دەبوایە چی بکرایە یان چ شتێکی لەوە زیاتر دەتوانرا بکرایە؟.. حەسەن ڕازانی


(ڕێکەوتنی بەڕێز مەزڵوم عەبدی لە گەڵ جۆلانی دا)

ئایا بەڕێز مەزڵوم عەبدی و کوردانی ڕۆژئاوا پێیان خۆش نەبوو بە تەواوی سەربەخۆ بوونایە، یان لەوە زیاتریان بەدەست بهێنایە؟
ئایا کوردانی ڕۆژئاوا دەبوایە چیان بکردایە؟ یان ئایا چ شتێکی لەوە زیاتریان لە توانادا هەبوو کە بیانکردایە؟
“من پێم وایە کاری درووست بۆ کەسێکی سیاسیی یان سەربازیی ئەوەیە کە ئەوەی پێیان دەکرێت ئەوە بکەن، نەکو بچنە ژێر باری کارێکەوە کە هەرگیز پێیان نەکرێت!”!
وەڵامی درووست و لۆژیکیی ئەو پرسیارانە، بە بڕوای من، تەنها لە لای کوردانی ڕۆژئاوا خۆیاندایە چونکە:
هەر ئەوانن کە ڕاستەوخۆ لە ناو کێشەکەدان و خۆشیان بەشێکی سەرەکین لە کێشەکە، ئەوان خۆیان ڕاستەوخۆ لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و پاکتاوی نەتەوەییدان، لەو بارەوە بەڵگە زۆرن. کوردانی رۆژئاوا بە بەراورد بە دەرەوەی خۆیان هەم باشتر خۆیان دەناسن و هەمیش باشتر لە هێزو توانای خۆیان شارەزان، ئەوان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە گیانفیدایی و قارەمانیەتین! ئێستا ئەوان خۆیانن کە لە هەموو کەسێکی دەرەوەی خۆیان باشتر دەزانن کە تا چ ئاستیک و چۆنیش بە دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکیی دەورە دراون. ئەوان دەزانن کێ هاوکاری کردوون و جۆنیش هاوکاری کراون !. کەواتە، بە بڕوای من، وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەڵێ: ئایا لەوە زیاتر دەتوانرا چی تر بکرێت، بە درووستی و بە ڕوونی هەر لە لای کوردانی ڕۆژئاوا خۆیاندایە، نەک لە لای ئەو کەسەی کە نیوەشەو بە چلەی زستانێ لە کاتی ڕەشەباو بەفرو بۆراندا کە چاو چاوی نەدەبینی و لە پەنجەرەی ژوورەکەیەوە سەری دەردێناو دەی گوت : ئەمشەو شەوی پێشمەرگەیە!
من بۆ پشتگیریی لەو بۆچوونەم تەنها دوو دیمەن نیشان دەدەم کە زووربەمان کەم تا زۆر شارەزای ئەو دوو دیمەنە هەین! بە سەرنجدان لەو دوو دیمەنە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کوردانی ڕۆژئاوا زۆر ژیرانە، سیاسییانەو سەربازیانەش مامەڵەیان کردووە!

دیمەنی یەکەم:

شەڕی فەلستینیەکان لە گەڵ ئیسڕائیل و کۆمەکی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی و تا ڕادەیەک نێو دەوڵەتییش لەبۆ ئەوان!
فەلەستینیەکانی ناو کەرتی غەزە بە ڕێبەرایەتی حەماس، کە یەکێک بوو لە پڕۆکسیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، لە ئۆکتۆبەری ٧ی ٢٠٢٣ دا هێرشێکی بەرنامە بۆداڕێژراوی کتو پڕو لە ناکاویان کردە سەر ئیسرائیل و بە سەدان لە منداڵ و پیرو بێتاوانیان کوشت و بە دەیانیشیان بە بارمتە گرت. ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا پەرچەکردارێکی لە سنوور بەدەر توندوتیژو وێرانەکەری نواندو زۆریش نا مڕۆڤانە بوو چونکە بە دەیان هەزاری لە فەلەستینیە بێتاوانەکان کوشت و بە سەدان هەزاریشی لێ لە پەلوپۆ خستن و داروبەردیشی بەسەر کەرتی غەزەوە نەهێشت و کردی بە کەلاوەو وێرانەیەکی تەواو. لە لایەکی تریشەوە گرووپەکەی حەماسیش کە لە سەرەتاوە بۆ ئەوە درووست ببوو تاکو ئیسرائیل لە سەر نەخشەی جیهان بسڕێتەوەو قڕانیش لە ڕەگەزی جولەکە بخات، کەچی ئەوەتا سیاسەتی ناشێیانەی حەماس و خوێندنەوەی نادرووستی حەماس بۆ هێزو جێگاوڕیگای ئیسڕائیل لە ڕووی سیاسیی و سەربازیی و نێودەوڵەتیەوە حەماس و کەرتی غەزەی بەو ڕۆژە گەیاند کە ئێستا هەموومان دەیبینین!
لە سەرئەم پەرچەکردارەی ئیسرائیل لە دژی حەماس و فەلەستینیەکانی کەرتی غەزە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە زۆرایەتی، بێجگە لە ئەمەریکاو هەندێک دەوڵەتانی نێو ناتۆ، هەموویان سەرکۆنەی ئیسرائیلیان کردو حەماسیشیان وەک پاڵەوان و نمایندەی ڕزگاریی و دێموکراسیی لە بۆ خەڵکی فەلەستین ناوزەد کرد. تەواوی جیهانی ئیسلامیی و عاڕەبیی پشتیوانیی حەماسیان کردو سەرکۆنەی ئیسرائیلیان کرد. تەنانەت دەوڵەتی خوارووی ئەفریقا واوەتریش رۆیشت و ئیسرائیلی خستە دادگای لاهای نێودەوڵەتییەوە.
زۆرێک لە چالاکوانانی سیاسیی و گرووپ و کۆمەڵەی سیاسیی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیی و فرە ڕەگەزیی لە وەڵاتانی ڕۆژئاواو ئەوروپادا وەخۆ کەوتن و هاتنە سەر خەت. جا ئەوانە لە لایەکەوە سەرکۆنەی ئیسرائیلیان کردو خۆپیشاندان و مانگرتنیان لە دژی ئیسڕائیل دەستپێکردو لە لایەکی تریشەوە حەماسیان وەک پاڵەوان و ڕەمزی ئازادیی و دێموکراسی فەلەستینیەکان بە خەڵکی دنیا دەناساند! بە دەیان هەزار لە خوێندکارانی نێو دەیان زانکۆی بەناوبانگی وەڵاتانی ڕۆژئاواو ئەوروپا خوێندنیان ڕاگرت و چادریان هەڵداو مانگرتن و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد. خوێندکارانی ئەو زانکۆیانە بەردەم زانکۆکانیان کردە مەیدانی سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل و لە دژی ئیسرائیل چالاکییان دەنواندو تەنانەت دژی تەواوی ڕەگەزی جولەکە ڕق و کینەیان پەخش دەکرد! لەولاوەش حەماسیان وەک پێشەنگ و ڕێبەری ڕزگاریخوازی فەلەستینیەکان بەدنیا دەناساند.
لە تەواوی جیهانی ئیسلامی و عاڕەبیی و ڕۆژئاوایی و ئەوروپاییدا لە هەموو لاوە کۆمەک کۆدەکرایەوە بۆ کەرتی غەزەی ناو فەلەستین. تەنانەت لە نێو کوردانیشدا تا ئەوپەری سۆزیان بزووت بۆ خەڵکی فەلەستین و کۆمەکێکی زۆریش، وەک باس دەکرا، کۆکرایەوەو ناردیان بۆ غەزە! چەندین وەڵاتی عاڕەبیی و ئیسلامیی و تەنانەت هەندێک لە وەڵاتانی تریش دەرگایان بۆ بریندارەکانی غەزە کردەوەو چارەسەریان دەکردن و دەرمان و پێداویستی پزیشکییان بۆ دەناردن. سوپایەکی بێشومار لە نووسەری لای چەپی سیاسەت، بێپسانەوە لە بەرژەوەندی کەرتی غەزەو حەماسدا پێنووس و بیریان خستەکار. ئەم بەرەیە بە ئاشکرایی وەک بەرەی ئەنتی ئەمریکایی و ئیسرائیلیی هاتە مەیدان و هەموو چالاکیەکانیشیان خستە بەرژەوەندی فەلەستین و کەرتی غەزەو لە دژی ئیسرائیل کەوتنە چالاکیی؛ تەواوی ڕاگەیاندنەکانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی لە بەرژەوەندی فەلستینیەکان و حەماسدا بەردەوام لە چالاکیدا بوون و هەرچی بڵندگۆی مزگەوتەکانی دەوڵەتانی جیهانی ئیسلامیش هەیە و تەنانەت هی مزگەوتەکانی دەوڵەتەکانی ئەوروپاو ڕۆژئاواش بەردەوام لە بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین و حەماس و کەرتی غەزە کەوتبوونە چالاکی و لە دژی ئیسڕائیل وە جووڵە کەوتبوون و خەڵکیان لە دژی ڕەگەزی جولەکە هان دەدا!…فەلەستینیەکان ئەوەی کە لێی دەترسان ئیسرائیل بوو. واتە یەک دوژمنی دیاریان هەبوو ئەویش ئیسرائیل بوو.

کەچی سەرباری ئەو هەموو پاڵپشتیە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتییەو پاڵپشتیی تەواوی نێو جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامییش بۆ حەماس و خەڵکی فەلەستین ئێستا بە وردی سەرنج بدەن حەماس و فەلستینیەکانی کەرتی غەزە چیان لێهاتووە…بۆیە شیعار، ئارەزوو، هیواو ئاوات، سۆز، تۆڵەو رق و کینە شتێکن و هێزێکی لە ڕادە نابەرابریش شتیکی تر.. دەبێ هەندێک جاران و لە هەندێک کاتاندا سیاسەتمەدارو کەسی سەربازیی لە کەلی شەیتان بێتەخوار. دەبێ ئەوە بکەی کە دەتوانی بیکەیت!
” ئەو حەماسەی کە داوای دەکرد ئیسرائیل لە سەر نەخشەی جیهان بسڕێتەوە، دیارە بە پاڵپشتی دەوڵەتانی دژە ئیسرائیلیی و جولەکیی، بەڵام ئەوەتا ئێستا ڕازی بووە کە چەک دانێ. چونکە ئەو ئەوەندەی پێکراو هەر ئەوەندەش لە ئێستاو ئەمڕۆدا دەتوانێت! ئێستا حەماس ناڵێ دۆڕاوم، بەڵکو دەڵێ سەرکەوتنم بەدەست هێناوە! چونکە بەرەنگاریی کردووە تا ئەو شوێنەی کە پێی کراوە نەک تا ئەو شوێنەی کە ئارەزووی هەبووە. چونکە کە بە ئارەزوو یان ئامانجی حەماس بوایە دەبوایە نەک هەر تەواوی خاکی فەلەستین لە دەستی ئیسرائیل بێنێتە دەر بەڵک و دەبوایە ئیسرائیل لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان بسڕێتەوەو ڕەگەزی جولەکەش بۆ هەتاهەتایێ نەهێڵێت و بیان خاتە دەریاوە!

دیمەنی دووەم:
یەکەم: کورد و کێشە مێژوویی و ڕەواکەی لە گەڵ نەتەوە موسڵمانە باڵادەستەکانی ناوچەکە لە تورک و وعاڕەب و فارس!
دەووەم: سۆزو پشتیوانی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیی و جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی لەبۆ گەلی کورد بە بەراورد لە بۆ کێشەی فەلەستینیەکانی کەرتی غەزە لە چ ئاستێکدا بووە!
کورد لە ژێر دەستی نەتەوە باڵادەستە برا موسڵمانەکانیدا بە دەیان ساڵە لە ژێر هەڕەشەی لەناوبردن و پاکتاوی نەتەوەییدایە! چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی لە دژی کورد بەکار هێنراوەو تاکە وەڵاتێکی نێو جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی دەنگی لێوە نەهاتووە بێجگە لە ئێران ئەویش بەرژەوەندیە سیاسیی و سەربازییەکەی ئەو کاتی ئێران کە لە جەنگدا بوو لە گەڵ عێڕاقی سەددامیی ئەوەی دەخواست ئەگینا لەبەر چاوی کورد نەبوو! وەڵاتێکی ئەوروپی یان ڕۆژئاوایی ڕانەچڵەکاو دەنگی لێوە نەهات، خوێندکارانی زانکۆیەکی نێو دەوڵەتی و نێو جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیی باسێکیان لێ نەبوو، ڕاگەیاندنەکان و چالاکوانانی سیاسیی وەک هەر نەیان بیستبێ وابوو کە چ لە کورد دەکرێت!
نەتەوە باڵادەستەکانی وەک تورک و عارەب و فارس کە بە هاوکاریی وەڵاتانی زلهێزی جیهانیی بە تایبەتی ناتۆ کوردیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە، ئایینی ئیسلام وەك چەکێکی کوشندە لە دژی برای کوردی موسڵمانیان بەکار دەهێنن بە بیانووی ئەوەی گوایە کافرو بێباوەڕن. جا بۆیە بە پێی سورەتی ئەنفال ئەنفالیان دەکەن، سوڕەتی ئەنفالیشیان لە قورئان بەسەر کوردا بە کرداریی لە ساڵی ١٩٨٨ دا جێبەجی کردووەو بە سەدان هەزار لە خەڵکی بێتاوانی کوردیان زیندەباڵ کردووەو ئەو جیهانە گەورە ئیسلامیەش نوقەی لێوە نەهاتووە. هەرچەندە خوا لە قورئاندا دەفەرموێت : “کنتم خیر امة اخرجت للناس تامرون بالمعروف و تنهون عن المنکر وتوءمنون باللە. ئالی عەمران ١١٠” : ئێوە چاکترین کۆمەڵن لە ناو مەردمی دنیادا سەرو هەڵدا، فەرمان بە چاکە دەکەن و ڕێ لە ناڕەوا دەبەستن، باوەڕیشتان بەخوا هەیە. قورئانی پیرۆز لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی لاپەڕە ٦٤.
دیارە جیهانی ئیسلامیی ئەو کیمیاباران و ئەنفال و قەتڵ و عامەی کە لە کوردان دەکرا بە دەستی برا موسڵمانەکانیانەوە بە کاریکی خەراپ و مونکەر لە قەڵەم نەدراوەو پێیان ڕەوا بووە ئەگینا هیج نەبێ لەبەر خاتری خواو ئەو ئایەتە هەندێک لەوان دەماری موسڵمانەتییان دەبزووت و وەدەنگ دەهاتن. هەر بۆیەش کەس نوقەی لێوە نەهاتووە. دەگوترا کە یاسر عەرەفات سەرۆکی ڕێکخراوی فەلەستین گوتوویەتی کە گوایە بیستوویەتی سەدام لە دژی مێشوولە دەرمانی ڕشتووە! نەتەوەی باڵادەستی فارسیش ئەوەی کە پێی کراوەو توانیویەتی لە نەتەوەی باڵادەستی عاڕەب خەراپترو زۆرتری بە کوردە برا موسڵمانەکەی خۆی کردووە، تەنانەت لەبەر ئەوەی کە هەموو ڕۆژیک گەنجی کورد هەڵدەواسێت و دەیان کوژێت بە ڕیگەی پەت و قەنارە وەک ڕژێمی پەت و سێدارە ناسراوە. ئەوەتە تاکو ئێستا و لەو سەدەیەشدا لە سەرووی بیست ملیۆن کورد مافی ئەوەی نیە بە زمانی خۆی بخوێنێت و ناوی کوردیی لە منداڵەکانی بنێت. نەتەوەی باڵادەستی تورکی موسڵمان تەنانەت کورد وەک و مڕۆڤ نابینێت و چەندین هەڵمەتی قڕکردن و لەناوبردن و کۆمەڵکووژیی لە دژی کوردان ئەنجام داوە.
ئەرێ گەلۆ کەستان بینیتان خوێندکارانی وەڵاتیکی ئەوروپی، ڕۆژئاوایی یان لە جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیدا خوێندن ڕابگرن و بڵێن بۆچی وا لە کوردان دەکەن؟ هەروەک چۆن ئەو کارەیان بە بەردەوامیی لەبۆ فەلەستین و حەماس و کەرتی غەزە دەکرد؟ بەرەی چەپ و میدیای چەپ و نووسەری چەپتان پێ لە چ ئاستێکدایە لە بەرامبەر گەلی کوردو کەرتی غەزەی ناو فەلەستین؟ ئەدی بڵندگۆی مزگەوت و دەنگی موسڵمانە بەوەج و دیارەکانتان بیست لە دژی تورکیاو سوریاو عێڕاق و ئێران کە بڵێن بۆچی وا لە کوردان دەکەن؟ یان بە پێچەوانەوەیە ئەوەتە گوێتان لە سورەتی ئەلفەتحە کە لە دژی کوردان بەکاری دەهێنن!
باسەکەی ئیمە ئێستا لە سەر کوردانی بەشی ڕۆژئاوایە کە چەندین ساڵە هەموو مافێکیان لە لایەن نەتەوەی باڵادەستی عاڕەبی موسڵمانی سوریاوە لێزەوتکراوەو کورد لێرەش بە دەست ئەو برا موسڵمانەیەوە هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون و قڕکردندا بووە.
لە ساڵی ٢٠١١ وە کوردانی ڕۆژئاوا لە هەموو لایەکڕا لێیان دەدرێ و هێرشیان دەکرێتەسەر بە هەموو جۆرە چەک و شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت.. تورکیا بە دەیان گرووپی تیرۆریستی لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا درووستکردوون و بەریدوانەتە گیانی کوردانی ڕۆژئاوا، بۆ نموونە داعش. هەروەها تورکیا دەرگای کردۆتەوە بۆ ئوغوریەکانی چین و چیچانیی و ئەفغانیی و مەڵاسیی و چەندین نەتەوەو ڕەگەزی تر کە بۆ جیهاد لە دژی کوردان بینە سوریا. تورکیای برای موسڵمانی کوردان کۆمەکی لە هەموو ڕوویەکەوە بەو گرووپە تیرۆریستانە دەکردو تەیاری دەکردن بە هەموو جۆرە چەکێک و بەری دەدانە گیانی کوردانی رۆژئاوا. لە کاتی شەڕو پێکدادانەکانیشدا تورکیا بریندارەکانی بۆ گرووپە تیرۆریستەکان چارەسەر دەکرد، ڕژێمەکەی ئەسەد لەولاوە لە کوردانی ڕۆژئاوای دەدا، تورکیا ڕاستەوخۆ بە سوپاوە خۆی کردە ناو بەشێکی وەڵاتی کوردانی ڕۆژئاواو شەڕی لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند، قەتەرو سعودیە بە هەمان شێوە بە پوڵ و کۆمەک و بە چەک و شێوەی جۆراوجۆر چەندین گرووپی تیرۆریستیان لە ناو سوریادا لە دژی کوردان دامەزراندن و لە دژی کوردان بەکاریان دەهێنان.
کوردانی ڕۆژئاوا بێجگە لە باوەڕی پتەو بە کێشەی خۆیان کەس نەبوو لە پشتیان بێت. زۆر وەڵات بە تیرۆریستی ناوزەد کردبوون بە تایبەتی لە نێو ناتۆدا زۆر خۆشەویست نەبوون، تەنانەت لە نێوخۆشدا سنوورەکانیان لەسەر دادەخراو ڕێگەیان پێنەدەدرا کە بریندارەکانیان بینن بۆ بەشێکی تری ڕزگارکراوی کوردستان، تەنانەت لەناو تورکیادا سورەتی فەتح لە تەواوی بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە پەخش دەکرا لە دژی کوردانی رۆژئاواو خەڵکیان لەبۆ غەزایێ دەنارد . کورد بە کافرو بێباوەڕ ناوزەد کرابوو. کوردانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر دەیان گرووپی سەربڕی ئوغوریی و چیچانیی و عاڕەبیی و ئەفغانیدا تەیار بە ئایدۆلۆژیەتی ئایینی و سەر بە سەلەفیەت و وەهابیەت و ئیخوانیەت بەرەنگاریی لە وەڵات و خەڵک و ئاوی خۆی دەکرد! کوردانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیاو هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەردۆغان، لە بەرامبەر دوو سێ وەڵاتی عەڕەبیدا، هەروەها سەرباری ئەوەش لە نێوخۆدا لە لایەن هەندێک لە حیزبی کوردیەوە دژایەتییان دەکرا. کوردانی ڕۆژئاوا لە زەویی و ئاسمانەوە ئاگریان بەسەردا دادەباری. فشاری دەوڵەتانی نێو ناتۆیان لەسەر بوو کە پەیتا پەیتا پێیان دەگوتن دەبێ کۆتایی بە خۆسەریی ڕۆژئاوا بهێنن و بچن لەگەڵ جۆلانیەکەی پەروەردەی دەستی ئەمریکاو ناتۆ ڕێک بکەون و لەو لاشەوە خستبوویاننە ژێر فشارو هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تورکیاو گرووپە تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیاو هەروەها حکومەتە کەی جۆلانیش لەوان باشتر مامەڵەی لە گەڵ کوردانی ڕۆژئاوادا نەدەکرد. گەمارۆیەکی تەواوی هەمەجۆرەو هەمە شێوە لە هەموو لایەک و ڕوویەکەوە خرابووە سەر کوردانی ڕۆژئاوا!
ئەرێ گەلۆی ڕەخنەگرو نەیاری ئەو رێکەوتنە کە بە تەسلیمبوون و شەرمەزاریی دادەنێن، پێم ناڵێن دەبێ کوردانی ڕۆژئاوا لەوە زیاتر چیان بکرادایەو دەیانتوانی چی بکەن؟
ڕەخنەگرێکی پشتی کۆمپیوتەر ئامادە نەبێت کەوچکە چایەک کۆمەک بە کوردانی ڕۆژئاوا بکات، کەچی لەولاوە بێت و بڵێت: “بەخوا نەدەبوو وایان بکردایە.” ئەرێ پێم ناڵێن ئێوە بۆچی بێڵە قوڕ بەدەستی خەڵکەوە هێندە بە سووکی دەبینن؟ دە وەرن با بە خەیاڵێش بێ بۆ تاوێک خۆمان بخەینە شوێنی کوردانی ڕۆژئاواو وا دابنێنین لە شەرداین لە گەڵ ئەمریکا، تورکیا، قەتەر، سعودیە، هەروەها جۆلانیش بە سوپایەک زەبەلاحی تەیارەوە و پڕ لە سەربڕو تیرۆریستی ئەفغانیی و چیچانیی و ئوغوریی کە ئامادەو لەسەر پێن بێن کج و ژنەکانمان بە کەنیزەک و سەبایە بەرن و پیاوەکانیش سەرببرن، لەولاشەوە تەنانەت لە لایەن برا کوردەکانی خۆشمانەوە ڕێگرییمان لێبکرێت و وەک دوژمن بمانبینن، ئەدی لەو حاڵەتدا دەبێ ئێمە چیمان پیبکرێت و بتوانین چی بکەین؟
ئەوەی لە شەڕان نەبێ شێرەو بێڵە قوریش بەدەست خەڵکەوە سووکە!
“ڕەشەباو بەفروبۆرانە، تاریکەو چاو چاو نابینێت، کاکیشم بە بیجامەوە لە پەنجەرەی ژوورەکەیەوە سەری دەردەهێناو خێرا دایدەخستەوەو ڕووی دەکردە هاوسەرەکەی و دەیگوت: بەخوا ئافرەت ئەمشەو شەوی پێشمەرگەیە!”
چلەی زستانە، نیوەشەوەو، تاریک و تەڵەم، لەبەر تاریکیی و بەفر کە بە باوە دەباری چاو چاوی نەدەبینی. تەنانەت گڵۆپەکانی نێو شەقام و بازارە سەرەکیەکانیش هێزی ڕووناکییان لێبڕابوو جا چ جای هی نێو کۆڵانەکان. ڕەشەبای نێو سلێمانی ئەوەندە بە هێز بوو کە تینی بۆ دەرگاو پەنجەرەکانیش دەهیناو زۆر بە زەحمەت دەتوانرا لایەکی پەنجەرە بکەیتەوە تا بزانی دەرێ چۆنە، چونکە لەوانەبوو با پەنجەرەکەی بشکاندبایە. لە ناو قوژبنی ژووردا دەبوایە چەندین گەرمکەرەوەو سۆپاو جلی گەرم و پێخەفی گەرم وئەستوورو چاکت هەبێ تا لەو سەرمایە بتوانیت خۆت بپارێزیت.
کاکەم، کە چەندین جاریش داوای لێدەکرێت بەڵک و کۆمەکێکی ئەگەر زۆر کەمیش بێ جیی خۆی هەر دەگرێت، بۆ نموونە گۆرەوی بێت، بەتانی بێت، یان بلووزێکی زستانە بێت بینێرێت بۆ پێشمەرگە تاکو لەو زستانە فریای پێشمەرگەیەک بکەوێت. بەڵام کاکەم سەرباری ئەوەی پارەداریش بووە هیچی نەداوە. کەچی لەو شەوە زستانەدا هەر چۆنێک بێت لایەکی پەنجەرە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێ دەرێ چۆنەو لە پڕ ڕەشەبای سلێمانی بە بەفرەوە خۆی دەکا بە ژووردەکەداو ئەویش بە پەلە دای دەخاتەوەو دەلێت : بەخوا ئەم شەو شەوی پێشمەرگەیە!… کاکەم وای دەزانی پێشمەرگە مڕۆڤ نیەو سەرمای نابێ و نان و ئاوی ناوێ و گولە نایبڕێ و نەخۆش ناکەوێ و جل و پێخەف و تەقەمەنیشی ناوێت..

هەندێک تێبینی لە نێوان خەباتی فەلەستینیەکان و کوردا!
فەلەستینیەکان تەنها لە گەڵ ئیسڕائیل دەجەنگن، بەڵام کورد لە گەڵ چوار دەوڵەت دەجەنگێ کە بریتین لە تورکیاو سوریاو ئێراق و ئێران. سوریاو ئێڕاق هەم سەر بە هەردووک جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامین، ئێران سەربە جیهانی ئیسلامییە، تورکیا سەر بە جیهانی ئیسلامییەو هەم ئەندامی ناتۆیە! واتە کورد لەگەل دنیایەک دوژمندا دەجەنگێت!
ئە وگەلەی کە فەلەستینیەکان لە دژی دەجەنگن موسڵمان نیەو جولەکەیە هەر بۆیە تەواوی جیهانی ئیسلامی و عارەبی هاوکارن لەگەڵ کێشەی فەلەستین. بەڵام کوردەکان لە دژی چوار نەتەوەی باڵادەستی موسڵمان دەجەنگن بۆیە تەواوی جهیانی ئیسلامی و عاڕەبی هیج هاوکارییەک بە کورد ناکەن و پێیان وایە کێشەی نێوان دوو موسڵمان کێشەی ناوخۆیی خۆیانەو بۆیە گوێی خۆیانی لێ کەڕ دەکەن!
فەلەستینیەکان کەمترن لە حەوت ملیۆن عاڕەب و چەندین دەوڵەتی عاڕەبییان هەیەو لە پشتیانە هەروەها تەواوی جیهانی عارەبی و ئیسلامیش پشگیری لە کێشەی فەلەستین دەکات. لە بەرامبەردا ڕێژەی کورد لە سەرووی چل ملیۆنەوەیەو هیچ دەوڵەتێکی کوردییش بوونی نیە. بۆیە کورد هیج کات نەیتوانیوە پشتگیریی جیهانی عاڕەبی و ئیسلامی بەدست بهێنێت!
سەرباری ئەو هەموو نابەرابەریەش کورد توانیویەتی خۆی بگرێت و بمێنێتەوە. توانیویەتی سیاسەت بکات، شەڕ بکات، ئاشتی بکات و رێکەوتنیش بکات! کورد هەیە و دەمێنێت سەرباری هەموو خۆخۆرییەکی ناوخۆییش!

حەسەن ڕازانی




شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران!.. حەسەن ڕازانی

ئەمریکاو ئیسرائیل ئەو شەڕەیان لەسەرچی لەگەڵ ئێران دەست پێکرد؟
شەڕ ئامانجی هەیە. کەواتە ئایا ئامانجەکانی ئەو شەرە هاتوونەتەدی؟
ئایا شەڕەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە؟

ململانێی سیاسیی و سەربازیی لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا شتێکی تازە نیەو مێژوویەکی هەیە. کاتێکیش کە ڕێبازی سیاسیی و دیبلۆماسیی شکەست دەهێنێت و ئامانجەکانی بە تەواویی بەدەست ناهێنێت، ئیتر ڕێبازی شەڕو توندو تیژیی دەگیرێتەبەر!
لەو ململانێیەدا ئیسرائیل وەک بەرەی پێشەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت نەک تەنها وەکو پرۆکسیەکی ئەمریکاو بەس! مێژووی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بریتییە لە هەوڵی مانەوەی وەکو تاکەجەمسەری جیهان و تا ڕاددەیەکیش تاکو ئەم دواییانەش ئەمریکا توانیویەتی لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێ!
ئەمریکا زۆر دەمێکە وەک تاکە جەمسەری بەهێزی جیهان مامەڵە لە گەڵ دەوڵەتاندا دەکات بە تایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە!
ئێستا جیهان لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە گۆرانی بەسەردا هاتووە. لە بەرامبەر ئەمریکادا هێزی زۆر کاریگەری تر سەری هەڵداوە بۆ نموونە چین کە بۆتە مۆتەکە بەسەر دڵی کۆمپانیا زەبەلاحە سەرمایەدارییەکانی ئەمریکاوە! چین لە ڕووی ئابووری وسەربازیی و تەکنەلۆژیاوە توانیویەتی بە ئاشکرایی ترس بخاتە ناو هەناوی سیاسەتمەدارە تاک جەمسەر ویستەکانی ئەمەریکاوە!
ئێستا کێشەی سەرەکی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران، لە بنەڕەتدا ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکیی و ئایدۆلۆژیی قووڵە کە بە زەقی لە دوای ١٩٧٩وە کە کۆماری ئیسلامی دامەزرا سەریهەڵداوە. ئەمریکا دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی و بەرژەوەندی و سەقامگیریی هاوپەیمانەکانیشی، کە ئیسرائیل بە پلەی یەکەم دێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت.
ئێران لەو نێوەدا ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم ئەمریکاو ئیسرائیلدا. چونکە ئێستا چین و ڕووسیا بە تایبەتی چین لە ڕووی ئابووریی و سەرمایەو بازارو تەکنەلۆژیاوە خەریکە تەنگ بە ئەمریکا هەڵبچنێت.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پڕە لە سەرچاوەی سرووشتیی بەتابەتی نەوت و گازی شل، کە چین زۆری پێویستن و ئەمریکاش ئاگای لەمە هەیە و دەیەوێت ڕێگریی بۆ چین درووست بکات، بەڵام لەو نێوەدا ئێران ڕێگرە. ئێرانیش لەبەرامبەردا زۆر بە ئاشکرایی دژی هەژموونی ئەمریکایە و هەوڵدەدات نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا فراوان بکاتو وەک تاکە جەمسەریش لە ناوچەکەدا دەربکەوێت!
بەهانە سەرەکیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل کە شەڕیان لەگەڵ ئێراندا دەستپێکردووە هەندێکیان کە بە ئاشکرا باسیان لێوە دەکەن بریتین لە:
ئێران بەرنامەی ئەتۆمی هەیەو چەکی ئەتۆمیی درووست دەکاو لە دژی بەرژەوەندیی و دۆستەکانی ئەمریکا، کە مەبەستی بە پلەی یەکەم لە ئیسرائیلە، بە کار دێنێت!
ئێران بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی هەیەو پەرەی پێدەدات و مووشەکی بالیستیکی درووستکردوون و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا! بە تایبەتی ئیسرائیل ترسی زۆری لە ئێران هەیە.
ئیران بە ئاشکرایی شیعاری مەرگ بۆ ئەمریکای بەرزکردۆتەوە.
ئێران ئەمریکا بە شەیتانی گەورە ناودەبات و هەر بەوپێەش مامەڵە لەگەڵ ئەمریکاو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو دۆستەکانی ئەمریکا بە تایبەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات!
ئەمریکا دەڵێت کە ئێران دەست وەردەداتە نێو کاروباری دەوڵەتەکانی ناوچەکەو لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لە ڕووی سەربازیی و سیاسیی و ئابووریەوە هەنگاوی کرداریی ناوە!
ئێران، بە قسەی ئەمریکاو ئیسرائیل، پاڵپشتیی لە تیرۆرو پشگیریی لە گرروپە تیرۆریستەکان دەکات و گرووپی تیرۆریستیش لە دژی دۆستەکانی ئەمریکا بە تایبەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا درووست دەکات کە ئیسرائیل دەمێکە بەدەست ئەو گرووپانەوە گیری خواردووە!
ئێران نیازی سڕینەوەی ئیسرائیلی هەیە بە تەواوی دیارە لە ڕیگەی ئەو گرووپ و تاقمانەوە کە ئەمریکاو ئیسرائیل بە تیرۆریستیان ناودەبەن.
بۆیە کێشەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران نابێت تەنها وەک کێشەیەکی ئابووری یان سیاسیی ئاسایی چاوی لێبکرێت، بەڵکو ئەو کێشەیە ململانێیە لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان لە ناوچەیەکی هەستیاری وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!

ئەمریکاو ئیسڕائیل وا بۆدووجار دەچێت کە شەڕیان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ڕووی دەریایی و ئاسمانییەوە لە دژی ئێران دەست پێکردووە بە مەبەستی ڕووخاندن یان لابردنی ئەو هەڕەشانەی کە بە هۆی ئێرانەوە دەکرێنە سەر ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا. کە لەو نێوەدا هەندێک لە دەوڵەتەکانی کەنداویش وەک دۆست و پرۆکسی ئەمریکاو ئیسرائیل ناویان دەهینرێت کە ترسیان لە ئێران هەیە!
ئەمریکاو ئیسرائیل لەو شەڕەدا توانییان لە ڕووی سەربازیی و ئابووریەوە زەرەرو زیانێکی زۆر بە ئێران بگەێنن. بۆ نموونە :
هێزی ئاسمانیی و دەریایی ئێرانیان بە تەواوی لە کارخستووە،
توانییان ڕیزی یەکەم و دووەم و سێهەم و تەنانەت چوارەمی فەرماندە هەرێ باڵاکانی هێزی سەربازیی ئێران بکوژن،
توانییان زووربەی هەرێ زۆری زانا ئەتۆمیەکانی ئێران بکوژن،
توانییان بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکیەکەی ئێران لە کاربخەن یان وێران بکەن، توانییان ژێرخانی سەرربازیی و تەکنیکی و تەکنەلۆژیای ئێران لە ناوبەرن یان لەکاری بخەن،
توانییان سەرکردەکانی حەماس و حیزباللە و هەندێکیش لە فەرماندەکانی حوسییەکان بکوژن.
توانییان حەماس لە ناوبەرن و حیزب اللەش بەتەواویی لاواز بکەن.
توانییان گەمارۆی ئابووریی لەسەر ئێران زیاتر بکەن و نەوت و بەرهەمەکانی نەوتیش هەم هاوردەو هەم بردنەدەرەوە لە ئێران ببرن،
توانییان زەرەرو زیانی داخستنی گەرووی هۆرمز، کە ئیران دەڵێت لە ژێر دەسەڵاستی خۆیدایە، بەسەر ئێراندا زیاتر بشکێننەوەو داخستنی ئەو گەرووە لە لایەن ئیرانەوە چەندە زیانی بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەیە ئەوەندەش داخستنەکەی بۆ ئێران خودی خۆی زەرەری هەیە،
توانییان بەشار ئەسەد لابەرن و جۆلانی کە داردەستی خۆیانە بهێننە شوێنی.
زۆر شتی تریش کە ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران کردیان و هێشتاش بەردەوامن بە تایبەتی ئیسرائیل وەستانی نیە .

بەڵام ئێران هێشتا وەک سیستەم و وەک حکومەت و وەک دەوڵەت و وەک هێزی سەربازیی لە ناوخۆ بۆ ڕاگرتنی بارودۆخی ناوەوەی ئیران نەڕووخاوەو هەروا خۆی قایم دەکاتەوە!
ئیران هێشتا وەک ئەمریکا مەرج دادەنێت و لە مەرجە سەرەکیەکانی خۆی واز ناهێنێت! بۆ نموونە گەرووی هوۆرمز دەبێ لە ژێر دەستی ئێراندا بێت،
بەرنامەی ئەتۆمی و بالیستیکی هەر درێژە پێدەدات،
هاوکاری پرۆکسیەکانی لە ناوچەکەدا بە تایبەتی حیزباللەی لوبنان درێژە پێدەدات و هاوکارییان دەکات.
هێشتا ئێران هەڕەشە دەکاتو زیرەکانە دانووستانەکان بەڕێوەدەبات و ڕیکەوتن لە پێناوی ڕیکەوتندا ئەنجامدەدات و مەبەستی سەرەکیشی ڕیکەوتن نیە بەڵک و کات بەدەست هێنانە! کە ئەمەیان ئەمریکا بە قازانجی نیە!
ئێران تاکو ئێستاش هیچ بەڵێنێکی بە ڕاستی نەداوە کە بەرنامە ئەتۆمیەکەی لە ناودەبات و مووشەکی بالیستیکی ناوێت و هاوکاری پرۆکسیەکانی ناکات و گەرووی هۆرمز وازلێدێنێت.
ئێران زۆر بە ناڕوونیی دەچێتە ناو دانووستانەکان و ئاشکرا نیە چی دەکات و چی دەبن سەریەوەیە!
ئێستا ئێران ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە داواکەی خومەینی جێبەجی بکات کە دەیگوت “پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژو رۆژوو فەرزترە!”

بۆیە شەڕ کۆتایی پێنەهاتووە چونکە ئەو ئامانجانەی کە شەریان لە پیناویدا هەڵگیرساندووە هێشتا بە تەواوی بۆ هەردووک لایەنی شەڕەکە نەهاتوونەتەدی، بە تایبەتی بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل و بە تایبەتیتریش بۆ حکومەتە ڕاستڕەوەکەی ئیسرائیل .

ئیسرائیل پێی وایە ئەو لە دەرەوەی ئەو رێکەوتنەدایە!
ناتانیاهۆ،سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،لە ٢٢ی حوزەیران لە کۆبوونەوەیەکی گشتی دا بە ئاشکرا گوتی: ئەگەر ئەمریکا لە شوێنی ئیمە بایە هەمان کاری ئێمەی دەکرد لە دژی حیزب اللە. بۆیە ئیمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاساییشی ئیسڕائیل و خەڵکی خۆمان و ریگە نادەین لە هیج شوێنێکەوە هەڕەشە بکرێتە سەر ئاسایشی ئیسرائیل و خەڵکی ئێمە.
ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ڕۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانیا سووربوونی ئیسرائیلی لە بەردەوامیدان بە شەڕ لە گەڵ حیزباللەدا دووبارەکردەوەو هەروەها بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، سوپاو هێزی سەربازیی ئیسرائیل لە شوینەکانی خۆی لە ناو لوبنان و فەلەستیندا ناکشێتەوە!.
بۆیە بە بڕوای من چاوەکان لە سەر ئەوەن کە شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە . من پێم وایە شەڕەکە کاتێک کۆتایی دێت کە ئێران بەتەواوی ملکەچی داخوازیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل ببیت.. ئەگەر ئێران وا نەکات ئەوا بێ سێودوو دەبێ یان چاوەڕیی شەڕ بکات لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، جا پێی بکرێت یان پێی نەکرێت ئەوە شتێکی ترە، یاخود دەبێ ئێران چاوەڕێی ڕێگایەکی تر بکات کە ئەمریکاو ئیسرائیل دەیگرنە بەر بۆ ڕوخاندنی یەکجارەکی دەسەڵای کۆماری ئیسلامیی لە ئێران!

ئەوەتە ئەمڕۆ ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦سەرۆکی تازەی موسادی ئیسرائیل دەلێت:” دەبێ لە ڕێگەیەکی تر بگەڕێین بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران” واتە شەڕ کۆتایی نەهاتووەو نەهێشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەر مێزی شەڕانگێزیی سیاسەتمەدارانی سەربازیی و سیاسیی ئیسرائیل و و ئەمریکادایە.
ئەوەی کە جێی تێڕامانیشە ئەوەیە کە هێشتا خەڵکی ئێران زۆر باوەڕیان بە ئەمریکاو ئیسرائیل نیەو دەزانن کە هەر ئەمریکاو ڕۆژئاوابوون کە ئەو سیستەمیان بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند!
هەروەها خەڵکی ئێران دەزانن کە ئەمریکاو ئیسرائیل لەبەر خاتری خەڵکی ئێران نیە کە شەڕ بە دژی کۆماری ئاخوندەکان دەکەن، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی خۆیانەو بەرژەوەندی ئەوان و خەڵکی ئێرانیش دوو شتی زۆر لیک جیان.

مێژووی ناوچەکەش ئەوە نیشان دەدات و هەر ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە ئەگەر هەر هێزو دەوڵەت و گرووپێک لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی درووست بکات و ناتەبا بێت، دەبێ باش بزانێت کە جێگەی خۆی لێژدەکات و ناتوانێت دەوام بکات! جا درەنگ بێت یان زوو!.




ئایا بۆ گیان لەدەستدانی غەزال مەولان دەبێ ڕەخنە لە کێ بگرین؟.. حەسەن ڕازانی

سەرەتا من زۆر دڵگرانم بە گیان لەدەستدانی غەزال مەولان. پرسەو سەرخۆشی خۆمان دەنێرین بۆ کەس و کاری غەزال و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەو خێزانەکەی و تەواوی هاوڕێیانی غەزال لە سەنگەری خەباتدا!
مەرگ و نەمان بۆ سیستەمی پەت و سێدارەی ئاخوندو ئایاتوڵڵاکان و تەواوی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی نەتەوە باڵادەستەکان و دیکتاتۆرە ڕەگەزپەرستەکانی ناوچەکە!
چەند سەرنجێک:
بە بڕوای من ڕەخنەی درووست و کاریگەر لەبارەی گیان لەدەستدانی غەزال مەولان ئەو ڕخنەیەیە کە دەبێ ڕاستەوخۆ ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێت!
“دەبێ خەڵک بپرسێت کە ئایا نەخۆشخانە هەیە کە بۆ هەمووان بێت بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو نەتەوە، ئایین و مەزەب، ئایدۆلۆجیاوشتی لەوبابەتە…هتد ئەگەر هەیە بۆچی غەزال گیانی لەدەستداو چارەسەری پزیشکیی نەکرا؟ ئەگەر نەخۆشخانە نیە کە بۆ هەموان بێت ، بۆچی دەبێ نەبێت؟ ئایا حکومەت هەیەو خۆی بە حکومەت دەزانێت؟ ئەگەر هەیە بۆچی نەخۆشخانە بۆ خەڵک نیە؟ بە بڕوای من دەبێ تەواوی ڕەخنەکان ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێن و دەبێ ئەو بکرێتە ئامانج نەک خەڵکێک کە هیچ ڕۆڵێکی پێنەدراوە بێجگە لەوەی کە بێدەنگ و ڕازی بێت بەو بەشەی هەیەتی!”
سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادو یاساکانی ئەو بازاڕە بە جۆرێکی زۆر خەراپ و نا یاسایی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی مڕۆڤ کوردستانی گرتۆتەوە. نەخۆشخانەی بەخشین لە نێو ئەو سیستەمەدایەو بە پێی یاساکانی ئەو سیستەمە کاروبارەکانی ئەنجامدەدات. لە سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادا نەخۆشخانەش، وەک شوێنی فرۆشتنی کەلو پەل بۆ مەبەستی قازانج و سوود، شوێن و هۆی سەرمایەگوزارییە!
کوردستان سەرباری ئەوەی کە لە نێو یاساکانی بازاڕی ئازادو سیستەمی سەرمایەدایە، بەڵام شێوە دەسەڵاتێکی تریش بەسەر ئەو بازاڕەدا زاڵە کە بریتیە لە دەسەڵاتی خێڵ، دەسەڵاتی بنەماڵە، دەسەڵاتی بەرپرس، دەسەڵاتی سەرۆکی حیزب و دەسەڵاتی ئایدۆلۆجیاو دەسەڵاتی ئاین و دەسەڵاتی مەزەب و دەسەڵاتی تەنانەت زمان و زاراوەی جیاش! تەنانەت شوێنی نیستەجێبوونیش ڕۆڵی هەیە.! غەزال بووە قوربانی نێو ئەو هەموو دەسەڵاتانە! نەخۆشخانەی (بەخشین) لەو چوار چێوەیەدایەو هی خەڵک نیە بەڵک و سەر بە ئایدۆلۆجیایەکە یان سەر بە بەرپرسێکە یاخود سەر بە حیزبێکی سیاسییەو ئایدیدۆلۆجیایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە ڕیگەی پێنادات هاوکاری کەسانی وەک غەزال بکات!
بە بڕوای من نابێ ئەو ئیسلامە سیاسییەی کە بەرژەوەندی سیاسییانەی لە نێوخۆ گرتووە تێکەڵاوبکرێت و یەکسان بکرێت بەو ئیسلامەی کە باب و باپیرانمان هەیانبووەو ئێمەمانیان لەسەر پەروەردەکردووە لە رووی ئاینیی و مەزەبییەوە. مردن و گیان لەدەستدانی غەزال خەتای نە موسڵمانان و نە خەتای ئایینی ئیسلامیشە.. نەخۆشخانەیەک یان مزگەوتێک ئامادە نەبوون کە هاوکار بن ناکاتە ئەوەی ئیسلام و موسڵمانان تێوەبگلێنین. دەبێ موسڵمانە سیاستەبازو بەرژەوەندی خوازەکان و ئەوانەی کە ئایینی ئیسلامیان خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندیە سیاسییەکانیان تێوەبگلێنین وبیانکەینە ئامانج نەک خەڵکی موسڵمان!

دیدگاو تێڕوانینی کوردانەو نیشتیمانپەروەرانە کە لەبەرژەوەندی تەواوی کوردا بێت و بمانەوێت ٢+٢ یەکسان نەبێ بە ٤ بەڵک و یەکسان بێت بە ١، دەبێ ڕەخنە لە یەکتری نەگرین! چونکە خەڵک بێتاوانە!. ئەوە حیزبی سیاسییە کە خەڵک پەروەردە دەکاو بەرەو ئەملاوئەولای دەباو لە کوردایەتی ڕەسەن و جوان و لە هەستی مرۆڤایەتی دووری دەخاتەوەو دەیکاتە ئامڕازێکی ئایینی و مەزەبیی یان ئایدۆجیی!
بە بڕوای من درووست نیە، دیارە مەبەستم لە دیدو بەرژەوەندی کوردایەتییەوەیە، کە بێین گلەیی لە خەڵکی سلێمانی بکەین کە غەزال گیانی لەدەستدا بەڵک و دەبێ ڕەخنە لە دەسەڵات یان ئەو حکومەتە بگرین کە فەرمانڕەوایە لە سلێمانی! ئەگەر وا نەکەین ئەوا ڕێک سیاسەتەکانی دوژمنانی کورد جێبەجێ دەکەین! ئیتر ٢+٢ نەک هەر ناکاتە ٤ بەڵک و زیادیش دەبێت و دەڕوا بەرەو پێنج!

بە بڕوای من ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبی سیاسیی لێگەڕێن خەڵکی کوردستان هەمیشە یەکگرتوو بووەو یەکتری خۆشویستووەو بە هانای یەکترەوە چوەو هیچ سنوورێکی سسیاسیی و جوگرافیی نەیتوانیوە کوردان لەو ئاکارە جوانە کوردانەیەو لە هەڵوێستی مڕۆڤایەتیی بوەستێنێت!
ئەمەی کە ڕووی داوە بۆ گیان لەدەستدانی غەزال، هیچ گومانی تێدانیە کە هۆکارە سەرەکیەکە نەخۆشخانەی بەخشین نیە بەڵک وئەوە حکومەتە کە لێی بەرپرسیارە جا یان زەردەکەیە یان سەوزەکەیەو یان هەردووکیانن بە یەکەوە، ئەگینا نابێ کەسیتر بکرێتە ئامانج!
ئەدی پێم ناڵێن ئەو دوو حکومەتە زەردو سەوزەی ئەودیواودیوی دێگەڵە ئیشیان چیەو بۆچی بوونەتە حکومەت؟




شەڕ بەردەوامەو پێشبینی کۆتایی هاتنی شەڕیش پەیوەستە بە بەدیهاتنی ئامانجەکانی شەڕ!.. حەسەن ڕازانی

بە دەیان ساڵە شەڕ بەردەوامەو نەوەستاوە. لە شوێنێک وەک تاکتیک شەڕ ڕاگیراوەو لە شوێنێکی تر وەک تاکتیک و بەرژەوەندی دەستپێکراوەتەوە. ئامانجیش لەو شەڕانە یەک ئامانجە، کە کورتیەکەی بریتیە لە فراوانخوازیی لە رووی هەژموونی ئابوورییەوە، بەرژەوەندی ئابووریی و کەڵەکە کردنی سەرمایەو پاراستن و وەدەستهێنانی بازاڕی سەرمایەگوزاریە بۆ سیستەمی سەرمایە!
بەهانەکان لە وینەی دێموکراسیی و سەربەخۆیی و ئایین و مەزەب و ڕەگەزو ڕەنگ و …هتد تەنها بەهانەو تاکتیکی گەییشتنن بەو ئامانجە سەرەکیە بۆ ئیدامە پێدانی سیستەمی سەرماداریی جیهانیی! جا ئەگەر بابەتی ڕۆژهەڵاتیی و ڕۆژئاوایی و بەرامبەرکێی ئایین و کەلتوورەکان دەهێنرێتە بەرباس، دڵنیا بن کە هیچ نیە بێجگە لە پێشبڕکێی نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداریی جیهانیی لە نێوخۆیاندا بۆ هەڵلووشینی یەکتر! شەڕ شەڕی نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانە نەک شەڕی نەتەوەکان و کەلتوورەکان و ئاین و مەزب و ڕەگەزەکان. بە سەرکەوتنی کۆمپانیایەکی سەرمایەداریی بەسەر کۆمپانیایەکی تری سەرمایەدارییدا، جا با شوێن و ئایین و مەزەب و نەتەوەو ڕەگەزیشیان جیاواز بێت، هیچ لە ژیانی خەڵکی بەشمەینەت ناگۆڕێت!
شەڕی نێوان ئەمریکاو ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران دەچێتە نێو هەمان چوارچێوەوە کە لەسەرەوە باسمان کرد. ئەو شەڕە ئەمرۆ دەستی پێنەکردووە بەڵک و بە ناڕاستەوخۆیی پێش هێرشی حەماس، وەک پرۆکسی ڕاستەوخۆی ئێران، بۆ سەر ئیسڕائیل و بە ڕاستەوخۆییش لە ئۆکتۆبەری ٧ی ٢٠٢٣ وە دەست پێدەکات کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هەر لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، من لە زنجیرە نووسینێکمدا لە ژێر ناوی “شەڕ بەردەوامەو بەردەوامیش دەبی تاکو ئامانجەکانی شەڕ دەهێنرێنەدی!” بە ڕوونی ئەو کات گوتوومە کە شەڕ بەردەوام دەبێ تاکو ئامانجەکەی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکا بە تەواوی دەهێنرێتە دی، کە بریتیە لە کۆتایی پێهینانی دەستی چین و ڕوسیا لە ناوچەکەدا بە پلەی یەکەم و بە پلەی دووەمیش بریتیە لە دابینکردنی ئاساییشی دەوڵەتی عیبڕی ئیسرائیل کە وەک بەرەی پێشەوەی ناتۆیە لە ناوچەکەدا!
جا لەو پێناوەدا کێ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت ئەوە شتێکی ترە. بەڵام ئێران بەربەستی سەرەکیی بەدیهاتنی ئەو ئامانجەی ناتۆ بوو. ئێران هەم هەڕەشە بوو بۆ سەر ئیسڕائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو هەمیش پرۆکسیەکی ڕاستەوخۆو بەهێزی چین و ڕوسیایە لە ناوچەکەدا!
جا بۆ ئەوەی ئێران بکرێتە ئامانج دەبوایە لە پێشدا پرۆکسیەکانی ئێران لە وێنەی حەماس و حوسیەکان و بەشار ئەسەدو حیزب اللەی لوبنانی و حیزبەکانی دیوی عێڕاق کە سەر بە ئێرانن کۆتاییان پیبهێنرێت، ئینجا ڕووبکەنە ئێران بۆ ئەوەی بە ئاسانیی کارەکەیان بۆ مەیسەر ببێت. چونکە بێ کۆتایی هاتنی پڕۆکسیەکانی چین و ڕوسیا لە ناوچەکەدا، کە ئێران لە پێشەوەی ئەو پڕۆکسیانەدایە، ناتوانرێت کۆتایی بە دەستی چین و ڕوسیا بهێنرێت لە ناوچەکەدا، هەروەها بێ کۆتایی هینان بە پڕۆکسیەکانی ئێرانیش لە ناوچەکەدا ناتوانرێت دەست بۆ ئێران ببرێت. چونکە ئێران ئاسان نیەو بە ئاسانیی ناتوانرێت لە ناو ببرێت!. تکایە بگەرێنەوە بۆ نووسینەکانی پێشووم لەوبارەوە کە من چۆن لەوبارەوە پێشبینیم کردووە!
ئێستا ئێمە نابێ فۆکەس بخەینە سەر ئەوەی کە ئەمریکا ڕیسوا بووە یان نا، ئەوروپا لەگەڵیدایە یان نا، چونکە ئەمریکاو ناتۆ لە ڕیسوابوون ناترسن لە پێناو گەییشتن بە ئامانجە ئابووریەکانیان. زووربەی دەوڵەتەکانی ناتۆش ئەگەر بە ئاشکراش لە گەڵ ئەمریکا نەبن، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ژێرەوە لە گەڵ ئەمریکاو ئامانجەکانی ئەمریکادان لە ناوچەکەدا! جا بۆیە لێرەدا دەبێ بڵێین کە ئایا ناوچەکە و ژێرخانی ناوچەکە وێران بووە یان نا؟ ئایا خەڵکی ناوچەکە ئێستا نەگەییشتۆتە لێواری ئەوەی کە بە سیستەم و فەرمانڕەوایی شەیتانیش ڕازی ببێت و بەس بۆ ئەوەی شەڕ کۆتایی بێت و لە دیکتاتۆرێک ڕزگارییان ببیت بۆ ئەوەی دیکتاتۆرێکی تر بێت؟ ئایا چەند سیستەمی سیاسیی و سەربازیی ماون لە ناوچەکەدا کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گەل ئەمریکاو ئیسرائیلدا نەبن؟ ئایا لە کوێداو کەنگێ دەوڵەتێکی جیهانی عاڕەبی و ئیسلامی توانیویەتی لە دژایەتی کردنی ناتۆو ئەمریاکدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت؟
ئەو شەڕانەش کە ئەمریکا سەپاندوونی لە سەرتاسەری جیهاندا، بەشی زۆری تێچووەکەیان لە سەر شانی سیستەمە سیاسیی و سەربازیەکانی ناوچەکەیەو ئەمەش ڕاستەوخۆ بە زیانی خەڵکی ناوچەکە شکاوەتەوە!
دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازی ئێستای ئاخوندەکان لە پێشنیارەکەی خومەینی لایداوە کە دەیگوت ” پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژو ڕۆژوو واجبترە” ئێران ناتوانێت بۆ هەتا هەتایێ دژی ئەمریکاو ئیسڕائیل بێت. ئێران بەو موکورییەی خۆی لە سەر دوژمنایەتی ئیسڕائیل و ئەمریکا سەری خۆی و کۆماری ئیسلامی دەخوات. ئێران دەیتوانی شەڕ دەستپینەکات و واز لە کۆتایی هینان بە ئیسڕائیل بهێنێت کە دیارە هەرگیز ناتوانێت ئەو ئامانجەی بهێنێتەدی! سەدام و قەزافی و جمال عەبدولناسر هەمان قسەی ئێرانیان دەکردو ئەوەش چارەنووسەکەیان بوو کە هەموومان دەیزانین.
ئەو سیستەمانەی جیهانی عاڕەبی و ئیسلامی تەنها بۆ خەڵکی خۆیان ئازان و تەواوی هێزی سەربازیی و پۆلیسیی هەیانە لەبۆ سەرکوتی خەڵکی خۆیان لەناوەوەدا بەکاردێنن! بەڵام کە دێتە سەر شەڕ لە گەڵ ناتۆو ئەمریکا، ئەوە مێژوەکەیان لە دوێنی و لە ئەمڕۆدا دیارە کە چیان بەسەرخۆیان و میللەتەکەیاندا هیناوە!
ئیسرائیل بە کرداریی لە نێو جەرگەی شەڕی مان و نەماندایە، هەردووک جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی هەرشەی لەناوبردن و سڕینەوەی ئیسڕائیل لە سەر نەخشە دەکەن و دەورەیان داوە! جیهانی عاڕەبیی بە پشتیوانی جیهانی ئیسلامیی چەندین جار شەڕی لە گەڵ ئیسڕائیل دەستپێکردووەو ئەنجامەکەش دۆڕانی جیهانی عاڕەبیی بووە! کە دۆڕاویشە هەمیشە بە سەرکەوتوو خۆی نیشان داوە. ئەمەش کێشەیەکی دەروونیی گەورەیە لە نێو سیاسەتمەدارانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامییدا!
جا من وای دەبینم، کە ئێران تەنها دوو چارەی لەبەردەمدایە بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەویش: یەکەم وازهینانیەتی لە شیعاری لەناوبردنی ئیسرائیل و وازهینانیەتی لە دژایەتی کردنی ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا! ئەگەر وا نەکا دەبێ خۆی بۆ چارەی دووەم ئامادە بکات کە ئەویش بریتییە لە مامەڵەو هەڵوێستی ئەمریکاو ئیسڕئیلە لەبەرامبەر ئێران دا! بۆیە من وای دەبینم کە دەبێ ئیران خۆی بۆ شەڕی درێژخایەن، گەرم یان سارد، لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل ئامادە بکا ت، ئەوەش هەموومان دەیزانین کە ئێران و سیستەمی ئاخوندەکان بەرەو چ هەڵدێرێک دەبات!

دەربارەی پێشبینیکردنی کۆتایی شەڕیش من پێم وایە کە هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە شیکردنەوەی تەواوو ڕەهایان هەیە، پلان و سیاسەتی سیاسەتمەدارانی گەورەی جیهانی دەردەخەن یان خۆیان وا نیشان دەدەن کە وەکو شەڕە کەوچکیان کردبێت لە کاتی نان خواردندا لە گەڵ سیاسەتمەدارەکانی ناتۆو ئەمریکاو چین و ڕوسیادا کە وا خۆ دەردەخەن هەموو شتیکیان لێدەزانن ، من پێم وایە هیچ نیە بێجگە لە ڕای تایبەتی خۆیان. ئەو بۆچوون و تێڕوانینەی منیش دەچێتە نێو هەمان چوارچێوەی ڕاو تێڕوانینی تایبەتەوە! چونکە من پیم وایە لە سیاسەتدا ڕوونیی و ئاشکرایی بە تەواوی بوونی نیەو نابێ بە جۆرێکیش بێت کە خێرا بزانرێت چۆن هەنگاو دەنرێت! من پێم وایە لە سیاسەتدا ڕا گۆرین و پەشیمانبوونەوە کاریکی نۆڕماڵە! لەو نێوەدا پاراستنی بەرژەوەندیە کەسیی و سیاسیی و نەتەوەیی و ڕەگەزیی و ئابووریی و ئایینیی و مەزەبیەکانیش کاریکی نۆڕماڵەو هەموو ئەوانەش ڕۆڵیان هەیە لە جێگیربوون و نەبوونی ڕای سیاسیی لە شەڕو ئاشتیدا. بۆیە نابێ چاوەڕێ بین بۆ پێشبینیکردنی تەواوەتی لە سیاسەتی سیاسەتمەداراندا!
کەواتە: شەڕ بەردەوام بووەو بەردەوامیش دەبێ تاکو ئامانجەکانی شەڕ بەدەست دەهێنرین. جا با لە شوێنێک شەڕ بوەستێ بەڵام لە شوێنێکی تر دەست پێدەکاتەوە!

!




بۆچی ئەمریکا لە ئێران دەدات؟.. حەسەن ڕازانی

بەهانەکان وەک کە باسیان لێوە دەکەن:
ئێران چەکی ئەتۆمیی هەیە یان درووستی دەکات، یان یورانیوم دەپیتینێ و بۆچەکی ئەتۆمیی ئامادەی دەکات!
ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمە!
بەڵام:
ئایا ئەوە ئێران بوو بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان درووست کرد؟
ئایا ئەوە ئێران بوو داعشی درووستکردو بەریدایە گیانی خەڵکی سوریاو ئێراق؟
ئایا ئەوە ئێران بوو کە گروپە تیرۆریستە ئیسلامیە سوننە تونڕەوەکانی لە نێو سوریادا درووستکردن و بە چەکی قورس تەیاری کردن و ناوی لێنان بەرەی ئۆپۆسزیۆن و گوایە لە دژی رژێمەکەی ئەسەد دەجەنگان بەڵام کاری تریان پێدەسپێررا؟
ئایا ئەوە ئێرانە کە لە هەرچوار لای دنیاوە بۆ جیهاد لە دژی خەڵکی ئێراق و سوریا تیرۆریستی تێڕا دێنە ناو سوریاو ئێراقەوە؟
ئایا چیچانیی و ئوغوریەکانی چین لە ئێرانەوە دێنە ناو سوریاو ئێراق یان لە تورکیای ئەندامی ناتۆوە؟
ئایا ئەبو محمد جۆلانی،
گەورە تیرۆریستی جیهانی،
بە پاڵپشتی ئێرانیی،
بووە سەرۆکی سوریاو گەلانی؟

دوێنێ چل ملیۆنتان دەدا،
لەبۆ سەری جۆلانی،
ئێستاس ڕاناوەستن،
لە سەناو پێدا هەڵدانی!
چەندین نموونەی تر هەن و چەندین گرووپی تیرۆریستی تر هەن کە بە هەر چوار لای دنیادا بڵاوکراونەتەوەو بەردراونەتە گیانی خەڵکی سیڤیل و هەر هەمووشیان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سەرچاوەی بژێویی و پڕچەک کردنی ئەو گرووپانەن نەک ئێران!
ئەمریکا خۆی بۆ خۆی، خۆی کردۆتە پۆلیسی جیهان نەک ئێران!
من بەرگریی لە ئێران ناکەم و پێشم وایە و بە بەڵگەش سەلماوە کە سیستەمی ئاخوندیی سیستەمێکی دژە ئینسانیی و بە ڕژیمی پەت و سێدارەش ناسراوە. بە زەبری سەرکوت و سێدارەو برسیکردن بە دەیان ساڵە خۆی سەپاندووە!
بەڵام ئەمریکا لە ئێران نادات چونکە ئێران لە گەڵ کورد خەراپە، یان لە گەڵ گەلانی ئێران خەراپە، یان چونکە سیستەمی ئاخوندەکان سیستەمێکی دێموکراسی و ئینسانیی نیە، یان لە بەر ئەوەی سیستەمی ئێران سیستەمێکی عیلمانی نیە، بەڵک و ئەمریکا لە ئێران دەدات چونکا بە کورتی و کرمانجی ئێران ناچێتە ژێرباری داخوازیەکانی ئەمریکا!
ئەم بۆچوونەی من دیسان ڕاستە بۆ ڕژێمەکانی سوریاو ئێراق و یەمەن و سۆدان و میسرو لیبیاو تونس و تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە لە بەناو بەهاری عارەبیدا سەرەونگوون کران و ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا هەریەکەی بەهانەیەکی لێدۆزینەوە. من پێم وایە ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی بەهاری عارەبیی وەک پێویست ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ئەدایان ڕازی بوانایە هەرگیز ڕۆژیان نەدەگەیی بە ئەمڕۆ!
بۆ نموونە ئەمریکاو هاوپەیمان و هاوئاوازەکانی سەدامیان نەڕوخاند چونکە سەدام لە گەڵ کوردو گەلی ئێراق خەراپ بوو، یان سەدام چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو، یان کیمیاوی بەکار هێنا لە دژی کوردان،. بەڵکو لە سەر شتیتر سەدامیان ڕوخاند کە دوروو نزیک پەیوەندی نەبوو بەوهۆیانەی کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسیان لێوەدەکردن!
هۆیەکانیش تەنها بەهانە بوون و هیجی تر! بەهانە بوون بۆ ئەوەی هەم خەڵکی ئەو وڵاتە ڕەکێش بکەنە ناو سوپاکەی خۆیان و هەمیش شەرعیەتێکی نێو دەوڵەتی، کە هەر خۆشیان بەرپرسی ئەو شەرعیەتەن، بدەنە هێرش و پەلامارو وێرانکاریەکانیان.
من دیسان دەیڵێمەوە هەموو ئەو ڕژێمانەی کە لە بەهاری عارەبییدا ڕووخێنران و ئەوانەی کە ئێستا لەسەر کارن، هیچیان دووروو نزیک پەیوەندییان بە خەڵکەوە نیەو هەموویان دژە خەڵکن یان دیکتاتۆر بوون یان ئێستا دیکتاتۆرن!
بەڵام میژوو سەلماندوویەتی ناتۆ بە سەرپرشتی ئەمریکا دژی دیکتاتۆریەت نیە لە جیهانی عارەبیی و ئیسلامییدا، بەڵک و دژی ئەو سیستەمەیە کە لە گەڵ ئەمریکا نەبێت.
تۆ لەگەڵ ئەمریکا بە ئیتر کوڕی باشیت و عەیبت نیە ئەگینا تۆ تیرۆریستیت!
تکایە بە وردی دیقەت لە ناوچەکەو رژێمەکانی ناوچەکە بدەن بۆتان دەردەکەوێت کە ئەم قسەیەی من ڕاستە!
تێبینی: تکایە ناوەڕۆکی ئەو بابەتەی منه وا لێکمەدەنەوە کە من پێم ناخۆشە ڕژێمی ئێران بڕتووخێت، یان من دژی سەربەخۆیی کوردم. بەڵکو ئەوەیە کە من نامەوێت ڕژێمێکی دیکتاتۆر بڕوخێنرێت و یەکێکیتر لە خۆی خەراپتر بهێنرێت! من دژی شەڕو وێرانییم کە مەبەستی تەنها وێرانیی و شەڕە لە بەرژەوەندی بازرگانانی شەڕ یا لە بەرژەوەندی جیهانی سەرمایەو کۆمپانیاکانی چەک و شەڕە!

حەسەن ڕازانی




کوشتنی خامنەئی هەرگیز نابێتە چارەی کۆتایی بۆ گەلانی ئێران!.. حەسەن ڕازانی

چەند سەرنجێک

بەبێ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانییدا لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە، کوشتن و ئاڵو گۆڕپێکردنی بەهلەوی بە خومەینی و ئەوانیش جاریکی تر گۆرینەوەیان بە ڕەزا پەهلەوی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگۆرێت!
ئەگەر گەلانی ئێران وابزانن بە کوشتنی خامنەئی و سەدان بکوژی تر لە ئاخوندە خوێنڕێژەکانی ویلایەتی فەقیه ڕزگارییان دەبێ لە چەوسانەوەو ژیانی ناخۆش بە دڵنیاییەوە هەڵەیەکی گەورەیەو بۆچوونێکی بازاڕانەیە.
پێش سیستەمی ویلایەتی فەقیە، گەلانی ئێران لە ژێر ناوی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بە دەیان هەزار قوربانییان دا تاکو سیستەمی شاهنشاهییان ڕووخاند، بەڵام لە پشتی ئەوانەوە سیستەمی ئاخوندیی بە ڕیبەڕایەتی خومەینی و بە پاسەوانیەتی ناتۆ بەسەر گەلانی ئێراندا سەپینرا.
ئێستا ئەگەر گەلانی ئێران وریا نەبن و دیسان بە دەهۆڵی ناتۆ بێنە سەر شەقامەکان و قوربانی بدەن و خۆیان بەکوشتبدەن و هیچ جێگرەوەیان نەبێ بۆ سیستەمی ئاخوندیی، ئەوا بە دڵنیاییەوە جارێکی تر مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوەو لەوانەیە بەهلەویەکان بینەوە سەر حوکم.
لابردن و ڕوخاندنی سیستەمەکان نابێت ببێتە ئامانج ئەگەر جێگرەوە لە لایەن خەڵکەوە ئامادە نەکرابێت.
بەهاری عاڕەبی و تەواوی ڕووداوەکانی ئەم دوایانە لە ناوچەکەدا دەیسەلمێنن کە خەڵک تەنها دەکرێتە سوتەمەنیی و بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە دوای سەدان هەزار لە قوربانیی و ماڵوێرانیی لە لایەن خەڵکی سوریاوە، ئێستا ناتۆ سیستەمی داعشیانەی بە سەرکردایەتی جۆلانی، کە پەروەردەی دەستی خۆیانە، بەسەر گەلانی سوریادا سەپاندووە.
من گەلانی ناوچەکە دڵنیا دەکەم کە زلهێزەکان هەتا بۆیان بکرێت ناهێڵن و نایانەوێت لەو ناوچەیەدا سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی کەخەڵک لێی ڕازی بێت دابمەزرێت. زلهێزە چاوچنۆکە دۆلار مەبدەئیەکان دەیانەوێت ئەو ناوچەیەو جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی بەم شێوەیە پڕ لە کێشەی چارەسەرنەکراو بمێنێتەوە. هەمیشە پاڵپشتیی لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن.
زلهێزە دۆلار مەبدەئیەکان، بە واتایەکی تر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداریی جیهانیی، سیستەمێکی داعشییان پێباشترە لە سیستەمیکی دێموکڕاسی کە خەڵک لیی ڕازی بێت. بە نموونە سیستەمی کوردەکانی ڕۆژئاوایان نەگەرەکە بەڵک و سیستەمەکەی داعش جۆلانییان گەرەکە.
زلهێزەکان دەیانەوێت هەر حوکومەتێک و سیستەمێک لەو ناوچەیەدا دابمەزرێت دەبێ لەگەڵ ئەواندا بێت و لەبەرژەوەندی ئەواندا وەڵات بەڕێوەبەرێت. ئەگەر وا نەکات ناتوانێت دەوام بکات و هەزارویەک بەهانەی پێدەگرن. مێژوو بەڵگەی زۆرمان لەوبارەوە دەداتێ.
زلهێزەکان دەیانەوێت خەڵکی ئەو دەڤەرە بە بەردەوامیی ناچار بە ڕاکردن ببن لەدەستی رژێمەکانیان.
زلهێزەکانی رۆژئاواو ئەوروپا نایانەوێت سیستەمیک لە وێنەی سیستەمەکەی ئەوان لەو ناوچەیەدا هەبێ. ئەگەر هەبێ، ئەوکات جیاوازی نابێت لە نێوانی فەرەنساو عێڕاق دا. ئەوکاتە لەوانەیە خەڵکی فەرەنسا بیەوێت بێت لە عێڕاق بژیت. ئەوان دەیانەوێت جیاوازی هەبێ و هەمیشە خەڵکی عێڕاق بیەوێت ڕابکات و بچێت لە فەرەنسا بژیت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە ئەمەش وەکو فاکت وایە و سەلمێنراوە کە:
ئەگەر گەلانی ناوچەکە بۆخۆیان سیستەمیکی دیموکراسیی و سێکیولاریی دانەمەزرێنن و خۆیان جێگرەوە نەهێنن ئەوا بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
ئەگەر گەلانی ناوچەکە گرنگی بە زانست و تەکنەلۆجیاو سیستەمی حوکمڕانیی نەدەن و گرنگیی بە عەدالەتی کۆمەڵایەتیی نەدەن، ئەوا شیعاری بریقەداری ئایینیی و مەزەبیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ڕەگەزیی و خێڵەکیی و ناوچەیی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگؤرێت و خەڵک لە برسیەتی و نەهامەتی ڕزگارناکات.
ئەوەتە بۆ نموونە ڕژێمەکانی ناوچەکە ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکەن بۆ کاروباری سەربازیی بەڵام لەبەرامبەر هێرشێکی ئەمەریکاو ئیسڕائیلدا ناتوانن هیچ بکەن. (خامنەئی)یش نەیتوانی نە لە حەوزەی پیرۆزی قومدا، نە لە مەرقەدی ئیمام کازم و ئیمام عەلی و حوسین و حەسەن و عەباسی سەرگەرم دا خۆی بپارێزێت لە مووشەکی کافرە ئیسرائیلیی و ئەمەریکیەکان.

حەسەن ڕازانی




ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هەنگاوی پێدەنرێت!-2- حەسەن ڕازانی

هەندیک فاکت و ڕاستیی..

بەشی دووەم:
کورد کراوەتە ئامانج و لە ناوجەرگەی ململانێکاندایە!

با خۆمان لە واقیعەکەو لە ڕاستیی مێژوویی لانەدەین، چونکە مێژووی ئەو ناوچەیە نیشانی دەدا کە گۆڕانکارییە سیاسیی و سەربازییەکان جۆن ڕوویان داوە لەو ناوچەیەداو چۆنیش درێژەیان پێدراوە! هەر لەسەر ئەو مەبنایەش گۆڕانکاریی سبەینی ڕوودەدەن ئەگەر دیدگای کورد لە ڕووی ئایینی و سیاسیی و نەتەوەییەوە گۆڕانی بەسەردا نەیەت!
جا مادام کورد لە نێو چەندین نەتەوەو کەلتوورو بیرکەدنەوەی جیاوازدا ژیان بەسەردەباو بەسەریاندا دابەشکراوە، نابێت پێناسی نەتەوەییبوونی خۆی و کەلتوورو زمان و خاک و ئاوی بکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی کەلتورو زمان و شوناسی نەتەوەو ڕەگەزەکانی تر لە ناوچەکەدا. دەبێ کورد فێری نەخەیر ببێ و( نا)یەکەی مەزڵوم عەبدی بە ڕووی دوژمنانی کوردا بکاتە چەقی پاراستنی شوناس و نەتەوەییبوونی خۆی! چونکە کورد بە بەراورد بە ڕەگەزو زمان و نەتەوەکانی تری ناوچەکە لە هەموویان ئەگەر ڕەسەنتر و مێژوویی تر نەبێ لە ناوچەکەدا کەمنتر نیە.
دژایەتی ڕۆژئاواو ئیستیعماری رۆژئاوایی و جولەکەو ئیسڕائیل لە لایەکەوەو نزیکایەتیش لە بەرەی ڕوسیاو بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبەکان و خەمی زۆرییش بۆ کێشەی فەلەستین و فەلەستینیەکان، کوردی لە هەردووک بەران کردووە و وای لێهاتووە ئەو بەرەیەی کە کورد لە پێناویدا قوربانیی بۆ داوە، وا ئێستا هەر بەدەست ئەو بەرەیەوە دەناڵێنێت.
شەقامی کوردیی خەتای نەبوون بە دەوڵەت دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتانی زلهێزی رۆژئاوایی بە گشتی و لە نێویاندا ئەمەریکاو بەریتانیاو فەرەنسایە.
بەڵگەی شەقامی کورد بۆ ئەو بۆچوونە بریتیە لە چەندین جار فێڵ و پاشقولی ئەو دەوڵەتانەیە لە کوردو ئیتیفاقیەی ژێر بە ژێریانە لە گەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تورکیاو ئێران و عێڕاق و سوریا. ئەو ئیتیفاقیانەو فێڵ و تەڵەکانەی ئەو زلهێزانە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نێگەتیڤانەی بە ڕاستەوخۆیی لە سەر کورد هەبووە، بەڵام، بە بڕوای من، ئەمەیان نەک هەر وەک بەهانە وایە، بەڵک و ڕاکردن و شانی خۆ خاڵیکردنەوەشە لە بەرپرسیاریەتی مێژوویی! ڕاکردنە لەو ڕۆڵە مێژووییەی کە کورد خۆی هەیبووە !
تورک نەتەوەییبوونی خۆی گەیاندە لوتکەی سەڵتەنەت و دەسەڵات بەهۆی ئایینی ئیسلامەوە!
تورکەکان لە بواری بەکارهێنانی ئیسلام لە بەرژەوەندی نەتەوەیی تورک دا زۆر لێزان و کارامە بوون. تورکەکان بە هۆی بە کارهێنانی ئیسلام لەبۆ بەرژەوەندی خۆیان، توانییان لە ژێر ناوی خەلافەتی عوسمانی دا تەواوی ناوچەی ڕۆژەهەڵات و باکوری ئەفریقاش، بێجگە لە مەغریب، بۆ ماوەی زیاتر لە شەش سەد ساڵ بخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، هەر بەوەندەشەوە نەوەستان بەڵکو لە دەوروبەری ساڵی ١٣٤٥ز دا لە لای بەڵقانەوە خۆیان کرد بە ناو ئەوروپادا. جا ئەگەر تورکەکان ڕووبەڕووی بەرەنگاریی سوپای هەنگاریاو سیربیەکان نەبووبانایەتەوەو تووشی شکەست و پاشەکشە نەکرابانایە، ئەوا ئێستا دوور نەبوو کە تەواوی ئەوروپیەکان هەر وەکو وەک و کوردەکان کە لە ژێر دەستی تورکەکاندا بوونایە . ئینجا عوسمانیەکان ڕوویان کردەوە لایەکی تری ئەوروپاو لە ساڵی ١٤٥٣ ز دا بە تەواوی دەستیا گرت بە سەر شاری کۆنستەنتینپۆڵ، ئەستەمبوڵی ئێستا، کە ئەو شارە بۆ ئەوروپا وەک شادەمار وابوو. تورک وازی لە داگیرکردنی ئەوروپا نەهێناو ئەوجارەیان لە لای ڤێنناوە سوپایەکی زەبەلاحی بە سەرپەرشی قەرە موستەفا لە ساڵی ١٥٢٩ی ز ناردە سەر ڤێنناو گەمارۆی دا و ڤێننا لە ژێر گەمارۆی تورکە عوسمانیەکاندا مایەوە تاکو ساڵی١٦٨٣ی ز. دوای ئەو هەموو ماوەیە ئینجا لە ساڵی ١٦٨٣ز ئەڵمانیاو پۆڵۆنیا و نەمسا بە هێزیکی سەربازیەوە هێرشیان کردە سەر سوپاکەی خەلافەتی عوسمانی و ناچار بە پاشەکشەیان کرد. جا تۆ وەرە دیقەتێ بدەرێ کە تورک بە ژمارە ئەو کات نیوەی ژمارەی دانیشتوانی کورد نەدەبوون. بەڵام بە بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام لە بەرژەوەندی خۆیان دا نەک هەر دەوڵەتیان دامەزراند بۆ نەتەوەکەیان بەڵک و لەوەش زیاتر واوەتر ڕۆییشتن. کورد بوونە خزمەتکاری ئایینی ئیسلام و پەرەیان بەئایینەکەداو لە ژێر سەڵتەنەتی تورکەکاندا خۆیان و نەتەوەکەیان کردە قوربانی دەسەڵاتی تورکەکان لە ناوچەکەدا. کورد لە بۆ سەفەویە فارسەکانیش درێغی نەکرد. موسڵمانبوونی کورد لەو بوارەدا پێچەوانەی تورک و عەڕەب و فارس بووە.
تورکەکان لە ژێر ناوی خەلافەتی سوڵتانەکانی تورکە عوسمانیەکاندا هەر لە زووەوە دەستیان لە دابەشکردنی کوردو خاکەکەی نەپاراستووە. ئەوەتە ئەوان لە گەڵ سەفەویەکاندا لە ساڵی ١٥٥٥ی ز دا موعاهەدەیەکیان بەست بە ناوی موعاهەدەی ئەماسیا . هەر لەو ساڵەدا دەستیان کرد بە دابەشکردنی کورد بە خاک و ئاوییەوە لە نێوانی خۆیاندا…واتە دابەشکردن و جەزرەبەدانی کورد لەوڕۆوە دەستی پێنەکردووەو بەریتانیاو فەرەنسا یەکەم کەس نەبوون کە کوردیان دابەشکردبێت بەڵک و ئەوە یەکەم جار برا موسڵمانەکانی کورد خۆیان بوون ئاهوایان لە کوردە موسڵمانەکەی بە ناو برایان کردووە.
خەلافەتی عوسمانی بەرەو لاوازیی براو نەخۆش کەوت. تا وای لێهات لە ساڵی ١٩٢٢ دا بە تەواوی فاتیحایان بۆ خوێند.
دوای نەمانی ئەو خەلافەتە تورکەکان لە ساڵی ١٩٢٣ دا دەستبەجێ دەوڵەتێکی بەناو سیکولاریان بۆ خۆیان درووستکردەوە، خێڵە عارەبەکانی ناوچەکەش هەر یەکەیان دەوڵەتێکی لە لایەن ئنگلیزەوە یان لە لایەن فەرەنسیەکانەوە بۆ درووستکرا. بەڵام کورد، کە ئەویش هەر لە چوارچێوەی خێڵ دا بوو ، لە جیاتی ئەوەی وەک خێڵە عاڕەبەکان بن و خەمی نەتەوەکەی خۆیان هەبێت، هاتن وەک خزمەتکارێکی گوێلەمستی تورکەکان شەڕیان لە دژی ئینگلیز لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندو خۆیان لەبیرچووەوە لە بەر ئەوەی هۆشی کورد لە لای ئەوەبوو کە تورکەکان موسڵمانن و ئینگلیزەکانیش کافر. ئیتر کورد لە بەرژەوەندی خەلافەتی تورکەکان شەڕی لە دژی ئینگلیز دەستپێکرد. ئەو دژایەتی کردنەی ئینگلیز کوردەکانی تووشی دەردێک کردن کە ئیستاو ئێستاشی لە گەڵدا بێت پێیەوە دتلێنەوە. دیقەتێ بدەنە خێڵە عەڕەبەکان چونکە ئەوان ثێچەوانەی خێڵە کوردەکان سیاسەتیان کرد بۆیە لە ئەنجامدا هەر خێڵەی کرایە دەوڵەتێک و کراش بە پاسەوانی چەندین بیرە نەوتیش لە ناوچەکەدا.

بابەتی ئایدیۆلۆجیاو بەرەی ڕووسیاو دژایەتی ئیستیعماری رۆژئاوایی و دەوڵەتی جولەکە.

هەرچی بزووتنەوەی کوردایەتی هەبووە جا با سەرۆک خێڵێک یان مەلایەکیش دای مەزراندبی بۆنێکی چەپ و کۆمۆنیستیی هەر لێهاتووە. یان مەیل و وەفادارییەکیان بۆ بەرەی ڕوسیا هەر هەبووە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاشناو نزیکبوون لە بەرەی عاڕەبەکان لە دژی ئیستیعماری ڕۆژئاوایی یان بە جۆرێک لە جۆرەکان دژایەتییان نیشانداوە بۆ جولەکەو ئیسڕائیلیەکان. هەموو ئەو لایەنگریی و دژایەتی نیشاندانەی کوردیش بۆ ڕۆژئاواو ئیستیعمارو ئیسڕائیل و دۆستایەتییش بۆ بەرەی ڕوسیاو کێشەی فەلەستین و بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبەکان و برا موسڵمانەکانیان جا با کورد بەڕاستیشی نەبووبی و وەک تاکیک بەکاری هێنابی، ئەوا بەرەی ڕۆژئاواو ئیسڕائیل بە ڕاستی وەریان گرتووەو لە دژی کورد کاریان لەسەر کردووە. لە لایەکی تریش بەرەی ڕووسیاو بەرەی برا موسڵمانەکانی کورد و بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبی و فەلەستینیەکانیش باوەڕیان بە کورد نەکردووەو لە هیچ تەنگانەیەکدا فریای کورد نەکەوتوون و ئەوەتە کورد هەر بەدەست ئەوانەوە گیری خواردووە! واتە کورد لەو نێوەدا لە هەردووک دینان بووە.
عاڕەبەکان و تورکەکان و فارسەکان ئاییی ئیسلام وەک چەکێکی زۆر کوشندە لە دژی کورد بەکار دەهێنن.
کورد لەو رۆژەوەی کە کراوەتە موسڵمان، ئیتر موسڵمانەتیی خۆی زۆر لە تورک و عاڕەب و فارسەکان باشتر بەڕێوە بردووە. چەندین زانای ئایینی تیدا هەڵکەوتووە، لە هەر شارو گوندێکدا بە دەیان مزگەت و شوێنی خودا پەرستی لە سە ڕیبازی شەریعەتی ئیسلام دروستکراوە. کورد بە بەراورد بە تورک و عاڕەب و فارسەکان سەلماندوویەتی کە موسڵمانەتیەکەی زۆر لە هی ئەوان باشتر و لە پێشترو بە شێوەیەکی درووست تریش یاساکانی ئیسلام بەڕێوە دەبات.
سەرباری ئەوەی کە کورد هێندە موسڵمانە کەچی تورک و عاڕەب و فارس ئایینی ئیسلام وەک چەک لە دژی کوردان بەکاردێنن. ئەنفالی دەکەن ، کچ و ژنی بە سەبایەو کەنێزەک دەبەن و خوێنی کورد حەڵاڵ دەکەن و داگیرکردنی خاک و ئاوی بە حەڵاڵ دەزانن و نایەڵن هەناسەی ئازادیی هەڵمژێت!
جولەکە لەلای موسڵمانان و لە نێو جیهانی ئیسلامیی دا بە گشتی و جیهانی عاڕەبیدا بە تایبەتی بوغزاوەو زۆر جێگەی ناکەنەوە. بەڵام لە لای عاڕەبەکان دووقات وایەو ڕقیان لە جولەکە دووقات دەبێتەوە. کێشەو دوژمنایەتی عاڕەب و جولەکە زۆر کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام لە مەدینە. هەروەها عاڕەبەکان پێیان وایە کە جولەکە خاک و ئاوی عاڕەبەکانیان داگیرکردووە کە ئێستا لە ژێر ناوی کێشەی فەلەستیندا لە نێو ناواندایە.

عاڕەبەکانیش ئیسلام بەکار دێن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
هەر لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام و لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین دەستکرا بە غەزەوات و فتوحات لە دەرەوەی نیوەدوورگەی عاڕابی و عاڕەبەکان پەلیان هاویشت بۆ وەڵاتانی تریش. ئێستا زۆر شوێن هەن کە عاڕەب نەبوون لە پێش ئیسلامدا بەڵام ئێستا وەڵاتی عاڕەبین. بۆ نموونە وەڵاتی شام و باکووری ئەفریقاو هەندێک وەڵاتی تریش، هەندێک نەتەوەو زمان و ڕەگەزیش هەر خەریکن تێدا بچن و بتوێنەوە لە نێو جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیدا. ئەوەتە هەموو ئەو شوێنانە هەمووی بە کۆماری عاڕەبی و شانشینی عاڕەبی و وەڵاتی عاڕەبی ناویان دەهێنرێت هەرچەندە چەندین نەتەوەو ڕەگەزی مێژوویی تریش هەن لەو شوێنانەدا.
بۆ کێشەی فەلەستین هەموو جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیی وەخۆدەکەوێت و هاوکاریانە بەڵام بۆ کێشەی کورد هەر ئەو دەوڵەت و نەتەوەو ئەندامانەی نێو جیهانی ئیسلامیی و عاڕەبی یە کە کوردیان گەیاندۆتە ئەو دۆخەی ئێستا.
ئەوەتە تورکیاو سوریاو عێڕاق و ئێران کە لە نێو جیهانی ئیسلامی و عاڕەبیدان و ڕۆڵی کاریگەرو بەرچاویان هەیە لەوبوارەدا کەچی ئەوانە هەر خۆیانن کە نایەڵن کورد ئازاد ببێت و هەر ئەوانەن کە کوردان ئەنفال دەکەن و خاک و ئاویان لێ داگیرکردووە. نەک هەر هاوکاریی کورد ناکەن بەڵک و زیاتر هەوڵی لە ناوبردنی دەدەن.
سعودیەو قەتەڕو لە ژێرەوەش یەک دوێکی تر بە توندی لە دژی ئەمەریکا ڕاوەستان تاکو لە ئێران نەدات و نەیڕوخێنێت!
ئاخوندەکان کە زانییان ئەمەریکا بە جیدیەتی و لە گەڵ ئیسڕائیل دەیانەوێت دیسان لە ئێران بدەنەوەو لە ناوی بەرن ئەوانیش شەڕی مان و نەمانیان پیشانی دەوڵەتانی کەنداو و هاوپەیمانە دڵسۆزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا. لە لایەکی ترەوە ئاخوندەکان وەرەقەی ئیعتیراف کردنیان بە ئیسرائیل نیشانی سعودیەو قەتەرو هەندێک وەڵاتی تردا بۆ نموونە تورکیا. ئینجا ئاخوندەکان گوتیان ئەگەر ئەوجارە لە ئێران بدەنەوە ئەوا ئەوان ئیعتیراف بە ئیسرائیل دەکەن و لە لایەکی تریشەوە تەواوی تورکیاو سعودیەو قەتەر دەکەونە بەر ئامانجی ڕاستەوخۆی ئێران. ئەو وەڵاتانەش نەیانویست بە ڕاستەوخۆیی بکەونە نێو شەڕەوە لەگەڵ ئێران و کاتەکەشیان بە باش لەبەرژەوەندی خۆیان نەدەبینی. بۆیە داوایان لە ئەمەریکا کرد ئەو کارە ڕابگرێت. ئیستا لەوە دەچێت ڕێگای تر بگرنە بەر بۆ نموونە درووستکردنەوەی داعش لە دژی ئێران و ئەوەتە کێشەی داگیرکردنەوەی ڕۆژئاواش لە گۆڕێدایە.
جا کوردیش وەرەقەی دەست تێکەڵاوکردنی ئاشکرای هەبوو بە ڕاستەوخۆیی لە گەڵ ئیسڕائیلدا کە لە دژی ئەحمەد شەڕع و تورکیاو ئێران و عێڕاق بە کاری بهێنێت. بۆچی بۆ ئەوان ڕەوا بێت و بۆ کورد نزیک بوونەوە لە ئیسڕائیل بڤە بێت؟ بۆچی دوژمنانی کورد هاوپەیمانیی لەگەڵ شەیتاندا دەکەن بۆ لە ناوبردنی کورد بەڵام کورد لەلای بڤەیە لە ئیسڕائیل نزیک ببێتەوە؟ دوژمنانی کورد سیاسەت دەکەن و کوردیش برایەتیی دوژمنەکانی گەرەکە!
ئاری برا …برای ئارییم…….من دەمێکە کایەو یارییم!

حەسەن ڕازانی




ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هەنگاوی پێدەنرێت؟.. حەسەن ڕازانی

هەندێک فاکت و ڕاستیی….

با خۆمان لە واقیعەکەو لە ڕاستیی مێژوویی لانەدین…مێژووی دوێنێی ناوچەکە نیشانی دەدا کە گۆڕانکارییە سیاسیی و سەربازییەکان چۆن ڕوویان داوە لە ناوچەکەو چۆنیش درێژەیان پێدراوە! هەر لەسەر ئەو مەبنایەش گۆڕانکاری سبەینێ ڕوودەدەن!
گلەیی و ڕەخنە سوودێکی نابێت ئەگەر بەدیلی ڕاسترو درووستر نەخەیتە پێش.. چونکە
کورد دەمێکە گوتوویەتی:”بێڵە قوڕ بەدەست خەڵکەوە سووکە!
لەبەر مەبنای ئەو فاکت و ڕاستیانە، کە بە بڕوای من مێژوو نیشانی داوە، کە بوونەتە فاکت و ڕاستیی، کە لەو نووسینەمدا هەوڵدەدەم هەندێکیان نیشانبدەم، ئێمە دەتوانین بزانین کە سیاسەتی ئەو ناوچەیە چۆن داڕێژراوەو چۆنیش درێژەی پێدراوەو بەرەو کوێش هەنگاوی پێدەنرێت!..
دەبێ هەموومان ئەو ڕاستییە، هەرچەندە زۆر تاڵیشە، بزانین کە تەنها بەرژەوەندی دەوام دەکا. سیاسەتی ئەو ناوچەیەش لە سەر مەبنای بەرژەوەندی داڕێژراوەو هەر لەسەرئەو مەبنایەش درێژەی پێدەردرێت!
خەڵک بە خۆی و بە ئامڕازە مێژوییەکانی خۆیەوە لە وێنەی ڕەگەز، ئایین ، مەزەب، کەلتوورو زمان و چەندین شتی تریش تەنها ئامڕازەو بە کاردەهێنرێت بۆ داڕشتنی سیاسەت و سیاسەتیش لە سەر مەبنای بەرژەوەندییە!
دەوڵەتانی ئەو ناوچەیە زۆرینەیان دەرەوەی خۆیان درووستی کردوون و دیسان زۆرینەشیان تەنها بۆخۆیان خۆیان وەک دەوڵەتی نەتوەیی عاڕەبی ناوزەد کردووەو هەر هەمووشیان وەک وەڵات و نەتەوەو ڕەگەزێکی موسڵمان بۆخۆیان خۆیان خستۆتە سەر نەخشەی سیاسیی. لەو نێوشەدا تەنها مەبەست بەژەوەندی بووە کە ئامڕازەکەشی هێزو زەبروزەنگ و تووندوتیژیی بووە کە ڕۆڵی بینیوە. جا با لە هەر وەڵاتێکیشدا چەندین نەتەوەو ئایین و مەزەبیش بوونیان هەبێ کە موسڵمان نەبن یان عاڕەب نەبن!
جوولەکە لە ناوجەرگەی ئەو ناوچەیەدا مێژووییەو هەبووەو دەشمێنێت. لاوازیان کردووە، لە هەندێک شوێن بەرەو لە ناوچوونی کۆتایی براوە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی ترماوەو لە گەشەدایە.
کێشەیەکی مێژوویی ئایینیش بوونی هەبووە لە نێوانی ئیسلام و جولەکەدا. ئەودوانە قەت بە یەکەوە بە شێوەیەکی تەواو ئاشتیانە هەڵیان نەکردووەو نەگونجاون.کێشەکە کە ئایینیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام لە نیوە دوورگەی عاڕەبدا. ئەو کات ئەو نیوە دورگەیە بە ڕێژەیەکی زۆر جولەکەی تێدابووە بەڵام ئێستا بە چراو شەدایانیش ئەگەر لە سعودیە لە جولەکەیەک بگەڕێیت لەوانەیە نەیدۆزیتەوە لە کاتێکدا پێش ئیسلام زۆرینەی یەسریب، مەدینەی ئێستا، جولەکەنشین بووە.
پێکهاتەی سیاسیی و سەربازیی ئەو ناوچەیە درووستکراوە لە لایەن یەکێک یان هەندێک لە دەوڵەتانی ناتۆ بەسەرکردایەتی ئەمەریکا. خۆیان خۆیان درووست نەکردووەو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کۆڵەکەی مانەوەیان هەر ناتۆیە. کەچی ئێستا خۆیان کردۆتە کەڵەگا بەسەر هەندێک نەتەوەو ڕەگەزی مێژوویی ڕەسەنی ناوچەکە بۆنموونە بە سەرنەتەوەی کوردەوە.
نەتەوەی عاڕەب کە خۆی بە خاوەنی یەکەمی ئایینی ئیسلام دەزانێت، ئیسلامی وەک ئامڕازی مانەوەو بە سوڵتان بوونی خۆی بەکارهێناوەو بۆ دەرەوەی خۆشی شیعاری : هەموومان موسڵمانین و براین.
سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب هەرکاتێک کە دەزانێت لە تەنگژەدایەو لاوازەو پێویستی بە هاوکاریی هەیە یەکسەر بابەتی ئیسلام و هەموومان موسڵمانین دێنێتە پێش و تەواوی جیهانی ئیسلامی دێنێتە پاڵخۆی بۆ ئەوەی بەرەنگاریی لە ئایینەکەیان بکەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەرگرییە دەچێتە سەبەتەی نەتەوەی عاڕەبەوە. چونکە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب بە ئاشکرا ئیسلام بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت. هەروەها بە پێچەوانەشەوە، کە مێژوو پیشانی ئیمە دەدات، هەر کاتێک کە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب پێویستیان بە هاوکاریی نەبێت و خاوەنی هێز بن، ئەوا دەست دەدەنە فتوحات و پاوانخوازیی و زەبروزەنگ و قەلاچۆپیکردنی نەتەوەکانی تر بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەو کاتە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب شیعاری : “امە عربیة واحدة ذات رسالة خالدة” بەرز دەکاتەوە. کە ئەو شیعارە سەرەتا هی حیزبی بەعس بوو!
کەم تا زۆر نەتەوەکانی تریش ئایینی ئیسلامیان وەک ئامڕازی مانەوەو بەهێزبوون و فراوانخوازیی خۆیان بەکارهێناوە. بەڵام نەتەوەی کورد بە پێچەوانەوە لە جیاتی ئەوەی ئیسلام وەک ئامڕازی مانەوەو بەهێزبوونی خۆی بەکاربێنیت هاتووە بەدەستی خۆی خۆی کردۆتە ئامڕازو سووتەمەنی بۆ گەشەو بەهێزبوون و بەسوڵتان بوونی ئایینی ئیسلام. بە وردی تەماشا بکەن ئەودیمەنە سیاسییەو سەربازییەتان بە ئاشکرا بۆ دەردەکەوێت!
ئێستا دیقەتێ بدەنە جولەکە کە دەوڵەتیێکی بەهێزی وای هەیە کە لە ناوچەکەدا لەوبارەوە کەم وێنەیە. خۆی بە سیستەمێکی سێکیولار نیشانداوەو چەندین نەتەوەو ئایین و مەزەبیشی تێدایەو بە ئاشتیانە دەژین. کەسییان گلەیی نیە. بۆ نموونە چەندین ملیۆن عارەبی موسڵمان و مەسیحی و کوردزمانی تێدایە.
دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕووی مێژووییەوە دەتوانرێت بگوترێت کە بەرەی پێشەوەی دەوڵەتانی ناتۆیە، دیارە بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، لەو ناوچەیەدا. بۆیە هەر شکەستێک بۆ ئیسڕائیل شکەستی ناتۆیە. لە ڕووی مێژووییشەوە دەرکەوتووە کە هەر لایەن و حیزب و دەوڵەت و سەرۆکێکی دەوڵەتێک ئەگەر چ بە ئاشکراو چ بە نهێنی دژایەتی دەوڵەتی ئیسرائیلی کردبێت هەر ماوەیەک ماوەتەوە و ئیتر لەبەرچاوان هون بووە! یان بە تەواوەتی کێشەی بۆدرووستکراوەو لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە بەرەو تەواو لاوازیی براوە. تکایە جوان و بە وردی مێژووبخوێننەوەو دیقەتێ بدەنە ڕووداوە مێژووییەکان لەو ناوچەیەدا!
نەتەوەی کورد: کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەیەو بە زەبری هێز خاک و ئاویان دابەشکردووە بەسەر سێ نەتەوەدا کە پێیان وایە برای موسڵمانی کوردن. سیستەمی سیاسیی و سەربازیی ئەو سێ نەتەوە باڵا دەستە ئەوەی کە پێیان کراوە لە دژی برا موسڵمانەکەیان کە نەتەوەی کوردە کردوویانە و ئێستاش بەردەوامن. ئەو سێ نەتەوە باڵادەستە ئەوەی بۆخۆیان پێیان باشەو لە بەرژەوەندیی نەتەوەی خۆیاندایە دەیکەن و دەیشەڕعێنن و لە گەڵ ئیسلامدا دەیگونجێنن و بە ڕەوای دەزانن بۆخۆیان.
سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوە موسڵمانەکانی وەک عاڕەب و تورک و فارس بۆ خۆیان بە ئاشکرا پەیوەندیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیەو و هات و چۆ و مامەڵە لە گەڵ ئیسڕائیلدا دەکەن. کەچی هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لە جولەکە عاسمانێ بەسەر کوردا دەڕوخێنن و یەکسەر سوڕەتی الفتح و انفال لە دژی کورد بەکاردێنن. کورد لەو نێوەدا بووەتە قوربانی.
ڕەوە دەوڵەتێکی موسڵمانی عاڕەب و ناعاڕەب هەن کەچی بێدەنگن لەبەرامبەر مەزڵومییەتی کورد بەدەستی براموسڵمانەکانیان. لە کاتێکدا کورد خۆی لە هەموو نەتەوە موسڵمانەکانی وەک عاڕەب و تورک و فارس بە موسڵمانتر دەزانێ و لە مەیدانی کاریشدا ئەمەی سەلماندووە.. کەچی بە چەکی ئایینی ئیسلام لە کورد دەدرێت و بەرەو لەناوچوون دەبرێت. ئەمە بەرژەوەندی و سیاستە نەک برایی و موسڵمانبوون. برا موسڵمانەکانی کورد لە تورک و عاڕەب و لە فارس تەنانەت بەدوا ئەو فەرموودەیەی پێغەمەرەکەشیان ناکەون کە دەفەرموێت: المسلم من سلم المسلمون من لسانە و یدە. یان ئایەتەکانی قورئان لە وێنەی : لکم دینکم و لي دین، یان لا اکراە في الدین….

بلۆکبەندیی: لە جیهانی سەرمایەداریی جیهانییدا بلۆکبەندیی لە وێنەی بەرەی ڕوسیاو ئێستا چینیشی هاتۆتە پاڵ هەروەها بەرەی ناتۆ بە سەرکاردایەتی ئەمەریکا دەمێکە ئەو بلۆکبەندییە بوونی هەیە. نێوانی ئەو دوو بلۆکە قەت خۆش نەبووە، هەمیشە پاشقول لێکگرتن بووە، بەینێک نێوانیان گەرم و شەڕبووە، بەینێک نێوانیان ساردو سۆڵبووە بەڵام هەمیشە لەبەرامبەر یەکتردا ناپاک و شەڕانیی بوون. هەموو ئەو گرژیی و ناپاکییەی نێوانیشیان لە سەر حسابی پڕۆکسەکانیان بووە لە ناوچەکەدا. بەهاری عاڕەبی بەنموونە . هەرچی بە حساب و بە ڕواڵەت لە سەر بلۆکی ڕوسیا تەماشادەکران لەبەرچاوان ون بوون!
بلۆکبەندییە جیهانییەکەش هەر لەسەر مەبنای بەژەوەندییە. شەڕەکان لەسەر بەژەوەندیین، ئاشتییش هەر بۆ مەبەستی بەرژەوەندییە. هیچی لەبەر چاوی جوان و پاراستن و ئەخلاق نیە. بەزەیی پێداهاتنەوە بوونی نیە. ئەگەر مافی مڕۆڤ و ئەخلاق و برایی و هەموومان نەوەی ئادەمین و ئادەمیش لە خۆڵە ڕاستبووایە مێژوو ئەم هەموو خوێڕێژییەی تۆمارنەدەکرد لە نێوانی براکاندا. یان ئەم هەموو چەکە تۆقێنەرو وێرانکەرە کە لە ماوەی یەک دوو چرکەدا گۆی زەوی وێران دەکەن بوونی نەدەبوو. کەواتە تەنها بەرژەوەندی ماکی ڕووداوەکانە.
ئێران و سیستەمی ئاخوندە شیعەگەراییەکان: ئێمە هەروەک چۆن لە پێشوودا فاکت و ڕاستتییەکمان نیشاندا کە دۆستایەتیی لەگەڵ ئیسڕائیل بە مانای مانەوەو سەلامەتییەو پێچەوانەکەشی سەری خۆخواردنە. لەو بارەوە نموونەی بەرجەستەی مێژوویی زۆرن . تەماشا مێژووی ناوچەکە بکەن!
خومەینی ڕابەرو دامەزرینەری سیستەمی ئاخوندیی لە ئێران بە ئاشکرا گوتی: پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە نوێژو رۆژو فەرزترە. بە بڕوای من، سیستەمی ئاخوندەکان هەموو کارێک دەکەن بۆ مانەوەی خۆیان. وەک چۆن تاڵیبان لە ئەفغانستان هاتنەوە سەر کورسی دەسەڵات ئەو کاتەی کە بوونە دۆست و بوکەڵەی ئەمەریکا. ئەگەرئاخوندەکانیش جا چ ژێر بە ژێر بێ یان بە ئاشکرا بێت دۆستایەتی خۆیان بۆ ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا ڕابگەێنن وە یان هیچ نەبێ هیچ نەبێ دوژمنایەوتیەکەیان کەمی بکەنەوە.. بە بڕوای من ئەوکاتە دەمێننەوەو درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن.
ناوچەکە پێک هاتووە لە سوننەو لە شیعەو چەندین ئایین و مەزەب و نەتەوەوەو ڕەگەزی جیا. بە زەبری هێزهەندیکیان خستوونەتە ژێردەستی هەندێکی تریان.
شیعەو سوننە دوژمنایەتیەکی مێژوویان هەیەو دەبێ هەرواش بمێننەوەو نابێ هیچ کامیان بەتەواوەتی بێهێزببێت و ناشبێ هیچ کامیشیان بە تەواوەتی باڵادەستبێت و نابێ دۆستایەتیش بە تەواوەتی لە نێوانیاندا هەبێ. چونکە بەرژەوەندی ناتۆو ئەمەریکا، بەرژەوەندی دەرەوەو ناوخۆی خۆشیان هەر ئەوەی گەرەکە.
پوختە:
ناتۆو ئەمەریکا بە تایبەتی بەریتانیاو فەرەنسا سەدان ساڵ لێرەوپێش بە شێوەیەک پێکهاتەی سیاسیی وسەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشتووەو دابەشکردووە کە هەمیشە دەبێ کێشەیەک هەبێ. نابێ ناوچەکە بێکێشە بمێنێتەوە. ئەگەر بێت و کێشەی ئایینی چارەسەر بکرێت کێشەی مەزەبی سەرهەڵدەدات، ئەگەر کێشەی مەزەبی چارەسەر بکرێت کێشەی نەتەوەیی و ڕەگەزی سەردەردێنێت! ناوچەکە پڕە لە بەهانەی مێژوویی بۆ شەڕو پێکدادان و ئاڵۆزیی. کێشەی کورد لەگەڵ برا موسڵمانەکانیان لە وێنەی تورک و عاڕەب و فارس بە نموونە. یان کێشەی عاڕەبی فەلەستین لەگەڵ جولەکە. برا موسڵمانەکانی کورد کە سەدان ساڵە باڵادەستکراون بەسەر کوردەوە بانێکەو دووهەوا سیاسەتیان لەگەڵ کوردا بەرێوە دەبەن. چەکی ئایین لەدژی کورد بەکار دێنن لە کاتێکدا کە کورد لەوان خۆی بە موسڵمانتر دەزانێت. ئەوی کە بۆخۆیان بەڕەوای دەزانن بۆ کوردی بە کوفرو ئیلحاد دەزانن. هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لە ئیسڕائیل تەواوی جیهانی ئیسلامی لێی وەخۆ دەکەوێت لە پێش هەموویانەوە موسڵمانەکوردەکانی نێوخۆ کە سەر بە رێکخراوی سیاسی جۆراوجۆرن و لە لایەن یەکێک لە دەوڵەتە عاڕەبیەکانەوە هاوکاریی دەکرێن یان لە بنچینەدا لە لایەن ئەوانەوە درووستکراون.کوردیش لە نێوخۆیدا یەک نیەو هەر لایەک دەهۆڵ بۆ برا موسڵمانێکی تری لێدەدا. هەر وەک دکتۆر عەلی شەریعتی دەڵێت:” ئاری برا وا ڕابرا…” ئاهوا هاتووە کاکە گیان.




تڕەمپەکانی ئەمەریکا!.. حەسەن ڕازانی

ڕفاندن و گرتنی مادۆرۆ، سەرۆکی فەنزویللا، بە فەرمانی ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، نە تەنها سەرۆکەو نە کۆتا سەرۆکیش دەبێ کە بەدەستی سەرۆکە ترەمپ ئاساکانی ئەمەریکا بەو مەرەدە برابێت.
مێژووی سەرۆکەکانی ئەمەریکا ، کەم تا زۆر، ترەمپ ئاسا دەسەڵاتی حکومەتی ئەمەریکایان بەکار هێناوە.
سیاسەتی ئەمەریکا چ کۆماریەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووبێت و چ دێموکراتەکان، هەردووکیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی پۆلیسیانەو هەژموونی سیاسیی و سەربازیی ئەمەریکا بەسەر دنیادا دوو دیوی یەک دراو بوون.
ئەوەتە گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی بە ئاشکرا ترەمپەکانی ئەمەریکا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات. گۆڤاری نیوزویک نووسیویەتی و دەڵێت:
” ڕفاندن و گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی فەنزویللا، لە لایەن هێزێکی سەربازیی نوخبەی ئەمریکاوە بە فەرمانی ترەمپ، مێژوویەکی درێژی ئەمەریکا لە دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا لە سیاسەت و کاروباری نێوخۆی وەڵاتاندا دێنێتەوە بیر خەڵک. ئەو مێژووە سەردەمانێک ترەمپ خودی خۆی ڕەخنەی لێدەگرت.
مەبەستێکی تری زۆر بەهێز کە گۆڤارەکە ئاشکرای کردووە دەربارەی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا لە کاروباری نێوخۆی وەڵاتان بە تەنها مەبەست لە گۆڕین و وەلانانی دیکتاتۆرەکان نەبووە بەڵک و هەوڵێکیش بووە بۆ ئەوەی پێش بە بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم بگیرێت، یاخود بە مەبەستی پارێزگاریی بووە لە بەرژەوەندی ستراتیجی ئەمەریکا.
جا با ئێمە تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دوێنێ و بزانین کێن ئەوانەی لە وێنەی مادۆرۆ ترەمپەکانی ئەمەریکا ڕفاندوویانن، یان کوشتویانن، یان لەسەر کارو دەسەڵات لایانداون، جا بە شێوەی کودەتا بووبێت یان بە هێزی سەربازیی و لەشکرکێشیی بووبێت. بۆ نموونە سەدام حوسێن سەرۆکە دیکتاتۆرەکەی پێشووی عێڕاق.
یەکەم: محمد مصدق لە وەڵاتی ئێران سساڵی ١٩٥٣
محمد مصدق سەرباری ئەوەی بە پێی هەڵبژاردنێکی دێموکڕاتیانە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە هەڵبژێررابوو بەڵام چونکە دەستی برد بۆ خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران و گوتی دەبێ نەوتی ئێران بۆ ئێرانیەکان بێت، ئیتر بەو قسەیەی خوێنی خۆی کردە کاسەوە. ئەمەریکاو بەریتانیا لێی دڕدۆنگ بوون و لێی چوونە سەنگەرەوە. ئیتر لە رێگەی سی ئای ئەی بە ڕێگەی کودەتا محمد مصدق وەلانرا
دووەم: جاکوبو ئەرینز لە وڵاتی گواتیمالا لە ساڵی ١٩٥٤.
ئەو سەرۆکەشیان وەلانا هەر لەبەر ئەوەی کەسێکی بە ئایدۆلۆجی چەپ بوو. ئەوکارەشیان بۆیە کرد تاکو بەر بە بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆجیەتی چەپڕەوانە بگرن. ئەو کارەشیان لە کاتێکدا کرد کە شەڕی سار لە ترۆپکەیدابوو.
سێیەم: عبدالکریم قاسم لە عێڕاق ساڵی ١٩٦٣
بە شێوەی کودەتا ئەو سەرۆکەشیان فتکرد. کودەتاکەش بە هاوکاری ئەمەریکا حیزبی بەعس پێی هەستاو ئەنجامیدا. هۆیەکەشی ئەوەبوو کە عبالکریم قاسم پەیڕەوی لە سیاسەتیکی دژە ڕۆژئاواییانە دەکردو هەروەها کەسێکی بە ئادیۆلۆجی چەپ بوو.
چوارەم : فیدڵ کاسترۆ. لە وەڵاتی کوبا لە ساڵی ١٩٦١
ئەمەریکا هێرشێکی سەربازی سەرنەکەوتووی لە دژی کاسترۆ ئەنجامدا. ئەو فەشەلەشی لە لەشکرکێشیەکەدا بووە هۆی ئابڕوچوونێکی گەلێک گەورەو ئاشکرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا.
پێنجەم: نگو دینە دیم لە وەڵاتی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٦٣
ئەمەریکا بە ئاشکرا پێیەوە دیاربوو کە کەوتبووە ناو زۆنگاوی شەڕێکی نەبڕاوە لەناو ڤێتنامدا و نەشی دەتوانی لێی دەرچێت. بۆیە پشتیوانی لە کودەتایەکی سەربازی کردو دەسەڵاتی نگو دینە دیم کۆتایی پێهات.
شەشەم: هدسون ئوستن لە وەڵاتی گرینادا لە ساڵی ١٩٨٣
ئەمەریکا لە ڕێگەی هێرشێکی سەربازی کورت ماوەدا کۆتایی بە دەسەڵات و حوکمی ئەو سەرۆکەش هێنا.
حەوتەم: جان کلود دوفالییە لە وەڵاتی هاییتی لە ساڵی ١٩٨٦
ئەو سەرۆکە کەسێکی دیکتاتۆر بوو. بەڵام هەر کە ئەمەریکا پشتیوانیی و کۆمەکی خۆی بۆ ئەو سەرۆکە بری ئیتر خەڵکی وەڵاتەکەی خۆی لێی وەخۆ کەوتن و تەفروتوونایان کردو ڕووخاو نەما.
هەشتەم: مانوێل نوریگا لە وەڵاتی پەنەما لە ساڵی ١٩٨٩
ئەمەریکا هێرشی سەربازی کردە سەر پەنەماو ئەو سەرۆکەشی گرت و دادگایی کردو خستیە زیندانەوە.
نۆیەم: سەدام حوسێن لە وەڵاتی عێڕ ق لە ساڵی ٢٠٠٣
ئەمەریکاو چەندین دەولەتی تری هاوپەیمانی ئەمەریکا هەموویان بە یەکەوە هێرش و لەشکرکێشییان کردە سەر عێڕا ق و حکومەتەکەی سەدامیان ڕوخاند و ئەو سەرۆکەشیان گرت و خستیانە زیندانەوەو دوای دادگایی کردنی لە سێدارەیان دا.
دەیەم: موعەمەر قەزافی لە وەڵاتی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١،
موعەمەر قەزافی لە کات و سەردەمی بەهاری عەڕەبیدا بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو ناتۆ هێرش و لەشکرکێشی کرایە سەرو دەریان پەڕاند. بەڵام لە کاتی ڕاکردنیدا گرتیان و کوشتیان.
یازدەیەم: نیکۆلاس مادۆرۆ لە وەڵاتی فەنزویللا. لە ساڵی ٢٩٢٦
بە فەرمانی ترەمپ هێزێکی تایبەتی سەربازیی و بە هێزی سەربازیی مادۆرۆ گیراو بردیان بۆ ئەمەریکاو ئێستا بەتەمان دادگایی بکەن. ئیتر جارێ زووەو نازانرێت چی ڕودەدات و چارەنووسی مادۆرۆ چی دەبێ و لێکەوتەکانی ئەو هێرشە چی دەبن بۆ ئەمەریکا. جا بە بڕوای من ئەو سەرۆکەش هەر وەک سەرۆکەکانی تر دەڕواو هیچیش بۆ ئەمەریکا ڕوونادات و ترەمپیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێ و مادۆرۆش دەچێتە ڕیزی سەرۆکە کوژراوو وەلانراوەکان.
ئەدی باشە زەین العابیدین سەرۆکی وەڵاتی تونس ، یان سەرۆکی یەمەن و سەرۆکی میسر کە لەسەردەمی بەهاری عەڕەبیدا بە یارمەتی ئەمەریکاو ناتۆ خەڵک هەڵی کوتانەسەرو دەری پەڕاندن. بەشار ئەسەد لە سوریاو هێنانی جۆلانی بۆ شوێنەکەی یان ڕوخاندنی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و هێنانەوەیان بۆ جارێکی تر هەموو ئەو کارانە بە یارمەتی و کۆمەکی ڕاستەوخۆی ئەمەریکاو ناتۆ ئەنمجام دراون.
ئێستا ئەمەریکا بە ڕاستەوخۆیی و ناتۆش بە ناڕاستەوخۆیی خەریکی ئێران و ئاخوندەکانی ئێرانن. جارێ نازانرێت چۆن دەبێ و چی ڕوودەدات . ئایا کوڕەکەی شا دەهێننەوە کە وەختی خۆی لە ساڵی ١٩٧٩ دەریان پەڕاندو و خومەینییان هێنا بۆ شوێنەکەی؟.. دواڕۆژێکی نزیک ئەمەیان ڕوون دەبێتەوە.
ئیتر دەبێ ئارام بگرین، تاکو بزانین ئەمەریکا لەمەودوا سەری چ سەرۆک و وەڵاتێک دەخاتە قوڕەوە.
تێبینی:
بۆ نووسینی ئەو بابەتە سودم لەودوو سەرچاوەیە وەرگرتووە . کەنەدا ٢٤+ و نیوزویک.




ترەمپ لە فەنزوێلای هەڵپێچاوەو وەک کەڵەبابی شەڕانی خۆی لێ گیڤ کردۆتەوە.. حەسەن ڕازانی

کێشەی نێوان ئەمریکا، کە وا باشترە بڵێین ئیدارەکەی ترەمپ، و فەنزوێلا بە سەرۆکایەتی مادۆرۆ هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت.
ترەمپ نیازی هێرشی سەربازی هەیەو سەرباز دادەبەزێنێتە سەر ئامانجەکانی فەنزوێلاو کوشتاریشی لێکەوتۆتەوە.
پێشتر بەهانەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا بابەتی مادەی هۆشبەرو شتی لەوبابەتە بوو، کە فەنزوێلایان پێ تاوانبار دەکرد. بەڵام ئێستا بەهانەکە گۆڕاوە بۆ نەوت و گێڕانەوەی نەوت بۆ خاوەنەکەی.
ترەمپ دەڵێ ئەو نەوتەی فەنزوێللا هی خۆمانەو دەبێ بماندەنەوەو لێیان دەستێنیەوە. بە پێی ئامارەکانیش فەنزوێلا ٣٠٣ ملیار بەرمیل نەوت لە خاکەکەیدا هەیە.. کە سعودیەش ئەوەندەی نیە.
ترەمپ سەری دەخورێت بۆ ئەوەی هێرشێکی سەربازی بکاتە سەر فەنزوێلاو مادۆرۆی سەرۆک و سیستەمەکەی لە ناو بەرێت و لە شوێنیدا سیستەمێ کە سەر بە ئەمریکا بێت دابمەزرێنێت.
ئەمریکا بە سەرۆکایەتی زۆرێک لە سەرۆکەکانی بەهانەیان بە فەنزوێلا گرتووە. گەماررۆیان خستۆتەسەر، تەگەرەو ڕێگرییان بۆ سەرۆکی فەنزوێللا درووست کردوە.
ئیشتا فەنزوێلایان بە مەرەدێک بردووە خەریکە سۆماڵ و ئەفغانستان خۆزگەی پێنابەن لە ڕووی ئابووریەوە. هەڵاوسان درووست بووە لە هەموو ڕوویەکەوە.
جیهان و دەوڵەتە گەورەکان ئەو هەوڵەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا دەبینن. هەندێک پێیان خۆشەو هەندێک بێلایەنن و هەندێک بێدەسەڵاتن و هیچیان لەدەست نایەت.
ڕوسیاو چین بە فەڕمی هیچیان دیار نیە. هەردووکلا لە ژێرەوەو بە ئاشکراش هاوکاری فەنزوێللا دەکەن لە ڕووی چەک و چۆڵ و شتی تریشەوە. بەڵام ناتۆ جارێ ڕوسیایان بە ئۆکرانیاوە خەریک کردووە کە بۆی هەیە ڕووسیا بە سەفقەیەک لە گەڵ ترەمپ پێک بێت.
چین بێدەنگە. ڕوسیاو چین نایانەوێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سەربازییەوە بکەونە جەنگەوە لە گەڵ ئەمریکا. هەموولایەک مەترسی ئەو کارە دەزانن.
باش نیە ئێران وەک لایەنێکی سەرەکی لە وێنەی چین یان ڕوسیا وێنا بکەین. بەڵێ دەسەڵاتدارە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە هەر ئەگەرو کاتێکدا ناتۆ بیەوێت و بەدیلی هەبێ چۆن شایان لابرد هەر بەوشێوەیەش ئاخوندەکان لادەبن.
لە لایەکی ترەوە ئێران خۆی لە ئاستێکدایە کە دەبێ بیپارێزن لە حاڵەتی ئێستادا نەک بچێت فەنزوێللا بپارێزێت لە هێرشی ترەمپ.
ئەگەر ئێران بیتوانیایە حەماس و حیزبوللەی دەپاراستن یان حوسیەکان و بەشارو شیعەکانی عێڕاقی دەپاراستن. ئێران خۆی پرۆکسی ڕوسیاو چینەو بۆ خۆشی هەندێک پرۆکسی هەن لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا لە سەردەمی زۆرێک لە سەرۆکەکانی لە وێنەی بۆش، کوڕەکەی بۆش، ئۆبامەو پیاوە نەخۆشەکەی دوای ئەویش بە ناوی بایدن و ئینجا ترەمپ. هەر جارەی لە وەڵاتێکیان داوەو بەهانەیان بە کەسێک و بە سەرۆکێک و بە دەوڵەت و سیستەمێک گرتووە
هەرجارەش دەستی خۆیان وەشاندووەو وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەرچوون
ڕای گشتی لە دژی ئەمریکا کە وەخۆکەوتووە شتێکی ترەو من پێم وایە چەندە ئیمام عەلی وەک لە چیرۆکە خورافیەکاندا باسی لێوە دەکرێت، کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەو نیرگەیەی کە ڕۆستەمی مازندەران بەدوا خۆیدا ڕایدەکێشێت، ڕای گشتیش هەر ئەوەندە هەیبووە لەسەر ئەمریکاو ناتۆ. کوا ئەمریکاو ناتۆ گوێیان بە ڕای گشتی داوە؟
ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستبیان وێرانکردن و داگیرکاریی و تێکدانی سیستەمەکان بووە.. ئەوەشیان بۆ کراوەو کردوویانە.
ئەفغانستان ئیتر وێرانەیەو پێی ناگوترێت وەڵات و دەوڵەت، یەمەن بە هەمان شێوە، سوریا واوەتر، لوبنان و فەلەستین زۆر خەراپتر، سۆدان هەر باسی لێوە مەکەن، عێڕاق بۆ چەند دەیەی تریش نابێتەوە بە عێڕاقی خاوەن یاساو سیستەمی هاونیشتیمانیی…. لەم وەڵاتاندا ئاوەدانکردنەوەو بە دێموکراسی کردنی سیستەمەکانیان بوو یان لە ناوبردنی سیستەمەکانیان و یاساو وێرانکردنان بوو؟ ئەمەم بەرەنگاریی نیە لە رژێمەکەی سەدام و ڕژێمە دیکتارو ئیسان کوژەکانی تر.
ئیتر بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکاو ناتۆ ناتوانن هیچ بکەن؟ بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکا لە هەموویدا دۆڕاوە؟
ئەمریکا بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەو کاری باش ئەم کارانەی نەکردووەو نەچۆتە ناو ئەو وەڵاتانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەیان تا بڵێین پێی نەکراوەو دۆڕاوە. یان ئەوەتە هەڵاتووەو بەجێی هێشتووە… کاری باش و ئاوەدانکردنەوەو دێموکراسی و بنیاتنان تەنها زین و مەم بوون و وەک پەردە بۆ سەر کارەکانیان بەکاریان هێناون.
ئیتر من پێم وایە ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستوویانە لە سەد ساڵی ڕابردوودا تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کردوویانەو سەرکەوتووش بوون لە کارەکانیاندا.
بۆ بەشار ئەسەدیش ڕاستە.. کە هەموومان دەزانین بەشار چۆن چۆنایی ڕۆییشت و عێڕاقیش چۆن چۆنایی کاول کرا.
پێم بڵێن کێ شای ئێرانی ڕوخاندو کێش سیستەمی ئاخوندەکانی دامەزراند لە ئێراندا کە وەک ڕەگی سەرەتان وایە لە ناوچەکەدا.؟
!! بەڵام پیاوی چاک بن هیچیتر بە من مەڵێن هێزی ئۆپۆزسیۆن ئەوکارەی کرد
ئەگەر ئەم قسەیە بۆئەوەی ئێران ڕاست بێت بۆ عێراقیش ڕاستە!
هەروەها بۆ وەڵاتانی سەردەمی بەهاری عەڕەبیش ڕاستە!
مێژوو، پێمان نیشاندەدا کە هێزێک لە پشتی دیوارەکانەوە بە هاوکاری خەڵک ،کە دیارە بە کار هێنراوە، ئەو کارەی کردووە، جا خەڵک وەک سەپانی پووشێ بێجگە لە مانووبوون و ماڵوێرانی هیچی بۆ نەماوەتەوە.. هێزی ئامادەو لایەنی وابەستە هاتوون.. عێڕاق بە نموونە!
ئیتر ئاوێ بێنەو دەستان بشۆ

حەسەن ڕازانی
١٨دێسەمبەری ٢٠٢٥




پشت و پەناکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردوستان و سوپایەکی زەبەلاح لە تاوانباران!.. حەسەن ڕازانی

بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە سەپاندنی دەسەڵاتیان بە سەر خەڵکی کوردوستاندا سوود لە پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکیی وەردەگرن! هەر ئەمەشە نهێنی و هۆی بەردەوامییان لە دەسەڵاتدا.
ئەوجووت بنەمالەیە مێژوویەکی دوورو درێژیان هەیە لە ناکۆکی لە گەڵ یەکتردا، بەڵام هەمیشە کۆک بوون و بە یەکەوە بوون و هاوبەش بوون لەو بارودۆخەی کە خەڵکی کوردوستانیان تێکەواندووە!
بۆچی خەڵکی کوردوستان، کە مەبەستمان بەشی باشوورەکەیەتی، گەیشت بەو بارودۆخەی کە ئێستا تێیدایە؟ پرسیارێکی بە ڕواڵەت سادەیە بەڵام، لە پەیوەند بە بارودۆخی سیاسیی و ژیانی خەڵکی کوردوستان، پرسیارێکی سەرەکیی و گرنگە.
بۆ چەندین دەیە دەچێت خەڵکی کوردوستان بە تێکڕایی و بە تایبەتیش چینی مامناوەندو خوارەوە، قوڕبەسەریی نەما بە سەریدا نەهێنرێت. هەر ئەو چینە هەژارو زەحمەتکێشەش بووە کە هەمیشە لە نێو ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانەدا زەرەرمەندی یەکەم بووە. بۆ نموونە پرۆسەی ئەنفالەکان بە ئەنفالی بارزاانیەکانیشەوە، پرۆسەی جینۆسایدکردنی یەزیدیەکان بە دەستی ذاعش، کیمیاباران، ڕاگواستن، بە عەڕەبکردن و چەندین کارەساتی تری گەورەو مێژوویی کە بەسەر نەتەوەی کوردا هێنراون.
بۆ چەندین دەیە دەچێت چینێکی باڵادەستی کوردوستان بە ناوی کوردایەتیەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی خەڵکی کوردوستانی گرتۆتە دەست و جار جارەش ئاڵای کوردوستان بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەشەکێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەو چینە باڵادەستە خۆی کردۆتە دەمڕاستی خەڵکی کوردوستان و خۆی کردووە بە ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردوستان و شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان”ی بەرز کردۆتەوە!. خەڵکی کوردوستان دەزانن کە لە ژێر ئەو ئاڵاو شیعارەدا سوودێکی ئەوتۆ بە کوردوستان، وەک خاک و نەتەوە و خەڵک نەگەیەنراوە، ژیانی خەڵکی داماوو زەحمەتکێشی بەرەو خۆشی نەبردووە. ئەو چینە باڵادەستە لە ژێر دەمامکی کوردایەتیدا، لە شاخ و لە شار، بێجگە لە نیوەی دووەمی شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان” شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە بۆ خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی کوردوستان.
لە سەرەتای شەشتەکانەوە ئاڵای بزووتنەوەی کوردایەتی و بەرزکردنەوەی شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان” لە لایەن بزووتنەوەیەکی چەکدارییەوە بوو کە ناوی لێنرا شۆڕشی ئەیلول و سەرکردایەتی ئەو شۆڕشەش ڕاستەوخۆ ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان دا ڕابەرایەتی دەکرد. لەوێ ڕۆژێوە هەتاکو ئێستاش ئەو بنەمالەیە ڕاستەوخۆ جڵەوی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرنەداوە و نەشیداوەتە کەسی تر. چەندین هەوڵ دراون کە ئاڵاو شیعاری ئەو کوردایەتیە لە دەستی ماڵێ بارزانی دەربێنن بەڵام هەموو هەوڵەکان بیسوود بوون.. مەیل و تەوژمێکی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی هاتۆتە ناو مەیدانی کوردایەتیەوە کە چاوەکان زیاترو ڕاستەوخۆ لە سەر ماڵێ تاڵەبانین کە ڕابەرایەتی ئەو مەیل و تەوژمەیان کردووە، ئەو دژایەتی کردنەی ماڵێ بارزانیش یبێجگە لە ماڵوێرانیی بۆ کوردو بە کوشتدانی کوڕی کورد هێج ئەنجامێکی بۆ کورد نەبووە. بۆ نموونە شەڕە ناوخۆییەکان و شەڕەکانی شاخ و شارلە نێوان براکاندا کە بە شەڕی براکوژی ناو دەهێنران!
لە شەشتەکانەوە دژایەتی ماڵێ بارزانی لە گۆڕێدابووە، ویستوویانە جڵەوی کوردایەتی و ئاڵاکەیان لە ددەست دەربێنن. لە سەرەتای شەستەکانەوە کە ئەوکات ماڵباتی تاڵەبانی و ماڵێ بارزانی بە بڕواڵەت بە یەکەوە بوون لە ناو بەناو شۆڕشی ئەیلولدا و لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان دا. ئیتر لەوێوەو لە نێو ئەو شۆڕشەدا هەوڵی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی دەستی پێکرا. خەڵکی کوردوستان زۆر باش و بە وردی ئاگاداری ئەو کێشمەکێش و دژایەتی کردنەیە. ئەو دژایەتی کردنە جار هەبووە بە ئاشکراو جاریش هەبووە بە نهێنی، بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە شارو لە شاخ ، تەنانەت لە نێو حکومەتی عێڕاق و بەعسیەکانیشدا ئەو دوو بنەماڵەیە خەڵکی تایبەت بەخۆیان هەبووە! واتە جاش هەبوون تەنها ڕاوە پێسمەرگەی پارتیان دەکردو هەش بوون تەنها ڕاوە پێشمەرگەی یەکیەتییان دەکرد. لە نێو حکومەتی کوردوستان و لە نێو پەڕلەمانەکەشیاندا کە هەر خۆیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا درووسسیان کردبوو ئەو دژایەتی کردنەی یەکتری هەر بەردەوام بوو. دژایەتی کردنەکە بەردەوام بووە تاکو ئێستاش بوونی هەیە. ئەو دوو بنەماڵەیە تەنها لە بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردوستاندا هاوکارو کۆکن ودۆستی یەکترن ئەگینا بە پێچەوانە هەمیشە چەقۆو تیریان لە یەک سویون،
ئێستا ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان و ماڵێ تاڵەبانیش لە ژێرناوی یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستاندا، کە سەردەمێک تەنانەت لایەنی چەپ و کۆمۆنیستیشی بەدوا کەوتبوو، فەرمانڕەوای کوردوستانن. ئەو دوو بنەماڵەیە لە ژێر ناوی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی وەڵاتدا دەسەڵاتداری بێڕکابەرن و بێ ویستی ئەوان کەسێک نیە بتوانێت ببزوێت. دەسەڵاتی سەربازییان هەیە. پۆلیسیان هەیە، ئاساییشیان هەیە، دژە تیرۆرو کۆماندۆیان هەیە. دادگاو دادوەرو یاسایان هەیەو هەرکەسێک پێ خوار دابنێ سزا دەدرێ. ئەو دوو بنەماڵەیە نە بە یەکەوە هەڵ دەکەن و نە بە بێ یەکیش دەتوانن ئیدامە بە مانەوەیان بدەن. سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردوستانیان لە ژێر دەستدایەو بە پێی ویستی خۆیان مامەڵەی پێوە دەکەن. زۆر چاو قایمانە مووچەو قووتی خەڵک دەست بەسەردا دەگرن، دەچنە بەغداو دەکشێنەوە، پەیوەندی دەرەکیی و ناوخۆیی بە ویستی خۆیان و ئارەزووی خۆیان، بە ئاشکراو بە نهێنی دەبەستن و کەسیش نابێ دژایەتییان بکات یان ناڕازی بێت بە کارەکانیان.
ئەو دوو بنە ماڵەیە هەردووکیان گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە زۆرینەی خەڵکی کوردوستان باوەڕی پێیان نەماوە، بۆیە بە هەردووکیان پێکەوە بەشدارن لە سەرکوت و بێدەنگکردنی هەردەنگێکی ناڕازی. بۆ دژایەتی کردنی یەکتری پارت و گرووپی سیاسی و لایەنی سیاسی ناڕازی لە ژێر ناوی قەبەو سەرنج ڕاکێشدا درووست دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک وەک پوورەی هەنگ لێیان کۆببێتەوەو زۆریشی پێدەچێت تا خەڵک بۆی دەردەکەوێت کە بە دوا بەچکەی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیە کەوتوون،. هەر لایەنێک و حیزبێکی سیاسی دەستی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیەی تێدا نەبێ ناتوانێت دەوام بکاو تەمەنی کورت دەبێ . چونکە بە مەترسی دادەنرێت لە سەر دەسەڵاتی مێژوویی و لە مێژینەی خۆیان.
جا با بێینە سەر وەڵامی پرسیارە گرنگەکە کە بۆچی ئەو دوو بنە ماڵەیە دەتوانن ئاهوا دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و تەمەنی فەرمانڕەوایی ئەوان بەو شێوەیە درێژە؟. بۆچی سەرباری ئەو هەموو ماڵوێرانیی و نەگبەتیەی کە ئەو دوو بنە ماڵەیە بەسەر کوردیان دا هێناوە کەچی هێشتا جەماوەرو ئۆتۆریتەی سیاسییان هەیەو هێشتا توانای سەرکوتیان هەیە،. بۆچی خەڵکی کوردوستانیان بەو دەردەی ئێستا بردووەو کەچی هەر لە دەسەڵاتیشدان؟
من پێم وایە ئەو دوو بنەماڵەیە نە دەیان توانی و نە دەشتوانن فەرمانڕەوا بن بەسەر خەڵکی کوردوستاندا ئەگەر بێت و پشت و پەنایان نەبێ. پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە. بە بڕوای من. تاوانبارن و دەبێ وەک تاوانبار مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت و دەبێ دادگاییش بکرێن.
پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە کێن؟
ئەو دوو بنە ماڵەیە هەر یەکەی لە ژێر ناوی پارتیکی سیاسی بە ناوێکی قەبەو سەرنج ڕاکێشەوە چەندین دەیەیە فەرمانڕەوایی دەکەن بە سەر خەڵکی کوردوستانەوە. هەردووکیان وەک یەک، بە شتێک کەمتر یان زۆرتر، .پشت و پەنای دەرەکیی و ناوخۆییان هەیە. دەرەکیەکە بریتیە لە دەوڵەتانی دەرو دراوسێ و تاڕادەیەک پەلیش دەهاوێت بۆ دەوڵەتانی دوورتریش لە نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی و ئەوروپی و ڕۆژئاواییشدا. دیارە ئەو پشت و پەنا دەرەکیەش بێ چاکەدانەوە نابێت و لەبەرامبەردا دەبێ چاکەی هەر لایەک بدەنەوە کە دەستێکی هاوکاریان بۆ درێژ دەکات، کە مەعلومیشە هاوکارییەکە لە پێناو بەرژەوەندییەکی سیاسی تایبەتدایەو بە خۆرایی نیە!
دەمێنێتەوە پشت و پەنا ناوخۆییەکە کە ئەویش بریتیە لە ناوخۆی خەڵکی کوردوستان. بۆ ئەو پشت و پەنااو هاوکاریە ناوخۆییەی نێوخۆی کوردیش هەردووک بنەماڵەکە سوود لە بارودۆخی سیاسی کوردەکانی هەرسێک پارچەکەی تری کوردوستان دەبینن!
جا بە پلەی یەکەم پشت و پەنای ئەو دوو بنەماڵەیە لە کوردوستانی باشووردایە کە بریتیە لە بەشێک لە ڕوناکبیرە ئەکادیمیستەکان و مامۆستایانی زانکۆ. مامۆستایانی زانکۆ لە بەشە جیاجیاکانی وەک ڕامیاریی، لێکۆڵینەوە، کۆمەڵناسیی، پەیوەندیەکانی دەرەوەو دیبلۆماسیەت، ڕاگەیاندن، بەشی سایکۆلۆجیی، کۆمەڵناسیی و ئابووریی و کارگێریی و سەربازیی و چەندین بەشی گرنگی تر. جێگەی باسە کە هەموو پارتێکی سیاسی لەو بەشانەدا دەستەوەستان دەبێ و ناتوانێ ڕۆڵی هەبی ئەگەر بێت و مامۆستای زانکۆو شارەزای ئەوبوارانەی لە گەڵدا نەبێت. پارتی دێموکراتی کوردوسدتان واتە بنەماڵەی بارزانی و یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان واتە بنەماڵەی تاڵەبانی هەر یەکەی سوپایەک لە ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆیان بەدواوەیە. ئەو ئەکادیمیست و ماۆستای زانکۆیانە کە بە زانست و نووسسین و توانای ئەکادیمی خۆیان خەڵکی کوردوستان دەستەمۆدەکەن بۆ ئەودوو بنەماڵەیە دەبێ بە تاوانبار بناسرێن.
ئنجا وەرە لای نووسەری نووسین فرۆش و قەڵەم فرۆش کە نووسینەکەی وەک پیشەیەکی پڕداهات بەکاردێنێت و پارەی پێ پەیدا دەکات، بەو نووسینەیان خەڵکی پێ لاڕێ دەکەن و وا لە خەڵک دەکەن ملکەچ و گوەێڕایەڵ بن و ڕازی بن بەوەی کە هەیەو بە خەڵک دەڵێن خوا خەراپرترمان بەسەر نەهێنێت. شاعیرو گۆرانی بێژی دەنگ خۆش وشانۆ نووس و نمایشکارو ئەکتەرو کچ و کوڕە ئەستێرەو مۆدێلەکان و نوکتەچی و قسە زانی نێو دیوەخانانیش لەوێ ڕاوەستن. بەشێک لەوانەش بە تەواوی هونەرەکەی خۆیان و تواناکەی خۆیان لە خزمەتی سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەدا تەرخان دەکەن. پێدا وەرە بە هونەرمەندو نیگارکێش و خۆشنووس و پەیکەرتاش و بێژەرێکی کچی جوان و دەنگ خۆش یان کورێکی خاوەن هێزو توانا، ئەو پێڕەش هەیەو هەر یەکەی لە ئاستی خۆیدا هاوکارە لە ڕاگرتنی ئەو بارودۆخەدا. لە لای خۆیەوە دەستی بە سیستەمەکە گرتوەو لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتی جووت بنەماڵە جار جارە مشتێک پووڵ و پارە بەسەریاندا هەڵدەڕێژێت. ئینجا ڕوویەک وەرگێرە بەلای چالاکوانێکی بە ڕواڵەت لە بواری ژناندا، یان لە بواری ژینگەو مافی مڕۆڤ و منداڵان و چەندین بواری تردا. ئەو چالاکوانەش لە ئاستی خۆی دەستی هەیە لە وەی کە بۆ بەرژەوەنی دەسەلات کڵاو دەکاتە سەری خەڵکی و دەمامکی چالاکوان بەکاردێنێت. لێرەدا من مەبەستم چالاکوانان بە گشتی نیە بەڵک و بەشێکیان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات چالاکی دەنوێنن و بە ئیعازی دەسەڵات دەجووڵێن. جا ئەو جۆرە لە چالاکوانانەش هەر یەکەیان لە ئاستی خۆیاندا شانیان داوەتە بەر نیرگەو کاریتەکانی بنمیچی ئەو سیستەمە گەندەڵەی ئەو دوو بنەماڵەیە. سەرێک بادەوە بڕۆ بۆ لای کوێخایەکی دیوەخان و پشتێن هەشت نۆ گرێی لادێیەکی دوورە دەست و جوتیارێکی نێو مەزرا کە ئەویش لەبەرامبەر چاک و چۆنی و سڵاوێکی پیاوە دوورەکانی دەوری ئەو دوو بنەماڵەیە کاری خۆیان بە چالاکانە ڕادەپەڕێنن لە بەرژەوەندی دەوڵەتداریەکەی ئەو دوو بەنمالەیەدا.
لە هەمووی ترسناکترو کاریگەرتر لەوانەی کە لە پێشوودا گوتران هەندێک لەو پارت و لایەنە سیاسیانەن کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لە گۆڕێدان و گوایە دەیانەوێت سیستەمی حوکمڕانی بگۆرن و ناڕازین بەو دەسەڵاتەی هەردووک بنەماڵە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە بەشێکی سەرەکین لە سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەو نانی سیاست دخۆن لەسەر حسابی خەڵکی کوردوستان و هەر یەکەی لەو حیزبە بە ناو ئۆپۆزسیۆنانە بۆتە تەڵەیەک کە بە کۆمەڵ خەڵکی وەزاڵاهاتوو یان تووڕە لەو دوو بنەماڵەیەی تێدەکەوێت. هەندێک لەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەش هەر یەکەی بە ناوێکی قەبەو سەرنجڕاکێشەوە بۆ نموونە ناوی ئایینی و نەتەوەیی و چەپ و لیبڕاڵ و تەنانەت ناوی هەرێ چەپ و کۆمۆنیستیش لەخۆیان دەنێن بەس بۆئەوەی ببنە تەڵەو تەپکەیەکی باش بۆ خەڵکی سادەو تووڕە لەو دەسەڵاتەو تا دەوری خۆیان قەرەباڵغ بکەن. نموونەی لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانە هەن و خەڵک دەیان ناسێت. خەڵکی کوردوستان ئێستا دەزانێ ئەو جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن کار لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا دەکەن. ئەوانە خەڵک تەفرە دەدەن و دەوری خۆیان قەرەباڵغ دەکەن و لە کۆتاییشدا لە گەڵ دەسەڵات پێک دێن و بە دوا بەرژەوەندیە بنەماڵەیی و کەسیەکانی خۆیانیان دەکەون و خەڵکیش وەک سەپانی پووشێ دەمێنێتەوە لە مەیدانێدا. ئەو جۆرە لەو ئۆپۆزسیۆنانە خەڵک بێ هومێد دەکەن. وا لە خەڵک دەکەن کە ئیتر باوەریان بە حیزبایەتی نەمێنێ و باوەڕ نەمێنێ بە گۆڕانکاریی و پێیان وابێ کە دەسەڵاتی ئەو دووبنەماڵەیە لە ئاسمانەوەیەو بۆ هەتاهەتایێ دەوام دەکا. دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیەش ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانەیان خۆش دەوێ و تەنانەت هاوکارییشیان دەکەن هەر بۆیەش تاکو ئێستا هیچ بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و نەیتوانیوە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵە دابنێ و هەر بۆیەش هەر دووک بنەماڵەکە لێیان پاڵداوەتەوەو مێشێکیش میوانیان نیە، چونکە دەزانن چ شتێک لە گۆڕێدا نیە زەرەری بۆ پەزەکان هەبێ!
لە لایەکی ترەوە ئەو دوو بنەمالەیە لە مێژووی دوورو درێژیاندا لە دژایەتی کردنی یەکتردا هەر یەکەیان بە دەیان هەزار لە کوڕی کوردیان بە کوشتداوەو هەر لایەک خۆی بەڕاست و کوردپەروەر زانیوەو لایەکەی تری بە جاشی نێونەتەوەیی و بابلباب جاسوس و نۆکەر لەقەڵەمداوە. ئەو هەمو وکوژراوانە هەمووی بە شەهیدی کوردو کوردوستان نووسراون و کەس و کاری شەهیدەکانیش گەلێک زۆرن و هەر هەمووشیان بە تۆزێک هاوکاری و بە بیانووی ئەوەی کە تۆ مێردت، برات، باوکت، کوڕت لەو شۆڕشەدا شەهید بووەو تازە شەرمە تۆ بچیت بۆ نێو لایەکی تر یان بەدوا ڕێبازی شەهیدەکەت نەکەویت، هەموویان بە دوا خۆیاندا ڕەکێشکردوون.
لە لایەکی ترەوە سوپای بێشوماری بن دیوار و چل بەچلەو خزمەتکاری دیوەخان و سوپایەک لە ناوی وەهمی . کە هەموو ئەوانەشیان بەدوا خۆیاندا ڕەکێش کردووەو هەر یەکەیان لە ڕووێیەکەوە پەیوەستن بە سیستەمەکەو ناتوانن هاوکار نەبن. لێرەدا هەردووک بنەماڵە سوپای بێشوماریان هەیە لە خەڵکێکی بێکار کە سیستەمەکە خۆی ئەو بێکارییەی خوڵقاندووە تاکو بێکارەکان چاریان نەبێ بێجگە لەوەی بچنە ناو سیستەمەکەوخزمەت بەو دوو بنەماڵەیە بکەن لە ژێر ناوی کوردایەتیدا..
با بێنە سەر کۆڵەکەو پشت و پەنایەکی تری ئەو دوو بنەماڵەیە کە ئەویش بەشێک یان هەندێک لە میبەری مزگەوتەکانە. هەندێک لە مینبەری مزگەوتەکان ڕێک بە ئاشکرا کارو کردەوەیان دەستەمۆکرن و ڕازی کردنی خەڵکە کە ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی خۆیی بن و بە بیانووی ئەوەی کە هی خۆمانەو لە خۆمانەو برای موسڵمانی خۆمانە دەبێ فەرمانەکانیان جێبەجێ بکەین و پێیان ڕازی بین چونکە ئەوانە گۆشتیشت بخۆن ئێسقانت ناشکێنن…..
لە کۆتایی دا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەموە کە ئەو کۆڵەکەو پشت و پەنایانەی کە ناویان هات لە سەرەوە، دیارە بە خۆشمەوە،هەموومان بەشێکین و هۆیەکین کە ڕاستەوخۆ ئەو سیستەمە ڕادەگرین و ناهێڵین بکەوێت. جا زووربەمان لە بۆ پووڵ و پارەیەو لە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کەسیمانەو بەشێکیشمان لەبەر ترسەو بەشێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەلین و هیجمان دەباراندا نیەو هەندێکیشمان هەر قسەین و هیج کردارمان نیە. وەک ئەو کاکەیەی کە لە سلیمانی بە ئاشکرا دەیگوت کردار شەرتە، بەڵام بینیمان کە چۆن کرداریکی هەبوو، بینیمان چۆن هاوڕیکانی بەجی هێشت. بۆیە بە بڕوای من هەموو ئەوانەی کە ناوم هێنان دیارە بە خۆشمەوەتاوانبارین و دەبێ دادگایی بکریین هەر کاتێک کە خەڵکی کوردووستان دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی بەدەستەوە گرت.

حەسەن ڕازانی
٢٤ی گەلاوێژی ٢٠٢٥




ڕەفتاری کۆیلایەتیی!.. نووسینی: لیندا ئیبراهیم.. وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

(و ما خلقت الجن و الانس الا لیعبدون) سورة الذاریات ایة ٥٦
واتە: من هەربۆیە جندۆکەو مرۆم دروس کرد، بم پەرستن. (قورئانی پیرۆز هەژار موکریانی لاپەڕە ٥٢٣)
ئا لێرەوە کۆیلایەتی ئێمە دەستی پێکرد.
هاوڕیکانم:
لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (سەدام حوسێن) دا بە هەزاران لە خەڵکی ئێراق لەوانەی کە بەرهەڵستکاری سەدام بوون و تەنانەت لەوانەش کە دژایەتییان نەدەکرد، گیران، ئەشکەنجەدران و کوژران. سەدام هەر بەوەندەشەوە نەوەستا بەڵک و لە ساڵی ١٩٨٨ هەستا بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی بە چەکی کیمیاوی لە دژی خەڵکی کوردوستان.
جا سەیرەکە لەوەدایە کە ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی کە سەدام حوسێن ئەنجامیدان، کاریگەریی ئەوتۆیان نەکردە سەر ئاستی جەماوەرییەکەی لە نێو شەقامی عەڕەبییدا! تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خەڵکێکی زۆری عاڕەب هەیە کە پێیان وایە ئەو تاوانانەی سەدام حوسێن تەنها چەند کارێکی هەڵە بوون و ئەو تاوانانەش لە دیدو بۆچوونی ئەوانەوە هیچ لە پاڵەوانیەتی سەدام وەک پاڵەوانی نەتەوەیی کەم ناکەنەوە!
هەمان ئەو گوێپێنەدانە بە تاوانەکانی دیکتاتۆر لە گەڵ زوربەی دەسەڵاتدارانی عاڕەب دووبارە دەبێتەوە، ئەوەتە تاکو ئێستاش عاڕەبێکی زۆر پێیان وایە دەسەڵاتدارە خوێنڕێژەکانی وەک قەزافی و ئەسەدو عومەر بەشیر پاڵەوانی نەتەوەیین. ئەوەتە ئێستا ئێمە دەبینین دوای ئەوەی کە بەشار ئەسەد نیو ملیۆنی لە خەڵکی سوریا کوشت، ئەوە بێجگە لەوەی کە بە هەزارانی لە خەڵک لە کونجی زیندانەکاندا قایم کردبوو، لە ژێر ئەشکەنجەو بێحورمەتی پێکردندا دەیان ناڵاند،کە چی هێشتا زۆرێک لە عاڕەبەکان بە بەژن و باڵای بەشار ئەسەد دا هەڵدەڵێن!
تاکو ئێستاش جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی نەتەوەیی عارەب، زۆرترین جەماوەری هەیە سەرباری ئەوەی کە ئەشکەنجەی دەیان هەزار لە گیراوەکانی داوە لە زیندانەکانی ناسرییدا و سەرباری تێوەگلانیشی لە شەڕەکانی دۆنکیشۆت ئاساییدا! ئەو بارودۆخە لە دەوڵەتانی کەنداودا زۆر باشتر نیە، لەوێش زیندانەکان جمەیان دێ لە خەڵکی بەرهەڵستکارو ڕووبەڕووی پیسترین ئەشکەنجە دەبنەوە بە هۆی بیروبۆچوونی سیاسییانەوە. هەر دەوڵەتیکی کەنداو کە بە نموونە وەربگریت و بچیت بە یەک کۆمێنت لە سۆشیال میدیادا ڕەخنە لە پادشا یان میرەکان ئەو کەنداوە بگریت ئیتر بەسە بۆ ئەوەی بۆ چەندین ساڵان فڕێت بدەنە زیندانەوە.
ئێستاش هەمان عەقڵیەت زاڵە لە نێو دەسەڵاتی دیفاکتۆی سوریاداو هەروەها لە نێو چڵکاوخۆرەکانی ئەبو محمد جۆلانی دا کە ئەو بۆ خۆی بە بیرێکی داعشیانە لە نێو هەناوی دڕەندەترین ڕێخراوی تیرۆریستی ئیسلامیدا لە دایک بووە!
زوربەی فەرمانڕەوایانی عاڕەب لە لایەن خەڵکەوە هەڵنەبژێراون، بەڵک و بە زەبری چەک دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست و قۆرغیان کردووە، یاخود لە باب و باپیرانەوە بە میرات بۆیان بەجێماوەو ئەوانیش لە ڕیگەی تەزویرو فێڵ و ساختەکاریی و سەرکوتی بەرهەڵستکارانەوە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. جا ئینجا سەرباری ئەوەش ئاستی جەماوەرییان و خۆشەویستییان لە نێو خەڵکیدا کەم نابێتەوە!
دیاردەی ژیان لە گەڵ چەوسێنەرو سەرکوتکەر لە نێو جیهانی عەڕەبیدا بڵاوەو جێی داخیشە، هەر بۆیەش ئەوەیان پاڵمان پێوە دەنێ کە پرسیارێکی گرنگ بکەین و بڵێین” بۆچی عاڕەب بە فەرمانڕەوای چەوسینەرو سەرکوتکەر ڕازی دەبن و پشتگیریی لێدەکەن و دەیکەنە پاڵەوان، سەرباری ئەوەی کە تەواوی تاوانەکانی ئەو فەرمانڕەوایە دەرهەق بە هاونیشتمانیان دەبینن؟”
یاخود:” بۆچی عاڕەب لە ڕووی مەبدەئییەوە سیستەمی دیکتاتۆریی ڕەت ناکاتەوە هەر وەک کە گەلانی تر ڕەتی دەکەنەوە؟”
بۆ ئەوەی وەڵامێکی درووست و ڕوونمان دەستبکەوێت دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو پاشخانە ڕؤشنبیرییەی کە لە ئیسلامەوە بۆمان بەجێماوەو ئایینی ئیسلام لە ڕێی چەندین مەزەب و ڕێبازی خۆیەوە پشتگیریی لەو جۆرە دەسەڵاتە دەکات بۆ نموونە: جەماوەرێک لە زاناو فەقێی نێو ئیسلام و لە نێویاندا هەر چوار ڕێبازو مەزەبەکەی ئیسلام پشتگیریی لەو جۆرە دەسەڵاتەی نێو جیهانی عاڕەبی دەکەن: بۆ نموونە:
مالکی: ئەحمەد بن مالک، شافیعی: محمد ئیبن ئیدری شافیعی، حەنەفی: ئەبو حەنیفە، حەنبەلی: ئیبن حەنبەل.
ئەمانەی کە ناومان هێنان هەموویان لە سەر ئەوە کۆکن کە گوێڕایەڵیی بۆ فەرمانڕەوای تاوانکارو سەرکوتکەر واجیبە. ئەوەیان بە مانای ئەوە دێت بۆ نموونە ئەگەر هات و کەسێک بە زەبری چەک دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و تاوان و کوشتاری ئەنجامداو بەرهەڵستکارەکانی خۆی کوشت و لە ڕێگەی سەرکوتەوە خەڵکی هێنایە ژێر دەسەڵاتەکەی خۆیەوەو دەسەڵات و حوکمی گرتە دەست، ئا لەو کاتەدا ئەرک و واجیبی خەڵکی موسڵمان ئەوەیە کە گوێڕایەڵی ئەو فەرمانڕەوا ستەمکارو تاوانکارە ببن و هیچ بەرەنگاری نەبنەوە جا هەرچەندێکیش خوێنڕێژو تاوانکار بێت گرنگ نیە!
لێرەدا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە بنچینەی ئەو بیرو فکرە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە کە عاڕەب ئاهوا گوێڕاڵی ستەمکارو چەوسێنەرن و بە جوانی لەگەڵیاندا هەڵدەکەن. ئەو گوێڕایەڵیەی عاڕەب بۆ دیکتاتۆر سەرچاوەکەی میرات و پاشخانی ئیسلامییەو ئەو زاناو فەقێییانەی ئیسلامن کە کە فەرمان دەکەن بە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانڕەوا جا با دیکتاتۆرو خوێڕێژو تاوانکاریش بێت! ئەو میرات و پاشخانە ئیسلامییەیە کە داندەنێت بە ڕەوایەتی هاتنە سەر دەسەڵات بە زەبری هێزو چەکەوە نەک بە هۆی ویست و پشتگیریی خەڵکەوە! ئەو میرات و پاشخانەیە کە هاتنە سەر حوکمی دەسەڵتداران بە شیوەی ئینقیلاب و بە زەبری چەک بە ڕەوا دادەنێت.
کێشەیەکی تر لەو بارەوە ئەوەیە کە ئەگەر بێت و ئیمە گوێڕایەڵی دەسەڵاتدارێکی تاونبارو سەرکوتکەر بین و هەرچەندەش کە بە زەبری هێزو چەک و کوشتنی بەرهەڵستکارەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبێت، کەچی بێین شەرعیەتی یاسایی پیبدەین، ئایا لەو بارودۆخەدا ئێمە دەتوانین کە لێپێجینەوەی لە گەڵدا بکەین لە کاتێکدا کە لە دەسەڵدا بێت، ئەگەر هات و بە ئارەزووی خۆی لە دەرەوەی یاسا دەستی بە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەو سزادانی خەڵک کرد؟
لێرەدا وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەگەر هات و ئێمە ڕازی بووین بە ڕێبازی هێزو چەک و ئینقیلاب بۆ گەییشتن بە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کەواتە ناگونجێت و نابێت هەمان ڕێبازی چەک و هێز بۆ مامەڵە لە گەڵ بەرهەڵتستکارانیش ڕەت بکەینەوە . واتە دەبێ بە هەمان ریبازێک کە پێی هاتووینەتە سەر حوکم بە هەمان ڕێبازیش مامەڵە لەگەڵ خەڵک و بەرهەڵستکارانیش بکەین. کەواتە میرات و پاشخانی ئیسلامیی کە فەرمان دەکات بە موسڵمانان بە گوێڕایەڵی دەسەڵاتداریکی تاوانکارو دیکتاتۆر، ناکرێت کە لە گەڵ خەڵک نەرم و نیان بێت و دان بە مافەکانی خەڵکدا بنێت کە لە دژی سیاسەتەکانی دەسەڵات دەنگ هەڵبڕن!
جیهانی عاڕەبی دێمڕاسیی نازانێت. لەبەر ئەوەی عاڕەب ڕازین بە سەرکوت و چەوسانەوەو ڕازین بە ملکەچکردن بۆ دیکتاتۆرو چاوپۆشیش دەکەن لە تاوانەکانی دیکتاتۆرو لە زۆر بارودۆخیشدا بە پاڵەوانی نەتەوەیی دادەنێن.
ئەو ملکەچکردنە بۆ چەوسانەوەو ڕازیبوون بە ژیان لە گەڵ سەرکوت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانە ئیسلامییەی کە لە باب و باپیرانەوە بۆمان بەجێماوەکە دژایەتی چەوساندنەوە ناکات و فەرمانیش دەکا بە گوێڕایەڵیی و ملکەچیی نواندن بۆ فەرمانڕەوای دیکتاتۆر، جا هەرچەندە کە تاوانکاریش بێت بە مەرجێک کە دەسەڵات بپارێزێت!
ئەو هۆشمەندیی و پاشخان و میراتە ئیسلامییەیە کە ناهێڵێت بەرەو پێش بچین و وامان لێدەکات کە ملکەچی چەوساندنەوەو سەرکوتی فەرمانڕەواو حاکمە زۆردارەکان ببین!
عاڕەب قەت بەرەو پێش ناچن و هەر لە شوێنی خۆیان دەمێنن و ناگەن بە نەتەوەی پێشکەوتوو هەتا ڕزگارییان نەبێت لەو میرات و پاشخانە فیکرە بۆگەنەی کە لە مامەڵەی لە گەڵ خەڵکدا پشت دەبەستێت بە ئایین و مەزەب و و فێریشیان دەکا کە ملکەچی زوڵم و دئکتاتۆریەت بن!
کاتێک کە عاڕەب رەتی بکاتەوەو نەهێڵێت کە فەرمانڕەواو دەسەڵاتدار یەک ڕۆژ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە مادام خەڵک هەڵی نەبژاردبێت، ئەوا ئەو کاتەیە کە ئیتر عاڕەب دژایەتی دیکتاتۆر دەکەن و پێیان وایە ئەو دیکتاتۆرە بە زەبری هێز دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووەو ئینجا گرتن و کوشتن و زیندانی کردنی خەڵکی بێتاوان وەک هەڵە نابینن و ناڵێن هەڵەی تاکە کەسەو کەسی دیکتاتۆریش هیچیتر ناکەنە پاڵەوان.
کاتێک کە عاڕەب ڕزگارییان دەبێت لەو میراتە کۆنەپەرستانەو دواکەوتوانەیە کە خەڵک دەکاتە کۆیلەی دەسەڵاتدارانی زاڵم و دیکتاتۆرو لە بەرامبەریشدا میراتێکی تازە دێننە دی کە فێری ئەوەیان دەکا کە بەرەنگاریی لە مافەکانی خۆیانیان بکەن و خۆیان فەرمانڕەوا هەڵببژێرن و نەهێڵن لە دەرەوەی ویستی خەڵک کەس دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.
ئا لەو کاتەدایە کە عاڕەب دەتوانن ئازادیی و مرۆڤدۆستیی بۆ خۆیان بگێرنەوەو دەستەبەری بکەن و ببنە هاونیشتیمانی خاوەن شکۆو رێزلێگیراو. هەروەک کە نووسەری سوریی محمد ماغوت دەڵێت:
لە بارودۆخی چەوسانەوەو سەرکوت و دیکتاتۆرییدا پاڵەوانیەتی ئەوە نیە کە لە سەر پشتی دەبابەو تانکەکان بیت بەڵک و پاڵەوانیەتی ئەوەیە کە لە بەردەمیان دا بوەستیت!

سەرچاوەی ئەونووسینە بریتیە لە لە فەیسبووکی : لیندا ئیبراهیم




شەڕی ئێستای ئیسڕائیل و ئێران دەسپێکی شەڕ نیە بەڵک و درێژە پێدانی شەڕە!.. حەسەن ڕازانی


چەند سەرنجێک و ڕاستکردنەوەی چەند شیکرندنەوەیەکی باو بەڵام، بە بڕوای من، نادرووست لە سەر ئەو شەڕە!

یەکەم: تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت، من پێم وایە، تەواوی ئەو شەڕانەی وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئەفریقاو ناوچەکە بە گشتی شەڕی پڕۆکسی و بە وەکالەت بووە. لەو نێوەدا تەنانەت زووربەی بزووتنەوەو پارتی سیاسیی و هێزی چەکداری ناوچەکەو سەر بە گەلانی دابەشکراوو ماف پێشێلکرایش بە دینی و نەتەوەییشەوە دەگرێتەوە. من پێم وایە، ڕوسیا شەڕ بۆخۆی دەکاو لە پێناو خۆیدا دەیکات لە گەڵ ئوکڕانیا. بەڵام ئۆکڕانیا بریتیە لە پێشەوەی بەرەی شەڕی ناتۆ لە گەڵ ڕووسیا. ئامانجە گەورەکە ڕوسیایە کە دیارە ئێستا چینیشی هاتۆتە پاڵ. دەوڵەت و سیستەمەکانی تر جا با خاوەنی کەمێک لە چەکی ئەتۆمیش بن، بۆ نموونە کۆریای باکوور، دەکەونە دەرەوەی مەبەستی ڕاستەوخۆوە.
دووەم: شەڕ ئەمڕۆ دەستی پێنەکردووە بەڵک و درێژەی پێدەدرێت و فراوانتر دەکرێت. ئەو شەڕەی ئێستای نێوان ئیسرایل و ئێران دەچێتە ناو چوارچێوەی شەڕی بە وەکالەت و پڕۆکسیەوە. شەڕەکە بەم شێوەیە دەستی پێکردووەو پلانی بۆ داڕێژراوە کە من پێم وایە مێژووی ناوچەکە لە شەڕو پێکداداندا پشتڕاستی ئەو شیکردنەوەیەی من دەکاتەوە کە بەم شێوەیە بە زینجیرەو یەک لە دوای یەک دەستی پێکردوەو پلانی بۆ داڕێژراوە:
١- بە بڕوای من، ئەو شەڕە سەرەتا لە پەیماننامەی١١ی ئازاری ١٩٧٥ ی نێوان شای ئێران و هەواری بۆمیدیانی جەزائیرو سەدام دەستی پێکردووە. پلانەکە نەمانی شۆڕشی ئەلیلولی بە دوا خۆیدا هێناو سەدامی بۆ هەمیشە خستە تەڵەوە. دیارە لە پشتی ئەو پەیماننامە هەمان ئەو سیستەمە هەبووە کە ئێستا سەرپەرشی جیبەجێکردنی تەواوی پلانەکە دەکات. جا جار هەیە بە ئاشکراو جاریش هەیە بە نهێنی و جارهەیە بۆ خۆی ڕاستەوخۆو جاریش هەیە لە ڕێگەی پڕۆکسی و وەکیلەکانیەوە بەشداری دەکا!
٢- شەڕ دەستی پیکردووەو بەردەوام بووە لە ڕێگەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و ئێڕاق و درێژەی هەبووە بە شەڕی کەنداوی یەکەم و شەڕی کەنداوی دووەم و تا گەییشتن بە لە ناوبردنی سیستەم و دەسەڵاتەکەی سەدام بە تەواوی.
٣-شەڕ درێژەی هەبووە تا گەییشت بە خوڵقاندنی ئەو تێکەو لێکەو بێسەرەو بەرەییەی کە ناویان لێنا بەهاری عەڕەبی. کە من پێم وایە، بەهاری عەڕەبی بەهار نەبوو بۆ خەڵکی عەڕەب بەڵکو لە زستانی هەرێ سەختیش بەستەڵەکاوی تر بوو! لە بەهاری عەڕەبیدا زووربەی پڕۆکسی و وەکیلە هەرێ سەرەکیەکان کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سەر بەرەی ڕووسیا دەبینران لە ناوبران و لە شوێنیان سیستەمێکی تێکەڵ لەئەم ولەئەو، لە ئاخوند و لە بەناو عیلمانی، دەسەڵاتێکی دابەشبوو، بێ ناوەندیی و بێهێزیان دامەزراند! لە هەندێک شوێنانیش دیکتاتۆریەتی داعشییان بەسەر خەڵکیدا بەزۆرە ملێ سەپاند. بۆ نموونە تاڵیبان لە ئەفغانستان و ئەحمەد شەرعیەکان لە سوریا، شوێنیش هەیە سیستەمی تێکەڵ لە ئاخوندیی و نەتەوەیی و ڕەگەزییان دامەزراند. بە گشتی تەواوی ئەو سیستەمانەی کە شوێنی دەوڵەت و سیستەمەکانی پێش بەهاری عەڕەبیان گرتەوە سیستەم و دەسەڵاتی بێهێزن، بێ ئیرادەن، درووستکراون و هێنرانە سەر کورسی.
٤- شەڕ بەردەوام بووەو پشووی نەداوە، دەسەڵاتە بنەماڵەییەکەی ئەسەد لە سوریا کە زستانی عەڕەبی ئەویشی گرتەوەو بەڵام توانی خۆی بگرێت تا وای لێهات لە سەر لێواری ڕوخان و مەرگ نزیکیان کردەوە، بەڵام چونکە تاقە سیستەم و دەسەڵات بوو کە مابوو لە ناوچەکەداو لە سەر بەرەی ڕوسیا خۆی حساب دەکردو لە سەر لێواری مەرگ و ڕوخانیش بوو، ڕوسیا فریای کەوتو لە ڕێگەی ئێرانەوەو لە دواییشدا ڕاستەوخۆ ڕوسیا بۆ خۆشی هاتە ناو مەیدانەکەوەو بەرەنگاریی لە دەسەڵاتەکەی ئەسەد کرد. بەڵام پلان داڕێژەرانی شەڕە گەورەکە زۆر لەوە بەهێزتر بوون کە ڕوسیا بتوانێت بۆ هەتا سەر پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئەسەد بکات. بۆیە لە کۆتاییدا دەستبەرداری بوو ئینجا شەڕعیەکان هاتنە سەر دەسەڵات کە ئەمەی دواییان ویست و خواستی بەرنامە داڕێژەرانی شەڕەکەن و هەر ئەوانیش ‌هێنایانن. شەڕەکە درێژەی هەیەو درێژەشی پێدەدەن تا دەگەنە ئامانجی کۆتاییان!
٥- شەڕەکە درێژەی هەبووەو نەوەستاوە. ئێران وەک پڕۆکسییەکی بەرەی ڕوسیا دەستی بە جموجۆڵی ڕاستەوخۆ کردو هێڵ و ناوچەی هیلالی شیعە مەزەبی خۆی لەو ناوچەیەدا دامەزراندو تا ڕادەیەک خۆی لەو ناوچەیەدا کونفەیکون بوو.
٦- ئێران ڕاستەوخۆ هەر کە خومەینی هاتە سەر حوکم، دیارە بە هاوکاری ناتۆ، دەستی بە دامەزراندنی هیلالی شیعە کردو لوبنان یەکەم شوێن بوو کە بنکەی ئێرانی لە ژێر ناوی حیزب اللەی لبنانی تێدا دامەزراند. لە فەلەستین لە ڕێگەی حەماسەوە هاتە ناوەوەو لە یەمەنیش لە ڕێگەی حوسیەکانەوە خۆی قایم کردو لە ئێراقیش لە رێگەی شیعەکانەوەو تا ڕادەیەک بەشێک لە کوردەکانیش دەستی بە سەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتدا گرت. کەواتە ئێران خۆی کردە کوێخاو موختاری تەواوی ناوچەکە بۆ نمونە سوریا، ئێراق کوردوستان، یەمەن و فەلەستین و لوبنانیش. ئەم هەموو جم و جۆڵەی ئێران بە بڕوای من ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا لێی بێئاگا نەبوەو تا ڕادەیەک هاوکارییشیان کردوە بۆ ئەوەی ناتۆ بتوانێت پلانە گەورەکە جێبەجێ بکات. بۆ نموونە وەک چۆن ئێران هاوکاری حەماسی کردووە لە فەلەستین ،(ئیسڕائیل)یش زیاتر هاوکاری کردوون لە دژی بەرەی فەتح. شەڕەکە بەردەوامەو درێژەی هەبووە.
٧- شەڕەکە درێژەی پێدراوە. بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە حەماس نەیدەتوانی ئەو هێرشەی حەوتی ئۆکتۆبەر لە دژی ئیسڕائیل ئەنجام بدات ئەگەر بهاتایە سوپای ئیسڕائیل و دەزگا ئیستیخباڕاتیی و ئەمنیەکانی ئیسڕائیل تا ڕادەیەک ئەو کارەی حەماسیان بە کەیفێ نەبایە. هێرشەکەی حەماس ڕێگای خۆش کرد بۆ درێژە پێدانی شەڕەکەو لەناوبردنی حوسی و حیزب و اللەی لوبنانی و حەماس. شەڕەکە بووە هۆی وێران کردنی تەواوی ژێرخان و سەرخانی کەرتی غەزەو یەمەن. شەڕەکە بووە هۆی لە ناوبردنی حوسیەکان بە تەواوی یان بێهێزکردنیان، لە ناوبردنی حەماس یان بە تەواوی بێهێزکردنیان و هەروەها لە لوبنانیش ئیتر حیزب اللە ناتوانێت ئەو حیزب اللەی جاران بێت و هەڕەشە بکات لە ئیسڕائیل.
شەڕەکە بەردەوام بووەو درێژەی هەبووە. بابەتی ئێران هاتە گۆڕێ و بە توندی قسەی لەسەر کرا. ناتۆ بە سەپەرشتی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ئێران دەستی بگا بە چەکی ئەتۆمی. بە بڕوای من ئەمەیان تەنها بەهانەیەو زین و مەم دەکەنە بەهانە. شەڕەکە وەک بەرنامەی بۆ دانراوە دەبێ درێژەی هەبێ تا دەگاتە ئامانجی کۆتایی پلان دانەران.

  • ٨- ئێستا شەڕەکە بەردەوامەو ئێرانی گرتەوە. من هەر لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی غەزەدا نوسینێکم بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیبووم کە ئەم شەڕە درێژەی دەبێ و ئامانج شتێکی گەورەترەو دەبێ بە تەواوی دەست و پێ و کلک و گوێی ئێران ببڕن و هیلالی شیعە نەهێڵن و ئێران بێ دەست و پا بکەن لە ناوچەکەداو گەلانی ناوچەکەش بە تەواوی برسی بکەن ئینجا هێرش بۆ سەر ئێران دەست پێدەکات. وا بۆچوونەکەم هاتۆتە دی و ئێستا شەڕ بەردەوامەو گەییشتۆتە ئێران و بەردەوامیش دەبێ و فراوانتریش دەبێ تا ئامانجی کۆتایی. ئەم شەڕە درێژەی دەبێ تاکو ئەو سیستەمەی کە لە پشتی دەستپێکردنی ئەو شەڕەوەیە، کە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیە بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەگا بە ئامانجی کۆتایی خۆی یاخود شەڕەکە سەری خاوەنەکەی دەخوات. جا من پێم وایە ئەو سیستەمە سەرمایەداریە جیهانیە هێندە دژە ئینسانیەو هێندە بێبەزەییە کە ئەگەر بزانێت خۆی تێدا دەچێت و دەرەقەتی نایەت و ڕیسەکەی لێدەبێتەوە بە خوری، ئەوە سێو دووی لێناکات کە دنیا دەکاتە خەرابەیەک و بایە قوش تێیدا دەخوێنێت. هیوادارم ئەمەی دواییان ڕوونەدات!
    سێهەم: لەملاو لەولا دەبیسرێت کە ئەمریکا و ئیسڕائیل دەرەقەت نایەن و خەریکن لەناوبچن و لە ڕووی داراییەوە ئەو شەڕە هێناونیە سەرچۆک. من پێم وایە ئەم بۆچوون و تێڕوانینە هەڵەیەو باش نەخوێندنەوەی سیستەمی سەرمایەداریەو تێنەگەییشتن لە مێژووەکەیەتی. بە بڕوای من ئەو سیستەمە سەرمایەداریە جیهانیە بە سەرپەرشتی ئەمریکاو ناتۆ ئەو ڕۆژەی پلانی بۆ شەڕەکە داناوە هەر لە سەرەتاوە زانیویتی کە چەند تڕلیۆن دۆلار دەبێ سەرف بکات تا دەگاتە ئامانجی کۆتایی. بە بڕوای من سیستەمی سەرمایە هێندە گوێ ناداتە ئەوەی سەدان ملیار دۆلار سەرف بکات بۆ لە ناوبردنی کەیانێکی بچکۆلەی سیستەمێکی خەڵکیی و کۆمۆنیزمیی بەڵام گوێ دەداتە بوونی ئەو سیستەمە خەڵکیی و کۆمۆنیزمیە جا با زۆر بچکۆلەش بێت. ئەمریکا نایەوێت ئەم سیستەمە خەڵکییە لە سەر گۆی زەوی بوونی هەبێ. دەیەوێت داعشیەکان و شەڕعیەکان و بۆکۆ حەڕامیەکان و تاڵیبانەکان و چەندین گرووپی دژە ئینسانی تر هەبن بەڵام نایەوێت لە هیچ شوێنێک خەڵکیەکان و کۆمۆنیزمیەکان بوونیان هەبێ! شەڕ شەڕی سەرمایەیەو بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی بە تەواوی سەرمایەو سیستەمەکەی تەواوی گۆی زەوی داگیر دەکا. نابێ لە سەر گۆی زەویەکەمان شوێنێک بمێنێت کە لە گەڵ سیستەمی سەرمایە هاوڕاو تەبا نەبێ!
    چوارەم: هەڵەو کورت بینی و شیکردنەوەیەکی نادروستە تەنها بەرەی ناتۆ ببینرێت کە چەندە پوڵ و پارە بۆ شەڕ خەرج دەکات. بەڵام سیستەمی ئاخوندەکانی ئێران نەبینن کە چەند خەرج دەکەن بۆ تیرۆرو هیلالی شیعەو ناردنە دەرەوەی شۆڕش و سەرکوتی ناوخۆیی و قەتڵ و عامی ژنان و ئازادی خوازانی ئێران. بە بڕوای من، ئەوەی کە ئاخوندەکان نابینن ئەوەیە چونکە هەمووی لە سەر حیسابی خەڵکەو هیچ خۆشگوزەرانییەکیان بۆ خەڵکی ئێران نەهێشتۆتەوەو لە سەر حیسابی گۆشت و خوێن و ئێسقانی خەڵکی ئێرانە کە سیستەمی ئاخودنەکان درێژە بەشەرو مانەوەی خۆیان دەدەن.
    پێنجەم: پێویستە هەمیشە ناوەڕۆک و مانای گۆرانیەکەی کاوێز ئاغامان لە یاد بێت کە لە سەر شەڕی بەردە قارەمان گوتوویەتی کە شەڕەکە لە نێوانی کوردەکان بە سەرکردایەتی شێخ مەحمودو ئینگلیزەکاندا بووە. کوردەکان تەنها ساچمەزەن و تاپڕو ماوزەڕو شادمان و قۆچەقانی و شتی لەو بابەتەیان هەبوەو شەڕیان پێکردووەو ئینگلیزەکانیش لە ئاسمانەوە بە چەکی پێشکەوتوو شەڕیان کردووەو لە ئەنجامدا جەنابی شێخیان بە زیندوویی پەلبەستوو کردوەو بەرەو هیندوستانیان بردووەو چەکدارەکانی تریش هەر یەکەی بۆ کونێک و شوێنێک تێی تەقاندووە. ئێستای ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکاو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی هەمان سەردەمی کاوێز ئاغاو شێخ مەحمودە. بە تفەنگی شادمانێ شەڕ ناکرێ لەگەڵ ئاسمانێ. شەڕی ئیسڕائیل لە گەڵ حەماس، لە گەڵ حیزب اللە ، لە گەڵ حوسیەکان ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێت و لە گەڵ ئێرانیش هەر لەم دواییانەدا سەلماندی ئێران دەستەوستانە لە بەرامبەر چەکی پێشکەوتووی ئیسڕائیلدا. ئیتر هەراو زەنای دەزگا ڕاگەیاندنەکانی جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی پوولێک ناکات.
    شەشەم: دەبێ و پێویستە هەموومان ئەو ڕاستیە بزانین کە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی بە گشتی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە لایەن ناتۆوە بە سەرپەرشتی ئەمریکا لە ژێرچاودێریدایەو ناتۆ بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی نایانەوێت ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان و و سیستەمی سەرمایەی جیهانی دەرچێت. بۆ ئەو مەبەستە ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا پەنا بۆ چەندشتێک دەبا لەوانە:
    ١-ڕێگە نەدان بە بوونی دەوڵەتی بەهێز لە ناوچەکەدا،
    ٢- درووست کردنی دەوڵۆتەکەی بچوک بچوک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ناتۆ بە گشی و یان لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادا بێت بە تایبەتی،
    ٣- درووست کردنی کێشەی ڕەگەزیی، نەتەوەیی و خاک، دینی و مەزهەبی و شتی تر لە ناوچەکەو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی،
    ٤- هێشتنەوەی کێشەی فەلەستینیەکان و کوردەکان بەوشێوەیەی ئێستای. بۆی هەیە کەمێک شتیان بۆ بکەن بە نموونە دەوڵەتی بچووک بچوکی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان بەڵام هەرگیز کوردوستانی گەرەو دەوڵەتی فەلستینی نەتەوەیی یان دینی ریگا نادەن!
    ٥- ژیاندنەوەو گرنگی دان بە گرووپی دینی تیرۆریستی و ڕێگە گرتن لە بزووتنەوەو پارتی سیاسی خەڵکیی و کۆمۆنیستی و چەپ و لیبڕال کە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دابین بکەن،
    ٦-ڕێگە دان بە سیستەمی دیکتارۆیی لە وێنەی سەدام و ئەسەدو ڕیگەگرتن لە سیستەمی درووستکراو بە دەستی خەڵک.
    ٧- هەرگیز ڕێگە نادرێت دەوڵەتی سەبەخۆی فەلەستینی وەک کە فەلەستینیەکان داوای دەکەن و خوێنی بۆ دەڕێژن درووست ببێت لە تەنیشتی دەوڵەتێکی عیبڕی کە پێشەوەی بەرەی ناتۆ و ئەمریکایە لە ناوچەکەداو بەرامبەر جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی!

حەوتەم: شەڕ بەردەوامەو درێژەی هەیە.. ئیستا تەواوی ناوچەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلان و خەڵکی ناوچەکەو دنیای عەڕەبی و ئیسلامی شەڕ وێرانی کردوە، ماندووی کردووە، وای لێکردوە ئاوات بە دەسەڵاتی شەیتان دەخوازن . خەڵکی ناوچەکەو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی جێگێریی سیساسیی و ئیداریان دەوێت، بە دوای لوقمەیک نانەوەن کە هەبێ بیخۆن. سیستەمی سەرمایەش ئەمەی دەوێ و ئێستا بەو ئامانجەی گەییشتووە.. شەڕ بەردەوامەو کۆتایی نایەت تا سیستەمی سەرمایە دەگاتە ئامانجی کۆتایی خۆی. تەنها خەڵک و بەرەی چەپ و و سێکیولارو کۆمۆنیزم دەتوانێت کۆتای بەشەڕ بهێنێت بەڵام ڕێکخراوبوونی ئەو بەرەیە هێندە گرنگە وەک چۆن کە ئۆکسجین و هەناسەبۆ ژیان پێویستە. ئەم ڕێکخراوبوونە بە داخەوە لە ئیستادا نیەو هیچ چاوەڕوانیش ناکرێت وا بە زوویی پێک بێت!
هەشتەم: گلەییەک و ڕەخنەیەکی من لە بەرەی چەپ و کۆمۆنیست و تەواوی لێبڕالەکانی نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی بریتیە لە :
من وای دەبینم و پێم وایە لە تەواوی بە ناو شۆڕش و بزووتنەوە چەکداریی و ڕاپەڕین و ئیعتیڕازاتی جەماوەریشدا لە هەر وەڵاتێکی نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامییدا بەرەی چەپ و کۆمۆنیست و لیبڕاڵ و سێکیولار پشکی شێریان بەردەکەوێت. بە بڕوای من ئەوە ئەوانن کە خەڵک دەهێننە سەرجادەو ئەوە ئەوانن دەبنە سووتەمەنی و دەسەڵاتەکان دەڕوخێن بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە ئەوان لە ڕێگەی خەڵکەوە سیستەمەکان دەڕوخێن و دەسەڵاتەکان لادەبەن بەڵام خۆیان نایەنە سەرکارو دەستبەتاڵ و مایەپووچ دەمێننەوەو لە کۆتاییدا هیچ بەدەست ناهێنن. چونکە لە پشتی ئەوانەوە هێزی ڕێکخراوو ئامادە باش بوونی هەیە. بە بڕوای من خاڵی لاوازی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامیدا ئەوەیە کە ڕێکخراونین بەڵام بە ژمارە زۆرایەتی پێک دەهێنن. زۆرایەتی پێی خۆشە وەک چەپ و کۆمۆنیستێک بڕوای هەبێ و خۆی نیشاندات بەڵام کە دێتە سەر ڕێکخراوبوون لەدەرەوەی بابەتەکەدا دەردەکەون. بۆ نموونە شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕاپەڕینەکانی ئێرا ق و کوردوستان و چەندین شوێن و کاتی تر. کە بەرەی چەپ و کۆمۆنیستەکان و لیبڕاڵەکان دەبنە داینەمۆی ڕاستەوخۆی ڕاپەڕینی خەڵک، بەڵام لە بەرهەمەکەی بەشدار نین و مایە پووچ دەمیننەوە. ئەمەش کەمایەسیەکی گەورەو دیارە لە نێو بەرەی چەپ و کۆمۆنیزمدا.. من هیوادارم خۆیان ڕێکخراو بکەن!

حەسەن ڕازانی
٢٢ی پووشپەڕی ٢٠٢٥




ئایا سزادانی تاوانکارانی پیاو بە لە سێدارەدانیان نامرۆڤانەیەو دەبێ نەمێنێ یان سزادانیان بە خەساندن لە ڕێی دەرمانەوە؟.. حەسەن ڕازانی

من پێم وایە ئەگەر تاوانبار لە هەر بواریکدا تاوان ئەنجامبدات دەبێ سزا بدرێت. جا ئەو پیاوانەی کە دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنان و کچان و تاوانی گەورە لە دژی ژنان ئەنجام دەدەن، ئەوانیش دەچنە ناو ئەو چوارچێوەیەو تاوانبارن و دەبێ سزای خۆیان وەربگرن!.لێرەدا بۆچوونەکەی من لەسەر بەریتانیایە کە سزای لە سێدارەدانی لە ساڵی ١٩٩٨ وە هەڵوەشاندۆتەوە بە هۆی کاریگەریی یاسای مافی مڕۆڤ لەو وەڵاتەدا، هەروەها بەریتانیا ئەندامە لە ئەنجومەنی پاراستنی مافی مڕۆڤ لە ئەوروپادا، بەڵام ئەوەتە ئێستا حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت سزایەکی تر بچەسدپێنێت و بە یاسایی بکات کە ئەویش سزای خەساندنە لە ڕێی دەرمانەوە.
ئەو سزایە، بە بڕوای من، هەم توندوتیژ ترەو هەمیش زیاتر دژی مافی مڕۆڤە بە بەراورد بە سزای لە سێدارەدان. من پیم وایە سزای خەساندن، جا بە هەر ڕیبازیک بێت، ترسناکترو نامڕۆڤانەترە لە سزای لە سێدارەدان، چونکە ئەو پیاوەی کە دەیخەسێنن نامرێ و لە ژیاندا دەمێنێ و لە نێو کۆمەڵگادا دێت و دەچێت بەڵام وەک گاجووتێکی خەساو وایەو هیچ هەڵپەو ئارەزوویەکی بۆ سێکس و خۆشەویستی نامێنێت و بە هیچ شێوەیکیش تەنانەت بیریش لە سێکس و خۆشەویستی ناکاتەوە. بەڵام گرفتە گەورەکە ئا لێرەدایە کە مێشکی ئەو پیاوە خەساوە کار دەکاو بە ئاگا دەبێت و دەزانێت چیان لێکردووەو دەزانێت جیاوازی ئەو لە گەڵ پیاوانی تر چیە لە بواری سێکس و خۆشەویستیدا! ئەو پیاوە خەساوە نەمردووەو ماوە، بەڵام هەر ڕۆژێک بۆ ئەو مردنیکەو هەموو ڕۆژو ساتێک خۆزگە دەخوازێت کە ئەگەر هەڵیانواسیبایەو لە ژیاندا نەمابایە زۆر باشتر دەبوو لەو ژیانەی ئێستای. کەسی سزادراو بە ریگەی هەڵواسین و لە سێدارەدان یەک جارەو چەند خولەکێکەو دەڕواو کۆتایی دێت، بەڵام سزادان بە ڕێبازی خەساندن هەموو ڕۆژو ساتێک مردنیکە. ئەم بارودۆخەش بە لای کەسی خەساوەوە، بە بڕوای من، چەندین کێشەی تر بەدواخۆیدا دەهێنێت و بۆی هەیە جۆری تاوانەکان شێوەیەکی تر بەخۆوە بگرن و بە ڕێگایەکی تر ئەنجام بدرێن. من پیم وایە بۆی هەیە بە شێوەی کاتیی و بۆ ماوەیەک تاوان لەو بوارەدا کەم ببێتەوە بەڵام زۆری پێناچێت تاوانەکان شێوەو جۆریان دەگۆڕێت و بۆی هەیە ترسناکتر و گەورەتریش ئەنجامبدرێن! من پیم وایە، وەک چۆن سزای لە سێدارەدان لە بەریتانیاو چەندین وەڵاتی تریش نیەو هەڵوەشاوەتەوە، دەبێ هەر ئاهواش سزای خەساندنیش نەخرێتە دەستوورەوەو دەبێ دژایەتیشی بکرێت و لە جیاتی خەساندن دەبێ بیر لە جۆرێکی تری سزادان بکرێتەوە!

جا ئەو بابەتەی کە نووسینەکەی ئێمەی دەربارەیە ئەوەیە کە بە پێی هەواڵێک کە لە لایەن ڕاجیڤ سیاڵ بەرپرس و سەرنووسەری بەشی هەواڵەکانی ناوخۆ لە گاردیانی بەریتانیادا لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٥دا بڵاوکراوەتەوە ئەوەیە کە:” لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا بەرپرسێکی باڵای نێو دەزگای یاسایی و دادی بەریتانیا بە ناوی شابانە مەحمود باسی لە سزادانی خەساندن کردووە بۆ ئەو پیاوانەی کە تاوانی گەورەی سێکسیی و دەستدرێژیی گەورەی سێکسیی لە دژی ژنان و کچان ئەنجام دەدەن! هەروەها شابانە نیازیشی هەیە کە سزای خەساندن بە ڕێگای کیمیاوی، واتە داودەرمان، بخاتە بواری جیبەجێکردنەوە وەک تاقی کردنەوە لە ئینگلتەراو وەیلز!”
“پێشبینی دەکرێت کە وەزیری دادی بەریتانیا پشتگیری لە ڕیفۆرم و چاکساسازیی سزاداندا بکات لە ئینگلتەراو وەیڵز کە بەشێکی بریتی دەبێ لە بەکارهێنانی داودەرمان کە دەبێتە هۆی سەرکوت و بێدەنگ کردنی ئارەزووی سێکسی! (واتە بریتی دەبی لە پێدانی جۆرێک لە حەب و دەرمان بە کەسی تاوانبار کە دەبێتە هۆی خەساندنی ئەو کەسە!” (سەرچاوە: گاردیان)

بە پێی سەرچاوە فەڕمیەکانی دەوڵەتی شانشینی بەریتانیا شابانە مەحمود، ئەفسەرو بەرپرسی هەرێ باڵای تاج، قسە لەسەر سەرکوت و بێدەنگ کردنی ئارەزووی سێکس دەکا بە ڕێگەی داوودەرمانی کیمیاوی لە دژی ئەو کەسانەی کە تاوانی گەورەو قورس لە بواری سێکسدا لە بەرامبەر ژنان و کچاندا ئەنجام دەدەن و هەروەها دەست درێژی سێکسی دەکەنە سە ژنان و کچان!” (سەرچاوە: گاردیان)

“بەشی تایبەت بەو کارە لە وەزارەتی دادی بەریتانیا نیازی هەیە کە بەرنامەکەی فراوانتر بکاتو وەکو پاکیجێکیش لە ٢٠ بیست هەرێمدا تاقی بکاتەوە لە سەر زیندانیانی زیندانەکانی ئینگلتەراو وەیڵز و ئازاد کردنی هەزاران لەو زیندانیانە کە بە تاوانی سێکس و دەستدرێژی سێکسیی زیندانی کراون. ئەمەش وا دەکا کە ئەو فشارو قەرەباڵغیەی کە لەسەر زیندانەکان هەیە کەم ببێتەوەو نەمێنێت! هەروەها ئازادکردن و دانانی تاگ ،واتە ئامڕازی ئەلەکتڕۆنی بۆ چاودێری کردنی تاوانباران، لەسەر پیاوکوژان و ئەوانەی کە دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دەدەن دوای ئەوەی کە نیوەی سزاکەیان لە زینداندا تەواو کردووە.”( سەرچاوە: گاردیان)

“شابانە، قسە لەسەر پێداچوونەوەیەکی وردی سەربەخۆیانەو بێلایانانە دەکات لە سەر ئەنجامەکانی ئەو کارە. هەروەها شابانە داوا لە دەسەڵات دەکات کە بنکەیەک دابمەزرێنێت کە لە سەر بەڵگە دامەزرابێ بۆ ئەو داوو دەرمانە کیمیاویانەی کە ئارەزووی سێکس کەم دەکەنەوەو سەرکوتی دەکەن یان دەبنە هۆی ئەوەی کە کەسی دەسدرێژیکار بیرکردنەوەی سێکس کردنی نەمێنێت. جێگەی باسە ئەو پێشنیارە کە بۆ دەوڵەت و لایەنی دەسەڵات کراوە لە نێو ٤٨ پێشنیاری تردایەکە دەڤید گاوک خستوونیەتە ڕوو بۆ ئەو مەبەستە! پێشبینی دەکرێت کە شابانە ڕۆژی پێنج شەمەی داهاتوو وتەیەک لە ناو ئەنجومەنی لۆردەکاندا پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ئەو ڕێو شوێنانە دیاری بکات کە ئەو پێی باشن لە چوارچێوەی چاکسازیی دادپەروەریی تاوانکاریدا!
سەرچاوەکانی سەر بە دەسەڵات و حکومەت ڕایان گەیاند پێشبینی دەکرێت کە شابانە ڕەزامەندی لە سەر ڕێو شوێنە سەرکیەکانی پێداچوونەوەکە دەرببڕێت، کە لە نێویاندا بریتیە لە مەرجی پێدانی تاگ بە زیندانیەکە، واتە پێدانی ئامڕازی ئەلەکتڕۆنیی چاودێریکردن بدرێ بە تاوانبارەکە ئینجا ئازاد کردنی ئەو زیندانیانەیە کە ڕەفتاریان باشە دوای ئەوەی کە سێ یەکی ماوەی سزاکەیان لە زینداندا تەواو کردووە!” (سەرچاوە: گاردیان)

هەر وەها شابانە ڕەرزامەندی لە سەر ئەوەش دەربڕیوە ئەو زیندانیانەی کە تاوانی گەورەو دەستدرێژیی قورسی سێکسییان ئەنجامداوەو نیوەی سزاکەشیان لە زینداندا تەواو کردووە با ئازاد بکرێن و نیوەکەی تری سزاکەیان با بە خزمەتکرن لە لەنێو کۆمیونیتی دا تەواو بکەن!
یەکێک لە پێشنیارەکانی دەڤید گاوک وەلانراوەو گوێی پێنەدراوە کە ئەویش بریتیە لە :” پێویست دەکا کە پیسترین و ترسناکترین لە تاوانباران ڕێگایان پێبدرێت کە زووتر داواکاری پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد بکرێن هەر کاتێک کە متمانەیان لە لایەن کەسانێک و سەرچاوەکانی نزیک لە وەزیری داد بەدەست هێنا!
ڕاپۆرتەکە وەزیرەکان هان دەدا بۆ ئەوەی بناخەیەکی دامەزراو لەسەر بەڵگە دامەزرێنن دەربارەی بەکارهێنانی ڕێگای سەرکوتی کیمیاوی بۆ ئەو کەسانەی کە تاوانی سێکسی ئەنجام دەدەن و هەروەها لەو ئەنجامانەش ورد ببنەوە کە لە ئەنجامی پڕۆگرامی هاوشێوەدا بەدەست هاتوون لە وەڵاتانی وەک ئەڵمانیاو دانیمارک و پۆلەندا!

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە:” دەتوانرێت وروژانی سێکسیی و سەرقاڵبوون بە سێکسەوە کەم بکرێتەوە لە ڕێگەی پێدانی داودەرمانی کیمیاویەوە کە ئارەزووی سێکسیی سەرکوت دەکەن و کەمی دەکەنەوە . ئەو داودەرمانانە دەتوانرێت بدرێن بەو کەسانەی کە دەستدرێژی و تاوانی سێکس ئەنجام دەدەن”

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات:” ئەو بەرنامەو پڕۆگرامەی کەساڵی ٢٠٢٢ لە سەر زیندانیەکانی زیندانەکانی خوارووی ڕۆژئاوای ئینگلتەرا تاقیکرایەوە کە بریتیبوو لەوەی داودەرمانی کەم کردنەوەی ئارەزووی سێکسیان دەدا بە زیندانیەکان، ساڵی داهاتوو ئەو بەرنامەو پڕۆگرامە تەواو دەبێ و داوا دەکرێت کە بەردەوامی پێبدرێت و بودجەشی بۆ تەرخان بکرێت.”

هەروەها سەرچاوەیەکی نزیک لە شابانە گوتی:” حکومەت پلانی هەیە کە ئەو بەرنامەیە فراوانتر بکات بە جۆریک کە ببێتە قۆناغێک و سەرەتایەک بۆ ئەوەی لێرەوە بەسەر تەواوی وەڵاتدا جێبەجێ بکرێت”

ئەو بەرنامەو پڕۆگرامە لە ڕێگەی دوو جۆر دەرمانەوە جێبەجێ دەکرێت:
یەکەم: دەرمانی SSRIs کە بریتیە لە کورتکراوەی Selective serotonin Re-uptake Inhibitors کە ئەو دەرمانە بیرکردنەوەو ئارەزووی زۆری سێکس کەم دەکاتەوەو سەرکوتی دەکات. دەرمانی دژە ئەندرۆجین Anti -androgensدەبێتە هۆی کەم کردنەوەی بەرهەم هینانی هۆڕمۆنی تێستۆستەڕۆن کە هۆڕمنۆنێکی نێرینەییەو پەیوەستە بە ئارەزووی سێکسەوە.

ئەو جۆرە دەرمانانە شانبەشانی کارە دەروونیەکانی تر کە هەندێک تاوانی سێکس دەکەنە ئامانج لە بارەی شتی تریشەوە کاری خۆیان دەکەن بۆ نموونە ئارەزووی هێز بەدەستەوە گرتن و زاڵبوون بەسەر دەوروبەردا.

دیسان سەرچاوەیەک لە حکومەتەوە گوتی:”شابانە پێی وایەو قسە لەسەر ئەوە دەکا کە دەبێ خەساندن و نەهێشتنی ئارەزووی سێکس بە زۆرە ملێیی بێت نەک ئارەزوومەندانە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە تاوان و دەستدرێژی گەورەی سێکس ئەنجام دەدەن!”

ڕێژەی تاوان و دەستدرێژی سێکسی لە نێو تەمەنی گەورەساڵاندا لە کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ دا گەییشتۆتە ٪٢٠ کە ئەوانە یەکسەر دەستبەجێ سزا دراون. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە بەشداری ئەو تاوانبارانە لەو بەرنامەو پڕۆگرامانەدا لە ئینگلتەراو وەیلز بە خۆبەخشانەو ئارەزوومەندانە دەبێ!

لە نێو ئەو ڕاسپاردەو پێشنیارانەدا کە دەڤید گاوک، وەزیری پێشووی داد لە حکومەتی پارێزگاراندا، دەڵێ پێویستە حکومەت بیان کات بریتین لە:
یەکەم: دڵنیابوون لەوەی کە دەبێ سزا ی دەستبەسەرکردن تەنها لە بارودۆخێکی تایبەت و جیاوازو ناوازەدا کەمتر بێت لە ١٢ مانگ نەک لە هەموو بارودۆخێکدا.
دووەم: درێژکردنەوەی ماوەی سزای هەڵپەسێرراو بۆ ماوی سێ ساڵ و هاندانی ڕێبازی دواخستنی سزا بۆ ئەوانەی کە تاوانەکانیان سووکن.
سێیەم: زیاتر ئاوەڵاکردنی دەستی دادگا بۆ بەکارهێنانی جۆرەها سزا بۆ نموونە قەدەغەکردنی سەفەرو هات و چۆ لە تاوانبار، قەدەغەکردنی لێخوڕینی ماشێن وئۆتۆمۆبێل، هەروەها نەهێڵن بەشداری بکەن لە تپیی وەرزشیی بۆ نبموونە تۆپتۆپێن.
چوارەم: ڕێگا بە ئەفسەرانی چاودێرێی لە تاوانباران بدرێت تاکو بتوانن ئاستی چاودێریکردن ڕێکبخەن بە پێی ئاستی مەترسی تاوانبارەکان و گوێڕایەڵیی تاوانباران بۆ فەرمان و ئەرکەکانیان!
فراونکردنی دادگاکانی تایبەت بە تاوانەکانی ناوخۆی خێزان تاکو بتوانن باشتر هاوکاری قوربانیانی ناوخۆی خێزان بکەن.
پێنجەم: فراوانکردن و درێژکردنەوەی کاری تاگکردنی دەستدەێژیکاران و تاوانکاران لە دژی ژنان و کچان.

شەشەم:ڕاهێنانی زیاتر بە دەسەڵاتی دادوەری و ستافەکەی تاکو زیاتر بتوانن و شارەزابن لە یارمەتیدانی ژنان و کچانێک کە توندوتیژی و تاوانیان دەهەق کراوە.
حەوتەم:گوڕينی مەبەستی یاسایی لە سزادان. بۆ نموونە دەبێ دادوەرو دادگا چاویان لەوەبێ کە هاوکاری قوربانیەکە بکەن بە قەدەر ئەوەی بیر لە جۆری سزاو ماوەی سزای تاوانبار بکەنەوە.

هەروەها دەڤید گاوک داوا لە حکومەت دەکات کە بودجەو هاوکاری زیاد بکرێت بۆ بەشی خزمەتگوزاری چاودێریی و دەڵێ دەبێ ئامڕازەکانی چاودێریکردن، واتا تاگ، بۆ دەستبەسەرکراوو زیندانیکراوەکان زیاد بکرێن و فراوانتر بکرێن. ئەو پێی وایە ئەگەر بێت و لەو بارەوە حکومەت سستی بنوێنێت ئەوا ڕووبەڕووی پەرچەکرداری ڕای گشتی دەبێتەوە. ئەو دەڵێ:” ئەگەر بەشی چاودێریکردن هاوکاری نەکرێت ئەوا مەترسیەکەی لەوەدا دەبێ کە ئێمە هیچ بەرەو پێشچوونێک بەدەست ناهێنین لە بواری چاکسازی و گێڕانەوەی تاوانباران بۆ نێو کۆمەڵگا!

لەو بارەوە سەرۆکی پۆلیسی بەشی نیشتیمانیش هەمان داواکاریەکەی دەیڤید گاوکی بۆ زیادکردنی هاوکاری و بودجەی بەشی خزمەتگوزاریی چاودێریکردن دووبارە کردەوە.

ساشا هاشێت، سەرۆکی بەشی پۆلیسی نیشتیمانی بۆ دادپەروەری تاوانکاریی، دەڵێت:” دەرچوونی تاوانباران لە زیندان نابێ بەو مانایە بێت کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پۆلیس دا نەمێنن. ئەگەر ئێمە بمانەوێت کە ژمارەی زیندانیان لە زینداندەکاندا کەم بکەینەوە دەبێت دڵنیا بین لێیان کە لە دەرەوەی زیندان و نێو کۆمەڵگادا نەتوانن تاوان ئەنجام بدەن و کۆمەڵگا لێیان پارێزراوبێت!”
” دەبێ هاوکاری و زیاد کردنی بوجە بۆ ئەو مەبەستە لە پێداچوونەی خەرجیەکانی داهاتوودا دەربکەوێت و هەروەها لە وەبەرهەم هێنانیشدا لە بواری زیاد کردنی ئامڕازەکانی چاودێری واتە تاگ و وەبەرهەم هێنان لە بواری خزمەتگوزاری چاودێریکردندا.”
لەو بارەوە گرووپی چاکسازی هاوارد پشگیری لەو ڕاسپاردەو پێشنیارانەکرد.
ئەندریە کومبەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکار، گوتی:” ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی حکومەتدایە. چارەسەرکردنی قەیرانی توانای زیندانەکان پێویستی بە بە دەستێوەردانی گەورە هەیە، ئەمەش کاتێک دەردەکەوێت کە دەربکەوێت کە ئەو بەرنامەیە ئەنجامی باشی بەدەست هێناوەو تاوان و تاوانکاریی لە نێو کۆمەڵگادا بنەبڕکردووە.
لەوبارەوە پارتی پارێزگاران ئەو پێداچوونەوەی دەیڤید گاوکیان بەدڵنیەو ئیدانەیان کردووە. ئەوەتە ڕۆبەرت جێنریک، وەزیری داد لە حکومەتی سێبەردا گوتی:” بە هەڵوەشاندنەوەی سزای کورت بۆ زیندانیان کە تاوانەکانیان سوکە بۆ نموونە هەندێک تاوانی وەک دزی و دەستدرێژی و بەسەردادان و هەڵکوتانەسەر خەڵک و ماڵان بە مەبەستی دزی دەچنە خانەیەک کە بە تاوان دانانرین و ئەنجامدەرانیش دەچنە خانەی بێتاوانانەوە. ئەمەش وەک دیارییەک وایە کە پێشکەشی تاوانباران دەکرێت کە تاوان ئەنجام دەدەن و وا نیشاندەدەن کە بە نەزانی کردوویانە”

تێبینی: خەساندن بە ڕیگای داوودەرمانی کیمیاوی جۆن دەبێ؟
ئەو جۆرە خەساندنە بریتیە لە پێدانی جۆرێک لە دەرمان بە مەبەستی کەم کردنەوە یا بە تەواوی نەهێشتنی ئارەزووی سێکس و تەنانەت هەندێک جاران بیرکردنەوەی سیکس لە ناو دەبات. ئەو کەسانەی ئەو دەرمانانەیان دەدرێتێ دەیانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی مێرمنداڵییان لە ڕووی ئارەزووی سێکسەوە. هەڵسوکەوت و ئارەزووی سێکسی ئەو کەسانە دەوەستێنن! ئەو دەرمانە دەگونجێت جۆریک بێت لە SSRIs کە بریتیە لە کورتکراوەی: Selective Serotonin Reuptake Inhibitors کە کار دەکاتە سەر بیرکردنەوەی ئارەزووی سێس و هەروەها Anti-Androgens کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هۆرمۆنی تێستۆستەرۆن کە هۆڕمۆنێکی نێرینەیە و پەیوەستە بە ئارەزووی سێکس. هەرچەندە دەتوانرێت کەسەکە بگەڕێنرێتەوە دۆخی پێش پێدانی دەرمانەکە بەڵام دەرمانەکە لایەنی خەراپەی تریشی هەیە بۆ نموونە کەسەکە تووشی خەمۆکی دەکا، تووشی بیرکردنەوەی خۆکووژی دەکات، تووشی ئارەقکردن و گەرمبوونی لەشی دەکات هەروەها چەندین کاریگەریی لاوەکی تەندرووستی تریشی بەدوادا دێت.
جێگەی باسە کە ئەو جۆرە دەرمانە لە هەندیک لە دەسەڵاتەکانی دادوەریدا بەکاردەهێنرێت وەک مەرج و پارێزبەندییەک بۆ ئازاد کردنی تاوانبارانی بەشی دەسترێژی سێکس بۆ سەر ژنان و کچان. هەروەها هەندێک دەزگای تەندرووستی بۆ چارەسەری هەندیک جۆری شێرپەنجەش بەکاری دەهێنن!

شابانە مەحمود کێیە؟
شابانە مەحمود ساڵی ١٩٨٠ لە دایک بووە،پارێزەرو سیاسەتمەدارێکی خەڵکی بەریتانیایە. سەر بە پارتی کرێکارانە(لەیبەر پارتی). ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ وەزیری دادی سیبەر بووە، لە ساڵی ٢٠٢٤ وە وەزیری دادو ڕاوێژکاری لۆردەکانە. ئەندامی پەڕلەمانەو نوینەری بیرمینگهام و لەیدوود لە نێو پەڕلەماندا لە ساڵی ٢١٠ وە. دەرچووی کۆلیجی یاسایە.

حەسەن ڕازانی
———————————————————-
لە وەرگێڕانی ئەو بابەتەدا بۆ کوردی سوودم لەو سەرچاوانە وەرگرتووە

Shabana Mahmood considers chemical castration for serious sex offenders | Prisons and probation | The Guardian
https://www.google.com/search?q=Shabana+Mahmood&sourceid=chrome&ie=UTF-8
https://www.google.com/search?q=Shabana+Mahmood&sourceid=chrome&ie=UTF-8
https://youtu.be/LNeZ_Wu
Wikipedia




ئەردۆغان و دووفاقێتی لە سیاسەتدا.. حەسەن ڕازانی

ئەردۆغان سیاسەتمەدارێکی مونافیقە چونکە خۆی بە موسڵمان دەزانێ و فرمێسکی تیمساحیی بۆ فەلەستینیەکان دەڕێژێت و لە ژێرەوەش لە گەڵ ئیسڕائیلدایە!

من نە یەکەم کەسم کە ئەو قسەیە بە سەرۆک ئەردۆغان دەڵێم و نە بوختانیشی بۆ هەڵدەبەستم، بەڵک و زۆرلە پێش مندا سیاسەتمەدارانی تورک لە نێوخۆی تورکیادا لە پارتە بەرهەڵستکارەکانی ناوتورکیا و بە تایبەتیش بەرپرسە باڵاکانی سەر بە پارتی جەهەپە چەندین جار لە بەکارهێنانی وشەی مونافیق واوەتر ڕۆییشتوون! هەندێک لەو سیاسەتمەدارانە بە بەڵگە سەلماندوویانە کە ئەردۆغان درۆ لەگەڵ تەواوی موسڵمانانی جیهان بە گشتی و بە تایبەتیش لە گەڵ فەلەستینیەکان دەکا! جا لە نێو فەلەستینیەکانیشدا خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵکی فەلەستین بە گشتی و حەمساویەکان بە تایبەتی.
ئەردۆغان لە لایەکەوە بە ڕواڵەت و لە بەردڵی موسڵمانانی جیهان بە گشتی و ناوخۆی تورکیا بە تایبەتی فرمێسک بۆ منداڵانی غەزەو بۆ خەڵکی فەلەستین دەڕێژێ وهەمیشە لە بەردەم مایکڕۆفونەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا بە حەماسیانە دەکەوێتە هات و هاوارو لە دژی ئیسڕائیل وتاری ئاگرینیی دەدا، بەڵام لە ژێرەوەش هیچ سەروک و سیاسەتمەدارێکی موسڵمان بە قەدەر ئەڕدۆغان لە ئیسڕائیل نزیک نیە! ئەمە ئەگەر نیفاقی سیاسیی نەبێ دەبێ چی ناولێبنرێت؟
ئەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنن ئەڕدۆغان درۆ لە گەڵ موسڵمانانی جیهاندا دەکات!
بۆ نموونە: تورکیا یەکەم وەڵاتی موسڵمانە کە ئەندامی ناتۆیە؛ لە تورکیادا ٢٦ بنکەی سەربازی ئەمریکاو ناتۆ هەیە؛ تورکیا یەکەم وەڵاتی موسڵمان بوو کە دانی نا بە دەوڵەتی تازە درووست بووی ئیسڕائیلدا لە ساڵی ١٩٤٨؛ لە تورکیادا دوو بنکەی سەربازیی ئیسڕائیل هەیە یەکێکیان دەکەوێتە شاری کۆنیاو ئەوی تریان دەکەوێتە شاری ئەزمیرەوە؛ بە پێی ڕێکەوتنی ناتۆ ئیسڕائیل دەتوانێ سوود لە بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکایە وەربگرێت؛ ساڵانە پێنج سەد هەزار گەیشتیاری ئیسڕائیلی سەفەر دەکەن بۆ تورکیا؛ تورکیا یەکەم وەڵاتی موسڵمانانە کە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازیی بە یاسایی بکات؛ تورکیا تاکە وەڵاتی موسڵمانە کە سەیرانگای بۆ لەشڕووتەکان هەیە؛ لە تورکیادا نزیکەی ٢٦٥ مەیخانە هەیە.
هەروەها ئەوەتە زۆر بە ڕوونی و بە دەنگێکی بوێرانە سیاسەتمەداری ناسراوی بەریتانیی جۆرج غالاوی لە بەردەم میدیاکانی بەریتانیادا بە گاڵتەجارییەکی تاڵەوە دەڵێ:
“ڕەنگە ئەردۆغان لە دەربەدەریدا کاتێک کە دەری دەپەڕێنن ڕێک پەیوەندی بە بەشار ئەسەدەوە بکات لە مۆسکۆ! بەڵام واقیعی ئێستا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەرپەڕاندن و دەربەدەریی سرووشتیی ئەردۆغان بەرەو تەلئەبیب یان بەرەو دۆحە نزیکترە! چونکە ئەوان هەمیشە دەرگاکانیان بەڕووی هاوپەیمانە ڕاستەقینیەکانیاندا کراوەن. ئەردۆغان سەرکردەیەکی موسڵمان نیە، بەڵکو درێژترین تۆماری پەیوەندیەکانی لە گەڵ قەوارەی زایۆنیدا هەیە.
ئێوە دیقەت بدەن و بە وردی لە کارەکان و سیاسەتەکانی ئەردۆغان بڕوانن کە چ دەکا. بۆ نموونە :
ئەردۆغان تاکە سەرۆک کۆماری موسڵمانە کە مەدالیای”ئازایەتیی جولەکەکان”ی لە لۆبی زایۆنیستی وەرگرت.
ئەردۆغان تاکە کەسە کە پێنج جار سەردانی ئیسڕائیلی کردووەو لە سەر گۆڕی هەرترل، دامەزرێنەری زایۆنیزم، وەستاوە بۆ ئەوەی بیر لە دەستکەوت بکاتەوە!
کۆماری تورکیا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان دا ٦٠ شەست ڕێکەوتنی لە لەگەڵ ئیسڕائیل واژو کردووەو قەبارەی بازرگانیی لە لەگڵ ئیسڕائیل گەیاندۆتە زیاتر لە ٩ نۆ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا!
کەسێکی ئیسڕائیلیی بە بێ ڤیزا دەچێتە ناو تورکیا، لە کاتێکدا فەلەستینیەکان لە بەردەم دەرگای کونسوڵخانەکاندا زەلیل و زەبوون دەکرێن و لە چاوەڕوانیدا ڕادەگیرێن!
دووەم گەورەترین کارگەی چەکی ئیسڕائیل لە جیهاندا لە تورکیادایەو سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتیەکانی ئەردۆغان بە ڕواڵەت سەبارەت بە غەزە کە هێشتا بۆ یەک لەحزەش ئەو کارگە چەکە دانەخراوە!
لە کاتێکدا وەڵاتانی عەڕەبی بەندەرەکانیان بەڕووی کەشتیەکانی ئیسڕائیلدا دادەخەن، بەڵام تورکیا لە ڕێگەی دەریاوە پێداویستیەکانی ئیسڕائیل دابین دەکاو دەیان نێرێت و تا نێو ئیسڕائیل بەندیان ناکات!
ئەدی ناوخۆی تورکیا بۆ باس ناکەن؟ ئەدی ٢٠ بیست هەزار خانوی قەحبەخانەی یاسایی لەشفرۆشیی، لەو قاحبەخانانەدا زیاتر لە سێسەد هەزار ژنی تورک کاریان تێدا دەکات. داهاتی ساڵانەی ئەو لەشفرۆشیە نزیکەی ٤چوار ملیار دۆلارە بۆ دەبێ باس نەکرێت؟
هەموو ئەو شتانە لە ژێر یاساو لە بەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدایە!
ئەمە تورکیایەو لە ژێر دەسەڵاتی گەورەترین مونافیقدایە!
بۆیە هەرکەسێک بە بیانووی دین و ئیسلامەتییەوە چەپڵە بۆ ئەردۆغان لێبدات، دیارە چاوەکانی لە دەست داون و نابینێت!
تێبینی: بۆ نووسینی ئەو زانیاریانە سوودم لە: فەیسبووکی ئێناز کیانپوور و وتارەکانی جۆرج غالاوی وەرگرتووە.

حەسەن ڕازانی




بۆ پارێزگاریی لە ماڵێ خۆی دەستبەجێ خوا ئەبڕەهەو سوپاکەی تەفروتونا کرد!.. حەسەن ڕازانی

“خیبر خیبر یا یهود..جیش محمد سوف یعود!”
شێعاری: “خەیبەر خەیبەر ئەی جولەکە.. سوپای محمد دێتەوە چاوەڕێکە” چی دەگەێنێت؟
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، مەبەستێکی دوولایەنە لەخۆدەگرێت. چونکە لە سەرێکەوە جولەکە وەک هەڕەشەو ترسێک دەیبینێت بۆ سەرخۆی. جولەکە پێی وایە ئەو شیعارە مەترسیە بۆ ئێستاو دواڕۆژیش کە ئایین و ڕەگەزی جولەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی. ترسی جولەکە لەو شیعارە لەخۆڕا نەهاتووە، ئەو ترسە لە بابەتی ئێستای کەرتی غەزەی فەلەستینەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەهۆی مامەڵەی دوژمنکارانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینەکان پەیدانەبووە ، ترسی جولەکە لەو شیعارە لەوێ ڕۆژێوە سەریهەڵنەداوە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل درووستبووە، بەڵک و ترسی جولەکە لەو شیعارە لە کۆنەوە درووستبوە. لەو ڕۆژەوە پەیدابووە کە سوپای ئیسلام بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام، فەتحی قەڵای جولەکە نشینی خەیبەری ئەنجامدا.
لە سەرووی هەزارساڵ پێش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامیش جولەکە لە یەسریب واتە مەدینەی ئیستاو بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەردا ژیاوە. نیشتەجێبوونی جولەکە لە نیمچە دوورگەی عەڕەبیدا لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ئاسوریەکان لە ساڵی ٧٢١ی پ.ز لە عێڕاقی ئێستادا تینیان بۆ جولەکە هێناوەو کوشتارێکی زۆریان لێکردوون. جا ئەوجولەکانەی کە ڕزگاریان بووەو بەر شاڵاوی کوشتن بەدەستی ئاسوریەکان نەکەوتوون، لە ترسی لەناوچوونیان بە یەکجارەکی بە دەستی ئاسوریەکان، زۆرێک لەوانە ڕایان کردووە بەرەو نیوە دوورگەی عەڕەبی و لە وێ لە بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەرو یەسریب واتە مەدینەی ئێستا نیشتەجێبوون. ئەو خێڵە جولەکانەی کە گەورەو سەرەکی و بەناوبانگ بوون و توانیویانە بگەەنە بەرزاییەکانی خەیبەرو یەسریب، بریتیبوون لە خێڵەکانی وەک بەنو نەزیر، بەنو قونەیقاع و بەنو قورەیزە و چەند خێڵێکی بچووکی تر.
جولەکە لە گەڵ عەڕەبەکانی ئەو ناوچەیەدا تێکەڵبووەو پێکەوە بە ئاشتیانە ژیاون تاکو سەردەمی پەیدابوونی پێغەمبەری ئیسلام. کاتێک کە پێغەمبەر لە ٢١ی سێپتەمبەری ٦٢٢ دا لە مەکەوە بەرەو مەدینە گواستیەوە و سوپای گەورەی ئیسلامیی لە شاری مەدینەدا پێکهێنا ئیتر لەگەڵ جولەکەکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی لە گەڵ ئەوانەی ناومەدینەو بەرزاییکانی خەیبەر کەوتە کێشەو ململانێ. جولەکە زۆر بەباشی مانای ئەو شیعارە تێدەگات و دەشزانێت بە ئەنجام گەیاندنی ئەو شیعارە چ دواڕۆژێکی ڕەش تووشی ڕەگەزی جولەکە دەبێت! لەوبارەوە جولەکە مێژووی دوێنێی خۆی زۆر بە باشی دەزانێت و زۆر بە بەباشی پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ برا عەڕەبە موسڵمانەکان لە نیوە دورگەی عەڕەبی دا بە گشتی و ناوچەی یەسریب و مەدینەی ئێستاو بەرزاییەکانی خەیبەری بە بیرە! جولەکە دەزانێت کە ئەوە فشارو کوشتارو ترسی قڕان تێخستنیان بووە بە دەستی سوپای موحەمەد، کە زێدی باب و پایرانیان بەجێهێستوە. بەڵگەش ئەوەیە کە ئەگەر ئێستا بە چراو شەدایان بگەڕێی جولەکەیک نابینیت کە لە یەسریب و خەیبەرو بەرزاییەکانی خەیبەردا مابێت.
بەرزکردنەوەی ئەو شیعارە لە ئێستادا، بە بڕوای من، دانپێداهێنانێکی ئاشکرایە بە مێژوویەکی پڕ لە کوشتاری بەکۆمەڵ لە دژی ڕەگەزی جولەکە، کە ئێستا هەندێک لە نووسەرو لێکۆلەرەوانی ئیسلامی هەوڵی بەنادرووست دانانی ئەو مێژووە دەدەن! هەوڵدەدەن ئەوداگیرکاریانەی کە بە ناوی فەتح وغەزەواتەوە لە شام و باکووری ئەفریقاو عێڕاق و کوردوستان و هەندێک شوێنی تریش ئەنجام دراون، خەتاکەی بخەنە پاڵ نادرووستیی مێژوو! هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی ئەنفالەکان و کردەی ئەنفال لە دژی هەندێک نەتەوەو ڕەگەز، کردەی بە کەنیزەک گرتنی کچان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سەروەت و سامانی غەیرە موسڵمان بە شێوەیەک ببینن کە ئەمە دوورە لە ئایین و خودا پەرستی. ئەمانە پێیان وایە بڵاوکردنەوەی خوداپەرستی بە توندوتیژی و داگیرکاریی و بە کەنیزەک گرتنی کچانی ناموسڵمان نابێت! ئەمانە وای دەبینن و موکوڕیشن لە سەر ئەوەی کە ئەمە تۆمەتەو خراوەتە ناو مێژووی ئیسلامەوە بە مەبەستی ناشیرن کردنی ئایینی ڕاستەقینەی خودا. لەلای تەواوی موسڵمانانی جیهان هەردەبێ ئیسلام دین بێت، چونکە خودا ئەوەتە لەو بارەوە لەو ئایەتەدا ئەمەی یەکلا کردۆتەوە کە تەنها ئیسلام دینەو دەبێ حسابی دینی بۆ بکرێت کە دەفەرموێت: “إن الدین عند اللە الاسلام وما اختلف الذین اوتوا الکتاب الا من بعد ما جاءهم العلم بغیا بینهم و من یکفر بایات اللە فان اللە سریع الحساب” سوڕەتی ئالی عەمڕان ئایەتی١٩. بە مانای: “لە لای خودا دین ئیسلامەو ئەوانەی ئەهلی کتێبن ئەو ڕاستەقینە دەزانن. بەڵام هەر لە بەر ئیرەیی کە لە ناو خۆیاندا هەیە پێک نەهاتوون. هەر کەسێکیش بە هەر جۆرێ لە نیشانەکانی خوا حاشا بکا با تێبگەن کە خوا لە لێپرسینەوە زۆر بەلەزەو پێڕادەگا” قورئانی پیرۆز لاپەڕە ٥٢ هەژار موکریانی.
جا لەو بارەشەوە هەندێک لە لێکۆڵەرە ئیسلامیەکان وهەندێکیش لە نووسەرەکانیان بۆ پاڵپشتی بۆچوونەکەیان پەنجەی تاوان بۆجولەکەو قەشەکانیان درێژ دەکەن و دەڵێن ئەوان ئەو جۆرە لە حەدیس و مێژووەیان بە ئیسلامەوە لکاندووە بۆ لەبەرچاوناشیرین کردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەگینا ئایینی ئیسلام هەمووی پێکەوە ژیان و برایەتی و دوورلە توندوتیژییە! بەڵام مێژووی عەڕەبی ئیسلامی کە لە خوێندنگاکاندا خوێندراوەو ئێستاش بەردەوامیی هەیە ئەم بۆچوونە پشتڕاست ناکاتەوە!
ئامانجێکی تری ئەو شیعارە هی موسڵمانانی جیهانە بەگشتی، هی عەڕەبەکانە بە تایبەتی و ئینجا هی فەلەستینیەکانیشە بە تایبەتی تر لە هەموان. ئامانجی فەلەستینیەکان هێزو توانا بەخۆدانە، وەبیرهێنانەوەی مێژووی دوێنێی سوپای پێغەمبەری ئیسلامە کە ئەوان بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام کارێکیان بە جولەکە کردووە با بەدەواری شڕی نەکردبێت. ئەمانە دەڵێن ئەوڕۆ نا سپەینێ، دەبێ ئارام بگرین، دەبێ چاوەڕێ بین بۆ ئەوەی سوپای پێغەمبەر جارێکی تردرووست ببێت و ئەو جارە جولەکە بە تەواوی لە سەر زەویێ نەهێڵرێت! ئەو شیعارە بە موسڵمانان و بە فەلەستینیەکان دەڵێت:” با جولەکە بزانێت کە زۆر نابات سوپای پێغەمبەری ئیسلام بە مەرەد خێڵەکانی بەنو نەزیرو بەنو قورەیزەو بەنو قونەیقاعیان دەبات! بۆیە ئەو شیعارە بۆ موسڵمانان و فەلەستینیەکان وەک چەکێکی کاریگەرەو لە قازانجی ئەواندایەو بۆ جولەکەش وەک دێوزمەو شەولەبان وایە کە هەمیشە بەرۆکی بە جولەکە گرتووەو لە کۆڵی نابێتەوە.
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، ئەو مەبەست و ئامانجەیە کە بەشێوەی هات و هاواری سەرجادەو شەقامەکانە کە چەندین جار بە ئاشکرا لە کاتی خۆپیشاندانەکانداولە نێوچەکدارانی بزووتنەوە ئیسلامیە توندڕەکاندا دەگوترێتەوە. نەک هەرلە نێو ئەوانەدا بەڵک و هەندێک جاران لە نێو میانڕەوەکانیشدا بوونی هەیە. ئەگەر واوەتریش بڕۆین ئەو شیعارە هەر لە نێو فەلەستینیەکانداو بە تایبەتی لە نێوکەرتی غەزەدا ناگوترێتەوە بەڵک و چەندین جاران لە ئەوروپاو لە ئەمریکاشدا لە نێو جەرگەی زانکۆو پەیمانگاکاندا لە لایەن خوێندکارانەوە بە کۆمەڵ دەگوترێتەوە. ئەوە بێجگە لە ناوبازارو شوێنە گشتیەکاند کە هیندە دیاردەیەکی زۆرەو بە شێوەیەکی توندوتیژانەش بەرز دەکرێتەوە کە هەر باس ناکرێت! کورتەی ماناو ناوەڕۆکی ئەو شیعارو وتافەی سەرەوە بریتیە لە: “خەیبەر خەیبەر ئەی جولەکە..سوپای موحەمەد دەگەڕێتەوە. دیارە مەبەستیان ئەوەیە کە بڵێن سوپای موحەمەد هەربینا هاتەوە بۆتان!”
ئەو شیعارە، بە بڕوای من، ناوەڕۆکێکی کوشتنی بە کۆمەڵ و لە ناوبردنی یەکجارەکی نەتەوەو ڕەگەزو ئایینێکی لە نێوخۆدا هەڵگرتووە کە بریتیە لە نەتەوەو ئایین و ڕەگەزی جولەکە! ئەو شیعارە پێشینەو مێژوویەکی درێژی لە بارەی کوشتنی بە کۆمەڵی ڕەگەزو ئایینی جولەکەی لە پشتەوەیە. بە ئاشکرا ماناکەی ئەوە دەگەێنێت کە سەردەمێک هەبووە، بە پشتبەستن بە مێژووی عەڕەب و ئیسلام دەبێ سوپای پێغەمبەری ئیسلام هێرشی کردبێتە سەر شاری خەیبەر کە شارێکە زووربەی پێکهاتەکەی جولەکە بووە. ئەو هێرشەی سوپای پێغەمبەری ئیسلام لە ژێر بەهانەو بیانووی هەرچیەکدا بووبێت، ئەوە کاری ئێستای ئەو نووسینە نیە، کارێکی بە جولەکەکانی شاری خەیبەر کردووە کە با بە دەواری شڕی نەکردبێت! واتە وەک گەڵا دارێکی لێکردوون کە کولەو سنە لە برسانا هەلا بە هەلای کردبێت.
بە هەندێک گەڕانەوە بۆ پێش بابەتی خەیبەریش، چێڕۆکی هێرشی سوپای ئەبڕەهەی حەبەشە بۆ سەرکەعبە، کە قیبلەی موسڵمانان و ماڵی خودا خۆشیەتی، لە گۆڕێدایە! جا وەختی خۆی تەنانەت لە پێش پەیدابوونی پێغەمەری ئیسلامیشدا ئەبڕەهەی حەبەشە بە سوپایەکی زەبەلاح و پڕچەکەوە کە زووربەی شەڕکەرەکانی ئەو سوپایە سواری فیل و وەڵاخە بەرزە بوون و بەرەو ماڵی خودا کەتۆنەتەڕێ و نیازیان هەبووە زیانێک بە کەعبە بگەێنن! بەڵام پەروەردەگاری بێهاوتا کە فەرمان بکاو بڵێ ببە: دەێت، سوپایەکی لە باڵندەی تەیرە ئەبابیل ناردە سەر سوپاکەی ئەبڕەهە کە پێک هاتبوو لە پەڕەسێلکەی ئیسک سوک و جوانکیلە کە هەریەکێکیان چەنگێک چەوو بەردە وردکەی بە هەردووک چەنگە بچکۆلەکانیان هەڵگرتووەو بە ڕێگای ئاسمانیدا خێراتر لە دڕۆنەکانی ئێستای وەڵاتانی پێشکەوتوو ڕێک چوونەتە مەیدانی جەنگەوەو هەرلە نیوەی ڕێگا پێشیان بە سوپاکەی ئەبڕەهە گرتووەو تەواوی ئەو بەردە ورکەو چەوەی پێیان بووە بەسەر سەری سەربازەکانی ئەبڕهەیاندا بەرداوەتەوە. جا هەمووئەو چەوو بەردە وردانە بوون بە تیرو ڕمب و گولەی تانک بڕو لە چاوتروکانێکدا تەواوی ئەو سوپا زەبەلاحەی ئەبڕهەیان بە خۆیان و فیل و وەڵاخە بەرزەوە تەفروتونا کردووەو ئەوەی ئاقڵ بووە فریا خۆی کەوتووەو ڕایکردوە ئەوەشی کەلەڕەقی نواندووە خوا بەرەو جەهەندەمی ناردووە! جا لێرەدا خوا ئاهوا هێزی خۆی نیشانی نەیارانی داوەو بەو شێوەیەش موجیزە ئاسا بەرەنگاریی لە ماڵێ خۆی کە کەعبەیە کردووە!
بەڵام ئەوەتە خوا بۆخۆی فەرموویەتی:” إذا سألک عبادي عني فاني قریب اجیب دعوة الداع اذا دعان فاستجیبوا لي ولیوءمنوا بي لعلهم یرشدون” سوڕەتی بەقەڕە ئایەتی ١٨٦” مامۆستا هەژار لە قورئانی پیرۆزدا لاپەڕە ٢٨ ئاهوا ئەو ئایەتەی لێکداوەتەوە:” هەرگایەکی عەبدەکانم لە مەڕمن لە تۆ دەپرسن، من نزیکم؛ هەر کەس هانام وەبەربێنێ، بێ وەرامی ناهێڵمەوە. با ئەوانیش لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من بێ، بەشک و ڕێی ڕاست بەدی بکەن.” بە بڕوای من خوا خۆی لەو ئایەتەدا بە موسڵمانان دەڵێت کە هەر کەسێکی موسڵمان پەنا بۆ خودا بەرێ و لە بەری بپاڕێتەوە خودا نزاو پاڕاناوەکانی گیرا دەکات.
جا پرسیارەکە لێرەدایە کە:” ئایا دەبێ خوا خۆی ڕاستەوخۆ خەڵکی داماوو هەلابەهەلابووی کەرتی غەزەی فەلەستین نەبینێت و گوێی لە پاڕانەوەو نوزانەوەو هات وهاواری ئەو ملیۆنان موسڵمانە نەبێت؟ دەبێ کەسێکی وایان تێدا نەبێت کە موسڵمانێکی بێ غەل و غەش بێت؟ ئەدی منداڵە ساواو شیرەخۆرەکان کە لە ناو بۆمب و بارووتدا بە زیندوویی دەسوتێنرێن؟ تۆ تەماشا بکە بە دەیان هەزاریان لێکوژران و بە سەدان هەزاریان لێ برینداربوون و بە ملیون کەسیان لێ دەربەدەر بوون، ماڵ و حاڵیان لە تەواوی ئەو دەڤەرەی غەزەدا لە گەڵ ئەرزێ تەخت کراون! سەرباری ئەوەی کە هەموو ئەو خەڵکەی کە لە ژیاندا ماوە بۆ یەک خولەکیش ڕاناوەستێ و هاوار نەکاتە ئەو خوایەی کە پێیان دەڵێت لە بەرم وەپاڕێن و منیش نزاو پاڕانەوەتان لێ قەبوڵ دەکەم!”
“هەروەها ئەو سەدان هەزار بریندارەش یەک کەسیان نیە کە دەمی ڕابوەستێ لە نزاو پاڕانەوە، تەنانەت’ بە بڕوای من’ هەموو کوژراوەکانیش هەتا ئەو خولەکەی کە گیانیان دەرچووە کە فریا کەوتبن هاواریان کردووەو پاڕاونەتەوەو نزایان کردووە کە خودای گەورە فریایان بکەوێت! ئەوە بێجگە لە سەرووی ملیارێک موسڵمانی سەرئەو زەویە کە بیست و چوارکاتژمێر لە ماڵ و لە مزگەوت و لە نێو پێنج فەرزەی نوێژەکانیشدا و لە کاتی نان خواردن و ئەملاولاشدا هەر هاواردەکەنە خواو دەپاڕێنەوە کە خوا فریای خەڵکی غەزە بکەوێت!”
بەڵام خوای گەورە سەرباری ئەو بەڵێنەشی کە داویە بە موسڵمانان و ئەوانەی کە لە سەر ڕێبازی خودان، کەچی وەڵامی یەک کەسیش ناداتەوە، بەڵام لەولاوەو وەک مێژووی ئیسلامیی پێمان دەڵێت و خواش لە قورئاندا لە سوڕەتی فیل دا باسی کردووە هەر خێرا سوپایەکی تەیارو پڕ چەکی بە بەردە وردکە ناردە پێش سوپاکەی ئەبڕەهەو نەی هێشت بستێک بڕواتە پێش و زیان بگەێنێت بە کەعبە واتە ماڵەکەی خوا خۆی! جا لێرەدا من پێم وایە دەبێ خەڵک بە گشتی و بە تایبەتی موسڵمانان پرسیاریان لە لەلا درووست ببێت و بڵێن:” بۆچی خوا فریای ماڵەکەی خۆی ئاهوا بە زوویی دەکەوێت و لێی وریایە بەڵام گوێ ناداتە کوردی موسڵمان کە بەدەستی موسڵمانەوە ئەنفال دەکرێت، بە دەستی سیستەمەکانی سوریاو عێڕاق و تورکیاو ئێرانەوە لە ناودەبرێت، یان ئەوەتە موسڵمانانی ئێرەو ئەوێ بە نوێژی نیوەڕۆ دەسوتێنرێن بەدەستی کافران، یاخود هەرموسڵمانان خۆشیان بەدەستی برا موسڵمانەکانیان بە نوێژی نیوەڕۆ قەتڵ و عام دەکرێن و دەیان نموونەی تریش لەوبارەوە هەم دوێنێ کە ڕوویان داوەو هەم لەم زەمانی ئێستاشدا کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن، بەڵام خوای بە ئاگا لە خشپەی مێروویەک ئەوەتە لە ئێستادا بێدەنگەو پەرچەکرداری نابینرێت! حیکمەتەکە لە کوێدایە؟ بۆچی ؟ بۆچی هەمووی هەر بۆ ڕۆژی دوایی هەڵگرتووە؟ یان ئەوەتە دەبێ وە دوا ئەو فەرموودەیەی خوا خۆی بکەوین کە لە سورەتی هود دا دەفەرموێت :” قال یا نوح انە لیس من اهلک انە عمل غیر صالح فلا تسالن ما لیس لک بە علم اني اعظک ان تکون من الجاهلین٤٦ قال ربي اني اعوذ بک ان ان اسالک ما لیس لي بەعلم و الا تغفر لي و ترحمني اکن من الخاسرین٤٧” سورەتی هود. واتە گوتی ئەی نوح! ئەم کوڕەت کەسی تۆ نیە.ئاکاری ناپەسنی هەس،هەر شتێ چی لێ نەزانی، داوامەکە، من ئامۆژگاریت لێدەکەم کە نەچیە ڕیزی نەزانان٤٦. گوتی ئەی پەروەندەکەم! هەر خۆ بە تۆ دەپارێزم، داوای شتێکت لێبکەم کە نایزانم،ئەگەر بەزەت پێمدا نەیەو لێم نەبووری یەکێکم لە زیانباران٤٧.” تەفدیری قورئانی پیرۆزلاپەڕە ٢٢٧، هەژار موکریانی!

حەسەن ڕازانی

بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:
https://gellerreport.com/2025/03/syria-jolanis-army-of-islam-marches-to-genocidal-chant-of-annihilating-the-jews-
video.html/?lctg=38718787
https://www.youtube.com/watch?v=X8iRwabBRAQ




پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان!.. حەسەن ڕازانی

چەند سەرنجێک لە دیدی تایبەتی خۆمەوە!

کاتێک کە خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩، بە هاوکاری بەرەی ناتۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دامەزراند بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژ فەرزترە.
جا بە بڕوای من خوێندنەوەی پشتی ئەو ڕاگەیاندنەی خومەینی ئەوە بوو کە بە هەرنرخ و شێوازو رێگایەک دەبێ ئەو کۆمارە ئیسلامییە بمێنێتەوە.
پەیامەکەی بەڕێز ئۆج ئالان بە هەمان شێوە، بە بڕوای من، ئامانجێکی سەرەکی لە پشتە کە گەورەترو گرنگترە لە مانەوەی پەکەکە بەو ناوو هێزە چەکدارییەوە! دەیان ساڵە ئەو هێزە کراوەتە تیرۆریستی نێودەوڵەتی، کە دیارە لە سەرداوای ڕاستەوخۆی تورکیاو پشتگیری بێشەرمانەی ناتۆ لە تورکیا بووە!
بە پێی خوێندنەوەی پشتی ئەو پەیامە ئامانجێکی گەورەتر دەدەکەوێت کە لە دوورمەودادا، من پێم وایە، بە قازانجی نەتەوەیی کورد دەشکێتەوە!
ئەو ئامانجە ،من پێم وایە، بریتیە لە پارێزگاریکردن بەپلەی یەکەم لەو دەسکەوتانەی کە لە ڕۆژئاوا بەدەست هاتووە!
من پێم وایە، پەیامەکە بۆ ئەو نیمچە کەیانەی باشووریش هەر بە قازانج دەشکێتەوە. چونکە ئیتر تورکیا بەهانەی هێرش بۆ سەرباشوور بە بیانووی پەکەکە لەدەست دەدات!
جا پارێزگاریی لە ڕۆژئاواو مانەوەی کوردوستانی باشووریش وەک ئەوە وایە بۆ تورکیا کە تیرێکی لە ناوجەرگەی دڵی درابێ و بەرەو نەمانی ببات!
بۆیە کاتێک کە بەوردی لە هەموولاوە لەو پەیامە دەڕوانرێت بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ناتەبایە لەگەڵ ئامانجە ئێستاو دوورمەوداکانی سیستەمی تورکیا لە دژی کورد!
ناوچەکە ڕووی لەگۆڕانە! ناتۆ بەسەرپەرشتی ئیدارەی ڕاستڕەوی ئەمریکاو ترەمپی بیزنیزمان دەستی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ پشتگیری هاوڕێکانیان لە ناوچەکەدا بە تایبەتی ئیسڕائیل!
لەو پەیامەدا کورد ئاشتیخوازەو ئیتر تورکیا ناتوانێت تیرۆریزم بە کاربهێنێت بۆ سەرکوت و کوشت و بڕی کوردان. لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە ئەو داشەی دەسووتێت. بەتایبەتی کە ئێستا ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆلەگەڵ ناتۆ لە شەڕی دژە داعشدایە.
ئاشتبوونەوە لە نێوانی کوردو تورک دێتە ئاراوە! ئیتر سیستەمی ڕەگەزپەرستی تورک ناتوانێت هیچیتر تورکان بکاتە دوژمنی کوردان. ئەو ڕیس و سیاسەتەی لێدەبێتەوە بە خوری.
پەکەکە دەتوانێت بەو پەیامە پارێزگاریی لە دەستکەوتی ڕۆژئاوا بکات و لە شەڕو گێچەڵەکانی تورکیا دووری بخاتەوە! چونکە هەمیشە تورکیا کوردانی ڕۆژئاوا وەک پەکەکە دەبینێت.
ڕێگا خۆش دەکات کە هێزێکی تر لە شێوەو جۆرێکی تردا ببێتە شوێنگرەوەی ئەو هێزە چەکدار و سیاسیەی کە ئێستا پەکەکە هەیەتی و تورکیا بە تیرۆریستی دەزانێت، تا ئەو کاتەی کورد دڵنیا دەبێت لە نیازپاکی دەسەڵاتی تورکیا.
ئەو پەیامە فەرمان نیە بە هێزە چەکدارەکانی پەکەکەو هێزی سیاسی پەکەکە بۆ ئەوەی هەر ئێستا چەک دابنێت، بەڵک و زیاتر وەک ڕێگەچارەیەو نەخشەڕێگاییشە هەم بۆ کوردو هەم بۆ تورک، کە نیشانی سیستەمی تورکیای دەداو گەلی تورکی لێئاگادار دەکاتەوە! بۆیە بۆی هەیە جێبەجێبکرێت و بۆشی هەیە نەکرێت.
ناوچەکە شێواوەو تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکەو نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەش کە حوکمڕانی ئەو ناوچەیەیان سەدان ساڵە لە ژێردەستایە ئێستا کەوتوونەتە هەلەکە سەماو دۆشداماون کە نازانن سبەینێی ئەوان چۆن دەبێت. هەمووی لە خۆی دەترسێت بێجگە لە ئیسڕائیل.
هێزێک سەرپەرشتی ئەو گۆڕانکاریە دەکات کە توانای هەیە. هەر ئەو هێزەبوو کە سەد ساڵ لێرەو پێش نەخشەی ئەو ناچەیەی داڕشت و کەسیش نەبوو بڵێ پشتی چاوانت برۆیە . دەبەخوا ئێستاش هەر وایە! دەسەڵاتە بەهێزەکەی سەدساڵ لێرەو پێش فڕۆکەی جەنگی هەبوو، نەتەوە پەرش و بڵاوەکانی ناوچەکەش بە دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانیشەوە هەر بە نیرو ئامووری دار زەویەکانیان دەکێڵا.
ئێستا ئەو هێزەی سەد ساڵ لێرەو پێش چەکی ناوکیی و تەکنەلۆجیای شەڕی بایۆلۆجی و نایترۆجینی و ئەلەکترۆنی بەدەستەوەیەو فەرمانڕەوایانی ناوچەکەش هەر شەڕو کێشەیانە لە سەر کورسی و پارە سپیکردنەوەو دزینی سەرخان و ژێرخانی وەڵاتەکانیان.
گۆڕانەکە بەڕێوەیەو پێشی پێناگیرێت!

حەسەن ڕازانی
٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠٢٥




بۆچی زاناو شێخە وەهابیەکانی سعودیە جیهادو غەزا لە دژی ئیسڕائیل ڕاناگەێنن؟.. حەسەن ڕازانی

(دەیەی ڕەش و دەیەی تاوان و فەتوای جیهادی سیاسیانە بە بەرگی ئیسلامییەوە!)

زاناو شێخە فەتواچیە وەهابیەکانی سعودیە زۆر بە باشی کەرتی غەزەی ناو فەلەستین دەبینن کە چۆن بۆتە وێرانە بە دەستی سوپای ژێرفەرمانی حکومەتی ڕاستڕەوی( ئیسڕائیل)ەوە، بەڵام نوقەیان لێوە نایەت! ئەو فەتواچیە وەهابیانە خۆیان کەڕو لاڵ و کوێر کردووە لە ئاست ئەو هەموو کوشتارو ماڵوێرانیە بێوێنەیە کە بەسەر خەڵکی کەرتی غەزەدا هاتووەو بەردەوامیشە! بە بڕوای من، ئەوانە فەتواچی سیاسین! چونکە کاتێک کە دەوڵەت دەیەوێت بێدەنگ بن ئەوان دەچنە خەڵوەتەوەو کاتێکیش سیاسەتی دەوڵەت بیەوێت کە ئەو فەتواچیانە وەدەنگ بێن، هەردەستبەجێ فوو بە بڵنگۆی تەواوی مزگەوتەکاندا دەکەن و تەواوی جیهانی ئیسلامی لێ دێننە سەرپێ و ئامادەی جیهادی دەکەن! بەڵام هەرکاتێک کە سیاسەتی دەوڵەت وابخوازێت بێدەنگ بن ئەوا ئەو شێخ و زاناو فەتواچیە وەهابیانە خۆیان نەبان دەکەن لە ئاست کوژرانی نزیکەی پەنجا هەزارلە خەڵکی ناوغەزە کە لە ناویاندا دەیان هەزار لە منداڵ و ژنی بێتاوان هەیە! ئەو فەتواچیە سیاسیە وەهابیانە وەک ئەوە خۆیان نیشان دەدەن کە نابینن بە سەدان هەزار لە ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان برینداربوون ولە ناویاندا بە دەیان هەزارهەیە کە بێدەست و بێ قاچ و بێ چاوبوون! ئەو فەتواچیە وەهابیانە نابینن کە تەواوی کەرتی غەزە بە ژێرخان و سەرخانیەوە لە گەڵ زەوی تەخت کراوەو تازە کەڵکی ژیانی تێدا نەماوە! ئەمانە لە سعودیە لێیان پاڵداوەتەوەو فەتوایەک چیە لە دەمیان نایەتە دەر لە دژی سوپاو حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل!
بەڵام هەرئەو زاناو شێخە سیاسی و فەتواچیە وەهابیانە بوون کە خۆیان دەگەیاندە ئەوسەری دنیاو ئاگری فیتنەیان دادەگیرساند! هەر بۆ نموونە ساڵی ١٩٩١ ئیسلامی سیاسی لە وەڵاتی جەزائیردا بە ئیعازی فەتواچیە سیاسیەکانی سعودیە تەواوی بزووتنەوەو پارتە ئیسلامیەکانی جەزائیری لە نێوخۆدا کۆکردەوەوجیهادیان لە دژی حکومەتی ئەوکاتی جەزائیر ڕاگەیاند. ئیسلامی سیاسی شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە جەزائیردا هەڵگیرساند کە دەیان تاوانی جەنگ و دژە مڕۆڤانەی تێدا ئەنجامدرا، بە کێردو شیرو تەوران سەری خەڵکی بێتاوانیان دەپەڕاند! ئەو شەڕە کە بوو بە شەڕێکی ناوخۆیی لە ساڵی ١٩٩١ وە درێژەی کێشا هەتا ساڵی ٢٠٠١. شەڕەکە هێندە ترسناک و هێندە زۆرخەڵکی بێتاوانی تێدا بوو بە قوربانی و دە ساڵیشی خایاند بۆیە وەک دەیەی ڕەش خۆی خستە ناو مێژووی هاوچەرخەوە! لەو دە ساڵەدا یان با بڵێین لە دەیەی ڕەشدا زیاتر لە دوو سەد هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی جەزائیر بوونە قوربانی!
ڕۆڵی زاناو پیاوانی سەر بە ڕەوتی وەهابی لە سعودیە لە هەڵگیرساندن و بەردەوامی پێدانی دەیەی ڕەشدا لە ڕووی دینییەوە بە ئاشکرایی دەرکەوت کە کاریگەری هەبووە! وەهابیەکانی ناو سعودیە فەتوای جیهادو غەزایان دا لە دژی حکومەتی ئەوکاتی جەزائیر. بە ئاشکرا فەتوایان دا کە هەر کەسێک لە گەڵ حکومەتی جەزائیر بێت کافرەو خوێنی حەڵالەو غەزاو جیهاد لە دژیان ڕەوایە! ئەم فەتوادانە بووە هۆی کە ڕەوتە ئیسلامیەکانی جەزائیر سڵ لە هیچ تاوانێک نەکەنەوە بە بیانووی ئەوەی کە کە ئەوان جیهادو غەزا دەکەن لە دژی کافران. بە کێردو شیرو تەوران کەوتنە گیانی خەڵکی بێتاوانی جەزائیرو کەوتنە نێو لادێ دوورە دەستەکان و چەندین خەڵکیان بە شیران سەر دەپەڕاند. بۆ نموونە تەنها لە یەک شوێنی بجووکدا لە ڕووی دانیشتوانەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا زیاتر لە چوارسەد کەسیان بە شیرو تەورو کێردان سەر پەڕاند!
بەڵام کاتێک کە دەرکەوت سعودیە لە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دا تێوە گلاوە، هەر ئەو مەلاو زاناو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی ١٩٩١ دا فەتوای جیهادیان لە دژی حکومەتی جەزائیردا، ئەوجارە ١٨٠ پلە بایاندایەوەو فەتوایاندا کە نابێت شەڕ لە گەڵ حکومەتی جەزائیردا بکرێ و دەبێ دەستبەجێ بوەستێ و بەردەوامیپێدانی شەڕ حەرامەو ڕێگەپێدراو نیە لە ڕووی دینییەوە! هەروەها داوای ئەوەیان کرد کە دەبێ تەواوی ڕەوتە ئیسلامیەکانی ناو جەزائیر لە گەڵ حکومەتی جەزائیر ئاشت ببنەوەو شەڕو ناکۆکیی کۆتایی پێبهێنن!
دیسان هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی ١٩٧٩شدا فەتوای جیهادیاندا لە دژی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و داوای جیهادیان کرد لە موسڵمانانی جیهان کە لە دژی هێزە کافرەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بجەنگن وجیهادو غەزا ئەنجام بدەن! لەو بارەوە حکومەتی سعودیە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە ناردنی موجاهیدین بۆ ئەفغانستان تا لە دژی سۆڤیەت جیهاد بکەن! لە ئەفغانستانیش بە هۆی فەتوای وەهابیەکانی سعودیە لە ماوەی ١٠ دە ساڵدا لە سەرووی ١٧٦ هەزار کەس بوونە قوربانی و وەڵاتی ئەفغانستانیان بەرەو کەلاوە برد. دیسان لە ساڵی ٢٠١٣ دا هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیانەی سعودیە بوون کە فەتوای جیهادو غەزایان لە دژی حکومەتی سوریای بەشار ئەسەد دا. هەروەها هەر ئەوانە بوون کە بوونە هۆی ئەوەی کە لە سوریاش لە سەرووی ٥٠٠ هەزار کەس بوونە قوربانی و وەڵاتی سوریایان بەرەو کەلاوەو وێرانی برد. فەتوای ئەوانە بوو کە هیچ پێداویستیەکی ژیانیان لە سوریادا نەهێشت و لەڕووی پێشکەوتنەوە سوریایان دەیان ساڵ بۆ دواوە گێڕایەوە!
جا لێرەدا کورتەی باسەکە ئەوەیە کە بە بەهۆی فەتوای ئەو شێخ و مەلاو زانا وەهابیانەی سعودیەوە لە ماوەی دەساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمان بەدەستی موسڵمان کوژران، زیاتر لە ١٥ ملیۆن موسڵمان بەدەستی موسڵمان ماڵیان لێوێرانکراو لە شوێنی خۆیان بە زۆرەملێ کۆچیان پێکراو بوونە پەناهیندەی هەندەران! ئەوە بێجگە لەو هەموو ماڵوێرانی و کاولکاریی و بریندارانەی کە بە هۆی بەردەوامی ئەو شەڕانەوە پەیدابوون!
پرسیاری سەرەکی دەست بەجێش کە دەبێ بکرێت ئەوەیە بۆچی هەر ئەو مەلاو شێخە وەهابیاناەی سعودیە کە بە نوێژی نیوەڕۆ دەبینن کەرتی غەزەی برا موسڵمانەکانیان بەرەو وێرانەیەکی تەواو ڕۆییشتووە، وا زەویەکەش بە وێرانەیی خراوەتە مەزادەوەو تڕەمپ بە تەمایە بیکڕێت بۆ پڕۆژەی وەبەرهەمهێنان، کەس ناتوانێت ئیتر لەو بەشەدا ژیان بەسەر بەرێت، خەڵکی کەرتی غەزە کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشی بێویژدانی دژە ئینسانی وەک حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە برا حەماس و جیهادیە موسڵمانەکانیان لە ناو کەرتی غەزەدا. هەردووک لایان کەوتوونەتە هاڕینی خەڵکی بێتاوانی کەرتی غەزە. لەونێوەدا خەڵکی کەرتی غەزە بێجگە لەوەی کە تەواوی ماڵ و حاڵیان وێران بووەو کەرتی غەزە بۆتە وێرانەێک کە ئیتر سەختە ژیانی بۆ بگەڕێتەوە! لە لایەکی تریشە بە سەدان هەزار لە بریندارو دەست و قاچ پەڕیو لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا پەیدابوون ، نزیکەی پەنجا هەزار لە کوژراو، بە دەیان هەزار لە کوژرانی منداڵان و چەندین کارەساتی جەرگبڕی تر، کەچی هێشتا مەلاو ئاخوندە وەهابیەکانی سعودیە لەو گوێیەیان ناچێت بۆ ئەو گوێیەی ترو نەبایان پێدا دێت و نەباران. بۆچی ئەوەندە بوێرییان تێدا نیە فەتوای جیهاد لە دژی دەوڵەتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل بدەن و ڕای گەێنن کە جیهاد لە دژی ئیسڕائل و سوپای ئیسڕائیل پێویستەو دەبێ ئەنجام بدرێت؟ یان ئەوەتە ئەو ماستە گوریسێکی تێدایەو فەتواکانی تریشیان فەتوای سیاسی بوون و پەیوەندیان بە دینەوە نەبووەو دینیان بەکارهیناوە!

تێبینی: لە پەیوەند بە مێژوو، ژمارەی کوژراوو بریندارەکان و فەتوای مەلاکانی سعودیە سوودم لە الجزیرە نت، ویکیپیدیا، الشرق الاوسط و القدس العربي وەرگرتووە!




داعشەکەی دوێنێ بە ناوو بەرگێکی ترەوە دەیەوێت بەرەو کۆبانێی ڕەمزی بەرخۆدان بڕوات!.. حەسەن ڕازانی

چەندین بەڵگەی نووسراوو بیستراوو بینراو لە گۆڕێدایەو گەواهیی دەدا کە دەوڵەتی تورکیا نەک هەر دژی تیرۆریزم نیە بەڵک و ئەگەر ڕاستەوخۆش لە لایەن خودی خۆیەوە گرووپی تیرۆریستی درووست نەکرێت ئەوا بە ئاشکراو بە پەنهانیی کارئاسانییان بۆ دەکات و ڕێیان بۆ خۆش دەکات !
وەختی خۆی داعش، لە ژێرناوی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی دا، کە دیوی سوریاو عێڕاقیشی بە پانتاییەکی زۆرگرتبۆوە، شاری ڕەقەشی لە دیوی سوریاوە کردبووە پایتەختی خەلافەتەکەی، ڕۆژانەو بە بەردەوامی بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی تورکیا بە نهێنی و بە ئاشکرایی هێرشی دەکردە سەر کوردوستانی ڕۆژئاواو دەیەویست بە تەواوەتی ڕەمزی بەرخۆدان کە شاری کۆبانێیە بخات! بەڵام باوەڕی پۆڵایین و لە شکان نەهاتووی شەڕڤانان بە گیان بەختکردنێکی زۆرەوە ئەو خەونەی خەلافەتی داعشیان خستە گۆڕەوە!
کاتێک کە داعش هەم وەک دەوڵەت و هەم وەک خەلافەت لە سەردەستی شەڕڤانان بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کۆتایی پێهات و کۆتا مؤڵگەو پایتەختیان کە شاری ڕەقەی دیوی سوریا بوو شەڕڤانان ئاڵای سەرکەوتنی بەرەنگاریی و ڕوخانی خەلافەتی داعشیان تێدا بەرزکردەوە، دەوڵەتی تورکیا تووشی گرێی دەروونی هات! لە لایەکەوە چونکە ڕیسەکەی لە سەردەستی شەڕڤانان لێبۆوە بە خوری و لە لایەکی تریشەوە هێندە زۆر بەڵگەی کەین و بەینی نێوان داعش و تورکیا لە گۆڕێدا بوون کە وای لە تورکیا کرد لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا چاوی هەڵنەدەهات. چونکە لە لایەکەوە تورکیا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە شەڕی تیرۆر دەکاو لە لایەکی تیریشەوە کەین و بەینی لە گەڵ ڕێخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتیی گەورەی وەک داعش هەبوو! جا تورکیا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ئاشکرا کرد کە ئەوەی ئەو دەیکات دژی تیرۆر نیە بەڵک و تەنها دژایەتی کوردەو بەس، بەڵام لەر ژێر بیانووی شەڕی تیرۆردایە!
ساڵ هاتن و ساڵ ڕۆییشتن شەڕی نێو سوریا و شەڕی موعاررەزەی سوریا لە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد هەر درێژەی کێشا. ئەم شەڕە تەواوی سوریای ڕووەو کەلاوەو وێرانە برد. چەندین جۆرە چەکی کوشندەو قەدەغە بە پێی یاسای جەنگ لە نێو سوریادا تاقی کرانەوە. سوریا بوو بە مەیدانێکی جەنگ و زۆرێک لە هێزە ناوخۆیی و ئەوانەی دەرەوەش لە نێو سوریادا کەوتنە دژایەتی یەکتر. بۆ نموونە ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا لە دژی ڕوسیا، تورکیا لە دژی کوردان و ئێرانیش بە بیانووی پارێزگاریی لە ئەسەدو دژایەتی ئیسڕائیل و چەندین سیستەم و هێزی تریش لە نێو سوریادا لە دژی یەکتر بە ڕاستەوخۆیی یان لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە کەوتنە شەڕو پێکدادان لە گەڵ یەکتر!
بە دەیان گروپی جۆراو جۆری تیرۆریستیی لە ژێر ناوی قەبەو گەورەی ئیسلامییدا لە ناوسوریادا بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیا کەوتنە شەڕ لە گەڵ ڕژێمی ئەسەدو لە نیوە زیاتری ئەوانە ش بە ڕاستەوخۆیی بە فیکی تورکیا شەڕیان لە دژی کوردان ڕاگەیاند. داعش لە نێو ئەو گروپە تیرۆریستانەدا وەک هێزێکی دیاری دڕندەی دژە بەشەری و دژە کوردیی شەڕو جیهادی لە دژی کوردان ڕاگەیاند.
کوردی ڕۆژئاوا یەک دەنگ و یەک بڕوا بە دۆزی ڕەوای خۆیان بە وردو درشتەوە کەوتنە بەرەنگاریی و شەڕڤانانیش لەو چەند ساڵەی ڕابردووداو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە شاهیدی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مێژووی دژە تیرۆرییان تۆمار کردو لە بەرامبەریشدا تورکیاو سیستەمەکەی مێژووی پاڵپشتیی لە تیرۆرو دژە کوردییان بۆ خۆیان تۆمار کرد!
هەرچەندە تەواوی هێزو گروپە چەکدارە تیرۆریستەکانی ناو سوریاو لە سەرووی هەمووشیانەوە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی یان داعش جیهادو فەتحیان بۆ گرتن و داگیرکردنی کۆبانێ ڕاگەیاند بەڵام تورکیا لە جیاتی ئەوەی دژی تیرۆر بجەنگێت لەو زەمانەدا دەرگاکانی کردەوە بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری جیهاندا تیرۆریستان بتوان بڕۆنە ناوسوریاو لە دژی کورد بجەنگن و کۆبانێی ڕەمزی بەرنگاریی بخەن. تورکیا بە پێی بەڵگەکان کارئاسانی لۆجستی و تەندرووستی و پێدانی زانیاری بۆ تیرۆریستەکان دەکردو لە لایەکی تریشەوە بە هەمووشێوەیەک سیاسەتەکانی دژی کورد خستبووە کار. بەڵام دوای چەندین شەڕو پێکدادان و بە پاڵپشتی چەندین لایەنی ناوخۆیی تیرۆریستان سەریان دای لە تاشەبەردی بەرەنگاریی شەڕڤانان و نەیان توانی کۆبانێی ڕەمزی بەرەنگاری کورد بخەن! ئەمە تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت تورکیا لێی بۆتە گرێی دەروونی و پێی قووت نادرێت!
ئەوێ دەمێ هەرچەندەش تورکیا بە ڕاستەوخۆیی و بە ئاشکرا پاڵپشتی ئەو گرووپە تیرۆریستانەشی نەکردبێ بەڵام ئێستا لە ئاشکرایی دەرچوەو ئەوەتە ئەو گرووپانە بە ئاشکرایی لە ژێر فەرماندەیی سوپای تورکیادا کارەکانیان ئەنجام دەدەن! ئەو دەم ئەو گرووپانە هەر هەموویان دژی کورد بوون. ئێستاش هەر ئەو گرووپە تیرۆریئستانەن بە ناوو بەرگێکی ترەوە هەمان جەنگ و فەتحیان لە دژی کورد ڕاگەیاندووە. بەڵام شەڕڤانان دیسان بڕیاریان داوە کە کۆبانێ ناڕوخێت تا شەڕڤانێک مابێت! کورد ئێستا یەک دەنگ بەرەنگاری لە کۆبانێ و شەڕڤانان و دۆزی ڕەوای خۆی دەکات. ئێستا تورکیا وەک پێشو نیە بە دزی دژایەتی کورد بکات و بە دزی پاڵپشتی لە تیرۆر بکات بەڵک و ئێستا زۆر بە ئاشکرایی دژایەتی خۆی بۆ کورد ڕاگەیاندووەو بە ئاشکراش تیرۆریستانی وەخۆ گرتوەو بە جلو بەرگیی سەربازیی تورکیەوەو بە تۆپ و جبەخانەی سوپای تورکەوە هێرش لە سەر هێرش دەکەنە سەر کوردو شەرڤانان و دەیانەوێت ئەوجارەش کۆبانێ بکەنە ئامانج و بە مەبەستی ڕوخاندنی ڕەمزی بەرگریی کورد کە کۆبانێیە کەوتوونەتەوە ڕاگەیاندنی جیهادو فەتح!!
تورکیا کە لە سەرەتای ٢١١وە کە دەستی خستۆتە نێو شۆڕشی گەلانی سوریاوە لە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد لە لایەکەوە بە مەبەستی وەرگێڕانی ڕووی شۆڕشەکە بووە بەرەو بەرژەوەندیەکانی تورکیاو لە کۆتاییدا تەواو بوونی لە بەرژەوەندی تورکیاداو لە لایەکی تریشەوە تاکو تورکیا بتوانێت بەو پێیو ئەندازەیەی کە خۆی مەبەستیەتی بزووتنەروەی کوردایەتی و بیری نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردوستاندا لە ناوبەرێت! لەو نێوەدا هەتا بۆی کرا بە ئاشکراو بە پەنهانی چەندین گرووپی تیرۆریستی لە یوگوریەکانی چینەوە بگەرە تا چیچانی و ئەفغانی و عەڕەب و تورک و تەنانەت بە خۆفرۆشە کوردەکانیشەوە بەری دانە گیانی کوردی ڕۆژئاوا! لە ٢٠١١وە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت تورکیا لە دوژمنایەتی خۆی لە بەرامبەر کوردا نەشاردۆتەوە. کۆبانێی دوێنێی خوێناوی شاهیدە کە تورکیا ئەو جارەش بە نیازە ئەگەر بۆی بکرێت بەڵام خۆڕاگریی شەڕڤانان دەیکاتە مەحاڵ و ئەو خەونەی تورکیا ئەوجارەش دەخەنە گۆڕەوە! واتە چۆن شەڕڤانان بە هۆی بەرەنگاریی مێژوویی بێوێنەی خۆیانەوە توانیان داعش و خەلافەتەکەی بە سەر یەکدا بڕوخێنن هەر ئاهواش دەتوانن ئەو بەرەیە تێکبشکێنن کە تورکیا لە چەندین گرووپی تیرۆریستی لە ژێرناوی موعارەزەی سوریادا پێکی هێناون و شیعاری جیهادو فەتحی لە دژی شەڕڤانان و کوردی ڕۆژئاوا پێ بەرزکردونەتەوە! کورد مێژوویەک لە شەڕ لە دژی تیرۆر درووست دەکات و تورکیاش مێژوویەک لە پاڵپشپتیی لە تیرۆرو لە دژایەتی گەلی کورد تۆمار دەکات! تورکیاو سیستەمەکەی دەچێتە زبڵدانی مێژووەوەو کوردیش بە ئازایەتی شەڕڤانان مێژوو بەسەرکەوتنەکانی لە دژی تیرۆر دەنەخشێنێت!

حەسەن ڕازانی
٢٣ی جەنیوەری ٢٠٢٥




پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل!..3.. نووسینی: ئەلوف بێن.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
نووسینی: ئەلوف بێن ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنگیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرس دا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن. ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە ١٤ تا ٢٠ لاپەڕە. ئەوەش نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەشەوە. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ . هەروەها بە تەواوی پێەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)

بەشی سێیەم:
ئەو برینانەی کە ئیسڕائیلیەکان بە دەستی خۆیان لە خۆیان کردن!
سەرباری ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ئیسڕائیلیەکان لە دژی ناتانیاهۆ بەڕێیان دەخستن و بە بەردەوامییش داوای هێنانەوە ماڵێی بارمتەکانیان دەکرد، ئینجا لە گەڵ ئەوەشدا کە هێشتا حکومەتەکەیان سەرکەوتنی تەواوی بەدەست نەهێنابوو وەک و کە بەڵێنی پێدابوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێستا دەنگی بەرزی دژە شەڕ لە نێو کۆمەڵگای ئیسڕائیلیدا کەم وێنەیە! هەرچەندە زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان ڕقیان لە ناتانیاهۆ خۆی و بنکە کۆمەڵایەتیە موحافزکارەکەی هەیە و شانازی بە جهانیی بوون و سێکیولاربوونی خۆیانەوە دەکەن، بەڵام هێشتا ناتوانن بگەن بەو سێکولارە ئەمەریکی و ئەوروپیانەی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ڕوی ئاشتی و دێموکڕاسییەوە. ئیسڕائیلیەکان دەیانەوێت بە پێی ئەو ڕێسایە بژین کە لە فلیمی ساڵی 1966 سپاگەتی ڕۆژئاوا ( باش و خەراپ و ناشیرین) کە ئەوە دەنگی دایەوەو بڵاو بوویەوە لە نێو ئیسڕائیلیەکانداو دەیان گووت : ” ئەگەر هەر پێویستەودەبێ ئەتۆ هەر تەقە بکەی ئیتر تەقە بکەو قسە مەکە” ئیسڕائیلیەکان پاساویان بۆ ئەو گوتەیە ئەوەیە کە دەڵێن ئێمە لە شوێنێکداین کە دەورەمان بە دوژمن گیراوە. جا باڕاک لە سەر زمانی ڕۆژهەڵاتناسانەوە ئەمە وێنا دەکا بە “ڤیلایەک لە نێو جەنگەڵێکدا!”
زوربەی هەرێ زۆری دەنگە نەیارەکانی ناتانیاهۆ، کە لە نێویاندا ئەندامانی پلە باڵا و چالاکی خانەنشینی نێو سوپایان تێدایە، هەروەها کەس وکاری ئەو بارمتانەی کە تا ئێستا لە ناو غەزەدا ماون، ئەوداوایەی کە لە ناتانیاهۆیان هەیە کەمترە لە داوای بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵک و دەیانەوێت بۆ ماوەیکی کاتیی شەڕ ڕابگیرێت و سوپای ئیسڕائیل بکشێتەوە هەتا حەماس بارمتەکان بەردەداو ئینجا دەست بکەنەوە بەشەڕو سوپا بچێتەوە ناو غەزەوداگیری بکاتەوەو کۆتایی بە حەماس بهێنن و یەحیا سەنواریش بکوژن. (ئێستا یەحیا سەنوار کوژراوە (ح.ڕ) لە دوای ئەوەش دەیانەوێت سوپا هەربەوەندەوە نەوەستێت بەڵک و لە باکوورەوە هێرش بکاتە سەر لوبنان و زەویە سەرسنوریەکانی دیوی باشووری لوبنان داگیر بکاتەوە لەبۆ پاراستنی ئاساییشی خەڵکی ئیسڕائیل. کەواتە ئەوەی ئێستا ناتانیاهۆ دەیکات ڕێک لەگەڵ داواکاریەکانی خەڵکی ئیسڕائیل دێتەوە. تەنانەت ئەو هێرشەی ئیسڕائیل بۆسەرلوبنان کەمترمشتومڕی نێودەوڵەتی لەسەرە؛ هەندێک لە سەرکردەکان ناتانیاهۆیان وەک سەرۆک وەزیران خۆش ناوێت و پێی ڕازی نین بەڵام لەولاوە هانی دەدەن تاکو بە شێوەیەکی کاتی زەویەکانی ئەو دیوی لوبنان کە لە سنووری ئیسڕائیلەوە نزیکن داگیر بکەن و خەڵکی لوبنان لە نزیکی سنووری ئیسڕائیل دوور بخەنەوە. لێرەدا ڕەنگە ناتانیاهۆ کەسێکی خۆشەویستی نێو جەماوەر نەبێت بەڵام لە ڕاستیدا هیج ناکات بێجگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی جەماوریی و جێبەجێکەری داخوازیەکانی خەڵکی ئیسڕائیلە!
حکومەتی ئەمریکاو زوربەی وەڵاتانی ئەوروپا تەنها بەرەنگارییەکی شێوە ڕەمزییان پێباشە کە ئیسڕائیل نیشانی بدا لە ناو غەزەو کەناری خۆرئاوادا، ئەوەتا کەنەدا، یەکیەتی ئەوروپا، فەرنسا، بەریتانیا و ئەمریکاش گەمارۆیان خستۆتە سەر هەندێک لە کۆمەڵگاکانی جولەکە نشینی تونڕەو کە هێرش دەکەنە سەر فەلەستینیەکان، هەروەها ئەڵمانیاو بەریتانیاو ئەمریکا ناردنی هەندێک چەکی تایبەت و بۆمب کە قورسایی بگاتە 2000 پاوەند ڕاگرتووە کە بڕوا بۆ ئیسڕائیل. بەڵام ئەوەی ڕاستیە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا ڕێگای داوە بە ئیسڕائیل کە بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناو غەزەو کەناری ڕۆژئاوادا، هەروەها تاکو ئێستاش ڕۆژئاوا هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینەی نەداوە بۆ ژیاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین. لەو بارەوە ڕۆژئاواش هەمان بالۆرەی ناتانیاهۆ لێدەداتەوە کە گوایە کاتەکەی بۆ ئەو باسە گونجاو نیە! ساڵانێکی زۆرە ئەو سیاسەتەی نێوان ڕۆژئاواو ئیسڕائیل هەستی پێدەکرێت بە تایبەتی لەگەڵ ئەمریکا! ڕۆژئاوا ڕێک وەدوا ئیسڕائیل دەکەوێت لە بابەتی فەلەستیندا بە مەرجێک ئیسڕائیل بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەر چاو بگرێت!
بەڵام سەرباری ئەو پاڵپشتیەی وەڵاتانی ڕۆژئاوا لەو شەڕەدا بۆ ئیسڕائیل کەچی لەبەرامبەردا ئیسڕئیلیەکان زۆرترهەست بە گۆشەگیریی دەکەن لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە! جا هەندێک لەو گۆشەگیرییە پاساوی هەیە. ئەوەتە زوربەی هێڵە هەواییەکانی هاتوچۆی دەرەوە بەرەو تەلئەبیب وەسدتاون، ئاستی متمانەبوونی نێودەوڵەتی بە ئیسڕائیل زۆرڕووی لەخوارە. بەڵام هەندێک لەو گۆشەگیریانە هۆیەکەیان نێوخۆی ئیسڕائیلە، دەزگای ڕاگەیاندنی سەرەکی باوی عیبڕی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستینیەکان لە کەمپەکانی وەڵاتانی ڕۆژئاوادا بە دژە جولەکەو دژە سامیی وێنا دەکەن، ئەو دەزگایەش رێک وەدوا ناتانیاهۆ دەکەوێت کە پێی وایە ئەو ناڕەزایەتیانە درووست نین و سیاسین و شێوەیەکی کۆنی دژە جولەکەو دژە سامیانەیان هەیە!. بە هەمان شێوە ئەوەتە ئەو دڵنیایییەی کە لە دوو دادگای نێو دەوڵەتیدا نیشانی دەدەن کە ئیسڕائیل پرۆسەی کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید بەڕێوە دەبات لە غەزە کەچی لە نێوخۆی ئیسڕائیلدا ئەو هەوڵانە بە پڕوپاگەندەو نادرووست دەبینن!
لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵەوە حکومەتی ئیسڕئیل متمانەی بەخۆ زیادی کرد، بە تایبەتی کاتێک کە ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوللە زیاد کرد. هەر لە دوای هێرشەکەی ئۆکتۆبەری ٧ بۆ سەرئیسڕائیل، حیزبواللاش لەولاوە بۆ پشتگیری لە حەماس سەلماندی کە لە توانایدا هەیە شارەکان و فڕۆکەخانەکان و وێستگەکانی کارەباو وزە ی ئیسڕائیل وێران بکات، هەر بۆیەش سوپای بەرگری ئیسڕائیل IDF هێزەکانی سەر زەمینیی خۆی کردە دووبەشەوە بەشێکیان لە باکوورەوە لە گەڵ حیزبوللە و بەشەکەی تریش لە باشوورەوە لەگەڵ حەماس کەوتە شەڕەوە! بۆئیسڕائیلیەکان کە لە ئۆکتۆبەری 7 وە هەستیان بەشکەست و داڕووخان دەکرد، بۆیە دژە هێرشی سوپای بەرگری ئیسڕائیل IDF هەمان شەڕی شەش رۆژەی ساڵی 1967 ی دەهێنانەوە بیر کە سوپای ئیسڕائیل سەرکەوتنی خێرای بەدەست هێنا دیارە کە بە زۆری لە رێگەی هێزی هەواییەوە بوو! ناتانیاهۆ ڕایگەیاند کە ئیسڕئیل شەڕەکەی دەباتەوەو سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و کەوتە هەڕەشەی هەمان شێوەش لە ئێران کە ڕاستەوخۆ پارێزەرو پشتگیریکەری حیزبوللەیە! وەزیری پەروەردەو فێرکردنی ئیسڕائیل بە هۆی ئەو سەرکەوتنانەوە فەرمانی بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ کرد لە ناو خوێندنگا گشتییە ئایینیەکاندا. ئیسڕائیلیە سێکیولارو لیبڕالەکانی ناو ئیسڕائیل هەرچەندە بە شێوەی ئاشکرا لە شوێنە گشتیەکاندا ئەو سەماو هەڵپەڕکێیەیان نیشان نەدەدا بەڵام لە ژێرەوە پڕبەدڵ خۆشحاڵبوون بەو سەرکەوتنانەو سوپاس و پێزانینی خۆیان دەردەخست بۆ فڕۆکەوانە ئازاکان و هێزی هەوایی بۆ ئەو سەرکەوتنە بێوێنەیە!
بەڵام ئەو سەیروسەفایەی ئیسڕائیلیەکان زۆری پێنەچوو کە بوو بەهەڵم وهەردوای ئەوەی کە ئێران بە دەیان ساروخی دوور مەودای گرتە ئیسڕائیل و لە لایەکی تریشەوە تیرۆریستەکان لە ناو شەمەندوفەری تەلئەبیبدا شەش ئیسڕائیلیان کوشت! ئینجا ئەو هێرشە تازەیەی کە ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری لوبنانی دەست پێکرد زۆرتری لەسەر کەوت لە ڕووی زیانی گیانیی ئیسڕائیلیەکانەوە وەک لە هێرشی جاری پێشوویان بۆ ناو لوبنان لە ئۆپەرایونە تایبەتیەکانیاندا! ئەوەش شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە شەڕی ئەم جارەیان کە ناوچەکەی گرتۆتەوەو ئێرانیش هاتۆتە ناویەوە ئەو هەلە بۆ ئیسڕائیل وەک جاران ناڕەخسێنێت کە سەرکەوتنی خێراو کەم زیانی تێدا بەدەست بهێنێت! هەروەها لە لایەکی ترەوە ئەو ترسەی کە ئیسڕائیلیەکان هەیانە کە شەڕەکە بدۆڕێنن زۆر گەورەترە لەوەی کە بەسەرکەوتنیان بەسەرحیزبوللەدا یان هەتا تەنانەت بەسەر ئێرانیشدا سەربکەون کەمی بکاتەوە ! هەربۆیەشە کە ئیسڕائیلیەکان ئەوڕۆ لە ڕووی سیاسیەوە لە حاڵەتێکی پەشۆکاودان چونکە هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا هاتوەو بۆیەش پێویستە ئەوانیش ستراتیجیەتی خۆیان بە پێی ئەو گۆڕانی واقیعە بگۆرن!
ساڵێک تێپەڕیوە کەچی هێشتا ئیسڕائیلیەکان لە ماتەمینی و تازیەی ئەو زیانانە دان کە لە ئۆکتۆبەری 7دا حەماس لێی خستن. وە هەمیشە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەیڵێنەوە بۆتە مۆتەکە بەسەر سەریانەوە! ئێستا ئیسڕائیل بەرەو داڕوخان دەڕوا لە ڕووی ئابووریەوە بە تایبەتی کە دەوڵەمەندو نوخبەی لیبڕاڵی ئیسڕئیلیی وەڵات بەجێ دەهێڵێت و ڕێگای هەندەرانی گرتۆتەبەر! حکومەت شکەستی هێناوە لە یەکخستنەوەی ڕیزی ئیسڕئیلیەکان و لە جیاتی ئەوە کەلێن و درز زیاترکەوتۆتە نێویانەوە. هێزی سەربازی ئیسڕائیل و سوپاکەی بە تایبەتی هێزی یەدەکی نێو سوپا ماندوو دیارە بە تایبەتی چونکە کەوتۆتە شەڕێکی کتوپڕی ئاڵۆزەوەو دەمێکیشە بەردەوامە! لە لایەکی ترەوە کە ئەگەریش دادگای نێودەوڵەتی هیچ فەرمانێک بۆ دەسگیرکردن و دادگایی کردنی فەرماندەو بەرپرسە ئیسڕائیلیەکانیش دەرنەکات دەبێ ئیسڕائیلیەکان لە حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێدا ژیانیان بەسەر بەسەربەرن چونکە ئەو هەموو وێرانیی و کوشتارەیان بەسەر غەزەو خەڵکی فەلەستیندا هێناوە!
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر شەڕدا، هەڕەشە درێژمەوداکانی سەر دێموکراسی لە ئیسڕائیلدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا مەترسیدار نەبوون!
ئیسڕائیل ئێستا لە باتی ئەوەی بکەوێتە ناو زۆنگاوی سەرخۆشییەوە بەوەی کە حەسەن نەسروللەی کوشتووەو ئینا خۆی بخاتە ناو شەڕێکی گەورەتری ناوچەیی لە دژی ئێران، دەبێ سوود لە پێگەی ئێستای خۆی لەشەڕدا وەربگرێت لەو بێهێزی و شکەستەی حەماس و حیزبواللە! دەبێ ئیسڕائیل ڕازی ببێت بەو ئاگربەستەی کە ئەمریکا پێشنیاری کردووە لە هەردووک بەرەی باکوور و باشووردا تا بتوانێت بارمتە ئیسڕائیلیەکان بهێنێتەوە ماڵ و کارئاسانیش بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە کە بە تەواویی شەڕ وێرانی کردووە! ئینجا دەست بکات بە پڕۆسەی چاکبوونەوەی نیشتیمانی! درێژە پێکێشانی شەڕلە هەوڵێکی بێهوودەدا بە مەبەستی سەرکەوتنی تەواوەتی، زیاتر زەرەرو زیانی گیانیی و ئابووریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، جا ئەگەربێت و (تڕمپ)یش بیباتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا لە مانگی نۆڤەمبەردا وەک و کە ناتانیاهۆ چاوەڕوانیەتی و دەیڵێتەوە! ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت کە هەردووک لا غەزەو لوبنان بوونەتە زۆنگاوێکی پیس بۆ ئیسڕائیل کە تێیدا دەچەقەتێت، بۆیە دەبێ هەڵەی کۆن دووبارە نەبێتەوە بەڵام لە باتی ئەوە زەرەرو زیانەکان کەمبکرێنەوەو پێکهاتن و گرێبەستێک بکرێت! حکومەتێکی بەرپرسیاری ئیسڕائیلیی دەبێ ستراتیژیی درێژمەودای بەرژەوەندیەکانی وەڵاتی ئیسڕائیل هەڵبسەنگێنێت و پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین لەگەڵ مەحمود عباسی بە ساڵاچوودا دەستپێبکاتەوە بۆ پێکێنانی دوودەوڵەت. هەروەک چۆن بێگن پەیماننامەی ئاشتی مێژوویی نێوان ئیسڕائیل و میسری ئیمزا کرد دوای سەرکەوتنی ئیسڕائیل لە شەڕی 1973 لە بەرامبەر میسردا. بۆیە دابینکردنی ڕێبازێکی جێمتمانە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە کەناری خۆرئاوا و غەزەدا تاکە بناغەیە بۆ دابین کردنی ئاشتی دوورمەودا بۆ ئیسڕئیلیەکان و هەروەها گەڕەنتیش دەبێ بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و سعودیە!
جا کارەسات و تراژاژیدیایەکە لێرەدایە کە حکومەتی ئێستای ئیسڕائیل وەڵات بەرەو لایەکی پێچەوانە دەبات. مەبەست و کاری لەمێژینەی ناتانیاهۆ بریتیە لە لەناوبردنی بزووتنەوەی نیشتیمانی فەلەستینیەکان و خۆ دوورخستنەوە لەهەر پێکهاتنێک و نەرمی نواندنێک لە گەڵ ئەو بابەتەدا. ئامنجی خۆی و هاوپەیمانیەتیەکەی بریتیە لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی جولەکە کە گەورەییەکەی لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ بەحربێت، لەگەڵ فراوانکردن و پێدانی هەندێک ماف ئەگەر وای پێویست کرد، بەڵام خۆیان بەدوور بگرن لە پێدانی مافە سیاسیەکان بە هەر کەس کە جولەکە نەبێت تەنانەت بەوانەش نەدرێت کە عەڕەبن و لە ناو ئیسڕائیلدان و هاونیشتیمانی ئەوێن! لێرەدا کارەسات ئەوەیە کە زایۆنیستە نەیارەکانی ناتانیاهۆ دەڵێن دەبێ ناتانیاهۆ لاببرێت و لە دەسەڵاتدا نەمێنێت، بەڵام ئەو بوێریەیان نیە کە ئاڵای ئاشتی و پێکەوە ژیان لە گەڵ فەلەستینیەکان بەرزبکەنەوە! ئەوانە لەوە دەترسن کە ئەو کارەیان لە کاتی ئێستادا ڕەنگە جۆرێک لە نا نیشتیمانپەروەریی بێت و لەولاوەش بە خائین وێنا بکرێن لە لایەن باڵی ڕاستەوە! لە جیاتی ئەوەی ورترو قووڵتر لە مانای ئۆکتۆبەری 7 تێبگەن و درکیش بە ناجێگیریی ئەو باروودۆخەی ئێستای پێش شەڕ بکەن و هەروەها دان بنێن بە و وەهم و خەیاڵە کە بەشدارە لە مامەڵکردن لە گەڵ کێشەی فەلەستینیەکاندا لە گەڵ سواربوونی شەپۆلی گەشەی ئابووری و بەرزنرخاندنی خۆدەرخستنێکی وا کە پێیان وایە کێشەی فەلەستین بوونی نیە! ئەمە ئیسڕائیلیەکانی بەرەو قەبووڵکردنی ئەپارتایدو جیاکاریی دامەزراوەیی بردووە لە کەناری خۆرئاوادا و داگیرکردنی هەمیشەیی غەزەو ڕەنگە ئەمە پەل پکێشێت بۆ خوارووی لوبنانیش. جا ئینجا زاڵبوونی سیستەمی ئۆتۆکراسی و ئایینییش لە ناوخۆی وەڵاتدا گەشەدەکات. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە لە ماوەی یەک ساڵی شەڕدا هەڕەشە درێژمەوداکان بۆ سەر دێموکراسی و بەهاکانی لیبڕالیی لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا هەر بەرەو خەراپتر ڕۆییشتوون!

ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە!
سەرچاوەی ئەو نووسینە:
.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn




پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل!..2.. نووسینی: ئەلوف بێن.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
نووسینی: ئەلوف بێن ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنگیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرس دا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن. ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە ١٤ تا ٢٠ لاپەڕە. ئەوەش نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەشەوە. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ . هەروەها بە تەواوی پێەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)

بەشی دووەم :
بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا لە گەڵ مێژووی ئیسڕائیلدا نایەتەوە!

ناتانیاهۆ بە ڕاکردنی لە بەرپرسیاریەتی و مناوەرەکردنێکی وردیشی دەستدایە تا مانەوەی خۆی و پێڕەکەی لە دەسەڵاتدا درێژە پێبدات، توانی خۆی ڕزگار بکات لەو لێکۆڵینەوە توندەی کە دەستی پێکردبوو لەسەر سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ کە خۆی لە پێکەوە ژیان و گونجان لەگەڵ حەماسدا دەبینیەوە و لە لایەکی تریشەوە کە گوێی بەو هەموو ئاگادارکردنەوانە نەدەدا کە سوپاو دەزگاکانی هەواڵگریی پێیان دەدا لەسەر هێرشی چاوەڕوانکراوی لەو جۆرەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. هەروەها هەوڵەکانیشی لە لاکەی ترەوە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین کە هاوبەشی پێشووی ئیسڕائیلە بۆ چەسپاندنی ئاشتی. جا ئێستا لە ترسی شکەستهێنانی لە دەنگدان و بە دوای ئەوەشدا دەگەڕێت کە دادگاییکردنەکەی لەسەر گەندەڵی وەدوا بخات، ناتانیاهۆ تەنانەت خۆی لە دەنگدانی پێشوەختەش بەدوور دەگرێت! بۆیە بەشی سەرەکی پلان و ستراتیژی ناتانیاهۆ ئێستا هەر ئەوەیە کە درێژە بەشەڕ بدات و تەنانەت بەربڵاوتریشی بکات تا بەرەو لوبنانیش بڕوات و ناشیەوێت لەگەڵ حەماس بگاتە هیچ ڕێکەوتنێک! جا ئەگەرئەو سیاسەتەی ناتانیاهۆ لە سەر حسابی تەواوی بە بارمتە گیراوەکانیش کە لە ناو غەزەو تونێلەکانی غەزەدان خەریکە هەر لە برسانا بمرن تەواو ببێت و بەسەرکەوتن بگات!
ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی بکات هاتووە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆی نایاسایی داوەتە هاوڕێ هەرێ ڕاستڕەوەکانی نێو هاوپەیمانیەتەکەی خۆی کە هەموو ئەوانە پڕبەگەروویان دەنگی نا بەرز دەکەنەوە بۆ هەر ڕێکەوتنێکی بارمتە گۆڕینەوە کە کشانەوەی ئیسڕائیلی لە غەزە تێدا بێت لەگەڵ بەردانی چەکدارەکانی حەماس کە لە زیندانەکانی ناو ئیسڕائیلدان. ئا ئەمەشیان نوێنەرایەتی 180 پلە گۆڕان و بادانەوە لە هەڵوێستی نیشتیمانیدا دەکات! چونکە ئیسڕائیلیەکان هەمیشە شانازییان بەوەوە کردووە کە ئامادەی کردنی هەموو شتێکن لە پێناوی هێنانەوەی بارمتەو دیلەکانی جەنگ بۆ ماڵێ خۆیان، وەک لە هەڵمەتەکەی ساڵی 1976 دا دەرکەوت کە هێزی بەرگری ئیسڕائیلی IDF ئەنجامیدا لە شاری ئینتێبی یۆگەندا بۆ ڕزگارکردنی ئەو سەرنشینانەی کە لە ناو فڕۆکەیەکی فەرەنسیدا بوون کە لە تەل ئەبیبەوە ذەچوون بۆ پاریس و لە ڕێگا فڕێنرابوون و بەرەو یۆگەندا برابوون. کە لەو هەڵمەتە بوێرانەیەدا برا گەورەکەی ناتانیاهۆ بە ناوی یۆنی گیانی خۆی بەخت کرد! ئینجا هەر پێنج ساڵ پێش ئێستا سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بەرەو مۆسکۆ کەوتە ڕێ و بە شێوەیکی تایبەت و هەر بۆ خۆی کەوتە پێک هاتن لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پۆتین بۆ بەردانی ئەو کچە گەنجە ئیسڕئیلیەی کە لە سەر هێنان و بردنی مادەی هۆشبەرەوە لە ڕوسیا گیرابوو. بەڵام سەیرە بۆچی ئەو کارەی نەکرد بۆ هێنانەوەی ئەو بارمتانەی کە لە ئۆکتۆبەری 7دا لە لایەن حەماسەوە ڕفێنرابوون!
پێڕە ڕاستڕەوەکەی ناتانیاهۆ چاک درکیان کردبوو بەوگرنگیدانەی ناتانیاهۆ پێیان لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە دەیانزانی بارودۆخی ناتانیاهۆ چەندە ناسکە، بۆیە زیاتر مکوڕ بوون لەسەر داخوازیە سەرەکیەکانیان و لە نێویشیاندا گەڕانەوەی دوبارە کۆمەڵگا جولەکەکان بۆ ناو غەزە کە لە ساڵی 2005دا لە سەردەمی شاروندا وازیان لێهێنرا. هەرچەندە ناتانیاهۆ بە ئاشکرا ئەو بیرۆکەیەی ڕەتدەکردەوە بەڵام ڕەنگە لە بنەوە پێشی خۆش بووبێ تا خۆی بکاتە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل تا بگوترێت کە لەسەردەمی ڕابەرایەتی ئەودا بیرۆکەی داخوازی فراوانکردنی هۆردوگای جولەکە نشینی ئیسڕائیل دەستی پێکردۆتەوە کە دەیان ساڵبووە پاشەکشەیان کردبوو لەو داواکارییانە! لەو چەند هەفتەی ڕابردوودا لەڤین، وەزیری داد، لە هێزی بن سێبەرەوە گەڕایەوە بۆ ناو حکومەت بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە بە چاکسازیی لە دەسەڵاتی دادپەروەریدا و بە واز هێنانی لە ڕێبازی یاسادانان، خۆی خستە ناو خەندەقی شەڕی بیرۆکڕاتیانەوە و ڕیگەگرتن لە دامەزراندنی دادوەرو زیاتر پشتگوێخستنی ئامۆژگارییە یاساییەکانی داواکاری گشتی گالی بەهاڕاڤ میارا!
لە ساڵەکانی پێش ئۆکتۆبەری 7 ، هەندێک لە بەرپرس و سەرکردەی عەڕەبی هاوڵاتی ئیسڕائیلی کەوتبوونە هەوڵ و کارێکی بەردەوام بۆ ئەوەی هاووڵاتیەعەڕەبەکانی ئیسڕائیل والێبکەن بە تەواوی لە گەڵ کۆمەڵگای ئیسڕائیلی تێکەڵ ببن، ئەوەش بە دەستەبەرکردنی پێدانی مافی یەکسان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری ئابووری بۆیان! بەڵام هەر دوای هێرشەکەی حەماس، حکومەت ڕێک ئەم هەوڵەی شکەست پێهێناو دەستی کرد بە گرتن و دادگایی کردنی عەڕەبەکان و بە بەهانەی پۆستەکانیان لە سۆشیال میدیا و تەنانەت دەست کرا بە ڕێگری لە هەموو ئەوخۆپیشاندانانەی کە عەڕەبەکانی ئەنتی شەڕ پێی هەڵدەستان لە ناو ئیسڕائیلدا! دەزگا سەرەکی و باوەکانی ڕاگەیاندنیش ڕێک هەمان ڕێبازیان گرتەبەرو خۆیان بەدوور دەگرت کە لە پانێڵە زۆرو زەبەندەکانیاندا بەشداری بکەن بەو عەڕەبانەی کە کۆمینتیان هەبوو، قسەیان هەبوو، شتیان دەزانی بیڵێن! لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ توانی لە ڕووی سیاسییەوە دەست بەسەر تەواوی هێزی نیشتیمانی پۆلیسدا بگرێت و کۆنتڕۆڵی بکات و بیکاتە ئامڕازێکی کەسیی ژێر دەستی بەرەی هەرێ ڕاستڕەوی ئیسڕائیلیی کەسێکی خاوەن نفوزی وەک ئیتەمار بەن گڤیر، وەزیری ئسایشی نیشتیمانی، کە شاگردو خوێندکاری کەسێکی ڕەگەزپەرستی وەک قەشە، ڕەبای، مەیر کاهانە! لە لایەکی ترەوە بەن گڤیر دەستی کردە هەڵمەتێکی توندی شەڕی بیرۆکڕاتیانە، کەسی نزیکی خۆی و دۆست و هاوڕێیانی دامەزراندن لە شوێنە باڵاکان و پلەی ئەو ئەفسەرانەشی بەرز دەکردەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕەشبگیرییان دەست پێکردبوو لە نێو خۆپیشاندەرانی دژی حکومەت و ئینجا لە لایەکی تریشەوە چاوی خۆی دەنوقاند لە هەموو ئەو تاوانانەی کە جولەکە توندڕەوەکان لە دژی عەڕەب و لادێکانی کەناری خۆرئاوا ئەنجامیان دەدا، هەروەها خۆی خەواندبوو لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دەکرا لە دژی کۆمەڵگاو گەڕەکە عەڕەبنشینەکانی ناو شارەکانی ئیسڕائیل . چونکە بە لای بەن گڤیرەوە هەتا ڕێژەی عەڕەب کەم بکرایەتەوە لە نا وئیسڕائیلدا لە بۆ جولەکەکان باشتر بووە!
هەتا ئەم دواییانەش زوربەی جولەکەکانی ئیسرائیل ئەم هەڵوێستە تونڕەوانەیان بە شەرمەزاری دەزانی بەڵام ئەوەیان بەدەنگی بەرز نیشان نەدەدا، هەر بۆیەش ناتانیاهۆ توانی بارودۆخەکە لەگەڵیاندا هێواش بکاتەوە! لە هەمان کاتدا یەکێکی ترلە هەرێ ڕاستڕەوەکان بە ناوی بێزالێل سمۆتریش، کە وەزیری داراییە لە کابینەکەی ناتایاهۆدا، ڕابەرایەتی هەڵمەتێکی ڕەگەزپەرستانە دەکا بۆ لکاندنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە! کە دیارە ئەمەش لە ڕێگەی برسی کردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستینیەکانەوە دەکات. ئەو دوو کەسە هەرێ ڕاستڕەوە سمۆتیش و بەن گڤیر بە ڕوونی و ئاشکرایی ئامانجی خۆیان خستۆتە ڕوو کە ئەویش بریتیە لە دەستبەسەراگرتن و لکاندنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە، بەڵام ئێستا ئەو کارە تۆزێک ئاڵۆزتر بووە ئەویش لەبەرئەوەیە کە داگیرکردن و شەڕی غەزە لە گۆڕێدایە!

پڕۆژەی یاسای پارە!
ئەو فرە بەرەیەی شەڕ کە ئیسڕائیل تێیەوە گلاوە شەڕێکی لە ناوخۆشیدایە کە ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران دەستی داوەتێ بۆ گۆڕینی نۆرم و هەڵوێستەکان. هەرچەندە ناتانیاهۆ زۆرێک لە بیرۆکە ئایدۆلۆجیەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕاستڕەوەکانیدا هاوبەشی پێدەکا ، بەڵام ئەو کەوتۆتە مناوەرکردن ڕووەو پێگەیەکی سیاسی کە بە بارمتە گیراوە لە لایەن ئەوانەوەو ئێستاش دەیەوێت تەواوی خەڵکی ئیسڕائیل بە بارمتە بگرێت وەک چۆن خۆی کراوەتە بارمتە!
هێرشەکەی 7 ی ئۆکتۆبەر ئیسڕائیلیە سێکیولارو بە تایبەتی نێودەوڵەتیەکانی خستە تەنگژەوە. لە ماوەی سێ دەیەدا دوای کۆنفرانسی مەدرید لە ساڵی 1991 و ڕێکەوننامەی ئۆسڵۆ لە ساڵی 1993دا، ئەو ئیسڕائیلیە سێکیولارو نێودەوڵەتیانە شانازیان بە وەڵاتەکەیانەوە دەکرد کە توانیویەتی وەک بەشێک لە ڕۆژئاوا دەرکەوێت، هەروەها کێشەی فەلەستینیش وەک گرفتێکی چارەسەرنەکراو سەیریکراوەو گوتراوە کە دەتوانرێت هەر وا بەوشێوەیە لەگەڵیدا بەردەوام بن. بەڕێوەبردنی کێشەی فەلەستین بەبێ هیچ بەرەو پێشچوونێک، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لە ڕووی ئابووریەوە بەرەو پێش چووە و کێشەی فەلستینیش نە بەرەو ئاشتی و نە بەرەو شەڕێش براوە بریتیبووە لە ڕێبازی سیاسی ناتانیاهو هەر لەو ڕۆژەوەی کە هاتۆتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت لە ساڵی 2009. هەروەها ناتانیاهۆ دەستی بە هەڵگەڕانەوە کرد لێیان و دەستی دایە چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵاتی دادوەریدا، جا ئەو هەوڵەی ناتانیاهۆ ڕێخۆشکەر بوو کە هاوپەیمانییەکی ناوخۆیی پێک بێت لە نێوانی ناتانیاهۆ و نوخبەی لیبڕالیی ئیسڕائیلی. هەتا ئەگەر ئەو نوخبەیە دەنگیشیان پێنەدابایە بەڵام لە لاکەی ترەوە زۆر دڵخۆشبوون بەوڕێژە زۆرە پارەیە کە ستراتیژیەکەی ناتانیاهۆ خستبوویە بەردەستیان و وایان نیشاندەدا کە وەڵاتەکەیان لە ڕێزی وەڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوادایە لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووریدا و یەکێکە لە وەڵاتە بەرەو پێشچووەکان لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە!
جا ئێستا لیبڕاڵەکانی ناو ئیسڕائیل تووشی فشاری دوولایەنە بوونەتەوە، لە لایەکەوە لە لایەن ڕۆژئاوای پێشکەوتنخوازو لیبڕاڵەوە لە لایەکی تریشەوە لە لایەن بنکەی ناتانیاهۆوە لە ناو خۆی ئیسڕائیلدا تووشی پەراوێزخران و بە شەیتانی کردن بوونەەتەوە! هەرچەندە هەردووک بەرەی جولەکەی پارێزگارو ئایینی ناو ئیسڕائیل وەک یەک بەدەستی دابەزینی بەهای (شێکڵ) و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە دەناڵێنن بەڵام لە لایەکی ترەوە توانیویانە مانایەک بدەن بە بەردەوامی شەڕەکە! بە تایبەتی بۆ ئەوهێڵە توندڕەوە لە جوولەکە توندڕەوەکانی بەری کەناری خۆرئاوا کە ئێستا هەست دەکەن ڕاست بوون کە ساڵی 2005 دژایەتی چوونە دەرەوەی ئیسڕائیلیان دەکرد بە تەواوی لە غەزە. ئێستا هەست دەکەن لە نێو کۆمەڵگای ئیسڕائیلیدا پێگەیان بەرەو هەڵکشان و بەرزبوونەوە دەڕوات بە تایبەتی لە نێو سوپای هێزی بەرگریی ئیسڕائیلیدا کە تێدا بوونێکی کاریگەرو بەرچاویان هەیە!
ئیترئەو لیبڕالانەی کە لە هەموولایەک زیاتر پابەندبوون و زۆرتریش زەرەرمەند بوون ڕوویان کردە دوو ستراتیژ بۆ مانەوەی خۆیان. یەکیکیان ئەوەیە کە کۆچ بکەن بۆ وەڵاتانی تر جا ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، یان دەچن داوای پاسپۆرتی وەڵاتێک دەکەن کە کەس و کاریان لەوێ نیشتەجێیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کەس و کارەوە بتوانن ئەوانیش بچنە ئەو وەڵاتە! ئەو دیاردەیە لە پێش شەڕی غەزەش بوونی هەبووە، لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ناتانیاهۆ دەستی بە کودەتا کرد بەسەر دەزگای دادا. بۆیە قسەوباس لە نێو ئیسڕائیلیکاندا دەربارەی بەجێهێشتنی وەڵات بە تایبەتی لە نێو چینە دەوڵەمندو زیاتر ڕۆشنبیرو بە ئاگاکەدا بەرەو توندی و زۆر بوونیش ڕۆیی هە رکە شەڕی غەزە دەستی پێکرد لە گەڵ فەرمانڕەوایی ناتانیاهۆ. جا ئەو شوێنانەی کە ئیسڕائیلیەکان زیاتر کۆچیان دەکرد و دەیانویست بۆی بڕۆن بریتیبوون لە یۆنان، پۆڕتوغال، تایلاند و هەروەها ئەو شوێنە نەریتەی وەک لەندەن و نیویۆڕک. جا هەندێک لەو ئیسڕائیلیانە تەنانەت توانیویانە هەمان کارو بەرژەوەندیە ئابووریەکەی خۆشیان لە ناو ئیسڕائیلدا بپارێزن ئەوەش هەر لە دوورەوە بە ڕێگەی دیجیتاڵیی گەڕۆکەوە یان ئۆنلاینەوە!
نەیارانی ناتانیاهۆ بە هیوای ئەوەن کە بە شێوەیک لە شێوەکان ناتانیاهۆ بەختی نەمێنێت!
ستراتیژیەکەی تری نەیارانی ناتانیاهۆ بۆ مانەوەی خۆیان بریتی بوو لە بەردەوام بوون لەسەر هەڵوێستەکانیان و بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕازایەتی دەربرین لە دژی ناتانیاهۆ لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە بەردەوامبوون لە پشتگیری کردنی سوپای بەرگریی ئیسڕائیل لە شەڕیدا لە دژی حەماس و داوای بەردانی هەموو ئەو بە بارمتە گیراوانەشیا دەکرد کە لە ژێردەستی حەماسدا ماون. لە کۆتایی مانگی هەشت دا قەیرانی بارمتەکان گەیشتە ترسناکترین ترۆپکی خۆی کاتێک کە حەماس شەش لەو بارمتانەی لە تونێلێکدا لە ڕەفەح کوشتن. جا لەو کاتی توڕەیی و پەژارەیەدا کە ناتانیاهۆ نەیتوانیوە بگاتە ڕێکەوتنێک لە گەڵ حەماسدا بۆ ڕزگارکردنی ئەو شەش بارمتەیەو گفتوگۆکانیش کۆتایی پێناهێنێت بۆ بەردانی هەموو ئەو بارمتانەی کە هێشتا بەرنەدراون، بۆیە بەو هۆیەوە بە سەدان هەزار لە ئیسڕائئیلیەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و لە دژی حکومەت و ئەو خۆپیشاندانەش گەورەترین ناڕازایەتی بوو کە لە دوای ئۆکتۆبەری 7 وە ڕوویدا!
بەڵام هەتاکو ئێستاش ناڕەزایەتیەکانی سەرشەقام نەیانتوانیوە بنکەی هاوپەیمانی ناتانیاهۆ بهێننە لەرزین. ئەو ناڕەزایەتیانە لە لایەن هەمان پێڕی نەیاری ناتانیاهۆ وە پشتگیری دەگرێن کە لە نێویاندا گاڵانت هەیە کە سەرکردایەتی ناڕەزایەتیەکانی کرد لە دژی ئەو چاکسازییەی کە ناتانیاهۆ دەستی پێکرد لە دەزگای داد. بەڵام سەرۆک وەزیران زۆر بە زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکەدا کردو هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی بە سیاسیی ناساندن و مەبەستی سەرەکییان هیچ شتێک نیە تەنها دەڕپەڕاندنی منە لە دەسەڵات. جا ئێستا ناتانیاهۆ بابەتی بارمتە ئیسڕائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس و میحنەتی ئەوانی کردووەتە بەهانەو بەکاری دەهێنێت!
نەیارانی ناتانیاهۆ هەر بە هیوای ئەوەن بەشک و ناتانیاهۆ بەختی هیچی تر نەیهێنێت یان لە شوێنێکەوە قڵشتێک بومەلەرزەیەک درووست بکات. یەکێک لە هەرێ کێشە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی بووەتەوە بریتیە لە لێخۆشبوون لەو گەنجانەی کە زۆر ئۆرسۆدۆکسی و توندڕەوی ئایینین لە چوونیان بۆ خزمەتی سەربازی! ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت کە بەهانەی ڕابەرانی ئایینی هەرێ توندڕەوی ئۆرسۆدۆکسی بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە کە دەبێ ئەو گەنجە ئۆرسۆدۆکسیانە بپارێزرێن لە ژیانی سێکیولاریی کە لەوانەیە لە سەربازگەکاندا ڕووبەڕووی ببنەوە. جا ئێستا ئەو شەڕە بە تەواوی ئەو جیاوازیە گەورەو نایەکسانەی ئاشکرا کردووە کە هەیە لە نێوانی گەنجە هەرێ توندڕەوە ئایینیەکان و گەنجانی تری ئیسڕائیل کە هەموو کات بانگ دەکرێن کە بچن بۆ خزمەتی سەربازیی و خۆیان بکەنە قوربانی وەڵاتەکەیان!
لە مانگی حوزەیراندا، دادگای باڵای ئیسڕائیل گوتی کە هیچ بنەمایەک لە گۆڕێدا نیە بۆ ئەوەی گەنجی ئۆرسۆدۆکسی توندڕەوی ئایینی نەچێت بۆ خزمەتی سەربازیی و ئەوەی تریان بچێت.دەبێ هەردووک لا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت! جا ئێستا حکومەت لە جێبەجیکردنی ئەو بڕیارەدا سستی دەنوێنێت و سوپاش نایەوێت کەس بە زەبری زۆریی پەلکێشی خزمەتی سەربازیی بکات. ئێستا ئەو کێشەیەش لە گۆڕێدایەو جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە کاتێک کە ئەنجومەنی یاسادانان دەنگ لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو دەدات! ڕابەرە سیاسیەکانی بەرەی ئۆرسۆدۆکسی هەرێ توندڕەوی ئایینی دەستیان کردووە بە هەڕەشە و دەڵێن ئەگەر بێت و ئەو ڕەش نووسەی لێخۆشبوون لە لاوانی ئایینی ئۆرسۆدۆکسی لەبۆ خزمەتی سەربازیی ڕەزامەندی لەسەر دەرنەبڕن ئەوا حکومەت دەڕوخێنن! جا هەر لەو دواییانەدا و بۆ ئەو مەبەستە ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی خۆی هات کەسێکی وەک گیدیۆن سار کە وەزیری دادی پێشوو بوو هێنایە ناو هاوپەیمانیەتیەکەی خۆی!

ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە! سەرچاوەی ئەو نووسینە:
.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn




پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل!.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
نووسینی: ئەلوف بێن ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس

تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرس دا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن. ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە ١٤ تا ٢٠ لاپەڕە. ئەوەش نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەش. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ . هەروەها بە تەواوی پێەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)
بەشی یەکەم:
ڕۆژی٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەماس دەزگا سەربازی و هەواڵگریەکانی ئیسڕائیلی تووشی سەرسوڕمان کرد! هەردووک دەزگاکەی ئیسڕائیل چەندین ساڵ بووە زانیویانەو زانیارییان هەبووە کە گروپە چەکدارەکانی فەلەستین ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر ئیسڕائیل بۆکوشتن و ڕفاندنی سەربازو هاوڵاتیانی ئیسڕائیل! بەڵام ئەو دوو دەزگایە شکەستیان هێنا باوەڕبەوە بکەن کە ئەو گرووپانە بتوانن و بوێریی بنوێنن یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن لە کردنی ئۆپەراسیۆنیکی ئاهوا کە تا ئێستا وینەی نەبووە! سوپای ئیسڕائیل و دەزگا هەواڵگریەکەی، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆ و ئینجا بە شێوەیەکی گشتی هەموو خەڵکی ئیسڕائیلیش پێیان وابووە کە بەشی باشووری وەڵاتەکەیان زۆر سەخت و قایمەو ناتوانرێت زەفەری پێبەرن، پێشیان وابووە کە بالانسی هێزیش هە رلە بەرژەوەندی ئیسڕائیلدا بووە ، بۆیە هەموو لایەک پێی وابووە کە حەماس هەرگیز دەست بۆ کاری لەو شێوەیە نابات!
بەڵام حەماس ئەو تەحەداو بوێریەی نواند. لە چەند ڕۆژو هەفتەی دوای ئەنجامدانی ئەو هێرشە وێرانکەرەدا، شتێکی هاوبەش کە لە نێو هەموو ئیسڕائیلیەکاندا دەگوترایەوە ئەوە بوو کە دەگوترا ” هەموو شتێک گۆڕاوە” جا هەر بەڕاستیش بۆ ماوەیەک ئەو قسەیە ڕاست دەرچوو کە هەمووشتێک گۆڕابوو: ئەو هێرشە بڕوا بەخۆبوونی ئیسڕائیلیەکانی پەرتو بڵاوە پێکرد، ئەو متمانە درێژخایەنەی ئیسڕائیلیەکان هەیان بوو بە ئاساییشی وەڵاتەکەیان و سیاسەت و نۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان سەرەونخوون بوویەوە! سەکردایەتی هێزی بەرەنگاریی ئیسڕائیل IDF لە شەوێکدا شکۆی خۆی لەدەستدا، بە تایبەتی کە وردەکاریەکان بۆ خەڵک ڕوون بوونەوە و بۆیان دەرکەوت کە سوپا نەیتوانیوە ڕێگریی لە هێرشی حەماس بکات و زۆریش درەنگ فریای ئەوە کەوتووە کە بتوانێت خەڵکی سڤیلی سەر سنوور و دەزگا سەربازیەکان و ئامادەبووانی بێ دیفاع و سڤیلی ناو فێستیاڤاڵ و مۆسیقا بپارێزێت!
دڕامای سیاسیی کە ئیسڕائیلیەکانی بۆ ماوەی نۆ مانگێک تا ئۆکتۆبەری حەوتی بەسەرداهات لە خۆ گرتبوو، هەوڵی ناتانیاهۆ چاکسازییەکی سەراپاگیربوو لە ناوەندەکانی دادگادا کە مەبەستی سەرەکی بریتیبوو لە سنوردارکردنی سەربەخۆیی دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە وینەی دادگای باڵاو نوسینگەی داواکاری گشتی و خزمەتگووزاری مەدەنی تەکنۆکڕات بۆ ئەوەی هێزی زیاتر بداتە باڵە ڕاستڕەوەکەی خۆی و هاوپەیمانە ئایینیەکانی- ئەوەیان ئیتر لە بەرچاو ونبوو چونکە شەڕ بەسەرداهات. ئەندازیاری سەرەکی چاکسازی کە وەزیری داد، یاریڤ لێڤین بوو،لەوانەیە پەشیمان بوووبێتەوە لە کارەکەی چونکە خۆیشی بەشداربووە لە سەرقاڵکردنی ئیسڕائیل پێش هێرشەکەی حەماس. ناتانیاهۆ لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کابینەیەکی یەکگرتووی شەڕی پێکهێنا لە لایەنە سیاسیە جیاوازەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها نزیکەی 250 هەزار سەربازی یەدەکی بانگهێشتی نێو سوپا کردەوە بۆ ئەوەی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر غەزە ئەنجام بدەن!
دوای ئەوەی کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیلIDF شۆکی ئۆکتۆبەری 7 بەریدا، دەستی کرد بە تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی زۆر بەهێزو چڕ، توانای سەبازیی و فەرمانڕەوایی حەماسی بەسەرغەزەدا لە بەریەک هەڵوەشاند، بەشیکی زۆری غەزەی کردە وێرانە، زیاتر لە دوو ملیۆن لە خەڵکی غەزەی ئاوارەی نێوخۆکرد، لە سەرووی چل هەزار لە خەڵکی غەزە کوژرا کە بە پێی لێدوانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل سێبەشی ئەو کوژراوانە حەماس بوون! هیزی بەرگریی ئیسڕائیل توانی بە تەواوی ڕێگریی لە حەماس بکات کە ساروخ بهاوێژن بۆ ناو ئیسڕائیل و بەشی زۆری سیستەمی توێنێڵەکانی حەماسیش لە ناو غەزەدا لە ناوبران، دەگوترێت کە هێزێکی ڕێکخراوی وەک حەماس ئێستا گۆڕاوە بۆ هێزێکی پەرت و بڵاوی شێوە گەریلا ئاسایی!
لە گەڵ ئەوەشدا کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF نزیکەی سێ بەشی غەزەی داگیرکردوەو لە ژێر دەستی دایە، بەڵام بۆ زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان ئەو بارودۆخەی ئێستا وەک ئەوە وایە کە ئیسڕائیل دۆڕاندبی! جا سەرباری ئەو هەموو خۆ کۆکردنەوەو ئاماداکارییە، سەرباری پشتیوانی نزیکەی نەگۆڕی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل، بەڵام هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF کە لە ژێر هەمان سەکردایەتی سەردەمی ئۆکتۆبەری 7 دایە، شکەستی هێناوە لە گەییشتن بە تەواوی ئامانجەکانی. بۆ نموونە یەحیا سەنوار خۆی تەسلیم نەکردووە. (ئێستا یەحیا سەنوار کوژراوە.. ح.ڕ) هەروەها نزیکەی سەد بارمتەی ئیسڕائیلی هێشتا دیارنین لە ناو غەزەدا کە دەگوترێت، بە پێی دوایین لێدوانی ناتانیاهۆ، نیوەی ئەوانە هێشتا لە ژیاندا ماون!
ئەو کارەساتە چەقبەستووە، لە گەڵ گۆشەگیریی ئیسڕائیل لە ڕووی نێو دەوڵەتیەوە، هەروەها دیدگایەکی تاریک لە ڕووی ئابوووریەوە ، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی هەستێکی بێهیوایی نەتەوەیی ! جا لە ڕاستیدا، پاڕادۆکسیەکە لێرەدایە کە ڕووکارە گرنگەکانی سیاسەتی ئیسڕائیل و کۆمەڵگای ئیسڕائیلیی لە دوای هێرشەکەی حەماس گۆڕانێکی کەمی بەسەرداهاتووە. دانیشتوانی ئیسڕائیل کە نیشتەجێی سەرسنوورەکان بوون لە باشوور و باکووری ئیسڕائیل هێشتا ناتوانن کە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان! ئەو باروودۆخە لە باتی ئەوەی ئیسڕائیلییەکان یەک بخا لەبەرامبەر یەک دوژمنی دەرەکی کەچی درزو کەلێنی کێشە کۆنەکانەکانی گەورەتر کردووە لە نێوانی گرووپ و لایەنگرانی ناتانیاهۆ و لایەنە نەیارەکانی لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا! ناتانیاهۆ لە یەک کاتدا نەیارەکانی و دۆستەکانی دەکوتێت و بەردەوامە کە خۆی وەک چەق وناوەندی سیاسەتی ئیسڕائیل نیشان دەدات! هاوپەیمانیی باڵی ڕاست کە ناتانیاهۆی لە دەسەڵاتدا هێشتۆتەوە داواکاریەکانی بۆ وردوخاشکردنی بزووتنەوەی بە دەوڵەتبوونی فەلەستینیەکان زیاد کردووە لە گەڵ جێگرتنەوەی نوخبەی ئیسڕائیل. کە ئەوەش داواکارییەکی بە ڕواڵەت جوانە بۆ لە ناوبردنی دام و دەزگا دێموکڕاتی و لیبڕالیەکانی ئیسڕائیل!
لە دوای ئەوەش، لە 7ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، سوپای ئیسڕائیل دەستی کرد بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک لە پەرچەهێرشی بوێرانە لە دژی ترسناکترین هاوسێی دوژمنی کە میلیشیاکانی حیزبو اللەی لوبنانی بوون- کەهاتن بەرەیەکی تری شەڕیان لە دژی ئیسڕائیل لە لای باکوورەوە کردەوە هەر یەک ڕۆژ دوای ئەوەی حەماس لە لای باشوورەوە هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل! ئیسڕائیل توانی ڕابەری دێرینی حیزبو اللە، حەسەن نەسرواللە، بکوژێت وهێرشی زەمینیش بەرەو باشووری لوبنان ئەنجام بدات! جا لێرەدا زۆرێک لە شڕۆڤەکارانی میدیای باوی ئیسڕائیلیی ئەو فراوانبوونی شەڕەیان لە لای باکووری وەڵاتەوە وەک دەرفەتێک دەبینی: نەک هەر بۆ ئیسڕائیل کە بتوانێت حیزبو اللە تەفروتونا بکات بەڵکو وەک دەرفەتێکیش بۆ وەڵاتەکەیان تا بیسەلمێنن کە ئیتر ساڵی شۆک و پڕمەترسییان تێپەڕاندو لە لا لایەکی تریشەوە بیسەلمێنن کە زیرەکیی وهێزو توانای تەکنەلۆجییان جارێکی تر بێتەوە نێو ناوان لە ڕووی نێو دەوڵەتییەوەو ئاهەنگی لە بۆ بگێڕن! بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەروەک چۆن شەڕی ناو غەزە ڕاستیە سامناکە شاراوەکانی زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکانی نەگۆڕی کە چاوەڕوانیان بوون بگۆڕێن، بە هەمان شێوەش ئەم بەرەی تازەیەش لە شەڕهەر نایان گۆڕێت! بەرەی تازەی شەڕ هیچ ناگۆرێت هەتا ئیسڕائیل ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی قوڵترنەبێتەوە لە سیاسەتی ناوخۆی خۆیداو هەروەها لەبەرامبەر فەلەستینیەکانیشدا!
جووڵەو ئەملاولای پاڕادۆکسیانە!
یەک هەفتە دوای هێرشی ئۆکتۆبەری 7 ، ئەگەر بە ئیسڕائیلیەکی ئاسایی یان هەتا بە لایەنگرێکی (ناتانیاهۆ)شت بگوتبایە کە ناتانیاهۆهەرسەرۆک وەزیران دەبێ بۆماوەی ساڵێکی تریش و لە لایەن هەمان باڵی ڕاستیشەوە پشتی دەسەڵاتەکەشی دەگیرێت لەوانەیە ئەو کەسە باوەڕی پێت نەکردبایە! چونکە بە درێژایی مێژووی ئیسڕائیل درکەوتووە حکومەتی مەدەنی لەکارکەوتووە دوای هەر کارەساتێکی ئەمنیی زۆر خەراپ کە بەسەر ئیسڕائیدا هاتبێت! بۆ نموونە دوای شەڕی سوپا لە شەڕی 6 ئۆکتۆبەری1973 لە نێوان عەڕەب و ئیسڕائیلدا، یان لە کاتی لەشکرکێکشی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 1982 ، کاتیک کە سەربازە یەدەکەکانی ئیسڕائیل لە بەرەکانی شەڕ گەڕانەوە دەستیان دایە ناڕەزایەتی و وایان لە گۆڵا مییر سەرۆک وەزیران و مەناحیم بێگن کرد کە دەست لە کار بکێشنەوە!. جا لە هەردووک حاڵەتەکەدا چەند مانگێکی پێچوو ئینجا حکومەت کەوتە خۆی و دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئەوەی بزانێت کە بۆچی ئەمە ڕوویدا!
ڕێی تێدەچوو، ئەگەر بتگوتبایە دۆخی ناتانیاهۆ زۆر خەراپتردەبێت لەوانەی پێش خۆی! لە سەرووی دەیان ساڵە ئەو پیاوە لە ناو سیاسەتدایەو هەمیشەش خۆی وەک مامۆستای ئاساییشی وەڵات پیشانداوە. ئەو دەیگوت کە باشتر لە جەنەڕاڵەکانی ئیسڕائیل دەزانێت وەڵات بە سەلامەتی ڕابگرێت، ئەو پێی دەگوتن بێ دیدگاو ترسنۆکن و زۆر ئاگایان لە ئارەزووەکانی ئەمریکایە! توندترین ڕکابەری سیاسیی ناتانیاهۆ لە ماوەی چەندین ساڵی سیاسەتیدا بریتیبوون لە فەرماندە سەربازیەکانی پێشوو کە هەندێکیان سەرۆک وەزیر بوون و هەندێکیش وەزیری بەرگریی بوون، بۆ نموونە کەسانی وەکو ئیسحاق ڕابین، یەهود باڕاک، ئاڕیاڵ شارون، بێنی گانتز، هەروەها وەزیری بەرگری ئێستا یواڤ گالانت. لە ڕووی نەریتییەوە بەرزترین پلە باڵاکانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF و دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیلی بەدەست ئەشەکەنازیە لیبڕاڵەکانەوەن کە ناتانیاهۆ زۆر دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە دەست بەسەر ئەو دوو دەزگایەدا بگرێت! هەر ئەو دامەزراوانەش بوون کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئیسڕائیلیان کرد لە بەرامبەر پڕۆژەیەکی ناتانیاهۆ بۆ چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵات و دەزگای دادوەرییدا!
بەڵام بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا ڕەنگە پەیوەندی بەو بارودۆخەی ساڵی ڕابردووەوە هەبێت لە مێژووی ئیسڕائیلدا! تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ناتانیاهۆ ڕەتی دەکاتەوە بچێتە ژێر باری هیچ بەرپرسیاریتیەک لە کوژرانی 1200 ئیسڕائیلی ودەستدرێژی و بریندارکردنی چەندین کەسی ترو بە بارمتەگرتنی 250 ئیسڕائیلی لە لایەن حەماسەوە، هەروەها ئەو هەموو وێرانەیە کە بەسەر وەڵاتیاندا هینا، کە هەموو ئەوانە لە تەنها یەک ڕۆژدا بەسەر ئەو خەڵک و کۆمەڵگایانەی سەرسنورەکانیاندا هێنا، ئینجا دوای ئەوە دەست کرا بە چۆڵکرنیان و ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکی تر! ئاستی جەماوەریی ناتانیاهۆ بەرەو دابەزین ڕۆیی هەرچەندە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023بەرەو سەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشی رۆیی بەڵام هێشتا ئاستی جەماوەرییەکەی ناگا بە ڕکابەرەکانی لە وێنەی نەفتالی بێنەت سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسڕائیل. ڕاپرسیەک لەو بارەوە هەر دوای کوژرانی حەسەن نەسروللا ئەنجامدرا لە لایەن کەشێت 12 کەناڵی سەرەکی هەواڵی ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئەگەر بێت و ئێستا هەڵبژاردنێک لە ئیسڕائیلدا ئەمڕۆ بکرێت، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ کە 68 کورسییان لە کەنێسەت داهەیە دادەبەزێت بۆ 46 کورسی! ناتانیاهۆ باش تێدەگاو زۆر باش هەلومەرجەکە دەخوێنێتەوەو دەزانێت کە خەڵک لێی تووڕەیە، هەر بۆیەش ستراتیژیەتێکی فرەلایەنەی دەستداوەتێ بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا! وا بۆ ماوەی ساڵێک دەچێ ناتانیاهۆ و پێڕەکەی تەواوی بەرپرسیاریەتی ڕوودانی ئۆکتۆبەری 7 دەخەنە ئەستۆی هێزی بەرگریی IDFو شاباک دەزاگای ئەمنی ئیسڕائیلی کە بەرپرسن لە دوسیەو چاودێریکردنی فەلەستینیەکان و سەرباری ئەوەش خەتای هەموو ئەوانەشە کە نەیان هێشت چاکسازی لە دەزگای دادوەریدا بکرێت بە تایبەتی ئەو سەربازە یەدەکانەی کە هەڕەشەی وەستاندنی ئەرکەکانیان کرد ئەگەر بێت و دەست بۆ ئەو کارە ببرێت!

ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە! سەرچاوەی ئەو نووسینە:
.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn




تێڕوانینێکی سایکۆلۆجیانە بۆ کەسێک کە بە هۆی فشارێکی دەروونیەوە دەبێتە کەسێکی تر!.. حەسەن ڕازانی

فشاری هاوکوف و هاو تەمەنەکان لە سەر یەکتری ( پیەر پرێشەر Peer pressure! )

پیەر پڕێشەر بەواتای فشاری هاوکوف، فشاری برادەرو هاوڕێ، تەنانەت واوەتریش دەڕوا بۆفشاری دۆست و خزم و ناسیاوو تەنانەت دەروجیران و گەڕەکیش دەگەێنێت. بە کورتی: پیەر پڕێشەر هەموو ئەو فشارە دەروونییە دەگەێنێت کە لە سەر کەسێک درووست دەبێت لەلایەن هەموو ئەو لایەن و کەس و شوێنانەی کە بەلای ئەو کەسەوە گرنگ و مەبەستن. مەبەستە سەرەکیی و درووستەکەشی ئەوەیە کە لە ئەنجامی مامەڵەو هەڵس وکەوتەکانی ئەو کەسەدا ئەوان دڵیان گرێ نەگرێت و ناڕازی و مڕومۆچیان نەکات. جا لێرەدا، ئەگەر ئەو کەسە بە پێچەوانەی شەپۆلەوە مەلە بکات هەر دەست بەجێ بۆی دەبێتە کارەسات.
مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆلیش بوێریی و پشتبەخۆبەستنێکی زۆری لە کەسەکە دەوێت، کە ئەمەش لە دەوروبەری خۆماندا دەیبینین وسەلماویشە کە زۆرینەی خەڵک خۆی لە قەرە نادات. کەواتە بە هۆی فشارە دەروونیەکەوە، کەسەکە ناچارە بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوەو بە پێچەوانەی خودی خۆی مامەڵە بکات و مەلەکەی بەو بارەدا بکات کە کەسانی تر ڕازی بکات. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە ئەو کەسە دەبێ کارێکی وا بکات کە هاوکوفەکانی لەگەڵیدا هاوڕابن و ڕازی بن پێی و لە جیاتی ئەوەی مڕو مۆنیان بکات و لیچی لێ هەڵقرچێنن ، دەبێ ئەو وا بکات کە پێکەنین و گەشیی و شێوەی ڕازییبوون بخاتە سەر ڕوویان!
ئەو پێناسەیەی کە تا ڕادەیەک گەلێک لە پسپۆڕانی بواری دەروونی و سایکۆلۆجی لەسەری کۆکن و تەنانەت مامۆستا گوگڵیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە ئەوەەیە کە Peer pressure پیەر پرێشەر: ” بریتیە لە فشاری هاوڕێیان وهاو تەمەنان و فشارێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیە لەسەر هاوتەمەنەکان و هاوڕێ و هاوکوفەکان. واتە لەسەر ئەندامانی گروپە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرژەوەندی یان پێگەی کۆمەڵایەتی هاوشێوەیان هەیە. ئەندامانی گروپی هاوتەمەن زیاتر کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕ و بەها و ئایین و ڕەفتاری کەسێک هەیە فشارێکە کە بە مەبەستی خۆگونجاندنە لە گەڵ ئەو شتەی کە ئەوانی تر دەیکەن! ئەو فشارە دەتوانێت بەهێز بێت و بەرەنگاریی قورسی هەبێت. ڕەنگە کەسێک هەست بە فشار بکات بۆ ئەوەی شتێک بکات تەنها لەبەر ئەوەی کەسانی تر ئەو کارە دەکەن یان دەیبیسێت کە گوایە ئەوان دەیکەن. فشاری هاوتەمەنەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەسێک هەبێت بۆ ئەوەی شتێک بکات کە تاڕادەیەک بێ زیان بێت — یان شتێک کە دەرئەنجای جیددیتری هەبێت”.
جۆرەکانی پیەر پرێشەر ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆشی هەیە. هەیەتی دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت و هەشیەتی ناتوانرێت بهێنرێتە سەر زمان و لە ناخی کەسەکەدا دەمێنێتەوە! هەیەتی پۆزەتیفەو شتێکی خەراپ نیە ئەگەر بوونی هەبێ و هەشیەتی زۆر نێگەتیڤەو سەری خاوەنەکەی دەخوات و بە فەتاڕەتی دەدات!

جا لێرەدا ئەگەر بێت و ئەو پێناسەیەی سەرەوە سادەتر بکەینەوە و بەو شێوەیە لێی بدوێین کە لە نێوخۆماندا باوە و لە ناوچەی پشدەرێشدا مانای تەواویان داوە بە پیەر پڕێشەر، ئەوەیە کە دەگوترێت و پێی دەڵێن لەبەر خاتری خاترانە! یان ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت و لە دژی ویستی کەسەکە خۆی بێت ئەو کاتە پێی دەگوترێت: “بە خوا هەمووی لە ترسی زمانی ئەم و ئەوە!” بۆیە لێرەدا دەشتوانین بڵێین کە : پیەر پرێشەر ئەو فشارە دەروونی و نادیارەیە کە وات لێ دەکات کارێک بکەیت یان هەڵس و کەوتێک بکەیت یان بە جۆرێک قسە بکەیت…،..، هتد ، جا با خودی خۆشت لەگەڵیدا ناڕازی بیت بەڵام تەنها لە بەر خاتری خاتران یان لەبەر زمانی ئەم و ئەو هەردەیکەیت! لێرەدا تۆ خودی خۆت لێ بزر دەبێت و دەبیتە کەسێکی تر، دەبیتە گەڕەک و کۆمەڵ و کەسان و داب ونەریت و تەنانەت ئایین و مەزەبێکی تر کە هیچی لە هی خۆت ناچێت!
پیەر پرێشەر بە واتایەکی تر، لە بەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی ئەم و ئەو، فشارێکە کە لە ڕووی داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە ڕوو لە کەسێک دەکات و لە ڕووی دەروونییەوە دەبێتە فشار بۆ سەر کەسەکە. جا بۆ ئەوەی کەسەکە خۆی ڕزگار بکات لەو فشارە دەروونییە دەچێتە دەر لە کەسایەتی خۆی و لەبەر خاتری یان لە ترسی هاوکووفەکەی، یان هاوڕێکەی ، یان خزمەکەی، یان دۆستەکەی بەو بارەدا مامەڵە دەکاو قسە دەکاو بیرو بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت کە هی خۆی نین و لەوانەشە هەر باوەڕی پێیان نەبێ. بەڵام لەبەر خاتری خەڵک و کەسانیتر یان لە ترسی زمانیان واتە لەبەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی دەوروبەر بە شێوەیەک قسە دەکاو بە بارێکدا مامەڵە دەکا کە هی خۆی نییە. ئەمەش دووفاقییەک درووست دەکات لە کەسایەتی ئەو کەسەداو بە بارێکی تردا کەسایەتی کەسەکە دەخاتە بارێکی ناجێگیرو دەیشێوێنێت و لەو حاڵەتەشدا پێی دەگوترێت کەسایەتی پەشۆکاوو شێواوو ناجێگیرPersonality disorder
کەواتە پیەرپرێشەرPeer pressure ئەگەر فراونترو ڕوونتری بکەینەوە دەشتوانیین چەندین نموونەو شوێنیش باس بکەین کە کاریگەریی ئەو فشارەی تێدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. بۆ نموونە: ئەو فشارە دەروونییەی کە لەسەر کەسێک درووست دەبێت کاتێک کە دەیەوێت قسەیەک بکات و دەترسێت کە دەوروبەر بە کەیفێی نەبێ، یان هامەشۆی کەسێک بکات بەڵام لەولاوە کەسێکی تری هاوڕێی ئەو هامەشۆیەی بە کەیفێ نەبێ، یان جۆرێک لە جل و بەرگ یان ستایڵێکی تازە لەبەر بکات بەڵام دەترسێت کە لەولاوە هاوسێکەی یان هاوڕێکانی و هاوکوف و دۆستەکانی ئەو شێوە جل و بەرگ وستاییڵەیان لە لا باش نەبێ، ..،…هتد. ئیتر دەتوانی دەیان نموونەی لەوبارەوە بهێنێتەوە.
ئەو فشارە کاتێک دەبێتە گرفتی گەورەو کەسەکان لە قاوغ و کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دێنێتە دەر کە بەرژەوەندی لەپشتەوە بێت! واتە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و شتی لەوبابەتە. تەنانەت بەرژەوەندی کاسەو دراوسێیەتیش ڕۆڵی کاریگەرو ڕاستەو خۆی لەو بارەوە هەیە! یاخود بەرژەوەندی شوێن و هاو گوندیی و هاو بەرەبابی و هاو خێڵ و هاو عەشرەتی و هاو قەبیلەیی..
هەندێک جاران تەنها لەبەردڵی دۆست و دوژمنە! جا یان تۆ دەتەوێت دڵخۆشیان بکەیت کە ئەمەیان بە کەمی ڕوودەدات یان تۆ دەتەوێت خەمبارو تووڕەیان بکەیت کە ئەمەیان زوو زوو ڕوودەدات. واتە تۆ کارێک دەکەی کە خۆت حەزت لێی نیە بەڵام تەنها بۆ ئەوە دەیکەی کە خەڵکی تر خەفەتی پێوە بخوات، یان بە پێچەوانەوە دڵخۆشیان بکەیت. واتە بۆ خودی خۆت نییە. بۆ نموونە : بە ژنەکەت یان بە مێردەکەت دەڵێیت دە توخوا با هەر تەنها لە ڕقی ئەوان بڕۆین بۆ مێرگە پان و یەک دوو ڕۆژ لەوێ بین و چەندین وێنەو ڤیدیۆی کەباب و گۆشتبرژاندن و دیمەنی جوانی ئەوێش بخەینە سەر فەیسبووک. ئەم هەموو پارە سەرفکردنە لە پێناو خۆشیی خۆیاندا نیە بەڵک و تەنها لەبەر ئەوەیە کە کەسانێک، کە دەگونجێت خزم و کەسی نزیکیش بن، خەفەتێ بخۆن! جاری واش هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەک لەدەست نەچێت و لەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیەکان کەسەکان بەشێوەیەک مامەڵەدەکەن کە هی خۆیان نییەو باوەڕیان پێی نییە!
هەر لەبەر ئەوەشە ئەو کەسەی کە ئەو فشارەی لەسەر درووست دەبێ و ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار کات و ناتوانێت وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ مامەڵەبکات و خۆی دەرخات لە قاوغی خۆی دەچێتەدەر. کەواتە کەسەکە، کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆشی لەدەست دەدا. هەروەها ئەوەی کە باوەڕی پێیەتی ناتوانێت بیڵێت، ئەو جل و بەرگەی کە ئارەزووی دەکات لەبەری بکات ناتوانێت لەبەری بکات، ئەو ڕاو بۆچوونەی کە خۆی هەیەتی و باوەڕی پێیەتی ناتوانێت دەریببڕێت یان هەیبێت. ئیتر ئەو کەسە لە خودی خۆی دەردەچێت، لە کەسایەتی خۆی دەردەچێت و دەبێتە کەسێکی تر و کارەکتەرێکی تری دەبێت کە بە ئارەزووی خۆی ناڕوا، ناخوا، جل لەبەر ناکات، قسە ناکات ، نادوێت، پێناکەنێت، هەڵناپەڕێت، گۆرانی ناڵێت. هەموو هەڵس و کەوتێکی بۆ ئەوەیە و لە پێناوی ئەوەدایە کە هاوکووفەکانی ڕازی بکات یان بۆ ئەوەەی لە خۆیان تووڕە نەکات و لێی دوور نەکەونەوە!
بە دیوێکی تردا پیەر پڕێشەر و فشاری هاوکووفەکان ئەوەیە کە بۆ ئەوەی کەسێک بیەوێت هاوکوفەکانی لەخۆی ڕازی بکات دەبێ کارێک بکات دڵیان گەردێ نەگرێت. یاخود دەبێ وا مامەڵە بکات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ هاوکوفەکانی و جا با پێچەوانەی ئارەزووەکانی خۆی و پێچەوانەی خودی باوەڕەکانی خۆشی بێت. ئەوکاتە ئەوکەسە لەبەر خاتری خاتران و هاوکووفەکانی دەبێتە دژ و پێچەوانەی کەسایەتییە ڕاسیتەقینەکەی خۆی.
با نموونەیەکی سادە بێنینەوە لە سەر فشاری هاوکوفەکان یان فشاری لەبەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی هاوکوفەکان یان فشاری ناسیاوێک لەسەر کەسێک کە هەندێک جار وەک فشاری دوولایەنەش دەردەکەوێت. ” مام فەرخەو مام عەلی هەردووکیان خۆشەویستن و جەماوەرو دۆستی خۆیان هەیە. بەڵام هەم مام فەرخەو هەمیش مام عەلی بە ئاشکرا یەکتریان ناوێت. نەک هەر ئەوەش بەڵک و زیاتر پێی لێ ڕادەکێشن.. بۆ نموونە مام فەرخە دەڵێ: هەر کەس منی دەوێت نابێ ببینم هامەشۆی مام عەلی بکات. درێژەی پێدەداو دەڵێت: ” بەخوا بۆم دەرکەوێت ئەمە ڕووبدات پشتاوپشتم بەلەعنەتیان دەکەم!” ئێ دەبەخوا (مام عەلی)یش لە مام فەرخە خەراپتر دەڵێ. جا تۆ دەتوانی ئەو نموونەیە بگوازیتەوە بۆ خواردن، جل و بەرگ، گۆرانی و شێعرو مۆسیقاو تەنانەت خوێندنەوەش. ئەدی پێت چۆنە و چ گریمانەیەک دەکەیت کە ئەگەر تۆ ئارەزووی خوێندنەوەی کتێبی نووسەرێک بکەی و وە بشزانی کە هاوکووفەکەت ڕقی لێیەتی؟
جا ئەگەر هات و کەسەکە بیەوێت لە خۆی دەرنەچێت و وەک و کە خۆی هەیە ئاهوا مامەڵەو هەڵس و کەوتی هەبێ، واتە هەموو کاتێک دەبێ شتێک بکات خۆی پێی باشەو لێی ڕازییە جا با دەوروبەرەکەشی پێی ڕازی نەبێ. ئا لێرەدا کەسەکە وەک و خۆی دەردەکەوێت و نابێتە کەس و کۆمەڵ و داب و نەریت و گەڕەکێکی تر. بەڵام ئەو خۆی پێی ڕازیە. بەڵام ئەگەر وا مامەڵەی کرد بۆ ئەوەی دەوروبەرو هاوکوفەکانی ڕازی بکات بەڵام خۆی نا ئەوە ئەوکات لە خودی خۆی دەردەچێت و دەبێتە هاوکوفەکانی.

بە بڕوای من مامەڵەی درووست وڕاستگۆیانە، هەرچەندە ئەنجامدانی کاریکی سەختیشە، دەبێ وەک ئەوەی کە خۆت باوەڕ پێی هەیەو دڵت پێی ئاوێ دەخواتەوە مامەڵە بکەی! دەبێ هاوکوفەکانیشت هەروا بکەن. ئەو کات هاوکوفەکانت و تۆش هەردووک لاتان وا مامەڵە دەکەن کە هەر کەسەو چۆن ئارەزوو دەکا و چۆن پێی خۆشە وا دەکا بە مەرجێک ئازار بە لاکەی تر و بە دەوروبەرو گەڕەکەکەی تر نەگەێنێت! ئەو کات هەردووک لا دەگەنە ئەو بڕوایەی کە هەردووکلا ڕاستن و کەسیان هەڵە نین و کەسیان ناجوان نین و کەسیشیان خەراپ ناڵێن! ئەو کات دەبێتە کۆمەڵگایەکی فڕە ڕەنگ و فرە را و فرە بۆچوون! هەمووش ڕێزی بۆ بەرامبەرەکەی دەبێت! کۆمەڵگا نابێت هەمووی وەک جوجەڵەی مریشک لە کارگە بێتەدەرو هەمووی وەک یەک بجریوێنێت و وەک یەکیش دەندووک لە خواردن بکوتێت و هەمووشی لە یەک بچێت! حەتمەن دەبێ جیاوازی هەبێ. ژیان بەجیاوازییەوە خۆشە. ئەگەرهەمووی وەک و یەک بیربکاتەوە، وەک و یەک گۆرانی بڵێت، وەک و یەک جل لەبەر کات، رەنگی وەک یەکی هەبێ، ئیتر من پێم وایە ئەو جۆرە کۆمەڵگایە لە کۆمەڵگای ئینسانی دەردەچێت و دەبێتە کارگەیەک کە ڕۆبۆتی بەرهەم هێناوە. ژیان لە کۆمەڵگایەکی وادا دەوەستێت و لەزەت و خۆشی تێدا نامێنێ.
کۆمەڵگای بەشەری کۆمەڵگایەکە کە ئینسان تێیدا دەبێ ببێتە چەق و مەبەست. یەک درێژە، یەک کورتە، یەک ڕەشە، یەک سپی، یەک تۆزێ لاواز و یەکێکیش لە هەیکەل و بیچما یەک تۆزێ گۆشتنو لە دین و مەزەب و بۆچوون و ڕاو بیرکردنەوەشدا هەر جیاوازە.. بەڵام هەمووی جوانە، هیچی ناشیرین و دزێو نییە. ناشیرینی و دزێوی شتی ڕێژەیین و لە دیدو تێڕوانینی جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئیسان هەمووی جوانە. کردارەکەیەتی ناشیرینی دەکات . تەنها کردارە کە ئازاری کۆمەڵگای ئینسانی و بەشەر دەدات وا لە ئینسانەکە دەکا کە ناشیرین و دزێوو بوغزێندرا و بوغزاوی دەربکەوێت لەناو کۆمەڵگادا.

————————

تێبینی: سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
https://www.choosingtherapy.com/peer-pressure/
The Complete Idiot’s Guide to Surviving Peer Pressure for Teens. …
The Courage to Be Yourself: True Stories by Teens About Cliques, Conflicts, and Overcoming Peer Pressure. …
Friends, Cliques, and Peer Pressure: Be True to Yourself.




چەند سەرنجێک لەسەرهێرشەکەی ئێران بۆسەرئیسڕائیل وئاکامەکانی!.. حەسەن ڕازانی

لە تۆڵەی ئەوهێرشەی کە ئیسڕائیل کردیە سەر کونسوڵیەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریاو چەندین گەورە بەرپرسی پاسدارانی کوشت، ئێران لە رۆژی 13 و بەیانی زووی14ی ئەم مانگی نیسانەدا هێرشی تۆڵەی خۆی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجامدا! لە بۆ ئەنجامدانی ئەو تۆڵەیەش پێش وەختە ئێران ئیسڕائیلی ئاگادارکردەوە وکاتێکی دیاریکراوی جێمتمانەشی دانا کە بریتیبوو لە ٢٤ بۆ ٤٨ سەعات کە هێرش دەکاتە سەر ئیسڕائیل و تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە!

ئێران هێرشەکەی ئەنجامدا و بەڵێنەکەی بە ڕاستگۆیانە ڕێک لەو کاتەدا جێبەجێکرد کە بۆ ئیسڕائیلی دیاریکردبوو! بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیلی و جەزیرەی قەتەڕ و هەروەها بە پێی قسەکانی گیلاد ئەردان Gilad Erdan نوینەری ئیسڕائیل لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە هێرشی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئێران لەو هێرشەدا 170 دڕۆن و 30 ساروخی درێژمەودای کروز و 120 ساروخی درێژمەودای بالیستیکی بەکار هێناوە بە دەیان تەن لە تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە!

بە دەرخستنی چەند سەرنجێک لەسەر ئەو هێرشە دەردەکەوێت کە تەواوی ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە بە قازانجی ئیسڕائیل و زەرەری ئێران خودی خۆی شکایەوە چونکە:

یەکەم: پێش ئەو هێرشەی ئێران دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە هۆی کێشەی فەلەستینەوە هەم لە ناوخۆیداو هەم لە ڕووی نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی سیاسی و پشگیری نێو نەتەوەیی و تەنانەت هی هەرێ دۆستەکانیشی ڕووی لە خوارێ بوو، بەڵام ئەو هێرشەی ئێستای ئێران هاوکێشەکەی ڕێک پێچەوانە کردەوە. ئیسڕائیل ئێستا لە ڕووی سیاسی و نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی ڕووی لەسەرەو هی ئێرانیش ڕووی لە خوارێیە!
دووەم : ئەو هەموو ساروخە کروزەو مەودا دوورهاوێژانەو نزیکەی دووسەد فڕۆکەی دڕۆن، کە هەندێک سەرچاوە بە نزیکەی چوارسەد دڕۆنیان دادەنین، بە دەیان تەن تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە لە چەندین لاوە هێرش دەکرێتە سەر ئیسڕائیل بەڵام هەموو زەرەری دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕووی گیانییەوە بریتیبوو لە برینداربوونی کچێکی بەدەوی منداڵی تەمەن حەوت ساڵ بەڵام بەسووکی. ئێران بەم هێرشە توانی چی بکات و چی دەویست بیکات لە ئیسڕائیل؟

سێهەم : بە بڕوای من، ئەو هێرشەی ئێران ناچاریی بوو بۆ ئێران. ئەو هێرشە وەڵام دانەوەی ئاخوندەکان بوو بە فشاری ناوخۆی ئێران و هەروەها وەک وەبەرهێنانێکی سیاسیانەی ناوخۆیی بوو ، هەروەها وەڵامدانەوە بوو بە فشاری جیهانی ئیسلامیی بە تایبەتی جیهانی شیعەگەرایی، وەڵام دانەوە بوو بە فشاری حەمساویەکان و بابەتی دیفاع لە قودس و کێشەی فەلەستین و لە لایەکی تریشەوە بەڵێنێکی دابوو کە وەڵامی دەبێ بۆ ئیسڕائیل و ئەو هێرشەش وەک سڕینی ئارەقەی ڕووی سیستەمی ئاخوندگەرایی بوو!

چوارەم : بە بڕوای من، بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل بابەتی غەززەو خەڵکی داماوی فەلەستین و کێشەی فەلەستین و هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر شارو ناوچەی ڕەفەح کەوتە دواوەو بابەتی ئێران ئیسڕائیل بوو بە بابەتی سەرەکی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی. ئێران بەم کارەی کێشەی غەززەی هێنایە دواەوە..ئەمەش وەک هاوکارییەک بوو بۆ ئیسڕائیل!

پێنجەم: من پێم وایە بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل چاوی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی ڕووی پێ لە ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و غەززە وەرگێڕاو خەریکی کرد بە ئێرانەوە..ئەمەش هاوکاری ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسییەوە!

شەشەم : ئێران بە و هێرشەی بۆ سەر ئیسڕائیل هێزی خۆی نیشانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دا کە تواناو هێزی سەربازی چەندە و لە چ ئاستێکدایە ئەگەر بیەوێت شەڕ لە گەڵ ئیسڕائیل بکات؟ ئێران نیشانی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی دا کە بەو هەموو هێرشە بەرفراوانە مووشەکی و درۆنیە نەیتوانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەیێنێت! نیشانی دا کە هەمووی هاش و هوشی ئیعلامیی بوو! خەڵک وای لە ئێران ڕا دەبینی کە ئیسڕائیل لە یەکەم هێرشدا هەر قوت بدات !

حەوتەم : بە بڕوای من، ئێران بەو هێرشەی کە کردیە سەر ئیسڕائیل بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕووی ئیسڕائیل ببێتەوە! چونکە بەو هەموو هێرشە گەورەیەی نەی توانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەێنێت! هەموو ساروخ و دڕۆنەکانی لە ئاسماندا پێش ئەوەی بگەن و زووربەیان لە نیوەی ڕێ تەقێنرانەوە! لێرەدا زانست و پێشکەوتن و تەکنەلۆجیای سەردەم کەوتە بەرامبەرکێ لەگەڵ هاش و هوشی ئیعلامیی سیستەمی ئاخوندی! هەموو کەسیش شاهیدە کام لا دەیباتەوە.

هەشتەم : ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕئیل وەک پشتگیرییەک شکایەوە بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕئیل چونکە هەندێک دەوڵەت کە خەریک بوو لە ئیسڕائیل دەتەکینەوە هێنانیەوە بۆلای ئیسڕائیل، تەنانەت ئەمریکا خەریکی تەکینەوە بوو. ئەم هێرشە ئەمریکاو چەندین دەوڵەتی گەورەی تری هێنانەوە مەیدان بۆ هاوکاری ئیسڕائیل! ئێران لێرەدا هاوکاری ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە!

نۆهەم: بە بڕوای من، هێرشی حەمساویەکان بۆ سەر ئیسڕائیل بە کت وپڕی و کوشتنی بە سەدان لە خەڵکی بێتاوانی جولەکە و بە دیلگرتنی بە سەدانی تر هەلی ڕەخساند بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسرائیل کە ئەوە بکات کە کردی و ئێستاش بەردەوامە ولەوە دەچێت زۆریش لەوە خەراپتر بکات بە خەڵکی داماوی فەلەستین! بە هەمان شێوەش هێرشی ئێرانیش بۆ سەر ئیسڕائیل هەلێک دەدا بە ئیسڕائیل کە لەمەودوا دەستی کراوە بێت لە ژێر بیانووی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل لەوانەیە درەنگ یان زوو ئیسڕائیل بە هاوکاری لەملاولەولاوە لە ئەتۆمەکەی ئێران بدات و بۆ هەتا هەتایێ لە کاری بخات یان زیانی گەورەی پێبگەێنێت، یاخود زیانی تر بە ئێران بگەێنێت!

دەیەم: هەر لە ئێستاوە دەوڵەتانی عەڕەبی ڕایان گەیاند کە ناهێڵن ئێران ئاسمانیان بەکاربهێنێت لە دژی ئیسڕائیل بۆ نموونە ئوردون بە ڕەسمی ڕای گەیاند. ئەمەش هاوکاری ئیسڕائیل دەکات! بەڵام لەبەرامبەردا دۆستەکانی ئیسڕائیل بۆ نموونە بەریتانیاو ئەمریکا بنکەی سەربازییان لە دەریای ناوەڕاست و عێڕا ق و قەتەڕدا هەیەو بەکاریشیان دەهێنن لە دژی ئێران بۆ هاوکاری ئیسڕائیل!

یازدەیەم: چەندین دەوڵەتی عەڕەبی بۆ نموونە سعودیەو ئوردون و میسڕ و دەوڵەتانی وەک فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکا هاوکاری ئیسڕائیلیان کرد لە خستنەخوارەوەی ئەو موشەک و دڕۆنانەی کە ئێران بۆ سەر ئیسڕائیلی بەڕێکردن. ئەمەش دەری خست کە ئیسڕائیل پاڵپشتی وەڵاتانی ناتۆی هەیەرو تەنانەت ئەوەتە هەندێک لە دەوڵەتانی عەڕەبیش هاوکاری ئیسرائیل دەکەن لە دژی ئێران!

دوازدەیەم: بە نەزەری من ئێران نەی دەویست هیچ زەرەرێک بە ئیسرائیل بگەێنێت، جا یان لە ترسان بوو یان بەرژەوەندی و سیاسەتی ئاخوندەکان وای دەخواست، ئەگینا بۆچی کات و ماوە دادەنێت و دەڵێت لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ سەعاتدا وەڵاممان دەبێ و هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل دەکەین؟ ئەوە وەک و ئەوە وایە کە ئێران بە ئیسڕائیل و دەوڵەتەکەی بڵێت: ئەی دەوڵەتی ئیسڕائیل ئاگاتان لە خۆ بێت و خۆتان و خەتی دیفاعیتان ئامادە بکەن و مەهێڵن هیچ زیان بگات پێتان وا من ناچارم و دەبێ هێرش بکەمە سەرتان و ئێوەش خۆتان قایم بکەن. واتە ئێمە ناچارین شتێک بکەین و هێرش دەکەین!

ئاکامەکانی کردەوەکانی ئێران لە دژی ئیسڕائیل

ئێران بەو هێرشەی سوودی سیاسی نێونەتەوەیی بە ئیسڕائیل گەیاندو لەبەرامبەریشدا ئاستی خۆی پێهێنایە خوارەوەو زیانیشی بە کێشەی فەلەستین و غەززەی ئێستا گەیاند. هەلی دا بە ئیسڕائیل کە دەست کراوە بێت و هەر کات ویستی گورز لە ئێران بوەشێنێت
ئەو ئەودەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوەو بە ئارەزووی خۆیان چیان بوێت دەیکەن لە دژی کورد بەڵام نابێ وا بزانن کە نەتەوەو دەوڵەتی تر هەمان شێوەی کوردن و دەتوانن هەروا بکەن.. ئەوەتە ئێستای ناوچەکە دەری خست کە ئەگەر وابکەن لە بەرامبەر مست درێشەیان لێدەدرێت . بۆ نموونە ئێران لە گەڵ جولەکەو دەوڵەتی عیبری!
دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە شیعارو هاشو هوشی ئیعلامیی لەسەر خەریتە ناسڕێتەوە کە حەمساویی و ئاخوندەکان بۆ فریودانی جیهانی ئیسلامی بەکاری دەهێنن.

لەساڵی ١٩٤٨ وە هەندێک حیزب و لایەن و دەوڵەت هەن لە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامیدا داوای سڕینەوەی دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیلیی دەکەن و لەسەر خەریتە نەیهێڵن تەنانەت هەندێک واوەتریشی بۆ دەڕۆن و دەڵێن دەبێ جولەکە هەر نەمێنێت لەسەر زەوی بەڵام پێچەوانەکەی دەردەکەوێت!

پرسیارێکی سیاسی لێرەدا سەردەردێنێت ئەویس ئەوەیە کە خەڵک دەپرسێت : ئەدی ورچە سپیەکە دەبێ کەی وەخەبەر بێت؟ خۆ وردە وردە دەوروبەرەکەی لەدەست دەدات؟

حەسەن ڕازانی




ئایا شەڕی ئێستای فەلەستین و ئیسڕائیل شەڕی خاکە یان ڕیشەیەکی دینیی مێژوویی هەیە لە نێوانی ئامۆزاکاندا؟.. نووسین و ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

دڵم ژان دەکا و تەواو خەفەت دام دەگرێ کە منداڵێکی کورد دەکوژرێت، دەگیرێ، ئازاردەدرێ یان ماڵە کوردێک خاپور دەکرێ یان دەربەدەر دەکرێ یان گوندیکی کورد، شارێکی کورد بۆمبا باران دەکرێ و تەڕو پوش بەیەکەوە دەسووتێنرێت، هەرئاواش بۆ فەلەستینییەک و نەتەوەو ڕەگەزو کەسێکی سەر بە ئایینیکی جیاوازی تریش، بۆ نموونە جولەکەیەک، دڵم ژان دەکا. مێژوو سەلماندوویەتی کە شەڕ بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراوی تێدایەو زۆرینەی خەڵک تێیدا زەرەرمەند دەبن. من دژی شەڕم جا لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە هەبێ. پڕیشکی شەڕو کاریگەریەکانی شەڕئەگەر لە تۆرە بۆرەی ئەفغانستانیش بێت ئەوا، لە دنیای عەولەمەی ئەمڕۆدا، کاریگەریی خەراپی ئەو شەڕە درەنگ یان زوو دەگاتە هەرێ شوێنە دوورەکانی تریش. بۆیە دژی شەڕو کوشتارم و نەفرەت لە شەڕو خاپوورکردن، نەفرەت لە داگیرکاریی و فراوانخوازی و نەفرەت لە باڵادەستخوازی نەتەوەو ڕەگەزو ئاییینێک بەسەر ئەوانەی تردا!

چاوخشاندنێک بە ڕابردووی ئەو دوو ئامۆزایەدا،عەڕەب وجولەکە، کە دەگوترێت لە یەک بەرەبابن!

بەڵگەی مێژوویی، کە ڕای گشتی لەسەر بێ، نیە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە جولەکە بوونی نەبووبێت لە ئیسڕائیل و تەنها خەڵکی فەلستین، وەک بەشێک لە نەتەوەی عەڕەب، لەو خاکەدا بووبن. مێژووی ئەو دەڤەرە، بە تایبەتی فەلەستین، کە بووەتە لانکی هەرسێک ئایینەکەی خێزانی ئیبڕاهیم، چەندین نەتەوەو ئایین لەو ناوچەیەدا بوون و گەلی جولەکەش بەشێک بوون وەک عەڕەبەکانی فەلەستین لەو ناوچەیەدا ژیاوون و هەبوون. بۆ نموونە بە پێی ئاماری ئەو ناوچەیە لە ساڵی 1880ی زایینیدا 25 هەزارجولەکە لە ناو فەلەستیندا بوونی هەبووە.

چۆنیەتی زۆربوونی ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا

لە ساڵی 1880 ز دا 25 هەزار جولەکە هەبووە لە ناو فەلەستیندا، لە ساڵی 1882ز بۆ ساڵی 1914 ز نزیکەی 60 هەزار جولەکە لە ئەوروپاوە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، لە ساڵی 1919 ز بۆ ساڵی 1931 ز نزیکەی 110 هەزار جولەکە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، هەروەها لە ساڵی 1939 ز بۆ ساڵی 1948 ز نزیکەی 120 هەزار جولەکە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، وە لە ساڵی 1948ز بۆ سڵی 1952 ز نزیکەی 700 هەزار جولەکە هاتە ناو ئیسڕائیلەوە، بەڵام نیوەی ئەو ژمارەیە لە وەڵاتە عەڕەبیەکان دەژیان ودوای ئەوەی دەست بەسەر ماڵ و سەروەت و سامانیاندا گیرا لەو وەڵاتانە دەرپەڕێنران و ئینجا ڕەوانەی ئیسڕائیل کران!

ئەو وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیانەی کە جولەکەی نێو خۆیان دەرپەڕاندو بەرەو ئیسڕائیلیان بەڕێکردن ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن!
140 هەزار جولەکە لە جەزائیرەوە بەرەو فەرەنسا و 25 هەزاریش بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران، 75 هەزار جولەکە لە میسرەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڵام مەرحەلە بە مەرحەلە بەڕێکران، 38 هەزار جولەکە لە لیبیاوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران، 265 هەزار جولەکە لە مەغریبەوە بە مەرحەلە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران،100 هەزار جولەکش لە تونسەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران،60 هەزاری تریش لە جولەکە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕیکران و لە عێڕاقیشەوە 138 هەزار جولەکە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران و لە سوریاشەوە 30 هەزار جولەکەو لە تورکیاو ئیڕانیشەوە نزیکەی 60 هەزار جولەکە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران. ئایا ئەو هەموو ژمارەیە لە جولەکە کە دەگاتە نزیکەی 700 هەزار جولەکە لە وەڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامییەوە بۆچی وا بە پەلە دەرپەڕێنران و بەرەو ئیسڕائیل نێرران؟ بۆچی لێیان نەگەڕان لە وەڵاتەکانی خۆیاندا بمیننەوە؟

ئایا دەبێ لۆمەی کێ بکرێت کە ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا بەرەو زۆربوون ڕۆیی؟

بە بڕوای من، وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان خودی خۆیان لەوبارەوە پشکی شێریان بەردەکەوێت. چونکە ئەگەر عەڕەبەکان جولەکەکانی نێو خۆیان دەرنەپەڕاندبایەو بەرەو ئیسڕائییان بەڕێ نەکردبانایە ئەوا بەوشێوەیە و بەو زووە ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا زیادی نەدەکردو بۆی هەبوو بارودۆخەکە بەشێوەیەکی تر دەرکەوتبایە. بە بڕوای من ئەو جولەکانە دەبوایە هەر لە شوێنی خۆیاندا بمانایەو لەو وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیانە بژیانایە کە لە کۆنەوە لێیان بوون و ببوونە هاوڵاتی ئەوێ! ئەدی بۆچی ئەو کارەیان نەکرد؟ بە بڕوای من، وەڵامی ئەو پرسیارە لای وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان خۆیانە!
مێژووی کێشەو ملململانێی نێوان عەڕەب و جولەکە نە لەم ڕۆی حەماسەوە دەستی پێکردووەو نە لە ساڵی 1947یشەوە دەستی پێکردووە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل بە فەڕمی لەو ناوچەیەدا ڕاگەیەنرا! بەڵک و بەڵگە مێژووییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە مێژووی ئەو کێشەو شەڕو پێکدادانە زۆر لەوە واوەترەو تەنانەت دەەگەڕێتەوە بۆ هەرێ سەردەمی سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئایینی ئیسلام لە شاری یەسریبی نێو جزیرەی عەڕەبی کە بە شاری مەدینەی ئێستای سعودیە ناوی دەبرێت.
ئەوێ دەمێ سێ تا پێنج هۆزو قەبیلەی بەناوبانگی جولەکە لە شاری یەسریب و دەوروبەریدا دەژیان و ببوونە خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک باقی عەڕەبەکانی تر، بەڵام جیاوازیەکەیان لەگەڵ عەڕەبەکانی ناوچەکەدا لەوەدا بوو کە جولەکەکان تەواوی زەوی و زارو باخە خورماکان و زەویە کشتوکاڵیەکانی ئەو دەڤەرەیان لەبەردەستدا بوو! لەبەرامبەردا عەڕەبەکانی ئەو دەڤەرە خەڵکی هەژارو نەدارو بێ مڵک و بێ باخی دارخورما بوون و هەمیشە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان دەبوایە کاریان کردبایە بۆ جولەکەکان و ئەو کارەشیان لە شانان خۆش نەدەهات!
بە پێی گێڕانەوەی ئیسلامیی کە لە نێو مێژووی عەڕەب و ئیسلامدا بە شانازییەوە باسی لێوەدەکەن ئەوەیە کە کاتێک پێغەمبەری ئیسلام لە ساڵی 622ی میلادیەوە لە شارەکەی خۆیەوە کە مەکە بوو کۆچ دەکات بۆ شاری مەدینە چونکە لە مەکە تەنگی پێ هەڵچنراوەو لە ژێر هەڕەشەی کوشتندا بوە بۆیە پەنای بە هۆزە عەڕەب و جولەکەکانی نێو شاری مەدینە بردووە.
زۆری نەبرد کە لە مەدینەدا ئیسلام بووە خاوەن سووپاو توانای سەربازی و دارایی باش. بە پێی گێڕانەوەی مێژووی عەڕەب و ئیسلام گوایە هەندێک بەهانە سەریان هەڵداوە کە جولەکەی ئەو دەڤەرەو بە تایبەتی هۆزە دیارەکانی وەک بەنو نەزیرو بەنو قونەیقاعی جولەکە خەریکی پلان و کاری نابەجێ و دوژمنکاریی بوون لە دژی پێغەمبەرو ئایین و سوپای ئیسلام و دەستیان کردووە بە پەیمان شکێنی لە دژی پێغەمبەرو ئاینی ئیسلام . عەڕەبەکانی ئەو دەڤەرەش هەژاریی تینی پێ هەڵچنیبوون و لە فرسەتێک گەڕاون کە جولەکە دەرپەڕێنن و مڵک و ماڵ و سەروەتیان بەسەرخۆیاندا دابەش بکەن. بەهانەکە دەست دەکەوێت و شەڕی ئیسلام و جولەکە لەوێوەو لەو شوێنەوە دەستی پێکرد.
شەڕەکەی ئیسلام و جولەکە لە نێو مەدینەدا بە کوشتنی سەدان جولەکەو دەست بەسەراگرتنی سەروەت و سامانی تەواوی جولەکەی ئەو ناوچەیەو دەرپەڕاندنیان لە تەواوی نیوەدوورگەی عەڕەبیدا کۆتایی هات. ئێستا بە چراوشەدایان ئەگەربگەڕێی لە جولەکەیەک یان ماڵە جۆلەکەیەک یان شوێنێکی خوداپەرستنی جولەکە لە نێو نیوە دوورگەی عەڕەبیدا نایدۆزیتەوە! وە ئەگەر ماڵە جولەکەیەکیش یان تاکە جولەکەیەکیش مابێ و خۆی حەشاردابێ، ناتوانێت بڵێت من جولەکەم!
بە پێی مێژووی عەڕەب و جولەکە دەبێ ئەو دوانە لەیەک خێزانەوە گەشەیان کردبێ و باپیرەی هەردووکیان ئیبڕاهیمی پێغەمبەرەو گوایە ئەو دوو لایەنە ئامۆزای یەکترن! شەڕی ئامۆزاکان دەمێکەو مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. جا ئەگەر ڕاستەوخۆ بە یەکتری نەوێرابن ئەوا ئایینیان لە دژی یەکتر بەکار هێناوە. وە هەر کاتێکیش ئایین و خودایان تێکەڵاو بە کێشەکە کردبێ حەتمەن خەڵکی ترو ڕەگەزی ترو نەتەوەی ترو وەڵاتی تریشیان بەخۆوە کێش کردووەو ئەوانیشیان بە خۆوە گرفتار کردووە. وەک و کە ئێستا دەیبینین هەموو موسڵمانانی جیهان، کەمێکی لێ دەرچێت، دژە جولەکەیەو جولەکەی خۆش ناوێت. ئەمە لە کوێوەوە سەرچاوەی گرتووە؟ موسڵمانانی جیهان کە ژمارەیان لە سەروی ملیارێکەوەیە بە سەدان ملیۆن لەو ژمارەیە هەیە و ئامادەیە کە ئەگەر جولەکەی بۆ هەڵکەوێت و بزانێت تووشی گرتن و کێشە نابێت بۆی هەیە ئازارو زەرەری پێبگەێنێت.
هەندێک گێڕانەوەی ئیسلامی و حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام هەن کە زۆر تووندو تیژن لەبەرامبەرجولەکەدا. جولەکە بە مەیمون و بەراز دەچوێنن ..تەنانەت حەدیس هەیە کە پێی وایە ڕۆژی قیامەتێ ئەو کاتە دێت کە هەموو موسڵمانێک شەڕی جولەکە دەکات و وای لێدێت کە بەردو داریش جولەکە وەخۆ ناگرێت و ئەگەر جولەکەیەک لە بن قەدی دارێک یان بن بەردێک خۆی لە ترسی موسڵمانێک حەشاردابێت ئەوا بەردەکە یان دارەکە هاوار دەکاو دەڵێت: وەرە ئەی موسڵمان ئەوە جولەکەیە لە بن من خۆی شاردۆتەوەو بیکوژە!
هەردووک ئامۆزا خۆیان بە گرنگ و لە پێشتر دەزانن بۆ خوداو لای خودا. جولەکە دەڵێ من گەلی هەڵبژێراوی خودام (شعب اللە المختار) وە هەروەها دەڵێت ئەو خاکە واتە خاکی ئیسڕائیل خاکی منەو خوا بەڵێنی بە من داوە کە داویەتی بە من! عەڕەبیش دەڵێت ئێمە باشترینین لە هەموان . ئەوەتە خوا دەفەرموێت : (کنتم خیر أمة أخرجت للناس تامرون بالمعروف و تنهون عن المنکرو تومنون باللە) ئالی عمران١١٠ واتە ئێوە چاکترین کۆمەڵن لە ناو مەردمی دنیادا سەرو هەڵدا، فەرمان بەچاکە دەکەن و ڕێ لە ناڕەوا دەبەستن و باوەڕیشتان بەخوا هەیە.(قورئانی پیرۆز.هەژار موکریانی)
ئەو فشارو تین بۆهاتنەی جولەکە لە لایەن موسڵمانانەوە لە سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئیسلام لە نیوە دورگەی عەڕەبیەوە و پاککردنەوەی تەواوی دەڤەرەکە لە جولەکە، هەروەها دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و مڵک و سەروەت و سامان و تەنانەت هەندێک ڕیوایەت هەیە کە هۆزی بەنونەزیری جولەکە کچ و ژنەکانیشیان بە کەنیزە براون. لە لایەکی تریشەوە عەڕەب زۆر بە کەمی ڕێگەی بە بوونی نەک هەر جولەکە بەڵک و مەسیحیەکانیش داوە کە لە ژێرسایەی دەوڵەتەکەیاندا بە ئازادانە بژین بێ ئەوەی جزیە بدەن! جزیەدانەکەشیان دەبوایە بە شێوەیەک بدابایە کە ملکەچیی تێدا ببینرایە! بە بڕوای من، ئەمە وای لە جولەکە کرد کە بیر لە تۆڵە بکاتەوەو لە هەلێک بگەڕێت بۆ ئەوەی تۆڵە لە ئامۆزاکەی بکاتەوە!

موسڵمان و مەسیحی هەردوکیان دوژمنایەتیی جولەکەیان کردووە!

وەک کە مێژوو باس دەکاو بە پێی گێڕانەوە ئایینیەکانی نێو جولەکەش گەلی جولەکە لە سەردەمی فیڕعەونەوە بە دەستی فیڕعەونیەکانی میسڕ قەتڵ و عام کراوە، لە عێڕاق بەدەستی بابلیەکان قەتڵ و عام کراوە، لە نێو فەلەستینیش دا واتا لە نێوخاکی ئیسڕائیلدا بەدەستی ڕۆمانەکان قەتڵ و عام کراون و دەرپەڕێنراون لەو دەڤەرەدا. هەروەها لە سەدەی ١٤ش دا لە نێوانی 1347 بۆ 1352ی زاییندا لە ئەوروپا بە دەستی جیهانی مەسیحیەوە جولەکە قەتڵ و عام کرا بە بەهانەی ئەوەی کە ئەو تاعونەی کە لە 40% ی خەڵکی ئەوروپای کوشت و بە 25 ملیۆن کەس مەزندە دەکرا کە بەزۆری لە ئەوروپای رۆژئاوادا ڕوویدا، خەتاکەی خرایە ملی جولەکەکان. جولەکە ئەو کات کون نەبوو سەری تێهەڵکاو لە هەموولایەکەوە دەکوژرا. دیسان هەر لەو خاکەداو لە نێو ئیسڕائیلدا جارێکی تر لە لایەن ئامۆزاکەیانەوە لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیداو بە سەرکردایەتی سەلاحدینی ئەیوبی جولەکە قەتڵ و عام کرایەوە. لە سەردەمی تازەشداو لە شەری دووەمی جیهانیدا بەدەستی نازیەکانی سەر بەهیتلەرو بە فەرمانی هیتلەر نزیکەی ٦ ملیۆن جولەکە لەناوبراو دەگوترێت کوورەی سوتاندنیان بۆ درووستکراوە.. بۆ نموونە ناوی چەند کامپیکی کۆکردنەوەی جولەکەکان کە بە کاپپی سوتاندن و کوشتن ناسرابوون، هەندێک لەوانە ئوشویتز، بێرکەناو، مەجدانێک، بێڵزێک و چەندین شوێنیتر بۆ کوشتنی جولەکەکان .
جولەکە وای لێهات وەک تۆوی نیسک بە جیهاندا بڵاوبوویەوە. شار نەما، وڵات نەما و نەتەوەش نەما بۆ جولەکە ببێتە شوێنی حەوانەوە و ژیان بە ئازادانە. بۆیە جولەکە کەوتە خۆ ، یەکتری گرت و بۆ خۆ پاراستن و لە پێناو مانەوەدا وەخۆکەوت و تینی دایە بەرخۆی و خۆی کردە هێز لە ڕێگەی ئابووریەوە، لە ڕێگەی سیاسییەوە، لە ڕێگەی زانست و تەکنۆلۆژیاوە توانی خۆی بکاتە ڕەقەمێکی قورس و دیار لە جیهاندا.

درووستبوونی دەوڵەتی فەڕمی ئیسڕائیل

پێش ساڵی 1947 جولەکە بە ژمارەیەکی دیار بوونی هەبوو لە ئیسڕائیلی ئێستاو لەگەڵ عەڕەبی موسڵمانی فەلەستینی و عەڕەبی مەسیحی فەلەستینی لە نزیک یەک و بە یەکەوە دەژیان بەڵام هەمیشە جار جارە لە یەکیان دەمڕاندو زەرەریشیان بەیەک دەگەیاند. بەڵام لەیەک مڕاندنەکە نەدەگەییشتە ئەو پلەیەی کە لە بەر یەکتر ڕابکەن و وەڵات لە ترسی یەکتر بەجێبهێڵن!
لە ساڵی 1921 وە کە ئیتر سەردەمی دەسەڵاتی بەرەی هاوپەیمانان بوو، بەرەی ئەڵمانیاو دەست و پێوەندو هاوپەیمانەکانی ئەڵمانیا لە شەری یەکەمی جیهانیدا دۆڕان و لە ئەنجامدا ئەودەوڵەتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانیدا بوون هەر بە نەمانی خەلافەتی عوسمانی ئەوانیش سەربەخۆییان وەرگرت و کەوتنە ژێر ئینتیدابی دەوڵەتانی ئەوروپاوە بە تایبەتی فەرەنساو بەریتانیا.
فەلسستینش لەو هاوکێشەیە بەدەر نەبوو هەر بۆیە ئەویش کەوتە بەرئینتیدابی بەریتانیاوە! ئینجا لەلایەن بەریتانیاوە جولەکەو عەڕەبەکانی فەلەستین بەڕێوە دەبران. هەر ئەو کاتەو لەو زەمانەشدا جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی بە یەکەوە هەڵیان نەدەکردو پێک هەڵدەپڕژان. بۆ نموونە کوشتارەکەی شاری خەلیل کە موسڵمانەکان لە ساڵی 1941دا 67 جولەکەیان کوشت، هەروەها نەک هەر لە فەلەستین بەڵک و لە عێڕاقیشدا عەڕەبەکان لە جولەکە بەربوون و لە ناو بەغدادا دەستیان کرد بە دەرپەڕاندنی جولەکەو تاڵانکردنی سەروەت و سامانیان و هەر ئەو کات وشەی فەرهود واتە فر یهود واتە یەهود ڕای کرد هاتە ناو فەرهەنگی عەڕەبیەوە! ئیتر وشەکە کورت کرایەوەو بووبە فەرهود کە ئێستاش بۆ تاڵان و برۆ بەکاردێت! بۆیە هەر ئەوکاتە بیر لە دەوڵەتێک بۆ هەردووک لا کرایەوە.

ئەوە بوو لە ساڵی 1947 دەوڵەتێک بۆ جولەکەو دەوڵەتێکیش بۆ عەڕەبەکانی فەلەستین پێک هات و هەموولایەکیش پێی ڕازی بوون . بەڵام ساڵێکی پێنەچوو کە دەوڵەتە عەڕەبیەکانی دەوروبەر هەستیان کرد گۆڵیان لێکراوەو نەیان دەویست دەوڵەتێکی جولەکە لە لایەن ئامۆزاکەیانەوە لە تەنیشتیان و لە ناوجەرگەی ئەواندا بوونی هەبێ، بۆیە کەوتنە ناڕەزایی و تا وای لێ هات شەڕیان لە دژی ئیسڕائیل دەست پێکرد لە ساڵی ١٩٤٨. لەو شەڕەشدا لەباتی قازانجی تێدا بکەن وەک ئەوە وابوو بۆ ڕیش چوبوون بەڵام سمێڵیشیان دانان.
لەو شەڕەی 1948دا کە عەڕەبەکان بە تێکڕاو گەلەکۆمی هێرشیان کردە سەر ئیسڕائیل و لە گەڵ ئەوەشدا کە ئاینی ئیسلامیان لەو شەڕەدا لە دژی جولەکە بەکارهینا، بەڵام نەک هەر نەیان توانی ئامۆزاکەیان دەرپەڕێنن بەڵک و هەندێک خاک و شاریشیان لەدەستدا بۆ نموونە غەزەو بانووی ڕۆژئاوا کە لە 1947 وە درابوو پێیان. ئیتر ئیسرائیل نەچووە دەر لەو شارانەو کردنی بە هی خۆی، چونکە وەک غەنیمەی جەنگ حسابی بۆکردن و لە ئەنجامی شەڕدا دەستی کەوتن.
لە ساڵی1967 جارێکی تر عەڕەبەکان هێرشی گەلەکۆمەکییان کردە سەر ئیسڕائیل و دیسان ئایین و مەسەلەی قودس و وەقفی موسڵمانانیان بەکار هێنا، بەڵام ئەو جارەش نەک هەر نەیان توانی هیچ دەستکەوتێکیان هەبێ، بەڵک و ئەو جارەش لە باتی دەستکەوت زەرەریان بە کێشەی عەڕەبەکانی فەلەستینیش گەیاندو ئەو جارەش نەک هەر نەیان توانی یەک بست لە خاک بۆ خۆیان لە بن دەستی جولەکە بێننەدەر بەڵک و دیسان وەک جارەکانی ترخاکیان لەدەستدا. بۆ نموونە بیابانی سینای میسڕو بەرزاییەکانی جۆلانی سوریاشیان لەدەست چوو. کە پێش شەڕەکە هی خۆیان بووبەڵام لە دواییدا ئیسڕائیل لە بەرامبەر ئەوەی دەوڵەتی میسر لە سەردەمی ساداتدا ئیعتیراف بە دەوڵەتی ئیسڕائیل بکا ئەوانیش بیابانی سینایان پێبدەنەوە واتە زەوی لە پێناو ئاشتیدا. ئەوەبوو میسر دانی نا بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا لەبەرامبەر ئەوەی کە ئیسڕائیل بیابانی سینا بداتەوە بە میسر. دیسان لە ساڵی 1973 دا بە هەمان شێوە عەڕەبەکان کردیان و ئەو جارەش سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناو ئیتر وازیان لەو شێوە گەلەکۆمەکیە هێناو دەرسیان وەرگرت، بەڵام تاک و تەراو یەک یەک و لە ڕێگەی گرووپ و ئەحزابی ئایینیی و جیهادییەوە وازیان هەر نەهێناو ئێستاش هەر بەردەوامن.

ئایا ئەوەی حەماس دەیەوێت و شیعارو ئامانجیەتی دەتوانرێت بهێنرێتە دی؟

حەماس دەوڵەتی فەلەستینی ناوێت بە تەنها، حەماس دەیەوێت تەواوی جولەکەی جیهان لەناوبەرێت، حەماس ئەو ئامانجەی خۆشی لە دەستوری خۆیدا جێگیرکردووە. حەماس هیچ کەس و هیچ دەوڵەتێکی عەڕەبی و هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی عەڕەبی نێو فەلەستین و دەرەوەی فەلەستینیش بە نوێنەری فەلەستینیەکان نازانێت بێجگە لە خۆی و خۆشی بست بە بستی خاکی فەلەستین و ئەوەی ئێستاش جولەکە تێیدایە دەیەوێتەوە و دەبێ جولەکە لەناو بچێت.

تۆ بڵێی فەلەستینیەکانیش هەر ئەوەیان بوێت؟
ئایا هەبوونی دوو دەوڵەتی جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی بە تەنیشت یەکەوە کارێکی ژیرانەیە؟

هەندێک پێیان وایە بوونی دوو دەوڵەت یەکیان هی فەلەستینیەکان بێت بەڵام بەسەرپەرشتی حەماس و ئەوەی تریشیان هی جولەکە بێت بە تەنیشتی یەکەوە کارێکی کردە نیە. چونکە ئەو دوولایەنە مەحاڵە بگونجێن لەگەڵ یەکتری و مەحاڵە بە تەنیشتی یەکەوە وەک هاوسێی باش هەڵبکەن! حەماس داوای سڕینەوەی جولەکەو ئیسڕائیل دەکات و نایەوێت بوونیان هەبێ. ئەدی ئەگەر حەماس دەوڵەتی لە ژێردەستدا بێت و لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە دانی پێدا بنرێت و هێزی نێو دەوڵەتیی و هەرێمیی پەیدا بکات، دەبێ چی لە جولەکەو ئیسڕائیل بکات. جولەکەکان دەڵێن دواڕۆژمان باشتر نابێت لە هۆزەکانی ئەو کاتی ناو مەدینە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلامدا.

ئەو شەڕەی ئێستای حەماس و ئیسڕائیل!

لە بەرەبەیانی زووی ئۆکتۆبەری ٧ی 2023 دا حەماس بە پلانێکی تۆکمەو لە پێشدا داڕێژراو ئیسڕایلی شۆک کردو بە هەزاران ساروخی لە ئیسڕائیل گرت و بە هەزاران چەکداری خۆکوژیشی ناردە ناو ئیسڕائیلەوەو بە سەدان کەسی لە جولەکە بە بارمتە هێنایە ناو شاری غەزەوەو بە هەزارانیشی لە جولەکە کوشت. ئەمەبۆ حەماس و فەلەستینیەکان سەرکەوتن بوو بەڵام بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل شکەست و بە 11ی سێپتەمبەری ئەمریکایان وێنا کرد.

حەماس بۆچی لەو سات و کاتەدا ئەو هێرشەی ئەنجامدا!

هەندێک لە لێکۆڵەرەوانی سیاسی و سەربازیی پێیان وایە حەماس کردەیەکی تیرۆریستی خۆکوژی وای لە دژی ئیسڕائیل ئەنجام داوە کە ئاخیرەکەی هەم زەرەرێکی زۆر بە کێشەی فەلەستین دەگەێنێت و هەم خەڵکێکی زۆری فەلەستینیشی تێدا دەچوێنێت و هەم شارەکەش بە یەکجاری بە وێرانکردن دەدات و هەم بۆ ئاخیری ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت ئەوا ئەم کردەیە سەری حەماسیش دەخوات!
بە پێی هەندیک لێدوانی هەندیک بەرپرسی سیاسی حەماس و بە پێی بۆچوونی هەندیک سیاسەتمەداری هەریمی و نێودەوڵەتی و بە پێی هەندێک ڕاگەیاندنی جیهانی و هەرێمی گوایە حەماس بە دەست لەپشتدانی بەرەی ڕووسیا ئەو کارەی ئەنجامداوە. بۆیەش ئەوکارەی ئەنجامداوە بە چەند مەبەستێکەوە:
یەکەم: بۆ ئەوەی ئەو فشارە سەربازیەی کە لە لایەن ناتۆوە لە سەر ڕوسیایە لە بەرەی ئوکڕانیاوە لەسەری کەم بکرێتەوە، ئەویش بە کردنەوەی بەرەیەکی تری شەر بۆ ناتۆ لە شوێنێکی تر. کە لە فەلەستین و کێشەی فەلەستینیان باشتر پێ شک نەهاتووە. ئێستا ئەمریکا کە سەری مارەکەیە بە لای بەرەی ڕوسیاوە ڕاستەوخۆ لەوشەڕەی نێوان حەماس و فەلەستین تێوەگلاوەو سەرقاڵیان کردووە!
دووەم : وەڵاتانی عەڕەبیش هەندێکیان دانیان بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا هێنابوو، سەفارەتی ئیسڕائیل لە نێویاندا بە ئازادانە دامەزرابوو، پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لە نێوانیاندا بە ئاشکرا دەستی پێکردبوویەوە. هەر بۆ ئاسایی کردنەوەو دان نان بە ئیسڕائیلدا هەندیک دەوڵەتی عەڕەبی تریش لەسەرەدا بوون بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن، لە نێویاندا سعودیە بوو. ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان جیهانی عەڕەبی و ئیسڕائیل بۆ ئێران وەک گورزێکی کوشندە بوو، بۆیە ئەوەی پێ هەرس نەدەکراو دەیزانی بە تەنیا دەمێنێتەوە لە ناوچەکەداو دوایی قوتدانی ئاسان دەبێت، بۆیە ئەم دۆخەیان قەوماند.

ئەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل وای کرد کە وەڵاتانی عەڕەبی و جیهانی ئیسلامی یەک بگرن جا با بە ڕواڵەتیش بێت. بە هۆی ئەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و وەڵاتانی عەڕەبی بە تایبەتی لەگەڵ سعودیە زۆر پاشەکشەی پیکرا، ئەمەش بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی حەماس و ئێراندایە.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە من لایەنگری مافی هەردووک گەلی عەڕەبی فەلەستینی و گەلی جولەکەشم لەو ناوچەیەدا. من پێم وایە هەردووکیان لەو ناوچەو دەڤەرەدا بوونیان هەبووەو پێکەوە ژیاون و بە تەنیشتی یەکەوەبوون، هەردووکیان، وەک دەگوترێت، لە یەک بەرەبابن و تا ڕادەیەک ئامۆزای یەکتریشن، هەردووکیان خاوەنی ئایین و کتێبی ئاسمانین، هەردوکیان پێغەمبەری خۆیان هەیەو هەردوکیشیان مێژوویەکی دوروودرێژیان هەیە . کەواتە لەو ڕووەوە هەردووک دەبێ مافیان لێزەوت نەکرێت.
بە بڕوای من، دەرەوەی هەردووک گەلی جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی کاری کردۆتە سەر کێشەکەیان و لە لایەن دەوڵەتانی عەڕەبیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەوە کێشەکەیان هەم بەلاڕێدا دەبرێ و هەم وایان ئاڵۆز کردوە کە چارەسەرکردنی زۆر وە زەحمەت کەوتووە.
چەندین گروپ و حیزبی جیهادی، ئیخوانی، سەلەفی، عیلمانی تاڕادەیەک ، هەروەها لیبڕالیش لە فەلەستیندا کاردەکەن و لەسەر هیچ شتێک ڕێک ناکەون! وەک چۆن دەوڵەتە عەڕەبیەکانیش هەر بەڕواڵەت و بۆڕاگەیاندنەکان یەکدیگیرییان پێوەدیارە، بەڵام هەر کە لە بەردەم کامێراکە دوورکەوتنەوە هەر دەوڵەتەی وەدوو بەرژەوەندی خۆی دەکەوێت . لەو نێوەدا بیری توندڕەویی و دژە جولەکەیی هەر بەرەو زیادبوون دەڕوا و لە ناو ئیسڕائیلیشدا بیری تونڕەویی و ڕاستڕەویی جولەکەو دژە فەلەستینی و دژە ئیسلامیی هەر بەرەو زۆربوون دەڕوا.
دەوڵەتە عەڕەبیەکان هەندێکیان زۆر دەستیان وەرداوەتە کێشەی فلەستینیەکان و زۆر وەزەحمەتیان خستووەو کێشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن نەک بۆ بەرژەوەندی فەلەستینیەکان. بۆیە هەندێکیان نایانەوێت ئەوکێشەیە چارەسەر ببێت و دەیانەوێت لەوناوچەیەدا ئەم شێوە کێشەیە هەر بمێنێت.
حەماس و هاوشێوەی حەماس داوای سڕینەوەی ئیسڕائیل و لەناوبردنی جولەکە دەکات. جولەکەی جیهان یەک بە یەک هەمووی ئەوە دەزانن. بۆیە جولەکە هەتا بۆی بکرێت و لە توانایدا بێت خۆی بۆ ئەوە تەیارو ئامادە دەکات کە ئامۆزا عەڕەبەکەی نەتوانێت ئەو ئامانجەی وەدی بهێنێت. هەر بۆیەش ئێستا جولەکە خاوەنی گەورترین چەک و تەکنەلۆژیایەو تەنانەت خاوەن تەرسانەی چەکی ئەتۆمیشە، لەبەرامبەردا فەلەستینیەکان و عەڕەبەکان بەگشتی و ئومەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی بێجگە لە پاکستان ئەویش بۆیان درووست کرد تا لەبەرامبەر هیندوستاندا ڕای بگرن چەکی ئەتۆمی هەیە ئەوانەی تر نیانە.
چەندین جارعەڕەبەکان بە گەلەکۆمی خۆیان تاقی کردەوە کە جولەکە ئەو کات چەکی ئەتۆمیشی نەبوو، وەک ئێستاش خاوەن تەکنەلۆژیای بەهێزو پێشکەوتوو نەبوو، وەک و ئێستا خاوەنی ئابووری سەربەخۆی بەهێز نەبوو جا ئەو کات عەڕەبەکان نەیان توانیبێت ئیسڕائیل لە ناو بەرن، چۆن ئێستا کە ئیسرائیل خاوەنی ئەو هەموو پێشکەوتن و چەک و تەکنەلۆژیاو چەکی ئەتۆمی و سوپایەکی بەهێزی مەشقپیکراو هەروەها پشتیوانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ناتۆ چۆن دەتوانرێت لە ناوببرێت. ئیسڕائیل 163 دەوڵەت دانی پێداناوەو وەک دەوڵەت ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆیە لە ناو ناچێت و ئامانج و شیعاری حەماس بۆ لە ناوبردنی ئیسڕائیل کاریکی کردە نیەو دوورخستنەوەی فەلەستینیەکانیشە لە چارەسەرکردنی کێشەی خاکیان!
بۆیە بە بڕوای من، باشترین چارە ئەوەیە هێزێکی عیلمانی سێکیولاری نا دینی نێو فەلەستین جڵەوی کارەکە بگرێتە دەست و کێشەکە چارە بکات، بەڵام گەندەڵێکی وەک یاسرعەڕەفات نەبێ کە ئێستا سەدان ملیۆن دۆلار لای ژنەکەیەتی کە وەختی خۆی لە کۆمەک و خێراتی ئەم لاو ئەولا کە بۆ خەڵکی فەلەستین هاتووە وەلای ناوەو ئێستا خەڵکی فەلەستین سفر بەدەستەوە ماون. حەماس و سەرکردەکانی حەماسیش لەو باشتر نابن و نین!

———————————

بۆ ئەو نووسینە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:

قورئانی پیرۆز وەرگێڕانی مامۆستا هەژار موکریانی
بەدواداچوونەکانی أخ رشید لە یوتیوب و ئەکاوەنتی تایبەتی خۆی لە سەر شەڕی حەماس و ئیسڕائیل!
The Israeli solution book by Caroline B. Glick
The covenant of the Hamas, main points at: https://irp.fas.org/world/para/docs/880818a.htm
https://encyclopedia.ushmm.org/content/en/article/the-farhud
https://momentmag.com/why-were-jews-blamed-for-the-black-death/




بەراز لە نێوان ئەفسانەو ڕاستیدا!.. نووسینی: حەسەن حەریری.. ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

لە نێو شارستانیەتەکانی کۆن و هەروەها لە نێو ئایینەکانی جولەکەو ئیسلامیشدا چەندین چیرۆک و داستان بە دەوری بەرازدا هەن و دێن و دەچن و ودەگوترێن ، کە هەردووکیان واتە جولەکەو موسڵمانیش بەرازیان حەرام کردووە بە بێ ئەوەی هیچ هۆیەکی لۆژیکی یان زانستی بخەنەڕوو!
ئەوچیرۆک و گوتانەی کە بەرێژایی مێژوو دەربارەی ئەو ئاژەڵە بەستەزمانە دەگوترێن تەنانەت ئەوەندەش بەرز نین کە بگەنە ئاستی ئەفسانەش!
لە پێش دەرکەوتنی ئایینەکانیش، هەندێک چیرۆک و ئەفسانە دەربارەی بەرازو خەراپیی بەراز لەگۆڕێدابوون. بۆ نموونە لە شارشتانیەتی میسری کۆندا، ئەفسانەیەک هەیە کە دەڵێت: خوداوەند سێت، کە خوای خەراپەیە، لە بەرگی بەرازێکی ڕەشدا دەردەکەوێت وهێرش دەکاتە سەر (حۆرس)ی کوڕی خوداوەند ئەزۆریس!
بەڵام سەرباری ئەوەش میسریەکان، لەبەر سوودە زۆرەکەی، گرنگیی زۆریان بە بەرازداوە! لەو نێوەشدا کۆمەڵێک لە خەڵکی تایبەت هەبوون کە گرنگییان بە بەراز داوەو بەخێویان کردووەو بەرازیان ڕاگرتووە و ئەوانە وەک بەرازەوان لە نێو کۆمەڵگادا ناسراون. ئەو بەرازەوانانە وەک کۆمەڵێک لە خەڵکی سووک و ئاست نزم بینراون و کۆمەڵگا تێکەڵاویان نەبووەو تەنانەت بۆ ژن و ژنخوازیش تەنها لەنێۆخۆیاندا ئەنجامیان داوەو دەرەوەی خۆیان لە گەڵی نەکردوون!
لە ڕووی سودەکانی بەرازەوە لەو زەمانەی ئەوکاتدا، بەرازیان بەکاردەهێنا بۆ دۆزینەوەی ئاو لە بیابانەکانداو بە دوا بەراز دەکەوتن و بەهۆی بەرازەوە ئاویان دەدۆزیەوەو هەروەها بەرازیان بۆ چارەسەری هەندێک نەخۆشی بەکاردەهێنا.
هەروەها بەراز لە ئەفسانەکانی کەنعانیدا هێمای خەراپەکاریی بووەو هەمان چیرۆک و ئەفسانەش کە تەنها ناوی ستەملێکراو گۆڕاوە بە هۆی بەرازەوە، کە دەڵێت بەراز هێرشی کردۆتە سەر خوداوەند ئەدۆن کە ئەو خۆی بەعلی وەڵاتی شام و بیبلۆس لە فینیقیا بووە. ئەدۆنیس..کێ هەیە چیرۆکی ئەدۆنیس و عەشتاری نەبیستبێ؟
لەوبارەوە لیستێکی درێژهەیە دەربارەی خەراپیەکانی ئەو زیندەوەرە دەگوترێت کە گوایە بەراز زیندەوەرێکی خەراپە. بەڵام لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر ئەو گیاندارە ئەنجامدراوون دەیسەلمێنن کە بەراز بە بەراورد بە گیاندارەکانی تر لە هەموویان بەسوود ترە بۆ مڕۆڤایەتی و بۆ ژینگەش! یەکەمین گیاندار کە لە بواری پزیشکیدا سوودی لێوەرگیرابێت بریئتیە لە بەراز کە شانەکانی سوودیان لێوەرگیراوە لە بواری پزیشکیدا! کە دەرکەوتووە شانەکانی بەراز لە ٧٠٪ی نزیکە لە هی مڕۆڤەوە، هەروەها ترشەناوکیکەی واتە DNA ٩٨٪ ی نزیکە لە هی مرۆڤەوە، ئەنسۆلین لە بەراز درووست دەکرێت کە باشترین جۆرەکانی ئەنسۆلینە! هەروەها کالستۆنین کە بۆ پووکانەوەی ئێسقان بەکاردێت لە بەراز درووست دەکرێت.
ئەمڕۆش چەندین تاقیکردنەوە ئەنجام دراوون بۆ چاندنی دڵی بەراز لە مڕۆڤدا کە ئەو تاقیکردنەوەیە لە مەیمووندا ئەنجام دراوە. لە سەر مڕۆڤیش ئەنجام دراوەو سەرکەوتووبووەو دوو مانگ ژیاوە، ئەو مڕۆڤە دوای دوو مانگ مردووە چونکە لەشی مڕۆڤەکە ڕەتی کردۆتەوە چونکە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی جینی ڕەتکردنەوە بکات. بەڵام ئێستا توانراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت بە دەستکاریکردنی دڵی بەرازەکە ئەویش بەوەی کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی جینی ڕەتکەرەوە بکات لە لەشی مڕۆڤەکەدا.

جا ئەگەر هاتوو ئەو تاقیکردنەوانە سەرکەوتنیان بە تەواوی بەدەست هێنا دەبێ چەند کەس سوودمەند ببن لەو ڕووەوە؟ هەر بە ڕاستی ماوەیەک لەمەو بەر نەشتەرگەرییەک بۆ کەسیکی تەمەن ٥٨ ساڵ کرا و ئێستاش کەسانیکی زۆر چاوەڕێن ئەگەر کەسێک هەبێ ببەخشێت! بۆیە ئەوەی کە دەگوترێ و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە بەراز میکڕۆبێکی زیانبەخشی تێدایە کە نە بەئاگر دەسووتێ و نە بە سەرماش لەناو دەچێت هیچ نیە بێجگە لە درۆ و چەواشەکاری و دەیانەوێت بەو درۆو بوختانانە کاریگەری خەراپ لەسەر زانستی تەندرووستی دابنێن. سەرەتا بەوە دەستیان پێکرد کە گۆشتی بەراز کرمی شریتی تێدایە ئنجا گوتیان کرمی تینیای تێدایە کە ئەوەی ڕاستی بێت ئەو کرمە لە گۆشتی گادا هەیە نەک لە هی بەرازدا.

جولەکەو موسڵمانەکان گۆشتی بەرازیان حەرام کردووە بە بێ ئەوەی هۆیەکانی ئەو حەرام کردنە لە ڕووی زانستی و تەندرووستیەوە بخەنە ڕوو! دەڵێن چونکە بەرازپیسایی و پاشەڕۆ دەخوا، ئێمەش دەڵێین دیقەت بدەن و ببینن بۆتان دەردەکەوێت کە نەک هەر بەراز بەڵک و زۆر لە ئاژەڵ و پەلەوەرو گیانداری تر هەن کە پیسایی و پاشەڕۆ و زبڵ و خاشاک دەخۆن و گۆشتیشیان حەرام نەکراوەو هەم جولەکەو هەم موسڵمانیش دەیخۆن! بۆ نموونە هەر تەماشا گا و گۆل و مەڕو ماڵاتی تر و بزن و مریشک و هەندێک پەلەوەری تریش بکەن کە دەبینن زۆر شت دەخۆن!
لە ئەوروپاو وەڵاتانی ڕۆژئاوایی کە بەراز بەخێو دەکەن وەک هەر مەڕوماڵاتێکی تر، وەک مانگاو گاوگۆل خواردنیان دەدەنێ. دەگوترێت ئەگەر پیاوێک گۆشتی بەراز بخوات ئەوا دەبێتە دەیوس و هیچ ئیرەیی بە مێیینەکەی نابات چونکە ئەوە تەنها بەرازە کە گوێ بەو مەسەلەیە نادات و هیچ ئیرەیی لەبەرامبەر مێیینەکەی خۆیاندا نیە ! ئەمەش بە بروای ئێمە قسەیەکی پووچە چونکە زووربەی ئاژەڵان لەگەڵ نێرینەیەک زیاتر پەیوەندی دەبەستن!

ئەوانەی کە گۆشتی بەراز ناخۆن جولەکەو موسڵمانانن. شتێکی سرووشتیشە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ببینین و ببیسین لە لایەن ئەو دوو پێڕەوە کە گۆشتی بەراز مکڕۆبی زیانبەخشی تێدایە کە نە بە ئاگرو نە بە سەرماو بەستن لە ناو ناچێت! ئەمەشیان تەنها بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو گوتانەیە کە دەڵێن لەبەر ئەمانەیە کە خواردنی گۆشتی بەرازیان حەرام کردووە!
دوای ئەو کورتە نووسینە، دەربارەی حەرام کردنی خواردنی گۆشتی بەراز، ئەوانەی کە پێیان وایە گۆشتی بەراز زیانبەخشەو نابێ بخورێت و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسەیەشیان گوایە لەوبارەوە لێکۆڵینەوەی زۆر کراوەو ئەنجامدراوە با ئەو لێکۆڵینەوە تەندرووستی و زانستیانە نیشانی خەڵک بدەن نەک هەر بە ناوهێنان! پێمان بڵێن لە کام زانکۆ ئەو لێکۆڵینەوانە ئەنجام دراون و نیشانمان بدەن، پێمان بڵێن کێن ئەوانەی ئەو لێکۆڵینەوانەیان ئەنجام داوە ، ناوەکانمان پێ بڵێن..شوێن و کات و دەرەنجامەکان نیشان بدەن! من لەوبارەوە ڕووبەڕوویان دەبمەوە!
من ڕووبەڕووی ئەوانە دەبمەوە کە کە دەڵێن گۆشتی بەراز لەهەر گۆشتێکی تر زیاتر زیانی هەیە! هەر گۆشتێک بەشی خۆی سوودی هەیەو بەشی خۆشی زیانی هەیە.. جا ئەگەر هەر گۆشتێک بە باشی لێنەنرێت و بە باشی نەکوڵێنرێت ئەوا گۆشتەکە زیانی زۆرترە لە سوودەکەی.. گۆشتی بەرازیش لەو ڕێسایە بەدەر نیە!
تێبینی: خواردنی سەرەکی زووربەی خەڵکی ئەوروپاو ڕۆژئاواو وەڵاتانی ناموسلمان و نا جولەکە گۆشتی بەراز دەخۆن. تەنانەت گۆشتی بەراز لە هەندێک وەڵاتی موسڵمانیش دەخورێت!

https://www.facebook.com/groups/496093623891552/user/100009028655019/




بەرپسەکان بە تەنها لە گەڵ خەڵکدا فێڵ ناکەن، بەڵک و بە ئاشکراش فێڵبیللەرییەک لە گەڵ خوادا دەدۆزنەوە!.. حەسەن ڕازانی

( لەگەڵ یەک دوو گلەیی و گازندەش، وەک بەندەیەک، لە خوای خۆم)
پارێزگاری پێشووی نەجەف چوار ژن دەهێنێت و لە سەر حیسابی بودجەی گشتی وحکومەت و خەڵک بەخێویان دەکات و بەمەش دەیەوێت لایەکی بەڵێنەکەی خوا وەک دادپەروەری لە ڕووی نەفەقەو داراییەوە لە نێوانیاندا جێبەجێبکات!
وێنەکە هی پارێزگای نەجەفە لەگەڵ چوار ژنەکەی
نووسینی: حەسەن ڕازانی

تێبینی: لەم نووسینەمدا مبەستم نیە پاساو بۆ یاساوڕێسای خواو فەرموودەی پێغەمبەرو بهێنمەوە بەڵکو ئەمە زیاتر ڕەخنەو گلەیی و گازندەیە لە دیدی خۆمەوە!

هەندێک کەس، وەک چۆن گەندەڵیی و دزی و ڕاوە ڕووت و کوشتن و ڕێگریی و چەتەیی و دەستبردن بۆ ماڵی خەڵک لە ڕێگەی ئەو یاسایەی کە هەر خۆیان دای دەڕێژن و بە یاسایی دەکەن، هەر بەو شێوەیەش دێن دەگەڕێن کە کەلێن و درزێک لە نێو ئەو یاساو ڕێسایەی کە خوا بۆی داناون بدۆزنەوەو خۆیانی پێدا بکەن و بە شێوەی فێڵبیللەرییەک، لە پێشدا لە خوا، ئینجا لە خەڵک و لە ڕای گشتی وحکومەت ئەنجامی بدەن. لێرەدا نەشەرم لە خۆیان دەکەن و نەشەرم لە ڕای گشتی دەکەن و نە شەرم لە خەڵک و حکومەتیش دەکەن و نەشەرمیش لە خوا دەکەن کە بە ئاشکرا فێڵ لە یاساکەی خوا دەکەن و وەک فێڵبیللەریەکیش وە یاسایی دەخەن و لە گەڵ یاساکەی خوادا دەیگونجێنن بە بەرچاوی خوادا!
تەماشا ئەو یاسایەی ژن هێنان بکەن کە خوا دایناوە:
[وَإِنْ خِفْتُمْ أَلا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَى فَانْكِحُوا مَا طَابَ لَكُمْ مِنَ النِّسَاءِ مَثْنَى وَثُلاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ] سورەتی نیساء ئایەتی ژمارە ٣
لە لێکدانەوەی ئەو ئایەتەدا لێکدانەوەکەی هەژار موکریانی و تەبەری زۆر لە یەک نزیکن و لە یەک دەچن ، جا بە بڕوای من دەبێ هەژار زۆرتر پشتی بە تەبەری بەستبێ لە لێکدانەوەدا چونکە تەبەری پێش هەژار لیکدانەوەی بۆ قورئان کردووەو یەکێکیشە لە گەورە موفەسیرانی قورئان و جێی متمانەشە..
هەژار بەم شێوەیە ئەو ئایەتە لێک دەداتەوە:
ئەگەر لە مەڕ کیژە هەتیوەکانەوە، لەوە ترسان کە نەتوانن بە تەرزێکی حەق و ڕەوا دەگەڵیان بجووڵێنەوە، دەتوانن وازیان لێ بێنن و ژنانی تر- چەندی خۆتان پێتان باشەو پێتان دەشێن -مارە بکەن، دوان بن یان سیان پێکەوە یان چواریش بن هەر ڕەوایە. وە ئەگەر ترسان کە نەتوانن ژنەکانتان وەک و یەک تەماشا بکەن ، با یەکیک بێ یان وەل ئەوانە ڕابوێرن کە بوونەتە موڵکی خۆتان. بۆ خۆ لە غەدر پاراستن ئەمە ئاکاری پەسندە…
سەرچاوە: قورئانی پیرۆز: وەرگێڕانی مامۆستا هەژار موکریانی
جا مادام خوا هەر خۆی درووستکەرو خالقی هەموو شتێکە بە ئینسانیشەوە، کەواتە هەر خۆی باش دەزانێ کە ئینسان چیەو توانای چیەو چۆنیش بیردەکاتەوەو دەیەوێت چی بکات! هەر بۆیەش دەزانێت کە ئینسانن زۆر شتان دەکات کە پێی وایە دەتوانێ و بەڵام لە ڕاستیدا ناشتوانێت.
مەسەلەی زۆریی ژن هێنانیش و دابینکردنی دادپەروەریش لە نێوانیاندا هەر بەم شێوەیەیە کە خوا زانیویەتی کە ئینسان ناتوانێت دادپەروەریی لە هەموو ڕوویەکەوە دابین بکات لە نێوانی نەک هەر سێ ژن و چوار ژناندا بەڵک و ئەگەر ڕاستیت دەوێت لە نێوانی دوو ژنانیش دا ئینسان ناتوانێت دادپەروەریی دابین بکات.
ڕەنگە ئینسانێکی دەوڵەمەندی ملیۆنێر بتوانێت لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە بتوانێت وەک یەک ژیانیان خۆش بکات، وەک یەک لە خانوی باش و تازەدا بن، وەک یەک ناوماڵیان هەبێ، وەک یەک کۆک و پۆشتەیان بکات، وەک یەک بیان بات بۆ سەیران و بیان گێڕێت، بەڵام مەحاڵە لە ڕووی عاتیفە پێدان و خۆشەویستیی و لەگەڵدا بوون و سەرجێیی و کات پێدان و تێرکردن و ڕازیکردنەوە وەک و یەک لەگەڵیان دابێت..
ئاخر نەک هەر ئینسان بەڵک و هەرێ ئاژەڵە بەهێزەکانیش ناتوانن ئەوکارە بکەن! پیاو مەشغەڵەی دەرەوەی هەیە، کار دەکات، لەدەرەوە خەفەت دەخوا، ماندوو دەبێت، کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندرووستی بۆ پەیدا دەبێ . هەروەها کيێشمەکێشی ژیان کاردەکاتە سەر ووزەو توانای ئەو پیاوە لە ڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە.. ئەدی چۆن دەتوانێ کە هاتەوە ماڵەوە چوار ژنی هەیە و ئەو ژنانە هەموویان جوانن، بە توانان، دەیانەوێت لەگەڵ مێردی خۆیان بن ئەوشەوە هەتا بەیانی و پێیان خۆشە تا بەیانی لەگەڵ مێردی خۆیان دەست لەملانێ بکەن..ئەو پیاوە چۆن دەتوانێ لە یەک شەودا خۆی دابەش بکات بۆ چوار ژن و بە یەکسانیش و وەک ئەوەی کە ژنەکان دەیانەوێت نەک وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێ . کەواتە مەحاڵە یەکسانی نواندن و جێبەجێکردنی دادپەروەیریی ! هەر بۆیەش خوا ئەوەتە لەم ئایەتەدا بە ڕوونی هەر لە سوڕەتی ژناندا دەفەرموێت:
{ ولن تستطيعوا أن تعدلوا بين النساء ولو حرصتم} نساء –١٢٩
[ئێوە هەرچەندە هەوڵیش بدەن ، قەت ناتوانن دەگەڵ ژنانی خۆتاندا بێ جیاوازی ڕەفتار بکەن] سەرچاوە: قورئانی پیرۆز: وەرگێڕانی هەژار موکریانی
لەو ئایەتەدا خوا زۆر باش ئینسان دەناسێ چونکە هەر خۆی ئینسانی درووست کردووەو دەشزانێت تواناکەی چەندە بۆیە پێی دەڵێت نەکەی ئەو کارە نەکەی و لە ژنێک زیاتر مەهێنەو ئەگەر بیهێنی خەراپەو تۆ ناتوانی دادپەروەر بیت لە نێوانی نەک چوار ژناندا بەڵک و دوو ژنانیشدا…
خوا لەو ئایەتا دەڵی: [ لن تستطیعوا] واتە قەت ناتوانن . ئینجا دەڵێ: [ و لو حرصتم] واتە ئەگەریش زۆر هەوڵ و کۆش بکەن هەر ناتوانن.. بە کوردیەکەی ئەگەر خۆت بکەیتە ئەسپیش بە حەبی ڤایاگرا هەر ناتوانی وەک یەک دوو ژنان بەسەر یەکەوە ڕازی بکەیت ..
ئیتر نە خۆت گێل بکەو نە خواش هەڵ بخەڵەتێنەو فێڵبیللەریش لە نێو یاساو ڕێسای خوادا مەدۆزەروە!.. بە حەبی ڤایاگرا خۆت مەفەوتێنەو دڵت تووشی نەخۆشی مەکەو خۆ وا لێ مەکە لەوەی هەی لەوەش ببیت..ئەی ئینسان خۆت بناسەو توانای خۆت بزانەو دادپەروەربەو بەک ژن کیفایەت بکە .

ئەم سەرەتایەی سەرەوە هەمووی لەسەر ئەو ڤیدۆیەی کە لەسەر: لوئەی جەواد حوسێن ئەلیاسری..پارێزگاری پێشووی نەجەف دەرچووە بە شێوەی دۆکیومێنتری و بە بەڵگەوە دەری دەخات کە چ فێڵێکی کردووەو چۆن فێلبیللەریەکی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە هەر چوار ژنەکەی بەخێوەبکات وەک یەک و دادپەروەر بێت لە نێوانیاندا.!
بەڵام ئەمە هەمووی لەسەر حیسابی بودجەی حکومەتە کە ئەوەش بودجەی گشتی خەڵکەو هی گیرفانی خۆی نیەو حەرامەو کارێکی یاساییە بە پێی ئەو یاساییەی کە گەندەڵەکان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام یاسایی نیە بەپێی لۆجیک و یاسای خواو خوا بەمە ڕازی نیەو ئەوە فێڵێکە لە خەڵک و لە حکومەت و لە خواش..
جا ئەو پارێزگارە هەم لە سزای خەڵک خۆی دەربازکردووەو هەم لە سزای حکومەت جونکە خۆی حکومەتەو هەم لە سزای خواش چونکە خوا زۆر بە سەبرەو هەتا ڕۆژی دوایی لەوانەیە لێی گەرێت و لە گوڵ کاڵتری پێ نەڵێت!!
ئەدی چارە چیە ؟ ئێوەی خوینەر دەتوانن زۆر چارەی شیاوتان بە بیرو مێشکدا بێت.. من ئەو چارەیە بۆ ئێوە لێدەگەڕێم !
چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە:
لوئەی جەواد حوسێن ئەلیاسری: پارێزگاری پێشووی نەجەف چوار ژنی هێناوەو هەر چوار ژنەکەشی لە ماوەی دەسەڵاتە حکومیەکەی خۆیدا هێناون و هەر چوار ژنیشی بەدەستی خۆی و بە ئیمزای خۆی لە شوێنی باش دامەزراندوون و کورسی پڕداهاتیشی وەک یەک بۆ دابین کردوون. پارێزگار ئەمەی لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە وەعدەکەی خوای گەورەی بەجێگەیاندووە، بەڵام بەفێڵ و تەڵەکەی ناویژدانیی لەگەڵ خواو خەڵک و داهاتی گشتیدا ئەمەی کردوە! ….
لوئەی لە ساڵی ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠٢٠ پارێزگاری نەجەف بووە لە ماوەی پارێزگارییدا چوار ژنی هێناوەو لەسەر حیسابی حکومەت هەر چوار ژنی وەک یەک بەخێو کردووە نەک لەسەر حیسابی گیرفانی خۆی ..ڕاستە بە ڕواڵەت کاری داوە بە ژنەکانی و ژنەکان کاردەکەن بەڵام ئەوە فێڵ بیللەریە و خوا ئەوەی مەبەست نیە بەڵک و خوا دەڵێت لە سەر گیرفانی خۆت دەبێ وەک یەک بەخێویان بکەی .. ئەمەش هەر بۆ ئەوەیە کە تۆ نەتوانی لە ژنێک زیاتر بهێنیت…

لوئەی جەواد حوسێن:
ژنی یەکەمی کە ناوی جینان ئەلیاسری یە بە پلەی وردبینی یاسایی وەزارەتی نەوت لە لقی نەجەف بە مووچەی ٢ ملیۆن دینار مانگانە دای مەزراندووە
ژنی دووەمی کە ناوی بوشرا سائیب غەنیم و بە مووچەی ٢ ملیۆن دینار لە لیوای پارێزگاری نەجەف دای مەزراندووە
ژنی سێیەمی ناوی عالیە نووری خوزەیرە بە پلەی بەڕێوەبەری گرێبەستەکان لە وەقفی شیعە بە مووچەی ماناگنەی ٢ ملیۆن و سەد هەزار دیانر مانگانە دای مەزراندووە
ژنی چوارەمیشی ناوی بونەی هاشم ئەویشی بە ڕاوژکاری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی حکومەت بە مووچەی ٢ ملیۆن سەد هەزار دیانار مانگانە دا مەزراندوە..
جا ئەمە کورتەی کارەکانی ئەو پاریزگارەی پێشووی نەجەف بووە…

هەندێک پرسیار کە پیم وایە گرنگن و دەبێ بکرێن:

یەکەم: ئایا گەندەڵی و ساختەکاری و فێڵ کردن لە خواو لە حکومەت و لە خەڵک، لە وەڵاتێکدا، لەسەرێوە پشتی دەگیرێت یان ئەوە خوارەوەیەو سەرێ بێئاگایەو نایەوێت؟
دووەم: با بڵێین ئەوە خەڵک بێ توانایە و ناتوانێت دیفاع لە خۆی بکات و لەسەر مافەکانی خۆی بێتە دەنگ، هەرچەندە بە نوێژی نیوەڕۆ فێڵی لێبکرێت و گیرفانی بەتاڵ بکرێت ، بەڵام خۆ خوای گەورە لەخۆی بەتواناتر نیەو هەر خۆیەتی دایناوە ئەو کەون و کائیناتە و هەر خۆیەتی درووستکەری ئینسان بۆچی کە دەبینێت ئەو ئینسانە کە درووستکراوی خۆیەتی و فێڵیشی لێدەکات بۆچی دەست بەجێ سزای نادات و پێی ناڵێ بوەستە تۆ فێڵ لە من دەکەی و لە یاساکەم دەکەی؟
بۆ نموونە : هەیە دەچێ بۆ حەج و عەمڕە بەڵام ئامانجی سەرەکی بازرگانیە، کەش و فشی خۆدەرخستنە، بەکارهێنانی کەشیدەکەیەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوەو بەکاری دەهێنێت لە مامەڵەی ڕۆژانەیدا.. مزگەوت درووست دەکاو ناوی خۆی لەسەر دەنووسێ و بەکاری دەهێنێ بۆ نێوو ناوبانگی خۆی، ڕێکخراوی ئایینی درووست دەکاو بەرژەوەندی خۆی تێدا دێنێتە دیو هەزاران نموونەی لەو شێوەیە کە ئایین و خواو پێغەمبەرەکەی لە لایەن ئینسانەکانەوە بەکاردەهێنرێن و خەڵکیان پێ دەچەوسێنرێنتەوە.. خوا بۆچی وەجواب نایەو نایان وەستێنێت خۆ ئەو توانای هەیە؟ دەستکردەکەی خۆی بە ئاسشکرا فێڵی لێ دەکات!!
سێیەم: ئایا دەبێ چەند پاڕێزگارو پەرپرسی لەو شێوەیە لە کوردوستان و عێڕاق بوونیان هەبێ؟
چوارەم: ئایا دەبێ چەند بەرپرس هەبن لە کورودوستان و لە عێڕاق ئەو فێڵانەو ئەو فێڵبیللەریانە لە خواو لە خەڵک و لە حکومەتیش دەکەن؟
پێنجەم: ئایا دەبێ هەر بەرپرسەکان و کەسانی دەرەوەی ئەحزابی ئایینی ئەو فێڵبیللەریانە هەم لە خواو هەم لە خەڵک و لە حکومەت بکەن یان دەبێ کەسان و بەرپرسانی نێو ئایینیش هەبن کە ڕاستەو خۆ ئەوان لەبەردەم خوادادا خۆیان بە بەرپرس دەزانن؟
شەشەم: ئایا دەکرێ ئایەتەکانی خواو فەرموودەکانی پێغەمبەریش وەک یاسا داڕێژراوەکانی دەستی پەرپرسە گەندەڵەکانی عێڕاق کوردوستان کەلێنیان تێدا پەیدا بکرێ بۆ دزی و فێڵ و ساختەکاری کە نە یاساکە ئەوەی مەبستەو نە ئایات و فەرموودەکانیش ئەوەیان مەبەستە؟
دەتوانرێت زۆر شت و پرسیاری تریش بگوترێت و بەدڵدا بێت بەڵام با لێرەدا بەس بێت …..
بەڵام من دڵنیام هەندێک کەسی دەرەوەی ئایین هەتا بۆی بکرێت فێڵ لە هەموو یاسایەک دەکا بۆ بەرژەوەندی وهەندێک کەسی ئایینیش کە بەڕواڵەت خۆی بە وەکیلی خواوپێغەمبەرەکانی دەزانێت بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕێک خواو پێغەمبەر بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکاردێنێت و دەڵێت: کوڕە خوا خۆی گەورەیە!!! هەروەها دەیەوێت لە کۆتاییدا بە درووستکردنی یەک دوو مزگەوت و حەج و عەمڕەکردنێک و مەولودێک خوا لە هەموو مێژووی خۆش بێت..

هەر بە خۆشی بژین
حەسەن ڕازانی

تێبینی: بۆ بەڵگەکان و ناو هێنانی کەسەکان لەو نووسینەدا پشتم بەو دوو سەرچاوەیە بەستووە
https://m.facebook.com/1054839224692809/posts/1635302386646487/
https://web.facebook.com/100045599417656/posts/pfbid0gNT15kc3GybCzUxbAc9DCxQsva3eJRmUtKcdmWq6Ehm9SQqtf4NqSEoA6Ehfrrpbl/




مەترسیدارترین چەک ( بیدعەچی و زەندیقبوون ).. أحمد عفیفي

(تۆمەتی بیدعەچی و زەندیقبوون ترسناکترین چەکە لە دژی هەر کەسیک کە عەقڵی بەکاربهێنێت!)
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی
سەرچاوە: الحوار المتمدن

تۆمەتی بیدعەچیەتی، زەندیق بوون، هەرتەقەبوون، بێدینیی و گومڕایی ئامادەیە بۆ هەر کەسێک کە عەقڵی بەکاربهێنێت!
ترسناکترین چەک، لە سەدەکانی پێش ڕۆشنگەریی، لەوانەیە لە وەڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامیدا هەتاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، ئەو چەکە ترسناکە دینیە بووە کە دوژمنانی ڕاستی و لۆجیک لە دژی زانایان و بیرمەندان، لە هەموو کات و شوێنێکدا، بەکاریان دەهێنا! ئەو زاناو بیرمەندانەی کە هەوڵیان دەدا تۆوی گومان و دەرەنجام و شیکردنەوەو ڕاڤەکرن و بە بەڵگە کردن و ژیرییش بچێنن لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە گەشەکردندان! ئەو چەکە ترسناکە لە ژێر سایەی زاناو پیاوانی دینی و پاپاکانی تاریکیدا گەشەی کردووەو هەربۆیەش ئەو کۆمەڵگایانەی بۆ چەندین سەدە لە دواکەوتوویی و نەزانی وتاریکیدا هێشتۆتەوە!
تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، بە کافرکرنی زانایان و دانایان و ژیرو بیرمەندانی هەمیشەو بە بەردەوامی، لە کاتی ئێستاو ڕابردووشدا، بە ئامانج گرتووە. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەوئاراستەیە لە هزری بە زەندیق کردن و کافراندن بریتیبووە لە هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دواکەوتوویی و نەزانی و چەقبەستوویدا! هەروەها لە پێناو دەستبەسەردا گرتنی هۆیەکانی داهێنان دا بووە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە دایان ناون لە ڕیزی بیدعەو داهێنانی خەراپ و هەروەها مافە مرۆییەکانشیان لێ زەوتکردوون! ئیتر ئاراستەی دووەم کە بریتیبووە لە ئاراستەی زانست و پێشکەوتن و داهێنان وای لێهاتووە نەتوانێت بەرەنگاری بەربەستەکان و سەردەمی باو ببێتەوەو ئەمەش پاڵی بە ئاراستەی ڕاستی و بیرمەنداندا ناوە ڕووەو دواوە پاشەکشە بکەن! ئیترلێرەوە بەرەو سەدە توندوو ڕەقەکان و بەرەو ئاراستەی سەرکوتی ئازادی بیرکردنەوە هەنگاو نراوەو پاڵی پێوەنراوە بەرەو ناوجەرگەی سەدەی حەوتەمی زایینیەوە!
زووربەی بڕیارو فەتواکان لە دژی نەوەی یەکەمی زاناو بیرمەنداندا بوون ، ئەو کات زانا و بیرمەند تەنها ئەو کەسانەی گرتۆتەوە کە لە بواری ئایینی و فیقهو وتاربێژیدا کاریان کردووەو زانا بەو کەسانە گوتراوە کە تێکست و دەقە ئایینیە دۆگماو بەستووەکانیان لەبەرکردووەو لەو بوارەدا خۆیان خەریک کردووە، ئەو تێکست و نووسینانەی کە ڕێک لەو پاشماوەو هەڵکۆڵراوانە دەچن کە هی چاخەکانی پێش مێژوون!
دەبێ کێ لە ئێمە ڕازی و خواریزمی و کەنەدی و فاڕابی و بەیرونی و ئیبنوسیناو ئیبنوهەیسەم نەناسێت؟ ئەدی باشە دەبێ کێ لە ئێمە ناوی غەزالی و ئیبن و ڕوشدو عەسقەلانی و سەهرەوەردی و ئیبن و حەیان ونەوەوی و ئیبنوموقەفەع و تەبەری نەبیستبێ؟
ئەدی باشە کەس دەبێ هەبێ ئەو لافیتانەی نەخوێندبێتەوەو نەدیتبێ کە خوێندنگاو پەیمانگاو ناوەندە زانستی و وێژەییەکان هەڵیان واسیون و ناوی خۆیان ناوە بە ناوی کەواکیبی و موتەنەبی و بەشار بن بەرد و لیسان الدین خەتیب و ئیبنولفاریز و جاحیزو موجریتی و ئەلمیعەڕی و ئیبن و توفەیل و توسی و ئیبن و بەتوتە و ئیبن و ماجەو ئیبن و خەلدون و سابتی بن قوڕە و تەوحیدی) یەوە ؟ یان ناوی ئەو زاناو بیرمەندانەیان لەسەر بووەو لافیتەکانیش ناوی ئەوانیان لەسەرنووسراوەو ناوی ئەو شوێنانەش بە ناوی ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانەوە بووە!
بەڵام جێگەی داخە کە هەتا ئێستاش نازانین کە ئەو زاناو بیرمەندە دیارو باوانە زنجیرەیەک لە بڕیارو حوکمی بە زەندیق کردن و وبەکافرکردنیان لە دژ دەرکراوە، ئەو بڕیاری بە کافرکردن و بە زیندەقی کردنانە هەمان شێوەو ناوەڕۆکی دادگاکانی پشکنین (محاکم التفتیش.INQUISITION) یان هەبووە کە زاناو بیرمەندی وەک گالیلۆ، کۆبەرنیکس، نیوتن، دیکارت، ڤۆلتێریان پێ بە زیندەق کردووەو کافراندوویانن! هەروەها خوێندنەوەی نووسراوو کتێبەکانیشیان حەرام کراوە و تا ئەوپەڕیش ئەو زاناو بیرمەندانە سوکایەتییان پێکراوە و ڕاوەدوونراون و ئەشکەنجەش دراون!
جا بۆیە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی ئەو بریارو حوکمە ستەمکارانەو نادادپەروەرانە لەگەڵ ئەو حوکمە توندڕەوییەو بە ئارەزووەی کە هەرلەخۆوە خەڵکی بەلاڕێدا دەبردوو هانی خەڵکی دەدا کە هەستن و وەخۆ کەون تاکو تەبەری بکوژن، یان بچن هەللاج لە خاچ بدەن، یان برۆن ئەبو عەلای میعەڕی بخەنە زیندانەوە، یان برۆن خوینی ئیبن و حەیان بڕێژن یان ئیبن و مەنمەر دەربەدەربکەن و کتێبەکانی غەزالی و ئیبن و ڕوشد و ئەسفەهانی بسووتێنن! ئینجا هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵک و بێنە سەر بەکافرکردن و بە زەندیقکردنی فاڕابی و ڕازی و ئیبن و سیناو کەنەدی و غەزالیش.
هەروەها ڕەنگە ئێمە ئەو زانیاریەمان نەبێ کە سەهرەوەردی کوژرا وەو ئەوانیش کوشتویانە، هەروەها ئەندامەکانی لەشی ئیبنوموقەفع یان بڕین وهێشتا گیانی لەبەردا مابوو کە لەبەرچاوی خۆی برژاندیانن و لەبەردەمیان دانان تا لێیان بخوات پێش ئەوەی کە گیانی لە ئەنجامی پیسترین و بێوێنەترین ئەشکەنجە بە تەواوی دەرچێت! هەروەها جەعد بن درهەم یان سەربڕی و (ئەحمەد بن نەسری) شیان سەر بڕی و دوایی سەرەکەیان هەڵواسی وبە کۆڵاناندا دەیان گێڕا، هەروەها چوونە سەرلیسانول دین بن خەتیب و خنکاندیان و دوای ئەوەش لاشەکەیان سوتاند، ئینجا هاتن ئیبن فاریزیان کافراند و بە بیدعەچی و زەندیق ناساندیان و دەستیان کرد بەڕاوە دوونانی و لە هیچ کات و شوێنێک نەیان دەهێشت بحەجمێت!
زۆر رێی تێدەچێت کە خەڵک بە گشتی ئەوە نەزانن کە چیان دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشک و زانای وەک ئیبنوسینا گوتووەو کردووە! هەروەها ئەوەش نازانن کە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا بە ئیبنو سینا دەڵێت: ” ئیبنوسینا ئیمام و پێشەوای بێدینەکانە کە باوەڕیان نیە بە اللە و بە مەلائیکەتەکانی و بە پێغەمبەرەکانی وبە ڕۆژی دواییش” هەروەها ئەلکەشمیری لە کتێبی فیض الباري دا بە ئیبنوسینا دەڵێت:” ئیبنوسینا کەسێکی بێدین و بیدعەچی و زەندیق وقوڕموتیە! لە لایەکی تریشەوە ئەلشێخ سالح ئەلفەوزان بە ئیبوسینا دەڵێت:” ئیبنوسینا کەسێکی باتینیەوفەیلەسووفێکی بێباوەڕو بێدینە”
دیسان خەڵک ئەوەش نازانن کە چیان گوتووە دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشکی بەناوبانگی مێژوو ئەبوبەکری ڕازی! ئەوەتە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا دەربارەی ئەبوبەکری ڕازی دەڵێت:” ڕازی مەجوسی و ئاگرپەرستەو کەسێکی گومڕاو لادەرەو لە ڕێ لایداوە”. هەروەها لە کتێبی شذرات الذهب دا إبن العماد دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” تەواوی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە فاڕابی کافرو زەندیقە”. هەروەها دەربارەی محمد بن موسا ئەلخواریزمی دەڵێن:” جا با زانستەکانی خواریزمی ڕاست و درووستیش بن، بەڵام زانستەکانی شەڕیعتی ئیسلامی سەربەخۆن لە خواریزمی و لە کەسانی تریش. واتە زانستی ئەو شتێکەو هی شەڕیعەتیش شتێکی تری سەربەخۆیە”.
هەروەها دەربارەی عومرو بن بەحرول جاحیز گوتوویانە:” ئەو کەسێکی زانست گەیەنەری خەراپە، باوەڕدارێکی خەراپە، بیدعەچی و زەندیقەو گومڕایی ئەو پەیوەستە بە جاحیزەوە”. یان ئەوەتە خەتیب لە سەنەدەکەی خۆیدا بە جاحیز دەڵێت:” جاحیز کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و درۆزنە لەگەڵ اللە و لە گەڵ نێرراوو پێغەمبەری اللە و هەروەها لەگەڵ خەڵکیشدا”. دەربارەی ئیبنول هەیسەم کەمتریان نەگوتووە ، ئەوەتە بەویش دەڵێن:” ئیبن ولهەیسەم یەکێک بووە لە مولحیدو بێباوەڕەکان کە لە دینی ئیسلام لایداوەو دەرچووە، ئەویش هەر وەک فەیلەسوفەکانی تری هاوشێوەی خۆی کەسێکی گەمژەو زەندیق و کافرو بیدعەچی بووە!”
ئینجا هاتوون دەربارەی أبي العلاء أحمد بن عبداللە المعري دەڵێن :” ئەلمیعەڕی یەکێک بووە لە زەندیق و بیدعەچیە بەناوبانگەکان، ئەوەتە لە شێعرەکانیدا زەندیق بوون و بیدعەچیەتی خۆی دەیسەلمێنێت و دەری دەخات کە فڕی بەسەر دینەوە نەماوە”. لەسەر نصیر الدین الطسی دەڵێن و گوتراوە کە :” نەسیر کەسێکە کە پشتی کافرو موشریک و زەندیق و بیدعەچیەکانە”.
هەروەها دەربارەی محمد بن عبداللە بن بطوطة گوتوویانە:” ئیبنول بەتوتە کەسێکە موشریکێکی بێباوەڕی درۆزنە”. لەولاوە دەستیان کردووە بە جنێودان بە یعقب بن الاسحاق الکندی و پێیان گوتووە:” کەنەدی کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و گومڕایە”. هەر بۆیەش کەنەدی دەربارەی ئەوان درێغی نەکردووەو لە بەرامبەردا پێیان دەڵێت:” ئەوانە لە بەرامبەر ڕاستی و حەقیقەتدا نامۆن و ئەگەریسش تاجی حەقیقت و ڕاستییان بکەیتەسەر شایستەی نابن وئەوان بۆیە دوژمنایەتی فەلسەفەو زانست دەکەن چونکە لە شوێن و کورسیەکانیان دەترسن کە لەدەستی بدەن و ئەوانە دەستیان کردووە بە بازرگانی کردن بە دینەوەو هیچ پەیوەندیشیان بە خواپەرستی و ئایینەوە نیەو تەنها بازرگانن و بەس”
ئیبنول بەتوتە پێی وابوو هەبوونی زانست و زانیاری بە شتەکان وات لێدەکات زانست و زانیاریت دەربارەی خودا زیاتر بێت و زانینیشت دەربارەی یەکتاپەرستی و زانستی چاکەخوازی ڕوو لەزیادبوون دەکات و زانستیش سوودبەخشە! هەروەها ئیبنول بەتوتە پیی وابوو کە هەوڵدان و کۆشش بۆ گەییشتن بە ڕاستی و حەقیقەت مەبەست و نیەتی هەموو پێغەمبەران بووەو هەموو نێڕراوانیش هەر ئەو مەبەستەیان هەبووە. گەییشتن بە حەقیقەت و ڕاستی تەنها مەبەست و کاری فەیلەسوفەکان نەبووە و هەر بۆیەش نابێت وای لێکبدەیەنەوە کە فەلسەفە کارێکی دژە ئایینییەو کوفرە ، ئەمەش پێچەوانەی ویستی بازرگانانی ئایین و خوداپەرستیە!
جا با ئێستا بێین ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانە بناسین و بزانین ئەوانە کێبوون؟ با بێین و بزانین ئەوانە چیان پێشکەش بە جیهان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە، با بزانین ئەوانە چیان گوتووە دەربارەی حەقیقەت و ڕاستی و عەقڵ ؟ ئینجا دوای ئەوەش دەبێ بزانین کە بەو کارەیان چ نەگبەتی و دەردەسەرییەکیان بەسەر ژیاندا هاتووە!
یەکەم: ئیبن ڕوشد: (١١٢٦-١١٩٨ز). ئیبن ڕوشد ناوی محمد بن ئەحمەد بن محمد بن ڕوشدی ئەندەلوسیە! ئیبن ڕوشد خوێندنی فیقهو ئسوڵی دینی تەواو کردووەو دواییش زانستی پزیشکی وبیرکاری وفەلسەفەی خوێندووە، چەندین ساڵیش لە قورتوبەو ئیشبیلیە کاری دادوەری کردووە. ئیبنو ڕوشد لە ژێر سایەو دەسەڵاتی دەوڵەتی الموحدون دا گەورە بووە، کە پادشاکەیان ئەوکات بریتیبووە لە یوسف یعقوب المنصور بن عبد المومن، پادشاش لە ژێر کاریگەریی و داخوازی ڕای گشتیدا فەرمانیکردووە بە دوورخستنەوەی ئیبن ڕوشد بۆ ئەلیسانە لە نزیکی غەرناتە ئینجا دوای ئەوەش بەرەو وەڵاتی مەغریبیان ڕاوناوە.
ئیبن ڕوشد لە لایەن پیاوانی دینی و دام و دەزگای دینییەوە زۆر سوکایەتی پێکراوەو تا کار گەییشتۆتە ئەوەی کە دەستیان کردووە بە سوتاندنی نووسراوو کتێبەکانی ئەو زاناو بیرمەندە! ئیبن ڕوشد، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری مەڕاکیش لە مەغریب کۆچی دوایی کردووەو دواییش لاشەکەی گواسترایەوە بۆ شاری قورتوبە. هەر کە ئیبن ڕوشد کۆچی دوایی کرد موریدو خوێندکارەکانیشی بڵاوەیان لێکردو لە یەکتر دابڕان و ئینجا ئەلمەنسور یەعقوبی پاشا مەڕسومێکی دەوڵەتی دەرکرد کە ئیتر نابێ لەمەودوا کەس بە فەلسەفەوە خۆی خەریک بکات و خوێندنی فەلسەفەی لە وەڵاتدا تەحریم و یاساغ کرد!
دووەم : فاڕابی: ( ٨٧٠- ٩٥٠ ز). فاڕابی ناوی تەواوی بریتیە لە ئەبو نەسر محمد بن محمد بن ئوزڵاغ بن تەرخان، لە شاری فاڕابی کە شارێکی تورکانە لە دایک بووە. فاڕاب شارێکە لە وەڵاتی تورکان لە ناوچەی خوڕاسان و لە ڕۆژئاوادا بە Alpharabyus ئەلفەڕابیوس ناسراوە. ئینجا بەرەو عێڕاق ڕۆییشتووە بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا تەواو بکات، هەر لەوێدا فەلسەفەو مەنتیق وخوێندنی پزیشکیی تەواو کردووە لەسەر دەستی دوکتۆرێکی مەسیحی بە ناوی یوحەنا بن حیلان، هەروەها زانستەکانی زمانی عەڕەبی و مۆسیقاشی هەر لەوێ خویندووە!
ئیترفاڕابی لە عێڕاقەوە بەرەو شام و میسر ڕۆییشتووەو لە شامدا و لە شاری حەڵەب چووەتە کۆشکی سەیفول دەولە. لەوێدا لە شاری حەڵب شوێن و پێگەیەکی زۆر بەرزو دیاری لە نێو زانایان و ئەدیبان و فەیلەسوفاندا داگیرکردووە، هەروەها فاڕابی هەوڵیدا بیسەلمێنێت کە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی فەلسەفەی یۆنانی و بیروباوەڕی شەڕیعەتی ئیسلامیدا! بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەو شکەستی هێنا لەو کارەیدا، هەر بۆیەش الذهبی لە کتێبی في سیر الاعلام دەرباری فاڕابی دەڵێت:” فاڕابی خاوەنی چەندین کتێبی بەناوبانگەو هەر کەسێکیش پەنا بەە کتێبانە بەرێت ئەوا هەم گومڕابووەو هەمیش بە دەرچوو لە دین دادەنرێت، جێگەی باسە کە چارەنووسی ئیبنو سیناش هەروا دەرچوو.
دیسان ئەوەتە ئیبن عیماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” فاڕابی لە هەموو زانایان و بیرمەندان زیاتر زەندیق و بیدعەچیە” هەتا غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” هیچ گومان نیەو نەماوە لە کافربوونی فاڕابی و ئیبن سینا”. تۆمەتەکەش بریتیبوو لەوەی کە فاڕابی دانی نەدەنا بە ڕۆژی قیامەت و هەروەها فاڕابی زیندووبوونەوەی پێ شتێکی ڕاست نەبووە!. یان فاڕابی دەیگووت وە پێی وابووە کە خودا تەنها شتە گشتی و گەردوونیەکنی مەبەستەو ئاگادارەو هەقی بەسەر شتە تایبەتی و بچوکەکانەوە نیە! فاڕابی دیسان پێی وابووە کە گەردوون نە درووستکراوەو نە درووستیش دەکرێت بەڵک و گەردوونیش هەر وەکو خوا ئەزەلییەو هەر هەبووە !
سێیەم: الکندي: ئەلکەنەدی (٨١١-٨٦٦ ز). ناوی تەواوی ئەلکەنەدی بریتیە لە یعقوب بن إسحاق بن الصباح بن عمران بن إسماعیل بن محمد بن الاشعث الکندي و ڕەچەڵەک و بنەچەکەی دەگەڕێتەوە سەر پادشاکانی کەنەدەو بە بنەچە سەر بە نەتەوەی عەڕەبە و هەر لەبەر ئەوەش نازناوی فەیلەسوفی عەڕەبیان لێناوە!
ئەلکەنەدی لە نێو وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە ئەلکەندوس Al Kindus ناسراوە. ڕەزامەندی باشی لە لای مەئمون وموعتەسەم و واسیق بەدەست هێناوەو جێگەو پێگەی لە لای ئەوان بەرز بووەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کەنەدی ڕێبازی موعتەزیلەی هەڵبژاردووە بۆیە بە دەستی متوەکیلەوە زۆر ئێش و ئازاری چێشتووەو متوەکیل فەرمانی دەرکردووە کە لیی بدرێت و دەست بەسەر تەواوی نووسراوو کتێبەکانی دا بگیرێت! ئەلکەندی تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی درایەپاڵ و ئەویش بەرەنگاری لەخۆی دەکردو دەیگوت دوژمنانی فەلسەفە خەڵکی گەمژەو مێشک پوووچ و نەزان و بازرگانانی دینن!
چوارەم : الجاحظ: جاحیز( ٧٦٧ – ٨٦٨ ز). ناوی تەواوی جاحیز بریتیە لە عمرو بن محبوب الکناني اللیثي کە بە جاحیز ناوی دەرکردووە. یەکێک بووە لە گەورە ڕابەرانی ئەدەب و وێژە. جاحیز زۆرترین تەمەنی خۆی لە شاری بەسرەی عێڕاق بەسەربردووەو بەرەو بەغداش چووە لە سەر بانگهێشتی ئەلمەئمون و لەوێ لە دیوانی پەیامەکانی دایمەزراندووەو کردوویەتی بە سەرۆکی ئەو شوێنە! بەڵام هەر دوای سێ ڕۆژ لەو پیشەو شوێنەی لابراو ئەویش بۆ خەلیفە مەئمون هەر بە دڵسۆزی مایەوە! جاحیز بەرهەمێکی زۆری لە کتێب و نووسراو هەبوون، لە سەرووی ٢٠٠ دوو سەد کتێبەوە هەر کتێبی هەبوون، جا هەروەک و ئیبنول عەمید دەربارەی جاحیز دەڵێت :” جاحیز لە پێشدا عەقڵ و ژیری فێربووە ئینجا ئەدەب و وێژە”
لە کتێبە بەناوبانگ و دیارەکانی بریتین لە الحیوان، البیان و التبیین، البخلاء و کتێبی الحیوان بریتیە لە حەوت بەش . جاحیز لە کتێبی الحیوان دا باسی سرووشت و هەڵس و کەوتی ئاژەڵ دەکات ، هەروەها هەر لەو کتێبەدا لایەنەکانی زانست و تاقیکردنەوەکان و تایبەتمەندیەکانی پیشانداوە، ئینجا ڕووی کردۆتە سرووشت و پەیڕەوی لە مەنهەجی گومان و دوودڵی درووست کردن کردووە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا پەیڕەوی لە F-Bacon کردووە، ئینجا دڵنیاییشی داوە لە درووستی و ڕاستی دەرەنجام و بەڵگەکان، وە لەو ڕووەوە پێش دیکارت R Descartesکەوتووەوگەییشتە ئەو بڕوایەی کە قورئان ڕوویداوە و درووستکراوە ، لەبەر ئەوەی قورئانیش شتێکە لە شتەکانی دەوروبەرمان! لەو بارەوە خەلیفە مەئمونیش باوەڕی بەو بۆچوونەی جاحیز هەبووە. جاحیز لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناوی خلق القران دا ئەو بابەتە بە باشی ڕوون دەکاتەوەو قسەی لەسەر دەکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە تەواوی ئەهلی سوننەو ئیسلام بە کۆمەڵ لە جاحیز وەخۆبکەون و دەستیان کردە هاوارو نەڕە کە قورئان درووست نەکراوەو دەستکرد نیەو ئینجا هاتن لە تۆڵەی ئەوەدا جاحیزیان خستە لیستی بێدینەکان وزەندیقەکان و بیدعەچیەکان و کافراندیشیان!
پێنجەم : بشار بن برد: (٧١٠ – ٧٨٤ ز) . بەشار بن بەرد ناوی تەواوی بریتیە لە بشار بن برد بن یرجوخ العقیلي و ڕەچەڵک و بنەچەکەی لە (توخارستان)ەوە هاتووە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕوباری جەیحونەوە. بەشار بن بەرد لە نێو خێڵی بەنو عوقەیل دا گەورە بووەو جیاوازیش بووە لەگەڵ ئەو عەڕەبە بەدەویە چادر نشینانەی کە لە دەوروبەری بەسڕەدا نیشتەجێ بوون و لە نێویاندا زمانێکی پاراوو قسەکردنی باش فێربووە. بەشار بە کوێری لە دایک بووەو هیچی نەبینیوە! هەر بۆیەش لە هۆنراوەکانیدا شتێکی بە شتێکی ترلێکچواندووە! بەشار بەجۆرێک هۆنراوەکانی دادەڕێژێت کە خەڵکی تر بە دووچاوەوە ناتوانن وا دایان بڕێژن. بەشار لەو ڕووەوە لە هەموویان شاعیرتر و پێشکەوتووترە! لە هەموو دەرگاکانی و بەشەکانی شێعری داوەو تێیدا سوارچاکێکی شارەزا بووە، بەشار بە شێعری گاڵتە ئامێزو تەنزو غەزەل و هەجو ناوی دەرکردووە، بەشار بن بەرد تۆمەتی زەندیق و بیدعەچی و بێدینی درایە پاڵ و هەر بۆیەش خەلیفە مەهدی فەرمانی کرد لێی بدەن و بەشاریش لە ژێر ئەشکەنجەو قامچی و لێداندا بەرگەی نەگرت و مرد و لاشەکەشیان لە شاری بەسڕە بەخاک سپارد! بەشار بن بەرد کەسێکی زەندیق و پۆیولیستی خاوەن ئۆتۆریتەی جەماوەری بووە.
بەشار بن بەرد لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا دەڵێت:
تێبینی: من هەر بە شێوەی هۆنراوەی کوردی هەوڵم داوە هۆنراوەکەی بەشاربن بەرد بکەمە کوردی بە کێش و قافیەی کوردیەوە بێ ئەوەی بهێڵم ماناو ناوەڕۆکی هۆنراوەکەی بەشار تێک بچێت .(ح، ڕ)

لە باوکە ئادەم ، باشترە ئیبلیس ….با لاتان ڕوون بێت، گەلۆی هیچ و پیس
توخمی ئەو ئاگرە، هی ئادەم خۆڵە….ئاگرهەربەرزەو، خۆڵیش وەک دۆڵە!
زەوی تاریکەو، ئاگریش هەر ڕووناک ..ئاوریان پەرستووە، بە کۆمەڵ و تاک

دیسان بەشار بن بەرد بە تەنزو گاڵتەجاڕییەوە دەربارەی نوێژ دەڵێت:

من کاتێک دەچمە، نوێژلە گەڵ هەموان….پێکەنینم دێت ، کە دێنن شادمان
کاتێک هەموویان، دەچنە سەر ئەژنۆ ……من دادەنیشم، بێ ورتەو ڕۆڕۆ
هەر کاتێک سەریان، برد بەرەو سوجدە… من دادەنیشم ، بێ شەرم و پەردە!
بێ خەبەریشم ، لە سڵاوی ئیمام…. بە ژمارە چەند بووە، بە خوا بێ ئاگام

شەشەم : أبو علاء المعري: ( ٩٧٩ – ١٠٥٨ ز). أحمد بن عبداللە بن سلێمان المعري، لە موعەڕەت ئەلنوعمان لە وەڵاتی شام لە دایکبووە. میعەڕی هەر کە گەییشتە تەمەنی چوار ساڵی تووشی نەخۆشی ئاوەڵە بوو، بەو هۆیەشەوە هەردووک چاوی لەدەست دان و کوێربوو. بەڵام ئەو کوێریە نەیتوانی ئەو بوەستێنێت کە لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە ئەو فرە چەشنیە پیشان بدا لە گەڵ ئەو تواناو زانینە زۆرەی ئەو هەیبوو دەربارەی زانست کە لەودەمەدا هاوشێوەی ئەو کەم بوون!
وا باوبوو کە میعەڕی زانایەکی وەک دەریا وابوو، هەروەها دەگوترا کە لە شێعرەکانیدا کاریگەریی شێوازی موتەنەبی لەسەر بووە! ئەو ئاستە باڵاو بەهرەیەی لەو کتێبانەدا دەرکەوت کە لە دوایدا نووسینی پاش ئەوەی کە گەڕایەوە بۆ ئەلمیعڕە. لەوانە کتێبی اللزومیات و کتێبی رسالة الغفران. بەڵام کاتێک کە خەبەری مردنی دایکیان پێدا زۆر کاری تێکراو ئەمەش زیاتر پاڵی پێوەنا کە بڕیاری ئەوە بدات لە خەڵک دووربکەوێتەوەو بە دوورەپەرێزی و دوور لە خەڵک بژیت. وەک دەگوترێت لەو کاتەوە کە دایکی مردووە ئیتر لە ئەشکەوتێکدا ژیاوە و خۆی لەسەر کەمخواردن ڕاهێناوەو ئیترنە گۆشتی ئاژەڵی خواردووەو نە هێلکەو شیریشی خواردووە! ئا لێرەوە نازناوی بارمتەی زیندانی بەدەست هێناوە! بە واتای کوێری و ماڵەوە دێت!
لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکانی ئەلمیعەری بریتیە لە کتێبی اللزومیات، ئەو لەو کتێبەیدا توانی خۆی لەکۆت و بەندی باوەڕی دین ڕزگار بکاو لێی بێتە دەر و هەروەها خۆی گواستەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر! کتێبێکی بەناوبانگی تریشی هەیە بە ناوی رسالة الغفران. ئەو کتێبەی بە شێوازێکی زۆر جوان نووسیوەو کردووشیەتی بە دیاری بۆ پیاویک بە ناوی علی بن منصور الحلبي! لەو کتێبەدا ئەو شاعیرە زەندیقانەی خستوونەتە ڕوو کە ئەو لێیان خۆشبووە، ئاوی ئەو کتێبەش هەر لەو لێخۆشبوونەوە هاتووە! هەروەها ئەوانەی کە بۆ بەهەشت بەرزکراونەتەوە، زۆرێکیش لە هاوچەرخەکانی بە زەندیقیان حساب کردووە، هیچ باوەڕێکی ئیسلامیی نیە کە ئەو گاڵتەی پێنەکردبێت! بۆیە ئێمە هیچمان لەبەردەم دانیە بێجگە لەوەی کە بڵێین ئەو کەسێکی بە گومانی گەورە بووە ! ئەبو عەلاء ئەلمیعەری باوەڕی بە یەکتا پەرستی هەبووە بەڵام خودای ئەو هیچ نەبووە بێجگە لە چارەنووسێکی نادیار، هەروەها ئەو لائەنگری بیرۆکەی سرووش و هاتنە خوارەوەی وەحی خودایی نەبووە، بۆیە بەلای ئەوەوە دین درووستکراوی دەستی مڕۆڤ خۆیەتی! هەر بۆیەش ئەو هەمیشە هێرشی دەکردە سەر ئەو کەسانەی کە ئیرادەی خەڵکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێناو وایان لەخەڵک دەکرد کە باوەڕ بە خوڕافات بهێنن تاکو ئەوان بتوانن دەست بە دەسەڵات و پارەوە بگرن!
ئەوەتا المعري لە کتێبی اللزومیات دا دەڵێت:
غروور مەیلی بەلای گەندەڵیدایە هەمیشە ……یەکسانە بە چەواشەکاری هەرچی دینیشە
ئەگەر لە خەڵکانی سەر بە دینێ و پرسیوە …بە لێکچوون ئەوەی کەڕێکیان خستووە گۆڕیوە
لە ڕێی لۆجیک و عەقڵەوە ناکەن ئیدانە …..لەبۆ شکاندنی عەقڵ بە درۆ و دەلەسە نیازیانە

حەوتەم: الحلاج: ( ٨٥٨ – ٩٢٢ ز). لە نێو کوردا بە هەللاج ناسراوە . هەللاج ناوی تەواوی بریتیە لە : الحسین بن منصور بن محمی، نازناوەکەی بریتی بووە لە هەللاجی کوڕی موغیس، هەلاج فەیلەسوفێکی عیڕفانی بووە، هەندێک لە مێژوونووسان دەیخەنە ڕێزی ئەوکەسانەوە کە شتی پەنهان و نادیاریان زانیوەو هەست پێکردووە و خوا ناسیش بووە، هەندێکی تر لە مێژوونووسان هەللاجیان خستۆتە ڕیزی زەندیق و بێدینەکانەوە. باپیری هەللاج کەسێکی مەجوسی ئاگر پەرست بووەو دوایی بووەتە موسڵمان، لە سەرەتادا لە شاری البیضاء بووە لە وەڵاتی فارس،بەڵام لە شاری واسیت لە عێڕاق گەورە بووەو دوایی ڕۆییشتووە بۆ شاری بەسڕە.
هەللاج هەندێک شتی لێ باس دەکەن و دەگێڕنەوە کە بە کاری موجیزە حیساب دەکرێن. ئەوەتە الذهبي لە کتێبەکەیدا بە ناوی “العبر في خبر من غبر” دا دەربارەی هەللاج دەڵێت:” هەلاج یاوەرو هاوڕێی تەستەری و جونێد وئەبو حوسێنی نەوری بووە و ئەوانیش ڕابەران و پێشەوایانی عیڕفانی و سۆفیگەریی بوون ، ئەوان هێندە لەگەڵ خوادا تێکەڵ بوون کە خۆیان و خودایان تێکەڵ بەیەک کردووەو وەک یەک شت بینیویانە” ئینجا هەلاج بەرەو هیندوستان ڕۆییشت و لەوێش سێحرو جادووی خوێندو بەو هۆیەشەوە تووشی حەڵەتێک بوو کە شەیتان بەسەریدا زاڵبوو، ئیتر ئیمان و باوەڕی ئایینی لە لا نەما. بیروباوەڕی ئایینیی هەلاج گەییشتە ئەو ئاستەی کە ئیتر هەلاج باوەری بە یەکبوونی بوون هەبوو( وحدة الوجود). ئەو پێی وابوو مڕۆڤ لە خودی خوادا تێکەڵ بووە! هەلاج شاعیرێکی بەتواناو شکۆمەند بووەو لە شێعرەکانیدا باوەڕی سۆفیگەریی و عیڕفانی خۆی ڕوونکردۆتەوەو پەیوەندی خۆشی لەگەڵ خوادا نیشانداوە.
بۆ نموونە ئەوەتە لە شێعرێکیدا پەیوەندی خۆی لەگەڵ خوادا نیشان دەدا:
هەلاج دەڵێت:
منم کە خۆشم دەوێت و ئەوەی کە خۆشیشم دەوێ منم
هەردووکمان دوو گیانین و شوێنیشمان یەکەو منم !

لە شوێنێکی تردا هەللاج دەڵێت:

هەر کە منت بینی، وا دابنێ ئەو دەبینی
کاتێکیش ئەو دەبینی، تۆ پێکەوەن دەبینی

دەگوترێت بۆیە هەللاج بەو ناوەوە بانگکراوە چونکا توانای ئەوەی هەبووە کە زانیویتی چی هەیەو چی دەگوزەرێت لە ناو دڵاندا! دەڵێن هەلاج توانیویەتی ناوەڕۆک و هەناوی قسە دەربێنێ و لێی تێبگات و شی بکاتەوە، وەک چۆن هەلاج کە لۆکە شەی دەکاو ناوەڕوک و باشیەکەی دەردێنێت! کاتێک زانیاری دەربارەی هەلاج بە خەلیفە ئەلموقتەدیر گەییشت و پێیان گوت کە هەلاج چ کارەیەو چۆن بیر دەکاتەوە، ئەویش فەرمانی کرد بە ئەبا ئەلحەسەن علی بن احمد ئەلڕاسیبی کە بەرپرسی کۆکردنەوەی باج و خەراجی ناوچەی ئەهواز بووو تاکو هەلاجی بۆ پەلبەستوو بکات و بیهێنێت بۆ بەغدا! ئەویش فەرمانی خەلیفەی تەواو بەجێ گەیاندو هەلاجی لەگەڵ کوڕێکیدا گرت و هەردووکیانی بە پەلبەستوویی لە ساڵی ٣١٠ی کۆچیدا گەیاندە بەغدا. لەوێ لە بەغدا خەلیفە فەرمانی کرد کە هەلاج بە قەدی دارێکەوە هەڵواسن وەک ئەوەی لە خاچ بدرێت و ئینجا دوایی خستیە زیندانەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و دوایش ئەنجومەنێکی دادوەری و فەقێکانی بۆ ئامادەکردو لەو دادگایەدا ئینجا خەڵکیان لەسەر کردە شاهیدو بەو هۆیەشەوە بە تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی و گومڕایی و لە دین دەرچوون ئەنجومەنی دادوریەکەو فەقێکان بڕیاریان دا کە بیکوژن و خوێنی حەڵاڵ کرا. ئینجا بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی کوشتنەکەی دایانە دەست نازوک، بەرپرسی پۆلیسی ئەوکات، ئینجا لەوێ لە لایەن ئەشکەنجە دەەرانەوە هەزار قەمچی لێدراو ئینجا هەرچوار پەلیان برین و سەریشیان لیکردەوەو دواییش هێشتا ئەوەندە لەشەی کە پەلوپۆی پێوەنەمابوو هەر دەجولاو گیانی تێدا دەهات و دەچوو کە فڕێیان دایە ناو ئاگرەوەو سوتاندیان!
هەشتەم: إبن الراوندي ( ٨٢٥ – ٩١١ ز). ئیبن ڕاوندی ناوی تەواوی بریتیە لە احمد بن یحیی بن إسحاق ابو الحسن الراوندي .. ناوی ڕاوندی لە ناوی یەکێک لە دێهاتەکانی ئیسفەهانەوە هاتووە. ئیبن ڕاوندی فەیلەسوفێکی خاوەن نفوس و جێ ئیعتیبارو بەڵام بە بێدین ناسرابوو، لە گەڵ کۆمەڵێک لە زانایانی کەلام وئیلاهیات دانیشتن و دیبەیت و مونازەرەی کردووە، ڕاوەندی کەسیکی تایبەت و بێوێنەو بە توانابوو، ڕێبازی تایبەت بەخۆی هەبوو لە ڕووی باوەڕی ئایینیەوە، وەک و ئەوەی کە لە کتێبەکانیانەوە هاتووەو لێی باس دەکەن یەکێک لە بۆچوونەکانی بریتی بووە لە توانەوەو سەرهەڵدانەوەی ڕوحی خودا لە ئیمامەکاندا ( ڕابەران و پێشەوایانی ئایینی). ڕاوندی لە سەدەی سێهەمی کۆچیدا یەکیک بووە لە کەسە ناودارو بەهێزەکانی گروپ و ڕێبازی موعتەزیلە، لەو بارەوە ڕاوندی دەستی کردووە بە نووسینی کتێب لە دوای کتێب بۆ ڕێبازی موعتەزیلە تاکو بتوانن بەرەنگاری لە خۆیان و لە ڕێبازەکەشیان بکەن، بەڵام لە دواییدا لێیان جیابۆوەو دەستی کرد بە ڕەخنە لیگرتن لە موعتەزیلەو بەرنامەو ڕێبازەکەیان ودەستی کرد بە وەڵامدانەوەیان، وە لەو بارەوە بە ناوبانگترین کتێب کە لە وەڵامی موعتەزیلەکاندا نووسیویتی بریتیبووە لە کتێبی فضیحة المعتزیلة. لەو بارەوە ئیبن عیماد ئەلحەنبەلی خاوەنی کتێبی شذرات الذهب دەڵێت:” باوکی ڕاوندی کەسیکی بە ڕەگەز جولەکە بووە هەر بۆیەش شت لەسەر ئیسلام هەڵدەداتەوە، هەر دەربارەی ڕاوندی ئەوەتە ئیبن کسیر دەبێژێت:” ڕاوندی یەکێکە لە زەندیق و بێدینە هەرێ بەناوبانگ و گەورەکان” .
هەر بۆیەش لە لایەن سوڵتانەوە داواکراوەو ئەویش لە ترسان بەرەو ئێران ڕایکردووەو بۆی دەرچووە. لە ئێران لە شاری ئەهواز پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە کە کەسێکی جولەکە بووە! لەو ماوەیەی کە لە لای ئیبن لاوی بوو کتێبێکی بۆ نووسی بە ناوی الدامغ للقران، کە بە مانای نەفرەتکردنی قورئان دێت.لەوەوە ناوی لێنا کە بەهۆی ئەو کتێبەوە بوو کە قورئانە ئەو حاڵی بەو مەرەدەبراوە! لەو بارەوە دەربارەی ئیبن ڕاوەندی ئیبن حەجەری عەسقەلانی دەڵێت:” ئیبن ڕاوەندی زەندیق و بێباوەڕو کافرێکی گەورەو بەناوبانگە، یەکەم جار یەکێک بوو لە کەسە بەناوبانگەکانی ڕێبازی موعتەزیلەو دواییش ڕووی کردە بێدینی و بوو بە زەندیق”
دەگوترێت کە ئیبن ڕاوەندی کەسێکی هەتا بڵێی زیرەک و بیرتیژ بووەو خاوەنی بۆچوونی بەهێزو ژیرانە بووە، هەر بۆیەش ئەبوعەلاء ئەلمیعری لە کتێبی رسالة الغفران دا دەربارەی ڕاوەندی دەڵێت:” من بیستوومە کەسێک دەیگووت ڕاوەندی خەڵکی بەدەورەوەیە کە چاکەکانی کورت دەکەنەوە” یەکێک لە کتێبە هەرێ مەترسیدارەکانی بۆ ئیسلامیەکان بریتی بووە لە کتێبی الزمرد. ڕاوەندی لەو کتێبەیدا بوێری ئەوەی هەبووە کە ڕێک و ڕاستەوخۆ لە پایەکانی ئیسلام بدات و لە یەکێ لە هەرێ پایە گەورەو بنچینەکانی ئیسلامی دا کە پێغەمبەرایەتیە!
ڕاوەندی باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی و وەحی نەبووە و هەرچی دەربارەی موعجیزاتی پێغەمبەر باس دەکرێت ئەو پێی درۆ بووە! ئینکاری موعجیزەی قورئانیشی کردووە. ڕاوەندی بە باشی ڕوونی کردۆتەوە کە قورئان و شەریعەتی ئیسلام لەگەڵ عەقڵ و مەتیق نایەنەوەوەو دژایەتیان لەگەڵ لۆجیک هەیە! ڕاوەندی لە چەند کتێبێکیدا بە ناوی فضیحة المعتزیلة ، التاج، الزمرد و هەروەها لە نعت الحکمة و قضیب الذهب و الدامغ دا بە باشی هێرش دەکاتە سەر شەریعەت و بە ناڕاستی دادەنێت. بە داخەوە نەیان هێستووە هیچ کام لەو کتێبانە بمێنن و بگەنە دەست خوێندەوارانی ئێستا. ئیسلام هەموو ئەوانەشی سوتاندووە!
ئەوەی کە ئیمە دەربارەی ڕاوەندی دەیزانین هەر ئەوەیە کە وەختی خۆی شێخە گەورە ئیسلامیەکان لەسەریان نووسیوەو وەڵامیان داوەتەوە بەڵام نەیان هێشتووە نووسینەکانی ئەو بەدەستمان بگەن!! ڕاوەندی لە ژێر سایەو بەزەیی مالیک بن تۆق دا مردووە لە نێوانی ڕەقەو بەغدا. دەشگوترێت کە لە لایەن یەکیک لە سوڵتانەکانی ئەودەمەوە لە خاچ دراوە! بەڵام ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایة و النهایة دا دەڵێت ” ڕاوندی لە ئەهوازدا مردووە لە لای ئیبن لاوی کە وەختی خۆی کە لە ترسی خەلیفە ڕای کردووەو پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە لە شاری ئەهواز”
نۆیەم: آلرازي (٨٦٤ – ٩٢٥ز). ناوی تەواوی ڕازی بریتیە لە : محمد بن زکریا الرازي. ابوبکر الرازی. یەکێک بووە لە بەناوبانگترین و دیارترین و داهێنەرترین پزیشکەکانی ئەوسەردەمە و هەروەها یەکیک بووە لە فەیلووسەفە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە. خەڵکی ڕەی بووەو هەر بە ناوی ئەو ناوچەیەشەوە ئەو نازناوەی وەرگرتووە کە هەم تێدا لەدایک بوەو تێیدا گەورە بووەو هەر لەو ناوچەیەشدا خوێندوویەتی و لە دوای تەمەنی ٣٠ سی ساڵیەوە بەرەو بەغدا رۆییشتووەو لە سەرەتای تەمەنیدا شەیدای گۆرانی و مۆسیقا بووەو هەر منداڵیش بووە کە هۆنراوەی داناوە، دوایی زۆری نەبردووە کە وازی لەو کارە هێناوەو روی کردۆتە بواری پزیشکیی و فەلسەفە! ئینجا بووە بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕەی و دواییش سەرۆکایەتی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی عەزدی لە بەغدا وەرگرت.
ڕازی یەکێک بووە لە زانا دیارو گەورەکانی خوێندنگای مۆدێرن لە بواری پزیشکیدا. ئاوارەبووە بۆ بەغداو لەوێش دەستی بەخوێندن کردووە لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بەناوی حەنین بن ئیسحاق. ڕازی لەگەڵ خوێندنی پزیشکیدا خۆشی خەریکردووە بە خوێندنی فەلەکناسی و بیرکاری و هەروەها ناوبانگێکی باشیشی هەبووە لە بواری موسیقاداو یەکێکیش بووە لە تیۆریستەکانی بواری مۆسیقاداو تەواوی ئەوانەی کە لەدوای ئەو بوون ستاییشی بیردۆزەکانی ئەویان کردووە کە لە بواری مۆسیقادا هەیبوون! سەرباری ئەوە ڕازی خۆی زۆر بۆ فەلسەفە تەرخان کردووەو ئەو پێی وابووە کە دەروون یان نەفس دەبێ بابەتی یەکەمین بێت و کە پەیوەندی هەیە لە نێوانی دەروون و جەستەدا. هەروەها ئەوەی کە لە نەفس و دەرووندا دێت و دەچێت و بوونی هەیە لە نموونەی هەست و بیر لە لە ڕواڵەت و دیوی دەرەوەی جەستەدا خۆی نیشان دەدات، هەر بۆیەش لە سەر پزیشک پێویستە کە لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا خۆی قەتیس نەکات تەنها بە بابەت و لایەنی جەستەوەو نابێت هەر جەستەی لە لا یەکەمین بێت، بەڵک و دەبێ لە هەمان کاتدا پزیشکیکی دەروونی و ڕوحییش بێ .
لە گرنگترین نووسراوو کتێبەکانی ڕازی بریتین لە: الاسرار( نهێنیەکان) کە G Garmana وەری گێڕاوەتە سەر لاتینی و بووە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی وگرنگی بواری کیمیا، هەروەها کتێبی المنصوري کە بە ناوی ئەمیری ڕەی یەوە ناوی لە کتێبەکە ناوە کە ناوی بریتیبووە لە محمد بن اسحاق بن احمد بن اسد الساماني بووە، هەروەها کتێبی (الفصول في الطب)یشی نووسیوە، ئینجا بابەتێکی نووسیوە لە ژێر ناوی بەردو گورچیلەو میزڵدان، هەروەها کتێبی ( تقسیم العلل، و المدخل الی الطب، و منافع الغذیة و دفع مضارها) و لەگەڵ چەندین کتێب و نوسراوی تریش.
هەروەها ڕازی چەندین نامیلکەو بابەتیشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی الجدري و الحصبة، کە بە یەکێک لە کتێبە باشەکانی بواری پزیشکی دادەنرێت کە بۆچەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕراوە و ناو و ناوبانگێکی باشیشی بۆ ڕازی پەیدا کردووە، بەڵام یەکێک لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکان ە دیارەکانی بریتیە لە کتێبی الحاوی فی الطب، ئەو کتێبە هەموو ئەو بابەت و بابەتانەی لەخۆ گرتووە کە ئەوکات زانستی پزیشکی سریانی و عەڕەبی پێی گەییشتووە. جێگەی باسە کە فراج بن سالم الاسرائیلی لە ساڵی ١٢٧٩ی زائینی ئەو کتێبەی بۆ لاتینی وەرگێڕاوە.
لە لایەکی ترەوە ڕازی یەکێک بووە لە گەورە زەندیقەکانی ئیسلام، کە پێی وابووە اللە درووستکەری چاکەیەو باشە لە خواوەیەو شەیتانیش درووستکەری کاری خەراپەیە و خەراپە هەر لە شەیتانەوەیە! بیروباوەڕی مەسنەوی فارسی کۆن! هەروەها گوتراوە کە پێنج شت ئەزەلی و هەر دەمێنن لەوانە اللە، شەیتان، زەمان و کات، بۆشایی و نەبوون، و ڕووح و گیان. ڕازی پێکهاتەیەکی پێکهێناوە لە نێوانی ڕێبازەکانی سابیئەو دەهریەو فەلسەفەو بەراهیمەی هیندیەکان. هەروەها ڕازی کتێبی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستیی پێغەمبەرایەتی نووسیوە و هەروەها کتێبیشی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستی ڕۆژی قیامەت و ڕۆژی دوایی نووسیوە. ئەمەش وای کردووە کە زاناو پێشەواو ڕابەرانی ئایینی لە خۆی تووڕە بکات و بە کافرو زەندیق و بێدین ناوزەدی بکەن!
دەیەم: التوحیدی: ( ٩٢٣ – ١٠٢٣ز). ناوی تەواوی تەوحیدی بریتیە لە علی بن محمد بن العباس التوحیدی ابو حیان. دەگوترێ بۆیە ئەو نازناوەی لینراوە چونکە باوکی جۆرە خورمایەکی فرۆستوە کە ناوی تەوحیدی بووە! یان ئەوەتە کاتێک تەوحیدی لە نێو گروپی موعتەزیلەدا بووە سەربە ئەهلی دادپەروەری و تەوحید بووە هەر بۆیەش ئەو نازناوەی بەسەردا بڕاوە. تەوحیدی فەیلەسوف و کەسێکی موعتەزیلەی عیڕفانی بووە. لە نیشابوور لە دایک بووە، بەڵام زووربەی ژیانی لە بەغدا بەسەر بردووە، لەوێ لە بەغدا لەسەر دەستی زاناو شێخە بەناوبانگەکانی ئەوێ زانستەکانی فیقهو نەحوی خوێندووەو هەروەها زانستی مەتیق و زمانیشی تەواو خوێندووە.
ئەبو حەیانی تەوحیدی چەندین کتێبی بەناوبانگی نووسیوە لەوانە کتێبی المقابسات کە بریتیە لە بیرەوری و هی ئەو کاتانەی نووسیوە کە لەگەڵ ئەدیب و بیرمەندو کەسانی بەناوبانگدا دانیشتووە! لە دوای ئەوە کتێبی الامتاع والموانسی نووسیوە کە بریتیە چەند بابەتێک کە ابا عبد الحسین بن احمد بن سعدان وەزیری سەمسامی دەوڵەتی بوەیهی لە ماوەی ٣٧ شەودا قسەی لەسەر کردوون و دواییش لە کتێبێکدا هەموو قسەوباسەکانی ئەو ماوەیەی کۆکردوونەتەوە! کتێبی تریشی نووسیوە بەناوی رسالة في علم الکتابة، هەروەها ئەم کتێبانەشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی بصائر القدماء، سرائر الحکماء، کتێبی الاشارات الالاهیة لانفاس الروحیة، رسالة في الاخبار الصوفیة، کتاب ریاض العارفین، ورسالة في الامامة، هەروەها کتێبی الهوامل و الشوامل.
جێگەی داخە کە تەوحیدی لە کۆتایی تەمەنیدا کتێبەکانی سووتاندن، کە لێشیان پرسیوە بۆچی وای کردووە ئەو گوتوویەتی :” کوڕێکی خۆشەویست و هاوڕێیەکی خۆشەویست و هاوەڵێکی نزیک و شوێنکەوتوویەکی ژیر و سەرکردەیەکی تەوبەکارم لەدەستداوە” بۆیە بۆمن زۆر سەخت بوو کە لە دوای خۆم بەجێی بهێڵم بۆ کەسانێک تا دەستکاریی بکەن و گەمەی پێبکەن و کەسایەتی و شەڕەف و نامووسم لەکەدار بکەن! وە من چۆن بۆ کەسانیکی بەجێی بهێڵم کە هاوسێیەتیم کردوون بۆ ماوەی ٢٠ بیست ساڵان و لە هەموو ئەو ماوەیەدا من مافی ئەوەم نەبووە کە خۆشەویستی و هاوسەرگیریی لەەگەڵ یەکێک لەوانە بکەم و لە لایەن کەسیشیانەوە نەپارێزراوم، هەروەها چەندین جاران لە نێویاندا ناچارکراوم کە گیاوگۆڵ بخۆم لە بیابانەکاندا سەرباری ئەوەی کە کەسیکی بەناوبانگیش بووم. وە بۆخۆبەدوورگرتن لە فەزیحە لە لایەن کەسان و لە لایەن گشتیشەوە وە بۆ فرۆشتنی دین و پیاوەتیش! ئەو کەسیکی موعتەزیلە بوو لە سەر ڕێبازی جاحیز و لەگەڵ ئەوەی کە مەیلێکیشی بەللای سۆفیگەریەتیدا هەبوو. ئیتر تەوحیدی بە زەندیق ناسراو لەوبارەشەوە دەربارەی تەوحیدی ئیبن و جەوزی دەڵێت:” زەندیقەکانی نێو ئیسلام سێ کەسن کە بریتین لە ئیبن و ڕاوەندی و تەوحیدی و ئەلمیعەڕی.”
یازدەیەم: ابن سینا:( ٩٨٤ – ١٠٣٧ز). ئیبن سینا ناوی تەواوی بریتیە لە الحسین بن عبداللە بن الحسن بن علی بن سینا، لە دوای ڕازی ئیبن سینا بەناوبانگترینە لە مێژووی پزیشکیی عەڕەبیدا. ڕازی لە پێش ئیبن سیناوە بووە لە بواری پزیشکییداو ئیبن سیناش لە پێش ڕازی یەوە بووە لە بواری فەلسەفەدا. لە ڕاستیدا ئیبن سینا سیفاتی پزیشکیی و فەیلەسوفیی و فیقهیی و شاعیریی تێدا هەبووە. ئیبن سینا لە وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە Avicenne ناسراوە، لە ئەفیشنە کە یەکێکە لە دێهاتەکانی بوخارایە لە دایک بووە، باوکیشی لە بەڵخ بووەو دوایی ڕووی کردۆتە بوخارا. لە بوخارادا کاری ئاڵو وێری پارەوپووڵی کردووە!
لە بوخارادا باوکی ئیبن سینا دەنێرێت بۆ خوێندن و قورئان تەواو دەکاو دواییش ئاشنایی پەیدا دەکات لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی و ئایین و دواییش دەست دەکات بە خوێندنی زانستە سرووشتیەکان و پشتی سرووشت و بیرکاری و مەتیق، ئینجا لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بە ناوی عیسا بن یەحیا هونەرو وانەی پزیشکی خوێندووەو فێر بووە! شەیدای فەلسەفە بووەو خۆی بە فەلسەفەی میتافیزیکی پشتی سرووشتەوە خەریک کردووە و هەروەها کتێبەکەی ئەرستۆی خوێندووەو سوودیشی لە کتێبەکەی فاڕابی دەربارەی ئەودیوی سرووشت وەرگرتووەو کە تێیدا زانستەکەی ئەرستۆی ڕوونکردۆتەوە! لێرەدا ئەوەی کە بەڕووی ئیبن سینادا داخرابوو کرایەوە، لەو بارەوە ئیبن سینا رێبازێکی فەلسەفیانەی لە یەکتاپەرستیدا دامەزراند کە ویستی ئیسلام و بۆچوونەکانی ئەرستۆ لێک نزیک بکاتەوە.
لە کتێبە بەناو بانگەکانی ئیبن سینا بریتین لە کتێبی الشفاء کە مەبەستی چاککردنەوەی دەروون و گیان بووە لە نەخۆشیەکان و هەڵەکان. ئیبن سینا گرنگی بە چارەسەرکردنی دەروونی و ڕوحیی داوە هەروەک و چۆن کە گرنگی بە چارەسەری جەستەیی داوە. هەروەها کتێبی النجات کە ئەویش بریتیە لە کورتەی کتێبی الشفاء. وە بەناوبانگترین کتێبی لە بواری پزیشکیدا بریتیە لە کتێبی القانون کە پوختەی بیروڕای پزیشکیانەی ئیبن سینا یە لەوانەش بەرهەمەکانی یۆنانی و عەڕەب! ئەو کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا بۆ زمانی لاتینی وەرگێڕڕاو لە سەدەی پازدەهەمیشدا شازدە جار چاپکرایەوە!هەروەها هەتا کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم ئەو کتێبە وانەیەکی فێربوون بوە لە زانکۆکانی ئەوروپادا.
ئیبن سینا هەمان پڕەنسیب و بنەمای فاڕابی هەبووە ک لە پێش خۆیدا بووە و کە گوتوویەتی جیهان ئەزەلیەو هەر هەبووەو درووست نەکراوە، هەروەها گوتووەیەتی و پێی وابووە کە اللە لە شتە گەردوونی و گشتیەکان ئاگادارەو گوێ بە شتە بچووک و تایبەتمەندیەکان نادات و لای گرنگ و یەکەمین نین. ئەو پێی وا نەبووە کە جەستە لە گەڵ ڕوح لە ڕۆژی قیامەتێدا زیندوو دەبێتەوە! هەر بۆیەش غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا ئیبن سینای کافراندووەو بە زەندیقی کردووە، ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایە و النهایە دا هەمان شی غەزالی پشتڕاست کردۆتەوە! هەروەها ئیبن عماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەڵێت :” کتێبەکەی ئیبن سینا بە ناوی الشفاء فەلسەفەیەکی لە خۆگرتووە کە دڵێکی ئایینی بۆ ڕەت ناکرێتەوە” هەروەها شێخی ئیسلام ئیبن و تەیمییە پشت ڕاستی ئەوەی کردۆتەوە کە ئیبن سینا سەر بە ڕێبازی ئیسماعیلی باتینیی بووە کە ئەوانیش نە لە موسڵمانان و نە لە ئایینی جولەکانن و نە مەسیحیشن،
هەروەها دیسان دەربارەی ئیبن سینا لە شوێنێکی تردا ئیبن تەیمییە دەڵێت:”کەسانی خەیاڵ و وەهمن وهەر ئەوانەشن کە دەڵێن پێغەمبەران دەربارەی خوا زانیاریان پێداوین هەروەها دەربارەی ڕۆژی قیامەتێ وهەروەها دەربارەی بەهەشت و دۆزەخ و مەلائیکەتیش ئەمەش لەگەڵ بابەتەکەدا ناگونجێت! بەڵک و بە شێوەیەک قسەیان لەگەڵ کراوە کە لە خەیاڵ و وەهم نزیکە لە بۆچوون و دیدی خۆیانەوەو لەوێشەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئیبن سیناو پێڕەکەی پێیان وایە خودا جەستەیەکی گەورەیەو جەستەش دەگەڕێتەوە بۆ سزاو بەختەورییەکی بەرجەستە.ئیبن سینا لەو بارەوە و لەسەر ئەو بنچینەیە یاسایەکی بۆ داناون و ئەو یاسایەی کە ئاماژەی پێداوە لە کتێبێکیدا بەناوی الاضحویة. ئەوانە دەڵێن پێغەمبەران بەو دەربڕینانە مەبەستیان ڕواڵەت و دیوی دەرەوەیەو مەبەستیشیان ئەوە بووە کە جەماوەر لێیەوە ئەو ڕواڵەتانە تێبگات! جا ئەگەر ئەو ڕواڵەتانە لە خۆیدا درۆو دەلەسەو توڕەهات بن ئەوا بۆ بەرژەوەندی یەو بەس. ئینجا کێن ئەوانەی کە دەڵێن:” پێغەمبەر ڕاستی دەزانێت بەڵام پێچەوانەکەی نیشانداوە لە پیناوی بەرژەوەندیدا؟ تێشیاندا هەیە کە دەڵێت:” پێغەمبەر ڕاستیی نەزانیوە وەک ئەوەی کە فەیلەسوفان زانیویانە! هەر بۆیەش ئەوانە فەیلەسوفێکی تەواو پێگەییشتویان بەلاوە باشترە لە پێغەمبەرێک..هەروەک فاڕابی و موبەشیر فاتک و ئەوانەی ترتیش فەیلەسوفیان پێ باشترە لە پێغەمبەر!
شازدەیەم: عومر الخیام ( ١٠٤٨ – ١١٣١ ز). ناوی تەواوی بریتیە لە عمر بن ابراهیم غیاث الدین ئەبو الفتح. عومەر الخیام خەڵکی نیشابورە. شاعیر و فەیلەسدوفە، هەروەها زانایەکی بەناوبانگی بواری فەلسەفەو بیرکاریی و فەلەکناسی و زمان و فیقهو مێژووە. زووربەی هۆنراوەکانی خەیام بە چواردەوری مەیی و خۆشەویستیدا دەخولێنەوە.
ئەوەتە خەیام دەربارەی بەهەشت دەێت:

بیستوومە بەهەشتێ هەیە حۆری تێدا
ڕووباری شەڕابی پاکی دەڕوا پێدا!
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چ دەبێ؟
دەستکەوتەکە هەر یەکن بە هەردووک ڕێدا
چوارینەکانی خەیام …..وەرگێڕانی هەژار موکریانی

هەروەها ئەوەتە خەیام ڕوو دەکاتە خوداو قسەی لەگەڵ دەکات ودەڵێت:

دنیایە لە کەودە بێ گوناهێکی نیە
کەس بێ هەڵە نەژیاوە لەسەر ئەو زەویە
من کردە خەراپ و تۆش خەراپەم تووشکەی
جیاوازی لە نێوان من و تۆدا خوایە چیە؟
چوارینەکانی خەیام …….وەرگێڕانی هەژار موکریانی

خەیام دیسان پرسیار دەکاو دەڵێت:
کێ لە هاتندا پرسی پێ کرا
خۆ لە مردندا هەر بەزۆر برا
نامەرد هەی ساقی شەڕابێ تێکە
بۆ دنیای تاریک هەر مەبە چرا
چوارینەکانی خەیام ……وەرگێڕانی شێخ سەلام
حەڤدەیەم: إبن عربي (١١٦٥ -١٢٤١ز). ناوی تەواوی ئیبن عەڕەبی بریتیە لە محمد بن علی بن محمد الحاتمي الطائي، المرسي الاندلسي محي الدین ابوبکر ناسراو بە ئیبن عەڕەبی”بە بێ ئامڕازی ناساندنە ئەویش بۆ جیاکردنەوەیەتی لە دادوەر ئەبوبەکربن عەڕەبی”یە . ئیبن عەڕەبی لە شاری المرسی لە ئەندەلوس لە دایک بووە لە تەمەنی لاویەتیدا ڕۆییشتووە بۆ شاری ئیشبیلیەو لەوێدا دەستی بە خوێندن کردووە، دوایی گواستوویەتیەوە بۆ قورتوبە. لە شاری قورتوبەدا دەستی کردووە بە خوێندنی زانستەکانی قورئان و زانستەکانی فیقهو حەدیس. ئینجا ئیتر ئیبن عەڕەبی بەرەو ڕێبازی بیروباوەڕی (زاهیری) کە ڕێبازی ئیبن حەزم بووە ڕووی وەرگێڕاوە وە.
لەوێ لە قورتوبە ئیبن عەڕەبی پەیوەندی کردووە بە زاناکانی ئەودەڤەرەوە لە نموونەی ئەبی ئەلوەلید بن ڕوشد و ئەبی ئەلقاسم بن بشکوال وچەندین زانای تر. ئیتر لێرەوە بیروڕای خەڵک جیاوز بوو سەبارەت بەو بابەتە و خەڵک هەبووە ئیبن عەڕەبی یان بە وەلی و پیاوچاک و لەخوا ترس و کەسێکی نوورانی زانیوەو خەڵکیش هەبووە بە بێدین و کەسێکی ماریق و ناپاک و زەندیقیان زانیوەو حیسابی کافریان بۆ کردووە. دەگونجێت بۆچوون و بینینی ئەوانە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کە ئیبن عەڕەبی ڕەنگە بە ڕواڵەت هەندێک زیادەڕەوی کردبێ کە لادانی گەیاندبێ لە شەڕیعەتی ئیسلامیدا. ئیبن عەڕەبی یەکیکە لەو کەسانەی کە پێی وابووە و گوتوویەتی :” خوداو سرووشت هەر یەک شتن و گەردوونی مادەو مڕۆڤیش هیچ شتێک نین بێچگە لە دەرکەوتنی ڕووکارو جەوهەری خودی خوداوەند.”
دەگوترێت ئیبن عەڕەبی لەسەرووی ٤٠٠ چوارسەد کتێبی نووسیوە لە بەناوبانگترینیان بریتین لە ” الفتوحات المکیة، فصوص الحکمة، مفتاح السعادة، محاضرة الابرار و مسامرة الاخیار”. کتێبی (فصوص الحکمة)ی لە شاری دیمشق نووسیوە بە ١١ ساڵ پێش مردنی. مەبەستی ئیبن عەڕەبی بەو کارەی بریتی بووە لەوەی کە ژیان و مێژووی ئەو پێغەمبەرانەی کە ناویان لە قورئاندا هاتووە بخاتەڕوو لەبەر ڕۆشنایی عەقیدەو بیروباوەڕی یەکتاپەرستی، ئەو کارەی ئیبن عەڕەبی یەکسان بووە لە گەڵ کتێبی پیرۆزدا یەکیان گرتۆتەوە. ئیبن عەڕەبی لەو کتێبانەیدا هەستاوە بە ڕوونکردنەوەی ڕێبازەکەی خۆی کە بریتیبووە لە رێبازی ٠وحدة الوجود) واتە یەکیەتی بوون. ئەم ڕێبازە بریتیە لە تێکەڵکردنی خودایەتی و مڕۆڤ و کردنیان بەیەک شت. هەروەک چۆن ئاو تێکەڵ بە مەی دەکرێت و بەجۆرێک کە ناتوانرێت لێک جیا بکرێنەوە. ئەو عەقیدەو باوەڕە هەر ئەو شتە بوو کە وەختی خۆی پێش ئیبن عەڕەبی هەللاج لەسەری بووەو ڕایگەیاندبوو!
چواردەیەم : إبن عفیفي : ( ١٩٧٤- … ز) . بریتیە لە ئەحمەد عەفیفی، کەسێکی بەتواناو ڕۆمان نووسێکی خاوەن بەهرەی باڵایە، کەسێکی زەندیق وکافرو بێدین و هەرتەقەیە. ئەو دەستی بە ترووسکەیەک لە ڕووناکیەوە گرتووە لە جیهانێکی عەڕەبی وادا کە تاریکی باڵی بەسەردا کێشاوە!

https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=348245




من باوەڕ ناکەم!.. نووسینی: نووسەرو هوونەرمەندی تەشکیلی عێڕاقی/ عەفیفە لوعێبی

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

من باوەڕناکەم، باوەڕ بە هەمووشتێک ناکەم کە لە کتێبە ئایینیەکاندایە هەتا ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەوەی کە لە سەدەکانی ڕابردوودا بۆ ژن دەگونجا لەو سەردەمەی ئێستادا ناگونجێت، هەروەها پڕ بە دەمم دەیڵێم کە من کەم عەقڵ نیم وەکو کە لە حەدیس دا هاتووە، عەوڕەت و ڕووتیش نیم وەک و کە لە حەدیسێکی تردا هاتووە، هەروەها وەکو سەگی ڕەشیش پیس و گوڵاو نیم تەنانەت وەک و سەگی سپیش.
ڕازی نابم کە لە ئەگەری کوشتنمدا بگووترێت پارەی خوێنەکەم نیوەی پارەی خوێنی پیاوە، هەروەها من هیچم لە پیاو کەمتر نیەو پیس و گوڵاویش نیم هەردەستم بەر پیاو بکەوێت دەستنوێژی بشکێت، ئەوەندەش بێهەست نیم تاکو چوار مانگ و دە ڕۆژ لە ماڵێدا ماتەمینی بگرم بۆ پیاوێک کە ڕەنگە لە ژیانیدا بە دووشت خۆشی پێنەگەیاندبم، وە قەبوڵیش ناکەم کە لە ماڵێدا زیندانی بکرێم هەر بۆ ئەوەی کە بە هۆی منەوە پیاوێک دووچاری گوناح نەبێت، وە ڕازیش نابم کە ڕوخسارم داپۆشم هەروەک کە پێم شەرم بێ بەدەرەوەبێ، من نە شووشەم و نە پەراسووی خواروخێچیشم، ڕازیش نابم کە شوو بە جانەورێک بکەم و ژیان لە نەگبەتیدا بەسەربەرم.
بۆچی دەبێ نوێژ بکەم و ڕۆژوو بگرم و بچمە حەج و تەواوی ئەرکەکانی خواپەرستیش بەجێبێنم وکاتێکیش کە دەمرم و مێردەکەم لێم ڕازی نابێت و گەردنم ئازاد ناکات دەبێ بچمە دۆزەخەوە؟، هەروەها بۆچی دەبێ کاتێک کە لەناوجێدا داواکاریی مێردەکەم بەجێناهێنم فریشتەکان لەعنەتم لێبکەن و کاتێکیش کە من لە ناوجێدا داوایەکم لە مێردەکەم هەبێ ئەو گوێم ناداتێ وهیچیش بۆ ئەو نابێت و فریشتەکانیش هیچ لێی ناغەزرن؟، وە بۆچی دەبێ کاتێک کە بابم دەمرێ، یاخوا تەمەنی درێژ بێت، میرات بە قەدەر نیوەی هی براکەم بدات بە من هەرچەندە کە براکەم لەوەتی خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە بۆخۆی ژیاوەو ژنیکی ئەمریکیشی هیناوەو لە ماڵی خۆیدایەو زۆر بەدەگمەن لە بابی دەپرسێت و هەر منم کە ئاگام لە بابمەو کە نەخۆشیش دەکەوێت هەر منم کە خزمەتی دەکەم و شەونخوونی لەسەر دەکێشم و هەمیشە بەلایەوەم و پارەشم بۆچارەسەری نەخۆشیەکەی لێخەرج کردووەولەسەر بابیشم مێردکردن و زۆر شتی تری پەیوەند بەژیانی خۆشم وەدواخستووەو ئێستاس ئەوە منم کە دەستکورتم و پێویستم بە پارەیەو براکەم دەوڵەمەندەو هیچ پێویستی بە میراتی بابم نیەو کەچی سەرباری ئەوەش دەبێ من نیوەی ئەوم بدرێتێ؟.
هەروەها قەت قەبوڵ ناکەم وەکو کۆیلەو کەنیزەیەک لە نێوچوار کەنیزەدا کە پیاو شەش جار لە مانگێکدا دێت بۆلام و لەگەڵمدا دەخەوێت واش نیشانم بدات کە ئەوە چاکەیەکە لەگەڵ منی دەکا، وە هەرگیز ڕازی نابم مێردەکەم لێم بدات جا با بەدار مسواکی ددان پاک کەرەوەیەکیش بێت بە بەهانەی ئەوەی کە من ژنم و بە بەهانەی ئەوەی کە پیاو مافی دیسپلینکردنی ژنەکەی خۆی هەیە، وە قەبوڵیش ناکەم کە مێردەکەم ڕەتی بکاتەوە کە هاوکاری داراییم بکات بۆ چارەسەری نەخۆشیم و بە بەهانەی ئەوەی کە لە ڕووی شەرعیەوە ئەرکی ئەو نیە کە چارەسسەرم بکات یان کاتێک کە دەمرم کفنم بۆ بکڕێت. ڕازیش نابم کە مێردەکەم درۆم لەگەڵدا بکات چونکە لە ڕووی شەرعیەوە درۆکردن لە گەڵ ژن ڕێپێدراوە.
جێی داخیشە کە من منداڵم وەسک دەکەوێت و دەم بێت و پەروەردەشی دەکەم و لە کۆتاییشدا بە ناوی باوکیەوە بانگ دەکرێت بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناوی ئەو کەسە بهێنرێت کە لە گەڵیدا ماندوو بووە ، هەروەها ئەوەش دەم کوژێت و ئازارم دەدات کاتێک منداڵی نێرینە هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە سەرپشک دەکرێت لە نێوان داک و بابدا کە بیانەوێت لێک جیا ببنەوە ئاخۆلەگەڵ کامیان دەیەوێت بژیت بەڵام کچ دەدرێتە بابی جا با دەستبەگریانیش بکات یان خۆشی بەدایکیەوە بنووسێنێت و نەیەوێت لێی جیا ببێتەوە، هەروەها جێی داخیشە کە ژن هیچ مافێکی نیە لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیدا و مێرد دەتوانێت کەی ویستی ژنەکەی تەڵاق بدات و کەنگێش ویستی دەتوانێت بیهێنێتەوە لای خۆی وهەروەکو بزنێکیش وایە کەی ویستی لێی دەخوڕێت و کەنگێش ویستی دەیفرۆشێت، هەروەها جێی داخە کاتێک کە ژنەکە داوای جیابوونەوە دەکات پێی دەگوترێت دەی زووبە مارەییەکەت وە مێردەکەت بدەرەوە جابا شێست ساڵیش تێپەڕیبێت بەسەر ژن و مێردایەتیەکەیاندا، جێی داخیشە کە ژن لە کاتی مارەکردنیدا بڕێک مارەیی دەدرێتێ هەروەک ئەوەی وایە کە کاڵایەک بێت و بیکڕن.
قەبوڵ ناکەم کە خێڵ من لە بری خوێن بدەن و پێشم بڵێن کە سپڵەو پێنەزانم لە کاتێکدا ئەو ئاکارانە لە پیاودا زۆرتر بوونیان هەیە وەک لە ژناندا، وە ڕازی نابم کە من و خوشکەکانم وەک بەڵایەک بین کە خودا بابمانی بە ئێمە تاقی کردۆتەوە کە کچی بوون و جا ئەگەربابمان ئارامی گرت لەسەر ئەوەی کە ئێمەی هەن ئەوا ئەو دەچێتە بەهەشت، وە بۆچی دەبێ لە ڕەحمەتی خوا بێبەش بکرێم لەسەر ئەوەی کە تاڵێک لە برۆکانم هەڵدەوەرێت یان تووکی دەستکرد بکەمە سەرم، وە بۆچی دەبێ فریشتە ڕوونەکاتە ماڵمان کە من قژم بەدەرەوە بێت، هەروەها بۆچی دەبێ کاتێک کە مێردەکەم دیارنامێنێت و هیچیشی دەربارە نازانم دەبێ من چوار ساڵان خۆبگرم ئینجا دادوەر فەرمانی جیابوونەوەم پەسند دەکات، وە بۆچی دەبێ سەرباری ئەو هەموو سووکایەتیەی کە بەژن دەکرێت و کەمترە لە پیاو بە پاساوی ئەوەی کە پیاو بەتواناترەو ژیرترە هەر بۆیەش پیاو کراوە بە پارێزەرو بەرپرسیاری ژن، بەڵام کاتێک کە ژن هەڵەیەک دەکات بە هەمان شێوەی پیاو سزای خۆی وەردەگرێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەگوترێت کە ژنان زۆرترین خەڵکانی دۆزەخن.
من دەزانم کە زووربەی ژنان بەوە ڕازی نین بەڵام ئەو ناڕازیبوونەی خۆیان دەرناخەن و لە دڵی خۆیاندا دەیشارنەوە و هەوڵیش دەدەن کە شێوەی بیرکردنەوەکەیان بگۆڕن کە دێنە سەر ئەو بابەتانە لەبەر ئەوەی لەو جۆرە بیرکردنەوانە دەترسن تاکو ئایینی ئیسلام ناشیرین نەکەن و نەکەونە ناوبەرەی بێباوەڕانەوە.
من بەڕاستی بەزەییم دێت بەو جۆرە ژنە موسڵمانانە بەڵام کاتێک کە دەبینم ئەوان بەوحاڵەی خۆیان ڕازین پێیان دەڵێم:” ئارەزووی خۆیانە” بەڵام من مڕۆڤم و کەڕامەتم هەیەو عەقڵم هەیەو دەشبینم کە مێردەکەم لە من ژیرتر نیەو لە منیش باشتر نیەو ئەو شتێکیشی نەکردووە کە من نەتوانم بیکەم کەواتە بۆچی دەبێ من لەو کەمتر بم هەتا ئەگەر بە پلەیەکیش بێت؟،
بە چاوی خۆمان بارودۆخی ئەو وەڵاتانەمان بینی کە بێجگە لە پیاوان کەس فەرمانڕەوا نیە تێیاندا کە بە شێوەیەکی ڕەها پیسترین بارودۆخیان هەیە بە پێچەوانەی ئەو وەڵاتە پێشکەوتوانەی کە ژنان هاوبەشی پیاوانن لە بەڕێوەبردن و دەرکردنی بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی وەڵاتدا . لەوبارەوە ئەوەندە بەسە کە ژنە سەربازەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل بە نموونە بهینینەوە کە چۆن پیاوی عێڕاقی و ئەفغانیان نابووت دەکرد و ئەوەی کە کوشتیان کوشتیان لەو پیاوانە.
قسەیەکە هێندە گوتراوەتەوە لەبەرمان کردووە و کەسیش باوەڕی پێناکات بێجگە لەوانەی کە عەقڵیان بەکارناهێنن، جا ئەگەر پیاو مارەیی دەداتە ژن و ماڵ و حاڵ و خواردنی بۆ دابین دەکات خۆ بە هەمان شێوەش کە دەچێت بزنێک دەکڕێت شوێن و خواردنی بۆ دابین دەکات.
من دەزانم کە ئێوەی پیاو باوەڕتان بەو پاساوانەی خۆتان نیەو بە دڵنیاییەوە دەزانن کە ژن سوکایەتی پێدەکرێت بەڵام لەبەرهۆیەک یان شتێکی تر خۆبەزلزانن و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە هەرکاتێک کە من دەربارەی ئەو بابەتە قسەم لەگەڵ یەکیک لە پیاوان کردووە دەستیان بە قسەکردنی زۆر کردووە تا گەییشتوونەتە شوێنێک کە گووتوویانە ئیتر بەسەو ئەو بابەتە داخەو هیچیتر لەسەری مەرۆ. بەڵام هەر کاتێک کە بیر لەو بابەتە بکەنەوە ئیتر وەک چەکوچێک هەمیشە ئەو بابەتە بەسەر سەریانەوەیە!

https://www.facebook.com/groups/496093623891552/?hoisted_section_header_type=recently_seen&multi_permalinks=2392916684209227




ڕەمەزان مانگی ڕۆژوو گرتنە بۆ کەسێک کە ڕۆژوو بگرێت!.. ئیلهام مانیع.. وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

“ڕەمەزان مانگی ڕۆژوو گرتنە بۆ کەسێک کە ڕۆژوو بگرێت!”

ڕەمەزان هاتەوە،
سەرلەنوێ،
بەیانی،
بەخێر بێتەوە.
ڕەمەزانیش مانگی بەڕۆژووبوونە بۆ کەسێک کە بیەوێت بە ڕۆژوو بێت!
بە زۆرنیە،
” دەبێ هەر بە ڕۆژوو بیت، بتەوێت یان نا، لە باوانتەوەیە”
ئەوەیە کە ئێمە دەیکەین،
جا ئینجا جنێویش دەدەین!
ڕەمەزان بەخشندەیە،
لە هەمووش بەخشندەترئەوەیە کە نەیسەپێنین بەسەر ئەوانەدا کە بە ڕۆژوونابن!
هەر وەک چۆن ئایین بە ئارەزوویە، واتە مرۆڤ ئەو ئایینە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت!
کەواتە مافی خۆشیەتی کە بەڕۆژوو بێت یان نەبێت!
بە زۆر نیە،
(واجیب) نیە،
کێ دەیەوێت بەڕۆژوو دەبێت و کێش نایەوێت بە ڕۆژوو نابێت،
پەیوەندی بەخۆیەوەیەتی، مافی خۆیەتی.
مافێکی ئینسانییە،
دەچێتە ناو چوارچێوەی ئازادیی باوەڕو ئایین!
ئازادیی تاکە.


چەمکی ” مڕۆڤ ئازادە چ ئایینیکی هەبێ و ڕێوڕەسمەکانی بەجێبگەێنێ”
چەمکێکی نامۆیە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە ئێمەمان!
ئەمەش پەیوەستە بە کاتەوە، بۆ ئاخیری هەر پێی ڕازی دەبین!
من بەهۆی ئەویاسایانەوەیە کە هەندیک دەوڵەت بۆیان داناوین ئەوە دەڵێم!
ئەوانەی بەڕۆژوو نابن سزا دەدرێن،
“دەبێ هەر بەڕۆژوو بیت، بتەوێ یان نا، لەباوانتەوەیە!”
“ئەگەر نەشیکەی زیندانیت دەکەین، پووڵت لێدەستێنین، سەرباری ئەوەش لێشت دەدەین و تف و لەعنەتیش لە باب و باپیرانت دەکەین!”
زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ئیمە وا دەکەن.
بووە بە سیمایەکی شەرمەزاری.


یاسایەک کە قامچی جەلادی بەدەستەوەیەو دەڵێت:” ئەوانە ڕێکاری یاسایین و بە زۆر دەیسەپێنین بەسەرتاندا، دەبێ بەڕۆژوو بن بتانەوێت یان نا”
ئەو یاسایانە بۆیە داڕێژراون چونکە خەڵک ئیتر تێدەگات کە توانای هەڵبژاردن و دیاری کردنی هەیە!
ئەو یاسایانە بۆیە داڕێژراون چونکە دەسەڵاتداران و هێزە ئایین و ئیسلامیەکان ترسیان لە ئازادی مڕۆڤ هەیە!
ئەوان لە مڕۆڤی ئازاد دەترسن.
هەر بۆیەش سوورن لەسەر تێکشکاندنی ویستی مڕۆڤ.
ئەوان تێگەییشتوون کە دەسەڵاتیان نامێنێت، هەر بۆیەش پەنا دەبەنە بەر سەرکوت و تۆقاندن، بەڵام ئەوەش بۆ هەتا سەرنابێت!
چونکە ترس و تۆقاندن هەتا سەر نابێت و بەڵگەشمان لە مێژوودا بەدەستەوەیە!


لە وەڵاتی مەغریب لە مانگی ڕەمەزاندا چەندین گروپی گەنج و لاو بە ئاشکرا خواردن دەخۆن بۆئەوەی جەخت لە یەک شتی سادە بکەنەوە ئەویش ئەوەیە کە :
” مافی دەوڵەت نیە، هیچ دەوڵەتێک، کە ئایین بسەپێنێت و دەوڵەت نابێت ڕێوڕەسمەکانی هیچ ئایینێک بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. چونکە ئایین ئازادییەکی تاکەو مافێکی مرۆییە. بە تایبەتی دەربارەی فرە ئایینی و هەڵوێستی نا ئایینی.


ئەو بیانوەی کە دەسەڵتداران و هێزە ئایینی و ئیسلامیەکان و پارێزگارەکان بەدەستیانەوەیە ئەوەیە کە خواردن بە ئاشکرا لە نێو خەڵکدا هەستی ڕۆژووەوانانی موسڵمان بریندار دەکات !
بەرسڤی ئەو بیانوەش بریتییە لە :” ئەوەی کە بە ڕۆژوو دەبێت بۆ خۆی بە ڕۆژوو دەبێت و بۆخۆیەتی و بۆ خوای خۆیەتی. بەڵام کاتێک کە چاوەڕوانی لەخەڵک دەکات بۆ ئەوەی هاوکارو یارمەتیدەری بن لە ڕۆژووگرتنەکەیدا ، ئەوەیان شتێکی سەیرە!”
تۆ خۆت دەتەوێت ئەو کارە بکەیت و بەڕۆژوو بیت کەواتە دەبێ هەرخۆشت بەرگەی بگریت.!
کەواتە،
ڕەمەزان هاتەوە،
دووبارە،
بەیانی،
بەخێربێیت.
ڕەمەزانیش مانگی بەڕۆژووبوونە بۆ کەسێک کە بەڕۆژوو بێت!
“هەرکەسێک بیەوێت بەڕۆژوو دەبێت و هەرکەسێکیش نەیەوێت بەڕۆژوو نابێت”
مافی خۆیەتی.
وە ڕەمەزانیش بەخشندەیە،
بەخشندەتریش ئەوەیە کە نەیسەپێنین بەسەرئەوانەی کە بەڕۆژوو نابن!
کەواتە بەخێر بێی ڕەمەزان!
تێبینی: إلهام مانع مامۆستای یاریدەرە لە پەیمانگای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی زیوریخی سویسرا، نووسەر و چالاکوانی مافی مرۆڤەو لە بنچینەدا خەڵکی یەمەنە و ئێستا وەک شارەزایەک بۆ ڕێکخراوە سویسری و نێودەوڵەتییەکان کاردەکات. نووسەری چەندین کتێبە بە زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی.

https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?

وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣




خڕۆشانی جەماوەری ئێران یان خڕۆشاندنی!.. حەسەن ڕازانی

(ئایا جەماوەرو خەڵکی ئێران خرۆشاوە یان خڕۆشێنراوە؟)

خەڵکی ئێران خڕۆشاوە، هاتۆتە سەر شەقامەکان، دەستی داوەتە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، هیچ بستێک نەماوە پڕی نەکردبێت، هەر لە کووچەوە بیگرە تا کۆڵان. ڕژێمیش، وەک پیشەی هەمیشەیی، بێباکانەو بێ بەزەییانە لێدەدات، سەرکوت دەکات، دەکوژێت ، دەگرێت و زیندانی دەکات، لە مەیدانەکاندا بە ئاشکرایی پەت دەکاتە ملی ئازادی خوازان، هەڕەشە دەکات و هەنگاوی هەتا نان بڕینیش دەنێت.
خڕۆشانەکە ،وا دەردەکەوێت، زوربەی سێکتەروناوشارەکانیشی گرتبێتەوە. پرسیارێک، بە بڕوای من، دەبێ بکرێت ئەوەیە ئایا ئەمە خڕۆشان و ناڕەزایەتیە هی خەڵک خۆیەتی یان بە بەرنامەو پلانی دەرەوەی خۆیەوە خڕۆشێنراوەو هێنراوەتە سەر شەقامەکان و لە شوێنێکی ترەوە ئەو تەپڵی ناڕەزایەتییەی بۆ لێدەدرێت؟
کێیە خەڵک و جەماوەری خڕۆشاندووە؟ کام خەڵکەو کام جەماوەرەیە خڕۆشاوە یان خڕۆشێنراوە؟ ئایا ئەگەرخڕۆشان و ڕژانە سەر شەقامی خەڵک و جەماوەر بە شێوەی هەڕەمەکی بێت، پەرت و بڵاو بێت، ناڕێکخراوبێت، بێ بەرنامەو بێ پلان و بێ ئاسۆ بێت، دەبێ چی لێ شین ببێتەوە؟ ئایا ڕووخانی ئەم سیستەمە بە سیستەمێکی وەک خۆی یان لە خۆی خەراپتر چی دەگەێنێت؟ وەک چۆن ڕژێمی شاهنشاهییان بۆ ڕژێمی ئاخوندەکان کۆتایی پێهێنا. ئایا ڕۆڵی چینە هەرێ داپڕوکاوو زەحمەتکێشەکە لەو بێنەوبەرەیەدا چیە؟ ئەو چینەی کە هەمیشە دەبێتە زەخیرەو دەستەچیلەی تەواوی ئاڵووگۆڕەکان لە سیستەمەکانی حوکمڕانیدا وەک چۆن بۆ لادانی شا بە کارهێنران ئایا لە ئێستای وەلانانی ئاخوندەکانیشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە؟ یان وەک دەردەکەوێت بەشی ئەو چینە شۆڕشگێڕو زەحمەتکێشە لە کۆتاییدا هەر ئەو بەشە دەبێ کە پێشترهەیان بووە و لەوانەشە بەرەو خەراپتریش بچێت..وەک دەگوترێت زەمانی شا زۆر باشتر بووە لە زەمانی ئاخوندەکان. هەروەها مێژووی ئەو ناوچەیە شاهیدی درووستی ئەو بۆچوونەیە. ئایا بارو گوزەرانی چینی کرێکار چی لێ بەسەردێت؟ چەپ و کۆمۆنیستەکان کە خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکاران نیشاندەدەن لەو کێشمە کێشەی نێو ئێستای ئێراندا چ ڕۆڵێک دەتوانن ببین و لە کوێی ئەم بێنەو بەرەیەدان؟ دەتوانن چی بۆ داهاتووی چینی کرێکار بکەن؟ ئایا دەبێ پێشبینی ئەوەیان لێبکرێت، کە وەک ڕابردوو، تەوژمی سیاسی لایەنێکی سیاسی پەلکێشکیان بکاتە ناو خۆی و بەکار بهێنرێن وەک ڕابردوو؟ وە لە کۆتاییشدا بە مایەپووچ و سفر بەدەست بمێننەوە؟ شۆڕشی ٧٩ی گەلانی ئێران شاهیدی درووستی ئەو بۆچوونەیە.
هەر بەدوای کوژرانی مەهسا ئەمینی لە ڕۆژی ١٦-٩-٢٠٢٢ خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری ئێران دەستی پێکرد. سەرەتا تەواوی شارەکانی کوردوستان و ئینجا زۆری نەبرد تەواوی قوڵایی ئێرانیشی گرتەوە. حکومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاند کە ئەوە دەستی دەرەکییەو هی خەڵکی ئێران خۆی نیە. بەشێکیش لە خەڵک پێیان وابوو هەروەک جارانی پێشوو کێبەرکێیئ نێو باڵەکانی ئاخوندەکانی ناوخۆی ئێران بێت. بەتایبەتی بۆی هەیە لە نێوان ڕیفۆرمیستەکان و ئاخوندە موحافزکارەکاندا بێت. هەندێکیش بەلای ئەمریکاو ناتۆدا دەڕۆییشتن و دەیان گوت فشاری ئەمریکاو ناتۆیە بۆ سەرئێران تا دەربارەی بابەتی ئەتۆمییەکە نەرمی بە ئێران بنوێنن لەگەڵ ئەمریکاو بە داخوازیەکانی ئەمریکاو ناتۆ ڕازی بێت.
بە بڕوای من، ئەو بۆچوونانە ڕاستییان تێدا هەیە. بەڵام لە هەموو ئەمانە ڕاستر بریتییە لە ڕق و توورەیی جەماوەری ئێران لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی. جەماوەرو خەڵکی ئێران وا بۆ چەندین دەیە دەچێت کە بەدەستی ئەو سیستەمەوە دەناڵێنن . ئەو سیستەمە بە کۆماری پەت و سێدارە ناسراوە، خەڵکی ئێرانی لە ئەوپەڕی ژیانی کۆڵەمەرگی و خەفەقاندا ڕاگرتووە، بەتایبەتی بەشە کوردوستانیەکەی.
بۆیە دەبێ بڕوامان وابێ کە ئەوە خەڵکی ئێرانە بە گشتی و خەڵک و جەماوەری کوردوستانی ئێرانیشە بە تایبەتی کە بزووتوون و هاتوونەتە سەرشەقامەکان و داوای چاکسازی و خۆشکردنی ژیانیان دەکەن. هەندێک جارانیش واوەتر ڕۆییشتوون و داوای گۆرینی سیستەم و حکومەتیان کردووە. بەڵام هەموو جاران کۆماری ئیسلامی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی تێک شکاندوون و بە ئاگرو ئاسن ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لەو نێوەشدا پەیوەندی ناجێگیرو توڕەیی جەماوەر لەگەڵ ئاخوندەکان وای لە جەماوەر کردووە کە نەک هەر بۆخۆی بخرۆشێ و دەست بداتە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ، بەڵک و زۆر بە ئاسانیش دەبێتە نێچیرێک و دەهێنرێتە سەر شەقامەکان و بەرەو ناڕەزایەتی دەربرین دەبرێت و دەخرۆشێنرێت. باڵێکی سیاسی ناو ئاخوندەکان دەتوانێت بەو کارە هەڵسێ لە دژی باڵەکەی تر.
لەوەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە، دەماو دەم و ناوە ناوە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە کراون. جا هەندێک جاران تەواوی شارەکان و قوڵایی ئێران وبەشە کوردوستانیەکەشی گرتۆتەوە. هەندێک جارانیش هەندێک شار یان زۆر لۆکاڵی بووەو بێکاریگەر بووەو زوو خامۆش کراوە. هەندێک جاران درێژخایەن بوون وهەندێک جارانیش زۆر کورت خایەن . بۆ نمونە ڕاپڕینی بزووتنەوەی سەوز لە ٢٠٠٩. دوایش ناوبەناوەو بە پچڕ پچڕی لە ٢٠١٠ و ٢٠١١. ئینجا دیسان لە ٢٠١٧ ، ٢٠١٩ تا دەگاتە ئەمەی ئێستا کە تازەترینیانە کە لە ناوەڕاستی مانگی ٩ی ٢٠٢٢ وە دەستی پێکردووەو هێشتا هەربەردەوامە.
لە زوربەی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەدا خەڵک داوای خۆشکردنی ژیانیان کردوەو هەندێک جارانیش داوای گۆرینی حکومەت یان کاربەدەستێکیان کردووە. هەندێک جارانیش لێرەو لەوێ تاک و تەرا داوای لە ڕەگ و ڕیشەوە گۆڕینی سیستەمیان کردووە. هەموو جارەکانیش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان سەرکوت کراون و بە ڕواڵەت بێدەنگ کراوون، بە ڵام لە ڕاستیداو خەڵک لە نێوخۆیدا هەرناڕازی بووە.
هەرچەندە ئێستا ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی خەڵک و جەماوەری ئێرانیان لە سەرتاسەرییەوە بەرتەسک کردۆتەوەو گواستوویانەتەوە بەرەو کوردوستان. خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێرانیان لە قوڵایی شارەکانی ئێرانەوە بۆ شارە سەرسنوریەکانی کوردوستانی ئێرانیان پاڵپێوەناوە. کە ڕوونترو سادەتری بکەینەوە دەتوانین بڵێین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و جەماوەری ئێرانیان لە هەموو ئێرانەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچەیەکی دیاری کراوی بچووک و لە خەڵکی ئێرانەوە بۆ خەڵکی کوردوستان و لە گەلانی ئێرانەوە بۆ کوردەکان و جا ئینجا لە کوردەکانیشەوە بۆچەندین شتی تر.
دەگوترێت ئەمە نە خۆپئشاندانی خەڵک و گەلانی ئێرانەو نە هی گەلی کوردیشە. بەڵک و ئەمە هی جوداخوازان و نۆکەرانی بێگانەیە. دەگوترێت دەستی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ئیسڕائیل و سەهیۆنیەت و کوفری لە پشتە. دەگوترێت ئەمە بۆ ئەوەیە تا ئێرانیش پڕبکەن لە پەشێوی و ئاژاوەو لە کۆتاییشدا ئێرانیش بە مەرەدی وەڵاتەکانی تری ناوچەکە بەرن لە وێنەی لیبیا، تونس، میسر، سوریاو ئەفغانستان و یەمەن و لوبنان.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێی وا نیە ئەوە خەڵک و جەماوەری ئێرانە لە دژی سیستەمی ئاخوندی ڕاپەڕیوەو خڕۆشاوە، بەڵک و پێیان وایە کە ئەوە دەستی دەرەکی و ئیسڕائیل و ئەمریکاو ڕۆژئاوای کوفرە کە بە یارمەتی پڕۆکسەکانیان لە نزیک و ناوخۆ هەوڵی تێکدان و پەشێوی دەدەن لە ئێران. بۆیە هەرلە یەکەم هەنگاودا کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران بەرەو کوردوستان هێنران و لۆکاڵی کرانەوە هەر لەو ساتەوە، بە بڕوای من، زەنگی یەکەم هەنگاوی خامۆشکرانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵک لێدرا و لە لایەکی تریشەوە یەکەم ئاماژەی خڕۆشاندنی جەماوەر، نەک خڕۆشانی بە ویستی خۆی، وەدەرکەوت.
کۆماری ئیسلامی بەو پلانەی کە بە زەبری هێزی ئاگرو ئاسن تا ئێرەی هێناوەو سەرباری ئەمەش خۆپیشاندانەکان هەر بەردەوامییان هەیەو فشارەکانی خەڵکیش هەرچەندە بە ڕواڵەت لۆکاڵی بوونەتەوە بەڵام هێشتا لە ناوەڕۆکدا هەر سەرتاسەرییە. بۆیە ، بە بڕوای من، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو پلانەی دوو سێ مەبەستی پێکاوەو تێشیدا، وەک دەردەکەوێت، سەرکەوتوو بووە.
یەکەم : کاریگەریی و مەترسیی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی لەسەر دەسەڵاتی ئاخوندەکان بە گشتی و لەسەر چەق و ناوەندی دەسەڵات کە شارە گەورەکانی قوڵایی ئێرانە بە تایبەتی تاران بە تەواوی لاداوە یان هیچ نەبێ کەمی کردۆتەوە
دووەم: ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێستا خۆی دەست ئاوەڵاتر کردووە، لە ڕاستیشدا هەر وا دەردەکەوێت ، بەهانەی سەرکوت و خەفەقان و دەستبردن بۆ پەت و سێدارەی زۆرتر دەست کەوتووەو بەبەردەوامی ئەو زەخیرەیەیەشی دەستدەکەوێت و جێبەجێکردنیشی ئاسانتر بووە. هەروەها هێزی سەرکوتی جێبەجێکاری کەمتر پێویستەو تواناو لۆجستی کەمتریشی بۆ ئەو مەبەستە پێویستە .
سێهەم: ئێستا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشوو زیاتر هەم سوود زیاتر دەبینێ و هەمیش زیاتر پەرە دەدا بە جیاوازی ڕەگەزیی، جیاوازی ئایینی و مەزهەبی، جیاوازی نەتەوەیی، جیاوازی شوێن و پێکهاتەی جوگرافی، جیاوازی زمان و ئەتەکێت و کەڵچەرو چەندین جیاوازی تر.. ئەمەش هاریکاری ئەو سیستەمە دەبێت تا زیاترکەلێن بخاتە نێوان خەڵکی ئێران و زیاتر خەڵکی ئێرانیش بێهێزو نایەکگرتوو دەکات و لەبەرامبەریشدا خۆی بەهێزو دەستکراوەتر دەمێنێتەوە.
کەواتە ئێستا، بە بڕوای من، خۆپیشاندانەکان خەریکە لەدەست خەڵک و ویستی خەڵک و بەرنامەی خەڵک بهێنرێنەدەر. وا بۆ پێنج مانگ دەچێت بەردەوامییان هەیە بەڵام هێشتا ناڕێکخراو دیارن و کاریگەریشیان تادێت بەرەو کەم بوونەوە دەچێت لەسەرکۆماری ئیسلامی و تەواوی سیستەمەکە. وا دەردەکەوێت کە چۆن خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی مەیدانی تەحریری بەغدا و ١٧ی شوباتی بەردەرکی سەرای سلێمانی بە تێپەڕبوونی کات کپ کرانەوە بێ ئەوەی بگەن بە هیچ یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەوانەی ئێرانیش هەر بەو مەرەدە دەڕۆن.
کاتێک کە دەگوترێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەردەڕووخێت و لە ناودەچێت دەبێ بزانرێ و بگوترێ کێ ئەو کارە دەکا؟ کێ و چ جیهەتێکی سیاسی مۆری گۆڕان و ڕووخان لە سیستەمەکە دەدا. هەموومان دەزانین هەموو سیستەم و ڕژێمێکی سیاسی بۆ هەتاسەر نامێنێتەوە، جا یان هەر خۆی دەڕواو دەڕووخێت ، کە ئەوەش شتی نالۆجیک و دەگمەنە یان دەرووخێنرێت و لەناو دەبرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کێ ئەم کارەی کرد یان دەیکات، چ بەدیلێک جێگەی گرتەوە یان دەگرێتەوە؟
خەڵکی ئێران وانەی باشی لە دوێنێی خۆی وەرگرتووە. شۆڕشی ٧٩ی گەلانی ئێران کە چەپ و لیبڕاڵ و کۆمۆنیستەکان بەشی شێریان لە وەلانانی ڕژێمی شا بەردەکەوێت بەڵام بەشی ڕێویەکیشیان لە ئەنجامدا دەست نەکەوت. ئەمە خاڵە گرنگەکەیە کە دەبێ ئاگامان لێی بێت. ئەم مێژووە بە درێژایی خۆی پێمان دەڵێت خەڵک نەخرۆشابوو بەڵک و خرۆشێنرابوو، خەڵک ناخرۆشێت بەلک و دەبێ بخرۆشێنرێت. واتە لایەنێکی سیاسی و لە پشتی خەڵکەوە ئەو کارە ئەنجام دەدا. ئەوەی ئێرانیش هەروا دەردەچێت و لە هی شوێنەکانی تر بەدەر نیە. وا دەدەکەوێت کە لایەنێکی سیاسی هەیەو هەر ئەویش لە دەرەوەی ئیرادەو خواستی زۆرینەی خەڵکی ئێران کۆتاییەکە بەدەست دەهێنێت. سیستەمی ئاخوندەکان ئەو لایەنە سیاسییە بوون و لە دەرەوەی ئیرادەو خواستی زۆرینەی خەڵکی ئێران توانییان کۆتاییەکە بەدەست بێنن.
کە دەگوترێت ئاخووندەکان بە زەبری هێزو فڕوفێڵ و پاڵپشتی دەرەوە خۆیان سەپاند، ئەمە نابێتە جێی باس و بە بڕوای من هیچ گرنگیش نیە . بابەتی جێی باس و گرنگ ئەوەیە کە کێ دەڕوا یان لادەبرێت و لە کۆتاییشدا کێ هات یان کێ دێت؟ کێ ماندوو بووە نابێتە مەسەلەیەک کە گرنگی بمێنێت. واتە کێ حوکمی بەدەستەوە گرت یان چۆنی بەدەستەوە گرت مەسەلەیەکی ترە.
بابەتە سەرەکیەکە ئەوەیە کێ خرۆشاوە گرنگ نیە بە قەدەر ئەوەی کێ خرۆشاندوویەتی. ماشێنێک کە دەڕوا گرنگ نیە ، بەڵک و گرنگە بزانرێت چ مەکینەیەک ئەو ماشێنە دەبزوێنێت… خەڵکەکە ئێستا ماشێنەکەیەو بزوێنەرەکەش ئەو لایەن و باڵ و گرووپە سیاسییە کە ڕێکخراوەو لە پشتەوە خەڵکەکە دەبزوێنێت و ئاراستەشی دەکا. ماشێنی بێ مەکینە بوونی نیەو بشبێت ناجوڵێت و نابزوێت. بۆیە دەبێ خەڵک و جەماوەر ببزوێنرێت و بجوڵێنرێت…ئایا چەپ و کۆمۆنیست و لیبڕالەکان ئامادەن ببنە ئەو بزوێنەرو داینەمۆی جوڵاندنی خەڵکی ئێران و هەر خۆشیان کۆتاییەکەی بەدەستەوە بگرن و دیاری بکەن؟ یان دیسان دەیبزوێنن و دەیخرۆشێنن بەڵام گوێ نادەنە ئەوەی کۆتاییەکەی چ دەبێت و کێ مۆری خۆی لێدەدات؟ یاخود لێ دەگەڕێن بۆ چینێکی ئاخوندی تر یان ستایڵێکی تری شاهنشاهی ؟ بە بڕوای من داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.
زووربەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتیی و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کە دەوڵەت و وەڵاتی ئیسرائیلی لێ بینیتەدەر زۆر بەکەمی توانیویانە بۆ ماوەیەکی درێژ سەقامگیری سیاسی بەخۆیانەوە ببینن. ئەمەش هەم ڕۆژگارو مێژوو سەلماندویەتی و هەم پێکهاتەی سیستەمە حوکمڕانیەکان بە شێوەیەک بنیاتنراوون کە بەشێکی ئەو ناسەقامگیرییە خۆیان ڕاستەوخۆ لێی بەرپرسن و بەشێکیشی دەوڵەتانی تری گەورەی جیهانی..
هەر کاتێک کە خەڵکی یەکێک لەو وەڵاتانە کەوتوونەتە سەرخۆو هەوڵی گۆڕانکاری ڕیشەییان دابێت کە لەبەرژەوەندی خەڵکی وەڵاتەکەدا بووبێت ئەوا لەولاوەو بە ئاشکراو بە نهێنی هەم بۆ خۆیان هەم لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە بزووتنەوەو جوڵانەوەو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیان بەلاڕێدا بردووەو خۆیان بە ویستی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لەسیستەمەکەدا کردووە. هەموو جارێکیش بەهانەی ئەوەی ئەو سیستەمە دژی مافی مڕۆڤەو خەڵکی خۆی دەچەوسێنێتەوەو دیکتاتۆرەو دەیان شتی تریان ئەوەندەی کە خۆی بوونی هەیە هیندەی تریشیان لە بەر بەرژەوەندی سیاسی بۆ زیاد کردووە..
بزووتنەوەو پارتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوخۆی وەڵاتەکەش بەرژەوەندی سیاسی خۆیان وای لێکردوون کە بچنە ناو بازنەی پلانی دەوڵەتە گەورەکەو بە هەمان تەپڵ هەڵپەڕێندراون. تەنانەت هەندێکیشیان خۆیان بەشێک بوون لەو پلان و ئەجیندایە و وەک پڕۆکسی کاریان کردوەو لەولاشەوە خۆڵیان کردۆتە چاوی خەڵکی وەڵاتەکەی خۆیان و وەک پاڵەوان و شۆڕشگێری وەڵات خۆیان بەخەڵک ناساندووە. ئا لێرەدایە کە دەڵێین خەڵک دەخرۆشێنرێت نەک دەخرۆشێ یان خڕۆشاوە.
ئەو دەوڵەتە گەورەو زلهێزانە هەرکە هەستیان بەوە کردووە خەڵک خەریکە گۆڕانکاری دەکات و سیستەمی حوکمڕانی خەریکە بە شێوەیەک بگۆڕێت کە لەبەرژەوەندی ئەواندا نابێت، دێن خۆیان لەناوخۆی وەڵاکە هەڵدەقورتێنن جا یان خۆیان ڕاستەوخۆ بەوکارە هەڵدەستن یان لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە ئەو کارە ئەنجام دەدەن. لەوبارەوە نموونە زۆرن. ئەو دەوڵەتە گەورانە ناوە ناوە لەبەرژەوەندی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لە سیستەمی هەروەڵاتێکدا کردووە کە خۆیان ویستوویانە. یان هەر کە گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئیتر ئەو سیستەمە کۆن بووە یان پیر بووەو توانای ئەوەی نەماوە کەڵک و سوودی بۆ ئەوان هەبێ پلانی ئاڵوگۆڕیان بۆداناوە . بۆیە هاتوون جێگرەوەیان ئامادەکردووەو هەموو جارێکیش جێگرەوەکان ئەوەندە دژە خەڵکی بوون کە خەڵک ئاواتی بە سیستەمی پێشی ئەو خواستووە. بەهاری عەڕەبی بە نموونە. هیچ وەڵاتێک لە تونسەوە بیگرە تا میسرو سوریاو تەنانەت عێڕاقیش، کە پێش بەهاری عەڕەبی و بە بەهانەیەکی تر سیستەمەکەیان بەگەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی لەناوبردووە، نەتوانراوە سیستەمێک جێگیر بکرێت کە بۆ خەڵکی وەڵاتەکە لە هی پێش خۆی باشتر بێت..
بۆیە دەبێ خەڵک ئاگاداری مێژووی سیاسی دوێنێی خۆی بێت و دەنگی تەپڵی سیاسەتمەدارانی بەرژەوەندی خواز هەڵی نەپەڕێنێت.

حەسەن ڕازانی..٢٣-١-٢٠٢٣




کاتێک کە بازرگانیی دەبێتە هۆی شەڕو بەرەو جەنگ دەڕوات!.. وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

(چین و ڕوسیا، سنووری پشتبەستن و وابەستەبوونیان !)

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابڕدوودا، ئەمریکا بە بەردەوامی ناچاری تێفکرینێکی قوڵ کراوە، ئەگەرێک بووە کە زووربە لایان وابووە کە لە شەڕی ساردەوە ئیتر نابێ بیریشی لێبکرێتەوە: ئەویش بریتیبووە لە کێشەی گەورەی سەربازی ئەمریکا لەگەڵ زلهێزێکی تردا. دوای چەندین دەیە، ئەوە یەکەمین جارە کە مۆسکۆ مووشەکەکانی دەبزوێنێت بۆ ئەوەی واشنتۆن لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا ئاگادار بکاتەوە. هەروەها لە سەرەتای مانگی ئاب هەر بە دوای سەردانەکەی نانسی پێڵوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بۆ تایوان بووە هۆی هەڵکشانی هەڕەشە سەربازیەکانی پەکین بۆ سەر ئەو دوورگەیە.
ئەوەندەی کە خودی هەڕەشەکان خۆیان جێگەی سەرنجن بە هەمان شێوەش وابەستەیی ئابووری بە یەکترەوە کە وەک هێزێک بۆ ئاشتی بە کار دێت جێگەی سەرنجە. هەردووک چین و ڕوسیا بە شێوەیەکی زۆر پشت بە بازرگانی دەبەستن بۆ گەشەی ئابوورییەکەیان و پتەوکردنی جێگەی خۆیان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی. چین لەدوو دەیەی ڕابردووەوە تاکو ئێستا لە ڕێگەی پیشەسازی و بەرهەمی کارگەکانیەوە توانیویەتی پێنج هیندە داهاتی ناوخۆی زیاد بکات؛ هەروەها زیاد لە ٥٠٪ی داهاتی دەوڵەتی ڕوسیا لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و غازەوە بەدەست دێت. جا ئەگەر بە پێی بیردۆزەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی بێت، دەبێ ئەو پەیوەندیە گرنگە ئابووریانە داهات زۆرتر بۆ کێشەی سەربازی هەردوک چین و ڕوسیا تەرخان بکەن. بەڵام، هیچ نەبێ بە ڕواڵەت، هیچ کام لە چین و ڕوسیا وا دەرناکەون کە گوێ بدەن بە زیانێک کە لەوانەیە بەر ئەو بازرگانیەیان بکەوێت.
بەهەرحاڵ، وەک دەردەکەوێت، وێنەکە هەروا ئاسان نیە. ئەویش لەبەر یەک شت ، لە هەندێک بارودۆخدا ، لەوانەیە پەیوەندیە بازرگانیەکان لەباتی ئەوەی ڕێ لە شەڕ بگرن هانی جەنگ و شەڕ دەدەن. هەروەها هەندێک جاران، پچڕانی پەیوەندیە بازرگانییەکان پەیوەندی نابێ بە دەسەڵاتی سەربازیانەو هەڕەشەی دوژمنکارانە. هەروەک چۆن کەیسە ناکۆک بە یەکەکانی نێوان چین و ڕوسیا بەشێوەیک ڕۆڵ دەگێڕن کە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانن. جا بۆئەوانەی کە پێیان وایە بازرگانی دەبێتە هۆی ڕێگریی لە ڕوودانی جەنگ لە نێوانی زلهێزەکاندا ، زۆر گرنگە بۆیان کە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێگا ئاڵۆزانە بکەن کە هێزە ئابووریەکان لە پەکین و مۆسکۆ ستراتیجی بیرکردنەوەیان داڕشتووە.
بازرگانییەکی شەڕەنگێز
جا بۆ ئەوەی تێبگەین کە چۆن لەوانەیە بازرگانیی ببێتە هۆی هەڵکشانی چانسی کێشەی سەربازی نەک کەمکردنەوەی، پێویستە سووود لە تێڕوانین و بۆچوونەکانی بیردۆزی واقیعی و ڕیالیستی وەربگرین. بەشێوەیەکی گشتی ڕیالیزم واقیعیەت جەخت لەسەر هەوڵی زلهێزەکان دەکاتەوە لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە جیهانێکدا کە دەسەڵاتێکی ناوەندی بۆ پاراستنیان لە گۆڕێدا نیە. بەڵام ڕیالیست و واقیعبینەکان تێدەگەن کە هێزو دەسەڵاتی ئابووری بناغەی دوورمەودای هێزی سەربازییەو بازرگانیی نێودەودەوڵەتیش زۆرپێویست و گرنگە بۆ بنیاتنانی بنکەی هێزێکی ئابووری. بەلای ڕیالیست و واقیعبینەکانەوە بازرگانیی دەتوانێت دوو کاریگەریی گەورەی هەبێ. یەکەمیان ئەوەیە کە : بازرگانیی دەتوانێت دەستڕاگەییشتن بە هەردووک کەرەستەی خاوو هەرزان و بازاری هەرزانیش دەستەبەر بکات. بازرگانیی دەتوانێت بە شێویەکی گشتی ئەدای ئابووری دەوڵەتێک باش بکات و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی بەرەو پێشبەرێ و بەمەش توانای ئەو دەوڵەتە بەرەو سەردەبات بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتێکی درێژخایەنی سەربازی. ئەمەش لایەنێکی باش و ئیجابییە بۆ بوونی سیاسەتێکی بازرگانیی بە شێوەیەکی ڕێژەیی کراوە. ئەوەش باشتر ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی یابان لە دوای بووژانەوەی میجی و چینیش لە دوای مردنی ماوتسیتۆنگ سیاسەتی شکەستخواردووی ئۆتارکی ڕابردووی وازلێهێناو ئیتر هەوڵی داوە کە تێکەڵاو بە ئابووری جیهانی ببێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە گەشەو هەڵکشانی ئابووری دووەمین کاریگەری تریشی هەیە: ئەویش ئەوەیە کە بازرگانیی دەبێتە هۆی پەیدابوونی خاڵی لاوازی زلهێزەکان و ناچاریان دەکات بە سەپاندنی گەمارۆ دوای ئەوەی کە پشتیان بەستووە بە هاوردەکردنی کەرەستەو هەناردەکردنی کاڵاو شت و مەکی دروستکراو بۆ بازارەکان لە پێناو فرۆشتن و پەیداکردنی قازانج دا. ئەم خاڵی لاوازو ناچارییەش وا لە سەرکردەکان دەکات کە هێزی دەریایی گەورە بنیات بنێن بۆ پاراستنی ڕێگای بازرگانی و تەنانەت واشیان لێدەکات کە دەست بۆ جەنگ و شەڕیش بەرن لە پێناوی بەردەوامیی بۆ بە دەست ڕاگەییشتن بە سامان و کەرەستەی خاوو هەروەها بازاربۆ فرۆشتنی کاڵاو شت و مەکەکانیان لە سەرتاسەری جیهاندا.
گەشەسەندنی بازرگانیی وا لە دەوڵەتان دەکات کە زیاتر پشت بەدەرەوە ببەستن.
کە ئەگەر بێت و سەرۆکی وەڵاتان بیانەوێت کە پەیوەندیە بازرگانیەکانیان لە داهاتوودا بە بەهێزی بمێنێتەوە، بۆی هەیە ڕێگە بەوە بدەن کە دەوڵەت زیاتر پشت بە سەرچاوەو بازاری دەرەوە ببەستێت کە گەشەی دەوڵەت دەباتە پێشەوە. یابان لەسەر ئەم یاسایە ڕۆییشتووە لە ١٨٨٠ وە بۆ ١٩٣٠ و چینیش بە هەمان شێوە لە ساڵی ١٩٨٠ وە تا حاڵی حازر. ڕابەرانی هەردوک چین و یابان زانیبوویان کە هیچ کامیان ناتوانن ببنە ئەندامی یانە گەورەکە هەتا پەیوەندیەکی توندی گەورەو گرنگی ئابووری لە گەڵ زلهێزەکانی تری دنیادا نەبەستن کە یەکێک لەوانە ئەمریکایە.
بەڵام ئەگەرچاوەڕوانیەکان لە بازرگانیی لە داهاتوودا رووەو خەراپی بڕوات و سەرۆکی وەڵاتانیش بگەنە ئەو باوەڕەی کە سنووردارکردنی بازرگانیی وەڵاتانی تردەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەستڕاگەییشتنیان بە سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و بازاڕ، ئەو کات پێشبینی دابەزینی درێژماوەی دەسەڵاتی ئابووری دەکەن و هەر بەو هۆیەشەوە هی دەسەڵاتی سەربازیش. ئینجا لەوانەیە بگەنە ئەو باوەڕەی کە سیاسەتی زۆرتر باوەڕبەخۆبوون وهەروەها دوژمنکارانە پێویستن لە پێناو پاراستنی ڕێگاکانی بازرگانیی و هەرووەها لە پێناو دڵنیا بوون لە گەییشتن بە کەرەستەی خاوو بازاڕ. ئەمە ڕیک گرفتی یابان بوو لە ١٩٣٠یەکاندا کاتێک کە بینی فەرەنساو بەریتانیا و ئەمریکا بەرەو جیهانێکی ئابووری زیاتر داخراوو ڕەگەزپەرستی پاشەکشەیان کردووە. جا ئەم گرفتەش لە ئەنجامدا وای لە کاربەدەستەکانی یابان کرد کە زیاتر کۆنتڕۆڵی پەیوەندیە بازرگانیەکانیان لەگەڵ دراوسێکانیاندا بکەن. بەڵام ئەو هەنگاوانە وای لە سەرۆکەکانی یابان کرد کە خۆیان شەڕەنگێزتر ببینن و ئەمەش بەهانەیەکی تری دایە ئەمریکاو بەریتانیا تا هاوردەکردنی کەرەستەی خاو کە لە نێویدا نەوتیش بوو لە لایەن یابانەوە سنووردارتر بکەنەوە.
ئەمڕۆ چینیەکان تێدەگەن کە ئەوان ڕووبەڕووی هەمان ئەو گرفتەی یابان بوونەتەوە وهەروەها بە هەمانشێوە هەر دەوڵەتێکی تری گەشەسەندووش لە مێژووی هاوچەرخدا. ئەوان تێدەگەن کە سیاسەتی دەرەوەیان پێویستی بە وەیە کە دەبێ وەک و پیویست مامناوەندی بێت بۆ ئەوەی ئەو متمانەیەی کە ڕێگا بە بەردەوامیی پەیوەندیە بازرگانیەکان دەدا بەردەوام بێت. بەڵام لەهەمان کاتیشدا دەبێ ئاگایان لە پرۆژەی دەسەڵاتی سەربازییان هەبێ بۆ ئەوەی بتوانن دەوڵەت و لایەنی تر لە زیانگەیاندن بەو پەیوەندیانە بوەستێنن. تێڕوانینێکی ڕیالیستی و واقعیانە باشتر ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی چینیەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا زۆرترین شەڕەنگێزییان پێوەدیاربووە لەبەرامبەر هەندێک گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا. بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە تایوانەوە هەیە. بە شێوەیەکی سنووردارتر، ئەو تێڕوانینە دەتوانێت باشتر ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی سەرۆکی ڕوسیا کەڵکەڵەی داگیرکردنی ئۆکڕانیای کەوتۆتەسەر.
هەرئێستا یاخود قەت و هەرگیز!
بە پێی زووربەی گێڕانەوەکان شەڕی پۆتین لە ئۆکڕانیا بەهۆی ترسی ئەو لە ئاساییشی ڕوسیاوە سەری هەڵداوە کە ترساوە لە پەیوەستبوونی ئۆکڕانیا بە ناتۆوە لە مەودای نزیکدا. هەروەها پۆتین ویستوویەتی کە ناوی بچێتە مێژووەوە کە بگوترێت ئەو بوو ویستی ئیمپڕیاتۆریەتی ڕوسیا بنیات بنێتەوە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە شتێکی تر بە دوو شێوازی گرنگ وایان لە ڕوسیا کرد هێرش بکاتە سەر ئۆکڕانیا ئەویش هەناردە کردنی ووزەی ڕوسیا بوو بۆ ئەوروپا.
یەکەم: پۆتین بە تەواوی تێگەییشتبوو کە ئەوروپا زۆرتر پشتی بەڕوسیا بەستووە وەک لە ڕوسیا بە ئەوروپا. یەکیەتی ئەوروپا، لە پێش فێبروەری، نزیکەی لە ٤٠٪ی غازی سرووشتییان بۆ کارگەو کارخانەو گەرمی ماڵەکانیان پشتی بە مۆسکۆ بەستبوو. ئابووری ڕوسیاش، بە دڵنیاییەوە، پشتی بە فرۆشتنی ئەو غازە بەستبوو. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سرووشتی ئەو کەرەستە خاوە، پۆتین ئەوەی چاوەڕوان دەکرد کە هەرکەمکردنەوەیەک لە ناردنی غازی سرووشتی بۆ ئەوروپا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی و زیان گەیاندن بە ئەوروپا لە دوو ڕێگاوە. یەکەم لە ڕووی کەمی غازەوەو دووەمیش لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی تێچوونەکەی. لە کاتێکدا زۆربە کەمی کاریگەریگەری خەراپ دەکاتە سەرئەو داهاتە گشتییەی ڕوسیا کە لە هەناردەکردنی غازەوە دەستی دەکەوێت. هەروەک ئەلبێرت هێرشمان ، پسپۆڕی ئابووری، لەوبارەوە ئاماژەی پێدا لە ١٩٤٥ دەربارەی پەیوەندیە یەکلایەنەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ وەڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠دا. ئەوگوتی: “لە بارودۆخێکی ناهاوسەنگی ئابووری دوو وەڵاتدا کە یەکێکیان کەمتر لەوەی تریان پشت بەدەرەوە ببەستێ ئەو وەڵاتە دەتوانێت بە ڕێگای ترساندن و هەڕەشە وەڵاتەکەی تر وا لێبکات سیاسەتە توندو ڕەقەکانی قبوڵبکات . هۆیەکەشی زۆر بەسادەیی ئەوەیە کە وەڵاتە لاوازەکە بازرگانیی دەوێ و زۆریش زەحمەتە بەرەنگاری سیاسەتەکانی وەڵاتەکەی تر بکات.
لە ڕاستیدا دوای ئەوەی کە ڕوسیا دوورگەی قەرەمی لکاند بە ڕوسیاوە لە ساڵی ٢٠١٤و ئەوروپیەکانیش هەر بەردەوام بوون لەکڕینی غازی سروشتی ونەوت لە ڕوسیا لە ئاستێکی بەرزدا ، ئەوەی بە پۆتین نیشاندا کە ئەگەر بێت و هەمان شتیش لەگەڵ ئۆکڕانیا بکا، کە کردیشی لە ٢٠٢٢، ئەوا هیچ کاردانەوەو ئاڵۆزییەک لە لای ئەوروپاوە درووست نابێت بۆ ڕوسیا. پۆتین هەر بە ڕاستی ئەو وەڵامە توندو تیژەی ئەوروپای بە کەم وەرگرت. بەڵام ئاگاداریی پۆتین لەوەی کە ئەوروپا لە ڕووی ئابووریەوە بەندە بە ڕوسیاوە وای لە پۆتین کرد کە پێی وابێ دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا شەڕەکە لەگەڵ ئۆکڕانیا بباتەوەو هێرش و پلانەکەی سەرکەوتوو دەبێت.
ڕوسیا ترسی لەوە هەبوو کە لە داهاتوودا کاریگەریی ئابووریەکەی بەرەو داکشان دەڕوا !
بۆ پۆتین هۆیەک هەبوو کە بترسێت ئەویش بریتیبوو لە دابەزینی کاریگەریی ئابووری ڕوسیا لە داهاتوویەکی نزیکدا بەسەر ئۆکڕانیاو ئەوروپادا. لە ساڵی ٢٠١٠ بوو کە غازێکی سرووشتی زۆر دۆزرایەوە لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی شاری خەڕکیفی ئۆکڕانیاو لەوێوە بڵاوبووەتەوە تا شاری دۆنیتسیک و پارێزگای لۆهانسک. ئەو کێڵگە غازەش بە دوو تڕیلیۆن مەتر سێجا مەزندە دەکراو ئەوەش بڕێکە کە هاوتایە بە کۆی ئەو بڕەی کە ٢٧ وەڵاتی ئەوروپا بەکاری دەبا لە ماوەی پێنج ساڵدا بە ڕێژەی بەکارهێنانی ئێستا. هەر بۆیەش دەوڵەتی ئۆکڕانیا دەستبەجێ یاساکانی دەوڵەتی گۆڕی بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و هەروەها لە ساڵی ٢٠١٣ دا ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ شێڵ ئۆیڵد ا واژوو کرد لە پێناو گەشەپێدانی ئەو کێڵگە نەوتییەو لەگەڵ هەردووک شێڵ ئۆیڵ و ئێکسۆن مۆبیلیش ڕازی بوو کە بەیەکەوە کاربکەن و لە قوڵایی ئاوەکانیشدا بەدواداچوون و پشکنین بکەن بۆ غاز لە کەناراوەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیادا.
هەرچەندە کاتێک کە لە ٢٠١٤ دا پۆتین هێرشی کردە سەر دورگەی قەڕەم و دۆنباس، ڕەنگە هەندێک هۆی تربووبنە هۆی ئەو کارەی پۆتین. ئەو کات بە دڵنیاییەوە ڕوون و دیار بوو بەلای مۆسکۆوە کە ئەگەربێت و ئەو غازە سرووشتیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیادا بوونی هەیە کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا گەشەی پێبدەن و کاری تێدا بکەن ئیترئەوکات ئۆکڕانیا نەک هەرکۆتایی بە وابەستەبوونی دەهێنێ بە غازی سرووشتی ڕوسیاوە، بەڵک و دەستیش دەکات بە ناردنی غازی سرووشتی خۆی بۆ ئەوروپا. بەمەش ئۆکڕانیا ئاستی موزایەدەو داواکاریەکانی زیاتر دەکات لەگەڵ ڕوسیا بۆئەوەی ڕێگا بدات غازی سروشتی ڕوسیا بە ئۆکڕانیادا بەرەو ئەوروپا بڕوات.
لەو سێ کۆمەڵە بۆڕیەی کە ڕوسیا بەکاریان دەهێنێت بۆ ئەوەی غازی سرووشتی سیبیریای بگەێنێت بە وەڵاتانی ئەوروپا لە ناویشیاندا ئەو بۆڕیەیە کە بە ناو بیلاڕوسیادا دەڕوات بۆ ئەوروپا و یەکێکی تریشیان کە بە ناو دەریای بەڵتیک دا دڕوات بۆ ئەڵمانیا، بەڵام گرنگترینیان لە ڕووی مێژووییەوە ئەو هێڵە بووە کە بە ناو ئۆکڕانیادا ڕۆییشتووە. هۆیەکەشی بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوە بووە کە وەڵاتانی ئەوروپای بە وشکانی دەورە دراو بە تایبەتی لە وێنەی هەنگاریاو سلۆڤاکیا پشتیان بە غازی ڕوسیا بەستووە. جا بۆیە کاتێک کە ئۆکڕانیا دەست بە ناردنە دەرەوەی غازی سرووشتی خۆی دەکات بۆ ئەوروپا و دەستیش دەگرێتەوە لە بەکارهێنانی پێداویستیەکانی ڕوسیا، ئیتر ئۆکڕانیا دەتوانێت پەیوەندیە ناهاوسەنگیکانی لە ڕووی ووزەوە لە گەڵ ڕوسیا پێچەوانە بکاتەوە. جا ئەگەر بێت و کیڤ پەیوەندی نا فەڕمیش لەگەڵ ناتۆ یان ئەوروپا پەرە پێبدات، لەوە هەر گەڕێ کە ئەگەر بچێتە پاڵ یەکێک لەو دوو ڕێکخراوە، ئەوا ئۆکڕانیا نەک هەر لە ڕووی سیاسیەوە دەبێتە هەڕەشە بۆ مۆسکۆ بەڵک و دەبێتە هەڕەشەیەکی ئابوووریش کە هێزی ئابووری دوورمەودای ڕوسیا دەخاتە مەترسیەوە.
بە کورتی، هەرچەندە جووڵەکانی زێڵنسکی،سەرۆکی ئۆکڕانیا، لە کۆتاییەکانی ٢٠٢١دا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە لەگەڵ خۆرئاوادا بە دڵنیاییەوە هەستی پۆتینی بۆ چارەنووسی ڕوسیا تێکداو لەوانەشە ترسی پۆتینی لە بڵاوبوونەوەی دێموکڕاسی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایی لە ڕوسیادا زیاتر کردبێت. هەروەها ئەمانە ئاماژەی ڕوونیشن کە کارتی ووزەی ڕوسیا لە دواڕۆژدا لە بەرامبەر ئەوروپادا لاواز دەبێت. ئیتر هەستی ئەوەی کە ڕوسیا ئیتر کاریگەریی خۆی لە ڕووی ئابووریەوە لە بەرامبەر ئۆکڕانیادا لەدەست دەدات وای لە پۆتین کرد کە پێی وابێت ” دەبێ یان هەرئێستا بێت یاخود قەت و هەرگیزنابێت” کە هەستێت بە قووتدانی زووربەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری (دنیپەڕ)ی ئۆکڕانیا کە ئەو ناوچەیەش زیاتر لە ٩٠٪ی پاشەکەوتی غازی سرووشتی ئۆکڕانیای تێدایە.
چیپی ئەلەکترۆنی بچووکترو قورسایی و هێزو کاریگەریی گەورەتر
بەپێچەوانەوە، وابەستەیی ئابووری چین لەگەڵ باقی جیهان هاوسەنگترە وەک لە هی ڕوسیا بە هی دەرەوەی خۆی. ئابووری چین پشتی بە هەناردە کردنی کاڵای درووستکراو بەستووە، هەروەکو ئابووری یابان لە نێوانی جەنگەکاندا، چین بە شێوەیەکی لە ڕادە بەدەر پشتی بە هاوردەکردنی کەرەستەی خاو بەستبوو بۆ بەردەوامیدان بە ئابووریەکەی و لە نێویاندا نەوت و غاز بوو لە وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوسیا. پێگەی جین وەک ۆرکشۆپێکی جیهان، ڕێژەیەکی بەرچاوو گرنگ لە لاپتۆپ و مۆبایلی زیرەک و سیستەمی پەیوەندی فایف جی جیهانی بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش هەندیک نفوزو کاریگەری دەداتە چین لە بازرگانی کردن لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆیدا. بەمەش چین دەتوانێت هەر کاتێک سیاسەتەکانی دەرەوەی هاوبەشەکانی بەدڵ نەبێت هەڕەشەیان لێبکات و کارتی گرفت درووستکردن لە هاوردەو هەناردەی کەرەسەی خاوو کاڵای درووستکراو بەکاربێنێت لەبەرامبەر هاوبەشەکانیدا. بەڵام دیسان هەروەک و وابەستەیی یابان بە هاوردەکردن لە نێوانی جەنگەکاندا، وابەستەیی چینیش بە شێوەیەکی کورتخایەن لاوازیییەک دەداتە ئابووریەکەی، بەڵام ئەم شێوە لاوازییە لە ڕوسیادا نازانرێت. بۆیە بە دڵنیاییەوە ڕوسیا بە گەمارۆیەکان ئازاری پێدەگات، بەڵام توانای ڕوسیا لە فرۆشتنی غاز بە نرخێکی گران کە هەر خۆی بە کردەوەکانی لە ئۆکڕانیا خوڵقاندویەتی، لە ئێش و کاریگەری ئەو لێدانە تووندە لە ئابووریەکەی کەم دەکاتەوە.
ئەگەربێت و چین ڕووبەڕووی کەمێک لەو شێوە گەمارۆیانە ببایەتەوە کە بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون، ئیترئابووری چین بەرەو هەڵوەشان دەڕۆیی. جا لە ڕاستیدا بە ئاگایی چین لەو خاڵە لاوازەی خۆی هە رلە ئێستاوە ڕۆڵ وەک ڕێگرییەکی سەرەکی دەبینێت لە ئارەزووە فراوانخوازیەکانی لە ناویشیاندا پلانەکانی بۆ داگیرکردنی تایوان. لەوو ڕووەوە ووردەکاری چین لەبەرچاوبگرە لە کاتی سەردانەکەی پێڵۆسی بۆ تایوان سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی پێشتر کردبوونی. هەرچەندە پەکین تووڕەبوونی خۆی نیشاندا بە شێوەی مانۆڕی سەربازی و هەڵدانی موشەک کە ئاسمانی تایوانیان بڕی، بەڵام وەڵامی ئابووریانەی خۆی سنووردار کردە وە، بۆ نموونە کە گەمارۆ بخاتە سەر هەناردە کشتوکاڵیەکانی تایوان. جێگەی باسە کە کاربەدەستانی چین بە ووریاییەوە خۆیان بەدوورگرت لە سەپاندنی هیچ جۆرە ڕێگرییەک بۆ هەناردەکانی سێمی کۆندەکتەری تایوانی. لەبەر ئەوەی چین پشتی بە لە ٩٠٪ ی چیپی هەرێ ئاست بەرزو چیپی ئاست نزمی تایوانی بەستووە. هەروەها چین زۆر ووریا بوو لەوەی کە بە ڕاستەوخۆیی گەمارۆ نەخاتە سەر ئەمریکا لە ترسی ئەوەی نەوەکو ئەم کارەی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگێکی بازرگانی تازە کە ببێتە هۆی بەرەو خەراپتر بردنی ئابووری چین کە لە ئێستاوە هەرخۆی ڕووی لە سستییە.
سەرباری ئەوەش، وابەستەیی ئابووری چین بۆی هەیە چین ڕووەو جووڵەو هەنگاوی شەڕانگێزانە مل پێ لێبنێت، ئەگەر هات و چاوەڕوانیەکانی چین لە دواڕۆژی بازرگانیەکەی پاشەکشە بکات. لەوبارەوە بابەتی تەکنۆلۆجیای بەرزی نیمچە ڕێبەری ئەلەکترۆنی ( سێمی کۆندەکتەر) ی تایوانی وەربگرە. چین ئێستا هەندێک توانای هەیە لە درووستکردنی چیپی ئەلەکتڕۆنی لەگەڵ تڕانزیزتەر بە قەبارەی ١٥ یاخود هەتا لە خوار ١٠ نامۆمەتریشەوە. جا بۆ ئەوەی چین بتوانێت لە ئاستی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیدا بمێنێتەوە لە بواری زیرەکیی دەستکردو ئۆتۆمۆبێلی خۆلێخوڕ وهەروەها مۆبایلی زیرەک ، چین پێویستی بە جۆرێک لە چیپی ئەلەکتڕۆنی هەیە کە قەبارەکەی لە خوار ٧ یان ٥ نامۆمەترەوەوە بێت ئەوەش لە ئێستادا هەر لە توانای تایواندایە، ئەگەر بە کواڵیتی بەرز درووست بکرێت. بۆ نموونە تازەترین ئایفۆنی ئەپڵ هەرچەندە لە چین کۆکراوەتەوە بەڵام بە چیپێکی قەبارە ٥ نامۆمەترکار دەکات کە ئەپڵ خۆی دیزاینی کردووەو کۆمپانیای سێمی کۆندەکتەری تایوانی درووستی دەکات لەشاری هسینشو لە تایوان.
بە دووبارە دڵنیایی کردنەوەی چین دەربارەی سێمی کۆندەکتەرەکان( نیمچە ڕیبەری ئەلەکترۆنی) واشنتۆن دەتوانێت ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ کەم بکاتەوە.
زۆر دوور نارۆین ئەگەر بڵێین کە تەواوی توانای داهاتووی چین بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا، بەندە بە دەستڕاگەییشتنی چین بە چیپە ئەلەکتڕۆنیەکانی تایوان. ڕێک هەروەک چۆن پێگەی یابان لە ساڵەکانی ١٩٣٠دا کە پەیوەست بوو بە دەستڕاگەییشتنی یابان بە ئەو نەوتەی کە لە لایەن ئەمریکاو بەریتانیاوە کۆنتڕۆڵ کرابوو. دیسان هەروەک گەمارۆی نەوتی ئەمریکا وایە لە ساڵەکانی ١٩٤١دا، ئەگەر بێت و کاربەستانی چین هەست بکەن بەوەی کە لەوانەیە ئەمریکا هەنگاو بنێت بۆ بڕینی دەستڕاگەییشتنی چین بە چیپە ئەلەکترۆنیەکانی تایوان، لەوانەیە چینیەکان بە پێویستی بزانن بۆ ئەوەی ڕێ لە داکشانی دوورمەودای ئابووریەکەیان بگرن هەر ئێستا دەست بەسەر ئەو دوورگەیەدا بگرن. ئەمەش سینارۆیەک نیە کە ئەگەری جێبەجێکردنی نەبێت. لە حوزەیرانی ٢٠٢٢ دا شارەزایەکی ئابووریزانی چینی ڕایگەیاند ،ئەگەر بێت و ئەمریکا گەمارۆی ئابووری لەو شێوەیەی کە ئەمساڵ سەپاندوویەتیە سەر ڕوسیا بیشیخاتە سەر چین، ئەوا دەبێ چین لە پێناو پاراستنی خاوەندارێتی خۆی لە دامەزراوەکانی چیپە ئەلەکترۆنیەکانی پێویستە تایوان داگیربکات.
بەڵام لێرەدا خەبەرو مژدەیەکی خۆش هەیە. چاوەڕوانیەکانی چین بۆ داهاتووی بازرگانیی، وەکوچاوەڕوانیەکانی یابان لە ساڵەکانی ١٩٤٠ کاندا، کارکردو بەرەنجامی بڕیارەکانی سیاسەتی ئەمریکایە. جا ئەگەر بێتو کاربەدەستانی ئەمریکا تێبگەن کە سیاسەتەکانیان ڕاستەوخۆ شکڵ بە داهاتووی مامەڵەی بازرگانیی دەدا بەو شێوەیەی کە چین دەیبینێت، نەک هەر بە شێوەیەکی گشتی بازرگانی بەڵک و بازرگانی تەکنۆلۆجیای بەرز وەکو ئەوەی کە پەیوەندی بە هی تایوانەوە هەیە، ئەوسا ئەمریکاییەکان دەتوانن خۆیان بەدووربگرن لەوەی کە کاربەدەستانی پارتی کۆمۆنیستی چینی هەست بە داڕوخانی ئابووریەکەیان بکەن، جا مەگەرئەوان بە شێوەیەکی توندوتیژیانە مامەڵە بکەن.
دوژمنایەتییەک کە بەرەو جەنگ دەڕواو دەبێتە هۆی شەڕ لە هەڵبژارنی خۆتەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە واقیعەوە. بۆیە بە دووبارە دڵنیاکردنەوەی پەکین کە هیچ ترس دای نەگرێ و چین بتوانێت بەردەوام بێت لە دەستڕاگەییشتنی بە چیپ و سێمی کۆندەکتەرە ئەلەکترۆنیەکانی تایوان، جا با ماشێن و مەکینەی ئاستبەرزیشی لەگەڵ نەبێ لە هۆڵەندیەکانەوە بۆ درووست کردنی ئەو چیپە ئەلەکترۆنیانە. بۆیە ئیدارەی بایدن دەتوانێت نیگەرانیەکانی پەکین بڕەوێنێتەوەو گریمانەکانی جەنگ و شەڕو قەیرانەکان ڕووەو نزمبوونەوە بەرێت.
بەڵام شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کە بە دڵنیاییەوە تەنانەت بەوهەڵوێستەی ئەمریکاش ڕازی نابێت، چونکە پێی وایە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جین وابەستە بەدەرەوەی خۆی دەکرێت بۆبەستهێنانی چیپە ئەلەکترۆنیەکان کە بنچینەی هەردووک ئابووری ئاست بەرزی تەکنۆلۆجی و دەسەڵاتی سەربازیشن. جا لە لەبەرئەوەی هێرش بۆ سەر تایوان نەک هەر دەبێتە ڕێخۆشکردنیک بۆ سزاو گەمارۆی ئابووری کە ئەمەش پەیوەندیە بازرگانیەکانی چین لەگەڵ وەڵاتانی ڕۆژئاوایی بەرەو خەراپی و داروخان دەبات، هەروەها لەوانەشە ببێتە هۆی وێران کردن و خاپوورکردنی خودی دەزگاو کارگەو دامەزراوەکانی چیپە ئەلەکترۆنیەکان. بۆیە چین زۆر هۆی واقیعی لەبەردەمن بۆ ئەوەی کە ئەگەر بە خیتاب و قسەش نەبێ هەڵسو کەوتی خۆی هێور بکاتەوە، هەر کاتێک کە باس هاتە سەر ئەو دورگەیە.
وابەستەیی وای لێبکرێت کە کەمتر مەترسیدار بێت
پۆتین دەگونجێ پێی وابووبێت کە ڕۆژئاوا چاوپۆشی دەکات لە بابەتی ئۆکڕانیا ئەوەش بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئەوروپا پشتی بە نەوت و غازی ڕوسیا بەستووە. بەڵام ئێستا دەسەڵاتدارانی چین دەزانن کە ئەمریکاییەکان و ئەوروپاییەکان وهاوبەشەکانیان چارەیان بۆ ئەو گرفتە هەیەو ئەگەر بێت و چین هێرش بکاتە سەر تایوان بۆی هەیە ئەوەی کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پارتی کۆمۆنیستی چینی بەدەستی هێناوە لە دەستی بدات. مێژوو نیشانیداوە کە وەڵاتانی زلهێزی وابەستە بە دەرەوەی خۆیان لە ڕووی ئابووریەوە زۆر ئاگایان لەخۆیە کە دێتە سەر بابەتی سیاسەتی دەرەوەیان و کاتێک کە سەرۆکەکانیان چاوەڕوانیەکی پۆزەتیڤیان دەربارەی داهاتووی بازرگانی هەیە، چونکە تێدەگەن کە بازرگانیی هاوکار دەبێ لە بنیاتنانی بناغەی دوورمەودای هێزی دەوڵەت و هەروەها دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی هاوڵاتی. سەرۆکی ئێستای چینیش هەردووکیانی دەوێت هەم هێزو هەم زیادبوونی داهاتی هاوڵاتی، ئەگەر بێت و بۆ خۆی بەردەوام بێت و ئیدامە بە شەرعیەتی پارتەکەی بدرێت لە چینداو دەوڵەتەکەشی سەقامگیر بێت.
جا لێرەوەیە کە دەوڵەتانی زلهێز دەیانەوێت ئیدامە بە ئاڵوگۆڕی ئابووری بدەن لە نێوخۆیاندا لە پێناوی ڕاگرتنی ئاشتی، تووشی گرفتی سەختی هاوسەنگی دەبنەوە. زۆر بەسادەیی: تەنها ئەوەندە بەس نیە کە بازرگانی بکەی لە ئاستێکی بەرزدا. چونکە دەوڵەتانی وابەستە لە وینەی یابان لە ساڵەکانی ١٩٣٠ وچینیش لە ئێستادا دەتوانرێت پاڵیان پێوەبنرێت ڕووەو سیاسەتێکی شەڕانگێزی تر کە ئەگەر بێت و بگەنە قەناعەت کە ناتوانن بە پیی پێویست دەستیان ڕابگات بە کەرەستەی خاوو بازارێک کە دەوڵەت پێویستی پێی دەبی لە مامەڵەی بەزرگانیدا بۆ هێشتنەوەی پێگەی خۆی لە سەر شانۆی نێودەوڵەتیدا وەک دەوڵەتێکی زلهێز. لە بەرامبەریشدا دەوڵەتانی کەمتر وابەستە لە ڕووی ئابووریەوە بە دەرەوەی خۆیان لە وێنەی ئەمریکا دەبێ زۆر ئاگایان لە خۆ بێت کە نەچن وا بکەن دەوڵەتانی وابەستە بە نزمی ڕابگرن و بەرەو ئابووریەکی خەراپتریان بەرن هەر وەک کە فڕانکلین ڕۆزفێڵت گەمارۆی نەوتی خستە سەر یابان لە ساڵی ١٩٤٠. لە هەمان کاتیش دا دیسان سیاسەتێکی کراوەی بازرگانیش دەبێتە گرتف. چونکە دەوڵەتێکی وابەستە بەدەرەوەی خۆی دەتوانێت سوود لەو کەشە وەربگرێت و ئەویش ببێتە هەڕەشە و لە ڕووی ئابووری و هێزی سەربازییەوە بە دەوڵەتە گەورەکەی تر بگات. هەوەک جۆن ئیدارەی باراک ئۆبامە تا دەگاتە ئیدارەی بایدن ئاهوا لەو بابەتە گەییشتوون ئەوەی کە پەیوەندی بە چینەوە هەبێ.
ڕێگایەکی باشتر کە پاڵ بە دەوڵەتانی گەشەسەندووی وەک و چینەوە بنرێت بۆ ئاستی هاوسەنگی ئەوەیە کە دەبێ کۆتایی بێنن بە دەسکاریکردنی پارەو بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای بێگانە بە نایاسایی، وە لە کاتێکدا کە ئەو دەڵەتانەش دڵنیاییان پێبدرێت کە ئەگەر بێت و لە سیاسەتی دەرەوەیاندا سەربزێوی نەکەن ئەوا دەتوانن بەردەوام بن لە دەستڕاگەییشتنیان بە سەرچاوەی ئابوورییان و کەرەستەی خاوو بازاریش بۆ گەشەپێدانی ئابووریەکەیان و هەروەها بۆ سەقامگیری ناوخۆییان. سەرۆکەکانی وەڵانی زلهێز دەبێ کاربکەن لە پیناو دامەزراندنی پەیوەندی بازرگانیی کە ڕێگە بە دەوڵەتان بدات تا ئەوپەڕی گەشەبکەن و هەر لایەکیشیان دڵنیا بێت کە هیج کامیان نەترسێت لە داهاتووی ئابووریەکەی کە بەرەو داڕوخان و نزمی بڕوات و ئەوەش ببێتە خاڵی لاواز بۆیان و تا بە هۆی ئەو لاوازیەشەوە بە ئاسانی هەڕەشەیان لێبکرێت لە لایەن دەرەوەی خۆیان و لە ناوخۆی وەڵاتەکەشیاندا بە ئاسانی پەشێوی و ناسەقامگیری مەدەنیان تێدا بڵاوببێتەوە.
چین بە هۆی گرژیەکانی ئێستایەوە لە بەر مەسەلەی تایوان و بەردەوامی هاوپەیمانیەتی سەرۆکی چینیش لەگەڵ پۆتیندا وای لە مەسەلەکە کردووە کە سەختر دەربکەوێت. بەڵام بە شێوەی دیبلۆماسی واشنتۆن دەتوانێت لەوبارەوە کار بکات و وەبیری پەکین بهێنێتەوە کە پەکین پێویستی بە ئەمریکاو هاوبەشەکانیەتی لە ڕۆژئاوادا بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجە ئابووریەکانی بێنێتە دی. هەروەها دەبێ ئەمریکا بە پەکین بڵێت کە واشنتۆن نایەوێت وابەستەیی چین بەدەرفەت بزانێ بۆ ئەوەی گرفت لە سەر ڕیی پەکین درووست بکات. بایدن دەتوانێت سەرۆکی چین دڵنیا بکاتەوە کە کردەوەی ١٩٤١ کە چاوەڕوانیەکانی داهاتووی بازرگانی دەوڵەت دادەڕوخێنێت دەتوانێت پەلبهاوێت بەرەو جەنگ. ئەمریکا لەوە تیگەییشتووەو دەرسی لەو مێژووەش وەرگرتووە . هەوەها بایدن دەتوانێت پێشنیار بۆ پەکین بکات کە دەبێ چین لە هەڵەکەی یابان کە لە ١٩٣٠ کردی فێر ببێت و دەرس وەربگرێت و خۆی بەدووربگرێت لە کردەوەو سیاسەتێک کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی سیقەو باوەڕی نێودەوڵەتی کە شتێکی پێویستە بۆ مامەڵەو پەیوەندی بازرگانی تەندرووست. جا ئەگەر بێت و سەرۆکەکانی واشنتۆن و پەکین بتوانن چاوەڕوانیەکانی یەکتر بەرەو باشی بەرن لە هەردووک لایەنی بازرگانی و مامەڵەو هەڵس و کەوتی داهاتوویان ، ئەوا بە بێ گومان دەتوانرێت بۆ زۆر دەیەی زیاتری تریش ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ئاسیادا بەردەوامی پێبدرێت.

————————————————————–

دەیڵ سی کۆپڵاند : ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢
سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
https://www.foreignaffairs.com/china/when-trade-leads-war-china-russia?




بۆچی دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید١٩، مردن لە نێو منداڵانی کچ دا بە ڕێژەی ٥٧٪ زیادی کردووە !؟.. ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

تێبینی: ماڵپەڕی ذی ئێکسپۆوز ماڵپەڕێکە کە زیاتر بەلای راستڕەویدایەو زیاتر لەو نێوەدا بابەتەکانی دەنووسێت..بۆی هەیە لایەنی چەپ و لیبڕاڵ و لایەنگرانیان زۆر لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نەبن. بەڵام ئەوەی من کە کردوومە بەکوردی ئەوەیە کە لای منیش هەر بۆتە پرسیار کە بۆچی دەبێ کاریگەری نەرێنی ڤاکسینی فایزەر لەسەر منداڵانی کچ زۆرتر بێت وەک لە سەر منداڵانی کوڕ؟ هەروەها من لایەنگری ئەوبۆچوونەم کە پێی وایە و دەڵێت کە دەرمانسازەکان و کۆمپانیا گەورەکانی دەرمانسازی لە پێناو قازانجی خۆیاندا ژیان و سەلامەتی ئیسانەکانیان بەلاوە پلە دووەمە. هەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەی خۆشم من لێرەدا لینکی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی وێسترن دادەنێم کە لە دژی پێدانی ڤاکسین ناڕەزایەتیان دەربڕی. ئەو خوێندکارانەش دەڵێن مەسەلەکە پەیوەندی بە قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دەرمانسازی. هەر بۆیەش لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ خوێندکارانی زانکۆی وێسترن لە شاری لەندەن لە پارێزگای ئۆنتاریۆی کەنەدا دەستیان بە ناڕەزایی دەربرین کرد بە هۆی بڕیارێکی سەرۆکایەتی زانکۆکە کە دەبێ پێش دەستپێکردنەوەی دەوام هەموو خوێندکارەکان ڤاکسینیان لێبدرێتەوە..خوێندکارەکانیش بەم بڕیارە ڕازی نین و وای دەبینن کە کۆمپانیا گەورەکانی دەرمان بۆ قازانجی خۆیان لە پشتی ئەم کارەوەن.. لە کۆتایی نووسینەکەدا .لینکی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆم داناوە ..(ح . ڕ)
ڕێژەی مردن لە نێو کجآنی گەنج دا لە پێش ڤاکسین پێداندا هاوتەریب بووە لەگەڵ تێکڕای ڕێژەی پێشبینیکراو لە داتای پێنج ساڵدا. بەڵام بە پێی شیکردنەوەیەک بۆ زانیاریە فەڕمیەکان کە لە لایەن فەرمانگەی ئاماری نیشتیمانییەوە ئامادەکراوە، نیشانی دەدا کە ڕێژەی مردن لە نێو کچانی گەنجدا بە ڕێژەی ٥٧٪ بەرزبووەتەوە هەر دوای ئەوەی کە بۆ یەکەم جار ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ئەوەی کە سەلماوەو دەزانرێت ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نائاسایی مردن بە هۆی کۆڤید١٩ وە زۆر کەمە لە نێو منداڵاندا، هەر بۆیەش لیژنەی کوتان و بەرگری پێدان لە بەریتانیا ڕازی نەبوو کە پێشنیار بکات بۆ ئەوەی ڤاکسینی کۆڤید١٩ بدرێت بە منداڵان. بەهانەشیان بۆ ئەو ڕازی نەبوونەیان ئەوە بوو کە لایان ڕوون نیە ئاخۆ سوودەکانی ئەو ڤاکسینە بۆ منداڵان زۆرتر دەبن لە مەترسییەکانی ڤاکسینەکە. یەکێک لەو مەترسیانەش کە بەهۆی ئەو ڤاکسین پێدانە تووشی منداڵان دەبێ بریتیە لە هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ و دڵیش وا لێدەکات کە توانای بەرێکردنی خوێنی لاواز ببێت و هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی کە دڵ خێراتر لێبدات و جووڵەو لێدانی بەرەو هەڵکشان بروات.
لە کۆتاییدا، هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ دەبێتە هۆی لاوازکردنی دڵ و بە مەش دڵ ناتوانێت وەک و پێویست خوێنی تەواو بۆ بەشەکانی لەش ڕەوانە بکات. هەر لێرەوەیە کە خوێن مەین لە ناو دڵ درووست دەبێ و تۆپەڵەی خوێنی مەیویش لە ناو دەمارەکاندا درووست دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک وجەڵتەی دڵیش.
نەخۆشی ترسناکی تریشی بەدوادادێت کە بریتییە لە نەخۆشیەکانی دڵ بە شێوەیەکی گشتی و مردن بە هۆی نەخۆشی دڵەوە.
هیج جۆرێکی سووکی ئەو نەخۆشیە بوونی نیە و هەر بە ڕاستی جێی مەترسییە ئەویش بە هۆی ئەوەی کە دەمارەکانی خوێن تووشی هەوکردن دەبن و ئیتر توانای خۆ تازەکردنەوەیان نابێت. هەر بۆیەش کاتێک کە زیانێک وەبەر ئەودەمارانە دەکەوێت ئیتر وەک میلی کاتژمێر گەڕانەوەی بۆ نییە.
ئەوانەی کە بە ڕێکخستنی داودەرمانەوە خەریکن و پسپۆرن لەو بوارەدا تەواو ئاگاداری ئەوەن کە هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ لە ئەنجامی کاردانەوەی نەرێنی ئنسانەکەیە بۆ ئەو دەرزییەی کۆڤید١٩. بەتایبەتی بۆ ڤاکسینی فایزەر ئیم ئاڕ ئێن ئەی. هەروەها لەوەش ئاگادارن کە زۆرترین قوربانی لەو نێوەدا لاوان و تازە پێگەییشتوانن.
جا بۆیە ئەگەر ڕێکخەری داوودەرمان لەبەریتانیا بەئاگا بێت لە مەترسییەکانی نەخۆشی هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ هەربەدوای پێدانی ڤاکسینی کۆڤید١٩، کەواتە ئێمەش‌ خۆمان بەڕاست دەزانین کە بڵێین کاتێک کە پڕۆفیسۆر کریس ویتی ، سەرۆکی ڕێکخستنی داوودەرمان لە بەریتانیا، ڕازی نابێت بە پێشنیاری لیژنەی هاوبەشی ڤاکسین و بەرگری پێدان کە بۆ حکومەت بوو بۆ ئەوەی ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە منداڵان ، کەواتە ئەو پڕۆفیسۆرە زانیویەتی کە ئەم کارە دەبێتە هۆی نەخۆشی هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ لە نێو منداڵاندا.
کریس ویتی و ئەفسەرانی بەشی داوودەرمان لە سکۆتلەنداو وەیڵ و باکووری ئێرلەندا لە ١٣ی سیپتەمبەری ٢٠٢١ دا نامایەکیان دایە حکوومەتی بەریتانیا کە داوا لە حکوومەت دەکەن کە ڕازی نەبێت بە پێسنیاری پێدانی ڤاکسینی فایزەر بۆ منداڵانی سەرووی ١٢ ساڵی چونکە ڕاستەوخۆو هەردەستبەجێ زیانی دەبێ بۆسەریان. سووپاس کە ئەوپلانە سەری گرت لە زەمانێکدا بوو کە ساجید جاوید سکرتێری بەشی تەندرووستی بوو لە بەریتانیا. بۆیە هەر یەک هەفتە دوای ئەو نامەیە ساجید فەرمانی کرد کە نابێت ڤاکسین لە منداڵانی نێو خوێندنگاکان بدرێت.
ئینجا وەرە چاوێک بخشێنە بەوئامارەی خوارەوەداو بۆت دەردەکەوێت کە لەهەفتەی ٣٨ وە دوای نامەکەی ١٣ی سێپتەمەری ٢٠٢١ کە دەکاتە هەفتەی ٣٧ تا هەفتەی ٤٤ ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا لە ئیگلتەراو وەیڵدا بەرەو خوار ڕۆیستووە.
جا ئێمە هاتووین ئامارەکانمان بەراوورد کردووە . ئەو مردنانەی کە لە نێوان ڕەگەزی نێرو مێی منداڵاندا ڕوویان داوە لە نێوانی هەفتەی ٣٨وە بۆ هەفتەی ٤٤ ی ساڵی ٢٠٢١ وە و بەراورد کردنی لە گەڵ ڕێژەی پێنج ساڵی لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٩ لە نێو ئنگلتەراو وەیڵدا. ئامارەکە نیشانی دەدا کە ڤاکسینەکە ڕۆڵی نەرێنی هەبووە لە زیادکردنی ڕێژەی مردن لە نێوان منداڵانی کچدا. ئەو ئامارەش لە لایەن ئۆ ئێن ئێس بڵاوکراوەتەوە.
ئەو هێڵکاریەی سەرەوە ژمارەی کەڵەکەبووی مردنەکان نیشان دەدات لە نێوان هەفتەکانی ٣٨ بۆ ٤٤ لە ساڵی ٢٠٢١ ، واتە لە هەفتەی یەکەمی دوای نامەکەی ١٣ی سێپتەمبەر بۆ حکومەتی بەریتانیا دەربارەی مەترسیەکانی ڤاکسین بۆسەر منداڵان. هەروەها ڕێژەی مردن و ژمارەی کەڵەکەبووی مردنەکان نیشان دەدات بۆ تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵی هی پێنج ساڵ لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٩ لە نێوان تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵی منداڵان.
جا تەماشا کەن جیاوازیەکە چۆن دەردەکەوێت کە ڤاکسین چ ڕۆڵێکی خەراپ دەگێڕێت لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵان و بەتایبەتی منداڵانی کچ بە هۆی ڤاکسینی فایزەرەوە.
بۆیە ئەگەربە وردی تەماشا بکەن دەبینن کە جیاوازیەکە بەڕوونی دیارە. دەبینن کە مردن زۆرتر هەبووە لە ٢٠٢١ لە نێو منداڵاندا هەردوای هەفتەی یەکەم کە ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتووە. جیگەی داخە کە ژمارەی مردنەکان لە کۆتایی هەفتەی ٤٤ی ساڵی ٢٠٢١ سی و شەش مردنە لە کۆتایی هەفتەی ٤٤ لە داتای پێنج ساڵیەکەی نێوان ٢٠٢١ وە بۆ ٢٠١٩. بەڵام ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ ٥٢ منداڵ دوای ڤاکسینەکە.
ئەو ژمارەیەش ٤٤٪ دەگەێنێت لە نێوان منداڵانی تەمەن ١٠ بۆ ١٤. چونکە هەموو منداڵانی سەروو ١٢ ساڵی لە سەرەتادا ڤاکسینیان پێدرا. هەروەها بەرزبوونەوەیکی ڕوون و گرنگیش هەیە لە ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی نێرینەدا و لە هێڵکاریەکەشدا بە شێوەی پچڕپچڕ هەفتانە ئەو ڕێژەیە دەردەکەوێت.
وە لەسەر ئەو مەبنایە ئێمەش بڕیارماندا کە چاوێک بە ڕێژەی مردنی کچانی منداڵ بخشێنین لەو ماوەیەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە. بەداخەوە بۆمان دەرکەوت کە ڕێژەی مردن لە نێو مداڵانی مێیینەدا لە نێو تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا بە بەراورد بە پێش ڤاکسین پێدان زۆر بەرزبووەەتەوە.
ئەو هێلکاریەی سەرەوە ژمارەی کەڵەکەبووی مردنەکان نیشان دەدات لە نێو کچاندا لە تەمەنەکانی نێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵاندا لە نێوان هەفتەی ٣٨ بۆ هەفتەی ٤٤ی ساڵی ٢٠٢١ . بەڕوونی دەردەکێت کە ڕێژەی مردن بە هۆی وەرگرتنی ئەو ڤاکسینەوە لە نێو کچاندا بەرزترە.
دیسان ئەگەر دیقەت بدەی لە یەکەمین هەفتەی سەرەتادا نیشانی دەدا مردن لە نێو مێینەی ئەو مداڵانەی کە ڤاکسینیان پێدراوە بەرزترە بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر نا. بەڵام لە هەفتەکانی ٣٩،٤٠، ٤٣ و هەفتەی ٤٤ مردن لە نێو منداڵانی کچدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو هەڵکشان دەڕوات دوای ئەوەی کە ڤاکسین وەردەگرن بە بەراورد بە ڕێژەی مردن لە ماوەی پێنج ساڵی پێشوودا .
لە کۆتای هەفتەی ٤٤ دا ٢٢ مداڵی کچ هەردوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید ١٩ گیانیان لەدەستدا، بەڵام لە کۆتایی هەفتەی ٤٤ لە پێنج ساڵی پێشوودا ژمارەی مردن لە نێو منداڵانی کچدا تەنها ١٤ کچ بوو. جیاوازیەکە بە ڕوونی دیارە .
ئەمەش لە ٥٧٪ نیشان دەدات کە مردن بەرەو بەرزبوونەوە ڕۆیشتووە لە نێو منداڵانی کچدا بەهۆی ڤاکسینی کۆڤید ١٩ وە.
جا بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە هەڵە ناکەین و داتاکانمان درووستە تەماشا ئەو هێڵکاریەش بکە کە لە خوارەوەدا نیشانی دەدات. مردن لە نێوان مداڵانی کچدا لە نێو تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا لە نێوانی هەفتەکانی ٣١ وە بۆ ٣٧ کە ئەو ماوەیەی پێش ڤاکسین پێدانە. ڕێژەکە زۆر نزمتر نیشان دەدات.
جا بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە هاتین ئەو هێڵکاریەیەمان درووست کردوو جوانتر نیئشانی دەدا کە مردن بە هۆی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید ١٩وە لە نێو منداڵانی کچدا بەرەو هەڵکشان و سەرێ ڕۆییشتووە هەردوای پێدانی ڤاکسینەکە.
خاڵێك کە دەبێ بەلامانەوە گرنگ بێت ئەو ڕاستیەیە کە مردن لە نێو مداڵانی مێینەدا بەرەو بەرزبوونەوە چووە لەبەرامبەر ڕێژەی ئەو مردنەدا لە ماوەی پێنج ساڵی پێشووی پێش ڤاکسین لێداندا. جا بابەتەکە هەر ئەوە نیە کە مردن بە گشتی و بە پێی ئامارەکان لە نێو منداڵاندا هەر نزم بووە بەڵک و ئەوەیە کە مردن بە پێی ئامارەکان لە نێو منداڵانی کچدا زۆر لە هی کوڕان نزمتر بووە.
١-ئایا ئێمە بەڕاستی دەزانین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کچدا بۆ ٥٧٪ هۆیەکەی ڤاکسینەکەیە؟ وەڵام : نەخەیر.
٢- ئایا بەڕاستی دەزانین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کجدا لە ماوەی ڤاکسینەکەدا بە بەراورد بە پێج ساڵییەکە خەتای ڤاکسینەکە نیە؟ وەڵام : نەخەیر
٣- ئایا دەتوانین بڵێین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن دوای وەرگرتنی ڤاکسین لە نێو منداڵانی کچدا هەربە ڕێکەوت بووە؟ هەروەها خەتای ڤاکسینی تێدا نییە؟ وەڵام: بەڵێ
٤- ئایا دەتوانین بڵێین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کچ دا هەردوای وەرگرتنی ڤاکسین بەڕێکەوت بووە؟ وەڵام : نەخەیر
٥- ئایا پێت وایە کە دەبوو دەسەڵاتداران و دەوڵەت پێدانی ئەو ڤاکسینەیان ڕاگرتبایە بۆ منداڵان هەردوای دەرکەوتنی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کچدا بۆ ٥٧٪ بە بەراورد بە ڕێژەی مردن لە نێویاندا لە پێنج ساڵی پێشوودا.؟ وەڵام: بێگومان دەبوایە ڕایان گرتبایە.
https://expose-news.com/2022/08/22/female-children-57percent-increase-deaths-after-covid-vaccination/?
https://www.youtube.com/watch?v=sOtUXr-KWRk&t=5s

سەرچاوە: ماڵپەڕی ذی ئێکسپۆوز… ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢




پاڕادۆکسیەت لە کوردوستان و ژیان لە سەرشێوازی پاڕادۆکسی!… حەسەن ڕازانی

پاڕادۆکس بریتیە لە دوو شتی ناکۆک بە یەک یان دژ بە یەک و نامۆ و نەگونجاو لەگەڵ یەکتردا. پاڕادۆکسیەت لە نێو کۆمەڵگادا هێندە زۆرە تەواوی کایەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگای گرتۆتەوە. ئەوانەی کە ژیان و گوتارو کردەوەیان بە شێوەیەکی پاڕادۆکسیانە دەبەن بەڕێوە، هێندە زۆرن لە نێو کۆمەڵگادا، بەشی تەواوی کون و قوژبن و کایەیەکی ژیانی نێو کۆمەڵگا دەکەن، هەروەها هێندەش چالاکن کە بە هەموو لایەنەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگادا ڕادەگەن.
بوونی پاڕادۆکسیەت و ژیان بە شێوازی پاڕادۆکسیانە هێندە بە زیان بۆ کۆمەڵگا دەشکێتەوە کە : ناهێڵێت متمانە بە یەکترهەبێ، ناهێڵێت سیستەمێکی دادپەروەرانە بۆ کۆمەلگا دابمەزرێنرێت، ناهێڵێت کە ڕاست و ناڕاست لێک جیابکرێتەوە، هەروەها ناهێڵێت بە ئاسانی کە بتوانرێت ڕاستگۆ لە درۆزن جیا بکرێتەوە، یان دیندارێکی لە خوا ترسی ڕاستەقینە لە دینبازێکی سیاسەتباز جیا بکرێتەوە، یان نیشتیمانپەروەرێک لە جاسووس و خۆفرۆش ونۆکەرێکی دوژمنان جیا بکرێتەوە، یاخود چالاکوانێکی مافی مڕۆف لە جەلادێک جیابکرێتەوە، یان ئەنفالچیەک لە مامە ڕیشەکەی گەرمیان جیا بکرێتەوە، یاخود گەندەڵێکی تا سەر ئێسقان لە دەستپاکێک جیا بکرێتەوە…. هتد.. ئیتر لەو بارەوە دەتوانن پارادۆکسیەت و پاڕادۆکسی بژمێرن بە بار ، بە تەغار یان بە هەزار…..
لێردا زۆر بە کورتی هەندێک لە پاڕادۆکسەکانی نێو کۆمەڵگا نیشان دەدەین. ئەمانە تەنها وەک نموونەن و زۆری تریش بوونیان هەیە. ئیتر هەر کەسێک دەتوانێت لە ئەنجامی لێوردبوونەوە لە دەوروبەری خۆی و لە کەسەکان دەتوانێت دەیان نموونەی تر زیاد بکات و بیان خاتە ڕیزەوەو درێژەی پێبدات. ئەوەی من تەنها ڕێچکە شکاندنە بۆ ناسینەوەی پاڕادۆکسەکان… بۆ نموونە :
١- لە بواری دەرهێنان و مامەڵە بە نەوت و گازەوە بۆتە ملیاردلێری وەڵات و ناوجەرگەی زەوی لە بن دەرهێناوەو شاخ و دەشت و دارو دەوەنی لە بنڕا هەڵکەندووەو کەچی لەولاوە خۆشی بە پارێزەری ژینگە دەزانێت.
٢- هەر لە دوای هاتنە سەر کورسی دەسەڵات و بوونی بە فەرمانڕەوا، لە گیرفانێکی بەتاڵەوە بوو بە یەکێک لە هەرێ ملیاردلێرە گەورەکانی جیهان و باسیش لە دەسپاکی دەکات و نیازی ئەوەشی هەیە کە گەندەڵی بنبڕ بکات.
٣- هەرچی بە خوێچێشت بیگاتێ لە دەوری خۆیی و لە سەر کورسی دەسەڵاتی خڕکردوونەتەوەو هیچ کەسێکی تری نەماوە کورسیەکی گەورەو پڕداهاتی بۆ دابین نەکردبێ و کەچی دەشڵێت نابێ خۆخۆیی و مەحسوبیەت و خزم خزمێنە هەبێ.
٤- هەموو ژیانی بەوە بەناوبانگ بوو کە دژی بە بنەماڵەکردنی کورسی فەرمانڕەوایی یە لە پاش خۆی، کەچی هێشتا گیانی لە بەردا مابوو کە بەچکەکانی هەڵیان کوتایە سەر کورسیەکەی.
٥- دەیگوت دژە بنەماڵەم و نابێ خێڵ و قەبیلەو بەرەباب بەسەر نەتەوەدا زاڵ بکرێن، کەچی هەموو ژیانی بۆ ئەوە بوو نەتەوە بکاتە قوربانی نەک هەر خێڵەکەی بەڵک و نەتەوەی کردە قوربانی بەرەبابەکەشی. قسەو شیعاری شتێکەو کردارەکەشی شتێکی ڕێک پێچەوانە. دوو شتی ناکۆک بە یەکن.
٦- هەموو ژیانی بە شاخەوە بۆ ئەوە بوو کە ئەوەی سەدام لە دژی کورد دەیکرد ، ئەوان هەرکە حوکمیان کەوتە دەست پێچەوانەکەی نیشانی خەڵک بدەن، کەچی کە هاتنە سەر کورسی بە ئیعتیڕافی خۆیان گوتیان: ‘ ئێمە کارێکمان بەو میللەتەی خۆمان کرد سەدام نەیتوانی پێی بکات” دوو بۆچوون و دوو کرداری دژە یەکن.
٧- بە بەردەوامی دەیڵێتەوە کە ئەو شانازی بە پێشمەرگە بوونیەوە دەکات ، بەڵام ٣١ ی ئاب لەگەڵ ئەو شانازیە دا نایەتەوە و هەروەها بوونی بارەگاکانی سەربازیی و ئیستیخباڕاتی تورکیا لە نێو خاکی کوردوستانی باشووردا بە تەنیشتی خۆیەوە ئەو پێشمەرگەبوونەی پشتڕاست ناکاتەوە. ئەو کارانەو پێشمەرگەبوون لە گەڵ یەکتر نامۆن و دژە یەکن.
٨-خاوەنی کارێکە کە چەندین کرێکار لەبەردەستی ئەودا دادو فیغانیانە ، کەچی ئەندامێکی بە ڕواڵەت چالاکی نێو حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری یە.
٩- هەموو ڕۆژێک لە نێو خۆپیشاندانەکاندا بوونی هەیە کە چالاکوانێکی نێو بەرەنگاری لە مافی ژنان و لایەنگری یەکسانی نێوان ژن و پیاوانە ، کەچی ژنەکەی خۆی لە ماڵەوە نەبێ ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی نە جل لەبەر بکات و نە ڕای هەبێت و نە دەشهێڵێت لە گەڵ نێرینەیەکی نامەحڕەمدا ببینرێت.!!
١٠- ئەندامە لە ڕێکخراوێکی مافی ئاژەڵاندا بەڵام بە شەوانیش پۆلیس و چەکدارەو لە گەڵ تیمێکدایە کە قڕان دەخاتە نێو سەگ و پشییلەی بەرەڵا .
١١- دەڵێت نابێ ژینگە پیس بکرێت و سەری زمان و بنی زمانی پاکو خاوێنی ژینگەیەو پاراستنی سەوزاییە، کەچی یەک داری بچووک لە حەوشەکەیدا هەبوو خێڕا ئەو دارەشی بڕی و شوێنەکەی کردە هۆدەیەک بۆ کرێ و هەر جارێکیش دەڕواتە سەیران یەک کۆڵ عەلاگەو زبڵ لە دوای خۆی بەجێدێڵێت و دەڵێت: “لێی گەڕێ ئەوە ئیشی شارەوانیە”.. ڕۆژ نیە لە پەنجەرەی ماشێنەکەشیەوە بوتڵێک یان قوتووە ساردیەک فڕێنەداتە سەر جادەو دەڵێ: “مام ئەحمەد سبەینێ زوو لای دەبات” ..
١٢- هێندە نوێژو تەراویح دەکا نێوچەوانی نیشانەو چاڵێکی لێ پەیدا بووە وکاتێکیش کە پێی دەڵێن ئەوە نێوچەوانت بە نوێژ وای لێهاتووە؟ لە وەڵام دا دەڵێت” سیماهم فی وجوههم من اثر السجود”، سەری زمان و بنی زمانیش باسی میزان و کێشەو پێوانی دادپەروەرانە دەکات، کەچی تەرازووەکەی سەر دوکانەکەی بۆ فرۆشتنی شتومەک بە لەحیم فێڵی تێداکردووە بە قازانجی خۆی و زەرەری یەک بە یەکەی کڕیارەکان.
١٣- هەزار سوێند و قورئانان دەخوا کە پەیوەندی بە هیچ حیزبێکەوە نییە ، کەچی بۆ زیاتر لە سێ حیزب کاری جاسووسی دەکا بەسەر خەڵکی نا حیزبییەوەو ساڵ نییە بە دەست و ڕاپۆرتی ئەو چەندین کەس تووشی ئەشکەنجە نەبن.
١٤- تەماشا دەکات کە خەڵکێکی زۆر دژی دەسەڵاتە. دەڵێت هەلییەتی با بچم کۆیان بکەمەوە و چەند کورسیەکی پڕداهاتیان پێ وەربگرم لە نێو پەڕلەماندا.!
١٥- دەڵێت گوایە سەرنووسەری ڕۆنامەیەکی بێلایەنە، کەچی بە تایتڵی گەورە و ڕەنگێکی جوان نووسیویەتی: “لە سەر بڕیاری بەڕێز” ……” شەقامی نێوان فولکە گەورەکەو پەیکەرە کەی هەمیشە زیندوو و نەمری باوکی چەوڕێژکرا…”
١٦- لە بەرهاوڕێ ژنەکانی، هاوسەرە داماوەکەی خۆی بە چراو شەدا لێی دەگەڕێت و نایبینێت کەچی لە دژی فرە ژنیش هەمیشە پێنووسەکەی لە سەر کاغەزە.
١٧ – دەڵێت لە لای ئەو لە ئاڵای کوردوستان و پێشمەرگە پیرۆزتر نیە ، کەچی لە ژێر هێزو کورسی ئەو ئاڵایەدا لە دزی و خەیانەتی نیشتیمانی و گەندەڵی و نۆکەری بۆ دوژمنانی ئەو ئاڵایە درێغی نەکردووە.
١٨- دەڵێت هەرگیز تەماشای ژنی نامەحرەم ناکات و سەری زمان و بنی زمانی ئەوەیە کە دەبێ ژنان خۆیان داپۆشن ،کەچی هەموو شوێنە بەناوبانگەکانی شەوانی ژنان لە ناوشار ئاشنان بەو جوامێرە..
١٩- لە مەسەلەی ژمارەی ژن و ژن هێناندا دەڵێت دەبێ سوننەتی پێغەمبەر لەبەر چاو بگیرێت و وە دوا ئەو بکەوین بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر زەکات و سەرفترە جولەکەش تای ناکات.
٢٠ خۆیان بە حیزبی چەپ و کۆمۆنیست دەزانن ،کە چی لە ماڵەکانیاندا ڕەسمی شێخ مەحمودو سەعید نەورەسیان بە قەبارەی دوو ٢م بە ٢م هەڵواسیوە.
٢١- درێژی باڵای لە ١٥٠ سم تێناپەڕێت کەچی لە پێشبڕکێی باڵابەرزاندا بینراوە.
٢٢- زمانی دایکی خۆشی بە ڕەوانی نازانێت و توانای یەک لاپەڕەشی نووسین نییە کەچی چەندین کتێب بڵاوبوونەتەوەو ناوی ئەویان لەسەرە.
٢٣- بۆ یەک خولەکیش نایەوێت هەر بۆ پشووش لە بن لادیوارێک دابنیشێت، کەچی مووچەی بندیواری وەردەگرێت..
٢٤- دەتوانێت بچێت بۆ هەرچی وەڵاتی گەورەی جیهانیەو تەراتێنێ لە هەمواندا دەکات و دەشڵێت هەموولا دوژمنی منن. لەولاوە لۆمەی جیهانگیر دەکات کە پێی دەڵێت نۆکەری هەموو دەوڵەتانە. کە چی کە جیهانگیر لێی قەوما یەک دەوڵەت نەیوێرا وەخۆی بگرێت.
ئیتر دەتوانرێت لەو بارەوە درێژە بە ژیانی پاڕادۆکسیەت بدرێت لە نێو کۆمەڵگادا. هەر یەکێک لە ئیمە بەو پێیەی کە ئەزموونمان هەیەو لە دەوروبەرو کەسانی نزیکمانەوە تێفکریوین ، دەتوانین زۆر نموونەی تریش ریز بکەین….

حەسەن ڕازانی
٢٠-٦-٢٠٢٢




ڕۆژئاوا تا ئێستاش لە تاڵیبان تێناگات!… کارتەرماڵکاسیان.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

(چۆنیەتی مامەڵە کردن لە گەڵ ڕژێمی تازەی ئەفغانستان)

تاڵیبان وا بۆ زیاتر لە نیوساڵ دەچێت لە سەرحوکمن لە ئەفغانستان. ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی لە پێناو گەییشتن بە سیاسەتیکی گونجاوو مەحکەم تێکۆشاوون بۆ وەڵامدانەوە بەو بارودۆخە. سەرۆک و بەرپرسەکانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی پێیان باشە کە تاڵیبان حکومەتێکی گشتگیر پێک بهێنێت و ڕێز لە مافەکانی ژنان بگرێت و هیچیترتەنگ بە ئەندامانی سەر بە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان هەڵنەچنێت و هەروەها ئیدانەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیسش بکات. لە نێو ئەو قەیرانە ئابووری و مرۆییەی کە لە ئەفغانستان دا هەیە سیاسەتمەدارانی نێودەوڵەتی تووشی گرفتێکی گەورەو ترسناک بوونەتەوە. ئەویش ئەوەیە یا ئەوەتە تاڵیبان وەک لایەنێکی تیرۆرو بێزراوی نێودەوڵەتی چاوی لێبکرێت و لێرەشەوە دەبێ هەموو هاوکاری و کۆمەکێکی نێودەوڵەتی لێ ببڕن، یا ئەوەتە هاوکاری و یارمەتی نێودەوڵەتی پێبدەن و لێگەڕێن ئەو سیستەم و ڕژێمە بەو شیوەیەی کە خۆی دەیەوێت دەوام بکات.
گرفتی جەدەلی سیاسی کە جیگەی سەرسوڕمانیشە ئەوەیە کە بۆچی جیهان زۆرکەم دەزانێت دەربارەی ڕژێمی تازەی تاڵیبان. نیازەکانی تاڵیبان و بەرژەوەندیەکانیان و هەروەها پێکهاتەی درووستکردنی بڕیاریشیان لە لای جیهان لێڵ و تەمومژاوییە. مەولەوی هەیبەتواللە ئاخونزادە، ڕابەری ئێستای تاڵیبان، چەندین ساڵە نە لەسەر تەلەفزیۆن بینراوەو نە وێنەیەکیشی گیراوە؛ ئەندامەکانی تری ڕابەرایەتی تاڵیبانیش لە وینەی مەلا موحەمەد حەسەن ومەلا عەبدولغەنی برادەر و سیڕاجەدین هەقانی یا ئەوەتە هەر نەبینراوون یان زۆر بەکەمی بینراوون. کتیبەکەی بێتی دام کە لەو زووانەدا بڵاویکردەوە بە ناوی (گەڕان بەدوای دوژمندا: مەلا عومەرو هەروەها تاڵیبانی نەزانراو)، ئەو کتێبە باشترین ڕێنوماییە و یارمەتیدەری باشیشە بۆ تێگەییشتن لە تاڵیبان. لێکؤڵینەوەیەکی پڕ لەوردەکارییە کە نووسەر چەندین ساڵی پێوە خەریک بووە کە ئەو وەک ڕۆژنامەوانیکی بنکۆڵیکار بەدوای تاڵیباندا گەڕاوە. ئەو کتێبە زۆرێک لە کاروباری ناوخۆیی ئەو گرووپە دەردەخات و نیشانی دەدا کە بە ڕاستی ڕۆژئاوا زۆرکەم دەزانێت کە ئەو جوڵانەوەیە چۆن کاردەکات. ئەو کتێبە زۆرترو وردترنیشاندەدا لەوەی کە تاکو ئێستا لە لایەن ڕۆژئاواوە بە شێوەیکی گشتی دەربارەی تاڵیبان زانراوە. بێتی دام پێشنیاردەکا کە ڕۆژئاوا نە دەبێ بەتەواوی تاڵیبان وەلانێ و گوێی پێنەداو نە دەشبێ چاوەڕێی ئەوە لە تاڵیبان بکەن کە ملکەچی فەرمان و داواکاریەکانی نێودەوڵەتی دەبێ. لە جیاتی ئەوە دەبێ سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا بە سیاسەتێکی کراوەترو بە چاوێکی تیژترەوە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکەن. دەبێ خۆیان لادەن لە سەپاندنی سزای زۆر قورس بەسەر تاڵیبانداو هەوڵی زیاتریش بدەن بۆ تێگەییشتن لە تاڵیبان و بزانن لە چ شوێنێکدا دەتوانن لەگەڵ تاڵیباندا کار بەیەکەوە بکەن. وە لە کۆتاییشا دەبێ ڕۆژئاوا خۆی بەدووربگرێت لە وەی تاڵیبان بکاتە دوژمن کە پێویست بەمە ناکات و ناشبێت خەرجی زۆر بە فیڕۆ بدەن لە پێناوی ئەوەی کە وا لە تاڵیبان بکەن تەنازولات بکات بۆیان، چونکە ئەمە شتێکە قەت ڕوو نادات. بۆیە پەیڕەوی کردن لە سیاسەت و بەرنامەیەکی لەو شێوەیە لەوانەیە بتوانن و نەهێڵن کە ئەو وەڵاتە لەوە زیاتر بکەوێتە ناو قەیران وکارەساتی مرۆییەوە.
پڕکردنەوەی بۆشاییەکان
بێتی دام، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠وە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەفغانستان کردووەو لە ساڵی( ٢٠١٢ )شەوە دەستی بە نووسینی کتێبێک کرد دەربارەی مەلا موحەمەد عومەر بە ناوی : ڕابەرە یەک چاوەکەی یەکەم ڕژێمی تاڵیبان. کە ئەو ڕژێمەش میوانداری لە ئوسامە بن لادن کردو حوکمی ئەفغانستانیشی کرد لە ساڵی ١٩٩٦ وە هەتا ساڵی ٢٠٠١ کە لە لایەن ئەمریکاوە وەلانرا. لە دوای وەلانرانی ڕژێمی تاڵیبان، مەلا عومەر زۆر بە دەگمەن دەبینراو هەتا وای لێهاتبوو وەک کەسایەتیەکی ڕوحانی و نادیار باسی لێوە دەکرا. هەوڵی بێتی دام بۆ شوێنپێ هەڵگرتنی ڕابەرێکی زیرەک و لێزانی تاڵیبان وای لەو ژنە کرد کە چەندین ساڵ تەرخان بکات لە سەرتاسەری ئەفغانستان بۆ گەڕان بە دوای دوژمندا. بۆچوونی زاڵ و ژیرانەش ئەوەبوو کە هەر لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە، مەلا عومەر لە پاکستانەوە ڕابەرایەتی تاڵیبانی دەکرد. بەڵام بێتی دام، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە دوای چەندین ساڵ لە بەدواداچوون لەوبارەوە، چەندین بەڵگەی زۆر باش دەردەخا کە مەلا عومەر هەر لە نێو ئەفغانستانەوەو لە شوێنێکی زۆر نزیکیش لە بارەگاو بنکەی هێزەکانی ئەمریکاوە هەتا رۆژی مردنەکەی لە ساڵی ٢٠١٣ئەو کارەی ئەنجام داوە. مەلا عومەر توانیویەتی خۆی بەدوور بگرێت لە خۆ دەرخستن و لە ناو خانووی قوڕو سادەدا ژیاوە. پەیوەندیەکانیشی لەگەڵ دەوروبەریدا بەشێوەی کاسێتی تۆمارکراوو نامەی دەستخەت ئەنجام داوون.
قەت نەتوانراوە بەباشی مەلا عومەر بناسرێت. ئەوهەمیشە لە ناو کتێب و ڕاگەیاندنەوە وێناکراوە، بە تایبەتی لە دەستپێکی ساڵەکانی جەنگەوە، ئەو وەک و کەسێکی تونڕەو کە شوێنی قاعیدەی کردەوە ناسرا. بەڵام بێتی دام پێی وایە کە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا و ڕاگەیاندنەکان بێلایەن نین لە بەرامبەر مەلا عومەرو تاڵیبان دا. جا لەبەرئەوەی شتیکی زۆرکەم دەربارەیان دەزانن کەواتە هەڵسەنگاندنیان بۆ مەلا عومەرو تاڵیبان هەروەها پەیوەندی ئەو دوولایە بە تیرۆرەوە ئاڵۆزو ناڕوون دەبێت. بێتی دام دەڵێ: “بەداخەوە ڕاگەیاندنی سەرەکی و باوهەمیشە باسی لە بوونی دوژمنیک دەکردو بەمەش درێژەیان بە جەنگ دەدا.” ئەوەی کە تێبینی کراوە ئەوەیە کە زۆر کەم زانیاری جێ باوەرو متمانە زانراوە لە دوای ئەوەی کە مەلا عومەر قەندەهاری بەجێهێشت لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١. مەلاعومەرو بن لادن ئامانجی سەرەکی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بوون، بەڵام ئەو دوو زاتە هەر وەک ئەوەی وابوو کە لەسەر ڕووی زەویێ نەمابن. لە ڕاستیدا کاتێک کە مەلاعومەر لە ساڵی ٢٠١٣ دا مرد کەس لەدەرەوەی بازنەیەکی بچووکی دەوروبەری خۆی نەیدەزانی کە مەلا عومەر مردووەو هیچیشیان دەربارەی مەلاعومەرنەدەزانی. هەروەها زیاتر لە دو ساڵیشی خایاند هەتا زانیاری لەوبارەوە دزەی کردو جیهان پێیزانی کە مەلا عومەرمردووە.
بێتی دام پێی وایە کە تا ڕادەیەکی زۆر خەراپ لە تاڵیبان گەییشتوون. هەروەها نووسەر گێڕانەوەکەی خۆی وەک ڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەو قسەو قسەڵۆکانە دەبینێت کە دەگوتران گوایە تاڵیبان بە توندوتیژی و سەرکوت ناسراوەو مۆسیقاو گۆرانیشی قەدەغە کردووەو دەزگای سەرکوت و سزادانی هەیە و چالاکی ژنانیشی قەدەغە کردووە. لە ڕێگەی چەندین چاوپێکەوتنەوە کە بێتی دام لەگەڵ خەڵکی ژێر حوکمی تاڵیباندا کردوویەتی دەڵێ: “قەت ژیان ئەوەندە ڕێک و باش نەبووە وەک کە لە ژێرسایەی تاڵڵیباندا دەگوزەرێت.” بە دەرێژایی ساڵەکانی ١٩٩٠ و بەرەو ژوور خەڵک بە تەواوی گوێی لە گۆرانی و مۆسیقای کەلتووری گرتووەو شێعر خوێندراوەتەوەو وەرزشیان کردووە. بەڵام ژنان بە شێوەیەکی گشتی لە ماڵدا ماونەتەوەو هەندیک لە کچانیش توانیویانە بچنە خوێندنگا و قۆناخی سەرەتایی. هەروەها بێتی دام دەڵێ : “بەڵگەی زۆر کەم هەیە کە گوایە تاڵیبان هەموو ڕۆژانی هەینی سزای بەشێوەی بەردباران جێبەجێکردووە لە شارەکانی وەک کابوڵ و قەندەهار و بە زۆری زۆرداریش خەڵکیان پەلکێش کردووە بۆ ئەوەی لە مەڕاسیمی سزادانەکە ئامادەبن و سەیر بکەن.”
بە بەڵگەوە نووسەر دەڵێت ئەوجوڵانەوەیە پاڵپشتیەکی زۆرتری هەیە لەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی ناسراوە، بە تایبەتی لە ناوچە دوورە دەست و لادێکاندا. بۆ نموونە دانیشتوانی قەندەهارزۆر پێیان خۆشبووکە تاڵیبان لەساڵی ١٩٩٤ بازرگانانی شەڕو ئاشووبی نەهێشت کە باج و سەرانەیەکی زۆریان دەخستە سەر هاوڵاتیان و هەراسانیان دەکردن. هەروەها تاڵیبان جۆرێک لە دڵنیایی و جێگیری و ئەمانەتی بۆ خەڵک دابین کرد. بۆیە بۆ خەڵکێک کە لە کۆمەڵگایەکی تەقلیدی وەک و ئەفغانستاندا بژیت، ڕێساو یاساکانی تاڵیبانیان بەلاوە شتێکی سەیرنابێت. هەتا دانیستوانی کابوڵیش زۆر پێیان خۆش بوو کە لە ساڵی ١٩٩٦ تاڵیبان هاتە ناو شارەکەوەو کۆتایی بەو بێ سەرەوبەرەییە هێنا. هەروەها یاساو ڕێسای پەیوەند بە ژیانی رۆژانەی خەڵکیان چەسپاند، بە تایبەتی لە پەیوەند بە ژیانی ئافرەتانەوە کە بۆی هەیە سەخت بووبێت. لە هەندێک شوێنان خەڵک زۆر خۆشحاڵبوون بەوەی کە خۆراک و پێویستیەکانی ژیان هەرزانبوون و فڕۆکەخانەکانیش بەڕووی هاوڵاتیاندا کرانەوە.
لێرەدا نووسەربو لێکۆڵینەوەەیەی خۆی بابەتی هاوکاریی تاڵیبان بۆ قاعیدە، کە بەلای ئەمریکاو جیهانیشەوە خاڵێکی گرنگە، ئاڵۆزدەکات. ئەو نیشانی دەدا کە پەیوەندیەکانی نێوان مەلاعومەرو قاعیدە ناڕۆشن و لێڵ بوون. دەڵێ هەرچەندە مەلاعومەر ڕێگای بە بن لادن دا کە لە ئەفغانستاندا بمێنێتەوە بەڵام لەگەڵ بن لادن نەبوو دەربارەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و هەروەها هەوڵیشی لەگەڵ بن لادن داوە کە بۆ میدیاکان لێدوان و قسەنەکا. کوڕەکەی بن لادن لە دواییدا بە بێتی دامی گوتووە کە ” پەیوەندیەکان باش نەبوون. مەلا عومەر نەیویستووە هیچ شتێک لەگەڵ باوکم بکات بەڵام نەشیتوانیوە بەتەواوی گوێی پێنەدات، بە تایبەتی ئەو کاتەی کە بەشێوەیەکی زۆرچڕهێرشی کرایە سەر لەدەرەوەڕا”.
بێتی دام دەیسەلمێنێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان خەراپ لە تاڵیبان گەییشتوون!
بێتی، دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا بە شێوەیەکی خەراپ مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتە ئاڵۆزە کردووە. هەوڵەکانی واشنتۆن لە نەوەتەکاندا بە شێوەیەکی دیار بۆ پەراوێزخستنی تاڵیبان پێجەوانەی ویستی ئەمریکای لێکەوتەوە. ئەو مامەڵە خەراپەی ئەمریکا لە گەڵ تاڵیبان بووە هۆی پەکخستنی ئاڵوگۆڕی لێکتێگەییشتن و زیادبوونی لایەنداری و ڕێگری لە چارەسەری مامناوەندی و نێوەندگیری بە تایبەتی کە دەهاتە سەر بابەتی قاعیدە. کردەوە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی تاڵیبان تا واز لە وەخۆگرتنی بن لادن بهێنێت زیاتر مەلا عومەری بەرەو عینادی و شێلگیری برد تا بە هیچ شێوەیەک واز لە بن لادن نەهێنێت و داڵدەشی بدات. هەر بۆ نموونە مەلا عومەر توڕەتر بوو کاتێک کە ئەمریکا لە بنکەو کامپەکانی قاعیدەی دا لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٩٨ لە تۆڵەی بۆمبارانکردنی سەفارەتەکانی ئەمریکا لە کینیاو تانزانیا لا لایەن قاعیدەوە. لەو بارەوە مەلا عومەر وتی:” ئەگەر هەموو جیهان دژایەتیمان بکات سەرباری دڵنیایەکانمان و هەر بەردەوام بن لەسەر داواکردنی بن لادن لە ئێمە ئەوا ئێمە قەت بن لادن تەسلیم ناکەینەوە پێیان. لە جیاتی ئەمە ئێمە بەرەنگاری لە بن لادن دەکەین تا دوا دڵۆپە خوینی خۆمان.” هەرلە دوای ئەوە بە ماوەیەکی کورت مەلا عومەر ئاگاداری تۆم ماڵینۆفسکی دیپلۆماتکاری ئەمریکای کردەوە کە ئەو هێرشە سەربازیانە تەنها دەبنە هۆی یەکگرتوویی زیاتر لە نێوان موسڵماناندا و هەروەها دوژمنایەتی کردنی ئەمریکا بەرفراوانترو زیاتر دەبێت. بە پێی وتەکانی یەکێک لە هاوکارەکانی ماڵینۆفسکی دەڵێت:” ئەو ٦٠ ساروخەی کە ئەمریکا هاویشتی ڕیک تاڵیبان و مەلا عومەری خستە ناو باوەشی بن لادنەوە.”
لە گەڵ ئەوەشدا بێتی دام دەیەوێت کە هیوابڕاو نەبین چونکە لەوانەیە بزووتنەوەی تاڵیبان ڕازی ببێت هەندێک تەنازولات بکات بۆ ڕۆژئاوا لە بەرامبەر جۆرێک لە هاوبەشی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵیاندا. هەروەک بێتی دام تێبینی کردووە کە بابەتی سەرەکی لای ئەو بزووتنەوەیە بریتیە لە عەقیدەوئایینەکەیان وە بە هەر نرخێک بێت بتوانن نێوبانگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەست بێنن. دوای ئەوەی کە تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ هەردووک پەیکەری بودای لە نزیک شاری بامیان لە ناو جەرگەی ئەفغانستان ڕوخاندن و بەو هۆیەشەوە بزووتنەوەی تاڵیبان کەوتە بەر ڕەخنەو گلەیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، مەلا عومەر قسەیەکی گرنگ و بەناوبانگی کرد کە وتی:” من پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەلاوە گرنگ نیە”. هەروەها وتی: ” کاری من ئەوەیە کە یاساکانی ئیسلام بچەسپێنم، لەوە نە کەمترو نە زۆرترە. ” لەوەش واوەتر مەلا عومەر ڕازی نەبوو کە واز لە بن لادن بهێنێت و بیداتە دەست ئەمریکا. چونکە “دەترسا کە دوژمن لەبەرێکی دەربێنن و وەک موسڵمانی ناڕاست ناوزەدی بکەن ئەگەر بن لادن وەک دیارییەکی گەورە بدەینە دەست ئەمریکا.” هەتا کار گەییشتە ئەوەی کە مەلا عومەر پەنای بۆ خەوبینین دەبرد کە لە خەویدا ڕێنمایی بکرێت کە جی بکات؟. کە ئەمەش داب و نەریتێکی کۆنە لە نێو کەسانی دینیدا لە ئەفغانستان. بۆ سیاسەتمەدارەکان زۆر بە سوودە ئەگەر بە وردی سەیری ئەو نموونەیە بکەن : ڕابەری ئێستای تاڵیبان، هەیبەتوللا، وا دەردەکەوێت کە دەیەوێت وەک و مەلا عومەر بێت. هەیبەتوللاش هەر بە هەمان شێوە لە قەندەهار دەمێنێتەوە، لە کامێڕاو میدیا دوور دەکەوێتەوە، هەروەک مەلا عومەر ئەویش هەمان تێڕوانینی هەیە بۆ ئیسلام و تەفسیری ئیسلام، هەمان دیدو بۆچوونی هەیە لەبەرامبەر شەریعەتی ئیسلامی کە دەبێ ببێتە دەستووری دەسەڵات و حوکمڕانی. ئەو کتێبەی بێتی دام وەک وەبیرهێنانەوەیەک وایە بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا کە خۆ تەرخانکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ئیسلام ڕاستەو نەگۆڕە، ئەوان بە ڕاستی دەیانەوێت خزمەتی وەڵاتی خۆیان بکەن، جا بە هەر نرخێک بۆیان بچێتەسەر، چونکە بەلای ئەوانەوە لە هەموو شتێکی تر گرنگترە.
بەهێزی و تۆکمەیی عەقیدەی ئاینیی تاڵیبان بە تەنیا لە پەیوەندییان لە گەڵ ئەمریکادا دەرناکەوێت بەڵک و لەگەڵ پاڵپشتە سەرەکیەکەشیان کە پاکستانە دیارە. بێتی دام دەری دەخات کە پەیوەندیەکانی تاڵیبان لەگەل دراوسێکەی ئەفغانستان زۆر جاران جێی گومان و لە ژێر پرسیاردابووە. سەرباری ئەوەی کە تاڵیبان ڕازیبوون بە وەرگرتنی هاوکاری و کۆمەک لە پاکستان، بەڵام ناڕازیشن بەو مامەڵەیەی کە پاکستان لەگەڵ ئەفغانستاندا دەیکات هەروەک کە ئەفغانستان پارێزگایەک بێت لە پاکستان. هەروەها تاڵیبان دەست تێوەردانی دەرەکی بە باش نازانێت لە کێشەی ئەفغانستاندا. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە دەبێ هەموو کەس بیزانێت ئەوەیە کە تاڵیبان لە ناوجەرگەی ئەفغانساتندا سەری هەڵداوە. بێتی دام قسەیەکی مەلا عومەر دەگێڕێتەوە کە بە سەرۆکی حیزبێکی پاکستانی گوتووەو وێراویەتی پێی بڵێ و ئامۆژگاری کردووە ئەوەیە :” ئێوە بەڕاستی پێمان بڵێن چی دەکەن لێرە؟ ئێوە پێویستە جەخت لە پاکستان بکەنەوەو لە پێشدا لەوێ دەوڵەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنن.”
بەشێکی تری کتێبەکەی بێتی دام
توێژینەوەکەی بێتی دام هاوکاری سیاسەتمەداران دەکات کە رێگایەکی تازە لە گەڵ تاڵیباندا بگرنە بەر. چونکە ئەگەر بێت و ئەمریکا وەک بزووتنەوەیکی توندڕەوی تێرۆریست و بێزراوی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکات، بۆی هەیە کە پاڵپشتی تێرۆریستی و توندڕەوەکانی جیهان زیاتر بۆ لای ئەو بزووتنەوەیە پەیدا بکات کە ئەوەش ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە هەمووشت زیاتر لێی دەترسن. ڕێگای تەقلیدی ئەمریکا بۆ شەڕ لە گەڵ تێرۆریستەکان و لێدانیان لە ناو خاکی ئەفغانستان دا پەرچەکرداری زۆرخەراپترو زیانبەخشتری لێدەکەوێتەوە بۆ ئەمریکا کە زۆرتر دەبێ لەوەی کە زۆریک لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکا هەستیان پێکردووە. بە تایبەتی کاتێک کە خەڵکی سیڤیل دەکوژرێت، خەڵکی لۆکاڵ و ناوەوی ئەفغانستان زۆرخەراپتر دەبنە دوژمنی ئەمریکا. ئەگەر ئەو جۆرە لێدانەی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لەدەوری تاڵیبان و گرووپە توندڕەوەکانی ترلە ناوچەکەدا کۆببنەوە. کەواتە بە ڕای بێتی دام ڕێبازێکی دیبلۆماسیانەی لەسەرخۆو بە پشوو باشترین چارەیە لەگەڵ تاڵیبان کە تاوانباران و خەراپەکاران تەسلیم بکاتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکەی بێتی دام ، مامەڵەی دیبلۆماسیانە لەگەڵ ڕێکراوی تاڵیبان ڕێگایەکی ژیرانەیەو لەوانەشە بە پێی تێپەڕبوونی کات ئەو ڕژێمە کورسییەکی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دابین بکرێت و یان هەتا بگاتە ئەوەی کە ئەمریکاش سەفارەتی خۆی لە ئەفغانستاندا بکاتەوە. ئیدارەی بایدن کارێکی ژیرانەی کرد کە ڕێگای بە بانکەکاندا کاری خۆیان بکەن لە ئەفغانستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پارەکانی حکومەتی ئەفغانستانیان ئازادکرد و هاوکاریەکانیش بگەینن بە بێ ئەوەی ئەمریکا لە خۆی بترسێت. جا لە کاتێکدا کە ئیدارەی بایدن لەو دواییانەدا بڕیاری دا کە دەسەڵات بداتە کارو مامەلەی بانکی بۆ خەڵکی ئەفغانستان، پێویستە واشتۆنیش بیر لە لابردنی گەمارۆ و سزای دارایی وبازرگانیش بکاتەوە بە تایبەتی لە گەڵ حکومەتی تاڵیبان. چونکە هەردووک حکومەتی تاڵیبان و ئەمریکاش سوودمەند دەبن لە ئەفغانستانێکی بێلایەن و سەربەخۆ. چونکە ئەمە دبێتە هۆی کە هیچی تر ئەفغانستان نەبێتە شوێنێک بۆ پێشبڕکێی نێوان هێزە گەورەکان و دیسان هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستاندا.
مامەڵەکردن لە گەڵ تاڵیبان وەک گروپێکی توندڕەوی بێزراو لە وانەیە پشتیوانی گروپ و بزووتنەوەی تیرۆریستی تر بەدەست بێنی کە واشنتۆن لە هەمووشت زیاتر لەمەیان دەترسێت.
بەڵام ئەوانەی کە هیوایان بەوەیە کە تاڵیبان ڕازی ببێت بە داواکاریەکانی ڕۆژئاوا و حکومەتێکی گشتگیر دابمەزرێنێت و ڕێز لە مافی مڕۆڤ بگرێت، لەوانەیە تاڵیبان تووشی بیهیواییان بکات. لەوانەیە تاڵیبان مل بدا بە هەندێک شت بۆ نموونە ڕێگە بە هەندێک کچ بدات برۆن بۆ خوێندنگاو ڕێگا بە هەندێک ڕێکخراوی نا حکومی بدات بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەکی مڕۆیی و لە وانەشە تۆڵەو لێدانی ئاشکرای ناو بازار بووەستێنێ، بەڵام لەوە زیاترو بەرەو ژوورتر ئەگەر لە تاڵیبان چاوەڕێ بکرێت ڕاست دەرناچێت و بێ بنەمایە.
کاتێک کە ئەگەر نەتوانرا بزووتنەوەی تاڵیبان لەو ڕێبازەی خۆی یەک تۆز بهێنڕیتە خوارێ لە بەڕێوەبردنی حکومەت و کۆمەڵگادا ئیتر وەبەرهێنانی گەورە ی ئابووریش لەو وەڵاتەدا بۆی هەیە نەتوانرێت ئەنجام بدرێت. بەڵام پێویستە هاوکاری و کۆمەکی مرۆیی ئەنجام بدرێن و نابێ لە گەڵ سیاسەت تێکەڵ بکرێن. دەبێ کۆمەک و هاوکاری بگەێنرێت بە ئەفغانستان لە سەر بنچینەی پێویستیەکانی خەڵک و هەژاری و داماوی خەەڵک نەک وەک پاداشت و چاکە بدرێت بە حکومەت لەبەرئەوەی حکومەت هەمانگی دەکات لەگەڵ ڕۆژئاوادا. بڕیارەکەی ئەم دواییانەی ئیدارەی بایدن بە تەرخاندکردنی نیوەی ئەو پارە بلۆکراوەی حکومەتی ئەفغانستان ڕاستەوخۆ بدرێت بە خەڵکی ئەفغانستان نەکو لە ڕێگەی حکومەتی تاڵیبانەوە، ڕووی لە سنووردارکردنی کارکردنی ئەمریکایە لەگەڵ تاڵیبان. دیسان ئاماژەیەکیشە کە هێزە گەورەکان زیاتر تاڵیبان و ئەمریکا لێک دووردەخەنەوە. ئەمریکا چەند بەرژەوەندیەکی کەمی لە نێو ئەفغانساتندا هەیە، وە کاتێک کە پارەی باج کە لە خەڵکی ئەمریکا وەردەگیرێت و دوایی دەدرێت بە دوژمنێکی پێشووی وەک تاڵیبان لەوانەیە لە نێو خۆی ئەمریکادا بە باشی پێشوازی لەو هەنگاوە نەکرێت لە لایەن خەڵکی ئەمریکاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هەم ئەمریکاو هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆیان بەدوور بگرن لە کردەی کۆشەگیرکردنی تاڵیبان.
لە کاتێکدا ئەمریکاو ئەوانەی تریش بیردەکەنەوە ئاخۆ دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی تازەی تاڵیباندا بکەن، هەر بەرنامەیەکی باشیش وا لە سیاسەتمەداران دەخوازێ کە دەبێ ئارامیان هەبێ و پێیان وا نەبێ کەوا خەراپتر بەڕێوەیە، هەروەها لەسەرووی هەمووشەوە دەبێ هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی زۆرتردەربارەی دایەلۆگچیەکان فێر ببن. جا بۆ ئەوەی یەکێک ببینێ و بزانێت کە بێتی دام پێشنیارو ڕاوێژێکی سیاسیانەی درووست و بەجێی پێشکەش کردووە، هیچ پێویست ناکات کە تاڵیبانی خۆش بوێت.
تێبینی: کارتەر ماڵکاسیان سەرۆکی بەشی توێژینەوەی بەرەنگارییە لە کۆلیژی باڵای توێژینەوەەی دەریایی. هەروەها نووسەری کتێبی: جەنگی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا- مێژوو. لە سەڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩ وەک ڕاوێژکاری سەرەکی جەنەڕاڵی ئەمریکی جۆزیف دەنفۆرد بووە. دواییش سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش بووە..

https://www.foreignaffairs.com/reviews/review-essay/2022-03-21/west-still-doesnt-understand-taliban?

کارتەرماڵکاسیان
٢١ئازاری ٢٠٢٢
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی




لە پاکستان سەری مامۆستایەکی ژن دەبڕن… حەسەن ڕازانی

لە پاکستان سەری مامۆستایەکی ژن دەبڕن چونکە پێغەمبەر هاتۆتە خەوی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی خزمی سەربڕەکان و پێی گوتووە ئەو مامۆستایە سوکایەتی بە من و بە ئیسلام کردووە بۆیە دەبێ بکوژرێت!
(ئیترلە ئێستاوە لە پاکستان ئەگەر لەخەویشدا بتینن و گوێیان لێتبێت کە تۆ سوکایەتی بە ئیسلام دەکەیت، ئەوە سزاکەت سەربڕین دەبێت!)

پاکستان/ پارێزگای پەختون خوا لە ناوچەی دێرە ئیسماعیل خان
خوێندنگای جامیعە ئیسلامیە فلاح البنات

بە پێی دەیان سەرچاوەی سۆشیال میدیایی و تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەی ڕەسمی و تەنانەت دەزگای پۆلیسی پاکستان و زۆرێک لە دەزگاو ڕاگەیاندنەکانی جیهانی بەم شێوەیەی خوارەوە باس لەو ڕووداوە دەکەن:

لە ناوچەی دێرە ئیسماعیل خان کە سەر بە پارێزگای پەختونخوایە و دەکەوێتە سەرسنووری ئەفغانستان بە دیوی پاکستانەوە، لە خوێندنگایەکی ئایینیدا بە ناوی فەلاحول بەنات کە تەواوی مامۆستاکانی ژنن وخوێندکارەکانیشی هەموویان کچن، ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٢ کاتژمێر ٧ی سەر لە بەیانی مامۆستایەک بە ناوی سەفورە بیبی بە چەقۆ سەر دەبڕن.

دەزگای پۆلیسی پاکستان لە ناوچەکە مامۆستایەکی هەمان خوێندنگا و دوو لە خوێندکارەکان کە ئەوانیش خوشکەزاو برازای مامۆستا پلان داڕێژەرەکەن وەک تۆمەتباری سەرەکی دەستنیشان کردوون. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ناوچەکە، مامۆستا تاوانبارەکە کە لە هەمان کاتدا هاوڕێی مامۆستا سەربڕاوەکەشە ڕاستەوخۆ پلانداڕێژەری تاوانەکەبووە. ئێستا پۆلیس مامۆستاکە و دوو خوێندکارەکەشی گرتوون. هەروەها پۆلیس دەڵێ هەرسێک تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەدا ناوە. بەرپرسێکی پۆلیس بە ناوی نەجمول حەسەن لیاقەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت کە ئەو کەیسە هێشتا لە ژێر لێکۆڵنەوەدایە و دەبێ بزانرێت کە ئاخۆ ئەم کوشتنە پەیوەندی بە بابەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەرەوە هەیە یاخود شتی شەخسیەو دوژمنایەتی نێوخۆی ئەو دوو مامۆستایەیە. بە پێی ڕۆژنامەی ئەلمەشریقی پاکستانی کە ڕۆژانەیەو بە زمانی ئوردو دەردەچێت دەڵێت: “مامۆستا تاوانبارەکە ناوی عومرە ئامان و دوو خوخوێندکارە تاوانبارەکەش ناوی یەکێکیان رازیە حەنیفە و ئەوەی تریشیان ئاییشە نوعمان.”
هەر لە سەرهەمان بابەت، زاهید قوڕەیشی کە خزمی مامۆستا سەفورەیە بە پۆلیسی وت کە “هیچ دوژمنایەتییەک لە نێوانی مامۆستا سەفورەو مامۆستا تاوانبارەکەدا نەبووە”. زاهید دەڵێ “زۆر جاران مامۆستا تاوانبارەکەو مامۆستا سەفورە بە یەکەوە چوون بۆ دەوام و بە یەکەوەش هاتوونەتەوەو زۆر یەکتریان خۆش ویستووە”. زاهید لەو بارەوە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێت کە “ئەو کارە کارێکی زۆر دڕندانە بووەو داوای جێبەجێکردنی دادپەروەری لە حکومەت دەکم”. لە لایەکی تریشەوە مەولانە شەفیعو اللە بەڕێوەبەری خوێندنگاکە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت کە “مامۆستا سەفورە دوو ساڵ بووە لەو خوێندنگایە دەرسی وتۆتەوەو هەرسێک تاوانبارەکەش هی ناوخۆبوون.”

لە لێدوانێکدا هەردووک خوێندکارەکە دانیان بە تاوانەکەدا ناوە. دەڵێن بۆیە مامۆستاکەیان سەربڕیوە چونکە لە ماڵەوە خزمەکانیان و یەکێک لە خزمەکانیان کە کچێکی تەمەن ١٣ ساڵە ئەو خەوەی دیوە. لە خەوی کچە تەمەن ١٣ ساڵەکەدا ئەو مامۆستایە سوکایەتی کردووەو پێغەمبەریش هاتۆتە خەوی و فەرمانی کردووە کە دەبێ ئەو مامۆستایە بکوژرێت و تۆڵەی لێبکرێتەوە. بۆیە ئەوانیش ئەو سوکایەتیەیان بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام پێ قەبوڵ نەکراوەو نەیان توانیوە چاوپۆشی لە مامۆستا سەفورە بکەن. هەر بۆیەش بە ئەرکێکی ئاینی ئیسلامیان زانیوە کە دەبێ تۆڵەی ئیسلام و پێغەمبەر لە مامۆستا سەفورە بکرێتەوە. ئەو دوو کچە دەڵێن “ئەوان تەنها فەرمانی پێغەمبەری ئیسلامیان جێبەجێکردووە.”
پلانەکەش بەم شێوەیە جێبەجێدەکەن: ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٢ کاتژمێر ٧ی سەر لەبەیانی کاتێک کە مامۆستا سەفورە بیبی بەرەو خوێندنگاکە دەچێت بە مەبەستی دەوام ، لە بەردەم دەرگای سەرەکی خوێندنگاکە دەکەوێتە کەمینی هەرسێک لە مامۆستا و دوو خوێنکارەکان کە برازاو خوشکەزای مامۆستا تاوانبارەکەبوون. هەرسێکیان بۆ ئەو کارە بە ئامادەباشی هاتوون و کوتەک و تێڵاو چەقۆیان پێبووە. هەر لەوێدا کوتوپڕ وەری گەڕاونەتێ و لە عەرزیان داوەو هەموو لەشیان بەچەقۆ و کوتەک هەلاهەلا کردووە، دواییش بە چەقۆ سەریان لە لاشەی کردۆتەوە.
جێگەی باسە کە لە پاکستان دا بە پێی یاسا سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام تاوانێکی قورسەوسزاکەی کوشتنەو لێخۆشبوونی نیە. هەر بۆیەش هەر کەسێک کە ئەوتاوانە ئەنجام بدات خەڵکی ئیماندارو ئیسلامی توندڕەوی پاکستان لە هەر کون و قوژبنێکی ئەو وەڵاتەدا لەسەر پۆلیس و دەزگای دەوڵەتی ڕاناوەستن کاری کوشتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵک و هەر خۆیان ڕاستەوخۆ هەڵدەستن بەو کارە وەک ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی کە لەسەر شانیان واجیبە. لەو بارەوە بە پێی ڕاگەیاندنەکان پاکستان لە چەند دەیەی ڕابردودا ژمارەیەکی پێوانەیی یەکجار زۆری تۆمار کردووە کە خەڵکی تێدا سەربڕاوەو کژڕاوەو بەردەباران کراوە لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام.

دەگوترێت کە بەرپرسانی حکومەتی پاکستان چەندین جار ڕایان گەیاندووە کە هیچ لێبوردن و لێخۆشبوونێک نیە بۆ ئەو گروپ و کەسانەی کە لەدەرەوەی یاساو دەزگای دەوڵەتیدا بەم شێوەیە خەڵک دەکوژن لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەر. بەڵام هێشتا خەڵک گوێ بەو قسانە نادات و پشت ئەستوور بە هەندێک حیزبی ئیسلامی هەرێ توندڕەو بەردەوامن لەسەر ئەو سزایانە.

توندوتیژی و سزای کوشتن و سەربڕین و بەردبارانکردن لەسەر سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام لە پاکستاندا مێژوویەکی لە مێژینەی هەیە. هەر لەو بارەوە بە پێی بەدواداچوونێکی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئاساییش کە ناوەندێکی بەناوبانگ و جێ متمانەیە لە ناو ئیسلام ئابادا دەڵێت “لە حەوت دەیەی ڕابردوودا ٩٠ نەوەد کەسی سیڤیل بە تۆمەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام کوژراوون.” هەربە پێی ڕاپۆرتێکی هەمان ناوەند دەڵێت ” لە ساڵی ١٩٤٧ وە کە پاکستان سەربەخۆیی وەرگرتووە ١٤٠٠ هەزارو چوارسەد کەس تۆمەتی سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەریان دراوەتە پاڵ و خراونەتە دادگاوە یان لە لایەن گرووپی توندڕەوی نێو شەقامەکانەوە تووشی سزاو ئەشکەنجەو کوشتن و ڕاوەدوونان بوونەتەوە. لە یەک دەیەی ڕابردووەوە ١٢٠٠ دۆسیەی لەو بابەتە بە ڕەسمی تۆمارکراوە. کە ئەوەش ژمارەیەکی یەکجار زۆر ەو لە زیادبووندایە .

تا ئێستا لە زور شوێنان لە وەڵاتانی ئیسلامی و تەنانەت لە وڵاتانی نا ئیسلامیش بۆ نموونە وەڵاتە لیبڕاڵە ڕۆژئاواییەکان سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام یان باسی خەراپەی یەکێکیان یان هەردووکیان بە یەکەوە تاوانەو لێخۆشبوونی نیە. چارلی عەبدو لە ناوجەرگەی پاریسی فەرەنسادا وێنەی پێغەمبەری ئیسلامی بە شێوەی کاریکاتێری درووست کردو ئەویش چارەنووسەکەی کوشتن و تیرۆرکردن بوو. ئێستا هەر ئەوە نیە کە لەسەر ئەرزی واقیع ببینرێی کە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام بکەی سزاکەت کوشتن و سەربڕین دەبێت، بەڵک و ئەگەر لە خەویشدا بتبینن و لێت ببیسن کە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام دەکەی دەتکوژن، بەردبارانت دەکەن، کوتک و تێڵا بارانت دەکەن و قۆرتم و ملیشت بە کێردێک دەپەڕێنن. وەک، بۆ نموونە، کە بەسەر مامۆستا سەفورە بیبی د اهات لە پاکستان. تەنها لە خەودا کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ پێغەمبەر هاتۆتە خەوی و پێی گوتووە کە مامۆستا سەفورە سوکایەتی بە ئیسلام و بە پێغەمبەر کردووە بۆیە دەبێ بکوژرێت. بکوژەکانیش فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە بە شێوەی ئەشکەنجەو سەربڕین. بێجگە لە خەوەکە هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نەبووە کە مامۆستا سەفورە ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت.

حەسەن ڕازانی
٥ی ئازاری ٢٠٢٢

—————————————————————
تێبینی: بۆ ئەو بابەتە سوودم لە زۆر سەرچاوە وەرگرتووە . لە وانە :

https://www.aljazeera.com/news/2022/3/30/pakistan-school-teacher-killed-for-alleged-blasphemy-police
https://www.youtube.com/watch?v=WJupD14fwwA
https://www.insider.com/pakistan-teacher-killed-over-13-year-olds-anti-muslim-blasphemy-dream-2022-4
https://www.geo.tv/latest/408289-kp-seminary-teacher-slaughter-police
https://www.albawaba.com/editors-choice/pakistan-teacher-killed-blasphemy-relatives-dream-1471810
https://www.vice.com/en/article/5dga85/woman-teacher-killed-blasphemy-dream-pakistan




کۆتایی گڵۆباڵیزم… نووسینی: ئادەم پۆسن… وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

ئایا جەنگی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکڕانیا چ دەگەێنێت بۆ ئابووری جیهان ؟


نووسینی: ئادەم پۆسن : ١٧ی ئازاری ٢٠٢٢
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

لە سێ هەفتەی ڕابردوودا، ئابووری ڕووسیا بەهۆی گەمارۆکانەوە بەرەو داڕمان ڕۆیی. دەستبەجێ دوای ئەوەی کڕملین هێرشی کردە سەر ئۆکڕانیا، ڕۆژئاوا دەستیکرد بە دەست بەسەرداگرتنی سامانی هەرێ ئەودەوڵەمەندانەی کە لە،پۆتین، سەرۆکی ڕوسیاوە نزیکبوون، فڕینی فڕۆکەکانی ڕوسیایان بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا قەدەغەکرد، هەروەها ئابووری ڕوسیایان سنووردار کرد لە هاوردەکردنی تەکنۆلۆجی. لە هەمووی گرنگتر، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سامانی یەدەکی بانکی ناوەندی ڕوسیایان سڕکردوهەروەها نەک هەر ڕوسیایان دەرکرد لە سیستەمی بانکی نامەیی سویفت بۆ ئاڵوگۆڕو گواستنەوەو مامەڵە بە پارەوە، بەڵک و دامەزراوە بنچینەییەکانی دارایی نێودەوڵەتیش کە لە نێویاندا هەموو بانکەکانی دەرەوەو خەرجکردنی نێونەتەوەیی پارەشی گرتەوە. لە ئەنجامی ڕێکارەکانی ڕۆژئاوا لە دژی ڕوسیا بەهای ڕۆبڵ هاڕەی کرد، کورتهێنان لە تەواوی ئابووری ڕوسیادا دەستی پێکرد، ئیتر حکومەت لەوەدەچێت کە نەتوانێت قەرزەکانی بە دراوی بێگانە بداتەوە. قسەو بۆچوونی خەڵک وترس لە لێدان بەهۆی گەمارۆکانەوە وای لە خاوەنکارە ڕۆژئاواییەکان کردووە کە بە کۆمەڵ ڕوسیا بەجێبهێڵن. بەو زوانە ڕوسیا وای لێدێت کە نەتوانێت پێویستیەکانی هەم بۆ بەرەنگاری و هەم بۆ بەکاربەرانیش بەرهەم بهێنێت. هۆیەکەشی هەرئەوە دەبێ کە پێکهاتە بنچینەییەکانی بۆ ئەو مەبەستە نامێنێت.
وەڵامی دێموکڕاتیانەی جیهان بۆ دوژمنکاریەکەی مۆسکۆ و هەروەها تاوانەکانی جەنگ لە جێی خۆیدایە، هەم لە ڕووی ئەخلاقی و هەم لە بەرمەبنای ئاساییشی نەتەوەییشەوە. ئەمەیان گرنگترە لە چالاکی و توانای ئابووری. بەڵام ئەو کردەوانە ئەنجامی خەراپیان دەبێ لە ڕووی ئابوریەوە کە لە ڕووخاندنی دارایی ڕوسیا زیاتر پەلداوێت و بەردەوامیش دەبێ و شتێکی باشیش نابێت بۆ ڕوسیا.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دوو مەیل گڵۆباڵیزمیان لە بەرەودەوامی بەرەوپێش چوون پەکخستووە. یەکەمیان پۆپیولیستەکان و نەتەوەچیەکان بوون کە گرفت و تەگەرەیان خستۆتە بەردەم ئازادی بازرگانی، وەبەرهێنان، کۆچبەران، هەروەها بڵاوکردنەوەی بیرۆکەومەبەست بە تایبەتی لە ئەمریکادا. دووەمیان، بەرەنگاریەکانی چینە لەبەرامبەر یاسا ئابووریەکانی نێودەوڵەتیداو هەروەها ڕێکخستنی پلان و ئامادەکاری درێژماوە لە ئاسیادا لە لایەن چینەوە وای لە ڕۆژئاوا کرد کە ئەوانیش تەگەرە بخەنە بەردەم گەشەو فراوانبوونی ئابووری چین. جا بۆیە ئەو جەنگەی ئێستای ڕوسیا لەگەڵ ئۆکڕانیا ئەو داخورانەی گڵۆباڵیزم خەراپتر دەکا. چەند هۆیەکیش لەوبارەوە لەگۆڕیدان. یەکەم: چین دەیوەێت بەشێوەیەکی دیبلۆماسیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو داگیرکاریەی ڕوسیادا بکات بۆ ئۆکڕانیا. هەردووک سیستەمی دارایی و ئابووری ڕاستەقینەی چین بە وردی چاودێری گەمارۆکان دەکەن چونکە دەترسن کە ئەگەربێت و هاوکاری دارایی ڕوسیا بکەن یان پێویستیەکانی پڕبکەنەوە ئەوا لە ڕووی ئابووریەوە تۆڵەیان لێدەکرێتەوە. ئیتر لە وە هەر گەڕێ کە چین بیەوێت ڕوسیا لە گەمارۆکان بێنێتەدەر. بۆیە چین کە ئەگەر بە تەواوی نەچێتە پاڵ گەمارۆکان بۆ سەرڕوسیا، ئەوا زیاتر گەشە بە سیاسەتی دژە چینی دەدرێت لە ڕۆژئاواداو لە کۆتاییشدا پەل دەکێشێت بۆ تێکدانی ئابووری چین. دووەمیش: وەڵاتان دەترسن کە بکەونە ژێر حەزو ئارەزووەکانی هێزی ئابووری واشنتۆن دوای ئەوەی کە سەرسامی هێزی ڕواڵەتی ئەمریکا بوون. لە ئێستادا لەوانەیە کردەوە ئابووریەکانی ئەمریکا دادپەروەرانە بن، هەروەها ڕەنگە وردە خەتەرێکیش لەگۆڕێدا بێت بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە ئۆکڕانیا داگیر ناکەن کە ڕەنگە بخرێنە لا هەڵەکەی سیاسەتی ئەمریکا. بەڵام لە جاری دووەمدا لەوانەیە ئەمریکا زۆرتر بەرەو خۆپەرستی و گۆڕانیش بڕوات.
خاڵی کۆتایی ئەوەیە ئەوداڕمانەی کە گەمارۆکان بەسەر ئابووری ڕورسیادا دەیهێنن و ئەو بارگرانیەش کە ناوجەرگەی ئەوروپا تووشی دەبی ئەگەر ڕوسیا وەک پەرچە کردارێک لە بەرامبەر گەمارۆکان گازی سرووشتی و نەوت ببڕێ لێیان ، لە وانەیە ئەو بارودۆخە وا لە حکومەتەکان بکات کە پشتبەخۆیان ببەستن و خۆیان بپچڕێنن لە تۆڕی ئابووری نێودەووڵەتی. جا سەیرەکە لەوەدایە کە ئەمە دەبێتە هۆی خۆ لەناوبردن. لاوازبوونی هەر ئێستای ئابووری ڕووسیا نیشانی دەدا کە چەندە سەختە بۆ دەوڵەتێک بە تەنیا مەداربکات بە بێ مامەڵەی ئابووری لەگەڵ دەوڵەتەکانی تر. سەرباری ئەوەش هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوریەوە بتوانێت سەربەخۆبێت وای لێدەکات کە زیاتر گەمارۆی بخرێنەسەر، چونکە ڕۆژئاوا نایەوێت بە هەمان ئەندازەی ڕوسیا لەو بارەوە ریسک بکات. بەڵام دیسان ئەوەش ناتوانێت زۆرێک لە حکومەتەکان بوەستێنێت لە پاشەکشەو خۆخزاندنە ناو قوژبنێکەوەو چاوەڕێی ئەوە بن کە خۆیان بپارێزن ئەویش بەوەی کە بێنەدەر لە ئابووری جیهانی و گڵۆباڵیزم. بە دڵنیاییەوە پسپۆڕان بۆ چەندین ساڵە باس لەو دابەشبوونانە دەکەن و هەروەها ئەو وەڵاتە بچووکانەش کە هەوڵی خۆدوورخستنەوە دەدەن لە گڵۆباڵیزم سەرکەوتن بەدەست ناهێنن. بەڵام لە ئێستادا وا دێتە پێش چاو کە هەر بەڕاستی ئابووری جیهان بەرەو دابەشبوون دەڕوا بۆ سەر دوو لاو دوو بلۆک. یەکەمیان ڕووی لە چینەوەو دووەمیشیان ڕووی لە ئەمریکایە لەگەڵ زووربەی یەکیەتی ئەوروپا بەڵام هەمووی نا. لێرەدا هەر کامێکیان هەوڵی ئەوە دەدا کە خۆی جیابکاتەوەو لە کۆتاییشدا هەوڵی لاوازکردنی ئەوەی تریان بدات. بۆیە دەرەنجامەکانی ئابووری جیهانی زۆر ترسناک دەبن. کەواتە پیویستە لەسەر سیاسەتمەدارانی جیهانی درک بەو ترسە بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.
دۆلار خۆی دەگرێت!
سەرباری هەموو ئەو قسانەی کە دەربارەی چەکی ئابووری دەکرێن، گەمارۆکانی سەر ڕوسیا کاریگەر بوون تەنها لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئەو گەمارۆیانەیان خستنە سەر ڕوسیا سەرتاسەری و شێلگیرانەبوون. بۆ نموونە سڕکردنی یەدەکەی بانکی ناوەندی ڕوسیا ئەوکاتە کاریگەریی دەبێ کە ئەگەر زۆرایەتی سیستەمی دارایی جیهان هەمان کار بکەن. کەواتە ئەوە هاوپەیمانانن نەکو دارایی کە بووەتە جێگەی سەرنج. جا لەبەر ئەوەی هاوپەیمانە دژە ڕوسەکان کە پێکدێن لە هەموو دەزگا داراییە زەبەلاحەکان بێجگە لە بانکەکانی چین و هەروەها لەبەر ئەوەی بانکەکانی چینیش نایانەوێت لەو سیستەمە جیهانیە دووربخرێنەوە، کەواتە ئەو گەمارۆئابووریانە نابنە هۆی ئاڵوگۆڕی سەرەکی لە سیستەمی دارایی و بانکی جیهانیدا.
ئەو ئابووریانەی کە لە لایەن واشنتۆنەوە هەست بە هەڕەشە دەکەن، ئەو هەڕەشەیە دەبێتە پاڵنەرێک بۆیان کە ئەو کەل و پەل و شتەی هەیانە بیگوێزنەوە بۆ دەرەوەی ئەمریکا. لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم هەڵس و کەوتەی واشنتۆن لە بەکارهێنانی لە ڕادە بەدەری هێزی دارایی، جا ئەگەر واشتنتۆن لەو کارەی بەردەوام بێت، ئەوا بۆی هەیە وا لە وەڵاتانی تر بکات کە بەدوای جێگرەوەیەکی دۆلارو هەروەها بۆ دۆزینەوەی ڕێبازو سیستەمێکی تری ئاڵوگۆڕی نێونەودەوڵەتی بگەڕێن. بۆیە لە ماوەیەکی درێژدا ئابووری دابەشبووی جیهان لە ژێر هەڕەشەی گەمارۆکاندا ڕووەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، وەک ئەوەی کە ڕوسیا نیشانی دەدا، ئەوەیە کە هەتا دەستبردنیش بۆ یورۆ یان یەنی چینی، یان هەتا زێریش بۆ مامەڵەی بازرگانی ڕەنگە هاوکاری دەوڵەتان نەکات کە ئەگەر بێت و بەشداربووەکانی تری بازار لە خۆیان بترسن کە لە بازاڕو سیستەمی دۆلار دووربخرێنەوە. لەبەر ئەوەی لایەنێکی تر نامێنێت کە ئەوان بتوانن شت و مەکەکانیانی پێ بفرۆشن. دراوی دیجیتاڵیش دەبێ بڕیاری خۆی بدات ئاخۆ دەچێتە پاڵ گەمارۆکانەوە یان نا. لە حاڵەتی چوونیدا بۆی هەیە بەکارهێنەرانی دراوی دیجیتاڵ لەدەست بدەن چونکە ئەوان ئەو دیجیتاڵە وەک چارەسەرێک دەبینن. یان ئەوەتە دراوی دیجیتاڵی مڕاوەغە لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەکات و لەو حاڵەتەشدا لەوانەیە حکومەتەکان هەوڵی دوورخستنەوەی دراوی دیجیتاڵی بدەن یان بەرەو لاوازی بەرن.
دراوی چینی، لە هەوڵدایە کە ببێتە جێگرەوەی دۆلارهەتا ئەگەر بۆ نێو بلۆکی پەکینیش بێت. هەتا چین ڕێ لە خەڵک بگرێت بە ئازادانە سامانەکانیان لە سیستەمی بانکی ناوخۆیی بەرنەدەر، ئەوە سەرمایەگوزارو بانکەکانی ناوەند کە پەیڕەوی لەو سیستەمە دەکەن، کاریگەری هەڕەشەو گەمارۆکانی واشنتۆنیان هەر لەسەر دەبێ. پەکین دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بە جۆرێک بکات کە بتوانرێت دراوی چینی بگۆڕڕێتەوە باشترە لەوەی بە توندی کۆنتڕۆڵ بکرێت. بەڵام ئەگەر ئەوەش ڕوویدا، لەوانەیە بەهای دراوی چینی بە خێرایی بێتەخوار بۆ ماوەیەکی باش هەروەک لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ڕوویدا کاتێک کە چین بە شێوەیەکی کاتی حیسابی سەرمایەی خۆی کردەوە چونکا بە ملیاران لە خەڵکی کە پارەی پاشەکەوتیان لە ناو جیندا هەبوو بە ناچاری هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر بە مەبەستی سوودی زیاتر لە پاشەکەوتەکانیان. بە دڵنیاییەوە چین دەتوانێت بێتە جێگایەکی ئابووری و دراوی باش بۆ دەوڵەتانی بچووک و وەڵاتانی داماوو لێقەوماو کە هیچ چارەیەکی تریان نیە. بەڵام ئەو هەوڵەی چینیش بە سوود ناشکێتەوە بۆی و بەڵک و لە کاتی قەیرانی یەکێک لەو دەوڵەتانە ئابووری و دارایی چینیش دەکەوێتە مەترسیەوە.
بەرەو لێک هەڵوەشان چوون!
داگیرکاری و گەمارۆکان نابنە هۆی گۆڕانکاری دارایی گەورە لە ئابووری جیهان. بەڵام گڵۆباڵیزم کە هەر ئێستا ڕووی لە داخورانە ئەو داخوارانە خێراتر دەکا و ئەمەش کاریگەریی ئاشکراو فراونتر دادەنێ. ئەگەر تێکەولێکەی ئابووری لە نێوان دەوڵەتاندا بەرەو لاوازی بڕوات ئەوا داهێنان و گەشەی ئابووریش ڕوو لە داکشان دەکا. کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکان هێزێکی زیاتریان دەبێ و دەتوانن داوای پارێزبەندی بکەن. وە لە ئەنجامیشدا داهات و بەرهەمی کۆمپانیای خێزانیش بەرەو نزمی دەڕوا.
بۆ ئەوەی بزانیت ئەمە بۆ وایە، ورد بەرەوە تا بزانی سیستەمی ڕێکخراوی جووڵەی بازرگانی ( سەپلای چەین) چی بەسەردێت. لە ئێستادا، سەرچاوەی لۆجستی و تێچوونی زوربەی کۆمپانیا پیشەسازیەکان و تاکفرۆشەکان پشت بە یەکێ یان کۆمەڵێک شوێن دەبەستێت. وەختی خۆی یەک لۆژیکی بەهێزی ئابووری هەبوو کە بەو ڕێبازە سیستەمی ڕێکخراوی جووڵەی بازرگانیی جیهانی پێکدەهات. ئەوان بەو کارە نەک هەر توانیان لە تێچوو کەم بکەنەوە و ئەویش بە هاندانی کۆمپانیاکان و کارگەکان ڕووەو تایبەتمەندی هەنگاو بنێن، بەڵک و ئەمە بووە هۆی زیادبوونی بەرهەم و خستنە بازاری ناوخۆوە . بەڵام بە تێفکرین لە بارودۆخی جیۆسیاسی و بابەتی ئەو پەتایە ، لەوانەیە ئیتر ئەو بەها جیهانیانە هیجیتر ئەو گرنگیەیان نەمێنێ کە ریسک بکرێت بە پشتبەستن بە شوێنە خنکاوەکان. بە تایبەتی کە ئەو شوێنانە لە ڕووی سیاسیەوە جیگیر نین یان ناتوانرێت پشتیان پێببەسترێت. کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان بە هاوکاری حکومەت دەتوان دڵنیایی بدەن لە بەرامبەر کێشەو گرفتەکان ئەویش بە درووستکردنی سەپلای چەینی زیاتر لە شوێنی ئەمینتر و سەلامەت تر. ئەمەش وەک هەر کۆمپانیایەکی دڵنیایی وایە کە دڵنیایی پاراستن دەدات لە کاتی هەر زیان لێکەوتنێکدا. بەڵام ئەمە تێچوونێکی ڕاستەوخۆیەو نابێتە هۆی دەسکەوتی ئابووری دەستبەجێ.
لە هەمان کاتدا ئەگەر بێت و کۆمپانیاکانی چین و ئەمریکا لە بەرامبەر یەکتردا نەکەونە پێشبڕکێ یان لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە یەکێکێک لەو دوو بلۆکە، لەوانەیە بەرهەم ڕوو لە کەمی بکات و لەوانەشە بەکارهێنەران ئەو جۆرە باشە و فرەیەی کە ئێستا دەستیان دەکەوێت لە بەرهەم ئەو کات دەستیان نەکەوێت. جا کاتێک ئەو بەکارهێنەرە حکومەت خۆی دەبێت، ئەوە ئەو کات زۆر ڕێی تێدەچێت کە کۆمپانیا پارێزراوەکانی ناوخۆ تێوەگلێن لە فێڵکردن وگەندەڵی و بەفیڕۆدان، لەبەرئەوەی پێشبڕکێ بۆ کڕینی بۆندو کۆنتراکتەکانی دەوڵەت کەمتردەبێتەوە. هێنانەگۆڕێی نەتەوەچیەتی و ترس لە هەڕەشەکانی ئاساییشی نەتەوەیی، وادەکا ئەو جۆرە کۆمپانیایانە کە خۆیان نوغرۆی نیشتیمان پەروەری بکەن و تا ئەوپەڕیش بڕۆن هەتا دەگاتە بانک، چونکە پێیان وادەبێ کە بەوشێوەیە لە ڕووی سیاسیەوە هێندە گەورە دەبن کە نەکەون. ئیتر هۆیەک هەیەو دەبێ کە بۆچی کۆمپانیا داخراوەکان زیاتر گەندەڵی دەکەن.
جیهان گەشەسەندن و داهێنانی کەمتر بەخۆوە دەبینێت!
هەرلە ئێستاوە شیکەرەوان دەتوانن ئەوشتە بە واقیعی ببینن لەو ئیلتیزامات و قسە نیشتیمانپەروەریانەی کە لە لایەن جۆ بایدن و تڕەمپەوە دەکران دەربارەی ئەو کارگەو کۆمپانیایانەی کە هی ئەمریکان و لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەم دەهێنن. دەیان گوت دەبێ بهێنرێنەوە بۆ ناو ئەمریکاو جێگەکەی خۆیان. ئەوان ئاساییشی نیشتیمانی و شانازی پێەوەکردنی بە کاردەهێنن بۆ پاساوی ئەو سیاسەتانەیان کە بریتیە لە فێڵکردن لە هەردووک دیفاعی نیشتیمانی و هەروەها لە سەروو ٨٥٪ی کرێکارانی ئەمریکا کە لە پیشەسازی قورسدا دانەمەزراوون. پەسند کردن و بەچاکتردانانی بەرهەمی ناوخۆیی لەبەرامبەر بازرگانی پێشکەوتووی ئەو دیو سنوور لە ڕووی خزمەتگووزاری و تۆڕەکانەوە شتێکی سەیروجێی گاڵتەیە کە پێت وابێ ئەوە خزمەتگووزاری و تۆڕەکانن کە بە ڕاستی ڕۆژئاوای بەسەر ڕوسیادا زاڵکردووە لە بابەتی سەپاندنی گەمارۆکاندا و هەر ئەوەشە کە وای لە چین کردووە کە نەتوانێ ڕوسیا ڕزگار بکات.
هەر بە هەمان شێوە، داخورانی گڵۆباڵیزم ئەنجامی خەراپی دەبێت بۆ سەر تەکنۆلۆجی. چونکە ئەگەر بێت و بەهرە زانستیەکان لە ڕووی جیهانیەوە لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕی فکربکەن و هاوبەشی بکەن لە ڕەتکردنەوەی چەمکێکی زانستی یان سەلماندنی، داهێنان خێراترو بەربڵاوتر دبێت لە جیهاندا. بەڵام لێرەدا هۆیەکی سیاسی سەرنجڕاکێش هەیە کە دەوڵەتەکان هەوڵبدەن وە دڵنیا بن کە تەنها دەبێ هاوپەیمانەکانیان بتوانن دەستیان بە تەکنۆلۆجی ئەوان ڕابگات هەتا ئەگەر بێت و سنووردارکردنەکانیش پەیوەندیەکی گوماناوی بە سوپاوە هەبێت. چونکە ئەوەتە لە ڕێگەی سیخوڕیکردنی ئەلەکترۆنیانە ئاسانە کە کەسێک بتوانێت دەستی بە دیزایینێکی تەکنۆلۆجی ڕابگات. جا ئەمەش زۆر گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت کە ببێتە پاشەکشە لە داهێناندا. هەروەک چۆن دەزگاو پەیمانگا زانستیەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمریکاو ڕۆژئاواش خۆیان بێبەش دەکەن لە خوێندکارو زاناینی چینی و ڕوسی.
داخورانێکی زۆر لە گڵۆباڵیزم کاریگەری خەراپی لەسەر سوودی سەرمایە دەبێت لە ئابووری جیهانیدا و هەروەها بە هەمانشێوەش دەیبێت لەسەر هەر یەکێک لە لایەنەکانی تری ئابووریدا. ئیتر لێرە بەدواوە کۆت و بەندی تازە دادەنرێن لە هەر شوێنێک کە خەڵک بیانەوێت سەرمایەکانیان بخەنەگەڕو ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی فرەیی و ڕێژەش لە سوودو بەرهەمەکان. ترس و نەتەوەچیەتی لەوانەیە حەزو ئارەزوووی خەڵک زیاتر بەلای ئەوەدا بەرێ کە لە پێناوی سەلامەتی سەرمایەکانیان بێن لە نێو وەڵاتی خۆیان ولەگەڵ حکومەتی خۆیان و یان لەگەڵ ئەو شوێنەی کە پشتی بە ئاساییشی کەرتی گشتیەوەیە بخەنەکار. هەروەها حکومەتەکانیش بابەتی ئاساییسی نەتەوەیی و بابەتی جێگیکردنی داهات و دارایی بەیەکەوە گرێدەدەن و هانی هاوەڵاتیان دەدەن کە لە نێوخۆداو مامەڵە لەگەڵ نێوخۆدا بکەن بە تایبەتی لە کاتی جەنگەکاندا.
پەیوەندی کیشوەرییانە
بۆ یەکیەتی ئەوروپا دابەشبوونی گڵۆباڵیزم سوودێکی ئابووریانەی هەیە کە ناچاری دەکات لە ڕووی ئابووریەوە زیاتر یەکتر بگرێت و پشت بەخۆی ببەستێت. ئەوەتە لە کێشەی کۆچەبەرانی ئۆکڕانیادا کە بەرەو پۆلۆنیا و وەڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕادەکەن، تەواوی یەکیەتی ئەوروپا بە یەکەوە شان دەدەنە بەر کێشەکەو سەرچاوەکانی داراییان بە هاوبەشی بەکاردێنن. بۆیە لە جیاتی ئەوەی خەرجیەکان لەسەر ئەرکی یەک دەوڵەت بێت، یەکیەتی ئەوروپا بە تێکڕایی ئەرکەکەی لە ڕووی دارایی و لۆجستیەوە دەگرێتە ئەستۆ. جا لەمەودوا لەوانەیە یەکیەتی ئەوروپا، یان زۆنی ئەوروپا، زۆر یاسای ئابووریانەی تریش لەو بارەوە دەربکات کە بۆی هەیە واوەتر بڕواو سوودی بۆئابووری جیهانیش هەبێ. بۆیە داگیرکاری ڕوسیا بۆ ئۆکڕانیا ئەوڕاستیە دەچەسپێنێت کە ئەمە جیهانێکە لە ڕووی ئابووریەوە نزمەوسەرمایەدارانیش پێویستیان بە شوێنێکی وا هەیە کە دڵنیا بن لە سەرمایەکەیان . لەو ڕوەوە ئەوروپا، یان زۆنی ئەوروپا، دەتوانێت هەستێ بەو ئەرکەو دڵنیایی بداتە خەڵک کە نەترسن لەوەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە زۆنی ئەوروپادا و ببینن کە شوێنێکی جیگیرە بۆیان.
یەکیەتی ئەوروپایەکی بەهێزترهەلی تازە دەڕەخسێنێت بۆ گەشسەندن. نزیکەی هەموو ئەندامێکی ئەوروپا کە ئەڵمانیا سەرپەرشتی دەکا بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکارەکەی ئولاف شۆلز، پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ زیادکردنی نەفەقە وخەرجی سێکتەری بەرگری و زیاتر کردنی بەشداری کەرتی گشتی لە سەرمایەگوزاری ، ئەوەش وا دەکا کە کیشوەری ئەوروپا لەسەر پێی خۆی بوەستێ و کەمتر پێویستی بە سوتەمەنی سرووشتی ڕوسیا هەبێ. هەردووک لایەنی سەرمایەگوزاری تایبەتی و گشتی وا دەکا کە ئەوروپا هیچی تر چاوی لەدەستی ئەمریکاو چین نەبێت بۆ ئەوەی گەشەبکا؛ زیادکردنی پاڵنەرێکی تر بۆ ئابووری جیهان وا دەکا کە بەرزی و نزمی لە جووڵەی ئابووریدا ڕابگرێت و هەروەها جیهانیش لە بەرامبەر قەیرانە داراییەکاندا بە جێگیری ڕابگرێت. هەروەها گەشەکردنی خێرای ئابووری وا دەکا کە هەڵاوسان لە دارایی و قەرزەکانی دەرەوەدا ڕوونەدات هەروەک کە ڕوویدا کاتێک کە ئەڵمانیاو وەڵاتەکانی تری ئەوروپا بەرهەمی زیاتریان ناردە دەرەوەو شکەستیشیان لە ساغکردنەوەیدا هێنا.
ئەو دەستپێکانە یارمەەتیدەر دەبێن بە تایبەتی بۆ خودی زۆنی ئەوروپا. یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی قەیرانی یورۆ یەک دەیە لێرەوپێش بریتیبووە لە تێکچوونی باڵانس لە نێو ئابووری ئەوروپادا کە بە هۆی سیاسەتی دەستپێوەگرتن وسکهەڵگووشینی ئەڵمانیاوە تووشی بووە. بە زیادبوونی داواکاری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەندامانی ئەوروپا لەبەشی خواروو دەتوانن خۆیان ڕزگارکەن لە بەشێک لە قەرزەکانیان لە ڕێگەی زیادکردنی ناردنەدەرەوەی بەرهەمەکانیان لە جیاتی کەمکردنەوەی هەقدەست و زیادکردنی هێنانی بەرهەم لەدەرەوەڕا بۆ ئەوەی بتوانن ئەو پارەیەی لەسەریانە بیدەن. ئەمەش دەبێ ببێتە هۆی بەهێزکردنی توانای یورۆ کە بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، بە هەمانشێوە دەبێتە هۆی سەرنج ڕاکێشانی ئەندامی نوێی تر لە ڕۆژهەلاتی ئەوروپاو هەروەها بەڕێوەبەرانی یەدەک لە جیهاندا. یورۆیەک کە لەناوخۆدا کەمترتووشی گرفت ببێت هەر بەرزدەبێت و بەهاکەشی جیگیردەبێت. ئەمەش لەبەرامبەردا دڵەڕاوکێی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا کەم دەکاتەوە.
ڕاستیەکی تاڵ
بەداخەوە هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکڕانیا کەمتر هاوکارە لەگەڵ ئەو وەڵاتانەی کە لە گەشەسەندان. ئەوەتە هەر لە ئێستاوە بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی خۆراک و ووزە تەنگی بە هاوڵاتیانی وەڵاتە هەژارەکان هەڵچنیوەو داروخانی ئابووری جیهانیش کە وا بەڕێوەیە خەراپتر دەبێت. ئەگەر وەڵاتانی کەمدەرامەت ناچاربکرێن کە دەبێ لایەک هەڵبژێرن کە هاوکاری لێبەدەست بێنن و سەرمایەگوزاری لەگەڵدا بکەن ئەوا شانسی ئەوکارەیان لەگەڵ کەرتی تایبەتدا کەمتر دەبێ. ئەو کۆمپانیایانەی کە دەکەونە چواچێوەی ئەو وەڵاتانەوە وایان لێدێت لە دەرەوەو لە ناوەوە زۆرتر پشت بە حکومەت بەستن. جا ئەگەر بێت و ئەمریکا و وەڵاتەکانیتر گەمارۆ زیاتر بەکاربێنن، ئەوا ئەو کۆمپانیایانە لەوانەیە کەمتر بتوان لەگەڵ ئەو ئابووریانەدا سەرمایەگوزاری بکەن. بۆیە کۆمپانیاکانی فرە ڕەگەز کە لە حاڵەتی دڵەڕاوکێدان دەیانەوێت لە ئەمریکا دووربکەونەوە، چونکە نایانەوێت لە گەڵ لایەکدا سەرمایەگوزاری بکەن کە ناڕوون بێت و نەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت.
جا هەرێ ناخۆشیەکەی ئەم جەنگە بەشێکی لەوەدایە کە لە سەردەمێکدا هەڵگیرسا کە جیهان بە شێوەیەکی یەکسان وەڵامی نەدایەوە بە کۆپڤید-١٩ و هەروەها ئەو دەوڵاتانەی کە داهاتیان بەرزە بەشی پێویست لە ڤاکسینیان نەداو نەنارد بۆ وەڵاتە کەم داهات و هەژارەکان. ئەو پشتگوێخستنە سیاسیەی وەڵاتە زلهێزەکان لەبەرامبەر وەڵاتانی هەژارو دواکەوتوودا لە ڕووی واقیعیەوە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی ئابووری لە سەرئاستی جیهان. ئەوەش بەهانە دەداتە دەست سێکتەری تایبەتی کە سەرمایەگوزاری لەو وەڵاتانەدا نەکات. تەنها چارەو ڕێباز بۆ هاتنە دەر لەو بازنەیە لە ڕێی سەرمایەگوزاری کەرتی گشتیەوە دەبێ و هەروەها جێبەجێکردنی مامەڵەیەکی دادپەروەرانە . لە گەڵ ئەوەشدا لەوانەیە دابەشبوون لە نێو ئەو ئابووریە گەورانەدا وا لەو جۆرە سەرمایەگوزاریانە بکات لە وەڵاتە دواکەوتووەکاندا کە کافی نەبێت و نەتوانرێت پشتی پێببەسترێت و هەروەها لەوانەیە بە شێوەیەکی تەعەسوفیانە جێبەجێبکرێت.
هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا بە تەنها هاوکاری کردنی ئابووریە هەژارەکان وەک ئامانجی گەشەکردنی ماوەدرێژ ناخاتە خەتەرەوە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان لە سەرتاسەری جیهاندا بتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن، وا پێویست دەکا لە سەریان کە گۆڕانی کەش و هەوا سوک بکەن و لەگەڵیشیا خۆ بگونجێنن. بەڵام ڕۆڵی میحوەری ڕوسیا و ئۆکڕانیا لە دابینکردنی وزەی جیهانی هێزی دژبەیەک دەنێرێت. ئەمەش کاری گواستنەوەی وزە سەخت تر دەکا. لە هەمان کاتدا سیاسەتمەدارانی رۆژئاوا داوای ئەوە دەکەن کە لە گۆرانی کەش وهەواوە بگوێزنەوە بۆ زیادکردنی گەڕان بەدوای سووتەمەنی ووزە لە دەروەی ڕوسیادا. دەوڵەتان دەیانەوێت ڕێگە بگرن لە بەرزبوونەوەی نرخی گازو کەمکردنەوەی باج لەسەر وزە و قەرەبووی خێزانەکان بکەنەوە لە بەرامبەر بەرزی نرخی گازدا، هەروەها دەشیانەوێت کە هانی فراوانکردنی بەرهەمەکانی وزەی سەلامەت بدەن و بەکارهێنانیش کەمتر بکەنەوە کە ئەمەش پێویستی بە نرخی زیاترە. ئەوگۆڕینەوانە درێژە دەکێشن هەتا دوای گۆڕانی کەش و هەواش. وەڵاتانی دێموکڕاسی دەیانەوێت هاوپەیمانیەک پێک بهێنن بە دەوری بەهاکانی لیبڕالیەت و ئازادی بازاردا، بەڵام بۆ کەم کردنەوەی تێچووەکانی وزە پەنا دەبەنە بەر حکومەتە ئۆتۆکڕاتەکانی وەک سعودیەو فەنزوێللا و داوایان لێدەکەن لە بەرامبەر بە شەرعی ناساندنی ڕژێمەکانیان ئەوانیش ئاستی بەرهەم هێنانی وزە بەرزبکەنەوە.
لە پشتی هەموو ئەمەشەوە ڕاستیەکی تاڵ هەیە کە دەبێ دانی پێدا بنرێت. بۆهێواشکردنەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایی، وا پێویست دەکا کە جیهان هەمووی بە یەکەوە و دەبێ چینیش لە خۆ بگرێت، بە کرداری ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە ببنەوە. هاوپەیمانە دێموکڕاسیەکان بە تەنیا ناتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن. وەختی خۆی چین و ئەمریکا هەرچەندە لەسەر هەندیک بابەتیش لە ناکۆکیدابووبن بووبن لەگەڵ یەکتر، بەڵام بۆ بابەتی گۆڕانی کەش و هەوا هەمیشە بەیەکەوە کاریان کردووە. ئێستا هەردووک سەرۆکی چین و ئەمریکاش دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دۆخەی جارانیان. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم بابەتە هەر بەرەو سەختی دەڕوا چونکە هەر یەکیک لەو وەڵاتانە پاڵ دەداتە لایەکو بلۆکێک. لە هەمان کاتیشدا هەر کە داخورانی گڵۆباڵیزم هەنگاوەکانی داهینان بەرەو سستی دەبات ئەویش بە تەگەرە درووستکردن لەبەردەم لێکۆڵینەوە زانستیەکاندا، بە مەش زانایان ناتوانن وەکو پێویست بگەنە چارەیەکی پێویست بۆ پاراستنی هەسارەکەمان.
کۆکردنەوەی پارچەکان
وەستاندنی داخورانی گڵۆبڵیزم خودی خۆی کارێکی سەخت بوو، ئینجا هێرشی ڕوسیاش بۆ سەر ئۆکڕانیا ئەم بابەتەی قورستر کرد. لە کاتێکدا کە سیاسەتمەدارانی ئەمریکاو وەڵاتانی تریش بە هێنان و بردنی چیرۆکی درۆ کە گوایە کرانەوەی ئابووری کارێکی باش نیە بۆ کرێکاران، لەولاوەش داگیرکردنی ئۆکڕانیا لە لایەن ڕوسیاوە و ئەنجامی گەمارۆکانیش بۆ سەر ڕوسیا وای لە ئەمریکاو چین کرد کە زیاتر لێک دووربکەونەوە. بەڵام داڕێژەرانی سیاسەت لەو نێوەدا دەستەوەستان نین. گەمارۆکانی سەر ڕوسیا زۆر کاریگەر بوون چونکا لە لایەن هاوپەیمانە بەهێزە دێموکڕاسیەکانەوە سەپێنران کە داهاتێکی بەرزیان هەیە. بۆیە ئەگەر ئوسترالیا،یابان، کۆریای باشوور، بەریتانیا، ئەمریکا، یەکیەتی ئەوروپا و بازارە گرنگەکانی تری ئابووری بتوانن بە هەمان هێزو تواناوە وەک چۆن گەمارۆیان خستۆتە سەر ڕوسیا ئاهواش هاوکار بن لە ڕووی ئابووریەوە لەوانەیە وا لە چین بکەن کە ئەویش پەیوەست بێت پێیانەوە.
جا بۆ ئەوەی بەرپرسەکان ئەمە بکەن ، لەسەریان پێویستە کە پەیڕەوی لە سیاسەتیکی فراوانتر بکەن. بۆ نموونە دەتوانن کە بازاڕێکی هاوبەشی گەورەو فراون لە نێوخۆی وەڵاتە دێموکڕاسیەکاندا دابمەزرێنن، بۆ کەلو پەل و خزمەتگوزاری و هەتا دەگاتە ڕەخساندنی هەلی کاریش، وە پێویستە لە سەریان کە پێوەری هاوبەشیان هەبێ بۆسەرمایەگوزاری تایبەت و لە ڕیگەی سنوورەکانەوە و ئەوانەی کە پەیوەستن بە بابەتی ئاساییشی نەتەوەیی و مافەکانی مڕۆڤەوە، پێویستە لە سەریان کەش و مەیدانێکی وا درووست بکەن کە پێشبڕکێیەکی تەندرووستیانە بکەن لە نێوخۆیاندا. بەمەش خەراپیەکانی وەک گەندەڵی و بەهەدەردان لە نێو ئابووریدا کەم دەبێتەوە کە بە هۆی ئابووری نەتەوەگەراییەوە پەیدا دەبن. هەروەها لەسەر سیاسەتمەداران و سیاسەت داڕێژەران پێویستە کە سەرمایەگوزارییەکی وا لە نێو هاوپەیمانانی ڕۆژئاواییدا دابمەزرێنن کە درێژە بکێشێ و دەوام بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی نا وەک یەکی و نا بالانسی لە نێو ئابوریەکاندا و هەروەها سوودی زیاتریشی دەبێت.
وەڵاتە دێموکڕاسیەکانی جیهان ناتوانن هەموو دابەشبوونێکی وێرانکەرانە بگێڕنەوە کە بە هۆی داگیرکاری ڕوسیاوە ڕوودەدەن و لە ژێریشەوە ڕەزامەندی چینی لەسەرە. بەڵام دەتوانن قەرەبووی زۆرێک لە زیانەکان و لە دەستچووەکان بدەنەوە. نابێت بەم بارودۆخە ڕازی ببن و دەبێ ڕڕووبەڕووی ببنەوە. هەندێک شێوەی توندوتیژی دەبێ بە گۆشەگیرکردنی ئابووریانە ڕووبەڕووی ببنەوە.تێبینی: ئادەم پۆسن سەرۆکی پەیمانگای پێتەرسۆنە بۆ ئابووری نێودەوڵەتی.
https://www.foreignaffairs.com/articles/world/2022-03-17/end-globalization?




ژیانی ژنانی کوردوستان لە کۆمەڵگایەکی ژن کوژدا.. حەسەن ڕازانی

بۆچی هەر ڕۆژەو ماریایەک دەکوژرێت و ئەوکەسەی کە بەرەنگاریش لە ماریاکان دەکات هەردەکوژرێت؟ بۆ نموونە شەهید : نەقیب محمد لەتیف

پیرۆز بێت ٨ی مارس لە ژنان و تەواوی ئازادی خوازان و هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە بە کرداری .

(لە پەراوێزی کوژرانی ئیمان سامی، کە ناسراوە بە ماریا، لەناو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردوستان)
کورتەو ڕیشەی ڕوودانی ڕووداوەکە: بە پێی گێڕانەوەکانی ئێن ئاڕ تی و ڕوداو کە لە، سامی مەغدید، باوکی ماریا، وەریان گرتووە دەگوترێت: ئیمان سامی ناسراو بە ماریا لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە شوودراوە و لەگەڵ مێردەکەی نەگونجاوەو بە بەردەوامی کێشەو گرفتیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە. لەبەرئەوە ماریا هەمیشە لە ژێر گوشاردا بووەو هەربۆیەش پارساڵ ماریا لە مێردەکەی جیابۆتەوە. دوای ئەوە ماریا ڕێگای هاتنەوە ماڵی پێنەدراوە تاکو لەگەڵ دایک و باوکیا بژیت، بۆیە بە تەنیا ژیاوە. باوکی دەڵێ: “من ماوەی دوو ساڵ بووە قسەم نەبووە لە گەڵیداو بەڵام بەشداری سەرقەبرانم کردووەو بۆشی گریاوم چی بکەم جەرگمە.” ئەو دەڵێ: ” من بەشداری کوشتنەکەیم نەکردووە و بەزۆری براوم .” هەروەها باوکی ماریا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە کوڕەکەی بە ئۆتۆمۆبێلی براکەی چووەو تووشی ماریا بووەو پێی گوتووە کە لەگەڵیدا سەربکەوێت و بچنەوە ماڵەوە، بەڵام ماریا بەقسەی نەکردووەو دوای درووستبوونی دەمەقاڵێ فیشەکی پێوەناوە. باوکی دەڵێ: ” من زۆرم پەرۆش بووە بەڵام چی بکەم کوڕەکەم کوشتویەتی و ئەویش لەبەر ئەوەی بووە کە ماریا زۆر سەرەڕۆ بووە.” ماریا شەوی ٦/٧ی ٣-٢٠٢٢ لە هەولێر بەدەستی براکەی کە لە خۆی بچوکتر بووە کوژراوە. هەروەها هاوڕێیەکی ماریا ئاهوا باس لە ماریا دەکات: ” ماریا کەسێکی باوەڕ بەخۆ، ئازاو ئازادو وریا بووە. لە سۆشیال میدا زۆر چالاک بووەو زۆر هەواداری هەبووە بۆ نموونە لە تیکتۆک. ئەو دەڵێ ماریا لایەنگری کۆمەڵگای پەلکە زێرینەکان بووەو بەشداری چالاکیەکانی ئەوانیشی کردووە.”
ژن کوشتن لە زۆر شوێن بوونی هەیە بەڵام لە کوردوستان لەبەر زۆری و بەردەوامیەکەی وای لە کۆمەڵگای کوردی کردووە کە سیمایەکی ژن کوشتن بەخۆوە بگرێ و پیاوی کوردیش بە ژن کوژ ناوزەد بکرێت. ئایا دیاردەی ژن کوشتن لە کوردوستان و لە لایەن پیاوی کوردەوە هۆیەکەی سیاسییە و کێشەی نێوان سیستەمی عیلمانی و ئایینە، کێشەی نێوان سیستەمی ڕاست و چەپ و کۆمۆنیستی و لێبڕالییە یان هۆیەکەی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە کەلتوورەوە هەیە؟ یان ئەوەتا هەموو ئەو هۆیانە بە یەکەوە بەشدارن لە ڕاهێنانی ئەم پیاوی کوردە لەسەر ژن کوشتن؟ یان ئەوەتا هۆیەکەی تەنها سیستەمی سەرمایەدارییەو هیچ دوورتر بۆی مەڕۆ؟ ئایا ئەم دیاردەی ژن کوشتنە هەر پەیوەندی بە پیاوی کوردەوە هەیە یان ئەوەتا پیاوی نەتەوەو ڕەگەزەکانی تریش لەسەر هەمان ڕێچکەن؟ بە بڕوای من هۆیەکەی هەر کامێکیان بێت و یان هەموویان بە یەکەوە بەشداربن ئەوەندە گرنگ نییە بە قەدەر ئەوەی کە ئەو بابەتە پەیوەندیدارە بە خودی ژنان خۆیانەوە. واتە بەرگرتن بە دیاردەی ژن کوشتن دەتوانرێت لە کوردوستان کۆتایی پێ بهێنرێت یان بەری پێ بگیرێت ئەگەرژنان خۆیان بە کرداری هەبن و بیکەنە ئەرکی دەستبەجێی خۆیان.

بە بڕوای من، سیستەمی سیاسی و دەسەڵات هۆی ڕاستەوخۆن لە هێشتنەوەو کۆتایی پێ نەهێنانی دیاردەی ژن کوشتن لە لایەن پیاوەوە. حکومەت ئەگەر بە ڕاسستی و بە کرداری بیەوێت، نەک هەربە قسە لە بۆنەکان و ٨ی مارس دا دژی ژن کوشتن بێت، بە دڵنیاییەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت ژن کوشتن کۆتایی پێ بێت. ئەویش بەیەک هەنگاوی زۆر سادە، بەڵام ئازایانە، ئەویش بەسزاگەیاندنی دەستبەجێی ژن کوژان. حکومەتی هەرێمی کوردوستان زۆر بە کەمی سزای ژن کوژانی داوە. زۆر جاران حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە دەسەڵاتیان لەسەرووی حکومەتەوەیە هۆکاری سەرەکین لە هێشتنەوەی دیاردەی ژن کوشتن. چونکە ئەوانن و بەرپرسەکانی نێو ئەوانن کە داڵدەی ژن کوژان دەدەن و دەیان شارنەوەو لە یاسا دەربازیان دەکەن.
بۆیە بە بڕوای من، ئەرکی پاراستنی ژنان لە کوشتن و سوکایەتی پێکردن و ماف پێشێلکردنیان دەبێ ڕاستەوخۆ بکرێتە ئەرکی خودی ژنان خۆیان. من تێدەگەم کە ئەوە ئەرکی کۆمەڵگایە بە پلەی یەکەم و سیستەمی حوکمڕانییە بەڵام ئەوەتە داروبەرد شاهیدە کە نە حکومەتەکەو نە کۆمەڵگایەکەش وەک پێویست لە پەنای ژناندا ڕاناوەستن، بۆیە هەر دەبێ ژنان خۆیان بیکەنە ئەرکی ڕاستەوخۆی خۆیان. دەبێ ژنان خۆیان بێنە مەیدان و خۆیان بپارێزن لە پیاوان و کۆمەڵگای ژن کوژ. ئەگەر ژنان خۆیان هەبن پیاوی ئازادی خوازیش بەشی ئەوەندە هەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا کە پشتگیری لە ژنان بکات. بەڵام ئەوەی کە تێبینی کراوە ئەوەیە کە موعادەەلەکە پێچەوانەیە. ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە هەر پیاو بوون کە دەستپێشخەرییان کردووە لە دیفاع لە ژنان و هەر پیاوان بوون مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ڕێکخستووە و ئینجا ژنانیش پەیوەستبوون پێیانەوە. دەبوایە ژنان خۆیان ئەم کارە بکەن و چاوەڕێ بن پیاوی ئازادیخوازیش پەیوەست بن پێیانەوە. ئەم کارو هەڵوێستەی ژنان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت غائیبە.
کەواتە با گرفتەکە ڕاستەوخۆ ببەستمەوە بە ژن خۆیەوەو با گلەیی و ڕەخنەکانیشم ڕاستەوخۆ ئاراستەی ژنان خۆیان بکەم. بە بڕوای من، ئەوەی کە لە کوردوستان دەگوزەرێ لە دژی ژنان و تائێستا پیاو بۆی لواوەو سیستەمە سیاسیەکەش دووفاقانە مامەڵە لەگەڵ کوشتنی ژناندا دەکاو هیچ ئاماژەیەکیش لەگۆڕێدا نابینرێت کە ئەم تاوانکاریە بەدژی ژنان کۆتایی پێبێت، بەشی زۆری هۆیەکەی سستی و ناچالاکبوونی ژنان خۆیانن لەوبوارەدا.

ئەوەی کە کراوەو دەکرێت کە گوایە دیفاع لە ژنان دەکرێت، بە بڕوای من، هەمووی هەر وتاری ئینشائیانەی سەر کاغەزەو لە بۆنەکاندا پێشکەش دەکرێ و بەس. بۆ نموونە ڕێواز فایەق ، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردوستان ، لە ڕۆژی ٨ی مارسی ئەمساڵدا وتی: “شەوی ڕابردوو زۆر بیرم کردەوە بەڵام لە ڕووم نەهات ڕاگەیەندراو بۆ ٨ی مارس بڵاوبکەمەوە” لە وتارەکەیدا کە دیارە ڕوودەکاتە دەسەڵات و خۆشی بەشێکی سەرەکییە لەو دەسەڵاتە، بەڵام ژنە نەک پیاو، دەڵێ :” ٨ی مارس بە هەموو وتارو بۆنەو ئاهەنگەکانیەوە بۆ خۆتان بەڵام ڕۆژەکانی تری ساڵ بە ژنانی وەڵاتەکەم و هەرێمەکەمان. بماندەنەوە بەبێ هەڕەشە، بەبێ مەترسی لەسەر ژیانمان، لەسەر کەڕامەتمان، لەسەر کارمان ، لەسەر هەڵوێستمان،” .. لێرەدا بە بڕوای من، سەرۆکی پەڕلەمان کە سەرۆکی دەزگایەکی هەرێ گەورەی بڕیاردانە لە کوردوستان بەم شێوەیە قسە بکات و داوا بکات، کە لە پاڕانەوە دەچێت، هیچ شتێک ناگەێنێت بێجگە لە بێتوانایی و بێئیرادەیی و بێهومێدی ژنان لە کوردوستاندا. ژنان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پیاودا لە هەموو بوارو جومگەکانی ژیاندا خنکێنراون و بێتواناو بێ ئیرادە کراون. ئەگەر سەرۆکی پەڕلەمان کە ژنە بەم شێوەیە قسە بکات دەبێ گەلۆ ماریاکان چی بکەن؟.
ئەم ماریایەی کە دوێنێ لە هەولێر کوژرا، بە بڕوای من ئەم ماریایە نە یەکەمینەو نە دواهەمینیش دەبێ. ئەم ماریایەی کە لە هەولێر کوژرا هەزارەمین ماریایە کە لە کوردوستاندا بەدەستی پیاوان دەکوژرێن. گۆڕستانی پڕ لە ماریای کوژراو بەدەستی پیاوان و چەندین ماریاش هەن کە بێناوونیشانن و گۆڕستانی تایبەتیان بۆتەرخانکراوە. ئایا دەبێ ئەم کۆلمەڵگایەی کوردوستان چ ناوێکی لێ بنرێت؟ ئایا باشە پێی بگوترێت: کۆمەڵگای پیاو سالاری، یان نێر سالاری ، یان نێو گەڵ پارێزی؟ بە بڕوای من نێوگەڵ پارێزی پڕاوپڕی خۆیەتی. چونکە زووربەی زۆری ئەو ژنانەی کە کوژراون پیاو کوشتوونی و لەسەر شەڕەف و نامووسیش کوشتوونی. شەڕەف و نامووسیش لە کۆمەڵگای کوردوستاندا بە لای پیاوانی کوردوستانەوە بە مانای ناوگەڵی ژنان دێت. شەڕەف و نامووس لای ژن کوژەکانی کوردوستان نیشتیمان فرۆشتن نیە، گیران لەسەر دزی نییە، لە سەر چەتەیی و ڕاوەڕوت کردن نیە، لەسەرفێڵکردن و خەیانەت لە خەڵک وهەژاران نیە، لە سەر گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نەتەوە نییە، لە سەرجاسووسی و نۆکەرایەتی وخۆش خزمەتی بۆ داگیرکەرانی کوردوستان نییە، بەڵک و لای ئەو ژن کوژانە شەڕەف و نامووس تەنهاو تەنها ژنەکانیانن، خوشکەکانیانن، دایکیانن، و مێینەی ناوکۆمەڵگاکەیانن. واتە ئەو پیاوانە دەبێ هەمیشە ئاگایان لە پاراستنی نێو گەڵی مێینەکان بێت . پاسەوانانی نێو گەڵن نەک پاسەوانانی نیشتیمان وکوردو وەڵات و نەتەوەو خاک و ئاو.

هەر بۆیەش، بە بڕوای من، دەبوایە ئێستا ژنانی کوردوستان بە گشتی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان و دەیان ناوی تری ژنانە لەگەڵ بوونی هەزاران چالاکوانی ژنی نێو بواری ژنان هەموو شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی شارەکانی کوردوستانیان پڕکردبایەو بهەژاندایە. دەبوایە ئێستا بچووبانایە بەردەرگای بەرپرسە حیزبی و حکومیەکان و تەنانەت بەردە بارانیشیان بکردبانایە. بەڵام بەداخەوە تەنها لە ناو شاری هەولێر چەند ژنێک لە ژێرناوی چالاکوان و ڕێکخراوی ژناندا کە ژمارەیان لە ١٠ تا ١٥ کەسێک تێپەڕی نەدەکردو بە چەند لافیتەیەک هاتبوونە سەر شەقام و تا ئێستا هیچی تر بەدی ناکرێت. لە سەر یەکێ لە لافیتەکان نوسرابوو : ساڵی پار 15 ژن کوژراوە”. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێ ساڵی پار ٢٤ ژن کوژراوەو پەڕلەمانتارێکیش وتی هەر ئەمساڵیش تائێستا ١١ ژن کوژراوە. دیارە هیشتا ماریای تەمەن ٢٠ ساڵ نەخراوەتە ناو لیستەکە. بۆیە قسەی من ئەوەیە کە ئەگەر ژنان خۆیان بەدەستی خۆیان نەیەنە مەیدانی بەرەنگاری لە خۆیان ئەوە با دڵنیابن کە ماریا کوشتن کۆتایی نایەت و بۆی هەیە هەر بەرەوسەر بڕوات.

ئەوەی کە تێبینی کراوە و دەکرێ ژنان وەک پێویست بەرەنگاری لە خۆیان ناکەن و نە بەرەنگاریش لەو پیاوانە دەکەن کە لە پێناوی پاراستنی ژناندا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە. بۆ نموونە دەبوایە ژنان لە سەرتاسەری کوردوستاندا بهاتنایە سەرشەقامەکان و مانگرتن و خۆپیشاندانیان کردبایە ئەو کاتەی کە نەقیب محمد لەتیف شەهید کرا. نەقیب محمد شەهید کراو سێ پۆلیسیش بە خەستی بریندار کران لە پێناوی پاراستنی ئەو ژنانەدا شەهیدو بریندار کران کە ژیانیان لە مەترسیدا بوو. نەقیب محمد ژیانی خۆی کردە قوربانی پاراستنی ژیان و مافی ژنان.

دیسان تێبینی دەکرێت ژنان چاوەڕێی پیاوانن ئەو کارەیان بۆ بکەن. بە بڕوای من ئەمە خەونێکەو قەت نایەتەدی بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستادا کە سیستەمی سەرمایەداری لەئەوپەڕی ئەوجی خۆیدایە. بۆچی دەبێ ژنان چاوەڕێی چالاکوانانی پیاو بن بەرەنگاری لە مافی ژنان بکەن، بۆچی دەبێ ژنان چاوەڕێی نووسەری پیاوبن لە جیاتی ژن بنووسێت و لە نووسینەکانیاندا بەرەنگاری لە ژنان و مافەکانیان بکەن؟ بۆ چی دەبێ ژنان بۆ هەموو ئەو ناداد پەروەریەی کە لێیان دەکرێت چاوەڕێی مەڕحەمەتی پیاوان بن کە بارودۆخەکەیان بۆ باش بکەن؟ بۆ چی دەبێ ژنان چاوەڕێ بن چالاکوانانی پیاو مانگرتن و خۆپیشاندانەکان ڕێکخەن بۆ ژنان و ژنانیش هێواش هێواش تاق و تەرا بەدوا پیاوانەوە دەرکەون؟
ئایا ژنان چیان کەمە لە پیاوان؟ ژنان لە کوردوستاندا بە دڵنیاییەوە بە ژمارە لە ژمارەی پیاوان زۆرترن، دەرچوانی ژن لە زاکۆکان ئەگەر لە پیاوان زۆرتر نەبن کەمتر نین، ژنانی خاوەن بڕوانامەی بەرزی وەک ماستەرو دوکتۆراو سەروو تریش چی وایان لە پیاوان کەمتر نین، ژنان لە دەسەڵاتدان و لە نێو حکومەت و پەڕلەمان دان، ژنان پلەی باڵایان لەناو حیزبەکاندا هەیە، ژنان ڕێکخراوو یەکیەتی و نەقابەی خۆیان هەیە. ژنان نووسەرن، شاعیرن، ئەندازیارن، مامۆستان، دوکتۆرن، شوفێرن، کرێکارن، سیاستەمەدارن. بۆیە بەبڕوای من، نەدەبوو ژنان بەو بێ هێزی و بێ دەسەڵاتیەی خۆیان ڕازی ببن و بە بەرچاویانەوە هەموو ڕۆژێک ماریایەکیان لێبکوژرێت بەدەستی پیاوانی ژنکوژی نێوگەڵ پارێز.

بۆیە دەبێ ژنان هەر خۆیان بەدەستی خۆیان بارودۆخی خۆیان خۆش بکەن. دەبێ هەر خۆیان ڕاستەوخۆ ببنە هۆی چوونە ناو شوێنی بڕیارو بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێری وەڵات. دەبێ لە پاشکۆیەتی پیاو بێنەدەر. چۆن دەبێت ژن خۆی وەزیر بێت و ئەندامی سەرکردایەتی حیزبێک بێت و پلەی باڵای هەبێ لە حکومەت و کارگێریدا کە چی هێشتا نەتوانێ لەبەرامبەر پیاوەکەیدا، دیارە بە هیچ شێوەیەک مەبەستم درووستکردنی ئاژاوە نییە لە نێو خێزان و نێوان ژن و مێردا. تەنها مەبەستم ژنە کە ئەویش یەکسانە بە پیاو، تەنانەت جۆری خوارنێک کە خۆی ئارەزووی دەکا بۆ ژەمێکی نان خواردن دیاری بکا؟ ئەمە پرسیارێکەو دەبێ ژنان خۆیان وەڵامی بدەنەوە.

حەسەن ڕازانی
٧ی ئازاری ٢٠٢٢




سەرەتای کۆتایی پۆتین.. نووسینی: ئەندریە کەندا/ وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی


(دیکتاتۆر بە جێگیری دەردەکەوێت هەتا ئەو کاتەی کە جێگیر نییە!)

نووسینی: ئەندریە کەندال @ ئێریکە فڕانتز
٢یئازاری ٢٠٢٢ ….. سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

هێرشەکەی پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا، بۆ سەر ئۆکڕانیا ڕوون و ئاشکرابوو. هەر لە ساڵی ٢٠٠٠وە کە هاتە سەرحوکم، زۆرێک لە سەرۆکی وەڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵیان دا کە لەگەڵیدا هەماهەنگی بکەن و خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن و دانوستاندنی لەگەڵدا بکەن. بەڵام کە هێرشی کردە سەروەڵاتێک، کە وەک خۆی دەڵێت مافی بوونی نییە، وای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە پۆتین وەک و کە هەیە ببینن، وەک کەسێکی شەڕخوازکە توانایەکی دیاری لە وێرانکردندا هەیە. ئەنجامەکەشی بریتیبوو لە ئیجڕائاتی تازەی سەرتاسەری لە دژی ڕوسیا کە خۆی بینییەوە لە تەوقکردنی، گەمارۆخستنە سەر دام و دەزگا داراییەکانی، قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکەکانی ڕوسیا بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا، هەروەها زیادکردنی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکڕانیا. هەتا ئەڵمانیاش، کە ماوەیەکی درێژدوودڵ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆتین، ڕازیبوو بە دەرکردنی بانکەکانی ڕوسیا لە سیستەمی دارایی نامەیی سویفت و ڕازیبوونی بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆربووونەیدەهێشت، هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاویش بودجەی بەشی سەربازی زیادکرد. هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا شتێکی کەمترنەکرد لە گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر پۆتین کە دەبێ ڕووبەڕووی ببنەوە.
گۆڕانێکی ڕیشەیی لەوجۆرە بەباشی دەتوانێت بچێتە ناو ڕوسیاشەوە. بە درێژایی حوکمی پۆتین تاڕادەیەک جێگەی پێزانین و سوپاسکردن بووە لە لایەن گەلی ڕوسیاوە. زووربەشی بەهۆی ئەوەوە بوو کە توانی ئابووری ڕوسیا ببوژێنێتەوە دوای ئەو قەیرانەی کە لە نەوەتەکاندا تێی کەوتبوو. لە کاتێکدا زووربەی ڕوسەکان هەندێک وەهمیان هەبوو دەربارەی سەرۆکەکەیان ، وە دانیان دەنا بە گەندەڵی کە خۆی و دەستەبژێری دەوروبەری لێی بەهرەمەندن، بەڵام نەیاندەزانی کە پۆتین شەڕێکی ئاهوا گەورە لە دژی ئۆکڕانیای هاوسێیان هەڵدەگیرسێنێت. بۆ چەندین مانگ، زۆر لە لێکۆڵەرەوەکان، شیکەرەوەکان، هەروەها هاونیشتیمانیان وەکویەک قەناعەتیان پێکرابوو کە پۆتین لە کردەوەیەکی ئاهوا شەڕەنگێزیدا تێوەناگلێت. دەنگوباسی شەڕو لێکەوتە ئابوورییەکانی کە بەدوایخۆیدا هێنا وای لە ڕوسیەکان کرد کە بە شێوەیەکی جیاواز هەم ڕوسیاو هەم پۆتین ببینن. ڕوسیای ئەوڕۆهەمان ڕوسیای هەفتەی ڕابردوو نییە!
قسەیەکی ژیرانەی باوهەیە کە دەگوترێت: پۆتین دەتوانێت ڕزگاری ببێت لەهەرپەرچەکردارێکی ناوخۆیی. ئەوەش زۆر لە ڕاستی نزیکە. لە سیستەمی سەرکوتگەریی تاکەکەسیدا کە تەواوی هێز لەدەستی تاکە کەسێکدا کۆدەبێتەوە وهیچ کام لە حیزب و ئەنجومەنی سەربازی وخێزانی پاشایاتی دەستیان تێیدا نابێت، زۆرئەستەمە کە سەرۆک بەهۆی جەنگەوە جا با تووشی تێکشکان و بەزینیش ببێت بتوانرێت لە کورسییەکەی وەلابنرێت. ئەمەش هۆیەکەی هەم ئەوەیە کە دەستەبژێرئەوەندە بەهێزنین تا بتوانن دیکتاتۆر بەرپرسیار بکەن وهەم بەهۆی ئەوەش کە جەماوەری ناوخۆ هەلی زۆر کەمیان لەبەردەمدایە تا بتوانن سەرۆکەکانیان بەهۆی کارەکانیانەوە سزابدەن. بەڵام دەربارەی سیستەمە چەوسێنەرەکانی وەک ڕوسیای پۆتین ئەوەیە کە هەمیشە ئەوسیستەمانە هێندە بە جێگیری دەردەکەون تا ئەو خاڵەی کە لەڕاستیدا وا نین. پۆتین رسکێکی گەورەی کرد بە هێرشکردنە سەر ئۆکڕانیا، هەروەها یەک دەرفەت هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە گەشەکردندایەو بریتیشە لە دەسپێکی کۆتایی پۆتین.

قەڵای ڕوسیا
هۆی باش لەبەردەستدان کە بڵێین پۆتین دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو پەرچەکردارانە ببێتەوە کە هی ئەنجامی شەڕەکانی ئەوون. ئەو تا مەودایەکی درێژ ڕۆییشتووە لە سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی ڕوسیا و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و فەزای ڕۆشنبیری لە ڕوسیادا. ژەهرخواردکردنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا، ئەلێکسی نەڤانلی، و قەدەغەکردنی پەیکەر، کە لە دوای حوکمی سۆفیاتەوە بە گرنگترین دەزگای مافی مڕۆڤ دادەنرێت، ئەوە دەگەێنێت کە سیستەمی پۆتین لە پێناو مانەوەی خۆیدا سەرکوت دەکا. ڕوسیەکان ئەو پەیامەیان پێگەییشتووە. بە پێی سەرژمێرییەک کە ٢٠٢١ سەنتەری لەڤادە ئەنجامی داوە لە ٥٢٪ی ڕوسەکان لە سەرکوتی بەکۆمەڵ دەترسن و لە ٥٨٪یان دەترس کە لەناکاوو لە خۆڕا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بگیرێن و ئازاربدرێن. لە ساڵی ١٩٩٤ وە ئەو نیشانانە ڕووەو هەڵکشان ڕۆییشتوون. هەڵکشانێک لەو جۆرە لە سەرکوت ئاساییە لە سەردەمی حوکمی سەرکوتگەرەکان کە بۆ ماوەیەکی دووروودرێژ لەسەر کورسی دەسەڵاتن. هەرچەندە ئەو سەرکوتگەرانە ماوەی دەسەڵاتیان درێژ بێت، زیاتر پەیوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا دەپچڕێت و کەمتریش خزمەت بە هاونیشتیمانیان دەکەن. بۆیە لە ئەنجامدا ئەو دەسەڵاتدارە سەرکوتگەرانە ڕێگای کەمیان لەبەردەمدا دەمێنێت بۆ بەردەوامی بە دەسەڵاتیان.
پۆتین شانبەشانی سەرکوت دەتوانێت یاری و مڕاوەغە لەگەڵ فەزای زانیاری ڕوسیادا بکات، بەجۆرێک پێکی بێنێت کە زۆر لە ڕوسەکان لە ڕوداوەکانی ئۆکڕانیا نەگەن. هەر لە ئێستاوە ئاساییشی ڕوسیا دەستی کردووە بە سانسۆرو چاودێری هەموو جوڵەیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندی بە جەنگی ئۆکڕانیاوە هەبێ. بۆ نموونە دەسەڵاتداران ڕادیوی ئیکۆمۆسکڤیان داخست کە ڕادیۆیەکی سەربەخۆیەو لە ساڵی ١٩٩٠وە کاردەکات. هەرچەندە نەوەی تازە زیاتر زانیاری لەو دەزگایانەی کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە بە دەست دەهێنن، بەڵام ئێستاش ڕژێم پانتایی زانیاری دەستکەوتنی بەدەستەوەیە. پێش ئەوەی ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکڕانیا، سەرژمێریەکان ئەوەیان پیشان دەدا کە زۆرینەی ڕوسیەکان لەگەڵ دانپێداهێنانی ناوچەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا بوون وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و هەروەها لۆمەی ناتۆیان دەکرد بۆ ئەو کێشەیەی کە درووست بووە.

کۆنتڕۆڵکردنی سەرکوت و زانیاری بە یەکەوە لە لایەن پۆتینەوە دەتوانرێت خۆپیشاندانەکانی ئەنتی جەنگ لە پەرەسەندن بوەستێنرێت. تاکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار خۆپیشاندەر گیراوە کە چالاکییان لە دژی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا ئەنجامداوە. بۆی هەیە ئەو ڕەشبگیرییە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خۆپیشاندانی تر لە دژی ڕوسیا لە ناوخۆی ڕوسیادا. لە کاتێکدا ڕوسی هەبن کە ژیانی خۆیان بخەنە خەتەرەوەو خۆپیشاندان بکەن ئەگەر بزانن کە خۆپیشاندانەکان بەرەو زیادبوون دەڕۆن و بە هۆی سانسۆریشەوە لەمەودوا سەخت دەبێ بۆ خۆپیشاندەران کە بتوانن بزانن چەند کەس ناڕازین بەو جەنگە. بۆیە لەوانەیە پۆتین زیاتر بەرەو سەرکوتکردنی کۆمەڵگای ڕوسی هەنگاو بنێت کە کە ئێستا لە شڵەژاندایە. سیستەمە تاکڕەوەکان زۆرترلە سیستەمە ئۆتۆکڕاتەکانی تر بەرەو سەرکوت دەڕۆن لە وەڵام بە خۆپیشاندانەکان بە تایبەتی کاتێک کە لە کردەوەی فراوانخوازییەوە تێوە دەگلێن وەک ئێستای پۆتین بۆ ئۆکڕانیا. سەرباری ئەوەش زۆرێک لە ڕوسەکان کە بەتەواوی لە پۆتین بێزاربوون وەڵات بەجێدەهێڵن ، وەک لە ئێستاوە هەندێکیان کردوویانە. ئەمەش دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی فشاری ناوخۆیی لەسەرت پۆتین.

هەروەها پۆتین بە تەواوەتی خۆی تەیارکردووە لە بەرامبەرهەڕەشەیەکی ترکە بریتیە لە جودابوونەوەی دەستەبژێر. لە کۆبوونەوەی باڵای ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی دا پۆتین بە فشار ئەندامەکانی ناچارکرد کە پشتگیری لێ بکەن لە بڕیاری بە سەربەخۆیی ناساندنی هەردوک بەشە جیابۆوەکە لە ئۆکڕانیا کە بریتین لە دۆنێتسک و لوهانسک. کە دوو ناوچەی جوداخوازن لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا. ئەمەش لە توانای ئەندامانی ئەنجومەنەکەی کەم کردەوە کە ببنە هۆی لێکترازان و بڵێن پۆتین ڕوسیا بەرەو ڕێگایەکی هەڵدێر دەبات. ئینجا یەک ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی هێرش بۆسەر ئۆکڕانیا پۆتین کۆبوونەوەی بە بەناوبانگترین و بەهێزترین لە دەوڵەمەندو خاوەنکارەکانی نێو دەستەبژێری ڕوسیا کرد. ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوە بوو کە گفتوگۆ لەسەر ئەو لێکەوتەو قەیرانە داراییانە بکەن کە لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا دێنەدی. ئامانجی پۆتین لەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو کە پێیان بڵێت ئێوەش دواڕۆژتان و سەروەت و سامانتان بە مانەوەی منەوە گرێدراوە.

هەر هەموویان دەکەون!
بەڵام هۆی باشیش لەگۆڕێدان کە لەوانەیە شەپۆلەکان ئاراستەیان بگۆڕن. سەرباری سەرکوت، خۆپیشاندەران زیاد لە ٥٨ شاریان بەدەستەوە گرتووە لە سەراسەری ڕوسیادا. ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە سەرەتادا دەستیان پێکرد زۆر نایاب بوون نەک هەر لە ڕووی نواندنی ئاڕەزایەتیدا ،بەڵک و لە ڕووی تواناشەوە. ئەمە ئەوەی سەلماند کە خۆپیشاندەران لە ژێر سایەی سیستەمە زۆر سەرکوتگەرەکاندا زیاتر بۆیان هەیە سەرکەوتوبن وەک لە ژێر سایەو دەسەڵاتی سیستەمە کەمترسەکوتگەرەکاندا. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە کاتێک خەڵک دەچێتە سەرشەقامەکان هەتا ئەگەر بێت و باجەکەشی زۆربێت دەبێتە هێمایەکی بەهێز بۆ هاونیشتیمانیەکانی تر کە تووڕەبوونی ئەوان ببینرێت. هەر بە پێی ئەو ڕێسایە سەرەتا خۆپیشاندانەکانی ئەنتی جەنگ بوونە هۆی هاندان و پشت ئەستووری بۆ ئۆپۆزسیۆن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕوسەکان ئەو جەنگەی پۆتین بە ناڕاست دەزانن و پێان وایە کە پەرچەکرداری زۆرخەراپ و سەرتاسەری بەدوادادێت. ئەو کاتەی کە نادادپەروەری زۆر پەرە دەستێنێت ئیتر تواناو وزە دەدات بە خەڵک و دەشیان هێنێتە سەر شەقامەکان. هەروەک کە لە تونس ڕویدا کاتێک کە بەرپرسانی تونسی سوکایەتییان بە محمد البوعزیزی میوە فرۆش کردو دەستیان بەسەر کەل و پەلەکانیدا گرت ئەویش لە داخا ئاگری بەردایە جەستەی خۆی . بە هۆی ئەو ڕووداوەوە نەک هەر لە ناو تونس دا بەڵک و بەهاری عەڕەبی لە ساڵی ٢٠١١ دا بەدوای خۆیدا هێنا.

هەروەها جەنگ رکابەری کاریگەرو بەناوبانگی ناوخۆیی هەن کە تەنها یاخی و جودابۆوەکان نین. ئەوەتە چەندین خەڵکی بەناوبانگی ڕوسی نامەیان ئیمزا کردووە لە دژی شەڕ. ئەندری ڕوبلێڤ، ئەستێرەی تێنسی ڕوسی، لە سەر کامێڕای تەلەفیزیۆن نووسیویەتی” بە یارمەتیتان شەڕ نا”. سەرۆکی وەفدی ڕوسیا لە کۆنفرانسی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەەکان لەسەر هێرشی وەڵاتەکەی بۆ سەرئۆکڕانیا پۆزشی هێنایەوە و هەروەها کچی سکرتێری ڕۆژنامەوانی پۆتین لە ئەکاوەنتی خۆی لە ئنستگڕام، هەر چەندە دوای چەند کاتژمێرێک کوژاندیەوە، نووسیویەتی ” شەڕ نا”. کەسە دەوڵەمەندو کاریگەرەکنی نزیک لە پۆتینیش نیشانە هەن کە کەیفیان بەو جەنگە ناێت. ئەناتۆڵی چوبایس، سەرۆکی پێشووی وزە، وێنەی بۆریس نەمرنۆڤ کە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا بوو وە لە بەردەمی کڕملین کوژرا، لەسەرلاپەڕەی فەیسبووکی خۆی وێنەکەی ئەوی داناوە. هەروەها ئەوەتا ئۆلێگ دێریپاسکە، ملیاردلێری ڕوسی بانگەوازی بۆ ئاشتی و دانووستان کرد.

هەتا ئەگەرئەو کارانەی پۆتین نەشبنە هۆی دەستبەجێ لەسەر حوکم لابردنی، ئەوا شەڕ لە گەڵ ئۆکڕانیادا خاڵی لاواز لە درێژماوەدا دەخوڵقێنێت. ئەوەتا هەر لە ئێستاوە گەمارۆکانی سەر ڕوسیا بەهای ڕۆبڵی هێنایە خوار و چاوەڕێش دەکرێ کە گەمارۆکان چڕتربکرێنەوە. ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات پۆتین لاوازتر دەکا. عادەتەن ڕژێمە تاکڕەوەکان لە کاتی گەمارۆکاندا بودجەی حکومەت کەم دەکەنەوە و بەمەش ژیانی خەڵکی ئاسایی دژوارتر دەکەن و لەوانەشە بارودۆخیش بەرەو پەشێوی زیاتر بڕوا. عادەتەن گەمارۆکان زۆرتر کاریگەریی لەسەر ڕژێمە تاکڕەوەکەن دادەنێن وەک لەسەر ڕژێمە دیکتاتۆرو چەوسێنەرەکانی تر. چونکە ڕژێمە دکتاتۆرە تاکڕەوەکان زیاترپشت بە سەرچاوەی دەرەوە دەبەستن لە حوکمڕانیدا. دەستەبژێری ڕوسیا تاکو ئێستا ناچارنەبوون کە لە نێوان پۆتین و ئەو ژیانەی کە خۆیان دەیانەوێت لایەک هەڵبژێرن. بەڵام کۆمێنتەکانی چوبایس و دێریپاسکا لەوانەیە بە دەرکەوتنی کاریگەری سزاکان گۆڕانکاری درووست بکا بە تایبەتی کە ئەگەر ببەسترێتەوە بەو هەوڵ و کۆششەی کە ئەمریکاو ئەوروپا لە دژی گەندەڵی دەیکەن. بۆیە ئەگەر ئەو دەستەبژێرەی ڕوسیا زیاتربگوشرین لەوانەیە بگەنە ئەوبڕیارەی کە هیچیتر پۆتین ناتوانێت بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت و بۆیە ناچار دەبن کە بیر لە جێگرەوەیەک بکەن و کەسێک دیاری بکەن کە لە ئۆکڕانیا بکشیتەوەو بتوانێت سەرمایەکانیان بۆ ئازاد بکا.

لە کۆتاییدا ئەو کێشەیەی ئۆکڕانیا لەوانەیە پەل بهاوێت بۆ سەرهەڵدانی هەڵگەڕانەوەو خەڵکی ڕوسیاش هیچی تر ناتوانن ئارام بگرن . هەرچەندە لێکۆڵینەوە نیشانی داوە کە ڕژێمە دیکتۆرە تاکڕەوەکان زۆر گوێ بە شەڕوشۆڕی سەربازی نادەن کە زیانی گیانی زۆریشی لێ بکەوێتەوە. بەڵام ئەم گوێ پێنەدانەی ئەوان ئەوە ناگەێنێت کە خەڵکیش بەهەمان شێوەی ئەمان دەبێ. بۆ نموونە موعەمەر قەزافی لیبیا پەنای بۆسەرکوتی زیاتر برد بۆ بەڕێوەبردنی وەڵات لەبەرامبەر هەڵکشانی خەرجیەکان بۆ ئەو شەڕانەی ئەو دایدەگیرساندن. بەڵام کاتێک کە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری سەخت بوویەوە هەر خەڵکە ئاساییەکەی لیبیا لێی ڕاپەڕین و بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژ لە سەر تەخت لایان برد. هەروەها لە کاتی درێژەکێشانی داگیرکاری یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بۆ ئەفغانستان وایکرد کە خەڵک دڵسۆزیی نەمێنێت بۆ حیزبی کۆمۆنیست. بۆیە دوور نیە کە ئەگەر ئۆکڕانیا ببێتە زۆنگاوێک پۆتین لەسەر کورسیەکەی هەڵبخلیسکێنێت..

پەیوەندی پچڕان
پێشبینی کردنی ڕوخانی سەرۆکێکی پاوانخوازو شەیدا بۆهێز کاری کەسێکی گێل و نەزانە. دیکتاتۆرە لاوازەکان کە دەکەونە کێشەوە دەتوان بە شەلەشەلیش بێت زیاتر بمێننەوە لەو ماوەیەی کە لێکۆڵەرەوان دایدەنێن. ڕۆبەرت موغابی سەرۆکی زیمبابۆی لەو هەڵاوسانە گەورەیەو شکەستەی کە لە هەڵبژاردندا تووشی هات توانی دەربازی ببێت و هەتا دوو ساڵ پێش مردنی هەر لەسەر حوکم مایەوە. یان ئەوەتە سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆڵاس مەدورۆ هەر لەسەر حوکم ماوە سەرباری ئەوەی کە ئابووری وەڵاتەکەی بەتەواوی داتەپیوە. زۆر بە سادەیی: ئەو ڕابەرو سەرۆکانەی کە بە ڕواڵەت بەهێزن لەوانەیە زۆر کوتوپڕ لەسەر کورسیەکەیان لابدرێن هەروەک لە سەرۆکی میسر حوسنی موبارەک و زەین العابدین سەرۆکی تونس ڕوویدا لە بەهاری عەڕەبی کە لە ساڵی ٢٠١١دا ڕوویدا.

بەڵام لێکۆڵەرەوان ئەوە دەزانن کە دیکتاتۆرە تاکڕەوەکان لە وێنەی پۆتین لەوانەیە زیاتر هەڵە بکەن لە سیاسەتی دەرەوەیاندا. ئەو جۆرە سەرۆکانە دەورەی خۆیان قەرەباڵغ دەکەن بەو کەسانەی کە هەر بەڵێ دەڵێن و هیچ کات بێجگە لەو شتانەی کە خۆیان دەیانەوێت قەت دەنگ و باسی خەراپیان پێناگەێنن. ئەمەش وا لەو سەرۆکە دیکتاتۆرانە دەکات کە نەتوانن بڕیاری درووست بدەن. جا ئەو جەنگەی کە پۆتین هەڵیگیرساندووە لەسەر کورسیەکەی لا دەبات یان لای نابات ئەوە پرسیارێکەو هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە. بەڵام ڕوسیا لە لایەن خەڵکیەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبێتەوە، جودابوونەوەو لێکترازان درووست دەبێت لە نێو دەستەبژێری ڕووسیادا، هەروەها سزا نێو دەوڵەتییەکانیش لە دەرەوەرا ڕۆڵی کاریگەرییان دەبێ لەسەر پۆتین. ڕەنگە ڕوخانی پۆتین ئەوڕۆ یان بەیانی ڕوونەدات بەڵام بە دڵنیاییەوە گیربوونی بە کورسییەکەیەوە ئێستا هێندەی پێش هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکڕانیا بەهێزو جێگیر نییە .

ئەندریە کەنداڵ تایلەر: ئەندامی سەرەکی و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ئاساییشی ترانزئەتڵانتیکە لە سەنتەری ئاساییشی تازەی ئەمەریکا. لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٨ ئەفسەری جێگری ئیستیخباڕاتی نیشتیمانی بووە بۆ کاروباری ڕوسیا – ئوڕاسیا لە سەنتەری ئەنجومەنی ئیستیخباڕاتی نیشتیمانی.
ئێریکە فڕانتز: پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ویلایەتی مێشیگان.

https://www.foreignaffairs.com/articles/russian-federation/2022-03-02/beginning-end-putin?




ئەنتی جەنگ یان ئەنتی ئەمریکایی.. حەسەن ڕازانی

(چالاکوانانی ئەنتی جەنگ لە جیهان دا و جەنگی ئێستای ڕوسیا لە دژی ئۆکڕانیا!)

هەرکاتێک کە ئەمریکا بە تەمای جەنگ دەبوو لە دژی وەڵاتێک، کە هێشتا بە کرداری دەستی پێنەکردبوو، بە سەدان هەزارکەس لە خەڵکی وڵاتان لە ژێرناوی چالاکوانانی ئەنتی جەنگ و دژە ئیمپریالیستی ئەمریکایی لە پایتەخت و شارە گەورەکانی جیهانی ئەوروپا، ڕۆژئاوا و وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دا دەڕژانە سەر جادەو شەقامەکان. هەر بەوەندەشەوە نەدەوەستان بەڵک و دەچوونە سەر بارەگای کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و دەستیان دەکرد بە بەرزکردنەوەی شیعاراتی دژە جەنگیی و دژە ئەمریکایی و تەنانەت بەردە بارانیشیان دەکردن! بۆنموونە کاتێک کە ئەمریکا بە تەمای هێزکۆکردنەوە بوو لە دژی عێڕاق و بەتەمای داگیرکردنی بوو، خۆپیشادانی سەدان هەزاری و بەڵک و زیاتریش لە زۆرێک لە پایتەخت و شارەگەورەکانی جیهاندا بەرپاکرا. بە تایبەتی زۆرێک لەناوشارە گەورەکانی ئەمریکای گرتەوە .
هەرچەندە دید و لێکدانەوەی جیاوازهەیە بۆ جەنگ، بەڵام جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ یەک شتە ئەویش وێرانکاری و بەکوشتدانی خەڵکی و بە هەدەردانی ئابووری و زیاد بوونی کێشە جۆراوجۆرەکان و هێنانی قات و قڕییە بەدوای خۆیداو پێشێلکردنی هەرچی مافی مڕۆڤ و ئاژەڵان و ژینگەشە. مێژوو شاهیدە کە بە هۆی جەنگەوە ، جا با جەنگێکی عادیلانەش بووبێ یان بە پێچەوانە، دیارە بە پێی ئامانج و دیدو لێکدانەوە سیاسی و ئادۆلۆجییەکان، زۆر جاران لە زۆر شوێن و کاتاندا تەڕووپووشی بەیەوە سووتاندووە. هەمیشە جەنگ بۆلایەک عادیلانەو هەق بووەو بۆلایەکیش بە پێچەوانەکەی بووە. بەڵام بەهەردووک باراندا جەنگ هەر جەنگە…
ئێستا کە ڕوسیا بەو هەموو توانا سەربازی و ئابوورییەوە هێرش دەکاتە سەر ئۆکڕانیاو بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە داگیری دەکا، بەڵام هەر ئەو خەڵکەو هەر ئەوچالاکوانە ئەنتی جەنگیانەی کە لە دژی داگیرکردنی عێڕاق هاتنە سەر جادەو شەقامەکان ، ئەوەتە کەسیان دیار نییە لە دژی ڕوسیا هەمان کار ئەنجام بدەن! تەنها لە ناوخۆی ڕوسیادا خەڵک ناڕەزایەتی دەربڕیوەو دەستی بەخۆپیشاندان کردووەو بەڵام سیستەمی پۆتینیی لە ڕوسیا بە هەزارانی لێ گرتوون و دەیانخاتە زیندانەوە.
بۆچی خەڵک و چالاکوانانی دژە جەنگ لە دژی داگیرکاری سیستەمی پۆتینیی خۆپیشاندان ناکەن؟ بۆچی خەڵک و چالاکوانانی دژە جەنگ لە وەڵاتانی سەربەناتۆ و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی نایەنە سەرجادەو شەقامەکان؟ بۆچی ناچنەسەر کونسوڵخانەکانی ڕوسیا لەوەڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاواو وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا؟ هۆیەکەی چیە؟ ئایا پێیان وایە وەک چۆن بۆ مەسەلەی عێڕاق گوێیان لێنەگیرا بۆ مەسەلەی ئۆکڕانیاش گوێیان لێناگیرێت؟ یاخود ئەوەیە کە جەنگ سەدان ساڵە بەردەوامەو زلهێزەکان گوێ لەکەس ناگرن و خەڵک و چالاکوانیش ماندوو بوون و بێ هیوا بوون لەوەی کە هەرچی بیکەن سوودی نابێ و دەوڵەتانی زلهێز کاری خۆیان هەردەکەن؟..
بە بڕوای من، دەبێ مەسەلەیەک بهێنرێتە بەرباس ئەویش ئەوەیە کە:
ئەو ئۆردووە لە خەڵکی ناڕازی و خەڵکی خۆپیشاندەر لە ژێرناوی چالاکوانانی ئەنتی جەنگ و خەڵکانی بە ئایدۆلۆجی چەپ و لیبڕال و کۆمۆنیست کاتێک کە لە دژی ئەمریکا دەهاتنە سەرجادەو شەقامەکان، بە بڕوای من، ئەمانە ئەنتی ئەمریکایی بوون پێش ئەوەی ئەنتی جەنگ و ماڵوێرانی بووبن. ئەدی بۆچی لە بەرامبەر ڕوسیاو لە دژی ڕوسیا ئەوکارە ئەنجام نادەن کە لە دژی ئەمریکا ئەنجامیان دەدا؟ بە بڕوای من، دەبێ ئەوانە ئەنتی جەنگ و چالاکوانانی سەربە بلۆکێکی دیاری کراوی سیاسی و ئایدۆلۆجی بووبن کە دژایەتی تەوای لەگەڵ ئەمریکاو بلۆکەکەیدا هەیە پێش ئەوەی چالاکوان و ئەنتی جەنگ و کاولکاری و برسیەتی و هەژاری بووبن. بۆیە ئێستاش پارێزگاری لە شوێن و دید و ئایدۆلۆجیەتی ڕەسەنی خۆیان دەکەن. واتە دۆگماو نەگۆڕن..ئەگەر وا نییە دەبوایە ،بەبڕوای من، ئێستا کونسوڵخانەکانی ڕوسیا لە زۆر وەڵاتان بەردباران کرابانایە… ئێستا ئۆکڕانیاو خەڵکی ئۆکڕانیا بەتەنیا بەجێهێڵراون …
بەبڕوای من، ئوردووی ئایدیۆلۆجی و سیاسیی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی نە جیهان و بازاڕی عەولەمە توانیویەتی لەو بازنەیە دەربازیان کاو نە ئایدیۆلۆجیەتە ئینسانی و ئایینیە سەرتاسەریەکەش ئەو ئوردووەی بەیەوە وەک ئینسانی وەک یەک گرێداون ..هێشتا دووجیهانی لێک دوورن لە زۆر ڕووەوە. دوودیدگاو دوو بۆچون و لە کۆتاییشا دوو دواڕۆژ و دوو ئامانجی جیاوازهەیە لە نێو ئەو دووئۆردووەدا. ئۆردووی ڕۆژهەڵات و ئۆردووی ڕۆژئاوا… زۆری ماوە ببنە دۆست و هاوڕێی یەکتر….

حەسەن ڕازانی
٢٧-٢-٢٠٢٢




من تەواوموسڵمانم وحاشا دەکەم لە هەردینێک ئەزیش ساف ئێزیدیمەو حاشا دکەم لە دینێ محمدی!

حەسەن ڕازانی

(بۆچی بۆ موسڵمانێک ڕەوا بێ حاشا بکات لە هەموو دینێکی تر ، بەڵام بۆ یەزیدییەک تاوان بێت کە حاشا لە دینێکی تر بکات؟ ئایا ئەم هەڵوێستە لە سیاسەت و فەرمانڕەواییدا چی پێدەگوترێت؟)
موسڵمانان پێیان ڕەوایە پەیڕەوی لە خوای خۆیان بکەن وەک چۆن کە لە قورئاندا پێیان دەگوترێت: ” إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللَّهِ الْإِسْلَام” (ال عمران١٩) “ئایین لە لای خودا ئیسلامە”، بە واتایەکی تر تەنها ئیسلام بە ئایین دادەنرێت و ئەوانەی تر ئەگەر وەختی خۆشیان دین بووبن ئیتردین نەماون و ئەو حیسابەیان بۆ ناکرێت. نەک هەر ئەوە بەڵک و ئەگەر لە غەیری ئیسلام دینێکی ترقەبووڵ بکەن ئەوا لەسەری تووشی دەردەسەری و چەرمەسەری دەبن. ئەوەتە قورئان پشتڕاستی دەکاتەوە” وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الإِسْلاَمِ دِيناً فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ” (ال عمران ٨٥). “هەرکەسێک بەدەرلە ئیسلام هەر دینێکی دیکەی هەبێ لێی قبوڵ ناکرێت و لە دواڕۆژدا لە ڕیزی زیانبارانە”. ئەو ئایەتە ئاراستەی تەواوی مڕۆڤەکان وئایینەکانی تریش کراوەو پێیان دەڵێت: ” تەنها من ڕاستم و دەبێ وەدوا من بکەون ئەگینا لێتان وەرناگیرێت و بە پێچەوانەشەوە تووشی زیان و خەراپە دەبن”. ناوەڕۆکی ئەم ئایەتە جۆرێک لە هەڕەشەی تێدایە کە دەڵێت : ئەگینان تووشی زیان و خەراپە دەبن. هەر ڕێک وەک لە قورئاندا دەگوترێت ” فَأْتِيَاهُ فَقُولَا إِنَّا رَسُولَا رَبِّكَ فَأَرْسِلْ مَعَنَا بَنِي إِسْرَائِيلَ وَلَا تُعَذِّبْهُمْ قَدْ جِئْنَاكَ بِآيَةٍ مِنْ رَبِّكَ وَالسَّلَامُ عَلَى مَنِ اتَّبَعَ الْهُدَى ﴿طە٤۷﴾ بە پێی تەفسیری هەژار موکریانی واتە : “سا بچنە لای و پێی بێژن: ئێمە هەرتک ڕاسپاردەی پەروەردەی تۆین، تۆ تۆرەمەی ئیسڕائیلمان ڕەگەڵ بخەو (چیتر) مەیان چەوسێنەوە. وا بەڵگەشن لە لای پەروەندەت ڕا بۆ هێناوی، درود لەسەر ئەو کەسەش بێ، لە ڕاستەڕێ لانەکەوێ”.

قوڕئان چەندین ئایەتی تێدایە هانی کوشتنی ئەوانە دەدەن کە باوەڕیان بە ئیسلام نییەو پەیڕەوی لە خودای ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام ناکەن. ئیسلام زۆر لەوە واوەتر دەڕواو بە پێی حەدیسی پێغەمبەر کە لە سەحیحی موسلم دا هاتووەو لە دەمی ئەبو هوڕەیڕەوە وەرگیراوە دەڵێت: “وَالَّذِي نَفْسُ مُحَمَّدٍ بِيَدِهِ لاَ يَسْمَعُ بِي أَحَدٌ مِنْ هذِهِ الأُمَّةِ يَهُودِيٌّ وَلاَ نَصْرَانِيٌّ، ثُمَّ يَمُوتُ وَلَمْ يُؤْمِنْ بِالَّذِي أُرْسِلْتُ بِهِ، إِلاَّ كَانَ مِنْ أَصْحَابِ النَّارِ” موسلم ڕیوایەتی کردووە. واتە: “سوێند بەو کەسەی کە گیانی منی بەدەستە، هەر کەسێک لەو ئومەتە جولەکە بێت یان فەلە، ناوی من ببیسێ و پێش ئەوەی بمرێ باوەڕی بە من و بەو کەسەی کە منی ناردووە نەهێنابێت ئەوە ئەهلی ئاگر دەبێت”. ئێ دەباشە بە هەمان شێوەی ئیسلام و خوای ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام، بۆی هەیە، پێغەمبەرو خوای ئایینێکی تریش لە کتێبەکەی خۆیاندا هەمان شت بڵێن. بەڵام ئەگەربەهەمان شێوەی ئیسلام هەشبووبێت لە کۆندا، بە بڕوای من، ئێستا یا هەر نەماوە یان ئەو هێزو توانایەی زووی نەماوە. بۆ نموونە ئایینی جولەکە و مەسیحی کە لە کۆندا ویستوویانە بە تەنها خۆیان هەبن بەڵام ئێستا لە لایەن سێکیولاریزمەوە خراونەتەوە قاوغی خۆیان.
تەواوی ئایینەکان و بە تایبەتی ئیسلام بۆ هەرکارێک کە دەیکەن هەرخۆیان شاهیدیی بۆ خۆیان دەدەن. ڕاستی و درووستی قسەو بۆچوون و کردارەکانی خۆیان تەنها بە خۆیان، بە مێژووی خۆیان، بە کتێبەکەی خۆیان، بە پێغەمبەرو خوای خۆیان، بە زانایان و شڕۆڤەکارانی تەنها نێو ئایینی ئیسلام پشت ڕاست دەکەنەوە. لە دەرەوەی ئەو بازنەیەی خۆیان لایەنێکی ترو ئایینێکی تر نییە پشتڕاستی بکاتەوە.

من لێرەدا ڕاستی و درووستی هیچ ئایینێک باس ناکەم و نە ئەرکی ئەو نووسینەیە و نە بە ئەرکی خۆشمی دەزانم. هەر ئایینێک، کامەیان ڕاستەو کامەیان درۆیە، پەیوەندی بە خودی خۆیانەوە هەیەو دەبێ ئەوان لە نێوخۆیاندا لە گەڵ یەکتر یەکلایی بکەنەوە ئەگەر پێیان وایە دەبێ تەنها یەکێک لەو دینانە ڕاست بێت. ئەم یەکلایی کردنەوەش لە نێوان خۆیاندا، بە بڕوای من، دەبێ بە دیالۆگ و دیبەیت بێت نەک بە شمشێرو سەرپەڕاندن و بە زەبری هێزو یەکتر سڕینەوە بێت. بەداخەوە تاک و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئایینەکان لە نێوخۆیانداو لەبەرامبەر یەکتریشدا بەزۆری پەنایان بۆ هێزبردووە بۆ ئەوەی ئەوانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە بهێننە سەرڕێبازی خۆیان یان بێدەنگ و بێ کاریگەرییان بکەن لە نێو کۆمەڵگادا. لەو بارەوە ئێستاو مێژووی دوێنێش پشتڕاستی ئەو خوێڕێژییەی نێوان ئایینەکان دەکاتەوە. تەنانەت لە نێو باڵ و لق و پۆپی یەک ئایینیش دا ئەو خوێنڕێژییە ئەگەر زۆرتر نەبووبێ کەمتر نەبووە. شیعەو سوننەی نێو ئیسلام بە نموونە. تەماشایەک لە وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان بکەن بە تایبەتی لەو زۆنەی کە زۆرینەی پێغەمبەرەکان و هەرسێک پێغەمبەری جولەکەو مەسیحی و ئیسلامیشی تێدا پەیدابووە. بەڵگەی مێژوویی زۆر هەیە و لەبەردەستدایە کە زۆرینەی بەڵگەکانیش لە لایەن خودی ئەو سێ دینەوە بە نووسراویی خرواتە بەردەستی ئێمە کە لەوساوەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت چ دەریایەک خوێن ڕژاوە لە نێوانیانداو لە نێو خودی نێو ئایینێکیشدا بە بەردەوامی هەر دەڕژێت.
ئایینی ئیسلام، هیچ ئایینێکی ترغەیری ئیسلام بە ڕاست نازانێت و هەرکاتێکیش و لە هەر شوێنیێکیشدا ئیسلام هێزی بەدەستەوە گرت ڕێگە نادات لەدەرەوەی بازنەی ئیسلامدا کەسێک هەبێ ئازادانە پەیڕەوی لە ئایین و بیروباوەڕی خۆی بکات. بۆیە ئەوانەی کە لە دەرەوەی بازنەی ئیسلامن یان دەبێ وەڵاتی ژێر حوکمی ئیسلام بەجێبهێڵن و ڕوو لە شوێنێکی تربکەن یان دەبێ ببن بە موسڵمان و وەک موسڵمانان ئەرک و فەرمانی موسڵمانەتیان هەبێ یان دەبێ خۆیان ئامادەی شەڕ بکەن لە گەڵ ئیسلام. ئیتر ئەو کات ئەگەر ئیسلام بردییەوە هەموو سەروماڵی کافران و ناموسڵمانان بۆ موسڵمانان حەڵاڵ دەبێ. بە حوکمی هێزی زۆرو تۆکمەو ئامادەیی بۆ شەڕیش حەتمەن هەر ئیسلام دەیباتەوە. جا ئەوەی کە نەکوژراو بە سەلامەتی مایەوە هەم سەر و هەم ماڵی حەڵاڵ دەبێ بۆ موسڵمانان. شایانی باسە غەزەوات و فتوحاتی ئیسلامی هەمووی لەوچوارچێوەیەدا ئەنجامدراوون.

ئیسلام، ئایینی جولەکەو مەسیحی وەک ئەهلی کیتاب دەناسێت. ئەو دوانەش وەختی خۆی کە ئیسلام سەری هەڵداو هێزی بەدەستەوە گرت ڕێگەی پێدان کە پەیڕەوی لە بیروباوەڕی ئایینی خۆیان بکەن بەڵام بە چەندین مەرجی قورس کە جزیەدان، بەڵام بە شێوەیەکی سەرشۆڕانەو زەبوونانە، یەکێکیان بوو. هەروەک لە قورئاندا هاتووە کە دەڵێت:” قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّىٰ يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ” ( التوبة ٢٩). بە پێی تەفسیرەکەی هەژار موکریانی واتە: “وەل ئەوانەدا بجەنگن کە بە خوداو ڕۆژی سەڵا مەرجی خواو پێغەمبەری خوا بە ناڕەوایان زانیوە، ئەمان بە ڕەوای دەزانن و نایەنە سەر دینی ڕاستیش، تا ئەو کاتەی بەزەلیلی و بەدەستی خۆ، سەرانەی خۆ بەنگۆ دەدەن”. واتە ئەگەر ئیسلام هێزی بەدەستەوە بوو هەر دەبێ دەستووری ئیسلام حوکم بکات و لە دەرەوەی بازنەی ئەو دەستوورەش وەک ناڕاست و کافرو بێباوەڕ حیسابی بۆ دەکرێت .
ئاخرئەمە چی ناودەنرێت لە شوێنێکا کە هێزت نەبوو خۆت بکەیتە کەسێکی ئاشتی خوازو دێموکڕاتی خوازو یاساو پەیڕەوێکت بوێت کە هەموان بپارێزێت، بەڵام ئەگەر لە شوێنێکا هێزت هەبوو داوای سەپاندنی ئەو یاسایە بکەییت کە هی خۆتەو سەربەخۆتەو لە دژی ئەوانەی تریشە کە وەک تۆ بیر ناکەنەوە؟ نەک هەر ئەوە بەڵک و هەر کەسێکیش لەو یاسایەی تۆ لابدات و وە دوات نەکەوێت، ئەو کاتە بە فەرمانی خودا هێرشی بکەیتەسەرو فشاری لێبکەیت کە یان دەبێ وەک تۆ بیربکاتەوەو ئەتۆ چی دەکەیت ئەویش وابکات یان دەبێ چۆڵی بکات و بچێت لە شوێنێکی تر بژیت و یانیش کە بەو دووشتە ڕازیی نەبێ ئەوا زەلیل و زەبوون دەبێ جزیە بدات، ئەو بژاردەیەی دواییش تەنیا بۆ جولەکەو مەسیحی بووە نەک بۆ دینەکانی تر. هەروەها نابێ هەقی هیچیشی هەبێ و لە هەموو مافێکیش بێبەش دەبێ و دەبێ تەنها دەست بە کوڵاوەکەی خۆیەوە بگرێت با نەیبات.

لێرەدا نامەوێت بە هیچ شێوەیەک بە لای پەروەردەو فێرکردندا بچم لە هەرێمی کوردوستاندا، چونکە کاری ئەم نووسینەم نییە. ئەگینا زۆر ئاسان دەتوانرێت چەندین بەڵگە بهێنرێتەوە کە ئیسلامی سیاسی دەستی خستۆتە ناو پەروەردەو فێرکرنەوە لە پڕۆگرامی سەرەتاییشەوە دەستیان پێکردووە. لەوبارەوە دەتوانرێت چەندین بەڵگە نیشان بدرێن. کەواتە بۆچی بۆ ئایینی ئیسلام و ئەدەبیاتی ئیسلامی درووستە کە بوونیان هەبێت لە ناو پەروەردەو فێرکردندا بەڵام بۆ ئایینەکانی تر درووسدت نییە؟.
ئەم نووسینەم تەنها لە پەراوێزی ئەوهات و هاوارەدا نووسی کە ڕەوتە ئیسلامییەکانی کوردوستان، بە تایبەتی ئیسلامییە ئیخوانییە هاوردەکراوەکان بۆ نێو کۆمەڵگای کوردی، پێی هەستان لە دژی ئەو تێکستەی داستانی عەشقی نێو ئەدەبیاتی یەزیدی کە لە کتێبی خوێندندا جێی بۆکراوەتەوە. تێکستەکەش دبیژێت: “ئەز ساف ئێزیدیمەو حاشادکەم لە دینێ محمدی”..
داستانێکی ئەوینداری لە ئەدەبیاتی یەزیدیاندا بە ناوی دەروێش عەبدی هەیە کە لەو داستانەدا کەسی عاشق حاشا دەکات لە دینێ محمدی. ئەو داستانە ئەویندارییە هەمان شێوەی داستانەکانی لەیلاو مەجنون و مەم و زین و شیرین و فەرهادە. بە بڕوای من، دەبێ ئەویندار لە پێناوی ئەوینەکەیدا قورسترین بڕیار بدات و ناخۆشترین ژیانیش پێشبینی بکات بۆ گەییشتن بە دڵخوازەکەی خۆی. پڕەنسیپی سەرەکی لە ڕێبازی عاشقاندا، بە بڕوای من، نابێ عاشق هەوڵی کوشتنی خۆی بدات بەڵک و دەبێ هەوڵی مانەوەی خۆی لە پێناوی گەیشتن بە دڵخوازەکەی خۆیدا بدات. ئەم داستانانە نەک هەر لە ڕووی ئەدەبییەوە بەڵک و لە ڕووی ناوەڕوک و ئەو بۆچوون و بیڕوڕایانەی کە تێیاندا جێی کراوەتەوە وەک چۆن بۆ لایەک ڕەوایە دەبێ بۆ لایەکی تریش ڕەوابێت.

لێرەدا پرسیاری درووست و ئەخلاقی کە دەبێ بکرێت ئەوەیە کە بۆچی ئیسلامییە سیاسییەکان و بزووتنەوەی ئیسلامی ئیخوانی لە لایەکەوە سەری زمان و بنی زمانیان باسی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە لەگەڵ هەمواندا و لە لایەکی تریشەوە بە کرداری پێچەوانەکەی دەبینرێت. هەروەها ئەو ئیسلامییە سیاسی و ئیخوانیانە پشتیان بەچی بەستووە کە پێیان وایە خەڵکی کوردوستان هەمووی موسڵمانەو بۆیە دەبێ کوردوستانیش لە ڕووی ئایینییەوە تەنها تاپۆی ئایینی ئیسلام بێت؟ ئایا زۆریی مزگەوتەکان لە کوردوستاندا دەکەنە پێوانە و لە زۆریی مزگەوتەکانەوە پێان وایە خەڵکی کوردوستان هەمووی موسڵمانە؟
مێژووی دوێنێ و ئەوڕۆی ڕەوتە ئیسلامیەکان بە ڕەوتی ئیسلامی ئیخوانیشەوە ئیدیعای پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە مەیدانی کرداریدا پشتڕاست ناکاتەوە. واتە لەسەر ئەرزی واقیع ئیسلامی سیاسی و بە تایبەتی ئیسلامییە ئیخوانیەکان بە کردەوە شتێکی تر دەکەن کە پێچەوانەی هەندێک ئیدیعایانە لە هەندێک ناوچەو شوێندا. لە لایەکی ترەوە ئەوانە بۆچی مێژوی دوێنێی پێش ئیسلامی خەڵکی کوردوستان نادیدە دەگرن کە بێ کێشە جولەکەیەک و فەلەیەک و زەردەشتیەک و یەزیدییەکیش بە یەکەوە بە ئاشتی و تەبایی ژیاون لە یەک گوندو لە یەک شارو لە یەک گەڕەک و کۆڵاندا؟ ئایا لە دوای سەرهەڵدان و گەییشتنی ئیسلام بە کوردوستان ئەم شێوە ژیانە موزاییک ئاسایی یە ماوە؟ ئەگەر نەخەیر، نەماوەو تەفروتونا بووە کێ و چ ئایینێک سەبەبکارە؟
بە بڕوای من ، کاری درووست و هەڵوێستی درووستی موسڵمانان لەو بارەوە ئەوە نییە کە هەوڵی ئەوە بدەن کە یاسای وەڵات و ئایینی وەڵات و خوداپەرستیی لە کوردوستاندا هەمووی بەخۆشی بێت یان بەناخۆشی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. دەبێ وەک چۆن خۆیان ئازادن لێگەڕێن خەڵکی تریش و ئایینی تریش ئازاد بن. هەروەها نابێ موسڵمانەکان لە ژێر فشارو بە فیکی بزووتنەوە ئیسلامی و ئیخوانییەکان کارێک بکەن کە ئەوەی خۆیان ئارەزووی دەکەن هەردەبێ ئەوە بێت. چونکە تەنها ئیسلام لە کوردوستان دا بوونی نییە بەڵک و ئایینەکانی تریش بوونیان هەیە. بۆ نموونە زەردەشتی و یەزیدی و جولەکەو مەسیحی زۆر لە پێش ئیسلام لە کوردوستان دا بوونیان هەبووە. لە کوردوستاندا نەک هەر باوەردار بە خودایەک و بە ئایینێک بەڵک و خەڵکی بێ ئایین و بێ باوەڕ بە خوداش بوونیان هەیە.

بە بڕوای من، دەبێ موسڵمانان بە گشتی و ڕەوتە ئیسلامییە ئیخوانییەکان بە تایبەتی حەدیسەکانی پێغەمبەری ئیسلام و ئایەتەکانی نێو قورئانیان لەوبارەوە کە باس لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکەن قەت لە بیر نەچێتەوەو بە کرداری پەیڕەوییان لێبکەن. نابێ هەر ئەو ئایات و حەدیسانە بە کرداری پەیڕەوی لێبکەن کە تووندوتیژییان لێ دەکەوێتەوەو پێکەوەژیانی ئایینەکان دان پێدا نانێن. ئەوەتە لەو بارەوە قورئان دەڵێت: “لا اکراە فی الدین قد تبین الرشد من الغی فمن یکفر بالطاغوت و یئمن باللە فقد اسمتمسک بالعروةالوثقی لا انفصام لهاو اللە سمیع علیم” ( بقرة ٢٥٦) واتە “لەم ئایینەدا بەزۆر داسەپاندن نییە.ئیتر شارەزایی لە گومڕایی هاوێرکرا.هەر کەس تاغوتی نەوێ و بڕوای بە خودا هەبێ، ئەوا هەنگڵێکی هێندە توندی بەدەستەوەیە هەرگیز پسانی بۆ نییە.خوداش بیسەرو زانایە”. ئێ دەباشە ئەوەتە خودا بە موسڵمانان دەڵێ: هەقتان نەبێ زۆریی لەکەس مەکەن ئێوە مادام باوەڕتان بە خودا هەیەو ناچنە ژێرباری تاغوتەوە دڵنیابن کە ڕێبازێکتان گرتووە کە هەرگیز تێدا ناچێت و ڕێگا ڕاستەکەشە..

دەبێ موسڵمانان لە دینی خۆیان دڵنیا بن کە ڕاستە. ئەگەر بۆ مانەوەو بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام پەنا بەرنە بەر توندوتیژی کەواتە ڕاستیی ئایینەکەیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە لێرەدا دەبێ موسڵمان وەک چۆن بۆ خۆی پێی ڕەوایە کە دینەکانی تر بەخەراپ لەقەڵەم بدات، چونکە خودای خۆی لە قورئاندا وا دەڵێت، کەواتە دەبێ بۆ ئایینەکانی تریش بە ڕەوا دابنێن کە باوەڕیان بە ئیسلام نەبێ. ئاخر ئەوانیش خودای خۆیان هەیەو ڕێنماییان دەداتێ کە بۆی هەیە لەگەڵ ڕێنمایی خودای موسڵمانان بۆ موسڵمانانان جیاوازی هەبێ.
کێشەی نێوان ئایین و ئاینزاکان لە ئەمڕۆوە دەستی پێنەکردوە بەڵک و لە چەندین هەزارساڵ پێش ئێستاوە بوونی هەبووەو هەتا ئەمڕۆی: “ئەز ساف ئێزیدیمەو حاشادکەم لە دینێ محمدی” بەردەوامە. هیچ ئاماژەیەکیش لە گۆڕێدا نییە کە لە دواڕۆژێکی نزیکدا ئەو کێشمەکێش و دوژممنایەتییەی نێوان ئایینەکان کۆتایی پێ بێت..تەنانەت ئەو جەنگ و خوێنڕێژییە لە نێوان، شیعەو سوننە، هەردووک باڵە سەرەکییەکەی نێو خودی ئیسلامدا کە لە شەڕی حوشتردا گەییشە لوتکە ولە لایەن عائیشەی دواین ژنی پێغەمبەری ئیسلام سەرکردایەتی کراوە تا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت هەر بەردەوامە. وە هیچ ئاماژەیەکیش لە گۆڕێدا نییە کە کۆتایی پێ بێت.
بە بڕوای من، مەترسییە گەورەکەی ئایین کاتێک دەست پێدەکات و لە چوارچێوەی ئایین و خوداپەرستی دەردەچێت کە پەل بهاوێت بۆ سیاسەت و کاری فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردن بە یاسایاک کە ئەو ئایینە پێمان دەڵێت هی خودایە، هەروەها کاتێک کە ئامانجی ئەو ئایینە ڕێبازێکی تەبشیری وا بێت، کە بە خۆشی بێت یان بە زۆری، دەبێ هەموو جیهان بهێنرێتە سەر ڕێبازەکەی ئەو.

ئایینێک کە خۆی بکات بە جێگری خودا لە سەر زەوی، بە ڕاست و بە چەپدا سەری ئینسانەکان بپەڕێنێت کە گوایە فەرمانی خودا جێبەجێدەکات، هەروەها هەر کارێک کە دەیکاو هەرچیەکیش دەیڵێت بڵێت ئەوە فەرمانی خودایە، وە بۆ سەلماندنی ئەو ئیدیعایەشی تاکە سەرچاوەی دیارکە لەبەردەستدابێت هەرخودی ئەو ئایینە خۆی بێت، ئایینێکی وا دەبێتە مەترسی هەم بۆسەر ئایینەکانی ترو هەم بۆ سەر ڕێبازو چۆنیەتی خوداپەرستن بۆهەرکەسێک کە بیەوێت خوداپەرستی بکات و باوەڕی بەخوادایەک هەبێ، هەروەها لە دوورمەوداشدا دەبێتە هەڕەشەی ترسناک بۆ سەر مڕۆڤایەتی بە گشتی. بۆیە دەبێ مڕۆڤایەتی بە گشتی و سێکیولاریزم بە تایبەتی ئەو جۆرە ئایینانە وەک مەترسی ناوزەد بکات و کاری بە پەلەو کاریگەریش بکرێت بۆ ئیحتیوا کردنی ئەو جۆرە ئایینانە وەک چۆن ئایینی جولەکەو مەسیحی تاڕادەیەک ئەو مەترسیەیان نەهێڵڕا.

١٦-١٢-٢٠٢١




ئەو وڵاتەی کە تێیدا تاوانباران لە جیاتی سزادانیان پەنا دەدرێن و دەربازدەکرێن!.. حەسەن ڕازانی

(هەرێمی کوردوستانی عێڕاق بە نموونە)

(لە پەراوێزی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر.)

پوختەی کارەساتەکە: لە ئێوارەی درەنگانی ٤-١٢-٢٠٢١ لە تانجەڕۆوە ژنێک تەلەفۆن دەکات بۆبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان و پێیان دەڵێت کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە. نەقیب محمد لەتیف لە گەڵ سێ پۆلیسی تر بە پەلە دەگەنە شوێنەکەو هەر بە گەییشتنیان دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولەو لە ئەنجامدا نەقیب محمد گیان لەدەست دەداو سێ پۆلیسەکەش بریندار دەبن. تاوانبارانیش بۆی دەردەچن و تا بەرواری ئەم نووسینەش کەسیان لێ دەستگیر نەکراوە. هەندێک دەنگۆ بڵاو بووەتەوە کە گوایە بەرپرسێکی گەورەی سەربازی لە پشتی تاوانبارەکانەو دەربازی کردوون یان پەنای داوون .

جا لەوبارەوە یەک پرسیاری گەورە دەبێ بکرێت ئەویش ئەوەیە کە : ئایا بە ڕاست دەسەڵات دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و تاوانبارانیش سزابدرێن و دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژیش بەرامبەریان بوەستێنرێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە بەڵێ بێت کەواتە دەبێ دەسەڵات و حکومەت هەم پشتی پۆلیس و دادوەرو دەسەڵاتی جێبەجێکار بگرێت و هەمیش نابێت تاوانباران لە ژێرهیچ بیانوویەکدا پەنا بدات یان دەربازیان بکات. ئەگەر ئەم کارە بکات کەواتە ئەو دەسەڵاتە نە دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و نە دەشیەوێت تاوانباران سزابدرێن و نە دەشیەوێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەریان کۆتایی پێ بهێنرێت. ئیترلەمەودوا نە دادوەر دەتوانێت کارەکەی خۆی بە پێی یاسا بەڕێوەبەرێت و نە پۆلیسیش دەتوانێت بە دوا تاوانباراندا بڕواو بیان گرێت و نە هیچ لایەنێک و خەڵکی تریش دەتوانن لەو بارەوە هاوکار بن. کەواتە تەواوی شانەکە هەمووی لە سەری ئەو دەسەڵات و حکومەتەدا دەشکێتەوە.

بە پێی کۆمەڵگای کوردی و ئەو هەل و مەرجەی کە خەڵکی کوردوستان تێیدا ژیان بەسەر دەبەن پێم باشە لەوبارەوە چەندین پرسیار بکەم. بۆ نموونە: ئایا دیفاعکردن لە ژنان بۆ ئەوەی توندوتیژییان لە بەرامبەردا نەکرێت تەنها ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە؟ ئایا لایەنی جێبەجێکار لە نێوحکومەتی هەرێمی کوردوستاندا دەتوانێت یاسا لەبەرامبەر هەمواندا بە یەکسانی جێبەجێبکات؟ دەبێ ڕاستەوخۆ ئەرکی کێ بێت کە نەهێڵێت توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا ئەنجام بدرێت؟ ئایا پۆلیس وەک تیپی سەنگەری پێشەوەی لایەنی جێبەجێکار، دەتوانێت یاسا جێبەجێبکات لە هەرێمی کوردوستاندا؟ بۆچی تاکو ئێستا نەتوانراوە توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا بوەستێنرێت و ژن کوشتن کۆتایی پێ بهێنرێت؟ ڕۆڵی دەسەڵات لە کوردوستاندا لەولەوبارەوە چییە ؟ ئەدی ڕۆڵی ئایین و مەزەبەکان؟ ئەدی باشە ڕۆڵی ئەو هەموو ڕێکخراوانەی ژنان و خانمان و ئافرەتان کە هەندێکیان خاوەن لانەو شەڵتەرو شوێنی حەوانەوەی ئافرەتانی لێقەوماویشن چی بووە؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر.

بە بڕوای من، بە پشتبەستن بە سەرخانی فکری کۆمەڵگەی کوردوستان، بە ڕۆڵی ئایین و مەزەب، بە کەلتووری باوو هێنراوو داسەپاو، بە پاشخان و باکگڕاوندی هێزو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە دەسەڵاتی هەرێم، هەروەها بە مێژووی دوێنێی سەردەمی حوکمی بەعس لەو بارەوە، پێویستە زۆر لایەن و کەس و ڕێکخراو بێنە مەیدانی کارو لە چوارچێوەی شیعارو گوتاری سیاسی و بێکرداردا بێنەدەر.

ئەم کارە پێشی هەموان، بە بڕوای من، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وەڵاتە. بۆیە دەبێ ئەم حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە بە یاسا لە ڕێگەی دام و دەزگای تایبەت بەوکارەوە، کە پۆلیس ڕاستەوخۆ یەکێکیانە، ئەو کارە ئەنجام بدات. وە دەبێ حکومەت خۆی بە بەرپرس بزانێت لە دابینکردنی ئاساییشی سەرو ماڵ بۆ تەواوی کۆمەڵگا کە ژنانیش بەشێکن لەو کۆمەڵگایە. دەبێ کۆمەڵگا لە لای ڕۆشن بێت کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی یەکەم و کۆتایی لە ئەنجامدانی ئەوکارە دا حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وەڵاتە.

دوای حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی و فەرمانڕەوا، بە بڕوای من، دەبێ زۆر لایەنی تریش ڕۆڵیان هەبێ و هاوکار بن لەوبارەوە. پێویستە کۆمەڵگا بە گشتی بە ئەرکی خۆی بزانێ کە ڕێبگرێت لە توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا و نابێت کۆمەڵگا بهێڵێت کە ژنان بە هەر بیانوویەکەوە بێت بکوژرێن . ئەم کارە ئەرکی هەموو ئەو لایەنە سیاسسیانەشە کە مەسەلەی ژنیان بۆ گرنگە، ئەرکی هەموو تاکێکی ئازادی خوازو مڕۆڤ دۆستە، ئەرکی هەموو ئەو نووسەرو ڕۆژنامەنووس وچالاکوانانەیە کە مەسەلەی ژنیان گرنگە، ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنییە، تەنانەت ئەرکی ئایین و ئایینزاکانیشە بە گشتی، دەبێ لەو بارەوە ڕۆڵی ئەرێییانە بنوێنن لە نەهێشتنی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان دا، ئەرکی خودی ژنان خۆیانە لە ڕێگەی یەکگرتوویی خۆیان و خۆڕۆشنبیرکردن وهەروەها لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەربەخۆیانەوە، هەروەها ئەرکی هەموومانە لە ئەوپەڕی چەپمانەوە بۆ مامناوەندی و لیبڕالیمانەوە کە دەبێ ڕۆڵمان هەبێ لە نەهێشتنی توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا. ئەبێ ژن کوشتن کۆتایی پێبێت.

بۆیە نابێت ئەو ئەرکە، کە ئەرکێکی گەلێک قورس و ئاڵۆزە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا، بە تەنیا بخرێتە سەر شانی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس. بۆ وەستاندن و کۆتایی پێهێنانی دیاردەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان، ژن کوشتن و تاوان لەبەرامبەریاندا، تەنیا نابێ بە ئەرکی پۆلیسی بزانین و بە تەنیاش ئەو کارە بە پۆلیس ناکرێت. بە تایبەتیش لە شوێنێکی وەک و کوردوستاندا.
بە پلەی یەکەم ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانە کە ڕاستەوخۆ پشتگیریی لەو ئۆفیس و دامەزراوە فەڕمیانە بکەن کە ئەرکیان پاراستنی ژنانە لە توندوتیژی و دەبێ لەوبارەوە بە بەردەوامی بەدواداچوونیشیان هەبێ کە ئاخۆ ژنان وەک و پێویست پارێزراوون؟ بۆیە ئەگەرهەموومان بەشدار نەبین لەو کارەدا ئەوا، بە بڕوای من، بە بوونی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس یان یاسایەک کە توانای جێبەجێبکردنی ئەو یاسایەش نەبێ، ئەو ئەرکە بە تەواوی و بە سەلامەتی جێبەجێ ناکرێت. کۆمەڵگاش لەو بارەوە بێ خەتا نییە.
جا کاتێک کە هەموومان وەک و پێویست بەشدار نابین ئەوا بەردەوامی دەبێ لە ڕوودانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنانە لە وێنەی کارەساتی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر. هۆی ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە نەقیب محمدەکان بە تەنیا ناتوانن ئەو ئەرکە قورس و ترسناکە لە نێو کۆمەڵگایەکی بێ سەرەوبەرەی وەک و کوردوستاندا جێبەجێ بکەن. بۆیە ئەگەر پشتیان نەگیرێت لە لایەن هەموانەوە بە تایبەتی لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا بەم شێوەیە دەبنە قوربانی و گیانیان تێدا دەچێت لە پێناوی بەرگرتن بە تێداچوونی گیانی کەسانی تردا. بۆیە دەبێ دەسەڵات بە بەرپرس دابنرێت. هەروەها نابێت ڕێکخراوەکانی ژنان لەو بەرپرسیاریەتیە بەدەربکرێن.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە دوێنێی کوردوستان لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا نەتوانراوە بوەستێنرێت. ئامارەکانی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا ئەوە نیشان دەدەن کە نە حکومەت و نە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان نەیان توانیوە وەک پێویست دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا کۆتایی پێ بهێنن. سەردەمی پێش نەوەدەکان دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژناندا بە بەراورد بە دوای نەوەدەکان لە کوردوستاندا زۆر کەمتر بوو. تاوانباران سزا دەدران و نەیان دەتوانی بە ئاشکرا و بە ئازادی بسوڕێنەوە. بەڵام ئێستا بەڵێ بە ئاشکراو بە ئازادی دەسوڕێنەوە.
دەسەڵاتی ئێستای هەرێم بە ڕاستەوخۆیی و بە ناڕاستەوخۆیی لە باتی ئەوەی ببێتە لانەو پەناگەی ژنانی لێقەوماوو هەڕەشەلێکراو، کەچی بووەتە بە پەناگەو لانەی تاوانباران و بکوژانی ژنان.
بەرپرس و کاربەدەستە دەسەڵاتدارەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کوردوستان خۆیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تاوانبارەکان گل دەدەنەوەو ناهێڵن دەستی یاساو سزا بیان گاتێ. بۆیە کاتێک کە لایەنی جێبەجێکاری یاسا توانای جێبەجێکردنی یاسای نەبێت و پشتی نەگیرێت لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد هەمیشە ڕوودەدەن. نەک هەر ئەوە بەڵک و نەقیب محمدەکانی تریش کە ئێستا لە ژیاندا ماوون، کەمن هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن، ئەوانیش ئیتر ناتوانن وەک و پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و ناتوانن یاسا بسەپێنن.
کەم کردنەوەی ڕێژەی تاوانی توندوتیژیی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاساوە. تا یاسا زۆرترو باشترو بە بەردەوامی بەسەر هەموو لایەکدا جێبەجێبکرێت ڕێژەی تاوان کەم دەبێتەوەو بە پێچەوانەش ڕێژەی تاوان بەرەو هەڵکشان دەچێت. کەواتە لەو نێوەدا ڕێژەی کارەساتەکانی لە وێنەی نەقیب محمد زۆرتر دەبن. لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی یاساشدا لە لایەکەوە ژنان دەبنە قوربانی و لە لایەکەی تریشەوە بە بەردەوامی نەقیب محمدەکان لەو ڕێگایەدا دەبنە قوربانی.

لە هەمووشی گرنگتر و ترسناکتر ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوا دوولایەنە خودی خۆی تێوە گلاوەو هاوکارە لە زیادبوونی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنی ژناندا. چونکە لە لایەکەوە وەک و پێویست پشتی لایەنی جێبەجێکار ناگرێت و هاوکاری ناکات، وە لە لایەکی تریشەوە هەندێک لە بەرپرسانی نێو ئەو دەسەڵاتە دەچن تاوانباران دەپارێزن و لای خۆیان پەنایان دەدەن یان دەربازیان دەکەن و ڕەوانەی هەندەرانیان دەکەن یان لە ڕێگەی فشار لەسەر دادگا دەچن کەیسەکانیان یان بە لاڕیدا دەبەن یاخود لەسەریان سووک دەکەن.

ڕەفتارو سیاسەتی دەسەڵاتە کە وا دەکا لە لایەکەوە پۆلیس و لایەنی جێبەجێکارنەتوانن وەک و پێویست یاسا جێبەجێبکەن یان دەبنە قوربانی لەوڕێگایەدا، وە لە لایەکی تریشەوە دەسەڵات خودی خۆی دەبێتە هۆی ساردکردنەوەی لایەنی جێبەجێکار لە جێبەجێکردنی یاسادا. کەواتە تا ئەم دەسەڵاتە سیاسەتی بەم شێوەیە بێت، ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان کۆتایی نایەت و تاوانیش هەربەرەو سەر دەڕوا و کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد و برینداربوونی هاوڕێکانی هەربەردەوامی دەبێ…

لە کۆتاییدا قسەی یەکێ لە ئەفسەرە هاوڕێکانی نەقیب محمد دەهێنمەوە کە وتی:
“ئێمە چۆن بتوانین یاسا جێبەجێبکەین لە کاتێکدا دەسەڵات تاوانباران گل بداتەوەو بیان پارێزێت. ئێمەش بە مەرەدی نەقیب محمد دەچین. بکوژانمان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و دەرباز دەکرێن لە لایەن بەپرسە گەورەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کە ئێمە یاسای بۆ جێبەجێ دەکەین. کەواتە ئەگەر پشتمان نەگیرێت ناشتوانین یاسا وەک و پێویست جێبەجێ بکەین. ئەگەر یاساشمان وەک و پێویست پێ جێبەجێ نەکرا ئەوا لە لایەکەوە هەم خۆمان دەبینە قوربانی و هەمیش ناتوانرێت کوشتنی ژنان و توندوتیژی لەبەرامبەریاندا کۆتایی پێ بهێنرێت و هەمیش تاوانباران هەر لە زیادبووندا دەبن”..

حەسەن ڕازانی
٧-١٢-٢٠٢١




نە کۆچکردن چارەیە بۆخەڵکی کوردوستان و نە دەبێ کۆچیشی پێبکرێت!.. حەسەن ڕازانی

بە بڕوای من، نابێت ئامانجی خەڵک خۆ ڕزگارکردن بێت لەو دەسەڵاتە کوردییە خۆییە بە ڕێگەی وەڵات بەجێهێشتن بۆی، بەڵک و دەبێت بە ڕێگەی وەلانانی ئەو دەسەڵاتە بێت لەسەر خەڵک خۆی. بۆیە کۆچکردن لە دەست ئەو دەسەڵاتە و بەجێهێشتنی وەڵات وچۆڵکردنی مەیدان بە تەواوی بۆ ئەو دەسەڵاتە، بە بڕوای من، ڕێگە چارەیەکی درووست نییە. چارەسەرێکی نێگەتیڤانەیە و بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەو دەسەڵاتەیە بەڵام بە شێوەیەکی لاوازانەو بێدەسەڵاتانە. هەروەک لە ناو کوردا باوە کە دەگوترێت : ” ئەگەر بە دوژمنت نەوێرای ڕاکردنیش لەبەری هەر ئازایەتییە”. بۆیە لەوبارەوە ناتوانم هاوڕا نەبم لەگەڵ هاوڕێم عەبدوڵا مەحمود کە پێی وایە: ” ئەو شەپۆلی رۆشتن و جێهێشتنە بەکۆمەڵەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بەرەنگارییەکی سلبییە و “نا” یەکی نیگەتیفە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەڵام هاوکات تەعبیرە لە نەویستی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەیان و دەچێتە خانەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە کە لەسەراسەری کوردستاندا قوڵپ دەدات”..(ع.م) وێڵبوون بە دوای ژیاندا.١٨ی تەشرینی دووەمی٢٠٢١ ماڵپەڕی بۆپێشەوە.
. بەڵام دیسان، بە بڕوای من، ئەگەر خەڵک مەبەستییەتی ڕزگاری ببێت لەو نەهامەتییەی کە بۆچەندین دەیە دەچێت بەرۆکی گرتووەو لە گەڵیا دەژیت، با پێی وانەبێت کە بەڕاکردن لەدەست ئەو دەسەڵاتەو خۆ هاویشتنە ئەودیو سنوورەکانەوە ئیتر دنیا بۆی دەبێتە شامی شەریف. کاتێک کە زۆرایەتییەکی ڕەهای خەڵکی ناڕازی، وەک ئێستای کوردوستان، بەدەست دەسەڵاتێکی ستەمکاری وەک وئەو دەسەڵاتە کوردییە خۆییەوە گرفتار دەبێت و گیردەخوا، ڕێگا چارەی درووست ڕاکردن لەبەری و کۆچکردن نییە !.

کۆچڕەوی بەکۆمەڵی زۆرایەتی ڕەهای ناڕازی بەدەسەڵات نابێتە ڕێگەچارەی درووست و درێژمەودا بۆ ئەو زۆرایەتییە. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە وەڵات بەجێهێشتن و کۆچکردن و ڕاکردن لە دەست دەسەڵاتی سەرکوتگەرو ستەمکار، زۆرینەی جاران، سوودی لێوەرگیراوە هەم لە کورت مەوداداو هەمیش لە درێژ مەودادا بەڵام وەک تاک و وەک لایەن و گرووپێکی دیاریکراو . بۆنموونە: لایەنێکی بچووک و کەم هێزی سیاسی ناڕازی کە دەسەڵات تەنگی پێهەڵچنیبێت، تاکێکی سیاسی ناڕازی بەدەسەڵات کە هەڕەشەی تێداچوونی لەسەر بێت، چالاکوانێک، ڕۆژنامووسێک، نووسەرێک..،.. هتد. بۆ ئەمانەی کە ناویان هێنرا بەڵێ دەتوانرێت وەڵات بەجێهێشتن وەک ڕێگەچارە سوودی لێوەربگیرێت.
بەڵام کاتێک زۆرایەتی خەڵک ئەو دەسەڵاتەی نەوێت و ئەو کەمایەتییەی کە لە گەڵ دەسەڵاتیشدایە، دەسەڵات بە تەواوی لە هەمووی دڵنیا نەبێت کە هەتا سەر لەگەڵیدا دەبێت و بەڵکو وەکو کوردەکە دەڵێت: لەوانەیە تا ژێر پەتەکە لەگەڵ دەسەڵات دا بێت، لە بارودۆخێکی ئاهواداو بۆ زۆرایەتییەکی ئاهوا ڕەهای خەڵکی ناڕازی لە کوردوستاندا کە وەڵات بەجێ بهێڵێت و کۆچڕەو هەڵبژرێت وەک ڕێگە چارە، بە بڕوای من، ڕێگەچارەیەکی درووستی هەڵنەبژاردووە.

زۆرایەتی ڕەهای خەڵکی ناڕازی بە دەسەڵات شاهیدە، هەروەها پەرپرسانی دەسەڵات خۆشیان دان بەوەدا دەنێن و دەنگدانی ئەم دواییانەش زیاتر ئەو بۆچوونەی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە کە تەنانەت ئەو کەمایەتییەی کە لە گەڵ دەسەڵاتیشدایە هێشتا هەمووی بە دڵسۆزی لە گەڵیدا نییە. بۆیە ئەگەر خەڵک وەڵات بەجێنەهێڵێت و لە جیاتی ڕاکردن خۆی لە ناوحیزبی خۆیدا ڕێکبخات و خۆی یەکگرتوو بکات، ئیتردەسەڵات لە بەردەم خۆڕاگری و یەکگرتوویی خەڵکدا بێهێزو بێ نموود دەمێنێتەوە. هەر ئەوەشە، بە بڕوای من، کە دەبێ وەک ڕێگەچارەی درووست حیسابی لەسەربکرێت.

بە بڕوای من، هۆی سەرەکی بێهێزی و بێئیرادەیی و بێ سەرەوبەرەیی خەڵک لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە دەسەڵات هێندە بەهێزو بە ئیمکانییاتە کە ڕووبەرووبوونەو دژایەتی کردنی وەکو بە گژ قولەی قافدا چوون بێت. بەڵک و لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خەڵک ڕێکخراو نییە و خۆی رێکنەخستوە لە حیزبی ڕاستەقینەی خۆیدا. ئەوەی هەبووە تا ئێستا ئەو حیزبە موعارەزە هەلپەرستانە بوون کە خەڵکیان بەکارهێناوە بۆ مەرام و بەرژوەندییەکانی خۆیان. بۆیە ئەگەر خەڵک بیەوێت بکەوێتە ژیانێکی باشترەوەو ڕزگاری ببێت لەو دەسەڵاتە، ڕێگەچارەی درووست ڕاکردن نییە لەبەری بەڵکو بەرەنگاربوونەوەیەتی بەشێوەی ڕێخراوو یەکگرتوو.

دەبێ لای خەڵک ڕوون و ئاشکرا بێت کە تاوانباری سەرەکی و هۆی سەرەکی کە خەڵکی کوردوستان وەڵات بەجێدەهێڵێت و کۆچڕەو دەکات بەرەو هەندەران ، ئەو دەسەڵاتەی کوردوستانە. بەڵێ درووستە کە بەشێک لە وەڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا و ئیقلییمیش بوونەتە هۆی سەرچاوەو هۆی شەڕوئاشوب و پشێوی لە ناوچەکەدا. بۆیە بارودۆخی جەنگ و وەڵاتی پڕ لە کێشەی سیاسی حەتمەن کاریگەری خەراپ دادەنێت لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک. حەتمەن دەبێتە هۆی ناجێگیری سیاسی و ئەوەش دڵەڕاوکێ و حاڵەتی دەروونی خەراپ درووست دەکات لەلای خەڵک. ئەمەش بۆ خۆی فاکتەرێکی ترە کە وا لە خەڵک دەکات وەڵاتی پڕ لە کێشەی سیاسی و جەنگاوی بەجێبهێڵێت و بەرەو وەڵاتانی جێگیرو بێ کێشەی سیاسی و جەنگ مل بنێت. بەڵام سەرباری هەبوونی فاکەتەرو هۆی دەرەکی کە دەبنە هۆی ناچارکردنی خەڵکی کوردوستان کە وەڵات بەجێبهێڵن، بە بڕوای من، هێشتاش هەر دەبێ سەری ڕمی تاوانبارکردن هەر ڕووی پێ لەدەسەڵات بکەین. چونکە گومانی تێدا نییە کە دەسەڵات تاوانباری یەکەم و سەرەکییە بۆیە هەر دەسڵاتیش دەتوانێت خۆی بکاتە چارەسەری یەکەم و سەرەکی لە کۆتایی پێهێنانی ئەوبارودۆخە دژوارە.

کوردوستان ئێستا،بە بڕوای من، لە بارودۆخێکی ئاهوای جەنگ و شەڕوپێکدادانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و نێوخۆیی وادا نییە تا خەتای کۆچکردنی خەڵک بخەینە ئەستۆی بارودۆخەکە. بەڵکو هۆی سەرەکی ئێستای کۆچکردنی خەڵکی کوردوستان بە پلەی یەکەم هەر دەسەڵاتەکەی کوردوستانە. هیچ هۆیەک نییە کە دەستی دەسەڵاتی کوردوستان بگرێت لە دابین کردنی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک. تەنانەت زوربەی بەرپرسە گەورەکانی ئەو دەسەڵاتەش دان بەو ڕاستییەدا دەنێن بەڵام دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بە کرداری لەوبارەوە نەناوە. هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵاتیش پێیان وایە کە دەسەڵاتی هەرێم توانای ئەوەی هەیە کە کۆتایی بەو نەهامەتییەی خەڵکی کوردوستان بهێنێت و بەڵام ئەوکارە ناکات!!.
بابەتی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردوستان ئێستا بۆتە بابەتێکی گەورە . بۆیە هەر لەو بارەوە هەندێک لایەن و دەستەو گرووپ و تەنانەت لە نێویاندا حیزبی سیاسیش هەیە کە دنەو هانی خەڵکی کوردوستان دەدەن کە کۆچڕەوی بەکۆمەڵ و ملیۆنی ئەنجام بدەن. ئەوانە پێیان وایە ئەگەر خەڵک کۆچڕەوی بەکۆمەڵی ئەنجام دا، دەبێتە فشارێک بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەن و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و لایەنگرانی مافی مڕۆڤ کە بێنە سەرخەت و وەخۆ کەون. لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەرخەت و حەتمەن بە قازانج دەشکێتەوە بۆ خەڵکی ڕاکردوو. ئەمانە پێیان وایە یا ئەوەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵکی ڕاکردوو وەردەگرن و دابەشیان دەکەن بەسەر وەڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوادا. وە ئەگەر ئەمەیان بۆ مەیسەر نەبوو، ئەوە بۆی هەیە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی کوردوستان بەڵک و ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن و ئەو هۆیانە لابەرن یا هیچ نەبێت کەم بکەنەوە کە بوونەتە هۆی ڕاکردنی خەڵک .

بە بڕوای من، بۆچوونێک کە پێی باشە خەڵک بە کۆمەڵ کۆچڕەو بکات هەم وەک ڕێگەچارەی باشترکردنی ژیانی خەڵک و هەمیش وەک تۆڵەو فشار بۆسەر دەسەڵات هیچ نییە بێجگە لە کردارێک کە، من پێم وایە، لە تاقیکردنەوەی بابەتێکی فیزیایی دەچێت کە ئاخۆ ڕاست دەردەچێت یان نا ؟. ئەمەش هەمووی لەسەر حیسابی ژیان و گوزەران و نەهامەتیەکانی خەڵک تەواو دەبێت. ئەم بۆچونە پێی دەگوترێت کۆچپێکردن. بزووتنەوەی کوردایەتی تەجروبەی باشی هەیە لە کۆچپێکردنی خەڵکدا چونکە وەبەرهێنانی سیاسی باشی تێدا کردووە بۆ بەرژەوەندی خۆیان. پرسیارەکە لەو بارەوە ئەوەیە : ئایا هەڵگرانی ئەم بۆچوونەی ئێستای کۆچپێکردنی خەڵکی کوردوستان هەمان مەبەستی بزووتنەوەی کوردایەتییان هەیە تاکو وەبەرهێنانی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بکەن؟؟ ئەگەر دەرکەوت کە بەڵێیە و بۆ ئەو مەبەستە بووە، ئیتر دەبێ وەڵامیان بۆ خەڵکی کوردوستان چی بێت کە دەرکەوت و ئاشکرا بووکە: بابە ئەوەتە ئەوانەش وەک بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کۆچڕەویان بەخەڵک ئەنجامدا.؟
بە بڕوای من هەڵگرانی بیرۆکەی کۆچپێکردنی بەکۆمەڵی خەڵک زۆر کورتبینانە و ناسیاسییانە مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی گەورەو گرنگی وەک کۆچی خەڵک دەکەن. بە بڕوای من ئەوەی کە ماهییەتی ئەو دەسەڵاتەی کوردوستان شارەزابێت، ناچێت پێشنیاری کۆچڕەوی بەکۆمەڵ بۆ خەڵک بکات.

کۆچڕەوی بەکۆمەڵ، لە سەردەمی ئێستادا، نە پێی دەکرێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرژەوەندی خەڵکدا بهێنێتەسەرخەت و نە دەبێتە هۆی فشاریش بۆسەر دەسەڵاتی کوردی. چونکە یەکەم: ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوەو زەمان زەمانی سی یان بیست ساڵ لیرەو پێش نیەو کۆچڕەوی بەکۆمەڵی خەڵک بۆتە شتێکی ئاسایی بە نیسبەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە. چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان لەو بارەوەو بێ خەتا نین. دەسەڵاتی کوردوستانیش بە کۆچڕەوی بە کۆمەڵی خەڵکی نە ویژدانی دەبزوێت و نە دەشڕوخێت و نە ناوەڕۆکی سیستەمەکەشی لە بەرژەوەندی خەڵک ئاڵوگۆڕ پێدەدات. دەگونجێت لە ڕووی بەڵێنەوە بگۆڕێت و زۆرتر بەڵێن بدات بەڵام بە کردار هەر وەک خۆی دەمێنێت. دەسەڵات بە بەرەنگاری و وەستانەوەی بە کۆمەڵی خەڵک و ناڕەزایەتی بە کۆمەڵ و یەکگرتوویی خەڵک لە دژی کاری تێدەکرێت، نەک بە مەیدان چۆڵکردن و وەڵات بەجێهێشتن بۆی.

لە جیاتی کۆچپێکردنی خەڵک، دەبێ پێشنیار بکرێت کە خەڵک لە نێو حیزبی خۆیدا خۆی ڕێکبخات. دەبێ پێشنیاربکرێت کە خەڵک لە باتی وەڵات بەجێهێشتن بۆ ئەو دەسەڵاتە گرگنە بەرەنگاری و وەستانەوە بە دژی هەڵبژێرێت. وە دەبێ لەو نێوەدا خاوەنی پێشنیار خودی خۆی بە کرداری تا ئەو شوێنەی کە بۆی دەگونجێت لەناو ئەو ئەو پێشنیارەدا بیت. دەبێ پلان و ڕێگای گێڕانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک بگیرێتە بەر نەک پلان و ڕێگای هێندەی دیکە ڕووخاندنی وورەو ئیرادەی خەڵک. کۆچپێکردنی خەڵک بریتییە لە ڕوخاندنی هێندەی دیکە لە وورەی خەڵک، لە ئیرادەی خەڵک، لە بیری بەرەنگاری، لە بیری وەستانەوە بە دژی زوڵم و ستەم. بە بڕوای من خاوەنانی ئەو بۆچوونەی کۆچپێکردن ناڕاستەوخۆ خزمەت بە دەسەڵات و مانەوەی دەسەڵات دەکا.
ڕێگا چارە زۆرن بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک خۆشبکرێت و ڕزگاریان ببێت لەدەست دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرو ستەمکەری وەک دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردوستان. نابێت یەکسەربازدەین و بچین بەرەو ڕێگاچارەی کۆچپێکردنی خەڵک. پێش ئەو ڕێگا چارەیە دەیان ڕێگا چارەی تری گونجاوترو سەلامەت تربۆ خەڵک هەن. ڕێگاچارەی کؤچپێکردن نەک هەر نابێ لە ئاخر پلەشدا پەنای پێبەرین بەڵک و هەرگیزاو هەرگیز نابێ وەک ڕێگەچارە بیریشی لێبکەینەوە. ئەم ڕێگەچارەیە هی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی بۆ مەبەست نییە بەڵک و بەرژەوەندی خۆیان بە پلەی یەکەم دێت.

لە هەر چوار لای دنیادا زۆر کەم شوێن و وەڵات هەیە خەڵک ڕانەکات لەدەست سیستەمی سیاسی حوکمڕانی وەڵاتەکانیان. لە هەندێک شوێنیش بە ملیۆنان لە خەڵکی وەڵات بەجێدەهێڵن . بۆ نموونە لە ئەفغانستانی ئێستا . بەڵام تاڵیبان مێشی میوان نییەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێچارە و دەستەوستانە. کورتەی مەبەستم ئەوەیە کە نابێت هەمان تاکتیک و پلانی بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ مەرامی سیاسی لەسەر شانی خەڵکی کوردوستان جێبەجێ بکرێت. وە نابێت خەڵک بکرێتە وەسیلەی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پلان و تاکتیکانە.. لە بیرتان بێت ووتە مێژووییەکەی مام جەلال کە بە پێنوسی نەوشیروان موستەفا تۆمارکراوە لە بیرەوەرییەکانیدا کە وتویەتی : “ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر” !!! ئەمەیە وەبەرهێنان و بەکارهێنانی خەڵک و قوربانییەکانی خەڵک بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکان… بۆچوونی کۆچپێکردنی بەکۆمەڵ لە ئێستادا، بە بڕوای من، کاریگەرییە خەراپەکەی لە سەر خەڵک لە نەتیجەدا هیچی کەمتر نییە و نابێت. دەبێ لەو جۆرە کارانەو وەبەرهێنانە سیاسییانە خۆ بە دووربگیرێت ئەگەر دەتانەوێت هاوتەریب نەبن لە گەڵ ویست و ئارەزووەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دا.!!

حەسەن ڕازانی
١٩-١١-٢٠٢١




دەڵێن.. سعاد الصباح.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

دەڵێن،
کە نووسین تاوانی گەورەیە
کەواتە مەنووسە !!
نوێژیش لەبەردەمی پیتەکان دا حەرامە
کەواتە نزیک مەبەرەوە !!
هەروەها مەرەکەبی قەسیدەکان زەهرە
نەچی بیخۆیتەوە !!

دە ئەوەەتا من
زۆریشم خواردەوە
نەخۆشیش نەبووم بە مەرەکەبی سەرمێزەکەم!
دە ئەوەتا من
زۆریشم نووسی
ئاگرێکی گەورەم بەردایە هەرئەستێرەیەک
خوداش ڕۆژێک لێم تووڕە نەبوو!!
وە نە پێغەمبەریش لێم نیگەران بوو!!

دەڵێن،
کە ئاخاوتن تەنها بۆ پیاوانە
کەواتە قسە مەکە !!
هەروەها موغازەلەش هونەری پیاوانە
کەواتە ئەویندارییش مەکە !!
هەروەها نووسین دەریایەکی قووڵە
کەواتە خۆتی تێدا نقووم مەکە
دە ئەوەتا من خۆشەویستیشم زۆر کرد!
دە ئەوەتا من مەلەشم زۆر کرد!
بەرەنگاریی هەموودەریایەکانیشم کردو نەشخنکام !

دەڵێن:
کە من بە هۆنراوەکانم دیواری چاکخوازییم شکاند
هەروەها ئەوە پیاوانن کە شاعیرن
چۆن دەبێت شاعیرێکی ژن لە ناوهۆزدا لە دایک ببێت؟
وە من پێدەکەنم بەو هەمووگووتە هیچ و پووچانە
گاڵتە دەکەم بەوانەی کە دەیانەوێت لە سەردەمی جەنگی ئەستێرەکاندا
کۆرپەڵەی مێینە لە ناوببەن !!
پرسیاریش لە خۆم دەکەم؛
بۆ دەبێ گۆرانی گووتن بۆ نێر حەڵاڵ بێت
وە دەنگی ژنان شوورەیی بێت بۆیان؟

بۆچی،…. بۆچی؟….. بۆچی؟
ئەو دیوارە خوڕافییە درووست دەکەن
لە نێوان کێڵگەکان و درەخت دا؟
وە لە نێوان هەورەکان و باران دا؟
وە لە نێوان ئاسکی نێر و مێ دا؟
کێ گوتوویەتی کە بۆ هۆنراوە ڕەگەز هەیە؟
وە بۆ پەخشان ڕەگەز هەیە؟
وە بۆ هزر ڕەگەز هەیە؟
ئەدی کێ گوتوویەتی
کە سرووشت دەنگی باڵندە جوانەکانی ناوێت؟
دەڵێن،
کە من کێلە مەڕمەڕەکەی گۆڕی خۆم شکاندووە
ئەوەیان ڕاستە.
وە من شەمشەمە کوێرەکانی سەردەمی خۆم سەربڕیوون
ئەوەش ڕاستە.
وە من بە هۆنراوەکەم ڕەگی بوختانم هەڵکەندووە
وە سەردەمی تەنەکەم تێکشکاندووە
جا ئەگەر برینداریشیان کردم
ئەوە جوانترین شت کە لە بوون دا بێت، ئاسکێکی بریندارە
وە ئەگەر لە خاچیشیان دام ..هەر سوپاسیان دەکەم
کە منیان خستە ڕیزی مەسیحەوە

دەڵێن،
کە مێینەیی لاوازییە
باشترین ژنیش بریتییە لە ژنێکی ڕازیبوو
ڕزگاربوونیش سەری تاوانەکانە
شیرینترین ژنیش ژنێکی کەنیزەیە

دەڵێن،
ئەدیبە ژنەکان جۆرێکی نامۆن
لە گژوگیا….کە بیابان ڕەتی دەکاتەوە
وە ئەو ژنەی کە هۆنراوە دەنووسێت
هیچ نییە بێجگە لە شایەرێک !!
پێکەنینم دێ بە هەمووئەوەی دەربارەم دەگووترێ
هزری سەردەمی تەنەکە ڕەت دەکەمەوە
لۆجیکی سەردەمی تەنەکەش….
بەردەوامیش دەبم لە گۆرانی گووتن لەسەر لوتکەی بەرزم
دەشزانم کە هەورەتریشقەکان تێپەڕدەبن
وە باهۆزەکانیش تێدەپەڕن
شەمشەمەکوێرەکانیش دەڕۆن
وە دەشزانم کە ئەوانە نامێنن
ئەوە منم کە دەمێنمەوە…

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی
سەرچاوە: لبنان الجدید

https://www.newlebanon.info/lebanon-now/205121




قاعیدە لە بەرامبەر داعش دا.. نووسینی: کۆڵ بەنزڵ/ وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

تێکۆشان و ململانێی هێزە جیهادییەکان لە( ئەفغانستان)ی تاڵیبان دا!

هاتنەوە سەر حوکمی تاڵیبان، بەو خێراییە، لە ئەفغانستان دا بووە هۆی درووستکردنی ترس لەوەی ئەو وەڵاتە جاریکی تر دەبێتەوە بە پەناگەیەک بۆ میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەکان، کە دەیانەوێت کاری تیرۆر لەوەڵاتانی تر ئەنجام بدەن. جا کە تەماشایەکی مێژووی تاڵیبان دەکەین لە وەخۆگرتنی ئەو جۆرە گرووپە توندڕەوانە، ئەو ترسە لە تاڵیبان وەڕاست دەگەڕێت. بەڵام ئەو دوو بزووتنەوەیە، کە قاعیدەو داعشن، لە ناو ئەفغانستان دا لەسەر نفوز و دەسەڵات لە پێشبڕکێ دان. هەردووکیشیان ڕووبەڕووی چەندین تەگەرەی گەورە دەبنەوە لە کاتی بەکارهێنانی ئەفغانستان وەک مینبەرو سەکۆیەک کە ببێتە پاڵپشتییەک بۆیان و تاکو لەوێوە شەپۆلێکی تازە لە کاری تیرۆریستی دەست پێبکەنەوە.
ئەو گرووپانە لە نێو خودی خۆیاندا بە شێوەیەکی زۆر خەراپ دابەشبوون دەربارەی ئەوەی کە ئەفغانستانی ئێستای ژێر حوکمی تاڵیبان چ ڕۆڵێک دەگێڕێت لە جیهادی جیهانی دا. بە لای قاعیدەوە سەرکەوتنی تاڵیبان سەرکەوتنێکی گەورەیە و بەدیهاتنی بەڵێنی خودایە بە سەرخستنی باوەڕداران بەسەر بێباوەڕان دا. بەڵام بە لای داعشەوە بەهیچ شێوەیەک بەسەرکەوتن هەژمار ناکرێت، بەڵک و بەڵگەیەکی ترە لە ویستی تاڵیبان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا.

خەلافەتی دواڕۆژ یان هاوپەیمانی ئەمریکیەکان؟
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە کە داعش پەرەی سەندو خەلافەتیشی لە ساڵی دواییدا ڕاگەیاند لەو ناوچانەی بەدەستیەوە گرتن لە عێڕاق و سوریا. لەولاوە قاعیدە هەوڵی ئەوەی دەدا کە خۆی وا نیشان بدات کە لە دوو گرووپەکەی تر مۆدێرن ترو گونجاوترە. قاعیدە خۆی بەدوور دەگرت لە بەکافردانانی موسڵمانەکانی ترو زیاتریش گرنگی دەدا بە ڕای گشتی لە جیهانی ئیسلامیدا. هەروەها قاعیدە پەیوەندییەکانی، کە لە مێژبوو هەیبوون لەگەڵ تاڵیبان، قوڵتر کردنەوە. پەیوەندییەکانی ئەو دوو گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦ کە تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان بەدەستەوە گرت. ئەوەبوو کە تاڵیبان ڕێگای بە ئوسامە بن لادن دا کە لەوێ بمێنێتەوە لە ژێر پارێزگاریی تاڵیبان دا. ساڵی ٢٠٠١ بوو پێش ڕوودانی ١١ی سێپتەمبەر کە بن لادن بە ئاشکرا سوێندی خواردو بەیعەتی دا بە تاڵیبان بە ڕابەرایەتی مەلا عومەر وە داواشی کرد لە هەموو قاعیدەو ئەندامەکانی کە لە ناو ئەفغانستان دا بوون کە وەک و ئەو بکەن.

قاعیدە لە ژێرڕابەرایەتی ئەیمەن ئەلزەواهیری، جێگری بن لادن، زۆرتر جەختی لە وەلاو دڵسۆزی بۆ تاڵیبان کردەوە. ئیماڕەتی ئیسلامی ئەفغانستان، کە ناوە فەڕمیەکەی تاڵیبانە، لە پروپاگەندەکانی قاعیدەدا وەک ئەوجێگایە باسی لێوە دەکرێت کە خەلافەتی ئیسلامی تێدا پێشبینی دەکرێت. ڕابەری تاڵیبانیش کە فەرماندەی باوەڕدارەکانە، تایتڵێکە کە لەلایەن خەلیفەکانەوە بەکار هاتووە وەک فیگەرو کەسایەتیەکی نیمچە خەلیفە وێنا دەکرێت. ئەو گۆڕانکاریە کاتێک سەری وەدەرنا کە داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤ دا خەلافەتی ڕاگەیاند و فەرمانیشی دەرکرد کە تەواوی گرووپە جیهادییەکانی تر کە قاعیدەش لە نێویاندا بوو هیچی تر یاسایی نین. وەڵامی قاعیدە، بۆ ئەو بریارەی داعش بریتیبوو لە پێدانی مانایەکی تازە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تاڵیبان و دەیان گوت کە تۆڕی قاعیدە لە پەیوەندی و پەیمانێکی نیمچە خەلافەتیدایە لەگەڵ تاڵیبان و لە ژێر چاودێری و پارێزگاری ئیماڕەتی ئەفغانستاندایە.

ڕێگایەک کە قاعیدە ئەمەی پێکردووە، جەختکردنیەتی لە سەر بەیعەتدان بە حاکمی تاڵیبان. بۆ نموونە قاعیدە لە هەواڵنامەیەکی ٢٠١٤ یدا تازەکردنەوەی بەیعەتی ڕاگەیاند بۆ ئەمیری باوەڕداران، موجاهیدی جیهاد، مەلا محمد عمر”خوا بیپارێزێت”. دوپاتی دەکاتەوە کە قاعیدەو تەواوی لقەکانی لە هەموو شوێنەکان سەربازن لە سووپای ئەودا. لە هەمان کاتدا ئەلزەواهیری بە ئاشکرا لە جیاتی هەموو تۆری قاعیدە بەیعەتی دایەوە بە هەردووک ڕابەرانی تاڵیبان کە لە دواییدا هاتن. لە ساڵی ٢٠١٥ دا بەیعتی دا بە مەلا ئەختەر مەنسور و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بەیعەتی دا بە مەلا هەیبەتوڵا ئاخوندزادە. ئەلزەواهیری لە هەر پەیامێکیدا ( ئیماڕەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان)ی وەک یەکەم ئیماڕەتی شەڕعی و درووست وێنا دەکرد کە لەدوای ڕوخانی خەلافەتی عوسمانی یەوە لە ساڵی ١٩٢٤ وە هاتبێ. بە هەمانشێوە گرووپەکانی وابەستە بە قاعیدەوە ڕابەری تاڵیبانیان وەک دەسەڵاتی باڵای خۆیان دەبینی. بۆ نموونە کاتێک کە لە ئازاری ٢٠١٧ دا ئەیاد ئاغالی، دژبەری مالی، پێکهێنانی لقێکی تازەی قاعیدەی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ڕاگەیاند، وەلای خۆی نەک هەر بۆ ئەلزەواهیری بەڵک و بۆ ئاخوند زادەش ڕاگەیاند.

سەرکەوتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە لای قاعیدەوە سەرکەوتنێکە وەک نەبەردو داستان وایە، بەڵام بە لای داعشەوە هەرگیز بە سەرکەوتن دانانرێت.
ئەوەش هەمووی بە پێچەوانە دەردەکەوێت لە گەڵ دەقی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە مانگی فێبروەری ٢٠٢٠ دا لە نێوانی تاڵیبان و ئەمریکادا بەسترا. لەو ڕێکەوتنەدا تاڵیبان بەڵێنی دا کە هاوکاریکردنی بۆ قاعیدە بوەستێنێ و لە گەڵ حکومەتی ئەفغانستانیش بچێتە ناو گفتوگۆی ئاشتییەوە. هەرچەندە تاڵیبان ڕازی نەبوو بە بڕینی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە، وەک و ئەوەی کە لە هەندێک جاراندا وێنای بۆ کراوە، بەڵام بەڵێنیدا کە ئیترمیوانداری نەکات لە قاعیدەو گرووپەکانی ئەمسالی قاعیدە. هەروەها تاڵیبان بەڵێنی ئەوەشی دا کە نەهێڵێت ئەفغانستان بەکاربهێنڕێت بۆ هەڕەشە لە ئاساییشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

ڕابەرایەتی باڵای قاعیدە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەوە ناچێت کە بەو ڕێکەوتنامەیە ناڕەحەت بووبێت. ئەوەتا لە ئازاری ٢٠٢٠ دا ئەو گرووپە لە ڕاگەیەندراوێکیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تاڵیبان کرد کە ئەمریکا بەڵێنی چوونەدەرەوەی دا لە ئەفغانستان. لەو ڕاگەیاندنەدا قاعیدە پێشوازی لە ڕێکەوتنی دۆحە کرد کە بە نێوەندگیری قەتەڕ ئیمزا کرا و بەسەرکەوتنێکی مێژوویی ناوی هێناو بانگەوازیشی لە تەواوی موسڵمانانی جیهان کرد کە چاو لە تاڵیبان بکەن لە ڕووی ئیلتیزامییەوە بە جیهاد. قاعیدە لەو بانگەوازەیدا ئیماڕەتی ئیسلامی ئەفغانستانی وەک ناوکی دەوڵەتی ئیسلامی، بە مانای دەوڵەتی خەلافەت، وێنا کرد کە بە پێی یاساو شەریعەتی خودا حوکم دەکا.
لە کاتێکدا کە قاعیدە پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان بەهێز دەکرد، داعش تۆمەتی بە لاڕێدا ڕۆییشتنی دەدایە پاڵ تاڵیبان. لە دیدی (داعش)ەوە تاڵیبان لایداوە لە ئیسلامی ڕاستەقینە بە تایبەتی لە دوای مردنی مەلا عومەرلە ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەو لادانە ڕووی لە هەڵکشان کرد. داعش پێی وایە تاڵیبان لە دوای مەلا عومەر کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام . داعش دەڵێ: تاڵیبان ڕووەو نەتەوەچیەتی ملی ناوە، لێبوردەو نەرمە لەبەرامبەر کەمایەتی شیعە لە ئەفغانستاندا و هەروەها کاری لەسەر بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی کوفر کردووە کە لە نێویاندا لە گەڵ قەتەری موڕتەدو هەڵگەڕاوە لە ئیسلامە. داعش ڕەخنەی ئەوە لە تاڵیبان دەگرێت کە داواکاری داعشیان بە دامەزراندنەوەی خەلافەت ڕەتکردۆتەوە وهەروەها قاعیدە نەیهێشتووە هەوڵەکانی داعش سەربگرن بۆ درووست کردنی پارێزگایەک لە سەرخاکێک ، وەک و کە پێی دەگوترێت خاکی خوڕاسان، کە ناوچەیەکی مێژووییەو تەواوی ئەفغانستانی ئێستاش لە خۆدەگرێت. ئیتر لەو رۆژەوەو بە بەردەوامی تاڵیبان لە شەڕدا بووە لە گەڵ ئەو ویلایەتەی داعش کە پێی دەگوترێت خوڕاسان و لە هەندێک جارانیشدا ئەمریکا بە شێوەیەکی کاریگەرهاوکاری هەوایی تاڵیبانی کردووە.
هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی ٢٠٢٠ی نێوان واشنتۆن و تاڵیبان، داعش ئەو ڕێکەوتنامەیەی بە بەڵگەیەکی تر لە ڕێ لادانی تاڵیبان وێنا کرد. بڵاوکراوەی فەڕمی داعش ئیدانەی تاڵیبانی کرد کە ئەمریکای کردە هاوپەیمانی تازەی خۆی. هەروەها داعش لە ڕێگەی قسەکەرەکەیەوە وتی کە ئەو ڕێکەوتننامەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تاڵیبانی، کە هەمیشە بەیەکەوە لە پیلاندا بوون لە دژی داعش، فەڕمی کردەوە. بە پێی قسەکانی ئەو وتەبێژەی داعش ئەو ڕێکەوتنامەیە تەنها پەردەیەک بووە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان میلیشیای تاڵیبانی موڕتەد و هەڵگەڕاوە لە ئیسلام لە گەڵ خاجپەرستان دا.

سەرکەوتێکی کێشە لەسەر

دوای ئاهەنگی ڕێکەوتنی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا، بۆ ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک قاعیدە هیج لێدوان و تەعلیقێکی لەسەر بارودۆخەکەی ئەفغانستان نەدا. تاڵیبان، بە پێی زانیارییەکانی وەکالەتی ئیستیخباڕاتی بەرگری، داوای لە قاعیدە کردووە کە چالاکیەکانی کەم بکاتەوەو پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان گرووپەکان دەرنەخا هەتا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە تەواوی لە ئەفغانستان دەچنەدەر. هەر بۆیەش کاتێ لە ٣١ی ئاب کە دواین سەربازی ئەمریکا لە کابوڵ هاتەدەر، قاعیدە هەستی بە ئازادی کردو چەند سەعاتێک دوای ئەوە بە فەڕمی ڕاگەیاندنێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییەوە لە تاڵیبان و تەواوی کۆمەڵگای ئیسلامی دەرکرد.
بە پێی ڕاگەیاندنەکە: ” ئەنجامی ئەوەی کە ڕوویدا لە ئەفغانستان، سەلماندی کە ڕێبازی جیهاد، نەک سازش و ئاشتبوونەوە، باشترین میتۆد بوو بۆ مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی کافردا. بۆیە شکەستی ئەمریکا کۆتایی هێنا بە سەردەمی لووتبەرزی ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان لە ویست و ئارەزوویان بۆ داگیرکردنی خاکی موسڵمانان بە ڕێگای سەربازی. هەرچەندە قاعیدە نەیگوت کە دوژمنە دوورەکەی کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی بە تەواوی شکەستیان هێناوە، بەڵام پێناسەی قۆناغی داهاتووی کرد: ” وەک قۆناغاکێک کە زۆرتر جەخت دەکرێتەوە لە بڵاوکردنەوەی جیهاد لە نێو وەڵاتانی تر لە جیهانی ئیسلام دا. ” پشتیوان بە خوا سەرکەوتنی تاڵیبان ڕێگاکە پاک دەکاتەوە بۆ برا موسڵمانەکانمان تا بتوانن خۆیان ڕزگارکەن لە دەستی حوکمی تاغوتیانەی وەڵاتەکانیان کە بە پێی دەستوورو شەریعەتی ئیسلام حوکم ناکەن. هەروەها ڕێگای ڕزگار کردنی موسڵمانانی فەلەستینیش ئاسانتر دەکات لە دەستی داگیرکاری زایۆنی”.
لە لایەن لقە لۆکاڵیەکانی وابەستە بە قاعیدەوە بە هەمان شێوە هەستی خۆشی دەربڕا.. قاعیدە لە نیوە دورگەی عەڕەبی و لقەکانی یەمەنی وابەستە بە قاعیدە هەنگاوەکانی تاڵیبانیان لە سازش نەکردن و دەستگرتن بە سەوابتی ئایینی ئیسلام بەرز نرخاند. “سەرکەوتن لە ئەفغانستان دا جێی شانازییە و پەل دەهاوێت بۆ لادانی حوکمی چەوسێنەرو سەرکوتگەران و دەرپەڕاندنی غوزات و داگیرکەران لە وەڵاتی موسڵماندا”. حراس الدین کە لقێکی قاعیدەیە لە سوریا دەڵێت ” سەرکەوتنی تاڵیبان نیشانی دا کە جیهاد تەنیا ڕێبازە بۆ گەییشتن بە سەرکەوتن و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات”. لقەکانی وابەستە بە قاعیدەوە لە باکوری ئەفریقاو ساحل لە بەیانێکی هاوبەش دا، خۆڕاگری تاڵیبانیان بەرز نرخاند و لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن کە: ” تاڵیبان سەلماندیان کە ڕێبازی جیهاد تەنیا ڕێبازە بۆ جیهانی ئیسلامی کە لە ڕەزیلی و سەرشۆڕیی ڕزگاری ببێت و بگاتە ژیانێکی سەربەرزو پڕ لە شکۆ”.

بەڵام بە لای داعشەوە ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە تاڵیبان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە ئەفغانستان دا جێی پێکەنینە. ئەوەی کە ڕوویدا لە دیدی داعشەوە: “بریتیبوو لەوەی کە ئەمریکا ئارەزوومەندانە دەسەڵاتی تەسلیم بە تاڵیبان کردو تاڵیبانیش بە فێعلی بوو بە بەکرێگیراوی ئەمریکا”. هەر لە دوای گرتنی کابوڵ لە لایەن تاڵیبانەوە لە ١٥ی ئاب، هەواڵنامەی هەفتانەی داعش لە گرنگی ئەو سەرکەوتنە سەربازییەی تاڵیبانی، کە خەڵکی تووشی شۆک کردبوو، کەم کردەوە. لە هەواڵنامەکەدا داعش نووسیبووی: “شتێکی ئاساییەو ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنەی نێوان ئەمریکاو تاڵیبانە کە لە ساڵی پێشوودا لە دۆحە ئەنجام دراوە”. هەروەها داعش دەڵێت :”ئەمە هیچ نیە بێجگە لە گواستنەوەی دەسەڵات لە حاکمێکی بت پەرستەوە بۆ یەکێکی تری بت پەرست”. داعش دەڵێ ئەمە گۆڕینی حاکمێکی بتپەرستی بێ ڕیشە بە یەکێکی تری ڕیشداری بت پەرست. تاڵیبان پەیمانی بە ئەمریکا داوە کە جارێکی تر ١١ی سێپتەمبەرێکی تر ڕوو نەدات و ئەمریکاش تاڵیبانی هێنایەوە سەر دەسەڵات و کابوڵیشی تەسلیم کردن بە بێ ئەوەی یەک فیشەکی تێدا بتەقێت.

ئێستا تاڵیبان لە دیدی داعشەوە بووەتە بەکرێگیراوێکی ئەمریکا

هاوکارانی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تەنانەت پێش بڵاوکراوەکەی داعش هەمان ڕەخنەیان لە تاڵیبان گرت. یەکێک لە کەسە دیارەکانی داعش تێبینی کردووە کە ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە تێکدان و خەراپکردنی تاڵیبان لە ڕووی ئایینیەوە. ” خودا دەفەرموێت ئەوان، ئەگەر بتوانن، شەڕلە دژی ئێوە ناوەستێنن هەتاکو لە دین وەرتان نەگێڕن”( قورئان: ٢:٢١٧). وە توانیویشیانە کە تاڵیبان لە ئایینەکەی خۆیان وەرگێڕن. زۆر ڕوونە کە دیدو بۆچوونەکانی قاعیدەو داعش پێکەوە هەڵناکەن. جا لێرەدا یا تاڵیبان بەرەو نەرمی ڕۆیشتووە لە بەرامبەر ئەمریکاو بەرژەوەندییەکانی زۆرتر لەوەی کە قاعیدە هیوایەتی، یاخود تاڵیبان زۆرتر بەلای توندڕەویدا ملی ناوە لەوەی کە داعش دەیەوێت باوەڕی پێ بکات.
حەقیقەت ڕەنگە لە شوێنێکدا بێت لە ناوەڕاست. تاڵیبان وای پێباشە کە هەردووک لایەکەی هەبێت. لە لایەکەوە بەردەوامی بدات بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ قاعیدەو لە لاکەی تریشەوە بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێونەتەوەیی کە ئەوان حاکمی شەڕعی ئەفغانستانن. بە شێوەیەکی گشتی، بەرنامەو ئەجیندای تاڵیبان، لانی کەم بۆ خۆیان ئەو ئیدیعایە دەکەن کە وەک هی قاعیدە نییەو ناچێتە دەرەوەی سنووری وەڵاتەکەیان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناو ئەفغانستان دا دەست پێدەکەن و هەر لەوێشدا کۆتاییان دێت. لە هەمان کاتدا تاڵیبان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ قاعیدە بەستووە. لەوبارەوە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە قاعیدە نزیکەی ٥٠٠ کەسی لە ناو ئەفغانستاندا هەیەو بەسەر ١٥ پارێزگادا بڵاوی کردوونەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکە قاعیدەو تاڵیبان لەسەر هەمان پەیوەندی دەمێننەوەو هیچ ئاماژەیەکیش نابینرێت کە بەرەو لێکترازان بڕۆن.

هەرچەندە هەندێک لە قسەکەرانی تاڵیبان ڕەتی دەکەنەوە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان هەبێ لە گەڵ قاعیدە، هەتا یەکێکیان بوونی بەیعەتی هەر ڕەتکردەوە. تاڵیبان، وەکو تاڵیبان خۆی، زۆر سەرسەختانە هەرچەندە زۆریشی لەسەر کەوت بەڵام نەیویست ئیدانەی قاعیدە بکات. ئەو سەر ڕەقییەی تاڵیبان دەتوانرێت فاکتەرەکانی دیاری بکرێت. بۆ نموونە تاڵیبان و قاعیدە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بە یەکەوە لە یەک سەنگەردا دژی ئەمریکا جەنگاون و لەو بارەسەشەوە پەیوەندیی خوێنیان گەشە پێداوە. هەروەک کە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەەکان ئاماژەی پێداوە کە تاڵیبان و قاعیدە پەیوەندی ژن و ژنخوازی لە نیوانیان دا درووست بووە و هاوبەش و وەک یەکیش پێکەوە بوون لە خەبات دا. جا ئێستا ئەو پەیوەندییە زیاتر کۆنکرێتی و بەهێزتر بووە لە نێو نەوە و وەچەی دووەم دا. هۆیەکی تری لۆجیک و مەنتیقی کە ئەو پەیوەندییەی نێوان تاڵیبان و قاعیدە کۆتایی نایەت ئەوەیە کە ئیدانەکردنی قاعیدە دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردن و لاتەریک کردنی ئەو باڵ و خەتە توندڕەوەی نێو تاڵیبان کە سیراجودین هەقانی و تۆڕەکەی لەگەڵ قاعیدە دەگرێتەوە.

هەرچەندە پەیوەندییەکانی نێوان قاعیدەو تاڵیبان بەردەوامی هەیە، بەڵام تاڵیبان بەرژەوەندی زۆری لەوەدایە کە کۆنتڕۆڵی قاعیدە بکات. بە تایبەتی کە ئێستا تاڵیبان بەرەو ئەوە دەڕوات کە دانپێدانانی نێو دەوڵەتی بەدەست بێنێت..بۆیە کارێکی شێتانە دەبێت بۆ تاڵیبان ئەگەر بێت و ڕێگا بە قاعیدە بدەن لەوێوە هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاواو وەڵاتانی موسڵمان. زەحمەت نییە کە پێشبینی سیناریۆیەک بکرێک کە تاڵیبان کۆمەکی دارایی و جێگاو ڕێگا بە قاعیدە بکات بۆ بەردەوامی بە کاروچالاکی و لە لایەکی تریشەوە نەیهێڵێت پەلامارو هێرشەکانی ئەنجام بدات. ئا لێرەدا جارێکی ترئەفغانستان دەبێتەوە بە بنکەو شوێنی حەوانەوە کە تێیدا قاعیدەو ڕابەرەکانی و ئەندامەکانیان دەتوانن، یەکتر بگرنەوە، پارەو کۆمەک کۆبکەنەوە، پروپاگەندە بڵاوبکەنەوە و هەروەها ڕێنمایی بۆ تۆڕە گەورەکانی تری وابەستە بە قاعیدە بڵاوبکەنەوە. بەڵام ئەو شوێنە جێگایەک نابێت کە بتوانن هێرش و پەلامارەکانیان ئەنجام بدەن. دووەمین هەوڵی تاڵیبان بۆ حوکم کردنی ئەفغانستان بۆ ڕاگرتنی بالانسە لە نێوان دەستگرتن بە مەبدەئو پڕەنسیبەکانی باڵی توندڕەوی تاڵیبان و دابین کردنی زەمانەتی مانەوەی تاڵیبان. پەیوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ قاعیدە دەتوانرێت هەمان لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

ڕێگایەکی دوور و درێژ بۆ هاتنەوە سەرخۆ

گرنگ نییە تاڵیبان چ کۆمەکێکی پێدەکات، هێشتا قاعێدە ڕێگایەکی درێژی لەبەردەمە لە ڕێخستنەوەی ڕێکخراوە پەرش و بڵاوەکەی. گرفتەکە لە سەرێوە دەست پێدەکات، چونکە ڕابەری سەرەکی ئەو ڕێکخراوە لەم ساڵانەی دواییدا لە ناوبرا. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٠ یشدا ئەبو محمد ئەلمیسری، دووەمین ڕابەری قاعیدە، لە ناو شەقامەکانی تاران دا درایە بەردەسڕێژی گولە و کوژرا. هەر دوای دوو مانگی تر حسام ئەبو ئەلڕەوف، بەرپرسێکی باڵای تری قاعیدە، لە ئەفغانستان دا کوژرا. ژمارەیەکی بەرچاویش لە ڕابەرو بەرپرسی دیاری قاعیدە بەرەو سوریا ڕۆیشتن بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگایەکی تری باش کە تێیدا سەلامەت بن. بەڵام لە سوریاشدا کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری درۆنەکانی ئەمریکاو هەر جارەو یەکێکیان لیدەکوژرا. تا وای لێ هات یەکێک لە شارەزاو ئایدیۆلۆجیستەکەیان بڵێت: “سوریا بۆ ئێمە بۆتە شوێنێک کە تێیدا ڕاومان دەکەن”.

ئەوەی کە گرفتەکەی ئاڵۆزتر کردووە ئەوەیە کە ڕابەری ئایینی قاعیدە کە لە حەفتاکاندایە و دەنگ و باس بڵاو بووەتەوە کە نەخۆشە. بەڵام کتێبێک و ڤیدیۆیەک کە لە لەیەن ڕابەری قاعیدەوە دەرچوو ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە کە ساڵی ڕابردوو باسیان لە مردنی زەواهیری دەکرد. بۆیە ڕوون نییە هەتا چەندی دیکە دەژی. سەیف ئەلعادل کە تەمەنی ٦١ ساڵەو جێگرەوەی زەواهیرییە بۆ ماوەی دوو دەیە دەبێت لە ئێران دا دەژی. وا دیارە کە حکومەتی ئێران ئەو ڕابەرەی قاعیدەو چەندینی دیکەش دەحەوێنێتەوە وهەندێک ئازادی پێداون لە ناو خۆدی ئێراندا هات و جۆبکەن، بەڵام ڕێگەیان پێنادات وەڵات بەجێبهێڵن. ئەو کارەی ئێرانیش بەمەبەستی بەکارهێنانیانە لە کاتی پێویستدا. بەڵام نیشتەجێبوونیان لە ئێران گرفتی گەورە بۆ قاعیدە دەخوڵقێنێت، چونکە ڕێکخستنی قاعیدە پێی وایە ئێرانی شیعە مەزەب دۆستیان نییەو دۆژمنی قاعیدەیەو بۆیە نیشتەجێبوونی ڕابەرەکانیان لە ئێران کارێکی باش نییە. جا ئەگەر عادل هەوڵی ئەوەی دا کە ڕێبەرایەتی قاعیدە لە ئێرانەوە بەدەستەوە بگرێت لە وانەیە تووشی ڕووبەڕووبوونەوە ببێت لە گەڵ هەندێک باڵی توند ڕەوی نێو قاعیدە. ئەو ڕابەرانەی قاعیدە کە ئێستا لە ئێرانن لەوانەیە بیر لە ڕۆیشتن بۆ ئەفغانستان بکەنەوە بەڵام ڕوون نییە ئاخۆ ئێران ڕێگەیان پێدەدا ئەو کارە بکەن یان نا.

گرفتێکی تر ئەوەیە کە ڕابەرایەتی قاعیدە هێزو توانای فەرمان و کۆنتڕۆڵی بە سەر دەستەو گرووپەکانی وابەستە بە خۆیەوە نییە. قاعیدە ئەوڕۆ بریتیە لە تۆڕێکی گەورەو نامەرکەزییانە کاردەکات، دەستەو لقەکانی وابەستە بەخۆی لە باکوری ئەفریقاوە تاکو باشووری ئاسیا بە ڕاستەوخۆیی لە لەیەن بەرپرسە باڵاکانی ڕابەرایەتی قاعیدەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. هەندێک لە شڕۆڤەکاران پێیان وایە ئەو نا مەرکەزیەی قاعیدە نیشانەی بەهێزییەتی، بەڵام بە بێ بوونی ناوەندێکی بەهێزو بەتوانا تۆڕی قاعیدە دەکەوێتە بەرمەترسی دابەشبوون و لەبەریەک هەڵوەشان. بۆ نموونە لە ٢٠١٣ قاعیدە نەیتوانی ڕێ بگرێت لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق کە لقێکی وابەستە بەخۆی بوو لە جیابوونەوەو لە دواییشدا داعش درووست بکات و هێزی سەربازیش درووسست بکات. هەروەک لە ٢٠١٦ قاعیدە نەیتوانی ڕێ لە جەبهەت ئەلنوسڕە بگرێت، کە لقێکی وابەستە بەخۆی بوو، کە پێڕەکەی ئەوان بەجێ نەهێڵێت.

لە ناو دڵی ئەو گرفتەی کە قاعیدە تووشی دەبێت بریتییە لە جیاوازی ستراتیج کە لە نێوان ڕابەرایەتی سەرەکی قاعیدە و گرووپەکانی وابەستە پێی دا هەیە . هەرچەندە ڕابەرایەتی قاعیدە هەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ جەنگی دوژمنی دووربکرێت کە مەبەستی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە، بەڵام گرووپەکانی وابەستە بە قاعیدە چالاکییەکانیان تەنها لۆکاڵی دەبێت و هیزو توانای خۆیان سەرف ناکەن بە جەنگان لە دژی دوژمنی دوور کە مەبەستیان ئەمریکاو ڕۆژئاوایە.

دەبێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئاگایان لە خۆبێت و وریا بن نەباکو یەکێک یان هەردووک گروپەکە، واتە داعش و قاعیدە، بەهێزەوە بێنەوە مەیدان.
جا سەیرەکە لێرەدایە کە ویلایەتی خوراسانی داعش کە بۆی هەیە دوژمنی تاڵیبان بێت و هەر لە سۆنگەی حوکمی تاڵیبانیشەوە زۆرترین سودی پێدەگات. داعش لە ئەفغانستان دا لەوانەیە تێدا بچێت و دیارنەمێنێت چونکە زۆر زەربەی خواردووە، بەڵام داعش بەوە ناسراوە کە ستراتیجێکی زۆر باش وتۆکمەی هەیە کە توانای ئەوەی هەیە لەو واقیعەی کە ئێستا هاتۆتە کایەوە وەبەرهێنانی تێدا بکات. بۆ نموونە داعش دەتوانێت خۆی وەک باڵی توندڕە و وێنا بکات و تاڵیبانیش وەک لایەنێکی مۆدێرن و خۆبەدەستەوەدەر بناسێنێت لە نێو موسڵمانان دا. ئەوەتا داعش لە هەواڵنامەیەکی دا دەڵێت: تاڵیبان بەرژەوەندی و جاسووس و سیخوڕەکانی خاچپەرستان دەپارێزن لە ناو فرۆکەخانەی کابوڵ دا.

هەروەها داعش سوود دەبینێت لە چونەدەری ئەمریکا لە ئەفغانستان، چونکە هێزی هەوایی ئەمریکا نەی دەهێشت داعش هیچ دەسکەوتێک لە ناو ئەفغانستان دا بەدەست بێنێت. هەواداران و هاوکارانی داعش لە سۆشیال میدیا لێکدانەەکانیان ئاهوا بوو یاخود ئاهوا بارودۆخەکەیان دەبینی. هەروەک یەکێک لە هاوکارانی داعش بە شانازییەوە دەڵێت: سەربازانی خەلافەت لە خوڕاسان ئێستا لە باشترین بارودۆخ دان، چونکە هیچیترسوپای ئەفغانی نەماوە و تەواوی دامەزراوە حکومییە بتپەرستەکان و زوربەی سەربازەکانیان و سەرکردەەکانیان شکان و ئەفغانستانیان بەجێهێشت. هەروەها هیچیتر بنکەکانی ئەمریکا نەماون لە ئەفغانستان تا هاوکاری سوپای ئەفغان بکەن و لە بنکەکانیشەوە هێرش بکەنە سەر موجاهیدەکانمان. ئێستا تەنها تاڵیبانە موڕتەدەکان ماوون و ئەوانئیش بێ شک کۆتاییان پێدێت و چاوەڕێی دواڕۆژی خۆیانن جا یان بە گولەیەک کە کەلە سەریان دەپێکێت یان بە چەقۆیەک کە ملیان دەپەڕێنێت..

هەرچەندە لە وانەیە داعش سوود ببینێت لە کەم بوونەوەی فشاری سەربازی لە ئەفغانستان دا، بەڵام ئەو گرووپە خەڵکی زۆر بەدوو ناکەوێت. بەشێکی لەبەرئەوەیە کە داعش وابەستەیە بە سەلەفیەتەوە کە ئیسلامی سوننی ڕاستەقینەیەو لە نێو ئەفغانستانیشدا کەمایەتییە چونکە مەزەهەبی حەنەفی تێیدا بڵاوە و ڕێبازی ئایینی ماتریدیدا تێیدا زاڵە. زوربەی ئەو جێگایانەی کە داعش وەک ناوچەی خۆی لێیان دەڕوانێت، ئەو شوێنانەن کە سەلەفیزم بە شێوەیەکی نائاسایی خەڵکی لێ کۆبۆتەوە. لەوانەشە داعش هەندێک لە توند ڕەوەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە لە پاێزگاکانی وەک کونارو نەنگارهار، بەڵام سەخت دەبێ کە بتوانێت زیاتر بۆ شوێنەکانی ترپەل هەڵباوێت .

داعش و قاعیدە هەردووک لایان ڕووبەڕووی دژواری و زەحمەتی جیدی دەبنەوە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ خۆسازدانەوەی خۆیان لە ئەفغانستان دا. گەڕانەوەی تاڵیبان باشترین هەل و فڕسەتە بەلای قاعیدەوە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بۆ خۆپێکهێنانەوەو خۆ ڕێکخستنەوە، بەڵام لە مەوقیعێکی ئەوەندە باشدا نیە کە بتوانێت بە باشی ئەو هەلە بقۆزێتەوە. جا داعش لەمەودوا ڕۆڵێکی تێکدەرانە دەبینێت. بەڵام بۆ داعش زۆر سەخت دەبێ کە بتوانێت پشتیوانی ناوخۆیی بەدەست بێنێت و بتوانێت لە ڕووی هێزی مرۆیی و سەرچاوەوە خۆی بگەێنێتە تاڵیبان. لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە لاوازکردنی هەردووک گرووپی داعش و قاعیدە لە ڕێگەی لێدانیان بە دڕۆن. جا ئەمریکا لە لێدانی داعشدا ڕەنگە بە هاوکاری تاڵیبانیش ئەو کارە ئەنجام بدات. بەڵام هیچ کام لەمانە بۆ کەم کردنەوەی ئەو هەڕەشانە نییە کە ئەو دوو گرووپە جیهادییە لە سەر ئەفغانستان و جیهان و هاوسێکانیان دەیان بێت. بۆیە دەبێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی وریاو بە ئاگابن لە ترسی گەڕانەوەی داعش و قاعیدە، یان لانی کەم یەکێکیان بۆ دەسەڵات. بەڵام جیهادییەکان چەندە سەرکەوتوو دەبن لە بەکارهێنانی ئەفغانستاندا شتێکە کە هەمیشە ڕوون و دیاردەبێت. جا بۆیە سەرکەوتنی ئەوانەش بە هیچ شێوەیەک جێی لەبیرکردن نییە.

نووسینی: کۆڵ بەنزڵ: ١٤-٩-٢٠٢١
سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

تێبینی: کۆڵ بەنزڵ لە پەیمانگای هۆڤەرە لە زانکۆی ستانفۆرد و هەروەها خاوەنی بلۆگی (جیهادیکە)یە
https://www.foreignaffairs.com/articles/afghanistan/2021-09-14/al-qaeda-versus-




تیرۆریستە دڕندەکانی داعش بە ئاشکرا لە چیای قەرەچوغ دا شوێنیان بۆ دابین کراوە!.. ٢١-١٠-٢٠٢١

کێ داعش دەحەوێنێتەوە لە چیای قەرەچوغ؟

ماڵپەڕی شار پرێس لە ٢١ی-١٠- ٢٠٢١ دا چاوپێکەوتنێکی بڵاوکردۆتەوە کە لە گەڵ غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنووری (مەخمور-گوێڕ) دا، ئەنجامیداوە دەڵێت: ” گرووپی تیرۆریستی داعش لە جیای قەرەچوغ بە ئاشکرا شوێنیان بۆ دابین کراوە”
بۆیە، بە بڕوای من، ئەو پرسیارە گرنگەیەی کە خەڵکی عێڕاق بە گشتی و خەڵکی کوردوستان بە تایبەتی دەبێ لە هەردووک حکومەتی عێڕاق و کوردوستانی بکەن ئەوەیە کە : کێ داعش دەحەوێنێتەوە لە چیای قەرەچوغ و کێ شوێنی لەوێ بۆ دابین کردوون؟
کاتێک کە مقۆمقۆ لە نێو خەكیدا بڵاو ببوەوە کە دەیان گوت ئەوانەی کە داعشەکان پەروەردە دەکەن هەر لە ناوخۆدان، ئەم گوتەیە وا بە بەڵگەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە لە لایەن فەرماندە سەربازییەکانی خۆیانەوە.
لە سەردەمی شەڕی داعشدا کاتێک کە پێشمەرگە بە دیل دەگیران و بەناو بازارەکانی حەوێجەدا لە ناوقەفەس و بە جلی پڕتەقاڵیەوە دەسوڕێنرانەوەو لە لایەن تیرۆریستە داعشەکانەوە سوکایەتی و بێڕیزییان پێدەکرا، لە کاتێکدا کە بە دەیان پیئشمەرگە شەهید دەکران لە لایەن ئەو تیرۆریستە داعشانەوە، لە کاتێکدا کە ئەو داعشانە ڕوویان لەهەر شوێنێک بکرایە ئەو شوێنەیان لە گەڵ زەویدا تەخت دەکردو وایان لێ دەکرد پەپووی تێدا بخوێنێت، لە کاتێکدا کە داعش جینۆسایدی یەزیدییەکانی ئەنجامدا بوو، هەروەها بە هەزاران کچ و ژنی یەزیدییان ڕفاندبوو وە لە بازارەکانی موسڵ و ڕەقەدا وەک سەبایا و کەنیزەک دەفرۆشران، لە کاتێکدا داعش بە زۆرە ملێ خەڵکی غەیرە موسڵمانی لە شوێنی خۆیان دەردەپەڕاندو سەروەت و سامانیانی داگیر دەکرد، ئا لەو کاتانەدا هەندێک لە بەرپرسانی سەربازی و نێو دەسەڵات دەستیان کردبوو بە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دا. بۆیە خەڵکی کوردوستان هەقی بوو کە دەیان گووت “ئەم دەسەڵاتە نایەوێت داعش لەناوبچێت”.
بۆیە هەقەو کارێکی درووست و دەبێ بە پەلەش بێ کە خەڵک بە گشتی و کەس و کاری شەهیدانی دەستی داعش بە تایبەتی و هەروەها هەمووخەڵکی یەزیدی وخەڵکانی ناموسڵمانی تر لە وێنەی مەسیحی و کاکەیی و شەبەک و ئەوانەی تر بێنە دەنگ و داوای ڕوونکردنەوە بکەن لە هەردووک حکومەتی عێڕاق و حکومەتی کوردوستان دەربارەی بوون و جێگای داعشەکان لە چیای قەرەچوغ.
دەبێ پرسیار بکرێت لە هەر دووک حکومەتی عێڕاق و کوردوستان کە کێ ئەو شوێنەی بۆ داعش دابین کردووە لە چیای قەرەچوغ؟ کێ نان و ئاویان دەداتێ؟ کێ چاوساغییان لەبۆدەکات و چەک و تەقەمەنی و هاوکاریی پێویستییان پێ دەگەێنێت؟ کێ و چ لایەنێک ڕێیان پیشاندەدا بۆ ئەوەی ئەو هەمووجارانە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەو خەڵکی و بە سەلامەتیش بگەڕێنەوە هەمان بنکەی خۆیان لە چیای قەرەچوغ؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر کە دەبێ خەڵک بە گشتی و بە تایبەتیش پسپۆڕو شارەزایانی سەربازی داوای ڕوونکردنەوە بکەن لە حکومەتی هەرێم و عێڕاق.
بوونی داعش لە چیای قەرەچوغ جێگەی پرسیارە. داعش لە نێو خەڵکی کوردوستاندا جێگەی نابێتەوەو مەحاڵە بتوانێت جێی خۆی بکاتەوە. کەواتە چۆن جێگەی بۆتەوە لە نێو دڵی چیای قەرەچوغ دا؟ دەیان پرسیارو گومان درووست دەبێت..بۆیە لە دیدو بۆچوونی خەڵکەوە ئەو سێ چوارینەتان پێشکەش. هەر بۆ زاخاوی مێشک
ئەی داعشی، چاو گەشم
تا تۆهەی، هەر دێ بەشم
بۆیە، پەروەردەت دەکەم
تا بێ تۆ، نەبڕێ بەشم

تا تۆ هەبی، لەو ناوە
تەق و تۆق کەی، ناو ناوە
بۆ مە خێری، زۆر تێدا
زۆرتر، لە چایی و قاوە

کێت کوشت و، یا مل پەڕاند
چەند جارت، یاسا بەزاند
گەردنی بابت، ئازاد بێت
وەزعت لە من، نەشێواند

لینکەکەی شارپرێس
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=196581

حەسەن ڕازانی ٢١-١٠-٢٠٢١




ئەو هۆیانەی وەک ئاماژەن کە خۆری بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو ئاوا بوون دەڕوا!.. حەسەن ڕازانی

سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە: من شاگەشکە نابم لە خۆشیدا بە ئاوابوونی خۆری هیچ لایەن و هێزێکی سیاسی لەم کوردوستانەدا کە سەردەمانێک خەڵکێکی زۆری داماوو بەیشمەینەت و ستەمدیدەو تووڕە لە دەسەڵاتی لە گەڵدا بووبێت،. بۆ نموونە گۆڕان کە سەردەمانێک زۆرینەی خەڵکی وەزاڵە هاتوو لەدەست دەسەڵاتی خۆیی، هەروەها گەنج و نەوەی دوای ڕاپەڕین بەرەو گۆڕان هەنگاویان نا. گۆڕان ئەو کات تاکە بەدیلی دیارو کاریگەر بوو کە بتوانێت ئەو نەوەیە، تووڕە لە دەسەڵات، وەخۆ بگرێت. ئیتر ڕێبەرایەتی گۆڕان ئەگەر پلان و ئامانجێکی تری شاراوەی هەبووە جیا لەو پلان وئامانجە ئاشکرایەی کە خەڵکەکە بینیویەتی ئەوە مەسەلەیەکی ترە. مێژوو پڕە لەو نموونانە. نابێ هیچ کەسیش ئەم بۆچوونانەی من وا لێک بداتەوە کە من پاساو بۆ شکەستەکانی گۆڕان دەهێنمەوە و پشتگیری لە گۆڕان دەکەم. ئەم نووسینەم نە وەک پاساو نووسیوەو نە وەک ئامۆژگاریش نووسیومە کە بڵێم گۆڕان : ئاگاتان لە خۆتان بێت چونکە ئێوە لەبەر ئەم هۆیانەی کە من نووسیومن بەو مەرەدەی ئێستاتان لێهاتووە. من گۆڕان نیم، بەڵام پەیوەندی دۆستایەتیم لەگەڵ هەندێک لە خەڵکی گۆڕان هەیە لە ئاستە جیاجیاکاندا.

بەڵام با لە دیدی خۆمەوە بە ڕوونی ئەوەی کە خۆم پێم وایە ڕاستە، بیخەمە ناو دوو توێی ئەم نووسینەم.
زۆرینەی خەڵکی کوردوستان دادو فیغانیان بوو لەدەست دەسەڵاتی خۆیی کوردی. ڕێبەران و پێکهێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بە تەواوەتی درکیان کردبوو بە تووڕەیی زۆرینەی خەڵکی کوردوستان، بە تایبەتی چینی گەنج و خەڵکی لە دایکبووی دوای ڕاپەڕین. بە ئاشکرا دیاربوو کە نەوەی خوێن گەرم و گەنجی دوای ڕاپەڕین و خەڵکی توورە لە دەسەڵات سەفاو مەڕوای دەکردو بە هەر چوارلای خۆیدا کەوتبووە جووڵە جووڵ بە هیوای دۆزینەوەی چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو بێهیوایی و سەرگەردانییە، هەروەها بۆ ڕزگاربوون لەوسیستەمە سیاسییە کە دەسەڵاتی کوردی سەپاندویەتی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا. بزووتنەوەی گۆڕان هاتە بوون و بە شێوەیەک خۆی دەرخست کە تەنها گۆڕان شوێن و چارەیە کە ئەم خەڵکە بەدوایدا وێڵە. گۆڕان، بە بڕوای من، بۆ ماوەیەکی باش توانی ببێتە باوەشێکی فراوان وگەرم بۆ وەخۆگرتنی ئەو نەوەیەی دوای ڕاپەڕین. ئیتر وردە وردە ، ڕۆژلە دوای ڕۆژ، مانگ لە دوای مانگ، ساڵ لە دوای ساڵ، ئەم نەوەیە کە ببووە هەوێن و داینەمۆو هێزی مرۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، هەستی بە نامۆیی خۆی دەکرد لە ناو بزووتنەوەکەو هەروەها لە ناو کۆی سیستەمی سیاسی بزووتنەوەکەش ببوە میوان و دۆستێکی ڕەزا گران. بۆیە ئەو نەوەیە کەوتە گومانەوە. ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەری ئەو گومانە بەسەر بزووتنەوەکەوە دیاری دەدا.
وا لێرەدا لە دیدی خۆمەوە ئاماژە بەچەند هۆیەکی دیار دەدەم کە بۆچی ئەم بزووتنەوەیە بەرەو پووکانەوەو داڕمان هەنگاو دەنێ یاخود ڕۆیی؟
یەکەم: بە بڕوای من یەکەمین هۆ کە وای لە هێزی مرۆیی گۆڕان کرد کە بکەوێتە گومان و دڕدۆنگییەوە، بریتیبوو لە تێکەڵاوبوونی گۆڕان لە گەڵ دەسەڵات لە ڕێگەی پەڕلەمان و حکومەتەوە.
دووهەم: کاتێک کە دەسەڵات بە هەزارانی لە خەڵکی سیاسی و دۆست و لایەنگرانی گۆڕان سزا داو نان بڕاوی کردن لەسەر ئەوەی کە لە گەڵ گۆڕاندان ، گۆڕان نەیتوانی کارێک ئەنجام بدات لە ڕاستای گەڕاندنەوەی نان بۆ نان بڕاوەکان و یا هەر هیچ نەبێ نان بڕاندن بوەستێنی. تا هەنووکەشی لەگەڵدا بێت هێشتا زۆر لە سزادراوانی سیاسی لەسەر بوون بە گؤڕانیان قەرەبوو نەکراونەتەوەو هێشتاش نان بۆ زۆرێک لە نان بڕاوان نەگەڕاوەتەوە. ئەمەش بوو بە هۆیەکی تری دڕدۆنگ بوونی جەماوەری گۆڕان لە گۆڕان. ئەم نان بڕاوو سزادراوانە لە باتی توووڕەییەکەیان ئاراستەی دەسەڵات بکەن، ئاراستەی گردەکەیان کردوو ڕقی خۆیان بە گردەکە ڕشت. ئەمەش لەسەر گۆڕان و قەبارەی گۆڕان بە خەراپی کەوت. دەسەڵاتی سەوزیش کە لە تەنیشتیان بوو ئاگرەی خۆشتر دەکرد.
سێهەم: لە یەکەمین بەشداربوونی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا، گۆڕان بە ئاشکرا دیاربوو کە یەکەمی زۆنی سەوز بوو. ئەمە وای کرد کە زۆنی سەوزی گۆڕی بەرەو نیلی. بەڵام دوای ئەم هەموو بگرەو بەردەیە، سەوز نەی هێشت گۆڕان پارێزگاریشی پێ بدرێت کە دەبوایە زووربەی شوێنە گەورەو هەستیارەکانی ناوچەی سەوز، کە گۆڕا بەرەو نیلی، بەدەست گۆڕانەوە بێت. بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. ئەمەش بووە هۆیەکی ترکە جەماوەری گۆڕانی زیاتر خستە ناو گومان و دڕدۆنگی لە سیاسەتی بزووتنەوەکە. هەر بۆیەش لە هەڵبژاردنی دووەم دا جەماوەری گۆڕان بۆ نیوە دابەزی. ئیتر دابەزین و داڕمانی گۆران بەردەوام بوو.
چوارهەم: نزیک بوونەوەی سەرکردایەتی گۆڕان، وەکو کە دەگوترا، لە پارتی. ئەم نزیکبوونەوەیەی ڕابەرایەتی گۆڕان لە پارتی زیاتر لە لایەن دەسەڵاتی زۆنی سەوزەوە تەرویجی پێ دەدراو زەق دەکرایەوە. ئەمەش بووە خاڵ و هۆیەکی تری باش بۆ ئەوەی گۆڕان لە جەماوەرە ئەسڵەکەی خۆی، کە زۆرینەیان مەیلێکی ئەنتی پارتیانەیان هەبوو، دابماڵرێ
پێنجهەم: نزیک بوونەوەی گۆڕان لە ماڵێ تاڵەبانی و نەرمی نواندن لە زۆر ڕوەوە لە گەڵیاندا، نەک لەگەڵ یەکیەتی وەک حیزب. ئەمەش جەماوەری گۆڕانی وە گومان خست. چونکە بە لای جەماوەری گۆڕان و هێزە مرۆییەکەی گۆڕانەوە جیاوزای نیەو نەبووە لە نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیدا. ئەمەش بوو بە هۆی دابەزاندنی جەماوەری گۆڕان. چونکە جەماوەرەکەی گۆڕان کە زۆرینەی جەماوەری دوای ڕاپەڕین بوو مەیلێکی ئەنتی بنەماڵەیی و ئەنتی خێڵ و تاقمە گەرییان هەبوو.
شەشهەم: سەرباری ئەوەی کە ماوەیەکی زۆریشی بەسەرچوو، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، گۆڕان نەیتوانی هیچ پۆستێکی هەستیارو گرنگی ناوچەی سەوزی بە کرداری بکەوێتەدەست. سەرباری ئەوەی کە گۆڕان لە زۆنی سەوزدا زۆرینە بوو. ئەمەش جەماوەری گۆڕانی بێ هیواترکرد.
حەوتهەم: کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا کە لە لایەکەوە ڕێکخەری بزووتنەوەکە بوو لە لایەکی تریشە قوتب و تیوریست و کاریزماو هەروەها وەک مێشک و گیانی بزووتنەوەکەش سەیری دەکرا . هەر لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا، بزوتنەوەکەش بەرەو فرە کوێخایی و فرە باڵ و فرە بۆچوونی سیاسی هەنگاوی نا. واتە گۆڕان یەک بڕیاریی و ناوەندی بڕیارو مەڕجەعی کۆکرنەوەی بیرڕاکانی لەدەستدا. ئەمەش هێندەی تر گۆڕانی بەرەو هەڵتەکان و پەرش و بڵاوی لە کردارو لە بڕیاردا برد. وای لێهات کەس حسابی بۆ کەسیان نەدەکرد.
هەشتهەم: دوای مردنی ڕێکخەری بزوتنەوەکە ، کاریگەری ڕاستەوخۆ کەوتە سەر بزوتنەوەکە. بە دانانی ڕێکخەرێکی تر کە لە نێو زۆرایەتی و هێزە مرۆییەکەی گۆڕاندا لایەنگرو دۆست و هاوکاری زۆری نەبوو، وای کرد کە ئەمەش ببێتە هۆی لێ تەکینەوەی بەشێکی ترلە جەماوەری گۆڕان لە بزووتنەوەکە. هەر لە گەڵ ڕێکخەرە تازەکەش کۆمەڵێک دەم و چاوی تر کە پۆستە باڵاکانی نێو ئەو بزووتنەوەیان بەڕێوە دەبرد لە لایەن جەماوەری گۆڕانخوازەوە زۆر جێگای ئیعتیبارو ئەهلی گۆڕانکاریی نەبوون. ئەمەش بووە سەر بارو ئەرکی بزووتنەوەکەی قورستر کرد….
نۆهەم: دوای مردنی نەوشیروان موستەفاو دابەشکردنی میراتی بزووتنەوەکە، کە بە ملیۆنان دۆلارمەزندە کراوە، بەسەر بنەماڵەدا، واتە گواستنەوەی خاوەنداریەکەی بۆ کوڕەکانی نەوشیروان، وای کرد کە جەماوەری گۆڕان بۆچوونیان لەسەر ئەم بزوتنەوەیە بە گشتی و بە تایبەتیش لەسەر خودی نەوشیروان موستەفا بگۆڕێت. جەماوەری گۆڕان هاتنە سەر ئەو بڕوایەی کە ئەوەتا نەوشیروان موستەفاش هەمان ڕێچکەی تاڵەبانی و بارزانی گرتە بەر.
دەهەم: زۆرێک لە کەسی دیارو پڕ ئەزموون و خاوەن ئۆتۆریتەی جەماوەری کە لە ناو بزووتنەوەکەدا بوون بزووتنەوەکەیان یا بەجێهێشت یان شوێنیان پێ لەق کراو گوێیان لێ نەدەگیراو هامش کرابوون . بۆیە ئەمەش بە خەراپ شکایەوە بەسەر بزووتنەوەکەدا. هەندێکیش سەنگەریان گواستەوەو لەنێو لایەن و حیزبەکانی نێو دەسەڵاتدا بوونە ڕاوێشکاری بەرپرسە باڵاکانی حیزب و حکومەت. کە زۆر بە کارامەیی لە بزووتنەوەی گۆڕانیان دەدا. من پێم وایە کاریگەری ئەو جۆرە کەسانە زۆرتر بووە لە سەر گۆڕان لە هۆیەکانی تر لە سەر بزووتنەوەی گۆڕان کە بەو مەرەدەی ئێستا ڕۆیشتووە.
یازدەهەم: داخرانی پەڕلەمان و ڕێگرتن لە سەرۆکی پەڕلەمان و تەواوی وەزیرەکانی گۆڕان، بە بڕیاری تاکلایەنەی پارتی وەک حیزبی باڵادەست و خاوەن هێز، کە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، گۆڕانی خستە ناو بازنەی بێچارەیی و بێ توانایی لە زاڵ بوون بەسەر ئەو کێشەیەدا. لەو لاشەوە بێ هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی ناوپەڕلەمان بە تایبەتی دەسەڵاتی زۆنی سەوزی کۆنە هاوڕێیانی ڕێبەرانی گۆڕان نەک هەر ئەم کارەی پارتیان ئیدانە نەکرد بەڵک و، بە بڕوای من، بۆی هەیە پێشی دڵخۆشبووبن. هەندێکیشیان، وەک دەگوترا، بە نهێنی پشتی پارتیان گرتووە لەو کارەیدا. ئەمەش وای لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد کە جەماوەرەکەی لێی بکەوێتە گومان و دەستی بە دوورکەوتنەوە کرد لێی.
دوازدەهەم: هۆی هەرێ دیارو زەق و جەرگ بربۆ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوە بوو کە دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوز لە زۆر شوێن و کاتدا پشتی یەکتریان دەگرت و سیاسەت و پلانیان لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان یەک دەخست. ئەمەش بزووتنەوەکەی دەوەستاند لە پەلهاویشتن و گەشەکردن. نەک هەر ئەوە بەڵک و لایەنی سیاسی هەبووە لە نێو پەڕلەماندا هیچی بە کرداری لێ نەدەبینرا بۆ پشتگیری لە گۆڕان. وە هەندێک جارانیش وەک دەگوترا لە دژی گۆڕان جووڵەو بزوتنیان هەبوو لەگەڵ پارتی و یەکیەتی. ئەمەش ئەوەی دەگەیاند کە گۆڕان سەرباری ئەو هەموو کێشەو کەمو کوڕیانەی خۆی کە بەدەستیەوە دەیناڵاند ئەمەشی بۆ زیاد دەکرا. دەگوترا لایەن هەبووە بە جۆرێک ڕقی لە گۆڕان بووە، کە ئەگەر خودی خۆشی تێدا بچوایە بەس بۆ ئەوەی گۆڕان تێدا بچێت، دەچوو لەگەڵ پارتی و سیاسەتەکانی پارتی خۆی دەگونجان. ئەمانە ئەنتی گۆڕان بوون و هیچی تر. هەروەک کە دەگوترا گرێی دەروونیان لەگەڵ ڕێکخەرەکەی گۆڕان دا هەبوو.
سێزدەهەم: گۆڕان بە هۆی مێژووی نەو شیروان موستەفاو کارو کردەوەکانی ئەو لە دژی چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەروەها لە دژی ژنان، کە وەک دەگوترا ئەنتی ژن بوو، وای کرد کە لە دەرەوەو ناوەوەی کوردوستان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هێرش بۆ سەر نەوشیروان موستەفا بەردەوامی هەبێ. ئەمەش بە خەراپ شکایەوە بەسەر بزووتنەوەکەدا. بە بڕوای من ئەم هۆیەش خۆی لە خۆیدا قورسایی زۆری خستە سەر شانی بزووتنەوەی گۆڕان
چواردەهەم: هەڵبژاردنی کۆتایی کە ١٠-١٠-٢٠٢١ دا کرا گۆڕانی تێدا ڕووت کرایەوەو تەنها گردی ڕووتو قووتی بەدەستەوە مایەوە. هۆی سەرەکی ئەمەش، بە بڕوای من، نزیکبوونەوەی گۆڕان بوو بە تەواوی لە مامە بچووکەکان و ماڵێ تاڵەبانی لە ژێر ناوی هاوپەیمانیدا. هەتا ئەوەش بڵاوکرایەوە لە دەمی خەڵک و هەندێک بەرپرسەوە کە ماڵباتی تاڵەبانی نیازیان هەبووە بە تەواوی گۆڕان حەل بکەن و تێکەڵاوی خۆیانی بکەنەوە. ئەمەش بە تەواوی ئەو جەماوەرەی کە مابووش لە ناو گۆڕان و هاتووچۆی گردەکەیان دەکرد، کە وەک دەگوترا زیاتر بە مەبەستی زیارەتی پەیکەری نەوشیروان موستەفا بووە نەک جڤات و خانە، ئەویش نەماو ئیتر ئەمانەش هیچیترنیازیان نیە بەرەو گردەکە سەرکەون.
پازدەهەم: گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا لە ژێر ناوی هاوپەیمانیدا کە مامی بچووک سەرۆکایەتی دەکرد ، هیچ لە کاندیدەکانی گۆڕان دەرنەچوون. ئەمەش هێندەی دیکە جەماوەری گۆڕانی تووڕەکردوو پێیان وابوو گۆڵیان لێکراوە لە لایەن ماڵێ تاڵەبانییەوە. بۆیە هێندەیتر گۆڕانخوازان لە گۆڕان دوورکەوتنەوە. کاریگەری ئەم هەڵبژاردنەی کۆتایی لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا بەتەواوی ڕوون نیە بەرەو چ ئاقارێک دزووتنەوەکە ئاراستە دەکا.
شازدەهەم: بڕینی بودجەی حیزبەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە کە دیارە پارتی و یەکێتی بڕیار بەدەستن، وای لە گۆڕان کرد کە بەرەو بێ پارەیی بڕوات و نەتوانێت کارەکانی ڕاپەڕێنێ. لە بەرامبەردا دەسەڵات بە بای پیلان پارەیان تەخشان و پەخشان دەکرد. ئەمەش بوو بە هۆیەکی تر کە گۆڕانی لە نووزە و جووڵە بڕی.
حەڤدەهەم: هەندێک کەسی نێو یەکیەتیش هەبوون کە لە سەردەمی شاخدا هەمیشە ناتەبا بوون لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی گۆڕان بە تایبەتی لەگەڵ نەوشیروان موستەفا. ئەمەش وای لەو کەسانە کردوە کە لە ناوشارو سەردەمی باڵادەستی خۆیاندا تۆڵە بە شێوەی جیاجیا لە نەوشیروان و هاوڕێکانی بکەنەوە. ئەمەش بە زیانی بزوتنەوەکە تەواو بوو.
هەژدەهەم: هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان دەربارەی خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات لەسلێمانی ، بە بڕوای من، کاریگەری خەراپی دانا لەسەر جەماوەری گۆڕانخواز. لە بەرئەوەی بەشێکی دیاری بەشداربوانی خۆپیشاندانەکان پێکهاتبوو لە جەماوەری گۆڕان لە ناوشاری سلێمانی و دەوروبەری. بەڵام کاتێک کە لە تەلەفزیۆنی( کەی ئێن ئێن) وە بە بەیانێک ئیدانەی خۆپیشاندان کراو خۆپیشاندانەرانیان بە ئاژاوە گێڕ ناوهێنا هەر لەبەر ئەوەی گوایە هەندێک گەنجی خێر لە خۆ نەدیو بەردیان گرتۆتە هەندێک شوێنی سەر بە حکومەت، کە من لە گەڵ تێکدانی دام و دەزگای حکومی نیم بە هیچ شێوەیەک، جەماوەری گۆڕانخوازیان بە تەواوەتی خستە گومانەوەو لە گۆڕان و گردەکەیان دردۆنگ کرد. ئا لەو کاتەدا تەواوی میدیای سەر بەو لایەنانەی کە ناتەبا بوون لەگەڵ گۆڕان ئەوانیش ئاگرەکەیان خۆشتر دەکردو جەماوەری گۆڕانیان لە گردەکە زیاتر تووڕەو وەگومان دەخست. ئەمەش هۆیەکی تر بوو لەوەی کە گۆڕانی لە جەماوەرەکەی تەریک کردەوە.
زۆر هۆی تریش هەن بەڵام بە بڕوای من با لێرەدا بەس بێت بۆ ئەم نووسینە. بە بڕوای من هۆی شکەست و داڕمانی جەماوەری گۆڕان هەنگاو بە هەنگاو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، هەروەها ساڵ لە دوای ساڵ، هۆیەکەی نە ڕێکخەرەو نە جڤاتەو نە خانەو ڕایەڵەکانە بە تەنها، بەڵک و هۆ سەرەکییەکە بریتییە لە کۆی بەرنامەو سیستەمی سیاسی بزووتنەوەکە کە لە دوای ٢٠٠٩وە دەستی بە لادان کردووە لەو سیستەم و دیدگا سیاسییەی پێشووی کە جەماوەری گۆڕانخواز باوەڕیان پێی هەبوو. گۆڕان نەیتوانیوە ببێتە مینبەری نەوە و خەڵکی دوای ڕاپەڕین و گەنجی خوێنگەرم و تووڕە لە سیستەمی بنەماڵەیی. جەماوەری تووڕە لە دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ ئیتر تێگەییشت کە سیاسەت و سیستەمی گۆڕان و بەرنامەی کارەکانی گۆڕان لە دۆڵێکن و ئەوەی کە خەڵک و جەماوەرەکەی گۆڕانیش دەیەوێت لە دۆڵێکی ترە. ئیتر ئەوەیە ئەنجامەکەیەتی و ئەمەش لە شەوو ڕۆژێکدا ڕووی نەداوە.
لە کۆتاییدا پێم خۆشە دەربارەی ئەم مەسەلەیە ئەم دوو چوارینەتان پێشکەش بکەم بۆ زاخاوی مێشک. کە هەر خۆم نووسیومن.

گردەکەی گۆڕان، بۆچی چۆڵکرا ؟
بۆ وا بەم زوییە، بەم دەردە برا ؟
ئایا هۆیەکەی، خەتای عومەرە ؟
یا شتی ترەو، وا لای جووت برا ؟

ململانێی ئێستای، بزووتنەوەی گۆڕان
لە گەڵ داڕمان و، جەماوەر تۆران !
هەروەک و خزمان، لە پشدەر دەڵێن :
کەپەنکت بۆچیە، لە دوای باوو بۆران!

نووسینی: حەسەن ڕازانی
١٢-١٠-٢٠٢١