ده‌رباره‌ی ئیراده‌ی مرۆڤ.. نوسینی: حه‌مه‌ هیوا

ئه‌وه‌ی نه‌یكوشتم، به‌هێزتری كردم.
(فریدریك نیتشه‌- وای گوت زه‌رده‌شت)

ئازاره‌كان هه‌ندێك جار به‌ره‌و مه‌رگمان ده‌به‌ن، هه‌ندێك جاریش ده‌مانكه‌ن به‌ داهێنه‌ر. ئه‌گه‌ر بێت و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جینۆسایدی هۆڵۆكۆست و ئه‌و ڕوداوه‌ پڕ له‌ تراژیدیا و جه‌رگبڕه‌ ده‌بینین، كه‌ جووه‌كان تێیدا بوونه‌ قوربانی ڕێكخراوی نازیزم و ئادۆڵف هێتله‌ر. ئاسه‌واری ئه‌و قوربانی و ئازاره‌ی جووه‌كان چه‌شتیان، تا ئه‌مرۆش له‌ جیهاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كاڵ نه‌بۆته‌وه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ تراژیدترین كاره‌ساتی مرۆیی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت. جووه‌كان وه‌ك منداڵێكی ده‌ست و پێ شكاو نه‌وه‌ستان، له‌ ڕێی سینه‌ما و ئه‌ده‌بیات و هونه‌ره‌وه‌ توانیان به‌ تێكڕای مرۆڤایه‌تی بڵێن، ئێمه‌ زیندوین و نه‌مردوین. هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش له‌ لایه‌ن زۆرێك له‌ سینه‌ماكار و ده‌رهێنه‌ره‌ خۆر ئاواییه‌كان ئه‌م كاره‌ساته‌ ده‌كرێت به‌ فیلمی سینه‌مایی و هه‌ر جارێك به‌ شێوازێك نیشان ده‌درێت، هه‌ر جارێك به‌ وێنه‌یه‌كی جیاوازتر كاره‌ساتی هۆڵۆكۆست پێشكه‌ش به‌ بینه‌ر یاخوود ته‌ماشاكه‌ر ده‌كرێت. ئه‌م نمونه‌یه‌ی كه‌ خستمانه ‌ڕوو پێمان ده‌ڵێت، ده‌كرێت زۆر جار له‌ ڕێی ئازار و نوشوستیه‌كان ببین به‌ داهێنه‌ر، بتوانین له‌ ڕێگای كه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كان داهێنان بكه‌ین. به‌ تێگه‌یشتنی فرێدریك نیشته‌ (1844-1900) ئازارەکان پێوىستە هێزێک بن بۆ دروستکردنى هێزی ترانسێندتاڵ(باڵایی) له‌ تاك.
له‌م باره‌یه‌وه‌ نموونه‌ زۆرن بۆ پیشاندانی هێزی ئیراده‌ له‌ خوود، ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا زۆر به‌ گونجاوی ده‌زانم بیخه‌مه‌ به‌ر باس، تابلۆكێش و شێوه‌كاری گه‌وره‌ی ئیرله‌ندی (كریستی براون 1932_1981)
چیرۆكی ژیانی كریستی براون چیرۆكێكی فره‌ ته‌ماوی و تراژیدیه، چیرۆكێكه‌ ده‌توانێت ئومێد بۆ مرۆڤێك بگه‌رێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌خترین ساتی ژیان دایه‌، هه‌رچۆنێك بێت ئێستا هه‌وڵده‌ده‌م به‌ كورتی به‌شێك له‌ ژیانی كریستی بۆ ئێوه‌ بخه‌مه‌ ڕوو.
كریستی براون كاتێك له‌ دایكبوو زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی ناچالاك بوون، ده‌سته‌كانی كاریان نه‌ده‌كرد، ته‌نانه‌ت وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی ئاسایی تر نه‌یده‌توانی ملی به‌ لای ڕاست و چه‌پدا بسوڕێنێ، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو ته‌نها و ته‌نها قاچی چه‌پی بوو. له‌ ڕێی قاچی چه‌پیه‌وه‌ توانی ببێ به‌ ناسراوترین و باشترین شێوه‌كاری سه‌رده‌می خۆی، هه‌تا هه‌نووكه‌ش زۆرێك له‌ وڵاتانی خۆرئاوا كاره‌ هونه‌ره‌كانی به‌ شاكار له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كریستی توانی له‌ ڕێی په‌نجه‌كانی قاچی چه‌پی یاداشت و هه‌مو سه‌ربورده‌كانی منداڵی خۆی بنوسێت و له‌ دوتوێی كتێبێكدا چاپ بكات. دوا به‌ دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌رهێنه‌ری ئیرله‌ندی جیم شێریدان له‌ ساڵی 1989 فیلمێكی ناوازه‌ی به‌ ناونیشانی قاچی چه‌پم دروستكرد و له‌ هۆڵی سینه‌ماكان نمایشكرا و له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازیه‌كی گه‌رمی لێكرا و ستایش كرا. ژیانی كریستی براون هه‌تا ئه‌مرۆش، له‌سه‌ر زاری تاكه‌ خۆرئاواییه‌كانه‌، چۆن ده‌كرێت كه‌سێك زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مردوون و ته‌نها پێی چه‌پی كار ده‌كات، كه‌چی ببێته‌ شێوه‌كاری گه‌وره‌ و به‌ناوبانگ؟
لێره‌دا بۆمان ڕون ده‌بێته‌وه‌، نا كامڵی جه‌سته‌ ڕێگر نیه‌ له‌ به‌رده‌م داهێنانه‌كان، گرنگتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ تاك گرێی به‌زه‌یی و خۆ به‌كه‌مزانی تێپه‌ڕێنێ، له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و مرۆڤه‌ گاڵته ‌پێكه‌ره‌كان و نوشوستیه‌كان. چه‌مكی ئیراده‌ زۆر قوڵه‌ و هه‌ر جاره‌ و به‌ شێوازێك خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ مرۆڤه‌كان، به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌، ئیراده‌ وه‌ك چه‌كێك به‌رامبه‌ر هه‌موو دژواریه‌كانی جیهان به‌كار بهێنین. ئه‌م كورته‌ په‌ره‌گرافه‌ی نیتشه‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌ ئاماژه‌م پێ كردوه‌، په‌یامی ئه‌وه‌مان پێ ده‌دات ئازاره‌كان چه‌نده‌ زۆر بن چه‌نده‌ نه‌بڕاوه‌ و بی كۆتایی بن، ده‌شێت ببنه‌ گه‌وره‌كردنی مرۆڤ.




هونه‌ری قوتابی بوون … نووسینی: حه‌مه‌ هیوا

بابه‌ت/په‌روه‌رده‌یی

له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ وه‌ك هه‌ر پێویستیه‌كی گرنگی ژیان فه‌رامۆشكراوه‌ و به‌ په‌راوێزی ماوه‌ته‌وه‌. چ له‌لایه‌ن دایكان و باوكان، چ له‌ لایه‌ن چینی مامۆستایان و فێركه‌ران. له‌ ساڵانی ڕابردوه‌وه‌ هه‌تا هه‌نووكه‌، كێشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی باشوری كوردستان وای كردوه تاكی ئێمه‌ هیچ كات و ساتێكی بۆ هه‌نگاوه‌ پێویستیه‌كانی ژیانی خۆی نه‌بێت. ئه‌م قه‌یرانه‌ش له‌ بچوكترین كه‌س له‌ كۆمه‌ڵگا، هه‌تاوه‌كو ده‌گاته‌ گه‌وره‌ترین كه‌سی گرتۆته‌وه‌.هاوكات ئه‌و جیله‌ نوێیه‌ش كه‌وا هاتوه‌ و دێت، له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای ناجێگیر گوزه‌ر ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سێ ده‌یه‌ی رابردوو گه‌وره‌ترین داهێنانی ئه‌وه‌بوو، وای كرد گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت لای تاكی كورد، ئه‌و موچه‌یه‌ بێت كه‌ مافی خۆیه‌تی و بۆی نیه‌ داوای بكات. نامه‌وێت زۆر قووڵ بمه‌وه‌ له‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ بێ شوماره‌ی له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌گوزه‌رێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر لای من جێی نیگه‌رانیه‌، خه‌مساردی چینی مامۆستای كورده‌ به‌ نمره‌ی یه‌كه‌م.
مامۆستای كورد به‌ رێژه‌ی زۆرینه‌ كار بۆ دروستكردنی تاكێكی زانست دۆست و مرۆڤ دۆست ناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و به‌ داخه‌وه‌ كار بۆ خودئه‌ڤینی (نه‌رسیسیه‌ت) و پشاندانی ڕۆڵی پاڵه‌وانێتی ده‌كات. فه‌یله‌سووفی به‌ریتانی (بێرتراند ڕاسێڵ)1872_1970
له‌ یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانی، كه‌ تایبه‌تی كردوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت:ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر مامۆستاكانی قوتابخانه‌ هه‌تا كۆتایی ده‌ستی فێرخوازان بگرن، نه‌ك له‌ شوێنێك ده‌ستیان به‌رده‌ن و هوتافی لوتبه‌رزیی به‌سه‌ریان لێ بده‌ن. ده‌بێت بڵێم به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستاش مرۆڤی كورد و مامۆستای كورد وا تێگه‌یشتوه‌، پرۆسه‌ی قوتابی بوون پرۆسه‌یه‌كی كاتیه‌ و ده‌شێت له‌ جێگه‌یه‌ك پرۆسه‌ی زانین بوه‌ستێ. بێ ئاگا له‌وه‌ی پرۆسه‌ی قوتابی بوون پرۆسه‌یه‌كی هه‌میشه‌ییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌یه‌كی بایه‌خدار و پێویسته‌.جارێكیان له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ مامۆستاكانی خۆم كه‌ خاتوونێكی جوانكیله‌ بوو، كه‌وتمه‌ ده‌مه‌ته‌قێوه‌ و پێم گوت مامۆستا ده‌مه‌وێ ببین به‌ هاورێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێره‌ په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه‌ بونیاد بنێین، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رپه‌چی دامه‌وه‌: ببوره‌ من هاوسه‌رگیریم كروه‌، له‌به‌ر ماڵه‌وه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌م ناتوانم.ئه‌م قسه‌یه‌ بوه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیه‌كی ئێجگار زۆر، بۆیه‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌بێت بڵێم: چینی مامۆستایانی كورد زۆر كه‌مته‌رخه‌م و نا پیشه‌یین به‌ ڕێژه‌ی زۆرینه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردوه‌ تاكی ئێمه‌و مانان تاكێكی نا هۆشیار و ئه‌نتی مه‌عریفه‌ بێت. له‌ فیلمی نووسه‌ره‌ ئازاده‌كان، كه‌ ڕیچارد لاجیرافینیز كاری ده‌رهێنانی بۆ كردوه‌، مامۆستایه‌ك ده‌بینین، كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ململانێ پڕ له‌ كینه‌یه‌ی له‌ نێوان قوتابیه‌ ڕه‌ش پێست و سپی پێسته‌كانی بمرێنێت، له‌ ڕێی زانین و ته‌بایی شادیان بكات. ئه‌فسووسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ مامۆستایانی ئێره‌ هیچ كاتێك كه‌مته‌رخه‌می خۆیان نابینن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قوتابیه‌ گوێگره‌ی، كه‌ به‌ هه‌ستێكی زانین ویستانه‌وه‌ له‌ مامۆستا ڕاده‌مێنن.




لە ستایشی بێدەنگی… نووسین: حـەمـە ھـیـوا

‏‎ ئەمرۆ لە جیھانی سێیەم شتێک بوونی نەماوە بە ناوی سانسۆڕ.ھەموو شتەکان بەردەستن،،ھۆشیاری بوەتە قسەیەکی عەیبدار،لە ھەمان کات ناجیدیەت بوەتە رێچکەیەکی کامڵ.پرسیارێک لێرە وجودی دەبێت:ئایە چ شتێک وا دەکات مرۆڤ لەم جیھانە فراوان و پڕ لە ژاوەژاوە،لەم گوزارەنەی کە لە بچوکترین کاڵا تا دەگاتە گەورەترین کاڵا بەردەستە،کەچی مرۆڤ خۆی وەک بونەوەرێکی ناجێگیر و نەشاز دێتە بەرچاوان؟
‏‎ھەرچەندە وەڵامی ئەم پرسیارە یەک لایەنە نیە و سادەگی نیە،بەڵام من پێم وایە نەبوونی بێدەنگیە.دەبێت ئاماژە بەوە بکەم بێدەنگی بەو واتا ترادسیۆنیە نا،کە ھەمووان لێی تێگەشتون.ھەنووکە دونیا لێوانلێوە لە گۆڕان،وەلێ گۆڕانکاریەکان لەو ئاستەدا نین،شایەنی دڵشادی و بنیادنانی جێگیری بن،بەڵام لەگەڵ ئەو نێگەتیڤیەدا ناتوانین نەفی لێ بکەین.ئەمرۆ ھەم جیھان و ھەم مرۆڤ پێویستیان بە بێدەنگیە.بێدەنگی لە پێناو ئاشتکردنەوەی تاک لەگەڵ خۆیدا.بێدەنگی لە پێناو ھۆشیارکردنەوەی سۆبێکت.بێدەنگی لە پێناو تێرامان لە قەیرانە ناوەکی و دەرەکیەکان.بێدەنگی لە پێناو بینینی گشت ئەو دیاردانەی،کە لەمرۆدا بونەتە مۆتەیەک.ھەرچەند ئەوانەی ئاماژەمان پێدا تەواوی گرفت و کێشەکانی ئەمرۆ نین،بەڵکو ھۆکارگەلێکن کە ئەمرۆ مرۆڤی وەک تۆڕێک گرتووە.لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رۆژانە دەیان و سەدان دیاردە دەبینین،کە ھەریەکەو لە بوارێکدا خۆی دەبێنێتەوە.کەچی ھەزارەھا کەس بێ ئەوەی بچوکترین وێنا و تێگەشتنی بۆی ھەبێت،لە بارەیەوە دەدوێت و بەو تێگەیشتنەی،کە خۆی ھەڵگرێتی رای دەردەبرێت.ئەم جۆرە نا ھۆشیاریە پەیوەندی نیە بە ناوچەی ئێمە،پەیوەست نیە تەنھا بە رۆژھەڵاتی ناوڕاستەوە،بەڵکو ئەفسووس لە ھەمو جێگایەکی ئەم جیھانە ناھۆشیاری بوەتە کەلتور،ھاوکات مرۆڤ بەبێ ھیچ ویستێکی ئەپستمۆلۆجیانە پەیرەوی نا ئاگایی و نا ھۆشیاری دەکات. فەیلەسوفێکی گەورەی ئەڵمانی دەڵێت:ھەموو تێگەشتن و رێگا تاریکەکان،لە رێی بێدەنگیەوە بەدەر دەکەون.دەبێت ئێمە لە چۆنیەتی بێدەنگی تێ بگەین ،ھاوکات لە کاتی بینینی وێنە تەڵخ و نارونەکانی زەمان فریو نەخۆین،بەڵکو لێیان ڕابمێنین و لە رێگای بێدەنگیەوە،گشت پەیام و تاریکیەکان ببینین.




قـات لـەبەرەکـان .. شیعر — نووسینی:حـەمـە ھـیـوا

دەمێک ڕەش دەپۆشن
دەمێک نیلی دەپۆشن
دەمێک ڕەساسی دەپۆشن
ھەموو
مۆدێلەکان دەپۆشن
لەگەڵ مەلاکان ھاوشانن
لەگەڵ خودا پەرست و
شەڕواڵ لەبەرەکان ھاودیدن
لەگەڵ قەڵەمە پاکەکان دوژمنن
دەمێک
سوڵتان لە باکورەوە ھاندەدەن پاکەکانی باشور
ھەناسە وەستاو بکەن
دەمێکیش
ئیمام
لە
رۆژھەڵات ھان دەدەن
گاز لە گوڵە پاکیزەکان بگرن،
گوێ بە خەونی نێژراوی
منداڵە بیجامە دڕاوەکان نادەن
گوێ بەو منداڵانە نادەن
کە
لە زنستانان چڵمیان دەیبەستێ
بە ھاوینیش قاچیان دوکەڵی
لێ ھەڵدەستێ.
کاسۆلیەکیەکان و پڕۆتستانتیەکان شەر دەکەن
شیعەکان و سوننەکان شەڕ دەکەن
خوا پێداو و خوا پێنەداوەکان شەڕدەکەن
مەلای مزگەوت و قەشەی کڵێسا
سیاسیە گرگنەکان و سیاسیە مەڕەکان
پشت چەماوەکان و پەت لە ملەکان
ھەموویان دەجەنگن
دەجەنگن بۆ دروستکردنی بەھەشت!
سیاسیەکان وان مۆڵەت دەخوازن
خودا بەھەشت بکاتە موڵکیان.
قات لەبەرەکان تا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت
تێچوی مرنیان زیاترە
لە تێچوی ژیانیان
ژنی نیشتیمانپەرستەکان لەش دەفرۆشن
لەش دەفرۆشن
بۆ شیر و دایبی و گۆرەوەی
ئەوان لە ماڵی سەرۆک لە چرکەساتێکدا
سەدان جار تەحیە دەکەن
بە سەرۆک دەڵێن:تۆ خوای
تۆ خوایت و کوڕەکانیشت نیمچە خوان،
ئەوان وان گرەو لەسەر مێینەی شکۆمەندەکان
دەکەن
ئەوان وان
دیمەنی منداڵێک کە ماسیەکانی ناو دەریا
فرمێسک دەرێژن
ئەوان پێی پێدەکەنن
منداڵێک کە خوداش پەراوێزی خستوە
منداڵێک کە حۆریەکان
بە بینینی خەجاڵەت دەبن.
وێنەی سەرۆکەکان لە ھەمو شوێنێکە
جارێک
دەیبینم بە دەرگای ماڵی خوداوە
جارێک دەیبینم
بە دەستی حاجیە ناو گەڵ پیسەکان
جارێک دەیبینم
بە دەستی سۆزانیە رۆژ ئاواییەکان
کوێ ھەیە وێنەی ئەوانی لێ نەبێ؟
ئەوەتا دەبینم وێنەیان
لە ئاودەستی پیرەژنەکان.
منداڵەکان
گەورە دەبن
مەلاکان و قەشەکان
بە جۆرەھا شێوە
ماکیاژ بۆ بەھەشت دەکەن
دەمێک
بە ڕوباری ھەنگوین
دەمێک
بە خاچەکەی مەسیح
بەھەشت ھی کێیە!؟
ئەوەتا
ئێرە
پڕە لە دۆزەخیی
ئەوەتا
ئێرە پڕە لە قیبلە
ئەوەتا
ئێرە
شاری مردوە بێ کفنەکانە.




ھەڵەبجە قوربانیەکی بێ تاوان … حـەمـە ھـیـوا

لەم یادە ناھەموارەدا کە لە چرکەساتێکدا ھەزاران مرۆڤی بێ گوناھ لە ھەردو ڕەگەز و ھەمو چین و توێژەکان بونە قوربانی سیستەمێکی فاشیست و خۆ سەپێنی بەعس و دەساڵەتەکەی گەورە مرۆڤی قێزەوەن سەددام حوسێن.ئەوەی سەراسیمەمان دەکات ئەو ڕوە قێزەوەنە نیە،کە ھەمیشە دەخوازێت خۆی وەک باشترین بەڕێوبەری وڵات ھەژمار بکات،بەڵکو ئەوەیە لە چرکەساتێکدا سەدان و ھەزاران مرۆڤی سڤیل و بێ تاوان بەرەو ڕوی مەرگ دەکات،ئەوەی لای بەندە شایەنی ئاماژە بۆ کردنە ئەوەیە:ئێمە لە ئەزەلەوە قوربانی دەستی وڵاتە داگیرکارەکان بوین،ھاوکات تاوەکو ئێستا ھیچ کامێک لەم وڵاتانە چاوی بەوە ھەڵنایەت،گەلێکی چەوساوە بەڕەوای دەبینێت خاوەن کلتور و پیرۆزی و زمانی خۆی بێت.
لە ڕێکەوتی ١٦/٣/١٩٨٨ ھەڵەبجە یەکێک لە گەورەترین تراژیدیا سەختەکانی بە خۆیەوە بینی،ئەم روداوە تەنگەژە ئامێزە تاوەکو ئێستا وەک زامێکی ئەبەدی لە قورگی ھەر یەکێکمان ماوەتەوە.
دەبێ کەسمان ئەوە لە یاد نەکەین کورد لە ھەر حاڵەتێکدا بێت دواجار خاوەن شوناسی خۆیەتی،لەم رۆژە دژوارەدا دەبێ ئەوە بە ھیچ جۆر و شێوەیەک لە یاد نەکەین ھەڵەبجەی شەھید فەخرێکە بۆ ھەمو ئەوانەی نیشتیمانپەروەرن،بە داخەوە ئەو وڵاتە سیاسیانەی بانگەشەی بە دیموکراتی بون و مافی مرۆڤ بونمان بۆ نمایش دەکەن،زیاتر لە سێ دەیە بێ ئاگایانە مامەڵەیان لەگەڵ گەلی کورد و بە تایبەت ھەڵەبجەی شەھید دەکەن.

(حـەمـە ھـیـوا)
١٥/٣/٢٠١٩




شیعر: خۆشم دەوێی … نووسینی/پۆڵ ئێلواڕ… وەرگێرانی/حەمە ھیوا

‎لەپێناوی ئەو ئافرەتانەی کە نەمناسیون خۆشم دەوێی
‎لە پێناو ئەو کاتانەی کە تێیدا نەژیاوم خۆشم دەوێی
‎لە پێناوی ھەوای پاکژ و بۆنی نانی
‎گەرم
‎لە پێناوی ئەو بەفرەی کە دەتوێتەوە
‎لە پێناوی گوڵە پێگەیشتوەکان
‎لە پێناوی گیانلەبەرە پاک و بێگەردەکان
‎ئەوانەی کە مرۆڤ ئارەزویان لێ ناکات
‎خۆشم دەوێی لە پێناوی خۆشەویستی
‎خۆشم دەوێی لە پێناوی ئەو ئافرەتانەی
‎کە ھەرگیز خۆشم نەویستون

‎کێ پێچەوانەی من بێت…تەنھا تۆ نەبیت
‎تەنھا کەمێکی منی بینیوە
‎بەبێ تۆ ھیچ شتێک نابینم بە درێژایی
‎ماوەی ئەمرۆ و دوێنێ
‎ھەموو مردوەکانم تێپەڕاند لەسەر کا
‎نەمتوانی کون کەمە دیواری ئاوێنەکەم
‎وشە بە وشەم پێویست بوو
‎بۆ پاراستنی ژیان
‎لە پێناوی ئەو داناییەی تۆدا
‎کە من نیمە خۆشم دەوێی
‎لە پێناوی تەندروستی دژ بە ھەمو وەھمێک
‎خۆشم دەوێی
‎لە پێناوی ئەو دڵە نەرمەی
‎ھەمە و خەیاڵ دەکات کە تۆ گومان و یەقینی
‎تۆ خۆری بەرزی منی تا سەرم
‎بەرزم دەکەیتەوە
‎کاتێک تەواو دڵنیا دەبیت لە من

————————————–
سەرچاوە:

I Love You (Je t’aime), by; Paul Eluard




ســاڵـی نـوێ … شیعری حـەمـە ھـیـوا

سەرشەقامەکان پڕن لە مرۆڤ
میدیاکان لە چرکەساتێکدا
ھەزارەھا دروشم بڵاو دەکەنەوە
کوڕی سەرۆکەکان سواری ئۆتۆمبێلێکی چەند ملیۆن دۆلاری دەبن
لەگەڵ ئەوەشدا
دەیەھا سەگی قات لەبەر
لە دواوە پاسەوانیان
بۆ دەکەن
عاشقەکان
وەک ڕابردوو
بە چاوەڕوانی دیدەنێک
دەمێننەوە
منداڵێکی پێپەتی لە ناوڕاستی
شۆستەیەک سمتی لەسەر تاشە بەردێک
داناوە و گۆرەوی دەفرۆشێت
کاتێک
پیاوێک بەویادا تێدەپەڕێت
دەڵێت:مامە مامە!توخوا گۆرەویم لێ بکڕە
دایکێک
لە دوا ساتەکانی ئەمساڵدا
سوژدە دەبات و بە خودا دەڵێت:
خودایە ئەمشەو کوڕە کوژراوەکەم بێنە خەوم
دوبارە
ڕۆژی لەدایکبونەکان
دێنەوە
لە ساڵی نوێدا
ھیچ ناگۆڕێت
دەموچاوەکان
ھەمان دەموچاوی
سێ دەیەی ڕابردوون
روخسارەکان
دوبارە دەبنەوە درۆزنترین بونەوەر
سیاسیەکان
بەڵێنی تۆڵەی خوێن دەدەن
بە دەمی جەرگ سوتاوەکان
عاشقەکان
چاوەڕوانی زەنگی یارەکەیانن
وەک چۆن
عیسا پەرستەکان
چاوەڕێی زەنگی کڵیسا
دەکەن
دەمێننەوە
لە چاوەڕوانیدا دەمرن
دەمرن
دەبن بە مردویەکی بێ کفن لە نیشتیمان.
لە ساڵی نوێ
مردوەکان
چاوەڕوانی
فاتیحای زیندوەکان دەکەن
سەری ساڵ
ھەموو گرگنەکانی حیزب
بە کچە دڵپاکەکان دەڵێن:قەحبە
بەو کچانەی جەستەیان
ساختەیە دەڵێن:شازادە
سواڵکەرەکان
دوعاکانیان لای
خودا فەرامۆش دەبێت
دەبێت بڵێم
ھیچ ناگۆڕێت ھیچ
ھەرزەکارە خێر لەخۆ نەدیوەکان
لە دەریادا
دەبن بە ژەمێکی قرشە برسیەکان
نیشتیمان پەروەرەکانیش
بە حەبل خۆیان لە سێدارە دەدەن.

(حـەمـە ھـیـوا)




چیرۆک- چــاوانــی ئـەبـڵــەق … نووسینی: حـەمـە ھـیـوا

زۆربەی کات بیری دەکردەوە و لە خۆی دەپرسی ئایە کۆتایی بونی ھەیە؟نەستی ئەو ھەرزەکارە ڕوبارێک بوو لە پرسیار،گشت کاتێک لەسەر ئەو ئایدیایە بو،کە سەراسیمەیی نەبێت بەرامبەر ھیچ فەیلەسوفێک یاخوود ھەر پەرتوکێک،ھەر بۆیە دەیویست خۆی لۆجیک ببەستێت بە ھەمو ئەو ڕستانەی کە نیشانەی پرسیاری لە تەکەوە بوون.
لەو گەڕەکەی ئەو ھەرزەکارە و دایکە پەککەوتوەکەی لێ دەژیان،ئارایشتگایەک ھەبوو،سێ کچ خاوەندارێتیان دەکرد،تەمەنیان لە سەروو بیست ساڵ دەبوو.
ئەو ھەرزکارە دەمێک بوو بڕیاری ئەوەی دابوو بەبێ ئەوەی باوەری بە ھیچ ئاینێک بێت بژی،لە کوڕانی ھاوتەمەنی خۆی نەدەچوو،لەو رۆژەوەی باوکی لە جەنگ کوژرا،بڕیاری دا ببێتە جێگرەوەی باوکی بۆ دایکی.

لە کۆڵانەکەیاندا چەند فرۆشگایەک ھەبو،بازاڕێکی چکۆڵەش ھەبوو،چەندەھا پۆشتەفرۆشی لێبوو،جلکی ئافرەتانە و کچانەیان دەفرۆشت،ھاوکات مەیخانەیەکیش لەوێدا بونی ھەبوو.
ئەوەی مایەی سەرسورمان بو گشت رۆژێک کاتێک ھەتاو سەری دەردێنا ئەو ئارایشتگایە بەر لە ھەمو فرۆشیارەکان دەکرایەوە،زۆر جار خەڵکیان ھەراسان دەکرد بە ھاوارکردن و بانگێشتکردنی لاوە تازە ھەرزەکار بوەکان،سەرنجی ھەمو کورە باڵغبوەکانیان بۆ خۆیان ڕادەکێشا.

ئەو ھەرزەکارە ناوی عەلی ڕەزا بوو، خاوەن دایکێکی پەککەوتە و گۆچان بەدەست و داماو بوو،گشت بەیانیەک دایکی بە خەوتویی خاوێن دەکردەوە و پاشماوەکەی دەسری،بە ھۆکاری ئەوەی دایکی سانسۆری جەستەیی لەدەست دابوو و بە ئاشکرا میز و پیسایی دەکرد بە ژێر خۆیدا،بەڵام عەلی ڕەزا ھیچکات نەیدەھێنا بەسەر خۆیدا و ئامادەگی ئەوەی تێدا دەبینرا تاوەکو کۆتا نەفەس یارمەتیدەر بێ بۆ دایکی.
ئەوەی کە عەلی ڕەزای ناڕەحەت و بێزار کردبو ئەو سێ کچەی ئارایشتگا بون،گشت رۆژێک ئاژاوەیان پێ دەفرۆشت و تانەیان لێ دەدا،بەھەرجۆرێک بوایە عەلیرەزا خۆی لەوان دەدزیەوە.

موجاھید ئەو کوڕە بوو،کە لە قۆناغی ناوەندیدا لە مەدرەسە لەگەڵ عەلیرەزا ھاوپۆل بوو،کوڕێکی دەستکورت و بێ نەوا بوو،ھەفتانە سەری لە عەلیرەزا دەدا و بە قەرز بڕە پارەیەکی کەمی لێوەردەگرت.لە ڕاستیدا موجاھید لە نانەواخانەیەک کاری دەکرد،بەڵام خۆی بێبەش نەدەکرد لە کاری پاکردنەوەی پێڵاو،لە ھەمبەر ھەمو ئەمانە کچە مامەکانی کاتێک دەیان بینی سوکایەتیان پێ دەکرد و لە دورەوە تیری رقیان بۆ دەھاوێشت.
ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی وەرزی زستان لە مانگی دوو موجاھید دەیەوێت بڕواتە کار بە جلکە چڵکنەکانی،گەرچی ترسی ئەوەی لێ نیشتوە کچە مامەکانی بیبینن و دوبارە تەشقەڵەی پێ بکەن،ڕەگی ناچاری دایدەگرێت و دەچێت.

لەوکاتەدا کە لە ماڵ وەڕێدەکەوێت بارانێکی بێ ئەندازە خێرا دەبارێت و لەگەل خۆیدا تۆفان و تەرزە دەھێنێت.لەوکاتەدا دو کچە مامەکەی دەردەکەون و یەکێکیان کە ناوی ئیمانە،پانتۆڵێکی ڕەشی تەسک و بلوزێکی مۆری قۆڵکورت و چاکەتێکی سوری پۆشیوە،قۆپچەی بلوزەکەشی کردۆتەوە تا مەمکۆڵەکانی دەرکەون و دڵی لاوەکانی پێ ببا.
ئەوی تر ناوی نەدیە و تەنوریەکی مۆری کورت و گۆرەویەکی درێژی ڕەشی لەبەرکردوە،لەگەڵ ژێر کراسێک و بلوزێکی یەخەدار.

ئامۆزا نەگبەتەکەیان بەسەر دەکەنەوە بە جوێنی ناشرین،نەدی سمتە خڕەکانی خۆی بۆ موجاھید نمایش دەکات و بە چاوێکی سوکایەتیەوە لێی دەڕوانێت و دەڵێت:چیە حەزت لێ نیە؟!ناتەوێ بێی ھەرسێکمان کاتێکی خۆش ببەینە سەر؟موجاھید پڕبوە لە رق چاوانی ئاگرێکی جەھەنمیان لێ دەبارێت،ئیمانیش لەولاوە دەست دەخاتە بەینی مەمکەکانی و دەڵێت:وەرە داماو لەگەڵ ئێمە وەرە،ئێمە بە خۆڕایی خۆمانت پێ دەدەین وەرە گەمژەی سوک و ڕیسوا.لەوکاتەدا عەلیڕەزا وەک کابوسێک دێت و بە ھەمو ھێزی خۆیەوە شەپازلەیەک دەدات لە ئیمان و پاڵێکیش دەنیێت بە نەدیەوە و دەستی موجاھید ڕادەکێشێ و دەیبات بەرەو ماڵی خۆیان.

ڕێگادا دوبارە توشی کچانی ئارایشتگاکە دەبنەوە،یەکێک لەو سێ کچە کە چاویلکەیەکی ڕەنگی شینیی ئاسمانی لە چاو دایە،جاڕ دەدات بە کچەکانی تر کە عەلیرەزا و موجاھید ھاتون،لەو کاتەدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراوانە عەلیرەزا شاڵاوی بۆ دەبات و بە مستکۆڵە دەکێشێت بە سەریدا،خۆی و موجاھید دەرۆنە ناو ئارایشتگاکە و دو کچەکەی تر دەبینین کە تەنھا جلی ژێرەوەیان لەبەردایە و بە جەستەی ڕوتەوە لێی دانیشتوون.
کاتێک کە ئەو دو لاوە دەبینین بە دڵێکی ترسەوە ڕادەچەڵەکێن و ھەڵدەستنە سەر پێ،یەکێکیان دەست بۆ رومەتی عەلیرەزا دەبات،لەوکاتەدا عەلی رەزا شەقێک دەکێشێت بە دەستیدا و لە خۆی دوری دەخاتەوە.

کچەکەی تر قاچی دەلەرزێت و دەیەوێت بە ھەر ڕێگایەک بێت ڕابکا و ھەڵبێت،لەوکاتەدا عەلیرەزا دەستی ڕادەکێشێت بۆ چاوانی ئەو دو کچە لاسارە و بە چاوێکی رقاویەوە پێیان دەڵێت:ئێوەی کچان وان چێژ لەوە دەبینین گشت نێرەکانی ئەم زەمینە ببن بە کۆیلەتان،شانازی دەکەن بەوەی ھەمو کوڕان و پیاوان بێنە بەینی ڕانتانەوە و ئەو شتە بکەن کە زۆرترین چێژ دەبەخشێت،ھاوکات ئەم چێژە کاتیەش بێ ئەرزشترین شتە لە دونیادا.
ئێوە کاڵایەکی بێ بەھا و ھیچن،دڵتان دەدەن بە کوڕێک،کە لە پێناوتان ھەمو شەو و رۆژ دەبەخشێت لە پێناوتان شەونوخونی دەکا لە پێناوتان گیان بەخت دەکات،کەچی بە زویی پەراوێزی دەخەن و دەچنە باوەشی دەیەھا و سەدەھای تر.پارچەیەک گۆشتان ھەیە و زۆرینەی نێرەکان برسیتانن،بەڵام لە کاتی خاڵیبونەوە ھیچ ئەرزشتان نامێنێ و ئەوەی بۆتان دەمێنێتەوە داوێنە پیسەکانتانە.

ھەردوو کچەکە فرمێسک لە چاوانیان دەھاتە خوارێ بە بیستنی ئەم گوتانە کە وەک فیشەکێک وابوو بۆیان،عەلیرەزا بێ گوێدانە گریانی ئەوان بەردەوامی بە قسەکانی دا و گوتی:دەمھەوێت بەر لە رۆیشتنم ئەوەتان پێ بڵێم،ئێوە شادن بەوەی کە چەندەھا کوڕ و پیاوی خانەدان دواتان کەوتون،دەشێ خاوەن بۆنی گرانبەھان بن دەشێت پۆشتەی ناوازە بپۆشن،بەڵام ھەمو ئەمانە ھیچن،ئەوانە ئێوەیان تا ئەو کاتە دەوێت تا تێریان دەکەن،پاشان دەرتان دەکەن و ئێوەش دەبن بە ھیچترین مێینەی سەر زەمین و وەکو سەگێکی بێ خاوەنتان لێدێت
ئێوە ناتوانن بەرگەی ئەو کوڕە ھەژار و لێقەوماوانە بگرن کە پڕ بە دڵ ئێوەیان خۆشدەوێت و بۆ بینینتان ھەمو ھەنگاوێکی دژوار دەبڕن،دەمەوێت ئەوە بزانن ھەر ئەو کوڕە پۆشتە دڕاوانەن کە بە ڕاستی پێتان دەڵێن تا ئەبەد دەمەوێی،بێ گوێدانە ھیچ شتێک ئێوەیان دەوێت،بە شێوەیەک ئێوەیان دەوێت گەر ئەو دونیاش بونی ھەبێت ژیانتان لەگەڵ بگوزەرێنن.
کەواتە ھەڵمەخەڵەتێن بەوانەی بۆ چەند ساتێک شادومانتان دەکەن بە پێشکەشکردنی دیاری گران بەھا و پۆشاکی مۆدێرنە،دڵخۆشی ئێوە لای ئەو کوڕانەیە کە دڵتان لایان گەورەترین ئامانەتە و دڵخۆشکردنی ئێوە بە پیشەی ھەمیشەیی دەزانن.
چونە دەرێ لە ئارایشتگاکە و بەرەو ماڵی عەلیرەزا کەوتنە ڕێ،بەڵام لە کاتی چونە ژورەوەیان بینیان کە دایکی عەلیرەزا ھەناسە نادات و ئیدی بۆ ئەبەد کۆچی دوایی کردوە.

نووسینی: حـەمـە ھـیـوا




چیرۆک / شەقامی زیندانییە نۆستالیژیاکان … نوسینی: حـەمە ھـیـوا

گوێبیستی ئەو گوتانەم،کە پیاوە ناساغەکە دەیچپێنێت بە گوێچکەی کچۆڵەکەیدا.
ئەوکاتانەی باوک دێت و فرمێسکی کچە بچوکەکەی دێتە خوار،ئێمەش دەگرین،دەگرین لەبەر ئەوەی نامانەوێ بمرین.
جارێکیان ھاتە لای فرۆشگایەک لە ھەمان شوێن،ئەو فرۆشگایەی پیرەژنێکی پەککەوتوی گۆچان بە دەست خاوەنیەتی.
لەوێدا بۆیەکەم جار بۆی دەرکەوت کە پیرەژن لەگەڵ ئەوەی پشتی چەماوەتەوە درەنگیش دەبیستێت ڕەنگە ھەر نەبیستێت،بەھەرحاڵ ھاتە ئەوێ و لە پشت یەکێک لە کاڵاکانەوە کچ و باوک ھێمایان ئاڵوگۆر بەیەکتر کرد و ھەردوکیان چونە جێگای ژوان.

_باوکە دەمھەوێت لێت بپرسم ئێمەی مرۆڤ چۆن دروست دەبین؟ئایە دایک و باوکان شەوان زاوزێ دەکەن و ئێمە دروستدەبین؟یاخوود ھێزێکی میتاڤیزیکی ھەیە ئێمە دەھێنێتە بوون؟
_کچۆڵەکەم من ئێستا تەمەنم سێ دەیە و نۆ ساڵێک دەبێ.راستیەکەی مەبەستمە بڵێم ئێمە تەنھا بە کردارێکی جوتبوون نایەینە دونیا،بەڵێ ھێزێک کە لەودیو سروشتە و لە نێوان بوون و نەبوندا ملیاران ساڵ شەری لەسەر دەکرێ ئێمە دروست دەکات.
_باوکی باشم ئایە تۆ پێتوایە ئەو دونیا بونی ھەیە،دەچێتە ئەندێشەتەوە ئێمە دوای کۆچی ئەبەدیمان جارێکی تر ھەناسە وەرگرین و ببەخشین؟
_من بروام وایە بونی ھەیە دونیای دواتر،ئەمەشت کە پێدەڵێم لە خۆڕا نیە،بەڵکو من پۆلێنکاریم بۆ دەیەھا شتی ئاڵۆز کردوە.پەیامی من لێرەدا ئەوەیە،دەبێت مرۆڤ ھەمیشە خاوەن خودایەک بێ،خودایەک ھی ھەمووان خودایەک ھی مرۆڤەکان ھی مێرولەکان ھی گشت جانەوەرەکان.
ئێمە چوار زیندانین لە مەملەکەتێکی ڕەشەوە نێردراوین بۆ ئێرە،ئێمە دژی کوشتن دۆستەکانین،دەمانھەوێت لە رێگای ئەو شتانەی کە بەسەرچون بریارێک بدەین،بەڵام بریارێکی پۆزەتیڤ و ئەرێنی.

ئێمە لێرە بەوە زیندانین کە دەبێت ھەمیشە لە جەنگ دابین،جەنگێکی پڕ لە کوژراوی ستەملێکراو،ئێمە بەوە زیندانین کە دەبێ ھەمیشە سۆبێکتە پڕ لە پیساییەکانمان بھێنینە ئۆبێکت.
لەم شەقامەدا چوار کەس دەژین سێ کچ و کوڕێک،ئەوەی کە ئەمانە دەکات بە نوسین منم،ناوم ئیلیایە.
سێ زیندانیەکەی تر لە ھۆش خۆ چوون،دەمێکیشە لە ھۆش خۆ چوون،نازانم من وەک ھۆشدارێک،یاخوود وەک دوپێیەکی زیندوو چی بکەم بە بیانوو بۆ ئەوەی ئەوان بھێنمەوە ئاگا.

ساڵی ٢٠٠٦ ی مانگی ڕەشەمێ کە گەیاندراینە ئێرە ھیچ گرفتێک لە ئەستۆمان نەبوو،ھەر چوارمان خاوەن پیشەیەک بوین.
وەک ئاماژەم پێدا ئێستا ئێمە کورێکمان لەگەڵە کوڕێکی مەسیحیە و ناوی کریستیانە.
من و ھێلینا و فاتیمەش سێ کچین شەو و رۆژ لەم شەقامە دەگوزەرێنین،سێ کچی دەستەمۆکراسی دەست یادەوەریە زیندە بە گۆڕەکان.
ئێستا کە ساڵێک تێپەربوە بەسەر ئەم روداوە نەخوازراوانەوە زۆر شت شایەنی باسن،بەڵام سەرەکیترینیان ئەوەیە ئایە ئێمە چۆنی زیندو دەبوینەوە.
دەبوو بگەرێم بە شوێن ئەو کچە گومڕایەی کە باوکی وەک ئینسایکڵۆپیدیایەک وابوو بۆی،بەڵام ئەفسووس ئەوەتاین بێ ھۆش کەوتین و دەگەڕێینەوە بۆ سەدەیەک پیش ئێستا و ،دواتریش پێشدەکەوین بۆ سەدەیەکی دی…

نوسینی/حـەمە ھـیـوا




ماچی شەوشاد ….حـه‌مه‌ هـیوا

لە ڕێگادا بووم بەرەو پەنجەرەی ژورەکەت
لە ناکاودا قاچم بەر دوو مێروو کەوت
ئەودەم من بووم بە بکوژ
نەدەبوو جوانیەکان بۆ ئێمە بمرن
دەبوو..
ئێمە جوانیەکان لەسەر پەڕ بنەخشێنین
،
من ئێستا بکوژم
من دادگایی بکە
تۆ تۆڵەیان بکەوە
تۆ دەست بھێنە
بەسەریاندا
تۆ،نازی ئەوان ھەڵگرە
ئیتر دەستەکانم بۆیە ناگرن
دەستەکانم جگە لە بۆیەی سوور
ڕەنگی تری پێ ناگیرێن.
……
لە خـەونمدا
تۆ لە ژورەکەم دەخولایتەوە
و
لەگەڵ خۆتا چاوشارکێت ئەکرد،
ھاتم دەستەکانتم گرتن و نام بە دڵــمەوە
لە خەونمدا
شەوێک کەس لە کۆڵانەکەتان نەدەبینرا
ھاتم بۆ ژورەکەت
چرپاندم بە گوێچکەتا
سڵاو ئازیزم
من ھاتوووم
تۆ وەڵامت
نه‌دامه‌وه‌
ئەودەم ماچێکم بە سەبری كردیت
تۆ،
ده‌بێت له‌ هه‌موو چركه‌یه‌كدا
له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌كدا
ماچ بكرێیت
و گوتم شەوت شاد خۆری درەوشاوەم.
…
لە ڕۆژی لا دایکبوونتا
ھەموو ئازیزانت
دیارت پێشکەش دەکەن
دێمە ماڵتان،
دایک و باوکت رقیان لێم دەبێ
ھەمووان چاویان لەسەرمە
دەمھەوێ بڕۆم
دەگەڕێمەوە
لە گیرفانی کراسەکەمدا
گوڵە سپیەکە دەردەھێنم
دەڵێم پێشکەشە بە تۆ،
بە ھەموو توانامەوە ھاوار دەکەم و
دەڵێم:ئەی دایک و باوک!
ڕازی دەبن دڵم بسپێرم بە کچەکەتان؟
….
بۆ کچێک شیعر دەنووسم
جوانی لە ناخیدا دەبارێنێ
بۆ کچێک شیعر دەنووسم
وەک گوڵ
چۆن ھەناسەی پاک دەبەخشێ
ئەویش میھرەبانی دەبەخشێت
بەڵێ من بۆ کچێک دەنووسم
وەک مناڵێک دەخەنێتەوە
من
عاشقی چاوەکانیم
عاشقی
لەچکەکەیم
عاشقی
پێکەنینەکانیم
عاشقی
بزەکانیم…

(حـه‌مه‌ هـیوا) 16/4/2018
کاتژێر ٧:٣٠ ی ئێوارە