پێشەنگایەتی مێینە لە زانکۆ.. ھەندرێن

ھاودەم لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە جڤاکیی و کولتوورییانەی کە لە ئێستادا بە بێ بوونی پلانی سیاسەتی پەروەردە بە گوشاری ھەمەتەرزی دەرەکیی لە کوردستاندا روودەدەن، پێشەنگایەتی مێینە، سەرباری ئاستەنگ و گرفتەکانیش، ھەم لە بواری خوێندن و ھەمیش لە بواری مافی گشتیی و چاڵاكییە مەدەنییەكان، لە بری تێدامان جێگەی تێڕامانە.

مێینە لەو ساڵانەی دواییدا لە بواری خوێندندا، ئەگەرچی خوێندنیش خواستێکی ماریفەیی نییە، کەچی کیژەکان لە کوڕەکان زیاتر نمرە بەرز و یەکەمەکانن. لە پۆلەکانی خوێندنیشدا کچەکان زیاتر لە کوڕان لە پێشی پێشەوە دادەنیشن و خولیای فێربوون و چاڵاکیان لە کوڕان چاکترە.
ھەروەک لە بزاڤە کۆمەڵایەتیی و خۆنیشاندانەكاندا مێینەكان بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەکانیشەوە، وێڕای کەمی رێژەشیان، لە نێرینەکان بە حەماستر دروشمەکان دەردەبڕن. بۆ نموونە لەو دووسێ ساڵەی خۆنیشاندانەکانی مامۆستایان لە سلێمانی و ھەولێر لە پێناو مووچە، خۆنیشاندانی گەڕەکی باداوە کە ھاوینی رابردوو بە ھۆی بێئاویی و ئێستایش خۆنیشاندانی قوتابیان لە پێناو بڕینی دەرماڵە و خراپی خزمەتگوزاریی لە بەشە ناوخۆییەکانی قوتابیانی زانستگەکان.
ھەڵبەت ھۆکارێکی سەرەکی لە ھاتنە پێشەوەی مێینە لە کاتی ناڕەزاتییەکان، ئەو مەرجی کار و بەرپەرسیارییە سەختانەن کە کۆمەڵگە و ئەو دۆخە نوێییە خستوویەتە سەر مێتنە. ھەروەک وێڕای سەرھەڵگرتنی نێرینە بۆ دەرەوەی کوردستان و سوودمەندبوونی نێرینە لە دۆخی بندیوار کە لێرە بە چەشنی ئاڵۆز بۆ نێرینە رەخساوە.

شەن و کەو کردنی ئەو بابەتە تولانییە، لێ ئەرکی ئێرە نییە.
ھەر چۆنێک بێت، ئەو دیاردەی دەرکەوتنی پێشەنگایەتی مێینە لە کۆمەڵگەیەکی نێر رەتێنەردا، تەرزە دیاردەیەکی ئومێدبەخشە.

لێ زانینی ناوێ کە بڵێین ھەنووکە دۆخی سیاسەتی حکومڕانی لە کوردستاندا، بە دەر لە مەیل و روانگەی جیاواز یان دژ و کۆکی ھەر یەک لە ئێمە، لە تەنگانەیەکی بنبەستدا بەڕێوە دەچێت:
گەرەک نییە مشتومڕ لەسەر راستیی و ناڕاستیی کەڵکەکەبوونی بێکاریی، ئاستی نزمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ھاتوچۆ، تەندروستیی، شەوکوێربوونی کارەبا، گرانبوون و قڕانی نەفت و غاز …، بکەین.

کێشەی سەرەکی ئەو خۆنیشاندان و ھەڵشاخانانەی کە جار و بار لەوێ و لێرە دەستە جیاوازەکان دەینوێنن، ھەڵگری ھزری پەرۆشییەکی بنەڕەتی نیشتمانیی و جڤاکیی نین؛ لەوێ مامۆستایانی بێمووچە لە پێناو بێمووچەیی پچڕ پچڕ لەوێ لێرە رۆژێک دێنە شەقام، لێرە خوێندکاران نارێکخراو لە پێناو دەرماڵە و خراپی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکانی خۆیان ھەڵدەچن و بێ ئەنجام دەنیشنەوە، لەێ لە گەڕەکێک کۆمەڵێک خەڵک لەبەر نەبوونی ئاوی خواردنەوە تووڕە دەبن و لێرە لەبەر گرانبوونی نەفت و بەنزین بێزاری دەردەبڕن و … لێ ھیچێک لەو چاڵاك و بێزارانە بە دەست ێەو تەنگژە و بێدادییانەی بەرانبەریان دەکرێت، ھاوکار و ھاوئاھەنگی یەکتر نین، بۆیە ھەوڵ و ھاوارەکانیان زوو لە بیر دەچنەوە.

لەوەش بترازێ، ئێستا لەو کاتەی کە قوتابیانی زانستگەی سلێمانی لە پێناو مافەکانیان لە شەقامان، ھاوکات لە پێشەنگەی کتێب لەو شارە، کە زیاتر نووسەر و منەوەر و ئەفەندیی پیاو بەڕێوەی دەبەن و سەردانکارەکانیشی زیاتر نێرینەن، ھیچ پەیوەندییەکی مەعریفیی لە نێوان ئامادەیی ئەو پێشنگەیە و ناڕەزایی خوێندکاران روونادات، تەنێ ئەو نووسەر و ئەھلی سەردانکارە ئەوەی بۆ گرنگە کە ئێوارە گەڕایەوە ماڵەوە، کۆمێنتێکی کۆمیدیی یان فەلسەفاندنێکی ھەرزەگۆییانەی وەک پیکچوواندنی “راپەڕینی خوێندکارانی پاریس، ٦٨” بەو ناڕەزاییەتییە کاتییەی خوێندکارانی سلێمانی بنووسن، کە ئەمەیش دەمێکە بووە بەشێک لەو گوتە بێ تێکستە گواستنەوە باوانەی ئێرە.

لە کۆتادا کاتێک ئەو بزاڤە ناڕەزەیەتییانەی، کە لەوەدەچێت مێینە رۆڵی سەرەکیی تێیاندا ببینێت یان ناچارە بە ھۆی مەرجی ژیانیان ببن بە پێشەنگ، دەبن بە ئامانجێکی ھوشیارانە نوێ، کە توانیان ناڕەزاتییە پچڕ پچڕەکان و پەرۆشی دەستە و توێژە جیاوازەکان یەک بخەن و ئامانجەکانیان یەکبخەن بۆ دەستەبەرکردنی چاکەی ژیانێکی شکۆدار، لە کۆمەڵگەیەکدا کە شکۆی شکێنراوە.

ھەندرێن

http://www.dengekan.com/nwseran/handren.htm



وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی “داهێنان” …هەندرێن

راستییەکەی ئەو بڕیارە گشگر و ئاڵۆزەی وەزارەتی رۆشنبیریی، کە گوایە وەک دەگوترێت ئەو بڕیارە بەرەنجامی پێشنیازکردن و تیبینییەکانی نووسەرێکی ئەکادیمیی رۆژھەڵاتی کوردستان، دکتۆر بەختیار سەجادییش ئەنجامدراوە، چونکە دیارە لێرە ئاستی نووسەران و ئەکادیمییەکانمان زۆر داماون، بەردەوامی هەمان سیاسەتی کارکەنارخستنەکانی بواری رۆشنبیرییە. خەڵاتکردنی هەزاران کەس بە ناوی “داهێنان” لە لایەن ئەو وەزارەتەوە، سانسۆرکردنێکی “داهێنەر”انەی بەهای رۆشنبیریی بوو. کەواتە ئەو بڕیاری سانسۆرکردن بە رێگەی ژمارەی سپاردن، بە بیانۆی پاراستنی”بەها پیرۆزەکانی نیشتمان” و … تاد، کە راستییەکەی خودی ئەو حیزبابە و وەزارەتەیش رێزی ئەو “بەھا نیشتینانیی”ەنایەن ریسوا کردووە، هەمان سیاسەتی بە مشەخۆرکردن و بە دەمکوتکردنی زمانی رۆشنبیرییە بە ناو و پاساوی جیاوازەوە.
هەرچەندە لێرە سانسۆرکردنی کتێب تشتێکی زۆر نوێ نییە، چونکە رەنگە زۆر کتێب هەبن لە حکومەتی ئەولای چاپبکرێن، کەچی لێرە لەوەکەی دیکە چاپ نەکرێن و بە پێچەوانەشەوە. هەروەک زۆر کتێب هەن لە رووی ناوەڕۆک و زمانییەوە چاپ دەکرێن، هەقی قەدەغەکردنییان هەیە، چونکە هەم رووحی رۆشنبیریی بەد و بەدفەڕیی بڵاو دەکەنەوە و هەمیش زمان تاڵانکردن و چێژی داوەشاو.
لەوەش بترازێ، ئەگەر کۆمەڵگەی ئێمە خاوەن دەستەیەک “رۆشنبیر”ی خاوەن ئێتکی رۆشنبیریی بووایە، ئەو وەزارەتە لە سەرەتای تەشکیلبوونی حکومەتی کوردییەوە تا ئێستا نەدەبوو بە بەشێک لە بە مشەخۆرکردن و بەرخۆرکردنی رۆشنبیریی نووسەران، چونکە کەس نییە نەیزانێت، کە ئەو وەزرارەتە بووەتە بە مۆڵگەی حەشاماتێک لەو نووسەر و مووسەری بەناوی “مودیر” و “موەزەف”گەلەی بندیوار.
بۆیە ئێستایش بەشێک لەو”رۆشنبیرە داهێنەر”ە بندیوارییانەی خودی ئەو وەزارەتە، وەک پاسەوانی “ئازادی نووسین” لەگەڵ حەشامات واژۆیان کردووە. ئەوھا کورد بوو بە “داھێنەر”ی تەرزە “رۆشنبیر”گەلێک کە لە یەککاتدا ھەم شۆڕشگێڕی “داھێنەر”ی بندیوارن و ھەمیش “رۆشنبیر”ی بەرھەڵستکاریی پاسەوانی بێچەکی ئازادیی.
کەواتە ئەو بڕیارە “داهێنەر”انەی وەزیری رۆشنبیری!، هەرچەندە وێناچێت تشتێکی نوێ بێت، کە هەڵایەکی نوێی بە ناوی”ژمارەی سپاردن” لەناو هەڵایەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مارانگازی ئێرە چێکردووە، کە ێەمەیش بەرهەمی ئەو ئەدا و ئەتواری نا-رۆشنبیرانەی کۆمەڵگەی ئێمەیە کە ساڵانێکە کەڵەکەی دەکات.
لێ ئەگەر کورد و حکومەتۆکە یەک بە دوای یەکەکانی پەرۆشییەکی “کولتووریی و زمانیی”یان هەبووایە، بەلای کەمییەوە دەبوو وەک تۆڵەکردنەوە لەو هەموو مێژووی سانسۆرکردنەی کە لەسەر بێدەنگکردنی زمان و نووسین بە کوردیی لە لایەن داگیرکارانییەوە پەیڕەو کراوە، خاوەن وەزارەتێکی کولتووریی بووایە کە “داهێنەر”ی سیاسەتی ئازادکردنی زمانی کوردیی بووایە، تا ئەو زمانە بیتوانیبایە بوونە دەمبەستکراوەکەی بەرهەڵدراو داھێنانی کردبایە.

هەندرێن
٢٠٢٠/٩/٢٨




زارا محەمەدی پاسەوانی شکۆی زار و زمانی هەمووانە … هەندرێن

مانی کوردیی لە دۆخێکی تراژیدی/کۆمیدییدا دەژیت لای ئێمە؛ تراژیدییەکە ئەوەیە، لە بەشەکانی دیکەی کوردستان مرۆڤ لە سەر زمانی قسەکردن و خوێندن دەکوژرێ و دەگیرێت، کەچی لای ئێمەیش لە داخی پلە و پایە وەرگرتن، لە کەمزانی خۆیەوە زمانی کوردیی بە کەمدەزانێت، بۆیە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیی، خۆی خەسار و لە خەڕەک دەدا.
قوتابی/خوێندکارگەلی دەرچووی بەشی زمانی کوردیی و بەشەکانی زانستە مرۆییەکانت لە زانکۆیەکانی کوردستان هەن، بەستەزمانن و بە دروستی زمانە کوردییەکەیشیان نازانن، کەچی خۆیان بە ئینگلیزییەکی هەلیت و پەلیت و کۆلاوارەوە هەڵواسیوە و سندم کردووە، لە دڵ ئاوێزانبووانی ئەو نەوەیە بە کوڕانی ژنبازی ناو درما، حیجاب و حەمامی تورکیی و گۆرانی و گۆلمەزە خۆشداکەنەکانی فاریسیش هەر بگەڕێ، گوایە بەوەوە کار و کڕیار و ئازادییان دەست دەکەوێت!
ئەوھا کورد لێرە لە رۆژگارێکی حەقیقەت خەپێنەردا لەناو دەعەجانبوونی ئاکاردا بەسەر دەبات.
بۆیە لە کاتێکدا تۆی سەوداسەر بە زمانی ئینگلیزیی و تورکیی و فارسیی کە بۆ دەگەڵ ھەڵا کەوتن لە داکۆکیکردن لە ئازادکردنی زارا محمەدی دوو رستە و نیو دەنووسی، سەرچاوەیەکی لەو بێبەھابوون و بێماڵ مانەوەی زمانی کوردیی.

نووسەر و ئەکادیمییگەلت هەن، بۆ لە کۆنفرانسی زمانی کوردیی، لە تیڤیی و دەرکەوتن لە مەجلیسە خۆش و بە خۆڕاییەکاکانی زمانی کوردیی لێرە و دەرەوەدا زمانپەروەرانێکی مشەخۆرانەن، کەچی بە خۆی منداڵەکانییەوە سوووتاو و زووخاوی فێربوونی زمانی ئینگلیزیین.

لە سەتەی بیست و یەکدا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمە ئینگلیزیی پەرستدا، دەیان خۆ بە پسپۆڕزانی زمانی کوردیی و دەزگەی چاپ، ئەکادیمیی و نووسەران و هەن و لەسەر ماڵی زمانی کوردیی خەوتوون، کەچی کتوپڕ کچێکی بێ پلە و پایەی ئەکادیمیی و دوور لە حەشری دەزگە رۆشنبیریی، زمانیی و ئەکادیمییەکانەوە، دەبێتە پاسەوانی کردەیی زمانی کوردیی و رژێمێکی داڕزاوی وەک جمهیوری ئیسلامی ئێران بە جۆرێک دەتۆقێنێت، کە بە دە ساڵ زیندانیکردنییەوە، بوونی زمانی کوردیی بێ پاسەوان بهێلێتەوە.

بۆیە ئەگەر زیندانیکردنی زارا لەسەر داکۆکیکردن خوێندن بە زمانی کوردیی نیشانی رەتکردنەوەی بوونی جیاوازیی بوونی کوردیی بێت لەلایەن رئژێمی جەھلپەرستی ئێران و تورکیا، ئەوا بەشێکی زۆری ئەم دۆخەی زمانی کوردیی پەوەندی بە خۆ بەبچووکگرتنی زمانی کوردیی لە ھەمبەر کورد خۆیەتی ئاخۆ ھەر رۆژە کوردێک لە تورکیا و ئێران بە ھۆی پەیڤین بە زمانی کوردییەوە سزا بدرێ و بکوژرێ،. ئەوەندە بەسە کە ھەفتەیەک بە دانانی ھەشتاگ و دوو سی قسەی بێکردە خۆمان وەک خۆشەویست و پاسەوانی زمانی کوردیی بزانین؟
ئەدی بۆ حکومەت و دەزگە رۆشنبیریی ئەژادیمییە زمانییەکانی ئێرە، ناتوانن گوشار بخەنە سەر ئەو نوێنەرە سیاسیی و بازرگانی و رۆشنبیرییەکانی ئەو دوو وڵاتە کە لێرە ھەن؟

بەڵێ، بەمجۆرە ئەگەر کەمێک لەو ئاماژە ئەخلاقییانەی کە لەسەرەوە تێڕا بمێنین نەک تێدابمێنین رۆبچین، ئەوا راستیییەکەی زیندانیکردنی کچێکی کورد لەسەر زمانەکەی خۆی لە سەتەی بیست و یەکەمدا، هەم بەربەریەتی رژێمی ئێران وەک رژێمی تورکیا دەگەیەنێت و هەمیش ئاماژەیە بۆ داوەشان و کۆیلایەتی کولتووریی و مێژوویی ئەخلاق ناڕەسەنی کورد، کە هێشتا نەیتوانیوە ببێتە خانەخوێی زمانەکەی؛ بوونە بێماڵەکەی.

لێ زارا محەمەدیی، پاسەوانێکی شکۆمەندانەی زاری زمانە شکێنراوە کوردییەکەیەتی.

هەندرێن




لە ھەوەسی مۆبایل و تڕومبێلەوە بۆ ھەرەسی شەھادە و فێرکاریی … ھەندرێن

ئێستا و لێرەدا بوار بۆ ئاخاوتن لەسەر رەوشی پەوەردە و خوێندن دوای رێژێمی بەعسی رووخێنراو بە دەستی ئەمەریکا لە کوردستان نەڕەخساوە، ھەروەک مەبەستیش نییە باس لە چاکە و خراپەی ئەو بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا و پەوەردە بکرێت، چونکە کێشەکە لەمە و لەوێھێش دوورترە.
بە گوتنێکی دیکە، دۆخی پەروەردە و خوێندن لە کوردستاندا دەمێکە لە داوەشاندا دەژیت. بۆیە ئەو رەوشە وەک زۆربەی بوارەکانی دیکە، ھەڵوەشاندنەوە و بونیاتنانەوەی گەرەکە، کە ئەمەیش ئیرادەی سیاسەتی پرۆژەیەکی مرۆڤسازیی و پەوەردەکارگەلێکی لە پەرەوەردەخوازیی لێھاتوو دەخوازێت.

ئەوەی لێرەدا رەنگە جێگەی رامان بێت، نەک تێدامان، ئەوەیە، کە ئەگەر بتەوێ لەو دیاردەی ھەوەسی رووکردنە خوێندن و شەھادە تێبگەیت، گەرەکە ئاوڕ لەو چەند ساڵەی رابردوو بدەیتەوە؛ بە دیاریکراوی دوای رووخانی رژێمی بەعس بدەیتەوە.
وەک دەزانین، دوای ئەوە بە ھۆی ئەو دۆخە سیاسیی و ئابوورییەی کە دوای رژێمی بەعس ھاتە کایەوە، خەلکی تووشی دەردی پارە، ماددە،کاڵا؛ بەرخۆرییەک لە فیتشیزم، واتا کالاخوازییەکی تێرنەبووی کرد.
بەمجۆرە سەرەتای ئەو دەردی فیتیشیزم( Fetischism)ە،ھەوەسی نەدی و بدییە بۆ کاڵای مۆبایل، خواردن، خانوو، و عەرد کڕین و تشتومەک، کە نەخۆشییەکی بکوژی دۆخی سەرمایەدارییە، دەستی پێکرد.
بۆیە تەلەفۆن بە دەیان ناوی سەیر و سەمەرەی وەک ناوی ژنانی قەڵەو، بارک، گۆرانیبێژ و سیاسیی و میاسی چووێندران و تەلەفۆن بۆ گەورە و بچووکانی کورد، جیگەی بووکۆکە و دەمانچەی ژبەر پشدێنانی گرتەوە.
ھاوکاتیش خەلک شێت و شەیدای مۆدە مۆدێلی تشتومەک، خانوو سازکردن و خواردنی فشۆڵ بوون.

دوا بە دوای ئەو بەزمەوە، خولیا و خەونی دیاردەی مۆدە و مۆدێلی تڕومبێل خوازیی وەک ئافات عەوام و حەشاماتی تووشی دەیان کەتن کرد، تا وای لێھات منداڵ و مێردمنداڵیش لە ماڵەکان گڕناگەیان بەوە دەگرت، ئەگەر تڕومبێلێکی لەو مۆدێلە باوانەیان بۆ نەکڕن یان دەچن بۆ خاریج یان کەتنێک دەکەن.
سەرنجڕاکێش لەوەدایە، مۆدێلی تڕومبێلان لە کۆمەڵگەیەکی نائازاد لە ئەڤینداریی و سێکسبرسییدا،بوو بە ھەوەسێکی سێکسیی، بۆیە تڕومبێلی گران و باش بەناوی ژنە گۆرانیبێژ و مۆدێلە سێکسییەکان کران، وەک مۆنیکا و… تاد.

لە ئەنجامی ئەو ئافاتی فیتیشیزمی تڕومبێلەدا، نەک ھەر وەک بەردەوامییەک لە داگیرکردن و تاڵانکردنی ژینگەی شارۆکە و سروشتی کوردستان، تڕومبێل نەک ھەر بوو بە نەخۆشی ، بەڵکە رئژەی مردن بە دەعمی تڕومبێلان لە شەڕیخۆکوژیی و شەڕی چەکداری پێشمەرگەیش دژی بەعس زیاتر بوو.

ئیتر ئەوھا ئەو دۆخە سیاسیی و پەروەردە کاڵا و کەوڵکاریی، دیاردەی زانکۆ دروستکردنی لە ھەموو شارۆکەکانی کوردستانی دەسپێکرد، کە ئەگەر بەڵای داعش و بەزمی نەدانی بوودجەی لە بەغدا نەبوونایە، زانکۆ لە گوندیش دەکرایەوە.
بەمجۆرە زانکۆ لە جیاتی فەزایەک بۆ مرۆڤی نوێی زانینخواز، بوو پێشەنگەی مۆدە و مۆدێلی جەستەی جل و بەرگی ھەوەس سووتێنەران.
لەوەش بترازێ، بە ئەھلیکردنی زانکۆ، زانکۆی کرد بە نموونەیەک لە کۆمپانیای بازرگانی، کە ئەمەیش تێگەیشتنێکە لە لاساییکردنەوەی سیستەمی نیولیبرالیزم، کە بۆ کوردستان زۆر زوو بوو.

بۆیە ئەو تێگەیشتنە لە کردەی خوێندن و شەھادەداریی لە لایەن حیزبە حکومڕانەکانەوە وای لە خەلک کرد، لە دوورترین گوندەوە بۆ شارۆکەکان، بە دەستھێنانی «شەھادە» و خوێندن لە زانکۆ ، وەک دیاردەی پێشووی ھەوەسی کاڵا، خانووکڕین، مۆبایلخوازیی ، تڕومبێلپەرستی، ببینێت.
ئەمەیش وایکرد، تۆی کیژ یان کوڕ شەھادەی زانکۆت نەبێت، کەس نە مێردت پێ بکا و نە بشتخوازن.

لەوەش خۆشتر، ساڵانە بە بەھانەی عەنتیکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان کۆتای ساڵ پێنج تا دە نمرە بە گۆترە بەسەر قوتابیان وەک جەژنانە، سەدەقە، خێرات و دیاریی دابەش دەکرێن.

ئەو وێناندنە لە پەوەردە و شەھادەداریی وای لیھات، کە ساڵانێکە شەھادەی بە کەلۆری لە زانکۆ، وەک تڕومبێلی مۆدێل ئاسایی و مۆبایلی ئاسایی و خانووی ئاسایی، کە لەسەرەتادا ھەبوون، باوی نەمایەوە، بەڵکە لە ھیکڕا مۆدەی ماجستەر، دکتۆرا و پلە و لەقبی بەرزتر ، ھەڵبەت زۆرینەیان بێ زانینێکی نوێش، بوون بە گرێی مرۆڤ لێرە.
بەمجۆرە خەریکە پێشگری دکتۆر و دختۆر لە جیاتی ناوی سێیانی مرۆڤ لێرە، دەبن بە ناوی سەرەکی.
بەزمێکە وای لێھاتووە بانگکردنی خەڵک بەناوی خحی عەیبە بێت؛ بە من نەڵێی دکتۆر فان دختۆر، مۆڕەت لێ بکەم!
لە ئافاتی مۆدەی قات و بۆینباغیش ھەر بگەڕێ!

لەو دیدەی گوترا، کێشەی ئەو بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا لە ھەڵە و راستی ئەو ڕیارەیدا نییە، ھەروەک کێشەکە لە فێربوون و فێرنەبوونی ئەو ماوەیەش نییە کە بە ھۆی کەرەنتینەوە دەرسەکان نەخوێنراون، بەڵکە کێشەکە لەو فێرکردنەی خەنیبوونی قوتابی/خوێندکارەی کوردە بەو بڕیارە!
ھەروەک کێشەکە لەو ھەوەسی بە فشە سەیرکردنی ژیانی زانکۆ و خوێندن و خوێندەوارییە. هەروەک پێویستی بە بیرکردنەوە لە خولیای خوێندن و داهێنانە لە لایەن ئەو تاکەکەسانەی کۆمەڵگەوە.؛ بیرکردنەوەیە لە بەهای زانین لە دیدی مامۆستا و خوێندکار/قوتابیان لە پەیوەندی بە خوێندنەوە.

لەوەش ھەژەندھێنەرتر، پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ داھاتووی ئەم کوردستانە دامالێنراو و تاڵانکراوە بە دەستی دەرەکیی و ناوەکییەوە، فێرکردن ئەو نەوەیە بەمجۆرە تێگەیشتن و زانینە لە پەروەردە، زانین و ئەخلاقی رەجەبیی و بندیوارییەوە، چۆن بەڕێوە دەچێت؟

لئرەوە من ئەو رەوشەی پەروەردە، وەک جومگەیەک لە کۆی جومگەکانی جەستەی کۆمەلگەوە، بە رەوشێک لە «Decadence»، واتە داڕمان، داوەشان، داڕوخان لە بەھای زانین و بگرە بوونی بەھای چاکە دەبینم.

لئ بەرسڤی ئەو پرسیارە بۆ ئەو نەوەیە خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر بەو جۆرە ئاکارە لە خوێندن و پەروەردەیەی کە خوازرییەتی، فێری ئێتیکی ژیانیکی ئێستێتیکی چاک بوو بیت!

ھەندرێن

تێبینی! ئەو دوو وێنەیە، ئاماژەیە بۆ چەمکی پایدیا، واتە پەروەردە لە رۆژگاری گرێکی کۆن و بە دواوە. بۆ ئەوانەی بخوازن دەکارن بە رەگی چەمکی پەروەردەدا بچنەوە.




قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد: له‌ چه‌پڕۆیییه‌وه‌ بۆ راستڕۆیی- کۆنپارێزیی – هەندرێن

هەر جارەو بابەتێک لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە ……
http://dengekan.com/doc/2004/12/handren27.pdf

قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد: له‌ چه‌پڕۆیییه‌وه‌ بۆ راستڕۆیی- کۆنپارێزیی

هه‌ندرێن

ده‌روازه‌یه‌ک

له‌ پنجایه‌کانی سەتەی بیسته‌وه‌ بزاڤی سیاسیی و رۆشنبیریی کوردی، به‌ ئایدیۆلۆژی چه‌پڕۆیی، که‌ له‌ گیان به‌ختکردنێکی ئیدیالی وێنه‌ده‌کرا، له‌ پێناو “خه‌ون”ه‌که‌یدا به‌ خه‌باتی چه‌کداری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوو. به‌ڵام هه‌ڵه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر بێژین، پاش هه‌ره‌سی بلۆکی سۆڤیه‌ت و به‌ تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ به‌ دمگۆ بوونی رووخاندنی رژێمی سه‌دام و پرۆژه‌ی (به‌ دیمۆکراتیکردنی خۆرهه‌ڵاتی نیوه‌ڕاست) له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو سه‌رۆکه‌که‌ی ج. بوش و سه‌رله‌دوونانی تێرۆریستان و چاوزه‌قکردنه‌وه‌ له‌ رژێمی ئیران و سوریا، که‌ ئه‌مڕۆ‌ کوردان له‌ هه‌موو کاته‌کانی تر زێتر له‌ ئاستی هزر و ده‌روونییه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌م”خه‌ونه‌”دا سه‌رگه‌ردانتره‌‌. بۆیه‌ ره‌نگه‌ بشێ گه‌ر ئه‌م نووسینه‌ به‌م پرسیارگه‌له‌ ده‌ستپێبکات، ئه‌گه‌ر یه‌کێک لێمان بپرسێت: ئه‌وه‌ چییه‌ که‌ کیشه‌ی ئه‌و “خه‌ونه‌”ی وه‌ها ئاڵۆز کردووه‌‌/ده‌کا؟ یان: خه‌ونی کورد/گوتاری نه‌ته‌وایه‌تی چییه‌ و چۆنه‌؛ چتۆ ئه‌و خه‌ونه‌ ده‌ستنیشان ده‌که‌ی؟ هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه‌ هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بتوانێت به‌ چه‌ندان روانگه‌ به‌رسڤی ئه‌و پرسگه‌له‌‌ بداته‌وه‌، لێ تا ئێستا نه‌مانتوانیووه‌ پرسی “خه‌ونی کورد” به‌ ته‌رزیکی ته‌واو بۆ خۆمان و ئه‌وانیتری به‌رانبه‌ر به‌رجه‌سته‌ بکه‌ینه‌وه‌، یان وه‌ڵامێکی راشکاومان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و‌ سه‌رگه‌ردانیی و عاسێ بوونه‌ به‌ده‌م ئه‌وخه‌ونه‌وه‌ بێدارمان بکاته‌وه‌.

هه‌ر بۆیه‌ ئاخاوتنی کورد له‌سه‌ر خه‌ونه‌که‌یدا هه‌میشه‌ تێدامان و خه‌مینه‌‌، یان له‌ زمان-گوتارێکی نادیار و ئاڵۆزکاودا دووباره‌ و داخراودا وێڵ ده‌بێت، خۆی نمایشده‌کا. به‌ واته‌یه‌کی تر، ئاخێوه‌ری کورد، له‌ ته‌واوی گفتوگۆییه‌کاندا، له‌و زمانه‌ و ره‌وانبیژییه‌ داخوازیکراوه‌‌ لاوازه‌ که‌ بتوانێت کۆی ئاڵۆزیی، هۆکار، به‌ڵگه‌، ره‌گه‌ز و سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و‌ “خه‌ونه”ه‌ له‌و زمانه‌ قه‌تیسماوه‌دا ئازاد و سه‌رفراز بکات. به‌ کورتی گه‌ره‌کمه‌ بڵێم، له‌ زمانی کوردییدا، گوتاری سیاسی کورد گوتارێکه‌ له‌ زمانێکی شپرزه‌ و راڕادا خۆی وێنه‌ ده‌کا. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ده‌بینین گفتوگۆییه‌کانی ئێمه‌ هه‌میشه‌ به‌ بنبه‌ست ده‌گه‌ن و گرژیی و گه‌ڕه‌لاوژه‌ ده‌بیته‌ ئاکامگیریی بۆ پرسی خه‌ونی کورد. نه‌بوونی زمانێکی تۆکمه‌ و ره‌وانبێژییه‌کی به‌ ده‌مار له‌ جه‌م مرۆی کورددا، ره‌نگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ ده‌رکییه‌ی که‌ هه‌میشه‌، وه‌ک قه‌ده‌رێک بڕیارده‌ر بووه‌ له‌سه‌ر جڵه‌وکردنی ئاگایی کوردیدا. بۆیه‌ من وه‌ک گریمانه‌یه‌ک له‌م نووسینه‌دا، ئه‌و هیزه‌ ده‌رکییه له‌ دوو هێزدا به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌مه‌وه: چه‌پڕ‌ۆ -سۆسیالیزم) و (تێکه‌ڵاوییه‌ک له‌ لیبرالیزمی نوێ و راستڕۆ – کۆنپارێزی). ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان، دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م و دابه‌شکردنی نه‌خشه‌کان به‌سه‌ر دوو بلۆکی ئیمپریالزم و سۆسیالیزمدا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌و رێگه‌یه‌ به‌ هۆی چه‌وسانه‌وه‌ تووندی نه‌ته‌وه‌وایه‌تیی و تانگانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری …هتد، له‌ جیهانی لای ئێمه‌دا به‌ هه‌ڕمێن ده‌بێت.

له‌ ئاکامی ئه‌وه‌دا چه‌پڕۆیی بووه‌ هێزێکی رۆحی له‌ ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا ئاوه‌ز و ئاگایی مرۆی کوردی جڵه‌و کرد. ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان، به‌ دیاریکردن، له‌ پاش رمانی بلۆکی سۆسیالیزم و قۆناغی دوای راپه‌ڕینی کوردستانی باشوور و دیلبوونی ئۆجه‌لان و سست بوونی شه‌ڕی پیشمه‌رگه‌یی له‌ کوردستانی رۆژهه‌لاتدا. به‌ڵام دوای بڕیاردانی ئه‌مریکا به‌ رماندنی رژێمی سه‌دام ئیتر خه‌ونی کورد به‌ یه‌کجاری له‌ به‌ره‌ی راستڕۆ-کۆناپارێزیدا ماره‌ ده‌کریت. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ جەختبکەمەوە‌ که‌ “لیبرالیزم” و “کۆنپارێزی”، له‌ زۆر لایه‌نی ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ لێکتر جودان، به‌ڵام، لای توێژی سیاسی و رووناکبیری کوردیدا ئه‌و دوو ئایدیلۆژییه‌، وه‌ک یه‌ک یان ناڕوون ته‌ماشا ده‌کرێن. به‌ گشتیی بۆ ئه‌و توێژه‌، مانای ئه‌و ئایدیۆلۆژییانه‌ له‌ ئازادی تاکه‌ که‌س و دێمۆکراتی و قسه‌گه‌لێکی وادا ده‌ناسرێنه‌وه‌. بۆیه‌ له‌م نووسینه‌دا به‌کارهێنانی هه‌ر یه‌ک له‌و ئایدیۆلۆژییانه‌ مه‌به‌ست ئاماژه‌ کردنه‌ به‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌و توێژه‌ سیاسی و رووناکبیرییه‌.
له‌م روانگه‌یه‌وه‌‌ به‌نده هه‌وڵده‌دات له‌ درێژه‌ی ئه‌م نووسینه‌دا ‌کاریگه‌ریی و ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و دوو هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌ له‌سه‌ر “قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد” راڤه‌ بکات.

هه‌ر لێره‌دا ده‌بێ بڵێم به‌ڕاستی ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئه‌فراندنی زمانێکه‌ که‌ بتوانێ به‌ ده‌ستاوێژ و به‌ڵگه‌ی فره‌وان کێشه‌کانی ئه‌م خه‌ونه‌مان بۆ بخوێنێته‌وه‌. چونکه‌ بۆ نموونه‌ کۆی کورد هێشتا ناتوانێ به‌ ئاگاییه‌کی تۆکمه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی کورد و ئه‌مریکا تێبگات. دواجار ئه‌مریکا بۆ کورد کراوه‌ته‌ هێزێکی وه‌همی، که‌ گوایه‌ ده‌وڵه‌تی کوردیمان بۆ دروست ده‌کا، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، که‌ پێویستی به‌ کورد نه‌ما خیانه‌ت ده‌کا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دوو جۆره‌ هه‌سته‌ لێکدژه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی کورد و ئه‌مریکا، رۆژانه‌ له‌ راگه‌یاندنه جیاوازه‌کانی کوردییدا هه‌میشه‌ دووپاته‌ ده‌کرێنه‌وه‌. هه‌ر یه‌ک له‌و دوو روانگانه‌ له‌ یه‌ک زمانی بیر کردنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ هه‌ڵده‌گرن: یان به‌ په‌ڵه‌وانکردنی ئه‌مریکایه‌، که‌ کورد رزگار ده‌کا، یانیش دژایه‌تیکردنی ئه‌مریکایه‌، که‌ داگیرکار و سه‌رمایه‌دار و دژی ئیسلامه‌… گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ته‌واوی ده‌مڕاستی حیزبه‌ به‌ناو ناسیۆنالیسته‌کانی کورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا، هه‌میشه‌ به‌ زمانێکی لاواز و سافیلکانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر سه‌رۆکه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ئاخڤن. سوپاس و پیرۆزباییه‌کان بۆ ئه‌مریکا هه‌میشه‌ هه‌ستێکی به‌زه‌ییانه‌ و بێهێزانه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌نه‌وه‌.

هه‌رده‌ڵێی کورد قه‌رزباری ئه‌مریکایه‌. نموونه‌ی ئه‌و ته‌رزه‌ ره‌وانبێژییه‌ لاوازه‌ش: هه‌ر له‌ نامه‌که‌ی مام جه‌لال و کاک مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ بگره‌ تا به‌ حیزبه‌کانی کوردی ژێر ده‌ستی سوریا تێده‌په‌ڕێ و تا ده‌گاته‌ نامه‌ی پیرۆزبایی سکرتێری حیزبی دێمۆکوراتی کوردستانی ئێران، که‌ کۆی ئه‌مانه‌ش ویستی سیاسه‌تمه‌داری کورد ده‌ستنیشان ده‌کات. هاوکاتیش له‌ پاڵ چه‌ند گروپ و حیزبی جیاوازی مه‌یله‌ و کۆمۆنیستی تازه‌ بابه‌ت و گروپی ئیسلامی کوردی، میراتگرانی سلاحه‌دینی ئه‌یوبی، بڕێک رووناکبیری بێلایه‌ن و ئاکادیمی کوردیمان هه‌ن‌، له‌ ژێر چه‌تری ئاگایی و ره‌خنه‌گرتن له‌ ئه‌قڵی بوش و رۆژئاوا، تا سه‌ر ئێسقان دژایه‌تی سیاسه‌تی شه‌ڕی رژێمی ئه‌مریکا به‌ دژی ئێراق و تێرۆریزم ده‌کا. یه‌کێک له‌و رووناکبیرانه‌، کاک فاروق ره‌فیقه‌، که‌ دژایه‌تی کردنی ئه‌مریکا هانیده‌دا په‌نا بباته‌ به‌ر (چۆمسکی).

(*) لێره‌دا به‌ هه‌ڵه‌ی ده‌زانم، گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی من له‌سه‌ر فاروق ره‌فیق بخرێته‌ بۆته‌ی هه‌مان ئه‌و بۆچوونانه‌ی که‌ پاش کتێبه‌که‌ی، “ماڵێکی وێران و ویژدانێکی زامدار…” خرانه‌ پاڵ ئه‌و، هه‌روا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ فاروق مافی نییه‌ دژایه‌تی ئه‌مریکا و ئه‌قڵی رژێمه‌که‌ی بوش بکات، به‌ڵکو مه‌به‌ستی من کێشه‌ی لێکچوونی روانگه‌کانه‌ له‌ دژایه‌تی و دۆستایه‌تیدا، کێشه‌ی داوێنگیری ئه‌و په‌نابردنه‌ی کورده‌ بۆ ئیدیۆلی ده‌ره‌کی. ئێمه‌ ده‌زانین چۆمسکی له‌ بواری زانستی زمان و ره‌خنه‌کانی به‌ دژی رژێمی بوش و ئیسرائیل ناسراوه‌.

به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ رۆژئاوادا ته‌نیا کۆمۆنیست و به‌شێک له‌ چه‌په‌ تووندڕۆیه‌کان، گرینگی به‌ نووسینه‌کانی چۆمسکی ده‌ده‌ن، چونکه‌ ئه‌وان ئه‌مریکا به‌ سه‌رمایه‌دار و دژه‌ سۆسیالیزم ده‌ناسن. بۆ نموونه‌، له‌ وڵاتی سوێددا له‌و ساڵانه‌ی دوایی چاپخانه‌یه‌کی چه‌پڕۆکان به‌شێک له‌ کتێبه‌ سیاسییه‌کانی چۆمسکیان وه‌رگێڕا و چاپکرد، بۆیه‌ چۆمسکی له‌و ناوه‌نده‌ چه‌په‌ش ده‌خوێنرێته‌وه‌. گه‌ره‌کمه‌ بڵێم، فاروق ره‌فیق نووسه‌رێکه‌، له‌ کتێبه‌که‌ی خۆیدا پشتگیری هزر و کولتوری (کۆنسێرڤاتیڤ) ده‌کا، چونکه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری هزر و فه‌لسه‌فه‌ی ره‌سه‌نی رۆژئاوایه‌…که‌چی له‌ دژایه‌تی کردنی ئه‌مریکادا، په‌نا بۆ چۆمسکی ده‌بات… هتد. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ بڵێم، لاینگیری حیزبی کوردی بۆ ئه‌مریکا و روانگه‌ی فاروق ره‌فیق و کۆمۆنیست و ئیسلامییه‌کانی کوردی، له‌ ئاکامدا به‌ یه‌ک ئاراسته‌دا ده‌ڕۆن.

ئه‌وه‌ی که‌ لێکیان جیاده‌کاته‌وه‌ شێوازه‌ نه‌ک ناوڕۆک و جیهانبینی. به‌ بڕوای من ئه‌مڕۆ کورد پێویستی به‌وه‌ نییه‌ که‌ رووناکبیر و سیاسه‌تمه‌دار پێی بڵێ ئه‌مریکا پاڵه‌وانه‌ یان فاشیل و داگیرکار و ئه‌قڵی سه‌قه‌ته‌، به‌ڵکو کێشه‌ی کورد ئه‌وه‌یه‌ چۆن زمانێکی تێگه‌یشتن فێر بێت و به‌کار بێنێ له‌ په‌یوه‌ندیکردنی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا. هه‌روا کێشه‌ی کورد ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن له‌م وه‌همه‌ رزگار بێت، ئه‌مریکا ئه‌و فریادڕه‌سه‌ نییه‌ که‌ دوا بڕیار له‌سه‌ر خه‌ونی کورد لای ئه‌و ده‌درێت. دواجاریش کێشه‌ی کورد ئه‌وه‌یه‌ چۆن له‌ جیاتی خۆ به‌ قه‌رزبار دانانی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مریکا، ویستی خۆی و یاده‌وه‌ریی خۆی به‌ یاد بهێنرێته‌وه‌… هتد.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌م دوو زمانه‌ به‌ ئاواز جودا و به‌ ئاراسته‌ وێکچووه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی ئه‌مریکاوه‌، ته‌نیا بار قوڕسکردنی زمانی کوردییه‌، که‌ هیچێکییان ناتوانن وزه‌ و هه‌نگاوێکی چاوه‌ڕکراو به‌ ئاراسته‌کانی هزرکردنی کورد ببه‌خشن. ئه‌نجامی ئه‌و دوو ته‌رزه‌ هزرکردنه‌ لای کۆی کورد له‌ شه‌ڕه‌ قسه‌ و رقهه‌ڵڕشتن ده‌چه‌قێت. به‌ واتایه‌کی تر، ئه‌و ته‌رزه‌ بیرکردنه‌وه‌ قالبگرتووه‌ی کورد، زمانی کوردیی تووشی رێگایه‌ک کردووه‌ ، ته‌نیا بۆ قسه‌ کردنه‌.

بۆیه‌ زمان له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌په‌یڤێ نه‌ک گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا، که‌ ئه‌مجۆره‌ قسه‌ کردنه‌ش نه‌ کۆتایی هه‌یه‌ و نه‌ سه‌ره‌تا. ئه‌مه‌ش وای له‌ زمانی کوردیی کردووه‌ له‌ گوتنه‌وه‌ی ئه‌زموون و زانیار و روانگه‌ وه‌ستاوه‌کاندا شپرزه‌ بێت. دواجار ئه‌و ته‌رزه‌ زمانه‌، که‌ له‌ ره‌ش و سپیدا ده‌دوێ، توانایه‌کی نییه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و روانگه‌ و ئه‌لته‌رناتیڤه‌ هزریانه‌ی که‌ بتوانێ ئاسۆیه‌ تازه‌کانمان بۆ ئاوه‌ڵا بکاته‌وه‌: ئه‌فراندنی پاڵه‌وانی خورافی یان دۆڕاوی نموونه‌ییه‌. لێره‌دا بونیاتی بیر کردنه‌وه‌ی کوردی ده‌که‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌: پاڵه‌وانه‌کان پاڵه‌وانی بێکردارن. سه‌رۆک واتای بچووکردنه‌وه‌ی ناسه‌رۆکه‌. دۆست و دوژمن خاسڵه‌ته‌کانیان بێبنه‌مایه‌. روونتر بێژم: له‌ لایه‌ک ئه‌مریکا دۆستی کورده‌ و ده‌وڵه‌تی کوردیمان بۆ داده‌مه‌زرێنێت، یان دوژمنی کورده‌، سه‌رمایه‌دار و به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌… هتد.

لێره‌وه‌ له‌به‌رده‌م زمانی کوردییدا بواری ده‌ربڕینێکی تر نییه‌. دواجار زمانی کوردیی له‌ به‌رجه‌سته‌ کردنه‌وه‌ی خه‌ونی کوردیدا گیری خواردووه‌
به‌هه‌مه‌حاڵ، دوای رونکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی ناوی ئه‌م بابه‌ته‌، هه‌وڵده‌ده‌م چه‌مکه‌ بیرلێکراوه‌کان بخه‌مه‌ روو. چه‌مکی “قه‌ده‌ر” لای کورد به‌ ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ کێشه‌ی به‌ده‌ستهێنانی رزگاری کورد له‌ ده‌ست داگیرکاران. بۆیه‌ قه‌ده‌ر له‌ زمانی کوردییدا هه‌میشه‌ ئاماژه‌ به‌ هێزێک ده‌کا که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای کورده‌. چه‌مکی “خه‌ون” له‌ ده‌ربڕینی کوردییدا هه‌ر ته‌نیا واته‌ی ئه‌و چاڵاکییه‌ نائاگایه‌ی مرۆڤ نییه‌ له‌ کاتی خه‌وتندا، به‌ڵکو به‌رجه‌سته‌ کردنه‌وه‌ی پایه‌ و پرسیاری هه‌زار ساڵه‌ی کورده‌. به‌ واته‌یه‌کی تر، کۆستێکه‌ و کوردی سیخناخ کردووه‌. هاوکاتیش واته‌ی به‌ واقیعیکردنی بوونی کوردییه‌ له‌ بڕیار و دیاریکردنی سه‌روه‌رییه‌که‌یدا.

ده‌سته‌واژه‌ی “چه‌پڕۆ ‌و و راستڕۆ” هێمای ئه‌و هێزه‌یه‌ که‌ بڕیار له‌سه‌ر خه‌ونی کورد ده‌دات. “پێشکه‌وتنخوازی”، “پاشکه‌وتنخوازی” و “کۆنه‌په‌رستی” …هتد، چه‌مکزای ئه‌و چه‌پڕۆ‌یه‌ن و مالی کوردیان پڕ کردۆته‌وه‌.
هه‌ڵبه‌ت، به‌ ده‌ست پێوه‌گرتنه‌وه‌ ده‌ڵێم، ناکرێ ئه‌و نووسینه‌ وه‌ک بانگه‌شه‌یه‌ک بۆ پاڵه‌وانخوازی و لێزانی من لێکبدرێته‌وه‌، یان ورتر بڵێم، هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر وا تێبگات که‌ من به‌ روانگه‌یه‌کی ره‌ها به‌ دژی ئه‌و حزب و ئه‌م حزب؛ ئه‌و روانگه‌ یان ئه‌ویتر وه‌ستاوم. هاوکات که‌ له‌ چه‌پ/راستڕۆوه‌ ده‌دوێم، وه‌ک دوو هێزی وه‌همی له‌ هه‌ڵسووڕاندنی خه‌ون و ویستی کوردیدا، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئه‌مه‌یان له‌ ئه‌ویتر به‌ باشتر بزانم. به‌ڵکو هه‌وڵی ئه‌م نووسینه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ کردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ زمانه‌ی کورد که‌ خۆی له‌ دوو زمانی دژی ته‌واوکاری یه‌کتر نمایشده‌کا، دواجاریش هه‌وڵی ئه‌م نووسینه‌ ئاماژه‌ کردنه‌ به‌و پاشخان هۆکار و هانده‌رانه‌ی که‌ چ رۆڵێکیان بینیووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و “خه‌ونه‌ به‌ کۆمه‌ڵییه‌ی کورد”.

به‌ واتایاکی ساده‌تر، ئه‌م نووسینه‌ به‌دوا گه‌ڕانی سه‌رجه‌می بیرۆکه‌کان و جۆرێک له‌ خوێندنه‌وه‌یانه‌، نه‌ک لایه‌نگیری یان دژایه‌تی بیرۆکه‌یه‌کان.
هاوکاتیش ده‌مه‌وێ بێژم، که‌ چۆن “چه‌پڕۆیی” وه‌ک ئایدۆلۆژییه‌کی زاڵ له‌ مێژوویه‌کی دیاریکراودا، توانی ببێته‌ هێزێکی وه‌همی ده‌رکی، روانگه‌یه‌کی سه‌رتاپایی و ئاوه‌زی کوردی جڵه‌و بکا، ئه‌مه‌ش توانی خه‌سڵه‌ت و نیشانه‌ی خۆی له‌سه‌ر وێنه‌ی سیاسی و رووناکبیریی کوردییدا به‌جێبهێڵێت، ئه‌ویش: هه‌ستی خۆ به‌ قوربانی دانان، خود سڕینه‌وه‌ و خووگرتن به‌ راستییه‌کی ره‌هاگه‌راییه‌. بۆیه‌ رۆحی کوردی هه‌میشه‌ به‌ چاوی ده‌ره‌کی ناسنامه‌ و وێنای خۆی بینیووه‌. له‌ ئاکامی ئه‌و چه‌پڕۆ‌‌ییه‌ کوردیه‌وه‌‌، بوونی کورد وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵی وه‌رده‌گرێت، که‌ زیاتر له‌ جیهانبینی ئایینی نزیک ده‌بێته‌وه‌ تا ئاوه‌وزگریی. له‌ کاتتێکدا ئه‌وه‌مان له‌ یاد بێ، که‌ چه‌پڕۆ‌یی له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌می پرۆژه‌ی مۆده‌رنیتێ و ئاوزخوازیی رۆژئاواییه‌.

به‌ڵام دوای هه‌ره‌سی سۆڤیه‌ت و کۆتایی هاتنی شه‌ڕی سارد و به‌ دواهاتنی شه‌پۆڵی جیهانگیریی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی روانگه‌ ئایدۆلۆژییه‌ باڵاده‌سته‌کانه‌وه‌، یان به‌ واتای هزرڤانی پۆستمۆدێرنیستی فه‌ره‌نسی، لێوتار “کۆتایی هاتنی داستانه‌ مه‌زنه‌کان” و لێدانی ئاوازه‌ تازه‌کان و دواجاریش باڵاده‌ستی ئه‌مریکا وه‌ک تاکه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و راستی…هتد، ئیتر ئاوازی نووسه‌ر و سیاسی کوردی تووشی له‌نگی ده‌بێ. له‌ به‌رده‌وامی ئه‌و پرۆسه‌ی گۆڕانه‌دا، لێدانی رژێمی سه‌دام به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌مریکا و به‌ دوا داهاتنی روخانی سه‌دام، دۆخێکی تازه‌ له‌ روانگه‌ی مرۆی ده‌مڕاستی سیاسی و رووناکبیری کورد دێنێته‌ ئاراوه‌ و خه‌ونی کوردیش ده‌که‌وێته‌ ده‌ست قه‌ده‌رێکی تر که‌ ناوی راستڕۆه‌ی/لیبرالیزمی نوێیه‌‌. ئیتر له‌ ماوه‌ی ساڵێکدا، که‌ هێشتا ده‌سته‌واژه‌ی “سۆسیالیزم” وه‌ک دوا ئامانج، له‌ په‌یڕه‌و پرۆگرامی حیزبه‌ به‌ناو ناسیۆنالیست و مه‌یله ‌و چه‌پڕۆ‌‌کاندا نه‌سڕابووه‌وه‌‌، که‌چی جۆرج بۆش و ئایدۆلۆژییه‌ راستڕۆه‌که‌ی ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ و قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، گه‌ر دوێنێ له‌ ژێر بڕه‌وی چه‌پڕۆ‌ییدا چینی کرێکار و رووته‌ڵه‌، پاڵنه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و ئه‌خلاقی کوردی بوو، که‌چی ئه‌مڕۆ حیزبه‌ کۆنپارێزه‌که‌ی بۆش ده‌بێته‌ ئه‌و پاڵنه‌ره‌، که‌ بۆرژوا و پاره‌دار له‌ پشته‌وه‌ی ئاماده‌نه‌. له‌ کاتێکدا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، دوای ئه‌و وێرانکاریه‌ هێشتا خۆی بۆ ئه‌و ته‌رزه‌ ئایدیۆلۆژییه‌ ئاماده‌ نه‌کردووه‌.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک به‌ وردی له‌ مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه‌ تێبگه‌ین، ده‌بێ به‌ کورتی بیرۆکه‌ی تیۆری “چه‌پڕۆی-سۆسیالیزم” و “راستڕۆی-کۆنپارێزی” نمایش بکرێن.

روانگه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی چه‌پڕۆیی

واته‌ی چه‌پڕۆیی له‌م نووسینه‌دا باسکردنی مێژووی دیده‌ جودایه‌کانی نییه‌، به‌ڵکو مه‌به‌ست له‌و ئایدیۆلۆژیه‌یه‌ که‌ وه‌ک بڕوایه‌کی مێتافیزیکی بۆ ماوه‌ی نیو سه‌ده‌ به‌سه‌ر ئاوه‌زی کورد، زۆرینه‌ی هێزی سیاسی و نووسه‌ری کوردییه‌وه‌ باڵاده‌ست بوو. داستانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌ جه‌م ئه‌و هێزه‌ی کورد گرینگیه‌کی نه‌بووه‌. به‌ڵام ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و دواجاریش له‌ کارل مارکسه‌وه‌ تا لێنین روانگه‌یه‌کی تری وه‌رگرت.
له‌ کاتی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسسیدا به‌و که‌سانه‌ ده‌گووترا که‌ له‌ پارله‌ماندا له‌ ده‌سته‌ چه‌پ دادانیسشتن و لایه‌نگیری په‌رله‌مه‌نتاری بوون. به‌ڵام له‌ ئاستی تێوریی و به‌لای چه‌پڕۆ‌یی سه‌ر به‌ مارکسیزم، سه‌رچاوه‌ ئابووری ده‌بێ بچێته‌ گیرفانی ده‌وڵه‌ت و دواجار ده‌وڵه‌ت خۆی ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شده‌کا، که‌ ئه‌مه‌ش بنه‌مای ئابووری –سیاسی مارکسیزمه‌. له‌ روانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵک یه‌کسان بن و له‌ مافه‌کاندا یه‌ک پایه‌ و نرخییان هه‌بێت. له‌م روانگه‌ کۆلێکتیڤه‌وه‌ تاکه‌که‌س ئازاد و یه‌کسان ده‌بێت. مولکداری تاکه‌که‌سی جێگه‌ی له‌ رژێمێکی چه‌پڕۆ‌یی نابێته‌وه‌.

سۆشیال دێمۆکراته‌کان یان سۆشیال لیبرالییه‌کان وه‌ک نموونه‌یه‌ک له‌ چه‌پڕۆیی توانیان دیدی ئابووری لیبرالییانه‌ تێکه‌ڵاوی تێزی ئابووری-سیاسی مارکسیزم بکه‌ن. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ که‌ ده‌بێ هه‌موو کۆمه‌ڵ باجبدات به‌ ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام سۆشیال دێمۆکراته‌کان ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌ به‌سه‌ر ئۆرگان و فابریکه‌ جیاوازه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌به‌شده‌که‌ن. له‌و سیسته‌مه‌دا ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ کردنی پێداویستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌‌ ، به‌ڵام له‌ ئاست بوژانه‌وه‌ی ئابوورییدا بیرۆکه‌ی لیبرالیزم پیاده‌ ده‌که‌ن. له‌وێدا تاکه‌که‌س ده‌توانێ له‌ کێبه‌رکێ و کاری ئابوورییدا ئازاد بێت. واتا جیاوازی توانای تاکه‌که‌سه‌کان نابێته‌ کێشه‌ی کۆلێکتیڤ. به‌لای سۆشیال دێمۆکراته‌کانه‌وه‌ تاکه‌که‌س له‌ رووی گه‌شه‌ی ئابوورییه‌وه‌ ده‌توانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆلێکتیڤدا گه‌شه‌ بکا، که‌ ئه‌مه‌ش زیاتر دیدێکی لیبرالییه‌ تا مارکسیزم.

به‌ڵام چه‌پڕۆی کوردی به‌ ده‌ربڕینێکی ساده‌، به‌ حیزب و تاکه‌که‌سی رووناکبیره‌وه‌، هه‌ڵگری ستالینزمه‌. بۆیه‌ به‌ گشتیی به‌ روانگه‌ی حیزب و رووناکبیری کوردیی سه‌ر به‌ چه‌پ گه‌ر لاینگیری نه‌بیت، ئه‌وه‌ ده‌بیه‌ دوژمنی، ئه‌مه‌ش دیدێکی سه‌رکوتکه‌رانه‌یه‌ و نیو سه‌ده‌ پانتایی سیاسی و رۆشنبیریی کوردی گۆشکرد. بۆیه‌ له‌ جیهانی سیاسی و رۆشنبیریی کوردییدا هه‌موو جیاوازییه‌ک مانای دژ وه‌رده‌گرێت. وێڕای ئه‌مه‌ش دوای هه‌ره‌سی بلۆکی سۆڤیه‌ت چه‌پڕۆیی کوردی، له‌ جیاتی چاکسازی خۆی، زیاتر به‌ره‌و گروپێکی داخراوی فۆندمێنتال رۆیشت.

روانگه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی راستڕۆیی-کۆنپارێزی

کۆنسێرڤاتیزم یان کۆنپارێزی واتای پاراستن یان هێشتنه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌دمۆن بورکی ئینگلیز بوو که‌ ناسراوترین هه‌ڵگری ئه‌و بیرۆکه‌یه‌. ئه‌و پیاوه‌ دژی روانگه‌کانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی بوو. له‌ ساڵی 1790 بۆرک پێی له‌سه‌ر دابونه‌ریتی کۆنی فه‌ره‌نسی داگرت. بورک پێی وابوو خوا و پاشا بڕیاریان داواه‌ که‌ مرۆڤه‌کان ده‌بێ ببنه‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت.

له‌ روانگه‌ی کۆنپارێزه‌کانه‌وه‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی مرۆڤ نواندنی دڵسۆزیه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت، ده‌بێ ده‌وڵه‌ت به‌ هی خۆی بزانێت. بۆیه‌ ئه‌وان ده‌وڵه‌ت به‌ خودی جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌چووێنن. چونکه‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌ر که‌سه ‌و ئه‌رکێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. له‌ رژێمێکی کۆنپارێزدا هه‌بوونی هه‌رارکیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، گرینگی خۆی هه‌یه‌. له‌وێدا توێژێک له‌ کۆمه‌ڵ ده‌بێ باڵاده‌ست بێت. هاوکاتیش کڵێسه‌ رۆڵێکی گرینگ ده‌بینێ له‌ فێرکردنی چاکه‌دا. بۆیه‌ له‌ سیسته‌می کۆنپارێزدا، هه‌روه‌ک ده‌بینین که‌ کڵێسه‌ له‌ ئه‌مریکادا رۆڵی پشتیوانی ده‌وڵه‌ت و حیزبی کۆماری ده‌گێڕێت.
به‌ شێوه‌یه‌کی گشتیی دیدی کۆنپارێزی نوێ، له‌ پرۆسه‌ی حوکمدا: جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامی، نه‌گۆڕی دابونه‌ریت، سیسته‌می دادوه‌ری، مولکایه‌تی، تاکایه‌تی و گروپ له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌کاته‌وه‌.

به‌ ڕای ئه‌و کۆنپارێزه‌ نوێیه‌وه‌ که‌ حوکمڕانی سیاسی ده‌بێت به‌ باشی پابه‌ند بێ به‌ دادوه‌ری گشتیییه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا په‌یڕه‌و ده‌کرێ. له‌و سیسته‌مه‌دا دادگای باڵا ده‌توانێت بڕیاری سیاسی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، له‌وێدا گه‌ر دادگای باڵا بزانێت ئه‌و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ دادوه‌ری ناکۆکه‌ ده‌توانێت ره‌تیبکاته‌وه‌. بۆیه‌ له‌ ئه‌مریکادا دادگای باڵا به‌ جێگرییه‌کی له‌باری پاشایه‌تی داده‌نرێت. زۆرێک پێیان وایه‌ ئه‌و جۆره‌ دادگایه‌، وه‌ک هێمایه‌ک له‌ جێگه‌ی پاشا رۆڵی یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه‌ ده‌گێڕێت. هاوکاتیش خێزان به‌لای کۆنپارێزه‌کانه‌وه‌ پێکهێنه‌ری بنه‌مای کۆمه‌ڵگایه‌. بازاری ئابووری له‌ سیسته‌می کۆنپارێزیدا به‌ربه‌ره‌کانێی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت ده‌کات، که‌ ئه‌مه‌ش بوژانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. دواجار له‌ روانگه‌ی کۆنپارێزه‌کانه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا هیچ هاوئاهه‌نگیه‌کی نموونه‌یی یان دادپه‌روه‌رانه‌ی ره‌ها له‌ گۆڕێدا نییه‌. ئامانجی سیاسی کۆنپارێزه‌کان زه‌مینه‌ خۆشکردنی ژیانی هاووڵاتییانه‌، نه‌ک بێگه‌رد کردنی ژیان.

بۆیه‌ ئه‌وان یه‌کاسانی و پاکی به‌ مه‌حاڵ ده‌بینن. به‌ڵام لای کۆنپارێز، نه‌ته‌وه‌ کاکڵه‌ی کۆمه‌ڵه‌. لێره‌وه‌ به‌رگری کردن له‌ نه‌ته‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ پێش هه‌موو شتێک، هه‌روه‌ک ئه‌و دیده‌ له‌ ئاخاوتنه‌کانی جۆرج بوش و حیزبه‌ی به‌ راشکاوی به‌رجه‌سته‌ ده‌کرێته‌وه‌. بۆیه‌ ته‌واوی کۆنپارێز-راستڕۆیه‌‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوورن که‌ ده‌بێ به‌رگرییه‌کی سه‌ربازی تۆکمه‌ و گه‌وره‌ هه‌بێت تا بتوانێت کۆمه‌ڵگه‌ یان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزێت. ئه‌مه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکای ئه‌مڕۆدا به‌رچاوه‌.

چه‌پڕۆیی و قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد

هه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی سەتەی بیسته‌وه‌، یان زیاتر له‌ حه‌فتایه‌کانه‌وه‌، چه‌پڕۆیی یان سۆسیالیزم ده‌بێته‌ ئاینێک کورد به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رمه‌ست ده‌کا. سۆسیالیزم وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هێزێکی باڵاده‌ست، که‌ گوایه‌ رزگاریکاری گه‌لانی بنده‌سته‌ و به‌ گشتییش کێشه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی هه‌ژار و کرێکار جه‌غتده‌کاته‌وه‌، ده‌بێته‌ بزوێنه‌ری روحی کورد. دواجار ئه‌و ئایدۆلۆژییه‌ وه‌ک هێزێکی مێتافیزیکی سڕکار، توانی ویستی ناوه‌کی کورد فه‌رامۆشبکا و خه‌ونی خۆی بداته‌ ده‌ست قه‌ده‌رێکی ده‌ره‌کی. ئه‌مه‌ش هه‌ر ته‌نیا کێشه‌یه‌ک نه‌بوو که‌ کورد ده‌رگیری بێت، به‌ڵکو زۆرینه‌ی بزاڤی سیاسی و رۆشنبیریی وڵاتانی ئه‌فریکا و لاتین ئه‌مریکا و دونیای ئیسلامی بوون به‌ وابه‌سته‌ی بلۆکی سۆسیالیزم. به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌و ئایدۆلۆژییه‌ چه‌پڕۆییه‌ له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ک، به‌ گوێره‌ی پێکهاتی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌کان، ره‌نگی خۆی وه‌رگرتبێت. به‌ڵام له‌ رۆژهه‌ڵات به‌ گشتیی و له‌ کوردستاندا به‌ تایبه‌تی، جێگه‌ی بڕوا و ئایینی ئیسلامی گرته‌وه‌، یان له‌سه‌ر ئه‌و روانگه‌یه‌کی خورافی قاڵبڕێژ بوو.

چونکه‌ دۆخی هه‌ژاری و رێژه‌ی زۆری نه‌خوێنده‌واری له‌ جیهانی ئیسلامی و کوردیدا به‌ تایبه‌تی، زه‌مینه‌ خۆشکه‌ری ئه‌و ئایدۆلۆژیه‌ بوو. قسه‌گه‌لێکی وه‌ک: یه‌کسانی، برایه‌تی و په‌سندانی چینی هه‌ژار، زیاتر له‌ ئاوازی خوتبه‌ی ئایینی نزیکه‌ تا واقیعیه‌تی ژیان و چاره‌سه‌رییه‌ کۆنکرێته‌کان. به‌ کورتی پێکهات و بونیاتی ئابووری و ئاگایی سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی جه‌سته‌ی کوردستاندا، جێگه‌ی ئیسلامی گرته‌وه‌، که‌ وه‌ک هێزێکی قه‌ده‌رهه‌ڵگر،خه‌ونه‌کانی خۆی بۆ مه‌یسه‌ر ده‌کا.

هه‌ر بۆیه‌ سه‌رچاوه‌ی سۆسیالیزم بۆ ته‌واوی بزاڤی کورد بوو به‌ ئامانجی کۆتایی. ره‌نگه‌ جێگه‌ی ئاماژه‌ بێ، که‌ له‌ ژێر کایه‌ی ئه‌و ئایدۆلۆژییه‌ ئۆتۆپیه‌دا، مرۆی سیاسی و رووناکبیریی کوردی ده‌بوو گیانفیداکار بێت. واتا خاسڵه‌تی خۆبه‌ختکردن و فه‌رامۆشکردنی خود و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی…هتد، بوو به‌ وێنای ئیدیالی مرۆی سیاسه‌تمه‌دار و رووناکبیریی به‌ڕاستی.
له‌ سه‌رمه‌ستی ئه‌و ئایدیۆلۆژییەدا نه‌وه‌ی حه‌فتا و نیوه‌ی هه‌شتایه‌کانی کورد، به‌ پێچه‌وانه‌ی نه‌وه‌ی دوای هه‌ره‌سی بلۆکی چه‌پڕۆیی، هه‌موو خه‌ونه‌ تایبه‌تییه‌کانی کرد به‌ قوربانی خه‌باتی چه‌کداری و ونبوون له‌ چاوه‌ڕوانییه‌ خه‌یاڵییه‌کان. هاوکاتیش له‌ هه‌ر چوار له‌تی کوردستاندا، کوردی کۆمۆنیست له‌ عه‌ره‌ب و فارس و تورک زێده‌تر سه‌رگه‌م بوو به‌ برایه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاته‌ داگیرکه‌رانه‌وه‌‌، بێ ئه‌وه‌ی له‌ ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌و بانگه‌شانه‌ به‌ ئاگا بێت. هه‌ر بۆیه‌ به‌شێکی فره‌ی کورد له‌به‌ر ئه‌و سه‌رمه‌ستییه‌، تا ئه‌مڕۆش بێبه‌رییه‌ له‌ زمان و مێژوو و کولتووری کوردی، گوایه‌ ئه‌وه‌ پاشکه‌وتنخوازی و نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌، که‌چی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست ئه‌و روحه‌ سافیله‌که‌یه‌ی پڕ کرد له‌ روحی شۆڤینییه‌یه‌تی خۆیه‌وه‌.

بۆ نموونه‌ تا ئه‌مڕۆش حیزبی شیوعی سوریا، که‌ له‌وێدا له‌ هه‌موو مافێک بێبه‌شه‌، که‌چی کورد چاڵاکترین توێژی هێزی ئه‌و حیزبه‌یه‌. بۆیه‌ تا ئێستاش ئه‌و حیزبه‌ به‌رانبه‌ر به‌ کورد یه‌کێکه‌ له‌ شۆڤینترین حیزبه‌ چه‌پڕه‌وه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌. هه‌ڵوێستی ئه‌و حیزبه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی کوردی ئه‌و به‌شه‌، ته‌نانه‌ت له‌ حیزبی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار شۆڤینتر بوو. قه‌ده‌ری باکووری کوردستان هه‌مان وێنه‌ی له‌ته‌کانی کوردستانی به‌ خۆیه‌وه‌ بینییه‌وه‌.
وێڕای ئه‌مه‌ش، له‌ ئێراندا، ته‌واوی چه‌پڕۆکان، تا ئه‌مڕۆش، به‌ ئایدیۆلۆژی شۆڤینینانه‌ی ئێرانی جڵه‌وی کوردی گرتووه‌‌.

جێگه‌ی سه‌رنجه‌، له‌ روانگه‌ی وێنای کۆمۆنیستی خۆبه‌ختکار، له‌ برادارێکی کۆمه‌ڵه‌ی ئێرانم بیست، کاتێ مانسوور حیکمه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ چوو بوو بۆ کوردستان، پۆتینه‌ کرێکاری و شێوه‌ی جل و به‌رگه‌که‌ی، ئه‌ندامانی کوردی حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی شاگه‌شکه‌ و بووراند بۆوه‌. به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ مه‌سنوور وه‌ک فارسێک که‌ له‌ ئه‌وروپا ژیانوه‌، چۆن وا ساده‌ و ساکاره!‌ واتا مه‌نسوور وه‌ک ئه‌کته‌رێکی خه‌باتگێڕ و کۆمۆنیست ده‌بێته‌ باوکێکی روحی مرۆی کورد.

لێره‌وه‌ ده‌بینین، خه‌ونی کورد له‌ قۆناغی چه‌پڕۆییدا، قه‌ده‌رێکی ده‌ره‌کی، به‌ناوی نێونه‌ته‌وه‌یی و برایه‌تی و له‌ خۆ بووردوویی ئاوه‌ز و گیانی سافیلکه‌ی گۆشده‌کا. ئه‌مه‌ش بوو به‌ فه‌رامۆشکردنی ویستی کورد، دواجار ئه‌و ته‌رزه‌ ئایدیۆلۆژییه‌ به‌ گۆشه‌یه‌ک له‌و به‌هه‌شته‌ میوانداری کوردی نه‌کرد، تاوه‌کو له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و خه‌ونه‌ شه‌که‌ته‌یدا سه‌رفرازی بکا. بۆیه‌ وێنای ئه‌و به‌هه‌شته‌، پاش کاڵبوونه‌وه‌ و رمانی سۆڤیه‌ت و هاتنی ئه‌مریکا، که‌ لای زۆرینه‌ی هێزی سیاسی و رووناکبیری کورد، به‌ ئیمپریالیزم داده‌نرا، بوو به‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ به‌ڕاداندراوه‌ی، که‌ ئێستا سه‌رگه‌رمی کردووین.

لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که‌ بزاڤی سیاسی کورد هه‌میشه‌ ده‌قی به‌وه‌ گرتووه‌، هه‌روه‌ک به‌خت ئه‌وه‌ی کردبێت، که‌ قه‌ده‌ری خه‌ونه‌که‌ی، نووشست و تێکشکانه‌کانی له‌ هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان ماره‌ بکات. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئاخافتن، یان زمان-گوتاری کوردیدا ته‌واوی کێشه‌کان ده‌خرێته‌ سه‌ر شانی هۆکاره‌ ده‌ره‌کییه‌کان. به‌ واته‌یه‌کی تر، هه‌ر له‌ پاش په‌یمانی سیڤه‌ر و لۆزانه‌وه‌، که‌ دوو په‌یماننامه‌ی دوای هه‌ردوو شه‌ڕی جیهانی بوو، بزاڤی کوردی بۆ ده‌ستنیشانکردنی مافه‌کانی بێبه‌ری بووه‌ له‌ ویستی بڕیاری ناوه‌کی خۆی. هۆی خۆیه‌تی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بنه‌مای ئه‌و بڕوادارییه‌ی که‌ کورد که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی خۆشباوه‌ڕ، ئایدیۆلۆژی چه‌پڕۆیی و ویستی ده‌رکی پیاده‌ ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی بۆ هێزه‌ ناوه‌کییاکانی خۆی وه‌فادار بێت. له‌ ئاکامی ئه‌مه‌دا، که‌ ئێستاش چه‌پڕۆیی له‌ کن کورده‌ لیبرالیسته‌ تازه‌ بابه‌ته‌کانه‌وه‌ وێنه‌ی ئه‌زموونێکی دزێوی وه‌رگرتووه‌، له‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌دا، لیبرالیزم شوێنی ئه‌و پیرۆزییه‌ی گرته‌وه‌.
هه‌ر بۆیه‌ ئێستا بزاڤی کوردیی و ده‌مڕاسته‌ رووناکبیره‌که‌ی له‌ هه‌موو له‌ته‌کانی کوردستاندا به‌ هه‌مان روانگه‌ی چه‌پڕۆییه‌که‌ی پێشوویه‌وه‌، قه‌ده‌ری خه‌ونی کوردیان ده‌ قه‌به‌ر لیبرالیزم و راستڕۆی ئه‌مریکای بۆش کردووه‌.

خه‌ونی کورد له‌ چاوه‌ڕوانی راستڕۆییدا

ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاوازی ئه‌و گوته‌یه‌ی نیتشه‌: “خودا مرد”، ئێمه‌ش بڵێین، چه‌پڕۆیی کوردی مرد. به‌ڵام راستڕۆی جێگه‌ی ئه‌و خوایه‌ چه‌پڕۆیه‌ی کوردی گرته‌وه‌ که‌ خه‌ونی کوردی به‌دینه‌هێنا. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئیتر هه‌ر له‌ دوای مردنی خوای قه‌ده‌ری کۆنینه‌ی کورد: چه‌پڕییه‌وه‌، به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان، کۆی بزاڤی کوردی له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و خوایه‌ به‌ناو کۆنپارێزی یان راستڕۆیه‌ دایه‌، که‌ ئه‌مڕۆ بێ یان سبه‌ی ئه‌مریکا ئه‌و خه‌ونه‌ سیاسیه‌ی کوردمان بۆ دابین ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت له‌ رووی ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ “راستڕۆیی” و “چه‌پڕۆیی” زۆر جیاوازیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا هه‌یه‌، به‌ڵام له کن‌ توێژی سیاسی و رووناکبیری ئه‌مڕۆی کوردیدا، ئه‌وه‌ندی من بزانم، یه‌ک واته‌ی وه‌رگرتوو.

وه‌ک گوتمان بۆ نیو سه‌ده‌ سۆڤیه‌تی گۆرین بۆی مه‌یسه‌ر نه‌کردین. که‌واته‌ کورد ته‌نیا خودایه‌کانی گۆڕیه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ دیدی نیتشه‌ “خوا مراندن”، مه‌به‌ست له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بێ بۆ ویستی خۆی و پیاده‌کردنی هێز، که‌چی بۆ کورد گه‌ڕانه‌ به‌ دوای هێز یان ئایدیۆلۆژییه‌کی تر که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی و هێزی ناوه‌کی خۆیه‌تی. دواجار ئیشی کورد خۆ فڕێدانه‌ له‌ باوه‌شی خوایه‌کی مردووه‌وه‌ بۆ باوه‌شی خوایه‌کی تازه‌؛ به‌ پاڵه‌وانکردنی هێزی راستڕۆی ئه‌مریکا و فه‌رامۆشکردنی ئه‌زموونی تێکشکاوی چه‌پڕۆییه‌.
کێشه‌ی کورد له‌ هه‌ڵبژاردنی هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کاندا هه‌میشه‌ که‌ژو هه‌وایه‌کی جیهانی له‌ پشته‌وه‌ بووه‌. گه‌ر له‌ سه‌رده‌می چه‌پڕۆییدا سۆسیالیزم و سۆڤیه‌ت وێنای پشتیوانی گه‌لانی زۆرلێکراو و کۆله‌واران بوو، ئێستا به‌ فره‌بوونی بازاڕ و کاڵا و خودپه‌رستی و تاکگه‌رایی مرۆڤه‌کا،ن وێنه‌ی مرۆڤی سه‌رکه‌وتووه‌…هتد.

ئه‌مڕۆ مادده‌ و به‌ سێنته‌ر بوونی خۆویستی مرۆڤ و هه‌ودا بوون به‌ دوای که‌ل و په‌ل، دوا ئامانجی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کانه‌. ئه‌و ماشێنه‌ی که‌ به‌ ناوی به‌ جیهانیببوون-گۆلوبالیزم ژیان و روانگه‌کانی مرۆڤ داده‌هێنێت، ئیتر نه‌ بیرۆکه‌کان و نه‌ خودی مرۆڤیش له‌ توانای نه‌ماوه‌ خاوه‌ن بنه‌مایه‌کی دیاریکراو بن. ئاکامی ئه‌و دیارده‌یه‌ش شپرزه‌ بوونی بونیاتی مرۆڤ و ژیانه‌، که‌ به‌ مه‌رجه‌کانی ئه‌و هه‌موو گۆڕانه‌ راناگات. گه‌رچی ره‌نگه‌ هێشتا ئه‌و ماشێنه‌ به‌ ناو گۆلوبالیزمه‌ به‌ تۆڕه‌ لێکچڕژاوه‌کانی ناخی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی داگیر نه‌کرد بێت، به‌ڵام له‌ باری ده‌روونی، ئاگایی و خواستی په‌یوه‌ندییه‌کان توانیوویه‌تی مرۆی کوردیش به‌ مۆده‌کانی و مه‌رجه‌کانی سه‌وداسه‌ر بکات. له‌ ئاکامی ئه‌مه‌شدا تۆوی بونیاتێکی خودویستانه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا چاندووه‌، که‌ له‌ مه‌یلی که‌ره‌سه‌ و مۆده‌و فۆرم په‌رستی …هتد، ده‌سکه‌وتی ئابووریدا زه‌قده‌بێته‌وه‌. ئه‌و پرۆسه‌ تازه‌یه‌ش نه‌ک هه‌ر بڕیار له‌سه‌ر تاکی کوردی ده‌دات، به‌ڵکو به‌ کاریگه‌رییه‌کانی پێکهاتی کوردی کردووه‌ به‌ خولیایه‌ک بۆ بوونه‌ ئامراز له‌ پێناوی تێر کردنی خود.
هه‌ڵبه‌ت له‌ روانگه‌ی تێورییه‌وه‌ له‌ نوان به‌جیهانیببوون و جیهانگیریدا جیاوازییه‌ک هه‌یه‌، که‌ ده‌بێ بیری لێبکه‌یه‌نه‌وه‌: له‌م نووسینه‌دا به‌جیهانیبوون، دیارده‌ی باڵاده‌ستی بازاڕ و لێکدانه‌وه‌ نێگه‌تیڤه‌کان ده‌گرێته‌وه‌. چونکه‌ جیهانگیری-گۆلوبالتێت له‌ ئاستی تێوریدا روانگه‌ هزری کۆمه‌ڵایه‌تی کولتورییه‌کان به‌ گشتیی ده‌گرێته‌وه‌، لێره‌وه‌ گه‌ر دوێنێ، له‌ ژێر کاریگه‌ری چه‌پڕۆییدا کورد دوور له‌ ویستی خود و خولیای که‌ره‌سه‌ خۆی به‌ گیانێکی به‌ کۆمه‌ڵی مرۆی ئیدیالی په‌ره‌وه‌رده‌ ده‌کرد، که‌چی ئه‌مڕۆ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، خود و به‌رژه‌وه‌ندی، بگره‌ له‌ کاری سیاسیشدا، بۆته‌ ئایدیال و پا‌ڵه‌وانی مرۆی کورد. به‌ واتایه‌کی تر، گه‌ر دوێنێ کورد سه‌رقاڵ بووبێ به‌ چاڵاکی سیاسی و رۆشنبیریی، وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی…هتد، که‌چی ئه‌مڕۆ توێژی سیاسی و رووناکبیریی کوردی، له‌ پێناو به‌ سێنته‌ر کردنی خود و خواسته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌که‌ی، حه‌وداڵه‌ به‌ دوای خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌ن مادده‌ و هێزی باودا.

دواجار خه‌می ئه‌مڕۆی توێژه‌کان، به‌ سیاسی، رووناکبیره‌وه‌، به‌ ده‌راوێته‌کردنی ده‌گمه‌نێک له‌و توێژانه‌ ، بۆ نموونه‌، بۆ لاوی کوردی تازه‌ بابه‌ت، “په‌ڵه‌وان”ی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ ببێته‌ گۆرانبێژێکی مه‌یله‌ و ئه‌وروپی و له‌ “کلیپ”ێکدا، وه‌ک گۆرانیبێژه‌ رۆژئاواییه‌کان، به‌ وێنه‌ی ئۆتۆمبیل و کیژێکی قژکاڵه‌وه‌، یان به‌ ئاوازی له‌نجه‌ و لاری کچه‌ گۆرانینێژه‌ pop و Rock ه‌کان له‌ شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن پیشانبدرێ، تاکو کیژ و کوڕی کورد له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌دا به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌ر سام بکات. هاوکاتیش له‌ ئاستی کۆمه‌ڵدا، ئۆتۆمبیل و ته‌له‌فۆن مۆبایل و خانوو؛ ده‌سکه‌وته‌ فۆرمالیتێیه‌کان، ئاواتی سه‌ره‌کی مرۆی کوردی پێکده‌هێنێت. به‌ کورتی، به‌ واته‌ی ‌مرۆی کورد، گه‌ر دوا مۆدێلی ماشێنت له‌ ژێر نه‌بێ که‌س به‌ “پیاو”ت دانانێت.

ئه‌مڕۆ که‌سێکی رووناکبیر و لێزان له‌ کن کورددا، پایه‌ی تێگه‌یشتن نییه‌ له‌ ئاستی زانین و ئاوه‌ز؛ چاڵاک بوون له‌ بوارێکی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و رۆشنبیریی، وێنای که‌سی سه‌رکه‌توو نییه‌، به‌ڵکو ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئامانجی خود کردنه‌ نێوه‌ند و موڵکداریی تایبه‌تی، یان خه‌می رووناکبیری زار قه‌ڵه‌باڵعی ئه‌مڕۆی کورد، ده‌رکه‌وتن و جێگه‌ خۆشکردنه‌ له‌ که‌ناڵ و نێوه‌نده‌ گه‌وره‌کانی ده‌سه‌ڵات…هتد. به‌ واته‌یه‌کی تر، له‌ روانگه‌ی ئه‌و پشتینه‌ جیهانگیریی و “بوش”گه‌راییه‌ی که‌ پێشتر ئاماژه‌م بۆ کرد، زاراوه‌ سیلاک بووه‌کانی وه‌ک ئازادی تاکه‌که‌س، دێمۆکراتی، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، فێمێنیزم و قسه‌گه‌لێکی له‌م ته‌ررزانه‌ بۆته‌ رێگه‌خۆشکه‌ر بۆ هه‌موو مه‌یل و کرده‌یه‌کی ناڕه‌وا.

ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای کولتوور و نه‌ریتێکه‌ که‌ بووده‌ڵه‌یی و کولتوری جه‌ڵه‌بی، یان گه‌ڕه‌لاوژه‌ی خودویستی له‌ پشته‌وه‌یه‌، نه‌ک وه‌رچه‌رخان و گه‌شه‌ی ئاوه‌ز و مه‌عریفه‌. به‌رهه‌می ئه‌و مۆده‌ به‌ جیهانیببوونه‌ و “لیبرالیزم”گرییه‌ نوێباوه‌ی کورد، به‌های فه‌رامۆشکردنی ویستی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ په‌ڕاوێزکردن، یان به‌ که‌ره‌سه‌ و فۆرمکردنی “خه‌ونی کورد” ه‌، نه‌ک گۆڕانێکی بونیادی له‌ ئه‌زموونی تاڵی کوردیدا. ئه‌و دیارده‌ نوێباوه‌ی کورد به‌ بیانۆی ئه‌وه‌ی که‌ دونیا گۆڕاوه‌، یان گوایه‌ “سه‌رده‌می گۆلوبال، تاکگه‌رایی، نه‌مانی خه‌ونی ده‌وڵه‌تی کوردی و… هتد، بۆیه‌ ده‌بێ کوردیش واز له‌ داوای خه‌بات بۆ خه‌ونی کورد بێنێت و خه‌ریکی گووتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ و قسه‌گه‌له‌ بێت که‌ ماشێنی به‌جیهانیبوون و بازاڕی سه‌رمایه‌داری و لیبرالیزمی نوێ به‌ ره‌واجی کردووه‌. به‌هه‌مه‌حاڵ.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و روانگه‌یه‌ به‌رهه‌می لیبرالیزم و کۆنسێرڤه‌تیڤی نوێ بێت؛ پۆستمۆدێرنیزم وه‌ک بنه‌مایه‌کی هزر له‌ پشته‌وه‌ی بێت، که‌ به‌رهه‌می کۆنتێکستی ئه‌و قۆناغه‌ هه‌مه‌جۆرانه‌ی رۆژئاوان. که‌چی ئه‌و روانگه‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌ بوونی به‌ژن و باڵای سه‌ربازه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراقدا، له‌ هیکڕا په‌نگده‌داته‌وه‌ و روحی کورد له‌گه‌ل خۆیدا راده‌پێچێت، بێ ئه‌وه‌ی بوونی کورد لۆژیکێکی بۆ ئه‌و روانگه‌ تازه‌یه‌ هه‌بێت. له‌ کاتێکدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و روانگه‌ تازانه‌ی ئاماژه‌یان پێکرا، له‌ ئه‌وروپا به‌ لۆژیکی لیبرالیزمی نوێدا بناسرێن، که‌چی جۆرج بۆش له‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی مه‌سیحگه‌راییه‌وه‌ پیاده‌ی ئه‌و روانگه‌ تازانه‌ و سیاسه‌تی ده‌ره‌کیه‌ ده‌کا. جێگه‌ی سه‌رنجه‌، ئه‌و روانگه‌ و مانایانه‌ لای ئێمه‌ ده‌بنه‌ باو و مۆده‌ی ده‌ڤۆکی، بێ ئه‌وه‌ی پرسیار بکه‌ین، ئێمه‌ له‌ کوێن و به‌چی و چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و دیاردانه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ین!
وێڕای ئه‌مانه‌ش، له‌ بیرمان نه‌چێت پاش هاتنی هێزی ئه‌مریکا بۆ عێراق، هه‌موو به‌هایه‌ ئه‌خلاقی و ئایدۆلۆگی کۆنپارێزی بۆش، که‌ بۆرژوا و سه‌رمایه‌داره‌کانی ئه‌مریکا به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش، بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگامان لێ بێت، ئه‌خلاقی خۆویستی به‌خشی به‌ توێژی سیاسی و رووناکبیری کورد.

که‌چی چه‌پڕۆیی پێشووی کورد، چونکه‌ روانگه‌ی دژه‌ مولکداری تاکه‌که‌سی ئایدیالی بوو، ئه‌مه‌ش روحێکی قوربانی و خود فه‌رامۆشکردن و وه‌همی مرۆی ئایدیالی گۆشکرد. بۆیه‌ کاری به‌ کۆمه‌ڵی و گیانفیداکاریی و خۆبه‌ختکردن له‌ پێناو کۆمه‌ڵ…هتد، جێگه‌ی پایه‌داری و نموونه‌ی مرۆی چاکه‌ بوو بۆ کورد. ئه‌مه‌ش بوو به‌ وێنه‌یه‌ک بۆ مرۆی سیاسی و رووناکبیر، که‌ پڕ بوو له‌ دووانه‌یی؛ به‌ رووکه‌ش ئازادیخواز و خه‌باتگێڕ بوو، به‌ ناوه‌ڕۆکیش هه‌ڵپه‌رست و ساخته‌ بوو. به‌ڵام دواجار ئه‌و رووکه‌شیه‌ وێنای ئایدیالی بوو بۆ نموونه‌ی مرۆی رووناکبیر و سیاسی. که‌واته‌ خه‌ونی کورد له‌ گیانی مه‌یله‌و ئایدیالی و ئایینی به‌رجه‌سته‌ ده‌کرایه‌وه‌.

لێره‌وه‌ ئه‌رکی رووناکبیری جیاوازی کورد، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ماڵی رۆشنبیریی کوردی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌رچاوه‌یه‌کی رۆشنبیریی کوردی ده‌سته‌به‌ر بکا بۆ خوێندنه‌وه‌ی روانگه‌ رۆشنبیرییه‌کانی “ئه‌ویتر”. ده‌گمه‌نی ئه‌و زمانه‌ جیاوازه‌ له‌ پانتایی رووناکبیری کوردی ئه‌مڕۆدا، یه‌کێکه‌ له‌و کێشه‌ رۆشنبیرییه‌ خه‌مهێنه‌ره‌ی ژیانی کورد. هه‌ڵبه‌ت هیچ کۆمه‌ڵ و کولتوورێک بێ بوونی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌رچاوه‌کانی خۆی ناتوانێ خاوه‌ن گوتار و روانگه‌یه‌کی رۆشنبیریی، تونێکی تایبه‌تمه‌ندی کوردی، خۆی بێت. له‌ ئاکامی فه‌رامۆشکردنی ئه‌و سه‌رچاوه‌ رۆشنبیرییه‌ی ئه‌مڕۆی کورد، پانتایی رۆشنبیریی کورد هه‌ڵگری مێتود و روانگه‌یه‌کی نییه‌ که‌ بتوانێ زمانی خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌یه‌ک بۆ خودی خۆی به‌رهه‌م بێنێت. له‌ پانتای بڵاو کراوه‌ پان و پۆڕه‌کانی کوردیدا ،ده‌سته‌واژه‌ و تیۆرییه‌کان له‌ شێوازێکی بێ ئاراسته‌ و بێ پرۆژه‌ و بێ ئاکامگیری، ئاپۆڕه‌ ده‌کرێن.

ئاکام و رامانێک بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌کانی کوردییه‌وه‌

هه‌ڵبه‌ت چه‌پڕۆیی له‌ نیو سه‌ده‌دا، نه‌ک هه‌ر خه‌ونی کوردی رۆشن نه‌کرده‌وه‌، به‌ڵکو هه‌ستی خۆ به‌ قوربانیدان و تاوانبار کردنی هێزی ده‌رکی کرد به‌ روانگه‌یه‌ک بۆ کورد، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌بووری دۆڕانه‌کانی بداته‌وه‌. ئاکامی ئه‌مه‌ش بوو به‌ بنه‌مایه‌ک که‌ ئه‌مڕۆ هێزی ده‌مڕاستی سیاسی و رووناکبیری کورد وێنای راستڕۆه‌ی و “بوش”گه‌رایی بکات به‌ ئه‌و هێزه‌ رزگارکه‌ره‌ی خه‌ونی کورد. لێره‌وه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ له‌ روانگه‌ی کورد، گۆڕانێکی بونیاتیانه‌ی نییه‌، به‌ڵکو گۆڕانێکه‌ له‌ ئاستی فۆرم و ناوه‌کان؛ کۆنپارێزی و “بوش”گه‌رایی، جێگه‌ی چه‌پڕه‌وه‌ی و سۆڤیتگه‌رایی ده‌گرێته‌وه‌؛ خودگه‌رایی و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و ئامانجی ئابووری، له‌ جیاتی روانگه‌ی به‌ کۆمه‌ڵی و خۆ به‌ فیدا کردن و خود فه‌رامۆشکردن، ده‌بێته‌ ئایدیالی مرۆی کورد…هتد.

له‌ کاتێکدا گه‌ر بیرۆکه‌ی کۆنسێرڤه‌تیڤی، له‌ دوای کاڵبوونه‌وه‌ی چه‌پڕۆیی کوردی هاتنی ئه‌مریکا، وه‌ک روانگه‌ی تازه‌ ده‌بێته‌ مۆده‌ی کورد، که‌چی ئه‌و کۆنسێرڤێتیڤه‌ له‌ بیسته‌کانی سەتەی بیسته‌م، به‌ تایبه‌تی له‌ رۆژگاری ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزه‌کان له‌ عێراقدا، وه‌ک بیرۆکه‌یه‌کی خۆماڵی له‌ ئاستی رووناکبیریی و سیاسیدا چاڵاک بوو. لێره‌وه‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ به‌ توێژێک له‌ رووناکبیری کوردی بکه‌ین، که‌ نه‌ک هه‌ر له‌ ئاستی چاڵاکی رۆشنبیریدا خه‌مخۆر، یان هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌کی رۆشنبیریی سیاسی گۆڕانی بونیاتی کوردی بوون، به‌ڵکو له‌ ئاستی سیاسی و کۆمه‌ڵاتیش ئاماده‌ بوون. بیرۆکه‌ی ئه‌و پانتاییه‌ رۆشنبیریی و سیاسییه‌ له‌ ره‌وتی “کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆی کوردستان” به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌.

له‌وێدا کۆمه‌ڵێ رووناکبیری ره‌سه‌نی کوردی وه‌ک: “حه‌مدی به‌گ، جه‌میل سائیب، موسته‌فا به‌گی ساحێبقڕان، ره‌فیق حیلمی و چه‌ندان رووناکبیری تر وێنای ئاگایی کورد بوون، یان ده‌کرێ به‌ میراتگری ده‌نگی خۆڕسکی شاعیری رۆح به‌رزی حاجی قادری کویی بناسین. هاوکاتیش شۆڕشی شێخ سه‌عید و شێخ مه‌حموود و شێخ نه‌هری و بگره‌ سه‌رۆکی کۆماری مه‌هاباد، قازی موحه‌مه‌دی نه‌مر، دواجاریش بزاڤی “ژێکاف” له‌م روانگه‌ راستڕۆیه‌دا به‌رجه‌سته‌ده‌بنه‌وه‌.

ئامانجی ئه‌و رووناکبیر و بزاڤه‌ کوردیانه‌، له‌ روانگه‌ی وشیار کردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنی رۆحیه‌تی کوردی ره‌سه‌ن بوو، نه‌ک وابه‌سته‌ بوون به‌ روانگه‌یه‌کی ده‌ره‌کی و لاسیکردنه‌وه‌، که‌ ئێستا له‌ ئاردایه‌. به‌ بڕوای من، بۆ ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری کوردی خاوه‌ن ئاگاییه‌کی خۆی بێت، ئه‌رکی زمانی تازه‌ی رووناکبیری کوردی ئه‌مڕۆ، خوێندنه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ئه‌و سه‌رچاوه‌ رۆشنبیرییه‌ و سیاسیه‌ی کوردیه‌. ئه‌مه‌ش مانای ده‌رگا له‌سه‌ر خود داخستنی کورد نییه‌، به‌ڵکو ئاماده‌ کردنی زمانی کوردی، ئاگاییه‌کی کوردیه‌ له‌ جیهانی رۆشنبیرییدا. به‌ واتایه‌کی تر، به‌شدار بوونی کوردیه‌ به‌ گفتوگۆکردنی خودی خۆی له‌گه‌ڵ “ئه‌ویتر”دا.

له‌ پانتایی رۆشنبیریی کوردیدا، ئه‌و دیارده‌یه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش له‌ توێژێک له‌ رووناکبیری شه‌سته‌کان و حه‌فتایه‌کاندا راشکاوتر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌، که‌ ده‌کرێ وه‌ک به‌رده‌وامیه‌ک راڤه‌ی بکه‌ین. لێره‌دا به‌ یادهێنانه‌وه‌ی، ئه‌مین زه‌کی به‌گ، مه‌سعوود محه‌مه‌د،عه‌لائه‌دین سجادی، شاکر فه‌تاح، دوا به‌رهه‌مه‌کانی که‌مال مه‌زهه‌ر و چه‌ندان نموونه‌ی تر، ده‌کرێ به‌ سه‌رچاوه‌ی ره‌سه‌نیتری جیهانبینی روانگه‌ رۆشنبیریی و هزرییه‌کانی کورد بخوێنرێنه‌وه‌.

له‌ به‌رهه‌مه‌ رۆشنبیرییه‌ هزرییه‌کانی ئه‌و رووناکبیرانه‌دا، مێژووی کورد و تایبه‌تمه‌ندیی و جیاوازی و کێشه‌کانی بوونی کورد ئاماده‌ییان هه‌یه‌، که‌ ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌رک و پرسیاره‌کانی ته‌واوی رووناکبیره‌ جیهانییه‌کان. لێره‌دا ده‌بێ بزانین، ته‌واوی گفتوگۆیه‌کانی هزرڤان و فه‌یله‌سوفی رۆژئاوا، خوێندنه‌وه‌ و دامه‌زاراندنه‌وه‌ی مێژووی پانتاییه‌ هزریی و رۆشنبیرییه‌کانی سه‌رچاوه‌کانی خۆیه‌تی. که‌واته‌ به‌ واته‌ی نیتشه‌، گه‌ر ئه‌رکی فه‌یله‌سوفی تازه‌ هاوێژانی ئه‌و رمه‌ بێت که‌ فه‌یله‌سوفانی پێشتر ئه‌نجامیان دابێت، ئه‌وه‌ ئه‌رکی رووناکبیری تازه‌باوی جودا، ئه‌فراندن و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌ رۆشنبیرییه‌ ره‌سه‌نه‌ی کوردیه‌، که‌ به‌رهه‌می تێڕاماندنی ماڵی کوردیه‌. به‌ڵام ئه‌و روانینه‌ ره‌سه‌نه‌ له‌ جه‌م رووناکبیری باڵاده‌ستی ئه‌مڕۆ و دوێنی کورد، یان به‌ واتای مه‌سعوود محه‌مه‌د، بۆ ئه‌و “رووناکبیره‌ زار قه‌ڵه‌بالغه‌”ی ئێستای کورد، سه‌رچاوه‌کانی رۆشنبیریی کوردی له‌ مه‌عریفه‌ به‌ده‌ره‌ و ده‌بێ فه‌رامۆشبکرێن.

به‌هه‌مه‌حاڵ، جێگه‌ی سه‌رنجه‌، هه‌ر له‌گه‌ڵ زاڵبوونی بیرۆکه‌ی چه‌پڕه‌ه‌ی و سۆسیالیزم، ئه‌و دیارده‌ رۆشنبیرییه‌ ره‌سه‌نه‌، یان کۆنسێرڤه‌تیڤه‌ی کورد، که‌ ئاماژه‌م پێکرد، به‌ مۆری “کۆنه‌په‌رستی” و “نامۆدێرن”ی گۆشه‌گیرکران له‌ پانتایی رۆشنبیریی کوردیدا. ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌، بۆ نموونه‌ ئاماژه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌کانی مه‌سعوود محه‌مه‌د بکه‌ین، که‌ پڕ بایه‌خترین سه‌رچاوه‌ی کوردین، که‌چی ئه‌مڕۆ ئه‌و رووناکبیره‌ زار قه‌ڵه‌بالغه‌ی کوردی، نه‌ک هه‌ر نایناسێت، به‌ڵکو ئه‌و رووناکبیر ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆ، وێڕای ئه‌و هه‌موو ” بۆنه‌” ، “فیستیڤاڵ” و “خه‌ڵات” به‌خشینه‌، که‌ بۆ مه‌به‌ست و ملکه‌چکردنی رووناکبیره‌ زار قه‌ڵه‌باڵغه‌کان و پرسیارێکی بێ نموودی رۆشنبیریی و کولتووری ته‌رخانی ده‌که‌ن، به‌ یادی نییه‌ بوارێک بۆ به‌رهه‌مه‌ رێزداره‌کانی ئه‌و ته‌رزه‌ رووناکبیره‌ی کورد بڕه‌خسێنێ. لێره‌وه‌ هۆکاری ئه‌و فه‌رامۆشکارییه‌ رۆشنبیریه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسی و رۆشنبیرییه‌ی ئه‌مڕۆی کورد، به‌ تایبه‌تی له‌ باشووری کوردستاندا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ به‌ نیازی گه‌وره‌کردنی حیزبه‌کانییان رووناکبیر و کولتووری رووکه‌ش قوتده‌که‌نه‌وه‌.
لێره‌وه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ لای ره‌فیق حیلمی، که‌ وه‌ک نموونه‌ی رووناکبیری وریا، له‌ یادداشتنامه‌که‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر خودویستی و ساویلکه‌یی کورد ده‌کاته‌وه‌. به‌ڵام ره‌فیق حیلمی له‌ پێناوی خه‌ونه‌ کوردیه‌که‌ی له‌ کاره‌که‌ی ده‌رده‌کرێ و بۆ به‌سه‌ر بردنی ژیان “زێڕ و زیوی ژنه‌که‌ی ده‌فرۆشێت”.
که‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌مڕاستی سیاسی و رۆشنبیریی کورد، به‌ هه‌موو خۆ به‌ جودا دانانه‌کانییه‌وه‌، به‌ به‌رژه‌وه‌ندخواز و گه‌نده‌ل بناسرێنه‌وه‌، که‌چی ئه‌و ته‌رزه‌ رووناکبیره‌ی که‌ ناومان بردن، له‌ نموونه‌ی ئیدیالی واقیعیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بنه‌وه‌.
دواجار بۆ ئه‌وه‌ی ئاره‌سته‌ مێژوویه‌کانی کورد له‌و زمان و ره‌وانبێژی شپرزه‌ باڵاده‌سته‌ی کورد سه‌ره‌تای دابڕانێک بگرێته‌به‌ر، ئه‌رکی رووناکبیر و سیاسه‌تمه‌داری کورد،راڤه‌ کردن و پرسیارکرنه‌ له‌ بونیاتی ئاوه‌زی کوردی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ کۆنینه‌کانی ماڵی کوردیه‌.

زستانی 2004
STOCKHOLM-NESWED

تێبینی:

# بۆ زیاتر زانین سه‌باره‌ت به‌ چه‌پڕۆیی راستڕۆی-کۆنپارێزی، کتێبی: ره‌یدار لاشۆن، گه‌له‌ ئایدیۆلۆژیای سیاسی هاوچه‌رخ، وه‌رگێڕانی بۆ کوردی، ئاسۆس که‌مال، یارمه‌تیده‌ر بوو.
(*) ئه‌و وتاره‌ی کاک فاروق ره‌فیق له‌ یه‌کێک له‌ ژماره‌کانی مانگی 11ی 20044، له‌ هاووڵاتی بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. له‌وێدا چۆمسکی وێنای هزرڤانێکی ئه‌مریکی زێده‌ له‌ پێویست وه‌رده‌گرێت. هه‌ڵبه‌ت من نیازم نییه‌ ئاستی لایه‌نی زانستی زمانی چۆمسکی ره‌تبکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌و شێوازه‌ به‌ ئه‌فسانه‌کردنه‌، جێگه‌ی پرسیاره‌.
# بۆ زیاتر زانیاری سه‌باره‌ت به‌ رووناکبیر و بیرۆکه‌ی کۆنپارێزی خۆماڵی کوردی، کتێبی: ره‌فیق حیلمی، یادداشت هه‌رسێ به‌رگ.
# بۆ زیاتر ئاگاداری ره‌سنییه‌تی روانگه‌ هزرییه‌کانی مه‌سعودد محه‌مه‌د بڕوانه‌: کتێبی، مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، دوو به‌رگ، کتێبی، له‌ په‌رۆشییه‌کانی ژیان، حاجی قادری کۆیی، گه‌شتی ژیانم، چه‌پکێک له‌ گوڵزاری نالی و کتێبگه‌لی دیکه‌ی وی.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە پیدیئێف کلیکی ئێرەبکەن …..




لە یادی راپەڕینەوە بۆ کۆستی ٧٤ی ئێزدیی … هەندرێن

ئەوەی کە ئێستا لە شنگال و کۆی تەنگژەکانی تر کە روویان داوە و روودەدەن، کۆمەڵگە لێی بەرپرسیارە، چونکە کاتێک ئاکاری زۆرینەی کۆمەڵگە سەتە دوای سەتە رەجەب ئاسا (سەیری تەمسیلی رەجەبی کوردیی بکە نەک تورکیی)، واتە کەهێلی، بێئاگایی، گەلحۆیی و نەداریی، بە دەستی رەتاندنی قەدەرەوە بژیت، بۆیە شایەنی ئەوەیە، مەلای گەورە واتەنی: نەک هەر “قسمێ بەندیی تورک و هێندێ خادمی عەجەم” بێت، بەڵکە شایەنی ئەوەیشە لەسەر ئەم زەویەدا وەک بوونەوەرێکی دمۆر، گەمەپێکراو و “بێ قەدەر و قیمەت” بژیت.
لەوەش بەدتر، هێشتا برین و کۆڤانی کوردی ئێزدیی “رەسەن” بە دەستی قات و قڕکردنی داعشەوە هەتوان و ساڕێژ نەبووە، کەچی بە دەم یادی راپەڕینەوە، دەکەوێتە بەر بوغزی “کوردی ناڕەسەن”ەوە.
لەناو ئەو هەرا و هۆریای شەڕی داعش و پشتگیرییکردنی ئەمەریکا لە ماسوولکەی کوردایەتییەوە گەرەکە کوردی نەدار و بەیەک نەیار بیزانن، بەدەر لە هوشیارییەکی خۆیەکیی نەتەوەیی لە کن زۆرینەی هاووڵاتیی ناسیۆنالیزمی کوردیی، کە لەوێدا یەکێتی کولتووریی لەگەڵ یەکێتی سیاسییدا ئاوێتە و ئاوێزانی یەکتر دەبن، کە ئەمەشە وا دەکات حیزب و نوێنەرە سیاسیی و رۆشنبیرییەکانی کورد بەرژەوەندیی نەتەوە بکەوێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە خێڵەکیی، حیزبیی و … تاد.

کەواتە پێویستە بە بیرکردنەوەیەک لە ئیرادە ددان بەوەدا بنێین، راپەڕینی ١٩٩١، وەک بەرهەمێک لە بێدارکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد، نەک هەر نەیتوانی یەکێتی کولتووری لەگەڵ یەکێتی سیاسیی ئاوێتە و ئاوێزان بکات، بەڵکە ئەو لێکدابڕانە ناوەکییەی کوردی پەرتەوازە و پەرێشانتر کرد. ئاکامی ئەمەش، بوونی دوو ئیدارەیی لە کوردستان و ئەو تەنگژە قەبانەن کە هەر لە دوای راپەڕینەوە تا هەنووکە کۆمەڵگە و حیزبەکان تێیدا دەژین.

لەو روانگەیەوە، ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستان و هیزەکانی لەو خەونە مێردەزمەییەی کە دوای راپەڕین تێیدا تێداماوە، بێدار نەبنەوە، نەک تشتێک بەناوی نەتەوە و نەتەوایەتیی نییە، بەڵکە هەر رەفتار و کردارێکی تر، نەک هەر لە نموونەی ئەوەی کە ئێستا لە دەڤەری خانەسۆر و کەرکووک دەگوزەرێ، بەڵکە بوونی دوو سێ ئێدارەیی زیاتر لە بیست ساڵ لە کوردستاندا، ئیفلیجکردنی حکومەتی هەڵبژێردراوی خەڵک، کە بە واتەی ژان ژاک رۆسۆیی، بەرهەمی ئیرادەی گشتیی نەتەوەیە، جڕت و فڕتی پەیوەندنی حیزبە کوردییەکان بە دەوڵەتە نەیارەکانی گەلی کورد، ئێران و تورکیا، خیانەتکردنە دەرهەق بە ئیرادەی نەتەوە. کەواتە راپەڕین یادکردنەوەی گەرەک نییە، بەڵکە بێدارکردنەوەی بیرکردنەوەی گەرکە.

لێرەوە ئەگەر کۆمەڵگەیەک تەنێ کولتووری شین و رۆ ڕۆ نەبێت، تێدەگات کە پیشهاتی خانە سۆر رووداو نییە، بەڵکە ئاکامی ئەو ناهوشیارییە قووڵ و قەبەیەی کۆمەڵگە و غیابی گوتاری نیشتمانییە لە لایەن ‌حیزبە کوردییەکانەوە، کە بەرهەمی هوشیارییەکی پۆستخێڵەکیی و پووش و پاوانن.
ئاخر ئەگەر کۆمەڵگەیەک هوشیار و هەراش بێت، دەبێت تێبگات ئەوەی کە روویدا و روودەدا، ئاکامی ئەو ململانێی و بوغزانەیە کە چەندین ساڵە لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا لە ئارادان، بۆیە ناژیربێژیی (لۆژیک)ییە ئەگەر ئەو هەموو ناکۆکییانەی نێوان حیزب و تاقمەکانی کورد نەگەن بە تەقینەوەی جۆرا و جۆر و خۆخۆرییە. بۆیە ئەگەر ئەو خەڵکە هوشیار و هەراش بن، گەرەکە بەر لەوەی ئەو ململانێیانە بەو ئاکامە رەشانە بگەن گەرەکە پیشتر لە بری شین و واوەیلای دوای رووداوەکان، بە کردار و ئاکارە هوشیارییەکانییەوە رێگە لەو دۆخە بگرن. کەواتە ئەوەی کە پێشهات و لە داهاتووشدا پێشدێن، دەرکەوتەی دۆخی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەن.
بەهەمە حاڵ، بەزمی قەدەری کورد لەوە و لەویتریش ئاڵۆزترە، لێ لێرەدا بۆ ئەوەی لەوەی کە ئێستا لە هەناوی هەڵمساوی کورد دەکوڵێ تێبگەین، گەرەکە بگەڕێینەوە بۆ ئەو شیعرە بڕەندە و رەوانەی مەلای گەورەی کۆیێ، کە نزیک سەتەیەک بەر لە هەنووکە دەبێژێ:
“ئێوە “أحقر الناس” ن ئیمڕۆ لە بەینی ئومــــەم
قسمێ بەندیی تورکن هێندی خادمی عەجەم
ئێوەن بێ قەدر و قیمەت و بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت ژێردەستی کوللی عالــەم
چینكه‌نان خۆرى خه‌ڵكى له‌سه‌ر موڵك و ماڵى خۆت
خاكـــــت هه‌موو مه‌عده‌نه‌ خۆت فه‌قير و ڕووت و قوت
تاكه‌ى وه‌كو گاجووتى له‌بن نيــــــــــــــــرى زيللـــــــه‌تى
سه‌د حه‌يف و سه‌د مه‌خابن لاى خۆت ئه‌تۆش ميلله‌تى”

٢٠١٧.٣.٥




کتێبێک بۆ پێشوازیکردن لە ژاک لاکان … هەندرێن

ناساندنی تیۆریی دەروونشیکاریی لاکان بۆ خوێنەری نائاشنای کورد بە بەرهەم و پاشخانی هزری ئەو، کارێکی ئاسان نییە، چونکە وەک دەزانرێت، هێشتا لە ناوەندی رۆشنبیریی و ئەکادیمیی کوردستاندا نەک هەر بەرهەمەکانی لاکان خۆی نائاشنان، بەڵکە پاشخانی ئەو رۆژگارە کولتوورییەی فەڕەنسا و رۆژئاواش کە لاکان و دەروونشیکاریی تێیدا سەریانهەڵدا، بە پووختی بە زمانی کوردیی نەخوێنراونەتەوە.

کاتێک لە حەفتایەکانی سەتەی رابردوو لە زانستگەدا بابەتەکانی وەک مێژووی ئەدەب و مێژووی هونەر کران بە زانستی ئەدەب و زانستی هونەر، بابەتی تیۆریش بایەخدارتر بوو. هەروەک لە حەفتایەکانیشدا مارکسیزم وەک تیۆرییەکی باڵا سەیر دەکرا. لە هەشتایەکانیشدا کە مارکسیزم وەک تیۆرییەکی بەسەرچوو دەبینرا، دەروونشیکاریی وەک تیۆرییەکی سەرنجڕاکێش ئەو بوارە چۆلەی مارکسیزمی گرتەوە. بەمجۆرە لە پاڵ فرۆیددا ژاک لاکان بوو بە بایەخدارترین سەرچاوەی تێۆریی.
بە هەڕمێنبوونی روانگەکانی لاکان لەو دۆخەدا، بۆ پەیوەندی لاکان بە بونیادخوازیی و لیوس ئالتۆسێری مارکسیی و کلاود لیڤی شتراوسەوە هەبوو. هاوکاتیش دەروونشیکاری، بە رێگەی قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە، جۆرە مۆدێلێکی لە مارکسیزم و دەروونشیکاری دروستکرد. لاکان سێ لایەنی باشی هەبوو: خوێندنەوەی نووسینەکانی سەخت بوون، بۆیە خوێندنەوەی بابەتەکانی رۆشنبیرییەکی باشی گەرەک بوو. جەختکردنەوەی ئەو لەسەر زمان و بایەخی سیمبوول، کە دیارە ئەمەش بۆ رووناکبیران جێگەی سەرنج بوو. دواجاریش تێزەکانی ئەو هێدی هێدی بوو بە دەروازەیەک بۆ چەمکی “مەیل”، “ئەویتر” و … تاد، کە پاشان ئەو چەمکانە لای فەیلەسووفانی فەڕەنسیی وەک ژیل دۆلوز، لیۆتار و … ئەوانی دیکە، بوون بە سەرچاوەی تیۆرییەکانیان.

هەڵبەت ژاک لاکان ئەو دەروونناسەیە کە هەڵگری گەلێک خوێندنەوەی تیۆرییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو شێوازە زمانییەی لاکانە لە تێگەیشتنی جیهان. لاکان وەک زمانێک لە جیهان دەپەیڤێت. بە رای لاکان، ئێمە هەر لەگەڵ لە لەدایکبوونمانەوە، لەناو راڕەوی زماندا جێنشینین، ئەمەش مانای وایە کە ئەوە ئێمە نین کە زمان دادەهێنین، بەڵکە ئەوە زمانە ئێمە دادەهێنێت.
وەک لاکان دەیگوت، مرۆڤ وا دەزانێت کە ئێمە خۆمان فێری ئاخافتن دەکەین و بڕیاریش لەسەر ئەوە دەدەین کە چۆن قسە بکەین و چیش بڵێین. لێ راستییەکەی ئەوە زمانە کە رێنیشاندەرەی بەها، هزر و نەریتەکانمان دەکات، کە ئێمەش بە گوێرەی ئەو دۆخەی کە تێیدا لە دایکبووین، لەگەڵ خۆماندا دەیانهێنینە ژیانمانەوە.

تێگەیشتنی ئەو بۆ زمان بەوە دەناسرێتەوە کە “نائاگایی وەک زمان بونیاتنراوە”.

بۆیە لاکان هەمیشە بەرەو زمان دەگەڕێتەوە. وەک دەروونشیکارێک هەمیشە چەمکی ئەوانیدیکەی وەردەگرت و مانای خۆیشی بەو چەمکانە دەبەخشی.
کاتێک لاکان لە ئەمەریکادا سێمینارێکی هاوبەشی لەگەڵ نوام چۆمسکی پێشکەش کرد، لەوێدا لاکان گوتی، من بە مێشکم بیرم نەکردەوە، بەڵکە بە پێیەکانم، کە ئەو قسەیەی لاکان وای لە ئەمەریکییەکان کرد کە وەک شێت سەیری بکەن.
خوێنەر دەتوانێت ئەو دیدەی لاکان بۆ زمان لە بەشێکی ئەم کتێبەدا بخوێنێتەوە، کە لەوێدا لاکان بە رێگەی سۆسێر، یاکۆبسۆن، بونیادخوازیی، “نامەی دزراوی” ئالان پۆ و … تاد، بە وردی ئەو تێگەیشتنەی خۆی بۆ زمان شیدەکاتەوە.
لاکان، وەک هەر نووسەر و رووناکبیرەکانی تری فەڕەنسیی، کاتێک لە پاریس لە حەفتایەکاندا سێمینارەکانی پێشکەش دەکرد، هەموو چین و توێژەکان، لە خوێندکارەوە بیگرە تا دەگاتە رووناکبیرە ناسراوە فەڕەنسییەکان، گوێیان بۆ دەگرت.
بەمجۆرە لاکان بە رێگەی ئەو سێمینارە ناسراوانەوە ناوەندی رۆشنبیریی فەڕەنسیی تەنییوە، دواجار توانی زۆرێک لە رووناکبیرەکانی پاریس لە دەوری خۆیەوە کۆبکاتەوە، بەمەش تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆی لە دەروونشیکاریی کە بە “ئۆبژەی نێردراو” ناودرێکرد، بسازێنێت.
تیۆرییەکانی لاکان هەڵگری جۆرێک لە بزێوی، شیعریی و هاوکاتیش لاساریین ، بۆیە تێگەیشتن لێیان ئاسان نییە.

لاکان هەر تەنێ نووسەر و دەروونناسێکی ناسراوی شەست و حەفتایەکانی فەڕەنسیی نەبوو، بەڵکە لە نەخۆشخانەی دەروونیی ” Sainte Anne”، دکتۆرێکی دروونشیکاریش بوو.
هەر بۆیە رەنگە بە هۆی ئاڵۆزی زمانەکەیەوە بێت، کە لاکان دوای ماوەیەکی زۆر توانی لە دەرەوەی فەڕەنسادا ناسراو بێت، بەڵام لە هەشتا و نەوەتەکانی سەتەی بیستدا بوو بە جێگەی سەرنجی رووناکبیرانی رۆژئاوا. بەمجۆرە زوو لە ناوەندی رووناکبیراندا کاریگەری سازاند. ئەوەتا لە کوردستاندا لاکان نەک هەر لە بەشی دەروونناسی زانستگەکاندا ناخوێنرێت، بەڵکە قوتابیانی دەروونناسیش تاک و تەرا نەبێت نایناسن، بەڵام لەو یەک دوو ساڵەدا تەنێ چەند نووسەرێکی کورد نەبێ قسەیان لەسەر کردووە، ئەو چەند نووسەر و خوێنەرەش راستەخۆ لاکانیان نەناسی، بەڵکە بە هۆی کاریگەری فەیلەسووفی بەلکانی، ژیژاک بوو.

هەر بۆیە لێرەوە ئەوم کارەی غەریبە حوسێن، کە دەرچووی بەشی دەروونناسی زانستگەی سۆرانە، جێگەی دەست خۆشییە.
ئەو کتێبە وەرگێڕدراوەی خاتووو غەریبە، وەک دەروازەیەکی بەسوود بۆ تێگەیشتن لە دەروونناسیی لاکان، دەکرێت ببێت بە سەرچاوەیەک بۆ نووسەر و دەروونناسانی کورد.
وەرگێڕبە هۆی ئەوەی هەم دەرچووی دەروونناسین و هەمیش بە زانینەوە کاری لەگەڵ ئەم کتێبەدا کردووە، بۆیە وێڕای زمانێکی روون و چاکی وەرگێڕانەکە، پەراوێز و روونکردنەوەی چەمک و ناوەکانانی ناو کتێبەکەش، هاوکارییەکی باشی زمانی ئاڵۆزی تیۆرییەکانی لاکانی کردووە کە خوێنەر بتوانێت، وێڕای تێگەیشتن لە جیهانی لاکان، چێژ لە ئاڵۆزییەکانیش وەربگرێت.




بۆب دیلان: ئەزموونێک لە شیعری گوێ … هەندرێن

تێنگەیشتنی موفەکیرانی کورد لە بەخشینی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیی ئەمساڵدا

راستت دەوێ، من وەک تەیبعاتێکی سروشتیی، حەز و حەوسەڵەی ئەوەم نییە قسە بکەم لەسەر زۆرێک لەو بەزمانەی کە رۆژانە یان دەمنادەم، وەک حیکایەتی مێشێ یان وەک سکچوون، کە کەسیش لە هۆکاری بەکتریایەکانیان نازانێ و نایشەوێ بزانێت، لە زار و زمانی حەشاماتی کوردییدا، دەگوترێنەوە و تووشییان دەبین. لێ ئەمجارە ناچارم سەبارەت بە خەڵاتی نۆبێلی ئەمساڵ، هەرنا بۆ کەسانێک کە دەخوازن لەو ناوکۆییە ئەدەبییەدا تێبگەن، بە ئاماژەگەلێک لە تێگەیشتنی دۆخی پۆستمۆدێرنیزمی ئەدەب و تێگەیشتن لە رای دەمڕاستی ئەکادیمیی سوێدیی، روونکردنەوەی خۆم دەرببڕم.

وەک هەمیشە ئەمساڵیش نووسەری کورد خەریکی فەلسەفاندنی دۆخی ئەدەب، چاکە و بەدی بەخشینی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبییە بە بۆب دیلان (Bob Dylan)، کە شاعیر و سترانبێژێێکی رۆک (rock) میوزیک و پۆپکولتووریی (popkultur)ێکی ناسراوی شەست و حەفتایەکانی ئەمەریکییە. (بەینی خۆشمان بێت، دەڵێن لە رەچەڵەکدا کوردشیە. کەواتە دەبێت ئێستا خورشتی نووسەری کوردییش بۆ کوشتەی “بەجیهانبوونی ئەدەبی کوردیی” دابمرکێتەوە!)

لەوەش بترازێ، بەشێک لە نووسەر و بخوێنی کوردیی، لە نووسەری عەرەب و دونیایش زیاتر، خۆی لەسەر پێنەبەخشینی ئەو خەڵاتە بە ئەدۆنیسی شاعیری عەرەب، دەڕنێتەوە و بەشێکیش داخ لەوە دەخۆن، کە دەبوو ئەمساڵ هەندێ رۆماننووس ئەو خەڵاتە وەربگرن. کۆی ئەو قسانە، هی مێشکی کورد نین، بەڵکە وەک هەمیشە لاساییکردنەوەی رای نووسەرانی غەیرە کوردن. راستییەکەی نووسەری کورد، چونکە لە بیرکردنەوەی ئەو دامەزراوانە و واقیعی سیاسیی و کولتووری ئەوروپا و خۆیشی تێناگات، بۆیە سەبارەت بە هەموو رووداوە ئەدەبیی، سیاسیی و جڤاکییەکانەوە، قسەیەکی خۆیەکیی نییە.
بۆ ئەوەی قسەی خۆمان هەبێت، دەبێت دۆخی دونیا و خۆیشمان تێبگەین و هەرس بکەین، ئەوجار دەبین بە خاوەن بیرکردنەوە و هەڵوێستی خۆمان.
جێگەی سەرنجە، ماوەیەکە هێدی هێدی رۆشنبیریی کورد بووە بە رۆشنبیریی گوێ، تیڤیی و رادیۆ. بە واتەیەکی دیکە، خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی و هزرییمان لە کوردستاندا لە ئاوابووندایە، کەچی نووسەری کورد پرسیار و بەرتەکێکی بۆ هۆکاری دیاردەی نەمانی کتێب و کولتووری خوێندنەوە نییە. کەچی وەک دەبینن، نووسەری کورد خەریکی رەخنەگرتنە لە ئەکادیمیای سوێد کە دەبوو ئەو خەڵاتە بە گۆرانبێژێکی وەک بۆب دیلان نەدا، چونکە بۆب دیلان گۆرانبێژە نەک نووسە لە کاتێکدا دوای چەندین رۆژ لە راگەیاندنی ئەو خەڵاتەش، بۆب دیلان، وەک ئەوەی ئاگایشی لێ نەبێت، کاردانەوەیەکی بۆ ئەو خەڵاتە نییە. ئەمەش رەنگدانەوەی ناوەڕۆکی هۆنراوە و رووحی ئەنارشیی، یاخیبوونی بۆب دیلانە. بەڵام نووسەری کورد لەناو ئەو کۆلەوارییەی کە خۆیی و کۆمەڵگەکەی تێیدا دەژین، وەک ئەوەی موختاری گوند بێت، خەریکی پێوەراندنی ئەدەب و نووسەرانە.
بەهەمە حاڵ، بۆ ئەوەی رای خۆمان هەبێت لەسەر چۆنییەتی ئەو خەڵاتە ئەدەبییە، گەرەکە بەر لە هەموو تشت، لە بیرکردنەوەی لێژنە و دەمڕاستی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیی سوێدیی تێبگەین. بۆ ئەوەش لەوان تێبگەین، گەرەکە بیزانین کە سکرتێری هەمیشەی ئێستای ئەکادیمیی سوێدیی، سارا دانیوس (Sara Danius)، چۆن و بۆچی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیی ئەمساڵییان بە گۆرانیبێژ بۆب دیلان بەخشیوە و وێجا بە کەمێک تیڕامانەوە بڕیاری خۆمان بدەین، نەک بێ زانیارییەکی دروست، تەنێ بە قسەگەلێکی لە قتووکراو و حازر بەدەستەوە، بە گۆترە بوەعزێنین. ئێستا من هەوڵدەدەم بە گوێرەی تێگەیشتنی ئەکادیمیای سوێدیی، بەخشینی خەڵاتی ئەمساڵ بە بۆب دیلان لێکبدەمەوە، کە مەرج نییە ئەو لێکدانەوەی من دوا راستیییش بێت، لێ، بە گوێرەی بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ ئێستای ئەدەب و دونیا، بەدەریش نییە لە راستییەکی لۆژیکیی.

سارا دانیوس ئەوها لەسەر بۆب دیلان رادەگەیەنێت:

“خەڵاتی نۆبێل بە بۆب دیلان دەبەخشرێت، کە دەربڕینێکی شیعریی نوێی لە نێو نەریتی گەورەی گۆرانی ئەمەریکدا هێناوە”. سارا لە بەردەوامی قسەکانییدا جەخت دەکاتەوە، کە:
“بۆب دیلان لەناو نەریت (ترادیسۆن)ی زمانی ئینگلیزییدا، لە Milton و Blakeەوە تا دەگاتە بە ئەوانیت، شاعێرێکی مەزنە. یەو شاعیرە نەک هەر ترادیسیۆنی نووسراو بەرجەستە دەکاتەوە، بەڵکە ترادیسیۆنی ترادیسۆنی زارەکییش بەرجەستەدەکاتەوە، کە ئەمەش ئەو دەکا بە سەرنجڕاکێش،
چڕینە تۆمارکراوەکانی بە نێو تەواوی رێگەکەوە بەرەو بیبیل (کتێبی پیرۆزی مەسیحییەکان)، لەویشەوە بۆ ڤەرلین و ریمبۆ (رامبۆی شاعیر) تا دەگاتە سترانبێژە فۆلکلۆرییەکانی زنجیرە چیایەکانی (Appalacherna) و سترانی کۆنی بلوز (Deltablues) رەگئاژۆن…
بوب دیلان شانە یان خانەیەکی سەربەخۆیە کە خاشاکی خۆی دەخوا و تشتێکی نوێ لێ دەسازێنێت. ئەو خۆی بە دووبارە بەکارهێنانەوەی ترادیسیۆنەوە، خۆی دەدۆزێتەوە”. دواجار سارا داینوس سەبارەت بە ئەزموونی هونەریی و شیعریی بۆب دیلان دەڵێ”هۆنراوەکانی ئەو شیعری گوێن، مرۆڤ نابێت بە بێدەنگی بۆ خۆی بیانخوێنێتەوە. بەڵێ بیر لە هۆمیرۆس بکەوە کە بەر لە ٢٥٠٠ ساڵ شیعری گوێی نووسی کە هەمیشە بە ئامێری میوزیک پیشکەشی دەکرد…”
ئەو گوتنانەی سەرەوە، پووختەی تێگەیشتنی ئەکادیمیای سوێدییە بۆ بایەخی هونەریی و ئەدەبیی بۆب دیلان.

کەواتە لەو ناکۆییەوە ئەوەی گەرەکە بیڵێین ئەوەیە، کە ئەمڕۆ ئەدەب و هونەر بە گشتیی وەک ئەوەی لە مۆدێرنیزم، کە رەتدەکردەوەی نەریتی باو و داهێنانی نوێ یان قسەکردن بوو لە “داستانە مەزنەکان”، سەیر دەکرا، مانای نەماوەتەوە. ئەمڕۆ ئەدەب و هونەر و کولتوور لە روانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە دەخوێنرێتەوە. لەو دۆخە پۆستمۆدێرنەدا دونیای رۆژئاوا داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی، بە مانایەکی سادە، لە کۆکردنەوەی کۆی رابردوو و ئێستادا دەبینێتەوە و هاوکاتیش سازاندنی خودە لەناو ناوکۆیی خودیی زمان، ئەدەب و هونەری خۆیەکیی و جیهاندا. بۆیە دەکرێ تێگەیشتنی پۆستمۆدێرنیی بۆ شێوازی ئەدەبیی و هونەری، لە چەند خاڵدا چڕ بکەینەوە، کە ئەگەر سەرنجبدەیت، ئەکادیمیای سوێدیی لەو تێگەیشتنەوە سەیری بۆب دیلان دەکا. ئەو خاڵانەش بریتین لە:
١/ مینیمالیزم: هونەرمەند و ئەدەبنووس لە دەقەکەی یان تابلۆ و سترانەکانیدا، کەمترین دەربڕین لە کەسایەتی خۆیدا نیشاندەدات، بە شێوەیەکی سادە دەنووسێ و تابلۆ دەکێشێتەوە و دەچڕێت.
٢/ مەسیمالیزم: نووسەری پۆستمۆدێرن بەرهەمەکەی بە ناڕێکخراوی، ئاسایی، وردەکارییەکی زۆرەوە دەنووسێت.
٣/ریالیزمی جادوویی: نووسەر رووداوەکان لە دەقەکەیدا بە سەختیی و ناواقیعی دەهۆنێتەوە. سەرنجبدە، گوایە رۆمانی ئێستای کوردیی، جادووییە.
٤/فیکشن، خەیاڵاندن: نووسەر دەقەکەی بە رووداو و بابەتی واقیعیی و خەیاڵیی تێکهەڵکێش دەکا، بە بێ ئەوەی ئاماژەش بەوە بکا کە کامە واقیعییە و کامەشییان خەیاڵییە.
٥/ هاوئاست بوون لەگەڵ خوێنەردا: نووسەر یان هونەرمەند هەمیشە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ خوێنەر و بینەر نهێنی کەسایەتییان و وێنەکان ئاشکرا دەکا.
میتافیکشن (سەرووی خەیاڵ): نووسەر هەوڵدەدات وا لە خوێنەر بکا ئاگای لەو دەقە بێت کە دەیخوێنێتەوە.
ئینترتێکستوالیتێت: نووسەر چەندین دەقی تر، کۆن و نوێی بەر لە خۆی وەردەگرێت و دەقێکی نوێی لێ بەرهەمدەهێنێت، هەروەک ئەوەی کە ئاکادیمیای سوێدیی سەبارەت بە بۆب دیلان، ئاماژەی پێدەکات. بە خۆت خەسڵەتەکانی تری ئەدەب و هونەری پۆستمۆدێرن، بژمێرە.
کەواتە ئەدەب و هونەر بە گشتیی، بۆ ئەوەی ئەفرێنەر یان تشتێکی نوێ دابهێنن، گەرەکە هەناسە و خۆراکی لە رەگی زمان، ناخی خاکی نەرتێکی خۆیەکیدا وەربگرێت.

هەڵسەنگاندی شیعر و سترانەکانی بۆب دیلان، پەیوەندی بەو خەسڵەت و شێوازانەی هونەری پۆستمۆدێرنەوە هەیە، بۆیە خەڵاتەکەیان پێبەخشییوە، وێڕای پەیام و هەڵوێستە سیاسیی و جڤاکییە سەرکێشەکانی لە ستران و هۆنراوەکانی بۆب دیلاندا کە لەگەڵ روانگەی باوی سیاسیی هەنووکەی سیاسیی پۆستمۆدێرنیتە هاوکۆکن، کە هەڵگری غەمی مرۆڤ و بێکاریی و فەقیر و فەقیراتن.
لەو روانگەیەوە، سترانی کوردانی باکوور، بە مانای داهێنان لە ئیستادا، داهێنانن، ئەمما زۆرینەی هونەر و ئەدەبی لای خۆمان، باشوور، لەبەر نەزانی لە دۆخی پۆستمۆدێرنیزمدا، هەلیت و پەلیتن.
دیارە زۆرینەی نووسەر و هونەرمەندی باشووریی سەبارەت بە مۆدێرنێزم و پۆستمۆدێرنیزم زانیارییان هەیە، لێ چونکە زانیارییەکانیان بێ ناوکۆیی، ناسیستەماتیکیی و گوتە و گواستنەوەن؛ وەک پەروەردە و فێرکاریی نایانخوێندووە، بۆیە سەبارەت بە خشینی خەڵاتی نۆبێل بە بۆب دیلان و بابەتەکانی ئەم رۆژگارەوە، ناتوانن لە ناوکۆیی (کۆنتێکست)ەکان تێبگەن. ئەگەر سەیری ژیانی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئەدەبی کۆمەڵگەی کوردستان بکەیت، ئەو وێنە عەنتیکەی پۆستمۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیتە دەبینت، کە لە لایەکەوە دەبینی ئەو خەڵکە لە شێوە و رواڵەتدا پۆستمۆدێرنن، کەچی لە ئەقڵ و ئەخلاقدا، نە مۆدێرن، نە پۆست و نە نەریتیشن، بە واتایەکی روونتر، رواڵەت یان لایەنی ماددیی پۆستمۆدێرنیزم و مۆدێرنیتە، کە بریتییە لە مەکینە و کاڵا، ئێمەی داگیرکردووە، کەچی بە هەموو شێوەیەک دژی لایەنە مەعنەویی، هزر و کولتوورییەکانین. بۆیەشە تووشی ئەو ئاژاوەیە بووین کە ئێستا تێیدا دەژین.

ئەمەش چونکە نووسەر و بخوێنی گشتیی کوردیی هێشتا لە ناوکۆیی (کۆنتێکست)ی کۆن و مۆدێرنیزمدا وێڵ و سەرگەردانە، بۆیە هەر بە هەمان تەرازووی حەفتا و هەشتایەکانەوە سەیری دونیا و ئەدەب دەکا. لەوەش گەڕێ، هەندێک موفەکییری سیاسیی و فەلسەفییمان بۆ دروست بوون، پێیان وایە، لە دونیای زانست و ماریفەی پیشکەوتوودا، ئەدەب و شیعر، مانایان نەماوە، هەر کوردە کە دەستییان لی بەرنا بێت. کەواتە شێلانی ئەو قوڕەی کورد سانا نییە.
کەواتە دەکرێ لە لایەکەوە لە روانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە لە بەخشینی ئەو خەڵاتە بە بۆب دیلان تێبگەین، کە ئەو هونەرمەندە، وەک هۆمیرۆس، هونەری بە رێگەی میوزیکەوە هۆنراوەکانی لە گوێوە گواستەوە بۆ چاویش. لە لایەکی تریشەوە، بە گەڕانەوە بۆ نەریتی هۆنراوە و گورانییەکانی بەر لە خۆی، خودە پچڕ پچڕەکەی خۆی دۆزییەوە و داهێنایەوە.

٢٠١٦.١٠.١٤
————————————–

تێبینی: ئەگەر دەتەوێ زیاتر لەسەر مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم بخوێنیەتەوە، سەیری”زمان ئاسۆیەکە لە نێوان ئاسمان و زەوییدا” بکە، کە هی نووسەری ئەم دێرانەیە.
لەم دوو لینکەد، راگەیاندنی ئەکادیمیای سوێدیی بخوێننەوە یان گوێی لێبگرە و پاشانیش گوێ لە بۆب دیلان بگرە.
http://www.dn.se/dnbok/nobelpriset-i-litteratur-2016-till-bob-dylan/

https://www.youtube.com/watch?v=PZ2-J0Gg_04




کۆمەڵگە وەک دیمەنی دونیایەک لە عەنتیکەخوازیی (Absurdism)

…. هەندرێن …..

هەر کەسێک، کە لە خەیاڵاندن یان گرێی حیزبیی یان جەهلی رواڵەتی زانین هەڵنەدێرا بێت، تێدەگات یان هەرنا هەستدەکات، ئەو دیمەنی رووداوانەی کە دوو سێ رۆژە، هەرچەندە ئەو دیمەنی رووداوانە زنجیرەیەکن لەو شانۆگەرییە عەنتیکەخوازییەی کۆمەڵگەی کوردی کە لە هەناوی بازاڕاندنەوە لە دایکبوون، لە شاشەکانی تیڤیی و واقیعی کۆمەڵگەی کوردیدا دەیانیبین، دۆخێکە لە عەنتیکەخوازیی (ئەبسوردیزم)
مەبەست لە عەنتیکەخوازیی تشتێکی ناماقوڵ، ناعەقڵانیی، نەشیاوە، واتە لە تێگەشیتن بەدەرە.
بۆ ئەوەی دیوە نادیار و نەبینراوەکەی ئەو دیمەن و واقیعە عەنتیکەخوازییەی کە بە دەم هەڵای خۆنیشاندانی مووچەوە روودەدەن ببیینی، گەرەکە مەودایەک لەو دونیایە عەنتیکەخوازییە وەربگریت.
تۆ سەرنج بدە، کۆکردنەوەی ئەو دیمەنانەی کە لەو یەک دوو رۆژەدا روودەدەن، عەقڵ ناتوانێت بە یەکترییانەوە ببەستێتەوە: لە لایەک لە سلێمانی خۆنیشاندانی مامۆستایانە بۆ داوای مووچە، بەڵام خۆنیشاندان، بە نوێژی بە کۆمەڵیی خەتم دەبێ، کە ئەو دیمەنە دەکرێ بە نوێژە بە مووچە پێناسەی بکەین، بەو مانایەی لە دێرزەماندا خەڵک لە زستاندا کە باران نەدەباری، نوێژە بەبارانەیان دەکرد.
لە لایەکی ترەوە بە دەم ئەو هەڵایەوە، لقی پارتی و نوێنەرەکانیان چەک و تفقیان بەستاوە، بێ لێکدانەوەی ژیربێژیی، تا رووبەڕووی ئەگەری هێرشی خۆنیشاندەران ببنەوە بۆ سەر بارەگەکەیان، کە ئەمەش مانای ئەوەیە، تشتێک بە ناوی یەک حکومەت و یەک کۆمەڵگە لە گۆڕێدا نییە، بەڵکە دونیایەکی عەنتیکە لە کۆمەڵێک بوونەوەرگەل هەن. لەوەش خۆشتر، لەملاوە لە کاتێکدا کە یەکێتیی و گۆڕان دەستەڵاتدارن لە سلێمانی، کەچی مێدیا و پەرلەمانتارە کارکەنارەکانییان بوونەتە رێبەر و هاندەری خۆنیشاندەران و ئەنجامندانی خۆنیشاندانیش بە بێ تەشەقەڵە، بە سەرکەوتنی سلێمانی و دەڤەرەکانیی و یەکێتیی دەبینن!
لە لایەکی ترەوە، گوایە وەزیری پیشمەرگە، گۆڕانە، کەچی کاکە هێمنی پێشمەرگەی سەر بە گۆڕان بە هۆی رەخنەگرتن و هاوسۆزی باشکردنی مووچەی پێشمەرگە و مووچەخۆران، لە لایەن ئاساییشی پارتییەوە ئەتک دەکرێت. لەوەش گەڕێ تۆ وەک گۆڕان و گۆڕانخواز وەزیری پێشمەرگە هی تۆ بێت، کەچی وا رەفتار بکەیت، وەک ئەوەی بەرهەڵستکار بیت.
دەی لەوەش بترازێ، بە دەم ئەو دیمەنە عەنتیکانەوە، لەسەر چیای کۆڕەکدا بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ئەکادیمیی، نووسەر، موفەکیری کوردستانیی، “دیداری هزری نەتەوایەتی”، بەڕێوە دەچێت.
هەر بە دەم ئەو دیمەنانەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە بە دەم هات و هاواری گرتنەوەی موسڵ و ئەگەری گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی “ناوچە جێناکۆکەکان”، لە ئەگەر و نەگەری “سەربەخۆیی کوردستاندا” تێداماوە، کەچی هەر هەمان رۆژ و کات، فڕۆکەکانی تورکیا زگیان بەسەر چیای کۆڕەکەوە دەسوون و بەسەر دەڤەری باڵەکایەتیی و ئامێدی دەڕشێنەوە، کەچی لەو دونیایە عەنتیکەسازییەی ئێمەدا، وەک ئەوەی هیچ لە گۆڕێدا نەبێت.
راستت دەوێت، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی تاکە بڕیاردەرن لە گرتنەوەی موسڵ و کۆی دۆخی سیاسیی عێراق و کوردستان، ئەوەی کەمێكیش لە کۆلۆنیالیزم تێبگات، دەزانێت کە ئەو دۆخەی کوردستان و عێراق تێیدا دەژین، بە هۆی بێئرادەییەوە، لە زانستی سیاسەتدا پێی دەگوترێت، کۆلۆنیالیزمی نوێ، بەو مانەی کە راستە لە رووکەشدا نوێنەرانی سیاسی عێراق و کوردستان حکو مەتی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام راستییەکەی کۆی سیاسەتی ناوەخۆ، دەرەکیی و دۆخی ئابووریی عێراق و کوردستان لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە بەڕێوە دەبردرێن.

لەوەش بترازێ، لەملاشەوە گوایە خەڵک گوایە لە بێمووچەیی حەجمانی نەماوە، کەچی جادە، کۆڵان و کون و قوژبنی گوند و بەباو شارەگوندی کوردستان، لە تڕومبێلاندا جمە دێت، مرۆڤ وەک قالۆنچە و خشۆک دەبێ لەبەر بەرەوڵایی لێخوڕانی تڕومبێلان هەڵبێت، تا نەپلیشێیتەوە.
راستت دەوێ، کۆی ئەو دیمەن و رووداوانە، جۆرێکە لە دونیایەکی عەنتیکەخوازیی (ئەبسوردیزم). ئەمەش بەرهەمی ئەو پارە رژان و باڵادەستی نیولیبرالیزمە بوو، کە دوای ٢٠٠٣ بوو بە عەقیدەی کوردی. ئاکامی ئەمەش، کۆی بەها و بوونمانی کرد بە پارەی بە خۆڕا و مووچە و پووچخوازیی (نەهێلیزم).
بەڵێ، کۆمەڵگەیەک کە لە فەقیریی و فەقراتییەوە، لە نەدیی و بدییەوە، لە کەر و هێسترەوە بوو بە خاوەن دادە وەنەوشە و مۆنیکا، خاوەن شهادەی بەلاش و قات و ریباتی گوڵ گوڵیی، مەکینە. تڕومبێل. مووچەی بەخۆڕا، کە ئەو بەربەرییەتییەی مەکینە و تڕومبێل لێرەدا رۆژانە منی هەراسان کردووە. ئەو بە مەکینەبوونە کۆمەڵگەی کرد بە مەکینەیەک لە تڕومبێل و بازاڕی بەرەڵا، ئاکامی دیمەن و دونیا عەنتیکەخوازیی بەرهەمدەهێنێت.
دواجار. وەک هەمیشە، ئاکامی ئەو خۆنیشاندانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی و زار و زمانی کوردان، دەبێتە سەرکۆنەکردنی هەولێر کە وەک سلێمانی خۆنیشاندانی نەکرد.
ئەم عەنتیکەخوازییەی کە تێیدا دەژین، دۆخێکی ئەخلاقی بەرهەمهێناوە، کە پێی دەگوترێ داڕمان (decadent)، یان سینیزم (cynicism)، لەم دۆخەدا، هەموو تشتێک، ئەتکردن، زبڵسالاریی، درۆ، دووڕوویی، بەرەڵایی، بێبەزەیی، تێهەڵدان، جەهلخوازیی، دینداری ساختە، شەقاوەبازیی و عەنتەربازیی، ئەوانیتر تۆ ریزی بکە، لە کن خەڵک و ‌هێزەکان، دەبن بە ئاسایی.
بۆیە لەم دۆخەدا، عەسکەرتاریی، نامادەنییەدا نووسین، بێجگە لە دڵدانەوە، هەناسەدانێکی کورت بترازێ، هیچی تر نییە.




پەرچەمەکەی رۆژدا فیلات: کولتوورێک لە شۆڕگێڕی ژنایەتی

هەندرێن

ساڵگەلێکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کوردستانیشەوە، بۆتە شەڕگەیەکی ئاڵۆزکاوی نێوان ململانێیە سیاسیی و کولتوورییە جیاوازەکان، ئەستەمیشە بزانرێ کە ئەو مێژووە لە ململانێیە سیاسیی و کولتوورییە ، ئاکامێکی نەرێنی دەبێت یان ئەرێنی.
لێ لێرەدا ئەرکی ئەو دێڕانە، نە راڤەکردنی ئەو ململانێیەیە و نە ئاییندەکەشییەتی، بەڵکە جەختکردنەوەیە لە سەرهەڵدانی کولتووری شۆڕگێڕی ژنایەتی. مەبەست لەو کولتوورە شۆڕگێڕییەی ژنایەتییە کولتووری سیاسیی نییە، بەڵکە کولتووری جوانییەکی شۆڕشگێڕییە.
هەڵبەت لەگەڵ دەستپێکی سەتەی بیست و یەکەمەوە ئیسلامی سیاسیی، بە باڵی نەرمڕۆ و تووندڕۆییەوە، هاوتەریب لەگەڵ گوتاری لیبرالیزمی نوێ، کە بەجیهانیبوون بەشێکییەتی، دەبن بە گوتار (دیسکۆرس)ێکی سیاسیی باڵادەست. لە تێگە (کۆنسێپت)ی ئەو گوتارە سیاسییە باڵادەستەی ئیسلامی سیاسییەدا، ژن دەبێت وێنەیەک بێت لە پاکیزەیی، واتە لە مۆدێلی حیجاب و نیقابی خەلیجیی و تورکیی، هەروەک لە گوتاری بازاڕ و کاڵاسالاری لیبرالیزمی نوێشدا ژن دەبێت وێنەیەک بێت لە جوانی مادۆنایی، کە ئەو وێنەیە، بە واتەی کۆمەڵناسیی ئەڵمانیی، ئەدۆرنۆ هی جوانی پیشەسازییە، واتە سێکسیی و بووکەشووشەییەکی سازکراوە.

لێ لە هیکڕا لەنێو ئەو گوتارە زاڵەی ئیسلامی سیاسیی و گوتارە بازاڕیی و جوانییە پیشەسازییەی ئەوروپییدا لە رۆژئاڤا و باکووردا ، وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە دۆخی کۆیلەیی، بندەستی، کولتوورێکی جیاواز سەرهەڵدەدا ئەویش: کولتووری شۆڕشگێڕی ژنایەتییە.
بخوێن (خوێنەر)ی کەمێک بە ئاگای کورد دەزانێت، کە دەبێ بیزانێت، لەگەڵ دەستپێکی سەتەی بیست و یەکەمدا، دوای کوشتنی چەند کیژێکی کورد لە ئەوروپا بە گشتیی و بە تایەبتیش لە وڵاتی سوێد، بۆ نموونە فەتیما شەهیندال و پێلا، بەناوی “شەرەف”ەوە لە لایەن باوک و برایەکانییانەوە، لە مێدیا و مەیدانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپیی و بگرە کۆمەڵگەکانی جیهانیشدا، “کولتووری شەرەف” بوو بە هاومانا بۆ کورد. لەوێدا بابەتی “ژنکوشتن” و “کولتووری شەرەف” نەک هەر بوو بە بازاڕ، بەڵکە بوو بە بابەتی بەراودکاریی لە نێوان “کولتووری دواکەوتوو”، “کولتووری خێڵەکیی”، گوتاری “منی ژنی ئازاد” بەرانبەر “ئەودیکەی ژنی کۆیلە” بۆ رۆژنامەنووس، سیاسیی، نووسەر، ئەکادیمیی، فێمێنیست و … تاد. هەروەک بۆ بەشێکی زۆر لەو ژنە کورد و رۆژهەڵاتییانەی، کە حەزیان دەکرد خەڵک و دەستەڵاتی ئەو وڵاتە رۆژئاواییانەی کە تێیدا دەژیان، وەک “فێمێنست”، ژنی ئازاد” و “چاڵاکی ژنان”، بناسرێن، کەچی بە دەم بێکاریی، تەنگژەی ناسنامە و ئەو حەزەوە، خەوی پەراوێزکراوی دەیبردنەوە، بوو بە بوارێک بۆ کاسبی، بۆ رێکخراو دروستکردن بەناوی رووبەڕووبوونەوەی “کولتووری شەرەف” و … تاد. بەمجۆرە قوربانی ئەو کیژە کوردانەی کە بە ناوی “شەرەف” کوژران بوو بە بازاڕ ئەو ژنە بەناو داکۆکیکارانەی ژنی کورد. ئەوها کاری ئەو ژنە خاوەن رێکخراوانە ئەوەبوو کە لە تیڤییەکانی سوێد و وڵاتانی تری ئەوروپییدا، گێڕانەوەی حیکایەتی قوربانی خۆیان بوو کە چۆن لە وڵاتی خۆیاندا بوونەتە قوربانی “کولتووری شەرەف” لە لایەن باوک و برایەکانیانەوە، ئەمەش بوو بە شەرعییەتدان بەو گوتارە باڵدەست و گشتگیرییەی مێدیا و ناوەندە سیاسیی و فێمێنیستییەکانی سوێد و ئەوروپا، کە لەو گوتارەدا ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک کۆیلە دەژیت.
لەگەڵ هەڵتۆقینی داعشدا، کە بە رووڵەت گوایە هێشتا کەس نازانێ چۆن و کێ هەڵی تۆقاندووە، دوور لە جوانی پیشەسازیی سەرمایەدارییەوە، وێنە و ناوبانگی کیژە ژیکەڵە، ژیر، ژیاندار و تژی لە ژنێتییەکانی رۆژئاڤا و باکوور، مێدیا و مەیدانی کۆمەڵگەکانی نەک هەر ئەوروپیی و ئەمەریکیی دەتەننەوە، بەڵکە بواری مێدیا و زاری کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانیش داگیر دەکەن.
ئەوها کتوپڕ لە مێدیا و دامەزەراوە ئەکادیمیی و بزاڤە فێمێنیستەکاندا وێنەی ژنی کورد لە کۆیلەی “کولتووری شەرەف”ەوە، دەبێت بە وێنەی ژنی ئازاد، ئازا؛ کولتووری فێمێنستی شۆڕگێڕانە. ئەڵبەت سازکردنی هەردوو وێنە لە ژنی کورد لە لایەن مێدیای رۆژئاواییەوە، بەرهەمی گوتاری کولتووری “رۆژهەڵاتناسیی”، “ئەوروپاسالاریی” و … تاد.
بەهەمە حاڵ، بە دەم ئەو پەلەپروزێی کاتەوە، ئەو ئاماژەگەلەی گوتران، ئاماژەگەلێکی خێران بۆ ئەو دۆخە سەرنجڕاکێشەی کولتووری شۆڕشگێڕی ژنایەتی، کە دەزانم وەک چۆن ئۆردۆگانی عول عولیی و گەلحۆ و عەرەب و فارس و … شۆڤینییەکان لە داخی کولتووری شۆڕگێڕی ژنایەتی لە باکوور و رۆژئاڤا دەعەجان بوونە، بە هەمان شێوەش بەشێکی زۆریش لە کوردی سەرگەمبوو بە حیزبازیی، لە بەرانبەر ئەو بایەخدانەی مێدیا و ناوەندە سیاسییەکانی جیهان بە ژنی رۆژئاڤا، بە تاوی بوغز داغبوونە.
لە کۆتادا، کە کۆتاش نییە، راستت دەوێ دەمەوێ بڵێم، لەوە بگەڕێ کە بەشداریکردنی کورد لە گرتنەوەی رەقەی پایتەختی داعش راستە یان نا، لێ گرینگ ئەوەیە ئاکامی ئەو یارمەتیدانەی ئەمەریکا و رووسییە بۆ کوردی رۆژئاڤا و ئەو هەموو قوربانیی و جەربەزەییەی کە کیژ و کوڕانی رۆژئاڤا دەینوێنن، دووبارەبوونەوەی هەمان مێژووی سیاسی شکستخواردووی کورد نەبێت، کە ئەمەش بۆ خۆی بابەتێکی تایبەتە، کە لێرەدا لەناو ئەو داڕمان و تێدامانە گشتگرییەی کورد و جیهان بەدەست فێتیشیزم، کۆیلەبوونی کولتووری بەرخۆریی کاڵادا، لەناو ئەو کولتوورە جوانییە باڵادەستە پیشەسازییەی سەرمایەداریی و لەناو ئەو گوتاری ئیسلامیی سیاسییە ئایینکوژەدا، دوور لە مەیلی گوتارێکی سیاسیی، لەمدیوی لایەنگری نەتەوایەتییەکی تووندڕۆدا، بە خولیایەک لە کولتووریی جوانناسیی شۆڕشگێڕییەوە دەمەوێ بڵێم، لە ئێستادا، وەک چۆن رۆژدا فیلات بۆ رۆژنامەی “تایمز” دەڵێ، “من نە بە بسمارک و نە بە سەلاحەدینیش ئەیبووی سەرسامم، بەڵکە بە ئیرادەی کیژە هاوخەباتەکەی خۆم، ئارین میرکانەوە سەرسامم، کە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست داعش، خۆی تەقاندنەوە”، منیش ئەوها لە مێژووی رابردوو و ئێستای کورددا ئەوەی بەخۆیەوە سەرسامم دەکا، بەدەر لە “مەم و زین”ی خانی، گوتاری بڕەندەی رۆشنگەریی شیعرییەکانی حاجی قادری کۆیی، بەرهەمە ماریفیی و زمانییەکانی مەسعود محەمەد، بوێری لەیللا قاسم و هەڵویستگەلی حەقیقی هەندێک نووسەر و سیاسیی نموونەیی، نە هات و هووتی بانگەشەی لە گۆترە و هەرزەگۆیی حەشاماتە بۆ بڵاوبوونەوەی رۆمان، کتێب، توێژینەوەی ئەکادیمیی و … تاد نووسەرانی هاوپێڕییان، نە سەردان و سەیرانی دیپلۆماسی سیاسییەکانە، بەڵکە تەنێ ئەوەی دۆشداماوم دەکا و دەبێت بە دڵدانەوەیەک لە بەرانبەر ئەم رۆژگارە بەرەڵا و بەربادەدا، ئیرادەی رۆژدا فولاتە.
چونکە من دەزانم ئەوەی لە رابردوو و ئێستاشدا لە دونیای سیاسەتدا حكوم دەکا، بوونی ئیرادەی دەستەڵاتە. ئەوەی کە وادەکا “ئەویتر” قەبووڵت بکا، سیاسەتی پاڕانەوە، ئاشتیخوازیی بەرانبەر ئەوانیتر نییە، بەڵکە بوونی هێز و خۆسەپاندنە.
هەموو دەزانین، ئەمڕۆ لە دۆخی بازاڕی نیولیبرالیزمدا، تۆ دەتوانی بە پارە لایەنگر بکڕیت، کتێب بنووسییتب، کتێب بۆ زمانی جیهانی وەربگێڕیت، رۆژنامەنووس بکڕیت لەسەرت بنووسی و وەک پاڵەوان نیشانت بدات، دکتۆرا بکڕیت، لۆبی سیاسیی بکڕیت و و… تاد، بەڵام ئەوانە هەموویان ناوەڕۆکێکیان نییە، ئەوەی سەختە ئەوەیە کە لە نەبوونەوە، ببیت بە بوون؛ لە پەراوێزخستنەوە، ببیت بە ناوەند؛ لە بێدەنگکراوییەوە، ببیت بە دەنگدانەوە، کە ئەمەش لەم رۆژگارە کڵۆڵ و کاڵبووەوەی ئەفراندندا کە کۆمەڵگەی کوردستان تێیدا بۆتە لاساییکار و بەرخۆری کاڵایە ماددیی و نامادییەکانی بازاڕی سەرمایەداریی و بازاڕی مۆدە و مۆدێلە سیاسیی، کولتوورییەکانی سعودیی، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و تورکیا، بۆیە ئەوەی لە رۆژئاڤادا روودەدا، جۆرێکە لە داهێنانی خۆیەکیی؛ تەرزێکە لە ئامادەبوونێکی شکۆداری خۆیەکیی لە جیهاندا.
بەمجۆرە رۆژدا فیلات لە پڕ لە نەناسراییەوە بە سەرمایەک لە ئاکاری شۆڕگێڕیی نەک هەر خۆی بە جوانی پەرچەمە شۆڕشگێرییەکەیەوە بە دیار دەکەوێت، بەڵکە گەلەکەشی بەدیار دەخات. ئاخر بەدیارکەوتن، بوون بە خۆت، قەدەری مرۆڤ و نەتەوەیە، بۆیە وزە و ویستێکی کولتووری گەرەکە.
لەوەش بترازێ، ئاخر ئەوەی شەڕی نەدیبێت، نازانێت شەڕکردن لەگەڵ هێزێکی دڕندەی وەک داعش ئاسان نییە، لەوەش گەڕێ، لە کۆمەڵگەیەکی نێرسالاردا کیژێکی پەرچەمداری هێوری رووحی چیایی وەک رۆژدا فیلات، رابەرایەتی هەزاران پیاو لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بکات.
ئەوها، رۆژدا بە جوانی پەرچەمە شۆڕگێڕییە ژنایەتییەکەیەوە، بە ئامادەبوونێک لە سەرکێشی ژنانە، رۆژگار دەهەژێنێ.

٢٠١٦.٥٢٨




گفتووگۆی دەنگەکان لەگەڵ نووسەرو ڕۆشنبیر هەندرێن سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیاو بەکرێگیراوانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان

دەنگەکان: پاش سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ڕوسیا و گۆڕینی هەڵوێستی تورکیا لەبەرانبەر ڕژێمی سوریا و قسەکردن لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ ئێراندا، نیگەرانییەکی قوڵی لای خەڵکی کورد درووستکرد بەتایبەتی لە کوردستانی باشورسەبارت بە چارەنووسی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لەڕۆژ ئاوا. ئێوە ئەم سیاسەت گۆرینەی تورکیا و ئەم نیگەرانییە چۆن لێکدەدەەوە؟

هه‌ندرێن: خۆت ده‌زانی له‌و هه‌فته‌یه‌دا چ له‌ مێدیایه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و چ له‌ مێدیایه عه‌ره‌بییه‌کاندا،( هه‌ڵبه‌ت له میدیایه‌ خۆشه‌کانی‌ باشووردا، وه‌ک هه‌میشه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌ کرچ و کاڵی کاوێژ ده‌کرێنه‌وه‌) ، زۆر راڤه‌ و راپۆرتی جیاواز سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی هه‌ڵوێستی تورکیا له‌به‌رانبه‌ر رووسیا و ئێران و سوریادا، بڵاوکراونه‌ته‌وه، به‌ڵام، گه‌ره‌که‌ له‌ لای هه‌ر کوردێک، ئه‌گه‌ر سه‌ر و دڵی به‌ قه‌د چۆله‌که‌یه‌کیش بێت، ئه‌وه‌ی بۆ روون بێت، که‌ تورکیا، دوای ئه‌وه‌ی که‌ به هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ دێزه‌ییه‌ی که‌ له‌ ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌دا په‌یڕه‌وی ده‌کرد، نه‌ک هه‌ر به‌وه‌ نه‌یتوانی رێگه‌ له‌ سه‌رکه‌وتنی کورد له‌ رۆژئاڤا بگرێت، به‌ڵکه‌ له‌ناو تورکیاشدا تووشی داته‌پین بوو.
بۆیه‌ دوای ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ منبه‌ج و پشتگیری هاوپه‌یمانه‌کان له‌ په‌یه‌ده‌، حکومه‌تی ئاکاپه‌، ئۆردۆغان بێجگه‌ له خواردنی ئه‌و ژه‌هره‌، واته‌ مل شۆڕکردن و ده‌سته‌ودامێنی رووسیا و ئێران و ئه‌سه‌دبوون، هیج رێگه‌یه‌کی تری بۆ نه‌مایه‌وه‌.
که‌واته په‌نابردنی تورکیا بۆ ئه‌و زه‌لیلییه‌، له‌ داخی سه‌رکه‌وتنه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی بزاڤی کورد بوو له‌ رۆژئاڤا. تورکیاش، جا ئۆردۆغان حکومی بکات یان حیزبێکی تر، بۆ رێگه‌ گرتن له‌ سه‌رکه‌وتنی کورد له‌ رۆژئاڤا و به‌ تایبه‌تیی و به‌ گشتیی به‌شه‌کانی تریش، ئاماده‌یه‌ هه‌رچی کاری گه‌وادیی و سووکایه‌تییه‌ له‌ ده‌وڵاتانی ده‌روبه‌ر و دونیا قبووڵی بکات.‌ لێره‌دا پێویسته‌ ناکا جه‌وهه‌ری ده‌وڵه‌تی تورکیای فاشی شیبکه‌ینه‌وه‌، به‌مجۆره‌ ئه‌و هه‌ڵوێست گۆڕینه‌ی تورکیا نه‌ مه‌ته‌ڵه‌ و نه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌شه‌.
لێ سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانی کوردی باشوور، که‌ کۆمیدیا و تراژیدییه‌که‌ لێره‌دا ده‌ستپێده‌که‌ن، په‌یوه‌ندی به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ خێڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ چ له‌ رابردو و چ له‌ هه‌نووکه‌شدا قه‌ده‌ری‌ کۆمه‌ڵگه‌ و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌کانی به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
گه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو که‌سێک روون بێت، که‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی و رۆشنبیریی کوردییدا به‌ گشتیی، مه‌به‌ستم له‌ تاکه‌که‌س نییه‌، عه‌قڵی خێڵ ئاراسته‌ی کردووه‌، که‌ ئه‌مه‌ش ئاشکرایه‌، چونکه‌ تا هه‌نووکه‌ش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی باشوور خێڵه‌کییه‌ و بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی و رۆشنبیرییشی هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییه‌کانی خیڵ بیری کردۆته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک چۆن له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا مرۆڤی کورد‌ چاره‌نووسی ژیانی خۆی به‌ سه‌رۆک خێڵ و که‌سه‌ به‌هیزه‌کاندا به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش تا هه‌نووکه‌ش بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی له‌ باشوور هه‌میشه‌ چاره‌نووسی خۆی به‌ ئه‌مه‌ریکا و زلهێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کاندا به‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش مه‌ته‌ڵ نییه‌، به‌ڵکه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و کولتوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی خیڵه‌. تشتێکی روونه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک عه‌قڵی خێل و نه‌ریتی باو و قه‌زا و قه‌ده‌ر حکومی بکات، نه‌ خاوه‌ن عه‌قڵی ئازاد و بزۆک ده‌بێت و نه‌ پشت به‌ وزه‌ی مرۆڤی خۆشی ده‌به‌ستێت، به‌ڵکه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێی هیزی سه‌رووی خۆیه‌تی، چونکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی خێڵ و نه‌ریتسالاردا، ئه‌وه‌ هوشیاریی و ئیراده‌ی تاکه‌که‌سه‌کان نین بڕیار ده‌ده‌ن، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ هێزی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌ بڕیار له‌سه‌ر ژیان و داهاتووی مرۆڤه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌دات.
ئه‌وه‌ی باسی ده‌که‌ین، نه‌ تیۆرییه‌کی تازه‌یه‌ و نه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی نه‌زانراو، به‌ڵکه‌ راستییه‌. بۆیه‌، ویڕای کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی باشوور به‌سه‌ر دونیا و گۆڕانکارییه‌کانی، به‌ ئابوورییبوونی ژیانیشی، وێڕای بوونی ئه‌و هه‌موو پسپۆڕ، چاودێری سیاسیی، له‌شکرێک له‌ رۆژنامه‌نووس و فه‌یله‌سووفه‌شی که‌ له‌ ژماردن به‌ده‌رن، به‌ڵام چونکه‌ ئه‌و دیارده‌ ئابووریی ته‌کنیکییه، واته‌ ماددییه‌، ‌‌ کولتووری له‌گه‌ڵ نه‌بوو، واته‌ لایه‌نی مه‌عنه‌ویی له‌گه‌ڵ نه‌بوو، بۆیه‌‌ سیسته‌می بیرکردنه‌وه و عه‌قڵی نه‌گۆڕی ته‌نیا رووی ده‌ره‌کیی، مۆده‌ و مۆدێلی رووکه‌شی گۆڕی. به‌مجۆره‌ که‌ خه‌ڵک و چینی سیاسیی و رۆشنبیر ته‌نگاو ته‌نگه‌تاو ده‌بن، هیچێک له‌و دیارده‌ رووکه‌شه‌ ماددیی و مه‌عنه‌ویانه‌ی که‌ هاتوونه‌ته‌ ناو ژیانییه‌وه‌، نابنه‌ روانگه‌ بۆ بینینی خۆیی و رووداوه و گۆڕانکارییه‌کانی دونیا. ‌هه‌ر بۆیه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی باشووردا که‌ تشتێک له‌ دۆخی کورد یان دونیا رووده‌دات، په‌نا ده‌باته‌وه‌ به‌ر هێزی ده‌ره‌کیی، ئه‌مه‌ریکیی، بۆ نموونه‌ له‌ کاتی هێرشی داعش بۆ شنگال و مه‌خموور. هه‌روه‌ک له‌ به‌رده‌م ئه‌و ته‌نگژانه‌ی که‌ ئێستا مرۆڤی کورد له‌ باشوور هه‌یه‌تی، هه‌میشه‌ به‌وه‌ سێبووری خۆی ده‌داته‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ قه‌ده‌ری ئێمه‌یه‌ و خودا بۆ نووسیوین، بۆیه‌ ئه‌و ته‌نگژانه‌ی خۆی خستۆته‌ ده‌ست بڕیاری خودا. له‌ کاتێکدا سه‌ده‌ترین په‌یامی دینیش نازانێ که‌ ده‌ڵێ، “له‌ تۆ حه‌ره‌که‌ت، له‌منیش به‌ره‌که‌ت”!
له‌ روانگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵکی سیاسیی و فه‌یله‌سووفه‌کانی باشووری کوردستان، ناتوانن له‌وه‌ تێبگه‌ن، که‌ بزووتنه‌وه‌ی باکوور و رۆژئاڤا، جا هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌ دۆست یان دژی په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌/هه‌په‌گه‌ و یه‌په‌گه‌ بین‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین، که‌ ئه‌وان نه‌ریتێکی نوێیان له‌ سیاسه‌تکردن به‌رهه‌مهێناوه‌، ئه‌مه‌ش، بۆ هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌، خراپ یان چاک‌ بێت، بۆ هه‌موو دونیاش روونه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بڕوایان به‌ عه‌قڵ و توانای مرۆڤ، خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ و هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان. ئه‌مه‌ راستییه‌که‌ به‌ڵگه‌ و زۆری گوتنی ناوێت.
له‌ بیرکردنه‌وه‌ی بزاڤی باکوور و رۆژئاڤادا، نابێت هیچ تشتێک مه‌حاڵ بێت، هه‌روه‌ک ده‌بێت ئه‌و بزاڤه‌ی ئه‌وان پشت به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵک و خۆیانه‌وه‌ ببه‌ستێت. بۆیه‌ هه‌په‌گه‌ و یه‌په‌گه‌، به‌ پێچه‌وانه‌‌ی ته‌واوی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی و حیزبه‌کانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتیش، نه‌ کوردایه‌تی نه‌ریتییه‌ و نه‌ له‌ داکۆکیکردن له‌ سنووری کوردستان یان سنووری به‌شێکی کوردستاندا ده‌گیرسێنه‌وه‌، به‌ڵکه‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ بزاڤی کورد، هێزی سیاسیی کورد، هێرش بۆ ده‌ڤه‌ر و سنووری ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بکه‌ن. بۆ نموونه، سه‌رنجی‌ گرتنی منبه‌ج و حسه‌که‌ و … له‌ لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه بدیرکردنه‌وه و ئیراده‌ی یه‌په‌گه‌ و هه‌په‌گه‌/ په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌شه‌‌‌، تورکیا تووشی ده‌سته‌ودامێنی پۆتین و ئه‌سه‌د و ئه‌یاتوڵایه‌کان کرد.
دواجار ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێت، گریمان به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی ئه‌و هێزانه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی که‌ گه‌له‌کۆمه‌کیی له‌سه‌ر رۆژئاڤا بکه‌ن، به‌مه‌ش ره‌نگه‌ یه‌په‌گه‌/په‌یه‌ده‌، تووشی زیان و گه‌مارۆدانێکی سه‌خت بێت، به‌ڵام، ئه‌وه‌نده‌ی من له‌ جه‌وهه‌ری یه‌په‌گه‌، په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌ گه‌یشتبم، مه‌حاڵه‌، وه‌ک نووسه‌ر و سیاسیی و رۆژنامه‌نووس و فه‌یله‌سووفانی باشوور و رۆژهه‌ڵات پێیان وایه‌، وه‌ک ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی باشوور، پایدۆزی له‌ خه‌بات بکه‌ن و ده‌سته‌وه‌ستاو دانیشن تا قه‌ده‌ر و قودره‌تی ئه‌مه‌ریکا یان هێزێکی تری ده‌ره‌کیی به‌هانایانه‌وه‌ بێت. نه‌خێر، ده‌بێ تێبگه‌ین، ئۆردۆغان هه‌رچی هێزی رق و کینه‌ی مێژووی تورکیای هه‌یه‌ که‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌ کورد کۆی کردوونه‌ته‌وه‌، ناتوانێ نه‌ پایه‌ و هێزی یه‌په‌گه‌ له‌ ئێستا و داهاتووی سوریا په‌راویز بخا و نه‌ ده‌شتوانێ به‌و عول عولیی و گه‌لحۆییه‌ی خۆیه‌وه‌، ئاشتبه‌تاڵ به‌ په‌که‌که‌ بکا، چونکه‌ ئه‌وانه‌ خاوه‌ن ئیراده‌ی عه‌قڵیی مرۆڤیی و نه‌ریت رووخێنن.
به‌ کورتی بزاڤی سیاسیی باکوور و رۆژئاڤا، ده‌ستپێکی مێژوویه‌کی نوێن؛ مێژوویه‌ک‌ ئه‌زموونی رابردووی کوردیی، که‌ له‌سه‌ر هێزی ده‌ره‌کیی ده‌ژیا، به‌جێهێشتووه‌ و خه‌ریکی تۆمارکردنی ئه‌زموونێکی نوێیه‌. ئه‌مه‌ راستییه‌که‌،‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ عه‌قلی نه‌ریتیی و خه‌ڵێکییه‌وه‌ سه‌یری بکه‌ین، گه‌ره‌که‌ ئه‌گه‌ر سوودیشی لێوه‌رنه‌گرین، به‌ڵام تێیبگه‌ین.


دەنگەکان: بەڕای ئێوە فاکتەری سەرەکی چوونی ئەردۆغان بۆ ڕوسیاو دانیشتنەکانی لەگەڵ ئێراندابە تەنها بۆ وەستانەوەیە لە بەرانبەر پێشڕەوییەکانی یەپەگەو یەپەژەن لە کوردستانی ڕۆژ ئاوا؟ ئەی پێتان وانییە ئەمە وەرەقەیەکی فشار بێت بۆ سەر ئەمریکا و ئەوروپا کە کەمتر گوێگری سیاسەتەکانی تورکیا بوون سەبارەت بە بارو دۆخی سوریا؟


هەندرێن: راسته‌ ئۆردۆغان دواجار ئه‌و خواسته‌ی که‌ هه‌یبوو له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپاوه‌ پشتگیری لێ نه‌کرا، که‌ بریتی بوو له‌وه‌ی په‌یه‌ده‌ وه‌ک تێرۆریست بناسێنن و پشتگیریی له‌ دروستکردنی زونێک به‌ناوی ئۆردوگا بۆ په‌نابه‌رانی سوریا بکه‌ن، که ئه‌مه‌ریکا و‌ ئه‌وروپاش ده‌یانزانی بۆ دژایه‌تی سه‌رکه‌وتنه‌کانی کورد له‌ رۆژئاڤا و هه‌روا یارمه‌تیدانی داعشه‌ بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر کورد.
خۆت ده‌زانی، تورکیا ده‌مێکه‌ ده‌زانێت که‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپا وه‌ڵامی خواسته‌کانی ناده‌نه‌وه‌، به‌ڵام تورکیا ده‌یویست به‌ رێگه‌ی فشاری په‌نابه‌رانی سوریا و یارمه‌تیدانی داعش به‌ دژی کورد، مه‌ترسی کورد له‌ خۆی دووربخاته‌وه‌.
به‌ڵام له‌وه‌ش گرینگتر، ئۆردۆغان دوای ئه‌و کوده‌تا و زیادبوونی هێرشه‌کانی په‌که‌که‌ بۆ سه‌ر سوپای تورکیا له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌، گرتنی منبه‌ج و پلانی یه‌په‌گه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا بۆ گرنته‌وه‌ی ره‌قه‌ و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ سه‌ربازیی و پشتیوانییه‌ به‌رچاوانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپا بۆ یه‌په‌گه‌، که‌ ئه‌مانه‌ش به‌یه‌که‌وه‌ گرێدانی کانتۆنی عفرین و جه‌زیره‌ و کۆنترۆڵکردنی سنووری نێوان تورکیا و سوریای نزیکرده‌وه‌، ئۆردۆغانی تووشی هێستریا، چاو تاریکبوون کرد، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بتوانێ وه‌همی به‌هێزیی و خه‌لافه‌تیی رژێمه‌که‌ی نیشانبدات، که‌ دوای کوده‌تا و په‌راوێزبوونی له لایه‌ن‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپاوه‌ تێکشکان، ناچار بوو رووبکاته‌وه‌ رووسیا و ئێران و سووریا، چونکه‌ ئه‌و وا تێده‌گا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران و ئه‌سه‌د ئاشت بێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانێت به‌ پشتیوانی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌م هێزی یه‌په‌گه‌ تێکبشکێنێ و هه‌میش ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپاش ناچار بکات چیتر پشتیگری کورد نه‌که‌ن و پشتیگیری ئه‌و بکه‌ن.
به‌ڵێ، ئۆردۆغان، وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تی تورکیا و بوونی له‌ ناتۆدا، بواری هه‌ڵبژاردنی مانۆڕی سیاسیی و سه‌ربازی زۆر له‌ به‌رده‌مدایه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و وه‌همی خه‌لافه‌تیی و به‌هێزی ده‌وڵه‌تی تورکییه‌ به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌، که‌ خه‌ریکبوو ته‌واو لاواز ده‌بێت. وێڕای ئه‌مه‌ش، 27/8 یه‌لدرم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توررکیا له کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ جۆن بایدندا به‌ ئاشکرا گوتی تورکیا له‌ سوریادا حه‌ساسییه‌تی به‌ دوو بابه‌ت له‌ سوریا هه‌یه‌ ئه‌وانیش، یه‌ک پارچه‌یی خاکی سوریا و بوونی سه‌ربه‌خۆیی‌ هیچ ئێتنیکێک، که‌ مه‌به‌ستی کورده‌. چونکه‌ سه‌ربه‌خۆیی و هه‌ر ده‌ستکه‌وتێک که‌ کورد هه‌یبێت، مه‌ترسییه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورکیا.
که‌واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا تێکچوونی په‌یوه‌ندی تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپادا، هۆکاری کوردی رۆژئاڤا بووه، بۆیه‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی ئۆردۆغان‌ ‌له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران و سووریا، له‌ پێناو رێگه‌گرتنه‌ له‌و مه‌ترسییه‌ی که‌ ئه‌و هه‌ستی پێده‌کا، ئه‌ویش به‌هێزبوونی پایه‌ی کورده‌ له‌ سووریا، که‌ ده‌زانێت ئه‌و به‌هێزبوونه‌ی کورد له‌ رۆژئاڤادا، کوردستانی باکووری به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ست ده‌چێت. له‌وه‌ش بترازێ، تورکیا ده‌یویست به‌ رێگه‌ی داعشه‌وه‌ کورد له‌ رۆژئاڤادا بشکێنێ، به‌ڵام‌ زانی ئه‌و خه‌ونه‌شی نه‌هاته‌دی، ئیتر ناچاربوو له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ ئاشت بیته‌وه‌.

دەنگەکان: ئەمرۆ تورکیا بەڕاشکاوی و مەیدانی دەستی بە هێرشەکانی خۆی کوردووە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە و یەپەژە، بەڕای ئێوە ئەم هێرشانە تاکوێ بڕ دەکات و ئایا خەڵکی ڕۆژ ئاوای کورستان بە هەمان هەناسەی شەری داعشەوە شەڕی تورکیا دەکەن؟ ئەی بەرەی ئازادیخواز لە ئەوروپا و ئەمریکا هەڵوێستیان چی دەبێت؟ قسەیەکیش هەیە دەڵێن لایەنی کوردیش هەیە بەشدارە لە هێرشەکانی تورکیادا، ئەی بۆ ئەمە دەڵێن چی؟

هەندرێن: پێشتر گوتمان ئامانجی سه‌ره‌کی له‌و که‌ین و به‌ینانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ روووسیا و ئێران و ئه‌سه‌د و ئه‌مه‌ریکاش، هێرشکردنه‌ بۆ سه‌ر کورد له‌ رۆژئاڤادا، چونکه‌، ئه‌گه‌رچی ئۆدرۆغان ده‌یه‌وێ وا نیشانبدات که‌ هێرشی بۆ جه‌رابلوس به‌ دژی داعشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ راستییه‌که‌ نییه‌، راستییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ داعش به‌شێکه‌ له‌ سه‌ربازی ئاکاپه‌، بۆیه‌ هێرشی تورکیا به رێگه‌ی ئه‌و هێزه‌ داعش ئاسایه‌ی که‌ ئۆردۆغان به‌ناوی سوپای ئازاد سازی کردوون، بۆ سه‌ر جه‌رابلوس، رێگه‌گرتنه‌ له‌و‌ پرۆژه‌ی یه‌په‌گه،‌ که‌ به‌ستانه‌وه‌ی کانتۆنه‌کان و پچڕاندنی په‌یوه‌ندی داعشه‌ له‌گه‌ل تورکیادا. تورکیا که‌ بینی یه‌په‌گه‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی یه‌په‌گه‌ خه‌ریکه‌ ئامانج ده‌پێکێ، بۆیه‌ تورکیا به‌ گرتنی جه‌رابلوس، که‌ گرتنێکی کۆمیدیی بوو، چونکه‌ داعش بۆی چۆلکرد. راستییه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ داعش بوو به‌ به‌شێک له‌و سوپای ئازاد و ئاکه‌په‌یه‌، تا به‌ یه‌که‌وه‌ دژی یه‌په‌گه‌ بوه‌ستنه‌وه‌
من وه‌ک گوتم، یه‌په‌گه‌ و خه‌ڵکی رۆژئاڤا وه‌ک چۆن به‌ رووی داعش بوونه‌ته‌وه‌، به‌ گوڕتر و بوێرانه‌تر به‌ به‌ رووی سوپای تورکیا به‌ناو سوپای ئازاد ده‌بنه‌وه‌. وه‌ک بینیمان، خه‌ڵکی کۆبانێ چۆن به‌ منداڵ و پیره‌وه‌ هاتنه‌ پێش سوپای تورکیا. بۆیه، به‌ رای من، تورکیا گوایه‌ هاتووه‌ ئه‌و مێرده‌زمه‌یه‌، واته‌ سه‌ربه‌خۆیی رۆژئاڤا و یه‌په‌گه‌ تێکبشکێنێ، به‌ڵام له‌ دواجاردا تووشی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک ده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌ ئاسانی لێیده‌رباز نابێت، یان کورد واته‌نی، بۆ ریش چووه‌، سمێڵیشی له‌سه‌ر داده‌نێت، چونکه‌ له‌ لایه‌ک یه‌په‌گه‌ خاوه‌ن هێزێکی گه‌وره‌ی ئه‌زموونداری شه‌ڕه‌ و دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ش، خاوه‌ن چه‌کی قوڕس و پێشکه‌وتووه، هه‌روه‌ک خاوه‌ن هێزێکی جه‌ماوه‌رییشه‌. راسته‌ به‌ هۆی ناهاوسه‌نگی سه‌ربازیی له‌ نێوان یه‌په‌گه‌ و سوپای تورکیادا، ره‌نگه‌ یه‌په‌گه‌ و خه‌ڵک زیانی به‌ربکه‌وێت، به‌ڵام تورکیا ناتوانێ له‌ میرده‌زمه‌ی یه‌په‌گه‌ رزگاری بێت. من وای ده‌بینم، سوپای تورکیا له‌ناو تورکیا و له‌ رۆژئاڤادا تووشی هێرشی سه‌ختی یه‌په‌گه‌ و هه‌په‌گه‌ ببێته‌وه‌، له‌ ئه‌وڕوپاشدا ناڕه‌زایی و خۆنیشاندانی کورد رێکبخرێن. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ کاتێکو و رووسیا زانییان ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا بۆ سه‌ر داعش نییه، ‌ ‌به‌ڵکه‌ به‌ دژی کورده‌، ناتوانن بێده‌نگ بن. هه‌ر ئه‌مڕۆ، 30.8، ئه‌مه‌ریکا و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌کانی وه‌ک فه‌ڕه‌نسا، راسته‌وخۆ تورکیایان له‌وه‌ ئاگادار کرده‌وه‌، که‌ ئه‌وان به‌وه‌ رازی نین تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر کورد. به‌ره‌ی ئازادیخواز و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌کانی ئه‌وڕوپا و ئه‌مه‌ریکاش ده‌زانن که‌ ئه‌وه‌ی به‌ راستی شه‌ڕی داعش ده‌کا، یه‌په‌گه‌یه‌ و ده‌مێکیشه‌ ده‌زانن تورکیا ده‌ستی له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕوا ناکه‌م پشتگیری تورکیا بۆ لێدانی یه‌په‌گه‌ بکه‌ن. هه‌ر ئه‌مڕۆ بینیم، ئه‌و ئه‌مه‌ریکییانه‌ی که‌ هاتبوونه‌ ریزه‌کانی یه‌په‌گه‌، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا و خۆنیشاندانیان ساز کردبوو دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌ پشتگیریکردنی تورکیادا. دواجار به‌و کاره‌ تورکیا ده‌که‌وێته‌ دۆخێک که‌ خۆزگه‌ به‌ نه‌هاتنی بخوازێت.
به‌ڵام گه‌ره‌که‌ یه‌په‌گه‌ کارتی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و رووسیا به‌کار بهێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا و رووسیا به‌ ئاشکرا دژی تورکیا نه‌وه‌ستنه‌وه‌، له‌ گرتنی ره‌قه‌دا به‌شداری نه‌که‌ن، چونکه‌، ئه‌گه‌ر تورکیا وه‌ک جه‌رابلوس له‌ ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش رێکنه‌که‌وێت، واته‌ داعش تورکیای چۆڵ نه‌کا ، ئه‌مه‌ریکا به‌ بێ یه‌په‌گه‌ ناتوانێ داعش له‌ ره‌قه‌ ده‌ربکات.
سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نی کوردی له‌ به‌شداریکردنی له‌گه‌ڵ سوپای تورکیادا، ئه‌وه‌ راسته‌، دیاره‌ که‌ ئه‌و هێزه‌ کوردییانه‌ی که‌ به‌ قه‌د تورک و داعش دژی یه‌په‌گه‌ن، ئاماده‌ن ببن به‌ کۆیله‌ و غولامی خه‌لیفه‌ ئۆدۆغان و سیخوڕ و به‌کرێگیراوی به‌ناو سوپای ئازادی سوریا، ئه‌و لایه‌نه‌ کوردییانه‌ به‌شێکیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌کرێگیراوی ئۆردۆغانن و به‌شێکیشیان سه‌ر به‌ ئه‌نه‌که‌سه‌ن.
هه‌رچه‌ند ئۆردۆغان و حکومه‌ته‌که‌ی هاوکات له‌گه‌ڵ هێرشکردنه‌ سه‌ر جه‌رابلوس و رۆژئاڤادا به‌ ئاشکرا رایگه‌یاندووه‌، که‌ دژی فیدرالیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردن له‌ سوریا و عێراقیش، که‌چی ئه‌نه‌که‌سه‌ و لایه‌نه‌کانی تری کورده‌ مورته‌زه‌قه‌کان ئاماده‌ن ئه‌و که‌واسوورییه‌ بۆ ئۆردۆغان بکه‌ن.
خۆتان ده‌زانن، یه‌لدرم زۆر به‌ ئاشکرایی باسی هۆکاری بانگهێشتکردنه‌که‌ی کاک مه‌سعوود بارزانی کرد، که‌‌ به‌ کورتی گوتی ئه‌و هاوکاریمان ده‌کا له‌ گرتنی سنووری نێوان باشوور و رۆژئاڤا و لێدانی یه‌په‌گه‌دا. ئه‌و قسانه‌ی یه‌لدرمی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانه‌ییه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به‌و دیداره‌یان له‌گه‌ڵ کاک مه‌سعوددا، بابه‌تێک نییه‌ لێکدانه‌وه‌ی زۆری بوێت، روون و ئاشکرا مه‌به‌ستی لێدانی یه‌په‌گه‌ بوو.
راستییه‌که‌ی خه‌ونی ئۆردۆغان ئه‌وه‌یه‌، به‌ لای که‌مییه‌وه‌ کۆبانێ و ئه‌و شوێنه‌ سنوورییانه‌ بگرێت و بۆ فریودانی رای گشتی جیهان و ناوچه‌که‌ش، ئه‌و مورته‌زه‌قه‌ کوردانه‌ له‌وێ دابنێ، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و نیشانبدات که‌ تورکیا دژی کورد نییه‌، به‌ڵکه‌ دژی یه‌په‌گه‌یه‌ که‌ تێرۆریستن و سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌و کوردانه‌ی که‌ تورکیا وه‌ک کۆیله‌ بۆ دژی یه‌په‌گه‌ به‌کاریان ده‌هێنێت، بێجگه‌ له‌ کۆیلایه‌تی هیچ ده‌ستکه‌وتێکی دیکه‌ له‌ ئۆردۆغان نابینن.

Aug 28,2016