوون واتە بلیمەت بوون . وە زۆر خۆشحاڵ بوو بە سەرجەم چالاکیەکە ،هەربۆیە پێشنیاری کرد لە ئایندەدا چالاکی هاوبەشی دیکە ئەنجام بدەین.

ڕۆمانی [مردوو شۆر] بە کوورتی

*ئەم ڕۆمانە ئاوێنەی بەشێکە لە کەلتووری دواکەوتوی ڕۆژهەڵاتی نێوین کە ئاینی ئیسلام فاکتەرێکی بەهێزی ئەو کەلتوورە پیاوسالاریەیە .ڕۆمانەکە ڕاچڵەکینێک ، هاوکات گوزەرێکە بە نێو دونیای پڕ نەهامەتی ژیانی مێینەدا ،کە چەوساندنەوە بە هەموو شێوەکانیەوە خۆی تێدا نمایش دەکات .سارا زۆر بە وردی تیشکی خستووەتە سەر هەژان و ئازارەکانی ژن لە کوردستاندا، کە جوخزێکە لە کەلتووری ڕۆژهەڵاتی نێوین. سارا عومەر بۆمان دەگێڕێتەوە کە چۆن مێینە تائێستاش وەک کاڵایەکی بێنرخ مامەڵەی پێوەدەکرێت ،دەکوژرێت ،دەچەوسێنرێتەوە ،خەتەنە دەکرێت،بەکەم تەماشادەکرێت .لێدەدرێت ،سوکایەتی پێدەکرێت.
زۆربەی کاراکتەرەکان کوردن و ژینگەی ڕوداوکانیش کوردستانی باشوورە ، بەتایبەتیش سلیمانی کە سارا خان بە [زاموا] پێناسەی کردووە .هەروەها بەشێکی گچکەی ڕۆمانەکەی لە وڵاتی دانمارکدا بەرجەستە کردوە.
*ئەم ڕۆمانە لەیەکەم چاپیدا لە ماوەی هەفتەیەکدا [55]هەزار دانەی لێ فرۆشرا.
*تا ئێستا پڕ فرۆشترین کتێبە لەدانمارک.
*چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە.
*وەرگێڕدراوەتە سەر سویدی و نەرویجی ،لەو دوو وڵاتەش ژمارەیەکی زۆری لێ فرۆشراوە.
*لە زۆربەی شارو شارۆچکەو کۆمۆنەکانی دانیمارکدا سەبارەت بە ڕۆمانەکەی دیبەتی بۆ سازکراوە .
*میدیای دانمارکی گرنگیەکی زۆری پێداوە و تا ئێستاش ئەو گرنگیە بەردەوامە.

گۆران هەڵەبجەیی




لە نێوان ناپاکانی جەزائیر و کوردستاندا … گۆران هەڵەبجەیی

{لەنێوبردنی ناپاکان لەپێشترە وەک لە دوژمنان – جیڤارا}

دەمێ شۆڕشی جەزائیر دژ بە داگیرکەری فەرنسی بەرپابوو[54-62] ،بڕێک لە جەزائیریەکان بەرەی داگیرکەریان هەڵبژارد و بوونە جاش و دژ بە خواست و خەباتی گەلەکەیان چەکی ناپاکیان هەڵگرت .ئەم جاشانە کە لە بە [ الحرکی] ناسروبوون ، ژمارەیان بە [90000] کەس مەزەندە دەکران. ئەمانە هەموو چەکدار نەبوون بەڵکو تێیاندا بوو کە لە بنکە سەربازیەکاندا خزمەتی جۆراوجۆریان دەکرد. بەڵام ئەمە هیچ شەفاعەتی بۆ نەکردن و شۆڕشگێڕان هەمان حسابی جاشە چەکدارەکانیان کرد بۆیان .

سەیر لەوەدا بوو داگیرکەرە فەرەنسیەکانیش زۆر جار متمانەیان بەم جاشانە نەبوو ، هەر بۆیە لەژێر فشارێکی دەروونی و هاوکات چاودێری تووندی فەرەنسیەکاندا دەژیان.یا هەندێک جار فەرەنسیەکان ئەم جاشانەیان بۆ ئەشکەنجەو کووشتنی هاوڵاتیان بەکار دەهێنا ،ئەمەش هەم بۆ تاقیکردنەوەی دڵسۆزیان و هەم بۆ پتر ناشیرین کردنیان لەکن هاوڵاتیان .
دەمێک ساڵی 1962شۆڕشی جەزائیری سەرکەوت کە بە شۆڕشی [یەک ملیۆن شەهید ناسراوە} ، ئەم جاشانە بوونە کێشەیەکی گەورە بۆ کۆلۆنیالزمی فەرەنسی. حکومەتی فەرەنسی دەیوست بینداتە دەست چارەنووسی نادیار و لە جەزائیر جێیانبهێڵێت ،کە لە هەموو حاڵەتێکدا چارەنووسێکی دژوار دەبوو ، سەرانی سوپای فەرەنسیش لە جەزائیر دەیانزانی چ کارەساتێک چاوەڕێی ئەم جاشانەدەکات، بۆیە نەیاندەویست ئەو کارەساتە ڕووبدات. ئەوەبوو بەر لە کشانەوەی سوپای داگیرکەر، بڕیاری ناردنی ئەو جاشانەو خێزانەکانیان بۆ فەرەنسا درا.
ئەم جاشانە لە فەرنسا ژیانێکی کولەمەرگیان بەسەر برد ،کۆمەڵگای فەرنسی هیچ گرنگەیکی بەو جاشانە نەدا ، بەتایبەتی ئەو هیزو لایەنانەی دژی ئەو جەنگەبوون. بواری کاردۆزینەوە و خۆ گونجاندن بۆ خۆیان و نەوەکانیان لەبار نەبوو.
منداڵەکانیان لە نیو کۆمەڵگای ئاوارە عەرەبەکاندا بەتایبەتی وڵاتانی مەغریبی عەرەبی بێزراو بوون . ئەمەش تووشی حاڵەتێکی گۆشەگیری و دەروونی زۆر خراپی کردبوون.
پاش ئەوەی بە درێژایی [56] ساڵ ئەم جاشانە لە فەرنسا لە زۆر ماف بێبەش کرابوون [بەتایبەتی مافی ئیمتیازات ، خانەنشینی وەک جەنگاوەری کۆن] .

بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر [ماکرۆن] سەرۆکی فەرنسا مەرسومێکی لە بەرژەوەندی ئەو جاشانەو نەوەکانیان دەرکرد، ئەویش گەڕانەوەی ئیعتبارە بۆیان. بەمەش هەندیک ئیمتیازاتیان پێ دەدرێت کە پێشتر نەیانبووە ،لێ دیار نیە ئەو ئیمتیازاتانە چین و چۆنن .
هاوکات ماکرۆن دوای لە دەسەڵاتدارانی جەزائیر کرد کە ڕێگەیان پێبدەن بگەڕێنەوە وڵاتەکیان و وەک هاوڵاتی جەزائیری مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت ،هەروەها داوای کرد کار ئاسانیان بۆ بکەن ، گەر ویستیان لەوێ بژین و دوا ساتەکانی ژیانیان لە وڵاتی خۆیان بەسەربەرن.[ تائەم کاتەش سەفەری ئەو {حەرەکیانە} بۆ جەزائیر تەنانەت بۆ سەردانیش قەدەغە بوو].

کرۆک و مەبەستی ئەم بابەتەم ئەو بەشەیە کە پەیوەستە بە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی جەزائیرەوە بەرامبەر بە داواکەی {ماکرۆن} . ماکرۆن زۆر بە خێرایی وەڵامی وەرگرتەوە .وەڵامێک هەر دەبوو بەو جۆرە بوایە. هەر دەسەڵات و کیان و حکومەتیک گەر ڕێز لە خەباتی گەلەکەی، خوێنی شەهیدانی ،میژووی نەتەوەکەی ،خانەوادەی شەهیدانی بگرێت ، گەرەکەو گرنگیشە کە بەو جۆرەی حکومەتی جەزائیر ڕەفتار بکات.
وەڵامەکە بریتی بوو لەم ڕستە پڕ مانایە: { ئەوانە شوێنیان لە خاکێکدا نابیتەوە کە ناپاکیان کردوە بەرامبەری}.

ئەم هەڵویستەی دەسەڵاتدارانی جەزائیری لەشوین خۆیدا بوو ، هەر دەبوو وابێت . ناکریت دەوڵەتێک، میللەتیک ڕێز لە کەسانێک بگرێت و باوەشیان بۆ بکاتەوە ،کە ڕۆژانێک دژی خەباتی سەربەخۆ یی و تەزحیاتی گەلەکەیان وەستاونەتەوە و هاوکاری داگیرکەریان کردوە. ئەو جۆرە مرۆڤانە هەر دەبێ بەجۆرە ڕەفتاریان لەگەڵدا بکرێت .لە کوبا ،ڤێتنام و جێگەی دیکە کە شۆڕش تێیاندا سەرکەوت ،بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ناپاک و وڵاتفرۆشاندا کراوە.
تەنها دەسەڵاتێک کە لەم قاعیدەیە دەرچوو دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوو .
هەر لەدوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان ،بەرەی کوردستان بڕیاری لێبووردنی بۆ ئەو جاشانە دەرکرد کە بە [160] هەزار مەزەندە دەکران.
ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو ،بەڵکو پاش جێگیربوونی دەسەڵاتی ڕەهای یەکێتی و پارتی ، خێر بەسەر ئەم ناپاکانە داباری ،مووچەیەکی بەرز ،بەرزتر لە مووچەی شەهیدانی پێشمەرگەو خانەوادەی ئەنفالکراونی دەستیان، بۆ زۆرێک لەو سەرۆک جاش و مووستەشارانە بڕدرایەوە، بە لێشاو خزێنرانە نیو هەردوو حیزبەوە ، ئیمتیازاتی وەک مووچەی بندیوار ،سەیارە ،ئەرزەو چەک و حیمایەیان بۆ دەستەبەرکرا . کار هەر بەمەوە نەوەستا بەڵکو بڕێک لەوانەش کە بەجاشێتی کوژرابوون یا بە ئاسایی یا نەخۆشی مردبوون ،ناویان خرایە نیو لیستی شەهیدانی وەزارەتی شەهیدانەوە ،بەمەش ناوی ئەو شەهیدانە پۆخڵکران.[لە ڕابردوودا بەفشاری ڕیکخراوی {چاک} هەندیک ناوی ئەو جاشانە لەو لیستە دەرهێنران].
پاش کۆتایی جەلەسەکانی تایبەت بە تاوانبارانی کەیسی ئەنفال، لە دادگای باڵای تاوانەکان لە بەغدا ،بە لیستێک ناوی زۆرێک لەو سەرۆک جاش و موستەشارانە کە بەشدار بوون لەو پرۆسەیەدا، وەک تاوانبار دەرچوو کە [250] ناویک زیاتر دەبوون.
داواکرابوو لە دەسەڵاتی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەربکات و بدرێن بە دادگا.

بەهۆی فشاری هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە یەک دانەشیان لێ دەستگیرنەگیرا ،بەڵکو زیاتر ڕێزیان لێگیرا.
حاکم هاوژین سەرۆکی دادگای کفری ،ساڵی 2013 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ[ 3 ]لەو سەرۆک جاش و مووستەشارانە دەرکرد کە دەستیان لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە و نیشتەجێی کەلار و چەمچەماڵ بوون. بەڵام یەکێتی و پارتی زۆر بە خیرایی مداخەلەیان کردو فەرمانەکەیان هەڵوەشاندەوە. چونکە لایان ڕوون بوو گەر ئەمە سەربگرێت ،فەرمانی دەستگیرکردنی دیکەی بەدوادێت کە ئەمەش نەخوازراوبوو بۆ هەردوو حیزب .
لە پای ئەم کارەیدا بڕیاری گواستنەوەی دادوەر هاوژین درا بۆ دەڤەری دهۆک، واتە بۆ ژیر دەسەڵاتی پارتی .{ ئەمە یەکەم جارە فەرمانبەرێک بگوێزرێتەوە بۆ دەرەوەی زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی یا بەپێچەوانەوە }ئەمەش نیشانەی پەرۆشی یەکێتتی و پارتیدا لەم کەیسەدا.
دادوەر هاوژین ڕەتی کردوە بڕیاری گواستنەوەکەی جێبەجێ بکات ،هاوکات بە میدیاکانی ڕاگەیاند هۆکاری بریاری گواستنەوەی پەیوەستە بەو فەرمانەی کە دژ بەو سێ تاوانبارە دەری کردوە .
ئەوەی لەم کەیسەدا ڕوویدا ئەو هەڵویستەی ئەنجومونی دادوەری کوردستان بوو کە هەڵوێستیکی پڕ شەرمەزاریی بوو، تەواو کەری هەڵوێستی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بوو. ئەم ئەنجومەنە کە بووەتە گەمەی دەستی دوو حیزبەکە ، لەبری پشتگیری لە هاوپیشەکەیان و دەستخۆشی لێی کە بەئەرکی پیشەیی خۆی هەستاوە ، کەچی بە فشاری حیزب بریاری دەستگرکردنیان بۆ دادوەر هاوژین دەرکرد . ئەویش لە ئاکامدا خۆی بزر کرد .
لەوانەیە بۆ پاراستنی ژیانی خۆی پەنای بۆ هەندەران بردبێت، چونکە گەر خۆی ون نەکردایە ،ژیانی دەکەوتە مەترسیەوە .

ئەو تاوانبارو ناپاکانە هێندە رووقایمن،وا ڕەفتار دەکەن کە هیچ کارێکی نەشیاویان ئەنجام نەداوە،. تەنانەت ئامادەنین لەژێر لێویشەوە داوی لێبووردن بکەن. بۆ نمونە تاوانبار قاسم ئاغای کۆیە ناسراو بە [قاسمە کوێر] دەمێک ڤیدێۆیەکی کۆنی بڵاوکرایەوە کە لە چیای کۆسرەت چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی شیوعی کووشتووەو بریندارێکیشی تەسلیمی دەسەڵاتی بەعس دەکات،ئەم کارە قێزەوەنەی لە میدیاکاندا دەنگی دایەوە لە ئاکامدا لە دادگای کۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ درچووە ،لێ پارتی نەک ڕادەستی دادگای نەکرد بەڵکو پاریزگاری لێکرد و لەبەرچاو ونیکرد. هەروەها جاروباریش بۆ سوکایەتی بە کەسوکاری شەهیدانی دەستی قاسمە کوێر ،پارتی بەجلی کوردی و چەکی جوانەوە ئەم تاوانبارەو کوڕەکەی لەو شوێنانەی پێشمەرگەی کووشتوە نمایشیان دەکات.
جا گەر دەسەڵاتیک ئەمە ڕەفتاری بێت لەگەڵ ناپاکاندا ،ئیدی چ دڵێکمان بەم دەسەڵاتە خۆش بێت؟ دەکرێ تەنیشتمان پڕ بێت لە خۆفرۆش و ناپاک وهاوکات ئیدعای سەربەخۆیی بکەین ؟

گۆران هەڵەبجەیی




پێگەی ئیسلام لە زانستدا … گۆران هەڵەبجەیی

پێناسەی زانست .

زۆر سەرچاوە هەن کە بەشێوەی جیاواز پێناسەی زانست دەکەن ، وەک ئەم نمونانە:
*زانست پێدانی وەێنەیکە لە زهندا لە بارەی بۆچوونێکەوە کە پاشان ، لە گەڵ واقیعدا یەکدەگرێتەوە.
*زانست مەبدەئی مەعریفەیە.وە پێچەوانەی جەهلە.

*زانست بەو کۆمەڵە هەول و کارانە دەوتریت کە لە ئەنجامی بیرکردنەوەو کنەو گەڕان و لێکۆڵێنەوەدا دەگەنە پلەیەکی باش لە گشتگیری و سەلماندن.
*زانست ئەو دراسە بە مەنهەجەیە کە لەسەر یەک کۆڵەکەی ڕوون دەوەستێت پشت بە مەوزوعیەت دەبەستێت.
*زانست ئەو کارەیە کە کەسێک یا کۆمەڵە کەسێک بە پراکتیک یا تەئۆری لە بوارێکی دیاریکراودا کار دەکات یا دەکەن کە پێشتر لە مێشکدا جێگیر بووە ، بۆ هێنانەدی داهێنانێکی نوێ یا سەلماندنی دیاردیەک لە ژیانی مرۆڤدا کە لەوەو بەر نەبووە یا کەم و لاواز بووە .
ئەو کەسانەی بەم کارە هەڵدەستن پێان دەگووترێت زانا یا بەهرەمەند.
زانست زۆر بوار دەگرێتەوە وەک ، تەندروستی پزیشکی. فەلەک، سروشت ،زیندەوەر ، کۆمەڵایەتی ، شوێنەوار، ،بیردۆزی ،بایەلۆجی توخوم، زمان.مێژوو ئابووری ، ژینگە ،موزیک و بواری دیکەش.

زانست بنەمایەکی سەرەکیە لە ژیاننی ئینساندا. گەر زانست نەبوایە ژیانی مرۆڤایەتی پێش نەدەکەوت و زانیاریمان دەربارەی دەوربەر نەدەبوو.
زانست ئامرازێکی سەرەکیە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ژیان لەسەر گۆی زەوی.

زۆربەی زاناکان ئامانجیان لە داهێنانەکانیان خزمەتکردنی مرۆڤایەتیە ،بەڵام هەندێک جار ئەو داهێنانانە لە لایەن دەسەڵاتداران و سیاسیەکانەوە بە خراپ بەکار دەهێنرێن و بە زیان بۆ مرۆڤایەتی دەگەڕێنەوە .
نمونە/ دیانەمیت ،بارود ،تی ئێن تی ،ئەتۆم، کیمیا ،دەرمانی پزیشکی. کە لە جەنگەکاندا بەکار هێنران ،وەک جەنگی جیهانی یەکەم و دوەم جەنگی عیراق ئیران و کیمابارانی شاری هەڵەبجە. هەندێک جەنگی دیکە .
زۆرێک لە زاناکانی ئەڵمان لە سەرووەختی جەنگی جیهانی دووەمدا دژ بە ئامانجی ئینسانیانەی پیشەکانیان کاریان کرد و بە داهێنانە مەترسیدارەکانیان خزمەتی هیتلەریان کرد. بەتایبەت لە درووستکردنی فڕنی سوتاندنی مرۆڤ و تاقیکردنەوەی جۆرەها دەرمان لەسەر جولەکەکان و بەندکراوانی سیاسی .
ئاشکرایە شارستانیەت کانیاوی زانست و داهێنانە ، بە پێچەوانەشەوە داهێنان و زانست ،شارستانیەت دەخولقێنێت و پێشی دەخات.

سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی زانست لە نێو ئیسلامدا ، جێگەی خۆیەتی بەم پرسیارە دەستپێ بکەم :
ئایا لەسەردەمی جاهیلیدا، لە نیوەدوورگەی عەرەبی ،شتێک هەبووە بە ناوی شارستانی عەرەبی؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گەرەکە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردمەو بەلای کەمەوە لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووریەکانی شرۆڤە بکەین.
لەو سەردەمەدا لە نیوە دوورگەی عەرەبی ژیان زۆر سەخت و دژوار بووە ، لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە دواکەتوویی و کەللە ڕەقی و پەیوەندیە خێڵاتیەکان ، سیمای هەرە دیاری ئەو سەردەمە بوون.
لە رووی ئابووریشەوە ، هەژاری باڵی بەسەر دەڤەرەکەدا کێشابوو . بۆ دابینکردنی بژێوی ،خەڵک پشتی بە لایەنێکی سەرەکی بە ستووە ،ئەوەیش بازارگانی بووە کە ئەمەش لەو قافڵە مەزنانەدا خۆی دەدیەوە کە لە دەڤەرەکانی دیکەوە شمەکیان هێناوەو پاشان لە مەکەو مەدینەو باژێڕەکانی دیکە فرۆشتویانەتەوە بە بازرگانە گچکەکان، کە ئەوانیش لە دوکانەکانیاندا فرۆشتویاننەتەوە. نمونەش بازاری عەکاز بووە لە مەککە کە لەو ڕۆژەدا وەک ناوەندێکی بازرگانی پڕ بایەخ سەیر کراوە.

لەپاڵ بازرگانیدا بڕیک لە خەڵکەکە ئاژەڵداریان کردوە وەک بەخیوکردنی حوشترو مەڕ. جگە لەم دووکارە هەندێکیش بە تاڵانی و جەردەیی ژیاون ،بەتابەتی تاڵانکردنی قافڵە بازرگانیەکان . ئەمە پێمان دەڵیت لەو دەمەدا شتێک نەبووە بە ناوی شارستانی کە بەرهەم هێنەری زانست و مەعریفەو پیشەسازی بێت ، کە بە هۆیەوە ژیانی خەڵک گەشە بکات..

دەتوانین بڵێن تاکە پیشە سازی لەو دەمەدا درووستکردنی شمشیر بووە، ئەوەیش پێوستی ناچاری کردوون کە ڕووبکەنە ئەو جۆرە پیشە سازیە ،چونکە بۆ بەرگریکردن لە قافڵەکانیان و هاوکات بۆ شەڕی نێوان خێڵەکان بەکاریان هێناوە.

پاش ئەوەی محەمەد پەیامەکەی خۆی ڕاگەیاند و هێدی هێدی خەڵکان هاتنە سەر ڕێبازەکەی ، دۆخەکە هەر وەک خۆی مایەوە ، تەنها شتێک کە زیادی کرد داگیرکردنی وڵاتان بوو لە ژێر ناوی غەزەوان و فتوحاتدا ،کە ئەمەش گەورەترین دەسکەوتی ئابووری بوو بۆ باوەڕە نوێکە . چونکە ئەو شوێنانە لە ئاستی بژیویدا لە دوورگەی عەرەبی زۆرپێشکەوتوتر بوون، بەمەش ئیسلامەکان بوونە خاوەنی سەرمایەیەکی باش ،کە لەڕێگەی بەتاڵان بردنی سامانی ئەو دەڤەرانەی کە داگیر دەکران دەستیان دەکەوت .
بۆیە محەمەد و پاشانیش خولەفاکانی ڕاشدین بیریان لە هیچ جۆرە پشەسازیەک یا زانستێک نەکردوەتەوە .چونکە بە حازری بێ ماندو بوون و بە خۆرایی هاتوەتە بەردەستیان.
لەو دەمەدا کیشوەرەکانی دیکە و شارستانیەکانی دیکە وەک میسریەکان، فارسەکان ڕۆمەکان، یۆنانیەکان،چینیەکان ئەمانە خاوەن زانست و شارساتنیەکی پێشکەوتووبوون .هەر یەکێک لەم ئیمراتۆرانە خاوەنی چەندین زاناو فەیلەسوف بوون کە کاریگەری و جیدەستیان لە بوارە جیاجیاکاندا دیار بووە.

بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە نە محەمەد و نە خەلیفەکانی دوای خۆی، گرنگیان بە زانست یا بە ئەستاتیکا نەداوە چەند نمونەیەک دەهێنمەوە.
– ڕۆژێک محەمەد بە یاوەری[ ئەنس بن مالک] بە مەکەدا دەگەرێت ،لە پڕ چاوی بە خانویەکی جوان دەکەوێت کە بە گومەزێک ڕازێنراوەتەوە . بە توورەییەوە دەپرسێت ئەو گومەزە هێ کێیە ئەنس دەڵیت هی فڵان کەسە .ئەنس مەسیجەکە تێدەگات و پاشان بەخاوەن خانوو دەڵێت ئەوەیش ناچار دەبێت بیڕوخێنیت . دوایی کە پەیامبەر دەزانێت گومەزەکە ڕوخاوە دەڵێت [هەموو گوومەزێک بەڵایە بۆ خاوەنەکەی].
هەروەها جارێک علی کوری ئەبی تالب بۆ نانخوردن پەیامبەر داوەت دەکات .دەمێک پەیامبەر دەیەوێت بچێتە ژوورەوە ،بەدیواری ژورەکەیانەوە پارچە چەرمێکی ئاژەڵ دەەبینێت کە وێنەی لەسەرە.دەگەڕێتەوە دواوە و دەڕوات .علی بەداویدا دەچێت و دەپرسێت بۆ نەهاتیتە ژوورەوە .لەوەڵامدا دەڵیت[ نامەوێت بچمە ماڵێکەوە کە زەوقی تێدا بێت].ئەوانیش ناجار دەبن تابلۆکە لایدەن.

چەند نمونیەکی دیکە لەم بارەوە .

لەسەردەمی خەلیفە عومەر کوڕی خەتابدا
سەرکردیەکیان بە ناوی [ئەبا دردا ]کە لە حمض دانیشتوە خانوەیەکی جوان بەحەوشەیەکی گورەوە درووس دەکات .ئەم هەواڵە دەگاتەوە دەمی عومەر ،ئەویش بۆی دەنووسێت و تێیدا سەرزەنشتی دەکات و دەڵێت [ئایا ئەوەی لە ڕۆمەکانەوە بۆمان جێماون بەس نین؟] هەر لە دوای ئەوە وەک سزایەک دەیگوێزیتەوە بۆ دمەشق.
هەر عومەر نامەیەک بۆ ئەبی موسا دەنووسێت لە دەڤەری وڵاتی فارس و پێی دەڵیت [بینای زۆرتان بۆ بەجێ ماوە لە فارس و ڕۆمەکانەوە ،بۆیە پێوست ناکات هیچی دیکە درووست بکەن و ئەوانە بەسن]

لە دەمی داگیرکردنی میسر و وڵاتی فارسدا لە لایەن سوپای ئیسلامەوە .هەریەک لە عمرو کوری عاص لە میسرەوە وە سعد بن ئەبی وەقاص لە وڵاتی فارسەوە ، لە کاتی جیا جیادا نامە بۆ خەلیفە عومەر دەنێرن. تێیدا داوادەکەن چی بکەن لەو گشت کتێب و مختوتاتە گرنگانە.
ئەوەیش لە وەڵامدا دەنووسێت[ گەر هیدایەتیان تێدایە ،ئەوە پێوستمان پێی نیە چونکە خوا هیدایەتی داوین، لە قورئانەوە هەموو شت وەردەگرین ، خۆ گەر تێیاندا نیە ئەوە بێکەڵکن و بۆیە پێوستمان بەو کتێبانە نیە و لەناویان بەرن.

تا ڕۆژی ئەمرۆش کارەساتی لە نێوبردنی کتێبەکانی کتێبخانەی ئەسکەندەریە لە میسر لە مێژودا بە کارەستبارترین ڕوداوی زانستی هەژماردەکرێت. مێژوو دەڵێت لەو کارەدا هەزارەها کتیبی سودمەن خرانە ئاوەوە.
هەر بۆیەش ئیبن خەلدون سەبارەت بە پەیوەندی عەرەب بە شارستانیەوە دەڵیت:
{ عەرەب لە ژینگەیەکی بەدەویدا ژیاوە و ئەو سەقافەتەی وەرگرتووە ،بۆیە هەر وڵاتێک داگیر بکەن بەخێرایی کاولکاری ڕووی تێدەکات ،هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوانە ئومەیەکی وەحشین و دژی ئاوەدانین }.

لە شوێنێکی تردا ئیبن خەلدون دەڵێت ئیسلام بەرهەمی { سریان،کلدان،ئاشوری،فارس، وەرگرتوەو بەناوی شارستانیەتی ئیسلامەوە بڵاویان کردوەتەوەە}
هەروەها دەڵێت بەهۆی ئەوەی خۆیان زانست و پیشەیان نەبووە هەر بۆیەش نرخیان بۆئەم کارانە دانەناوە.
پاش داگیرکردنی هەر شوێنێک ئەوجا بۆیان دەردەکەوتوە کە ئەوان چەند لەدواوەن.
لە بەرامبەردا دەبینین نەتەوەکانی چین ،هند،نەسرانیەکان،عەجەم و ئەهلی رۆژهەڵات لای ئەمانە پیشەسازی بە شیوەیەکی بەرچاو گەشەی کردوە، چونکە خاوەنی شارستانین.
سەیر لەوەدایە ئیبن خەلدون لەو کاتدا ئەو بۆچوونەی هەبووە کەچی تا ئیستا حاڵەتەکە گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
* هەروەها ساعد کوڕی ئەحمەد ئەندەلوسی لەو بارەوە دەڵیت[ئیسلام بە هیچ جۆرێک گرنگی بە زانست نەداوە،گرنگیان تەنها بە ئەحکامی شەریعەو زمانەکەیان داوە]

ئەم حاڵەتە واتە نامۆبوون بە شارستانی و مەعریفە بەردەوام بوو تا سەرتای دەسەڵاتی خەلیفە ئەبو جەعفەری مەنسوور[754-775م] کە بە دامەزرێنەری خەلافەتی عەباسی هەژمار دەکرێت . پاش ئەوەی بەغدای بینا کرد، ئیدی لەوێوە حوکمی کرد.
لەو دەمەدا بواری مەعریفی سوکە تەکانێکی بۆ پێشەوە دا. ئەبو جەعفەر نامەیەک دەنیرێت بۆ پادشای ڕۆم کە هەندێک لە کتێبە وەرگێڕدراوەکانی [ئاوکلیدۆس] ی بۆ بنێرێت. بەتایبەت دەربارەی سروشتناسی . ئەوەیش هەندێک کتێبی بۆ نارد کە ڕۆمەکان خۆیان وەریان گێرابویە سەرزمانی عەرەبی.
بەڵام ئەو تەکانە مەزنە یا ئەو پێشڤەچوونە مەزنەی لەو بوارەدا ڕوویدا لە ژێر دەسەڵاتی هاورن ڕەشید و کوڕەکانی ئەمین مەئمون بوو.
سەردەمی هارون کە بەسەردەمی زێڕینی هەژمار دەکرێت و پاشان کوڕەکانی بەتیابەتی مەئمون ، سەدەها کاری تەرجەمە ئەنجام دران لە زمانەکانی فارسی و یۆنانی و لاتینی بۆ سەر زمانی عەرەبی.
ئەو کتێبانەی کە وەرگێڕدرانە سەر زمانی عەرەبی زۆربەیان بەرهەمەکانی فەیلەسوفە یۆنانەیاک بوون ،وەک ئەرستۆ، سوکرات،بەتلیمۆس ئەفلاتون و ئەوانی دیکە.
عەرەبەکان بەم جۆرە زانستە نوێیەیان دەگووت [زانستی ئەقڵ] یاحکمە.

گرنگە بزانین ئەم کارانەی وەرگێران چۆن کراون وە کی کردوونی؟
لە سەردەمی جەنگی فارسەکان{ساسانیەکان} و ڕۆمەکاندا [ 241-271 ، ]م ژمارەیەک ئەفسەرو سەرباز و سڤیل لە لایەن فارسەکانەوە بەدیل دەگیرێن.
ئەمانە تێکەڵەیەک بوون لە جۆرەها نەتەوە ئەتنیک و ئاین و کەلتووری جیاواز. بەمەش سودێکی مەزنیان گەیاند بە ساسانیەکان.
بەم کەسانە یا ئەم یەخسیرانە پادشا شاپوری زەردەشتی شارێکی پی درووستکردن بە نێوی [گوندی شاپور] یا گوند سابور 271
ئەو یەخسیرانە کۆمەڵێک زاناو کەسانی بەهرەمەندیان تێدا بوە بە تایبەتی لە بواری پزیشکی و دەرمان سازی و بینا سازیدا .لەوێ ئەکادیمیایەک دروستکرا ، ئەوانە لەو ئەکادیمیایەدا توانیان گەشەیەکی مەزن بە بواری مەعریفە لە زۆر بواردا بدەن ،وە کتیبە بەناوبەنگەکانی فەیلەسوفە یۆنانیەکانیان وەرگێرا بۆ سەر زمانی فارسی. ئەم بنکە زانستیە گەشەی باشی کردو بەردەوامی وەرگرت و بووە بنکەیەکی ڕوناکبیری و زانستی لە وڵاتەکەدا.
پردەکەی سەر دەریای قارون کە تائێستاش ئاسەواری ماوە ،یەکێکە لە کارە جوانن و نایابەکانی ئەندازیارەکانی ئەو سەردمە.
ئەکادیمیای گەند ساپوور لە زۆر بواری زانستیدا چێدەستیان دیار بووە ،بەتایبەتیش بواری پزیشکی ،کە تاڕۆژی ئەمڕۆش کۆلیژە پزیشکیەکەی باشترین و نیوبانگترین کۆلیژە لەسەر ئاستی ئیران.

هاورنە ڕەشید ناوبانگی ئەو ئەکادیمیەی بیستبوو ،بۆیە کۆمەڵێک خەڵکی نارد کە هەندێک لەو کتێبانە وەربگێڕن بۆ سەر زمانی عەربی بەتایبەت لە بواری پزیشکیدا.
ئەوانەی کە توانای وەرگێرانیان هەبوو تەنها وەرگێرە سریانیەکان بوون واتە کریستیانەکان.

لە بەغداد شوێنێک هەبوو بەنیوی [دار الحلکمە یا بیت الحکمە] ئەم بینایە تەنها وەک مەخزەن یا عەمبارێکی کتێب بەکار دەهێنرا. هاورنە ڕەشید ویستی شوێنێک لە هاوشیوەی گوند شاپور یا کتیبخانەی ئەسکەندەیەی میسر بنیات بنیت.
بۆیە ئەو شوێنەی کردە ئەکادیمیایەک و کۆمەڵیک خەڵکی شارەزاو وەرگێڕی لە ئەکادیمای گوندی شاپورەوە بۆ هێنا کە هەموویان کریستیان بوون. هەر ئەوانیش پێشتر زۆرێک لە کتێبەکانی ئەو ئەکادیمیایەیان وەرگێرابوە سەر زمانی عەرەبی.
ئەکادیمیای گوندی شاپور کلیلی کردنەوەی دەرگای بواری تەرجەمەو زانست بوو بۆ دەوڵەتی عەباسی.
ئەم گرنگیدانەش بۆ هۆی کاریگەریانەوە بوو بە کەلتووری فارسی .نەک بەهۆی ئیسلام بوونیانەوە. بۆنمونە هارونە ڕەشید لەسەر دەستی بنەماڵەیەکی فارسی ناوداردا پەروەردە کرابوو بە نیوی[ بەرمەکیەکان ]. هەروەها زانای بەرمەکی یەحیا بن خالد بەرمەکی فێری خوێندنی کردبوو.
مەئمونی کوری، لەسەردەمی خەلافەتی باوکیدا والی خۆراسان بووە. وە دایکی فارس بووە و زانایەکی بەرمەکی بە نیوی جەعفەر بەرمەکی پەروەردەی کردوە.

با بگەڕێینەوە بۆ ئەکادیمیای گوندساپور. لەو سەروبەندەدا سەقافەتی یۆنانی تاڕادەیەک زاڵ بوو بەسەر ئەکادیمیای گوند ساپوردا ،بەتایبەت بەرهەمەکانی ئەفلاتۆن ،ئەرستۆ ،پیتاگۆرسی. وە بە تایبەتیتر لە بواری پزیشک وفەلسەفەو مەنتیقدا.
لە دوایدا بەشەکانی بیرکاری،فەلەک،موزیک،کیمیا، زمانەوانی بەشی تری تێدا کرایەوە.
ئەم گەشەکردنە لەسەردەمی دەسەڵاتی خەسرەوی یەکەمدا رووی دا[531-579]م.
وەک پێشتر ئاماژەم پیدا زۆربەی وەرگێرەکان کریستیان بوون . لەم بارەوە [دەی پاول] ی ڕۆژهەڵات ناسی هۆڵەندی دەڵێت[ئەوانەی لە بواری وەرگێران لە نێوان سەدەکانی8-10 کاریان کردوە دەتوانم بڵێم هەر هەموویان سریان بوون .]
کەواتە لەم حاڵەتەدا تەنها شتێک پەیوەندی بە ئیسلامەوە هەبووبێت پارە بووە ئەوەیش هی زەکات و جزیەو تاڵانی وڵاتان بووە. چونکە کتێبەکان یۆنانی یا فارسی بوون وەرگێرەکان کریستیان بوون .

کریستیانەکان لەو دەمەدا جگە لە کارکردن لە بواری وەرگێراندا خۆشیان چەندین خوێندنگایان بردوە بەڕیوە وەک خوێندنگای ڕوحا، مار یعقوب، نسیبین ئەمانە جۆرە ها زانستیان تێدا دەخوێنرا { 2-4 میلادی}
یەکێک لە خوێندکارەکانی ئەکادیمیای گوندی شاپور [یوحەننا بن ماسویە ]بوو کە پاشان بووە دکتۆری تایبەتی هارونە ڕەشید.
یۆحەنا مەسیحی سریانی بوو ،هارونە ڕەشید ڕایسپارد بۆ تەرجەمەکردنی بواری پزیشکی
پاشان هارونە ڕەشید یۆحەنای کردە سەرۆکی وەرگێرەکان، ئەم مرۆڤە خۆی و کوڕەکانی خزمەتی هارون و کوڕەکانیان کرد تا دەگاتە متەوەکل بللا.
دەڵێن هەر ئەم کەسە بوو کە بۆیەکەم جار جەستەی مەیمونی [تەشریح ]کرد.
جگە لەمە زیاتر لە 28 کتێبی نووسیوە، بە سریانی و عەرەبی و یۆنانی قسەی کردوە

یەکێکی دیکە لەو وەرگێڕانەی گوند شاپور { حنین بن ئیسحاق }بووە، 873-809کە بە شێخی وەرگێرەکان ناسراوە
حنین ماوەیەک بەڕیوەبەری [داری حکمە] بووە لە بەغدا، ئەمیش چەندین زمانی زانیوە وەک سریانی فارسی یۆنانی عەرەبی. وەک دەڵێن پتر لە 100 کتێبی وەرگێراوە تە سەر زمانی عەرەبی.
یەکەم وەرگێر بوو کە لەبری وەرگێرانی حەرفی ناوەڕۆکی وەردەگێراوە.
حەنین دوو کووڕی هەبوو بە ناوەکانی ئیسحاق و داود کە یەکێکیان فەیلەسوفێکی جۆرە بەهرە بووە و ئەوەی دیکەیان وێرای کاری پزیشکی شارەزایی لە زانستەکانی دیکەیشدا بووە.
ئیسحاق بەرهەمەکانی ئەرستۆ سوکرات و چەند فەیلەسوفێکی دیکەی یۆنانی وەرگێڕاوە. بەهەمووی 25 کتێبی وەرگێراوە.

ناوی هەندێک لە وەرگێرە کانی تر:

**قەستا بن لوکا ، لە بەعلەبەگ لەداک بووە. هەروەها لە بواری فەلەک، بیرکاری کاری ،نووسیندا کاری کردوە.پتر لە 60 بابەتی نووسیوە..

**ثابت بن قرە-801 ، کەسێکی سابئی بووە لە بەغدا ژیاوە لە فەلسەفەو بیرکاری وفەلەکدا شارەزای هەبووە.

** یەحیا نەحوی کە زیاتر کاری وەرگێرانی کردوە .غەزالی دەڵێت زۆربەی زانیاریەکانم لە کتێبە وەرگێراوەکانی یەحیا وەرگرتووە.

**سهل بن بوشرە 786-845 جولەکە بووە کتێبەکانی بەتلیمۆسی کردوەتە عەرەبی. لە طەبەرستان لە ئێران ژیاوە.

** بنەماڵەی بەخت یەشوع{بختیسوع}

لە ماوەی 250 ساڵدا خێزانێکی کریستیانی سریانی بەنیوی [بەخت یەشوع] 6 نەوەی دکتۆریان پێگەیاندوە.
یەکێک لەوانە ، جرجیس جوبرائیل بن یشوع بووە کە چارەسەری ئەبو جەعفەری مەنسوری کردوە، دەمێک نەخۆشی گەدەی بووە.
سەردەمانێک جرجیس سەرۆکی بیمارستانی گوندی شاپور بووە.
یەکێک لە کتێبەکانی دەربا.رەی نەخۆشی شەکرە بووە. کە ئیبن سینا و ڕازی سودیان لەم کتێبە وەرگرتوە . 980- 1037

**یخشوع بن جرجیس ، دکتۆری تایبەتی هارونە ڕەشید بووە هاوکات سەرۆکی دەستەی
پزیشکەکانی بووە.

**جبرائیل بن یخشوع پزیشکی تایبەتی ئەمینی کوڕی هارونە رەشید بووە. ،هاوکات سەرۆکی بیمارستانی بەغد بووە.
ئەوەی سەیرە دەگێڕنەوە کە چ هارونە ڕەشید و چ کوڕەکانی هێندە متمانەیان پێیان بووە.بەبێ ئامادەبوونی یەکێک لە پزیشکەکانی یەخشوعیەکان نانیان نەدەخوارد ،
ئیبن خەلەکان دەیگێڕێتەوە دەڵێت[ئەمین داوی لە حنین بن ئیسحاق کردوە کە ئەوەیش پزیشک بووە و لە هەمان بنەماڵەی یەخشوعیەکان بووە، داوای لێدەکات کە ژەهرێکی بۆ دروست بکات تا یەکێک لە نەیارەکانی پێ بکوژێت، ئەوەیش ڕەتی دەکاتەوە ،بۆیە ساڵێک دەیخاتە بەندیخانەوە . پاشان ئازادی دەکات و دیسان هەمان داوی لێدەکاتەوە ،ئەوەیش بۆ جاری دووەم ڕەتی دەکاتەوە . ئەمین پێ دەلێت گەر فەرمانەکەم جێ بەجێ نەکەیت ملت دەپەڕێنم. دیسان ڕەتی دەکاتەوە .
ئەمین لێی دەپرسێت بۆ ژیانی خۆت دەخەیتە مەترسیەوە ؟ لەوەڵامدا حنین دەڵێت پیشەکەم بۆئەوەیە خزمەتی خەڵکی پێ بکەم نەک خەڵکی پێ بکوژم، دووەم من کرستیانم و ئاینەکەم ڕێگەم پێ نادات کاری وا بکەم ، چونکە ئاینەکەم پێم دەلیت دوژمنەکانی خۆتت خۆش بوێت.
ئەمینیش لە کۆتایدا قەناعەت بە قسەکانی دەکات و ئازادی دەکات .

گەر ئەو وەرگێرە کریستیانانە نەبوونایە ئیسلام هیچی دەربارەی فەلسفەو زانستی یۆنایەکان نەدەزانی. کەچی سەیر لەوەدایە هیچ سەرچاوەیەکی ئیسلامی باسی ئەم وەرگیێڕە کریستیانانە ناکات .

ئەفسانەی [ ئەلف لیلەو لیلە ] کە بەکوردی دەکاتە هەزارو یەک شەو. ئەم ئەفسانیە لە بنەڕەتدا فارسیەو لە فارسەکانەوە وەریان گێڕاوە، بەڵام عەرەب هەرگیز باسی سەرچاوەکەی ناکات.
بۆ سەلماندی ئەم بۆچوونەش ناوەکانن .لە زمانی عەرەبیدا هیچ ناوێک نیە بە نێوی شهرزاد یا شهریار. ئەم دووناوە کە پاڵەوانی ئەفسانەکەن هەردووکیان ناوی فارسین.
وەرگێڕی ئەم ئەفسانەیەش کەسێکە بە نێوی مروج الزهب المسعودی.

یاخود[ کلیلەو دمنە] کە وا ناسراوە ئەفسانەیەکی عەرەبیە ،بەڵام لە ڕاستیدا هندیە و لە هندیەوە کراوەتە سریانی ،پاشان لە سریانیەوە وەرگێڕدراوە بۆ فارسی ،وە عەبدوڵا کوڕی مقفع لە فارسیەوە کردویەتیە عەرەبی. کە فارسێکی زەڕادەشتی بووە ،پاشان بووەتە ئیسلام.
گەر چاوێک بە ناوی ئەو زانایانەدا بخشێنین کە خزمەتی ئیسلامیان کردوە لە زانستە جیایجیاکاندا، دەبینن زۆربەیان عەرەب نەبوون و سەر بە نەتەوەکانی دیکە بوون.

بوخاری خەڵکی بوخارەی ئۆزبەکستان بووە
مسلم بن حجاج خەڵکی نیشاپور بووە لە ئیران
ئەسالە، تورکمانستان
تەرمەزی ، ئۆزبەکستان
ئیبن ماجە ، ئێران
محمد بن خریر الطبری، طەبەرستان
سیبەوەی شیراز ئیران/ نەحوی عەرەبی درووست کرد
ئیبن خەلەکان،خەلەکانی کوردستان
عباس بن فرناس / ئەمازیخی
ئیسماعیل جەزیری .جەزیرەی باکووری کوردستان

با بێینە سەر ڕاوبۆچوونی زانا و فوقەهاکانی موسلمان دەربارەی زانستی عەقڵی.

** ئیبن تەیمیە /

ئیبن تەییمیە بە یەکێک لە تووندرەوترین فوقەهاکانی ئیسلام هەژمار دەکرێت .زۆر بە تووندی دژی هەموو جۆرە زاستێک بووەو ئەو زانیانەش لەو بوارەدا کاریان کردبێت بە زەندەقەو مولحید ناوی بردوون .
ئەمەش هەندێک لە بۆچوونەکانیەتی دەربارەی زانست و زاناکانی ئەو سەردەمە:

*تەنها شتێک کە بتوانین ناوی بنێن زانست ئەوەیە کە لە محمەدەوە بۆ مان ماوەتەوە.
جگە لەوە یا زانست نیە یا خود بێ کەڵکە.
*ئەوانەی لە فەلسەفەدا کار دەکەن،کەسانی سەرلێشێواون و خەڵکانی دیکە بەلاڕێدا دەبەن، خۆیان درۆ هەڵدەبەستن و ئەو شتانەشی دەیگوێزنەوە نەزانینە لە لۆژیکدا.
هەروەها ئیبن تەیمیە دەربارەی ئیبن سینا پرسیاری لێدەکەن کە پێت فەیلەسوفە؟
لە وەڵامدا دەڵێت لە نێو ئیسلامدا فەیلەسوف نیە.
ئیبن تەیمیە لە شوێنێکی دیکەدا دەربارەی زانستی کیمیا دەڵیت/
هیچ کەسێک لە ئەنبیاکان ئەهلی کیمیا نەبوون ،نە زاناکانی ئاین نە مەشایخە موسوڵمانەکان نە ئەسحابەکان و نە شوێنکەوتوانی، ئەهلی کیمیا نەبوون.
دیسان ئیبن تەیمیە دەربارەی فەلسەفەی ئیبن سینا[980-1037] کە فارس بووە ،دەڵیت/
ئیبن سینا شتێکی نەهێناوە کە ئیلاهیات و لە شەریعتدا هەبیت. هەموو بیروبۆچوونەکانی لە مولحیدەکانەوە وەرگرتووە. ئیبن سیناو شوێن کەوتوانی لای موسوڵمانەکان بە مولحید ناسراون و کتێبەکانی هەمووی کوفرن. بۆیە لە فەلسەفەدا کاری کردوە چونکە بە خێزان کافر بوون.

هەروەها دەربارەی ڕازی دەڵێت 864- 923
هەرچی خراپی نێو ئاینەکان هەیە ئەم وەریگرتووە، بە تایبەت لە سابئەو دەهریەو فەلسەفەکانیان. بۆیە دەبینین کۆمەڵێک لە زەندەقەکانی جیهان سواری مەزهەبەکەی بوون
دەربارەی کیمیاش دەڵیت/
کیمیا زۆر لە ڕیبا حەرامترە، کەسانێک لە کیمیادا کار ناکەن گەر زمانی ڕاستگۆییان هەبێت. یا شێخێکی خەڵک شوێن کەوتووبێت، یا پادشایەکی عادل بێت، یا وەزیرێکی پاک بێت. ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن شێخانێکی سەرلێشێواون بە نمونەی ئیبن سیناو هاوشیوەکانی.


* با بزانین شافعی لەو بارەوە چی دەڵیت/

هەر زانستێک لەدەرەوەی زانستی ئیسلام بێت، تەنها کات بە فیڕۆدانە.
یاخود دەڵێت جگە لە زانستی فقی ئیسلام ئەوانی دیکە هەمووی ڕاڕایی و کاری شەیتانە.

*ئەوزاعی/ هەر زانستێک لە پەیامبەرو ئەسحابەکانەوە نەهاتبێ ئەوە زانست نیە

* جەلالەدین السیوطی/
هونەری منطق [لۆژیک] هونەرێکی پیسە ، چونکە ڕامان دەکێشێت بۆ فەلسفەو زەندەقە ،وە هیچ سودێکی ئاینی ودنیایشی تێدا نیە. بۆ یە پێوستە حەرام بکرێت.

*ابن سلاح/
فەلسەفە بۆتە مایەی سەرلێشێواندن و زەندەقە، هەر کەس فەلسەفە لێبدات چاوی کوێرە لە ئاست باشیەکانی شەریعەت کە بە بورهان پشت ڕاست کراونەتەوە.
ئەوانە شەیتان دەیانبزوێنیت و دڵیان تاریکە بەرامبەر پەیامەکەی محمد.
پێوستە لەسەر ئیمانداران و دەسەڵاتدارانی موسوڵمان لە شەڕی ئەمانە بمانپارێزن و لە خوێندنگاکان دوریان بخەنەوە.

* غەزالیش دەربارەی ئیبن سینا دەڵیت/
ئیبن سینا زانای ئیسلام نەبووە بەڵکو یەکێک بووە لە شەیتانەکان..
هەروەها دەربارەی فارابی و ئیبن سینا دەڵیت / گومانم لە کافربوونیان نیە.
فارابی کە زانایەکی فرەلایەن بووە [872-950] لەژێر دەستی ]ابو بشر متتی یونس دا دەرسی خوێندوە کە ڕۆژانە سەداها خوێندکار گوێیان بۆ وانەکانی گرتووە. فارابی کە هاتە بەغدا ئەم فەیلەسوفە مەسیحیەی دی و لای ئەو وانەی خوێند کە لەو دەمەدا زیاتر باسی لە فەلسەفەکانی ئەرستۆ دەکرد.

* ئیبن قیوم / بە ئیبن سینا دەڵێت شێخی ملحیدین یا ئیمامی مولحیدین، چونکە باسی لە فەلسەفەکانی ئەرستۆ کردوە.
یا بە ئیبن سیانیان گووتوە کافرێکی زیرەک.
زۆرێکی تریش ڕای دژ و خراپیان بەرامبەر بە ئەبن سینا هەبووە. بۆ نمونە غەزالی لە کتێبی [الشیفاء ]دا ئیبن سینا و فارابی تەکفیر کردوە.
بەگشتی نزیکەی 45 زانای ئیسلامی لە هەموو مەزاهبەکان ،کارکردنیان لە مەنتقدا حەرام کردوە. لە نیویاندا شافعی ،ئیمام حرمین، غزالی وەک شتر ئاماژەم پێدا.

بەم جۆرە دەبینین بەتواناترین فەیلەسوفەکانی ئەو دەمە وەک فارابی ڕازی ئیبن سینا لەبەر دیدی زاناکانی ئیسلام کافرو زەندەق بوون .

عەبدول رحمان بدوی لەکتێبی [ مێژووی ئیلحاد لە ئیسلامدا لاپەڕە 233] دەڵیت:
لایەنی بێباوەڕی لە فەلسەفەی ڕازیدا ڕون و ئاشکرایە. بە تایبەتی لە کتێبەکەی دا بە نێوی {العلم الالهی} و مخاریف الانبیاء.

پاش ئەوەی دیدو تێڕوانینی زاناکانی ئیسلاممان لە سەردەمی کۆندا دەربارەی زانست زانی ، با بزانین زاناکانی ئەم سەردەمە لەو بارەوە چی دەڵین؟

** ئەبو باز سعودی
هەرکەس گووتی زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، ئەوە کافرەو دەبێت بکوژرێت.

** ابن عثیمین
تا ئێستا زانست خولانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا نەسەلماندوە.

** ساڵح فەوەزان
قسەکردن دەربارەی خولانەوەی زەوەی بە دەوری خۆردا مەزهەبی مرۆڤە عەلمانیەکانە کە مەزهەبێکی کفرو ڕێگە وونکەرە.

** نجیب بندەر الخبیری
گەر زەوی دەسووڕێتەوە ،بۆچی هەست بە گێژبوون و سەرئێشە ناکەین؟

** محمد عریفی
گەر زەوی دەسوڕێتەوە کەواتە دەمێک سواری فڕۆکە دەبین دەبێ لە وڵاتێکی کە بنیشینەوە نەک لەو وڵاتەی بۆی دەفڕین.

هەر لەو بارەوە بانگخوازێکی قەتەری گەنج دەڵیت ،بڕوا بە بیردۆزەکان مەکەن هەمووی درۆیە ،خۆ گەر وابێت گەر ئیمە لە فڕۆکە خانەی شارقەو لە قەتەر ، بفڕین بۆ فڕۆکەخانەی شەنگەهای لە چین ،وە لە ڕێگا فڕۆکەکە لە ئاسمان [ بوەستێت] ، ئەو دەمە فڕۆکە خانەی شەنگەهای دەبێ بێتە ژێر فڕۆکەکەمانەوە.
پێدەچێت ئەو بانگخوازە وابزانێت فڕۆەکەش وەک سەیارە و شەمەندەفەرو و کەشتی دەتوانێت بوەستێت.
هەروەها کەسێک هەیە بە ناوی دکتۆر عەدنا ن ئیبراهیم . ئەم کەسە بانخوازێکی مۆدێرنە و لە نەمسا دەژی . جیاوازی ئەم لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ئەوەیە ،ئەم بڕوای بە زانست هەیە وە دەڵی ئیسلام لە ڕابردوودا گرنگی زۆری بە زانست داوە. لەو بارەوە دڵێت :
ئیمە لە ڕابردودا زانستمان هەبووە، داهێنەر بووین بەڵام ئەورپا لێمانی دزیوە . لەو شوێنەی ئێمە وەستاین ئەوان دەستیان پێکرد. ئەو ڕۆژە دێت کە دەستی پێ بکەینەوەو لە ڕووی زانستەوە ڕیادەی جیهان بکەین .

ئەمانەی ئاماژەم پێکردن تەنها نمونەیەکن لە خەروارێک .زۆری دیکە هەن هەمان بۆچوون یا نەگەتیڤتریان هەیە دەربارەی زانست . بانگخوازانی کوردیش هەمان شیوەی بانگخوازانی عەرەب، لەم ڕوەوە ڕۆڵی خراپیان هەیە .بۆ نمونە دکتۆر عەبدولواحد ،خۆی پزیشکە بەڵام باوەری بە زانست نیەو زیاتر باوەری بە خورافیات یا بە پزیشکی نەبەوی و بە قورئان خوێندن هەیە بۆ چارەسەری نەخۆش .ڤیدیۆکانی لە یوتۆب گەواهی ئەوە دەدەن.
یا خود کەسێکی دیکەی کوردیش کە لە ئەورپا دەژی لە ڤیدییەکدا دەڵی ئیمە ڕیادەو سیادەو قیادەی جیهانما کردوە لە ڕووی زانستەوە ،بەڵام کافرەکان لێیان وەرگرتین و خۆمان بەدەست بەتاڵ ماینەوە.

لە قوتابخانە ئیسلامیەکەی لەندەن چی دەخوێنن؟

لە زۆر بەی وڵاتانی ئەورپا خوێندنگای تایبەت بە موسوڵمانەکان هەن . ئەم خوێندناگایانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵت یا وەزارەتی خوێندنی ئەو وڵاتانەدا نین، بەڵکو لەلایەن دەستەیەک پیاوی ئاینی ئیسلامیەوە سەرپەرشتی دەکرێن ،کە لە زۆر حاڵەتدا کەسانی تووندڕەو و سەر بە ڕەوتە سەلەفی و ئیرهابیەکانن.
ئەوانەی لەو خوێندنگایانەدا دەخوێنن زۆربەیان منداڵ و مێردمنداڵن. مەبەست لەم خوێندنگایانە پتر ئاشانکردنی ئەو خوێندکارانەیە بە ئیسلام و ئەرکانەکانی ئاینی ئیسلام و قورئان خوێندنە . لە پالیشیدا هەندێک وانەی تر دەخوێنن وەک زمان ،بیرکاری ، مێژوو تاد..
ڕۆژنامەنووسێکی ئینگلیز خۆی کرد بە یەکێک لەو خوێندنگایانەدا ،وە هەندێک پرسیاری لە خوێندکارەکان کرد کە چی دەخوێنن . وەڵامیان ئەوەبوو کە ئێمە بەپێیی سیستەمی ئیسلامی دەخوێنین و هەرچی لە قورئان و حەدیسدا نەبێت بڕوامان پێیی نیە و نایخوێنین.
پاشان ئەو ڕۆژنامەنوسە یەکێک لە مامۆستاکانی دواند کە ئافرەتێک بوو ،ئەوەیش هەمان شتی گووت . وە جەختی لەسەر ئەوە کرد، کە ئەوان شتێک ناخوێنن دژ بە ئیسلام بێت ،واتە زانستی ئەم سەردەمە ناخوێنن .
ڕۆژنامەنووسەکە تووشی شۆک بوو .پرسی چۆن دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەورپا لە وڵاتێکی دیموکراتیدا وە لەسەر نەفەقەی دەوڵەت منداڵەکانتان فێری جۆرە زانستێک بکەن کە زەمەن تەجاوزی کردوە و بۆ ئەم سەردمە ناشیت ؟ لە وەڵامدا مامۆستاکە گووتی ئەوە بەدست من نیە بەڵکو بڕیاری سەرپەرشتیارانی خوێندنگاکەیە.

وەک پێشتر ئاماژەم پیدا لە سەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدا ،وە بە تایبەت لەسەردەمی خەلافەتی عەباسیدا بزافێکی ڕوناکبیر ،فەلسەفی زانستی لە ئارادا بوو.
ئەوانەی ئەو بزافەیان دەبرد بەڕیوە زۆربەی هەرە زۆریان لە نەتەوەکانی دیکە بوون، جگە لەوە ئەوانە یا بێ باوەڕ بوون یا ئیمانیان بە ئاین زۆر لاواز بووە . هەر بۆیەش پاشان زۆربەیان بە دڕندانە ترین شیوە کوژران یا ئەشکەنجە دران ،یا دەربەدەرو نان بڕاو کران نمونەکان ئەمانەن
حەلاج ،ابن ڕشد ،ابی بکر ڕازی،فارابی، ابن هیثم، بشار بن برد، ابن مقفع
ابن خطیب،کندی. عباس بن فرناس و چەند زانایەکی دیکە.
کوشتنی ابن ختیب کە زۆر بە وەحشیانە کووشتیان ، بە هۆی دۆزینەوەی نەخۆشی تاعونەوە بوو کە گووتبووی لە کەسێکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کەسێکی تر.واتە نەخۆشیەکی {ساریە} ،ئەمەش بەلای ئەوانەوە دژ بە حدیثی نەبەویە . بۆیە کووشتیان .خستیانە گۆڕ ،دوایی دەریان هێنایەو سوتانیان و جارێکی تر خستیانەوە گۆرەوە .بەمەرجێک بێ گوناهیشی سەلمێنراوبوو . ئەمە لە ئەندەلوس ڕووی دا .

یاخود کندی کە زانای فەلەک،پزیشک،موزیک،دەرونناس،لۆژیک، کیمیا ،فیزیا بوو.
مەلیک متەوەکل بە وە ناسرابوو دژی زانایان بوو ئیدی موسوڵمان بوایە یا نا. فەرمانی کوشتنی کندی دەرکرد. کندی پشتگیری لە خۆی کرد ،وتی [دوژمنانی فەلسەفە جاهلن بێ مێشکن غەبین،بازرگانی بە ئاینەوە دەکەن..]

پێگەی موسوڵمانان لە خەڵاتی نۆبڵدا

خەڵاتی نۆبڵ باشترین پێگەیە بۆ ناسین و بەرجەستەکردنی تواناو بەهرەی هەر وڵاتێک یا نەتەوەیەک لە بواری زانستدا.

ئەلفرید نۆبڵ 1833-1896 ئەندازیاری کیمیاوی بوو لە سوید.
لە ژیانیدا 350 داهێنانی کردوە ،گرنگەکەیان دۆزینەوەی دینامیت بوو بۆ تەقاندنەوە.
خۆی دامەزرێنەری خەڵاتی نۆبل بوو ،وە لەسەر پێشنیاری خۆی ئەم خەڵاتە بەخشرا بەو کەسانەی لە بوارێکی زانستیدا خزمەتیان کردوە.
سەرتا تەنها لە چەند بوارێکی دیاریکراودا دەبەخشرا ،بەڵام پاشان بوارەکان فراون بوون، لە ئیستادا لەم بوارەانەدا خەڵت دەبەخشرێت:
فیزیا،کیمیا،ئابووری ،ئەدەب ،پزیشکی ،ئاشتی.. زانستی هەمجۆر و بواری دیکەش
یەکەم خەڵات ساڵی 1901 بەخشرا.
*جولەکەکان کە ژمارەیان لە جیهاندا بە [12] ملیۆن مەزەنە دەکرێت184 خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتوە .
*بەڵام بە [59] وڵاتی ئیسلامی کە ژمارەیان ملیاردێک و 600 ملیۆنە تەنها 9 خەڵاتیان وەرگرتوە.
جا گەر ژمارەی دانیشتوان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ حساب بکەین دەبوو نزیکەی هەر 25000 موسوڵمان خەڵاتێک وەربگرن.
لەبواری کیمیادا تا ئێستا [111] خەڵات بە خشراوە. تەنها یەک عەرەب لەو بوارەدا وەریگرت ئەویش [ئەحمەد حسن زەوایل] ساڵی 1999 وەری گرت کە لە کالیفۆرنیا وانەی دەگووتەوە. بڕوانامەکەشی لە زانکۆی بەنسلڤانیا وەرگرتوە.
لەبواری ئابوریدا 76 کەس وەری گرتوە. یەک موسوڵمان یا عەرەبی تێدا نیە.
لە بواری دەرمانسازیدا[107] خەڵات بەخشراوە بەهەمان شیوە موسوڵمانان لێی بێبەشن.
یابانیەکان کە ژمارەی دانیشتوانیان 128 ملیۆنە تا ئێستا[9] خەڵاتی نۆبڵیان لە بوارە جیاجیا کاندا وەرگرەتوە کە زۆربەیان داهێنانی تەکنەلۆجین .

لەبواری ئەدەبدا [109] خەڵات بەخشراوە ،لە نیو عەرەب و موسوڵماناندا تەنها نەجیب محفوز ساڵی 1988 وەریگرتوە ، کە ئەوەیش بە بیروبۆچوون و مومارەسە کە سێکی عەلمانی بووە.
لە بواری ئاشتیشدا ڕالف بونچە 1950 لە فەلەستین وەری گرتووە.
1978 سادات لە میسر [لەبواری ئاشتیدا]
1994 یاسر عەرەفات فەلەستین [لە بواری ئاشتیدا]
2003 شیرین عەبدای ئیرانی لە بواری داکۆکی لە دیموکراتی و مافی مرۆڤ وەری گرت .
2005 محمد بەرادعی میسری لە بواری وزەی ناوەکیدا وەری گرت؟
2014 مەلالە یوسفزاد پاکستانی لە بواری داکۆکی لە خوێندنی منداڵانی کچ وەریگرت.

بەراوردێکی گرنگ

تۆماس ئەدیسۆن خۆی بەتەنها 1093 داهێنانی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردوە ،بەتایبەتی لە بورای پێشەسازی و تەکنەلۆجیادا کە تا ڕۆژی ئەمڕۆش مرۆڤایەتی قەرزادری کارەکانیەتی . گەر ئەدیسۆن نەبوایە دەبوو تا ئیستا بە تاریکی دابنیشتینایە .
بەڵام لەولاوە لە بەرەی ئیسلام و دژ بە زانستدا [ ئیبن تەیمیە] مان هەیە کە نقڵ پێش ئەقڵ دەخات. واتە ئاین پێش زانست و بەرهەمی ئەقڵی دەخات . فیزیا، کیمیا ،مەنتق ،فەلسە تەحریم دەکات و بەمەش هەزارەها جیلی تووندرەو و تەرۆریستی بەرهەم هێناوە کە کاریگەر بوون بە بۆچوونە مەترسیدارو دژە ئینسانیەکانی .هەر وتەکانی ئیبن تەیمییەیە ،ئیمرۆ ژیان وێران دەکەن و دژ بە هەموو زانستێک دەوەستنەوە.
جا ئاینێک گەر ئیبن تەیمیەو هاوشیوەکانی بەرهەم هێنابێت، بێگومان ناکرێ و ناتوانین بڵێن ئەو ئاینە زانست دۆستە.

——————————————————-
سەرچاوەکان :

تاریخ دمشق لابن عساکر لاپەرە 138
فیض القدیر بەرگی 5 لاپەڕەی 19
ابن طبری تاریخ مختصر للدول ،دولە التاسعە
مێژوی ئیبن خەلدون بەشی یەک لاپەڕە 156
هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە 430
مێژوی فەلسەفە لە ئیسلامدا {دی پاوڵ }لاپەڕە 28
عیون الانباء فی طبقات الاطباء -ابن ابی صبیعە بەشی 72 لاپەرەی 124.
فهرست لابن الندیم لاپەڕە 425
[عیون الانباء فی طبقات الاطباء.]لاپەڕە 256
البدایە و النهایە لابن کثیر بەرگی 10 لاپەڕەی 251
صحیح بخاری بەرگی 15 لاپەڕە 223
ئیبن تیمیە بەرگی 10 لاپەڕە 613
فەتاوی ئیبن تەیمیە بەرگی 9لاپەڕەی 142
هەماان سەرچاوە لاپەڕە
الحاوی للفتاوی لاپەڕە 393
فەتاوی ئیبن تەیمیە بەرگی 29 لاپەڕەی 378
سیر الاعلام النبلاء 407
[ اغاثە اللهفان بەشی 2 لاپەڕە 443]
سیر الاعلام النبلاء لاپەڕە 344
پرسیاری بوێر ژمارە 124 .{رشید مغربی}
مصیر بعض العقول التی انارت التاریخ
جدلیە الاسلام و الاسئلەالمحرجە .
محاضرە د.نضال قسوم.
موقف العلامە البواحی من تقنیە الانترنیت.




کاریگەریەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوین …. گۆران هەڵەبجەیی

هەر ڕووداوێکی مەزن لە هەر کوێی گۆی زەوی ڕووبدات ،بێگومان لە کایە جۆرواجۆرەکاندا گۆڕانکاری بەدووی خۆیدا دەهێنیت ،ئیدی چ لە خودی ژینگەی ڕوداوەکە یا لە دەرەوی ئەو ژینگەیەبێت . زۆر جار ئەم کاریگەریە پەلی هاوێشتوە بۆ نیو نەتەوەو خەڵک و دەڤەرەکانی جیهان .

شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنی ڕوسی کە بەلشەفیەکان هەڵیانگیرسان و لینین داینەمۆ و سەرکردەی بوو، حکومەتی کاتی و ڕژێمی قەیسەری بنەماڵەی ڕۆمانۆفی لەبن هەڵتەکاند و بۆ هەتاهەتایە لەسەر شانۆی دەسەڵات دووری خستنەوە ،وە حیزبی بەلشەفی دەسەڵاتی گرتە دەست و حکومەتی شوراکان دەستبەکار بوو .

وەک چۆن [جۆن ڕید] نووسەری ئەمریکی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە نێوی {10 ڕۆژ جیهان لەرزی} ،لە ڕاستیشدا هەروابوو ،ئەو شۆڕشە جیهانی هەژاند و سەرمایەداری جیهانی خستە ترس و لەرزەوە ،هاوکات نەتەوە و چینە ژێردەستەکانی هۆشیار کردوەو بووە داینەمۆی تێکۆشان و ئاراستەی کردنیان، بەتایبەتی چینی کرێکارو جوتیاران.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکەم ،ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کەمدا هەواڵ و کاریگەری ئەم ڕوداوە مەزنە گەشتە زۆربەی دەڤەرەکانی جیهان.

هەر بۆیەش زۆری نەخایاند لە ژێر کاریگەری ئەو شۆڕشەدا لە کیشۆرەکانی جیهاندا ئەحزاب و بزافی مارکسی وچەپ درووست بوون.

بێگومان نزیکترین دەڤەر کە کاریگەری ڕاستەو خۆی ئەو شۆڕشەی لەسەر بوو کیشوەری ئەورپا بوو ، کە بە هۆیەوە لەزۆربەی وڵاتاندا حیزبی کۆمۆنیستی هاتنە دامەزراندن، یا خود ئەوانەی کە هەبوون لە ژێر ئەو کاریگەریەدا گەشەیان کرد و ڕۆڵیان لەسەر شانۆی سیاسی زیادی کرد .

گەرەکمە لێرەدا زیاتر تیشک بخەمە سەر کاریگەریەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ،کە بێگومان بەدەر نەبووە لە گەشتنی پریشکی ئەو ڕووداوە مەزنە پێی..

دەمێک ئەو شۆرشە ڕوویدا زۆربەی جیهانی ڕۆژهەڵاتی نێوین لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو .بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەم و قەیرانە هەمەلایەنەکانی خودی دەوڵەتی عوسمانی ، ئەو دەوڵەتە لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا دەژیا .

لەولاشەوە ئێران و بەشێکی بەرفراونی خاکی دیکەی دەورووبەری ئێران لەژیر دەسەڵاتی دەوڵەتی قاجاریەکاندا بوو.

نابی ئەوە لە یاد بکەین کە لە سەرتای سەدەی ڕابردووەوە ،ئەفکاری تەنویری لەرەحمی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی ئاینی و گەندەڵەوە لە هەندێک شوێن چەکەرەی کردبوو ،ئەوەیش بە هۆی چەوساندەوە و جۆرەها قەیرانەوە.
بەڵام ئەمانە زیاتر لە هەوڵدانی تاکەکەسی و گرووپی بچوکدابوون و نەبوونە بزافی ڕێکخراوەیی کاریگەر .

ئەمانەش چەند نمونەیەکن لەو هەوڵ و شۆڕش و سەرهەڵدانانە:
* شۆڕشی مەشروتیە لە تورکیا دژی سوڵتان عەبدولحمید 1909
* شۆڕشی دەستوری ئیران کە ساڵی 1912 دژی دەسەڵاتی قاجەریەکان
* پەیدابوونی حیزبی[ ئیتحاد و تەرەقی ]لە تورکیا 1912کە هەر هەمان حیزب پێشتر بە ناوی مەشروتیەکانەوە هەوڵی لادانی سوڵتان عەبدولحمیدیان دا.
پاشان ئەم حیزبە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم ، بە تەواوەتی دەسەلاتی عوسمانی لاداو لە جیگەی دەسەڵاتێکی مەدەنی لە خاکی تورکیادا دامەزراند ،کەمال ئەتاتورکیش وەک سەرکردیەکی دیاری ئەو حیزبە دەسەڵاتی گرتە دەست.

دیارە ئەم بزافە مەدەنیەی تورکیا تا ڕادەیەک لای لینینیش قەبوڵکراو بوو، بەوەی کە دەسەڵاتێکی ئاینی دواکەوتووی وەک دەسەڵاتی عوسمانی لەناوبردو لە جیگەی دەسەلاتیکی مەدەنی دامەزراند . بەڵام لە ئاکامدا خودی ئەم دەسەڵاتەش بووە دەسەڵاتێکی سەرکووتکەرو دیکتاتۆر و چەوسێنەر.

* شۆڕشی عبدلرحمان کەواکبی 1902 مسر
* شۆڕش یا بزافی محمەد عەبدە 1905 مسر

*سعد زغلول مسر 1918-1919 سەرتا دژی عوسمانیەکان وپاشان دژی ئینگلیزەکان خەباتی کرد.
سەعد زەغلول جگە لەوەی بەشداری لە شۆڕشی عرابی کرد ،هەروەها جەمعیەی [تۆڵەی] یشی دامەزراند و پاشان حیزبی وەفد .

شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دژبە ئینگلیزو فەرەنسیەکان

* شۆڕشی شێخ مەحمود لە کوردستان و نامەکەی شێخ محمود بۆ لینین ،لە ڕێگەی کونسڵی ڕوسیەوە لە تەبرێز ساڵی 1922.
*شۆڕشی 20 لە عێراق[ثورە العشرین] و هەوڵدانی بڕێک لە ڕووناکبیرەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە. لە ڕیگەی بەسرەوە.
* شۆڕشی پاشای ئەترەش لە سوریاو لبنان دژ بە فەرەنسیەکان1925 .
دیارە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە بە ئیلهام و کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەیانهەڵنەدا ،بەڵام نکولی لەوە ناکرێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر هاندەریان بووە لە بەردەوام بوون لەسەر شۆڕشەکانیان.

کاریگەری تاک و گروپە ڕووناکبیرەکانی دەڤەرەکە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر

دەتوانین کاریگەری ڕاستەوخۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە پەیدابوون و و بەرجەستە بوونی چەندین بزاف و گروپ و حیزبی چەپ و مارکسیدا هەست پێبکەین ،کە لە دوای شۆڕشەکەوە بە چەند ساڵێک لە دەڤەرە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی نیویندا سەریان هەڵدا.

*ئەم کەسە ڕوناکبیرانە کە پاشان بوونە نەواتی زۆرێک لە حیزبە شوعیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمانە متابعێکی بەردەوامی ئەو شۆڕشە بوون ، بەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشەکەیان وەردەگێرایە سەر زمانەکانی خۆیان،هاوکات خۆیان بەو ئەدەبیاتانە ڕۆشنبیر دەکرد.
دەمێک هەنگاوی یەکەمیان بەرو ڕێکخراوبوون لە حێزبێکی مارکسیدا نا، تا ڕادەیەکی لە ڕووی هزرو ڕیکخستنەوە ئەزموونیان پەیدا کردبوو.
چەند نمونەیەک

1. عێراق

چۆنیەتی درووست بوونی شانە مارکسیەکان لە عێراق بە کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە
* سەرتا لە بەسرە چەند ڕووناکبیرێک لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا شانەیەکی مارکسیان پێک هێنا ، لەوانە{عەبدولوەهاب محمود، سامی نادر، زکریا الیاس}

* هەر لەو دەمەدا لە بەغداش چەند ڕووناکبیرێک هەمان هەنگاویان نا ، کەسە ناودارەکانیان بریتی بوون لە حسین رحال، مستەفا علی، محەمەد ئەحمەد مدرس،

* لە ناسریەش چەند گەنجێک پەیدابوون کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرسام بوون، وەک [یوسف سلمان یوسف-فهد، ئەحمەد جمالدین، و زوبید ناوێک ] ئەم گرووپە دەستنووسێکیان دەردەکرد بە نیوی [الصحیفە] کە ناو بە ناو بڵاویان دەکردەوە .زیاتر هاوڕێ فهد سەرپەرشتی ئەم دەستنووسەی دەکرد .بۆ یەکەم جار درووشمی {ئەی کریکارانی جیهان یەکگرن} یان لەسەر ئەم بڵاوکراوەیە نووسی.

* ئەم حەلەقاتانە توانیان جۆرەها بلاو کراوە و کتێب و ڕۆژنامەی تایبەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەدەست بهێنن ،بەتایبەتی بە زمانی فەرنسی و ئینگلیزی
.سەرچاوەی ئەم ئەدەبیاتە شوعیانە بەندەری بەسرە بوو کە بەردەوام کەشتیوەکانەکانی ئەوروپی و وڵاتانی دیکە لەوێ لەنگەریان دەگرت و هەندیک لەو کەشتیەوانانەش هەواڵی شۆرش و ئەدەبیاتەکانیان بەو ڕووناکبیرە عیراقیانە دەدا ،بەتیابەتی بەسراویەکان .

* هەروەها سەربازە هیندیەکانیش ئەوانەی کە لە نێو سوپای ئینگلیزدا بوون،
سەرچاوەیەکی باش بوون بۆ پیدانی زانیاری دەربارەی شۆرشی ئۆکتۆبەر .

* هاوکات لە سوریاشەوە بەقاچاخ ئەدەبیاتی مارکسیان پیدەگەشت،کەپێشتر لەلایەن مارکسیە سوریەکانەوە لە فەرنسیەوە کرابوونە عەرەبی.

* ئەو خەلیانەی ،بەغداد بەسرە ناسریە لە31.03.1934 دا لە قەوارەیەکی سیاسیدا بە نێوی[ لیژنەی لە ناو بردنی ئیستعمارو ئیستثمار] یەکیان گرت. کە عاسم فلیح بووە سکرتێری ئەو قەوارە سیاسیە. ئەوەبوو پاش ساڵێک ناوەکەی گۆڕدار بۆ [حیزبی شیوعی عێراق].

2. سوریاو لبنان

سەبارەت بە پەیدابوونی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی، ناسر الحدەی مێژوونووس دەڵیت: [بەهۆی کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری پرۆلیتاریای ڕووسیەوە ،بیرۆکەیەک لە ناو ڕووناکبیرانی لوبنانیدا پەیدا بوو کە قەوارەیەکی مارکسی درووست بکەن . ئەوەبو ئەو قەوارەیان درووست کردو ناویان نا {دیموکراتە شۆڕشگێرەکان} کە نمونەکەیان فرح انطوان، شبلی شمیل بوون.

* هەر لە لوبنان ساڵی ١٩١٩ ئەرمەنیەکانی ئەوێ بەتایبەتی ئەوانەی لە بەیروت دەژیان ،هاوبەندیەکیان پێک هێنا بە نیوی [عصبەسپارتاک] . هەڵبژاردنی ئەم ناوە بۆڕێزو خۆشەویستیان بوو بۆشۆرشی کۆیلەکان لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا ،بەسەرۆکایەتی سپارتاکۆس ،ئەمانە شوعی بوون و ئیلهامیان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە وەرگرتبوو . پاشان کە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان درووست بوو ئەم عەسبەیەش بوو بە بەشێک لەو حیزبە.

* لە هەمان سەردەمدا بڕێک لە شۆڕشگێرانی عەرەب لە دمشق کە خۆیان بەچەپ دەناسان،گۆڤارێکیان دەردەکەرد بە نیوی[الاشتراکیە} ساڵی 1912 .حلمی فتیانی سەرنووسەرو خاوەن ئیمتیازی بوو.

*هەر لەو دەمەدا هەندێک خوینکاری سوری و لبنانی لە فەرنسا دەیانخوێند ئەمانە لەڕێگەی حیزبی شوعیی فەرنسیەوە کە ئەویش بەدەوری خۆی پەیوندی بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هەبوو ،ئەو خوێندکارانە بەفکری مارکسی و بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئاشان بوون و ئەم فکرەیان هێنایەوە بۆ لبننان و سوریاو لە کۆتادا ئەم گەنجانەش بوونە بەشیک لە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان.

* بەر لە دامەزراندنی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری، سالی 1919 سەندیکایەکی کرێکاران لە لبنان درووست بوو ، بە نێوی[یەکیتی گشتی کرێکاران] ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد بە نیوی [ڕۆژنامەی کرێکار] .هەر ئەم پێکهاتە کرێکاریە لە پاشاندا بووە بناغەی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری کە لەگەڵ بزافە مارکسیەکانی دیکەدا یەکیان گرت .

* لە سوریاش سلیم خەیاط وەک مفکرێکی مارکسی، لەو کاتەدا چەندین بابەت و لیکۆڵینەوەی سەبارەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مارکسیەت نووسیوە.

* بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت.
بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت، خالید بەگداش یەکەم مارکسی بوو لە ڕۆژهەڵاتی نوێن کە [بەیانی شیوعی} لە فەرنسیەوە وەرگێرایە سەر عەرەبی .

*ئەوە بوو لە ئاکامی یەکگرتنی ئەو گروپ و سەندیکاو کەسایتیە مارکسیانەدا حیزبی شوعی سوری و لبنانی سالی 1924 دامەزرا .
کەسە ناودارەکانی ئەم حیزبە بریتی بوون لە {چالاکوانی سەندیکا ،فوئاد شمالی،ڕووناکبیر یوسف ئیبراهیم، ، وە لەسوریاش ناسر حدە ،فوزی زعیم،سلیم خیاط،خالد بەگداش، }
* لە کۆنگرەی 6 ی کۆمنترندا [ الاممیە الشوعیە] ساڵی 1928 فوئاد شمالی کە ئەمین عامی حیزبی شیوعی لبنانی بوو، وەک یەکەم شیوعی لە ولاتانی عەرەبیەوە بەشداری کرد .

3. مسر

* شاری ئەسکەندەریەی میسر کە هاوکات بەندەریێکی بازرگانی جیهانیەو تاڕۆژی ئەمڕۆش هەر وا ماوەتەوە . کۆمەڵیک گەنجی ڕووناکبیر تامەزرۆی زانیاری بوون دەربارەی شۆرشی ئۆلتۆبەر ،بۆیە زۆر جار دەچوونە بەندەرەکەو قسەیان لەگەڵ ئەو کەشتیەوانەن دەکرد کە لە روسیا یافەرنسا یا بەریتانیەوە دەهاتن ئەوانیش هەرچی زانیاری یا کتێب و ڕۆژنامەرو نامیلکە هەبوو بەزمانە جیاجیاکان نووسرابوون،دەیانبەخشیە ئەو گەنجانە .

*ئەوە بوو لە ساڵی 1922 حیزبی شیوعی مسری لە ئەسکەندەریە لەو گەنجانە درووست بوو کە کەسە دیارەکانی لەوسەردەمەدا بریتی بوون لە {جوزیف روزنتاڵ،حسنی الاعرابی،انطوان مارون، پاشان تەنزیماتەکانی قاهرە وباژێرەکانی دیکەی میسری گرتەوە.

4. تورکیا
دامەزراندنی حیزبی شیوعی لە تورکیا 1921

* مستەفا سوبحی بە دامەزرێنەر و سەرکردەو شۆڕشگێری حیزبی شیوعی تورکی هەژماردەکرێت.
ئەم کەسە سەرەتا کاری ڕۆژنامەگەری کردوە ، پەیامنێری چەندین ڕۆژنامەی تورکی بووە بەتایبەت دەمیک لە پایس بووە ،کەسێکی ڕوناکبیر و ئابوریناس بووە .

*ساڵی 1913 بەوە تاونبار دەکرێت کە ئەو محمود شڤیق پاشای کووشتوە .
بۆیە بە 15 ساڵ زیندانی حکوم دەدرێت .
لە زیندان ڕادەکات بەرەو ڕوسیا هەڵدێت .
* لەوێ سالی 1915 دەبێتە ئەندامی حیزبی بەلشەفیک .
*هەر لەوێ پەیوەندی لەگەڵ سەربازە تورکە یەخسیرەکاندا پەیدا دەکات بڕێکیان بە فکری مارکسیەت ئاشانا دەکات .
* دامەزرێنەری ڕێکخراوی سۆشیالستی چەپی تورک بوو ساڵی 1918

* ساڵی 1919 بەیانی شیوعی لە ڕوسیەوە وەرگێراوەتە سەر تورکی

* ساڵی 1919 بەشداری لە یەکەم کۆنگرەی کۆمنترن کرد لە مۆسکۆ.

* ساڵی 1920 لە باکۆ لەگەڵ کۆمەڵیک تورکی نیشتەجێیی ڕوسیا و ئازربایجان حیزبی شێوعی تورکی دادەمەزرێنن ،کە جگە لە مستەفا سوبحی کە دەبێتە سکرتێری حیزبەکە ،کەسە دیارەکانیان بریتی بوون لە [ئەتهەم نەجات و ئیسماعیل هاکی ]

* هەر دوای ئەوە لە باکۆوە 15 شیوعی تورک دەگەڕینەوە بۆ تورکیا بۆ بەشداری لە جەنگی ڕزگاریدا کە ئەودەمە کەمال ئەتاتورک دەستی پێکردبوو.
* بەڵام لەوێ لە لایەن ئەتاتورکەوە محارەبە دەکرێن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە ، بۆیە ناچار دەبن بەرەو باکۆ بە باخرە بگەڕینەوە ،لە ڕیگا بە پلانی ئەتاتورک هەر هەموو 15 کەسەکە کە لە کەشتیەکدا بوون نغرۆ دەکرێن کە سەرکردە دیارکانی ئەو حیزبە بوون.
*ئەتاتورک بۆ ئەو مەسەلەیە وتبووی ئیمە پێوستمان بە حیزبی کۆمۆنیست نیە ،گەر پیوستمان بێت خۆمان درووستی دەکەین . جا هەر واشی کرد ،حیزبێکی شیوعی ئەتاتورکی دروست کرد.

5. ئیران
دامەزراندنی حیزبی تودەی ئێران

حیزبی توودەی ئێران ڕێکخراوەی سەرەکیی چەپ بوو لە مێژووی ھاوچەرخی ئێراندا. ئەم حیزبە لە ساڵی1920 لە تاران دامەزرا. بناغەدانەرانی بریتی بوون لە کۆمەڵەیەکی 53 کەسی لە چالاکوانانی چەپخواز و ناسیونالیستی ئێرانی وەکوو: سلێمان میرزا ئەسکەنەدری، ئیرەج ئەسکەندەری، بۆزۆرگ عەلەوی، ئێحسان تەبەری، خەلیل مەلەکی، فەرەیدوون کەشاوەرز، عەبدولحوسەین نووشین و رەزا ڕادمەنەش. ئەمانه زۆربەیان له سەردەمی دەسەڵاتی قاجەریەکان و پاشانیش ڕژێمی شاهەنشاهی ئێرانیەوه ، له زیندان بوون یا لەژێر چاودێریدا بوون. هاوکات نووسەر وەرگێڕی کوردیش محەمەد قازی یەکێک له ئەندامانی حیزبی تووده بوو.
پەیدابوونی ئەم حیزبەش دیسان پەیوەستە بە ئەو هەوڵومەرجەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری تێدا ڕوویدا.
لەو دەمەدا و بە یەک دووساڵ هەواڵی ئەو شۆڕشە بە چەند جۆرێک گەشتە نێو بڕێک لە ڕووناکبیرانی ئیران ،بەتایبەتی خوێنەورەکانی زانگۆی تاران. هەوالەکان لە ڕێگەی ئازربایجانەوە دزەیان دەکرد بۆ تاران ، ئەو هەواڵانە زیاتر دەمی یا نامیلکەی بچوک بوون کە پێشتر وەرگێرابوونە سەر زمانی ئازەری و پاشان دەکران بە فارسی .
*سەربازە ڕووسەکانیش کە لە بەشێک لە خاکی ئێراندا بوون ، ئەمانە بەر لەوەی بەفەرمانی لینین لە ئێران بکشێنەوە، هەوالی شۆرشی ئۆکتۆبەریان پیدەگەشت . ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە دەیانگەیاندە ئەو ئیرانیانەی کە تامەزرۆی ئەو جۆرە هەواڵانە بوون.

کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر کورد ،بەتایبەت کوردانی باشوور

دکتۆر کمال مەزهەر لە کتێبێکیدا بە نێوی[کوردستان پاش جەنگی جیهانی یەکەم] لە بڕگەیەکدا ئاماژە بە نامەیەکی {مێجەر سۆن} دەکات کە حاکمی سەربازی ئینگلیز بووە لە سلیمانی .نامەکە ساڵی 1919 نووسراوە ،بۆ مندوبی سامی بەریتانی ناردوە لە بەغدا کە تێدا دەڵێت[ لێرە لە سلیمانی زۆرێک لە گەنجەکان بە ئاشکرا پرەپاگەندە بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکەن].

هەروەها ئەحمەد خۆجە لە کتێبەکەیدا بە نیوی {چیم دی} ،دەڵێت. چەند منەوەرێک لە سلیمانی پەیدا بوون کە کاریگەرن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،وە بڵاوکراوەیە دەردەکەن بە نێوی[پریسک یا پروشک] کە وەرگێراوی وشە ڕوسیەکەیە بە نێوی { ئیسکرا}.
ئەم قسانەی ئەحمەد خۆجە تا ئێستا لە هیچ سەرچاوەیەکەوە ڕاستی و دروستی نەسەلمینراوە .بەڵام ئەوەی دکتۆر کەمال مەزهەر کە ئاماژەی بە نامەکەی میجەر سۆن کردوە ، ئەو نامەیە لە ئەرشیفی بەریتانیدا بوونی هەیە.
لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە کوردیش کاریگەر بووە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،بەڵام ئەو کاریگەریە نەبووەتە بناغە بۆپەیدابوونی بزافێکی مارکسی ،وەک ئەوەی لە بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێویندا ڕوویدا.




درۆ لە ئیسلامدا گۆران … هەڵەبجەیی

درۆ کردارێکە یا وتەیەکە پێچەوانە یا دژی ڕاستیە .

درۆ خەسڵەتێکە لە ناخی هەموو مرۆڤێکدا هەیە . مرۆڤ لەو ڕۆژەی ئاوەز دەکاتەوە و دەورووبەری خۆی دەناسێت تا ئەو ڕۆژەی دەمرێت ، ئامادەیی تێدایە بۆ درۆکردن .کەم کەس هەیە لە ژیانیدا درۆی نەکردبێت.ئیدی لە هەر قۆناغێکدا بێت.
مەبەست لەدرۆکردن ، خۆ دەربازکردنە لە حاڵەتێک یا دۆخێک، یا بۆ دوورکەوتنەوەیە لە سزاو ئەشکەنجە ،یاخود بۆ خۆبردنە پێشەو و خۆ خۆشەویستکردنە لە مەسەلەیەکدا یا بۆ فریودانی کەسێک یا کۆمەڵەکەسێک ،نەتەوەیەک ،پەیڕەوکەرانی ئایدۆلجیاو ئاینێکە.
ئەوەی ئیمە بیستوومانەو خوێندوومانەتەوە ئاینی ئیسلام خۆی وا نمایش کردوە کە پڕە لە ڕاستگۆیی ، دەستپاکی .وەک خۆیان جەختی لێ دەکەنەوە ڕاستگۆیی یەکێکە لە بنەماکانی ئیمانداریەتی.
واتە مادام خودا پارێزەری ئەم ئاینەیە و پەیامەکەی بۆ پێغەمبەر و موسوڵمانان با ئاسانی و بێ کێشە دەگاتە شوێنی خۆی ، ئیتر پێوست بە درۆ و پێج و پەنا ناکات.
هەر بۆیەش دەبینین پتر لە 200 ئایەت هەن کە دژی درۆن.


بۆ ئەم مەبەستە یەک دوو دانە لە دەقی قورئان وحەدیس دەکەمە نمونە:

. يقول القرآن فى سورة غافر “إن الله لا يهدى من هو مسرف كذاب”.
مەبەستی ئەم سورەتە ئەوەیە کە [خودا هیدایەتی درۆزن نادات]

الكذب سبب للطرد من رحمة الله تعالى:
…
قال تعالى فی سورە ال عمران 61:

ثُمَّ نَبْتَهِلْ فَنَجْعَلْ لَعْنَتَ اللَّهِ عَلَى الْكَاذِبِين

درۆ هۆکارێکە بۆ دەرکردن لە بەزەیی خودای گەورە.

هەروەها پێغەمبەر دەڵێت:

“كن صادقاً فالصدق يؤدى إلى الصلاح والصلاح يؤدى إلى الجنة. احذر الكذب فالكذب يؤدى إلى الضلال والضلال يؤدى إلى النار”.
واتە [ راستگۆبه‌، راستگۆیی رێگایه‌ بۆ چاكه‌و ده‌ستپاكی و، ئه‌مه‌ش رێگایه‌كه‌ به‌ره‌و به‌هه‌شت. لە درۆ دوور بكه‌وه‌ و، درۆ به‌ره‌و تاریكی دەتبات و له‌ رێی خودا دوورت ئه‌خاته‌وه‌و به‌ره‌و دۆزەخ دەتبات.]

لە حەدیسێکی تردا دەڵی

هەرکەسێک بە ناوی منەوە درۆی کرد ئەوە ئەبێ پێشبینی بکات شوێنێکی لە دۆزەخ بۆ گیراوە..

هەروەها محمەد دەربارەی ئەوانەی بە درۆوە خەو دەگێرنەوە بۆ خۆبردنە پێشەوە دەلیت : سزاگەی گرانە ،وەک ئەوە وایە پێی بڵێیت دوو دەنکە جۆ پێکەوە ببەستەوە، کە ئەمەش مەحالە.

هەر وەها لە سەحیح موسلمدا هاتووە دەڵێت:

سێ جۆر دووڕوو یا منافق هەن :
کەسێکی ڕۆژو گر و نوێژکەری بێ ئەرزش ، هاوکات ئیدیعای موسوڵمانیەتی بکات،یاخود بەدرۆ قسە بکات، یا بەڵێن نەباتە سەر.

سزاکانی درۆ
وەک لە [ئالووکە نێتدا ]هاتووە کەسێک درۆ بکات لەلایەن خوداوە ئەم سزایانە دەدرێت:
1.لەدەستدانی ئارامی وئاسایش و هەستنەکردن بە دڵنیایی.
2. نەخۆشخستنی دڵ.
3. کەمکردنەوەی ڕزق و نەمانی خێرو بەرەکەت.
4.دوور کەوتنەوەی مەلائکە لێی.
5.دوورکەوتنەوەی خەڵک و دەوروبەر لێی.
6. بێبەشی لە دیاری خودا.
7. بێبەشکردن لە نعمەتی خوای گەورە.
8. نزیکبوونەوە یا مسۆگەر کردنی دۆزەخ.

چەند نمونەیەک لە ڕای بانگخوازو شیخە ئیسلامیەکانی عەرەب دەربارەی درۆ کە لە یوتوب وەرم گرتوون:

+ محمەد راتب نابلسی
100 محازەرەلە بارەی زیانی درۆوە بدەیت ، بەڵام بەیەک درۆی خۆت هەمووی دەسڕێتەوە.

+محمد عریفی
درۆ کردن خراپەی بەدوودا دێت ،یاخود دەبێتە هۆی کاری نەخوازراو.
درۆ پەیوەندیەکان تێک دەدات.

+ شێخ محمد حسان
درۆکردن مرۆڤ لە دنیاو ئاخرەتدا بە هیلاکەت دەبات.
ئەوەی موسوڵمان لە دنیاو ئاخرەت ڕزگار دەکات ڕاستگۆییە.

+ محمد یعقوب
درۆ کردن بەزمان دەمانگەیەنێتە درۆی ئیرادەو پاشانیش بە درۆی دڵ کۆتایی دێت .

ئایا لە ئیسلامدا درۆ ڕێگەپێدراوە؟

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا پتر لە 200 ئایەت هەن دژی درۆکردنن و تێیاندا درۆزن بە نەفرەت دەکەن . کەچی سەیر لەوەدایە لە حاڵەتی دیکەدا درۆ ڕێگە پێدراوە .نەک هەر ڕێگەی پێدراوەە بەڵکو هانی درۆش دەدەن.

1. سورة العمران ئایەتی [28]
کاتێک تۆ لەژێر ترس و زەبروزەنگدا بوویت بۆ خۆ دەربازکردن لەو دۆخە درۆ بکە، بەڵام لە ڕوالەتدا بروات پیی نەبێت.
لە کتێبی [روح الاسلام] لە نووسینی { عفیف طیارە} لە لاپەڕەی 247 دا دەڵێت{ هەموو جار درۆ خراپ نیە، بێگومان هەندێک حاڵەت هەن درۆکردن زیاتر سودیان هەیە لە ڕاستگۆیی ، ئەویش بە مەبەستی بەرژەوەندی گشتی}

هەروەها پێغەمبەر دەڵێت { ئەوەی لە ڕێگەی درۆوە ئاشتەوایی لە نیوان خەڵکەکاندا درووست دەکات گومڕا نیە}
هەر محمەمەد خۆی چەندین جار باوەڕپێکراوانی هانداوە کە لە پێناو ئیسلامدا زۆر گوێ بە ڕاستگۆیی نەدەن.
نمونەی کوشتنی [کعب بن اشرەف] لە قەبیلەی بنی نضیری جولەکە.
هەواڵ واگەشتە محمد کە کەعب دژی محمەد هاوسۆزی لەگەڵ قورەیشیەکاندا هەیە هاوکات هۆنراوەی غەزەلی بە باڵای ئافرەتە موسوڵمانەکاندا وتووە. محمد ویستی بیکوژێت بەڵام کوشتنی ئاسان نەبوو چونکە خاوەن خێڵێکی بە هیز بوو ،بۆ یە کەسێک بە ناوی محمەد کوری مسلمە بۆ ئەم ئەرکە ئامادەیی خۆی نیشان دەدات .بەمەرجێک پێغەمبەر ڕێگەی بدات درۆ بکات ،ئەوەیش ڕیگەی پێ دەدات پاشان محەمەد کوڕی مسلمە دەچێتە لای کەعب و زەمی پێغەمبەر دەکات، یانی دژی قسەدەکات کەعبیش بڕوای پێدەکات و شەو بەناوی پیاسەوە کەعب دەهییتە دەرەوە و لە تاریکیدا دەیکوژێت.

کووشتنی [شعبان بن خالد الهذلی]
شەعبان یەکێک بوو لە نەیارەکانی محمەد ،وە بۆ جەنگردن دژی، خۆی کۆدەکردوەوە. بەر لەوەی ئەو جەنگە بقەومێت عەبدوڵای کوڕی ئەنیسی ڕاسپارد بۆ کووشتنی.
بۆ کووشتنی شعبان ،عەبدوڵا بەڵێنی لە مێغمبەر وەرگرت کە بە ناویەوە درۆبکات ،ئەویش ڕازی بوو .
پاشان عەبدوڵا چوە کن شەعبان لە خێوەتەکەیدا ،دەستیان بەقسەکردن کرد ، عەبدوڵا خۆی وا ناساند کە لە خێڵی [خەزاعە]یە و هاتوو لەگەڵیدا پێکەوە دژ محەمەد بجەنگن.
پاش ئەوەی پیاوەکانی شەعبان هەموو دەخەون ،عەبدوڵا فرسەتی لێدێنێت و سەری لە لاشەی دەکاتەوە. سەرە بڕاوەکەی لەتەک خۆیدا دەبات بۆ محەمەد ئەویش بە دیتنی ئەو دیمەنە لە دوورەوە لە خۆشیاندا هاوار دەکات:
[سیمایەکی سەرکەوتوو] عەبدولاش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت [ڕوت سەرکەوتووبێت یا پەیامبەر] . یانی ڕووی سەرکەوتوو یا براوە. یا کەسێک کارێک بە باشی ئەنجام بدات.

وقتله وأخذ رأسه إلى محمد. فلما وصل عبدالله إلى المدينة ورآه محمد من بعيد، صاح محمد فرحاً “أفلح الوجه”. فرد عبدالله التحية بقوله “أفلح وجهك يا رسول الله”

علامە ئیسلامی شێخ طبری دەڵێت[ محمەد خۆی ڕیگەی بە عمار بن یاس داوە کە درۆ بکات ،دەمێک [بنی مغیرە ]ناچاریان کردوە قسە بە محمەد بڵێت ،. محمد پیی گووتووە گەر جارێکی تریش گرتیتیان و ناچاریان کردیت ،دیسان درۆ بکە .[ماڵپەڕی مراجعە فی الاسلام]


ئەو کاتانەی درۆ ڕێگە پێدراوە:

– جەنگی چاوەشەکاری
-گەر دوو زیان هەبوو ،دووحالەت هەبوو کە بۆهەردووکیان دەبێ درۆ بکەیت جا ئەوەیان هەڵدەبژێردرێت کە زیانی کەمترە.
– ئەو پێوستیانەی محەرەمات حەلال دەدات ، یانی رێگەیان پێ دەدات.

یاخود لەژێر بەندەکانی مەبدەئی [تقییە]دا لەوێشدا لە چەند حاڵەتێکدا درۆ ڕێگە پێدراوە

مبدأ “التقية”
وشەی تقیە لە وقایەوە هاتووە ،واتە خۆپاراستن.
مەبەست لەم وشیەیە ،ئەوەیە کە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا موسڵمان بۆی هەیە درۆبکات ئەویش بۆ پاراستنی گیانی خۆی ، یا موسوڵمانانی دیکە لە زیان دوور بخاتەوە.
+بۆ نمونە موسوڵمان بۆی هەیە دژی ئیمانەکەی خۆی قسەبکات بەمەرجێک لە دڵەوە بڕوای پێ نەبێت .وەک پێشتر ڕوونم کردەوە.
+ بەدرۆ سوێند بخوات
+ قسە بە خوا بڵێت
+ سوجدە بۆ غەیری خودا ببات
+ مەشروب بخواتەوە ،واز لە نوێژو ڕۆژو بهێنیت

جۆرێکی دیکەی درۆ ئەو جۆرەیە کە موسوڵمانەکان لە ئەروپا بۆ غیرە موسڵمانی دەکەن . ئەوانە بەردەوام باسی ئایەتەکانی [مکی ]یان بۆدەکەن ،کە داوی ئاشتی و پێکەوە ژیان و یەک قەبوڵکردن وتۆلەرانس دەکات . بەڵام خۆیان باش دەزانن ئەو ئایەتانە منسوخ کراون یانی گۆڕدراون بە ئایەتە [مەدینەیەکان ] کە بانگەوازی کووشتن و تووندوو تیژی دەکات.

لەکن ئیسلام گرنگ ئەوەیە درۆکەر لە دڵەوە بڕوای بەدرۆکە نەبێت و تەنها بە زمان درۆ بکات.

ئەم قسەیە زۆر سەیرە ،بێگومان هیچ درۆکەرێک بڕوای بەدرۆ نیە چونکە پێچەوانەی واقیعە و دژی ڕاستیە ،کێ هەیە بڕوای بەدرۆ هەبێت؟ ئیتر بۆ داوای لێدەکرێت بڕوای پێ نەبێت؟
هاوکات گرنگە تێبگەین ئەوەی بانگخوازانی ئیسلام بۆ بڵاوکردنەوەی دینەکەیان دەیڵێن چ لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بێت یا لە میدیاکانەوە ،هەموو کات ڕاست نین و تژین لە درۆ..

ئێستا دەپرسین کام لەو جۆرە ئایەت و حەدیسانە لە پێشەوەن و ئەولەویەت و ئیعتباریان هەیە ؟ ئەوانەی کە تووندترین سزایان تێدایە بۆ درۆزنان و جێگەیان لە دۆزەخدا بۆ دیاری کراوە ، یا ئەوانەی ڕێگە بە موسوڵمانان دەدەن و فێری درۆیان دەکەن و پاساویان بۆ دەهێننەوە؟
کامیان لەسەرحەقن کامیان موسوڵمانی ڕاستەقینەن ،ئەوانەی درۆدەکەن یا ئەوانەی نایکەن؟

درۆ هەر درۆیە بچوک یا گەورە ، باش یا خراپ ، ڕەش یا سپی. یادەبێ بەهیچ جۆرێک ڕێگەی پی نەدرێت یا کە پێی درا نابێت سزای هەبێت . نابێ هەردووکیان هاوتەریببن .
کەواتە دەبێ یەکێکیان نەفی ئەوەی تریان بکات .
نەهی درۆ و ڕێگە پێدانی لە هەندێک حاڵەتدا وەک ئەوە وایە مامۆستایەک خوێندکارانی قۆناغی بنەڕەتی فێری ڕاستگۆیی بکات، بەردەوام لە مێشکیاندا بیچەسپێنێت کە درۆ کارێکی خراپ و زیانبەخشە ،بەڵام هاوکات پێیان بڵێیت جارو بار بۆتان هەیە درۆبکەن.
ئایا ئەمە نابێتە دووڕووی و سەرلێشێواندن لەو خوێندکارانە ، کە لە ئەنجامدا نەتوانن جیاوازی لە نیوان سود و زیانی درۆدا بکەن؟
جێگەی خۆیەتی ئێستا چەند نمونەیەکی درۆتان بۆ بهێنمەوە کە زۆر کۆن نین و لەلایەن بڕێک لە شیخ و بانگخوازە ئیسلامیە بە ناوبانگەکانەوە کراون.

یەکەم درۆ بە زنمانی هیتلەرەوە کراوە
دووبانگخوازی ئیسلامی یەکێک سونە ئەوەی تریان شیعە، هەردووکیان بە زمانی هتلەرەوە قسەدەکەن . بە قسەی بانگخوازە سونیەکە عمر عبدولکافی دەڵێت هیتلەر بۆهاندانی گەل و سوپاکەی بۆجەنگ ، لە سەرتای وتارەکانیدا پەنای بۆ ئایەتێکی قورئانی بردوەکە گوایە وتارەکانی بەم دەستەواژە ئیسلامیە دەستثێکردوە [اقتربت الساعە و انشقت القمر] . وەک لە ڤیدیۆکەدا هاتوە ،گوایە ئەمە لەسەر ئامۆژگاری کەسێکی مسوڵمانی نزیک هیتلەر بووە.
کابرای شیعەش کە خەڵکی عێراقە لە حوسەینیەیەکدا قسە بۆ خەڵک دەکات و دەڵێت{سوپایەکی مەزنی هیتلەر لە کاتی جەنگدا لە شۆڤیەت دەکەونە گەمارۆوە ،سەرکردەکەیان بروسکەیەک بۆ هیتلەر دەنیرێت و داوی هاوکاری سەربازی و ئازوقەی لێدەکات و دەڵێت گەر بە فریامان نەکەون ئەوە هەموومان تەسلیم دەبین}
بەقسەی کابرای شیعە ،هیتلەر وەڵامی دەداتەوە دەڵێت.[ دەست بە دامێنی حوسەینەوەبگرن و هاواری بۆ بکەن ڕزگارتان دەبێت]
ئەوجا دەڵێت ،ئەوانیش هاوار وهانا بۆحوسەین دەبەن و لەو گەمارۆیە ڕزگاریان دەبێت.
بۆ درۆی یەکەمیان وەک بەدواچوونم کرد هیتلەر لەو ڕۆژەی دەسەڵاتی گرتە دەست[1933-1945] تا خۆی کووشت تەنها کەسی عەرەب کەدیبێتی حاج ئەمین حسینی موفتی قودس بوو کە لە ساڵی 1941 لە بەرلین بینی.
[تقی الدین هلالی] ئەم کەسەش لە بۆن [1940] وانەی ئەدەبی عەرەبی دەگووتەوە. پاشان دکتۆرای لە بەرلین لە ئەدەبی عەربیدا بەدەست هیناوە خەڵکی مەغریب بووە. ئەم کەسە بەهیچ جۆرێک هیتلەری نەبینوە.
سەیر لەوەدایە نەسونەکەو نەشیعەکە ڕوونی ناکەنەوە کە هیتلەر ئەو قسانەی بەعەربی کردوە یا بە ئەڵمانی .جگە لەمە هیتلەر بەوە ناسراو بووە کە تونایەکی لەڕادەبەدەری هەبووە لە وتارداندا، دەچێتە ئەقڵەوە لە سە ر پێشەکی وتارێک پەکی کەوتبێت و هانای بۆ عەرەبێک بردبێت تا لەو تەنگەژەیە ڕزگاری بکات؟
بۆ درۆی پیاوە ئاینیە شیعەکەش ،میژوی ئەو جەنگە پێمان دەڵیت، نزاو پاڕانەوە لە حسین ڕزگاری نەکردن ، هیچ سوپایەکی هیتلەر لە گەمارۆی سوپای سور ڕزگاریان نەبووە ،هەر هەموویان لە ئاکامدا خۆیان دا بە دەستەوە .

نمونەی دووم
سەبارەت بە بەرنارد شۆ ی ئیرلەندی، نووسەری شانۆیە.
سێ کەس باسی جۆرج بەرنارد شۆیان کردوە کە گوایە بە کەسایەتی محمەد سەرسام بووە . یەکێک لەوانە عەدنان ئیبراهیمە.
وەک ئەم سێ کەسە باسی دەکەن ،کە هەرسێکیان هەمان قسە دووبارە دەکەنەوە ،دەڵێن: بەرنارد شۆ گووتوویەتی {لەم کاتەدا زۆر پێوستمان بە عەبقەریەتی محەمەد هەیە تا بەدەم قاوە خواردنەوە لە ماوی چەند چرکەیدا سەرجەم کێشەکانی جیهانمان بۆ چارەسەر بکات}
سەرەتا گرنگە ئاماژە بەوە بکەم کە بەرنارد شۆ بڕوای بەهیچ ئاینێک نەبووە . جگە لەمە پاش بەدواچونێکی ڕشید مەغربی پێشکەشکەری بەرنامەی { پرسیاری بوێر} بۆی دەرکەوت ئەو قسەیە ئەسڵ و ئەساسی نیە ،ئەمە لە گۆڤارێکی ئیسلامی وەرگیراوە بە ناوی [پڕوپاگەندەی ئیسلام] کە لە ناوەڕاستی سیەکاندا لە سەنغاپورە چەند دانەیەکی لێدەرچووە . لەوێشدا هیج ئاماژەیەک بۆ کات، شوێن، ساڵ .کتێب ،گۆاڤار، ڕادیۆی هیچکام لەمانە نەکراوە کە بەرناردشۆ ئەو قسەیەی تێدا کردبێت.

چەند درۆیەکی ناشیرین
یەکێک لە بانگخوازەکانی سعودیە لە بەرنامەیەکی کەناڵی حکمەی ئیسلامیدا وتی:
+ کە منداڵ بووم باپیرم بۆی گێڕامەوە. باپیری لە دونیادا نەماوە
دەمێک بە سواری کەرەکەی دەچێت بۆ بازاڕ ،کەرەکەی دێتە زمان و پیی دەڵیت تۆ زۆر بەختەورەیت کە بەسواری پشتی من سەفەر دەکەیت ،با پیریشی لە کەرەکە دەپرسێت بۆچی ؟کەرەکە دەلێت چونکە ڕەچەڵەکی من دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو کەرەانەی کە محمەد بۆ گەڕان بەکاری هێناون. ئیدی کابراش لە خۆشیدا دەستی کردوە بە گریان.
وەک ئەو درۆیەی بەدەم هیتلەرەوە بە دوو سیناریۆ کراوە ، ئەم درۆیەش بە سیناریۆی دیکەش کراوە.

+ کەسێکی سعودی ڕۆژێکی ڕەمەزان دەیەوێت بە سەیارەکەی بچێت بۆ مزگەوت . دەبینێت سەیارەکەی بانزینی تێدا نیە بۆیە هاوار دەکات دەڵی {دیسان بانزینی تێدا نەماوە }. سەیارەکەش بە هێمنی پێی دەڵێت نیگەران مەبە ،بانزینم ناوێت چونکە بەڕۆژوم.

هەندێک درۆی کوردی ،واتە مەلاو بانگخوازە کوردەکان

+مامۆستا علی با پیر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ساڵی پار گووتی لە خەومدا میوەم لەگەڵ محمەد خواردوە . دیارە ئەمەش بۆ خۆ پیرۆزکردن بووە.

+مامۆستا هاوڕێ بانگخوازی یەکگرتوو دەڵێت:
کەسێک پرسیاری لە محمەد کرد لە بارەی منداڵ بوون لە بەهشتدا.
وەڵامی محمەد:
لە چرکەیکدا سکپڕبوون ،منداڵ بوون، دان دەرهاتن و قسەکردن ڕوودەدەن .
هەر بە قسەی مامۆستا هاوڕێ ، کەسێکی دیکە پرسیاری زەراعەت کردن لە بەهەشتدا لە محەمەد دەکات چونکە زۆر حەزی لە زەراعەتە.
ئەویش بە هەمان شیوەی منداڵبوونەکە وەڵامی دەداتەوەو دەڵیت:
[زەویەکە دەکێڵیت و تۆوەکە دەچێنێت و سەوزدەبێت و بەردەگرێت و بەرەکەی دەخوێت . ئەمانە هەمووی لە ماوەی یەک چرکەدا ڕوودەدەن}

دیسان مامۆستا هاوڕێ بەدوو جۆر باسی خەڵکی ئەورپا دەکات ،جارێک بە خراپەو ناشیرین .جارێک بە جوانی .
جارێک دەڵێت هەموو مەشروب خۆر تلیاک کێش پڕفەساد بێ ئەخلاق ، بێ جێگەو ڕێگە وهەرشەوەی لە شوێنێک دەخەون .
دیارە لە بیری چوە کە پێشتر بە خراپە باسی کردوون ،بۆیە لە ڤیدیۆیەکی تردا [180] پلە دەگەڕێتەوە و دەڵێت، ئەوانە خاوەن شارستانی و تەکنەلۆجیاو زانست و چی و چین.

هەر مامۆستا هاوڕێ ؟
کەسانی نیو بەهەشت هەموو یەک تەمەنیان هەیە [33] ساڵ
درێژیشیان [60] زراعە . هەمووکەس بێ مووە ،سپی و ساف و لووس ناسک و نازدارن.
شاندانانیک بۆ پشوو [70] سالی پێێدەچیت.

باشە پێشتر سەبارەت بە منداڵ بوون وتی ، لەیەک چرکەدا سک پربوون و لەدایک بوون ڕوودەدات ،کەواتە ئەو منداڵەش یەکسەر کە لەدایک دەبێت تەمەنی 33 ساڵە.

+ دکتۆر عەبدلواحید

جارێک لە وتارێکیدا وتی :کەنیسەکانی سوید داوا لە موسوڵمانان دەکەن لە کەنیسەکانیان خوتبەیان بۆبدەن .وە کەنیسەکان دەفرۆشن و دەیکەن بە مزگەوت . کەسێک کە پتر لە [25] ساڵە لە سوید دەژی بەدواچوونی بۆ کردو وەڵامی یەکێتی کەنیسەکانی سویدی نارد بۆ پەیچەکەی وە داوی سەرچاوەی هەواڵەکەی لێکردبوو . دکتۆر عەبدولواحیدیش بۆ کەسە کوردەکەی نووسیبوو ، سکرتێرەکانم وەڵامت دەدەنەوە ، ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەڵامیان نەدایەوە.

+ بانگخواز حاجی کاروان

بە هۆی لافاوەوە گۆڕی ئەسحابەکانی شەڕی ئوحود ئاویان تێ چوو بوو ،دەرکەوتن دوای 1400 ساڵ لاشەکانیان هیچ تێک نەچوە،
وا دەهاتنە بەرچاو کە ئیستا مردبن .

+عەبدولتیف سەلەفی
– ئەو موسوڵمانانەی لە نێو کافراندا دەژین خوا بەرنەفرەتیان دەخات.
دەبێ هێندە لە کافرانەوە دووربیت ،نابێ ئاگری یەکتر ببینن .
بەڵام لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا حاشا لەو قسەی پێشوی دەکات.

– لە خوتبەیەکی دا لە مزگەوتی بە هەست وتبووی هەرکەسێک جگە لە خۆشەویستی خودا ،خۆشەویستی تر لەدڵیدا بێت ، بە تایبەتی دڵداری جێگەی ئاگرە، کەچی خۆی بەتەلەفۆن بە چاوانی مێرددار دەڵێت [ هەناسەکەم بەخوا غەیری خۆشەویستی تۆ هیچم لەدڵدا نەماوە . ئەوە بوو پاشان بەو درۆیانەوە لە چاوانی لە مێردەکەی خۆی هەڵگەڕانەوەو بەر لە جیابووەی یاسایی و شەرحی لە مێردەکەی ،لە خۆی مارەبڕی.

-هەر هەمان لەتیف لە خوتبەیەکی تردا دەلێت دەبێ موسوڵمانان سڵاو لە هەموو کەس بکەن ، ئیدی بیانناسن یا نەیانناسن ،جونکە سلاو سڵاوی خودایە. بەڵام بەدەنگی خۆ کە تۆمار کراوە ، بەتوونسی سەرزەنشتی کەسێکی سەلەفی دەکات، چونکە سلاوی لە خزمێکی خۆی کردوە کە سەر بە کۆمەلی ئیسلامیە.

+ بانگخوازێک لە وتاری هەینیدا دەڵێت { لە ئەمریکا لەسەر تابلۆیەکی مەزن نووسراوە ،محەمەد لە ژنەکانی خۆی نەداوە}
ئاخر مرۆڤ تۆ درۆیەک بکە کەمێک بچێتە ئەقڵەوە، خۆ ئەمریکا کوردستانی بێ خاوەن نیە هەر کەس ئارەزووی کرد بۆ خۆی تابلۆ بچەقێنێت ، وەک لە ڕێگاو بانەکان بەدیدەکرێن .تەنانەت لە سعودیەش بۆ هەڵواسینی تابلۆ مۆڵەتی دەوێت . ئیدی چۆن لە ئەمریکا وە بۆچی ئەم مۆڵەتەیان دا ؟کە پڕوپاگەندە بۆ ئاین بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەیە.
پاشان خۆ ئەمریکا گوندێکی لای خۆمان نیە . وڵاتێکی بەرفراوانە و لە 50 ولایەت پێک دێت. بۆ نەتگووت لە چ ولایەتێک ،لە چ شارێک ،لە چ شەقامێک ئەم تابلۆیە هەڵواسراوە؟ کێ ریگەی پێداو کێ هەڵیواسی؟

+مەلایەکی تر دەڵێ:
پێغەمبەر نەمردوە چونکە دەمێک سید ئەحمەد رفاعی لەگەڵ شێخ عەبدولقادری گەیلانی دەچنە سەرگۆڕەکەی، ئەو لەگۆرەکەیەوە دەستی دەردەهێنا بوو تەوقەیان لەگەڵیان کردبوو.

*خەویبینیی مامۆستا مجید، بە مێغەمبەرەوەو تەواو نەکردنی خەوەکەی .
مامۆستا مجید خەوێک دەگێڕێتەوە کە گوایە لە خەویدا ،لەسەرەدا وەستاوە بۆ دیتنی محەمەد .بەڵام بەر لەوەی بگات بە ئامانج ژنەکەی خەبەری دەکاتەوە . ئەویش زۆر لە ژنەکەی تووڕە بووە، پاشان خەوتووەتەوە ، بە قودرەتی قادر تەکمیلەی خەوەکەی کردوە ،دیسان پێغەمبەر هاتووەتەوە خەوی ،بە مامۆستا مجیدی گووتووە ،ئەوە بۆ بێتاقەتیت ،وەر چی ماچ دەکەیت ماچی بکە .ئەویش کێری محمەدی ماچ کردوە .
ئەمە قسەیەکی ئاسایی نەبوو بۆ چەند کەسێکی کردبیت، بەڵکو یەکێک بوو لە وتارەکانی ڕۆژی هەینی کە هەزارەها خەڵک گوێیان لێگرتووە و لە مزگەوت بە گریانەوە دەیگێڕێتەوە.
ئەوەی سەیرە خەڵکەکەش لەبری ئەوەی شەرم بیانگرێت و تووشی شۆک بن ،هەموو توشی هەستریا دەبن و هاوار و گریان تێکەڵ بەیەک دەبێت و سەمفۆنیایەکی نەشازی لێدەردەچیت.
ئاخر گەر ئەو قسەیە کەسکی بێ باوەڕ یا عەلمانی بیکردایە هەرچی تۆمەتی بێ ئەخلاقیە دەیاندایە پاڵی کەچی بۆخۆیان ئاساییە باسی ئەو جۆرە بەدڕەوشتیە بکەن. بەڵام لە شێوەی درۆیەکی گەورەوەدا.

+ لە هەموی پێکەناویتر قسەی مەلایەکی هەولێرە کە باسی سۆپەر ماکیتی بە هەشت دەکات و لەوێ لە مۆڵەکە برادەرو ناسیاو دراوسێکانی دەبینێت و باسی ئەم دنیا بۆ یەکتر دەکەن.
وا خۆش دەیگێڕێتەوە مرۆڤ خەریکە بڕوای پێدەکات.

باشە گەر لە بەهەشدا وەک دەڵێن هەموو شت تەنها بە ئارەزووکردنی بێتە ناو دەمت ئیتر ئەم بازاڕ کردن و عەلاگە پڕکردنەوەی بۆچیە ؟
یا زەرعات و ئاودێری و منداڵبوونی بۆچیە؟

درۆ زۆرن گەر باسیان بکەین پێوستی بە کتێبێکە . کورد واتەنی {مشتێک نمونەی خەروارێکە}، بۆیە تەنها ئەوانەم هەڵبژاردون .من بۆ خۆم زۆرێکم لایە ، چ وەک ڤیدیۆ کلیپ یا وەک نووسین . جا بۆ ئەوەی خوێنەر دڵنیا بێت لەو نمونانەی ئاماژەم پێداون لێرەدا لینکی هەندێکیان دادەگرم.

سەرنج / ئەم بابەتە لە ژووری ناوەندی دانگی ئازاددا لە فەیسبووک ،بە لایف پێشکەشم کردوە.


سەرچاوەکان/

https://www.facebook.com/BtiShkaw/videos/1125875657535600/
https://www.youtube.com/watch?v=uoadberrL4k


https://www.facebook.com/hwkmizhyan/videos/1757178201171204/

https://www.facebook.com/BtiShkaw/videos/1125875657535600/

https://www.facebook.com/fateh.mahmoodahmad/videos/243024032815579/
https://www.facebook.com/yasaibyaban/videos/1357714657633965/
https://www.facebook.com/hwkmizhyan/videos/1734513760104315/
https://www.facebook.com/AzariGall/videos/717321778353266/
https://www.facebook.com/268589133164209/videos/1105432819479832/
https://www.facebook.com/Duryan.Dabran/videos/462439303962044/
https://www.facebook.com/kurdi.swed/videos/436757733182445/
https://www.facebook.com/674485679314154/videos/841366015959452/
https://www.facebook.com/BrwaTaha1987/videos/681832218577335/