دواهـەمین نامەی لاوێک بـۆ دایـکی … هاوتا کوردستانی

ساڵانێک پێش ئێستا سەر لە ئێوارەی زستانێک سەرماو و سۆڵە و کڕێوە و بەفراویی بوو ، دونیا تەواو تەماویی بوو ، وە لەتەنیشت پەنجەرەی ژوورەکەمەوە دانیشتبووم و هەردوو دەستیشم لە ئەژنۆکانم گیر کردبوو و دایکیشم لەبەرانبەرم دانیشت بوو بە دەستە لەرزۆکەکانی خەریکی چنینی جلی زستانە بوو بۆ کوڕە تەنهاکەی وە پەیتا پەیتاش دەستم لە پێنووسەکە گیر دەکرد و دەمویست لەسەر دایک هۆنینەوە بکەم و شوناسی دایک بهۆنمەوە بەڵام هەر وەک پەیامبەرێکی بێ بەزەیی چریپاندبێتی بە گوێمدا هەستم بە پەژارەیەکی بەکوڵ کرد لە ناخمدا و لەو ئان و ساتانەی شەودا و دایکم چووە ناو دوونیای پەڕاوەکان و وشەکانم و پێنووسە لەرزۆکەکەی نەزۆک کردم لە هۆنینەوەی شوناسی دایک ، وە ئەو شەوە بووە یادگاریەکی تاڵ و لەو شەوەوە ژیان و قۆناغێکی تەواو جیاواز و تراژیدیتر هاتە ئاراوە و ڕێگەی بەقسەکردنی زاری دڵم نەدا و بووە کۆسپێکی دیکەی ژینم و وەک ئاگرێکی کڵپەدار وا لەناخمدا قەتیس ماوە و ئەمەوێ بە گوێتدا بچریپێنم لە سۆز و خۆشەویستی .

دایکم هەمان شەو کۆچی کرد بۆ ڕێگا ونبووەکانی خەیاڵەکانم و وەک باڵندەیەکی غەمگین بێ ماڵئاوایی لەقەفەس دەستی کرد بە فڕین ، فڕینێک کە گەڕانەوەی نەبێت ، نازانم ئا خۆ چوە دونیای کامەرانی و شادە بە کۆچەکەی یان دڵمات و زیزە ، گەر نا بۆ ناگەڕێتەوە ، بەڵام بەهەرحاڵ دوای ئەو کۆچەو فڕینەوە من بوومە مرۆیەکی ڕووخاو و دڵشکاو و تێکشکاو و شتێک نەمایەوە تەنها ئەوە نەبێت ببمە دۆستی تەنهایی و کۆنتکردنی ڕۆحم لەنێو چوار دیواردا و بوومە هاوڕێی شەوانی باڵندە بێ لانە و غەمگینەکان ، هێندە دۆستایەتیمان نزیک بوویەوە تا بەرەبەیان پێکەوە تامەزرۆ سەیر یەکمان دەکرد ، ژینێک ئاوا هات و چوو وە تێپەڕی .

ئێستاش نامەیەکی پڕ برینم پێیە ، کە دواهەمین نامەیه بۆ دایکم ، نازانم پۆستە چیەکانی خواوەند و پۆستەچیەکانی ئاسمان ئەم پەیامەم بە پارێزراویی دەگەیەنن یان نا ، تکا کارم لە فریشتەکانی خواوەند ئەم پەیامەکەم بۆ بگەیەنن بە پیرۆزترین ڕۆحی ئاسمان ، با منیش ئەم کڵپە ئاگرەی دەروونم هێوور بێتەوە ، ئەڵێم دایە گیان کۆچت کرد و ڕۆشتیت بێ ماڵئاوایی و فڕیت بۆ ئاسمان بێ لاکردنەوە ، بێ ئەوەی ئاوڕ بدەیتەوە و بێ ئەوەی ماڵئاوایی بکەیت ڕۆشتیت ، وا منیش فرمێسکەکانم چۆڕەی دێت بە بەردەوامی وەک لێزمە باران وەستانی نیە و بەهیچ ڕاناگیرێت ، جەستەم ، ڕۆحم ، دەروونم ، خەیاڵم ، هەستم ، هەمووی هەپڕوون هەپڕوون و شەقار شەقار بووە .

دایە گیان ئێستا ئەڵێم تۆ لەکوێی ؟ چی دەکەیت ؟ من وا وێڵ و سەرگەردان ، بێ ماڵ و دڵگران ، لێرە مرۆڤە دڵڕەقەکان ژینیان لێ بردووین و شتێک نەماوە بەناوی سۆز و وەفا بۆ ناگەڕێیتەوە لەدوای سۆز و ئەوینی تۆ شتێک نەماوە بەناوی ژین و سۆز و وەفاداریی ، نازانم لەشادی و کامەرانی دایت یان نا ، گەر مەیلی گەڕانەوەشت نیە دە دەستم بگرە دایەگیان با من بگەمە دیدارت بگەم بە جوانیت ، بە میهرت ، بە سۆزت ، بە وەفات ، بەشکۆت ، بەڕۆحت ، بەباوەشت ، با تێر لە باوەشت بگرم و بۆن و مەرامی ڕۆح و جەستەت بکەم ، منم کوڕە تەنهاکەی تۆ دە دایە گیان دەستم بگرە با من بگەمە دیدارت گەر مەیلی گەڕانەوەت نیە ، ئەزانی ئیدی توانای فرمێسک ڕشتنیشم نەماوە زۆر تەنهام و زۆریش نیگەران چون وەڵات بە وڵات و نیشتیمان بە نیشتیمان گەڕاندمیان وا فرمێسکەکانیشم بەرەو وشکبوون ئەچن ، چاوم کوێر بێت ، زمانم لاڵ بێت ، گوێم کەڕ بێت ، جەستەم وشک بێت ، گەر تۆی پێ نەبینم و وشەکانتی پێ نەبیستم و چاوەکانتی پێ نەبینم ، بۆ گەشتن بەدیدارت شاخەکان و کێوەکانت بە دەرزی بۆ شی دەکەمەوە و دەریا و ئۆقیانووسەکانت بۆ وشک دەکەم و زەوی و سەرزەمیات بۆ شەق دەکەم ، ڕۆح و جەستە و هەموو ژینم پێشکەش دەکەم بۆ گەشتن بە دیدارت .

وێنەکەت هەمیشە لە پێش چاومە و تا خەو دەمباتەوە تێر تێر سەیری وێنەکەت دەکەم هەرگیز ون نابیت لە پێش چاوم ، کاتێک هەر دایکێک ئەبینم کڵپەی ئاگرێکی بەتین لەڕۆح و جەستەم دێتەوە دەرەوە ، کاتێک سۆزی دایکێک بۆ ڕۆڵەکەی ئەبینم ، ئیتر فرمێسک و خوێن ئاوێتەی یەک دەبن لە جەستە و ڕۆحمدا ، گریان و تەنهایی و غەم و پەشێویی سەرلەباری ژینی منی گیرۆدەی خۆی کردووە ، دایە گیان منم کوڕە تەنهاکەی تۆ ، چرکەیەک نیە یادی تۆ نەکەم و لەغەم و گریان و پەژارەدا نەتلێمەوە بە جۆرێک مرۆڤەکانیش سڵم لێ دەکەنەوە و نایەنەوێ تێکەڵ بەو ژینەی من بن و وەک شێت سەیرم دەکەن ، نازانن شێتی دیداری تۆ و شێتی میهر و جوانی و وەفا و شکۆ و باوەش و ڕۆحی تۆم ، تەنها و تەنها بۆ یەک شەوی دیکە مۆڵەتم بدە لەباوەشتدا بنووم و تووند لە ئامێزت بگرم ، چاوەڕوانی گەڕانەوەت ژینی بردم ، گەر مەیلی گەڕانەوەت نیە دە دەستی کوڕە تەنهاکەت بگرە و با بگات بە دیدارت ، بە پەرۆشی و بە ڕاکردن بۆ ناو ئاگردانیش بۆ ئامێزت ڕا دەکەم .

هاوتا کوردستانی




لەکۆشکی کچێتی بۆ زیندانی بێوەژن … هاوتا کوردستانی

کێ بێوەژنە ، چەند کەس بێوەژنە و ناتوانێ بەدلێری و دەنگ هەڵبڕێت و بڵێ بەڵێ منیش بێوەژنم ، بێوەژنبوون تەنها لێکەوتەیەکی کۆمەڵایەتی نیە بەڵکو بێوەژنبوون ئەو شوناسە پڕ کاریسە و تراژیدیای کۆمەڵگەی کوردیە کە شوناسێکی پڕ جەور و ستەم و پڕ لە ئاڵۆزی و پڕاوپڕیش بووە لە غەم و نائومێدی ،
بێوەژنبوون خۆی لە خۆیدا ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیەی خێزانداریەیە و وە ئەم پەیوەندیەش پەیوەندیەکی پەرەسەندنە و بەچەندین قۆناغی جیاوازدا گوزەر دەکات سەرەتا دوای ئەوەی کە ئافرەت ئەچێتە قۆناغی هاوسەریەوە لە قۆناغی کچ بوونەوە ئەچێتە قۆناغی ژن بوون و دواتریش بە لێکەوتە و خستنەوەی منداڵیش ئەچێتە قۆناغی دایک بوون و دواتریش پەرەسەندنی زیاتر دوورتر گەشە دەکات .

بەڵام کە لەقۆناغی ژنبووندا جوودابوونەوەی هاوسەری و پووچەڵبوونەوەی گرێبەستی هاوسەری ڕوو دەدات ، ئیتر لێرەوە شوناسی بێوەژن بە یەخە و گەردنی ژندا هەڵدەکۆڵرێت و لە کۆشکی کچێتی دەچێتە زیندانی بێوەژنبوون و تەنها شوناسێک نیە و بەس ، بەڵکو قۆناغ و ژینێکی پڕ تراژیدی دەست پێ دەکات ئیدی لێرەوە دوونیایەکی دیکە و ژیانێکی دیکە دێتە گۆڕێ ، ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتیەش هەمان ڕێچکە لە خۆناگرێت و لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی دیکە دەگۆڕێت ، ئەو دونیا کاریسە و تراژیدیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرجەستەیە لە کۆمەڵگایەکی دیکەدا هەمان شوناس و هەمان ڕەهەندی کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە ئەمەش وابەستەیە بەهۆشیاری تاک و خێزان و ڕەنگدانەوەی ئەو پێشکەتنە فیکری و کۆمەڵایەتیەی کە بەرجەستەی کۆمەڵگایە .

بێوەژنبوون کائینێکە کە تەواو لەپرسی ئینسانبوون پەراوێز دەخرێت و وەک مرۆیەکی تاوانکار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ، کاتێک کە لەکۆمەڵەیەکدا قسە دەکات بێدەنگ دەکرێت چونکە ئەو مێینەیە و بێوەژنیشە ، کاتێک بەڕێگایەکدا دەڕوات جۆرەها توانج و گێرەی پێ دەکرێ ، کاتێک دەچێتە دەرەوە دونیایەک بیانووی پێ دەگرن گوایە کەئەم بێوەژنە و قسەیان دێتە سەر ، کاتێک دەچێتە بازاڕ و خۆی دەکات بە قەیسەریەکدا یەکێ تەسبیحێکی دوو مەتری قەزوانی بەدەستەوەیە وەک سەرچۆپی ڕایدەوەشێنێ و یەکێک خۆی لێ ئەبێتە فەنی و دەست دەکات بەگۆرانی وتن و بێوەژنە و بێوەژن و بێوەژنە دەستی دووە ، وە هەمووی بەجارێ بن گونی دەخورێت دەست دەکەن بە بن گوون خوراندن و یەکێک بەدەنگی بەرز بەوی دی ئەڵێ ئەوە ژنت نەهێنا با بێوەژنێکت بۆ مارە بکەین ، وە کاتێک شتێک دەکڕێت چاوێکی لێ هەڵدەتەکێنن و دە لای بە با عایدی خۆمان بێت ، ئەمە تەنها لەچوونە بازاڕێکدا ئەمەی بەسەر دێت ، ئەمەیە بێوەژنبوون لەکۆمەڵگەی کوردیدا ، ناتوانێت بەدڵی خۆی قسە بکات ، بەدڵی خۆی پۆشاک بپۆشێت ، بەدڵی خۆی بجوڵێتەوە نا نەکەی تۆ بێوەژنی ، تەنانەت بۆنیش بەکاردێنێت بیانووی پێ دەگرن چون ئەو بێوەژنە .

هەر تراژیدیایەک نیە و ببڕێتەوە ، ژینیان لێ بووەتە دۆزەخ ، لەهەموو شوێنێکی ئەم دوونیایە هەست بە نامۆیی دەکەن ، مووچەیەکی 100 هەزاریشیان هەبوو بەدەیان ڕیسوایی و شەرمەوە وەریان دەگرت ئێستا ئەوەشیان لێ بڕین ، وەک بڵێی بارگرانی بن بەسەر حکومەتێکی زەبەلاحەوە و دەستیان خستە گەرووی بێوەژن و نان بڕاویان کردن ، هەر لەوێشدا وەک مرۆێەکی ئاسایی نەدەبینران وەک بڵێی خێریان پێ بکرێ ، لەهیچ شوێنێک و لەهیچ سەدایەک لەنێو پرسی ئینسانبووندا نین و خراونەتە دەرەوەی پرسی ئینسانبوون ، ئەمە هەموو غەم زامی بێوەژنی کۆمەڵگای کوردی نەبوو بەڵکو ڕەنگە پەڕەی یاداشتنامەی یەک ڕۆژەی بێوەژنێک بێت ، ڕەنگە هەر تاکێک لەناو ئەم غەمانەدا بێت و هەستی پێ بکات و ئەو پرسیارەی لەلا دروست ببێت و بڵێ ئێ بە باسکردنی چ دەگۆڕێت ؟ ، هەموومان غەمەکانیان دەبینین بەڵام هەموومان هەست بەو ئازار و زیندانە ناکەین کە ئەوان ژیانی تێدا دەکەن ، بۆ ئەمەش دوو ئیمکان هەیە بۆ چارەسەر

یەکەم پەروەڕدەیەکی تەندروست بۆ تاک و بۆ خێزان ئەمەش بەهۆشیاریەکی قۆناغ درێژی پێویستە ، ئەمەش بەچەندین ڕێگای جۆربەجۆر ئەتوانین خاوەن پاشخانێکی پەروەردەیی و مۆڕاڵی بین
دووەم ئەرکی مەدەنیەت و ڕێکخراوی مەدەنی و لایەنی دەسەڵات لەسەر ئەم پرسە بێنە پێشەوە و کاری جدی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت و لایەک لەم گرفتانە بکەنەوە ئەم کێشەیە بە ئەندازەی مادەی 140 ئێمەی نیگەران کردووە و ئەوەندەی ئەو کێشەیە گرنگی هەیە و ئەوەندەی گرفتی شەفافی کەیسی نەوت جێی گرنگیە ، وە پێویستی بە چارەسەری هەنووکەییە ، چونکە چارەسەر نەبوونی ئەم کێشانە سەرجەم دەروازەکانی کرانەوە و بەرەوپێشچونمان لەسەر دادەخات ، وە بۆ ئەمەش ئەم دوو ئیمکانەی دەربازبوون هەیە .




منیش سۆزانیم … هاوتا کوردستانی

سۆزانیەکی بێ ناونیشان و بێ شوناسم ،
ئاوارە و غەریبی نیشتیمانم و
هەمیشە قەڵغانی شکێنەری سەهۆڵبەندان و بەستەڵەکی نەریت و شەریعەتم
، شکێنەری کۆت و بەندەکانی ئاین و کەڵچەرەکانم ، من سۆزانیەکم
جەستەم دەفرۆشم بەو ناشەریفانەی کە بەپارەکانیان وەک گیانندارێکی دڕندە چۆنم بوێ دەیسوڕێنم و
چۆکی پێ دادەدەم لەبەردەم ڕەمەکی
بەڵام ئەو وەک شەهامەت باسی دەکات و
شوناسی لەشفرۆش دادەکوتن بە یەخە و گەردنی ئێمەدا .

بێ شەهامەتی پیاو لەوێدا دەست پێ دەکات
وەک پارێزەری کەرامەت و
بەدەقێکی ئاینیەوە
دەنەڕێنێ بەسەر ئافرەت و مێینەدا ،
من جەستەم دەفرۆشم
بەڵام
دڵم نافرۆشم و
ویژدانم نافرۆشم
خاوەن دڵ و خەیاڵێکی ئەفسوناوییم
من وێرانکاری و
نادادی ناخولقێنم
من پەیامی ئازادی لەناخمدایە نەک پەیامی خوێن ڕشتن و کاولکاریی ،
ئەمەوێت ئەوە بڵێم منێکی نەفرین لێکراو و
تاوانبار نیم ،
من هۆکاری وێرانکاریی کۆمەڵگا نیم
، ئەمەوێت دەستی دۆستەکانم بگرم و
وەک باڵندەکان بدەین لەشەقەی باڵ و
بفڕین
لەم نەریت و شەریعەتەی کە کۆتی کردووین لەقەفەسێکدا ،
ئەمانەوێت دەرچین و
ئازاد بین
ئێمەش وەک ئێوە خاوەنی شەهامەت و شەرەفین ،
کە تۆ چۆکت دادا لەبەردەم سۆزانیەکدا و
وەک باڵندەیەکی بێ پەڕ و باڵ کز و مات و
دەستە و ئەژنۆ بویت
ئیدی کێیە پێشەنگی بێ شەرەفی ؟ ،
کێیە سۆزانی ؟
گەر تۆ چۆک دانەیەیت بۆ سۆزانیەک
نابێته سۆزانی
تۆیت سۆزانی
، پێویستە پیاوان شوناسی سۆزانی
تا ئەبەد بە یەخە و گەردنیاندا بنەخشێنرێت ،

ئێستا کاتی ڕاچەنینە
لەو خەیاڵ بڵاویەی نەریت و شەریعەت
کە پەیتا پەیتا دوو ڕەشمار بوون
هەموو کات و ساتێک خۆیان مەڵاس داوە و
لەهەموو ئانووساتێکدا لەکەمیندا بوون و
ژەهری خۆیان ڕشتووە بەسەر
جەستە و ڕۆحی “ژن ” دا

گەر سۆزانی بوونی ژن جارێک بۆ
نالەباری ژیان و
جارێک بۆ سەرمایە و
ڕەنگە جارێکیش بۆ ڕەمەک بێت
بـەڵام ……
پیاو لە هێرشی ڕەمەک زیاتر
چی دیکە هەیە بێتە سۆزانی و
دروستکەری سۆزانیش بێ
پیاوانی ئاین سومبولی ئاینی فڕێدا و
پیاو شەڕواڵی داکەند
لەبەردەم سۆزانیەکدا دواتر
دەڵێن سۆزانیە و بێ شەرەفە
وەک بڵێی ئەوان فریشتە

دڵ فرۆشتن و
ویژدان فرۆشی و
ڕۆح فرۆشتن و
دەروون فرۆشی
نا …نا
هیچیان شوناسی
سۆزانی بوون نین
بەڵام ئێمەی سۆزانی کە
دڵ و
دەروون و
ویژدان و
ڕۆح
لە جەستەماندا ڕەگی چەقیوە
هەر ئێمەین سۆزانی نەفرین لێکراو
بەڵام
هەر کەسە و ڕۆحیەتی سۆزانی بوون لەجەستەیدایە
هەر سۆزانیەک و بەشێکی جەستەی دەفرۆشێت
دامێن فرۆشی
هێندەی فرۆشتنی
“دڵ و ویژدان ” فرۆشی بەسۆ نیە
کە هەمیشە سۆزانی بوون لە ناخیدایە
بەڵام نا ….. نا نا
هەر ئێمەین سۆزانی و
هەر ئێمەین سۆزانی .

هاوتا کوردستانی…




ئیسلامگەراکان و پەرچەکرداریان لە جیهانی عەرەبی و خۆرئاواییدا … هاوتا کوردستانی

ئیسلامگەراکان و پەرچەکرداریان لە جیهانی عەرەبی و خۆرئاواییدا فۆڕمێکی فۆبیای وەرگرتوە بۆ پرس و کارلێکە ئاینیەکانی ڕۆژ و سەردەم و کاریکاتێر بەشێکی دیکەی نێو فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دەزگا چاپەمەنی و نووسراوەکانە و وەگرنگی پێدانیشی بەپێی هڵکەوتەی جوگرافی دەگۆڕێت و گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەمەش پەیوەندیدارە بە لایەنی فەرهەنگی و فیکری و کۆمەڵایەتیەوە و لەشوێنێک بۆ شوێنێکی کە و لەجێگەیەک بۆ جێگەیەکی دیکە جیاوازە لە گۆڤاری charlie hebdo چاڕلی هیبدۆ گۆڤارێکە لە وڵاتی فەڕەنسا کە گۆڤارێکی تایبەت بە کاریکاتێرە و وەک ڕوونە لەوڵاتانی خۆرئاوادا گرنگی پێدان بەم فۆڕمەی مەهزەلە گرنگی و پێگەی خۆی هەیە و جێگەی بایەخە بەڵام بە بەراورد بەوڵاتانی خۆرهەڵات و عەرەبی ئەم بایەخ و گرنگی پێدانە کەمتر دەبێتەوە و لێرە زیاتر تیشک لەسەر ڕەهەندی سیاسی و دینیە، وە وڵاتی فەڕەنساش وەڵاتێکی سیستەم سیکۆلاریە و دین و ئاینی جۆربەجۆر ئامادەیی هەیە و ئاینی ئیسلامیش بەشێکی بچووک لەم ڕێژەیە پێک دەهێنێ و ئەوانیش وەک هەموو ئاینەکانی دیکە بەر ئەم مەهزەلەیە کەوتوون بە کاریکاتێر و ئیسلامیەکانی جیهانی خۆرهەڵات هەرزوو هاتنە دەنگ و دەڵێن “بێ ڕێزی و سووکایەتی بە مووسوڵمان و شوێنکەوتوانانی ئیسلام کراوە لەکاتێکدا تەنها ئەرکی ئیسلامی خۆیان بەجێدەهێنن ، بێ دوو و سێ بەبێ ئەوەی لەناوەڕۆک و ڕاستی و دروستی هەواڵەکەدا بچن و تێگەشتنێکی عەقڵانی بۆ بابەتە بکرێ ، بەجارێک هەڵشاخاون بە سەرجەم بنەما و پڕەنسیپە گشتگیرەکانی ڕۆژئاوا و دونیای مۆدێرنەدا.

فۆبیایەکی گەورە و ترسناک لەنێوئیسلامیەکاندا بەڕوونی و ئاشکرایی دەبینرێت ، کاتێک کەسەرهەڵدانی ئیسلام و دزەکردنی بەهەموو دونیادا و هەر لە فەتح کردن و جیهاد و پاوانخوازی کردنی دەوڵەتان بە میتۆدی ئیسلامگەرا و بەکارهێنانی سەرجەم ئامڕازەکان بۆ گەیشتنی ئیسلام بەهەموو وڵاتانی دونیا و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاینێکە تەواو هاوتەریبە لەگەڵ پڕەنسپەکانی مافی مرۆڤ و بێ خوش و پاک و بێگەردە و خەڵک ڕۆژانە خۆیان بەرەو باوەشی ئیسلام ڕادەکەن ، کەبەشێوەیەکی بەربڵاو لەسەرجەم وڵاتانی دوونیا و دونیای خۆرهەڵات و خۆرئاوا پێک دەهێنن بەپێی سەنگ و قوورسایی خۆیان بەجۆرێک هەنگاوی ناوە کە لە سەرجەم جومگەکانی فەزای گشتی و مەجالی گشتیدا بەشدارە و بەسەدان و هەزاران مزگەوت و تەکیە و خانەقا و تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ و کەناڵ و بگرە ناوەندی ئیسلامی و کۆلێژ و جۆرەها شێوە پەیام وگوتارە ئاینیەکانیان دەگەیەنن .

هێرشێکی گەورە و ناعەقڵانی کراوەتە سەر دیمووکراسی و مافی مرۆڤ و بنەماکانی دونیای مۆدێرنە و تەواو تۆقیوون لە کاریکاتێرێک و سەرجەم بەها دیمووکراسیەکەیان لە وێنەیەکی کاریکاتێردا کورتکردوەتەوە و هێرشی ناڕەوا دەکەن ، گۆڤارێک یان کەسێک بەهایەکی دیمووکراسی پێشێل کرد ناکرێ وڕەوا نیە سیستەمێکی سەدان ساڵەی ڕۆژئاوا لەکەدار بکەیت و بەپووچەڵ و خوڕافیات پێناسە بکرێت ، لەنێو فەزا ئاینیەکەشدا ڕۆژانە بەهەزاران مزگەوت و مینبەر و بانگخواز و مەلاوە هێرش و سوکایەتی دەکەن بە سەرجەم ڕەوت و ئایدیاکانی ڕۆژئاوا و سیکۆلاریستەکان و شوناسی بەد ئەخلاقی و لەخشتەبردنی ڕەوشت و سەدان تۆمەتی نالۆژیک دەرێتە پاڵیان ، بەبێ ئەوەی یەک سیکۆلار بەئەندازەی گەردیلەیەک ترسی هەبێ و ببێتە هۆی ئەو پەرچە کردارەی لێرە دەبینرێت ، بەڵام ئیسلام بەزیاد لەملیارێک موسوڵمان لە سەرجەم وڵاتانی دوونیا پێک دەهێنێ و بەجۆرەها فۆڕم ئامادەیی هەیە بەجارێک تۆقیون لە وێنەیەک و بیگرە ئاساییە بەلایانەوە هەموو تاکێکی مووسوڵمان هانبدرێت و بۆ بەرگری ئەرکی ئاینداریان بەجارێک بڕژێنە سەر شەقامەکان ،

لێرەش لەکۆمەڵگا موسوڵمان نشینەکان زۆر زیاتر لەوەو قێزەونتریش بەو کەسانە دەکرێ کە حیجاب ناکەن و سفوورن و وەک مرۆڤێکی نادین و یاخی و بەچاوێکی دیکەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ، بەهەموو شێوەیەک هێرش و سووکایەتی پێ کردن دەبینین بەڵام بەیەک کاریکاتێر ڕاستەوخۆ لێرەوە قەڵس دەبن ، ئەبێ ڕەچاوی کۆمەڵگە بکرێ لەڕووی فەرهەنگی ، کۆمەڵایەتی ، کولتووریەوە و وە لێرەدا ئەرکی ئێمە بەرگری کردن و پاساوهێنانەوە نیە بۆ جیهانی خۆرئاوا و ئەو کارە و ئەرکیشمان دژایەتی ئاین و ئاینداریی نیە و بەهەموو شێوەیەکیش لەهەر شوێنێکی دوونیا و ئەم هەسارەیە بێ ڕێزی بەهەر مرۆڤێک بکرێت هەر دین و ڕەگەز و ئایدیا و ئایدۆلۆژیایەکی هەبێ دژی دەوەستینەوە و بەکارێکی ناڕەوا و ناپەسەندی دەزانین .

هەر لەم مێژووە تازەیەی ئەم چەند ساڵەی دوایدا و دوای چوونە قۆناغی کرانەوە و هاوچەرخبوون دەیان دەنگی ئازاد و ڕەخنەگر لەلایەن سەدان مەلا و بانگخواز سکاڵایان جوڵاندوە کە دژ بەبنەما ئاینیەکان دەدوێن بە هەزاران مزگەوت و مەلاوە فۆبیای ئەوەیان هەیە کە ئەوان ئەیانەوێ خەڵک بێ دین بکەن و لەڕەگ و ڕیشەی ئیسلامی دایانبڕن بەڵام ئێوە بەو ڕێژەیەوە ئیمکانی توانای زیادکردنی تاقە موسوڵمانێکیشتان نیە و بەڵام ئاینێک کە وا هەزار و چوارسەد و قسوور ساڵە واتە زیاد لەچواردە سەدەیە گەشتوەتە هەسارەی مرۆڤایەتی و بەشێوەیەکی گشتیش تاکەکانی خۆرهەڵات تەواو فۆرمەڵەبوون بە تێزی ئاین و لەژێر چەتری ئایندان بەڵام ترسەکە زۆر لەو ڕێژەیە گەورەترە ترس لەوەی گومان لای تاک دروست ببێت و ئەو ڕێژەیەش بێنێته خوارەوە بەڵام نەوە دوای نەوە ئەو سەوابتانە نەقڵ کراوە و کەم تا زۆر تاکەکان ئاشناییان بەو سەوابتانە هەیە بەڵام نایەنەوێت سەرپشک بکرێن یان ئیمکانێک دروست ببێت دەرفەت بەتاک بدات بەشوێن حەقیقەتەکانی ژیان بگەڕێت و هەوڵ بۆ ئاسۆی ژیان و ژیانێکی کەماڵ و پڕاکتیک ئەخلاقی بدات دواجار هەر ئەم ترس و فۆبیایە بەشێوەیەکی ناخوود ئاگا بەرەو هەڵدێری گەورە گەورەیان دەبات .

هاوتا کوردستانی




ترادیسیۆنی ئیسلامی و مافەکانی مرۆڤ … هاوتا کوردستانی

ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەی دونیای مۆدێرن و جیهانی ئیسلامی کەتەواوی ناوەندە ڕوناکبیریەکانی “چەپڕەو” و “ڕاستڕەو” ەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە ، کە جێگەی گرێ و گۆڵ و گیروگازێکی زۆرە جێگەی مشتومڕە لەنێوان بانگخوازانی دین و گوتارە ئاینیەکان و بیریارانی ڕۆشنگەری و گوتارە مەعریفیەکان ، بەجۆرێک هەریەکەیان خۆیان بەسەرچاوە و هەڵقوڵێنەری ئەو بەرەوپێشچوونەی مرۆڤ دەزانن و بانگەشەی بێگەردی خۆیان دەکەن.

ترادیسیۆنی ئیسلامی پێی وایە کەتەواوی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکانی مرۆڤ بەزیادەوە مەیسەر کراوە لە ئایندا بەڵام پەرژین کراوە و لەناو چوارچێوەی شەریعەتدا مومارەسەی دەکرێ ، دەبێت تاکەکان لەنێو ئەو چوارچێوە دینیەدا هەڵسوکەوت بەماف و ئازادیەکانیانەوە بکەن وە پێشی وایە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ تەواوی مادەکانی لەناو ئایندا هەڵجێنراوە و لەئایندا هەیە بەڵام بەرگێکی مەعریفی بەبەردا کراوە ، لەکاتێکدا ئەو جاڕنامەیە هیچ پەیوەندی بە ڕەوتی ئاینی و ئایدۆلۆژی و بیرێکەوە نیە لەژێر پاڵەپەستۆی هیچ ئاین و ئایدۆلۆجیایەک دانەڕێژراوە دوای کاولکاری و ماڵوێرانیەکانی مرۆڤ و بەرهەمی دوای دوو جەنگی خوێناوی بووە ، کە بەپێی سەرچاوەکان جەنگی جیهانی یەکەم 65 ملێۆن مرۆڤ و جەننگی جیهانی دووەم 72 ملێۆن مرۆڤ بووەتە قوربانی واتە بەکۆی هەردوو جەنگەکە 137 ملێۆن مرۆڤ قوربانی ئەو دوو جەنگە بوون وە ئەم جاڕنامەیەش تەنها بەر مەبنای “مرۆڤ” بوون داڕێژراوە مامەڵە دەکات وەک مرۆیەکی خاوەن عەقڵ و ویژدان .

کێشمەکێشەکەی ئاین و ڕۆشنگەری لێرەوە قوڵتر دەبێتەوە و ترادیسۆنی ئیسلامی گیروگازی لەگەڵ چەند بەندێکی جاڕنامەکەدا هەیە و کە پێچەوانەی بنەماکانی ئاین مامەڵە دەکات کەتایبەت بە ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانە ، وەلێرەدا ناتوانین ئاماژە بە هەموو بەندەکانی ناو جاڕنامەکە بکەین بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر ئەو بەندانەی کە تا هەنووکە مشتومڕی لەسەرە پەیوەندیدارە بەمرۆڤ و پرسی ئینسانبوونەوە لەوانە .

یەکەم : وەک مافەکانی ئافرەت کە ئەمەش ناکۆکیەکەدا قووڵتر دەکاتەوە لەنێو مۆنۆتیزم و ئاتیزمدا ، هەردوولا ئەیانەوێ دەرخەری ئەوە بن کەمافەکانی ئافرەت لای خۆی مەیسەرکراوە و پڕەنسیپەکانی ئەوی دی بێ ڕێزیە بە ئافرەت بەڵام لێرەدا بەراوردکاریەک بکەین کە بەشێک لەو ماف و ئازادیانەی لە ئایندا باسکراوە قەتیس کراوە و لەچوارچێوەی شەریعەتێکی جێگیردا کە ئیمکانی گۆڕانکاری کردن تێیدا ڕەت دەکاتەوە کە بوونی ئافرەت تەواو کۆت و بەند دەکات لەوانەش وەک مافی میرات وفرەژنی و شاهیدی گرتن و ئازادی پۆشاک پۆشین دیارترین کێشەکانی ئافرەت و وەزۆرترین کێشمەکێش و قسەو باسی لەسەرە ،
دووەم یەکێکی دی لەوانە مافی ئازادی هەڵبژاردن و گۆڕینی ئاینە کەئەمەش بەسەرەتایی ترین مافی تاک دادەنرێ لەدوونیای ڕۆشنگەری و مۆدێرندا ، بەڵام لە ترادیسیۆنی ئیسلامیدا کەبەهەموو جۆرێک گۆڕینی ئاین ڕێگەپێدراو نیە و قەدەغەیە و تاوانە و سەرپێچیکەر ڕووبەڕوی “سەنگەسار دەبێتەوە ” واتە بەردباران و ڕەجم کردن لەبەردەم کۆمەڵگەی مووسوڵماناندا تا گیان لەدەست دەدات بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ ئەوانی دیکەش ، هەڵبژاردنی ئاین زادەی ئیرادە و بیرکردنەوە و تێڕامانی تاکە بەڵام لێرەدا ئەو ئیرادەیە لەقاڵب دەدرێت.

سێەم یەکێکی دیکە بازرگانی کردنە بە مرۆڤەکانەوە ، کۆیلە هەر زوو بە تێپەڕبوونی قۆناغە فیکری و هزریی و مێژووەیەکان بنەبڕ کرا بەڵام لەناو جیهانی ئیسلامیدا کە هەڵگری دژایەتی کۆیلایەتی بوونی مرۆڤە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆیلە لەوڵاتە ئیسلامیەکان بەربڵاوە وەک وڵاتانی ئاسیا ، ئەفریقا ، کەمبۆدیا و لاوس کەبازاڕی فرۆشتنی مرۆڤ و کۆیلە بەئاشکرا دەبینرێ و وەک شت و مەک و پێداویستیەکی ڕۆژانە مامەڵەی پێوە دەکرێ .

دەبینین و دەبیستین ڕۆژانە سەدان و هەزاران گەنج و پیر و ژن و منداڵ لەسەرانسەری جیهان ڕێگەی هات و نەهات دەگرن و لەوڵاتانی ڕۆژئاوا پەناهەندەن ، تەنانەت لەو ڕێژەیەش زۆری زۆرینەی موسوڵمانەکان هانا بۆ وڵاتانی سیکۆلار و مەسیحیەت و وڵاتانی بێ دین دەبەن ، هانا بۆ وەڵاتانی ئیسلامی نابەن لەکاتێکدا یەک ئاین و یەک خوداو یەک پەیامبەریان هەیه ، هانا بۆ وڵاتێکی وەک سعوودیه نابەن کە زیاد لەملیارێک موسوڵمان وەک قیبلە ڕووی تێدەکەن و پەرستشی تێدا دەکەن لێرەدا دەگەینە دەرخەری ئەو ئەنجامەکەی کە لە جیهانی خۆرئاوادا مامەڵەیەکی فراوان هەیە لەسەر پڕەنسیپی مرۆڤبوون و چەمکی هاوڵاتی بوون بەڵام لەناو جیهانی ئیسلامیدا تێیدا پەیوەندی و مامەڵەکان لەبەرانبەر هاوڵاتی بووندا کورت دەکرێنەوە بۆ چەمکی موسوڵمان و غەیرە موسوڵمان ، لێرەوە دەتوانین ئەوە بەیان کەین کە تەواوی ئازادی و مافەکانی پارێزراوە و بێ گوێدانە هیچ ئایدیا و ڕەگەز و ئاین و کولتوورێک و مامەڵە بەمافەکانیەوە دەکات و ئەو بەندانەی ناو جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە هیچ ئایدیا و ئاینێکەوە هەڵنەهێنجراوە.




پێنووسێکم دەوێ کێ پێم دەدات ؟ … هاوتا کوردستانی

خوێندنەوە و نووسین دوانەیەکی لێک دانەبڕاوی ژیانم بوون و وەک دوو ڕۆح بوون کە لەجەستەی پێنووسێکدا ڕۆچووبێتن ، هەمیشە و لەکاتی ئاوەزکردنم بەشتەکان و دیاردە و بەهاکان هەمیشە هەوڵم داوە بەشێک نەبم لەغەم و زامەکانی کۆمەڵگا و نیشتیمان بەڵکو خەونم بووە بتوانم بەشێکی کەمیش بێت لەو پەژارە و چەوسانەوەی نیشتیمان و گەلەکەم هەڵگرم و ئەمەش نووسینم کردە دەروازە بۆ خەونە بچوکەکانی نیشتیمانەکەم و شەقامەکانی نیشتیمان لە جیهانی بێدەنگی دزە بکەنە دەرەوە و کوچەو و کۆڵان و کون و کەلەبەری ئەم وڵاتە بێتە مەودایەکی ئارامگر و هێنەری شادیە نەبڕاوەکان و ئیدی دەستی ئەم نیشتیمانە ماندووە بگرێت و لە بێماڵی و دڵڕەقی کەنار گیری بکات،

نووسین ئاوازی بەرخوورد و دڵ و دەروون و پیشاندانێکی ڕاستەوخۆ و ناوڕاستەوخۆی ئەو واقیعە شیرین و هەم نالەباریشەیە ، وە نووسین خۆشی لێوان لێوە لەتراژیدیا و کاریسەی گەورە گەورە کاتێک تۆ ئەتەوێ لەقووڵایی تراژیدیایەکەوە تراژیدیەکی دیکە پیشانبدەیت ئەمەش هێندەی تر ئاڵۆزی و تەنگەژەی زیاتر دێنێتە پێشەوە ، ئێمەومانان و کەسانی هاوشێوەش هەمیشە لەتەقەلای ئەوەدا بووین ئەو تراژیدیە قووڵەی خۆمان حەشاربدەین و تراژیادیای کۆمەڵ نمایش بکەین وە ئێمەش لەناو ئەو کاریسەیەشدا خەونی بچووک بچووکمان هەبووە و سات بە سات و ڕۆژ بە ڕۆژیش لەگەڵ گەورەبوونی ئەم تراژیدیایەدا خەونە بچوکەکانی ئێمەش گەورەبوون و گەشەیان کردووە لە گەشەکردن نەوەستاون ،

کاتێک هەست کردنیش بەم بەرپرسیارێتیە و ڕۆچوونە نێو دونیا و فەزایەکەوە ئیدی هێدی هێدی دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ دیاردە و ڕووداو و بەها بەرجەستەکراوەکان دێتە ئاراوە ، لێرەدا بەشێکی ئەو تراژیدیاییە دێنمەسەر باس و سەر مێزی گفتووگۆ بۆ ئەوە نا کەنیشانی بدەم ژینی ئێمە پڕە لەتراژیدی و لەگەڵیشیدا لە هەم و پەژارەی تراژیدی دەستە جەمعیشداین و داستانی قارەمانی و نەبەردی ناگێڕینەوە بەڵکو ئەو واقیعە دژوارە باسدەکەین کە تاهەنووکە نەمان ویستوە کۆمەڵیش تێکەڵ بە تراژیدیە قووڵەکانی ئێمە ببێت بەڵام من وەک خۆم بە پێویستم زانی ئەزموونێکی کەم بگێڕمەوە و وەتەنها ماف بەخۆم دەدەم تەنها باسی خۆم بکەم و بۆ ئەوەی لێرەوە تێگەشتنێک هەبێت بۆ ئەو مەودا عیرفانیەی کوردی .
سەرەتا وەک تاکێکی بەرجەستەکراو و ڕاستەوخۆ و چوونە نێو دیاردە و کاریسەکانی کۆمەڵگا و پانتایەکی مەعریفی کە بتوانێت هەڵگری ئەم ئازارانە بێت و بەرجەستەی بکات بە پێنووسێکی ماندوو لەکاتی دەستپێکردنم سەرەتاشدا دەستم دایە پێنووس و خوێندنەوە بوە خۆراک و وزەی جەستەو عەقڵ و دەروونم و خۆم و خەون و خولیاکانم لەنێو چواردیواردا هێشتەوە و خۆم و پێنووسێک لەناوی ژوورێکی داخراودا بەقەتیس کراوی ماینەوە و دەستم دایە پێنووس ، سەرەتای دەستپێکم لە ڕۆژنامە و گۆڤار و دەزگا چامەنی و ماڵپەڕەکوردیەکانەوە دەستی پێکرد

لەڕۆژنامەکانی
_ هەواڵ نیووز
_وشە
_ئاژانس
_کوردستانی نوێ
_هاوڵاتی و ئاوێنە

ماڵپەڕەکانی
ئێن ئاڕ تی NRT
تۆڕی میدیایی خەڵک
وێستگە نیووز
ئاگا پرێس
کەی جی ئێن kgn
بزاڤ پرێس
میلەت پرێس
ئاڕاستە
کورد نیووز
ژیان
سنوور میدیا

ئەوانەی کە لەهزر و یادگەم مابێتەوە ئەوانە بوون کەشتم بۆ نووسیون و لەبابەتی (وتار و چیرۆک و توێژینەوە و سەرگوزەشتە ) بەبێ گوێدانە لایەنی ئایدۆلۆچی و ئینتیمابوون بۆ دەمارگیری حیزبی و سیاسی و لەسەرجەمیاندا وەک یەک مامەڵەم کردووە و پانتایی نووسینەکانیش بوونی تیشک خستنه سەر گەڕانەوەی فەزای مەدەنیەت و بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دەستووری و مامەڵەی حیزبی و سیاسی لەگەڵ کۆمەڵگای هاوچەرخ و تێزی بیرکردنەوە و ڕۆچوون و قاڵبوونەوە و پێدانەوەی شوناسێکی دیکە بە هەیمەنە و ڕۆڵ و کاریگەریەکانی ئاین و بوونیادنانی تاکێکی ڕەخنەگر و هەموو تاکێک وشەی “نا ” ببێتە پڕەسیپی ژیانی وە کارکردن و جەغت کردنەوە لە کۆمەڵێک پڕەسیپ و بەها و ئاکاری باڵا بەڵام لێرە زیاتر مەودای باسکردنی نیە و وەبەڵام وا نزیکەی شەش مانگ دەبێت وشەیەکیشمان بۆ هیچ دەزگایەک نەناردووە و ئەوەی نووسین و زادەی بیر بوبێت لێرەوە خستومانەتە ڕوو بەڵام لەگەڵ خستنەڕووی بەرانبەریش بۆ دەرخستنی بەڵام من ئامادەییم دەرنەبڕیووە و لێرەوە بەشێووەیەکی ڕاستەوخۆ ئەرگوێمێنت و بیرەکان تاوتوێ کردووە و زۆر خۆشحاڵتر بووم هەرچەند کەهەموو کەسێک و هەموو دەزگایەکیشم سەرپشک کردووە لەبەکارهێنانی نووسینەکان بەبێ مۆڵەتیش مامەڵەی پێوە بکەن لەچوارچێوەیەکی یاساییدا ، وە قەڵایەکیش لەپشت منەوە هەیە کە هەموو ژینگە و کەسە نزیکەکانیشم دژایەتیم بکەن ئەو بەتاق و تەنهاش بێت هەر لەپشتمە و بەرانبەر هەموو پەرچەکردارێک دەبێتە قەڵغان و وە هەنگاو بە هەنگاوم زیاتر مسۆگەر تر دەکات و ئێرەش شوێنی ناو هێنان و مەدح کردنی نیە بۆیە تەنها وەک بەشێکی پڕۆسەکە باسی دەکەم بۆیە ئەڵێم مرۆڤە باشەکان سەرلەنوێ ڕامان دەچڵەکێنن و وامان لێ دەکەن دووبارە پێناسەی مرۆڤ بکەینەوە کەئەویش مرۆیەکی گەورەیە و باسکردنی بۆ شوێنی خۆی جێ دەهێڵم .
Haw Ta
سوێند بە نیشتیمان ماندووەکەم و بەخۆڵ و خاشاکی تا وزە لەڕۆح و جەستەمدا بێت بڕشتی پێنووسم لەخزمەت ئەم نیشتیمانەدا دەبێت ، پەیامی من ئەوەیە کە هەر تاکێک لەو نوخبە گوڵبژێرانەی میوانی ئەم سەکۆیە و خوێنەری نووسینەکانم پێنووسێکم لێیان دەوێت ، پێنووسێکم بەدیاری پێشکەش بکەن بە پێنووسەکانی ئێوە زیاتر بەگوڕتر بەردەوام بین و سەرلەبەری تراژیدیاکان ڕیشەکێش بکەین ، و ئامادەیی ئێوە بە بەخشینی پێنووسێک دەست پێ دەکات گەر بیگرە 100 کەس ئامادە بێت 100 پێنووسم پێشکەش بکەن ، و ئەو پێنووسانەی ئێوە بەکاردێنم و شەرەفمەند دەبم گەر سەد پێنووسە ڕەنگە چەندساڵێک و ڕەنگە دەیان ساڵی داهاتوو بە پێنووسی ئێوە مۆڵگەی نووسینەکان ئاوەدان بکەمەوە
کەمپینێک دەبێت یەک دوو جارێکیش ئەنجامی بدەین ڕەنگە تا دواهەناسەی نووسینیش بەردەوامبوونی نووسینەکانم بە پێنووسەکانتان مسۆگەر بێت و وەئەمەش دەکەین بە کولتورێک کە تاکەکان هەڵگری ڕۆحی ئازادیخوازی دەبن و دەبنە هۆکاری نوێبوونەوە و بووژانەوەی وزە بەرجەستەکراوەکانی نووسەران و پێنووس بەدەستان دەبێت و ئەم کەمپینەش درێژکراوە دەبێت و بەڵکو ببێتە دەروازەیەک کەهەموو نوسەرەکانیش ئەم کەمپینە ڕابگەیەنن، ئەمە کەمپینێکە داوای پێنووس ئەکەم نەسواڵە و نەخێر بەڵکو پێکەوە گرێدان و ئاشتبوونەوەیە لەنێوان تاک و خوێنەردا لەبری زڕاندن و سڕینەوەی پێنووسە ئازادەکان پێنووسێک ببەخشن کە بە ئازادی بنووسێت وەک تاکێک بەم کارە دەتوانین گۆڕانکاری واقیعی دروست بکەین گەر تاکێک ئامادەیی بەخشینی پێنووسێکی نەبێت و باس لەدونیای هاوچەرخ و گۆڕاکاری ڕیشەیی بکات وەک مەلەکردنە پێچەوانە شەپۆلی دەریا و دەبێت هەر لەو خەونە قووڵانەدا بژین و نەوەکانی داهاتووش هیوا بەم خەونانەوە ببینن، دەتوانن ئێوەش بەشێکبن لەو فەزا مەعریفیە و خۆتان کەنارگیر مەکەن و وەک دوو ئاڕاستەی جوودا مامەڵە نەکەین و ئامێزانبوونی یەک ببین بۆ بوونیادنانی فەزایەکی هێمن و ئارام و دوور ئاڵۆزی و ژاوەژاو ئەو ژاوەژاوەی تەواوی دەروونمان ئاڵۆز دەکات ، فەرموون با دەست لەناو دەست بەدیهێنەری خەونە بچووکەکانی ئێمە ڕیشەکێشکردنی تراژیدیەکانی ئێوە بین .

هاوتا کوردستانی