دەرونشیکاری لە فرۆیدەوە تا ئیمڕۆ -١.. د. هەژار عوسمان

هستیریا نەخۆشیەکی دەرونیە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بە نیشانەکانی نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار خۆی دەردەبڕێ بێ بونی گۆڕان و شێوان و تێکچونی پێکهاتەی جەستەیی لە خودی مێشك و دەمارەکاندا، کەواتە ئیشكردن و وەزیفەی مێشک و دەمار بە شێوەیەکی کاتی تێکدەچێت بەڵام پێکهاتەکەیان ساغە و تێکنەچوە وەک ئەوەی بۆ نمونە مێشک هەوی کردبێ یا کیسێک یا زیادەگۆشتێکی تیابێت یا لولەخوێنەکانی داخرابێت یا ئاوسابێت. نیشانە جەستەییەکانی هستیریا ئەمانەن: گەشکە و بورانەوە و بێهۆشبون یا هۆش تێکچون، سڕبون و مێرولەکردنی پێست ،ئێشی ئەندامانی لەش ،هێزتیانەمان ولاوازی یا گرژبونی زۆر توند و گەرمی ماسولکەکان ، لەرزینی دەست و پێ یا هەمو جەستە ، تێکچونی زمان گۆکردن و شێوانی دەنگ و قسەکردن یا کپی و بێدەنگبونی تەواو ونەتوانینی قسەکردن، یا کێشە لە جوین و قوتدانی خۆراکدا یا کۆکەی وشک بێ بونی نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسەدان یا نائاسایی بونی شێوەی وەستان و دانیشتن و ڕۆشتن و جموجوڵی ئاسایی ڕۆژانە ، شێوانی کاتیی بینین وەک بەرچاوڕەشبون یا تەنانەت نابینایی کاتی وهتد… . نیشانە دەرونیەکانی هستیریا ئەمانەن: هەست وشعوری لەخۆنامۆ بون و لە دەوروبەر نامۆبون، بیرچونەوە بەتایبەتی دەربارەی ڕوداوی برینداربونی دەرونی ئەگەر ڕویدابو، گۆڕانی خێرا و تەقینەوەی بێجێی هەست و سۆزەکان بە هاوارکردن و گریان و قاقای پێکەنین بە ئەندازەیەکی وا کە سەرنجی هەمو دەوروبەر بە لای خۆیدا ڕائەکێشێ . لە کاتێکدا خزم و کەس دەوریان داوە و زۆر نیگەرانی و ترسیان هەیە لە دۆخەکەی کەچی ئەو خۆی تەنانەت بەرامبەر نیشانە جەستەییە کاتیەکانی وەک نابینایی و ئیفلیجی خەمسارد و گوێپێنەدەر ڕاکشاوە. لە پشتی ئەم نیشانانەوە هۆ وکێشەی دەرونی و برینداربونی دەرونی و ئازاردانی جەستەیی و چەوساندنەوە و دەسدرێژیی جۆراوجۆر بە هی سێکسیشەوە لە منداڵی و هەرزەکاری و یا لە تەمەنی گەورەیی لە ئێستادا و هەروەها کێشەی کۆمەڵایەتیی قورس هەن کە کەسەکە لە بەر شەرم و عەیبە و ترس لە سزا و ئابڕوچون ودابڕان لە دەوروبەر و خێزان و کۆمەڵ ناتوانێ بە دڵی خۆی و لە کانگای دڵیەوە بە هەست و سۆزی ڕاستەقینەوە دەریانبڕێ و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکات، بۆیە بێ ویست و حەزی خۆی و بێ ئەوەی خۆی بیەوێ و بزانێ یەکێ یا چەند دانەیە لە نیشانە جەستەییەکانی سەر بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەکانی تیا دەرکەوێ. نمونەیەک کە ڕویداوە: ژنێکی مێرددار لە پڕ توانای بینینی نەما، دوکتۆری چاو دوای تێڕوانینی ورد پێی وت چاوت هیچی نیە، دوای چەند هەفتەیەک بزربون لە شارێکی دورەوە لە گەڵ ئەو پیاوەی شەیدای یەکتر بوبون سەری هەڵدا و دەرکەوتەوە و ئیتر بێ چارەسەری پزیشکی کێشەی بینینەکەشی نەما! ئەم نەخۆشانە بە هۆی بورانەوە و گەشکەی دەرونیەوە چەندین جار بە پەلە و شڵەژانی خزم و کەسەوە بە ئەمبولانسی فریاکەوتن یا ئوتومبیلی ئاسایی دەبرێن بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان و چەندین تێڕوانینی تاقیگەیی خوێن و سۆنەر و وێنەی تیشکی و سکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەی بۆ دەکرێت و لە کۆتایی هەمویاندا پزیشکەکە دەڵێت وەڵا هیچی نیە، هەندێک دوکتۆر پێی دەڵێن هستیریا یا Hys ی هەیە !! ئیمڕۆ وشەی هستیریا لە دنیادا بەسەرچوە و بەکارهێنانی زۆر کەم بوە و بە تایبەتی پزیشکی هەمو پسپۆڕیەکان نابێت بەکاریبێنن بۆ نەخۆشەکانیان چونکە وشەیەکی نازانستی و هەڵەیە. Hysteria وشەیەکی یۆنانیی کۆنە بە واتای (نەخۆشیەکی پەیوەنددار بە مناڵدانەوە) دێت، پزیشكی ناوداری یۆنانی کۆن (هیپۆقرات) وای دەزانی ئەو نەخۆشانەی هیستیریا یان هەیە مناڵدانیان تەواو نیە یا ترازاوە و بە جەستەی نەخۆشەکەدا دەجوڵێ و دەگەڕێ. لە مێژە دەرکەوتوە کە نەخۆشیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە مناڵدانەوە نیە بەڵام لە کچ و ژنی گەنجدا زۆرترە هەتا لە پیاواندا، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت کە ناونراوە هستیریا کە لە وشەی یۆنانیی (Hyster) وە هاتوە و بە واتای مناڵدان دێت. ئێستا لە هەمو دنیای پێشکەوتودا لە بری هستیریا وشەی (conversion) کۆنڤێرژن بەکاردێت.
ئەوەی کێ هستیریای هەیە و کێ نیەتی تەنیا پزیشک وە بەتایبەتی پزیشکی مێشك و دەمار و پزیشکی دەرونی بڕیار دەدا نەک هیچ کەسێکی تر، دەنا هەڵە و ناحەقی و سوکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر نەخۆشەکە دەکرێت لەباتی تێگەیشتن لێی و هاوسۆزی وچارەسەرکردنی پسپۆڕیانە کە چارەسەری دەرونیە لای پزیشکی دەرونی و دەرونناسی پزیشكیی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بانتر. بینیومە و بیستومە خزم و کەس و هاوڕێ و تەنانەت یاریدەدەری پزیشك وهەندێ پزیشکیش چی بەم نەخۆشانە دەڵێن، وەک ( درۆ دەکات، نەخۆش نیە، خۆی وا لە خۆی دەکات، …).
دوکتۆر د. سیگمۆند فرۆید کە جو بو، هەروەها د.جۆزێف برۆیەر لە شاری ڤیەنا بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٨٨٠ دا ئەم نیشانە جەستەییانەیان وەک دەربڕ و زمانحاڵی کێشە و برینداریە دەرونی و کۆمەڵایەتیە قورس و چارەسەرنەکراوەکان ناساند. پێشتر د.برۆیەر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (١٨٨٠-١٨٨٢) خەریکی چارەسەرکردنی کچێکی ٢١ ساڵی نەخۆش بو بە ناوی خوازراوی Anna O بە شێوازی قسەلەگەڵکردن و خەواندنی دەستکرد (Hypnosis)، کچەکە نیشانەکانی هستیریای تێدابو و لە ڕوی جەستەیی مێشک و دەمارەوە هیچی نەبو، ئەو بەو چارەسەرە و بێ دەرمان باشتر دەبۆوە. د.جۆزێف دەربارەی ڕەوتی نەخۆشی و چارەسەری Anna O زانیاری و ئەزمونی چارەسەرکردنی سەرکەوتوانەی بە تەنیا بە دواندن بەڵام بێ دەرمان بۆ فرۆید باسدەکرد و لە گەڵیا ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەکرد دەربارە بابەتەکە، فرۆید خۆیشی وەک دوکتۆرێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار زۆرجار گیریخواردبو بە دەست هەندێ لە نەخۆشەکانیەوە کە دەرمان چاکی نەدەکردنەوە و نیشانە و ناڕەحەتیەکانیان کە هی هستیریاکەیان بو بەردەوام دەبو. فرۆید پێشتر یەک ساڵ دوای وەرگرتنی پسپۆڕی لە مێشک و دەمار لە ڤیەنا ، بۆ ساڵێک لە پاریس لە ژێر سەرپەرشتیی دوکتۆر Charcot و دو دوکتۆری تردا یەک ساڵ ڕاهێنان و فێربون و چارەسەرکردنی دەرونیی نەخۆشانی هستیریا ی کرد و گەڕایەوە بۆ ڤیەنا و ئیتر وردە وردە کەوتە چارەسەرکردنی نەخۆشانی هستیریا و بوبە ئەو بوارەی کە سەرکەوتوانە ئەسپی خۆی تێدا تاودا و ناوبانگی دەرکرد. فرۆید ئەم ئەزمونانەی خۆی لە گەڵ نەخۆشانی هستیریا و ئەوانەی د.جۆزێف لە گەڵ Anna O زۆر سەرنجی ڕاکێشا و کەوتە بیرکردنەوەی قوڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ی پراکتیکی و تیوریی چڕ و پڕ، ئەنجامی ئەم کارەی نوسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی (لێکۆڵینەوەکان دەربارەی هستیریا) لە ڤیەنا لەساڵی ١٨٩٥ بو، دواتر لە ساڵی ١٩٠٠ کتێبی (ڕاڤەکردنی خەونەکان) ی نوسی و بڵاویکردەوە .
دەتوانین بڵێین ئەم دو کتێبە ، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەیان هەبو نەک هەر لە ناوەندە پزیشکیەکان بەڵکو لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و کۆمەڵناسی و مێژو دا ، زەنگ لێدانی سەرەتای لەدایکبونی (دەرونشیکاری Psychoanalysis) بو کە فرۆید (١٨٥٦- ١٩٣٩) بە دۆزەرەوەکەی دادەنرێت.




لە ئەگەری (کۆنفرانسێکی تری لۆزان ێکی) تردا!.. د.هەژار عوسمان مەعروف

لە ڕۆژی ٩ ی ٧ ی ٢٠٢٥ لە سۆشێال میدیا دا پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجەلان بە زمانی تورکی و ژێرنوسی کوردی سۆرانی بڵاوکرایەوە کە من بە نیگەرانیەکی زۆرەوە وەڵامی ئەدەمەوە:
خاڵی یەکەم باسی بانگەوازەکەی دەکات بۆ(ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی). باشە ئۆجەلان ئاگای نیە لەوەی کە تورکیا شەڕی دژی پەکەکە و دژی کوردی مەدەنیی باکوری کوردستانی نەوەستاندوە؟ هێشتا سەرۆک شارەوانیە کوردە هەڵبژێراوەکانی دەرکراون و لە شوێنیان قەیومی پەسەندی ئۆردوگان دانراون؟ هێشتا (ئیمام ئۆغلو) ی پارێزگاری هەڵبژێراوی ئەستەنبول هەر لە زینداندایە و دەنگۆی ئەوەش هەیە پارێزبەندیی پەرلەمانی لە سەر هەمو ئەندام پەرلەمانەکانی حیزبەکەی (جەهەپە) هەڵبگیرێ بۆ دادگاییکردن و گرتنیان؟
لە خاڵەکانی دو و سێدا پەسنی حیزبەکەی دەکات کە گوێڕایەڵی بون لە هەڵوەشاندنەوەیدا و، هەروەها پەسنی ئەو(هاوڕێ) یانە دەکات کە ڕۆڵی پردیان بینیوە لە پرۆسەکەدا.
لە خاڵی چواردا باسی (مانیفێستۆیەکی کۆمەڵگەی دیموکراتی) دەکات کە ئامادەیکردوە و بە وەرچەرخانێکی مێژویی دەژمێرێ نەک هەر بۆ کورد بەڵکو گرنگیەکی (هەرێمی) واتا بۆ هەمو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیەکی (گەردونی) واتا بۆ هەمو ٨ ملیارد مرۆڤەکەی دنیا ی دەداتێ و ئینجا ئەم مانیفێستۆیە بە (سەرکەوتویی) لە جێی (مانیفێستۆی پەنجا ساڵەی ڕێگای شۆڕشی کوردستانی) دادەنێ. لێرەدا بە دو وشەیش هیچ ناڵێت دەربارەی ئەوەی ئەم مانیفێستۆ نوێیە چیە،هەروەها ناڵێت کورستان هەر ٤ پارچەکە یا کام پارچەیان؟
لە خاڵی پێنجدا ئەڵێت دانیشتنەکان و گۆڕانکاریەکان لە سەر بناغەی (ئیرادەی ئازاد) لە ئیمرالی هاتونەتە ئاراوە، ئاخر تۆ کە هێشتا لە زیندانی ئیمرالی لە ژێر سێبەری سەرە نێزەی پاسەوانی تورک دایت و لە ناو تۆڕی جەنگی دەرونی و دیبلۆماسی و سیاسی و هەڕەشە و هەواڵگریی (میت) پەلەقاژە دەکەیت ، ئێمەی دەرەوەی ئەو دۆزەخەی بۆ کورد و بۆ تۆیان گەرم کردوە چۆن بڕوابکەین کە بە (ئیرادەی ئازاد) وە بڕیارەکانت داوە؟
لەخاڵی شەشدا ئەڵێت پەکەکە لە دژی نکولیکردن لە بونی کورد دروست بو و هەروەها بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی جیا، ئینجا ئەڵێت نکولیکردن نەماوە بۆیە پەکەکەمان هەڵوەشاندەوە و چەک دادەنێین . باسی کۆمیسیۆنێک دەکات کە لە پەرلەماندا دروست بێت بۆ بە یاسییکردنی پرۆسەکە، بەڵام ناڵێت کەی و چۆن، زۆر سەیرە ئۆردوگان و باخچەلی بەرپرسیاری پرۆسەکەن بەڵام وەک ئەوەی لێیان قەدەغەکردبێت ئۆجەلان لە هەمو قسەکانیدا داوای یەک شتیان لێناکات نە لە خۆیان نە لە حیزبەکانیان! هەروەها ئۆجەلانیش وەک ئۆردوگان و باخچەلی تاقە جارێکیش باسی چارەسەری سیاسیانەی کێشەی کورد لە تورکیا ناکات! لە قسەکانی تریدا هەر شتی گشتی و تیوری و ناکۆنکرێتی و گەشبینی دەربڕینێکی بێبنەما وبێ بەڵگە و خۆپەسەندکردن و خۆبەڕاست زانی دەردەبڕێ. دواتر بێباکانە ددانی پیادەنێ کە وازیان لە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد هێناوە ، باشە تۆ کێ ئەم حەقەی پێداویت لە بری سی ملیۆن کوردی باکور سوک و سانا بڕیارێکی ئاوا ترسناک بدەیت؟ باسی (ئینتیگراسیۆن) دەکات وەک ڕێگای بەدیهێنانی (کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتی) ، ئەم وشە ئینگلیزیە واتاکەی جۆرێک لە توانەوە و تێکەڵبونی جۆگەلەی کەمایەتیی نەتەوەییە لە ناو ئۆقیانوسی نەتەوەی گەورەدا کە ڕێک واتاکەی ئەو assimilation) ) دەگەیەنێ کە لە ڕۆژی دروستبونی کۆماری تورکیاوە ڕژێمە نەتەوەپەرستەکەی بە سەر کەمینەکانی کورد و ئەرمەنی و عەرەب و لاس دا پیادەی دەکات، یان لە باشترین ڕاڤەکردندا (ئینتیگراسیۆن) تێکەڵبون و توانەوەی پەکەکە دەگەیەنێ لە ناو سیستمی سیاسیی تورکیادا. باسی ئامادەیی پەکەکە دەکات بۆ (جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان) بێ ئەوەی بە یەک وشە باسی بەڵێنەکانی ئۆردوگان و باخچەلی بکات کە بەویان داوە، کە وادیارە هیچ بەڵێنێکیان پێ نەداوە! داوا لە پەکەکە دەکات کە هەنگاوەکان (…دور لە لۆژیکی نەزۆکی ململانێی من و تۆیی) بنرێن، ئەمە واتا شاراوەکەی ئەوەیە هیچ پێویست ناکات لە ناو پەکەکەدا پرۆژەکەی ئەم بخرێتە بەر باس و شیکردنەوەی عەقڵانیی هەمولایەنە و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە! داوا دەکات پرۆسەکە بە (سەرکەوتنێکی مێژویی) دابنرێت، بەڕاستی سەیرە سەیر! هیشتا تورکیا نەک هەر یەک هەنگاوی باش و دۆستانەی بەرەو ڕوی تۆ نەناوە، بەڵکو وازیشی لە یەک کاری دوژمنکارانە نەهێناوە کە ڕۆژانە بەرامبەر گەلەکەت دەیکات، ئیتر چۆن و بە چ بەڵگەیەک ئەم پرۆسەیە بە (سەرکەوتنێکی مێژویی) دابنێین؟ ئینجا دێتە سەر باسی مەرجی ئازادکردنی خۆی کە لە هەمو بەڵگەنامەکانی پرۆسەکەدا هاتوە و دەیبەستێتەوە بە ئازادیی هەمو کۆمەڵگاوە بێ ئەوەی کۆنکرێتی داوای ئازادکردنی هەمو زیندانیانی سیاسیی کورد و ناکورد بکات وەک هەنگاوێکی گرنگی نیازپاکیی دەوڵەتی تورکیا بەرەو دیموکراتیبونی ڕاستەقینە.
ئەنجامگیری: بێگومان تورکیا پێش دەسپێکی پرۆسەی ئیمرالی دەیزانی کە ئیسرائیل لە دۆخی هێرش و فراوانبوندایە، بۆیە دەترسا و ئێستاش دەترسێ ئەم فراوانخوازییەی ئیسرائیل دەوڵەتی کوردیی لە باشور و ڕۆژاوای کوردستان لێبەکەوێتەوە کە ئەمە بە هەڕەشەی ستراتیجی دەزانێ بۆ سەر خۆی. وێڕای ئەمە ئۆردوگانی دژە دیموکراسی دەیەوێ بە دەنگی کوردی باکور دەستوری تورکیا بە جۆرێک بگۆڕێ کە جارێکی تریش بە سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە، بۆ ئەمە و بۆ ئەوەی ئەگەری دروستبونی دەوڵەتی کوردی نەهێڵێت چی لەوە کاراترە ڕابەرێکی مەزنی کوردی وەک ئۆجەلان بکات بە مقاش و بەکاریبێنێ بۆ ئەم دو ئامانجە؟ ڕەنگە ئۆجەلانیش ئازادکردنی خۆی و دەرکەوتنەوەی خۆی لە سەر سەکۆی سیاسەتی تورکیا و ناوچەکە لا مەبەست بێ و بەلایەوە گرنگ بێت بۆیە زۆر بە ئاسانی خۆی سازاند و گونجاند لەگەڵ نەخشە دۆزەخیەکەی ئۆردوگان و باخچەلی. باشە تۆی کورد وەک ڕابەری گەورەترین و کاراترین حیزبی کوردستانی کاتێک بە دەمی خۆت وازبێنی لە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ، ئەمە کاراترین بەڵگە نیە بە دەستی تورکیاوە کە لە سبەینێی دور یا نزیکدا لە (کۆنفرانسێکی تری لۆزان ێکی) تردا لە دژت بەکاریبێنێ؟
من هیوادارم هەڵۆ و تەوارە بەرزەفڕەکانی قەندیل و وڵاتپارێزە بیرمەند و بیرکەرەوە و پلان داڕێژە ئارام و هاوسەنگەکانی پەکەکە بەوردی چاودێریی پرۆسەی ئیمرالی بکەن و لە هەر شوێنێکدا کە زانیان ڕاوبۆچونەکانی ئۆجەلان هەڵەیە بێ دودڵی بەگویی نەکەن و بە شێوەیەکی عەقڵانیی ئارام پلان و چارەسەری جێگرەوەی ڕاست و دروست بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.
بێگومان من لەگەڵ ئاشتیدام، بەڵام ئاشتیەکی سەربەرزانە و دادپەروەرانە. بەڵام ئایا ڕاستە کە ئیتر بە تەواوی باوی خەباتی چەکداری نەماوە؟ باشە ئەگەر هێزە چەکدارەکانی سوریای دیموکرات نەبوایە ئێستا دۆخی کوردی سوریا چۆن دەبو؟

د.هەژار عوسمان مەعروف




کە گیردەخۆن بەدەست نەخۆشیی دەرونیی کەسێکتانەوە!.. د.هەژار عوسمان مەعروف

زۆرینەی ئەو کەسانەی بە خواست و ویستی خۆیان سەردانی پزیشکی دەرونی دەکەن مرۆڤی هەست ناسک و زیرەک و ڕۆشنبیر و مرۆڤدۆست و خەمخۆری دەوروبەریانن، سەردانکەر دەربارەی ئێستا و ئایندەی خۆی و خۆشەویستانی ترس و نیگەرانی و بیرکردنەوەی زۆری هەیە ، کێشەی هەیە لەگەڵ کەسانی زبر و بێشەرم و توندوتیژ و دەستوەشێن و دەسدرێژیکەر، زۆر جار نەخۆشە ڕاستەقینەکە کە دەبو ئەو بچێت بۆ لای دوکتۆری دەرونی، کاتێک دڵسۆزانی پێی دەڵێن بچێت نەک هەر ناچێت بەڵکو گاڵتە و تیز و تەشەر دەکات ، یا جنێو دەدات بە کەسە دڵسۆزەکەی و بە پزیشکی دەرونی بە گشتی، ناچار ئەو دەروندروستەی ئەم بە ڕەفتارە ڕوخێنەر و ئازاردەرەکەی نەخۆشی خستوە بە داد و بێدادەوە دەچێت بۆ لای دوکتۆری دەرونی.
هەر کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت و هەر پلە و شوێنێکی هەبێ لە پەیژەی کۆمەڵایتی و دارایی و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی و حیزبایەتی و خێڵەکی وئاینی، بە کورتیەکەی هەر کەسێ شا بێ یا سەپان بێت ، با پێشتر هەرگیز کێشە و نەخۆشیی دەرونیی نەبوبێت ئەگەر ئەم ڕەفتار و ئاکار و بیر و باوەڕانەی خوارەوەی هەبو کە بوبونە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورە و بەردەوام و چەندبارەبۆوە لە ناو خێزانەکەی خۆیدا و لە گەڵ دەوروبەرەکەیدا وەک دراوسێ و هاوڕێ و خزم و هاوپۆلی خوێندنگە و هاوئیشی لە شوێنکار، ئەوا دەبێت ئەو کەسە بە خۆشی و ئاشتی و نەرمونیانی ڕازی بکرێت لە گەڵ کەسێک کە خۆی هەڵیبژێرێت بچێت بۆ لای پزیشکێکی دەرونی، ڕەفتار و ئاکار و بیر و باوەڕەکان ئەمانەن :
۱ . کەسەکە زۆر توڕە و توندوتیژ وهەڕەشەکەر و دەستوەشێن و خۆسەپێن و دیکتاتۆر و زاڵم بێت، بۆ نمونە ، بە نەڕەڕەنەڕ ترس و لەرز بخاتە ناو خێزانەوە، شمەکی ناوماڵ بشکێنێ، لە ژن و منداڵ بدات و دەست بۆ چەکی سارد (چەقۆ و..)و گەرم (دەمانچە و..) ببات، ژن و منداڵ دەربکاتە دەرەوە یا لە ماڵدا زیندانیان بکات.
۲. کەسەکە بێ هۆیەکی ڕون و کۆنکرێتی لە ماڵ نەچێتە دەرەوە و بە تەواوی گوێنەدات بە خۆراک و خواردنەوە و پاکوتەمیزیی ڕۆژانە و وێڵیان بکات و هیچ کارێکی بەرهەمهێنی دەستی یا بیروهۆشمەندی نەکات ، کەسەکە لەوانەیە زۆر خەمۆک و ڕەشبین بێت و بڕوابەخۆبونی نەمابێت یا بیری ناڕاست (وەهم) و هەستی شێواو (هەلوەسە) و ترسی زۆری لە دەوروبەر هەبێت کە شتێکی خراپی بەسەربێنن یا هەر بێ وزە و بێ حەز بێت وەک ئەوەی ئامێرێکی کارەبایی بێت کە کارەبای تیایە بەڵام بەشی ئیشکردن و کەوتنە گەڕ ناکات !
۳.کەسەکە ئالودەی مەیخۆری یا مادەی هۆشبەر بوە و لە ڕوی دەرونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کار و پیشە و باری داراییەوە زیانی قورسی بەرکەوتوە ودەسەڵاتی بەسەر خۆیدا نەماوە کە وازی لێبێنێ.
٤ . کەسەکە بیەوێت بمرێت یا خۆی بکوژێت، چۆن؟ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ، کارا و چالاکانە و ئامانجدارانە یا بە ڕەفتارێک کە بە ڕونی بۆنی بێزاری و ماندوێتی لە ژیانی لێبێت، بۆ نمونە بە ماتۆڕ و سەیارە لێخوڕینێکی شێتانە، باسی بێزاری لە ژیان و مردنی خۆی و خۆکوشتنی کردبێت یا هەوڵی خۆکوشتنی دابێت، لە کەسی پیر و زەلیلی ناوجێدا مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و دەرمان و چون بۆ لای دوکتۆر و باسکردنی دیدار لە گەڵ کەسانی ئازیزی مردوی پێش خۆی.
ئەگەر نەخۆشەکە بە هیج جۆرێ نەیوست دوکتۆر بێت بۆ ماڵەوە بۆ لای یا بیبەن بۆ لای دوکتۆری دەرونی یا هەر دوکتۆرێکی تر یا بۆ نەخۆشخانە ، وە مەترسیی دەسبەجێ وگەرم و ڕاستەوخۆ هەبو بۆ سەرژیانی خۆی و دەوروبەرەکەی یا بۆ سەر موڵک و ماڵەکەی ئەوا پێویستە دڵسۆزانی کەسەکە بچن بۆ بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی ماڵی نەخۆشەکەی لێیە و کێشەکە بخەنە ڕو ، پۆلیسیش ئاگاداری دادوەری بەرپرسیار دەکات و بە فرمانی ئەو کاری پێویست دەکرێت بۆ بردنی نەخۆشەکە بۆ لای لیژنەی پزیشکیی پسپۆڕ بۆ دەسنیشانکردنی نەخۆشیەکەی و چارەسەرکردنی.

د.هەژار عوسمان مەعروف




گەمەیەکی گوماناوی؟.. هەژار عوسمان

من زۆر زۆر لە گەڵ ئاشتی دام، بەڵام خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی بە بێ چاودێریی لایەنێکی ڕەسمیی وەک نەتەوەیەکگرتوەکان یا ئەمریکا یا یەکێتیی ئەوروپا، ئاشتیەکی بێ مەرج و بێ بەرامبەر و بێ دەسکەوتی کۆنکرێتیی دەسبەجێ و بێ مسۆگەرکردنی گۆڕینی بنەڕەتی لە دەستوری تورکیا بە داننانی سیاسی و قانونیی فەرمی بە مافی کورد وەک گەلێکی جیا لە تورک لە تورکیا، ئاشتیەکی ئاوا زۆر زۆر جێی گومان و نیگەرانیمە و هیچ دڵم خۆش نیە پێی. بنواڕە! تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا نەک هەر یەک هەنگاوی پراکتیکیی باش و نیازپاکی بەرامبەر کوردی باکور و ڕۆژاوا و باشور نەناوە بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە هێرشە دوژمنکاریە بێبەزەییەکانی لەسەر سێ پارچەی کوردستان توندتر و ملهوڕانەتر کردۆتەوە.
ئۆجەلانێکی داماو و دابڕاو لە ژیان و زەلیلی نێوان کەڵبە بێبەزەییەکانی تیمساحی دەوڵەتی تورک کەوتۆتە ناو گەمەیەکی ترسناکی موخابەراتی و سەربازی و دیبلۆماسی و دەرونیی هەزار سەرەوە، زۆر ئەستەمە ئەو و هەر کەسێکی تر لەدۆخێکی ئاوادا لەسەر کێشەی ڕەوای گەلێکی چل ملیۆنیی نکولی لێکراو بتوانێ بڕیاری ڕاست و هاوسەنگ بدات! دەبوایە ئۆجەلان هەرچی زوتربو لەم قوڕاو و پیساوەی تورکیا و دۆستەکانی خستویانەتە ناوی بە هەنگاوێکی جوامێرانە و خۆنەویستانە بهاتایەتەدەرەوە و پرۆسەکەی جێبهێڵایە بۆ حیزبەکەی و لە تۆڵەی تورکیا نەترسایە و ئەوپەڕەکەی ئەوە بو بیکوژن ئێ خۆ ژیانی ئەو هیچی لە ژیانی هەزاران گەریلای پەکەکە زیاتر نیە کە لە ژێر ئاڵا و فەرمانی ئەودا شەهیدکران و لە زیندانەکانی تورکیادا دڕندانە ئەشکەنجە دران و بە دەیان ساڵ زیندانی حوکمدران، مەخابن ئۆجەلان ئەمەی نەکرد.
سەدان کەسایەتیی کوردی ناوداری باکور و ڕۆژاوا وەکو (لەیلا زانا) و (گوڵتان کشاناک) و (عوسمان ئۆزدەمیر) و (ئەحمەد تورک) و (ئیلهام ئەحمەد) و (ساڵح موسلیح )و (مورشید خەزنەوی) و (فەرهاد ئینجەسو) و (زوبێر ئایدار) و سەرکردەکانی پەیەدە و هەسەدە و سەدان ئەندامانی کوردی ئێستا و پێشوی پەرلەمانی تورکیا و زۆری تر هێشتا پشتگیریی خۆیان لە بڕیاری کۆنگرەی ۱۲ ی پەکەکە ڕانەگەیاندوە. بەهەر حاڵ لە ڕۆژی ۱۲ ی٥ی ٢٠٢۵ وە کە پەکەکە خۆهەڵوەشاندەوە و چەکدانانی بە دنیا ڕاگەیاند واقیعێکی نوێی سەرنجڕاکێش دروستبوە و دەبێت کورد هەوڵ بدات زۆرترین سودی لێوەربگرێ.
ئێستا پێویستە دەم پارتی کە بەشێکی گرنگە لەم پرۆسەیە بە فەرمی داوای کۆنکرێتی لە ئۆردوگان بکات، بۆ پیشاندانی نیازپاکی و بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتی و ئاشتیخوازیی کێشەی کورد ، هەمو گیراوانی سیاسیی کورد لە زیندانەکان ئازادبکات و بڕیاری لێبوردنی گشتیی بێ مەرج بۆ هەمو گەریلاکانی پەکەکە دەربکات و پەرلەمان کە هەر سێ حیزبەکەی ئەم پرۆسەیە زۆرایەتیی موتڵەقیان هەیە تێیدا دەستوری تورکیا بگۆڕێ بە جۆرێک کە دان بە بونی کورد دا بنێت وەک گەلێکی جیاواز لە تورک و مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ کورد پەسەند بکات.




هەژانێکی تر.. د. هەژار مەعروف عوسمان

کاتێک ژانە جۆروجۆرەکان بەردەوامن و ژانێک نین چاوەڕێی لەدایکبونێکی جوانتر و باڵاتر و گەشەکردوتری لێبکەین، بەڵکو ژانگەلێکن سەرچاوەکەیان ترس و بەردەوامیی ئەوەی ژیانی یەک بە یەکمان بە چەقین و مانەوە لە جێی خۆیشی نەوەستێ و هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئیتر هەژان و بزوتن و موچڕکە و گریان و هەڵچون و توڕەبون، بگرە بێزاری لە ژیان بە ناو دڵ و لولە خوێنەکانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵەدا وەک لەرز و تای نەخۆشی بڵاودەبێتەوە. ئەو ژن و پیاوانەی بەم چلەی زستانە لە بناری شاخی گۆیژە ڕەشماڵی مانگرتنیان هەڵدا و دەستیان دایە مانگرتنی تەواو لە خۆراک ، ڕاستە سیازدە ژن و پیاو بون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نوێنەر و زمانحاڵی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئەم هەرێمە بون و هەن، هەر بۆیە بینیمان و بیستمان و تێیدا ژیاین چۆن لە تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵە بە هانای مانگران چون و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ڕەوایی مانگرتنەکەیان دەربڕی و لە هەمان کات دا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە سەر ژیانیان چونکە بینیمان ئەو سیازدە ئینسانە ڕۆشنبیرە بە بڕوای تەواو بە ڕەوایی و ڕاستبونی چالاکییەکەیان نیازیان وابو هەتا لە هۆش خۆچون و گەیشتن بە کەناری مەرگ یا هەر بە مەرگی ڕاستەقینە خۆی بەردەوام بن لە سەرمانگرتنەکەیان. هەواڵی مانگرتنەکە تخوبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و عەنتەریاتی ترامپ و نەتانیاهو و کاولستانی غەزەشی تێپەڕاند و بینیمان چۆن کرایە هەواڵ و باسێکی گرنگ لە ڕۆژنامەی (شرق الاوسط) ی لەندەنی و میدیا عێراقیەکان.
لە هەنگاوێکی ڕچەشکێنی بوێرانەدا چەند سەد چالاکوانێکی ئازا و ڕۆشنبیر و گیان لە سەر دەست لە گەڵ چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بە نیازی ئەوەی دەنگی ناڕازیی خەڵکی کوردستان و مانگرتوانی سلێمانی بگەیەننە بەردەم چەقی دەسەڵاتی کوردی لە هەولێری پایتەخت ، هێزە چەکدارەکانی پارتی لە گوندی دێگەڵە ڕێگریان لە خۆپیشاندەران کرد وکاتێک ئەمان توانیان سنورە بەد ناوەکەی بە خوێنی براکوژی سوری دێگەڵە بشکێنن و تێیپەڕێنن ، ئیتر نۆرە هاتە سەر گازی ژەهراوی و زۆر بێبەزەییانە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا و بوبە هۆی برینداربونی چەند کەسێکیان. من دڵنیام خۆپیشاندەران بگەیشتنایە هەولێر زۆر ئاشتیخوازانە و مەدەنیانە ڕەخنەی سیاسیی خۆیان لە دەسەڵاتی کوردی دەگرت و بە تایبەتی تەکەزیان دەکردە سەر شکستی ئابوریی ئەو دەسەڵاتە کە چۆن بوەتە هۆی دواخستنی موچە و سستیی بازاڕ و بێکاری و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان و کەڵەکەبونی ناڕەوای سەرمایەی بێشومار لە دەستی کەمینەیەکی کەمی سەربە دەسەڵات و نەداری و کەمداهاتیی زۆرینەی خەڵک. لوتکەکانی دەسەڵاتی پارتی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵەیەکی گەورەیان کرد و چانسێکی ناوازەیان لە کیس خۆیاندا، ئەوان ترس و باوەڕی پارانۆیای لەدەستدانی دەسەڵات توشی هستیریای کردن. بە بۆچونی من هەم مانگرتنەکە و هەم خوپیشاندانەکەی دێگەڵە دو چالاکیی مەدەنیی سەرکەوتو بون و دەچنە ناو گەنجینەی پڕبەهای ئەو سەدان خۆپیشاندن و چالاکیە مەدەنیە ئاشتیخوازانەی لە شوباتی ٢٠١١ وە درێژەیان هەیە و نانیشنەوە تا گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستمی حوکم لە هەرێمی کوردستاندا.
چەند هەڵوێستێکی بوێرانە ودیموکراتیانە و بڕوابەخۆبوانە دەبو ئەگەر بەلای کەمەوە یەکێ لە سێ لوتکەکەی دەسەڵاتی ناو پارتی لە بازگەی دێگەڵە بە چەپکە گوڵی ڕەنگاوڕەنگەوە پێشوازیی لە خۆپیشاندەران بکردایە و پێکەوە بڕۆشتنایە بۆ ناوجەرگەی هەولێر، ئەوسا دێگەڵە لە پەڵە خوێنەکانی شەڕی براکوژی پاک دەبۆوە و بە جۆرێکی مێژویی ڕون و پاک و ئومێدبەخش دەگەڕایەوە ناو مێژوی گەلەکەمان! بەڵام من هەر واز لە گەشبینی ناهێنم و ئەو ڕۆژە هەر دەبینین!




لە کوردستان هەڵبژاردن بردیەوە.. د.هەژار عثمان معروف

مرۆڤایەتی هەرچی ڕێگا هەیە تاقییکردەوە بۆ ڕێخستنی ژیانی گشتی کە پاشاکان وەجاخکوێر دەبون خەڵکی کۆبۆوە لە ناوەڕاستی شاردا لێدەگەڕان باڵندەی هوما بەسەر هەر کەسێکەوە بنیشێتەوە و دەیانکرد بە پاشا، کە جێنشینی سوڵتانەکانی عوسمانی لە کوڕێک زیاتر دەبون، کامیان دڕ و دڕندە و زیاترین تینوی دەسەڵات بوایە ئەوانی تری بە شێوازی جۆرا و جۆر و فڕوفێڵ بێبەزەییانە لە ناودەبرد یا لەکۆڵ خۆی دەکردنەوە بە دورخستنەوە و زیندانی هەتاهەتایی. کە وردە وردە سەردەمی پاشاکان بەسەرچو حیزبە سیاسیەکان دروستبون و کەوتنە گرتنە دەستی دەسەڵات بە کودەتای سەربازی لە پاشا و قەیسەر و مەلیکەکان یا بە ڕاپەڕینی جەماوەری، ئینجا دوای چەند ساڵێک خۆیان دەبون بە دەعبایەکی نوێ کە ناویان لێنا دیکتاتۆر و زۆر جار دیکتاتۆرەکانی وەک هێتلەر و مۆسۆلۆنی و ستالین وکەمال ئەتاتورک و قەزافی و سەدام و نومەیری وكیم ئیل نون….لە پاشا و سوڵتان و قەیسەر و مەلیکەکان خوێنڕێژتر و نادادپەروەرتر دەردەچون و خەڵکی وڵاتەکانیان بە حەسرەت و ئاهکێشانەوە دەیان وت خۆزگەم بە کفندزەکەی پێشو!
ئینجا مۆدەی ڕابەری ئاینی ومەزهەبی هاتەگۆڕێ و دەسەڵاتدارە ئاینیەکان خۆیان ناونا خەلیفەی مەعسوم لە گوناه و جێنشینی خودا و ئەسحابە و پێغەمبەرەکان و لەم دەعبا دڕندە کۆن – تازانەوە لافاوی شەڕە ئاینی و مەزهەبەکانی ناو ئیسلام خۆی و نێوان ئیسلامی جیهادیی هەردو باڵی شیعە و سونی لە لایەک و جولەکەی سەهێۆنیی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری خاکی فەلەستینیەکان لە لاکەی ترەوە دروستبو، ئەمانە بێ ئەوەی پرس بە گەلەکانیان بکەن زۆر بێبەزییانە لە شەڕی خوێناوی و وێرانکەریان گلاندن کە تائێستا بە دڕندانەترین شێوەی نوێی چەک بەردەوامە! باشە تۆی موجاهید کە حەزت لە شەهید بون و چونە بەهەشتە ئایا سەدان هەزار ژن و منداڵ و پیاوی بێوەی کە موسوڵمانێتیی خۆیان دەکەن و ژیاندۆست و دنیادۆستن و حەزیان لە خۆشیەکانی دنیایە بۆ لەم شەڕەی تۆوە تێوەگلێن و بکوژرێن و بریندار ببن و برسی و نەخۆش لە کەمپی ماڵوێرانکراوەکان دا بکەونە سواڵی نان و ئاو و دەرمان، ئەمە چ حیکمەت و حەق و دادپەروەریەکە؟
تا ئێستا ئەو شێوازی حوکمەی لە جیهانی ڕۆژاوا بە تایبەتی لە ئەوروپای ڕۆژاوا و وڵاتانی سکەندەناڤی لە پرۆسەیەکی مێژویی پڕ ژان و ئاژاوە و چەندین شەڕی کورت و درێژخایەن هاتۆتەکایە و گەشەی بەردەوامی کردوە، لەگەڵ هەمو کەموکورتیەکانی، هێشتا باشترین شێوازی حوکم و بەڕێوەبردنی ژیانی گشتیە. ئەڵبەتە لەو وڵاتانە هەڵبژاردن بوەتە کولتورێک چونکە لە هەمو جۆر و ئاستەکانی ژیانی گشتی ساڵانە یا هەر چەند ساڵ جاێک بێ دواخستن بەڕێوە دەچێت، بۆ نمونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سەرتاسەریی هەمو وڵات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە فیدرالیەکان و ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاکان، هەڵبژاردنی سەندیکا و سەرکردایەتیی حیزبەکان و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی و کۆمپانیا و بانک و….. تەنانەت پاپای فاتیکانیش بە هەڵبژاردن دەچێتە سەر کورسیی پاپایی.
بۆیە زۆر گرنگە هەمو تاکێکی هەراشی گەلەکەی ئێمەش زانیاریی سیاسیی هەبێت لە سەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی وڵات و حیزبە سیاسیەکان، دەزانم و ناحەقیشمان نیە! کە ئیمڕۆ لە هەرێمەکەمان سیاسەت و حیزبایەتی و بە تایبەتی کەسی حیزبی خەڵک بڕوای پێیان نەماوە و هەوڵ دەدات دوربێت لێیان، بەڵام ئەمە ڕاست نیە چونکە هەمو شتێکی ژیانی ڕۆژانەمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی بە سیاسەتەوە هەیە و کەمترین شتێک کە دەبێ وەک ئەرکێکی سەرشانت بیکەیت چونتە بۆ دەنگدان لە هەمو جۆرەکانی هەڵبژاردندا، دەست دەگرم بە کڵاوی خۆمەوە با نەیبات ناخوا، کڕین و بەکاربردنی پێویستیە شمەکیەکانی ژیانی ڕۆژانە و پاڵدانەوە لە قەنەفەکەت دا و سەیرکردنی زنجیرە کۆری و تورکی و ….یا چەپڵە و حەسرەت و هەڵچون بۆ یاریەکانی بەرشە و ڕیال مەدرید و…بەس نین، حەیفە ژیانت ئاوا تەنگ و تەسک و خۆڵەمێشی و ڕۆتینێکی چەندبارەبۆوەی بێ چێژ بێت! دەزانم دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ناو پەرلەماندا نیە، بەڵام یاساکان لەوێوە دەردەچن و ئەگەر پەرلەمان خەڵکی دڵسۆز و بەتوانا و ڕۆشنبیر ی زۆر تێدابێت ئەوا یاسای باش دادەنێن کە دەبێتە بناغەیەکی مکومی حکومەت و بەدیهێنانی دادپەروەریی ئابوری و گشتی.
بەدوری نازانم پارتە دەسەڵاتدارەکان فڕ و فێڵ و دزی و گزیان کردبێت، بەڵام لە چاو هەڵبژاردنەکانی تردا ئەم جارە کەمتر بون
خۆشحاڵم کە لە هەڵبژاردنی ۲۰ی۱۰ی۲۰۲٤ دا بەشداربوم و بینیم بەشداربوان زۆر بون، ئارام و هاوسەنگ بون، هیچ شەڕ و پێکادانێک ڕوی نەدا، بە ڕاستی سەلماندمان ئینسانی کورد مەدەنیە و ژیاندۆستە و توانای پێشکەوتنی زۆری تێدایە.

د.هەژار عثمان معروف




داخستنی (چاودێر) وەک سەرەداوی کڵافەی دۆخێکی ئاڵۆزکاو.. د.هەژار عوسمان مەعروف

لە سەر داخستنی دەسگای ڕۆشنبیریی چاودێر لە ڕۆژی ٥ ی ٩ ی ٢٠٢٤ بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، ئەم دەسگایە هی مەلا بەختیارە و ئەو سەرپەرشتیی دەکات، فەرمون ئەم سەرنجانەم:
ڕاستیە ڕون و بەڵگە نەویستەکان:
١ . مەلا بەختیار ئیمڕۆ قسەکەری بوێر و سەرەکیی هەمو ئەو ئەندام و لایەنگرانەی یەکێتیە کە لە سیاسەتی ئیمڕۆی یەکێتی زۆر ناڕازی و بێزارن.واتای ڕونی ئەم داخستنە (کە دورنیە هەنگاوی دوژمنکارانەی تری بەدوادا بێت!) ئەوەیە کە بافڵ و تیمە کەی دەیانەوێ مەلا بەختیار بە تەواوی دەمکوت و بێدەنگ بکەن و ناچاری بکەن لە ترسی ژیانی خۆی و دڵسۆزانی ڕابکات بۆ هەولێر و ئینجا بڵێن ئەها نەمانوت پیاوی پارتیە؟
٢ . نەک هەر یەکێتیەکان، نەک هەر سیاسی و حیزبی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر و دڵسۆزەکانی کورد بەڵکو زۆرینەی خەڵکی دەڤەری سەوز نائومێدن لە سیاسەتی ڕۆژانەی یەکێتی، هەر بۆ نمونە:
ا: یەکێتی بوە بە فیدراسۆنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی و پیشەسازی و نەوت و موڵک و دۆنم و شوقە دروستکردن.
سەرمایەدارە ملیۆنێرە بێبەزەییەکانی ئیدارەی گشتیی یەکێتی و سەرمایەدارە شەریکەکانیان لە بازاڕی ڕەشی ئابوریی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی ڕۆحی و دەرونیان بە مێژوی خەباتی سەختی یەکێتیەوە نیە و ئامادەنین ئەو دڵسۆزانەی ناو یەکێتی کە هێشتا ماون و وزە و ورەیەکی نیشتمانپەروەریان تێدا ماوە هەر ببینن یا گوێیان لێبگرن، ئەگەر گوێشیان لێگرتن بەگوێیان ناکەن و دوای ماڵاوایی کردن لێیان گاڵتە بە عەقڵیان دەکەن ! ئەنجامی کارەکانی ئەم فیدراسیۆنە کە ئیشی سەرەکیان کەڵەکەکردنی سەرمایەیە بۆ گیرفانی خۆیان: دزینی نەوت و داگیرکردنی موڵکی گشتی و شکستی پرۆژەکانی ئاوەدانی و قۆرخکردنی بازاڕی کاڵاگرنگەکانی وەک نەوت ودەرمان و زەوی و زار و.. بە جۆرێک کە بازاڕ سست بوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی گەنجانی بێکارلە زۆربوندان و ناچار دەبن بە دوای کار و ژیاندا ڕێگای هات و نەهاتی کۆچ بگرنە بەر.
ب: ژیانی حیزبی لە ناو یەکێتیدا وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات نەماوە و ئەوەی جێی گرتۆتەوە زمانی توندوتیژی و سەربازی و عەزەڵات و پۆزلێدان و هەڕەشەی برسیکردن و نانبڕین و چاودێریی خەڵک و ئەندامانی یەکێتی لە لایەن دەسگا نهێنیەکانی یەکێتیەوە و تاکگەرایی و نادیموکراتی بون ، بڕیارە گرنگەکان بە پەلە و بێ ڕاوێژی زیرەکانە و دور لە بنەما عەقڵی و لۆجیکیەکان دەدرێن، بۆ نمونە تەقاندنەوەی خانوەکانی کوێخا دێرین (کە دیارە شایستەی لێپرسینەوەی قانونی و حیزبی بوە ) بیخەینە چواچێوەی کام هزر و بیرکردنەوە؟ کام شێوازی بەڕێوەبردن؟ تۆمارکردنی پیشەییانەی ئەو وێرانکاریە بە دەنگ و وێنە ئەگەر بۆ تۆقاندن و هەڕەشە نیە ئەی سودی چیە؟ بەڵام ئایا بە تەنیا بە هەڕەشە و تۆقاندن چارەسەری گەندەڵی و تاوان دەکرێت کە ئیمڕۆ بە هۆی شکستی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیەوە سەرتاپای هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە؟
ج .وەک پزیشکێک دەیبنم چۆن سیاستی تەندروستیی یەکێتی لە سلێمانیدا بە تەواوی شکستی هێناوە، کەرتی گشتی کە بۆ خەڵکی کەم داهات و نەدار شادەماری خزمەتگوزاریی تەندروستیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پوکانەوەدایە، هەر لە ناو دوکتۆرەکانی سەر بە یەکێتیدا چەندین جار ڕەخنە لەم سیاسەتە بێبەزیی و هەڵەیە گیراوە و داواکراوە لێپرسراوانی شکستخواردو لابرێن و خەڵکی دەستپاک و بەویژدان و زیرەک وشارەزا دابنرێن، بەڵام بە هۆی پەیوەندیی شەخسی و خزمایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش ئەوانە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.
پرسیارەکان:
١ . نە دەکرا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردساتان لە ٢٠ ی ١٠ ی٢٠٢٤ ئەم هەنگاوە بلیمەتانەتان بنایە؟ بڵێی بڕواتان بە بردنەوەی هەڵبژاردنەکە نەبێت و مەبەستتان شێواندنی دۆخەکە بێت بە جۆرێک کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
٢ .ئایا دەوری ئێران ی براگەورەی یەکێتی و تورکیای بڕبڕەی پشتی پارتی لەم ڕوداوەدا چیە؟ ئەی دەور و هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا و…؟
٣ . ئایا پارتی ش بەم بەنزینکردنە نابەرپرسیار و ناعەقڵانیە بە ڕوداوەکەدا دەیەوێت دۆخی سلێمانی بەرەو شەڕ بەرێت و ئینجا خۆی و پاراستن و زرێڤانییەکەی بە پاڵپشتی درۆن و ڤانتۆمەکانی تورکیا (کە سلێمانیی دڵە زیندوەکەی کوردایەتی بوەتە چقڵی تیژی چاوی) وەک ڕزگارکەرێکی دڵسۆزی خەڵکی دەڤەری سەوز کۆتایی بە یەکێتی بێنێ و خەونە کۆن و تازەکەی بۆ دەسەڵاتی یەک حیزبی لە زاخۆوە تا خانەقین بەدیبێنێ؟
یا پارتیش وەک یەکێتی باوەڕی بە بردنەوەی هەڵبژاردن نیە و دەیەوێت دۆخەکە وا بشێوێنێ کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
٤ . ئایا باشتر نیە پارتی خەریکی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی خۆی بێت؟ مەگەر شەڕی شاراوە و نهێنیی دەسەڵات لە ناو بنەماڵە و لە ناو پارتیدا نیە؟ مەگەر کەمن ئەو دۆڵ و نشێویانەی ناو بنەماڵە کە لە دڵ و دەرونی خۆیاندا دانەچیڕە لە دژەکانیان دەکەن و چاوەڕێی دەرفەتن بۆ هەڵزنان بەرەو لوتکەکان؟ مەگەر دادپەروەری و دیموکراتی و ئاوەدانی و ئازادیی بیروڕا و خەباتی مەدەنی لە دەڤەری زەرد زۆر باشن؟ هاواری هەزاران یاساناس بۆ ئازادکردنی شیروان شیروانی و هاوڕێکانی کە بەناحەق گیراوە گەیشتە ئاسمان، بۆ بەری نادەن؟
بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران تا ئێستا بە ڕەسمی و لە میدیاکانی کوردستان و هەمو دنیاوە داوایان لە تورکیا نەکرد هێرشەکانی بۆ کاولکردن و کوشتنی خەڵکی مەدەنیی باشوری کوردستان دەسبەجێ ڕاوەستێنێ؟
٥. ئەی گۆڕان و حسک و کۆمەڵ و یەکگرتو چی دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو شەڕی ناوخۆ نەچێت؟ ئەی حیزبە کوردستانیەکانی سێ پارچەکەی تری کوردستان چی دەکەن؟
٦. ئەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا سەربەخۆکان و کەسایەتیە کانی کورستان چی دەکەن؟
بە هەوڵ و خەباتی هەمومان نابێت هەرگیز بهێڵین جارێکی تر شەڕی براکوژی لە هیچ بستەخاکێکی کوردستان هەڵگیرسێتەوە، کەس نەڵێت پەیوەندیی بە منەوە نیە، شەڕ ئاگرە و بڵاودەبێتەوە و لە کۆتاییدا پریشک و گڕە سوتێنەرەکەی بەر هەمومان دەکەوێت، دڵنیابن ئاوایە!

د.هەژار عوسمان مەعروف




کوا تۆزێ بەزەیی و ویژدانی ئینسانی؟.. د.هەژار عوسمان مەعروف

لە پێشا من ڕەخنە لە خۆم دەگرم کە بە ئەندازەی گەورەیی ئەوکارەساتەی ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی ٨ ی ٢٠١٤ لە دەڤەری شەنگال بەسەر خوشک و برا ئیزیدیە کانمدا هات، هەڵوێستی هاوسۆزی و هاوئازاری و هاوخەمیی پێویستم نەبوە، توخوا بمبورن ئێزیدیە تەنیا جێهێڵراوەکان!!
(قاسم شەشۆ) ی کوردی ئێزیدی لە ساڵیادی (٣ی٨ی٢٠١٤)ی کۆمەڵکوژی و دەسدرێژیی جنسی کردنە سەر چەند هەزار لە کچان و ژنانی ئێزدیدا وتی: هەتا محمدی ئیسلام مابێ و هەبێ قڕکردنی ئێزیدیەکان کۆتایی نایەت. بەمە ئاگری سۆشیال میدیای بانگخواز و سەلەفی و ئیسلامی سیاسیی سونیی توندڕەو گڕیگرت: مەلایەک داوای لە قاسم شەشۆ کرد با فریای خۆی بکەوێ و داوای لێبوردن بکات دەنا گوێی دەبڕن، ئەمە خوێن حەڵالکردنی قاسمە ! دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد. کڵپەی ئاگری ڕق و کینە و نابەخشندەیی دینی و مەزهەبی ، وەک ئاگرەکانی خەلیفە ئۆردوگان لە دارستانەکانی باکور و باشور و ڕۆژاوای کوردستان، تەشەنەی سەند و گەیشتە پەرلەمانی عێراق و لەوێ (موسەنا ئەمین) ی ئەندام پەرلەمانی یەکگرتوی ئیسلامی کوژاندیەوە وکردیە ماستاوێکی! ساردی کوردیی خۆش و کردی بە قوڕگی وشکی خوشک و برا عەرەبە موسوڵمانەکان دا و قسەکانی قاسم ی بە تاوان و ڕوداوێکی گەورە وترسناک دانا و داوایکرد داواکاری گشتیی عێراق زو دژی قاسم هەنگاوی یاسایی بنێ، ئینجا تاوانەکانی داعشی گشتاند و لەسەر ئێزیدیەکانی کالكردەوە و وتی داعش دژی (کل البشر) واتا دژی هەمو مرۆڤایەتی بون، باشە داعشیە کان دەسدرێژیی جنسیان کردە سەر یەک کچ و ژنی موسوڵمانی سونی و شیعیی دوژمنیان؟ بێگومان نەخێر. کاک موسەنا وەک زۆربەی موریدانی تەوژمی باوی ئیسلامی سیاسیی کوردیی سەر بە بێگانە ئەم تاوانە گەورەیە کاڵ و بچوک دەکاتەوە ،هەندێکیان بەهانە و بەڵگەی بۆ دێننەوە کە ئەسڵەن هەر تاوان نەبوە چونکە ئەوانە شەیتان پەرستن و ژنەکانیان کە لە شەڕدا بگیرێن ئیتر بە پێی قورئان حەڵاڵی موسوڵمانە جەنگاوەرەکانە، باشە ئاخر خۆ ئەو ژن و پیاوە ئێزیدیانەی گیران و کوژران و کرانە کۆیلەی جنسی و لە بازاڕەکانی ڕەقە و تەلعەفەر و موسڵ دا فرۆشران چەکدار نەبون وئەسڵەن لە مەیدانی شەڕدا نەبون!
(سیدۆ مۆرگان) ی دەرونناس کە بەڕێوەبەری پرۆژەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی دەروندروستیی ئێزدیە ڕاکردوەکان بوە لە کەمپەکانی هەولێر و دهۆک لە ٢٠١٨ و ٢٠١٩ لە کلیپێکدا دەڵێ: ژنێکی ٨٠ ساڵی ئێزدی بۆی گێڕامەوە چۆن بە بەرچاویەوە داعشیەک کوڕەکەی کوشتوە و دەسدرێژیی جنسیی کردۆتە سەر بوکەکەی و چۆن کچێکی ١٢ ساڵی کوڕەزایان فڕاندوە و لە تەلعەفەر و لە سوریا وەک کۆیلەی جنسی کڕین و فرۆشتنیان پێکردوە و دوای چەند ساڵێک لە یەکێ لە شەڕەکان دا کوژراوە.
دوای کارەساتی شەنگال ی سەر ئێزیدیەکان، لەکلیپێکدا پزیشکێکی کوردی ناوداری بانگخواز قسە بۆ موریدەکانی دەکات و دەڵێت شوکور ئێزیدیەکان کوردی باش نازانن و لە ڕەچەڵەکدا کورد نین (دیارە لای ئەم ئەوەی سۆرانی نەبێت کورد نیە و کوردی نازانێت !)، بە گاڵتە و لاقرتیەوە پێیان دەڵێت شەیتان پەرستن ، ئینجا موریدە گوێڕایەڵە مێشک شۆراوەکانی دەدەنە قاقای پێکەنینێکی بەرز ، لە کلیپێکی تردا وا باسیان دەکات وەک باسی گیاندارێکی عەجایبی گڵاوی لە مرۆڤ نزمتری ئەم ڕوی زەمینە بکات!
قاسم شەشۆ و قاسم شەشۆ ئێزدیەکانی تری کوردستان ئاگاداری تەواوی ئەم ڕاوبۆچونە دژە ئێزیدیە دژە مرۆڤایەتیانەن و بەچاوی خۆیان تاوانەکانی داعشیان بینیوە و بیستوە و تێیدا ژیاون، ئاڵا ڕەشە کانی داعش بە (لا الە الا اللە محمد رسول اللە) وە بەسەریاندا شەکاوەتەوە و ئەوان لە ژێر سایەی ئەو ئالایەدا ئەو تاوانە گەورانەیان کردوە. تا ئێستا لە نزیکەی ٦۰٠٠ بێ سەروشوێنی ئێزدیی ژن و پیاو هێشتا پتر لە ٢٠٠٠ یان دیارنین، ماون؟ دیلن؟کوژراون؟ کۆیلەی جنسی و کارەکەرن لە ماڵی ئەمیرەکانیان؟ لە پەرلەمانی کوردستان دا نزیکەی سێیەکی ئەندامەکانی (دیارە ئیسلامیەکان بون) دەنگیان نەدا بۆ بە جینۆساید ناساندنی کوشتاری ئێزیدیەکان.
تا ئێستا من نەمبیستوە یەک حیزب یا ڕێکخراوی ناسیاسیی (خێرخوازی و کۆمەڵایەتی و پزیشکی و..) ئیسلامیی کوردی لە هەر ٤ پارچەی کوردستان دا بە ڕونی و بێ منجەمنجی فەلسەفیی خۆدزەرەوە ئیدانەی داعش و ئەو تاوانە گەورەیەیان بکات و داوای لێبوردن لە ئێزیدیەکان بکات چونکە لە ژێر ئالای ئیسلامدا کراوە!
تا ئێستا نەم بیستوە وەفدێکی ڕەسمیی یەکێتیی زانایانی ئاینیی کوردستان یا زانایەکی ناودار و گەورەی ئیسلامیی کورد سەردانێکی بەڕێز و شکۆ ودڵسۆزانە و ڕاستگۆیانەی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی سەر ئێزیدیەکان بکات!
باشە ئیتر بۆ بەلامانەوە سەیر بێت هەندێ لە کوردانی ئێزیدی لە کاتی نائومێدی و بیرهاتنەوەی ئەو کوشتارە یەک لە دوای یەکانەی لە ڕابوردودا کوردی سونی بە سەری هێناون، حاشا لە کوردبونی خۆیان بکەن؟
بۆ بژاردنەوەی ڕاکردن و شەڕنەکردنی هێزەکانی زێرەڤانیی ژێر سەرکردایەتیی پارتی و بۆ بژاردنەوەی بەجێهێشتنی ئێزدیە بێگوناه و بێچەکەکان بۆ قەپاڵی تیمساحە دڕندەکانی داعش، بۆ ئاشتکردنەوە و گێڕانەوەی شکۆ و ڕێزی ئینسانی بۆ کوردانی ئێزیدی و بۆ بە ڕەسمی ناساندنی ئەو پتر لە ٧٠ کۆمەڵکوژییەی کورد و تورک و عەرەبی موسوڵمان لە ڕابوردودا بە سەریان هێناون ، هەروەها لە هەموی گرنگتر بۆ ئەوەی ئیتر کەس نەتوانێ جارێکی تر وەک کەمینەیەکی ئاینیی لە ڕەگ و ڕیشەوە کوردی ڕەسەن، دەسدرێژیان بکاتە سەر، دەبو لە مێژەوە پارتی بۆ بە نەمرکردن و بیرهێنانەوەی زوڵمی درێژخایەنی سەر ئێزیدییەکان مۆنۆمێنتێکی مەزن لە چیایەکی دەڤەری ئێزدیەکان هەڵکۆڵێ کە هیچ هێزێکی ئاینی و نائاینی و سروشتی نەتوانێ تێکیبدات و بیسڕێتەوە!
دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان (نادیە موراد) کچە کوردە ئێزیدیە ڕزگاربوەکەی دەستی داعش و تاقانە کوردی هەڵگری خەڵاتی نۆبل، ، ئاشتبکاتەوە و خەڵات و ڕیزلێنانی تایبەتی بۆ بکات.
مرۆڤ، هەر مرۆڤێک!! کە داخ و حەسرەت و توڕەیی و ئەو ناداپەروەرییەی لێیکراوە لە دڵ و دەرونیدا پەنگ دەخواتەوە و دەسەڵاتی نیە مافی خۆی بسەنێتەوە و کەسیش نەک هەر بۆی ناسەنێتەوە بەڵکو گاڵتە و لاقرتی و پێکەنینیان دێت بە ئێش و ئازارەکانی ، ئیتر لات سەیرنەبێت لە چرکە و لە شوێنێکی وروژێنەر و هەژێنەردا بتەقێتەوە و مرۆڤ بکوژێت، ماڵ کاول بکات و ئاگری تێبەردا و کفر بکات ، دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکات.
ئەوەی قاسم شەشۆ یش وا دیارە شتێکی ئاوا بێت، ئیتر ئەم هەڵچون و خۆسورکردنەوە و کۆ-هستیریایەی بۆ چیە ! بە ڕێزان! ئارام ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشە بنەڕەتی و هەرە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆتان و خەڵک.




نەنە وباپیرە نەورۆز ڕۆژتان باش!.. د.هەژار عوسمان مەعروف

ئەسڵەن مێژو چیە جگە لە چەند پەڕەیەکی نوسراو لە لایەن چەند نوسەرێک کە مەگەر هەر خۆیان و پاشا و سەرۆکەکانیان بزانن چەند درۆ و چەند شێواندن و شاردنەوەی ڕاستیەکانی تێدایە! مەگەر مێژو چیە جگە لە نوسینەوەی بەسەرهاتی باشی و ڕاستی و دادپەروەی و جوامێریی سەرکەوتوەکان و ناشیرینی و ترسنۆکی و خراپیی شکستخواردووەکان ؟
نەنە وباپیرە نەورۆز! ئەوە گرنگ نیە هەمو ڕاستی و وردەکارییەکانی ئێوە نەزانین، مەگەر ژیان و بەسەرهاتی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەم دنیایە کە دەیبیسین یا بە فلیمە پرشنگدارەکانیان دەیانبینین هیچیان بە بەڵگەی DNA و بە بەڵگەی فۆتۆگرافیی فۆتۆشۆپ نەکراو و بە وێنە و دەنگی ڤیدیۆیی تەزویر نەکراو و بە دۆزینەوەی شوێنەواری خانوسازی و ئێسک و پروسکی پاڵەوانە ناودارەکانیان سەلمێنراون؟
نان ئەو نانەیە ئیمڕۆ لە خوانە! بێ گوێدانە ئەوەی کوردێک موسوڵمانی شیعەیە یا سونە، یا یارسانی (کاکەیی) و ئیزدیە یا زەردەشتی یا بڕوای بە هییچ ئاینێک نیە (ئاتێئیست) ئیمڕۆ بەدەگمەن کوردێک دەبینی لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان و لە ناو کوردی ئاوارە و دەربەدەری هەمو ئەم دنیایە، کە دڵی بۆ نەورۆز و بە نەورۆز لێنەدا و نەکەوێتە پرتە پرت و خورپە، ئەسڵەن بە تایبەتی لە ئەوروپادا ئەم دۆخەیان ناوناوە (تا) ی نەورۆزی کوردان.
بەدەگمەن کوردێک دەبینی ئەگەر لێشی قەدەغەبکرێت لە نەورۆزدا لە ناو دڵی خۆیدا مۆمێک بۆ نەورۆز دانەگیرسێنێ.
ئەوە ڕاستە کە گەلانی تری ناوچەکە هەتا هیندستان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش نەورۆز پیرۆزدەکەن، بەڵام پیرۆزکردنی گەلانی ناکورد بۆ نەورۆز پەیوەندیی بە پیرۆزکردنی وەرزی بەهارەوە هەیە کە چۆن پاڵ بە زستانی توش و سەرماوە دەنێ و خۆی بە هەتاوی گەرم و تاوەباران و چرۆی درەختان و خونچەی گوڵە کێویەکان دێتەوە مەیدانی ژیانێکی پڕ لە هیوا و کار و ئازادبون لە چواردیواری ماڵ.
بەڵام پیرۆزکردنی کورد بۆ نەورۆز جگە لە پیرۆزکردنی بەهار و گرنگتر لە مە واتا و ڕۆحی نەورۆزە بۆ ئینسانی کورد کە ئەمەیە:
لە ڕابوردوی نەتەوەی کورددا و لە سەر خاکی کوردستانەکەی وەک لە هەمو وڵاتانی دنیادا پاشا و سەرۆک و میر و بەگ و ئاغا و سان و… هەبون جا کوردی خۆجێی بوبن یا ناکوردی زاڵم و داگیرکەر. لە شوێن کات و لە بۆنەیەکی تایبەتیدا زۆرینەی خەڵک گەشتۆتە تینیان و بەرامبەر بە فەرمانڕەوا زاڵمە کوردە یا ناکوردەکە ڕاپەڕیون و دەستیان لێوەشاندوە و هەندێ جار سەرکەوتوبون لە لادانی یا لەناوبردنی کەسی ستەمگەر. ئەوە گرنگ نیە ئێمە ئێستا نەتوانین بیسەلمێنین کە زوحاک داگیرکەرێکی زاڵمی ناکورد بوە و کاوەی ئاسنگەریش کورد بوە وبە چەکوشەکەی زوحاکی لەناوبردوە و خەڵکە کوردەکەی ڕزگارکردوە. زوحاک ڕەمز و هێمایە بۆ دەسەڵاتدارێک کە باوان و دایانمانی چەوساندۆتەوە ، کاوەش سیمبۆلی پاڵەوانێکە خەڵکە ستەمدیدەکەی ڕزگارکردوە. ئێستا ئاوای لێهاتوە کە هیچ نەتەوەیەک و هیچ مرۆڤێکی تاک لەم دنیایەدا بە هێندەی کورد لەگەڵ بەسەرهاتی کاوە و زوحاک و چیرۆکی نەورۆز تێکەڵ نەبوە و بە هی خۆی نازانێ، تۆوی نەورۆز لە کۆهەست (اللاشعور الجماعي) و کۆبیری (الفکر الجماعي) (collective unconsciousness) ی هەمو ئینسانێکی کورد دا چێنراوە، تەنانەت لە دڵ و دەرونی زانایەکی ناوداری موسوڵمانی وەک ڕۆحشاد(مەلا عەبدولکەریمی مودەریس) یش دا کە لە سەردەمی سەدام دا فتوادەدات کە بە جەژن دانان و پیرۆزکردنی نەورۆز هیچ بەرکەوتنێکی نەباش و نەرێنیی نیە لەگەڵ بنەماکانی ئاینی ئیسلام دا.ڕۆحی نەورۆز ئەمەیە کە ئینسانی کورد هەتا سەر ناچەمێتەوە بۆ هیچ زاڵمێکی ناکورد یا کورد ، وە لە ئەستوربونی ئەو زوڵمەدا کاوەکان بە چەکوش و شمشێرەکانیانەوە هەڵدەکوتنە سەر زاڵمەکان و کوردستانیان لێ پاکدەکەنەوە.
لە ڕوی تەندروستیی دەرونیی تاکەوە زۆر گرنگە هەمو نەتەوەیەک کۆمەڵێک سونبول و ڕەمز و هێمای هاوبەشی هەبێت کە دەبێتە ناسنامە یا شوناسی (identity) ئایدیۆلۆجیی هاوبەشی هەمو تاکێکی ئەو نەتەوەیە ، بۆ کورد یەکێ لە سونبولە ئەرێنیە موقەدەسەکان جەژنی نەورۆزە کە نابێت هەرگیز لە ژێر هیچ بەهانەیەکدا لە دڵ و دەرونمان دا کاڵبێتەوە.
بەداخەوە سونبولی نەرێنیشمان هەیە بۆ نمونە (شەڕی براکوژی) و(ئەنفال و هەڵەبجە) و (کۆمەڵکوژی و دەسدرێژی سێکسیی کوردانی ئێزدی). وەک چۆن جولەکە (هۆلۆکاوست) لە بیرناکەن ئێمەش نابێت هەرگیز (ئەنفال و هەڵەبجە) و(کۆمەڵکوژی و دەسدرێژی سێکسیی کوردانی ئێزدی) لە بیربکەین کە بنی بنەوەی تاریکیی چەوساندنەوەی کورد دەردەبڕن و ساڵانە دەبێت یادبکرێنەوە.




هانایەک بۆ هەموتان: نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی!… د. هەژار عوسمان

پتر لە سێ ساڵە هەواڵی ئەوەی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی دەفرۆشرێت یا فرۆشراوە بە کۆمپانیایەکی زۆر نزیک لە یەکێ لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ، بە ناو پزیشک و هەمو تەندروستکارانی سلێمانی دا دەماودەم دەکات .
کە کەڵبەی شۆفڵە بێبەزەییەکانی پارەدارە تێرنەخۆرەکان لە ماڵە بێنازەکەی نەجمەدین مەلا گیرکرا موچڕکەیەکی ترس و خەم سەرتاپای جەستەمی تەنی و چاوی خەیاڵم هۆن هۆن فرمێسکی باراندە سەر دیوار و بنمیچی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی کاتێک ڕاوکەرانی بێبەزەیی بۆ کەڵەکەکردنی زۆرتری پارەکانیان گرێدەر و شۆفلەکانیان وەک سەگی هار بەردەدەنە گیانی ئەو نەخۆشخانەیەی پتر لە چل ساڵە تەندروستکارانی سلێمانی لە ناویدا خزمەتی خەڵک دەکەن.
پاساوای کۆمپانیاکە و لێبوک و موچەخۆرەکانی کە لەناو دەسگاکانی تەندروستیی شاری سلێمانیدا دەستیان دەڕوات و پۆستی گرنگیان هەیە، ئەوەیە گوایە ئوتومبیلەکانی فریاکەوتن لە بەر تەسکیی جادەکانی دەوروبەری ناتوانن بە ئاسانی نەخۆش بەرن بۆ نەخۆشخانەکە، لە بری ئەو کە کۆن بوە و کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە، کۆمپانیاکە لە سەر حسابی خۆی نەخۆشخانەیەکی نوێ لە نزیک هەواری شار دروستدەکات و لە جێی نەخۆشخانەکە پرۆژەی بازرگانی دروستدەکات.
بێگومان ڕونە وەک مانگی چواردە کە کۆمپانیاکە سودێکی زۆر لە پرۆژەکەدا بەدەست دێنێ و لە بەرامبەردا کەرتی گشتیی (حوکمەتی) تەندروستی و خەڵکی شار زیانێکی زۆر دەکات و خەڵکی نەدار و کەم داهاتی شار نەخۆشخانەیەکی پڕ خزمەتی حکومەتیی نزیک لە ماڵەکانیان لەدەست دەدەن و بۆ گەیاندنی نەخۆشەکانیان دەبێت تاکسی بگرن و یا بە قەرز و پیتاک بیانبەن بۆ نەخۆشخانە تایبەتیە نزیکەکانی ناوشار. هەمو ئەوانەی دنیایان بینیوە دەزانن کە نەخۆشخانە گەورە و گرنگەکانی شارە گەورەکان لە نزیک ناوەندی شارەوە دروستکراون، باشە خۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی بەنزینخانە نیە لە ترسی ئاگرکەوتنەوە نەفیی بکەیت بۆ قەراخ شار؟
ئەوە ڕاستە کە خانوەکانی نەخۆشخانەکە کۆن بون، ئێ باشە بۆچی لایەنی پەیوەندیدار نوێی ناکاتەوە ؟ بۆچی وەزارەتی تەندروستیی کوردستان هەوڵ نادات لە شوێنی ئەو نەخۆشخانەیە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی گەورەی وەک (شاری پزیشکی) لە بەغداد دروستبکات؟ باشە ئەی خوێندکارانی کۆلیجی پزیشکی و نێرسینگ و پەیمانگەی تەندروستی چۆن بچن بۆ هەواری شار کە چون و گەڕانەوە نزیکەی سەعاتێکی پێدەچێت؟
دەربارەی ئەم بابەتە لە ساڵی ٢٠٢١ لە سەر داوای من دانیشتنێکم سازکرد لە گەڵ فرکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی شاری سلێمانی ، بۆ هەمان مەبەست بە تایبەتی سەردانی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی م کرد و نیگەرانیی خۆمم دەربڕی، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانی یا ڕێگریان لێکرا یا نەیان ویست بابەتەکە بە هەند وەربگرن و سەر ئێشە بۆ خۆیان دروستبکەن و دڵسۆزانە کاری لەسەر بکەن و وەڵامی خەڵک بدەنەوە.
لێرەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی و سەرۆکی حوکەمەت دەکەم نەهێڵن نەخۆشخانەی فێرکاری لە ژێر هیچ بەهانە و زڕەبەڵگەیەک دا بە هیچ کۆمپانیایەک بفرۆشرێ، هەروەها تکایان لێدەکەم یا نوێی بکەنەوە یا لە شوێنی دا نەخۆشخانەیەکی گەورەی مۆدێرن دروستبکەن.
داوادەکەم لە ڕاگەیاندنەکان و حیزبەکانی دەرەوە و ناوەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی شاری سلێمانی و تەندروستکاران و خەڵک و کەسایەتیە کۆمەڵایەتی و ئاینی وهونەری و ئەدەبیەکانی شاری سلێمانی و کوردانی دەرەوەی کوردستان کە مژاری تاریک و تەمومژاویی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلەیمانی بکەنە بابەتی ڕۆژ و بەدواداچونی بۆ بکەن بۆ دەرخستنی هەمو ڕاستیەکان دەربارەی ئەم نەخۆشخانەیە، وە ئەگەر دەنگۆکە ڕاست بو، بە خەباتێکی مەدەنیی ناتوندوتیژ هەڵیوەشێننەوە و لە جێی ئەو پرۆژە سەرمایەداریە نانیشتمانی و بێبەزەییە نەخۆشخانەیەکی نوێی گەورە دروستبکەن. پێشنیازدەکەم لیژنەیەکی کارا و دڵسۆز لە حیزبەکانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵاتی کوردی دروستبکرێت بۆ ڕونکردنەوە و چارەسەری کێشەکە.




دۆخە دەرونییە سەیرو سەرسوڕهێنەکان!… هەژار عوسمان

مێشک ئەو ئەندامەیە کە سەرکردایەتی‌و چاودێریی ئیش‌و کاری هەموو ئەندامەکانی تری خوار خۆی دەکات، لێدانی دڵ، هەناسەدان، بزوتن‌و هەستکردن (بینین، بیستن…)، ئاخافتن، قوتدانی خۆراک‌و شلەمەنی، هەرسکردنی خۆراک‌و بەتاڵکردنەوەی میزدان‌و ڕیخۆڵە… هەموی لەمێشکەوەو بەمێشک دەڕوات بەڕێوە.
مێشک لەهەموو ئەندامەکانی تری جەستە زۆرتر ئۆکسجین‌و خۆراک بەکاردێنێ بۆ بەڕێوەبردنی کارە جۆراجۆرەکانی، بەرامبەر هەموو ئەو ئەرک‌و فەرمانانەی سەرەوە ئەرکێکی هەرە گرنگی تری مێشك هەست‌و شعورکردن‌و بیرکردنەوە‌و زیرەکیە کە هەر ئەمانەشن مرۆڤیان کردووە بەسەروەرو پاشا بەسەر هەمو زیندەوەرەکانی ترەوە.
ژنێکی ساغ‌و بێخەوش لەپڕ لەگۆدەکەوێت‌و ناتوانێت یەک وشەو دەنگ دەربڕێ، دکتۆری قوڕگ‌و لوت‌و گوێ، دوای تێڕونینێکی ورد بەدەسگاکانی پێی دەڵێ: “زمان‌و زارو ئەوک”ت کە پێکەوە دەنگ دروستدەکەن تەندروست‌و ئاسایین، هیچت نیە. ژنێکی تری گەنج کوتوپڕ نابینا دەبێت‌و ناتوانێت بەچاوەکانی هیچ شتێك ببینێ، باشترین دکتۆری چاو دوای تێڕوانینێکی ورد بەدەسگاکانی پێی دەڵێ چاوەکانت بێخەوشن وهیچیان نیە.
کوڕێکی گەنج لەپڕو بێ هیچ هۆیەک دەست‌و پەلی چەپ یا ڕاستی لەبزوتن دەکەوێت‌و ناتوانێ کاری پێبکات، وێنەی تیشکیی مێشك (تەنوری) کە چین بەچینی مێشک لەسەرەوە تا خوارەوە بەڕونی‌و جوانی نیشاندەدات هیچی نائاسایی وەک لو یا کیس یا هەوکردن یا خوێنبەربونی.. تێدا نیە، ئەمیش دکتۆری مێشك‌و دەمار پێیدەڵێت هیچت نیە.
لەشەوی پەمەیی بوک‌و زاوا، یەک زاوای پێشتر پڕ لەحەزو جۆش‌و خرۆش بۆ دەسگیرانەکەی ئێستا لەم ساتە مێژوییەدا! دەڵێی خۆڵەمێشی ساردوسڕە‌و هیچی پێناکرێ، ئەمە لەکوردەواریدا پێی دەڵێن (بەستران)، دکتۆری گورچیلەو میزەڕۆ دوای تێڕوانینی ورد بەدەسگاکانی، پێیدەڵێ هیچی ناسروشتی‌و نائاساییم نەبینی، هیچت نیە، زاوای داماو ئینجا دەبێتە نێچیرو تۆپی شەقشەقێن‌و بانکی پارە بۆ جادوگەرو فاڵچی‌و هەموو ئەوانەی لە ژێر ناوی ئاین‌و شتی تری سەیروسەمەرەی جۆراوجۆردا (زانستی پزیشکیی پێغەمبەران……) خۆیان کردوە بەدکتۆری بلیمەت کە سەرەتانیش چارەسەردەکەن!
لەشەوی بوک‌و زاوایەکی تردا ئەمجارەیان بوک دەبێتە کێشەو گرێکوێرەو بەهیچ جۆرێ ناهێڵێت زاوا بچێت بەلایدا! دکتۆری نەخۆشیەکانی ژنانەو منداڵبون دوای تێڕوانینی ورد پێیدەڵێت هیچت نیە.
خوێنەری هێژا ئەمەی دەیخوێنیتەوە فیلم نیەو بەرهەمی فەنتازیای ڕۆماننوسێکی ناودارنیە، دەتوانم لەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ (پێست ، گەدە و ڕیخۆڵە..) نمونەی سەدان نەخۆشتان بۆ بێنمەوە گیریانخواردوە بەدەست کێشە جەستەییەکانیانەوە کە لەژێری ژێریانەوەو لە پشتی پشتیانەوە شەرم‌و ترسی جۆراو جۆرو کێشەو گرێ‌و گرفتی دەرونی‌و کۆمەڵایەتیی ڕەنگاوڕەنگ خۆی مەڵاسداوەو خۆی شاردۆتەوە، دکتۆرەکانی کوردستان بەدەگمەن دەوێرن بەم جۆرە نەخۆشانە بڵێن بچۆ بۆ لای دکتۆری دەرونی، چونکە بەسەرسوڕمان یا توڕەییەوە بەدکتۆرەکە دەڵێن: خۆ شێت نیم! لەناچاریدا پێیان دەڵێن: هیچت نیە، یا هەر قەلەقت هەیەو ئینشائەڵا چاکدەبیتەوە!




پزیشکێک لە گێژاوی هەست و سۆزە چڕو پڕەکان دا… هەژار عوسمان

لە بواری کاری پزیشکی و بە تامێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی گشتی و کەمۆکەیەکیش چینایەتی و سیاسی، پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری هاوپیشە و هاوڕێم د.هەڤین کەمال شا محەمەد بە کتێبی (لوب دوب) کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کرد. بۆ ئەم کارەی لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لێدەکەم. د.هەڤین لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی (فریاکەوتن) کاری کردوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی جوانکاری و سوتاوی لە سلێمانی کاردەکات. د.هەڤین هەر لە منداڵیەوە کتێب خوێندنەوە دەبێتە خولیای و بە مە ژێرخانێکی بتەوی ڕۆشنبیریی گشتی بۆ خۆی دروست دەکات . د.هەڤین لەسەرەتای کتێبەکەیدا دەپرسێ بۆ خەڵک پێی سەیرە پزیشک چیرۆکنوس و شاعیر بێت ، پرسیارەکە پێچەوانەدەکاتەوە کە بۆ ئەوانە نەبێت؟ مادام پزیشک ڕۆژانە سەروکاری لەگەڵ ئێش و ئازار و خۆشیی ژیان و فریاکەوتن و ژیاندنەوە و ناخۆشیی مردن و ئاخ و ئۆفی مرۆڤ هەیە ئیتر پێویستی بە ڕامان و گەڕانی زۆر بە دوای هزر و ئایدیا و وێنە خەیاڵیەکان نیە، هەر ئەوەی بەسە تۆماری ئەوە بکات ڕۆژانە لە کارەکەیدا دەیبینێ و دەیبیسێ و دەژی لە ناویدا. ئەو لە دورەوە شەیدای نوسینەکانی نوسەرێکی ناودار دەبێت ، گەنجینەی بیرەوەریەکانی وەک پزیشکێک لێوانڕێژە لە بەسەرهاتی نەخۆشەکانی ، ناڵە و فیغانی نەخۆشە پڕئازارەکانی دڵە هەستیار و ناسکەکەی نائارام دەکات و خەو دەزڕێنن لە چاوانی . بە هیوای ئەوەی نوسەرەکە لە چواچێوەیەکی ئەدەبی دا بەسەرهاتەکان بکاتە چیرۆک و ڕۆمان ، بە چەند بازنەیەک دەکەوێتە نوسینەوەی ڕوداو و بەسەرهاتەکان و پەیتا پەیتا دەیاننێرێ بۆی، لە کۆتایی کتێبەکەیدا بۆی دەردەکەوێ کە نوسەرەکە زۆر نەخۆش بوە بۆیە پۆستەکەی ئەمیان نەداوەتێ و دواتر مردویشە، ڕۆژێک هەمو پۆستە نێردراوەکانی بۆ دەهێنن بۆ نەخۆشخانە و ڕادەستی دەکەنەوە.
ئینجا وەرە لەم کۆمەڵە و لەم هەرێمە پڕ کێشەیەدا ژنێکی پڕ لە هەستیاری و هاوسۆزی بیت، دوکتۆرێکی بۆ کارکەت دڵسۆز و کەسێکی ڕۆشنبیریش بیت، لە سیستمی تەندروستی (کە ئیمڕۆ بوە بە بازاڕی تەندروستی) و لە سیستمی حوکمی کوردی هەست بە هەمو کەم و کوڕیەکان بکەیت و لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی گشتی دا کاربکەیت کە پەیوەندیی بە فریاکەوتنی دۆخە ترسناک و لەناکاوەکانی نەخۆشەوە هەبێت ، پسپۆڕیەکەشت لە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ بەگشتی و هی کوردیش بە تایبەتی بێت، دەبێ بار و دۆخی ئەم پزیشکە خۆی چۆن بێت؟ نا نا وامەزانە د.هەڤین لە نائومێدی و ڕەشبینیی کاتی دا توشی سستی و خاوی و شلی بێت لە کاری ڕۆژانەیدا، ئەوهەڵوێستە جوان و چاک و مرۆڤدۆستیەکانی کەسانی دەور و بەر دەبینێ و هێز و وزەیان لێوەردەگرێ و بەردەوامی دەدات بە کارەکەی.
ڕۆژێک بە پەلە دەیبەنە سەر(خەندە) ی تەمەن بیست بەهار، خەندەی چی ! وێرانە وێران،نزیکەی هەمو جەستەی سوتاوە و ئاه و ناڵەی دەگاتە ئاسمان، نوسەر بە دڵدانەوە و بە دەرزیی ئازارشکێنی بەهێز فریای دەکەوێت.وەک دایکی زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی خۆیان دەسوتێنن دایکی خەندە ش دەڵێت نەوتی کردۆتە زۆپاوە و کراسەکەی گڕی گرتوە، د.هەڤین دەیان جار ئەم درۆیانەی بیستوە و بە ئاسانی بە دایکی خەندە دەردەخات کە کچەکەی خۆی سوتاندوە ، هۆکەشی ئەوە بوە ڕۆژێ پێشتر باوکی بە زۆر مارەی کردوە لە ئامۆزایەکی، بەمە خەونی خەندە ،کە ئەوە بوە خوێندن تەواوبکات و ببێتە مامۆستا و ئینجا شو بکات بەو کوڕەی ماوەیەکە یەکتریان خۆشدەوێ، دەبێتە هەناسەیەکی سارد و لە ئاسمانی بێکۆتایی دا بزردەبێ. خەندە لە بێهۆشیەکی قوڵ قوڵ و بەردەوام دایە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ژیان ، نوسەر کە هۆڵی نەخۆشەکان ئارام دەبێتەوە دەچێتە تەنیشت چرپاکەی خەندە و بەسەرهاتەکانی بۆ دەگێڕێتەوە.
نوسەر ئاوێنەیەکی زیندوت دەداتە دەست کە تێیدا هەمو نەخۆشی و کارەسات و مەرگەساتەکان وکەم و کورتیەکانی ئەم کۆمەڵەت بە گێڕانەوەیەکی پڕ لە هەست و سۆز پیشان دەدات ، ئەو زۆر جار خۆی پێناگیرێ ودانەدانەی مرواریی سروشکە بەسۆزەکەی دەبارێنی بەسەرنەخۆشەکانی دا.
باسی کچی بەزۆر بەشودراو دەکات چۆن خۆی دەکات بە کڵۆیەکی ڕەژو و ئەم کە دەبینێ ناتوانێ ڕزگاری بکات یا ئێشەکانی کەمبکاتەوە چۆن خۆزگەی مردنی وەک جۆرێک لە ڕزگاربون بۆ دەخوازێ. باسی قوربانیەکانی شەڕی براکوژیی دوای ڕاپەڕین و باسی دەس و قاچ پەڕیوەکانی مین و بۆمبا فڕێدراوەکان دەکات کە چۆن لە نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی چارەسەر کراون و بەهۆیانەوە نەخۆشخانەکە ناونراوە نەخۆشخانەی قاچ پەڕیوەکان. نوسەر باسی ئەو کچە دەرچوە ی زانکۆمان بۆ دەکات کە ڕۆژی دوازدە کاتژمێر لە کارگەیەکی ماست دا کاردەکات و لەتاو ئێشی جومگەکانی هاتوە بۆلای بۆ چارەسەر. باسی ئەو کچۆڵە ناسکە پڕلە هەست و زیرەکیەمان بۆ دەکات کە بەهۆی جیابونەوەی باوک و دایکی ، ئەم لەژورێک دا لای باوکە کتێب فرۆشەکەی دەژی، لەڕێی کتێبەوە ژیانی خۆش و ئایندەی ڕوناک و کۆمەڵی بەختەوەر و دەسەڵاتی دیموکرات و دادپەروەر دەناسێ بەڵام لەسەر کاغەز ، ڕۆژێک چاوەڕوان نەکراو هاواری لێ هەڵدەسێ و بە باوکی دەڵێ کەی ئەمە ژیانە ئێمەی تێداین . نوسەر بە نمونەی زیندو بڕوات پێدەهێنێ کە دەسدرێژی کردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ لەم کۆمەڵەدا هەیە ، کە هەندێ پیاوی ڕاهاتو بە مادەی هۆشبەر بۆ بەدەستهێنانی مادەکە ئامادەیە خۆی و ژن و منداڵەکەشی بفرۆشێ . باسی قوربانیانی ڕوداوەکانی هاتوچۆدەکات، د.هەڤین لەسەر چەقی جادە فریای کوڕێکی گەنج دەکەوێت کە بەهۆی ئەوەی پارەی نەبوە دەرمانی پەرکەمەکەی بکڕێ دەبورێتەوە و دەکەوێت. (دڵارام) ی شۆخ و شەنگ لە تافی لاویدا شێرپەنجە چڕنوکە بێ بەزەییەکانی لە بینی گیردەکات، ڕۆژێک بە نوسەر دەڵێت خۆزگە شێرپەنجە دەبو بە مرۆڤ و توشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبو و هەمو ئەو ئازارانەی دەچەشت کە ئێمە دەیچێژین بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانمان تێبگات، حەزدەکەم شێرپەنجە بمرێت بۆ ئەوەی کەس وەک من ئازار نەچیژێت. باسی (ئەحمەد) ت بۆ دەکات ، ئەو شاعیرە گەنجەی کە دو دیوانی شیعری بەچاپ گەیاندوە ، لە نەبونی و دەستکورتیی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەبێتە مین هەڵگرەوە و بە تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دەدات ، پزیشکی نەشتەرگەر و نوسەر و یاریدەدەرەکانیان لە لێواری مردن دەیگێڕنەوە بۆ ژیان، لە وەڵامی ئەوەی لە بێهۆشیە قوڵەکەی تێی کەوتبو چیی بینیوە، ئەحمەد دەڵێت ” ئەوەی بیرمە خەوێک بو، لە خەوەکەما زۆر دڵخۆش بوم، گەڕابومەوە بۆ دێکەمان، ئێوارە بو، لە ژێر دار ئەرخەوانەکەی بەردەمی ماڵمان دانیشتبوم، کزەبایەک یاریی بە شەرواڵ و کراسەکەم دەکرد ، منیش بە هێمنی دانیشتبوم شیعرم دەنوسێ “، دەبێت تیمی پزیشکان و یاریدەدەرەکانیان چۆن لە خۆشیی ڕزگارکردنی ئەحمەد باڵیان لێ ڕوابێت! نوسەر ڕەخنەگرانە باسی مێشک و دڵی ئەو توێژە کەمەی کچ و ژنی سەرمایەداران ودەسەڵاتدارانی کوردی دەکات کە جگە لە خەمی ڕواڵەتی جەستەیان و خۆجوانکردن هیچی تریان تێدا نیە. نوسەر وەک ڕۆشنبیرێک دەیان پەند و بیر و هزری جوان و قوڵی بیرمەندان و فەیلەسوفانی دنیامان بۆ دێنێ و دەیانبەستێتەوە بە باسەکانی. د.هەڤین باسی ژیانی تایبەتیی پزیشک دەکات و بە گشتی بەرگریان لێدەکات کە چۆن خزمەتی نەخۆشەکانیان دەکەن و چۆن ئەوانیش کێشەی خۆیان هەیە و پێش ئەوەی پزیشک بن مرۆڤن وەک هەر مرۆڤێکی تر، بەڵام ڕەخنەش لەو دوکتۆرانە دەگرێت کە ڕەوشتی پزیشکیان لاوازە و لە پێناوی پارەدا قوربانی بە لایەنی مرۆڤدۆستیی پیشەکەیان دەدەن . نوسەر زۆر جوان باسی پاڵەوانە ڕاستەقینە گومناوەکانی ئەم کۆمەڵە دەکات و ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە جگە لە قسەی زل و بێکردار هیچی تریان لێنایەت، باسی فشەڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسی ڕواڵەتی و نادڵسۆزمان بۆ دەکات و لێیان دەپرسێت کوا کۆڵینەوە و بنکۆڵکاریەکانیان بۆ ئەم کۆمەڵەی لە ژێر سەدان دەردی کوشندەدا دەناڵێنێ.
نوسەر بەرگری لە مافی ژن دەکات وەک ئینسان و تەکەز لە سەر ئەوە دەکات کە ژن هەر جەستە و بوکەڵەی ڕازاوە و جوانی بەردەست پیاو نیە ، ئەو دوپاتی دەکاتەوە کە پیاوسالاری بەسەر ئەم کۆمەڵەدا زاڵە و سوارە، بەڵام کوێرانه بەرد لە پیاوان ناگرێ و بەرگریی کوێرانەش لە ژنان ناکات، ئەوەتا ڕەخنەی توند و ڕەوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرێت کە چالاکیەکانیان لە گەشت و سەیران و دەعوەت و قسەی بێکرداری بەر مایکرۆفۆنی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنەکان و ناو سیمینارەکان تێپەڕ ناکات و زۆربەیان ئاگایان لە ئێش و ئازارە زۆر و جۆرا و جۆرەکانی ژنانی کوردستان نیە.
بێ دودڵی (لوب دوب) شایەنی خوێندنەوەیەکی ورد و شێلگیرە، دڵنیام ئەمە تەنیا کتێبی د.هەڤین
نابێت و کتێبی تریشی بە دوادا دێت، چاوەڕوانین.
هیوادارم پزیشکانی کوردستان بە تایبەتی پزیشکە لاوەکان کتێبی (لوب دوب) بخوێننەوە و گرنگی بە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم ژیانە ڕەنگاوڕەنگە بدەن نەک هەر قەتیس بمێنن لە تونێلی تەنگی زانستە پزیشکیەکان، بێگومان دەبێت بەردەوام لە بواری پزیشكیدا خۆیان نوێبکەنەوە و ئاگایان لە دوا پێشکەوتنەکانی پزیشکی بێت لە دنیا دا ، بەڵام لە هەمان کات دا دەبێت بەردەوام ئاگایان لە کۆمەڵی کوردستان و باری سیاسیی هەرێم و عێراق بێت و بزانن باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و دەرونیی نەخۆشەکانیان چۆنە، ئێمە چەند پێویستمان بە پزیشکی پسپۆڕی زانا هەیە بە هەمان ئەندازە پێویستامان بە پزیشکی ڕەوشت بەرز هەیە کە ئاستی ڕۆشنبیریی بەرز و فراوان بێت و لە خەباتی مەدەنیی خەڵک دا بۆ بەدەستهێنانی مافە خوراوەکانیان بەشداریی کاریگەر بکات.
لە ئەنجامی سیاستی هەڵەی حکومەتی هەرێم ئیمڕۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیە حکومیەکان بە هۆی کەمی یا نەبونیی دەرمان و کەرەسەی نوێی پزیشكی و خزمەتگوزاری، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پوکانەوە و چۆڵەوانی دەڕۆن، ئەو بەسەرهات و ڕوداوانەی ڕۆژانە ڕودەدەن تێیان دا ، گەر هەمو وردەکاریەکانیان تۆمار بکرێن لە لایەن پزیشکان و یاریدەدەرەکانیانەوە ، کەرەسەی دەیان ڕۆمان و فیلمی دۆکومێنتار و فیلمی سینەماییان تیادەبێت کە دەشێت بکرێنە بەڵگە لە سەر گوێ پێنەدانی حکومەتی هەرێم بەم بوارە ی خەڵک کە پەیوەندیی بە ژیان و مردنیانەوە هەیە.