خالید مەشعەل سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە دژایەتی کوردو پرسی کورد دەکات!.. حەسەن ڕازانی

کاتێک کە سیاسەت و بەرژەوەندیی کەسیی و تووندڕەویی لە نەتەوەپەرستییدا لە هەستی مڕۆڤایەتیی داتدەماڵێت! (خالد مەشعەل بە نموونە)

ىۆچی سیاسییەکان و دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی دژایەتی کورد ەکەن؟ ئایا لە ڕوانگەی سیاسییەکان و ئینتەلێنجنسیاو ئینتەڵێکچووەڵ یان ڕۆشبیری کوردەوە ئەو دژایەتی کردنە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
ڕاستییەک: “بە بێ کورد نەدەتوانرا یان گەلێک سەخت دەبوو کە حکومەتەکەی سەدام بڕوخێنرێت، بەڵام کورد وەک پێویست نەیتوانی مەرجە نەتەوەییەکانی خۆی بسەپێنێت. بە بێ کورد نەدەتوانرا حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بڕوخێنرێت بەڵام کورد دیسان نەیتوانی کارتی هێزو بوون و جێگەو ڕیگەی خۆی بەکاربهێنێت و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. “
“ئێستاش نۆرەی لەناوبردن و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئاخووندەکانی ئێرانەو بەڕێوەیە. جا ئەم کارە بۆ بەرەی هێرشبەر یان زۆر سەختە یان بە بێ کورد هەر ناکرێت و ناتوانرێت ئەنجام بدرێت! بەڵام دیسان کورد هیچ پڕۆژەیەکی نەتەوەییانەی دیار نیە لە رووی سیاسیی و سەربازییەوە. ئەوەی هەیە تەنها شەقامە.”
“ئێستا ئەگەر بێت و کورد لیرەشدا نەتوانێت بوونی خۆی بسەپێنێت و نەتوانێت مەرجە نەتەوەییەکانی خۆی بسەپێنێت، من پیم وایە لانی کەم بۆ دەیان ساڵی تر کێشەو پرسی کورد دەگەڕێتەوە دواوە. سیاسەتی بە سەنتەرو ناوەندیی کردنەوەی حکومەتەکانی سوریاو عێڕاق بەڕێوەیەو لە بەرژەوەندی نەتەوەیی عاڕەبەکاندا ئەم کارە ئەنجام دەدرێت. کورد دیسان نابێت هەر بەدوا بکەوێت و یاخود تەنها وەک شەڕکەریکی ئازا ناوی بهێنرێت و دیسان خۆی بکاتە قوربانیی لەبۆ بەرژەوەندی دەرەکیی.”
ئەو شتانەی کە لەلای هەموومان ئاشکرایە:

  • سیاسییەکانی کورد، لە ئەوپەڕی چەپەوە تا ئەو پەڕی ڕاست، بە دینیی و نادینیییەوە، هیچ یەکێکییان، جا با لە گەڵ کێشەی فەلەستینیش نەبووبێت، بەشی ئەوەندە هەستی مڕۆڤایەتیی تێدا هەبووە کە دژی کێشەو مافی خەڵکی فەلەستین نە بە قسەو نە بە کردار نەوەستاوە. لەبەرامبەردا سیاسییەکانی فەلەستین لە وێنەی خالد مەشعەل دژی هەموو ماف و سەربەخۆبوونێکی گەلی کوردن.
  • نەتەوەی کورد بە ژمارە لە سەرووی دە ئەوەندەی خەڵکی فەلەستینە، کورد خاکی داگیرکراوەو لەبەردەم لەناوچووندایە بەدەستی دەوڵتانی برا موسڵمانەکانی کوردەوە. مێژووی دوێنێ و ئەوڕۆش نیشان دەدا کە دەوڵەتەکانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی، کە زۆرینەیان هەمان ڕای (خالد مەشعەل)یان هەیە لە بەرامبەر نەتەوەی کوردو پرسی کوردا، ئەو دژایەتیی و ڕق و کینەیە لە کورد لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
  • کورد نەتەوەیەو بە ژمارە دە ئەوەندەی فەلەستینیەکانە. خاوەنی خاک و مێژووە بەڵام دەوڵەتەکانی برا موسڵمانەکانی کورد بە زەبری هێزو بە فێڵ و بە درۆ خاک و مێژوو و هێزی مرۆیی کوردیان داگیرکردووە. کورد یەک دەوڵەتی نیە لە جیهاندا. فەلەستینیەکان عاڕەبن و دەیان دەوڵەتی عاڕەبییان هەیە. جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی لە پشتی فەلەستینیەکانە بەڵام هیچ کام لەو دوو جیهانە لە گەڵ نەتەوەی کورد تەباو هاوکار نین.
  • عاڕەبەکان بۆ خۆیان پێیان ڕەوایە کە دەیان دەوڵەتی بچووکیان هەبێ بەڵام کورد کە بە قەدەر چەندین دەوڵەتانی عارەبەکانە لەکەنداو کە وەک پاسەوانی بیرە نەوتەکان رۆڵیان پێدراوە، بەڵام پییان ڕەوا نیەکورد دەوڵەتێکی هەبێ یان وەک نەتەوە بوونی هەبێ.
  • کورد تۆمەتبار دەکەن کە لە گەڵ ئیسڕائیل دایە کەچی زۆرینەی دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی بە ئاشکراو بە نهینی لەگەل ئیسڕائیلدان. بۆچی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل بۆخۆیانی بەڕەوا دەزانن بەڵام بۆ کورد وەک هێڵی سوورو بڤە وایە؟
  • سەردەمی پێش ئەبو محمد جۆلانی، گەورە تیرۆریستی جیهانیی، سوریا یەک پارچەبوو، دژی ئیسرائیل بوو، جۆلان و بەرزاییەکانی جۆلان و خوارووی دیمەشق و ناوچەی قەنێطرەی نەدەدا بە ئیسرائیل، ئەدی بۆچی خالد مەشعەل جیهادیەکانی دەنارد تاکو لەگەڵ جۆلانیەکان لە دژی حکەومەتی سوریا جیهاد بکەن؟
  • لە هیچ شاریکی کوردوستاندا و لە هیچ ناوچەیەکی کورد نشیندا، شایی و خۆشیی ئەنجام نادرێت کاتێک کە ئیسڕائیل خەڵکی فەلەستین دەکوژێت، بەڵام بۆچی خالد مەشعەلەکان هانی خەڵکی فەلەستین بە گشتی و دانیشتوانی شاری غەزە بە تایبەتی دەدەن کە شایی و خۆشی دەرببڕن کاتێک کە سوپای تورک یان جیهادیەکانی ئەبومحمد جۆلانی قەتڵ و عامی خەڵکی کورد دەکەن؟ ئەم ڕق و کینەیەی سیاسییەکانی خەڵکی فەلەستین لەبۆ کورد لە کوێوە هاتووە؟
  • سپڵەیی و نمەک کوێریی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامی بە گشتیی و خەڵکی فەلەستین بە ڕابەرایەتی خالد مەشعەلەکان بە تایبەتی لەبەرامبەر ئەو هەموو قوربانییەی کە کورد داویەتی لە پێناو ئیسلام و نەتەوەی عاڕەبدا گەییشتۆتە ترۆپکەی سپڵەیی. کورد بە نووسەرەکانییەوە ، بە زانا موسڵمانەکانییەوە، بە شاعیرەکانیەوە، بە سیاسییەکانیەوە، بە ئادۆلۆجییەت چەڕەو و ڕاستڕەوییەوە هەمیشە دۆستایەتیی جیهانیی عاڕەبیی و ئیسلامیی کردووە کە چی لەبەرامبەردا کورد بەدەست دەوڵەتەکانی جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامییەوە هەوڵی لەناوبردنی دراوە!
  • زۆرینەی خەڵکی کوردوستان موسڵمانە، زۆرینەی خەڵکی کوردوستان زۆر لە خواترس و لە خوا نزیکترن لە دەوڵەتانی نێو جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامیی، کەچی هەمیشە کورد تۆمەتبار دەکەن بە کافرو مولحیدو دژە ئیسلام. هەندێک لە مێژوو نووسەکانیشیان واوەتر دەڕۆن و دەڵێن کورد نەوەی جندو شەیتانە. هەر بۆیەش هەمیشە خوینی کوردیان حەڵال کردووەو کچ و ژنیان بە سەبایەو کەنێزەک بردووەو خاک و ئاوییان لێ داگیرکردووەو ئەنفالیشیان کردوە. واتە ئایینی ئیسلام وەک چەکێک لە دژی کورد بەکار هاتووە لە لایەن دەوڵەتانی نێو جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامیی. ئەم دژایەتیی کردنەی کورد لە لایەن جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامییەوە لە کوێوەوە سەرچاوەی گرتووە؟
  • کورد بۆتە قوربانیی لە نێوان دوو بەرەدا. بەرەی یەکەم: بەرەی رۆژهەڵاتیی بە گشتیی و عەرەبیی و ئیسلامیی بە تایبەتی. بەرەی دووەم بریتییە لە بەرەی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا. بەرەی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا کورد بەکاردێنن و بەرژەوەندییان لەوەدایە ناوچەکە بەوشێوەیە بێت کە هەیە. بەرەی ڕۆژهەڵات و جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامییش بەرەیەکی نەتەوەپەرستیی دژە ئینسانییەو باوەری تەنها بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی هەیەو کورد بە هەڕەشە دادەنێت بۆسەر جیهانی ئیسلامیی. جیهانی ئیسلامییش لە لایەن جیهانی عاڕەبییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. بەرەی ڕۆژئاواش هەر ئەوەی گەرەکە.
  • بەرەی ڕۆژئاواو ئیسڕائیل نایانەوێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێجگە لە ئیسڕائیل خۆی دەوڵت و سیستەمی دێموکڕاسی تێدا درووست ببێت. ئەوان دەیانەوێت هەمیشە سیستەمی دیکتاتۆریی و داعش ئاسایی تێدا بێت. بۆ ئەوان ئاهوا باشەو ئاهوا خێرو بێری ناوچەکە دەخۆن.
  • سیاسییەکانی عاڕەب بە چەپ و بە ڕاستییەوە بە دینیی و نادینییەوە خەڵکی عاڕەبیان وا ڕاهێناوە کە ئەگەر هات و خۆیان بە لاواز بینییەوە ئەوا شیعاری “گەلی موسڵمان” امة اسلامیة بەرز دەکەنەوەو ئەگەریش خۆیان بە بەهێز بینی ئەوا شیعاری “نەتەوەی عەڕەب یەکەو خاوەنی پەیامێکی نەمرە” بامة عربیة واحدة ذات رساکة خالدة بەرز دەکەنەوە.
    بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیەو زۆریش درەنگە کە کورد بە گشتی دەبێ سەرەتا بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی لەبەرچاوبێت نەک و ڕازی بێت کە لە پەراوێزدا بهێڵرێتەوە!
    هەروەها دەبێ کورد وەڵامی ئەو پرسیارەش بداتەوە کە :

ىۆچی سیاسییەکان و دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی دژایەتی کورد ەکەن؟ ئایا لە ڕوانگەی سیاسییەکان و ئینتەلێنجنسیاو ئینتەڵێکچووەڵ یان ڕۆشبیری کوردەوە ئەو دژایەتی کردنە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

حەسەن ڕازانی




عوسمان بایدەمیر: تورکیا دەوڵەتی کوردان نییە… و:ھەڵۆ بەرزنجەیی

لەژێر ئەم ناونیشانەدا، لە ماڵپەڕی ڕووداو/ کرمانجی ئەم باسەم بەرچاو کەوت، کە گۆڕیومەتە سەر ڕێنووسی کوردیی خواروو. پاشان کۆمێنتێکی لەسەر دەنووسم.
٢٦/٥/٢٠٢٠
ھەولێر « ڕووداو» Sîna Soma

سەرۆکی شارەوانی پێشووی شاری ئامەد وئەندام پەرلەمەنتاری پێشووی ھەدەپHDP عوسمان بایدەمیر، ڕایگەیاند کە : دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی دیموکرات نییە و پێویستە ھەڵوەشێتەوە…
عوسمان بایدەمیر لە ھەڤپەیڤینێکیدا لەتەک دەزگای بەریتانی« تەلەگراڤ ئەکتویل» ڕەخنەی توند لە دەوڵەتی تورکیا دەگرێ.
بایدەمیر، لەم ھەڤپەیڤینەدا دەڵێ: تورکیا دەوڵەتی کوردان نییە و دەوڵەتێکی داگیرکەتە و رەوایەتی خۆی لەدەست داوە.
بایدەمیر جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، کە دەوڵەتی تورکیا ھەرگیز ناگۆڕێ و نابێتە دەوڵەتێکی دیموکراتیک. ھەروەھا دەڵێ: ئەوە دەیان جار تاقی کرایەوە، دەوڵەتی تورکیا ناگۆڕێ و نابێتە دیموکراتیک.
ئەم سیاسەتڤانە ناودارەی باکووری کوردستان عوسمان بایدەمیر، ھەروەھا ئاشکرای کرد و وتی: ئێمە لە تورکیا ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی زۆردار و داگیرکەر دەبینەوە، کە دەبێت ھەڵوەشێتەوە و لەناو داروپەرووی کاولبووەکەیدا خۆی سەرنگووم بکات.
لە بەردەوامی ھەڤپەیڤینەکەیدا بایدەمیر دەستنیشانی ئەوەی کرد کە دەوڵەت و پەرلەمانی تورکیا نە ھی ئێمەی کوردە و جەختی کردەوە کەوا دەبێ ئێمە بگەڕێینەوە سەر بنجوبناوان و ڕیشەی خۆمان.
بایدەمیر ئاماژەی بەوە دا دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان ڕەوایەتی نەماوە و دەڵێ لە ئامەد ڕەوایەتی ئەم دەوڵەتە بەدوایی ھاتووە، لەبەر ئەوەی سندووقی دەنگدانەکانی نەھێشتووە.
ئەم دەوڵەتە لێرە دەوڵەتێکی داگیرکەر و کۆلۆنیالە.
عوسمان بایدەمیر ئاماژە بە ھەوڵ و تێکۆشانی کورد بۆ بەدیموکراتیزەکردنی تورکیا دەدات و رەخنە لەم کارە دەگرێ و ئاکامی ئەم ھەوڵە باس دەکات. ھەر لەم سۆنگەیەوە ڕەخنە لە سیاسەتی تەڤگەڕی کورد لە باکووری کوردستان دەگرێ و دەڵێ: ئێمە ھەوڵمان گرتە بەر بۆ بە دیموکراتیزەکردنی ئەم دەوڵەتە و تەواوی ھێز و توانا و وزەی خۆمان خەرج کردووە بۆ شتێ کە نابێت و نایەتە دی.
ھەروەھا دەڵێ: پێویستە ئێمە بۆخۆمان بین و خۆمان بپارێزین و دەبێ بگەڕێینەوە سەر ڕەگوڕیشەی خۆمان بۆ جوگرافیای خۆمان« مەبەستی نیشتمانە- ھەڵۆ». بەداخەوە ئەم پەرلەمانە چ سوودێکی بۆ ئێمە نییە. سیاسەتڤانی کورد بایدەمیر لەبەشێکی تری ھەڤپەیڤینەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەسەر: دەبێ ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا بئاخڤین « نیشتمانی من ھەیە، ناوی ئەوەش کوردستانە. من نەتەوەیەکم شەڕی فاشیستی کەمالیستی، شەڕی فاشیستی ئیسلامی بە من چی؟ بۆ دۆزەخ. ئێوە ھەردوو بۆ دۆزەخ
ئەستەمبوڵی ئێوە، ئەنقەرەی ئێوە، ئیزمیری ئێوە بۆ من چی؟؟.
دەبێ ئێمە بە ئاشکرا بڵێین : ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ئێمە نییە. من بۆ ئەوە ناڵێم کەوا ھێزی ئێمە ھەیە.. من دەزانم ھێزی ئێمە ناگاتە ئەمە..ھێزی ئێمە نابێتە ھیزی ئەوان،بەڵام ھێزی ئێمە بەشی خۆمان دەکات دەکات. ئێمە نەبینە بەشێک لە گەمەکانی ئەوان…
ھەروەھا دەڵێ: دەبێ کورد بنکەیەکی دراوسێیەتی لەگەڵ تورکیا دروست بکات.. وردە وردە کاتی ئەوە ھاتووە.

————————————-

پێم وایە لەم چەند دەیەیەی ڕابووردووداچ کەسایەتییەکی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان ھێندە واقیعی و ئەقلانی نە بیری کردۆتەوە و نە بوێری دەربڕینی وەک عوسمان بایدەمیر ھەبووە.
وەڵامە بەناوبانگەکەی بەرامبەر بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کاتێ لێی دەپرسێ کوردستان لەکوێیە؟ دەست دەخاتە سەر سنگ و دڵیی و دەڵێ: کوردستان لێرەیە، سەرتاسەری تورکیای تەزاند و کوردستانیشی ھەژاند و خرۆشان.
بریا حیزب و سیاسەتڤانەکانی باکووری کورد بەتایبەت و تەواوی کوردستان بەگشتی ، وەک بایدەمیر ھزر و بیریان بکردایەتەوە و ھەڵوێست و ڕەفتاریان ھەبووایە.
لە باشووی کوردستان3 دەیەیە خاوەن پەرلەمانین، کەسێک پەیام و ڕاگەیاندنێکی وای بەڕووی داگیرکەر و دنیادا نەداوە.
ئەوانەی قەندیلیش بە تۆزی ئەم وتە راست و دروست و دڵسۆزانە نەگەشتوون. ئەوان دەیانەوێ ئەم جۆرە داوا و قسانە فڕێ بدەنە زبڵدانەوە، چونکە باویان نەماوە و پێویستە دەوڵەتی تورکیا بە دیموکراتی بکەین.
دیارە ئەمە جگە لەوەی تاکە ڕێی ڕزگارییە، تاکە چەکێکیشە بۆ شەڕی داگیرکەران.
بەھیوای ئەوەی ھەموو سیاسەتمەدارانی کورد پەڕۆیەک لە عوسمان بایدەمیر دادڕن و بانگی ھەقی کوردایەتی بە ئاشکرا و دەنگی بەرز پێویستە و خۆشە…
نەفرەتی خوا و مێژوو و ویژدان لەوانەی تری نەتەوە کورد بە ئەفیونی دروشمی درۆزنانە و وڕێنەی چەمک و تیۆری دیکە دەخەپێنن.
دروود بۆ سیاسەتڤانی ھێژا و بوێری کورد «عوسمان بایدەمیر»…
سەرنج : بایدەمیر بەدرێژی ھەمان ناوەڕۆک لە چاوپێکەوتنێکی MedyaTV دا بە تورکی کردووە.
لینکی ڤیدیۆکە و بابەتەکەی ڕووداوتان بۆ دادەنێم…

‏https://www.rudaw.net/kurmanci/kurdistan/260520203
‏HDP APE OSMN KüRDISTAN
‏KiMSENiN BBASININ MALI DEGiLDiR
‏„Kurdistan ne malé bavê kesekîye“
‏https://YouTube.be/yEF-PsmA

ھەڵۆ بەرزنجەیی




یەکێ لە گەورە بیرمەند و مێژوو نووسەکانی هاوچەرخ بناسە… هەڵۆبەرزنجەیی

      یەکێ لە گەورە بیرمەند و مێژوو نووسەکانی هاوچەرخ بناسە.
          یوڤال نوح هاراری    Yuval Naoh HARARI 
     

” پێی ناوێ مێژوو بگۆڕین،ئەگەر هیچمان لەدەست دێت،
با ئێستا و دوا ڕۆژ بەرەو چاکتر بگۆڕین”. مەسعوود محەمەد

ساڵێ زیاترە بابەتێکم لە سەرچەمکی ( ئازادی) و خوێندەوە و لەوێدا بۆ یەکەمجار ناوی (یوڤال نوح هاراری) وەک بیرمەند و مێژوونووس و فەیلەسووفێکی ئیسرائیلی گەورەی هاوچەرخ بەرچاو کەوت.ئەو چەند بڕگەیەی بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی لیبەڕاڵی سەرنجی ڕاکێشام. هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کارێکی کرد، ئەم ماوەیەی خۆ دابڕان و خزانە نێو ماڵەوەم بۆ زۆر لە خەون و پرۆژەی نیوناچڵ و لەبەرچاو گیراوەکانم تەرخان کرد. یەکێ لەوانە ناوی هاراریم وەبیرکەوتەوە. لە ئینتەرنێت و یوتوبدا، کەوتمە سۆراخی. 3 کتێبە دیارەکەی کراون بە ئەڵمانی و بەداخەوە من دەستم پێێان ڕاناگات. بەڵام کۆمەڵێ چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی و نووسین و کۆڕ و سەمیناریم خوێندەوە و گوێ لێ گرت. زۆر بابەتەکان بە زمانی ئینگلیزی بوون، من تەنها توانیم سوود لە ئەڵمانیەکانی وەرگرم و ٥ـ٦ کاتژمێرێ گوێی لێ بگرم و دوو بابەتیشم لەسەر خوێندەوە.
ئەمەی بەردەستان پوختە و ناوەڕۆکی ئەو تێز و بۆچوونانەی ناوبراوە و بەندە بڕگە بە بڕگە بە تێگەیشتنی خۆم وەرم گرتووە و بەسەلیقەی خۆشم دامڕشتۆتەوە. وەک بەرکوڵێ بۆ ناسینی ئەم مێژووناسە گەورە، کە ئیمڕۆ باتەکانی بوونە جێی سەرنجی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و سیاسەمەدار و نووسەر و ئابووریناسانی جیهان.. هاراری بەردەوام بە ڕێگاوە بە پایتەخت و ناوەندە زانستی و زانستگەدا دا، دەگەڕێ و بیروبۆچوونەکانی پێشکەش دەکات. گوێگرەکانی بەتامەزرۆوە ڕیگای دوور بە نرخی زۆر دەبڕن، تا گوێیان لە تێزەکانی بێت.
بەداخەوە پێموایە لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا و میدیاکەیدا، باس و خواستێکی تێروتەسەلەی لەسەر ئەم دەنگ و بۆچوونانەی هاراری بەرچاو ناکەوێ. هیچ کام لە کتێبەکانی نەکراونەتە کوردی. لەکاتێکدا بازاڕی چاپەمەنی کوردی، پڕ بووە لە بابەتگەل و شتی جۆراوجۆری ئەوتۆ کە لە رەفەی ناو مۆزەخانەکانیشدا بە زەحمەت جێگایان دەبێتەوە. دیارە من ناڵێم ئەو بابەتانە نابێ هەبن، بەڵکو گەرەکمە بڵێم کتێبە هەنووکەیی و گرنگ و ورووژێنەرەکانی سەردەم لەپێشترن. دیسان بەداخەوە چاپەمەنی کوردستان سەرەتا زۆر بە حیزبی کراوە و بۆ خزمەتی مەرامە سیاسییەکان، خەسڵەت و سیفەتی ئایدۆلۆژی و ئایینی پێوە نراوە. هەردوو ئاڕاستەکەش بەشێکییان بە وەرگێڕانی سەقەت و شێواو و لەزمانی دووەم و سێیەمەوە و حیزبەکانیش بە کەسانی ناشایستە و ناکارامە مۆنۆپۆڵیان کردووە.
Harari 3 لە کتێبە ناودارەکانی بریتین لە : ( کورتەیەکی مێژووی مرۆڤایەتی وەک مێژووی کۆن. مێژووی ئایندە و 21 وانە بۆ سەدەی21).

یەکێ لە بۆچوون و تێزە هەرە سەرەکییەکانی ئەم بیرمەندە، ئەوەیە پێی وایە “مرۆڤایەتی لەسەر لێواری مردنە”. واتە چارەنووسی بەرەو کۆتایی دەچێ . ئەویش نەک بەو شێوەیەی وەک خۆی دەڵێ: لە فیلمی هۆڵیۆددا هەیە، ڕۆبۆرتێ دێ و هەموو خەڵکەکە دەکوژێ و ئیدی دنیا تەواو”. بەڵکو لە ئێستا لەبەردەم 3 هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە.
1ـ شەڕی ئەتۆم.
2 ـ کێشەی ژینگە.
3 ـ گۆڕانەکانی تەکنەلۆژیا.

نووسەر پێی وایە قەبارەی ئەم هەڕەشانە هێجگار گەورە و گلۆبالن، هەر بۆیە نەتەوە و دەوڵەتەکان بەتەنیا و لۆکالی ناتوانن بەڕەو ڕووی بنەوە و پێویستە بە چەکی گلۆبال ڕووبەڕووی بوەستنەوە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەسەر زەمینی واقیع وەک دێڤاکتۆ دەیبینین ئەوەیە، هەنووکە سیاسەتی سەر شانۆی جیهانی ، بەتایبەت لەنێو دیاترینیان یەکێتی ئەوروپادا، بەدیار ناکەوێ. لەکاتێکدا ئەم یەکێتییە بۆ ئەوروپا و جیهان زۆر گرنگە لە ڕووی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنەوە.
مێژووی سەدەی ڕابووردوو دادەنێ، بە مێژووی فاشیزم کە شەڕی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکانە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرنگوم بووە. لەگەڵ مێژووی کۆمەنیزم، کە شەڕی چینەکانە. ئەویش لە کۆتایی سەدەکەدا داڕما و مێژووی لیبەرالیزم کە ململانێی نێوان تاکە ئازادیخوازەکان و ستەمکارانە، تا ئێستا 70 ساڵ زیاترە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و هەناسە دەدات. هاراری ڕەخنە و بۆچوونی لەسەر لیبەڕالیزم، هەیە و پێشی وایە هێشتا باشترین سیستەمە. دیسان ئەم سیستەمەش هەموو خەونەکانی نەهێناوەتە دی و جێی گشت خواستەکانی مرۆڤی تێدا نابێتەوە و ئێستا لە دۆخێکی شڕدایە.
بەم پێیە ئاماژەکان وامان پێ دەڵێ،کە مرۆڤ نائومێد بووە بۆیەشە دەبێتە دۆڕاوی یەکەمی ئەم پێشهاتانە. بە وتەیەکی تر تەکنەلۆژیا و قەڵەمبازە گەورەکانی لە بواری پێشکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن سیستەمەکانەوە ـ هاراری پێی وایە لەسایەی ئەم پێشکەوتنەدا ستەمکاری و دیکتاتۆری زیاتر دەبێت و زۆر خراپتر لەوەی لەسەر دەستی هیتلەر و ستالین و مۆسۆلۆنی و فرانکۆدا ئەنجام دراـ . بۆنموونە ئاماژە بەوە دەدات لە چین، منداڵی قوتابخانەکان بازنێکی بایۆمەترییان لە مەچەک کراوە، گوایە بۆ هاوکاری فێربوون و خوێندنە، لێ لە ڕاستیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی منداڵەکەیە. مامۆستا دەزانێ: چی دەکات ؟ کەی دەخەوێ؟ لەگەڵ کێ سەرقاڵە و 24 کاژێر چی دەکات؟ و…هتد.هەروەها دەڵێ: ئەم میتۆدە لەسەر سیاسییەکانیش هەمان شتە.
هاراری پێی وایە ئێستا مرۆڤ هەرچی بکات، هۆکەی ئەوەیە خۆی وەک جاران بە بەختەوەر و ئاسوودە نابینێ. جاران باوەڕ وابوو، مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی خواوەندەوە بەڕێوە دەبرێت. خواوەند پێمان دەڵێ چ باشە و چ خراپە. پاشا و سەرۆکەکانیش لە سێبەری ئەم بۆچوونەدا ساڵانێکی زۆر خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاند بوو. بە کورتی لێردا ئەقڵ و هۆش یەخسیری دەقەکانی تەورات و ئینجیل و قورئانە و دەرفەتی کاری سەربەخۆ و بڕیاردەر و داهێنەرانەی نییە. دواتر کە ڕینیسانس و هومانیزم سەریان هەڵدا، ئەو بۆچوونە لەق و کز بوو. مرۆڤ تێگەیشت کەوا لە خودی مرۆڤەوە دەسەڵات وەردەگرێ و خۆی بڕیار دەدات چۆن هەڵسوکەوت بکات. لەسەدەی 21 و ئایندەدا، ئەمانە هەموویان دەگۆڕێن و داتایزم/Dataisim جێیان دەگرێتەوە. واتە تەکنەلۆژیا لە ڕێگای داتاکانەوە دەبێتە هێز و سەرچاوەی دەسەڵاتی بڕیاردە بەسەر مرۆڤ دا.
ئەم مێژوونووسە پێ بە پێی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مرۆڤەوە هاتوو. ئەو هێند سەرقاڵی رابووردوو نییە، بە ئەندازەی ئەوەی کەوتۆتە لیکۆڵینەوە و وێڵی چارەنووسی مرۆڤە لە 2050 و سەدەکانی ئایندەدا. هاراری لە کتێبی یەکەم دا چەردەیەکی لەم مێژووە بەسەر کردۆتەوە..دواتر لە کتێبی دووەم دا Homo Deus، باسەکانی چارەنووسی مرۆڤ لە ئایندەدا دەکات و ئەوجا بە کتێبی سێیەم ئەڵقەی باسەکەی تەواو دەکات لە نێوان سێکوچکەی رابوورد و ئێستا و ئایندەدا. ئەو دەڵێ: ئێمە مێژوو لە ڕێگای مرۆڤەوە دەناسین. داتا و تەکنەلۆژیا ناتوانێ مێژوومان پێ بڵێ. هەروەها دەڵێ: ئێمە نە لە ڕابوردوودا ژیاوین و نە لە ئایندەشدا دەژین، بەڵکو ڕۆڵەی ئەم سەردەمەی خۆمانین.
کاتێ نووسەر ڕۆژگار و ساڵی 2050 وەک نموونە دێنێتە بەرچاو، کە تێیدا ئامێری زیرەک و تەکنیکی بایەلۆژی، ڕۆڵی هەرە هەرە یەکلاکەرە و چارەنووسساز و بڕیاردەر دەگێڕن،دەڵێ: ئەوە شۆڕشی نەپساوی تەکنەلۆژیایە بەو ڕۆژەمان دەگەیەنێ.
لە ئێستا کە نەخۆشی پەتای کوشندە ـ ئەو کاتێ کتێبەکانی نووسیوە، ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئاراد نەبووە ـ برسێتی و قاتوقڕی گەورە و جەنگی جیهانی گەورە بەسەر چووە. مرۆڤ بە زۆر ئاواتی خۆی گەشتووە و بەردەوامە لە دەست ڕاگەیشتنی بە دەستکەوتی تردا، کەچی هەستی ئاسوودەیی و حەسانەوەی پێویستی نییە. هەرچەندە هاراری وتەنی، مرۆڤ هەزار هێندی مرۆڤی جاران بەهێزترە بە پێداویستییەکانی سەردەم، کەچی نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی دەوروبەری خۆی بکات. یاخود ڕوونتر بڵێم مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر دەرەوەی خۆیدا ناشکێ. هەربۆیە گەرەکە ئینجا ئیستێک بکات و بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی وڤۆکۆس بخاتەوە سەر ناوەوی خۆی و گۆڕانکاری جەوهەری لە ناوەوەی خۆیدا ئەنجام بدات. خودی خۆی لێرەدا مەبەست جەستە و مێشک/ ئەقڵە.
لە دیدگای نووسەرەوە، ئەم نابەختەوەریی و نائاسوودەییەی مرۆڤ و گەیشتی بەم چارەنووسەی سەرەمەرگ، دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەما:
1ـ دەسەڵتخوازی زیاتر. 2 ـ بەختەوەری زۆرتر.
ئالێرەدا رۆژنامەوانێک لێی دەپرسێ: جا خۆ ئەمە کتومت لیبەڕالیزمە، بە سیستەمە کاپیتالیزمەکەیەوە. ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ: لە لیبەڕالیزمدا بەهرەدارەکان توانای زیاتریان هەیە، لە خۆشگوزەرانتر بژین، ئەگەرچی لەم سیستەمەدا بایەخ بە تاک و خێزانیش دەدرێ. حەزی دەسەڵات و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنان زیاتر، کاپیتالیزمە. ئیدی مرۆڤ چی لەمە زیاتر دەوێت؟. هاراری دەڵێ: ئەمە ڕاستە ، بەڵام گەر خەڵک لە کاپیتالیزم دا، ڕازی بن بەوەی پێی گەشتوون، واتە قنیات بکەن ، ئەوە مانای وایە کاپیتالیزم دەمرێ. بەڵێ ئەمە خەسڵەتی مرۆڤە، نەک کاراکتەری کاپیتالیزم، کاپیتالیزم هاتووە کاری لەسەر ئەم زەمینەیە کردووە و بەردەوام دەکات.
هاراری پێی وایە کاتێ شۆڕشی پیشەسازی سەری هەڵدا، هەموو دەوڵەتان بەگەرمی پێشوازییان لێ نەکرد. تەنها بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بە زوویی بەرو ڕووی چوون و هاوشانی هەنگاویان هەڵهێنا. دەرئەنجام دەینینین ئەمانە پێشکەوتوون و ئەوانەی دواکەوتن، بەجێمان و نەیانتوانی وەک پێویست خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دا بگونجێن.
ئەم یاسایە بۆ ئێستاش هەمان شتە، هەر وڵاتێ نەیەوێ لەگەڵ ئەم شۆڕشەی تەکنەلۆژیادا هەنگاو بنێ و خۆی بگونجێنێ، دوا دەکەوێ. بەواتایەکی ئەو وڵاتانە دەبنەوە کۆلۆنی ـ وەک جاری جارانی ئەفەریقا و ئاسیاـ ئەوانەی ڕابەرایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن. ئاخر ساڵی 2050 وەک ئێستا نابێت!. باشتر بڵێم لە 100 و 200 ساڵی تردا دانیشتوانی گۆی زەوی، وەک ئێستا کە لە لایەن مرۆڤەوە داگیرکراوە، وا نامێنێتەوە. بەڵکە هەموو دەبنە نموونە بوونەوەرێکی سایبۆرگ لە شاری سایبۆرگCyborg Cities .
نووسەر دەڵێ: سەدەی داهاتوو، بۆ مرۆڤ ئوتومبێل و چەک و خۆراک هێندە گرنگ نابێت، بەڵکو جەستە و هۆش/ مێشک ئەمانە دەبنە جێی بایەخی سەرەکی مرۆڤ. ئەمەش کتومت دەکاتە ئەوەی بەهێزەکان و ئاقڵەکان چانسی ژیانیان زیاتر هەیە.
ڕۆژنامەنووسێک لێی دەپرسێ: تۆ ڕۆڵی ئایین دەخەیتە دەرەوە، لە کاتێکدا داتاکانی ئێستا پێمان دەڵێ: رۆژبەرۆژ خەڵک زیاتر روودەکاتەوە ئایین و رێژەکەش تا ساڵی 2050 زۆر زیاتریش دەبێ.
ساڵی 2010٢٠١٠ % کریستیان، 31,4، موسڵمان 23,2 ، بێ ئایین16,4، بودایی7,1 ، ئەوانی تر 6,7، جولەکە0,2 .
ساڵی 2050 ڕێژەی کریستیان31,4، موسوڵمان29,7 ، بێ ئاین 13,2، بودایی5,2 ئەوانی تر5,5 ، جولەکە0,2

لە وەڵامدا دەڵێ ئایین گرنگە لێ رابین و قەشە و مەلاکان، هەموو شت دەبەنەوە بۆ دەسەڵات و توانای خواوەند.ئەمانە نەک هیچیان دانەهێناوە،بگرە بەرامبەر زۆر داهێنانی نوێ بەگومانن،وا هەست دەکەن هەستیان بریندار کراوە. ئاین جاران سەرچاوەیەکی توانای داهێنان بوو، ئێستا بۆتە پەرچەکرد،لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکاندا. ئەوەتا ژمارەی خۆکوشتن، زیاترە لە ژمارەی کوژراوی جەنگەکان.
لە ڕوانگەی Harariوە ئەو ئالوودەیی و هۆگری و توانەوەی مرۆڤ لە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان دا، وەک Smatphon مرۆڤی سەدەی داهاتوو، دەبێتە نیوە مرۆڤ و نیوە کۆمپیوتەری ئۆتۆماتیکی. لەگەڕانەوەدا بۆ ناوەوەی خۆمان، سەنزۆری بایۆمەتری دەبێتە بەشێک لە جەستەمان، بەشەکەی تری بەهۆی سۆشیال میدیاوە دەبنە سمارتفۆن. لەم ڕێگایەوە شت وەردەگرین و دەدەینەوە. بۆ نموونە بەهۆی ئاپێکەوەApp ێکی ناو سماتفۆنەکەتەوە، دەتوانێ کاتێ بە شەقامێکدا دەڕۆیت و مەیلی سێکست هەیە، کەسێکت دی بە دڵت بوو.دەتوانی بزانی داخۆ ئەویش خرۆشی سێکسی هەیە؟١. لەم کاتەدا کەسەکە پەستانی خوێنی زیاد دەکات و پێڵووی چاوەکانی گەورە دەبن. ئەو ئاپەی تەلەفونە زیرەکەکە ـ سمارتڤۆنەکە ئەم کارە ئەنجام دەدات.دوای ئاڵۆرگردنی داتاکان، کۆنتاکت لەگەڵ ئەو کەسەدا ساز دەدات،ئاخر ئەویش هەمان سمارتفۆنی پێیە. ئەوکات ئەگەر ئەویش مەیلی لەسەر سێکس کردن بوو، ئەوە دیدار و بە یەکگەیشتن دێتە ئاراوە. کەواتە نە مێشک ،نە چاو، نە دەم ئەم کارەی ئەنجام نەدا،بەڵکو داتاکان.
لە باس و نموونەیەکی تردا بۆ باندۆڕی شۆڕشی تەکنەلۆژیا لەسەر ئایندەی مرۆڤ، دەڵێ: کاتێ تۆ ئوتومبێل دەئاژوویت و لە چوار ڕیانێکدا دەتەوێ بەدەستی ڕاستدا، بڕۆیت، ناڤیگەیشن/ Navigation یاخود گی پی ئێس GPS، زەنگی هۆشیاریت بۆ لێدەدات و دەڵێ: لەوێوە مەڕۆ ، گیراوە!، ترافیک زۆرە. ئەمەش دەیسەلمێنێتەوە کە تەکنەلۆژیا تابێت دەبێتە جێی متمانە و سەرچاوەی زانیاری وەرگرتن،زیاتر لە هەست و زانینی خۆمان. کەواتە مرۆڤی ئایندە لە پرۆسەی ژیان دا بە میتۆدی خواڕەزمی ئۆرگانی Algorismus پێویستی بە زانیاری تەکنەلۆژیایی و تەکنیکی زیاتر هەیە، Technical Know- how.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسی بڕیاردان و هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنە ژمێریارییە خوارەزمییە دەڵێ: مەیمونێکی پاڤیان زۆر زۆری برسییەو دەچێتە دارستانێکەوە بە دوای مۆزدا دەگەڕێ. دار مۆزێ دەبینێتەوە،تەماشا دەکات شێری لە ژێردایە. مەیموونەکە دەکەوێتە بەردەم سەرکێشییەکی تێکەڵ لە ئازایەتی و ترسنۆکی. بەلام مەیموونی ناوبراو لە چرکەساتێکی کەمدا دەبێت بڕێار بدات،ئایا بچی مۆز لە دارەکە بکاتەوە؟ داخۆ مۆزەکان گەیون؟ تۆ بڵێی شێرە پێی بزانێ؟ ئایا بەم برسێتییە توانای هەڵاتنی لەبەردەم کەڵبەی شێرەکەدا هەیە؟ چەند هەنگاوی تری ماوە بگاتە دارەکە و کۆمەڵێ هێنانوبردنی دیکە. مەیموونەکە هەموو ئەم لێکدانانەوە بە هەستی خۆی دەکات،نەک بە کاغەز و قەڵەم، یاخود هەژماردنی خوارەزمییەوە.
هەرچەندە هاراری بایەخ و حەزی زیاتر بۆ کۆمەڵایەتی و سیاسەت و فەلسەفەیە و زۆر بە دنیای تەکنەلۆژیا و بایەلۆژییەوە سەرقاڵ نییە،لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤە و لێکدانەوەکانی لەسەر ئەو بنەمایانە دەکات و دەڵێ: دەبێ خۆمان باشتر بناسین، هەروەک سوکرات و فەیلەسووفەکانی تر داوامان لێ دەکەن. ئیدی دەسەڵات لە خواوەند و هومانیزمەوە دەگاتە دەست داتایزمDataismus/
داتاکان دەبنە بزوێنەری و فەرمانمان پێ دەدەن. هەڵبەت ئاماژەش بەوە دەکات کە تەکنەلۆژیا خاڵی لاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆح و هەستی نییە، دەنا هەموو کارەکانی مرۆڤ دەیکات ئەو باشتر ئەنجامی دەدات.
خاڵێکی تری سەیرو سەمەرە ئەوەیە دەڵێ: مرۆڤەکانی ئایندە دەتوانن زیاتر بژین… دەوڵەمەندەکان ماوەیەکی زۆر بە گەنجی بمێننەوە. ئەمەش نرخ و تێچووی زۆر و گرانە.!. بەڵام ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵاتی گەورە، چونکە هەژارەکان ناتوانن بێدەنگ و رەزامەند بن. شایانی ئاماژە پێدانە دنیای تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بایەلۆژی، مرۆڤ دەخاتە بەردەم دنیایەکی کراوە و بێ کۆتایی،بە هەزاران هەزار ئەگەری کراوەوە. ڕنگە ئەکاتە کەمرۆڤ کۆنترڵێ دەوروبەری لەدەست خۆی دەدات،ئیدی ئاماژە ترسناکەکان سەرهەڵ بدەن. ئەوە نییە هاراری دەڵێ: سێ شت وا دەکەن براوەی ئایندە لە ڕێگایانەوە مەیسەر بێت: باشترکردنی جیناتەکان، ئەمەش شتێکی زەحمەت نییە. لە ڕووی تەکنیکەوە سایبۆرگ خۆمان باشتر تەیار بکەین و ببینە نیوە ئامێرێک و بەکارهێنەرانی زیرەکی دەستکردەوە.
دواجار دوو مەرجی سەرەکی باس دەکات، کەپێویست و کاریگەرن بۆ مرۆڤی ئایندە:
1ـ تێگەیشتن لە بایۆلۆژیا. 2 ـ توانای بەکارهێنانی کۆپیوتەر.
لە وەرامی پرسیارێکی لۆژیکیدا،ئایا دڵخۆشی لەو ژیانەی سەدەی ئایندە،کە مرۆڤ پێی دەگات بژیت؟ دەڵێ: گرنگترین پرسیار مەسەلەی ” پەرۆش و خەمباری و ئازاچەشتنە”. سەدەئ21 بە هۆی ئەو شتانەی باسمان کرد،یەک جۆر ئایندەمان ناداتێ، بەڵکو ئاسۆی جۆراوجۆرمان لەبەردەمدا دەکاتەوە…لەسەر خۆمان وەستاوە، چۆن ڕەفتار دەکەین. ئایا شۆڕشی تەکنەلۆژی ئەم پەڕۆش و ئازارچەشتنە گەورە دەکات، یاخود بچووکی دەکاتەوە؟ با نموونیەک لەسەر ئاژەڵ بهێنمەوە کە دەزانین گیانلەبەرانی وەک مانگا و مریسک و بەراز، چ ئازار و قوربانییەک دەچێژن. ئێمە دەزانین کایەی بازرگانی و شیرەمەنی و گۆشت ملیاردەها پارەی تێدەچێ. هەر یەک لەو ئاژەڵانە بە خەرجییەکی زۆر بۆ گۆشتەکەیان بەخێو دەکرێن. تەکنەلۆژی بایەلۆژی دەتوانێ ئەم پەڕۆشە گەورە بکات و ئەو ئاژەڵانە بە خێراترین شێواز ئالیک بدات،تا گۆشتی زۆرتر بە زووترین کات بگرن و قازانج زیاتر بەدەست بهێنن. چا ئەو ئاژەڵانە چ ئازار و ناڕەحەتییەک دەچێژن بۆ خاوەن کۆمپانیاکان هیچ گرنگ نییە. بەڵام دیسان لە ڕێی تەکنەلۆژی بایەلۆژییەوە دەتوانرێ،خانەیەکی گۆشت بەخێو بکرێ هێندەی گۆشتی ستێکێک Stek و بخورێت. کەواتە پێویست ناکات بۆ خواردنی ستێکێک گایەک بەخێو بکرێ و سەر ببڕدڕێ،بەڵکو لەم ڕێگایەوە ئەنجام بدرێ. پێش چەند ساڵێ پارچەیەک ستێکی دروستکراو بە 300,000$ دۆلار بوو، ئێستا بە دەوری 11$. لە ئایندەدا دەکرێ خواردنی مەکدۆناڵ هەرزانتر بفرٶشرێ.
بەڕێزان، ئەمە پوختە ئەو تێز و بۆچوونانەی هارارین، کە لە زۆربەی ڤیدیۆ و چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. لێرەدا ئاماژە بەو هەڕەشە و مەترسییانە دەبێ بکرێ، کە دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی زەبەلاحی ئابووری و تەکنەلۆژی نوێ ، سەرچاوەی بەشێکی ئەو ترس و هەڕەشانەیە کە هاتوونەتە بەردەم مرۆڤ.
چونکە کۆمەڵگای تەندروست ئەوەیە، لە رووی سیاسییەوە خاوەنی سیستەمێکی دیموکراسی بێت، بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. لە ڕووی ئابووریشەوە دەرفەتی بازاڕی ئازاد فەراهەم بکات و مرۆڤەکان لە سایەیدا خۆشگوزەران و بەختەوەر بن. دیارە ئەوەش ڕاستە کە مرۆڤ هێشتا لە تێکوشاندایە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری کۆتایی. ئەمەش واتای وەستانی ژیانە…مرۆڤ دەستەوسان دەبێ و لە داهێنان دەکەوێ. بۆیە مانەوەی زەمینەیەکی فراوان و بە ڕوومەت بۆ ململانێ و پێشبڕکێکان بە تەندروستی زۆر پێویستە.
من پێم وایە لیبەڕالیزم لەگەڵ ئەوەشدا هەنووکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و هەڕەشەی گەورە بۆتەوە، دیسان تا ئێستا سەرباری کەموکوڕییەکانیشی، ـ دەکرێ و پێویستە چاکتر بکرێن ـ باشترینە کە مرۆڤ پێی گەشتووە. هاراریێ ددان بەم ڕاستییەدا دەنێ و هێنری کیسنجەریش لە دوا وتاریدا بەبۆنەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، داوا دەکات لە ئەمەریکا بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە پارێزگاری لە لیبەڕالیزم بکات.
ئەم تێزانەی هاراریش وەک گەلێک لەوانەی پێش خۆی، هەر لە چوارچێوەی هیپۆتێزەدا دەمێننەوە. بەڵام ئەوەش ڕاستە لە هەنووکەدا شۆڕشی تەکنەلۆژیا بە هەموو تەوژم و هێزی خۆیەوە سەرکردایەتی مرۆڤ بەرەو جیهان و گەردونێکی زۆر سەیر و نادیار دەکات.
من دەڵێم گەر مرۆڤ وەک بوونەوەر لەم ژیانەدا دەستەوسان کرا، ئەوە هەموو چەمک و تێگەیشتن و شێوازەکانی ژیان سەرەوبن دەبنەوە و دەبێتە حەشر و قیامەتە گەورەکە.مرۆڤ تا ئێستا بە کردەوە باش و خراپەکانییەوە، باڵا دەستی و سەروەری بەسەر دەوروبەری خۆیدا هەبوو. دەکرێ بەردەوام کار بۆ چاکردنی هەڵە و کەموکوڕییەکان بکەین،لێ ناکرێ مرۆڤ بکرێتە کۆیلەی ئاغاگەلێکی تر. گەر بەو وێستگەیە گەشتین هەرچی ترسناک و نادیارە مرۆڤ دەبێت خۆ بۆ ئاماد بکات.
کەواتە پێویست و گرنگە هەر هەنگاوێکی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون و پێشکەوتن،هەیە و دێتە پێشمان، گەرەکە هاوشانی وردی هەنگاوەکانی مرۆڤ بێت و بە سوودی بەرژەوەندییەکانی تێکڕای مرۆڤایەتی کۆتایی بێت. نەک دەستەوتاقمێکی بەهرەمەند و دەوڵەمەند و جەستە بەهێز و چاوچنۆک و زاڵم هەموو دەسەڵات و مافێکیان هەبێت جیهان دادۆشن. بە دوا وتەی مامۆستا مەسعوود محەمەد ” لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵایەتی بەوە دادەخرێتەوە،مرۆ لە بوونێکدا لابەری و تەنها غەریزە تیایدا فەرمانڕەوا بێ”. دەست لەم بابەتە هەڵدەگرم. ئاخر کورد وتەنی: ئەم هەوریرە ئاو زۆر دەخوا.
بە هیوای ئایندەیەکی تژی لە ئازادی بۆ نەتەوەکان و بێ چەوساندنەوە و دادۆشین و خۆشی و ئارامی و داهێنانی نوێ و ژیانێکی پڕ لە ڕوومەت و دادپەروەرانە بۆ تاکی مرۆڤ.

هەڵۆبەرزنجەیی٤/٤/٢٠٢٠




پاسۆک و چالاکی و هەڵوێستێکی گەورەی مێژوویی و تاقانە …ھەڵۆ بەرزنجەیی

بەشی ١ ـ ٣

لە مێژووی بزاڤی ڕزگارخوازی کورددا، زۆر داستان و قارەمانێتی و ڕووداوی گەورە تۆمار کراون. گەلێ ھەڵوێست و مەردایەتیش بە زیندوویی نوسراونەتەوە و بوونەتە لاپەڕەیەکی گەشی مێژوومان..
ئەم چیرۆکەی لێرەدا بۆتان دەگێڕینەوە، جگە لەوەی لێوان لێوە لە ھەموو ئەو خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێدا، ھاوکات ھەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندی جیاواز و بێ نموونەیە، بەتایبەت لە ڕووی مێژوویی و نەتەوەیی و سیاسی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول . ئەو مێژووەی کە بەداخەوە سیخناخە بە گیانی حیزب حیزبێنە و خۆپەرستی و خۆخۆری و بەرژەوەندی پەرستی و زۆر شتی تری نەرێنی. دوای نسکۆ١٩٧٥، کۆمەڵێ حیزب و ئایدۆلۆژیا و گروپی نوێ، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە زلەکە بە خێرایی، ھاتنە کۆڕی خەباتەوە. بەداخەوە بە سەروسیما و مۆرکی حیزبایەتی و ئەقڵێتی تاقە حاکمی گۆڕەپان و پاوانخوازی و دڕندۆکی لەگەڵ یەکتردا، ھەنگاویان ھەڵھێناوە و ئەندامانی خۆیان گۆشت کردووە.
بێ خۆھەڵدانەوە و لووت خشان لە ھەوری ئاسمان و بە درۆکردن و فووی فشە کردنە خۆ ، لەم ڕووبەر و واقیعەی خەبات دا، تەنھا کار و تێکۆشان و بیرکردنەوەی پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک شێوە و ئامانج و مانایەکی دیکەی ھەیە، یاخود بارگاوین بە خەسڵەت و مانای جیاواز. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە و پیرۆزییەی گوتارە ڕەپوڕاستەی پاسۆک بووە خاوەنی و بانگاشەی بۆدەکرد و بە پراکتیکیش نوێنەرایەتی دەکرد.
گەر مێژوو نەشێوێندرێ و ھەر کەس و لایەک ھەق و مافی خۆی لەگەڵدا بکرێ و بدرێتێ، پێوەرەکانیش لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژووییەکان و ڕاستگۆیی شۆڕشگێریی و دڵسۆزی و پابەندبوون بێت، بۆ پیرۆزی و گەورەیی و مانای « نەتەوە و نیشتمان» و شۆڕشە ڕەواکەی، ئەوا کەس ناتوانێ شان بدات لە شانی پاسۆک، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتەوە لەو ئیمکانێتەی بۆی لواوە و دەسەڵاتی ھەبووە.
بێئاگایی بەشی هەرە زۆری جەماوەر لەم راستییانە، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پاسۆک دەزگایەکی بەھێز و کاریگەر – ڕادیۆ و تیڤی- نەبوو. تا بتوانێ ئەم باس و ڕووداوانە خێراتر و باشتر و ڕاستەوخۆتر بگەیەنێتە جەماوەر. لەلایەکی ترەوە ئەوەی دوێنێ خاوەنی دەسەڵات و ئیمکانێتێ بوو، ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە، بێ ڕوحمییەکی گەورە دەکات لەگەڵ مێژوودا. لە نووسینەوەی مێژوودا شێواندن دەکات و ھەڵسوکەوت کردنی لەگەڵ رووداو و بەسەرهاتەکانی دوێنێمان و تەنانەت ئەمڕۆکەشدا هەر نابەپرسانەیە.. بۆ ئەم باسەی لێرەدا دەیخەمە بەرچاوتان،ـ کە خودی ڕووداوەکەم لە دەمی بکەری چالاکییەوە و کۆمەڵێ بەشداربووەوە وەرگرتووە ـ ئاوڕدانەوەیە لە یەکێ لەچالاکییە ھەرە دیارەکان، لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک دا. بەداخەوە زۆر کەس لێی بێ ئاگان و لە مانا و ناوەڕۆک و ڕەھەندەکانی تری حاڵی نەبوون. دواتر بەندە لەچەند گۆشەنیگایەکەوە تیشکی بایەخ و گرنگی و تاقانەیی دەخەمە سەر چالاکییەکە.
سەرەتا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، ئامانجی ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ خۆ ستایشکردن و پاداشت وەرگرتن و لۆمە و سەرزەنشتکردنی ھیچ کەس و لایەک نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و قارەمانێتی و پاکێتی و دڵسۆزی کەم وێنەیە، بەمانا فراوانەکەی کوردایەتییە. شایانی وتنە، ونبوون و فەرامۆشکردن و نکۆڵی کردنی ئەم چیرۆک و ناواخن و ھەڵوێستە جوانەکەی، کە مشتێ لەخەروارێکە!،بەرلەوەی نادیدەگرتنی بکەرەکەی( پاسۆک) و شێواندنی ناوەکەی و خودی ڕاستییەکان بێت، ناهەقییەکی گەورەیە بە مێژوو و سەربڕینی ڕاستییەکانە بە چەقۆی کوول.
پاسۆک.. ھەر لە ڕسکانییەوە، بایەخی زۆری دا بە ڕێکخستن و خۆ پەروەردەکردن و ئامادەکاریی و تێگەیشتن، لە چەمکی شۆڕشکردن و خەباتی ڕزگاری نیشتمان و ھۆشیارکردنەوەی تاکی شۆڕشگێڕی کورد – پێشمەرگە – ی خۆنەویستی گیان لەسەر دەستی کوردایەتی، لە ناھۆشیاریی و ڕەشۆکێتی دڵسۆزانەی بێ ستراتیژ و پرنسیپێتی. ھەر بۆیەشە لە سەرەتاوە یەکێ لە دروشمە ناوەندی و گەشەکانی « چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە» ی بڵند کردەوە. بەڵێ بڕیاری تەرخانکردنی قورسایی 10ساڵ خەباتی سەرەتا، بۆ خۆ چەکدارکردن بوو، بەو خەسڵەت و مانایانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێدان. ئەم تایبەتمەندی و خەسڵەتەش بوو، سەلماندی کە ڕێکخستنەکانی پاسۆک بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بەھێزترین و تۆکمەترین ڕێکخستنی دەست وەشێن و چالاک بوون و لە کەرکووکیش زۆر چالاک گاریگەربوون لە پەروەردەکردنی ئەندامان،دوژمنیش لێی تۆقا بوو. لەو ڕۆژگارەدا ئەرکی ڕێکخستنەکان سەخت و فرە لایەن بووە. کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمن و خۆفرۆشان، یەکێ بووە لە چالاکییە بەرچاو و گرنگ و زیندووەکانی ڕێکخستنەکان. بێ ئەم میتۆدە، کاری پێشمەرگە و شۆڕش لە شارەکاندا سەخت بوو.
قوتابی/ خوێندکارە عەرەبەکان کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی بەناو « یەکێتی نیشتمانی بۆ قوتابیانی عێراق» ڕێک خرابوون، سەر بە پارتی بەعس بوون. ئەم ڕێکخراوە پێسەییە ھیچی لە دەزگایەکی ھەواڵگیریی و ئاسایشی کەمتر نەبوو. ھەم سیخوڕییان بەسەر خوێندکارە کوردەکانەوە دەکرد، ھەمیش گوشاری زۆریان بۆ بەعسیکردن دەخستە سەر خوێندکارە کوردەکان. لەم ڕووەوە ئەوانیش ناو زڕاو ببوون.
ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠- ١٩٨٨، دەرفەتێکی باشی خوڵقاند بۆ ئاوێتەبوونی زیاتری ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان و جەماوەر. توانرا سوودێکی باش لە لاوازی و کزی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستاندا ببینرێ. بەڵێ سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو، کەم شەو ھەبووە، مەفرەزەیەکی پاسۆک یان زیاتر نەھابێتە شاری سلێمانییەوە و بە چالاکی و دەستکەوتی جۆراوجۆرەوە جێ دەستی خۆی بە ڕووداوەکانە نەخش نەکرد بێت. شار و گەڕەکە ئازاد و نیمچە ئازادەکانی ئازادی و گۆیژە و سەرکارێز و ئیبراھیم پاشا و گردی سەیوان، گەواھی بۆ ئەم ڕاستییە دەدەن. جۆری چالاکییەکانیش دەست وەشاندن بوو لە دامو دەستگا و سیمبۆڵ و ھێزە دڕندەکانی ڕژێم و سزادانی تاوانبار و خۆفرۆشان و تەمێ کردن و ئامۆژگاری کردنی ھەڵخەڵەتێندراوان و پروپاگەندەی ئەرێنی بۆ پێشمەرگە و شۆڕش و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر و تۆقاندنی داگیرکەر. چالاکییەکانی پێشمەگەی پاسۆک بەشێکی باشیان لە لاپەڕەکانی ئاڵای سووری کوردایەتیدا لەژێر ناونیشانی« تیشکێ لە خۆری کوردایەتی- دێڕێک لە داستانی بەچکە شێرانی نەتەوەیی» دا بڵاو کراونەتەوە. یەکێ لە دیاترینیان:
ـ شەوی ١٦-١٧/ ٢/ ١٩٨١ دەستەی شەھید « ملازم محەمەد شەوقی» دێنە ناوشاری سلێمانییەوە، کۆمەڵێ وردە چالاکی دەکەن، لە دانانی بازگە و ڕوونکردنەوەی ڕێبازی شۆڕش بۆ خەڵک و تەمێ کردنی ھەندێ خۆفرۆش. نیوەشەوێکی درەنگ لەگەڕانەوەدا بە لای بینایەکی بەرزدا تێدەپەڕن، کە ھێشتا گڵۆپەکانی داگیرساوە و جمەی دێ لە خەڵک. زوو بۆیان ئاشکرا دەبێت، کە ئەمە بەشی ناوخۆیی خوێندکارە عەرەبەکانە ناو زڕوەکەیە، کە پێشتر کۆمەڵێ ڕاپۆرتی ڕێکخستنەکانیان لەسەر ھاتووە و باسی ڕۆڵ و بوونی خراپی ئەمانە دەکەن.
بە پێی پلانێکی ژیرانە، کە زادەی ئەو چرکەساتەیە، فەرماندەی مەفرەزەکە ئاگاداری پێشمەرگەکان دەکاتەوە و پێیان دەڵێ : دەچینە سەر ئەم بەشە ناوخۆییە و کەستتان ورتە و قسە ناکەن و ھەر بە ئاماژە و دەست ڕاوەشاندن قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن. فەرماندەی ژیر و خاوەن ئەزموون تەنیا 14 پێشمەرگەی لەگەڵ دەبێت. سەرەتا چوار پێشمەرگەیان لەبەر دەرگا و ناوەوە دادەمەزرێنێ. ئینجا دەرگا دەشکێنن و ھێڵی تەلەفونەکە دەپچڕێنێ و بە 6 پێشمەرگە و بە جلی کوردییەوە دەچنە دوا نھۆمی خوێندکارەکانی لێیە. ھەموویان کۆ دەکرێنەوە و بەزمانێکی عەرەبی ڕەوان و دبلۆماسێتێکی بەرزەوە، سەرەتا و نابەدڵانە و بە درۆ!، دەکەوێتە پیاھەڵدان بەشانوباڵی بەعس و شۆڕش و سەددام دا. دوای کاژێر و نیوێکی قسەی لەم جۆرە دەڵێ: ئێستا کارێکی تایبەتی گرنگمان ھەیە، کێ ئامادە ھاوکاریمان بکات!.( ئەو ڕۆژگارە ھێزە ھەواڵگریی و ئاسایشەکانی ڕژێم زۆرجار بەجلی کوردییەوە دەردەچوون، بۆ لە سەرلێشێواندنی جەماوەر)!. لەگەڵ ئەم گوتنەدا، نزیکەی 200 خوێندکارێک دەستیان بەرز دەکەنەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە چالاکییەکەدا دەدەبڕن. فەرماندە سەرەتا سەری دەسووڕمێ و دیارە بۆ ئەو بارودۆخە کەم دەرفەتە و بوونی ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە، کۆنترۆڵکردنی دوو سەد کەسی دیل زۆر زەحمەت دەبێت. بۆیەکا بروسکەئاسا بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێ ، ھەر ژمارەیەکیان لە دیارەکان، واتە ئەندام و بەرپرسە گەورەکانیان لێ ھەڵدەبژێرن. ئیدی یەکە یەکە بانگیان دەکات و لە پلەی حیزبییان دەپرسێ. ئەوەی زۆر پەرۆشە و«نصیر»و« نصیر متقدم» بەرەو ژوورە، جیایان دەکەنەوە ئەوانی دیکە بەڕەڵا دەکەن.
دەرئەنجام 30 کەسێکیان لێ جیا دەکرێتەوە کە 8 یان خەڵکی ئوردون دەبن. ھەر لە حەوشەی بەشی ناوخۆییەکەدا، 3 یان، لە مەسەلەکە تێدەگەن، دەست دەکەن بە گریان و کڕووزانەوە. ئەو سیانە بەجێی دێڵن.. پاش تۆزێ لەناکاو لەبەردەم دەرگای دەرەوەی بەشی ناوخۆییەکەدا ، کابرایەکی تێکسمڕوای کەتەی زل بە جلوبەرگی کوردییەوە ڕێیان پێ دەگرێ و دەڵێ: گەر ئێوە ئەمانە بەرن من ئابڕووم دەچێ. فەرماندەش لەکاتێکدا دڵی بەتەواوی بەم پاسەوانە دەسووتێ، لێ لەوەڵامدا دەڵێ: گەر تکەیەک ئابڕووشت نەمێنێ ھەر دەیان بەین.
مولام شوان، کە مێژووی لە مێژووی پاسۆک جیا ناکرێتەوە، ھەزاران جار گیانبازی بە ژیان و ڕۆحی کردووە و لەمەرگ گەڕاوەتە، فەرماندە و ئەندازیار و پاڵەوانی ئەم داستانەیە لەتەک دەستەیەک لە ڕۆڵە هەرە جەربەزە و ئازا و لێهاتووەکانی پاسۆکدا. م. شوان دەڵێ: بەھەر ناری عەلییەک بوو خوێندکارەکانمان بە نەعل و بیجامەوە، گەیەندرانە گوندی قڕگەی نزیک شار و چیای گۆیژە… لەوێ پشوویەکی کورت دەدەن و پێڵاوی لاستیک و جلوبەرگ بۆ خوێندکارەکان دابین دەکرێ.. دوای ئەوە کێشە و مەترسییەکی تر دێتە بەردەم مەفرەزەکە. ئەویش بریتییە لە ڕێگای پشتی قڕگە و ھەڵگەڕان بەگۆیژەدا، ڕێگایەکی باریک و سەختە و کۆمەڵێ رەبایەی سەربازیش بەسەر چیای گۆیژەوە بوون. کۆنتڕۆڵکردنی 27 کەسی دیل لەلایەن 14 پێشمەرگەوە کارێکی ئاسان نەبووە. بۆیەکا فەرماندە بە بیرۆکەیەکی تری زرنگانە، بیر لە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە دەکات و خوێندکارەکان کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێ: ئێستا بەم توولە ڕێ بارکەدا بۆ ئەودیو ئەم شاخە ھەڵدەگەڕێن. ئەوەی ھەر جموجوڵێک بکات و لە ڕیز و ڕێگاکە دەرچێ، لەم ناوە گورگی برسی و دڕندە دەیخوات. ئەوسا ھەر کەسە خۆی بەرپرسە دەبێت لە ژیانی خۆی نەک ئێمە!. بەم شێوەیە و لە ترسا بێ قڕەوبڕە ھەموو ڕێگاکە دەبڕن و دەگەنە گوندی بناویلەی شارباژێر.
دیمەنی ئەم دیوی ڕووداوەکە و پەردەیەکی دیکەی ئەم شانۆیە، بریتییە لەشپرزەیی و دۆخی ھستریایی ھەموو داودەزگاکانی ڕژێمە لە شاری سلێمانی و کەرکووک و بەغدا و ئوردن و سووریا و لای فەلەستینی و – خوێندکارە ئوردونی و فەلەستینییە بەجێماوەکان ھەر زوو ھەواڵیان دابوو بە لایەنە پێوەندارەکانی خۆیان – و کۆمکاری عەرەبی. ڕژێم دەکەوێتە پەلەقاژە و تەماح بەردانە بەر ئەم لایەن و ئەو کەسایەتی بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان. شاندێکی پاسۆک کەوتە گفتوگۆ!، لێ بەهیچ ئاکام و دەستەکەوتێ نەگەشت. ئەم وەخۆ کەوتنەی ڕژێم، ھۆکارەکەی ڕوونە: کاری لەم چەشنە چاوەڕوان نەکراو بوو، لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە قەبارەی چالاکییەکە زۆر گەورە و کاریگەر بوو. گوشاری بەردەوامی مەلیک حسین و حکومەتی ئوردونی لەسەر بوو، لەو ڕووەوەی قوتابییەکانی میوانی دەوڵەتێکی عەرەبی بوون و بەم چارەنووسە ترسناکە گەیشتوون . ھێزێک ئەم چالاکییەی ئەنجام داوە، ڕەنگە لە ھەژمارد و لێکدانەوەکانی ڕژێمی عەفلەقدا، زۆر بەکاریگەر و گرنگ ڕیزبەند نەکرا بێت… بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ھەموو پێشنیازەی بە پارە و دەستکەوتی کەسی و حیزبی پێشکەش کرد و گوێی لێ نەگیرا… ئیدی بەم دۆخە پێشھاتووە ڕژێم ھێندەی تر شپرزە و ھەراسان بوو. ڕژێم کەوتە ھەواڵ ناردن لەڕێی لایەن و کەسەکانی خۆی و پیاو ماقوڵانی کوردستان، فەلەستینییەکان بەسەرکردایەتی یاسرعەرەفات کەوتنەجموجوڵ لە ڕێی ڕوو لێنان و گوشار بۆھێنان بۆ رەوانشاد مام جەلال و د. مەحمود ، کە ئەو دەم لە سووریا بوون. سکرتێری یەکێتی نیشتمانی دووجار سەغڵەت بوو. جارێ گوایە ئەو حاکمی گۆڕەپانەکەیە و چالاکییەکە لەدەڤەری دەسەڵاتی ئەودا کراوە و لایەنی تر نەک حیزبەکەی ئەو چالاکییەکەیان کردووە، تا دەستکەوتەکەی بچنێتەوە و جارێکی تریش وەک دۆستێکی نزیکی وڵاتە عەرەبی و فەلەستینییەکان. بەم شێوە ئەمانیش واتە سکرتێری یەکێتی و دکتۆر مەحمود کە لە دیمەشق بوون، بەردەوام پەیوەندییان دەکرد و نامەیان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانیان دەکرد. بیانووشیان ئەوە بوو با زیان بە پەیوەندی کورد و فەلەستینییەکان نەگات!. حکومەتیش لای خۆیەوە لە سەرێکەوە لەتەک ھەوڵەکانی بەم شێوازە بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان، لە سەرێکی ترەوە سەرگەرمی نەخشەکێشانی سیاسی و لەشکریش بوو. ئاخر ئەم چالاکییە، سەلماندنی کە بەعس و ڕژێمەکەی دەسەڵاتیان بەسەر شاری سلێمانیدا نییە و لەتەک کوشتنی مامۆستاکەی زانکۆدا، بووە هۆکاری ئەوەی رژێم زانکۆی سلێمانی بگوێزێتەوە شاری هەولێر.
پاسۆک ملی نەدا بۆ ھیچ تەماحێکی مادی کە خرابووە بەردەمی- بۆ نموونە، ئەگەر پاسۆک نێتی بەدەستھێنانی دەستکەوتی خۆیی بوایە، خۆ دەیتوانی بڕە پارەیەکی زۆر بە ملیۆنەھا وەرگرێ و خۆی پێ پۆشتەوپەرداخ و تەیار و چەکدار بکات و بەو پارەیە خزمەتێکی ھاوبیرەکانی خۆی بکات-. لێ گوێی بە ھیچ تکا و گوشارێکی کەس و لایەنێک نەدا و ئەو دەستکەوتانەشی ڕەتکردووە.. بەڵکە لە بری ئەوە،وەک پارتێکی خاوەن دۆزی نەتەوەی ڕەفتاری کردوو و بەرپرس لەبەردەم مێژوودا، کۆمەڵێ داواکاری – دواتر لە ڕەھەند و ماناکانی، وەک گەوھەری ئەم باسە دەدوێین- وەک پاکێجێک، دا بە ڕژێم. داواکارییەکان لە ڕووی چۆنێتیەوە ڕاستەوخۆ لە داوای سیاسی و نەتەوەییدا خڕ بوونەتەوە و گەلێ جیاوازن لە ھەموو ئەو داخوازییانەی تا ئێستا، لە لایەنەکانی ترەوە خراوەتە بەردەم دوژمن. یاخود لەم جۆرە ھەرا و قەیرانانەدا پێشکەش ڕژێم کراوە و داوا کراوە. چونکە داخوازییەکان ڕەهەندی جیاوازتریان هەیە.
ڕژێم بێ ئەوەی بیەوێ دان بنێ بە داواکانی پاسۆک دا،وەک نیشاندانی نێت پاکی گورجوگۆڵانە هەندێ کاری کرد. دەستی کرد بە بەردانی 100 خێزانی کەسوکاری پێشمەرگە و بەرپرسی ھەموو لایەنەکان. کە بۆ ئەو ڕۆژگارە کارێکی گەورە و دەستکەوتێکی سیاسی و مێژوویی بوو. کشانەوەی ھێزە ئوردونییەکە و نەھاتنی ھێزی دیکە بۆ کوردستان، خاوکردنەوەی زەبروزەنگ لەسەر شاری سلێمانی.(ئەمەش ناواخن و ناوەرۆکی بەشێکی هەرە زۆری داخوازییەکانی پاسۆک بوون،دواتر بەڵگەکان دەبینن). شاراوە نییە ھێزێکی کەم دەرامەتی وەک پاسۆک لەو ڕۆژگارە دا، لە قۆناغی خەباتی پارتیزانی و لە ناوچە و دەڤەری وێرانکراو و خاپووردا بوو. ڕووداوەکان لە ھەناوی جەنگێکی خوێناوی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئێران دا بوو . کۆمەڵێ پارت و ڕێکخراوی ناتەبا و دوژمن بەیەک لەسەر گۆڕەپانی باشوور کوردستان هەبوون دژ و نەیار بوون بە پاسۆک. توانای زەبەلاحی زەمینی و ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی و کۆمەڵێ فاکت و دێفاکتۆی تر لەسەر زەمینی واقیعە خوڵقا بوون، کە وایان کرد، بۆ پاسۆک سەخت بێت، ئیدارەدان و ھەڵسوڕاندن و شاردنەوە و بەخێوکردنی 27 زیندانی/ بارمتە.

١٦/٤/٢٠٢٠




بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا …هەڵۆ بەرزنجەیی

گەشتیاری میللەتە پێشکەوتووەکان کاتێ دەچنە بینینی وڵاتان، سەرەتا دەکەونە شارەزابوون لە فەرھەنگ و کولتووری ئەو نەتەوە و وڵاتانە. بۆ ئەم حەز و خولیایە زیندووەیان، ھەمیشە سەردانی مۆزەخانە و شوێن و پاشماوە کۆن و مێژووییەکان، دەخەنە سەری ھەرە سەرەوەی لیستی گەشتەکەیان… ئینجا ھەوڵی بەدەستھێنانی بلیتی ئۆپێرا و شانۆ و کۆنسێرت و گەلەری و شوێنە ھونەرییەکانی دیکە دەدەن. ئیدی بەم جۆرە چێژی ڕۆحی و بژێوی زانین و زانیاری لە گەشتەکەیان وەردەگرن و شتی لێوە فێر دەبن. دەرئەنجام دەبنە خاوەنی جیھانبینییەکی فراوان لەسەر پێشکەوتن و کەلەپوور و شارستانێتی میللەتەکان.
لەم گەشتەمەدا بە نێو جیھانی فراوان و پڕ لە گوڵ و گوڵزار و وێنەی شیعری بەرز و تەکنیکی لێوەشاوانە و خەیاڵی فراوان و سەلیقەی شاعیرانە و گەلێ لایەنی دیکەی ئەم دیوانەدا، خۆم وەک ئەو گەشتیارانە دێتە بەرچاو. بەڵام گەشتەکەی من ھەر لە نیشتمانی خۆمدایە. لەبەر زۆر ھۆکار نیشتمانم جارێ بە داگیرکراوی و دابەشکراوی و بێ کیانی و بێ ئاڵایی ماوەتەوە و بێ پەساپۆرتم و دەرفەتێکی ئازادانەی گەشتی جیھانم بۆ نەڕەخساوە… جارێ ھێشتا دەرگای قەفەزێکی ئاسنینم لەسەر کڵۆم کراوە و توانام نییە بە حەز و خواستی خۆم لە شەقەی باڵ بدەم.. ـ لەمەدا ئێوەش هەر وەک منن ـ . جا لەتەک ئەو ڕاستیانەشدا، من ھێشتا پێویستم بە زانین و زانیاریی و شارەزایی لە وڵاتی خۆمدا ھەیە. پێویستە لە نێو بەرھەم و نووسین و کاری ھونەریی و چالاکییەکان دا، ئەو وێنە و دیاردانە دیاری بکەم و لێیان بدوێم، کە بەھا و نرخی گفتوگۆ و شرۆڤەکردنیان پێویستە…
ھەنووکە دیوانی شاعیرێکی داھێنەر و خاوەن ئەزموون و ڕێچکەشکێنی تایبەتمەند بەسەر دەکەمەوە. بێ ئەملاولا کردن یەکە و ڕاست بەدوای ئەو بیرۆکە و پرس و حەز و خولیا و ئەو تایبەتمەندییەدا دەگەڕێم، کە بە دیدی من پێویستە لە ھەر تاکێکی کوردی نووسەر و ھونەرمەند و بازرگان و ڕەنجدەر و کاربەدەست و بەرپرس دا ئامادەگی ھەبێت. ئاخر ڕاستییەکان لە حوکمی بەڵگەنەویستدان! ڕۆڵەی میللەتێکی بندەست، ھەر دەبێت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بیر بکاتەوە و تێبکۆشێ و بنووسێ و داھێنان بکات… هتد.
(جەلال مەلەکشا) ناوێک نییە، دوور بێت لە ھیچ خوێنەرێکی کورد. ئەو بە کۆمەڵێ شیعری شێواز تایبەت و زیندووی بارگاوی بە ڕەگەزەکانی کوردبوون و بانگی ئازادی و بیر و ھزری مرۆڤ، جوانی نیشتمانی کورد و ڕۆحی بەربەرەکانی و بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی بێگانە. قارەمانی ژێر ئەشکەنجە و ژووری تاریکی زیندانەکان، ھەر زوو ناسنامەی تایبەتی و کەسی و شیعری خۆی بەدەستھێناوە و بە پێناسەی تایبەت بە خۆیەوە چۆتە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە.
مەلەکشا، لەکات و ڕۆژگارێکدا ئەم هونەر و جوانییە تۆمار دەکات، کە ژیان دەرەتانی زۆر شتی لێ بڕیوە. لە ڕووبەر و مەملەکەتێکدا ئەم ھەڵوێستە تۆمار دەکا، دەسەڵاتێکی خوێناوی و ستەمکار و دواکەوتووی داگیرکەر حاکمی زاڵە بەسەرییەوە. ئەم دیاردە و سیفەتەش بۆتە نھێنی و پەنھانی گەورەیی سەرکەوتنی ئەم شاعیرە، لە کاروانی شاعیرێتی خۆیدا، جوانی و پیرۆزیی و نرخی بەرزی بەخشیوە بە جیھانی شیعرەکانی.
ئەو شیعرانەی مەلەکشا پێشکەشی کردووین، گەر زادەی بارودۆخێک بونایە، کە شاعیر بەوە تۆمەتبار بوایە، لە کۆشک و تەلارێک سوڵتان ئاسا پاڵی لێداوەتەوە و وەعز دەدات و ئامۆژگاری دەفرۆشێتەوە. ئەوە بەرھەمەکانی چ سوودێکیان نەدەبوو و نەشدەبوونە کەرەسە و بابەتی ئەم نووسینە. خۆ گەر بهاتایە و لە دوورەوەی نیشتمانیشەوە پەیامی بۆ بناردباینایە، دیسان ھەقمان بوو بڵێین: تۆ دووری لێمان و باش ئاگات لە ئازارەکانی نیشتمان نییە و قسەی سەرمێزی ڕازاوە و سکی پڕ دەکەیت. ھەرچەندە دەبێت ئەوە بڵێم، پەیامی جەنتڵمامانە و واقیعی و زیندوو، لە ھەر دەڤەرێک و پێگەیەکەوە بێت، ھەر پەیامە و زەبری خۆی ھەیە. نەخێر مەلەکشا ھێشتا بۆ خۆی بە خاکدا چەقیوە و زێدەکەی توند و گەرم لە ئامێز گرتووە و یەک تاقە سەنتیمەتر لە نەتەوە و خاکەکەی دوور نییە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بدەم،ناسینیم بۆ شاعیر شیعرەکانی لە ڕێگای گۆڤاری سروەی خنجیلانەوەیە و لەمێژیشە بەتاسەوە بووم دیوانەکەی مەلەکشام دەستکەوێت و بیخوێنمەوە. ڕێکەوت وابوو، خوشکەزای خۆشەویستم ھێمن حسین دەبوو بۆ چارەسەر بچێتە ئێران. منیش داوام لێ کرد، سۆراخی ئەم دیوانەم بۆ بکات. ھێمن لە شاری سنەی خۆشەویست لە دۆستێکی ھەواڵی ئەم بەرھەمە دەپرسێ. مامۆستا شادمان ئەو برا ئازیزە کە ھاوکاریی زۆری ھێمن دەکات لە چارەسەری نەخۆشییەکەیدا،لە ڕۆژی 7.3.2018 دا ئەم دیوانەم لە ڕێی ھێمنەوە پێشکەش دەکات. سوپاس مامۆستا ئازیز بۆ دیارییە جوان و بەنرخەکەت.
ھەر کە بەدەستم گەشت دەستبەجێ وەک ھەنگوینم لە کلۆری داردا دۆزیبێتەوە، بە تاسەوە کەوتمە خوێندنەوەی. ئیدی لێگەڕام دەرفەتێکی ناچیزە ساز بێت، بەچەند وشەیەک لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە، سەرنج لە دیوانی ناوبراو بگرم و قسەی خۆمی لەسەر بکەم. من لێرەدا ھەروەک گەشتیاری ئاماژەپێکراو ، تەنھا وێڵی باوەڕ و جیھانبینی و تەواوی ئەو شتانەم کە دەکەونە بەر حوکمی چەمکی کوردبوون و بنەمای کوردایەتی لە خۆ دەگرن.
دەمەوێ لەم ڕوانگەیەوە چی لە عۆدەی ھزر و قەڵەمەکەمدا بێت، بیخەمە گەڕ و دوایی ھەگبەکەمی لێ پڕ بکەم و پێشکەشی خوێنەرانی بکەم. لەم کارەدا ھەرچی سوودبەخش بوو، ئەوە ماڵی ھونەرە بەرزەکەی مامۆستا مەلەکشا و ئەدەبی کوردییە و ھەرچیش قەڵب و نالەبار بوو، دەبێتە بە ماڵی من و بە سنگفراوانییەوە لێتان وەردەگرمەوە. دیوانەکە وەک گوڵجاڕێک تژییە لە گوڵی بۆنخۆشی ڕەنگاوڕەنگی جوان. لێ من ھەر بەدوای ئەو گوڵەی خۆمدا وێڵم، کە مەبەستمە و گەرەکمە چەپکێکی بۆ ئێوەش لێ ئامادە بکەم و پێشکەشتانی بکەم.
ئەو گوڵانەی چیرۆکی خاک دەگێڕنەوە، بۆنی نیشتمانیان لێ دێت. ئەو گوڵانە خوێن لە زام و برینیان دێ و چوونەتە سەنگەری بەربەرەکانی داگیرکەرەوە. ئەو گوڵانەی بە خوێنی گیانبەختکردووانی کورد ئاو دراون، ئەو گوڵانەی بوونەتە سیمبۆلی ئازادی و بەھا جوانەکانی تری کوردبوون و مرۆڤ بوونەوە. بەڵێ ئەم تەوەرانە لەم نووسینەدا جێیان دەبێتەوە. ئەم تایبەتمەندی و ڕاستییەش وام لێ دەکات، لە پێشڕا لە خودی شاعیر و خوێنەری بەڕێزیش داوای لێ بووردن بکەم، کەوا من جارێ بە وشیارییەوە دەڵێم، تەنیا کڕیاری ئەم جۆرە گوڵانەم.. با پسپۆڕان و کڕیارانی دیکە خۆیان سەرگەمی گوڵەکانی دیکە بن. ئەوەش دەبێ بگوترێ، مافی ڕەوای ھەر لایەکمانە چ گوڵێک دەکڕین.
دیوانی ج. مەلەکشا، لەبەر بارودۆخی ناسروشتی و پڕ لە گێرمەوکێشەی سیاسی پڕە لە شیعرگەلێکی سیمبۆلی . شاعیر لە شیعری (بێ وڵات) دا ھەر زوور دەرک بەوە دەکات لە جوگرافیای جیھان دا و لە سەر ئەتڵەس، بە ھۆی ئەو زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و تاڵانییەی دوژمنەکانییەوە بەسەردیدا سەپاندووە، نەخشە وڵاتی خۆی نادۆزێتەوە. ھەر بۆیە کاتێ دەمرێ و ژیان بەجێ دێڵێ، بستە خاکێ نابینێ لاشەکەی تێدا بنێژرێت.
بێ وڵات
چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەتگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
ڕێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەست ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم! ل ٣١
شاعیر لەم بابەتە زۆر دوور ناکەوێتەوە ڕەپوڕاست پەیامی خۆی بەڕووی داگیرکەراندا دەتەقێنێتەوە و لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێ :
وشەی پیرۆز
مێژوو دەڵێ
سەدان کەڕەت
گۆڕەپانی منیان کردە جەھەندەم و
وڵاتێکیان تیا ھەڵقرچان!
بەڵام ھەرگیز نەیانتوانی
دوو دیاردە
لەسەر سینگم بسڕنەوە:
یەکیان کورد و
ئەوی تریان
وشەی پیرۆزی کوردستان ل٣٢
کەواتە دوژمن بەو ھەموو توانا و ھێزەیەوە ناتوانێ ناسنامەی نەتەوەیی بسڕێتەوە. ئەوە زیاتر لە 25 سەدە بەڵگەی مێژوو. دواتر لە ئاکامی بێ دادیی و نەبوونی ئازادی، ناتوانێ سەردانی دەزگیرانی بکات :

تۆڵەی چاوپێکەتن
ئەی گیانەکەم!
بڵا پۆلیسەکان بنوون
زیندان بنوێ
بێدەنگی گشت بەند و قاوشەکان بگرێ
دەلاقەی ژوورەکە داناخەم
چاوەڕوانم بەڵێنت پێدام شەوێ
بخزێیتە ناو خەونەکانم
کاتێ ھاتی دەخیلت بم
کەس نەتبینێ
چونکە پۆلیس بەتاوانی نافەرمانی
تۆڵەی چاوپێکەوتنی تۆم لێ دەستێنێ! ل ٣٣
شاعیر لە زیندانە و بە زۆر تاوانی هەڵبەستراوی بەسەردا ساخ کراوەتەوە. خەون بە دیداری گراوییەکەیەوە دەبینێ، کەچی زۆر بە چرپە پێی دەڵێ: گەر ھاتی با کەس نەتبینێ، دەنا تۆڵەم لێ دەکەنەوە. لێرەدا ئاماژە بۆ دڕندەییەکی تری داگیرکەر دەکات.. چۆن و لەبەر چی زیندانییەک سزای قورستر دەبێت.. چۆن تۆڵەی لێ دەکەنەوە! بۆ لێی دەکەنەوە و لەسەر چ شتێکی سزایەکی نوێی قورستری دەدەن!.؟؟ شاعیر ناتوانێ باز بەسەر ئەو ھەستەدا بدات، کە دەوری کەسایەتی و نیشتمانی تەنیووە. ئەوەتا بێ ئەوەی داوای لێ بکەین، خۆی پێمان دەڵێ خەڵکی کوێیە و چ چارەنووسێکی هەیە و ئەندێشەکانی چین….
بەخشش
خەڵکی وڵاتی گریانم
کێڵگەی کامتان وشک و برینگە
ھەر دوو چاوم پێشکەش ئەکەم
وەک شەم لەناو شەوەزەنگا
دەسووتێم و دەتوێمەوە
شەوگاری کامتان زۆر ڕەشە
دڵی ڕوونم دابەش ئەکەم ل٣٦
ئەم شاعیرە وەک مرۆڤێکی ماف زەوتکراو و بێ سەربەستی، لە پەیامێکدا کە بریتییە لە داوای ئاوات و حەزێکی سروشتی ژیان ، خواستێکی ھێجگار سادە و ساکار دەردەبڕێت، کە لە ھەموو مێژووی مرۆڤایەتی و خەباتی گەلاندا نموونەی نییە و بەرچاو ناکەوێ.
کاتالانییەک گەرچی بێ دەوڵەتە! بەڵام دەتوانێ لە بەرشلۆنەوە بۆ ھەر شارێکی تری وڵاتەکەی و جیھان گەشت بکات. ئیرلەندییەک چەند لەژێر ستەمی ناسیۆنالیستی ئینگلیزدا دەناڵێنێ، لێ لە دەبلنەوە بۆ ھەر کوێی بوێت بێ گرفت دەتوانێ بڕوا و بێت.
کەچی چ جارێ کاوەی کوڕی شاعیر لە گەراجی سنە، گوێی لە دەڵاڵەکان نابێت، ھاوار بکەن… سلێمانی سلێمانی، ئوتومبێل بۆ سلێمانی یاخود ئامەد و قامیشلۆ!.. ئاخر سنوورەکان لەنێو دڵی کوردستاندا بە زۆرەملێی کێشراون تۆخن و بە تەلی دڕکاوی و جەندرمەی دڵڕەق تەنراون، دەرباز بوونیان سەختە…
کاوە، دەبێ بۆ گەیشتن بەودیو سنووری دەستکرد!، دیوار بڕوخێنێ و سنوور ھەڵتەکێنێ، یان وەک کۆڵبەرەکان! لەسەر سنوور سەرکێشی بکات و بە قاچاخی! بڕوا ، تا تەقەی لێ بکرێ و بکوژرێ. یاخود ھاوشێوەی کەسێکی نافەرمی سنووری دەستکرد ببەزێنێ ئەوجا بە ترس و دزییەوە خۆی بگەیەنێتە سلێمانی . ئەمەش دیسان بێ پاسپۆرتی داگیرکەر نابێت .
ئاواتێک
ئاخۆ دەبێ،
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر کاتە شانی؟
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
ھاوار بکەن:
سلێمانی، سلێمانی! ل٤٥
لە تابلۆی شیعری شەھید دا ھەموو پەیامەکانی میللەتێکی بندەست و دەسەڵاتێکی دڕندە و خوێناوی و ڕەگەزەکانی سیاسەتی نامرۆڤایەتی داگیرکەر بەرچاو دەکەون. گەر کوردستان سەربەخۆ بێت، نە سنوور بەناو دڵیدا دەکێشرێ و نە بێگانە داوای پەساپۆرت لێدەکات و نە کەسیش بە قاچاخچی ناو دەردەکات.
شەھید
کۆترێ سپی
نامەی ئاشتی
وڵاتێکی زامداری بۆ مێژوو ئەبرد
ڕاوچی ھاتن
دێوجامەیان بۆ ڕاگرت و
دەسڕێژیان کرد لە پڕ زەوی زریکاندی
ئاسمان
لەخەو ڕاچڵەکا
خوێنی کۆتر
دڵۆپ دڵۆپ بەسەر ھەموو تکا! ل ٤٨
مەلەکشا ھێندە سەرسەختانە و بە باوەڕەوە بەرەنگاری دوژمن بۆتە، باجەکەی بەسەر بردنی تەمەنێکی زۆری ژیانێتی لە زیندان. زیندان هێمای مەدالیای شانازی سەر سنگی مەلەکشایە. ئێستا شاعیر بۆتە سیمبۆلێکی دیار و خۆشەویستی بەرخۆدانی زیندان.. زیندان ھێندە بەسەر ژیانی شاعیرەوە شوێن پێی ھەیە، لە شیعرە دیارەکەیدا دەڵێ:
زیندانی
لەنێو ژوورە تاکە کەسییە تەنگەکەمدا
ھەڵکوڕماوم
کارەساتێ بەڕێوەیە
لەو دێو دیوار
وەردیانەکەم ڕاوەسراوە
دەلاقەتەکی بچکۆلە
لەسەر سینگی دەرکەکەیەو داخراوە
کۆترە باریکەی خەیاڵم
تامەزرۆیە ھەڵفڕێت تا،
ئاسمانی کاکی بە کاکی !
وەردەیانەکەم…
دەلاقەکە دەکاتەوە و
لێم دەڕوانێ
ئەو تاریکی دەبینێ و من ڕووناکی ! ل ٤٩

ئەم ھاوکێشەی تاریکی بۆ دوژمن و ڕووناکی بۆ من، دەچێتەوە سەر بنچینەی میتۆلۆژیای کۆنی کوردی. شاعیر لەوێوە وێنە شیعرییەکەمان بۆ ڕادەگوازێ.. ئاخر خۆر ھێشتا ھەر توخمێکی گرنگی ژیانە و لای کورد بەرز و پڕ بەها و پیرۆز دەماشا دەکرێ.
لەو شیعرەدا کە بۆ کچێکی قەرەجی وتووە و مەلەکشا ھێندە عەوداڵی نیشتمانە، قەرەجی لێ دەبێتە نیشتمان و نیشتمانی خۆی لێ دەکاتە قەرەج… ئەم مەدالیا دوو دیوە شاعیر تێیدا بێ نیشتمان و بێ ئازادی و بێ مافە ، بەڵگەی ھەموو ئەو ستەم و چەوسانەوە و ناھەقییەیە کە باری گرانی سەر شانی شاعیر پێک دێنن. گەر بێ دەوڵەتی تا سەر ئێسک ئازاری شاعیری نەدابێ، گەر بێ ناونیشانی خەمی گەورەی شاعیر نەبێ، گەر بێ ناسنامەیی دەردی گرانی مەلەکشا نەبێ،ئەدی شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەجێکی بێ نیشتمان و ناونیشان قەرەج. ئاخر شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەج ،لە کاتێکدا قەرەج خۆیان گەرۆکن و بێ نیشتمانن و ناسنامەیان لەم گۆی زەوییەدا بزرە !؟… لە کاتێکدا نیشتمان بۆخۆی پارچە زەوییەکی جێگیر و دیاریکراو و ناسراوە و خاوەنی پێناسەیە.
لەشیعری گەڕانەوەدا مەلەکشا دەڵێ: کاتێ لە غەریبی مردم، ڕەنگە مەبەستی تاران بێت، یان ھەر شوێنێکی تری دوور لە کوردستان، نابێت لەوێ بمنێژن.. کەواتە دوای ماڵئاوایش لە ژیان شاعیر نایەوێ دوور لەخاک و نەتەوەکەی خۆی، شوێنێکی تری بۆ تەرخان بکەن و لێی بنێژرێت. بۆیەکا دەڵێ:
گەڕانەوە
گەلێ یاران!
کاتێ مردم، دەخیلتان بم!
لەم غەریبستانە مەمنێژن
جەستە ماندووە خەمڕێژەکەم بسووتێنن
خۆڵەمێشە خەمبارەکەم
بە ئاوی دیجلە بسپێرن!
دیجلە دەمبا بۆ ئۆقیانووس
دەبمە ھەڵم و دەگەڕێمەوە بۆ ئاسمان
بای زریانیش ھەڵدەکات و
جەستەی سپیی چەشنی ھەورم
دەباتەوە بۆ کوردستان!
دڵتەنگ ، دڵتەنگ
لەسەرچاوەکەی ژیانمەوە
چەشنی ھەورێکی خەماژۆ، دادەبارێم
لە کوێستان و لە پێدەشت و دارستانا
دادەبارێم، تۆزقاڵ تۆزقاڵ
ژیلەمۆی دڵ، دابەش دەکەم
بەسەر ھەموو کوردستانا! ل ٦١

لەتیف ھەڵمەتیش وێنەیەکی شیعری نزیک بەمەی ھەیە. کەواتە شاعیر ببرێ بۆ هەر کونجێکی گۆی زەوی و بەرزایی ئاسمان و قوڵایی زەوی و دوورایی نەخشەی جیھان ھەر دێتەوە بۆ نیشتمان و زێدی خۆیی و لەوێدا ڕۆحی ئارام دەگرێ و دەتوانی خەوی قوڵی یەکجارەکی بکات. ڕۆح و جەستەی ئاوێزانی بۆنوبەرامەی خاکی خۆی بکاتەوە. ئەم ھەستە قوڵە و وابەستە توندەی شاعیر بە نیشتمانەوە، سەرچاوەی ئەو گیانە بەرزەی خۆڕاگریی نەبەزییەتی، بەرامبەر بە ھەموو ناڕەحەتییەکانی ژیان.
چەند پەڕەیەکی تر لە دیوانەکەی ھەڵنادەینەوە، دەکەوین بەسەر پارچە شیعری زێڕینی دڵخۆش دا . لەوێدا شاعیر لە چەند بەیتێکی کورتدا ھەموو شت دەڵێ و پەیامەکەی تەواو زیندوو و ئاگرینە و چ شاراوەیەکی لە خۆ نەگرتووە.
دڵخۆشی
کڵاوم لارە!
قەڵەمەکەم
لە بەرامبەر چی سوڵتان و
فەرمانڕەوا و … داگیرکەرە
کڕنووش نابات!
ھیچیش وەک ئەو
تفەنگە دەم بە ھاوارە
وا لە پەنا قەڵەمێکدا
لەسەر پێیە…
منی ئەوینداری وڵات
دڵخۆش ناکات! ل ٦٢

مەلەکشا زۆر دڵخۆشە قەڵەمەکەی نەبەزە و شانازی بە تفەنگی شانی پێشمەرگە و ڕاپەرینەکانی کورد دەکات. ئاخر ئەم لە خۆ ڕاپەرموونە کە جێی شانازی شاعیر و شیعرەکانێتی بۆ خەڵک لە سەرچاوەیەکی دڵسۆزانەی کوردبوونەوە ھەڵقوڵاون. ئەم ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و باوەڕ بەرزییە، بە ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان وا دەکات شاعیر بڵێ:
تاوان
چونکە ئەموت:
مرۆڤ دەبێ،
ئازاد و شاد و سەربەست بێ
شادی، دڵداری، ئازادی
بنەڕەتی ژیان بێت
بچووکترین وشەی ئەوین
ماچ و ئاواز و ھەڵبەست بێ
دڵیان کۆڵیم
داخی ھەزار خەمیان چزان بە جەرگمەوە
مۆری سووری قاچاخ بوونیان
کوتا بە وشە و شیعر و دەفتەرمەوە ل ٩٥
دە سا بنۆڕن ئەم دەنگە شیعرییە، لە دووتوێی خۆیدا، سادەترین داوای لە – ئازادی، شادی ، دڵداری، شیعر و ئاواز گۆرانی – بۆ مرۆڤ و ژیان ھەڵگرتووە، جەرگی زامدار کراوە، ھەستی ڕووشێندراوە، زیندانی کراوە، لێپێچینەوە لە وشە و شیعر و بەرھەمەکانی کراوە…دوژمنەکانی بە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی بوون و ژیانی، وەڵامییان داوەتەوە.
کوردستانم بۆ بێنەوە
… کە خۆم ناسی،
وتم: دایە! من کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار
کام مەڵبەندی ڕووی سەر زەویم؟
وتی: ڕۆڵە…
تۆ کوردی دیل و ھەژار
نیشتمانت کوردستانە
بەڵام ناوی نیشتمانت،
لەسەر نەخشەی جیھان نییە
بێ نیشانە!!
وتم : دایە!
باوکم کوانی؟
بۆچی ھەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم
بە کام تاوان
من ھەتیوم؟!
وتی : ڕۆڵە!
ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران
شاریان سووتان
تفەنگی مافی کردە شان
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بەسەر لێوی خاکا پژان
وتم دایە! ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم
ئاوی ماتەم
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک!
وتی ڕۆڵە!
لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
خەونەکانی ئازادی ئەم کوردستانەی
بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای
سەربەستی ئەو نیشتمانە!
وتم دایە!
ئەی من چبکەم؟
ھەستا سەر پێی
تفەنگێکی بڕنەو کورتی بزمارڕێژی دایە دەستم
وتی ڕۆڵە
ئەی ھۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە
کوردستان وەک پاڵەوانێ
لە قەڵای دێوی داگیرکەر
دەست و پێی زنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ
دوعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
سیمای ونبووی خۆت لە نێو مێژووی کۆنا بدۆزەرەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسوڕێمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە – لەتە
وڵاتەکەم بدروومەوە! ل ١٩٠
لێتان ناشارمەوە سەرەتا ویستم لە گوڵجاری ئەم دیوانەدا ئەم تاقە گوڵە بچنم و پێشکەشتان بکەم.. ئاخر مەلەکشا لێرەدا پەلی بۆ زۆر بواری گرێدراو بەو ئاوات و خاڵەوە ڕاکێشاوە، کە بەندە مەبەستێتی. ئەم شیعرە بۆ ئەم باسە و بۆ گێڕانەوەی داستانی دوور و درێژی مێژووی کورد، پانۆڕامایەکی پڕاوپڕە.. ئاماژەی بە ھەموو دیمەنەکانی خەباتی کورد کردووە. تێکڕای چیرۆکەکانی پەیوەست بە کوردبوونەوەی گێڕاوەتەوە.. ئەڵقە بە ئەڵقەی باسەکانی تایبەت بە شۆڕشی ئاماژە پێداوە. زۆر کۆد و ھێمای پرسگەلی جیاوازی داوەتە دەستمان ، وانەی ھەڵبژاردنی شێوازی خەباتی خستۆتە بەرچاومان و وێنەیەکی گەورەی دوژمنیشی بۆ کێشاوین. ئەو داگیرکەرەی نەخشەی نیشتمانەی مەلەکشای دزیوە، سامانەکەی تاڵان کردووە و دەکا، ئازادییەکانی لێ قەدەغە کردووە، مافی پێشێل کردووە و دەیچەوسێنێتەوە و ھەوڵی قڕ کردنی دەدات،ئەویشمان وەک خۆی پێ دەناسێنێ.
ئەم شیعرە دەتوانێ بۆ خۆی بێتە دیوانێک، ئاخر ھێندەی دیوانێکی شیعر، مانای لە خۆگرتووە و بارگاوییە بە پرسی کورد و دۆزە ڕەواکەی .لە درێژەی باسی نیشتمانی دزراودا، مەلەکشا دەیەوێ پێمان بڵێ بۆ ئەو ھێندە عەوداڵ و شەیدای کوردستانی دایکە. نیشتمان چییە و چی دەگەیەنێ؟ نیشتمان بۆ مەلەکشا لە یەک کات دا ، دایک، زێد و نیشتمان و ھاوکات بە مانا مەجازییەکی دەوڵەتیشە. بڕوانە چ دەڵێ:
تووڕەیی
لەم جیھانە،
پەلەوریش
نیشتمانی بۆ خۆی ھەیە
دارستانێ، تاقە داشێ
ئاوارەش بێ
نیو ئەشکەوتێ، بن پاساری!
چۆن شێت نەبم، نەچم بە گژ کوێستانێکا و
چوار ڕێیانی گەردوون نەگرم
ھێشتا بستێ خاک شک نابەم
تیا بژیم، تیا بمرم!
چۆن شێت نەبم
ھەموو ڕێگام لێ بەسراوە
بەھەر جادە و شەقامێکا ڕادەبوورم
تەپۆڵکەیەک
کڵاوێکی سەربازابەی کەسەر ناوە
دڵ و گیرفان دەپشکنێ
بەڵفەی خوایشم لەگەڵدا بێ
ڕێگام دەگرێ
نەکا نەخشەی وڵاتێکم لە گیرفان و
ڕەمزی نھێنیی ناوێکم لە دڵدا بێ!
چۆن شێت نەبم
تووڕەم، توڕە….
وەک ئاگرم
شمشێرێکی ھەڵکیشراوم
لەناو بریسکەی خوێنی خۆما ئەزریکێنم
ھەتا کالان نەدۆزمەوە
ئۆقرە ناگرم!
خوا ئەزانێ
من حەز ناکەم، وەک ئەشقیا
سەرگەردان بم لەم کوێستانە
ڕێگام بدەن بێمە خوارێ
ھیچم ناوێ لەم جیھانە
جگە نەختێ سەربەستی و
بستێ خاک و
ئاڵایەک و
ڕەشماڵێکی قەرەجانە! ل ١٩٧
شاعیر حەسرەتی بێ وڵاتی داخی زۆری بە جەرگیدا ناوە. ئەو نە دەیەوێ وڵاتێکی تر داگیر بکات و نە بەسەر کەسەوە خۆی بکاتە بێگانە و نە گەرەکێتی ستەم لە خەڵکی تر بکات و بێ نیشتمانیان کات. مەلەکشا تەنھا و تەنھا وێڵی دوای دایکی خۆیەتی، ئەو بەس ئەو ھەوار و زێدەی دەوێ، ئەو خاک و ئاوەی مەبەستە، کە لێی زادە بووە و پێی پەروەردە بووە. دەیەوێ بە ئارامی و دڵنەوایی و ئاشتی دوور لە کوشتن و بڕین و زیندانی و ئەشکەنجەدان و ڕاوەدوونان- کە سیمای ھەرە زەقی ژیانی ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانە – بژی بە سەربەستی لە سەر خاکی باووباپیرانی و ئاڵای نەتەوەکەی بەسەر کۆشک و باڵەخانەکانییەوە بشەکێتەوە. جا گەر خۆشی لە سایە و لەژێر ڕەشماڵێکی قەرەجئاساکانیش دا ژیان بگوزەرێنێ، ھەر بەختەوەر و ڕەزامەندە، چونکە خاوەنی سێبەری دەوڵەت و شیلەی ئازادییە…
کوردستان
کاتێ پێنووسی چارەنووس
کەوتە گەڕان،
لەدوای ئەوەی
نەخشەی عەرد و دنیای نەخشان.
کە گەیشتە لای خۆرھەڵاتی نێوەڕاست
لەسەر خاڵێک،
ساتێ ڕاما
نازانم بۆ.. کەوتە لەرزین
دڵی شکا، چاوی تۆقی،
دڵۆپێ خوێن
بەسەر ئەو خاڵەدا تکا!
خێرا ھاتن، دەوریان تەنی
شەقڵیان کرد
بە پەرژین و موورد و تێمان!
گەڕان، ناوێک بدۆزنەوە
فرمێسکی چاوی گەردوونی تیا بگونجێ
ئێنجا ھاتن
ناوی ئەو خاڵە سوورەیان
نا، کوردستان! ل١٩٩
خوێنەری ھێژا، برای نووسەر…
بە گرنگی دەزانم ئاوڕی زیاتر لەم شاعیرە و دیوانەکەی بدرێتەوە، چونکە ئەمە دەنگێکە لەسەردەمێکی سەخت و دژواردا گوێمان لێی دەبێت. ھاوارێکە سەرەداوەکانی بە سێبەری شیعری پەشێوی گەورە دەگاتەوە. ناڵەیەکە درێژەی دەنگی مامۆستا ھەژار و ھێمنی پێوە دیارە و ھاوکات مەلەکشا بە تایبەتمەندی خۆیەوە ھاتۆتە سەر شانۆی ئەدەبی کوردی. بەڕاستی شیعری “زڕەی زنجیری وشە دیلەکانە”.
ھاوارێکی سەردەمێکی تەواو سامناک و پڕ لە ستەمکارییە.. دەنگێکە لە قەیرانی بیروبۆچوونەکان و قاتووقڕی کوردبوون دا ، نەعرەتەی خۆی ھەڵبڕیووە. شێواز و ڕێچکەیەکە بە جیاواز لەوانی دیکە ئامادەیی خۆی سەلماندووە . ئاخر ھەموو کەس توانای ئەوەی نییە لە دوای ئەو کەڵە شاعیرانە جێی خۆی باسانایی لە پانتایی شیعر و ئەدەبی کوردیدا بکاتەوە، مەگەر مەلەکشای پادشای وشە و وێنەی شیعریی کورت و مانا پڕ و باڵا بەرز و سەلیقەی زرنگانەی شاعیرانە و ئەو تایبەتمەندییەی شاعیری پێ ناسراوە .
مەلەکشا دەنگێکە زادە و ھەڵقوڵاوی ناو ناخی مێژووی ڕاپەرین و شکست، تێکۆشان و قوربانی، ستەمکاری و نامرۆڤایەتی داگیرکەر و ژیانە چڤاکییەکەی کورد. بانگەوازیی شیعریی مەلەکشا، دەرئەنجامی چەشتنی راستەوخۆی زوڵم و زۆرداریی زیندانە تاریکەکانی سەردەمی شای گۆڕبەگۆڕ و کۆماری پەت و سێدارەیە و بە ڕوون و ئاشکرایی، سیما و مۆرکی بێ نیشتمانی و بێ ئازادی و بێ دەوڵەتی کوردیان پێوە دیارە..

هەڵۆ بەرزنجەیی٣٠/٣/٢٠٢٠


کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی جەلال مەلەکشا کوردی و فارسی چاپی یەکەم ١٣٩٣/٢٠١٥ ٤٦٢لاپەڕە
بەشی کوردی : زڕەی زنجیری وشە دیلەکان




یادی شکۆی کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا( مەسعوود محەمەد) … ھەڵۆ بەرزنجەیی

یادی شکۆی کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا( مەسعوود محەمەد) …
لە فۆڕمی – گازندەیی و سکاڵایەک– دا

ئێمە ئیمڕۆ لەبەردەم شکۆی یادی مەرگی بیرمەندێکی کورداین… کە زیاتر لە نیو سەدە بە تاقی تەنیا، لە ھەلومەرجێکی ھێجگار ئاڵۆز و سەختی ڕۆژگاری ململانێ سەخت و ڕادیکالەکان دا . لەدەڤەرێکی پڕ لە کێشمەکێشی خوێناوی و لە نێو فەزایەکی دواکەوتووی بەجێماوی ھەژاردا، تەنیا بە خۆیی و قەڵەم و باوەڕ و فیکرییەوە، لە مەیدانی کایەکانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و زمان و نووسینی کوردیدا، تاکە شۆڕەسوارێکی بێ ڕکەبەری گۆڕەپانەکە بوو.
بیرمەندێک تەنیا باڵ دەجەنگا دژ بە لەشکرێکی بێ فەڕ ، لە خوێنەوارو خاوەن بڕوانامە و قەڵەم بەدەست،لە ناحەزانی سەر لێشێواوی و دواکەوتوویی لاسایکەرەوە و ڕاسپێردراوی ئێرە و ئەوێ….
بیرمەندێک مەیدانی شەڕی بە مانای – ململانێی ئەقلانی و شارستانییە دوور لە زەبروزەنگەکەی – لە گەڵ ئەوانیتردا بۆ خۆی دیاری کرد بوو. بەڵام چ کەسێ نەبوو لەو لەشکرەی ئاماژەمان پێدا، بە بوێرییەوە بێت و بچێتە مەیدانەوە و زۆرانباری لەگەڵ قەڵەم و ھزری بکات…. لە خۆ ڕابفەرمووێ و بێ و ئەم بیرمەند ڕاپێچێتە سەر شانۆ و بە دیاکۆکی بابەتی تاووتوێی پرسە گرنگەکانی نێو پانتایی سیاسەت و ڕۆشنبیری و فیکری ئەو ڕۆژگارەی لەتەکدا بکات.
بیرمەندێک لە ھەر پێگە و مەقام و شوێنێکدا بوو بێت، بێ شەرم و کۆکردن لە کەس و دەسەڵاتێک ، ئەوەی زادەی ھەق و ڕاستی و کوردایەتی بووبێت، و ویستبێتی ھەرچییەکی تر بڵێ، وتوویەتی و نووسیوێتی بێ پەروا لە بەرزترین فۆڕمی داڕشتن و بە ھەناسەیەکی پڕ لە خاکەڕایی و زۆر بابەتی و واقیعییەوە پێشکەشی کردووین .

ئەم بیرمەندە گەورە مامۆستا(مەسعوود محەمەد) ە( ١٩١٩ ـ ٢٠٠٢) ، کە بارستایی کەسایەتی فیکری بارتەقای بابەتگەلێکی چڕوپڕی تژی لە پرسی گەورە و پیرۆز لە بوونی مرۆڤ و بەھا جوانەکانە، لە ڕەھەندێکی قووڵ و فراوانی خزمەتی کوردبوون دا.
مامۆستا مەسعوود بە کتێبە فیکرییەکانی، ناو و پێگەیەی گەورە و سەرمەشقی بە ترۆپک و پانتایی و درێژایی « ھزر و مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی» کوردبوون دا ، نەخش بووە.
ئەم بیرمەندە تا لە ژیاندا بوو، جگە لە داتاشینی تۆمەت و جوێنی بازاڕی و ھەڵبەستی درۆ و دەلەسە و نامەردێتی حیز بە خاڵی خۆی فێرە! و دژایەتی کوێرانە و بایکۆتی نەزانانە و ھەموو شێوازە ناشیرینەکانی تری دژایەتی، ھیچی تری لە زۆربەی ھەرە زۆری ھاو قەڵەم و ھاو ڕۆشنبیر و ھاو سەردەمەکانی خۆیەوە نەچنییەوە. سیاسییەکانیش لەگەڵیدا وەک پێویست بە مروەت نەبوون. ئەم بەرە سەرلێشێواو و ناحەزە چەندی بۆیان بکرایەبا، ڕووی لاپەڕە ڕووزەردەکانیان ڕەش دەکردەوە، بە جوێن و باسی نزم و پووچ و بریندارکردنی کەسی مامۆستا مەسعوود.
ئەوە بڕگەیەکی خەمناکی چیرۆکی دوێنێمانە ، دەی ئەوەتا ئێستا لە سایەی دەسەڵات و توانای خۆیی خۆمانەوە، چ بایەخدانێک بەم بیرمەند و کەسە سیمبۆلییەکانی تری مێژوومان نییە… ھەر ئەوانە لەبەرچاو و ڕێز لێگیراون!، کە چوونەتە ژێر چەتری حیزب و لایەنێکەوە و خۆیان چەمەلەخی شوێنێک کردووە. لەم پرۆسەیەشدا ڕێوی کراوەتە شێر و خراپ بە باش و..ھتد.
ھیچ کام لە ئێمە ھیچ شەقامێکی سەرەکی و ناوەندی پێشکەوتووی جیھانی نەدی، بە پەیکەری بیرمەند و ئەدیب و ھونەرمەندەکانی نەڕازابێتەوە. لە شارێکی وەک بەرلین دا ، ناوی گۆتە بەسەر زیاتر لە 55 شوێن لە شەقام و قوتابخانەوەیە و بگرە شانۆ و پەیمانگا گەورە گەورەی فەرمی و نافەرمی بەناوی گۆتەوە ھەیە. کەچی وەک دەزانین ناوی مامۆستا لە شارەکەی خۆی و ناو بنەماڵە رۆشنبیرەکەی خۆی ، شاری کۆیەی ئازیزی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و ھونەر !کۆتەڵ و پەیکەرێ بۆ گەورە زانا و فەیلەسووف و بیرمەند مەسعوود محەمەد بەرچاو ناکەوێت.!..
ئای چ ئەفسووسە ئەم دنیای ئەقڵێت و سیاسەت و دەسەڵاتی کوردییە!؟ ئای چەند ئازاربەخشە کوردبوون لەسایەی دەسەڵاتێکی بێ ئاگا و نابەرپرس و دوور لە ھەستی کوردبوون دا . برالە داخۆ تۆ پێت سەیر و سەمەرە و جێی پرسیار نییە، مەیدانی قەزافی و جەواھیری و شەقامی فڵان و فیسار لە کوردستان ھەبێ، کەچی وەک ئەوەی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی تایبەتی بەناوی مەسعوود محەمەدە نییە، کوچە و کۆڵانێکیش بەرچاوناکەوێت، تابلۆی ناوی ئەم بیرمەندەی لەسەر بێت….!!

ئەرێ تۆش ناپرسی بۆ سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی ھێندە بێ مروەت و قێزەون و چاو قایم و زات کوێرە؟!. چۆن دەتوانێ و بە چ ڕوویەکەوە نکۆڵی لە ھەڵاتن و ئاوابوونی خۆر بکات؟!..وەک ئەوەی ناو و بەرھەم و ھزری مەسعوود محەمەد پەردەپۆش دەکات. ئاخر فەرامۆشکردنی ھزر و قەڵەمێکی وەک مەسعوود محەمەد، واتە بەھەند وەرنەگرتنی تێکڕای فیکر و ڕۆشنبیریی و مەعریفەی کوردی. ئەمەش واتە نادیدە گرتنی چیای پیرەمەگروون و لوتکەی حەسارۆستی نیشتمان.{ ٣ بەرگ نوسین لەسەر حاجی قادر و ٣ بەرگ لەسەر مرۆڤ و دەوروبەر و ٢ کتێب لەسەر نالی و چەندان بەرھەمی تری ناوازە و بەنرخ لەسەر زمان و فیکر… ھتد}، چۆن نرخیان بۆ دانانرێت و لە بیر دەکرێن؟!..دە پێم ناڵێن چۆن و لە چ زەمینەیەکدا دەتوانرێ ئەم خەرمانە لە فیکر و فەلسەفە و مەعریفە وەلا بنرێ و بازی بەسەردا بدرێت؟!..
ھەقی خۆمانە بپرسین ئەم کەمتەرخەمی و کێماسییە چ مانایەکی ھەیە و چ پەیامێکی ترسناکی لە خۆ گرتووە؟! داخۆ ڕەوای ھەقە دەسەڵاتێکی خۆیی لەشکرێ قەڵەم بەدەست و ھەزاران دەستگای میدیایی زەبەلاح، مەرگی کەڵە بیرمەندێکی کورد جێی بایەخیان نییە؟!…
بیرمەندێک بە ھەموو پێوەرێک بە بیرکردنەوەی قوڵ و نووسینی بەپێز و چڕوپڕ و زمانێکی بێ ھاوتا لە دەربڕین و داڕشتن دا، جێدەستی تاقانەی بە سەرلەبەری مێژووی نیو سەدەی ڕابووردووی فەرھەنگ و نووسینمانەوە ھەیە. کارێکی لەم چەشنە چەند نیشانەی بێباکی و گێلێتیی و لە خۆبایی بوونە، دە ھێندە بەڵگەی نەزانی و ناکارامەیی و نادڵسۆزیی و خۆکوژیشە.
ئاخر مامۆستایەک بتوانێ بە زەبری قەڵەمێکی ڕووت و بێ پشت و پەناو بێکەس، ئەم ھەموو خزمەتە بکات و شەڕی ئەو بەرەیەکی فراوانە بکات و بەرگری لە چەمکی « کوردبوون» و بەھای « مرۆڤ» بکات، کە بەخۆڕایی و ترسنۆکانە دەیان سەپاند بەسەریدا، دەبێ چ مرۆڤێک بوو بێت؟!.. چەند متمانەت و باوەڕی بە خۆی ھەبوو بێت .تا چ ئەندازەیەک پشت ئەستوور و بەھێز بوو بێت، بە قەناعەتە فیکریی و فەلسەفییەکانی؟!. چەند خۆی بە ڕاست زانیبێت… حیکمەت و زرنگی ئەو ھەڵوێستە، ئەوە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەری خست ، کێ ڕاست و کێ سەرگەردان و دوای کڵاوی بابردوو کەوت بوو.
ھەرچۆنێک بێت، مەسعوود محەمەد حەزی لە چەلەحانێ و وتی وتی و چیرۆکە بێزراوەکانی شیر لۆ داپیرە و ئاستی نزمی بازاڕی ھەلاھەلاکراوی رۆشنبیریی کوردی نەبوو. گەر شەڕیشی پێ فرۆشرابێت، بێدەنگی ھەڵبژاردووە. یاخود زۆر بەدەگمەن بە ئەدەبێکی بەرزەوە وەڵامی داوەتەوە.
ئەو تەنیا یەک شەڕی بە ئاشکرا دەکرد و سەنگەرێکی ھەڵبژارد بۆ شەڕەکەی ، کە ڕەھەندی داکۆکی کردنەکەی و بەرەکەی بۆ خێر و خۆشی گشتی بێت، بۆ توانەوەی شەختە و ھەڵتەکاندنی دۆگماکان بێت، بۆ ژیانێک بێت مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی سەروەر بێت، نەک زەلیل و کۆیلە، مرۆڤ ڕەفتارە خراپەکانی کەمکاتەوە و تای تەرازووی چاکەی قورس بکات…
سەدەی بیستەم، ئەگەر کورد ژانێکی گرتبێ، ئەوە مەسعوود محەمەد لەدایک بووە. ئەم بیرمەندە ئەگەر ھەموو شتێکیشی نەوتبێ !، ھێندە بەرھەم و نووسینی شاکاری دوای خۆی بۆ بەجێھێشتووین، پڕن لە وەڵامی پرسیارە ھەستیار و مەتەڵ ئاساکان . ئەو پرسیارانەی خوێنەر ناچار دەکەن، ئەقڵ و مێشکی بۆ بخاتە کار، ئەو پرسیارانەی پێویستە بە تێڕامان و بیرکردنەوە ئیستیان لەسەر بکرێ. ھاوکاتیش مامۆستا بە وەڵامدنەوەی پرسیارە ئالۆزەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان، چرایەکی ڕووناکی داگیرسان بۆ ڕاماڵینی تاریکی و کەم کردنەوەی نەزانی و پاراستنی بەھای پیرۆز و داھێنەرانەی مرۆڤ و تەختکردن و گوڵڕێژکردنی ڕێگای ژیانێکی شایستەی ناواخن تێر بە ئازادی و پێشکەوتن و زانیاری و حەسانەوەی بە ڕوومەت.
بە درێژایی بیرکردنەوە و نووسین، مەسعوود محەمەد ھەوڵ و تەقەلایەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵە و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەری چەواشەکراو و بەگژداچوونەوەی درۆ و دەلەسە و بێ مانایی و ھەڵبڕینی دەستی ڤیتۆ بەرامبەر بە ناڕاستی و ستەمەکان بووە، بە دروشمی گیان و پرنسیپ و ئاگایی بەرز و بە فۆڕمی ڕاستی و ھەق ویستن و خۆشەویستی مرۆڤەوە.لەم ھاوکێشە و ڕووبەرەشدا، بەشە گەورەکەی پەند و وانە و ئامۆژگارییەکانی بۆ ڕۆڵە نەوجەوانەکانی نەتەوەکەی خۆی بووە.
ڕاستییەک ھەیە سەرووی ھەموو باسەکان دەکەوێتەوە. ئەویش بریتییە لە وەی مەرج نییە من ھاوباوەڕی ھەر کەسێک بم و کتومت وەک یەک بیر بکەینەوە،. ئاخر بیرمەندێک دەڵێ:(گەر دووان وەک یەک بیریان کردەوە، یەکێکیان زیادەیە) بەڵام زۆر گرنگە چاوپۆشی لە ھەقیقەت راستی نەکرێ و بەشە ھەقی ئەو کەسەی جیاواز لە تۆ بیر دەکاتەوە بپارێزرێ. ناحەزە فیکرییەکانی مەسعوود محەمەد تاک و تەرایەکی ڕێزداریان لێ دەرچێ، سەرپاکیان ھێندە زاڵم و جەللادی سەر گیان و ئازادی بیر و ھزر و فکربوون، بە ژەھری ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان، مافی مەسعوود محەمەدی بیرمەندیان بە ئاشکرا زەوت دەکرد. ھەرچەند لەگەڵ ئەوەی ئەوانە سەردەمێکی زۆر خاوەنی ھێز و دەسەڵات بوون، لێ بە ھەموو ھەوڵ و چەواشەکاری و پلانگێڕیی و کڵابازییانەوە، نەیان توانی بارستایی و قەبارەی کاریگەرێتی و ھێز و گەورەی مەسعوود محەمەد بسڕنەوە.
بۆ ئەم یادی18 ساڵ تێپەربوونە بەسەر کۆچی دواییدا، مامۆستا مەسعوود محەمەد دا ، مەڵۆیەکتان لەخەرمانی بیر و نووسینینە ڕەنگینەکانی تێهەڵکێش کردووە.

.1.4.2020

ھەڵۆ بەرزنجەیی




دەوڵەتی کوردی لە دیدی ئەوانەوە! …ھەلۆ بەرزنجەیی

” دەوڵەت گرنگترین داهێنانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا”…. کارل. ڤ. دۆیچ

ماوەیەکی باشە، بە وردی و بە دیقەتەوە سەرنج دەگرم لە بیروڕای گشتی تورکی و عەرەبی و فارسی و بە تایبەت ڕۆشنبیران و کەسایەتییە گوێ لێگیراوەکانی نەتەوە سەردەستەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئاخر باری سەرنجی ئەوانم گەلێ لا مەبەستە، ھەر نەبێت گوایە ئەم تاقمە بە چەند ئاوێک لەچاو سیاسی و دەسەڵاتدارەکانیان دا شۆراونەتەوە!. وەک دەبینین ئەم دەستەیە جارەوجار گەر بە کزیی و لاوازیی و لەژێر لێویشەوە بێت، دەیانەوێ دەنگ ھەڵبڕن و شتێ بڵێن خۆیان لە دەسەڵات و عەوامی خەڵک جودا بکەنەوە….
ئێمە گوێمان لە دەنگە شەرمنەکانیان دەبێت، گوایە لەگەڵ مافی کورد دان و ھەندێکیان وەک « حەسەن عەلەوی و سادق زێباکلام » زیاتر هەنگاو دەنێن و دەڵێن: لەگەڵ مافی کورداین تا ڕادەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەڕاستیدا ئەمەش دیوێکی ئەو مەسەلەیە، کە ڕەنگە دەمودەست و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە مایەی دڵخۆشی هەر تاکێکی کوردستانی.
لێ گرفتەکە لەوەدایە کاتێ بە وردی دەچیتە بنج و بناوان و گەوھەری بۆچوونی ئەم دەستە و تاقمەوە ،دەبینیت، ئەمان زیاتر لەوانی دیکە لە پەرۆشی پاراستن و چەسپاندن و زامنکردنی دەوڵەتەکەی خۆیان و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەیان و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوەکەیان دان. لەم ڕوەوە ھەرچییەک بۆ تۆ بخوازن، بە ئامانجی خزمەتکردنی پرسی نەتەوایەتی و دەوڵەتە زۆڵەکەکەی خۆیانە. بەواتایەکی دی ئەم بۆچوونە بەرھەمی قەناعەتێکی چەسپاو و ئەزموونێکی دەوڵەمەند و باوەڕێکی بەرزی مافی گەلان و ڕێزگرتن لە ویست و خواستی ئەوانی تر نییە. ئاخر وەک مێژوو سەلماندوویەتی، ئەوان ! ھێندە سوورن لەسەر دژایەتی بوونی کورد و ژیان و مافە سروشتییەکانی، تەنانەت مافی ژیانی ئاسایشی بۆ ناسەلمێنن و بە شایستەی چ ھەقێکی نازانن. لە ھەرڕوانگەیەکەوە بڕواننە پرسەکەی تۆ، وا خۆیان و ھەموو ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە دوور و نزیکەکانیان ھەر لەبیرە.
کاتێکیش بۆ کورد لەگەڵ خواست و دامەزراندنی دەوڵەتدان، دەوڵەتی ناوبراویان وەک ئامڕازێک گەرەکە بۆ پتەوکردن و مەحکەمکردنی پێگەی نەتەوەیەتی خۆیان لەو ململانێ و شەڕە ستراتیژی و پرسی ئاسایشی نەتەوەییدا ، کە بەدرێژایی مێژوو ھەیان بووە و دەیان بێت. ھۆکەشی ئەوەیە کیانەکان دەستکردن، نەک بەرھەمی خەباتی میللی و جەماوەریی ، بۆیەکا ھەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانیدان .
ئاخر لە ناوچەکەدا ململانێ و شەڕی باڵا دەستی ئەوانە، بەشێکە لە مێژووی تۆمارکراوی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانی نێوانیان. ئەوان تا ئێستا ترس لە کێشەی کورد و رەھەندە نەتەوەییەکانی ، وا بەسەریاندا شکاوەتەوە بە تاکتیک لەگەڵ یەکتردا بوونەتە ھاوپەیمان و لە نێوان خۆیاندا ڕێکەوتنامەیان مۆر کردووە.ڕێکەوتننامەی جەزائیر بە نموونە.
جێی سەرنجە هەردوو لا کۆکن لەسەر خاڵێک ، کە ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. ھاوباوەڕەکانی عەلەوی، لە دیدی عروبەیانەوە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان، بە ستراتیژێکی باش و گرنگ دەبینن کە وەک قەڵغان بۆ پاراستنی دەروازەی ڕۆژھەڵاتی عارەبایەتی، لە ھێرش و چاوتێبڕینی فارس و تورک بپارێزێ…بە ھەمان پێودانگ و تێڕوانین، ئاغای زێباکەلام، دەڵێ: لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیداین لە باشوور، بە نێت و ئاواتی پاراستنی دەوڵەتی ئێران لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی عەرەب و تورک.
ھەردوو دەستەکەش بەس باوەڕیان بە دەوڵەتی کوردی لەو بەشەی باشووردا ھەیە، کە بۆتە دیوار و کۆسپێ لەبەردەم خەون و ئاواتی نەتەوەیی خۆیان دا. دەنا زێباکەلام کورد بە فارسی ڕەسەن لەقەڵەم دەدا و تەنانەت مافی خودموختاریشیان لە ڕۆژهەڵاتدا بۆ ناسەلمێنێ. ئەو پێی وایە کورد وەک ئێرانییەک ئەرکە لەسەری شانی داکۆکی بکات لە ئێران و بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە بداتەوە، کە لە دەرەوە ڕووتێ دەکەن.
شایانی ئاماژە پێدانە، گەورە زانای تورکی دۆستی کورد «ئیسماعیل بێشکچی» ، وەک تاکە دەنگی تاقانە و ناوازە، لەم دیدەوە بە دوور دەگرین، چونگە ئەو و باوەڕ و تێزەکانی و سزاچەشتنی زۆر و بەردەوامی تێکۆشان و بەرگریی کردن لە پێناوی کورد دا ، بواری چ دەمەتەقێیەکی لەسەر دڵسۆزیی و باوەڕی پتەوی نەلەقیوی زانستیانە و مرۆڤدۆستانەی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە. لەتەک ئەوەشدا، بە دووری نابینم ھێشتا لە نێو تورکدا کەسانی تریان ھەبن، وا بیر بکەنەوە وەک ئەوانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێ دا.
کەواتە دەرئەنجام ئەوەڕوون و ئاشکرا دەبێت، تا 50% بەرەو ژوورتری تورک و فارس و عەرەب نەبنە بێشکچی ئاسایەکی زانست پەروەر و واقیعبین و مرۆڤدۆست و خاوەن ھەڵوێست ، وا خۆتەفرەدانە ھەر چاوەڕێی داری زڕ بکەیت بەرت بۆ بگرێ و بڵێیت تورک و عەرەب و فارس تێڕوانینی واقیعی و مرۆڤدۆستییانەیان بۆ پرسی کورد ھەیە و ئیمڕۆ نا سبەی بەشێوەیەکی دیموکراسی دەتوانرێ چارەسەری کێشی کورد بکرێ!. ئاخر بنەمای سەرەکی دیموکراسی بە پێوەری زۆرینە و کەمینە دەپێورێ… کورد لە ھەموو بەشە ناشروشتییەکانی تێ ترێنجدراوە، کەمینەیە و ھیچ کات تاکە بڕیارێک بە دەنگ دان و دیموکراسی ناباتەوە.
ئەوەی لێرە گرنگ و ھەستیارە ئاماژەی پێ بدەین، جێی داخە کەوا ھێشتا سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد ھەن، چەند گالیسکەیەک لە یەک ئەسپ دەبەستن!؟…خەباتی نەتەوایەتی کورد، وەک کێشەی نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەنە قوربانی دید و بۆچوونێکی ئاینزاییی یاخود ئایدۆلۆژی و مل بۆ خودی دێفاکتۆکە نادەن..
ئەوە واقیعی تاڵی کوردە بەدەست داگیرکەرەکانییەوە. دەکرێ بڵێین کەم وێنەو بێ ھاوتایە، لە سەختی و تراژیدیایی دا. کەواتە، دەستەبژێر و سیاسی کورد، پێویستە کار بۆ بەرھەم ھێنانی گوتار و میکانیزمێکی تری خەبات و بەرەنگاری بکەن.، نەک خۆ وابەستە و دیلی دەقی کتێب و تیۆرییە نامۆکان بکەن.
بەداخەوە زۆرینەی ئەم دوو بەرە ڕۆشنبیر و سیاسییەی کورد،جێ پەنجەیان لەبەرھەمھێنان و داھێنانی کۆشک و تەلاری ھزر و ڕۆشنبیریی کوردیدا نییە، بەڵکو ھەر خەریکی گواستنەوەی ھەڵە و جوینەوەی وتراوە سواوەکان و گرتنەبەری ئەزموونە شکست خواردووەکان و لاسایکردنەوە
پڕ لەناجۆریی و دۆڕاویی نامۆکان دەکەن. بەم ھۆیەشەوە، کورد بە تێکڕا ، لەو مێژووە جەنجاڵ و پڕ لە کوێرەوەرییەی خۆیدا، وزە و سەرمایە و حەزو ئاوات و توانا و لێوەشاوەییەکی گەورە و بێ شومار و گرنگی بە فیڕۆ چووە.
لە ئێستاشدا، چاوپێکەوتنی بیرمەندێکی شیعەی لوبنانیم خوێندەوە« ئەنیس نەقاش» گوایە لە کتێبەکەیدا بەناوی « الکونفیدرالیە المشرقیە» دەرەتانێکی باشی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی وەک دۆزی کوردی خستۆتە بەرچاو.خواستی« دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵییەکی رۆژھەڵاتییە لەسەر ململانێ بە سیاسەت نەک بە ناسنامە»…واتە کوردێکی شیعە لەگەڵ فارسێکی شیعە و عەرەبدا یەکگرن و دژ بە کوردێکی سوننە و فارس و عەرەب بن… چونکە ناوبراو پێی وایە، « دابەشکردنی جوگرافیا لەسەر بنەمای ئەتنیکی و مەزھەبی و ئاینی سەرەتای شەڕە نەوەک کۆتایی» … ھاوکات ناوبراو پێی وایە:« کێشەکان ئەوکاتە دەست پێدەکەن کە داوای دروستکردنی نەخشەی نوێ بکەین لەسەر بنەمای جیاکاری نەتەوەیی». واتە لە ئێستاوە کورد بۆی نییە داوای دەوڵەتی خۆی بکات . کاتێکیش دەسەڵاتی کورد ، وەک فارس و تورک و عەرەب نەبێت، شوێن و پێگەیشی لەوان لاوازترە. ئەم بۆچوونە دەیسەلمێنێ کە ئەو ناتوانێ لە خەیاڵی باڵا دەستی عەرەب و ھەژموونی شیعەگەرایی دەرچێ و ھەمیشە خۆی وەک عەرەب پێویستە باڵا دەست بێت و ھاوشان پێشوەخت مسۆگەر بێت ، کە براوەی مەدانە و هەروەها ڕەنگە وەک شیعەش بەھەمان شێواز بیر کاتەوە. ئاخر ئەو فەزڵی عەرەبوون و موسوڵمان بوون بۆی سەلماندووە و پسووڵەکەی داوەتێ. ناوبراو پێی وایە :«دەوڵەتی بنیاتنراو لەسەر نەژادی و دین بەرەو ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە». کەچی سەرسەختانە داکۆکی لە ئێران ودەوڵەتە دەستکردەکانی دیکەی عەرەبی دەکات. دەڵێ: »ناوی کوردستان لە ئێران ھەیەتی، ئەوە لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا دەبێ… لە ئێران کورد وەک ھەر عەرەب و تورکمان و فارسێکە، چونکە ئێران لە شەش ئەتنیک پێکھاتووە و یاسا جیاوازییان لە نێواندا ناکات. ئەوێ وەکو کۆنفیدڕاڵییەکی ئەتنیکانەیە لە ئیمپراتۆرییەکی فارسیی بچووکدا«. کەواتە تۆ ھەرچی بەدەست بھێنی ھەر لەژێر ڕکێف و ھەژموونی ئەواندا دەرناچیت و ئێرن ئەو نموونە باڵا و سەرمەشقەیە، مافی خۆیەتی باڵادەست و ئیمپراتۆر بێت و تۆش لە پەراوێزدا ژیان بگوزەرێنی.
ئەم بیرمەندە دەڵێ« لەم کۆنفیدڕاڵییەدا شوێنێک بۆ زایۆنیزم نییە، بەڵام فەلەستین دەبێتە بەشێک لەوە». ئەم ڕاگەیاندنە کتومت ناوەڕۆک و گەوھەری ناڕوون و ناواقیعی و عروبەچێتی و مەزھەبگەرایی بەدیار دەخات.ئاخر ناوبراو ھەم مافی ژیان بۆ ئەوان/ جولەکە ناسەلمێنێ و ھەمیش لە خەیاڵی گرد و مۆڵکردنی وزە و توانا مرۆیی و ئابووری و سیاسییەکانی گەلانی ناوچەکەدایە، بۆ یەکخستنیان لە بەرە و سەنگەرێک دا، لەبەرامبەر جولەکە یاخود ئەوەی ئەو بەردەوام بە زایۆنیزم ناوی دەبات. کەواتە کورد و گەلانی دیکە دەبێت وەک عەرەب شەڕی جیھادی و فەتوای لەناوبردنی ئیسرائیل رابگەیەنن. ئەمەش کتومت پاشکۆیی و چوونە پەراوێزی شەڕ و ململانێیەکەوە نیشان دەدات، کە لە سوودی کورد و خودی ناوچەکەشدا نییە. بە کورتی و کرمانجی ئەرکی سەرەکی کورد دژایەتی داگیرکەران و سەربەخۆیی بەدەستھێنانە.
کاتێک دەڵێ: فەلەستین دەبێتە بەشێکی ئەو کۆنفیدڕاڵییە، واتە دەوڵەتی فەلەستین … ئەو نایەوێ كۆنفیدڕاڵی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا دروست بێت، بەڵکو دەیەوێ عەرەب بە 24دەوڵەتەوە و فارس بە ئیمپراتۆرییەتەکەیەوە ببنە بەشێک لەو جوگرافیا سیاسییە و شەڕی زایۆنیزم درێژە پێ بدەن. کەواتە ئەوە دەزانین ، ئەو نایەوێ کوردی بەیەکگرتوویی و وەک یەک دەوڵەتی سەربەخۆ بێتە ناو ھاوکێشەوە، بەڵکو وەک بەشە بندەستەکانی چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی. ھەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە ھەر ھەوڵ و ئاڕاستەیەکی خەبات و ویست و داوای کورد، بۆ دەوڵەتی کوردی بێت، لەدەرەوەی ویست و کۆنتڕۆڵی ئەوانەوە بێت، یەکەوڕاست بە کاری ئیمپریالیزمی دەزانن و بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەدی دەکەن.
ئەنیس نەقاش لە دوا پەرەگرافی قسەکانیدا دەڵێ: »کۆنفیدڕالیزمی ڕۆژھەڵات، کێشەی کورد چارەسەر دەکات.« ناسنامەی مەشریقی دەبێت» ئەمەش جەوھەری گەلانی دیموکراتیکە کە تیۆرییەکەی سەرۆک ئۆجەلان داوای دەکات«.
وەک دەبینین ناوبراو، جەخت لەسەر تیۆرییەکەی ئۆجەلان دەکاتەوە. مەخابن ساڵانێکە لە تیۆرییەکەی ئۆجەلانیش دا تارمایی پاشەکشەیەکی گەورە لە دۆزی نەتەوەیی دا بەرچاو دەکەوێت و جێگە و پێگە و ناونیشانی « دەوڵەتی نەتەوەیی » نییە.کەواتە ھەردوو لا ھاوبەشن لەم پرسە گەوھەرییەدا و بە خۆڕاییش نییە نقاش بۆ رامکردنی کورد ھانای بۆ تێزەکانی ئۆجەلان بردووە.
لێرەدا لای ئەوان/ بۆ ئەوان گرنگ و داواکراو ئەوەیە، کورد بانگاشە و داخوازی «ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانێکی سەربەخۆ و بوونە دەوڵەت» تی نەبێت و بزری کات. ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە کە گوتاری ئایینی و ئایدۆلۆژیای ئینتەرناسیۆنالیست و ئەندێشەی کۆسمۆپۆلێتی و خەون و خەیاڵی یۆتۆبیایی، سەرمەستەکانی دوور لە واقیع و دەروون نەخۆش و خاوەن گرێی خۆبەکەمزانەکانی بەرەیەکی فراوانی کوردی پێی گرفتار بوون.
بە دیوەکەی تریش دا ئەو دیمەنە قێزەون و بێزارکەر و ئومێدکوژە نمایش دەکات، کە دەستەبژێری گەلانی سەردەست، چ جیاوازییەکی بنجییان لەتەک خەڵکی ڕەشۆک و سیاسی و سەربازی وڵاتەکەی خۆیاندا نییە. بەداخەوە زۆری ماوە لەنێو شۆرش و ڕاپەڕینەکانی کورد دا، ژمارە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕۆڵەی گەلانی سەردەست ببین، ھاوشانی کورد بۆ مافی نەتەوەیی و ژیان و دیموکراسی کورد تێ بکۆشن، وەک ئەوەی کاتی خۆی رۆشنبیرە فەرەنسییەکان بۆ سەربەخۆیی جەزایر دژ بە وڵاتەکەی خۆیان کردیان.
کەواتە گەر واقیعبین بین و دروست ریال پۆلەتیک بخوێنینەوە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێ، دەمێکە
ئەو خەونە بەتاڵ بۆتەوە، ئەوان! ببنە بەشێک لەو تێکۆشەرانەی بۆ ئامانجەکانی تۆ تێ بکۆشن. گەر هەشبن ! ئەوا ڕێژەیان لە پەراوێزدان.
شایانی گوتنە، لەم وانە مێژووییەوە، باشتر حاڵی بوون، کە پێویستە ستراتیژ و ئامانجی ـ بەدەوڵەتبوون ـ ی خۆمان ڕوون و ئاشکرا بکەین و لە ڕوانگەی خۆمانەوە لەسەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسیەوە ، بەرامبەر بە خۆمان و ئەوان! ئەم ھەقیقەتە مێژووییە بیکەینە دێفاکتۆیەکی نەگۆڕی چەسپاو ، نەک بەدیار داری زڕ و خەونی نەزۆکی ئەوانەوە دۆش دابمێنین.

ھەلۆ بەرزنجەیی 1.3.2020




ناساندنی کتێب: بژاردەی دووەم … هەڵۆ بەرزنجەیی

بژاردەی دووەم

بەرەنگاربوونەوەی لێقەومان، بنیاتنانی خۆگونجاندن، دۆزینەوەی دڵخۆشی
نووسینی شێریڵ ساندبێرگ و ئادەم گرانت…………. لە ئینگلیزییەوە : محمەد حەمە ساڵح تۆفیق
لە بڵاوکراوەکانی هیوا فاوندەیشن ………………….. چاپی یەکەم:٢٠١٩ …………. ٢٥٩ لاپەڕە
” ئەم کتێبە لەبارەی توانا و گیانی مرۆڤانەوە دەدوێت بۆ کۆششکردن.

ئێمە بەدوای ئەو هەنگاوانەدا دەگەڕێین کە خەڵک دەتوانن بینێن،چ بۆ یارمەتیدانی خۆیان، یان بۆ خەڵکانی تر. هەروەها کنە و پشکنین لە سایکۆلۆجیای ئاسایبوونەوە و تەحەداکانی بەدەستهێنانەوەی متمانە و دووبارە گێڕانەوەی خۆشی و ئاسوودەیی دەکەین… هەروەها مشتومڕ لەسەر ئەو بوارانە دەکەین کە دەبنە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگە،کۆمپانیای خۆگونجێن و منداڵانی بەهێز پەروەردە دەکەن و دووبارە خۆشەویستی دەچێننەوە”.ل٢٤
کاروانی ژیانی مرۆڤ هەمیشە بە ڕاستە شەقامێکی تەخت و بێ کۆسپدا ناڕوات. بەشێکی زۆری ڕێگاکەی پێکهاتووە لە هەوراز و نشێو و لۆڤە و پێچاوپێچ. بەواتایەکی دیکە دنیا، بە حەز و خواست و پرۆگرامی پێشوەختی نەخشە بۆکێشراو ناچێت بەڕێوە. گرفت و ناخۆشی و تەنگانە و پێشهاتی جۆراوجۆر دیاردەی دانەبڕاوی چارەنووسی ژیانی هەر تاکێکە. زۆر گرفت هەن، چارەسەریان بە هەر جۆرە ئامڕازێک بێت بە سانایی دەکرێت. مرۆڤیش بۆیە سەروەر و باڵادەستی ئەم گەردوونەیە، چونکە توانای هۆش و بیرکردنەوە و زاڵبوونی هەیە، بەسەر دەورووبەروو و چارەسەری کێشەکان دا.
ئەم یاسا بەڵگەنەویستە، لەوە بەدەر نییە،کە کێشە دەروونییەکان و ئەوانەی وەک شەپۆلێکی قورس و گران لەسەر دڵ و هەناو هەڵدەکەن و قرچەی لێ هەڵدەستێنن، جەستە هەلا هەلا دەکەن و تونا و وزە دەگووشتن و بیرکردنەوە بەرەو وشک بوون و دەبەن و هیوا و ئاسۆی ژیان تەڵخ و ڕەش دەکەن، زامێکی دەروونی قووڵی بەئازارن، مرۆڤ کڵۆڵ و بەستەزمان دەکەن. ئەم بوونەوەرە بۆ ئەوەی بەرەو ڕوویان بێتەوە، پێویستی بە خۆڕاگریی و بەربەرەکانییەکی زۆر هەیە. هەندەک جارانیش بە تەنها لە عۆدە نایەت و بۆ ئەوەی لەژێر باری سەختی دەرد و ئازارەکان دا ڕاست بێتەوە،ناچاری کۆمەک و هاوکاریی ئەوانی دیکە دەبێت.
دەروازەی باسەکە بە ناسینی کچ و کوڕێک دەست پیدەکات و دوایی هاوسەرگیریی دەکەن و دەبنە خاوەنی دوو منداڵ. پاش ١١ ساڵ پێکەوە ژیان لەناکاو ژنەکە دەکەوێ بەسەر کۆستی مێردەکەیدا. ئیدی ژنە دەچێتە دۆخێکی ئالۆز و دژوارەوە و سەری دنیای لێ دێتەوە یەک. بە ناچاری و هەناسەساردی و خەمباری شان دەداتە بەر لرفەی شەپۆلە بێ روحمەکانی ڕۆژگار. خەمی خۆی لەبیر دەچێتەوە و خەمی منداڵەکانی دەبێتە سەرباری خەمەکان و هەروەک خۆی دەڵێ بەدیوێکدا: ” پێی زەحمەتە هەواڵی مردنی باوکیان بداتە منداڵەکانی” و بەدیوە گەورەکەشدا، لە پەڕۆشی ئەوەدا گێنگڵ دەخوا،کە “جارێکی تر منداڵەکانی نەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی ژیان”. بەڵام ژنە (شێریڵ) لە مەودایەکی کورتدا،دوای ئەوەی چیرۆک و بەسەرهاتی دەیان ژنی تری کۆست کەوتوو و خەمبار و لێقەوماو دەبیستێ و دەخوێنێتەوە،ورە دەداتە خۆی و دەیەوێ گورجوگۆڵانە و زوو ڕاست بێتەوە بەڕووی ئەم ناڕەحەتییەدا وئیلهام وەردەگرێ لە: “شاعیران و فەیلەسووفان و زانایان وایان فێریان کردووین،کە ژیانمان تا سەر هەمیشە لەیەک ئاستدا نابێت”.
هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی پاڵەوانی باسەکان بە گشتی ژنان/ دایکانی لێقەوماو و کۆسکەوتوو و ماندوی دەستی ژیان و گورزخواردووی دەستی قەدەری بێڕوحمانەی قورس. دایکانێک دوای مردن و لەدەستدانی هاوسەریان بە کۆشێ منداڵەوە دەکەونە گۆڕەپانی جەنجاڵ و سەختی ژیانەوە. ئەم باس و بەسەرهاتانە پێم وایە هەبوونی لە سەرتاسەری کوردستاندا،شتێکی نامۆ نییە و ڕەنگە خێزان و گەڕەکێک نەبێت ئەم دیاردەیەی نەبێ. باوک شەهید دەبێت، لەسێدارە دەرێ و کۆمەڵێ منداڵ لەدواییدا بەسەر ژنەکەدا جێ دەمێنێ. برا لە سێدارە دەدرێ دایک و کۆمەڵێ خوشک لە کۆمەڵگەی باوکسالاریدا تەنیا دەمێننەوە. ئەم کۆپلە شیعرەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس پێناسەیەکی جوانی ئەم دۆخەیە.
چاوی زستان، بێ وەنەوزە،پێڵووی ئارامی لێک نانێ… شەستە باران،هەزار بەهار، نادا بە کوڵی گــــریانێ
شەوی تاریک، وەها چۆکی لەسەر سنگی شار داداوە… لە سەیوانی، هەر ماڵێکدا، دار ئـــەرخەوانێ ڕواوە
چیرۆکەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردەواری هەموو دەیانزانین و لێی تێدەگەین. ئەوانەشی لێرەدا ئاماژەیان پێ کراوە، زیاتر هی کەسانێکی کۆست کەوتوون و خەفەت و داخ و نائومێدی هێندەی مشتێک لەسەر دڵ و دەروونیان پەپکەی کردووە و هەموو ئاسۆ گەشەکانی ژیانی لێ گرتوون. بەڵام نەبەزیون و کۆڵنەدەرانە لە زەریای ژیاندا سەوڵ لێدەدەن.
ئاخر واقیعی ژیانی ئەوروپا، وەک کۆمەڵگەی پیشەسازی و مۆدێرنە و شاری گەورە و کاری سەخت و کۆتوبەندی گرێبەستەکانی کاردن، لە مێژە پەلوپۆی مرۆڤی ئەم دەڤەرەی بەستوو و تا ڕادەی پڕووکاندن شەکەتی کردووە. مرۆ زۆرجار ناچاربووە، بەتەنیا ڕووبەڕووی سەختی ژیان بێتەوە، هەربۆیە دیاردەی هاوسەگیریی و منداڵ خستنەوە کز و سستە و ڕێژەکەی زۆر نزمە. تاک و ڕێکخراو و دەوڵەتە ڕۆژئاوایی و مۆدێرنەکان بەوە ناسراون، بۆ هەر کار و بەرنامە و پرۆژەیەکیان لە هەر ئاستێکدا بێت، ١ـ ٣ پلان و بژاردەیان هەس. ئەمەش وای کردووە ئامادەکاریی پێشوەخت بۆ گەلێ ئەگەری کراوە بکەن و لەمەشدا گەلێ سەرکەوتوون. کەواتە ئەوە نهێنی سەرکەوتنی مرۆڤەکانە،کە دەبێت ئەو میکانیزم و خەسڵەتەی ئامادەکارییەی پێشوەخت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرە جۆراوجۆرەکان ئامادە بکاکەن و حازربەدەستی بکەن و بپارێزن، تا بتوانن بەرەنگاری چرکەساتەکانی لێقەومان ببنەوە.
کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کە هێشتا گەشەی پێویستی ژیانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و مۆدێرنەیان تێنەپەڕاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە مرۆییەکان لێرەش وردە وردە بەرەو کاڵبوونەوە و خاوبوونەوە دەچن.
لەلایەکی دیکەوە دنیای ئەمڕۆ بۆخۆی بۆتە، شانۆگەرییەکی تراژیدیایی بێ بڕانەوەیە و سیخناخە بە شەڕ و کارەسات و کوشتن و مەرگی بەردەوامی ئازیزان و لەدەستدانی کەسە خۆشەویستەکان. بەم جۆرە زەمینەی لەبار لە ئاردایە،بۆ خەمبار بوونی مرۆڤە هەست ناسک و دەروون پاکەکان. ئیدی بۆ بەربەستکردنی داڕمانی هەموو بەها جوانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، مرۆڤەکان پێویستیان بە پێداویستی و ئامڕاز و هۆکارەکان هەیە لە لایەک وەک کەرەسەی ماددی و لەلایەکی ترەوە دڵ و دەروونێکی بەهێز و ویست و خواستێکی پۆڵایین و گیان و ڕۆحێکی لێک نزیک بوونەوە و هاوکاری یەکتر کردن و خۆشەویستی و بەهانا چوونی یەکترەوە.
بنۆڕە، مرۆ گەورەکان،کە کوڕی ژان و ئازارە قورسەکان بوون، لە ژیانەوە فێربوون ڕێگای سەخت بۆ خۆیان و کەسانی تر تەخت بکەن.
کتێبەکە”بژاردەی دووەم” پڕە لە بەسەرهات و سەرگورشتەی جۆراوجۆر و وانەی گرنگ و بۆچوونی زانستانەی پزیشک و دەرونناس و کۆمەڵناسەکان. هاوکات نموونەی زیندووی لە کولتوور و فەرهەنگی گەلانەوە هەڵگۆزیوە. لە کارەساتە مرۆییەکانی ڕۆژگاری مێژوو و هاوچەرخەوە باسگەلێکمان دەخاتە بەرچاو بۆ بەرچاو ڕوونی وفێربوون و بەرزکردنەوە باوەڕبەخۆبوون. ئەوەتا دەڵێ:”فەرهەنگی ئەمریکی وای سەپاندووە کە لە وەڵامی چۆنیت؟دا تەنها وشەی ،باش، بەس نییە… بەڵکو پێویستە ،،زۆر زۆر باش،،مان هەبێت”. یاخود گەر خەونی دی “خەونی ئەمەریکی” ببینە. ئەمەش بۆ خۆی کردنەوە پەنجەرەیەکی نوێ لەبەردەم بیرکردنەوەمان دا، کە چۆن و چەند گەشبین بین و باوەڕ پتەو هەڵسوکەوت بکەین و پەرچە کردارمان بۆ کردارەکان چۆن بێت.

ساتێ مرۆ دەکەوێتە تەنگانەوە، تەنانەت داڕشتنی ڕستەیەک و دەربڕینی وشەیەکیش بۆ خۆی ئاماژەیە بە هیواگەشی یاخود هیوابڕاوی بە ژیان. نووسەر دەنووسێ: ” من هەمیشە هەست بە ترس دەکەم” ئەو دوای باوەڕ بەخۆبوون و ڕابوونەکەی دەیکاتە” من هەندێ کات هەست بە ترس دەکەم”. لەم هەڵسانەوە و وەرچەخانەدا ،وەک سەرەتا و پرنسیپ هەر دەبێت پشت بەخۆت ببەستی، ئاخر وەک دەڵێن: گەر خەڵکی تر سەرت بۆ بخوڕێنێ، ئازارەکەت بەتەواوی ناشکێ. ئیدی ئەو بوونەوەرەی ناوی مرۆڤە،بە حەتمی لە کاروانی ژیانیدا ڕووبەڕووی کۆسپ و کۆست و کێشە و دەردیسەری دەبێتەوە، دەبێ بچێتە ناو سەنگەرێکەوە، بە ڕووی لێقەوماندا بەرەنگاری بکات و لەگەڵ سەختی و نالەباری هەڵکەوتوو و بارودۆخدا خۆی بگونجێنێ و بۆ ڕزگار بوون لە کارەسات و نەهامەتی و کوێرەوەرییەکان. هەوڵی گەیشتە ترۆپکی دڵخۆشی و شادی بدات. ئەمەش ئەو هاوکێشەیە، کە پاڵەوانی سەر شانۆکەی ژیان هەر مرۆڤە و مرۆڤ و کردە کۆمەڵایەتی و داهێنانە سەرسووڕهێنەرەکانی. لێرەشدا ئەرک و پێداویستی سەر شانی هەر تاکێکی تەندروست و سوودبەخشی کۆمەڵگەیە، باوەڕ بەخۆبوون لە خۆیدا بخوڵقێنێ و گیانی هاوکاری کردنی ئەوی تر لە خۆیدا ساز بدات و بکاتە پرنسیپ. ئەوجا بەم دوو چەکەوە و پێکڕا، دەرەتانی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و کارەساتە دەرەکی و دڵتەزێنەکانمان پێ جێبەجێ دەبێت.

هەر تاکێکی کۆمەڵگەش بە بازنەیەکی پەیوەندی گرێ دراوە، کە لە چەقی بازنەکەوە دەست پێدەکات. دایک و باوک بە منداڵەکانیانەوە و دایک و باوکی خۆیان و برا و خوشک و پاشان خزم و ئەوجا هاوڕێ و دۆستانەوە. ڕاگرتنی پەیوەندی لەم ڕووبەرەشدا، خۆشنوودی و جوانییەکی زیاتر بە ژیانمان دەبەخشێ . ئەوەش لەکەس شاراوە نییە، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی کامڵ یاخود نیوە کامڵمان بۆ ژیان هەبێت، گەرەکە ئەزموونداری بکەین و لە ئەزموون و تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانەی ئەوانی تریشەوە فێر بین. هەروەک س. کێرکگاردی فەییلەسووف دەڵێ:” ژیان تەنها بە درەنگ وەختەوە دەتوانیت لێی تێبگەیت،بەڵام دەبێت پێشوەختە بزانیت چۆن دەژیت”. کەواتە بڕوانە چەند هونەرە مرۆ بتوانێ ڕۆژگارە ناخۆش و دڵتەنگییەکانی ژیان بگۆڕێ بە شادمانی و هیواگەشی. ئەم کارەش هەر بە مرۆڤ دەکرێ.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا، بە هەزاران جۆری میتۆد بۆ لێکۆڵینەوەی لە سەر تراوما و دەرەدە دەروونی و کێشە کەسییەکان کراون و هەن. بودجەی زەبەلاحیشیان بۆ تەرخان کراوە، هەر بۆ نموونە لەوڵاتی بەریتانیا وەزارەتێکی تایبەت بۆ کێشەی (تەنیایی) مرۆڤەکان دامەزرێندراوە. چونکە ئەم دیاردەی تەنیاییە هەڕەشەیەکی زەقە لەسەر مرۆڤی سیستەم و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان. شکست و تێکشکان و سەرنەکەوتون و نەگەیشتن بە ئاوات لە قۆناغێکدا، دەبێت ببنە مایەی فێربوون و سوود لێوەرگرتن و وانەی سوودبەخش بۆ ئایندەیەکی بێ شکست و دۆڕاندن و هەڵاتن…
” یەک لە باشترین ڕێگاکان بۆ ئەوەی بە جوانی خۆمان ببینین،داواکردنە لە خەڵکی تر کە ئاوێنەیەکمان بۆ بەرز بکەنەوە”. سا بنۆڕە کامە پەند لەم ڕستە زیندووەدا هەیە و چ پەیام و جوانییەکی تێدا حەشار دراوە. هەروەها چ بە مرۆڤ دەڵێ، هەروەک چۆن دەڵێن: یەکێ لە گۆڕەپانەکەدا یاری نەکا، نازانێ یاریزان بۆ هەڵە دەکات”. مرۆ چەند داهێنەر و مەعلانیش بێت، هێشتا پێویستی بە سەرنج و تێبینی بەرامبەر/ هاوڕێ و دۆستەکەی هەیە،تا پێی بڵێ،ئەمە شێوە و شێواز و باش و خراپی و جوانی و ناشیرنێتی. نەشتەگەر و نووسەر ئاتۆڵ گاوەندە دەڵێ:” وەرزشکاران و گۆرانیبێژان، ڕاهێنەریان هەیە،ئاخۆ ئێوەش هەتانە؟”. چ خۆش بوو هەر تاکێک ڕاهێنەر و ئامۆژگاریکەرێکی هەبوایە، بە گیان و هەستی مرۆڤدۆستی و نیشاندانی ڕێی ڕاست و فێرکردنی کردەوەی چاک، لەسەر سێکوچکەی زەردەشتی مەزن(بیری چاک و قسەی چاک و ڕەفتاری چاک) بهاتینایەتە گۆڕەپانی ژیانەوە. ئاخر هەموو پێویستمان بە زانینی زیاتر و پەروەردەی باشتر هەیە.

هەر کاتێ پێویستت بە باوەشێکی نەرم و مەجلیسێکی گەرم و چێژێکی خۆشی ژیان بوو، گەرەکت بوو پەڕۆیەک لە بەسەرهات و کوێرەوەرییەکانی ئەوانی دیکە دابدڕی و ئەزموونت دەوڵەمەند بکەیت، پەنا بۆ ئەم کتێبە و ئامۆژگارییەکانی بەرە، وەک گۆپاڵ و دارشەقێ تا بە هەورازەکانی ژیان هەڵگەڕێی و بە دۆڵ و نشێوەکاندا شۆڕبیتەوە و هەتا هەموو ڕێگا سەختەکانی ژیان بە هونەر و داهێنانی داهێنەرانەی خۆت نەرم و پێدەشت بکەیت. بە باوەڕی من هەقە هەموو کەسانی بواری پەروەردە و فێرکاری و دەروونناسی و ستراتیژی ئاشاییشی نەتەوەیی ئاگایان لەم باسوخواستانەی ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە بێت، چونکە کەموزۆر پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە مرۆڤەکانی نیشتمانی داغانبووی ئێمەشەوە و چارەنووسە خەمناک و بەختەوەرییەکانیانەوە. ئاخر لە کوردستانی فرمێسک و خوێن، لە ئەنجامی شەڕی داسەپاوی داگیرکەران بەسەرماندا،(ئەنفال و هەڵەبجە و داعش و لە سێدارەدان و ڕاوەدوونانی …هتد)،کوێرەوەری و کارەسات و گوناحەکانی دەستی خودی خۆشمان، ژمارەی بێوەژن و برا گەشمردە بوو، ئافرەتی لێقەوماو و تاکی بێدەرەتان هێندەی گەڵای دارەکانیان لێ هاتووە. برای وەرگێڕ لە دوا لاپەڕەکاندا بەکورتە نووسینێک باس لەوە دەکات بۆچی ئەم کتێبەی هەڵبژاردووە و کردووە بە کوردی ،کە دەبێتە تەواوکەری بۆچوونەکانی من لەم بوورەدا.
ئەوجا پێش ماڵئاوایی جێی خۆیەتی دەستخۆشییەکی باش لە مامۆستا محەمەدی وەرگێڕی ئەم بەرهەمە نازدارە بکەم. هەم بۆ هەڵبژاردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیە،کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتر بایەخی دەرکەوێ و گەلێ کەس خۆی تێدا ببینێتەوە.، هەمیش بۆ ئەو زمانە تەڕو پاراوە و سەلیقە وردەی لێرەدا بە خەرجی داوە… لەڕاستیشدا، پتر ئیرەیی دەبەم بەو حەوسەڵە و بیندرێژی و پشووودرێژییەی هەیبووە، لە وەرگێڕانی ئەم بابەتە نوییەدا بۆ کتێبخانەی کورد. دەستخۆش مامۆستای بەپەرۆشی وشە و ڕۆشنبیریی کوردی، بۆ ئەم دیارییە ژیکەڵەیەتان بۆ کتێبخانەی کوردی. ماندوو نەبن لە خزمەتکردن.

سەرنج: هەموو ئەو وشە و ڕستانەی خراونەتە نێو دوو”…” ەوە لە کتێبەکەوە وەرگیراون.

هەڵۆ بەرزنجەیی ١١/٣/٢٠٢٠




هونەری گپرانی لە نێوان دوێنێی زیندوو،ئیمڕۆی بێ گیان دا … هەڵۆ بەرزنجەیی

  • لێرەدا من گەرەکم نییە لە ڕووی زانستییەوە، قسە لە ھونەری موزیک بکەم، چونکە ئەوە بوار و پسپۆڕی من نییە. لێ مەبەستمە لە کولانەیەکی دیکەوە، سەرنجێ لەو موزیک و تێکستانە بگرم، ئەوانەی بە ڕەسەنی خۆیان رۆح ئارام دەکەنەوە و چێز و خۆشییەک بە گوێگر دەبەخشن، لەناوەڕا ھەستی خۆشی دەبزوێنن.. ھاوکات بەراودێک بکەم لە نێوان ئەو ھونەرە بەھێز و زیندووە، لەتەک ھونەری بێ گیانی سەردەمی مۆدێرنەدا ..
    بۆ ئەم بەراوردکارییەش زۆر دوور ناکەومەوە…لەو نموونانەی لەبەر دەستدان، من کاری ھونەرمەندی میللی بەناوبانگ « میدیا حسەین» و کوڕەکەی « جێگر میدیا حسەین» م وەک نموونە دەھێنمەوە.
    ئەوەیش لەبەر ئەوەی سەردەمەکانیان بەدوای یەکتردا دێن و ستایل و شێوازی چڕینی گۆڕانییەکانیش زۆر لێکەوە نزیکن.
    گۆرانی جاران:

شنەی شەماڵ لەکوێوە دێ و دەڕوا بەسەر زێوە
مەگەر گوڵ دوو باڵم بڕوێ، بفڕم بەو کەژ و کێوە
خۆی بەناز لێ تۆرانم، ناسکۆڵەی پەری شێوە
ھەر ھێندەم خواست تەمەن، با شادبم بەو دوو سێوە
سەر لەسەر سنگی دانێم، چش ھەوراز و نشێوە..


لێوی پیاڵەی سادەیە، شەکری دەمی بادەیە
وەی لەودڵە بەدبەختەم، بێ ھێز و ئیرادەیە
ناوێرم ھاتووچۆی کەم، ماڵیان لەسەر جادەیە
سیروان لەھەقم نایە، سووتاوم بەو ڕادەیە


ھەروەکو مانگی چواردە،تریفەی لەگەڕەک وەردا
بە دەستوپەنجەی جوانی، درزێکی خستە پەردە
میدیا حسەین

تەماشای ھونەر و چێژ و جوانی و تەڕوپاراوی وشە و گیانی زیندووی ئەم دێڕانە بکە… ئەو عاشقە وێڵ و سەوداسەرە، ھەموو ھیوای تەمەنی گرێ دەدات بە گەیشتن و شادبوون بە دوو سێوەکەی یار… ئەو دیو سێوەش ھان بە باڵای دەرەختێکەوە لە نزیک تۆقەڵەی سەرییەوە… شوێنەکە بەسەر سەرسنگەوە وەستاوە. بڕەک بەردەڵانی ھەواراز و نشێوە… سروشتێکی جوگرافیایی کە لە ھەموو شوێن و دەڤەرێکی کوردستان بەرچاو دەکەوێت. بڕینی ئەم سروشتە جوانە سەخت و دژوارە، دیارە ھەڵبژاردنی ئەم سروشتە بکرێتە جۆلانەی خەو و عاشق بیەوێ پشوویەکی ئارامی تێدا بدات، یاخود سەرخەوێکی لەسەر بشکێنێ، ئەوە بۆی ئاسان نییە و ھەر دەبێ تلاوتلی بێت، لە نێوان شیو و دۆڵی سەر سنگی یاردا.
یاران چ وێنەیەکی شیعری جوان لێرەدا بەرجەستە بووە!…تەختایی سنگ و نشێوی نێوان دوو مەمک، ئەم بەرزی و نزمییە، بۆتە ھەوراز و نشێوی سروشتێکی جوان. جا عاشقە شەیداکە، ھیچ دەربەست نایەت بەم قەدو باڵایەد ھەڵزنێ ، بەو ھەوراز و نشێوەدا ڕێ بکات تا دەگاتە تەپۆلکەکان/ بەرزاییەکانی لوتکەی سێوەکان.ئاخر لە جۆلانەی ئەم داڕشتن و مانا سیمبۆلییە ژیانییەدا، تەڕوپاراوی ھونەرێکی زیندووی، تێدا دێت و دەچێ تەوژم دەدات …
خەیاڵ و فەتازیایەک لێرەدا بەرجەستە بوو، نمایشتی جوانترین تابلۆ عەشق و خۆشەویستی بووە. من بۆخۆم ھەرگیز بێزار نابم لە بیستنی ئەم جۆرە وشانە، کە بە ناواخن دەوڵەمەند بە مانا، بە خەیاڵو فەنتازیا، بە لێکچوواندن و بزواندنی ھەست… بەئاواز و مۆزیکی نزیک لە عەشقی جوانی…

گۆرانی نوێ:


حەز دەکەم لەگەڵ یاردا بچمە جادەی پۆزەکە
خۆم سورای دەکەم، دەیخەمە سەیارەکە
با عالەم بزانێ جێگر چاوی ماچ دەکا
ھەتاکو ڕۆژی مردن، جێگر یادی لێ دەکا
بەخۆشی ئەمانە، ئەو گەعدەیەت بۆ دەکا
جێگر میدیا حسەین
ئینستاگرام نەبوایە ئێمە چیمان کردایە
وێنەی خۆی داناوە کوشتمی ئەو لایلایە
فەیسبووک باوی نەما باوی ئینستاگرامە
دەڵێ وێنەکانی تۆم بۆ یادگاری لە لامە
شیروان عەبدوڵا

لەگەڵ خۆشەویستی بۆئەم دوو گۆرانیبێژە ، کە دەزانم کۆمەڵێ بەرھەمی جوانیشیان ھەیە و ڕەنگە لەنێو ئەو دەستەیەی ئەم بازاڕی ھونەریان گەرم کردووە، لە ھەرە باشەکانیان بن. لێ دیسانەوە لێرەدا ناجۆری ناھەمووارییەکی ئاڵۆز و قورس ساز بووە.
جارێ لە ڕووی داڕشتن و وشەکانەوە، زۆر وشک و بێ گیانن. ڕەنگە لەشاری سلێمانیش دا کەسانێک ھەبن، نەزانن «جادەی پۆزەکە » چییە و لەکوێیە و مانای چییە؟!! جاوەرە مەودای خەیاڵت بۆ کوردێکی بەشەکانی تری کوردستان بڕوات ، دەبێت ئەو وشانە چەند ناسازتر بێنە گوێی بیسەر!…
یان بیسەرێکی کرمانشانی چۆن لە وشەی «گەعدە »تێ بگات؟؟؟
ڕووبەری ئەم گۆرانییە و کەرەسەکانی، ئامێرگەلێکی تەکنەلۆژیایی سەردەمی مۆدێرنەن. خۆشییان لە تامی ئەو تەماتە بریقەدارانە دەچێت، کە تامیان نییە… ژیان لێرەدا دیلی ئەو پێگە و تۆڕە تەکنەلۆیاژیانەیە کە ناویان ناوە فەیسبووک و ئینیستاگرام و… تاد.
من پێم وایە، تا تەکنەلۆژیا پێشکەوێ، چێژە ڕۆحییەکان زیاتر دەکوژرێن و ، لە ڕەسەنایەتی دوور دەکەوینەوە و وشەی بێ گیان و ئاوازی وشک بە لێشاو دەڕژێتە گوێمانەوە و دەکەوینە پەڕاوێز و دامێنی ھەرە خوارەوەی وێنە جوان و خۆڕسکەکانی نێو کۆمەڵگا و دیمەنی سروشتی کوردەواری.

هەڵۆ بەرزنجەیی
١٦/٢/٢٠٢٠




تیشکێ بۆ سەر مافی مرۆڤ…. هەڵۆ بەرزنجی

١٢-١٠-١٩٤٨ ئەو ڕۆژەیە کە پاش کۆتایی جەنگی کاولکاری دووەم جەنگی جیھانی بانگەوازی بۆ کرا و دامەزرێندرا.
ئەگەرچی ھێشتا سیاسەت و ھێزی دەسەڵاتدار و بڕەکیش ئایدۆلۆژی ڕەنگوبۆی بەم رێکخراوەوە دیارە، لێ دیسان ھەبوونی لە نەبوونی باشترە.
ئاخر مرۆڤ لەم گەردونە بێ سەروبەرەدا ، لەسەر شتی بێ مانا وناوەڕۆک و بێبایەخ، زۆر بەر ئازار و سووکایەتی و ھەڕەشەی مردن دەبێتەوە.
ئەم چیرۆکە لای ھەموان کەموزۆر ئاشکرایە.
ڕاپۆرتی ئەمساڵی 2019 بە تێروتەسەلی تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە مرۆڤ کراون…
پوختەیەکی ئەو ڕاپۆرتە رۆژنامەی« دێر تاگە شپیگلی » DerTagesspiegel ئەڵمانی بە ئاماژەدان بە 9 وڵات وەک سەرتۆپی پێشلکاری مافی مرۆڤ دەخاتە بەردەست.
لەوانە 2 دەوڵەتیان – ئێران و سووریا- داگیرکەری کوردستانن و دووانی تریان – رووسیا و چین – دۆستی سەرسەختی داگیرکەرانی وڵاتەکەمانن.
ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە «تورکیا و عێراق »لەم تاوانە بێبەشن و لاشم سەیرە!! رۆژنامەی ناوبراو، بە تایبەت دۆخی تورکیای نەخستۆتە بەرچاو!.
پوختەیەکی وتارەکە:

  • چین:
    کەمینەیەکی زۆری Uiguren، زۆر خراپ دەچەوسێندرێنەوە و گرتن و لێدان و ڕاوەدونان بە بڕێکی زۆر بەکار دێت. ھەموو مافە ئازادی و مرۆییەکان پێشێل دەکرێن و نادادییە گەورە ھەس. زۆر لەگیراوەکان ، لەژێر ئەشکەنجەدا دەمرن و ئەندامی خەستەی زۆریشیان دەدزرێ….
  • کۆریای باکوور:
    رێکخراوی مافی مرۆڤ، باس لە ستەم و چەوسانەوە و ڕاوەدوونانێکی بێ وێنە دەکات لەم وڵاتەدا. نزیکەی 120ھەزار کەس لەزینداندان و کاری قورسیان پێ دەکرێ. ھاوڵاتی لەموڵاتەدا دەبێت ماوەیەکی باش بە خۆڕایی بۆ دەوڵەت کار بکات. بەرامبەر کارکردنی ئاسایش پارەی کەم وەردەگرن. ھەر بۆیەباس لە « کۆیلایەتی کارکردن» دەکرێ لەم وڵاتەدا.
    -رووسیا:
    ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر ڕاوەدوو دەنرێن و ھەر کەسێ باسی مافی مرۆڤ بکات دەبێ لەئازادی و تەندروستی و ژیانی خۆی بترسێ. سیاسەتێکی توند وتۆقێنەر لە چیچان بەڕێوەدەبرێ.
    ئێستا ھەر رۆژنامەنووسێ ڕەخنە بگرێ بەسیخوڕی ڕۆژئاوا لەقەڵەمی دەدەن. رووسیا لەسەردەمی پۆتین دا، ناحەزەکانی لەدەرەوەی وڵات لە ڕێگ مادەی سالیۆم و ژەھرخواردکردنەوە لەناو دەبات.
    -فەنزەویلا:
    لە ھیچ وڵاتێکی ئەمەریکای لاتینی چەوسانەوە و پێشلکاری دژ بە زیندانەکان سیخناخ کراون بە مرۆڤ و لەتاوستەمکاری نزیکەی 4,5 ملیۆن مرۆڤ ئەووڵایەی مادۆرای Madura جێھێشتووە. Foto Penal رێکخراوێکی سیاسییە خەریکی تۆمارکردنی تاوانەکانە.
    -سووریا:
    بۆ بەشار ئەسەد ھەموو شت ڕوون و ئاشکرایە، ھەرکەسێ ئەو ڕژێمە و ئەوی نەوێت، تیرۆریستە و دژی دەوڵەتە و دەبێ بێ ڕوحمانە سزا بدرێ. زیاتر لە 17 ھەزار کەس بەس لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە.
    ئەشکەنجە و برسی و تینووکردن و کوشتن بریتییە لەسیاسەتی فەرمی لەناو بردنی ناحەزانی بەشار و سیستەمەکەی.
    -میسر:
    سیسی حوکمەکەی لە موبارەک خراپتر لێ کردووە و میسر بۆتە دەوڵەتێکی سەربازیی وپۆلیسی .ترس وتۆقاندن و زیندانی کوشتن بەرفراوانە. لە ئێستادا زیاتر لە60 ھەزار گیراوی سیاسی ھەیە.
    -ئێران:
    زۆر بەشێوەیەکی زەق درشت پێشێلی مافی مرۆڤ دەکرێ و بیروڕای ئازاد و مەزھەبی ئازاد و ئازادی سێسوالێتی وگردبوونەوە بەتوندی لێدەدرێو و ڕێگە پێنادرێن. بەسەدان کەس لە سێدارە دەدرێن . بەتوندی خۆپیشاندانەکان بڵاوەیان پێ کراوە.
    -سعودییە:
    ھەرکەسێ ناحەز ودژی بێت سزات توند دەدرێ و ڕەنگە بشکوژرێ. وەک قاشوچی. ئازادی ئافرەت زۆر بەرتەسکە و لە سێدارەدانیش پێڕەو دەکرێ.
    -کۆنگۆ:
    لە ساڵی 1969-2019 زیاتر لە 4 ملیۆن کەس کوژراوە. ڕۆژانە 100 کەس دەمرێ. دیارەچەوسانەوەی ئێتنی لەم دەوڵەتە ئەفریکاییەدا زەق و بەرچاوە. Gesendet mit der GMX Mail App



دیوارەکەی بەرلین: نازیزیم، جەنگ،دیوار، شەڕی سارد، هەڵاتن بەرەو ئازادی و داڕمانی دیوار، لە پانۆڕامایەکی کورت دا.

هەڵۆ بەرزنجەیی ٩/١١/٢٠١٩ بەرلین

ساڵی1984 لە دەروازەیەکی بەنێو دیوارەکەدا تێدەپەڕی، گەشتمە شاری بەرلین و پاشانیش خرامە ماڵێکیشەوە، ڕێک لەبەردەم دیوارەکەدا. ئیدی لەو ڕۆژەوە من ئاشنایەتیم لەتەک ئەم دیوارە ناڕەسەن و دروستکراوە و قێزەونەدا هەیە. بە تێکڕای ژیانی هزری و سیاسیشم لەدژی ئەم جۆرە دیاردانە وەستاومەتەوە.
ڕاستە لە کاتێکدا ئێمە باس لە ڕووخانی دیواری بەرلین، هێشتا لە جیهاندا گەلێ دیواری تری هاوشێوەی هەر هەیە. لێ لەکەس شاراوە نییە، کە دیواری بەرلین وەک سیاسەت و مێژوو، شوێنەوار و ئاکامی دووەم جەنگی جیهانی، تایبەتمەندی ئەڵمانی و ئەوروپی و جیهانی خۆی هەبوو.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، لەساڵی 1995 نووسیومە و لە خوێندکاری کورد،ژمارە 20/1995 بڵاوکردۆتەوە. لە ئێستادا بابەتەکەم دەوڵەمەند کردووە بە کۆمەڵێ زانیاری نوێ و گۆڕانکاری تازە.
شاری بەرلین لە ساڵی 1237ز دروستکراوە. ڕووبەرەکەی 883 کم و یەکێکە لە شارە هەرە گرنگ و بەناوبانگەکانی جیهان. مێژوویەکی گەرەورە و پڕ لە ڕووداو و بەسەرهاتی هەیە و مەڵبەندی زانین و و زانیاری و زانستگەی کۆنە و گەلێ لە هەڵکەوتووانی گەورەی ئەڵمان زانا و فەیلەسووف و کەسایەتی دیکە لێرە گەورە بوون و پەروەردە بون و ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە.

لە ئاکامی تێکشکانی ئەڵمانیای ھیتلەریی لە دووەم شەڕی جیھانی دا، تەلبەندێکی دڕکاوی بەرلین و ئەڵمانیا و بگرە ئەوروپا و جیھانی کردە دوو بەشەوە. بەشی رۆژئاوای بەرلین ،لەلایەن ھێزە ھاوپەیمانەکانەوە – ئەمەریکا، بەریتانیای مەزن، فەرەنسا-ەوە سەرپەرشتی دەکرا و بە ناڕاستەوخۆ لە ژێر بارێکی نائاساییدا، سەر بە حکومەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵی BRD لە شاری Bonnبۆنی پایتەخت بوو. بەشە ڕۆژھەڵاتەکەی سەر بە کۆماری ئەڵمانیای دیموکراتیDDR بوو، کە ھەر ئەو بەشە بوو، خودی بەرلینی ڕۆژھەڵات پایتەختی بوو. بەشی ڕۆژئاوا 480کم بوو،کە دەکاتە 54% ڕووبەری ئەڵمانیا و دانیشتوانەکەی 2,200000 ملیۆن بوو بەشی ڕۆژھەڵاتی 403 کم بوو، کە دەکاتە 46% ی ڕووبەری ئەڵمانیا و دانیشتوانەکەی 1007000 ملیۆن بوو. ئێستا دانیشتوانی بەرلین 3,700000 ملیۆنە.

دوای کۆتایی جەنگ و ڕووخانی ھیتلەر و نازیزم، بەپێی کۆنفرانسی مالتا، بەرلین کرایە4 بەشەوە. لەبەشی ڕۆژھەڵاتی سەر بە شوورەوی لە 1.12.1946 دا پۆلیسی سەرسنوور دروست کراو تا دەھات ئالۆزی لەسەر نوورەکان سەری ھەڵدەدا. لە 1945-1961 نزیکەی 3,5 ملیۆن خەڵک بۆ بەشی ڕۆژئاوای بەرلین و ئەڵمانیا ھەڵاتن. لەمانە 2,6 ملیۆنی لە ئەڵمانیای ڕۆھەڵاتەوە و ئەویتری لە وڵاتانی پۆلۆنیا و چیکەوە بوون. زۆرینەی ھەڵاتووەکانیش گەنج بوون، بۆیە کێشە ھێزی کار و بەتاڵ مانەوەی شوێنەکانی کار لەبەشە ڕۆژھەڵاتەکەدا بووە دیاردە، لە ئامارێکدا ئاماژە بە 45 ھەزار شوێنی پڕنەکراوەی کار لە DDR دەکرێت. ئەمەش جێی نیگەرانی گەورە بوو.

هاتووجۆ لەنێوان هەردوو بەرلین دا، بە مۆڵەت و فەرمی بوو. تاکە دەروازەش بۆ هاتوچۆ بە ئوتومبێل لە دەروازەی بەناوبانگیChaeckpoint Charlie ، سەربازی ئەمەریکی و ڕووسی بەتانکەکانیانەوە بەرامبەر بەیەکتر وەستابوون.
درێژی ھەموو دیوارەکە 167,8 کم لەسەر سنووری بەرلینی رۆژئاوا. نزیکە45,1 کم بەر بەرلینی رۆژھەڵات دەکەوت . 112,7 کم ئەڵمانیای لە رۆژھەڵات / پۆتستدام . 63,8کم ھەڵچنراو، 32 کم بەدارستانکراوە، 22,65 کم دەشتودەری بەڕەڵای کراوە، 37,95 کم ی سنوورەکە کەوتووە ناو ئاوەوە- واتە رووبارو چەمەکان کەدوایی بە پەرژینی کارەبایی سنوورکێشکران، بۆ ئەوەی کەس لێیان نەپەڕێتەوە – ، 267,3 کم بە ڕووەک و گژوگیا لەسەر سنوور بە ڕووی بەرلینی ڕۆژئاودا و 297,64 کم بە ڕووی DDR دا. دیوارەکە بەرزییەکەی 4 م بوو. بە 300 قوللەی چاودێر دەکرا، لەگەڵ دەیان ڕەوە سەگی ھاری دڕندەی مەشق پێکراو و ئامێری ھۆشداریی/ شەیپوور و دەزگای ئەلەتریکی ڕووناککەرەوە و ڕاکێت و ڕادار و تانک و کێڵگەی مینڕێژکراو. بەکورتی هەرچی شێوازی ڕیگری و چاودێری و خۆپارێزی هەبوو، بەشە ڕۆژهەڵاتییەکە، بەکاری دەهێنا، بۆ مانەوەی خۆیی و گوایە پاراستینی ڕژێمە سۆسیالیستییەکەی. دەکرێ بڵێین بەردەوام داهێنانیان دەکرد، لە دۆزینەوەی ئامڕاز و ئامێری چەوساندنەوەی خەڵکەکەی خۆیان دا.نموونەیەک:

١ـ دیواری کۆنکرێتی بە بۆریی یاخود بێ بۆری.٢ـ پەرژین یاخود تەلبەند.٣ـ شوێنی کۆنتڕۆڵ،٤ـ ئامێری ڕوناککەرەوە. ٥ـ چاڵ و سەنگەری ئوتۆمبێل حەشاردان. ٦ـ ھێڵی پێشەوەی سنووری دەستنیشانکردنی پۆستەکان.٧ـ توولە ڕێگای ھات و چۆ.٨ـ شوێنی بەڕێوەبردنی سەگ.٩ـ ئامێریی شەیپوور لێدەر/ ئینزار. ١٠ـ بورج و قوولەی چاودێریی.١١ـ چەپەری کۆنتاکت.
ھەر ئەم ھەموو ھەوڵانە و ناساندنی دیوارەکە بە: دیواری پاراستنی ئەنتی فاشیست، لەلایەن DDR ەوە، بۆ ڕێگرتن بوو لە ھەڵاتنی خەڵکەکە و پاراستنی دەسەڵاتە سەپاوەکەی خۆیاندا بوو، بەڵام دانیشتوانەکە نەیاندەویست لەو دەوڵەتە پۆلیسییەدا بمێننەوە و بژین. چونکە بێبەش بوون لە ئازادی و قوربانیشیان بە ھەر شت دا، بۆ یەکگرتنەوە و ئازادی.
.سەرباری ئەو بارودۆخە سەخت و فرە دەزگای چاودێریی و ڕاوەدونانە، ھێشتا بەھەزاران ھەڵاتن و بەسەدان ھەزاریتریش لە خەونی ھەڵاتن دا بوون .(دیارە دوای داڕمانی DDRھیچ لە کاربەدەستە حکومییەکان لە وەزیر و دیبلۆماتکار و بەڕێوەبەر و مامۆستاش بەتایبەت ئەوانە سەر بە Stasi بوون ، لە پلە و پۆستەکانیان دا نەھێڵدران. لەم بۆنەی 30 ساڵەی یادی ڕووخانی دیوارەکەدا، چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستایەک کرا، کە بەھۆی ڕووخانی دیوەرەکەوە زیان بە پۆستەکەی کەوتووە. لێیان پرسی گەر دیوارەکە نەڕووخایە و ھەتا ئێستا بمایە چیت دەکرد؟ وتی: ھەر ھەوڵی ھەڵاتنم دەدا). هاوڵاتییەکی تر وتی: “من باوەڕ ناکەم جارێکی تر دیوارێکی تر دروست بێتەوە”.

کێشە و ململانێی ئاڵۆز و سەخت لە نێوان ھەردوو بەشی ئەڵمانیا BRDڕۆژئاوا و DDRڕۆژھەڵات و ھەردوو بەرەی جیھانی « ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات» لەسەر ئەم دیوارە ھەبوو. چونکە دیواری ناوبراو ئەڵمانیا جیھانی کرد بووە دوو بلۆکی جیاوازی دژ بەیەک لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و ئایدۆلۆژیی و گەلێ ڕەھەندی ترەوە. بەئەندازەیەکی ئەوتۆ ، دیوارەکە بووە سیمبۆڵیێکی جیاوازییەکانی جیھان ، بۆ ھەموو قورسایی سیاسەتی جیھانی، کە لەسەردەمی « شەڕی سارد» دا لێرەدا مۆڵی خوارد بوو. کە وەک تەرازوو و سەکۆیەک بۆ کێشانی ڕووداوەکان و دەنگ ھەڵبڕینی ڕاگەیاندنەکان وەکار دەبرا.
بەم دابەشبوونەکە 193 شەقام و کۆڵان لێک دابڕان ، کە لەوانە 62 یان بۆ ناو بەرلین دەھاتن و ئەوانی دیکە بۆ ناو ئەڵمانیا دەچوون. پاشان تەنھا چەند ڕێگایەکی کەم و دەستنیشانکراو وەک خاڵی پشکنین نەبێت، ھیچ ڕێگایەک بۆ ھاتووچۆ کردن نەمایەوە . ماوەیەکی زۆر حکومەتی خرۆشۆڤ گەمارۆی لەسەر بەشە رۆژئاواکە ڕاگەیاند و ھێزە ھاوپەیمانەکانی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، دابینی گوزەرانی خەڵکیان لە شمەک و کەلوپەلی پێویست و خواردن لە ڕێگای پردی ئاسمانییەوە کرد. واتە بە فرۆکە ئەو پێداویستیانەیان بۆ بەرلینی رۆژئاوا دەھێنا. بەتێکڕا 2,1ملیۆن تەن شمەک و پێداویستی تر ھێنرایە بەرلینەوە بەڕێگای 277,569گەشت و کاروانەوە لەلایەن ئەمەریکا189,963 و بەریتانیا 87,606 ، کە لە ڕۆژێک دا 1390 گەشتیان ئەنجام دەدا.
لەساڵی 1952 وە ھێڵی تەلەفون لەنێوان ھەردوو بەشەکەی بەرلیندا نەما. تا لە ساڵی 1971 دا، لە 4000 ھەزار ھێڵی تەلەفون تەنھا 10 ھێڵی کەوتەوە کارکردن. ئەویش تەلەفون لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژھەڵاتی بەرلین ، ھەژماری تەلەفونی دەرەکی بۆ دەکرا. زۆر شارۆچکە و گوند ھێڵی تەلەفونیان نەبوو. ھاوڵاتییەکی ئاسایی گەر پۆست و دەسەڵاتێکی حیزبی نەبوایە، بێبەش دەبوو لە زۆر ئیمتیاز. بۆ نموونە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک دەبوو نزیکەی 15 ساڵ چاوەڕێ بکات.
لە بەشی ڕۆژئاواوە، بێ هێچ کۆسپ و ڕێگڕییەک دەچووینە لای دیوارەکە و هەر کەس ناوی خۆی دەنووسی یاخود دروشمێکی دەنووسی دژ بەو دیو یاخود داوای ئازادی دەکرد.ـ بەندە گەلێ جار کە میوانم دەهات و دەمبردن بۆسەیری دیوارەکە، وێنەی ئاڵا و نەخشەی کوردستانیشم بەپێی گونجان لەسەر دیوارەکە دروست دەکرد. بەئاواتەوەم پارچەیەکی ئەو بەشەی دیوارەکەم دەستکەوێتەوە ـ

دوای ھەڵاتنی بەردەوامی خەڵکی بەشە ڕۆژھەڵاتییەکە بۆ ڕۆژئاوا، تانە و نەنگییەکی گەورە ھاتە سەرشانی حکومەتەکەیW.Ulbricht و ناوزڕاندنی بلۆکی شۆسیالیزم. ئیدی بەپێی نەخشەیەکی ھاوبەشی مارشاڵی ڕووسی Iwan.S.Kanjew ی قارەمانی دووەم جەنگی جیھانی و ناسراو بەداگیرکەری شارەکانی پراگ و درێسن و ڤاڵتەر ئۆلبریشی سەرۆککۆماری ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات بیر لە ھەڵچنینی دیواری بەرلین کرایەوە و پرۆتۆکۆلێک مۆر کرا. ئەرکی بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژەیە درا بە Erich Honiker، کە دواتر بووە سەرۆککۆماری DDR. ئەوەبوو شەوی 31.8.1961 دەست بە دروستکردن دیوارەکە کرا . بۆ بەیانی ھەزاران خێزان لێک دابڕان و ھەزاران سەرگەردان بوون. نەتەوەی ئەڵمان تووشی گرفتارییەکی قوڵ و گران کرا. دیارە ھەر لە یەکەم ڕۆژی کێشانی سنووری دیوارەکەوە، ھەتا دوا ساتەکانی ڕووخانی، دانیشتووانی بەشە ڕۆژھەڵاتییەکە، ھەوڵی خۆقوتارکردنیان دەدا لەدەست ئەو ڕژێم و سیستەمی حوکمە دیکتاتۆرییە.
ھەڵوێستی ڕۆژئاوا بریتی بوو لەگوتەیەکی کەنەدی وتی: دروستکردنی دیوارێکی نەحلەتی زۆر باشرە لە ھەڵگیرساندنی شەڕێک. حکومەتی بەریتانیاش وتی: ئەڵمانیا ڕۆژھەڵات بەم دیوارە شەپۆلی ھەڵاتن ڕادەگرن ،لێ خۆیان لە پشت پەردەیەکی/ دیوارێکی ئاسنینی قورسترەوە گیر دەکەن. کەواتە ئەمەش لەدەرەوە یاسادا نییە.

بەتێکڕا 136-245 کەس لەسەر ئەو دیوارە کوژراون.- ئاماری ساڵی 2009-. یەکەم کوژراو لە 19.8.1961 دا بوو. واتە پێش ھەڵچنینی دیوارەکە و کاتی تەلبەندەکە. دوا کوژراو لە 6.2.1989 دا ژن و مێردێک بوون بە باڵۆێک فڕین و لە 8.3.1989 دا بالۆنەکە کەوتە خوارەوە و بەردوودوا ھەردوو مردن. بچوکترین کوژراو مێردمنداڵێکی 16 ساڵییە و گەورەترین کوژراویش پیرێژنێکی 80 ساڵییە. بەتێکڕا 5075 ھەوڵی ھەڵاتن دراوە و سەرکەوتوو بوون. 574 ھەڵاتن بووە لە سەربازیی.
بەناوبانگترین ڕێگا بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو سیستەمە دیکتاتۆرییە، دروستکردنی تونێلێک بوو بەدرێژایی 145 م و قوڵی 12م و پانی 70م کە 57 کەس توانیان لێوەی ھەڵ بێن. دواتر تونێلەکە ئاشکرا بوو. ئەم تونێلە لەم رۆژانە بە نۆژەنکراوەیی کرایەوە و تۆریست و ھاوڵاتی دەتوانن بیبینن.

لەپاڵ ئەوەدا کە بەرگرییەکی بەھێز لەناوەوەی ھەردوو بەشەکەی ئەڵمانیا بۆ ڕووخاندنی دیوارەکە و یەکگرتنەوەی ھەبوو،بەڵام ڕۆڵی زلھێزە گەرەکانیش لەو پرۆسێسەدا، کەم نەبوو. کاتێ لە 12.6.1987 دا Ronald Reagan ڕۆناڵد رێگان ، ھاتە بەرلین. لەبەردەم دیوارەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و داوای لەMichail Gorbatschow گۆرباتشۆڤ کرد: ئەو دیوارە لابەرن و نەمێنێ. ھەر لەم ساتووەختەدا خۆپیشاندانەکانی ناو ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات ،تا دەھات زیاتر فراوانتردەبوو. گۆڕانەکانی ئەوروپای ڕۆژھەڵات خێراتر تێدەپەڕین.
خۆپیشاندانەکەی شاری Leipzig لایپزیگ بە 200000 ھەزار کەسەوە و بڵندکردنەوەی دروشمی:
{{ + بێ زوڵم و زەبر بۆ دیموکراتی و ھەڵبژاردنی ئازاد.+ گۆربی.. گۆربی.. گۆربی- کورتکراوەی ناوی گۆرباتشۆڤ- ە.

  • گەل ئێمەی.+ ئەڵمانیای نیشتمان یەکە}}.
    لە بیرەوەری 40 ساڵەی دروستکردنی ئەڵمانیای دیموکراتدا، لە 6.10.1989 گۆڕباشۆڤ ھاتە بەرلینی ڕۆژھەڵات و بەئاشکرا، داوای ڕیفۆرمی لە حکومەتی DDR کرد و و پێی وتن: ئەو دیوارە بڕوخێنن و ڕێگەی گەشت کردن ئازاد بکەن. بەڵام ھۆنیکەر، بەپێچەوانەوە ڕایگەیاند، “ئەو دیوارە ھەتا 100 ساڵی تریش دەمێنێتەوە”.ھەڵاتنی ھەزاران خەڵکی ئەڵمانیاو لەدەستچوونی کۆنتڕۆڵ لەلایەن حکومەتەوە، ھۆنیکەر ناچار بوو، بەبیانووی نەخۆشییەوە ڕۆژی 18.10.1989 واز لەھەموو کاروبارێک بھێنێ
    .ئیدی ڕک و پەرۆشی جەماوەر بەری پێ نەگیراو یەکپارچە ھەموو لە شەوی 9.11.1989 دا ھاتنە سەر دیوارەکە و دەست بە ڕووخاندنی کرا. ڕێگە ئاواڵە بوو بە ئازادی بۆ ھاتووچۆ لەنێوان رۆژھەڵات و ڕۆژئاوای بەرلین دا.
    ئەڵمانیا لە 3.10.1990 بە فەرمی یەکی گرتەوەو ئەم ڕۆژە بووە جەژنێکی نەتەوەیی یەکگرتنەوە.
    دیوارەکەی بەرلین دوای 28 ساڵ و 2 مانگ و 26ڕۆژ، بە ئاھەنگ و بەزمی سەما و ھەڵپەڕکێ و ھەڵڕشتنی فرمێسکی سەرکەوتن و شادمانی کۆتایی ھات و ئەوشەوە لە بەرلین بوو بە ڕۆژ و پارێزگاری بەرلین وتی :« ئەڵمان بەختەوەرترین گەلن لە جیھان دا».ئاخر دوو دەوڵەت و دوو سیستەمی جیاواز و هەریەکەیان داگیرکراو لەلایەن هێزی دەرەکییەوە، یەکیان گرتەوە،بە بێ خوێن ڕشتن،بەڕێگای شۆڕشێکی ئاشتیخوازانە. ئەمەش وانە و پرۆسەیەکی ئەوپەڕی ئەقڵانی گەورەی مێژووە.
    ئیمڕۆ پارچەی بچووک لە دیوارەکە لە چەشنی مەدالیای ھەمە چەشندا، دروستکراوە . بۆ بیرەوەری دەفرۆشرێت و مۆزەخانەی تایبەتی لەبەرلین لەمەڕ دیوارەکەوە ھەیە. ڕۆژانە بە ھەزاران ھەزار کەس دێنە سەردانی مۆزەخانە و ئەو چەند پارچە ماوەوەی دیوارەکە.
    ڕووخانی دیواری بەرلین ڕەوتی سیاسەتی جیھانی گۆڕی و « شەڕی سارد»ی کۆتایی پێھێناو وەرچەرخانێکی لە ستراتیژی نەتەوەکاندا بەرجەستە کرد . بەدوای ئەم ڕووداوەدا چەندین وڵات ئازاد بوون و چەندینیش یەکیان گرتەوە و ژمارە دەوڵەتانی جیھانیش زیادی کرد.
    لە وڵاتی ئێمەی دابەشکراو بەسەر 5 دەوڵەتی جیاجیاداو لەو بەشەی نیمچە ئازادییەک باڵی بەسەردا کێشاوە، وا تازە بەتازە دوودەوڵەتۆکەی حیزبۆکە دروست دەکرێت. ـ ئەمە بۆچوونی ١٩٩٥ و هەتا ئێستاش بەداخەوە، سیمای دوو پارچە و دوو ڕەنگی بەو بەشەی باشوورەوە دیارە ـ . بە ئاواتی دادڕینی پەڕۆیەک لەم ئەزمنوونە گەورەیە و بەهیوای هەڵتەکاندنی سنوورە دەستکردەکانی نێو خاکی کوردستان و یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی کوردستان و بوونە دەوڵەت.
    لە یادی 30 ساڵەی داڕمانی ئەو دیوارە قێزەونەدا، لە ئێستادا، بۆماوەی هەفتەیەک لەسەر یەک نزیکەی 200 چالاکی سیاسی و هونەری جۆراوجۆر سازکراوە و پێشکەش دەکرێ. بۆ ئەم یادە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆریست لەناوە و دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ سەردان هاتوونەتە ناو بەرلین.
    ئیمڕۆ بەرلین شارێکە زۆر بەخێرایی گەشەی کردووە و شان لە شانی شارە گرنگەکانی وەک لەندەن و پاریس دەدات. بە ملیۆنەها تۆریست دێنە سەیرانی نزیکەی 160 مۆزەخانە و شوێنی مێژوویی گرنگ و چەندین زانکۆی بەناوبانک و سەوزایی و ئاوی زۆر. ئەمەش سەرچاوەیەکی دارایی گەلی باشە بۆ ئەڵمانیای زلهێزی تەکنەلۆژیای جیهان. ئەڵمانەکان بە تازەترین شێوە بەرلینی داڕماوی داڕووخاوییان نۆژەن کردۆتەوە و هەر پرۆژەیەک دەکەن، لە ئەوروپادا بێوێنەیە.کەواتە قسەی بیرمەندە ئەمەریکییەکەی وتی: ئەڵمان بیر لە ئایندە دەکەنەوە و ئێمە بیر لە ڕابوردوویان دەکەینەوە،ڕاستە. ئەڵمان ئایندە ڕۆشن دەرچووە و زاڵیشە بەسەریدا. دەبا ئەوانە لە خەیاڵی ناو کتێبەکاندا، بە شەوارە کەوتوون، هەر بەدیار چرکەساتەکانی مێژووەوە، بخەون!… ئەوانە پاڵەوانی کارتۆنی مێژوون.
    ئەوە ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانی Helmut Kohl و تیمەکەی بوون، ئەسپی سەرکێشی مێژوویان لغاوکرد و سواری بوون بەرەو یەکگرتنەوە و ئاوەدانی و بوونە هێز لە جیهان دا. چونکە هەڵوێستیان ڕوون و باوەڕیان نەلەقیوو بوو، بە پرسی یەکگرتنەوەی نیشتمانەکەیان. بەڵی ئەوان بوون، لەو هاکێشە سەختەی دژایەتی سەخت و نیگەرانی قووڵ و ترسی بێ ئامانەوە،لە لایەن هەردوو بەرەی رۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە: لەندەن/ تاتچەر و پاریس/ میتران و واشنتۆن/ بوش و مۆسکۆ/ گۆرباشۆڤ، توانییان یارییەکەی خۆیان بەرنەوە مێژووی سەرکەوتنی نەمریی بنووسنەوە.

ڕاستە تا ئێستا هەندێ وردە گلەیی و کەموو کوڕی،لە ئاکامی یەکگرتنەوە سەری هەڵداوە و ڕێژەیەکی کەمی ئەڵمان لەبەشی ڕۆژهەڵات خۆیان بە هاوڵاتی پلە دوو هەست پێ دەکەن. یاخودهێشتا پرۆسەی ئینتگراسیۆن بەئاڕاستەی ناوخۆدا،نەگەشتۆتە پلەی کامڵی و گەییوی خۆی،لێ هەموو گەواهی ئەوەین، ئەڵمانیا لە زۆر بوردا، بێ ڕکەبەر هەر پێشڕەوێکی بەهێز و گەورەی دەوڵەتانی جیهانە.
لە هەمووی گرنگتر،هەتا ئێستا وا بەدیار کەوتوو، کە ئەڵمان پەند و وانەیەکی باشی لە هەردوو جەنگەکە وەرگرتبێت. هەر بۆیەکا کەمو زۆر بە پارێز بۆ پرسی شەڕ و هەراکانی هەنووکە دێنە پێشەوە.
چی لەمەڕ بەرلین وتراوە:

  • بەرلین دورگەیەکە لە دەریای کۆمەنیزم دا…..کەنەدی.
  • من بەرلینیم….کەنەدی .
  • بەرلین ئەڵقە و پردی پەیوەندی جیھانە….. میتران.
  • دیواری بەرلین سیمبۆڵی دابەشکردنی ئەوروپایەو ھیوادارم ڕۆژێک بێتە سیمبۆڵی یەکگرتنەوە… ئیلیزابێتی دووەم.
    ئا لەم چرکەساتەدا،کە ئەڵمان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان یادی ڕووخانی ئەو دیوارە نەگریسە دژ بە مرۆڤایەتییە، دەکەنەوە. دەرفەت و هەلێکی زێڕین بۆ کوردیش لەتەواوی پارچەکانی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژئاوا و باشوور هاتۆتە پێشێ، سنووری نێوان خۆیان ڕاماڵن و هەنگاوی گرنگ و حەکیمانە بەرەو سەربەخۆیی بنێنن. ئاخر هیچ جارێ هێندەی ئێستا دۆزی کورد، هێندە بابەتی باسوخواست و کێشەی ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیهان و لای دەوڵەتە زلهێزەکان و حکومەت و جەماوەر و ڕای گشتی دەوڵەت و میللەتانی جیهان نەبووە. چانسێ لەمە زێڕینتر و گونجاوتر، ڕەنگە بە سەدەیەکی تریش بۆ کورد هەڵنەکەوێتەوە.



:لە هەر ڕوویەکەوە شکست … نووسینی Kristin Helberg

بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا ھیچ شتێک نەماوە…..ئێستا ئەسەد، پۆتین و ئەردۆغان دەیکەن – بۆبەداخەوە بوون و نیگەرانی خەڵک، وێڕای ئاکامەکانیش بۆ ئەوروپا…

نووسینی Kristin Helberg و. لە ئاڵمانییەوە: ھەڵۆ بەرزنجەیی٢٠١٩/١٠/ ٣٠

لەگەڵ ئەوەشدا کە کەس ئامەدە نییە ددانی پێدا بنێت، لێ ھەندێ سیاسەتمەداری ئەڵمانی ئامادەن بارەکەیان ئاسان بێت،ئێ باشە، کەسانی تر لە خەمی کوردانی رۆژھەڵاتی باکووری سووریادا بن- لەم دۆخەدا واتە ڕژێمەکەی ئەسەد. کەواتە لە کاتێکدا لە برۆکسل سەرقاڵی گفتوگۆکردنن سەبارەت بەسزادانی تورکیا، کە ھیچ کەس بە ڕاستی نایەوێت – سزای ئابووری، ڕاگرتنی ھەناردەکردنی چەک و لەکارخستنی ھەوڵی بوونە ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا- یەکەکانی ھێزی پاراستنی گەلی کوردەکان YPGدەمێکە لەگەڵ دیمەشق دا ڕێک کەوتوون.
سەبارەت بە لەشکرکێشی ھێزەکانی سەر بە تورکیا و کشانەوەی ھێزە سەربازییەکانی USA ئەوان نایانەوێ کات لەدەست بدەن… ئەوروپای ڕاڕا و دوو دڵ ھیچ بژاردەیەکی نییە «گەر ئێمە ناچار بکرێین بڕیار بدەین لە نێوان سازان و ژینۆسایدی گەلەکەماندا، وا ئێمە ژیانی گەلەکەمان ھەڵدەبژێرین». مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی ھێزە دیموکراسییەکانی ھەسەدە ئەمەی نووسی لە نامەیەکدا بۆ Foreigen Policy.
لەبەر ئەمە ئێستا چەکدارە کوردییەکان دەجەنگن، پێکەوە لەگەڵ ھێزەکانی سووریا، دژی لەشکرکێشی تورکیا یاخود بە جۆرێکی تر بڵێم: ھاوپەیمانە سەرەکییەکەی ڕۆژئاوا کە ساڵانێکە لە لایەن ئەمەریکاوە چەک و تەقەمەنییان پێ دەدرێ و ڕادەھێنرێن لە پێناوی بەرژەوەندی ئەوروپا، دەوڵەتی خەلیفەی داعش تێکدەشکێنن، ئێستا پێکەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارەکەی سووریا بەشار ئەسەد ، سەرۆکی رووسیا فلادمیر پۆتین پێکەوە شت دەکەن. ئا بەم جۆرە ئەم شتە ڕوو دەدات، کاتێ لێکدانەوە و ترسی سیاسەتی ناوەکی، ببێتە مایەی بێتوانایی ھەڵسوکەوتکردن لە سیاسەتی دەرەوەکی دا.
ئەگەر وڵاتانی وەک ئەڵمانیا ھاندرا بن، بە ئامانجی ئەوەی چ پەنابەرێکی تر وەرنەگرێ بەڵکە بەپێی توانا بە خێرایی بیانگێڕێتەوە، ئەوکات حکوومەتی ئەڵمانیا پێی خۆشە ھاوکاری خەرجی دابڕاندنی پەنابەرەکان لە Ägäis بکات، لە جیاتی ئەوەی بۆ پاراستنی سوورییەکان لە مەیداندا بکەوێتە کار- جا لە ڕۆژئاوا لەبەردەم بۆمباکانی سەرۆکی تورکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، یاخود لە ئیدلب لەبەردەم ھێرشی ئاسمانی رووسەکان.
ناوچەی ئارام، پرۆسەیەکی دادگا،جارێکی ترسەرلەنوێ بیناکردنەوە
جارێکی تر شکستھێنانی تەواوەتی سیاسی و سەربازی ئەوروپا. ئەمەش لەو کاتەوەیە کە بەر لەساڵێ ئەمەریکا رایگەیاند دەکشێتەوە و ھاوکات بەر لە ساڵێ ئەردۆغان مەرامی سیاسی خۆی دەربڕی، کە ھێرش دەبات بۆ ئەوەی ستراتیژێک ساز بدات بۆ رۆژھەڵاتی باکووری سووریا- ناوچەیەکی گرنگ،لەبەرئەوەی لەوێ لەتەک ئەوەی ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپیتە، ھەروەھا ئەو کەمە نەوتەشی لێێە، کە سووریا ھەیەتی.
لە پێناوی پاراستنی ھاویەیمانە کوردەکاندا، ئەوروپاییەکان دەیانتوانی ناوچەیەکی خاڵی/ ئارام لەژێر چاودێری نێونەتەوەییدا بۆ تورکیا دامەزرێنن. داعشە ئەوروپاییەکان بھێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و وەک پێویست بدرێنە دادگا. ئەو شارانەی لە ڕێگای ھاوپەیمانێتی دژە داعشەوە، وێرانکراون بۆ نموونە ڕەققە، پێویست بوو ئەوروپا زۆر بە پەرۆشەوە سەرلەنوێ دروستی بکەنەوە. لەبری ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان لە ڕۆژئاوا، لە ناوچە کوردییەکان لە باکووری سوریا لەئەستۆ بگرن و لەم ڕێگایەوە کاریگەرێتی لەسەر ڕێکخستنەوەی سووریای دوای شەڕ بەدەست بھێنن. ھەنووکە ئەوروپاییەکان ناوچەکە بەجۆرێکی تر بەجێدێڵن. ئەسەد، پۆتین و ئەردۆغان ڕێککەوتنێک دەکەن ئیدارەی خۆجێیی ناتوانێ ڕەزامەند بێت لەسەری، بێ پشتیوانی ڕۆژئاوا.
ئەم ھیچ لەباردا نەبوونەی ئەوروپاییەکان، دەبێتە تۆڵەکردنەوە. کاتێ ڕژێمی ئەسەد ڕۆژھەڵاتی باکووری سووریا کۆنتڕۆڵ بکاتەوە،ئەوکات ھەر کوردەکان باجی ئەمە نادەن. ھەروەھا ڕەخنەگرانی ڕژێمەکەی سووریاش دەکەونە مەترسییەوە و ھەڵدێن، گیراوەکانی داعش دەبنە چەکی بەھێز و دەکەونە دەستی دەزگای ھەواڵگیریی سووریا. لە کۆتاییدا ئەوروپا دەبێت ھەژماری خۆی، لەگەڵ زۆر پەنابەری تری جیھادیی ئازادکراودا بکات،
ئیدی ئەڵمانیا ھەر لەلایەن ئەردۆغانەوەناکوێتە ژێر گووشارەوە، بەڵکو بەھەمان شێوە لەلایەن ئەسەدیشەوە. سیناریۆیەکی نیگەرانی و نائارامی ؟ لەواقیعیشدا، ئەم ئاکامگیرییانە پێشبینی دەکرێن:
ـ بۆ ئەوەی نەهێڵین جەنگێکی ڕاستەوخۆی نێوان ڕژێمی سووریا و تورکیا دروست بێ ، پۆتین ھەوڵ دەدات، ناوبژی و سازانێک بکات. ئەوەیشی دەکرێت بەم شێوەیە بێت:
تورکیا ھێرشەکانی ڕادەگرێ لە ڕۆژھەڵاتی تل عبیاد و بۆی ھەیە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای ئەم ناوە تا ئەفرین کۆنتڕۆڵ بکات- بە شاری ستراتیژی مەنبەجیشەوە. ئەرۆغان دەیەوێ پەنابەرە سوورییەکانی تورکیا لێرە نیشتەجێ بکات، بۆ ئەوەی بە قازانجی سیاسەتی ناوەوەی خۆی بێت و دیمۆگرافی ناوچەکەش بگۆڕێ. سوورییە ئیسلامییە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا ، ماڵ و منداڵیان و عەرەبە سوورییەکانی تریش لەبەرایی ئەم کارەوە دێن- ھەروەک ئەوەی لە ئەفرین، کە لە ئاکامی ھێرشی تورکی سەرەتای 2018 ، دەیان ھەزار کورد دەرپەڕێندران.
ناوچەی باکووری حەلەب لە نێوان ناوچەکانی جرابلس ، عزاز و ئەلباب ، کە تورکیا ساڵی 2016 داگیری کرد، لە ئێستادا بۆ خۆی ناوچەیەکی پارێزراوە//Protektorat
ئەسەد لەباقی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی باکووردا باجی بۆئەوە دا، قسەی ھەبێت- بەڕێوەبەری پۆلیس و دەزگای ھەواڵگیری ڕێنمایی لە دیمەشقەوە وەردەگرن. ئەسەد فیدڕالیزم نادات، فیدراسیۆنی دیموکراسی باکووری سووریا ، کۆتایی دێت. ھەرچی ئەوەی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD سازیداوە، بەھێزە و توانیویەتی لەڕووی سەربازییەوە پشتیوانی لە YPG بکات.
ئەمانیش خراپەکارییان کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی ai ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ،کچ و کوڕیان ھەر لەمێردمنداڵییەوە بەزۆر بردۆتە ڕیزکانیانەوە و ھەزاران دانیشتوانی عەرەبی ناوچەی ڕەققە و حەسەکە لەلایەن YPGەوە دەرپەڕێندراون، بەبیانووی ئەوەی گومانیان لێکراوە ھاوسۆزییان لەگەڵ داعش دا ھەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ژیان و گوزەران لە ڕۆژئاوا، باشتر بوو لەتەواوی ناوچەکانی تری وڵات. سیستەمی یەک حیزبی PYD بۆ بەشداری کۆمەڵگایەی سڤیل بواری زیاتری سازداوە، وەک لە ڕژێمی بەعس لە دیمەشق. پشتیوانی لە ئافرەت دەکرێ ، کەمە نەتەوەکان بەشدارییان پێدەکرێ.
گەورەترین ھەڵەی PYD بڵندکردنەوەی وێنە و ئاڵای دامەزرێنەری PKK عەبدوڵا ئۆجەلان لە ھەر دەر و شوێنێک – چونکە بەھۆی زەقکردنەوەی ئەم تێڕوانینە نزیکییە ئایدۆلۆژییە لە PKK ەوە،وای کرد بۆ ئەوروپا سەخت بێت لێیان نزیک بێتەوە و زۆر لە کوردانی سووریاش خۆیانی تێدا ببیننەوە و دیاری بکەن.
///گەلێ چالاکوان تەنھا ھەڵاتنیان بۆ ماوەتەوە///

دەسەڵات گرتنەوە دەست لەلایەن دیمەشقەوە زۆر بەخێرایی و بێ دەنگ و سەرکەوتووانە دەبێت، چونکە ڕژێمی سووریا لەم ڕۆژھەڵاتی باکوورە ھەرگیز بەتەواوی بزر نەبووە. ئەسەد لە 2012 وە ڕێگەی لەوێ دا بە PYD،لەبەرئەوەی ئەو لە شوێنی دیکە پێویستی بە ھێزەکانی بوو بەکاری بھێنێ و هیچیش پێویستنەبوو بترسێ لە PYD.
وەک دەستەخوشکێکی PKK، بەتێکڕا خەریکی بەرژەوەندی کورد بوو، نەک گۆڕینی ڕژێم لە دیمەشق.
ڕژێم ھەڵوێستێکی گرنگی وەر نەگرتووە – لەخودی قامشیلیدا ، کە گەورەترین شاری تەواو کوردییە لە سووریا ،ھەتا ئیمڕۆ فڕۆکەخانە و بەشێکی شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەسەددایە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کەوا ڕژێم لەم ناوچانەدا جارێکی تر بەخێرایی جێ پێی خۆی قایم دەکاتەوە.
کوردەکان بەھەندێ مافی کوولتوری و داننان بە – خوێندن بە زمانی کوردی و یادی بۆنە و جەژنی نەورۆز لە 21.3 ڕازی دەکات ، دەنا وەکو تر پێویستە لەگەڵ ڕژێمی ناسیۆنالیستی ھاوئاھەنگی بکەن. هەروەھا لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا گۆڕانی دیموگرافی ھەڕەشەیەکە- لە کاتێکدا حیزبی بەعس کە ھەتا ئیمڕۆ حوکم دەکات. لە ساڵانی شەستەکان بە ھەڵمەتی « پشتێنەی عەرەبی» لەسەر سنووری ڕۆژھەڵاتی باکوور دەستی کرد بە ئەنجامدانی سیاسەتی بەعەرەبکردن. ناوی گوندە کوردییەکان گۆڕدرا و خێڵی عەرەب و لایەنگرانی ڕژێمی بە مەبەست تێدا نیشتەجێ کرا، بۆئەوەی پێکھاتە ئێتنییەکان بگۆڕن و جگەرسۆزی و دڵسۆزی ناوچە سنوورییە نزیکەکان، بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی دیمەشق زامن و مسۆگەر بکەن. بەیاسای ستەمکاری و سیاسەتی کەسی گونجاو ڕژێم ھەوڵ دەدات، کورد لەو باوەڕ بەخۆبوونە نوێیەدا جارێکی تر دەرپەڕێنێت و زەمینە ساز بکات زیاتر دەسەڵات بکەوێتە دەست خێڵە عەرەبە وابەستەکانیان لە ڕۆژھەڵاتی باکوور .
ھەموو لەبەردەم ھەڕەشەدان، لەتەک تەواوی دانیشتوانی ڕۆژئاوادا ، ئەوانەی حکوومەتی سووریان خستبووە ژێر پرسیارەوە و لەدژی وەستابوونەوە- ئیدی ئاساییە کورد بێت عەرەب یاخود ئاسووری. ھەموو دەبێ چاوەڕوانی ئەوەبن دەبرێن بۆ سەربازی یاخود دەگیرێن و زۆر دەترسن لەوەی کەوا دەزگای ھەواڵگیری سووری بێتەوە. بۆ زۆر چالاکوان لەئاکامدا جگە لە ھەڵاتن ھیچ نامێنێتەوە. سەرەتا بۆ کوردستانی عێراق دواتر بۆ ئەوروپا.
چاودێریکردنی ئەو 12ھەزار ئەندامە گیراوەی داعش بە 8 ھەزار ژن و مناڵیانەوە، کە لەزیندان و بارەگاکانی کوردان، دەزگای ھەواڵگیری سووری سەرقاڵیان دەبێت. ئەم بارودۆخە بە ھیچ شێوەیەک دڵنیابەخشتر نابێت، دەزگای ھەواڵگیری سووری لە ڕابووردوو ، ئەم شێوە پەڕگیرییەی بە ئامانجی هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی و دژی ناحەزەکانی بەکارھێناوە. بە نزیکەیی لە 2003 وە کاتێ ڕژێم ڕێگەی دەدا سەلەفیستەکان بچنە عێراق، بۆئەوەی لەوێ دژی داگیرکاری ئەمەریکا شەڕ بکەن. دواتریش لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی 2011 ، کاتێ سەرۆکایەتی لە دیمەشق سەدان ئەندامی القاعدەی لە زیندانەکانی سووریا لەسەر داوا ئازاد کرد، ھەر ئەوکاتە ڕاپەڕینی جەماوەر وردە وردە چوو بەرەو لادان و ڕادیکالیزەبوون .
ئەگەر بێت و داعشە ئەوروپاییەکان بکەونە زیندانەکانی بەعسەوە، ڕژێم دەتوانێ گووشار بۆسەر ئەوروپا بھێنێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاسایی بکەنەوە و پێکەوە کار بکەن. پێویستە دەزگاکانی ئاسایشی ئەڵمانی و فەرەنسی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ھەواڵگیری سووری پێکەوە سەودا و مامەڵە بکەن، بەدوای ئەوانەدا بگەڕێن، کە بە فەرمانی نێونەتەوەیی بەھۆی تاوانکارییەوە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی کردوویانە. ئەمەش گرێ کوێرەیەکە کە بەزەحمەت دەکرێتەوە. لەمەودایەکی مامناوەندیدا ڕژێمی بەعس دەتوانێ ئامانەتی بدات کەوا ئەوان سەرقاڵی ڕادیکالە ئەوروپاییەکان دەبن. لەژێر دروشی ” ئێمە کاروباری جیھادیستەکانتان دەگرینە ئەستۆ و فەرموون ئێوەش دەتوانن ئێستا پشتیوانی دارایی سەرلەنوێ بیناکردنەوە بکەن” . ئەمە لە مامەڵە و ھەژمارەکەدا ھەیە. ئەگەرنا، دەزگای ھەواڵگیری ئەسەد دەتوانێ ھەڕەشە بکات، چەکدارەکانی داعش بە پاسپۆرتی ئەوروپاییەوە بەڕەڵا دەکات.

گەورەترین زیان بە دڵنیاییەوە بە کۆمەڵگای سووری دەگات، کە تێیدا خانەگومانی و ڕک و کینە بەردەوام پەرەدەسێنێ. ھەر یەکە بەوی تر دەڵێ ناپاک. – کوردەکان ناپاکییان لەشۆڕش کرد. ھێزە سووریە ئۆپۆزیسیۆنەکان وا دەڵێن ئەوان لەگەڵ ئەسەد دا ڕێکەوتن و دوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتن، لەبری ئەوەی بەشداری بکەن لە شەڕی دژی بە ئەسەددا . بە پێچەوانەشەوە کوردەکان- ئەندامانی YPDبن یان نا – ئۆپۆزیسیۆنی سووری کتومت بەھەمان شێوەی ناسیۆنالیستی – عەرەبی دادەنێن، ھەروەک ڕژێمی – بەعس و ئەوەی لە ئەنقەرەوە وەگیراوە.
ڕاپەڕیوەکانی جاران کەئێستا بوونەتە چەتە و بەکرێگیراوی ئەردۆغان، کوردی ھاوڵاتی خۆیان کۆمەڵکوژ دەکەن. ئەمەش دەری دەخات کۆمەڵگەی سووری بە چ دۆخێکی خراپ گەیشتووە.
نەیارەکانی ئەسەد کە لە ئایدۆلۆژیای دەیەی ڕابووردوودا گیریان خواردووە، جگە لە ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم، زۆربەیان بیر لە ھیچی تر ناکەنەوە. لەبەرئەوە جوێن بە کورد دەدەن وەک «جیاخواز »یاخود وەک “کافر”.
ھەندێ دەنگی کەمی زیرەک و ھاوکاریی، کە ئازار و ژانی خەڵک لە ئیدلب لەگەڵ دانیشتوانی ڕۆژئاوا ھەژمار ناکەن، بەزەحمەت دێتە مەیدان. لەگەڵ ئەوەدا کە سەر بە سووریان و کە ھێشتا ھەر بیردەکەنەوە، ڕاپەڕینی وڵاتەکەیان لە بنچینەدا لەسەر چی بووە:
لە پێناوی ژیانێک لە سووریا بە ئازادی و بە ڕوومەت بۆ ھەموو دانیشتوانی وڵات، چۆن و کەی کۆمەڵگەی سووری دەتوانێ بەسەر ئەم شێواوییە دا زاڵ بێت، لەپێشی ھەرە پێشەوە بە ھێزە دەرەکییەکانەوە وابەستەیە، کە سووریایان کردۆتە مەیدانی سەپاندنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا ئێستا یارییەکە کۆتایی ھاتووە، تۆپەکە لە ئێستا بەدواوە لە نێوان مۆسکۆ، تاران، ئەنقەرە و دیمەشق دا دێت و دەچێ. بەم شێوەیە سوورییەکان ئاسایش یاخود ئاشتی زیاتر نابیننەوە.
————————————
سەرچاوە: رۆژنامەی دی تسایتی رۆژی٢٠١٩/١٠/١٦ https://www.zeit.de/politik/ausland/2019-10/nordsyrien-baschar-al-assad-usa-tuerkei-kurden-islamischer-staat-krieg

نووسەر،
زانستکاری سیاسی و رۆژنامەوان و پسپۆڕ و شارەزایەکی دیارە و ساڵانێکی زۆر لە سووریا ژیاوە. کار بۆ کۆمەڵێ تیڤی و ڕادیۆی فەرمی ئەڵمانی و نەمساوی و سویسری دەکات و بۆ هەفتانامەی بەناوبانی دی تسایت دەنووسێ. خاوەنی چەند کتێبێکە لەسەر سووریا.




باڵندە گوولەکانی کوردستان، تاکەی عاشقی داری ژەقنەبووتی داگیرکەرانن؟! عێراق بە نموونە!..

ھەڵۆ بەرزنجەیی
٢٠١٩/١٠/٩

لە ڕاستی و بابەتێتی دوور ناکەوینەوە، گەر بێت سەرەتا ئاماژە بەوە بکەین، عێراق دەوڵەتێکی دەستکردی زۆڵەکە و ئیمپریالیزمی ئینگلیزییە و لەسەردەمی کۆلۆنیالیزم دا، لەسەر دەستی ونستن چەرچلی وەزیری کۆلۆنیالیست و سیر پیرسی گوکس و مس بیل و لۆڕانسی عەرەب دروست کرا و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییە دوور و نزیکەکانی خۆی دروستی کرد – وەک دابەشکردنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و لاوازکردنی تورک، دۆزینەوەی نەوت و بەجێھێشتنی چەند گەرایەک بۆ ئەو پێشھاتانەی لە ئایندەدا لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرا- …
دروستکردنەکەش ئەوەمان پێدەڵێ: عێراق ڕاستەوخۆ بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی ھیچ میللەتێک نییە!. بەپێی سەرچاوە مێژوویی و دیکۆمێنتەکان، کورد وەک میللەتێک تا دوا ھەناسە بەرگری لە دروستکردنی ئەم دەوڵەتە کردووە و چ وابەستەییەکی بەرامبەری نیشان نەداوە… لە ئەنجامی بەربەرەکانی توندی کورد بۆ لکاندنی کوردستان بە عێراقی تازە دروستکراوەوە. ئەم حاڵەتی نەبوونی ھەست بۆ پێوەندارێتی عێراق و ھیچ خۆ بە عێراقی نەزانینە بەدەوام دەبێت. پاشان ئینگلیز لە گەلێ ھەوڵی سیاسیدا بۆ چەسپاندنی کوردستاب بە عێراقەوە بەھۆی شۆڕشەکانی شێخی نەمرە سەرکەوتوو نابێت. ئەوسا بیری بۆ بواری دیکە دەچێ. لەوانە لە ساڵی ١٩٢٦ دا، پێشنیاز بۆ مەلیک فیصل دەکات رێکخراوێک لە بەغدا دروست بکات بۆ یەکێتی و کۆکردنەوەی ئەندامانی نێوان کورد و عەرەب… تا کورد لە عەرەب نزیک ببنەوە و ھێدی ھێدی ناسنامەی عێراقیبوونیان لا شیرین بێت.
ئەوە بوو یانەی سەرکەوتن دروست کرا… پاشان نامیلکەی «عرب والاکراد» بڵاوکرایەوە. ھەموو ئەم ھەوڵانە بۆ سازدانی ژینگەیەکی لەبار بوو بۆ عێراقچێتی و بەتایبەت کورد سۆز و وابەستەیی بۆ ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوە نیشان بدات و لەژێر تاجی پادشایەتی فەیسەڵ دا، ئۆقرە بگرێت و پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەب دا پەسەند بکات!. مامە ئینگلیز مەرامەکانی بێ قڕە و بڕە جێبەجێ بکات .
:لە کۆنگرەی قاھیرە١٩٢١ دا بڕیار دەدرێ: »» کوردستان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە لایەن ماندات/ مندوبی سامی بەڕێوە دەبرێ و بە سەربەخۆیی لەعێراق دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی بیروڕایەکی گشتی کوردی باوەڕپێکراو ساز دەبێت، بلکێن بە عێراقەوە»»+
ئینگلیز عێراقێکی دروست کرد، لە ڕێگای کەمینەیەکی شەڕانگێزی خوێناوییەوە، بە کولتوورێکی دواکەوتووی شوومەوە ، بە ئاگر و ئاسن حوکمی کردووە. ھیچ مافی نەتەوەیی و ئازادییەکی کەسی تێدا نەبووە. یەک ناسنامەی عەرەبی بەسەر تەواوی پێکھاتەکاندا سەپێندرا.. گەر بھاتایە، میللەتان و ئەقڵ و کولتوور و دەستوورێکی وەک ئەوەی سویسرایان بھێنایە و عێراقێکی چەشنی سویسرایان پێ قووت بکردایەوە، ئەوە ڕەنگە ھەستی خۆ بەھاوڵاتی زانین بەرامبەر بەم عێراقە دروست بوایە!؟، بە ساردی وکزیش بوایە سەری ھەڵدەدا..
ئەودەم ستراکچەری ئەقڵ و ستراتیژی کوردیش لەسەر بنەمایەکی تر دادەڕێژرا. بەڵام ئینگلیز عێراقێکی بە مێژوو ھەڵکشاو لە خوێن و بە سیستەم دیکتاتۆری کودەتاچی تەواو سەربازی قووتکردەوە و ھەموو پشتیوانییەکی لۆگیستی لێ کرد،تا توانی لەسەر پێی ڕاگرێ.

عێراقچێتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە:
لە ئاینی ئیسلام دا جێگای حیزب و دەوڵەت و نیشتمان نابێتەوە… ھەموو لەسەر زەوی لەژێر چەتری « ئوممەی ئیسلام دا» کۆبووینەتەوە و کەس خاوەنی ھیچ نییە بەڵکو ھەموو شتێ لە ڕێی خوا و پێغەمبەرەکەی محەمەد دا دەکرێ و جیاوازی نێوان کەس و ڕەنگەکان نییە. نەتەوە و نەتەوایەتی و دەوڵەت و حیزب داھێنانی رۆژئاواییە کافرەکانن بۆ پارچەپارچەکردنی ئوممە و سەرزەمینی موسڵمان . بەس بۆ فەلەستینییەکان ھەموو شتێ ڕەوا بوو. حیزب و دەوڵەت دروستکردن و فەلەستینچێتی، تەناتەت وەک موسڵمانێکی کورد خۆیشی بچێ بۆ غەزای جولەکە پێی ڕەوایە، بەبیانووی شەڕی زایۆنیزم!.
وەک زانیمان عێراق دروستکراوە بەم میکانیزمە و بۆ ئەو ئامانجە . کەواتە باوەڕ و خەبات و شەڕی پاراستنی ئەم کیانە دەستکردەی کۆلۆنیالیزمی گڵاوی دوژمنی باوەکوشتەی ئیسلام، ئامانج لێی پارچەپارچەکردنی جیھانی ئیسلامییە، چ مانایەک دەبەخشێ؟!. ئاخر ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی داھێنانێکی رۆژئاوایە، بۆ ھەڵتەکاندنی جیھانی یەگکرتوو و بەھێز و پیرۆزی ئیسلام … چۆن پەسەنددی دەکەن.. کە کراوە واتە بۆ خۆت رحمان الرحیم و بۆ خەڵکی تر شیطان لعین. دەمێنێتەوە بڵێم گەلێ ڕۆڵەی زانا و تێکۆشەری کوردی موسڵمانمان ھەبوون و ھەن، بۆ کورد و کورجستان گیانی خۆیان بەخشیوە.مەلا مەعشوق خەزنەوی بە نموونە…

عێراقچێتی لە ڕوانگەی مارکسایەتی و ماوێتی « چەپ و کۆمۆنیستەکان» ەوە:
ئیمپریالیزم دوا پلەی گەشەسەندنی سەرایەدارییە و دەوڵەتە کۆلۆنیالیستە رۆئاواییەکان، چەوسێنەر و خوێنمژ و دکتاتۆر و دژی ئازادی و چینی کرێکار و سۆسیالیزمن .
مارکسییەکی کورد نیە نەزانێ ، پەیمانی سایکس پیکۆ یەکەم مۆری ھەردوو دەسەڵاتی کۆلۆنیالی ئینگلیزی و فەرەنسی پێوە دیارە. ئەم پەیمانە ھێڵە گشتییەکانی ستراتیژی ئینگلیز و فەرەنسای تێدا بەرجەستە بووە و پاشانیش ئەمەریکا بەری رەنجی ئەوانی چنییەوە و بووە خاوەنی زۆری سیاسەتەکانی دوو دەوڵەتی ناوبراو، کە بەنموونە بە مامانی عێراق و زۆر دەوڵەتۆکەی تری دەڤەرەکە دادەنرێن…

بەم شێوەیە پرسیارێ خۆی دەسەپێنێ و لە مێشکمان دا دەزرنگێتەوە: بۆچی داکۆکی لە سنوورەکانی ئەم دەوڵەت و چوارچێوەی یاساییەی ناونراوە عێراق، بەلای مارکسییەکانەوە ستراتیژی خەبات بوو؟؟. بۆ دەیانویست کورد بکەنە کرێکار و لەگەڵ ھی عەرەبدا یەکی پێبگرن و خەباتی سەرتاسەری لە عێراق دا بکەن ؟ بۆ کوردستانی بوون تاوان و دواکەوتوویی بوو؟ئاخر نەیاندەزانی ھەر سیاسەتێ لە پێناوی پاراستنی ئەم قەوارە دەستکردەدا دەکاتە خزمەتی بێ چەندوچوونی ھێزە جیھانخۆرەکان. ئەم دەستەیە لەگەڵ خەباتی گەلانی ھەموو دنیادا بوون لەدژی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و سەرمایەداری و زایۆنیزم، جگە لەخەباتی ڕەوای کوردستانی کورد.
شایانی ئاماژە پێدانە لەم دەستە و تاقمەش دا، کەسانی کوردستانی زۆرمان ھەبووەو ھەیە، کە بە ڕێبازی خۆیان تێکۆشاون بۆ سەربەخۆیی کوردستان و تا ئێستاش زۆریان ھەر لە سەنگەردان.شێخ شەھاب و مەزڵوم دۆغان وەک نموونە.

عێراقچێتی لەڕوانگەی مۆدێرنێتییەوە.

مۆدێرنێتی کە زرینگەی لەگوێی گەلێ کەسدا خۆش دێت، یەکێکی ترە لەئامڕازەکانی دەستی ھێزە کۆلۆنیالتستەکانی جیھان، بۆ گەیشتنە مەرامە گڵاوە نامرۆڤایەتییەکانیان…لە ڕێی مۆدێنێتەوە بۆ دروستکردنی نەتەوە و کولتوور و دەوڵەتی نەتەوەیی یەکشوناس لەسەر ھەژماری زمان و کولتوور و نیشتمان و جەستەی نەتەوە و کولتوور و خاکی تر داھێنا و پەیڕەو کرد.
عێراق لەڕێی زاڵبوون و سەپاندنی ناسنامەی عەرەبی بەسەریدا، یەک پارچە بۆتە بەشێکی نیشتمانی عەرەبی و لە نێو چوارچێوەی نەخشەی سیاسی عەرەبدایە. ئەودەسەڵات و ھێزە چاوچنۆکانەی لە پشت مۆدێرنێتەوە وەستاون، بە ھەموو توانایەکیان داکۆکی لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن وەک بازاڕ و جێ نفوزی سەربازی و سیاسی خۆیان ، ڕێگە نادەن پارچە پارچەبێت. ھەر دوێنێ نزیک بوو ھەموو لە بیرمانە ، بە کورد و کێشە ڕەواکەی دەووترا دۆزەکەتان «کێشەی ناوخۆیی» ییە . لە کاتێکدا چ رۆژئاوا و چ رۆژھەڵات بە دوا چەکی قڕکەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو یارمەتی حکومەتی ناوەندیان دەدا.

کەواتە ئەو داوایە لە ژێر ناوی مۆدێرنێتیدا لە کورد دەکرێ، خۆی بدات بەدەستەوە چونکە کار لە کار ترازاوە و ھێزە زەبەلاحەکان لەسەر شێواز و فۆڕمی سیستەمی سیاسی جیھانی پێکھاتوون، ئیدی نەخشەی جیھان ناگۆڕێ و پێویستە ئێوەش مل بدەن .، چونکە چ دەرەتانێ بۆ کورد نەماوە، ھەردەبێت بێتە عێراقی و دەستبەرداری مافەنەتەوەیی و مێژووییەکانی خۆی بێت.
ھەر داکۆکییەک لە عێراق لەژێر ناوی مۆدێرنێتیدا ، دەکاتە عێراقچێتی و ئاماژەمان بەوە داوە، کەعێراقچێتیکردن خزمەتە بە ھێزی بێگانەی ئەھریمەنی و ئەوەی پێی دەوترێ ئیمپریالیزم و سەرمایەداری و کۆلۆنیالیزم.

عێراقچێتی لە ڕوانگەی کوردایەتیشەوە:

ئەوە جگە لەوەی عێراچێتی بەتاوان و ناپاکی دادەنرێ، لە نموونەدا ڕێک دەکاتە ئەوەی کەسێک بیەوێ باوک و دایکی خۆی بکوژێ و بسڕێتەوە و باوەپیارە و باوەژنی بخاتە جێی ئەوان.. تۆ لەبری ھەڵگری ھەموو بنەما و مۆرک و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆت بیت و ناسنامەی کوردستانیت لە باخەڵدا بێت، دەبێت واز لە ھەموویان بھێنیت و خۆت بکەیتە عێراقی و تورکیایی و ئێرانی و سووری. خۆت لە ھەموو بەھایەکی کوردبوون داماڵەخاس بکەیت و خۆت بدەیت بەدەم شەپۆلی نێرجسێتی ئایین و ئایدۆلۆژیا و کۆسمۆپۆلێتییەوە…دەنا داگیرکەرچێتی بە کەس ھەرس ناکرێ..
کەواتە لۆمەی توند و گەورەی ئێمە ، بە پلەی سەرەکی ئەو ھێز و کەسانە دەگرێتەوە، کە بانگاشە بۆ عێراقی بوون دەکەن و بەغدای تاوان دەکەنە، قیبلەی ئاواتەکانیان و سەرسەختانە داکۆکی لە سنوورە دەستکردەکانی مامە ئینگلیزی گڵاو و ئیمپریالیزمی جیھانی دەکەن…

دەرئەنجام گەشتینە ئەوەی بڵێین، ھەر چوار ئاڕاستەکە، بە عێراقچێتییەکەیانەوە، جۆگەلەی بیر و خەبات و ھەوڵیان، دەڕژێتە ناو ئەستێڵکی عێراقەوە. ئەمەش گەورەترین تاوان و ناھەقییە بە شێوازی جیاواز جیاواز ، بەرامبەر بە پرسی کورد لەژێر دەمامکی ناکوردستانی دەکرێت.
ئۆباڵی بە لاڕێدا بردنی ویست و خواستەکانی نەتەوەی کورد و شێواندنی ڕاستییە مێژوویی و نەتەوەییەکان و بە فیڕۆدانی وزە و توانا و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی بۆ عێراقچێتی ، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو قوتابخانە و مامۆستا و حیزب و سەرکردانەوە، کە ڕۆڵیان لە برەودان بەم ڕێبازە چڵکن و نەگریسەی داگیرکەرچێتییەدا ھەبووە و تا ئێستاش ھەیە.
ئاخر ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستانەیە، وامان لێ دەکات ، بڵێین : عێراقچێتی/ داگیرکەرچێتی سیفەتێکی نیمچە ناپاکییە بەرامبەر بە کوردستانچێتی و مێژووی قوربانی و تێکۆشانی کورد، بەردەوام نەفرەتی خەستی لێ دەکات.
دیارە تورکیاچێتی و ئێرانچێتی و سووریاچێتی، بە ھەمان خوێندنەوە و پێوانە ڕوو ڕەشترو بێ ماناترن لە عێراقچێتیی.
—————————

  • کرکوک وتوابعھا حکم التاریخ والضمیر د. کمال .مطھر احمد



پاکێجێک و دوو بابەت … هەڵۆ بەرزنجەیی

یەکەم:

Solidaritätszuschlag…((Soli))
رۆلی ئەڵمانیا چییە؟.
پشتیوانی و ھاوکاریی زیادە، لەسەر باجی داھات و باجی کۆمپانیاکان ناسراو و کورتکراوە بە ( زۆلی)
بڕیارێکی حکومەتی ئەڵمانییەیە بۆ زیادکردنی باج لەسەر ھاوڵاتییەکانی،کە لەساڵی ١٩٩١ دا داوێتی. واتە دوای ڕووخانی دیوارەکەی بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا.
ئامانجی سەرەکی لەم بڕیارە، گوایە بۆ ھاوکاری جەنگی کەنداوی دووەم و کۆمەکی وڵاتانی رۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپای رۆژھەڵات و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیایە. بڕیار بوو بۆ ساڵێک ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێ. بەڵام ھەر بەردەوام بوو، تا لەساڵی ١٩٩٥ دا بە تەواوی بەناوی کۆمەک و ھاوکاریی ـ خەرجی و ئەرکی ـ ((یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا)) تا ئێستا درێژەی کێشاوە. بڕەکەش بە 5,5% بووە لە داھاتی مووچەخۆر و کارخانەکان. ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە، ھەوڵێک ھەیە بۆ نەھێشتنی ئەم ئەرکە لەسەر ھاوڵاتی و کارخانەکان. ئەوەبوو حکومەتی ئەڵمانی لەم ڕۆژانەدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ساڵی 2021 دا ، ئەو باجە لەسەر بەشێک لەخەڵک نەمێنێت. ئەوانەی رەبەنن و ساڵانە لە 74,000 ھەزار یۆرۆ کەمتر پەیدا دەکەن و ئەوانەی خاوەن خێزانن لەساڵێکدا 152,000€ کەمترە داھاتیان. بەڵام ئەوانی دیکە دەبێت بەردەوام ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن و زۆلی بدەن.

ئەوەی من حەزدەکەم ئاماژەی پێ بدەم، دیوێکی تری ئەم ئەزموونەی ئەڵمانە .ھاوڵاتی ئەڵمانی سەرباری دەوڵەمەندی دەوڵەتەکەی، 28 ساڵە ھاوشانی یەکتر لە پرۆسەیەکی گرنگی نەتەوەییدا ھاوکارە ،بێ ئەوەی ھاتوھاوارێکی ھێندە ناساز بکات،تەنانەت دراوسێکەشی ھەستی پێ بکات . بەدرێژایی ساڵانی دوای روخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، 5- 6 جار ڕێکەوتی خەڵکم کردووە ، بەجۆرێک لە جۆرەکان داد و بێدادی بوو بێت، لەدەست یەکگرتنەوە و سەختبوونی ژیانیان… ھەموو قسە و ھەڵوێستی ئەوانەش بریتی بووە لە « بریا دیوارەکە نەڕووخایە» « ھەق بوو چەند چینێکی تر لە دیوارەکە بنێن، تا بەرزتر بوایەتەوە» یاخود بێزاری ڕۆژئاواییەکان،لەدەست بێچاوڕوویی رۆژھەڵاتییەکان لەھەڵسوکەوتی ئوتومبێل ھاژووتندا،بۆتە جێی نیگەرانی کەسانێکی زۆر. بەم جۆرە ئاو بهێنە و دەستی خۆت بشۆ.
کەواتە ئەم خورتە و بۆڵەیە کە شتێکی ئاساییە ھەیە، لێ لەوە گرنگتر و جێی سەرنج ، ئەوەیە حیزبە ئەڵمانییەکان ئەم دیاردەیە کە هەیە نەیانکردۆتە/ نەیانکردە ئامانجی سیاسی و بۆ مەرامی خۆیان و پەکی حکومەت و کاروباری فەرمی ھاوڵاتیان و خوێندنییان پێ نەکردووە. هەمیشە ھەر بە ئاوات و مەبەستی ئەوە بوون ، تەواوی حاڵەتەکە دووری سیاسی وەرنەگرێت و تا بێت پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵاوبوونی هەردوو سیستەمەکە سەرکەوتووانە بە ترۆپک بگات. شایانی ئاماژە پێدانە،هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا لە دوو بلۆکی سیستەم تەواو جیاواز و دژ بەیەکدا بوون. ـ سەرمایەداری ڕۆژئاوا و سۆسیالیستی ڕۆژهەڵات.
ئەوانەی ئەڵمانیایان دیوە بەتایبەت بەرلین شارەزان ، دەزانن کە دوای یەکگرتنەوە چ شتێک بنیات نراوە و چۆن بەشە رۆژھەڵاتییەکەی لەشارێکی تازەی مۆدێرن دەچێت..
لە کاتێکدا گەر وێنەی کۆبانی و حەڵەب بھێنینە بەرچاومان، لە شەڕدا چییان بەسەر ھات ، ئەوە بەرلین سەدقات وێرانتر بوو..بەم شێوەیە، حکومەت و میللەت ھاوکار بوون بۆ بیناکردنەوەی وڵاتێکی داڕزاوی سەردەمی بلۆکی سۆسیالیستی رۆژھەڵات ، کە ئێستا لە جیھان دا، بەھێزترین وڵات ئەژمار دەکرێ.
شایانی ئاماژە پێدانە، ئەوکاتەش ئەڵمانیا ئابووری بەھێز بوو. ڕێژەی بێکاری کەم بوو. نزیکەی ئیشکەری 82 ھەشتا و دوو ملیۆن دانیشتوان باجیان دەدا بە کۆمپانیایانەوە …
کەچی لەوڵاتی دواکەتوو و بارگاوی بە ئەگێندای دەرەکی ئێمەدا و لە ئاکامی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی و سیاسەتێکی روون و ئاشکرا، دیمان لە قۆناغە سەختەکان دا. باشتر بڵێم ساتە قەیراناوییەکان دا، چۆن ھەوڵی ئەوە درا پرسی مووچە جێی دۆزی نەتەوەی کورد بگرێتەوە. پەنا بۆ داگیرکەرو دوژمن برا و کێشە گەوھەرییەکە لە بەھا و سەنگی کەم بۆوە…بەڕادەیەک حیزبە سیاسییەکان ئەم قەیرانەیان بۆ بەرژەوەندی تاکتیکی و رۆژانەی خۆیان قۆستەوە، کە دابەزینە ئاستێکی نزم و شێواوی و شپرزەییەکی زۆریان بۆ جەماوەر و خەڵک قووت کردەوە. لەم ڕێگایەشەوە زیان بە باری ئابوری و بازاڕ و سیستەمی خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییان گەیشت و ئاکامی دڵتەزێنی لێ کەوتەوە.
ئەمەش ئەزموونێکی تری گەلانی دنیا و بەتایبەت ئەڵمانیایە. بەهیوای بۆ سوود لێوەرگرتن، پەڕۆیەکی لێ دادڕین.
***
دووەم:
ژمارەی زۆری دانیشتوانی زەوی و مەترسییەکانی ژینگە:


بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان:(( زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە جیھان دا، وەک
بەڵگەنامەیەک بەکار دەھێنرێت لەدژ ھەوڵەکانی ژینگەپارێزیی)). دروشمەکە دەڵێ: زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان لە وڵاتانی تازە پێشکەوتوودا، ھەموو ھەوڵەکانی وڵاتە پیشەسازییەکان تێک دەشکێنێ .

بەپێ ئاماری ناوبراو تا ساڵی 2100 ««12»» ملیارد مرۆڤ زیاد دەکات.. پسپۆڕان پێیان وایە، گەر بێت و
ژمارەی دانیشتوان بەم شێوەیە زیاد بکات و نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵەوە، کارێکی مەترسییە… لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوان 10, زۆرینەی زیادبوونەکانیش لە ئەفەریقا بەتایبەت لە وڵاتانی:
: Burundi,Kongo,madagasker,Jemen,Sierra leon,Chad,Malawi,Haiti,Niger,Sambia.
کە بەرھەمی co2 زۆر کەمە بوروندی ساڵانە تەنھا 0,027 co2 بەرھەم دێنێ. لەکاتێکدا ئەمەریکییەک دەبێتە ھۆکاری 541 ھێندە و رووسێک 454 گلەیی ئەوەیە ئەم وڵاتانە ھیچ بۆ ژینگە ناکەن و ئەنجام نادەن… بەواتایەکی تر 20 نەتەوە پیشەسازییەکە نزیکەی %80 co2 بەرھەم دێنن.. پسپۆڕان پێیان وایە ڕەنگە 10 ملیارد دانیشتوان باش بێت و بتوانن بە تەندروست بژین لەسەر گۆی زەوی…

هەڵۆ بەرزنجەیی
٢٨/٨/٢٠١٩
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل




خۆناسی و داگیرکەر و دوژمنناسی … هەڵۆ بەرزنجەیی

                   

کاتێک گرنگی و بەها و پیرۆزی نەتەوە و نیشتمان و زمان و فەرهەنگ و دابوو نەریت و شتگەلێکی تر، لە ناسنامەیەکدا کۆدەبێتەوە و بەڕوونی بەرجەستە دەبێت، ئیدی هەر تاکێک و هەر هاوڵاتییەک، ئەم ناسنامەیە لە گیرفانی خۆی دەنێ و بە شانازییەوە هەست بە بوون و سەنگ و نرخی دەکات و دەتوانێ خۆی پێوە نمایشت بکات و نیشانی جیهانی بدات. ئاخر هەر هاوڵاتییەکی ئەم جیهان، کاتێ بچێتە وڵاتێکی بێگانەوە، بەم ناسنامەیە دەناسرێتەوە و گەرەکە نیشانی بدات. ئیدی ئەم پارچە کاغەزە یاخود پلاستیکە، کۆکەرەوەی هەموو زانیارییەکە لەسەر تۆ و بەهای مینۆکی بەهیچ شتێک ناپێورێ.
واتە بۆ هەر کەسێک، دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی کۆتایی بە نیشتمانی خۆی دێنێ و ئیدی دەبێت لە ڕێی ناسنامەکەیەوە خۆی بەناسین بدات. دروست هەر یەک لە ئێمە لەم ناسنامەیەدا خۆی دەبینێتەوە،کە ناسنامەکە بۆخۆی بنچینەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی و مێژوویی و مۆڕاڵی و هەیە. بەم شێوەیە ئەو تاکە ناچارە ئەو سیمبۆڵە بکاتە جێی پیرۆزیی و شانازیی خۆیی و وڵات و دەوڵەتەکەیی بە هەموو وزە و توانایەکییەوە داکۆکی لێ بکات و بە چاوێکی بەنرخەوە تێی بڕوانێ. ئەمە تا ئێرە، بوون و خۆناسین بەشێکە لە دیمەنی تابلۆکە، بۆ نەخشاندنی ناسنامەی نەتەوەیی.
تۆ کێیت؟ لەکوێ لەدایک بوویت و چیت دەوێ؟ دەروربەرت چۆنە و کێن؟ گەرەکە چی بکەیت؟ ئاڵات کامەیە و هەبوونت چ مانایەکی هەیە؟. گەلێ پرسیارگەلی تری چارەنووسساز لەسەر پانتایی تەواوی پرسیارەکان ڕووبەڕووت دەبێتەوە. زۆرینەی ئەم پرسیارانە تاکی خوداپێداوی ژێر سێبەری ئازادیی و دەوڵەتی سەربەخۆ هەر لە منداڵییەوە لە خێزانەکەیەوە، لە باخچەی ساوا و قوتابخانەی سەرەتایی و لە ژیانی رۆژانە و دەوروبەرەکەیەوە، لە دامودەزگای میدیاییەوە، فێری بووە و دەیزانێ و پێی پەروەردەکراوە و بۆی کراوەتە بەشێکی زیندوو و بەڵگەنەویست و جیانەبووەوەی مێژوو و دێفاکتۆی ژیانی.
بۆنموونە منداڵێکی ئەڵمانی هەر زوو بە ئاڵای ئەڵمانیا ئاشنا دەبێت، لەڕێی تیڤی و رۆژنامەوە یاخود هەڵبژاردەی وەرزشی نیشتمانییەوە، یان گرووپی موزیکی نەتەوەیی، یاخود ئەو سیمبۆڵەی بەدیاری لەجەژنی لەدایکبوونی دا بۆ دێت…هەتا دوایی. وەک منداڵی گەلێکی خاوەن دەوڵەت، بێ ترس و شەرم بڵندی دەکاتەوە و نیشانی دەدات و سروود و گۆڕانی بە باڵادا دەچڕێت و لە پێویست دا داکۆکی لێ دەکات و خۆی بۆ دەکاتە قوربانی. ئاخر ئەم دەستکەوت وتایبەتمەندی و جیاوازییە بەرهەمی ئەوەیە ئەو:
{{ نەخشەی وڵاتەکەی لەسەر ئەتڵەس هەیە، ئاڵای وڵاتەکەی لە هەردەرێ دەشەکێتەوە، ناسنامە و پەساپۆرتی دەوڵەتەکەی لە گیرفانیدایە، زمانی سەربەستە. مێژووی ئازادە، بوونی سەلمێندراوە، هەبوونی بەرجەستە بووە}}
بەڵام منداڵێکی کورد بە هیچ لەم خەونانەی شاد نەبووە و بێبەرییە لەم بوونانە و ئەم دەرەتانەی نییە ئەمانە بەدەست بهێنێ. بە هەڵگرتن و هەڵکردن و باسکردن و داکۆکیکردنی ئەم سیمبۆڵە ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە. هەڕەشە و مەترسییەکان هێندە گەورەن، هەر لە ساواییەوە لە ماڵەوە فێری ئەوە دەکرێن،نکۆڵی لەم بوونانە بکەن، هەرگیز توخنی ئەم جۆرە باسانە نەکەون، چونکە دوژمن دڕندەیەکی بڤەیە.
بەم شێوەیە هەرکاتێ بەها و گرنگی ئەم پرسە لە کەسایەتی هەر تاکێکدا، بەدیار بکەوێ ، ئەوسا کەسایەتییەکی بەهێز و باوەڕ بخۆ و سەربەرز دێتە مەیدانەوە و لەزەتێکی مینۆکی بێ سنووریش لەم هەبووە ماکی و مینۆکییە دەبینێت. هەروەک تۆ مەلەوانی نەزانی ، تێناگەیت ئەم وەرزشە چەند بە سوود و خۆشە و لەشساغ نەبیت، نرخی تەندروستی باش نازانی و دڵ ئارام نەبیت، نازانی شادمانی چ تامێکی خۆشی هەیە. کە ناسنامە و دەوڵەتیشت نەبوو، بەهای هیچ بنەما و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی نەتەوەی خۆت بە دروستی و پیرۆزیی نازانی.
دکتۆریش بەرلەوەی چارەسەر بۆ نەخۆش بنووسێ، خودی نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکات. ڕاوچیش کاتێ دەچێ شکار، بۆئەوەی بەکۆمەڵێ نێچێرەوە بێتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە، سیرەی تەواو لە نێچیرەکان بگرێ. کەواتە بێ ناسین و دیاریکردنی تەواوی ئامانج، کەس بەدروستی و تەواوی بەئاوات و هیواکانی ناگات. لە خەباتی نەتەوایەتیش دا، کار دەکرێ بەهەمان پێودانگ. نەتەوەیەکی داگیرکراو و دابەشکراوی وەک کورد، پرسەکەی لەوە قوڵترە، بێ دوژمنناسی/ئەوانیترناسی بتوانێ بگاتەوە ئاواتەکانی.
بەرلەوەی قسە لەسەر دوژمنناسی بکەم، با ئاماژەیەکی خێڕا بدەم، کەوا دوژمن لە مێژە پرۆژەی کوردناسی لە دیدی خۆیەوە، لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە،ئەنجام داوە.هەر ڕۆژەی لەژێر بەرگێک دا نیشانی دەدات و بە دەمامکێکەوە خۆی پێوە دەنوێنێ. دۆسییەکی ئەستووری خستۆتە ئەرشیفی نهێنی وڵاتەکەیەوە. هەر گرووپ و حکومەتێک و رژێمێک بێت، هەر دەتوانێ پشت بەم ئەرشیفە ببەستێ و مامەڵەی خۆی لەگەڵ کورد دا نەخشە بکێشێ و دیاری بکات. ئەوان نەک هەر ئەرشیف، بگرە دەزگا و دامەزراوەی سەربەخۆ و تایبەتیشیان بۆ ئەم ستراتیژەی خۆیان بۆ خۆیان نەخشاندووە ساز داوە. مێژووی کورد و سایکۆلۆژێتی تاک و کۆمەڵگەی کوردییان شارەزا بوون.
هێندەی لەبیرم بێت و لێی تێگەیشتبم، تا چەند دەیەیەک لەمەوبەر لە: تورکیا، بڵند ئەجەوید ، لە ئێران، رەفسەنجانی، لە عێراق، طارق عزیز، لە سووریا، عبدوڵا احمر سەرپەرشتی دۆسییەی کوردیان لە دەوڵەتەکانی خۆیان دا کردووە. لەم دەوڵەتانەدا، دامودەزگا لەسەر دۆسییەی کورد هەیە، کۆمەڵێ خەڵکی شارەزا لە بوارە جۆراوجۆرەکان دا،کاری تێدا دەکەن و وەک ژێدەرێکی Think Thank، بۆ هەر پرسێ لەمەڕ کوردەوە تەماشا دەکرێن و دێنە هەژماردن.
ئەوان سەرقاڵی داڕشتنی پلان و بەرنامەی جەهەنەمی خۆیانن، چۆن بتوانن پێبەپێی گۆڕانکارییەکان ڕووبەڕووی کورد ببنەوە و قڕی بکەن. ئەم ڕاستییەش لە حوکمی بەڵگەنەویستدایە و جێی حاشالێکردن و نکۆڵیکردن نییە. ئەگەرچی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بۆخۆیان لەنێو خۆیان دا ناکۆک و ستراتیژ و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، لێ ڕێکەوتنامەکانی نێوانیان و کۆبوونەوەی بەردەوامی چواردەوڵەتەکە، یان سیانیان لە دژی کورد،ئەو ڕاستییە دەردەخات، لەناوبردن و گەمارۆ و قەتیسکردنی کورد و هێشتنەوەی بە بندەستی باشترین بەڵگەی بۆچوونەکەمانە.
ئەم دەوڵەتانە دژ بە کورد بە ئاشکرا و نهێنی دەیان ڕێکەوتننامەی هاوکاری نێوان خۆیان و مۆرکردووە. لەبەرامبەردا کوردی ستەمدیدە، هەر خەریکی ڕازاندنەوەی چەمکی و پەیامی “برایەتی ” قبووڵکردنی پلەی برا بچووکی و چوونە شیرینی خەو و باوەڕ بە چارەسەری دیموکراسی و برایەتی و ئایینی و ئایدۆلۆژی و بانگاشەی پێکەوە ژیانی داگیرکراو و داگیەکەر و زۆر شتی تریش دەکەن. یاخود گرێدانی خەباتی کورد و نەتەوە سەردەستەکان لەبەرخاتری قسە و بۆچوونێکی مارکس و وتەیەکی ئایینی ئیئسلام و هتد…
” ناسیۆنالیزم بە ئاڕاستەی ناوخۆدا ئینتەگراسیۆن و بەڕووی دەرەکی دا،خۆجیاکردنەوە و دەستسنیشانکردنی سنوورە”.
نەتەوەیەک خۆی دروست دەکات و لە وێنەی خۆی وێنەی دژەکەشی دەخوڵقێنێ. واتە لە وێنەی خۆیدا وێنەی دژەکەی دەنەخشێنێ. ئیدی بەم شێوە تا هەواری ئاسوودەیی و ڕەوینەوەی مەترسی و هەڕەشە دەرەکییە ترسناکەکان. ناسیۆنالیزم بەم ڕەوتە کار دەکات. زلهێزێکی وەک ئەمەریکا هەمیشە وێنەی دوژمن و نەیار و ڕکەبەڕێک بۆ خۆی وێنا دەکات، تا ستراتیژی سیاسەتی خۆی داڕێژێ و درێژە پێ بدات.
هەر لەم ڕوانگەیەوە بۆیەکا دەبینین نە ئەلەکسەندەری گەورە و نە ناپلیۆن، بێ زانین و زانیاری لەمەڕ ئەو ناوچانەی داگیریان کردووە، هێرشیان نەکردووە. ئیدی هێرشکەر بیت یاخود هێرش بۆکراو، زاڵم بێت یان زوڵم لێکراو بیت، دەبێت بەرامبەرەکەت بناسی. هەڵبەت ستەملێیکراو پێویستە لەسەری دوژمنە ستەمکارەکە بەدیقەت و باشتر بناسێ، هەتا زووتر لەدەستی رزگاری بێت. دەنا هەرگیز لەژێر ملهوڕیدا نایەتە دەرەوە. عەرەب و ئیسرائیل بەم میکانیزمە کار دەکەن بەتایبەت ئیسرائیل. ئەمەریکا و ناتۆ لە ڕێگای ستراتیژی Dubell Beschluß،توانییان شورەوی گەمارۆ بدەن و هەوڵی داتەپینی بدەن.
لە جیهانی ئەمڕۆدا گرتنەبەری ئەم ستراتیژە شتێکی نوێ نییە، لێ بایەخی زیاتری پێدراوە. بە نموونە گەر لە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا کێشەیەک سەر هەڵبدات، میدیا و سیاسییەکان لەهەردوو لا، سەرەتا گوێ دەگرن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و ئەوانە لەو دازگای دوژمناسییەدا/ بابڵێن بێگانە یاخود دراوسێناسییەدا کاردەکەن. واتە ئەڵمانیا گوێ لەئەڵمانەکان و فەرەنسا گوێ لە فەرەنسییەکانی خۆی دەگرێ. دوای شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی تێروتەسەلی بابەتەکە، ئەوجا هەنگاوەکانی دیکە دیاری دەکرێن.
لای ئێمە تاکی کورد نە پێناسەیەکی دروستی بۆ خۆی هەیە و نە توانیویەتی بۆ داگیرکەر و دوژمنەکەی هەبێت،ئاخر پەروەردە نەکراوە.کراوە بەسەقتی گەوهەری دۆزەکەی تێگەیەندراوە. دەنا لە کوێی دنیادا،لە مێژووی کام گەلێک دا باسی (برایەتی و پێکەوە ژیان و …هتد لە نێوان داگیرکراو و داگیرکەردا کراوە)!؟ وەک مامۆستامەسعوود محەمەد دەڵێ: ” ناشێ (پێکەوە ژیان) لەسەر گومان و مەترسی دامەزرێت”. ئەمەش کتومت ئەو هاوکێشەیە وێنا دەکات،کە بە درێژایی مێژوویەکی دوورودرێژە لەنێوان کورد و ئەوانی داگیرکەردا نەخش بووە.
داخۆ کەسێکی هۆشیاری ڤێتنامی هەبووە بیەوێ بانگاشەی پێکەوە ژیان بکات لەگەڵ ئەمەریکاییەک دا! جولەکەیەک هەیە دروشمی پێکەوە ژیان بێت لەگەڵ ئەڵمان دا! ئێستا ئۆکرانییەک و پۆلەندییەک هەیە ئەو داوا و دروشمیان بێت لەگەڵ رووس دا؟!. بێگومان نەخێر. نەتەوە بندەستەکان خۆیان دەناسن و دوژمنەکانیشیان باشتر دەناسن.
لای ئێمە ئەزموونەکانی ڕابووردوو ئەوەیان بەدیار خستووە، فەرماندەیەکی سەربازی، سەرۆکی حیزبێ، سکرتێری ڕێکخراوێک، کەسایەتییەکی دیار، پیاو ماقوڵێک یاخود سەرەک هۆزێک خۆی بە ئینسکلۆپیدیا دەبینێ و خۆی دەکاتە ریش سپی و کوێخای چارەنووسی نەتەوەیەک. لەیەک دیداردا، لەگەڵ لایەنی بەرامبەرداـ داگیرکەری دوژمن ـ پرسی کورد، یەکلایی دەکاتەوە. ئەم تاکە کەسە قسەی سەرەتا و کۆتاییش دەکات لەسەر باری سیاسی، مێژوو، جوگرافیا، کولتوور، یاسا، زمان و زۆر شتی تریش. هەر ئەم نەزانی و نەشارەزایی و نەناسینەی دروستی ئەوانە، وای کردووە بەدرێژایی مێژوو کورد نەتوانێ یەک گرەوی سیاسی لە دوژمنەکەی بباتەوە. وەک دەزانین کورد هەمیشە براوەی مەیدانی جەنگ و دۆڕاوی سەر مێزی گفتوگۆ بووە.
ئەوەی لێرەدا دەبێتە ئەرکێکی نەتەوەیی و پێویستە گورجوگۆڵانە ئەنجام بدرێ،پێویستە دەیان پەیمانگا و ناوەندی داگیرکەر و دوژمنناسی تەنانەت وەزارەتیش بێتە دامەزراندن. گۆڕینی پەروەردەی تاکی کوردە لە بێئاگایی و نەناسییەوە بۆ هۆشیاریی و ناسینی خۆیی و داگیرکەرەکەی. ناساندنی داگیرکەر و مەترسییەکانێتی لە هەموو ڕەهەندە سیاسیی و مێژوویی و سەربازیی و ئابووریی و رۆشنبیریی و لایەنەکانی ترییەوە. کۆی ئەم هەموو زانین و زانیارییانە، دەبنە هەوێنی کێشانی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی . ئەو ستراتیژ و سیاسەتەی،کاری لەسەر نەکراوە و لە ئەقڵی سیاسی کورددا، هێشتا هەر بزرە.
تاکی کورد بۆ ناسینی خۆیی و بەهێز کردنی (من)ی کورد، دەبێت بە مێژووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا بکرێت! پەند و وانە لە ڕابووردوو وەرگرێ و بزانێ بۆ ئەو چارەنووسەی بەسەردا هاتووە!؟ و کە خەبات بۆ گۆڕینی واقیعی تاڵی بندەستی دەکات، بزانێ بۆ چەک هەڵدەگرێ و بۆچی تێدەکۆشێ و ئامانج و ستراتیژ چییە!؟ و کوردبوون و بەرژەوەندی و قازانجەکانی لە کوێی هاوکێشەکان دا دەوەستن!. دەبێت ناسنامەی کوردبوون و دۆزی ڕەوای کورد،بە هەموو ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگییەکەیەوە، لە چوارچێوەیەکی چەسپاودا دابڕێژرێت، هەموو تاکێکی کورد،وەک ناوی خۆی بیزانێ. ئاخر:” ئێمە ئەگەر خەریک بین مێژووی دەستکرد بخوێنینەوە، لە چارەسەرکردنیشدا دەردی دەستکرد تیمار دەکەین”. مەسعوود محەمەد. بەداخەوە بەشێکی هەوڵ و تیمارەکردنەکانمان( شۆڕشی داگیرکەرچێتی و دیموکراسی بۆ داگیرکەر و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد و کۆمەڵێ دروشم و داوای تری پووچەڵ و فشە ماف) لەم کایەدا بە خۆڕایی خەرج کردووە. هاوکات دوای خوێندنەوەیەکی بەدیقەت و وردی نوێ،پێناسەیەکی ئاشکرا و روونی ئەوانی بێگانەی دوژمنی داگیرکەر بکات. ئەنجام نەدانی ئەم ئەرکە لەمێژووی ڕابووردوومان دا، بۆتە مایەی ئەوەی هەتا هەنووکە دۆسییەی کورد بە گردومۆڵی فۆرمەلە نەبێت.
دوژمنناسی بێ خۆناسی نابێت و خۆناسیش،بێ هۆشیاریی نەتەوەیی ناکامڵ دەبێت. بۆیەکا سەرنجدانەوەیەکی نەتەوەییانە لە ڕابووردووی دوور و نزیکمان، لەسەر ئەو دیفاکتۆ تاڵەی یەخەی گرتووین و بەسەرماندا سەپاوە، پێداویستییەکی گرنگە،بۆ زامنکردنی ئایندەیەکی باشتر. دەنا مانەوە لەم دۆخەی بۆمان نەخشکراوە،کە بریتییە لە ونبوون و بێ ناونیشانی و بێ ناسنامەیی لەم گەردونە فراوانەدا، جۆرێکی گەورەیە لە هەتیویی و خەمێکی قوڵ و برینێکی سەخت و گرێیەکی دەروونیی کوشندەیە.

            هەڵۆ بەرزنجەیی..   ٨/٨/٢٠١٩



هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا و پرسی ناسنامە -1-… هەڵۆ بەرزنجەیی

٢ـ١
یەکێتی ئەوروپا لە بوارەکانی ئابووری سیاسی و کولتووریی دا سوودی بە وڵاتانی ئەوروپا گەیاندووە. دیارە بە بەهێزەکان زۆر زیاتر هاولاتی ئەوروپایی دوو ناسنامەی هەیە،هی وڵاتەکەیی و هی ئەوروپاییش.
ئەڵمانیا بازاڕێکی هێجگار گەورەتری بۆ بەرهەمە پیشەسازی و تەکنەلۆژیەکانی بۆ ساز بووە. زۆرینەی دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بە یۆنانیشەوە، بە ملیاردەها یۆرۆی ئەڵمانیا قەرزارن. ئەڵمانیا ئێستا هێزی کار لەم وڵاتانەوە هاوردە دەکات و ڕۆحی تازە و جوڵە و گوژمێکی بەگوڕتر دەداتەوە، بە نەتەوە پیر بووەکە، کە نەوەی نوێ ناخەنەوە. لەمەش زیاتر ئەڵمانیا بەو پاشخانە مێژووییەوەی هەیەتی، ئێستا ڕووی خۆی زیاتر لەجاران سپی کردۆتەوە، ئاخر کەس ناتوانێ دەستبەرداریی توانا و لێهاتوویی ئەڵمان و بەرهەمەکانیان بکات.ئەمە و گەلێ فاکتی تر پاشخانی ئەو ڕێژە بەرزەی ئامارەکەیە لە ئەڵمانیا.
هەژموونی ئەم ئاڕاستەیە وای کردووە، دەوڵەتە بچکۆلەکان دەرفەتی ژیان تا بێت تەسکتر بێتەوە و لەکاروانی ژیان دوا بکەون. بۆیەکالەم سەردەمە هاوچەرخەدا بایەخی ئەم یەکێتییە هێندە گەورە و چارەنووسساز خۆی نمایش دەکات، وڵاتێکی وەک مەکەدۆندیا ناچابوو/ کرا، کە ماوەکی زۆرە دەیەوێت بێتە ئەندامی ئەم یەکێتییە، لێ یۆنان لەدژ بوو، چونکە لە یۆنان دەڤەرێکیان بەناوی مەکەدۆنیاوە هەیە و ڕازی نەبوون بەناوەکەی مەکەدۆنیا، بۆیەکا داوایان لەدەوڵەتی مەکەدۆنیا کرد ناوی خۆیان بگۆڕن، دەنا ئەوان مافی ڤیتۆ لەبەرامبەر بوونە ئەندامیان لە یەکێتی ئەوروپا دەخەنە گەڕ. ئەوە بوو وڵاتی ناوبراو بە بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەی، ڕەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوی وڵاتەکەیان دا ، بۆ ” کۆماری مەکەدۆنیای باکوور” دا لەپێناوی وەرگرتنیان لە یەکێتی ئەوروپا.
لەوەتەی سەرۆکی فەرنسا ئیمانۆێل ماکرون بە کۆمەڵێ پێشنیاز و ئایدیای نوێوە، دەیەوێ ڕۆحێکی نوێ بکات بە بەری ئەوروپادا و لەم قۆناغە سەختە ڕزگاری بکات، پرۆژە لەدوای پرۆژە پێشکەشی ئەڵمانیای دەکات. کەچی ئەڵمانیا میرکل چ بەرسڤێکی ئەرێنی بۆ پرۆژەکانی ماکرۆن نییە. لەسەردەمی ئەدەناوەر و دیگۆلەوە پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە هیندە سارد نەبووە. هەربۆیە گەلێ لە چاودێرە سیاسییەکانی ئەڵمانیا بەدەوڵەتە نەخۆشەکەی ئەوروپا ناودەبەن. بەکورتی ئەڵمانیا ئامادە نییە لەم پرۆژە ئەوروپاییانەدا هاوکاری فەرەنسا بکات. هەروەک Winkler دەڵێ: ئەم دەوڵەتانە ئەوروپایی قسە دەکەن و ناسیۆنال ڕەفتار دەکەن”.
ئەڵمانیا لەرووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە و وەک گەورەترین نەتەوەی ئەوروپا و فەرەنساش لەڕووی سیاسییەوە بەو پاشخانە کولتوورییەی هەیەتی، بەدوو باڵی فڕینی ئەوروپا دادەنرێن. لەئێستادا پەیوەندییەکانیان بەقوڵترین قەیران و سەخترین دۆخدا تێدەپەریت، چونکە کەسیان ئامادە نین ستراتیژی بەرزی بەرژەوەندی نەتەوەییان تێپەڕێنن. بەتایبەت ئەڵمان کەبەوە ناسراون گەلێ خۆپارێزی دەکەن،بەتایبەتی لە ڕووی داراییەوە درەنگ دەست بۆ گیرفانیان دەبەن. شایانی گوتنە هەر یەک لەم دوو دەوڵەتە گەر لەم یەکێتییە پاشەکشە بکەن، ئەوا خودی یەکتی ئەوروپا بەسەرخۆیدا دادەتەپێ.
هەڵسانەوە و بەهێزبوونی ئەڵمانیا بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، ترسی گەورەی خستۆتە دڵی هەموو ئەوروپاوە. وەکی دیکەش ئەڵمان بەوە ناسروان لەسەرخۆ و نەرم و ترسنۆکانە بەرامبەر بە پۆتین و رووسیا هەڵوێست دەنوێنن و ئامادە نییە. دەرگای خەزێنەکەی بۆ پرۆژە ئەوروپاییەکان بێ بەرژەوەندی بەرامبەر بخاتە سەر پشت.
لە ئێستادا، هەڵمەتێکی توند و خراپ دەکرێتە سەر ناسیۆنالیستەکان و پۆپۆلیستەکان… ئەوەی لەدژایەتی ناسیونالیستەکان دا حەشار دراوە، جگە لە پرسی نەتەوەیی کاتالۆنیا و سکۆتلەند و باسک و ئیرلەندە و..هتد،کە ئەمانە نەتەوە گەلێکن دەیانەوەی بەڕێگای رێفەراندۆم سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن و ببنە خاوەنی دەوڵەت. لێ نەتەوەکانی تری بەڕێگای ناسیۆنالیستی بونەتە خاوەنی دەوڵەت، دژی بێدەوڵەتەکان دەوەستنەوە و پروپاگەندەی خراپ بۆ ئەم پرسە دەکەن.
بەهۆی ئەو تێکەڵییە زۆر و بێ سنوورەی نێوان گەلانی ئەوروپا لە نێوان خۆیان و لەگەڵ جیهانی دەرەوە دا، هەن دوو ڕەگن، واتە بە نموونە باوک ئیتالییە و دایک ئەڵمانییە، باوک ئەڵمانە و دایک پۆڵەندییە، یاخود دایک سویدی و باوک دانیمارکییە، باوکی فەرەنسییە و دایکی ئیسپانییە، دایکی بەرازیلییە و باوکی پەرتوگالییە، بەم شێوە ئەم دەستەیەش کەسایەتییان دابەش بووە بەسەر دوو ناسنامەدا. هەیە لایەنێکیان بەسەریدا زاڵە،ئیتر خۆی بەوە دەناسێنێ، یاخود هەیە لەم دۆخی دوو ناسنامەییەدا، خۆی بۆ ساخ نابێتەوە، ئینجا ناسنامە و دەوڵەت بەلایەوە گرنگ نابێت و گەردوونی بیر دەکاتەوە. لە ئێستای ئەوروپادا دۆخی دووەمیان بەرچاوترە.
دەستەیەکی تریش هەن، لەئەوانەی وڵاتی خۆیان خۆش دەوێ بەو سیما نوێیەی لەبەردەمیان دا قووتکراوەتەوە بەهۆی شەپۆلیک لەخەڵکی بێگانە و کۆچبەری نارەحەت و سەر بەگۆبەند. جگە لە جیاوازی کولتووریی، لەم دواییانەدا کۆمەڵێ دیاردەی سەری هەڵداوە، هاوولاتی ئەوروپایی پێی هەرس ناکرێ. دروستکردنی مزگەوت لەهەر کۆچە و کۆلانیکدا، بانگدان بەدەنگی بەرز، لاقرتەکردنی منداڵەکانیان و دواجاریش کوشتنی هەندێکیان، دزی و نائارامی و ترس و لەرز بڵاوکردنەوە و کاری تیرۆر لە زۆربەی پایتەختە ئەوروپاییەکان دا. ئەمانە ئێستا بە ناسیونالیستەکان ناوزەدکراون.. من پێم وایە حیزبە سیاسییەکانی ئەڵمانیا،لە ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپیان، لە ناسیونالیستەکانی کورد ناسیونالیسترن،دیارە بەلەبەرچاوگرنی ئەو مەودا زەمەنییەی پێشکەوتنی چەندین سەدەیەی ئەوان لە ئێمە، ئەقڵێتی گوزارشتکردن لە ناسیونالیستێکەشیان بەجۆرێکی ترە، لێ لەجەوهەردا ناسیونالیستی بگرە راسیستیشە.ئێستا گوزارشتی وەک چەپی ناسیونالیست لەبەشێکی زۆری جیهاندا بەرکار دەهێنرێ،ئەمەش بەڵگەیەکی ترە لەسەر وەرچەرخانی ئەقڵی و هزری بەئاڕاستەی ناسیۆنالیستی ناوبراودا لە ئەوروپا. شاراوە نییە، هەندێ حیزب و کەسایەتیش ئەم ژینگەیە بۆ مەرامێکی سیاسی خۆیان دەقۆزنەوە و سیاسەت و کاری پۆپۆلیستی پەیڕەو دەکەن، تا خۆیان دروست بکەن.
شایانی گوتنە، ئەمە هەمووی ناکاتە ئەوەی بڵێن، دەرفەت بۆ خەڵکی بێگانە بەتەواوی قوڕی پێدا دراوە. ـ ئەوەتا لەم هەڵبژاردنانەدا ٣ کاندی کورد هەڵبژێردراون ـ ، حیزب و کەسانێکی مرۆڤدۆست و دیموکراسی ڕاستەقینە نین و نابن. لێ ئەوەیشی هەیە، دەبێ بزانین هەر تاکێکی بێگانە لەهەر بوارێکدا چووبێتە پێشەوە،تواناکانی بۆ خزمەتی دەوڵەتی خانەخوێ بووە و ڕژاوەتە ناو ئەستێڵکی خۆیانەوە. بۆ نموونە یاریزانێک، هونەرمەندێک، سیاسەتکارێک، زانستکارێ، ئەقڵێکی نوێ، لە ئەڵمانیا دا بەبنەچە بێگانە بێت، لەدەرئەنجام هەر وزە و توانا و داهێنانی هەیەتی هەر بۆ ئەڵمانیایە.
کەواتە دەتوانین بڵێین، تازە هیچ مەزهەب و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێ، پۆڵەندیبوونی تاکێکی پۆڵەندی بسڕێتەوە. جیهان سەروژێر بێتەوە، فەرەنسییەک دەستبەرداری سیمبۆڵە نەتەوەییەکانی نابێت، بە ئۆکرانییەک بڵێی تۆ ڕووسی،لێت قبووڵ ناکات. داوا لە کاتالانی و سکۆتییەک بکە و بڵێ لە وڵاتی دیموکراسی وەک ئیسپانیا و بەریتانیای مەزن دا، دانیشن و چیتان داوە لە ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی، لێت نیگەران دەبن. بە هۆڵەندییەک بڵێ چیت داوە لە پەرلەمان و دەوڵەتە نەتەوەییەکەت، ئاڵای دژە شوناس بڵند بکەرەوە، بە توندی بەگژدا دێتەوە. پێشنیاز بکە بۆ هەنگارییەک هەموو سیمبۆلە نەتەوەییەکانی بپێچێتەوە و بچێت لە برۆکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوروپا، ئاڵا و پەساپۆرت وەربگرە، بەگومانەوە لێت دەڕوانێت. بە سویدییەک بڵێ نەخشەی دەوڵەتەکەت بسڕەوە لەسەر ئەتڵەسی ئەوروپا و جیهان، بە شێتت تێدەگات. بە ئیتالییەک بڵێ واز لە هەڵبژاردەی نیشتمانی و بەها و سیمبۆڵە نەتەوەییەکانت بهێنە، تیزت پێوە دەکات.
سەرنجێکی خێرای شوناسی کوردبوون لەتەواوی کوردستان دا، ـ لەوە گەڕێ داگیرکەران و دوژمنان بە کام توانا و شێوازی جەهەنەمی بڤەوە بەردەوام کار لەسەر پیلانگێڕیی و شێواندنی شوناسی کوردی دەکەن ـ ئەوەمان بۆ دەدەخات، ئەم پرسە نەک پرسێکی ستراتیژی هیچ حیزب و دامەزراوە و ناوەندێک نییە و هیچ سیاسەت و ئیمکانێتێکی بۆ تەرخان نەکراوە، بگرە تا ڕادەی لەبیرکردنیش فەرامۆش کراوە. لەمەش ترسناکتر، حیزب و دەستەیەکی سەرلێشێواوی بێئاگا لە واقیعی جڤاکی و مێژوویی کورد و هەڵکەوتی جیۆپۆلەتیکی کوردستان، هەر رۆژەی بەمۆدێلێکی سەقەت و کوشندە و ژەهراوی دروستکراو و فشە مۆدێرن و یۆتوبیای سەردەم و تیۆری نەزۆکی بیریاران، پروپاگەندەی بڤە لەدژ ناسنامەی کوردبوون بۆ مەبەستی جۆڕاوجۆر دەکەن. ناسنامەیەکی کوردبووون، کە داگیرکەران بە دێژایی ٢٧٠٠ ساڵە درزی تێدەکەن و دەیڕوشێنن و دەیشێوێنن و لەناوی دەبەن و نکۆڵی لێدەکەن، شایانی ئەوەیە هەموو وزە و توانا و دەستڕۆیشتوویی کوردی بۆ تەرخان بکرێ.
بۆ نموونە ئەو خرۆشانەی چرکەساتی مێژوویی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧ بە دەنگی بەڵێی %٩٣، لە باشووری وڵاتدا تۆماری کرد،وەرچەرخانێکی گرنگ لە بزاڤی نەتەوایەتمان ساز دا و بووە مایەی سازدانی یەکێتییەکی نەتەوەیی ، هەڵکشانی کێرڤی هەستی نەتەوایەتی، بەرزبوونەوەی هۆشیاریی سیاسی ، ڕابوون و متمانە بەخۆکردنی تاکی کورد، جۆشوخرۆشێکی تری بە هەستونەست و مۆڕاڵی کورد لەسەرتاسەری کوردستان دا بەخشی. هاوزەمان کورد نیشانی جیهانی دا، نەتەوەیە و بوونی هەیە و دەژی و دەخوازێ سەربەخۆ بێت و داگیرکەرانی تووشی شۆک کرد…هتد.
کەچی کەمینەیەکی نەیارانی ڕیفەڕاندۆم بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان ژینگەیەک بخوڵقێنن، ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستانە ئاوەژوو بکەنەوە. بیر و هەڵوێستەکەشیان بەوە پاساو دەدەن، کە کاتی ڕیفەڕاندۆم گونجاو نەبوو، یان هەر نەدەبوو بکرێ و ئەو کارە هەڵەبوو. دیارە پووچەڵەترین و بێبەهاترین بیانووشیان ئەوەیە، دەوڵەتانی درواسێ ـ واتە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق ـ بەم هەنگاوە ڕازی نەبوون و دۆست و نەیارەکانیشمان لە جیهان پێیان باش نەبوو. ئەم بڕوبیانوو گرتنە لە ڕیفەڕاندۆم، جارێ بۆخۆی مانا و ناوەڕۆکی خەبات و شۆڕش پوچەڵ دەکاتەوە و بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر پرسەکان. چونکە ئەوەی ئەو کەمینەیە پێمان دەڵێ: کورد دەبێ هەر چاوەڕێی ئەوە بکەن ،OK لە دەوڵەتانی داگیرکەر و هێزە جیهانییەکان وەربگرن. ئەم داوایەش، هاوچەشنی ئەوەیە کورد وتەنی: سەدساڵ بەدیار داری زڕەوە دانیشی تا بەرت بۆ بگرێ. ئاخر ئەم ناواقیعی و ناخەباتگێریی و نانیشتمانپەروەریییەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، هەر خۆی لەڕووی لۆژیکییەوە چەوت نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەکەشی جێی گومانە. لە ڕوانگەیەکی تریشەوە، لەڕووی دیموکراسییەوە دەبێت، کەمینە بڕیاری زۆرینەی پەسەند بێت و کاری پێ بکات.
ئینجا ماوەتەوە بپرسین: کەی و لە کوێ ئازادی و سەربەخۆیی بەخشراوە؟ ئەوە دەیان نموونەی پرسی سەربەخۆیی گەلان لە ئەوروپای دیموکراسی و جیهانی دا تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە؟. ئەی دەوڵەتانی داگیرکەر خەریکی چین و لەدوای ئەم سەدەی ٢١ ەکەوە، بەرەو چ ئاقارێکی تر مل دەنێن، تاوەکو بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنن!. کەی نەتەوەکانیان تەواو هۆشیار دەبنەوە و بەچاوێکی هاوتا سەیری خۆیان و کوردی دراوسێ و هاوچارەنووسیان لە دەڤەرەکەدا دەکەن؟. چۆناوچۆنی خۆ دەکەنە فاکت و گووشار لەسەر حکومەتە ناوەندییەکان، تا چارەسەرێکی ئاشتییانەی ئەو کێشە ئەزەلییەی کورد بکەن!. ئەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان بەرەو کوێ دەڕوات!؟.
ناسامەی کوردبوون لە ڕووی ئایدۆلۆژیی و مەزهەبیشەوە، گرفتی زۆری بۆ سازدراوە و لەبەردەم هەڕەشەدایە. بەشێک لە حیزبەکان بانگاشەی جۆرە مۆدێلێک دەکەن لە شوناس کەموزۆر پەیوەندی نییە نەک بە کوردبوونەوە، تەنانەت لەمۆزەخانەکانیش دا، نە هەبوون و نە دەبن. بەشێکی تری هەڵمەتەکانی دژی شوناسی کوردبوون، لەژێر پەردەی کۆمەڵێ سیاسەتی چەواشەکاری ڕۆژانەدا و بەرژەوەندیئامێزی حیزبایەتیدا ئەنجام دەدرێ. ئەوانە ستراتیژی سیاسییان هەمیشە ڕووە و پایتەختەکانی داگیرکەرانی کوردستانە. مەترسییەکانی سەر ناسنامەی کوردبوون بۆیە ترسناکن، چونکە لەسایەی بێدەوڵەتی کورد دا بەرپا دەبن. بێدەوڵەتی ژینگە و بۆشاییەکی خوڵقاندووە، حیزب و دەستە و گرووپە جیاوازەکان، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان خۆیانەوە، بە ئاسانی ناگەنە ڕێکەوتنێکی هاوبەش.
دەرئەنجام،سەرباری ئەو هەموو هەڵکشان و داکشانە، دەگەینە ئەو بەڵگە و ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی،کە پرۆسەی گەشەسەندنی گەل و نەتەوەکان، جارێکی تر بەرەو دواوە وەرناچەرخێ. لەم ڕوانگەیەوە هەموو ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانە بەرهەمی ئەم پرۆسەیەن، سڕینەوە و دەستبەرداربوونیان،بۆتە مەحاڵ. هەم لەبەرئەوەی ئەو سیمبۆڵانە حەز و ویست و پێداویستی ژیانن و بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی بوون و هەمیش ئەوانە بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانن. بەڵێ خۆشە و پێداویستییەکی گرنگ و ژیاری مرۆڤایەتییە، نەتەوە و گرووپەکان پێکەوە ژیان پەسەند بکەن و بە هەرەوەرزی بژین،لێ لەسەر بناخەی هاوتایی و یەکسانی و نەهێشتنی داگیرکاری و چەوسانەوە. ئەمە چەند حەز و ئاواتێکی پیرۆز و هۆمانیستە،لێ دیسان ئەم گەردونە بە هەمەڕەنگی و هەمە جۆری خۆیەوە ڕازاوەیە و تاموچێژی زیاتری بەخشیوەتە ژیان. باخچەیەک کۆمەڵێ گوڵ و درەختی هەمەڕەنگ و جیاوازی تێدا بێت، ڕەنگینتر و جوانترە، لە باخچەیەکی تەنیا گوڵە شیلان و دار گوێز.
لە ئاکام دا سەبارەت بە ناسنامەی کوردبوون، دەگەینە ئەو قەناعەتەی هەروەک چۆن کوشتن و زیندانی و ئەشکەنجە و ڕاگوێزان و ڕاوەدوونان و ئاگر و ئاسنی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نەیان توانیوە، دەست بەسەر ناسنامەی کوردبوونماندا بگرن و لەناوی بەرن. هاوشان بە هەزاران ڕۆڵەی گیانبازی کوردیش بۆ ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و سەربەخۆیی و ئازادی ئازادی کوردستان گیانییان بەخشیوە، کاروانەکەش هەر بەردەوامە و تا دوا هەوار کۆڵ نادەن لە تێکۆشان. هەروەک چۆن سەدەهایەکە داگیرکەران دەیانەوێ کورد بکەنە عەرەب و فارس و تورک، کەچی مێشکیان بەر تاشە بەردەکانی چیای سەفین و پیرەمەگروون دەکەوێت. ئا بەم شێوە ناسنامەی نەتەوەی پارچەپارچەکرا و بندەست و ستەملێکراوی کورد، بەرجەستە بووە،بۆتە بەشێکی گرنگی ماکی و مئنۆکی بوون و هەبوونی تاکی کورد.
کورت و کرمانجی کێرڤی ناسنامەی نەتەوەیی لەجیهان دا، هەر لە هەڵکشاندایە و هەرواش دەمێنێەوە و هیچ باهۆزێکیش نایلەقێنی.

٩/٦/٢٠١٩




هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا و پرسی ناسنامە -1- … هەڵۆ بەرزنجەیی

١ـ١
پرسی ناسنامە، لە جیهانی ئیمڕۆش دا و لەم ژینگە بارگاوییە بە گلۆبالیزەیشن ، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و داهێنانی ڕۆبۆتی زیرەک، هەڵگرتنی سنوور، کۆسپی لێک نزیک بوونەوە و تێکەڵاوی یەکجارەکی گەلان ، نەعرەتەی دژە دەوڵەتی نەتەوەیی و شتگەلێکی تر، هێشتا سەنگ و بایەخی خۆی نەک هەر لەدەست نەداوە، بگرە گەر سەرنجێکی وردی بەدیقەت بدەین لە پێشهات و ڕووداوەکان و بیروڕای خەڵک، لەسەرتاسەری جیهان دا بەگشتی و لە وڵاتانی ئەوروپای سەرتۆپی وڵات و کیشوەری هەرە پێشکەوتووە لە جیهان دا بەتایبەت، ئەوە دەبینین کە ئەم پرسە، شوناس گەلێ زیاتر لەجاران گرنگی و بایەخی خۆی بەسەر هەنگاوەکانی ژیان و بەرەو پێشوەچوونەکاندا دەسەپێنێ. هەروەها تا تێستا لە پلەی یەکەم دا دێت و هێشتا بزوێنەری گەلێ باس و خواست و بیرکردنەوە و تێڕامانی تاک و نەتەوەکانە.
Simon Strauß ، دەڵێ: ” ئەوەی جاران مەزهەب بوو، دواتر بوو بە ئایدۆلۆژیا، ئیمڕۆ بۆتە” ناسنامە” وەک گفتێکی زیاتری سەرکەوتن بۆ ئاماژەدان بە پێوەندارێتییەوە/ انتماء”.
Erik H. Erikson زانای بەناوبانگی ئەمەریکی لەمەڕ ناسنامەوە دەڵێ: “ناسنامە خۆناساندنێکی خودییە، بۆ پێوەندارێتی لەتەک کۆمەڵێکی جڤاکی دا”.

هەنووکە لەسەر ئاستی ئەوروپا هەوڵ و ئاڕاستەیەکی بەهێز و چالاک بەتایبەت لەلایەن بەشێک لە حکومەت و هەندێ لە حیزبەکانەوە هەیە، بۆ دروستکردنی شوناسێکی ئەوروپی گشتی واتە ” ئەوروپاییەکی بێ سنوور و دەوڵەت” و لە بیرکردن و لەناوبردنی دەوڵەتی نەتەوەیی و زیاتر خۆ بە ئەوروپاییزان. بۆ ئەم مەبەستەش توانا و وزەیەکی بێشومار خراوەتە گەڕ و پاڵپشتی سیاسی و کولتووریی و بڕەکیش ئابوریی ها لە پشتەوە، لێ دیسان هەر کەس و گەل و نەتەوەیەک نایەوێت بە سانایی هەموو بنەما نەتەوەییەکانی خۆی و هەموو ئەو دەستکەوتە گەورە مادییانەی لە پرۆسەیەکی مێژوویی دورودرێژدا بەدەستی هێناوە، وەک دەزگای پەرلەمان و دەوڵەت و ئاسایشیی نەتەوەیی و… هتد لەدەست بدات،یاخود خۆی بکاتە بەشێک لە پێناوی دروستکردنی شتێکی گەورەتردا. ئاخر بەشێک لە ئامانجە دیاریکراوەکەی دەوڵەتە دامەزرێنەرەکانی یەکێتی ئەوروپا، نایانەوێ لەتەک ئامانجە هاوبەشەکان دا، جیاوازییە جڤاکییەکان بمێنن. چونکە گەیشتن بە ئامانجی ئەوروپایەکی یەکپارچەی،بۆتە جۆرێک لە خەون و هەروەک بە گووتەی مێژوونووسی دیاری ئەڵمان: Heinrich August Winkler ، ” دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەوروپا، یاخود کۆماری ئەوروپا” بە سانایی نایەتە دی.

یەکگرتنی ئەوروپا پێداویستییەکی سیاسیی ئابوورییە، ماوەیەکیشە،دوای هاتنە سەرکاری ترامپ و وتە بەناوبانگەکەی:” بەرلەهەشتێ ئەمەریکا”. باس لە پێداویستی سەربازیش دەکرێ. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە، بۆ خۆ دوورخستنەوە لە هەژموون و کاریگەرێتی سیاسەت و هەڕەشەکانی ئەمەریکا و رووسیا و ئێستا چین.
لە ئێستادا ئەوروپا یەکێکە لە ٧ کیشوەرەکەی جیهان و بە پێشکەوتووترین کیشوەریش دادەنرێ و لە ڕووی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و لیبەراڵییەوە لە چڵەپۆپەدایە. دانیشتوانەکەی نزیکەی نیوە ملیاردێکە و ڕووبەرەکەی ٤،٣٨١،٣٢٤ کم ٢٨ وڵات تێدا ئەندامە، بە وڵاتی سیپەرن/ قوبرس کە لەدەرەوەی ئەوروپایە. پەرلەمانی ئەوروپا لەلایەن ٧٥١ پەرلەمانتارە نوێنەرایەتی وڵاتەکانی ئەوروپا دەکرێ، بۆ نموونە ئەڵمانیا ٩٦ پەرلەمەنتاری هەیە و فەرەنسا ٧٩ و پۆلۆنیا ١٨ و قوبرس یان ماڵتا هەر یەکی ٦ نوێنەریان هەیە.
لە دواترین لێکۆڵێنەوەدا، لەمەڕ پابەندبوون بە ناسنامەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان یاخود خۆ بە ئەوروپایی دانان، ڕێژەی % ئامارێکی سەرنج ڕاکێشمان بەرچاو دەکەوێت. بۆ نموونە هاوڵاتی سویدی دەوڵەتی نەتەوەیی بە تەنها یاخود لەگەڵ نەتەوەیی و ئەوروپاییبوون دا ڕێژەی %٨٥،٥ پێک دێنێ. هاوکات ڕەنگە گەنجێکی پۆڵەنی کە بەڕێژەیەکی بەرز دەنگی بۆ بەئەوروپابوون داوە، پێ خۆش بێت لەم ڕیگایەوە، دەروازەی تەواوی ئەوروپای بۆ گەشت و کار و گوزەران بۆ بخرێتە سەر پشت. بەڵام ئەمە دەربڕی خواستی هەموو ئەوروپاییەک نییە مەحاڵە هیچ نەتەوەیەک ئامادە بێت دەستبەرداری ناسنامەکەی بێت.
ئیدی ویستێکی وا بەهێز و هێژا و ڕێزلێگێراوی،وەک ” ناسنامەی نەتەوەیی” لەو پلە بەرز و بەنرخ و گرنگەدا،چ گومانێک لەم سەردەمە هاوچەرخەدا هەڵدەگرێ؟ و کەی دەرفەت دەدات، بە ڕەخنەگران بیدەنە بەر تانە و تەشەر و کێ دەتوانێ ئاستەنگی بخاتە بەر؟.
وڵاتەکان تەنیا دەوڵەتی نەتەوەیی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئەوروپاییبوون ئەوروپایی و نەتەوەیی
بەریتانیای مەزن: ٥٣،٧ ٢٧،٧ % ٧،١
دانیمارک: ٤٩،٥ ٤٣،٣ % ٣،٣
سوید: ٤٦،١ ٤٣،٤ % ٤،٣
ئیتالیا: ٤٥،٩ ٤٣ % ٦
هۆڵەندە: ٤٢،٦ ٤٣،٢ % ٥،٩
فەرەنسا: ٣٨،٧ ٤٤ % ٦،٣
یۆنان: ٣٦،٢ ٥٢،٥ % ٦،٤
هەنگاریا: ٣٣،٥ ٥٦،٩ % ٦،٦
ئۆتریش/نەمسا: ٣١ ٥١،٦ % ٨،٩
پۆلۆنیا: ٢٦،٥ ٦٠ % ٨،٥
ئەڵمانیا: ٢٦،٢ ٥١،٥ % ١١،٧
ئیسپانیا: ٢٦،٢ ٦٧،٢ % ٤،٧

ئەو ئامارەی سەرێ،ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکاتەوە،کە شوناس و دەوڵەتی نەتەوەیی، لەپانتایی ئەقڵ و بیرکردنەوە و سیاسەت و خۆشەویستی و گرنگی هیچ گەلێک دا کەم نەبۆتەوە و نابێتەوە و شوێن و پێگەی لەدەست نەداوە.
Winkler دەڵێ:” ئەوەی ئەو دروشمە بەرزدەکاتەوە، دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە یەکێتی ئەوروپادا هەڵبوەشێننەوە،ئەوە لەبەرچاو ناگرێ کە زۆرینەی ئەروپاییەکان هەرگیز بیر لەمە ناکەنەوە، دەستهەڵگرن، لە دەوڵەتی نەتەوەییان کە بە پرۆسەیەکی مێژوویی گەشەی کردووە.بۆئەمەش دەوڵەتی نەتەوەیی هەتا ئێستاش لەئەوروپا، هەوارێکی ئارام و ئاسایش پێکدێنێ لە: دەوڵەتی یاسا، دەوڵەتی چڤاکی و دیموکراسی”.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵدا ٢٠١٩، لە کۆی ٧٥١ کورسی پەرلەمانی ئەوروپا، کریست دیموکراتەکان و هاوشێوەکانیان ٢١٦ نوێنەریان هەیە و سۆسیال دیموکراتەکان ١٨٤ و سەوز و چەپەکانیش هەر یەکە ٥٢… هتد.
پرسی شوناس و ئابووریی و سیاسی و ترس و ڕەهەندەکانی کێشە ناوخۆییەکانی ئەوروپا هەڵگرتنی سنوور و کێشەی پەنابەران و دیاریکردنی سنووری ئەوروپا و دەرچوون و کشانەوەی Brexit بەریتانیای مەزن لەم یەکێتییە ناکۆکی گەورەی خستۆتە نێوان وڵاتانی وەک پۆلۆنیا و هەنگاریا و نەمسا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیاوە. پەرلەمانی بروکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوروپا نەبۆتە ئەلتەرناتیڤی دروستی پەرلەمانی دەوڵەتەکان .

هەڵبەتە ڕوون و ئاشکرایە، کەوا وڵاتە بەهێز و گەورەکان لەم یانەیەدا باڵادەست و خاوەنی بڕیاری سەرەکین و کەموزۆر ئەڵمانیا لە ڕووی ئابووریی و تەکنەلۆژیاوە و فەرەنسا، وەک زلهێزێکی سیاسی، داینەمۆی هەڵسوڕێنەری ئەم یەکێتییەن.
ئەم یەکێتییە، لە ڕاستی جگە لە سەنگینکردنی پێگە و بایەخی ئەوروپا وەک قەوارەیەک لە نێوان ڕۆژهەڵات بەسەرۆکایەتی رووسیا و ڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا و لە ئێستادا چینیشیان بۆ قووت بۆتەوە. هەڕەشەی ئەم بەرە دەرەکییانە وای کردووە، ئەم دەوڵەتانە زیاتر لێک نزیک ببنەوە. هەر ئەم یەکێتیە وای کردووە پاش ئەمەریکا،لەئێستادا ئەوروپا بێتە دووەم بەهێزترین هێزی ئابووری لەجیهان دا.

هەڵۆ بەرزنجەیی


ماویەتی …..




زەبروزەنگ، وەک سەرچاوەی ئابووری … نووسینی: پرۆفیسۆر هێرفرید میونکلەر

5 هۆکار، لەبەرچی جەنگەکان، چیتر بە دروستی کۆتاییان نایەت.
… و. هەڵۆ بەرزنجەیی

لە مێژووی ئەوروپادا، سەدەی 19، بە قۆناخی ئاشتی دادەنرێت. سەردەمی نێوان کۆنگرەی ڤییەنا و جەنگی جیهانی یەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا مەرجداربوون.
کاتی خۆی زنجیرەیەک شەڕ لە ئەوروپا ڕوویانداوە، وەک شەڕی کریم/ قریم،یاخود شەڕی یەکگرتنەوەی ئیتالیا یان ئەڵمانیا. چ لە ڕووی کات و چ لە ڕووی شوێنەوە شەڕی سنوورداربوون و زۆربەی کات بە جەنگێکی یەکلاکەرەوە کۆتاییان پێهاتووە. پاشان ئاشتی بەستراوە. بە نزیکەیی هەمیشە شەڕەکان چەند مانگێکیان خایاندووە. پەلاماری سیستەمی کۆمەڵگایان نەداوە، بەڵکو لەگۆڕینی سنووری سیاسی دا، بە سنووردارکراوی ماونەتەوە.
شەڕ لە ڕووی کات و شوێنەوە بەیاسا ڕێکخراوە، دەتوانێ بەئاشکرا خۆی ببەستێتەوە بە بیرۆکەی ئاشتی درێژخایەنەوە. ئەوە شتێکی جیاوازە هەر هێندەی شەڕەکان زیاتر بخایەنن، نەتوانرێ بە ناوچەیی بکرێن و هەروەها بەپێی ڕێنمایینەکردنی ستراتیژێکی چۆک پێدادان و تێکشکان ببرێن بەڕێوە، بەڵکو ببنە شەڕێکی ماندووکەر و شەکەتئامێز.
لە شەڕی 30 ساڵەی 1648-1618، دا ئەوە وابوو، دواتر سەرلەنوێ لە هەردوو جەنگی جیهانی سەدەی 20 دا . لە کۆتایی هاتنیان دا مرۆ گەیشتە دەرئەنجامێک، پێویستە شەڕ لە ئامڕازەکانی سیاسەت دا بسڕێتەوە.
1648و 1815 لە ئاشتی ڤێستفێلیشە/ Westfälischen Frieden *،(ناوی ناوچەیەکی ڕۆژئاوای ئەڵمانیایە و ئاشتی تێدابەستراوە. و). لە کۆنگرەی ڤییەنناش، مرۆ هەر بەوە ڕەزامەندی خۆی دەربڕی، یاسا و ڕێسایەک بۆ شەڕ دابنێ و تێیدا لە ڕووی شوێن و کاتەوە، مشووری شەڕ سنوردارکردن بخوات. چارەسەریش بۆ ئەمە، مۆنۆپۆلی دەوڵەت بوو، لەسەر مافی جەنگ. مرۆ شەڕی ڕووبەڕووی ئاوەزی دەسەڵاتدارەکان کردەوە، لەسەر ئەو باوەڕو متمانەیەی، ئەوان بەو پێیە ، پارێزی دەکەن و زاڵدەبن بەسەر هەژماری ـ تێچووی ـ قازانج دا.
ئەم متمانە پێکردنە ساڵی 1918 و 1945 نەما. هەنووکە مرۆ گەرەکێتی شەڕ بەتەواوی بەرەو نەمان بەرێ. بۆ ئەمە مرۆ پێویستی بەدەسەڵاتێکە، لە مشوری ئەوەدا بێت، هەرکەسێ بە پێچەوانەوە مامەڵە لەتەک قەدەغەکردنی شەڕدا بکات، هیچ قانجێکی لێوە بەدەست نەهێنێ.
ئەمما نە کۆمەڵەی گەلان و نە نەتەوە یەکگرتووەکان، نەبوون بەو دەزگا و شێوە هێزە. هەروەها هێزە گەورەکان، تەنها کاتێ دژی ئاشتی تێکدەران دەجوڵێنەوە، لەو کاتانەدا کە لەبەرژەوەندی ڕاستەوخۆی خۆیاندا بێت. هەر لەم ڕووەوە، ئەوە پێش چەند ساڵێ هێنرایە پێشەوە، “بەرپرسیارێتی بۆ پاراستن”،responsibility to protect، هیچی نەگۆڕی: لە بنچینەدا، هیچ کەس دەرک پێ ناکرێ، ئامادەبێ داواکاری کۆتایی پێهێنانی شەڕ جێبەجێ بکات، یاخود لە توانایدا بێت. مرۆ خۆی، بە داواکارییەکانی لە لایەنەکانی شەڕ ڕازی دەکات، ئەوانەی کە توانای گرتنە ئەستۆی هیچ ئاکامێکیان نییە.
بەڵام بۆچی ئەم ئاوەزمەندییە، هانا نابات بۆ هەڵسەندگاندنی عەقلانێتی، کە بنچینەی سنوورداکردنی ڕژێمی شەڕەکانی پێشوو بوو. کە زۆربەی کات، لە پەرۆشی ئەوەدا بوو، جەنگ کۆتایی بێت، کاتێک کە سوود و قازانجی مەعقول، زیانی چاوەڕوانکراو تێدەپەڕێنێ؟.
هێشتا هەر لەهەندێ ناوچەی جیهاندا سەروکارمان لەتەک شەڕدا هەیە. تێیاندا، زیان دووری و دووری دەبەزێ، بۆ نموونە لەو شەڕەی ٤ دەیەیە لە ئەفریقا و لە شەڕەکانی ناوەوەی ئەفغانستان و دەوروبەریدا و لە شەڕەکانی دوای بەهاری عەرەبی هەڵگیرساون. هەموو ئەم هەرا و کێشانە، بەوە جیادەکرێنەوە، کە بەهیچ شێوەیەک یاخود پەراوێزئاسا بەشەڕی دەوڵەتان دادەنرێن. بەڵکو لە گەوهەردا بەشەڕی ناوخۆ دادەنرێن، کە بەپێی ئەقلانێتیکی تر یەکلایی دەکرێنەوە .
ئاکامی دوا ئاڕاستەکاری ئامێرێتی،یەکەم ڕەهەندی ئێکسیستەنسیل/ وجودی دابەدەستەوە،کە هەرجۆرە پێکهاتنێکی/ کۆمپرۆمیسێکیCompromise مەحاڵ کرد. کلیلی ئاشتی لەسەر کۆمپرۆمیس وەستاوە، تەنانەت گەر سەرکەوتوو و دۆڕاوی ئاشکراش هەبن. لەهەر جێییەک حاڵەتەکە ئەمە نەبێت، کلیلی ئاشتی خۆی تەنیا لە ئاگربەست دا نیشان دەدات. ئەوە وەڵامی دووەمی پرسیارەکەیە، بۆچی شەڕەکانی ئێستا، کۆتاییان نایەت: ئەو ڕژێمە دوانەییانەیbinarity. دوای ڕێسای ڤیستڤێلیشەی ساڵی ١٦٤٨ پەرەیان سەند، سنوورێکی توندیان ڕاکێشا لەنێوان شەڕی دەوڵەت و شەڕی ناوخۆدا، ئیدی کار ناکات. بەردەوام زۆر جار هەردوو شێوەکە تێکەڵ یەکتر دەبن. شەڕەکان وەک شەڕی ناوخۆ دەست پێدەکەن، کەچی لەناکاو دەوڵەتەکانی دەوروبەر ڕۆڵی گرنگی تێدا دەگێرن.
بەم شێوەیە جەنگی سەروونەتەوە دەخولقێ، تێیدا تێکەڵکردنێکی هەراکان لەنێوان کۆمەڵگا و نێو دەوڵەتەکان دا دەکرێ. شەڕەکان بەو جۆرە ئالۆز دەکرێن، کە ناتوانرێت چیدیکە لەڕێگای کلیلی ئاشتی ئاسییەوە کۆتاییان بێت: کاتێکی زۆر دەخایەنێ لە پرۆسەی ئاشتی دا.
لەدوای کۆتایی جیاکردنەوەی ئاشکرای نێوان شەڕی دەوڵەتان و شەڕی ناوخۆیی، شەڕی ئابووریی بە ئاشکرا جێی گرتۆتەوە. لە شەڕی داخراوی ئابووریدا، هەر ئەو کەرەسانە لەبەردەستدان، لە چوارچێوەی ئەو ڕووبەرەی لایەنەکان دەستیان بەسەردا گرتووە. گەر ئەوانە/ کەرەسەکان تەواو بن، شەڕەکانیش کۆتاییان دێت. کلاوزەڤیز Clausewitzئەمە ناودەبات بە “دامرکانەوەی بورکان”.
لەشەڕی ئابووری ئاشکرا و کراوەدا، بەردەوام پارە و چەکی بەلێشاو لەبەر دەڕوات، زەخیرە و شەڕکەران، لەناوچەکانی جەنگ. لەسەردەمی کەناڵە سێبەرەکانی گلۆبالیزم دا، کاری قەدەغەکردن و ئابڵووقەی چەک زۆر بەکەمی سەرکەوتوو بووە. ئەوە بەگشتی لە شەڕی نوێنەرایەتی رۆژهەڵات ـ رۆژئاودا وا بوو لەوەتەی تەواوبوون قەبارەیەکیان بەدەستهێنا. لەو میانەدا هاوکارییە دەرەکییەکان خۆیان فراوانتر کردووە. بەو پێیە لایەنی بکەر/ ئاکتۆری زیاتر وەک هێزی پشتیوانی دەرەکی دەردەکەون. هاوشانی ئەمەش ژمارەی لایەنەکانی شەڕی ناوخۆ زیاد دەکەن. ئەمەش وەڵامی سێیەمە.
ڕەنگە گرنگترین هۆکار بۆ درێژەکێشانی شەڕی نوێ لەوێدا بۆی بگەڕیین، کە لە خۆیاندا، لیستێک لە ئاکتۆر/ لایەنی بکەر هەیە، کە بە “شەڕ دەژین”کە زەبروزەنگ و هەرا لە ئامڕازێکی سیاسییەوە دەکەنە سەرچاوەیەکی ئابووری . بێگومان ئەوکات چ بەرژەوەندییان نییە شەڕ کۆتایی پێ بهێنن ـ کوێخاکانی شەڕ لەبەرئەوەی مافی زیادکردنی سەرمایەیان لێ دەسێندرێتەوە و کەسەکانی دوایان کەوتوون، نەک لەبەرئەوەی دەگەڕێنەوە بۆ پەراوێزی ژیانی کۆمەڵایەتی. بەشی هەرە سەخت و دژوار ئەوەیە، گەر شەڕ دڕێژە بکێشێ، گەڕانەوە بۆ ژیانێکی تەندروست و ئاشتی ، سەخت و سەختر دەبێت.
یەکەم جار نەوەیەک گەشەی کردووە، کە شتێ نازانێ لەمەڕ شەڕی هەڵگیرساوەوە، جگە لەمانەوە لە ژیاندا لەسەر شەڕدا، لە ڕێگای بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە. بەم جۆرە بۆتە مەحاڵ رێکەوتن لەسەر کۆتایهێنان بەم شەڕە بەشێوازێکی ئاشتی . ئەمەش چوارەمین وەڵامە.
ئەوەی دەکرێ، لە گێڕانەوەی بونیاتنانەوەی شیکاریی دا لە یەکتر جیا بکرێتەوە، لەلایەن چاودێڕێکی دوورەوە، خۆی لە ڕووداوی واقیعیدا دەبینێتەوە، زۆربەی کات تێکەڵن : هەروەها ئیمکان نییە هەموو ئەو هۆکارانەی لێرەدا ئاماژەیان پێدراوە، بەردەوام بەدەست بێن و بدۆزرێنەوە. لەهەندێ باردا،یەکێ هەر هیچ ڕۆڵێکی نییە، لەکاتێکدا یەکێکی تر ڕۆڵێکی تایبەت دەگێڕێ. لەسەروو ئەمانەشەوە تێکەڵەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەرێتی هۆکارەکانی گۆڕانکارییە بەردەوامەکان.
شەڕە کلاسییکییەکان بەوە ناسراون، ڕامانکردنی ڕێساکانییان تێیدا بووە بە یاسای بنچینەیی بەڕێوەبردنی شەڕ (ئەمەش مانای وا نییە، کە لایەنەکانی شەڕ هەمیشە بەمەوە وابەستە بوون ). بەڵام بەم شێوەیە شەڕە نوێیەکان بەوە ناسراون، کە بێ یاساو ڕێسا بەڕێوە دەبڕێن، کە ئاستێکی بەرزیان لە ماڵوێڕانی لێدەکەوێتەوە. لەمەوە تۆڵە و تۆڵە سەندنەوە سەرهەڵدەدات، کە بە بڕیاری دروستی کەسێک بێلایەنی لایەنی سێیەم دەتوانرێت کۆتایی پێبهێنرێت. ئەم لایەنی سێیەمە لەشەڕی ناوخۆ/ ئەهلیدا نییە. پێویستە ڕەتی توندی تیژییەکی چەشتویەتی بداتەوە و هەروەها دەبێت تۆڵەی سووکایەتی پێکردن بکاتەوە، کە ڕووبەڕووی بۆتەوە ، بەرلەوەی مرۆ بتوانێ دەست بکات بە گفتوگۆکردن بۆ کۆتایی پێهێنانی زەبرەزەنگ .
لەبەرئەوە هەمیشە یەکێک هەر دەبێت، کە هێشتا لەسەرێتی هەژمارەکە/ فاتورە،invoice بدات، کە دەبێتە مایەی کردنەوەی هەژماری نوێ. ئەوە پێنج هۆکارەکە بوون، بۆچی شەڕەکانی ئێستا، لەخۆیانەوە تەواو نابن و بەدەگمەن رێگەش دەدەن تەواو ببن.
١٥/٥/٢٠١٩


هێرفرید موینکلەر.پرۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانستگەی هومبۆڵدت.
.ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
• پەیماننامەیەکی ئاشتییە لە شاری مونستر و ئۆسنابروکی ئەڵمانیا لە نێوان 15.5ـ 24.10 ساڵی 1648بەستراوە. بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە شەڕی 30 ساڵەی ناو ئەڵمانیا و شەڕی 8 ساڵەی سەربەخۆیی هۆڵەندە، کۆتایی هات.




خۆپیشاندانی سەربەخۆیی سکۆتلەندە …. هەڵۆ بەرزنجی

 بەدوای ساخبوونەوەی Brexitی بەریتانیای مەزن لە EU، جارێکی تر پرسی
سەربەخۆیی لە ڕێگای ئەنجامدانی ڕیفەڕاندۆمەوە لە سکۆتلەندە ھاتەوە بەر باس.

 دیارەسکۆتلەندیتەکان ساڵی 2014
یەکەم ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی خۆیان ئەنجامدا. بە ڕێژەیەکی کەم 45% بۆ سەربەخۆیی و
55% بۆ مانەوە لەگەڵ لەندەن دا دەنگ درا.

 سکۆتلەندیتەکان لە ریفەڕاندۆمی
Brexit دا بە ڕێژەی 62% دەنگیان بۆ مانەوە
لە EU ، واتە یەکێتی ئەوروپادا دا.
ئەمەش ژمارەیەکی بەرچاوە و پێدەچێ ھەمان ڕێژەی دەنگدەر لەئیستادا بۆ سەربەخۆیی سلکۆتلەندە
دەنگ بدەن .

 لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا، دوای
ئەوەی کۆتایی مانگی ئاپرێل سەرۆک حکومەتی سکۆتلەندی Nocola
Sturgeon وتی: پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کە لە 6.5.2012 ئەنجام دەدرێن، ئێمە ڕیفەڕاندۆمی
دووەمی سەربەخۆیی خۆمان بۆ دەوڵەتی سکۆتلەندە و مانەوە لە EU دا ئەنجام دەدەین. لە ئیستاوە بۆ ئامانجەکەمان ھەوڵیگرتنەبەر و ئامادەکاریی
رێوشوێنی یاسایی دەدەین.

 ئەم ھەنگاو و ئامانجە توێژینەوە
و لێکۆڵینەوەیقسەوباسیزۆر ھەڵدەگرێ…

 لە ئێستادا ھێندە بەسە بڵێم : ھێزی
باوەڕ و ویستی بەنەتەوەبوون و بوونەخاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەمردووە و بەسەرناچێت…

 سیستەمی بەناو دیموکراسی ھەزاران
ھەزار دروشمی گلۆبالیزە و سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاری بنخان و سەرخان لەم
گەردونەدا، ناتوانێ ئاوات و ئامانجی نەتەوەیەکی ئازادیخواز لەگۆڕ بنێ…

 سڵاو لە ویستی سەربەخۆخوازی نەتەوەی
سکۆتی و ھەموو نەتەوە بندەستەکانی جیھان…

 بۆ خوێنەرانی ئینگلیزی زان دەتوانن
تەماشای ئەم لینکە بکەن

https://www.theguardian.com/politics/2019/may/04/glasgow-march-scottish-independence-under-one-banner



بەشی دووەم / چەپکێ لە وتە و پۆستەکانم لە ڕیفەڕاندۆمە و تا ساڵوەگەردی ڕیفەڕاندۆم … هەڵۆ بەرزنجەیی

بەشی دووەم / چەپکێ لە وتە و پۆستەکانم لە ڕیفەڕاندۆمە و تا ساڵوەگەردی ڕیفەڕاندۆم
هەڵۆ بەرزنجەیی
بەندە، پرۆسە و شێواز و بڕیاری ریفەراندۆم بۆ ئەو هەڵکەوتە تاڵەی کوردی تێخزێندراوە و هەلومەرجی جیهانی سازی داوە، بە یەکێ لە میتۆدە دروستەکانی خەباتی گەیشتنە ئامانجە ڕەواکانمان لەم قۆناغەدا دەزانم. هەر لەم سۆنگەیەشەوە بوو، بەدڵ و کوڵ پێشوازی و داکۆکیم لێکرد و بە ڕووداوێکی بەرزی دەنرخێنم و جێی شانازیی کوردبوونمە. لەو ساتەوەختەدا و پاشتریش لە ڕێگەی هەندێ پۆستەوە، بەشداریی و ئامادەیی خۆمم لەم کارەدا نواندووە. لێرەدا ئەو پۆستانە، پێشکەش بە ئێوەی هێژای دەکەم.
سەرنجێکی لێرەدا شایانی ئاماژە پێدان بێت، ئەوەیە بڕەک لە پۆستەکان پەیوەستن بە چرکەساتی رووداوەکانی کوردستان یاخود هەڵوێستی دەستەوتاقمێکی دیاریکراوە، یانژی بارودۆخی ناوچەیی و جیهانییەوە.
مێژووی ئەو ڕۆژگارەش هێندە کۆن نییە، لەیادەوەری هەمووان دا بە جۆرێک لە جۆرەکان هێشتا دەزرنگێنەوە. جار هەبووە لە ڕۆژێکدا چەند پۆستم بڵاوکردۆتەوە، بۆیەکا بەرواری ڕۆژەکانیشم داناوە، تا ڕیزبەندی ڕووداوەکان بپارێزم. بەداخەوە بۆم نەلوا لە ساڵرۆژی ریفەڕاندۆم دا بڵاویان بکەمەوە.
هەڵۆ بەرزنجەیی ١/٣/٢٠١٩

بەشی (١ ـ٣)
٢٥/٩/٢٠١٧
ـ لەگەڵ “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی دا،سڵاوی گەرمی خەبات بۆ پێشمەرگە لەیاد نەکەن،تکایە و زۆر تکایە.
ـ بەڵێی سەربەخۆیی،باشترین و بەنرخترین پاداشتە بۆ ساڕێژکردنی ڕەوانی گیانبەختکردووە نەمرەکانی ڕێی ڕزگاریی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.
ـ لە گەرمیانی ئەنفالکراوەوە بە قەتار و ئەڵاوەیسییەوە پێشوازی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت. ئەوان وێرانکەر و ئێمە ئاوەدانکەری ژیانین.
ـ بەر لە 56 ساڵ لای دایک و باوکم و پێش لە 39 ساڵ لای پاسۆک و بیروباوەڕی نەتەوەیی فریچکم بە سەربەخۆیی کوردستانەوە گرت. ئێستا بەختەوەرم گرتنەبەری ئەو ڕێبازە .
ـ هاوڕێیان: کەرنەڤاڵ و گۆڤەندی سەربەخۆییە،کەچی من بە قووڵپ گرانم دێت. بنۆڕە چ بارودۆخێکی دەروونی سەیر ئابڵوقەی داوم؟!.
ـ سڵاو لەو برایانەی “گۆڕان” کە دەنگ بە “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی دەدەن، بەس تکایە دەنگی نەخێرتان لە دژی گەندەڵی و نادادپەروەریی با بڵندتر بێت.
ـ سڵاو لە ڕۆڵی کۆسرەت ڕەسوول، د. نەجمەدین و ڕێبوار تاڵەبانی، کە لەدوا چرکەساتەکان دا، شاری کەرکووکیان وەک دڵ بەخشێیەوە بە کوردستان.
ـ نەتەوەکەم،بە هەست و خرۆشێکی بەرز و جلوبەرگی کوردیی و ئاڵای کوردستان و خواردنی برنج و قەیسیی جەژن و بەخشینەوەی شیرینی بۆ سەربەخۆیی دەچێت.
ـ ئەرکەکانی ئایندەی بەردەم کورد، هەروەک ڕابووردووی سەخت دەبێت. بە دەوڵەتبوون پرۆسەیەکی قورس و هەستیارە، دەست لەدەست و هێز لە نەتەوە.
ـ بەرپرسان تکایە: پانۆڕامایەکی گەورە وەک شورای چین دروست بکەن و وێنەی تاکە تاکەی گیانبەختکردووانی کوردستانی پێدا هەڵواسن.
ـ گەر حیزب و ڕێبازێ، تاکەکانی بۆ کوردستان و کوردایەتی پەروەردە نەکات، ئەو ئاکامە بەدەستەوە دەدات، کە ڕێژەی نەخێرەکانی ئیمڕۆ نیشانیان دا.
ـ ئەوانەی بە هەر هۆکارێک دەنگی “بەڵێ”یان نەدا، دەبێ ئەوە بزانن ، ئەوە مومارەسەی مافی دیموکراسی نەبوو، بەڵکوو دژ وەستانەوەی مافی نەتەوەیەک بوو.
٢/١٠/٢٠١٧
ـ هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە، ڕۆشنبیری هەلپەرست و حیزب و سەرکردەی هەناسەسوار و ڕاڕا، بتوانن سەرکردایەتی خەباتی رزگاریخوازی بکەن.
ـ بەناوی فشەکردن بە کوردایەتییەوە، سنگی خۆی بۆ ئامەد و قامیشلۆ دەکوتێ،کەچی حەز دەکات داعش هەولێر،داگیر بکات و مەهابادیش نادیدە دەگرێ. پەکووووووو!!.
ـ کە تۆپ و فرۆکەی داگیرکەر بۆمبارانی کوردستانی کرد، ناپرسێ زەرد دەکوژم و سەوز دەبەخشم و مۆر هاوڕێمە و شین بێ لایەنە. ئەو کورد دەکوژێ.
ـ گوایە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا داوای دیموکراتیمان لێ دەکەن،کەچی سادەترین بنەمای دیموکراسی دەنگدانی %٩٢ نەتەوەکەمان بوو بۆ سەربەخۆیی،لێمان پەسەند ناکەن.
ـ داگیرکەران هەموو شتێکمان لێ قبووڵ دەکەن،بەس کوردبوون نەبێت.
ـ کورد ساڵانێکە دژی تیرۆریستانی داعش لە جەنگ دایە،کەچی پاداشتی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بێدەنگی و فەرامۆشییە، بەرامبەر بە خواستەکانی.
ـ دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، بەرهەمی خەباتی میللەتەکانیان نین، بەڵکو بەچکەی زۆڵەکی ناشەرعی مامە ئینگلیز و فەرەنسا و ڕووسیان.
٣/١٠/٢٠١٧
ـ مەخابن بۆ ئەو کەس و لایەنانە گەوجێندراوانەی، گووتاری دژە سەربەخۆیی و دژە دەوڵەت ختووکەی فیزیان دەدات.
ـ چەمک و مانا و گوتار و کرۆکی “کوردبوون” داوای یەکێتی و یەکڕیزیی و تۆکمەییمان لێ دەکات، مامۆستا و هاوڕێ ئێوە وان لە کوێ؟.
ـ هەر هێز و کەسێک دژی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بێت، بانگاشەکانی درۆزنانە و دروشمەکانیان چەواشە کارانەن.
ـ هاوڕێ! من باش دەتبینم،خۆت و حیزب و باوەڕەکەت،لەئاست پرسی نەتەوەیی کورد دا، مێشک و دەست و هەگبە بەتاڵن. ئیتر گارە گاری چیتە؟!.
ـ ئیدی کورد لە کایەی مێژوودا گەمە دەکات،بۆیەکا چیدی بەخۆیی و مێژووی پڕ لە شانازییەوە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە.
٨/١٠/٢٠١٧
ـ نهێنی سەرکەوتنی کورد دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی و تەبایی ریزەکانی،نەک فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای حیزب حیزبێنە.
ـ ئەگەر کورد موعجیزە نەبێت،وا لە میانەی 27سەدەی داگیرکراوی و چەوسانەوەدا، وا ئێستا باسێکی مێژوو و کەرەسەیەکی مۆزەخانە دەبوو.
ـ مەرگی مام جەلال سنوورە دەستکردەکانی سڕییەوە و پرسی نەتەوەی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان دا،یەکخستەوە.
ـ ریفەراندۆمی سەربەخۆیی بووە هەڵگری هیوای کورد و هێزەکانی باوەڕی یەکخست. بۆیەکا داگیرکەران هەراسان بوون و بەردەوام پلانگێرێ دەکەن.
١٣/١٠/٢٠١٧
ـ هەر هێزێک یەکڕیزی کورد ببەزێنێ،یاری بەئاگر دەکات و خۆی بەر لەهەر لایەکی تر دەسووتێنێ و بەر نەفرەتی مێژووش دەکەوێ.
ـ کورد بە یەکڕیزیی سەرکەوتنی دەبێتە شا سەرکەوتن و ژێرکەوتنیشی دەبێتە مەدالیای شەرەفی مێژووی مرۆڤایەتی. کەواتە هەر سەرکەوتووە.
ـ خەباتی بوونە دەوڵەتی کوردستان سەختە و مەرجی سەرکەوتنیشی یەکڕیزیی و حیکمەتی سیاسییە. لەبەرئەوە هەموو ورە و خۆڕاگرییەکی گەورەمان پێویستە.
ـ سڵاو لەو ڕۆڵە بە ڕوومەت و سەربڵندەکانی کەرکووک، ئەوانەی لاشەیان دەکەنە شورای پاراستنی شار و وڵاتەکەیان.
ـ گەر کورد کەرکووک لەدەست بدات، سەربەخۆییەکەی ئیفلیج دەبێت و دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەم.
ـ کەرکووک ڕیفەڕاندۆمەکەی سەرخست و کەرکوویش سەربەخۆییەکەمان دەپارێزێ و مسۆگەری دەکات.
ـ هەستی ئێرانچێتی هێندە شۆفێنیزمی لێ دەتکێ، پاسدارێک و چەپێکی دژە پاسداری ئێرانی خستۆتە یەک سەنگەریی دژ بە سەربەخۆیی کوردستانەوە.
ـ پێویستە هێزی جەماوەر و ڕۆشنبیران،حیزب و دەسەڵاتی کوردی ناچار بکەن نە پاشەکشە و نەهەڕاجی دەنگ و هەڵوێستی سەربەخۆخوازییان بکەن.
ـ کەش و هەوا و سەرکەوتنی بەرچاوی بەڵێی سەربەخۆیی، نەخێرخوازەکانی کشومات کرد. ئێستا کە دوژمن هەڕەشە دەکات، ئەوانیش دیسان سەرە جوقەیانە.
١٧/١٠/٢٠١٧
ـ مێژووی کورد جاشایەتی و ناپاکی 31.8.1996 و 16.10.2017هەرگیز لە بیر ناچێتەوە.
ـ کەرکووفرۆشان جگە لە خۆتان، هەستی کوردبوونی 60 ملیۆن کوردتان بریندار کرد. ڕووتان بۆ هەتا هەتایی ڕەش بێت.
ـ ئەگەر ئەندام و لایەنگریی حیزبەکان هەڵوێست نەنوێنن, بەرامبەر بە کەرکوکفرۆشان, وا دەبێت هەر لە نێو ناپاکی دا تلاوتل بکەین.
ـ ئەوەی کەرکووکی فرۆشت, ناپاکی لە ماڵی خۆیشی دەکات.
ـ ئەرێ! بڕیاردەران و بکەران و لایەنگرانی ناپاکییەکەی رۆژی16.10.2017 ، لەمەوپاش چۆن باس لە 31.8.1996 دەکەن !؟.
ـ بێدەنگی لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان, بەرامبەر بە کوردستان فرۆشان نیشانە و ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ ئێستا و ئایندە.
ـ کەرکووک, کرایە قوربانی چەند تەنکەرێک نەوت و بڕەک فەردە دۆلاری قەرسیلی.
ـ کەرکووکفرۆشان باش بزانن، ئێستاش بە پشتیوانی داگیرکەران کارتان مەیسەر بێت،وا لەدەست نەوەی ئاییندە و مێژوو هەرگیز ڕزگارتان نابێت.
ـ مۆری ناپاکی لە نەتەوە و نیشتمان،هەرگیز کاڵ نابێتەوە و هیچ هێزێکیش ناتوانێ بیسڕێتەوە.
ـ سەیرە نیشتمانێک کەسێک یان دووان بتوانێ گەمە بە چارەنووسی بکات؟! ئەی شێرە کوڕ و مامۆستا و فەیلەسوفەکان ئێوە وان لە کوێ؟!.
ـ سەرکەوتن و ژێرکەوتنی بە کۆمەڵمان،دەبووە گەورەتین وانەی مێژوو. مخابن یەکڕیزی تێک درا.
ـ دوای 10.10.2017،وا چاوەڕوانم دەکرد، زۆر ئەندام مەکتەبی سیاسی و پەرلەمان و بەرپرس و سەرۆک و ئەندام واز لە حیزبەکەیان بهێنن.
ـ ئەگەر ئەم تێکشکانەی16.10.2017 وەرچەرخان لە بیر و تێڕوانین و پەیکەرسازی کورد دا دروست نەکات، مانای وایە ئیدی مایەپووچ بەدیار مێژووەوە ژیان دەگووزەڕێنین.
ـ وتاری سەرۆکی هەرێم زۆر لاواز و وەڵامدەری کێشە و ڕووداوەکانی 16/ ی ئۆکتۆبەر نەبوو.
ـ کورد نەتەوەیەکی زوڵملێکراو و تەنیای ئەم گەردونەیە، %٩٢ی دەڵێ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ، کەچی بە چوار دەوڵەت پەلامار دەدرێ و دنیاش تەماشای دەکات.
ـ بەریتانیا دایکی ئەوروپا و جیهان چونکە دەوڵەتە،BREXIT ی لەیەکێتی ئەوروپا کرد،لێیان قبوڵ کرد. کەچی کورد و کاتالۆنی پەلامار دەدرێن.
ـ تۆ بڵێی ئیسرائیل و ئەمەریکا رازی بن، ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی، عێراقیش وەک سووریا و لوبنان و یەمەن بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکات؟.
ـ داگیرکەرانی کوردستان یەکگرتوویی کوردیان ناوێ، بۆیەکا بەردەوام بایەخ بە لایەکی دەدەن، تا میکانیزمی خۆخۆری لەگەڕ نەکەوێ.
١٨/١٠/٢٠١٧
ـ لەنێو داگیرکەرانی کوردستان دا، ئێران مەترسیدارترینیانە، چونکە بەناوی زڕبرا و دۆستەوە، وەک هەژدیها دەستی خستۆتە ناو جەرگ و هەناوی کوردەوە.
ـ ئێران بە درێژایی بوونی خۆی هەوڵی پاراستنی میکانیزمی کوردکوژی لەنێو پارتە کوردییەکاندا داوە، تا دوا بڕیار و کۆنتڕۆڵ لای خۆی بێت.
ـ کورد هەزارجاری دیکەش بکەوێ، هەر هەڵدەستێتەوە و ڕۆژێ دێت بە ئاواتەکانی بگات.
ـ هەزاران ناپاکی ناوخۆ و هەڕيشە و گەمارۆی داگیرکەران، ناتوانێ نەتەوەیەک لەناوبەرێ، کە 2717 ساڵە بە مەرگ خۆی ژیان دەڕسکێنێ.
ـ کوردبوون و خەبات و قوربانییەکانی بۆ بنەبڕکردنی ناپاکی،لە هەمووان داوای هەڵوێست دەکەن.
ـ نەبوونی سوپایەکی کوردستانی، یەکێکە لە فاکتەرە هەرە کاریگەرەکانی شکستمان.16 ی ئۆکتۆبەر بە نموونە.
ـ کەسێک تامی ئازادی چەشتبێ، بەسانایی کۆیلە ناکرێتەوە. بنۆڕە ڕاپەڕینی ئەمرۆی کورد.
ـ لە سێبەری ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی دا، نەتەوەی کورد یەکگرتووترین چرکەساتەکانی ژیانی دوو دەیەی ڕابووردووی خۆی بەسەر برد.
ـ بێ کەرکووک، نابێت کورد بیر لە هیچ دانووساندن و پرۆژەی چارەسەرێک بکاتەوە.
ـ دەبێت ئێستا باری دەروونی پاڵەوانانی کەرکوکفرۆش چۆن بێت؟
ـ حەشدی شەعبی،داعشی شیعەیە بۆ کورد.
ـ سەیرە د. نەجمەدین لەسەر کوردایەتی دەردەپەڕێندرێت و بێ بڕیاری ئەنجومەنی کەرکووک دەیگۆڕن؟
ـ سڵاو لە هاوزمان و هاوخوێنەکانم لە شاری خانەقینی/ حەشدای شەعبی بەزێن.
ـ سڵاو لە گەڕەکی ڕەحیمئاوای بابەگوڕگوڕ کە نایەڵن، ئاڵای کوردستان لەکەرکووک نەوی بێت.
ـ تکایە بەپەلە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕاپەڕیوەکانی ڕەحیمئاوا و خانەقین بنێرن بۆ کەرکوکفرۆشان.
ـ بەو هیوایەی ناپاکی 16/ ی ئۆکتۆبەر.بۆ هەمیشە، بێتە دوا وانەی هەڵکێشانی ڕەگوڕیشەی ناپاکی و خۆفرۆشی لە کوردستان دا.
ـ ڕاپەڕینی سەرتاسەریی لە کوردستانی بندەستی حەشدی شەعبیدا، چەخماخەی دایەوە.
١٩/١٠/٢٠١٧
ـ خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەری کەرکووکی بابەگوڕگوڕ، بە شکۆ و شایستەوە پێشوازی لە د. نەجمەدینی پارێزگار و دڵسۆزان و ئاوارەکان بکەنەوە.
ـ جەماوەر پێشمەرگەیە و پێشمەرگەش کراوەتە تەماشاوانی گاڵتەجاڕکە. چ سەیرێکە یاران!.
ـ سەعدی پیرە: یەکێتی لە پێناوی کەرکووک لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێک کەوتووە، ئەی بۆ کاک کۆسرەت و د.نەجمەدین شەڕیان لەدژی حکومەت کرد؟!.
ـ کەرکووکفرۆشان بەپشتیوانی داگیرکەران توانیان بە OFFSID گۆڵێک بکەن. ئێستا خۆبەخشەکان بە شانازییەوە لەهێڕشدان و گۆڵبارانیان دەکەنەوە.
ـ هەوڵی داتاشینی هەر حیلەشەرعییەک بۆ ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر دەکاتە عوزر لە قەباحەت خراپتر.
ـ گەلۆ کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ڕیفەڕاندۆمیشی نەکردووە،کەچی هەر دەکوژرێ و لەسێدارە دەدرێ.
ـ هیچ بەدووری نازانم (ئەبوبکر بەغدادی)لە سوریا و ئێران بێت،وەک زۆربەی سەرکردەکانی دیکەی القاعدە.
٢٠/١٠/٢٠١٧
ـ هەرچی چەرمی دنیایە بیخەنە سەر ڕووم، هێشتا زات ناکەم، وەک بەرپرسی حیزبەکان درۆ بکەم.
ـ پێمان دەڵێن: بۆ ئەوەی کەرکووک وەک موسڵ و حەڵەبی لێ نەیەت، دامانە دەست حەشدی شەعبی، سبەینێ دەڵێن: با سلێمانی و هەولێریش وەک کەرکووک لێ بکەین.
٢٢/١٠/٢٠١٧
ـ بینیم، بە دڵی سارد و گیانی سڕ و باوەڕی لەرزۆکەوە، بەشەلەشەل بەرەو ڕیفەڕاندۆم دەچیت، دڵم کرمێ بوو و ترسیشم لێ نیشت، وتم دەیقەومێنێ.
ـ خەڵکینە تێناگەم: میللەت و حیزب و بەرپرسەکانی یەکێتی ناوی کەرکوکفرۆشیان هێنا، کەچی ئەوان هێشتا لە کوردستانن و بەرپرسی یەکێتیشن؟!.
ـ کورد بە گوڵ و عەرەب بە گوللە، پێشوازی لە ئەمەریکا دەکەن، کەچی هەر عەرەب لای ئەوان لەپێشترە. گەر کورد وەک عەرەبی بکردایە، چی دەبوو؟!.
ـ ٢٣/١٠/٢٠١٧
ـ ئێران بە حیزبوڵڵا ژیانی سیاسی لە لوبنان ئیفلیج و کۆنتڕۆڵ کردووە، کوردستانیش لە ڕێی کوردستانفرۆشانەوە لە هەوڵ دایە.
ـ ڕۆشنبیرانی پایتەختی ڕۆشنبیریی کوا قیڕەکانتان!؟، قەڵەمتان شکاوە و شەوەزەنگ بیرتانی داپۆشی، یان هەریەکەتان نرخی حیزبێکتان پێوەیە؟.
ـ ئێران هەموو خەونەکانی لە باشووردا بۆ نەهاتۆتە دی، بۆ نموونە براکوژی، بۆیەکا دەست لە پلانگێڕی هەڵناگرێ.
ـ کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی و سەرکەوتنە مەزنەکەی بە %٩٢ و مەراسیمی بەخاک سپاردنی مام جەلال شکۆی کوردی سەنگین کرد، خۆفرۆشان هەموویان سڕییەوە.
ـ یاران چ کارەساتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییە دەنگ و ڕەنگی لەشکری قەڵەمفرۆشان دژ بە داگیرکەران و خۆفرۆشان نە دێت و نە دیارە.
ـ چ دەقەومێ گەر بێت و گرووپێکی جولەکە، پەلکێشی حیزبوڵڵا بۆ ناو ئیسرائیل بکەن، یان گرووپێکی فەلەستینی هی ئیسرائیل بۆ غەززا و ڕامەڵڵا بکات؟!.
٢٤/١٠/٢٠١٧
ـ ناڕۆشنبیرمان هەیە بە یەکقۆڵی و دووقۆڵیش شت دەنووسن بۆ ئەوەی “گەڵاکان”هەمیشە وەک پاداشت بەسەوزی و مفتی بەدەستیان بگات.
ـ ئەگەر خۆت بە بیر ڕۆشن دەزانی، ئەوە شەوەزەنگی نەتەوەکەت داهات، هەر هیچ نەبێ ڕێگا ڕووناککەرەوە، پەلی کوێرێ بگرە و دژی خۆفرۆشێ بوەستەرەوە.
ـ گەر زانین و زانیاری و باوەڕ و ئایدۆلۆژیا و چەک و حیزب و ڕێباز ، خزمەتی کورد و کوردستانی پێ نەکرێ، سەلکێ پیازی ڕزیو ناهێنێ.
ـ کوان ئەو تاریک بیرانەی وەک پاڵەوانی شاشە، بەردەوام خەریکی نائومێدکردنی تاکی کورد و قووڵکردنەوەی قەیران و میکیاجکردنی دەسەڵاتداران بوون؟!.
ـ ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین، ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین! سەرفرازین، وەک ڕانەمەڕ لەناو گەلەگورگی چاو تەنگا تێربین و وەکو وردەماسی لەناو هەناوی نەهەنگا ئارام بگرین.
ـ لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە باش و جاش، خەباتگێڕ و نیشتمانفرۆش وا تێک ئاڵاوکراون، بەدروستی لێک جیا ناکرێنەوە.
٢٥/١٠/٢٠١٧
ـ دەرکەوت زۆر کەس پێشمەرگە بووە بۆ حیزب و شۆڕشیشی بۆ حیزب بووە. بۆیەکا ئەوانە ناتوانن بڵێن پێشمەرگە بوون و شۆڕشیان کردووە.
ـ حیزبەکان بۆ کورد و کوردستان و کوردایەتی کەسییان پەروەردە نەکردووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەموو بازرگانییەکیان کردووە.
ـ ئەو پرۆژەیەی لە16 ی ئۆکتۆبەردا پێماندا هەڵپژا،هی چڵکاوەکەی ساڵی 66 بوو.
ـ داگیرکەرانی کوردستان بەتاک و بە کۆ، بەردەوامن لەسەر پلانگێڕی دژی کورد. تاکە چەک و قەڵغانی دەستمان یەکڕیزیی و تەبایی و کوردایەتییە.
ـ داگیرکەران و دنیا دژی ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەرکەوتن، ئەم ڕاستییە دەیسەلمێنێ، ئەو بڕیارە مێژووییە، بەس هی کورد خۆی بووە.
٢٦/١٠/٢٠١٧
ـ شانازیکردن بە تەنیا شارێکی نیشتمانەوە، لە ڕێبازی کوردستانی و بیری کوردایەتی و چەمکی کوردبوون دا جێگە و سەنگ و بەهای نییە.
ـ بەو هیوایەی مێژووی هاوچەرخمان، بە قەڵەم و ویژدانێکی پاک و دڵسۆزەوە بنووسرێتەوە.
ـ نیشتمان لە کۆمەڵێ شار و شارۆچکە و ناوچە و هەرێم و گوند پێک دێت، شار بریتییە لە چەند گەڕەکێک . کەواتە نیشتمان گەورەتر و پیرۆزترە.
٢٨/١٠/٢٠١٧
ـ کورد وەک قوربانییەکی داگیرکاریی و فەرامۆشکراوێکی نێودەوڵەتی، ئەگەر ژیانی لێ تێک بدرێ، ئەوانیش! هەموویان نابێ و ناتوانن بە ئاسوودەیی بژین.
ـ ئەگەر کورد ئەمجارە لە باشووردا شکست بخوا، دەرفەتی خەباتێکی نوێی قورس دەبێت، چونکە چیدی بەغدا و تاران وەک جاران ناکۆک نین، بەڵکو یەکن.
ـ دوو دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان بوونە یەک، کەچی پارچەیەکی کوردستان خەریکە بکرێتە دوو پارچە و کە نیوەشی هەر داگیرکراوە.
٣٠/١٠/٢٠١٧
ـ تا16 ی ئۆکتۆبەر باوەڕم وابوو حیزبەکان ڕەفتار مافیائاسان، کەچی لەو ڕۆژەدا دەرکەوت مافیای ناو حیزبیش هەیە و دەستبەکار و بڕیاردەریشە.
ـ هەزاران چیرۆک و ڕۆمان بگێڕنەوە و شا وەستای پینەچییان و مکیاجسازان بهێنیتەوە، ناتوانی ڕووی ڕەشی ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر سپی بکەیتەوە.
ـ مەلای عەجەم وەک هەژدیهای حەوت سەر، بەخۆیی و چەندەها پلانی جەهەنەمییەوە شاڵاوی بۆ تێکشکاندنی شکۆی کورد و کوردستان هێناوە. یەکریز بن.
ـ ئەوەی هەوڵی پاساوهێنانەوە بۆ ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر دەدات،خۆی دەکاتە بەشێک لەتاوانەکە و(خوش امدی)ی لەداگیرکەر دەکات.
ـ سەردەمی سەدام مووچە بە ئیمتیازەوە هەبوو،کەچی شۆڕشمان کرد! و ویستمان لە قەندیلەوە بیرۆخێنین! بۆ؟!.
ـ شەڕی کوردکوژی پشێوی نانەوە و پارچەپارچەکردنی کوردستان و لەناوبردنی تاکە دڵسۆزەکانی و کڕینی جوامێرەکانی…تاد،ئەجێندای مەلای عەجەمن.
ـ هەموو دەرک بەو گوشارانە دەکەین کە ڕووبەڕووی کوردستان بۆتەوە، بەڵام سەروەری لەوەدا بوو بەیەکڕیزی سەرکەوتن یان ژێرکەوتن بنووسینەوە.
ـ ئەگەر لە 16ی ئۆکتۆبەردا لە کەرکووک بەرگری بکرایە، ئێستا کوردستان یەک کڵپە ئاگر و داگیرکەر ریسوا و جیهان ڕوو زەرد و شەرمەزار دەبوون.
ـ بنۆڕە دنیا چەند سۆزانییە بەرامبەر بەنەتەوەی کورد و کاتالانییەکان. دوژمنەکانی ئێمە داگیرکەران و ئەمەریکا و ئەوان ئیسپانیا و ئەوروپا.
٣١/١٠/٢٠١٧
ـ ڕاستگۆیی و هەقپەرستی دوو پرنسین لە ژیانی حیزبایەتی کوردستان دا تابوون، چونکە حیزبەکان دەروێشن، ترسنۆک و بەرژەوەندی پەرستن.
ـ ناپاکەکان بوونەتە خاوەنی زۆر شت، کوردبوونیان دۆڕاندووە. میللەت دڵشکاو وە دەربەدرە،لێ کوردبوون چەک و سەرمایە و شانازی بوون و هەبوونێتی.
ـ گەر هێزە هاوپەیمانەکان ڕاستگۆ و خاوەن مۆڕاڵ و بە پەرۆشی مرۆڤایەتین، ئێستاش دەتوانن بە بەدیلەکانیان کار بۆ چارەسەری کێشەی کورد بکەن.
ـ ٢/١١/٢٠١٧
ـ ڕاگەیاندنی بلفۆڕ بەر لە 100 ساڵ دراوە. تا ئێستا فەلەستینییەکان داوای هەڵوەشانەوەی دەکەن. هەندێ کوردیش داوای تۆخکردنەوەی سایکس پیکۆ دەکەن.
ـ نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەوین: ئیسرائیل بەرامبەر بە عەرەبی یەکنەگرتوو، کوردی دابەشکراو ڕووبەڕووی 4 داگیرکەری دڕندە وی نامرۆڤ.
ـ لە چڵکاو و ژەهراو بەولاوە، حیزبەکان چ شتێکی تریان نەکردووە بە گەرووی ئەندامەکانیان دا، بۆیەکا زۆرجاران ڕێگای ڕۆشنشییان لێ تاریک بووە.
ـ بەپێی ڕاپرسییەک%١٣ ئیتالییەکان لە وڵاتەکەیان دا ئاسوودەن .کەچی کەسیشیان هەوڵی ڕووخانی دەوڵەتەکەیان نادەن و پەلکێشی دوژمنیش ناکەن.
٣/١١/٢٠١٧
ـ ئەگەر کاتالۆنیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ژێر خولگە و هەژموونی ڕوسسیادا بوایە، ئێستا ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی سەربەخۆییان لێ دەکرد.
٥/١١/٢٠١٧
ـ گەر دوای سەرەداوی ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر بکەوی، پاش مەلای عەجەم، دەگەینە مام ئینگلیز لە داون ستریت/ لەندەن .
ـ ئاغای گەورە “ئینگلیز”دروستکەری عێراقە، بۆیەکا دوای ڕیفەراندۆم ی سەربەخۆیی بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەی گاردەکانی سنووری سایکس پیکۆی خستەگەڕ.
٩/١١/٢٠١٧
ـ هەتا کێشەی ڕەوای کورد چارەسەر نەبێ، مەحاڵە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی لەناوچەکەدا، بێتە دی و بەرقەرار بێت.
ـ لە ترسی ئەنفالی حەشد و سوپای عێراق 15 هەزار کەس لەدوای ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک و ناوچەکانی ترەوە ئاوارە بوون.
ـ مادام ژیان و گوزەران لە کورد تێکچووە، وا بە دڵنییایەوە داگیرکەرانیش ناتوانن ئاسوودە بن.
ـ هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان بە یاسا و دەستوور ڕەفتاری لەگەڵ کورد دا نەکردووە، هەتا کەی کورد چاوەڕێیە داری زڕ بەری بۆ بگرێ.
ـ بارودۆخی ئێستا بەرهەمی سەرەکی ناپاکییەکە لە ئەقڵی خێڵەکی و حیزب حیزبێنە و سیاسەتی سەقەت و نەزانی و گەندەڵی و هەڵەکردن و نادڵسۆزییشی تێدایە.
ـ نەبوونی حیزبێکی نەتەوەیی و سەرکردایەتییەکی نەتەوەیی و پرۆژەیەکی نەتەوەیی، لە کەماسییە هەرە مەترسیدارەکانی کوردستانە.
ـ دبلۆماسێت و لۆبی کوردی هەر نییە، گەر هەش بێت، هی حیزبەکانە، ئەویش لە جێی نەبوانە.
ـ لە ئایندەدا کورد دەبێ: سەرکردایەتییەکی نەتەوەیی بەدیسپلین ، حیزبی پۆڵاینی خاوەن ستراتیژ و لەشکرێکی یەکگرتووی، پشتبەستوو بە نەتەوە و چیاکان پێک بهێنێت.
ـ ئەقڵێتی ناپاکی 16ی ئۆکتۆبەر و ئەوانی دیکەش، کتومت وەک ئەوە وایە: کەسێک لە داخ و ڕقی باوکی ، پیاوێکی بێگانە سواری دایکی خۆی بکات.
١٧/١١/٢٠١٧
ـ دەوڵەتی ئێرانی ساڵانە چەندەها ملیارد دۆلار بۆ حیزبوڵای لوبنان دەنێرێ، کەچی خێوەت و پەتووی پێویست بۆ قوربانییەکانی کرمانشان دابین ناکات.
ـ فارس دەوڵەتی میدیای ڕووخاند، سمکۆی شەهید کرد، پێشەوای لەسێدارە دا، قاسملۆ و سەرەفکەندی تیرۆر کرد،ئەندازیاری چەندین 16ی ئۆکتۆبەریشە.
٢٠/١١/٢٠١٧
ـ عێراق دەوڵەتێکە سەرەککۆمارەکەی بووە بە گاڵتەجاڕی خەڵک، جا چاوەڕوانی چی لە دادگاکەی و ئەقڵێتی داگیرکاریی و چ زڕەخەونێکی دیموکراسی دەکەیت!؟.
ـ هەروەک کورد ئەنفال و کیمیابارانی کرد بێو هەزارانی لە سێدارە دابێ، وا دادگای فیدڕاڵی پەیتاپەیتا بڕیار لە دژمان دەردەکات.
ـ ئەو واقیعە کۆمێدییەی دەوڵەتی زۆڵەکی عێراقی تێیدایە، هەر ئەقڵێتی دەسەڵاتدار لێی بەرپرس نییە، بەڵکو ئەوانەیشی کە خەونی پەمەیی تێدا دەبینن.
ــ گەر ئینگلیزی ئاغای گەورە، دەوڵەتی بۆ عەرەب و دروست نەکردایە، وا بەیەک ملیۆن ساڵی تریش لە پەراوێزی خێڵ دەرباز نەدەبوون.
ـ میللەتێکی، عێراقی، سوریایی، لیبیایی، لوبنانی،میسری،جەزائیری،مەغریبی نییە. با هەزار ساڵی تریش دەوڵەت بن، ناتوانن میللەت دروست بکەن.
ـ شانازی بە یەک چرکە بیرکردنەوە و خەبات و دروشمی هیچ کەس و لایەنێکی کوردەوە ناکەم، بۆ وڵاتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بێت..
ـ هاوسۆزێ کورد بۆ جولەکە ئۆباڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ موسڵمانی عەرەب و فارس و تورک. ئەوان شەیتانی یەکتر قبوڵ دەکەن و ڕەحمانی کورد ڕەت دەکەنەوە.




ئیندێکسی نوێی گەندەڵی …. و. هەڵۆ بەرزنجەیی

ڕێکخراوی شەفافییەتی جیھانی:لە سەرتاسەری جیھان دا قەیرانی دیموکراسی” دەبینێت.
گەندەڵی لەدنیا وەک کێشەیەکی گەورە دەمێنێتەوە: زۆرینەی وڵاتانی جیھان لە راپۆرتی Transparency International -TI- پلەیەکی خراپ بەدەست دێنن. لە ئەڵمانیا بارودۆخەکە کەمێک خراپتر بووە – لە ئەمەریکا زۆر خراپتر بووە.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ، ڕێکخراوی ناوبراو TI دوای ئەوە کەسانی شارەزا و پسپۆر لێکۆڵینەوەیان کردووە لە 180 وڵاتدا ، ئیندێکسی ئاماژەی گەندەڵی Corruption Perception index CPI نمرە یاخود پلەی 0 – 100 واتە سفر تا سەد، دانان بۆ ھەڵسەنگاندنی دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتەکان دا. تا ژمارەکە زۆر بێت، نیشانەی باشی بارودۆخەکەیە. واتە کەمی دیاردەی ئاماژەی بوونی گەندەڵی زۆر و نەرێنییە.

بە تێکڕا ٢/٣، واتە دوو لە سێی وڵاتان دەکەونە خوار تێکڕای پلە 50 وە. ئەمەش نیشانەی بارودۆخێکی خراپ و شێواو دەنوێنێ. تەنیا 20 وڵات توانیویانە لە 2012 وە بەرەو باشتر بڕۆن. لەوانە Guyan+9 لە 2012 ەوە، Argentin+8 لە 2015 ەوە، Elfbeinküste ساحل العاج+8 لە 2013 ەوە.16 نەتەوە زۆر دابەزیون لە نێوانیان دا: ھەنگاریا – 9 لە 2012 ەوە، تورکیا – 9 لە 2013 ەوە و مەکسیک – 8 لە 2013 ەوە.
دانیمارک لە پلەی یەکەم دا و ئەڵمانیا پلەی یازدەیەم.

لەم میانەدا دانیمارک ئەم وڵاتەی سکەندەناڤیا باشترین پلەی بەدەست ھێناوە 88.
نیوزلەندە87 و فینلەندە و سەنگاپوور و سوید و سویسرا85 و سۆماڵ خراپترین پلە 10 بەدەستهێناوە لەدوای ئەوەوە سوریا و باشووری سودانەوە ھەریەکەیان 13 و یەمەن و کۆریای باکور 14.
ئەڵمانیا لە پارەوە کەمێک خراپتر بووە لە 81 ەوە بووە بە 80. ئەمەش ناکاتە ئەو 10 باشترینەی ریزبەندە جیھانییەکە. ئەڵمانیا پلەی 11 لەگەڵ بەریتانیا بەش دەکات. ھەروەک شێڤی ئەڵمانیای TI Edda Müllerدەڵێت.
ئەمەریکا بۆ یەکەمجارە لە ساڵی 2011 ەوە دادەبەزێ لە Top 20 واتە لە 75 ەوە بووە بۆ 71.

لە ڕاستیدا وەک شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە، بارودۆخەکە ھەمووی پەیوەندی بە ھەلومەرج و دۆخی سیاسییەوە ھەیە. ڕاپۆرتەکە بە ئاشکرا وابەستەیی دیموکراسییەکی تەندروست و بەربەرەکانی سەرکەوتووانە دژ بە گەندەڵی لە ناوچەکاندا دەبەستێتەوە بە دیموکراسییەوە.
سەرۆکی جیھانی Ferreira Rubio TI دەڵێ : دیموکراسی سنووردار نەکراو لە پلەی 75 دایە و سنووردار کراو لە 49 دا. لای ڕژێمە ھەجینییەکان 35. و لای ڕژێمە ئۆتۆکراتەکان 30 . دۆخە تابێت بەرەو شلۆقی و خراپیدەڕوات.
ئەگەری زۆری گەندەڵی لەوێدا زیاد دەکات، کەوا بنچینەی دیموکراسی لاوازە. وەک ئەوەی ئێمە لە زۆر وڵاتانی دنیادا بینیومانە، سیاسەتی نادیموکراتی و پۆپۆلیستی بۆ سوودی خۆیان بەکار دێنن. Rubioوا دەڵێت.
ڕاپۆرتەکە زۆر بەوردی جەخت لەسەر ناوچەکانی جیھان دەکاتەوە. ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتی ئەوروپا وەک یەک ناوچە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە. بەدەستھێنانی تێکڕای 66 ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەم ناوچەیە. ناوچەکانی ئەفەریقا و خوارووی بیابان بە پێچەوانەوە بەتێکڕا 32 یان بەدەست ھێناوە.

و. هەڵۆ بەرزنجەیی ٣٠/١/٢٠١٩
—————–
سەرچاوە:
http://www.spiegel.de/politik/deutschland/transparency-sieht-weltweite-krise-der-demokratie-korruptionsindex-a-1250456.html




چەمکی ئازادی لە پانتایی بیری نەتەوەیی و دیدی جەمال نەبەزدا …. هەڵۆ بەرزنجەیی

{{ ئازادی ئەمڕۆمان هیج نییە،جگە لە ئازادی تێکۆشان لە پێناوی ئازدی دا}} ج. پ. سارتەر

ھەر لەگەڵ ماڵئاوایی زانا و بیرمەندی گەورە جەمال نەبەزدا، گوتەیەکی مامۆستا« ئازادی لە سەربەخۆیی بەنرخترە» بووە جێی باسێکی گەرمی میدیا و گەلێ لە دۆستان و نەیارانی مامۆستا. ھەندێک لەمانە لێکدانەوەی نادروستیان بۆ ئەم گوتەیە کرد و بۆ مەبەستی سیاسی بەکاریان ھێنا. گەلێکیش وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر بەم قسەیە کەوتنە خۆ. بەشێکی زۆریش لە خوێنەران لە مانا و دەلالەتی ئەم دروشمە و ناوەڕۆکەکەی حاڵی نەبوون، بڕەکیشیان بۆ چەواشەکاریی و دیماگۆگی پەنایان بردە بەر ئەم قسەیە.

ئەگەرچی مێژووی تێکۆشان و ھەوڵی مرۆڤ بۆ بەدەستھێنانی ئازادی زۆر دوورودرێژە، گەلێ زانا و ھزرڤانی گەورەی جیھانی وەک ئەبرەھام لینکۆلن و ژان ژاک رۆسۆ و ئەلبرێت شڤایسەر و… هتد قسەیان لەسەر ئازادی کردووە و بەرز نرخاندوویانە. لەوەش زیاتر ھەر یەک لە ئێمە ئەم قسە بەناوبانگەی بیستووە: مرۆڤ بە ئازادی لەدایک بووە. ھەڵبەت لەم دەرفەتە تەسکەدا جێی ئەوە نابێتەوە خۆمان بە قوڵایی مێژوودا شۆڕ بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سەرھەڵدانی بەھای « ئازادی» لای مرۆڤ. بەڵام بۆ ئەوەی دەسپێکێکی نووسراو و دیاری بکەینە وەک سەرەتایەک تا بچینە نێو باسەکەوە، ئاماژە بە شۆرشی فەرەنسی بەر لە دوو سەدە لەمەوبەر دەدەین. بە دروشمەکانی” ئازادی، یەکسانی برایەتی” بەرپا بوو. ئەم شۆرشە و گەلێ لە بزاڤ و شۆرشەکانی تریش لەمێژووی مرۆڤایەتی دا، لە پێناوی ئازادی دا بوون، یاخود دروشمی ئازادی کرۆک و گەوهەری داواکارییە سەرەکییەکانی بووە. ئازادی دوا وێستگەی حەسانەوە و ئاسوودەیی مرۆڤە. ئازادی ئەو ھەوار و مەنزڵگایەیە، کە کۆتایی بە چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە دێنێت. ئەمە مانای بەرز و گەوهەری بەهاداری ئازادییە. ئازادی ئەو ژینگەیە و سەکۆیەیە، مرۆڤ بێ کۆت و زنجیر دەتوانێ، گوزارشت لە ھەبوونی خۆیی و خەون و ئاواتەکانی بکات.

لە باشووری کوردستانیش لەناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابووردوودا، بزاڤ و ڕێبازێکی نوێ سەری ھەڵدا،کە بە دید و تێڕوانینێکی نوێوە بۆ پرسی نەتەوەیی کورد هاتە کایەوە و لە ڕوانگەیەکی گەشەوە، بایەخی دا بە «چەمکی ئازادی» لە چوارچێوەی مانیفێستێکی سیاسی فەلسەفی دا. ئەم چەمک و جیهانیبینییە، سەرەتا لەچوارچێوەی قەوارەیەکی وەک کاژیک « کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد» لە ١٤/٤/١٩٥٩ ،ئازادی دروشمی سەرەکیییەتی و دواتر لە دامەزراندنی پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک دا لە ١١/٩/١٩٧٥ دا، بە دروشمی « کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان » خۆی بەرجەستە دەکات.

دروشم و ئامانجی ئازادی چ بۆ کاژیک چ بۆ پاسۆک شاکۆڵەکە و شاڕێ و شائامانجی هەرە بەرز و ستراتیژی گرنگ و پیرۆزی، بیروباوەڕ و ڕێبازی خەبات و تێکۆشان بووە و لە ئایندەش دا هەروا دەمێنێتەوە، تاوەکو نەتەوەی کورد بە باڵاترین و پیرۆزترین مافی سروشتی خۆی لە ئازادی دا شاد دەبێت. ھاوبیرانی نەتەوەیی بەدرێژایی خەباتی ھزریی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی، تێکۆشاون بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و لە ھیچ کات و سەردەمێک دا، دەستبەرداری ئەم پرنسیپ و دروشمە ناوەندییەی بیرکردنەوەی نەبوون و هەرگیزاو و هەرگیزیش نابن. دیارە لە ڕوانگەی هاوبیرانەوە، ئازادی بێ یەکسانی، جگە لەوەی مەحاڵە بێتە دی، هاوکات ناتەواویشە و نابێتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ بەختەوەری مرۆڤ و ژینگەیەکی لەبار بۆ پێڕەوکردنی حەز و خواستەکانی مرۆڤ. کەواتە بیری نەتەوایەتی ، بەچاوێکی بەنرخ و ھێژاوە لە چەمکی ” ئازادی و یەکسانی” ڕوانیوە و کردوویەتە پێڕەووپڕۆگرام و ئەگێندای ژیانی ھزریی و سیاسی و رۆشنبیریی و دادپەروەریی خۆی و بژێوی بەنرخ و گرنگی پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد.

ئەم کورتە پێشەکییە بۆ ئەوە بوو، وەک پاشخانێکی مێژوویی و ھزریی و سیاسی بیکەینە دەروازەیەک بۆ چوونەوە بۆ لای گووتەکەی مامۆستا نەبەز ” ئازادی لەسەربەخۆیی بەنرخترە “. جەمال نەبەز، ھاوبیرێکی ئەم قوتابخانە ھزرییە و بەم بیروباوەڕە گۆشت بووە و سەرچاوەی بیرکردنەوە و هێز و وزەی چالاکی لە دروشمی ئازادی و یەکسانییەوە وەرگرتووە. دواتریش خۆی وەک بیرمەندێک دەستی بەکارکردن لەم کایەدا کردووە، بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنی ئەم چەمکانە بەشدارییەکی چالاکانەی بەپێزی لەڕێی نووسینەکانییەوە کردووە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی تێگەیشتنیان.
مامۆستا نەبەز لە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و کۆنتێکسێکی ھزریی و فەلسەفی دا، دێت و دەیەوێ شیکار و شرۆڤەی زیاتر بۆ چەمکی ئازادی و یەکسانی بکات و ڕەھەندی دیکەش بەم چەمک و دروشمانە ببەخشێ و لە دروشمێکی سیاسییەوە بیگوێزێتەوە بۆ قاڵبێکی تیۆریزەکردن. ھەر بۆیە دەبینین باسێکی سەربەخۆ بۆ ئازادی تەرخان دەکات و پێی وایە: ” یەکسانی لەئامی خستنەکاری، واتە کارپێکردنی تایبەتکاریی ئازادیی لە کۆمەڵ / نەتەوە دا دێتە دی.

جێ پەنجەی مامۆستا لەم بوارەدا لەوێدا دەگەشێتەوە، کاتێ دێت و دەبینێ خودی ئازادیش سنووردارە. یاخود ئازادی وەک چەمێکی ڕووت، بێ بوونی میکانیزمێکی گونجاو و کارا، نە بەهایەکی تەواو سەنگین و نە ڕۆڵێکی گەورە گرنگ دەتوانێ بگێڕێ. کاتێ ئازادی تاکێک لەلایەن ئازادی ئەوی ترەوە دیاری کراو بێت. یاخود مرۆڤ با وای دابنێین ، مرۆڤ تەواو ئازادە، کەچی دەسەڵاتی نییە سوود لە ئازادییەکەی وەگرێ. مامۆستا نەبەز دەڵێ : ئازادی بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە تەواوکەرێکی ھەبێت، ئەویش مافی دەسەڵاتە. واتە ئازادی بێ بوونی مافی دەسەڵات ناتەواوە و کێماسی تێدایە. بەواتایەکی دیکە، گەر بێت و خاوەنی ئازادیش بێت، لێ مافی دەسەڵاتی بەکارھێنانی ئەو ئازادییەی نەبێت، ئەوە ئازادییەکی ناتەواو و نوقسانە. کاتێکیش کێماسی لەئازادی بوو،واتە مرۆڤ ھێشتا بە قۆناخی حەسانەوە و بەختەوەری نەگەشتووە و ئاسوودیی ژیانی زامن نەبووە. کەواتە لێرەدا مرۆڤ ناتوانێ بەتەواوی باس لە ئازادی بکات. بۆ نموونە گریمان سبەینێ کوردستان سەربەخۆ دەبێت. ئەمە مانای ئەوە نییە تاکی کورد بەتەوای ئازادن. چونکە خەبات بۆ دادی کۆمەڵایەتی و ئازادی ڕێگا و ئەرکێکی سەخت و دوورودرێژە و زۆری ماوە پێی بگەین. بەم جۆرە دەبینین لە ڕوانگەی جەمال نەبەزەوە، ھەر ئازادییەک مافی دەسەڵاتێکی لە پشتەوە نەبێت، نیوە ئازادییە. دەرئەنجام دەگەینە ئەوەی بڵێین ئازادی و یەکسانی دوو دیوی یەک مەدالیان. و مافی دەسەڵات میکانیزمی پراکتیزەکردنییانە. قسەیەکی بەناوبانگ ھەیە دەڵێ : کێ دەستبەرداری ئازادی بێت لە پێناوی بەدەستھێنانی ئاسایش دا، ئەوە ھەردووکیانی لە کیس دەچێ. ئاسایشی کوردی لێرەدا، بە حوکمی ئەو واقیعە هەڵکەوتوو نالەبارەی وڵاتێکی کۆلۆنیالکراو و دابەشکراو پارچەپارچە بووە، پرسی سەربەخۆییە. واتە ئەو هەموو قسەیەی لەسەر ئازادی و یەکسانی کردوومانە، جارێ لە ڕووی تیۆریی و هیپۆتێزەوە کراوە. گەر بێت کوردستان سەربەخۆ نەبێت، ئێمە ناتوانین باس لە ئازادی بکەین، ئازادی لەسەر زەمینی داگیرکراوی و دابەشکراوی شین نابێ، بەڵکو نەمامێکە لە سایەی سەربەخۆیی دا،دێتە بوونەوە. بۆیەکا زۆر گرنگە ئەم دوو چەمکە و قۆناخەکانیان تێکەڵ نەکەین و جێگۆڕکێ بە سەردەمەکانیان نەکەین. وەک گەلێ کەس و لایەن بۆ مەرامێکی نادروستی سیاسی دەیانەوێ کەڵکی لێ وەرگرن.

بەڵێ تا کوردستان سەربەخۆ نەبێت، هەر قسەیەک لە ئازادی بکەین، لە ڕاستی و ئامانج دوور دەکەوینە و زۆر ناواقیعی دەبین. چونکە ئەزموونە مێژوویەکان پێمان دەڵێ: لە ژێر چەپۆکی داگیرکاری دا، کورد هەرچی هەبێت و خاوەنی هەر دەسەڵات و ئازادییەکیش بێت، هی خۆی نییە و تەواو کاتییە، لەبەرئەوەی جارێ هێشتا هەڕەشە و مەترسی دوژمنانی لەسەرە. کاتێ سەرنج دەدەین لە پرۆسەی سەربەخۆیی و گرنگی و هەستیارییەکەی، وەک قۆناغێک پێش گەیشتن بە ئازادی، ئەوسا دەزانین یەکەم ئامانج و وێستگە سەربەخۆییە. بۆیەکا پێویستە خەباتی کورد تا سەربەخۆیی دابین دەبێت، هەر بۆ سەربەخۆیی بێت. پێویستە و پێویستییەکی ژیاریی و ئەقلانیشە، دروشمی سەربەخۆیی ئامانجی سەنتڕاڵی گشت پارت و کۆمەڵە و سازی و هێزی ڕۆشنبیر و جەماوەری هۆشیار بێت. لە سەربەخۆیی بەولاوە، داواکردنی هەر مافێکی دیکە بۆ کورد، ڕاست و دروست نییە. لێ ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە ئەوەیە بۆچی هەندێ کەس و لایەن بەوە خۆشحاڵن، کە چەمکی سەربەخۆیی داپاچن و تاوانەکەش بخەنە ئەستۆی جەمال نەبەز! لە کاتێکدا ئەو بەدرێژایی تەمەنی بۆ سەربەخۆیی تێکۆشاوە!!.

شایانی وەبیرهێنانەوە، پرسی سەربەخۆیی قۆناخێکی سیاسیی و ئامانجێکی کاتییە. مامۆستا نەبەزیش پێی وایە : سەربەخۆیی بەشێکە لە ئازادی،لێ ئازادی،ئازادی و سەربەخۆیشی لە خۆ گرتووە. لەم سەرەڕێیەی خەباتی سەربەخۆیی دا تێکۆشان و کارکردن بۆ گەیشتن بەئازادیش هاوشان بەڕێوە دەچێت. بەڵام دوای سەربەخۆ بوون خەبات بۆ ئازادی ھەر درێژە دەکێشێ و هەر بەردەوامە. چونکە کە سەربەخۆ بوویت مانای وا نییە ئازادیشی، بەڵام کە ئازاد بوویت واتە سەربەخۆیشت. ئەم خاڵە هەستیارە پێویستە وەک خۆی لێی حاڵی بین و خۆمان بە هەڵەدا نەبەین. بەڵێ دوای گەیشتنە سەربەخۆیی، کورد دەتوانێ باشتر قسە لەسەر ئازادی و مافەکانی تر بکات. لەم بارودۆخەی نەتەوەی کورددا، نابێت هیچ ئامانج و دروشم و ئایدۆلۆژی و ستراتیژێک پێش لە سەربەخۆیی بگرێت. هەر تەنیا سەربەخۆیی، دەبێتە بەردەبازی ئازادی. کاتێک پاسۆک دەڵێ کوردستانێکی ئازاد. واتە کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو و ئازاد. بەڵێ لەبەر ئەمەیە، بەلای مامۆستا نەبەز و گشت هاوبیرانی کوردایەتییەوە، کە مانا و ناوەڕۆک و بەھای ئازادی لە سەربەخۆیی گرنگترە، بەو پێداویستیانەی گرێ دراون بە چارەنووس و هەڵکەوتی بارودۆخی نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستانەوە. نەک پێچەوانەکەی.

پوختەی باس: ئازادی تایبەتمەندیەکی خۆڕسک و سروشتی مرۆڤە،لەگەڵ لەدایکبوونی دا ئەم تایبەتمەندێتییە دێتە مەیدانەوە. ئازادی نە کەس دەیدات و نەکەس مافی لێسەندنەوەی ئەم تایبەتکارییەی لە کەسێکی تر هەیە. ئازادیش بە تەنها بەهایەکی ڕووت و نیوەناچڵە، تەواوکەرەکەی یەکسانییە. یەکسانیش بریتییە لە پراکتیزەکردنی ئازادی، واتە خستنەکار و بەکارهێنانی ئازادی لە ڕووی پراکتیکییەوە. ئەم دوو چەمکەش بێ میکانیزمێکی کارا،شیاوی هاتنەدی و سوود لێوەرگرتنێکی تەندروست نییە، گەر بێت و مرۆڤ مافی دەسەڵاتی بەکارهێنانی ئازادی نەبێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ یاخود نەتەوەکانی پێ یەکسان بکات. یەکسانی لەدەسەڵات دا، کە دایکی هەموو یەکسانییەکانی تری نێوان مرۆڤەکانە. واتە مرۆڤەکان مافی دەسەڵاتیان وەک یەکی لێ دێت. بەشی مرۆڤەکان لەدەسەڵات ئەوە نابێت، کەسێک زۆر و کەسێک کەم. ئەم نموونەیەش بەسەر نەتەوەکان دا جێبەجێ دەبێت. واتە نەتەوەکانیش دەبێت لە ئازادی و یەکسانی و مافی دەسەڵات دا هاوشێوەی یەک بن. نابێت تورک و عەرەب و فارس دەوڵەتیان هەبێت و کورد بێ دەوڵەت بێت. یاخود ئەوان باڵا و سەردەست بن و کورد بندەست بێت. گەرەکە لای مرۆڤی ژیر و نەتەوەی هۆشیار، هەموو وەک یەک مافی یەکسانیان هەبێت. کەواتە ئەو نەتەوانە نابێ خۆیان خاوەن دەوڵەت بن و بە ئێمە بڵێن بە مافی کولتووری و ئۆتۆنۆمی ڕازی بن. یاخود ئێمە خاوەن دەوڵەتین و ئێوە نابێ ببنە دەوڵەت. جگە لەمەش ئەوەی ژیان نیشانی دەدات، مافی دەسەڵات بۆ پراکتیزەکردنی ئازادی ،لەسەر زەمینی واقیع دا تەنها دەزگای دەوڵەتە کە بتوانێ ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێ. بێ دەوڵەت مەحاڵە مافی دەسەڵاتت هەبێت و ئامادەگیت لە ڕووداو و پێشهاتەکان دا هەبێت و بتوانی پراکتیزەی دەسەڵاتی خۆی بکەیت. کەواتە کوردیش دەبێت وەک گەلانی جیهان بێتە خاوەنی ئۆرگانی گرنگ و هەستیاری دەوڵەت ، بۆ ئەوەی کار بۆ ئامانجەکان بکات.

ئالێرەدا کورد جگە لە داگیرکراویی و دابەشکراوییەکەی،هاوکات مافی ئازادی سروشتی و یەکسانی هاومانا و دەسەڵاتی وەک ئەوان نییە. بۆیەکا دەبینین کورد خەبات دەکات بۆ بەدەست هێنانی ئەم ماف و ئامانجانە. دیارە تا کوردیش بەهەمان مافی ڕەوای خۆی نەگات، وا ئەوانیش ناتوانین بە کامی دڵی خۆیان ژیانێکی ئاسوودە و ئارام بەسەر بەرن. ئاخر دەستبەرداربوونی مافی سەربەخۆیی و ئازادی، دەکاتەوە کەمبوونەوەی هەموو مافەکان لە بەرامبەر ئەوانی دیکەدا. ئەمەش ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی بیری ئازادی و یەکسانییە لای هاوبیرانی نەتەوەیی. هەر بەم پێداویستی و ڕوانگەیەوە، هاوبیران تا سەربەخۆبوونی کورد و کوردستان، بۆ سەربەخۆیی بەشێوەیەکی سەرەکی خەبات دەکەن، دوای سەربەخۆیش تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی هەر بەرقەرار دەبێت. کۆتایی باسەکە بە گوتەیەکی ژان ژاک ڕۆسۆ دەھێنم لەمەڕ ئازادییەوە دەڵێ: ئازادی مرۆڤ لەوەدا نییە، ئەوەی حەزی لێیەتی دەتوانێ بیکات، بەڵکو لەوەدایە پێویست نەبێت ئەوە بکات کە نایەوێ بیکات. کەواتە لێرەشدا مافی دەسەڵات پرسێکی جەوھەری گرنگە وەک میکانیزمێک بۆ بەکارھێنانی ئازادی.

ـ سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا جەمال نەبەز و گشت ئازادیخوازانی کورد و کوردستان و جیهان.
. سەرنج: ئەم وتارە لە ١٧/١٧٢٠١٩ لە چلەی مامۆستا ج. نەبەزدا لە بەرلین خوێندراوەتەوە.

هەڵۆ بەرزنجەیی ١٧/١/٢٠١٩




چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کوردۆ عەلی دا … بەشی دووەم و کۆتایی… هەڵۆ بەرزنجەیی

چەند پەیڤێکی پێویست:

ئەم چاوپێکەوتنە، بۆیەکمجار بەر لە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤاری خوێندکاری کورد دا بڵاوکراوەتەوە. گۆڤاری ناوبراو،بەهۆی کەم دەرامەتییەوە بە تیراژێکی کەم دەردەچوو و بڵاودەکرایەوە. لەم سۆنگەیەوە باوەڕم وایە بەشێکی زۆری خوێنەری کورد و بگرە دۆستانی کاک کوردۆش چاویان پێنەکەوتووە. بۆ یادی ئەم ساڵی کۆچی دوایی گیانی پاک و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و خزمەتی وشەی کوردیی هاوبیر کوردۆ ( ١٩٥٠ ـ ٢٠١٦)، بەچاکم زانی جارێکی تر بێ هەڵە و کەمووکوڕی تایپی بکەمەوە و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.
چاوپێکەوتنەکە تێروتەسەلە و لەگەلێ ڕەهەندی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە و تیشکێکی هەمەلایەن دەخاتە سەر کۆمەڵێ بابەت و باسی جۆراوجۆر.
هەڵۆ بەرزنجەیی ١٤/١٢/٢٠١٨ بەرلین

١٠ – ھونەری وەرگێڕان ھونەرێکی بەرز و زەحمەتە. بەڕێزتان بەوەرگێڕانی سەرکەوتووانەی کۆمەڵێک بەرھەم، کتێبخانەی ژیکەڵەی کوردیتان دەوڵەمەند کردووە. دەمانەوێت بزانین ئەو مەرجانەی پێویستە لە وەرگێڕاندا ھەبن چین؟ چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ چ ڕێچکەیەک لە وەرگێڕاندا دەگرنە بەر؟.

بەڵێ راستە، وەرگێران کارێکی ھەروا ئاسان نییە، وەک ھەندەک تێیگەیشتوون، بەڵکە ھونەرێکی بەرز و کارێکی زەحمەتە، چونکە تۆ تەواو ئازاد نییت لە دەربڕیندا، بەڵکە پێبەندی دەقێکیت و ناتوانیت لێی دوورکەوییەوە و بە ئازادیی گوزارە لە ھەستی خۆت بکەیت.
بەبڕوای من مەرجی یەکەم بۆ وەرگێڕان توانا و مەیل و ئارەزوویەکی ئاشقانەیە، کە بەھەوڵی بەردەوام و بێ پسانەوە، بەخۆڕاھێنان، گەشە و شکۆفە دەکات و تیفتیفە دەدرێ. لەتەک ئەوەدا، زانینی تەواوی ھەردوو زمانەکە و پەیبردن بەگشت کەلێن و قوژبنەکانیان و شارەزاییەکی قووڵ لەبواری ئیدیۆم وقسەی نەستەق و پەندی پێشینانیاندا، یەکێکە لە مەرج و پێویستییە ھەرە گرنگەکان، دەنا وەرگێڕ دەکەوێتە ھەڵەی زۆر زەق و خەوشدارەوە و چێژ و پێز لە دەقەکە دەبڕێت و گەلەکجار واتاشی دەشێوێنێت.

بە قەناعەتی من ، زمان نیوەی نووسینە، بۆیە زۆر گرنگە وەرگێڕ بە زمانێکی ڕەوان و پاراو، دەقەکە وەرگێڕێت، زمانێکی شیرینی وا، کە سەرنجی خوێنەر ڕاکێشێت و بۆ خوێندنەوەی پەلکێشی کات. زمانێک بێت، خوێنەروا ھەست بکات کە ئەودەقە لە بنچینەدا ھەر بەو زمانە نوسراوە.
ھەرجار کە « داغستانی من » دەخوێنمەوە، لەبەرخۆوە دەڵێم ئەمەیان گوڵی دیوی یەکەمی فەرشەکەیە. لەخۆوە بیرم بۆ وەی دەچێت کە لە پێشدا مامۆستای ھێژا و بەھرەمەند ، کاکە عەزیز گەردی وەریگێڕابێت، ئەوجا ڕەسووڵی حەمزەتۆف نووسیبێتی. من لەو باوەڕەدام گەر حەمزاتۆف خۆی کورد بایە و بە کوردی نووسیبای، ھێندە شیرین و پڕچێژ بۆی دانەدەڕێژدرا.

ئەفسانەی چیای ئاگرین و قەڵای دمدم و شاکارەکانی دیکەی مامۆستای ھێژا شوکور مستەفا و سیاحەتنامەکەی مامۆستای دلۆڤان سەعید ناکام و شەرەفنامەکەی رەوانشاد ھەژاری موکریانی و گەلەک شاکاری دیکەمان ھەن سەرتۆپ و نموونەی ھەرەبەرزی وەرگێڕانی بەپێز وپڕچێژ و سەرکەوتووی کوردیین و کتێبخانەی قشتەڵەی ھەژارانەمان، بەوانەوە ئاوەدانن و دەبێت ھەموو خاوەن ویژدانێک شانازییان پێوە بکات.
بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەتان، کە دەفەرموون : چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ دەبێت ڕەپ وڕاست بڵێم: من بابەتەکە ھەڵنابژێرم، بەڵکە بابەتەکە خۆی خۆی دەسەپێنێت و ھەڵمدەپێچێت بیکەمە کوردیی. ھەرچی بەھەر زمانێک دەخوێنمەوە و سوود و چێژێکی لێوەرگرم، حەزدەکەم دەمودەست تەرجەمەیکەم، تا خوێنەری تینوو و تامەزرۆی کوردیش لەو چێژ و خۆشییە بێبەش نەبێت.
شارەزایانی بواری ھونەری وەرگێڕان، چوار شێواز دەستنیشان دەکەن:

١- وەرگێڕانی وشە بە وشە
٢- وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە
٣- وەرگێڕانی دەقاودەق
٤- وەرگێڕانی واتا بە واتا
من لە کاری وەرگێڕانمدا ھەمیشە ھەوڵمداوە شێوازی واتا بە واتا بگرمە بەر، یانی مەبەستمە کرۆک و جەوھەری دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم و بەپەرۆشەوەم بە کوردییەکی پەتی و ڕەوان، بەزمانی نووسین، نەک قسەکردن، نێوەڕۆکی دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم. ئیدی تا چەند سەرکەوتووم و چەندە ئامانجم پێکاوە، بڕیارێکە خوێنەران و مێژوو دەیدەن.


١١- وەک نووسەرێکی خۆماندووکەر و پشت بەستوو بە چەندین سەرچاوەی جیھانیی ، بەچەند بەرھەمێک بەرپەرچی مارکسێتی و چەپی کورد دەدەنەوە، ئەمەش بۆتە مایەی دابڕانی لەقەبی ئەنتی مارکسی بەسەرتان دا.تا کوێ لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا یەکدەگرنەوە؟

وشەی ئەنتی لەزمانی کوردیدا واتایەکی دزێوی پێبڕاوە، زێتر بەواتای دوژمنایەتی لێکدەدرێتەوە نەک دژایەتی کە مانای راستەقینەی خۆیەتی ئەوەش داھێنانێکی مارکسیانەی کوردانەیە تا دژەکانیانی پێ بەچەترسێن و دەمکوتکرێن و کەس پڕکێشی ئەوەنەکات ڕەخنە لەو بیر و بزووتنەووە پیرۆزە بگرێت. دەنا دژایەتی بەقەڵەم و دەم لە سنووری ململانێیەکی ئیدیۆلۆژیی ڕەوا و ڕاستگۆیانەدا مەترسی و زیانی بۆ پەزەکانی کەس نییە تەنھا بۆ ئەوانە نەبێت کە گووتنی ڕاستی و پەردەھەڵماڵین لەسەر درۆ و دەلەسە ماڵیان کاولدەکرێت.

ئەوان دەیانویست گشت لە گشتمان بەھبەھ بۆ پاشایەکی لندۆزەری ڕووت و قووت بکەین و بڵێین نامەخوا کە پۆشتە و پەرداخە و ئای کەجلکەکانی شیک و جوانە! من بۆخۆم لە کتێبی ئاشی چی و باراشی چی؟ دا کە لە وەرامی گوتارێکی کاک بەھادین نووری دا نووسیومە ئاشکرا و ڕەپ و ڕەوان گوتوومە: دژم؛ وەلێ دوژمن نییم. بەڵێ دژی گشت جۆرە دیکتاتۆرێتی و ملھوڕی و بێدادیی و خوێنڕێژیی و چاوگەی درۆ و دەلەسەیەکم من گەر لەسەر نووسین و گوتارەکانم لەقەبی ئەنتی مارکسیم پێوە بلکێنن ئەوا بەشەرەفێکی گەورەی دەزانم و وەک میدالیای سەرسنگ و بەرۆکی (کۆنە جەنگاوەران)ی دەبینم ئەوانەی عارەب بە المحاربین القدما نێویان دەبات.

ھەر لە ڕاستیشدا کراوینەتە جەنگاوەری کۆن ئەوەتا ئێستا مارکسپەرستەکانی کورد حەپولکی ئێمەمانان نادەن ئەوەی دە پازدە ساڵێک لەمەوبەر ئێمە دەمانگووت و پێی تاوانباردەکراین و لەسەری نەفرەتمان لێدەکرا تازەبەتازە بەخیرێ خۆیان ھەستدەکەن کەزۆربەی ڕاست بووە و کەمیشمان گووتووە. یانی مەودای جوداوازی و بڕکردنی بیرمان لایەنی کەم دەپازدەساڵێکە بۆیە ھەڵپەیانە بەپەلە تۆڵەی دەپازەساڵ تەمەن و بیری قەتیسماو و جەڕاویان بکەنەوە ئەوەتا ئەوڕۆ بەتەنکە شەرمێکەوە کۆنە گوتەکانی ئێمە دەجوونەوە و بەنرخی نوێش پێمان دەفرۆشنەوە.
جگەلەوە ئەگەر ئێمە تەنھا ئەنتی مارکسی بین ئەوا ئەوان خۆیان ئەنتی ھەموو چشتێکن ئەنتی چین و ئەنتی دین و ئەنتی پاک و ئەنتی چاک و ئەنتی بیر و ئەنتی ژیر و ھەتا گەلەکجار ئەنتی خۆشیانن.
لەبەرئەوە دەربەستی ئەو جۆرە ناوونەتۆرانە نیم و بەڵکە شانازییشی پێوە دەکەم کە بەر لە دەپازەدەساڵ وەک ئەورۆی ئەمان بیرمکردۆتەوە وێراویشمە زار بکەمەوە و چی بەڕاست دەزانم بیڵێم.

١٢- گەر شەڕی سارد بە سەرکەوتنی بلۆکی خۆرھەڵات کۆتایی ھاتبا، چارەنووسی مرۆڤایەتی بە چ ئاقارێکی دیکەدا ڕەوتی دەکرد؟

ئەگەری پرسیارەکەتان ،پەندەکەم دێنێتەوە یاد کە دەڵێت : “ئەگەر پوورم ڕدێنی هەبا، پێمدەگوت خاڵە”. هیچ کات و لە هیچ ڕوویەکەوە ، هەتا لە چڵەپۆپەی هێز و دەسەڵاتیشیاندا،هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە بەو شێواز و هەست و نەست و هۆشە سیاسی و بارە ئابوورییەوە داتەپیو و دواکەوتوو و شێواوەوە،لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتان، هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بێنن. بیر و بزووتنەوەکە لە مێژ بوو پایدۆستی لە بنەما ئیدیۆلۆژییەکانی خۆی کرد بوو، دەمێک بوو پشتیوانیی و پشتیگیریی جەماوەری لەدەست دابوو، تەنها سەری نێزە و زنجیری زرێپۆش ئەو کۆسیستێمەیان ڕاگیکردبوو. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کەبوونی تەنها بلۆکێک لەو دوو بلۆکە، خۆی لە خۆیدا شکستی و زیانێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، چونکە ترسی باڵادەستیی و فریشککەوتن و نەسڵەمینەوە و نەپرینگانەوە لە دەستدرێژی و ناخونەک و چاوزیتکردنەوە، زاڵە.

جگەلەوە، بانگاشەی وڵاتانی خۆرئاوا کە هەوڵی بەرقەرارکردنی سیستەمێکی نوێ و پاراستنی مافی مرۆڤ و دەستبەرکردنی ئازادیی میللەتان دەدەن، گشت لە گشتی درۆن، درۆیەکی پەتیی هەرزەخەڵەتێن، دەنا کێ دەستی گرتوون و بۆ هێشتا لەسەر داروپەردووی سیستێمە کۆنە بەدفەڕەکە هەڵکورماون و پارێزگاریی لە دەیان ڕژێمی کۆنەپەرستی، ڕەگەزپەرستی پیاوکوژی دنیا دەکەن و ڕۆژانە چاو لە صەدان و هەزاران تاوانیان دەقوچێنن و پینەوپەڕۆی دەلاقەی عەیبەشیان دەکەن. لێرە قسە نەستەقەکەی (ڕۆزفلت)م دێتەوە یاد، کە ئەوڕۆکەش پڕاوپڕ دەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی بەرژەوەنپەرستی ئەوروپادا ڕێکاوڕێک دەگونجێت. لە (ڕۆزفلت)دەپرسن:” بۆچ ئێوە پشتگیریی ئەو دیکتاتۆرە خوێنخۆرانەی ئەمەریکای خواروو دەکەن؟ ئەوانە هەموو کوڕی صەگن”. بەدەم قاقاوە دەڵێت:” ڕاستە، دەزانین کوڕی صەگن، بەڵام کوڕی صەگی خۆمانن”. دیارە هەتا ئێستەش هەر دڕندەیەک بەرژەوەندییان بپارێزێت، ئەوان بە ماڵی خۆیان و کوڕی صەگی خۆیانی دەزانن و بەوپەڕی تواناوە پشتیدەگرن.

هەڵبەت بلۆکی خۆرهەڵات بەو تەمەنە کورتەی خۆشییەوە، زەبری کوشندەی بە سەرجەمی بیر و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جیهان گەیاند و جەزرەبەیەکی خراپی دا. چونکە درۆ و دەسبڕیی دەگەڵ کردن، بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆی هەڵیدەسووڕاندن. بەڵێنی قەبە و دوورەدەست و پاشەڕۆژێکی ڕووناک و بەختیاری پێدەدان.
چاک بوو لە شەڕی سارد دا گلا و سەرەنگرێ بوو، دەنا لە بریتی تاقە ((ستالین))ێک، (ماو)ێک و (پۆلپۆت)ێک و (چاوچیسکۆ)یەک و (خواجە)یەک و… هتد، دەیان دڕندەی دیکە، دەیان خوێنڕێژی دیکەمان دەبوو، چنگۆڵەیان لە کڕکڕاگەی مرۆڤایەتی گیردەکرد و گشت بیرێکی ئازاد و گشتدەنگێکی ئازادیان، هەر بەنێوی ئازادییەوە، یاساغ دەکرد. هەموو دنیا دەبووە (ک.گ.ب) یەکی گەورە، دەبووە (شتازی)یەکی گەورەتر دەبووە(سێکۆریتاتێکی)مەزنتر.

١٣ـ بەدوای قوڵبوونەوەیەکی باش و سەرقاڵییەکی درێژخایەن لە ئەدەب و دراساتی ڕەخنەگر لە مارکسێتی ، ئێستا بە ناو چەپی کورد لە کوێی وێڵی و وێڵبووندا دەبینن؟

جارێ بەرلەوەی وەرامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، بە پێویستی دەزانم ئەوەتان عەرزبکەم کە زاراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ و گشت ئەو قسە پڕباق و بریقانە لەسایەی سەری مارکسپەرستەکانەوە، هێندە سووک و چرووک و بێتام و بێڕەونەق بوون، کە بە بیستنیان مرۆ لەشی دادەهێزرێت و نێویانی لا دەبێزرێت، چونکە تاوان بەرامبەر بەو زاراوانە کراوان و هێند سووکایەتییان پێکراوە، کەڵکیان لێبڕڕاوە و پووکێنراونەتەوە، قەت لە جێی خۆیاندا بەکارنەهێنراون و بە نای ناهەق پێچەوانەکراونەتەوە، کراونەتە خەسڵەتی شتێک کە بۆی ناشێن و دەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن.
مارکسیستی کورد ئەگەر وا زوو تێبگەن، فلیمەکە کۆتایی هات و بیرەکە ئاشبەتاڵی لێکرد، ئیدی مانای وایە نە مارکسین و نە کوردیشن. ئەوەتا ئەوەی ڕووس و دەوڵەتانی خولگەی، بەو هەموو ساڵانەی دەستەڵاتییان، بەو توانا مرۆڤی و سیاسی و ئابووری و سوپایی و ئیعلامییە زۆر و زەوەندەی بەردەستییانەوە، بۆیان نەچووەسەر و لە ژێریدا پسان و بۆڕیانخوارد، بەخێرێ بەنیازی ئەمان بۆیان هەستێننەوە و باری کەچیان بۆ ڕاستکەنەوە. مارکسپەرستی کورد، جاران بەو هەموو پشتوپەنا ماددی و مەعنەوییەیەوە، نەیانتوانی هیچ بە هیچ بکەن، ئێستەکە وەک زەڕنەقووتەی بێ باب و داک وان، دەبێت چییان لەدەست بێت و چییان پێبکرێت و چییان پێ بگۆڕدرێت؟ ئەوانەی هێشتا لەسەر ئەو بیرە ماون و توندڕەویی دەکەن، دیارە هەرزەکاری سیاسین و پەند لە هیچ نسکۆ و نەهامەتییەک وەرناگرن.

١٤ـ ماوەیەکی زۆر خۆتان لە ڕیزی پارت و ڕێکخراوی نەتەوەییدا دیوەتەوە و سەرپەرشتی کاروبارتان کردووە،ئەو ئەزموون و سەردەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مادامێکی پرسیارەکە پەیوەندی بە خۆم و دەور و ڕۆڵی خۆمەوە هەیە، حەز دەکەم بەوە دەست پێبکەم کە بۆ خۆم هەر بە هەژدەساڵی هەوای سیاسەت لە کەللەی دام و لەو دەورووبەرەی تەمەنی هەرزەکاریمدا تێکەڵی کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان بووم و دەگەڵیان تێهەڵچووم. لەوەبەر هەر لەخۆوە، بەسۆز بووبوومە کۆمەنیست، بێ ئەوەی بزانم کۆمۆنیستی چییە، خۆم بە کۆمۆنیست دەزانی. بەوەی چاک بوو کۆمۆنیستان پێیان نەزانیم و زوو دەستیان پێمدا نەگەیشتوو و دەستەمۆیان نەکردم، دەنا لەدەست دەچووم. یەکێتی قوتابیانی کوردستان، یەکەم قوتابخانە و فێرگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییم بوو، تێیدا فێری نیشتمانپەروەریی و خۆناسین و کوردناسین بووم. کاتێک بوومە ئەندامی پارت، هێشتا ڕەش و سپی سیاسەتم لێک هەڵنەدەبوارد، لێ هەستم دەکرد ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر هۆشم بەبەردا دێتەوە و تا دێت لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتمدا هێورتر دەبم و کوردانەتر بیردەکەمەوە و بەرەو پێشکەوتن دەڕۆم.

پاشان دیتم ئاسۆی تاکتیک و ستراتیژ و ڕێباز و ڕێڕەوی سیاسی پارتی، جێگەی خەون و خەیاڵ و ئاواتە قاچاغ و قەدەغە و تامەزرۆ و بەرزەفڕەکانی منی تێدا نابێتەوە و خەریکن باڵی بیرم بکەن و هێدی هێدی کەوییمکەن. جارجارە لێرە لەوێ بە چپەوە، باسی تارماییەکی سەیرم بەنێوی (کاژیک)ەوە دەبیست، وەک شابازی چاوئەندازی، چاکنیازی فەنتازییەکانی من دەینواند. بە هەزار دەردیسەری و ئەمسەروئەوسەر دەروازەی سست و سەرکڵۆمکراوی تارماییم دۆزییەوە و قەدەرێکی چاک کوتام. ڕۆحیان کردم بە ئاو، تا بەخاوەخاو کردیانەوە. کە دەروازە قڵیشاو شەبەقی کزە ڕووناکی دڕیدا بە تاریکی، پیرە تارمایی، تراویلکە دەرچوو. ساڵانێکی زۆر هەردوکلامان (ئێمەش و کاژیکیش)خۆمان تەفرە دەدا، ئەو بە گوریشمە و نازێکەوە خۆی وا نیشان دەدا، کە گوایە حیزبە، ئێمەش گێل گێل بەدیار ئەو مەلۆتکە هەر بە مردوویی لەدایکبوەوە، هەڵتروشکابووین و وامان پێشان دەدا، کە گوایە ئەندامین.

دەبێت لێرەدا ڕاستییەک بۆ مێژوو و بۆ وەچەکانی داهاتوو تۆمار بکەم، بە بڕوا و باوەڕی من، بوونی کاژیک بەو شێوە سڕ و سست و شل و پەیت و بێ جووڵە و چالاکییە، بوونی ئەو مەلۆتکەیەی هەر بە مردوویی لە دایک بوو و کەس دڵی نەیهێنا، یاخود نەیپەرژا بینێژێت، مەزنترین کۆسپ و گەورەترین تەگەرەبوو لەسەرەڕێی بیر و بزوتنەوەی نەتەوەییانەی کورد دا. توندترین زەبر و گەورەتریبن سەکتەی لەو بیر و ڕێبازە وەشاند و نیوسەدە لە گۆی خست و دوای خست و سڕی کرد و هێز و پێزی لەبەربڕی، چونکە بوونی ئەو تارمایی و داهۆڵە، مانەوەی ئەو توێکڵە بێ نێوەڕۆکە، ڕێگەی ئەوەی بەسەوە بیر و بزوتنەوەیەکی نەتەوەییانەی ڕاستەقینەی کامڵ و خەمڵیی بێتە کایەوە و سەرپێی خۆی کەوێت و جڵەوی کارەکە بگرێتە دەستی خۆی. ئەوەی هەبوو، خەیاڵێکی ڕۆمانسییانە و فەنتازی بێباج و بێنیازی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر بوو، کە مخابن هەرگیزاو هەرگیز بۆیان نەکرایە واقیع. لە دایکبوون و نێونان و مردنی مەلۆتکەکە، لەیەک کاتدا بوون، پێکەڵپێکی یەکبوون.

لە دۆنادۆنەکەی کاژیک و پاسۆکیشدا، هەرچی خەسڵەتی بەدو بێکەڵکی کاژیک هەبوون، گشت لە گشتیان زانە هەناوی پاسۆکەوە و هەر لە سەرەتاوە ئەویش بە شەپڵەلێدراوی زایەندرا. جگەلەوە، ڕاستتان دەوێت من سیما و خەسڵەتی بیرێکی نەتەوەیی کوردیی کامڵ و خەمڵیو نابینم. بیر و بزووتنەوەیەک بە چوار بەیان و سێ نامیلکە و دوو دروشمی زەقی کۆپییکراو، ناگاتە قۆناغی کەماڵ و ناتوانێت لاف و گەزافی قەبە و لەسەنگی خۆی قورستر لێبدات. ماکی یەکەمی شکست و لانەوازیی و لاوازیی ئەو ڕێبازە، کەمتوانایی و بەتەنگەوەنەهاتن و خۆخڵافاندن و خۆخەڵەتاندنی ڕێبەران و کادێران و ڕێونکەرانی خۆیەتی، دەنا هەرچی شت هەیە لە کوردستاندا ڕەواجی نەدەبوو، تەنها بیری نەتەوەیی نەبێت. هەتا جاشێتیش بەبرەو بووە، چونکە کاری بۆ کراوە. ئەوانەی تاوانی نوشوتی و بێ برەوی و کەم ڕەواجیی بیرەکەیان، بە شانی کەسان و دەستەوتاقمی دیکەدا دەسوون و قسورەخۆیی و قسرەزاتییەکە فەرامۆش دەکەن،ناڕاست و دوور لە واقیعن و هەمدیسان خۆ و جەماوەر فریودەدەنەوە.

تەجرەبەی من لە ڕیزی بیر و بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا، ئەزموونێکی تاڵ و نوچدان و نوشوستییەکی گەورەیە و هەست دەکەم ڕەنج بەبابووین و قەت قەت واقیعانە بیرمان نەکردۆتەوە و وەک پێویست کارمان بۆ بیرەکە نەکردووە، بەڵکە هەر خەریکی قسەی قەبە و سەوز و سوور و بێ باج بووین.

١٥ ـ نووسەرێکی بێگانە پێناسەی خۆی لە هەندەران ئاوها دەکات:” من درەختێکم لق و پۆپ و گەڵام شین بووە، وەلێ ڕەگ و ڕیشەم بەم خاکەوە نییە”.تۆش ساڵانێکی زۆرە پەڕیدەی هەندەران بوویت،تاراوگە بۆ تۆ چ دەبەخشێت و چ کاریگەرییەکی لەسەرت هەیە؟.

ئاڵمان لەو ڕووەوە ووشەیەکی جوانیان هەیە، دەڵێن(entwurzelt) واتە ڕیشەکێشکراوە. ئەو درەختەی ڕیشەکێش دەکرێت، ناتوانێت لەسەر تاوێری دەربەدەری ڕەگ و ڕیشە داکوتێتەوە و بەرز هەڵچێت. من هەمیشە خۆم بە ئاوارە و نامۆ و مێوان زانیوە و خەونم بەو ڕۆژەوە دیتووە کە بتوانم بگەڕێمەوە ئامێزی زێدی ئازیزم. قینت لەهەرکەس بوو، نزا و تووکی لێ بکە، پازدە، بیست ساڵ لە مەفتەنی خۆی دوور کەوێتەوە و بە ئاوارەیی بژێت. گرنگترین شتانێک کە لە پەڕیدەیی هەندەران و دەربەدەریم فێربووبم، ئەوەیە: نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆمم لە جاران زێتر و تا ڕادەی پەرستن خۆش بوێت. خوێندنم تەواو کردووە و بڕێک زانست و شتی نوێ فێربووم، کە بۆ خۆم و ڕەنگە بۆ نەتەوەکەشم سوودبەخش بن. زمانێکی جیهانیی گرنگ فێربووم، بەباشی پێی دەخوێنمەوە و لەتەک بڕێک نووسینی خۆمدا، هەندەک بەرهەمی دانسقەم پێ تەرجەمە کردووە.

١٦ـ هیچ بیرەوەری و یادگارێکی ڕۆحیت لەگەڵ یادی شەهیدانی وەک کاکە فەتاح ئاغا و فەرهاد خەفاف و مولازم حەمە شەوقی و کاکە جەلالی حاجی حسین و مولازم کەریم و کاک ئازاد مستەفادا هەیە،بتهەژێنن و بۆمان بگێڕیتەوە؟.

زامتان هێنامەوە سوێ و بەچەند کڵافەیەک ژان. دڵتان شەتەک دام. ئەو شەهیدە سەروەرانە بڕێکیان مامۆستا و برای گەورە و زێدە ئازیزم بوون، هەندێکیشیان هاوتەمەن و هاوڕێی گیانی بە گیانیم بوون، یادیان هەمیشە بە خێر و پڕ فەڕ بێت و ڕەوانی پاکیان شاد. لەگەڵ هەر هەموویان دا کۆمەڵێک یادگاری شیرینم هەن، کە گەش گەش لە بیر و هەستمدا دەچرسکێنەوە. گەر لەگەڵ هەر یەکێکیان دا یادگارێکی خۆم بگێڕمەوە، ڕەنگە باسەکە هێجگار درێژە بکێشێت و خوێنەر وەڕس بکات.
شەهیدان کاکە فەتاح مامۆستا و برای گەورە و ئازیزی هەموومان بوو، بۆیە یادگارێکی شیرین لەو ساتە خۆشانەی لە خزمەتی ئەو کەڵە مێرەدا بردوومەتە سەر، دەکەمە باقەبێنەیەک و لە بریتی گشت یادگارەکان دەیگێڕمەوە.

کاکە فەتاح لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییدا مامۆستای زمانی کوردیم بوو، یەکێک بوو لە مامۆستا هەرە خۆشەویست و سەرکەوتووەکان. بە پێشمەرگایەتیش لە هێزی خەبات هەر براگەورە و سەروەرم بوو. قەت داوایەکم لێ نەکردووە بۆی جێبەجێ نەکردبم. هەتا دڵ دەخوازێت میهرەبان و قسەخۆش بوو. ئێوارەیەک لە مەریوانەوە حەمە فرێری شۆفێری نارد بە دووی من و کاکە برایمی حەمە عەلی دا. ترساین هەڵەیەک ، سەرپێچییەکمان کرد بێت. کە گەشتینە خزمەتی، فەرمووی: تاکەی؟ بۆچ داوای پشوویەک، ئیجازەیەک ناکەن؟ عەرزمان کرد: قوربان ئێمە پێشمەرگەین، ئیجازەی چی؟ فەرمووی: چاکە، دە ئەمشەو ناهێڵم بڕۆنەوە، میوانی منن. شەو پێکڕا نانمان خوارد و یەک دوو بیرەشمان پێکەوە خواردەوە. هەر لەوێش لە ماڵی خۆیان نواندینی. بەیانی زوو زوو وەخەبەری هێناین. فەرمووی هەڵسن بچنە ئەو مزگەوتەی ئەوبەر دەست و دەموچاوتان بشۆن و زوو وەرنەوە، گیپەم بۆ کردوون. ئێمەش لە خۆشی گیپە ڕامان کرد، بە پەلە دەستودەموچاومان پشیلەشۆر کرد. کە گەڕاینەوە، سینییەکی گەورەیان هێنا، کەدایان نا، یەک دوو ژێرپیاڵەی گچکە ماستی لەسەر بوون. کاکە فەتاح (یادی بەخێر و ڕەوانی شاد) پێکەنی و فەرمووی : ئەوە گیپەی پێشمەرگەیە.

١٧ـ باری ئێستای بزووتنەوەی خوێندکاریی و پیشەیی کورد چۆن دەبینن؟

بەداخەوە، هێشتا بزووتنەوەیەکی کوتکوتی شەق و پەقکراوی لاواز دەبینم، کە ناتوانم بە بزووتنەوەی خوێندکاران و پیشەیی نێویان بەرم و بڕوا ناکەم خزمەتی چاوەڕوان کراویان پێهەڵسووڕێت، چونکە لە بریتی ئەوەی باڵوێز و نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە کەساسەکەیان بن، بوونەتە چەند کەوڵسوورێکی بەر لەشکر و برغوویەک لە ئامێری خوێناویی و ژەنگاویی شەڕی چەپەڵی کوردکوژیی حیزبەکانیان و ئارمانجی سەرەکیی لە بیرکراوە و شتەکان لنگەوقووچ کەوتوونەوە.

١٨ـ لە تاقیکردنەوەی تاراوگەتانەوە چ پێشنیازێک بۆ خوێنەران دەکەن، لە بارێکدا وەک ئاگادارین وا بۆ چەند ساڵێک دەچێت هەوڵی گەڕانەوەی هێجگاریی بۆ وڵات دەدەن؟.

پێشنیاز و تکام لە گشت کوردێک ئەوەیە کە لەو هەل و دەرفەتەی ئەوروپایان سوود وەرگرن، هیچ نەبێت کەمەکێک لە ئەزموونی دێموکراسێتی و ئازایی و ئازادیی بیری ئەوروپا فێر ببن و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دا پێڕەویی بکەن و خۆیان لەو تەنگەتیلکەیی و تاقم تاقمێنە و پەرتپەرتی و لەتلەتییە دوورەپەرێز بگرن و نەبنە بەشێک لێی. بە بڕوای من، ئێمە بە هەڵە و لنگەوقووچ لە شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی گەیشتووین، پێمان وایە شۆڕشگێڕ کەسێکە کە دەکوژێت، خوێندەڕێژێت، لەش دەنێژێت، لێ لە ڕاستیدا شۆڕشگێڕیی هەڵوێستە، ڕەفتار و ئامڕاز و ئامانجە، مەبەستە. شۆڕشگێڕ ئەو کەسەیە کە بارێکی کەچ و خراپ ڕاست دەکاتەوە و گۆڕانکارییەکی بنەرەتیی و بنجیی چاکی تێدا ئەنجام دەدات. بۆیە بەلای منەوە شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەر لە هەر شت، لە خۆیدا و ئەوجا لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاریی چاک دەهێنێتە دی. ئەو کەسە شۆڕشگێڕە کە ڕاستگۆیانە و ئازایانە پێ لە هەڵە و پەڵەی خۆی دەنێت، ڕێز لە ڕاوبۆچوونی بەرامبەرەکەی دەگرێت و ئەوەی ڕاستە لێی دەسەلمێنێت. بەهیوام گشت کوردێک تا ئەو مەودایە و بەو پێ و دانگە شۆڕشگێڕ بێت.

١٩ ـ خوێندکاری کورد چۆن دەبینن؟

چیتان لێ بشارمەوە، ناڵێم خراپە، یا خوادانەکردە بێسوودە، بوونی چاکە و ئەویش دەنگێکە و جارجارە دەچریکێنێت، لێ ڕاستتانم دەوێت ئەوە نییە کە بە ئاواتی دەخوازم. جگەلەوە نێو و نێوەڕۆک و شێواز و مەبەستی لەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن و جووت نایەنەوە و هاوتا ناوێستنەوە. گۆڤارەکە نە خوێندکار دەریدەکات، نە گوتاری خوێندکارانەی تێدایە و نە پێوەندیی بە خوێندکارانەوە هەیە، کەچی نێویشی (خوێندکاری کورد) ە. من لەسەر وەختێکدا ژیاندمەوە و مەخابن نێوی (خوێندکاری کورد)م لێنایەوە. کە خۆم خوێندکار بووم و زۆربەی هەرە زۆری گوتارەکانی خۆم دەمنووسین. لێ ئەو دەمەش هەر بە بیر و بزووتنەوەی خوێندکارانەی کورد تا ڕادەیەکی زۆر نامۆ و نابەڵەد بوو. من تکا و پێشنیاز دەکەم نێوەکەی بگۆڕن بە نێوێکی شیاوتر و گونجاوتر، بۆ نموونە (پەیک) یاخود(پەیام) جوان و لەبارن، یەکێکیان هەبژێرن. هەوڵیش بدەن لە بابەت و نێوەڕۆکدا کەمێک ڕەنگینتر و دەوڵەمەندتر کرێت. دیارە بەشێکی ئەو ئەرکە شانی خۆشم دەگرێتەوە، هەق وایە جارجارە کۆمەکێکتان بکەم.

٢٠ـ بار و زروفی ئێستای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ کام داهاتووتان بۆ لەبەرچاو گرتووە؟.

بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان ئەنارخیستانەیە،وڵاتی فرەکوێخایە و گشتیان پێکڕا پەندە کوردییەکە پەیڕەو دەکەن کە دەڵێت:” ئۆخەی ئۆخەی،هەرکەس بۆ خۆی”. یاسا و داب و نەریت هەڵگیراون و ترس و دڵەڕاوکە و برسێتی و خەم و دزیی و جەردەیی و بەرتیل خواردن زاڵن. کەس لە گیان و ماڵ و سەر و سامان و ژیانی خۆی دڵنیا نییە. دەبێت ئا لەو حاڵ و بارەدا چاوەڕوانی چ داهاتوویەک بکەم. ئەوەی لە کوردستانێکی نیمچە ئازاد و چکێک وابەستەدا دەکرێت، لە هەر وڵاتێکی صەدان ساڵەی پێشکەوتووشدا کرابا، لە مێژبوو بووبووە وێرانە و ئاساری بەسەر پاتارییەوە نەمابوو.

پەشێو گوتەنی، وەرە ئەو برسێتی و دوژمنایەتی و چەکە زۆرە ببەرە وڵاتێکی پێشکەتووی وەک سویسرا و سوێدەوە،جا پاش ساڵێک حاڵی میللەتەکانیان دەبینیینەوە. گیان بەوەیە لە کوردستانی ئەوڕۆدا، خەڵکە بە حورمەتە کوردپەروەرەکە، نەبوو و برسییە، دەنا گەر پێچەوانەی ئەوە بایە، وەزعەکە هێجگار شپرزەتر دەبوو. ئالەو بارودۆخەدا، دەبێت چاوەڕوانی چ پاشەڕۆژێک بکەین؟
بە دڵنیاییەوە دەڵێم: گەر بەزوویی ڕێونکەرانی بزووتنەوەی ماڵوێرانکەری کورد، تیماری دەروونی نەخۆش و پەستی خۆیان نەکەن و کۆتایی هێجگارەکی بە شەڕی خۆکوژی نەهێنن و چارەسەرێک پەیدا نەکەن،یانی حوکمی مردنی میللەتەکە لەو کوتە وێرانەدا، پەنجەمۆرە دەکەن. هەرچیش بەسەر میللەتەکە بێت، تەنها و تەنها دوو گوڕنەتەڵەکە لێیبەرپرسیارن و مێژوو بواری هیچ پاکانەیەکیان نادات.

٢١ـ بۆ یادی صەدساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی چ بەرنامە و پێشنیازێکتان هەیە؟

بۆ خۆم بەرنامە و نەخشەی فرەم هەن و توانای کەم،تایبەت نەداریی و دەست کورتییەکە پشتی من، یاخود پشتی من و زۆرکەسی دیکەشی شکاندووە. بەڵام
گیان بەوەیە هیوا و ئاواتی پەتیی و هەناسەی سارد هەڵکێشان، پووڵی تێناچێت و دەتوانم بەکامی دڵ و بێ ترس و دەستەلەرزە، دەزوو بۆ کۆلارەی خەیاڵ و ئاواتی بەرزەفڕم بەرهەڵدا بکەم. ئاواتم ئەوەیە گشت توانا بەهرەدار و گەشەکان یەکخرێن و کۆتایی بەو کوتکوتی و پەرتپەتییە بهێندرێت و بە گشت لایەک هەفتەنامەیەکی سەربەخۆی ڕێک و پێک و گۆڤارێکی مانگانەی بە پیتی پڕ سوود، سەر بکەن بە گشت ماڵە کوردێکی پەڕیدەی دەستی تەڕییدەکان و تینووی وشەی پیرۆز و بە پێزی کوردیدا.

*************************************
سەرچاوە: گۆڤاری خوێندکاری کوردی، ڕێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کوردە لە ئەوروپا ـ سۆکسە، ژمارە ٢٤ـ٢٥ ی گەڵاڕێزانی ٢٦٠٩/١٩٩٧

بۆ زیاتر شارەزابوون لە کەسایەتی کاک کوردۆ و کار و بەرهەمەکانی خوێنەر دەتوانێ تەماشای ئەم لینکەی خاورەوە بکات. بابەتێکی بەندەیە بەناوی
Gesendet mit der GMX Mail App




چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کوردۆ عەلی دا … هەڵۆ بەرزنجەیی

چەند پەیڤێکی پێویست:

ئەم چاوپێکەوتنە، بۆیەکمجار بەر لە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤاری خوێندکاری کورد دا بڵاوکراوەتەوە. گۆڤاری ناوبراو،بەهۆی کەم دەرامەتییەوە بە تیراژێکی کەم دەردەچوو و بڵاودەکرایەوە. لەم سۆنگەیەوە باوەڕم وایە بەشێکی زۆری خوێنەری کورد و بگرە دۆستانی کاک کوردۆش چاویان پێنەکەوتووە. بۆ یادی ئەم ساڵی کۆچی دوایی گیانی پاک و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و خزمەتی وشەی کوردیی هاوبیر کوردۆ ( ١٩٥٠ ـ ٢٠١٦)، بەچاکم زانی جارێکی تر بێ هەڵە و کەمووکوڕی تایپی بکەمەوە و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.
چاوپێکەوتنەکە تێروتەسەلە و لەگەلێ ڕەهەندی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە و تیشکێکی هەمەلایەن دەخاتە سەر کۆمەڵێ بابەت و باسی جۆراوجۆر.
هەڵۆ بەرزنجەیی ١٤/١٢/٢٠١٨ بەرلین

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کوردۆ عەلی دا
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
-١ با لە پرسیارە نەریت و باوەکەوە، بەکردنەوەی دەروازەی خۆناساندنتان بە کورتی بە خوێنەر دەست پێ بکەین.

نەریت و باو وایە لە کن منیش خۆشتر دەبوو، گەر ئێوە ئەو ئەرکەتان کێشابا و وەک میوانێک بە خوێنەرانتان ناساندبام ، تا بواری ئەوەم نەبێت بۆخۆم بکەومە خۆھەڵکێشان و بەخۆدا ھەڵگوتن. لێ کە ئێوە نەیکەن، ناچارم خۆم بێمەگۆ. بەر لەھەرشت دەبێت بەوە دەستپێبکەم و بڵێم:
ھێندەی بیرم بڕ بکات و لەو دەمەوە، خۆم ناسیوە، ھەر نێوم (سەروەت محەمەد ئەمین) بووە. دیارە خۆم یادم نییە، لێ لە زاری داک و بابم بیستووە، گوایە شەوی بەفرەزۆرەکەی ساڵی پەنجا، لەگەڕەکی سەرچاوەی زەردیاوا(قەرەداغ) واقەواقم خستۆتە نێو ماڵە جوتێرێکی ڕووت و برسییەوە. پاشان دەرکەوت ئەو شەوە دەکاتە،٢٠/٢/١٩٥٠ لێ ھەر لەودەمەوە، بێ ئەوەی کەس پرسێک بە خۆم بکات، سێ تەوقیان بەتۆپزی لەگەردن ئاڵاندووم: تەنیا بەوەوە نەوەستاون کەبێ پرس و ڕازیبوونی خۆم کردوویانمە عێراقییش و موسڵمانیش، بەڵکە ڕۆژی لەدایکبوونی ئاسایی خۆشم پێڕەوا نەدیتراوە، یەکێکی قەڵب و ساختەیان بەسەردا ساخکردوومەوە. وەک صەدان ھەزار ھاوتەمەنی ھاودەردم ،٧/١ کراوەتە تۆماری ئەو ڕۆژە خەماوییەی تێیدا چاوم بەژیانی کۆیلەیەتی و پڕ چەرمەسەریی نەتەوە داماوەکەمدا ھەڵھێناوە.
پاشان قەدەر بەرەو جیھانی بەرینی نووسینی ڕاپێچکردم، بۆ شوێن ونکێ، نێوی (کوردۆ عەلی) م بۆ خۆ ھەڵبژارد، کە دوور لە ئێستە، نێوی نھێنی سەردەمی حیزب حیزبێنەم بوو. ئێستا ئەم نێوەیانم زاڵترە و زۆر هەن تەنها بەو نێوەوە دەمناسن.لەسەردانەوەی (هەواری دڵان)مدا،ڕێک کەوتووە،کۆنە هاوڕێ و کۆنە ناسیاوی خۆم، دۆستی خۆیان ڕاسپاردووە،(کوردۆ عەلی) یان پێبناسێنێت،نەیانزانیوە (کوردۆ) هەمان(سەروەتە چاوشین)ەکەی کۆنە دۆست و ناسیاریانە.

٢ـ سەرەتای خۆدۆزینەوەتان لە بواری خوێندنەوە و نووسیندا لە کوێوە دەست پێدەکات؟

ناتوانم تەواو تەواو داوی تاوی سەرەتای دەستدانە خوێندنەوەم دەستنیشان بکەم. ئەوە پرۆسێسێکی دوورودرێژە و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. کۆمەڵێک هۆکار، چەند برایەکی دڵسۆز، پەلکێشیان کردووم و بەو ڕێڕەوەیاندا بردووم. ئەوەی لێرەدا پێویستە پێیلێ بنێم و ئاشکرا دانی پێدا بنێم ئەوەیە کە من سەرەتای هەرزەکاری و لاوی، لەگێژاوی هەڵەشەیی و بزێوی و تەممەڵی و سەرلێشێواویدا، گێنگڵم دەدا. سەرتاسەری ساڵانی قوتابخانەم هەتا بەدەرنرام، یەکێک بووم لە قوتابییە خراپەکان. لە گشت وانەکاندا کۆڵەوار بووم، لێ لە داڕشتن و ڕێزماندا لە گشتیان کۆڵەوارتر ، ئیدی ڕێزمانی هەر زمانێک دەبا،با ببا. بۆیە نەبەخەیاڵی خۆمدا دەهات و نە بەبیری کەسدا، کە من ڕۆژێک لە ڕۆژان ببمە نووسەریش و دکتۆریش لە زمانەوانیدا.
دەگەڕێمەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەتان. هێندەی یادم بێت، چێژی شیعری کوردیی و شەیداییم بۆ خوێندنەوە و عەوداڵ بوونم بەدووی ئەدەبدا، لە جوامێریی دووکەسەوە چەکەرە و شکۆفەی کرد:
١ـ کوڕێکی قۆشمەی قسە قیتی هەمیشە دەم بە خەندە بووە هاوڕێم، یادی بەخێر نێوی مامۆستا (عەبدوڵڵا ڕەمەزان)بوو. کەشکۆڵێکی نایابی شیعری کوردیی بۆ خۆی نووسیبووەوە، تەنها بەوە لێمڕازیی نەدەبوو کە کەشکۆڵەکەی وەخوێنم، بەڵکە بە کام و تامیشەوە، هۆنراوە پڕ چێژەکانی بۆ لێکدەدامەوە و گەلەکجاریش بەدەم لاسایی (شوکروڵڵای بابان) ەوە بۆی دەخوێندمەوە:
بەداوە، گرژ و خاوە، یەعنی ئاڵۆزاوە زوڵفەینی
دوو تاوە، دوو سییان و شێوەکەی شێواوە زوڵفەینی
نەک هەر ئەوە، بەڵکە بە تۆپزی ناچاری شەڕشیعریشی کردم و بۆیەکەمجار بۆ تۆڵە و لە داشۆرینی خۆیدا،
شیعرم ڕێکخست، لێ دیارە شیعری بێچێژ و هەرزەکارانە.
٢ـ پورزایەکم کە نێوی (حاجی عەباس) ە،کتێبخانەیەکی ئاوەدانی هەبوو. سەرجەمی دیوانەکانی(قانیع) ی لە تاقە بەرگێکدا جەززوبەند کردبوو، زوو زوو لێم قەرز دەکرد و چێژێکی سەیرم لێدەچەشت و هەرگیز لێی تێر نەدەبووم، تایبەت شیعرە کاریکاتێرەکانی،ئێستاش زۆربەیانم هەر لە بیرە. جگەلەوە هەموو ژمارەی گۆڤارەکانی (پەیام)و(تووتن)و ڕۆژنامەکانی (ژین)و(ژیانەوە)م، هەر لەوماڵە ئاوەدانەدا چنگ کەوت و گشت لە گشتیانم خوێندنەوە.

پێموایە ئەو دوو برا جوامێرە، بێ ئەوەی بەخۆبزانن، یەکەم مامۆستای ئەدەبیم بوون و هەر ئەوان بە شیری ئەدەب و زانست مەڵاشوویان هەڵدامەوە و فرچکیاندام و پاشان بڕێک برای دڵسۆزی دیکەش، ئەو ئارەزووە تازە چرۆیەیان تیفتیفە دام. من لە بوونمدا وەکی ئەمەی هەم، سا ئیدی چاکبم، یا خراپ، دروستکراوی دەستی کۆمەڵێک برای بەنرخ و دڵسۆزی خۆمم. هەتا هەم، منەتبار و قەرزارباریانم، بێ ئەوان و کۆمەك و دەستگیرۆیی ئەوان، ئەستەم بوو توانیبام ئاوها چێژ لە ژیان وەربگرم و خۆ بدۆزمەوە و خزمەتێک بە نەتەوەکەم بکەم، دیارە لە حاڵەتێکدا گەر ئەو کەمە نووسینانەم، بپەژێردرێن و بە خزمەتێک لێم قبوڵکرێن.

٣ـ خولیای گەورەتان لە خوێندنەوەدا چییە؟

گەر مەبەستتان لە خولیا، ئارەزوو و چەشی خوێندنەوە بێت، ئەوا لەودەمەوە کە دەستم داوەتە خوێندنەوە، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیوم و هەر قۆناغەش خولیا و ئارەزوویەکی جوداوازم هەبووە. وەک پێشان گوتم ،سەرەتا لە شیعرەوە تێهەڵچوم، تا زانستگەشم تەواوکرد، زۆربەی کاتەکەمم بە شیعر خوێندنەوە دەبردەسەر و کام شیعر باشبا، بەخۆی دەچووە بەرم. یادمە ساڵانی پاش هەرەسە ئەژنۆشکێن و هیوا هەڵتەکێنەکە، کە برای زێدە ئازیز و مامۆستای هێژام، کاکە شێرکۆ بێکەس لە یەخسیریی و دەستبەسەریی عەجاج و سەبوون و سەرابەکەی ناحیەی (بەغدادی) بەسەردان دەگەڕایەوە،من شایی لە دڵمدا دەگەڕا. زوو زوو سەیران و کۆڕی دانیشتنی سەر کانی و ئاوەکەی (قووڵەڕەش) ی پشت ئەزمەڕمان ڕێکدەخست، ئەو نوێترین شیعری شیرینی خۆی دەکردە لاوک و لانک و خەم و ژان و ئازارە بێکۆتاییەکانی زادەی هەرەسی ڕادەژەنین و دەیلاواندنەوە، بەو دەنگە بەسۆز و هەستهەژێنەی خۆی کۆچ و خەوی چەند ساڵە و بڵباس و دەیان شاکاری دیکەی بۆ دەخوێندینەوە و منیش بەدیارییەوە هەڵدەتووتام و پڕ بە ڕۆح و هەستم چێژی ئەو گەوهەرە نرخدارانەم هەڵدەمشت و ساوائاسایی دەگریام و هۆن هۆن فرمێسکم هەڵدەڕشت.

لێ ئێستەکە بەروبووی شیعر هێندە بۆرکراوە، کە گەلەکجار لە ڕۆژنامەکاندا، لەتەک لاپەڕەی وەرزشدا، لاپەڕەی شیعریش تەرکدەکەم. لەسەروەختی هاتنە ئەوروپامەوە و لەو دەمەوە دەستمکردە خوێندن و سیاسەتم وەک تەرخانی دووەم هەڵبژارد، ئیدی خوێندنەوەی سەرچاوە سیاسییەکان، بەتایبەت و پلەی یەکەم ڕەخنە لە بیر و ڕێبازی خز و هەڵدێری مارکسیزم لینینزم، بوونە خولیای هەمیشەییم و هەتا هەرەس و ئاشبەتاڵی بیر و بزووتنەوەی کۆمۆنیزم هەرەسی بەدەستمایەی ڕۆشنبیرییم نەهێنا، من بۆ ئەو بیر و بزووتنەوەیە بەئەمەک مامەوە و قەت لە ڕەخنە و نوقورچی ڕەوا بێبەشم نەکرد. هەرچەندە ئێستەکە هەستێکی دوو فاقانەم بەرامبەر بەو بیر و ڕێبازە لەکن ڕسکاوە، لەناخەوە خەمبار و دڵتەنگم بە داڕمانی، چونکە فەرمایشتی وڵاتانی سەرمایەدار و بەرژەوەندپەرستی ئەوروپا سەرکەوت و مەیدانیان بۆ چۆڵ بوو، تا بەکامی دڵ تەراتێنی تێدا بکەن. لە قوڵایی دڵەوە شادم بە داڕمان و هەرەس و ئاشبەتاڵی ، چونکە بیرێکی تۆتالیتێری، مرۆڤ چەوسێنەری، خوێنڕێژی، دەستبڕ، سەرنگرێ بوو، هیچ قسەی بۆ مارکسپەرسست و کۆمۆنیستی مەلابەزێنی کورد نەهێشتەوە و لەدەست فەتوای بێتام و وەڕستکەریان ڕزگارمان بوو.
لەپاڵ سیاسەت و ئەدەبدا، چێژێکی زۆر لە فەلسەفەش دەچێژم، جگە لە فەلسەفەی گریکی کۆن، شەیدایەکی سەوداسەریی بیروبۆچوونە فەلسەفییە بەنرخەکانی سێر(کارل پۆپە)م.

٤ ـ چ نوسەرێکی کورد کاری تێکردوون؟

باشتر وایە بفەرموون چ نووسەرێک کاری تێنەکردوویت! بەبڕوای من مرۆ هەرچی دەخوێنێتەوە، کەم تا زۆر، کاری تێدەکات، بەڵام دوو جۆر کارتێکردن هەن، چاک و خراپ. بۆ نموونە هەیە لە قۆناغێکی تەمەن و بیر و ژیانمدا، بە مامۆستای خۆمم زانیوە و زۆریش کاری تێکردووم، لێ کارێکی نەرێتی، چونکە زێتر جوێن و تەسکبینی و تەنگەتیلکەیی لێوە فێربووم. ئەوەش کارتێکردنە، بەڵام بەبارە دزێو و بەد و خراپەکەیاندا. هەشن گەلەک شتیان لێوە فێربووم، گەر لیستەی نێویان ڕێکبخەم ڕەنگە زۆر درێژە بکێشێت. ئەوانەی بەتامەزرۆییەوە نووسینم خوێندونەوە و چێژ و سوودی زۆرم لێوەرگرتوون، بە پلەی یەکەم ئەم مامۆستا هێژایانەن:
مەسعود محەمەد، هەژار، هێمن، هەردی، شێرکۆ بێکەش، شوکور مستەفا، عەزیز گەردی، سەعید ناکام، عەوڵای حەسەنزادە، عەوڵا پەشێو، کەمال مەزهەر، عەبدولرەقیب یوسف و گەلێکی دی. هەڵبەت دەستڕەنگینی و کارتێکردنی نووسەر، بە کەموزۆری بەرهەمی نییە، بەڵکە بە شێواز و چەشن و زمانی نووسینەکەیەتی. هەر بۆ نموونە شەهید ڕەوف زوهدی تەنها بە تاقە شاکارێ( بۆ لە هەقە کەوتنە تەقە؟)، لە کن من هێندەی تر خۆشەویست و پایە بڵند بوو.

٥ـ خۆتان لە چ خانەیەکی فیکریی و جیھانبینی فەلسەفی دا دەبیننەوە؟

من لایەنی کەم لەم قۆناغەی ژیانم و بەدواوە، ھیچ ڕێباز و فەلسەفەیەک لەخۆ ناکەم بە تەوق و بەتاقە ڕێبازێکی فەلسەفی قنیات ناکەم. جیھان لای من باخچەیەکی ڕەنگینی ھێجگار فراوانی پڕ لە گوڵە، گەرەکمە بەکامی دڵ، تێرتێر پڕ بە سیپەلکەکانم ، بۆنی خۆشی تاقە تاقەی جوانترین گوڵ ھەڵمژم. بە باوەڕ و قەناعەتی من، سەردەمی قۆرخکردن و لەسەرخۆکردنە ماڵی ، تاقە ئیدیۆلۆژییەک، بەسەرچوو. ھیچ ڕێبازێکی فیکری خۆی بەتاک و تەنھا ناتوانێت ببێتە ڕەچەتەی چارەی دەرد و ئازاری میللەتان و گشت زامەکانیان ساڕێژکات. دەروێشگەریی و دەرگە و پەنجەرەی ئیدیۆلۆژی لەسەرخۆ داخستن و ھەڵکوڕمان لەسەرتاقە ڕێچکە و تاقە ڕێبازێکی فەلسەفی، سەرکڵۆمکردنی دەرگا و گرتنی شنەی ھەوای پاقژ و بواری کەشێکی ئازاد و فرەچەشن لەخۆ، بیرەکە کرمەڕێز دەکات. ئەو ئەستێرکەی چیدی جۆگە ئاوی نەڕژێتەسەر، لیخن دەبێت و قەوزە دەگرێت و پاشان بۆگەن دەکات.
نووسین و خوێندنەوەی مێژوو، بۆ پەند و عیبرەت وەرگرتنە لە ھەڵە و ھەڵەشەیی خۆ و کەسان و لایەنەکانی دی. پێموایە چارەنووسی تاڵ و ماڵی وێرانی کۆمۆنیستان ، زایەڵەی زەنگی خەتەر بێت، بۆئەو لایەن و کەسانەی لەخەوی غەفڵەت وەخەبەر نایەنەوە و ھێشتا ھەر دووی تراویلکە کەوتوون.
ئەمە نابێت بە ڕاڕایی و سەرلێشێواوی لێکبدرێتەوە، چونکە من باوەڕم وایە، ھەرچی بیر و فەلسەفەی کەڵکگرە، دەبێت بخرێتە خزمەتی مەسەلەی ڕەوای نەتەوەکەمانەوە. بەر لەھەر شت دێموکراسێتی و کەشێکی ئازاد، وەکی ھەوا و خۆراک بۆ میللەتەکەمان پێویستن. کوردکوشتەی دەستی دیکتاتۆرانە، بۆیە دەبێت لەگشت میللەتێکی دی زێتر دژە دیکتاتۆر و پاسەوانی دێموکراسێتی بێت، چونکە تەنھا لەسایەی دێموکراسێتیدا تروسکەی ھیوایەک بۆ کورد ھەیە. من لە قەناعەتەوە باوەڕم بە دێموکراسێتی ھەیە و پێموایە تەنھا سیستەمێکە کە دەتوانێت کۆتایی بە بەدبەختیی میللەتەکەمان بھێنێت، لێ دیارە مەبەستم دێموکراسێتییەکی ڕاستەقینەی بێ غەل و غەشە، دێموکراسییەکی ماقوول، کە نە لێی داقەپێندرێت و نەبگاتە ڕادەی بەڕەڵایی و ببێتە گاڵتەجاڕیی.

٦-باری ڕۆشنبیریی کوردیی، چ لە وڵات و چ لە ھەندەران لە چ پلەیەکدا دەبین؟.

لەو ھەڤپەیڤینەدا کە ڕۆژنامەی «ئاڵای ئازادیی» ھاوینی ١٩٩٦ لە سلێمانی دەگەڵی کردم، باری ڕۆشنبیریی ئەم سەردەم و قۆناغەم بەو سەردەمە شوبھاندووە کە لە مێژوودا بەسەدەمی تاریکی « الفترە المظلمە» نێودەبرێت. لە مێژووی نوێی کورد دا، قەت کورد: « دیارە مەبەستم کوردی باشوورە» ھێندە بواری ئازادانەی نەبووە، بەڵام ئاخ بەدەست مرۆڤەوە بایە، بەدەستی کەسانێکەوە بایە کە سەریان لە سیاسەت، لە خوێندەواریی، لە ڕۆشنبیریی، لە سەدەی ئەتۆم و ساتەلیت و گەیشتنە ئەستێرەکانی دی، دەرکردبا، ئەلیرەم عەقڵ و ئیگرەم بێژرەم ویژدانیان ھەبایە و چیدی ئەو میللەتە بەدبەختەیان نەکردبا ئامڕاز بۆ گەیشتنە ئارمانجی لێڵ و گڵاویان. ئەو پووڵەی بە فیشەک و بۆمبا و تۆقتۆقەی دەدەن و بەسکی برسیی و بەسنگی ڕووت و داچەکاوی ڕۆڵەی کوردییەوە دەنێن، بە نان و قەڵەم و گوڵ و کاغەزیان دابا و منداڵانی بێبەشی کوردیان پێ فێرەخوێندن و خوێندنەوە کردبا و بە شیری کوردایەتی فرچکیان دابان و تۆوی خۆشەویستی و کوردپەروەرییان لە نێودا وەشاندبان، نەک خۆخۆیی و خۆخۆریی و تاقم تاقمێنە . چش لە ژیانی ئەم ھەموو وەچە خێرنەدیتووەی ئەوڕۆ، بەزەییەکیان بەحاڵی وەچەکانی داھاتوودا ھاتبایەوە. لێ صەد حەیف و مەخابن، ئەوانە خەون و ئاواتی پەتی و دوورەدەستن و ھاتنەدییان لەم حاڵ و بارەدا و لەسایەی ئەو دەستە و تاقمانەدا، زۆر ئەستەمە.
دەربارەی باری ڕۆشنبیریی لە کوردستانی خواروودا ، تاڵانفرۆشکردنی ئەو ھەموو کتێبخانە ناوازانەی ئەو خەڵکانەی دەیان ساڵە کتێب کۆدەکەنەوە، قات و قڕیی کتێبی نوێ و نەبوونی گۆڤارێک، ڕۆژنامەیەکی ماقوول، کە نەبووبێتە سەکۆ و بڵندگۆی شەڕەجوێنی حیزبانە، بەدبەختی و نەھامەتییەکە ئاشکرا دەکەن. نووسەران و ڕۆشنبیران، ئەوانەیان کە ویژدان و قەڵەمی خۆیان بە گەنجی قاروون نافرۆشن و نابنە فیقەنەی ئەم تاقمە سیاسییە، یاخود ئەو تاقمەی دی، لانەواز و برسی و نەدارن و دەبێت لە ھەڵپەی بژێو پەیداکردندا بن و سەرقاڵی گیرخستنی کوتەنانێکی بێمنەت بن. لەبارودۆخی ئاوھادا، نووسەری برسیی ھەژبەسەر، چۆن بیپەرژێتە سەر خوێندنەوە و نووسین. تروسکەی کامەھیوا، وزەو تین و گوڕ بەدڵ و ھەستی ناسکی ببەخشێت.

لێ لە ئەوروپاشا ھێند گۆڤار و ڕۆژنانە و کتێبی کوردی زۆربوون، کە مرۆ پێڕاناگات گشتیان بکڕێت و وەیانخوێبێت. دیارە لە ڕووی بابەتەوە زۆربەیان لاوازن و نێوەڕۆکێکی بێ پێزو بێ ھێزیان ھەیە.سەرەڕای ئەوەش لە سایەی چاوی زیتی ژەندرمە و یاساوڵی سنوورە سەپێندراوەکاندا، ژمارەیەکی کەمیان لێدەگەنەوە وڵات و ئەوەشی دەگاتەوە، دیارییە و بۆ فرۆشتن دەست نادات، کێ کتێبی گرانبەهای چاپی ئەوروپای پێدەکڕدریت؟ گۆڤار و ڕۆژنامەکان ، کۆششی مەردانەی تاکە کەسانن. بۆیە زۆربەیان میکانیزمی بەردەوامی و خۆڕاگریی و ھەناسەی درێژیان نییە، چۆن پەیدابوون، بەهەمان شێوازی خێرا سەریان تێدەچێت.

٧- دیاردەی پەرش و بڵاوی و ژمارە زۆریی ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی ئەوروپا، بەسوود بەخش یاخود زیان بەخش دەبینن؟

بەرلەھەرشت دەمەوێت جەختی ئەو ڕاستییە بکەم و بڵێم دیاردەی ئەو ژمارە زۆریی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییانە لەئەوروپادا، بەشتێکی زۆر سروشتی و ئاسایی دەبینم. ئەمیش قۆناغێکە و تەجرەبەیەک لەژیانی ڕۆشنبیریی و دوورە وڵاتیی. پاش ئەو ھەموو ساڵانەی کپکردن و خامۆشکردن و کلیلەدانی گشت زار و دەنگێکی ئازاد ، لەگشت کوتەکانی نیشتمانە ژێردەستەکەماندا، شتێکی ئاسییە گەر مێرخاسە بەتەنگەوە ھاتووە دڵ پڕ لەژانەکانی نەتەوەکەمان، ئازاری پەنگخواردووی ھەناویان بە ڕۆژنامەیەک گۆڤارێکی تایبەت بەخۆ، دەربڕن و ھەرچی دڵیان دەخوازێت ھەڵیڕێژن.
ھەڵبەت ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەمن ئەو پاشاگەردانی و ھەرکەس بۆخۆییەم پێباشە، نەخێر ؛ دەگەڵ ئەوەشدا کە پێموایە شتێکی سروشتییە و بمانەوێت و نەمانەوێت قۆناغێکە و ھەر دەبێت بیبڕین، لێ گەر بەمن بایە بەدڵ تامەزرۆم گشت ھێز و توانا و بەھرە ژێھاتووەکان یەکخرابان و پێکڕا لایەنی کەم ھەفتەنامەیەکی، سەربەخۆی ، کوردانە و گۆڤارێکی ئازادی ڕێکوپێکی مانگانەمان ھەبایە. زۆری و فرەچەشنیی خۆی لە خۆیدا دیاردە و ئاکامێکی چاکە، بەومەرجەی توخم و چەشنەکانی چاک بن. لێ کورد ھەر بە تەبییەت دژی« زۆر بێ و بۆر بێ» بووە.
نابێت ئەوەش لەیادبکەین کە لەنێو ئەو لێشاوەدا، کۆمەڵێک ئەستێرەی گەشیش ھەڵکەوتوون و ھێشتا ھەر جریوەیان دێت و گەشگەش دەرەوشێتەوە و بڕێکیان مێژوویەک نێوێکیان بۆخۆیان دروستکردووە و ھەقە ھەموومان شانازییان پێوە بکەین و دەستخۆشانەیان لێبکەین، لەوانە ھەر بۆنموونە: مامۆستای کورد، یەکگرتن« کەئێستا بە ھیممەتی چەند ڕۆشنبیرێکی ژێھاتوو لە بەرگ و شێوازێکی ڕێکوپێکتردا بە نێوی ڕەھەند ەوە بڵاودەبێتەوە». ڕابوون، ھەڵوێست و پەیف و ھەنگاو و ھەتاو و گزنگ و گەلێکی دی.
ھەرچەندە بەداخەوە زۆربەی ئەو ھەوڵانە ھیممەتی تاکەکەسیان لە پشتەوەیە و بەھۆی تەنیا باڵیی و پێڕانەگەیشتنی سەرنووسەرەکانیانەوە، پشووکورتیلە و کەم تەمەنن، لێ بێسوود نەبوون و ھەریەکەیان بەشیخۆی و بە پێی توانای خۆی خزمەتی مەسەلەکەیان کردووە، دەنا با بیرێک لە باخچەی ڕۆشنبیریی کوردیی، بێ لەو گوڵیڵکانە بکەینەوە، ئەودەمە دەبینین چەند بێ ڕەنگ و بۆ و چەند سیس و ژاکاو دەنوێنێت.

٨- گەلێکت لەو بەرھەمانەی بە زمانی ئەڵمانی لەسەر کورد نووسراون، لەباش و خراپ خوێندووتنەوە. بەدیدی ئێوە ئاڵەمان تا چڕادەیەک لە دۆزی کورد تێگەیشتووە؟

من ئەو نووسینانە دەکەمە دوو دەستەوە: لێکۆڵینەوەکان لە گەشتنامەکان جودا دەکەمەوە گوتارەکانیش لە کتێبەکان. دەمێنێتەوە سەرئەوەی کێ ئەو گوتارە، یاخود ئەو کتێبەی نووسیوە و بە چ مەبەستێک؟ چونکە زڕەزانستکار ھەن بەمز و فەرمانی داگیرکەرانی کوردستان کتێبیان نووسیوە و ڕاستییەکانیان بە ئاشکرا شیواندووە، شاکارەکەی ئەم دوایتەی پرۆفیسۆر فیگل نموونەیەکە بۆ بێویژدانیی و بەکرێگێراوێتی بڕێک لەو زڕە زانستکارانە.
دەنا ھەرچی بە مەبەستی تێکدان و شێواندن و بۆ دڵڕازیکردنی دوژمنانمان نەنووسرابن بوونییان بە باش و سوودبەخش دەزانم، بێ ئەو کتێب و گوتارانە، کێشەی گەورەترین میللەتی بێدەوڵەتی ئەم تۆپی زەوییە، کەنتر دەناسرا و کەمتر لای لێدەکرایەوە. با کارل مای صەد و ھێندەساڵ لەمەوبەر «بەنێوکوردستانی دڕندە» یدا نە نووسیبا، ئێستا کام ئاڵەمان کورد و کوردستانی دەناسی؟.
بە شێوەیەکی گشتیی زۆربەی زۆری ئەو نووسینانەی دەربارەی کورد نوسراون دەچنەخانەی گەشتنامەکانەوە، ئەوانەش کەمترزانیاریی و ھەڵشێلانی بابەتانە و زانستانە دەگرنەخۆ. دیارە گشتیان وەک ھەواڵنامەکەی مۆلتکە و لێکۆڵینەوەکەی ئۆسکارمان و ھەڵشێلانەکەی گیونتەر دێشنەر نیین. جگە لەوانە زۆربەی ئاڵەمانزمانیش خوێندەواری ڕەشۆکین و خەریکی کار و بژێو پەیداکردنی خۆیانن و نایانپەرژێت و نایانەوێت بچنە بنج و بناوانی زۆر مەسەلەی ئالۆزەوە.
خوێندنەوە لای زۆربەیان بۆ خۆخڵافاندن و کات بەسەربردنە. سەرچاوەی زانیارییان دەربارەی ژیان و گەردوون، ڕۆژنامە تووڕەھاتە بێ سەروبەرەکانە و ئەوانیش زێتر هەواڵی ڕۆژانەی پڕوو و پووچ و بێبایەخ بە شێوازێکی سادە و ساکار و کورت و کلک و گوێکراو ، ڕادەگەیەنن.
ئەوروپی بە گشتی و ئاڵەمان بەتایبەت، کەمتر مەیل و ئارەزووی خۆخەریککردنیان بە مەسەلەیەکەوە ھەیە کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە خۆیان و بەرژەوەندییانەوە نەبێت . بەداخەوە لە تەجرەبەی ئەم بیست ساڵەف ژیانی کولەمەرگیی ئەوروپامدا، بەدەگمەن کەسێکم تووشھاتووە وەکی پێویست، کوردی ناسیبێت، زۆربەی ھەرە زۆری ئەوانەی نێوی کوردیان بیستووە و دەزانن میللەتێکیش بە نێوی کوردەوە ھەیە، قەرزارباری « کارل مای» ن.

٩ – سیاسەت بە گشتیی تەوەری ھەرەسەرەکیی نووسینەکانت دەگرێتەوە، نووسەری دوور لە سیاسەت تا چ ئەندازەیەک سەدکەتووە لە جێبەجێکردنی ئەدکی و بەجێگەیاندنی پەیامەکەی؟ ئیلتیزامی فیکری تا چ ڕادەیەک بۆ نووسەر پێویستە؟

کورد بە ڕۆشنبیر و ڕەشۆکییەوە، بە نووسەران و خوێندەوار و نەخوێندەوارانییەوە، سیاسەت بۆتە چارەنووسیان و بە زۆری زۆرداری بەسەریاندا سەپێندراوە، چونکە بواری بێلایەنییان بۆ نەھێڵدراوەتەوە و تێوەگلێندراون . کە جوتێرێکی ھەناسەسارد لە ئاشیانەکەی دەردەپەڕێندرێت و ماڵی کاولدەکرێت، یاخود تفەنگێکی بەزۆر دەدرێتێ و دەکرێتە جاش و پاسەوانی گوندەکان، یانی ھەڵبژاردەی بۆ نەھێڵدرێتەوە و بە تۆپزیی سیاسەتاوی کرا.
ئێمە ھەر کاممان دەگریت، ھەر لەمنداڵییەوە پێوەبووین و نەمانتوانیوە تەنھا تەماشاچی ڕووداوەکان بین و دوورەپەرێز ڕاوەستین، ھیچ نەبێت لە دڵی خۆماندا بەسەرکەوتنی پێشمەرگە و بە بەزاندنی داگیرکەرەکە، دڵشاد و کەیفخۆشبووین. ئەوە کەمترین ڕادەی تێکەڵبوونە بە سیاسەت. نووسەرەکانیشمان ڕۆڵەی ئەو میللەتەن و بە حسێب دەبێت ڕۆشنبیرترین دەستە و تاقمی بن، چما دەشێت ئەوان دوورەپەرێز و دوورە سیاسەتبن؟ دیارە دەبێت ئەوان لە گشت کەس زێتر تێکەڵی سیاسەت بن، ھەتا ئەو ڕادەیەی دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی میللەتەکە و ویژدانی زیندوویی و ڕەقیب بەسەر کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانەوە و ئافەرین و دەستخۆشانە لە ڕەفتاری چاکیان و نەفرەت لەھەڵە و ھەڵنووتانیان دەکەن.
من پێموایە نووسەری نامولتەزیم وەک سەربازێ بێ چەکی بەرەی جەنگ وایە. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: چۆن ئیلتیزامێک و ئیلتیزام بە چییەوە؟ بە بڕوای من نووسەر، گەر نووسەری ڕاسرەقینە بێت، دەبێت ئیلتیزامی یەکەمی بە خامەکسیەوە بێت و خامەکەشی ئیلتیزامێکی پتەوی بە ویژدان و ھەست و ھۆشییەوە ھەیە.
دیارە بەحوکمی کارەکەی و بەزەبری ئاستی بەرزی بیر و ھۆشی پلەوپایەی ڕۆشنبیریی و ئاسۆی فراوانی ھەستی ، دەبێت ئیلتیزامی یەکەمی بە بەھا مرۆڤایەتییەکانەوە بێت و پاڵپشت و پشتگیریکەرێکی شێڵگیری داد و ھەق و ڕاستی و ڕەوایی بێت، پشتیوانی گشت لاواز و غەدرلێکراو و ماف پێشێلکراو و لێقەوماوێک بێت. ئیدی ئەو ماف پێشێلکراوە، کوردی نێودەنێیت، یادەعبایەکی دی، چ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت. گرنگ ئەوەیە نووسەر، نووسەری راستەقینە بێت، پەیامبەری قۆناغەکەی خۆی بێت و پێش کات و سەردەمەکەی خۆی بکەوێتەوە و بەهەستی ناسکی پێشبینی ڕووداوەکان بکات و ڕێبەر و چاوساغی میللەتەکەی بێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا بەشدارییەکی چالاک و ڕاستەوخۆیە لە سیاسەت دا و بەجێگەیاندنی پەیامەکەیەتی بە شێوازێکی ماقوول و سەرکەوتووانە. کەواتە من ئیلتیزامی فیکری بۆ نووسەر بە پێویست دەزانم، گوتم ئیلتیزامی فیکری، نەک ئیلتیزامی حیزبی، لایەنی کەم لەم کات و سەردەمی بارە سیاسییە ئاڵۆز و شێواوەی کورددا، دەنا لەبازنەی نووسەری میللەتەوە، گەوێک دێتەخوار و دەبێتە عەرزوحاڵنووسی حیزبێک و بڵندگۆی لایەنێک و برغوویەک لە ئامێری ئەو ئاشەی بە خوێنی کورد دەگەڕێت.




حەکیم کاکەوەیس، بۆ کوردبوون بووە قەقنەس … هەڵۆ بەرزنجەیی


١٩٤٩ـ٢٠١٨
١٢/١٢/٢٠١٨

بەسەرکردنەوەی وێستگەی ژیان و گەشتی من لە پانتاییەی برایەتی و هاوبیرێتیم لەتەک کاک حەکیم کاکەوەیس دا بەدڵنیاییەوە سەختە، هەرگیز بە چەند وتەیەک کۆتایی پێ نایەت. بە واتایەکی دیکە، لێرەدا ناتوانم هەستونەستی خۆم بگوشم و هەرچی لەهەگبەمدا هەیە و دەیزانم و پێویستە بۆ خوێنەر نەخشی بکەم پێشکەشتان بکەم. هەر لەم سۆنگەیەوەیە لە پێشڕا داوای لێبووردن لە گیانی بێگەردی هاوبیر حەکیم و خوێنەرانی ئازیزیش دەکەم.

برا و هاوبیرەکەم، کاک حەکیم، نوێنەری ژانی بندەستی و مەینەتییەکانی کوردە، من دەزانم مەرگی چەپەڵ ناتوانێ چرای ناو و خزمەتی تۆ بەسانایی بسڕێتەوە و بکوژێنێتەوە. ئاگادارم باھۆزی ئەم تۆفان و پاییزە ڕەشە نەکارێ، باوەڕی تۆ بلەقێنێ، مەرگیش چەند بەھێز بێت، لە عۆدەیدا نییە دڵسۆزی و تێکۆشانی تۆمان لێ بزر بکات.
تۆ گەر ئەستێرەی ئاسمانێکی فراوانیش نەبوو بیت، لێ پرشنگی جوانیت جیھانێکی بەرینی بۆ ڕووناک کردینەوە. تۆ خەمێکیت چەند بتلاوێنینەوە زریکەی ئازاری نوێت لێ بڵند دەبێتەوە.

ئای چەند نەرم و ورد و لەسەرخۆ و قووڵ بیرت دەکردەوە و دەئاخفیت و ھەڵسوکەوتت دەکرد!.
ئای چەند چەوساندنەوەی نەتەوایەتی ببووە خەمە گەورەکەی ژیانت! تۆ برینێکی تیرئاوێ بوویت دەست بۆ ھەر شوێنێکت دەبرا، زریکەی لێ ھەڵدەستا.
لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و کێڵانی باسگەلی بیر و هزر، گێڕانەوەی مێژوو، قسە لەسەر ئەدەب و ئایین، پرس و چیرۆکی نەتەوە و حیکایەتی سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەت و ئابڕووی کوردبوون، ئەم ھەموو بابەتگەلە، کرۆکی باسە ھەمیشەیی و بێ بڕانەوەکانت بوون. تۆش وەک بابەگوڕگوڕ ئاگر و دوکەڵت لێ بەرز دەبۆوە. هاوبیرەکەم، باش دەرکت پێ دەکرا،کە خەمت قووڵ و ئازارت فرە بوو، چونکە تەواو تەواو لە ژان و ستەمی بندەستی گەشتبوویت، هەربۆیەکا بێ پەردەی شەرم و کۆسپی زمانن گرتن نەعرەتەی سەربەخۆییت دەچڕاند و نەفرەتت لە داگیرکەر و داگیرکاریی و ناپاکان و گێرەشێوێنان دەکرد. حەز و خواست و باوەڕی بنجیت، لە ژیانێکی پڕ لە ئابڕووی سەربڵندانە، لە” کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان” دا خۆی دەدییەوە.

ژانی کەرکووکت، وەک بەشێک لە پرسە نەتەوەییەکە، کوانووی بیرکردنەوەت بوو. کوردایەتیکردن ئامانجی ژیانت بوو. بۆ کوردبوون سووتاو و برژاو و ھەڵقرچایت و بوویتە پێناسەی خەم و ئازاری یەک نەتەوەی ٦٠ ملیۆنی و ئەم پرسە خەمۆکییەت، وەک کەشکۆڵ دابوو بە کۆڵت دا و بە جیهان دا دەتگێڕا. ئازاری بندەستی نەتەوەیەکت لە پریاسکەیەک دا جێی کردبۆوە و دۆزی کوردیشت کردبووە بنێشتەخۆشەی بن ددان و وێردی زمانت. بەچوارپەل و تێکڕای ئۆرگانەکانی دڵ و مێشک و دەروون و ھەستی ناوەکی و دەرەکییەوە بۆ کوردبوون و کوردایەتیکردن تێدەکۆشایت، تاوەکو بیر و قەڵەم و هەڵوێستت، وەک نووسەری ستەمدیدەیی و بەشمەینەتی نەتەوەکەت سەپاندیتی و ناساندیتی و مەدالیای ئەم ڕووسوورییەت بەدەست هێنا.

ئازیزان… ژمارەی برین و گرێ ئاڵۆزەکانی سەر سینەی کوردبوون، زۆر بوون . هەر بۆیە هاوبیر حەکیم، بەزوویی ڕۆحی لەگەڵ بیر و جەستەیدا، بەم کڵپەی ئاگرە، دەبوو خۆڵەمێش. ئاخر کەسم نەدیوە هێندەی حازر بەدەست، گڕ بگڕێ و لە چرکەساتێکدا ببێتە “قەقنەس” .
هاوبیر حەکیم عەشقی توانەوەی لە کوردبوون دا، پەڕوباڵی ھەڵپرووکاند بوو، کوردبوون گرفتاری دەردەکوردی کردبوو ھەڵسان و دانیشتن و ڕازانی، لە جۆلانەی خەم و ئازاردا ڕادەژینی و مۆسیقای بۆ ئاواتەکانی ئەو دیو سنوور و دیوارە بەردینەکان لێ دەدا و گۆرانی بۆ ژیانی تژی لە ئابڕوو و سەرفرازی و خەون و هیوا نەهاتووە دی و بێبڕانەوەکانی دەچڕیی!! .

ھاوبیر حکیم! باش دەیزانی کوردبوون چەند سەختە، باجی بانگاشەکردنی قورس و گرانە، داکۆکردن لێی ئاسان نییە، بەڕێوەبردنی دژوارە، گەیاندنی بە ئامانج سات و وەخت و پشوودرێژیی خۆی گەرەکە. ئا لەم سۆنگەیەوە بوو، کاکەوەیس ھەرگیز لەژیان نائومێد نەدەبوو، زۆر ھێمنانە لێ بەردەوام، بورکانێکی ڕک و کینی خەستی بەسەر داگیرکەران و ستەمکارانی ناوخۆدا، لای خۆی مۆل گل دەدایەوە و لەدەرفەتدا پێداهەڵدەڕشتن. بیر و ویژدان و قەڵەمی بوێری ڕێگەی نەدەدا ڕاستییەکانی لێ بگۆڕدرێ و ناھەق بکاتە ھەق و یاخود بەپێچەوانەوە.

ئای لە کاک حەکیم، ئەو پیاوەی هەموو مێژووی کوردی، وەک بەروانکەی ناندینەکەی لەبەر کردبوو. ئەو چ مرۆڤێک بوو!؟، لەناو دڵێکی زامداری نەخۆشی دا، عەشقی نەتەوەیەکی داڵدە و حەشاردا بوو. ڕووبەری نیشتمانێکی ٥٠٠هەزار کیلۆمەتری خێرا لە ڕوخساریدا شەوقی دەدایەوە. هاوبیر حەکیم، نا هەر لەبەرئەوەی کوردیزانێکی کەمهاوتا بوو، بەڵکو دڵسۆزێکی کەوێنەش بوو، بەعەرەبکردن و ڕاگوێزان چززەی لە جەرگ و هەناوی هەڵساندبوو، هەربۆیەکا لای ئەم چیرۆکی ئازارەکانی هەرگیزاو و هەرگیز بە کۆتایی نەدەگەیشت. کاتێ دەکەوتە گێڕانەوەی، هەر حەزت دەکرد لە دیوەخانی نیشتمان دا،چەشنی حیکایەخوانەکان،فوو لە ژیلەمۆی جەرگ و هەناوی خۆی و کورد بکات و جارجارە دەست و پەنجەیەکی نەرم بە ڕیشی ماشی برنجیشیدا بهێنێ و لە سیرەوە هەتا پیاز هەموو شتێکت بۆ بگێڕێتەوە. کاکەوەیس نەک لە جەهەنەم بەڵکو دۆزەخی ڕاستەقینەی جەهەنەمیش بگیرسێتەوە، ئەوا لەوێش ئامادەم ببمە هاوبیر و هاوڕێ و هاوچارەنووسی، ئاخر لەم بوارانەدا و لەتەک ئەودا، چ زیانێکم پێ نەگەیشت. مرۆیەکی تەواو سادە و ڕاستگۆ، پاک، دڵسۆز، یەکڕوو، بێنیاز و دوور لەبەرژەوەندیخوازی بوو. چاوچنۆکی دنیایی نەبوو، بێگەرد بوو بە عەشقەوە وەک خواپەرستی کوردایەتی دەکرد و هەڵوێستەکانی ئەوپەڕی بوێرییان لەخۆگرتبوو.

هاوبیرەکەم! بۆیە جوان و ئیسسکسووک و خۆشەویستی هەمووان بوو، چونکە هیچ هیزێک نەبوو کوردبوونی لا ناشیرین کات و لێی داگیر کات و قەڵەمەکەی لێ بکڕێت و بەهیچ نرخێکی نەدەدا ، لەو هەموو نرخانەی کە بۆی دانرابوو. تۆ بوویت بەر لەهەر کەسێکی تر و چەند دەیەیەک لەمەوپێش، ڕۆمانی تەونی جاڵجاڵۆکەت بە باسەکانی، گەندەڵی و فایلداری ئەهریمەنەکان سیخناخ کرد. بە مرواری وشە جوانەکانت، قاوی نادادی و پۆخڵەواتی دەسەڵاتی خۆییتان کرد. هەر تۆش بوویت دەستبەرداری بیر و ئاواتەکان نەبوویت و وەک چیای پیرەمەگروون خۆڕاگریت کرد و وانە و پەندێکت نیشانداین و فێرکردین، هەرگیزاووهەرگیز لەبیر نەچێتەوە.
وەک ئاماژەم پێدا ڕەنگە فرە دژوار و سەخت بێت، لێرەدا بتوانم گەشتی تەمەنی هاوبیرێتیمان و مێژووی سەرلەبەری بیرەوەرییەکانی نێوانمان بکەمەوە. لێ چەندێ بتوانم هەندێ وێستگەی تەمەنی هاوبیرێتیمان بەسەر دەکەمەوە.

ساڵی ١٩٨٧ کۆنفراسێکی پاسۆک و کۆبوونەوە سۆکسە بوو لە سوید،من بەرماڵی کاک حەکیم کەوتم. چ خۆش بوو دوای پەڕاگەندەییم بۆ هەندەران، بۆ یەکەمجار لەماڵی ئەودا، یاپراخم خواردوو و دوای هاتنی کاک ئازاد دیسان بەشێکی کاتەکانم لەگەڵ هاوبیردا بەسەر دەبرد. یەکێ خۆشترین ڕۆژەکان سەردانێکی ڕەوانشاد شاعیری گەورەمان( شێرکۆ بێکەس) بوو بۆلای کاک ئازاد لە نەخۆشخانە. مامۆستا شێرکۆ، باسی گەیاندە سەر زمانی کوردی و وشەی(ژان) دەمەتەقێیەکی گەرمی خوڵقاند.
لە کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی پاسۆک و سۆکسەدا پێک دەگەشتینەوە. من زۆر لێی نزیک بووم و بەسەرنجە ورد و قووڵەکانی سەرسام بووم. بێ خۆهەڵدانەوە ئەویش لەتەکم دا، ئەوپەڕی خۆشحاڵی نیشان دەدا.

سەردەمانێک لە دەرکردنی (گۆڤاری خوێندکاری کورد)دا، پێکەوە کارمان دەکرد و زیاتر لێک نزیکتر بووینەوە. من هەر بەم دیوە سیاسی و هاوبیرییەی قنیاتم نەکرد، بەڵکو خرۆشانم و خۆشم بە بەختیار دەزانم چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژم بەناوی ( پرسیارەکان هێشتا تینووی وەڵامن) لەتەک دا ئەنجام داو بڵاوکرایەوە. گفتمان وابوو، نەخۆشی وازی لێ بێنێت، درێژە بەکاروانی چاوپێکەوتنەکە بدەن،تا وەڵامی لۆژیکدار بۆ پرسیارەکان فۆرمەلە دەبن. دواتر لەگەڵ چەند برا و هاوبیرێکی تردا لە دەرکردنی (گۆڤاری قەقنەس)دا، دیسان دەستبەکاربووینەوە و ژمارەکی کەوتە بەردەست و بەرەنجی تاقانەی خۆی ژمارە دووشی ئامادە کرد،ئیدی فاکتە دەرەکییەکانی نەداریی و سەختی کار و تەنها باڵی ئەو پرۆژەیەشی ڕاگرت. کارێکی ترم لەتەک هاوبیر حەکیم دا، خوێندنەوە و ناساندنی کتێبەکەی بوو لەسەر عەلی باپیر.
هێژایان… ئەم فرە وێستگەیی و فرە لایەنییەیە، رێگرە لەبەردەم ئەوەی بەرجەستەکردنی کوردبوون و خزمەتەکانی هاوبیر حەکیم، نەک لە توانای وتارێک دا نەبێت، بەڵکو لە ڕۆمانێکیش دا جێی نەبێتەوە.

دەبوو بیناسی و تێکەڵی بوو بێتی و لێی حاڵی بووبیت و بەچاوی خۆت حەسرەت و ماندوونەکەی کوردبوون لە هەناو و بە سیمایەوە ببیننی، ئەوجا دەزانی ئێمە باس لە چ مرۆڤێک دەکەین!. هاوبیر حەکیم، یەکە و نابێتە دوو، کوردێک بوو،وەک نیشتمانە داگیرکراو و چەوساوەکەی، جەرگ و دڵ و هەناوی هەلاهەلا بوو. ڕۆشنبیرێکی سەراسویی بەپەرۆشی کوردبوون و قەڵەمیکی ڕەنگین بوو، بەنووسین و وەرگێڕانەکانی چەشنی ڕووبارێک، هەرگیز هاژەی لێ نابڕێ و تاڤگەیەکە بیر و بۆچوونەکانی لە قەڵبەزە ناکەون.
ح. کاکەوەیس، لەتاقیکردنەوەی کوردبوون دا، نمرەی یەکی هێنابوو، سەرکەوتووانە قۆناخەکەی بڕیو بوو، توانیبووی مەدالیای زێڕین بەدەست بهێنێ.
هاوبیرە ئازیزەکەم، هەرکاتێ قوڵینگەکەت لەمێژوو گیر دەکرد، لێشاوی خەفەت و ئازارت لێ دەهاتە دەری. هەر چرکەساتێکیش باست لەکوردبوون دەکرد، باوەڕ و مەردایەتی و دلسۆزی و پاکێتیت لێ هەڵدەوەری. سیمای هەڵقرچاوت تابلۆی برینێکی ئازاراوی قووڵ بوو، تێکڕای ژان و ئازارەکانی نەتەوەکەتی تێدا قەتیس مابوو. هەناسەت بۆکروزی قژی کچە گەرمیانی و بۆن دوکەڵی گازی کەرکووکی داگیرکراو و خاکی سوتماککراوی حەساری لێ بەرز دەبۆوە.

ئەرێ تۆ لە قەفەزی سنگتدا دڵت هەڵگرتبووە، یان تەنووری هەڵقرچانی ژانەکانی بندەستی و زەلیلی کوردبوون!؟. بۆکروزی خەمی نیشتمانی تۆ، مرۆی هەسارەکانی دیکەشی هەراسان دەکرد. ئەرێ ، برالە، تۆ تەنیا مرۆیەک بوویت لە گۆشت و ئێسک و خوێن یا پەیکەرێک بوویت لە پۆلا؟!. ئاخر نازانم چۆن بەرگەی ئەم هەموو خەمە قورس و ئازارە بەسوێ و ژانە گرانانەت دەگرت! دڵی زامدار و سستی هێندەی مشتەکۆڵەیەکت،چۆن توانی ببێتە عەمباری ئازار و ژانی ژیانی ٢٧١٨ ساڵی بندەستی؟!. دیارە ململانێی تۆ لەتەک مردان دا بۆ ئەوە نەبووە، چرکەساتەکانی تەمەنت درێژ بکەیتەوە، بەڵکو دەتویست هەرچی هەست و هۆش و گۆشت و خوێنی جەست هەیە بیگووشی و چی تریشت لەدەست دێ، وەک دوا تنۆکی رۆح و باوەڕ و هێزت بیتکێنیتە سەر خەرمانی خزمەتی دۆزە ڕەواکەت.

هۆ کاکەویس، ئەوەی نەتناسێ و بەرهەمەکانتی نەخوێندبێتەوە، وادەزانێ ئەم قسانە زیادڕەوییان لەخۆوە پێچاوە و بەناوی تۆوە فشە و درۆ کەڵەکە دەکەین! ئەوەی هەڵاوی هەناسەی تۆی نەچووبێ بەسەردا، پێی وایە ئێمە خەریکی داهۆڵ قووتکردنەوەین!. ئەوەی دەستی نەخستبێتە ناو دەستەوە، برینەکانی نیشتمانی نەژماردبێت و چیرۆکەکانی تەعریب و کاولکردنی گەرمیان و سووتانی کەرکووکتی گوێ لێ نەبووبێ و نەخوێندبێتەوە و بۆ باس نەکرا بێت، کوێرانە بەوە تۆمەتبارمان دەکات،کە گوایە ئێمە خەریکی داتاشینی فسفس پاڵەوانین. ئەوەی ژانی بندەستی تا سەر ئێسک پێیدا نەجزا بێت، وا بیردەکاتەوە ئێمە پروپاگەندە بۆ تاکپەرستی دەکەین و خەریکین بە خەیاڵی یۆتۆبیایی رۆژگار و ژینگەی حەسانەوەی تاراوگەی دوور لە ناسۆر و مەینەتییەکان، جەستەی دایکی کوردستان دەلاوێنینەوە. ئاخر نازانن تۆ تەمەنێک زیاترە خۆ دەسووتێنی و ئاگریش لە ئێمە بەردەدەیت و خۆت لە زەریای خەونەکانی نەتەوەیەک دا نقووم دەبیت و ئێمەش بەدیارتەوە دەستەپاچە دادەنیشێنی و خۆت زامداری و بە هەموو ئازارەکانی سەرتاپای کوردەوە گێنگڵ دەخوێیت و ئێمەش توانای تیمارکردنی برینی تۆمان نییە.
کاکەوەیس سیمبۆلی پرسە گەورە و ڕەواکەی ناسنامەی نەتەوە و خاکە، کاکەوەیس برینی خوێن لەبەرچووی نیشتمانە، کاکەوەیس قەڵغان و مەتەرێزی داکۆکیکاری کوردایەتی و شمشێری هەڵمەتی سەر داگیرکەر و زاڵمانە.

هاوبیرە شیرینەکەم کاکەوەیس، دوای ئۆغری یەکجارەکیت، چەند جارێ لە بری جارێ فرمێسکی خوێناویت پێ هەڵوەرانم. لەگەڵ هەر ناوهێنانێکت دا، ئەفسووسێکی قوڵی دوکەڵاویت پێ کێشاوم ! بۆ هەر نموونەیەک ناچارم دەکەیت، مشتێ لە خەرواری باسگەلی تۆ بهێنمەوە و بێئاگایانە یاخود بەوپەڕیی هۆشیارییەوە، مستێکی توند ئاخ هەڵکێشان لە ڕانی خۆم بدەم، یان شەقەیەک لە مێزەکەی بەردەمم هەڵسینم، یاخود کتێبەکەی دەستم داخەم و وەلاوەی نێم و نەفرەتێکی خەست لە مردن بکەم، ئەو مردنەی نامەردانە هات و تۆی لە بن باڵە ڕەشەکانی خۆیدا شاردەوە و کارێکی کرد، ئێمە نەتوانین بۆ هەرگیزاو و هەرگیز جارێکی تر لە تاڵە مووە سپییەکانی دڵتەنگی نیشتمانت بڕوانین.
هاوبیرەکەم، کاک حەکیم کاکەوەیس، مەرگی تۆ کارێکی کرد، تا نەشتەر لە برینی کوردبوونم گیر بکەم، تاڵاو و خوێناو و ئازاراو و خەفەتتاوم بۆ کۆچی ناوادەی تۆ لێ دێت. پێوەندی نێوان من و تۆ جگە لەسەدان و هەزاران جار نامەگۆڕینەوە و پێکەوە تلفون کردن و سۆڕاخکردنی جۆراوجۆرەوە، بە توندی پێکەوە بەسترا بوو. لەئێستا مخابن هیچی ترم نییە بیخەمە سەر سینی زێڕینی ناوهێنانی تۆ و ڕازاندنەوەی خوانی پێشوازی بابەتی تۆ و مەدالیای شانازی هاوبیرێتییەوە. ئێمە لە پاسۆک و سۆکسە دا پێکەوە، دوو باڵ بووین و دوو پێچکە بۆ یەک ئامانج کەوتبووینە ڕێ. گۆڤاری خوێندکاری کوردمان بە ئارەق و خوێن ئاودا،گۆڤاری قەقنەس بە ڕەنجدانێکی زۆر و ماندووبونێکی بێ سنووری تۆوە،هاتە بوونەوە. لەو ساتەوەختانەش دا،کە سیاسەت نەدەماو و بەرەو قێزلێوەهاتن و وەڕسبوونی دەبردین، ژینگەی باسوخواستی مامۆستا مەسعوودمحەمەد،وەک فریادڕەس خێرا و هەمیشە دەبۆوە هەوێنی زۆرینەی پەیوەندی و گفتوگۆکانمان. تۆ وەک عاشق و وەرگێڕێکی گەورەی مامۆستا و منیش وەک قوتابی و دەروێشێکی جەزبەگرتووی هەمیشە تینوو. بەپانتایی و درێژایی بابەتەکان دا تێهەڵدەچووین. جا گەلۆ، ئیدی چ ئامڕاز و ئامێرێکی پەیوەستکردنی لەمە بەهێزتر و خۆشتر و بەنرختر هەیە،دوو هاوبیر پێکەوە شەتەک بدات!؟.

یادەورییەکانت چنگیان لە هەناوم گیرکردووە و ڕۆحم داخ دەکەن. فرمێسکم جۆگەلەی بەستووە و ئازاری بێ بڕانەوە تلاوتلی ناخۆشم پێ دەکات. لە هەنووکەدا خوێن دەخۆمەوە حەزم دەکرد بوومایەتە بزمارێکی تابووتەکەت و چنگێ لە خۆڵی سەر گڵکۆکەت و تەڵیزمەبەردێک لە کێلەکەت. کاکەوەیس نەمزانی خەتای تۆیە یاخود من تاوانبارم! تۆ زوو ڕۆیشتی و من درەنگ بەر چەخماخەی مردنەکەت کەوتم! ئاخر من لێرەدا چی تۆمار بکەم چۆن بتوانم، چیرۆکی ٣١ ساڵت بە وشە و ڕستەی شاش و شەش پەڕ بۆ بگێڕمەوە!. تۆ سیمای ڕەش داگەڕاویت، هەموو حیکایەت و خەمەکانی کوردبوونی تێدا تۆمار کراوە. تۆ مەرگی خۆتت باش هەست پێ کرد بوو، لێی نەدەترسای و باکت لێی نەبوو. ئەوەی مەراقت بوو تەواونەکردنی پرۆژەکان و نەهاتنەدی ئاواتەکانت بوو.
کاک حەکیم بەنووسین و وەرگێڕان، خاوەنی ٢٨ بەرهەمە لە شاکاریدا کەم وێنەن. هاوسات بەسەدان وتاری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان و بلۆگێک و واڵەکەی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە. چەندینی بابەتیشی بەناوی خوازراوەوە بڵاوکردۆتەوە. ئەوەی بۆمن لە مردنە ناوادەکەی ئازاراویترە، ئەوەیە ئەو زۆری پێمابوو، پێشکەشمان بکات، لێ مەرگ قەڵەمەکەی لەدەست خستەخوارێ. ماڵئاوایی کاکەوەیس بەزیانێکی گەورە بۆ ڕۆشنبیریی کوردیی دادەنرێ. بۆ هاوبیرانی نەتەوەیش، دوای مەرگی کاک ئازاد مستەفا، هاوبیر حەکیم لە دیاترین ئەو هاوبیرانە بوو، کە ڕێچکەی کاک ئازادی بەرنەدا و خۆی کردە پێش قەڕەوڵی داکۆکی لەبیر و هزری نەتەوایەتی و درێژەدان بە کوردایەتی کردن.
بەرلەوەی مەرگ بیپێچێتەوە، لەیەکی لە گفتوگۆکانمان دا، وتی: ” سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکم ، باس لە چۆنێتی هاتنی ئیسلام دەکات، بۆ کوردستان. زۆر دڵم پێی خۆشە و بوارێکی باش و فراوانم لەبەردەمدا، زۆر شت بڵێم و بنووسم”.

هاوبیرەکەم، تۆ ئەو مامۆستا شکۆدارەی، سێبەری قورست بەسەر سەری هەمووانەوەیە. تۆ ئەو تروسکەی هیوایەی، بەردەوام وزە و ورە و باوەڕ و جوامێری بە ئێمە دەبەخشیت، تۆ نووسەرە خاوەن باوەڕەیت سات لەدوای سات هزر و بیرت گەشتر دەبنەوە و نەمرتر دەبن. بۆ هەرکوێ بچین چراکەی تۆ دادەگیرسێنین و لەگەڵ خۆمان دەیبەین، باسی هەرشتێ بکەین، مۆڵەت لە گەورەیی تۆ دەخوازین، بمانەوێ هەرشتێ بکەین، تەماشای پانتایی و درێژایی باڵای تۆ دەکەین،دەست بەرین بۆ هەر کارێک،لە خەرمانی تۆوە گورزە و مەڵۆی باوەڕ و ئیمان دەبەین و هەگبە و تێشووی ڕێی تێکۆشانی لێ پڕ دەکەین.
هاوبیر حەکیم نزیکەی هەموو بەرهەمە عەرەبییەکانی مامۆستا مەسعوود محەمەدی کە بەزمانێکی پلەنایابی سەخت و دژوار نووسراون، کردووە بە کوردی بە شێوەیەکی زۆر لێوەشاوانە، کە نزیکەی ١٠ بەرهەم دەبن،بەرهەمی شاکار و دانسقە. لە ئەدەبی جیهانیشەوە، ١١ ڕۆمانی وەرگێڕاوە و خۆیشی چەند بابەتێکی ڕەخنەیی و چەند ڕۆمانێکی نووسیوە.چەندین چیرۆک و وتاری جۆڕاوجۆری ئەدەبی و زمانەوانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دا بڵاوکردۆتەوە.
بەر لە سڕینەوەی دوا تنۆکی فرمێسکی خەمباریی ئەم ماڵئاوایەکەی هاوبیر حەکیم، ئاواتەخوازم تەواوی نووسینەکانی لە بەرهەمێک دا کۆکرێنەوە و کتێبخانەی کوردی لەم نووسینە گەوهەرییانەیشی بێبەش نەبێت.

لێرەدا بۆ ئاشنایی خوێنەری کورد، لیستی ناوی کتێبەکانی،ئەوەی لەبەردەستدان بڵاو دەکەمەوە
لیستی ناوی بەرهەمەکانی:

*************************

١ـ خێرت دەگاتێ عەزیز نەسین و. لەفارسییەوە ١٩٨٧
٢ـ کێڵگەی ئاژەڵ، هیچ نەنووسراوە
٣ـ نامەکانی مەسعوود محەمەد ٢٠٠٦
٤ـ دەموودووی هزر لە عەرەبییەوە ٢٠١٣
٥ـ زمانی کورد،لە عەرەبییەوە ٢٠١٠
٦ـ هاوسەنگکردنەوەی تەرازووی سەنگەلا لە عەرەبییەوە ٢٠١٠
٧ـ بۆ گۆرباشۆڤ ، لەعەرەبییەوە ٢٠١٤
٨ـ بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی مێژوو،لە عەرەبییەوە ٢٠٠٩
٩ـ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی،بۆچی بە شێتخانە دەچێ؟،لە عەرەبییەوە ٢٠٠٩
١٠ ـ رۆمانی ١٩٨٤ ، جۆرج ئۆروێل لە سویدییەوە ٢٠٠٥
١١ـ گورگی رووتەلان لە سویدییەوە ٢٠٠٧ هێرمان هێسە
١٢ـ پرسیارەکان هێشتا تینووی وەرامن، چاوپێکەوتن لەتەک هەلۆ بەرزنجەیی دا ٢٠١٠
١٣ـ کۆلارەفڕێن، لە سویدییەوە خالید حوسەینی
١٤ـ تارپا… ئەسپە کێویلە لە سویدییەوە ٢٠١١ستیڤن ڤێرنستوێم
١٥ـ دۆن کیشۆت ١٩٩٩ لە سویدییەوە سێرڤانتێس
١٦ـ ئەوەی نابێ بگوترێ دەبێ بگوترێ دیداری کاکەوەیس لەگەڵ ئەمجەد شاکەلی ٢٠٠٤
١٧ـ شاخەکانیش دەنگیان دایەوە خالید حوسێنی ٢٠١٤
١٨ـ تەونی جاڵجاڵۆکە،حەکیم کاکەوەیس رۆمان ٢٠٠٨
١٩ـ کۆچ هەڵیبژاردم اسماعیل عتمان و ماتیاس شیلین لە سویدییەوە ٢٠١٢
٢٠ـ گەلەلورانی دەشتوودەر جاک لندن ٢٠٠٤ لە سویدییەوە
٢١ـ بازنەی ترس حوسێن سومێدە و کاڕوڵ جیڕۆم ٢٠٠١ بەناوی خوازراوی کاوێس عەبدوڵا لە ئینگلیزییەوە
٢٢ـ مەملەکەتی سەگەکان حەکیم کاکەوەیس ٢٠١٧
٢٣ـ تاوان و سزا، فیۆدۆر دۆستیۆڤسکی ٢٠١٥ لە سویدییەوە
٢٤ـ حەجێکی تر بۆ بەردەرگای (خەتێ)ی زانا لە عەرەبییەوە
٢٥ـ نەتەوایەتی کورد و ئیسلامەتییەکەی،حەکیم کاوەیس
٢٦ـ تیرۆژێ بە شەوەزەنگەکەی (حەمە سەعید حەسەن)دا
٢٧ـ سەگەکەشیان چوارەمیان بوو، رۆمان حەکیم کاکەوەیس
٢٨ـ بەردیش بەدەنگ دێ منداڵیی لە کەمبۆجیا مۆلیدا ژیموسیاک لە سویدییەوە ٢٠٠٦




فەرھاد عەبدولحەمید- پاڵەوان- ، ئەو تێکۆشەرەی بۆ نەمریی ژیا!. … هەڵۆ بەرزنجەیی


١٩٤٦ـ ٢٠١٨ بۆ چلەی فەرهاد عەبدولحەمید ـ پاڵەوان
هەڵۆ بەرزنجەیی ٥/١٢/٢٠١٨

ئەگەر ژیان شانۆیەکی سادە و ڕووتیش بێت، پەردەی مردن تێیدا، ناخۆشترین و تاریکترین
بوون و مانایەتی .

ئاخر ئەوە مەرگە، وەک دێوزمەیەکی ببێبەزەیی دێ و لەناکاو ئاوقای خۆشی و جوانی و ڕووناکی ژیانی ئازیزێکمان دەبێت و لەناوی دەبات. ئەوە مەرگە، وەک چنگێکی ڕەش پەلامار دەدا و کارەساتێکی دڵتەزێن ساز دەدات. ئەوە مەرگە، هەموو ساتێک ھەڵگری پەیامی کوژانەوەی ژیان و ناوی مرۆڤەکانە.
گەر بێت و لەم یاسا و چارەنووسە حەتمییەی، نێوان ھاتنەبوون و ماڵئاوایی لێکردن دەرچین، وا مردن لە ژیانی مرۆڤ دا، بەسوێترین ژان و گەورەترین زیان و قورسترین زوڵم و ناهەمواترین قەدەرە. دیارە مردنی ناوەختیش چیرۆکێکی ترەو، بۆکروزی ئازارەکەی بەسوێ ترە.

من ھێشتا بە چاوی خەواڵووەوە لە ھاوکێشەی «ژیان و مەرگ» دەڕوانم. جارێ ھەر چاوەکانم ھەڵدەگڵۆفم و تا هەنووکە مانا و خۆشی چەمکی یەکەم و بێمانایی و دڵتەزێنی دووەمیانم بۆ ناچێتەوە سەریەک !. بەواتایەکی تر، جارێ هێشتا ماومە، وەک مرۆی ئاسایی، دروست خۆم بدۆزمەوە و دەستی ڕازیبوون بۆ قەدەر و چارەنووسە ئامادەکراوەکە، بەرز بکەمەوە. ئاخر لەئەندێشەی خۆم دا، سەرقاڵی ئەوەم پەنجەی ڤیتۆ لەو شوێنەدا بڵند بکەمەوە، کە مەرگ زیاتر لە قەبارەی خۆی، ئازار بە ژیان دەگەیەنێ و لە ناسکترین ساتەوەخت دا، بەچەپۆکی نەگریسی، زیڕەمان لێهەڵدەسێنێ و دڵی کەسێکی میهرەبان و شیرینمان لەکارکردن دەخات. بەگومانم و خانەگومانیم، لێ بۆتە دیدێکی داپۆشراو بە تارماییەکی ڕەشتاڵە و چەپەڵ، کە دەزانم جگە لە تاڵکردنی ژیان، مەرگ هەڵگری هیچ مانا و بەهایەکی تر نییە.
لەم سیناریۆ و فلیم و بەسەرھات و چارەنووسە بۆ نووسراوە، تێناگەم و حاڵیش نابم!.

چ دەبوو گەر مرۆ لەم گەردوونەدا ژیانێکی بێ بڕانەوە و جاویدانی پێ ببڕایە و بۆدابین بوایە؟. ئایا کێشە کەم شوێنی و نەمانی جێگا و رێگایە بۆ کەسانی دیکە؟ یاخود چەرخوفەلەکی ھاتن و چوون و دەستپێک و کۆتایی زاڵە بەسەر بزاوتە ترسناک و ئازاربەخشەکەدا. پرسیاری من لێرەدا ڕوو لەسەرچاوە و ھێز و ئافەریدەیە، ئایا ئێمە خوڵقاوین بۆ نمایشتکردنی فلیمی مەرگەسات و مردن؟!. یاخود دەبێت بێینە بوون و دواتر ھەردەبێت، نابەدڵانە و بەناچاری ماڵئاوایی لە بوون بکەین ؟. ژیانێکی لەم چەشنە وا مەرگەسات، هەر لە نمایشتی فلیمێکی درامایی دەچێ و ھەرجارێک بێ مۆڵەت و ڕەزامەندی دێت و پاشان خۆی لە سێرە دەگرێ و تاکێکمان لێ دەپێکی. مەرگ خۆی دەخاتە بۆسەوە و کەوکوژی نیشانە لە ئازیزێکی ترمان دەگرێ و ئەستێرەی ژیانی دادەچۆڕێنێ و ژمارەیەکمان لێ کەم دەکاتەوە. ئەمە چۆن سەرەتا و کۆتاییەکی تراژیدیاییە؟! بە دەستپێکێکی خۆشی پێوقەدەم بەخێر و بە گریانی خۆت و ئاوازی شادمانی دەووروبەرت دەست پێدەکات و دواتر دڵشادی ماڵئاوایی خۆت و ریتمی گریانی دەورووبەرت کۆتایی دێت؟!.

ئاخر ئەی مەرگ! زۆربەی کات میوانێکی ناوەختی رەزا گرانی، تارماییەکی شوومی. زرنگانەوەی ناوەکەت ناخۆشە، کردارەکەت نابەجێیە و ئازارەکەت بە سوێیە. تۆ گەر ڕاست دەکەیت وەرە و زاڵمێک ڕاماڵە، بکوژێک بسڕەوە، کاولکارێک سزا بدە.. نەک بێیت و ئەوانە لوول بدەیت، کە خەبات بۆ بەھای ژیانی پەپوولەش دەکەن و بە بیری چاک و و قسەی چاک و ڕەفتاری چاک ھەڵسوکەوت دەکەن. لێ سەرباری ئەو خەسڵەت و سیفەتە نەرێنییانەی لە هەگبەتدا هەڵت گرتووە، سەد ھێندەی تریش ڕەفتارەکەت ناڕەوا و ناقۆڵا بێت و خۆت بە خاوەن دەسەڵات و زەبروزەنگ بزانی، هێشتا ناتوانی ململانێکە بەریتەوە و ژیان ببەزێنی و جیهان تاریک و خەمبار بکەیت.

ئەوە دوێنێ بوو،چل رۆژ بەر لە ئێستا، فەرھاد پاڵەوان، کە هێشتا ژیان لە چاوەکانی دا دەبریسکایەوە و لە دڵیدا قوڵپی دەدا و هیوای بە کار و ئایندەی تێکۆشانی هەبوو، هێشتا لە تەمەنێک دا بوو، گوڕ و تین و وزە و زانینی زۆری پێمابوو پێشکەشمان بکات، مەرگ پێچایەوە و لەبەرچاومان جەستەی بزر کرد.
نا نا ئەی مەرگ! چاک بزانە!، باھۆزت چەند بەھێز بێت، ھەر ناتوانی ڕامانماڵی و چەند بێبەزەیی بیت، نەکاری قڕمان بکەیت و ھەرچەند ھەڵمەتت توند بێت، لەبەردەمتدا ناچەمێینەوە و خۆڕاگری دەکەین. هاوبیر فەرهاد، دوای خوێندنەوە و شۆڕبوونەوەیەکی زۆری بە واقیعی نەتەوەکەی دا، باش لەوە گەیشتبوو، کە کولتوور فاکت و کۆڵەکە و بنەما هەرە سەرەکییەکەی بوونی نەتەوەیە. قسە کردن لەسەر نەتەوە، بێ کولتووری ڕەسەنی زادەی ژیانی کۆمەڵایەتی خودی، وەک ئەوەیە خەیاڵی هەڵچنینی کۆشک لەسەر لم بکەیت. ئیدی ساتەوەختێ هاوبیر فەرهاد لەم ڕاستییە بێ چەندوچوونە حاڵی بوو، تێگەیشت کە کولتوور پێکهاتەیەکی هەرە سەرەکی ناسنامەی نەتەوەیە، ژیانی خۆی بۆ ئەم بوارە بە بێنیازیی و دڵسۆزانە و پەرۆشەوە تەرخان کرد.

دوای قووڵبوونەوەیەکی زۆر بۆی دەرکەوت، هەر بەتەنها ڕووداوە مێژوویەکان و جوگرافیا و چیرۆکەکانی دوانزەسوارەی مەریوان و بەرپابوون و خامۆشبوونی زنجیرە شۆڕشەکانمان و کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران و لەسێدارەدان و قڕکردن، بەس نین بۆ گێڕانەوەی مێژوویەکی ڕاست و دروست و تۆکمە و نیشاندانی ئازار و ژانەکانی نەتەوەیەک لە جیهان دا، بەڵکو بنەما و خەسڵەتی کولتور دەتوانێ پەیامی نەتەوەیەک لە ئاسانترین شێوەدا بەرجەستە و نمایش بکات. ئەم هەموو ڕاستی و فاکتانە پاڵیان نا بە کاک فەرهادەوە زۆرینەی ژیانی خۆی بۆ خوێندنەوە و ناساندنی کولتووری نەتەوەکەی تەرخان بکات. لەمەشدا هەر زوو گەیشتە ئەو باوەڕەی،کە بیر و هزر و جیهانبینی زەردەشتی فەیلەسووف و بیریار و ئایینەکەی، ئەو تاقە زەمینە و کەرەسە و مەیدانەیە، تاکی کورد خۆی تێدا بدۆزێتەوە و خۆی پێ چەکدار بکات و ناسنامە و پێناسەی خۆی پێ بڕازێنێتەوە. تا دەگاتە ئەوەی لێرەوە گەشەپێدانی زەردەشتێتی تێدا زیندوو بکاتەوە. ئاخر ئەو باش لەوە حاڵی ببوو کولتووریی داگیرکەران، تاسەر ئێسک و تا ناو بێشکەی منداڵەکانمان و تا ئەو دیو سنووری کێلی گۆڕەکانمان و تا قوڵترین پرسەکانی مێژوومان و تا بڵندایەتی ئاسمانی نیشتمانمان مێخی ترسناکی خۆی داکوتاوە.

ئامانجی بیرمەند فەرهاد پاڵەوان، لەم کارە داتاشینی پەیکەری مردوویەک نەبوو، لە وتە و پێداهەڵگوتنی سەرزارەکی، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ قوڵایی ڕاستییەکی مێژوویی دەوڵەمەند بە دووڕ و گەوهەر و یاقووت. ئەو کارە گەورە و شاکارانەی ئەویش لە ڕێی بەرهەمەکانییەوە لەدواجاردا ئەنجامی دا، بە ڕەنج و زەحمەتێکی زۆر و شەونخوونی و لێبڕانێکی بێ پسانەوە، بوونە تۆکمەترین خشتی بینای هەڵچنینەوەی کۆشک و تەلاری فەرهەنگی نەتەوایەتیمان و دەروازەیەک بۆ چوونە دنیا جوانەکەی زەردەشت و بیروباوەڕە گەش و مرۆڤدۆستەکانیەوە. مامۆستا فەرهاد بە کۆمەڵێ کتێب و وەرگێڕان و نووسینی جۆراوجۆر و چالاکی،توانی تۆوێکی باش لەسەر زەمینەی کوردەواری بچێنێ. بەوەشدا گەیشتە وێستگەی هەڵکردنی چرایەکی ڕووناککەرەوە لەسەرە ڕێی تاریکستانی نیشتمانی کوردەواری دا.
چەند وێستگەیەکی یەکتر ناسیمان :
ھاوینی ساڵی ١٩٨٤، بڕیارم دا ڕوو لەتاراوگە بکەم. ڕەوانشادی ھەمیشە زیندوو کاک عومەر شەمەیی،کە بۆ من برایەکی گەورە و مامۆستایەکی هێژا بوو، بۆ خواحافیزی ھاتە ماڵمان و وتی: نامەت لەبەر سەلامەتی بۆ نانووسم، لێ لە شاری سنە بچۆ بۆ لای فلان کەس ـ مەبەستی ف. پاڵەوان بوو ـ بڵێ بەناونیشانی ئەوەی پیش ماوەیەک (٥ ) کتێبم بۆناردی لەوانە، ناوی کتێبی « مێژوو» ی د. کەمال مەزھەر و “داغستانی من”ی عەزیز گەردی و “میر”یی حسین عارفی ھێنا. ئەو چی پێ بکرێ یارمەتیت دەدات.

وەختێ چوومە شاری سنەی ھیوابەخش و لای کاک فەرھاد، (٢ ) ھاوبیری تریشم لەگەڵ بوون. ئەوپەری ڕێزی لێ گرتین و ھێندەی وت، کەوا یەک تاکە کەس دەناسێ و ئامادەیە نامەیەکمان بداتێ بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکات. دوای میواندارییەکی شاھانە، نامەیەکی بۆ دکتۆر شەوکەت بامەڕنی بەرپرسی لقی ٨ پارتی لە کەرەج نووسی بۆمان. ھەرچەند کارمان بە نامەکە نەکرد، چونکە پێویستی نەکرد، لێ کاتێ نامەکەمان گەیاندە دەستی د. شەوکەت، ناوبراو وتی مادام لای کاک فەرھادەوە ھاتوون، بەسەر سەر و چاوان چیم پێ بکرێ درێخی ناکەم .

ساڵی ١٩٩١ دوای راپەڕین هاوینەکە گەڕامەوە بۆ کوردستان و بەشداریی کۆنگرەی پاسۆک، چوومە شاری سنە بۆ دیداریی کاک فەرھاد،ئەو کاتە جێگری پارێزگاری سنە بوو، بەداخەوە لەوێ نەبوو. جارێکی تریش لە تیڤی سەحەر میواندارییان لێ کردبوو، قسەی دەکرد، منیش فاکسێکم نارد بۆ تیڤی ناوبراو و دەستخۆشی بەرنامە و سڵاوم بۆ کاک فەرهاد نارد. بێژەری بەرنامە تلفونی بۆکردم، وتی دوای تەواو بوونی بەرنامە دەتوانی قسەی لەگەڵ بکەیت. دروست وابوو، کۆمەڵێ چاکوچۆنی و قسەی بەناوەڕۆک و هێمامان کرد و هەواڵمان لەمەڕ هاوبیرانەوە ئاڵوگۆڕ کرد. زۆری پێ خۆش بوو.

دوای ڕووخانی سەددام لە ٢٠٠٣ دا،دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ باشوور بۆ ساز بوو، سەرەتا لە شاری هەولێری پایتەخت و دواتر لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوو. ئیدی هەرجارێ چووبێتمەوە کوردستان، بەدیداریی شاد بووم و لە نزیکەوە بە بیرو بۆچوونەکانی بەهرەمەند بووم. گەلێ جار لەماڵی خۆیان و هەندێ جارانیش لە دوکانە خنجیلانەکەی هاوبیر، پشکۆ پێک دەگەیشتین. جارێکیش ساڵی ٢٠٠٩ لەتەک هاوبیران بەختیار شەمەیی و ئاراس وەلی دا، چووین بۆ دەوروبەری دوکان و لەسەر داخوازی ئەو بۆ ئەشکەوتی قزقاپان،زۆر شاد بوو، بە قوڵی سەرنجی ئەو شووێنەوارە مێژووییەی زەردەشتییەکانی دەدا و ورد و بە سەلیقەوە بۆ ئێمەی شی دەکردەوە. کۆمەڵێ وێنەی جوانی لەسەر گرت. لەسەر پێشنیازی هاوبیر بەختیار شەمەیی و حەزێکی لەبن نەهاتووی خۆشم، بۆ ئەوەی دیدارێکی لەتەک دا ئەنجام بدەم و بەشێکی بچووک لەو زانین و زانیارییەی لە خەزێنەی ئەقڵ و سنگی دا هەڵیگرتوو و پاراستبووی بخەمە بەردەم خوێنەران، کۆمەڵێ پرسیارم ئاڕاستە کرد، بەداخەوە لەبەر کەم کاتی مانەوەی من لە کوردستان و دوورییەکەم و نەخۆشی و پێدا ڕانەگەیشتنی ئەو، کارەکەمان بەتەواوی سەری نەگرت. ئەمەش ئەفسووسێکی گەورەیە بۆ بەندە، لەدوای کۆچی دوایی لەناکاوی کاک فەرهاد بۆم بەجێماوە،ئاخر ئەو هێشتا پڕ بوو لە زانیاری و ئەزموون و لێهاتوویی و ئێمەش گەلێ تینووی کۆمەڵێ زانیاریی بووین،کە بەشێکی تەنها لای ئەو چنگ دەکەوتن. ئەو لە هەموو قۆناغەکان دا ئاگاداریی بڕیار و گۆڕانکارییە هەستیار و گرنگەکان بوو،ئەو ئەزموونێکی دووری درێژی لەسەرە ڕێی کاروانی خەباتی نەتەوایەتی دا هەبوو، ئەو کەشکۆڵێکی هەمەڕەنگ و خەزێنە و سندووقێکی پارێزراوی نهێن پارێزی دەستپاکی ڕاستەقینەی گەلێ شت بوو. ئەو جێی متمانەی سەرکردایەتی حیزب و هاوبیر و کادێرە ناوەنجیی و سەرەتاکان بوو. ئەو هاوبیری ڕێزلێگیراوی هەموو لایەک بوو، ئەو شکۆ و قەڵای متمانەی بەرز و قایم بوو، ئەو پاڵەوان بوو!.

سەروەختێ کۆمیتەی چالاکردنەوەی پاسۆک، دەستی بە چالاکی کردەوە، کاک فەرهاد زۆر لێبڕاوانە کەوتە خۆیی و هانی کاروچالاکی هاوبیرانی دەدا. لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ دا و دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دا، کاک فەرهاد هاوکار و بزوێنەرێکی بەرچاوی کارەکان بوو. لە کۆبوونەوەکان دا ئامادە دەبوو، پێشنیاز و سەرنجی سوودبەخشی دەخستە بەردەم هاوبیران،کەموزۆر ڕٶڵی ڕابەر و برایەکی گەورەی دەگێڕا.

دواتر کە پێداویستی دامەزراندنی کۆمەڵە یان ڕێکخراوێکی سەربەخۆ، بۆ هاوبیرە نەتەوەییەکان هاتە کایەوە، دوای خوێندنەوە و گفتوگۆیەکی تێروتەسەل، بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵەیەک لە ماڵی خۆیان دا درا. کاک فەرهاد لەگەڵمان دا بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ” کۆمەڵەی هاوبیرانی کوردایەتی”. کاک فەرهاد هەمیشە ئامادەی کارکردن بوو، باوەڕ و ئیمانی نەلەقیو بوو، بەردەوام لە بیرکردنەوەی و هەوڵی کۆکردنەوەی هاوبیران دا بوو، یەکبینە ئامۆژگاری دڵسۆزانەی دەکردین، لە پەساوە بە بیروبۆچوونە وردەکانی ڕێی تێکۆشانی بۆ هەموار دەکردین. هەمیشە ورە بەرز و هیوا گەشت و باوەڕ و هزر گەش بوو. مامۆستا فەرهاد زۆر بەسەلیقە بوو، خوێنەوارێکی زیت و وریا بوو، ئەزموونی سیاسی لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و دواتر کاژیک و ئەوجا شۆڕشی ئەیلوول دا هەبوو. لەهێزی خەبات،یەکێ بوو لە باوەڕ پێکراوە هەرە نزیک و خۆشەویستەکانی گیانبەختکردوو،کاک فەتاح ئاغای بەرپرسی هێز. لە پاسۆکیش هەژماری ئەندامێکی دامەزرێنەری بۆ دەکرا. ساڵانێکی زۆر ژیان و ماڵی لە شاری سنە تێکۆشان و بارەگای پاسۆک بوو.

دواتریش لەتەک زەردەشتیانی دیکەی کوردستان دا، ڕێکخراوێکی زەردەشتی ـ یەسنا ـ یان دامەزراند و بووە سەرۆکی شانازیی ئەو رێکخراوە.
ئەمە چەند لاپەڕەکی خێڕای ژیانی ئەو مامۆستا و هاوبیرە تێکۆشەرەمانە،ڕۆیشت و لەدوای خۆی خەرمانێ خزمەتی بۆ بەجێهێشتین. کاک فەرهاد زۆر دڵسۆزانە هەوڵی لە چوارچێوەخستنی چەمکی “کوردبوون” دەدا،لەسەر بنەمایەکی پتەوی تۆکمە، لە هەموو ڕەهەندەکانەوە. کاک فەرهاد بۆ خۆی کێوێک بوو لە باوەڕ و ورە و وزەی کارکردن و چالاکی. ڕۆشنبیرێکی پلەبەرزی ئاسۆی بیرفراوان بوو، نووسەر و وەرگێڕێکی بە سەلیقەی بەدیقەتی بوو. ورد بیری دەکردەوە و نەخشەی بۆ کارەکانی دادەڕشت و دەست بەکار دەبوو. شارەزایەکی باشی مێژووی سیاسی و فەرهەنگی کورد بوو، سەراسۆیی لەگەڵ ئەدەبی کوردی و جیهانی هەبوو،یەکێ لە بەرهەمەکانی سەمەدی بەهرەنگی (ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە) ی وەرگێڕا بۆ سەر زمانی کوردی و چەند بەرهەمێکیشی لەسەر زەردەشت کردە کوردیی و بە شاکارە گەورە و نایابەکەشی “زەردەشت و ئاڤێستا و فەلسەفەی یەکتاپەرستی” گەورەترین خزمەتی پێشکەش بە نەتەوەکەی کرد.
٧٢ ساڵ تەمەنێکی کورت، لێ تژی لە بیرکردنەوەی باش و قسەی دروست و کرداریی چاک و بەرز و بەرهەم و تێکۆشانی گرنگ، وای کرد لە دواجاردا کاک فەرهاد بە شایستە و بە شانازییەوە بچێتە مێژووی نەمرییەوە.

لە ژوانی ئەم مەرگە ناوادەیەدا، جارێکی تریش بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە، هاوبیران هەموو بەڵێن نوێ دەکەنەوە، نەیەڵن ئەو ئاڵایەی ئەو بڵندی کردەوە، نەوی بکرێت. ئەو ڕێبازەی ئەو خۆی بۆ تەرخان کرد کوێر بێتەوە و ئەو بیروباوەڕی ئەو ژیانی پێ بەخشی،گەردی لێ بنیشێ.
بنوو، هاوبیر و برا و مامۆستا هێژاکەم، با لەدەست ئازاری نەخۆشی و تاڵاوی مەرگ سەرفراز بیت. ئەی هاوبیرە نەمرەکە، ئێمە لەبیرت ناکەین.




یادی کەڵە مرۆیەکی شاعیر و ئەدیب و ڕەخنەگر و مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین

هەڵۆ بەرزنجی

——————

مردن، دوا قۆناغە،کە کۆتاییەکی تاڵ و دڵتەزێن و یەکجاری بە ژیانی مرۆڤ دێنێت. لەم یاسایەدا هیچ کەس هەڵنابوێرێت و هەموو لێرەدا یەکسانین. سەرباری ئەوەیشی کە چاوەڕوانی ئەم ئاکامە وا تاڵ و ناخۆشە،کەچی لە هەندێ باردا زۆر کەس هەن کە نائومێدی ژیان بەسەریاندا زاڵ دەبێت هێشتا بۆی بەئاواتن. گەلێکیش هەن بەرلەوەی ئەو مۆتەکە بێ ڕوحمە سەرسنگیان بگرێت، بەهیوای ئەوەن ئەو چەندەها ئاوات و پرۆژەیەی لە مێشکیاندا خول دەخوات بە ئەنجام بگەیەنن و پێشکەشی بکەن. بەکورتی و کرمانجیەکەی هەن لە پەراوێزی ژیان دا بێ بەرنامە دەژین و لەبەردەم وێستگەی مردن دا چاوەڕوانی دەکەن. هەشە هەمان ڕاستی مردن دەزانێ، وەلێ دەخوازێ پاش خۆشی ژیان هەربەردەوام بێت و خزمەتێ لە پاش خۆی بە خاک و نەتەوە و سەرجەمی مرۆڤایەتی بکات.
ئەم هاوکێشە بە سفتوسۆ و حەتمییە بۆتە یاسا و دەستوورێکی بەڵگەنەویست و لەگەڵ جوانی لەدایک بوون دا هەیە. هەر یەک لە ئێمەش لەگەڵ ماڵئاوایی ئازیز و دڵسۆز و خۆشەویستێکیدا تەزووی ئەو ژان و ئازارەکان پێیدا گوزەر دەکاتەوە و پرسیارە ئەزەلی گشتییەکەمان لەبەردەمدا قووت دەبێتەوە. ژیان چییە؟ بنۆڕە ژیان چەند بێ مانایە بۆ فڵان کەسیش نەما. سەرلەنوێ فلیمی یاد و یادگار دەکەونەوە کار و کسپە لەهەناو هەڵدەستێننەوە.

ژمارەی ئەو قوتابی و مامۆستا و ئەدیب و شاعیر و دۆست و ئازیزانە زۆرە کە هەر بەناوهێنانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، بروسکەی چەندەها و جۆرەها یاد و بیرەوەریی بەمێشک و خەیاڵیاندا تێدەپەڕێت و ئاخێکی پڕ ئەفسووس بۆ مەرگی ئەو هێژا و ئازیزە، بۆ ئەو کۆتاییە ناوەختە بۆ ئەو زیانە مەزنەی لەدەستدانی ئەو مامۆستا هێژایە هەڵدەکێشن.
خۆشحاڵم لە ڕێگای گۆڤاری (خوێندکاری کورد)ەوە،ئاوڕێک بدەمەوە لە یەکێ لە شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگر و کوردیزانی هەرە تێکۆشەر و پێشڕەوی ئەدەبی منداڵان و مامۆستایەکی بەئەمەکی بیری کوردایەتی و پسپۆڕێکی پەروەردەکاری بواری پەروەردە و زانستی کوردی. بەسەرکردنەوەی دڵسۆزیی و خزمەتی هەر تاکێکی شەونخوونی کێش و ماندوو و قوربانی دەر لە پێناوی سەرکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی نەتەوەکەمان دا، ئەرکێکی هەرە سەرەتاییە. هەمان کات تۆماری قەرزدانەوە و ئەمەکێکە بە ڕاستی و مێژوو. ئەوجا دادڕینی پەردەی فەرامۆشی ڕووخانی دیواری بێدەنگییە، کە بەهەق دراوە بەسەر چەند ڕۆڵەیەکی سەربازی ونناوی گەلەکەمان دا. لە ڕاستیدا تەرخانکردنی چەند لاپەڕەیەک بۆ کۆچی دوایی ناوادە و پڕ لە ژان و سوێی مامۆستا فەرەیدون، هەموو ئەو یادگار و هەڵوێست و دەریای وردو هەستی ناسک و بیری گەش و قووڵی کوردایەتی و پرۆژەی کار و بەرهەم و ژیانی گشتی مامۆستای پێ لە چوارچێوە ناخرێت.

مامۆستا فەرەیدون بە گەواهی ئەوانەی ناسیویانە و نەیانناسیوە کانییەک بووە، هەمیشە ئاوی ڕوون و شیرین و هیوا و خەندەی لێهەڵقوڵاوە. لە زۆر بواردا شاسوار و باڵادەست بووە. بەو ماڵئاواییە ناوەختەی هەم خۆی بە ئاواتی زۆر شت ڕانەگەیشت و هەم ئێمەی دۆست و بەپەرۆشی ئەدەب و فەرهەنگ و تینووی بیری کوردایەتی لە بەهرەی بەرهەمەکانی بێبەش بووین.
ژیانی ئەدەبی مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٤ وە بە بڵاوکردنەوەی شیعر و چیرۆک و ڕەخنە بابەتی سیاسی و هزری دەست پێ دەکات بۆ ماوەی چل ساڵ لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئاشکرا و نهێنییەکان دا بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە. یەکەم کۆمەڵە بەرهەمی هەر لەهەمان ساڵی ناوبراودا لەگەڵ مامۆستا (عومەر عەبدولرەحیم) بەناوی “پاڵەوانی دواڕۆژ” پێشکەش بە منداڵانی کورد دەکات.
مامۆستا شارەزایەکی لێوەشاوەی زۆر شێڵگێڕی ئەدەبی منداڵان بوو. سەرکەوتنی گەلەکەی و دواڕۆژی بەختیاری و یەکسانی لە نیگای چاوی زارۆیانی کورد دا دەدییەوە. تەماشا دەڵێت:
” ڕۆڵە جگەرگۆشەکان! نیشتمان چاوەڕێی هیممەت و هێزی بازووی ئێوەیە. دڵ پاک بن لەگەڵ یەک،دوور بن لە کینە و دژایەتی. هەوڵ بدەن پێ بگەن و ببن بە پێشڕەو”.

مامۆستا فەرەیدون چاک لە باری بندەستی و هەژاری و نەزانینی کورد گەیشتبوو،هێندە دژ بە نەزانین وەستابووە تا لەم بەیتە شیعرەدا ئاخ و داخی خۆی دەردەبڕێت:
ئاخ خوێندەواری داخ خوێندەواری……بۆ کورد دەبیتە مایەی بەختیاری
مامۆستا خەون و خەیاڵی شەو ڕۆژی و کاروپیشەی ئەدەبی و سیاسی خۆی هەر بۆ سوود و بەرژەوەندی و گەیشتنە دوا ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەکەی و گەیشتن بە کاروانی گەلانی دیکە بەکار دەهێنا. زۆر کوردپەروەر و مرۆڤدۆست بوو. هەقپەرستێک بوو لە پێناوی داکۆکردن لە ڕاستی، باکی لە هیچ هێز و دەسەڵاتێک و زیانی ماڵی و گیانی نەبوو. ڕەوشت جوان و بەرز بوو، بەویژدان و پاک و قسە لە ڕوو بوو. لەسەر بیروباوەڕی خۆی کە تێدا یەقین بوو سوور بوو. کوردایەتی دەکرد بە هەموو مانایەکەوە. سەرنجی ورد و هوشیارانەی دەربارەی مەسەلەکان هەبوو. لە نێو کۆڕی خەبات و یاران دا خۆشەویست و بەڕێز بوو. ماڵی دنیا و بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆی زۆر لامەبەست نەبوو. هەڵپەی پلەوپایەی نەبوو. کار و پلەیەک بە ڕەنجی خۆی نەهاتایە بەرهەم، ڕێزی لە خاوەنەکەی دەکرت.

پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ و خوڵقانی ئەو بارودۆخەی هەیە،سەرکردایەتی (پاسۆک)چەندین جار ڕوویان لێ ناو برا گەورەییان بۆ سەلماند کاریان لەگەڵ دا بکات، ئەو بە ئەمەک و هێژاوە خەباتی هاوبیرەکانی نرخاندوو، بە نەزاکەتەوە پێی ڕاگەیاندن:” کە ئەو ئامادە نییە بێتە سەرخوانی ئامادە بوو”.

مامۆستا فەرەیدون لە کادێر و سەرکردە هەرە دڵسۆز و خۆشەویست و ماندووبووەکانی “کاژیک” بوو. لە ساڵی ١٩٦٢ هەتا ١٩٧٥پێشمەرگەی شۆڕش و کورد بوو. لە ڕسکانی (پاسۆک)ئاگادابووە و پرس و ڕای پێ کراوە و باری سەرنجی خۆی هەبووە. مامۆستا بەوردی سەرنجی ڕووداوەکانی کوردستانی داوە و کۆمەڵێ یاداشت و دیدی خۆی تۆمار کردووە مەخابن دەرفەتی بڵاوکردنەوەیان نەبووە. هێندەی ئێمەش ئاگادارین وا خێزانی مامۆستا خەریکی کۆکردنەوە و رێکخستنی بەرهەمە بڵاوکراوە و نەکراوەکانێتی بۆ چاپ کردن. بەهیوای دڵ و چاوی هەمووانی پێ ڕوون بێتەوە.

مامۆستا فەرەیدون، لە ٢٩/٢/١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەی(ئەمینی کامە حەمەی)ناسراو هاتۆتە دنیاوە. ١٩٥٣ خوێندنی پەیمانگای مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کردووە. بە مامۆستایی لە شارباژێڕ و سلێمانی و چوارتا دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٥ بەکالۆریۆسی لەسەرپەرشتی پەروەردە لە زانستگەی موستەنسرییە تەواو کردووە و دەبێتە سەرپەرشتکار و لێکۆڵەری زانستی. ١٩٨٢ لەسەر داخوازی خۆی خانە نشین دەکرێت. لە ١٩٨٥ وە هەتا ١٩٨٩ لە بەشی کوردی کۆلیژی پەروەردەی زانستگەی بەغدا لێکچەر دەڵێتەوە. مامۆستا لە هەموو پیشە و کارەکانی دا دڵسۆز و سەرکەوتوو بووە.

مامۆستا فەرەیدون… لە دامەزرێنەران و دەستەی بەڕێوەبەرانی( یەکێتی نووسەرانی کورد ) و ئەندامی دامەزرێنەری (کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کورد)ە.
١٩٧٢ هاوسەری خۆی هەڵبژاردووە و دوو کوڕی بەناوی ئاسۆ و ئالان هەیە. ماندوو بوونی ڕۆژانی شۆرش و داخ و حەسرەتی باری ژیانی کورد،زۆر بە قورسی لە تەندروستی دەکەوێت. بۆیەکا لەمەنێکی زوودا و بە دنیایەک فەنتازی و ئاواتەوە لە ڕۆژی ٢٥/١١/١٩٩١ بە نەخۆشی بڕبڕەی پشت لە بەغدا، چاوەکانی لێک دەنێ و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ماڵ و منداڵ و کەس و ئازیزان و نیشتمانەکەی دەکات. لەسەر داخوازی خۆی بۆ گردی سەیوانی سلێمانی دەهێندرێتەوە.

مامۆستا فەرەیدون چرایەکی ڕۆشنبیریی و هەقپەرستی و گیانی پڕ لە ڕاستی و مەردایەتی کوردایەتی و نموونەی بەرزی گەلەکەمان بوو. بە پەڕۆشەوە هەوڵی هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیرکردنی دەدا. عاشقی خوێندنەوەی مێژووی کورد و ئەدەبەکەی بوو. چەندین بەرهەمی بۆ منداڵان بڵاوکردۆتەوە و چەندینیشی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ وەرگێڕاوین.

^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^
سەرچاوە: خوێندکاری کورد ژمارە٢٦ی گەلاوێژی ٢٦١٠ ـ١٩٩٨

دەقی ئەو قەسیدەی مامۆستا شێرکۆ بێکەسی ڕەوانشاد بۆ مامۆستا فەرەیدونی وتووە.




بۆچی کەم ئاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، دەبێتە مایەی شەڕ و هەرا … لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی


بۆچی کەم ئاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، دەبێتە مایەی شەڕ و هەرا.
جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوین دا. دەتوانێت خراپتریش لە هەنووکەدا ئاو ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە زۆر بێت.
شەڕ لە پێناوێ هەر تکە ئاوێک دا
نووسینی :Christian Böhme,Berlin
Thomas Seibert, Istanbu

لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی

—————————————————-

ڕۆژهەڵاتی ناوین،6% ی دانیشتوانی جیهان پێک دێنێ،لێ %1 ڕێژەی ئاوی خواردنەوەی لێیە. ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفەریقا لە قاقڕ و وشکترین ناوچەکانی گۆی زەوین. قاتووقڕی ئاو، لەم دەڤەرەدا بەردەوام هەرا و کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی گەرم دەکات.

بۆ بارودۆخی دژوار و ناخۆشی کەم ئاوی، هۆکار زۆرن لەوانە:
ـ گۆڕانی ئاو و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هاوین دا تا پلەی 50، کە ساڵی پار لە کوێت باڵندە بە هۆی گەرماوە کەوتوونەتە سەر زەوی بە مردوویی. هەندێ لە زانستکاران ترسی ئەوەیان هەیە، چەند ناوچەیەکی کەنداوی فارسی لە کەمتر لە ١٠ ساڵی داهاتوودا، کەس نەتوانێ تێیاندا بژی. ساڵانێکە سەردەمی وشکبوونەوەی بەردەوام ڕووی لەم ناوچەیە کردووە. لە ئیسرائیل چەند جۆگە و ڕوبارێکی ئەملاولای ڕووباری ئەردەن وشکبوون، لەبەرئەوەی 5 ساڵە باران کەمتر دەبارێ لە جاران و هەتا بێت باران بارین ڕوو لە نەمان دەکات. فاکتێکی تری ئەم بارودۆخە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکەیە بە ڕێژەی 2% ساڵانە. ئەمەش زیاتر بە شارەکانەوە دیارە،کە هەتا بێت خەڵک ڕوو لە ناوەندەکان دەکات.
ئاوی تینیوویەتی ملیۆنەها قاتی خەڵکی نادرێت. بەم جۆرە لە ئێستادا ئاو لە زۆر شەڕ و هەرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێ. بەنداوەکانی سووریا و عێراق ئامانجێکی گرنگی داعش بوون، بۆ دەست بەسەرا گرتنیان لە مەیدانی شەڕدا. هێزی تەقینەوەی کێشە و هەراکان لەسەر ئەو 3 ڕووبارەی ڕۆژهەڵاتە، کە لە وڵاتانی دراوسێوە هەڵدەقوڵێن و دێن. ئەمەش وا دەکات شەڕی دابەشکاری/ ئاودابەشکردن، سەرهەڵبدات. نیل لە قوڵایی ناوەوەی ئەفریکاوە دەڕژێتە میسرەوە. دیجلە و فورات سەرچاوەیان، وا لە تورکیا ( لەڕاستیدا سەرچاوەی دیجلە و فورات لە کوردستانە و نووسەرانی ئەم بابەتە نەیان ویستووە، ئاماژەی پێ بدەن و باسێکی شەڕی کورد و دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بکەن ـ و). لە توێژینەوەیەکدا لەمەڕ کەم ئاویی لە جیهان دا، بانکی جیهانی هاتە سەر بڕیارێک، دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێت زیاتر پێکەوە کار بکەن، تاوەکو” ئاسایشی ئاو” زیاتر بکەن. ئایا ئەمە جێبەجێ دەبێت؟.

تورکیا،عێراق، سووریا تورکیا

عراق

تورکیا جیا لەو وڵاتانەی دراوسێی باشووریی، بە بەراورد لە ئاودا وڵاتێکی دەوڵەمەندە. تورکیا بەربەستی ئاوی تەوراتی هەردوو دیجلە و فورات دەکات، کە بەرەو باشوور دەڕۆن، لە ڕێگەی تۆڕێکی گەورەی بەنداوەوە لە باشووری رۆژئاوای ئەنادۆڵەوە،(گاپ ـ و) بە بیانووی بەدەستهێنانی سەرچاوەی وزە و ئامانجی ئاودێری وڵات و دەروبەریەوە ئاو گل دەداتەوە. سووریا و عێراق دەیان ساڵە گازندە و هاواریانە لە سیاسەتی توندوڕەقی ئەنقەرە. گومان لە تورکیا دەکرێ، بیەوێ چکە چکە ئاو بۆ دراوسێکانی بەر بداتەوە. ئەنقەرە بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێ ڕەتدەکاتەوە. بۆ کۆتاییهێنان بە گازندەیی درواسێکان. لە هەنوکەدا بەنداوی Ilisu لەسەر ڕووباری دیجلە، لە ناوچەی خوارووی رۆژهەڵاتی باتمان هەرای ناوەتەوە، کاربەدەستانی تورکیا سەرەتای مانگی6 دەستتیان بەکارکردن، حەوزەکانی پشت بەنداوە زەبەلاحەکە پڕ بکەنەوە. دوای هەفتەیەک ئەم کارە ڕاگیرا، لەبەرئەوەی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەوە، ناڕەزایی توندی بەغدا بەرز بۆوە.

ئیلیسو، لەناوخۆی تورکیاش دا مشتومڕی لەسەرە، چونکە دەبێتە هۆکاری شارێکی دێرینی وەک حەسەنکێڤ(شارێکی دێرینی کوردستانە ـ و) و نزیکەی ٢٠٠ گوند و ناوچەی تریش ببن بەژێر ئاوەوە. پارەپێدەرانی ڕۆژئاوا، لەم پرۆژە گەورە ملیاردییەدا، خۆیان لەم پرۆژەیە کشانەوە. بەڵام مەسەلەکە بۆ عێراق زۆر لە پارە زیاترە. ئەم وڵاتە 3/4 سێ لەسەر چواری پێداویستی ئاوی خواردنەوەی لەو ئاوانە بەدەست دێنێ، کە لەپشت سنوورەکانێوەیەتی. وەک دیجلە و فوراتیش سەر بەم سەرچاوانەیە ـ بەپێی قسەی عێراق تورکیا لێرەش ئاو دەگرێتەوە. لە ڕابووردوودا عێراق توانای ڕاکێشانی 30 ملیارد مەتر سێجا ئاوی لە دیجلەوە هەبووە. وەزیری ئاو حسن النجیب لە ساڵی ڕابووردودا بە ڕۆژنامەی”Independent”بەریتانی وتووە. ئەو لە ئەمڕۆدا خۆشحاڵە، ئەگەر 16 ملیارد ئاو بێتە وڵاتەکەیەوە.

کێشەی کەم ئاوی ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە سووریادا لە ساڵی 2011 دا، کاتێ ڕاپەڕین دژ بە سەرۆک بەشار ئەسەد سەری هەڵدا، چونکە زنجیرەیەک خراپی لە بەرووبووم، دەیان هەزار کەسی لە خەڵک لە گوندەوە دەرپەڕاند و چوونە شار. کە ژمارەی زۆری بێکاریی هێندەی تر شێوان و تێکەڵوپێکەڵ کرد. لەشەڕی ناوخۆدا بەردەوام ئاو بەمەبەست وەک چەک بەکارهێنراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە ڕژێمی ئەسەد گرت، ئەو ناوچانەی کە لەلایەن یاخیبوونەکانەوە، کۆنترۆڵ کرابوون، لە رۆژئاوای باکووری دیمەشق بۆمباران کرد و سەرچاوەی ئاوی لە 5,5 ملیۆن مرۆڤ بۆماوەیەک خاپوور کرد. هەروەها ڕاپەڕیوەکانیش لەوە سڵ ناکەنەوە، ئاوی ئەو ناوچانە بگرنەوە،کە لەلایەن ڕژیمەوە بەڕێوە دەبرێن. بەهۆی ئەم هەرا و کێشانەوە ژێرخانی وڵات زیانی زۆری پێ گەیشتووە. کەناڵ و داموودەزگای پەمپی ئاودەرهێنان تێکشکاون و ساڵانێکە ناتوانن بۆرییەکان چاک بکەنەوە.

میسر/ سوودان/ ئەسیۆپیا

پرۆژەیەکی زەبەلاح دەوری 1500کم لە باشووری دەوڵەتەکەی، وای کردووە وڵاتی میسر ترسی ژیانیان لا دروست بێت. ئیسیۆپیا دەیەوێ لەم ساڵەدا گەورە بەنداوی لەدایکبوونەوەی ئیسیۆبیا تەواو بکات. پرۆژەیەک بەھای 5 ملیارد دۆلار لەسەر ڕووباری نیلی شین، کە دەبێتە ھۆی ئەوەی بەرھەمی وزەی وڵاتانی ئەفەریقا دووقات بکات. میسر %95 زیاتر پشتی بە ئاوی نیل بەستووە، لەم بەنداوە ئەفریقاییەدا مەترسی لەسەر مەرگی خۆی دەبینێتەوە. نیوەی زیاتری ئاوی میسر لە نیلی شینەوە دێت کە لەسودان لەگەڵ نیلی سپیدا تێکەڵ بە یەک دەبنەوە. ھۆکاری ھەراکە ئەوەیە ئیسیۆبیا گەرەکێتی بەزووترین کات بەنداوی ئاوەکان پڕ بکاتەوە. حکومەتی ئەدیس ئەبابا،دەیەوێ زۆر بە خێرایی پرۆژەکە بخاتە کارەوە، تاوەکو بەپێی توانا دەست بە بەرھەمھێنانی سەرچاوەی وزە بکات. میسر ھەوڵدەدات ئەم پرۆسەیە درێژە بکێشێ. ئەگەر بێت و ئەم پرۆژەیەی ئیسیۆبیا بەنداوی ئاوەکە، بێتە هۆی کەمبوونەوەی تەنھا %2 لە ئاوی میسر، دەتوانێ 80.000 هەزار ھیکتار زەوی کشتوکاڵ وشک بکات، ئەمەش ھەڕەشەئامێز و ترسناکە.

لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی سودانی درواسێی ئەسیوپیا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕاڕەوی ئەم پرۆژەیە بەنداوە دەربڕی، کە بە ھۆیەوە لافاوی ڕووباری نیل بەربەست دەبێت. لەسەرو ئەمانەشەوە سوودان دەیەوێ ئەلەتریکی زیادەی ئیسیۆپیا لەسەرچاوەی وزە ئاوییەکان بکرێ. تەنانەت ئەگەری کێشەیەکی سەربازی لە نێوان میسرو ئیسیۆبیا، لەکاتی خۆیدا لەسەر پرۆژەی بەنداوەکە دەرکەوت. لە دیدارێکی لوتکەدا لە مانگی 6 ئەمساڵ دا, عبدالفتاح سیسی و سەرۆک وەزیرانی ئیسیۆبیا ئابی ئەحمەد, بەفەرمی چوونە شەڕەکەوە. بەڵام گرژییەکان لەسەر ئەم پرۆژە بەنداوە نابڕێتەوە. پێش چەند حەفتەیەک سەرەک ئەندازیارانی ئەم بەنداوە، Simegnew Bekele، لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە گوولەیەک کوژرا.

غەززا/ ئیسرائیل

null

کێ لەلای شاری غەززا بچێتە ناو ئاوەوە، سەرکێشی بە تەندروستی و لە خراپترین دۆخ دا تەنانەت بە ژیانی خۆیشی دەکات. لەوێ دەریای سپی ناوەڕاست پیس و ژاراویکراوە. هەمان شت بۆ کەناری دەریاچەکە، کە وا باشترە دایک و باوک نەهێڵن منداڵەکانیان لەوێ یاری بکەن. لە بارێکی تردا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی/ درم لەو ناوە هەیە. ئەمەش شتی سەیر و چاوەڕوان نەکراو نییە. مەزەندە دەکرێ ،ڕۆژانە 100.000 مەتر سێجا لە ئاوەڕۆ و چڵکاو بڕژێتە ڕەنگە ناو دەریاوە یاخود ڕوون نییە بچێتە ژێر زەوییەوە ـ پیسی و بۆگەنی ئاوێکی زۆر بۆ دانیشتوان دروست دەکات. ئەمە تاکە مەترسی نییە.کە پەیوەندی هەبێت بە ئاوی نایابەوە. بەم شێوەیە ئاوی ژێر زەوی بەردەست لە ڕووی جۆرێتی و چەندایەتییەوە بەش ناکات. بۆئەوەی ژمارەی زیادی دانیشتوانی ئیسرائیل و میسر و ناوچەکانی کەنار دەریای چڕ بەدانیشتوان، کە ژمارەیان نزیکەی2 ملیۆنە مشوریان بخوات.
بەپێی بیروڕای شارەزایان و پسپۆڕان %95 ئاوی بەلوعە، بۆ بەکاربردنی مرۆڤ گونجاو نییە/ نەگونجاوە. پیس و ژەهراوی بووە. سنووری بەهای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ نیترات و کلۆریدا بە چڕی و فراوانی تێدەپەڕێندرێن. ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە:

بۆ نموونە، هیچ دیار نییە و ڕوون نەکراوەتەوە، ئاوی پیس و چڵکاو ،خۆڵ و خاشاک ، پەین و دەرمانی نەهێشتنی جڕوجانەوەر دەچنە ئاوی خواردنەوەـ بەلام دامودەزگا و ئامێری پاڵاوتن و پاککەرەوە نییە. 3 جەنگ لە 10 ساڵی ڕابووردوودا، گورزی کوشندەی لەو ژێرخانە ناتەواوەی هەیە و لەبەردەستدایە داوە. کەم ئاوی کارەساتێکی گەورەیە، ئیسرائیل ساڵانە چەندین ملیۆن مەتر سێجا ئاو فەراهەم دەکات و هێشتا هەر بەش ناکات. پێویستە ئاوی سوێر لەخوێکەی پاک بکرێتەوە و دامودەزگای ئەم کارەش زۆرگرانە و تێچووەیەکی/ خەرجی زۆری دەوێت، کارەبای چڕ و کەرەسەی بیناکردن، لەو کەنار دەریایە زۆرزەحمەت چنگ دەکەون. حکومەتی ئورشەلیم دەترسێ، دەسەڵاتدارانی حەماس سوودی خراپ لەو ڕەوانەکردنانە بۆ ئامانجی خۆیان وەرگرن، بۆ نموونە لە ڕێگای دروستکردنی تونێلی هێرش بردنەوە.

سەرباری ئەمانەش بەردەوام کەمبوونەوەی بارانیش ڕێگرێکی ترە،کە ئاوی ژێر زەوی لەناوچەکەدا زیاد بکات. لەمانەش زیاتر ئەو ئاوەی هەیە، بێ گوێدانە هیچ شتێک تاڵان دەکرێ و ئاوی دەریا دزە دەکاتە ناو بەنداوەکانی پاشەکەوتکردنەوە. جێی سەرسوڕمان نییە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدەن،کەرتی غەززا لە دوو ساڵی ئایندەدا دەست نادات بۆ ژیان.

ئەو گرفتارییەی غەززا لە هەنووکەدا، ئیسرائیلیشی گرتۆتەوە. ئاوەڕۆی پیسی و چڵکاوی کەناری دەریا،لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ڕووی دەوڵەتی جولەکە کەوتۆتە ڕێ. لەبەردەم ئەمەدا مرۆ هەوڵ دەدات بۆ نموونە لە ڕێگای بەربەستەوە خۆی بپارێزێ. دەرئەنجام دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتی، شوێنێکی سەرەکی و بەرایی داگیرکردووە و بەشێکە لە بنەماکانی ئاسایش. ئیسرائیل دەستکەوت و قازانجی زۆری هەیە: ئەگەر کارەکە ئەوە بێت ،کاریگەرانە ئاو بەکاربهێنن، وا سوپاس بۆ بوونی زانیاریی و شارەزایی و ئەزموونی Knowhows تەکنیکیی زۆر، کە دەیان ساڵە لە ئیسرائیل لەبەردەستدایە وئیسرائیل یەکێکە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکان. بەهاوکاری ئەو ئاوەی لە خوێ پاک دەکرێتەوە، دەتوانرێ بەشێکی زۆری پێداویستییەکان فەراهەم بکرێ، بەڵام نەک لە بواری کشتوکاڵ دا.

لێ دەستگا و ئامێری لەم چەشنەش،وەک ئامانجێکی بەهێزی پەلاماردارەکانە. لەبەرئەوەیە دەوڵەتی جولەکە هەروەها پشت بە سەرچاوە سروشتییەکان دەبەستێ. ڕووباری ئەردەن و جلیل ڕۆڵێکی گەورە دەگێرن لەم بوارەدا. بێگومان بەهۆی کەم بارانییەوە دەریاچەکەش ئاوی کەمە وشک دەکات. دوورگەی بچووک بچووک دروست بووە. لە هەموو لایەکی ڕووباری ئەردەنەوە بەردەوام شەڕی دابەشکردن لەگەڵ وڵاتی ئەردەن هەیە. شانشینی ئەردەن یەکێکە لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی دنیا لەئاودا و بەردەوام ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرێ، کە بێ شەرمانە خزمەتی خۆی دەکات لەسەر حسابی ئەردەن.

ئێران

ئەسفەهان

ڕووبارەکان کە ئاویان پێدا نەڕوا، کێڵگەیەک، کە کەس داوای نەکات، لەبەرئەوەی لە بیابانێکی بەردەڵانی دەچێ ئاوی ژێر زەوی خوێیاوییە. زەویوزاری وشکبووی دوورە دەست کەدەست نادەن بۆ نیشتەجێبوون و بەهۆی تۆڕنادوە/ڕەشەبای توندەوە،ڕادەماڵدرێ ـ کەمئاوی ئێران ڕوون و ئاشکرایە و لە تەواوی وڵات دا هەستی پێ دەکرێ و بەرچاوە. ئەمەش زیان و کاریگەریی گەورەی هەیە. هۆکاری تەنگژەکە هەمەلایەنە و زۆربەی کات سروشت بەرپرسیار نییە، بەڵکو ئەو مرۆڤەی کە سەرچاوە پێویستەکان لە بەکاربردنی سەرچاوە سرووشتیەکان بەڕێوە دەبات. ئەم وڵاتە، کە دانیشتوانەکەی لە شۆڕشی 1979 ژمارەکەی 2 قات زیادی کردووە بۆ 80 ملیۆن زۆر دوورە لە بارودۆخی ئۆکۆلۆگییەوە. لەگەڵ ئەمەدا مەسەلەکە لێرەوە ڕوونە، ساڵانێکە ئێران بەدەست وشکبوونەوەی بەردەوامەوە دەناڵێنێ. باران نابارێ و پلەی گەرما بەنزیکەی 2 پلە بەرزتر بۆتەوە. بەم بارودۆخە وڵات نزیکەی %50 ئاوی سەر ڕووی زەوی لەدەست داوە. بەڵێ لەبری ئەوەی دەست بەئاوەوە بگرن، ئیسرافی پێوەدەکەن.

ئەمە بەتایبەت بۆ ئەو شارانەیە کە بەردەوام گەورە دەبن. %70 ئێرانییەکان لە ئەمڕۆدا، لە ناوەندی شارە پێشکەوتووەکان دا دەژین. وا پێدەچێ تینوویتییان بەری پێنەگیری و نەشکێ. لەبەرئەوەی دامودەستگاکان ناتوانن پێداویستییەکان دابین بکەن، خەڵکی خۆیان ئاو دەردێنن،واتە بیر لێ دەدەن. کە بەمەش ئاوی ژێرزەوی پاشەکەوتکراو بەتاڵ دەبێتەوە. کشتوکاڵ بەتەواوی هیچ سوودی نەماوە %90 ئاو بۆ کێڵگە و باخەکان بەکاردێت،جوتیارەکان بێ مۆڵەت دەستیان بە ئاودەرهێنان و بیر لێدان دەگات. لە شوێنی دیکە ئەوە نییە. پێویستە کارخانە کشتوکاڵییەکان دایبخەن، دەیان هەزار کەس ترسیان لەسەر بوونیان بۆ دروست بووە.

لەم ماوەی دواییەدا دووبارە بەزموهەرا سەری هەڵداوە، خەڵک توڕەن لە پرسی گەندەڵی و گازندەیی دەکەن، خاوەن زەویوزارە گەورە بەدەسەڵاتەکان ئاویان هەیە و دەری دێنن بۆ کاروباری خۆیان و هیچ بۆ هاولاتی ئاسایی نامینیتەوە. خراپ بەڕێوەبردن و سەرنەکەوتنی کشتوکاڵ و ئەقڵێتی خزمەتی خۆکردن، دەمێکە حکومەتی سەرقاڵ کردووە. سەرۆک حسن رۆحانی شەڕی لەدژی کەمئاوی کردۆتە شا کاری خۆی و بە دروشمی کەمکردنەوەی ئاوبەکارهێنان. هەڵبەت ئەم گرفتارییە هاوکات هۆکاری سیاسی هەیە: سزاکانی ئەمەریکا.

بەرامبەر بەمە ئێران ڕێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خودی خۆی. خۆراکی وەک گەنم دەبێت لەناوخۆی وڵات بەرهەم بهێنرێ ئەمەش پەیوەستە بەوەی دەوڵەت دانەوێڵەی جوتیاران بەنرخێک بکڕێ، کە لەسەرووی نرخی بازاڕی جیهانییەوە بێت. ئەمەش وا لە جوتیار دەکات زیاتر لە پێویست دەست بەئاوەوە بگرێ. ئەوە تەنگژەکە ئالۆزتر دەکات، پرۆتێستەکان هەتا بێت کەڵەکەتر دەبن. ئەمەش کتومت ئامانجی ڕوونی ڕاگەیەندراوی سزاکانی ئەمەریکایە. واشینتۆن دەیەوێت چۆک بە ئێران دابدات، بۆئەوەی مەلاکان ناچار بکات بێنە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەو وەڕسیی و بێزارییەی لە ئاکامی کەم ئاوییەوە دێ، دۆناڵد ترامپی وەک دژەپاڵەوانی ڕژێم داناوەـ ئەو نەیارەکەی لاواز دەکات.

———————————
سەرچاوە: ڕۆژنامەی تاگە شپیگلی رۆژی ٢٢/٩/٢٠١٨
https://www.tagesspiegel.de%2Fpolitik%2Fwasserknappheit-warum-die-wassernot-im-nahen-osten-zu-konflikten-fuehrt%2F23097300.html




دواڕۆژی کار …. هەڵۆ بەرزنجەیی

سەرنجێکی کورت:
ئەم بابەتە ئەمڕۆ لە گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵامانیدا بڵاوکراوەتەوە. بەگرنگم زانی پوختەکەی پێشکەش بە خوێنەری کورد بکەم، تاوەکو سەرنجێک لەو گۆڕانە بنجی و خێرا و ڕادیکالەی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و بازاڕی کارکردن و داخوازییەکانی خوێندن و فێربوون و سیستەمی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم ڕەوتە ،دیاری بکرێت.
ڕەنگە جارێ وڵاتی ئێمە بەدوور بێت لەم شۆڕشە گەورە، کە ساڵانێکە مشتوومڕێکی گەورەی لەسەر دەکرێت. ئایا ئەم گەشە و پەرەسەندنە بە چاکە یاخود خراپەی مرۆڤ دەشکێتەوە. لەڕاستیدا وەک هەر دیاردەیەک ئەم گۆڕانەش دوو ڕووی هەیە. بە باوەڕی بەشێکی زۆری چاوردێڕ و ڕەخنەگرانی ئەم کایەیە، گرنگ ئەوەیە پەرەسەندنەکە لە ڕووی تەندروستییەوە زیانی بۆ مرۆڤ نەبێت،یاخود کەم بێت. دەنا مرۆڤایەتی بەناچارییش بێت،کەوتۆتە سەر سکەی ئەم هەڵمەت و شاڵاوەی بازە گەورەکانیبەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیادا و تازە مەحاڵە خۆ لێ لادان و پاشەکشەکردن لێی.

هەڵۆ بەرزنجەیی ١٧/٩/٢٠١٧
***********************

The Future of Job / دواڕۆژی کار

ڕاپۆرتی کۆتایی « فۆڕمی ئابووریی جیھانی» WEF، کە ئەمڕۆ17.9.2018 ، بڵاو بکرایەوە باس لەوە دەکات، تاساڵی 2025، واتە 7 ساڵی تر، جیھانی کارکردنمان گۆڕانی گەورە و ڕادیکالی بەسەردا دێت، لەڕێگای خستنەکاری زیاتری ڕۆبۆتەوە، و مرۆڤی زۆر بێ کار دەبن. لەم ڕێگایەوە ملیۆنەھا کار/Job، نامێنێ. بەواتایەکی تر ئەمە ھەنگاوێکە بۆ لەکارخستنی مرۆڤ و ڕۆڵی لە بواری کارکردن دا، کە تائێستا ھەڵسوڕێنەر و بزوێنەری دەورانی کارکردن و ئابوورییە.
لەئێستادا ٪‏71 کارکردن لە ڕێگای مرۆڤەوە بەڕێوەدەچێت. بەم شێوازە بڕوات تا 2025 ڕێژەکە دادەبەزێ بۆ ٪‏48 . ئەو ٪‏52 تری لە لایەن رۆبۆتەوە ڕادەپەڕێندرێت. بەم پێیە بێت تا ساڵی 2025،75 ملیۆن شوێنی کارکردن نامێنێ بۆ مرۆڤ و ئامێری زیرەک جێگای دەگرێتەوە.

ھەمان توێژینەوە باس لەوە دەکات، لە 5 ساڵی داھاتوودا 133 ملیۆن شوێنی کاری نوێ ساز دەدرێ کە خەڵکی ڕاھێندراوی تایبەت و پسۆڕی گەرەکە بۆ بوارەکانی شیکاری داتاکان، زانستکاران، گەشەپێدەرانی بەرنامە نەرمەکان / سۆڤتوێر، شارەزا و پسپۆڕانی بواری سۆسیال میدیاو بازرگانی ئەلەکترۆنی.
بە پێچەوانەشەوە لە بوارەکانی ھاتووچۆ و بەڕێوەبردنی مارکتینگدا بەڕەوپێشبەری هەڵسوڕێنەر و ئامۆژگاریکەری مشتەریی زیاد دەکات. لە بەرامبەردا نووسینگەی کارکردن و ھەژمارکردنی کار نامێنێ.

بۆ ئەم توێژینەوەیە پرسیار لە 300 Menager/ بەڕێوەبەری کار و بەرپرس و خاوەن کارخانە کراوە کە نوێنەرایەتی 15 ملیۆن کارمەند و کرێکار دەکەن لە 20 وڵاتی پیشەسازیی و تازەپێشکەوتوودا . لەتەک شرۆڤەی تەواوی کارەکەدا 12 پرۆفیلی بەشی تایبەتی و 29 پرۆفیلی وڵات و ناوچەشی لە خۆ گرتووە.
پرسیار ئەوەیە دیگتالیزەکردن و ئۆتۆماتیکردنی شوێنی کارکردن چەند زیانی ھەیە؟ ئەمەش ساڵانێکە مشتومڕی لەسەر ھەیە. چەند گۆڕانکاری بەھێز و ڕادیکال لە کۆمەڵگا و کارکردن دا دەکات.

٪‏ 50 خاوەن کارخانەکان باوەڕیان وایە تا ساڵی 2022 ژمارەی کرێکاریان کەمدەکاتەوە. ٪‏38 بە پێچەوانەوە ژمارەی خستنەکاری مرۆڤ زیاد بکەن و ٪‏28 ھەردووکیان ئۆتۆماتیکردن و کارمەند زیاد بکەن
بەمەدا دەردەکەوێ کە داخوازی لەسەر تەکنەلۆژیا تا بێت زیاتر دەبێت لەو ڕاپرسییەی ساڵی 2016 ئەنجام دراوە. ٪‏85 کارخانەکانی ئەڵمانی ھەتا 5 ساڵی داھاتوو ئۆتۆماتیکردنیان دەوێ٪‏83 کەسی شارەزا و ڕاھێنراویان دەوێت. خاوەن کارخانە و بەڵێندەرەکانی ئەڵمانیا پلانیان داناوە و دەیانەوێ تەکنەلۆژیای زیاتر بخڕێتە کارەوە. %91 دەیانەوێ تا 2022 سیستەمی گەورەی شیرۆڤەی داتا بەکاربھێنێ و بێتە پێشەنگی وڵاتانی جیھان و پێش چین، یابان، ئەمەریکا و ھیندستان بکەوێتەوە. بەکارهێنانی زۆری تەکنەلۆژی لە ئەڵمانیا%84 دەیانەوێ بە App Markt و % 79، گەشەپێدانی مەکینەی/ ئامێری ئینتەلەگێنز / زیرەکەوە بێت. لەم بوارەدا فیلیپین و سەنگاپوور و رووسیا لە پێشەوەن.بەڵێندەرە ئەڵمانەکام کەمتر پلانیان بۆ تەکنەلۆژی زیندوەریی %30 و رۆبۆتی شێوە مرۆڤ %28 و ڕۆبۆتی ژێر ئاو%22.
بەم شێویە ئەڵمانیا دیگیتالیزە دەبێت:

بێگومان پەرەسەندی خێڕای تەکنەلۆژی هەروەها پێویستی بە مرۆڤ کە مەکینەکان کار پێ بکات و گەشەیان پێ بدات.
توێژینەوەکە لەسەر ئاستی جیهان دەڵێ لە 5 ساڵی داهاتوودا %42، داواکاریی کاردکردن گۆڕانی بەسەردا دێت.لەتەک مەرجە ڕۆتینییەکانی کارکردنەوە، دەبێت کارمەند و کرێکارێک لە ئایندەدا، بەرنامە پرۆگرامکردن و کارپێکردنی رۆبۆتیش بزانێ و سەری لێ دەرکات. لە هەندێ کایەدا گۆڕانەکە گەورە و لە هەندێکی تردا بچووک دەبێت. بۆئەوەی بەڵێندەر و خاوەن کارخانەکان، لەسەردەمی هاوچەرخی دینامیکی مەکینە و ئامڕازەکان دا، جیاواز و توانای کێبەرکێیان بمێنێ، دەبێت لە سامانی مرۆییان وەبەرهەمهێنان بکەن. دەنا هێز و توانای شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی لەدەست دەدەن. ئەمە قسەی سەعدییە زاهیدیە، بەڕێوەبەری ناوەندی ئابووری نوێ و کۆمەڵگای فۆڕمی ئابووریی جیهانییە.

بۆ ئەمەش 3 ستراتیژی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن:
– دامەزراندنی کارمەندی نوێ بە توانا و لێزانی لە تەکنیکی دا.
– سەرلەبەر ئۆتۆماتیکردنی ڕەوتی کارکردن و پەرەپێدانی
– کرێکار و کارمەندە کۆنەکان ڕاهێنانی نوێیان پێ بکرێت.

—————————–

سەرچاوە:
http:/./www.spiegel.de/wirtschaft/soziales/studie-weltwirtschaftsforum-maschinen-verrichten-bald-mehr-arbeit-als-menschen-a-1228108.html




کورد، لەسایەی یەک جەمسەری یاخود جووت جەمسەری دا؟ … هەڵۆ بەرزنجەیی

بە هەڵکردنی شنەیەکی کزی بای پێرسترۆیکا و گلاسنۆست، یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٩ بەدواوە، لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. لەئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە گەورە لە تای تەرازووی هێزدا، دنیا بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوای لیبەراڵی دیموکراسی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا تەخت بوو. ئەمەریکا وەک پاڵەوانێکی براوەی شەڕی سارد، لە نێوان ١٩٤٥ـ١٩٩٠ دا هاتە مەیدانەوە و زیاتر لە جاران لەسەر ئاستی تەواوی جیهان، بەرجەستەتر بوو. هاوشانی ئەم ڕووداوە گرنگە سیاسیی و هزریی و ئابووریی و سیستەمی حوکمڕانییە لە جیهان دا، شەڕی کەنداوی دووەم سەری هەڵدا و عێراق وەک دەوڵەتێکی داگیرکەری بەشێکی کوردستان، وڵاتی کوێتی داگیرکرد و دواجار بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی لە لایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە، بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، لە کوێت دەرپەڕیندرایەوە. ئەوە بوو لەو هەلومەرجە ناسکەی کوردستانی ئەنفالکراو و کیمیابارانکراو و عێراقی داتەپیودا، ڕاپەڕین لە دژی رژێمی سەددام بەرپا بوو. لە ماوەی یەک دوو مانگدا،٣/٤ باشووری کوردستان ئازاد کرا.

زۆری نەبرد لە گۆڕانکارییەکی خێرا و بەپەلەدا، مەخابن ڕێگە درا بە ڕژێمەکەی سەددام، ڕاپەڕینەکانی عێراق و کوردستان دامرکێنێتەوە. لەگەڵ هەڵکردنی چرای سەوز بۆ سەددام، ڕژێمەکەی کەوتە پەلاماردانی کوردستان و نزیکەی ٣ ملیۆن لە دانیشتوانی سڤیل، ئاوارەی ئەشکەوت و شاخ و داخەکانی کوردستان و دەوڵەتانی ئێران و تورکیا بوون.

لە ئاکامی کۆڕەو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی، ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بێوێنە بۆوە و نەیانتوانی چاوی خۆی لە ئاستی دا بنووقێنێ. ئەوە بوو بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین درا. هێزە هاوپەیمانەکان سەرەتا ئینگلیز و فەرەنسا و پاشان ئەمەریکا هاوکار و پشتیوانی پارێزگاریکردن بوون، لە کورد و ئەم ئەرکەیان خستە سەر ئەستۆی خۆیان. ئەم دەرفەتە هەرچەند دوای ئازار و ژانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕەو هاتە گۆڕێ، لێ تەکانێکی هێجگار گەورەی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە پرسی کورد دا و لەم دەلاقەیەوە، کێشەی کورد ڕەهەندێکی نوێی لە مێژووی خۆیدا وەرگرتوو. هێزە هاوپەیمانەکان ڕاستەوخۆ بە خۆیان و ئەو هێزەی هەیان بوو ـ هێزی چەکوش ـ لەسەر زەمین و ئاسمان داکۆکی و پارێزگاریی کوردیان کرد.

هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان سەرباری هەڵە و کەموو کوڕی و بێ بەرنامەییان، خێرا کەوتنە سەر خۆڕیکخستنەوە و دامەزراندنی دامودەزگای پێویستی بەڕێوەبردنی کوردستان. گرنگترین هەنگاویان دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بوو. پاشان پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی کارەکان. بە کورتی لە سایەی ئەم گۆڕانکارییەدا و لە سێبەری هەژموونی تاک دەسەڵاتی ڕۆژئاوادا بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، کورد توانی کۆمەڵێ هەنگاوی گەورە بنێ و ئاسۆیەکی گەورەش چاوەڕوانی بێت. ـ دیارە مەبەست لێرەدا چاکی یاخود خراپی ئەمەریکا و سیستەمەکەی نییە،هێندەی قسەکردنە لەسەر ڕاستییەکی ڕووت و ڕەها ـ . هاوکات کورد لەم سۆنگەیەوە لێی ڕوون و ئاشکرا بوو، پێویستە ڕوو لە کوێ بکات و مامەڵە لەتەک کێدا بکات. لەو زەمینەیەشدا ئەو خەون و خەیاڵە لای زۆر کەس ڕەوییەوە، کە پێیان وابوو، هێشتا مۆسکۆ قیبلەی کوردانە. هۆکارەکەشی بریتییە لە :
١ـ ساخبوونەوەی یەک ڕەهەندی دەسەڵاتیی دنیا بوو بۆ ئەمەریکا و کورد هەوڵی ڕازیکردنی تەنها ئەم بەرەیەی دەدا و قیبلەکەش ڕوون و ئاشکرا بوو.
٢ـ کورد دوور کەوتەوە لە سیاسەتی ڕازیکردنی دووبەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دژبەیەک دا، بەڵکو بەتەواوی بەسەر رۆژئاوادا ساخ بۆوە. ئاخر حیزبی کوردیی هەرگیز سیاسەت و پلانی A وB ی بۆ ئیدارەکردن و بەڕیوەبردنی دۆزەکەی نەبووە.

لەم ساتەدا، کورد بە پلەی یەکەم هاوکاریی و پشتوانی هەر لەلایەن ئەمەریکا لێی دەکرا، هیچ لایەنێک لە مەیدان دا نەبوو، بتوانێ دژی بێت یاخود بەربەکانی ئەم ڕەوش و پەیوەندییەی پێبکرێت. هاوکات ئیدی هیچ لایەن و کەسێکی کوردیش، لەوە نەدەترسا بە تۆمەتی گوناحی دۆستایەتی و هاوکاری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا، بە دەستەواژەی ئەوان! ئیمپریالیزم و سەرمایەداریی ناوزڕاو بکرێ. چونکە هێزی تری خاوەن باندۆر نەبوو لە جیهان دا، بتوانێ یاخود بیەوێ، هاوکاری ناوەندی بەغدا و پایتەختەکانی تری داگیرکەرانی کوردستان بکات.

دوای ئەم ڕووداوانە بە ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام لە ٢٠٠٣ دا، هێندەی تر دەروازە لەبەردەم کورد دا واڵا بوو، تا بتوانێ لەسایەی یەک جەمسەریی و دۆستایەتی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی نێودەوڵەتی دا، ئەسپی خۆی تاو بدات و هەموو وزە و توانای بۆ ناساندن و سەرخستنی دۆزە ڕەواکەی بخاتە گەڕ. زۆری نەبرد، ئاگری شەڕی کەنداوی سێیەم هەڵی کرد. ئیدی پرسی کورد لە باشووردا بووە بەشێکی ستراتیژی لە سیاسەت و ئەجێندای کاری ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بەتایبەت لە ناوچەکەدا. بە هەزاران ڕۆژنامەنووس و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناحکومەتی و کەسانی بێگانە و دەوڵەتان ڕژانە ناو کوردستانەوە و لە نزیکەوە بوونە گەواهی ژیان و ڕووداوەکانی پەیوەست بە کورد و کوردستان. لەم چرکەساتە مێژووییەوە کورد توانی قەڵەمبازێکی جۆرایەتی تری گەورە بۆ ناو ڕووداوەکانی جیهان بنێ و کێشەکەی هێندەی تر هەڵکشێ، بۆ ناو ڕووداوەکانی جیهان. ئیدی بەهەر جۆرێک بێت کورد بووە فاکت و وەک پرسێکی مێژوویی و نەتەوەیی و یاسایی، لە جیهان دا کەوتە ئاراوە.

کەواتە ئاسۆیەکی هێندە ڕوون و بێ گرفت لەبەردەم کورد دا هاتە پێشەوە، بە هەموو مانای تێگەیشتن چاوەڕێی ئایندەیەکی گەشتتری لێ دەکرا. کورد ڕۆڵی لە ڕووخانی رژێمی سەدام دا گێڕا، بووە هاوپەیمانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا. کوردستان بووە شوێنگەیەکی ئارام و ئاسایش و پارێزراو، بۆ هێزەکانی دەسەڵاتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەت دوای ئەوەی تورکیا دژی پەلاماردانی عێراق وەستایەوە و هێزەکانی ئەمەریکاش لە عێراق دا، کەوتنە بەر پەلاماردان. هەر لەو دەمەدا ڕێکخراوی ئەلقاعیدە، سەری هەڵدا و لە شوێنێکی وەک شاری فەلوجەدا، سەرباز و بەرپرسی ئەمەریکی بەو شێوازەی دەیزانین کوژران و بە پردەکان دا هەڵواسران. بەرامبەر بەم ڕەفتارەی عەرەبی سووننەی عێراقی، میللەتی کورد و حیزبەکان لە کوردستان دا، بە چەپکە گوڵ پێشوازییان لە سوپای ئەمەریکا دەکرد. کورد ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی زیاتر و باشتری دەنا بەرەو پێشەوە و سۆز و پشتیوانییەکی باشی بۆ پرسەکەی لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێنا. دوای ئەم شانۆگەرییانە، پەردەیەکی تری نوێی گۆڕانکاری گەورە لەناوچەکەدا هاتە گۆڕێ و ئەویش سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا بو لە ١٥/٣/٢٠١٢ دا.

لەناوەخت و هیکڕا ڕێکخراوی، دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا و عێراق ، داعش دروست بوو یاخود دروستکرا!. ڕۆڵی کورد لەڕێگای ئازایەتی پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەی ناسراوە بە داعش، پێی نایە قۆناغێکی نوێی باڵاتر و ناسراوترەوە و ئەم هۆکارەش دۆزی کوردی بردە چڵەپۆپەی کێشە نێودەوڵەتییەکان و لە هەموو ناوەندە، گرنگەکانی جیهان دا باسی دۆزی کورد دەکرا و جیهان بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا، هاتە سەر هێڵ و بە سەرباز و لە ڕووی سیاسی و ئابووریی و میدیایی و زۆر بواری ترەوە کەوتە هاوکاریی و پشتیوانی کورد. هەولێر وەک پایتەخت بووە، شانۆیەکی سیاسی و دبلۆماسی گرنگ و بەپرسی باڵای نێودەوڵەتی ڕوویان تێکرد.

بەم شێوەیە، پێشرەوی و جێقایمی کورد لەناوچەکەدا، بووە جێی سەرنجی هەموو دنیا. لەم بارودۆخە سیاسی و سەربازیی و گۆڕانکارییە گەورەی ڕوووی لە ناوچەکە کرد بوو، بە سەرۆکایەتی بێ ڕکەبەری ئەمەریکا ڕووداوەکان دەچوونە پێشەوە. ئەمەریکا هەرچی بویستایە و ئارەزووی بکردایە و لەبەرژەوەندی بوایە دەیکرد و بڕیاری بە تەنیا لەسەر دەدا. بەواتایەکی تر ئەو ناوچە گرنگانە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیی و سەرچاوە و کانگای وزە و نەوتەوە، خەریک بوو بەتەواوی بکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکاوە.

بەتایبەت لەسەردەمی بەڕێوەبەرایەتی جۆرش بۆش دا. زۆری نەخایاند، ئیدارەی ئەمەریکا گۆڕانی بەسەردا هات و بۆش لە سەرۆکایەتی لابرا. لە سایەی سیاسەتی شل و سارد و پاسیڤی باراک ئۆباما بۆ ناوچەکە، لەسەر ئاستی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، لە ٩/٣/٢٠١٤ دا رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و کریم داگیر بکات و بێ منەت بێت بەرامبەر بە ڕەخنە و ناڕەزایی و هەڕەشە و بایکۆت و گەمارۆدانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا. ڕووسیا ئەم هەنگاوەی بە سانایی بۆ مەیسەر بوو، چونکە ئەوروپا یەکگرتوو نەبوون و سیاسەتی ئەمەریکاش سست و لاواز بوو.

ڕووسیا باش دەرکی بەوە کرد بوو، هەوڵی دا،دەلاقەی نێوانیان گەورەتر بکات و خوێندنەوەی ئەوەشی کرد،کە ئەوروپا و ئەمەریکای ئۆباما، توانای ئەوەیان نییە بەرەو ڕووی بنەوە و خۆیان بەرەو لێک ترازان دەچن و بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا، توانای ململانێی ڕاستەوخۆ و مەیدانی نییە و ڕووسیا لە ٣٠/٩/٢٠١٥، وەک هێزێکی سەربازیی و زلهێزێکی نێودەوڵەتی مەترسیدار، گۆڕەپانی سووریای هەڵبژارد، بۆ چوونە شەڕی سووریاوە و ئامادە بوونی لە ناوچەکەدا. بە واقعیش توانی زۆر بە خێرایی، بێتەوە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی .

ئەم گۆڕانکارییانە، بارودۆخێکی وایان خوڵقاند، کورد جارێکی تر بکەوێتەوە نێوان دوو بەرداشی هەبوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاتنی هێزەکانی رووسیا. دەرئەنجام بارودۆخەکە حاڵەتی ئەوەی پێکهێنا، کورد نەتوانێ وەک پێویست خۆی لە ساخبوونەوە بپارێزێ و دوور بێت لە ململانێکانی ئەم دوو دەسەڵاتە جیهانیەی ئەمەریکا و رووسیا لەسەر ئاستە بەرزەکە. هاوکات نەشبێتە، ئەو کەس و لایەنەی کە بتوانێ و نەیەوێت، لە هەردوو بەری جۆگەکە بخوات،بەواتایەکی تر ئیدارە بدات. بە کورتی و کرمانجی بووە کەرەسەی گەمەیەکی مەیدانی و نێودەوڵەتی. چونکە بێ پلان و نەخشە و ستراتیژیی نەتەوەیی بوو ،وە نەیدەزانی بەرەو کام ئاڕاستە هەنگاو بنێ و باشترە سەر بەکێ بێت!.

لەم پانۆڕاما کورتەدا، هەموو ڕاستییە مێژوویەکان دەیسەلمێنن، کە کورد لەسایەی یەک جەمسەریدا دەستکەوتی زیاتری بووە و بەرەو پێشچووە. ئاخر بەر لەوەی کورد، ڕوو لە دوو بەرە و ئۆردووگا بکات، بۆخۆی زامدار و گرفتاریی بارودۆخێکی پارچەپارچەیی و وەدووکەوتنی ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتی ناوچەیی و دوو ئاڕاستەیی بوو. مەخابن جارێ ئەوە هەڵکەوتی ڕیالیتێتی کوردە، لەسایەی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانەدا. نابێت لەبیرشمان بچێ، ئینگلیزیش! دارێکی وای نەداوە بە ڕۆحیدا، بتوانێ بە سانایی و بێ گرفت بحەسێتەوە و لێی ڕزگار بێت. بەم جۆرە کورد جارێکی تر لەسایەی هەڵسانەوەی رووسیا، کەوتەوە نێوان پەراوێزی بەرژەوەندی و ستراتیژی ململانێکانی ئاگردانی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و ڕووسیاوە. دەرئەنجام ئەم ستاتووەی کورد بووە، هۆی پێشهاتنی حاڵەتێک، کە نەتوانێ وەک پێویست بەرنامە و پرۆژە داڕێژێ و خۆی بە ئاشکرا ساخ بکاتەوە. ئەمەش بەو مانایە نا، کە تەواوی هێلکەکان بخاتە سەبەتەی لایەکەوە، بەڵکو بایی ئەوەندەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی سەرووو هەموو شتێک بخاتەوە و بزانێت مامەڵەی تەندروست و گونجاو لەگەڵ ئەم دوو دەسەڵاتەدا بکات.
ـ بەشار ئەسەد لە ئێستاش دا، کە ڕژێمەکەی هەڵساوەتەوە جارێ لە ڕووخاندن قوتاری بووە، توانی بەهاوکاریی ڕووسیا ٣/٤ وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، لەکاتێکدا دەسەڵاتی بەسەر زۆر گەڕەک و ناوچەی دیمەشقی پایتەخیش دا نەمابوو. ئەوائێستا هەڕەشە لە کورد دەکات و داوای ڕادەستکردنی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانیش دەکاتەوە.
ـ وەبیرهێنانەوەیەکی کورتی بارورودۆخی کورد،لە ڕووداوەکانی داگیرکردنی شاری (عەفرین) لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە و ڕۆڵی نێگەتیڤی رووسیا، تێدەگەین کەوا چ کاریگەرێتییەکی هەبوو و ئەمەریکاش چۆن دەستخەڕۆی کردن. لە هەنووکەشدا، کە پەیوەندی تورکیا بە ئەمەریکاوە بە خراپترین قۆناغی خۆیدا تێدەپەڕێ، تورکیا دیسان دەیەوێ یاری مشک و پشیلە لەسایەی دۆستایەتی و هاوپەیمانێتییەکی تاکتیکیدا لەگەڵ رووسدا بکات،ئەویش بەس بۆ خۆ قوتارکردن لەم خنکان و داڕووخانەی چاوەڕوانێتی. بەڵێ کورد دەستبەتاڵ لە گۆڕەپانە هاتە دەرەوە، وەک پاڵەوانێکی براوەی شەڕی داعش و دۆڕاوی سیاسی و فلیقاوەی ژێر پێچکەی ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لەسەر ناوچەکە. خۆ گەر رووسیا نەبوایە ڕژێمەکەی ئەسەد، واتە ناوەندیی دەوڵەتێکی بەهێزیی عروبە، کە بەشێکی گەورەی پایەکانی لەسەر جەستەی کورد هەڵچنیوە و هەمان سیناریۆی عێراقی بەسەردا دووبارە دەبۆوە. ناوەندێکی هەمیشە شلۆق و حکومەتێکی بەدەوام لاواز و وڵاتێکی گرفتدار بە دەرد و کێشە.

ـ ئەمەریکا ساڵانێکە لەگەڵ ئێران پەیوەندی سیاسی باش نییە و لە هەنووکەدا سیاسەتی گەمارۆدان و ئابووریی و بازرگانیشی چۆتە سەر، ئەوە دەبینین ئێران بەدرۆ و تەڵەکەبازیی ساڵانێکە خۆی لەسایەی پەیوەندی باشی لەگەڵ رووسیادا حەشارداوە و درێژە بەتەمەن خۆیی و بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانی دەدات. خۆگەر ئەم جەمسەرەی نەبوایە، هەڵبەت ئێران توانای هەناسەدانێکی ئارامی بۆ نەدەمایەوە و زۆر دوور نییە، لەناوەوە بەرەو هەڵتەکان بچوایە.
نیشاندانی ئەم چەند پەردە خێڕایە،زۆر شتمان پێ دەڵێ، لە بابەتی هاتنەوە مەیدانی ڕووسیا بۆ سەرشانۆی جیهانی، ٣ دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان لەوپەڕی کەوتن و هەڵوەشانەوە و لاوازیی و نەمان دا بوون، ڕزگاریان بوو و هەڵسانەوە سەرپێی و تا هەنووکە دەتوانن درێژە بە سەربزێوییەکانیان بدەن لە دەڤەرەکە و بەتایبەت دژ بە کورد وەک شێری برسی بێنە مەیدانی پەلاماردانەوە. ئەم لۆژیکە چەوتەی ساڵانی ساڵە لای ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشق، بەرقەرار بووە و کاری پێ دەکەن، بەئەندازەیەک قووڵ و فراوان بووە، دەرفەتی ئایندەیەکی هیوابەخشی بۆ دەڤەرەکە لێ بەدیی ناکرێت. پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەوان بە ڕادەیەک گەیشتووە، ئەوان مەرگی خۆیان لە بوونی کورد دا دەبیننەوە،جا بۆیە بە هەموو ئیمکانێتی خۆیان دەیانەوێ بەردەومێتی بە ژیانی خۆیان لە جینۆسایدکردنی کورد دا بدەن.

ئەوە باوەڕی نامرۆدۆستی و ڕۆحی شەڕخوازی من نییە، کوێرەوەریی و ماڵوێرانی بۆ کەس بخوازم، بەڵکو ئەم حەقیقەتە زادەی مێژوویەکی تاڵ و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری بەرجەستە بووە، کە ئەوە ئەوانن! هەرچی وزە و توانایان هەیە، کردوویانەتە چەکێکی دوژمنکارانەی کوشندەی بڤە، لە بواری سەربازیی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگی دا، شەڕی کوردقڕانی پێ دەکەن. بە ئاشکرا بەرنامە و بیرکردنەوە و ئۆڤەریی ئەوان بۆ کورد بریتییە لە : زیندانی و سێدارە و ڕاگوێزان و بەهەموو شێوەیەک نکۆڵی بوونی کوردە. واتە هەرگیز نایانەوێت، ژیانێکی شایستە بە کورد ڕەوا ببینن. لەکاتێکدا ڕاستیەکی بەڵگەنەویست خۆی لەبەردەم هەمووان دا قووت دەکاتەوە، بریتییە لەوەی بێ چارەسەرێکی دادپەروەرانەی دۆزی نەتەوەیی کورد، هەرگیز ئارامی و ئاسایش لەناوچەکەدا سەوز نابێت.
کورت و پوختە، ئایندەیەکی کراوەی تژی لە پێشهات، ها لەبەردەم ئێمە و ئەوان دا، دەبا بزانین ڕەوڕەوەی مێژوو چۆن و بە کام ئاڕاستەدا خول دەخوات.

هەڵۆ بەرزنجەیی
١/٩/٢٠١٨




ئەڵمانیا و سێکوچکەی قەیران … هەڵۆ بەرزنجەیی

لە هەنووکەدا سێ بابەتی سەیر و هەستیار شەقام و ماسمیدیای ئەڵمانی داگیر کردووە. پەنابەران و کێشەکانیان و پرسی ئینتگراسیۆن و دابڕکردنیان، کۆچبەران، بۆچوونێک مشتومڕی لەسەر دەکرێت،دەبێت ئەڵمانیا دەی ببێتە وڵاتی کۆچبەران و باسی سێیەمیش ڕاسیسیزم و شکستی ئینتگراسیۆن.
ئەڵمانیا بەو هەڵکەوتە جیوسیاسییەی هەیەتی لەناو دڵی ئەوروپادا و وەک چوارەمین بەھێزترین دەوڵەتی ئابووریی جیھان، لە مێژووی خۆیدا کەمجار وەک ئێستا لە قەیرانی وا سیاسی و دبلۆماسی لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیھان کاتی بەسەر بردووە.

لەگەڵ فەرەنسا، وەک گەورەترین وڵاتی دراوسێ و دۆستی ستراتیژیی لە یەکێتی ئەوروپا و گەلێ بواری دیکەی ژیان دا. لە ھەنووکەدا لە سیاسەتی بەرگریی و سیاسەتی دراو دا کێشەی نێوان بەرلین و پاریس گەورەیە.ئەڵمانیا بۆ ڕزگارکردنی ئەوروپا، نایەوێت بیرۆکە نوێیەکانی پاریس/ ماکرۆن وەک خۆی قبوڵ بکات. ئاخر فەرەنسا ھەمیشە دەست پێشخەر و ڕابەری بزافی سیاسی ئەوروپا بووە. ماکرۆن ھەمیشە خاوەنی بیرۆکە و پێشنیاز و ئەجیندای مرۆییە بۆ ئەوروپا، ھاوکات بۆ پیادەکردنی بەرنامەکانی پێویستی بە پشتیوانی سیاسیی و دارایی ئەڵمانیا ھەیە.

ئەڵمانیاش وا تێدەگات، کەوا چ فەرەنسا و چ بەشێکی تری جیھان چاویان بڕیوەتە گیرفانی وڵاتەکەی. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەڵمان بەوە ناسراون کە گەلێ بە پارێز و ھەستیارن لە دەست برد بۆ گیرفانیان و گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی دارایی ھیچ کەس و لایەک. ئاخر ئەڵمان ھەر فێرە کەرەسەی تەکنەلۆژی بەرھەم بھێنێ و بیفرۆشێ و قازانج بکات و گیرفان و خەزێنەی پڕ بکات،نەک بە پێچەوانەوە دەست بکات بە گیرفانیدا.

فەرەنسییەکان لەم بارەدا دەڵێن ئەڵمانەکان ئێمەیان بەھەڵواسراوی بەجێھێشتووە. بەتایبەتی دوای دامەزراندنی پیسکۆ و وەک بەرتەکێک بۆ زیاتر بەدەتهێنانی ئازادیی سیای و ەربازی و ئابووریی و ڕزگاربوون لە هەژموونی ئەمەریکا.لەگەڵ وڵاتی پۆلۆنیا وەک ھاوسێیەکی گرنگی ئەڵمانیا و بوونی مێژوویەکی ھەستیار لە نێوانیان دا. کێشەکەش بەرئەنجامی نزیکبوونەوەی ئەڵمانە لەگەڵ رووسیادا و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندی پۆلۆنیا لەم مەیدانەدا.

بەتایبەتی ڕاکێشانی بۆری گازی رووسیا، لەسەر ھەژماردی بەرژەوەندی پۆلۆنیا و بالتیک Pipeline Nord Stream2لەتەک یەکێتی ئەوروپادا کە گوایە دەوڵەتێکی دیموکراس و یاسایی وەک ئەڵمانیا بۆ بەرژەوەندی خۆی پێشێلی بنەماکانی رێکەوتنی یەکێتی ئەوروپا دەکات. ئەمەش بەو واتایەی ئەڵمانیا لەهەوڵی ئەوەدایە ھەرچی بوێ و بخوازێ و لەبەرژەوەندی بێت ئەوە دەکات. بێ ئەوەی گوێ بداتە بنەماکانی رێکەوتنامە و دەستوورەکەی برۆکسل.

بۆ نموونە نزیک بوونەوە لە چین.لەگەڵ ئەمەریکا لە بواری بازرگانی و وزە و ناتۆدا کێشەی ھەیە،چونکە ئەمەریکا داوای یارمەتی مادیی زیاتری بۆ ناتۆ لێ دەکات بۆ بواری بەرگری و دژی بازرگانیی ئەڵمانیایە لەگەڵ رووسیادا و دەڵێ پێویستە لەسەر ئەڵمان مەرجەکانی بازرگانی قبوڵ بکات. ھەروەھا گەرەکە ئەڵمانیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەرکی زیاتر بخاتە ئەستۆیی و بە قورسایی ئابووریی و سەربازیی و یاسی خۆیەوە بێتە مەیدان و بەھیچ بیانوویەکی ڕووداوەکانی مێژووەوە خۆی نەدزێتەوە لە بەرپرسیارێتی. ئەمە لەسەر ئاتی ئەوروپا ھەمان داخوازی فەرەنساشە.

بەشێکی ئەم باسانە بیرۆکەی ناو کتێبی نوێی نووسەری دیاری ئەڵمانیا Christoph von Marschall بەناوی: ئێمە چی دیکە لە جیھان تێناگەین.
ڕۆژنامەی تاگەشپیگل ئەم ناونیشانە یان بڕگەیەکی ئەم کتێبەی کردۆتە باس و بابەتێکی سەرنجراكێش و بەندەش ھەمان بیرۆکەم کردۆتە ھەوێنی ئەم وتارە.

لە دوای دیداری یاخود بانگھێشتنی پۆتین بۆ ئەڵمانیا و دیداری مێرکل لە ١٧/٨/٢٠١٨ دا، بەشێکی زۆری ئەم کێشانە سەریان ھەڵدا و زەق بوونەوە. چونکە پۆتین داوا لەئەڵمانیا دەکات پەنابەرە سوورییەکان ڕەوانەی سوریا بکرێنەوە رووسیا خۆیشی ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکە لەم مەیدانەدا. ئەم پێشنیازە لە نێوەندی حیزب و کەسایەتییە ئەڵمانییەکان دا ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە ڕەخنەی توند بۆوە، چونکە ئەوانە پێیان وایە ئەم ھەنگاوە کتومت دەکاتە ھاوکاریی و پشتیوانی پێشکەشکردن بە ڕژێمی ئەسەدی خوێناوی و بکوژی ھەزاران ھەزار کەس.

هاوکات بەێکی زۆر لە دۆستەکانی ڕۆژئاوایان بەتایبەت بەم پلان و نەخشەیە ڕازی نییە. ئەمە دیوێکی سیناریۆکەیە، چونکە رووسیا باش دەزانێ ئەسەد پێویستی بەیارمەتییە و دەبێت پەناھەندەکان بگەڕێنەوە بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات. سووریاش ئامانجی ھاتۆتەدی ، کە لە ٣٠ ملیۆن سووری ١٠ ـ١٥ ملیۆنی باشی بەدڵی خۆی بۆ بمێنێتەوە ھەر قازانجێتی.

بەندە باوەڕی وایە کەوا بە شەپۆل ڕەوی خەڵکی سووریا بۆ پەنابەری لە ئەوروپا، هەر لەسەرەتاوە سیاسەت و ستراتیژێک بوو، خودی رووس ئەندازیار و نەخشەی بۆ کێشا بوو ، ئەسەدیش جێبەجێی کرد. ئەمەش مانای وانییە،خەڵکێک نییە بیەوێت لەو شەڕە هەڵ بێت و یاخی بێت،نەخێر ئاخر ئەو رۆژانە واتە پێش ٣-٤ لەمەوبەر ڕۆژانە لە سوریا نزیکەی ٣٠٠٠ ھەزار پەساپۆرت بۆ ھاوڵاتی سووری دەردەهات. ئەمەش بووە ریکۆردی گەورە لە دەوڵەتێکی پۆلیسی وەک سووریادا . سووریا لەم رێگایەوە داھاتێکی باشی دەست کەوت و ھەر ھاوڵاتییەکیش توانی پەساپۆرت بە ئاسانی بەدەست بھێنێ و بە سانایش بەرەو ئەوروپا ملی رێگا بگرێتە بەر .

ئاخر بەشێوەیەکی زۆر خێرا و سەیر ، سوریا دەرگای بەدەست ھێنانی پەساپۆرتی کردەوە و سەرسورھێنەرانە دەرفەتی ڕۆیشتنی خەڵکی فەراھەم کرد.ئامانجی رووسیاش لەم پلان و نەخشیە، سەرقاڵکردنی ئەوروپا بوو بە کێشەیەکی نوێوە، تاوەکو ئەو گوشارە توند و ھەڕەشانەی لەسەری دروست بوون، بە بۆنەی شەڕ و کێشەکانی داگیرکردن و ھەرا لە قریم و ئۆکرانیا لەبیر جیھان بەتایبەت ئەوروپا بەرێتەوە.

من لەم میانەدا، تەنھا تیشکێک دەخەمە سەرباسی سیاسەتی پەنابەریی ئەڵمانیا، ئێستا بارودۆخ سەبارەت بە پەنابەر بەجۆرێکی تر وەرسووڕاوە. ئەڵمانیا پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر کرد و تا ماوەیەکی باش دەرگای سنوورەکانی بە واڵایی بۆیان ھێشتەوە. لەم ڕێگایەوە ژمارەکی زۆر و بەرچاو لە پەنابەر بەتایبەت ووری ھاتنە ئەڵمانیا . ئەم ھەڵوێستەی حکومەتی مێرکل، بووە کێشە بۆ ناوخۆی ئەڵمانیا و تەواوی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا.

بەپێی سەرژمێرییەک %٤٣ ئەوەی هاتۆتە ئەڵمانیاوە تەمەنیان لە خوار ١٥ ساڵییەوەیە.کە بەتێکڕا زیاتر %٩٦ لە خوار ٤٠ ساڵییەوەن. ئەمەش دەستکەوتێکی مرۆییە گەورەیە،بۆ وڵاتێ رێژەی منداڵیزۆر کەمە و بە هەزاران هەزار دامودەزگا و سیاسەتی خۆی هەیە، زۆرینەی ئەمانە بکاتە کوڕی دەوڵەت، یاخود لە بازاڕی کارکردن دا بیانخاتە گەڕ بۆ پڕکردنەوەی ناتەواوییەکانی خۆیان.

لە پەڕاوێزی هەبوونی ئەم هەموو بێگانەیەدا، جارجار لێرە و لەوێ ڕووداوی نابەجێ و ناخۆ ڕوو بدات،لێ ئەمە هیچ لە بایەخ و سەنگی سیاسەتی ستراتیژی ئەڵمانیا کەم ناکاتەوە. بە کورتی و کرمانجی لەم مامەڵەیەدا، هەر ئەڵمان براوەیە. هەڵبەت ناکرێ بڵێێن هەستی مرۆدۆستی و کاریی مرۆیی لەناو ئەڵمان دا نییە، یاخود ئەڵمان شتی وای لەدەست نایەت،لێ بە هەموو خوێندنەوە و پێوەرێک ئەم خاڵە تەواو کز و سست و لاوازە.

ئەڵمان وڵاتێکە دوای یابان مەیلی دژە منداڵیان ھەیە ھەر خەریکی فێربوون و کارکردنن. بەھۆی پەنابەرانەوە باری ئابووریان زۆر پوژاوەتەوە و قازانجی ساڵانەیان زیادی کردووە لە ھەمووی گرنگتر نەوەی ئێستای ئەڵمان ئەوەی لە ژیان دا ماون ، زۆرینەیان نەوەی سەردەم و پاش جەنگن و پیر و پەککەوتە بوون و پێویستیان بە خزمەتە . ئەوەتا حکومەتی مێرکل لە وڵاتێکی وەک ئەلبانیاوە خەلک دێنن بۆ خزمەتیان بە ئیمتیازێکی زۆر گران .

زۆر پیشە لە فەوتان رزگاری دەبێت چونکە منداڵی ئەڵمان لەئاستێکی تردایە و ھەر خەریکی خوێندنی زانکۆ و باڵاترن.بازاڕی ئیش بە گەرمی پوژاوەتەوە و لەدوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیاوە،سەردەمی وا زێڕین نەهاتۆتە ئاراوە.

لەلایەکی ترەوە پەنابەر دیپۆرت دەکەنەوە. بەتایبەت بۆ ئەلبانیا و کۆسۆڤۆ و مەکەدۆنیا و ئەفغانستان و گەلێ لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ئەوەشدا کەوا فێری زمان بوون و لە هەوڵی خۆ دامەزراندن دا. لەڕاستی دا،کەس سەر لەم سیاسەتە دووفاقییە دەرناکات. وەک باسی دەکەن ئەوەی مافی مانەوەی پێ دەبەخشن، گەرەکە فێری زمان بوو بێت و خەریکی کار بێت و باج بدات و خۆی دامەزراند بێت ، دەنا ئەوانی تر ھەموو ڕەوانە دەکەنەوە. واتە پەنابەران لە بێژنیان دەدەن و باش بۆ خۆیان گل دەدەنەوە و تەمەڵ و تەوەزلەکان بۆ دەرەوە و ئەو شوێنەی لێوەی ھاتوون یاخود بۆ ئۆردوگاکانی بولگاریا و ئەلبانیا و ئیسپانیا. کەواتە ئەوە بەسەرچوو،خەڵک بیەوێ لەسەر سۆیال بژی. پەنابەرانیش هەموو بۆ ئەوەی مافی مانەوە وەرگرن، دەست بەکار بوون. بەشێکی کەمی خۆی سەرمایەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و لێرە خزمەتگوزاری دەکات، بەتابەت لە بواری چێشتخانە و کردنەوەی دووکانی شیرەمەنی فرۆشتن دا. ئەوی تریشی ناچارا هەر کارێکی پێ بسپێرن ،با بواری خۆیشی نەبێت،گەرەکە بیکات.

ئەڵمان چاویان بڕیوەتە سامانە مرۆییەکە، بۆ خۆشگوزەران کردنی ژیانی خەڵکی خۆیان و ھەڵبژاردنی باشەکان بۆ بازاڕی کاری ناوخۆیان .سەر وەختێ سەرقاڵی چاپکردنی ئەم بابەتە بووم، میدیاکان راگەیاندنێکی نوێیان بلاوکردەوە، کە گوایە پێویستە پەنابەر بۆ ساڵێک خزمەتی بکات، لەبواری خزمەتگوزاری گشتی یاخود لە وەزارەتی بەرگریدا.

ئەمە ناوڕۆکی سیاسەتی وەرگرتنی پەنابەرە، با بەشێکی گچکەشی پەیوەندی بە هەستی مرۆیی و ڕێزگرتن بێت لە مافی مرۆڤ و گوزەراندنی ژیانی ڕاستەقینە بێت لەسایەی سیستەمە دیموکراسییەکان دا،ئەڵمانیا بە نموونە .
بەڵام لە بنەڕەتدا ماستەکە بێ موو نییە.

٢٨/٨/٢٠١٨




ساتێک لە سایەی هونەر و وەرزش،لەتەک مامۆستا “عەلی لەتیف” دا … سازدانی: هەڵۆ بەرزنجەیی

پێشگووتنێکی کورتیلەی پێویست:

پێش ئەوەی مەرگی دزێو،هونەرمەند و وەرزشکاری دیار و هەڵکەوتووی شاری سلێمانی و کوردستانمان لێ دوور بخاتەوە،دەرفەتێکی گونجاوم قۆستەوە و ئەم چاوپێکەونەم لەتەکدا، ئەنجام دا،کە ڕەنگە دوا چاوپێکەوتنیشی بێت،بۆ میدیا کوردییەکان. چاوپێکەوتنەکە بەشی سەرەکی بە نووسین بوو، هەندێکی هەروا دووراودوور لە نێوان بەرلین و دارمشتاد دا بەرهەم هاتووە.
کاتی خۆی ئەم هەڤپەیڤینە لە سنوورێکی تەسکدا، بڵاوکرایەوە و بەداخیشەوە کۆمەڵی هەڵە و کەماسی تێکەوت بوو، کە شایانی گەورەیی و دڵسۆزیی ئەو هونەرمەند و وەرزشکارە بەتوانا و دڵسۆزە نەبوو. ئاخر دەبوو ئاوڕێ زێتر لەم کەسایەتییە بە خۆیی نزیکەی نیو سەدە ئامادەگی لە پانتایی هونەر و وەرزش دا بدرێتەوە و بایەخ بە ئەزموون و بۆچوونەکانی بدرێت.
ئێستا وەک ئەمەکێک بۆ ئەم کەسایەتییە جوانە دوانەی هونەریی و وەرزشییەی کورد، بەباشم زانی،جارێکی تر بە کارەکەدا بچمەوە هەڵەکان و کەماسیەکان نەهێڵم و کۆمەڵی زانیاری لەمەڕ ژیانی بۆ زیاد بکەم. هاوکات، چەند نموونەیەک لە کارە هونەرییەکانی نیشان بدەم و بەداخەوە دەستم بە کەس دا،نەگەشت هاوکاریم بکات لەمەڕ هەندێ وێنەی وەرزشی.
بە هیوام بەم قەرزدانەوەیە،رەوانی کاک عەلی لەتیف شاد بێت و دۆست و لایەنگرانیشی دڵخۆش بن و ڕۆشنبیریی و هونەری کوردیش خزمەتێکی پێ ببڕێت.

عەلی لەتیف: لە ١/٧/١٩٤٤ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە ١٨/٧/٢٠٠٩ دا لە شاری دارمشتاد کۆچی دوایی کردووە. خوێندنی لە سلێمانی تەواو کردووە. وەرزشکار و هونەرمەندێکی گەورەی شاری سلێمانی بووە. دەیان پێشانگای هونەری لە سلێمانی،بەخدا، وڵاتی یابان، ئیتالیا، فەرەنسا، پۆلپنیا، تورکیا، رۆمانیا، هۆڵەندە، ئەڵمانیا، کەنەدا کردۆتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە پەڕاگەندەی وڵاتی ئەڵمانیا بووە و لە شاری دارمشتاد جێگیر بوو بوو. میدیا و نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەڵمان بایەخیان زۆر پێداوە و بەرنامە و وتار و کتێبیان لەسەر نێسان داوە و نووسیوە. لە دوای خۆی دوو منداڵی بەجێهێشتووە.

١٥/٨/٢٠١٨
**********

لە هەناوی مێژووی بەرخۆدان و شکستی نەتەوەکەمان دا، هەمیشە چرکەساتی گەش و ڕۆڵەی بەئەمەک و تاکی هەڵکەوتوو ،وێڕای سیاسەتی دڕندانەی داگیرکەران بە زیندوویی بەرچاو دەکەون. تاکە جەسوور و دڵسۆزەکانمان، هەرگیز کۆڵیان نەداوە لە خزمەت و داهێنان. تا ڕۆژگارەکانیش سەخت و دەیجورتر بووبن، ئاوات و تێکۆشانەکان گەورەتر و بە بڕشتر بوون. ئەدەب و هونەری کوردیش لە هەوراز و نشێوی ئەم پرۆسەیەدا بەشی شێری پێ بڕاوە و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شکۆیە.

مامۆستا “عەلی لەتیف” بە خۆیی و زیاتر لە ٥٠ ساڵ کار و خەباتی بێوچانی هونەریی و وەرزشیی و هەڵوێستی نەتەوەییانەوە، کاراکتەرێکی درەوشاوەی لەبیرنەکراوی ئەم مەیدانەیە و یەکبینە دەست و خامە و فڵچەکەی، داهێنان لەدوای داهێنان و تابلۆ لە پاش تابلۆی خستۆتە سەر خەرمانی بەپیتی هونەری نەتەوەکەیی و بازاڕی مرۆڤدۆستانەی دنیاوە. ڕەنجی ئەم کاروانە دوورودرێژەی خزمەتەکانی مامۆستا، سەنگ و بایەخی مێژوویی و هونەریی خۆی هەیە.

هونەرمەند هەر لە منداڵییەوە ،حەز و خولیایەکی زیندوو هاوڕێیەتی ژیانی کردووە. ئەم ئارەزووە دواتر بۆتە ئاوات و داهێنان و گۆڕان و سەرئەنجام مامۆستا عەلی لەتیف، سەراپای ژیانی قاڵبوو لە کاری هونەر دا و بووە خاوەنی تایبەتمەندێتی سەربەخۆ و خاوەن مۆرک و ڕەسەنایەتی خۆی، کە بارگاوییە بە ستاتیکای ڕەهەندە نەتەوەیی و جڤاکییەکانی نەتەوەکەی. ئەم حاڵەتەش بۆ مامۆستا گەیشتن بە هەواری ئاسوودەیی هەست و دەروونی بووە،کە لە دەروازەکانییەوە دەرەتانی خەونی خزمەتی هونەری کوردی و گەیاندن و ناساندن و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی ڕەوتی کاروانی گەلانی دنیای پێشکەوتوو دەبینێتەوە. ساردیی و گەرمی ژیان بەو سەختییەوە هەتا ئێستا نەیتوانیوە، لە مامۆستا عەلی لەتیف خۆشەویستی بۆ هونەر زەوت بکات و مەملەکەتی هونەرستانی داگیر بکات.
مامۆستای هونەرمەند و وەرزشکار،لەم دیمانەیەدا بە تێروتەسەلی و وردیی و ڕاستگۆیانە، تیشک دەخاتە سەر زۆر لایەنی ژیانی هونەریی و کۆمەڵێ یادگاریی ئەزموونی وەرزشی خۆیی و کوردستان.

پرسیار: هونەرمەند عەلی لەتیف، دەیەوێت بە کارەکانی چ پەیامێک ڕابگەێنێت و ئاڕاستەی کێی دەکات؟ واتە هونەری تۆ بۆ چییە و بۆ کێیە؟

ع. لەتیف: من لەوەتەی دەستم داوەتە وێنەکێشان، کە لەخۆیدا هەستێک بوو لە ناخم دا پەنگی خواردبۆوە و نەمدەتوانی بەرەنگاری بکەم یان بەرهەڵستی ببم. من وەکو منداڵەکانی گەڕەک بزێو نەبووم، هەر بۆیە ئەو هەستە زوو منی دەستەمۆ کرد و تاوەکو لە ڕوانگەی ئەوەوە ناخی خۆم دەبڕم. زۆر شت هەبووە، لەژیانم دا بەسەرما تێپەڕیوە و نەمتوانیوە ئەنجامی بدەم. وەیان خواستی من نەبووە، هەر بۆیە پەنام بردە بەر هونەر تاوەکو لەو ڕوانگەیەوە ئەوەی دەمەوێت و لە ناخمدایە لەم دەروازەیەوە بیخەمە ڕوو. بەڵێ من هەر زوو لەکەناری هونەردا، هەواری خۆم هەڵدا و دەروونم ئارامی بۆوە.
هونەر لای من پەیامێکی مرۆڤایەتی نەتەوەییە. لەڕێی هونەرەکەمەوە ژیانی خۆم کەسوکار و گەڕەک و شار و نەتەوەکەم دەگێڕمەوە. وە پێش ئەوەی من هونەر بۆ نەتەوەکەم بکەم، بۆ هەستەکانی خۆمی دەکەم. ئەو هەستانەی کە پەیوەندە بەناخی خۆمەوە. لەوەتەی دروست بووم، ئازار و ئەشکەنجەی ناخی خۆم و نەتەوەکەم لە ڕێی کارە هونەریییەکانمەوە بە هێڵ و ڕەنگ دەردەبڕم و هەرکاتێک نەتەوەکەم و ڕۆڵەکانی لە کارە هونەرییەکانم دا، هەستیان بەوە کرد کە ژیانی ئەوان دەگێڕمەوە و وەکو ئاوێنەیەک خۆیانیان تێدا بەدی دەکەن، ئەوکاتە نەتەوەکەم و ڕۆڵەکانی بە بەشێک لەخۆیان وەیان بە موڵکی خۆیانم دەزانن. ئەودەم هونەرەکەم دەبێتە موڵکی نەتەوە، بێ ئەوەی خۆم بە زۆر بیسەپێنم بەسەریان دا و هیچ خاترانەیەکی تێدا بێت.

پرسیار: تۆ چەکی هونەرت بەدەستەوەیە، ئەم چەکەش کاریگەر و بڕندەیە. دەکرێت باسێک لە شێوازی هەڵسوکەوتت لەتەک ئەم دەستاوێژەدا بکەیت؟.

ع. لەتیف: ئاشکرایە کە هونەر لە هەموو سەردەمانێکدا، چەکێکی زۆر گرنگە لە هەموو بوارەکانی ژیان دا. هەر وەکو پێشر باسم کرد، من ئەو چەکەم هەڵبژاردووە، ویستوومە ئەوەی بەسەر خۆم و نەتەوەکەم دا هاتووە، ئاشکرای بکەم و لە ڕوانگەی هونەرەکەی خۆمەوە ئازار و مێژووی ڕابووردووی بە گەلانێکی تری ئەم سەر زەمینە، ئاشنا بکەم و پێناسەیەکی جوانی نەتەوەکەم بکەم. هەر وەکو دەیان ڕۆشنبیر لە ئەوروپا هاتوونەتە لام و زۆر بەخۆشییەوە وتوویانە، ئێستا دەزانین نەتەوەکەت کێیە و لەکوێ دەژین و چەند بەشن. هەندێکیان بۆ نموونە پرۆفیسۆر”یۆهانیس یۆردان”و هونەرمەندی ئەمەریکی “نۆرمان رۆجەرز” کە چەندین جار ئەوەیان وتووە، کە لەڕێی تابلۆکانی منەوە نەتەوەکەمیان ناسیوە و کەوتوونەتە پەیداکردن و خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی لەسەر کورد نوسراون، بەزمانی خۆیان و چەندجار لەکاتی پێشانگاکانم دا، سیمینار کراوە لەسەر ” کورد و کوردستان”، کە لەڕێی سلاید و فلیمەوە خۆیان ئامادەیان کردووە و لەسەری دواون. وە لە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاری جیاجیادا، لەسەر ژیان و نەتەوە و کارەکانم پسپۆڕانی باش لەسەریان نووسیوم.

پرسیار: بەشێکی بەرچاوی تابلۆکانت بە فیگۆری ئافرەت و جەستەی ڕووتی نەخش بووە،مانای ئامادەگی بەردەوامی توخمی مێینە بەوچەشنە لە کارەکانتدا چییە؟.

ع.لەتیف: لە ڕاستیدا چەند جارێکی تریش ئەم پرسیارەم لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا لێکراوە. وتوومە ئەم کارانەم کە لەسەرەتای هەشتاکانەوە، تا کۆتایی هەشتاکان بەردەوام بوو، سەردەمی هونەریی سریالی من بوو. ناچاربووم پەنابەرم بۆ ئەو قوتابخانە هونەرییە،کە ئافرەتی ڕووت لە زۆربەیان دا بەرجەستە دەکرا. من لەو قۆناغەدا مەبەستم لەو بیرۆکانە هیچ پەیوەندییەکی بە واتای دەرخستی لەشی ئافرەت و سێکسەوە نەبووە. بەڵکو دەربڕینەکانم، هەستە نەتەوەییەکانم، ئازارەکانم، دەردە کۆمەڵایەتییەکانم، بەوە دەربڕیوە، تاوەکو رژێمی چەپەڵ تێنەگات، من باسی چی دەکەم. وە دیسان ڕۆژانێک دێت کە بزانن من چیم کردووە.

بۆ نموونە تەنها لەسەر یەک تابلۆ دەڕۆم و شیدەکەمەوە و هەڵبەتە ئەوانی تریش هەر لەو ڕوانگەیەوە و بەهەمان مەبەست کراون. یەکێک لەو تابلۆیانە کەلە سایتەکەمدا هەیە، بەڕەنگی ڕۆنی بە قەبارەی ١١٠/١٤٠سم کردوومە، ئافرەتێکی ڕووتە لەسەر پشت پاڵکەوتووە، بەڵام سەری تەنها کەللەسەرێکە و گۆشتی پێوە نەماوە. کۆمەڵێک قەلەڕەشکە هاتوونەتە سەر لاشەکەی، بەدەنووک گۆشتی لەشی دەخۆن و لەبەشی خوارەوەی ڕانی پەپوولەیەکم دروستکردووە نیشتۆتەوە و کۆمەڵێک ئافرەتیش وەکو باڵندە، بە ڕووتی بە ئاسماندا دەفڕن. لێرەدا مەبەستم لەو ئافرەتە خاکی کوردستانە، کە وەکوو ئەو ئافرەتە قژ زەردە جوانەیە و بەعسییە ڕەشەکانی هاتوونەتە سەر لاشەمان، خوێنمان دەمژن و پارچە پارچەمان دەکەن. پەپوولەکەش هیوای ئەو میللەتەیە، کە چاوەڕێی سەرفرازی و بەهارێکی نوێی ترە. وە ئافرەتەکانی ئاسمان ڕۆڵەی نەتەوەی کوردن،کە رۆژێک دێت بە ئازادی وەکو باڵندە بە ئاسمانی کوردستان دا گوزەر بکەن. تابلۆی زۆری ترم لەو شێوازە بۆ (هەڵەبجە و ئەنفال) کردووە و نەترساوم و لە سلێمانی و لە بەخدا لە “هۆڵی ڕەشید” پێشانگام کردۆتەوە و وتم چی دەبێت با ببێت. دەرهێنەر “ناسر حەسەن” شاهیدە و ئەو زوو تەلەفونی بۆ کردم کە بەغدا بەجێبهێڵم ،چونکە ڕژێمی بەعس بەهەر بیانوویەک بێت دەیانویست بمکوژن. ئەوە بوو پێشانگاکەم لەبری ئەوەی ٣ هەفتە بخاێنێ تەنها ٣ یان ٤ ڕۆژی خایاند. زۆربەی تابلۆکانمیان دڕاندبوو. دوای تەواوبوونی ئەو پێشانگایەم بە ٣ مانگ بە دزییەوە ئەو تابلۆیانەی کە مابوون هێنرانەوە سلێمانی.

پرسیار: سیمایەکی دیکەی بەرهەمەکانت کار لەسەر “کەللەسەر”ی مرۆڤە. ئەو هێما و مانایانەی تابلۆکانت لەم ستایلەدا دەینوێنێت بۆ تۆ هەڵگری کام ئەندێشە و دەربڕی کام ژان و ئازار و پەنابردنە بەر کام لە سیمبۆلە مرۆیی و فەلسەفیی و هونەرییەکانە؟.

ع.لەتیف: لە ڕاستیدا هەر وەکو پێشتر باسم کرد لەو سەردەمەدا، یان لەو قۆناغەدا چەند تابلۆیەکم ئەنجام دا،کە زیاتر فیگەری کەللەسەری مرۆڤ بوون. ئەگەر بە وردی سەیریان بکرێت،چی ئازار و ئەشکەنجە و ناخی مرۆڤەکەیە، خستومەتە سەر ڕواڵەتی کەللەسەرەکان و بە ئاسانی نەکرابوون. دیارە ئەوانە هێمایەک بوون بۆ ئازار و ئەشکەنجە و کیمیایی و گۆڕی بەکۆمەڵ کە دەرهێنانیان ئەو ڕواڵەتانەیان پێوە دیار بوو.
پرسیار: هەندێک جار ناسینەوەی فیگۆرەکان لە نێو شەپۆل و هێڵکاری ڕەنگەکان دا بۆ تەماشاوانێکی سادە دژوارە. وەڵامی هونەرییانەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
ع.لەتیف: هونەری شێوەکاری هەروەک ئەدەب و شیعری ئەمڕۆ کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و دەبێت بە گوێرەی ئەو گۆڕانکارییانە، منیش ئەسپی خۆم لەنێو شەپۆلی ڕەنگدا تاو بدەم. هەمیشە ویستوومە کارێک بکەم، پێشتر نەکرا بێت. واتە پەنام بردۆتە بەر ڕەنگ ئەو ڕەنگانەی نەتەوەکەم پێیان ئاشنایە. لە کەلوپەل و جلوبەرگدا، کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکان کە بەکاردەهێنرێت یان بەکار هاتووە. چونکە زۆربەی دەربڕینەکانم، بە ڕەنگەوە، ڕەنگ لای من جۆرە ئازادییەکی هونەریم پێببەخشێت و سنووری دیاریکراوم بۆ دانانێت. چونکە هونەر سنووری نییە و بۆیە من زۆر هەست بە ئازادییەکی بێسنوور دەکەم لە بەکارهێنانی ڕەنگ دا. ئاخر دەشێت ڕەنگ هەموو شتێک بێت، لە کاری هونەری شێوەکاریدا و بگرە زۆر کایەی هونەری دیکەشدا.

پرسیار: هزر و ڕامان یان تەکنیک و فڵچەکاری مەرجی گرنگن بۆ سەرکەوتنی هونەرمەند؟

ع. لەتیف: ئەم پرسیارە زۆر گرنگە بۆ من. لێرەدا باسی تەکنیک یان فڵچە دێتە پێشەوە. لەڕاستیدا هونەرمەند گەر بێت! و بایەخ بە تەکنیک وەیان تەکنیکی جیاواز نەدات،لەکارەکەیدا هەروەک ئاسنی سارد بکوتێت وایە. من نزیکەی ٥٠ ساڵە خەریکی هونەری شێوەکاریم. ئەوەی تێگەیشتووم ،گەر هونەرمەند هەر هونەرمەندێک بێت، لەهەر بوارێکدا بێت،گەر خاوەنی تەکنیکی جیاوازی خۆی نەبێت،هونەرەکەی وەک لاساییکردنەوە و سوونەوەی، شێوازە کۆنەکانی هونەرمەندانی پێشتر یان یەکێکی ترە. بۆیە هەردەم هەوڵم داوە بەردەوام کار بکەم و ئەو کارەی کە ئەیکەم، بزانم چیم کردووە! یان چی دەکەم! بۆیە ماوەی ٦ ـ ٧ ساڵە من بەتەواوی، لەم قۆناغەدا بە هیچ جۆرێک فڵچە بەکار ناهێنم لە کارەکانمدا، مەگەر زۆر بەدەگمەن نەبێت. وە ئەو کەرەستانەی بەکاریان دەهێنم، زۆربەیان خۆم دروستیان دەکەم لەتەختە و تەنەکە و پلاستیک و ئەسفەنج و شتی تر، تاوەکو شێوازێکی تایبەتی خۆم هەبێت و هونەرەکەم بە شەقڵی منەوە بناسرێتەوە. لەبەرئەوە ئەمڕۆ گەر هونەرمەند نەتوانێت ئەو کارە بکات، بڕواناکەم هونەرەکەی ئەو بایەخەی پێ بدرێت، بەتایبەتی لەلایەن ڕەخنەگرانی هونەری شێوەکارییەوە. دیارە ئەم وەڵامە زیاتر دەخوازێت لەسەری بڕۆم چونکە گرنگە.

پرسیار: پێداویستی خوێندنەوەی قوڵی مێژوو و شارەزایی لە ڕەهەندە هزریی و مەعریفییەکان و سیاسەت دا چەند پێویست و گرنگن بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەری جوان و بەهێز لەلایەن هونەرمەندەوە؟

ع.لەتیف: هونەرمەند وەکو سەربازێک وایە لە جەنگدا.گەر ئەو سەربازە چەکی تەواوی بەرگری و هێرشی پێ نەبێت،زوو لەناو دەچێت. هەروەها هونەرمەند پێویستە زۆریش گرنگە ئاگاداری گەورە و بچووک و کۆن و نوێی مێژوو و بەسەرهاتی نەتەوە و کۆمەڵگاکەی بێت. تاوەکو هەموو کات وەکو زەخیرەیەک بەکاریان بهێنێت لە کارە هونەرییەکان دا. دووبارە زۆر گرنگە لە کۆمەڵگا و نەتەوە جیاجیاکانی ئەم سەرزەمینە ئاشنایەتییەکی کەم یان زۆری هەبێت. بەڵام زۆر گرنگە زیاتر لە بواری هونەری ئەو نەتەوانە و هونەرمەندانیان ئاشنا بێت. کە وەکو زەخیرەیەکی ڕۆشنبیریی بۆ هونەرمەند گرنگە. وە بەراوردکردنی هونەری خۆی و هونەرمەندانی ئەو نەتەوانە بەتایبەتی نەتەوە پێشکەوتووەکان لە بواری هونەرددا زۆر پێویستە و گرنگە،تاوەکو ئاستی هونەری خۆی بزانێت و لەو ڕوانگەیەوە پەرە بە هونەرەکەی بدات وەیان گۆڕانکاری وەیان داهێنان بە دەست بهێنێت. هونەرمەند چەند پاشخانی بەهێزی هەبێت،هێندە زیاتر دەرەتانی سەرکەوتنی بۆ واڵا دەبێت.

بەهەمان ئەندازە هونەرمەند، دەبێت لەگەڵ ژان و ئازاری نەتەوەکەیدا، بژی و گوێ بە ترپەی دڵی نەتەوەوە بگرێ، تا لە ناخ و کرۆکی پێداویستییەکانی باشتر تێ بگات.

پرسیار: تۆ لە کارەکانت دا چ خەسڵەت و بنەمایەکی تایبەت پیادە دەکەیت،لەپێناوی سەنگ و بەهای هونەرەکەتدا؟وەک دەزانین هونەر گرنگی سەرەکی ژیانی تۆیە؟.

ع.لەتیف: من وەک خودی خۆم کارکردنم بەلاوە گران نییە،کەبڕیار بدەم ئەنجامی بدەم بەقەدەر ئەوەی کە لەلام زۆر قورسە کە من چی بکەم!. ئەوە گرنگە لای من،چونکە ئەنجامدان لەتەک شارەزایی بووندا زۆر گران نییە،ئەوەی بایەخی هەیە بەلامەوە ئەوەیە کاتێ کە بمەوێت کارێکی هونەری ئەنجامی بدەم ،لەسەرەتادا بەلامەوە زۆر سەخت و قورسە.
ئەوەی من دەمەوێت و بیری لێ بکەمەوە وەکو بیرکردنەوەی تەنانەت پێش یەک ڕۆژیش نییە. چونکە من وەکو دوێنێ نامەوێت بیر بکەمەوە. دەمەوێت کارێک ئەنجام بدەم، لە ڕووی تەکنیکەوە بەهێز بێت. بیرۆکە لەلای من زۆر قورس نییە، چونکە وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەوەندە بابەتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و بەسەرهاتەکانی لە مێشکمدایە،پێویستم بەوە نییە خەمی دۆزینەوەی بخۆم. ئەوەی بەلامەوە گرنگ و مەبەستە، چۆن بینەرێکی ڕۆشنبیر بڕوانێتە کارە هونەرییەکەم؟. گەر من توانیم ئەوە بکەم زۆر بەئاسانی ئەو بینەرە لێم دێتە پێشەوە و دەپرسێ کە من کێم و لەکوێوە هاتووم. ئەوجا دەزانم من توانیومە، ئەو ئاواتە یان خۆزگەیە بپێکم. ئەمەش ئەو ئاوات و ئامانجەیە،کە من هەوڵی بۆ دەدەم و لە ڕێی هونەرەکەمەوە بە بینەرانی ڕادەگەێنم.

پرسیار: بەئاگاداریی من هونەرمەند عەلی لەتیف بە دوو ئاڕاستە و لەسەر دوو جەمسەر کار دەکات،تاوەکو هونەری کوردی بگاتە ئاستی پێویست. ئالێرەوە دەمانەوێت بزانین لە ئاڕاستەت یەکەمدا،دەتەوێ چی بە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەت پێشکەش بکەیت و لە ئاڕاستەی دووەمدا،گەرەکتە چی بە بێگانە بناسێنێت؟.

ع. لەتیف: من هەمیشە ئەوەم وتووە، ڕۆڵەی کورد گەر بیەوێت خزمەتی نەتەوەکەی بکات، مەرج نییە هەر بە هەڵگرتنی چەک بێت. نەتەوەکەمان پێویستی بە هەموو کەسێک هەیە، کە خزمەتی بکات. نەتەوەیەک هەر تەنها چەک بەشانی هەبێت و بەرگری لێ بکات ناگاتە ئامانج و خواستەکانی نەتەوە، ئەو نەتەوانەی کە ئەمڕۆ لە ڕیزی پێشەوەی نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەتەنیا بە چەک نەگەیشتوونەتە ئەو ئاست و ڕادەیە، بەڵکو لە پشت یان لە پێش چەکەوە کەسانێک بوون، کە توانیویانە خزمەت بە نەتەوەکەیان بکەن و بێ ئەوەی ڕۆژێک دەستتیان بەر چەک کەوتبێت. بەڵکو ئەوان چەکی ڕۆشنبیریی و هونەرییان بەدەستەوە بووە. بوونە پێشمەرگە و هەڵگرتنی چەک لەوانەیە هەر کەس بتوانێ، وەلێ هەر تاکێک خاوەنی بەهرەی هونەریی نییە، بتوانێ تابلۆیەک بکێشێ یان پەیکەرێک داتاشێت. چەکی هونەریش پاڵپشت و تەواوکەری ئەرکی چەکی ڕاستەقینەیە و دەوڵەمەند و فرەلایەنی دەکات.

پرسیار: چ هۆکارێ زیاتر بۆ کێشانی تابلۆیەک دەتهەژێنێت؟.

ع.لەتیف: لە ڕاستیدا هۆکار زۆرن. بەتایبەتی ئەوانەی زیاتر دەمهەژێنن، زیاتر بارودۆخی نەتەوەکەمە. وە من بیر زیاتر لەوانەی دەکەمەوە، کە ئەو هۆکارە دەگونجێت لەگەڵ شێواز و تەکنیکی هونەری ئەمڕۆمدا و چەند هۆکارێک لەیەک بدەم و بیانکەمە یەک و بیانگونجێنم، لەتەک هەست و دەربڕینی هونەریم دا.
پرسیار: سلێمانی و سروشتی کوردستان لە پانتایی کارەکانی تۆ دا چ پێگەیەکیان هەیە؟لەم هەندەرانە قورسایی یادگار و بیرەوەرییەکانیان لەسەر هونەرەکەت چەندە؟.
ع.لەتیف: من کەسێکم و هاوڕێکانم هەموو ئەوە دەزانن کە من شارەکەم سلێمانی هێندەی خۆم خۆشم دەوێت. دیارە من هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستانم لا پیرۆز و خۆشەویستە، بەڵام سلێمانی پارچەیەکە لە هۆش و هەست و گیانم. خاوەنی ژمارەی زۆر زۆری تابلۆم لەسەر ئەم شارە و هەروەها، سلێمانی بۆتە بەشێکی هەرە گەورەی ژیانم. وە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە ئەڵمانیام و بە ڕۆژانە خەریکی کاری هونەریم وە لە ٩٠% ی تابلۆکانم بیرەوەرییە نەتەوەیی کوردییەکانە. لەبەر ئەوە ناتوانم بۆ تەنهاساتێکیش بەبێ ئەو یادەوەرییانە، هەناسەی ژیان هەڵبمژم و بژیم.
چ هێزێک پەی پێنابەم، لەم جیهانەدا جگە لەمەرگ، بتوانێت کۆڵان و گەڕەکەکانی شار و دیمەنی چیاکانی دەوروبەری و جوانی سەیرانگاکانی و و چێژ و لەزەتی خواردنیی و دەنگی هونەرمەندەکانی و گۆڵمەزی شێتەکانی و نوکتە و سەرگورشتەی پیاوە قسەخۆشەکانی و هەزاران هەزار دیاردە و وێنە و بەسەرهات و بابەت و بەسەرهاتم لەم شارەدا لە بیردا بسڕێتەوە.
پرسیار: کام ڕەنگت بۆ هونەرەکەت زۆر لا سەرەکی و گرنگە؟ئایا ڕەنگی هەمەجۆر مانایجیاواز نمایشت دەکات یان فەنتازیای هونەرمەند،بڕیار لەسەر هەڵبژاردنیان دەدات؟.
ع.لەتیف: من کەسێکم عاشقی ڕەنگم و جەسوورانە و بێترس هەموویانم بەکارهێناوە. هەروەک ڕۆژنامە ئەڵمانییەکان باس لەو نەترسی و کەرنەڤاڵە ڕەنگینەی من دەکەن. وە یان ئاماژە بە تەقینەوەیەکی ڕەنگەکان لە تابلۆکانمدا دەکەن. پێشتر باسم کردووە، من بە ڕەنگ دەدوێم، هەستەکان،دەربڕینەکان بەڕەنگ دەیانهێنمەوە دەرەوە،چونکە تاموچێژێکی هونەری و ئازادییەک لە بەکارهێنانی ڕەنگدا بەدی دەکەم. من هەموو ڕەنگەکان بەکار دێنم و زۆرجار ئەو ڕەنگەی وەک پێویست دەبێت بۆ فیگەرێک بەکاری بهێنم. من ئەوە بیری لێناکەمەوە. بەڵکو زۆرجار لە ڕواڵەتی مرۆڤێکدا دەیان ڕەنگ بەکار دەهێنم و دەیخەمە ڕوو. هەروەک ناخی ئەو مرۆڤەکان من بە ڕەنگ بەرجەستەی دەکەم، بەڵام زۆری تابلۆ تازەکانم ڕەنگی سوور و شێوەکانی تری ئەو ڕەنگە وەکو پاڵەوانێکی تابلۆکان بەکار دەهێنم و زۆرجار گەڕاوم بۆ ئەو ڕەنگانەی کە فسفۆڕین و کاریگەرییان لەسەر چاو و هەست هەیە بەکاریان دەهێنم.

پرسیار: وەک ئاگادارم هەتا هەنووکەش ڕۆژانە زیاتر لە شەش کاتژمێری خۆتان بۆ کاری هونەریی تەرخان دەکەن. شاراوە نییە ڕاپەڕینی کاری هونەری بەتایبەت شێوەکاری. ئەرک و خەرجییەکی زۆری پێویستە. ئایا بەرهەمەکان داهاتی درێژەدان بە کارەکان دابین دەکات؟داخۆ بازاڕی هونەری کوردی هێندە گەرمە داوای زۆری لەسەر بێت؟دەنا بەتەنیا باڵی لە ژیانی فرە جەنجاڵی ئەوروپادا چ دەرەتانێ بۆ کاری هونەری دەمێنێتەوە؟.

ع.لەتیف: من ١٥ ساڵە لە ئەڵمانیام و هەر لە یەکەم ڕۆژەوە خۆم لای کاربەدەستان وا نیشان داوە کە هونەرمەندم و جگە لە هونەر هیچ کارێکی تر نازانم. هەر بۆیە هەتا ئێستا ڕۆژێک بەرەسمی کارم نەکردووە. بەردەوام سەرگەرمی کاری هونەریم و لێپرسراوانی هونەری ئەم شارەی تێیدا دەژیم جێگەی تایبەتییان بێبەرامبەر پێبەخشیووم، کە چەند ژوورێک و باخێکی باشیشی هەیە، وەک ئاتێلیی بەکاری دەهێنم. ئێستا ڕەنگە ٧٠٠ ـ ٨٠٠ تابلۆی تازەی تێدا بێت و لە ساڵی ١٩٩٥ وە،کە یەکەم پێشانگام بووە تا ئیمڕۆ، من ساڵانە پێشانگای تایبەتی و بەشداریم هەبووە. بەردەوام لەو پێشانگایانەدا تابلۆیان لێکڕیوم و ڕەنگە لە هونەرمەندەکانی ناوخۆی ئەم شارە زیاتر تابلۆم لێکڕدرابێت. دیارە هەمیشە ڕێزم لە هونەرەکەم گرتووە، بە سووکی پێشکەشم نەکردووە، هەربۆیە هەمیشە گرانترین نرخم لەسەر داناون. هەندێ جاریش سەردانی ئاتێلیییەکەم دەکەن و ناوبەناو تابلۆم لێدەکڕن کە بەشی چوارچێوە و بۆیە و کارتۆن و کانفاس دەکات. من زۆر ئەرکم لەسەر ژیان نییە هەر من و خێزانەکەمین و هەردوو کوڕەکەم پێگەیشتوون و خۆشبەختانە پێویستیان بەهاوکاری من نییە. لەمەش زیاتر ژیانم هێندە بەقورسی نەگرتووە و بەگوێرەی بەڕەکەی خۆم پێ ڕادەکێشم. بەختەوەری من لەوەدایە، کە تابلۆیەکی جوان ئەنجام بدەم، ئۆخژنێکم بەدڵدا گوزەر دەکات. کاتێک لە دیمەنی بەرهەمێکی تەواوبووم دەڕوانم، دەستبەجێ ڕۆحم ئارام دەبێتەوە و پشوو دەدات.

پرسیار: ئایا تاراوگە و ژیانی ئاوارەیی بۆ ئێوەی هونەرمەند دەکاتە گەیشتن بە کەناری حەسانەوە و هاتنەدی خواستەکانی دڵ؟ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی هەندەرانت چی نوێی پێ بەخشیویت و چی لێ سەندوویتەوە؟.

ع.لەتیف: لەڕاستیدا ژیانی تاراوگە بۆمن لە ڕوانگەی هونەرییەوە گەیاندوومییەتە لووتکەی حەز و ئاوات. بەوەی من بە درێژایی ئەم ساڵانە، لە نهێنییەکانی زۆر لایەنی هونەر تێگەیشتووم و لە ئەزموونەکانی هونەری ڕۆژانەی خۆمدا مامەڵەم لەتەکدا کردوون و بە وریاییەوە ئەنجامم داون و چەندە هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و ناودار بوونەتە هاوڕێم. هەروەها شاعیران و نووسەرانیش کە بۆ من خەونێک بوون هەمووی هاتەدی. دەستگایەکی ڕۆشنبیریی هونەریی کتێبێکی هونەری لەسەر ژیان و کارە هونەریییەکەی من دەرکردووە، کە ٥٥ لاپەڕەیە و بەشێوەیەکی زۆر قەشەنگ و نایاب چاپیان کردووە. ئەوە هەتا هەنووکە لە کوردستان بەداخەوە بۆمن نەکراوە. هەروەها لەتەک چەند شاعیرێکدا، چەند نامیلکە و کتێبی بچووکمان ئەنجام داوە،کە هیچیان بۆ من یەک سێنتی تێنەچووە و لەسەر ئەرکی هونەرمەندە ناسراو و گەورە پیاوانی ئەم شارە چاپکراوە. ڕێز لەخۆم و هونەرەکەم بەو قەبارە و سەنگە گیراوە. لەمەش زیاتر لە یەکێک لە کتێبەکاندا پارێزگاری شاری دارمشتاد پێشەکی کتێبەکەی نووسیوە و باسی منی کردووە. ئەمەش بەر لەمن بۆ نەتەوەکەم جێی شانازییە. لەلایەن د. کلاوس قۆڵبەرت سەرۆکی ئینیستیتوتی هونەریی و ئەدەبی ١٠٠٠ هەزار مارک خرایە سەر کۆنتۆکەم، بۆ ئەوەی کەرەسەی هونەریی باشی پێبکڕم و زۆر یارمەتی تریش دراوم، لەلایەن ئەوانەی هونەرەکەی منیان لاپەسەندە. لەدەرەوەی ئەمانەش ڕۆژنامەی ئەم شارە کە زۆر بڵاوە، بێ ئەوەی ئاگام لێبێت، سایتی هونەریی بۆ کردوومەتەوە و هەروەکو هونەرمەندێکی شارەکە ڕێزیان لێگرتووم. لە ئەرشیفی هونەریی ئەم شارە کردوومیان بەئەندام لەتەک کەڵە هونەرمەندەکانی خۆیاندا دایان ناوم. زیاتر لە ٧ ساڵە بە فەرمی بوومەتە ئەندامی شێوەکارانی جیهانی و پێناسەم هەیە کە سەردانی هەموو گەلەرییەک یان مۆزەخانەیەک بکەم بەخۆڕایی. شایانی باسە لە زۆر ماڵی هونەرمەند و ڕۆشنبیری ئەم شارە تابلۆی منیان هەڵواسیوە،کە لە پێشانگاکانمدا دیویانە و بەلایانەوە جێی سەرنج بووە و دواجار کڕیویانە.

سەبارەت بەدیوی دووەمی پرسیارەکەت، ئەوەی لەدەستم داوە و لێم سەندراوەتەوە،دووری کوردستان و شارەکەم بە تایبەتی هاوڕێ دێرینەکانم، کە ڕۆژانە بۆ ساتێکیش بێت لەیادم ناچن و لە خەیاڵمدان. شاراوە نییە نامۆیی و حەسرەتی وڵات و مەینەت و کولەمەرگی ژیانی نەتەوەکەم، کڵپەی گڕێکی ناو دەروونمە، بە هیچ شتێک دانامرکێتەوە و هەرگیز ئۆخژنم نایەت. لاتان سەیر نەبێت هونەرمەند هەست ناسکتر و زووتر و زیاتر دەرک و هەست بە ڕووداوەکان دەکات و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. من چەند بە لاشە دوور بم،هەزار هێندە بە ڕۆح و هەست نزیکم. مەگەر مرۆڤ هەست و هۆش و باوەڕ نییە؟!.دوا وتەم لەم ڕووەوە وەبیرهێنانەوەی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ئەویش من بەخواستی خۆم نیشتمانی دایکم بەجێنەهێشتووە،کۆمەڵێ پاڵنەر هەبوون لە ویستی من مەزنتر بوون و ناچاریان کردم ڕوو لە هەندەران و ئاوارەیی بکەم. بۆ ڕازاندنەوە و گوزارشتی تەواوی ئەم دۆخەی من لێرەدا دەمەوێ بۆ تۆی ڕووماڵ بکەم، کۆپلە شیعرێکی مامۆستا هێمن دێنمەوە،کە پێم وایە زۆر شاعیرانە و هونەرمەندانە دەردەکەی پێکاوە:
دەردی دووری دەردی دووری کوشتمی
دەردی وشیاری سوبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردووم قەرار و خورد و خەو

پرسیار: ژیانی ئێوەش وەک تاکێکی کورد و هونەرمەندێکی دیار بە دوور نەبووە لە شاڵاو و چەپۆکی داگیرکەرانی کوردستان. تۆ لەسەرەتای لاویدا ١٩٦٣ زیندانی کراویت و کەسوکارت لە زیندانی بەعسییە فاشییەکاندا گیرابوون و کۆمەڵێ ڕووبەڕووبوونەوە و تەحەدی دیکە هاتۆتە بەردەم ژیانتان. لەگەڵ ئەمانەش دا هونەرمەند عەلی لەتیف لە داهێنان و درێژەدان بە هونەر کۆڵی نەداوە. ئەم دیاردەیەمان چۆن بۆ ڕوون دەکەیتەوە و شانازییەکانی چین؟

ع.لەتیف: من هەروەک هەموو هونەرمەندێک لەسەردەمی لاوێتیم دا، بە کلاسیک دەستم پێکرد. دوایی بە واقیعی و دواتر واقعییەکی تەعبیریی، کە جێی فڵچەکان دیاربوون و هەندێ یاری بەڕەنگ لە کارەکان دا و خەستی ڕەنگەکان و ئەستووری بەکارهێنانیان. ئەوانە زیاتر تا ناوەڕاستی حەفتاکان بوو. دواتر ڕێبازی تەعبیریی ـ دەروونی زیاتر باڵی بەسەر کارە هونەریەکانمدا کێشاوە و قەناعەتم بە کلاسیک و واقیعی زۆر کەم بووەوە و حەزم بە گۆڕان و جیاوازی دەکرد لە نێوان هونەرمەندانی برادەرم دا. لەسەرەتای هەشتان لە هێڵکارییەوە بۆ بۆیەی ئاویی و دواتر ئەو پرۆژانە کرانە بۆیەی ڕۆنی، کە شێوازێکی دۆزییەوە چوراپاڵوو ـ تعکیبی، من کردم بە سێگۆشە و کە شتێکی تازە بوو لە دنیای هونەری کوردی دا.
دوایی ئەو شێوازە بووە شێوازێکی کریستاڵی و دۆزینەوەیشی بە ڕێکەوت بوو بەهۆی عەکسبوونەوەی تیشکی ڕۆژ لەسەر قاپێکی کریستاڵی و لەسەر دیوارەکە دەکەوت و دوایی من کردمە شێوازی خۆم و هەتا هاتنە دەرەوەم لە ساڵی ١٩٩٤ دا ئەو شێوازەم چەند پێشانگایەکم لە سلێمانی و بەغدا پێکردەوە. بەڵام کە هاتمە ئەڵـانیا نیوەی ئەو تابلۆیانەم لەگەڵ خۆم هێنا و لێرەش پێشکەشم کردوون و زۆر لەو کارانەم بەو شێوازە بە پارەیەکی باش فرۆشران. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٧ وە هەوڵم دا شێوازێکی تایبەتی خۆم هەبێت و تاوەکو ببێتە پێناسەی هونەری خۆم. ئەم هەوڵ و گەڕان و شەونخونییەم نزیکەی ٧ ـ ٨ ساڵی خایاند تاوەکو توانیم شێوازێک بۆ خۆم بدۆزمەوە کە تەعبیری تەجریدییە. تێیدا زیاتر یاری بە ڕەنگ دەکەم بەبێ ترس و حیساب و فڵچە بەکار ناهێنم و جگە لەو کەرەسانەی خۆم دروستم کردون یان پەیدام کردوون. کەجێی ڕەزامەندی زۆربەی ڕەخنەگران و هونەرمەندانی ئێرەیە. بابەتەکان هەمووی کوردییە لە بەرگێکی مۆدێرن دا تاوەکو سەرنجی بینەری ئەوروپی ڕابکێشم بەلای کارەکانمدا و تا ئەم ساتە هەر لەسەر ئەو شێوازە دەڕۆم.

پرسیار: تۆ وەک نەمامێک لەسەر بەهرەی دوو ڕەگی تایبەت و قەشەنگی (هونەر و وەرزش)هەڵچوویت. کاری هونەریت هەتا هەنووکە دڕێژەی هەیە. دەکرێت بزانین توانا و ئارەزووی وەرزشیت چەند بووە و تا کوێ ئێستا پێوەی خەریکیت؟ عەشقت بۆ وەرزش هەرماوە؟ خۆشترین یادگاری سەردەمی وەرزشەوانیت چییە؟.

ع. لەتیف: من هەر لە منداڵییەوە پێش ئەوەی بچمە قوتابخانە واتە لە تەمەنی ٥ ـ ٦ ساڵیدا خراومەتە حوجرەی مەلا بۆ فێربوونی قورئان و کتێبی ئایینی. لەو تەمەنەدا ئارەزووی هونەرم هەبوو، کە یادەوەرییەکی زۆر گرنگ هەرگیز بیرم ناچێتەوە. ئەوە دەسەلمێنێ ئەوەبوو من لەو تەمەنەدا لە حوجرەی مەلا محەمەد لە مزگەوتی شێخ سەلام، لە گەڕەکی قەسابەکان، بەرامبەر بە چایخانەکەی سەعەی تەها کۆیی بوو. مامۆستاکەمان وتی: ئەڕۆمە دەرەوە سەعاتێکم پێدەچێت، یەکێک لە قوتابییە گەورەکان کە ناوی حاجی ئەحمەد لیلان بوو ـ ئەحە لیلانی قەسابی کرد بە سەرپەرشتیار. من لەو ماوەیەدا لەسەر دیواری پشتی خۆمەوە، وێنەی جەژنم بە قەڵەم کێشا. دیوارەکە بە کاغەزی بۆر داپۆشرا بوو. وێنەی عەرەبانە و کورسی کورسی و زۆر شتی تر چەند قوتابییەک هاواریان کرد مامۆستا سەیری عەلی شێخ لەتیف بکە، چ وێنەیەکی جوانی کێشاوە!. هەر کە مامۆستا وێنەکەی بینی چاوی چووە پشتی سەری و هێنامییە ناوەڕاستی قوتابییەکانەوە و بە ٣ ـ ٤ کەس، منیان گرت و مامۆستا ٤٠ داری لە بنی پێم دا و گۆتی کردم. ساتێ قوتابییەکان بەربوون بەرەو ماڵەوە بڕۆن، من نەمتوانی بەڕێوە بڕۆم و لەبەر دەرکی حوجرەکەدا لوول بووم. ناردیانە شوێن باوکم و هاتە شوێنمدا و بە کۆڵ منی بردەوە بۆ ماڵەوە. ئیدی باوکم بڕیاری دا حوجرە ببێتە بەهەشت، هەرگیز منداڵی خۆی جارێکی دیکە نەنێرێتە حوجرە. هەر ئەوەش بوو بۆ ساڵێ ئایندە، باوکم لە قوتابخانەی ئەیووبییە ناوی تۆمار کردم و چوومە قوتابخانە.
وەلێ سەردەمی لاوێتیم دا، وەرزش باڵی کێشا بوو بەسەر هەموو حەزەکانم دا. هەرچەندە لەماڵەوە وێنەم دەکێشا بەتایبەتی کە دنیا زستان و باران بوایە و دەرفەتی وەرزشم نەبوایە . من لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا هەڵبژێردرام بۆ هەڵبژاردەی تیپی سلێمانی. واتە لە ساڵی ١٩٦٤ دا، لە هەردوو یاری تۆپی پێ و تۆپی سەبەتە دا و بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بەردەوام یاریم بۆ سلێمانی کردووە. چەندەها ساڵیش کاپتەنی هەردوو تیپەکە بووم. چەندەها بڕوانامەی ڕاهێنەریی و ناوبژیوانیم هەیە. وە ڕەنگە تاکە کەس بووبێتم لە شاری سلێمانی دا کە هونەر و وەرزشم پێکەوە بەستبێتەوە. عەشقی من بۆ ئەم دوو جیهانە بێ سنوور بوو. بێ خۆڵدانەوە وزەیەکم تێدا بوو، بۆ عەشقی ئەم دوو چالاکییە لە بن نەدەهات. بێگومان سەرەتای دەست بەکار بوونمان بوو لەم بوارەدا و چاک دەرکم بەوە کرد بوو، ئەم دوو نەریتە بە جوانی لە شارەکەم دا بچەسپێنم. قەناعەتێکی وام لا دروست ببوو، هونەر و وەرزش پێکەوە موتوربە بکەم و بیکەمە دیاردەیەکی گەش و خۆشەویست، عەشق و هۆگری لای نەوەی تازە پێگەیشتووی شارەکەم بۆ پەیدا بکەم. دەبێت ئەوە بزانرێت و ئاماژەی بۆ بکەم کە ئێمە بەوپەڕی ڕەوشتی بەرزەوە، لە مەیدانەکەدا دەجووڵاینەوە. لاتان سەیر نەبێت کە ئەمانەم وەک ئەرکێکی پیرۆز، بەرامبەر بە خاک و نەتەوەکەم دەهاتە بەرچاو بێ بەرامبەر. ئێستاش بەهەمان پرنسیپ و پێوەرەوە تەماشای هەردووکیان دەکەم.

هەر بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەم دەبێ بۆ مێژوو بڵێم من بووم چەندەها تابلۆی وەرزشی گەورەم ئەنجام دا و لە یارییە گەورەکاندا دەبرانە بەردەرکی سەرا و وەکو ڕێکلام بەکار دەهێنران بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و هاندانی وەرزش لە کوردستان دا. لە ساڵی ١٩٦٦ دا جامی جیهانی لە لەندەن بوو، من وێنەی باشترین یاریزانەکانی جیهانم بە گەورەیی دروست کرد و لە نیشتەجێی تیپی ئاری هەڵواسران. ڕەنگە دووبارە یەکەم هونەرمەند بوو بێتم، لە سلێمانی دا،کە بۆ یەکەمجار پەیکەرێکی وەرزشی بە بەرزی ١١٠سم دروست بکەم بۆ شەهیدی گەورە و سیمبۆڵی وەرزشی شارەکەم، مامۆستا (یاسین حەمە ساڵح)کە لەناو جامخانەی کۆگای (سپۆرت)، کە کەلوپەلی وەرزشی لێ دەفڕۆشرا، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دانرا.
یەکەم پێشانگای تایبەتیم لە ساڵێ ١٩٦٤ دا بوو، لە هۆڵی پەیمانگای مامۆستایان لە سلێمانی. بەڵام من هەر وەکو بەردەوامم لەسەر هونەر دووبارە بێ وەرزش ژیانم دۆزەخێکە و رۆژ نا ڕۆژێک وەرزش نەکەم ـ دیارە وەرزشێکم مەبەستە، کە بگونجێت لەگەڵ لەش و تەمەنی ئێستامدا ـ وا دەزانم دنیا ڕووخاوە و من زیانێکی گەورەم پێ کەوتووە.
خوشترین یادەوەریم،لە ڕاستیدا ئەوەندە زۆرن کۆتاییان نایەت. کاتێ لە کوردستان بووم سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ ئەو یادەوەرییە وەرزشییانەم لە( گۆڤاری سلێمانی)دا بڵاودەکردەوە. خەڵکی شار زۆریان پێخۆش بوو. هەر نەبێ ئەمە بەشێکی گرنگی مێژووی وەرزش لە سلێمانی دەگێڕێتەوە و لاشم وایە یەکێکم لەوانەی خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندم لەم بوارەدا و وەک بۆتانم گێڕایەوە خۆشم ئامادەگیم هەبووە. ئەم فاکت و بنەمایانە، جۆشوخرۆشێکی تایبەت و پەرۆشێکی گەورەی لێ کەوتەوە.

پرسیار: وەرزش لە جارانی سلێمانی دا چۆن بوو؟ کێ بوون یاریزانەکان و ئێستا وەرزش چۆنە؟.

ع. لەتیف: جاران وەرزش لە شارەکەماندا جۆرە چێژێکی تایبەتی هەبوو. ئەو خەڵکە وەرزشیان بۆ خۆشی دەکرد و لە پێناوی وەرزش دا، زۆر شتیان دەکردە قوربانی لەوانە کارکردن، قوتابخانە، خێزان، واتە دەرفەتیان لەم کار و ئەرکە گرنگانە دەخواستەوە بۆ هاندان و پشتیوانی تەماشاکردنی وەرزش. هەر پاش نیوەڕۆیان لێ دەهات ئەو دەشت و دەرە پڕ دەبوون لە لاو و گەنج بە جلی کۆنە و بێ پێڵاو و کەرەسەی وەرزشی باش، عارەقی شین و مۆریان دەردەدا. بێ ئەوەی شوێنێک یان لایەنێک یارمەتی یەک جووتە گۆرەوییان بدات و زۆر یاریزانی سەرکەوتوو و باش لەو کەشوهەوایەدا، هەڵکەوتن و بوونە سیمبۆڵی شارەکە. لەوانە شەهید( مامۆستا یاسین حەمە ساڵح، حەمەبۆر، جەمالی عەلی باپیر) و خوالێخۆشبووان (موعتەسەم فەتحی، ئەکرەم مەحمود و لەتیف مەحمود، داعووری، عەلی ئیسماعیل، قالە ڕەش و سەعدی بەگ) وە لەوانەی کە لە ژیان دا ماون وەکو (تالیب سەید عەلی، حەمەی فەتاح، عارف حەسەن، عومەر عەزیز، رەزاقە سوور ، فایەقە سوور، تایەر لەتیف، کەمالی حەبێ، عومەرە ڕەش، عوسمانی ئەبوبەکر، عوسمانی شێخ محەمەد، حەمە سیروان، فاتیح و بەندە).

من خۆم لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە یاریم بۆ سلێمانی و یانەی سلێمانی کردووە. لە دوو یاری سەرەکی تۆپی پێ و سەبەتە. من تا ساڵی ١٩٧٦ یاریم کردووە، لە هیچ لایەکەوە تەنانەت یانەکەشم جووتێ گۆرەویم وەرنەگرتووە. ئەوەی ئێمە حەز و ئاواتمان بوو تەنها ئەوە بوو، بەرەو پێشەوە بڕۆین و یارییەکان بە باشی و سەرکەوتووانە بکەین و ئاستی یانە و شارەکەمان و وەرزش لە کوردستان دا بەرزبکەینەوە. ئەمە پەڕۆشی ڕاستەقینەی ئێمە بوو. بەڵی وەرزش حەز و خواستمان بوو، هەمان کات چەکێکی بە بڕندەیش بوو بەدەست ئێمەوە، بۆ خۆ نواندن و سەلماندنی بوونە گەورە و پیرۆزەکەی کوردایەتی، یان کەینوونەی تاکی کورد. بەڵی لەو سەردەمەدا بۆ ئێمەمانان، دەرفەت بوو خۆ دەرخەین و هەبوونمان بسەلمێنین.

من وێنەی وەرزشیم زۆر هەیە،کە بە درێژایی تەمەنی وەرزشیم وەک ئەرشیفێ کۆم کردۆتەوە. یەکێک لە وێنەکان ، کە لە مۆزەخانەی سلێمانی نیشانم دا،لە ڕێگای پێشانگایەکی وەرزشی کە ١٠٠ وێنەی گەورەی فۆتۆگرافم تێدا پێشکەش کرد بوو. لەو وێنەیەدا من کاپتنی سلێمانی بووم. وەستاوم تەوقە لەگەڵ کاپتنی شاری عەممارە دەکەم لە یاری باسکتبۆڵ دا. لەو وێنەیەدا و لەو یاریگا مەزنەدا پێڵاوی یاریکردنەکەم دیارە هی باسکە نەبوو، بەڵکو کالەیەکی سپی تەنکی هەرزان باییەکان بوو،کە نرخی ١٥٠ فلس بوو،بەڵام بەرامبەرەکەم جوانترین پووتی یاری باسکەی لە پێدایە.

وەرزشی ئەم سەردەمە بەداخەوە جیاوازی ئەرز و ئاسمانی هەیە، وەک ڕەوشت و ئەمەک و هەڵسوکەوت. ئەو سەردەمەی کە من باسم کرد، تیپی سلێمانی لە خولی پلە نایابەکانی عێراق، یاری دەکرد لە هەردوو بواری فوتبۆڵ و باسکتبۆڵ دا. ئەمڕۆ بەو هەموو یاریگای چیمەن و تارتانە و سەرگیراوەوە و بەو هەموو پارەیەی کە ڕژاوە، کە خۆشیان نازانن چۆن خەرجی بکەن، ئینجا ئاستی وەرزش لەژێر سفرەوەیە. ئەوەتا دەڤەر و ناوچە و شار و شارۆچکە نەماوە، یاری لە تیپەکانی سلێمانی نەباتەوە. شار سیمای وەرزشی لێ بڕاوە، پەرۆش و خۆشەویستی کەم بۆتەوە و هەر نەماوە،هاوکاریی تەنها لە ڕێگای حیزبەوە بۆ حیزبییەکانە. ئیدی بەداخەوە بەو هەموو نووشووستییەوە، هەتا ئەمڕۆ یانەکان وەکو تاپۆکردنی لێهاتووە و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و ئەوانەی دامەزراون جێ چۆڵ ناکەن،تا هەندێ کەسی تر بێنە پێشەوە،هەندێ کەسی تازە هەڵکەوتوو، گوڕ و تینێک بکەنەوە بە بەر یانەکان دا و هەر نەبێت با ئەوانیش توانای خۆیان تاقی بکەنەوە.

من ١٨ مانگ لە سلێمانی مامەوە، واتە ساڵ و نیوێک و زۆر شتم بۆ ئاشکرا بوو. هەروەک سەردەمی حیزبی بەعس چۆن کۆمەڵێک دەسەپێندران بەسەر یانەکاندا و دەبوایە ئەوانە دەربچن ببنە دەستەی بەڕێوەبەری یانەکان. لە ڕێی ئەوانیشەوە کۆمەڵێک دڵسۆزی یانەکان دەرپەڕێنن، کە هەموو جوانی و لاوی خۆیان لەو یانەیەدا بەسەر بردووە. بینیم زۆری ئەو سەردەمە ڕەشە چەپەڵە، هەمان دەموچاوەکان زۆربەیان ماون و لەم سەردەمی کوردی و ئازادییەدا یانەکان و یەکێتییە وەرزشییەکان بەڕێوە دەبەن. زۆر مەخابن بۆ دەسەڵاتی کوردی، کە چاو لەو چەپەڵانە دەپۆشێت. من وەک ڕۆڵەیەکی شاری سلێمانی و وەرزشکارێکی دێرین، کە چەندەها بڕوانامەی ڕاهێنەرێتی و دادوەریم هەیە و لەسەردەمی بەعسیەکان دا، نەیان دەهێشت پێ بخەمە گۆڕەپانەوە، بەهۆی ئەوانەی دڵسۆزییان بوون جێی متمانەی بەعس بوون.

هەمیشە سووکایەتیمان پێدەکرا، چونکە سەر بەوان نەبووین و بۆ دڵی ئەوان هەڵندەسووڕاین. هەردوو یانەی وەرزشی سلێمانی و سیروان، من دروستکەری سەرەکییان بووم. مێژوو دەزانێ چەند هەوڵ و کۆششم دا، تا ئەو یانەی سیروانەم دروست کردەوە. چەند جار هەڕەشەی کوشتنم لێکرا، کە واز لەو هەوڵە بهێنم و دوای دووجار لەسەری گیرام هەتا کرایەوە. پێش ئەوەی بێم بۆ ئەوروپا، خۆم سکرتێری گشتی ئەو یانەیە بووم. کە ڕۆیشتمەوە زۆر بەداخەوە ساڵ و نیوێک لەوێ بووم، بۆ تەنها جارێکیش بانگ نەکرام سەردانی یانەکەی خۆم بکەم، یان من بناسێنن بەو وەرزشکارە لاوانە، کە من کێ بووم.

وەرزش ئێستا کە دەکرێت لە ئارەزوو و حەز و خولیا چۆتە دەرەوە و هەمووی لە پێناوی پارەدایە. لێپرسراوان و دەستەی بەڕێوەبەران و دەستەی یەکێتییە وەرزشییەکان ململانێی پارەیانە. وە ئەگەر بە فەرمی پارە نەمێنێ و بەکەسی نەدەن، بڕوا ناکەم شوێنێک لەو شوێنانە، کەسی تێدا بمێنێت. ئەوەی سەیتر بوو لەوێ کەس زاتی ئەوەی نەبوو، باسی من بکات وەیان بمناسێنن بە لیژنەی ئۆلۆمپی کوردستان، تا ڕاستییان بۆ دەربکەوێت. دنیای وەرزشی کوردەواریی، هێندە ئاڵۆز و سەقەت بووە، تەنانەت لەو میانەدا، من بەو هەموو مێژووی وەرزشییەوەمەوە، ڕووم نەدەدرایە. لەبەر ئەوە هەر هاوڕێ کۆنەکانی خۆم بوون، خۆیان لە من دەدزییەوە، نەوەک داوای شتێک بکەم، هەرچەندە ئەوە لەڕەوشتی مندا بوونی نییە.

پرسیار: بارودۆخی هونەر لە سایەی دەسەڵاتی ئیمڕۆی کورد دا چۆن دەبینن ؟گەر ئێوە بکرێنە بەرپرسی یەکێ لە دەستگا سەرەکییە هونەرییەکانی کوردستان،لە کوێوە دەست بەکار دەبن؟.

ع.لەتیف: دەسەڵاتی کوردی زۆر ئاگاداری بارودۆخی هونەر نییە، بەوەی کە بینیومە لە کوردستان تەنها ئەوە نەبێت هەندێ ناویان لایە و کە بۆیان نێردراوە و پشتگیرییان لێکراوە و لە شوێنی هەستیار دایان ناون،کە بەهیچ جۆرێک ناشێت و ناگونجێت، ئەوانە ڕابەر و سەرپەرشتیاری شوێنە هونەرییەکان بن.
هەر لە مۆزەخانە و گەلەرییەکان و شوێنە هونەرییەکان دا، کەسانێکن یەکەم خەڵکی ئەو شارە نین و زۆر ئەو توانا هونەرییەشیان نییە بۆ هەڵسوڕاندنی کاری هونەری لەو شوێنانەدا. ئایا شارێکی وەک سلێمانی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی،کەسانێکی وای بەتوانا نییە لەو جێگایانەدا دابنرێن؟!. چونکە ئاشکرایە حیزبەکان پاڵپشتی ئەو کەسانە دەکەن. هونەرمەندێکی بەتوانای بێلایەن، کە گەورەترین خزمەتی هونەری نەتەوەکەی کرد بێت، زۆر ئاشکرایە کە پەراوێزخراون و هەموو کەس ئەوە دەزانێت. من نزیکەی ٥٠ ساڵە خزمەتی بەردەوامی هونەری شار و وڵات و نەتەوەکەم دەکەم، لەدەیان پێشانگادا هەر لە یابانەوە تا کەنەدا و زۆر وڵاتی ئەوروپاش بەشداریم کردووە و یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی (یەکێتی هونەرمەندان ـ بەشی شێوەکاری)،کە لەو (کۆمیتەی پیرەمەگروون)تەنها ٣ هونەرمەند بووین. کاتێ ڕۆیشتمەوە تەنها یەک کەس بەرەو ڕووم نەهات و بەسەر نەکرامەوە. هۆکەشی ئەوەیە من هونەرمەندێکی بێلایەنم و هەموو هیوا و ئامانج و خواستم خزمەتی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمە، نەک تاکە لایەنێک. هەقە ئەوەش بڵێم مەسەلەکە بریتی نییە لە خودی خۆم، بە ئەندازەی ئەوەی پەرۆشیمە بۆ هەموو شتێکی کوردی و خودی کایە ورزشییەکە. خۆ گەر لە شاری سلێمانی دا، سەدانی وەک من هەبوونایە، وا ئاسایی بوو گەر فەرامۆشیش بکرێم.

گەر من ببمە بەرپرسی یەکێک لەو دەزگا هونەرییانە، سوێند دەخۆم بە وڵاتەکەم، ئەوەی خزمەتی نەتەوەکەم بکات لە بواری هونەریی و پێناسەی هونەری کوردی دا، ئەوە دەکەم، بە هێنانە پێشەوەی ئەوانەی خاوەن هەڵوێست بوون لەسەردەمی ڕژێمی داگیرکەری بەعس دا، بێ ئەوەی گوێ بدەمە ئەوەی کە سەر بە چ لایەنێکە. من هەڵسەنگاندن و نرخاندنم بۆ شەرەفی کوردایەتی، ئەم یان ئەوە، نەک حیزبی بوونی کەس.

لەمەش پتر ئەزموونی چەندەها ساڵی ئەوروپام دەهێنایە گۆڕێ و لە چوارچێوەی بەرنامە و نەخشەیەکی تێروتەسەلەوە دەمخستە گەڕ. دەزگای ئەرشیفی هونەرمەندانم دروست دەکرد،هەر وەک دوو ساڵ بەر لە ئێستا لەم بارەوە نووسینێکم بڵاوکردەوە. هەروەها بە پەرۆشەوە کارم لەسەر زیاتر ناساندنی هونەری کوردیمان بە ئەوروپاوە دەکرد و هەوڵی بەستنی ڕایەڵەی پتەوی پەیوەندی هونەر و دەستگا و ئینیستیتووتی ئەکادیمیا جیهانییەکان دەدا و بانگاشەی هونەرمەندانی بێگانەم بۆ کوردستان دەکرد. بە هەموو توانامەوە کارم بۆ دروستکردنی چەند گەلەرییەکی شیاو و هاوچەرخانە بۆ نمایشتیکردنی کاری دروست و پرۆفیشیۆناڵی دەکرد. بڕیاری دەرکردنی پەرتووک و گۆڤاری هونەریم لەسەر هونەرمەندان و بزووتنەوەی هونەریی لە کوردستان و جیهاندا دەدا.

گوڵبژێرێکی ئەو کارە هونەرییانەی کە ئاستی بەرزیان هەیە دەکرد تا لە مۆزەخانەیەکی نەتەوەیی شێوەکاریدا دابنرێت و لەتەک کەتەلۆگێک دەربارەی ژیان و کاری هونەرمەندانی کوردستان و زۆر شتی تر کە خزمەتی هونەری کوردیمان بکات.بە هەموو وزە و توانا و باوەڕەوە کارم بۆ هێنانە کایەی یەکێتییەکی هونەرمەندان دەکرد.

پرسیار: ئاستی هونەری کوردی لە کوێ دا دەبیننەوە و هونەرمەندی کورد تا ئەندازەیەک توانیویەتی نوێنەرایەتی هونەریی نەتەوەکەی بکات؟.

ع.لەتیف: هەروەک زانیارم هەیە لەسەر هونەری کوردی ئەمڕۆمان لە ڕێگای ڕۆژنامە ئەلەکترۆنییەکانەوە و ئەزموونی ساڵ و نیوێکی خۆشم ڕاستەوخۆ لە کوردستان،دەتوانم بڵێم بەداخەوە ئاستی هونەرەکەمان کز و لاوازە و لەو ئاستەدا نییە پێناسەی بکەیت،چونکە هاوشانی کێشەکانی کوردستان نییە. داهێنان زۆر کەمە و ڕەنگە هەر نەبێت. ئەوەی هونەرمەندان لە کوردستان نمایشتی دەکەن لای هەندێک بەتازەگەریی دایدەنێن، لای من هەرگیز وا نییە و تەنها سوونەوە و دووبارەکردنەوەی ستایلی جۆربەجۆری هونەرمەندە ئەوروپاییەکان دەکەنەوە بە شێوەیەکی سەقەت و ناڕۆشنبیرانە. ڕەنگە ئەو شێواز و بیرۆکەیەی کە هونەرمەندی ئەوروپایی هەیەتی و ئەم لاسایی کردۆتەوە،شیکردنەوەی جیاواز بێت و دوور لە ڕاستی بێت. بۆیە پێویستە هونەرمەندی کوردی بڕوا بەتوانای خۆی بکات و هەوڵ بدات خۆی گۆڕانکاری لە کارەکانیدا بکات و پشت بە بەهرە و ناخی خۆی ببەستێت،نەک بێنە سەر سفرەی ئامادەکراو و ڕێگا بە مێشکی خۆی نەدات لە خوڵقاندن و داهێنان بەشداری بکات و ڕۆڵی خۆی بلێزێ. بۆیەکا زۆر پێویستە هەر ساڵەی کۆمەڵێک هونەرمەند سەردانی ئەوروپا و وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکەی جیهان بکەن، بە ئامانج و مەبەستی بینین و تێگەیشتن لە دنیای هونەری هاوچەرخ. ڕەنگە بۆ من سەخت بێت بڵێم ئێمە هونەرمەندی خاوەن بەهرەی گەورەمان نییە، وەیان گەر بواریان بۆ بڕەخسێ پشت بەخۆیان ببەستن داهێنان و گۆڕانکاری گەورە ناکەن. بەڵکو بە پێچەوانەوە خاوەنی کەڵە هونەرمەندین،وەلێ دەرەتانیان نییە هەناسەی ئارامی هەڵمژن.

پرسیار: ئێوە لە هیچ کۆمەڵەیەک یان ڕێکخراوێکی هونەریدا کارتان کردووە؟ .

ع.لەتیف: من هەروەک پێشتر باسم کرد لە كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی هونەرمەندانەوە من وەک ئەندامێکی چالاک و کارا بەشداریم کردووە. زۆرجار وەک خودی خۆم بیرم لەدامەزراندنی ڕێکخراوێکی هونەریی نەتەوەیی کردۆتەوە. بەڵام گەر ئەو ڕێکخراوە هونەرییە پارتێک پاڵپشتی نەکات، ناتوانێت بەردەوام بێت و خواستەکانی هونەرمەند بەدەست بهێنێت. هەموو کات وتوومە لە چەندەها شوێن و چاوپێکەوتن دا،جەختم لەسەر کردۆتەوە. با هونەرمەند ئازاد و بێلایەن بێت و زیاتر نەتەوەیی بێت و بێترس و دڵەڕاوکێ خزمەتی هونەری نەتەوەکەی بکات. هونەرمەند بەو مانایەی نوێنەرایەتی ئازار و ژانی بندەستی نەتەوە یان دیاردە و بەسەرهاتە کۆمەڵایەتییەکانی میللەت وە یاخود دیمەن و شێواز و جوانی وڵاتی کوردەواری و جەوهەر و کرۆکی کارەکانی بێت. ئێوە دەزانن کە کار لەسەر دۆزی کورد بەو بارە ناسروشتییەی داگیرکراویی و دابەشکراوییەی و چارەنووسی پڕ لە ئەندێشە و مەملەکەتی ڕازاوە بە فەنتازیای خەیاڵ و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی نەتەوەیەکی بان ٤٠ ملیۆنی کام خزمەتە بە مرۆڤایەتی. کە دەڵێم نەتەوەیی ئا لەم پنتەوەیە، پێ لەسەر داخوازی نەتەوەیی بوونی هونەرمەندانی کورد دادەگرم.
بە هەموو دڵنییاییەوە ئەوەی لەم خاڵەوە هەنگاو نەنێ لە هەگبەدا ئەرکی خزمەتی کوردی هەڵنەگرتبێت ،وا مەحاڵە هیچ پەیامێکی دیکەی بۆ مرۆڤایەتی هەبێت. ئەوەی خزمەتی وڵاتی خۆی نەکات هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەی پێ ئاوەدان ناکرێتەوە. ئەمە دەستوور و لۆژیکی ژیانی هەر کەس و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێکی ئەم دنیا پانوبەرینەیە. چما من خۆم لەم ڕاستییە لا بدەم،هەر لەبەر خاتری خاتران و لەترسی ئەوەی پێم نەڵێن نەتەوەپەروەرم و خوانەخواستە بڕوانامەکەم بڕێک کاڵ بێتەوە. نەخێر و سەدجار نەخێر لای من خزمەتی ڕاستەقینە لە دەروازەی خزمەتی کوردانەوە دەست پێ دەکات و چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەکەم بەردەبازێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی دنیا و ئارام بەخشی بە مرۆڤایەتی.

بەڵی پێمخۆشە هونەرمەند نەتەوەیی بێت و بۆ نەتەوە کار بکات و نابێت سەر بە پارتێک بێت و خۆی قەتیسی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی بکات و لەئاست ئەرکە نەتەوەییەکانی دا کەمتەرخەمی بنوێنێ و کورت بهێنێت. کاتێ بەم هەست و گیانەوە بیرمان کردەوە و کارمان ئەنجام دا،ئەو کاتە بزانن چۆن هونەرمەند لە هەموو قوژبنێکی کوردستان دا،وەکو برا باوەش بۆ یەکتری دەگرنەوە و خزمەت دەکەن بەبێ گوشار و سانسۆر و ناوچەگەرێتی، بەوپەڕی دڵسۆزی و پەڕۆشەوە.




چاوپێکەوتن لەگەڵ ” ھونەرمەند سمکۆ تۆفیق” … ئامادەکردنی: هەڵۆ بەرزنجی

١- با پرسیاری خۆناساندن و کار و پیشەی ئێستاتان بکەینە دەروازە و بچینە جیھانی ھونەرەکەتانەوە. سمکۆ تۆفیق کێیە؟ لە کوێ لە دایک بووە؟ پلەی خوێندنی چەندە و ئێستا لە کوێیە و چ کارەیە؟.

بە کورتی وەڵامم بۆ ئەم پرسیارە، لە ساڵی ١٩٤٩ لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان ھاتوومەتە دنیاوە. ھەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییم تەواو کردووە. ١٩٧٥ بڕوانامەی دبلۆمم لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان لە بەغدا وەرگرتووە و پاشان لە ئاکادیمی ھونەری لە بەغدا خوێندوومە. دواتر ھەلومەرجی ژیان و ڕەتکردنەوەی ئەو ژیانی بندەستی و زوڵم و زۆرەم پێ قبووڵ نەدەکرا، بۆیە ناچارانە دوای ئەوەی کۆمەڵێ چالاکی ھونەریی بەرزو سیاسیم نواند و چەند پێشانگایەکی سەرکەوتووم کردەوە، کە بوونە ھۆکار و مایەی ورووژاندنی جەماوەری شاری سلێمانی. ھەروەھا ئەو پاشخانی جموجوڵە نەتەوەییانەی ھەمبوون دەرەتانی مانەوەیان لە کوردستان دا تا دەھات لێ تەسکتر دەکردمەوە. ئیدی ڕووم کردە وڵاتی ھونەر و مەڵبەندی ڕێنیسانس. لێرە دەستبەجێ خۆم خەریکی فێربوونی زمان زمانکردو دەستبەکاری خوێندن بووم بە ئامانجی ھێنانەدی ئاواتە گەورەکەم. ساڵی ١٩٨٢ سەرکەوتووانە توانیم خوێندنەکەم تەواو بکەم و بڕوانامەی دبلۆمم لە ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکانی شاری فلۆرەنسا وەرگرت. وە ئێستاش نیشتەجێی شاری «ریمینی» م لەوڵاتی ئیتالیا.

٢- سەرەتای کاری ھونەریت چۆن دەست پێکرد و بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ چۆن ڕووتان لەجیھانی ھونەری وێنەکێشان کرد؟

سەرەتای کاری ھونەریم دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵیم . بە منداڵی ھەمیشە حەزم لە دروستکردنی وێنە بوو.بەتایبەتی ھی سروشتی دڵفڕێنی کوردستان و ئەو دیمەنە ڕازاوە و ھەمەجۆرانەی ڕۆژانە دەھاتنە بەرچاوم. دەکرێت بڵێم جگەلەو بەھرە و سەلیقەیەی خۆم کە ھەمبوو، لەپاڵیشەوە زۆر خۆم ماندوو دەکرد. کەسوکار ھەندێ ھانیان دەدام. زۆربەی کاتەکانم بە دووبارە و چەند بارەکردنەوەی کێشانی تابلۆکان چ ئەوانەی بە سەلیقە و فەنتازی خۆم دروستم دەکردن و چ ئەوانەی لەبەر وێنە و تابلۆی دیکە دەمکردنەوە. لەقوتابخانەشدا بەھرەی وێنەکێشانم دیار بوو. لە چەند مامۆستا و ھاوڕێیەکمەوە کۆمەکی ئاسایی و ھاندانم پێشکەش دەکرا، بۆ درێژەکێشان بەم خولیا ناسک و ئارەزووبەخشە رەنجم زۆر کێشا.

٣- جگە لەھونەری وێنەکێشان خولیا و ئارەزووتەکی دیکەتان ھەیە؟ یان ھەبووە و بوارتان بۆی نەڕەخسا بێت؟

ڕاستییەکەی کۆمەڵێ ئارەزوو و خولیای جۆراو و جۆرم ھەیە. وەک دەشزانن زۆربەی ھونەرمەند و نووسەر و شاعیرانی کورد لە زۆر بواردا دەست ڕەنگینن . منیش پەیکەرتاشین یەکێکی دیکەیە لە ئارەزووە گەورەکانم لەتەک وێنەکێشاندا. دیارە ئەم دوو بوار و ھونەرە بۆ خۆیان زۆر لێک نزیکن و پەیوەندییان پێکەوە ھەیە. ھەڵبەتە من خۆم زیاتر بۆ ھونەری وێنەکێشان تەرخان کردووە. دەبێت ئێوەش بزانن ئەرک و ڕەنجی فەرھادی دەوێت لەم ھەندەرانە و بێ وڵاتییەدا، کارێکی سیزیف ئاسایە بەرھەمێ، تابلۆیەک بەرھەم بھێنیت. بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئیتالیادا، کە بێدەرامەتی و بێکاری گرفتی ھەر تاکێکە. جا گەر ئەو تاکە ھونەرمەندێکی کورد بێت و ئارەزووی خزمەتی ھەبێت. ئەوە دیارە دەیان قات ژیانی سەختتر و دژوارترە. وەک دەڵێن ژیانی کولەمەرگییە.

٤- تێڕوانینی ئێوە بۆ ھونەر چۆنە؟ ئاستی ھونەری کوردی لە کوێدا دەبینن ؟.

ھونەر دنیایەکی بێناسنامەیە، جیھانێکی بێسنوورە. حەز و لەزەت و ئاواز و مۆسیقای خۆی ھەیە، جوانی و ڕازاوەیی تێدایە، ھەست ورووژێنە، و ئاسۆی ھزر فراوان دەکات.
ھونەر مەیدانێکە بۆ خۆشگوزەرانی و ھەمەچەشن کردن و بەخشینی شیلەی میھرەبانی لەم گەردوونە جەنجاڵەدا بە مرۆڤ، ھاتۆتەکایەوە . ھونەر ڕەھەندی جۆراو و جۆری دیکەشی وەک کۆ مەڵایەتی و سیاسی و کولتووری نەتەوەیی و شارستانیانەی ھەیە. لەبەرئەوەی دامودەزگایەکی رێکوپێک لە وڵاتێکی کۆلۆنیالیکراوی وەک کوردستان دا نییە، وە ھیچ سەرچاوە و ئەرشیفێکی دەوڵەمەند و کۆکراوە لەبەردەست دا نییە، وا زەحمەتە بە وردی بتوانین دەستنیشانی ھەندێ شت بکەین.
کوردیش وەک ھەر نەتەوەیەک سەرباری ئەو ھەموو مەینەتی و نەبوونی ژیانێکی ئاسوودەیی، وا دیسان جێی سەرسوڕمانە، کە خاوەنی ھونەری خۆیەتی و مێژوویشی ڕەگوڕیشەیەکی بەھێزی ھەیە. باوەڕم وایە ھۆکارە سیاسییەکان کە ڕەفتار و ھەڵوێستی دوژمنانی کورد، کاریگەرییان تێدا ھەبووە ڕێگر بووە و تاوانبارە.

وەک وتمان ئەوەی شارەزای مێژووی سیاسی کورد و ئەو بارە کۆمەڵایەتییەی کە مەحکومی چەندین ھۆکاری بابابەتی و ناسروشتی ودەرەکین، ئەوجا زۆر بەشانازییەوە پلە بە پلە بە قەد و باڵای خۆیدا ھەڵگەڕاوە. بە بەراورد بەو بارودۆخەی کوردی تێدایە، ھیچی لە ھونەری جیھانی کەمتر نییە. ھەر نەبێ لەبەرئەوەی ھونەری کوردی گرێدراوی ئەو واقیعە تاڵەیە و شان بە شانی ئازار و ژانەکان ھەنگاو ھەڵدێنێ، وا ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکەش بۆخۆی ھونەری کوردی تایبەتمەندتر کردووە. لە زۆر وڵاتدا جێ پەنجەی ھونەرمەندانی کورد دیارە و ڕۆڵیان ھەیە. ھونەر و ھونەرمەندی کورد گەر کەمووکوڕییەکیشیان ھەبێ، وا ئەوانیش بەگشتی قوربانی بارودۆخە سیاسییەکەن، کە لە نەبوونی دەوڵەتی کوردییەوە شین بووە.

٥- لای بەڕێزتان چۆن بنەما و ھزرو فیکری وێنەکێشان دروستدەبێ؟ کوردەواریوەک دیمەن وسروشت تا کوێ ھەوێنی کار و تابلۆکانتانن ؟ چۆن دەتوانن ژان و ئازاری بندەستی نەتەوەکەتان بکەنە ناسنامەی ھونەرەکەتان ؟

ھەموو ھونەرمەندێک کاتێ کە بەرھەمێکی ھونەری دەھێنێتە بەرھەم لە پێشدا لەناو مێشک و دەروونی خۆیدا لە ململانێ دایە و ھەنگاو بەرەو گەڵاڵەکردن و نەخشاندنی بنەما ھزرییەکان و چاندنی تۆوی کارەکە بۆشین بوون دەنێ. دوای پێگەیشتن و کوڵانی تەواوی بنەماکان، ئینجا کارەکە لە چوارچێوەی تابلۆیەکدا یان ھەر جۆرە کارێکی دیکەی ھونەریدا خۆی دەخاتەڕوو.
من بۆ خۆم سروشتم وایە، تا ئەوپەڕی دڵنیابوون لە شینبوونی تۆوی کارەکە لە مێشکمدا دەست نادەمە کەرەسەکانم ! ئەوساتەوەختەی پێداویستییەکان ئامادەبوون وا بە شێوەیەکی خۆڕسکی دەمخەنە سەرباری پەنابردنە بەر بەکارھێنانی کەلوپەلەکانم و بەباوەڕ بەخۆبوون و بێ سڵەمینەوە و دڵەڕاوکێ کار ئەنجام دەدەم. کەمیش وابووە لە کارەکانم پەشێمان بم. لەوانەیە ھەندێ جار بڕەک خرتە و سرتەی ناڕازی بوون وەک شنەبایەک بەلامدا تێپەڕێت، بەڵام ئەم دیاردەیەش زوو بەسەر دەچێت.
لەدەست پێکڕا ڕامگەیاند کە ئەو دیمەنانەی لە منداڵیشدا دەمکێشان ھەر ھی کوردەواری و دیمەنی کوردستانە شیرینەکەم بوون. ئەم دیاردەیە یا ڕاستتر بڵێم ئەم گەرایە لەگەڵمدا گەورە بوو. لە گەورەبوونیشمدا و لێرەوە کە بەھەزاران کیلۆمەتر دوورم لە بەژنوباڵای نیشتمانەکەم ھەر مایەوە و لێم جیانابێتەوە و بۆتە بەشێکی زیندووی بوونی ماکی و مینۆکی ھەبوونم. بە شانازییەوە دەڵێم ئەگەر خۆشەویستی وڵات بۆ ھەندەک کەس جارەوجار بە میوانی بێت وا بۆ من ھەردەم ھزر و کەرەسەی ئامادەی ھەر بەرھەمێکمە.
دەی لە ئێوە دەپرسم چۆن بتوانم ئەم دیمەنەی شارە ئازیزەکەم سلێمانی بە نموونە دێنمەوە لەبیر بکەم کە پیرەمێردی نەمر دەفەرموێ:
سبەینێ بوو لە خەو ھەڵسام کە ڕوانیم بەفرە باریوە
سلێمانی ئەڵێی بەڵقیسە تارای زیووی پۆشیوە
تا دەفەرمووێ:
بە بەرگی سپییەوە چەند شۆخە شاخی گۆیژە ببینە
لەڕەنگی ئاسمان دولڤەرترە« ئەو سپییە» ئەم شینە

ئاخر چۆن دەتوانم شاخی ڕەنگاووڕەنگی گۆیژە ، شاخی پیرەمەگروونی موقەدەس لەبەرچاو ون کەم. ئامێدی و سەفینی ڕازاوە، قۆپی قەراغ و ھەورامان فەرامۆش کەم. دەی چۆن دەتوانی لە یادی بەھاری ھەمیشە سەوزە و میوەھات، زستانی ڕووسپی و بووکی ڕازاوە، پایزی گەڵازەردی زێڕ و زیو، ھاوینی ئەحمەدئاواو تانجەرۆ و سەرچنار و قەشقۆڵی ، ھەورامانی گوێز و شارەزووی ترۆزی و شووتی و ھەنار و شارباژێڕی ترێ و ھەنجیر و ھەرمێ لاسورەی سیوەیل و گۆیژ و توو و بەڵاڵوکم ڕزگار بکەیت؟! ڕووبەر و پانتایی گەڕەکی ئەسحابەسپی و گۆیژە و گردی مامەیارە و سەیوانی ئەرخەوان و بەھەشتی شەھیدان و مەڵکەندی و کانێسکان و چوارباخ ، یان بەردەرکی سەراو پیاسەی تووی مەلیک و سەیرانی کانی با و کانی شەکراو، گەمە و یارییەکانی ھەنگەشەلێ و ئاشەبەتەنوورە و ھەلووکێن و ھەڵماتێن و مزراحێن و دووگۆڵی و محەلەبی و شرووبشکێنە و چاوشارکێ و کڵاوکڵاوێنە و شەڕەشەقی قوتابخانە و لەزەتی پارووە قاورمە بە کەوەری گەڵا پانەوە و دانیشتنی سەرسووچی کۆڵانان و ئەو ھەموو گۆڵمەز و پێکەنین و تەڕدەماغییەی ئازیز و خۆشەویستانی شار و شێتئاقڵەکانی وەک ئەحە دۆڕانی و ئەحەی کوڕنوو و خاڵە ڕەجەب و عەبە شەکەنە و ھەزاران ھەزار یادگار و بیرەوەری دیکەی شیرین و تاڵم لە بیر دەچێتەوە.ھێز نییە بتوانێ ئەو پاشخانە کولتووری و مێژووییەی ڕابووردووم تێدا بسڕێتەوە. ھەمیھشە پێوەیان دەژیم و تا دوا ھەناسە و چوونەوە باوەشی خاک لە گەڵمدان و لەو دنیاش پێکەوە تێھەڵدەچینەوە.

کێ لە ئێمە دەتوانێ شێخ سەعید و ئیحسان نووری پاش و سمکۆی شوکاک و پێشەوا قازی محەمەد و شێخی نەمر و بارزانی نەمر . نەورۆز و چوارچرا و دەربەندی بازیان و قەڵای جزیرە و بۆتان و زیندانی ئامەد و قەڵای دمدم و داستانەکانی شۆڕشی ئەیلوول و ھەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕەو لە یادی خۆیدا بسڕێتەوە!؟.
ئەم نموونە تێکەڵانە دێنمەوە تا ھەموومان بزانین بۆ لەم وڵاتانەدا ھەست بە نامۆیی دەکەین و بیرکردنەوە و خەیاڵات و ڕەفتارمان جیاوازە لە خەڵکی ئاسایی. ئەم ھەموو ھۆوھۆکار و دیاردە و بیرەوەرییانە ڕەگی قوڵیان لە بوونماندا ھەیە. وێنەی ڕوونیان لەبەرچاوماندا ھەیە و ھێزێکی دینامیکی بەھێزن و دەمانجوڵێنن. ئێمە بەر لە ھەر شوێنێکی دیکە دەستکردی ئەم مێژووو جیھانە کۆمەڵایەتییەی کوردەوارین.

من شەتڵێکم و لە باخچەی ئەووڵاتە«بەھەشتی ڕازاوەی سەرزەمین» دا شین بووم . ئەگەر ھەموو لەشم تەنیا چاو بێت ھێشتا لە جوانی و شیرینی کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم … ڕۆڵەکەم خێزانەکەم باوانەکەم… تێر نابێ و نابێ و نابێ ھەزاران ساڵی دیکەش بن دەست بین و بمانکوژن و بمان بڕن، لەت لەتمان کەن، ناتوێینەوە و ناتوێینەوە و ھەر دێیین و دێین و دێیین.. بەرەو ھۆبە و ھەواری باسەفا، بەرەو لادێ بەرەو کانگای وەفا، بەرەو کوردستان بێشکە و لانەی مرۆڤایەتی و شارستانێتی.
بەرھەمەکانی من یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە، کە ھەمیشە ھەوڵمداوە یاخود وەک پرنسیپ لام چەسپاوە، کە ئەو شتانەی ئێوە باسی دەکەن ، ناسنامەی ھونەرەکەم بێت. ھونەرەکەشم تەرخانی مەسەلە پیرۆزەکەیە.

کاتی خۆیشی لە ناوەوەی وڵات بە چەند تابلۆیەک توانیم ، ڕاستتر بڵێم ئەو ئەرکە بەشانازییەوە بەجێ بگەیەنم. دیارە راستی یاخود سەرکەوتن و نەکەوتنی کارەکەم وا لە دادگای جەماوەر و با ئەوان دادوەر بن. ئەوانەیشی ئاگادارن دەزانن چ چەرمەسەری و ئازارێکم لە پێناوی ئەم باوەڕە پتەوەمدا چەشتووە و چ زەحمەت و چەڵەمەیەکم ھاتۆتە ڕێ.
وەک ھونەرمەندێکیش باوەڕم وایە، ھەموو چرکەساتێکی ژیانی تاکێکی کورد بەو حاڵەتەی تێیدایە، شیاو و شایانی ئەوەیە ببێتە کەرەسە و ھەوێنی چەند تابلۆی بەرزی ھونەریی و ڕۆمانی مەزن و چیرۆکی سەرکەوتوو. جا وەرە ئەندێشە و ژان و سوێی تراژیدیای ستەملێکراوی دەوری ٤٠ چل ملیۆن مرۆڤ چ زەخیرەیەکی زۆر دەوڵەمەندە بۆ لەدایکبوون و داھێنان و خوڵقاندنی ملیاردەھا کاری ھونەریی و ئەدەبی شاکار و بەرز.
سەبارەت بە خۆم بەو چەند تابلۆیەی خستوومەتە بەردەست ، نیشانم داوە چەند ھونەرمەندێکی ئەو ژان و ئازارەم و چەند کوڕی بە ئەمەکی نەتەوەکەمم !؟.

٦- وەک زانیمان وا ماوەیەکی زۆرە پەڕاگەندەی ھەندەران بوون و لە وڵاتی ڕێنیسیانس و کانگای ھونەر وەژ دەڵێن گیرساویتەوە. ئەم وەرچەرخانە لە ژیانتاندا چ بوو؟ چەند کاری کردۆتە سەر ھونەرەکەتان؟ جۆن ھەوڵتان داوە ھونەری کوردیی بە ھونەریی جیھانی بناسێنن؟.

ھەموو دەزانین کاتێ باسی ھونەری وێنەکێشان دەکرێت، یەکسەر وڵاتی ئیتالیا دێتە یادمان. ئەم وڵاتە بەناوبانگە بە ھونەر و ئەدەبی کۆن و بزووتنەوەی ڕێنیسابس و جۆرەھا کاری ھونەریی و فیکریی و ئەدەبی دیکەی بەرز. منیش ھەر ئەم خاكانەبوون وایان لێم کرد ئیتالیا ھەڵبژێرم. منیش وەک عاشقێکی ھونەر شەیدای وڵاتی ھونەر بوم. ھەر ئەم ھەست و کەفو کوڵە ھانیان دام بە خۆشییەوە بتوانم خوێندن لێرە تەواو بکەم. سوودێکی ھێجگار گەورەم لێوەرگرتووە و کاریگەڕێتی بە قووڵی لەسەرم ھەیە.
دیارە ئەو ھونەرمەندانەی بە ھەزاران کیلۆمەتریش لەم وڵاتەوە دوورن سارسامن بە مێژووی ھونەری ئێرە و قوتابخانە ھونەرییەکان و ئەو بزاڤە نوێیەی ھەیە. دەی منێکی ئیستا لە کانگاکەیدام و ڕۆژانە لە دامودەزگای ڕاگەیاندن و ئەو گەموو مۆزەخانەو سەر شەقام و ئیرەو ئەوێ دا ڕووبەڕوو و گوێ بیست و لەزەتچێژی ئەو ھونەرە دەبمەوە چۆن کارم تێناکات!.
ئەمەندەی ئارەزوو بکەم چەند ڕوونکردنەوەیەک بخەمە سەر خەرمانی ئەم ھەڤپەیڤینە، ئەوەیە من ھەمیشە لە بیرمە کە تاکێکی ھونەرمەندی کوردم. بۆ موتووربەکردنی ھونەری کوردەواری بەهونەری ئیتالی و خوڵقاندنی ھونەرێکی نوێی تەڕ و پاراوی خاوەن ناسنامەی کوردی، بەئەقڵی ئەوروپایی ھاوجووت لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی زانستی و ئەکادیمی ھونەردا، کرۆک و مانا و ستراتیژی یەکەمی کارەکانی منە.
ھەموو ھونەرمەند و دۆستانی ئیتالی وجیهانی ئەوانەی بڕەک لە کولتوور و ھونەری ڕۆژھەڵاتی شارەزا و ئاگادارن، بێ سێ و دوو ھونەرەکەی من دەناسنەوە. بەلایانەوە سەرنج ڕاکیش و عەنتیکەیە. کارەکانم ھەوڵێکە بۆ دروستکردنی کەناڵ و پردێ لە نێوان ھونەری کوردستان و بە ڕێگای ئیتالیا بۆ ئەوروپا و جیھان ھەڵبەتە کاڕێکی ھێندە سانا نییە! بەڵام من بۆ تێدەکۆشم.

٧- باوەڕتان وایە ھونەری وێنەکێشان بتوانێ ئەندێشە و پەرۆشەکانی تاکی کورد لە خۆی بگرێ؟ یا چەند دەتوانێ و ڕەنگی تێدا بداتەوە؟

شاراوە نییە ژیانی تاکی کورد لەوانەیە بە شاکارە رۆمانێک کۆتایی نەیەت. کاتێ من یان ھەر ھونەر مەندێکی دیکە دێت ئازار ژانەکانی تاکێکی لە شوێنێکی تابلۆکەیدا جێ دەکاتەوە تەنیا کارەکە لە ڕووی سیمبوڵی و خێڕا تێگەیشتنی بێگانەیە لەو ئەندێشەیە! دەنا ھەڵبەت نەخێر دەمەوێ ئەوەش بڵێم ھونەر و ئەفسانەی ھونەر ئەوەیە بەشێکی بچووک ئاماژە و گوزارە لە شتی مەزن بکات!. کاتێ من دیمەنی کوژراوی مێروولەیەک دەکێشم، ھەوڵ دەدەم ژیان و شەھیدبوونی سەدان ڕۆڵەی نەتەوەکەمی تێدا جێ بکەمەوە و نیشان بدەم .

٨- ھونەر کەی و چۆن دەتوانێ ببێتە چەکێکی کاریگەر و بەشداری کە خەباتی ڕزگاریخوازیدا بکات؟

ھونەریراستەقینە ھەمیشە چەکی کاریگەر بووە. نەبەستم لە ڕاستوقینە ێەوەیە لە خزمەتی کێشە کۆمەڵایەتییە گشتیییەکانی تایبەتمەند بە مرۆڤەوەبن. بۆ مرۆڤێکی بێ ئاڵاو دەوڵەت، نیشتمان سوتماککراو و ژاراوی کراو، بۆ نەتەوەی بندەست و ستەملێکراو، خاک شەقوپەقکراو و تاڵانکراو و داڤەشکراوی مێژووی خوێناوی ھەڕەشەلێژراو، گەر ئەمانە یەک لە ھەزار بگرە ملیۆنێ لە کارەکانمدا رەنگ بشاتەوە وا بەشدارییە لە خەباتدا. وا چەکی دەستی خەباتگێڕانە. پشتی کارەساتێژی وەک ژەھربارانکردنی ھەڵەبجە ھیچ دەقێکی ئەدەبی نەیتوانی گوزارە کەو تراژیدیایە بکات بەڵام ھونەرمەندێ ڤەکێشانی وێنەی شەھید « عومەری خاوەر» و منداڵەکەی وەک ئەوەی کاک عومەرتۆفیقی ھونەرمەند لە ئەڵمانیا کێشاوێتی توانی وێنەی ڕووداوەکەی تا ڕادەیەکی زۆر تێدا بەرجەستە بکات. وەک وتم گەر ھونەرمەند کوڕی مەسەلەی میللەتەکەی نەبێت، وە ھونەرەکەشی بۆھەمان ئامانج بێت وا لەم چەکە کاریگەرتر و بەرزتر بەتایبەت لە ھەندەران شک پێ نابەم.

٩- ئێوە لەگەڵ دروشمی « ھونەر بۆ ھونەر» دان، یاخود ھونەر بۆچی؟

بەلای منەوە ھونەر بۆ گەلە ووە بۆ ھونەریش کە دەڵێم بۆ ھونەریش مەبەستمە بڵێم کارەکە خۆی گەرەکە ھونەر بێت دەنا ناشێ بۆ ھونەر بێت ساتێ کە ھونەرمەندێک کارێکی ھونەری دڵسۆز دەھێنێتە بەرھەم ئەوسا ھونەرەکەی بۆ گەل و مرۆڤ و ھونەریشە ھونەرمەن پێویستە ڕاستگۆ و دەستپاک بێت لەگەڵ ئەو کارە ھونەرییەی دەیکات. من بەھەموو روانایەکمەوە کارەکانم بۆ خزمەتی نەتەوەکەم تەرخان کردووە. لەنێو گەکەکەشمدا بۆ ئازادی و و مافەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیتاکی کورد لاشموایە ساتێ ئێمە لەئەرکە سەرەکییەکان واتە نەتەوەییەکان ڕزگارمان بوو وا ئەو کاتە کێشە و ئازاری مرۆڤ لە جیھان دا دەبنە بابەتی ھونەرەکەمان . وەکوتم وڵاتی خۆمان سەرچاوەی ھەموو ئازارو ژانەکانە. جا،ساتەوەختێ من وێنەی لایەنێکی ئازاری ژیانی تاکێکی کورد دەکێشم ئەوا ھەر تاکە نرۆڤێ لەم گەردوونەدا و بە مرۆڤی ئەستێرەکانی دیکەشەوە گەر خحی تێدا دۆزییەوە دەتوانێ بە ھی خۆی بزانێ و دانێ. بەدەنگی بەرز دەڵێم پێویستە ھەموو شت لە پێناوی بەختەوەری خۆشگوزەرانی ژیانی مرۆڤ وبەرەو پێشبردنی شارستانێتی بۆن و بەرامە خۆش و عەقلانییەتدا بێت.
ھونەرمەندی کورد … جارێ ئەرکە نەتەوەییەکانی بەر لەھەر شتێکی دیکە دەکەنەوە.. ھەتا لەم پێداویستیە ھەرە گرنگ و مانادار و پیرۆزە نەبنەوە ھیچ ئەرک و فەرمانێکی دیکە جاوەڕێیان ناکات و وەک دەڵێن تەکلیفیان لەسەر نییە. ھیچ ئەرک و فەرمانێکی دیکە چاوەڕێیان ناکات و وەک دەڵێن تەکلیفیان لەسەر نییە. بۆیە نابێت لە ڕوانگەی ئیدیۆلۆژیای ڕووت و بەرژەوەندی زڕە تیۆری مردارەوە بوو فسفس پاڵەوانێتی سوورەی بەر لەشکریی بڕواننە مەسەلەکان و لە حوکمی ڕاستێتی و ڕەوایەتی و بێگەردێتی دۆزی کورد سڵ بکەنەوە و بکەونە گومانەوە و ڕێی گومڕایی بگرن.
ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی کوردستان و جیھان ھەموو ئەزموونەژانیان بۆ خستینە ڕوو وابزانم ھەموو دەتوانین بۆنی گوڵ و ئازاری دڕک لێک جیا بکەینەوە. بەڕاستی ھەق نییە ھیچ تاکێکی کورد سەرقاڵی شتی لاوەکی بێت. ھەموو دەست پێکێکی کوردانە چونکە زۆر لە کاروان بەجێماوین ھێشتا ھەر درەنگە دیارە سروشت و جوانیش ھەردوو بۆ ئاسوودەیی مرۆڤ و خۆشی ودڵشادبوونی مرۆڤ بەبایەخن.


١٠- ھونەرمەندی کورد چۆن دەتوانێ ڕەسانەیەتی ھونەر و کەلەپوورەکەی بپارێزێ؟ سنووری ونبوون کوێیە؟

لە خاڵێکی ئەم گفتوگۆکردنەدا ئاماژەم بەوە کرد کە ھەرتاکێکی کورد ژیانی پڕ دیمەن و ساتەوەختی سەر سوورھێنەرو ھەستیارە. بۆبونە ھەوێنی تابلۆی بەرز و گەشی ھونەریی . ھەر ھونەرمەبدێکی کورد ئاوڕی لە مێژووی نەتەوەکەی دابێتەوە بەویژدان و خاوەن ھەكوێست بێت و ئاواتی بەرەو پێشبردنی ھونەری نەتەوەکەی بێت خاوەنی ڕحشنبیرییەکی کوردانە بێت و چیرۆک و ڕووداوە مێژووییەکانی کورد ئاگادار بێت ھەمان کات بەھا و بایەخ و گربگی ئەن شتانە لە دنیادا بە تایبەت لای فەلانی زیندووی ئەوروپایی و ئەوانەی ھەزاران ھەزارساڵە خاوەن دەوڵەتیشن ئاگادار بێ وا ئەرکی سەر شانێتی خەسڵەت وتایبەتمەندێتی و ڕەنگ و بۆی ژوردێتی ھونەرەکەی بپارێزێ و ناسنامەکەی نەشێوێنێ. وە ئاگای لە کەسایەتی خۆیی و بەھا کۆمەڵایەتی و کولتووریی و شارستانیتەکان بێت.
گرتنەبەری ھەر ڕێچکەیەکی دیکە لەم بوارەدا خۆ ونکردن و سڕینەوەی ڕواڵەتی خۆماڵی و لادانە لە ھونەری ڕەسەن و لاسایی کردنەوەی کوێرانەی ھونەری نامۆیە من ناڵێم بە تەنها هونەری کوردی و بابەتەکانی ڕوخسار و ناوەڕۆک و پانتایی کارەکانی ھونەرمەندی کورد داگیر بکات و سنوور و چوارچێوەتەک بۆ کۆت و بەندبوون. یاخود کێشانی ھێڵی سوور بۆ ھونەرمەندی کورد دیاری بکرێ بەڵام گەرەکە تووشی نەخۆشی خۆبەکەمزانین و پەتای لاسایکردنەوەی ناشییانە نەبێ و بە چاوی نزم لە ھونەری میللەتەکەی نەڕوانێ حەز دەکەم ھونەرمەندی کورد ئەم بەیتە شیعرەی مامۆستا گۆرانی لە یاد بێت:
کانییەکی ڕوونی بەرتریفەی مانگە شەو لە بنتا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو
جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور شەپۆلی باتە بەر تیشکی رۆژ شڵپ و ھوڕ

١١- ئاواتتان چییە لە ژیان دا؟

ئاواتەخوازم کە ھونەری کوردی زیاتر گەشە بکات و بونیاتی تەواوی خۆی بچەسپێنێ و بێتە خاوەنی دامودەزگای نەتەوەیی خۆیی و لە گشت کوردستان دا بایەخی زیاتری پێ بدرێ.
لەمەش گرنگتر بە ئاواتم ھونەرمەندانمان یەکگرتووبن و دۆزی نەتەوەکەیان لەبیر نەچێتەوە و ئەم خاڵەش لە سەروو ھەموو مەبەستێکەوە دانێن. وە ھەر یەکەی بە شێوازو میتۆدی خۆی لە خزمەتکردن بەردەوام بێت و کەمتەرخەمی نەکات. بە ھەموو مانای وشە ھونەرمەندی میللەتێکی بێ کیان و ناسنامەی سیاسی وڵات کۆلۆنیالکراوبین. بۆ ھەڵتەکاندنی سنورەکان و سڕینەوەی واقیعی ناسروشتی بەزۆر سەپاو بەسەر کوردستاندا خەبات بکەین.
ڕۆڵەیەکی بەئەمەکی مێژووی خوێناوی و فرمێسک و جگەرسووتاوی دایک و خوشکی شەھیدان بین. بۆ ئازادی و یەکسانی لە کوردستاندا تێبکۆشین. مرۆڤ و ژان و پەرۆشەکانی لەبیر نەکەین و لەدوورگەی کوردایەتییەوە بۆ کیشوەری مرۆڤایەتی ھەوڵ بدەین . بەئاواتی ئەوەم ھەموو لە کوردستانێکی ئازاد بەمزوانە یەکتر بگرینەوە. بۆ گۆڤارە نازدارەکەی ئێوەش سەرکەوتن و بەرەو پێشچوونی زیاتر دەخوازم.

پێشانگاکانی ھونەرمەند
—————————
• ساڵی ١٩٧٢،١٩٧٣،لە شاری سلێمانی.
• لە ساڵی ١٩٨٦ Arti Figurativ Riccione
• لە ساڵی ١٩٨٧ لە Galleria Boccioni Morciano di Romagna
• لە ساڵی ١٩٩٤لە San Marin
• ئەم پێشانگایانە بە تەنیا خۆی کردوویەتەوە.
• لە ١٩٧١ لە سلێمانی و ١٩٧٤ لە بەغدا و ١٩٧٥ لە سلێمانی و بەغدا و ساڵی ١٩٧٨،١٩٧٩،١٩٨٠ لە Firenze و ١٩٨٢ لە Siena و ١٩٩٣ لە Morciano DI Romagno و لە ١٩٩٥ لە Brescia و لە ١٩٩٦ لە Genova. ئەم کۆمەڵە پێشانگایە بەھاوبەشی کۆمەڵێ ھونەرمەندی بەناوبانگی کورد لە فیستیڤاڵەکانی سلێمانی و بەغدا کردۆتەوە لە ئیتالیاش بە ھاوبەشی لەگەڵ گەورە ھونەرمەندانی ئیتالی و جیھانی.
——————-

بەشێک لە تابلۆکانی:




:پۆپۆلیزم و ئۆتۆکراتەکان ئایا سەردەمی دیموکراسی لەکۆتاییدایە ؟…نووسینی Anna Sauerbrey

و. هەڵۆ بەرزنجەیی

————————————–

ـ خەرمانێک لە کتێب و وتار ئاماژە بە نزیکبوونەوەی کۆتایی دیموکراسی دەکەن.
ـ چی لەم گێڕانەوانەدا ڕاست نییە و بۆچی چیرۆکی کۆتایی جیهان شتێکی ترسناکە.

دەشێ تا ئێستا هەستت پێ نەکردبێت،بەڵام دیموکراسی لە مردندایە. ئێمە لەسەرەتای سەردەمێکی نوێداین، بەڵام بەلانی کەمەوە نالیبەڕاڵی، ئەگەر نەشڵێم قۆناخێکی ئۆتۆکراتی. نەک هەر لە ئاسیا، ئەمریکای لاتینی یاخود باکوری ئەفریکا،بەڵکو لێرەش، لەناوەندی ڕۆژئاوا! هەر نەبێت لە هەنووکەدا زۆر ئەقڵی گەورە و بلیمەت تا بێت بەردەوام باسی لێوە دەکەن.
بەدەگمەن هەفتەیەک تێپەڕێت، بەبێ دەقێکی دەستنیشانکەری کات time-diagnostie text ، هۆشداری هەرەسهێنان نەدات.” دیموکراسی لیبەڕاڵی لە توخمی خۆیدا دادەڕۆخێ”.
yascha Mounk بەرەگەڕ ئەڵمان و ئەمریکایی زانکۆی هارڤارد لە کتێبەکەیدا “ڕووخانی دیموکراسی” کەوا لە مانگی ٢ دا دەرچووە و بارودۆخەکە “دراماتیکییە” و ” نوێیە” و “ترسێنەر”ە. هەروەها پرۆفیسۆرەکانی هارڤارد Steven Levitsky و Daniel Ziblatt ترسیان هەیە،”ئایا دیموکراسییەکەمان لەبەردەم مەترسیدایە”؟ پرسیار دەکەن بە چاوبڕینە وڵاتە یەکگرتووەکان لەوەی “چۆن دیموکراسی دەمرێت ـ How Democracies Die „ کە بڕیارە لەمانگی گوڵان دا بە زمانی ئەڵمانی بڵاوبێتەوە. ” بەهاری ئۆتۆکراتییە” ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەHenri J. Barkey لە گۆڤاری „The American Interest ” ئەمە دەچرپێنێ.

نووسەری بەریتانی Edward Luce لە” پاشەکشەی لیبەڕالیزمی ڕۆژئاوایی ـ „The Retreant of Wesern Liberalismus هۆشداری دەدات” دیموکراسی لیبەڕاڵی ڕۆژئاوایی، هێشتا نەمردووە، بەڵام ڕووخانی زۆر نزیک بۆتەوە، وەک ئەوەی زۆرێک بەئاواتی ئەوەوەن”. و Jan Zielonka پرۆفیسۆر بۆ سیاسەتی ئەوروپایی، لە St.Antony,sCollege in Oxford دەستنیشانی کردووە، “ئێمە لە دژە پەرەسەندنێکدا دەژین،” . هەڵبەت مرۆ دەتوانێ لەسەر ئەم بابەتە زۆر بڕوات و بنووسێ.

ماوەیەکی درێژ، مرۆ دیموکراتیزەکردنی بە “کۆتایی مێژوو” دادەنا

باسکردنی بەسەرچوونی دیموکراسی شتێکی دراماتیکی، تاریکی ڕاکێشە. پیاو زۆر کەم متمانە بەخۆی دەکات،باوەڕ بەوە بهێنێ. لێرەدا هەندێ شت هەیە دژ بە گۆڕانکارییەکانی ئەم سەردەمە بوەستێتەوە. لێگەڕی ئێمە سەرەتا لە هەستی کۆتاییهاتنی جیهان تێبگەین.
مێژووی جیهانگەریی و سەرکەوتنی دیموکراسی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠، بە “شەپۆلی سێیەم” .١٩٧٤ تەنیا ١/٣ هەموو دەوڵەتەکان دیموکراسی بوون. تا ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠، بەپێی سەرژمێری زانستکاری سیاسەتLarry Diamond لە ڕێژەی ٦١ وڵاتی هەڵبژێردراوی جیهان دا، رێژەی ٤١ یان لایەنگری دیموکراسی لیبەڕاڵین، ئەمە هی ساڵی ٢٠٠٠ هەزارە، واتە دەوڵەتەکان کە لەتەک هەڵبژاردن دا، بنەمەکانی تری دیموکراسییان جێبەجێ دەکرد، بابڵێن مافی تاکەکەس و بەتایبەتی پاراستنی.

ساتێ ساڵی ١٩٨٩ دیوارەکە ڕووخا(مەبەست دیواری بەرلینە ـ هەڵۆ)،شورەوی داڕما و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات کەوتنە سەر ڕێی دیموکراسی ، هەستی گۆڕانی ڕۆژگار، بەربڵاوتر بوو. لە وتارێکی بەناوبانگ دا لە” „The National Interest دا Francis Fukuyama ی نووسەر ئاشکرای کرد، ” ئێمە هەر کۆتایی شەڕی سارد نابینین، یاخود کۆتایی سەردەمێکی دیاریکراوی قۆناخی دوای مێژووی جەنگ، بەڵکو کۆتایی مێژووش بۆ خۆی: ئەمە واتای ئەوەیە، کۆتایی خاڵی پەرەسەندنی ئایدۆلۆژی مرۆڤایەتی و بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبەڕاڵی بە جیهان دا، وەک دوا فۆڕمی گردەبڕی ڕژێمی مرۆیی”.
ئەمڕۆ ئێمە بە پێی نووسینی زۆر لە نووسەران، گەواهی ئاکامی کۆتایی مێژووین. لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٠ هەزارەوە Larry Diamond ی نووسەر و ئەندامی دامەزرێنەری Journal of Democracy“ ” لە ٢٠١٥ دا، لە تێکستێکدا کە زۆرجاران لێی وەرگیراوە و ئاماژەی پێدراوە، لە ئامادەکردنی سیستەمی دیموکراتی لە جیهان دا، سەرەتا وەستان و پەککەوتن بەکارهێنراوە، پاشان لێدوانی ڕەخنەگرانەی نەرمۆک. لە ساڵی٢٠٠٠ دا، ٢٥ پەککەوتن و داڕمانی سیستەمی دیموکراتی ڕوویان دا، لە نێویاندا ڕووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا. ئەم ژمارەیە لە دەروازەی زۆر تێکستی دەستنیشانکردنی کات دا خۆی دەبینێتەوە.، شتێ لەم بابەتە لە کتێبەکەی Luce بە ناوی ” The Retreat of Western Liberalism” .

ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆچبەرە عەرەبەکان دا، جارێکی تر هیوای دیموکراسی چەکەرەی کردەوە، مرۆ دەتوانێ بە کۆتاییەکی توانجئامێزەوە بڵێ، ڕۆژئاوا وا بیری دەکردەوە،گەر ئێستا ئۆتۆکراتەکانیی کولتووری عەرەبی تێبگەن، چی باشە و ڕاستە، ئەوە مانای وایە تا ئێستا هێشتا مانای شتێ لەناو دیموکراتیدا ماوە، بەڵام دوایی میسر کەوتەوە پاشەوە، بۆ ناو حوکمی بەربەرێتی.

ڕوانگەی Trump: بەلای ئێمەوە ئاساییە، ئایا ئەوانی دیکە دیموکراسین
هەڵبژاردنی Donald Trump ،دڵتەنگی بەکاربراوی زیاتر کرد. لە ئێستادا ئەمەریکا دووجاران مەحکومی کەوتنە: لەمامەڵە و هەڵسوکەوتی دیموکراتیزەکردن دا، لەدوای هەوڵێکی خوێناوی سەرنەکەوتووانە لە عێراق و ئەفغانستان، کشانەوە لە سەردەمی Barack Obama.
دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییەکەیدا: جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، بەلای ئێمەوە ئاساییە، ئایا ئەوانی دیکە دیموکراتین، تەنها وڵاتانێک هەن، بەرژەوەندییەکانی ئێمە دابەش دەکەن، وە ئەوانەشی ئەوە ناکەن . زۆر کەس باوەڕیان وایە، ئەمەریکا ڕەونەقی خۆی وەک سەرمەشق و نموونەیەک بۆ دیموکراتیبوون لەدەست دەدات . لە جیاتی ئەمە ئێستا پێشبڕکێی سیستەمی تر هەیە. چین دەریخستووە، چۆن پیاو دەتوانێ لە ڕووی ئابوورییەوە سەرکەوتوو بێت، بێ ئەوەی پێویست بکات، لەهەمان کاتدا دیموکراسی بێت. ڕەوڕەوەی مێژوو بەرەو دواوە وەردەچەرخێ.
ڕوونکردنەوەی ئەمە گرێ دراوە بە حەقیقەتی یاخود بە پرۆسەی هەڵوەشانەوە لە نێو دیموکراسی ڕۆژئاوادا.Y.Mounk دەنووسێ، لە زۆر وڵاتانی ڕۆژئاوادا خۆشەویستی مرۆڤ بۆ دیموکراسی سارد بۆتەوە. بەهای ڕەزامەندیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا دەکەوێت، ئەلتەرناتیڤی ئۆتۆریتێتی سەرنجڕاکێشتر و دڵفڕێنتر دەنرخێندرێ. بەتایبەتی خانەگومانی لە دیموکراسی وەک ئەو دەڵێ، لای ئەو گەنجانەیە کە دێن بۆ هەڵبژاردن. لەمەوە ئەوشتە بە ئاکامێک دەگات” گەنجان ئێمە قوتار ناکەن” و ” گومان دەکرێ دیموکراتی سەقامگیر، هەتا بێت زیاتر وەک ناسەقامگیر دەردەکەوێت”.

Yascha Mounk،دەبینێ خۆشەویستی خەڵکی بۆ دیموکراسی سارد دەبێتەوە.
هاوکات Mounk وای دەبینێ: لەبەریەکهەڵوەشانەوە و تیاچوونی دیموکراسی و مافە. دیموکراتی لیبەڕاڵی گەرەنتی دەسەڵات دابەشکردنی دەوڵەت دەکات، بەشداری ڕێکخراویی و هاوکات پارێزگاریکردنی مافە بنچینەییەکانی تاکەکان لەبەردەم ستەمی زۆرینەدا.
ئەم یەکبوونە هەڕەشەی داڕووخانی لێدەکرێ،وەک .Mounk دەڵێ: ئەگەر مەسەلەکە بەپێی پۆپۆلیزم بڕوا،دیموکراسی بێ ماف دەبێت، کەواتە دامەزراوەی دیموکراسی، بەڵام هیچ نییە پارێزگاری لە مافی تاکەکان بکات.

لە تەکنۆکراتیدا، وەک لە یۆنانی قەیرانی داراییدا،یاخود یەکێتی ئەوروپادا،.Mounk” مافی بێ دیموکراتی” دەناسێ. لە ڕاستیدا مافی تاکە کەس پارێزراوە، لێ بەشداری ڕاستەقینەی هاوڵاتی نییە.
هەندێ نووسەری تر لە پەرۆشی کولتووری دیموکراسییدان، لە لووتکەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا” چۆن وەک دیمۆکراتی دەمرین” Levitsky و Ziblattگەشەیەیان دا بە بنەمایەک، بۆ شێوە سیستەمێکی هۆشداری پێشوەخت، لەکاتی گۆڕانی دیموکراتی بە ئۆتۆکراتیدا، پێویستە زەنگ لێ بدات.
Levitsky گۆڕانی سیاسسی لە ئەمەریکای لاتینی خوێندووە،Ziblatt مێژووی ئەوروپا. بە سەرنج و تێبینییە مێژوویی و مێژووی هاوچەرخەکانیانەوە، پێشەنگی نیشاندانی چوار ئاماژەی وریاکردنەوەن لە کارەساتێک :

یەکەم : ئۆتۆکراتە درەنگ وەختەکان، یاسای بەڕیوەبردنی دیموکراسی دەدەنە دواوە.
دووەم: مافی ڕەوایەتی لە دژە سیاسیەکانیان دەسەننەوە، بۆ نموونە لەوەدا، ئەوەی ئەوان بەمەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێن.
سێیەم : چاوپۆشی دەکەن لە زەبروزەنگ، یاخود بانگەوازی بۆ دەکەن .
چوارەم : ڕێگری و بەربەستی لە ئازادی دژەکانیان، یاخود میدیاکان دەکەن.
Donald Trump ڕێچکەی ئۆتۆکراتی دەگرێتە بەر
نووسەرەکان دەگەنە ئاکامێک، Donald Trump لە زۆر خاڵی کاتاگۆرییەکەدا کۆدەکەنەوە. ئەو ڕەوایەتی هەڵبژاردن و دژە کاندیدەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.(“ملیۆنان” دەنگ بەتاڵ بوونەوە و سووتان،Hillary Clinton ساختەکارەcrooked ). ئەو پەلاماری میدیاکان دەدات، بەنێتی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی راستگۆییان ، هەندێ لە دەربڕینەکانی ،خوێندنەوەی بانگاشەی زەبروزەنگی لێ دەکرێ و تێدایە، وەک ئەوەی لەکاتی بانگاشەی هەڵبژاردن دا وتی، ئەگەر هیلاری کلینتۆن هەڵبژاردنەکە بەڕێتەوە، ئەوا چالاکوانانی مافی چەک(ئەوانەی لەگەڵ بازاڕی چەکدان لە ئەمەریکا،هەڵۆ) ڕەنگە بتوانن شتێ بکەن.

Levitsky & Ziblatt کۆتایی بەمە پێ دێنن، بێ چەندوچوون هۆکاری پەڕۆشخواردن زۆرن، ئەمەریکا دەتوانێ ڕێچکەی ئۆتۆکراتی بگڕێتەبەر. لە چۆکدادانی دیموکراتییەوە، سەرکەوتنی پۆپۆلیست و پرۆسەی پارچەپارچەکردنی ناوخۆیی وێنەیەکی گشتی بەدەستەوە دەدات، لە رۆژگاری گۆڕانکاری دەچێت. هەموو ئەم شتە جوان و رازاوانە بۆ چیرۆکی گەورە و کتێبی ناونیشان بریقەداری کۆتایی دنیا دەکرێ، هەروەک خاوەن دەزگاکانی چاپ و پەخشیش ئەمە بزانن و هەستیان پێ کردبێت، کە ئەم جۆرە بەرهەمانە بازاڕیان گەرمە و بە باشترین شێوە دەفرۆشرێن . بەڵام لە وردەکاریدا هەندێکیان وێنەکە دەشێوێنن.
Yascha Mounk لە تێزەکانیدا سەبارەت بە زیادبوونی خانەگومانی هاوڵاتی لەهەمبەر دیموکراتی لە ساڵانی2016&2017 وە، لەگەڵ هاوکارەکەی Roberto Foa لە وتارێکدا بۆ Journal of Democracy نمایشت کردووە. بەهاوڕێیەتی بەشدارکریکردنی میوانێک لە New York Times بە گرافیک، کە تێیدا هەڵوەرینی جۆشوخرۆشی بە شێوەیەکی دراماتیکیی نیشان دەدات. وتارەکە شەپۆلێکی مشتومڕی گەورەی دروست کرد، گرافیکەکە لەچاوتووکانێکدا بڵاوبۆوە.

زۆر توخم و ڕەگەزی تێزی ئاوابوون، لە بواری زانست دا مشتومڕی لەسەرە
لە زانستدا،نووسەران بەدڵنیاییەوە زۆر بەروبوومی بەرپەرچدانەوە و ناڕەزایی دەچننەوە . خاتوو Pippa Norris یەکێکە لە دیارترین توێژەرانی ـ پۆپۆلیزم. بڕیارێکی توند و زبری دا، لەسەر هەڵسوکەوتکردن لەتەک داتاکان و ئەو ئاکامگیرییەی لێوەیانەوە دەکرێت. بە پێچەوانەی ئەوەی Mounk&Foa بانگاشەی بۆ دەکەن، نەخشە و پێوەرێکی یەکگرتووی ئەوروپایی نییە، چۆن هاوڵاتی ” هێزی کارایی و بەجێگەیاندن” ی/ قوە الاداء، هەر یەک لە دیموکراتییان دەنرخێنن. هەروەها دیموکراتییەکی قەیرانی مانادار ، لەنێو هاوڵاتیانی نەوەی داهاتووشدا ـ بەمەش ئایندەیەکی تاریک و ڕەش ـ ناتوانێ دەستنیشان بکات.
بژاردەی دۆخی Mounks، “هەڵبژاردەییە”. لەنێو دەنگدەرانی ـ ترامپ دا ،زۆرن ئێستا پیر بوون. هەروەها هیچ بەڵگەیەکیش نییە بۆ تێزەکان بە شێوەیەکی گشتی دیموکراسی رۆژئاوا بێتە قوربانی، دامەزراوە گشتیەکان، ئەوانەی کە پارێزگاریی لە مافی تاکگەرایی دەکەن.

زانستکاری سیاسی هۆڵەندیErik Voeten، کە لەزانکۆی Georgetown لە واشنتۆن وانە دەڵێتەوە، بەهەمان ئاکامگیریی گەیشتووە. یەک خاڵی ڕەخنە، لەنێو زۆری تردا: World Value Survey وەک بنچینەیەک بۆ ئارگومێنتەکەی Mounk،ڕەزامەندی سەرخستن بۆ دیموکراتی دەکات، لەسەر پێوەرێک/ مقیاس لە یەکەوە تا دە.
Mounk&Foa لە گرافیکەکەیان دا، بەتەنیا دەی تەواوی وەک ڕەزامەندی نرخاندووە و هەموو وەرامەکانی تری نەرێنی نرخاندووە. بەم شێوەیە پێچاوپێچێکی سەیر و سەرنجڕاکێش دروست بوو.
هەروەها پرسگەلی، ئایا تازەترین سەرکەوتنی دەنگدەرانی پارتە پۆپۆلیستەکان، سەرەتای قۆناغێکی “دەورانی پۆپۆلیستی” یە.بێگومان دەمەتەقێی مشتومڕهەڵگری لەسەر ساز دەکرێت.

زانستکاران ئەوانەی تێکڕای مێژووی دوای جەنگ هەڵدەسەنگێنن، مەیلیان زیاتر بۆ ئەوەیە، مێژووی پۆپۆلیزم لەئەوروپا وەک چەرخە/ دەوران لە قەڵەم بدەن.٢٠١٣ یەکێ لە بەناوبانگترین لەمانە Cas Mudde وتارێکی بڵاوکردەوە، بەناونیشانی “سێ سەدە پارتی ڕادیکالی پۆپۆلیستی لە ئەوروپای ڕۆژئاوا: ئێ باشە؟”بەڵێ کاتی خۆی گۆڤارەکان و سیاسییەکان هۆشدارییان دا، لەمەڕ شەپۆلێکی پۆپۆلیستی.
Mudde نیشان دا ، شتێکی ڕوون و ئاشکرایە ئاقاری گشتی گەشەکردن نییە ـ ، ئەوەی پەیوەندی بە ئاکامی هەڵبژاردنەوەکان و ژمارەی پارتی پۆپۆلیستی لە پەرلەمانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و کاریگەرێتیان لەسەر ناوەڕۆکی سیاسەت. ئەم وێنەیەی ٢٠١٣ لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابووردوودا گۆڕاوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا شیاوی بیرکردنەوەیە، سەرکەوتنەکانی هەنووکە وابەستەی قەیرانن، وەک بەشێک لە چەرخەکە دەردەکەون.

لەمەڕ پرسیاری،ئایا ئەمڕۆ دیموکراتی کەمترە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٠،بگرەوبەردەی لەسەرە
دواجار ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە،ئایا ژمارەی دیموکراتەکان بەڕاستی لە جیهان دا بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. گفتوگۆی مشتومڕهەڵگری لەسەر دەکرێت. بۆ نموونە Levitsky & Ziblatt بیروڕای خۆیان دەردەبڕن” چۆن دیموکراتی دەمرێت” بە گومانن لە دەستنیشانکردنی دیاگنۆزەکردنی چۆکدادانێکی جیهانی. وڵاتانی بۆ دواوە گەڕاوەوەی وەک هەنگاریا،تورکیا و ڤەنزەویلا، هێشتا هەر وەستاون بەرامبەر بە وڵاتانێ،کە بە هێزێکی گەورەوە دەیانەوێ دیموکراتی بن، شتێکی وەک کۆلۆمبیا، سریلانکا و تونس. زۆربەی دیموکراتە چەسپاو و جێگرەکان،دامەزراون:” هەروەها ئەگەر دیموکراتی ئەوروپا کێشەی زۆریشی هەبێت، لە ئابوورییەکی میللی لاوازەوە تا ئەنتی بزاڤی کۆچبەران، بەڵێ بەم شێوەیە بەڵگە کەمە بۆ ئەو بنچینە ڕاماڵینەی نۆرمەکان، وەک ئەوەی ئێمە لە ئەمەریکا دەیبینین.
وێنەی پاشەکشەی جیهانی دیموکراتی زۆر باش کار دەکات، گەر بێت و پیاو جیاوازی نەکات لە نێوان دەوڵەتانێ کە بە دیموکراتی هەڵبژاردن دەکات و دەوڵەتانی پێشکەوتوو، دیموکراتی لیبەڕاڵ.
لێگەڕی با ئێستاش هەندێ لەسەر رووسیا بنووسین ،کە خۆی لە ڕێگای دیموکراتی” هەمدیسان ” لاداوە. بەڵام ئایا ساڵی ١٩٨٩ ، بەڕاستی ڕووسیایەکی دیموکراتی ـ لیبەڕاڵ هەبوو؟.

بۆچی باسکردنی کۆتایی دیموکراسی مەترسیدارە
کەوابێ بێگومان هیچ کۆتایی، کۆتایی مێژوو نییە؟

بە ویژدانەوە پێویستە پیاو بڵێ، هەموو نووسەران جەخت دەکەنەوە، کەوا هیچ ئاکام و چارەنوسێک نییە لەم پرۆسەیەی ئێستادا. سەبارەت بەو ناونیشان و تێزە زەقانە لە زۆر باردا ئەمە کاریگەری وا دەبێت، هەروەک بڵێی زیاتر زامنێکی ڕووکەشە. هێشتا هەر کارلێکردنی ڕوانگەی تێلیۆلۆگی یەکێکی ف. فۆکۆیاما( مێژوو ئامانجێکی هەیە)، لێکدانەوە و شیکردنەوەی ڕوداوێکە ـ ئێستا لەتەک ئاماژەی پێچەوانەدا. هەستی کۆتایی دنیا، هەستی نەوەیەکە، کە خۆی مەزەندە دەکرد، لە بەرەی سەرکەوتووی ئەبەدی مێژوودایە.
Edward Luce وا وەسفی دەکات، چۆن ئەو ساڵی ١٩٨٩ لەگەڵ خوێندکارانی دیکەدا هاتن بۆ بەرلین، بۆ بینینی کرانەوەی دیوارەکە/ یاخود ڕووخان و نەمانی. بتڵی شەمپانیایان هەڵپچڕیوە .” ئێمە تووشی پەتای گەشبینی بووین.

ئێمە ئەوەمان ناونا هەنگاوی پێشکەوتن ـ باوەڕیش بەمە ئەوە بوو، چی نزیکترینە لە ڕۆژئاوای مۆدێرنەوە،ئایینی رۆژئاوایە”. ساڵانی ڕابردوو ئەم ئیمانەی نابووت و هەلاهەلاکرد. ڕۆژئاوا خۆی لە قەیرانی مەزهەبی ئاینی دا دەبینێتەوە. بێگومان ئێستاکە بەڕاستی تژییە لە کێشە و هەرا. دۆناڵد ترامپ کولتوری سیاسی ئەمەریکا دەپلیشێنێتەوە. پارتە پۆپۆلیستەکان دەیبەنەوە، پێویستە شەڕی پارتە پۆپۆلیستەکان بکرێ. بەڵام باشترین لێکدانەوەی ئەم ئاکامە چییە؟ Mounk کتێبەکەی خۆی وەک بانگەوازی وریاکەرەوە دەبینێ. لێکدانەوەی ڕەخنەکەی لەمە،لە نوسخەیەکی کتومت،وەک پەرچەکردارێکی سروشتی وەک ئەوانەی حەزناکەن بە ئاسانی بڵێن ماڵئاوا لە نموونەی/ پارادیگمای دییموکراتی پێشکەوتوو. بێگومان کوێربوون بەرامبەر بە دراماتیکی واقییعەکە ترسناکە.

. بێگومان لە داڕشتنی دراماتیکی ئێستادا،بۆ تێکشکانی رۆژگار و سەردەم مەترسییەک خۆی مەڵاس داوە: دیموکراتی رۆژئاوا خۆیان قسە لەسەر خۆیان دەکەن لە خەمۆکی و نائومێدی بەمەش هاوکاری لایەنەکەی تر دەکەن: لەهەنووکەدا باسەکان چیرۆکە دەربارەی لاوازیی، پووکانەوە و کەمبوونەوەی هێزی ڕاکێشان، کە پۆپۆلیستەکان بەهێز دەکات. ئا بەم شێوەیە کۆتایی کۆتایی مێژوو، هەڕەشە دەکات ،بۆ ئەوەی ببێتە پێشبینیکەری بەئامانگەیاندنی خودی خۆی.لەم کارەدا،شێوازی تێڕوانینی جیاواز،بۆ شتەکان ڕێگەدەدات،هەروەها بە ناشینی شتەکان،وەک هەموو نووسەران ناوی دەنێن.

Levitsky & Ziblatt بۆ نموونە،دەستنیشانیان کردووە،کە هەوڵی هێزی ئۆتۆریتێتی،ببەستن بۆ “ماڵیکردن و دەستەمۆیی” لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە سەرکەوتوو نەبوو. وا باشترە هاوپەیمانێتی نائاسایی ساز بکرێ، هەروەها پارتە کۆنزەڤاتیڤە بەهێزەکانیش کارتێکەرن.
Yascha Mounk پێشنیاز دەکات، ڕەخنەی پۆپۆلیستەکان، لەسەر ڕێپێنەبردنی گەشتنە دەسەڵاتی دیموکراتی،بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێک لە دەستەی بژاردەی دابڕێندراو و داواکارییەکانیان بۆ دیموکراتی ڕاستەخۆی زیاتر بە گرنگ و پەرۆشەوە وەرگرن : وەک خواستی دەنگدەر بۆ شەفافییەت و بەشدارییکردن. پێشنیازێکی گرنگ. بەڵان تەنیا لە مێژووی ململانێ و زۆرانبازی نێوان چاکە و خراپەدا جێگەی نابێتەوە.

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست: هەرچی ئەو بابەتانەی من لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە وەرم گێڕاون،ڕاستەخۆ لە رۆژنامە و گۆڤارەکانەوە بوون، نەک لە سایتەکانەوە. ئەم وتارەش هی رۆژی ١/٤/٢٠١٨،ماوەیەکی زۆرە لەبەر کەم دەرفەتی بواری وەرگێڕانیم نەبوو. رۆژنامەکە یاخود ئەو لاپەڕەیەی ئەو وتارە ماوەیەکی زۆرە لەناو ساکەکەمدایە و بەم هۆیەشەوە هەندێ ڕستە و وشەی بە هۆی قەدبوون و دەرهێنان و شتی رەوە پوکاوەتەوە و چرچولۆچ بووە. بۆیە ناچار بووم، بۆ خوێندنەوەی ئەو ڕستە و وشانە پەنا بەرمە بەر ئەرشیڤی ڕۆژنامەی ناوبراو و خوێندنەوە بابەتەکە. کاتێ سەرنجم دا، جیاوازی لە نێوان نووسینەکەدا هەیە،ئەوەی لە ڕۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە، بڕەک بە گۆڕانکاری و جوانکارییەوە لە سایتەکەدا بڵاوکراوەتەوە و هەندێ ئاڵوگۆڕی بچووکیشی تیدا کراوە و بڕەکیشی بۆ زیاد کراوە. لەڕاستیدا من هۆکاری ئەم جیاوازییە نازانم. لێ من ناچاربوون جارێکی تر بە وەرگێڕانەکەدا بچمەوە و کونوکەلەبەرەکانی پڕ بکەمەوە،چونکە وەک سەرچاوە من لینکی سایتەکە دادەنێم و ئاماژەش بە ژمارەی رۆژنامەکە دەکەم. بۆ ئەوەی خوێنەر تووشی ئاڵۆزی نەبێت.

سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل ژمارە ٢٣٤٢٨ی ڕۆژی ١/٤/٢٠١٨

https://www.tagesspiegel.de/meinung/populisten-und-autokraten-ist-das-zeitalter-der-demokratie-zu ende/21132056.html




لە سوریا چیم بەسەرهات … هەلۆ بەرزنجەیی


چەند دێڕێک لە بەسەرهاتی ٦ مانگم،وەک کوردێک لە سوریادا.

——————-

مانگی٧ی ساڵی ١٩٩١،دوای راپەڕین، چوومەوە کوردستان بۆ سەردانی کەس و کار و بینینەوەی نیشتمانی ئازیز و بەشداری لە کۆنگرەی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک دا. نێزیک بە ٣ مانگ مامەوە و چارەنووس وا هەڵسوڕ، هاوسەرگیرم بکەم. لە بەهاری ١٩٩٢،دا لە تەک هاوبیری هەمیشە لە دڵدا زیندووم،رەوانشاد کاک شەماڵ جارێکی دیکە چووینەوە بۆ کوردستان. نێتی سەرەکیم، هێنانی هاوسەرەکەم بوو. کە ئەودەم هێنانی ژن بە رێگای یاسایی گەلەک سەخت بوو، ناچار بووم، پەنا بۆ رێگای نایاسایی بەرم. بە کورتی بە قاچاخ بیهێنم. ئەوە بوو توانیمان پاسۆرتێکی ئەڵمانی ساز بدەین و وێنەی هاوسەرەکەم (دێرین)ی بخەینەسەر.

بە سڵامەتی لە رێگای ئیبراهیم خەلیلەوە هاتینە نێو تورکیاوە. ئەو رۆژەی ئێمە هاتین، شاندێکی باڵای حیزبی سۆسیالیستی کوردستان،بە سەرۆکایەتی رەوانشاد، کاک رەسول مامەندیش بەرەو تورکیا دەهاتن. ئەو رۆژانەش بە گەرمی باس لە یەکگرتنی پاسۆک و سۆسیالیست دەکرا و تەنانەت راگەیاندنی هاوبەشیش لەم رووەوە دەرچوو بوو.من بۆ خۆم لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نەبووم،چونکە زەمینەی راستەقینەی یەکگرتن لە ئارادا نەبوو،زیاتر گوشاری سیاسی دەرەکی، سەرکردایەتی هەردوولای بەرەو یەکگرتن دەبرد. لە نێو گەشت و فرۆکەکەدا، لەم رووەوە کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ کاک رەسول ـ تا بڵێی پیاوێکی بەڕێز و ئیسکسووک و خاکی و خۆشەویست دەهاتە بەرچاوـ و هەندێ پرسمان بەسەرکردەوە. ،گەرچی پێوەی دیار بوو،کە ئەویش بە تەواوی ئەو هەنگاوەی بەدڵ نییە، لێ هەر بە گرنگ و پێویستی دەزانێ. لە میانەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕدا،بۆم دەرکەوت خۆشی بە قسەکانی من دەهات. دواتر رووبەرووی رەوانشادێکی دیکە کاک نیزامەدین گلی بوومەوە. کاک نیزامەدین هێشتا نوقمی دنیا تیۆریی سۆسیالیستی و بیروڕای مارکسی خەست بوو. لەتەک ئەمیشدا، لە گۆشەنیگای جیاوە، بڕەک گفتوگۆمان کرد. بە کورتی کاتێ گەشتینە دیاربەکر، کاک رەسول داوا لە برادەرەکانی کرد، ناو و ناونیشانی ئەنقەرەی نوێنەرەکەی سۆسیالیستم بدەنێ، تا لەوێ یەکتر ببینینەوە.

نوێنەرەکەیان د. خەیروڵلا بوو،پاشان چوومە سەردانیان و درێژەمان بە گفتوگۆکان دا، لێ بە ئاراستەی جیاوازدا، چونکە من ئەو کاتە پێویستی یەکگرتنم لەگەڵ سۆسیالیستدا بەو پێکهاتەوە بە باش نەدەزانی. بەلامانەوە گربنگ بوو لەسەر بەرنامە رێک بکەوین نەک لەیەکتردا بتوێینەوە. هەر لە چرکەساتی دەرکردنی بەیاننامەی رێکەوتنی پاسۆک و سۆسیالیست، نیگەرانی خۆم نیشانی هاوبیران بە تایبەت رەوانشاد و هەمیشە لە دڵدا زیندوو مولازم کەریم، بە ئامادەبوونی چەند هاوبیرێک راگەیاند.

با درێژە بەم باسە نەدەم. ئەوە بوو لەگەڵ هاوسەرەکەم بە سڵامەتی دەربازی نێو تورکیا بووین و چەند رۆژێکی خۆشمان لە شاری ئامەدی رازاوە،بەسەر برد. هەر لەوێ کوردێکی ئەو شارە لە هوتێلەکەوە لێمان بووە قیروزفت و بۆ هەر کوێ بچووینە دەهاتە کنمان دادەنیشت. منیش ئەوسا و رەنگە ئێشتاش هەر بە سۆز و مەیلی دڵپاکانەی کوردانەی خۆم هەڵسوکەوتم دەکرد. کەموزۆر باس لە سیاسەت و باری کۆمەڵاتیەتی کرا. ئیدی ئێمە، پاش چەند رۆژێ مانەوە لە ئامەد، بە فرۆکە بەرەو ئەنکەرە فڕین. لەوێش چەند رۆژێ ماینەوە. بەوشێوە دوا وێستگەمان فڕین بوو لە ئەنکەرەوە بەرەو بەرلین. لەو گەشتەماندا، رێکەوت وابوو ئەم برایانەش هەبوون کە لە بەرلین نیشتەجێبوون: کاک ئەحمەد دەشتی و کاک عەبدولموئمنینی برای،رەوانشاد ملازم سەردار،کاک محەمەدی زاوای کاک ئەحمەد دەشتی و کاک مارف کۆیی. دەبوو بە هەمان فرۆکە لە ئەنکەرەوە بەرەو بەرلین بگەڕێینەوە.

ئێمە لە فرۆکەخانە گیراین و هەستیان بە ساختەیی پاسپۆرتەکەی خێزانەکەم کرد. تووشی چەرمەسەری زۆر بووین. جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی رەوانشاد ملازم سەردار، بکەم کە گەلەک هەوڵی دا رزگارمان بکات و هەزار دۆلاری دەرهێنا،دایە دەست ئەفسەری فرۆکەخانەکە، بەس ئێمە ئازاد بکات و رێگە بدات بڕۆین. ئەفسەرەکە ووتی : برالە بەچاوان و حەزدەکەم، بەڵام لە ئامەدەوە بروسکە هاتووە، هەموو فرۆکەخانە مەسەلەکە دەزانێ لەبەر ئەوە ناتوانم هاوکاریتان بکەم. تومەز ئەو برا کوردەی ئامەد، کە ببوە سێبەرمان و لێمان جیا نەدەبووە و منیش بەردەوام خزمەتم دەکرد،ئەو کوڕی باشە راپۆرتی خۆی دابوو،ئیدی ئێمە بووینە قوربانی کاری نامەردانەی ئەو.

دوایی لێدان و چەند رۆژێ زیندانی، ئێمەیان بە هاوڕێیەتی دوو پۆلیس تا سنووری سلۆپی ناردەوە. پۆلیسەکان هێندە بێویژدان بوون،لە چێشتخانەکان، گرانترین خواردنیان دەخوارد و دەبوو، من پارەکەی بدەم.ئارەزووی چییان بکردایە،دەیانکرد و من دەبوایە دەست بە باخەڵمدا بکەم. بەهەرحاڵ ئاودیوی باشووری کوردستان کراینەوە. منیش نە لەرووم دەهات بەرەو سلێمانی و لای کەسوکار بڕۆمەوە و نە دەرفەتی ئەوەم هەبوو،ئەو هەموو کاتە بە خۆڕایی بسوتێنم.
هەر لە زاخۆ مامەوە و لەوێش لەگەڵ خاوەن هوتێلی (بغداد )دا بووە کێشەمان لەسەر ناوی هوتێلەکە!. ئەوە بوو ئەو رۆژانە، لە رێی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، تۆماری ناوی خەڵک دەکرا،وەک پەنابەر بچنە سوریا. ئێمەش ناوی خۆمان نووسی. من پاسپۆرتە ئەڵمانییەکەی خۆم شاردەوە و سەرلەنوێ وەک پەنابەرێک لە هیچەوە دەستم پێکرد چوومە سووریاوە. سەرەتا لە کەمپێکی نێزیک بە شاری حەسەکە نیشتەجێ کراین.

دوای چەند رۆژێ بە بیانووی کاروبارە چووینە دەرەوە. لەوێ نوسینگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لێ بوو. لە رێگەی ناسیاوێکەوە بەڵگەنامەیەکم بەدەست هێنا،بە ناوی ئەوەی کاروباری سەفارەتم هەیە ،دەبێت بچمە شام. کە ئەوەم بەدەست هێنا، بە دزییەوە لە کەمپەکە هاتینە دەرەوە و بەرەو شام کەوتینە رێ. لە گەرەکی مساکن بەرزە،ژوورێکم گرت و چووم بەدەم کاروباری سەفارەتەوە.

گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەمان، لەلایەن سەفارەتی ئەڵمانیاوە رەتدەکرایەوە،بە بیانووی ئەوەی وەزارەتی داد و سەفارەتی ئەڵمانی لە بەخدا،مۆریان نەکردووە. دوای هێنان و بردنێکی زۆر ،بێ ئومێد بووم لەوەی بە رەسمی بتوانم هیچ شتێک بکەم. بۆیە بڕیارم دا،جارێکی دیکە بە قاچاخ هەوڵ بدەم دێرین بگەیەنمە ئەڵمانیا،یان وڵاتێکی ئەوروپایی دیکە. دوای سۆراخکردن، زانیم کابرایەک هەیە بە ناوی سعید عێراقی و دەتوانێ هاریکاریمان بکات و دێرین بنێرێت بۆ رووسیا،یان نەمسا.
ئەوە بوو، دیدارم لەگەڵ دا کرد و ووتی ئاسانە و بۆت دەکەم. دەبوو پێشەکی ١٠٠٠ هەزار دۆلاری بدەمێ، منیش بەم کارە هەڵسام پارەکەم خڕ کردە دەستیەوە.
ئەوەی باش بوو، هاوشانی ئەمەش هەر خەریک بووم، بە شێوەی رەسمی کاروبارەکانم لە رێی سەفارەتەوە،بەڕێوە بەرم. دوای هەوڵێکی زۆر، ئەو گرێبەستانەی هاوسەرگیری هی سلێمانی و هەولێر و مەریوان ـ لە مەریوانیش دێرینم جارێکی دیکە مارە کردبوو، تا لە رێی سەفارەتی ئەڵمانیەوە لە تاران کاروبارەکان جێبەجێ بکەم، لێ رەتیان کردەوە،چونکە وەزارەتی دادی ئێرانی مۆری نەدەکرد،ئاخر ئێمە پێوەندارێتیمان ئێرانی نەبوو ـ .

لە ئەنجامی چوونی رۆژانەمان بۆ سەفەرەت، ناسیاویم لەگەڵ گەلێ کەسدا پەیدا کرد. لێرەدا باس لە یەکێ لەو بەرێز و هەردەم لەیاد نەچووانە، رەوانشاد کاک عەزیز کۆیی،ناسراو بە( عەزیز جانەوەر) دەکەم.
کاک عەزیز،پیاوێکی بە تەمەن،لێ تا خودا حەز بکات، تەڕدەماخ و خۆش مەشرەب و ئەرباب بوو،هەموو خوسڵەتە جوانەکانی کەسێکی کۆیی تێدا بوو. هاتبوو، کچێکی خزمی خۆی بۆ کوڕەکەی بهێنێ و لە سەفارەت خەریکی کاروبارەکان بوو. کورەکەی کاک دلێر لەبەر کارەکەی ئەڵمانیای نەیدەتوانی زۆر بمێنێتەوە، باوکی واتە کاک عەزیز،سەرپەشتی ئیشەکانی بۆ دەکرد.

کاک عەزیز، زمانی ئەڵمانی باش نەبوو،من بە هانایەوە، دەچووم ئەو کەلێنەم بۆ پڕ دەکردەوە. ئیدی جارە و جار لەسەفارەتەوە پێکەوە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵەکانمان هەردوو لا لە مساکن بەرزە نیشتەجێ بووین. وا دەبوو ئەوان دەهاتنە کن ئێمە، یاخود ئێمە دەچووین بۆ لایان. هەردوو لا دڵمان بە یەکتر دەگەشایەوە.ئەو بەڵگەیەی لە قامیشلۆ، لە نووسینگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەدەستم هێنابوو، لە نووسینگەی شامیش بە هانامەوە هات.
بۆ بەدواداچوونی مەسەلەکە،ناوبەناو هەوڵی بینینی سعیدم ئەدا. رۆژێ بە هاوڕێیەتی کاک عەزیز چووین بۆ چایخانە یان قاوەخانەی هاڤانا، بۆ بینینی سعید. تۆزێ دانیشتین و چاوەڕێی هاتنی قاچاخچیەکە بوین، لە هیکڕا دوو ئەمن خۆیان کرد بە ژووردا، بە شەق و مشتەکۆڵە و تف و جوێندان و هەرچی کاری ناشرینە کەوتنە وێزەمان. ئەو نامرۆڤانە، مستێکیان لە کاک عەزیز دا نێزیک بە ٤ ـ٥ مەتریان پەڕاند. دەمانچەیان خستە سەر سەرمان بە پاڵەپەستۆ ترنجاندینیانە نێو ترۆمبێلێکی تەسک و بچووکەوە و دەبوو سەرمان بخەینە نێوباوەشمان، تاوەکو کەس نەبینین و کەس نەمان بینینێ.
پاش قەدەرێ رۆیشتن خراینە شوێنێ من نەمدەزانی کوێیە، لێ دیاربوو دائیرەی ئەمنە. سەرەتا چاومان بەسترایەوە و لەسەر کورسییەک دایان ناین. زۆری نەخایان هەرچیمان پی بوو، لێیان سەندین و خراینە ژووری تەنیایی زیندانەکەیانەوە. پاش چەند دەمژمێرێک بانگ کراین بۆ قسە لێوەرگرتن. من نەمتوانی نکۆڵی ئەوە بکەم، کە چ پێوەندییەکم لەتەک سعیددا نییە و راستییەکەم پێ ووتن . ئەوەشم باس کرد کەوا ئەو مەسەلەیەم بە ئاسایی وەرگرتووە و وام نیشاندا کەوا حکومەتی سوری خۆی ئاگادارە. لەراستیشدا هەروابوو، ئەو رۆژانە بە جەڵەب، خەڵک لە سوریاوە دەردەچوو،بەشی هەرە زۆری بە ئاگایی موخابەرات و ئەمنی سوری بوو. بە واتایەکی تر خۆیان قاچاخچییەکەبوون و خەڵکیان رەوانە دەکرد.

لەم قسانەدا بووین، ساتێ یەکێ لە ئەمنەکان چاوی بە پێڵاوەکانم کەوت و دی هێشتا قەیتانەکانی پێوە ماوەوە و لێم نەکردۆتەوە، کەوتە وێزەم و هەرچەند توانی دەستی وەشاند. بە پەلە قەیتانەکانیان لە پێڵاوەکانم کردەوە و ناردمیانەوە بۆ ژوورە تەنیاییەکە. دوای من کاک عەزیز، خۆشبەختانە ئازاد کرا بوو. ئەو چ کارێکی لەگەڵ سعید دا نەبوو.

پاش ٥ ـ ٦ دەمژمێرێک جارێکی دیکە بانگ کرامەوە بۆ ژوورێک، بەرپرسێکی گەورە لە پشت مێزێکەوە دانیشتبوو، چەند کەسێکی تریش بەدەورییەوە بوون. هەمان پرسیاریان لێم کردەوە، ئایا پێوەندیم هەیە بە سعیدەوە یاخود نا. منیش ووتم، بەڵێ بەو جۆرە هەمە،کە پێم وابووە ئێوە لە کارەکانی ئەو برادەرە ئاگادارن و سعید ئەو کارانە بە فەرمی رادەپەڕێنێ. منیش پاسپۆرتی هاوسەرەکەم داوەتێ لەگەڵ بڕی ١٠٠٠ هەزار دۆلاردا، ڤیزام بۆ وەرگرێ و خێزانەکەم بەرم بۆ ئەڵمانیا. من لە ئەڵمانیا دەژیم و گەراومەتەوە حەزم کردووە لە وڵاتی خۆم ژن بهێنم، ئێستا ژنم هێناوە و دەمویست لە تورکیاوە بیبەم،لێ تورکەکان رێگەیان پێنەدام و وا ئێستا هاتووم بۆ وڵاتی سوریا، گەرەکمە هاوسەرەکەم بەم شێوەیە بەرم،چونکە ئەڵمانەکان، دان نانێن بە گرێبەستی هاوسەرگیریماندا، لەبەر ئەوەی مۆری سەفارەتی ئەڵمانی لە بەغدا و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی پێوە نییە. ئەو دووکارەش بۆ من زەحمەتە و ساز نابێت.

بەرپرسەکە، جوێنیکی بە تورکەکان داو، وتی سعید وا لە چنگی ئێمەدایە و گرتوومانە، ئینجا دەفتەر و قەڵەمێکی دایە دەستم و، وتی لە منداڵییەوە تا ئێستا، ژیاننامەی خۆت بنووسە.
منیش ووتم باشە، لێ رەنگە بە عەرەبییەکی دروست نەتوانم هەموو ژیننامەم بنووسمەوە. وتی هەوڵ بدە. ئیدی دەستم پێکرد، ناوی سیانی و شوێنی لە دایکبوون و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەییم کە لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. پاش تەواوکردنی قوتابخانە پێوەندیم کردووە بە شۆڕشی کوردییەوە. بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیم. ئەمە هێڵە گشتییەکانی ژیننامەکەم بوو، نووسیم و دامە دەستی.

خۆشەویستتان، ئەو نا مرۆڤە، پاش چاوپێداخشانیکی خێڕا، هێندەم زانی وەک پڵنگێکی بریندار، هەڵی کوتایە سەرم و بە جوێن و شەق و زللە و هەموو هێزی خۆیەوە کەوتە گیانم.. ئەوانەشی لەوێ بوون جارەو جار دەستێکیان دەوەشاند. لە سیاچارەیی من لەو کاتەدا (مراسل)ەکە، سینییەک چای دەهێنا، ئەویش چاکەی لەسەر مێزەکە داناو، بەشی خۆی کوتامی. دوای خوێناوی بوونی دەموچاوم و ماندوو بوونی خۆیان، دەستییان هەڵگرت. کابرای بەرپرس، بەدەم هەناسە هەڵکێشانێکی قووڵەوە، گووتی سەگی کوڕی سەگ، شۆڕشی کورد نییە و ئەو لاپەڕەیەی ژیننامەکەم تێدا نووسیبوو، هەلا هەلای کرد و وتی بینووسەرەوە و بڵێ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی. منیش زیندانی ئەوانم، دەبوو ملکەچی بنوێنم، بۆیەکا وتم باشە دەینووسمەوە. بە قۆڵی کراسەکەم سەروچاوە خوێناوییەکەمم سڕی و کەوتمەوە نووسینەوەی ژیننامەکەم بە هەمان شێوە، تەنیا ناوی شۆڕشی کوردم گۆڕی بە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی. دواتر بردمیانەوە بۆ ژووە تەنیاییەکەم. نیوەشەوێکی درەنگ بەراڵایان کردم و، وتیان دەبێت سبەی دەمژمێری ٨، لێرە لامان بیت.
ئیدی بەهەر حاڵێک بوو گەشتمەوە ماڵەوە. سبەی چوومەوە بۆ لایان و لەسەر کورسییەک لە چەقی رێگاکەدا دایاننام. هەر کەس دەهات تفێک و جوێنێک و خێسەیەکی تێدەگرتم. پاش چەند دەمژمێرێک، بەرپرسەکە هاتە لام و وتی:دەتوانی ئێستا بڕۆیت،بەڵام سبەینێش بە هەمان شێوە دێیتەوە ئێرە. بەم شێوەیە بۆ ماوەی نێزیک بە بیست و سێ رۆژێک ئەم بەزمە دوبارە دەبۆوە.

بیرم کردەوە، کار بەم جۆرە بڕوا، رزگاربوونم بەرەو مەحاڵ دەچێ. من لە هاتنە ناو سوریاوە، وتبووم ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانم. ئەم خاڵە زۆر بەدرەدی نەدەخوارد. کاک عەزیز جانەوەر کۆیی بوو. نوێنەری یەکێتیش لە سوریا کاک عەبدولرەزاق، هەر کۆیی بوو.. کاک عەزیز پشنیازی کرد بچینە لای تاوەکو کارێکم بۆ بکات. منیش بەخۆشییەوە پەسەندم کرد. کاتێ چووین لە ماڵەکەی هەڤاڵ مام جەلال نیشتەجێ بوو، کاک عەزیزی ناسییەوە و بە گەرمی بەخێرهاتنی لە منیش کرد. کەسێکی بەڕیز و لەسەرخۆ بوو. حاڵ و مەسەلەمان تێگەیاند. وتی هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین. پێشنیازی کرد. لە بازاڕی ئازادەکەی دیمەشق دوو بتڵ ویسکی و چەند پارچەیەک جگەرە بکڕم و کاتی دیاری کرد پێکەوە بچینە کن بەڕێوەبەری ئەمنی لقی ٢٧٤. ماڵی ئاوەدان بێ،زەحمەتی کێشا و لەتەکمدا هات. وەختێ چووین دیارییەکانمان دا و گفتیان دا چارەسەری کارەکە بکەن. ماوەیەکی پێچوو ئیدی بانگ نەدەکرام بۆ نوسینگەی ئەمن. ماوەیەک بوو گرێ بەستی ماڵەکەم نوێ نەکردبۆوە و بە دوای شوێنێکی باشتردا دەگەڕام . من و خێزانم چووینە لای ماڵی کاک عەزیز. ئەوان شوێنیان سەربەخۆ و گەورە بوو. نیوەڕۆیەک خەریکی نانخواردن بووین، هێندەمان زانی لە خوارەوە دەرگای ماڵەکە بە توندی دەکوترێ. کاک عەزیز چووە بالکۆنەکە و بە پەلە گەڕایەوە بۆ لای من. وتی ابو نضالە و داوای تۆ دەکات. منیش گورج چوومە بالکۆنەکە. بە هەڕەشەوە وتی دەمژمێری ٤ی پاش نیوەڕۆ، دێیتە نوسینگەی موخابەرات بۆ لام. بەراستی سەرمان سوڕما،چۆن زانیویانە من لەوێم. رەنگە دیسان کوڕی باشێک هەواڵیپێیان دابێت.

لە کاتی دیاریکراودا بە ترس و دڵەڕاوکێوە چووم. پاش راگرتنێکی زۆر داینام و وتی هەواڵی سەعید چییە. وتم هیچ نازانم، وتی ئاگامان لە هەموو جموجوڵەکانتە. لە راستیدا من لەو ساتانەدا بەدوای سەعیدەوە بووم پارەکەمی لێوەرگرم یان کارێکم بەشێوەیەک بۆ بکات.
ئیدی دوای هەڕەشە و سوکایەتی پێکردن، ئاگاداری کردم بە زوویی سوریا جێبهێڵم و بە هیچ جۆرێ باسی ئەم بەزم و هەرایەی لەگەڵمدا کراوە نەکەم. منیش گفتم دایە کەوا دەنگم لێوە نەیەت.
لەراستیدا ئەوان نەیان دەزانی من لە کەمپی حەسەکە هەڵاتووم و ناوم لە یونۆ نوسیوە. چونکە لە شام پەساپۆرتە ئەڵمانییەکەم نیشان دابوون.

بەهەرحاڵ من ئەو رۆژانەی لە شام بووم، لە هەوڵی خۆم نەکەوتبووم. هەوڵم دا دێرین مارە بکەمەوە و چوومە وەزارەتی داد و کاتیان بۆ دیاری کردم. رۆژی مارەیی داوای دوو گەواهیان لێکردم. پرسیارم کرد کورد هەیە لێرە، وتیان چایچییەکەی ژێر پێپلیکانەکان کوردە، بە هەڵەداوان خۆم گەیاندێ و ئەویش مەردانە هات بەدەنگمەوە. کەسێکی تریشمان دۆزییەوە بە پارە شایەتی بدات. وەختێ چووینە لای قازی ، کابرای بڕیار بوو شایەتی بە پارە بدات، رایکرد. هەر کوردەی چایچی مایەوە. قازی دەریکردینە دەرەوە. لەدەرەوە یەکێ ترمان رازی کرد. چووینەوە ژوورێ، کاتێ قازی بە عەرەبی سووری پرسیاری لە هاوسەرەکەم کرد، دێرین هیچ تێنەگەیشت. کوردەکە بۆی وەرگێڕایە سەر کوردی زاراوەی کرمانجی دیسان دێرین هەر تێنەگەیشت هەوڵم دا حاڵی بکەم قازی توڕە بوو. سەرێکی بادا و نا بەدڵی لێ مەردانە، مۆری شتەکانی کرد و وتی بچنە دەرەوە. ئۆخەی رزگار بوو، هەرشت ساز بوو. دوایی چووینە لای ئەو فەرمانبەرەی دەبوو کارەکان ئامادە بکات. وتی دوو رۆژی پێدەچێ. پاش دوو رۆژ چوومەوە. کابرا لەدوورەوە منی ناسییەوە و یەکەوراست باوەشی کرد بە دەفتەرەکەدا/ سجلەکەدا، بە دەم دەست و سەری ئاماژەی دامێ بچم دوو سەد لیرە بدەم بە فەرمانبەرەکەی مێزەکەی ئەو بەرەوەی خۆی. وتم: ئێ بۆ؟ وتی: ئەویش یارمەتی داوم و لەگەڵم ماندوو بووە. بە ناچاری دامێ. کابرا بۆ خۆیشی دەفتەرە بۆری وەک منداڵە نازدارەکەی بە توندی بە سنگییەوە گوشیوە و حەزرەتی فیل لە چنگی دەریناهێنێ. ئینجا وتی: نامەوێ لەوە زیاتر ماندوو بکەم. دووسەدیش بدە من دەنا هیچت نادەمێ. جا وەرە ئەو کەرە لەم قوڕاوەی دەربهێنە. ئەویشم دا و گرێبەستەکەم وەرگرت. یەکسەر چووم بۆ وەرزارەتی دەرەوە و مۆریان کرد و رۆژی دوایی چووم بۆ سەفارەتی ئەڵمانی و گرێبەستەکەم دانێ. لەوێش چەندجار چووبێتمە سەفارەت دەبوو پەنجا لیرە بخەمە ناو پاسپۆرتەکەوە، ئەوجا رێگەیان دەدا بچمە ژوورێ. کاتێ دەمانویست بچین و پەساپۆرتەکەی دەدی، کابرا دەرکەوان هەر لە دوورەوە دەیگووت تێیدایە، واتە پارەی تێدایە، ئەوجا رێگەی دەداین و دەچووینە ژوورێ.
بەسەرهاتێکی سەیری ئەو رۆژانەوە ئەوە بوو، لەو رۆژانەدا کتێبی (عرب و اکرد)ی منذر الموصلی چاپێکی نوێی بڵاوکرابۆوە. منیش چەند نوسخەیەکم لێ کڕیبوو بۆ خۆم و چەند برادەرێک. نووسەر ناونیشانی سندوق پۆست و ژمارەی تلفونی تێدا بڵاوکردبۆوە، گەر یەکێک بیەوێ کۆمێنتێ یان باری سەرنجێکی لەسەر کتێبەکە هەبێت. بۆی بنوسێ و بینێرێ.

نوسەر خۆی بەڕیوەبەری ئاسایشی حەسەکە و قامیشلی بووە، ژنەکەی کوردە و گوایە خۆی بەدۆستی کورد، بەتایبەت سەرکردەکانی داناوە. سەروبەری کتێبەکە لەوەدا کۆکراوەتەوە، کوردستان لە سوریا نییە و عەرەب، لە بەخشندەیی خۆیان و دروشمە بەرز و قوڵە هومانیستێکانیانەوە، باوەشیان بۆ ئەو کوردانە کردۆتەوە، کە لەدەستی زوڵم و ستەمی تورک رایان کردووە..
منیش دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، دانیشتم ئەوەی دەمزانی و نەمدەزانی بە عەرەبی و شتێکیشم لێ گیربوایە بە کوردی(ئاخر دەمزانی کوڕی باش زۆرە بۆی وەرگێڕنە سەر زمانی عەرەبی!!) بۆم نووسی و ئەوە مێژووی بۆی تۆمارکردووین لە خراپەی داگیرکەری عەرەب بۆم هۆنییەوە بە کۆمەڵێ قسە و توانج و ووشەی زبری خەستەوە بۆم نارد. ئەوەش یادگارێکی خۆشە بۆم.

لەو ساتەدا وام دەزانی چالاکییەکی قارەمانانەم ئەنجام داوە. لەو سوریایە، کە گەلێک جاران پێی دەوترا،( شعب اسخف من النضام) شتی زۆر ناشیرینم دی و بەسەر هات. بەدرێژایی ئەو٦ مانگە تەنیا جارێک،کە ئیدی دەرفەتی مانەوەم تەواو تەواو تەسک ببۆوە، هەوڵم دا بلیتێ بکڕم و بگەڕیمەوە، لە نوسینگەیەک، خاوەنەکەی وتی: من یارمەتیت دەدەم،و بە نیوە نرخ بلیتەکەت بۆ دەبڕم، چونکە لەسەر پەساپۆرتەکەم پیشەی خوێندکاری زانکۆ نووسرا بوو. دەنا ئەوی دیکە رووم لەهەر شوێنێ کرد بێت، هەر رووتاندنەوە و داوای بەرتیل و سەرانە بووە. تەنیا (انشااللە شایل معاک شی؟! یان ما بدنا نعزبک ـ واتە هیوادارین پارەت پێ بێت و خۆت بخورێنی و نامانەوێ وەڕست بکەین پارەی خۆت بدە و بڕۆ) بیست و فێربووم.

تاکە یادگار و چاکەیەتی تریشی خورادنی خۆش و هەرزان بایی بوو.ئا لەمەدا هیچ درێخیمان نەدەکرد. ناسینی کۆمەڵێ برادەر و هاورێی چاک. بۆ منیش کڕینی دەیان کتێبی باش بوو لەسەر کورد و زۆریم بە پۆستدا دەناردەوە بۆ بەرلین، هەندێکیشی خۆم لەگەڵ خۆمدا هێنامن. لەگەڵ کۆمەڵێ کتێب لەسەر ئاو و مێژوو و هزریی نەتەوەیی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.(لەمەدا هەندێک جار دێرینی هاوسەرم لێم قەڵس دەبوو، دەیگووت کاتی کتێب کڕین نییە،بەڵام…).
رەنگە گەلێ کەسانی دیکەش بەسەرهاتی لەمەی من تاڵتریان لە سوریادا بەسەر هاتبێ. ئەو کاتانەی لەوێ بووم و دواتریش شتی سەیر سەیرمان دەبیست. زۆر هەبوون هەر لە فڕۆکەخانەوە دەگەڕیندرانەوە. کوڕێکی کورد، لە دانیمارکەوە گەڕابۆوە، چووبوو بە ڤیدیۆ، هەندێ وێنەی لە ناوشاری دیمەشقدا گرتبوو. گیراو ماوەیەکی باش سەرونگوومیان کرد و وابزانم دەریان کرد و نەیان هێشت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

وڵاتی پۆلیسی و موخابەراتی وەک سووریا، رەنگە لە عێراقی سەددام حسینیشی تیپەڕاند بێت. ئەوانە بەرامبەر بە تۆریستەکانی وڵاتانی کەنداو، کە بۆ مەبەستی رابوورادن زێتر روویان لە سووریا دەکرد و پارە حوکمییان دەکرد، لە فرۆکەخانە کارێکیان پێ دەکرا،با بە دەواری شڕی نەدەکرد..
ئێستاش ئەوە بۆ ٥ ساڵ زیاتر دەچێ، شەڕیکی خوێناوی و نامرۆڤانە لە سووریادا بەرپابووە،ملیۆنەها ئاوارەوە هەزاران هەزار کوژراو و ماڵکاولی لێ کەوتۆتەوە، مرۆ لە ڕووی مرۆڤبوونەوە نیگەرانە. بەس راستییەک هەیە، با بووترێ سوریا و گەلەکەی ساڵانێکی ساڵی زۆرە لەسەر حسابی پرسی فەلەستینی کوردی باشوور و باکوور بەتایبەت و زۆر پرسی دیکەی، بەرەی خۆڕاگری و بەربەرەکانی و دۆستی شورەوی و پرسگەلێکی ترەوە دەژین و دەخۆن و دادەدۆشن. رەنگە بەشێک لەوەی ئێستا بەسەریاندا دێت پاداشتی خراپەکارییەکانیان بێت،کە بەرامبەر بە خەڵکی دیکە دەیان کرد و کردوویانە و ئیستا دێتەوە سەر ڕێی خۆیان.

٢٠١٧/٢/١٤




کانگای تیرۆر …. دانیل شتاینڤورت ….. و. لە ئاڵمانییەوە، هەڵۆ بەرزنجەیی

مەترسی و هەڕەشە لە بیانانەوە هەڵدەکات، کاتێ بەهەزاران کەس، بە سواری ئەسپ و حوشترەوە شاڵاویان هێنا و هاتنە بەرەوە، بەدەم نەعرەتەی دڕندانەی شەڕەوە. گەشتنەجێ بە ڕاکێشانی تفەنگ و دەمانچە و، شمشێرەوە، ئامانجەکە کەربەلا بوو، شارە پیرۆزەکەی شیعەکان، کە ئیمڕۆ دەکەوێتە عێراقەوە. هیچ کەس، دانیشتوانی ئەم ناوەی پێشوەخت ئاگادار نەکردەوە، هیچ کەسێ شەڕی بە ڕوویاندا ڕانەگەیاند بوو. دانیشتوانەکە و ئەو حاجییانەی ڕوویان لەم شارە کرد بوو، لەو رۆژەدا سەرگەرمی ئاهەنگی پیرۆزکردنی، یادەوەری شەهیدبوونی عەلی بوون.

خۆیان وایان مەزەندە دەکرد، ئیدی لە سایە و سێبەری ئارامی و ئاسایشی خودا دان. ئەوان نەیان دەزانی کەوا گەشتەکەیان بە گۆلاوی خوێن کۆتایی دێت. بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵێک، کوشتارەکەی کەربەلا، لە ٢١/٤/١٨٠٢دا بووە. سەردارێک لە نەجدەوە لە ناوەوەی وڵاتی نیوە دوورگەی عەرەبەوە، سەرکردایەتی ئەو پەلاماردانە دەکات، ناوەکەی سعود کوڕی عەبدولعەزیز کوڕی محەمەد ئال سعودە. ئال سعود، دەسەڵاتداری ئەودەم تازە هەڵکەوتوو بوو، بەڵام زوو بە زوو پەلی هاویشتوو، بەسەر بیاباندا لە ـ یەکەم دەوڵەتی سعودیداـ، هەروەها ئەو لە مێژ بوو، چاوی بڕیبووە سەر کەربەلا. ئەو شارەی، بە ڕێژگەی ڕووبای دیجلەدا، کە قەڵای گەنجینەی خێروبەرەکەتێکی ئەفسانەییە.

شای ئێران و حاجییە شیعەکان خزمەتێکی گەورەیان، پێشکەشی ئەو ناوچەیە کردبوو. هەڵبەت مەسەلەکە بەلای ئال سعودەوە، هەر زێڕ و زیو و بەردی بە قیمەت/ مجەوهەرات نەبوو، بەڵکو پێوەندی بە پرسێکی ئاینیشەوە هەبوو. ئەو هەستی بە بەرپرسیارێتییەکی ئایدۆلۆژی دەکرد، کە ئیمڕۆ بە ناوی وەهابیزمەوە ناسراوە. شیعەکان لەچاوی ئەمدا، هێندە لە ڕێبازی ڕاستەقینەی ئیسلام لایان داوە، کە هەرگیز ناتوانرێ بە موسڵمان دابنرێن، بەڵکو وەک بێ ئەمەک و پەیمانشکێن و هەڵگەڕاوە تەماشا دەکران.

دامەزرێنەری رێبازی وەهابی ئامۆژگاریکەر/ واعیز بوو ناوی عەبدولوەهاب بوو، کە لەگەڵ ئەمدا، ئال سعود، نیو سەدە لەوەپێش هاوپەیمانێتییەکیان بەستووە. لەتەک هێرشە سوپاییەکانی دەسەڵاتداری بیابان دا، خۆ ئامادەکردن بۆ بەرنامە توندوتیژی، پاکسازیی ئیسلام لەناوچەکەدا بڵاوبۆوە. میراتگرانی ئال سعود، کە ئیمڕۆ عەرەبی سعودی بەڕێوە دەبەن، لەوکاتەدا تەنانەت ئەوەیان بە ئەمسەرەوسەری جیهاندا بە پێڕەوکردنێکی ناهەموار دەناردە دەرەوە. پەلاماردانە خوێناوییەکە بۆ سەر کەربەلا لە ١٨٠٢ دا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای فراوانبوونی وەهابییەکان. ئەو دابڕانێکی مێژوویی نەخشاند.

کەواتە ئیدی لەم چرکەساتەوە، پێوەندی نێوان شیعەکان،کە تەوژم و ئاڕاستەیەکی گەورەی نێو ئیسلامن،و وەهابییەکان،کە مافیان بە خۆیان دابوو، چاکسازیی بکەن لە نێو ئیسلامی سوننەی باووباپیرانیان، بە خانەگومانییەکی قووڵەوە شەقڵی گرت و کەندێکی قووڵ لە ناوخۆی ئیسلامدا دروست بوو، دوو سەدە دواتر، لە نێوان زۆرینەی شیعەی ئێران و عەرەبی سعودی وەهابیدا خۆی دەردەخات و ڕەنگدەداتەوە.

بە پێی قسەی ڕۆژهەڵاتناس Jean-Baptiste Rousseau، ١٢٠٠٠ شەڕکەری بەدەوی بوون، گەڕان بەدوای نیشتمانی کەربەلادا و لە چاوتووکانێکدا، دەستیان کرد بە تێکدانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان. دوای ئەوەی ئەوان، مەزاری نەوەی پێغەمبەر حوسەینیان لەگەڵ زەویدا تەخت کرد؟؟ دەستیان کرد بەتاڵان و بەناهەق کوشتنی ئەوانی تر،” خەڵکی پیر،ژن و منداڵ هەمووی بە شمشێری بەربەرییەکان کوژران”.

رۆسۆ نووسیویەتی ” تەنانەت ژنی سک پڕیش کەوڵکران. کارە دڵڕەق و بێبەزییەکان، نەدەتوانرا ڕابگیرێن و دەستیان لە کوشتن و بڕین هەڵنەدەگرت”. پیاوانی ئال سعود، تاڵانییان کرد، هەرچی بە خۆیان حوشترەکانیان کێش بکرایە، دەیان برد و دوایی لە کاتی کشانەوەیاندا لە شارەکە،هێشتا ٤٠٠٠ هەزار کوژراو کەوتبوو.
دوای کاولکردنی کەربەلا، هێزە سوارەکان لە ١٨٠٣ دا، دەستیان کرد بە داگیرکردنی، هەرێمی حیجازی عوسمانی، لە کەناری دەریای سوور و وەک خۆیان چۆنیان بینی ئەوێ ئەو دوو شارەی دەکەوێتە، ئەو دەڤەرەوە مەککە و مەدینە پاکسازی بکەن. لەمەشدا تەنیا ژمارەیەکی بێشوماری مۆنیمێنت و کێلی قەبر و کاری دارتاشی، هی سەردەمی کۆنی ئیسلامی لەو نێوەدا گۆرستانی مەدینە کە خەڵکی نزیکی پێغەمبەر محەمەد ئارامیان تێدا گرتبوو، دەیانوویست تەنانەت گۆڕی دامەزرێنەر و هەڵگیرسێنەری ئاینەکەش تەفروتوونا بکەن، بەڵام هەر زوو دەستبەرداری ئەوە بوون. دانیشتوانی ناوچەکە دەبوو لەلایەن ئەم دەسەڵاتدارە نوێیەوە سەرلەنوێ پەروەردە بکرێنەوە و ڕژێمێکی دەسەڵاتداری تیرۆر لە ئەستۆ بگرن و قبول بکەن.
کێ جگەرەی بکێشایە،مۆسیقاژەنی بکردایە،گۆرانی بگووتایە و جلوبەرگی، ناجۆر و سەیری بپۆشایە، یاخود تەنیا نوێژەکانی بچوایە و فەرامۆشی بکات، قامچی کاری دەکرێ و کۆڵەوار دەکرێ، یاخود لەناو دەبرێ. حاجییانی کافر بۆیان نەبوو، جارێکی دیکە بچنە مەککەوە، پەلاماری کاردانەوەکانیان دەدرا و شیعەکان، دەستبەجێ لەسێدارە دەدران. ئەم قاتووقڕییە بێ بەزەییانە بۆچی؟ ئەم هەڵپەی بەپەلەی وێنە لە دوای وێنەیە، کە بە ئاشکرا بیری ڕک و توڕەیی ناوبراو، بە دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و عێراق، لە هەنووکەدا دێنێتە یاد؟.

بۆ ئال سعود سوپا بەدەویەکەی، دانیشتوانە شیعەکەی کەربەلا خۆیان تاوانبار کرد بوو. ئەوانە “شرک”یان خستبووەگەڕ، بتپەرستی لەبەرئەوەی ئەوان پیرۆزییەکانیان دەپەرست و یەکتاپەرستی ڕاستەقینەیان دەخستە بەردەم پرسیارەوە. خوا وا حوکمی ئامۆژگاریکەر عەبدولوەهابی دابوو، هیچ هەواڵهێنەر و هەواڵبەرێک نەخرێتە هاوشانیەوە واتە ئەوەی ئەو دەیڵێ هەر ئەوەیە. ڕێزگرتن لە پەرستگای شەهیدانی شیعە عەلی و حسین لێرەدا بوونە نیشاندانی نموونەی کفر و گوناهێکی ئاینی،کە سزاکەی کوشتن بوو.
دامەزرێنەری ڕێبازی وەهابی ناوی تەواوی محەمەد کوڕی عابد ئەلوەهابە، لە ساڵی ١٧٠٣ لە عەیینە هاتۆتە دنیاوە،باوکی حاکم بووە، عەیینە دەکەوێتە ناوچەی نەجد، وڵاتی خێڵە کۆچەرەکان و نیشتەجێکان.

وڵاتێکی دووری لەبیرکراو، پەڵەی کوێری لە شارستانێتی ئیسلام، دوور لە ناوەندەکانی کۆسمۆپۆلیتی، وەک ئەستەمبوڵ و قاهیرە و دیمەشق، دەبێ پیاو بەم شێوەیە، ئەو ناوچەیەی جاران بهێنێتە بەرچاوی خۆی.
زانایانی فەقیهی ـ ئایینی، لە نێو ئەو کەمینەیەدا بوون، کە بە توانایەکی دیاریکراو و دەسەڵاتی فەرمان دەرکردنی خوێندن و فێربوونیان هەبوو. ئەوان لەڕاستیدا، زانستەکەیان لە ڕێگای مانەوەیان لە مەککە و مەدینە و بەغدا و دیمەشق بەدەستهێنا بوو.
هەر بەم شێوەیە عەبدولوەهابیش،بە هۆی توانای خۆیەوە و لە ڕێگای زێدەکەی خۆیەوە، بڕیاری زاناییبوونی درا، لە ڕێگەی چەندین ساڵی گەشتی خوێندن و بۆ شارە پیرۆزەکان و هەروەها بۆ بەسرە لە عێراق. هەر بە منداڵی، لە تەمەنی١٠ ساڵیدا سەرلەبەری قورئانی لەبەربوو.

دوو بیریار لەسەردەمی خوێندندا کاریگەریان لەسەری دروست کردوە، یەکێ لەوانە دامەزرینەری کۆنپارێزترین و بچوکترین مەزهەب و ڕێبازە، ابن حمبل ٧٨٠ـ٨٥٥ ئەو لەسەرمێکدا ژیاوە، کە چەند موسڵمان هەوڵیان داوە هەڵسەنگاندنی ڕاسیۆنالی/عەقلانی بۆ ئاین بکەن. بەو واتایەی لە نێوان خودا و گووتەکاندا جیاوازی بکرێ. دژ بەم ڕۆشنبیرییە دوور لە میللەت و جەماوەرە، تەوژمی ابن حمبل کاری دە کرد. ئەو بێ ئەملاولاکردنێک، قەناعەتی بە ڕاستی و دروستی دروستی قورئان هێنابوو.
لێکدانەوە و وەرگێڕانی میتافۆری، نەک وشە بە وشەی نوسینە پیرۆزەکانی بەتوندی ڕەت دەکردەوە. لەنێو زانایانی نەجددا، ئەم رێبازە باڵادەستی وەرگرت، بە چاکی و لەبەرئەوەی، ڕوانگەیەکی ڕوونیان لەسەر ئاین بەجێهێشت، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی مرۆڤ دا، زۆر زووتر دەگونجا.

دووەم بیریار، ئەوەی عەبدولوەهاب نووسینەکانی دەخوێندەوە، ابن تمیمیة ١٣٢٨ـ١٢٦٨ بوو، کە هەڵقوڵاوی و سەردەمە ئاڵۆزەکان بوو، داگیرکاری مەغۆلەکان. ڕۆژگاری داگیرکردنی بەغدا. ئەم پیاوە مڕوومۆچە، حسابی لەگەڵ هەمو تازەکارییەکاندا کرد، کە بە باوەڕی ئەو هەڕەشەیان لە ئیسلام دەکرد. ئاخر هەر بەتەنیا هەموو فەلەسەفەی یۆنانی و هەموو فۆرمەکانی سۆفیزمی نائۆرتۆدۆکسی، وەک بتپەرستی نەبوون، تەنانەت سەردانی گۆڕی پێغەمبەر، یاخود یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەندی لێکرا و قەدەغە کران. ئیدی تەنها گەڕانەوە بۆ ئیسلامی سەرەتایی، هەروەک ئەوەی پێغەمبەر و هاوەڵەکانی تێیدا دەژییان، دەتوانرێ ئاین ” پاککرێتەوە” . لەپێناوی گەیشتن بەم ئامانجەدا، نابێ موسوڵمان سڵ لەوە بکەنەوە، بەشمشێرەوە دژ بە دوژمنەکانیان بچنە شەڕەوە.

ابن تمیمە، باوکی جیهادی مۆدێرن، حەزی دەکرد لەسەردەمی خۆیدا کەنارگیر و نامۆ بوایە، وەلێ تۆوە ژەهراویەکەی چاند، لەژێر ڕووبەری ئیسلام دا. نووسەری ئەمەریکی ئەفغانیAnsary Tamim دەنووسێ: پێویست بوو تەنیا چاوەڕێ بکەن، تاوەکو ” خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا رێكبخەن، بۆ ئەوەی هەڵبێن و دەرکەون” بۆ عەبدولوەهابی گەنجی توڕە و گڕگرتوو، ئاشکرا دیار بوو، کە خەڵکی وڵاتەکەی خۆیشی، ناپاکییان لە ئیسلام کردووە.

پیاو باوەر بکات بە مێژوونووسانی وەهابیەکان، کەوا باوەڕ بە پڕوپوچی لەو سەرمەدا، زۆر پەرەی سەند بوو، بەدەوی و شار نشینەکان، هەر بەتەنیا مردوویان نەدەپەرست، کەسە پیرۆزەکان و فریشتە و بەڵکو تەنانەت درەخت و بەردەکانیش دەپەستران. لە کتێبی التوحیدی عبدالوەهاب دا، نەفرەت لەم دابوونەریتانەی مردووپەرستن دەکات، هەروەها هەرکەسێ لەمە خانەگومان بێ: شایستەی کوشتنە”. بیرۆکەی “تفکیر” واتە دەرچوون لە خەتی هاوڕێ ئیماندارەکان،دروشمی سەرەکی فێرکاریی ئامۆژگارکەری وتاربێژ بوو. پێویستە بە شێوەیەکی حەتمی ئەوان،خۆیان بۆ بەرەنگاری هەموو نا وەهابییەکان بەڕێوە بەرن.

لەوەتەی دووبەرەکی و دابڕانە گەورەکەی سەدەی حەوتەم، کە موسوڵمانانی لەسەر شەڕی میراتی دوای مردنی پێغەمبەرەکەیان دابەشکرد بۆ سووننی و شیعی و خەواریج. مشتومڕ و بیروڕای جیاواز، لە نێو ئاینزانەکان/ تیۆلۆگ زۆر بەدەگمەن،بە شێوەی سەربازی یەکلایی کراوەتەوە. عەبدولوەهاب و لایەنگرەکانی، کەوا بە خۆیان دەگووت “مووەحدین” ئێستا ڕایانگەیاند، هەرکەسێ لە نەیارانیان، دەسەڵاتی ئەوان بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە کافر.

١٧٤٤ ئەم ئامۆژگاریکەرە/ واعیزە، لە شارەکەی خۆی دوورخرایەوە، پێش ئەوە، مەزارگایەکی بایەخداری تێکشکاند و ڕێگەی دا، ژنێکیش بەردباران بکرێ،ـ سزایەکی کە لەو سەردەمەدا زۆر پێڕەو نەدەکراـ. عەبدولوەهاب هەڵات بۆ مێرگێکی بەشی خواروو، بەرەو درییە، لێرە لە لایەن سەرەک هۆزی محەمەد سعودەوە داڵدە درا. ئەمیش وەک دەسەڵاتدارێکی تەماعکاری بێ ویژدان، ئیمارەتێکی بچووکی، تا ئەو کاتە، نەناسراوی بەرێوە دەبرد و هەر زوو ویستی هێزی تەقاندنەوەی بیروڕا نائاساییەکانی عەبدولوەهاب بۆ ئامانجە سەربازییەکانی خۆی بەکاربهێنێ.
بنەماکانی تەکفیر ڕێگەیان بەو دا، بێ سڵەمینەوە دژی دوژمنەکانی بکەوێتە کار، لێیان بدات و پەلاماری گوندە خۆشەویستەکانی دراوسێیان بدات، هەموو ئەمانەش بەردەوام لەژێر ئاڵای جیهاد دا ئەنجام بدات.

ابن سعود و عەبدلوەهاب، هەروەها لە هەمان ساڵدا، پەیمانێکیان بەست، کە هێندە سادە بوو، هەروەک بلیمەتی وابوو : لە کاتێکدا ئەمیر ئامادەیی خۆی دەربڕی، ئەم دەستوور و رێبازە، لە ناوچەی قەڵەمڕەوی خۆیدا، پێڕەو بکات، وا مامۆستا ئامۆژگاریکەرەکەی، زەمینەسازی دەکرد بۆ پێبەخشینی ڕەوایەتی ئاییینی.
خەڵکە ژێر چەپۆک خراوەکان، دەبوو بڕیار بدەن لە نێوان گەڕانەوە(واتە بۆ ئیسلامی پاک و سەرەتایی ـ و)، یاخود مەرگ، هەروەها ئەمیرە تازەکە لەسەروو ئەمەشەوە،گوێڕایەڵە کوێرەکانی سوێند بخۆن، ئەمەش هەروەها باوەڕ و پرنسیپێکی ئاینیی عەبدولوەهابە،کە تا ئیمڕۆ بەرگەی گرتووە و ڕوونی دەکاتەوە، بۆچی عەرەبی ـ سعودی تا کاتێکی نادیار، هەر بە شانشینییەکی ڕەها دەمێنێتەوە.

سەرەتا هێزەکانی ئیبن سعود، پەلاماری گوندەکانی دەوروبەری درییەیان دا. بەم شێوەیە وەچەکانی دواتری ئال سعود لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨ دا، تەواوی نەجد و بەشێکی ناوچە دراوسێکانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. لە سەدەی ٧ تەوە، بۆ یەکەمجارە، بەشێکی زۆری ناوەندیی عەرەبی، سەرلەنوێ دوای تاکە یەک حوکمداری و یەک لێکدەرەوەی ئیسلام دەکەون.

پێش مردنی لە ١٨٩٢ دا عەبدولوەهاب، خەمی ئەوەی بوو، کەوا نەوەکانی پاش خۆی، کە لەسەرەتادا بەناوی خێزانی شێخ ئال ئاش ـ شێخ دەبوو ببنە، بڕیار بەدەست لەمەڕ پرسە ئایینییەکان.
دەوڵەتی عوسمانی، هیچ پەرچەکردارێکی، بەرامبەر ئەم بارودۆخە نەبوو، کە بە درێژایی سنوورەکەی ئەنجام دەدرا، دواتر ئەم ناوچەیەی سەوزایی بیابان، لە ناوەوەی دورگەی عەرەب، بۆ عوسمانییەکان هیچ بایەخێکی نەما، لە ڕووی ئابووری ستراتیژییەوە، بەڵکو زیاتر ناوچەکانی کەناری دەریا، لە ڕۆژئاوا و رۆژهەڵات گرنگ بوو لایان: لە کەنداوی فارس لەبەرئەوەی نەیارە فارسەکان، پێویستە لە دۆخی ترس و لەرزدا ڕابگیرێن. هەروەها لە دەریای سووردا، چونکە لەوێ شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە هەن، کاتێ پاسەوانەکانی خۆیان وەک سوڵتان دەبینن. تا ئەوکاتەی خاوەن شارێک مشوری سەلامەتی ڕێگای هاتوچۆی حەج بخوا، بەلای باب و لعالی ڕژێمەوە لە ئەستەمبوڵ گرنگ نەبوو، سەرقاڵی ئەو خێڵە سەرەتاییە عەرەبییانە بێت. کاتێ وەهابییەکان نزیک کەوتنەوە لە داگیرکردنی شاری هاتنە دنیای پێغەمبەر محەمەدەوە، ئنجا سوڵتان کەلەیی بوو.

پەیامەکانی ” ئیمامی” ئال سعود ١٨٠٣ ، هەر تەنیا ناوچەی دەسەڵاتییان فراوان نەکرد، بەڵکو لەمەشدا هێشتا کارێکی تێکدەرانەیان دامەزراند، لە ئاکامدا تەواوی جیهانی ئیسلامییان داچڵەکاند. پەرچەکرداری عوسمانیەکان ئەوە بوو دەبێت یەکەم دەوڵەتی سعودی کۆتایی پێ بێت.٧ ساڵ لە ١٨١١ وە تا ١٨١٨، پێویست بوو، ئەو هێزەی میسرییەی جێگری پاشا محەمەد عەلی پاشا و کوڕەکەی ئیبراهیم پاشا، تا تارمایی هەڵکردوو لە بیابانەوە بوەستێنن.

زۆر لە دەستوپێوەندەکانی ئیبن سعود پێشوازییان کرد، لەپاشای میسری کراوە بە ڕووی جیهان دا،وەک رزگارکەرێک. سەربازەکان ئیمامیان گرت و تەخت و تاراجی درییەیان تێک دا. هەر دیوارە قوڕینەکانی مێرگەکە بەرگەی، تۆپەکانیان نەدەگرتن، هەروەک پسپۆڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست Guido Steinberg دەنووسێ. میسرییەکان لەگەڵ دەستەبژێری ئاینی هەڵسوکەوتی تایبەتیان دەکرد: چونکە ئەوانە وەک بەرپرسیاری سەرەکی توندوتیژی وەهابییەکان دادەنران، ئەم زانایانە پێش لەناوبردنیان بە چەندین کاتژمێر ئەشکەنجە دەدران ـ هاتنە دی خەونێک بۆ مووەحدینەکان، کە لەسەر تۆڵە کاریان دەکرد.

دووەم دەوڵەتی سعودی چووەوەیەک .لە ١٨٢٤ـ١٨٩١ دا ناتوانرێ ببەسترێتەوە بە ئاکامی ئەوەی یەکەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا،بیری چاکی وەهابییەکان، دەمێک بوو سنووری عەرەبەکانی بەزاند بوو و پەخش بوو بوو. سەرۆکی کۆمەڵەی بچوکی ئایینی لە هندستان ،لایەنگرەکانیان فێر کردبوو، دابوونەریتی سۆفی و نەک دواجار وەک هیندۆیزم، ڕقیان لە خەڵکانی خۆیان بێتەوە.

بەم شێوەیە لە دەڤەری ئیسلامی کۆنپارێزی پەڕگیر، گرووپی نابەخشندەی وەک بزاڤی دیۆباندی/دارلعلوم.
ئا بەم شێوەیە لە جیهانی عەرەبیدا، لاپەڕەی دەمارگیری وەهابی دەستی پێکرد، سەرەتا لەسەدەی بیستەمدا بۆ هەڵدانەوە. ئەم بابەتەش ناوێکی درێژی لەخۆ گرتووە: شێخ عەبدولعەزیز کوڕی سعود. سەرهەڵدانی سەرۆکی سعودی، لەگەڵ هاتنەوەیدا دەستی پێکرد، بە گەڕانەوەی لە تاراوگەی کوێتەوە و داگیرکردنی ریاز لە ١٩٠٢ دا.
لەوکاتەدا دەبوو ئیبن سعود، وەک هەڵکەوتوویەک، ئەوە نیشان بدات کەوا، ململانێی نێوان دەسەڵاتی عوسمانی لاواز و پەککەوتە و هەژموونداری بەریتانیا بەباشی بقۆزیتەوە. کاتێ دەسەڵاتی عوسمانی، پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، هەرەسی هێنا، بەمەش کوڕی سعود توانی زاڵ بێت بەسەر نەیارە کۆنەکەیدا، ئیبن رەشیدا، کە پشتیوانی لە تورک دەکرد. مەیدانەکە بۆ ئیبن سعود تەخت بوو.
ئەو هێزەکانی نارد بۆ ماوەی ١٠ مانگ، گەمارۆی مەککە و مەدینەیان دا و لە٥/١٢/١٩٢٥ دا داگیریان کرد. لەوکاتەوە هەتا ئیمرۆش وەهابییەکان نەخش دەگێرن و فەرمان دەردەکەن.

مانگێ دواتر خۆی کرد بە پاشا و دەستبەجێ لەلایەن هێزە کۆلۆنییە ئەوروپاییەکانەوە، دانی پێدا نرا و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەی نیوەدوورگەی عەرەبیدا، فراوان کرد. تا ساڵی ١٩٣٢ توانی شانشینی عەرەبی سعودی یەکگرتووی بچەسپێنێ.
ئاین و بیروباوەڕی وەهابی، بۆ خۆ پاداشت کردن، بەرامبەر بە کارە ئەمەکدارەکانیی، ڕێگەی داوە بە خۆی، مشووریی ئەوە بخوات، کەوا وڵاتەکە بەشێوەیەکی فراوان دوور لە کاریگەری کولتووری بێگانە دوور بگرێ و هەروەها زانستی سێکۆلار و هەموو ئەو شتانەی، کە قێزەونن و دژی جیهانی کۆن ـ و وێنەی مرۆڤ و زاناکانن.
بەڵام دەبێت چی هێشتا کاریگەریی لە ڕەوتی میژوو بەفراوانی بکات، ئەوەبوو بۆ یەکەمجار دۆزینەوەی نەوت لە کەنداوی فارسیدا، ساڵی ١٩٠٨. لە کاتێکدا سەرەتا بەریتانییەکان خاوەنی هەژموون بوون لە کەنداویدا و دەستییان بەسەر سەرچاوەکاندا گرتبوو، ئەمەریکا، سەرۆک رۆزلفت کەوتە مەراییکردن بۆ سعودیە . بەڵێ پاشا ئیبن سعود خۆی ترساند،لەبەردەم ئارەزووی کۆلۆنییەکان و لەبەرئەوە دوودڵ بوو، ئیمتیازی هەڵکەندن لەدەست بدات.

لە لایەکی ترەوە ئەو بە پەلە، پێویستی بە سەرچاوەی دیکەی داهات بوو، لەتەک داهاتی زیارەتکەرانی حەجدا. ئەوەبوو سەرئەنجام ساڵی ١٩٣٣ ڕێگەی دا، بە کۆمپانیای نەوت، بەرامبەر بە ٢٥،٠٠٠ هەزار دۆلار کرێی ساڵانە،و نرخی یەک دۆلار بۆ هەڵکەندنی هەر تەنێ نەوت، لە کەنداوی فارسیدا. ئەمەش سەرەتای دەستپێکردنی دۆستایەتییەکی قازانبەخش و هاوکات گیروگرفتاوی بوو.

لەسەردەمی شەڕی ساردا، ماڵی سعود، لە واشنتۆن وەک گرنگترین دەنگی سەر بە ئەمەریکا بوو، لە ناوچەیەکەدا،کە زیاتر دوژمنی ئەمەریکا بوون.
بە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای داهاتی نەوت، بۆ ١٠٠هەزار ملیارد لە نێوان ١٩٧٥ـ١٩٨٠ دا، ریاز بووە مشتەرییەکی خاوەن هێزی گەورەی کڕینی چەکی ئەمەریکی. لەم ڕیگایەشەوە ساڵ بە ساڵ هاوپەیمانێتییەکە قایم تر دەبوو. ئەمەریکییەکان سعودییەیان وەک قوللەیەک دەبینی بەرامبەر کۆمەنیزم.
سعودییە لەگەڵ پاکستان پێکەوە بۆ پشتیوانی موجاهیدین، شەڕکەرە پەڕگییرەکانیان، دەنارد بۆ ئەفغانستان،کە لە ١٩٨٠ وە لەلایەن هێزەکانی شورەوییەوە داگیرکرابوو. پلانەکەیان ئەوە بوو جەژنانەی “ڤێتنامی ئەفغانستان” پێشکەش بە شورەوی بکەن، دەبوو جێبەجێ بکرایە. بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆنی ئەمەریکی ز. برجینسکی،ئەو هەرەسهێنانی شورەوی بەڕێوە برد.
بەڵێ بە ڕوونی کەس نەیدەتوانی پێشبینی ئەوە بکات، ئەم سیاسەتە، چ ئاکامێکی ناهەمواری درێژخایەنی دەبێت، یانی پەروەردەکردنی ڕێکوپێکی هەزاران ئیسلامی ڕادیکال،لە نێو ئەواندا ئەوەی دواتر سەرۆکی ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادن، جگەرگۆشەیەکی سیاسەتی بیر و ئاین جیاوازی چینی سەرەوەی سعودییە. عەرەبی سعودی لەتەک پارەدا، بە ڕێگاوە چەک و کەلوپەلی ئایدۆلۆژی دا بە جیهادییەکان. بیری چاکی وەهابی، ڕەوایەتی دا بە شەڕی دژ بە کۆمۆنیزمی “بێ دین” و هەروەها بەڵێنی گەردن لە گوناح پاککردنەوەی بە خۆکوژەکان دا. بە زۆری مزگەوت و ئامۆژگاریکەران، قوتابخانە و پەیمانگا، نەخۆشخانە و خانەی هەتیوان، پێترۆکابیتالیزمی سعودی لە ١٩٦٠ وە، دەستی کرد بە ناردی مۆدێلە ئیسلامییەکەی بۆ هەموو کونوقوژبنێکی جیهان. سوپاس بۆ ساتەلیت و ئینتەرنێت، پەیامی وەهابیزم، ئیمڕۆ ئاسانتر دەگات لە هەر وەختێکی دیکە.

مێژوونووسی ئەمەریکیBernard Lewis ، جارێک بەرواردێک دەکات. تێکەڵکردنی وەهابیزمی سعودی و پێترۆدۆلار، شتەکە بە نزیکەیی، هەروەکو ئەوەی عەشیرەتی Ku-Klux-Klan , (ڕێکخراوێکی راسیستی زەبروەشێنە ـ وەرگێڕ)، دەسەڵاتی ڕەها لە تەکساس بگڕێتە دەست، لە ڕێگای پارەی نەوتەوە ئاین بڵاو بکاتەوە لە تەواوی دنیادا، بەو پێی ماناکەی خۆی. رێکخراوی خێرخوازی وەهابی بۆ نموونە ئەوەی لە ١٩٧٢ دا دامەزراوە” کۆبەندی جیهانی بۆ گەنجانی موسوڵمان” ، بە پێی قسەی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکیی بۆ پەلامارەکەی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، بە پشتیوانیکەری تیرۆری ئیسلامی دادەنرێ.
مەککە لەو کاتەدا وەک لاس ڤیگاس دەبریسکایەوە، دەربارەی ریازی پایتەخت، جارێ هیچ قسەیەک نەبوو، بەڵێ سەڵتەنەتی مەزن و گەڕانی بە فیرۆچووی پاشای سعودی، وا دەردەکەوت پاسەوانانی بیروباوەڕی ئەوێی کەمتر خەمبار کردبێ. هێشتا هاوژینی تەمەن ٢٧٠ ساڵەی نێوان مەزهەبی وەهابی و دەسەڵاتی سعودی کار دەکات. کەواتە زیاتر ئامۆژگاریکەری پێترۆدۆلار قازانج دەکات.

وەهابیزم قوتابخانەیەکە، لە مێژە هەر قوتابییەک بۆ زەبروزەنگ هان نادات، بەڵام بە قوڵی ئیسلامی نابەخشندە و تایەفەگەریی بەرهەم هێناوە ـ زەویوزاری بە پیتی ڕۆحی، لەسەر ئەوە تیرۆریستەکانی ” دەوڵەتی ئیسلام” (داعش ـ و) دەتوانن بگەشێنەوە و بپوژێنەوە.

لەمەدا دەوڵەتەکەی ئیبن تمیمە هاتۆتە دی و هەڵهاتووە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرنج: ئەم بابەتە لە بۆ یەکەمجار لە نۆیە زوریخە تسایتوونگ NZZ ،دا بڵاوکراوەتەوە و لەبەر گرنگی بابەتەکە،رۆژنامەی دیاری ئەڵمانی دێر تاگەشپیگلی بەرلینی جارێکی تر بڵاوی کردۆتەوە و بەندەی خۆتانیش بۆی کردوون بە کوردی. تاکە سەرنجم لەسەر ئەم نووسینە ئەوەیە ، نووسەر سەرلەبەری کەنداو، بە کەنداوی فارسی لەقەڵەم دەدات.
سەرنجێکی کورتیلەی بەندە لەم وتارە، ئاماژە نەدانە بە ڕۆڵی ئێران وەک هاوچەشنی سعودیە، لە مەڕ پرسی تیرۆرەوە. نموونەی تیرۆرکردنی د. قاسملۆ و د. شەرەفکەندی و هاوڕێکانیان و سەدانی دیکەش بەسە، بۆ دەرخستنی ڕۆڵی چالاکی ئێران لەم بوارەدا.

سەرچاوە: پاشکۆی رۆژانی یەکشەمە،ژمارە ٢٣١٧٥ی رۆژی ١٦/٧/٢٠١٧،دێر تاگە شپیگل




ھەرگیز نەمر: کاک جەلالی حاجی حسین(کەلۆش) … هەڵۆ بەرزنجەیی

قەدەر و چارەنووس یەکێکن لەو دیاردە دژوار و عاسییانەی کە ھێشتا لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی مرۆڤدان. سەخت و مەحاڵیشە لە جغز و ئاقارێکی دیاریکراودا ھەڵسوڕێندرێن و بخرێنە مەیدانەوە،وەک ئەوەی دڵ ئارەزووی دەکات و پێداویستییەکانی ژیان دەیخوازێت.
کام چیرۆک دەبێت لەوە تاڵتر و بەسوێ تر بێت؟، پێشمەرگەیەکی کورد ھەموو تەمەنی گیانبازی بوو بێت، لە پێناوی کوردایەتی دا و دوای ئەزمونی ٣٠ ساڵ کۆڕی تێکۆشان سەروبنی زمانی “نەفرەت لە براکوژی بێت” قەدەر لە پەلەپیتکەی خواستەکانی ئەو بترازێ و بەدەم گێژاوێکی خوێناوی گەورەوە لە تەمومژێکی نادیاردا،ساتێ بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕی براکوژی مانگی گوڵانی ١٩٩٤، پێیەکی لای پارتی و ئەوی دیکەی لای یەکێتی بوو،دڵسۆزانە سەرگەرمی “چارەنووسێکی پیرۆز و ھێژا”بوو.لەو دەمە ناسکەدا دەستی براکوژی ھار بە ڕیزێک گوولەی نەگریس ئێوارەی ٢ی گوڵانی ١٩٩٤ لە شاری سلێمانی کاک جەلالی کەڵەپیاو و جوامێری تەختی زەوی کرد و شەھید کراو بووە شەھیدی ئاشتی و تەبایی کورد و کورد.
ئەفسووس و سەدجار ئەفسووس ئەو دەیگووت :” گەر بە کوشتنی من کورد رزگاری دەبێت،وا من بە جەھەننەم”. بەڵام بەداخەوە براکوژی ھەرکۆتایی نەھات.
چ ژانێکی بەسفتوسێیە، کام تراژیدیای ناھەموار وماڵوێرانییە،لە چ نەفرەت بکەیت و بەگژ چیدا بچیتەوە،قەدەر ئەوەت ئاوقاو تووش بکات.! کاک جەلال ڕۆڵەیەکی قارەمان و ھەڵکەوتووی ئەم نیشتمانە کۆست کەوتوەیە و لە ساڵی ١٩٤٦ ز لە شاری سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە.بە کوردایەتی فریچکی گرتووە. لە ١٦ ھەمین بەھاری تەمەنییەوە پەیوەندی بە ر ێکخستنەکانی ناو شاری پارتییەوە ھەبووە و لە ١٩٦٥وە شەرەفی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی ئەیلوول مەزندا وەچنگ ھێناوە.

یەکێک بووە لە پێشمەرگە ھەرە بەجەرگ و ئازا و دەستوەشێنەکانی ساڵانی شەستی ناوشار. بەلێھاتوویی و دڵسۆزی خۆی بە پلەی جۆراوجۆر گەیشتووە و سەرئەنجام لەھەردوو بواری سەربازی و سیاسی دا،کادێرێکی زۆر کارامەو وریا و لێھاتووی کامڵی لێ دەردەچێ. دوای ئەوە بانگی کاژیک دەدرێت بە گوێی دا،ئەرکەکانی چالاکانە بەئەنجام دەگەیەنێت و لەنێو دەروونی شۆڕش دا،وەک سەربازێکی ونناو درێژە بە خەبات دەدات.
دوای ھەرەس لەگەڵ دەستە ھاوبیرەکانی دا بەشداری چالانە لە دامەزراندنی پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک دا لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٧٥ دەکات. زنجیری خەباتی بە نەپساوی رادەگرێت تا لە ساڵی ١٩٧٦ دا مەترسی گرتن ھەڕەشە لە ژیانی دەکات و ئاشکرا دەبێت و ڕوو دەکاتە شاخ و یەکەم بنکەی پێشمەرگەی پاسۆک دەکاتەوە.
لەو بارە سەختەدا بەچکەشێرانی کوردایەتی مەشخەڵی گەڵگیرسانەوەی شۆڕش بڵند دەکەنەوە.کاک جەلال ڕۆڵی زۆر دڵسۆزانە لە خاوکردنەوەی کێشە و ھەرا سیاسییەکانی ساڵانی پێش ھەشتا و دوای ھەشتا دەبینێت، لەخۆبووردووانە بەرگەی ڕۆژانی کولەمەرگی و تەنگانەی کوردایەتی. دەگرێت لەسەرەتای ھەشتاکان دا ڕوو دەکاتە سووریا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و بەردەوام دەبێت لە خزمەتی گشتی دا و پاشان دەچێت بۆ سوید و لەوێ دەبێتە پەنابەری سیاسی.

Anwari Majed Sultan
لەگەڵ گیانبەختکردووی گەورە ئەنوەری مەجید سوڵتان دا

کاک جەلال لەھەر کوێیەک بوو بێت، ھەر خوێنی کوردی بە دەمارەکانیدا ھاتوچۆی کردووە و ھەرچی پێکرا بێت بۆ خزمەتی نەتەوەکەی ھەرگیز درێغی نەکردووە، چونکە ئەو زەمینە مادی و رۆحییەی کە لەسەری ڕاوەستا بوو وە بڕوای پێی بوو، لێوەی ھەنگاوی ھەڵدەھێنا (کوردایەتی) بوو . ھەر ئەم خەسڵەت و بنەما و دیدە فکری و قەناعەتە گەشاوەی بە کوردایەتی لەتەک لەخۆبووردوویی و ھەوڵی بێنیاز و دڵسۆزانەدا،کاک جەلالی وا سەرکەوتووانە ھێنایە نێو کۆڕ و مەیدانی خەباتەوە نەک ڕێکەوت و سەپاندن و تەقلەی زەمانە.
کاک جەلال پیاوێکی قسە لە ڕوو و زمان شیرین و ساکار ڕاستگۆ و بەئەمەک و دلێر بوو . دۆستی ئەدەب و وەرزش بوو،پەیوەندی لەگەڵ ھەموو پارت و کەسایەتییە سیاسییەکانی گشت بەشەکانی کوردستان دا ھەبوو.
بیرەوەرییەکانی کاک جەلال کۆمەڵێ یادگاری زیندوو و لەبەرچاون و ئەوەی ساتێ ئاشنای بوو بێت ، ئێستاش چەخماخەی ئەو یادگارانە لە ئاسمانی بیر و ھۆشیدا گرمەگرمی دێت.
لەدەستدانی کەڵەمێردێکی وەک کاک جەلال بە گڕی ئاگری براکوژی، ئەو شەڕەی مووی لەشی پێ دەبووە نەشتەر و پێی کەللەیی دەبوو، داخ و خەفەتێکە ھەرگیزاو و ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
ھاوبیرانی ئاڵاھەڵگرانی ڕاستەقینەی کوردایەتی خۆ بە منەتباری ئەو قوتابخانەیە دەزانین کە ڕۆڵەی ئاوھا بۆ نەتەوەکەی گۆشت دەکات و پنتی ئەو قەناعەتەشمان کە نەگۆڕو نەلەقیوە پیرۆزە لەھەمبەر خزمەتی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان دا .
یاککردنەوەی کاک جەلال و شەھیدانی دیکەمان ئەرکێکی پێویست و دروستە.
ژین لەلای دڵسۆز هەر تێکۆشانە
ھەوڵە بۆ خاکی ئەم کوردستانە
خۆزگە ئەندازەی ژیان و تەمەن
تێکۆشان بوایە بۆ خاکی وەتەن
ئاخۆ تەمەنی کام دڵسۆزی کورد
لە چوار پێنج ساڵی تێپەڕی ئەکرد
کامەران موکری
نەمری بۆ کاک جەلال

——————
سەرنج: ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ ی نەورۆزی ٢٦٠٧/١٩٩٥ گۆڤاری خوێندکاری کوردی ڕێکخراوی سۆکسەدا بڵاوکردۆتەوە. دیسان بۆ یادی کاک جەلال پێشکەشە.




بۆچی لە رۆژهەڵاتی ناوین، بەردەوام شەڕە ؟ … نووسینی باستیان بێربنەر

و. لە ئاڵمانییەوە هەڵۆ بەرزنجەیی

————-
کوشتار لە سوریا،شەڕ لە عێراق و هەرای بێ بڕانەوە لەسەر ئیسرائیل. لە هیچ دەڤەرێکی جیهان دا، هێندەی رۆژهەڵاتی نزیک خوێن ناڕژێت.
سنوورەکان،هەر چۆنێک بن،شتێکی بەهادارن. جا وەک دیوارێک بن، لەسەرەوە بە تەلی دڕکاوی گیرابن، یان وێنەی پەرژین وابن، یاخود لە چەشنی شوورایەکدا، بە گوێنی پڕ لە خۆڵ هەڵچنرابن لە بیابان دا، وەیان هاوچەشنی هێلێکی خەیاڵی،کە تەنیا لەسەر نەخشە دەبینرێن.

سنوورەکان باشن، ئەگەر بێت و دوو شت بەجێبهێنن:

لە لایەک ئەگەر بێت، لە ناوەوە مرۆڤەکان یەکبخەن، ئەوانەی زۆر لەیەک دەچن، و دەتوانن لەبەرامبەر پرسیاری “کێ دەبێت حوکممان بکات” ؟ ڕێک بکەون. هەروەها ئەگەر لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی لەدەرەوە دەمێننەوە و لەگەڵ ئەوانەی ناوەوەدا هەرگیزاو و هەرگیز لەسەر یەک وەڵام ناتوانن یەک بگرن.
هەردوو لایەنەکە هاتونەتە دی، ئایا سنوورێک ئامێرێکی ڕێکوپێکی و ڕێکخستنە. ئەگەر نا، داخۆ سنوور گەرەنتی زەبروزەنگە.
لازقیە،شارێکە لە سوریا و دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و کەنارێکی جوان و خۆشی هەیە. ئەم هاوینەش خەڵک لەوێ دەچنەوە بۆی، بۆ ئەوەی خۆیان بدەنە بەر پرژەی شنەی شەپۆلی بەرز و نزم بوونەوەی ئاوەکەی، بەدەم هاژەی نێرگەلە کێشانەوە. هەروەها ئەدلیبیش شارێکە لە سوریا. لەوێ خەڵکەکە، بەرمیلی بۆمبا هەلاهەلایان دەکات. لەسەرەتای ئەم ساڵ لە گوندێکی نزیکی ئەم ناوە، چەند وێنەیە بە جیهاندا بڵاوبۆوە، منداڵ بە گاز کەوتوون و دەمیان کەفی لێنیشتبووە.

ئەم دوو شارە تەنیا( ١٢٠) کم لەیەکەوە دوورن. هەردوو شارەکە لە لایەن بەشار ئەسەدەوە حوکم دەکرێن. زۆرینەی دانیشتوانی لازقیە عەلەوین و ئەمە بە باش دەبینن. زۆرینەی دانیشتوانی ئەدلەب سووننین و دەیانەوێ بەشار بڕوخێنن. ئەمانە مرۆڤەکان،کە لە ناوەوەن، بەلام حەز دەکەن لەدەرەوە بمێننەوە. بەلای ئەمانەوە، سنووری دوور و درێژ، دیواری بەندیخانەیە.

عەلەوی و سووننی لەژێر یەک دەسەڵاتدان و حەزیان دەکرد دوویان هەبوایە.
چەند سەد کیلۆمەترێ بەولاوە بەرەو رۆژهەڵات، نیشتمانی کوردانە. وڵاتێک زنجیرە چیا و ڕووباری گەورە و بە خوڕ و دۆڵ و نشێوی قووڵی تێدایە و پێدا تێدەپەڕێ و هەورەها بە ژمارەیەکی زۆر لە سنوور: سنووری سوریا ـ تورکیا، عێراق ـ تورکیا، سوریا ـ ئێراق،ئێران ـ تورکیا، عێراق ـ ئێران دەوری گیراوە. کورد لە چوار دەوڵەتدا دەژین، پێیان خۆش بوو، یەک دەوڵەتیان هەبووایە، یەکێ کە خۆیان لەناویدا بوونایە.

لە چۆڵەوانییەکی گردۆڵکەیی چەند سەد کیلۆمەترێ بەولاوە، خوارووی رۆژئاوا، دیسان محەمەد ناسر، کە تەمەنی ١٧ ساڵە، لە رۆژێکی هاوینی ٢٠١٦ دا دوو کیلۆمەتر بەلاوە دەچێتە گوندێکی دراوسێەوە. لەوێ هەڵدەکوتێتە سەر ماڵێک و خۆی دەخزێنێتە، ژووری منداڵەکانەوە ، کچێکی منداڵێکی ١٣ ساڵی لە جێگادا خەوتووە. دەداتە بەر چەقۆ تا دەیکوژێ. محەمەد، هیچ شتێکی تایبەتی لەگەڵ ئەو کچەدا نییە، بەڵام ئەو کچە لە ناوچەی کریات ئەربا، دەکەوێتە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینەوە دەژی. ئەمە کوشتنێکی سیاسییە. ئەوی فەلەستینی ئیسرائیلییەکی کوشتووە، لە پێناوی ئەوەی پەیامێک بۆ حکومەتەکە ڕەوانە بکات و بڵێ: ئەمە وڵاتی ئێمەیە!.
چۆن دەبێت سنوورێک، پڕ مانا، جیاوازی بکات لە نێوان یەکێ لە ناوەوە و یەکێ لەدەرەوە؟.

وای دادەنێین، پیاو لەناو کەشتییەکی ئاسمانیدایە و لەسەر وڵاتی عەرەب لەسەرخۆ دەفڕێ. سەیرکردنەکە بەشی دەریای ناوەڕاست تا سنووری بەرزاییەکانی ئێران دەکات، لە زنجیرە چیاکانی ئەنادۆڵەوە تا کەنداوی فارس. وای دادەنێن پیاو هەر یەک لە دانیشتوان، لەسەرەوە وەک نوکتەیەکی بچووک دەبینێ.
٨٢ ملیۆن ئێرانی،٨٠ ملیۆن تورک، ٣٨ ملیۆن عێراقی،٢٨ ملیۆن سعودی عەرەبی، ١٧ ملیۆن سوری، ٨ ملیۆن لوبنانی، ٨ ملیۆن ئەردەنی،٨ ملیۆن ئیسرائیلی،٥ ملیۆن فەلەستینی.

وێنەیەک لە ٢٧٤ ملیۆن پیکسل/Pixel خاڵەوە. ئەگەر پیاو هەروا ڕامان بکات، کەوا هەموو ئەو مرۆڤانەی لەگەڵ سنووری وڵاتەکەیان و فۆڕمی دەسەڵاتەکەیان ئاسوودە و بەختەوەرن، وەک پیکسلی سپی ببینین و ئەوانەی دەیانەوەی سنوور و سیستەمەکان بگۆڕن، پیکسلی ڕەشن. پیاوی چاوی دەکەوێتە سەر ڕووبەرێکی زۆری ڕەش، کە وەک وەرەمی شێرپەنجە بەربۆتە ناوچەکە.

لە ڕۆژئاوای عێراق، سووننەکانەکان دژی حکومەتی شیعەکان، لە بەغدا وەستاونەتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە، شیعەکان ڕکیان دەبێتەوە، لە حکومەتە سوونییەکەیان لە ریاز. کەناری رۆژئاوا، غەزا، ناوچە کوردییەکان، ڕۆژهەڵاتی سوریا هەمووی ڕەش دەنوێنێت.
Middle East,Proche Orient,Naher Osten، رۆژهەڵاتی نزیک، ئاساییە بە هەر زمانێ، ئەم دوو وشەیە بخەیتە ناو مێشکتەوە هەمان فلیم لێدەداتەوە.
تیرۆریستە ڕیشدارەکان، ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە. چاڵەنەوتە گڕگرتووەکان، خانوو و ماڵی بۆمباران کراوی داربەسەر بەردەوە نەماو. پیکاپی چەک لەسەر دابەستراو، جەنگ لە سوریا. کوشتار لە عێراق. خەبات لە تورکیا. ڕاپەڕین لە ئیسرائیل. پەلاماری تیرۆریستی لە هەموو شوێنێ. لە سەد ساڵی ڕابووردوودا نێزیکی ٨٠ جەنگ و قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕووی داوە. نێزیکی ٦،٥ ملیۆن کەس کوژراو و مردوون. ڕەنگە زیاتریش بوو بێت.

چۆن ئەمە ڕوو دەدات؟ بۆچی بە تایبەت رۆژهەڵاتی نزیک بۆتە شانۆی خوێنی بە ناهەق ڕژاو و بە خوێن تینوو؟
وەڵامی ئاسایی و باو دەڵێ: گەلانی فرە، ئاینزای زۆر لەم دەڤەرە تەسکەدا، کوڵاوبە کەفوکوڵ و تووڕەیی ئایینی. بێگومان ئەمە تەنیا لە سەرنجدانی سەرەتاییدا جێی باوەڕهێنانە، هەروەک کتێبێکی خراپ بە بەرگێکی جوانەوە. کێ بەڕاستی گەرەکێتی تێبگات،بۆچی جەنگ لەم بەشەی جیهان دا، کۆتایی نایەت، پێویستە ئاوڕ بۆ سەدساڵ، پێش ئێستا بداتەوە ، بۆ ئەو سەردەمەی،کە ئەم سنوورانەی ئێستا نەبوون.
ئەوەی لە ئەمڕۆدا بە ” رۆژهەڵاتی ناوین” ناسراوە، تاکە ئیمپراتۆرێتێکی بەهێزی بەسەرچوو هەبوو. ئەم ئیمپراتۆرێتە عوسمانییە کە لە کۆنستانتینۆپل، ئەمڕۆ پێی دەووترێ ئەستەمبوڵ، لە لایەن کەسێکەوە بە خۆی دەوت سوڵتان، حوکم دەکرا.
٧٠٠ سەد ساڵ ئەم ئیمپراتۆرێتە درێژەی کێشا و لە سایەیدا گەلان و ئاینەکان دەژیان، تورک، عەرەب،کورد، موسڵمان، کریست و جولەکە، بە شێوەیەکی گونجاو بە ئاشتی پێکەوە هەڵیان دەکرد.
بێگومان هەرا و ناکۆکی هەبووە، جارە و جاریش جەنگ، لێ بە تێکڕا پێکەوە، سەر سووڕهێنەرانە باش گوزەرانیان دەکرد. نهێنییەکە ئەوەیە ئۆتۆنۆمیییەکی فراوان، بەرپرسیارێتی خۆیی لە دەوڵەتێکدا بێ سنووردا هەبوو.
ئینجا جەنگی یەکەمی جیهانی هات. لە ژێر ئاگری تۆپەکاندا وڵاتان توانەوە و سەرلەنوێ نەخشەکێشرانەوە. دەسەڵاتدارێتی داڕمان و هی نوێ دروست بوونەوە. ئەمە لە ئەوروپا ڕووی دا، بەڵام زیاتر بۆ رۆژهەڵات. لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی چەندین دەوڵەت کەوتەوە، هێڵە سەرەکییەکانیان لەمڕۆدا،پیاو لە پەخشی هەموو دەنگوباسەکاندا دەبینێ. شەقڵ و شێوە نوێکەیان، حەتمی نەبوو. بەڵکو ئەوە سیاسەتکار و جەنەڕاڵەکان، دیبلۆماتکاران و سیخوڕەکان، ئەوان بەڕێوە دەبرد، سەربازەکان، ئەوانەی کە شەڕیان دەکرد، هەندێک بە چەکی مۆدێرن و هەندێکیش بە ڕاوەشاندنی شمشێر بە سواری حوشترەوە.
بەڵام بڕیاردەر ٣ کەس بوون. دووانیان خاوەن بیروباوەڕ بوون، یەکێکیان هەلپەرست بوو. هەر سێکیان بەریتانی بوون. هەرسێکیشیان ڕامان و چاوەڕوانییەکی تەواویان لەوە هەبوو، کام سنوورگەلێک، دەبێت دوای جەنگ رۆژهەڵاتی ناوین رێک بخات.
بەداخەوە ڕامانەکانیان پێکەوە نەدەگونجان.
کە بیر لەو بەزم و هەرایەی ئیمڕۆ دەکەیتەوە، ساڵ بە ساڵ دەتباتەوە بۆ رابووردوو، هەر وەک هەڵدانەوەی دەفتەری وێنەی بزۆک بۆ دواوە،هەتا ئەو شوێنەی پیاو، لە کۆتاییدا دەگاتە سەر ئەو ٣ دەموچاوە.

لای ئەفسەر تۆماس ئێدوارد لۆڕانس Thomas Edward Lawrence،کە لە ساڵی١٩١٧ وە هەڵکەوت، یەکێکە لە مێژووی پاڵەوانێتی تراژیدیایی مۆدێرنە بۆ نووسینەوە.
لای ئەرستۆکرات مارک سایکسMark Sykes دەربارەی ئەو، نووسەری ئەمەریکیScott Anderson بە کورتی دەنووسێ: “زەحمەتە کەسێک بدۆزیتەوە،کە لەسەدەی بیستەمدا بێ نێتی خراپی شەڕانی و بێ سوپا بتوانێ ببێتە هۆکاری ئەو هەموو وێرانکاریە”.
لای کیمیاکار خایم وایزمانChaim Weizmann ،کە لەڕاستیدا دەبوو لاوازترینی ئەو سییانە بوایە، بە بێ دامو و دەزگایەکی سیاسی ، بێ پارە، لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئاکامدا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ڕەنگە سوریا ئەمڕۆ نە سووتایە، لەوانەیە کورد خاوەنی دەوڵەت بووایە، بەڵکو محەمەد هیچ کچێکی نەکوشتبایە بە چەقۆ، گەر بهاتایە ئەم سێ کەسە، پێش سەد ساڵ لەمەوبەر، بە جۆرێکی تر مامەڵەیان بکردایە.
مێژووی هاوبەشی ئەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەست پێ ناکات، بەڵکو لە لەندەنەوە، داون ستریت Dawning Street 10 لە شوێنی دانیشتنی، سەرەک وەزیرانی بەریتانیا، کاتێ لە پاییزی ١٩١٥ دا، ئەندامانی کابینەی جەنگ، بەسەر نەخشەیەکی گەورەدا دەچەمنەوە و پرسیار لە خۆیان دەکەن: چۆن ئێمە ڕێگری لەوە بکەین، کە ئەڵمان شەڕەکە ببەنەوە؟

سەربازەکان جاران لە چاڵە قوڕاوییەکانەوە هەڵدەگەڕان، بە ڕاکردن، ڕووەو بەرەی رۆژئاوا و هەموو ڕۆژێک بۆ ڕووبەڕووی نوێی دژ بەیەکتر. ئەڵمانەکان لە لایەک و بەریتانی و فەرەنسییەکانیش لە لایەک،وەک گورگێکی دڕندە کە ژیانی ملیۆنانیان هەڵڵوشی و فلیقاندەوە. پرسیار ئەوەیە: کێ زیاتر بەرگە دەگرێت؟
حکومەتی بەریتانی مەترسی لێ نیشتبوو: ئەڵمانیا و سوڵتانی عوسمانیش وەک لایەنگری ئەڵمانیا هاتبووە جەنگەکەوە و تازە بە تازە، بانگەوازی لە هەموو موسڵمانانی جیهان کردووە، بۆ شەڕی پیرۆز/ جیهادیان لە دژی هاوپەیمانان.

لە ژێر ڕکێڤی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی ئینگلیزدا، ملیۆنان موسڵمان دەژیان. لەم پاییزی ساڵی ١٩١٥یەدا لەندەن بە خێرایی پێویستی بە بیرۆکەیەکی ستراتیژی هەبوو.
کۆمیساری باڵای بەریتانیا، لە میسر هاتە قسە. ئەو بەڕیوەبەری دەسەڵاتی کۆلۆنیالی بوو، لە قاهیرە هاوکارەکانی دەستییان کرد، بە داڕشنی نەخشەیەک، کە هەر دوو ئامانجەکە لە خۆ بگرێت وئامانج بپێکێ: ڕابوونی مەترسی داری موسڵمانەکان بخنکێنێ و ئەڵمانەکانیش بە چۆکدا بهێنێت.

ئەو کاتە، ماوەی چەند هەفتەیەکی کەم بوو، پیاوێک لە قاهیرە دەژیا، تازە پێی نابووە تەمەنی ٢٧ ساڵییەوە و باڵای هەر ١،٦٥ م بەرز بوو، لەگەڵ ئەو تەمەنە کەمەیشیدا، ڕەنگە باشترین کەسی رۆژهەڵاتی ناوینناسی حکومەتی بەریتانی بوو ـ بە لانی کەمەوە ئەو وا خۆی دەبینی ـ ناوی ت. ئی. لۆڕانس بوو.

هەر لە تەمەنی گەنجییەوە بە تەنیا، ڕوو لە رۆژهەڵاتی ناوین کردووە و سەردانی قەڵای خاچپەرستەکانی دەکرد. دواتر لە سوریا دەستی کرد، بەکارکردن لە چاڵ هەڵکەندندا. لە خوارووی فەلەستین هونەری نەخشەکێشان/ کارتۆگرافی بیابانی دەکرد. زمانی عەرەبی بە ڕەوانی دەزانی و خەڵک و کولتوورەکەی چاک دەناسی، ئیدی ئەوە بوو، دەزگا سیخوڕییەکانی خاوەنشکۆکەی، هەر زوو لەگەڵ شەڕ هەڵگیرساندا، بەکرێیان گرت و هێنایانە ریزی خۆیانەوە.

لە بارەگای ئیدارەی بەریتانی، لۆڕانس نەخشیەکی گەورەی دەسەڵاتی عوسمانی هەڵواسی. هەندێ جاریش دواتر شتی دەنووسی، لەبەردەم نەخشەکەدا چەندین خولەک دەوەستا، و بیری قوڵی دەکردەوە، لە ڕەهەندەکانی وڵات ، کە لە لایەن سوڵتانی کۆنستانتینۆپەلی دوژمنەوە کۆنترۆڵ کرابوو.

بەڵام ئایا بە ڕاستی ئەو کۆنتڕۆڵی کرد؟

چەند هەفتەک پێشتر لە هاوینی ١٩١٥ دا، نامەیەک گەیشتە قاهیرە، هەر زوو نێرەرەکەی بووە، جێی بایەخی بەریتانییەکان. شەریف حوسەین، سەرەک هۆزێک لە مەککەوە، بەدەسەڵاترین پیاوی نیوە دورگەی عەرەبی. حوسەین خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا کاری دەکرد، لێ کە شەڕ هەڵگیرسا، پیاو هەوڵ دەدات بارودۆخە بقۆزێتەوە. حوسەین خەونی بە دەسەڵاتێکی عەرەبی فراوانەوە دەبینی. ئەو دەیویست سنوورێک بکێشێ، بە دروستی لەو شوێنەدا، کە ئیمڕۆ سنووری تورکیا و سوریای پێدا تێدەپەڕێ. ئەگەر بێت و سوڵتان، بەشی سەرەوەی سنوورەکە تورکیا لە خۆی بگرێ،،بەشی خوارووی وڵات، کە بە زمانی عەرەبی قسەی تێدا دەکرێ، حوسەین بۆ خۆی دەویست. ئەوەش قەڵەمڕەوێکی فراوان بوو، پێکهاتووە لە سوریا و لوبنان و عێراق و ئیسرائیل و فەلەستین و ئەردەن و تەواوی نیوە دوورگەی عەرەبی.
حوسەین لە نامەکەیدا، تکای مامەڵەیەک دەکات لە بەریتانییەکان: ئەو عەرەبی بەرەو یاخیبوون و ڕابوون بە ڕووی سوڵتان دا بردوو و هاوکاری بەریتانییەکان دەکات، تا جەنگەکە ببەنەوە، بەرامبەر بەوە بەریتانیەکان یارمەتی بدەن، دوای سەرکەوتن دەوڵەتێک دابمەزرێنێ.

بەرپرسی لۆڕانس لەندەنی، لەم ئۆڤەر و داوایە ئاگادار کردەوە. بیرۆکەی ئۆڤەرەکە سەرنجڕاکێش بوو، لە دژی جیهاد، لە لایەن پیاوێکی ریش سپییەوە راگەیەندراو، بە پێچەوانەی سوڵتانەوە، شەریف ناو و ناونیشانی پیرۆزی هەبوو، بە هۆی ئەوەی لە نەوەی پێغەمبەرە. لە بارەگای بەریتانییەکان، بۆ خۆیان خەیاڵیان دەکردەوە: عەرەب لە ناوەوە دەسەڵاتی عوسمانی هەڵدەوەشێنێتەوە و قەدپاڵی ئەڵمانەکانیان لە خوارووی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە ڕووت دەکردەوە. هەر لە پڕێکدا ئەڵمانەکان، بەرەی سێیەمیان لە بالکان بە ڕوودا کرایەوە، ناچاری چۆکدادانیان کردن.
ئەم نەخشەکە دەیتوانی بڕیار لەسەر چارەنووسی جەنگ بدات. جا پیاو چی هەیە بیدۆڕێنێ؟ دەوڵەتێکی عەرەبی پاش تەواوبوونی جەنگ؟ تا ئەو کاتە،زۆر شتی دیکە دێتە پێشێ و هەزار دەور دەگۆڕێت.

لەندەن ئەم بەرنامەیەی گرتە بەر

بۆ بەریتانییەکان، ئەم سەودایە لەگەڵ حوسەین دا، سوودێکی گەورەی هەیە: ئەوان دواتر شتەکە دەدەن و کەچی دەستبەجێ هەقەکەی وەردەگرن. لە قوڵایی وڵاتی عەرەبییەوە، دەست کرا بە ئامادەکاری یاخیبوون و ڕاستبوونەوە. لە قاهیرە لۆڕانس خۆشحاڵ بوو، کە حکومەتەکەی بە هۆی هۆکارێکی ستراتیژییەوە، گفتی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدات بە عەرەب، لۆرانس پێی وابوو بەراستی عەرەب شایستەن. لۆرانس رێزی بۆ عەرەب هەبوو. هەر بە گەنجی کاتێ خاوەنی هیچ نەبوو، بە خۆیی و نەخشەیەک و کامێرایەک و دەمانچەیەکەوە، گەشتی بە بیابانەکاندا دەکرد، بەردەوام ڕووبەڕووی میوانداری دۆستانە دەبۆوە. کاتێکیش دوایی کاری هەڵکۆڵینی دەست پێ کرد، زۆری حەز لەو ئیشە دەکرد. یەکێ لە کرێکارەکان، گەنجێکی سوری بوو، سەرەتا بووە یاریدەدەری و پاشان بووە باشترین هاوڕێ.

“ئەم وڵاتە بۆ بێگانە زۆر خۆش و نایابە. بۆ ئەوەی ئەم هەستە بە وشە دەربڕین” : لۆڕانس لە ١٩١٢ دا بۆ دایک و باوکی دەنووسێ: ئەوە سێ ساڵ تێپەڕی، کەوا حکومەتەکەی خۆی گەرەنتی سەربەخۆبوونی دا بە عەرەب،ئەو بڕیاری گردەبڕانەی داوە هەموو شتێک بکات لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەو گفتەدا، کە بەڕاستی حوسەین سنووری دەوڵەتەکەی بۆ دیاری بکرێت. لە لایەکی دیکەوە هەواڵی سەوداکەی لەگەڵ حوسەین دا،شۆکی دروست کردووە. لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩١٥،دیبلۆماتکارانی بەریتانی چاویان دەکەوێت بە Francois Georges – Picot پاشکۆ و وابەستە، لە سەفارەتی فەرەنسی لە لەندەن، پیکۆ هاوپەیمان و دۆستە، بەڵام ساتێ بەریتانییەکان باس و خواستی عەرەبیان پێ ڕاگەیاند، وتی ” تەواوی سەربەخۆیی” وەک بەشداربوویەک دەستی پێوە دەگرێ.

دوای ئەوەی ئەو هەموو فەرەنسییە کوژران،پیاو ناتوانێ هێزی تاڵانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوین بەخۆڕایی ببەخشێ. پیکۆ ئەم قسانەی کرد. ” ئەو باسی سوریا و فەلەستینی کرد،ئایا وەک نۆرمانی سەر بە فەرەنسا دەبن” .

سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسی و هەروەها بەریتانی،جاران سیاسەتێکی کۆلۆنیالی بوو. پاریس و لەندەن جیهانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کرد بوو. فەرەنسییەکان لە رۆژئاوای ئەفریکا دەسەڵاتدار بوون و بەریتانییەکان لە رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە بەسەر هیندستان دا دەکشا، هەتا ئۆقیانووس.ئەم جەنگە بۆ جاری یەکەمە،دەرفەتی باڵادەستی و هەژموونداری سازداوە و پێویستە فەرەنسا سوودی لێ ببینێ.

پیکۆ پەیامێکی روون و ئاشکرای دا بە گوێ لەندەن دا.فەرەنسا سوریای دەوێ و خاکی پیرۆزی فەلەستینیش و گاڵتەی دەهات بە بیرۆکەی دەسەڵاتدارێتییەکی گەورەی عەرەبی. بەریتانیا هۆشیار کرایەوە. لەم کاتەدا پێویستیان بە بەزم و هەرا لەگەڵ فەرەنسادا نییە. تەوەری پاریس ـ لەندەن بڕبرەی پشتی جەنگی دژی ئەڵمانیایە.
لە لەندەن دیبلۆماتکاران سەرقاڵی ئەوە بوون، چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت. پێدەچێ Mark Sykes مارک سایکسی پەرلەمانتاری گەنج، کە باش شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بیرۆکەیەکی پێ بێت؟

سایکس نەخشەیەکی لا بوو،کاتێ لە ١٦/دیسەمبەری ١٩١٥ دا چووە کۆشکی سەرەک وەزیران. سایکس تەمەنی ٣٦ ساڵ بوو و پێنج ساڵە ئەندام پەرلەمانە و ڕۆژهەڵاتی نیزیکی دەناسی و تازە کتێبێکی دەربارەی دەڤەرەکە بڵاوکردبۆوە. کە زۆر شتی ڕاست نییە کەوا کەس ئاگای لە کەس نییە و ،لەوانەی ئەو بەیانییە گوێیان لەو دەگرت،نە سەرەک وەزیران،نە وەزیری جەنگ و هەروەها نە وەزیری تەقەمەنی David Lioyd George، کە بە هیوابوو.

سایکس گرنگترین سیاسەتمەدارەکانی وڵاتەکەی بینی بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونی نەجیبزادەیەکی ئینگلیزییەوە . نەخشەکەی لەسەر مێزەکە بڵاو کردوەوە وتی: ” من پێشنیاز دەکەم هێڵێک بکێشین لە e لە تەوەرەکەوە تا کۆتایی k لە کەرکوک”. ئەو بە پەنجەی بەسەر نەخشەکەدا رۆیشت. هەموو ناوچەکانی سەرەوەی هێڵەکە بەر فەرەنسا بکەوێت: سوریای ئیمڕۆ، لوبنان،خوارووی تورکیا،باکووری عێراق.ئەوەشی دەکەوێتە خوارەوە هێڵەکەوە دەبێت بۆ بەریتانیا مەزن بێت. ئیمڕۆی ئیسرائیل،فەلەستین،ئەردەن،بەشی گەورەی عێراق و نیوە دورگەی عەرەبی. ئەو پەنجەی سایکس کە ناوچەکەی دابەشکرد،نەدەگونجا بۆ ئەم جۆرە سنوورانە، نە بۆ بونیادە ئێتنی و نە بۆ ئایینییەکان. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە سنوورانە گەلانی دابەش کرد،هۆز و بنەماڵەی دابەش بوون بەسەر دوو دیوی یەک سنووردا.

پێشنیازەکەی سایکس ئاماژەیەکی کۆلۆنیالی بوو،لێ بە دڵی سەرەک وەزیران بوو. بەم شێوەیە فەرەنسا هێمن دەبێتەوە و بەریتانیای مەزنیش بازێک دەچێتە پێشەوە.بێگومان سەرەک وەزیران دەزانێ ئەم چارەسەرە،لەگەڵ ئەو گفتەی بە حوسەینیان داوە بەر یەک دەکەون. مەسەلەکان هەر لەمەڕ هەمان وڵاتەوەیە.لێ ئەو دەبێت چی بکات؟ بڕیار بدات بۆ عەرەب و دژی فەرەنسا بوەستێتەوە،زیان بە هاوپەیمانێتیەکەی دژ بە ئەڵمانیا دەگەیەنێ .بڕیار بۆ فەرەنسییەکان بدات دژ بە عەرەبەکان،ڕەنگە ئەمانە بچنە بەرەی دوژمنەوە.
سەرەک وەزیران هەردوو لای دەوێت، دەستاوێژی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش،بریتییە لەوەی پاراستنی مەسەلەکەیە بە نهێنی. عەرەبەکان نابێ ئاگایان لەو قسانەی لەگەڵ فەرەنسا کردوویانە. ئەگەر ئەوان بەراستی هەر سوور بوون لەسەر ئەوەی دەوڵەتی خۆیان دەوێ، ـ دەبێت بڵێن جارێ بردنەوەی جەنگ پێویستە ـ پیاو دەتوانێ بیانوو بدۆزێتەوە. ئاخر فەرەنسا لە هەنووکەدا گرنگترە

کاتێ مارک سایکس لەو رۆژانەدا داونت ستریتی ١٠ بەجێهێشت،کابینەی جەنگی قەناعەت پێهێنا،جڵەوی سیاسەتی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی نیزیک لەدەستی خۆیدا بێت. وەزیر باوەڕی وابوو سایکس زمانی عەرەبی و تورکی دەزانێ،کەچی هیچیانی نەدەزانی.
پێنج رۆژ دواتر بۆ یەکەمجار سایکس چاوی بە پیکۆی فەرەنسی کەوت. لە ماوەیەکی کورتدا دیکۆمێنتێکیان ئامادە کرد، کە کاریکەرێتی وێرانکارییەکە پەلی هاویشت. رێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ ،کە تەنیا سێ لاپەڕەیە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە خۆ گرتووە و کە بەناوجەرگەی دڵیدا هێڵ ڕاکێشراوە،کە سایکس پێشنیازی کابنێتەکەی کردوە. سەرەوەی هێڵەکە بەڕەنگی شین هی فەرەنسایە و خوارەوەی بە ڕەنگی سوور هی بەریتانیایە. فەلەستینیش بە شارە پیرۆزەکانییەوە هەردوو رێکەوتن نێونەتەوەییانە حوکمی تێدا بکرێ. لە بەشی ڕاستی خوارەوەی رێکەوتنامەکە هەردوو ئیمزای لەسەر دەکەن و ئەم دیکۆمێنتە زۆر بە نهێنی پارێزرا.

لە ماوەی چەند حەفتەیەکی کەمدا بەریتانییەکان، وڵاتێک کە تازە داگیریان کردبوو، گفتیان دا بیدەن بە دوو لایەنی جیاواز . ئەوە هەر وەک ئەوە وایە دوو شەمەندەفەر بخەیتە سەر یەک سکە و ئینجا بەسەر یەکدا بڕۆن. هێشتا رێگایەکی دووریان لە نێوانیان دا هەیە،هەروەها کات بەدەمییەوە ماوە، یەکێ لە دوو شەمەندفەرەکە لا بدەیتە سەر سکەیەکی تر.

سەرەتا وا دیار بوو سێیهەمین یاری ئیش دەکات.لە مانگی ٥ یونی ١٩١٦ شەریف حوسەینی تاجی سەرکەوتنی کۆشکەکەی خۆی لە مەککە لەسەر نا و چەخماخەیەکی کۆنی بە ڕووی قەڵای تورکیدا تەقاندوو،سەرچاوە عەرەبییەکان وا باس دەکەن. لە هەموو شوێنێکی ناوچەکەدا هێزی بچووکی عەرەبی دەستیان کرد بە دەستوەشاندن لە پێگەکانی عوسمانی. ئەمەش سەرەتای ئەو ڕابوونەیە،کە حوسەین گفتی بە بەریتانییەکان دابوو. هەروەها هەردوو هاوپەیمان دەستیان کرد بە گەورەترین هێرشی ئەم جەنگە. عەرەبەکان عوسمانییەکانیان لە مەککە و جددە دەرپەڕاند. پاشان پەلاماردانەکە چەقی و لە هاوینیشدا هاوپەیمانان نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. دوای ٥ مانگ یەک ملیۆن سەرباز کوژران،لێ بەرەی جەنگ دوا نەخرا. لە کاتێکدا ستراتیژی هێرش لە لەندەن لە بەرەی رۆژئاوا راوەستێندرا و بەدوای بیرۆکە و پلانێکی نوێدا دەگەڕان پیاوێک لە لای عەرەبەکان بوو وازی نەدهێنا: ت.ئی.لۆڕانس.

ساتەوەختێ خۆی و هاوکارەکانی لە قاهیرە، بە ڕێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆیان زانی، پێکەوە دڵیان تێهەڵ هات ،هەر وەک چۆن دواتر دەنووسێ،ئەو وا هەست دەکات لە لایەن حکومەتەکەیەوە ناپاکی لێ کراوە.چۆن دەکرێ لەم کاتەدا،کەوا سەرۆکی ئەمەریکا ویلسۆنWilson Woodrowمافی چارەنووسی گەلانی داوا دەکات، رێکەوتنامەیەک بکەیت ، خواردنەوەکەی بە بیرۆکەی کۆلۆنیالی.

لۆڕانس بڕیاری دا، سایکس پیکۆ تێک بدات،هاوکاری عەرەب بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.ئەو لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا حسابی خۆی دەکات. لە ئۆکتۆبەری ١٩١٦دا ئەچێ بۆ لای عەرەبەکان بە سواری حوشترەوە و عەبایەکی عەرەبیشی بە عەگالەوە بەستووە و دوو عەرەب بۆردگاردیشی لەتەکدایە.(٣٠) کاتژمێر بە نێو وڵاتی عوسمانی دوژمندا دەڕوات. ئەو بەڕێوەیەوە بۆ لای عەرەبە یاخیبووەکان، بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات، بەڵێ ئەو بۆ بەشداری لە جەنگەکەدا چوو. ئیدی لە ت. ئی. لۆڕانسەوە بوو بە لۆڕانسی عەرەب.

لە کاتێکدا کەسێک، لە بیابان، خۆی تەرخان کردووە بۆ شەڕ، وەک پاڵەوانێکی مێژوو،کە سەدەی بیستەم دەیناسێ لە لەندەن پێشهاتێ روو دەدات،ناوچەکانی سەرووی هێڵ ،کەمتر پێوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوینەوە هەیە. بەڵام لە هەقیقەتدا ڕەنگە گرنگترین ناوچەی خۆ لێدادان بێت بۆ ئایندەی ناوچەکە: لە دیسەمبەری ١٩١٦ دا داڤید لیود جۆرج David Lloyd George دەبێتە سەرەک وەزیرانی نوێ،یەکێ لەو پیاوانەی ساڵێ پێشتر، بە توانا و شارەزایی خۆی، لەسەر رۆژهەڵاتی نزیک، مارک سایکسی رازی کرد.
جۆرج بەر لەهەر شتێ، دەبێت جەنگ لە ئەوروپا بباتەوە، بەڵام سەرەک وەزیرانی نوێ، بیروڕای خۆی هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.لە ساڵانی پێشوودا بەردەوام پیاوێکی ریشدار،بێ پسان سەردانی دەکرد،کە جلوبەرگێکی شیکی جوانی لەبەردەکرد،زمانی ئینگلیزی بە ئەکسێنتی رووسی دەئاخڤی.

ئەو پیاوە خایم وایزمانە Chaim Weizmann. ساتێ بۆ یەکەمجار ساڵێ ١٩١٤ جۆرجی ناسی ئەو کاتە تەمەنی ٣٩ ساڵ بوو.وایزمان کیمیاکار بوو،یاخود ڕاستتر بڵێم کیمیاکار لەگەڵ حەز و خواستی سیاسیدا.لە ڕووسیا لەدایک بووە، لە ئەڵمانیا خوێندوویەتی و لە سویسرا دکتۆرای بەدەست هێناوە و ماوەی ١٠ ساڵە لە بەریتانیای گەورە دەژی.بەڵام تا ئێستا نیشتمانێک لە ژیانیدا بزرە، کە کاتێک پیر بوو و مرد،حەز دەکات لەوێ بنێژرێت.

کێشەکە ئەوەیە ئەو نیشتمانە جارێ نییە. لێ وایزمان کردوویەتی بە ئەرکی ژیانی خۆی،دروستی بکات. وڵاتێک بۆ جولەکەکان. وایزمان سەرکردەیەکی زایۆنی بەریتانیای مەزن بوو و ئامانجی فەلەستینێکی جولەکەیی بوو. بەڵام عوسمانییەکان کە تا پێشتر دەسەڵادار بوون بەسەر فەلەستیندا،نایانەوێ شتێ بزانن. هەڵبەت ئێستا جەنگە و لە جەنگدا شتەکان دەکەونە جوڵە.

وەک ت.ئی. لۆڕانس ،وەک مارک سایکس، خایم وایزمانیش گەرەکێتی سنوورێک ڕابکێشێ. وڵاتی کتێبی پیرۆز، لە نێوان دەریای ناوەڕاست و ئەردەن دا،پێویستە سەرلەنوێ بێتەوە بە نیشتمانی جولەکە. ئەو مرۆڤانەی لە رووسیا و پۆلۆنیا لە گێتۆکاندا ئازار بەدەست ڕاوەدوونانەوە دەچێژن ،هەروەها جولەکە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیای مەزندا، لای ئەمانە هەمیشە و لە هەر شوێنێکدا دژە جولەکە دەبێتە مایەت بە ئاگا هاتنەوەی نیشتمانی .

وایزمان دەیەوێ بەریتانییەکان رازی بکات،دوای جەنگ فەلەستین بدەنە دەست جولەکە و بۆ ئەم خواستە تێدەکۆشێ. توانای رۆشنبیری یارمەتی دەدا، هاوڕێ خاوەن کاریگەڕێتەکانی لە ساڵانی یەکەمی جەنگدا وایزمان خێرا رێگای بەرەو لای پلە باڵاکانی دەستە و تاقمی بەریتانیا مەزن بدۆزێتەوە هەروەها بۆ لای وەزیری تەقەمەنی جۆرج، کە لەم کاتەدا کارپێکردنی بۆ بلیمەتێکی کیمیاکار هەبوو.

جۆرج پێویستی بە ئەسیتۆن بوو،ئەم مادە کیمیاوییە بۆ دروستکردنی تۆپ تەقاندن بەکار دێت. وایزمان شەو و رۆژ کاری دەکرد و توانی داهێنانێکی نوێ بکات ،ئەویش لەماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر ئەسیتۆن بەرهەم بهێنرێ. لە هەموو گفتوگۆیەکدا، لەتەک جۆرج دا، وایزمان ،سوود و قازانجی دەوڵەتێکی جولەکەی لە فەلەستین بۆ بەریتانیای مەزن جەختی دەکردەوە. داخۆ ئەم دەوڵەتی جولەکەی وا، نابێتە بەشێک لە پردی بەستنەوەی میسری بەریتانیا بە هیندستانی بەریتانیاوە؟ ئاخۆ فەلەستینی جولەکە ناگونجێ لەگەڵ وێنەی جیهانی کریستی ـ جولەکەیی باوەڕ و ئیمانی جۆرج دا؟ ئەرێ ئەوە دادپەروەری نییە، جولەکە ئەم میللەتە بێ وڵاتە،لە فەلەستین،ئەم وڵاتە بێ میللەتە،رێگەیان پێ بدرێ نیشتەجێ بن؟ وە ئایا وایزمانی ئەمەکدار، شایستە پاداشتێک نییە،بەرامبەر بەو کاری دروستکردنی تەقەمەنییەی دۆزییەوە؟

جۆرج دەبێتە لایەنگری بیروباوەڕی زایۆنیزم.لە دێسەمبەری ١٩١٦ دا، وایزمان دەزانێ،کە پیاوێکی دروستی دۆزیوەتەوە،گۆرج دەبێتە سەرەک وەزیران.
وایزمان توانی ئەوە بکات،شەمەندەفەری سێیەم بخاتە سەر سکەکە. بەم جۆرە لە ٣ ئاڕاستەوە ٣ شەمەندفەر کەوتۆتە گەڕ بەرەو ڕووی یەکتر،یەکێکی عەرەبی،یەکێکی فەرەنسی و یەکێکی زایۆنیستی.

بەڵام هێشتا مەودا و دوورییەک لە نێوانیاندا هەیە. لەگەڵ دەستپێکی ساڵێ ١٩١٧ دا هەر یەکەیان تاویان دایە خۆیان.
کاتێ لۆڕانس لە کارەکەی،تێکدانی رێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ،بۆ ناو ڕەشماڵی بیابانی عەرەبە راپەڕیوەکان غاری دا، چاوی کەوت بە فەیسەڵی کوڕی حوسەین. لۆرانس دەبێتە بە باشترین ئامۆژگاریکاری فەیسەل و لە ڕاستیشدا فەرمانداری سوپا ڕاپەڕیوەکە.

لە یانوەری ١٩١٧ دا بەرەو باکوور دەڕۆن،فەیسەڵ لە پێشەوە بە جلی سپییەوە،لۆرانیش بە تەنیشتییەوە بە جلی سپی و سوورەوە و لە دواوە ٣ بەیداخی حەریری ئەرخەوانی بەستراوە بە دارێکی نووک تیژەوە،دواتریش ٣ تەپڵژەن و( ١٢٠٠) حوشتر ، بە چڕیی خەڵک دەچوو بۆ لایان بە خەنجەری بریقەدارەوە و سروودی جەنگیان بە هەزاران گەروو دەچڕی ،حەشامێک لە ئاژەڵ و مرۆڤ،وەک دەریا شەپۆلی دەدا.

بەم شێوەیە لۆڕانس دوایی وای هەست کرد،وەک جەنگاوەرەکانی سەردەمی کۆنە و لەسەر ئەوان لە ئۆکسفۆرد نامەی دکتۆراکەی نووسیوە.
ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە سەرەتای مانگی یانوەردا، لۆڕانس فەیسەڵ دەباتە لاوە و هەندێ جورئەت دەکات و دەڵێ : بۆچی دەتوانرێ سزای مەرگی بدەن: ئەو باسی هاوڕێکانی لە سایکس ـ پیکۆ دەگێڕێتەوە. ئەو ناپاکی ئاشکرا دەکات و پلانێکی نوێ دادەڕێژێ. گەر پیاو بتوانێ داوا بکات شاڵاو بەرنە سەر هێزەکانی بەریتانی و فەرەنسی،ئەو وڵاتەی کە حوسەینی باوکی فەیسەڵ، گەرەکێتی دەسەڵاتدارێتی عەرەبی دابمەزرێنێ، بەتەنیا داگیر بکات،پیاو دەتوانێ شتی نائاسایی و ناهەموار ئاسایی و هەموار بکات.

ئەو بیروباوەڕە لە دنیادا بڵاوە،هەر کەس بە خوێنی خۆی وڵاتێک داگیر بکات، مافی هەیە،دەست ڕۆیشتوو بێت لەو وڵاتەدا.لۆڕانس سەرەتا دەیویست شاری عەقەبە داگیر بکات،کە دوا قەڵای عوسمانییەکان بوو لە دەریای سوور.بەرەو ڕووی ئاوەکە هەموو شت مسۆگەر بوو، ڕووی هەموو تۆپەکان لەسەر دەریا بوو.لە باکووری وڵاتەوە چیای سەخت و لێژ بەرزبوونەتەوە،لەوێ بواری تێپەڕبوونی سوپا نییە. بەڵێ بێگومان لەوێ دەربەندێک هەیە،لێییەوە دەتوانن هێزێکی دەستوەشێن لە پشتەوە بچێتە ناو شارەوە وەک پەلامارێکی لەناکاو.
لە ماڵێکی دەوری لەندەن،سەرلەبەیانی رۆژی ٧/ فێبروەری ١٩١٧، حەوت سەرکردەی زایۆنی بەریتانیا،خایم وایزمانیشیان لە نێودا بوو،پێشوازییان لە میوانێک کرد.ئەویش سکرتێری کابینەی جەنگی رۆژهەڵاتی نیزیک، سەرەک وەزیران جۆرج تازە دایناوە،ئەویش مارک سایکسە.

سایکس ئاگای لە مەیلی سەرەک وەزیرانەکەی بوو بە لای زایۆنیزمدا. لەو بەیانییەدا وایزمان و ئەوانی دیکە، باسی ئەوەیان بۆ سایکس کرد،کەوا ئارەزووی دەوڵەتێکی جولەکە لەژێر تاجی بەریتانیدا دەکەن.بە هیچ جۆرێک نەیان دەویست کاریگەرێتییەکی فەرەنسی بەسەر فەلەستینییەکانەوە هەبێت. ئەوان هیچیان لەمەڕ ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆوە نەدەزانی،دەربارەی ئەو پلانە نهێنییە،کە بەرامبەرەکەیان ساڵێ لەوەو پێش سازی دابوو، دیقەت و وریایی دروست: گاریگەرێتی فەرەنسیەکان لەسەر فەلەستینییەکان، ئەوانیش هەروەها ئاگایان لەو گفتەی بەعەرەب دراوە نییە و سایکسیش هێندە نهێن پارێزە، وەک بەرد نقەی لێوە نایەت.

لە ٣/ ئاپرێل بەرەو رۆژهەڵاتی ناوین کەوتە ڕێ،چەند کاتژمێرێک پێش گەشتەکەی سەرەک وەزیران جۆرج، ئاگاداری ئاگاداری کردەوە، هیچ گفتێک بە سەرکردەی عەرەبەکان حوسەین نەدا،بەتایبەت سەبارەت بە فەلەستین.”جولەکە دەتوانن زیاتر بە کەڵکمان بێن تا عەرەب” .زایۆنیزم ئێستا بەشێکە لە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا.
مارک سایکس لەم کاتەدا، تاکە کەسێکە،ئاگای لە هەر سێ شەمەندەفەرەکە هەیە،کە ڕووبەڕووی یەکتر بە خێرایی لێدەخوڕن.

لە کاتێکدا شەمەندەفەری فەرەنسی بێ کۆسپ بەردەم دەڕوات،سایکس لە لایەن سەرەک وەزیرانەکەیەوە فەرمانی پێدراوە، شەمەندەفەری زایۆنیزم تاو پێ بدات و هی عەرەب بوەستێنێت. بۆ ئەوە دەبێت لۆرانس فریو بدات و هەر لەبەر ئەمەشە سایکس گەشتی رۆژهەڵاتی ناوین دەکات.

سەرەتای مانگی مای، سایکس و لۆرانس لە بەندەری ناوچەیەکی نیوە دوورگەی عەرەبی یەکتریان دی.تۆمارێکی وردەکارییەکانی ئەم دیدارە نییە،لێ دیارە،لۆڕانس حاڵی بووە،کە لەندەن بەرامبەر بەو گفتەی بە حوسەینی داوە، پاشگەز دەبێتەوە،ڕەنگە سایکسیش بۆی گێڕابێتەوە،کە عەرەب نەیاری ئایندەی زایۆنیزمن.
لە پڕێکدا لوڕانس پەلەی بوو،یەکسەر شەڕەکەی ڕاگرت و ، بەسواری بە نێو بیاباندا بەرەو شاری عەقەبە رۆیشت. دیدارەکەی لەگەڵ سایکسا،تووشی شۆکی کرد.تەواو نارەحەت بوو. کە نە زەبروزەنگی پێشهاتوو ،کە لۆرانس بێتاقەت بکات،نە ڕەشەبای لماوی بە درێژایی رۆژ، نە گەرما، کە ئەزێتی دەدا،نە هاواری حوشتری مردارەوە بوو یاخود مارە ژەهراوییەکان،کە ٣ لە هاوەڵەکانی کوشت، بەڵکو ناپاکی رژێمەکەی ،لە دەفتەری رۆژانەیدا ئەمەی تۆمار کردووە.

هاوبەشکارە عەرەبەکانی ئاگایان لە متمانە شکاندنە نییە،لۆڕانسیش شەرم دەکات.دواتر دەنووسێ :” ئەگەر بهاتایە من ئامۆژکاریکەرێکی ڕاستگۆی عەرەب بوومایە،دەبوو پێیان بڵێم. بچنەوە ماڵەوە و چیدیکە لێرە گیانبازی بە ژیانی خۆتان مەکەن!”. بەڵام ئەمەی نەکرد. هێشتا هیوای مابوو.
سەرەتای ژولای لە دەوروبەری عەقەبە،یەکەیەکی بەهێزی ٥٠٠ کەسی سوپای عوسمانی بەدیکرا.نزیکی ٣٠٠ کەس لەدوژمن کوژرا،کاتێ عەرەبەکان لە هەموو لایەوە تەقەیان لێ کردن. بەسواری حوشترەکانیاوە بەدوایان ڕایان دەکرد.،شەڕەکە هێند سەخت بوو،لۆڕانس نەیزانی تەقەی لە پشتی سەری حوشترەکەی خۆی کرد. پاش ئەوە لە دەربەندکەوە، پێشڕەوییان کرد و بێ تەقە عەقەبەیان گرت. لۆڕانس لە شەو رۆژێکدا بووە پاڵەوانی جەنگ.

هەموو شت وەک ئەوەی ئەو بەهیوای بوو،کتومت هاتە دی.لۆڕانس ئێستا دەتوانێ لە یەک ئاستدا و هاوتا قسە لەگەڵ جەنەڕاڵە بەریتانییەکان بکات،کە سوپاکەیان لە قاهیرە خەریکی ئامادەکاری داستانی جەنگ بوون لەسەر فەلەستین.لۆڕانس لە نەخشە و پلانەکان هاوکاری کردن. بەڵکو بە هۆیەوە عەرەبەکانی ئەو وڵاتە بەلای خۆیدا ڕاکێشێ؟
هەروەها هاوڕێ مێمڵەکەی مارک سایکس کە پێکەوە کاریان دەکرد،هەستی کرد،کە ئیدی لەمەودا لۆڕانس دەبێتە سەرئێشە بۆی. ئەو هەوڵی فرتووفێڵی دەدا. لە نامەیەکدا بۆ ناسیاوێکی لە رۆژهەڵاتی ناوین دەنووسێ:”نەخشەکەی لۆڕانس شکۆدار و گەورە بوو،من دەمەوێت ئەو بە سوارچاک ناو دەربکات.

ئەمەی وت،ئێستا ئەو کە پیاوێکی قارەمانە،پێویستە ئەو خۆی وەک کەسێک هەڵسوکەوت بکات و دیدی وەک ئەوەی هەیە فراوان بکات. دە ساڵ لە ژێر سایەی سەرکردایەتییەکەماندا و عەرەبیش نەتەوەیەکن. سەربەخۆیی کتوپڕ ،مانای برسێتی و ئاژاوەیە”.
لۆڕانس جارێکی نامەیەکی ٧ لاپەڕەیی دەنووسێ،بەشێکی بە تەوسەوە و بەشێکی دڵ ڕەنجاندنێکی چاوەڕوان نەکراو، وا خراپی دەنووسێ فەرماندەیەک ناتوانێ بیگەیەنێتە دەست سایکس.
بەم نزیکانە لۆرانس جارێکی تر جەنگ ڕادەگرێ. لە پشت سنوورەکانی دوژمنەوە دەیەوێ شێوازی تری وەک خەباتی گەریلایی هەڵگیرسێنێ،پرد بتەقێنیتەوە، سکەکان تێک بدات، شاڵاو بەرێ بۆ سەر هێزە عوسمانییەکان.

هەر لۆڕانس پەلەی نەبوو، هەروەها خایم وایزمانیش هەنگاوێک چوو بووە پێشەوە. سۆزی پشت پەردە و ژوورە نهێنییەکان، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی جولەکە بەشی ئەوی نەدەکرد، ئەو داوای ڕاگەیاندنێکی هیوابەخشی حکومەتی بەریتانی دەکرد. شتێ کە دوای جەنگ زایۆنیزم خۆی پشتی پێ ببەستێ. بۆ ئەوەی ئەمە بەدەست بهێنێ ،ئەو بۆ تەنیا جارێک دانەچڵەکی لەبەردەم سەرانی جولەکەدا،بۆ بەڵگە هێنانەوەی قووڵی دژەجولەکە. هاوبەشکارە بەریتانییەکەی سەبارەت بەو بەرەو پێشچوونە دراماتیکییەی هاوینی ١٩١٧،گوێ لێ بگرێت.

وا دیارە بەختی جەنگ، بەریتانیا بەجێدێڵێت.لە رووسیای هاوپەیمان، شۆڕشێک سەری هەڵدا و ئاشتییەکی یەکلایەنە لە نێوان ئەڵمانیا و رووسیادا رۆژبەرۆژ ئەگەری زیاتر دەبێت. ئەمەش بۆ بەریتانیای مەزن گەورەترین هەڕەشەیە:ئەڵمانەکان دەتوانن هێزەکانیان لە بەرەی رۆژهەڵاتەوە بۆ بەهێزکردنی بەرەی ڕۆژئاوا بەرن. ئەمەش مانای سەرکەوتنە بۆ ئەڵمانیا. بۆ بەریتانیا دوو هیوا مایەوە. یەکەم: ڕووسیا خۆی ڕادەگرێت و ڕێگری لە هێزە ئەڵمانییەکان دەکات.دووەم: ئەمەریکا دێتە شەڕەوە و لایەنی هاوپەیمانان دەگرێت.
وایزمان دەڵێ ئەو دەتوانێ،یارمەتی بدات لە هەردووە. وایزمان پێشنیاز دەکات، تکا لە جولەکە ڕووسەکان بکات بە هاوکاری کاریگەرییان لە مۆسکۆ، ڕووسیا لە جەنگدا بهێڵنەوە. هەروەها جگە لەمەش دەتوانن جولەکە ئەمەریکییەکان، سەرەک ویلسن بەوە ڕازی بکەن،بەتەواوی بێتە ناو جەنگەکەوە.

وایزمان پشت بە ئارگومێنتی ستیریۆتایپی/ کڵێشەسازی هێزی جولەکەی جیهانی دەبەستێ. ” ئەو باوەڕی وابوو، کە دەتوانێ سوود لە دژەجولەکەیی ببینێ،ئاخرییەکەشی ئەوەی کرد”. مێژوونووسی ئیسرائیلی Motti Golani وا دەڵێ،کە ئێستا سەرقاڵی بیوگرافیایەکی گەورەیە لەسەر وایزمان.
ئیدی بۆ ئەو دۆخەی کە هێشتا تەواو ڕوون نەبوو، وایزمان بەڵگەیەکی زیاتر دەخاتە سەری: ئەگەر بەریتانییەکان ئارەزوومەندی پێکەوە کارکردن نەبن لەگەڵ زایۆنیستەکاندا، ئەوا ئەڵمانەکان هەموو ساتەوەختی ئامادەن.

سەرجەم ئەمانە بلۆفێکی گەورە بوون: ئەڵمانەکان ئامادە نەبوون، جولەکە ڕووسەکانیش هیچ کاریگەرێتیان لەسەر سیاسەتی جەنگی مۆسکۆ نەبوو و جولەکە ئەمەریکییەکانیش بە ئاستەم دەیان توانی کار لە ویلسۆن بکەن. لەندەن هاتە سەر ئەوباوەڕەی.لە ٣١/ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە هۆڵێکی کۆنفراسی وەزارەتی دەرەوەی شاری لەندەن سەرلەنوێ کابینەی جەنگ کۆببنەوە.

لە بەردەم دەرگای، ژوورێکدا وایزمان دانیشتووە و چاوەڕێ دەکات. دوای ئەو مارک سایکسی درەوشاوە بە ووشەکانی “د. وایزمان ئەمە گەنجە!” کابینێتەکە تێکستێکی ئامادەکراوی وازمانی وەرگرت.

دوو رۆژ دواتر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیمانی بەلفۆر/Balfour ڕاگەیاندنە ناسراوەکە بڵاو کردەوە.” حکومەت و خاوەنشکۆ، بە خێرخوازییەوە دامەزراندنی نیشتمانێ بۆ گەلی جولەکە لە فەلەستین و بەو پەڕی توانایەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەدات”.
ئەو ساتانە لە فەلەستین .لۆڕانس بە شەڕەکانیەوە بە دەوروبەریدا تێدەپەڕین. لە بیابان ڤاگۆنێکی سەربازی تورکی لەسەر سکە ترازان و ئەوەی تێیدا مابوو بە گوللەباران کرد دروێنە کران. بەم شێوە ئامادەکاری داگیرکاری سوپای بەریتانییان دەکرد،کە لە ١١/ دێسەمبەر ئۆرشەلیم/ قودس یان داگیر کرد.رۆژێکی هەتاوی سارد بوو ،کاتێ دوای(٦٠٠ ) ساڵ سوپایەکی ئەوروپایی شاری پیرۆزی گرتەوە. تۆماری فلیم، نیشانی دەدات، چۆن فەرمانداری بەریتانی لەبەردەم دەروازەی یافادا ،دەچێتە ناو شارە کۆنەکەوە.لە دوای ئەوەوە لۆرانسی دەم بە خەندە دەبینرێت لەگەڵ پیکۆی فەرەنسی دا.

ئێستا وڵاتی پیرۆز بەدەست بەریتانیای مەزنەوەیە.دروست ئەو بارودۆخە ساز بووە،کە بەریتانییەکان لە یەک کاتدا، هیوایان بۆ دەخواست و لێیشی دەترسان: بۆ ئەم وڵاتە گفتیان بە سێ لایەن دابوو،ئێستا پێویستە بڕیار بدەن،کام لە گفتەکان دەبەنە سەر و کامانە دەشکێنن.
لە ئاهەنگی ئێوارەدا ،پیکۆ ڕوو لە فەرمانداری بەریتانی دەکات و دەڵێ:” سبەی، جەنەڕاڵە خۆشەویستەکەم،هەنگاوە پێویستەکان دەگرمە بەر ،بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سڤیل لە شاردا”. بێدەنگییەکی سەیروسەمەرە دروست بوو،لۆرانس دەنووسێ کە خۆیشی ئامادەی دانیشتنەکە بووە.” زەلاتە، مریشک، سەندەویچ ،بە دەست لێنەدروای دانرابوون لەگەڵ خواردنەکەدا، کاتێ ئێمە لە جەنەڕاڵمان ڕوانی”.

وەڵامەکە،تاکە دەسەڵاتدار لەو میانەدا هی سوپای ئینگلیزی بوو،واتە خودی خۆی. هەتا ئەو کاتەی جەنگ بەردەوام بێت،هیچ بڕیارێک نادرێ،بەم شێوەیە قسە کرا. لۆڕانس ماوەیەک ماو و ویستی کەڵک لەمە وەرگرێت. بە شەڕکەرەکانی ، جەنگی بەرەو باکوور برد، ئەوان دەتەقێننەوە و پەلامار دەدەن، دەکوژن و بەردەوام ئازاد دەکەن و لە لایەن جەماوەری عەرەبییەوە چەپلەیان بۆ لێدەرێ.

کاتێ ئەوان بە سواری حوشترەکانیانەوە چوونە دیمەشقەوە،خەڵک لەسەر شەقام دەستییان کرد بە گۆڕانی و سەماکردن و ژنان لە بالکۆنەکانەوە گوڵبارانیان کردن. عوسمانییەکان بەزین،بەڵام بەهاکەی چییە؟ جۆرج دوو شەمەندەفەرەکەی تر ڕادەوەستێنێ؟ ڕێگە دەدات بە عەرەبەکان دەوڵەتی خۆیان هەبێت؟
هەنووکە، سەرەک وەزیران بۆ دواجار لەبەردەم بارودۆخێدا،ئەوەی کە سایکس بە هیوایەتی،قەت نایەتی دی. پیکۆ جەختی لەسەر داواکەی فەرەنسا کردەوە.عەرەبەکانی دەوری لۆڕانس، گیانبازییان بە ژیانی خۆیان کرد. وایزمانیش سەردانی رۆژهەڵاتی ناوینی کردووە،بۆ ئەوەی لە نزیکەوە داخوازییەکانیان پێ بسپێرێ.
ساتێ لۆرانس لەڕامەڵڵا ،گوندێکی بچووکە لە فەلەستین، بە وایزمان گەیشت هەستی کرد،کە ماندووبوونەکەی بە خۆڕایی بووە. وایزمان وریا بوو،قەت ڕاستەوخۆ باسی دەوڵەتی جولەکەی نەدەکرد. ئەو هەوڵی ئەوەی دەدا خەڵک دڵنیا بکاتەوە کۆچی جولەکە، نەرێنی نییە بۆ جەماوەری عەرەبی. بەڵام وایزمان هەر دەیڕوانییە ڕەوانبێژییەکەی. دوای پێکەوە قسەکردنەکەیان دەنووسێ:” د. وایزمان بە هیوای تەواوی فەلەستینێکی جولەکەیی بوو لە پەنجا ساڵ دا و فەلەستینێکی جولەکەیی تا ئەو کاتە لە پشت ڕوخارێکی بەریتانییەوە”.

بەم وشانە لۆڕانس وەسفی ئایندە بە وردی دەکات،تەنیا لە یەک خاڵدا خۆی بە هەڵەدا دەبات: پەنجا ساڵ ناخایەنێ،بەڵکو سی ساڵ دەخایەنێ ،دوایی جولەکە دەوڵەتی خۆیان دادەمەزرێنن و ناوی دەنێن ئیسرائیل و وایزمان دەبێت بە یەکەم سەرەک کۆمار.
جۆرج لێدەگەڕێ، شەمەندەفەرەکان لەنێوان، خۆیاندا پێشبڕکێ بکەن سەرەتای دیسەمبەری ١٩١٩ لە لەندەن دوای یەکلاکەرەوە لە نێوان خۆیی و جۆرج کلیمنسو George Clemenceau دێتە پێشەوە و لە مەلەفی بەریتانیدا راگیراوە.

کلێمەنسو : ” پێم بلێ چیت دەوێت”.
جۆرج : ” من موسڵم دەوێ.”
کلێمەنسو “هەقی خۆتە، ئەی چی تر”.
جۆرج بەڵی ئۆرشەلیم”.
کلێمنەسو “هەقی خۆتە”.

حکومەتی بەریتانی گفتەکەی خۆی لەگەڵ عەرەبدا دەشکێنێ. لە کۆنفرانسی ئاشتیدا، سنوورەکانی سایکس پیکۆ تا لاربوونەوە لە کوردستان ـ واقیعێکی یاسایی نێودەوڵەتی .
جۆرج دەڵێ:” دۆستایەتی فەرەنسا بۆ ئێمە دەجار بەهادارترە لە سوریا” و واز لە سوریا و لوبنانی ئیمڕۆ دێنن بۆ مانداتی فەرەنسی . دەستبەجێ پێویستە ڕاپەڕینەکان سەرکوت بکەن ،سێ سەدەیە فەرەنسییەکان لە سوریا خوێن دەرێژن.
لەم دەم و ساتەدا شتێکی سەیر ڕوو دەدات: عەرەبەکان بە تەواوی سەرقاڵی ئەوەن دەسەڵاتی بێگانەی فەرەنسی لەم ناوچەیەی سوریا دەرپەڕێنن،بەجۆرێک بەڕاستی نەیان دەویست سنوورەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە. سنوورەکانی سایکس پیکۆ خۆی چەسپاند،نەک هەر لەم لایەوە. لەو دیوی سنوورەوە بەریتانییەکان دوو دەوڵەتی دەستکردیان قووتکردەوە،عێراق و ئەردەن. لە عێراق سەرکردەی عەرەب فەیسەڵیان کردە پاشا،فلاستەر/ لەزگەیەکی برینی سەرەخۆشی بۆ شەڕەکان. لە عەممان عەبدوڵڵای برایان خستە سەر تەختی دەسەڵات.کوڕەکانی حوسەین هەردوو ئارەزوومەند بوون دەسەڵاتەکەیان و سنوورەکەی بپارێزن.
لە فەلەستین ئینگلیزەکان خۆیان حوکمیان گرتە دەست،بەڵام پشتیوانی کۆچکردنی جولەکەیان کرد،هەر بەو شێوەیەی وەک گفتیان بە وایزمان دابوو. نزیکی نیو ملیۆن جولەکە لە ماوەی ٣٠ ساڵی مانداتی ئینگلیزیدا کۆچیان کردە ئەم وڵاتە.، لە نێویاندا زۆر لەوانەی لە ڕاوەدونانی نازییەکان ڕزگاریان ببوو. لە کاتێکدا فەلستین وڵاتێکی بێ میللەت نەبوو،کە تەنیا چاوەڕێ ئەم خەڵکەی کرد بێت،لە ماوەیەکی کورتدا کوشتن دەستی پێکرد. دانیشتوانە عەرەبەکە لە دژی جولەکە کۆچکردووەکە و. ساڵی ١٩٤٨ بەریتانیا لە فەلەستین کشایەوە، بێ ئەوەی ئاوڕێ لە دواوە بدەن . جولەکە بۆشایی هێز و دەسەڵاتیان پڕ کرد. لەبەر ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانییەکاندا ژێرخانێکی شێوە دەوڵەتییان دامەزراند بوو.،کە عەرەبەکان ئەو کارەیان نەکردبوو.

ئەمەش لە دایکبوونی ئیسرائیلە.

ل.جۆرج و ج کلیمەنکۆیز دوا موچڕکەی ئیمپریالیزم بوون، بەڵام یەکێکی وا بەهێز و بەتین ،کە تا ئیمڕۆ دەرکیی پێ دەکرێت. لە کۆتایی کۆنفرانسی ئاشتیدا ،مێژوونووسی ئەمەریکی David Fromkin، لە شاکارەکەیدا A Peace to End All Peace بەم جۆرە دەنووسێ: ” رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە ڕێگایەکدا بینییەوە، کە بەرەو شەڕێکی بێ بڕانەوە و پەرەسەندنی تیرۆریزم بەڕێوە چوو.

سنوورەکانی جاران بە فراوانی هەروەها هی ئیمڕۆشن. چی دەبوو،ئەگەر عەرەب دەسەڵاتدارێتی بدرایەتێ؟ ناوچەکە دەبووە پەناگە و گەنجینەی ئاشتی؟ گەلانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەسەر شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێکەوە هەڵیان دەکرد؟

ڕەنگە حوسەینی عەرەبەکان بیتوانییایە دۆخی پێش شەڕی عوسمانییەکان لە لێچواندنێکی نزیکدا : وڵاتێکی گەورەی بێ سنوور، لەتەک دەسەڵاتێکی ناوەندی لاوازدا ـ ئەمە تەنیا کاتێ سوڵتان لە کۆنستانتینۆپەل نەمایە، بەڵکو شەریف لە مەککە بوایە. بە دڵنیاییەوە لە دەوڵەتێکی وادا، جەنگ ڕوو بدات ـ ” هەروەها زەحمەتە ڕامانی ئەوە بکەین، کە ئەمە مێژوویەکی خەمناکی بەرهەم هێناوە، وەک ئەوانەی ،بەراستی ڕوویان داوە لە سەد ساڵی ڕابووردوودا” سکۆت ئەندەرسۆن Scott Anderson ی نووسەری بیۆگرافیای لۆرانس نووسیویەتی.

ڕەنگە دەسەڵاتێکی ناوەندی لاواز و دوور، لە واقیعدا باشتر بوایە لە دەسەڵاتێکی بەهێز لە نزیکەوە. لە دەسەڵاتدارێتییەکی بەرفراواندا، کە تێیدا هەر میللەت و گروپێک خۆی خۆی بەڕێوە بەڕێت، هەر دەربڕینێکی ناڕەزایی مانای یەکسەر ڕاپەرین نادات، کەوا دەمودەست سەرکووت بکرێ. ئەوە یارمەتی دەدات، دەوڵەتە نوێ سنوردارەکان وەک پارچەیەک زەوی بهێنینە بەرچاومان. یەک پارچە وڵات،بەدەوریدا ئەڵقاوئەڵق پەرژین.

لەسەر ئەم پارچە زەوییە، پێویستە رۆژێک لە رۆژان خەڵکێک پێکەوە بژین، کە هەرگیز نایانەوێ پێکەوە گوزەران بکەن، ڕکیان لە یەکترە. لەوڵاتی تازە قوتکراوەی عێراق دا بۆ نموونە ،سوونی،شیعی و کورد. لە سوریای دروستکراودا، سوونی ،عەلەوی،کورد و کریستیانی. ئا لێرەدا تەنانەت ئاماژەدان بە چەمکی هەرێمی/تێریتۆریالی “عێراق” هەزار ساڵە بوونی هەیە یارمەتی نادات و “سوریا” کۆنترە. ئەم وشانە هەمیشە تەنیا مانای نادیار دەبەخشن، نەک دەوڵەتی نەتەوەیی.

کێشانی سنوورە نوێیەکە بە دڵی کەس نەبوو،ئاڕاستەی پەرژینەکان ـ هیچ کەسێک جگە لەوەی هێزی کۆلۆنیالی دەسەڵاتەکەی سەپاندووە،بێتە خاوەنی ئەو پارچە زەوییە نوێیە. لە سەرەتادا ناویان فەیسەڵ و عەبدوڵا بوو،پاشان سەددام و ئەسەد.بەم شێوەیە بەریتانی و فەرەنسی دەستەیەکی نوێ کاراکار و بکەری سیاسییان دروست کرد. بەجارێک دەسەڵاتدار پەیدا بوو، ئەو سنوورە کە بە هەوەس کێشرا بوون، بە ڕق و زۆرەملێی بەرگریکیان لێ دەکرد.

هەروەها لەبەر ئەوەی خەڵک کە لەسەر ئەم پارچە زەوییە دەژیان، هێندە جیاواز بوون، هێندە نەگونجاو و پێچەوانە بوون لە بیرباوەری ئاینی و بنەچەدا، دەتوانرێ تەنیا یەک شێوە دروست بکات حوکمیان بکرێت: بە دەستێکی پۆڵایین. ڕژێمێکی لاواز زوو بە زوو کێشەی دەبوو،لە سوریا ٢٠ هەرای دەوڵەت لە ٢١ ساڵدا هەبووە و هەندێکیان سەرکەوتوو بوون و هەندێکیان نا،حافز الاسد،باوکی حوکمداری ئیمڕۆ ، بە وڵاتەکە سەقامگیرییەکی دیکتاتۆرییانەی بەخشی.،مەرجی ئەوەی لەم کۆمەڵگایەوەدیموکراتی بن، هەر لەسەرەتاوە بیرکردنەوەیەکی هەڵە بووە.

هەنووکە پیاو دەتوانی بیسەلمێنێ،ئەوە ئاسانە،تاوانەکە بدەی بەسەر ملی هێزە کۆلۆنییەکان دا. بە کورتی لە سەد ساڵ دا،گەلێ دەرفەت هاتە پێشەوە، سنوورەکان ڕاست بکرێتەوە، پەرژینەکان هەڵکەنن . ئەمە لە ڕووی تیورییەوە ڕاستە. لە پراکتیدا ڕاستکردنەوەیەکی لەم جۆرە هەموو توانا و بێهاوتایی خەسڵەتی چاکەی دەسەڵاتدارێکی گەرەک بوو: واز لە دەسەڵات هێنان.

دیارە لە دیموکراتی زۆر کەم ڕوو دەدات، لە ئۆتۆکراتی ئەوە بە نزیکی نەناسراوە لە بنەڕەتدا ئەوانە بەرچاوتێر نین، کە لەم دەوڵەتانەدا دێنە سەر دەسەڵات،بەڵکو ئەوانە ، کە تەماح لێیداون . هەروەها ئەگەر دیکتاتۆرێک بیەوێ واز بهێنێ، ئەو ناتوانێ بۆ خۆی دڵنیا و زامن بێت،جێگرەوەکەی چی لەو دەکات. لە کوێ رك بەرقەرار بوو،دەستتا و دەستی دەسەڵات دەگمەنە.

لە سەروو ئەمانەشەوە کێشەی تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوین دێتە پێشەوە: کشانەوەی فەرەنسا و بەریتانیا،لە ساڵانی چل دا،مانای ئەوە نییە، کەوا عەرەب دەتوانن بە ئارامی کێشەی سنوورەکانیان چارەسەر بکەن. ئەوێ خاكی بیابان نەوتی بێ سنووری تێدایە و ناوچەکە لە ڕووی جیوستراتیژییەوە گرنگ بوو، هێزە جیهانیەکان دەستتیان تێوەرداوە. ئەمەریکا یان رووسیا، پێوەندییەکیان لەگەڵ خاوەن پارچە زەوییەکەدا گرێداوە،ئەوان ویستوویانە ئەو بمێننەوە ئەو کەسە کێشەی هەیە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەیدا، بە خۆشییەوە بڕەک پارە یان چەکیان بۆ ناردووە. زۆر لە دانیشتوانە یاخیبووەکە لە ڕووی ئیدیۆلۆژیا خزمەتیان بە ئیسلامیستەکان کرد،ئەمەش کەڵکی بۆ سەقامگیری نەخوارد.

پیاو مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوینی سەدساڵی رابووردووی بە دوای چرکەساتێکدا دەپشکنێ، لەوێدا یەک دەسەڵاتدار ببینێتەوە توانیبێتی یەک بڕیاری یەکلاکەرەوەی هەبێت، بۆ راگرتنی ئاشی خوێن لەبەرچوون، بەڵام پیاو بۆی دەردەکەوێ، ئەم کارە هەردەم بە جۆرێک لە جۆرەکان زەحمەت بووە.

کەواتە پیاو دەتوانێ ئیمڕۆ چی بکات و چی لە دەست دێت، بۆ ئەوەی بکرێ کوشتاری بێ بڕانەوە کۆتایی پێ بهێنێ؟ پیاو ناتوانێ هەروا بە ئاسانی خاوەن پارچەزەوییەکان تاوانبار بکات؟ لەو بارەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا هەرایانە لە سوریا. دێباتەکە گفتوگۆکان دەچنە سەر کرۆکی کێشەکە. تەنانەت گەر ئەسەدیش بڕوات، ئەوە بەس نییە. هەروەک بەس نەبوو سەدام حسەین ڕوخێندرا. هەتا ئەوکاتەی مرۆڤەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا وەک عێراقی و سوری یاخود ئەردەنی خۆیان نەبین، بەڵکو وەک شیعی و سوننی و وەک کورد یان عەرەب،جولەکە یان کریست ،ئەوا دەوڵەتەکان تەنیا ئەو کاتە توانای ژیانیان هەیە، ئەگەر بێت و سنوورەکانیان، ڕەنگ بەم درز و دابەشبوونانە بدەنەوە.

بە نزیکی هەر جەنگێکی رۆژهەڵاتی ناوین دەرفەتی کۆنفرانسێکی ئاشتی دێنێتە پێشەوە. لەوێ لەسەر هەموو بژاردە و شیاوەکان گفتوگۆ دەکرێ،تەنیا لەسەر یەک بابەت نەبێت،کە بەڕاستی دەتوانێت ئاشتی بهێنێت: سەرلەنوێ کێشانەوەی ئەو سنوورە گومانلێکراوانە، کە پێش سەد ساڵ ڕاکێشراون.

ڕەنگە لە ئاکامدا لازقییە و ئیدلیب نەکەونە هەمان وڵاتەوە. ڕەنگە کوردەکان خۆیان حوکمی خۆیان بکەن . ئەم چارەسەرانە شیاوی بیرلێکردنەوە و گونجاونن لە هەموو ناوچەکەدا،بە تەنیا یەک ئاوارتەوە / شازەوە ـ فەلەستین. گەر دوو میللەت داوای هەمان وڵات بکەن، سنوور دێتە سەر سنوورەکەیان. ئینجا تەنیا هێز هەژماری بۆ دەکرێ.

سەرچاوە: دۆسییەی هەفتەنامەی دی تیساید/ Die Zeit ،ژمارە ٢٦ ی رۆژی ٢٢/٦/٢٠١٧




کاراکتەری داگیرکەری عەرەب، لە قەسیدەی (داڵ)ی شێرکۆ بێکەس دا … هەڵۆ بەرزنجەیی

رەفیق عاشوور !
ئەڵێن ژنی ئەو شاخانە گەرچی بەفر
بەڵام بەفری گەرم و نەرمن
رەفیق عاشوور !
وا تۆ ئەچی
شیمال سێ شتی شیرینە
هەنگوێن و گوێز و ئافرەتی !!

مێژووی کۆلۆنیالیزم، تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە و لێوان لێوە لە ستەمکاری و دێوزمەیی و بەدفەساڵی. ئێمە لێرەدا هێندە ئاوڕ لەم ڕەهەندە مێژووییەی داگیرکاریی نادەیدەنەوە، بەڵکو دەمانەوێ زیاتر لە کایەی ئەقڵێت و کولتور و پەروەردەوە، سەرنجێک لەم پرسە لە جوگرافیایەکی تایبەتدا ـ لە نیشتمانی کوردستان دا ـ بگرین. ئەو دەسەڵاتە داگیرکارەی کە ئامانجی سەروبەری، بریتییە لە هەڵکێشانی زمانێک لە ڕەگوڕیشەوە و سوتماککردنی نیشتمانێک و تاڵانکردنی سامانەکەیی و دەستدرێژیکردن بۆ سەر نامووس و روومەتی خەڵکە کۆلۆنیالیکراوەکەی. ئەوەی کورد و کوردستان لە ئاکامی سیاسەتی کۆلۆنیالی لە ڕووی مێژوویی و سەربازیی و ئابوویی و ڕۆشنبیریی و کولتورییەوە چەشتوویەتی،شتێک نییە، لەکەس نامۆ و نائاشنا بێت. بۆیەکا فۆکۆسی قورسی نووسینەکە،دەخەمە سەر ئەو ئەقڵێت و کولتوورەی ڕەوایەتی بەخشیوە بە بێ ڕوومەتی و بێنامووسی کردن، بە کەرامەتی میللەتانی دیکە.
لە گەلێ ڕووداوی داگیرکاریدا وابووە، لەشکری داگیرکەر، لەپاڵ وێرانکاریی و سوتاندن و کوشتن و بڕین دا، تاک و تەرایان،یاخود زیاتریان دەرفەتیان قۆستۆتەوە و جڵەوی غەریزە سێکسییەکانی خۆیان بۆ نەگیراوە، پەلامار و لاقرتێ و زۆردارییان لە ژن و کچان کردووە. ئەم پەڵە چڵکنەش دیوێکی هەرە ناشیرین و قێزەونی لەشکر و سەرکردەی داگیرکەر نمایشت دەکات. ئەڵمانەکان تا ئێستاش، بە سەیر و سەمەرەوە، بۆ لەکەدارکردنی لەشکری کۆمۆنیزم و ڕووس بەتایبەت، باس لەوە دەکەن، لەسەردەمی هاتنی ئوردووی سووردا، لە جەنگی جیهانی دووەم دا، چەند سەربازێ پەلاماری ژنانیان داوە و لاقرتەیان پێ کردوون.
لە سەرنجدانێکی خێرای ئەو داگیرکارییانەی تووشی کورد و کوردستان هاتووە، ئەم دیارە قێزەون و تا سەر ئێسک نامرۆییە، بە زەقی بەدی دەکرێ. حاڵەتەکەش ئەوە نییە، سەربازێ، دوان و سییان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو بێت و بە کارێکی وا ناشایستە بە دزی یاخود بە ئاشکرا هەڵسابێت، بەڵکو ئەوەی لێرەدا تێبینێ دەکرێ، مۆتیڤەکانی شتێکی ترمان پێ دەڵێن، ئەویش هەبوونی پاڵهێزییەکی گەورە و پاشخانێکی مێژوویی و ئایینی و کولتووری و سیاسی نامرۆیی و ئاژەڵئاسایی، ها لە پشت هەڵسوکەوت و ڕەفتار و پەروەردەی ڕۆڵەکانی میللەتی داگیرکارەوە. ئەوان پێشوەخت ئەم کۆنسێپتەیان خراوەتە بەردەست و لە قوڵایی دەقی پیرۆز و پرنسیپی پۆڵایینی حیزب و هەناوی کولتوور و چەقی ئەقڵێتەکەوە ڕەوایەتی پێ دەبەخشن و ئازایەتی پێڕەوکردنی بەدەست دێنێنن و وزە پەیدا دەکەن. ڕەنگە لە هەنووکەدا باشترین نموونەی ئەم باسە، ڕەفتارە دڕندە و نامرۆیی و ناشارستانێتییەکانی ڕێکخراوی داعش بێت.
کورد، وەک نەتەوە، لە لایەن ٣ ڕەگەزی جیاوازەوە، داگیرکراوە و نیشتمانەکەی کەرت کەرت کراوە. ئەو ڕەگەزانەش تورک و عەرەب و فارسن، کە خۆیان لە میللەتانی سەردەستی دەوڵەتە دەستکردەکانی، تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا دا دەنوێنن.
عاشوور حەمدان، نموونەی ڕۆڵەیەکی نەتەوەی عەرەبی سەردەست و حوکم بەدەستە لە و ستاتووەی ئیمڕۆ دا، لە چوارچێوەی دەوڵەتی بەناو عێراقی دروستکراودا. ناوبراو، لەم چیرۆکە شیعرییەدا کە مامۆستا شێرکۆ بێکەس بە “داڵ” ناوی دەبات، و وێنەیەکی ورد و پێناسەیەکی گشتگری ئەم کەسایەتییە، وەک “مشتێ نموونەی خەروارێکە” دەخاتە بەردەستمان و زۆر لێهاتووانە و سەرکەوتووانە، هەڵمەتێکی ناساندنی ئەم داگیرکەرەمان بۆ باس دەکات.
لەڕاستیدا ئەو شاکارە شیعرییە، شایانی لەسەر وەستان و دیقەت لێکردنە، چونکە شاکارێکە لە کایەی مێژوو و کۆمۆڵایەتی و سیاسیدا،ئیشی خۆی دەکات و لە خودی خۆیدا، نیشاندەری لایەن و خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکەیە و هاوسات، نیشاندەری کاراکتەرێکی نێو ئەم کولتور و پەروەردە و سیستەمەیە، کە ئیمڕۆ بە ستەمکاری و بە زۆر و ناسروشتی بەسەر نەتەوەی کورد دا سەپێنراوە.
“عاشوور حەمدان” لە وڵاتی لم و عوجاجەوە هات و
ئێستە دانیشتووی وڵاتی گوێز و بەفرە
بەر لە ئێستە
ـ صەریفەیەک ـ کە وەک دانی کلۆر وابوو
حەسیر ڕزیو، وەک تەڵەی مشک
تەنگەبەر و درێژکۆلە
ماڵی ئەو بوو، ماڵ ڕووتەڵە
عاشوور، ڕووت و ڕەجاڵ و پەڕپووتێکی نەداری، دواکەوتووی دوور لە شارستانێتییە و خەڵکی وڵاتێکی جوگرافیا نالەبار و ژینگەیەکی ناخۆشی کێژەڵووکاوی و لماوییە.
دە ساڵ پێشتر..
تەڵەی “عەفلەق” لەوێ لەناو
قوللەی مەخفەرێکدا گرتی
عاشوور بوو بە پێچکەی موسەلەحەی ڕژێم
ناوبراو سەرەتا بۆ دابینکردنی گوزەران، ڕوو لە پیشەی پۆلیسی دەکات، لە دەزگاکانی حکومەتی دەوڵەتە زۆڵەکەکەی عێراقدا. حیزبی بەعسی فەرمانڕەوا، دوای ئەوەی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ئەو دەوڵەتەدا گرتبوو، نەوت و سامانی ژێرخاکی کوردستان و ناوچەکانی تری، بۆ مەبەستە گڵاوەکانی خۆی تاڵان دەکرد، کۆمەڵی ئیمتیاز و خۆشگوزەرانی، بۆ خەڵکی بیابان و لایەنگرانی خۆیان فەراهەم کردبوو. کە ختووکەی فیزیان بەم پێشکەوتنە بەرچاوانەی دەسەڵاتی بەعس دەهات و هەر کەسێ ببوایەتە فەرمانبەر و کارمەند، داکۆکی لە عروبە بکردایە بەختەوەر دەکرا. لەو هەلومەرجەدا چجای کەسێک یەکەوڕاست ببێتە پۆلیس و وەک برغوویەک لە دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانی سیستەمەدا کارا بێ. ئیدی دوو شەشی بوو و نانی بەتەواوی دەکەوتە ڕۆنەوە. هاوکات بەعس بەپەلە مرخی لەو کەسە خۆش دەکرد و یاخود پێشوەخت دەیسەپاند بەسەریدا، دەبێت حەپە سەوزەکە بخوا و بێتە ڕیزی حیزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستەوە.
ئیتر عاشوور بوو بەدەسکێش
بوو بە کیفی درۆی دوو دەم
بوو بە کێرد و خەڵکیش نێچیر
بوو بە “نصیر” بوو بە “عاگول”
بوو بە چاوی تەوری ئەمن
بوو بە “رەفیق”
بوو بە گوێچکەی دار و دیوار و بوو بە مار
عاشوورێکی لات و دنیا نەدیو، بە شەوق و زەوقەوە بەرەو ڕووی داخوازییەکانی بوونە “بەعس”ییەوە دێت و هەر زوو باری قورسی عروبە، دەخاتە سەرشانی و دەبێتە، دەستکەلایەکی کارای دەستی دەسەڵاتداران لە عێراقدا.
هەڵپە و دڵسۆزی عەشقی عاشوور، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرشانی و هێنانەدی خواستی بەرپرسەکان ، گەیاندنی پەیامە پێسپێردراوەکەی دەبێتە هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنەکانی و بڕینی پێپلیکانەی بەرەو باڵاچوونی بەسەر وێستگە بە وێستگەی دەوڵەت و هێزی تەوژمی بڕینی فلتەرەکانی ژیانی حیزبایەتی. لە چاوترووکانێکی کورتدا، لە دۆست و لایەنگر و نەسیر و عاگولەوە دەبێت بە “رفیق”. ئەمەش پلەیەکی بەرز و هەژمار بۆکراوە و خانەیەکی جێی متمانەی حیزبی بەعس و دەوڵەتی عێراق بوو.
بوونە ڕەفیق، دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ کوشتن و بڕینی دوژمن و نەیار و ناحەزان بەدەست دەهێنا . بەم پێیە ئەو کەسە، Okay ئاسمانی و زەمینی بەدەست دێنێ و لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتدا ڕەها دەبێت.ئاخر هەر لەسەرەتاوە دەزانرا،بۆ دەیکەنە ڕەفیق.
ئەم وابەستەیی و بەخشندەیی و ئیمتیازات و خێروخۆشیە، هەمووی بۆ ئەو مەرامەیە، عاشور و عاشورئاساکان تەیار و ئامادە بکرێن، بۆ پرسە گەورەکە!،لە پێناوی خەمە گرانەکە!،لەبەر هەڕەشە کوشندەکە!،بەڵێ بۆ شەڕی کورد و ڕاماڵینی مەترسیییەکانی بەردەم، دەروازەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەبی.
هەر بۆیەکا دوای ماوەیەک، بە فەرمانێکی کتوپڕی قەرەقوشی، داوا لە عاشوور دەکرێت، لە پێناوی درێژە دان بەسەرکەوتنەکانی “عروبە”، شمێشێر و ئاڵا و پەیامی عەرەبی باپیرانی، بپێچێتەوە و لەتەک خۆیدا بیانبات و بچێ بۆ نیشتمانی چیا و بەفر و ژنی نەرم و گەرم. چەند وچانێ بەر لەوەی فەرمانەکەی پێ ڕابگەیەنن، بە پێشەیەکی ئاگرین و تژی لە هەست بزوواندنەوە، گەشتێکی خەیاڵی، بە مێژووی سەروەرییەکانی نەتەوەی عەرەب و پەیامی شمشێرەکەیان و سێبەری خێروخۆشی ئاڵاکەیاندا، پێ دەکەن. تەلقینێکی باشی وردی دەکەنەوە و مژدەی ئەوەشی دەدەنێ کە بووکی ڕازاوەی خەیاڵی!، بووکی بەفرینی، گەرد لێنەنیشتووی شارۆچکەیەک لە نیشتمانی کوردان، چاوەڕوانێتی و باوەشی گەرم و نەرمی ئەو بووکەی ئامادەکراوە، بۆ عاشوورە و تۆ دەبیتە خاوەنی، ئەی ڕەفیق عاشوور. ئاخر تۆ شایستەی ئەو خەڵاتەی ئەی ڕەفیق عاشوور. ئەم هەموو دەستکەوت و خۆشگوزەرانییە هەر بۆ خۆت باشە و لە خۆت موبارەک بێت، ئەی عاشوور!، ئەی بەچکە شێری عروبە!، ئەی نەوەی سەربڵندی خالید و قەعقاع و سەقەفی…هتد
ڕەفیق عاشوور!
پەیامی ئێمە و شمشێری باپیرانمان هەر یەک شتە
هەر یەک ئاڵا و هەر یەک مشتە
مشتی نەمر! پەیام هەڵگر
هەوا لە کوێ بێ لە وێیە
دەشت لە کوێ بێ ئەو لەوێیە
شاخ لە کوێ بێ ئەو لەوێیە
ئەم جیهانە هەویرێ بوو عەرەب شێلای
کردی بە نان..
خۆر کوێر ئەبوو ئەگەر ئێمە نەبووینایە
ڕەفیق عاشوور!
ئەسپی پەیام نزیک و دوور، بۆ هەر لایەک ئێمە بەرێ
ئێمە سورین! رەفیق عاشوور، لەم رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی
ئەم خەریتەی شمشێرەدا، لە گوێچکەی بەحری سوورەوە
هەتا قوڕگی شاخی پشتکۆ، گوڵە گەنمێ لە کوێ ڕوا
ڕکاعەتێ لە کوێ کرا، کڵۆ بەفرێ لە کوێ باری
ساوایەک لە کوێ ناو نرا، لەم خەریتەی شمشێرەدا
هەر بە تەنها عەرەب هەیە و، کەسی تر نا !
عاشوور، لەبەردەم داستانی ئازایەتی و حیکایەتی پیرۆزی شمێشێری خوێناویدا، ئەبڵەق دەبێ و وڕووکاس گوێ قولاغ، دەستەوسان ڕادەوەستێ. ئەگەرچی حەزێکی ناوەکی بێ سنوور ختوکەی دەدا، بۆ هەڵسان بەو کارە و بەڕاستیش دەیویست، ببێتە پاڵەوانی ئەو داستانە گەورە و پیرۆزەی حیزب و حکومەت و عروبە پێ سپاردووە بۆی فەراهەم کردووە. هاوکات دڵنیا بوو،کە هیچ دەرفەتێکی بۆ منجەمنج و ڕەتکردنەوە نییە.
عاشوور، نەیدەویست پاڵ بە هەموو خێروخۆشییەوە بنێ و گشتی توڕ هەڵبدات و دەرگای بەهەشتی چاوەڕوان کراو ، بە ڕووی خۆیدا دابخات. چونکە ئەو گەرەکی بوو، بە جوامێری و سەربەزرییەوە، خانەی خۆی لە بەهەشت ئاوەدان بکاتەوە. جا بۆیە بێ هیچ سێ و دوو کردنێک، سەری ڕەزامەندی ڕادەوەشێنێ و پڕ بە گەرووی باوەڕ و وزەی، جەخت لە ئەمەکداری خۆی، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی، ئەم فەرمانە نیشان دەدات. دواجار بە دەنگێکی دلێر و لە خۆدا ڕابینەوە پێیان دەڵێ: فەرمان دەفەرموون گەورەم، ملم لە ئاستتاندا لە موو باریکترە. سڵاو بۆ سەرۆکی تاقانە و حیزبی پێشڕەو و دەوڵەتی عێراقی پۆڵایین و نەتەوەی عەرەبی خاوەن پەیامی نەمریی.
رەفیق عاشوور !
شیمال … سەرە
دەمێ ساڵە لەم سەرەدا
ڕشک گەرای خۆی خستووە
پیلانێ پەپکەی خواردووە
ئیدی عاشوور ڕازی کراو و ڕازی بوو، بۆ گرتنە دەستی کار و فەرمانە نوێیەکەی. چونکە لە ڕەهەندێکەوە دوای ئەوەی هێنایانە ژێربارەوە. بە تەماح و وەسفی جوانی ژنی وڵاتی شاخاوی و بە بەفر داپۆشراو لێ بەجەستە گەرم و نەرم، دەکەوێتە دۆخێکی ئیرۆتیکییەوە. هەر ئەمە نا بەڵکو، هەواڵی ئەوەیشی دەدەنێ، ئەو دەڤەرە مەڵبەندی سێکوچکەی “هەنگوین و گوێز و ژنە”. ئەم ٣ نیعمەتەش، بە تام و لەزەت و جوانییانەوە، بە هیچ بەهایەک ناپێورێن و لە زۆر مەڵبەندی تردا، شیاوی بوون و بەدەستهێنان نین. خۆ ئاوات و ئامانج و دەستکەوتێکی لەم چەشنە، لە وڵاتی لم و عوجاجدا،لە دەرەوەی مەحاڵە و دەچێتە خانە خەون و خەیاڵەوە و دەگاتە هاوشانی بەهەشتە مژدەپێدراوەکە.
کوڕی شمشێر
کوڕی قورئان.. ئەبێ بڕوا
بچێتەوە سەر بەردەنوێژی باپیران
بچێتەوە لای گیانی “آبا عبیدە”
بڕواتەوە و لەوێ بژی
ڕەفیق عاشوور !
لە شیمالی خۆشەویستدا
بووکی سپی شارۆچکەیەک چاوەڕێتە
لەمڕۆ بەدواوە باوەشی ئەو بووکەمان
شوێن و جێتە
حیزب شمشێرە و تۆ دەستی
با بزانین ئەو شمشێرە
لە چەند لاوە ئەوەشێنی
ئیدی سەرگەورەی داڵەکان لە چەگمەجەی پڕ لە تاوانەکاندا، فایلێ دەردێنێ، هەموو خاڵ و سەروبۆری پەیامی باوباپیرانی عروبەی، شەڕە خوێناوییەکانی شمشێر و ئازایەتی هاوخوێنەکانی و ئاڵای بەرزی پەیامی مرۆڤایەتی لە خۆ گرتووە. نامەی نەمریی دەدرێتە دەستی عاشوور و پیرۆزبایی کار و فەرمانە نوێیەکەی لێدەکەن.
رەفیق عاشوور!
ئەمە دەنگی فرمانێکە شمشێرئاسا
کە لە کیف هاتە دەرەوە
ناچێتەوە ناو کیف هەتا
خۆی سوور نەکا !
لەو ساتەدا
عاشوور بوتڵێکی خاڵیی بوو
کەوتبووە ناو گێژاوەوە
لە مابێنی سارد و گەرما
بەرز و نزما، سەر و بندا
ئەهات…ئەچوو
عاشوور، دوا مانگێ دەستبەکاربوون، لە شارۆچکەیەکی وڵاتی چیا و بەفردا، دەکەوێتە ژیانێکی ئەوپەڕی سەڵتەنەتەوە. جا بۆیەکا لە خۆشیدا و هەم بۆ هاندان و تامی تامیکردنی کەسانی دیکە، ئاماژە و ستایشی گوزەرانی دەکات و هەمیش بۆ سەلماندن و نیشاندانی ئەو پەڕی دڵسۆزیی و گوێ لە مستی, بۆ فەرمانی داڵەکانی سەرووی خۆیەوە. دەست دەکات بە نامە و بروسکە ناردن، بۆ هاوڕێیانی و باس لە خۆشی و جوانی وڵاتی چیاو بەفر دەکات و دەیچوێنێ بە بەهەشتە بچکۆلەکەی ئەم کلیلەکەی ها لە گیرفان دا.
لێ تاکە شتێ، کە عاشوور، پێی سەغڵەت دەبێ و زەوقی تێک دەدات. زمانی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە. بە دیاردەیەکی شتێکی کرجوکاڵ و ڕەقوتەق دێتە بەرچاوی،و پێی وایە ئەمەی ئەم خەڵکە پێی دەئاخڤن، زمان نییە. پێی سەیرە شتی وا نامۆ، لە نیشتمانی عەرەبدا هەیە!!. بۆیە بەلایەوە گرنگە، بە زوویی ڕیشەکێش بکرێت. ئیدی بەم جۆرە خەیاڵ دەیباتەوە بۆ لای مێژوو و قسە و رەفتاری باووباپیرانی هەر زوو لەلای فەرمایشتی، مێژوونووسە گەورەکەیان! مەسعوودی لەنگەر دەگرێ. ئەو مێژوونووسە! پێی وابووە، خەڵکی ئەم ناوچەیە نەوەی دێو درنج و جنۆکەن و مرۆڤ نین.
عاشوور دوای ئەوەی کە قوڕگی
لە بەڵغی ترس پاککردەوە
ئینجا وتی :
لەبەردەمی ئەم فەرمانی شمشێرەدا
گۆچانین و کەمەی ملمان، تەواو کەچە
لەبەردەمی ئەم فرمانی شمشیرەدا
کێ ئەتوانێ کڕنووش نەبا
بەڵێ ! ئەڕۆم
………
رەفیق عاشوور !
ئەڵێن ژنی ئەو شاخانە گەرچی بەفرن
بەڵام بەفری گەرم و نەرمن
رەفیق عاشوور ! وا تۆ ئەچی
شیمال سێ شتی شیرینە
هەنگوێن و گوێز و ئافرەتی !!
عاشوور دوای مانگێک خزمەتکردن بە حیزبی بەعس، و بوونە فەرمانبەر لە شارۆچکەیەکی کوردستان دا، نامەکەی ئا بەم شێوەیە دەنووسێ، بۆ هاوڕییانی :
هاوڕێیان! ماچ و سەلام
من ئێستاکە
لە باوەشی بەهەشتێکی بچکۆلەدام
ئینجا عاشوور دەکەوێتە سەر بیرکردنەوەی گۆڕینی نەخشە و بڕینی ئەم زمانە.
هاوڕێیان!
پێویستە بەم نەخشەیەدا بچینەوە
وەکوو سەری گوندی یاخی
بەشمشێری زمانی خوا..
ئەم زمانەش ببڕینەوە!
لە چاوترووکانێکدا، هەڵمەتی پرۆسەی “تعریب و توانەوە” دەست پێدەکات و ناوی گەڕەکان دەبنە سەعد و قوتەیبە و ٧ نیسان و شیبان و یەرمووک. ٢٠ گوند کە پێشمەرگەیان داڵدە داوە، بەر تۆپ و گڕباران دەکەون و سووتماک دەکرێن و هەڵمەتی “تهجیر” دەست پێدەکات و ژن و منداڵ ڕادەگوێزرێ و میوەی بەری ڕەزوباخ و بێستان و دانەوێلەی تاڵان دەکرێ. شوێنە عاسی و چیا سەرکەشەکان، دەدرێنە بەر بۆمبای فسفۆری و دەسووتێندرێن.
عاشووریش،وەک پاڵەوان و سوارچاک، لە پشت پەنجەرەی بالکۆن و لەسەر سەربانی ماڵەکەیەوە، دەڕوانێتە ئەو دیمەنە و بەدەم کەیف و گۆڵمەزی جۆراوجۆرەوە ڕادەبوێرێ و، بەلێدانی قاقای بەرز، گوێ ئەرز و ئاسمان کەڕ دەکات.
کە عاشوور هات
لە حوشترێکی لەڕ ئەچوو
ملی درێژ، لاقی باریک
چاوەکانی بەقوڵا چوو
ئەمە پێناسەی هەڵکەوتی عاشوورە، کاتێ لە شارۆچکەکەش بوو، لە ترسدا هەر دەبوو، لە بنکە و مۆڵگای داڵاشەکان، ئاسایس و دەزگا سیخوڕییەکان بخەوێت.
دوای ماوەیەکی کەم عاشوور، بە خۆیی و هێزەکەیەوە، دەچێ چواردەوری ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی ـ ئازاد ـ دەرگا داخراو و مۆرکراو دەدات. دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکە، دەچێتە ژوورەوە و کەسی چنگ ناکەوێ، ڕەفتارێکی ناشایستە لەتەک کەلوپەلی ناو ماڵەکە و وێنەیەکی هەڵواسراوی ئازاد و هاوسەرەکەیدا دەکات. لە کاتێکدا سڵ لە وێنەکەش دەکاتەوە و ترسنۆکانە هەندێ تەقە دەکەن و لە بارێکی ئاڵۆزی دەروونی سەختدا، بۆ شاردنەوەی ترسانەکەی خۆی، دەست دەکات بە قاقا لێدان و ماڵەکە جێدێڵێ.
ئێستە عاشوور حوشترێکە قەڵەو و ورگن
بەرازێکە شفرە ئاسن
ئێستە عاشوور لەم مەڵبەندەی کوردستاندا
قولاپی شادی گرتنە…
.بە قەد گوڵە ژاڵەی زامی لەشی”یافا”
لەناو بانقی خوێنی مندا پارەی هەیە
هەزار جار هێندەی بەیداخی “فەلەستین” و
فۆتەی سەری دایکانی ماڵە شەهیدی
گەڕەکێکی ڕەشپۆشی قودس
مەترە زەوی و عەردی هەیە
بەقەد هەر شەش
گۆشەی ئەستێرەکەی داوود
مەدالیا و نۆتەی کوردکوشتنی هەیە.
کەم داگیرکەر هەیە لە مێژوودا، بەم چاوترووکاندنە بووبێتە خاوەنی ئەم هەموو دەستکەوتانە. ئەوە ئینگلیز و فەرەنسی و پورتوگالی و هۆڵەندی و ڕووسی و ئەمەریکی، بزانن تاکە کەسێکی وەک عاشووریان تێدا هەیە!؟، ئەم هەموو دەسەڵاتە ڕەهایەی هەبێت! کەس رێگر نەبێت لە بەردەمی حەزە شەهوانی و دڕندەییەکەیدا!. ئەمەریکای ملهوڕی دنیا،تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری نامرۆڤانە سەربازەکانی دەکات، لە هەر دەڤەڕیکدا ئەنجامی بدەن و سزاشیان دەدات.
مامۆستا شێرکۆ، لە میانەی شاکارەکەیدا، ئاماژەیەکی بە پەلە و هەستیار بە پرسی عەرەب،لە نموونەی فەلەستین دا،دەدات و وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری و مێژوویەکی تێکشکان،لە کارەکەیدا جێی بۆ دەکاتەوە. ئەمەش بەو واتایەی گوایە فەلەستین داگیرکراوە و پرسێکی نەتەوەیی عەرەبییە،کەچی عەرەب خۆیان داگیرکارترن.
ئێستە عاشوور
“وەحدە”ی دەمی قیمەکێشی سەر جەستەمە
“حوریە”ی چەقۆی شۆفڵە و پێچکەی مەرگی بلدۆزەرە
” ئیشراکیەت” لای عاشوور..دابەش کردنی هەژاری و
برینی جەور و ستەمە.
ئەو سێ وشەیە(وحدة،حریة،اشتراکیة)،ناواخنی پەیامی ” نەتەوەی عەرەب یەکە و خاوەنی پەیامی نەمرییە”ی پێک دەهێنا،لە سێکوچکەی دروشم و فەلسەفەی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار بوو، لە عێراق و سوریادا. عاشوور لەژێر سێبەری ئەم سلۆگانەدا گەورە بووە و بەم گیانە پەروەردە کراوە، کانگای بژێوی مۆڕاڵی بووە، ئەمە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنی بووە، بۆیە وا بێبەزەییانە بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە، بە هەموو شێوە و شێوازێکی دڕندانە و خوێناوی تێدەکۆشێ. مامۆستا شێرکۆ بێکەس، پەردە لەسەر دیمەنێکی دیکەی ڕەفتاری، نامرۆیی و نایاسایی و ناشارستانێتی عاشوورمان بەم جۆرە بۆ لا دەبات:
ئەمڕۆ ئاشوور هاوڕێی عاشوور حیزبی عاشوور
شەوان درەنگ کە پەتی سێدارە ئەنوێ
لەسەردابی ئەشکەنەما کۆ ئەبنەوە..
چەکمەجەی عومری زیندانیم ڕائەکێشن
تەسکەرەی منداڵ و گەورەم دەرئەهێنن
گەورە گچکە ئەکەنەوە، گچکە گەورە ئەکەنەوە
سیانزە بۆ بیست، هەشتا بۆ چل..
تا،بەیانیی کە ڕۆژ بۆوە، بە پلیکانەی قانوندا
سەریان خەن و ، پەتی مەرگیان بکەنە مل
ئەم گەمە ئەکرۆباتییەی بە یاسا،لە دەوڵەتەکەی ئینگلیز بۆ عاشووری دروستکردووە و عەفلەق مۆری (یەکێتی،ئازادی و سۆشیالیستی) لێداوە، دیسان لە کەم شوێنی دنیادا بەرچاو دەکەوێ. لە کاتێکدا عاشوورئاساکان بە هەزاران هەزار کەسیان گوللەباران کردووە و لەژێر ئەشکەنجەدان کوشتووە، هیچ پێویستیشی بەو یاسا قەرەقووشییانە نەبووە.
ئەو رۆڵە کوردانەی بەدەستی بەعس گیانییان لەدەست دەدا و گەشمردە دەبوون، دەبوو کەسوکاریان، نرخی گوللە و ماندووبوونی جەلادەکەشیان بدەن.
کاتێ باسی کۆلۆنیالیزم بەو دێوزمەییە دەکرێ، بە کۆن و نوێوە لە هیچ دەڤەرێکی جیهاندا، سیاسەتی وای پێڕەو نەکردووە و هیچ میللەتێکی بندەست بەم چەشنەی کورد، لە لایەن داگیرکەرەکەیەوە ستەم و ئازاری نەچەشتووە.
ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێ:
تا چەک سەری هەڵنەبڕیبوو
هەتا خەڵک ڕانەپەڕیبوو
تا قەندیل هەڵۆی نەدیبوو
وشە گوللەی نەناسیبوو
شمشێرەکەی دەستی عاشوور وەک ڕەشەبا
بێ ترس و تەنیا ئەگەڕا
عاشوورێکی پۆلیس، رەفیق حیزبی و ئاسایش و سیخوڕی بەعس و عێراق و عروبە، چی ویستووە بی سڵەمینەوە کردوویەتی و ئەوەی لە فەرهەنگی شارستانیدا، باس نەکراوە، شاعیر لە عاشوورئاساکانی دەگێڕێتەوە.
ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، هەیئەی کەرکووک، قەسابخانەکەی موسڵ و بەغدا و گرتووخانە ناو ڕزاوەکانی ئەبو غرێب و نوگرە سەلمان و عەرعەرستانەکانی روومادی و سعودیە و کۆنگرەی فاس و ڕاگوێزان و گەمارۆدان و سوتماککردن و ترس و تۆقاندن و ئاگرباران و کیمیاباران و ئەنفال هەموویان لاثەڕەی گەشی پەیامەکەی عروبەن.
مامۆستا شێرکۆ بێکەس، چەند پەردەیەکی دیکەی چیرۆکە شیعرییەکە، بە هونەرێکی بەرز و ڕەنگێکی ئەدەبی جوان نەخش دەکات. باسێکی وردی شمشێرە بێ سانسۆرەکەی عاشوور دەکات، کە توانیویەتی لە هەموو شوێنێک و لە دژی گشت کەس بوەشێنێ. لێ ئەم زۆرداریی و سەڵتەنە، لە ئاکامدا نەیتوانیوە بەردەوام بێت و ئیرادەی گەل بە ڕوویدا هەڵشاخاوە و پێشمەرگە و شۆڕش قەڵغانی بەرپەرچدانەوەی سیاسەت و کولتووری دڕندانەی نامرۆیی و دوور لە بەهای ژیان و مانای شارستانی عاشوورەکان بوون. عاشوور لە هەر شوێنێ بیویستایە و لەهەر کاتێکدا دەیتوانی، شمشێرەکەی دەستی بوەشێنێ و پەیامەکەی ڕابگەیەنێ. بەڵی بۆی هەبوو سزای مەرگی هەرکەس،گەورە و بچووک،ژن و منداڵ، بدات.
دوای ئەوەی ستەم و زۆرداری دەگاتە دوا پلە و ئاکارێکی ترسناک، ئیدی تفەنگ ڕادەبێ و پێشمەرگە خۆی دەبزوێنێ و پێویستە سنوورێک بۆ عاشوور و شمشێرەکەی بکێشرێ.
ئازاد، لە دیمەنی نوێی چیرۆکە شیعرییەکەدا، وەک پێشمەرگەیەک ڕۆڵ دەگێڕێ. شەوێک بە مەفرەزەوە دێتە، شارۆچکەکەی خۆی، کە عاشوور تێیدا بکوژ و ببڕە. لە چالاکییەکی بێوێنەدا عاشوور بەدیل دەگیرێ.
تا ئەو وەختەی ئیتر
تفەنگ چاوی گلۆفت
کورد دەڵێ :”مشت لە درەوشەوە دەگەڕێتەوە” دوای ڕابوون و بزاڤی کورد، ئیدی پاشەکشە بە شمشێر و ئاڵا و پەیامی عاشوور کرا. لە دیمەنێکی سینەمایی یان تابلۆیەکی بەرزی وشە و پێناسە، مامۆستا شێرکۆ درێژە بە چیرۆکە شیعرییەکەی دەدات. هەروەک بڵێی، شاعیر خۆی لەگەڵ مەفرەزەکەدا بووبێت، یاخود فەرماندەی هێزەکە بوو بێت، هێندە بەرز و جوان دیمەنەکانی ڕۆیشتن، قەتارەبەستن و لایت داگیرساندن و چەشتنی سەرما و سۆڵەی ژیان و چالاکی پێشمەرگەکان باس دەکات.
مەفرەزەیەک..یەک لە دوای یەک
بە هەنگاوێ یان دوو هەنگاو
سەری لووت و پەڕەی گوێچکە
سڕ و تەزیو..

وەکو لوولەی کتری کوڵاو
دەم هەڵاوی لێ هەڵ ئەسێ
پێڵاوی لاستیک گرژ بوو، ئاو تێی ئەچێ و
شڵقە شڵق، سەری پەنجەی تیا ئەتەزێ.
بەم زمانە چڕ و باسە پوخت و ستایشە بەرزەوە،شاعیر بۆمان بەردەوام دەبێ لە گێڕانەوەی چیرۆکە. چۆن لەو رۆژگارەدا ڕۆڵەکانی نەتەوەی ستەمدیدەی کورد، بۆ ئاوات و ئامانجی سەربەخۆیی و ئازادی گیانبازییان بە ژیانی خۆیان کردووە و چ کوێرەوەریی و تاڵی و سوێرییەکیان لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکەی دۆزە پیرۆزەکە دا چەشتووە. گێڕانەوەیەک، مەگەر تەنیا چاوی کامێرا و فەنتازیای خەیاڵ و هەستی ناسک و قەڵەمی ڕەنگین و هزری فراوانی مامۆستا شێرکۆ لە عۆدەی بێت.
دواتر دێتە سەر چوونە ناو شارۆچکەکەوە بە شەوی تاریک و نانەوەی بۆسە بۆ داڵە مرۆڤخۆرەکانی عاشوورئاسا و نیشاندانی ئیرادەی میللەتێک، بەوەی خۆی نادات بەدەستەوە و هەرچی شمشێر و پەیامی عاشوورە ناتوانێ ویستوخواستی بوون و هەبوونی لەناوبەرێ.
ئەو دوای وەشاندنی گورزی جەرگبڕ لە داگیرکەر و لە دیمەن و پەردەیەکی ئەدەبی شاکاردا،کە شایانی ئەوەیە لە فلیمەکانی هۆڵیۆدا، بەرچاو بخرێن، جارێکی تر شێرکۆ بێکەسی مەزن، لە ڕێگای بابەتی ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستگیرکردنی عاشوور و چەند دیلێکی ترەوە، چٶن بە ئامێری بێ سیم، هەواڵ و مژدە و مزگێنی سەرکەوتنەکان بە دامودەزگاکانی شۆڕش گەیەندراوە. ئا لێرەشدا، پێت وایە خودی شاعیر بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن و بەشی سەربازییە، هێندە ورد و بە دیقەت و نەرم پێ بە پێی پێوەندی کردن، بە بێ سیم و ناردنی هەواڵ و وەرگرتنی هەواڵ و گیزە گیزی ئامێری بێ سیم و یاری بە ئەنتێنە و، پەیامی سەرکەوتنی چالاکی و مژدەی بەدیل گرتنی گەورە داڵ،”عاشوور حەمدان”. بە هاوڕێیان ڕادەگەیەنێ. بەڕاستی ئەمە هاوکات تۆمارێکی بەرزی لاپەڕەیەکی سەروەرییە.
بەڕێزان، دێژەدان بەم بابەتە لە لایەن بەندەوە، هەتا ئێرە هەر بۆ ئەو مەبەستەیە، کە بڵێن عاشوور، سیمبۆڵی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و دەوڵەتی عێراقی زۆڵەک و عروبەی تاوانبار، نەیتوانی، بۆ هەمیشە، ویست و خواستی نەتەوەیەکی کەنەفت و کۆڵەوار خامۆش بکات. بەڵی بۆ ئەوەی چیرۆکەکەتان بەنیوەناچڵی بۆ نەگێڕینەوە. دەنا ئەم پەردەیە و هەندێ لایەنی تری ئەم چیرۆکە شیعرییە،ڕەنگە هاوشان و هاومانای ناونیشانی باسەکەمان نەیەتەوە.
ئەوەتا وا عاشوور حەمدان، داڵاشی ڕەشی باڵ شکاو
بووە بە فاقەی پێشمەرگە و سروشتەوە دەردەست کراو.
شمشێرەکەی زەلیل زەلیل.پاڕانەوەی داماو داماو
داڵی گیراو،داڵی ناوسک پڕ لە بێچوە چۆلەکەی کورد پێش خراوە و ڕەت
ئەبات و هەنگاو هەنگاو ئەژنۆی ئەشکێ
ئێستە عاشوور پەیامێکە
کەسیرە،دروشمێکە قاچ و قول و دەست و پەنجە سەرما بردوو
ئیدی دوای ئەم وێستگەیە، باس دەگاتە ئەوەی عاشوور بە زیندوویی نەک بە وێنە ئازاد، ئازادی ماڵ قوفڵکراوی و داگیرکراو، لەبەردەم عاشووردا قووت دەبێتەوە. ئەمەش داستانەکە ورووژێنتر و بەجۆشتر دەکات.
لەتەک درێژەدان بە گێڕانەوەی پەردەکانی تری چیرۆکە شیعری “داڵ” دا، شاعیر سەرکەوتووانە بە دیمەنێکی هیوابەش و ورە بەرزەوە، دەمانخاتە بەردەم ئاسۆیەکی گەش و پڕ لە ئاواتی سەرکەوتن و بونیاتنانی وڵاتە وێرانکراوەکەی کوردستان،بۆ ڕۆڵە قارەمانانەکانی. کەواتە دەسەڵاتی زەبر و ستەمکاریی چەند قورس و گران و گەورە بێت، بتوانێ بۆ ماوەیەک ئاواتی نەتەوەیەک بتاسێنێ،ئەوە هەرگیز ناتوانێ ویست و خواستی بۆ هەمیشە بکوژێ. شاعیر بەم کۆپلە شیعرە بەرزەکۆتاتی بە چیرۆکی “داڵ” دێنێ و دەنووسێ:
ئێستە سەعات دەی بەیانی ڕۆژی هەینی
هەشتی هەشتی هەشتاو و شەشە
لەژێر کەپرەکەی خۆمەوە
لە نێوان لقی دارگوێزی گوێ چەمەوە
هەر لە هەمان دەربەندەوە
لە سەرەوە..بە توولە ڕێی ئەوبەرەوە
ڕێچکەیەک داڵی گیراوی چەماوەی ژێر
کۆڵە خۆڵ و خشت ئەبینم..
عاشووریشیان لە پێشەوە ڕێچکەیەک داڵ
تەنها بازێک لە پشتەوە
گڵ..ئەکێشن..بەرد ئەکێشن دار..ئەکێشن
بۆ خەستەخانەی ئەو هەڵۆ زامدارانەی
بەباڵی خوێناوی شۆڕش
شیعرێکی نوێم بۆ ئەنووسن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە دیوانی شێرکۆ بێکەس،ل ٤٥٧ـ ٥٠٢، بەرگی ٣ سوید ٢٠٠٩

هەڵۆ بەرزنجەیی
٨/٨/٢٠١٧




لە نێوان کۆلۆنیالیزم و نەتەوەسازی دا پرۆفیسۆر. د. هێنەر فیورتیگ … و. لە ئەڵمانییەوە هەڵۆ بەرزنجەیی

پاش جەنگی جیهانی یەکەم، هێزە سەرکەوتووەکانی جەنگ، ڕۆژهەڵاتی ناوینیان لە نێوان خۆیان دابەش کرد. وڵاتە عەرەبییەکان وردە وردە سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێنا. هەستێکی هاوبەشی عەرەبی دروست بوو، لێ نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر تاکە بە تاکەی دەوڵەتەکان دا. تا ئەوکاتەی دوژمنە هاوبەشەکەیان،دەوڵەتی ئیسرائیلی نوێ ،وڵاتانی عەرەبی پێکەوە بەستەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا،دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، ژێردەستەی سوڵتانی عوسمانی بوون،کە وەک خەلیفە وابوو، بۆ زۆر لەوانە وەک سەرۆکی ئاینیش بوو. لە ڕاستیدا لەو سەردەمەدا،بزاڤێکی ناسیۆنالی عەرەبی نەبوو، کە لە دواجاردا وەک وەڵامدانەوەیەک بوو، بەرامبەر بە ناسیۆنالیزمی تورکی و ناوەندێکی سەرکردایەتی کردنی نەبوو.ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە دەستثیکیدا دەربڕی کەمی داخوازی سیاسی بوو، بەڵکو زێتر هەوڵی بۆ کولتووری عەرەبی و بەتایبەت ژیانەوەی میراتی کەلەپووری “ڕابوون ـنهضة” بوو،وشەی سەرەکی بوو.

هەتا سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم،سەرانی ناسیۆنالیستی عەرەبی داوای مافی وەک یەکیان دەکرد،یاخود دان بنرێ بە کولتوورەکەیان داـ شتێ وەک ڕێگەدان بە زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی ـ وەک سەروەرییەکی دەوڵەتی بۆ ناوچە زمان عەرەبەکان. ئەم بارودۆخە ساتێ گٶڕا، کە شەڕی جیهانی یەکەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە. ڕووبەڕووبوونەوە بنچینەیی لە نێوان هاوپەیمانێتی (بەریتانیای مەزن، فەرەنسا، رووسیا) وخاوەن هێز(ئەڵمانیا،ئەوستریا/نەمساـ هەنگاریا،دەوڵەتی عوسمانی) بزاڤەکەی کردە سیاسی،چونکە هەوڵەکان بۆ سەرفرازیی، لە ئێستا دەرەتانیان پێدەبەخشێ، ئیمکانێتێکی ڕاستەقینە پشتیوانی لە لایەن بەریتانیای مەزن و فەرەنساوە بەدەست بهێنن. بۆ ئەم هاوپەیمانان سەرلەنوێ بەرژەوەندی ناسیۆنالی عەرەبی لەو چرکەساتەدا لەبەرچاو گیرا، کاتێ سوڵتان بە خەسڵەتی خۆی وەک خەلیفەی عوسمانی لە مانگی ١١ی ١٩١٤ دا، داوای جیهادی لە دژی دوژمنە کافرەکان ڕاگەیاند، واتە بەرەی هاوپەیمانان.

لەندەن چاوی گێڕا،بۆ کەسایەتییەکی عەرەبی موسڵمان کە شایستە بێت،بۆ ئەوەی بانگەوازی عوسمانی بۆ جیهاد لە دەستوپێوەندکانیان بسەننەوە.ئەوە شەریف حوسەینی مەککە بوو،لە بنەماڵەی پێغەمبەر،بەنی هاشم(هاشمییەکان)، پێشنیازەکەی بەریتانییەکان ،دووبارە خەلافەت، بخاتەوە” دەستی عەرەب” بە خۆشی و شادییەوە وەرگرێ.ئەو هەر خەلافەتی عەرەبی نەدەویست، بەڵکو دەیویست بکرێتە سەرۆکی دەوڵەتێکی یەکگرتووی عەرەبی لە ئایندەدا. لەبەر ئەمە،بەشدارییەکی گەرموگوڕی لەنامەگۆڕینەوە دا کرد، لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای پرۆتەکتۆر/ پارێزراوی بەریتانیا لە قاهیرە، Hennry McMahon . ئەمیش لای خۆیەوە نێردراوی خۆی، بەر لە هەمووان Edward Lawrence (لۆڕانسی عەرەب) دەستنیشان کرد، بۆ ئەوەی عەرەب لە ژێر سەرکردایەتی شەریف دا، بۆ ڕاپەڕین دژی عوسمانی هان بدات.

بە کردەوە لە مانگی شەشی ١٩١٦ دا ڕاپەرین لە بیان دا دەستی پێکرد، ڕێگای پێوەندیی و گەیشتنی هاوکاریی عوسمانی بە نیوە دورگەیی عەرەبی شێواند و تێکدا.وەک پاداشتێک بۆ ئەم پشتیوانییە سەربازییە، حکومەتی بەریتانی دڵنیایی دا، پاش سەرکەوتن بەسەر عوسمانییەکاندا ، دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەرەبی دامەزرێنێ. دوای دۆڕاندنی دەوڵەتی عوسمانی لە ٣٠/١٠/١٩١٨ دا عەرەبە ڕاپەڕیوەکان هەموو هۆکارێکیان هەبوو،پەیمانەکەی ئینگیز بەرنە سەر. ئەوان نەیان دەتوانی ئەوە بزانن،کە کە لەندەن لەگەڵ پاریس دا،لەمێژە پەیماننامەیەکی دیکەیان بەستووە.لە ١٦/٥/١٩١٦ دا دبلۆماتکارانی ئینگلیزی و فەرەنسیMark Sykes و Georges Pico ڕێککەوتبوون، ناوچە عەرەبییەکانی دەسەڵاداڕێتی عوسمانی “ناوچەی کاریگەر” لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن،(رێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ). ساڵێکی تەواو دواتر لە ٢/١١/١٩١٧ دا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا Arthur James Balfour ،لەسەر ئەو بابەتە بەناوی حکومەتەکەیەوە ڕاگەیاندنێکی دا،پشتیوانی لە دامەزراندنی ” نیشتمانێکی جولەکە” لە فەلەستین دا دەکات.(ڕاگەیەندراوی بەلفۆر).
بەمەش دەردەکەوێ پێش ڕووخانی عوسمانییەکان چەندین بڕیار دراوە.لەبەر کۆمەڵی هۆکار، فەرەنسا و بەتایبەت بەریتانیای مەزن،رێکەوتنەکەیان بە نهێنی هێشتەوە،ئەمەش ناکاتە شکاندنی هەموو بەڵێنەکانی بە عەرەبیان دابوو،لە پێشی هەموویانەوە حوسەینی مەککە.

نامەی هێنری ماکماهۆن بۆ شەریف حوسەینی مەککە(١٩١٥):

لە ٢٤/١٠/١٩١٥ دا کۆمیساری باڵای بەریتانی لە قاهیرە، ماکماهۆن بۆ شەریف حوسەینی مەککە دەنووسێ:هەردوو مەڵبەندەکەی مێرسینا و ئەلەکسەندریتا و هەروەها بەشێکی سوریا ،کە دەکەوێتە رۆژئاوای دەڤەری دیمەشق،حمس،حەما و حەلەب ،پیاو ناتوانێ وەک ناوچەیەکی عەرەبی بێگەرد دایان بنێ.
لەبەر ئەوە دەبێت نەکەونە ناو سنووری دەوڵەتە داواکراوەکەوە.(…)جگەلەوە ناوبراو ئەو پێشنیازە گۆڕاوانە، بەریتانیا ئامادەیە سەربەخۆیی عەرەب لە هەموو ئەو ناچانەی لەلایەن شەریفی مەککەوە داواکراوە، دان پێدا بنێ و پشتیوانی لێ بکات.من قەناعەتم هەیە، ئەم ڕاگەیاندنە بەڕێزتان بێ دوودڵی بە مەیلداری ڕازی دەکات،ئەوەی بەریتانیای مەزن بۆی دۆستە عەرەبەکانی دێنێ.

بەمە هاوپەیمانێتییەکی توندوتۆڵ و هەمیشەیی دادەمەزرێنێ، کە ئاکامی خێرای دەرپەڕاندنی تورکەکان دەبێت، لە وڵاتانی عەرەبی و ئازادکردنی گەلانی عەرەبە لە ستەمی تورک،کە ساڵانێکە دڕێژەی کێشاوە لەسەریان.
ڕاگەیاندنەکەی(١٩١٧) بەلفۆڕ وەزارەتی دەرەوە،٢/١١/١٩١٧ خۆشەویستم Lord Rothschild!
سەبارەت بە خۆشحاڵی گەورەی خۆم ،ناوی حکومەتی S.M. پێت ڕادەگەیەنم، ئەم ڕاگەیاندنی ـ مەیلدارییە، لەگەڵ هەوڵی زایۆنیستی ـ جولەکە، کە لەلایەن کابینەوە لێکۆڵینەوەی لێکراوە و ڕێگەی پێدراوە. وە وای دادەنێ هەڵسەنگاندنی حکومەتە خاوەنشکۆکەی، دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی لە فەلەستین بۆ گەلی جولەکە، بە چاکەوە دەخوازێ هەوڵێکی زۆر دەدات،بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. ئەوەی بە ڕوون جێی تێگەیشتنە،وە ئەوەی نابێ بکرێ، دەبێت مابی بۆرژوازی و ئایینی هەڵوێستی ناجولەکە بۆ کۆمەڵگای جولەکە لە فەلەستین چی بێت یاخود دەتوانێ ماف و هەڵوێستی سیاسی جولەکە لە هەر وڵاتێکی تر خراپتر و لاوازتر بکات.

من تکات لێ دەکەم ئەم ڕوونکردنەوە بۆ زانیانی ببە بۆ فیدراسیۆنی زایۆنیستەکان. ئیمزا جێمس بێلفۆر. لەبەر هۆکاری باش، فەرەنسا و بەتایبەت بەریتانیا ئەم ڕێکەوتننامەیەیان بە نهێنی هێشتەوە،ئەمەش مانای کەمتر نەبوو لە شکاندنی گشت گفتەکانی دژی عەرەب ،لە پێشی هەموویانەوە حوسەینی مەککە. تا کۆتایی جەنگ،لەندەن لەسەر ڕاگرتن و هێشتنەوەی فێڵبازیی و خەیاڵپڵاوی لەسەر برایەتی چەکی عەرەبی ـ بریتانی ئارەزووی هەبوو. لە ژانیوەری ١٩١٨ دا حکومەتی بەریتانیا،بە هاوبەشی لەگەڵ فەرەنسییەکان،ڕاگەیاندنێکیان ئامادەکرد دەربارەی “میسیۆنی ئازادکردن”،بۆ ئەو گەلانەی لە لایەن تورکەوە دەچەوسێنەوە.

سەربەخۆییان دەدرێتێ پاش “سەرکەوتن بەسەر دوژمنی هاوبەشدا”. ڕاگەیاندنەوەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەهۆی گوشاری لایەنی سێیەمەوە هاتە ڕاگەیاندن.چونکە هەر لەو سەردەمەدا سەرەک کۆماری ئەمەریکا Woodrow Wilson بەرنامە ١٤ خاڵییەکەی ڕاگەیاند،کە گفتی دا هەموو گەلانی سەرزەوی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە. بەرنامەیەک لە لەندەن و پاریس وەک شەڕ ڕاگەیاندنی، لایەنێکی تر وا بوو، لە پێناوی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ناوچەکە، بەو شیمانەیە لێکدانەوەی بۆ دەکرا، کەوا بۆتە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی نەوت. لە کۆتاییدا، شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ڕووسیا، مشوری ئەوەی خوارد، کە پلانی نهێنی بەریتانی ـ فەرەنسی ئاشکرای کرد. لە هەوڵ و تەقەلای ئاشکراکردنی پلانە “تاوانکاریییەکەی” تسارە ڕووخاوەکان و ” هاوکارە ئیمپریالیستەکانی”،پەردەی لەسەر لادات. بۆلشەفیکەکان مەلەفە نهێنییەکانی دەوڵەتیان هەڵدایەوە.
لە مانگی یەکی ١٩١٨ دا، کۆپییەکی ڕێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ کەوتە بەردەست و ئاشکرا بوو، ئیدی ئەوە نەما بانگاشە و خەیاڵ پڵاوی ” ئەرک و پەیامی رزگارکردن” (گوایە ئینگلیز و فەرەنسی خۆیان بە هێزی رزگارکەر دەدایە قەڵەم) ئیدی هیچ مانایەکی نەما.

دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی لە سایەی ناپاکیدا

جاران پێش سەدەیەک لەمەوبەر،هەوڵەکان بە درەنگ و هێواشتر بڵاودەبوونەوە و وەک ئێستا نەبوو. کاتێ فەیسەڵی کوڕی شەریف حوسەین سەرەتای مانگی ١٠/١٩١٨، شەریف لەپێشەوە لەگەڵ سوپای رۆژهەڵاتی بەریتانی بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵAllenby، هێزە عەرەبیە هاوپەیمانەکانی چوونە ناو دیمەشقەوە،ئەوجا ورتە ورت و باس و خوازی لەمەڕ سایکس پیکۆوە بەرگوێ کەوت. هەربۆیە دەستبەجێ خۆی ئامادە کرد،شاری میترۆپۆلی دیمەشق بکاتە پایتەختی ئەو دەسەڵات و دەوڵەتەی خەون بە دامەزراندنییەوە دەبینرا.لە ٥/١٠/١٩١٨ خۆی کردە بەڕێوەبەری ئەنجوومەن،هەروەکو حکوومەتێکی کاتی.

بە پێی ڕێکەوتنامەی سایکس پیکۆ، کە گفتی تێدا درابوو،سوریا بۆ فەرەنسا بێت،لە ٢٢/١٠/١٩١٨،بەریتانیا دەستی کرد بە کشانەوەلە سوریا و هێزە فەرەنسییەکان تا ١/١١/١٩١٩ و بەتەواوی جێگەیان پڕکردنەوە و تێیدا جێگیربوون. ئیدی لەمەودوا فەیسەڵ و بزاڤی ناسیۆنالیستی عەرەب،نەیان دەتوانی چی دیکە چاویان لە ئاست ڕاستیەکاندا بنووقێنن. بیر لەوە نەدەکرایەوە هێزە هاوپەیمانە بەریتانییەکان بە ڕوونی پابەندی ئەو رێکەوتننامەیە دەبن کە لەکاتی شەڕدا ئیمزا کرا بوو. تا دەهات ئەوە ئاشکرا دەبوو، کە هێزێکی ئەوروپای رۆژئاوا،جێی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بگرێتەوە. نەک تەنیا لە سوریا، بەڵکو لە ناوچە عەرەبییەکانی دیکەشدا،لە عێراقەوە لە رۆژهەڵات تا میسر لە ناوەڕاست و مەغریب لە رۆژئاوا دانیشتوانەکە ڕابوون دژی فراوانبوون و قوڵبوونەوەی ستەم و ئەشکەنجەی کۆلۆنیالیستی. بەریتانی و فەرەنسییەکان بەدەستی خوێناوی توانیان راپەرینەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دامرکێننەوە.

بەڵام رۆژئاوا ئەو متمانەی پێی هەبوو بەتەواوی لەدەستی دا. لە ژێر کاریکەڕێتی نائارامی دوای شۆڕش لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوین، دەسەڵاتگرتنە دەست لە لایەن لینینەوە هەروەها ئۆڤەرە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا ویلسۆنەوە،بۆ بزاڤە دژە کۆلۆنییەکان، فۆرمی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی بەریتانیا و فەرەنسای گۆڕی.رێگەیان دا، بە کۆمەڵەی گەلان، لە ٢٠/٤/١٩٢٠ دا لە سان ریمۆ San Remo ئەو ناوچانەی “مانداتی” خۆیان و مرخیان لێ خۆش کردبوو دابەش بکەن. دەسەڵاتی بێگانەی خۆیان بەو بیانووە دادەپۆشی، ئەو دەوڵەتانەی جێی گومان، بۆ پرسی” سەربەخۆیی” ئامادە بکەن. لە گۆڕانکارییەکی کەمی رێکەوتننامەی سایکس پیکۆدا، سوریای ئێستا لە فەلەستین دا و لوبنان و پاشماوەی سوریا،دابەش بکەن. لوبنان و پاشماوەی سوریا دران بە فەرەنسییەکان و فەلەستین و بەشی ڕۆژهەڵاتی عێراقی دراوسێ ،خرایە ژێر مانداتی بەریتانیاوە. لەم پێکهاتەیەدا جێگا بۆ فەیسەڵ نەما.لە ٢٨/٧/١٩٢٠ دا هێزەکانی فەرەنسی لە خوارووی دیمەشق بەزاند و هەڵات بەرەو ئیتالیا.

بەریتانیای هاوپەیمانی جارانی،خێرا کارێکی تری بۆ دۆزییەوە،و لە ٢١/٨/١٩٢١ تاجی پاشایەتی لە عێراق دا کرایە سەر. هەر لەهەمان کاتدا، عەبدوڵڵای برایشان کردە، دەسەڵاتداری رۆژهەڵاتی ئەردەن. باوکیان شەریف حوسەین، بەپێچەوانەوە لە ١٩٢٤، لەبەردەم ئیبن سعود،دامەزرێنەری سعودی عەرەبی مۆدێرندا،چۆک دا بدات. لە کۆتاییدا دانانی فەیسەڵ لەسەر تەختی پاشایەتی، نیشانەیەک بوو بۆ ستراتیژی کۆلۆنیالی ئەوروپی.

سیستەمی ماندات رێگەی دا بە کۆمیسیۆنی باڵا،لەهەر یەکێ لە ناوچەکانی مانداتدا، لە بنچینەدا بە نێزیکەیی دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت. لێ بەرخۆدانی دانیشتوانە ڕەسەنەکە، گەورە و خۆڕاگرانە بوو، خاوەن پلان و ڕاڤەکارییەکە دڵنیابوونیان، بەشی ئەوەی دەکرد، بۆ خستنە بەردەستی دۆست و هاوکارانی هاوپەیمانی لە ماندات. لە کاتێکدا بەریتانیای مەزن و فەرەنسا،لە درێژەی کاتدا رێگایەکی ناڕاستەخۆی زامنکردنی دەسەڵاتیان گرتە بەر، بەوەی ئەوان رژێمێکی داردەستی خۆیان دامەزرێنن. بەم شێوەیە پێش جەنگی جیهانی دووەم، وڵاتانی وەک میسر یاخود عێراق بە ڕووکەش/ فۆرمال سەربەخۆییان بەدەست هێنا، بەڵام سەرەتا و لە ڕاستیدا بە شێوەیەکی کردەکی ـ هەروەک زۆری ئەوانی تر ـ زۆر درەنگتر.

ئیسلامیزم یاخود ناسیۆنالیزم

لە کاتێکدا خودی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، ـ بە هەندێک هەڵاوردکردن،وەک ئەوەی لە جەزائیر لە دژی هەوڵی پێوەلکاندنی بە فەرەنساوە لەسەدەی ١٩ داـ سەرەتا دژی ئەوروپا نەبوو،بەڵکو زیاتر بەرەنگاری سەرپەرشتی/ وسایە عوسمانییەکان بوو.کاریگەرێتی خاوەن نفوزەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،زۆر کاری کردە سەر بیریارە ئیسلامییەکانی سەردەمی خۆیان و بۆ پەرچەکرداری زیاتر توند دەوڵەتی عوسمانی ساڵانێکی زۆر ئەمانی وەک قەڵایەکی دەهاتە هەژماردن بۆ باڵادەستی بیروباوەڕی خۆی بەکار هێناوە.کەچی ئێستا بۆیان دەرکەوت لەسەدەی ١٩ دا بەرامبەر بە ڕۆژئاوا لە ڕووی ئابووری،تەکنەلۆژی،سەربازی و زانستییەوە بە ئاشکرا بەرەودواوە پاشەکشە دەکەن.زۆر لە بیریانە ئەم گۆڕانکایەیان بەوە لێک دەدایەوە،کە لە ڕەگ و و ڕیشەی باوەڕی ئیسلام لادراوە و بیروڕای دوژمن بە ئیسلام لە ئایدۆلۆژی و سیستەمی ترەوە وەرگیراوە.
لەئەنجامگیریی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەد لەوەدایە، بگيڕێنەوە بۆ بنەڕەتەکانی ئیسلام کە لەڕاستیدا ئەمەش شتێکی نوێ نەبوو. بیروڕای لەم چەشنە سەدان ساڵە هەیە. لەسەدەی ١٨ دا رێکخراوە چڕوپڕەکانی/ (خاوەن جەماوەر،وەرگێڕ) وەهابییەکان و دەستپێکی سەدەی ١٩ برادەرانی موسڵمان کە خەڵکی جەزائیر حاج محەمەد ئا ـ سەنووسی ساڵی ١٨٣٧ لەمەککە دایمەزراند،ئیدی لەو کاتەوە ئیسلام لە لیبیا شەقڵی پێوەگرت.هەردوو ڕێکخراوەکە،داوای گەڕانەوەیان بۆ پێڕەوکردنی ئیسلام وەک سەردەمی پێغەمبەر و هەر چوار خەلیفە کەی سەرەتا کە ئەمانە بە پێشڕەوانی سەلەفییەکانی ئیمڕۆ دادەنرێن.

زانایەکی وەک جەمالەدینی ئەفغانی ١٨٣٨/١٨٣٩ ـ ١٨٩٧،و محەمەد عەبدو ١٨٤٩ـ١٩٠٥،لەسەر ئەم زەمینە و بنچینەیە بینای خۆیان کردووە. لەبری ئەوەی بێ ڕەخنەی بەردەوام دووبارەکردنەوە و لاساییکردنەوە شتە باوەکان،داوایان دەکرد لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی نوێ بە عەقڵ بۆ تێکستە پیرۆزەکان بکرێ. بەم شێوەیە قورساییان خستە سەر سەردەمی جارانی ئیسلام ،لەگەڵ ئیمڕۆی سەلەفییەکاندا، کە پێداگریی لە سەر بەکارهێنانی وشە بە وشەی نەریتە کۆنەکان دەکەن. لە شوێنی برینەکانی ئیسلامی ریفۆڕم و ڕادیکالە سەلەفییەکان ڕەشید رەزا ١٨٦٥ ـ١٩٣٥،لە ڕێگای ئەزموونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی و گەیشتە ئەو باوەڕەی کە تەنیا سیستەمێکی سیاسی ئییسلامی دەتوانێ کێشەی موسڵمانەکان چارەسەر بکات.
بەم تێزە ڕێگای تەخت کرد بۆ (ئیسلامی سیاسی)یاخود ئیسلامیزم.ئیلهام وەرگرتن لە ڕەزاوە هەمیشە سەرکەوتووبوون لە قەناعەت پێهێنانی ئیسلامی چالاکدا کە دامەزراندنی (یاسایەکی ڕێکۆپێکی ئیسلامی دادپەروەر)،خەونێکی دوور نییە،بەڵکو ئەرکێکی سیاسییە بۆ ئێرە و ئێستا. ئا بەم شێوەیە بوو کە مامۆستای سەرەتایی میسری حەسەن بەنا ،قەناعەتی هێنا کە ئیسلام چارەسەری هەموو پرسەکانی ئەم دنیا و ئەو دنیایی لە خۆگرتووە. کاتێ ئەو لە ١٩٢٨ دا لە میسر برادەرانی موسڵمانی وەک یەکەم و و تا ئێستا گرنگترین ڕێکخراو دامەزراند، بەننا لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە لە ئیسماعیلییە،ڕۆژانە ئەزموونی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆلۆنیالی بەریتانیا دەکەوتە ژێر کاریگەڕێتییەوە. سەرباری ئەو هەستە توندوتیژەی ئەنتی ڕۆژئاوا و ئەنتی کۆلۆنیالیزم،ئیسلامی ئیسلام، لێ ئەوە ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو لە دەیەکان و داهاتووشدا دەیتوانی چوارچێوەی ئایدۆلۆژی خەباتی دژە کۆلۆنیالیستی نەخش بکات. دەرئەنجام ؛لەم واقیعییەتەوە ئەوە دروست بوو،کە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی لە میراتی عەرەبی دەسەڵاتی عوسمانی ـ وەک بناغەیەکی دڵڕەقانە نائاسایی ـ سنووری دەوڵەتی نوێیان کێشا.

ئەم سنوورانە کاریگەرێتی سەرەتا و پێش هەر شترێ بۆ مانداتی کۆنکرێتی بەرچاوەکان ،پرۆتەکتۆرات/پارێزراوەکان یاخود شێوەکانی دیکەی ناوچە سەربەخۆکان. ئەگەرچی خەونی پان عەرەبی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هاوبەشی عەرەبی هەرمابوو،لەم دیدی ئەم هەسارەیەوە ناسیۆنالیزمی میسری،سوری و جەزائیری دروست بوو.هاوکات دەستەبژێری ناوخۆییەکان بەهێزدەبوون،ئەوانەی بەهاوکاری دەسەڵاتە کۆلۆنیالیەکان دەسەڵاتی خۆیان دامەزراند بوو کە نەیان دەویست چیدی دیکە بە سوودی پان عەرەبیزم خۆیان بدەن بەدەستەوە. بە کورتییەکەی دەکرێ ئەوە بڵێین لێرەدا دوو گۆڕانکاری بنەڕەتی نوێ لە جیهانی عەرەبی دا دەرکەوت لە نێوان جەنگە جیهانییەکان دا.
١ـ بەرزبوونەوە و دەرکەوتنی ڕۆژئاوا لە شێوە بەناوبانگەکەیدا دەسەڵاتی کۆلۆنیالی بە دوژمنی سەرەکی.
٢ ـ خەباتی بزاڤی ناسیۆنالیستی عەرەبی و خۆی لە بارێکدا نەدییەوە ـ بێ گوێدانە ئەو هەموو گفتوسوێنەی بەیەکتریان دابوو ـ لە ناو دەوڵەتێکی تێکڕاییدا،واتە لە کۆنتێکسی/سیاقی پان عەرەبیزم دا،بەڵکو لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی،کە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی سنووری بۆ کێشان.
ئەنتی زایۆنیزم وەک دروستکەری ناسنامە
ڕاگەیاندنی بەلفۆری ساڵی ١٩١٧،بۆ ئەو رێکخراوەی ١٨٩٧ لە بازل دروست کرابوو،”ڕێکخراوی زانیۆنیزمی جیهانی” سەرکەوتنێکی گەورە بوو. ڕاگەیاندراوەکە پشتیوانی ناوەڕۆکی سەرەکی پرۆژەکەیان دەکات،کە بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی جولەکە لە فەلەستین.ئەم سەرکەوتنە ماوەیەکی زۆر نادیار بوو: لە رووی سیاسییەوە ئەم ناوچەیە فەلەستین تا ١٩١٧ سەر بەدەوڵەتی عوسمانی بوو،کە دژی بەم داوخوازییەی زایۆنیزم وەستایەوە. تا سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم،لە پایتەخەتەکانی وڵاتە ئەوروپاییەکان،بە گرنگییەکی کەمەوە تەماشا دەکرا،لای جولەکەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات،کە لەژێر باری چەوساندنەوە دا دەیانناڵاند،دەنگدانەوەیەکی دیاریکراویان بەرگوێ دەکەوتەوە،لێ جولەکەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەوروپا،لە پێشڕا چاودێری ئەم بزاڤەیان بێ هیچ بایەخدانێک دەکرد.

ڕازی بوونی حکومەتی بەریتانیا لەسەر ئامانجی “ڕێکخراوی زایۆنیزمی جیهان”،لە گەوهەردا دەگەڕیتەوە بۆ دوو هۆکار. یەکەم، بۆ بزواندنی بەرفراوانبوونی ئەو جەنگە ناشیاوە بوو،کە حکومەتی بەریتانیا لە ١٩١٦ وە هەوڵی بەهێزی دەدا،ئەمەریکا،بۆ لای بەرەی هاوپەیمانان ڕاکێشێتە ناوە جەنگەوە.ڕاگەیاندنی بەلفۆر دەبوو فەرمان بدات بە جڤاتی بەهێزی جولەکە لە ئەمەریکا، بە سەنگی سیاسی خۆی،بکەوێتە گەڕ بۆ هێنانەدی ئەم خواستەی بەریتانیا. لە لایەکی دیکەوە و بەر لەهەموو شتێک ڕاگەیاندراوەکە بەڵام لەبەر ئەوە بوو، پایەداری رۆژهەڵاتی نێوینی ستراتیژی بەدیار بخات. وەک گرێدانێکی گیۆگرافی لە نێوان بەرفرانبوونی داگیرکاری ئیمپراتۆرییەتەکەیان تا هیندستان و چاڵە نەوتەکان ،کە لە سەرەتای دەستپێکردنی سەدەی بیستەمەوە بەردەوام بایەخی زیاتر دەبێت و لەبەر ئەمەو پێشتریش ساڵی لەوەوبەر لەگەڵ فەرەنسادا، لە ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆدا،لەسەر دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین،دوای سەرکەوتن بەسەر عوسمانییەکان دا ڕێک کەوتبوون.
ئا لە میانەدا بزاڤی زایۆنیزم هەڵسەنگاندنی ستراتیژی نوێی پێشکەش کرد. ئیدی دەیانزانی لەمەوپاش پێویستە وەک “هاوپەیمانێکی سروشتی” هاوکاری هێنانەدی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیادا بکەن. دانیشتوانی عەرەبی موسوڵمانی زۆرینەی ژێر دەسەڵاتی مانداتی بەریتانی لە فەلەستین، هەر لەسەرەتاوە لەوە دەترسان پێشخستن و پشتیوانی کردنی یەک لایەنەی جولەکە هاونشینەکانیان لە ڕێگەی دەسەڵاتی مانداتەوە. ترس و نگەرانییەکە لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٠ وە بە دوو گۆڕانگاری بەهێز بووە: یەکەم، بەڕیوەبەرایەتی ماندات،خاکی دەوڵەتی عوسمانی جارانی بەخشندانە دا بە جولەکە نیشتەجێکراوەکان، یاخود هەرزانفرۆشی کرد. بەم شێوەیە، بەم هۆیەوە دەرفەتی زەوی شیاو بۆ کشتوکاڵ،بۆ جوتیارە بچکۆلەکان وـ بەکرێگرتە عەرەبەکان کەمبۆوە. دووەم لە ئەکامی سەرکەوتنی سۆسیالیستە ناسیۆنالستەکان و دەسەڵات گرتنە دەست لە ئەڵمانیادا،ژمارەی ئەو جولەکانەی زیاد کرد، کە دەگەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.لە نێوان ١٩٣٣ ـ١٩٣٩ دا بە فەرمی ١٧٦٠٠٠ هەزار جولەکە بۆ فەلەستین ،٥٠٠٠٠ هەزاریان لە ئەڵمانیاوە. بەم شێوەیە ئاوێتەبوونی خەڵکەکە لە ناوچەی ماندات بە سوودی عەرەب هەڵنەسوڕا.ساڵی ١٩٢٢ رێژەکە %٩٠ بوو، لەکاتێکدا ساڵی ١٩٣٦ بووە %٧٠.

بەپێی ئەم گۆڕانکارییە، حاج ئەمین ئەل حوسەینی،گەورە موفتی ئورشەلیم/ قودس، رادیکالترین سەرکردەی دژە زایۆنی بوو لە فەلەستین. ئەو شەڕی نێوان عەرەب و جولەکەی بە شەڕێکی ئاینی دادەنا، و توانی وا بکات لە نێوان ساڵانی جەنگی جیهانی دا، کاریگەریی پێوەندییەکی نائاسایی لەنێوان ئیسلامی و ناسیونالەکان دا ساز بدات. لە پێشینەی ساڵی ١٩٢٠ دا ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی و پەلاماری جولەکە هاوردەکان و هێزە سەربازی سڤیلەکانی بەریتانی دەستی پێکرد. لە نۆڤەمبەری ١٩٣٥ دا ئەل حوسەینی داوای لە دەسەڵاتی مانداتی بەریتانی و کۆچبەرانی جولەکە کرد،ڕیگری بکرێ لە فرۆشتنی زەوی بە جولەکە هاوردەکان. ناوەڕاستی ئەپریلی ١٩٣٦،داواخوازی بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی خستە سەر داواکانی و لە ١٩/٤/ دا، بانگەوازی شەش مانگ مانگرتنی گشتی دا.

ئامادەکردنی جلوبەرگی مانگرتووەکان، “کۆمیتەی باڵای عەرەبی”بە سەرۆکایەتی ئەل حوسەینی لە ئەستۆ گرت لە ئاکامدا مانگرتنەکە بووە ڕاپەڕین و هێزە عەرەبییەکان پەلاماری دامەزراوەکانی بەریتانیا و جولەکەیان دا، هێزەکانی ئاسایش و هێزە پاراسەربازییەکانی جولەکە پەلاماریان دانەوە. لە ٣٠/٧/١٩٣٦ دا بەریتانییەکان مافی شەڕیان ڕاگەیاند. ڕاپەڕیوەکان دەستگیر دەکران و هەندێکیان لە سێدارەش دەدران و دەست بەسەر موڵک و ماڵیان دا دەگیرا،یاخود تێکوپێک دەدرا. کاتێ کۆمەڵێ هەوڵ و تەقەڵای میانگیریی شکستخوارد، لەناوەڕاستی ١٩٣٧ دا ڕاپەڕین جارێکی تر تەقیەوە.لە سیپتەمبەری ١٩٣٧ دا دەسەڵاتی ماندات، “کۆمیتەی باڵای عەرەبی” قەدەغە کرد و ئەل حوسەینی هەڵات بۆ لوبنان.
سەرباری ئەوەش ڕاپەڕینەکان بەردەوام بوون. ئەگەرچی ٢٠٠٠٠ هەزار سەربازی و ١٥٠٠٠ هەزار پاراسەربازی هێز لە کاردا بوو، ڕووداوەکان هەتا پاییزی ١٩٣٨ی خایاند ،هێزەکانی دەسەڵاتی ماندات/ بەریتانیا کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەنەوە. سیاسەتی فەلەستینی بەریتانیا و راپەڕینی عەرەبی، سەرجەم بزاڤی سەربەخۆییخوازی عەرەبیان ڕادیکال کرد. نەتەوەی عەرەبی تازە خەمڵیو،کە تازە بەتازە،ئاڵایەکی دانابوو بە سیمبۆلی لە خۆتێگەیشتنی خۆی، پشتیوانی لە عەرەبی فەلەستینی و لە رەتکردنەوەی پرۆژەی دەوڵەتی زایۆنیستی،خاڵێکی بنچینەیەکی هاوبەشییان بینییەوە. چەند هێڵکاریی گشتی و گفتوگۆی پرۆژەی دەوڵەتێکی هاوبەشی عەرەبی بێبەر زیادی دەکرد، هێندە کاریگەرێتی دروشم و سیمبۆلەکان، بە هێزەوە گەشەیان دەسەند و پیشان دەدران. لە نێوانیاندا دژەزایۆنیزم،بەهێزترین دروشم بوو.

جەنگی دووەمی جیهانی وەک دوڕیان

بۆ دواجار نەک بەهۆی نرخی ئێچوو/ خەرجی و ژمارەی دیاکراوی کەسانی یەدەگەوە دەسەڵاتی کۆلۆنی بەریتانی لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمەوە لەزۆر ناوچەی ژێر قەڵەمڕەوی خۆی دا، بەلایەوە حوکمڕانییەکی ناڕاستەوخۆی بە چاک زانیوە و پشتگیریی لێ کردوە. کە دەسەڵاتەکەی بەئاستەمیش بەرتەسک نەکاتەوە. بەڵام دەستەبژێری ناسەربەخۆی خۆماڵی، وەک قەڵغانێ بەرامبەر قەبارەی دانیشتوانی چەوساوە بخاتەگەڕ. ئەم نوخبەیە، حەزی بە کاریگەڕێتی بەردەوامی نفوزی دەرەکی هەبوو و لەبەرئەوە دیسان ئامادەبوو ڕازی بێت، بە جۆرەها سیناریۆی ڕووکەشی ڕووتی سەربەخۆیی. هەرچەند مامەڵەی شەڕی جیهانی دووەم، بەشێکی زۆری باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوینی داخ لەدڵ کردبوو، کاریگەرێتی درێژخایەنی شەڕ، بەتایبەتی لەمەسەلەی لاوازبوونی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیدا.

بەریتانیای مەزن و فەرەنسا دوای ١٩٤٥ خۆیان سەرقاڵی گرنگترین ئابووریی و کۆلۆنیالە ستراتیژییە گرنگەکانی کرد، سەردەمی کۆلۆنیالی ئیتالی لە لیبیا لە ١٩٤٧ دا بە دۆڕاندن بەرامبەر بە بەریتانیا کۆتایی هات. بەم شیوەیە ٦ وڵات بەشیوەیەکی فۆرمێل/ڕووکەشی سەربەخۆبوون.(میسر،عێراق، رۆژئاوای ئەردەن، لوبنان، عەرەبی سعودی و سوریا). لە ٢٢/٣/١٩٤٥ دا لە قاهیرە وڵاتە عەرەبیەکان یاخود کۆمکاری عەرەبییان دروست کرد،یەمەن لە مانگی ٥/١٩٤٥ دا بووە ئەندام.

پەیماننامەی کۆمکارەکە بریتی بوو لە رێکەوتنێکی “ڕاوێژپێکردن و دۆستایەتی”کە ڕێزی دەگرت لە سەروەری یەک بە یەکی دەوڵەتە سەربەخۆکان. بەمەش جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە لەسەر ئاقاری گەشەسەندنی هەردوو دەیەی ڕابووردوو بۆ دەوڵەتێکی هەمەڕەنگی عەرەبی. دەرئەنجام لە پەراوێزی ئامانجێکی دووردا ئاماژە بە دەوڵەتێکی عەرەبی یەکگرتوودا درا. جارێکی تریش کێشەی فەلەستین،کە بە هێز و تواناوە لە خەمی تەبایی و یەکگرتوویی ناوخۆیدا بوو،کە بەهیچ شێوەیەک ئامانجێکی شاراوەی دامەزراندنی کۆمکار،ڕیگریی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسرائیلی لەسەر خاکی ناوچەی مانداتی بەریتانی فەلەستین بکات.

دوای ئەوەی بەریتانییەکان پاش جەنگ ڕاستەوخۆ ،سەرەتا هەوڵیان دا،بەرپرسیارێتی بدەنە دەست ئەمەریکا ئەوەیان نەکردوو دایانە دەست UNO،کە ١٩٤٥ وەک درێژەپێدەرێکی رێکخراوی کۆمەڵەی گەلان هاتە کایەوە.لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ١٩٤٧ دا لە کۆبوونەوەی گشتی یونۆدا بڕیاری ١٨١ وەک پلانێک بۆ فەلەستین دەرکرد،فەلەستین بکرێتە دوو بەش، دەوڵەتێکی جولەکە و دەوڵەتێکی عەرەبی. ناوچەی ئورشەلیم بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی نێونەتەوەییەوە.لەکاتێکدا زۆرینەی دانیشتوانی جولەکە ئەم پلانەیان پەسەند کرد،لایەنی عەرەبی بە توندی ئەمەی رەتکردەوە. بەسەرئەوەدا لە ١٤،٥،١٩٤٨ دا ئیسرائیل دەوڵەتی خۆی دامەزراند بە سەرۆکایەتی یەکەمین سەرەک وەزیران داڤید بین گۆریۆنDavid Ben Gurion وەک واقعێتێکی بەرجەستەبوو. کۆمکاری عەرەبی رۆژێ دواتر شەڕی بە دژێ ئەم دەوڵەتە ڕاگەیان. ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هێزەکانی میسری و ئەردەنی و لوبنانی و ئێراقی پەلاماری ئیسرائیلیان دا.

هەڵسوکەوتی ناڕێکوپێکیان،بەرژەوەندییەکانیان، بەرامبەر بە خۆیان،لە داگیرکردنی فەلەستین دا و لە ڕێیەوە رێگریی لە گەشەی دەسەڵات بکات،هەروەها بونیاتی کۆنی سەربازەکانیان ،بە خێرایی هێرشەکەی لێ پوچەڵ کردنەوە. لە ١/٦/١٩٤٨ دا بە گوشاری یونۆ رێکەوتننامەی ئاگربەست کرا. ئەم ئاگربەستە بەتایبەتی ئیسرائیلیەکان توانییان سوود لێوەرگرن. بۆ ئەوەی بۆ خولێکی تری شەڕ باشتر خۆیان ئامادە بکەن ئەوەبوو هەر لە رۆژەکانی سەرەتای شەڕی رۆژهەلاتی ناویندا هیزەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی ڕیکوپێکتر و چەکدارتر خۆیان نیشان دا.هەروەها بۆ دەوڵەتە نوێیەکە باش بوو ،کە ئەو سەرباری ئابڵوقەی چەک کرین لەلایەم نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لایەنە شەڕکەرەکان،،بە ڕەزامەندیی شورەوی لەسەر چەک لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتی سەر بە شورەوی بتوانن بکڕن.لە نێوان مانگی دەی ١٩٤٨ و مانگی یەکی ١٩٤٩ دا، کۆمەڵێ هێرش و پەلاماری ئیسرائیلی بۆ تێکشکاندن وتەفروتوناکردنی هێرشبەرە عەرەبەکان.

لە ٢٤/٢/ ١٩٤٩ پەیمانی ئاگربەستی بەست،کە دواتر تا مانگی ٦ وڵاتە عەرەبییەکانی تریش بەدوایدا کردیان.بەم شێوەیە ئیسرائیل توانی ناوچەیەکی فراوان کۆنترۆڵ بکات،زیاتر لەوەی کە بە پێی پلانی دابەشکردنی یونۆی ١٩٤٧ گفتی پێدرا بوو. لە ئاکامی گفتوگۆی ئاگربەستن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کەرتی رۆژئاوا بۆ ئەردەن و رۆژئاوای غەزەبۆ میسر دابەشکرا. لایەنی عەرەبی ئەم سنوورە نوێیەی پەسەند نەکرد،بەڵام ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیای مەزن وەک هێزی گەرەنتی بە قازانجی ئیسرائیل هاتنە پێشەوە ،یادەوەری یەکەم شەڕی رۆژهەڵاتی نێوین، لای لایەنە شەڕکەرەکان بایەخێکی زۆر پێچەوانەیی هەیە. لە کاتێکدا جیهانی عەرەبی دامەزڕینەرانی دەوڵەتی ئیسرائیلی خەریکی دەرپەراندنی بەشێکی زۆری دانیشتوانە فەلەستینی بوون و دۆڕاندنەکەیان لە شەڕدا ناونا نەکبە کارەسات،چەک رەوانەی ئیسرائیل دەکرا بۆ شەڕی سەربەخۆیی.
سەرئەنجامی یەکەم شەڕی رۆژهەڵاتی ناوین،دامەزراندنی بزووتنەوەی سەربەخۆخوازی عەرەبی توند کردەوە. ئەویش بە پابەندیی یەکلایەنەی پشتیوانی کردن لە سیاسەتی ئیسرائیل وای کرد هێزە دەسەلاتدارەکانی رۆژئاوا،بوە هۆی ئەوەی خەستبوونەوەی شەڕ لە دژی هێزە کۆلۆنییەلییەکان بەریتانیای مەزن و فەرەنسا . کارەساتی شکستهێنانی دەستەبژێری ناوخۆ لە شەڕی رۆژهەلاتی ناویندا ڕەوایەتی لەناوبردن. وەک دەستی درێژی بێتوانای هێزە کۆلۆنیالییەکان و ئێستا هی ئیسرائیلیش تەماشا دەکران و لە دەرئەنجامدا وەک دوژمنی بزاڤی رزگاریخوازی ناسران.
لە فۆرمالەوە بۆ ریالە سەربەخۆیی
لە ٢٣/٧/١٩٥٢ دا،گروپێک “ئەفسەری ئازادیخواز” پاشا فاروقی سەر بە بەرتانیان لە قاهیرە ڕووخاند و خولێکی نوێ شەڕی عەرەبیان بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی بەرپا کرد. هەروەها لەوەبەدواوە لە گەلێ وڵاتی تری عەرەبیش نوێنەری چینەکانی ناوەڕاستهەمان شتیان دروستکرد ، بە شێوەیەکی سەرەکی سوپا، کە بڕبڕەی پشتی بزاڤی رزگاریخوازی و رژێمی کۆماری لێ پێک هاتبوو. ئەفسەر جەمال عەبدولناسر دامەزرێنەری “ئەفسەرە ئازیخوازەکان” و “پیاوی بەهێزی”نوێی میسر،لە ١٩٥٤ دا هێزەکانی بەریتانیای ناچار بە کشانەوە لە ناوچەی کەناڵی سویس کرد و لە ٢٦/٧/١٩٥٦ دا کۆمپانیای کەناڵی سویس کە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە بەڕیوە دەبرا خۆماڵی کرد،کە سیمبۆڵی هەژموونی رۆژئاوا بوو لە میسر.
لە هەوڵێکی سەرنەکەووتوانەدا، بۆ لەدەست نەدانی داهات، وەک هەڵسوڕێنەر و دەستبەسەرداگرتنن هێڵی گوێزانەوەی ستراتیژی گرنگ لە ڕێگای ئاوەوە، لە دەریای ناوەڕاستەوە بەسەر دەریای سووردا، هەتا ئۆقیانووسی هیندی، لە ٣١/١٠/١٩٥٦ دا هێزەکانی بەریتانی و فەرەنسی کەناڵی سویسیان داگیرکرد. دوو رۆژ پێشتر ئیسرائیل بە ئاگاداری لەندەن و پاریس لە لای خۆیەوە پەلاماری میسری دا(تەنگژەی سویس). ئیسرائیل لەماوەی چەند رۆژێکدا نیوەدورگەی سینای داگیرکرد، هەروەها ڕۆژهەلاتی غەزا پێویست بوو خۆی بەڵام ـ هەروەک بەریتانیا و فەرەنسا ـ بکشێنەوە کاتێ شورەوی هەڕەشەی کرد و بەنیازبوو بە لایەنگریکردنی سوپای میسر پەلامار دەدات، هەروەها ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆیان لەدژی ئەو پێشێلکارییە نیشان دا. لە سەرکەونێکی سەرەتا کورتخایەنی ئیسرائیل و هێزە کۆلۆنیالە ئەوروپاییەکانەوە بووە سەرکەوتنێکی درێژخایەنی سیاسی میسر. کە توانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی کۆن بەریتانیا لە وڵات دەرپەڕێنێ و کەناڵی سویس بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. لە بەراییەوە سنوری ئیسرائیل و میسر لە لایەن پۆلیسی یۆنۆوە زامن کرا.دوای ١٩٤٨ شەڕی تری رۆژهەلاتی ناوین وەرچەرخانێکی لە کاتی ناوچەکەدا نەخش کرد.

سەردەمی کۆلۆنیالی تەقلیدی/ کلاسیکی کۆتایی پێهات، هێزە نوێیەکانی ناوچەکە هێزی باوەڕبەخۆی ناسیونالیستی عەرەبی و هەروەها دژەکانی زلهێزەکانی ئەمەریکا و شورەوی بوون. تازە “شەڕی سارد”ەکەیان بەشێکی گەوهەری چارەنووسی دیاری دەکات، هەر یەک لە حکومەتەکانی ناچار کرد، بالانسی هاوسەنگی لە نێوان بەرەکان و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەروەها بۆ لایەنگری. لە ڕێگەی کەمپی پەروەردە و فێربوونەوە پرۆسەی کۆتایی ئیمپریالیزم بە توندی کاری لەسەر کرا. ساڵی ١٩٥٥ بۆ نموونە عێراق بووە چەقی ئەنتی کۆمۆنیستی لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەکی سەربازیەوە(پەیمانی بەغدا: بەریتانیای مەزن، عیراق، پاکستان، تورکیا و هەروەها ئەمەریکا وەک چاودێر) دەستنیشان کرا لە کاتێکدا شورەوی بووە پشتیوانی بزوتنەوە رزگاریخوازە عەرەبییەکان.دوای گۆڕینی حوکم لە ١٩٥٨ دا عێراق دا ڕووی لەوێش کرد..(واتە دوای شۆڕشەکەی قاسم رووسیا بووە پشتیوانی عێراقیش: هەڵۆ)
بەهۆی دەنگدان بە قازانجی میسر،لە هەرای سویس دا لە شەڕی دووەمی رۆژهەڵاتی ناویندا،ئەمەریکا بۆی ڕەخسا هاوپەیمانێتی جەنگی جیهانی بەریتانیا و فەرەنسا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هێزی سەرەکی رۆژئاوا هەڵوەشێنێتەوە. وەلێ هەر لەو ساتەدا،کێشەی سویس لە ئیدارەی ئەمەریکادا،دەرگای لەسەر تێڕوانینێکی نوێ سەبارەت بە بارودۆخی هەرای رۆژهەڵاتی ناوین خستە سەر پشت. لەدوای هەوڵ لە پێناوی سەربەخۆیی نەتەوەییدا ،ئیدی هەموو پێیان وابوو، ئەوە بەردەوام “دەستی درێژی مۆسکۆ” یە، کە مەودای جموجوڵی سیاسی ئەمەریکای بەرتەسک دەکردەوە و زۆر لەسەرکردە عەرەبەکان لەم ئانوساتەدا هەوڵیان دەدا، سەر بە بلۆکی رۆژهەڵات بن. شتێکی ڕوون و ئاشکرا و دیار بەتایبەتی لەم میانەیەدا”بیروباوەڕی ئایزەنهاوەر”،بە ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە Dwight D. Eisenhower ١٩٥٣ـ١٩٦١ حوکمی کرد لە ٥/١/١٩٥٧ دا وتی وڵاتەکەی لە هەر شوێن بێت بە هەموو شێوازێک (هەروەها چەکی ناوکی) پشتیوانی و پارێزگاری دەکات، لە حکومەتەکانی سەر بەرۆژئاوا بەرامبەر بە هاتنە ناوەوە یان دزەکردنی کۆمۆنیزم، یان هەر هەڕەشەیەک لەلایەن شورەوییەوە.

بیروباوەڕەکان دوو جار بە زەقی جەختی لەسەر کرایەوە: لە ئاپریلی ١٩٥٧ دا، کاتی کەشتییەکی ئەمەریکی پاشا حوسەینی یەکەمی ئەردەنی لە ئۆپۆزیسیۆنەکان پاراست و لە هەرای لوبنان لە ١٩٥٨ دا کاتێ هێزەکانی ئەمەریکا ڕیگرییان لە رووخانی رژێمە کریستییەکەی کامیل شمعونی سەر بە رۆژئاوا گرت. لە ئاکامی کاریگەرێتی بنەما شەڕەنگێزیی و ئاکامە پێچەوانەکانی بنەماکانی بوە هۆی ئەوەی ئایزەنهاوەر لە ساڵی ١٩٥٩ دا ،بەبۆنەی سەردانێکی سەرەکوەزیرانی پێشووی شورەوی Nikita Chruschtschow ئەو بڕیار و بنەمایانە بە قازانجی پێکەوە ژیانی هەردوو زلهێزی بلۆک واز لێبهێنێت. لە فۆڕمی گۆڕاودا شەڕی ساردا شانی بەرەو پێشچوونەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین تا کۆتاییەکەی لە سەرەتای ١٩٩٠ دا بەردەوام بوو. لە ساڵانی داواتردا سەرکەوتنی میسر، بووە سەرچاوەی ئیلهام و باڵی کێشا بەسەر بزاڤی نەتەوەیی عەرەبیدا،لە هەوڵاکانیاندا بۆ سەروەرێتی تەواوەتی .بەدوای ئەودا لە ١٤/٧/١٩٥٨ دا ” ئەفسەرە ئازادیخوازەکان” لە ئێراق هاوشێوەی نموونەی سەرۆکی میسری ئایدیا، حومەتی پاشایەتی سەر بە رۆژئاوایان خست و کۆماریان
ڕاگەیاند و لەشکری بەریتانیان لە وڵات کردە دەرەوە. لە باکوری ئەفریقا لیبییەکان لە ١٩٥١ دا سەربەخۆییان بەدەست هێنا، بەداویاندا لە ١٩٥٦ تونس و مەغریب.
لە جەزائیر دووساڵ بوو هەڵچوون و ناڕەزایی هەبوو، کە بە درێژترین و خوێناویترین شەڕی ناوخۆ و کۆلۆنیالی دادەنرێ لە جیهانی عەرەبیدا، تا توانی لە پاش هەشت ساڵ لە مارتی ١٩٦٢ دا بە سەربەخۆیی بگات. فەرەنسا جەزائیری وەک ناوچەیەکی کۆلۆنی و لە ئاکامدا وەک بەشێک لە” نیشتمانی دایک” دادەنا. لە نیوەدورگەی عەرەبی سعودیی،لە دروستبوونیەوە و لە ١٩٣٢وە سەربەخۆ بوو لەو دۆمینە/Domains بەریتانییەی ئەوێ ، لە سەرەتا کویت ١٩٦١، لەکاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا ، ئیماراتی یەکرتووی عەرەبی لە ٢/١٢/١٩٧١ دروست کرد. وەک خاڵی کۆتایی دانا، لەژێر ناوی پایتەختی مێژووی کۆلۆنیالیستی ئەوروپی، لە رۆژهەلاتی ناوین.

نەوت وەک “ماددەیەکی کاریگەریی ” مێژوویی

لە سەرەتای ١٩٧٠ وە ئاماژەی کۆتایی وابەستەیی و پاشکۆیەتی دەرکەوت،کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە چارەنووسی ناوچەکەی بە شێوەکی بەرچاو دیاری کرد بوو نەخش کردبوو: چەوساندنەوە و ڕووتاندنەوەی وڵاتان لە ڕێگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی بێگانەوە.دوای ئەوەی لە ١٩٠٨ دا خوارووی رۆژئاوای وڵاتی فارسەکان(ئیمڕۆ ئێران) بۆ یەکەمجار نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوین دۆزرایەوە، کێبەرکێی جیهانی بۆ کۆنترۆل کردنی دەستی پێکرد. جەنگی جیهانی و کێشە و هەراکانی دوای جەنگ بۆ ماوەیەکی کورت پێشبڕێکەی ڕاگرت.
لەگەڵ دۆزینەوەی بڕێکی زۆری نەوت،کەمێک پێش جەنگی جیهانی دووەم، لە نیوە دورگەی عەرەبی، ناوچەکە بەتەواوی بووە ناوچەی زیاترین قازانجی گرنگترین سەرچاوەی کەلوپەلی بنەڕەتی سەدەی بیستەم. دوای جەنگی جیهانی دووەم، خاوەن کۆمپانیا گەورە گرنگەکانی نێودەوڵەتی، ناوچەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد. لە پێچەوانەبوونەوەیەکی بارودۆخی سیاسی دا، سەرەتا بەریتانیا هەژموونی گرت، دواتر خاوەن کارخانە ئەمەریکییەکان،بەڵام بەردەوام ناکۆکی لەگەڵ فەرەنسا ، هۆڵەندە و ئیتالیا هەبوو. یەکگرتن لە یەک خاڵ دا بوو: ڕێگە بگیڕێ لە وڵاتانی خاون نەوت خۆیان دەسەڵات بەسەر ئەو سامانە بەهادارەدا بگرن. کاتێ سەرەک وەزیرانی ئیرانی محەمەد موسەدەق ١٩٥١ هەوڵی خۆماڵیکردنی نەوتی دا،خاوەن کۆمپانیاکانی رۆژئاوا لای حکومەتەکانیان بەنێزیکی هەموویان بایکۆتی کڕینی نەوتی ئێرانیان کرد. دواجار موسەدەق لە ئاوگۆستی ١٩٥٣ دا لە ڕێگای کوەتایەکی بەهاوکاری CIA پلان بۆداڕێژراو ڕوخێندرا.

بەمەش هاتنی نەوتی وەک جاران ئاسایی بووە، ئەمەریکا هاوکات توانی ،کۆنترۆلی مۆنۆپۆلی بەریتانی بەسەر نەوتەوە بشکێنێ. هەر لەبەر ئەم پێشخانە بۆ دەوڵەتانی ماندوو زۆر سەخت بوو،خاوەن کارخانە گەورەکانی/oil multis رۆژئاوا ، وردە وردە دەست لە بەشێکی سوودی خۆیان نابەدڵانە هەڵگرن.١٩٦٠ دەوڵەتانی نێردەری نەوت ئۆپێک(OPEC Organization oft he Petroleum Exporting Countries) کە بەنێزیکی هەموو وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوین لە خۆدەگرێ. گردبوونەوەی عێراق و ئێران و قەتەر و کوێت و سعودی عەرەبی ئیمارات ،نیشاندانی سەرکەوتنێکی گرنگە، توانا و دەسەڵاتی مامەڵەی دەوڵەتانی نەوت دەرهێنەر بەرامبەر بە رۆژئاوا بە گشتی بەهێز دەکات. دەبێت بەدەیا ساڵی تریش بەردەوام بکات بێ گرفت بەسەر یەدەگی نەوت و گازدا بەم پێیە ئەرک و خەرجییان گرتە ئەستۆ کەلوپەلە کۆنەکانی نەوت دەرهێنان پەرە پێبدەن و نوێ بکەنەوە. لە دەرئەنجام دا دەوڵەتانی رۆژهەلاتی ناوین،لە ناوەڕاستی ١٩٧ وە هەم سەروەریی سیاسی و هەم ئابووری خۆیان بەدەست هێنا.

سەرجاوە:
Informationen zur politischen Bildung/izpb ژمارە ٣٣١،٣ـ٤/٢٠١٦




ئەوروپا Pesco دروست دەکات… هەڵۆ بەرزنجەیی … هەڵۆ بەرزنجەیی

لەگەڵ هاتنە سەر کاری دۆنالد ترامپ، سیاسەتی ئەمەریکا گۆڕانێکی بنچینەیی بەسەردا هات. لەوە بگەڕی کەس چاوەڕێی سەرکەوتنی کەسایەتی وەک ناوبراوی نەدەکرد، لێ دەرکەوت لە کۆمەڵگایەکی هەرە پێشکەوتووی وەک ئەمەریکاشدا، پۆپۆلیزم دەتوانێ کاریگەرێتی خۆی بەدیار بخات و تاکەکان بە قازانجی خۆیان، لەسێبەری سیاسەتدا خەون و پلانیان وەگەڕ بخەن.
دەرکەوتنی دۆنالد ترامپ و ڕاگەیاندنە بەناوبانگەکەی America is first، جیهانی هەژاند، بەتایبەتیش دڵی ئەوروپای هێنایە لەرزە. بۆیەکا کەسایەتی ناوبراو لە ئاستی ئەوروپادا پێشوازییەکی گەرمی لێ نەکراو و میدیاکانیش هەردەم بە ڕەخنە و ساتیر و ترسەوە باسی دەکەن و چاوەڕێی سەبرایزی گەورەن لەم کەسایەتییە. تۆ هەرچی دەڵێیت و چۆن بیر دەکەیتەوە،ئەو ڕاستییە ناتوانی فەڕامۆش بکەیت، کەواتە کەسەکان،تاکەکان ڕۆڵیان هەیە و بە میزاج بێت یاخود هەر خەسڵەتێکی تر،وا دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن و جێ پەنجەی خۆیان بەسەر مێژووەوە تۆمار بکەن. بەم پێیە کەسێ بۆ کەسێکی تر جیاوازە و هاوشان سیاسەتەکەش جیاوازە. هەروەک ئەوەی جیاوازی گەورە لە نێوان ئۆباما و ترامپ دا بەرچاو دەکەون.

رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣/١١/٢٠١٧،لە برۆکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوەروپا، ٢٢ وڵات لە کۆی ٢٨،رێکەوتننامەیەکیان لە نێوان خۆیان دا واژۆ کرد، بە ناونیشانی Permenent Structured Cooperation(PESCO). کە بە “هاوپەیمانێتی ئیرادە” ش دەکرێت بناسرێت.
ئەم ڕێکەوتننامەیە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتانی ناوبراو، پێکیان هێنا و هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا بەشێوەی سەرەکی بە داینەمۆی ئەم کارە دادەنرێن. بەتایبەت فەرەنسا، چونکە هەر لە دەستبەکاربوونی Emmanuel Macron ئیمانۆئێل ماکرۆن، وەک سەرۆکی فەرەنسا لە ٧/٥/٢٠١٧ دا،ناوبراو لە وتارێکی بەناوبانگی دا، لە شاری ئەسینای یۆنان لە ٧/٩/٢٠١٧ دا، داوای گۆڕانی بنچینەیی لە ستراکچەری ئەوروپادا کرد. لەم ڕووەوە پرۆژەیەکی ٦ خاڵی پێشکەش کرد،بە یەکێتی ئەوروپا،کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە.
١)وەزیری دارایی هاوبەش بۆ زۆنی ئەوروپا.
٢) یەکێتی ئەوروپا پارە بۆ ناوماڵی خۆی وەرگرێ.
٣) فۆنتێکی بەرگری ئەوروپایی دروست کرێ.
٤)هاوڵاتییان ئینتەگراسیۆنی پەنابەران بەرەوپێش بەرن،واتە خەڵک هاوکاری حکومەت بکەن.
٥)سنوورێکی سوور نیشانی بەریتانیا و برێکسیدەکەی بدرێ و هیچ گفت و ئیمتیازێکی تایبەتی نەدرێتی.
٦) ئەڵمانیا و فەرەنسا ڕۆڵی سەرەکی یەکێتی ئەوروپا بگێڕن.
شایانی ئاماژە پێدانە کە ٦ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا{بەریتانیا،پورتوگال،دانیمارک، ئیرلەندە و ماڵتا} بەشداری،ئەم یەکێتییەیان نەکردووە،لێ دەرگا واڵایە بە ڕوویان دا، هەر کاتێ ئارەزوو بکەن ببنە ئەندام.
لەڕاستیدا ئەم هەنگاوە، بەشیوەیەکی سەرەکی وەک وەڵامێکە بۆ سیاسەتی ئەمەریکای ترامپ،کەوا ئامادە نییە بێ مەرج هیچ هاوکارییەکی ئەوروپا بکات. ترامپ بە ئاشکرا دەڵێ: دەبێت ئەوروپا خۆتان بەتەنگ کێشەکانی خۆتانەوە بچن و بێ بەرامبەر ئەمەریکا هیچتان بۆ ناکەین.
کەواتە ئەو ئاسایش و ئارامییەی باڵی بەسەر ئەوروپادا کێشاوە، لەمەوپاش بێ ئەمەریکا دەکەوێتە مەترسییەوە. بەتایبەتی هاوکاری ئەمەریکا بۆ ئاسایش و پاراستنی ئەوروپا کێش و سەنگی گەورەی خۆی هەیە. ئەمەش بەو مانایەی فاکتێکی سیاسی ـ سیاسەتی ئەمەریکا یاخود ترامپ ـ بە دژی ئەوروپایە، یاخود مەترسیی و هەڕەشەیە. هاوکات لە رووی هەڵکەوتی جوگرافیاییشەوە، هەمان کیشوەر و وڵاتەکانی EU ،بەردەوام لەبەردەم هەڕەشە و گوڕەشەی رووسیای پۆتین دان. ئەم وڵاتە جارێکی تر بە هەژموون و هێز و کاریگەرێتییەکی نوێیەوە، هاتۆتەوە سەر سانۆی سیاسەتی جیهانی. واتە یەکێتی ئەوروپا لە دوو بەرەوە هەڕەشەی لەسەرە و کەوتۆتە بەردەم دوو بەرداش. ئەم دیاردە و گۆڕانە نوێیانە،بەتایبەت وایان لە سەرۆکی فەرەنسا کردووە، کە بیر لەناوماڵی خۆیان بکەنەوە و بەدوای دەرچەیەکی پراکتیکی نوێدا بگەڕێن. وەک ئاشکرایە فەرەنسا بێ ئەڵمانیا هیچ هەنگاوێکی سیاسی لەم مەیدانەدا بۆ نانرێ. ئەڵمانیاش بەو هەژموونە ئابوورییە بەهێزەیەوە لە دنیادا کە هەیەتی، هەم کەس نایەوێ دەستبەرداری بێت و بیخاتە دەرەوەی بازنە دۆستایەتیکردنەوە و هەمیش خۆی دەیەوێ وەک زلهێزێکی ئەوروپایی ڕەفتار بکات و ڕۆڵ بگێڕێت. هاوسات لەپاڵ ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیەدا، خۆی بەهێزتر نمایشت بکات و وەک دەرفەتێ بیقۆزێتەوە،بۆ خۆ دەربازکردن، لەژێر هەژموونی سیاسەتی ئەمەریکا دا.
دیارە بیرۆکەی یەکێتی ئەوروپا،کۆنترە لەوەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت، لێ لە ڕابووردوودا هەردەم بەریتانیا ئاستەنگی بۆ هێنانەدی ئەم بیرۆکەیە دروست کردووە. ئەویش لەبەر ئەوەی خودی بەریتانیا دۆستایەتییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکاداهەبووە و هەیە و نایەوێت ئەم خاڵە ئەرێنییە،کەسی تر لێی سوودمەند بێت و هاوکات،یەکگرتنی ئەوروپا لەم مەیدانەدا، دەبووە رێگری گەورە، لەبەردەم زۆر سیاسەتی نازونوزاوی بەریتانیا.
جا لەوەتەی بەریتانیا Brexit لە مانگی ٦/٢٠١٦ دا کردوو، ماڵی خۆی لە یەکێتی ئەوروپا جیاکردەوە، ڕیگای هێنانەدی خەونی یەکێتییەکی ئەوروپایی، بێ ئەمەریکا ئاسان تر بووە. دیارە ئەم یەکێتییە ئەلتەرناتیڤی ناتۆ نییە، وەک بەرپرسە ئەوروپاییەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە، بەڵکو زیاتر هەوڵێکی خوقوتارکردنە لەو وابەستەییانەوە، بە سیاسەتی خۆپەرستانەی ئەمەریکاوە. بەواتایەکی تر ئەو ئەرک و خەرجییانە بەرامبەر بە ئەمەریکا دەکەوێتە سەرشانیان،بۆ ناوماڵی خۆیان تەرخانی بکەن. ئەنگێلا مێرکلی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێ” ئەو سەردەمەی ئێمە بەتەواوی پشتمان بە کەسانی تر دەبەست،ئێستا مەودایەکی فراوانە بەجێمان هێشتووە “. واتە ئێمەش نۆرەمانە بڵێین Europa first.
خەرجی بەرگری یەکێتی ئەوروپا نزیکی ٢٠٠ ملیارد یۆرۆیە لە ساڵێکدا. کەواتە هاوپەیمانێتی ئیرادە،دەیانەوێ ڕۆڵیان لە ڕووداوەکانی دنیادا هەبێت بەشە کێکی خۆیان، لە دابەشکردنەوەی دنیا، یاخود ئەو گۆڕانە چاوەڕوانکراوانەی وان بەڕێوە مسۆگەر بکەن. وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا %٣٠،بڕی پارەی بەرگریی خەرج دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی ئەوروپا % ١٥ ئەو توانا سەربازییانەی دەست دەکەوێ، کە ئەمەریکا دەیان کرێ. دوای هەڵسەنگاندنێک گەر بێت وڵاتە ئەوروپاییەکان، باشتر بڕیار و هەڵسوکەوت بکەن، لە توێژینەوە و خۆچەکدارکردن و بەشداری کردن لە رووداوەکان دا، دەتوانن ساڵانە ٥٠ ملیارد رەها بکەن و بۆ شتگەلێکی دیکەی خەرج بکەن. یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێ کارە سەربازییەکان هاوبەش بکەن و وەک یەک هێز بەشداری ڕووداوەکان بکەن و بە کورتی، خۆیان بکەنە جەمسەرێکی نوێ لە هەمبەر هەردوو بەرەی ئەمەریکا و رووسیا.
دیارە هۆکارێکی تری زۆر کاریگەر هەیە، بە پەردەپۆشی ماوەتەوە، ئەویش کێشەی پەنابەران و تیرۆرە. ئەوروپاییەکان دەیانەوێ باشتر خۆیان گورج بکەنەوە و ئەو فشۆڵییەی لە سێبەری بیرۆکراتی و پرسگەلی مافی مرۆڤ و هاوڵاتێتییەی هەیانە نەبێتە مایەی ئەوەی،لەلایەنی دیکەوە خراپ بەکار بهێنرێ و بێتە مایەی ئەوەی زیانیان لێ بدات.شانبەشانی ئەمەش بە پێویستی دەزانن هێزی ئامادەیان هەبێت،بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک،وەک ئەوەی لە برۆکسل و مەدرید و بەرلین و پاریس بەسەریاندا هات.
بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا دا، لە ١٩/١٢/٢٠١٦ دا تیرۆرستێکی مەغریبی بەناوی ئەنیس عامری کردەوەیەکی تیرۆری لە بازاڕێکی کریسمیس دا ئەنجام دا،ڕەخنە گازندەییەکی زۆر لەسەر حکومەتی ئەڵمانی و دەزگای ئاسایش و پۆلیس دروست بوو، چونکە تاوانبار پێشتر چەندین جار گیرابوو،بە تۆمەتی جیاواز جیاواز و گومانی کردەوەی تیرۆریستیشی لێ دەکرا و بەڵگەنامەکانیشی ساختەبوون،کەچی ئەو هەموو دەزگایە، نەیتوانی رێگری لەو عامری بکات و ١١ کەس بوونە قوربانی کارە تیرۆریستییەکەیی و ٥٥ کەسیش بریندار بوون.
لەو رۆژەوە دەیان لیژنە و کۆمیسیۆنیان دروست کردوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە مەلەفی عامری. رۆژی ١٢/١٠/٢٠١٧،دوای نێزیکی ١٠ مانگ راپۆرتێکی دورودرێژ دەرچوو،تێیدا ڕەخنەی توند لەدامودەزگاکانی ئەڵمانیا و بەرلین دەگرێ، کەمتەرخەم بوون بەرامبەر، بە کەسێکی تیرۆریست. دواجار داوایان کرد ئەم روداوە بێتە مایەی پەند و وانە لێوە فێربوون. گەر سەرنجێکی کورت بدەین و بپرسین،ئەی کورد لە کوێ ئەم نموونە و تاقیکردنەوانەدایە؟. ساتێ تێگەیشتین مەترسی و بەرژەوەندیی دوو هۆکاری ئەم هەموو گۆڕان و بەرەوپێشچوون و گردبوونەوە و ماڵ جیایی هێز و لایەنەکانە لە کیشوەری ئەوروپای هەرە پێشکەوتوودا،ئەی نەتەوەیەکی داگیرکراوی بە چوار دوژمن دەورە دراو، خەریکی چییە و بەرنامە و پلانی بۆ هەڕەشەکانی سەر بوون و هەبوونی کامانەن؟.
مخابن سەرباری ئەوەی مێژووی کوردستان لە هەموومان ئاشکرایە و دوژمنەکانیشی ناسراون و دوو هەزارساڵ بندەستی و ئەزموونی جۆراوجۆری لەبەردەستدایە، کەچی هەتا ئێستاش نەتوانراوە”
ـ کۆنگرەیەکی نەتەوەیی یان هەر ناوەند و ناوێکی تری جێی بڕیاردانی کورد ساز بدرێت.
ـ بەرەیەکی کوردستانی لە هیچ پارچەیەکی کوردستان دا پێک نەهاتووە.
ـ دۆسییەکی هاوبەشی ئامادەی کوردی نییە، هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەری کۆک بن و بۆ ناوەندەکانی بڕیاردان بەدەستیانەوە بێت.
ـ پرۆژەی نەتەوەیی کوردستانی جیی باس نییە،چونکە هەر حیزب و لایەک خەریکی بەرنامەی تاکلایەنەی خۆیەتی.
ـ یەک گوتاری لە پارتەکانی هیچ پارچەیەکی کوردستان نییە.
ـ سیمبۆل و بۆنە مێژووییەکان،بیروڕای جیاوازیان لەسەر دروست کراوە.
ـ لە دەرەوەی کوردستان،ناوەند و جڤاتی یەکگرتوو بۆ کورد نییە و هەر حیزبە دوکان بازاڕی خۆی بەڕیوە دەبات.
ـ پرسە نەتەوەییەکان هێڵی سووریان بۆ نەکێشراوە.
دەیان و سەدان کەموو کوڕی تر هەر نەبێت، لە ئاست هێرش و پەلاماری داگیرکەران یەک سەنگەر و یەک دەست نین. ئەم فاکتەش گەورەترین مەترسییە لەسەر چارەنووسی کورد.
سەرنج: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە ڕۆژنامەی ئەڵمانی وەرگرتووە.

هەڵۆ بەرزنجەیی
١٤/١١/٢٠١٧




عەفرین پەیامێک بۆ ئەمەریکا…نووسینی: زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەڵمانی

و. لە ئاڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی …..

——————————

‌هێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە عەفرین، پەیامێکی ڕوونە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا: نابێت هیچ بڕیارێک لەسەر ڕێکخستنەوەی ناوچەکان، پاش تەواوبوونی شەڕی سوریا، بەبێ تورکیا جێبەجێ بکرێ و هەروەهاش وەک هەمیشە،تورکیا هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی ناوچەیی لەژێر کۆنتڕۆڵی کورد دا پەسەند ناکات. بۆئەوەی ئەم پەیامە ڕوون و ئاشکرا بێت،کۆماری تورکیا هێزە زەمینییەکانی لە سوریا خستۆتە جوڵە و گەورەترین شاڵاو و هێرشی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا بەرپا کردووە،بەردەوام نیوەی زیاتری هێزە ئاسمانییەکانی لە هێرش و پەلاماردان.

ئەمەش لە دەڤەرێکدا ساز دەبێ کە سەروەریی ئاسمانەکەی، وا لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا، بەڵام ڕووسیا ڕێگەی داوە بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر عەفرین، لەبەر ئەوەی ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکەی دەکات: تەڵزم و دەلاقەیەک بخاتە نێوان پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیاوە.
پێشتر چەند گفتوگۆیەکی توند لە نێوان و ئەمەریکا دەربازی رۆڵی هێزە کوردییەکان لە باکووری سووریا کراوە.ئەمەریکا دەستی بەوە کردووە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی YPG دا و کوردانی سووریا پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD هەروەها PKK دا جیاوازی بکات. پێی وایە یەپەگە و پەیەدە جیاوازن لە پ ک ک،نە لە ئەمەریکا و ئەوروپا، یاخود ئەڵمانیادا قەدەغەکراو نین.

بۆ تورکیا و زۆربەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، ئەم جیاکارییە دەستکردە. پەیوەندی نێوان پ ک ک و یەپەگە و نەک هەر لە لایەنی سیمبۆلی و ئایدۆلۆژییەوە زۆر توندە،پیاو دەتوانێ بەئاسانی بڵێ،کە یەپەگە و پەیەدە لەژێر ستراتیژی سەرکردایەتی پ ک ک دان. بێگومان ڕێژەیەکی زۆری ئازادی جموجوڵ و چالاکی خۆیان هەیە، بەڵام زۆرینەی هێزەکانی ئەمەریکا، دەیانەوێ سوود وەرگرن لە توانا و لێهاتوویی یەپەگە لەشەڕی دژە داعش دا. سەرباری هۆشداری دانی تورکیا، ئەمەریکا هەر بەردەوام چەک،لەپێناوی ئەو مەبەستەی سەرێدا، بۆ چەکدارەکانی کوردانی سووریا ڕەوانە دەکات.
زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی ئەمەریکا ئامادەبوون، لەپێناوی ئەم کارەدا نرخ بدەن: دروستکردنی ناوچەیەکی ئازادی بەرگریکردن لە باکووری سووریا، لەسەر سنووری تورکیا لەژێر کۆنتڕۆڵی کوردان.
بەهەند وەرنەگرتن و زیاتر ورووژاندن بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا،بەزەحمەت ڕامان دەکرێت. هەردوولا ـ تورکیا و پ ک ک و هاوگرێدراوەکانیان ـ دوای سەرنەکەوتنی گفتوگۆکانی ئاشتی ناوخۆی تورکیا، لۆژیکی بەنێونەتەوەییکردنی بەدوادا دێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتێکی کوردی هەرێمی لە عێراق و یەکێکی هاوشێوەی لە سووریا، وە هەروەها خەباتی خۆسەری سەربەخۆ لەسەر زەمینی تورکیا دەبێت ئەنجام بدرێن، ئەمە بۆ پ ک ک شتێکی بێگومان و چەندوچوونە. بۆ تورکیا گەورەترین هەڕەشەیە. لەبەرئەوە خەبات بۆ ئەمە یان دژی ئەمە، هەر بەردەوام بە رێگای سەربازی دەچێت بەڕێوە.

کارە زەبروزەنگەکان ئەشکەنجە و کوێرەوەریەکان، ئەوەی خەڵکی سڤیلی کورد دەیان ساڵە پێویستە بیچێژن بە کۆتایی ناگات. بێتاوانەکان دەکوژرێن لە پێناوی کێشەیەکی سیاسی ڕەگوڕیشە قووڵ لەناوچەکەدا. لێرەوەدا ئەم سەرۆک کۆماری تورکیایەی ئێستا بوو،لەکاتی خۆیدا وەک سەرەک وەزیران زۆر زۆر ئازایەتییەکی گەورەی نیشان دا، هەوڵی دا لە پێناوی ئاشتی نیشتمانیدا. سەرنەگرتنی ئەم گفتوگۆیانە لە ساڵی ٢٠١٥ دا، ئەمرۆ وەک ئاکامێکی درێژبووەوە لەمەودای درێژەکێشانی شەڕوهەرای سەربازی بۆ سووریا و ڕەنگە لەوە زیاتریش کاریگەری هەیە. لەهەلومەرجی ئێستادا مەسەلەکە ناواقیعیی دەبێت، هەر تەنیا بە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی ناوخۆی تورکیادا،بمانەوێ ڕووبەڕووی بەرفراوانبوونی شەڕوهەرای سەربازیی بینەوە و بۆ هەمیشە ڕاگرین. هەوڵێکی یەکجار گەورەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەرەکە، بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی پەنجەرەیەکی وا بۆ لێک تێگەیشتن،کە لە ئێستادا، بەتەواوی قەپات کراوە.

لەبری ئەوە هەروەها شەڕ دژی گرووپە کوردییەکان لە ناوچەکانی کشانەوە و دەرەوەی تورکیاش زاڵە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا. ئەم پێشڕەویکردنە نیشانی دەدات: هەروەها تورکیاش ئامادەیە لەم پێناوەدا نرخێکی گران بدات. ئەم نرخە لەناو ئەو چارەسەرەدایە کەوا بۆ ٦٠ ساڵ دەبێت هەیە و گرێدراوە بە رۆژئاواوە.
تورکیا ترس لە ئاکامەکانی جیۆپۆلەتیکی شەڕ لەگەڵ ئەمەریکادا نییە، یاخود بەلانی کەمەوە بە کەمی دەگرێ. لە بەرامبەر ئەو باڵادەستییە هەرێمییە کورد لە سنوورەکانیدا. هەمان کات ئەمەش بۆ ئەمەریکا وا بە دیار دەردەکەوێ لەبەردەم هەڵسەنگاندنی شەڕیکدایە لەگەڵ تورکیادا، کە شیاوی بەڕێوەبردنە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، یاخود دەبێت ڕۆڵی جیوستراتیژی تورکیا نادیدە بگرێت. دەشێ هەڵسەنگاندنی یەکەم بێتە هەڵە، دووەمیان ئاکامی کارەساتاوی بەر لەهەر لایەک، بۆ ئێمەی ئەوروپایی لێ بکەوێتەوە.

تورکیا وەک یەکێک لە ڕۆژئاوا،لە ناتۆ و لەدواجاردا لەسەر ئاڕاستەی ڕووەو ئەوروپا، وازی لێ بێنین بۆ ئەوروپا مانای سەرکێشییەکی نوێ و یەکجار ترسناکە. نەک هەر تەنها بە بادانەوەی بۆ لای رووسیادا هێزوتوانای پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ناتۆ بەتەواوی دەگۆڕێ، ئیمە لە دەرەوەی سنووری ئەوروپا هیچ هاوپەیمانی ترمان نابێت، بەڵکو نەیاری بەتوانا و هێزدار. بەڵام بەرەو پێشچوونی تریش شیاوی بیر لێکردنەوەیە: گەڕانەوەی بەهێزی تورکیا، لە ستراکچەری دەوڵەتێکی لایستییەوە بۆ توانا و هێزێکی ئامادەگی بزاڤی ئیسلامی.
جیا لەمانەش نموونەی خۆچەکدارکردنی ئەتۆمی وەک ئەوەی کۆریای باکوور، لە ئێستادا پێدەچێ وڵاتی وەک عەرەبی سعودی بیەوێ هاوشێوەی بکات. دەشێ زۆر بەخێرایی و ڕاستەوخۆ لەسەر سنوورەکانمان دووبارە بێتەوە. هەموو ئەمە واقیعەکە نییە،و پێویستیش ناکات وای لێ بێت. بەڵام بۆ ڕێگریکردن لەمە، پێویست بە ستراتیژێکی نوێ تەواوی ئەوروپایە، لەگەڵ تورکیا بەو دۆخەی ئێستاشەوە کە تێیدایەتی.
ئەوە ڕاستە ڕەخنە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کەماسی لەئازادی چاپەمەنیدا و پەلاماری سەربازی تورکیا لەعەفرین بگرین. لێ ئەوە بەتەنیا بەس نییە. ئەوە ئاسانە بەدەربڕینی ڕەخنە خۆت ئاسوودە بکەیت، بەئاشکرا ڕەخنە دەردەبڕین. لەبەرئەوەی پیاو لەتەک ڕووسیادا هێزی دووەمی خراپەکاری ناسیوە، کە پیاو دەتوانێ ڕۆژانە بەهاکانی خۆی بپارێزێ. دۆخی هەڕەشەکان، کەم نابنەوە.هەروەها ئەزموون لەگەڵ گەمارۆدان لەسەر روسیا،هیوادارین فێری کردبین کە ئەمەش ناتوانێ هیچ ڕێگاچارە بێت. هەڵبەتە تورکیاش بە دڵنیاییەوە، نایەڵێ لەم ڕێگایەوە بکەوێتە ژێر کاریگەرێتییەوە. بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان بەجێ بهێنین، هەوڵی زیاترمان گەرەکە.

هەروەها ئەم بەرژەوەندییەش فرەلایەنە: لە پێشی پێشەوە ئاگربەست دێ، ڕاگرتنی یاسای نێودەوڵەتی و یارمەتی بۆ خەڵکی سڤیل لە سووریا، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیا، لە ناوچە کوردییەکان. ئەمەش بەوە دەست پێ دەکات، کە ئیمە ڕاستگۆبین، نە زەبروزەنگ و بارودۆخی ژیان لە ڕۆژهەلاتی تورکیا بەشێوەیەک لە شێوەکان جێی قبوڵکردنە،نەخەمی تورکیا لەبەرامبەر پ ک ک و هاوگرێدراوەکانیدا ناهەقییە. هەر خودی کێشەی کورد وەرگرین ڕێزگرتن، لە داوای مافەمرۆییەکان بگرین و بۆ ئازادی و هەلومەرجێکی باشتری ژیان دەرکەوین، ئەمە نابێ مانای ئەوە بێ، وێنەیەکی فۆلکلۆری پ ک ک و دەستە و دائیرەکانییان نیشان بدەین. ئێ خۆ پ ک ک لەئەڵمانیاش قەدەغەیە، لەبەرئەوەی رێکخراوێکی کرمینالەو بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان، بازرگانی چەک و مرۆڤەوە و مرۆڤەوە دەبات بەڕێوە و بەزۆر پارە لەخەڵک دەسێنێ.
با خۆمان هەڵنەفریوێنین، تورکیا دەوڵەتێکی هەرێمی هەژمووندار، لەژێر دەسەڵاتی پەیەدە و پ ک ک دا قبوڵ ناکات و لە پێویستیشدا، بەڕەزامەندی ڕووس و ئێران و سووریا دژی دەوەستێتەوە. براوەکەش مۆسکۆ و دیمەشقە.

لەبەرئەوە پێویستە بەرژەوەندیەکانی خۆمان، بەر لەهەر شتێکەوە بێت، تورکیا لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە هەر بە خۆمانەوە” وابەستە بکەین” ـ هەروەها پیاو دەتوانی بڵێ “شوورەگرین ” بۆ ئەوەی نەکا بۆ هەمیشە بترنجێتە ڕۆڵێکی تایبەتەوە، ئاکامەکەی بۆ ئێمە سەرەرۆییەکی نادیار لەخۆبگرێ. لە ئێستادا ئێمەی ئەڵمان بەتایبەت دەبێ بزانین، چەند ترسناکە، ڕێگایەکی تایبەتی هێزی سەربازی بۆ هەموو ئەوانی تر. ئەم هەوڵە سەختە نائاسییە پێویستە بگرینە ئەستۆ، لەلایەک بێدەنگ نەبین لەڕەخنەگرتن، لەلایەکی دیکەوە، هەموو بژاردەکانی تر بۆ پێکەوە کارکردن بخەینە گەڕ. تورکیا پێویستە هەست بکات کەلای ئێمە شتێک دەباتەوە/ دەست دەکەوێت و بێ ئێمەش زۆرشت دەدۆڕێنێ.

هەر لە یەکێتی گومرگەوە تا هاوکاری پێکەوە کارکردن لە سیاسەتی پەنابەران دا، لە پشتیوانی ئابوورییەوە تا هاوکاریکردن لەبواری خوێندن و زانستیشدا. بەڵێ ئێمە دەبێت چالاکانە بەرەو لای تورک بڕۆین. نەک بۆئەوەی هەر دیالۆگی دەوڵەتی یاسای بخەینە بەردەست و پێشکەش بکەین، بەڵکو ئامادەش بین لە بیناکردنەوەی دادگای تورکیادا، دوای کاریگەرییەکانی هەوڵی کودەتاکەوە، بەشداری بکەین و کاریگەرییەکمان هەبێت.
ئەوە تەنها هەڵەیەکی سیاسەتی کۆنزەڤاتیڤکارەکان بوو، بەدیاریکراوی پێش ساڵانێک سەرمایەی دەوڵەتی یاسا، باس لەگفتوگۆکانی بوونە ئەندامی تورکیا لە یەکیتی ئەوروپادا/ EU نەیکردەوە. ئەمەش بێتە هۆی کۆتاییهاتنی کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، پەیوەندی بەو بژارانەوەی ئێمەوەیە، هەروەها دەستپێکێکی توندوتۆڵی هاوکاری و ناردنی چەک و تەقەمەنییە، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ـ ناتۆدا.

ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا، دوای پەلامارەکانی تورکیا بۆ باکووری سووریا، هیچ چەکێک بۆ تورکیا ڕەوانە ناکات، بڕیارێکی ڕاست بوو. تورکیا بیری لەوە کردەوە لەگەڵ رووسیادا ئەم کارە بکات، بەڵام پێویستە ئێمە بێ خەم نەبین، هەموو ئەمانە گەنگەشەی سیاسی ئێمە لە ئەڵمانیا دەخاتە ژێر سترێس و ناڕەحەتییەوە. هەموو نائاسوودەیەکە دژوار و ڕەنگە بەتاڵیش نەبێت لە بەرپەرچدانەوە و دژوەستانەوە. هەروەها دوودڵ بوونی مۆڕاڵی و پێوەریی، کە هەرکەسێ دەتوانی دژی قسە بکات. ئەوە نابێت وەڵام بدرێتەوە بەڵام بەرژەوەندییەکان ئەمە نییە، ئەوە رێگایەکە کە هیچ گەرەنتی سەرکەوتنی و سەرکێشی لەخۆنەگرتووە.
بەڵام تورکیایەکی ریزپەڕی ڕێگای تایبەت، تورکیا وەرچەرخاوە لە رۆژئاواوە، لە ئەوروپا و لە ناتۆ، بۆ ئێمە و هاوڵاتی تورک سەرەرۆییەکی زۆر گەورەیە.

—————————————-
سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل ژمارە ٢٣٤٢٢،رۆژی ٢٥/٣/٢٠١٨
وتارێکی تایبەتە تەنیا بۆ رۆژنامەی ناوبراو نووسراوە.
https://causa.tagesspiegel.de/politik/nach-afrin-welches-verhaeltnis-hat-der-westen-zur-tuerkei/afrin-ist-eine-botschaft-an-die-usa.html




هەر یەکەی بەلایەکدا… و. لە ئاڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی

نووسینی : Christian Böhme& Frank Herold
٣١/١/٢٠١٨
——————————-

ڕووسیا بۆ گفتوگۆ لەمەڕ ئایندەی سوریا داوەتی سازداوە.دوای تێکشکانی داعش، دەتوانێ دژە بەرژەوەندییە کۆنەکان سەرلەنوێ هەڵبدەنەوە

جارێکی دیکەش UN شکستی خوارد،کۆنفرانسی دوو ڕۆژەی سوریا لە کۆتایی هەفتەی ڕابوورد لە ڤییەنا،نەیتوانی هەنگاوێک لە چارەسەر نزیک بێتەوە.
لە ئێستادا سەرۆک پۆتین ڕۆژانی ٢٩ـ٣٠/١/٢٠١٨ باوەشی کردۆتەوە بۆ” کۆنگرەی گەلانی سوریا” لە سۆتچی Sotschi . لێرەوە بەشدارانی ناوەوە و دەرەوەی درامای سوریا، دەیانەوێ هێڵە سەرەکییەکانی نەخشەی قۆناغی دوای شەڕ بکێشن. هەروەها لەمەڕ ئەم گفتوگۆیەشەوە کەلێنێک هەیە: گەورەترین گرووپی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری تێدا ناکەن.

بۆ ڕووسیا،لەم کاتەدا هێز و لایەنە دەرەکی و بێگانەکان جێی باس و خواستە. پۆتین مانگی دێسەمبەر سەرکەوتنی بەسەر داعش دا ڕاگەیاند، لێ تێکشکانی سەربازی جیهادییەکان کۆتایی بە کێشەی ناوخۆی سووریا نەهێناوە، بەڵکو بارودۆخەکەی هێشتا ئاڵۆزتر کردووە. شەڕ لەگەڵ داعش دا، دوژمنێکی هاوبەش هەبوو، ئێستا هەموو لایەنەکانی شەڕ ـ هێزە دەرەکییەکان نا ـ سەرلەنوێ بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن، ئەو بەرژەوەندییانەی لەسەری ڕێکنەکەوتوون. لەمەشدا پێیان باشە پەنابەرن بۆ زەبروزەنگی سەربازی.
بەم شێوەیە ماوەیەکی کورت پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەزم و سەرکێشییەک بۆ پۆتین هەتا سیاسەتی ناوەوەی وڵاتەکەی دێت. لە دیدی مۆسکۆوە، هەرای سوریا ئالۆزتر بووە، ساڵ بە شێوەی شەڕێکی ناهاوشێوە، دەستی پێکرد. هێرشی هەڕەشاوی بۆ سەر بنکەی ڕووسەکان، تەقە لە هەلیکۆپتەر و سەربازەکانی. ئەم کارانە نیشانی دەدەن، کە پۆتین بێئومێدە لەو هەواڵەی ڕایگەیاند بوو،داخۆ شەڕ تەشەنە دەکات، یاخود ژمارەی پەلاماردان بۆ سەر هێزەکانی زیاد دەکەن. سەرۆکی ڕووسیا دەکەوێتە دۆخێکی تەنگەتاوی و ناچارییەوە.

ئەو ـ کە وەک تاکە هێز لە سوچییە ـ پێویستی بە سەرکەوتنێکی پێشوەختە بەلانی کەمەوە لەسەر کاغەز.
گۆڕانی سەرکێشییەکان، وای کردووە، بە ڕێکەوت نییە لەم ئانوساتەدا، گفتوگۆ لەسەر بە تایبەتی کردنی سوپا دەکەوێتە بەر باس . تەنیا لەمەڕ بوونییەوە بەشێکی زۆری ڕووس هیچ نازانێ سەربازە بەکرێگیراوەکانی ڕووسی، وەک یەکە ئەمەریکییە Blackwater شکستخواردووەکان وان، بەنێزیکی لە 2013 دا لە سوریا خراونەتەکارەوە، بەپێی هەواڵێکی ناڕاگەیەندراو 3000 سێ هەزار کەس دەبن.

وەزیری دەرەوە Sergej Lawrow، پێش ماوەیەکی کورت داوای کرد، بە یاساییکردنی سوپا ڕێگەی پێ بدرێ و بکرێتە فەرمی. ئەو بە ئاشکرا پێی وایە، ئەم سەربازانە لە هەرا چەکدارییەکاندا، یاخود شەڕی دیکەداا، بایەخێکی زۆر گەورە بە ئامادەگی و بەشداری رووسیا دەبەخشێت.
ئەم هێزە لەو بەشدارییەی سوریادا بایەخێکی بێ پایانی گەورەیان هەیە: ڕووسیا هێزێکی لەسەر زەمین هەیە، هەروەها بێگومان پیاو دەتوانێ لە کاتی پێویستدا خۆیانی لێ بەدوور بگرێ،ئەگەر بێت و شتێکی ناخۆش و نەخوازراو دروست بوو. سەرکێشییەکە دەبێت بە “پەنابردن بۆ سەرچاوەی دەرەکی”.

دیارەیەکی نوێ هەیە. تورکیا شاڵاوی سەر کوردان دەکات، تا بتوانێ قسە و ڕۆڵێکی لە ئایندەی سوریادا هەبێت. بێگومان ئەگەر پەلامارەکەی تورکیا ناویشی “هێرشی چڵەزەیتون” بێت،وا بەهیچ جۆرێ هەڵگری ئاشتی نییە.
تورکیا بە ڕەزامەندی ڕووسیا، نائومێدانە شەڕی کورد دەکات. لەمەش زیاتر Alexander Lawrentjew نێردراوی تایبەتی پۆتین بۆ سوریا، لە ڕووی کردارییەوە چرای سەوزی هەڵکرد، کاتێ ئەو لە پێشەوە ڕایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکیا کاریگەرێتییان لەسەر گفتوگۆکانی سۆتچی نابێت. رووسیا لە ناوچەکانی نزیکەشەڕ، بنکەی ڕاکێتی دژەفڕینی هەیەS400 وS300 دامەزراندووە، هیچ ڕاکێتێکی بە ڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا نەتەقاند، سەروەختێ سنووری سەروەرێتی سووریان بەزاند و هێزە پیادەکانیشی پێش دەسپێکردنی شەڕ کێشایەوە. کاتێ دەسەڵاتداری سوریا بەشار ئەسەد بە ئاشکرا تووڕە بوو، لە هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا و وەک پێشێلکردنی سەروەری سوریا مەحکومی کرد، شتێکی زۆر سەیروسەمەرە نەبوو.

لە لایەک ئەردۆغان بە پێی ئارەزووی خۆی هەرچی بوێت دەیکات،بۆئەوەی شەڕەکەی لە دژی کورد بەڕێوەبەڕێت. لە لایەکی دیکەوە سەرۆک یەکێکە لە دوژمنە باوەکوشتەکانی هاوڕێ دیمەشقییەکەی. کاتێ خۆی، کە خۆی بە ڕابەر و سەرکردەی سونییەکان دایە قەڵەم، ئەردۆغان وەک بنێشتەخۆشەی ژێر زمان، بەردەوام دووپاتی دەکردەوە ئەسەد بکوژە.
هێڕشەکانی تورکیا سوود و قازانجی هەم بۆ ڕوسسیا و هەمیش بۆ سوریا هەیە: کورد لاواز دەکات و لەوێشەوە کاریگەڕێتی ئەمەریکاUS لە ناوچەکەدا. بێگومان زۆر سەختە پێشوەخت ئیدی بزانرێ چی ڕوودەدات، دەبێت ئەسەد ـ بەپێی هەر کامە هەڵسەنگاندنێک بێت ـ لە ڕاستیدا بەدەنگ داواکەی کوردەوە بهاتایە و بکەوێتە ناو شەڕەوە. لە ئاکامدا ئێستا ئەندام و هاوپەیمانانی ناتۆ تورکیا و ئەمەریکا بەرامبەر بەیەک ڕاوەستاون. ئەمەریکا YPG یەپەگە دەنرخێنێ و پشتیوانیشی لێ دەکات، لەبەرئەوەی لەشەڕی دژی “داعش”دا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە، هەوروها ئەمانە دەبوو ببنە بڕبڕەی پشتی، پێکهێنانی هێزێکی 30,000 سی هەزار کەسی(هێزی پاراستنی سنوور).

دەسەڵاتداران لە ئەنقەرە و زۆر لە تورکەکان بە پێچەوانەوە دەڵێن: کورد هیچ نین جگە لە تیرۆریست، دەیانەوێ دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەمەریکا، لەسوریا تابێت دابڕاو و رێگەلێگیراو دەبێت و واشینتۆن بەدەنگ داخوازی تورکیاوە هاتوو و ڕایگەیاند، کە چەکی نوێ بۆ یەپەگە نانێرێ، ئایا بەڕاستی بەرژەوەندی ئەمەریکا لەسەردەمی Barak Obama دا وا تاکڕەهەند بوو، بە کەمی و لە مەودایەکی تەسک دا کاری سەربازی دەکرد. ئەمەریکا لەژێر لێوەوە ڕایگەیاند،کە چەند حەز بە کۆتایی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکەن. کارە راستەقینەکان ئاڕاستەی داعشن و ئیدارەی Trump ئەم ڕێبازەی وەرگرت و دریژەی پێدا. لەتەک ئەمەشدا هەروەها هاوپەیمانێتی مەبەستدار لەگەڵ چەکدارە کوردەکان دا هەیە . بەڵام بە هەموو حاڵێک ئێستا ئەمەریکا نەیارەکەی کەمە. وەزیری بەرگری ئەمەریکا James Mattis، لەم دواییانە هۆشیاداری دا، هێڕشەکانی تورکیا سەرنجمان لەسەر گرنگترینەکە لا دەبات: شەڕی دژ بە داعش. بەڵام بەلای ڕەخنەگرتن لە ئەنقەرە دا نەچوو.

لە ئێستا ئەمەریکا هیچ کاریکەرێتییەکی وای لە ناوچەکەدا نییە، لەبەر ئەوە سەرکێشییەکەیان زۆر کەمە. واشینتۆن دەتوانێ بەئارامی لە کۆنفرانسی سۆتچی بڕوانێ.
پیاو دەتوانێ لە ئێستادا بڵێ: بەشار لەم چرکە ساتەدا براوەیە. ڕاپەڕین لە دژی ئەو دەیتوانی بیڕوخێنێ، بە هەموو دڕندەییەکەوە و بە پێچەوانەی هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی. بەلانی کەمەوە لە ڕووی سەربازییەوە وا دیارە شەڕ بە قازانجی رژێم بشکێتەوە. یاخی بووەکان ـ ئیسلامییەکان بن یاخود ئەوانەی تری ماونەتەوە جەنگاوەرانی میانڕەوـ هیچیان بۆ نەماوەتەوە. دەسەڵاتدار جارێکی تر فاکتەرێکی دەسەڵاتە، ئەمە واتای ئەوەیە لە سۆتچی، لەگەڵ ئەسەد دا قسە دەکرێت نەک دەربارەی ئەو. پێش دوو ساڵ و نیو، تەنانەت خودی خۆی کە ئێستا 52 ساڵە، ئەم کارەی زۆر بە ئەستەم دادەنا. لە پاییزی 2015 دا، هەموو شتەکان وا دیاربوون، کە سەرۆکایەتییەکەی ڕاستەوخۆ لەبەردەم تەواوبووندایە. لە هەموو شوێنێ هێزەکانی سەر بە ڕژێم لە پاشەکشەدا بوون، هێزە شێڵگیرەکانی دژە ئەسەد، لە پێشرەویدا بوون.

هەتا پۆتین بە سوود و قازانجی هاوپەیمانەکەی هاتە ناوەوە. لەو دەمەوە سەرانی دیمەشق بۆیان لوا بەشێکی گەورەی وڵات بە هاوکاری بۆمبای بەرمیل، گازی ژەهراوی و گوللە بخاتەوە ژێر دەستی خۆی. بەڵێ تا ئێستا رژێم نەیتوانی هەمووی کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. دەبێت ئێستا خۆی بگۆڕێ. پێش گفتوگۆکانی سۆتچی ئەسەد دەیویست لە مەیداندا فاکت بقولقێنێ، ئاشکرای بکات ،کەوا رژێمێکی نیمچە سەقامگیری دوای شەڕ، دژی ویست و ئیرادەیەتی. ئەوانەی ئازاردەکێشن سورییەکانن. کەوا چەند هەفتەیەک دەبێ دەسەڵاتداری زەبروزەنگ ڕێگەی داوە، هەر دەڤەرێک بۆمباران بکرێ، لەو شوێنانەی باقی ڕاپەریوەکان پەنایان بۆ بردووە. بەر لە هەمووان لە پارێزگای ئیدلیب و ناوچەی رۆژهەڵاتی غوطە لای دیمەشق، شەڕ گەرمە.

لەوێ ملیۆنان خەڵکی بێ پاراستن دەژین. کێ توانای هەبێت، هەوڵ دەدات هەڵ بێت. زۆریان بۆ جاری یەکەم، دووەم، سێیەم یاخود چوارەم جار ماڵەکەیان لەدەست دەدەن. لە پێەوە ئەوانە بە گشتی بتوانن ژیانن قوتار بکەن. هەموو وا گومان دەکەن: ئەمە دوا شەڕ و پێکدادانە. هیچ کەس ناتوانێ لە ئایندەدا چیتر لە بەردەم ڕێگای ئەسەد و دڵسۆزەکانی ڕاوەستێ. بۆ ئەم شێوازە لە ئارامی گۆڕستان سوپاسی سوریا بەناو سەرۆکی دەوڵەت بەتەنیا مۆسکۆ نییە، زۆر بەتایبەتی ئێران هەر لەسەرەتاوە لە پاڵ ئەسەدە وەستا. یەکسەر پاش دەستپێکردنی هەراکە، تاران لە مەیدان دا بوو، بۆئەوەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێ. چەک، چەکدارە شیعیی وەک حیزبوڵڵا، یەکەی ئێرانی سوپای پاسداران و پارەیەکی زۆر ـ کۆماری ئیسلامی چەند خەرجییەکی کەوتە سەر، هەر لە پێناوی ئەوەی نەهێڵێ ئەسەد بڕووخێت و لە ڕووی سیاسییەوە خۆی تێهەڵکێش بکات. پارەی باج بە بڕی ملیاردەها ئامادە کرا، ئەوەی گەلی ئێرانی هەژاری بەتایبەتی توڕە کرد. لە دوا نائارامییەکان دا خەمگینییەکانی خۆیان دەربڕی. لێ دیسانیش ئەو کارەیان لە سوریا بۆ مەلاکان سوودی هەبوو. ئەوان دەتوانن بڕیاڕ بدەن چی لەو وڵاتەی شەڕدا ڕوو دەدات و ئاگاداری ئەوە بن کە کاریگەڕێتییان پارێزراوە.

پیاوە بەهێزە کۆن و نوێکەی دیمەشق بۆ ئەوان، وەک گەرەنتی وایە. کەوا سوریا وەک بەشێکی گرنگی ناوبراو بە هیلالی شیعە ـ زۆنێکی کاریگەری ئێرانی، کە خۆی بەسەر یەمەن،عێراق و لوبنان دا هەتا دەریای ناوەڕاست کێشاوە. پابەندبوونی دارایی و سەربازی دەبێ بدات. هەروەها بێگومان هێزە ناوچەییەکانی وەک ئیسرائیل و سعودی عەرەبی پێکەوە لەگەڵ ئەمەریکا، دەیانوێ رێبەندی بکەن، ئەوان زیادبوونی هەژموونی ئێران، بە هەڕەشە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن. بەر لەهەر شوێنێ یورشەلیم بە گومانێکی گەورەوە، چاودێری دەکات، چۆن ئێران لە سوریا جێگیر خۆی دادەمەزرێنێ و قایم دەکات.

سەرەک وەزیران Benjamin Netanjahu ، کە ساڵانێکە وەک دژە تاران ناسراوە، نایەوێ بەهیچ جۆرێ ئەوە قبوڵ بکات. لەبەر ئەوە چەندین دەرزەن جار پێگەکانی حیزبوڵڵای لە وڵاتی درواسێ(سوریا.و) بۆمباران کرد. هێزە چەکدارە خاوەن ئەزموونەکانی شیعە، وەک گەورەترین مەترسی سەربازی بۆ دەوڵەتی جولەکە دادەنرێن. هەموو جارێک ناتانیاهۆ لای پۆتین بە تکایەکی بە پەلەوە خۆی پێشکەش دەکات. ئەو حەز دەکات ئێران بگێڕێتەوە قاوغەکەی خۆی.

ئەم جیاوازییانە بەر لەهەرشتێ بە قازانجی رووسیایە، هەتا لایەنە جیاوازەکانی شەڕ یەکتر ببڕن و هەریەکەی بەلایەکدا بڕۆن، پۆتین گەمەکی سووک و ئاسانی هەیە، بۆ ئاڕاستەکردنی هەر شتێک بە دڵخوازی خۆی : تەنیا ئەوەی کەوا ڕوودەدات، ئەوەیە لەسەری رێک کەوتوون. مۆسکۆ ئارەزوومەندە شەڕەکەکەی سوریا لە ڕووی سەربازییەوە بڕیاریچارەسەری لەسەر بدرێ. ئایا ئەوە بۆ کرێلمن سەر دەگرێ، ئاشتی بۆ ئەو وڵاتە زوڵم لێکراوە بهێنرێ، ئەوە زیاتر جێ پرسیار و گومانە.
بەهەرهاڵ ستراتیژێکی چەسپاو و توانای ژیانی هەبێت،هەتا ئێستا بە دڵنیاییەوە نابینرێت.

^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^
سەرنج،ئەم وتارە لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی سۆتچی دا لە ٢٩/١/٢٠١٨، دا نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە. بەلامەوە بابەتێکی بەپێز بوو، لێ دەمودەست دەرفەتی وەرگێڕانیم بۆ ساز نەبوو.بۆیەکا دەبێت لە یەکەم چرکەساتەکانی پێش گۆنگرەی ناوبراوەوە تەماشای ناوەڕۆکی ئەم بابەتە بکرێ.دوائەوە پێشهات و ئاکامەکانی کۆنگرە بە کوێ گەیشت،ئەوە باسێکی ترە.
سەرچاوە دێر تاگە شپیگل رۆژی ٢٩/١/٢٠١٨




ئەڵمانیا و چەکفرۆشتن بە تورکیا … هەڵۆ بەرزنجەیی

کوێرەوەری پرسی کورد هەر لەوەدا نییە بە تەنیا شەڕی بوونی بەرامبەر بە چوار دەوڵەتی داگیرکەر دەکات، بەڵکو ئازار و سوێکەی لەو شوێنەدا زیاتر قووڵ دەبێتەوە،کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی،دوای ئەو هەموو تراژیدیایەی بەسەر کورد دا هاتووە،هێشتا لە چاوی بەرژەوەندی ڕووتەوە لەم کێشەیە دەڕوانێ و ئامادە نییە بە دروشم و پرنسیپەکانی مافی چارەنووس و مافی مرۆڤ و ویستە دیموکراسی و پێشکەوتنەکانی سەردەمی گلۆبالیزم ـ کە خۆی بانگاشەی بۆ دەکات ـ کار لەتەک کورد دا بکات و لەمپەڕیک بۆ ئەو سیاسەتە دڕندانەی دەرهەق بە کورد لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە پێڕەو دەکرێ، دروست بکەن و ئەو دروشمانەی بانگاشەی بۆ دەکەن، بۆ میللەتانی بندەستیش بەکاری بەرن. هاوکات بیسەلمێنن کەوا ڕێز لەو هەموو قوربانی و ئازارەی کورد دەگرن،کەوا بۆ ساڵانێکە لە بری جیهان دەجەنگێ لەدژی دڕندەترین و تاریکترین هێزی سەدەی بیست و یەک. کورد جەنگێک دەکات بە پێشمەرگە و شەڕڤان،کە کوڕ و کچی ڕۆڵەی کوردن ، داستان تۆمار دەکەن و گەورەترین سەروەری مێژووی سەدەی بیستەم دەنووسنەوە. ئەوە کچانی کوردن، هێزی (داعش)ی دڕندەیان هەڵبڕیوە. ئەوە کوڕانی کوردن ئەفسانەی داعشیان تێک شکاندووە. داعش ئەو هێزەی خەونی بەشێکی جیهانی زڕاندبووە / زڕاندووە.

دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی دوێنێ و دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمڕۆ، لە ئاست تراژیدیای کورد دا، نابینا و گوێ ئاخنراو و زمان لاڵ و بڕاون. هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵوێستە شەرم هێنەرەش ڕایەڵی توندوتۆڵی دەوڵە داگیرکەکانی کوردستانە وەک بازاڕی ساخکردنەوەی کەرەسەی بەم دەوڵەتانە. هاوت ئەوەیە کوردستان دەوڵەت نییە. ئێمە لەم ڕیال پۆلەتیکە دەگەین.
هەڵوێستی ئینگلیز بە پلەی سەرەکی و فەرەنسا پاش ئەو دیار و زانراوە. رووسیا و ئەمەریکاش دەستی ڕەشیان لە چارەنووسی کورد گێڕاوە. ئەڵمانیاش سەدەیەک زیاترە ڕۆڵێکی نەڕێنی دەگێڕێ و لە زۆر قۆناخیشدا،بەداخەوە دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد لە بوون و هەبونیدا وەستاوەتەوە.

باس لەوە ناکەین چۆن ژەنەڕاڵ و سوڵتانەکانی عوسمانی و کەمالیزم لەسەردەستی ژەنەڕاڵەکانی ئەڵمانیادا مەشقیان پێکراوە. ئاماژەش بۆ ئەوە ناکەین کە چۆن چەکی کیمیاویان بە سەددام فرۆشت و قوربانییەکانی هەڵەبجەی لێکەوتەوە. بەڵکو دەمانەوێ تیشکێ بخەینە سەر پەیوەندی ئەڵمانیا بە داگیرکەری تورکەوە، هەتا ئەمڕۆ ڕەهەندێکی نامرۆیی و هاوزەمان گاڵتەجاڕیشی وەرگرتووە. وەک ئەوەی دەبینین ئەڵمانیا بە هەموو تەکنەلۆژیای نوێوە، پاڵپشتی لە تورکیا دەکات و لەگەڵ سەددامیش دا هەیبوو،ئێستاش لەژێر پەردەوە لەگەڵ ئێران برەوی پێدەدات.

لەسەر داخوازی تورکیا ساڵانێکە حکومەتی ئەڵمانیا ڕاوەدونانی ئەندام و لایەنگرانی پ ک ک دەکەن، ئەو پارتە قەدەغە کرا. کە منداڵێکی کورد لە ئەڵمانیا لەدایک دەبوو، کەسوکاری دەیان ویست ناوی کوردی لێ بنێن، دامودەزگاکانی ئەڵمانیا ئەو دایکوباوکەیان ناچار دەکرد، بچن لە سەفارەت و کونسۆلی تورکی پاڵپشتی بهێنن.دیارە لەم بارەدا تورکیا هیچ بەڵگەیەک نادات،لەمەڕ ناوی کوردییەوە.بەم جۆرە ئەو خێزانانە ناچار دەبن،ناوی دیکە هەڵبژێرن… ئەمانە و هەزاران نموونەی دیکە لەسەر پەیوەندی قوڵی ئەڵمانیا و تورکیا هەیە. لەڕاستیشدا تورک لە ئەڵمان دەخوا و باشیشی دادەدۆشێ.

بۆیەکا هەر رۆژێ کوردستان بێتە دەوڵەت و کورد دەسەڵات پەیدا بکات، پێویستی لە دادگای نێودەوڵەتی گازندە لەسەر هەموو ئەو وڵات و کارخانانە بە فەرمی بکات. ئاخر کورد قوربانییەکی گەورەی سیاسەتی نامرۆڤانە و بێ مۆڕاڵی نێودەوڵەتییە.
ئەگەرچی لەحاڵی حازردا پەیوەندی ئەڵمانیا و تورکیا،بەهۆی سیاسەتی ئەردۆغانەوە کە هێرشی زۆر دەکاتە سەر ئەڵمان و گەیاندوویەتیە سەر سووکایەتی و هیچ هەژمارێکیان وەک دۆست و هاوپەیمان بۆ ناکات و تەنانەت پێی وتن نازی، کە تا ئێستا بەس بەرپرسانی جوولەکە توانیویانە لەسەر ئاستی بەرز ئەو وشەیە بە ئاشکرا بە ئەڵمان بڵێن،لێ ئەردۆغانیش بێ سڵەمینەوە پێی وتنەوە،بەڵام حکومەتەکەی مێرکل هەر دەیەوێ تاڵە موووی معاویە لەگەڵ تورکیادا نەپسێنێ. ئەمەش بە بیانووی ڕێکەوتننامەی کۆچبەرانەوە، کە لەگەڵ تورکیا مۆریان کردووە. حکومەتی ئەڵمانیا لەژێر گوشاردایە و وەزیری دەرەوە دەیەوێ هەندێ مەرج بخەنە سەر تورکیا بە ناڕوونی دەیەوێ بڵێ:” ئێمە مادام تورکیا لەشەڕدایە، چەک و تەقەمەنی بۆ نانێرین”. لە وەڵامدا رۆژنامەیەکی سەباحی تورکی بەتەوسەوە دەنووسێ: ” باشە لەمو پاش لە گرێبەستەکاندا بۆمان بنووسن، چۆن و لە کوێ؟ بەکاریان بهێنین . لەمەو دوا چەکەکان تەنیا لە کودەتاکان دا بەکار دەهێنین” .
لە ڕاستیدا کێشەکە لەوەدایە، تورکیا ڕووە و ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی و رووسیا وەرچەرخاوە و باوەڕی وایە شەمەندەفەرەکەی هەرگیز ناگاتە برۆکسل، و هەرگیز وەری ناگرن ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.
ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین، ئاگاداری ئەو پرسیارەی خەڵکی ئەڵمانن، کە زۆربەی جاران دەکەین: ئێوە بۆچی ناتوانن پێکەوە هەڵکەن یاخود پێکەوە بژین؟!.
جگەلەوەی ئەو سنوورە دەستکردانەی ڕۆژئاوا کێشاوێتی لە دروستکردنی دەوڵەتە دەستکردەکان دا، بۆتە دیواری بەندیخانەی نەتەوە و گروپە ئێتنیکی و ئایینیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،هاوکات ئەوروپا ئەو بەهەشتەی کە بۆ خۆی سازی داوە، لەسەر خوێن و جەستەی ئاسیا ـ رۆژهەڵاتی ناوین وـ و ئەفریکایە. ئەوە ئەوانن ئەندازیاری ناوچەکە، دەستەوتاقمی گوێڕایەڵی خۆیانیان هێناوەتە سەر حوکم و بە هەموو توانایەکی لۆگیستییەوە پاڵپشتی لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن، تا کارەکانی خۆیانیانی پێ مەیسەر بکەن. بۆیە دەبینین لەم میانەدا چاوپۆشی لە هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی و شارستانێتی دەکەن،و درۆی ڕووت و بێ پەردە دەفرۆشن بە خەڵکی خۆیان و جیهان.

پرسێکی حاشا هەڵنەگرە، ساڵانێکە بە چەک و تەقەمەنی ئەڵمانیا، تورکیا کوردستان کاول دەکات و وێنە تانکەکانی ئەڵمانی لە شەڕدا دژ بە کوردی بەشەکانی تریش بەکار دێت، چۆتە دەرەوەی سنووری دەوڵەتانی ناتۆشەوە، کەچی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانی دەڵێ: ئێمە بەڵگەی تەواومان نییە،ئەو تانکانە لە شەڕدا بەکار هێنرابن. گاڵتەجاری بگاتە ئەو ئاستە،ئیدی هیچ بەهایەک لە دروشم و بانگاشەکاندا نامێنێ. ئەوەتا دەبینین خۆشبەختانە کۆمەڵی ڕۆژنامەنووس و کەسانی هونەرمەند و پێشکەرشکار و سیاسی، بەرگەی ئەو درۆدەلەسە و دیماگۆگییە ناگرن و بێ گوێدانە سیاسەتەکەی حکومەتی مێرکل، هەندێ وتار و بەرنامەی تیڤی لەسەر ڕووداوەکان دەکەن و بە بەڵگەوە باس لە سیاسەتی دووڕوویی ئەڵمانیا دەکەن و وێنەی تانکەکان لە مەیدانی شەڕ دا نیشان دەدەن. کەچی لەتەک ئەوەشدا بێ سەرمانە دەیانەوێ خۆیان لەو تەنگەتاوییە،ڕزگار بکەن،بۆیەکا حکومەت بە فەرمی هەر دەیەوێ نکۆڵی لێ بکات.

لەلایەکی دیکەوە،ئەڵمان کە دەڵێن ئێمە چەک نانێرین بۆ تورکیا و بۆ ناوچەی قەیراناوی، مەبەستیان ئەوەیە تۆڵەی خۆیان لە ئەردۆغان بکەنەوە. دەنا گەر ئەوان مرۆڤدۆستن و داوای ئاشتی دەکەن، بۆ هەر لە بنەڕەتدا چەک دروست دەکەن؟ ئەی بۆ نازانن چەک بۆ شەڕ و مرۆڤ کوشتنە.! دیارە هەمان پێوەر بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا ڕاستە.
لەوەڵامی ئەم پرسیارە کە گەڵێ جار بەندە لێی کردوون، دەڵێن: ئێمەش دروستی نەکەین و نەینێرین وا وڵاتێکی تر ئەم کارە دەکات. دیارە بۆ سەردەمی سەددامیش هەر هەمان شتیان دەگوت و دەشهاتن بە بە سەدان هەزار خەڵکیان دەهێنایە سەر شەقام بەناوی ” نا خوێن بۆ نەوت”. منیش دەڵێم ئەی ناتوانن ئێوە دەست پێشکەر بن و ببنە سەرتۆپ بۆ وڵاتانی تریش . دیارە هەردەبێت سەرەتا یەکەم هەنگاو لە وڵاتێکەوە دەست پێ بکات. بەڵام لەڕاستیدا ئەم وەرامەیان بۆ خۆدزینەوەیە لە ڕاستییەکان.Volker Perthes ،سەرۆکی “ناوەندی زانست و سیاسەت” و گەورە ڕاوێژکاری حکومەتی ئەڵمانی و ئەندامی ستاڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ـ لەتەک دیمیستۆڕا ـ بۆ کێشەی سوریا. لە چاوپێکەوتنێکی دا لە رۆژنامەی تاگە شپیگلی ٢٨/١/٢٠١٨، دەڵێ : ” هەناردەی ئەڵمانی بازاڕێکی باشە، شوێنی کار مسۆگەر دەکات و توێژینەوە و پێشکەوتن بەها پەیدا دەکەن ،گەر ئەو پارچە گەورانە بەرهەم بهێنرێ”. دواتر سەبارەت بەو پاسیڤیستانەی دەڵێ ئەم چەک بەرهەمهێنانە ئاگری شەڕ خۆشتر دەکات دەڵێ: “بۆ من لەم گفتوگۆیەدا توخمێکی گەوهەری دیار نییە: بەرژەوەندی ستراتیژی”.
کەواتە ئەوان بەم مامەڵە و بازرگانییە، کە ساڵانە گەشەی ئابووریان بە ملیارد یۆرۆ زیاد دەکات، بازاڕیان گەرمتر دەکەن و گەشە بە تەکنەلۆژیای خۆیان دەدەن ، هەر دەبێت بەردەوام بن. ئیدی با نەتەوەی بێ دیفاع و تەنیاباڵی وەک کورد هەر هاوار و داد بکات.
شاراوە نییە، گەر بهاتایە ئەم دەوڵەتانە هاوکار و پشتیوانی دەسەڵاتە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان نەکردایە،لەمێژ بوو کورد و گەلانی دیکە بە ئامانجی خۆیان گەیشتبوون. بۆیەکا بەرپرسیارێتی مێژوویی و مۆڕاڵی دەکەوێتە سەر شانی ئەمانیش.
ئەم کورتە پێشەکییە بۆ دەوڵەمەندترکردنی ئەم وتارەیە کە پوختەکەم لە ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی،لەمەڕ ئابڕووچوونی چەکفرۆشتنی ئەڵمانیا ،کە ناونراوە”ئەڵمانیا مەرگ هەناردە دەکات”.
————————–

لەژێر ئاگرباران دا
نووسینی کلاودیا ڤۆن زالزەن Claudia von Zalzen

و. هەڵۆ بەرزنجەیی

تا ئێستا لە مێژووی حکومەتی ئەڵمانیدا هێندە چەک نەفرۆشراوە،وەک ئەوەی لەسەردەمی هاوپەیمانێتی گەورە(CDU&SPD)لە چوار ساڵی ڕابووردوودا ئەنجام دراوە.
وەزیری ئابووری جارانی ئەڵمانیا Sigmar Gabriel-SPD، هاتۆتە قسە و دەڵێ : دەبێت چەک ڕەوانەکردن کەم بکەینەوە.بۆ ئەم وەزیرەی دەرەوەی ئێستا،کێشەیەکی دیکە لە چەک فرۆشتن سەری هەڵداوە. تورکیا ئەو تانکانەی لە ئەڵمانیای کڕیووە،بە ئاشکرا بەکاریان دێ لە پەلاماردان بۆ سەر کورد لە باکووری سوریا. لەدوا دیدیداری وەزیری ناوبراو لەگەڵ م. چاوشئگلو بە ئەرێنی باسی ئەمەی کرد و وتی: پێویستە تانکەکان لە تورکیا مۆدێرنە بکرێنەوە.

+ چی لەمەڕ ناردنی چەکەوە لە ساڵانی ڕابووردوودا زانراوە

ڕاپۆرتی چەکفرۆشتنی ساڵی ٢٠١٧ ی حکومەتی ئەڵمانی هێشتا بەتەواوی گەڵاڵە نەبووە و لەبەردەستدا نییە.،لێ لە وەڵامێکدا لەسەر داوای پەرلەمنتاری چەپ Stefan Liebischوەزارەتی ئابووری چەند زانیاریەکی دەدا و دەڵێ : لە ساڵی ڕابووردوودا هاوپەیمانێتی گەورە بایی 6,2 ملیارد چەکی فرۆشتووە. بەشێکی زۆری ئەو چەک و کەرەسە سەربازییانە بە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاEU و ناتۆ فرۆشراون. لەبەر ئەمە (لەم کاتەدا جگە لە تورکیا) بێ کێشە کارەکە پێشوازی لێ کراوە،لەلایەن دەوڵەتانی سێیەمەوە کە پێیان فرۆشراوە. بۆ ئەم وڵاتانە چەک بایی 3,8 ملیارد یۆرۆ ڕەوانە کراوە و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ 120 ملیۆن یۆرۆ زیاترە.لە نێوان ساڵانی 2014-2017 دا حکومەتی ئەڵمانیا ڕێگەی بە فرۆشتنی چەک بە بڕی 24,9 یۆرۆ داوە. بەمەش توانیویەتی زیاتر لە کولیسیۆنی ڕەش و زەرد،واتە CDU&FDP بکەن کە ئەوان بایی 20,7 ملیاردیان فرۆشتووە. لێرەدا ناردنی چەکەکان زیاتر بۆ وڵاتانی سێیەم بووە.

لە کاتێکدا لە نێوان 2010-2013 دا فرۆشتنی چەک و پێداویستی تری سەربازی بە بڕی 9,9 ملیارد یۆرۆ بە دەوڵاتانی سێیەم ڕێگەی پێدراوە. لەم بڕەدا لە چوار ساڵی ڕابووردوودا ڕێژەکە بۆ %46 بەرز بۆتەوە. هاوپەیمانێتی CDU&SPD بە بڕی 14,5 ملیارد یان داوە بە وڵاتانی سێیەم.

+ ئەو دەوڵەتە گرنگانە کامانەن بۆ ناردنی چەکی ئەڵمانی؟

وڵاتە گرنگەکان لەسەروو هەموویانەوە،جەزائیر بایی 1,4 یۆرۆ و میسر 780 ملیۆن یۆرۆ و عەرەبی سعودی ـ ئەگەرچی لەگەڵ دەوڵەتی یەمەنی دراوسێیدا لەشەڕدایە ـ و ئیماراتی عەرەبی و کۆریای باشوور لەو 10 وڵاتە گرنگەی لیستەی ئەڵمانیادا بۆ چەک فرۆشتن.

+ ژمارەکان چۆن لەلایەن حکومەت و بەڕیوەبەری گشتییەوە دەنرخێندرێن؟

ئێمە لە 6,8 ملیارد یۆرۆوە کەممان کردۆتەوە بۆ 6,2 ملیارد یۆرۆ،ئەمە قسەی وتەبێژێکی وەزارەتی ئابوورییە. ئۆپۆزیسین بە توندی ڕەخنە لەم کارانەی حکومەت دەگرێ و ثییان وایە پارت دەسەڵاتدار بەتەوەی پەکی کەوتووە. Dietmar Bartsch فراکسیۆنی چەپ دەڵێت. بانێت چەک بە میسر و و سعودییە و ئیمارات بفرۆشرێت. چەک ناردن بۆ ئەم موشتەرییە گرنگانەی ئەڵمانیا ڕابگیرێت. ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن لە 2015 دا ناردنی چەک کەمی کردۆتەوە،لێ لەبەر ئەوەی ساڵی ریکۆرد شکاندن نییە وەک 2017
بە کورتی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ هەر وڵاتێ شەڕ بکات ،نابێت چەکی پێ بفرۆشرێ و بۆ ڕەوانە بکرێ.لێرەشدا مەبەست میسروسعودییە و ئیماراتە.

+ ئەنقەرە بە ئاشکرا تانکی ئەڵمانی لەدژی کورد بەکاردێنێ،چی لەمەڕ ئەمە زانراوە؟

سەرەک کۆماری تورکیا ر.ت. ئەردۆغان بێ گوێدانە ڕای گشتی نێودەوڵەتی دەیەوێ هێرشەکان بۆسەر چکدارانی کورد YPGدرێژە پێبدات.” سەرەتا دەیانەوێ تیرۆریستان بنەبڕ بکەن و پاشان ژیان بۆ ئەو دەڤەرە بگێڕنەوە”.ئەمە ڕاگەیاندنی رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ ئەردۆغانە.

حکومەتی ئەڵمانی ئەو داگیرکارییە بە نیگەرانیەوە سەرنج دەدات . قسەکەرەکەیان وتی: داوا لە هەموو لایەک دەکەین تەقە بوەستێنن و ڕێگە بۆ ناردنی کۆمەکی مرۆیی بهێڵنەوە.
بۆ هێرشە زەمینییەکانی تورک تانکی جۆری لیوپاردیLeopard2A4 بەکار دێنێ. ئەڵمانیا لە نێوان 2006-2011 دا 350 دانەی لەم جۆرە تانکە ڕەوانەی تورکیا کردووە و هیچ مەرجێکیشی لەسەر تورکیا دانەناوە.

ئەگەرچی لە ساڵی ڕابووردوو دا لە گرێبەستەکاندا ئەڵمانیا داوای کرد دەبێت تەنیا بە پێی بڕگەی 5 ڕێکەوتنامەکەی ناتۆ ئەو چەکانە بەکار بێت،واتە بۆ داکۆکی لە خۆیان و هاوپەیمانێتییەکەیان. رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ سەفیری ئەڵمانیا لە تورکیا Martin Erdmann وتی لەگەڵ وەرزارەتی بەرگری تورکیا لەمەڕ هێرشەکانی تورکیاوە قسەمان کردووە.

+ پەلاماری تورکیا بۆ سەر کورد چ مانایەکی هەیە بۆ چەک ڕەوانەکردن بۆ تورکیا؟

ئەگەرچی تورکیا سەر بە ناتۆیە،بەس لە ساڵانی ڕابووردوودا چەندین جار حکومەتی ئەڵمانی ڕازی نەبوو چەک و تەقەمەنی بفرۆشی بە تورکیا. بەهای سەرجەم چەکی فرۆشراو بە تورکیا 83,9 ملیۆن یۆرۆ بووە و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بۆ 34,2 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە. هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر کورد چ ئاکامێکی دەبێت چانسێکی نوێ بات بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا،حکومەتی ئەڵمانی لەم ڕووەوە نایەوێ هیچ بڵێت.

تورکیا دەیەوێ لیۆپاردی دوو مۆدێرنە بکاتەوە،واتە گەشەی زیاتری پێ بدات و داوا لە ئەڵمانیا دەکات ئەم کارەی بۆ بکات، بۆ ئەوەی بە هێز و توانایەکی گەورەوە شەڕی پێ بکات.گابریل لە دیدارەکەیدا لەگەڵ چاوشئۆگلو ڕایگەیان لە کاتێکی نزیکدا پشکنین لەلایەن حکومەتی ئەڵمانییەوە دەکەین. هەر چەپ و سەوزەکان بەتەنیا داوای وەستانی چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا ناکەن. پەرلەمانتاری کرریست دیموکراتەکان Norbert Röttgen دەڵی بەتەواوی دوورە تانکەکانی تورکیا تازە بکەینەوە و پێشکەوتووتریان بکەین. هەروەها پسپۆڕی سۆسیال دیموکراتەکانیش Rolf Mützenich دژی ئەو پرۆژەیە وەستایەوە.

٢٨/١/٢٠١٨

……………………
سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨




هەڵسانەوەی ناسیۆنالیزم: شانۆگەریی سەروەرێتی بەسە تەواو

نووسینی: د. ئانا زاوەربرەی
لە ئەڵمانیەوە/ هەڵۆ بەرزنجەیی

———————————————-
بزاڤی سەربەخۆیی لە کاتالۆنیا نیشانی دا، دەوڵەتی نەتەوەیی لە قەیراندایە ؟ هەروەها پۆست ناسیۆنالیزمیش.

پێنج شەممەی داهاتوو(واتە ٢٠/١٢/٢٠١٧…چونکە ئەم وتارە پێشتر نووسراوە.و) کاتالۆنییەکان پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنەکەش وەک ریفەراندۆمێکی ناڕاستەوخۆی سەربەخۆیی کاتالۆنیا تەماشا دەکرێ.
ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن کە کێبەرکێ زۆر نزیک لە نێوان لایەنگران و دژەکان دایە. ڕەگوڕیشەی کێشەی نێوان هەرێمی کاتالۆنیا و دەوڵەتی سپانیا دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی مێژوو. هەڵبەت بزاڤی نەتەوەیی کاتالۆنیایش لەبەردەم دوودڵییەکی بێهاوتای بارودۆخی جیهانیدایە: ئەو بەشێکە لە ناسیۆنالیزمی بەهێز لە پێناسەی تەسکی مێژوویی ـ کولتووریی بۆ کۆمەڵگایەک لە مرۆڤ،کە وا چاوەڕوان دەکرێ، دەبێت دەوڵەتی داواکراوی خۆیان دروست بکەن. هەروەها ئەو بەشێکە لە قەیرانی دەوڵەتی نەتەوەیی، کە ڕەوایەتی و تواناکانی لێ دەسێنێتەوە، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کاتالۆنی بکات.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لابراوی هەرێمی کاتالۆنیا، کالۆس پیگیمۆنتCales Puigdemont دژی یەکێتی ئەوروپاEU وەستایەوە و وەک ” یانەی پووکاوەی مۆدێل بەسەرچوو نیشانی دا، کە لەلایەن کەمینەیەکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ”.
لە کاتالۆنیا پرسیاری بچووک لە خۆیان دەکەن، کە ئێستا لە زۆر شوێنی دنیا بایەخ و گرنگی هەیە: باشترین فۆڕمی رێکخستنی/ ئۆرگانیزەکردن کامەیە و ـ گەورە بۆ پێکەوە ژیانی سیاسی و مامەڵەی سیاسی هاوبەش؟ چەند گەورە، دیسان بەر لەهەر شت چەندە کراوە بێت،سیاسەت/Polis؟ ئایا زاڵبوون بەسەر خەونی دەوڵەتی نەتەوەیی دا دەست لە خەیاڵ پڵاوی هەڵگرتنە ؟!

ئێمە لە گەڕانەوەی ناسیۆنالیزم دا دەژین ـ یاخود داڕووخان بۆ یەکەی هێشتا بچووکتر؟ و ئایا پیاو چۆن دەتوانێ ڕایبگرێ؟
پاش کۆتایی جەنگی سارد،لە ساڵی 90 کان و دەستپێکی 2000 دا، کۆسمۆپۆلتیکە لیبەڕاڵەکان پێیان وابوو،دەکرێ و دەتوانرێ زاڵ بین، بەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی دا. جیهانگەرایی ئابووری، کێشە هاوبەشەکانی مرۆڤ، وەک کەمبوونەوەی کەرەسە و گۆڕانی کەشوهەوا، بەڕێوەبەرانی ئینتەرنێت و لێشاوی دارایی جیهانی، داخوازی ئەندازەیەکی زیاتری هەرەوەرزی جیهانی دەکەن، لە کاتێکدا تێزەکان دەڵێن،لە ڕێگەی جیهانگەرایی کولتوورییەوە،یەکێتی نەتەوەیی و جیاوازییە کولتوورییەکان کەم دەبنەوە.
Saskia Sassen،لە کتێبەکەیدا کە Territory,Authority,Rights کە2006 دەرچووە،بە نێزیکەیی دەوڵەتی نەتەوەیی وەک دیاردەیەکی دەرکەوتووی کاتی مێژووی جیهانە.
دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک دەوڵەتی کۆلۆنیالی خاوەن بەرژەوەندی ئابووری بەهێز، جیهانگەرایی پاڵیپێوەناـ تا لە دوا قۆناخدا، بەسەریدا زاڵ بێت، بۆ هەڵهاتن لە سیستەمی نێونەتەوەیی پێکەوە کارکردن وەک سیستەمی Bretton-Woods System، (سیستەمی دراوی جیهانی دوای جەنگی جیهانی دووەم بڕیاری لەسەر درا و دۆلار بووە دراولەنگەر..و) بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دراو یاخود رێکخراوی بازرگانی جیهانی.

Sassen و هی دیکەش دژ بە هەست دەنووسن، کە دەوڵەتی نەتەوەیی باشترین و تاکە شیاوی بیرلێکردنەوەی، فۆڕمی رێکخراوەییە بۆ کۆمەڵگایەکی سیاسی. ناوبراو دەنووسێ”شتێکی سروشتی نەبوو،سووک یاخود پێشوەخت بڕیار لەسەردان لە دەوڵەتی نەتەوەیی”.
پۆست ناسیۆنالە خەیاڵییەکان خەونیان دەبینی و خەون دەبینن،بە زەقی دەریبڕم، بە سنوورە ئاوییەکان/ شلەکانەوە. بەو کۆمەڵگاکانەوە، کە جیابوونەوە لەوانەی کە خوێنی باب و باپیرانیان،لەسەرخاک ڕژاندوە بە کۆمەڵگای مەجازی نەتەوەییەوە،بە جیهانێکەوە،کە بیرکردنەوەی کۆسمۆپۆلەتی بەرپرسیارێتی هەموو بۆ هەموو لە ئامێز بگرێ. بە پێچەوانەی ئەمەوە، ئەمڕۆ ناسیونالیزمێکی نوێ قووت بۆتەوە. لە هەنگاریا،پۆلۆنیا، ئۆتریش/ نەمسا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بۆ دواجاریی جارەکانیش لە ئەمەریکا. لە جیهاندا سیاسییە نەتەوەییەکان دەیانەوێ تا ئەو شوێنە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا پێکەوە کار بکەن، کە بەس بێت بۆ بەرژەوەندی سەرەکی خۆیان، یاخود بەشی خۆیان بکات.

ڕاوێژکاری ئاسایشی دۆناڵد ترامپD.Trump،,Herbert McMaster& Gary Cohn کە لە ئەنجوومەنی ئابووریدان، پێش نیو ساڵ لە Wall Street Journal دا،بەم شێوەیە داڕشتووە” ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە کە بەرژەوەندییەکانمان دابەش دەکەن، نابنە دۆستی متمانەپێکراو،وەک ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان دەیبینێ. ئەوانەی ڕووبەڕووی ئێمە دەوەستنەوە،ئێمە زۆر یەکلاکەرەوانە بەرەنگاریان دەبینەوە”.
بۆ ئەوەی جاڕی گووژم و تەکانی گەڕانەوەیەک بدەین، جارێ زووە. نە ناسیونالیزم بردوویەتییەوە و نە بیرۆکەی پۆست ناسیۆنالیزم دۆڕاوە. گەشبینەکان بەردەوام ڕابەرایەتی دەکەن، کە ترامپ دەخوازێ ڕێکەوتننامەی پاریسی هەڵوەشانێتەوە، زۆر ولایەتی ئەمەریکایی هەر وابەستەن پێوەی و دەیانەوێ کاری پێ دەکەن. ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کەوا یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا بەرگریکردن لە پێکەوە کارکردن چڕ دەکاتەوە و ئینجا پاش ڕەتکردنەوەی ترامپ بۆ ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی سەرووکیشوەرەکان، باقی وڵاتانی تر دەستی پێوە دەگرن. وە سیاسەتمەداری وەک سەرەک وەزیرانی کەنەدی Justin Trudean ، کە وڵاتەکەی وەک یەکەمین(پۆست ناسیۆنالی دەوڵەتی جیهان) دادەنێ، هەڵبژاردنەکان بباتەوە.

لەم ڕوانگە کۆسمۆپۆلەتیکییەوە، ناسیونالیزم نەخۆشییەکە، کە پیاو باوەڕی وایە بەسەریدا زاڵ دەبێ، لێ هەنووکە بەڵام هەتا ئێستاش بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە دووچاری مۆدێرنە بووە.
بزاڤی ناسیۆنالیستی لە لایەن لیبەڕاڵەکانەوە وەک Pathologie/ زانستی نەخۆشی، تەماشا دەکرێ، چونکە ئەوە بەر لەهەر شتێ وەک بزاڤێکی ئێتنیکی لێ حاڵی دەبن.
لە هەقیقەتدا زۆر لە ناسیۆنالیستەکان، پێناسەی دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک شتێکی ئۆرگانی، شێوەیەکی بوونی بە کۆمەڵ، پێکەوە ڕاگیراوە، لە ڕێگای کولتوورێکی “زگماگەوە”. ” کولتوورەکان،زمانەکان و ناسنامەی نەتەوەییەکان”، ئەمە واتای لە پرۆگرامی پارتیAfD( پارتێکی ئەڵمانییە بەناوی: ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا و ساڵی ٢٠١٣ دروست بووە بە ناسیونالیست دادەنرێ.و) وایە “کایەی دیاریکردن و ناسینەوەی ناسنامە و دەستبەردارنەبوونی، کە تەنیا لە دەوڵەتی نەتەوەییدا، بە دەستوورێکی دیموکراتیی پر لە کاریگەرێتییەوە دەتوانرێت نەخشەی بۆ بکێشرێ”.
کەوتن و شکستی ڕەگەزپەرستانەی ترامپ، لە دژی کۆچبەرانی مەکسیکی و ترس لە ئیسلام لە هۆڵەندە و فەرەنسا، گوزارە و دەربڕیی ئەم ڕامانە. لە ئەڵمانیا گەنگەشەیەک خول دەخوا، بە دەوری ناسنامەی نەتەوەیی لەمەڕ پرسیاری چۆن: کێ پێوەندارە بەوەوە و بۆ ئەوە؟ کولتووری باڵای ئەڵمان چییە؟. داخۆ /ئیسلام سەر بە ئەڵمانیایە؟.

کۆسمۆپۆلێتییەکان سەر دەکەون بەسەر گەنگەشەکان دا و لە دژی دەوەستن. لەوێدا لە بایەخی ئەوە کەم دەکەنەوە، کە گومانلێکردن و بەتاڵکردنەوەی جیهانی، دەوڵەتی نەتەوەیی، هەر تەنها ناسنامەی نەتەوەیی نادیار ناگرێتەوە، بەڵکو هەروەها مانای زیانی ڕاستەقینە و کاریگەرێتی توانای خۆییشە.
لە ئۆکتۆبەردا، لە کۆڕی بیرەوەری 40 ساڵەی مەرگی Hanns Martin Schleyers مێژووناسی خەڵکی شاری Mainz،Andreas Rödder، بەتوندی ڕەخنەی لە سیاسەتی کۆچبەری ئەڵمانی گرت و نەخشانی بەوەی،کە بە خەمساردی و کەمتەرخەمییەوە بەدەستەوەدانی سەروەرێتی نەتەوەییە. ئەو پێناسە کلاسییکییەکەی دەوڵەتی نەتەوەیی وەبیرهێنایەوە، لە ڕێگای ئەکۆدی سێ دەنگەکە، دەوڵەتایەتی،گەلی دەوڵەت و ناوچەی دەوڵەت و وتی، ئەم ناوچەی دەوڵەتە پەیوەستە بە کۆنترۆل کردنی خاوەنەکەی، سنوورەکانیشی خاوەنەکەی وابەستەیە بە کۆنترۆل کردنی.
وەزیری ناوخۆ Thomas de Maiziere ،بە ڕەقی بەرپەرچی دایەوە. ئەم پێناسەیە هیچ مانایەکی نییە هەر ئەوە لەبەرئەوەی لە کاتی Schengen وە سنووری دەرەوەی ئەڵمانیا، دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست. یاخود لەوەتەی ڕێکەوتنامەی یەکێتی ئەوروپا ـ تورکیا، ناکەوێتە نێوان سوریا و تورکیاوە؟ داخۆ لەوکاتەی رێکەوتننامەی، لوتکەی یەکێتی ئەوروپا و ئەفریکا، بۆ مەسەلەی کۆنتڕۆڵی کۆچبەران، ناکەوێتە نێوان لیبیا، نێجیر و چادەوە؟ داواکاری زیاتری کۆنترۆڵکردنی سنوور، وەک کاری بانگاشەی سەروەری نەتەوەیی،دەڕوات بەرەو دوورتر پووچانەوەی سنوور.
دەوڵەتایەتی،گەلی دەوڵەت و ناوچەی دەوڵەت، لە ڕەوتی جیهانگەراییدا، ڕوون و ئاشکرایی خۆی لەدەست داوە، کەواتە هێشتا مانای دەوڵەت چییە؟. دامودەزگا و کۆمپانیا گەورەکان، لە باجدان خۆیان دەدزنەوە و دادەماڵن، لە ڕێگای پێکەوە بەستنی زیرەکانە بە کۆمپانیایاکانی دەستەخوشکییانەوە.
هاوکات ئەوان بە شێوە ـ دەوڵەتییەک خۆیان دەکەنە لایەنی دەوڵەتی. فەیسبووک بۆ نموونە لە وڵاتانی تازە پێگەیشتووی ئاسیا و ئەفریکا ژێرخانی ئینتەرنێت فراوان دەکات ـ و لەگەڵ ئەوەدا خۆی دەکاتە ڕێکخەر ، بەوەی کۆنترۆڵ دەکات. خەڵک کام جۆر خزمەتگوزاری دەتوانێ بەکاری بهێنن و بۆی نییە کامانە بەکاربهێنێ.

“کۆمپانیا یاخود کارخانەکان چالاکانە دەست بەسەر کایەی دەوڵەتدادەگرن،ئەوان پراکتیزەی کۆلۆنیالیزمی دیگیتالی دەکەن، بەتایبەت لە ئەفریکا و Cathryn Clüver Ashbrook، لە Harvard Kennedy School ، پێش ماوەیەکی کورت ،لە ۆورکشۆپیHolbrooke Forums ی ئەکادیمیای ئەمەریکی سەبارەت بە ئاکامی دیگیتالیزەکردن بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
ۆورکشۆپەکە بەڕێکەوت نەبوو لە تالینی ئیسلاند بەڕێوە چوو. ئیسلاندی بچووک (43,000 کم و خاوەنی 1,300,000 ملیۆن دانیشتوانە)، هەڵمەتێکی ستراتیژی دەئاژووتێ، سەرزەمینەکەی بە دیگیتال بتەنێتەوە و لەم ڕووەوە پێناسەی کلاسیکی”ناوچەی دەوڵەت” دەخاتە بەردەم پرسیارەوە.
کۆمپانیاکانی دیگیتال دەتوانن نشینگەیان لە ڕاستیدا بگوێزنەوە بۆ ئیسلاند و لە سیستەمی ئاسانی باجدانی ئەو وڵاتە قازانج بکەن. داتای هاوڵاتییەکانی ئاسایشی دەوڵەتی باڵادیگیتالیزە مسۆگەر کردووە،لەسەر هەمان بیرۆکە، لەم ساڵەوە لە ترسی هێرشی سایبەر Cyber attackی ڕووسەکان و هەروەها بۆ سەر سێرڤەکان لەسەر خاکی لۆکسەمبۆرگ، لە ژێر مافی ئێسنی ـ بە شێوەیەک “کۆپی دیگیتال” بە کردەوە لەسەر زەمینی ئیسلاند.
کایەی ماف بەڕاستی( بۆ نموونە ڕێکەوتنی پاراستنی داتاکان) لە گرێبەستی نێونەتەوەییدا(رێکەوتنامەی بازرگانی ئازاد، ڕێکەوتننامەکانی کەشوهەوا) و ڕێکخراوە جیهانییەکان دا(UN,EU,WTO) لێکترازانی مەودای یاسایی و سەرزەمین و خوڵقاندنی بێسەروبەریی لە داواکاری، کە دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێ جێبەجێ بکات.

لە دیدوبۆچوونی زۆرینەی هاوڵاتییانەوە،هێشتا دەوڵەتی نەتەوەیی، لە ڕاستیدا،هەر نوێنەری ئارەزوو و بەرژەوەندییەکانیانە، ئامێری مامەڵەی سیاسەتیشە، ـ بۆ ناوخۆ و بۆ دەرەوە. بۆیە چاوەڕوانی بێ هیوابوون لە تواناکانی مامەڵەی دەوڵەتی نەتەوەیی، تووڕەیی و شێگیری دەخوڵقێنێ.
لەو کۆڕی یادەورییەی باسمان کرد، بەر لە هەمووان کۆنزەڤاتیڤە لیبەراڵەکان، لە نێوانیاندا زۆر یاساناس بەیەک گەیشتن، بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا، هەتا ئەمڕۆ لەدەستدانی کۆنترۆڵ، مۆتیڤی ناوەندی بزوێنەری ڕەخنەیە لە سیاسەتی کۆچبەرانی Angela Merkel. دا. “تێشکانی دەوڵەت” بوو بەهۆی و دەبێت بە یەکێ لە خۆشەویسترین ڕۆژی لەتوپەتکردنی/ AfD-Hashtag . توێژەرە پۆپۆلیستەکان دەڵێن،لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ، مۆتیڤێکی بەهێزی بزاڤی پۆپۆلیستییە، لە ئێستادابە هۆی پەککەوتنی پاراستنی سنوورەوە. سنووری دەوڵەت، کولتوورە ـ ئیتنۆکەکان،دەبەسترێتەوە بە مەرامی سەروەرێتی ناسیونالیستەکانەوە.

لەبەر ئەوەی سیاسییە ناسیۆنالیستەکان دەزانن، کەوا زۆرینەی خەڵک هێشتا هەر چاوەڕوانن، دەوڵەتی نەتەوەیی لە خاوەندارێتی تەواوی دەسەڵاتی خۆیدا بێت، گەمەی شانۆگەری سەروەرێتی دەکەن. سیاسییەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان دا، گفتی گەڕانەوەی پیشەسازی پۆڵا، باشتر پاراستنی داتا، یاخود کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەران ـ لە مەعریفەدا، کەوا سەرجەم ئەم ئامانج و مەبەستانە، هەموو کاتێ لەسەر فاکتەکانی گلۆبالیزەکردن یاخود کەماسی ئیرادەی هەرەوەرزی، دەتوانێ دەوڵەتانی دراوسێ شکست پێ بهێنێ.
لە گفتوگۆی تایبەتی جامایکا(ئاماژەیە بۆ ئاڵای وڵاتی جامایکا بە ڕەنگەکانی ڕەش،زەرد و سەوز،واتە پارتەکانی: کریست دیموکراتەکان، لیبەڕاڵەکان و سەوزەکانی ئەڵمانی.و) بۆ نموونە، ٣ پارتی ناکۆکن لەسەر لەکارخستنی هێنانی کەسوکاری خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی لاوەکیSubsidiary. (ئەو کۆچبەرانەی مافی پاراستنیان لەم ئەڵمانیا بەدەست هێناوە،دەتوانن یان ناتوانن کەسوکاریان بهێنن. بۆ نموونە کەسێک تەنیا بێت و لەژێر ١٨ ساڵییەوە، بەپێی یاسا مافی ئەوەی هەیە کەسێکی پلە یەکی خۆی ڕاکێشێ،یان کەسێک هەمان مافی هەیە، دەتوانێ ماڵومنداڵی ڕاکێشێ،وەک یاسا دانپێدا نراوە،بەس لە ڕووی سیاسیی و کردارییەوە بۆتە جێی گفتوگۆ. بە تایبەت لە نێوان پارتە ئەڵمانییەکان و بابەتێکی گەرم و بەهێزی هەڵبژاردەکانی ٢٤/٩/٢٠١٧ بوو.و)
یاسای یەکێتی ئەوروپا بێگومان یارمەتیدەرو دانپێدانراوە،کۆچبەرانی پارێزراوی لاوەکی بە پێی ڕیکەوتنامەی Genf وەک یەک هەروەها لە هێنانی کەسوکاریاندا. بەپێی یاسای کارکردنی 2011/95/EU ئەوانەی خاوەنی پاراستی لاوەکی پێداویستی پاراستن، مافی هێنانی کەسوکاریان هەیە. بەپێی تێڕوانینی هەندێ یاساناس درێژکردنەوەی وەستاندنی ئەم کارە، لەبەردەم دادگای ئەوروپادا چ چانسێکی نییە،دەبێ یەکێ گازندە بکات.

زەحمەتە بووترێ،چی زیاتر ناسیۆنالیزم تاو دەدات،کولتووری ـ ئیتنی سەرباری هەست و خرۆشی یاخود لەدەستدانی کاریگەڕێتی و توانای خودی،وەک هاوڵاتی. بەم شێوەیە یاخود بەو شێوەیە، مۆتیڤی “لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ” دەهێنێ و شایستەی ئەوەیە، بایەخی سەرنجدانی زیاتری بۆ تەرخان بکرێ.
ترس لە هەمەجۆری ئێتنی و کولتوور لەژێر بنمیچی دەوڵەتی نەتەوەیی دا، خێرا بەرەو کەندەڵانی بیروباوەڕی شعوبی و ڕەگەزپەرستی دەڕوات. لێرەدا پێوانەی گفتوگۆی ڕاستەقینە نییە،لە لەدەستچوونی توانای مامەڵەی هاوڵاتیدا و هاوبەشیکردنیدا، بەڵام پارچەی بڕاوی حازر بەدەست بۆ بیرکردنەوەی لیبەڕاڵی کۆسمۆپۆلیتی هەیە. ئێمە بووینەتە دانیشتوانی جیهانی، لێ نەک هاوڵاتی جیهانی. ئەمەش گرفت و کێشەیە و لەسەر ئەمەش دەیان ساڵە کۆسمۆپۆلەتیکەکان بیردەکەنەوە.
پیاو دەتوانێ چی بکات؟

یەکەم: توانا و دەرەتانی کۆنتڕۆڵ ساز بدەن،لە هەر کوێیەکدا شیاو بوو. ڕێگەی هاوڵاتی بدرێ لە ڕێکخراوە جیهانییەکاندا زیاتر ڕاستەوخۆ توانا و کاریگەرێتی بدرێتێ، ڕوونییەک/شەفافێتێکی گەورەتر لەسەر بڕیاردان دروست بکرێ. لەو گوتاری هەنووکەییەدا، سەبارەت بە ڕیفۆرمی یەکێتی ئەوروپا، ئەوە ڕۆڵێکی هێجگار بچووک دەلێزێ.
دەستپێک بۆ نموونە،لیستی هەڵبژاردنی سەروونەتەوەیی، وەک فەرەنسا،ئیتالیا،سپانیا، گریک/ یۆنان داوای دەکەن،جێگا لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاندیدەکانیان لە سەرتاسەری ئەوروپا. پیاو دەتوانێ دەست پێ بکات، لەگەڵ چاوەڕوانی بەتاڵبوونی مانداتە بەریتانییەکان.(دوای برێکسد ئەندامە بەریتانییەکان دەکشێنەوە و شوێنەکەیان بەتاڵ دەبێت.و)
دووەم: کۆتایی بە شانۆگەریی سەروەرێتی بێت. سیاسییە ناسیۆنالیستەکان پێویستە بەکراوەیی بڵێن لە چ کایەکدا توانایان هەیە بە تەنیا زاڵ بن و لە چ کایەکیدا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەرکی خۆیان ڕێک دەخەن و هەیە و بۆچی بەکاری دێنن. ئەوە شەرمەزارییە،وا ـ بکەیت ـ هەر ـ وەک ئەوەی چاوەڕوانی دەبێتە هۆی بەهێزکردن لە کارکردنی نەتەوەییانە ـ و زیاترکردنی نائومێدی.
سێیەم: ئازایانەتر پارێزگاری لە دەوڵەتایەتی لە دژی کۆمپانیا جیهانییەکاندا بکرێ، ئەوانەی نوقسانی پەرەسەندن یاخود ڕێکخستن دەقۆزنەوە. لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی دیاریکراو و دژی هەڵاتنی باجەوە بۆ نموونە.لە هندستان دامودەزگا ڕێکخستنییەکان هەوڵەکانی فەیسبووکیان وەستاند، کە وەک Gatekeeper دەرگەوانی ئینتەرنێت دابمەزرێن و بچەسپێن.
چوارەم: بۆ خۆدزینەوەو و خۆلادان لەو دۆژدامان و چەڵەمەیە، متمانە بە بچوکترین ئەندامی کۆمەڵگا دیاری بکە بۆ چارەسەری کێشەکە.
ناسیۆنالیزمی نوێ کولتوور ـ ئێتنۆ مانای کۆمەڵگای دەوڵەتە نەتەوەییەکان دەگۆڕێ لە مامەڵە و هەڵسووکەوتی هاوبەشەوە بۆ بوونی هاوبەش. ئەو نیگای خۆی لە ناوەوە دەگرێ و خۆی ئازار دەدات بەدەم پرسیاری ئەندامێتییەوە و هێنانەوەی ناوی نەتەوە وەک یەکەیەکی کۆتایی پێهێنراو و تەواو بووی کامڵ. لە جیاتی ئەوەی مامەڵەی بەهێزتر لەگەڵ خەسارەتەکانی مرۆڤ وەک هاوڵاتی بکات،وا وێنەیەکی دیکەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێز دەکات لە کۆمەڵگایەکی بازرگانی/ مامەڵەی کراوە، لە جیهانێکی پۆست ناسیونال دا.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی دێر تاگە شپیگل، ژمارە ٢٣٣٢٧ی ١٧/١٢/٢٠١٧
http://www.tagesspiegel.de/politik/aufstieg-des-nationalismus-schluss-mit-dem-souveraenitaetstheater/20733860.html




٣.٣ ملیارد مرۆڤ ئۆتۆکراتانە بەڕێوە دەبرێن … نووسینی ماکس هۆلشەر و. لەئاڵمانییەوە هەڵۆ بەرزنجەیی


توێژینەوە:

لە زۆر وڵاتان دا،سەرۆکی حکومەتەکان،دەسەڵاتی خۆیان بێ وەستان فراوان دەکەن. دەوڵەتی یاسا لاواز دەکەن، فەرمان بەسەر میدیاکاندا دەکەن. لەم لێکۆڵینەوەیەدا تورکیا بەتایبەت تورکیا دەردەکەوێ ـ بەڵام هەروەها دراوسێیەکی ئەڵمانیا. ٢٢/٣/٢٠١٨

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن ….




وەڵامێک بۆ کاک شوان ئەحمەد و هاوشێوەکانی … هەڵۆ بەرزنجەیی


” لێگەڕێن تیۆرییەکان بمرن نەک مرۆڤەکان ” کارل پۆپەر
….

کاک شوان ئەحمەد لە واڵەکەی خۆیدا بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی:
” ڕەگەزپەرستی کوردانە و سوکایەتی کردن بە عەرەب ”
ـ جەمال غەمبار و هەڵۆ بەرزنجەیی و شیرکۆ بێکەس و فەرهاد پیرپاڵ و هاوبیرەکانیان، بە تۆپزی خۆی گەرەکێتی ئەو ناوانەی سەرێ، بەو ڕستەیە تاوانبار دەکات.
دەست پێکی نووسینەکەی بە گوتەی جۆزیف برۆدسکی “ئەدەبی خراپ جۆرێکە لە خیانەت”، داڕشتووە.

کورتەیەکی پێویست: کاک شوان هەوڵ دەدات ئەو ناوانەی ڕیز کراوان بەوە تاوانبار بکات، ئەدەبی خراپ بڵاودەکەنەوە و پەیامی ڕەگەزپەرستانە بەرجەستە دەکەن. ئەمەش بە پێوەری گوتەکەی برۆدسکی بێت خیانەتە. کەواتە ئەم دەستەیە لەبەرئەوەی خیانەت دەکەن و خیانەت بڵاودەنەوە شیاوی رووبەرووبوونەوە و سزادانن. پرسیار ئەوەیە، گەر ئەو دەسەڵات بێت و ببێتە خاوەن دەسەڵات، چیمان لێ دەکات و چۆن مامەڵەمان لەتەک دا دەکات و چی لە بەرهەمەکانمان دەکات و چ حوکمێکمان بەسەردا دەدات.!؟.

هەڵبەت هەر ئاماژەدان بە خیانەت بۆخۆی کارێکی ترسناکە، ئەگەری جۆراوجۆری خوێناوی و توندوتیژی و حوکمی قورس و چارەنووسی تاریک لەگەڵ خۆیدا دێنێتە مەیدانەوە. هەرچەندە ڕەنگە برۆدسکی لە ڕەوتی ئەدەب و بۆچوونێکی تردا، ئەم قسەیەی کردبێت، لێ دیسان وا کاک شوان و هەندێ کەسانێکی تریش لە هاوئامانجەکانی کردوویانەتە ڕوانگە خۆیان و یاسای ئەقڵ و گۆپاڵی دەستییان.

بەڕێزان…
لە دوای کارەساتی هەڵەبجە، دەقە شیعرێکم خوێندەوە،لە بەیتێکیدا هاتووە:
ئیتر لەمەو دوا
لە هەڵەبجەوە،
دەڕوانینە خەڵک، دەڕوانینە خوا.
هەر لەم میانەدا،مامۆستا شێرکۆ بێکەسیش لە قەسیدەی “ژەهر”دا دەڵێ:
سەرمان،سەرمان،سەرمان،سەرمان!
ئەبێ ئەم سەرەگەنیوە،لە خۆمان دووربخەینەوە
بیگۆڕین و سەرێکی نوێی لەجێ دانێین.
یان..
ئەبێ ئەم سەرە،ئەم گڵۆپە سوتاوە داگرین و
وای فڕێ دەین، لە دوایدا
وردە شووشەکانی نەچن،بەپێی منداڵەکانماندا!.
دوای ئەم تراژیدیا گەورەیە، من پێم وابوو ئیدی ئەم وەرچەرخان و کودەتا عەقڵییە، بۆتە باوەڕ دروشم و دیسپلینێکی چەسپاو و گردەبڕ و چیدی پێویست ناکات بە گفتوگۆی بێزەنتینی، چەمکە عەمارەپۆکانی ناو دەقی تیۆریی و دروشمە سوواوەکانی بازاڕی نەوت و خوێن، لە نێو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردی دا شەنوکەو بکەینەوە: داخۆ ئێمە کوردستانین یاخود …چین؟،مرۆڤایەتی درۆیە یاخود هەیە ؟!. کوردانە بیر بکەینەوە یان نێونەتەوەییانە؟!. تاد. بەواتایەکی دیکە جارێکی دی بگرە و بەردەیەکی ئەوتۆیی لە پانتایی نووسینی کوردیدا جێگایەک نادۆزێتەوە،چوونکە ئەنفال و هەڵەبجە هەموو شتێکیان یەکلا کردەوە.

ئاخر کورد هەموو تاڵی و سوێرییەکانی چەست و ئەزموونەکانی تێپەڕاند و ڕۆژگارە جۆراوجۆرەکانی دی و کارەساتە خوێناوی و دڵتەزێنەکانی بەسەر هات و لە مەیدانی تاقیکردنەوەشدا هەموو شتی بەسەرهات.

کۆمپانیاکانی دەوڵەتی پۆشکین و گۆتە و شیللەر و کانت و هەموو ئەوانی دیکە، گازی ژەهراوی دروست دەکەن و دەیدەنە دەست، نەوەی حەججازی کوڕی سەقەفی، ئەویش داروبەرد و ئاسمان و زیندەوەر و پەلەوەر و منداڵ و گەورەی شارێکی وەک هەڵەبجەی پێ ژینۆساید دەکات. بە ئاشکرا و بە دەنگی دلێڕەوە بە بەرچاوی جیهانەوە و دنیاش قڕوقەپ دەکات و چاو دەنووقێنێ.کەواتە ئیدی چی ماوە و دەمێنێ بۆ گفتوگۆکردن و خۆ هەڵدانەوە و باخەڵ فەرەحی و وڕێنەی فەلسەفی؟!.

بەڵام بەداخەوە وەک ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیبینین و لێی تێگەیشتووین، بەم کورتە نووسینە و چەند نموونەیەکی هاوشێوەیدا دیارە، پەتای ئەم دەرد و وەناقە زۆر لەوە قووڵتر و توندتر بینەقاقای هەندێ دەستە و گرووپی کوردی گرتووە، گەر بێت بە دەیان تراژیدیا و ماڵوێرانی دیکەی نەتەوەیی بەسەرمان دا بێت، هێشتا ئەوانە! ناتوانن ژەنگی بیریان پاک بکەنەوە و هەستی پەستی خۆبەکەمزانییان ناگۆڕێ. پەند و وانە وەرناگرن، گەشە ناکەن و پەردەی شەرمنی نادڕێنن و هەر سوور دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان.
کاک شێرکۆش لە قەسیدەی ژەهردا بۆ هەمان کارەسات دەڵێ:
سەیرکە:
ئەم هەموو بارانە کوژراوە.
ئەم هەموو شەپۆلە خنکاوە.
ئەم هەموو ئەستێرە پژاوە.
لە کوێدا بنێژم؟
چ خوایەک دەستی دێنێ و ئەم سەرە بڕاوەم هەڵگرێ و
بیخاتە کۆشییەوە و، ڕەگ بە ڕەگ،خوێن بە خوێن
ژێ بە ژێ بیدوێنێ؟!
دواتر دەڵێ:
گەر گیرفانی نەوتت هەیە
گەر گیرفانی گازت هەیە
ئەتوانی قوڕگی “ماو” بکڕی
پێکەنینی “کاسترۆ” بکڕی
دەست و پەنجەی “میتران” بکڕی
هەردوو مەمکی “تاتشەر” بکڕی!
پاشان دەنووسێ..
با ئەو دادە لەسەر کورسی ئێسکی مێژووم دانیشتبێ.
با ئەو مافە بە ڕمی خۆی کەللەسەرمی هەڵگرتبێ.
با ئەو بانقە سەرچاوەکەی خوێنی من بێ.
ئەو بازاڕە چاوی من و پەنجەی من و
هەناسەی تیا بفرۆشرێ.
ئەو مەزاتەیش شاخ و بەهار و باران و
هەتاومی تیا مەزات کرێ!.
بە پێی گەزومقەستی هەڵسەنگاندنەی کاک شوان بێت قەسیدەی “داڵ” هەر خراپ نیییە،بەڵکو راسیسمیشی لێ دەتکێ. کەواتە شێرکۆ خائینە. بەواتایەکی تر خیانەتی کردووە،چونکە ئەدەبەکەی خراپە.

کاک شوان بەم بابەتەی دەمانگێڕێتەوە بۆ سەرەتای ئەلفوبێیەکی نیوسەدە پێشتر. دوای هەڵەبجە و ئەنفال و لەم دواییانەشدا سەرهەڵدانی داعش و ژینۆسایدی شەنگال و داستانی کۆبانی و عەفرین و ڕووداوەکانی سووریا، ئەو “مفاهیم”انەی رووی مەجلیس و وتارنووسییان نەماوە، کاک شوان هەتا ئێستاش داکۆکییان لێ دەکات و لێرەدا بۆتە بریکاریان، کاڵ نەبۆتەوە.
قسەمان لێرەدا لەسەر ئەوە نییە، مرۆڤدۆستی و هومانیزم باش نییە و ڕێز لە کەسایەتی و مافی مرۆڤ ناپیرۆز و دزێوییە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، ئەوە کاک شوانە ئەو گوتە و دروشمانەی پووچەڵ کردۆتەوە و بێمانا نمایشتی کردوون. نامەخوا ئەوە کاک شوان نییە، ملیۆنەها مرۆڤی کورد ناکەوێتە بەر دیدی کوردبوونی.

سەرەتا سوپاس بۆ کاک شوان،بابەتێکی وای سەرلەنوێ هورووژاندۆتەوە و دەرفەتێکی دروست کرد، بەناچاری و سەرپێیش بێت، بە خێرایی تیشکێکی ڕووناککەرەوە بخەمەوە سەر هەندێ لەم بۆچوونانە. دیارە هێشتا خڵتە و پاشماوەی بۆچوونە سەقەت و یۆتۆپیاییەکان لێرە و لەوێ لەناو خەڵکانێکدا ماوە و هەیە. جا ئەم ڕوانگانە، هی بێ ئاگایی و نەزانی بێت، یاخود خۆدەرخستن بێت، جۆرێک لە موزایەدەی فیکری و سیاسی و ئایدۆلۆژی و قۆستنەوەی دەرەتان بۆ سنگ دەرپەڕاندن بێت، ئەوە هەیە و هەستی پێ دەکەین و دەیبینین، کەسانێک هەر هەن هێشتا دەم لەم جۆرە باسانەوە دەدەن و بە هەلی دەزانن تیری خۆیان لە کات و شوێنی هەستیار و ڕوو لە پیرۆزییەکانی نەتەوەی کورد بهاوێژن ـ ئاخر لە وڵاتێ ئێمەدا سنووری سوور بەدەوری هیچ بەها و پیرۆزییەکەوە نییە ـ. ئەوەیشی بەلای تیرهاوێژەکەوە گرنگ نییە، تیرەکەی لەسەر چ بنەما و بیرکردنەوەیەک ئاڕاستە دەکات! چ دەنووسێ و کامە بابەت بە سوودی گشتی بەسەر دەکاتەوە. گرنگ هورووژاندنەکە و خۆدەرخستنەکە و خۆ جیاکردنەوەکە و لاساییە کوێرانەکەیە. کەچی دەرک بەوە ناکات و بایەخی بۆ ئەوە نییە ئەو هورووژاندنە مەخسەرە دروست بکات و گاڵتەجاڕییەکی لێ بەرپا بێت و دەرئەنجام هەموو بەها و جوانییەکان قێزەون بکات و ڕاستییەکان بکوژێ.

بەدووری نازانم، سازدانی ئەم جۆرە بارودۆخە، پەیوەست بێت، بە باری دەروونی ئاڵۆز و شپرزەیی جۆرە حەزێکەوە!. کاتێ کەسێ دەزانێ لەناو کۆمەڵ دا، لەبیرچۆتەوە، بۆ خو ڕزگارکردن لەم ستاتووەی، دێ و لەم کەناڵانەوە هەوڵ دەدات زوو بێتەوە مەیدان و بەرباس. جابۆیە ئامادەیە، بەهەر نرخێک بێت، دۆودۆشاو تێکەڵ بکات،هەر بۆ ئەوەی بکەوێتەوە ناو ناوان و ببێتەوە بە کەرەسەی باس و دەمەتەقێ!.

وەک خوێنەر و تەماشاوان و گوێگر، هەر زوو هەست دەکەیت، ئەو تایپانە لە خەڵک، گەرمترین بابەت و هەستیارین باس لە دوێنێ و ئەمڕۆ و ڕەنگە سبەینێشدا، هەڵبژاردووە و هەڵدەبژێرن، بۆ بەگژداچوونەوە و ڕووشاندن و بێبایەخ و کەم سەنگکردنی، پرسگەلی نەتەوەیی و سیمبۆلەکانی نیشتمان و پیرۆزی و بەهای کولتووری و مێژوویی و نەتەوەیی. بەئامجی بتوانن هزر و مێشکی تاکەکان سەرکوێر بکەن و ئەو هەست و نەستەیان بتاسێنن، کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوە، لەسەر زەمینەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی و فەرهەنگی کورد، شیاوی هەست پێکردن و بایەخدان و گرنگییە و کارایانە کاری پێ دەکەن و خستوویانەتە گەڕ.بە دیوێکی تریش داگیرکەران و دوژمنانی کورد، لە پلەی یەکەم دا بەس لە کوردبوون دەترسن و ئەم خەسڵەت و باوەڕەیان لا بڤە و جێی مەترسییە.

هەموو مەراقی ناوبراو، هەر بۆئەوەیە خۆی وا بنوێنێ خەڵکی پێی بڵێن گەلێ مرۆڤدۆستە،ژیاری و ئەکادیمی و ئینتەرناسیۆنالیستە. خۆ گەر هاتوو کەسێک وەک ئەو بیری نەکردەوە و نەینووسی وا تۆمەتە ئامادەکراوەکانی ناو فەرهەنگی خۆی دەخاتە پاڵ. بەم کارەشی وا هەست دەکات لە سەرو مرۆڤایەتییەوە و تاجەکە لەسەری خۆی دەنێت و ئەوانی دیکەش دەچنە/دەخاتە خانەی خیانەتەوە.
کاتێ ئەم لۆژیکە گێڕە دەبێتە دیاردە و پێوەر و ڕوانگە،ئیدی هەواڵەکەبەتایبەت لە کۆمەڵگای کوردی دا،کە دواکەوتووە و خۆی باش ناناسێ، وەک تڕی بەردەم ڕەشەبا ڕەشەخەڵکێکی سەیر و سەمەرە بڵاوی دەکەنەوە و کاوێژی دەکەنەوە. هاوکات لەسەر بنەما هاوڕێیەتی و بەرژەوەندی و موجامەلەی رۆژانە بەردەم چایخانە و دوکانەکان دەکەونە پێیدا هەڵدانی. پاداشت و تۆمەتەکان وەک مارکەی ئامادەکراو بە خەڵکەوەی دەلکێنن،بەو پێیەی خۆیان باوەڕیان بە پۆلێنکردنەکەی هەیە.

لە هەقیقەتدا من چ ئاگادرییەکم لە شیعرەکەی کاک جەمال غەمبار نییە. بەس ئەو بەیتە دەبینم کە کاک شوان ئاماژەی پێداوە:
کورد پەنجەرەیەکی هەبوو بۆ فڕین …. بەدووەکانی سەحرا شکاندیان…
عەرەب بەدەوی بوون هەتا ئەمڕۆش لە زۆر دەوڵەتی عەرەبیدا ئەم دیاردەیە بەرچاو دەکەوێ و هیچ نەنگییەکی تێدا نییە بەو ڕادەیەی کاک شوان گەیاندوویەتە سەر ڕاسیسم. هەروەک چۆن کەسێک بنوسێ کورد کۆچەرن هیج گوناحێکی نەکردووە.
کاک شوان لێرەشدا پرسی ریفەڕاندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ و ئاکامەکەی کردۆتە پاشخانی ئەو هێرشە ناڕەوایەی سەر کاک غەمبار و خراپ باسکردنی پرسی ڕیفەراندۆم وەک گوناحێکی گەورەی مێژوویی کورد.

گەلۆ! ئایا بڕیاری ریفەراندۆم هێندە هەڵە و تاوانەنێکی گەورەیە!؟ وا بێباکانە هەرچی زوڵم و ستەمی داگیرکەر و دوژمن هەیە، کاک شوان و هاوشێوەکانی لەم ڕێگایەوە چاوپۆشی لێ دەکەن و پاساوی بۆ دەهێننەوە و ڕەوایەتی بە پەرچەکرداری داگیرکەر دەبەخشن؟!. سا ئەگەر بێت و ئەم حوکمە بەڕێزتان و لەشکرەی دیکەش ڕاست و ڕەوا بێت، ئەوە تەواوی ئەوەی پێی دەوترێ شۆڕش و خەبات و پێشمەرگایەتی و ڕێکخستنی ناو شار و ڕاپەڕین و جۆرەکانی تری خەبات هەموویان پلە و مەقامێ لەسەروو ریفەراندۆمەوەن و گەورەترن. کەواتە گوناهی گوناهەکان و تاوانە گەورەکەن…!!؟ ئەی بۆ کرا و تۆ و لەشکرەت، بە باڵای دا هەڵدەدەن و تیۆریزەی دەکەن و بۆ دەستە و گرووپەی خۆتان ڕەوایەتی پێدەدەن و پیرۆزی دەکەن!؟. ئەی بۆ لێرەدا بەوانە ناڵێیت: شۆڕشی نوێی چی و خەبات بۆچی و چما ڕاپەڕین و زۆر پرسیار و شتی دیکەش؟!
کاک شوان زۆر بێ بنەمایانە و دوور لە زمانی گوڵ، تۆمەتی شۆفێنیزم و هەجووکردنی عەرەب، دەداتە پاڵ غەمبار. هەروەک بزانێ و بیەوێ مەبەستەکەی بپێکێ، ڕستەکانی وا هۆنیوەتەوە. ناوبراو گەرەکێتی لە ڕاستییەک خۆی لا بدات و باز بەسەر هەقیقەتێکدا بدات و بە رۆژی رووناک، تۆمەت بەسەر خەڵک دا ببەخشێتەوە.

کاک شوان پێمان ناڵێیت! ئەی تۆ بە چ ماف و حەقێ ڕازی دەبیت، بەناوی عروبەوە نیشتمانت داگیر بکەن و بوون و هەبوونت بخەنە مەترسییەوە و مافەکانت پێشێل بکەن!؟. عروبە بە چ مافێ دەوڵەتی بۆ دروست کراوە و خاوەنی دەسەڵاتە و فەرمان بەسەر تۆدا دەکات و ڕێگەی ژیانت لێ قەدەغە دەکات!؟. سەیر و سەمەرەیە کەسێک ئەم دۆخە، ئازاری پێ نەگەیەنێ و هەستی مرۆڤ بوونی پێ بریندار نەبێت!!.

شوان و هاوئامانجەکانی دەیانەوێ خەڵک دەمکووت بکەن، تاوەکو کەس زات نەکات قسەیەک لەسەر واقیعی تاڵی بندەستی کورد،لەژێر ستەمی تورک و عەرەب و فارس بکات و پەرۆشێک لە بێ مافی و نەبوونی دەسەڵات و قەوارەی کوردی بخوات. هەموو ئەم ئەقڵێتەش بۆ ئەوەیە “هەستی مرۆڤایەتی” گوایە نەڕوشێ! خەونی منداڵانی ئەوانی دیکە! نەزڕێ،زیان بە چینی کرێکاری دەوڵەتە داگیرکەرەکان و میللەتە سەردەستەکانیان نەگات! مۆسکۆ و پەکین و نیگەران نەبن! فۆکۆ و هابەرماز گلەیی نەکەن!. داگیرکەران و دوژمنان تاوانبارمان نەکەن و بە جیاخواز ناوزەدمان نەکەن! مووچەمان بۆ بنێرن و …تادوایی.
لەڕاستیدا خوڵقاندنی دۆخێکی وا، لە پێشڕا،نیشانەی هەڵکردنی ئاڵای خۆبەدەستەوەدان و ڕازی بوونە بە ژیانی بندەستی و بێ بەشبوون لە کەرامەتی ژیانی ئازادی و شتگەلێکی تریش. دیارە گەر ئەمەش داواکراوەکەی کاک شوان و هاوشیوەکانێتی، هەموو دروشم و تیۆرییەکان خۆیان پووچەڵ دەکەنەوە و مانایان دەبێتەوە بە سفر.
کەواش بوو، دە چیدی ئێوەش خۆڵ مەکەنە چاوی خەڵک و ڕستەی ڕەنگاوڕەنگ مەڕازێننەوە و وشکە فەلسەفە بە خەڵکی داماو مەفرۆشنەوە، بەڵکو خۆتان سەرقاڵی بابەتگەلێکی دیکە بکەن وباشتر وایە خۆتان نەکەنە دەمڕاستی کەس و لەم بوارەدا بێدەنگی هەڵبژێرن.

خەڵکینە! باشە هەر کورد ڕیفەراندۆمی کردووە؟ ئەوە سکۆتی و کاتالانیەکان!؟. هەر کورد هەوڵی سەربەخۆیی دەدات! ئەوە دوێنێ بوو تەیمووری رۆژهەڵات و کۆسۆڤۆ و باشووری سودان!. و دوای داڕمانی شورەوی بەچاوترووکانێک ١٥ دەوڵەتی نوێ دروست بوو و چەندانی میللەتی تر کە تا ئێستا دەستبەرداری ئەو مافە سروشتییە نەبوون و نابن و هەر لە هەوڵداندان. تەنانەت لە کیشوەری هەرە پێشکەوتووی ئەوروپاش،بزاڤی سەربەخۆیی گرووپی ئیتنی و میللەتان هەیە.
کاک شوان چ پێناسەیەکی شۆڤێنیمان بۆ ناکات. هیچ لە داگیرکەر و کۆلۆنیالیزم تێ نەگەیشتووە و هەست بەو دەسەڵاتە مادییە بێگانەیە ناکات. گەلێ نووسەر ئەم جۆرە دەستەواژانە نابەرپرسانە دەدەنە بەر نووکی قەڵەمەکەیان و هاوکات زۆر خوێنەری ڕواڵەتی، سەرسامن بە بینین و خوێندنەوە و گوێ لێبوونی ئەم وشەگەلی شۆڤێنیزم و فاشیزم و گلۆبالیزم و…هتد.ڕەنگە لای زۆر کەسیش پێوەری ڕۆشنبیریی بێت!.

جا باشە با نموونەی ئەوە بهێنینەوە: ئەگەر ئۆکرانییەک باس لە داگیرکاری رووس و تاوانەکانیان بکات! گەر بێت و ئەرمەنیەک باس لە ستەم و کوشتاری تورک بکات، وامان دانا جوولەکەیەک چیرۆکی هۆلۆکۆستمان بۆ دەگێڕێتەوە،ئایا ئەمە ڕاسیسم و فاشیزم و شۆڤێنیزمە؟!
شۆڤێنیزم،واتە نەتەوەیەک خۆی بە باڵاتر و ژێهاتووتر ببینێ لەوانی تر و نکۆڵی هەبوون و بوونی نەتەوەیەکی تر بکات و لەسەر هەژماری جەستە و هزر و فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە بژی. شۆڤێنیزم دەسەڵاتێکی زەبەلاحی سەربازی و ئابووری و فەرهەنگی سیاسییە،بە دامودەزگای هەمەجۆرەوە. لە هەوڵی کوشتن و بڕین و گۆڕینی دیمۆگرافی و قەدەغەکردنی زمان و شێواندنی مێژوو و سڕینەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی میللەتانی بندەست دا خراونەتە گەڕ. ئەوەی تورکیا و ‌ویران و عێراق و سووریای دەستکردی ئیمپریالیزم هەیانە و پێرەوی دەکەن و ڕەوایەتی پێدەدەن و تۆش نادیدە دەیگری و ستایشی دەکەیت.

ئایا ئەم قاڵب و دەستوورە، بەسەر ئەو ناوانەی کاک شوان باسی کردوون،و تێکڕای کورد دا دەچەسپێ؟ مامۆستا مەسعوود محەمەد لەم ڕووەوە دەڵێ:” گەلی کورد لە بارێکدا نییە چاوەڕوانی ستەم و دەست درێژی لێ بکرێت،هەتا پەل بکوتێ و تێڵا بوەشێنێ دەست و کوتەکی لە سنووری ماڵە کاولەکەی خۆی تێپەڕ ناکات. کەسێک بکەوێتە بەر کوتەکی کورد دیارە بە پێی خۆی هاتۆتە بەر ئەو کوتەکە و هەر خۆی دەستدرێژی کردووە لە سنوور و ماڵ و ژیانی کورد”. ئەرکی کاک شوان و هاوئامانجەکانی ڕازیکردن یان نەفرەتکردنە لە گورگ، تا گۆشتی مەڕ نەخوا، نەک گوناهبارکردنی مەڕ، بەوەی شۆقی خۆپارێزی لە گورگ دەدات.

برالە، لەم کۆنتێکسە و دەقەکانی تریشدا و لای مامۆستا شێرکۆ و بەندە و کاک غەمباریش، باس لە بوونەورێک دەکەین، بریتییە لە بونیاتی دەسەڵاتێکی عەرەبی ١٠٠ ساڵێک دەبێ، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی زۆڵەک و ١٥٠٠ ساڵێکە بەناوی ئاین و کولتورێکی داعشئاساوە حوکم دەکات، وەک نەتەوە زاڵ و براگەورە و داگیرکەر. عەرەب خۆیان هەڵگری پەیام و کوولتوری شەڕ و سڕینەوەی و تواندنەوەی ئەوانی ترن و خۆیان کردۆتە خاوەنی دەیان و سەدان دامودەزگای داپلۆسین و ملیۆنەها کۆتوبەندی یاسایی و ئایینییان ڕاگەیاندووە، لەدژی بوون و نیشتمان و نەتەوەیەکی وەک کوردستان و کورد بە نموونە.

ئەوە مەسعودییە، تۆ بە بەچکە جنۆکە و دێو و درنج دادەنێ. ئەوە عەفلەقە، تا ئەودیو چیاکانی پشتۆ بە نیشتمانەکەی باووباپیرانتەوە،بە هی عەرەبی دەزانێ. ئەوە سەعدی یوسفە، بە کوردستان دەڵێ: قردستان،واتە مەیموونستان.! تۆ دەتەوێ شاکارێكی شێرکۆ و غەمبار،کە باس لە کوێرەوەی نەتەوەیەکی داگیرودابەشکراو دەکەن،لەژێر ستەمی کۆلۆنیالیستیدا دەناڵێ، بخەیتە ئەم ئاستەوە!. لەکاتێکدا دەبوو بەڕێزتان هەر بۆ زانیاریش بوایە، ئاماژەیەک بە ڕاسیستی و شۆڤێنێتی ڕاستەقینەی ئەمانە بدەیت.
لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤار و دیوانەکان گەواهن، هێندەی شێرکۆی شاعیری کورد، شیعری بۆ عەرەب وتووە، بە هەموو عەرەب نیو هێندە شیعریان بۆ کورد نەوتووە!!. شیعر بۆ دێریاسین و سەبرا و شاتیلا و غەسان کەنفانی و مەحمود دەروێش و … هتد. ئیدی نازانم لە چ هەست و نەستێکەوە مۆڵەتت وەرگرتووە، ئەم بۆچوون و حوکمە لەسەر شێرکۆی لووتکە دەردەبڕن.
{قەسیدەکە کە سەرلەبەری ستایشی رەگەزپەرستیە و بەمانیفێستێکی راسیستانە دەچێت}. شوان.
کاک شوان بەناوی کاک شێرکۆوە بۆچوونێک دەگێڕێتەوە،گوایە شاعیر پێی خۆش بووە دەستبەرداری بەشێک لەو شیعرانەی وتوویەتی ببێت و بیان سڕێتەوە و خۆیان لێ بێبەری بکات. دیارە بە باوەڕی کاک شوان قەسیدەی “داڵ” لە بەرایی ئەو شیعرانەدان کە شێرکۆ تووڕی هەڵدەدان.شاراوە نییە هەرکەس ئازادە،چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی خۆی دەکات. لێ کە بڵاوکرایەوە، ئیدی تازە ناتوانێ لە سیاقی کات و شوێنەکەدا، ئەتکی بەری ڕەنجی خۆی بکات. بە وتەیەکی دیکە تازە ئەوەی نووسراوە و وتراوە و نیشان دراوە، ناکوژێتەوە و ناگەڕێتەوە دواوە و خەڵک دەبنە خاوەنی. وەک تیر لەوان دەرچوو گەڕانەوەی نییە.
بریا کاک شوان ئێستاش بیتوانییبایە سەردانێکی مەڵبەندەکەی عاشوور حەمدان(رومادی و دیوانیە و ناسرییە و.و..)بکات، بزانێ هەمان ئەو دیمەنانە بەرچاو ناکەون، کە مامۆستا شێرکۆ باسی لێوە کردوون. ئیدی لە کوێدا شێرکۆ راسیستانە دەنووسێ و بیر دەکاتەوە؟!.
دیارە بۆچوونێکی وا دوور لە ڕاستی،لەلایەن کاک شوانەوە زادەی فڕێدانی قسەیە لە بیابانی بێ دەنگدانەوەدا. بەڵام وامان گریمانە دەکەین،بۆچوونەکەی شوان وایە و ڕاستە. ئایا شاعیر بۆ هەر لەسەرەتاوە ئەو شیعرەی وتووە؟! گەروایە خۆ دەبێ هەر کار بە یاسای (نفی بالنفی) بکەین. ئیمڕۆ شتێ بڵێێن و سبەی نەفی بکەینەوە. موبارەکە!.
ڕاستیەکەی ئەوەیە، مرۆڤ وردە وردە بە پێی هەلومەرج و گۆرانکارییەکان، و بەردەوام ئەزموون پەیداکردن و قاڵبوونەوە لە ژیان دا، بەرەو پێش دەچێ و گۆڕانکاری بەسەردا دێت و جیهانبینییەکەی ڕەهەندی نوێ لە خۆ دەگرێ ، لەسەر بنەمای ڕووداوەکان شتی تازە و داهێنان دەخوڵقێنێ.

بەندە پێی وایە، قسەکەی شێرکۆ بەر ئەم حوکمە و عەقڵێتە کەوتوو و لەم ڕووەوە هەژماری بۆ دەکرێ و ڕەنگیشە مەبەستی شێرکۆ بێکەس شیعرگەلێکی وەک ئەوانە بێت،کە بۆ کەسەکانی وتووە. لەو جۆرە شیعرانە پەشێمان بێتەوە. شایانی باسە، تا ئێستا لەم ڕووەوە، هیچ بەڵگە و ئارگومێنتێکی کۆنکرێتی نییە، لەم جۆرە شیعرانە پەشێمان بووبێتەوە. پێدەچێ قسەکەی لە ڕۆتینیاتدا، هەر دەربڕینی وردە سەرنجێک بوو بێت،خۆ مەگەر وا نییە، دەیتوانی ئەو شیعرانە بە “داڵ” یشەوە، لەدیوانەکەیدا کە بەسەرپەرشتی خۆی لەچاپ دراونەتەوە چاپیان نەکاتەوە.!.لە دیوانەکانیدا روونکردنەوەیەک لە پەڕاوێزی داڵ و ژەهر و زۆر قەسیدەی تریدا بنووسێ. هەر بۆ زانیاری گەورەیی کاک شێرکۆ هێندە بەرزە، بۆ نموونە لە ماڵێ بەندە، بەئامادەبوونی میوانێکی زۆر،زۆر لێبڕاونە وتی:” لەتیف هەڵمەت لە من لە زۆر بواردا شاعیرترە”. بەس بە دەربڕینی سەرنجێکی تایبەتەوە،وتی: ئەو هەلومەرجەی من پێیدا تێپەڕیم ،ئەو دوور بوو لێی دوور .

کاتێ شێرکۆ ئەو سەرنجە دەردەبڕێ، لە خاکەڕایی و و گەورەیی خۆیی و تەماحی کاری بەرزتر و هەوڵە نەپساوەکانیەوە بۆ داهێنان و تۆمارکردنی شاکاریی نوێوە قسە دەکات. نەک سڕینەوە ی رابووردوو خۆی و بەبادا دانی بەرهەم و کارەکانی. کاک شوان دەنووسێ”دڵنیام{ لەو شیعرانەی بابەتی هەڵگرتن قەسیدەی داڵە}.
هەڵبەت لەم شوێن و پێگەیەدا هیچ بەڵگەیەک نیشانی نادات و ڕمڵ لێدانیش دوورە لە بنەمای ڕاستییەوە. لە کاتێکدا هەموو دەزانین دەوڵەتی عێراق، بە سنووری سیاسی و مێژوو و جوگرافیا و..هتدەوە، بەچکەی زۆڵەکی نا شەرعی ئینگلیزە،هیچ وڵاتی سۆمەر و ئەکەد و بابل نەبووە و میراتگری ئەوانەش نییە و ئەم دەڤەرە شارستانێتی عەرەب نەبووە. ئیدی بەڕاستی ئەمە باشترین بەڵگەی بێ ئاگایی کاک شوانە، لە ڕاستییە مێژووییەکان و لاساییکردنەوەی کوێرانەیە بۆ ستایشکردنی ئەوانی دیکە! و بەگژداچوونەوەی هەموو شتێکی کوردیی. هاوسات هەوڵێکی ترسناکیشە بۆ جوانکردنی رووخساری عەرەب و مێژووە خوێناویی و کولتووری شەڕ و داگیرکارییەکانیان. لە کاتێکدا ملیۆنەها قەڵەم بەدەستی وەک کاک شوان ناتوانن کوشتارەکانی خالیدی کوڕی و وەلید و قەعقاع و سەقەفی و زەعیم سدیق و ئەسەد و سەددام و عەبادی بسڕێتەوە.

دەشێ کاک شوان نەزانێ کە ٥/٦ ئەوەی هەنووکە نیشتمانی عەرەبە، هی عەرەب نییە و بەزەبری شمشێر داگیریان کردووە و تعریبیان کردووە. بەڵی ئەم گەوهەرانە وا دەکەن قەسیدەی “داڵ” وەک شاکارێکی بەرزی ئەدەبی بەرەنگاری تەماشا بکرێ. هەروەک چۆن تابلۆکەی گوێرینیکای پیکاسۆ و شیعرەکانی مەحمود دەروێش و تادوایی، دەکەونە ئەم خانەیەوە.
شانازیکردن بە “هەنگوین و گوێز و ژن”ی کوردستانەوە، نەشەرمە و نە زیاد ڕۆیشتن و لە خۆبایی بوون و هەڵبواردنی ڕەگەزی کوردە بەسەر ئەوانی دیکەدا و نە سووکایەتیشە بە عەرەب، وەک ئەوەی کاک شوان دەیەوێ وای نیشان بدات. ئەوجا ئەو سێ شتە لە خۆشترین و جوانترینەکانی دنیان و هەقی شێرکۆ و هەڵۆیە تایبەتمەندی ببەخشێ. هەڵۆ نوسیویەتی{ هیچ میللەتێکی بندەست چەشنی کورد لە لایەن داگیرکەرەکەیەوە ستەم و ئازاری نەچەشتووە}. شوان وەک بەراوردێک بەم حاڵەتە ،ناوی هندستان و ڤێتنام و جەزائیری بە نموونە هێناوەتەوە. گوایە ئەمانە گەر لە کورد خراپتریان لێ بەسەر نەهاتبێت، وا وەک کورد کارەساتیان بەسەردا هاتووە.

گەلۆ! جا توخوا حاڵی هیچ کام لەم وڵات و میللەتانە وەک هی کوردە!؟. ئایا ئینگلیز زمان و کولتووری هیندی و عەرەب و ڤێتنامی قەدەغە کرد!؟، ئایا نیشتمانی کەسیانی دابەش کرد؟. ئایا ڕاگوێزان و دوورخستنەوە و سیاسەتی دیکەی کۆلۆنیالیستی و سەربازی و فەرهەنگییان بەو ئەندازەی کوردستان تێدا پەیڕەو کراوە!. ئایا ژەهرباران و کیمیاباران و ئەبفال کراون! داخۆ پەیمانی وەک سەنتۆ و بەغدا و جەزائیر و ئێستا چوار وڵاتی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریایان بەسەردا هاتوون و وا گەمارۆدراون.

ڤیکتۆریای شازادەی ئینگلیز، لەساڵی ١٨٩٣ دا بە عەشقەوە، لەسەر دەستی پاسەوانەکەی حافز عەبدولکەریم، کە هاوکات مامۆستاشی بوو، خۆی فێری زمانی هیندی دەکات. داخۆ هیچ کام لە داگیرکەرانی کوردستان، کاری وایان کردووە!؟.یان لە هەوڵی ڕیشەکێشکردن و رێبەندکردنی و سوکایەتی پێکردنیدان.

زانای کۆمەڵناسی گەورەی تورک . بێشکچێ دەڵێ:”دوژمنایەتیکردنی کورد و داگیرکردنی کوردستان،یەکجار بە دڕندەیی و خوێنڕێژانە کراون. بنیادەم ببڕای ببڕ نموونەیەکی تری بۆ ئەم دڕندایەتی و کۆنەپەرستییە لە هیچ جێیەکی تری جیهان دا بۆ نادۆزرێتەوەر. کورد و کوردستانیان بە ڕادەیەک زەوت کرد،کە هەتا ناوی هەردووکیان لەسەر ڕووی زەوی سڕانەوە”.

هەڵۆ دەنووسێ: { شێرکۆ بە جۆریک درێژە بە چیرۆکەکە شیعرییەکەی دەدات هەروەک بڵێی شاعیر خۆی لەگەڵ مەفرەزەی پێشمەرگەکاندا بوو بێت یاخود فەرماندەی هێزەکە بووە بێت. لێسەندنەوەی ناسنامەی شاعیریبوون و لە شێرکۆ و بەخشینی ناسنامەی جەنگاوەر پێی}. بەڕاستی من چ گەردێک بەسەر ئەم بۆچوونەوەی خۆمەوە نابینم و من باسم لە هەست و نەست و چاوی کامێرا و هەستی شاعیرانە و هۆشیاری ڕۆشنبیریی وردی و سەرنجدانی بە سەلیقە و بەدیقەتی کاک شێرکۆ کردووە، کە تا چ ئەندازەیەک چۆتە ناو ڕووداوەکانەوە، چەند شاعیرانە(تفاعل) ی لەگەڵ خەیاڵی شیعریدا کردووە.

من چ مەبەستم نەبووە شێرکۆ، لە شاعیرەوە بیکەمە فەرماندەی مەفرەزە. سا خۆ گەرواش بێت، کەوا نییە! دیسان جێی شانازییەکی گەورەیە، شیرکۆ پێشمەرگە بێت یاخود بوو بێت… لەسەردەمی داگیرکردنی ئەڵمانیا لەلایەن فەرەنسای ناپلیۆنەوە، فیختەی فەیلەسووف سەربازی لەشکری ئەڵمانی بووە بۆ داکۆکی لە نیشتمان. هیگڵی فەیلەسووفیش داوای کردووە بکرێتە وتاربێژ بۆ سەربازەکانی ئەڵمانیا.
گوایە کاک شوان بەم بارودۆخەی ئەدەبی خیانەت کە لەسەر دەستی غەمبار و شێرکۆ هەڵۆدا بڵاودەکرێتەوە،” نائوومیدو بەداخە”. وەک ئەوەی لە دوا دێڕەکانی نووسینەکەی دا باسی کردووە. هەڵبەت ئەوە کاک شوان خۆی بڕیاری لەسەر شتەکان دەدات و خۆی نایەوێ لە بۆنەی زانین و تێگەیشتنی نەتەوەکەیدا بژی و گەرەکی نییە واقیعەکە وەک خۆی ببینێ و بخوێنیتەوە. لە ترسی ئەوەی نەکا،کەسێ پێ بڵێ ناهومانیست و نائینتەرناسیۆنال و ناکۆسمۆپۆلێتی و نائەکادیمی و ناڕۆشنیر.

من نازانم ئەو پێوەرەی کاک شوان مرۆڤدۆستی پێ دیاری دەکات چییەو کامەیە!؟. لێ ئامادەم گەر بە ئامێرێکیئەلەکترۆنی بچوێنین، بێین و بەو ئامێرە، خۆمان تێست/ تاقی بکەینەوە بکەین. یاخود گەر تاقیکردنەوەیەک بۆ مرۆڤدۆستی هەیە با بچینە مەیدانەوە. گەر ڕەفتاریش پێوەرە، با لە سەرچاوەیەکەوە چاودێری هەڵسوکەوتی هەردووکمان/ هەموومان بکرێ. جا ئەوجا بڕیار بدەین، کێ دەردەچێ و سەرکەوتووە و نمرەی باش دێنێ.

بەڕێزم کاک شوان، تۆ لە کاتێکدا نەتوانی جیاوازی مرۆڤیکی ئاسایی و مرۆڤێکی دڕندەی داگیرکەری بکوژ بکەیت، وەک ئەوە وایە بە من بڵێی ماستی سپی نییە و کەی بەرد ڕەقە و کوا ئاسمان شینە.. منیش مەخابن لەم دۆخ و هەلومەرجەدا، کە ئێوەمانان بەرهەمتان هێناوە، و بریتییە لەخۆ گەوجاندن و خۆگێل کردن و ڕاکردن لەواقیع، یاخود خۆنەزانکردن و نادیدەگرتنی ڕاستییە حاشاهەڵنەگر و بەرجەستەکانە (نائومێد و بەداخ) دەبم. پەرۆشەکەشم بۆ ئەو ماڵوێرانی و کوێرەوەرییانەیە،کە بەسەر کورد دا هاتووە و لە ئێوەی قەڵەم بەدەست و خوێنەواریش چاوەڕوانی شەبەنگی هیوا و ئاواتە،لێ نائومێدتان کردووین.

ئیدی دەرگای گفتوگۆ لەسەر بنەمای چەوت و سەرلێشێواوی بەڕووی ئەم باس و دیاردەیە دادەخەم. دەنا بۆ هەر قسەکردنێکی بەڵگەنەویست و بەهرە و سوودبەخش،سەرخان و ژێرخانی گفتوگۆکان بە واڵایی دەهێڵمەوە.

هەڵۆ بەرزنجەیی ٢٤/٣/٢٠١٨

——————–
لەگەڵ ڕیزم دا. ،لینکی وتارەکەی بەندە لەسەر قەسیدەی “داڵ”ی شێرکۆ بێکەس.
. http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=83560&authorid=4436




کورد لە نامەکانی میس بێڵ دا …. و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق


ناساندنی کتێب:

بڵاوکراوەی،ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل رۆژبەیانی

هەڵۆ بەرزنجەیی
١١/٣/٢٠١٧ بەرلین
چاپی یەکەم ٢٠١٦، ٢٩٢ لاپەڕە

کاتێ هێزە ئیمپریالیستەکانی ئینگلیز و فەرەنسا، هەست بە داڕزانی دەوڵەتی عوسمانی دەکەن، بیر لە دابەشکردنی میراتەکەی دەکەنەوە، هەر زوو پێش کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لەنێوان خۆیاندا رێکەوتننامەیەک مۆر دەکەن لە ١٦/٥/١٩١٦، کە بە سایکس پیکۆ ناسراوە. ساتەوەختێ سوڵتانی عوسمانی دەرک بە مەترسی هاتنی هێزی ئینگلیزی و فەرەنسی دەکات، فەتوایەک جیهاد بۆ حەڵاڵکردنی کوشتنی ئەم هێزە بێگانەیە دەردەکات. ئینگلیزەکانیش بۆ رووبەرووبوونەی ئەم دۆخە بیر لەوە دەکەنەوە جوڵەیەک بخەنەوە ناو عەرەب و هەوڵ دەدەن جارێکی تریش ڕەوایەتی دەسەڵاتی ئیسلامی بگەڕیننەوە بۆ لای عەرەب ،وەک خاوەنی ڕاستەقینەی ئیسلام.
ئەوە بوو لە رێگای ناردنی تۆماس ئیدوارد لۆڕانسەوە، کە بە ” لۆڕانسی عەرەب” ناوبانگی دەرکردووە، هەوڵی دۆزینەوەی کەسایەتییەک دەدەن کە ڕەوایەتی مەزهەبی هەبێت. ئیسلام بگێڕنەوە بۆ دەستی خاوەنەکەی ئەوە بوو شەریف حوسەینی مەککەیان دەسنیشان کرد،وەک نەوەیەکی پیرۆزی محەمەدی پەیامبەری ئیسلامی عەرەبی و بزواندیان بۆ بانگاشەکردن و رووبەرووبوونەوەی خەلافەتی عوسمانی لەژێر ناوی ڕاپەڕینی عروبەدا. ئینگلیز گفتی بەم حوسەینە دا، کە پاش کۆتایی شەڕ یەکێتی عەرەب مسۆگەر بکات و ئازادیان بکات. ئەوە بوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ٣٠/١٠/١٩١٨ دا، داڕما و چەند دەوڵەتێک وەک قارچک هەڵتۆقین.

دەوڵەتی عەرەبی عێراقی،لە ریزی کۆمەڵێ دەوڵەتی دیکەی عەرەبی و ناعەرەبیدا، لە دوای داڕمانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانییەوە، لەسەر دەستی ئیمپریالیزمی جیهانخۆری ئینگلیزیدا قوتکرایەوە. ئەم دەوڵەتە بەچکەی بێژووی ئینگلیزە و بەرهەمی خەباتی نەتەوایەتی بزاڤی رزگاریخوازی عەرەب نییە و هەر لەگەڵ دروستکردنیدا، کۆمەڵێ بەرنامە و پلانی دوور و نزیکی بەرژەوەندییە تاکتیکی و ستراتیژییەکانی ئینگلیزی تێوە ئاڵێندرا. زەقترین تاوان و هەڵەیەکی ئەم دروستکردنە، بریتی بوو لەوەی کوردستان، وەک نیشتمانی کورد دابەشکراو و بەشێکی بەزۆر بەم دەوڵەتە ناشەرعییەوە لکێندرا و میللەتی کورد خرایە ژێر چەپۆکی عەرەبی سوننەی عێراقەوە.

نەخشەی رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ ١٩١٦، وێنەی یەکەم ١٩١٦، دووەم ئێستا.
ـ ڕەنگی زەردی تۆخ دەسەڵاتدارێتی فەرەنسییەکان. ـ زەردی خەتخەت کاریگەرێتی فەرەنسییەکان. ـ پرتەقاڵی دەسەڵاتدارتی ئینگلیز. ـ سووری خەتخەت لەژێر کارگەرێتی ئینلیزدا. ـ سوور لەژێر دەسەڵاتی هاوبەشدا.

ئەو پرسیارەی یەخەی مێژووی کورد دەگرێ و تا ئێستا وەڵامێکی پێویستی نەدراوەتەوە، ئەوەیە: بۆ کورد لە میراتی گۆڕانکارییەکانی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، بێبەش کرا و ئەو چارەنووسە پڕ لە کوێرەوەرییەی بەسەردا دابڕا،کە هەموو دەیبینین و دەیزانین؟. بۆ قەدەری کورد وابوو، بکەوێتە بەردەم پرۆسەی داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی،لە کاتێکدا لە گەلێ ڕووی سیاسی و مێژوویی و کولتوورییەوە بنەمای ئەوەی تێدا بوو بێتە خاوەن دەوڵەت؟.
ئەم بەرهەمەی بەردەستمان، گەر ئەو سەرچاوە دروستەش نەبێت، بۆ چنکەوتنی وەڵامی پرسیارەکەمان شیاو بێت، لێ تێگەیشتنێکمان پێ دەبەخشێ، تا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە لە ڕەهەندی ئەو باسە بگەین.
ئەم کتێبە بریتییە لە چەند نامەیەکی تایبەتی، کاربەدەستێکی باڵا و خاون کاریگەرێتی و قسەڕۆیشتووی ئینگلیز، لە میانەی پێوەندیی و ئاڵوگۆڕی هەواڵدا لەتەک باوک و دایکیدا کردوویەتی. بەڵام پرسی کورد ئەگەر ناوەڕۆکی زۆری نامەکان نەبێت، وا بەشێکی سەرەکی باسی نامەکان پێکدێنێ. هەڵبەت بایەخەکەش لەوەدا نییە، دۆزی کورد لە پەراوێزیی بیرەوەریی و حیکایەتێکدا، یاخود بەسەرهاتێکی مێژووییدا هاتبێت، بەڵکو لەوەدایە، ئەو نامانە لە لایەن کەسێکەوە نوسراوە، رۆڵێکی زۆر هەستیار و سەرەکی هەبوو، لە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە زۆڵەکەی ناوی نرا عێراق.
بە واتایەکی دیکە مس بێڵ، دەکرێ بە مامان و ئەندازیاری سەرەکی دامەزراندنی عێراق، دابنرێت. ئاخر ئەو نەخشەی دامەزراندنەکە و بڕیاری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و راوێژکار و داکۆکیکاری سەرسەختی دەوڵەتی عێراق بووە. ئەوتا خۆی لەم ڕووەوە دەنووسێ:” ئەوە هەمووی ڕاست نییە کە من بڕیار لەسەر تەواوی چارەنووسی عێراق دەدەم، بەڵام ئەوەیان ڕاستە کە من تا سەر ئێسقان لەگەڵ دروستکردنی حکومەتێکی عەرەبیدام و مەسەلەیەکی زۆر ناسک و هەستیارە هێندە جێی متمانەیان بم”ل ٨٧.

هەر ئەم لایەنەیە، وای کردووە سەنگی تایبەتی بدات بەو نامانە. جا با بزانین چ پەند و وانەیەکی بۆ کورد تێدایە و بۆ ئایندە چی لێوە فێردەبین؟.
مس بێڵ شارەزایی باشی لە باری سیاسی و جوگرافی و مێژوو و زمانی ناوچەکەدا هەبووە. بۆ خۆی وەک گەڕیدەیەک سەردانی ناوچەکەی ـ ئێران، سوریا، فەلەستین، دەوڵەتی عوسمانی ساڵی ١٩٠٧ و میسۆپۆتامیای ساڵی ١٩٠٩ـ کردووە و لەماوەی ١٢ ساڵدا ٦ جار سەردانی سعودییەی کردووە.
کاتێ ئینگلیز دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شەوق و خۆشییەوە وەک کەسێکی ئاسایی بە فەرمی داوا لە دەسەڵاتی ئینگلیزی دەکات، کارێکی لە دەستگاکانیدا لە رۆژهەڵات بداتێ. سەرەتا داواکەی ڕەت دەکەنەوە و پاشان دایدەمەزرێنن و دەیکەنە “سکرتێری رۆژهەڵات”. وەک ئەندامێکی چالاکی دەزگای هەواڵگری بەریتانی دەکەوێتە کارکردن. لە ماوەیەکی کورتدا توانا و لێهاتوویی خۆی دەسەلمێنێ و بیروڕاکانی، لە لایەن حکومەتی لەندەوە، بە هەند وەردەگیرێ و لە زۆر بواردا قسە لە قسەیدا ناکرێ و دوا بڕیار، لای ئەو دەبێت.

هەر بۆیە لە لایەن چەرچڵەوە لەتەک لۆرانس دا،بۆ بەشداری کۆنگرەی قاهیرە،بانگهێشت دەکرێ و بیروڕاکانی بە گرنگییەوە وەردەگیرێت.
بێڵ، بە توانای خۆی تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتی و هۆز و عەشیرەت و سیاسییەکانی عەرەبدا دادەمەزرێنێ. کاتێ دەزانێ لە عێراقی عەرەبیدا پیاوێک نییە، کەڵکی پادشایی بۆ عێراق تێدا بێت، ـ دوای ٤ ساڵ،لە دامەزراندنی عێراق، لە نامەیەکدا دەنووسێ ” بەڵام من تا ڕادەیەک دڵنیام لەوەی کە وەختێکی زۆری دەوێ پیاوی تەواو لەم وڵاتەدا پەیدا بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی یاسا و نیزام”.ل ٥٠ . لەگەڵ لۆرانسدا پێداگری زۆر لەسەر دانانی مەلیک فەیسەل، بە مەلیکی عێراق دەکات و دواجار، بیروڕاکانی سەردەگرێ و فەیسەڵ دەبێتە مەلیک لە بەغدا. دواتریش ئەڵقەی سەرەکی گرێدانی بەغدا و لەندەن دەبێت و بە پەڕۆشەوە، هەوڵی چەسپاندنی کۆڵەگە لەق و چرووکەکانی دەوڵەتی عێڕاقی دەدات و لە زۆر بواردا لە عەرەبێکی ناسیۆنالیست، زێتر داکۆکی لە عروبە دەکات. نموونەیەکی دیکەی خەمخۆری ئەم خانمە بۆ عێراق، ئەوەیە گەلێ جاران مەلیک فەیسەڵ، بێزار دەبێت و دەیەوێ واز لە هەموو شت بهێنێ، بێڵ دڵنەوایی دەکات و هانی دەدات، بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی و گفتی هاوکاری خۆیی و لەندەنی دەداتێ.

لەسەردەستی میس بێڵ دا، ناسنامەی نوێ، بۆ عێراق و عێراقییەکان دروست دەکرێ و هی عوسمانلی لابرێت، مۆزەخانە دادەمەزرێ و کتێبخانە دەکرێتەوە و بەشیکی زۆری سنوری عێراق لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا نەخشە دەکێشرێ. مەلیک دروست دەکات و هەڵبژاردن دێنێتە پێشەوە و وەزیر دیاری دەکات و لە پرسە سەرەکییەکاندا راوێژکاری مەلیکیش دەکات. کەواتە دەوڵەتی عێراق بووکەشووشەی دەستی خۆی بووە،یاخود کۆرپەی خۆی بووە،هەروەک خۆی لە یەکێ لە نامەکانیدا” بۆ دنیایی پییان بڵێن کە ئەوپەڕی ئاواتی ئێمە دوو منداڵەکەمان بووە،عێراق و کوردستان،کە چۆن دەبێ بە ئاشتی و دۆستایەتی پێکەوە بژین”ل ١٤٠ ئاماژەی پێداوە. لە ڕاستی ئەو لە باوژنێکی دڵڕەق و لە خوانەترس،بەرامبەر بە منداڵی دووەمی کوردستان نەگریستر بووە.

سنووری خۆشەویستی،ئەم خانمە بۆ عروبە، هەر لە چوارچێوەی عێراقدا نەبووە، بەڵکو گەلێ جاران فەرەنسیییەکانی بەر ڕێژنەی ڕەخنە داوە و هەردەم بە نەفرەتی کردوون، چونکە سیاسەتێکی نەرمونیانیان لە سوریا، بەرامبەر بە عەرەب پێڕەو نەکردووە. سەبارەت بە عەرەب دەنووسێ” ئەوان کەرامەتیان لە ئێستای داگیرکاریی جیهاندا سووکایەتی پێکراوە بە مانا سیاسییەکەی” ل ١٥٦ . بۆ ئەوەی لە ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەم خانمە عەرەبدۆستە بگەین،کە لەتەک لۆڕانسدی عەرەبدا،گەورەتین خزمەتیان بە عروبە کردووە. هەربۆیەشە لای عەرەب تا ئێستا گەورەتری ڕێز و پێگەی خۆشەویستی هەیە. لە شوێنێکی دیکە ناخی خۆی لە دەربڕینی ئاواتێدا، وەک پەیام ڕادەگەیەنێ و دەڵێ:” من بە هیوام پێش ئەوەی بمرم فەیسەڵ لە سنووری ئێرانەوە تا دەریای ناوەڕست حوکم بکات”.ل ٨٣ . پەیڕەووپرۆگرامی پارتی بەعسی عێراقیش هەر هەمان خەونی هەبوو.
ئیدی مەتەڵێکی هەڵنەهاتوو، لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەروەک هەواڵگرێ فەرمانی پێکراوە، هێندە خەمخۆر و دڵسۆزی عەرەب و بەرژەوەندییەکانیان بێت، یاخود حەز و خۆشەویستی و ئارەزووی خۆیشی لەم خاڵەدا رۆڵی بینیوە؟. یاخود عەرەب تونیویەتی کاریگەرێتی لەسەر ئەم خانمە بە شیوەیەک لە شێوەکان دروست بکات؟!. ئێمە دواتر لە سێبەری نامەکانی و دەربڕینی بیروڕاکانیدا، نموونەگەلێک دێنینەوە لەسەر سەلماندنی ئەم ڕاستییانە.

ئەم خانمە، شارەزا و ئاگاداری کێشەی کورد بووە، گەلێ لە کەسایەتییەکانی کورد، “مستەفا پاشای یاموڵکی، حەمدی پاشای بابان،عەدلەخانمی جاف و نە‌قشبەندییەکانی هەورامان و … هتد دیوە و ناوچەکانی کوردستان ـ شارباژێڕ و شارەزوور و هەورامان و سلێمانی ـ گەڕاوە و بە گەرمی پێشوازییان لێ کردووە و خزمەت کراوە و تەواو هاوکاری بوون. لە ل ٤١ دا دەنووسێ” من کوردستانم خۆویست بە وڵات و خەڵکەکەیەوە”. لەگەلێ شوێندا باس لە جوانی دڵفڕێنی دیمەنی سروشتی جوانی کوردستان دەکات.” گەشتەکەم حەوت کاتژمێری سواریی برد بۆ شیوەکەڵ کە نیو سەعات لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو. من هەرگیز وڵاتی وا جوان و دڵفڕێنم بە چاو نەدیوە” ل١٢٠
لە روویەیەکی دیکەشەوە باری کۆمەڵایەتی پێگەی ئافرەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا لە نزیکەوە دیوە و پیی ئاشنا بووە.” ئافرەتی کورد سەرپۆشیان بەسەرەوە نییە و تێکەڵی پیاوان دەبن و خانمی گەورەی ماڵن چەشنی ئەم خانمە و بۆ کوێیان دەوێ دەڕۆن”.ل١٣٣ .
ئا لێرەدا لەوە دەگەین کەوا ئافرەتی عەرەب، وەک کورد ئازاد و کراوە نەبوون و سەرپۆش بەسەر بوو. بۆیەکا ئەم ستایشەی ئافرەتی کورد بەم جۆرە دەکات. کەواتە ئەمەش خاڵێکی تری ئەرێنییە بۆ کورد، کەوا خاوەنی کۆمەڵگەیەکی شارستانیتر و کراوەتر بووە، ئامادە بووە، لەگەڵ دنیای مۆدێرندا بە ئاسانی بگونجێ، کەچی ئینگلیز بە هانایەوە نەهاتووە و بۆتە دۆست و فریادڕەسی دواکەوتوو و جاهیلەکان.

لەمەش زیاتر ئەم خانمە، زۆر باش ئاگاداری پەرۆشی خەڵکی کوردستان بووە، بۆ هاتنی ئینگلیز رزگارکردنیان لەژێر دەسەڵاتی تورکی عوسمانلی و بەڕیوەبردنی کوردستان” لە کوردستان هەژار و دەوڵەمەند هەموویان بە پەرۆشن بۆ ئیمە و ئاواتەخوازن وڵاتەکەیان بەڕێوە ببەین”. ل ٤٣
کەواتە میس بێڵ و حاکمی ئینگلیز، لەم هەست و سۆزەی کورد ئاگاداریش بوون، ئینجا بە جددی لە خەمی کێشەکەیدا نەبوون و لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانی دۆزەکەیان نەکردووە و بیروڕای خراپیان بە دەسەڵاتدارانی ئینگلیزی لە هنستان و ئینگلستان گەیاندووە و کوردیان ناچارکردووە، ملکەچی بڕیارەکانی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی بێت. لە هەموو سەیروسەمەرەتر ئەوەیە، ئەم خانمە هەرکەسێ باسوخواستی داخوازییەکانی گەلی کوردی لە دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقدا لەتەکدا کرد بێت، ڕک و قینی لێی هەڵساوە و دژی وەستاوەتەوە و بوغزاندوویەتی و دێوزمانە باسیان دەکات.
تەنانەت مێجەر نۆئیلی ناسراو بە دۆستی کوردیش،کە خۆی ئینگلیز بووە، بەر شاڵاوی ئەم تورەیی و نەفرەتەی میس بێڵ لەسەر داکۆکی لە کورد کەوتووە. جا پرسیار ئەوەیە، سەرچاوەی ئەم رک و قین لێبوونە چییە؟
سەردەمانێ ئینگلیز بە هەموو توانایەوە، بەربەرەکانی داخوازییەکانی کورد و بزووتنەوەکانی شێخ مەحمود لەو سەردەمەدا دەکات، شێخ دادگایی دەکەن و ڕەوانە هیندستانی دەکەن. ئەم خانمە بیر لەوە دەکاتەوە، شێخ تەهای شەمزینی،کوردی باکوور، بهێنێ و حوکمداری سلێمانی و رەواندزی بداتە دەست. گوایە شێخ تەها گوێ لەمستی ئەوان بووە. لە ل ١١٥ دا دەنووسێ” سلێمانیی سەربەخۆ ـ من تەنانەت ناڵێم کوردستان ـ”. واتە بە هۆشیارییەوە جوڵاوەتەوە زانیویەتی چی دەکات و چ دەڵێت.
کاتێ شەریف پاشای بابان،ساڵی ١٩١٩ دەیەوێ دەنگی کورد بگەیەنێتە کۆنگرەی ئاشتی پاریس ، میس بێڵ ئەمە بە فیتی فەرەنسییەکان دەزانێ و ناوزڕاوی دەکات.
لە زۆر لە نامەکانیدا زەمی کورد دەکات و پێی وایە یەکگرتوو نین لە پراکتیدا. بەس هیچ نموونەیەکی ناشیرینی عەرەبمان بۆ ناهێنێتەوە. گەر کورد کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەندی جارێک، دوو ئەفسەری ئینگلیزی کوشتوە،خۆ عەرەب لە شۆڕشی بیستدا، لە بۆنەی دیکەشدا بە دەیان ئەفسەر و سەربازی ئینگلیزیان کوشتووە. کەچی چ ئاماژەیەک بەوە نادات و بە دڕندە باسیان ناکات.

هاوکات هەرکاتێ ناوی شێخ مەحمود دێنێ نازناوێکی ناشیرینی،وەک جەردە و یاخی لێ دەنێ و هەمان نازناویش بۆ سمکۆی شوکاک،وەک سەرکردەیەکی نەتەوەخواز بەکار دێنێ،لەبەرئەوەی ئەمانە داکۆکییان لە ویست و داوای کورد کردووە، ملکەچی پلان و فەرمانەکانی ئەوان نەبوون. چونکە هەر لە نێوەڕۆکی پەیمانی سایکس پیکۆدا دەردەکەوێ، هەگبەکەیان بۆ کورد هیچی تێدا نییە. جگە لە داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی.

میس بێڵ زمانی عەرەبی و فارسی و باش زانیوە و کەمە کەمە بە تورکیش قسەی کردووە، دیارە فەرەنسی و ئەڵمانیشی باش زانیوە و لە ئیتالیش وەک تورکی حاڵی بووە. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە چ بایەخێکی بۆ زمانی کوردی و پرسی کوردی نەبوو!.تەنانەت وەک لایەنی فەرهەنگیش.

ئەم کتێبە بریتییە لە ٢٩٢ لاپەڕە و بە کورتە پێشەکییەکی ستران عەبدوڵاو پێشەکییەکی چڕ و پڕی وەرگێڕەوە، کە تژییە لە زانیاری ورد لەسەر میس بێڵ، کە نامە و تۆماری چالاکییە سیاسییەکانی لە ١٤ بەرگدا، لەتەک ٧ هەزار وێنەدا کۆکراوەتەوە و بڵاوکراوەتەوە. ١٦٠٠ نامەی بۆ باوکی و دایکی نووسیوە. ڕەنگە بە هەزاران ڕاپۆرتیشی بۆ دەزگای هەواڵگیریی و کۆمیسیۆنی باڵاو حکومەتی بەریتانی نوسیبێت. لەوانە ٦٣٣، نامەیان لە عێراقەوە نووسیویەتی و ناردوویەتی، لە نێوان ساڵانی ١٩١٦ ـ١٩٢٦، کە ساڵی مردنێتی و هەر لە بەغدا نێژاوە لەسەر وەسێتی خۆی.

بەرامبەر بە رۆلی گرنگ و هەستیاری خەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای وەرگرتووە. ئەم خانمە جار هەبوو، لەماوەی هەفتەیەدا نامەی بۆ دایک و باوکی ناردووە. نامە هەیە ١٠ لاپەڕە درێژە. کاتێ نامەکان دەخوێنیتەوە، هەرگیز باوەڕ ناکەیت، ئەم خانمە بۆ وا بە وردی و بە دیقەتەوە ئەم هەموو بابەتەی بۆ کەسوکاری باس کردووە.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵیین، مامۆستا محەمەدی وەرگێریش پسپۆری و دەستڕەنگین و لێهاتوویی خۆی،جارێکی تریش لەم بەرهەمدا نێسان داوە و هۆشیاری خۆی، لە ئامادەکردن و وەرگێران و نووسینی پەراوێزەکاندا نەخشاندووە. کاتێ ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە،وا هەست دەکەیت چیرۆک و بابەتێکی مێژوویی دەخوێنیتەوە. وەرگێڕ سەلیقەیەکی باشی تێدا خەرج کردووە.

جێی ئاماژە پێدانە، لە ئێستادا نێزیکی ١٠٠ ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەم نامانە و قوتکردنەوەی دەوڵەتی زۆڵەکی ئێراقدا تێدەپەڕێ. هەڵبژاردن و خۆماندووکردنی وەرگێر بەم بابەتەوە، نیشانەی پەرۆشێکی گەورەیە، بۆ رۆشنکردنەوەی پاشخانی و مێژووی رابووردوومان. دیارە پێویستە کورد لە هەموو ڕەهەندەکانی کار لەسەر گرنگی ئەو چارەنووسە دڵتەزێنە بکات، کە ڕووبەڕووی بۆتەوە.

شایانی ئاماژە پێدانە، لە هەنووکەدا بارودۆخێکی هاوشێوە، لە ڕووبەری ئەو دەوڵەتەدا دەگوزەرێ، کە ئینگلیز وەک کولانەی دەستکردی خۆی بەردەوام داکۆکی لێ کردووە. زنجیرە شەڕەکانی کەنداو و سەرهەڵدانی داعش و شەڕی دژ بەم هێز و دەوڵەتە تیرۆریستە، بە ئاکامێکی وا گەیشتووە، سنوورەکانی عێراق بایەخیان نەماوە و ناوەندی بەهێزی سوننەگەرا، پووکاوەتەوە و کورد پێگە و سەنگێکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. بەواتایەکی دیکە، گەر سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران، بەرهەمی ڕاستەوخۆی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بن ـ کە هەر واشەـ، وا ئیمڕۆ شەڕێکی دیکە هەڕەشە لەو سنوورانە دەکات، و ئەگەری هەڵوەشانەوەیان و گۆڕانکاری گەورەی نوێ لەبەردەمدایە.

ئەوەی جێی بایەخ و گرنگی بێت، بەشداری و ئامادەیی کورد خۆیەتی، بە سارێژکردنەوەی برینە قوڵەکانی جەستەیی و بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتر، لە دوێنێ بۆ نەوەکانی ئایندە. هەڵبەت ئەمەش بارمتەی چەند فاکت و ڕاستییەکە، لە چوارچێوەی یەکێتییەکی نەتەوەیی و هەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمەی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و چالاککردنی بواری دبلۆماسی و بەگەڕخستنی لۆبییەکی کارا، بۆ بەدەستهێنانی دۆستی زیاتر و کەمکردنەوەی ناحەزی وەک میس بێڵ و نیشاندانی روخسارێکی ئەرێنی لە دەسەڵاتداریتی، ڕاستەوڕاست کە دەکاتە دەستبەرداربوونی بەرژەوەندی کەسی حیزبی و ناوچەیی.
وێڕای دەستی لە برا و هاوڕێی زێدە ئازیزم ، مامۆستا محەمەد، هیوادارم قەڵەمە بە بڕشتەکەی هەردەم نووک تیژ و لەکار دا بێت، بۆ خزمەتی کتێبخانەی کوردی.




د.کوردۆ عەلی،هاوبیرێک لە هزر و پەیڤ … هەڵۆ بەرزنجەیی

مردن،بۆخۆی چەند بەدفەساڵ و باسێکی تفتوتاڵە،ساتێ تارمایی رەشی دێ و لە ناوادەدا، بێ بەزەییانە و دڵڕەقانە،چەشنی ئاژەڵێکی دڕندە، چنگ لە گیانی ئازیزێکمان گیر دەکات ، و دەپێچێتەوە و ئاودیوی وێستگەی پاش ژیانی دەکات و ، رێی گۆڕستانی ڕەش و تاریکی پێدەگرێتەبەر،ئەو مەرگە نەفرەتییە، دێوزمەتر و دڵتەزێنترە. ژیان سەرچاوەی وزەبەخشی، بزواندن و چالاکی نواندن و نەسرەوتن و داهێنانە،بەڵام پڕ لە کۆسپ و بەردەڵان و دژوارییە.
کەچی ژیان بە هەموو کۆسپ و تەگەرە و ناخۆشییەکانییەوە،چونکە هێشتا جێگای هیوا و ئاسۆی بەردەوامی تێدا ئاواڵەیە،مرۆڤ لەم ژینگەیەدا، هەمیشە ئارامبەخشتر و شادمانتر خۆی دەنوێ.ئەگەرچی مەرگ،هەموو تەگەرە و ئاستەنگەکان،ڕادەماڵی و گوایە هەواری پشووودانی،رۆحە، لێ هەر ئومێدکوژ و سەر و دڵگرە. هەواڵی کۆچی دوایی ،برا و هاوبیری هێژام،کاک د. کۆردۆ عەلی،پەردەیەکی خەمناکی ئەو شانۆیەیە،کە مەرگی چەپەڵ بەرپای کردووە. ئەم مەرگە وادەی نەبوو،هاوبیر کوردۆ،گەلەک خەون و پرۆژەی ،خزمەتکردنی خستبووە،بەردەم خۆی جێبەجێیان بکات. مەرگی نەگریس،چاوەڕێی نەکرد و پەلەی کرد،لە ڕفاندنی جەستەی ئەو هاوبیرە،جوامێرەمان.

د. کوردۆ،نوسەر و وەرگێڕ و ئەکادیمیستێکی لێهاتوو و خاوەن قەڵەمێکی رەنگین و بیرێکی گەش و بەرزی کوردایەتی بوو. لە تەمەنی هەرزەکارییەوە،رێچکەی کوردایەتی دەگرێتەبەر و لە ریزەکانی،یەکێتی قوتابیانی کوردستان و کاژیک و پاسۆک دا بەشداری خەباتی سەختی بزاڤی نەتەوەیی،نەتەوە و خاکە داگیرکراو و دابەشکراوەکەی دەکات.وەک پێشمەرگەش،بە کردەیی بەشداریی شۆڕشی ئەیلول دەکات و بە کارایی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردندا. دواتر لەبەر زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتی داگیرکەریی عێراقی،ناچارانە،پەڕاگەندەی ئەوروپا دەبێت و لە وڵاتی نەمسا،دەگێرسێتەوە. لەوێش دەسبەجێ هاوبیرەکانی دەدۆزێتەوە و کەڵکەڵەی دامەزراندنی رێکخراوێکی خوێندکاریی دەکەوێتە سەرییەوە.چونکە ئەودەم،دەرەتان نەبوو،بەناوی حیزبەوە،کاری فەرمی بکرێ. هاوکات،هاوبیر کوردۆ بەرپرسی لقی ئەوروپای پاسۆک،دەگرێتە ئەستۆیی و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە،دەکەوێتە کارکردن،بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی. لەتەک ئەمانەشەوە،بۆ درێژەدان بە خوێندن و باشتر خۆ چەکدارکردن بە زانست و خوێندن و فێربوون،دەبێتە خوێندکار.عەشقە گەورەکەی بۆ زمان و ئەدەبی کوردی،پاڵی پێوەدەنێ،ئەم ڕشتەیە هەڵبژێرێ تا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دکتۆرانامەکەی بەناوی (هەندێ بابەتی وشەسازیی کوردی) لە زانستگەی سالزبورگ بەدەست دێنێ.ئەم کتێبە بەزمانی ئەڵمانی لە لایەن ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠،بەهاوکاری هەندێ لە هاوبیرەکانی،رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە، دادەمەزرێنێ و دەبێتە سکرتێری تا ساڵی ١٩٨٥،کە دابڕان لە ریزەکانی سۆکسەدا دروست دەبێت. خوێندکاری کورد،وەک ئۆرگانێکی ئەو رێکخراوە دەردەکات . بە نووسین و وەرگێڕان و بابەتی جۆراوجۆر،دەستڕەنگینی خۆی لەم بوارەدا،دەنەخشێنێ. دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،نێو ریزەکانی سۆکسە و ئیدی لەکاری رێکخراوەیی دوور دەکەوێتەوە و خۆی بۆ نوسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان تەرخان دەکات.

چەند بیرەوەرییەک لەتەک ئەم هاوبیرەدا

ـساڵی ١٩٨٤،ساتێ بەرەو هەندەران هاتم،سەرکردە و رابەرمان،گیانبەختکردوو،کاک ئازاد مستەفا،ناونیشانی هاوبیر کوردۆ لە نەمسا و هاوبیر شێرکۆی لە سوید،دامێ،بۆ پەیوەندی کردن بە ریزەکانی پاسۆک و سۆکسەوە. هێشتا لە ئێران بووم،دوو هاوبیرم لەگەڵدابوون، دوو برا بوون.هاوبیر هۆشیاری وەستا رەشید وفەرەیدونی برای.رەوانشاد هوشیار کوڕی گەڕەک و هاوتەمەن و هاوڕێشم بوو، پاسپۆرتی نەهەبوو. بەدوای چارەسەرێک دا دەگەڕاین،تا کاروبارەکانی ساز بدات. دەرفەت نەما.هەواڵمان زانی کە بە داوەتنامەی وڵاتێ،دەتوانێ لە ئێران لیزەپاسێ دەربێنێ،ئەمە پاسپۆرتێکە بۆ یەک گەشت دەخوات. منیش ئەوەم لا درکاند،پێم،کە ناونیشانی هاوبیر کوردۆم لایە،بەڵکو هاوکاریمان بکات.هەروا بوو،بەناوی خۆمەوە،وەک هاوبیرێک،لەبەر رۆشنایی قسەکانی کاک ئازاد دا،نامەیەکم بۆ نووسی و دۆخەکەم بۆ روونکردەوە،کەوا پێویستمان بە داوەتنامەیەکە.نامەم ناردوو.ماوەیەک بەسەر چوو،وەرام نەبوو. من و فەرەیدون،لەبەرئەوەی پاسپۆرتی خۆمان پێ بوو،بە دوومانگ و شتێ رزگارمان بوو،دەرچووین بۆ سوریا. هۆشیار لە ئێران مایەوە. دواتر ئاگاداری کردم،کەوا کاک کوردۆ،داوەتنامەکەی بۆ ناردووە و زۆربەی کارەکانی ئەنجام دا،بەڵام لە کۆتاییدا پەشێمان بۆوە و گەڕایەوە بۆ کوردستان و نەهات بۆ ئەوروپا.کاک کوردۆ،بێ ئەوەی من بنسێ،هەڵسابوو،بە ڕاپەڕاندنی کارەکە،باوەڕم وایە،ئەمە بەڵگەیەکی جوانی، دڵسۆزی کاک کوردۆیە. دواتریش کە گەشتمە ئەڵمانیا،وەک کارێکی رێکخستنی،دەبوو،بە نامەیەک داوای ئەندامێتی لە رێکخراوی سۆکسەدا،بکەم. نامەم نووسی و هاوبیر کوردۆ،وەک سکرتێر،وەرامێکی هێجگار بەپێز و هەستبزوێنی دامەوە.کوردییەکی رەوان و پاکژ،داڕشتنێکی ئەدەبی باڵا و دەستەواژەو و ڕستەی بەجۆش .رەنگە لەو رۆژانەدا،بەتایبەت،رۆژانی کەمپ و چاوەڕوانی،بۆ ماوەیەک رۆژانە،چەندین جار دەمخۆندەوە و چێژم لێ وەردەگرت.

ـ دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،لەگەڵ هاوبیران بەتایبەت رەوانشاد کاک شەماڵ و هاوبیر پشکۆ،بڕەک سارد بوو. لێ من ،لەگەڵیدا هەر لەسەر پێوەندی دا بووم.بڵاوکراوەکانی پاسۆک و سۆکسەم بۆ دەنارد.ئەویش هەڵوێستێکی هاوبیرانە و خۆشەویستانەی بەرامبەر بە ئێمە نیشان دەدا. جارێکیان،بە بۆنەی گیانبەختکردنی هاوبیری هێژامان،کاک جەلالی حاجی حسین کەلۆشەوە،بابەتێم لە خوێندکاری کوردا نووسیبوو.گەلێک بەم هەڵوێستە،شادمان بوو.دوایی خۆیشی،بابەتێکی بۆ ناردین. هەروەها،بە بۆنەی مەرگی فەیلەسوف کارل پۆپەرەوە،بابەتێکی دوورودرێژم،لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بڵاوکردبۆوە.بە نامەیەک دەستخۆشی لێ کردم و وتی ئەوەی من گەرەکم بوو بیکەم،تۆ ئەنجامت دا. جارێکی دیکەش،لە خوێندکاری کورددا، وتارێکی رەخنەییم لەسەر کاک مەلا بەختیار نووسیبوو،کە لە نووسینێکدا ئاماژەی بە کتێبەکەی گیانبەختکردوو،فازیلی مەلا مەحمود دابوو.کاک مەلا بەختیار زمانی ئەڵمانی نازانێ،ئەم باسکردن و ئاماژەپێدانە و کۆپلە لێ وەرگرتنەی لە کوێوە هێناوە؟.تومەز،هەموو لە کارە نایابەکەی هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبە،کەلەلایەن کاک کوردۆوە،نوسراوە وەرگرتبوو،لێ پێی شەرم بوو،ناوی کتێبەکەی کاک کوردۆ وەک سەرچاوە بەرێ. لەسەر ئەمەش دەستخۆشییەکی هاوبیارانەی لێ کردم.

پێوەندیمان تا دەهات بەهێزتر دەبوو. لە راوێژێکی کورتدا لەتەک هاوبیر شەماڵ دا،وتم هەوڵ دەدەم کاک کوردۆ،داوەتی بەرلین بکەم،ئەو دەم هاوبیر پشکۆ لە کوردستان بوو.وتم داوا لە کاک محەمەد پێنجوێنی،سەرۆکی ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین دەکەم،سەمینارێکی بۆ ساز بکەن. مامۆستا پێنجوێنی،خەمخۆرانە،کارەکەی ئەنجام دا و،کاک کوردۆش زۆری پێ خۆش بوو،هاتە بەرلین.لەتەک هاوبیر شەماڵی هەمیشە زیندوودا،چووینە پێشوازی.ئیدی هەردوو وەک گوڵ بەدیداری یەکتر شاد بوونەوە و بە عەشقێکەوە ئامێزی یەکتربوون،هی وەسفکردن نییە. کۆڕێکی سەرکەوتووانەی لە زمان و بارودۆخی سیاسی لە کوردستان ئەنجام دا و پاشان گفتی ئەوەمان لە پێنجوێنی و کاک حسین کارتال،وەرگرت،دکتۆرنامەکەی بۆ چاپ بکەن. ئەوە بوو داوتر بۆیان چاپ کرد. هاوبیر چەند رۆژێ لامان مایەوە و گەلێ راز و نیازی هاوبیرانە و برایانە و خۆشەویستانە ئەنجام دران. یەکێ لە خۆشترین باسەکان،ئەوە بوو،دێرینی خێزانم سەروپێیەکی شاهانەی ئامادە کردبوو.یەکەمجاریشی بوو،زۆر دەترسا بەدەستییەوە دەرنەچێ.کەچی خۆشبەختانە،زۆر نایاب وو.دوای ئەوەی نۆش کرا،هاوبیر کوردۆ،رووی کردە شەهرەزادخانی خێزانی کاک شەماڵ،کە بە تەمەن لە دێرینی خێزانم گەورەترە،بە گەرمی کەوتە پەسەندانی سەروپێکە و دەستخۆشی لێ کرد،بۆ ئەو خواردنە نایابە.شەهرەزادخان هاتە وەرام و وتی: دێرین ئامادەی کردووە و دەستی ئەو خۆش بێت. هاوبیر کوردو، بەخۆیدا چووەوە و رووی دێرین و داوای لێبووردنی کرد و وتی باوەڕم نەدەکرد،ئەم خواردنە نایانە،دەستکردی تۆ بێت،بەراست خۆت کردووەتە. وەرامی بەڵێێ وەرگرتەوە.ئیدی بەگەرمی سوپاسگوزاری راگەیاند و ئێمەش بڕەک گاڵتەوگەثمان لەسەر بابەتەکە کرد.
بوونی هاوبیر کوردۆ لە نێوانماندا،هەلێکی باش بوو،منیش ئەو دەرفەتەم قۆستەوە،بۆ خوێندکاری ژمارە٢٤/٢٥،ساڵی ١٩٩٧،چاوپێکەوتنێکی کراوەم لەتەکیدا ئەنجام دا.ئەویش بە خۆشییەوە،کارەکەی پەسەن کرد و بڵاومان کردەوە.

ـ دوای هاتنی یەکەمی،بە ناوی ـ سۆکسەـوە،کۆڕێکی شیعریمان بۆ شاعیری گەورەی کورد،مامۆستا پەشێو سازدا.ئاگاداری کاک کوردۆشم کردەوە. زۆر بە خۆشییەوە هەواڵ و چالاکییەکەی پەسەند کرد و هات و بەشداری کۆڕەکە بوو. خۆیشی هاورێی و خۆشەویستێکی نێزیکی مامۆستا پەشێو بوو.هاوبیر بەختیار شەمەیی لە هۆڵەنداوە و کۆمەڵێ هاوبیری دیکە لە شارەکانی ئەڵمانیاوە هاتبوون.چەند رۆژێکی تژی لە گفتوگۆ و باس و خواستی کوردانەمان پێکەوە بەسەر برد. بەم پێیە،تا دەهات باشتر لێک نێزیک دەبووینەوە.هاوبیر کوردۆ، بەردەوام بەرهەم و بڵاوکراوەکانی خۆی بە رێزەوە بۆ دەناردم.شایانی ئاماژە پێدانە،کەوا شێت و شەیدای نووسینەکانی زانای گەورەی ترک،سمایل بێشکچی بوو،مەراقی بوو یەک بە یەکیان ،بکاتە کوردی.لام وایە بڕەکیش پێیانەوە سەرقاڵ بوو.رەنگە نەخۆشییە سەختەکەی،رێگریی لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژەی نازدارەی گرتبێت.

دوای ڕاپەرینی١٩٩١،لە باشوری کوردستان، هەلومەرجی نوێی هاتەوە ئاراوە،دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ ساز بوو،بڕیاری دا بگەڕێتەوە تا بتوانێ، لە زانکۆکانی کوردستان دا،راستەخۆ بەشداری خزمەتکردن بکات. دوای گەڕانەوە لە زانکۆی سلێمانی،دەستبەکار بوو، کرا بە راگری کۆلیژی هونەر. لەوێش خزمەتێکی بەرچاوی بە خوێندکاران کرد.

ـ ساڵی ٢٠٠٦،بۆ کۆچی دوایی باوکم چوومەوە بۆ کوردستان.دوای ١٧ رۆژ،مردنی دایکیشمی بەسەردا هات…کاک کوردۆ،لەتەک نوسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد،مامۆستا حەمە کەریم عارف دا،هاتن بۆ لام و خۆشەویستی و ئەمەکی خۆیان نیشان دا.
ـ هەرجارێ چووبێتمەوە کوردستان،سەردانم کردووە. یەکێ لە جارەکان دوو ژمارەی گۆڤاری دێر شپیگل و هەندێ بڵاوکراوەی ترم بە دیاری بۆ برد. جارێ لە جارەکان، رێکەوت وابوو،هاوبیر بەختیار شەمەیی و هاوبیر ئاراس وەلیش لە سلێمانی بوون. پێشنیازی سەردانێکی کاک کوردۆم کرد.هەردوو بە خۆشییەوە،وەریان گرتوو،چووین بۆ زانستگە بۆ لای،زۆری پێ خۆش بوو،بەتایبەت بە دیداری کاک ئاراس،کە دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥،یەکتریان نەدیبوو. زۆری کرد،داوەتمان بکات.ئەوەبوو،داوەتێکی شاهانەی رێکخست و پێشنیازی کرد،کەوا کاک د.حوسەین عەزیز،شێخ حسینی هاوبیر لەگەڵ خۆیدا دێنێ.ئێمەش خۆشحاڵ بووین. هەر لەو چێشتخانەیەی دانیشتبووین،رەوانشاد و هەمیشە زیندوو،هاوبیر کاک عومەر شەمەییشی،لێ بوو. ئەویش هات،تاوێ بە هاوبیر کوردۆوە سەرقاڵ بوو. ساتوکاتێکی بەتام چێژمان بەسەر برد. گفتوگۆیەکی جددیش لەنێوان کاک ئاراس و د.حوسەین دا سازبوو.

دوای ئەم دیدارە،ئیدی هەرجارێ دەچوومەوە کوردستان،دزاودز دەکەوتم لەگەڵ هاوبیر کوردۆدا،ئەو ئەوکاتانە،گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەمەبەستی چارەسەر دەکرد. هەتا ئەم دواییانەش،بەردەوام مەراقم بوو هەواڵی بزانیم. تا هەواڵی مەرگییم لە رێی هاوبیر پشکۆوە بیست و جزەی نا بە جەرگمەوە و دڵی گوشیم و چەند تنۆکێ ڕندوکی پێ هەڵوەراندنم.بەراستی کۆستی ئەم هاوبیرە ئازیزە،بەلامەوە زۆر بە ژان و ئازارە . کاک کوردۆ، کەسێکی بەئەمەک و خۆش مەجلیس بوو.لەیەکەم نیگایدا،هێندە ئێسکسووک و رۆح شیرین،بوو لەیەکەم نیگادا،دەچووە دڵەوە.هاوبیر کوردۆ، رۆشنبیر و کوردیزان و وەرگێڕ و رەخنەگرێکی بەتوانا و دەستڕەنگین بوو. بەدەم ئەو ئازارە سەختەوە،کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر،یەخەی گرتبوو،کۆڵی لە خزمەتککردن،نەدەدا و بەرهەمی پێشکەش دەکردین و لە کار و تێکۆشان و خزمەتکردن،لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا درێخی نەکردووە.

بەرهەمەکانی،ئەوانەی لای من هەن هەندێ لەوانەی دیکە،کە ئاگادارم لێیان، وا بە کورتیی پێشکەشتان دەکەم:
١ـ کوردستان و شۆڕشەکەی د. جەمال نەبەز و.لە ئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی لە بڵاوکراوەکانی رێخکخراوی سۆکسە.١٩٨٥
٢ـ سۆڤیەت و بزووتنەوەی نیشتمانی کورد ،هەڵسەنگاندنی دکتۆرنامەی فازیلی مەلا مەحمود سالزبورگ ١٩٨٦
٣ـ سڕینەوەی چەند پەڵەیەک بە تەوێڵی راستییەوە نامەیەکی کراوە بۆ کەریمی حسامی بنکەی چاپەمەنی ئازاد سوید ١٩٨٧
٤ـ مێگەل. یەڵماز گیونەی و.لە ئاڵمانیەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٨٩
٥ـ مەسەلەی کورد لە پارلەمانی نەمسایی دا و. لەئاڵمانییەوە سالزبورگ ١٩٨٩
٦ـکۆمۆنیزمی ئەوروپایی ،ڤۆلڤگانگ لیۆنهارد و.لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٩٠
٧ـئاشی چی و باراشی چی؟ باقە سەرنجی لەوەرامی گوتارەکەی بەهادین نوری دا سالزبورگ ١٩٩١
٨ـ ئاغا و شێخ و دەوڵەت،مارتین ڤان برونەسن و. لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی دوو بەرگ بنکەی چاپەمەنی رۆژ/سوید ١٩٩٦
٩ـ یەک هەڵووژە و هەزار هەڵووژە،سەمەدی بیهرەنگی،و. لە فارسییەوە کوردۆ سالزبورگ ١٩٨٩،چاپخانەی ئارارات و لەلایەن نووسینگەی تاراوە بڵاوکراوەتەوە.
١٠ ـ نووسەری هێژای تورک سمایل بێشکچی و تێڕوانینێکی زانستانە لە مەسەلەی کورد.سالزبورگ ١٩٩٢
ئاگاداری ئەم بەرهەمانەشم
١١ـ هەندێ بابەتی وشەسازیی زمانی کوردی بە ئەڵمانی دکتۆرنامەکەی زانستگەی سالزبورگ ١٩٩١/١٩٩٢،ئەم بەرهەمە ئینیستیتوتی کورد لە بەرلین بۆی چاپکرد.
١٢ـ هەڵکشان و داڕمانی ئیمپراتۆرییەکان پاوک کەنەدی وەرگێڕاوەن لە ئاڵمانییەوە
رەنگە بەرهەمی دیکەشی هەبێت، بڵاوکراونەتەوە من لێی بێ ئاگام

وتارەکانی:

ـ کردار و کات ڵە زمانی کوردیدا مامۆستای کورد ژمارە ٢٤/٢٥ ، ١٩٩٥
ـ خاڵۆ ئاو لە دنگدا دەکوتێ مامۆستای کورد ژمارە ٧ ، ١٩٨٩
ـ بزووتنەوەی کوردایەتی لە نێوان لێژەنی سەربەخۆیی و گێژەنی ئۆتۆنۆمیدا،گۆڤاری باسکار،ژمارە ١/١٩٨٩
ـ سێ شۆلاوگەی خوێنین و ئازارێکی پڕسوێ مامۆستای کورد ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٩/١٩٩٠
ـ ئاشبەتاڵی بیرێکی سەرچڵ مامۆستای کورد ژمارە ٩ی١٩٩٠
ـ رەشۆ ئاغا(چیرۆک)،بەکر ییڵدز،و.لە ئاڵمانییەوە مامۆستای کورد،ژمارە ٢٦ی ١٩٩٥
ـ چاوپێکەوتنی خوێندکاری کورد،ژمارە ٢٤/٢٥ی ١٩٩٧
هاوبیر د. کوردۆ. لە ٢٠/٢/١٩٥٠.دا لە قەرەداغ لە دایک بووە و لە ١٦/١٢/٢٠١٦،بە نەخۆشیی،لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی دەکات. راستە ئەم رۆڵە دڵسۆز و بەئەمەک و قەڵەم رەنگین و رێباز پیرۆز و بیرگەشە،بە جەستە لەنێوماندا نەماوە.لێ یاد و یادگار و پەیڤ و خەبات و خزمەت و نووسین و بەرهەمەکانی بۆ هەتا هەتایی،لای ئێمەی هاوبیران و رۆشنبیریی و کتێبخانەی کوردی،بە زیندوویی و دەمێنێتەوە.
ئاهورامەزدا،بە میهر و دلۆڤانی خۆی بیپارێزێ و گڵکۆی چراخان و پڕ لە گوڵاو بێت. هەزاران هەزار جار رەوانیشاد بێت و هاوبیر کودۆی زێدە ئازیز و خۆشەویستمان.

٢٠/١٢/٢٠١٦




ناساندنی کتێب… کەوتنی ئاسمانەکان (رۆمان) جەبار جەمال غەریب

ناساندنی کتێب…
کەوتنی ئاسمانەکان (رۆمان)
جەبار جەمال غەریب
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندیی رۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە
چاپی یەکەم ٢٠١٦………………… ٣٠٧ لاپەڕە.
بە دوو مانگ و دوو رۆژ نوسراوە…

هەڵۆ بەرزنجەیی
١/١٠/٢٠١٦
<< دەشێ کۆترێک دەنووک لە گومبەزی ئاسمان بدات و کونی بکات،بەڵام بەرنامەکەی ئەوی پێ هەڵناوەشێتەوە>> یەکەم دێڕی،دەستپێکی رۆمانەکە.

لەم بەرهەمەدا، رووبەرووی دەقێکی ئەدەبی دەبینەوە،کە نووسەر،چ بوارێک بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە،چاوێ بنووقێنێ و پیاڵەیەک چا فڕ بکات و هەناسەی پشوودانێکی ئارامبەخش هەڵکێشێ..ئاخر نووسەر هێندە بە کارامەیی باس و دیمەن و رووداوەکان،بە سەلیقەوە پێکەوە گرێدەدات و تابلۆیەکی ئەمەندە وورد و جوان دەنەخشێنێ،خوێنەر ناتوانێ بەسانایی دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێ،بەواتایەکی تر رووداوەکان هێندە ووروژێنەر و سەراسۆێکەرن، بەناچاری پەلکێشی دوای خۆیت دەکات.
بەڵێ لەگەڵ خوێندنەوەی هەر وشەیەک ئارەزوو دەکەیت خێرا چاوت بە وشەیەکی تر بکەوێ،پاش هەر رستەیەک،حەزدەکەیت بزانی رستەی داهاتوو چییە؟ هەر لاپەڕەیەک تەواو دەکەیت،مەراقتە زوو بزانی لاپەڕەی پاشتر چی تێدا نووسراوە و هەر بەند و ناونیشانێک بە کۆتایی دەگەیەنی، ماخۆلانتە تا دەگەیتە سەر ناونیشان و بەندێکی تر. ئەمەش هونەر و تەلیسمی سەرکەوتنی کاری ئەدەبی بەرز و باڵایە..
کوڕێکی خەڵکی گەرەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی،کاری شۆفێریی لە نێوان سلێمانی و کەرکووکدا دەکات..رێکەوت و چارەنووس وا دەشکێتەوە،دڵی بە کچە ترکمانێکدا دەچێ و دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر، کە کەسوکاری ژنەکە رازی نابن ئەم دوانە پێکەوە هاوسەرگیریی بکەن.
(فوئاد)،پاڵەوانی رۆمانەکە،لە سەرەڕێی ئەم عەشقەدا ئازار و لێدانێکی زۆر دەخوات تا بە دلبەرەکەی (یولدزنوور) بگات..لە ئاکامدا لە کەرکووک دەردەکرێت.
پاشان لە سلێمانی تووشی دەردێک دەبێت و ،دکتۆر ئامۆژگاری دەکات ژن بهێنێ… ئەویش بە رێکەوتێکی تری دراماتیکی ژنێک بەناوی ئەڵماس دێنێ…(فوئاد هات،بەبێ نامە و ئیشارەت و دڵداری ،هات و سلفێکی لە دڵی دا و بردی..ل ٢٨)..
فوئاد لە سلێمانی دەبێتە خاوەنی ژن و کچێکی خنجیلانە بە ناوی ئاسکۆڵ. لێ هەر دڵی بە سوێی عەشقی یولدزنوورەوە کزەی لێ هەڵدەستێ…

رۆژگار وا وەردەچەرخێ ،دواجار کچە لەدەست کەسوکار هەڵدێ و خۆی دەگەێنێتە فوئاد و بە خۆشەویستەکەی شاد دەبێت.ئەم جووتە، زەماوەند ئەنجام دەدەن و دەکەونە دنیای خۆشەویستی خۆیان و لە چرکەیەکی هەستیاردا جووت دەبن و منداڵێک دێننە دنیاوە و ناوی دەنێن زەینولعابدین/ زەینەڵ یاخود ئاسۆ..
ساڵانی نێوان ١٩٨٠ ـ١٩٨٨ ،شەڕی ئێران و ئێراق سەرهەڵدەدات و فوئادیش وەک هەزارانی دیکە دەبرێت بۆ ئاگری ئەو شەڕە نەفرەتییە…
رۆژێ فوئاد بە مۆڵەت دێتەوە بۆ ماڵەکەی کەرکوکی و دەکەوێت بەسەر کۆستی ژن و خەسویدا..گوایە لەماڵەوە بەگاز سووتاون!!… رێکەوت وایە، زەینەڵ لەو کارەساتەدا لای خەزووری دەبێت و نابێتە قوربانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە. فوئاد،کۆمەڵێ نیگەرانی و کێشە شاڵاوی بۆ دێنن و بەدڵشکاوی و خەمبارییەوە تێدەگات لێرە هەموو شت بۆ ئەو تەواوبووە. ئیدی چیرۆکێ بۆ خۆی ساز دەکات و زەینەڵی ساوا هەڵدەگرێ و دەیهێنێتەوە بۆ سلێمانی..لای ئاسکۆڵی ژنی بەم جۆرە باسەکە دەگێڕێتەوە: لەرێی گەڕانەوەمدا لە کەرکوکەوە بۆ سلێمانی، کارەساتێکی ئوتومبیل روویدابوو،دیار نییە دایک و باوکی ئەم منداڵە ساوایە،ماون یان نا،لێ ئەم مەلۆتکەیە لە دووری شوێنی کارەساتەکەوە بەجێمابوو، یان لەبیریانچووە، منیش لەرووی مرۆییەوە کاتێ ئەم منداڵەمە بەجێماوەم دۆزییەوە،هەڵمگرتۆتەوە و لە رێی خودا و مرۆڤایەتیدا هێناومەتەوە بۆ ئێرە و هەوڵ دەدەین بەخێوی بکەین. هەر لەوێدا ناوی (ئاسۆ)ی لێدەنێن. ئەڵماسیش پەیمان دەدات، وەک منداڵی خۆی گەورەی بکات.
فوئاد لەبەرەی بەدەستی ئێرانییەکان بەدیل دەگیرێ و بە قۆناخێکی پڕ لە ناخۆشی و دەردەسەریدا ژیانی دیلی بەسەر دەبات. ئەم دوورییەش رەوتی ژیانی ئاسکۆڵ دەگۆڕێ و زۆر بە کولەمەرگی خەریکی بەڕێکردنی خێزان و ژیان دەبێت.(مێردی دوور،وەک پشکۆی بێتینی بن خۆڵەمێشە.گەرمت ناکاتەوە،بەڵام دەتسووتێنێ.ل ٢٩)
دوای گەورەبوونی ئاسۆ لەتەک ئاسکۆڵدا،ئەڵماس بە کاریگەرێتی زولێخای درواسێیان، ئاسکۆڵ لە ئاسۆ مارە دەکات..بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە، منداڵێک دەبێت ناوی لێ دەنێن ( هیوا). بە هیوای گەڕانەوەی فوئادی باپیرە…
دوای گەڕانەوەی فوئاد لە دیلێتی لە ئێران، زۆر تراژیدیائامێزانە، دەکەوێ بەسەر ئەم رووداوەدا و تووشی شۆک دەبێت و چەخماخەیەک بە مێشک و جەستەیدا، دێت و دنیای لەبەرچاو تاریک دەبێت و چیدی بۆی ناکرێ بەرگەی گوناهوهەڵەکانی خۆی بگرێ.
ساتەوەختێکیش ئاسۆ هەست بەوە دەکات،هاوسەرگیریی لەتەک خوشکی خۆیدا بۆ ئەنجام دراوە،رووبەرووی ئازارێکی دەروونی زۆر کوشندە دەبێتەوە،پڕ بە گەرووی نەفرەت لە خۆی دەکات و دەیەوێ بەهەر شێوازێک بێت، خۆی لەم گوناحە مەزنەی کردوویەتی/ پێی کراوە پاک بکاتەوە.
دوای هێنان و بردنێکی زۆر،بڕیار دەدات، بەرەو مزگەوتی مەلا شەفیقە کۆڵە، دەکەوێتە ڕێ، تاوەکو رێچارەیەکی لەم نەهامەتییەی تێیت کەوتووە بۆ دیاری بکەن و چرایەکی بدەنە دەست لەو شەوەزەنگەی ئاسۆی ژیانی داگیرکردووە، بێتە دەرێ.
چیرۆکەکە تا ئێرە لە خولگەیەکی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا خول دەخوا و بە تراژیدیایەکی کوشندەی بێ وێنەوە و بە هەموو توانای نووسینەوە و لە تەواوی رەهەندەکانەوە،بەخەستی باسەکان،ورووژێنەرانە، دەخاتە بەردەم خوێنەر.
لێرە بەدواوە، سیما و خەسڵەتێکی سیاسی بە خۆوە دەگرێ، دەچێتە نێو باسگەلێکەوە،کە تارمایییەکی رەشی چڵکن و هیواخەسێن،لە ئاکامی باڵادەستی گرووپێگەلێکی سیاسییەوە،بەناوی ئایین و جەنگ بۆ خوا کردن، وەک دیاردەیەکی نامۆی دێوزمە،لە ناوچەکانی کوردستاندا سەریان هەڵداوە.هاوشانی ئەمەش تیشکێک دەخاتە سەر رەفتاری پۆلیسی تۆقێنەری ئەم گرووپە،کە بە باوەڕی بەندە،زۆر کارامە و لێوەشاوانە،بە پەیکەری جەستەییاندا دەچێتە خوارێ و پێبەپێی کرادار و رەفتاریان وێنەکان بۆ خوێنەر رادەگوێزێ،بە شێوازێک، خوێنەر لە کردەوە و میتۆدەکانی ئەشکەنجەدان و ئازاردانی ئەم گرووپانە، موچڕکە بە لەشیدا دێت..
لێ ساتێ ،ئاسۆ هەر کە پێی دەخاتە نێو مزگەوتەوە، قاچی دەبێت بە تەڵەی حیزبی ئیسلامی سیاسیی کوردییەوە و ئەوانیش لە چاوتروکانێکدا، دەیگەێننە بارەگانی خۆیان لە بناری شارەزوور و چیای سوورێن. ئەم بارەگایانە تژین لە مەلا و موفتی و ئەمیری ئەفغانی و نێودەوڵەتی، وەک ناوەکانی ئەبودوجانە و قەندەهار.. پاشان بە کۆمەڵی فلتەری ئامادەکاریدا لە ژێر سەردێڕی (ریازەی رۆح)دا مەشقی پێدەکەن. ئەم ئاسۆ بەدبەخت و چارەڕەشە،وەک دەڵێن: بۆ ریشی دەچێ،سمێڵیشی دەنێتە بان و هەموو دەستگیرۆیی و رێنومایی و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو قەباعەتەی لەدەست ئاسۆ قەوماوە ـ دوای ئەشکەنجەدان و سزا و لێدان و تۆقاندن و سووکایەتی چەشتن و دەیان میتۆدی تریت ترسناکەوەـ دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئاسۆ،وەک جەنگاوەرێکی خودا، جەستەی خۆی بکاتە بۆمبایەک و خۆی بتەقێنێتەوە. ئەمەش تاکە کارێکە خواوەنە/یاخود خواوەن رەزامەندی لەسەر بێت و بارتەقای ئەو گوناحەی ئاسۆ کردوویەتی تێهێنانەوەی لە بارەگای خودادا بۆ بکات و لە گوناهەکەی پاکی بکاتەوە.. شاری قەڵا و منارە،کۆنە هەولێری دێرینیش وەک ئامانجی شوێنی چالاکییەکە بۆ ئاسۆ دیاری دەکرێت.
دوای ئامادەکاریی و مەشقێکی باشی ئاسۆ، بۆ ئەنجامدانی کارەکەی،شوێن و کاتی بۆ دیاری دەکەن.ئیدی سەروەختێ ئاسۆ دەیەوێ بە کارەکەی هەڵسێ، دەچێتە بازاڕێکی میللی شاری هەولێر و بەرەو لای کۆتر فرۆشەکان.. ئا لەوێدا لووتی دەتەقێتەوە بە لووتی فوئادی باوکی و منداڵێکدا، قەفەزێکی کۆتری بەدەستەوەیە،کە هیوای کوڕێتی..ئیدی دەکەوێتە بەردەم لێکدانەوە و دووڕیانی بڕیاردانی ئەنجامدان یاخود نەدانی چالاکییەکە بۆ خودا…
لەئاکامدا نایەوێ کارەکە بکات..بەڵام مامۆستا و مەشقپێکەرەکانی بۆ زامنکردن و سەددەرسەدی ئەنجامدانی کارەکە،بە شێوازێکی نهێنی، دەستاوێژێکی تەقاندنەوە لای خۆیان دەهێڵنەوە،ساتێ دەزانن ئاسۆ دوودڵە، لە جێبەجێکردنی کارەکەی،بێ دوودڵی و سڵەمینەوە خۆیان پەنجە بە دوگمەکەدا، دەنێن و کوشتارەکە دەکەن. بەم جۆرە ئەوناوە خەڵتانی خوێن دەکەن و کۆمەڵێ رۆحی بێتاوان دەکەنە ئامانجی چڵکنی خۆیان،کە ـ گوایە لەسەر داواکاری خودا بۆ لای خودا ڕەوانەیان دەکەن ـ
ساتی روودانی تەقینەوەکە، هاوشانی فڕین رۆحی فوئادی باوک و هیوای کوڕ و کەسانی بەستەزمانی بێتاوانی دیکەی سڤیل،تاقە کۆترێکیش لەشەقەی باڵ دەدات، دەفڕێ بەرەو بەرزایی و شینایی ئاسمان…نووسەر بەم رستەیە کۆتایی بە رۆمانەکەی دێنێ:
(نەمزانی ئەو کۆترە بەسەر باڵی هەوردا خۆی لە مردن رزگار دەکات،یان رووحی ئاسۆ،تۆ بڵێ زەینەڵە و بۆ بەهەشت دەچێ.ل ٣٠٦) .
کارەکتەری کۆتر، کلیلی کردنەوە و داخستنی دەرگای رۆمانەکەیە…
تۆ بڵێ ئەوە رۆحی ئاسۆ بێت بۆ بەهەشتی بەڵێن پێدراو..؟؟؟؟..

رەنگە ئەو دەستەوتاقمەی لەم ژینگەیەدا پەروەردەبوون و دەکرێن، لەسەر سەرلوێنگی ئەم عەقڵێتە کاردەکەن، بتوانن بە ئاسۆ، فوئادی باوک و هیوای کوڕ بکوژن، لێ هەرگیز ناتوانن هیوای ژیان و باوەڕی پێشکەوتن بتاسێنن.
مامۆستا جەبار،وەک رۆماننووسێکی خاوەن ئەزموون، لێرەشدا جارێکی دیکە لە قاڵبی هونەرێکی بەرز و تەکنیکی سەرکەوتووانەدا،بەدەست پێک و کۆتاییەکی کاریگەر دێتە مەیدانەوە و پەردە لەدوای پەردەی باسەکان دروست پێکەوە تەقەڵ تێهەڵدەدات.
ئاسمان دەروخێ، زەوی شەق دەبات، ئەستێرەکان تار دەبن و رۆژ رووی خۆی دادەپۆشێ و مرۆڤەکان کەڕ و لاڵ و نا بینا دەبن،رۆژی حەشر بەرپا دەبێت…کەچی لەم رۆژگارە پڕ لە کوێرەوەرییەدا، نووسەرێکی بە سەلیقە و هیوابەخش و باوەڕ پتەو، بە ژیان و مرۆڤ و خۆشگوزەرانی، دێ و نایەڵێ چۆک دابدەین و نائومێد بین و زۆر جەربەزانە، بە قەڵەمەکەی دەستی دەکەوێتە راستکردنەوەی ئاسمان و پێکەوە بەستنەوەی زەوی و ئاشتکردنەوەی ئەستێرەکان و راماڵینی تەمی بەردەم خۆر و هەڵچنینەوە و خولقاندنی مرۆڤ وەک بوونەوەر بە (گوێ و چاو و دەم)ێکی دروست و تەواوەوە،تاوەکو هەموو پێکڕا هاوشانی لەشەقەی باڵدانی کۆترە رزگاربووەکەی دەستی، تاوان و نامرۆڤایەتی،دەست لە ملی ژیانێکی ئازاد و هەڵهاتنی ئاسۆیەکی نوێ و ئاییندەیەکی تژی لە بەختەوەریی و خۆشەویستی ببینەوە.
بەڵێ، گەر لەو کردەوە تیرۆریستی و دژە خوا و مرۆڤانەدا، تەنیا تاقە گیانێکیش قوتاری بووبێت و بێت، لەدەست ئەو خێڵی شمشێر و بکوژ و تاریکپەرستانە، هەر بەسە بۆ ئەوەی بێت بە تۆوی سەرلەنوێ شین بوونەوەی زەمینەی ژیان.. کەواتە، ئاسۆی ژیان هەر روونە. بە باوەڕی خۆم رەنگە کۆپلە شیعرێکی رەوانشاد، کامەران موکری،باشتر ئەم پەیامە بەرجەستە بکات،کە دەڵێ:
هەرچی درەختە گڕی تێ بەردەن
پەپوولەی هیوای من ناسووتێنێ
بای پاییز هەمووی بە جارێ هەڵ کەن
ئەم خونچە ووردەی من ناوەرێنێ
چۆن ئەوە رۆژە ئەیبینم هەڵات
ئاواش دڵنیام ئەگەین بە ئاوات

شایانی ئاماژە پێدانە، ئەم بەرهەمە هونەرییە نازدارە،دوای ئەو سەرکەوتنە،گەورەیەی لە نێوخۆی کوردستاندا بەدەستیهێنا،وا بڕیارە،دەزگای ئەندێشە خۆی، وەریبگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. دڵنیام،لە نێوەندە جیهانییەکاندا، پێشوازییەکی بێ وێنەی لێدەکرێت و دەبێتە مایەی شانازی کتێبخانە و ئەدەبی کوردی هەتیو و ژیکەڵە… ئاخر ئەم باس و رووداو و چارەنووس و دیاردە ترسناک و مەترسی و هەڕەشەیەی کەرەسەی ئەم رۆمانەن، گرێدراون بە ژیانی رۆژانەی هەمووان و لەم سەردەمەشدا بوونەتە باس و خواست و خەمی سەرتاسەری دنیا..
هاوسات،وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بۆ زمانە زیندووەکانی تری دنیا،ئەڵمانی و فەرەنسی و رووسی …هتد،ئەرکێکی پیرۆز و خزمەتێکی بێ هەژمارە..تکا لە نووسەرە زمانزانەکان دەکەم،ئاوڕی بە پەرۆش لەم بوارە بدەنەوە،چونکە سەنگ و پێگە و بایەخی رۆمان،لە دنیادا،هێشتا هەر لە برەودایە.. ئەم رۆمانەش پەیامێکی بە پێزی روون و بێگەردیی کوردییە.
قەڵەمەکەی مامۆستا جەباریش، بە بیری وورد و چاوی زیت و مرەکەبی خەستەوە، لە نێزیکەوە و لە جەرگەی رووداوەکانەوە، چاودێر و خەمخۆر و هیوابەخشێکی هەڵکەوتووی،تێکڕای باسەکانە…
جارێکی تریش دەستخۆشی،لە قەڵەمە بوێر و رەنگینەکەی مامۆستا جەبار و هیوای بەردەوامی لە خزمەتکردندا بۆ دەخوازم.. پیرۆزبایی لە کتێبخانەی کوردی دەکەم،کە لەسەر رەفەکانی جێگەیەکی شیاو بۆ ئەم بەرهەمە تەرخان دەکات…