لەبارەی دادگەییکردنمەوە: خه‌باتی چینایه‌تی یا نه‌فره‌تی چینایه‌تی.. ئێریکۆ مالاتێستا

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە-٢٠١٠*

و. لە فارسییەوە: هەژێن

له‌بەردەم لێژنه‌ی سوێندخۆران (بڕیاردانی)ی میلان‌دا تێڕوانینگه‌لێكم له‌مه‌ڕ خه‌باتی چینایه‌تی و پرۆلیتاریا ده‌ربڕین، كه‌ ڕه‌خنه‌ و سه‌رسوڕمانێكی زۆریان وروژاند. وا لێرەدا بە ورده‌كارییه‌كی زیاتره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و تێڕوانینانه‌.
لەوێدا زۆر بە توڕه‌ییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تۆمه‌تبارکردنم بە هەڵخڕاندنی نەفرەت ناڕه‌زایه‌تیم ده‌ربڕی؛ ڕوونم كرده‌وه‌، كه‌ له‌ پاگه‌نده‌كه‌مدا هه‌رده‌م ویستوومه‌ بیسه‌لمێنم، كه‌ تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پەیوەندییان به‌ شەڕەنگێزی سه‌رۆكێك یا سه‌رۆكێكی تر، فه‌رمانڕوایه‌ك یا فه‌رمانڕوایه‌كی ترەوە نییە، به‌ڵكو سەرچاوەیان بۆ میرییه‌كان و ده‌زگەکان دەگەڕێتەوە؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌، ڕێگه‌چاره‌ له‌ گۆڕینی دانه‌ دانه‌ی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه‌دا نییه‌، لەبری ئەوە پێویسته‌ ئه‌و بنچینه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا سەروەر دەکات، له‌ناو ببرێت؛ هه‌روا هەردەم ڕوونم كردووەته‌وه‌، که‌ پڕۆلیتێره‌كان، وه‌ك تاك، له‌ بۆرژواكان باشتر نین، به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ بەڵگەکان نیشانی ده‌دەن، کاتێك کە كرێكارێك بەڕێکەوت بە ڕێوشوێنی دەوڵەمەندی و فەرماندان دەگات، وه‌ك بۆرژوازییه‌كی ئاسایی ڕه‌فتار ده‌كات، بەڵکو خراپتریش.

وه‌ها ده‌ربڕینگه‌لێك شێوێنراون و هه‌ڵگێردراونه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن چاپه‌مه‌نییه‌كانه‌وه‌ خراپ لێكدرانه‌وه‌ و هۆی ئەوەش ڕوونه‌. ئه‌ركی چاپه‌مه‌نی بەکرێگیراو، پارێزگارییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پۆلیس و چەپاولگەران، شاردنه‌وه‌ی سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ناركیزمه‌ له‌ خه‌ڵك و هەوڵدان بۆ متمانەدان بە داستانگەلێك لەمەڕ ئه‌ناركیسته‌كان کە بە ڕکاوی و تێکدەریان دەچوێنن؛ چاپه‌مه‌نییه‌کان ئه‌وە وه‌ك ئه‌ركێك ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ دەبێت دان بەوەدا بنێین، كه‌ ئه‌وان زۆر جار له‌ نیازپاكییەوە، لە نەزانی و سادەیی دیارەوە ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری، وەك پیشەییەك، تا ئاستی كار و كاسبی دابه‌زیوە، ڕۆژنامه‌گه‌ران نه‌ك ته‌نیا هه‌ستە مۆڕاڵییەکانیان له‌ده‌ست داون، به‌ڵكو، هه‌روا پاکی هزرییشیان لەدەستداوە، ئەوەی کە بابەتێك نەزانن، لەبارەیەوە نەدوێن.

با واز لە نووسه‌رانی پێنووس بەکرێگریراو بهێنین و له‌مه‌ڕ كه‌سانێك قسه‌ بكه‌ین، كه‌ هزریان له‌ته‌ك ئێمه‌ جیاوازە و زۆر جار ته‌نیا له‌ شێوازی ده‌ربڕینی باوه‌ڕدا، بەڵام هێشتاكه‌ دۆستی ئێمەن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ڕاستگۆیانه‌ ئامانجیان هه‌مان ئامانجه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌.

سه‌رسوڕمان له‌و کەسانەدا نابەجێیە، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌ ساخته‌یه‌. ئه‌وان ناتوانن له‌به‌رچاوی نه‌گرن كه‌ په‌نجا ساڵه‌ من له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسانه‌ ده‌ڵێم و ده‌نووسم و له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسانه‌ سه‌دان و هه‌زاران ئه‌ناركیستی تر هاوكات له‌ته‌ك من و پێش منیش قسه‌یان كردووه‌.
با فرەتر لەمەڕ جیاوازی بیروباوەڕ قسە بکەین.
ئه‌وان كه‌سانیێكن لایه‌نگری كرێكار، كه‌ لە ده‌ستانی قڵیشاو و زەخمیندا بوونێكی خوایی به‌هره‌مه‌ند له‌ هه‌موو شایانداریی و باشییه‌ك وێنا ده‌كه‌ن؛ ئه‌گه‌ر کەسێك بوێریت له‌مه‌ڕ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی قسه‌ بكات، ئەوان وه‌ك تێکشکاوێك به‌ناوی پیرۆزی پرۆلیتاریاوه‌، ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ده‌رده‌بڕن.

هه‌نووكه‌، ڕاستییەکەی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژوو پرۆلیتاریای كردووه‌ به‌ ئامرازی بنه‌ڕه‌تی ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی داهاتوو؛ ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نگ له‌پێناو جێگیری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ ته‌واوی نه‌وه‌كانی مرۆڤ تێیدا ئازاد و له‌ گشت ئامرازەکانی ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌هره‌مه‌ندبن، ده‌بێت له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ پشت به‌ پرۆلیتاریا ببه‌ستێت.

هه‌روا ئه‌وڕۆكه‌ که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و سه‌رمایه‌ به‌رهه‌می كاری نه‌وه‌كانی ڕابوردوو و ئێستایه‌، که‌ هۆكاری بنچینه‌یی ملکەچی جەماوەر و ستەمە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانە؛ سروشتییە بۆ كه‌سانێك كه‌ هیچ شتێكیان نییه‌، هەر لەبەر ئەوەشە ڕاستەخۆ و ئاشکراتر هۆگرییان بۆ هاوبه‌شکردنی ئامرزاه‌كانی به‌رهه‌مهێنان هه‌یە و دەبنە هۆكاری سه‌ره‌كی لەناوبردنی پێداویستی خاوه‌ندارێتی. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یە کە ڕووی قسه‌ و پاگه‌نده‌ی ئێمه‌ فره‌تر له‌ پڕۆلیتاریایه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌لومه‌رجی ژیانیان به گشتی بۆیان دژوار ده‌كات، كه‌ پێش بكه‌ون و داخواسته‌ باڵاکانیان به‌ده‌ستبهێنن. به‌ڵام ئه‌مه‌ نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی، كه‌ ئێمه‌ بتێك له‌ هه‌ژار، له‌به‌ر هه‌ژاربوونی دروست بكه‌ین؛ هه‌روه‌ك هۆیه‌كیش نییە بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ وی به‌و باوه‌ڕه‌ هان بده‌ین، كه‌ ئەو خۆی له‌ خۆیدا لەپێشترە، ئه‌وه‌ی كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕێوشوێنی وی له‌ شایاندارییه‌وه‌ نایێت یا ویستی ئه‌و مافه‌ به‌و نادات، كه‌ له‌ته‌ك كه‌سانی تردا خراپ ڕه‌فتار بكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ كه‌سانی تر بەرامبەر بە ئەو خراپ ڕه‌فتاریان كردووه‌. سه‌ركوتگه‌ری ده‌سته‌ قڵیشاوییه‌كان ( كه‌ به‌كرده‌وه‌ هێشتاكه‌ سه‌ركوتگه‌ری كه‌سانێکی ده‌سته‌بژێره‌ و چیتر ده‌ستانی قڵیشاوییان نییه‌، ئه‌گه‌ر پێشتریش هه‌یان بووبێت)، كه‌متر توندوتیژ و ترسناکتر نابێت و به‌ به‌راورد به‌ سه‌ركوتگه‌ری ده‌ستانی دستكێشپۆش كه‌متر شه‌ره‌نگێزانه‌تر نابێت. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ كه‌متر ڕوون و زیاتر بێبه‌زییانەتر بێت: ئەمە تەواوی شتەکەیە.

هه‌ژاری كاتێك له‌ نه‌وه‌یەکەوە بۆ نه‌وه‌یەکی تر درێژه‌ی دەبێتەوە، شتێكی ترسناكتر نەدەبوو، لەوەی کە هەیە، ئه‌گه‌ر خوی دڕندانه‌ی مۆڕاڵی و زیانی مادی و ناله‌باری جه‌سته‌یی بەرهەم نەهێنایە. هه‌ژاران كه‌موكورتی جیاوازتریان له‌ كه‌موكورتی چینه‌ به‌رته‌ره‌کان هەیە، كه‌ له‌ دەوڵەمەندی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، به‌ڵام لەوەی ئەوان باشتر نییە.

ئه‌گه‌ر چی بۆرژوازی كه‌سانی وه‌ك Giolitti و Graziani و ته‌واوی لیستی دوورودرێژی ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی مرۆڤایه‌تی، له‌ داگیرکه‌رانی گه‌وره‌ و خاوه‌نكارانی بچووكی زالووئاسا و چاوچنۆك، پێك بهێنیت، كه‌سانی وه‌ك Reclus، Cafiero و Kropotkine و زۆرێكی تریش بەرهەم دەهێنێت، كه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا به‌رته‌رییه‌ چینایه‌تیشان ده‌كه‌نه‌ قوربانی ئامانجیك. هەروا ئەگەر چی پڕۆلیتاریا پاڵه‌وانان و گیانبه‌خشانی زۆری به‌ بزاڤی ڕزگاری مرۆیی به‌خشیوه‌ و ده‌به‌خشێت، هەرواش پاسه‌وانان، بكوژان و دژه‌خونان له‌ هاوچینانی خۆشییەوە له‌ خودی پرۆلیتاریاوه‌ سه‌ر ده‌رده‌هێنن، كه‌ به‌بێ ئه‌وانه‌ سه‌ركوتگه‌ری بۆرژوازی ته‌نانه‌ت بۆ ڕۆژێكیش نه‌یده‌توانی به‌رده‌وام بێت.

چۆن ده‌توانرێت نه‌فره‌ت بگۆڕدرێت به‌ بنه‌مای دادوه‌ری و گیانی فێریاریی ئه‌م پێداویستییه‌، له‌ كاتیكدا ئاشكرایه‌ كه‌ توندوتیژی له‌ هه‌موو جێیه‌ك هه‌یه‌ و به‌ هۆگه‌لێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، كه‌ واوه‌ترن له‌ ویست و لێپرسراوه‌تی تاكه‌كه‌سیی؟

ئه‌گه‌ر خه‌باتی چینایه‌تی به‌ واتای خه‌باتی به‌هره‌كێشكراو له‌ دژی به‌هره‌كێشگه‌ر بۆ له‌ناوبردنی به‌هره‌كێشی بێت، بهێڵن خه‌باتی چینایه‌تی وه‌ك ئاره‌زووه‌كانی ئێمه‌ بێت. ئه‌م خه‌باته‌ ڕێگه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵخڕانی مادی و ئاكاری و هەروەها بنه‌ڕه‌تیترین هێزی شۆڕشە، کە دەکرێت پشتی پێبەسترێت.

بوار مه‌ده‌ن نه‌فره‌ت له‌ ئارادا بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خۆشه‌ویستی و دادوه‌ری ناتوانن له‌ نه‌فره‌ته‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ن. نه‌فره‌ت تۆڵه‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت، حه‌زی زاڵبوون به‌سه‌ر دوژمندا، پێویستی به‌ زاڵبوونی به‌رته‌ریی تاكه‌. نەفرەت تەنیا دەتوانێت پایەی میرایەتییە (حکومەتە) تازەکان بێت، ئەگەر کەسێك سەربکەێت، بەڵام ناتوانێت پایەی ئەنارکی بێت

بەداخەوە، ده‌ركردنی نه‌فره‌تی جه‌ماوه‌ری به‌هره‌کێشیکراوانێك كه‌ جه‌سته‌ و هه‌ستییان له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و به‌هره‌كێشی كۆمه‌ڵگه‌دایه‌، زۆر ئاسانە: بەڵام هەر کات ئەو دۆزه‌خەی كه‌ تێیدا ده‌ژین به‌ ڕۆشنایی ئامانجێك ڕۆشن بێته‌وه‌، ئیتر نه‌فره‌ت لەنێودەچێت و حه‌زی کڵپه‌سه‌ندنی تێكۆشان بۆ چاكه‌ گشتگیر دەبێت.

له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌، كه‌سانی كینه‌دۆز له‌ نێوان هاوڕێیانی ئێمه‌دا په‌یدا نابن، سەرەرای زۆری پاگه‌نده‌گه‌رانی نه‌فره‌ت. ئه‌وان وه‌ك هۆنه‌رێك وان، كه‌ باوكی ئاشتی و چاكه‌یه‌، به‌ڵام چریكه‌ی نه‌فره‌ت ده‌خوێنیت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ئاسانکاری هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌ی باش (له‌وانه‌شه‌ خراپ) پێده‌بەخشێت. ئه‌وان له‌ نه‌فره‌ت ده‌دوێن، به‌ڵام نه‌فره‌تیان له‌ خۆشه‌ویستی چێ بووە.
له‌به‌ر ئه‌مە، من خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌وانه‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناو و ناتۆرەشم لێبنێن.

ئێریکۆ مالاتێستا
٢٠ی سێپتەمبەری ١٩٢١

„Umanità Nova“ , n. 137, September 20, 1921
ئەرشیڤی نووسەر:
http://dwardmac.pitzer.edu/anarchist_archives/malatesta/Malatestaarchive.html

—————————

  • http://www.dengekan.com/doc/2010/6/hazhen1.htm



گرووپی هاوپشتیی کۆڵان گرووپە خۆجێییەکانی هاوپشتیی گەڕەک … هەژێن

لەنێو هەر کۆڵانێک کە ئێمە دەژین، کەسانێک هەن، کە بە هۆکاری پیریی و نەخۆشیی و پەککەوتەیی و کەمئەندامیی توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان نییە، چ بە هۆکاری نەتوانین و مەترسیی دەرچوون لە ماڵ، چ بە هۆی نەبوونی توانای کڕین.

ئێمە وەک هاوسێ و وەک مرۆڤ و وەک بەرپسیاریی هوشیاربوون، ئەرکی هاوپشتیکردنی ئەو کەسانە دەکەوێتە ئەستۆ، هەڵبەتە ئەگەر خۆمان لە باری تەندرووستیی و جەستەیی لەبار و گونجاو بین.

لەوانەیە بەهۆی دانەچڵەکانی ئەو هەست و بەرپرسیارییە کۆمەڵایەتییەی سەرشانی خۆمان، هێشتا ئێمەی لە دوای پاساو بگەڕێین و وەک خۆدزینەوەیەک بپرسین؛ ئەی منداڵان و خزمانی خۆیان نایێن و ئەو ئەرکە لە ئەستۆناگرن و ئەنجامنادەن؟

بێجگە لەوەی کە ئەو پرسیارە لە هوشیاریی و لۆجیک دوورە، دەکرێت پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە و لە خۆمان بپرسین؛ ئەگەر ئێمە لە دایک و باوکی خۆمان دوور بووینایە و بەهۆی قەدەخەبوونی هاتووچۆ یان دووریی شوێنی ژیان یان نەخۆشبوونی خۆمان توانای فریاگوزاریی خزمانی خۆمان نەبووایە، چی؟ ئایا هەر ئاوا وەک ئێستا کەمتەرخەمانە و نادەربەسانە دەمانگوت : بۆچی منداڵان و خزمانی خۆیان فریای ئەوان ناکەون؟

بەبێ گومان نەخێر و بەپێچەوانەی ئەوە خۆزگەخواز دەبووین و زۆر سوپاسگوزار دەبووین، ئەگەر هاوسێیانی خزمانی ئێمە لە کاتی تەنگانە فریای ئەوان بکەون و پێداویستییەکانی ئەوان دابینبکەن.

دەی لەسەر هەمان بنەما، پێویستە هەر یەک لە ئێمە لە شوێنی ژییانی خۆمان [لە ئاستی گوند و کۆڵان و گەڕەک] بۆ پێکهێنانی (گرووپی هاوپشتیی هاوسێیان) بانگەوازبکەین و ژمارە تەلەفۆنێک بۆ پەیوەندیکردن دەستنیشانبکەین. هەڵبەتە تاکو ئەو کاتەی کە (گرووپی هاوپشتیی کۆڵان) و (گرووپەکانی هاوپشتیی گەڕەک) پێکنەهاتوون، پێویستە هەر کەس لەنێو کۆڵانەکەی خۆی، لەوێ کە هاوسێکان ئەو دەناسن و بڕوای کۆمەڵایەتییان بە ئەو هەیە، پێویستە هەر کەس بەخۆبکەوێت و چاوەڕێی درووستبوونی گرووپی کۆڵان نەبێت [هاوکاتی هەوڵدان بۆ درووستبوونی گرووپی هاوپشتیی کۆڵانەکەی خۆی، هەوڵبدات خۆی بە تەنیا ئەو ئەرکە ئەنجامبدات]، چونکە گرووپە خۆجێییەکان لەو دەستپێشخەرییە کەسییانەوە دەستپێدەکەن و سەرهەڵدەدەن و پابەندکردنی بەشداریکردنی هەر کەسێک و چاوەڕوانمانەوەی هەر کەسێك بۆ درووستبوونی گرووپەکان، دەبێتە هۆی دواکەوتنی درووستبوونی گرووپەکان، بە واتایەکی دیکە، بەو ڕادەی کە هەر کەسێک زووتر لە شوێنی ژییانی خۆی بەخۆدەکەوێت، بە هەمان ڕادە درووستبوون و سەرهەڵدانی گرووپەکان نزیکتر دەبێت.

چۆنیەتی سەرهەڵدانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان؟

وەک پێشتر ئاماژەدرا، کەسێک بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ هاوپشتیکردنی هاوسێیانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام یان هەر کەسێکی دیکە کە کۆمەک و هاوپشتی ئێمەی پێویست بێت، لەنێو کۆڵان بە هەڵواسینی بانگەوازێک بۆ پێکهێنانی گرووپێک بۆ هاوپشتیی هاوسێیان یان بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکە لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی و نووسینی ژمارە تەلەفۆنێک بۆ پەیوەندی، هەڵبەتە ئەگەر بکرێت لەسەر بانگەوازە چاپکراووەکە وێنەی کەسی بانگەوازکەر هەبێت، تاکو بڕوای کۆمەڵایەتیی هاوسێیان بەدەستبهێنێت، هەر ئاوا بۆ ئەوەی هەوڵی هاوپشتییانەی ئێمە لە هەوڵ و هەلپەرستیی کەسانی دیکەی ساختەچی و دەستبڕ یان پڕۆپاگەندەکەرانی ڕامیار و مشەخۆر جیابکرێتەوە.

پاش پەیوەندیکردن و ئامادەیی کەسانی دیکە، لەنێو کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا و بە لەبەرچاوکردنی باری تەندرووستی و ئاسایی ئێستا، دەکرێت کۆبوونەوەی پێکهێنانی گرووپەکە لەنێو چات-مەسینجەرێک بێت و هەموو هاوسێیان بتوانن بەشداریبکەن، بۆ نموونە چات-گرووپی فەیسبووکیی لە عیراق و چات-گرووپی تێلەگرامیی لە ئێران، لەبەر ئەوەی کە لەو دوو وڵاتە زۆبەی خەڵک بەکاربەری ئەو دوو تۆرانەیە و نائاشنا نییە و بەکاربردنی ئەوان ئاسانە، ئەگەر نا چات-مەسینجەری دیکەی وەک سیگناڵ Signal و جیتسی Jitsi هەن، کە زۆر باشتر و پارێزراوترن. بەڵام بەداخەوە وەک فەیسبووک مەسینجەر و تێلەگرام گەلیی و گشتیی نەبوونەتەوە و زۆبەری خەڵک ئاگاداری بوونی ئەوان نییە.

لەنێو کۆبوونەوەکە، کەسانی ئامادەی هاوپشتیکردنی هاوسێییان خۆیان دەناسێنن و ژمارە تێلەفۆنی خۆیان بۆ پەیوەندیی ڕادەگەیێنن و بەشدارانی دیکە دەتوانن ژمارە تەلەفۆنی ئەو کەسانە بە هەموو دانیشتووانی کۆڵانەکە بگەیێن.

بەو جۆرە کۆڵان بە کۆڵان تاکو ئاستی گەڕەک و شار گرووپەکان پێکدێن و لە کاتی پێویست چالاکانی کۆڵانەکان دەتوانن فریای کۆڵانەکانی دیکە بکەون، بەڵام ئەوە بەس لە باری پێویستی و گرفتاریی چالاکانی ئەو کۆڵانە. چونکە هاوپشتیی هاوسێییان بڕوا و ناسین و دڵنیایی پێویستە، بەتایبەت کەسانێک کە کەمتر لە ماڵ دەردەچن و پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەئەندامن، پێویستە دڵنیایی زۆرتریان هەبێت. هەڵبەتە، بە بەردەوامبوونی چالاکییەکان، بڕوای کۆمەڵایەتیی پتەوتر و جێگیرتر و فراوانتر دەبێت و تەنانەت ئاستی کۆڵان و گەڕەکیش تێدەپەڕینێت. بەڵام سەرەتا درووستکردن و گێڕانەوەی پێویستە، چونکە هەزاران و سەدان ساڵە ئیمپڕاتۆرییەکان و دەوڵەت و پارتییە ڕامیارییەکان و دەزگەکان و ڕامیاران خەریکی لەنێوبردنی بڕوا و هاوپشتیی کۆمەڵایەتین و درووستکردنەوە و گێڕانەوەی ئەوەی لەنێوبردراوە، شێلگیرییەکی بەردەوامی پێویستە.

ئەرکەکانی گرووپی هاوپشتی کۆڵان؟

لەباری نائاسایی ئێستا کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە بۆ ئەو کەسانەی کە بە خۆیان توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان نییە، گەیاندنی ئەو کەسانە بە پزیشک و نەخۆشخانە، بەسەرکردنەوەی بەردەوام بە هۆی تێلەفۆن و تەنانەت سەردانیکردن بەلەبەرچاوگرتنی ڕێنوێییە تەندرووستییەکان بۆ خۆپاراستن لە بڵاوکردنەوە و تووشبوون بە پەتاکان.

بەڵام لە باری ئاسایی و نەبوونی پەتاکان، دەکرێت شەونشینی و گەشت و پیاسەکردن لەتەک کەسانێک کە هاوپشتی ئێمە دەخوازن. بۆ نموونە لە یابان خوێندکاران [قۆناخی نێوەندیی و ئامادەیی] هەر کەسە وەک بەشێک لە پراکتیک سەردانیکردن و کڕین و چێکردنی خواردن و پیاسەکردن لەتەک نەخۆشان و پیران و پەککەوتان و کەمئەندامان لە ئەستۆدەگرێت و بەگوێرەی کات و حەزی خۆی ڕۆژانە یان چەند جارێک لە هەفتە ئەو کەسانە سەردانیدەکات و زۆر جار دەکرێت چەند خوێندکارێک لە کەسانی سەرپەرشتیکراو گرووپێک بۆ سەیران و گەشت و چوونە سینەما یان چوون بۆ پەڕتووکخانەی گشتتیی و باخی گشتیی و شوێنەکانی سەرگەرمیی ڕێکبخەن، یان ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خواردنی بەیانی پێکەوە لەنێو نێوەندەکانی کۆڵان و گەڕەک پێشنیاربکەن.

چۆنیەتی ڕێکخستن و ئەنجامدانی هاوپشتی؟

کەسێک کە هاوپشتیکردنی کەسانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە و ژمارە تەلەفۆنی خۆی بڵاوکردووەتەوە، لەلایەن ئەو کەسانەی هاوپشتییان پێویستە تەلەفۆنی بۆ دەکرێت، یان بە چات-مەسینجەر لیستی پێویستییەکانی پێدەگات، پێداویستییەکان لەو شوێنانەی کە کەسی داخوازیکەردەستنیشانیکردووە دەکڕێت و دەگەیێنێتە بەردەگە و بە تەلەفۆن بڕی پارەکە بە کەسەکە دەڵێت و کەسەکە هاوپشتیکراوەکە پارەکە لەنێو زەرفێک دەنێت و لەبەردەرگەکەی دادەنێت. لەباری هەبوونی نەخۆشی و گرانەتا، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنوێنییە تەندرووستییەکان، کەمترین نزیکبوونەوە و بەریەککەوتن درووست دەبێت. بەڵام ئەگەر پێویستییەکان بەشێک لە کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکانی بەخشینی خۆراک و پۆشاک و شمەکی دیکە بێت، ئەوا بە گەیاندنی کۆمەکەکە بە بەردەرگەی کەسە هاوپشتیکراوەکە، بۆ بردنی کۆمەکەکە ئاگاداردەکرێت و گرفتی پێدانی پارە و تووشبوونی پەتا نابێت.

چۆن لە خراپەکاریی و فڕوفێڵی کەسانی خراپەکار بەردەگیردرێت؟

بەداخەوە، لەم کاتە کە لە هەموو کات زیاتر مرۆڤەکان بەتایبەت کەسانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام ناچارن و کۆمەک و هاوپشتیی دەخوازن، لە زۆر شوێن، تەنانەت لە ئۆروپا کەسانێک پەیدابوون کە بەناوی ڕێنوێنی تەندرووستیی و بیمەی دەرمانیی و تیمی پشکنین و تەنانەت بەناوی کۆمەک و هاریکاری لە خەڵکی ناچار پارە دەکێشنەوە.

لەبەرئەوە، پێویستە هاوکاتی ڕاگەیاندنی ئامادەیی خود بۆ کۆمەک و هاوپشتیی هاوسێییان و درووستکردنی گرووپی هاوپشتیی هاوسێیان، وێنە و ژمارە تێلەفۆن و ناونیشانی خود بە چالاکانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و کەسانێك کە بە ئەوان کۆمەک و هاوپستیی دەگەیێنین، بدەن و چالاییەکان ئاشکرا و ڕاگەیێندراو بن. هەر ئاوا دانیشتووانی کۆڵان بەتایبەت پیران و نەخۆشان و پەککەوتە و کەمئەندامان لە هەوڵی خراپکارانەی کەسانی نەناسراو ئاگادار و وریابکرێنەوە.

هەڵبەتە نابێت، ئەو ئاگادارکردنەوە و وریاکردنەوانە ببێتە هۆکاری لەنێوبردنی بڕوای کۆمەڵایەتیی بە یەکدی و گومان درووستکردن لەنێو هاوسێیان، بەڵکو پێویستە بەس بە ڕادەی بەرگرتن لە هەوڵی خراپکارانەی کەسانی مشەخۆر و دەستبڕ و بۆرجوا سیفەت، ئاگادارکردنەوەکان بەردەوام بن.

چۆنیەتی یەکگرتنەوە و هاریکاری نێوان گرووپی کۆڵانەکان و یەکگرتنەوەیان لەنێو تۆڕی هاوپشتیی گەڕەک؟

لەتەک درووستبوونی گرووپی هەر کۆڵانێک، پێویستە دەستبەجێ بۆ بانگەوازکردن و هاندانی دانیشتووانی کۆڵانەکانی دیکە هەوڵبدرێت و تاکو ئەو کاتەی کە لە کۆڵانی تەنیشت گرووپی هاوپشتیی درووستنەبووە، پێویستە وەک نیشاندانی نموونەیەک لە باشیی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان، بەگوێرەی توانا و کات لە پیران و نەخۆشان و پەککەوتان و کەمئەندامانی کۆڵانەکانی دیکە هاوپشتیی بکرێت و ئەزموون و ڕێنوێنییەکانی خود بە ئەوان بگەیێندڕین، ئەزموونەکان و چالاکییەکان و نموونەکان لەنێو شەونشینی خێزان و پەیوەندی و گفتۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە.

کاتێک گرووپەکانی هاوپشتیی دوو کۆڵان لەنێوان خۆیان هاریکارییدەکەن و گرووپی دیکە درووستدەبن، پێویستە بۆ پێكهێنانی تۆڕی گرووپە هاوپشتییەکانی گەڕەک هەوڵبدرێت و هەر وەک کۆبوونەوەی ئینتەرنێتیی چالاکانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵانێک لە باری نائاسایی وەک ئێستا، یان کۆبوونەوەی خۆجێی لە باری ئاسایی دوور لە مەترسی پەتا و قەدەخەبوونی هاتوچۆ، چالاکانی گرووپە هاوپشتییەکانی گشت کۆڵانەکانی گەڕەکێک کۆبوونەوە بکەن و گفتوگۆبکەن و پەیوەندیی و چالاکییەکانی خۆیان ڕێکبخەن.

چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی گرووپەکان و ڕێکخستنی بڕیاردانەکان؟

گرووپە هاوپشتییەکانی کۆڵان و گەڕەک، گرووپی خۆبەخشانە و هاریکاریی و دوور لە قازانج و پلە و پایەی ئابووریی و ڕامیاریی دەبن و لەوەش زیاتر گرووپەکان دارای هیچ پەیوەندی و تایبەتمەندییەکی پارتییایەتی و ئایدیۆلۆجیی و ڕامیاریی نابن و نابێت بە پڕۆپاگەندەی ڕامیاریی پارتیی و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان بواربدرێت؛ فیلۆسۆفیی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و تۆڕەکانی هاوپشتیی گوند و گەڕەک و شار بریتی دەبێت لە ( هاوپشتیی هاوسێ بۆ هاوسێ) و بنەمای هاوپشتیکردن و پەیوەندییەکەش بنەما و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی دەبێت و پێویستە لە هەموو پەیوەندییەکی بازرگانیی و ئابووریی و ڕامیاریی و دەستەبژێریی دووربگیردرێت.

کاتێک ئەوە ئامانج و ئەوە شێوازی چالاکییکردنی گرووپە خۆجێییەکانی هاوپشتیی کۆڵان و گەڕەکەکان بێت، بەبێ بێگومان شێواز و ئاستی سەرپەرشتیکردن و بڕیاردانیش گشتیی و کۆڕابەریی (هەمووان ڕابەریی، یان نەبوونی ڕابەریی) دەبێت و هیچ کەس سەرۆک و هیچ کەس هاوسەرۆک نییە و سەرۆکایەتی و ڕێکخستن و بڕیاردانی قووچکەیی بوونی نابێت، هەر ئاوا کە لە باری ئاسایی هاوسێییان هیچ کەس سەرۆک و هیچ کەس ملکەچ، هیچ کەس فەرماندەر و هیچ کەس فەرمانبەر نییە، هەر ئاوا لە ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردن و بڕیاردانی گرووپەکانی هاوپشتیی کۆڵان و گەڕەک هیچ کەس سەرۆکی کەسێكی دیکە یان گرووپەکە نییە، هەمووان هاوئاست و هاودەنگ و هاوبڕیار و هاوئەرک و هاوبەرپرسایریی دەبن، ڕێک بە هەمان شێوەی سرووشتی ژییانی کۆمەڵایەتیی.

ئامانج لە درووستکردنی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و تۆڕی گرووپە هاوپشتییەکانی کۆڵانەکانی گەڕەک، بەس هاوپشتیی و کۆمەک و هاریکاریی کاتیی ئەم سەردەمەی بڵاوبوونەوەی پەتا نییە و پێویستە بە ئاسۆی بەردەوامیی پاش تێپەڕاندنی ئەو پەتایە و بۆ بوارەکانی دیکەی ژییان و پێداویستییەکانی کۆلانەکان و گەڕەکان و گوند و شارەکان پەلبهاوێت و وەک تان و پۆی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییانەی دانییشتووان مرۆڤی کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر پەرووەردەبکەن

بێجگە لەوە، لە باری ئاسایی و تێپەڕاندنی باری نائاسایی بڵاوبوونەوەی پەتا و مەترسییەکانی دیکە، دەکرێت گرووپەکانی هاوپشتیی کۆڵان پێکهێنانی بنکەی ئالووێرکردن و بەخشینی شمەکە زیادەکان، درووستکردنی باخچە کشتوکاڵییەکانی کۆڵان و گەڕەک، بردن و هێنانەوەی منداڵان بۆ باخچە و فێرگە و ڕێکخستنی گەشتکردن و سەیرانی هاوسێییان، درووستکردنی سندووقی کۆمەکی هاوسێییان، پێکهێنانی دەستەکانی پاراستنی کۆڵان و دابینکردنی ئاساییش بۆ دانیشتتووان لە باری هەبوونی مەترسیی جەنگیی و سەربازیی و هەر ئاوا خاوێنکردنەوەی ژینگە و پاراستنی ژینگە و بازنەکانی هاریکاری و ئاڵووێرکردنی بەرهەم و پێداویستییەکان و … تد

نموونەی زیندوو لەو بارەوە، هەر ئێستا لە ئەمەریکا و ئۆروپا لەسەر بنەماکانی کۆمەکی بەرانبەرانە mutual aid درووستبوون و پێکدەهێندرێن و تەنانەت ئامانج و چالاکیی ئەوان زۆر لەو ئاستە زیاتر و فراوانترە، کە من لەنێو ئەم نووسینە وەک نموونە ئاماژەمداوە. ئەوەش بۆ شێوەی ڕێکخستنی ژییانی کۆمەڵەکان دەگەڕێتەوە، کە لەنێوان هەرێم و کۆمەڵەکانی ئۆروپا و ئەمەریکا جیاوازییەکی چەندایەتی و چۆنایەتیی هەیە و لەو بارەوە نووسینەکەی من فرەتر ئاراستەی کۆمەڵی هەرێم و کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی ناوین دەبێت، بەڵام هاوکاتیش وەک پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ پێکهێنانی گرووپەکانی هاوپشتیی هاوسێیان لەنێو کۆمەڵەکانی دیکەی ئۆروپا و ئەمەریکا ئەو هەنگاوانە هەر بنەما دەبن.

هەژێن
١٩ی مارچی ٢٠٢٠




ناڕەزایەتییەکانی عیراق بەرەو کوێ و ئەگەرە مەترسیدارەکان … هەژێن

هەژێن
13ی نۆڤەمبەری 2019

ئەوەی داخوازییەکانی خەڵکی ناڕازی ڕەوان و ئەوەی کە پێویستە ناڕەزایەتی خەڵک دژی کۆمپانییەکان و فەرمانداریی و پارتییەکان پشتیوانیبکرێن، بۆ من وەک ئەلف و بێی خەبات و ئەرکی شۆڕشگەرانەیە. بۆ ئەوەی لێکدانەوەی دیکە بۆ گومان و بۆچوونەکانی من نەکرێت و کەسانی هەستەکی و سۆزەکی ناهوشیار نەکرێنە دەریچە بۆ هەڵڕشتنی تووڕەیی خۆیان، بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم لە خۆنیشاندانەکانی (الساحة التحریر) ساڵی 2012 تاکو ئێستا و بە دیاریکراوی لە 3ی ئۆکتۆبەری 2019 تاکو ئەم ساتە هەموو ڕۆژ زیاتر لە 16 سات لە کاتی خۆم بۆ پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی عیراق و هاوکات دژی هێرشی لەشکری دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا تەرخانکردووە و تەنانەت لەنێو ڕێپێوانەکانی پشتیوانی ڕۆژاوا، پلاکارتەکەم دوو بەشە، بەشێکی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی عیراق و بەشێکی هاوپشتی بۆ خەڵکی جەنگزەدەی ڕۆژاوا.

بێجگە لەوەش بەردەوام لە بواری تەکنیک خەریکی کۆمەککردنم بە گرووپ و پەیجە عەرەبییەکانی تایبەت بە خۆنیشاندانەکان و ڕابوونی خەڵکی خوارووی عیراق، بەتایبەت ئامادەسازیی و کۆکردنەوەی کۆمەك بۆ کاتی بڕانی یەکجارەکی ئینتەرنێت و بەستنی پردی پەیوەندی ئینتەرنێتیی لە ڕێگەی تێلەفۆن لە ئۆروپا، تاکو دەگاتە ڕێنێوینی چۆنیەتی خۆپاراستنی چالاکانی ڕابوونەکە و ناردنی ئەو توول-ئامرازانەی کە بۆ شکاندنی فیلتەری سەر سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بەکارببرێن. خوێنەری هێژا تکادەکەم، ئەم پێشەکییە بە خودنمایی مەبینن، بەڵکو وەڵامە بەو کەسانەی ناسیونالیست-بوون بە پشتیوانی خەڵکی ڕۆژاوا لێکدەدەنەوە و نا-ناسیونالیست-بوون بە پشتیوانی سۆزەکیی خۆنیشاندانەکانی عیراق لێکدەدەنەوە و لەژێر ئاڵای ” اللە أکبر” کەوتەکە هەلەکە سەما!

ڕاستی من لە ساڵی 2012 تاکو ئێستا بەردەوام ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە ناڕازییەکان و خۆ-جیاکردنەوە لە پارتییەکان و گەنجبوونی [گەنج-بوون بە واتای زۆرینەبوونی لاوان] بزووتنەوەکان دەبینم. ئەوانە هەموو شایانی دڵخۆشی و دەستخۆشیکردن و پشتیوانیکردنن. بەڵام هاوکات پێویستە ئەو ڕەوتە ناسیونالیستییە عیراقییەش ببینین، لە لە باشترین باردا (نیشتمان و گەل)چییەتییەکەی حشع بەسەری زاڵە، بەڵام بەداخەوە زۆر جار درووشمەکان بەرەو ڕەیسیزم و سووکایەتیکردن و دەمارگریییەکی ترسناک ملدەنێن. سەرباری ئەوەش ناتوانم، بەس لەبەرئەو هۆیانە دەستبەرداری پشتیوانی و کۆمەکیی ئەنارشیستانەی خۆم بۆ بزووتنەوە خۆخۆیی و ناڕامیاریی و ناحزبییەکانی عیراق ببم.

بەپێچەوانەی پڕۆپاگەندەی ناسیونالیستە کوردەکان و سەلەفییە پڕۆ-ئێران و پڕۆ سعودیەکان، سەرەتای ئۆکتۆبەری 2019 ناڕەزایەتییەکان لە بەغداد خۆبەخۆیی تەقینەوە و دنەدەرانیان “دەستی دەرەکی” و “ڕەوتە شیعە و سوننە”کان نەبوون، بەڵکو سووکایەتیکردنی پۆلیسەکانی دەوڵەت بوو بە دەرچوانی بێکاری دانشگەکان و ئەوە بوو بە چەخماخەی تەقینەوەی ناڕەزایەتییە پەنخواردووەکانی خەڵک، کە پێشتر (هێنانی داعش بە پلان و سیناریۆی هێزە داگیکەرەکانی عیراق لە بەهاری 2014 ) بوو بە هۆی دامرکاندنەوەی ئەو بزووتنەوە بەهێزەی، کە سەرەتای ساڵی 2013 فەرمانداریی مالیکی و هێزەکانی سوپا و پۆلیسی دەوڵەتی بەچۆکهێنابوو و تەنانەت ناڕازییان ئامادەی دەستنیشانکردن و ناردنی نوێنەر بۆ لای فەرمانداریی نەبوون و دەیانگوت “خەڵکی لەسەر شەقام و لەنێو مەیدانی شارەکانە، ئێمە نوێنەرمان نییە و خەڵک خۆی نوێنەری خۆیەتی و ئەگەر مالیکی و فەرماندارییەکەی بەرانبەر خەڵکی ڕاپەڕیو نیازیان پاکە، دەتوانن بێنە ئەو شوێنانە و لەتەک خەڵک گفتوگبکەن/ڕێکەوتنبکەن“.

وەک گوتم بزووتنەوەکە خۆخۆییە و وەک هەر بزووتنەدوەیەکی دیکەی خۆخۆیی جەماوەر لە سەراپای تەمەنی دەوڵەت. بەڵام هاوکاتیش نەبوونی خۆڕێکخستنی جەماوەریی لەنێو گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆیی و نانێوەندییەکان و هاوکات نێوەندییبوونی خۆنیشاندانەکان و نەگۆرانیان بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵ، وەک پاژنەی ئاشیل زەمینە و کەلێنی بۆ هەژموونکردنی خشکەیی هێزە ڕامیارییە ناسیونالیستیی و دەسەڵاتخوازە نێوخۆییەکان و هەوڵی تێکدەرانەی هێزە دەرەکییەکانی وەک سەلەفییە لایەنگرەکانی ئێران و تورکیە و سعودیە و هەر ئاوا بەکرێگیراوانی هێزە هاوپەیمانە داگیرکەرەکان درووستکردووە.

یەکێکی دیکە لە پاژنە ئاشیلییەکانی خۆنیشاندانەکان خۆشباوەڕیییە بە پەیوەستبوونی هێزە سەرەکوتکەرەکانی دەوڵەت [پۆلیس و سوپا]. هەرچەندە دەکرێت و درووستە بە پەیوەستبوونی ئەوان دڵخۆش بین و پێویستە بە بەردەوامی ئەو هێزانە بۆ پەیوەستبوون و تەقەنەکردن بانگەوازبکەین و بگێڕدێنەوە بۆ نێو بەرەی خەڵک. بەڵام پەیوەستبوونی ئەوان وەک ‌هێزی چەکدار و مانەوەیان وەک هێزی چەکدار و بڕیاردەر، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر داهاتووی خۆنیشاندان و ڕابوونەکە، ئەوەش لەبەر چەند هۆ:

  • لە ئەنجامی ئەزموونگیریی دەوڵەت و فەرماندارییەکان لە ڕابوونەکانی باکووری ئەفەریکا و خۆرهەڵاتی ناوین 2010 – 2013 دەوڵەتانی ناوچەکە بە پشتیوانی و پلانی زلهێزەکان بەتایبەت سوپای میسر کە بێجگە لە دەزگەیەکی سەرکوتگەر و ئامرازی کودەتا، هاوکات پڕۆژەیەکی ئابووریی کۆمپانییەکانە و ڕاستەوخۆ لە دەوڵەتی ئەمەریکا ملیۆنان کۆمەك وەردەگرێت.
  • هەر ئاوا، دەستەکانی پشتپەردە لەنێو ڕابوونی خەڵکی تونس توانیان بۆ یەکەم جار ئاڵای دەوڵەت بکەنە ئاڵای خەڵکی ناڕازی و وەک تاعوونێکی ڕامیاریی لە تونس تاکو ئەمەریکای باکووری گرتەوە و خەڵکی ناڕازی ئەو ئاڵایە بەرزدەکاتەوە، کە لەژێر ئەو و بەناوی پاراستنی ئەو دەکوژرێت، ئەوەش تایبەتمەندیی سەردەمی ئاژاوەیە و چەوساوان دەبنە شەکێنەری ئاڵای سەروەریی چەوسێنەرانی خۆیان، بەتایبەت لە عیراق کە ئاڵاکەی زیاتر لە ئاڵای دەوڵەت، سیمبۆڵی ملهوڕیی ئایینی و یەزدانی لەسەرە و بەس لەلایەن کەسانی ناهوشیار ناشەکێتەوە و لە خۆ ناپێچرێت، بەڵکو تەنانەت ئەو چەپانەش کە لە سەرەتای دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بە ئەنتی-ئایین و ئەنتی-ئیسلام دەرکەوتن، کەچی ئێستا چوونەتە ژێر هەژموونی ئەو ئاڵایە و دەیشەکێننەوە. هەڵبەتە ئەوەش بڵێم، سەرنجەکەی من لەسەر هەڵگرتنی ئاڵای “اللە اکبر” لەلایەن چەپ بەس لەو لایەنەوەیە، کە ئەوان وەک ئەنتی-ئیسلام دەرکەوتن و شانازی گەورەیان دژە-ئیسلام-بوون و دژە-ئایین-بوون بوو، کەچی ئێستا وەک هەر ئیسلامییەکی دیکە چوونەتە ژێر ئەو ئاڵایە و دەیشەکێننەوە و لە خۆیانی دەئاڵینن و بەشانی خۆیان دەدەن.
  • بە ئاشکرا زۆرێک لە درووشمەکان و تاکو ڕادەیەک ئاراستەی ڕابوونەکە بەرەو بانگەوازکردن بۆ سیستەمی دیکتاتۆریی سەرۆککۆمار وەک تورکیە و جێگرتنەوەی سیستەمی پارلەمانی بە سیستەمی سەربازیی و جێگرتنەوەی پارتییەکان بە تاکپارتیی و دیکتاتۆریی سەرۆک ملدەنێت.بە بۆچوونی من، ئەوەش دوو هۆکاری هەن: یەکەم خەڵکی عیراق بەهۆی نائومێدبوون لە گۆڕانی پۆزەتیڤ، سیستەمە تاکپارتیی و سەرۆککۆمارییەکەی بەعس و سەدام بە باشتر دەزانن و خۆزگە دەخوازننەوە بەتایبەت عەرەبە سوننەکان. دووەم بە ئاشکرا دەوڵەتی تورکیە لە ڕێگەی سەلەفییە سوننەکان و تورکمان-زمانە ناسیونالیستەکان خەریکی سەرنجڕاکێشانی خەڵکە، لەوانەیە هەوڵدان بۆ نۆژەندکردنەوەی ێیستورانتی تورکی بە پارە و کۆمەكی دەرەکیی لە ڕێگەی ژنێکی دانیشتووی هۆڵەندە، ئەوەش پێچەوانەی درووشمەکانی سەرەتا “برە برە ایران برە، برە برە ترکیە برە برە، برە برە سعودیە برە، …“ خەریکە بە خشکەیی تێکەڵەیەک لە سیستەمی سەدامی-ئەردۆغانی دەکرێتە خواست و خەونی خەڵک.

لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، دەستە دەستە پەیوەستبوونی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت و مانەوەیان وەک هێزی چەکدار لەنێو بەرەی خەڵک، سێ ئەگەری مەترسیداری هەن:

یەکەم: ئەوەی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی ناردنی پۆل پۆلی هێزەکانی پۆلیس و سوپا، ناڕازییان بەناو و پاگەندەی پاراستنی “سەروەریی یاسا و دەوڵەت” بکاتەوە بە پارێزەری فەرمانداریی، وێرای ئەوەش حزب‌اللە لە ئێران وەک ئاکپارتیی لە تورکیە و بنەماڵەی آل السعود لە سعودیە ئارەزوومەندی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پارلەمانییە. بەو جۆرە بە زاڵکردنی سوپا و کودەتایەک بەسەر فەرمانداریی ئێستا بۆ ڕزگارکردنی هەژموونی شیعەگەرایی خۆی لەسەر فەرمانداریی و سازدانەوەی دەست و پەیوەندەکانی خۆی لەنێو فەرماندارییەکی سەربازیی بە خواست و پشتیوانی خەڵکی ناڕازی، کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ خەڵک نائومێدبکات و مەترسی سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی ئاوا خۆبەخۆی دووربخاتەوە.

دووەم: هەوڵدانی سێکوچکەی تورکمانە ناسیونالیستەکان – سەلەفەییە پڕۆ-ئاکپارتیی و پڕۆ-سعودییەکان – لایەنگرانی دەوڵەتی سوننەی ئیسلامی عیراق وەک ئامانجی پاشرەوانی عیزەت-دووری بۆ سیستەمێکی تاکپارتیی، سەرۆکایەتیی و سەربازیی لە چەشنی سەردەمی بەعس .

سێیەم : هێزە داگیرکەرەکانی هاوپەیمانان وەک گێڕانەوەی عیراق بۆ ژێر دەستی خۆیان و لێدان لە پێگە ئایینی و سەربازیی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت پاش ئەوەی کە ئامادەیی سەربازیی ئەوان بەتایبەت ئەمەریکا لە عیراق تێکشکا و هەر ئاوا ئەوەی کە تێکشانی سیستەمە پارلەمانییە پووپەییەکەی* نەیتوانی سنووردارکەری هەژموونی میلیشیا شیعەکانی پڕۆ-کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. ئاوا وەرگۆرانێک لە عیراق بەس بۆ ئەوان قازانجی نییە، بەڵکو بۆ ئیسرائیل و پڕۆژە ئابووریی و سەربازییەکانی.

بەکورتی لەم ساتەدا عیراق وەک نێچیرێکی بریندارە لەنێوەندی کۆمەڵێک ئاژەڵی گۆشتخۆر و هەر یەکە هەوڵی یەکەم و تەواو قەپاڵگرتنی خۆیەتی. ڕامیارە عیراقییەکان بەتایبەت لۆبییەکانی نێو پارلەمان، کە لەپشت پەردەوە خەریکی ئاراستەکردنن و پڕۆپاگەندەکانی دەستگیرکردنی مالیکی لە سەفارەتی ئەمەریکا و ڤێدیۆ مژدەبەخشەکانی نێو ناوچەکەی سەوز و بەڵێن و هەر ئاوا ناتوانامانەوەی ناڕازییان لە گۆرینی ڕابوونەکە لە ڕابوونی ڕامیارییەوە بۆ ڕابوونی کۆمەڵایەتیی و پێکهێنانی گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان وەک تان و پۆی ڕێکخستنی سەربەخۆ و خۆخۆیی خەڵکی ناڕاز و خۆسەریی کۆمەڵایەتیی، کە بەڕادەی کەم ئەگەر نەتوانێت سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ بخاتە شوێنی سیستەمی ئایینی و خێڵەکیی و پارتیی و پارلەمانیی و سەربازیی، خۆ دەتوانێت ئەوانە لاوازبکات و بیانخاتە ژێر فشاری داخوازییەکانی خەڵک.

ئەو شتانەی لە سەرەوە ئاماژەدران، هەموو ئەگەرن و بەداخەوە بەڕادەیەک نیشانەکانیان دەرکەوتوون و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیی هەم بە هۆی دەرگیربوونی هەر ساتە و هەر ڕۆژەی خۆنیشاندان و مەرگ، هەم بەهۆی نەبوونی ئەزموونی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئابووریی لە عیراق، توانای دیتن و دەرککردنی ئەو مەترسییانەی نییە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی بەردەوامیی ناکامی خۆنیشاندانەکان و زەمینەسازبوون بۆ دەستە شاردراوە ڕامیاریی و ئابووریی و سەربازییەکان و هەر ئاوا ماندووبوون و نائومێدبوون، بە ئاسانی ئەگەری ڕوودانی ئەو مەترسیی و هەوڵە نیوخۆیی و دەرەکییانە زیاتر دەبێت.

بۆ نموونە پاش زیاتر لە مانگێک خۆنیشاندانی بەردەوام و خۆێنڕژان و قوربانیدان و برسیەتی و ماندووبوون، تاکو ئێستا نەتوانراوە مانگرتنێکی گشتیی و سەرتاسەریی وەک گوشاریی ئابووریی بۆ سەر فەرمانداریی عیراق و کۆمپانییەکانی هاوپەیمانان بەکارببرێت؛ نەتوانراوە گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان وەک ئەڵتەرناتیڤی پارتییەکان پێبکبهێندرێن و نەتوانراوە لە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی پارلەمانیی و تاکپارتیی و سەربازیی بیربکرێتەوە؛ نەتوانراوە لە ئەڵتەرناتیڤی بیرۆکراتیی دەزگەکانی دەوڵەت بیربکرێتەوە و زۆر شتی دیکە …

هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بگوترێت، تاکو ڕادەیەک هێشتا درەنگ نەبووە و بوار و ئەگەری ڕادیکاڵبوونەوەی خۆنیشاندان و ڕابوونەکە بەرەو ئەڵتەرناتیڤ ماوە. ئەوەش ڵلێم هۆکاری سەرەکیی نەبوونی ڕەوت و ئاراستەی دژە-باو و ڕادیکاڵنەبوونەوە بەرەو سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ زاڵیی و ئامادەیی ئاوەزیی و هۆشیی هێزە ڕامیارییەکان دەگەرێتەوە، کە لە سوننەی ناسیونالیست و شیعەی عیراق-گەرا تاکو دەکاتە حشع بوونیان هەیە و کەسی هوشیار بە ئاسانی دەتوانێت درووشم و داخوازییەکانی ئەوان بناسێتەوە و ئەوە ببینیت، کە چۆن ئەو زاڵییە ئاوەزییەی ناسیونالیستەکان لە پان-عەرەبی تاکو پان-عیراقی بووە بە بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ڕادیکاڵبوونەوەی ڕابوونی خۆخۆیی خەڵک و سێبەری نەگریسی ئەوان بووە بە تەلسیمی مردووان بەسەر زیندووانەوە.

بە کورتی و پوختی، بزووتنەوەی خۆخۆیی خەڵکی ناڕازی 2012 – 2019 عیراق لەسەر دووڕییانی: (ملکەچکردنەوە بۆ چەوسێنەران لە ڕێگەی کودەتای سەربازیی و سیستەمی تاکپارتیی و سەرۆککۆماریی) یان (رادیکاڵبوونەوە و شکاندنی دوا قاوخەکانی سیستەمی ڕامیاریی و گۆڕینی خۆنیشاندانەکان بە مانگرتنی گشتیی و سەرتاسەریی و گۆڕینی ڕابوونی ڕامیاریی بە ڕابوونی کۆمەڵایەتیی و هەنگاونان بۆ پێکهێنانی گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە ئاسۆیی و سەربەخۆکان وەک تان و پۆی خۆسەریی کۆمەڵایەتیی و یەکێتی کۆنفێدرالیستییانەی خۆسەرییە ناوچەیی و هەرێمییەکانی گشت ناوچەکانی عیراق و کۆتاییهێنان بە زاڵیی شیعە لەسەر سوونە، سوونە لەسەر کورد و کورد لەسەر تورکمان و ئاسووریی و ..تد ). ئەگەرنا، سەرەنجام لە گۆڕینی فەرماندارییەک بە فەرماندارییەکی دیکە، یان گۆڕینی سیستەمی پارلەمانی بە سیستەمی تاکپارتیی و سەرۆکایەتی زیاتر نابێت، ئەوانەش شایانی ئەو هەمووە قوربانیدان و وێرانکردنە نیین.




چەند پرسیار و وەڵامێک لەبارەی (هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە)

هەژێن
22-ی ئۆکتۆبەری 2019

پرسیاری یەکەم : ” ئایا بایکۆت نابێتە هۆی بێکاریی کوردانی باکوور؟

وەڵام: پێش هەموو شت، پرسیارەکە لە ڕوانگەی ناسیونالیستییەوە خەریکە سۆزی نەتەوەچییانەی کوردان بورووژێنێت، ئاراستەکەرانی دەسەڵاتدارانی هەرێمن، ئەوانەی کە نانیان لەنێو ڕۆنی تورکیە و ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی “ئیمتیازی” نەوتی هەرێم بۆ تورکیە دەستەگوڵی دەستی ئەوانە و هەر بایکۆتێکی ئابووریی دەبێتە هۆی نەمانی ڕۆنەکەی تورکیە و وشکبوونەوەی نانەکەی خۆیان.

بە بۆچوونی من، وەک کەسێک کە ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای سەروەریی چین و توێژێک لەسەر کۆمەڵ دەزانم، بۆ من لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێکی ئیزمیر و ئامەد و هەولێر و فەلووجە جیاوازی نییە. بێجگە لەوە، کاتێک بڕیاردان لەنێوان بێکاربوونی کرێکارێک و لاقپەڕینی منداڵێک بێت، بێکاربوونی ملیاردان کرێکار لە لاقپەڕین و بێ دایک و باوک-بوون و ئاوارەبوون و کوژرانی منداڵێک، تەنانەت لە کوژرانی ئاژەڵێک و شکانی درەخت و گوڵێک، باشتر دەبینم؛ کرێکارێک بەبێ کاری کرێگرتە ئەگەری زیندوومانەوەی هەیە، بەڵام منداڵێک و دەروون و خەونەکانی لەژێر بۆمبێک کۆتایی ژییان و مێژووە، بۆ من وەک کەسێک کە منداڵیی و لاویی من لەژێر بۆمبارانی جەنگی عیراق-ئێران تێپەراندبێت!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، فرمێسکی تیمساحیانەی ڕامیاران و کاناڵە میتییەکەی ئەوان (ڕووداو) بۆ نەمانی نانە چەورەکەی خۆیان و زیانی سەرمایەدارە کوردەکانی باکوور و لەوەش بێئابڕوانەتر ئەوەیە، کە زۆریک لە پرۆژە ئابوورییەکانی باکوور پشکی سەرانی پدک و ینک لەنێو هەیە، هەر ئاوا کە بەناوی کەسانی دیکە لە ئۆروپا ڕێستورانت و نانەواخانە و پیتزەری و ڕێزە ئاپارتمان دەکڕن و پارەی دزراو سپی-دەکەنەوە!

پرسیاری دووەم: ئەی بۆچی کاڵای کارخانەکانی ئاڵمانیا و برتانیا و ئەمەریکا بایکۆت-ناکەن؟

وەڵام: ئەوەی کە سەرمایە و سەرمایەداران لەم سەر تاکو ئەوسەری دونیا لەنێو ئەو جەنگە بەرژەوەندییان هەیە، گومانی وەرناگرێت. بەڵام بەرهەمی کارخانەکانی دیکەی جیهان [مەبەست کارخانەکانی چەکسازیی و بواری سەربازیی نییە، چونکە ئێمە کڕیاری کاڵای ئەو کارخانانە نین] وەک بەرهەمی کارخانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ بەو جەنگەی ئێستا خزمەتناکەن و ڕاستەوخۆ پشتیوان نین. بێجگە لەوەش، هەر ئاوا کە لە هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەکی بازرگانیی بەبێ پشک و ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی ینک و پدک بوونی نابێت، هەر ئاواش لە تورکیە، بەبێ ڕەزامەندیی ڕامیاریی تورکیە هیچ پڕۆژەیەک بوونی نییە و زۆربەی پڕۆژە گەورەکان هی ئەردۆگان و زاواکەی ئەون، هەر کەس گومانی هەیە، با فیلمە دۆکومێنتەرییەکان لەبارەی ناچارکردنی خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئیستانبوڵ و ئانکارا و شارەکانی دیکەی تورکیە و پرسی مەیدانی تەقیسم لە ئیستانبوڵ تەماشابکات!

بە بۆجوونی من، ئەگەر بایکۆتکردنی کاڵای هەر کارخانەیەکی جیهان و بایکۆتکردنی گەشتی هەر گۆشەیەکی دیکەی جیهان وەک بایکۆتکردنی کاڵاکانی تورکیە و بایکۆتکردنی گەشتکردن بۆ تورکیە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ کارایی چارەنووسسازی هەیە، پێویستە بیخرێتە نێو لیستی بایکۆتکردن!

بێجگە لەوەش، ئەو بایکۆتکردنەی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە و دەکرێت لە بەردەوامی و درێژەی بەرەو بایکۆتکردنی کارخانە و هێڵە هەواییەکان و گەشتی ئەو وڵاتانەش کە وێرای ناڕەوایی جەنگەکە و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی ڕۆژاوا [ڕۆژاوا بەس کرمانجی-زمان نین، چەندین ئێنتنیی و ئایین و کولتووری دیکەن] کۆمەکی حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان دەکەن، پێویستە دەستبەجێ ئەوانیش بایکۆتبکەی.، بەڵام وەک دەبینین بایکۆتکردنی ئەوان لەسەر خێراڕاگرتنی جەنگەکە کارایی نابێت، چونکە کاڵای ئەوان ناچێتە هەرێم و ئێران و …تد، تاکو خەڵکی هەرێم ئەوانە بایکۆتبکەن. وێرای ئەوەش، ڕێپێوانەکانی ئۆروپا بۆ درووستکردنی فشارێکە بە داچلەکاندنی رای گشتیی ئۆروپا و کەم نین، ئەو ئۆروپییانەی کە چەندین ساڵە وەک هاوپشتییەک لەتەک خەڵکی فەلەستین و ڕۆژاوا کاڵای کارخانە و کێڵگەکانی ئیسرائیل و تورکیە بایکۆتدەکەن!

ئەوەی کە دەبێت وەک کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەشتکردن بۆ ئەوێ، کاڵای هەموو کارخانەیەک لە یەک کات و هەر ئێستا و بە چاوتروکاندنێک بایکۆتبکەین، فرەتر پاساوە بۆ بایکۆتنەکردنی کاڵای کارخانەکانی تورکیە. هەر ئاوا ناچارکردنی خەڵکە بەوەی کە یان بایکۆتی کاڵای هەموو کارخانەکان یان کاڵای کارخانەکانی تورکیەش بایکۆتنەکرێت!

بە بۆچوونی من، ئەگەر ئاستی هوشیاریی کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بە ئاستی خۆهوشیاریی بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و ناکرێگرتەیی و نامشەخۆریی گەییشتبێت، ئەی بۆچی نا، بەدڵنیاییەوە ئەوە بەشێکە لە ستراتیجی هەموو کەسێکی سۆشیالیستی دژە-دەوڵەت، بەڵام تاکو ئەو کاتەی کە ئەندامانی کۆڵانێک، گەڕەکێک، گوندێک، سارێک، ناوچەیەک، هەرێمێک بەو ئاستە لە خۆهوشیاریی نەگەییشتبن و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی و خۆکۆمەكیی و گەلکاریی و هەر ئاوا کێڵگە و کارخانەکان کۆمەڵایەتیی نەکرابنەوە، بڕیارێکی ئاوا لە جەنگێکی خۆتڕێن زیاتر نابێت. ئەوەی کە ئێستا نەتوانین ئەوە بکەین، نابێتە پاساوی ئەوەی نابێت کاڵای کارخانەکانی تورکیە وەک فشارێکی ئابووریی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و هێرشکردنی فەرمانداریی ئاکپارتیی و ملهوڕیی ئەردۆگان، بەکارنەبەین.

بە بۆچوونی من، هیچ لۆجیک و ڕەوایەتییەک لەنێو ئەو پرسیارە نییە. ئەو پرسیارە چ بخوازێت و چ نەخوازێت ماری تۆپیوە بۆ بەرپێی جەماوەر، کە خەریکە پاش نیو سەدە بۆ یەکەم جارە خۆخۆیی و دابڕاو لە دەسەڵات و ڕامیاران و پارتییەکان بڕیارێک دەدات و هەنگاوێکی سەربەخۆ دەنێت.

پرسیاری سێیەم: لەنێوان بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای کارخانەکانی تورکیە و گەمارۆی ئابووریی لەسەر وڵاتێک جیاوازی چییە؟

وەڵام: جیاوازییەکە ئەوەیە، بایکۆتکردنێک کە خۆبەخۆ کەسانی نەدار و بێدەسەڵات وەک هاودەردیی لەتەک دانیشتووانی جەنگ-زەدەی ڕۆژاوا بانگەوازیدەکەن، بۆ کۆتاییهێنانە بە جەنگ و ملهوڕیی حکومەت و دەوڵەت و پارتیی و سەرۆکی تورکیە، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە لە مەرگ، نەک برسیکردنی خەڵکی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووری وەک ئابڵۆقەی هاوپەیمانان لەسەر عیراق و ئابڵۆقەی هاوپەیمان و حکومەتی بەعس لەسەر هەرێم و ئئابڵۆقەی ئێستای دەوڵەتی ئەمەریکا لەسەر ئێران و کوبا و کوریا و …تد فشاری دەوڵەتانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان خۆیان لەسەر دابەشکردنی کێکی چەوسانەوەی ئێمە؛ ئەگەر ئێران وەک سعودیە بە مەرجەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نیودەوڵەتیی دراو و دەوڵەتی ئەمەریکا ملبدات، گرفت و ئابڵۆقەیەک بوونی نامێنێت، هەرچەندە وەک سعودیە ئەگەر نەریتی ملپەراندن هێشتا پیشەیەکی پەسەندکراوی پاسایەتی ئەو وڵاتەش بێت. هاندەری ئابڵۆقەی ئابووریی بۆ سەر “وڵاتێک” سەپاندنی جەنگ و مەرجی ملهورانەی دەوڵەتێکە لەسەر وڵاتێکی دیکە و هیچ پەیوەندی بە خواستی خەڵک و هاوپشتی و هاودەردیی لەتەک خەڵک نییە!

بێجگە لەوە، ئێمە بایکۆتکەرانی گەشت و کاڵای کارخانەکانی تورکیە دەستپێکەری ئەو جەنگە نین، بایکۆتکردن پەرچەکرداری مرۆڤە بێدەسەڵات و نەدارەکانە لە دژی جەنگ، لە دژی کوژرانی منداڵان، لە دژی ئاوارە بوون ، لە دژی داگیرکاری، لە دژی ملهوڕیی و ئەوە هێرش و جەنگی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی تورکیەیە، کە ئێمە بە بایکۆتکردن ناچاردەکەن، ئێمە بایکۆتکەران وەک بڕیاردەرانی ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر وڵاتان، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیی و کەسیی و مشەخۆرانە و ملهوڕانەمان نییە؛ ئێمە خوازیاری کۆتایی هێڕش و جەنگین؛ ئێمە خوازیاری لێدانین لە بازار و سیستەمەکە، هەنگاوی یەکەمیش لە پێداویستیی خەڵکەوە دەستپێدەکات، کە پێداویستیی خەڵکی ڕۆژاوا [خەڵکی ڕۆژاوا بە هەموو ئێتنی و ئایین و کولتوورەکان نەک بەس کوردانی ڕۆژاوا]یە بە هاوپشتی ئێمە و ئێمەی بێ چەک و نەدار و بێدەسەڵاتیش تاقە یەک چەکی شۆرشگەرانە شکدەبەین، ئەویش بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و گەشکردنە بۆ تورکیە وەک لێدان لە ئابووریی و بازاری جەنگ!

بە کورتی جیاوازی نێوان بایکۆتی ئابووریی و ئابڵۆقەی ئابووریی ئەوەیە، کە بایکۆتکەران کڕینی کاڵای کارخانەیەک یان کاڵا و گەشتی وڵاتێک بایکۆتدەکەن نموونە (بایکۆتکردنی خواردنەوەی کۆلا، خواردنی مێکدۆناڵد، کاڵای کارخانەکانی دەوڵەتێک لەپێناو سەپاندنی ماف و داخوازییە ڕەوەکانی کۆمەڵێک بەسەر کۆمپانییەکان و دەوڵەتەکان، زیندووترین نموونە: بزووتنەوەی بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە.

بەڵام ئابڵۆقەی ئابووریی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک هەناردە و هاوردەی کاڵا بۆ دانیشتووانی ناوچە و هەرێمێک قەدەخەدەکەن، تاکو خەڵکی ئەو شوێنانە و فەرمانداریی ئەو شوێنە بە داخوازییەکانی کۆمپانییەکان و بانکەکان و نێوەندە جیهانییەکان ملبدەن. زیندووترین نموونە : ئابڵۆقەی حەوت ساڵەی دەوڵەتی تورکیە و فەرمانداریی هەرێم لەسەر خەڵکی ڕۆژاوا. بە واتایەکی دیکە، جیاوازی نێوان (بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانی خەڵک) و (سەپاندنی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و ملهوڕیی دەوڵەتەکان لەسەر خەڵک)!

چوارەم توانج و تاوانبارکردن : شێواندن و تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی جەماوەریی بایکۆتکردن بە بزووتنەوەی “کۆنەپەرست و ناسیونالیستی” لەلایەن چەپی دەسەڵاتخواز

وەک دەبینین و دەردەکەون، پێشەنگی ئەو چەواشەکارییە ڕامیارییە و ئەو تۆماتبارکردنە، قۆمۆنیستە* کوردیی-زمانەکانن. قۆمۆنیستەکان لە کاتێکدا دەبنە هەڵگری ئاڵای ڕێفراندۆمی “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان”، کە پڕۆژەیەکی ئەردۆگانی بوو بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی کۆنی ئوسمانی و سەفەوی و جەنگی ئێستای نیئۆ-ئوسمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو عیراق، لەوێ بە کێکخواردن لەتەک نێردراوی حکومەتی ئەردۆگان بۆ هەرێم ئۆکتۆبەری 2018 شاگەشکە بووبوون و بە کورسی دەسەڵاتی سێکیولاستیکیی خۆیان خەونیان دەبینی، کەچی هاودەردی و هاوپشتی خۆخۆیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی هەرێم و ئازادیخوازانی جیهان لەتەک لێقەوماوانی ڕۆژاوا بە “ناسیونالیستی و کۆنەپرەستانە” ناودەبەن.

من وەک خۆم، باشترین وەڵام بۆ ئەوان بەس ئەوە دەبینم، کە ىڵێم “قومارچی ئەگەر نەڵێت بە هینم، دڵی دەتەقێت”؛ ئەوان کە کاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 1996 دایکی خۆشیان دەنگی نەدانێ؛ ئەوان کە ساڵی 2000 لەنێو جەنگێکی خۆتڕێن پێنج کەسیان بەکوشتدا و دواتر خۆیان بەرەو هەندەران هەڵهاتن؛ ئەوان کە دواتر لە بەرانبەر مۆڵەت و پشک لەتەک بکوژانی ئەندامەکانی خۆیان ڕێکەوتن و چوونە یادی هەمان ڕادیۆی ینک، کە کوشتنی ئەندامەکانی ئەوانی ڕەوادەکرد؛ ئەوان کە کاتی هاتنی داعش هەڵای “دەستەی چەکداری جەماوەریی”یان بەرپاکرد و هیچ کەس بە کڵاوی ئەوان … نەپێوا؛ ئەوان کە لەنێو پڕۆسەی “خۆتڕاندنی دەوڵەتی کوردی” ڕسواترین هێز دەرچوون؛ ئەوان کە هەموو مانگێك ڕێکخراو پارتییۆکەیەک درووستدەکەن و بێجگە لە خۆیان هیچ کەس ناوی خۆیان و ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانیان و خۆیان نازانێت، زۆر ئاساییە کە لە بەرانبەر بزووتنەوەی خۆخۆیی جەماوەریی بکەونە سووکایەتی و شێواندن، ئەگەر نا وەک قومارچییەکە دڵیان شەقدەبات! چونکە بزووتنەوەی بایکۆتکردن بزووتنەوەیەکە، کە هیچ شوانە “ڕابەر ” و “حزبی قائد” و شێخ و تەریقەتێکی نییە و بە چەند ڕۆژ بووە بە دەنگێک و حکومەتی ئاکپارتیی و ئەردۆگان و کۆمپانییەکانی هەرێم و کارخانەکان هەژاندووە و ناچاربوون دەزگە میدیاییەکانیان بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک بەگەڕبخەن و قۆمۆنیستەکانیش وەک دەسەڵاتخواز و هاودەردی دەسەڵاتداران و کارخانەکان کەوتوونەتە سووکایەتی و شێواندنی ڕەوایەتی بزووتنەوەی بنایکۆتکردن!

ئەگەر لەوەش بگوزەرێن، کە ئاوا تۆمەتبارکردنێک بەس شێواندن و ئێرەییەکی ڕامیارییە وەک بەرەنجامی ناکارایی بۆچوون و بڕیارەکانی خودی ئەوان. پرسیارێک کە تۆمەتی “ناسیونالیست-بوونی بایکۆتکەران” لەبارەی خودی (ناسیونالیزم) دەیورووژێنێت، ناکرێت بەبێ وەڵام بمێنێتەوە.

ساڵی 1993 کاتێک ڕێکخراوەکانی (قۆمۆنیزمی کرێکاری) لە هەرێمی “کوردستان” خەریکبوون پارتییەک لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی (مەنسووری حیکمەت) پێکبهێنن، بۆ ئەو مەبەستە خودی مەنسووری حیکمەت بە نامەیەکی ئاراستەکراو کۆمەڵێک پرسیاری لە “فەعاڵین”ی ئەو کات کردبوو و منیش وەك چالاکێکی کۆمونیستی ئەو ڕۆژگارە دەبوو بە پرسیارەکانی نێو ئەو نامەیە وەڵامبدەمەوە. یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو “بە ڕای تۆ حزب عیراقی بێت یان کوردستانی، بۆچی؟” [ئەگەر داڕشتنی پرسیارەکە بە درووستی لەنێو هۆشی من مابێت، ئاوا بوو].

ئەو کات کە من بە بۆچوون و بڕوای (پارتیی کۆمونیستی جیهانی) گەییشتبووم و هیچ بڕوایەکم بە پارتییە ناوچەییەکان نەمابوو، بە پرسیارێك کەوتمە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی (مەنسووری حیکمەت)؛ ئەگەر “کوردستان”یی-بوونی پارتییەک ناسیونالیستبوونی ئەو بێت، ئەی جیاوازی کوردستانیی-بوون و عیراقیی-بوون چییە، ئایا هەر دووکیان شوناسەیەکی جوگرافیی نین و شوناسی ڕامیاریی تایبەتیی کۆمەڵە خەڵکێک نین؛ بە چ پێوەرێک یەکەم “ناسیونالیست”یی دەبێت و دووەم “ئینتەرناسیونالیست”یی؟

ئێستا با بە جۆرێکی دیکە ئەو پرسیارە لە ئێوە دەروێشەکانی (مەنسووری حیکمەت) بکەینەوە؛ ئێوە کە حزبەکانتان شوناسی “کوردستانی”ی و “عیراقی”یان هەیە و لە هەر گۆشەیەکی جیهان بژین، بە هیچ شێوەیەک لەنێو تێکۆشانی ئەو کۆمەڵانە بەشدارییناکەن، بەڵام هەموو درووشم و بانگەواز و بڕیار و هەوڵێکی ئێوەی (قۆمۆنیست) لەپێناو “کوردستان” و “عیراق”ەکەی خۆتانە و بە هەزار و یەک شێوە و ڕێگە بەناوی دەیان ڕێکخراوی بەناو”جەماوەریی”یەوە بووجەی خەرجە کۆمەڵایەتییەکانی [بیمە کۆمەڵایەتییەکانی] ئەو کۆمەڵانە بۆ “عیراق” و “کوردستان”ەکەی خۆتان دەدزن، کەچی خۆتان بە “نا-ناسیونالیست” و کەسانێک کە دژی جەنگی فەرمانداریی تورکیە بۆ سەر کۆمەڵی ڕۆژاوا لە باکووری سوریە وەستاونەتەوە و بایکۆتکردنی کاڵا و گەشتی تورکیە وەک بەرەنگارییەکی ئابووریی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا بەکاردەبەن، ئێوە ئەوان بە “ناسیونالیست” ناودەبەن؛ ئەرێ بەڕاست، بە کامە پێوەر و لۆجیک ئەوە درووستە و بۆ ئێوە (ناسیونالیزم) و (ناسیونالیست)-بوون چ واتایەک دەبەخشێت؟


  • پەراوێز:
    قۆمۆنیست:قۆم/ قۆمون = نەتەوە، نەتەوەچی، (ئیست) پاشگری بکەرە، وەک (چی). قۆمچی یان قۆمۆنیستەکان ئەو ڕەوت و ئاراستە چەپە هەلپەرست و دەسەڵاتخوازانەن، کە لەپێناو دەسەڵات و ناوبانگ و بەرتەریی دەستەبژێرانەی خۆیان، هەر ڕۆژە درووشم و بەرنامەیەک بەرزەدەکەنەوە: “حکومەتی کرێکاری” ، “دەوڵەتی سۆشیالیستی“ ، “کۆماری سۆشیالیستی” ، “حکومەتی شورایی” ، ” کۆماری شورایی”، „ حکومەتی عیلمانی“ ، “حکومەتی سێکولاریستی” ، “حکومەتی مەدەنی” ، ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان” ، “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی” و بەدڵنیاییەوە وەک هەموو ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز بەیانی پارلەمان دوا مەنزڵگەی ئەوان دەبێت!

بۆ من و بە لێکدانەوەی و تێگەییستنی ئەنارشیستییانەی من لەبارەی کۆمونیزم [کۆمونیزم نەک کۆمۆنیزم]؛ (کۆمونیزم) و دەوڵەت، (کۆمونیزم) و پارتیی، (کۆمونیزم) و ڕابەر، (کۆمونیزم) و دەستەبژێر، (کۆمونیزم) و سەرۆک و لیدەر؛ کۆمونیزم و ئەو شتانەی دیکە کۆمەڵێک چەمکی پارادۆکسی یەکدین و کۆمونیزم یان نییە، یان دژی کۆمەڵی چینایەتی، دژی سیستەمی چینایەتی، دژی ڕێکخستنی چینایەتی، دژی خەونی چینایەتیی دەبێت. تکایە سەرنجبدە، من لەبارەی کۆمونیزم دەدوێم، نەک مارکسیزم!




ئەنارشیستانی کوردیی-زمان تکایەکی هاوڕێیانە لە خۆم و لە ئێوەش!… هەژێن

وەک مێژوو
بزووتنەوەی ئەنارشیستی بە ئێمە نیشاندەدات، ئەنارشیستەکان ئەو بنەما کردەییەیان
پەیڕەوکردووە :

مەیدانی
بەرەنگاریکردنی سیستەمی سەروەریی چینایەتی زۆر لەوە فراوانترە، کە چەند ڕەوت و
ئاراستەیەکی جیاواز نەتوانن هەر یەکە و بە شێوازی خۆی خەریکی پاگەندەکردنی بۆچوون
و بنەماکانی و کەتوارییکردنەوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی بێت.

ئێمە خەریکی
بەرەنگاریکردنی سیستەمی سەروەریی چینایەتی و کۆششی کۆمەڵایەتیینانەی خۆمان دەبین،
کەسانی دیکە  چیدەکەن، ناتوانن ڕێگریی
کەتواریی هەوڵە شۆڕشگەرییەکانی ئێمە بن، ئەگەر ئێمە بەڕاستی لەنێو پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خەریکی کۆشش و خۆڕێکخستنی
خۆمان و بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکان بین.

بەدرێژایی
مێژووی سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست و ئێستاش سەرەتای سەدەی بیست و یەک، ئەوە ڕەوت
و ئاراستە ئایدیۆلۆجیی و ڕامیارییەکانی دیکەی بەناو “سۆشیالیزم” و “کۆمونیزم”، شان
بەشانی شێواندن و تۆمەتەکانی سەروەران بۆ ئەنارشیزم و ئەنارشیستەکان، وێناکردنی
بیرکردنەوەی ئێمەیان شێواندندووە و وێنەی ئێمەیان ناشیرینکردووە و لە ئێمە دوژمنی شۆڕش و رزگاری کرێکارانیان
چیکردووە و سەد و هەشتا (180) پلە ئامانج و شێواز و مێژووی ئێمەیان پێچەوانە و لنگاوقووچ نیشانداوە و
هەرچی بەرەنجامی نیگەتیڤیی پارتییایەتی و ئایدیۆلۆجییگەریی خۆیان بووە و هەیە، بە شان و ملی
ئێمە داداوە و هەردەم چ لەوپەڕی دەسەڵاتداریی و چ لەوپەڕی پووچەڵبوونەوەی وەک
ئێستایان بۆ یەک تاقە سات و چرکەش لە دوژمنسازیی لە ئێمە نەوەستاون، چونکە بوونی
ئێمە مەترسیی و ڕێگری سەروەرخوازی و دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و
مشەخۆرییخوازیی سەرانی پارتییەکانی ئەوانە.

ئەگەر ئەوە
نەبێت، دەبوو ئێمە نزیکترین دۆست و هاوتێکۆشانی ئەوان بوونایە، هەر ئاوا لە
کۆمونەی پاریس 1871 و لە ڕوسیە 1917-1921 و لە هەرێمی باڤاریای ئاڵمانیا 1918 و لە ئیسپانیا 1936-1939 و لە ئەمەریکای لاتین نیشانمانداوە،  ئێمە هەردەم دژی دەوڵەتان و سەرمایەدارانی
ناوچەکە و جیهان، لە ئەوان (چەپەکان)
پشتیوانیمانکردووە
و ئەوان پاش تەواوبوونی مەترسییەکە، لە پشتەوە
خەنجەری ژەهراوییان لە پشتی هاوسەنگەریی ئێمە داوە.

هاوڕێیان
ئەنارشیستی کوردیی-زمان،
ئەرکی مێژوویی
ئەنارشیستەکان زۆر لە دژایەتیکردنی پارتییە چەپەکان و چەند چەپێکی تەرەکەوتوو،
گەورەتر و فروانترە؛

ئەنارشیستەکان
دژی سەروەریی چینایەتین لە خێڵەکییەوە تاکو پاشایەتی و دەوڵەتی هاوچەرخ و
فەرمانداریی-پارلەمانیی،
نەک بەس جۆرێک
لە سەروەریی،
ئێمە خوازیاری
خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی شوێنی کار و ژیان لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمیی خۆجێی و
یەکێتی فێدرالیستیی ئازادانە،

ئەنارشیست
هزرەکان دژی دارایی تایبەت و دارایی دەوڵەتیین، نەک بەس دژی جۆرێکی سەروەری، ئێمە
خوازیاری دارایی کۆمەڵایەتیین، 

ئەنارشیست
هزرەکان دژی کاری کرێگرتەین چ بۆ 
سەرمایەداران و چ بۆ دەوڵەت، نەک بەس جۆرێکی کاری کرێگرتە، ئێمە خوازیاری
بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی و هەرەوەزیین،

ئەنارشیست
هزرەکان دژی هەموو ستەم و هەڵاواردنێکین، نەک بەس دژی جۆرێکی ستەم و هەڵاواردن،
ئێمە خوازیاری یەکسانی مافی تاک و کۆمەڵەکان، یەکسانی ماف و ئەرکی ڕەگەزەکان،
یەکسانی ماف و ڕەوایی کولتوورەکانین،

ئەنارشیست
هزرەکان دژی هەموو ڕێکخستنێکی نێوەندگەرا و قووچکەیی و پارتیی و دەوڵەتیین، نەک
بەس دژی جۆرێکی دیاریکراو، خوازیاری خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ و
ئاسۆیین بەبێ سەرۆک و ڕابەر و شوانەیی ڕامیاران،

ئەنارشیست
هزرەکان دژی هەموو بەرتەرییەکی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی
دەستەبژێر و گرووپەکانین، نەک بەس دژی جۆرێکی، ئێمە خوازیاری ئازادی و یەکسانی و
دادپەروەریی کۆمەڵایەتیین،

ئەنارشیست
هزرەکان دژی هەموو سالارییەکی مرۆڤ لەسەر مرۆڤێن، نەک بەس جۆرێکی، ئێمە خوازیاری
یەکێتی و هاوپشتی خۆخواستانە و خۆبەخشانەی تاک و کۆمەڵە ئاازادەکانین،

ئەنارشیست
هزرەکان دژی هەموو بەڕێوەبەرییەکی سەرووخەڵکین، نەک بەس دژی جۆرێکی، ئێمە خوازیاری
خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیین،

ئەنارشیست
هزرەکان دژی پۆلیس و سوپا و زیندان و قەنارە و دوورخستنەوەین، نەک بەس هی
دوژمنەکانمان، بەڵکو بۆ هەموو کەس،ئێمە خوازیاری خۆپارێزیی کۆمەڵایەتیی شوێنەکانی
کار و خوێندن و ژییان و کۆمەڵەکانین،

ئیدی بەو جۆرە
جیاوازییەکان درێژدەبنەوە، تاکو دەگاتە جۆری ژییانی تایبەتیی و ڕەفتار و گوفتار و
ئەتوار و تەنانەت خواردن و بەکاربردن و ژینگەپارێزیی و خەمخۆریی بۆ نەوەکانی
دواتری مرۆڤایەتی ….تد

بەڵام،

ئەوان دژی
سەروەریی خاوەن کۆمپانییەکانن، بەڵام بۆ سەروەریی پارتییەکەی خۆیان هەوڵدەدەن،

ئەوان دژی
دارایی تایبەتیی خاوەنکارانن و لەسەر دارایی دەوڵەتیی پێداگرییدەکەن،

ئەوان دژی
کاری کرێگرتە بۆ خاوەنکارخانەکانن و لەسەر کاری کرێگرتە بۆ دەوڵەت پێداگرییدەکەن،

ئەوان دژی
ستەم و هەڵاواردنی خاوەنکارخانەکانن لە خەڵک و بەرانبەر خەڵک، بەڵام ڕەوایەتیدەری
ستەمکاریی و هەڵاواردنی خۆیان و پاساودەری ئەو کۆمەڵکوژیی و تاوانانەی درێژایی
حەفتا ساڵی سەدەی بیستەم هاوبیرانیان بەرانبەر کۆمەڵ ئەنجامیان داوەن،

ئەوان دژی
ڕێکخستن و ڕێکخراوەکانی سەرمایەدارە تاکەکانن، بەڵام پێداگری هەمان جۆری ڕێکخستنی
ڕامیاریی و ئابووریی و ئایدیۆلۆجیین بۆ خۆیان و نێوەندگەرایی و قووچگەیی سیستەمی
بەڕێوەبردن بە لووتکە دەگەیێنن، هەر بەو جۆرەی موسۆلێنی و هیتلەر و پۆلپۆت و سەدام
و خومەینی گەیاندیان،

ئەوان دژی
بەرتەریی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیین بۆ دەستەبژێرەکانی سایەی سەرمایەداری
بازاری بەڕەڵا، بەڵام وەک پاشاکان بەرتەریی بۆ 
سەرانی پارتییەکانیان و جەنەڕاڵەکانیان ڕەوایدەکەن،

ئەوان سالاریی
خاوەنکارەکان ڕەتدەکەنەوە،بەڵام خوازیاری جێگرتنەوەی ئەو سالارییەن لەلایەن
خۆیانەوە،

ئەوان دژی
جۆرێکی دەوڵەتن، بەڵام لەسەر پێداویستیی دەوڵەتی قەرەقووشیانەی خۆیان
پێداگرییدەکەن و تەنانەت لەپێناو سەپاندنی کۆمەڵکوژیی ملیۆنی ئەنجامدەدەن،

ئەوان دژی
پۆلیس و سوپا و زیندان و قەنارە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستان، بەڵام ڕەواکەری
پۆلیس و سوپا و زیندان و قەنارەی خۆیانن و پاشگری “شۆڕشگێری”یان بۆ
زیاددەکەن،

ئیدی بەو جۆرە
لیستی هەڵوێست و بیرکردنەوەی “بانێکە و دوو
هەوا”ی ئەوان لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەوە تاکو ئەم ساتە درێژدەبێتەوە
و سەراپای هەوڵی ئەوان بۆ جێگرتنەوەی سەروەریی ئەوانی دیکە بە سەروەریی خۆیان،
جێگرتنەوەی دیکتاتۆریی خۆیان بەناوی “پڕۆلیتاریا”، درووستکردنی پارتیی و چوونە پارلەمان و وەرگرتنی مۆڵەت و
مووچە و کۆمەک لە دەوڵەتانی سەرمایەداریی و تاوانبارکردنی ئێمە بە “خزمەتکردن بە
سەرمایەداریی”
و …تد

بە بۆچوونی من
و سەلماندنی ئەزموونەکانی مێژووی سەد و هەشتا ساڵەی ڕابوردوو، هەر ئەوەشە هۆکاری
دژایەتیکردنی ئەنارشیزم و کۆمەڵکوژکردن و تیرۆرکردنی پاگەندەیی ئەنارشیستەکان،
شێواندنی بنەماکانی هزری ئەنارشیزم، لنگاوقووچ-نیشاندانی
وێنا و وێنەی ڕاستینەی کۆشش و ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئەنارشیستی، تاکو ئەندامان
و لایەنگرانی فریوخواردووی خۆیان بە “سۆشیالیزم” و “کۆمونیزم”ی دێوجامەیی لە ڕاستی ئامانج و هەوڵ و مێژووی هزر و بزووتنەوەی ئەنارشیستی
تێنەگەن و تەنانەت وەک ئایینگەراکان کولتووری ترس لە خوێندنەوەی سەرچاوە
ئەنارشیستییەکان باودەکەن و ئەگەر بزانن ئەندام یان لایەنگرێکیان خەریکی ڕامان و
هەوڵدانە بۆ تێگەییشتن لە ئەنارشیزم و سەرچاوەکانی دەخوێنێتەوە، تۆمەتباران و
شەرمنیدەکەن و جەنگی دەروونی بەرانبەر دەکەن.

کورتەی پەیام
و هاندەری نووسینی ئەم پەیامە، هاوڕێیان (ئەنارشیزم) بزووتنەوەیەکی
کۆمەڵایەتیی بووە و شۆڕشگەریی ئەو هەر ئەوەیە و هەر بەوەش دەمێنێت، لەبەرئەوە
مەیدانی پاگەندەکردنی هزر و بۆچوونەکانی ئەنارشیزم، پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانن،
مەیدانی کۆششی
ئەنارشیستەکان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەرەکە بنەڕەتییەکانی ئەنارشیستەکان وەک
ڕۆشنگەرانی شۆڕشگەر و چالاکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی، پاگەندەکردنی بۆچوونەکانی
خۆیانە، نەک جەنگی بۆچوونە چەپییەکان؛ بەشداریکردنی ناڕەزایەتی و بزووتنەوە
کۆمەڵایەتییەکانە، نەک بەرەی هاوبەش لەتەک بزووتنەوە نائیدیۆلۆجیی و پارتییەکان،
یان بچووکردنەوەی کۆشش و بەرەنگاریی خۆمان لە دژایەتیکردنی چەند پارتیی و گرووپ و
کەسێک؛ ئەرکی ئەنارشیستەکان هەوڵدابنە بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و
پێکهێنانی ڕێکخراو و گرووپە خۆجێییە سەربەخۆ و ئاسۆییە جەماوەرییەکان، نەک کات
بەفیڕۆدان بە شەڕەدەندووک لەتەک بۆیباخ لەملانی چەپ، ئەوانەی هەر سات خەریکی
هەواڵدان و سازشکردنن لەتەک دەسەڵاتداران بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و مشەخۆریی.

هەر کەس بەڕێی
خۆی و با لەوە زیاتر کات و وزە و تواناییەکان بەفێرۆنەدەین، کێ دەتوانێت با خەریکی
وەرگێرانی سەرچاوە هزرییەکان، وەرگێڕان و ناساندنی مێژووی بزووتنەوەکە، وەرگێرانی
فیلمە دۆکومێنتەرییەکان، کێ دەتوانێت با وەرگێردراوەکان چاپ و بڵاوبکاتەوە، کێ
دەتوانێت با کۆڕی ڕۆشنگەریی بگێرێت و کێ دەتوانێت با بۆ پیكهێنانی فۆڕووم و گرووپە
خۆجێییە ئەنارشیستییەکان لەنێو گوندەکان، یان لەنێو کۆڵان و گەڕەک و گۆشەی شارەکان
هەوڵبدات، شتێک کە نابێت ئێمە لەبیریبکەین، ئەوەیە؛ ئەنارشیزم بزووتنەوەیەکی
کۆمەڵایەتییە و بەس لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتی و
بزووتنەوە  جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان
ئەگەر و توانای پەرەسندن و کۆمەڵایەتییبوونەوەی ئەنارشیزم هەیە. پارلەمان و
سیمینیاری چەپەکان و فسکە فسکی بنکە پارتییەکان و شەڕە تفەنگی چریکەکان و
خۆنواندنی نێو کاناڵەکانی بۆرجوازی مەیدانی تێکۆشانی ئەنارشیستەکان نین و نەبوون و
نابن.

بۆ ئێمە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان بەس مەیدانی پاگەندەکردنی بۆچوون و گەیاندنی سەرچاوە هزرییەکانی
ئەنارشیزم و وەک خۆیان نیشاندانی بنەما هزرییەکانی ئەنارشیزمن بۆ ڕسواکردنی و بە
درۆخستنەوەی هەموو شێواندنەکانی چەپ و ڕاست. لەبیرمان
نەچێت،
پێش ئەوەی
چەپەکان دژی ئێمە بن،
دوژمنی
گەورەتر هەیە،
کە ڕەوتە
سێکسیست و ئایینییە-ڕامیارییگەرا و ناسیونالیست و شۆڤێنیست و فاشیستەکانن، ئیدی ڕەنگی
ئاڵا و درووشمی ئەو بزووتنەوە ڕاستڕەوانە هەر چی بێت، دوژمنی ئازادی
و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیین و لە سەرووی ئەوانیشەوە دوژمنە سەرەکی و
گشتییەکە،
لەبیرنەکەین؛
سەروەریی چینایەتی بە هەموو ڕەنگ و زمان و بۆن و قەبارەکانیانەوە!

هاوڕێیان،
تکایە خۆتان و بزووتنەوە و ئامانجەکەتان تاکو شەڕەدەندووککردن لەتەک سەرانی چەپ و
پارتییەکان و گرووپە رامیارییەکان و  چەند
کەسێكی ناوبانگخواز دامەبەزێنن، ئەوەی ئەوان سەرمایەداریی و دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان
و ڕەوتە ڕاستڕەوەکانیان لەبیرکردوون و خەم و قسەی شەو و ڕۆژەیان بووە بە
دژایەتیکردنی ئەنارشیزم و ئەنارشیستەکان و تەنانەت شەوانە بە دژایەتیکردنی
ئەنارشیزمەوە وڕێنەدەکەن، نیشانەی هەژموون و بوونی کۆمەڵایەتییانەی ئێمەیە،
سەرەتای کارە و کاتی خۆڕێکخستن و بەشداریکردنی بزووتنەوە جەماوەریی و
کۆمەڵایەتییەکان و کەتوارییکردنینەوەی ئەلتەرناتیڤە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و
بەڕێوەبەرییەکانە، کاتی خۆڕاپساندنە لە ڕابوردووی چەپڕەویی و ڕاسڕەویی کەسیی، کاتی
هەنگاونانە بە هەر شێویەک دەکرێت و دەلوێت و دەگونجێت و بوار هەیە و تواناییە
کەسییەکانمان بواردەدەن، کاتی ئاشناکردنی بنەماکانی ئەنارشیزمە بە چین و توێژە
نەدار و بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵ، نەک ئەنارشیستکردنی پارلەمانتاران و سەرانی
پارتییەکانی چەپ.
هەر کات ئەوان
بەبێ ڕەتکردنەوەی رابوردوو و دارایی و ناوبانگ و دەسەڵات و پلەیان ببنە ئەنارشیست،
ئەوە نیشانەی ئەوەیە، کە ئێمە لنگاوقووچ لە ئەنارشیزم تێگەییشتووین و خەەریکین
لنگاوقووچ بە کۆمەلی دەناسێنن، ئەنارشیزم هزری کۆمەڵایەتیی نەداران و
بێدەسەڵاتکراوانە، نەک بنێشتە خۆشەی دەمی ڕامیاران و سەرمایەداران و دەروێشانی
ئایدیۆلۆجیی !

هاوڕێیان بۆ ئەوەی
بزانین کە لە ماوەی چواردە ساڵی ڕابوردوو (2005 تاکو ئێستا) چ کات و وزە و
ورەیەک لە بەرەبەرەکانێ و وەڵامدانەوەی تۆمەتەکانی چەپ بەفیڕۆداوە و چووە، بەخۆتان
بەراورد بکەن،
ئەگەر لەجیاتی
ئەوە خەریکی وەرگێران و کاری هونەریی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و کاری هەرەوەزیی
بووینایە، ئێستا بزووتنەوەکە خاوەنی چی دەبوو و لە چ ئاستێکی کۆمەڵایەتیی دەبوو.

من لێرەدا
بەڕاشکاویی و بەبێ سڵەمینەوە من بەبێ گومان و بەوپەڕی بڕواوە ئەم دەستەواژەیەی
کۆتایی دەنووسم، بابەتە فەسیبووکییەکان و ڕیزکردنی ناوی ئەنارشیزم  لە ڕیزبەندیی ئاژاوە و خراپەکانی و …تد لەلایەن
چالاکانی ڕەوتە چەپڕەوەکان و راستڕەوەکان بۆ تووڕەکردن و خەریککردنی ئێمەیە، بۆ
گێرانەوەی ئێمەیە لە ئەنجامدانی ئەرکانمان، بۆ دوورخستنەوەی ئێمەیە لە مێژووی
بزووتنەوەکەمان، بۆ بەرگرتنە لە پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی هزری ئەنارشیستی؛ ئاخر
بڵاوبوونەوەی بنەماکانی هزری ئەنارشیستی و تێگەییشتنی چین و توێژە نەدار و
بێدەسەڵاتکراوەکانی کۆمەڵ لە ڕاستیی ئامانجی ئەنارشیستەکان و ئەنارشیزم، بە
خوریکردنەوەی ڕێسی هەموو دەسەڵاتخوازان و ناوبانگخوازان و مشەخۆرانە لە ڕاستەوە بۆ
چەپ، داچڵاکان و هوشیاربوونەوەی چەوساوانە بەوەی کە بەس خۆیان (چەوساوان) دەتوانن
ڕزگاریکەری خۆیان بن و هەموو پارتیی و گرووپ و کەسێک بەناوی “پێشڕەویی
سۆشیالیستی و کۆمونیستی”
وەک ڕامیارانی
نێو پارلەمان و دەسەڵاتداران لەپێناو بەشی گەورەتر لە کێکی تاڵانکردنی ڕەنجی
ڕەنجدەران و سامان و داهاتی کۆمەڵ، هەوڵدەدەن و
هەر کات چەپەکان دەسەڵاتیان هەبێت، هەمان شت
دەکەنەوە کە پێشینانیان کردیان؛ ئەوان هەمان تاکتیکی ئاژاوەچییەتی دەسەڵاتخوازان و
پاوانگەران پەیڕەودەکەن “ئەگەر نەتوانن شۆڕشگەر بن، خۆ دەتوانن
شۆڕش تێکدەر بن”، وەک
بە کردەوە دەبینین و  سەد و پەنجا ساڵ
زیاترە (لە
درووستکردنی یەکەمین پارتیی سۆشیال-دێمۆکراتی
سویسرا تاکو دواهەمین باڵی جیاوەبووی حیکمەتیستەکان)دەردەکەوێت، ئەوان بە
درووستکردنی پارتییەکان و جیابوونەوە و باڵ-باڵێنە
سێکتاریزم پەرەپێدەدەن و بە دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتەکانیان و بەشدارییە
پارلەمانییەکانیان،
چین و توێژە
نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکان لە  بەدەسهێنانی
داخوازییەکانیان و سەرکەوتنی شۆڕش نائومێدکردووە و دەکەن و وەرگەڕانی کۆمەڵەکانی
جیهان بەرەو ڕاستڕەویی و پەرەسەندنی بزووتنەوە ئایینییە-رامیارگەرا و
ناسیونالیست و شۆڤێنیست و فاشیست و سێکسیستەکان بەرەنجامی ئەو شکستانەن، کە
دەوڵەتگەرایی چەپ لە بلانکیستەکان تاکو بۆلشەڤیک و مائۆئیستەکان و کاسترۆئیستەکان
و حیکمەتیستەکان و ..تد بەسەر چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان هێنایان و ئەوانیان لە ئەگەری سەرکەوتنی
شۆڕش نائومێدکرد!

بە درێژایی مێژووی پارتییایەتی و چەپ، فیلۆسۆفیی دژە-شۆڕشانی
دەسەڵاتخواز و  پاوانگەر و ناریسیست ئەوە
بووە “ئەگەر
نەتوانم  شۆش بەیەکجاری لەنێوبەرم، خۆ
دەتوانم پارچە-پارچە و تێکی-بدەم ”، بۆ
سەلماندن و دەرکەوتنی ڕۆڵی دژە-شۆڕشانەی
پارتییچییەکان بەناوی “سۆشیالیزم”
و “کۆمونیزم”، سەرنجێکی
خێرای ڕووداوەکانی نێو بزووتنەوەی کرێکاران و بزووتنەوەی سۆشیالیستی سەدەی نۆزدە و
بیست و ئێستا بەسە، کە هەردەم بەهۆی درووستکردنی پارتییەکان و پەرەدان بە سێکتاریزم  و پەڕشوبڵاوکردنی ڕیزی یەکگرووی کرێکاران و
سۆشیالیستان و کۆمونیستان بەسەر  پارتیی و
گرووپ و دەستەکان، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە وەک هێلکەیەکی پاککراو و وردکراو خراوەتە
پارووی سەرمایەداران و سەروەران، هاوکاتیش پارتییچییەکان شان بە شانی دەوڵەتان و
سەرمایەداران لە ڕۆڵی شۆڕشگەرانەی ئەنارشیستان لەنێو بزووتنەوەی کرێکاران و
بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەرییخوازەکان داوە و سۆشیالیست و
کۆمونیستە ئازادخواز و ڕاستینەکان [ئەنارشیستان]یان بە دوژمنی
چەوساوان ناساندووە؛ ئەوە تاکە کۆشش و بەرەنجامێکی تاکو ئێستای پارتییچییەتی و
دەوڵەتخوازییە بەناوی پڕۆلیتاریا و کرێکاران و سۆشیالیزم و کۆمونیزم.

هاوڕێ، هاورێیان، هاوڕێیان، ئەگەر دەخوازن و ئارەزومەندی وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان و شێواندنەکان و دوژمنایەتییەکانن، با هەموومان پێکەوە و هەر کەس لە شوێنی کار و ژییانی خۆی و بەگوێرەی توانا و کات و ئارەزوومەندیی و هۆگریی خۆی خەریکی کۆشش و ئەنجامدانی ئەرکی مێژوویی خۆمان بین، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتییە، شۆڕشی کۆمەڵایەتیی [= ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیی، کۆشش و چالاکی کۆمەڵایەتیی، بەرەنگاریکردنی کۆمەڵایەتی، خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی،پێکهێنانی ڕێکخراوە و گرووپە خۆجێییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە  سەربەخۆ و ئاسۆییەکانی شوێنی ژییان و کارکردن و خوێندن، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان، هەڵخڕاندنی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی، هەوڵدان بۆ لێکگرێدانەوەی تان و پۆی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی خۆجێی و ناوچەیی و هەرێمی و …تد]، چونکە ئەنارشیزم هزر و بۆچوونی شۆڕشگەرانەی کۆمەڵایەتییە بۆ گەییشتن بە کۆمەڵی بەبێ چین و چەوسانە و بەبێ سەروەریی چینایەتی✊

هەژێن

19ی جوونی 2019




یەزدان و دەوڵەت …. نووسینی: میخائیل باکونین


ناوی پەڕتووک : یەزدان و دەوڵەت
نووسینی : میخائیل باکونین
وەرگێڕانی : ھەژێن
بۆ چاپکردنی لەسەر کاخەز، لەسەر ئەو لینکە کلیکبکەن

https://hejeen.wordpress.com/2017/07/15

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……




مەگەر بۆرجوازی کۆمونیستخوازە، تاکو “کۆمونیزم”ی ھەبێت …. بەشی دووەم … هەژێن


مەگەر بۆرجوازی کۆمونیستخوازە، تاکو “کۆمونیزم”ی ھەبێت و بۆ خۆجیاکردنەوە ئاوەڵناوی ” کرێکار و پڕۆلیتاریا” پێویست بێت؟…

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……

بەشی یەکەم …….




مەگەر بۆرجوازی کۆمونیستخوازە، تاکو “کۆمونیزم”ی ھەبێت و بۆ خۆجیاکردنەوە ئاوەڵناوی ” کرێکار و پڕۆلیتاریا” پێویست بێت؟

ھەژێن
٢٨ی جولای ٢٠١٨

بەشی یەکەم

خوێنەری ھێژا، ئەوەی لەنێو ئەم سەرنجدانە ڕەخنەییە لەسەر ڕاگەیاندنی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” دەیخوێننەوە، ھەوڵێکە بۆ وروژاندنی پرسە )بەرد-لەسەر-دانراوەکانی( نزیکەی سێ دەھە ڕابوردوو، کە بەداخەوە بێدەنگەکردنی زۆرێك لە چالاکانی دوا دەھەی سەدەی ڕابوردوو لە بەرانبەر ئەو پرسانە، بووە بە زەمینەخۆشکەری گاڵتەجارییەکانی ئێستا، ھەڵبەتە سەرنجداندنەکەی من بە پێشینە و ئەزموونی کەسیی و خوێندنەوە و ناسینی خۆم پشتئەستوورە.

پێش ئەوەی کەسێك بپرسێت : ململانێ و کەرتبوونی “پارتییە ڕابەرەکان” و قەیرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە تۆ چی؟ باشترە ئەوە ڕۆشنبکەمەوە، تاکو ئەو پرسیارە نەبێتە بەلاڕێدەبەری سەرنجی خوێنەر. ساڵی ٢٠٠٨ ھاوڕێیەک بە منی گوت “ھاوڕێ ھەژێن ڕەخنەی تۆ زۆر وردەکارە و شێوازت سەرنجڕاکێشە، بۆچی ڕەخنەیەکی چڕ و پڕ لە ڕەوتی “کۆمونیزمی حیکمەتی” ناگریت؟” …. گوتم ھاوڕێ، “کۆمونیزمی کرێکاری” ڕوداوی زووتێپەڕە و تەمەنی لە تەمەنی پاسۆک کورتتر دەبێت. من ھەرگیز “گوللەی بەزەیی” بە ئەو ڕەوتەوە نانێم، چونکە خۆتوانەوەی پەشمەکیانەی خۆی زۆر کاراتر و بە ئەزموونتر دەبێت. ئێستا ئیدی کاتی پاککردنەوەی شوێنەواری پەشمەکە تواوەکەیە.

ھەر ئاوا پێش ئەوەی بچمە بکەومە شرۆڤەکردنی دەستەواژە ناکۆک و پارادۆکسەکانی نێو ڕاگەیاندنەکە، پێویستە ئەوە بڵێم، کە لە چێشتی فەقێ و دوکانی چەرچی دەچێت، مەگەر ڕاگەیێنەرانی بزانن، کە خۆیان خوازیاری چین؛ شۆڕشی کۆمەڵایەتی یان ھەڵپەی دەسەڵات و مرخگرتن لە دەوڵەتمەندی؛ کۆمەڵی کۆمونیستی یان سیستەمی تاکپارتیی دەستەبژێران؛ سیستەمی خۆبەرێوەبەریی سۆڤیەتی [ئەنجوومەنی] یان فەرمانداریی وردەبۆرجوازی لەژێر دێوجامەی کرێکاران؛ کرێکاران شۆڕشگێڕن یان ڕۆبۆتی دەستی “ڕابەرانی پارتییبازی”؟ ئەھریمەنی ئازادیخواز، فریای لایەنگرانی خۆشباوەڕ بکەوە و نەھێڵیت ئەو جارەش ڕەدووی کڵاوی بابردوو بکەونەوە!

“ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق”

ناوی ڕێکخراوەکە لە چەند بارەوە سەرنجڕاکێشە:


“ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی”

وەک ناوە باوەکانی دیکەی ڕەوتی بڕوابوون بە پارتییایەتی و “پارتیی ڕابەر” و پێکھاتەی ئایدیۆلۆجیی لەوانە “دەنگی کۆمونیزم” ، “ئاڵای کۆمونیزم”، ئاڵای شۆڕش”، “ئاڵای ئازادی”، ڕەتکەرەوەی ھەموو دەنگێکی دەرەوەی خۆیەتی و خۆی بە بنەچە و ڕەسەن و درووست و ڕەوا دەبینێت و ئەوانی دیکە نابنەچەیی و ناڕەسەن و نادرووست و ناڕەوا دەبینێت، ھەر بەو جۆرەی کە لە خاڵی (١٢.) تەوەرەی ” به‌رنامه‌ی كاری …. – ده‌ستپێكه‌ گشتیه‌كان ” و خاڵی (٩.) لە ” ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری ….” بە ئاشکرا ئاماژەدراوە.

” لە عیراق “

ئاماژەیە بۆ ئاراستەی بان-وڵاتیی و بان-“نەتەوەیی” و جیھانی بیرکردنەوە و چالاکیکردنی کەسێک یان گرووپ و ڕێکخراوێک لە ھەر شوێنێك نیشتەجێبێت. من نازانم داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە چەندە تێگەییشتنیان لەو ئاماژەیە ھەیە، بەڵام دڵنیام لە پاگەندەیەکی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی بەولاوەتر نییە. چونکە بە کردەوە تەواوی تەمەنی ئەوان وەک چالاکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە وڵاتانی دەرەوەی عیراق ئەوەی سەلماندووە، کە ئەوان زۆر لە کەسانی خۆ بە “کورد” و “عەرەب” و “ئێراقی”-زان ناسیونالیستترن و ھەمیشە “کرێکاران و سۆشیالیستەکانی جیھان” بۆ پشتیوانی لە خۆیان و بەرنامە عیراقی و کوردستانییەکەی خۆیان بانگەوازدەکەن، بەڵام بۆ جارێکیش بەشداریکردنی (ناڕەزایەتی و تێکۆشانی شوێنی ژییان و کارکردنی خۆیان) لە دەرەوەی عیراق بە ئەرکی خۆیان نازانن. ئەوەش بێجگە لە ھۆکاری بۆچوونیی، کۆمەڵێك ھۆکاری دیکەی ھەیە؛ دابڕاومانەوە و داخراویی لەنێو “جالیەی عیراقی” و تێکەڵنەبوون بە دانیشتووانی کۆمەڵی پەنادەر، ناکرێکاربوون و کاری لابەلایی و …تد

کۆتایی بەھاری ١٩٩٣ کاتێك پڕۆژەنامەی (مەنسووری حیکمەت) بۆ درووستکردنی “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” بە من وەک ئەندامی ڕێکخراوی “ڕەوتی کۆمونیست” گەییشت، ھەم لەنێو وەڵامەکانی ئەو و ھەم لەنێو وازنامەیەکی ھەژدە لاپەڕەیی بۆ نێوەندیی “ڕەوتی کۆمونیست”، ئەو پرسیارەم وروژاند : ئەی بۆچی لەجیاتی (حککع یان حککک) “پارتیی کۆمونیستی جیھانی”* و “لە عیراق” نەيێت؟ ئەو کات پرسیارەکەی من نەبووە سەرنجڕاکێشی خوێنەرانی وەڵام و وازنامەکەی من و ھەر ئاوا ئەو ھاوڕێیانەش[ کە لە ناوچەکانی ھۆرامان و شارەزوور و سلێمانی و ھەولێر و ڕانیە و …تد لەتەکیان کۆبوومەوە]، تاکو ھۆکاری بەشدارینەکردن و نەچوونی خۆم بۆ نێو ” پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” بۆ ئەوان بخەمەڕوو، کە ئەو کات (ساڵی ١٩٩٣) بڕوابوون بوو بە (ڕێکخراوێکی جیھانیی) بنکە لە ھەموو گۆشەکانی جیھان بۆچوون و پێگەییشتنی من بوو. بەداخەوە ئەو کات ھەمووان سەرقاڵی خۆساخکردنەوە بوون لەنێوان “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” یان “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان”، کە یەکێك بوو لە پرسیارەکانی مەنسووری حیکمەت. ئەوان نەیاندەزانی کە “عیراق”یی-بوون بە ھەمان ڕادەی “کوردستان”یی-بوون ناسیونالیستییە و ھیچی لە عیراقی-چییەتییەکەی (حشع) و کوردستانیی-چییەتییەکەی (کۆڕەک) کەمتر و زیاتر نییە. بەڕاستی ئەوەی کە پاش چارەکە سەدەیەک (بیست و پێنج ساڵ) تازە بە تازە ئەو پرسە ھۆش و ئاوەزی “ڕابەرانی پرۆلیتاریا”ی ختووکەداوە، شاییستەی ھەلھەلە و چەپڵەڕێزانە.

ناوی ڕێکخراوەکە لە باری ڕێزمانییەوە: ھەر ئاوا کە بیست و پێنج ساڵە “ڕابەرانی پڕۆلیتاریا” بە درووستی ناوی پارتییەکەی خۆیان بە زمانی سۆرانی “کوردی” نازانن، ئەو جارەش لەسەر کێش و سەروای ھەمان “تاس و حەمام” ناوی ڕێکخراوە ساواکەی خۆیان بە ھەڵە نووسیوە؛ “حزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق / کوردستان”، “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستیی له‌ عێڕاق” نەک “حزبی کۆمونیستی کرێکاری عێراق / کوردستان” و “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستی له‌ عێڕاق”.

یەکەم، بەداخەوە پاش دوو دەھە بەردەوام داچڵەکاندنی سەران و ئەندامانی ئەو ڕەوتە لەلایەن منەوە، کە (کۆمونیزم و کۆمونیست) نەک “کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست”، دووەم، داڕێژەرانی ئەو ناوانە ئەوەندە زمان-کڵۆڵن، کە جیاوازی نێوان [ناو] و [ئاوەڵناو] نازانن و نازانن کە واژەی (کرێکاریی) لەنێو “حزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق / کوردستان” و (کۆمونیستیی) لەنێو “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستیی له‌ عێڕاق” [ئاوەڵناو]ن نەک [ناو]. لەبەرئەوە بە دوو (یی) دەنووسرێن و ئاماژەی تایبەتمەندیی ناوەکەی پێش خۆیانن و (ی) دووەم گێڕانەوەی ئاوەڵناوەکەیە بۆ ناوەکەی پێش خۆی نەک بۆ پاشگری (عیراق). بە واتایەکی دیکە ئاماژەن بۆ جۆریی پارتییەکە، نەک نیشاندانی جوگرافیای چالاکی پارتییەکە! ھەر ئاوا لە باری ڕێنووس و ڕێزمان سەراپای ڕاگەیاندنەکە تژییە لە ھەڵە و ھەزار بارەکردنەوەی ھەڵە و نەزانییەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو. لێرەدا من لە ھەڵەبژێریی ڕاگەیاندنەکە خۆم لادەدەم، چونکە کاتی ئەنجامدانی ئەو ئەرکە نییە و ڕاستکردنەوەی ھەڵە ڕێزمانیی و ڕێنووسییەکان بۆ کەسانی ڕامیار، وەک ژماردنی گوێزە، تەنیا سەرەئێشە بۆ نووسەری دەمێنێتەوە.

لێرەدا بەم ئاماژەیە کۆتایی بە بەشی ڕێزمانیی ڕەخنەکەم دەھێنم؛ نووسینی ناوی پارتییەک یان پڕۆژەیەک لەنێوان جووت-کەوانەی گێڕانەوە “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق”، ئاماژەیە بۆ دوو شت: یان گواستنەوە وەک ڕۆژنامەنووسێک و گەیاندنی ھەواڵێك لەبارەی دەرەوەی خود، یان گواستنەوەی بۆچوون و ئاماژەیەک، کە گوێزەرەوە بە درووستی نازانێت و گومانی ھەیە. وەک دەزانین داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە وەک ھەواڵنێر و ڕۆنامەنووسێک بەو کارە ھەڵنەستاون، ھەر ئاواش وەک توانج و گومان بەرانبەر بە ڕاستگۆیی خۆیان بەکاریاننەبردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە، کڵۆڵییە لە زاینینی ھونەر و بنەماکانی نووسین، کە ھەر ھیمایەک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دانراوە، ھەر ئاوا کە بە گوێچکە نان ناخورێت و بە چاو ھەناسە نادرێت!


” وه‌ك ڕه‌وتێك به‌ره‌و پێكهێنانی حزبێكی سیاسی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری تاكو به‌ستنی كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزب له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا.”

ئەوەی پاش بیست و پێنج ساڵ لە ھەبوونی ” پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” و فریودانی خەڵک بە ھەمان پاگەندەکانی ئێستای ھەوڵی درووستکردنی پارتییەکەی دیکە و جیابوونەوە و دەرکردنی دەرزەنێک پارتییۆکەی دیکە لەنێو پارتیی دایک، تازە بە تازە “ڕابەران”ی “پارتیی ڕابەر” دێن و واژەی “پڕۆلیتاری” دەخەنە شوێن واژەی “کرێکاریی”، ھەڵبەتە بەبێ ڕۆشنکردنەوەی ھۆکارەکەی؛ ئایا ئەو دوو چەمکە ھاوواتای یەکدین؛ ئەگەر ئاوایە، بۆچی واژە باوەکە بەکارنەبراوە؛ ئەگەر جیاوازن، جیاوازییەکەیان چییە؛ ئایا بۆ خۆجیاکردنەوەیە لە پارتیی دایک؛ یان نائومێدبوونە لە ڕەوتە ڕامیارییەکە “کۆمونیزمی کرێکاریی” ؟ ئەگەر دابڕانە لە نەریتی چۆنیەتی درووستبوون و کارکردنی پارتیی دایک، ئەی بۆچی لاسایی ھەمان شێواز و ڕاگەیاندنی ئەو و باڵە جیابووەکانی ئەو دەکەنەوە؟ ئایا ئەوە لاساییکردنەوەی خشکەییانەی ڕاگەیاندنی “بزووتنەوەی بنیاتنانی حزبی کۆمونیستیی عیراق” نییە؟ ئەگەر درووستکردن و سەرھەڵدانی پارتییەک پڕۆژەیەک و زەمینەسازی خۆیی و بابەتیی دەخوازێت، چۆن دەتوانن بەبێ سڵەمینەوە و گومان ڕابگەیێنن ” تاكو به‌ستنی كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزب له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا.” ؟ ئەگەر ئەوان لەوە دڵنیان، کە بەو زووانە کۆنگرەی دامەزرێنەری پارتییە ئایدیالەکە دەبەسترێت، ئیدی بۆچی ئەو فێڵە لە خەڵک و خوێنەر دەکەن و ئەو پێچاوپێچییە درووستدەکەن؛ ئەوان کە بەو ڕاگەیاندنە مژدەی دەبەخشن و لە نزیکی کۆنگرەکەشی دڵنیان، ھەر ئاوا بیست و پێنج ساڵ لەمەوپێش لەنێو پڕۆژەنامەکەی مەنسووری حیکمەت ھاتبوو؛ بەزوویی بەستنی کۆنگرەی دامەزرێنەر یەکلاییکرابووەوە و مژدەدرابوو، ئیدی بۆچی بەبێ پێچاوپێچ و پەردە پارتییۆکەکەی خۆیا ڕاناگەیین. ئەوەی لە بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو ڕەخنەگرانە ڕاگەیاندنەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” خوێندبێتەوە ئاگاداری جیابوونەوە و دەرکردنەکانی نێو پارتییەکانی ئەو ڕەوتە ببێت، ئەوا ئەوەش دەزانێت، ئەوە ھەمان فێڵی بیست و پێنج ساڵی پێشترە و تەنانەت خۆشیان لەوە دڵنیان کە گوێگر و خوێنەریان نابێت و لە پارتیی دایک مایەپووچتر دەبن. چونکە سرووشتی پارتییایەتی و بەتایبەت ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” ئاوایە، کە ھیچ کات دوو کەس ناکات بە سێ کەس، بەڵکو ھەردەم سێ کەس بە دوو کەس و یەک کەس دەکات؛ جیابوونەوە و دەرکردنی دەرزەنێک پارتیی و فراکسیۆن و ڕەوت لەنێو ھەر دوو پارتیی “کومونیزمی کرێکاریی عیراق و ئێران” باشترین بەڵگەیە.
لەبەرئەوە جیابوونەوە و درووستکردنی پارتییەکی دیکە و خولاندنەوەی ئەندامان و لایەنگرانی خۆشباوەڕ لەنێو بازنەی پارتییایەتی، سەرەنجامەکەی ھەمان سەرەنجامی “جیابوونەوە و گۆڕانخوازیی و ڕیفۆرمەکە”ی نەوشیروان موستەفا دەبێت. ھەڵبەتە بۆ کەسانی “خۆ بەرابەر-زان” و خەڵک بە گێل-زان” ئاساییە، چونکە کەسانی ناوبانگخواز بێجگە لە ڕامیارییکردن ھیچی دیکە نازانن و ھەموو ناکۆکیی و ململانێ و جەنگەکانیان لەپێناو ناوبانگ و دەسەڵات و مشەخۆریی دەستەبژێرییە.


” ده‌ستپێكه‌ گشتیه‌كان – به‌رنامه‌ی كاری سیاسیمان ”

خاڵی یەکەم تاکو خاڵی پانزەھەم، فرەتر لێکدانەوەی ئایدیۆلۆجیی بار و دۆخی عیراق دەبن، تاکو بنەماکانی کار. خوێنەری وریا دەتوانێت سەرنجی دەسەپاچەیی داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بدات، کە تەنانەت توانای دیتنی جیاوازی بنەماکانی کار و لێکدانەوەی بار و دۆخیان نەبووە. وەک چێشتی فەقێ ھەر کەسە و لێرە و لەوێ چەند دەستەواژەیەکی ھێناون و لەنێو ڕاگەیاندنەکەی ئاخنیون. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم ڕاگەیاندنەکە نمایانی ھەژموونی ڕەوتە ڕادیکاڵەکانە [لە کۆمونیست بگرە تاکو ئەنارشیست] لەسەر داڕێژەرانی ڕاگەیاندنەکە؛ بۆ نموونە گەڕانەوە بۆ سەر مارکس و بەخشکەیی خۆدەربازکردن لە سایەی حیکمەتیزم و تەنانەت لێنین’یش وەک ھەژموونی کۆمونیستە جیھانڕەوەکان، ئاماژەدان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەریی وەک ھەژموونی ئەنارشیستەکان …تد. سەرباری ئەوەش ھێشتا ڕووگیریی و ھەژموونی حیکمەتیزم’یش بەدیدەکرێت. ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە باڵ و فراکسیۆنە جیاوەبوو و دەرکراوەکانی پێشتری نێو پارتیی دایکیش ساڵی ١٩٩٦-٢٠٠٠ بە ھەمان شێوە سەرەتا نەیاندەتوانی ئەوە ڕابگەیێنن، کە (تێزەکانی حیکمەتیزم) نەزۆک دەرچوون و تەنیا بۆ پارچە پارچەکردن و پرش و بڵاوەکردنی بزووتنەوەکان بەکەڵک دێن.

“1. ئامانجی ڕاسته‌وخۆو هه‌رئێستای خه‌باتگێڕان، نوێنه‌رانی چینی كرێكار وبێبه‌شان وبه‌زۆر هه‌ژاركراوان ئه‌مڕۆ له‌عێڕاقدا ئاڵوگۆڕی سیاسیه‌ ، ئاڵوگۆڕی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا وده‌سه ڵاتی سیاسیه‌ ، به‌ڵام ئه‌وكاره‌ ڕونادات به‌بێ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست.”

” ئاڵوگۆڕی سیاسی‌ ” چییە؛ئەی چ ئاڵوگۆڕێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بۆ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەدیدەھێنێت؟ ئایا خەڵکی عیراق تێر و تەسەلە و ھیچ ناڕەزایەتیی و داخوازیی ئابووریی نییە و تەنیا گرفتی ئەو گۆڕینی سەروەرێکە بە سەروەرێکی دیکە؛ ئەی جیاوازی سەروەریی سەروەرانی ئێستا و سەروەریی “ڕابەرانی پارتیی ڕابەر” چییە، بێجگە لە نەگۆڕینی و چل مەنی باری سەرشانی چەوساویان؟

چینی دەسەڵاتدار چۆن دەگۆڕدرێت؟ ئەگەر بڕیاربێت گۆڕانە خوازراوەکە جێگۆڕکێی دەسەڵاتخوازان بێت، جیاوازی دەسەڵاتدارانی “مارکسیست-کۆمونیست” و دەسەڵاتدارانی ” عەشایر و قەومی و دینی” چییە؟ ئەو جێگۆڕکێیە لە بندەستیی زۆرینەی کۆمەڵ چی دەگۆڕێت، جیاوازی چییە سەروەر چەپ یان ڕاست، کۆنەپارێز یان سێکیولاریست بێت؟

بەبێ گۆڕینی بنەماکانی سیستەمی ئابووریی، چۆن سیستەمی بەڕێوەبەردن دەگۆڕدرێت و چۆن ھەژموونی داراکان لەنێودەبردرێت؟ بەبێ ئامادەیی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ گۆڕینی سیستەمی ئابووریی، چۆن سیستەمی ئابووریی دەگۆڕدرێت؟ بەبێ لەنێوبردنی دەزگە و پێکھاتە پارێزەرەکان [سیستەمی دەوڵەتی و فەرمانداریی و پارتییایەتی] چۆن سیستەمی ئابووریی مشەخۆرانە لەنێودەبردرێت و چۆن گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتیی ڕودەدات؟

“به‌ڵام ئه‌وكاره‌ ڕونادات به‌بێ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست.” …

ئایا گۆڕینی چینی سەروەر بە چینێک یان ڕاستر بڵێین بە سەروەریی دەستەبژێری “خۆ بە ڕابەر-زان” چی لە پرسی چینایەتی کۆمەڵ و چەوسانەوە دەگۆڕێت؛ ئایا ئەزموونی ھەفتا ساڵەی ڕوسیەی بۆلشەڤیکی و بلۆک و ھاوپەیمانی وارشۆ بۆ تێگەییشتن لە “ھەمان تاس و حەمام”بوون بەس نییە، کە بە کردەوە ئەوەی نیشاندا، “پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتی ڕابەر” جێگەی چینی بۆرجوازی دەگرنەوە و سەراپای کۆمەڵ دەبێتەوە بە پڕۆلیتاریا [چین و توێژە نەدار و کرێگرتە و بێدەسەڵاتەکان]؛ یان کاسپییە ڕامیارییەکەی “خۆ بە ڕابەر-زانان” ئەو خۆگێلکردن و نادیدەگرتنە دەخوازێت، چونکە تێگەییشتنی خەڵکی چەوساوە [پڕۆلیتێرەکان] لە کڕۆکی پرسەکان و کەتواری ڕوداوەکانی یەک سەدەی ڕابوردوو بۆ پەزەکانی دەسەڵاتخوازیی ئەوان زیانی دەبێت؟

” 2. چینی باڵاده‌ست له‌عێڕاق ، ….تد “

ئەی ئەگەر ناوازەی مێژووویی ڕوبدات و سبەی پارتییە مژدەدراوەکەی نێو ئەو ڕاگەیاندنە بەدەسەڵات بگات، جیاوازی ڕێکخستنی سیستەمی ئابووریی و پێکھاتەکانی “دەوڵەتە پڕۆلیتێرییەکە” و دەزگەکانی لەتەک ئەوەی ئێستای عێراق ھەیە یان سەردەمی لێنین تاکو گۆڕباچۆڤ ھەبوو، چی دەبێت؛ ئایا ھیچ سیستەمێکی ڕامیاریی بەبێ سیستەمی ئابووریی [بنەمای ئابووریی] بوونی ھەیە؛ دەکرێت ئێمەی خوێنەر بزانین، بنەمای ئاڵوگۆڕ و سیستەمە ڕامیارییەکەی پارتیی مژدەدراو چییە و لەسەر چ بنەمایەک ئێمەی نەزان بە بەڵێنی سەرخەرمانی “خۆ بە ڕابەر-زانایان” بڕوابکەین؟ چ مسۆگەرییەک ھەیە، کە دەسەڵات و سیستەم و ڕامیاری (سوور) لە دەسەڵات و سیستەم و ڕامیاری (مۆر و قاوەیی) جیاواز بێت، ئھەر ئاوا کە ئەزموونی ڕوسیە نیشانیدا؟

” 3. كۆمه‌ڵگا له‌عێڕاقدا كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داریه‌ ، ……. به‌ بێ ئه‌وه‌ی خاڵی ده‌ستپێك له‌ ڕه‌خنه‌ی عه‌مه‌لی په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌ وڕۆڵی سه‌ره‌كی چینی كرێكار له‌ ده‌ستنیشان كردنی چاره‌نوسی سیاسی و ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌ستپێنه‌كات . “

ئەگەر چینی کرێکار وەک چەوساوەترین توێژی پڕۆلیتێریی لەنێو پارادۆکسەکانی پارتییایەتی چەپ دەربکێشین، بەدڵنیاییەوە بەشی ھوشیاری ئەو چینە ڕۆڵێکی بنەڕەتیی و چارەنووسسازی ھەیە، کە ھوشیارییەکەی وەک ھوشیاریی ھەر تاک و توێژ و چینێکی دیکە، زادەی پێگەی خۆیەتی لەنێو پێکھاتەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئابووریی و ڕەنگدانەوەی ئەزموونەکانی تێکۆشان و ململانێی ھەر ڕۆژەی خۆیەتی دژی داگیرکەرانی ھۆش و کار و زەمین و سامانی کۆمەڵایەتیی و بەڕێوەبەردنی کۆمەڵ. دەرککردنی ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازەی پڕۆلیتێرەکان [ھەڵبەت ئەگەر ھوشیار و شۆڕشخواز بن] لەلایەن ڕامیاران بەگشتی و دەسەڵاتخوازانی وردەبۆرجواز بەتایبەتی، لە ڕاپەڕینی گەورەی فەرەنسە تاکو ئێستا بە چەند ڕوخساری جیاواز خۆی نیشانداوە؛ ھەر لە سۆشیال دێمۆکراسی تاکو لێنینیستەکان و حیکمەتیستەکانی ئەم سەردەمە، بۆ ئەو مەبەستە لەپێناو قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی پڕۆلیتێرە ناھوشیارەکان ھەوڵدراوە و تاکو ڕادەیەکی زۆریش ئەو ڕەوت و ئاراستانە توانیوویانە تێکۆشان و ھەوڵی پڕۆلیتێرە ناڕازییە ناھوشیار و خۆشباوەڕەکان بخەنە خزمەتی مانەوەی سەروەریی چینایەتی بە جێگۆڕکێپێکردنی لەنێوان چەپ و ڕاستی دەسەڵاتخوازان بە دەیان ناو و ڕوخساری جیاوازەوە. بەڵام ھەر ھەموو ئەو ڕەوتە دەسەڵاتخوازانەی ژێر دێوجامەی کۆمونیزم یەک کڕۆکی ئایدیۆلۆجیی پڕ پارادۆکسی ھاوبەشیان ھەبووە و ھەیە، کە لەنێو ئەو چەند پاگەندە ھەڵخەڵەتێنەرانە خۆی بەرجەستەدەکات: ” کرێکاران شۆڕشگێڕترین چینی چەوساوەن و ڕۆڵی سەرەکی و چارەنووسسازیان ھەیە، بەڵام بۆ ڕێکخستن و تێكۆشان و شۆڕش، پێویستیان بە ڕابەریی کۆمونیستەکان ھەیە، چونکە ئەوان بەشی ھوشیار و پێشڕەوی کۆمەڵن”
ئەوە پوختەی بۆچوونی پارتییچییەکانە لەبارەی چینی کرێکار و ھوشیاری شۆڕشگێڕانە و شۆڕش. بە شێوەیەک لە شێوەکان لەنێو گوتار و بۆچوونی ھەموویان ئامادەیی ھەیە. دەکرێت ڕواڵەتی داڕشتن و دەربڕینەکانیان جیاواز بێت، بەڵام کڕۆکی ھەموویان یەک شتە؛ کرێکاران لەنێو شۆڕش ڕۆڵی چارەنووسسازیان ھەیە، بەڵام بەخۆیان دەبەنگن و پێویستیان بە پێشڕەویی وردەبۆرجوازی ھەیە. ئەو پارادۆکسە لەنێو بۆچوونی بابۆفیستەکان و بلانکییەکان و سۆشیال-دێمۆکراتەکان و مارکسیستەکان تاکو چەپە حیکمەتیستەکانی ئەم ڕۆژگارە ئامادەیی ھەیە و تەنانەت ئەم ڕۆژگارە لە سایەی ئیدئۆلۆگەکان واوەتر لە بۆچوونەکەی کاوتسکی ڕۆییشتووە.

” 4. وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ قه‌یرانی هه‌ر ئێستای كۆمه‌ڵگا و …. به‌بێ شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار …. ”
مەبەست لە “شۆڕشی کۆمەڵایەتیی” چییە؟ ئەگەر شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار بنەمایە، ئیدی پێداویستی و پاساوی ھەوڵدان بۆ درووستکردنی “پارتییە ڕابەرەکان” چییە، کە ئامرازێکی ڕامیاریین بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ڕامیاریی؟

بۆ ھەر خوێنەرێکی وردبین و ئاگاداری پێشینە و سەراپای بۆچوونەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” ئەوە ڕۆشنە کە چەمکی (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) لەنێو ئەدەبیاتی ئەو ڕەوتە نامۆیە و ئەوان لە سەرھەڵدانەوە تاکو ئێستا لەسەر ھەڵپەی دەسەڵات و گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستا بە دەسەڵاتی خۆیان، ھەڵبەتە لەژێر دێوجامەی “کرێکاران”، پێداگرییدەکەن و تەنانەت بە کردەوەش ھەر بزووتنەوە و ڕەوتێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەریھەڵدابێت یان بۆ کەوڵكردنی ھەوڵدراوە [یەکێتی بێکاران و یەکێتییە کرێکارییەکان و …تد لە ھەرێمی “کوردستان”]، یان بۆ دژاییەتیکردنی ھەوڵدراوە، وەک دژایەتیکردنی بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ژینگەپارێز و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و لێبوردنی سزادراوان بە سێدارە و دایکی ئاشتی و ..تد نێو ئێران . ئەوان ئاگایانە دژاەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، چونکە پەرەسەندنی بزووتنەوە و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، واتە چۆڵبوونی بازاری ڕامیاریی پارتییبازان.

وەک پێشتر ئاماژەمداوە، خاڵەکانی دواتر تەنیا لێکدانەوەی ئایدیۆلۆجیی و پێوانەی کەتواری کۆمەڵن بەگوێرەی حەزی ئایدیۆلۆجیی و کلێشەسازیی ئایدیۆلۆجیی نووسەرانی ڕاگەیاندنەکە. لەبەرئەوە، تەنیا سەرنجدەخەمە سەر چەند دەستەواژەیەک لەنێو ئەو خاڵانە و لێکدانەوەکان بە مشتومڕی نێوان پارتییچیان خۆیان دەسپێرم:

“7. ……. بۆته‌ هۆی به‌رپابونی خه‌باتی ئابوری كرێكاری ‌به‌رده‌وام وناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری …….، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی ده‌بێته‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ هه‌ر ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ كۆتایهێنان به‌م بارودۆخه‌ی ئێستا وكۆتایهێنان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌ . …. جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وخه‌باته‌ كرێكاری وجه‌ماوه‌ریه‌كان له‌ ئامانج وئه‌جینداو ئاسۆی هێزو ڕه‌وته‌ بورژازیە كۆنه‌په‌رسته‌ دینی وتایفی وعه‌شایری وقه‌ومی وڕیفۆرمیسته‌ جۆراو جۆره‌كان وسیاسه‌ته‌ عه‌مه‌لیاكانیان، به‌شێكه‌ له‌ به‌جێهێنانی ئه‌م پێشڕه‌ویه‌ به‌ره‌و سه‌رهه‌ڵدانی بارودۆخێك وقه‌یرانێكی شۆڕشگێڕانه‌ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگا.”

پێشینان گوتوویانە “کورد بدوێنە و شیکاریی خۆی دەکات”. بەڕاستی ئەو پەندە لەبارەی سەرانی “پارتییە ڕابەرەکان” بەگشتی و ڕەوتی “کۆمونیزمی کڕێکاریی” بەتایبەتی تەواو درووست و گونجاوە. ئەوەیە کڕۆکی دەسەڵاتخوازیی، کە لەبەر نەزۆکیی تێزەکانی خۆی ئاوازەخوازی برسیبوونی خەڵکە، تاکو زەمینەی بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆی مسۆگەربکات. ھەڵبەتە ئەوە ڕاستییەکی تێدا ھەیە، کە پڕۆلیتێرە ناھوشیار و خۆشباوەڕ و نائومێدەکان لە سەردەمە تەنگەژییەکان بە لێشاو لە ڕەوتە فاشیستە ڕاست و چەپەکان ڕوودەکەن. بەڵام ھەرگیز ئاراستە و خواستێکی شۆڕشگێڕانەیان نییە، چونکە برسیییەتی و بێکاری و ئاوارەیی و ناچاریی و نائومێدیی … تد شۆڕشگێڕیی بەرھەمناھێنن، بەڵکو دژە-شۆڕش بەھێزدەکەن، کێبڕكێی نێوان کرێگرتان بەھێزدەکەن، شکانەوەی ھۆکاری نەھامەتییەکان بەسەر بەشەکانی دیکەی ھاوچین و ھاودەردان ڕودەدات، ھەر وەک ئێستا کە لەلایەن پڕۆلیتێرە ناھوشیارەکان پڕۆلیتێرە کۆچەرەکان دەکرێن بە ھۆکاری نەھامەتییەکانی خۆیان. بەڵام ھیچ کام لەو ئەزموونانە بۆ دەسەڵاتخوازان نابنە وانە و ئەوانیش وەک پارتییە ڕاستڕەوەکان لەسەر ئەو ناھوشیارییە سەرمایەگوزاریدەکەن و دەیکەنە بەردەبازی پەڕێنەوە بەو کۆشکی دەسەڵات و مشەخۆریی.

” ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری ” کامەیە و “پارتیی ڕابەر” و قسەکەرانی چ پێوەرێک بۆ شۆڕشگێڕیی ڕاپەڕینەکان دەکەنە بنەما؟ مەبەست لە” جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وخه‌باته‌ كرێكاری وجه‌ماوه‌ریه‌كان ” چییە، بە پارتییکردنی بزووتنەوە و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان و بەکاربردنیان وەک ڕێکخراوە پاشکۆکانی دەسەڵات و پارتییە “ناسیونالیستەکان”؟ جیاوازییەکان چین، ناو و ناتۆرە یان شێوازی ڕێکخستن و تێکۆشان و میکانیزمەکانی تیکۆشان؟


” 8. ….. چینی كرێكار ده‌خاله‌تی نه‌كردوه،‌ له‌ مشت ومڕی سیاسی بەرووی بورژازی، وه‌ك چینێك كه‌ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی وبه‌دیلی سیاسی خۆی هه‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگا. …. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ كرێكاریه‌كان و بزوتنه‌وه‌ داخوازیه كانیان ‌به‌رده‌وامه‌ ‌، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ ڕۆڵی خۆیان بگێڕن به‌ ڕاستای به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان “

بەشداریکردنی مشتومڕی ڕامیاریی چییە و لەپێناو چی؟ ڕامیاریی سەربەخۆی چینی کرێکار چییە و ئەڵتەرناتیڤە ڕامیارییەکانی کامانەن، کە دەبوو کرێکاران بیکەن، بەڵام نەیانکردوون؟ ئەی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو جەنابی “ڕابەرانی فیعلیی” چینی کرێکار لە کوێ بوون و خەریکی چی بوون؟ مەگەر ئەوان ناڵێن “کرێکاران پێویستیان بە پارتییەک ھەیە، تاکو ڕابەریی تێکۆشانی ئەوان بکات” و بیانشۆڕشێنێ و ژییان و کار و شۆڕش بۆ ئەوان دیکتەبکات، ئەی بیست و پێنج ساڵە ئەوان لەنێو (حککع) بڕیاردەر و قسەکەر و نەخشەڕێژ نەبوون، بۆ ڕابەریی کرێکارانی “نەزان و دەبەنگ” یان نەکرد؟

یان ھۆکارەکە ئەوەیە، کە “ڕابەرانی بلفعلی” کرێکاران ناخوازن ھۆکارەکە بیدرکێنن، چونکە بۆ پەزەکانی “پارتییی ڕابەر” زیانی ھەیە و ھۆکارەکە ئەوەیە، کە کرێکاران وەک زادەی سرووشتی تێکۆشانی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆی خۆیان بەو سەرەنجامە گەییشتوون، کە ڕامیاریی ھونەری فریودانی چەوساوانە بۆ مسۆگەرکردنی و پاراستنی سەروەریی ڕامیاران و سەرمایەداران و سیستەمی ڕامیاریی قەفەزی ژییان و ویست و ئازادیی مرۆڤ و تەنانەت بوونەوەرەکانی دیکەیە و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامرازی پاراستنی سەروەریی ئابووریی کەمینەیەکە لەسەر زۆرینەی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو، ئەوەش خۆبەخۆ واتە دژایەتی خەون و خەیاڵ و ئامانجە دێرینەکانی پڕۆلیتێرە شۆڕشگێرەکان!

بۆچی کرێکاران وێرای بەردەوامیی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکانیان، نەیانتوانیوە ڕۆڵی سەربەخۆی خۆیان بگێڕن؛ ئەو گرنگییەیان دەرکنەکردووە، دەسەڵات ڕێگربووە یان چەپەکان لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردو و دەھەی یەکەمی سەدەی بیست بە پلانگێڕیی و تاکتیکی جۆراوجۆر، بزووتنەوە و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکارانیان کەوڵکردن و مراندن؟

کرێکاران نەزان و تەمەڵ و ناشۆڕشگێڕن یان چەپی دەسەڵاتخواز بووە بە ھۆی دابەشکردنی ڕیزەکانی کرێکاران بەسەر سێکتە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆی و لاوازکردنی بزووتنەوەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و نائومیدکردنی کرێکاران لە گۆڕینی سیستەمی چینایەتی، بەھۆی شکست و پارچەپارچەبوونی یەک لە دوای یەکی ڕێکخراو و پارتییە “کۆمونیستی” و “کرێکارییەکان”؟

“9 . لاوازی ڕۆڵی ژنان له‌ ژیانی سیاسیدا كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بۆدواوه‌چونی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی وچه‌پ به‌گشتی ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت. دروشمی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی به‌هێزوتوانا بوونی نیه‌ بێ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان، وه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان بوونی نیه‌ به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ‌سۆشیالیزم، “

” بۆدواوه‌چونی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی وچه‌پ به‌گشتی ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت ” چییە؛ چۆڵبوونی بازاری چەپ و پارتییایەتی یان نائومێدیی ژنان لە ڕزگاری؟ کێ بزووتنەوەی ژنانی لاواز و نائومێدکرد، “لاوازی ڕۆڵی ژنان له‌ ژیانی سیاسی” یان بە ڕامیارییکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئابورووی و کولتووریی ژنان؟ کێ ڕێکخراوی ژنانی پووکانەوە و لەنێوبرد، لاوازیی و نەبوونی حەزی ژنان بۆ چالاکی ڕامیاریی یان بە کۆمیتەکردنی ڕێکخراو و بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز بۆ “پارتیی ڕابەر”، کە داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە قسەکەر و بڕیاردەری یەکەم بوون؟

بە پێچەوانەی پاگەندەی داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە، ئەوەی بە کردەوە دەینین و دیتوومانە، شکانی بازاری چەپە وەک ھەر ھێزێکی ڕامیاریی کە بۆ فریودانی ژنان و ڕامکردنیان ھەوڵدەدات. ئەوەش شتێکی ئاساییە و ژنان لە پیاوان ھەستەوەرتن و کەمتر بە ڕۆبۆت دەکرێن. ھەر ئاوا لە دەرەوەی دەرزەنە پارتییە جیاوەبووەکانی “کۆمونیزمی کرێکاریی” بزووتنەوەی ژنان بوونی ھەیە و بەھێزە و دیاردەی نێو کۆمەڵە و لە ئاستی سەرتاسەریی کۆمەڵ خەریکی ململانێی ڕەوتە کۆنەپەرستەکان و نێرسالارییە!

بەڵام ھێشتا ئەو قسەی ئەوان ڕاستییەکی تێدا ھەیە، چونکە دەرزەنە پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” و گشت گرووپ و پارتییە چەپەکان، تەنانەت ئەندامە ژنەکانی خۆشیان لەدەستداون و چیدیکە درووشمە بریقەدار و بێکردەوەکانی چەپ ناتوانن سەرنجڕاکێشی ژنانی ئازادیخواز و سەربەخۆخواز بن.

ئەوی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” و دەرزەنە پارتییە جیاوەبووەکانی بناسێت، دەزانێت، کە مەبەستی ئەوان لە ” بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان بوونی نیه‌ به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ‌سۆشیالیزم ” ئەوەیە کە بزووتنەوە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی ژنان ببنە کۆمیتەی “پارتیی ڕابەر” و ھەرچی ڕاگەیێنەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بڕیاریدەدەن، ئەوان وەک دەروێشێکی ڕامیاری ئەنجامیبدەن.

“10 ٠. ….. به‌ڵام مه‌رجی بوونی چینی كرێكار به‌ هێزێكی سیاسی له‌كۆمه‌ڵگادا به‌نده‌ به‌ هه‌ڵكشانی خه‌باتی‌ ئابوری و سیاسی و فكری ئه‌و چینه‌ بۆ خه‌باتێكی چینایه‌تی كرێكاری سۆشیالستی، بۆ خه‌باتێكی سیاسی چینایه‌تی كرێكاری به‌ڕووی چینی بۆرژوازی وحزبه‌سیاسیه‌كانیان وبه‌ڕووی ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست. ….”

بەبۆچوونی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، مەرجی ڕامیاریی-بوونی کرێکاران و تێکۆشانی کرێکاران، وازھێنانی ئەوانە لە تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنگەریی ئەو چینە و ئەندامەکانی. چونکە ئەزموونی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی بە کردەوە و سەلماندی مێژوویی ئەوەی نیشانداوە، لە ھەر کوێ کرێکاران بە پارتییایەتی و ڕامیاریی خۆشباوەڕ ھەبن و لە دەوری پارتییەکان و ڕامیاران کۆبببنەوە، لەوێ تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووری و ڕۆشنبیریی ئەوان بەرەو ژێر سفر دەچێت ولە ھەر کوێ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی لە خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی ڕووبنێن، لەوێ بازاری پارتییایەتی و ڕامیاران چۆڵ و شکستخواردووە. لەو بارەوە دەتوانین سەرنجی ئەو سەردەمانە بدەین، کە تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی و خۆرێکخستنی کرێکاران لە ھەڵکشاندایە، لەوێ چەپەکان گارەگارەی “پێویستبوونی پێکھێنانی پارتیی ڕابەر و تێکۆشانی ڕامیاریی” دەکەن و ھیچ کەس بە کڵاوی ڕامیارییانەی ئەوان ھیچ ناپێوێت ؛ سەردەمە درەوشاوەکانی سەدەی پانزە تاکو سەدەی بیست، باشترین نموونەن؛ ڕاپەڕینەکانی کۆمونەی پاریس ١٨٧١، ئۆکتۆبەری ١٩٠٥، ئاڵمانیا ١٩١٨-١٩١٩ ، ئێسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩، ھەنگاریا ١٩٥٦، پۆڵۆنیا ١٩٧٩، ئەرژەنتین ١٩٩٩-٢٠٠٣، ….تد

“11 . …. ئه‌وه‌ ده‌توانێ خه‌باتی ئابوری وسیاسی چینی كرێكار و توێژه‌ زه‌حمه‌تكێشه‌كان وا لێبكات ببنه‌ خاوه‌نی هێزوتوانا وڕێكیان بخات له‌ خه‌باتێكی سیاسی سه‌ربه‌خۆ وكاریگه‌ر بۆ ڕوخانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی وپێكهێنانی حكومه‌تی كرێكاری تاكو ده‌ست به‌رێ بۆ شۆڕشه‌ ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی … و هه‌نگاوبنێ به‌ره‌و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆمۆنیستی، ئازاد ویه‌كسان. “

ئەگەر کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕی ئاوان، کە ڕزگاری مرۆڤایەتی بە شۆڕش و ڕزگاری ئەوانەوە پەیوەستە، ئیدی چ پێویستیان بە پارتییەکی درووستکراو لەلایەن کۆمەڵێك وردەبۆرجوازی ئایدیۆلۆجیگەر ھەیە؛ یان کرێکاران “دەبەنگن” و بەبێ ڕابەریی وردەبۆرجوازی توانای شۆڕشیان “نییە”؛ یان پارتییەکەی وردەبۆرجوازی بۆ کۆنترۆڵکردنی توانا و شۆڕشگێڕیی کرێکارانە؟

ئەگەر کرێکاران توانای ھۆشیی و ئاوەزیی شۆڕشکردنیان نەبێت، زۆر ئاساییە، کە وردەبۆرجوازی خێرخواز پارتییەک بۆ “کرێکارانی دەبەنگ” چێبکات و “لەڕێی یەزدان” کرێکاران “ڕزگاربکات”. ئەگەر کرێکاران ئەوەندە بە توانان و شۆڕشگێڕترین چین و ڕزگارکەری مرۆڤایەتین لە چەوسانەوە و کۆمەڵ بە کۆمونیزم دەگەیێنن، ئیدی گارەگاری “پێویستی ھەبوونی پارتییەکی ڕامیار بۆ ڕزگارکردنی کرێکاران و بەرەوپێشبردنی شۆڕشە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ” بێجگە لە درۆ و دەلەسەی وردەبۆرجوازی لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتن و زاڵبوون بەسەر باڵەکانی دیکەی بۆرجوازی و بەھێزکردنی سەروەریی چینایەتی [دەوڵەت] لەژێر دێوجامەی “پڕۆلیتاریا و کرێکاران و سۆشیالیزم”، ھیچی دیکە نییە و نابێت. تکایە وەڵام “کرێکاران دەبەنگن” یان وردەبۆرجوازی لەژێر دێوجامەی کرێکاران خەریکی خۆگەیاندە تەختی سەروەریی و مشەخۆریی چینایەتییە؟

” 12 . ڕه‌وته‌ سۆشیالست وكۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاقدا نه‌یانتوانیوه‌ ئامرازێكی خه‌باتگێڕانه‌ دابین بكه‌ن بۆ چینی كرێكاروسیاسه‌تێكی سۆشیالستی كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی فیعلی هه‌بێ به‌ خه‌باتی چینایه‌تی كرێكاری و گه‌شه‌پێدانی بخەنەروو .‌ هه‌روه‌ها لاوازی ڕه‌وتی سۆشیالستی له‌ناو چینی كرێكاردا بۆته‌ خاڵێكی لاوازی سه‌ره‌كی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی چینی كرێكار وله‌ بوونی چه‌پ وبزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی له‌سه‌ر ئاستی خودی كۆمه‌ڵگه‌ش . “

ڕەوتە “سۆشیالست وكۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاق” کێن؟ ئایا داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بێجگە لە (حککع) بڕوایان بە سۆشیالیستیی و کۆمونیستبوونی ھیچ ڕەوتێك ھەبوو و ھەبووە، تاکو ئێستا یەخەی ئەوان بگرێت؟ بێجگە لە خودی ڕاگەیێنەرانی ئەو ڕاگەیاندنە و ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” و (حککع) کێ پاگەندەی ئاوا (زل و دەرەی وێرانەی) کردووە؛ ئایا بێجگە لە سەرانی (حککع) ھیچ کەس ھەبووە ڕێگر بێت؟

یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی وردەبۆرجوازی ئەوەیە، کە ھیچ بەرپرسیارییەکی مێژوویی لە ئەستۆناگرێت و کرێکاران و خەڵک بۆ مردن و قوربانیبوون بانگەوازدەکات و بەکوشتدەدات و ماندوو و نائومیدیان دەکات و کە دوکانە ڕامیارییەکەی بازاری نەما، دەچێت بەناوێکی دیکە دوکانێکی دیکەی ڕامیاریی ڕادەگەیێنێت و بۆ ئەوەی خەڵک خۆشباوەڕبکات، دەکەوێتە سەروگوێلاکی ئەوانەی پێش خۆی و بە ھەموو شێوەیەک وردەکاریی کێبوونی ئەوانەی پێش خۆی دەرناخات و خۆی دەکاتە پاڵەوانی یەک شەوە و سنگ دەردەپەڕێنێت.

لەو کاتەوە (حککع) لەسەر بنەمای نووشتەی مەنسووری حیکمەت بۆ کرێکارانی عیراق نووسراوە، ڕاگەیێنەران و دامه‌زرێنەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” لە ئاستی کۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی و کۆمیتەکانی خوارتر خەریکی لە ئاو کردنی نووشتەکەی مەنسووری حیکمەت’ن بۆ کرێکاران، کەچی لەنێو ڕاگەیاندنەکەیان وەک ئەوەی تازە لە ئەستێرەی مەریخەوە ھاتبن، خۆیان لە خراپکارییەکان و فریوکارییەکان و تێکدانەکان و پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانی کرێکاران بەسەر کۆمەڵێك پارتیی لە یەکدی جیاوەبوو، نەبان دەکەن و ھیچ ڕەخنەیەک لە چارەکە سەدەیەک (بیست و پێنج ساڵ) ڕابوردووی خۆیان وەک لیدەر و سەرۆک و سکرتێری پارتییەکانی “ڕه‌وته‌ سۆشیالست و كۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاق” ناگرن و ھیچ سووچێك لە ئەستۆناگرن. ئایا ئاوا کارێك لە ساختەچییەتی ڕامیاریی چیدیکە دەتوانێت پێناسەکەری بێت؛ بەگێلزانینی خەڵک و فێڵکردن و درۆکردن لەتەک خەڵک؟

” 13 . پێویستی بوونی نوێنه‌ری سیاسی سۆشیالزمی زانستی كه‌ دیدگاكه‌ی له‌ مه‌نهه‌جی ماركسی وه‌رگرتبێ وپشتی به‌ستبێ به‌ ماركسیزم وه‌ك مه‌نهه‌ج وتیوری شۆڕشگێر، مه‌سه‌له‌یه‌كی واقعی یه‌ وزه‌روره‌ته‌كه‌ی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاو ژیانه‌وه‌ هاتوه‌. …. تریبیونێك ونوێنه‌رێك بۆ ماركسیزم وكۆمۆنیزمی پرۆلیتاری ڕه‌خنه‌گرله‌ ڕه‌وته‌ ڕیفۆرمیسته‌كان وسازشكاران وناسیۆنالیسته‌‌كان و”نیشتمانیه‌كان” كه‌به‌ناوی سۆشیالیزم وكۆمۆنیزمه‌وه ده‌دوێن‌ . ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ چه‌ندین له‌و ڕه‌وتانه‌ی له‌ عێڕاقدا هه‌ن به‌رده‌وامی به‌ بوونیان ده‌ده‌ن لە‌ ڕێگای قسه‌ كردن به‌ناوی سیاسه‌تی سۆشیالستی وبه‌ناوی ماركسیه‌ته‌وه‌ ، به‌لام نه‌یانتوانیوه‌ جوابگۆی پێكهێنانی ئامرازێكی خه‌باتكارانه‌ بن به‌ده‌ست چینی كرێكاره‌وه‌، …. ‌ئێمه‌ پێمان وایه‌ ڕه‌وته‌كه‌مان هه‌نگاوێكه‌ به‌ڕاستای نوێنه‌رایه‌تی كردنی سیاسه‌تی كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ وسۆشیالزمی زانستی وئه‌زمونی مێژوویی چینی كرێكار له‌ عێڕاق وجیهان .”

پێش ھەموو شت دێڕی یەکەمی ئەو خاڵە لەنێو پەیڕەوی نێوخۆیی ھەموو گرووپێکی مارکسیستی ھەیە، ھەر ئاوا کە ” ِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ” سەرەتای ھەموو بەشێکی قورئانە. بێجگە لەوە، ھەر ئاوا ھەموو گرووپە مارکیستەکان بە ھەمان شێوەی ئەو ڕاگەیاندنەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” ھەموو گرووپ و پارتییە مارکیسیستییەکانی دیکە بە لادەر و ساختەچی دەناسێنێن. باشە، ئاوای دابنێین، کە ھەموو گرووپەکانی پێش “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” نامارکسیست-بوون و بۆ ئامانجی بۆرجوازییانەیان خۆیان لەژێر دێوجامەی “مارکسیزم” حەشارداوە. باشە چ بەڵگە و بنەمایەک ھەیە، کە گرووپی ناوبراو لە ھەموو ئەوانەی پێش خۆی “لادەرتر” و خراپەکارتر و ساختەچیتر و بۆرجوازییانەتر نەبێت؟ چۆن بڕوا بە کۆمەڵە کەسێك/کەسانێك دەکرێت، کە بیست و پێنج ساڵە [چارەکە سەدەیەکە] لەنێو پارتییەک (حککع) کە دامەزراوی خۆیان بووە لەسەر ڕەچەتەی مەنسووری حیکمەت و لەنێو ئەو پارتییە بکوژ و ببڕ ھەر خۆیان بوون و ھەموو “لادان” و بادان و خراپەکارییەکان و نەزانییەکان و کەچبینینەکان و “تەنگ-نەزەرییەکان” زادەی چالاکی و ھۆش و ئاوەزی ئەوان خۆیان بووە؟

جیا لەوەی کە پارتیی و گرووپە ڕامیارییەکان ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی کرێکارانن بۆ سەروەریی بۆرجوازی، ئایا باشتر نەبوو، کە داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە لەنێو پارتیی دایک بمێننەوەو لە بیست و پێنج ساڵ سەرکردە و ھەمەکارەبوونی خۆیان ڕەخنەبگرن و ئەو شاکارانە ئەنجامبدەن، کە ئێستا لێرە بانگەوازییان بۆ دەکەن؟ ئەی جیاوازی ئەوەی لەنێو ئەو ڕاگەیاندنە بانگەوازی بۆ دەکرێت و ئەوەی پارتیی دایک و پارتییە جیاوەبوو و دەرکراوەکانی دیکە بانگەوازی بۆ دەکەن چییە و جیاوازییەکانیان چین؟ یان درووستکردنی پارتیی باشترین ئامرازە بۆ مسۆگەرکردنی مشەخۆریی و جەنگەکە بۆ ناوبانگخوازیی ئەندامانی کۆمیەتی نێوەندیی و نووسینەگی ڕامیاریی و ڕابەرۆکەکانی خوارتر و چۆنیەتی دابەشکردنی بووجەی پارتییە، کە لەلایەن دەوڵەتانی بۆرجوازی ئەوروپی و دەوڵەتی عیراق لەژێر زۆر ناوی جۆراوجۆرەوە بۆ ئەوان دابیندەکرێت؟

ئەرێ بەڕاست “سۆشیالیزمی زانستیی” چییە و نازانستیبوونی سۆشیالیزمەکانی دیکە چییە؛ ئەگەر پاشکۆی “زانستی” وەک ئاوەڵناوێک بۆ سۆشیالیزم درووستبێت، چ بەڵگەیەک ھەیە، کە سۆشیالیزمەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” زانستیی بێت؟ ئایا پاشکۆی “زانستیی” ئاوەڵناوێکی خەڵەتێرانە نییە بۆ پاساودانی سێکتاریزمی پارتیی؟

ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتی بن، ئیدی لە چەمکە داتاشراوە ئایدیۆلۆجییەکانی “سۆشیالیزمی زانستی” و “سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕ” و”سۆشیالیزمی بۆرجوازی” پوووچتر و تەرسەقولتر چی ھەیە؟ سۆشیالیزم یان نییە، یان سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتییە و ھەر ھەوڵێکیش بۆ گەییشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتی [نەک دەوڵەت و حکومەت بەناوی سۆشیالیزم]، ھەوڵێکی شۆرشگێڕانەیە و نە کۆنەپەرستیی دارای سۆشیالیزمە و نە بۆرجوازی خوازیاری سۆشیالیزمە، تاکو ئاوەڵناوەکانی “زانستیی” و”شۆڕشگێڕ” و “بۆرجوازیی” لەدوای سۆشیالیزم ڕیزبکرێن. داتاشی ئەو چەمکانە وردەبۆرجوازییە، کە ھەردەم بۆ پاساودانی شکستەکانی خۆی پەنای بۆ داتاشینی چەمکێکی دیکە بردووە، تاکو سەرنجی سۆشیالیستخوازان لەسەر ھۆکاری شکستەکان لابدات و بە دێوجامەیەکی دیکە ئەوان فریوبداتەوە. نە بەڵگەیەک بۆ سۆشیالیست-بوونی بۆرجوازی ھەیە و نە بەڵگەیەک بۆ “ناشۆڕشگیڕبوون و نازانستیی” سۆشیالیزم ھەیە و نە بۆرجوازی و ناشۆڕشگێڕان و کۆنەپەرستان سۆشیالیزمیان ھەیە و نە خوازیاری سۆشیالیزمیش دەبن. ئایا لە ئاوا بارێکدا بێجگە لە جادووگەریی ڕامیاریی لە خەڵک بۆ فریودانەوەی بەناوێكی دیکە، پاشکۆکردنی ئاوەڵناوەکانی “زانستیی” و “شۆڕشگێڕ” و “بۆرجوازی” و “فیئۆداڵیی” و …تد ھیچ پێداویستی و بنەمایەکی مێژوویی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی و کولتووریی نییە؛ تەنیا تەرسەقولبێژیی وردەبۆرجوازین و بەس. ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم ھەبن و دژی فێئۆدالیزم و کۆنەپەرستیی و بۆرجوازیی نەبن و ھی ئەو ڕەوتانە بن، ئەوا یان سۆشیالیزم و کۆمونیزم ئەفسانەبافی و تەرسەقولبێژیی ڕامیارانن، یان درۆیەکی پیرۆزکراوی وردەبۆرجوازی!

سۆشیالیزم / کۆمونیزم دەقیی تەورات و ئینجیل و قورئان نییە، تاکو ھەر کەسە بە ئارەزووی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکات و ناوی ئەو کەسە ھەڵبگرێت. بیرۆکەی سۆشیالیزم/کۆمونیزم لەنێوبردنی کۆمەڵی چینایەتی و ڕۆنانی کۆمەڵێکی ناچینایەتییە. ئایا کەسی کۆنەپەرست، فیئۆدال و بۆرجوازی دەتوانێت ھەڵگری ئاوا بیرۆکەیە بێت، یان ھیچ کات کۆنەپەرستان و فیئۆداڵان و بۆرجوایان خوازیاری کۆمەڵی ناچینایەتی بوون، تاکو سۆشیالیزم بۆ خۆجیاکردنەوە پێویستی بە پاشکۆکردنی ئاوەڵناوەکانی “زانستی” و “نازانستیی” و “فیئۆداڵیی” و “جوتیاریی” و “شۆڕشگێڕ” و “ناشۆڕشگێڕ” و بۆرجوازیی و “کرێکاریی و پڕۆلیتێری” ھەبێت؟

جیا لەوەی کە ھیچ گرووپ و پارتییەکی ڕامیار ناتوانێت سۆشیالیستی/ کۆمونیستی [ناچینایەتی] بێت، چونکە پێکھاتەی ڕامیاریی بەخۆی پێکھاتەیەکی چینایەتیی و کۆپیکراوی پێکھاتەی کۆمەڵی چینایەتییە. ئەگەر ئاوای لەبەرچاوبگرین، کە ئەگەری سۆشیالیستبوون و شۆڕشگێڕبوونی یەکێك یان چەند دانەیەک لە دەرزەنە پارتییە “کۆمونیستەکان” ھەیە، ئێمەی پڕۆلیتێری “نەزان و دەبەنگ” چۆن بزانین، کە کامەیان “زانستیی” و “شۆڕشگیڕ” و “کرێکاری و پڕۆلیتێریی”یە، لە کاتێکدا پەیڕەو و بەرنامە و پاگەندەی ھەموویان لەم سەر تاکو ئەو سەری جیھان ھەر یەکە و تەنیا پاش و پێشی ڕستە و بڕگەکان و جیاواز داڕشتنی دەقەکان جیاوازی ھەیە و تەنانەت ئەگەر لەتەک پەیڕەوی پارتییە دەستە ڕاستەکان بەراوردییان بکەین، بێجگە لە چەند سوێندخواردنێکی ئایدیلۆجیی بە “مارکسیزم”، جیاواززییەکی ئەوتۆی ئامانجیی و ستراتیجیی نابیندرێت؟

“14 . خه‌باتی كرێكاری به‌ ڕووی سه‌رمایه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌‌ به‌ژیانی چینی كرێكار وڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی دژ بە چه‌وسانه‌وه‌ “

ئەو خاڵە، نە لێکدانەوەیە، نە دۆزینەوەی پێکھاتەیە، نە بنەمای کار و چالاکییە، نە ئامانجە. وەک ئەوەیە، بنووسیت: منداڵ بە گەورەبوونی پیر-دەنێت. نە سەلماندی گەرەکە و نە داھێنان و نە دۆزینەوەی نەزانراوێکە. ئەگەر ئەوە “زانستیی”بوونی “سۆشیالیزم”ەکەی “ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمونیستی بێت، ھەزار سڵاوات لە نەزانیی خۆم.


“15 . بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی وحزبه‌كه‌ی، له‌ دیدگای ئێمه‌وه‌ ،بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تیه‌ وبه‌شێكه‌‌ له‌ دینامیزمی كێشمه‌كێشی چینایه‌تی وسیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وفكری له‌ كۆمه‌ڵگادا. بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌ فیرقه‌یه‌كی حزبی ونه‌ فیرقه‌یه‌كی فكری سیاسی وئایدۆلۆژی بێخه‌وش ودابڕاو له‌كۆمه‌ڵگا نین كه‌ به‌دوای خاوێنی فكری وتیوریدا بگه‌ڕێێن. ….. وه‌حزبی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری حزبێكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و سه‌ربه‌خۆیی چینی كرێكار له‌ ڕوی سیاسی ئه‌نجام ده‌دا و شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار ڕێكده‌خا و ڕابه‌ری ده‌كا به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن. كۆمۆنیزم ڕه‌خنه‌ی فیعلی كرێكاره‌ به‌دژی سه‌رمایه‌داری وه‌به‌م مانایه‌ شتێك نیه‌ جگه‌ له ڕه‌وتێكی سیاسی وفكری، دیاریکراوی جیاواز لە رەوتەکانی تر، کە سه‌ر به‌ چینی كرێكار و ڕه‌خنه‌ی فیعلی ئه‌وە له‌ سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیستمێكی چینایه‌تی ناكۆك ودژبه‌یه‌ك . “

گەلۆ ئەرێ دارێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بەخۆیان دەزانن چی دەڵێن و چۆن ئەو پارادۆکسانە لەیەکدی گرێدەدەنەوە؟ ئەگەر پارتیی “کۆمونیست” بابەتێکی کۆمەڵایەتییە، ئەی گارە گاری بیست و پێنج ساڵی ڕابوردووی سەرانی (حککع) کە بەشێک لە ئەوان ھەر ھەمان داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” دەبن، لەپێناو چی بووە؛ ئەگەر پارتیی کۆمونیست بەخۆی بابەتێکی کۆمەڵایەتییە؛ ئایا دەکرێت شتێک بەخۆی بابەتێکی کۆمەڵایەیتی بێت، بەڵام پێویستی بە کۆمەڵایەتییبوونەوە ھەبێت؛ بۆچی توانای نییە، کە لەنێوەندی ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەرھەڵبدات؟

ئەوە زۆر گرنگە، کە ڕابەرانی “پڕۆلیتاریا” نائاگایانە بەخۆیان ئەوە دەسەلمێنن، کە ئەوان “‌ فیرقه‌یه‌كی حزبی و فیرقه‌یه‌كی فكری سیاسی وئایدۆلۆژی خه‌وشداری ودابڕاو له‌كۆمه‌ڵگا” ھەن، ئیدی کۆمەڵایەتییبوونی پارتییەکەیان چۆن دەسەلمێنن؟ ئەگەر پارتییەکەی ئەوان کرێکاران بە “دەسەپاچە و گێل ونەزان و ناتوانا” نازانن، ئیدی چینی کرێکار و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی چینی کرێکار چ پێویستییەکی بە دەستەبژێرێکی وردەبۆرجوازی ڕامیار لە دەرەوەی خۆی ھەیە، تاکو وەک خێرخوازێك بێت و کرێکاران وەک ڕانەمەڕ بەرەو بەھەشتەی “پارتیی رابەر” بەرخۆی بدات؟ ئەگەر کۆمونیزم ڕەخنەی کردەیی کرێکارە لە سەرمایەداریی، ئیدی چۆن دەکرێت و دەتوانرێت “کۆمونیزمی فیئۆداڵی و بۆرجوازیی” بوونی ھەبێت؟

درێژەی ھەیە …[ بەشی دووەم ]
———————————————————-
* ھەڵبەتە من بڕوای تەواوم بە ڕۆڵی بنەڕەتیی و چارەنووسسازی کرێکارانی ھوشیار و شۆڕشخواز ھەیە، بەڵام بە ھوشیاریی و پێشڕەویی خود کرێکاران نەک ڕابەریی وردەبۆرجوازیی خۆ-بە-فریادڕەس-زان http://fullreels.com/ru/video/Wnu-EFh8SL0/

** لینکی پەڕتووکی مێزگردی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان، (ئەزموونی خەبانی جەماوەریی ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨) https://bekaran.wordpress.com/2013/08/30

*** لینکی دەقی ڕاگەیاندنی باڵێکی سەرکردایەتی (حککع) بەناوی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” http://www.hawpshti.com/ku/?p=19187




ڕۆژی جیھانی ژن و یەکسانی ڕەگەزیی و فێمینیزم و تێڕوانینی ئەنارشیستی* …. ھەژێن

بەرایی: ….

بۆچوون و تێڕوانینی گشتیی تاکەکانی کۆمەڵ، بەدیاریکراوی ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە نایەکسانی ڕەگەزیی ڕەخنەدەگرن، زۆر بەداخەوە لەژێر ھەژموونی ئایدیۆلۆجیا و ڕەوتە ڕامیارییەکان، زۆر کورتبینانە مێژوو دەبینێت و دەخوێنێتەوە. ئاوا دیتن و خوێنەوەیەک بۆ دیاردە مێژووییەکان وەک شێرپەنجە ئاوەز و ھۆشی کەسەکان گەوجدەکات و کەسەکان تووشی کورتبیینی و نەزانیی لەبۆماوەی مێژوویی دەکات.

ئەگەر لە ھەر یەک لەو کەسانە بپرسدرێت یان بەو جۆرەی کاناڵە میدیاییەکان و مدیای ڕەوتە ڕامیارییەکان و بڵندگۆ ئایدیۆلۆجییەکان وێنایدەکەن؛ سەرچاوە و سەرەتای بیرۆکەی ڕزگاری ژنان و یەکسانی ڕەگەزیی بۆ کەی و کێ دەگەڕێتەوە، یەکسەرە و ڕۆبۆت-ئاسا کۆمەڵێک ناوی کەسیی و پارتیی و ئایدۆلۆجیی ڕیزدەکەن و بە سنگدەرپەڕاندن و شانازیی و لەخۆڕازیبوونەوە، لەسەر پاگەندەکانی خۆیان پێداگرییدەکەن و ناوی شیکاریی “زانستی” و “واقیعیی” و “درووست” بەباڵادەبڕن.

بەبۆچوونی من، ئەوە یەکێک و سەرەکیتیرن پایەی دیاردەی گەوجبوونی ئاوەزیی و ھۆشیی کەسەکانە، نەھامەتی سەردەمی مێگەلبوون و تووتییبوون. سەردەمێک کە دەزگەی گەوجێنەر (تێلەفزیۆن و ڕادیۆ) لەجیاتی ھەمووان بیردەکەنەوە و دەدوێن و بڕیاردەدەن و ئاوەز و ھۆشی کەسەکان کەڕووی ئایدیۆلۆجیی ھەڵدەھێنێت و دەنگە ئاراستەکەرە شادراوە ئایدیۆلۆجیی و ڕامیارەکان لەپشت کاناڵە نیئۆلیبڕاڵ و چەپ و ئایینییەکان تاکەکانی کۆمەڵ ئاراستەدەکەن و توانای بیرکردنەوە و ڕامان لە ئاوەز و ھۆشی گشتیی کۆمەڵ و تاکەکانی دەستێنن و لەنێودەبەن.

ئەگەر نا، ھەموو کەسێکی بە ئاوەز و ھۆش زیندوو ئەوە دەزانێت، ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی وەک بەشێک لە ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتی بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی یەکەمین پێکھاتە و ڕێکخستی قووچکەیی (ئایینی |خێڵەکی) دەگەڕێتەوە و گرێدراو و مانەوەی، وابەستەی مانەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتییە و سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری و بزووتنەوە دژە- ستەم و -ھەڵاواردن و -نایەکسانی ڕەگەزییەکان بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی خودی ئەو ستەمە دەگەرێتەوە و خواستی یەکسانی ڕەگەزیی (یان مرۆیی) بۆ ھیچ کەللەسەرێکی چاکەکار و بەبەزەیی ناگەڕێتەوە و ئافەریدەی ھۆشی یەزدانیانەی ھیچ فیلۆسۆف و تیئۆریککار و ئیدئۆلۆگێک نییە و ھیچ کەس ڕابەر و پێشنیارکەر و داھێنەری ناڕەزایەتی و بەرەنگاریی و بزووتنەوەی دژە-ھەڵاواردنی ڕەگەزیی نییە و لەو بەرەبەیانەوە تاکو ئێستا، خودی ژنان بەرەنگاریکەر و دەنگی ناڕەزایەتی و بزوێنەری ئەو ڕەوتەن؛ ژنانێکی گومناو، ژنانێک کە ھەردەم وەک ئازار و ستەم و ھەڵاواردنەکە پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدەگیردراون، ھەر ئاوا کە دەنگی پڕۆلیتێرە یاخییەکانی پێش و پاشی لەدایکبوونی تیئۆریککارانی سۆشیالیست پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدە گیراوە و دەکرێت، نەک فڵانە خاتوونی توێژی نێوەنجی یان فڵانە خاتوونی خانزاد و دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و پارتییباز و ئایدیۆلۆجیگەرا.

پێش ئەوەی ژنانی کرێکار مانبگرن و خوازیاری کرێی یەکسان بن بۆ کاری یەکسان، پێش ئەوەی ژنانی مانگرتوو لەلایەن خاوەن کارخانە بسووتێندرێن و پێش ئەوەی ژنانی پارتییباز ئەو ھەلە بۆ ناوبانگی خۆیان بقۆزنەوە، پێش ئەوەی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیھانیی بناسرێت، ھەزاران ساڵ ژنان لەنێو لادێکان و لەسەر کێڵگەکان و لەنێو خێزانەکان دژی سوورانەی سەرۆکخێڵەکان و دژی فەرمان و یاساکانی پەرستگەکان و دژی ملھوڕیی پیاوانی نێو خێزان چرکە بە چرکەی ژیانی خۆیان جەنگیون و وەک تێکۆشەری گومناو ئەشکەنجەدراون و سووتێندراون و مێخکێشکراون و گوند- و شار-بەدەرکراون و زیندانیکراون و ئەتککراون و …تد. بەڵام لەبەرئەوەی کە خودی تێکۆشەرانی ئەو ڕۆژگارانە لە ئاستی دەرککردنی تۆماری ڕوداوەکانی ئەو مێژووە و ھەم سیستەمە فەرمانداریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکە بواری ئەوەی نەداوە، مێژووو و بەرەنگاریی ئەوان بە فەرامۆشیی سپێردراوە و بووە بە خوانی ئامادەی بەردەم ئیدئۆلۆگەکان و کراوەتە بارەتەقای پەڕجووگەرانی ئایدیۆلۆجی.

ھەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیربکرێت، ئەو کاتیش وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون و کەم نەبوون، کە وەک ھەر کۆیلەیەکی دیکە، خەریکی ڕمبازێن بوون بۆ پاراستنی سەوەریی نێرسالاریی و سەروەریی چینایەتی؛ وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون، کە بۆ ڕاکێشانی دڵی سەروەران ھەوڵیانداوە و لە باشترین بار خەریکی ڕیفۆرمکردنی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی بوون؛ ھەر وەک ئێستا و بەدڵنیاییشەوە ھەر وەک ئێستا ژنانێك ھەبوون، کە وزە و ھێز و توانای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانی چەوساوەیان بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی خۆیان بەکاربردووە؛ ھەموو بوونەکانی ئێستا (ناڕەزایەتی و بەرەنگاری ستەم و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و خوازیاریی یەکسانی ڕەگەزیی، ناوبانگخوازیی و مشەخۆریخوازیی و دەسەڵاتخوازیی ھەلپەرستان و ..تد) درێژە و گەشە و گشتگیربوونی دیاردە و بوونەکانی ڕابوردوون، بەڵام بە ڕەھەند و وزە و فراوانییەکی دیکەوە.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە خواستی یەکسانی ڕەگەزیی یان دژایەتی سەروەریی ڕەگەزیی دیاردە و سەرھەڵدانێکی تازە و دەسکردی ھیچ کەس و ڕەوت و ئایدیۆلۆجیایەک نییە، بەپێچەوانەوە، ھەردەم، چ ڕابوردوو و چ ئێستا کەسانی ھەلپەرست بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشە و دەسەڵاتی خۆیان، بزووتنەوە و خواستە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەکەنە سەرمایە و پەیژەی سەرکەوتن و گەییشتن بە مەرامە سەروەرییخوازەکانی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئیدئۆلۆگەکانی سیستەمی سەرمایەداری زۆر وردەکارانە و بە شیکاریی دەروونیی خودی کۆیلان (چ ژنان وەک کۆیلەی ڕەگەزیی و چ گشت ژنان و پیاوانی چەوساوە وەک کۆیلەی چینایەتی)، ئامانج و خەونی دژە-ستەمی ڕەگەزیی دەخەنە خزمەت مانەوە و بەردەوامی سیستەمە چینایەتییەکە و ئاراستەی دژە-سەروەریی تێکۆشانی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی وەک بەشێکی سەرەکی لە تێکۆشانی دژە-چینایەتی، دەگۆڕن بە ململانێ و کیندەدۆزیی ڕەگەزیی نێوان ژنان و پیاوان و کردنی نێر یان نێربوون بە ھۆکاری سەرەکی ھەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی و پلە چەندیی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ژنان.

ئاوا ڕودان و زەمینەسازییەک بەرەنجامی زیرەکی و ئەزموونگیریی ئیدئۆلۆگەکانی سەروەریی و ناھوشیاریی و پاشڕەویی خودی چەوساوانە بۆ پلان و ئایدیۆلۆجییەکانی ئەوان. ھەر ئاوا کە خودی ستەمی ڕەگەزیی یەکێکە لە ئامرازەکانی بەردەوامی ستەمی چینایەتی و بۆ ئەو مەبەستە ئیدئۆلۆگەکان و نووسەرانی پارێزەری سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی، بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی ژنانی دەسەڵاتخواز زەمینەسازییدەکەن و خەونە سەروەرییخوازەکانی ژنانی بەرتەریخواز و مشەخواز و دەسەڵاتخواز (بەدیاریکراوی دەستەبژێری ژنانی ڕامیار و ئەکادێمیست) گەورە و بەرجەستە و تیئۆریزەدەکەن؛ فێمینیزمی ئایینی، فێمینی ناسیونالیستی، فێمینیستی دژە-نێرینە، فێمینیستی پارلەمانخواز،فێمینیستی پارتییگەرا و ..تد، کە لە بنەڕەتدا خودی ئەو ڕەوتانە بە درێژایی مێژوو ھۆکاری مانەوە و بەردەوامی ستەمی ڕەگەزیی بوون؛ پایەی پەرەستگەکان بە ملکەچکردنی ژنان ڕۆنراون، سەروەریی خێڵ|”نەتەوە” لەسەر پابەندکردن و کەرەستەکردن و نامووسکردنی ژنان ڕۆنراوە و چێکراوە، پارلەمانگەرایی لەسەر جەستەی مێینە ڕۆنراوە و پارتییایەتی وەک دەزگەی پاراستنی نێرسالاریی دەرکەوتووە و ئێستاش وەك ڕابوردوو ھەموویان (بەنادیدەگرتنی لایەنە نەرێنییەکانی دیکە) ھێشتا یانەی (کڵاپی) نێرینە و سەرچاوەی شانازیی یەزدانیی و خێڵایەتی و ناسیونالیستی و ڕامیاریی بە نێرسالاریین و ھەر ژنێکیش ئاگا یان نائاگا ببێتە بەشێک لەو دەزگانە، خۆبەخۆ دەبێتە پارێزەری ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ژن و پیاو و ھەر سات و لە ھەموو شوێن دەتوانین لەنێو ئاخاوتن و بڕیار و ڕەفتاری بەشدارانی ئەو دەزگایانە ڕەگەزسالاریی ببینین، بەدیاریکراویی ژنانی فریودراوی نێو ئەو دەزگایانە، کە خراپتر لە نێرینە ناوبانگخواز و دەسەڵاتخواز و مشەخواز و گەندەڵ و ڕامیارەکان، بە ھەست و سۆز و خۆزگە و خەونی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی ژنان کایەدەکەن و خۆشباوەڕیی ئەوان دەکەنە پەیژەی سەرکەوتنی خۆیان.

فێمینیزم (گەڕانەوە بۆ بنەمابوونی ڕەگەزی مێیینە یان ڕادەی کەم ھاوبەھایی ڕەگەزی مێینە بە ڕەگەزی نێرینە) زیاتر لە ھەموو چەمک و ئاراستە و ڕەوتێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی لە خشتەبراوە و بە دژە-پیاوکردنی گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی سیستەماتیکی سەروەریی چینایەتی و تەنانەت ڕادیکاڵترین ڕەوتی نێو بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی (کە ژنانی ئەنارشیستن) بەجۆرێک سیستەمی چینایەتی بەسەر ھۆش و ئاوەزی ئەوانیش سێبەریکردووە و خەریکە لەنێو ئەوان دەنگانێک پەیدادەبن، کە بزووتنەوەی دژی-ستەمی ڕەگەزیی یان بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی لە کۆی بزووتنەوەی دژە-چینایەتی جیا و جیاوازدەبینن و نێرینە بە ھۆکاری ھەموو بەدبەختییەک دەبینن، کە بە بۆچوونی من، ئەوە نائاگابوونە لە مێژووی ستەمی ڕەگەزیی و ھەڵگر و درێژەپێدەرانی و تەنانەت ڕۆڵی خۆشباوەڕانە یان ھەڵپەرستانەی خودی ژنان لە درێژبوونەوەی و ھەر ئاوا ھەژاریی ئاوەزیی و ھۆشییە، کە چالاکانی ئەم ڕۆژگارە تووش و گیرۆدەی ئەو بۆچوونە ڕەگەزگەراییە بوون.

تێڕوانینی ئەنارکیستان بەگشتی، بە دیاریکراویی ئەوانەی کە لە سەرەتا و نێوەڕاستی سەدەی نۆزدە تاکو ئێستا خۆیان بە تێکۆشەر و بانگدەری ڕزگاری مرۆڤایەتی لە کۆیلەتی چینایەتی ناوبردووە و ناودەبەن، بەجۆرێك ڕادیکاڵترین دەنگەکانی مێژوو بوون و ھەن و لەنێو ڕەوتە سۆشیالیستییەکان ڕادیکالترین ڕەخنە و بزووتنەوەی دژی ستەمی ڕەگەزی بوون و ھەن. بۆ سەلماندنی ئەوەش بەڵگەنامە و نووسین و بڵاوکراوە** و بزووتنەکانی سەدە و نیوی ڕابوردوو ئەوە نیشاندەدات، کە ئەنارکیستەکان مۆتۆری ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە چینایەتییەکان بوون و لەنێو ئەوانیش زۆر بە دیاریکراویی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان؛ بزووتنەوەی دژی نێرسالاریی، بزووتنەوەی دژی ھەڵاواردن….تد .

بەڵام دیسان بەداخەوە، لە نێوەی دووەمی سەدەمی ڕابوردووەوە و بەدیاریکراوی لە دەھەی کۆتایی سەدەی ڕابوردوو تاکو ئێستا، گەردەلوولی نەزمی نوێی بازار و ھەژموونی میدیا و زاڵبوونی ئیدئۆلۆگی نیئۆلیبرالیزم، خەریکە بە جۆرێک تێڕوانینی ئەنارشیستی بۆ ڕزگاری ژنان بەرەو ئایدیۆلۆجیابوون و جیابوونەوە لە گشتێتی ڕەوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە-سەروەرییەکان دەبات. ئاوا ھەوڵێک لەنێو ئەو کۆمەڵانەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکو ڕادەی نەبوون و ھەڵوەشانەوە ڕۆییشتوون و ھەر ئاوا ئەو کۆمەڵانەی کە پۆست-دیکتاتۆریی و تاکپارتیین و تازە خەریکە پارلەمانگەریی دەبێتە دیاردەی باو و جێکەوتە، زیاتر بەدیدەکرێت، چونکە زەمینە بازاریی و میدیایی و مێگەلگەراییەکان زۆرتر لەبارترن و لەوێدا ھەموو شت و بوارێک، سەرەنوێڵکی سەرھەڵدان و پەرەسەندنی کێبڕكێی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی و کینەدۆزییە و دەستە شاردراوە و پەرجووگەرەکە زۆر بە ئاسانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵ ئاراساتەدەکات و دەتوانێت ھەمووانی ناھوشیار یان ئایدیۆلۆجیگەر بکاتە سەربازی “في سبیل اللە”ی سیستەمی سەروەریی چینایەتی.

بەڵام سەرباری ئەوەش، سەرباری ھەموو پەراوێزخران و سەرکوتکران و دابڕاندن و لەنێوبردنێک، ھێشتا ئەنارکیستەکان پەیامەدەر و بانگدەر و چالاک و تێکۆشەری گومناوی ڕادیکاڵکردنەوەی بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە دژە-چینایەتییەکانن و ھێشتا بنەماکانی تێڕوانینی ھزر و تیئۆری ئەنارکیستی، ئەستێرەی گەشاوەی ئاسمانی تێکۆشانی دژە ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و چینایەتی و پارێزەری ژینگە و گێڕانەوەی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و بەخۆبوونەوەی تاک و گەشەدان بە کولتووریی مرۆڤایەتین.

ئەو پاگەندەیەی سەرەوە، زادەی حەزی من و پێداھەڵدانی ئایدیۆلۆجیانەی خود و بیرکردنەوەی من و ڕەوتی ئەنارکیستی نییە، بەڵکو زادەی کەتوارێکی مێژووییە، کە ھزر و تێڕوانینی ئەنارکیستی و تێکۆشانی ڕەوتە ئەنارکیستەکان لە گشت ھزر و تێڕوانین و ئاراستە و ڕەوتە کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ئابووریی و ڕامیارییەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو جیاکردنەوە و گوڵبژێرییەش بۆ بنەماکان و ئامانجەکانی ھزری ئەنارکیستی و پەیکگیریی ڕەوت و بزووتنەوە ئەنارکیستییەکان بە درێژایی دوو سەدەی ڕابوردوو و پێشتریش دەگەڕێتەوە، کە ھەردەم لە ڕێشەوە بۆ چارەسەری گرفت و کێشە و ستەم و نایەکسانی و سەرکوتگەرییەکان گەڕاون و تێکۆشانی خۆیان ئاراستەی پێکھاتەی ڕێکخستنێک کردووە، کە دروستکەر و پارێزەر و بەردەوامکەری ستەم و ھەڵاواردن و ملھوڕیی ڕەگەزی و چینایەتییە؛ پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵ (پێکھاتەی خێزان، فێرگە، کارگە تاکو دەوڵەت) بۆ جێگیرکردن و پاراستنی سەردەست و ژێردەست، فەرماندەر و فەرمانبەر، پێشڕەو و پاشڕەو، بڕیاردەر و ملکەچ، دارا و نەدار، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات….تد

بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم و تێڕوانین و ڕێگەچارەی ئەنارکیستان بۆ ھەڵاواردنی ڕەگەزیی واوەتر لە ھەر ھزر و بیرۆکەیەکی دیکەی ئازادیخواز و سۆشیالیستی دەڕوات و ڕەگوڕیشە و سەراپای بوونی ستەم و سەروەریی نیشانەدەگرێت. ئەنارکیستەکان ھەبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان بۆ نایەکسانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان دەگێڕێنەوە و نایەکسانی دەسەڵاتی مرۆڤەکانیش بۆ نایەکسانی پێگەی ئابووریی ئەندامانی کۆمەڵ دەگێڕنەوە و پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵیش (خێزان تاکو فێرگە و کارگە و بەڕێوەبردن) بە ڕاگر و پارێزەر و درێژەپێدەری ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانییە ئابووریی و دەسەڵاتیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان دەبینن و تاکو ڕێکخستنی کۆمەڵ و بەشەکانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ لەسەر بناخەی پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستن بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ (ڕەگەزیی،ئایینیی، خێڵەکیی، نەژادی، کولتووریی، ئابووریی، دەوڵەتیی) دەمێنێت و زەمینەی دەبێت و بۆ ئەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ نەمێنێت، پێویستە بنەماکانی سەروەریی لەنێوببردرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە، کە نایەکسانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و دەسەڵاتیی مرۆڤن و ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزییش لەسەر ھەمان ئەو بنەمایانە ڕۆنراوە و خۆی پاراستووە و درێژەی ھەیە، کە سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤی لەسەر ڕاگیراوە و ئەو ھۆکارەش ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی دەکاتە بەشێک لە ستەمی چینایەتی و بۆ ھەبوونی سەروەریی چینایەتی دەگێڕێتەوە.

بەڵام ئەو بەشبوونە بەو واتایە نییە و نا، کە تاکو بەیەکجاریی ستەم و سەروەریی چینایەتی ھەڵنەوەشێتەوە، ئەگەری لاوازکردن و لەنێوچوون و ھەڵوەشاندنەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی نییە. بێجگە لەوەش، تێڕوانینی ئەنارکیستی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی و لەنێوبردنی پایە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولوتووریییەکانی سەروەریی چینایەتی، تەواو پێچەوانەی تێڕوانینە ئایدیۆلۆجییەکانی پێش و پاشی خۆیەتی و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی بە پرسێکی یەک شەو و ڕۆژە و بەرەنجامی کودەتایەک یان گۆڕینی دەسەڵاتدار و سیستەمێکی ڕامیاریی بە یەکێکی دیکە و ئاراستەکردنی ئایدیۆلۆجیانەی کۆمەڵ و لەقاڵبدانی ژییان نابینێت و گۆڕانی سیستەمی کولتووریی-کۆمەڵایەتیی – ئابووریی و ڕامیاریی چینایەتی بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ناچینایەتی بە پرۆسێسێکی بەردەوامی تێکۆشان و بەرەنگاری و ھوشیاربوونەوە و ھەڵکشانی ڕۆشنبیریی و گۆڕانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و سەراپای ژیان و بیرکردنەوە و جیھانبینی مرۆڤی چەوساوە دەبینێت و بۆ بەدیھێنانی تێدەکۆسێت.

ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی نایەکسانی ژن و پیاو، وەک بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی سەروەریی چینایەتی (سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ بەگشتی) بە ھەڵگێڕانەوە و گۆڕینی خشت بە خشتی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی ڕەگەزیی و چینایەتی دەبێنێت و ھەر لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژن بەشێكی یان نیوەی بوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، ئامرازەکان و سەنگەرەکان و شێوازەکانی تێکۆشانی دژ بە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیش ھەمەلایەنە و سەراپاگیری کۆمەڵ دەبن و پایەکانیشی تێکۆشانی ڕۆشنگەریی و کولوتووری و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دەبن و پێویستە و ئەوەش ئەرکی تێکۆشەرانەی ژنان دوو لایەنە دەکات، لایەک ئامانج و داخوازییەکان بەسەر پیاوانی ھاوچین و لایەک بەسەر بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و وەستانەوە دژی دەسەڵاتی ئایین و کولتوور و نێرسالاریی وەک یەکەکانی سەروەریی چینایەتی، کە لەنێو دەوڵەتی ھاوچەرخ بەرجەستە بووە و دەبێت.

چونکە دەوڵەت (لە دەنگدەر و پۆلیس و سوپا تاکو دەگاتە پارلەمان و فەرمانداریی) بە ھەموو جۆرەکانی و لە باڵاترین و ھاوچەرخیترین ئاستی گەشەکردوویی خۆی، ئامرازی پیادەکردن و پاراستنی سەروەریی چینایەتییە و لەنێو ئەویش ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی و نەژادی و کولتووریی و ئایینی و ئەگەر لە شوێنێکیش بە پاشەکشێ و گۆڕینی ئاست و شێوەی ھەڵاواردن و سەروەریی بووبێت، ئەوا ھەر بەرەنجامی تێکۆشانی دژە-سەروەریی و دژە-چینایەتیی و ناڕەگەزییانەی چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵ بووە و دەبێت. کەواتە بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ھاوکات بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتییە و ھەر ئاواش بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتیی، ھاوکات بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزییە و دەبێت، چونکە ھەر دوو ستەمەکە زادەی یەک سیستەم و ڕێکخستنی ڕامیاریی و ئابووریین و تەواوکەری یەکدین و وزەبەخش و ڕاگر و پارێزەری یەکدین و ئەگەر ڕۆژگارێک سەروەریی چینایەتی بۆ مانەوەی خۆی ناچاربکرێت، زۆر ئاساییە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی پێچەوانە بکاتەوە و چەند ھەزار ساڵێکیش بە ژنسالاریی بە بوونی خۆی درێژەبدات.

وەک دەزانین ودەبینین، ژن منداڵە، خوێندکارە، دایکە، جوتیارە، کرێکارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، نەدارە، بێدەسەڵاتە … ( پڕۆلیتێرە) و ھاوکاتیش لەنێو ھەموو ئەوا بوارانە بێجگە لە چەوسانەوە چینایەیییەکە، وەک ڕەگەز دەچەوسێتەوە و برا و باوک و ھاوسەر و ھاوکار و ھاودەردە نێرینەکەی دەکرێتە مەقاشی ئەو چەوسانەوەیە، کەواتە ژن بۆ ڕزگاربوون ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو پیکھاتە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بەڕێوەبەرییانە بۆ ڕزگاربوونی خۆی بگەڕێت و لەسەر گۆی زەمین بستێک شوێن لە دەرەوەی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی و ملھوڕیی دەوڵەت نەماوەتەوە، تاکو ژنان لە باری خۆدابڕاندنی ڕەگەزیی، کە خۆکوژیی ڕەگەزیی و مرۆییە، کۆمونە ھاوڕەگەزییەکانی خۆیان درووستبکەن و لە ئاوا شوێن و سەردەمێک ژنیش وەک پیاوی چەوساوە و مرۆڤایەتی نەدار- و بێدەسەڵات-کراو (پڕۆلیتێر) بە ھەڵبژاردنی لایەک لە دووڕیانی : (خۆڕزگارکردن لە سەروەریی) یان (کۆیلەمانەوە بۆ سەروەەریی) سزاوارە و ڕزگاربوون بەبێ لێدان لە بنەما کولتووریی و ئایدیۆلۆجیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و پێکھاتەیی و دەزگەییەکان، خەونی خواردنی کولیچە دەبێت لەنێو ئەفسانەی بەھەشتی ئاسمانەکان.

دیسانەوە، ئەوە بە واتایە نییە، کە ژنان نابێت ڕێکخراو و گرووپی تایبەت بە خۆیان لەنێو پێکھاتەی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان ھەبێت، نا، بەپێچەوانەوە ھەبوونی ڕێکخراوە و گرووپە پاگەندەیی و ھوشیاربەخشەکان لە شوێنەکانی کار و ژیان و خوێندن و ..تد، پێداویستیی بێچەندوچوونن و تەنانەت بۆ ھوشیارکردنەوە و داچڵەکاندنی پیاوانی چەوساوە و ھاودەم و ھاوچین پێویستن. بەڵام ئەگەر ئەو ڕێکخراوە و گرووپانە کەمتر لە ئامرازی ھوشیارکردنەوە و پاگەندەی دژە-سەروەریی ڕەگەزیی بڕۆن و واوەتر لە گرووپ و ڕێکخستنی ھوشیاربەخش بن، دیسان دەبنەوە بەشێک لە ھەوڵە ئیدئۆلۆگییە بۆرجوازییەکان و دەبنەوە بە کوتەک و جەلاد و ئاراستەکەری خودی ژنان و دەبنەوە بە بەرھەمھێنەرەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ و لە باشترین باردا دەبنە سەروەری مێینە لەسەر ژنان و جێگەی سەروەرانی نێرینە دەگرنەوە، ھەر بەو جۆرەی کە ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین، کە فێمینیستانی ئایینگەرا و ناسیونالیست و لیبڕاڵ بۆ ئاراستەکردنی ئاوەزی ژنانی ڕزگاریخواز ھەوڵدەدەن و (بەڕێوەبەربوون) و (پارلەمانتاربوون) و (سەرمایەداربوون) و سەروەربوونی ژنانێک بە ڕێگەچارەی ڕزگاری ژنان و نەمانی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ژنان وێنادەکەن.

ئاوا بۆچوون و تێڕوانینێک مرۆڤی خۆھوشیار و بەئاوەز ڕووبەڕووی پرسیارێک دەکاتەوە؛ ئایا جیاوازی ھەیە و چییە، کە (ھاوڕەگەزێک، ھاونەژادێک، ھاوزمانێک، ھاوئایینێک، ھاوکولتوورێک) یان (ناھاوڕەگەزێک، ناھاونەژادییەک، ناھاوزمانێک، ناھاوئایینێک و ناھاوکولتوورێک) مشەخۆری ڕەنج و سەرکوتگەر و سەروەری مرۆڤ بێت؛ ئایا سەروەریی ھەر سەروەریی نییە و دیوەکەی دیکەی ملکەچی و کۆیلەتی ئەوانی دیکە نییە؛ ئایا ڕەگەز و زمان و ئایین و نەژادی جەلادێک ھیچ لە ئازار و ئەشکەنجە و ستەم و کوشتنی مرۆڤی چەوساوە دەگۆڕیێت؟

ھەژێن
٦ی مارچی ٢٠١٨
———————————

* یان بەڕادەی کەم، ئەوە تێڕوانینی من دەبێت.
** سیمبۆلی ئەنارشۆ-فێمیستەکان ؛ بڵاوکراوەی یەکەمین گرووپی ئەنارشۆ-فێمینیست لە ئاستی جیھان : دەنگی ژن، ساڵی ١٨٩٦-١٨٩٧ لە بۆینس ئایرس (ئەرجەنتین) و دواتر ١٨٩٩ لە (ڕۆساریۆ) بڵاودەکرایەوە. ھەر ئاوا ڕۆژنامەی (نە یەزدان، نە خاوەن کار، نا ھاوسەر) لەو ساڵانە بڵاودەبووەوە:
https://en.wikipedia.org/wiki/La_Voz_de_la_Mujer




نێستۆر ماخۆ گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست* … وەرگێرانی : ھەژێن

گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست، که‌سێک که‌ ناوی بوو به‌ هاوپێچی ناوی کۆمونه‌ کرێکاریی و جوتیارییه‌کانی ئۆکرانیا *

نێستۆر ماخۆ Nestor Makhno که‌سێک بوو، که‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌ربازیی له‌شکری بزاڤی ئه‌نارکیستی ناسراو به‌ بزاڤی ماخنۆڤیستی Makhnovist movement – Makhnovshchina دەکرد.

ئەو بزاڤه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شۆڕشی (ڕوسیه‌)ی ١٩١٧ بوو له‌ ئۆکرانیا، له‌وێنده‌رێ شۆڕش شێوه‌یه‌کی ئازادیخوازانه‌ی له‌خۆگرت و کرێکاران و جوتیاران دژی له‌شکره‌کانی تزاری و دژه‌-شۆڕش و بۆلشه‌ڤیکه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان جه‌نگین.

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٨٨٩ لە ئۆکرانیا لەدایکبووە، ٢٥ی جولای ١٩٣٤ لە فه‌ره‌نسه‌ مرد.

بزاڤی ماخنۆڤیست به‌ناوی (ماخنۆ) ئه‌نارکیستی ئۆکرانیایی ناونراوە، ئه‌وێک که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی لەنێو‌ ئەو بزاڤه‌که‌ گێڕا. له‌ ڕاستیدا ماخنۆڤیستا Makhnovshchina پیت به ‌پیت ده‌کاته‌ بزاڤی ماخنۆ و بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئەو لەتەک‌ شۆڕشی‌ هەرێمی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا‌ گرێیخواردووه‌. ئەی ماخنۆ کێ بوو؟

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ‌ ٢٧ی ئۆکتۆبه‌ری ١٨٨٩ له‌ هولیای پۆله‌ Hulyai Pole شارۆچکه‌یه‌کی سی هەزار ٣٠.٠٠٠ که‌سیی له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا له‌دایکبووه‌، که‌ کۆمه‌ڵێک فیرگه‌ و کارگه‌ی تێدا ھەبوو.

ماخنۆ کوڕی خێزانێکی هه‌ژاری جوتیاریی بوو. کاتێک که‌ ئەو ته‌مه‌نی ده (١٠)‌ مانگ بوو، باوکی مرد، ژیانی ئەو و چوار براکه‌ی دیکەی که‌وتۆته‌ سه‌رشانی دایکیان. له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داریی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری خێزانه‌که‌ی، ناچار ماخنۆ له‌ تەمەنی حه‌وت ساڵیی خەریکی‌ شوانکاره‌یی بووه‌. له‌ تەمەنی هه‌شت ساڵیی له‌ فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی (هولیای پۆله)‌ کەوتووەتە خوێندن و به‌ زستانان خوێندویه‌تی و به‌ هاوینان لای دارا (زەمیندار و کارخانەدارە) نێوخۆییه‌کان کاری کردووه‌. کاتێک که‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ دوازده‌ (١٢) ساڵان له‌ خوێندن وازیهێناوه‌ و به‌ ته‌واو کاتیی وه‌ک کرێکاری کشتوکاڵی له‌سه‌ر زه‌ویوزاری خانزاده‌ و کێڵگه‌ داگیرکراوه‌کانی ژێرچه‌پۆکی کۆلاکەکان‌ (جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندەکان‌)ی ئاڵمانیا کاریکردووه‌. له‌ته‌مه‌نی هه‌ڤده‌ ساڵیی له‌ (هولیای پۆله)‌ سه‌ره‌تا وه‌ک شاگردی وێنه‌کار و پاشان وه‌ک کرێکارێکی بێپیشه‌ له‌نێو کارخانه‌یه‌کی ئاسنگەریی کەوتووەتە کارکردن و دواجار وه‌ک ئاسنڕێژه‌ر (ئاسنساز) له‌ هه‌مان ڕشته‌ بەردەوامبوو.

هه‌ر ئه‌و کاته‌، که‌ له‌ پیشەی ئاسسازی کاریده‌کرد، به‌شداری ڕامیاریی شۆڕشگێڕانەی‌ کرد.‌ ساڵانی ناجێگیری پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ی ڕوسیه‌، ماخنۆ لەتەک‌ ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ تێکەڵبوو. ئەو بڕیاره‌ی ئەو بۆ ئه‌زموونه‌کانی خۆی لەبارەی سته‌م له‌ شوێنی کار و دیتنه‌کانی ئەو له‌ تیرۆرکارریی ڕژێمی ڕوسی کاتی ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٠٥ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ( ئه‌و کاته له‌ ‘هولیای پۆله’ بارگرژییه‌کی ئاوا له‌ئارادانه‌بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ڕژێم هه‌ژمارێکی زۆری له‌ هێزی پۆلیسی-دابڕی بۆ سه‌رکوتکردنی کۆبوونه‌وه‌ و کۆڕ و کۆمەڵەکان و بۆ چاوترسێنکردنی ڕێبواران و لێدانی زیندانیان به‌ قۆنداخه‌ تفه‌نگ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی‌ شارۆچکه‌که‌ نارد). ساڵی ١٩٠٦ ماخنۆ بڕیاریدا به‌ گروپێکی ئه‌نارکیست له‌ (هولیای پۆله‌) په‌یوه‌ستبێت، گروپێک که‌ ساڵێک له‌وه‌وپێش به ‌زۆری له‌ لاوە جوتیاره‌ هه‌ژاره‌کان پێکهاتبوو.

کۆتایی ساڵی ١٩٠٦ و سەرەتای ساڵی ١٩٠٧ ماخنۆ به‌تۆمه‌تی کوشتنی ڕامیارانه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا، به‌ڵام بەھۆی له‌ده‌ستدانه‌بوونی به‌ڵگه‌ بۆ ئەو تۆمه‌ته‌، له‌ زیندان هاته‌ده‌ر. ساڵی ١٩٠٨ به‌تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو له‌لایه‌ن پۆلیسێکی سیخور له‌نێو گروپه‌که‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا و خرایه‌ زیندان‌. مارچی ١٩١٠ ماخنۆ و سیازده (١٣)‌ که‌سی دیکە له‌نێو دادگه‌یه‌کی سه‌ربازیی سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ بڕدرایه‌وه‌. ماخنۆ به‌هۆی که‌می ته‌مه‌ن و هه‌وڵ و تێکۆشانی دایکی‌، سزای له‌ سێداره‌دانه‌که‌ی گۆڕدرا به‌ زیندانیی هه‌میشه‌یی لەتەک کاری سه‌خت. له‌ ماوه‌ی زیندانیبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی Butyrki له‌ مۆسکۆ، به‌ هه‌موو شێوازێکی له‌به‌رده‌ست و گونجاو به‌رهه‌ڵستی دەسەڵاتدارانی زیندانه‌که‌ی ده‌کرد، هه‌ر به‌هۆی ئەو به‌رهه‌ڵستیی-کردنەیه‌وه‌ زۆربه‌ی ماوه‌ی زیندانییبوونه‌که‌ی به‌ زنجیرکراوی یان له‌نێو سیاچاڵه‌ سارد و شێداره‌کان به‌سه‌ربرد. ئەو ئه‌زموونه‌ ڕکوکینه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ماخنۆی له‌ زیندانه‌کان زیاتر کرد ( دواتر له‌ سه‌رده‌می شۆڕش، یه‌که‌مین ئه‌رکی ئەو لەتەک گه‌یشتنی به ‌هه‌ر ‌شار و‌ شارۆچکه‌یه‌ک، ئازادکردنی زیندانییه‌کان و وێرانکردنی زیندانه‌کان بوو).

ماخنۆ له‌ ماوەی زیندانییبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی لەتەک پیته‌ر ئارشینۆڤ Peter Arshinov هاوزیندانییه‌کی ئه‌نارکیست، که‌ دواتر بوو بە‌ چالاک و مێژوونووسی بزاڤی ماخنۆڤیستی، بوون بە هاوەڵی یەکدی. پیته‌ر ئارشینۆڤ ساڵی ١٨٨٧ له‌ شارۆچکه‌ی پیشه‌سازیداری کاتێرینۆسڵاڤ Katerinoslavی ئۆکرانیا له‌دایکبووبوو. باوکی کرێکاری کارخانه‌ و کانەکان بوو. پیته‌ر ئارشینۆڤ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆڵشه‌ڤیک بوو و ساڵی ١٩٠٦ بووبوو به‌ ئه‌نارکیست، له‌نێو ڕێکخستنی کرێکاران و کاری کارخانه‌ دژی ڕژێمی تزاریی ڕۆڵێکی ڕابه‌رانه‌ی دەگێڕا. ساڵی ١٩٠٧ ده‌ستبه‌سه‌ر کراو به‌ مردن سزادرا و به‌ره‌و ئۆروپای خۆراوایی هه‌ڵهات. ساڵی ١٩٠٩ گه‌ڕایه‌وه‌ ڕوسیه‌ و دووباره‌ زیندانییکرایەوە و دیسانه‌وه‌ هه‌ڵهاته‌وه‌. ساڵی ١٩١٠ جارێکی دیکە دەستگیرکرا و خرایه‌ زیندانی بوتیرکی و له‌وێنده‌رێ بوو، که‌ لەتەک ماخنۆ ئاشنابوو. هه‌ر دوو ئه‌نارکیست هاوه‌ڵێتییه‌کی که‌سیی و ڕامیاریی توندوتۆڵیان پێکهێنا و ئاڕشینۆڤ له‌ په‌ره‌دان و قوڵکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ ئه‌نارکیستییه‌کان بە ماخنۆ کۆمه‌کیکرد.

ڕۆژی ٢ی مارچی ١٩١٧ پاش هه‌ش ساڵ و هه‌شت مانگ مانه‌وه‌ له‌نێو زیندان، ماخنۆ لەتەک زیندانییه‌ ڕامیاره‌کانی دیکە وه‌ک سه‌ره‌نجامی شۆڕشی فێبریوه‌ری ئازادبوو. پاش به‌سه‌ربردنی سێ (٣) هه‌فته‌ له‌ مۆسکۆ لەتەک ئه‌نارکیسته‌کانی ئه‌وێنده‌رێ، ماخنۆ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هولیای پۆله‌. وه‌ک تاقه‌ زیندانییەک که‌ به‌هۆی شۆڕشه‌وه‌ بۆ نێو خێزانه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌نێو شارۆچکه‌که‌ی لە ماخنۆ ڕێزده‌گیردرا. پاش ساڵانێک له‌ زیندانییبوون و ئەشکەنجە، ماخنۆ وه‌ک هه‌رزه‌کارێکی چالاکی بێپێشینه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌نارکیستێکی په‌روه‌ردەبوو‌ و جه‌نگاوه‌ر هاوڕای بیرۆکەی بەهێز لەبارەی ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ گەڕایەوە، ئەو بیرۆکانەی که‌ ده‌ستبه‌جێ بۆ پیاده‌کردن ده‌گونجان. ماخنۆ کاتێک که‌ له‌ هولیای پۆله نیشته‌جێبوو، به‌زوویی خۆی بۆ کاری شۆڕشگێڕانه‌ ته‌رخانکرد. ئه‌ندامه‌کانی دیکەی گروپه‌ ئه‌نارکیستییه‌که‌ و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ جوتیاران چوونە سه‌ردانی ئەو. پاش گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوون و تێروانین لەتەک ئەوان، پێشنیاری ده‌ستبه‌جێ ده‌ستکردن به‌ کاری ڕێکخراوه‌یی بۆ گرێدانه‌وه‌ی جوتیارانی هولیای پۆله‌ و ده‌وروبه‌ری لەتەک گروپه‌ ئه‌نارکیسته‌کان. ڕۆژی ٢٨-٢٩ی مارچ به‌ سه‌رپه‌رشتکا‌ری ماخنۆ یه‌کێتی جوتیاران پێکهات. پاشان له‌نێو گوند و شارۆچکه‌کانی دیکەی ناوچه‌که‌ یه‌کێتی له‌و چه‌شنه‌ی ڕێکخست. ماخنۆ ڕۆڵێکی سه‌رکه‌وتوو و به‌رچاوی لەنێو‌ مانگرتنی کرێکارانی دارتاشی و کانه‌کان له‌نێو کارخانه‌یه‌ک، که‌ هی پیره‌ خاوه‌نکاره‌ پێشووییه‌که‌ی خۆی بوو (ئەو تێکشکانه‌ ئاوای له‌ خاوه‌نکاره‌کانی دیکە کرد، مل به‌ داخوازی کرێکاره‌کانیان بده‌ن).‌ هه‌مان کات جوتیاره‌کان ئاماده‌نه‌بوون به‌ خاوه‌ن زەمینەکان کرێ بده‌ن[١].

ئه‌نجوومه‌نه‌ ناوچه‌ییه‌کانی جوتیاران له‌ ناوچه‌ی هولیای پۆله‌ و ناوچه‌کانی دیکە ڕاگه‌یێندران، ھەر ئاوا ڕۆژی ٥-٧ی ئۆگوست کۆنگرەی هه‌رێمیی له‌ کاتێرینۆسلاڤ Katerinoslav بڕیاریدا، سه‌رله‌نوێ له‌نێو سۆڤییه‌ت و کۆمونە‌کانی جوتیاران و نوێنه‌رانی کرێکاران یه‌کێتییه‌ جوتیارییه‌کان ڕێکبخاتەوە.

به‌و شێوه‌یه‌ ماخنۆ و هاوکاره‌کانی “به‌هیوای خێراکردنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دارایییه‌ گه‌وره‌کان”، پرسه‌ ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان لەتەک ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئامێتەکرد.[٢] له‌ هولیای پۆله‌، بەراورد بە شوێنه‌کانی دیکە شۆڕش خێراتر ده‌بزووت (بۆ نموونه‌، له‌ کاتێکدا که‌ سۆڤیه‌تی ئه‌لێکساندرۆڤسک Aleksandrovsk له‌ پیترۆگراد‌ ڕۆژانی جولای له‌ کاره‌کانی فەرمانداریی کاتیی پشتیوانیانده‌کرد، به‌ڵام له‌ هولیای پۆله‌ بۆ هاوده‌نگیی و پشتیوانیکردنی سه‌ربازانی یاخی و کرێکاران کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دەکرێت). جوتیاران له‌ گشت لایه‌که‌وه‌ بۆ به‌ده‌سهێینانی ڕێنوێنی و کۆمه‌ک له‌لایەن نێوەندە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نزیکه‌کانیان (بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان/ Volosts)‌ به‌ره‌و (هولیای پۆله)‌ دەچوون. چینی جوتیاران ده‌یویست ده‌ستبه‌سه‌ر زه‌مینی زه‌ویداره‌ گه‌وره‌کان و کۆلاکه‌کان بگرێت. ماخنۆ ئەو داخوازییه‌ی لەنێو‌ یه‌که‌مین دانیشتنه‌کانی سۆڤیه‌ته‌ هه‌رێمییه‌کان پێشکه‌شکرد، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هولیای به‌رزکرایه‌وه‌. مانگی ئۆگوست، ماخنۆ گشت داراکان [موڵکدارە]‌ نێوخۆیی و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندە‌کانی kulaks بانگهێشتکرد و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌کانی دارایی زه‌وی، وڵاخ و ئامێری لە ئەوان سه‌ندنەوە. لیستی داراییه‌کان چێکراو و وه‌ک ڕاپۆڕتێک بۆ دانیشتنی سۆڤیه‌تی ناوچه‌که‌ و کۆبوونه‌وه‌ی هه‌رێمیی به‌رزکرایه‌وه‌. له‌وێدا لەسەر ئەوە بڕیاردرا، که‌ هه‌موو زه‌مینه‌کان و وڵاخ و ئامیره‌کان به‌یه‌کسانی دادەبه‌شێنرێن و دابه‌شکردنه‌که‌ش خودی خاوه‌نزه‌وییه‌کانیشی ده‌گرته‌وه‌. ئەوە‌ نێوەڕۆکی پرۆگرامی کشتوکاڵیی بزووتنه‌وه‌ی ماخنۆڤیستی بوو، واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی تایبەتی داراکان و کۆلاکه‌کان. هیچ کەس مافی ئەوەی نه‌بوو، زیاتر له‌وه‌ زه‌وی ھەبێت، که‌ ده‌توانێت به‌خۆی لەنێو کاربکات، بەبێ ئه‌وه‌ی که‌سێکی دیکە به‌کرێبگرێت. ئەوە‌ هه‌مووی به‌رهه‌ڵستکاری بوو بەرانبەر فەرمانداریی کاتیی که‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێدا‌گرییدەکرد، ئەو پرسانه‌ گشت کاری ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانن‌ Constituent Assembly. هه‌ر بەو جۆرە کۆمونه‌ ئازاده‌کان له‌سه‌ر زەمین و دارایی خاوه‌نزوه‌وییه‌ کۆنه‌کان پێکهاتن.

به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو جێبه‌جێکردنی ئەو بڕیارانه‌ به‌هۆی به‌رهه‌ڵستیکردنی خاوه‌نزه‌وی و کۆلاکه‌کان ‌دواخرا، که‌ خۆیان ڕێکخستبوو و په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کاتییه‌وه‌ کردبوو. کاتێک که‌ جه‌نه‌راڵ کۆڕنیلۆڤ Kornilov هه‌وڵیدا بۆ سه‌ر پترۆگراد له‌شکرکێشیبکات و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌بگرێت، سۆڤیه‌تی (هولیای پۆله‌) به‌ڕابەری ماخنۆ به‌ پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک بۆ ڕزگارکردنی شۆڕش ده‌ستپێشخه‌ریکرد. ئامانجی سه‌ره‌کی چه‌ککردنی دوژمنه‌ نێوخۆییه‌کان (خاوه‌نزه‌وییه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان و کۆلاکه‌کان) بوو، هه‌ر ئاوا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی ئەوان له‌سه‌ر سامانه‌کانی خه‌ڵکی: زه‌مین و کارخانه‌ و کێڵگه‌کان و کارخانەکانی چاپه‌مه‌نی و شانۆکان و هیدیکەیش. ڕۆژی ٢٥ی سێپتێمبه‌ر کۆنگری بەڕێوەبەرایەتییە سۆڤیه‌ته‌کان و ڕێکخراوه‌کانی جوتیاران له‌ هولیای پۆله‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌مینی داراکان و گۆڕینی به‌ دارای کۆمه‌ڵایه‌تی [گشتی] ڕاگه‌یاند. هێرش بۆ سه‌ر دارایی داراکان و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان (لەنێوان ئەوانیش داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان) ده‌ستیپێکرد و دەستکرا به‌ لێسەندنەوەی دارایی داگیرکەران ( زه‌مینداره‌ گه‌وره‌کان و داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان).

کاتێک که‌ فەرمانداریی ڤلادیمیر لێنین به‌هاری ساڵی دواتر ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovskی واژۆکرد، چالاکییه‌کانی ماخنۆ ڕاگیران. ئەو ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئیمپراتۆری ڕوسی بەدیاریکراویی (ئۆکرانیا)ی لە بەرانبەر ئاشتی به‌ ئاڵمانیا و نه‌مسا به‌خشی. هه‌ر ئاوا ڕێکه‌وتننامه‌که‌ داگیرکردنی ئۆکرانیای له‌لایه‌ن هه‌ژمارێکی گه‌وره‌ی هێزی ئاڵمانی و نه‌مساوی‌ پەسەندکردبوو، که‌ سه‌راپای وڵاته‌که‌ی له‌ ماوه‌ی که‌متر لە سێ مانگ داگیرکرد. ماخنۆ له‌ پێکهێنانی یه‌که‌ سه‌ربازییه‌کان، که‌ هەزار و حەوت سەد (١٧٠٠) که‌سیان ده‌گرته‌خۆ، سه‌رکه‌وتوو بوو. بەڵام نه‌یتوانی به‌ داگیرکردنی هولیای پۆله‌ بەربگرێت. پاش کۆنگریسی ئه‌نارکیستان کۆتایی ئه‌پریلی هەمان ساڵ له‌ تاگانڕۆگ Taganrog، کۆنگرەکه‌ بڕیاری ڕێکخستنی یه‌که‌ی جه‌نگاوریی بچووکی پێکهاتوو له‌ پێنج (٥) تاکو ده‌ (١٠) جوتیار و کرێکار، کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ک له‌ دوژمن و هه‌ڵخرانی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی جوتیاران دژی هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مسا و ناردنی گروپێکی بچووک بۆ ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌ پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت، که‌ له‌وێنده‌رێ شۆڕش و ئه‌نارکیسته‌کان له‌ژێر سایه‌ی بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەتەک چی ڕووبەڕوون.

ماخنۆ یه‌کێک بوو له‌ گروپه‌که‌. مانگی‌ جونی هەمان ساڵ ماخنۆ گه‌یشته‌ مۆسکۆ. ئەو ده‌ستوبرد چاوی به‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌نارکیسته‌کانی ڕوسیه‌ (لەنێو ئەوان هاوه‌ڵی دێرینی خۆی ‘پیته‌ر ئارشینۆڤ’ ) که‌وت. بزاڤی ئه‌نارکیستی له‌ مۆسکۆ لاواز بووبوو، به‌هۆی هێرشی (چێکا) ده‌زگه‌ی ئاسایشیی بۆلشه‌ڤیکه‌کان Bolshevik secret service the Cheka مانگی ئه‌پریل بڕبڕه‌ی پشتی بزووتنه‌وه‌که‌ شکابوو، هەر بەو جۆرەش‌ ‌هێرشی ڕامیاریی چه‌پ بۆ سه‌ر بۆلشه‌ڤیکه‌کان تێکشکابوو. بۆ ماخنۆ که‌ له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ هاتبوو،‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێکخراوبوون شتێکی جێکه‌وته‌بوو، لاوازیی ئاستی چالاکیکردن بۆ ئەو شتێکی ته‌کانده‌ربوو. بۆ ئەو مۆسکۆ وه‌ک پایته‌ختی شۆڕشێکی کارتۆنیی بوو، کارخانه‌یه‌کی گه‌وره‌بوو که‌ لەنێو ئەو بڕیار و دروشمی‌ نێوەڕۆک خاڵیی تاک-پارتییەکی ڕامیاریی لەوێندەرێ‌ ده‌رده‌چوون، پارتییەک که‌ به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و خۆسه‌پاندن خۆی گه‌یانده‌ پله‌ی فەرمانداریی.[٣] هه‌ر ئاوا ماخنۆ ئه‌نارکیستی ناسراو ‘پیته‌ر کرۆپۆتکین Peter Kropotkin’ی سەردانیکرد، له‌ته‌ک ئەو لەبارەی کاری شۆڕشگێڕانه‌ و بار و دۆخی ئۆکرانیا ڕاوێژیکرد.

کاتێک که‌ ماخنۆ له‌ مۆسکۆ بوو، ھەر ئاوا‌ لێنین Lenin دیت. ئەو دانیشتنه‌ به‌ ڕێکه‌وت بوو. ئەو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و خواردنی خۆڕایی سه‌ردانی کرێملین Kremlin ده‌کات، له‌و سه‌ردانه‌ سه‌رۆکی کۆمیته‌ی سه‌رتاسه‌ریی ڕوسیه‌ی نێوەندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سۆڤیه‌ته‌کان ژاکۆڤ م. سڤێردلۆڤ Jakov M. Sverdlov ده‌بینێت، هه‌ر ئه‌ویش چاوپێکه‌وتنی ماخنۆ و لێنین دەڕەخسێنێت. لێنین له‌ ماخنۆ دەپرسێت “جوتیاره‌کانی ناوچه‌که‌ت چۆن له‌ دروشمی گشت ده‌سه‌ڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان له‌ دیهاته‌کان تێگه‌یشتوون؟ “، وەک ماخنۆ خۆی دواتر دەڵێت،‌ لێنین به‌ وه‌ڵامه‌کی ئەو سه‌ری سوڕده‌مێنێت ” جوتیاره‌کان به‌ شێوازی تایبه‌تیی خۆیان له‌و دروشمه‌ تێگه‌یشتوون. بەگوێرەی لێکدانه‌وه‌ی خۆیان. هه‌موو دەسەڵاته‌کان له‌ هه‌موو ناوچه‌ ژیارییه‌کان بۆ خودی جوتیاران و کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی دیکە دەگەرێنەوە، پێویسته‌ هه‌ست به‌ هه‌مان ده‌رکی هوشیاریی و لێهاتوویی خه‌ڵکی کرێکار بکرێت. جوتیاران له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ سۆڤیه‌ته‌کانی کرێکاران و جوتیارانی دێهات، وڵات و ناوچه‌کان، بریتین له‌ ئامرازه‌کانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانه‌ و خۆبەڕێوەبەرایه‌تییه‌ ئابوورییه‌کانی خه‌ڵکی جوتیار و کرێکار بۆ تێکۆشان دژی بۆرجوازی و بەکرێگیراوانی ئەو و سۆشیالیسته‌ ڕاستڕه‌و و فەرماندارییه‌ هاوبه‌شه‌که‌یان”.

لێنین له‌ وەڵامی ئەوە‌ ده‌ڵێت ” ده‌ی باشه‌، که‌واته‌ جوتیارانی ناوچه‌که‌ت تووشی ئه‌نارکیزم بوون!”[٤] دواتر لە درێژەی‌ گفوگۆکە، لێنین ده‌ڵێت “ئایا ئه‌نارکیسته‌کان له‌نێو که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ، هه‌رگیز ددان به‌ که‌مایه‌تیبوونی خۆیان ده‌نێن؟ بۆچی هیچ کاتێک بیر لە ئەوە ناکه‌نه‌وه‌”. ماخنۆ له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت ” هاوڕێ لێنین، بەڵام پێویسته‌ من بە تۆی ڕابگه‌یێنم، ئه‌و پاگانده‌یه‌ت، که‌ ئه‌نارکیسته‌کان له‌ که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ تێناگه‌ن، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌کی که‌توارییان لەتەک دونیای ھاوچەرخ نییه‌ و …تد، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌ ئۆکرانیا … ئه‌ناکۆ-کۆمونیسته‌کان ده‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ زۆر به‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌داوه‌، که‌ ڕیشەیان له‌نێو کەتواری ئێستا داکوتاوه‌. سه‌راپای تێکۆشانی شۆڕشگێڕه دێهاتنشینه‌‌کانی ئۆکرانیا دژی کۆبوونەوەی نێوەندیی Central Rada له‌ژێر ئاراستە‌ی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان به‌ زۆری و به‌ڕاده‌یه‌کیش سۆشیالیسته‌ شۆڕشگێڕه‌کان بەڕێوەبراوه‌ … بۆلشه‌ڤیکه‌کانی تۆ بۆ ده‌رمانیش لەنێو‌ دێهاته‌کانی ئێمه‌ بوونیان نییه‌. به ‌جۆرێک که‌ کاراییان تاکو ڕاده‌ی نه‌بوون دابه‌زیوه‌. نزیکه‌ی گشت ئه‌نجومه‌نه‌کانی جوتیاران و کۆمونه‌کان له‌ ئۆکرانیا به‌ هه‌ڵخرانی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان پێکهاتوون. تێکۆشانی چه‌کدارانه‌ بەرانبەر دژه‌-شۆڕش به‌گشتی و بەرانبەر به‌ هێرشی لەشکری نه‌مسا و ئاڵمانیا به‌تایبه‌ت به ‌ئاراستە‌ی ڕێکخراوه‌یی ئه‌نارکۆ کۆمونسیته‌کان سەریھەڵداوە و مەیسەربووه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌‌ بۆ پارتییە‌که‌ی تۆ هیچ گرنگ نییه‌، تاکو به‌هۆی ئەو گشته‌وه‌ باوه‌ڕ بە ئێمە بدات، به‌ڵام ئەوانه‌ ڕاستین و تۆ ناتوانیت لە ئەوانە نکۆڵیبکه‌یت. من ئاوای بۆ دەبیم، کە تۆ ئه‌وه‌ باش ده‌زانیت، هێزی چالاک کێیە و توانای جه‌نگینی هێزه‌ خۆبه‌خشه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی ئۆکرانیا چییە. به‌بێ هۆ نییه‌، که‌ تۆ ڕاتگه‌یاند به‌شێوه‌یه‌کی پاڵه‌وانانه‌ له‌ دەستکه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌ هاوبه‌شه‌کان پێداگریییانکردووە. لەنێو ئه‌وانه‌ لایەنی کەم نیوه‌یان له‌ژێر ئاڵای ئه‌نارکیستی جه‌نگیون ….

گشت ئەوانه‌ نیشانیده‌ده‌ن، که‌ تۆ چه‌نده‌ به‌ هه‌ڵه‌ چوویت، هاوڕێ لێنین، بەگوێرەی ئه‌وه‌ی که‌ پێی ئێمه‌ ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌، ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵوێستمان بۆ ئێستا خه‌مناکه‌، ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ون به‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌بینین”. ئه‌وه‌ی کە من له‌نێو ئەم چاوپێکه‌وتنه‌ بە تۆی دەڵێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ڕاستییه‌، وەڵام وه‌رناگرێت. ئه‌وه‌ی که‌ من لێرەدا بۆ تۆی دەردەخەم، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌یه‌، که‌ تۆ له‌باره‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ستتهێناوه‌. هه‌موو که‌س ده‌توانێت، ئه‌وه‌ ببینێت، که‌ ئێمه‌ لەنێو‌ کەتواری ئێستا ڕێشەمانداکوتاوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ کارده‌که‌ین و به‌دوای کۆمەڵە ئامرازێک بۆ به‌ده‌سیھینانی داهاتوو ده‌گه‌ڕێین، له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ به‌ په‌یگیرییه‌وه‌ لەتەک ئه‌و گرفته‌ کارده‌که‌ین”. لێنین له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه‌ من هه‌ڵه‌ ببم”. [٥]

بۆلشه‌ڤیکه‌کان لە گه‌ڕانه‌وه‌ی ماخنۆ بۆ ئۆکرانیا کۆمەکده‌ده‌ن. ئەو به‌ دژوارییه‌کی زۆرەوە گه‌شته‌که‌ی ئه‌نجامدا. جارێکیان خه‌ریکبوو ماخنۆ بکوژرێت. له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مساوه‌ گیرا و له‌و کاته‌دا نامیلکه‌ و بڵاوکراوه‌ی ئازادیخوانه‌ی لەتەک خۆی هەڵگرتبوو. دانیشتوویه‌کی جوله‌که‌ی هولیای پۆله‌، که‌ ماوه‌یه‌ک بوو ماخنۆی ده‌ناسی، توانی به‌ پێدانی بڕه‌پاره‌یه‌کی زۆر بە هێزەکانی ئامڵمانیا و نەمسا بۆ ئازادبوونی، ماخنۆ لە مردن بیپارێزێت. کاتێک که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هولیای پۆله‌، ده‌ستیکرد به‌ ڕێکخراوکردنی به‌رهه‌ڵستی دژ به‌ هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی نه‌مسا و ئاڵمانیا و ڕژێمه‌ به‌کرێگیراوه‌که‌یان به‌سه‌رۆکایه‌تی هیتمان سکۆرۆپادسکی Hetman Skoropadsky. ده‌توانرێت بگوترێت بزاڤی ماخنۆڤیستی بە دەستپێکردنی به‌رهه‌ڵستی سه‌ریهه‌ڵداوه. ماخنۆ جولای ١٩١٨تاکو ئۆگوستی ١٩٢١ تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی چینی کرێکاری دژ به‌ هه‌موو چه‌وسێنه‌ران، چ بۆلشه‌ڤیک و سپییه‌کان (دژه‌-شۆڕش) چ ناسیونالیسته‌کان سه‌رکردایه‌تیکردووه‌. له‌نێو ڕه‌وتی ئەو تێکۆشانە‌ توانی خۆی وه‌ک “سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌ریلایی لێهاتوو و به‌توانا” بسه‌لمێنێت.[٦]

پاش تێکشکانی بزاڤی ماخنۆڤیستی‌ ١٩٢١، ماخنۆ بۆ ئۆروپای خۆراوایی دوورخرایه‌وه‌. ساڵی ١٩٣٤ له‌ پاریس ته‌مه‌نی ئەو کۆتاییهات، هه‌ر له‌وێش دواسه‌ته‌کانی ژیانی خۆی به‌سه‌ربردن. هه‌ر ئاوا له‌وێدا وه‌ک چالاکێکی بزاڤی ئه‌نارکیستی مایه‌وه‌ و شمشێره‌که‌ی گۆڕی به‌ پێنووس (به‌کاربردنی ده‌ربڕینێکی ڕه‌نگینی ئه‌لێکسانده‌ر سکیردا Alexander Skirda). ماخنۆ به‌ گۆتار له‌نێو ڕۆژنامه‌ ئه‌نارکیستییه‌ جۆراوجۆره‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ ده‌نگی کرێکار Dielo Truda به‌شداریکرد، که‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌نارکیست-کۆمونیست بوو و له‌ پاریس له‌لایه‌ن (پیته‌ر ئارشینۆڤ) ده‌رده‌کرا، زۆرێک له‌و گۆتارانه‌ له‌نێو پەرتووکێک به‌ناوی (تێکۆشان دژی ده‌وڵه‌ت و گۆتاره‌کانی دیکە)، بڵاوکرانه‌وه‌. ماخنۆ له‌نێو بزاڤی ئه‌نارکیستی تاکو کۆتایی ژیانی چالاک مایه‌وه‌.

نێستۆر ماخنۆ ساڵی ١٩٢٧ له‌ پاریس ئه‌نارکیسته‌ ناسراوه‌کانی ئیسپانیا بوێناڤێنترا دوڕوتی Buenaventura Durruti و فرانسیسکۆ ئاسکازۆ Francisco Ascaso دیتن. ئەو له ئە‌وه‌ داکۆکیدەکرد “‌بار و دۆخ بۆ شۆڕشی پێکهاته‌ به‌هێزی ئه‌نارکیستی له‌ ئیسپانیا زۆرتر له‌بارتره‌، تاکو له‌ ڕوسیه‌”، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌ک ته‌نیا له‌وێنده‌رێ پرۆلیتاریا و جوتیاران دارای نەریتی شۆڕشگێڕانه‌ بوون، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ش که‌ پێگه‌یینی ڕامیاریی له‌نێو کاردانه‌وه‌کانی ده‌بینرا، ئه‌نارکیسته‌کانی ئیسپانیا ده‌رکی ڕێکخراوه‌ییان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌ ڕوسیه‌ نه‌مابوو. ڕێکخراوبوونێک، که‌ سه‌رکه‌وتنی له ‌هه‌ناوی هه‌موو شۆڕشه‌کان مسۆگه‌رده‌کرد”. ماخنۆ چالاکییه‌کانی گروپی ئه‌نارکیستی هولیای پۆله‌ و ڕوداوه‌کانی ئۆکرانیای شۆڕشگێری هه‌ژمارکرد “کۆمونه‌ کشتکارییه‌کانمان یه‌کێک بوون له‌ نێوەنده‌ زیندووه‌ ئابووریی و ڕامیارییه‌کانی سیسته‌مه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌مان. کۆمەڵە‌کان به‌ بنه‌مای خۆپه‌رستی تاکگه‌رایی پشتئه‌ستوور نه‌بوون، به‌ڵکو به‌ سه‌ره‌تاکانی هاوپشتی نێوخۆیی و ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌ری پشتیانبه‌ستبوو. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌ندامانی کۆمەڵه‌کان هه‌ستیان به‌ هاوپشتی نێوان خۆیان ده‌کرد، کۆمەڵه‌کان لەتەک یه‌کدی یه‌کییانگرتبوو. ئه‌وه‌ی که‌ بەرانبەر سیسته‌مه‌که‌مان له‌ ئۆکرانیا دەگوترا، ئه‌وه‌بوو، که‌ ناتوانێت به‌رده‌وامبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ جوتیاران پێکهاتبوو. ئەوە‌ ڕاست نه‌بوو. کۆمەڵه‌کانمان تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوون له‌ کرێکارانی کشتوکاڵی (کێڵگه‌یی) و پیشه‌سازی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان ته‌نیا پیشه‌سازیی بوون. ئێمه‌ گشت جه‌نگاوه‌ر و کرێکار بووین. کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لیی بریاره‌کانی ده‌رده‌کرد. له‌نێو ژیانی سه‌ربازی له‌ نوێنه‌رانی گشت ده‌سته‌ گه‌ڕیلاکان کۆمیته‌ی جه‌نگی پێکهاتوو و سه‌رپه‌رشتیده‌کرد. بۆ به‌ ئامانجگه‌یاندن، هه‌موو که‌سێک له‌نێو کاری هەروەزیی به‌شداریکرد، تاکو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی توێژی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات پاوانده‌که‌ن، ڕێگریرییکرێت. ئێمه‌ لە پرۆسێسی ئەنجامدانی ئەو پرسەش سه‌رکه‌تووبووین.” [٧]

ساڵی ١٩٣٦ لەتەک ده‌ستپێکی جه‌نگی نێوخۆ و شۆڕش له‌ ئیسپانیا، ژماره‌یه‌ک له‌ جه‌نگاوه‌رانی سوپای یاخی ماخنۆ چوون بۆ جه‌نگین لەنێو‌ ستوونی دوڕوتی Durruti column. بەڵام بەداخەوە، مه‌رگی ماخنۆ ساڵی‌ ١٩٣٤ له‌ دوا پەیامە‌که‌ی بۆ دوو ئیسپانی ڕێگربوو “ماخنۆ هه‌رگیز جه‌نگینی ڕه‌دنه‌کردۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر زیندووبم، کاتێک که‌ تیکۆشانه‌که‌تان ده‌ستپێده‌کات، لەتەکتان ده‌بم”. له‌ { Paz, Op. Cit., p. 90} وه‌رگیراوه‌.

چالاکیی هه‌ره‌ دیاری ماخنۆ له‌نێو دوورخراوگه‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ی بوو، ‌هاوڕا و داکۆکی له‌ سه‌کۆی ڕێکخراوەیی کۆمونیزمی ئازادیخواز‌ the Organisational Platform of the Libertarian Communists ناسراو به‌ سه‌کۆ Platform، دەکرد. سه‌کۆ هه‌وڵیدا هەرچی له‌نێو شۆڕشی ڕوسیه‌ هه‌ڵه‌بوو، لێکبداته‌وه‌ و پێشنیاری ڕێکخراوی ئه‌نارکیستی پته‌وتری بۆ‌ داهاتوو کرد. ئەو بۆچوونه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی مشتومڕێکی توندی لەتەک زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌نارکیستانه‌ی که‌ ڕه‌تیانده‌کرده‌وه،‌ به‌ڕێخست. هه‌رچه‌نده‌ ماخنۆ تاکو کاتی مردنی ساڵی ١٩٣٤ وه‌ک ئه‌نارکیستێک مایه‌وه‌، بەڵام ئەو تێڕوانین گۆڕینه‌وه‌یه‌ به‌زۆری بوو به‌ هۆی مشتومڕی توند و تاکو ڕادەیەک ئەوی له‌ هه‌ندێک له‌ هاوه‌ڵه‌کانی ته‌ریکخسته‌وه‌، له‌وانه‌ ڤۆلین، که‌ دژی سه‌کۆ (پالتفۆڕم) بوو.

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ٢٥جولای ١٩٣٤ ماخنۆ مرد و سێ ڕۆژ دواتر جه‌سته‌که‌ی سوتێنرا و خۆڵه‌مێشه‌که‌ی لەنێو‌ گۆزه‌یه‌ک له‌ پێر لەشەیز Père Lachaise گۆڕستانی کۆمونه‌ی پاریس خرایە ژێر خاک. پێنج سه‌د (٥٠٠) که‌س له‌ هاوڕێیانی ڕوس و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی و ئیتالی ئاماده‌ی به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی ماخنۆ بوون، له‌وانه‌ ئه‌نارکیستی فه‌ره‌نسی پییه‌ر بێسنارد Pierre Besnard و ڤۆلین Voline قسه‌یانکرد، ڤۆلین ئەو هه‌له‌ی بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی دژه‌ سامیگه‌رایی anti-Semitism ماخنۆ، کە بۆلشه‌ڤیکه‌کان دژی ماخنۆ هەڵیانبەستبوو، قۆسته‌وه‌. هاوسه‌ره‌که‌ی ماخنۆ، هالینا Halyna قسەیکرد. بەو جۆره‌ ژیانی یه‌کێک له‌ جه‌نگاوه‌ره‌کانی ئازادی چینی کرێکار کۆتاییهات.

وشه‌کانی دووروتی Durruti بۆ ماخنۆ سه‌رنجڕاکێشترین بوون ” ئێمه‌ هاتووین سڵاو له‌ تۆ بکه‌ین، تۆی سیمبۆلی گشت ئه‌و که‌سه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی، که‌ له‌پێناو که‌توارییکردنی هزره‌ ئه‌نارکیستییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ جه‌نگین و گیانیانبه‌ختکرد. هه‌ر ئاوا بۆ ده‌ربڕینی ڕێزی خۆمان بەرانبەر خەزێنەی ئه‌زموونی ئۆکرانیا، هاتووین “. [٨]

—————————————————————
په‌راویزه‌کان:

1. Michael Malet, Nestor Makhno in the Russian Civil War, p. 4
2. Michael Palij, the Anarchism of Nestor Makhno, p. 71
3. David Footman, Civil War in Russia, p. 252
4. Nestor Makhno, My Visit to the Kremlin, p. 18
5. Nestor Makhno, Op. Cit., pp. 24-5
6. David Footman, Op. Cit., p. 245
7. Quoted by Abel Paz, Durruti: The People Armed, p. 88-9
8. Quoted by Abel Paz, Op. Cit., p. 88
کۆکراوەی کاره‌کانی ‌ نێستۆر ماخنۆ
The ABC of the Revolutionary Anarchist. (1932).
The Anarchist Revolution
Letter to the Spanish Anarchists. (1932).
In Memory of the Kronstadt Revolt. (1926).
Mahkno’s Response to Malatesta
May Day, (1928). Dyelo Truda. No. 36, p. 2–3. 01 May 1928.
My Visit To The Kremlin
On the History of the Spanish Revolution of 1931 and the Part Played by the Left and Right-Wing Socialists and the Anarchists. (1933).
Summons: A Poem by Makhno
The Struggle against the State and Other Essays
To the Jews of All Countries. (1927).
Great October in the Ukraine. (1927).

سه‌رچاوه‌:
http://libcom.org/history/makhno-nestor-1889-1934

* مەبەست لە وەرگێڕانی ژیاننامەی ماخنۆ، ناساندنی کەسایەتی شۆڕشگێڕانە و ئاشناکردنی خوێنەرانی کوردە بە چالاکی و نووسینەکانی ئەو، نەک پیرۆزکردن و بەبتکردنی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، چونکە هاودەمی ئەو هەزاران شۆڕشگێڕی گومناو بە خوێن و تێکۆشانی خۆیان ئەو زەمینەیان لەبارکردووە، تاکو نێستۆر ماخنۆ و دەیانی وەک ئەو بتوانن خامەکانیان ئازادانە هزر و بۆچوونیان دەرببڕن؛ بەواتایەکی دیکە، ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەو هاوڕێ گومناوانە نەبووایە، نووسینەکانی نێستۆر ماخنۆ و کەسانی دیکەش نەدەهاتنەبوون. و.ک

** ھەر ئاوا، مەبەست لەم وەرگێرانە، پەردەھەڵماڵینە لە ڕووی پاگەندە و درۆ و دەلەسەی سەرانی بۆلشەڤیکەکان و پاشرەوانی بۆلشەڤیزم، کە (نێستۆر ماخنۆ) بە چەتە و ڕێگر ناودەبەن.

*** لە چەند ساڵی ڕابوردوو چەند سریاڵی تەلەفزیۆنی و فێلم لەبارەی ژیان و دەردیسەری و چالاکی و بیرۆکەکانی ماخنۆ دروستکراون، کە ئەگەر گرفتەکانی ڕۆژگار بواربدەن، لەتەك ھاوڕێیانی دیکە ھەوڵی وەرگێرانی ژێرنووسینی فیلم و سریاڵەکان دەدەین، تاکو ڕووی ڕاستەقینەی ڕامیاریی و ئابووریی و بەڕێوەبردن و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بۆ شەیدانای کۆمەڵی سۆشیالیستی و کۆمونیستی دەربکەوێت، کە ھیچ کات لە ڕیفۆرمەکانی بیسمارک و خۆماڵیکردنەکانی سەدام و بەعس واوەتر نەچوون و بەڕێوەبەرایەتیی دیکاتتۆرییانەی بۆلشەڤیکەکان، کودەتایەک بوو بەسەر ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی سەراسەری ڕوسیە و بە پارەی ئیمپراتۆریی پڕووس و بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی خەڵک بە بەرزکردنەوەی کاتیی دروشمەکانی سەرەتای ڕاپەڕین و لەنێوبردنی کۆمیتەکانی خۆبەڕێوەبەریی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانی سۆشیالیست و دەستەمۆکردن و کەوڵکردنی سۆڤیەتەکان و بە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی راپەڕیوانی کڕۆنشتات و لە پشتەوە خەنجەردان لە ماخنۆڤیستەکانی ئۆکرانیا بە دەسەڵاتگەییشتن و مانەوە و سەپاندنی (ئیمپراتۆریی سرووشوەرگرتووی خۆیان لە ئیمپراتۆریی پڕووس و ڕیفۆرمەکانی بیسمارک) مسۆگەرکرد و (ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovsk) ناچاریی نەبوو، بەڵکو بەرەنجامی بەڵێن و پاداشتدانەوەی (٢٦ ملیۆن مارکەکەی ئیمپراتۆریی ئاڵمانیا) بوو و ھەر ئاوا لێدان و لەنێوبردنی بزووتنەوەی کۆمونەخوازی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا بوو، (ھەر وەک کۆمەڵکوأکردنی ڕاپەڕینەوەی دەریاوانان و دانیشتووانی کڕۆنشتات کە زۆرینەیان کۆمونیست و تەنانەت ئەندامی بۆلشەڤکی بوون و لە دژە-شۆڕشی بۆلشەڤیکەکان تێگەییشتوبوون)، تاکو بەردەوامی شۆڕشی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا و دەریاوانانی کڕۆنشتات و مانگرتنی کرێکارانی پترۆگراد سەرتاسەری ڕوسیە نەگرێتەوە و ئیمپراتۆریی بۆلشەڤیکی لەنێونەچێت و بۆلشەڤیکەکان بە دێوجامەی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” دیکتاتۆریی و ملھوڕیی پارتییەکەی خۆیان بە نووکی سەرەنێزە بەسەر ژنە-کرێکارانی ڕاپەڕیوی ڕستن و چنین و یاخیبوونی سەربازان و سۆڤیەتەکانی کرێکاران و کۆمیتەکانی کارخانەکان بسەپێنن. (و.ک) https://www.youtube.com/watch?v=oaRrMPg7sFI

بۆ کەسانێک کە لە دوای بەڵگە مێژووییەکانی ڕوداوەکانی ١٩١٧-١٩٢٣ دەگەرێن و دەخوازن “چەتەگەریی” نێستۆر ماخنۆ) و “شۆڕشگێڕیی” بۆلشەڤیکەکان و لەنێو ئەوانیش (لێنین و ترۆتسکی و ستالین) بزانین، دەتوانن تەماشای ئەم دۆکومێنتەرییە بکەن و سەدان تۆمار و بەڵگەی دیکە دژی پڕۆپاگەندەی کڕێملین پەیدابکەن : https://www.youtube.com/watch?v=gIqvip1z91I

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی پەرتووکی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




ئەنارکیزم ، مه‌رگ و ژیان …. وەرگێڕانی: ھەژێن

“بە من ڕێگەبدەن خه‌یاڵبکه‌م،
کە له‌نێو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ک هه‌یه‌ و‌
لەنێو بومولێڵیی نامۆی ژیان
چاوساخیی من ده‌کا‌”
ڕابیندرات تاگوور

ئەنارکیسته‌کان لەنێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کڕۆنشتات ڕۆڵێکی فرەیان نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ناکرێت له‌به‌رچاوینه‌گیردرێن، که‌ کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی کڕۆنشتات لە‌ دوو که‌سی‌ ئەوان [ئەنارکیستەکان] داخوازیکرد، تاکو به‌ بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ستببن. که‌سی یه‌که‌م (یارچۆوک Yartchouk) دامه‌زرێنه‌ری سۆڤیه‌تی کڕۆنشتات ساڵی‌ ١٩١٧ و ئه‌وی ‌دیکە (ڤۆلین Volin) بوو. به‌ڵام ئەو بانگه‌وازه‌ بەبێ سه‌ره‌نجام مایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کات هه‌ر ئەو دوو کەسەکە له‌نێو چنگی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ده‌ستبه‌سه‌ربوون. به‌ گوته‌ی (ئیدا مێت Ida Mett ) مێژونووس و نووسه‌ری په‌رتووکی ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات La Revotle De Cronstad ” کارایی ئەنارکیسته‌کان له‌سه‌ر کڕۆنشتات ته‌نیا له‌و تێڕوانینەوه‌ ده‌کرێت ناوبهێنرێت، که‌ ئەنارکیزمیش ڕاگه‌یێنه‌ری تێڕوانینی دێمۆکراسیی کرێکاری بوو”. به‌ هه‌ر بارێکدا هه‌رچه‌نده‌ ئەنارکیسته‌کان ده‌ستبه‌کاربوونێکی ڕاسته‌وخۆیان لەنێو‌ ئەو ڕاپه‌ڕینه‌که‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئەوان ڕاپەڕینەکەیان بە هی خۆیانیان زانی.

ڤۆلین دواتر نووسی ” …. کڕۆنشتات یه‌که‌مین هه‌وڵی ته‌واو سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ریی بوو بۆ ڕزگاربوون له‌ کۆتی هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێک و ھەڵخڕاندنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی. ئەو هه‌وڵه‌ به‌ده‌ستی خودی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش، ڕاسته‌وخۆ به‌بێ هانابردن بۆ شوانه‌ ڕامیارییه‌کان و ڕابه‌ران و سه‌رپه‌رشتیگه‌ران ئه‌نجامدرا “. هەر ئاوا ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان گوتی ” کڕۆنشتات ئه‌فسانه‌ی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتێریی کرده‌ نه‌خشه‌ی سه‌ر ئاو و سه‌لماندی، که‌ له‌نێوان دیکتاتۆریی پارتیی کۆمونیست و شۆڕش بواری هیچ جۆره‌ سازشێک نییه‌!” …

وێڕای نه‌بوونی خۆتێهه‌ڵقورتانی ڕاسته‌وخۆی ئەنارکیسته‌کان له‌نێو ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات‌، سه‌رکوتکرانی ئەو ڕاپه‌ڕینه‌ بیانوویه‌کی گونجاوی بە دام و ده‌زگه‌کانی فەرمانداریی بەخشی، تاکو کێشه‌ی خۆیان لەتەک ئەنارکیزم‌ که‌ هێشتا ترسێکی گه‌وره‌ بوو بۆ سەر دەوڵەتی بۆلشەڤیکی، یه‌کلاییبکەنه‌وه‌! چه‌نده‌ هه‌فتە پێش سه‌رهه‌ڵدانی یاخیبوونه‌کەی کڕۆنشتات، واته‌ ڕۆژی هه‌شته‌می فێبریوه‌ری ١٩٢١، (کڕۆپۆتکین Kropotkin‌)ی پیر تەمەن، له‌ ڕوسیه‌ مرد. به‌خاکسپاردنی ئەو به‌ڕێکردنێکی فرە پڕشکۆی لە‌خۆگرت. به‌شداربووانێک که‌ ته‌رمی ئەویان به‌خاکده‌سپارد، ژماره‌یان لایەنی کەم سه‌د هه‌زار که‌س ده‌بوو.‌ ئاڵای ڕه‌ش و سووری گروپه‌ ئەنارکیسته‌کان ئامێته‌بوون. له‌سه‌ر ڕه‌شی ئاڵاکان به‌ خه‌تێکی سوور ئەو ده‌سته‌واژه‌ به‌رچاو ده‌که‌وت ” له‌ هه‌ر کوێ دەسەڵاتداریی هه‌بێت، لەوێ ئازادی بوونی نییه‌ ” .

نووسه‌رانێک، که‌ لەبارەی کۆپۆتکین‌ نووسیویانه‌، ئەو خۆنیشاندانه‌ وه‌ک “دواین خۆنواندنی گه‌وره‌ له‌ دژی سه‌رکوتکاریی بۆلشه‌ڤیکه‌کان” ناودەبەن. به‌شداربووان لەنێو ئەو خۆنیشاندانە “نه‌ک ته‌نیا بۆ ڕێزلێنان له‌ کرۆپۆتکین، به‌ڵکو هەر ئاواش بۆ ‌داخوازی جێگیرکردنی ئازادی به‌شدارییانداکرد”. پاش سه‌رکوتکردنی کڕۆنشتات سه‌دان ئەنارکیست زیندانیکران. چه‌ند مانگ پاش ئه‌وه، ئازادیخوازێک به‌ناوی فانی بارون Fanny Baron و هه‌شت که‌سی‌ دیکە له‌ هاوه‌ڵه‌کانی لەنێو‌ سیاچاڵه‌کانی زیندانی ( چێکا ) له‌ مۆسکۆ گولهد‌بارانکران.

گولهد‌ی بەزەیی به‌ مێشکی ئەنارکیستی تێکۆشەره‌وه‌ نرا. له‌و باره‌دا له ‌ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیه‌، ئه‌و ئەنارکیستانه‌ی که‌ لە ئه‌زموونی ڕوسیه‌ تێگەییشتبوون، به‌ فراوانی که‌وتنه‌‌ ڕه‌خنەگرتن‌ و پێداچوونه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کانی خۆیان، تاکو بیری ئازادیخوازانه‌ هه‌رچی زۆرتر به‌رجه‌سته‌بکه‌ن. سه‌ره‌تای سێپته‌مبه‌ری ١٩٢٠ کۆنگرەی یه‌کێتی ئەنارکیسته‌کانی ئۆکرانیا نابات Nabat به‌ڕاشکاوی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” که‌ ناچار ئەرکەکەی له‌ دیکتاتۆریی به‌شێک له‌ پڕۆلیتاریا [به‌شێک، که‌ لەنێو پارتییەک ڕێکخراوه‌] فه‌رمانبه‌ران و مشتێک له‌ ڕابه‌ران کۆتاییدێت، ڕه‌تکردببووه‌وه‌. (کۆپۆتکین)‌یش که‌مێک پێش مردنی، نیگه‌رانی خۆی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی “سەروەریی تەواو” له‌ وڵات ده‌ربڕیبوو “بەبۆچوونی من، هه‌وڵدان بۆ ڕۆنانی کۆماری کۆمونیستیی له‌سه‌ر پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و توندوتیژی نێوەندییانە‌ و له‌ژێر زۆری یاسا ئاسنینه‌کانی دیکتاتۆریی تاکپارتیی، به شکستێکی گه‌وره ‌کۆتاییدێت. ڕوسیه‌ نیشانیداین، بۆچی نه‌ده‌بوو به‌ کۆمونیزم ملبدرێت ” .

ڕۆژنامه‌ی فه‌ره‌نسیی ئازادیخواز Le Libbertaire له‌ ژماره‌ ١٤ی ڕۆژی ٧ی جێنیوه‌ری ١٩٢١، بانگه‌وازێکی پڕ وره‌ی ئەنارکۆسه‌ندیکالیسته‌کانی ڕوسیای بۆ پڕۆلیتاریای جیهان‌ بڵاوکرده‌وه‌ “هاوڕێیان، وه‌ک ئێمه‌ کۆتایی به‌ فەرمانداریی بۆرجوازی له‌ وڵاته‌کانتان بهێنن! به‌ڵام وریابن، هه‌ڵه‌کانی ئێمه‌ دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌! نه‌هێڵن کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی ببێته‌ فه‌رمانداری وڵاته‌کانتان”.

ئەنارکیستی ئاڵمانی-زمان (ڕودۆلف ڕۆکه‌ر Rudolf Rocker)یش‌ ساڵی ١٩٢٠ پەرتووکێکی به‌ناوی “شکستخواردنی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی” نووسی و ساڵی ١٩٢١ بڵاویکرده‌وه‌! ئەوە‌ یه‌که‌مین ئه‌زموون و لێکدانه‌وه‌ی ڕامیاریی بوو لەبارەی شێواندنی شۆڕشی ڕوسیە. بەگوێرەی‌ تێڕوانینی ڕۆکه‌ر‌ ‌”دیکتاتۆری پڕۆلیتێریی نه‌ک ھەر ده‌ربڕی خواستی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نەبوو‌، به‌ڵکو دیکتاتۆری پارتیی بوو، که‌ پاگه‌نده‌ی نوێنه‌رایه‌تی چینی کرێکاری ده‌کرد، بێجگە لەوەش، تاکه‌ پشتوپه‌نای ده‌سه‌ڵاتی ئەو دیکتاتۆرییە، سه‌ره‌نێزه‌کانی بوون، له‌پشت دێوجامە‌ی دیکتاتۆریه‌تی پڕۆلیتاریا چینێکی تازه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و په‌ره‌یسه‌ندووه‌، چینی کۆمیساره‌کان یان سەروەریی کۆمیسارەکان. ئەم ڕۆژیش‌ جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵک به‌ هه‌مان ئه‌ندازه هه‌ست بە سەرکوتگه‌ریی چینی سەروەر ده‌که‌ن، که‌ دوێنێ‌ له‌ سایه‌ی سەرکوتگه‌ریی ڕژێمی ڕوخاوی [تزار] هه‌ستیانده‌کرد”.

کاتێک که‌ گشت لایەنه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به ‌ته‌واوی بکێشرێنه‌ ژێر دەسەڵاتی فەرمانداریی سەرتاپاگیر، ئه‌نجامه‌که‌ی “شتێک واوه‌تر له‌ زنجیرەیەک‌ پله‌وپایه‌ی فه‌رمانبه‌ریی نابێت و ئەوە‌ چاره‌نووسی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی شۆڕشی ڕوسیا بووه‌”. “بۆلشه‌ڤیکه‌کان هەر تەنیا ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌روه‌ریان له‌ کۆمەڵی پێشووتر به‌ پوختی وه‌رنەگرت، به‌ڵکو ئاوا ده‌سه‌ڵاتێکیشیان بە ئەو به‌خشی، که‌ هیچ فەرماندارییەکی‌ دیکە له‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌ی له‌توانا نه‌بوو”!

مانگی جون ١٩٩٢ گروپێک له‌ ئەنارکیسته‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ ئاڵمانیا، پەرتووکێکی گچکه‌ و ئاشکراکەرانە‌یان به‌ناوی “سه‌رکوتی ئەنارکیزمی ڕوسیه‌ی سۆڤیه‌تیی” بڵاوکرده‌وه‌، که‌ به‌ خامه‌ی ئا. گۆریێلیک A . Gorielik و ئا. کۆمۆڤ A.Komoff و گ.پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff ڤۆلین Volin نووسرابوو! ڤۆلین به‌خۆی ساڵی ١٩٢٣ ئه‌و په‌رتووکه‌ی وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی. ئەو په‌رتووکه‌ لیستی ناوی گیانبه‌ختکردووانی ئەنارکیستی بەگوێرەی ئه‌لف ‌و بێ تێدابوو. ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢٢، ئێما گۆڵدمان‌ ساڵی ١٩٢٢ و ١٩٢٣ له‌باره‌ی ئەو ڕوداوه‌‌ ناخۆشانە‌ی که‌ له‌ ڕوسیه‌‌ دیتبوویانن، کۆمەڵێک نامیلکه‌یان بڵاوکردنه‌وه‌!

ئه‌و (ماخنۆڤیست)انه‌ش که‌ گیانیان ده‌ربازکردبوو و په‌نایان بۆ ڕۆژاوا هێنابوو، له‌وانه‌ پیر ئارشینۆڤ و خودی نێستۆر ماخنۆ، هه‌ر که‌سه‌ و ئه‌وه‌ی دیتبووی بڵاویکرده‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، سه‌رده‌می جەنگی دووه‌می جیهانی‌، دوو به‌رهه‌می گه‌وره‌ و سه‌ره‌کی ئازادبیران له‌باره‌ی ” شۆڕشی ڕوسيه” لەلایەن گ. پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff و ڤۆلین Volin‌ نووسران و چاپکران. ئەو دوو به‌رهه‌مه‌ به‌خۆیان گه‌واهییه‌ک بوون له‌سه‌ر تێپه‌ڕینی ساڵانێکی درێژخایەن و به‌ئه‌زموونی هزرەکان ‌لای ئەنارکیسته‌کان.

ماکسیمۆڤ گه‌واهنامەی خۆی به‌زمانی ئینگلیزی بڵاوکرده‌وه‌؛ ئەو بڕوای ئاوا بوو، که‌ وانه‌کانی ڕابوردوو، مسۆگه‌رکه‌ری داهاتوویه‌کی باشترن. “چینی فەرمانداری تازه‌ له‌ سۆڤیه‌ت ناتوانێت و نابێت بۆ هه‌میشه‌ درێژه‌ به‌ژیانی خۆی بدات و سه‌ره‌نجام سۆشیالیزمی ئازادیخوازانه‌ به‌سه‌ر ئەو سه‌رده‌که‌وێت! هەل و مەرجی خۆیی ئاوا گۆڕانێک ده‌که‌نه‌ شتێکی بێگه‌ڕانه‌وه‌ “. ئایا شیاوی ملپێدانه‌ (…) که‌ کرێکاران خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران بۆ نێو کارخانه‌کان بن؟ هه‌رگیز! له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ که به‌ ڕۆشنی‌ یاخیبوونی ئەوان له‌ دژی به‌هره‌کێشیی ده‌وڵه‌ت و سەروەرییە‌‌. “ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یخوازن، ئه‌وه‌یه‌ له‌جێی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی زۆره‌ملێیانانه‌ی به‌رهه‌مهێنان، ڕێکخراوی سۆڤیه‌تیی کارخانه‌کانی خۆیان، کە له‌نێو فێدراسیۆنی به‌ربڵاو و فراوان یه‌کده‌گرن، دابنێن. ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یانه‌وێت، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کرێکارییه‌. بەو جۆرە جوتیارانیش تەواو هوشیارن، که‌ ئەم ڕۆژ‌ پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئابووری تاکه‌که‌سیی له‌ بنه‌ڕه‌تدا گونجاو نییه‌ و ته‌نیا چارەسەرە‌ هه‌ره‌وه‌زیی کشتوکا و گەلکاریی گوندنشینانە لەتەک سۆڤیه‌ته‌کانی کارخانه‌ و سه‌ندیکاکان و به‌کورتی په‌ره‌دانه‌ به‌ به‌رنامه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له‌نێو بارێکی ئازادیخوازانە”.

بەگوێرەی تێڕوانینی ڤۆلین، هه‌ر هه‌وڵێک که‌ به‌ سروشوه‌رگرتن له‌ نموونەی [ئۆلگوی] ڕوسیه‌ سه‌ربگرێت، به‌رهه‌مه‌که‌ی بێجگه‌ له‌ “سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هره‌کێشیی جه‌ماوه‌ر”، شتێکی ‌دیکە نابێت. هه‌ر ئاوا ئەوە‌ گه‌نده‌ڵترین جۆری سه‌رمایه‌دارییه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی لەتەک “بزووتنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و کۆمەڵی سۆشیالیستیی” نییه‌. ئاوا نموونەگیرییەک ناتوانێت بێجگه‌ له ‌”دیکتاتۆری تاکپارتیی، که‌ ئه‌نجامی‌‌ سه‌پاندنەکە‌ی له‌نێوچوونی هه‌ر جۆره‌ ئازادییه‌کی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی و ڕێکخراوبوون و ته‌نانه‌ت پشتیوانی جوڵانه‌وه‌ شۆڕشگێڕه‌‌کان و ھەر ئاواش پاراستنی به‌رته‌رییە بە ته‌نیا بۆ پارتیی فەرماندار” و بێجگه‌ له‌ “کۆنترۆڵکردنی بیر و بۆچوونە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ربه‌ستکردنی هەڵچوونی شۆڕش” ناتوانێت ئه‌نجامێکی ‌دیکەی هەبێت.

ڤۆلین بڕوای ئاوایە،‌ که‌ ستالین ” له‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌باری بوو”، ستالین و ستالینیزم به‌‌ره‌نجامی لۆجیکیانه‌ی سیسته‌مێکی سەرکەوتگەرانەن، که‌ ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢١ پایه‌ڕێژیی و جێگیرکرا. “ئەوە‌یه‌ وانه‌ی جیهانیی ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ و دیاریکه‌ری بۆلشه‌ڤیزم. وانه‌یه‌ک که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕوداوه‌کانی داهاتوو، به‌زوویی بۆ گشت ئه‌وانه‌ی که‌ لەنێو ئازار ده‌تلێنه‌وه‌ و ده‌چه‌وسێنه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ی که بیرده‌که‌نه‌وه‌ و تێدەکۆشن، ده‌رده‌که‌وێت.‌

————————–
سه‌رچاوەی لێ وه‌رگیراو‌‌ :
http://anarchi.persianblog.com

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




کڕۆنشتات، ڕاپه‌ڕینی کرێکاران و سه‌ربازان له‌ دژی دیکتاتۆریی بۆلشه‌ڤیکه‌کان


نووسینی: نادری ئه‌حمه‌دی
وەرگێڕانی : ھەژێن
….

سەردەم مانگی ئۆکتۆبه‌ره‌ و لایه‌نگرانی بۆلشه‌‌ڤیکه‌کان جه‌ژنی مه‌رگی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌که‌یان ده‌گێڕن و بێجگە لە پێداهه‌ڵدانی زه‌به‌نده‌ی بۆلشه‌‌ڤیکه‌کان، هیچ کاتێک ناچنه‌ سه‌ر کارکردی تێکده‌رانه‌ی خۆیان له‌ مه‌یدانی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ‌ هه‌وڵدەدە‌ن، کە ڕوخسارێکی پۆزه‌تیڤ بۆ خۆیان بکێشن، به‌ڵام که‌توار شتێکی دیکه‌یه‌.

ساڵی ١٩٢١ که‌می خۆراک بوو به‌ هۆی زنجیره‌یه‌ک ناڕه‌زایه‌تیی فراوان له‌نێو کرێکارانی مۆسکۆ و له‌و بارەوە مانگی جێنیوەری کۆمەڵێک کۆبوونه‌وەی زۆر له‌نێو کارخانه‌کان ڕێکخران و کرێکاران خوازیاری کۆتاییهێنان به‌ سه‌رکوتکردنی کرێکاران و سه‌ربازییکردنی پێگەی کرێکاریی بوون. به‌ڵام بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەجیاتی ئه‌وه‌ی کاروباره‌کانی خه‌ڵکی بده‌نه‌ ده‌ستی خودی خه‌ڵک و له‌ ڕێگه‌چاره‌کانی ئه‌وان کەڵکوه‌ربگرن، ناڕازییانیان به‌ “ورگپه‌روه‌ری” تاوانبارکرد و سەرکوت و فشاره‌کانی خۆیان بۆسه‌ر کرێکاران زیاتر کردن و دەزگەی پۆلیسی نهێنی (چکا) به‌ردرایه‌ گیانی ناڕازییان! له‌ ڕاستیدا کرده‌ی دژه‌-خه‌ڵکی و سه‌رکوتگه‌رانه‌ی (چێکا)، یه‌کێک بوو له‌ هۆکاره‌کانی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاران و له‌نێوان دێسه‌مبه‌ری ١٩١٨ تاکو نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٢٠ ڕێکخراوه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌ بۆلشه‌ڤیکییه‌کان ٥٧٨ که‌س له‌ خه‌ڵکی ناڕازی کوژران و چل هەزار ٤٠٠٠ که‌س واته‌ ٦% دانیشتووانی شاری (مۆسکۆ) ده‌ستگیرکران! مانگی جێنیوەری تاکو مانگی مه‌ی ١٩٢٠ زیاتر له‌ سێسەد و چل و پێنج ٣٤٥ که‌س کوژران و پێش ئه‌وه‌ دوو ٢٠٠٠ – سێ ٣٠٠٠ هەزار کەس لە زیندانیان له‌ سێداره‌دابوون! به‌شی زۆرینه‌ی ده‌ستگیرکراوان لاوانێک بوون، که‌ به‌هۆی برسیه‌تییه‌وه‌ نانیان دزیبوو! سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌ بوو، له‌ کاتێکدا کە بۆلشه‌ڤیکه‌کان کرێکارانیان به‌ “ورگپه‌روه‌ر” تاوانبارکردبوو، به‌خۆیان له‌ به‌رته‌ریی تایبه‌ت سوودمەندبوون و کرێکارانی مانگرتوو به‌ پێشەنگیی کرێکارانی کانزاکار، کە له‌نێو ڕاگه‌یاندنێک خوازیاری ڕاگرتنی به‌رته‌ریی تایبه‌ت و پشکبه‌ندی دە ١٠٠٠٠ هەزار که‌س له‌ پله‌دارانی باڵای پارتیی بۆلشه‌ڤیک بوون. سه‌ربازانێکی خۆجێی که‌ بۆ سه‌رکوتی خۆنیشاندانی سه‌رشه‌قامیی کرێکاران هێنرابوون، تاکو له‌ کرێکاران تەقەبکه‌ن، له‌ فه‌رمانی ته‌قه‌کردن سه‌رپێچییانکرد، به‌ڵام هێزه‌ تایبه‌ته‌کانی بۆلشه‌ڤیک ژماره‌یه‌کی زۆر لە کرێکارانیان کوشتن و بریندارکردن. کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری مۆسکۆ ڕێکخرا و هەزار پێنج سەد ١٥٠٠ که‌س خۆنیشاندانیانکرد و سه‌ربازانێک که‌ خوازیاربوون به‌ خۆنیشانده‌رانه‌وه‌ په‌یوه‌ستبن، چه‌کیان فڕێدا.

٢٣ی فێبریوه‌ری دە ١٠٠٠٠ هەزار که‌س له‌ کرێکاران ڕێپێوانێکی ناڕه‌زایه‌تییان ڕیکخست. له‌و ڕۆژه‌دا له‌ شاری مۆسکۆ بڕیاری قه‌ده‌خه‌کردنی هاتوچۆ ڕاگه‌یێندرا. شاری کڕۆنشتات بنکه‌ی ده‌ریایی بوو و که‌وتووه‌ته‌ دوورگه‌یه‌ک له‌ که‌نداوی فینلاند. ده‌ریاوانانی کڕۆنشتات پێشڕه‌وانی شۆڕشه‌کانی ١٩٠٥ و ١٩١٧ ڕوسیه‌ بوون و ترۆتسکی وه‌ک “شانازی شۆڕشی ڕوسیه‌” ئەوانی ناوبردوون. دانیشتووانی کڕۆنشتات له‌ یه‌که‌مین پێشڕه‌وان و داهێنه‌ران و پێکهێنه‌رانی سۆڤیه‌ته‌کان بوون و ساڵی ١٩١٧ کۆمونه‌یه‌کی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌وڵه‌تیان پێکهێنابوو. به‌ گوتەی ئیسرائیل گێتزله‌ر Israel Getzler شاره‌زای پرسی کڕۆنشتات‌ “…. له‌نێو خودی کۆمون به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کڕۆنشتات هه‌بوو، که‌ به‌ “کڕۆنشتاتی سوور” ناسرا و سیسته‌می سۆشیالیستی؛ دێمۆکراسی و یه‌کسانی له‌نێوان سه‌ربازان و کرێکاران برەوی په‌یداکرد و ئاره‌زوومه‌ندیی بۆ دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و چالاکی ڕامیاریی و په‌روه‌رده‌ و ڕاهێنانی سۆشیالیستی و هاریکاری هاوبه‌ش سه‌ریهه‌ڵدا “.

مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٢٠ جه‌نگی نێوخۆیی‌ ڕوسیه‌ به‌ شکستی جه‌‌نه‌راڵ ڕانگل له‌ ناوچه‌ی کریمه Crimea‌ کۆتاییهات. له‌ هه‌مان کاتدا یاخیبوونه‌ جوتیارییه‌کان له‌ گونده‌کانی ڕوسیه‌ له‌ دژی ڕامیارییه‌ سه‌پێنراوه‌کانی پارتیی بۆلشه‌ڤیک به‌سه‌ر جوتیاران ته‌واوی ڕوسیه‌ی گرتبووه‌وه‌ و مانگرتنێکی گشتی شاری پترۆگرادی گرتبووه‌وه‌.

٢٦ی فێبریوه‌ری دەریاوانانی که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌کانی پێترۆپاڤلۆڤسک- Petropavlovsk و سێڤاستۆپۆل – Sevastopol له‌ کڕۆنشتات کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌په‌له‌یان ڕێکخست و لێژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌یان بۆ شاری پترۆگراد نارد، تاکو بەھۆی لێکۆڵینه‌وە‌ له‌ هۆکاره‌کانی مانگرتنی کرێکاران له‌ شاری پترۆگراد تێبگەن و ئه‌نجامه‌که‌ی به‌ دەریاوانانی که‌شتییه‌کان ڕابگه‌یێنن. پاش تێپه‌ڕبوونی دوو ڕۆژ ده‌سته‌ی لێکۆڵه‌ر ڕایگه‌یاند، که‌ سه‌رکوتی ده‌وڵه‌تیی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی مانگرتنه‌کانه‌ له‌ پترۆگراد و به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌کی یازده‌ خاڵیی له‌ سه‌رانی ده‌وڵه‌ت خوازیاربوون، تاکو داخوازییه‌کانی خواره‌وه‌ جێبه‌جێبکه‌ن:
به‌ڕێخستنی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان، به‌دیهێنانی ئازادی ڕاده‌ربڕین، ئازادی بڵاوکردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نی، ئازادی کۆبوونه‌وه‌ و پێکهێنانی ڕێکخراوه‌ کرێکارییه‌کان و داننان به‌ پێکهێنانی ڕێکخراوه‌ جوتیارییه‌کان و چه‌په‌ سۆشیالیستییه‌کان و ئه‌نارکیستییه‌کان …

سه‌ربازان و کرێکارانی (کڕۆنشتات)یش وه‌کو کرێکاران و خه‌ڵکی شاری پترۆگراد خوازیاری یه‌کسانبوونی کرێ (موچه‌) و لابردنی ڕێبه‌ندییه‌ شه‌قامییه‌کان بوون، تاکو به‌ ئازادبوونی هاتوچۆ کرێکاران بتوانن خواردن بۆ خه‌ڵکی شار به‌رن، که‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌ ئابڵۆقه‌درابوو. یه‌که‌م ڕۆژی مانگی مارچ له‌ مه‌یدانی ئانچور، لەنێو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی شازدە هەزار ١٦٠٠٠ که‌سیی، پاش گوێڕادێران بۆ ڕاپۆرتێکی لێکۆڵه‌رانه،‌ که‌ پێشتر له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی دەریاوانانی که‌شتییه جه‌نگییه‌کانی پێترۆپاڤلۆڤسک و سێڤاستۆپۆل ئاماده‌کرابوو، بڕیارنامه‌یه‌کیان به‌ناوی بڕیارنامه‌ی پێترۆپاڤلۆڤسک ده‌رکرد، که‌ ته‌نیا دوو که‌س له‌ نوێنه‌رانی پارتیی بۆلشه‌ڤیک دژی ئەو بڕیارنامەیە ده‌نگیاندا و لە بەرانبەردا زۆرینه‌ بڕیاریاندا، لێژنه‌یه‌کی نوێنه‌رایه‌تیی تازه‌ بۆ شاری پترۆگراد بنێرن، تاکو داواکارییه‌ ده‌نگپێدراوه‌کانی کڕۆنشتات به‌ کرێکاران و خه‌ڵکانی مانگرتوو ڕابگه‌یێنن و لە ئەوان داخوازیبکرێت، تاکو نوێنه‌رانێکی بێلایه‌ن بۆ کڕۆنشتات بنێرن، بۆ ئەوەی دانیشتووانی کڕۆنشتات له‌ ئەوه‌ی که‌ له‌ پترۆگراد ده‌گوزه‌رێت، ئاگاداربکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ پێش گه‌یشتنیان بە پترۆگراد له‌ نیوەی ڕێگا ھەموویان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی‌ ده‌ستگیرکران! پاش ئەو ڕوداوه‌، دووه‌م ڕۆژی مانگی مارچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتیی پێکهاتوو له‌ نوێنه‌رانی: دەریاوانانی که‌شتییه‌کانی پێترۆپاڤلۆڤسک و سێڤاستۆپۆل، ئه‌ندامانی سوپا، کرێکارانی له‌نگه‌رگه‌ و نوێنه‌رانی سۆڤیه‌تی یه‌کێتییه‌ کرێکارییه‌کان ڕێکخرا، که ٣٠٣ که‌س له‌ به‌شداربووانی ئەو کۆبوونه‌وه‌یە بەهۆی پشتگیرییکردن له‌ بڕیارنامه‌ی پێترۆپاڤلۆڤسک، کۆمیته‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ی کاتیی پێنج که‌سییان هه‌ڵبژارد. ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو، که‌ بۆلشه‌ڤیکه‌کان بۆ تێکدانی ئەو کۆبوونه‌وه‌یه‌ هێزیان بەڕێخستووه‌. لەنێو ئەو هەل و مەرجه‌ (کڕۆنشتات)ی شۆڕشگێڕ دروشمه‌کانی ساڵی ١٩١٧ واته‌ دروشمی “ته‌واوی ده‌سه‌ڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان”ی کردبووه‌ سه‌ردێڕی دروشمه‌کانی خۆی. ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی ڕێکخه‌رانی مانگرتنه‌که‌ی ئاگادارکردەوە و مانگرتنه‌که‌ی به‌ پیلانگێڕیی ڕێکخراوی سیخوڕیی فه‌ره‌نسه‌ و جه‌نه‌راڵی پێشووی سوپای تزاری کزلۆڤسکی ناوبرد.

له‌و باره‌دا کڕۆنشتات بۆ سه‌رله‌نوێ خۆسازدانه‌وه‌ ھانایبرد و کۆمیته‌ و سۆڤیه‌ته‌ کرێکارییه‌کان سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژێردرانه‌وه‌ و حەوت سەد و هەشتا ٧٨٠ که‌س له‌ ئەندامەتی پارتیی بۆلشه‌ڤیک وازیانهێنا و لێره‌دا سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌، که‌ سێیه‌کی که‌سانی هه‌ڵبژێردراو بۆ کۆمیته‌ی کڕۆنشتات له‌نێو کۆبوونه‌وه‌‌‌ی ڕۆژی دووه‌می مانگی مارچ، به‌ر له‌و ڕوداوه‌ بۆلشه‌ڤیک بوون. وێڕای ڕه‌فتاری توندوتیژانه‌ی ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی، به‌ڵام یاخیبوونی کڕۆنشتات ئاشتیخوازانه‌ و دوور له‌ توندوتیژی بوو.

ڕۆژی پێنجی مانگی مارچ واته‌ دوو ڕۆژ پێش هێرشی سوپای بۆلشه‌ڤیکه‌کان بۆ سه‌ر کڕۆنشتات و بۆمبارانکردنی، دوو که‌س له‌ ئه‌نارکیسته‌کان به‌ناوی ئێما گۆڵدمان Emma Goldman و ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان Alexander Berkmanوه‌ک میانجیگه‌ر پێشنیاری میانجی نێوان ده‌وڵه‌ت و شۆڕشگێڕانیان کرد، به‌ڵام ‌ پێشنیاره‌که‌ی ئەوان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی بۆلشەڤیکی ڕه‌تکرایه‌وه‌. کرێکاران و شۆڕشگێڕان وێڕای پشتیوانی لێکردنیان له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کڕۆنشتات، بەڵام ته‌نیا مانه‌وه‌ و له‌ پشتیوانی شوێنه‌کانی دیکەی ڕوسیه‌ بێبه‌شبوون. حه‌وته‌مین ڕۆژی مانگی مارچ هێرشی سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی بۆلشەڤیکی بۆ سه‌ر کڕۆنشتات ده‌ستیپێکرد و له‌ شاری پترۆگراد بڕیاری فەرمانداریی نائاسایی (فەرمانداریی سەربازیی) سه‌پێنرا. هێرشی یه‌که‌می سوپا بۆ سه‌ر کڕۆنشتات تێکشکا و ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌ربازانی دەوڵەتی بۆلشەڤیکی به‌ ڕیزی یاخیبووان‌ په‌یوه‌ستبوون و ژماره‌یه‌کیش له‌ فه‌رمانی هێرشکردن سه‌رپێچییانکرد، به‌ڵام سه‌ره‌نجام پاش دە (١٠)‌ ڕۆژ جه‌نگی به‌رده‌وام، یاخیبوونەکەی کڕۆنشتات سه‌رکوتکرا و بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌ سه‌رکوتکردنی کرێکاران و سه‌ربازانی یاخی، فەرمانداریی تیرۆر و تۆقاندنی خۆیان سه‌پاند.

ڕوزا لوکسێمبورگ Rosa Luxemburg له‌نێو په‌رتووکی شۆڕشی ڕوس، که‌ له‌ سه‌رده‌می فه‌رمانره‌وایی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له‌ ڕوسیه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی قه‌ده‌خه‌بوو‌، ئاوا ده‌نووسێت ” … فێرکارییه‌ بنچینه‌ییه‌کانی تیئۆری لێنین و ترۆتسکی بریتین له‌وه‌ی که‌ ئه‌وانیش وه‌ک کاوتسکی دیکتاتۆریی له‌بەرانبەر دێمۆکراسی داده‌نێن؛ “دیکتاتۆری یان دێمۆکراسی”! کاوتسکی و بۆلشه‌ڤیکه‌کان پرسه‌که‌ ئاوا ده‌خه‌نه‌ڕوو، هه‌ڵبه‌ته‌ کاوتسکی له‌ دێمۆکراسیی بۆرجوازی پشتیوانیده‌کات. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لێنین و ترۆتسکی له‌ دیکتاتۆری و ئه‌ویش دیکتاتۆریی کۆمه‌ڵه‌ که‌سێک لایه‌نگرییدەکەن، واته‌ دیکتاتۆری له‌ شێوه‌ی دیکتاتۆرییه‌کانی بۆرجوازی! ئەوانه‌ دوو جه‌مسه‌رن، که‌ له‌ ڕامیارییه‌ سۆشیالیستییه‌کانه‌وه‌ زۆر دوورن …. ڕۆشن و ئاشکرایه‌، که‌ پرۆلیتاریا ده‌بێت دیکتاتۆریی بکات، به‌ڵام دیکتاتۆریی چین نه‌ک دیکتاتۆریی پارتیی یان دیکتاتۆریی دەستەیەک له‌ چین ! دیکتاتۆریی چین به‌و تێگه‌یشتنه‌ی که‌ له‌ دێمۆکراسییه‌کی بێسنوور، فراوانترین بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکی له‌ ڕێگه‌ی به‌شدارییکردنی بێڕێگریی و ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌رەوە بێته‌دی…).

سه‌رچاوه‌ی لێ‌ وه‌رگیراو: http://www.mano-paltalk.net/pdf3/nk.htm

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی و ڕه‌خنه‌ له‌ بۆلشه‌ڤیزم …. نووسینی: کایۆ برێندل

نووسینی: کایۆ برێندل ١٩٩٩
وەرگێرانی*: ھەژێن

(١)

” ئەگەر ئاوای دابنێین، کە ڕابه‌ریی نێوەندییانە دەتوانێت ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنراوه‌ دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شبکات، کەتواری زاڵ‌ هەر ئاوا ده‌مێنێته‌وه،‌ که‌ به‌رهه‌مهێنه‌ران خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان نین. ئه‌و ئامرازانه‌ هی ئه‌وان نین، به‌ڵکو سوود له‌و ئامرازانه وه‌رده‌گیردرێت، تاکو ئه‌وان بەکرێبگیردرێن. په‌یامی بێچه‌ندوچوونی ئه‌م پرسه‌ ئه‌وه‌یه‌، کۆمەڵە گروپێک‌ لەتەک ڕابه‌رایه‌تییەک کە هەیە نه‌یارییده‌که‌ن و به‌ڕێگه‌ی زۆرداری سه‌رکوتده‌کرێن. ده‌سه‌ڵاتی ئابووری نێوەندیی له‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ دەبێت‌، که‌ هاوکات ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی به‌کارده‌به‌ن. هه‌ر نه‌یارێک که‌ به‌ جۆرێکی جیاواز له‌ باره‌ی پرسە ڕامیاریی و ئابوورییەکان بیربکاته‌وه‌، به‌ هه‌موو ئامرازێکی گونجاو و لەبار سه‌رکوتده‌کرێت. بەگوێرەی ئەوە‌ لەجیاتی ئەوەی له‌سه‌ر پێناسەی مارکس، کۆمه‌ڵه‌ ئازاد و یه‌کسانه‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ران پێکبهێنرێن، کەچی (یانەکانی‌ تۆبە-پێکردن) له‌ئارادا ده‌بن، که‌ تاکو ئێستا‌ هیچ که‌س له‌ وێنه‌ی ئەوانەی نه‌دیتووه‌ ” .

ئه‌م گوته‌-گێڕانه‌وه،‌ که‌ وه‌رگێڕدراوی ئازادی به‌شێک‌ له‌ ده‌قێکی حه‌فتا ساڵ له‌مه‌و‌به‌ره‌‌‌، ئەوە ڕۆشنده‌کاته‌وه،‌ که‌ په‌یوه‌نییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ ڕوسیه‌ی پاش ئۆکتۆبری ١٩١٧‌ به‌ جۆرێک پەرەیانکرد، که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ده‌رکی مارکس و ئینگلس له‌ کۆمۆنیزم نه‌بوو. سه‌رده‌مێک نامیلکه‌یه‌ک که‌ ئەو گوته‌ی سه‌ره‌وه‌ لە ئەو وه‌رگیراوه،‌ بڵاوبووه‌وه‌، ترس و تۆقی ده‌هه‌ی سی (٣٠) هێشتا ڕوینه‌دابوو. ئه‌و نامیلکه‌یه‌ به ‌ته‌واوی لایه‌نی پێشبینیکه‌ری هه‌بوو. هیچ ڕوداوێکی ڕامیاریی نه‌بووبووه‌ هۆی ئاوا ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ کۆمەڵی سۆڤیه‌تی، به‌ڵکو ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ شیکردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئابوورییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرت. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، ستالینیزمێک که‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندندابوو، به‌ نیشانه‌ی ڕامیاریی سیستمێکی ئابووریی ناسێنرا، که‌ به‌ به‌هره‌کێشی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوو، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌سه‌ر ستالینیزم هەژمارناکرێت.

بایه‌خێکی پته‌و‌ که‌ ئه‌و ده‌قه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژەیپێدراوە به‌ده‌ستیهێنا، به‌رئه‌نجامی کاری گروپێک بوو و نووسه‌رانی سه‌ر به‌ ڕه‌وتێک بوون، که‌ له‌ ساڵه‌کانی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌ ڕه‌خنه‌ی توند له‌ سۆشیال-دێمۆکراسی و بۆلشه‌ڤیزم ده‌رکه‌وت. ڕه‌وتێک بوو که‌ به‌ وردی ئەزموونەکانی ئەو ڕۆژانه‌ی چینی کرێکاری شیده‌کرده‌وه‌ و هه‌ڵده‌سه‌نگاند، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ بۆچوونی نوێی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌و ڕه‌وته‌، سۆشیال-دێمۆکراسی و بۆلشه‌ڤیزمی وه‌ک “بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی کۆنه‌” ده‌بینی، که‌ دژه‌که‌ی “بزوتنه‌وه‌یه‌کی نوێی کرێکاران” بوو.

له‌ یه‌که‌مین نوێنه‌رانی ئه‌و ڕه‌وته‌، مارکسیسته‌ ئاڵمانی و هۆڵه‌ندییه‌کان بوون، که‌ هه‌رده‌م له‌ باڵی چه‌پی سۆشیال-دێمۆکراسیی بوون‌. له‌ ماوه‌ی ساڵانی دوورودرێژی تێکۆشانی هه‌میشه‌ییان دژی ڕیفۆرمیزم، له‌ هه‌مووان زیاتر بوونه‌ ڕه‌خنه‌گر له‌ سۆشیال-دێمۆکراسی. به‌ناوبانگترین ئه‌ندامانی ئه‌و ڕه‌وته‌ دوو که‌سی هۆڵه‌ندی به‌ناوی ئانتۆن پانەکۆک (١٨٧٢ – ١٩٦٠) و هێرمان گۆرته‌ر (١٨٦٤- ١٩٢٧) و دوو که‌سی ئاڵمانی به‌ناوی کارل شرۆیده‌ر (١٨٨٤- ١٨٥٠) و ئۆتۆ ڕوهله‌ ( ١٨٧٤- ١٩٤٣) بوون. دواتر، پاول ماتیک (١٩٠٤ – ١٩٨٠) کە زۆر لاوتر بوو، بوو به‌ یه‌کێک له‌ گرنگترین تیئۆریداڕێژه‌رانی ئه‌و ڕه‌وته‌.

که‌مێک پاش ده‌سپێکردنی سه‌ده [سەدەی بیست – و.ک]‌، بۆچوونه‌کانی پانەکۆک به‌هۆی هەندێک دووبارە‌ تیشکهاویشتنه‌وه‌ی مارکسیستییانه‌ به‌ڕووی فیلۆسۆفی که‌وته‌به‌ر سه‌رنجان. ئەو ساڵی ١٩٠٦ تاکو ده‌ستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی له‌ ئاڵمانیا کاریده‌کرد. سه‌ره‌تا ساڵێک فێرکاری فێرگه‌ی پارتیی سۆشیال-دێمۆکراتی ئاڵمانیا (SPD) بوو، پاش هه‌ڕه‌شەلێکردنی به‌ ده‌رکردنی له‌ ئاڵمانیا، له‌ شاری برێمن کاریکرد و گۆتاری بۆ بڵاوکراوه‌ جۆراوجۆره‌ چه‌په‌کان دەنووسی. پانه‌کوک له‌ کاتی نیشته‌جێبوونی له‌ برێمن مانگرتنێکی نایاسایی و زۆر گرنگی کرێکارانی ڕاگواستنی (بارکردن ‌و داگرتن) دیت. ئه‌و ئەزموونه‌ کارایی له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی ئەو لەبارەی تێکۆشانی چینایه‌تی و تێگه‌یشتنی ئەو له‌ مارکسیزم دانا. له‌ ئه‌نجامی ئەوە، تیئۆرییه بۆلشه‌ڤیکییه‌کانی لەبارەی ڕێکخستن، ستراتیج و ڕێڕه‌و له‌ هه‌مان ڕۆژه‌کانی یه‌که‌مه‌وه‌ ڕه‌تکرده‌وه‌.

ئۆتۆ ڕۆله‌ هیچ کاتێک خۆی پابه‌ند به ڕه‌وتێک له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی ئاڵمانیا نه‌زانی، به‌ڵام هه‌رگیزیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی چینی کرێکاری نادیده‌نه‌گرت. ئەویش وه‌ک پانه‌کوک ده‌هه‌ی ١٩٢٠ بۆلشه‌ڤیزمی ڕه‌تکرده‌وه‌ و له‌ یه‌که‌مین که‌سانێک بوو، چووه‌ سەر ئه‌و بابەت و لێدوانە‌، که‌ شۆڕشی پرۆلیتێریی بەته‌واوی لە شۆڕشی بۆرجوازی‌ جیاوازه‌؛ له‌و ڕوه‌وه‌، شێوه‌ ڕێکخستنی ته‌واو جیاوازی پێویسته‌. به‌و هۆیه‌وه‌، ئەو ئه‌و ناڕۆشنییه‌ی که‌ شۆڕشی پڕۆلیتێریی ده‌بوو پرسی پارتییەک بێت ڕه‌تکرده‌وه‌. “شۆڕش” بەگوێرەی گوته‌کانی ئەو “پرسێکی پارتیی نییه‌، به‌ڵکو له‌ ڕووی ڕامیاریی‌ و ئابوورییه‌وه پرسی گشت چینی کرێکاره‌” .

ئه‌و بۆچوونانەی‌ که‌ به‌ریناییه‌کی زۆرتریان به‌خۆوه‌گرت، دەرخەری تایبه‌تیی ڕه‌وتێک بوون، که‌ به‌ کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی/شورایی ناسرا. کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی له‌ هه‌مان سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی ١٩٢٠ به‌و ئەزموونانه‌ی که‌ له‌ شۆڕشه‌کانی ڕوسیە‌ و ئاڵمانیا بەدەستهاتن،‌ پشتئه‌ستوربوو و پشتیوانی له‌ دێمۆکراسی سۆڤیەتەکان کرد و ده‌سه‌ڵاتی پارتیی ڕه‌تکرده‌وه‌. ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ بوو، که‌ خۆی له‌ بۆلشه‌ڤیزم و بۆلشه‌ڤیکه‌کان و ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ کۆمۆنیست ناوده‌بران جیابکاته‌وه‌. وێڕای ئەوە‌ش له‌ سه‌ره‌تادا، دوورییه‌کی زۆری لەتەک تێڕوانینە‌ به‌ئاکام-گه‌ییشتووه‌کانی دواتری خۆی هه‌بوو.

(٢)

کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی سه‌ره‌تا لەتەک لێنینیزم‌ جیاوازییه‌کی ئاوای نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ڕوهله‌ پارتییه‌کانی نێونەتەوەیی سێیه‌می به‌ کۆمۆنیست نه‌ده‌زانی. چه‌ند ساڵ دواتر، کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان ناچاربوون به‌شێوە‌یه‌کی ڕۆشنتر خۆیان له‌ بۆلشه‌ڤیزم جیابکه‌نه‌وه‌. به‌واتای‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر کۆتایی به‌ تزاریزم هێنا، بە په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌به‌گییه‌کانی کۆتاییهێنا و ڕێگه‌ی بۆ په‌یوه‌ندییه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌کان خۆشکرد.

کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان له‌وه‌ واوه‌تر چوون. ئەوان په‌نجه‌یان بۆ ئه‌و کەتوارە‌ ڕاکێشا، ئابوورییه‌ک وه‌ک ئابووری ڕوسیە،‌ که‌ له‌سه‌ر پایه‌ی کاری کرێگرته‌ – واته‌ ئابوورییه‌ک که‌ لەنێو ئەو هێزی کار کاڵایه‌- ڕاوه‌ستاوه‌، بێجگه‌ له‌ به‌رهه‌مێنانی زێده‌بایی و به‌هره‌کێشیی کرێکاران، شتێکی د‌یکەی ناوێت. جیاوازیشی نییه‌، که‌ ئه‌و زێده‌باییه‌ بۆ سه‌رمایه‌دارانی تایبه‌تی بێت یان به‌ر ده‌وڵه‌ت وه‌ک خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بکه‌وێت. ئەوان په‌نجه‌یان بۆ ئه‌و کەتواره‌ ڕاکێشا،‌ له‌ ڕوسیە‌ به‌رهه‌مهێنان له‌ هه‌مان یاساکانی سه‌رمایه‌داری تایبه‌تیی کلاسیک که‌ ھەن په‌یڕه‌ویده‌کات. به‌هره‌کێشی (استثمار)، بەگوێرەی گوته‌ی مارکس، ته‌نیا کاتێک ده‌توانرێت بە ئەوە کۆتاییبێت، که‌ کاری کرێگرته‌ بوونی نه‌بێت. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان، به‌ ئاماژەدانیان بۆ مۆسکۆ ، ڕۆشنیانکرده‌وه‌ که‌ کۆمۆنیزم شتێکی ئاوا نه‌بوو. به‌و شێوه‌یه‌ جیاوازی نێوان کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی و بۆلشه‌ڤیزم ڕۆشنتر و تەسەلتر بوو.

(٣)
نابێت له‌ ئەوه‌ی که‌ لە سەرەوە گوترا، ئاوا ئه‌نجامگیرییه‌ک بکرێت، که‌ کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی به‌شێوە‌یه‌کی تا‌یبه‌ت تەنیا ڕه‌خنه‌گری ستالینیزم دەبێت‌، به‌ڵکو له‌ کەتواردا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ڕه‌خنه‌گری بۆلشه‌ڤیزم دەبێت‌. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان ستالینیزم وه‌ک دژه‌شۆڕشێک نابینن، که‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری له‌ به‌رەنجامی خۆی بێبه‌شکردبێت. به‌ڵکو به‌ به‌رهه‌می ئه‌و شۆڕشه‌ی ده‌زانن، شۆڕشێک که‌ له‌ ڕوسیە ده‌رگه‌ی به‌ڕووی سه‌رمایه‌داریدا کرده‌وه‌. ستالین میراتگری بۆلشه‌ڤیزم و شۆڕشی بۆلشه‌ڤیکی بوو. تەسەلتربوونی ئه‌و تیئۆرییه‌ هەر ‌وه‌ک پێگه‌یینی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ هێواشی ڕویدا. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان به‌درێژایی ژیانی خۆیان بۆچوون و کرده‌ی خۆیان گۆڕی. پارتییه‌کانی کۆمۆنیستی سۆڤیەتیی سه‌ره‌تا له‌ ئاڵمانیا و هۆڵه‌ند پێکهاتن، ئه‌و پرسه‌ لەتەک بۆچوونی که‌سانی وه‌ک ڕوهله‌ هه‌ر ئاوا کە باسکرا، ئاوایان دەبینی، پارتییه‌کان پرسی چینی کرێکار نین، ناته‌بابوو. ڕوهله‌ به‌هه‌ر بار ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی به‌شێوه‌ی کۆمەڵێک پارتیی “به‌ کڕۆکێکی ته‌واو نوێی پارتییه‌وه،‌ که‌ چیدیکە پارتیی نه‌بوو” ده‌دیت.

ڕوهله‌ چوار ساڵ دواتر ساڵی ١٩٢٤، به‌جۆرێکی دیکە ئاخاوت : ” پارتییەک به‌ کڕۆکێکی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ به‌واتای پڕۆلیتێریی واژەیه‌کی بێواتایه‌. کڕۆکی شۆڕشگێڕانه‌ی ته‌نیا به‌واتای بۆرجوازی بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی کاتێک که‌ پرسی گۆڕینی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بۆ‌ سه‌رمایه‌داری هاتبێته‌ پێشه‌وه‌.” ئەو ته‌واو ڕاستی ده‌گوت و ئه‌و شته‌ بێواتایانه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵ له‌سه‌ر شانۆی گفتوگۆ و لێدوانی پڕۆلیتێریی دیارنه‌مان. که‌مه‌ ناوازەییەک هه‌بوون و که‌مێک پاش جەنگی دووه‌می جیهانی، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ چیدیکە به‌کارنه‌هێنرا.

کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان هه‌ر ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌ گه‌شه‌یانکرد. بۆ ئەوان ده‌رکه‌وت، که‌ شۆڕشی ڕوسیە‌ شتێک بێجگه‌ له‌ شۆڕشی بۆرجوازیی و ئابووری ڕوسیە‌ شتێک زیاتر له‌ سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیی به‌ولاوه‌تر نه‌بوو. ئەوان ده‌رکێکی دیاریکراوتریان لەبارەی‌ ئەو پرسانە هه‌بوو و‌ ئاماده‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ بوون. ئەو پرسانەی که‌ پێشتر یه‌کاڵانه‌کرابوونه‌وه‌، هەنووکە‌ ڕۆشنتربوون.

گرنگترین شیکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ له‌و زه‌مینه‌ له‌لایه‌ن پانەکۆک ساڵی ١٩٣٨ ئه‌نجامدرا. ئەو له‌باره‌ی فیلۆسۆفیی (لێنین) نامیلکه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی قوڵتری لەبارەی بۆلشه‌ڤیزم خسته‌ڕوو. پانەکۆک په‌نجه‌ی بۆ ئه‌و خاڵه‌ ڕاکێشا، که‌ مارکسیزمی لێنین له‌ ئه‌فسانه‌یه‌ک به‌ولاوه‌تر نه‌بوو و لەتەک مارکسیزمی کەتواریی ناکۆکبوو. ئەو هۆکه‌ی بەو جۆره‌ ڕۆشنکرده‌وه‌ : ” له‌ ڕوسیه‌ تێکۆشان دژی تزاریزم له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ هاوشێوه‌ی تێکۆشان دژی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له‌ ئه‌وروپای هه‌ره‌ کۆن بوو‌. له‌ ڕوسیه‌ کلیسا و ئایین له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وده‌م پشتیوانیانده‌کرد. به‌و هۆیه‌وه‌ تێکۆشان دژی ئایین به‌ پێداویستییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی داده‌نرا. ” له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ لێنین به‌ ناوی ماتریالیزمی مێژوویی بۆی ده‌چوو، وەک‌ ماتریالیزمی بۆرجوازی فه‌ره‌نسه‌‌ سه‌ده‌ی هه‌ژدهه‌م دیاریده‌کرا، واته‌ ماتریالیزمێک که‌ ئه‌و کاته‌ وه‌ک چه‌کێکی هۆشیی له‌ دژی کلیسا و ئایین به‌کارده‌برا. ده‌بێت بگوترێت که‌ هه‌ر به‌و ڕێگه‌یه‌ و به‌ ئاماژەدان بۆ هاشێوه‌بوونی نێوان په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ی پێش له‌ شۆڕش و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی فه‌ره‌نسه‌ی پێش شۆڕش، کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان بە ئه‌و کەتواره‌ ئاماژەیاندا، که‌ لێنین و ئه‌ندامانی پارتییه‌که‌ی ناوی ژاکۆبینه‌کانیان له‌ خۆیان ناوه‌. مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوو، که‌ پارتییه‌که‌یان له‌نێو شۆڕشی بۆرجوازی ڕوسیه‌ هه‌مان کارکردی ژاکۆبینه‌کانی فه‌ره‌نسه‌یان هه‌بوو.

هه‌ر به‌و جۆره‌ی که‌ کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان گوتیان، ئه‌وه‌ سه‌ره‌نجامی لۆجیکیی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر بوو، که‌ بۆلشه‌ڤیزم مارچی ١٩١٨، واته‌ ته‌نیا پێنج مانگ پاش ئۆکتۆبه‌ری ١٩١٧، کە ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیەتەکان که‌ له‌ ئاستێکی که‌مدا بوو، به‌ زۆر له‌ چنگی سۆڤیەتەکان ده‌رهێنرا. سۆڤیەتەکان لەتەک سیستمێک که‌ سه‌رخانی ڕامیاریی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو، به‌یه‌کیان نه‌ده‌خوارد.

ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رهه‌ڵدانی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی له کۆمۆنیزم ده‌گات، به‌ته‌واوی له‌و سیسته‌مه‌ جیاوازه‌. دیکتاتۆریی پارتیی لەتەک ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کاری کرێگرتە و کۆتاییهێنان‌ به‌ به‌هره‌کێشی کرێکاران پشتئه‌ستوورن، ناگونجێت. کۆمەڵێک که‌ لەنێو ئەو به‌رهه‌مهێنه‌ران ئازاد و یه‌کسانن، ناتوانێت شتێکی جیاواز له‌ دێمۆکراسی به‌رهه‌مهێنه‌ران بێت.
——————————————————————————

* دەقی فارسیی ئه‌م گۆتاره‌ له‌ ماڵپه‌ڕی (http://www.kavoshgar.org/) وه‌رگیراوه‌
* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




ھاوار و خۆزگەکانی منی منداڵیش، ھەر وەستانی جەنگ و زرمەی تۆپخانەکان بوو … ھەژێن

ھەر کاردانەوە و دەربڕین و ھەڵوێستێکی ئێمە، کۆدی ڕوداوەکانی ژیانی ئێمەیە و لە چرکە ساتێکی ھاوشێوە خۆی نماییشدەکاتەوە!

چرپە و دوا ئارەزووی منداڵانی دەوروبەری موسڵ و کەرکووک و مەندەلی و خانەقین ھەمان چرپە و ئارەزووەکانی تەمەنی یازدە تاکو ھەژدە ساڵی تەمەنی منن، منێک کە بە زرمەی خومپارەکان پارووەکانی ھەژاری لە گەرووم ئاودیودەبوون، بە زرمەی خومپارەکان لە خەوڕادەبووم و زرمەی خۆمپارەکان زەنگی دەستپێکرەدن و کۆتایی وانەکانی فێرگە بوو و زرمەی خومپارەکان کۆتاییھێنەری چرپەچرپی نێو ژووانی من و دڵدارەکەم بوو و خاڵی کۆتایی نامە و ھۆنراوەکانی سەردەمی ھەرزەکارییشم ھەر زرمەی خومپارەکان بوو و زۆر جار زرمەی خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و زرمەی خومپارەکانی نێو خەون و خەیاڵم بە یەکدی تێکەڵدەبوون و جیاکردنەوەی خەون و ڕوداو سەخت بوو و جیاوازی نێوانیان تەنیا پاش و پێشکەوتنی ھەر یەک لە ئەوان بوو.

من بە ھەواڵی جەنگ و چەک و دەنگی خومپارە زوو و زیاتر لە ھەر کەسێكی جەنگ نەدیتوو دەشڵەژێم و ناخم وێراندەبێت، چونکە جەنگ منداڵیی من و لاویی من و خۆشی ژیانی منی لەنێوبردووە و وێرانکردووە و داگیرکردووە و ھاوەڵ و ھاوپۆل و ھاوسێ و ئازیزانی منی لەنێوبردوون. ھەڵبەتە لەنێوان جەنگێک کە بەخۆت ھەڵیدەبژێریت و جەنگێک بەسەرت دەسەپێندرێت جیاوازی ھەیە؛ من شەش ساڵی جەنگی عیراق ئێران زۆر لە مردن ترسام، ترسانێك زیاتر لە ترسی یەزدان و دێو و درنج، بەڵام دوو ساڵ پێشمەرگایەتی مردن ھەردەم ھاوەڵ و ھاودەم و دووانەی من بوو و ساتەکانی تەنیایی دەستلەملانی یەکدی دەبووین. لە دەنگی خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران زۆر دەترسام و پێچەوانەوە بە دەنگی خومپارەکانی بەعس تووڕەتر و بڕوای بەرەنگاریکردنی من بەھێزتر دەبوو. ھەرچەندە ئێستا ئەو نەترسیەیش بە گەمژەیی ئەو ڕۆژانەی خۆم دەزانم و ھەر سات ئەگەری ھەبوو، “وەک تڕی بنی گۆم” بڕۆم و ببمە کۆد و دۆلاری نێو گیرفانی بازرگان و جەلادەکانی کوردایەتی!

تەمەنم دوازدە بوو، کە خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بوون بە ھۆی ناچاربوونم بە بەجێھێشتنی بەھەشتەکەی منداڵیم و ئاوارەی شاران بووم و خەون و یاداوەریی و حەزەکانی منداڵیی خۆمم لەنێو کەشکۊڵی نھێنییەکانم شاردنەوە و تاکو تەمەنی ھەژدە ساڵی یازدە جار ئاوارە بوومەوە و یاداوەرییەکانم لە ماوەی ئاوارەیی شار بە شار و گوند و بە گوند و ناوچە و بە ناوچە و وڵاتە و وڵات لە دوای خۆم ڕاکێشدەکردن و تاکو تەمەنی سی و ھەشت ساڵی وەک درێژەی ئاوارەبوونی جەنگ و وێرانی گوندەکەم بیست و یەک جار ئاوارە بوومەوە و لە ماوەی حەوت ساڵی کۆتایی جەنگ، جەنگی عیراق – ئێران لە ھەڵەبجە خواردن و خەوتن و خوێندن و پیاسەکردن و سەیران و خەیاڵکردنی لە من شێواند؛ ئەو کات و ھەموو ئاوارەبوونەکانی ھەڤدە ساڵی تەمەنم، تەنیا یەک ئاواتم ھەبوو، ئەویش تەنیا ئەوە بوو، کە چرپە و ھاوارەکانی ناخی منی قوربانی و ئاوارەی جەنگ بگەنە گۆشەکانی دیکەی جیھان و مرۆڤەکانی دەرەوەی ناوچەکانی جەنگ و بۆمباران، دوا حەز و خەون و خەیاڵەکانی من بریتی بوون لە خۆزگەخواستن بە بێدەنگبوونی تۆپخانەکان و نەفڕینی فڕۆکەکان و ڕانەچڵەکانی ئێمەی منداڵ لە قوڵایی خەو و نەکوژرانمان لە ڕێگەی فێرگە و لەنێو حەشارگەکان!

ئەی مرۆڤ، بزانە ھەر ئەو خەون و خۆزگانەن، کە ئێستا من دەخەنە شوێنی منداڵان و پیر و پەککەوتەکانی ناوچەی موسڵ و کەرکووک و مەندەلی و خانەقین، چونکە دڵنیام ئەوانیش بەھۆی حەزی زیندوومانەوە و ئارەزووی ئارامی و ئاسوودەیی و خوازیاریی گەییشتنی دوا چرپە و ھاوارەکانی ناخی خۆیانن بە ھەر مرۆڤێك کە لە ناوچەکانی جەنگ دوورە. ڕاستی ھەر ئەو ھۆکارە و ھەر ئەو حەزانە و نەبوونی وەڵام و کاردانەوەی “یەزدانی خەیاڵان” بە حەز و داخوازییەکانی منی منداڵ بوو، کە منی قورئان-خوێنی لە بوونی بەھەشت و یەزدان بەگومان و نائومێدکرد و بۆ ھەمیشە بووم بە ھاوەڵی ھەمیشەیی ئەھریمەنی ئازادیخواز.

ھاودەرد، تکایە پێش ئەوەی خومپارەی ملھوڕیی بۆرجوازیی عەرەبی-زمان و ملھوڕیی بۆرجوازیی کوردیی-زمان بە داگیرسانی گڵۆپی سەوزی چەپە پڕۆ-دەوڵەت و فاشیستەکان، ھاوسێ و ھاوەڵ و ھاوپۆل و ھاوکار و ئەڤیندارەکەی تۆش بکوژێت یان چاو و دەست و لاقی بپەرێنێت، بەخۆت وەرە سەرشەقام و بە زمانی دایکیی خۆت ھاواربکە (ھەردەم قوربانی جەنگەکان کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بوون و دەبن و ھەردەم سەرکەوتووان و دەستکەوتووان و براوەکانی گشت جەنگەکانیش ھەر ڕامیاران و دەسەڵاتداران و سەرمایەداران دەبن.

لەبیرنەکەیت ھاودەرد، پێش ئەوەی گوللەی سەرباز و پێشمەرگە ناچارکراوەکان کەللەسەری خۆت بپڵیشێنێتەوە، وەک دوا پەیام بۆ ھاوەڵ و ھاوڕێ و دڵدارەکەی خۆت یان دایک و ھاوسەر و منداڵەکانت بنووسە (دەوڵەت ئامرازی سەروەربوونی مشەخۆرانە و جەنگیش گۆچانێکی جادوویی و پەڕجووکەر بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ستەم و ملھوڕیی و ھەڵاواردن و برسیەتی و ئاوارەیی و ترس و زیندان و سێدارە! … لەبیرنەکەیت، بەیانی زوو لەنێو کۆڵان و لەنێو فێرگە و کارگە و فەرمانگە و سەرشەقامان دژی ملھوڕیی و جەنگ و مەرگ لەتەک ھاوخەونەکانت خۆت ڕێکبخەیت و خۆنیشانبکەیت و چەکدارەکان لەنێو شەقام و کۆڵان و سەربانی فێرگە و خەستەخانە و کەنارەکانی گوند و شار دەربکەیت و ژیان و خۆشەویستی و ماچ بۆ کۆڵان و شەقامەکان بگێڕیتەوە. لەوانەیە کاتێك کە ئەم نامە بە دەستی تۆ بگات و بیخوێنیتەوە، چیدی من زیندوونەمابم. لەیادنەکەیت، کە دوا ئارەزووی من زیندوومانەوەی خۆم و ھەموو مرۆڤێکی ژیاندۆست بوو و لەپێش ھەمووانەوە تۆ بوویت. بەڵام بەداخەوە خێرایی ڕوداوەکان بواری زوو داچڵەکان و دەرککردنی ڕاستییەکانی بە من نەدا، ھیوادارم ڕێکەوتەکانی ژیانی تۆ ئاوا نەبن و ماوە و بوار و بەختی بیرکردنەوە و تێگەییشتنت ھەبێت، تاکو ھۆکار و کۆدەکانی جەنگ و دروستکردنی دەوڵەت و پارتییایەتی و پێداویستی ھەبوونی لەشکر و دەزگە سیخوڕیی و سەرکوتگەرەکان و زیندان و سێدارە بدۆزینەوە و پێش ئەوەی جەنەراڵ و ئەفسەرێک بڕیاری ڕامیار و دەسەڵاتدار و سەرمایەدارێك بە چەکدارەکانی نێو سەنگەگەرانی ئەوبەر یان ئەمن و پۆلیسەکانی سەرکوتکردنی (خۆنیشانەکانی ئێوە) بسپێرێت و ئەویش لە سەر و سنگی تۆ نیشانەبگرێت، فریای ڕزگارکردنی ژیان و گیان و خەون و ئارەزووی کەسێکی دیکە بکەویت. دوا پەیامی خۆشەویستیی من، ماچ) ❣🌹✊


ھەژێن
١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




بیست و شەشەمین یاد و ڕێزنان لە تێکۆشانی یەکێک لە ھونەرمەندانی کاروانی بەرەو جیھانێکی ناچینایەتی (کاروان عوسمان)

ھەژێن
٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٧
…..

بەرایی، ئەوەی کە لێرەدا من دەخوازم بیڵێم و دەریبڕم، بەس ھەستی کەسیی خۆم و داکۆکیکردنە لە قوربانییەکی سیناریۆ ڕامیارییەکانی دیکتاتۆریی و بەرەھەڵستکارە چەکدارەکانی، داکۆکیکردنە لە کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی، بە دیاریکراوی کاروان ئوسمان چ وەك کەسێتی تایبەت و چ وەک ھونەرمەند. دەکرێت من ھەڵەبم و ھەر کەس ئازادە ئەم ھەوڵەی من چۆن دەخوێنێتەوە، بەڵام من ناتوانم خۆم گێلبکەم و گوێ لە ھەست و ھاوارەکانی ناخی خۆم نەگرم، کە کاروانەکان پێکرا من بۆ دەنگھەڵبڕین بانگەوازدەکەن. پێویستە ئەوەش بڵێم، کە من کاروان ئوسمان وەک کەسێک لە نزیکەوە ناناسم و ھیچ نزیکایەتییەکی خێزانی لەنێوان من و ئەو نەبووە و تاکو ئێستاش ھیچ پەیوەندییەك لەنێوان من و ئەندامانی خێزانەکەی ئەو نەبووە و نییە، ئەوەی بۆ کاروان و ھاوڕێکانی ئەنجامیدەدەم، ئەرکێکی ویژدانی و مۆڕاڵیی سەر شانی منە بۆ ھەر قوربانییەکی دیکەی دەستی بەعس و بزووتنەوەی چەکداری و جەنگ.

ئەی ھاوئامانج و ھاوچین و ھاودەری منی بە زیندوویی ھێڵڕاو بۆ زیاتر چەشتنی خەمی مەرگی ئازیزانی وەک تۆ و دیتنی زیاتری دیمەنی ورد و خاشبوونی ئێسک و پرووسکی نەداران و بێدەسەڵاتانی جیھان، ئەی ئەو کەسەی کە تاکو ئێستاش پاش بیست و شەش (٢٦) ساڵ، ھێشتا خۆت و ئەندامانی خێزانەکەت و ئازیزان و ھونەر و ھزری ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە و دادپەروەرییخوازانە و خیاڵ و خەونبینت بۆ کۆمەڵی ناچینایەتی، بەردەوام باجی تاوان و تۆمەتێک دەدەن، کە ڕۆژگارە ڕەشەکان و دەستە شاردراوەکانی (ئەو دیوی چیا) زەمینەسازی بوون و ئامانجی ئاوا سیناریۆیەک بەس تەنیا دەست و پەنجەی ھونەریی تۆ نەبوون، بەڵکو ھەر ئاوا ئامانجی لێدان بوو لەو ڕێبازە ھونەرییەش بوو؛ کە تۆ تازە خەریکبووی دەتھێنایە نێو کۆمەڵی کوردان. ئاوا تاوان و تۆمەتێک بۆ ناشیرینکردنی تێکۆشان و جیھانێک بوون، کە تۆی بێباوک؛ کە تۆی ھەژار؛ کە تۆی کرێچی؛ کە تۆی ئەویندار؛ کە تۆی ھونەرمەند؛ کە تۆی ئازادیخواز؛ کە تۆی خەمخۆری منداڵانی ڕووتەڵە و برسی جیھان؛ کە تۆی شەیدای پیاسەی کاتی خۆنیشتنی کەناری دەریا لەتەک دڵدارەکەت؛ کە تۆی ھاندەر و بانگەوازکەری یاخیبوون و گۆرانیگوتنی منداڵان بۆ ئازادی لەسەر شانۆی شەقامی شارەکان و بەری ڕوبار؛ کە تۆی پەیامدەری دونیای ناچینایەتی؛ دونیایەک بەبێ خاوەنکار و سەروەر؛ بەبێ سەرۆکی خێڵ و سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی وڵات و بەبێ جەنەڕاڵ؛ دونیایەک کە ھەمووان لەوێدا تەنیا مرۆڤن و بەس، بەبێ ئاوەڵناوە ئایینی و ئێتنیی و ڕەگەزیی و نەژادی و شوناسە دەستکردە ڕامیارییەکان، مرۆڤایەتی بەرەو لووتکەی ڕۆشنبیری و کولتوورێکی بەرزی مرۆیی دەبات، تەنیا حەز و ئارەزوو و داخوازییە ھاوبەشەکانیان کۆیاندەکاتەوە و کۆمەڵ پێکھاتەیەکی ئارەزوومەندانە دەبێت و “سەر سەریشمان تاکو چاوبڕکا، بێجگە لە ئاسمان ھیچی دیکە نییە”.

ئەم ڕۆژ و ئەم ساڵ وەک بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو لە ھەر شوێنێکی دونیا بم و تاکو دەمێنم، بۆ ئامانجەکانی تۆ کڕنووشدەبەم و سەری ڕێز و ستایش بۆ خۆت و ھونەر و ھەڵوێستە ئازادیخوازییەکانی تۆ دادەنەوێم و بە ھەموو ئەوانەش کە لە دەمی دەسەڵات و قەرەباڵخییەوە بڕیاردەدەن و ئەوانەی لەنێو بڕیاری دادگە و لێکۆڵەرانی بەعسی بۆ ڕاستییەکان دەگەڕێن، بە دەنگی بەرز دەڵێم خۆزگە ھاوڕێ کوژراوەکەی تۆ، ئازیز و قوربانی نەخشەی ڕامیاران (موحەمەد خۆرشید) برای من و باوکی من بووایە، تاکو بە ھەموو دەمھەڕاشەکانی بازاری نەزمی چینایەتی بڵێم و نیشانبدەم، سەرباری ھەموو تۆمەتەکان و ھەموو گومانەکان و ھەموو ھەوڵە ڕامیارییەکان بۆ بەعسییانە دادگاییکردنەوەی ھەر سات و ھەر ڕۆژە و ھەر ساڵەی ئێوە (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)، لێرەوە ھاوارمدەکرد (کاروان ئوسمان) باجی بیرکردنەوە و ھەڵوێست و ھونەرە یاخییەکەی خۆی داوە و بێجگە لەوە ھیچ شتێک نییە، مرۆڤێکی ئاوا بەرز بکاتە بکوژی یەکێک لە ھاوڕێ و ھاوبیر و ھاوکار و خۆشەویستترین ھاوەڵی خۆی، کەسێک (موحەمەد خۆرشید)، کە تەنیا کاروان ئوسمان و ئیسماعیل سەکران و گیتار و ھونەرە شۆڕشگێڕییەکەی ئەوان دەکاتە ھاوڕێ و ھاودەمی خۆی.

من نازانم، ئەو ھەڵبەستە|ھۆنراوەی خوارەوە ھی چ نووسەرێکی بوێر و شۆڕشگێڕ و بە ویژدان و خۆھوشیارە، بەڵام بە سروودکردن و چڕینی ئەو ھەڵبەستە لەو ڕۆژگارەدا کە [نا]گوتنێک بەس بوو بۆ لەسێدارەدان و تاوانبارکردنی ھەر عێراقییەک. ئەودەم بەپێچەوانەی ئەو ھونەرمەندانەی کە دوا ئومێدی خۆیان بە لوولەی چەکە ھەڵھاتووەکان گرێدابوو بە (ھۆ برای کاروانچی) و (ھۆ کاکی پێشمەرگە) چەکدارە ئاشبەتاڵکردووەکان بۆ بردن لەتەک خۆیان بانگدەکەن. ڕێک ئا لەو کاتەدا (کاروان ئوسمان) و ھاوڕێکانی (ئیسماعیل سەکران) و (موحەمەد خۆرشید) و …تد کۆمەڵێک سروود و گۆرانی ئامادەدەکەن و سروودی (بھێنە پێش چاو، سەر سەریشمان بێجگە لە ئاسمان ھیچی دیکە نەبێت)، کە (ئەلف تاکو یا) دژایەتکردن و ھاندانە بۆ بەرەنگاریکردنی کردەوەکانی بەعس و سیستەمی داگیرکاری و بانگدانە بۆ ماف و ئازادییە سرووشتییەکانی مرۆڤ و ھەڵکردنی ئاڵای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی و خۆشەویستییە لە ڕۆژگارێکدا، کە کیمیاباران و ئەنفال جوتیاران و گوندنشینان قڕدەکەن و بزووتنەوەی چەکداری وەک پێشینە مێژووییەکەی بەرەو باوان ڕەودەکات و ئا لەو کاتەدا بەداخەوە بە سیناریۆیەک موزیکژەنی ئازادخواز (موحەمەد خۆرشید) دەکوژرێت و ھاوڕێ و ھاوبیرەکانی (کاروان و ئیسماعیل) بە تۆمەتی کوشتنی ئەو تاوانباردەکرێن و بە سێدارە سزاوادەکرێن، بکوژ وەک بەرزەکی بابان دەردەچێت و تاجی کوردایەتی لەسەر دەنرێت و بە وجۆرە “بە بەردێک چۆلەکە ئازادیخوازەکان دەکوژرێن*”، بەداخەوە ئەو کات و ئێستاش ھەر ئاوا، نەک ھەر ھەڵوێست و بیرکردنەوە و ئامانجی کاروان و ئیسماعل بەو تۆمەتە لەبیربردرانەوە، بەڵکو ئامانج و ھەڵوێست و بیرکردنەوەی ئازادیخوازانەی جوانەمەرگی قوربانیکراو (موحەمەد خۆرشید) کەوتە ژێر تەپوتۆزی ئەو ڕۆژگارە تاریکە، کە ئەویش ھاوبیر و ھاوئامانج و ھاوخەونی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) بوو و بەشداری کارەکانی ئەوان بووە**.

لێرەدا ناچمە سەر وردەکاریی دیتن و بۆچوون و ھەستی من، بەداخەوە بەو جۆرەی کە بە خۆم و کاروان ئوسمان و موحەمەد خۆرشید و ئیسماعیل سەکران و خوێنەران بەڵێنمدابوو، کە ئەم ساڵ بۆ ئەم ڕۆژە بابەتێکی شیکاریی ئامادەبکەم، نەمتوانی و لەبەرئەوە داخوازیی بەخشین دەکەم، چونکە گرفتاری دوو ھەفتەی ڕابوردوو و ئازاری دەست و پەنجەکانم و ھەندێک کاتگیریی چاوەڕواننەکراو لە ئەنجامدانی بەڵێنەکەم دوایخستم. بەڵام بەدڵنیاییەوە ھەر ئەو بەڵێنە ئەنجامدەدەم و وەک ئەرکی سەرشانم و وەفاداریی خۆمم بۆ کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی کە پێشەنگ و تەنیا تیپی موزیکی و ھونەرمەندانێکی شۆڕشگێڕی ھزر سۆشیالیستیی کوردی-زمانی ئەو ڕۆژگارە بوون و تەنیا کەسنێک بوون، کە ڕەخنەریان لە ئاشبەتاڵی بەرەی کوردایەتی ھەبوو و گۆرانی و سروودەکانی کاروان ئوسمان [نموونەیە ئەو سروودەی خوارەوە]، ھەم ڕەخنەبوون لەوانەی پێش پاسدار دەکەون و ھەڵەبجە دەکەنەنە بەرەی جەنگی عیراق-ئێران و خەڵکی قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەوڵیر و بادینان دەخەنە بەردەم تەڵەی ئەنفال و بەخۆشیان وەک بەرزەکی بانان و لە شێوەی ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ بەرەو ئوردووگەکانی ئێران و تورکیە و سوریە ھەڵدێن و خوێنی پێنج ھەزار ھەڵەبجەیی و نزیکەی سەد و ھەشتا (١٨٠) ھەزار گوندنشین و جوتیاری ئەنفاڵکراو دەکەنە سەرمایەی ڕامیاریی و ئامرازی کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار بەناوی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی ھەڵەبجە و گەرمیان و بادینان …تد

کاتێک ھەڵەبجە کیماباراندەکرێت، کاتێک گەرمیان و بادینان ئەنفالدەکرێن و سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو ھەندەران ڕەودەکەن، کاتێک شەقامەکانی شاران دەبنە شانۆی نماییشی ئەنفالکرانی جوتیاران و گوندنشینان و چۆکی نائومێدی گشت سەردەمە تاریکەکان لەسەر سنگی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات دەچەقێت، لەو کاتەدا کاروان و ھاوڕێکانی خەڵک و ھونەرمەندان بۆ بەرەنگاریکردن و ھەڵبژاردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاوتر و شۆڕشگێرانەتر بانگەوازدەکەن:

خوێن لە چاوی ماتی شەوا [١]
لە شەقامی چۆڵی خەوا [٢]
خوێن لە لاشەی شەھیدەکان [٣]
خوێن لە پۆستەی ڕەشەباکان [٤]
مارتان نەکوشت [٥]
کاتێ بەردتان لە دەستا بوو
ماریش پۆپەی لەسەر بەردی ئاشپەستێ بوو [٦]
بۆ نەتانکوشت

* * * * *

لوولەی تفەنگی چەوساوان
ڕاستەڕێیەکیش ھەڵناکا [٧]
ئەی ئەوانەی کە دڵتان [٨]
ئەوەندە خۆی خواردەوە
ھەتاکو کرمی ھەڵھێنا [٩]
ھەر نەتاندی شەوی ڕەشی ھەڵەبجەمان
چ خۆرشیدێکی داھێنا [١٠]

* * * * *

لە شارەکان، بەری ڕوبار
بەردی شانۆی گەمارۆیە [١١]
ھەموو مناڵانی برسی
فێربوون کە گۆڕانی بڵێن [١٢]
بەڵام کوانێ دەست و پەنجەی ھونەرییتان [١٣]
لە کاتێکا لوولەی تفەنگ ڕاستە ڕێیەکیش ھەڵناکا [١٤]

————————————————————-
* سیناریۆی کوشتنی جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و تاوانبارکردنی ھاوڕێکانی خۆی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) لە ھەمان سیناریۆی کوشتنی نووسەری تورکی-زمان (سەباحەدین عەلى) دەچێت، بە کەمێک دەستکارییەوە و دەشکرێت لەو سیناریۆیە کەڵکوەرگیرابێت؛ [ نووسەرى بەناوبانگ (سەباحەدین عەلى) کە بەرھەڵستکارێکی ئیمپراتۆریی ئوسمانییەکان بوو، بە فێڵ و تەڵەکە لەسەر سنوورى بولگاریا لە کاتى هەڵهاتنی، ئەویان کوشت. ئەوەندە (سەباحەدین عەلى) خرایە ژێر فشاری دەروونی و فیزکی ئەوەندە، تاکو دوا جار ناچاربوو، کە بەرەو ھەندەران ڕابکات و ئەو کات لەسەر سنوورى تورکیە- بولگاریا بەدەستى یەکێک لە بەکرێگیراوانی دەوڵەت ئەو کوژرا و پیلانگێڕان، بەسەرھاتی کوشتنی (سەباحەدین عەلى) ئاوا نیشاندەدەن، کەسێک ئەوی کوشتووە، کە ھاوڕێ و ھاوگەشتی ئەو بووە و لەبەر چاوبڕینە پارەیەکەی ئەوى کوشتووە!

[١] کوژرانی سەدان ھەزار ھەزاران کەس بە کیمیاران و ئەنفال

[٢] بێدەنگیی ناچارییانەی شەقامی شارەکان بە ھۆی سەرکەوتگەریی ئەو سەردەمە

[٣] کوشتنی خەڵک

[٤] کیمیاباران و ئەنفال وەک پەیامی بەعس بۆ خەڵکی ئازادیخواز

[٥] مار ئاماژەیە بۆ دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی بەعس

[٦] گیرۆدەبوون و تێکشکانی فەرمانداریی بەعس لە ساڵ و مانگەکانی کۆتایی جەنگی عیراق ئێران

[٧] ئاماژەیە بۆ بەرەنگاری ڕزگاریخوازانەی خەڵک لە شێوەی بزووتنەوەی چەکداری و بە شێوازێکی تێکشکاو و نیگەتیڤی دەبینێت و ھیچ ئومێدێک لە ئەو بەدیناکرێت

[٨] ئاماژەیە بۆ کەسانی ئازادیخواز

[٩] نائومێدی و کوژران و زیندەبەچاڵ بوون لە بیابان

[١٠] دەنگدانەوەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و دەرکەوتنی فاشیزمی دەوڵەت و دیکتاتۆریی بەعس و سەدام حوسەین

[١١] تێپەڕبوونی کاروانی ئەنفاڵکراوان بەنێو شاری کەرکووک

[١٢] منداڵانی برسی ھوشیاربوونەتەوە و ھوشیاریی چینایەتی سەریھەڵداوە

[١٣] ڕەخنە لە بێدەنگی ھونەرمەندان و نووسەران و بانگەواز بۆ شێوازێکی دیکەی تێکۆشان لەنێوەندی شارەکان

[١٤] تێکشکانی بەرەنگاریی گوندەکان و ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداری و زیانبەخشیی بزووتنەوەی چەکداری

——————————————–
** زانستکاران بە ئاوا سەرەنجامێک گەییشتوون، کە دەنگ لەنێو چینەکانی ھەوا دەمێنێتەوە و ھەرگیز وننابێت، خۆزگە کاتی کوشتنی ئازیز و جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و لەسێدارەکانی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) و ئێستا مرۆڤایەتی بەو تەکنۆلۆجی و توانایە بگەشتایە، کە دەنگەکانی ئەو ڕوداوانە بگێڕدرێنەوە و بکرێنە بەڵگەی شکارکردنی تاوانەکە، تاکو ڕاستی و درۆیی زۆربەی تاوانە بێ ئەژمارەکانی ئەم سەردەمە پڕ دڕندایەتییە دەربکەوتایە.

بۆ گوێڕاگرتن لەو سروودەی سەرەوە بە دەنگی ھونەرمەندی جوانەمەرگ (کاروان عوسمان)، لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە کرتەبکە
http://www.dengekan.com/karwan/gorani/xor_le_chawi_mati_shewa.mp3




ئەرکی دەستبەجێی (ئێمە)، پاش تەواوبوونی سیناریۆی ڕێفراندۆم … ھەژێن


ئێمە کێین؟

مەبەست لە ئێمە، ھەموو ئەو تاکە کەسە سەربەخۆیانەن، کە ھیچ ئایدیۆلۆجی و پارتیی و دەستەبژێرێک ئەوانی لە قاڵبنەداوە و خۆیان خودانی خۆیانن. بەواتایەکی دیکە (ئێمە)ی ئێمە، ئێمەیەکی خێڵەکی ، ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی و دەستەبژێریی نییە، ئێمەیەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی ئازایخوازانەیە، ئێمەیەک کە یەکێتی ئازادانەی تاکە سەربەخۆکان دەیئافرێنێت!

بە بۆچوونی من، بۆ کەسانێک کە بە ناسینی مێژووی پارتییایەتی و ئامانجی ڕاستینەی بزووتنەوە ڕامیارییەکان و ھەر ئاوا بە ناسین و دەرکردنی تاکتیک و ستراتیجی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی “کوردستان” و ناوچەکە و پارتییە چەپ و ڕاستەکان، دەزانن گارەگاری “دەوڵەتی کوردی” و “دەوڵەتی سێکیولار” سیناریۆیەک بوو بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و بەنگکردنی خەڵکی ناڕازی بە وەھمی “دەوڵەتی نەتەوەیی” و “دەوڵەتی سێکیولار” و لەبیربردنەوەی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و مافییەکان و لادانی سەررنجی خەڵکی ناڕازی لەسەر ڕێکەوتننامە پشتپەردەیییە ئابوورییەکان لەتەک دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و بانک و نێوەندە جیھان-داگیرکەرەکان.

لە بەرانبەر ئەو سیناریۆ و ھەوڵانە، ئەرکی ھەر کەسێکی ئازادیخواز و سەربەخۆ و ڕۆشنبیر، ھەر ئێستا و ئەم ڕۆژ گەڕانەوەیە بۆ ھەڵخڕاندنەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان: بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوە و پارتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و شاخ و گرد و دەشتەکان و سەرچاوە و سامانە سرووشتتییەکان، بزووتنەوەی بەدەستھێنانەوەی مووچەی تەواو و گونجاو لەتەک بژێوی ئەم سەردەمە، بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوەی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن، بزووتنەوەی دژی سەرکوتکاریی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەگەران، بزووتنەوەی دژی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی، بزووتنەوەی دژی ملھوڕیی بنەماڵەیی و پارتییایەتی و بزووتنەوەی دژی ڕەوتە شۆڤێنیست و ڕەیسیست و فاشیستەکان و ….تد

لە ھەموو بارێکدا، ئەگەر ھەرای ڕیفراندۆم بۆ (دەوڵەتاندۆم) بووبێت، یان بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵک وەک کارتی فشار بۆ سەر فەرمانداریی نێوەندیی و سەرلەنوێ بەشکردنەوەی کێکی سامانی کۆمەڵ و ڕەنجی خەڵک بووبێت، یان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەرکی ئازادیخوازان گەڕانەوەیە بۆ دەستپێکردنەوە و ھەڵخڕاندنەوە و گێڕانەوەی بزووتنەوە ناڕازییەکان و ناڕەزایەتییەکانی نێوان ساڵی ٢٠١٤ تاکو سەرەتای ٢٠١٧؛ ئەگەر دەوڵەت عیراقی بێت یان کوردستانی، ئیسلامی بێت یان سێکیولار، پاشایی بێت یان پارلەمانی، فەرمانداریی فیدراڵی بێت یان نێوەندیی و سەرتاسەریی، بنکە فراوان بێت یان تاک-پارتیی و جەنەڕاڵی و کۆمپانیایی، ھیچ لە ڕەوایی و دەستبەجێیی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی ئێمە ناگۆڕێت و ڕۆڵ و نەخشە و ئامانجی دەسەڵاتی سەروخەڵکیی و بەرانبەر جەماوەر دیارە و پێویستە خانەنشینان، کرێچییان، خوێندکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران، کرێکاران، جوتیاران، بێکاران، کۆچەر و پەنابەران لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە، کە سیناریۆی ڕێفراندۆمی تێدا ڕاگەیێندرا و بوو بەھۆی خەریککردنی خەڵک بە وەھمی “نەتەوە” و “دەوڵەتی نەتەوەیی” و دامرکانەوە و سڕکردن و لەبیرکردنەوەی ناڕەزایەتیی و داخوازییە دەستبەجێ و ڕاستینەکان.

بەڵام پێویستە ئەم جارە بە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی خۆمان و بە ڕەتکردنەوەی میانجیگەری ڕێکخراوە و سەندیکا زەردەکان و بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوەکان و بە ڕەتکردنەوەی نێوەندگەرایی ڕێکخستن و بە ڕەتکردنەوەی تاک ڕابەر و تاک سکرتێر و خانزادەیی (ئۆرۆستۆکراسیی) ڕێکخراوەیی و بە ڕەتکردنەوەی ھەر دەستتێوردان و بەگبەگێنەی پارتیی و دەستەبژێرە ڕامیارەکان؛ دەستپێکردنەوە بە پێکھێنانی ئەنجومەنە ئازاد و سەربەخۆکانی گەڕەکەکان و بەرپاکردنی کۆبوونەوە گشتییە* جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان لە گوندەکان و شارۆچکە و شارەکان و گرێدانەوەی فێدرالیستییانەی ھەموویان لە یەکگرتنێکی خۆجێی و بنکەیی (ناقووچکەیی) و نا نێوەندیی و دوور لە ھەژموون و دەستتێوەردانی بەکرێگیراوانی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەکان و دەستەبژێرەکان بە ئامانجی ڕۆنانی سیستەمی کانتۆنی و کۆنفێدرالیستیانەی ناوچەکانی ھەرێم (ھۆرامان و شارەزوور و شارباژێر و قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەولێر و بادینان و دەشتی موسڵ) لەسەر پایەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجوومەنە ئازادەکانی گوند و گەڕەکان و خۆبەڕێوەبەریی کارگە و فەرمانگە و فێرگە و خەستەخانە و نێوەندە گشتیی و خزمەتگوزارییەکان و بە پشتبەستن و پیادەکردنی دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ**] و پێھێنانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی کۆمەڵ.

ئەوە ئەرکی ئێمە بووە پێشتر و ئێستا و داھاتووش؛ ئەگەر ھەرێمی “کوردستان” وەک بەشێکی (دەوڵەتی عیراق) بمێنێتەوە، یان جیاببێتەوە و دەوڵەتێکی دیکە قوتبکاتەوە، یان وەک (ولایەتی موسڵ) بۆ سەر ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی بگەڕێتەوە، یان ببێتە بەشێک لە نەخشەی زیندووکردنەوەی (ئیمپراتۆری ساسانی) لەژێر پەردەی (شیعە)، یان ببێتە بەشێک لە (دەوڵەتی چوار پارچەی “کوردستان”)، ئەوا ئەرکی ھەردەمی و دەسبەجێ و دواکوتووی ئازادیخوازان ھەوڵدانە بۆ پێکھێنانی پایەکانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی و ڕۆنانی خۆبەڕێوەبەریی وەک ئەڵتەرناتیڤی پارلەمان و فەرمانداریی و دەوڵەت و سیستەمی ڕامیاریی و ڕەتکردنەوەی پارتییایەتی چ پێشڕەو و چ کۆنەپارێز، چ ئیسلامی و چ لیبڕاڵ، چ ناسیونالیست و چ کۆمونیست …تد، پێویستە ھەر ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆیەوە، ھەوڵی پێکھێنانی پایەکانی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ] بدات، کە ئەنجوومەنە ئازادەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و ناقووچکەیی و نانێوەندییەکانن و کۆبوونەوەی گشتی خەڵکی گەڕەک و شوێنی کار میکانیزمی بڕیاردان و ھەڵبژرادنی نوێنەرەکان [نەک جێگرەکان***] و دیاریکردنی ئەرکەکان و پەسەندکردنی ڕێکەوتننامە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەوانە و ھەر ئاوا بڕیاردان لەسەر گشت پرسە کۆمەڵایەتییکانی دیکەی کۆمەڵ.

ھەژێن
٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

———————————————-

* لەبارەی (کۆبوونەوە گشتییەکان)، ئەگەر لە سەدەی ڕابوردوو وێناکردن و بەکاربردنی (کۆبوونەوە گشتییەکان) بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی گەلیی، دژوار و تاکو ڕادەیەک ناکردەنی بووبێت، ئەوا ئێستا لە سایەی پەرەسەندنی (تەکنۆلۆجی زانیاریی) و دیگیتالیزەبوونی پەیوەندییەکان، ئاسانترین شتێک ئەنجامدانی (کۆبوونەوە گشتییەکان) و مشتومڕکردن و شرۆڤەکردن و بڕیاردان و ھەڵبژاردن و دیاریکردنی بەڕێوەبردنە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە دیگیتاڵەکان.

* بەداخەوە لەبەرئەوە زاڵبوونی کۆمەڵی دەوڵەتیی بەسەر کۆمەڵە ئازادەکان، پارلەمانتاریسم بە “دێمۆکراسی” ناسێنراوە و (دێمۆکراسی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی سەروەریی چینایەتی بەکاربراوە و لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵک ئاوا ئاوەژوو چەقێندراوە و ڕۆژانە چەپە دەسەڵاتخواز و نێوەندگەرا و دیکتاتۆریخوازەکان (لەڕێی سەروەریی چینایەتی) ئاوا دەیناسێنن و ئاوەژوویدەکەنەوە، من ناچارم ھەموو جار و لەنێو ھەموو بابەتێک لەتەک واژەی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) پاشگری [ڕاستەوخۆ] بنووسم، تاکو خوێنەری نائاشنا بەکاربردنەکەی من و مەبەستەکەی من بە پارلەمانخوازیی وەرنەگرێت و لێکنەداتەوە.

** دیسانەوە بەداخەوە، ھەر لەژێر کارایی بەکاربردنی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی سەروەرانە و چینایەتییانەی پارلەمان و پارلەمانتاریزم واژە|چەمکی (نوێنەر)یش کراوەتە دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی (جێگریی) ھەڵبژێردراوانی سیستەمی پارلەمانیی، کە ھیچ کات ئەوان (نوێنەر) نین، بەڵکو (ڕامیار) و (جێگر) و (ملھوڕ) و (مشەخۆر)ن. چونکە لەنێو سیستەمی پارتییایەتی و پارلەمانیی دەنگدەر پارتییەک یان لیستێک ھەڵدەبژێرێت و ئەگەر ڕاستەوخۆش کاندیدێکی پارتییەک یان ھەر ڕامیارێکی بەبێ پارتیی ھەڵبژێرێت، ئەوا تاکو تەواوبوونی خولی چەند ساڵەی ئەو لەنێو پارلەمان و بەڕێوەبەرایەتی، دەنگدەر ھیچ کاراییەکی لەسەر بڕیار و ئامانج و چالاکییەکانی ھەڵبژێردراوەکە|جێگرەکە نییە و نابێت و ھیچ کات کەسی ھەڵبژێردراو|پارلەمانتار|کارگێڕ|بەڕێوەبەر لە کاتی بڕیاردان و مشتومڕ و ھەڵوێستگیریی ناگەڕێتەوە بۆ سەر بۆچوون و داخوازیی دەنگدەران|ھەڵبژێرەرانی خۆی و پارتییەکەی.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، ھەڵبژێردراوی پارلەمانی (جێگیر)ە نەک (نوێنەر) و بۆ ئەو مەبەستە دەمێکە من ئامانجدارانە واژە و چەمکی (جێگر) بۆ پارلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی سیستەمی دەوڵەتی بەکاردەبەم، کە خۆبەخۆ ڕەتکردنەوەی مافی بڕیاردانی خەڵکە و واژە و چەمکی (نوێنەر) بۆ ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە ڕێکخستن ناقووچکەیی [ئاسۆیی] و نانێوەندییەکان بەکاردەبەم، چونکە ئەرکی (نوێنەر) بە بڕیاردانی ھەڵبژێرەران دەستپێدەکات و پاش تەواوبوونی ئەرکەکە، مافی قسەکردن و بڕیاردانی بەناوی ھەڵبژێرەرانی نامێنێت و جارێکی دیکە و بۆ بڕیار و پرسێکی دیکە دەگەرێتەوە بۆ بڕیاری خەڵکی لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان.




کۆڵەخەمی کۆڵبەران … ھەژێن

دایک: ھەستە ئارێز، درەنگە، فریای چوون بۆ فێرگە ناکەویت!

(ئارێز بە ھەر دوو دەستی توند چاوەکانی دەگرێت)
ئارێز: دایە ھێشتا شەوە، خەوم دێت

دایک: شەوی چی، ئەی ئەو بەدبەختە چی بڵێ؟

ئارێز : کام بەدبەخت، دایە ؟

دایک : ڕۆڵە گیان باوکی تۆ و ھاودەردانی.

ئارێز : دایە، بۆچی ھیچ بەیانییەک باوکم من لە خەو بەئاگاناھێنێت، من دەمێکە ئەو ئارەزووم ھەیە، زۆر جاریش ھەر بە درۆ خۆم دەکەم بە خەوتوو و خەواڵوو، دەڵێم بەڵکو دایە ناچاربێت و باوکم بنێرێت، دایە گیان، بابە لە خەو ھەستاوە؟

دایک: گیانی دایە، کاتێك ئێمە دەخەوین، باوکت خەریکی ئەم بەر و ئەو بەری سنوورە دەستکردەکان دەکات، کاتێك خەڵك بەرەو خوێندن و کار و فەرمان دەچێت، ئەو بەرەوماڵ جەستەی ماندووی لە دوای خۆی کۆڵکێشدەکات.

ئارێز : دایە لە وەڵامەکەت تێنەگەییشتم، چۆن کاتیك خەڵك دەخەوێت، بابە ئەم بەر و ئەو بەری سنوور دەکات، سنوور چییە؟

دایک : گیانی دایە، ھەستە، بەو قسانە من خەریکمەکە، درەنگە.

ئارێز: نا دایە گیان، ھەر بەڕاستی خوازیاری تێگەییشتنم، ئاخر قسەکانت جۆڕیکن.

دایک : باشە، ئەگەر ھەستیتەوە و بەخێرایی نان و شیرەکەت بخۆیت و خۆت بپۆشیت، منیش وردە وردە وەڵامی پرسیارەکانت دەدەمەوە؛ گیانی من، پاش چەند ساڵ و مانگ بێکاری و نائومیدی و نەبوونی و شەرمەزاری خاوەنخانوو، باوکت لە سنووری نێوان دەوڵەتی ئێران و عیراق کۆڵبەری دەکات، کۆڵبەری. لەبەرئەوە شەوان یان بەیانیان زوو دەچێت بۆ سەر سنوور و کاتێک دەگەڕێتەوە، تۆ ھێشتا لە فێرگە خەریکی فێربوونی.

ئارێز: ئم، دایە دەست خۆش، شیرە گەرمەکە زۆر خۆشە، دەست خۆش. باشە تکادەکەم، بە باوکم بڵێ ئەگەر ڕۆژێك نەچوو بۆ کار، بەیانی زوو بێت و من لە خەو ھەستێنێت و بمبات بۆ فێرگە.

دایک: باشە ئارێز گیان، تۆ نزابکە، ئەم ڕۆژیش باوکت بە بێوەی بگەرێتەوە، نزای منداڵ لەلای یەزدان پەسەندەکرێت و یەزدان دڵی منداڵان ناشکێڼێت.

ئارێز: باشە دایە گیان، ئەگەر ئاوا بێت، من ھەموو شەو پێش خەوتن و بەیانیان پێش چوون بۆ فێرگە لەلای یەزدان نزادەکەم، کە باوکم و ھاوکارەکانی بێوەی بگەرێنەوە لای منداڵ و دایکیان. دایە، من دەڕۆم. بە بابەت بڵێ زۆر بیریدەکەم، بیری قسە خۆشەکانی دەکەم.

دایک: ڕۆڵە گیان وەرە ماچێک بە دایکی خۆت بدە و ئینجا بڕۆ. ئاگات لە خۆت بێت، کاتی پەڕێنەوە لە کۆڵان و شەقامەکان، تەماشای لای چەپ و ڕاستی خۆت بکە.
(ئارێز بەدەم ڕۆیشتنەوە، بەردەوام لە یەزدان دەپاڕێتەوە، تکادەکەم ئاگات لە باوکم بێت)

( دایک: یەزدانی گەورە ئەگەر لە منی بەدبەخت گوێناگرێت، تکادەکەم ئەو منداڵە بێناز و نائومێد نەکەیت، تکایە)

کات دوانیوەڕۆیە، ئارێز لە فێرگە گەڕاوەتەوە، دایک ھەراسان و ترساوە، لەبەر ئارێز ترس و دڵەخورپەی خۆی بەھۆی ھێشتا نەگەڕانەوەی ھاوسەرەکەی، دەرناخات. چەند جاڕێك بۆ مۆبایلی ھاوسەرەکەی زەنگیداوە و وەڵامی نەبووە. لەپڕ زەنگی دەرگە ئارێز و دایکی ڕادەچڵەکێنێت و بەرەو دەرگە ڕادەکەن….

دایک : کاک ئازاد سڵاو. فەرموو چی بووە، ئەی باوکی ئارێز کوا، تۆ نەچوویت بۆ سەر سنوور؟

ئازاد : سڵاو خوشکێ. ئارێز گیان تۆ چۆنیت.. خوشکێ گیان، چی بڵێم، بەڵێ منیش چووبووم، بەڵام ..

دایک: بەڵام چی، چی بووە، ئای باوکەڕۆ، بەدبەخت خۆم، منداڵەکەشم وەك خۆم ھەتیوکەوت. ئاییییییییییییی

ئارێز: دایە گیان. مامە ئازاد چی بووە، دایکم بۆ دەگری؟

ئازاد : گیانی مامە، چی ېڵێم، یەزدان ماڵی ئەوانە وێرانبکات، کە ئێمە بەو کارە مەرگھێنەرە ناچاردەکەن، ئینجا ئەوانەی باوکە بەدبەختەکەی تۆ دەکوژن ..

ئارێز: چییییییییییی، مامە ئازاد باوکم کوا،بابەڕۆ .. بابە گیان، مامە ئازاد بڵێ، کێ باوکی منی کوشت؟

———————–

ھەژێن
٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

——————————————
* ھیوادارم ئەم چەپکە واژانە شاییستەی ئەوە بن، لەسەر گۆڕی کرێکارانی کۆڵبەر دابنرێن و دەربڕی یەک لەسەر ملیاردی خەم و خەون و تاسەی منداڵان و ژنانی ھاوسەری کرێکارانی کوژراو بن.

ئەم کورتە چیرۆکە، وەك ھەر پۆستێکی فەیسبووک کاردانەوەی ساتەکی دروونی منە بەرانبەر ڕوداوەکان.




ڕۆشنکردنەوە و وەڵامدانەوەی ناڕۆشنییەکانی خۆم … ھەژێن

بەرایی، خوێنەری ھێژا ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، ڕۆشنکردنەوەی چەند شتێکە، کە ھاوڕێ (زاھیر باھیر) لەنێو وەڵامەکەی خۆی [١] بۆ ڕەخنەکەی من[٢]، ئاراستەی منی کردوون و وروژاندوونی. ڕاستییەکەی من ڕۆشنکردنەوە و وەڵامێكم بۆ وەڵامەکەی ھاوڕێم لەنێو بیست (٢٠) لاپەڕە نووسی، بەڵام ئەم بەیانییە لە دوا چرکە و کاتی ناردنی، پاشگەزبوومەوە و بڕیارمدا لەنێو کەشکۆڵی خۆم بمێنێتەوە و لەجیاتی ئەوە ئەم چەند ڕۆشنکردنەوەیە بنووسم.
من لەنێو ڕەخنەکەی خۆم، لەسەر بنەمای تێگەییشتنی خۆم وەك خوێنەرێك لە بابەتەکەی نووسەر، حەفتا و حەوت (٧٧) پرسیارم ئاراستەی نووسینەکەی ئەو کردوون. بەداخەوە ھاوڕێی من، لەجیاتی ھەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان وەك ڕۆشنکردنەوەی بابەتەکەی خۆی، کەچی کۆمەڵێك تۆمەتی داونەتە پاڵ من و دەمی ڕەخنەی بە قوڕ گرتووە، بۆ نموونە:

” مەبەستەکەی تیادا فەرامۆشکراوە “، ” نە سەرنجی بەدیقەتی لە وتارەکەم داوە، نە وەکو سەرنجیش تێبینییەکانی خۆی دەربریوە ” ، ” هەندێك لە بڕگە و نوسینەکانی من شێوێنراون “، ” ئەمە شێواندنی نوسینەکەی منە .” ، ” هاوڕێ هەژێنن غەدرێکی یەکجار زۆرم لێدەکات چونکە ئەمە شێواندنی مەبەستەکە و نوسینەکەی منە ” ، ” هەموو کەس دەتوانێت شتێك لە وتاری کەسێکی دیکەدا دەربێنی و بە ئارەزوی خۆی بە لاڕێدا بیبات و بە خواستی خۆی قسەی لەسەر بکات” ، ” ئەمەی کە هاوڕێ هەژێن دەیڵێت هەڵگێڕانەوەی قسەکانی منە ” ، ” هەر لەبەر ئەوە دەڵیم کە بە دیقەت وتارەکەمی نەخوێندۆتەوە یا هەر دەوەن بەئشکردنە.” ، ” دەبوایە لە مەبەستی من باشتر بگەیشتایە و لەو پرسیار و برگەیە، خۆی بپارستایە.” ، ” لێرەدا واهەست دەکەم کە بۆ چەندینجارە ڕاو وتارەکەی من شێوێنراوە .” ، ” لێرەدا مەبەستەکەی من لەو پەڕەگرافە بەو لایەنەدا براوە کە تاکو خوێنەر خوێندنەوەی هەڵە بۆ نوسینەکەی من بکات، یا بەو بارەدا دەخرێتە دەمی خوێنەر .” ، ” نەك ئەوەی کە هاوڕێ هەژێن [ ناتوانم بڵێم هەڵیگێڕاوەتەوە] بەڵام دیقەوتی لەسەر نەداوە.” ، …..
ئایا باشتر و دروستتر نەبوو، کە ھاوڕێم (نووسەر) لە جیاتی بەکاربردنی ئەو دەستەواژە نادروستانە، ھەوڵیبدایە بنووسێت (ڕەخنەگر لە مەبەستەکەی من، یان، لە دەربڕینەکەی من، یان، لە داڕشتنەکەی من، ھەڵە|خراپ تێگەییشتووە، یان بینووسیایە، بەداخەوە لە مەبەستەی من تێنەگەیشتووە) ؛ ئەدی جیاوازی ئێمەی ئەناکیست-ھزر لەتەك ئەوانی دیکە چییە؟ ئەی کامەیە جیاوازی ڕەخنەگرتن و وەڵامدانەوەی ڕەخنە وەك ئەنارکیست-ھزرێك؟ مەگەر یەکێك لە جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان ئەنارکیست-ھزران و ئەوانی دیکە، ھەر ئەوە نییە، کە ھزر و بۆچوون لەجیاتی کەسایەتییەکان دەدوێن و بە مشتومڕدەکەن لە دوای وەڵامی دروستتر و ئەزموونگیری زیاتر و گونجاتر دەگەڕێن؟

بەداخەوە، لێرەدا ناچارم و ناچارم بە پێویستی دەزانم لەسەر (ئەو ھەمووە تۆمەتبارکردنە بە شێواندن و نەخوێندنەوە و بەلاڕێدابردن و ھەڵگێرانەوەی دەق)،ڕۆشنکردنەوەیەکی داتایی بۆ خوێنەر و ھاوڕێ زاھیر بدەم. نووسینەکەی (ھاوڕێ زاھیر: ” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن؟ ” ) ھەزار و شەست سەد و شەست و چوار (١٦٦٤) وشە بوو، من لەنێو ڕەخنەکەی خۆم (بەڵێ کرێکاران شۆڕشگێڕترن*)، وەك نموونەوەرگرتن لە بۆچوونەکانی نووسەر، لەنێو نووسینەکەی ئەو، ھەزار و سەد و پەنجا و ھەشت (١١٥٨) وشەم گواستنەوە، تاکو ھەم ئاسانکاریی بۆ خوینەر و ھەم ویژدانی خۆم ئاسوودە بکەم و ھەم دڵی ھاوڕێکەم نەڕەنجێت و ھەم من بە “شێوێنەر” تۆمەتبارنەکات و ھەم ئەرکی خۆم وەك ڕەخنەگر بە دروستی و دەستپاکی ئەنجامدابێت.
بە پێچەوانەی تێگەییشتنی نادروستی ھاوڕێـم [نووسەر] لە ڕەخنە و ئەرکی ڕەخنە و ھاندەری من بۆ نووسینی ڕەخنەکەم، کە پێش ھەموو شت فریاکەوتنی خودی نووسەر و ئینجا بزووتنەوەی تازە دەرکەوتووی ئەنارکیستی لەنێو کۆمەڵی ھەرێم بوو [کە نووسەر، ناپێویست و ناپەیوەست و نابەجێ و لە خۆڕا پێناسەی ھزری ئەنارکیزم بەبێ ھۆ دەئاخێنێتە نێو بۆچوونەکانی خۆی]،ئەگینا لەم بارە ناتەندروستەی شان و مەچەك و پەنجەکانی خۆم، ھیچ شتێکی دیکە نەبوو شاییستەی ئەوە بێت و نەیدەتوانی من بۆ ئەنجامدانی ئاوا ئەرکێك ھانبدات. بەڵێ بەپێچەوانەی تێگەییشتنی نووسەر لە ئامانجی ڕەخنەکەی من، من ھەوڵمداوە ناڕۆشنییەکان و لاوازی بەڵگەکانی نووسەر و نادروستیی تێگەییشتنەکانی ئەو لە ڕۆڵی مێژوویی چینێکی سەرەکی کۆمەڵی سەرمایەداری [چینی کرێکار] و نەدیتنی ھۆکاری تێکشکانی بزووتنەوەکانی ئەو چینە و لەبەرچاونەگرتنی بارە خۆیییەکانی بزووتنەوەکە و بارە بابەتییەکانی کۆمەڵ و ھەر ئاوا خوێندنەوە و تێڕامانی نامێژووییانە و نالۆجیکیانەی نووسەر بۆ باردۆخەکان و پێگە و ڕۆڵی چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان، بە شێوەی پرسیار نەك ئامۆژگاری و چەپ و ڕاست دیاریکردن، نیشانبدەم؛ چونکە ڕێگەنیشاندان و ڕاستکردنەوە و ئامۆژگاری ئەرکی ڕەخنە و ڕەخنەگر نین.

بە بۆچوونی من، ڕەخنە واتە خوێندنەوەی قووڵ و وردی دەق یان سەرنجدانی بیرکردنەوە و بۆچوون و تێگەییشنێك، دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ناڕۆشنییەکان، ئاراستەکردنی پرسیار، تاکو نووسەر وەك خوێنەرێك نووسینەکەی خۆی ببینێت و گۆشە تاریکەکانی بۆچوون و بیرکردنەوەی خۆی ببینێت. لەسەر ئەو بنەمایە ڕەخنە دەبێتە تەواوکەری دەق و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی و کۆمەکێکی گەورە بۆ نووسەر. بێجگە لەوە، سێ دەھە دەبێت، کە گوتوومە و ئەو بنەمایە پەیڕەودەکەم، کە ھزر و ژیان و بوون بەبێ ڕەخنە، بۆگەن دەبن و دەبنە زۆنگاوێك بۆ کوشتنی ژیان و ھزر و بوون. ھەر ئاوا حەڤدە ساڵ دەبێت، کە گوتوومە ڕەخنەیەك وێرانگەر نەبێت، ناتوانێت ڕۆنەربێت؛ وێرانگەری کەسایەتی نووسەر نا، بەڵکو وێڕانگەری بۆچوونە ناڕۆشنەکان و نادروستەکان. ئینجا دەڵێم، ئەگەر نووسینێك شاییستەی سەرنجدان نەبێت، ھیچ کات ڕەخنەگر کاتی خۆی بۆ ڕەخنەگرتن لە نووسینەکان تەرخانناکات و بەفێڕۆنادات. لەسەر ئەو بنەمایە دەبوو، ڕەخنەکەی من لە نووسینەکەی ھاوڕێ زاھیر، زیاتر ئەوی دڵخۆش بکردایە و بە ھێرش و پەلاماری کەسیی نەچوواندایە و ڕەخنەی وەك خۆی بخوێندایەتەوە، نەك تووڕەبوون لە ڕەخنە و نووسینی بابەتێکی دیکە بەناوی “جیاوازی نێوانی ڕەخنە و سەرنج لە دیدی منەوە” [٣]، کە ڕەخنەکەی من و سەرنجەکانی پێشووتری من لەسەر”ئای چۆن ڕاستییهکان دهشوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چهواشهمان بکهن. “[٤]، ” ڤێنزویەلا و دوو تێبینی” [٥] کە سەرنج و ڕەخنەی من بوون لە سیستەمی دیکتاتۆریی کوبا و “کاسترۆییزم” و فێنزەویلا و “چاڤێییزم” و بوون بە ھۆکاری نووسینەکەی ھاوڕێ زاھیر بۆ ڕسواکردنی ڕەخنە[٣]. من زۆر بەداخەوەم، کە نزیکترین ھاوڕێ و ھاوبیرم ئاوا ڕەخنەی من لە یەک بۆچوون یان چەند بۆچوونێکی خۆی،بە ڕەتکردنەوەی گشتێتی بیرکردنەوەی خۆی و ھەر ئاوا لێدان لە کەسایەتی خۆی دەخوێنێتەوە.

ھاوڕێ زاھیر لەنێو وەڵامەکەی نووسیویەتی ” … هەر ئەمەش هۆکار بووە بەوەی کە هاوڕێ زیاتر ڕەخنەیەکی ئەکادیمیانە نەك واقیعانە و مەیدانانە لە وتارەکەی من بگرێت. ”
من نازانم، ئایا ڕەخنەکەی من “ئەکادێمسیتییە” یان نا. بەڵام لەو ھۆکارە تێنەگەییشتم، کە بۆچی “ڕەخنەی ئەکادێمیستی ناکەتواری و نامەیدانی”یە و “مەیدانی” و “نامەیدانی” ڕەخنە چییە؟ ئەی ئەگەر ئێمە بتوانین ڕەخنەی ئەکادێمیستی بنووسین، خراپی چییە؟ بۆچی ڕەخنەی ئەکادێمیستی ناکەتوارییە؟
” هەرگیز هەستم نەکردووە کە من و ئەو سەبارەت بە ڕۆلی کرێکاران ، ناڵێم پێناسەی کرێکاران ، هیچ ناکۆکییەکمان هەبووبێت، هەمیشەش شؤخیمان بە پیرۆزکردنی کرێکار کردووە …… نەك هەر ئەوە بەڵکو ڕۆڵی تاکەکانی کۆمەڵیش بە گشتی ….. لە ڕاستیداس من ئێستا نازانم بۆچی هاوڕێ، کرێکارانی لابۆتە شؤڕشگێڕ!! ئەمە بۆ من ئەوەندە نوێیە، کە لە مانگێک کەمترە. ”

ئەوە زۆر ڕاستە و بەدڵنیاییەوە ئێشتاش و تاکو دەمرم، ھەر بە گاڵتە و تەنز لەبارەی ئەو ڕۆڵەی کە “پارتییە پێشڕەوەکان” بە کرێکارانی دەدەن، دەدوێم و دەنووسم. چونکە ناکرێت “کرێکار بگۆڕ و گۆڕھەڵکەنی سیستەمی چینایەتی بێت” و ھاوکاتیش “پێویستی بە “پارتیی پێشڕەو” و “پێشڕەویی کەسانی دەرەوەی خۆی” ھەبێت. بێجگە لەوە، من ھیچ بە نیگەتیڤی گاڵتەم بە ڕۆڵی کرێکاران نەکردووە، چونکە ھەر زوو ڕۆژگار خۆمی کردە کرێکار و مۆری کرێکاربوونی|کرێگرتەبوونی تاکو مردن لەنێوچەوانی من داوە. لەبەرئەوە ھەر ئاوا بە ئاسانی ناتوانم گاڵتە بە ڕۆڵی خۆم وەك کرێکار بکەم، چونکە بە بۆچوونی من، ڕۆڵی کرێکاری ھوشیار بنکۆڵکردنی کۆمەڵ و سیستەمی چینایەتییە، نەك ئەوەی پارتییە چەپەکان وێنایدەکەن و ئاماژەیدەدەن.

بەپێچەوانەی گومانەکەی نووسەر، لەوە دەچێت ئەوە بۆچوونی خودی نووسەر بێت، کە لە ماوەی ئەو مانگە “ڕامیاریی” [٦] بووبێتەوە و گۆڕانی خۆی نەبینێت و تەنیا بە ڕەخنەی بەرانبەر ھەستەوەر بێت. من دەمێکە گۆڕان لە کۆی بۆچوونی نووسەر دەبینم، بەڵام وەك ئێستا خۆی زەق نیشاننەداوە و ئەوە یەکەم جارە، کە “ڕامیاریکردنی داخوازییەکان” دەکاتە پێشمەرجی “شۆڕشگێڕبوون”. ئەگەر نووسەر بگەڕێتەوە، سەر نووسینێکی پێشووتری خۆی “جیاوازی نێوانی گروپهفشارییهکان و گروپهلۆکاڵییهڕادیکالهسهربهخۆییهئاسۆییهکان”[٧]، ” کۆمه‌ڵه‌ خێرخوازییه‌کان یه‌کێکن له‌و ده‌زگایانه‌ی که‌ کۆمه‌كی ئه‌م سیسته‌مه‌ ده‌که‌ن و به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ن و به‌هێزی ده‌که‌ن “”[٨]. لەوێدا “ڕامیارییبوون” پێشنیار و پێشمەرجی شۆڕشگێڕبوونی گروپە خۆجییەکان نەبوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە “ڕامیاری” بەشێك بوو لە ھەوڵەکانی سیستەمەکە لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە.
پێویستە ئەوەش بڵێم، کە گۆڕانی بۆچوونی ھەر یەك لەئێمە ئاساییترین ڕوداوە، چونکە ئێمە دوو کەسین، دوو گەردوونی جیاوازین**، ئەگەر ھەر کەس چاوەڕوانی نەگۆڕانی بیرکردنەوە و بۆچوونی کەسێکی دیکەی ھەبێت، بەدڵنیاییەوە لەنێو جیھانی ئایینگەرایی چەقیوە. ئاساییترین شت گۆڕانە، بەڵام نائاسایی ھەراسانبوون بە ڕەخنە و لێکدانەوەی ڕەخنەیە بە ھێرش و شکاندنی کەسایەتی؛ ھەر ئەو ھۆکارەشە دەبێتە ھۆی نەدیتنی گۆڕانی خۆ و خراپ لێکدانەوەی گۆڕانی بەرانبەر.

من کاتێك گۆڕانی ھەڵوێست یان بەرخورد، یان بۆچوونی بەرانبەر بەرانبەر بە خۆم یان ھەر شتێکی دیکە دەبینم، پێش ھەموو شت لەنێو گوفتار و ڕەفتار و ئەتوار و بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی خۆم بۆ ھۆکارەکان دەگەڕێم، ئەگەر گەڕانەکەم سەرەنجامێکی نەبوو، ئینجا وردبینی|گەردبینی گومانکردن دەخەمە سەر بەرانبەر و لە سێیەمین ھەنگاو پرسیار ئاراستەدەکەم؛ ئەرێ بۆچی ئاوا بۆ دواوە گۆڕاوی؟
لێرەدا مەبەستم ھاوڕێ زاھیر و ھیچ کەسێکی دیکە نییە، تەنیا ڕۆشنکردنەوەی بنەماکانی بەرخورد و خوێندنەوە و بڕیاردانی خۆمە. بێجگە لەوە، ئەگەر ئێمە نەگۆڕێین و نەگۆڕابین، کەواتە گرفتێك ھەیە و پێویستە لەسەری کاربکەین و بەخۆمان بچینەوە، مەبەستم گۆڕانی پۆزەتیڤە؛ ڕۆشنتربوون و بنچینەیی-بوونەوەی ئازادیخوازیی. بۆ نموونە، کاتێك کە ئێمە پاش چەند دەھە لە پاگەندەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و دادپەروەیخوازی ھەمان گوفتار و ڕەفتار و ئەتواری پێش ئەو پاگەندانەمان بەرانبەر ئێتنییەکان، ژنان، منداڵان، ژینگە، ئاژەڵان، پەیوەندی، گفتوگۆ، نەیاران و …تد ھەبێت، ئایا پێویست نییە، کە لە خۆمان بپرسین؛ ئەڕێ گۆڕانەکانی ئێمە کامانە بوون و کامانەن؟ دیسانەوە، تکادەکەم ھیچ کەس ئەم دێرانە نەکێشێتە سەر خۆی، تەنیا مەبەستم بنەما گشتییەکانی گۆڕان و ئازادیخوازین بە گوێڕەی تێڕوانین و پێگەییشتنی من.

” ئەوەیە کەمن دەڵێم کرێکاران لەم وڵاتانەدا ژیانی خۆیان لەسەر ژیانی کرێکاران و چەوساوانی دیکەی دوونیا بنیاتنراوە و دەنرێت. من و هاوڕێ هەژێن پێشتر قسەمان لەسەر ئەمانە بە درێژی کردووە و هەردووکیشمان هاواڕا بوین . ”
بەڵێ ئێمە زۆر لەو بارانەوە قسەمانکردووە و دەتوانم بڵێم کەم پرس ھەیە ئێمە وەك دوو دۆستی کۆمەڵایەتی و وەك دوو ھاوبیر لە بارەی ئەوان قسەمانەکردبێت، بەڵام مەرج نییە جیاوازیمان نەبێت. من ھیچ کات بەو دەربڕینە لە دەمی ھاوڕێی خۆم نەمبیستووە، کە ناسیونال-سۆشیالیستانە بیربکاتەوە. بەڵێ من گوتوومە و دەڵێم، کە دەوڵەتانی ئەوروپا ھەر ئاوا پیڼج سەدە (١٤٩٢- ٢٠١٧) وڵاتانی داگیرکراو و پاشکۆیان وەك سەرچاوەی کەرەستەی خاو و کۆیلە و کاری ھەرزان و ئاودیوکردنی گرفتەکانی خۆیان بەکاربردوون، ھەر ئاوا لە پاش یەك-جەمسەربوونەوەی بازار، بە کاڵای بەنگلادیش و پاکستان و ھیندوستان و چاینا و …تد بۆ کەمدەرامەتانی ژێردەستی خۆیان شۆپی (یەك یۆرۆ)ییان بەڕێخستووە. بەڵام ئەوە کرێکارانی ئەوروپا نین، کە لەسەر ژیان و ھێزی کاری تاڵانبراوی کرێکارانی ئەمەریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریکا مشەخۆرانە دەژین، بەڵکو ئەوە سەرمایەداران و دەوڵەتانن. زۆر بەداخەوەم کە ھاوڕێ زاھیر بەخشکەیی بۆچوونی ناسیونال-سۆشیالیستەکان لەسەری زاڵبووە. خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر بابەتە فەیسبووکییەکانی من لەو بارەوە، بەتایبەت کرێکارانی بەرگدووری بەنگلادیش و بازرگانی پرچ-فرۆشی و منداڵسازی بە ژنان لە ھیندوستان و کۆیلەتی منداڵان و ژنانی چاینا لە بواری کاڵا پلاستیکی و یاری و ئامرازە دیگیتاڵەکان و ژنانی مەغریبی لە بواری گوڵچنی و ھەر ئاوا بواری ئامادەسازیی خواردنی دەریایی. زۆر بەداخەوە بە پێچەوانەی تێگەییشتنی لنگاوقووچی ھاوڕێ زاھیر و چاوەڕوانی من و تێکۆشانی چالاکانی وڵاتانی ئەوروپا، بایکۆتکردنی کڕینی شمەکی بازارە ھەرزانفرۆشەکانی وەك (پڕای مارکێت) لەلایەن ئازادیخوازانی ئەوروپا، دەبێتە ھۆی نائومێدی و ترسی لەدەستدانی کاری ملیۆنان ژنی بەرگدووری بەنگلادیشی و پیاوانی ڕەنگڕێژی ھیندوستان و منداڵانی پاکستان و چاینا. من لە بێدەنگی و بێھەڵوێستی خەڵکی وڵاتانی ئەوروپی ڕەخنەمگرتووە، بەڵام ھیچ کات چین وتوێژە پڕۆلیتێرییەکانی ئەوروپا بە مشەخۆری سەر ڕەنجی کرێکارانی ئەو وڵاتانە نازانم و نەزانیوە و ناونەبردووە. چونکە مشەخۆری یان ژییان لەسەر کار و ژییانی کەسانی دیکە، واتە بەکرێگرتن و خۆشگوزەرانی لەسەر زێدەبایی بەھای کاری ئەوان. دەتوانم بە بەڵگەی نووسینەکانم و گەواھی ھاوڕێیانی سەردەمی (کۆڕەک ١٩٨٢-١٩٨٨) و ( “کۆمونیزمی کرێکاری”١٩٨٨-١٩٩٣) و کۆمونیزمی شورایی (١٩٩٣-٢٠٠٠) چ بە نووسین و چ بە گفتوگۆ من ھەردەم دژی ئاوا بیرکردنەوەیەك بووم و دەبم، چونکە بیرکردنەوەیەکی ناسیونال-سۆشیالیستانەیە و لەتەك پێشینە و ئێستای بۆچوونەکانی من و بۆچوونە ئەنارکیستییەکان ناگونچێت و نەگونجاو و دژی بنەمای بیرکردنەوە و جیھانبینی ئەنارکیستەکان دەوەستێتەوە و زیاتر لەتەك بۆچوونی چەپە (مائۆتسە تۆنگ)ی و (چێ گوارا)یی و (کاسترۆ)یی و (چاڤێز)ی دەگونجێت.
من نازانم چ ستەمێکم لەو ھاوڕێیەی خۆم کردووە، ھەستناکەم. چونکە من لە سەراپای ڕەخنەکەم بۆچوونی خۆمم دەرنەبڕیوە، تەنیا شتێك کە ئەنجامداوە، ئاراستەکردنی پرسیار بووە؛ حەفتا و حەوت پرسیار (٧٧) و نووسینی کۆمەڵێك (فیدبەیک)، وەك خوێنەرێك و زۆربەی جار نوسیوومە، من وەك خوێنەرێك ئاوا تێدەگەم، ئایا مەبەستی نووسەر ئەوەیە… . ئایا پرسیارکردن ستەمکردنە؛ ئایا پرسیارکردن لە نووسەر بۆ ئەوەی دڵنیابیت، کە بە دروستی لە مەبەستەکەی ئەو تێگەییشتوویت، ستەمکردن و شێواندنی مەبەستی نووسەرە؟

زۆر بەداخەوە، ھاوڕێ زاھیر لە جیاتی وەڵامدانەوە پرسیارەکانی من، وەك ڕۆشنکردنەوەی ناڕۆشنییەکانی خۆی، منی بە شێواندنی مەبەستەکەی خۆی ناوبردووە و ھەر ئەو ھەستەش بووە بە ھۆی ھەستکردن بە گۆڕانی یەك مانگەی من و ستەمکاریی من بەرانبەر بە خۆی. لە بارێکدا ئەگەر ئەو بینووسیایە “دارا دوو داری دی” و من دەستەواژەکەی ئەوەم گۆڕیبێت بە “دوو دار دارایان دی”، یان بۆ تەنیا جارێكیش گوتبێتم، تۆ ئاوات گوتووە، ئەوا ئەو بێچەندوچوون مافی خۆیەتی، من بە شێوێنەری مەبەست و نووسینەکەی خۆ تۆمەتباربکات و ئینجا بە ستەمکەریش من وێنابکات. بەڵام من بیست دانە نموونەگیریم لە نووسینەکەی ئەو ھێناون و تەنیا لەسەر ئەوانە پرسیارمکردووە و (فیدبەیک)ی خۆمم وەك خوێنەر نووسیوە. ئەوەش بڵێم، کە ئەو بیست نموونەیە زیاتر لە ٨٥% نووسینەکەی ئەو پێکدەھێنن، ئیدی نازانم لەسەر چ بنەمایەك دەڵێت، من بابەتەکەی ئەوم بە وردی نەخوێندووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدا ئەو دەزانێت و من دەناسێت، کە شوێنی کۆما لێکدەدەمەوە و لەسەر خاڵبەندییەکانیش دەنووسم، بەڵام لەبەرئەوەی کە نەمویست، بۆ جارێکیش خۆم لە ئاوا پرسێك نەدا، ئەگینا خوێنەر دەزانێت، ئەوەی ئەو ناڕۆشنیانەی دروستکردوون، خراپ خوێندنەوەی من و شێواندنی من و ستەمکاریی من نین، بەڵکو ناڕۆشنی و تێکەڵ و پێکەڵیی دەستەواژەکانی نووسەرن، کە خوێنەر لەتەك پرسیار ڕووبەڕوودەکات. ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە، من توانای تێگەییشنی نووسینەکەی نووسەرم نەبێت، ئەگینا ھەرگیز کاتی خۆمم بۆ نووسینی ئەو دوازدە لاپەڕە پرسیار و (فیدبەیک)ـە تەرخاننەدەکرد، کە لەسەر بنەمای وەڵامەکەی نووسەر دەتوانم بڵێم ، ھەمووی بە فێڕۆچووە، چونکە من ئەو ئامانجەم نەپێکاوە، کە سەرنجڕاکێشانی نووسەر بوو بۆ ناڕۆشنیی بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی خۆی.

دواشت، ئەم بابەتە لەوە زیاتر نووسین ناخوازێت و بەردەوامبوونی لەنێوان من و نووسەر دەېێتە دووبارەکردنەوەی گوتراوەکان و سوێندخواردن و سەلماندنی ئەوەی من چیم گوتووە و تۆ چۆن تێگەییشتوویت، ئەوەش نووسەر و ڕەخنەگر دەخانە سوڕانەوە و یەکدی ڕاوکردن وەك (تۆم و جێری) لەنێو بازنەیەکی بۆش. بێجگە لەوە من و نووسەر ھەم ھاوزمانی یەکدین و ھەم ھاوبیری یەکدین. بڕواناکەم گوتەکانمان پێویستی بە لێکدانەوەی جیاواز و شارەزایی (نھج البلاغة) ھەبێت. خوێنەر بەخۆی توانای تێگەییشتن و بەراوردکردنی گوتەکانی من و نووسەری ھەیە و خوێنەرانی ھەر دووی ئێمە کوردی-زمانن. ئامانجی من لەم وەڵامدانەوەیە، ھەوڵدان بۆ سەلمانی کێ ڕاستدەکات و کێ نا، نییە، بەڵکو ڕۆشنکردنەوەی ئەوەیە، کە ھەموو ئەو دەستەواژانەی کە وەك نموونەگیرمکردوون، لەنێو نووسینەکەی نووسەر دەرھێنراون و لێکدانەوەم ھەر لەسەر ئەو بەشانە بووە و تێگەیشتنی خۆمم وەك خوێنەرێك نیشانداوە و لەو شوێنانەی کە بەھۆی خراپی داڕشتنی ڕێزمانی و ڕێنووس، لە مەبەستی نووسەر دڵنیانەبووم، وەك (فیدبەیک) لەنێو نیشانەی فیدبەیک ‘…’ ڕیزمکردوون، تاکو نووسەر بڵێت، ئایا مەبەستی چی بووە. بۆ نموونە ئەم ڕستەیە ” دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم هزرە نەك ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەك نێو کتێبەکان . ” ، کە نووسەر لەنێو وەڵامەکەی ئەوەی ڕۆشننەکردووەتەوە، چ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەوە ھەیە، کە ٥٠% مەبەستی ڕەخنەکەی من بوو، چ کارەبوونی ئەو ڕستە بوو، لەنێو بابەتی سەلماندنی “شۆڕشگێڕنەبوونی چینی کرێکار “؟ ئایا ھیچ سەرچاوەیەکی ھزر و بۆچوونە ئەنارکییەکان لە شتێنەر’ی تاکگەرا تاکو کرۆپۆکین’ی کۆمونیستگەرا ھەیە، کە سەلمێنەری “ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار” بێت، تاکو ھاوڕێ زاھیر ئەو دەستەواژەیە بکاتە پاڵپشتی بۆچوونەکەی خۆی؟

ئینجا لەسەر ھەمان کێش و سەروای نووسەر، کە دەڵێت “تۆ من باش دەناسیت و نەدەبوو ئاوا نووسینەکەی من بخوێنیتەوە …”، منیش دەڵێم، ھاوڕێ گیان، بەداخەوە دەبوو تۆ دوا کەسی نێو ئەم گەردوونە بیت، کە بنووسیت ” ھەژێن بە وردی بابەتەکەی منی نەخوێندووەتەوە و مەبەستەکانی من شێوێنراون و ھەڵگێڕدراونەتەوە … “. چونکە پەیوەندی ئێمە و متمانەی نێوان ئێمە و ئامادەیی من و دەستگیرۆیی من لە پشت تەواوی نووسین و وەرگێڕانەکانی ٢٠٠٠-٢٠١٥ی تۆ، بۆ ئەوە بەسن، کە گومانی شێواندن و ھەڵگێرانەوەی بۆچوون و نووسینەکانی خۆت لە من نەکەیت. ئەوە لە کەیوە من و تۆ بووینەتە شێوێنەری بۆچوون و نووسینی یەکدی و چ ھۆکارێكە کە بووەتە دروستکەر و کنەدەری ئاوا گومانێکی وێڕانگەر. من ئێستاشی لەتەك بێت، لە کاتی وەڵامدانەوەی ئەم وەڵامەی تۆ، ھێشتا دۆستایەتی و ھاوڕێیەتی و متمانەی ھاوبیریی من و تۆ، بە من ڕێگەینەداوە گومانبکەم و ئەو نموونانەی کە تۆ لەنێو ڕەخنەکەی من وەرتگرتوون، لەتەك نووسینەکەی خۆم بەراوردبکەم، ھەڵبەتە من نەك تەنیا لەتەك تۆ، بەڵکو لەتەك دوکاندارێکیش کە باقی پارەکەم دەداتەوە و بۆ کاسپی و قازانج و بەدەستھێنانی پارەی زۆرتر دانیشتووە، ھەمان متمانەم ھەیە و دەبەخشم.

٨ی سێپتەمبەری ٢٠١٧*
—————————————————
[١] http://bit.ly/2xJnnUN
[٢] http://bit.ly/2gKi4g7
[٣] http://bit.ly/2wBwSFg
[٤] http://bit.ly/2xRCNpL
[٥] http://bit.ly/2eOMYa5
http://bit.ly/2vKYAOw
[٦] http://bit.ly/2xbmGWs
[٧] http://bit.ly/2f8k2Xz
[٨] http://bit.ly/2wNLqDz

* ڕۆژی ٤ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ وەڵامێکی بیست (٢٠) لاپەڕەیی وەك ڕۆشنکردنەوەی ھۆکاری پرسیارە ڕەخنەییەکانی خۆم و وەڵامەکەی ھاوڕێ زاھیر باھیر نووسی، ئەم بەیانییە، کە خەریکی ناردنی وەڵامەکەم بووم، بڕیاری خۆمم گۆڕی و ئەم کورتەیەم لە وەڵامەکە دەرھێنا و ئەوی دیکەم خستە ئەرشیڤ. چونکە ڕەخنە و وەڵامدانەوە کاتێك کەڵکی ھەیە، کە بەرانبەرەکەشت ڕەخنە بەو جۆرە بخوێنێتەوە، کە خودی ڕەخنە لەپێناوی سەریھەڵداوە.
** لە بواری پەیوەندی (کۆمیونیکەیشن) پێناسەیەك بۆ تاكەکەس ھەیە، کە دەڵێت “ھەموو تاکەکەسێك بۆ خۆی گەردوونێکی ئاڵۆزە”.




بەڵێ کرێکاران شۆڕشگێڕترن* … ھەژێن

خوێنەری ھێژا، ئەوەی لەنێو ئەم نووسینە دەیخوێننەوە، سەرنجدانی بابەتێکی ھاوڕێ (زاھیر باھیر) بەناوی ” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگڕێن؟” کە لەنێو (یانەی ئازادیخوازان )** بڵاوکراوەتەوە. ھیوادام ئاشنایەتی من و ئەو، بەرچاوی سەرنج و ڕەخنەم لێڵنەکات و جیاوازی بۆچوونیشم لەتەك ئەو، ڕاستییەکان لەبەرچاوی من ئاوەژوونەکاتەوە.
بە بۆچوونی من، ئەگەر ئەو پرسیارە بەو جۆرە ئاراستەبکەین و چینی کرێکار بە ئەبستراکتی وەربگرین، بەدڵنیاییەوە بەسەرەنجامێکی باش ناگەین. لەبەرئەوە من بۆ شیکردنەوەی چەمکەکان (کرێکار) و (پڕۆلیتاریا) لە واتا سۆرانی (کوردی)ییەکەوە دەستپێدەکەم و بۆ دووەمیش لەسەر واتای چەمکە لاتینییەکە دەوەستم.

کرێکار، واتە کەسێك کە لە بەرانبەر کرێیەك وزە، ھێز، ساتەکانی ژیانی دەفرۆشیێت، بە واتایەکی دیکە کەسێکی کرێگرتەیە. خۆبەخۆ کرێگرتەیی ئەو، کرێگریی کەسێکی دیکە، دارابوونی کەسێکی دیکە، دەسەڵاتداربوون*** و سەروەربوونی کەسێکی دیکە دەسەلمێنێت و ڕادەی داراییەکەی کرێگر، ڕادەی دەسەڵاتدارییەکەی ئەو لەنێو بازاری کرێگرتن دیاریدەکات. لەنێو کۆمەڵەكانی پێشتر، کە بەتایبەت پیشەسازی و تەکنۆلۆجی بوونیان نەبوو، چینە کرێگرتەکان شوانەکان، جوتیاران و خزمەتکاران چینی سەرەکی بوون. لەبەرئەوە ئەوی لە دەرەوەی ماڵان و کێڵکە و شوانی بە کرێگرتەیی کاری بکردایە، کرێکار بوو و مەبەستیش کاری ڕۆژانە بوو، بە پێچەوانەی کاری شوان و جوتیاران، کە وەرزانە بوو.

بە گوێرەی کات، چینی کرێکار لک و بەشی دیکەی بۆ زیادبوون و کرێکاربوون تەنیا لە وەستا و شاگردی تەلارسازی نەوەستا، کرێکارانی کارگە و کرێکارانی خزمەتگوزاری و …تد بۆ زیاد بوون. بەڵام گۆڕانی سیستەمەکان لە کرێگرتەیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەتایبەت چینی کرێکار ھیچی نەگۆڕی، بەڵکو زنجیرەکانی دەستی ئەوانی ئەستوورتر کردووە. چونکە پێداویستی مانەوەی سیستەمی دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە ئەوە دەخوازێت، کە کرێکاران لەبەر ھەستیاری پێگەی چینایەتییان لەنێو بەرھەمھێنان، زیاتر بەندبکات و جوڵە و وزەیان لەبەرببڕێت.
پڕۆلیتاریا/ پڕۆلیتاریات proletarius ***، بەگوێرەی واتا لاتینییەکەی واتە کەسانی نەدار و بێدەسەڵات، کەسانی کرێگرتە، زیاتر بە نەدار و بێدەسەڵاتە ناکۆیلەکان گوتراوە. ئەوەی دواتر پارتییە بەناو کۆمونیستەکان واتاسازییەکی ئایدیۆلۆجی بۆ پڕۆلیتاریا دەتاشن و واژە و چەمکەکە تەنیا بۆ کرێکارانی پیشەسازی بەکاریدەبەن، ئەوەیان ناتوانێت بنەما بێت بۆ لێکدانەوەی چەمکەکە و واتا بنەڕەتییەکەی.

بۆ ئەوەی بەکاربردنی ئەو دوو واژە لەنێو ئەم سەرنجانەی من بۆ خوێنەرێك کە بە بیرکردنەوەی من و دیتنی من ئاشنا نییە، ڕۆشنبن، بە پێویستتی دەزانم لێکدانەوە و بەکاربردنی خۆم دیاریبکەم. بە دیتنی من، پڕۆلیتاریا واتە تاکەکەسە نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتەکانی کۆمەڵ، ئەو پێناسە ھەموو کەس و چین و توێژێك دەگرێتەوە، کە لە بەرانبەر کرێی ڕۆژانە و ھەفتانە و مووچەی مانگانە کاردەکات و سەربەخۆیی خۆی لە کاتێکی دیاریکراودا دەخاتە ژێر ڕکێفی کەسە کرێگرەکە، ئیدی ئەو کەسە سەرمایەدارێك بێت یان ھێزی سەرووی کۆمەڵ وەك دەوڵەت، کەسە کرێگرتەکە یان مووچەی خانەنشینی و بیمەی بێکاری و بیمەی کەمئەندامی و کۆمەکی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت و سەرچاوەیەکی دیکەی داھاتی نییە و لەسەر دزینی ڕەنجی کەسانی دیکە ناژی و دەسەڵاتی نییە و ئەویش وەك کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە کرێگرتەکانی دیکە پابەند و ملکەچی یاساکانی سەروەریی چینایەتییە. کرێکار و پڕۆلیتێر تەنیا لەنێو کۆمەڵی چینایەتی واتادەبەخشن و بوونیان ھەیە، کاتێك کار لە چالاکییەکی زۆرە ملیێیانە و ناچارییانەی کرێگرتەییەوە دەگۆڕدرێت بە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی خۆبەخشانەی تاکە ئازادەکانی کۆمەڵی ناچینایەتی، ئیدی واتا و پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئێستای کرێکار و پڕۆلیتێریش نامێنێت.

بڕواناکەم تاکو ئێرە بۆچوونی من و نووسەر زۆر جیاواز بێت. ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشاوە، ھەندێك دەربڕین و سەرەنجامن، کە لەسەر بنەمای پاگەندەی چەوت و ئاوەژووی پارتییەکان و نووسەرانێك لەلای ئەو گەڵاڵە بوون و ھەر ئەوەش بووە بە ھۆی گەییشتن بە سەرەنجامێکی ھەڵە. بەرایی، پێش ئەوەی ھەر کەس لە شتێك بکۆڵێتەوە، پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت، ھیچ دوو کەس و ئەندامانی ھیچ خێزانێك و ئەندامانی ھیچ گروپێك و کرێکارانی ھیچ کێڵگە و کارگە و …تد ناتوانن وەك یەك شتەکان ببینن و وەك یەک بیربکەنەوە و وەک یەک ھوشیار بن و وەك یەك ھەموو دیوەکانی پرسێك ببینن. لەسەر ئەو بنەمایە چاوەڕوانی ئەوە ھەموو کرێکاران یان ھەموو کۆمەڵ وەك یەك ھوشیار بن و وەك یەک شۆڕشگێڕ بن و وەك یەك ڕەتکەرەوەی سیستەمی چینایەتی بن، نابەجێ و نادروستە و ھەر کەس پاگەندەی ئەوە بکات چینی کرێکار ١٠٠% یان ھەموو کرێکاران شۆڕشگێڕن، ئەوا خەریکی پەرجووکردن و جادووکردنە لە کرێکاران. چونکە ئەگەر تەنیا سەرنجی مانگرتنە کرێکارییەکان بدەین، ئەوا دەبینین، کە کرێکارانێکی ناھوشیار ئامادەن شوێنی کرێکارانی مانگرتوو بگرنەوە. ئەوە بۆ جوتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و خزمەتکاران و بێکاران و خانەنشینان و کەمئەندامانیش ھەر ئاوایە. ھەرگیز ئەو ڕۆژەش نایێت، کە ھەموو مرۆڤەکان وەك یەک بیربکەنەوە و وەك ھوشیار بن و وەك یەك شۆڕشگێڕ بن، تەنانەت لەنێو کۆمەڵی ناچینایەتیش. ھۆکاری ئەوەش زۆر ساکارە، ھوشیاری بەرەنجامی ئەزموونگیرییە و ئەزموونگیریش پرۆسێسێکی بەردەوامە. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، لەوانەیە تەنیا ئەوە بەسبێت، کە ئەگەر کۆمەڵێك کەس بەلای درەختێك، یان گۆمێك یان ڕوداوێك تێپەڕن، ھەموویان وەك یەک درەختەکە، گۆمەکە، دیوەکانی ڕوداوەکە نابینن، ھەر لەبەرئەوەش زانیاریی و ھوشیارییان لەبارەی درەخت و گۆم و ڕوداوەکە وەك یەک نابێت و گەییشتنی ھەمووان یان زۆرینەیان بە سەرەنجامێك وەک یەک نییە و ھاوکاتیش ئەستەم نییە، پرسی کات و شوێن و ئەزموونە، بەداخەوە سەرەڕای ئەوەش زۆرێك دەمرن و بە سەرەنجامەکە ناگەن.

بەڵام ئەگەر بڕیابێت ڕادەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆڕێکخستن و چالاکی و بەشداریکردنی چین و توێژەکان لەنێو ڕاپەڕینەکان و پاشکاراییەکانی ڕاپەڕینەکان بەراوردبکەین، ئەوا کرێکاران لە ھەموو چین و توێژەکانی دیکە شۆڕشگێڕترن، شۆڕشگێڕترن نەک لەبەرئەوەی کە مارکس ئاوای دیاریکردووە یان ئێمە خۆمان بە کرێکار دەزانین، نەخێر، لەبەرئەوەی کە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی لە ھەموو چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵی چینایەتی، بە قازانجی کرێکارانە، لەبەرئەوەی کە کرێکار بە گوێرەی ھەستیاری پێگەی لەنێو بەرھەمھێنان، ڕاگری چەرخی بەرھەمھێنان و سووڕانی کۆمەڵی چینایەتییە. لەو بارەوە نموونە زۆرن، من تەنیا مانگرتنی گشتی کرێکارانی شارەوانی تورکیە ساڵی ١٩٩٠ بە نموونە دەھێنمەوە، کە بۆگەنی شارەکانی تورکیە خەریکبوو وڵاتانی دەوروبەریش ھیڕبکات. بەڵام ھیچ کات مانگرتنی مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنیشنان، کەمئەندامان، بێکاران و …تد نابێتە ھۆی پەککەوتنی کۆمەڵ. ئەگەر یەک ڕۆژ مانگرتنی کرێکارانی سۆپەرمارکێتەکان و گواستنەوە لەبەرچاوبگرین، ئەو کات تێدەگەین، کە بۆچی کرێکار شۆڕشگێڕترینە ئەگەر ھوشیار بێت.
خوێنەری ھێژا، بۆ ئەوەی بەردەوام نەڵێم ئەو (ھاوڕێ زاھیر) ئاوا دەڵێت و من ئاوا دەڵێم و خوێنەر بە چەندبارەی ناپێویستی ئەو وشانە وەرسنەکەم، من خاڵ بە خاڵ بۆچوونەکانی ئەو لەنێو کەوانەی گێرانەوە و گواستنەوەی قسە و تێکست دادەنێم و لەژێر ھەر یەکەیان ڕاستەوخۆ بۆچوون لە بەرانبەر بۆچوونەکان دادەنێم.

” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن ؟ “

بەداخەوە پێشنیارکردن یان ئاراستەکردنی ئاوا پرسیارێك فرەتر چەکمەجەسازییە بۆ کۆمەڵێك مرۆڤ یان چین و توێژێك، چونکە ئەستەمە دوو مرۆڤی وەك یەک ھوشیار و ڕۆشنبیر و بە ئەزموون و ….تد پەیداببن، چ بگات بە چین و توێژێك. لەوانەیە ئەگەر پرسیارەکە ئاوا بووایە ‘ئایا ھەموو کرێکاران / ئایا ھەر کەس کرێکار بێت شۆڕشگێڕە؟ ‘، ئەوا نەدەچووە خانەی چەکمەجەسازی و گشتگیرکردن. بێجگە لەوەش ئاوا پرسیارێك یان بۆچوونێك کە “چینی کرێکار / کرێکاران شۆڕشگێڕ نین” دیو و کۆپییەکی دیکەی ئەو بۆچوونەیە، کە دەیگوت و دەڵێت “چینی جوتیار/ جوتیاران کۆنەپرست و ڕاڕا و وردەبۆرجوازین و شۆڕشگێڕ نین”. ئەگەر چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین، ئەدی چین؛ دژەشۆڕش، ھەلپەرست، ھاوبەرژەوەندی چەوسێنەرانی خۆیان و …تد ؟
من دەڵێم، بەڵێ، ھەر ئاوا ئەگەری شۆڕشگێڕبوونی چینە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی دیکە ھەیە، چینی کرێکار و کرێکارانیش شۆڕشگێڕن، بەڵام ھەموو کرێکارێك نا. چونکە لەنێو کرێکارانیش کەسانی سیخوڕ، دژەخوون، مان-شکێن، ھەلپەرست و ھەڵپەکەر و خۆشباوەڕ و ناھوشیار و کۆنەپەرست و …تد ھەن.

” وەڵامی ئەم پرسیارە لە وتارێکی ئاوا کورتدا ئاسان نییە، ڕەنگە چەند کتێبێکی بوێت بە تایبەت گەر بمانەوێت ئامارێکی زۆر و ڕۆڵی کرێکاران لە خەباتیانا و لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا ، بەرچاوبخەین .”
بە بۆچوونی من، وەڵامی ئەو پرسیارە بە چەند پەرەگرافێك دەدرێتەوە و زۆر ئاسانە، چونکە داڕشتنی چۆنیەتی دیتنی بکەر و بەرکارەکانە بەگوێرەی جیھانبینی و تێگەییشتنمان لە بوون و پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی کە پێویستی چەند پەڕتووکێك ھەبێت، مێژووی سەرھەڵدانی چینی کرێکار و ڕەوتی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکانی ئەو چینەیە لە تێکشکاندنی ئامێرەکانەوە بۆ مانگرتنی گشتی و کتوپڕ و دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان. بەڵێ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی ھەر گۆشەیەکی ئەم جیھانە بە تەنیا پێویستی بە دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە و پەرتووك ھەیە، بەڵام پێناسەی چینێکی نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتە، لە چەند دێڕ و پەڕەگرافێك زیاتر تێپەڕناکات.

“بە گوێرەی فەرهەنگی ئینگلیزی دانشگای کامبریج چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ، زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ، ڕاشکاوانە ئەوانەن کە کاری جەستەیی دەکەن……………چینی کرێکاران (”
ئەوەی گومان ھەڵناگرێت، ئەوەیە، کە ئەوە پێناسەی زانستگەی کامبریج’ە، بەڵام دەبوو (ھاوڕێ زاھیر) سەرنجی ناتەواویی ئەو پێناسەیەی بدایە، کە دەڵێت “چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ” … ئەگەر بەو پێناسەیە بێت، کەواتە بازرگانەکان و بکوژپیشەکانیش کرێکارن، چونکە پارە پەیدادەکەن؟ ئەگەر ” زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ” پێوەرێکی دیکەی کرێکاربوون بێت، کەواتە کرێکارانێك کە تەواوکردنی کارێك بە کۆنترات یان پارچە دەگرن، ناچنە خانەی چینی کرێکار؟ ئەگەر کاری جەستەیی و پارە پەیداکردن پێوەر بێت، کەواتە “بۆکسکار و زۆرانبازەکان”یش کرێکار دەبن، چونکە ھەم پارە پەیدادەکەن و ھەم کارەکەشیان ١٠٠% جەستەییە؟

بەبۆچوونی من، خودی ناوی ئەو چینە و ئەندامانەکانی؛ چینی کرێکار و کرێکاران، بە کوردی بۆ پێناسە و ناسینی ئەو چینە بەسە، کەسی کرێگرتە، کەسێك کە لە ماوەی کارکردن خاوەنی خۆی و کاڵایەك کە بەرھەمیدەھێنێت، نییە، لە بەرانبەر کرێ کاردەکات، بە کرێی کارەکەی دەژی، لە ماوەی کاردا سەربەستی دەرچوون و ئەنجامدانی چاکییە خۆخواستەکانی نییە، پابەندی ڕێکەوتنی کارە و سبەینێش دەبێت بگەڕێتەوە سەر کار، مافی پشتیوانی لە ھاوچینەکانی خۆی نییە و خاوەنی خۆی نییە و کرێگرتەی سەرمایەدارێك یان دەوڵەتێکە.
” زۆر ئاشکرایە ئەو دونیایەی کە مارکسی تیادا دەژیا یەکجار گۆڕاوە، هەر ئاواش خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی. ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.”
بەدڵنیاییەوە ھەموو شتێك دەگۆڕێت و ھیچ شتێك نییە، نەگۆڕ بمێنێتەوە. ئەوە تایبەتمەندیی سروستی ھەموو شتێكە، تەنانەت زمان و کولتوور و سیستەم و یاسا و تەنانەت کەسایەتی بۆجوازییەکیش. بەڵام گۆڕانی چینی کرێکار یان کرێکار، کامە گۆڕانە گۆڕانی پێگەی کۆمەڵایەتی، پێگەی ئابووریی، شوناسی کولتووریی؛ ئایا ھیچ لە پێگەی کرێگرتەیی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی و ھاوکات پێگەی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران گۆڕاوە؟ ئایا چینی کرێکار بووە بە سەرمایەدار و سەروەر و چینی سەرمایەدار و سەروەر بووە بە کرێکار؟ ئایا ئەو گۆڕانانە ھیچی لە ھاوکێشەی ڕێژەیی گرانبوونی کاڵا و زیادکردنی کرێ گۆڕێوە؟ ئایا لە ماوەی سەد و پەنجا ساڵی ڕابوردوو کرێکاران دەستبەرداری ناڕەزایەتی و داخوازی و مانگرتن بوون؟ ئیدی چی گۆڕاوە؟

بێجگە لەوە ئەوە تەنیا (کاڕڵ مارکس) نەبووە و نییە، کە کرێکاران بە چینێکی شۆڕشگێڕ دەزانێت، پێش ئەو و ھاوکاتی ئەو و پاش ئەویش کەسانی دیکە لەنێو ئەوانیش ئەنارکیستەکان لە پڕۆدۆن تاکو زۆر ئەنارکیستی ئەم ڕۆژانە ئەو بۆچوونەیان ھەبووە و ھەیە. بە بۆچوونی من دروستر بوو، ڕەخنە لە ئەوان بگیردرێت، ئینجا کارڵ مارکس … ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، لە بەشی یەکەمی ئەو دوو دێرە و بەشی دووەمی تێناگەم، ئەگەر ” خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی ” گۆڕاون، ئیدی چۆن ” ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.” ؟ چینی نێوەندی کامەیە؛ چین یان توێژ؟

” لە کاتێکدا کە زۆرینەی مارکسییەکان و سۆشیالیستەکان و هەندێکیش لە ئەنارکیستەکان باوەڕیان وایە کە پاڵپێوەنەری یاخود دینەمۆی بردنمان بەرەو کۆمەڵی سوشیالیستی ، کرێکارانە ،…….. زۆرێك لە ئێمە بڕوامان وایە کە زۆربەی زۆری کۆمەڵ کرێکارن. بەم پێوەدانەش کرێکاران ، خانەنشینکراوان ، بێکاران، ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن، یا تەنانەت قوتابیان و ئەو کەسانەشی کە پارەیەکی مشە وەردەگرن ، کە هەندێکمان بە چینی ناوەنجییان لە قەڵەم دەدەین، هەموو ئەمانە دەگرێتەوە . ”
ئەگەر کەسێك ھەبێت و ئاوا بیربکاتەوە، کە زۆری ھەژمار شۆڕشگێڕی کەسەکان و چینەکان دیاریدەکات، بەبێ گومان گرفتی بیرکردنەوە و دیتن و خاڵیبوونی پاشخانی زانیاریی ھەیە. وەک پێشتر گوتم ئەوە پێگەی ھەستیاری کرێکارانە لەنێو پڕۆسێسی بەرھەمھێنان، ئەو ئەرکە دەخاتە سەرشانی ئەوان، نەك ھەژرماری ئەوان.

بەڵام وێڕای ئەوە، با پێکەوە سەرنجی ئەو توێژە پڕۆلیتێرییانە بدەین، کە لە دەرەوەی چینی کرێکار ڕێزکراون؛ زۆرینەی خانەنشینەکان پێش خانەنشینی کێ بوون؟ زۆربەی بێکاران کێن و پێش بێکارکران کێ بوون؟ زۆربەی خوێندکاران لە کامە خێزانەوە دێن، ئایا پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ھەر خوێندکارێك، پێگە و توانایی ئابووریی ئەو دیاریناکات؟ ئایا باشتر نییە، بۆ ئەوەی کرێکار وەك بوونێکی ئەبستراکت و ڕۆبۆتێکی دابڕاو نەبینین، ھەموو دیوەکانی ژیان و بوونی ئەو بخوێنینەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان/خێزانییەکانی نێوان چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و توێژە کرێکارییەکان لەبەرچاوبگرین؟

” ئەگەر ئەو پێناسەیەی سەرەوە بۆ چینی کرێکاران وەرگرین ، دەگەینە ئەو سەرەنجامەی کە چیینی کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین، ئامانجەکانی هەر بەشێکیان لە ئێستادا جیاوازە و یەکگرتنیشیان لە ڕادەی مەحاڵدایە. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێك بێت کە هاوکاری و کۆمەك و هاریکاریی لە نێوانیاندا نابینین، هەر ئەمەشە کە تێشکان بەدوای تێشکانا، چارەنوسیانە.”
ئەوەی کە یەگرتوونەبوون و پەرشوبڵاوی و نەبوونی ھاوپشتی ھۆکاری ھەموو تێکشكانێکە، ھەمووان لەسەری ڕێکین، ھەم ئایینگەرا و ھەم بۆرجوا و ھەم کرێکار، ھەم مارکسیست و ھەم ئەنارکیست، ھەم پارتییەکان و ھەم دژە پارتییەکان. بەڵام من تێناگەم بۆچی ئەو پێناسەی سەرەوە، ھەرچەندە نادروستیشە، بۆ دەبێتە سەلمێنەری ئەوەی کە کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین؟ ئایا ھیچ چینێک تەنانەت بۆرجوازیش ھیچ کات یەکگرتوو بووە، تاکو کرێکاران یەکگرتوو بن؟ ئایا مامۆستایان، فەرمانبەران، جوتیاران، خانەنیشینان، خوێندکاران، دوکانداران، دەڵاڵان، سەربازان، سیخوڕان، …تد ھیچ کات یەکگرتوو بوون، تاکو کرێکاران بخەینە قەفەزی تاوانباری و ھەموو شکستەکانی مێژوو بخەینە ئەستۆی ئەوان؟ ئەی ڕۆڵی کەسە ناکرێکارەکان “خەڵك” لە ڕودانی ئەو شکستانە چییە؟

لەوانەیە نووسەر بڵێیت، من ئاوام نەگوتووە و مەبەستم ئەوە نییە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی بە منی خوێنەر دەگات و گەییشتووە، ھەر ئەوەیە. وەک دەزانین گرنگ نییە، ئێمە چۆن خۆمان لە ڕستەکانی خۆمان دەگەین، گرنگ ئەوەیە چۆن بە خوێنەر دەگات. ئینجا چ بگاتە خوێنەرێك کە تەنیا “وردەبۆرجوازبوون و دژمنبوونی ئەنارکیزم بۆ کرێکاران”ی بیستووە! تێگەییشتن لە ھۆکاری نەبوونی ھاوپشتی و یەکگرتوویی کرێکاران زۆر ئاسانە، لە وڵاتی ئاڵمانیا ھێشتا یاساکەی سەردەمی ھیتلەر، کە قەدەخەبوونی “مانگرتنی گشتی”یە سەروەرە، بەدڵنیاییەوە لە بریتانیا و ئەمەریکا ئەگەر لەوە خراپتر نەبێت، ئەوا باشتر نییە. ئایا ئەندامانی چین و توێژەکانی دیکە بەپێچەوانەی کرێکاران دەکەن و ئامادەن کار و مووچەکەیان لەپێناو پشتیوانی بەشەکەی دیکەیان لەدەستبدەن؛ ئایا من و تۆ کاتێك کە کارمان دەکرد، ئامادەبووین ئەوە بکەین؟
بە بۆچوونی من، ئەوە گرێکوێرەی پرسەکەیە و ھەر ئەوەشە خاڵی لاوازی چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان و ھۆکاری شکستخواردنی بزووتنەوەکان و سەروەران و سەرمایەدارانیش لەسەر ئەو بنەمایە یاسا پۆڵایینەکانی کار و “پیرۆزی” دارایی تایبەتیان داڕشتوون و ڕێگەچارەش سەرکۆنەکردنی چینی کرێکار نییە، لەسەر ئەوەی کە (کارڵ مارکس) ئەو چینەی بە شۆڕشگێڕ ناساندووە، بەڵکو گەڕان و دۆزینەوەی ئامرازی شکاندنی ئەو بازنە بۆشەیە، کە بزووتنەوەکە لەنێوی گیریخواردووە و بە بۆچوونی من ھۆکاری یەکگرتوونەبوونی کرێکاران پێناسەکەی چینەکەیان و گۆڕانی ڕواڵەتی توێژەکانی چینەکە نییە، بەڵکو سندانی پارتایەتیی و دەسەگەریی ئایدیۆلۆجییە، کە کرێکارانی زیاتر لە ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان پەرشوبڵاو و بێھێزکردووە.

” ئەگەر هەموان لەسەر ئەوەش یەکبگرینەوە کە چینە کرێکارە تەقلیدییەکە لەتەك کرێکارانی دووکانەکان و فرمانگاکان و بەشی خواردنەوە و خۆراك و کرێکارانی سەر کێڵگەکان ، کە بەمانە هەموویان دەوترێت کرێکار، هێشتا هەر ڕووبەڕووی گرفت دەبینەوە. ئەمانە بەشێکی کەمی کۆمەڵن هەر لەبەر ئەمەش گرانە کە باوەڕ بێنین لە ڕێگای ئەمانەوە کۆمەڵێکی ناچینایەتیمان بۆ دێتە بەرهەم . هەروەها بە هۆکاری جیاوازی هەلومەرجی کارکردنیان و ئەندامبوونی نقابەی جیاواز هاریکاریی و یەکێتی نێوانیان یەکجار سەخت دەبێت.”
پێش ئەوەی سەرنجی خۆم لەم بارەوە، بنووسم، ناڕۆشنییەکی زۆر لەنێو ئەو پەڕەگرافە ھەیە، بەتایبەت سەرەتا و کۆتایی. من ھەرگیز لەتەك ئەوە یەکناگرمەوە، کە کرێکاران کەمینەیەکی ناکار بن، ھەر ئاوا لە چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانی دیکە نایەکگرتووتر و بێدەنگتر و ملکەچتر نین. وەك پێشتر گوتم زۆرینەبوون نابێتە پێوەری کارابوون و شۆڕشگێڕبوون. لەوانەیە باشترین شت ئەوە بێت، نموونەی داڕوخانی ئابووریی ئەرژەنتین ١٩٩٩- ٢٠٠٣ کە خاوەن کارخانە و ھۆتێل و چاپخانە و … تد سەری خۆیان ھەڵگرت، ھاوکاتی بێکاربوون و نابڕاوی کرێکاران زۆربەی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بێکار و نانبڕاوبوون، خۆنیشاندانی ملیۆنی برسیان بە مەنجەڵ-کوتینەوە شەقامەکانی داگیرکرد. ئەی پاشکارایی و کاردانەوەکان چی بوون؟ ئایا بێجگە لە کرێکاران ھیچ توێژێکی دیکە شوێنی کاری خۆی داگیرکرد و کردی بە پڕۆژەیەکی سۆشیالیستی/کۆمەڵایەتی؟ ئایا بێجگە لە ڕێکخراوی بێکاران (کە نزیکەی ھەمووی کرێکارانی بێکارکراو بوون) ھیچ چین وتوێژێکی دیکە بەو جۆرە پەیگیرانە ھاوپشتیکرد و ئامادەی لەخۆبوردەیی بوو؟ دیسان با ئەم چەند ساڵەی یۆنان سەرنجبدەین، ئایا کرێکاران شۆڕشگێڕترین چین وتوێژی پڕۆلیتێری نین؟ ئەگەر کرێکاران مانگرتنی گشتی نەکەن، ھیچ چین و تویژێکی دیکەی نەدار و بێدەسەڵات دەستپێشخەریدەکات؟ با سەرنجێکی ھەرێمی “کوردستان”یش بدەین، کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو لەژێر باری دوو ئابڵۆقەی ئابووری دەیناڵاند، ئایا ھیچ چین و توێژێکی دیکەی نەدار و بێدەسەڵات ھێندەی کرێکاران ناڕەزایەتی دەربڕی و مانگرتنی کرد؟ لێرەدا لە وێناکردنی ڕۆڵی چین و توێژەکان لەو سەردەمەدا لادەدەم، چونکە بەجۆرێك سووکایەتیئامێز دەبێت، ھەڵبەتە نەک لەبەرئەوەی کە من سووکایەتی بە ئەوان دەکەم، بەڵکو لەبەرئەوەی کە ھەڵوێستی خۆشباوەڕانە و سوپاسگوزارانەی ئەوان خۆیان پڕ سووکایەتی بوو بەخۆیان ؛ “ئەنجامدانی ئەرکی نەتەوەیی”.

” پێشئەوەی کە زیاتر بڕۆم ، دەبێت پرسیاری ئەوەش بکەم ئەی شۆڕش چییە؟ ئایا چەند چاکسازییەکی سەرەکییە؟ تێکۆشانی چینایەتییە و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە بمانگوێزێتەوە بۆ ژێر دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا؟ بەزۆر هێنانە خوارەوەی حکومەتە و دانانی یاسای کۆمەڵایەتیی؟ یاخود گۆڕانکاریی و گواستنەوەی کۆمەڵە بۆ کۆمەڵێکی ناقوچکەیی و نا چینایەتی لە ڕێگای تێکۆشانی هەرە زۆرینەمان بێ گوێدانە پاشخانی کۆمەڵایەتیمان ؟”
ڕاستە پرسی شۆڕش لەتەك پرسی شۆڕشگێڕبوونی چین و توێژەکان پەیوەندی ھەیە. بەڵام لەناکاو خوێنەر تووشی دابڕان و بازدانێکی کتوپڕ دەبێت. بۆ من وەک خوێنەر نازانم پەیوەندی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” وەك دروشمی چەپ و وردەبۆرجوازی چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟ ئایا دەکرێت لەبەرئەوەی کە ئایینەکان بوونی مرۆڤ و ژیان لەسەر گۆی زەمین بۆ ویستی یەزدان و دەرکردنی مرۆڤ لە بەھەشت دەگێڕنەوە، ئیدی من ژیان ڕەتبکەمەوە و خۆکوژی بکەم؟
بەڕاستی ئەو پەڕەگرافە و پەراگرافی دواتریشی و ھیچ یەك لەو پرسیارانە پەیوەندیان بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار”ەوە نییە، ئەوەی ئێمە چۆن جیھان و دیاردە و ڕوداوەکانی دەبینین و لێکدەدەینەوە و چۆن ئایەندە وێنادەکەین، ھیچ پەیوەندی بە کرێکارانەوە نییە و ناکرێت کرێکاران لەسەر بۆچوونی کەسانی دەرەوەی خۆیان سزاواربکەین. بێجگە لەوەش بەتەنیا ناقووچکەیی/ ئاسۆییبوونی سیستەم و ڕێکخستن و پەیوەندی شوێنکار بۆ خۆی سەلمێنەری نەبوونی جیاوازی چینایەتی نییە. ھەر ئێستا مۆدیلێك لە بەڕێوەبردنی شوێنەکانی کار ھەیە، بە “پێکەوە کارکردن و ھیرارکی ئاسۆییی” ناسراوە و ڕۆژانە دەیان ڕیکلامی ئاوا دەخوێنمەوە. ھەر ئاوا ئەوەی خاوەن زەوییەك لە خۆرھەڵاتی ناوین لەتەك کرێکارەکانی/جوتیارەکانی نانەدرۆزنە دەخوات، ئایا بەڵگەی نەمانی پێگەی چینایەتییە؟ چۆن بەبێ گوێدانە پاشخانی چینایەتی بەشداری تێکۆشان دەبین، ھاندەرەکان چین، بێجگە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر پێگە و پاشخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیمان؟

” چینی کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕ نییە. بەڕای من هەرگیزیش شۆڕشگێڕ نەبوون. ئەگەر واتای شۆڕش گۆڕینی کۆمەڵی هەنووکەیی بێت بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی چینی کرێکاران نییەو هەرگیزیش نەبووە.”
بەداخەوە بڕیاری یەکلایەنەیە، نەك سەلماندن و تیئۆریزەی سەلمێندراوەکان و ئەزموونەکان. ئەگەر کرێکاران شۆڕشگێڕ نەبوون، دەکرێت بزانین، بۆچی دوژمنانی نێو بەرەکانی جەنگی نێوان پروس و ناپۆلیۆن بۆ سەرکوتکردنی کۆمونەی پاریس یەکدەگرن، یان جەنگەکەیان ڕادەگرن؟ بۆچی کاتێك لە درێژەی مانگرتنی ژنە کرێکارانی ڕستن و چنینی ڕوسیە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ڕوودەدات و بۆلشەڤیکەکان بەرەو سەرمایەداری دەوڵەتی دەبەن، تەنانەت لە باری ناسۆشیالیستیبوونی ئەو سیستەمەش و بەدرێژایی تەمەنی ئەو سیستەمەی بۆلشەڤیکەکان، سەرمایەداران و دەوڵەتەکانی ئەوروپا ناچار بە ڕیفۆرمکردن و زیادکردنی مووچە و کەمکردنەوەی ماوەی کار و باشترکردنی بیمەی دەرمانی و بێکاری و خانەنشینی و زۆر شتی دیکە دەبن؟ ئەی ئێستا کە لە ئەنجامی ئەو شکستانە نائومیدی بەسەر کرێکاران زاڵبووە، بۆچی سەرمایەداران و دەوڵەتەکان دەستکەوتەکان دەستێننەوە و ھێرشی پێچەوانە دەکەن؛ بۆچی لە کرێکارانەوە ھێرشەکە دەستپێدەکەن؟

” مارکس قسەیەکی یەکجار ڕاست و بایاخداری کردووە کە وتوویەتی” ئەوە هۆشیاریی مرۆڤ نییە کە بڕیاری بوونی دەدات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، بوونە کۆمەڵایەتییەکەیەتی کە بڕیاری هۆشیاریی دەدات” . من وا هەستدەکەم مارکس پێچەوانەی ئەم قسەیەی خۆی هەنگاو دەنێت کاتێک پەیگیریی دەکات کە شۆڕش ئەرکی سەر شانی چینی کرێکارانە . ”
بەبۆچوونی من، ھەم گوتەکە ڕاستە و ھەم ئەنجامگیرییەکەشی. چونکە کرێکاران وەك خوارترین چینی کۆمەڵ و سەختی ڕۆڵ و گرنگی ڕۆڵی چینایەتییان دەبنە شۆڕشگێڕ و زیاتر لە ھەموو چین و توێژێکی دیکە خوازیاری گۆڕانی ئاوا سیستەمێك دەبن. بێجگە لەوەش پێویستە ھەموو گوتە و بۆچوونێك لەنێو کۆنتێکستی خۆی بخوێندرێتەوە و لێکبدرێتەوە، نەك وەرگرتنی بە ئەبستراکتی. ئەگەر مارکس ھۆکار و پاگەندەی ئەو ئەرکەی ڕۆشننەکردبێتەوە، بەدڵنیاییەوە خەریکی پەڕجووکردنی ئایینگەرایانە بووە.
” چینی کرێکاران هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئێستاشی بەدەمەوە بێت، خەبات و تێکۆشانەکەی ئابوورییانە بووە نەك سیاسیانە و وەرگرتنی دەسەڵات. دیارە ئەمەش هۆکارێکە کە کرێکاران خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان بە نقابەوە گرێداوەتەوە و کەمتر لەشانی پارتە سیاسییەکانەوە بوون . کرێکاران کارو خەباتیان بە گوێرەی قسەکانی مارکس دەکەن ، هەر لەبەر ئەمەش هۆشیاریی ئەوان ئەو بازنەیە نابەزێنێت و نایانبات بەرەو خەباتکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. ”
من ئاوا لە دێری یەکەمی ئەو پەڕەگرافە تێدەگەم، کە ‘ تێکۆشانی ئابووریی ھیچ نییە و نیگەتیڤە’، ‘کۆششی ڕامیاریی و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیڤە’. دیسان ‘تێکۆشانی سەندیکا نیگەتیڤە’ و ‘ئەگەر لە شانی پارتییە ڕامیارییەکان بووایێن، شۆڕشگێڕ دەبوون’ . ‘ کرێکاران بە قسەی مارکس دەکەن، لەبەرئەوە خەریکی سەندیکان’ و ‘ھوشیارییان سنووری سەندیکا و تێکۆشانی ئابووری نابەزێنێت و تێکۆشانە ئابوورییەکەیان و ڕێنوێنییەکانی مارکس ئەوان بەرەو تێکۆشان بۆ دروسکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا نابات’
ئەوە تێگەییشتنی منە وەک خوێنەرێك لەو پەڕەگرافە، ئیدی نازانم مەبەستی خودی (ھاوڕێ زاھیر) چییە و چۆن تێکۆشان بۆ کۆمەڵی چینایەتی لە پێگە ئابوورییەکەی دادەبڕێت و تێکۆشانی ئابووریی لەتەك ڕیفۆرمیزم یەکساندەکات و ئینجا تێکۆشان بۆ دروستکردنی کۆمەڵی چینایەتی لەتەك تێکۆشان بۆ دورستکردنی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” جووت و ھاوتادەکات؟

من لەوە دەگوزەرێم، کە ئەوە دەقاودەق بۆچوونی لێنین و پاشڕەوانی ئەوە لەبارەی تێکۆشانی ئابووریی و لە بەرانبەر ئەوەش چەقبوونی تێکۆشانی ئابووری لەنێو ھزر و بۆچوون و بزووتنەوەی ئەنارکیستی و ھەر ئەوەش بووە ڕەخنەی لێنینیستەکان لە ئەنارکیزم؛ کە خەریکی ڕێکخستنی سەندیکا و تێکۆشانی ئابوورین. لەوەش دەگوزەرێم، کە “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” لەنێو تێڕوانین و بۆچوونی زۆرێك لە ئەنارکستەکان نیگەتیڤە و بەپێچەوانەوە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و تێکۆشانی ئابووریی بە تاکە مەیدانی تێکۆشان دەزانن. سەرباری ئەوانەش دەمەوێت بزانم (کارڵ مارکس) دژی “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” بوو یان لایەنگری؟ چونکە ئەگەر تێکۆشانی کرێکاران “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” نەبووبێت و “بە گوێرەی قسەکانی مارکس کار و تێکۆشانیان کردبێت”، کەواتە کاڕڵ مارکس دژ یان نەیاری “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” بووە؟

” ئەوان ‘کرێکاران’ نە دژ بە دەوڵەتن و نە دەوڵەتی پڕۆلیتاریاشیان دەوێت. ” . ئەی چیان خواستووە، ئایا دەتوانین بڵێین ‘کۆیلەی سوپاسگوزار’ بوون و ھەن و خوازیاری ھیچ نەبوون؟ ئەی ئەگەر کرێکاران دژی دەوڵەتی بۆرجواکان نەبوون، ئەدی ئەو ھەموو کوشتارە مێژووییەی کرێکاران چییە؟ زۆرینەی ئەوانەی لە (کۆمونەی پاریس) و (کڕۆنشتات) و (ھەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا) و (ھەرەوەزییەکانی ئیسپانیا) دژی دەوڵەت جەنگین و کوژران کێ بوون، ئەی کرێکاران لە کوێ بوون و خەریکی چی بوون؟
” شرۆڤەی من بۆ ئەم پەیامەی مارکس ئەوەم دەداتە دەست کە چینی کرێکاران نابێت و ناکرێت زیاتر شۆڕشگێڕ بن لە خانەنشینان، قوتابی و خۆێندکاران، بێکاران، پەککەوتوان کە لەسەر بیمەی پەککەوتەین و هەروەەها ئەوانەشی کە لە سەر جۆرێك لە بییمەکانن. ‌هۆکارەکەش ڕوونە ، ئەویش ئەوەیە ، ئەوانەی کە کرێکارن ، داهاتەکەیان زۆر باشترە لەوانەی کە لەسەرەوە ناونوسم کردن . بەڕاستیش هەر ئەمەش هۆکارەکەیە کە ئەو جۆرە خەڵکانەی سەرەوە زۆر چالاکترن. ئەوە ئەوانن کە بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دەکەن و بە کێشەکانی نێو کۆمۆنێتییەکە تێکەڵ دەبن . ئەوە ئەوانن کە هاوکاریی و هاریکاریی بە کرێکارانی مانگرتوو بۆ داخوازییەکانیان، دەکەن ، لە کاتێکدا هاوەڵە کرێکارەکانیان هەر لەو کارگەیە یا لەو فرمانگایە یا لەو شۆپە بەردەوامن لە کارکرنیان و چییان پێبوترێت ئەوە دەکەن.”

لێرەدا من وەك خوێنەریك خەریکە لە گوێکوێرەی پرسەکە نزیکدەبمەوە، بەراوردکردنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە یەکتر. من دەتوانم بڵێم کرێکاران شۆڕشگێڕترن، وەك پێشتر نموونەم ھێنایەوە. بەڵام ناتوانم بڵێم ئەو چین و توێژانەی دیکە شۆڕشگێڕ نین. ئایا زیادی کرێ و مووچەی کرێکارێك لە ھی بێکارێك و خانەشینێك دەتوانێت پێوەری ناشۆڕشگێڕی بێت؟ ئەگەر ئاوای وەربگرین، کە ئەو پێوەرە دروستە، ئەی بەراوردی شۆڕشگێڕی و ناشۆڕسگێڕی خانەنشینێك کە دوو ھێندەی کرێکارێک مووچە وەردەگرێت، یان بەراوردی مووچە کرێکارێك کە لە مووچەی بێکاریی بێکارێک کەمترە چی؟ پاشان، جیا لە ڕەخنەی ئێمە لە سەروەریی چینایەتی و دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە، ئایا دادپەروانەیە کرێکارێکی کورەخانە یان پۆڵاسازی و بارکردن ڕۆژانە ھەشت سات کار و چەند سات ھاتووچۆی کار و سووکایەتی خاوەنکار و سەرکاریگەر…تد ھێندەی بیمەی بێکاری یان بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرمانی و خانەنشینییەکەی من وەربگرێت، کە بەیانی تاکو ئێوارە لەنێو فەیسبووک خەریکی وڕێنەکردنم؟ وەك گوتم ناخوازم بڵێم کەمی مووچی بێکاران و نەخۆشان و خانەنیشان دادپەروانەیە، بەڵام ھیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە، شۆڕشگێڕی بەگوێرەی مووچە دابەشبکرێت و دیاریبکرێت.
بێجگە لەوەش، پێدانی مووچەی بێکاران و خانەنشینان و کەمئەندامان و …تد ھیچ مەرجێکی بەشدارینەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی تێدانییە و ھیچ شتێك نییە، کاتی ئەوان دیاریبکات، کەی لە خەو ھەڵدەستن، کەی بچنە دەرەوە و کەی بگەڕێنەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە کرێکار پابەندی مەرجی چوونە سەرکاری ھەر ڕۆژەیە و شەممە و یەكشەممەش وەك ‘بارگیر’ پابەندەی ئەرکەکانی خێزانییەتی. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، ئەگەر مەرجی مووچەی بێکاری ئامادەبوون لە نووسینگەکانی کار و مەرجی مووچەی خانەنشینی مانەوە لەماڵ و مەرجی مووچەی کەمئەندامان و نەخۆشان ئامادەبوون بێت لە بنکەکانی تەندروستی، ئەگەرنا مووچەکان دەبڕن، ھەر ئاوا کە کرێکارێك نەچێتە شوێنی کار و پابەندی یاسای کارەکەی نەبێت، دەردەکرێت و نانبڕاودەکرێت. ئایا خانەنیشان و بێکاران و نەخۆشان ھەر چالاکتر و شۆڕشگێڕتر دەبن؟ ھەرچەندە من بێکار و کرێکار و خانەنشین و نەخۆش و پەککەوتە لەنێو بازنەیەکی خێزانی دەبینم و لە یەکدی جیایانناکەمەوە و بە چین و توێژی جیاوازیان نابینم، خانەنشین و بێکار و نەخۆش و پەککەوتە ڕۆژێك کرێکار بوون. بەپێچەوانەوە ھۆکار زۆری مووچە نییە و زۆر جاران مووچەکان پێچەوانەن، بەڵکو کۆتوبەندەکانی یاسای کارن و ئەگەر کرێکارانیش بە بەجێھشتنی شوێنی کار و چوون بۆ ھاوپشتی ھاودەردەکانیان مووچەیان نەبڕدرێت و ھەر وەیبگرن، بەدڵنیاییەوە کرێکاران لە ھەموو چین وتویژەکانی دیکە باشتر ئامادەدەبن و خوازیاری بەجێشتنی شوێنی کۆیلەتی خۆیان دەبن. کێ ھەیە، ئەوە نەزانێت، کە کرێکار ھەر ڕۆژ ھەوڵ و جەنگی چرکەیەک زووتر دەرچوون لە شوێنی کار دەکات، چ بگات بەوەی مۆڵەتت ھەبێت و بچیت خۆنیشاندان و پشتیوانی بکەیت و خۆبەخۆ مووچەش بچێتە سەر ئەکاونتی بانک. کاتێك ئێمە ناکەتوارییانە ناچاریی کرێکاران بە ناشۆڕشگێڕیی بخوێنینەوە، پێویستە چاوەڕێی ئەوەش بکەین، کە کرێکارانیش ناکەتوارییانە بە ئێمەی بێکار و خانەنشین و نەخۆش بڵێن، “ئێوە بۆ سەرگەرمی و پڕکردنەوەی کاتی خۆتان دەچنە سەرشەقام”. ڕاستی، بۆچوونە ناکەتوارییەکەی ئەوان لە بۆچوونەکەی ئێمە ڕاستترە. چونکە ئێمە خۆخواستانە دەچینە دەرەوە، بەڵام کرێکاران ناخۆخواستانە دەچنە کار و دەمێننەوە و ملکەچدەبن. ھەموومان ئەوە دەزانین کرێکاران لەبەر نەبوونی ھۆگرییان بۆ کارەکانیان، ھەم لە کارکردن خۆدەزنەوە و ھەم ھەوڵی زوو دەرچوون دەدەن و ھەم ھەوڵی کەمی کارکردن دەدەن، ھەر ئەوەشە ھاندەر و بنەمای بەرەنگاری “تێکدەرانە” و “خراپکارانە”.
” ئەوە ڕاستییە کە چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە بە کردنی چالاکی جیا جیا. دەتوانن سیستەمەکە لە کار بخەن ، بەڵام ئەوە ئامانج و ئاڕاستەشیان نییە . جێی سەر سوڕمان نییە پارتی موحافیزین لە بریتانیادا دەتوانیت ڕووبەڕووی نقابە ببێتەوە و بیاندات بە دادگە ، گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.”

ئینجا بابگەڕێینەوە سەر کاڕڵ مارکس و ئەو ئەنارکیستانەی کە چینی کرێکار شۆڕشگێڕتر دەبینن، کە ھەر ھەمان ھۆکارە و لەبەرئەوەیە کە “چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە “، ئەوانیش لەبەر ھەمان بنەما ئاوا پاگەندەیەك دەکەن و ئەوە ڕاستییەکی نکۆڵیھەڵنەگرە. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، ھەر ئەوەی (پارتیی پارێزگاران) دەتوانێت سەندیکا بداتە دادگە، نیشانەی گرنگی و دژبوونی سەندیکایە، ئەگەرنا ھەرگیز ئەو مافە بە ئەوان نەدەدرا، بۆ نموونە ھیچ پارتییەك نە ڕاست و نە چەپ ناتوانێت کۆمپانییەك بداتە دادگە، ناتوانێت لۆبی/دەڵاڵی کۆمپانییەك بداتە دادگە.

بە بۆچوونی من، ئەگەر لێنینیستێك یان ئەندامی پارتییەکی چەپ بیگوتایە ” گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.” ھیچ شاییشتەی لۆمە نەدەبوو، بەڵام بۆ کەسێك کە ھەردەم خەریکبێت خۆی لەو ئاراستەیە جیاواز نیشانبدات، ئیدی ناکرێت کەمگرتنی تێکۆشانی ئابووریی و بەرزنرخاندنی “تێکۆسانی ڕامیاریی” نادیدەبگیردرێت. چونکە بۆ من و ئەوەندەش لە ئەنارکیستەکان تێگەییشتبم، تێکۆشانی ئابووریی تەنیا داخوازی زیادکردنی کرێ و کەمکردنەوەی ماوەی کار و پێدانی جەژنانەی ساڵانە نییە، بەڵکو خۆڕێکخستنی ئابوورییانەی پڕۆلیتێرەکانە، ھەڵوەشاندنەوەی خشت بە خشتی سیستەمی سەرمایەدارییە، زیادەکردنی دەوڵەت و سەرمایەدارییە لەنێو ژیانی خەڵک، ئەوە لێنین و بۆلشەڤیکەکان بوون، کە ئاوا تێکۆشانی ئابوورییان لە چەند داخوازییەکی ڕیفۆرمیستی کورتدەکردەوە. ھاوکانتیش “تێکۆشانی ڕامیاریی” ھەوڵدانە بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و دەسەڵاتداربوون، لۆبیگەری نێوپارلەمان و شوانەییکردن لەسەر نەداران و بێدەسەڵاتان، چ باڵی ڕاستی “پارتیی پێشڕەو” لە ڕێگەی پارلەمانەوە، چ باڵی “پارتیی پێشرەو” لە ڕێگەی “دیکتاتۆریی دەستەبژێرەوە لەژێر دێوجامەی “پڕۆلیتاریا”.
“مێژوی خەباتی چینی کرێکاران لە سەر ئاستی دونیا ئەوەی نیشانداوە ئەوانەی کە ویستویانە کە سیستەمەکە و کۆمەڵ بنەرەتیانە بگۆڕن چینی کرێکاران نەبوون و ئەوانیش نابن. بەڵکو ئەوانە توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی ناو کرێکاران و ناو کۆمەڵ بوون، …….. ئەوان بوون کە بازنەی داخراوی خەباتی ئابوورییانەیان شکاند و بەرەو ئامانجی کۆتایی ملیان نا. بە کورتی سنوری خۆیان بەزاند. ”

توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی نێو کرێکاران کێ بوون، مەگەر کرێکار نەبوون؟ من پێچەوانەی ئەوە دەبینم و ئەگەر سەرنجی سۆشیالیست و کۆمونیست و ئەنارکیستە لەسێدارەدراو و زیندانیکراو و ڕاونراوەکان بدەین، زۆربەیان کرێکار بوون، ئەگەر لەو بارەوە سەرنجی پیشە و بازنەی چالاکی و تێکۆشانی لەسێدارەدراوانی ھایمارکت بدەین، زۆر بە ڕۆشنی دەبینین، کە کرێکاران مەشخەڵ بەدەستی ھەموو خۆنیشاندان و ڕاپەڕین و ھەڵچوون و داچوونی شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزووتنەوەی کرێکارییە نەك کەلەسەری ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجواز… ئەگەر ئێستاش سەڕەرای ھەموو شکستەکان و نائومیدییەکان، لە دەرەوەی ژورناڵ و کاناڵە فەرمییەکان لە دوای ھەواڵەکان بگەڕێین، ئەوا کەتوارێكی دیکە دەبینین. بۆ نموونە ھەر ئێستا من ئەم دێرانە دەنووسم، کرێكارانی میسر خەریکی مانگرتنن، کە درێژەی مانگرتنەکانی دەھەی ڕابوردووە و بۆ ساتێکیش تێکۆشانی کرێکاران نەوەستاوە، بەڵام چین و توێژە ناکرێکارییەکان ھەر زوو پاشەکشێیانکرد و ڕیشی خۆیان دایە دەست جەنەڕاڵ سۍسۍ …

“سەرەتای ئەو بیرۆکەیە کە چینی کرێکاران شۆڕشگێڕن و دروستەکەریی کۆمەڵی سۆشیالیستین ، مارکسە ، بەڵام لە ژیان و واقیعدا تیورە ئابوریی و سیاسییەکەی خزمەتی دوژمنانی کرێکاران کە کاپیتاڵیزمە، کردووە، نەك سۆشیالیزم”
لێرەدا ھەم ھەست بە ستەمکردن لە کاڕڵ مارکس بەوەی ھەموو خەتاکان بخرێنە سەرشانی ئەو و ھەم ستەمکردن لە خودی کرێکارانی کۆمونیست دەبینم. تاکو ئەوێندەرێ کە من ئاگاداربم و خوێندنەوەم ھەبێت، پێش کاڕڵ مارکس، ھەم بابۆفیستەکان و ھەم بلانکیستەکان و ھەم ئەوانەی کە بەناڕەوا بە “سۆشیالیستی خەیاڵی” ناسراون و ھەم پڕۆدۆن لەسەر شۆڕشگێڕی و چارەنووسازیی پێگەی کرێکاران لەنێو بەرھەمھێنان و پێشەنگی ئەوان لەنێو تێکۆشانی سۆشیالیستی بەڕێژەیەك ھاوبۆچوون و لەسەر ئاوا بۆچوونێك پێداگرییان کردووە و بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵیانداوە. پڕۆدۆن خۆڕێکخستنی کرێکاران دەکاتە ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراوە ڕامیارییەکان و تێکۆشانی ئابووریی و ھەرەوەزییە ئابوورییەکان بە چارەنووسساز دەبینێت. باکۆنین ھاودەمی کارڵ مارکس ھەم لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان “نێونەتەوەیی یەکەم” و ھەم دواتر لەنێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی/ فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەنارکیستان) لەسەر ھەمان بۆچوون پێداگرییکردووە و زیاتر لە کارڵ مارکس لەسەر گرنگی و چارەنووسسازیی تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران پێداگرییکردووە. لەنێو ئەنارکیستەکانی دواتریش مالاتێستا و کڕۆپۆتکین و ڕودۆلف ڕۆکەر و ئێما گۆڵدمان و تەنانەت ئێستاش لەسەر شۆڕشگێڕیی کرێکاران بە گوێرەی پێگەی ستراتیجیان لە ڕاگرتنی پرۆسێسی (ڕاگرتنی نەك ھێشتنەوەی) بەرھەمھێنانی بۆرجوازی و گۆڕینی بە پەیوەندی و ڕێکخستنی یەکسانانەی تاکە ئازادەکان، پێداگرییان کردووە و دەکەن. بۆ من ئەوە پرسیارە، ئەگەر ئەو بۆچوونە ھەڵەیە و دژەشۆڕشانەیە، بۆچی تەنیا کارڵ مارکس لەسەر ئەوە سزاواردەکرێت و ئەوانی دیکە لەبەردەم مەقسەڵەی ئەو ڕەخنە دەربازدەبن؟ ئەگەر ئامانجیش ڕەتکردنەوەی بۆچوونەکانی مارکس و سەلماندنی نادروستیی ئەوانە، بۆچی دەبێت چینی کرێکار و کرێکاران بکرێنە “ناشۆڕشگێڕ”، تاکو “ناشۆڕشگێڕیی” کارڵ مارکس بسەلمێندرێت؟
وەک پێشتر گوتم، پێویستە ھەموو گوتەیەك لەنێو کۆنتێکستی خۆی بخوێندرێتەوە و لە چوارچێوەی سەردەمی خۆی ھەڵبسەنگێندرێت و ڕەخنەبکرێت، نەك بەگوێرەی کۆنتێکستی دەستەبژێری سەرەوەی پارتییە بەناو “کرێکاری و کۆمونیستەکان” و سەردەمی سەدەیەك دواتر. نە دەوڵەتی سەردەمی پڕۆدۆن و مارکس و باکونین، وەک دەوڵەتی ئێستا گشتگیر و کۆمەڵایەتیی بووبووەوە، نە کرێکارانی ئەو کات وەک کرێکارانی ئێستا لەژێر تێکشکانی بۆلشەڤیزم لەژێر ناوی ئەوان و خەونی ئەوان، بزووتنەوەکەیان تێکشێندرابوو و نائومێد بووبوون، کاتی ئەوان ھەم مانگرتنێکی گشتی دەیتوانی فەرمانداری و دەوڵەت بڕوخێنێت، ھەم گروپێکی شۆڕشگێر دەیتوانی سیستەمی ڕامیاریی بگۆڕێت. ئەو کات وەك ئێستا سیستەم و دەوڵەت و کولتووری بازار جیھانی نەبووەوە و تەکنۆلۆجیای چاودێری و بەربەستکردن وەك ئێستا گەشەینەکردبوو و میدیا وەك ئێستا مرۆڤەکانی لە کڕۆکی خۆیان خاڵێنەکردبوو. لەبەرئەوە، ھەر ئاوا کە ھەڵەیە، لەسەر بنەمای بۆچوونێکی گۆدوین و کابە و سان سیمۆن و ڕۆبێرت ئۆئێن و ڤیتلینگ و پڕۆدۆن و بلانکی و مارکس و باکونین کەتواری ئێستا بپێورێت، ھەر ئاواش ھەڵەیە، کە بۆچوونی ئەوان بەگوێرەی سەردەمی ئێستا ھەڵسەنگێندرێت و لێکبدرێتەوە و سەرکۆنەبکرێن. ئەوانەی کە شاییستەی سەرکۆنەرکردنن، ئێمەین، خودی مرۆڤە زیندووەکانی ئەم سەردەمە؛ ئەوانەی کە سۆششیالیستەکانی سەدە و نێوێك لەمەوپێش لەسەر گرنگینەدان بە پرسی یەکسانی ژن و پیاو، پاراستنی ژینگە، ئابووری ئیکیۆلۆجی و زۆر شتی دیکە بە پێوەری ھوشیاری ئێستای مرۆڤ سزاواردەکەین و ئەوانەی کە ئەم سەردەمە خەریکن کەتوار و ژیانی کۆمەڵی ئێستا لەنێو قاڵبی بۆچوونی سۆشیالیستەکانی سەدە و نێوێك لەمەوبەر لێکدەنەنەوە و دەگونجێنن.

” ئەوە ڕاستییە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە دونیا گۆڕنکاریی گەوەرەی بەسەردا هات و بزوتنەوەی کرێکاران تا دێت لاواز و لاوازتر دەبێت. ماوەیەکی یەکجار دوورو درێژە کە چینی کرێکاران لە هەموو دونیادا هیچی وایان بەدەست نەهێناوە. نەك هەر ئەوە ، بەڵکو لە بارێکیشدا نەبوون و نین کە تەنانەت پارێزگاریی لەوانەش بکەن کە پێشتر بەدەستهێنراون.”
گۆڕانکارییەکان چی بوون، خۆیی و پووکانەوە و ملکەچبوون و سوپاسگوزاری کۆیلەوارانە بۆ سیستەمی سەرمایەداری، یان گۆڕانکارییەکان بابەتی بوون و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی بە ھەموو شێوەیەك تیرۆرکراوە؟ ھەموومان گۆڕانکارییە بابەتییەکان دەبینین، بەڵام ھەموومان ھۆکارەکان نابینین و ناکرێت بەبێ خوێندنەوە و دەستنیشانکردنی (خۆییبوون یان بابەتیبوون)ی ھۆکارەکان، چینی کرێکار تاوانباربکەین و شانی بۆلشەڤیکەکان و مائۆتسە تۆنگییەکان و کاسترۆییەکان و چەپەکان بەگشتی و پارتییەکان بەتایبەتی، لەژێر باری تێکشکاندن و دژەخوونیکردنی حەفتا ساڵەی بلۆکی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیکی خاڵیبکەین و کرێکاران و چینەکەیان تاوانباربکەین و ناشۆڕشگێڕیی ئەوانی دیکە بە کۆڵی کرێکاران بدەین و نەفرەتبارانیان بکەین. من ئەوە بە ستەمکردن لە مێژوو دەزانم.
” كرێکاران هەر وەکو هەموو کەسێکی، یا کەرتێکی دیکە لە ناو کۆمەڵ، تەنانەت پۆلیس و سەربازیی و تۆڕە سیخوڕییەکان ، خزمەتی ئەم سیستەمە، دەکەن.

ئەوە چینی کرێکارانە کە سامان دروستدەکات ، هەروەها قازانج و پارێزگاریی لە جەنگ، لەهەر شوێنێك ڕووبدات ، دەکات. ئەو جەنگەی کە دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکانێکی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم و ژینگەکەشیان وێراندەکات. پێگەی کرێکاریی، هۆشیارانە یا ناهۆشیارانە بە بەرهەمهێنانی زیاتری قازانج و سامان بزوتنەەوی خەڵکی تێدەشکێنێ ، لە ناویاندا کرێکارانیش لە پارچەکانی دیکەی جیهان . پێویست ناکات تاکو بڵێین بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە کرێکاران تەنها دەربەستی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیانن، هەتا ئەگەر ئەوە لەسەر حسابی کوشتنی خەڵکی و هاوەڵە کرێکارەکانیشیان بێت لە وڵاتانی دیکەدا. ”
زۆر بەداخەوە، کە من ناچارم جارێکی دیکە دەستەواژەی ستەمگەری لە مێژوو و لە کرێکاران بەکاربەرم. ئەوەی کە ھەموومان چ ھوشیار و چ ناھوشیار، چ شۆڕشگێڕ و چ ڕێفۆرمیست، چ سەرمایەدار و چ کرێکار، چ دەسەڵاتدار و چ بێدەسەڵات بەجۆرێك بڕخووی نێو سیستەمەکەین و تەنانەت ھەناسەدان و ئاوخواردنەوە و خۆدانە بەر خۆرەتاوی خەڵك دەبێتە پارە و قازەنج و سەرمایە بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و ھەموومان بە ڕێژەی ھوشیاری و ناھوشیاریمان بەرەنگار و خزمەتکاری سیستەمی چینایەتین، نکۆڵێھەڵناگرێت. بەڵام شکانەوەی جەنگ و کوژرانی خەڵك بە قازانجی کرێکاران، ناتوانم بڕوابکەم، چونکە ئەوانەش دەکوژرێن یان خودی کرێکارانن، یان منداڵانی کرێکاران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوانن. خۆ بڕواناکەم قوربانیانی جەنگ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و منداڵانی ئەوان بن، تاکو کرێکاران پڕشکی ئاگری جەنگیان بەرنەکەوێت و بە قازانجیان تەواوبێت. لێرەدا من ناچارم بپرسم، سەرچاوەی ئەو ھەمووە نەفرەت و قینە لە کرێکاران چییە، ھۆکار و دنەدەری چین و زادەی چییە؟ ھەرچەندە سەرنجدانی ئاماری کوژراوانی جەنگەکان، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەیە، بەڵام ناکرێت نەپرسین، ” خەڵکانی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم ” کێن؟ ئەگەر وێرانکردنی ژینگە بە قازانجی کرێکارانە، ئەی خودی کرێکاران لەسەر کام ئەستێرە دەژین، کە وێرانی ژینگە کارایی لەسەر ژیانیان دانانێت و بە قازانجیان تەواودەبێت؟

ئەوە نکۆڵیھەڵناگرێت، کە پێگەی پلەچەندی کرێکاران و زێدەبایی کاریی ئەوانە کە دەبێتە قازانجی سەرمایە و ئەوەش ھەم کانت و ھەم پڕۆدۆن و ھەم کارڵ مارکس سەلماندوویانە و دۆزینەوەی ئێمە نییە.
زۆر بەداخەوە، چ ھوشیارانە و چ ناھوشیارانە، چ خوازراوانە و چ ناخوازراوانە، ھاوڕێ زاھیر لەنێو ئەو چەند دێڕە خەریکە جەنگ وەك زادەی سرووشتی سیستەم و سەروەریی چینایەتی و وەك پێداویستی لە سووڕھێشتنەوەی بازار و وەك ئامرازی کوشتنی بەرەنگاری و تێکۆشانی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی، دەیگۆڕێت بۆ خواست و قازانجی کرێکاران؟ ھیوادارم ھەر من ئاوا لەو دەستەواژانە تێبگەم و زۆربەی خوێنەران پێچەوانەکەی تێبگەن. “بزووتنەوەی خەڵکی” کێیە و کامەیە، کە قازانجی کرێکاران تێکدەشکێنێت؟ بەڕاستی من تێناگەم، چۆن نووسەر بە ئاوا سەرەنجامێکی لنگاوقووچ گەییشتووە، تەنیا کرێکاران (ھەڵبەتە بە دیتن و بۆچوونی من لەبەر ناھوشیاریی) خەمی ژیانی خۆیانە و بیر لە ھاوەڵەکانیان ناکەنەوە؟ ئەوە ھەر کرێکاران نین، کە پشتیوانی و سۆز و ھەستی ھاودەردی لەنێوانیان لاوازبووە، بەڵکو ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانن و ھەموویان لە کرێکاران زیاتر خۆپەرستن [خۆپەرست بە واتا پۆزەتیڤەکەی نا]. بەبۆچوونی من، درێژایی مێژوو پشتیوانی و ھاودەردی و ھاوخەمی و ھاسۆزی نێوان مرۆڤەکان بە سێ شێوە بەرجەستەکراوە:
– شێوەی ئایین. بەڵام لەم ڕۆژگارە بۆ تەختکردنی ڕێی ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و لەنێوبردنی ھەموو ھەست و سۆز و پشتیوانییەکی مرۆیی، ئایین تاکو ڕادەی کاڵایەکی بازاری و ئامرازی تیرۆر و ڕەواییدان بە جەنگ، براوە. بێجگە لەوەش خودی ئایین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، گۆڕدراوە بە ئامرازی ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان و ھاوپشتی ئایینیش وەک ھاوپشتی ناسیونالیستی، ھاوکات دروستکەری دوژمنایەتی دەرەکییە.
– شێوەی خێڵگەرایی – نەژادپەرستی – پارتییایەتی. ئەم شێوەش ھاوکاتی دروستکردنی ھاوسۆزیی نێوخۆیی ئەندامانی ئەو پێکھاتە و ڕەوت و گروپانە، یەکێتی و ھاوپشتی نێوخۆییەکەیان وابەستەی دروستکردنی کنیەدۆزی و دەستەگەری و دوژمنایەتی دەرەکییە، بەواتایەکی دیکە، کەسێکی خێڵەکی ھاوخێڵەکییەکانی-، کەسێكی کورد کوردانی-، ئەندامێکی (پدک)ی ئەندامانی (پدک)ی خۆشدەوێن، بەڵام لەسەر بنەمای کینەدۆزی و دوژمنایەتی بەرانبەر کەسانی خێڵەکانی دیکە، کەسانی ئێتنییەکانی دیکە و ئەندامانی پارتییەکانی دیکە.
– شێوەی ھاوپشتی چینایەتی و مرۆڤایەتی، کە بەداخەوە لەژێر بەردەھاڕی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و سوپا و پۆلیس و لەشکر و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە و تیرۆر و یاسای کار و پارتییایەتی و ناسیونالیزم و ئایین وردوخاشکراوە، ھەمیشە زادەی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و لەپێش ھەموویانەوە کرێکاران بووە، زادەی ھاودەردی و ھاوچارەنووسی ئەوان بووە. ئەگەر بە ویژدانەوە سەرنجی مێژوو بدەین، ھەموو جەنگەکان، ھەموو یاساکان، ھەموو دەوڵەتەکان، ھەموو پارتییەکان، ھەموو سەروەرییەکان، ھەموو سنوورەکان بۆ بەرگرتن و لاوازکردن و لەنێوبردنی ئەو جۆرە ھاوپشتییە بەرپاکراون و جەنگەکانیش زادەی ھەمان پێناون، نەك “قازانجی کرێکاران و خۆپەرستی کرێکاران”. بەڕادەی کەم من ئاوا لە مێژووی جەنگ و ململانێکان تێگەییشتووم.
” دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم هزرە نەك ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەك نێو کتێبەکان . ”
بۆ من وەك خوێنەرێك، ئەو پرسیارە دێتە پێش، پەیوەندی ئەوەی ئەنارکیزم چییە و چی نییە، بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” چییە؟ ئەوەی ئەنارکیزم ھزرە یان ئایدیۆلۆجی، چ پەیوەندییەکی بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران”ھەیە؟ ئایا ئەنارکیزم تیئۆری دژایەتی کرێکارانە؟ ئایا ئەنارکیزم لەسەر “شۆڕشگێڕنەبوونی کرێکاران” پێداگری کردووە و دەکات، تاکو لەوێدا بەبێ پەیوەندی ئاماژەیبدرێتێ؟ ئیدی تێکەڵکردنی لەتەك بابەتەکە، ھۆکاری چییە؟
” گەر وای دابنێین کە پڕۆلیتاریا تاکە چینێکە کە بەرەو سۆشیالیزممان دەبات ، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ جگە: لە تەسککردنەوەی شۆڕش بۆ تەنها کۆمەڵی یا وڵاتانی پیشەسازیی ، نەك لە وڵاتانی دیکە ، ئەمە فەرامۆشکردنی ڕاستی بزربوونی پرسی دادوەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیی و نەبوونی ئاسایشن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا، کە هەموو ئەمانە بنەمای شۆڕشن و زەمینەی دروستکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ئەنارکیستین ، یانی پێ لێنان و سەلماندنی ئەوەیە کە لە کۆمەڵانی پێش سەرمایەدارییەوە کە لە کاتێکدا کێشەی چینایەتی و کۆمەڵی هەرەمی هەبوون ، بە گوێرەی ئەو ڕایەی سەرەوە بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەوانەشدا هێشتا شۆڕشی سۆشیالیستی زەرووریی نەبووە ، ئەمەش هەر لەبەر ئەوەی کە چینی کرێکاران و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەو کۆمەڵانەدا نەبوون . دیسانەوە یانی پشتگوێخستنی پرسی کۆمەڵی قوچکەیی/هەرەمیی کە ئاشکرایە کە ئەم کۆمەڵە قوچکەییە بەرایی و دەستەبەریی هێنانەکایەی کۆمەڵی چینایەتیی بووە . یانی بەبایاخ وەرنەگرتنی کێشەی ئیکۆلۆجی وەکو پرسێکی سەرەکی شۆڕش .”

ئێستا کێ گوتوویەتی، پڕۆلیتاریا تەنیا لە وڵاتانی پیشەسازی ھەیە؟ کرێکاران یان وردەبۆرجوازی پارتییباز؟ ئایا ئێمە لەجیاتی وەڵامدانەوەی پاگەندە بێبنەماکانی نووسەران و ئیدئۆلۆگانی وردەبۆرجوازی، دەبێت ھێرشبکەینە سەر کرێکاران و بڵێین “شۆڕشگێڕ نین”؟ پاشان، بۆچی و لەبەرچی گوتنی ئەوەی کە “پڕۆلیتاریا ھەڵگری مەشخەڵی شۆڕشی سۆشیالیستییە” بە واتای “فەرمامۆشکردنی ڕاستی و بزرکردنی پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادی و نەبوونی ئاساییسە لە ھەر شوێنێکی دونیا” دێت؟ ئایا شۆڕشی پڕۆلیتێرەکان سەرکوت و نایەکسانی و ناداپەروەری بەدیدەھێنێت؛ بەکامە پێوەر و بەڵگە؟ کێ گوتوویەتی کە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بنەمای شۆڕشی پرۆلیتێری و زەمینەسازی کۆمەڵی سۆشیالیستی نین؟ ئایا ئەوەی کە چەپێك پاگەندەی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” بکات، ئیدی دەبێتە پێوەری دژە-سۆشیالیستبوون و دژە-ئەنارکیستبوونی پڕۆلیتێرەکان؟
بەداخەوە، چ خوازراو و چ نەخوازراو، لەوێدا پێوەری پڕۆلیتێربوون، ھەر ھەمان تیئۆری “جیھانی یەکەم و جیھانی دووەم و جیھانی سیێەم”ە، چونکە تەنیا لەنێو ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە، “جیھانی سێیەم” شۆڕشگێڕ نییە و پڕۆلیتاریای تێدا نییە. ئەوەی داڕێژەرانی ئەو تیئۆرییە چی دەڵێن، چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و کرێکاران و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” ھەیە؟ کێ گوتوویەتی کاتی شۆڕش نەھاتووە؟
من لەنێو ئەو پەرەگرافە تێکەڵوپێکەڵییەك بەدیدەکەم؛ نازانم “پڕۆلیتاریا” و “شۆڕش” و “سۆشیالیزم” و “ئازادی” و “یەکسانی” و “دادپەروەری” و “وڵاتانی نێوەندی پیشەسازی” و “ئاساییش” و “کۆمەڵی پێش سەرمایەداری” و “کێشەی چینایەتی” و “کۆمەڵی قووچکەیی” و “پێداویستی شۆڕشی سۆشیالیستی” و “تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو” و “کێشەی ئیکۆلۆجی” و “کاڕڵ مارکس” …تد، چ پەیوەندییەکیان بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟
باشە، با وێڕای ھەموو بەڵگە مێژووییەکانی ڕاپەڕینی کرێکاران و شۆڕشگێڕبوونی کرێکاران، ئاوای لەبەرچاوبگرین، کە “چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین”. ئایا دژە-شۆڕشن؟ ئەگەر ڕاپەڕین ڕوبدات، کرێکاران دژی دەوەستنەوە؟ ئەگەر وەڵام نەرێیە، ئیدی بە چ پێوەرێك “چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین”؟

بە بۆچوونی من، ھەر ئاوا کە ھەر ڕۆژ لەنێو کاناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەبینین، ئەگەر لەنێو کۆمەڵ مانگرتنێکی کرێکاری ڕوبدات، خۆنیشاندانێك بکرێت، ناڕەزایەتییەك بکرێت، ڕاپەڕنێک ڕوبدات، تەنانەت دوکاندارێکی لاکۆڵانیش دێتە قسە و ھەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. ئایا ھەرگیز خۆنیشاندانێك، ڕاپەڕینێک دژی دەوڵەت و بەرنامەی فەرمانداری و بڕیارەکانی پارلەمان و ملھوڕیی کۆمپانییەکان و سیستەم و یاسای کار و سەروەری و مشەخۆری چینایەتی ڕویداوە، کە کرێکاران چ وەك بەش/پیشە (تەنانەت کرێکارانی کارخانەکانی چەکسازیش) و چ وەك چین دژی بوەستنەوە و ڕوخانی ئەوانەی سەرەوە بە زیانی خۆیان بچوێنن و خوازیاری مانەوەی ئەوان بن؟ تاکو ئەوێندەرێ کە من بیستوومە و خوێندوومەتەوە، ڕوینەداوە. ھەر ئاوا بە بۆچوونی من، کرێکاران ھەم شۆڕشگێڕن و ھەم شۆڕشگێڕترین، بەڵام ئەوە “پارتیی و گروپە پێشڕەوەکان” و ئاراستەکارییە ئایدیۆلۆجییەکانن، کە شۆڕشگێڕیی کرێکارانیان لەنێوبردووە و لە ماوەی چەند سەد ساڵی ڕابوردوو ئەوانیان وەك ئەندامانی ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بە گۆڕانی سەرمایەداری لە ڕێگەی دەنگدانی پارلەمانی و پارلەمانی و کودەتای جەنەڕاڵەکان و “ڕابەری”ی دەستەبژێرەکان خۆشباوەڕکردووە، نەك گۆڕانی سرووستی چینایەتی کرێکاران و لەدەستدانی بوونە شۆڕشگێڕییەکەیان.

” شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، شۆڕشی سەرجەمی کۆمۆنێتییەکەیە نەك بە تەنها شۆڕشی پڕۆلیاتاریا لە ناو کۆمۆنێتییەکە و لە ناو خودیی کۆمەڵدا. ”
ئەم دێڕەی کۆتایی ھیچ ناڕۆشنییەك لەوەدا ناھێڵێتەوە، کە خودی نووسەر (پڕۆلیتاریا) چۆن دەبینێت و بە چی دەیچوێنێت؛ توێژی کرێکارانی پیشەسازی. ئەمە گرفتەکەیە؛ ئەگەر پڕۆلیتاریا تەنیا بە کرێکارانی پیشەسازی و ڕێکخراو لەنێو سەندیکا زەردەکان ببینرێن و بۆچوونی چەپەکان و دەسەڵاتخوازە بەناو “سۆشیالیست و کۆمونیستەکان” بکرێتە پێوەری “شۆڕشگێڕبوون و شۆڕشگێڕنەبوونی کرێکاران” و تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران و چین و توێژە ژێردەستەکانی دیکە لە چەند داخوازییەکی زیادکردنی کرێ و مووچە و کەمکردنەوەی ماوەی کار و ..تد کورتبکرێنەوە و وەربگرین، بەدڵنیاییەوە بە سەرنجامێکی جیاواز لەوەی ئێستای نووسەر ناگەین.
ئەوە دروستە و گومان ھەڵناگرێت، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی، شۆڕشی ھەموو چین و توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵی چینایەتییە، ھەڵبەتە تاکو ئەو ڕادەی کە ئەندامانی کۆمیونیتییەکان چ وەك تاک و چ وەك چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتەکانی کۆمیونیتییەکە بە ھوشیاری شۆڕشگێڕانە/گۆڕانخوازانە گەییشتبن و ئامادەی دەستبەرداربوونی ڕێژەیی ژیان و کولتوور و یاسا و سیستەمی چینایەتی بە گوێرەی توانا و بۆلوان ببن و لەنێو ژیان و کار و فەرمان و ھۆگرییە ڕۆژانەییەکانی خۆیان ئەڵتەرناتیڤی سیستەم و بەڕێوەبردنی چینایەتی ڕۆبنێن.
بەڵام (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یان (کۆمەڵایەتییبوونی شۆڕش) بە واتای ھەموو خەڵك نییە، بەڵکو بە واتای بزووتن و گۆڕانە لە دەرەوەی نەخشە و قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتییەکان و ڕامیاران، خۆبەخۆیی خەڵك، ئیدی کەمینەیەکی خەڵک بێت یان زۆرینە یان ھەموو خەڵک، ھەژماری بەشداربووان ھیچ لە کۆمەڵایەتیبوونی شۆڕشەکە ناگۆڕێت و کەمینەبوون و زۆرینەبوونی بەشداری خەڵک، پەیوەندی بە قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتیی و گروپە ڕامیارییەکانەوە نییە، بەڵکو بۆ ڕادەی خۆھوشیاری و خۆبیرکردنەوە و خۆڕامانی تاکە چەوساوەکان دەگەڕێتەوە. ھەڵبەتە بەکاربردنی چەمکی “شۆڕشی کۆمەڵایەتی” وەك وەرگێڕدراوی چەمکە لاتینییەکەی؛ شۆڕشی سۆشیالیستی، ڕەتکردنەوەی ھەوڵە ڕامیارییەکانە، کە بەپێچەوانەی (شۆڕشی سۆشیالیستی) ئامانجی ئەوان ڕێکخستن و گۆڕینی سیستەم و بەڕێوەبردنی کۆمەڵە لە سەرەوە بۆ خوارەوە (کۆدەتا، ڕاپەڕینی پارتییانە و ھەڵخراوانە/ناخۆبەخۆییانە، ھەڵبژاردنی پارلەمانی) و بەبێ گۆڕین و ئامادەیی ھۆشیی و کردەیی و ئەتواریی مرۆڤ بۆ گۆڕانەکان و زەمینەسازی بۆ ڕودانی شۆڕش لەنێو ژیان و کولتوور و بیرکردنەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستن و پێکھاتە و شێوازی بەرھەمھێنانی کۆمەڵ.

دوا پرسیار، ئایا گرفت و ھۆکاری نەگەییشتنی مرۆڤایەتی بە کۆمەڵی ناچینایەتی، دروستی و نادروستیی ھەژمار و پێناسەی چینی کرێکارە؟ ئایا کرێکاران لە ھاتنەدی ئاوا کۆمەڵێك ڕێگرییدەکەن و کۆیلەی سوپاسگوزارن؟ ئایا وازھێنان لە ناوھێنانی کرێکاران و بەکاربردنی واژەکانی وەك “خەڵك” و “کۆمیونیتی” دەبێتە ھۆی نەمانی گرفت و ھۆکارەکانی نەگەییشتن بە کۆمەڵی چینایەتی؟
ئەگەر وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە (نەرێیە)، ئیدی پێداویستی خۆخەریککردن و خوێنەرخەریککردن بە شتێکەوە، کە پێداویستی نییە، چییە؟ بێجگە لە سەلماندنی یەك شت، ئەوەی نەیارانی ئەنارکیزم دەیڵێن “ئەنارکیستەکان وردەبۆرجوازین و دوژمنی چینی کرێکار و خەریکی پارچە پارچەکەری ڕیزی یەکگرتووی کرێکارانن”؟***** ئایا لەم کاتەدا کە خەریکە ھزری ئەنارکیستی لەنێو کۆمەڵی کوردی-زمان کۆمەڵایەتیی دەبێتەوە و دەبێتە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەرانە و وەك ئەڵتەرناتیڤ خۆی بەرجەستەدەکات، ئەم نووسینە بێجگە لە لێدان و سڵەماندنەوەی کرێکاران و سۆشیالیستخوازان لە ھزری ئەنارکیزم، چی دیکە بەرھەمدێنێت؟

ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی من وەك خوێنەرێك، ئەوە بێت، کە مەبەستی نووسەر ئەوە نییە و پێچەوانەی تێگەییشتنەکەی من دروستە، ئەو کات دووڕیانێکی دیکە وەك پرسیار خۆی پێنشیاردەکات: یان نووسەر بۆچوونی خۆی ھەڵە و نادروست داڕشتووە و دەرخستووە، یان ئەگەر پێچەوانەی تێگەییشتنەکەی من دروستە، کەواتە پێداویستی نووسینی ئەو بابەتە چییە؟
دوا شت، ئەگەر خوێنەری ھێژا لە ھەندێك شوێن زیادەڕەویی یان کەمێك لادان لە بابەتەکە ببینێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە، کە خواستوومە ناڕۆشنیی دروستنەبێت و سەرنجەکانم ڕۆشنتر بکەونە بەرچاوی ئێوەی خوێنەر و ھاوڕێ (زاھیر)، تاکو خراپ لەیەکدی گەییشتن وەڵام و وەڵامکاری دروستنەبێت و کاتی ئێوە و خۆشمان بە فێڕۆنەچێت. نەگوتراو نەمێنێت، خۆشم لە درێژبوونەوەی سەرنجدانەکە وەرسبووم، بەڵام ناچاربووم وەك خوێنەریك بەو جۆرە وردە و دەستەواژە بە دەستەواژە تێگەییشتنی خۆم لە بابەتەکە بخەمەڕوو. ھیوادارم خوێنەر وەك من لە بابەتەکەی نووسەر تێنەگەییشتبێت.
—————-

* بە مەبەستەوە ئەو سەردێڕە جیاوازەم ھەڵبژاردووە، تاکو سەرنجدانەکەم نەچێتە خانەی بەرانبەرکێ، بەڵکو شێوەی ڕۆشنکردنەوە وەربگرێت.

** https://www.facebook.com/groups/AZADIXUAZAN/permalink/1258170397626194

*** دەسەڵاتداربوون تەنیا بەواتای دەسەڵاتی ڕامیاریی نییە، بەڵکو دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ئابووریی و دەسەڵاتی زانیاری (مەعریفە) و کولتوورییش دەگرێتەوە. کەسێك بتوانێت کەسێکی دیکە بەکرێبگرێت و ھەژموونی بەسەر بکات و چالاکی و بیرکردنەوە و سەربەخۆیی سنوورداربکات، کەواتە دەسەڵاتی ناچارکردنی کەسانی دیکە و فەرماندانی ھەیە.

**** سەرچەمە و واتای واژەی پڕۆلیتاریا https://en.wikipedia.org/wiki/Proletariat

***** بۆ دیتنی ئاوا بۆچوونێك لەبارەی (ئەنارکیزم)، سەرنجی پێناسەی واژەی (ئەنارشیزم) لەنێو (فەرھەنگی سیاسی ، ئامادەکردنی وریا قانیع) بدە.




“پاساو لە خەتا خراپتر” * (١) ھەژێن

لەوە دەچێت من یەکێك بم لەو کەم کەسە بەختیارانەی، کە تاکو ئێستا ھەرچییەکم پێشبینیکردووە، ئاوا دەرچووە و پێش مردنم ئاواتەکانم یەک لە دوای یەک بەدیھاتوون؛ ھاوینی ساڵی ٢٠٠٦ لە باکووری لەندەن، خاوەنخانووە کورد-زمانەکەمان، کە ھەشت مانگ لەوەوپێش ھاتبوو بۆ ناسینم و سەلماندنی کۆن-ئەنارکیستبوونی خۆی*** ھات و لەتاو دڵخۆشی خۆی بە دەرکەوتنی (نەوشیروان موستەفا) شاگەشکە بووبوو و لەتاو دڵخۆشبوونی تریقەی سمێڵی دەھات و مژدەی دەرچوونی (نەوشیروان موستەفا)ی بە من دەدا.

ئەم ڕۆژانە بۆ من ڕۆژانێکن، کە دەھەیەکە من چاوەڕوانی بەرەوپێش ھاتنیان دەکەم؛ ڕۆژانی سەلماندنی سیناریۆبوونی “تۆران و جیابوونەوەی نەوشیروان و پۆشینی پۆشاکی گۆڕانخوازیی” و نەبوونی جیاوازی نێوان سەرانی گردە دزراوەکە و سەرانی شاخ و دەشتە داگیرکراوەکانی دیکە و دەرکەوتنی “قوونی ڕەش و سپی” ڕامیاران چ دەسەڵاتدار و چ ئۆپۆزسیۆن؛ چ ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی و چ ئۆپۆزسیۆنی ناپارلەمانی.

بە بۆچوونی من، ئاساییترین شت چاوەڕوانی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵاتی ناڕازییە لە ھەر کەسێك خۆی بە گۆڕانخواز و داخوازی گۆڕان بکات، کە بە ڕادەی کەم، وەك دەسەڵاتداران و سەرمایەداران چەپاوڵگەر و پاوانگەر و ملھوڕ نەبێت ****. ھەر ئاوا ھاوکات ئاساییترین سەرەنجامی چاوەڕوانیکردنی فریادرەسیش ھەر نائومێدییە، ئەوە بڕیارێکی حەزۆکییانەی من یان کەسانی دیکە نییە، بەڵکو سەلمێندراوی ئەزموونگەرییەکانی مێژووە و ئەگەر سەرنجی ڕەوتی ڕوداوەکانی عیراق بەگشتی ساڵی ١٩٢٠ بەدواوە و ھەرێمی “کوردستان” ساڵی ١٩٤٦ بەدواوە بدەین، زۆر بەخێرایی چەندین بارەبوونەوەی دژەخوونیی بەڵێندەران و نائومێدی ناڕازییانی خۆشباوەڕ و چاوەڕوانی فریادڕەس بەدیدەکەین، ئەوەش بەرەنجام و سەرەنجامی ھەموو ھەوڵێکی ڕامیارییە چ ڕێکخراو و چ ناڕێکخراو، چونکە سروشتی ڕامیاریی و ئامانجی ڕامیاری ھەر ئەوەیە؛ ڕامکردنی خەڵک بۆ سەروەرییە دەسەڵاتخوازان و مشەخۆریخوازان

بەداخەوە، بە درێژایی یازدە ساڵی ڕابوردوو زۆرێك لە گۆڕانخوازانی تووڕە و خۆشباوەڕ ئاوا لە بۆچوون و ڕەخنەی من و کەسانی دیکە وەك من تێگەییشتن، کە ئێمە وەك کینەدۆزییەکی کەسیی دژی کۆچکردوو (نەوشیروان موستەفا) خەریکی نوسین و ڕۆشنگەرین، بەداخەوە تاکو ئەم ساتە ژاراویبوونی ھۆشی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات لەسەر ئاستی جیھان بەگشتی و ھەرێمی “کوردستان” و خۆرھەڵاتی ناوین بەتایبەتی بە ئایدیۆلۆجیا بە ئاستێك گەییشتووە و ئاوا ھۆشی خەڵکی شۆردرووەتەوە، کە خەڵکی ناڕازی نازانێت دوێنێ چی خواردووە و لە کوێ خەوتووە. ئەگینا ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەزانن کە ناوبراو (نەوشیروان موستەفا) ساڵی ١٩٦٣-١٩٩٨ کەسی یەکەم و ئەندازیاری جەنگی نێوخۆی (جەلالی و مەلایی|سۆرانی دژی بادینی) و ھەر ئاواش دژی لایەنەکانی دیکە بزووتنەوەی چەکداری ئەو ھەرێمە لەوانە لێدان و سڕینەوەی ئیسلامییەکانی ١٩٨٢ لە حاجی مامەند، لێدان و کۆمەڵکوژکردنی چەکداران و ئەندامانی (حشع) لە قڕناقا و پشتئاشان، لێدانی چەکدارانی (حسکع) ١٩٨٤ دەشتی ھەولێر و دواتریش جەنگی نێوخۆی ١٩٩٤-١٩٩٨ بووە. بێجگە لەوەش ساڵی ١٩٩١-٢٠٠٦ کەسی دووەمی نێو (ینک) و فەرمانداریی ناوچەی جەلالی بووە و ھەموو پرۆژەکانی بەپارتییکردنی|بەحزبیکردنی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاری و سامانە سرووشتییەکان و داگیرکردنی گرد و شاخ و دەشتەکان و ئاودیوکردنی کەرەستە و ئامێرەکان و چەپاوڵکردنی پشکی ناوچەی فەرمانداریی جەلالی لە کۆمەكی ڕێکخراوە جیھانییەکان و بەرنامەی نەوت لە بەرانبەر خواردن و دواتریش ١٧% پشکی ھەرێمی “کوردستان” لەژێر دەستی ئەو و ئاگاداریی ئەو ڕویانداوە و ئەنجامدراون. تیرۆر و کوشتنی سەدان ژن و عەلی بۆسکانی، سۆرانی (حشع) و بەکر عەلی، حەمە حەلاق و ھاوڕێکانی و پێنج ئەندامی (حککع) لەبەرچاوی ئەو ڕویانداوە و ھیچ ھەڵوێستێکی نەبووە، تەقەکردن لە خۆنیشاندانی ساڵیادی ١٦ی ئازاری ٢٠٠٦ و کوشتنی لاوێكی ھەڵەبجەیی بەناوی (کاردۆ) و ھەڵمەتی ڕفاندنی شەوانەی خۆنیشاندەران و ئەشکەنجەی چەند ھەفتەیی و چەند مانگی خەڵکی ناڕازی و بڕیاری دەسەڵاتدارانی فەرمانداریی جەلالی بۆ لەسێدارەدانی سیازدە (١٣) کەس لە دەستگیراوکراوانی ئەو خۆنیشاندانە بە ئامادەیی و بەبەرچاوی ئەو ڕویاندا، ھیتلەر و ستالین و خومەینی و ..تد لەنێو گۆڕەکەیان ھاتنەدەنگ و ھەڵوێستیان ھەبوو، بەڵام نەوشیروان موستەفا فزەینەکرد!

پاش ئەوەی کە ناوبراو بە تۆرانێکی سیناریۆیانە بە ڕواڵەت لەنێو (ینک) دەرچوو و ھەر ئەو کات ھەواڵی بەخشینی کۆمەڵێك ئۆتۆمەبێل و چەکی ھەمەجۆر بە ئەو لەلایەن جەلال تاڵەبانی، بووە ھۆی ناڕەزایەتی و جیابوونەوەی کۆمەڵێك لە کۆنە (کۆڕەک)ییەکان و دژایەتیکردنی نەوشیروان. بەڵام بەگشتی شتەکان ژێرەکی بوون و زانیارییەکانی چۆنیەتی کردنەوەی کۆمپانیای (وشە) و سەرچاوەی خەرجی ڕاگەیاندن و گوزەرانی چەکداران نھێنی بوون، تاکو ڕێکەوتی ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٨ نەوشیروان موستەفا لەسەر سایتی (سبەی) بە سەردێڕی (رونكردنهوهیهك لهنهوشیروان مستهفاوه) ڕۆشنکردنەوەیەکی نووسی و لەوێدا کورد واتەنی “دەستی خۆی بڕی” و ئەوەی ئێمە پێشتر تەنیا بەگوێرەی شارەزایی و ئەزموونی خۆمان لەنێو (کۆڕەك) و دەرەوەی کۆڕەك لەبارەی سیناریۆبوونی دەرچوونەکەی ئەو دەمانگوت، ناوبراو بەخۆی بە چەند دەستەواژەیەك وەك وەڵامدانەوەی (مەلا بەختیار) و (ئەرسەلان باییز) سەلماندی، کە پێشبینییەکەی ئێمە [کەسانێك کە ئاوامان دەبینی] دروست دەرچوو و سیناریۆیە.

لێرەدا وەك بە بیرھێناوەیەك چەند دانە لەو دەستەواژانەی کە ڕێکەوتنی (٢٤ی جونی ٢٠٠٨) لەبارەیان شیکاریمکرد، کۆپیدەکەمەوە و ئینجا بۆ (رونكردنه‌وەیەک لە لایەن نما و چیا نەوشیروان مستەفاوە‌) شیکاریدەکەم، کە لەوە دەچێت نووسەری ڕۆشنکردنەوەکەی ئەوانیش ئەوە ھەمان ئەو ڕاوێژکارەیە کە ڕێکەوتنی ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٨ کە (رونكردنهوهیهک لهنهوشیروان مستهفاوه) بۆ نەوشیروان موستەفا نووسیبێت، چونکە ھەم جۆری داڕشتن و ڕێکخستنی ڕێزمانی و ڕێنووس و مێناڵێتی و لۆجیک-ئەندێشی (ھەر دوو ڕۆشنکردنەوەکە) ھەر وەك یەکە. ھەڵبەتە وەك ساڵی ٢٠٠٨ ھێندە کاتم زۆر نییە، کە لایەنی ڕێزمان و ڕێنووسی ڕۆشنکردنەوەکەی ئەوان شیکاریبکەم، لەبەرئەوە ڕاستەوخۆ بە پرسیارکردن شیکارییەکەی خۆم دەستپێدەکەم.

دەستەواژە و وەڵام و پاگەندەکانی نەوشیروان موستەفا ڕێکەوتی ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٨

– بهشدارێكی سهرهكی بوم لهرابردوی یهكێتی و لهدروستكردنی ئێستای یهكێتی دا، بهههمو لایهنهسهلبی و ئیجابیهكانیهوه، من ههروهكو شهریكم لهههڵگرتنی ئۆباڵی مێژویی ههمو سهركهوتن و دهسكهوت و شكستهكانی یهكێتیدا، ههروهها شهریكم لهههمو سهروهت و سامان و دارایی یهكێتی دا، كهس بۆی نیهمنهت بهسهر مندا بكات.
– هاوكاری مام جهلال بۆ ئێمه(10) دهملیۆن دۆلار و بینایهكی حكومهت و گردێكی موڵكی كۆمپانیای نۆكان بوهئهوهش یهكهم هاوكاری و دوا هاوكاری مام جهلال بوهبۆ ئێمهو ههمو ئهوانهش بهناوی كۆمپانیای وشهوهتۆمار كراون كهشهخسیهتێكی مهعنهوی و قانونیه.
– سێ یه‌م: له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمپانیای وشه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 10 جار و له‌ موناسه‌به‌تی ئاشکرادا به‌ سوپاسه‌وه‌ ئیشاره‌تم‌ داوه‌ به‌و هاوکاریه‌ی مام جه‌لال کردوینی،
– بۆیهبهههقی خۆمانی ئهزانین چۆن دهزگای ڕاگهیاندنی حیزبهكان بهپارهی حكومهت و لهدارایی گشتی و لهسهر بودجهی میللهت ئهژین، یان بودجهی ئهوانیش ببڕن و بۆ ژیانی دهزگاكانیان با پشت بهخۆیان ببهستن بۆ ئهوهی ئێمهش ههمان ڕێگهبگرین، یان ئهبێ حكومهت لهدارایی گشتی بودجهی ئێمهش دابین بكات، ئهگینا ((بانێك و دو ههوا)) قبوڵ ناكرێ.

ئینجا وەرن با پێکەوە، بەراوردی ھەر دوو ڕۆشنکردنەوەکان بدەین و کۆدە شارداوەکانی پشتیەوەیان بدۆزینەوە: کۆدە شاردراوەکانی نێو ئەو سێ پەرەگرافەی سەرەوە بریتن لەم سێ خاڵە:
– (نەوشیروان موستەفا) داوای بەشەتاڵانی و دزییەکانی (ینک) دەکات و ڕەخنەی لە دزی و تاڵانی و گەندەڵی و پارتییکردنی دارایی و سامانی کۆمەڵ نییە، کە (ینک) و (پدک) ساڵی ١٩٩١-٢٠٠٦ ئەنجامیانداوە.
– جەلال تاڵەبانی بەخۆی دە (١٠) ملیۆن دۆلار و تەلارێکی فەرمانداریی و گردێك کە کۆمپانیای نۆکان’ی (ینک) داگیریکردووە، بە نەوشیروان موستەفا دەبەخشێت، تاکو بچێتە دەرەوەی (ینک) و دژایەتی (ینک) بکات و (ینک) ڕیفۆرمبکات. بەواتایەکی دیکە دەسەڵاتدار (جەلال تاڵەبانی) بە پارە و دارایی خۆی دژی خۆی دەوەستێتەوە.
– نەوشیروان موستەفا ھیچ گرفتێکی لەتەک تاڵانبردنی سامانی کۆمەڵ بۆ دەزگە پارتییەکان|حزبییەکان و بە پارتییکردنی شاخ و گرد و دەشتەکان نییە و خوازیاری بەھرەمەندبوونی کۆمپانییەکەی خۆیەتی وەك کۆمپانییەکانی (نۆکان) و (کۆڕەك).

ئایا ئەوانە تۆمەتی ھەڵبەستراوی دوژمنان و ڕەخنەگرانی نەوشیروان (موستەفا)ن یان درکاندنی ناچارییانەی نەوشیروان موستەفا لەژێر فشاری ڕەخنە و سەرنجی کەسانی دژە-دەسەڵات و دژە-گەندەڵی و دژەچەپاوڵ و دژە-پاوانگەری و دادپەروەریخواز؟

دەستەواژە و وەڵام و پاگەندەکانی کوڕەکانی نەوشیروان موستەفا ڕێکەوتی ٢٩ی ئۆگستی ٢٠١٧
” رونكردنه‌وەیەک لە لایەن نما و چیا نەوشیروان مستەفاوە‌
ئه‌مڕۆ ٢٩/٨/٢٠١٧ هه‌واڵێكی ناڕاست له‌ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بڵاوبۆته‌وه،‌ گوایه‌ له ‌مانگی ڕابردودا مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئێمه‌ تاپۆكراوه‌ و هه‌ندێ كه‌سیش به‌بێ زانینی باكگراوندی یاسایی و ئیداری بابه‌ته‌كه‌ به‌ نائاگاییه‌وه‌ ته‌رویجیان بۆ ئه‌م هه‌واڵه‌ ناڕاسته‌ كردوه. ”

باشە با ئاوای وەربگرین، کە ھەواڵەکە ناڕاستە، ئەی لە بەرانبەر وەڵام و ڕاگەیاندنی (بێستوون فایەق | ئەندامپارلەمانی گردە دزراوەکە) چی دەڵێن
بێستون فایەق پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: “….، ئەسڵ وایە گردەكەو هەموو مومتەلەكاتەكانی تری گۆڕان بەرەسمی بكرێن بەناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەك كوڕەكانی كاك نەوشیروان”.
“…..، بەڵام گردی زەرگەتە گردی پێنج سەد هەزار دەنگدەری گۆڕانە‌و جێ ئومێدو ماڵی هەزاران نان بڕاو سزادراوی سیاسییە”.
“نەك كوڕەكانی كاك نەوشیوران‌و ئەگەر جڤاتی نیشتمانی‌و خانەی راپەراندن‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان خاوەندارییەتی گردی زەرگەتەو مومتەلەكاتەكانی تری گۆڕان یەكلانەكەنەوە ئەوا ئەو زانیاریانەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاوێنە ئایندەی گۆڕان دەخاتە مەترسییەوە”. (شارپرێس)

ئایا نما و چیا و ڕاوێژکارەکانیان و پاساودەرانی دابەشکردنی گردە دزراوەکە [گردی زەڕگەتە]***** لە بەرانبەر ئەو قسانەی (بێستوون فایەق) چی دەڵێن، کە پێشتر یان ھاوکاتی بڵاوبوونەوەی ھەواڵی بەشکردنی ئەو بەشە تاڵانییانە گوتوونی؛ بەشەتاڵانییەك کە (جەلال تاڵەبانی) بە باوکی (نما) و (چیا)ی بەخشی، تاکو دژی خودی (جەلال تاڵەبانی) بەکاریبەرێت؛ ھۆکاری خەم و تەنگەتاوی و دڵەڕاوکێی (بێستوون فایەق) و ھەوڵەکانی لەپێناو چین، ئەگەر دابەشکردن و تاپۆکردن ڕوینەداوە و ئەو ھەژمار و دراوانە درۆ و بوختانی (ڕۆژنامەی ئاوێنە)ن؟

” یه‌کەم: گردی زه‌رگه‌ته‌‌ له‌ڕوی خاوه‌ندارێتیه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦ەوە له‌سه‌ر كۆمپانیای وشه‌ تاپۆكراوه‌، كه‌ به‌ناوی خوالیخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ بوه‌، واته‌ پێش (٣) ساڵ له‌ دروست بونی لیستی گۆڕان. کەواتە ئەو قسەیەی کە دەوترێت گوایە مەکۆی سەرەکی لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە خراوەتە سەر کۆمپانیای وشە رێک پێچەوانەی واقع و ڕاستیەکانە. ”

چما ئێستا ھیچ کەس گوتوویەتی و نووسیویەتی کە ساڵی ٢٠٠٩ (گردی زەڕگەتە) وەك گردێکی داگیرکراو و بەپارتییکراوی (ینک) لەلایەن جەلال تالەبانی بە نەوشیروان موستەفا بەخشراوە و ئەو بەخشینە ساڵی ٢٠٠٦ نەبووە؟
ئایا سەلماندی ئەوەی کە ئەو گردە دزراوە سێ ساڵ پێش دروستکردنی لیستی خۆھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ بەناوی “لیستی گۆڕان”، بەناوی (کۆمپانیای وشە) بووە، دەبێتە بەڵگە و ڕەتکەرەوەی ئەوەی کە ڕێکەوتی ڕۆژی ٢٥ی جولای ٢٠١٧ گردە دزراوەکە لەسەر جووتە کوڕەکەی ڕابەری لەنێوبردن و کەوڵکردنی بزووتنەوەی گۆڕانخوازانی ھەرێم، تاپۆکراوە؟
ئایا ڕەخنەی خەڵک لە ھی کێبوونی (کۆمپانیای وشە یان پارتییە نیلییەکە) ئەو گردە دزراوەیە، یان ڕەخنەیە لەوەی کە گردە دزراوەکە وەك دارایی تایبەتی نەوشیروان مستەفا و وەك لەبۆماوە لە باوکەوە بۆ کوڕ گوازراوەتەوە و دابەشکراوە؟

ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، من لە خاتوو (چرا نەوشیروان موستەفا) دەستخۆشیدەکەم، کە بەشداری ئەو تاڵانکردنە نەبووە و ھەرگیزیش بڕواناکەم سەرمایەی خۆی ( خاتوو چرا) لە (بەشە تاڵانی گردێکی (١٢٢) دۆنمی و کارگەیەکی چیمەنتۆ و تەلارەکانی سەرگردەکە و (سۆپەرمارکێتی مێترۆ) و پالافتگەیەکی نەوت و …پشکە دراوییەکانی دیکە) زۆرتر بێت، تاکو ھۆکاری وەرنەگرتن و بەخشینی بەشەکەی خۆی بە ئەوان بۆ دەوڵەمەندتربوونی بەو ڕێژە یان زیاتر لە ڕێژەی ئەو بەشە تاڵانیانە، بگەڕێتەوە… من دڵنیام ڕۆژگارێك خاتوو (چرا نەوشیروان موستەفا) بەخۆی یان لە کەلێنكەوە ھۆکارەکەی دەردەکەوێت و من ئاوا ھەستدەکەم، کەسایەتی ئەو خاتوونە لە دایکی کۆچکردووی بچێت و نەیەوێت بەشێک ېێت لەو تاڵانگەرییە ڕامیارییە و ئابڕووی خۆی و منداڵەکانی زۆرتر مەبەست بێت، تاکو سەرمایە و دەسەڵات. ھیوادارم ئەم پێشبینییەم وەك پێشبینییەکانی دیکەم دروست دەربچێت و ڕۆژگار بیسەلمێنێت.

” دووەم: له‌روی یاساییه‌وه‌ كۆمپانیا كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌و‌ی هه‌یه،‌ بۆیه‌ كاتێك دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی كۆچی دوایی ده‌كات، پێویسته‌ خاوه‌ندارێتیه‌كه‌ی بگوازرێته‌وه‌ بۆ وارسه‌ شه‌رعی و یاساییه‌كانی، تا بتوانێت به‌رده‌وام بێت له‌كاره‌كانیدا. ”

ھەر ئاوا خودی (نەوشیروان موستەفا)ش لەنێو ڕۆشنکردنەوەکەی ڕێکەوتی ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٨ دەڵێت :
هه‌مو ئه‌وانه‌ش به‌ ناوی کۆمپانیای وشه‌وه‌ تۆمار کراون که‌ شه‌خسیه‌تێکی مه‌عنه‌وی و قانونیه‌.

باشە، (کەسایەتی مەعنەوی) واتای چییە؟ مەگەر ناکاتە ئەوەی کە ئەو کەسایەتییە، کەسێكی|مرۆڤێکی دیاریکراو نییە و دارایی ئەو کۆمپانییە، دارایی گشت ئەندامان و لایەنگرانی یان کۆمەڵگەیە و دارایی تایبەتی نییە؟ ئەگەر واتاکەی ئەوە نییە، بۆچی ھەر لەسەرەتاوە کەسایەتی “مەعنەوی” کرا بە دارای؟ ئایا لە ڕووی یاساییەوە ھیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێکی (ناتایبەت|ناخصوخی) دەبێتە دارایی تایبەتی سەرنووسەر یان بەڕێوەبەرەکەی؟ ئایا لە ڕووی یاساییەوە ھیچ پارتییەك دەبێتە دارایی تایبەتی سکرتێرەکەی؟

ئەی ئیدی چۆن (کۆمپانیای وشە) و گردە دزراوەکەی (زەڕگەتە) و (سۆپەرمارکێتی مێترۆ) و کارگەی چیمەنتۆ و پاڵافتگەی نەوت و تەلار و باڵاخانە و شتەکانی دیکە دەبنە دارایی تایبەتی نەوشیروان موستەفا و وەك لەبۆماوە بەسەر جووتە کوڕەکەی دابەشدەکرێن؟
ئایا کۆدی شادراوەی خاڵی دووەم ئەوە نییە، کە لە بنەڕەتدا (هه‌مو ئه‌وانه‌ش به‌ ناوی کۆمپانیای وشه‌وه‌ تۆمار کراون که‌ شه‌خسیه‌تێکی مه‌عنه‌وی و قانونیه‌.
| له‌روی یاساییه‌وه‌ كۆمپانیا كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌و‌ی هه‌یه) فێڵێکی یاسایی بوون بۆ وەرگرتنی بەشەتاڵانی لە (ینک) وەك بەشداربوون لە دەستکەوتەکان، ھەر ئاوا کە نەوشیروان موستەفا بەخۆی دەڵێت؟
ئایا (گردی زەڕگەتە) دارایی فەرمانداریی بەعس و خودی سەدام حوسەین بوون، یان ئاڕپیجی و زڕێپۆش و فرۆکەی سەربازییە، تاکو دەستکەوتی (ینک) بێت و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان و مەلا بەختیار و ئەرسەلان باییز و کۆسڕەت ڕەسوڵ و سەعدی ئەحمەد پیرە و … و سەرتیپ و چەکدارانی (ینک) لەنێوان خۆیان و بەسەر خۆیان دابەشیبکەن؟

ئاخر ئەگەر ناڕازییانی ھەرێمی “کوردستان” ھۆش-شۆردراوە و کورت-ھۆش و خۆشباوەڕ نەبن، چۆن لە خۆیان ناپرسن (کۆمپانیای نۆکان) (گردی زەڕگەتە)ی لە کوێ بوو و بە چ مافێك جەلال تاڵەبانی بە (نەوشیروان موستەفا)ی دەبەخشێت؛ مەگەر دارایی باوکییەتی؟

بێجگە لەوە، ھیچ لەو پاساوەی لایەنگرانی ناھوشیار و کەم-ئاوەزی پارتییە نیلییەکە قێزەونتر نییە، کە دەڵێن “ئەو گردە پێشتر موڵکی خەڵکو کۆمەڵ نەبووە، موڵکی کۆمپانیای نۆکان بووە” …. ئەی پێش ڕاپەڕین و گەڕانەوەی چەکداران و سەرانی (ینک) و (بەرەی کوردستانی) لە ئوردووگەکانی ئێران، (گردی زەڕگەتە) ھی کێ بوو، تاکو ئەوێندەرێ من بزانم ھیچ گرد و شاخ و دەشتێکی ھەرێمی “کورستان” وێڕای داگیرکراوبوونی نیو سەدە زیاتریان لەلایەن دەوڵەتانی ناسیونالیزم و بۆرجوازی عەرەبی عیراقی، نە دارایی بەعس بوون و نە دارایی بنەماڵەی سەدام حوسەین؛ داگیرکردن و داراییکردنی گرد و شاخ و دەشت و بیرە نەوت و کارگەی چیمەنتۆ و جەنگەڵەکان کولتووری چەتەگەریی پارتییەکانی بەرەی کوردایەتییە (بەرەی کوردستانی) و لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە سەریھەڵداوە و داھێنانی بزووتنەوەی کوردایەتییە!

ئەوە چ بەدبەختی و چ زەلکاوێکە کە تاکی گۆڕانخوازی خۆشباوەڕ و ناھوشیاری کوردی-زمانی تێکەوتووە، کە تاڵانگەری و چەپاوڵگەری و پاوانگەریی و بە پارتییکردنی دار و بەردی کۆمەڵ و جەنگی نێوخۆ و بەکاربردنی ژنان وەك کەرەستەی سیخوڕیی جەنگی نێوخۆ و داگیرکردنی ماڵی ئەندامان و لایەنگرانی (پدک) لە ناوچەی فەرمانداریی جەلالییەکان و داگیرکردنی ماڵی ئەندامان و لایەنگرانی (ینک) لە ناوچەی فەرمانداریی مەلاییەکان و ئاودیوکردنی بەنگاوی پەخمە و کارگەی ئاوی تەماتە و تێلی ھێڵی کارەبا و تێلی ھێڵی تێلەفۆن و گمرگکردنی کوردانی “کوردستان”ی بەشی ئێران و “کوردستان” بەشی تورکیە و “کوردستان”ی بەشی سوریە (کەسەکان؛ ژن و منداڵ و پیاوان نەك شمەک و کاڵاکانیان) بیست و شەش ساڵی ڕابوردووی لەبیرنەمابێت (بیست و شەش سەدەی پێشتر ناڵێم) ؟

” سێهه‌م: گردی زه‌رگه‌ته‌ کە موڵكی كۆمپانیای وشه‌یە، هەروەک چۆن لە هەشت ساڵی رابردودا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازاندا بوەو بۆ خزمه‌تی گشتی به‌كار‌هاتوه‌، له‌داهاتوشدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. ”

ئایا ھیچ کەس گوتوویەتی کە گردی زەڕگەتە وەك دە (١٠) ملیۆن دۆلار بەخشیشەکەی جەلال تاڵەبانی دارایی (کۆمپانی وشە) نییە، تاکو ئێوە ئەوە بسەلمێنن؟

ئینجا وەرن، سەرنجی ئەو کۆدە|دانپێدانانە شیك و شاردراوەیە بدەن، کە بە خشکەیی دەڵێت : لەبەرئەوەی کە (کۆمپانیای وشە) وەك کەسایەتییەکی مەعنەوی داراییەکەی بۆ دامەزرێنەکەی دەگەڕێتەوە، زۆر ئاسایی پاش مردنی ئەو داراییەکانی ئەو کەسایەتییە مەعنەوییە بەسەر وەریسەکانی دامەزرێنەکەی دابەشدەکرێن. بەڵام ئێمە وەك باوکمان بەخشندەین و وەك ھەشت ساڵی ڕابوردوو (گردی زەڕگەتە) وەك یەکێک لە داراییەکانی (کۆمپانیای وشە) دەخەینە خزمەت گۆڕانخوازان. وەرن تەماشای ئەو “چاکەکردنە بەسەر ئاوی گەرماو” بکەن، چۆن وێڕای دزین و داگیرکردنی گردەکە، کەچی بەسەر خەڵکی منەت دەکەن و دەڵێن وەک جاران وەرن و پیاسەی تێدابکەن.

ئایا ئەوە بێجگە لە دانپێدانانێکی “شەل نییە، پێی شکاوە” ھیچی دیکەیە ھەیە و دەبەخشێت؟ من ئاوا تێدەگەم و ئیدی نازانم تۆی خوێنەر چۆن تێدەگەیت؟

ئایا ئیدی ئەوەی، کە ھەفتەی ڕابوردوو چەکدارەکانی (کۆمەڵەی عەبدوڵڵای موھتەدی) وێرای دزین و بڕینی درەختی خەڵكی، کەچی خاوەنەکانیشی دەدەنە بەر دەسترێژ و دوو برا دەکوژن و دوو برای دیکە بریندار و سەرباری ئەوە لایەنگرانی ئەو باندە چ لە “کوردستان”ی بەشی ئێران و چ لە ئەوروپا، کوژراو و بریندارەکان و خەڵکی ناڕازی بە بەکرێگیراوی دەوڵەتی ئێران تۆمەتباردەکەن. تکادەکەم بە وردی ھەر دوو ڕوداوەکە و پاگەندەی کوڕەکانی نەوشیروان موستەفا و لایەنگرانی باندەکەی (عەبدوڵلای موھتەدی) بەراوردبکەن.

” چوارەم: وروژاندنی ئەم بابەتانە چ لە کاتی چلەی خوالێخۆشبوو و چ لە ئێستادا کە گۆڕان سەرقاڵی ململانێیەکی سیاسی سەختە لە پێناو چەسپاندنی دیموکراسی و سیستەمی پەرلەمانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا، بە پلانێکی داڕیژراوی ئەزانین بۆ چەواشەکاری و بەلارێدابردنی خەبات و ئاڕاستەی کاری گۆڕانخوازان. ”

لێرەدا زۆر بە کورتی دەیبڕمەوە؛ ئایا لە ھیچ سەردەمێکی مێژوو و لە ھیچ گۆشەیەکی جیھان و ھیچ کەسێکی دەسەڵاتخواز و مشەخۆر و ھیچ باندێکی مافیای و ھێچ سەرۆکخێلێك و ھیچ پارتیی و گروپێکی ڕامیاریی [لە چەپەوە بۆ ڕاست، لە ئیسلامییەوە بۆ سێکیولاریست، لە کۆنەپارێزەوە بۆ لیبڕاڵ و نیئۆلیبراڵ، لە ناسیونالیستەوە بۆ بەناو “سۆشیالیست و کۆمونیست”] ھەبووە و ھەیە، کە لە بەرانبەر ڕەخنەی خەڵك نەڵێت ” ئەوە پیلانی دوژمانە دژی بزووتنەوەکەمان، دژی پارتییە پێشڕەوەکەمان، دژی ئیسلام، دژی کوردان، دژی ‘ئازادی’، دژی ‘سۆشیالیزم’ و ‘کۆمونیزم’، دژی لیبرالیزم، دژی یەزان” ؟

ئەرێ بەڕاست چ لە ڕابوردوو و چ ئێستا لە کوێ و بە کامە بەڵگە سیناریۆی “گۆڕان و گۆڕانخوازی”ی نەوشیروان موستەفا و پاشڕەوانی خەریکی جەشپاندنی دێمۆکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوون؟ ****** بەڵام من ھەرگیز لەو ڕاستییە نکۆڵیناکەم، کە نەوشیروان موستەفا و پاشرەوانی بە کۆنتراکتی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و زلھیزە داگیکەرەکانی عیراق خەریکی خۆشباوەڕکردنی خەڵك بوون بە “پارتیی باش” و “سەرمایەداری باش” و “لۆبیکاری باش” و “پارلەمانی باش” و “فەرمانداریی باش” و “دەوڵەتی باش” و تاڵانگەری و چەپاوڵگەری و پاوانگەری “باش”. بەڵێ ئەو گەواھییە بۆ مێژوو دەدەم، ئەگەر سیناریۆی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا نەبووایە، زۆرینەی تاکەکەسە ناڕازییەکانی ھەرێم نەدەچوونەوە بەردەم سندووقی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر و “کوتەک بەدەستی دڵسۆزی گەل”!

” پێنجەم: ئێمە وەک کوڕانی نەوشیروان مستەفا، نەک بەتەنها گردی زەرگەتە، بەڵکو گیان و ژیانی خۆشمان دەکەینە قوربانی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو رێبازەی باوکمان بۆی بەجێ هێشتوین. نما نەوشیروان مستەفا چیا نەوشیروان مستەفا ”

لێرەدا بێجگە لە گوتنی “دەفەرموون، ئەوە زەوی و ئەوە گەز ” ھیچی دیکە پێویست نییە؛ ئەوەتا زۆرینەی ئەندامان و لایەنگرانی پارتییە نیلییەکەی سیناریۆی (جەلاڵ تاڵەبانی) و (نەوشیروان موستەفا)ی باوکتان داخوازی تاپۆکردنی گشت بەخشیشەکانی تاڵەبانین کە بە باوکی ئێوەی پێشکەشکردن، تاکو باوکتان [بەو دە (١٠) ملیۆن دۆلار و گرد و بینای کۆمپانیای وشە و کارگەی چیمەنتۆ و پاڵافتگەی نەوت و سۆپەرمارکێتەکەی مێترۆ و … شتە شادراوەکانی دیکە، کە ھێشتا لەژێر بەڕە دەرنەکەتوون] دژایەتی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتداریی خودی جەلال تاڵەبانی بکات، بەڵێ ھەموو ئەوانەی ڕۆژگارێک کۆمونیست و چەپ و (پەکەکە) و (کۆڕەک) بوون و لەتەك زۆرێکی دیکەی خۆشباوەڕ ڕەدووی سیناریۆکەی جەلال تاڵەبانی و باوکی کۆچکردووتان کەوتن، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەر شەقامەکان نائومێدانە داخوازی گێڕانەوە و تاپۆکردنی ھەموو ئەو شتانەن لەسەر “بزووتنەوە” سیناریۆییەکە و پارتییە نیلییەکە.

دە فەرموون ئەوە زەمین و ئەوە گەز، کێ دەستی ئێوەی گرتووە، کە وەك خاتوو (چرا)ی خوشکتان لە بەشی یاسایی تاڵانییەکەی جەلال تاڵەبانی بوگزەرێن و بیگێڕنەوە بۆ کۆمەڵ؛ ھەر ئاوا کە کاتی خۆی بۆ باوکی ئێوەم نووسی: ئەگەر بڕیاربێت کەسێك گۆڕانخواز و دژی گەندەڵی و دژی بە پارتییکردنی کەرەتەکانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاری و گرد و شاخ و دەشت و بیرەنەوتەکان بێت، دەبێت لە خۆیەوە گۆڕان دەستپێبکات و گردە دزراوەکەی ژێر خۆی بۆ دارایی گشتی کۆمەڵ (زۆر نا، تەنیا وەك سەردەمی فەرمانداریی بەعس) بگێڕێتەوە.

بەڵێ، بۆ دارایی گشتی کۆمەڵ بیگێڕنەوە، ھەر وەك ئەو سەردەمەی کە وێرای داگیرکەربوون و دیکتاتۆربوون و شۆڤێنیستبوون و فاشیستبوونی فەرمانداریی بەعس و سەدام حوسەین و گەندەڵی ئەندامانی خێزانەکەی، کەچی ھیچ گرد و شاخ و دەشت و بیرەنەوت و کارگە و کێڵگە و …تد ھی بەعس و سەدام حوسەین و خێزانەکەی نەبوون.

من دەزانم زۆر کەس لە گوتنی ئەم خاڵەی کۆتایی دەترسن، نەکا بە “بەعسی”بوون تۆمەتبار و تاوانبار بکرێن. بەڵام من لەبەر دوو ھۆ ناترسم و تاکو دەمرم ئەو ڕاستییە دەڵێمەوە، چونکە یەکەم خۆم بەعسی نەبووم و تەنانەت ئامادەی درێژەدان بە خوێندن نەبووم بە مەرجی دەرھێنانی (دەفتەر خدمەی بەعس)، ھەر ئاوا بەڵگە و وێنەکانی ١٩٦٦- ٢٠٠٣ ئەوە نیشاندەدەن، کە لە نێوەڕۆکدا شتێك بەناوی “بزووتنەوەی ڕزگاریخواز”ی کوردانی ھەرێم بوونی نەبووە و بزووتنەوەیەکی ڕامیاریی دروستکراوی دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی بریتانیا و دەوڵەتی ئەمەریکا و ساواکی دەوڵەتی ئێرانی سەردەمی پاشایەتی و ئیطلاعاتی سەردەمی ئیسلامەتی و میتی دەوڵەتی تورکیە و دەوڵەتی سوریە بووە، ھەر ئاوا کە جەلال تاڵەبانی خۆی دەڵێت “ئێمە لەبەرخاتری برا بەعسییەکانی سوریەمان، شۆڕشی ئەم جارەمان ھەڵگیرساندەوە”، ئەو کات نەوشیروان موستەفا سکرتێر و کەسی دووەمی ئەو خاترگرتنە بووە!

دواشت، کە پێویستە لێرەدا جارێکی دیکە بیخەمەوە پێش چاوی خوێنەر، بەتایبەت ناڕازییانی گۆڕانخواز و لەنێو ئەوانیش دوو دەستە ھەم ئەوانەی ئێستا لەسەر گردەکە چەکدارە ڕووتەڵەن یان لایەنگری دەوری گردەکەن و ھەر ئاوا خوێنەران و دەروێشانی نووسەرانی (بەرنامەی لیستی بەناو “گۆڕان” : نیگایەک لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی | مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، ڕێبین ئەحمەد ھەردی) کە ئەو کات وەك دۆزینەوەی ھەنگوین لەنێو قڕۆڵی درەخت، ڕەھەندە ھزرییەکەیان لە پاشڕەویی و ڕەدووکەوتنی سیناریۆی (جەلال تاڵەبانی) و (نەوشیروان موستەفا) کۆتاییھات و ھەر ئەو کات من بە سەرنجدانێکی ڕەخنەیی بەرنامە پێشنیارییەکەی ئەو چوار نووسەرەم شیکاریکرد و بەرەوپێش ھاتنی ڕوداوەکانی دواتر تاکو دوێنێم بۆ ئەوان پێشبینیکرد. ھەر ئاوا لەبەرئەوەی کە (مەریوان وریا قانیع) وەك قومارچییەکی دۆڕاو لەنێو ستوونەکەی خۆی لە (ئاوێنە) ھێشتا پاساوە پێشنیار بۆ کوڕەکانی (نەوشیروان موستەفا) و (سەرانی پارتییە نیلییەکە) دەکات، من ئەوە بە پێویستی دەزانم، کە سەرنجی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی سەرنج و ڕەخنەکانی ئەو کاتی من بەناوی (چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی http://bit.ly/2wib5UC)****** ڕادەکێشم، تاکو گۆڕانخوازانی ڕاستەقینە لەژێر باری نائومێدبوونیان، لەجیاتی ڕەدووکەوتنەوەی لایەنێکی دیکە وەك تووڕەیی و تۆڵەکردنەوە لە سەرانی گردەکە، پێکەوە دابنیشن و لەنێوان خۆیان (لایەنگران و ئەندامانی خوارەوە) بیر لە ئەڵتەرناتیڤی دژە-دەسەڵات و دژە-پارلەمان و دژە-پارتیی|حزبی و دژە فەرمانداریی و دەوڵەت و دژە-سەروەری چینایەتی بدۆزنەوە و لەنێو گروپە خۆجییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و شەقێکی مێژوویی لە بیرۆکە و بۆچوونی “فریادڕەسی باش” و “پارتیی باش” “ڕابەری باش” و “سەرۆکی باش” و”پارلەمانتاری باش” و “پارلەمانی باش” و”فەرمانداریی باش” و”دەوڵەتی باش و”سەرمایەداری و کۆمپانیای باش” ھەڵبدەن و گروپە جۆجییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان بکەنە ئەڵتەرناتیڤی پارتییایەتی و کۆبوونەووە گشتیەکان بکەنە ئەڵتەرناتیڤی پارلەمان و خۆبەڕێوەبەریی گەلیی بکەنە ئەڵتەرناتڤی فەرمانداریی و دەوڵەت و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ بکەنە ئەڵتەرناتیڤی لۆبیگەریی پارلەمان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی گشت کەرتەکانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاری و سامان و داھاتی کۆمەڵ بکەنە ئەڵتەرناتیڤی دارایی تایبەت و ھەرەوەزی کۆمەڵایەتی بکەنە ئەڵتەرناتیڤی چاوچنۆکی و کێبڕكی و پیلانگێڕیی بۆرجوازی و سەرمایەداری.

ھەژێن
٣٠ی ئۆگوستی ٢٠١٧ **

—————————————————-

* ئەگەر کات و بوار ھەبوو، بەشی دووەم بۆ بەرەو باوان-گەڕانەوەی “کۆمونیزمی کرێکاری” تەرخاندەکەم، کە ئەم ڕۆژانە شان بە شانی ناسیونالیستان و بۆرجوا دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم، خەریکی دەوڵەتاندنن.

** وەك دوێنێ شەو بەڵێنمدا، ئەگەر بەیانییەکی دیکە ھەبێت، ھەوڵدەدەم وەڵامی (ڕونکردنەوەکەی نما و چیا نەوشیروان) بدەمەوە. زۆر سوپاس بۆ دایکە سرووشت، ئەم بەیانییەش توانیم لە خەو ڕابووم و نەمردبووم و ئاواتەکم بەدیھات.

*** مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ بوو، زەنگی دەگا دایچڵەکانم و کەسێكی شیکپۆش و خاوێن، لەو کەسانەی کە چرکەی یەکەم وەك ھاوەڵی ھەزار ساڵ خۆدەنوێنن، پاش خۆشھاتن، دەستبەجێ بەبێ ھۆ و پێشەکی گوتی “ھاوڕێ منیش ئەنارکیست بووم، کاتی خۆی بابەتێکم لەسەر كڕۆنشتات وەرگێرا، بەڵام دوایی دەستنووسەکەی فەوتا “.. ھەر ئەو کەسە ھاوینی ٢٠٠٦ ھاتەوە، بەڵام ئەو جار وەك خاوەنخانوو و مژدەدەری ھەڵھاتنی خۆری ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری لە پشت سەری (نەوشیروان موستەفا). ئەو بەجۆرێك قسەیدەکرد، کە لەتاو شاگەشکەبوونی دەمی تەتەڵەیدەکرد و لەوە دەچوو شەوی پێشوو نەخەوتبێت و ئاوا زوو گەییشتە سەر من. من گوتم ‘ کاک …. ھەرچەندە وەك نائومیدکەر دەردەکەوم، بەڵام ئەوە سیناریۆیە و جیابوونەوەی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا لە ڕووی بیرکردنەوە و ئامانج و ڕەفتار و ئەتوارەوە ئەستەمە، چونکە ئەوان تازە عاشقە و ماشقەی جەلالیزمن. … ھەفتەیەک دواتر ھاتەوە و گوتی “تۆ ڕاستدەکەیت، لە کەلار کۆمەڵێك کەس دژی نەوشیروان بەیاننامەیان دەرکردووە و لە ئەو جیابوونەتەوە . بەڵام من بڕوام بەو گەنجانەی گەرمیان ھەیە و زۆر دڵسۆز دیارن..” منیش گوتم ھیوادارم بتوانن ھۆش و ئاوەزی خۆیان لە سۆز و تەلیسمی کۆمەڵەی ئاشبەتاڵکراو و ڕەوتی نیئۆجەلالی ئێستا ڕابپسێنن!

**** ھیوادارم ئەو ڕستەیە بە ھەڵە لێکنەدرێتەوە و مەبەستم ئەوە نییە، نەوشیروان موستەفا یان موستەفای سەی قادر و سالار عەزیز و … کەمتر گەندەڵ و تاڵانچی بن، نەخێر ھەموویان بەشداری ئەوەن کە لەو ھەرێمە ڕویداوە و ڕودەدات، بەتایبەت ١٩٩١-٢٠٠٦ و ٢٠٠٩

***** ناوی ئەو گردە (زەڕگەتە) بۆ ئاماژەدان بە ھەبوونی زێر و زیو لەژێری دەگەڕێتەوە؛ (زەڕ) بە ھۆرامی واتە (پارە)، (زەڕەنگەر) واتە کەسێك کە ئیشی پاککردنەوە و شێوەدانی زێڕە|ئاڵتوونە و دەکرێت ناوەگەی بۆ (زەڕگاتە| زەڕگەتە|شوێن یان کانگای زێڕ بگەڕێتەوە. ھۆرامیبوونی ئەو ناوەش بۆ کارایی چەند سەدە زاڵبوونی زمانی ھۆرامی (سەدەی دوازدە تاکو سەرەتای سەدەی بیست) لە سنە تاکو دەوروبەری کرماشان و خانەقین و گەرمیان و شارەزوور و دەوروبەری سلێمانی وەك زمانی ھۆنراوە و نووسین ، دەگەڕێتەوە.

لێرەدا حەزدەکەم ئاماژە بە شتێک بدەم، کە (نەوشیروان موستەفا) وەك ھەموو شارچییەکی دیکە (ھەرچەندە بنەماڵەی خۆی گوندی بوو) زیاتر لە ھەموو گوندییەکی دیکە ڕکی لە ھۆرامییەکان بوو و بە گوێرەی گێڕانەوەیەکی (د. فایەق گوڵپی) کاتێك کە لەلای (ینک) زیندانی بووە، (نەوشیروان موستەفا ) بە ئەوی گوتووە “ئەم ھەورامییانە بۆ ناڕۆنەوە و شارەکەیان لێ داگیرکردووین، لێرە چی دەکەن” … بەڵام ئێستا بە گوێرەی ھۆرامیبوونی ناوی گردە دزراوەکە (گردی زەڕگەتە|زەڕگاتە) چەند ساڵ ئەو زاتە پاشای عەرشی گردێکی دراوی ناو (ھۆرامی) بوو، لەوانەشە زێڕی ھۆرامییەکان لەژێر ئەو گردە دزراوە ھەبێت، لەبەرئەوە حەزی کردووە ھۆرامییەکان شارەکە بۆ ئەو چۆڵبکەن.

****** لینکی پەرتووکی سەرنجە ڕەخنەییەکەی من لە بۆچوونی ئەو کاتی (مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی، ڕێبین ئەحمەد ھەردی)
http://bit.ly/2wib5UC




بەرەنجامە ئەگەرییەکانی ڕێفراندۆم … ھەژێن

بەرایی: بۆچوونی خۆم لەبارەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوە و سەربەخۆیی و گەڕانەوەی بۆچوونی من لەبارەی ھەڵای (ڕێفراندۆمی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧) بۆ ھەڵوێستی من بەرانبەر بەرەنجامە ئەگەرییە نیگەتیڤەکانی ئەو ڕێفراندۆمە.

بەبۆچوونی من، تەنانەت لەو بارەشدا کە ڕێفراندۆم کراوەتە ئامرازی سەپاندنی ناڕاستەخۆی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و دەوڵەتان، ھێشتا ڕێفراندۆم (دەنگدانی گشتی خەڵك لەسەر پرسەكان) زۆر لە بڕیاردانی ڕاستەوخۆ و ملھوڕانەی پارتییەکان و پارلەمانەکان و دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان باشترە، چونکە ڕێفراندۆم ئەگەری ئەوە مسۆگەردەکات، کە خەڵک بڕیاربدات و خەڵك بواری ھەبێت بیربکاتەوە و بڕیارێکی ژیرانە بدات، بەڵگەی ئەوەش زۆر سادە و ئاشکرایە، ملیۆنان ھۆش و مێشک لە یەک یان چەند دانە ھۆش و مێشک باشتر و وردبینترن.

بۆ من، ئەگەر سەرەنجامی بڕیاردانی خەڵك بە جیابوونەوە و پێکھێنانی قەوارەی سەربەخۆی ئێتنیی و ئایینی و یان سێکیولار، بە جەنگ و تاوسەندنی کینەدۆزی ناسیونالیستی و ئایینی و پارتییایەتی نەیێت، زۆر لە مانەوە و ملەچی ناچارییانە و نەخوازراوانەی خەڵك باشترە، چونکە وەك ھێشتنەوەی بەرمیلە بارووتێکە لەسەر دەمی چاڵە بورکانێك، کە ھەر سات ئەگەری ھەڵچوونی ھەیە، بە واتایەکی دیکە جیابوونەوە و یەکگرتن مافی بێچەندوچوونی ھەر کۆمەڵێکە؛ ھەر پێکھاتەیەکی ئێتنی و ئایینی و کولتووری و دەبێت تەواوی خەڵك لەسەر ئەوە بڕیاربدات، نەك پارلەمان و پارتیی و دەستەبژێرێك. بۆ ئەو مەبەستە ڕێفراندۆم گونجاوترین ئامرازە.

ھەرچەندە سەربەخۆیی بۆ من بە واتای سەربەخۆیی تاک و کۆمەڵ لە کۆت و بەندە ئابووریی و ڕامیارییەکانی سەروەران و مشەخۆران و ملھوڕان و دیکتاتۆران و پارلەمانتاران و ڕامیاران و ھەر ئاوا بەواتای سەربەخۆیی و ڕزگاری تاک و کۆمەڵ و ئازادیییە کەسیی و گشتییەکان و مافە سروستی و گەردوونییەکان دێت و ھەنگاوی یەکەم بە لەنێوبردنی دەسەڵاتێك دەستپێدەکات، کە بەناوی خەڵك و بەرژەوەندی گشتی و دێوجامەی نیشتمان و “نەتەوە” بووە بە ملھوڕ و مشەخۆری سەر ڕەنجی خەڵك و سامان و داھاتی کۆمەڵ. سەرباری ئەوەش ھەر کۆمەڵێك مافی خۆیەتی کە لە قەوارەیەک خۆی سەربەخۆبکات و قەوارەیەکی دیکە بۆ خۆی دیاریبکات.

ئەگەر ھێشتا کەسانێك ھەن و لەسەر بنەمای کڵێشە ئایدیۆلۆجییەکانی جاران پێکەوەمانەوەی زۆردارانە و ناچارییانەی ئێتنییەکان و کۆمەڵە ئایینییەکان لەچواچێوەی قەوارە ڕامیاریی و جوگرافییە سەپێندراوەکان؛ مانەوەی نایەکسانانەی کوردان و عەرەبان، سوننە و شیعان، مەسیحی و ئێزیدی و یاراسان لەتەك موسوڵمانان بەگوێرەی مەرجە ملھوڕییەکانی دەوڵەت بە “تێکۆشانی نێونەتەوەیی” ناودەبەن و پاساودەدەن، ئەوا بۆ من جیابوونەوە و کۆتاییھێنان وەك بەرگرتن لە کینەدۆزی ناسیونالیستی و ئایینی و نزیکبوونەوەی تەقینەوەی بورکانەکە، زۆر باشترە و لە بار و ئەگەری جیابوونەوەش کرێکارانی کورد و عەرەب و تورکمان و شیعە و سوننە و مەسیحی و ئێزیدی و یارسان ھەر ئەوەندەی ئێستا دابەشکراو دەبن و ھەر ئەوەندەی ئێستا ھاوپشتی و ھاوتێکۆشانی دژەچینایەتی پڕۆلیتێرەکان لاواز دەبێت. چونکە بە کردەوە، ڕەوتە ناسیونالیستە عەرەب و کورد و تورکمانەکان و ڕەوتە ئایینییە شیعە و سوننە و مەسیحی و ..تد ناڕەزایەتی و تێکۆشانی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکانیان بەسەر “عەرەبایەتی” و “کوردایەتی” و شیعایەتی و سوننایەتی و مەسیحیەتی و …تد دابەشکردووە و ڕوداوەکانی دوو دەھەی ڕابوردوو و کاردانەوەکانی خەڵك نیشانداوە، کۆمەڵێکی ھاوئامانج و ھاوداخوازی بەناوی (عیراق) بوونی نەماوە. ئەگەر لە بە نموونەھێنانەوەی ھێرشی فەرمانداریی بەعس ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ھێرشی فەرمانداریی بەعس بۆ سووتاندنی ھۆڕەکان لە باشوور و سەرکوتکردنی خوێناوییانەی ڕاپەڕینەوەکانی بەغداد و نێوەڕاست، کە نەبوونە ھۆی وروژاندن و پشتیوانی ڕاپەڕینەکانی بەشەکانی دیکەی عیراق، بگوزەرێم، ئەوا نزیکترین نموونەی دیکە ھەن، کە جیابوونەوە و دابەشبوونی بەکردەوەی ئێتنی و پێکھاتە ئایینییەکانی عیراق دەسەلمێنن؛ ڕاپەڕینی جەماوەرییانەی خەڵکی ناوچە سوننە-نشینەکانی عیراق ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠١٤ و پشتیوانینەکردنی لەلایەن ناوچە کورد-نشین و شیعە-نشین و تورکمان-نشینەکان، ڕاپەڕینی خەڵکی بەغداد و بەسرە ساڵی ٢٠١١ھاودەم و پاش ڕاپەڕینەکانی کۆمەڵەکانی باکووری ئەفەریکا و خۆرھەڵاتی ناوین و پشتیوانینەکردنی لەلایەن خەڵکی بەشەکانی دیکە، ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتی ٢٠١٢ خەڵکی ھەرێم و پشتیواننەکردنی لەلایەن بەشەکانی دیکە، فرۆشتن و بەدەستەوەدان و داگیرکرانی موسڵ و زومار و شەنگال* و کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکان و…تد پشتیواننەکردنی خەڵکی بەشەکانی دیکە، تەنانەت ڕونەدانی تاکە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکی کرێکاری لە بەشێك و بەشەکانی دیکە پشتیوانیان کردبێت، بۆ نموونە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە بەسرە پێش ھاتنی داعش، کە ھیچ پشتیوانییەکی کرێکارانی ناوچە کوردنشین و سوننە-نشینی بەدەستنەھێنا. ئایا ھیچ ھاوپشتییەکی دژە-چینایەتی کرێکاران ھەبووە و ھەیە، تاکو جیابوونەوەی ھەرێمەکان (بەسرە) و “کوردستان” و سوننە-نشین ببێتە ھۆی لەنێوبردن و لاوازکردنی؟

سەرباری ھەموو ئەو نەبوونانەش، بە بۆچوونی من، ھەوڵی دابەشکردنی عیراق، پێش ئەوەی خواستی خەڵك بێت، خواست و پیلانی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیان، کە پەرەسەندن و ئەگەری یەکگرتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عیراق دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر نەخشە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان. ېێجگە لەوەش ئەوە ئاشکرایە کە خواستی جیابوونەوە لەنێو کوردان و ناوچەکانی دیکە نەگەییشتووەتە ئەو ئاستەی کە خەڵک لەپێناوی ڕاپەڕێت، ئەگەر دەسەڵاتداران و پارتییە ڕامیارییەکان** ئەو ھەرایانە بەرپانەکەن، ھەرگیز خەڵک بەرنابنە یەکدی و لەجیاتی داخوازی (نان و ئازادی)، داخوازی “دەوڵەتی نەتەوەیی و ئایینی و سێکیولار” بەرزناکەنەوە. سەرباری ئەوەش، ئەگەر خەڵکی ھەرێم یان بەسرە لەسەر جیابوونەوە بڕیاربدەن، من پشتیوانی بڕیارەکەیان دەکەم.

بنەمای ھەڵوێستی من بەرانبەر ھەڵای ڕێفراندۆم یان ڕاستر بڵێم ھەڵای (دەوڵەتاندۆم)، ئەوەی کە وەك ئۆگوستی ٢٠١٤ ھەڵای “دەوڵەتی کوردی” فریودانی خەڵکە، گومان ھەڵناگرێت. ساڵی ٢٠١٤ ھەرای واژۆکۆکردنەوە بۆ “دەوڵەتی کوردی” بۆ پەردەپۆشکردنی ھێنانی لەشکری (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام)* بوو. ھەر ئاوا کە ئێستا بۆ گۆڵکردنە لە لایەنە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسینەکانی نێو ھەرێم و ئەگەر سەریشیگرت و بواریدرا، بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵکە وەك کارتی فشار بەرانبەر فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەسەر دابەشکردنی داھاتی نەوت و پۆستەکانی دەسەڵاتداریی.

وەك دەرکەوتووە و دەردەکەوێت ھەرای ڕێفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧ بۆ گۆڵکردنە لە کێبڕکێکەرە پارلەمانییەکان (ینک و پارتییە نیلییەکە و ئیسلامییەکان) و ھێز و پارتییە پڕۆ_(پەکەکە)ییەکان، بۆ کۆتایی ھێنانە بە مەزاتی ڕامیاریی لەسەر ٣١ی ئابی ١٩٩٦ (پدک)، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو مێژووەیە؛ بە بۆچوونی من، چ زلھێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە بە ڕێفراندۆمەکە ڕێگەبدەن یان نا؛ چ سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە پەسەندبکرێت یان نا ؛ چ سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە (بەڵێ) بێت یان (نا)، براوە (پدک) و ئەو کۆمپانی و نێوەندە جیھانی و ناوچەییانە و دەوڵەتە ناوچەییە پشتیوانیکەرەکانی (پدک) دەبن.

ھەر ئاوا بەبۆچوونی من، تەنیا لە یەک باردا (پدک) دۆڕانی ھەموو ئەوانە دەبێت، ئەگەر کۆتایی سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە بە جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان تەواو ببێت و ئەو جەنگە بۆ جەنگی ناسیونالیستی نێوان عەرەب و کورد، تورکمان تەشەنەنەکات. چونکە ئەگەر نەتوانن جەنگی نێوان خۆیان (دەسەڵاتداران) بگۆڕن بە جەنگی ناسیونالیستی نێوان پێکھاتە ئێتنییەکانی عیراق، ئەوا شکستی (پدک) بەبێ کۆمەکی میلیشیا و دەسەڵاتدارە کوردەکانی دیکە مسۆگەرە و (پدک) دەبێتە پەندی ڕۆژگار و بەرگەی ھێرش و پەلاماری لەشکری فەرمانداریی نێوەندیی ناگرێت.

لەو بارەشدا (پدک) تەنیا دۆڕاوی بەدینەھاتنی “دەوڵەتەکەی” و بەدینەھاتنی داخوازی پشکی زیاتری داھاتی نەوت و دابەشکردنی پۆستەکان نابێت، بەڵکو دۆڕاوی بەدینەھاتنی جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان ئێتنییەکان دەبێت، کە کۆمپانی و دەوڵەتە پشتیوانەکانی (پدک) دنەیدەدەن و ئاگرەکەی گەشدەکەن. ئەگینا لە باری ھەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکان و ئێتنییەکان، لەسەر ئاستی ھەرێمی “کوردستان” ئەو ھێزانەش ڕاکێشی نێو جەنگەکە دەکات، کە تاکو ئەم ساتەش پاگەندەی (نەخێر) بۆ ڕێفراندۆمەکە دەکەن، ئەوەش بۆ ئاڵۆزی و بەھێزیی تاکتیکەکە دەگەڕێتەوە، کە لۆبی کۆمپانییەکانی دەرھێنانی نەوت و چەکسازی و دەوڵەتەکانی بۆ (پدک) دایانڕشتووە، بەرپاکردنی جەنگێك کە تەڕ و وشک پێکەوە بسووتنێتێت و جەنگ بباتە قوژبنی ھەموو ماڵێك و ھەموو ھۆشێکی خۆشباوەڕ بە ناسیونالیزم و سەربەخۆیی لە سایەی دەوڵەت لەنێوی بەشداربکات.

بەڵگەکانی ئەو ئەگەرانە:

باری یەکەم: ئەگەر بە ڕێفراندۆزمەکە بواربدرێت یان نا، (پدک) براوە بێت یان نا، سەرەنجامەکەی لەلایەن یوئێن و زلھێزەکان پەسەندبکرێت یان نا ؛ لەبەرئەوەی کە زۆرینەی تاکی کورد بە ڕاست و چەپ، ئیسلامی و سێکیولار، کۆنەپارێز و لیبراڵ بە دەوڵەت خۆشباوەڕن و بڕوایان بە کوردی_بوون و کرێکاری_بوون و ئیسلامی_بوون و لیبراڵ_بوون و سوننە_بوون و شیعە_بوونی دەوڵەت ھەیە و دەوڵەت بە تاکە “ئامرازی سەربەخۆبوون” و بە ئامرازی “پاراستنی ئاساییش” و “ئاشتی تاک و کۆمەڵ” و بە ئامرازی “دادپەروەرانەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ” دەزانن، زۆرینە لەتەک بەشداریکردن و (بەڵێ) دەبێت و ھەر ئاوا زۆرینە لەتەك جیابوونەوەیەك دەبێت، کە کۆمپانییە جیھانلووشەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی خۆیان و (پدک) وەك تاکتیکێک بۆ گێڕانەوەی ئابڕووی تکاوی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ٣ی ئۆگوستی ٢٠١٤ و لەوەش گرنگتر لێدان و گۆڵکردنی مێژوویی لە پارتییە ڕکەبەرەکانی نێو پارلەمانی ھەرێمە، کە بۆ ھەمیشە ئەوان لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵك دەخاتە بەرەی داگیرکەران و (پدک) کە ھەموو تەمەنی بەرلەشکری داگیرکەران بووە، دەکاتە تاکە “فریادڕەسی گەل” …

باری دووەم: ئەگەر بە بەرپاکردنی ڕێفراندۆم بواربدرێت و سەرەنجامەکەی (بەڵێ)ی زۆرینە بێت و نێوەندە جیھانییە بڕیاردەرەکان جیابوونەوەکە پەسەندبکەن و فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و عیراق وەك دەوڵەتێك بەوە ڕازنەبێت و سەرەنجامەکەی بە جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرماندارییەکانی عیراقی فێدراڵ و گەلانی عیراق تەواوبێت، ئەوا زۆرینەی کۆمەڵی ھەرێم تووشی پەشیمانی دەبن و تەنیا کەمینەیەک بڕوای بە (پدک) بەھێزتر دەبێت، کە ئەندامان و ھاوبەرژەوەندییانی (پدک)ن. بێجگە لەوە، لە بارێکی ئاوادا دوو بەرەنجامی لاوەکی دیکەی وەك پاشکارایی جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرماندارییەکان و تاکە ناسیونالیستەکانی گەلانی عیراق دەبێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:

– ئەگەر جەنگ بەرپابکرێت، بەرەی (نا) بەتایبەت (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) خۆبەخۆ دەکەونە سەر دووڕیانێك : جەنگ دژی بەشە فەرماندارییەکەی (پدک)، یان جەنگ دژی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەپشت سەری (پدک).

ئەوە ئەو بەرەنجامە خوازراوەیە، کە (پدک) بەتەواوەتی پشتی بە ئەو وەك تاکتیکێك بەستووە و لە سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە و بە دەوڵەتبوون و سەرۆک-دەوڵەتبوونی بارزانی گرنگترە، چونکە (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) چ بخوازن و چ نەخوازن، ناچارن لەپشت سەری (پدک) دژی فەرمانداریی نێوەندیی بجەنگن، ئەگینا دەکەونە ئەو خانەی کە (پدک) ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران و ١٩٩٦ لە ھەولێر و ٢٠١٤ لە شەنگاڵ تێکەوت.

ئەگەری ڕێگەی سێیەم، کە ئەگەری ھاوبەرەیی بەرەی (نەخێرە) لە دژی بەرەی (پدک) لە کاتی بەرپابوونی جەنگی نێوخۆیی، ئەوەش ئەگەری زۆر کەمە، چونکە لەنێو سرووشتی ئەو ھێزانە (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) بێلایەنیی بوونی نییە و ھەرگیزیش ناتوانن دژی خۆشباوەڕیی ناسیونالیستانەی زۆرینەی دانیشتووانی ھەرێم لەنێو بەرەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دژی (پدک) بوەستن، چونکە لەو بارەدا ئەوان دارێکیان بە دەستەوە، کە ھەر دوو سەرەکەی ھەر … .

بەڵام بە پێچەوانەی بەرەی ناسیونالیستی و پارتییە دەسەڵاتدار و بەشدارەکانی پارلەمان، بەرەی چەپ بەگشتی لەسەر بنەمای پێشینەی ھەڵوێستی دژی جەنگی نێوان دەوڵەتان و فەرماندارییەکان و میلیشیاکان دەست و پێی کراوەترە لە بواری دژایەتیکردنی ھەر ھەوڵێك، کە بەرەنجامەکەی جەنگی نێوخۆیی یان جەنگی دەرەکییە و ئاگری جەنگی نێوان ئێتنییەکان و کۆمەڵە ئایینییەکان و قەوارە ڕامیاریی و میلیشیاییەکان خۆشدەکات. بە ڕادەی کەم مێژووی دژە-جەنگبوونی بەرەی چەپ لە سەدەیەک زیاترە.

ئەگەر لەو ئەگەرانەش بگوزەرێین، ئەوا پێداچوونەوەی ھەلەکان و ھەوڵەکانی بۆرجوازی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بە ئاسانی ئەو ڕاستییە دەرخات، کە ساڵی ١٩٩١-٢٠٠٣ وێڕای جیابوونی بەکردەوەی ھەرێم لە عیراق و ھەر ئاوا ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ پاش ڕوخانی فەرمانداریی بەعس، گەورەترین ھەلی جیابوونەوە ھەبوو و ھەرچەندە ئەو کات لە ئێستا زیاتر خەڵک خوازیاری جیابوونەوە بوو، کەچی بەپێچەوانەوە لەبەرئەوەی کە لە بەرژەوەندی بۆرجوازی کورد چ وەك بازرگان و سەرمایەدار، چ وەك دەسەڵاتدار و پارتییە ڕامیارییەکانی نەبوو و ئامادەی جیابوونەوە نەبوون.

بەڵام ئێستا پاش ئەوەی کە زۆربەی زەمینە لەبارەکانی جیابوونەوە لەدەستچوون و دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆن بە ھەموو شێوەیەك پابەندی مەرج و بەندەکانی کۆمپانییەکان و زلھێزەکان و ڕێکەوتننامەی دەوڵەتانی ناوچەکەن و ئەوان (زلھێزەکان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان) دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەری بەکردەوەی کۆمەڵی ھەرێمن و پارتییە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم تەنیا پاسەوان و پارێزەری ئاساییش و زەمینەسازی سەرمایەگوزاری ئەوانن لەو ھەرێمە و فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” وەك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە، ملکەچ و وابەستەی بەرنامە و ڕامیارییەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپی و کارخانەکانی چەکسازی و ئۆتۆمەبێلسازی و پاڵافتەکردن و تاڵانبردنی نەوتە و ئەوە ئەوانن (کۆمپانییە جیھانخۆرەکان) کە بۆ فەرمانداریی ھەرێم و پارتییە دەسەڵاتدارەکانی بەرنامەڕێژییدەکەن و سنوور و ڕۆڵی پارتیییە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێو پارلەمان دیاریدەکەن و لە ڕێگەی ئەوانەوە بە داخوازیی و خەونەکانی خەڵك بازیدەکەن. کەچی دەسەڵاتداران بەتایبەت (پدک) و ھاوپەیمانە چەپەکانی، عیراق و ھەرێمێك کە تازە لەنێو دۆزەخی تیرۆری (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی) ڕزگاریبووە، بەرەو جەنگێکی نەبڕاوەی ناسیونالیستی ئاوا دەبەن، کە ھەموو نەھامەتییەکانی جەنگی سی ساڵەی نێوان بزووتنەوەی چەکداریی ناسیونالیستی کورد و فەرماندارانی عیراق و جەنگی سی ساڵەی نێوان باڵە چەکدارەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد و جەنگی ھەشت ساڵەی عیراق-ئێران و جەنگی دووەم و سێیەمی کەنداو بەراورد بە خۆی دەکاتە شایی و ھەڵپەڕکێی نێوان ھەموو بەرەکان.

بەبۆچوونی من، ئەگەر بڕیاربێت ھەرێمی “کوردستان” سەربەخۆبکرێت، ئەوا دەبێت و پێویستە لە دەسەڵات و زاڵی و چەپاوڵی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و ڕامیاری و بەرنامە و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێودەوڵەتی ئەوروپا و کۆمپانییەکانی وەك مۆنسانتۆ خۆی ڕزگاربکات و سەربەخۆبکرێت؛ لەو کۆمپانی و نێوەندانە ڕزگار و سەربەخۆبکرێت، کە چەپەکانی وەك “کۆمونیزمی کرێکاری” نەک بۆ جارێکیش ناوی ئەوانە ناھێنن، بەڵکو بە ناوھێنانی ئەوانە زمانیان لاڵدەبێت.

بێجگە لەوە، وەك دەبینین و دەزانین ئەو ھێزە ناوچەییانەی کە پشتیوانی لە جیابوونەوە و دەوڵەتبوونی ھەرێمی قەرەقووشی بۆرجوازی کورد دەکەن، لەتەك دەوڵەتی بۆجواز-ئیسلامی ئێران کێشەیان ھەیە و دەخوازن بە لێدان لە دەوڵەتی و فەرمانداریی نێوەندیی عیراق وەك یەکێك لە پایە سەرەکییەکانی پڕۆژەی ئیمپراتۆریی بۆرجوازی شیعە لە ناوچەکە، بە پڕۆژە ناوچەیی و جیھانییەکانی دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە کۆتاییبھێنن. لە بارێکیشدا ئەگەر پلانەکە سەرکەوتوو نەبوو و بەرەی نێوخۆیی (پدک) لەنێو عیراق و ھەرێم تێکشکا، یان ھەوڵی جیاکردنەوەی ھەرێم لە دەوڵەتی عیراق و گێڕانەوەی “وڵایەتی موسڵ” و بەکاربردنی وەك دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەدینەھات، ئەوا خۆیان لەتەك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و دەوڵەتی ئێران ڕێکبکەونەوە و وەک ڕێکەوتنەکانی ١٩٧٥-١٩٧٨ بە کۆمەلێك بەرتەری و دەستکەوت بگەن، لەوانە دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لەنێو سێگۆشەی سنووری عیراق-ئێران-تورکیە و شکستھێنان بە ئەزموونی خۆبەرێوەبەریی (خۆراوا).

لەم خاڵەی کۆتاییدا پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ لە ئێران و چ لە عیراق، ھاوبەرژەوەند و ھاودەردی دەوڵەتی تورکیە و (پدک)ن؛ دەوڵەتی تورکیە خوازیاری دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)یە، چونکە بوونی ئەو دووانە بە مەرگھێنەری خۆی دەبێنێت و مەترسین بۆ سەر پلانی دروستبوونی ئیمپراتۆریی نیئۆ-ئوسمانی. (پدک) خوازیاری دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)یە، چونکە (پەکەکە) بە ڕکەبەری دەسەڵات و ھەژموونی خۆی لە “کوردستان”ی بەشی تورکیە و “کوردستان”ی بەشی سوریە و ھەر ئاوا لە ناوچەی (بادینان)یش دەزانێت و سەرکەوتنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) واتە کۆتاییھاتنی سیستەمی دەسەڵاتداریی بنەماڵەیی و خێڵەکی سەرانی (پدک). ھەر ئاوا بۆ پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)، بە واتای دەرکەوتنی قەد و باڵای خۆیانە. چونکە لە کوردستانی بەشی ئێران و تەنانەت لەنێو ئۆپۆزسیۆنی چەپی ئێرانیش لایەنگران و پشتیوانانی (پەکەکە) و خۆبەڕێوەبەریی خۆراوا ھەن، لە ھەرێمی کوردستان ئەگەر بڕیاربێت ئاڵوگۆڕی شوێن و پێگەی ھێزەکان و سیستەمی بەڕێوەبردن ڕوبدات، ئەوا دیسان ھەر (پەکەکە) و خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) پێشنیارە، ئەوەش واتە مەرگی یەکجارەکی خەونەکانی سەرانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری”؛ ھێزی سێیەم و بەرەو دەسەڵات ھەڵکشان***. وەك دەزانین و دیتمان، لە ماوەی ساڵانی ١٩٩١-٢٠١٧ قسەکەرانی کۆمونیزمی کرێکاری لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتن، تاکتیک و کاژگۆڕین نەما پەنای بۆ نەبەن، بەڵام ھەرگیز و لە لەبارترین بار و دۆخ و سەردەمدا کە ساڵانی پاش ڕاپەڕین و ساڵانی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی بوون، نەیانتوانی ببنە ئەو ھێزەی کە خەونی ھەمیشەیی خۆیانە. بەڵام بەپێچەوانەی ھەوڵەکانی ئەوان، لەناکاو خۆبەڕێوەبەرییەکی گەلیی و فرە ئێتنی و سێکیولار و یەکسانگەری پێگەی ژن و پیاو لە بێدەنگترین بەشی ناوچە کوردنشینەکانی خۆرھەڵاتی ناوین “کوردستان”ی بەشی سوریە، کە ھیچ کەس ئاوا چاوەڕوانییەکی نەبوو و ھیچ کەس ئاوا پێشبینی و ئەگەرێکی لەبەرچاونەگرتبوو، سەرھەڵدەدات و حەفتا فەرسەخ دروشم و بەرنامە تاکتیکی و بریقەدارەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەخاتە پشت سەری خۆی. لەبەرئەوەیە، کە خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) وەك زەنگی مەرگ ئەو سێ ئاراستەیەی (ڕەوتی ڕۆنانی ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی، ڕەوتی بە دەوڵەتکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری”) لەنێو بەرەیەکی فرە دیو کۆکردوونەتەوە.

بۆ ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” وەك ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز و دژە-ئیسلام نەك دژە-ئایین و دژە-سەرمایەداری، لەتەك پرۆژەی دەوڵەت و ھێزە ناوچەییە دژەکانی دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە لە ئێران یەکدەگرێتەوە و دوژمنی دوژمنی دۆستیەتی؛ ھەم بەرژەوەندی (پدک) بەرانبەر (ینک) و (فەرمانداریی نێوەندیی عیراق) وەك ھاوپەیمانەکانی دەوڵەتی ئێران و ھەم بەرژەوەندی ھێزە ناوچەییەکانی پشتسەری (پدک) وەك ڕکەبەری دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە لە خۆرھەڵاتی ناوین لەتەك بەرژەوەندی ڕەوتێکی شکستخواردووی وەك “کۆمونیزمی کرێکاری” یەکانگیردەبن.

لەپشت گشت ئەو ئەگەر و بەرەنجامانەوە، نەخشە و بەرژەوەندییەکانی ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی**** و ھێزە ناوچەییەکانی دیکە ئامادەیە و دەوڵەتی تورکیە لە ھەموو لایەك زیاتر لە بەرپاکردنی جەنگی نێوخۆیی عیراق قازانجدەکات، چونکە لەوانەیە وەك بەرەنجامی ئاوا جەنگێك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق بۆ پشتشکاندنی (پدک) ئامادەبێت بەرتەریی ئابووریی و ڕامیاریی زیاتر بە دەوڵەتی تورکیە و ھاوپەیمانەکانی (واتە پارتیی و بەرە تورکمانییەکانی نێو عیراق کە ھەمان ڕۆڵی لەشکر و میتی تورکیە دەبینن) ببەخشێت، تاکو پشتی (پدک) بەربدات و زۆریش ئاساییە، کە دەوڵەتی عیراق بۆ لێدانی ھەوڵ و ئامانجەکەی (پدک) لەتەك دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێکبکەوێت و بەرتەریی نەوت و زۆر شتی دیکەش ببەخشێت و گرژی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئێران خاوبکاتەوە و لەوێدا بەرژەوەندی دەوڵەتی عیراق- دەوڵەتی ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و دەوڵەتی تورکیە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ھێزە تورکمانییە پڕۆ تورکییەکان دابینبکرێت.

یاریکردنی (پدک) بەئاگر ھەر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە خەریکی خۆشکردنی زەمینەی جەنگێکە کە تێداچوونی پارتیی خۆی و نیمچە سەربەخۆیی ھەرێم و تەواوی ھێزەکانی دیکەی ھەرێم و ڕێکەوتن و یەکانگیری بەرژەوەندی ھێزەکانی خۆرھەڵاتی ناوین بەتایبەتی دەوڵەتی عیراق و تورکیە و ئێران مسۆگەردەکات، چونکە ئەستەمە لە چوارچێوەی عیراقێکی لکێندراو بە نەخشەی ناسیونالیزمی عەرەبی و لە عیراقی پاش شەش دەھە کودەتا و دیکتاتۆریی جەنەراڵەکان و بەعسییەکان و لە عیراقی پاش سێ ساڵ جەنگی (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی سوننە) کە ھاوپەیمانی (پدک) و دەوڵەوتی تورکیە (داعش)ی ھێنایە نێو خاکی عیراق و موسڵی بە ئەو بەخشی، بەرپاکردنی ڕێفراندۆم بۆ جیابوونەوە بە گەرماوی خوێن بۆ گەلانی عیراق کۆتایینەیێت. بە بۆچوونی من، وەك پێشتر ئاماژەمدا، دوو دەورە ١٩٩١- ٢٠٠٣ و ٢٠٠٣ – ٢٠٠٥ زەمینەی جیابوونەوە بەبێ جەنگی میلیشیایی و دروستبوونی کینەدۆزیی ناسیونالیستی ھەبوو، بەڵام ئەو کات، سەرانی (پدک) و (ینک) لەجیاتی ئەوە داخوازی چەند ملیۆن دۆلارێك و پەردەپۆشکردنی پەروەندەکانی پەیوەندی نھێنی نێوان خۆیان و ڕژێمی ڕوخاو دەخەنە سەر مێزی ھێزە ھاوپەیمانە داگیرکەرەکانی عیراقی پاش فەرمانداریی بەعس و سەدام.

ھەڵبەتە وەك پێشتر ئاماژەمدا ھەڵوێستگیریی بۆ چەپەکان دژی ھەرای ڕێفراندۆم لە ئێستا و ئەگەری کۆتاییھاتنی پرۆسێسەکە بە جەنگێك کە ٩٩% ئەگەری ڕودانی لە ئەگەری ڕونەدانی زیاترە و چەپەکان وەك پێشینەی مێژوویی بەتایبەت لەماوەی سەد و سێ ساڵی ڕابوردوو دژی جەنگە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بوون، ئاسانترە لە ھەڵوێستگیریی بەرەی ناسیونالیستەکان دژی ئاوا ھەڵایەک، کە تەڵە و تاکتیکی ڕکەبەرێكی پارلەمانیی خۆیانە، مەترسی کەمترە .

پێویستە ئەوەش بڵێم و ڕۆشنایی بخەمەسەر، کە ھەڵوێستی (حککک / “کومونیزمی کرێکاری”) لەوێوە نییە، کە ئەگەر ڕێفراندۆم و پرۆسێسی دەوڵەتاندۆم سەرکەوتوو بن، لەتەك ھەمان چارەنووسی سزاواریی ناسیونالیستی (ینک و پارتییە نیلییەکە)ی ڕووبەڕووبن. بە پێچەوانەوە بە سەرکەوتنی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێم (بە ئاشتییانە)، دەبێتە ھۆی تێکشکان و ڕسوابوونی یەکجارەکی باڵە عیراقییەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە نێوەراست و باشوور. خراپتر لەو چارەنووسەش، چارەنووسی (حککک)یە وەك باڵێکی تاکتیکیی (حککع)، کە لە باری ڕودانی جەنگی نێوان فەرمانداریی ھەرێم و فەرمانداریی نێوەندیی و تەشەکردنی بۆ جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان ئێتنییەکان، چ وەڵامێك بە مێژوو دەدەنەوە، کە ئەوان شان بە شانی کۆمپانییەکانی نەوت و دەوڵەتی تورکیە و (پدک) دەبنە ھەڵگیرسێنەری جەنگێك، کە ھەموو جەنگەکانی پێشتووتری نێو عیراق و عیراق لەتەك دەرەوە دەکاتە خەونێکی ناخۆشی ڕابوردوو و جەنگی نێوان ناسیونالیستانی کورد و عەرەب، کە سەدەیەکە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، ئەوان دەیکەنە کەتواری ڕۆژگار. ئایا لە بارێکی ئاوا، پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چی دەکەن و ھەڵوێستیان چی دەبێت؛ دژی جەنگ یان بەشداری جەنگ بۆ سەرخستنی پرۆژەی دەوڵەتاندنی بۆرجوازی کورد؟

ھەڵبەتە ئەوە نەگوتراو نەمێنێت، کە ئەگەر بار و دۆخی ئێستای عیراق و ھەرێم ھەمان بار و دۆخی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بووایە، یان جەنگی نێوان فەرمانداری ھەرێم و فەرمانداریی نێوەندیی، یان جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان میلیشیا و ئێتنییەکان لە ئارا بووایە، ئەوا منیش بۆچوونێکی دیکەم لەبارەی ھەڵوێستی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەبوو و لە خراپترین باردا بە ھەڵوێستێکی تاکتیکی***** لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتنم دەخوێندەوە. بەڵام ئەو مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییانەی کە ساڵانی ١٩٩١-٢٠٠٣ لەسەر ھەرێمی “کوردستان” ھەبوون، لە ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠١٧ نەماون و ئەوە فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان”ـە، کە بە فەرمانداریی نێوەندیی عیراق شەڕدەفرۆشێت و ئەوە (پدک) کە بە فیتی دەوڵەتی تورکیە دژی فەرمانداریی عیراق پیلانی گێڕا و (داعش)ی ھێنا و ھەر لادانی (پدک) لە ڕێکەوتننامە و یاساکانی عیراق و بەرنامەی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت بوو، کە بوو بە ھۆی بڕینی ١٧% پشکی ھەرێم لە داھاتی عیراق. ئەگەر مەترسییەکیش لەسەر ھەرێمی “کوردستان” ھەبێت، ئەوا جموجوڵی سەربازی و ڕامیاریی و ئابووریی و کولتووریی دەوڵەتی تورکیە و پشتیوانی دەوڵەتی تورکیەیە لە ھێزەکانی (داعش). بەپێچەوانەوە نە ترس و بیانوویەك بۆ جیابوونەوە ھەیە و نە جەنگێك ھەیە، تاکو پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بەو دەوڵەتاندنە لە ڕژانی خوێنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عیراق بەربگرن.

لەبەرئەوە و بە بۆچوونی من، ئەگەر لەنێو ڕێزەکانی پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” و لایەنگرانی ئەوان، کەسێك یان کەسانێك ماون و خۆشباوەڕییان بە کۆمونیستبوونی ئەو ڕەوتە ئەوانی ڕەدووخستووە، پێویستە ئەو پرسیارە پەیگرانە لە خۆیان بکەن؛ ئەگەر سەرەنجامی ڕێفراندۆمێکی ئاوا، کە ھیچ پێداویستییەکی ناچارییانەی نییە و لە باری سەرکەوتووبوونی، فەرمانداریی بۆرجوازی کورد دەگۆڕێت بە دەوڵەتی بۆرجوازی کورد و خۆشباوەڕیی خەڵکی بە ساوایی بیست و شەش ساڵەی فەرمانداریی بۆرجوازی کورد دەگۆڕیت بە خۆشباوەڕییەکی دوو سەد و سەشت ساڵە. ئەگەر بەرەو جەنگی نێوان فەرماندارییەکان و میلیشیاکان و جەنگی ناسیونالیستی نێوان ئێتنییەکانی عیراق چوو، ھەڵوێست و پێگەی ئەوان (لایەنگران و ئەندامانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری”) چی دەبێت؛ وەستانەوە دژی جەنگێك کە خۆیان پووشدەری ئاگرەکەین، یان جەنگین وەک ھێزی یەدەکی (پدک) لەنێو بەرەی ناسیونالیستانی کورد؟

بەکورتی : ئەوانەی کە نەخشەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێمی “کوردستان”یان بۆ سەرانی دەسەڵاتداری (پدک) داڕێژاوە، زۆر بە وردی چەند شتێکیان بەرچاوگرتووە، کە بۆ مسۆگەرکەردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان چارەنووسسازن؛ گۆڕینی بەرەی (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و کۆمپانییە ئێرانییەکان و ھاوبەرەیی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دژی دەوڵەتی تورکیە و کۆمپانییە تورکییەکان دەکەن، گۆڕینی (پدک) لەنێو ھۆش و ئاوەزی زۆرینەی تاکە خۆشباوەڕەکانی کۆمەڵ بە پووچگەرایی “ڕزگاری کۆمەڵ بە بەدەوڵەتبوونی فەرمانداریی ھەرێم” بە ھێزی سەرەکی و بڕواپێکراو بۆ درێژماوە و چەند دەھە و سەدە؛ ئەگەر جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکان و ھێزە ناسیونالیستە عەرەبی و کوردی و تورکمانی و تەنانەت ئایینە جیاوازەکان ھەڵگیرسا و بەرەی (نەخێر)ی پارتییەکانی دیکە دژی (پدک) ھاوبەرەیی فەرمانداریی نێوەندیی عیراقی کرد، ئەوا دیسانەوە بڕوای درێژماوە ھەر (پدک) دەبێت و ئەگەر بەپێچەوانەشەوە بەرەی (نەخێر)ی پارتییەکانی دیکە بەناچاریی و لە ترسی نەفرەتی خەڵک ھەڵوێستی خۆی گۆڕی و کەوتە پشت سەری (پدک)، ئەوا بۆ ھەمیشە (پدک) سەرکەوتووی کایەکە دەبێت و جەستەی مردووی پارتییە نەیارە پارلەمانییەکانی و تەنانەت ناپارلەمانییەکانیشی بەرەو گۆڕستان ڕاکێشدەکات و پاشماوەی ئەو پارتییانە بۆ ھەمیشە ملکەچی (پدک) دەبن.

دواشت، کە ئامانجی سەرەکی من دەبێت لە نووسین و دەربڕینی بۆچوون و دیتنەکانی خۆم، ئەوەیە، ھەر ئێستا و لەم ساتەوە ئەرکی ھەموومانە، ئێمە ئازادیخوازانی کۆمەڵی ھەرێمی “کوردستان/ باکووری عیراق” و ئازادیخوازانی نێوەڕاست و خوارووی “عیراق”، ھەر ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆی و لە ھەر گۆشەیەکی ئەم جیھانە ھەیە و بە ھەر زمانێك توانانی ئاخاوتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی ھەیە، پێویستە و دەبێت بەرەی دژی جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکانی عیراق ھەڵخڕێنێت و بانگەوازبکات، کە سەرەنجام وەك جەنگی نێوان گروپە ناسیونالیستەکانی بۆسنە و ھەرزەگوین و فەرمانداریی یوگوسلاڤیای جاران، دەبێتە جەنگی ناسیونالیستی نێوان ئێتنییەکان و سەرتاسەری بەشەکانی عیراق دەکاتە گۆمی خوێن، وەك تۆڵەی کۆمپانییە بریتانی و ئەمەریکییەکان لە خۆماڵیکردنی نەوتی عیراق.

بەبۆچوونی من، ئەگەر ھەر ئێستا ھەر ئازادیخوازێك لەلایەن خۆی ڕۆژانە بەشێك لە نووسین و دەربڕینەکانی بۆ پاگەندەکردن دژی جەنگی نێوخۆیی ھێزە دەسەڵاتدارەکان و تەشەنەکردنی ئەو جەنگە بۆ جەنگی نێوان گەلان، کە ئەگەری ڕودانی لە ڕونەدانی زیاترە، تەرخاننەکات، سبەی زۆر درەنگە و پەشیمانی و قامکگەستن و خۆزگەخواستن توانای بەرگرتن بە جەنگێكی نییە، کە لە سەردەمی دەرچوونی ناچارییانەی ھێزەکانی بریتانیا تاکو ئێستا پووشی لەسەر کۆمادەکرێت.


ھەژێن
١٨ی ئۆگوستی ٢٠١٧

—————————————————————–
* یەکێك لەو کەسە ئێزیدییانەی کە وەرگێرانی پەروەندەی پەنابەرییەکەیم کردووە، ئاوای گێڕایەوە “بەخۆم ئەندامی (پدک) بووم، ژیان و گوزەرانێکی باشم ھەبوو، لەنێو شاری شەنگال دوکان و ئۆتومەبێل و خانووی خۆم ھەبوو، چەند ڕۆژ پێش بەدەستەوەدانی زومار و شەنگال و مەخموور، (مەسرور بارزانی) کوڕی “سەرۆکی ھەرێم” وەک نوێنەری (پدک) و کۆمپانییەکانی خۆی چووبوو بۆ ڕێکەوتن لەتەك سەرانی (داعش) لە ناوچەی موسڵ، بەڵام (داعش) بەپێچەوانەی پەیوەندییەکانی پێشووتر، (مەسرور کوڕی سەرۆکی ھەرێم) بە بارمتە دەگرێت و داخوازی بەدەستەوەدانی زومار و شەنگال و موخموور دەکات، ئیدی ئەوە ڕویدا کە خۆتان لە شاشەی تەلەفزیۆن دیتتان”

** یەکەمین پارتیی کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو، جیابوونەوە و “دەوڵەتی سەربەخۆی” دنەدا، (حککع) بوو، وەك پێشنیار و بڕیاری (مەنسووری حیکمەت) و “کۆمونیزمی کرێکاری”. ئەو ئاوە لێڵەی کە ئێستا (پدک) پێی تێخستووە، یەکەم جار (حککع) ڕشتی و خۆشباوەڕیی “ڕزگاربوون و بەختەوەری لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆ”ی لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵکی ناڕازی ناھوشیار چاند. ڕەوت و “ڕابەر”ێك، کە دروشمی “ناسیونالیزم شەرمەزارییە بۆ بەشەرییەت” بنێشتی ھەر ساتەی بن ددانی لایەنگرانی بوو، بەلام بۆ ساتێکیش بەخۆی دەستبەرداری ناسیونالیزمی پان-ئێرانی نەبوو و بەرانبەر پرسی کوردان لە ئێران، ھەڵوێستێکی دیکەی ھەبوو و ھەیانە.

*** ساڵی ١٩٩٦ (مەنسووری حیکمەت) “ھێزی سێیەم” بوون و نزیکی “بە دەسەڵاتگەییشتنی (حککع)” لە کوردستانی بەشی عیراق پێشبینیکرد و “ھێزی سێیەم” بنێشە خۆشەی ئەو ڕۆژانە بوو، ھەر ئەو پێشبینییە بێبنەمایە بوو، کە سەرانی (حککع) دڵخۆش و لەخۆگۆڕاو کرد و ئەوانی بۆ خۆھەڵبژرادن و بەشداریکردنی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ھاندا، بەڵام سەرەنجامی دەنگدانەکان پێچەوانەی چاوەڕوانی لەخۆباییبوونی ئەوان، ھەژماری دەنگەکانیان لە ھەژماری ئەندامانی پارتییەکەیان کەمتر بوو.

**** بۆ ئاگاداری خوێنەر چەمکی (نیئۆ-ئوسمانی)م لە ھیچ کەس وەرنەگرتووە، تاکو ئاماژە بە سەرچاوەکەی بدەم، بەڵکو خۆم یەکەم کەس بووم، کە ئەو چەمکەم بەکاربردووە. مەبەستم لەم ئاگادارکردنەوەیە، ئەوەیە دزانێکی فەیسبووکی و ئینتەرنێتی پەیدابوون، کە کلی بەرچاوی دایکی خۆشیان دەدزن و ئەوانەش نووسەرانی تازەکار نین، بەڵکو نووسەرانی ناوداری ناسراو بە “کەڵە ڕۆشنبیرانی کورد” ناسراون. نموونەیەك لەو بارەوە، دە ساڵ لەمەوبەر چەمکی (خێڵی ھاوچەرخ)م بۆ پارتیی ڕامیاری بەکاربرد و بەدیاریکراوی لەنێو پەرتووکی (چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی) ھاتووە، کەچی پاش ئەوە تەنانەت لەلایەن ڕەخنەکراوانەوە بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی وەرگرتنەکەی، بەکاربرایەوە.

***** کاتێك کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو (مەنسووری حیکمەت) پێشنیار، یان ڕاستر بڵێم بڕیاری جیابوونەوەی ھەرێمی “کوردستان” و پێکھێنانی “دەوڵەتی ناقەومی و سێکیولار”ی دەرکرد، ئەو کات لەسەر چەند بنەمایەك گوتم، تاکتیکێکی فرودەرانەیە، چونکە کاتێك کە (مەنسووری حیکمەت) بە ئامانجی دروستکردنی (حککع) کۆمەڵێك پرسیاری ئاراستەی سێ ڕێکخراوە پڕۆ”کۆمونیزمی کرێکاری” و ئەندامەکانیانی کرد، یەکێك لە پرسیارەکان ئەوە بوو “دەبێت حزبی کۆمونیستی کرێکاری عیراقی ېێت یان کوردستانی، بۆچی؟ ” ھەر زوو ئەوانەی کە لایەنگری کوردستانیبوونی ئاوا پارتییەك بوون، بە ناسیونالیستبوون تۆمەتبارانکران. ئەگەر بە دروستی لەیادممابێت، کەسێك بەناوی (بەختیار کەریم) لەو بارەوە نامیلکەیەکی نووسیبوو، ئەو بەدبەختە تاکو ڕادەی “دوژمنی چینایەتی” و “ناسیونالیستی خەوتووی نێو ڕێزەکانی کۆمونیزمی کرێکاری” تاوانبارکرا. بێجگە لەوەش ھەم (مەنسووری حیکمەت) و ھەم پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ھاوکات دژی جیابوونەوە و داخوازی یەکێتی فێدرالیستی “کوردستان”ی بەشی ئێران بوو و ھەن.




بزووتنەوەی “دژە-ھەژاری” یان ھەژارکردنی بزووتنەوەکان … ھەژێن

بەرایی، چەند ڕۆژێك لەمەوپێش ھاوڕێیەك پەیامێکی ناردبوو و نووسیبووی ” لە شاری سلێمانی کۆمەڵە کەسێك خەریکی دروستکردنی ڕێخراوێکن بەناوی ‘بزووتنەوەی دژی ھەژاری’ و من بە خۆم لەسەر ‘ناوەکەی’ سەرنجم ھەیە …” . ھاوکات ئەو ھاوڕێیە کۆپی بانگەوازەکەی بۆ من نارد، بەڵام تاکو کەمێك پێش ئێستا بواری خوێندنەوەی بانگەوازەکەم نەبوو. کاتێك دێڕی یەکەمی پاش سەردێڕەکەم خوێندەوە، خەیاڵ منی بردەوە ھاوینی ١٩٩٢، کاتێك کە ئەندامانی باڵای ڕێکخراوەکانی ( ‘ڕەوتی کۆمونیست’ و ‘یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کرێکاری’ و ‘سەرنجی کرێکار’ ) بەناوی ڕێکخستنی شوراییەوە بۆ کۆبوونەوەی گشتی بێکاران بانگەوازیاندەکرد و پێش کۆبوونەوەکە بەخۆیان لەسەر ھەموو شتێك و (کێ) ھەڵبژاردن و دابەشکردنی پۆستەکان و دیاریکردنی ئەندامانی دەستەکانی خوارتر (لیژنەکان) ڕێکدەکەوتن و ئەگەر چالاکێك لە دەرەوەی بازنەی دەستەگەریی خۆیان بھاتایە، دەستبەجێ ھاوسەنگی ھەڵبژاردن و دەنگدانەکان تێکدەچوو و بۆ پیلانگێریی کەنارخستنی چالاکەکانی دەرەوەی خۆیان پەنایاندەبرد.

ئێستا پاش ئەو ڕۆشنکردنەوە، لەتەك ئێوە خوێنەرانی ھێژا، خاڵ بە خاڵ ھەنگاو بە ھەنگاو، پڕۆژە و بەرنامە و بانگەوازەکە سەرنجدەدەم و ڕەخنەکانی خۆم ئاراستەدەکەم و لە کۆتاییشدا ئەنجامیگیری دەکەم و بەگوێرەی ئەزموونەکانی خۆم لە ماوەی نێوان ١٩٩١- ٢٠١٧ پێشبینی سەرەنجامی ئەو ھەوڵە نەزۆكە دەکەم. ھەر ئاوا پێویستە ئەوەش بڵێم، من وەك کەسێك کە خۆم بە پڕۆلیتێر و ئەنارکیست و دژی کاریکرێگرتە و دارایی تایبەت و سیستەمی سەروەریی چینایەتی دەزانم، ھەر بەگوێرەی ئەو بنەمایانە بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم، سەرنج و ڕەخنە و دەستخۆشانەی خۆم بنووسم و ئاراستەی ھەر بۆچوون و بیرکردنەوە و دەربڕینێك بکەم، کە بەناوی کرێکاران و پڕۆلیتاریا و خەڵک و چەوساوانی کۆمەڵ دەدوێت و بانگەوازدەکات و ڕێکخراو قوتکاتەوە. ئەم سەرنجداندنەش ھەر بە ھەمان ئامانج و ھاندەر نووسراون و ھیچ ئامانج و ھاندەرێکی دیکەیان نییە.

” بەرنامەی کاری بزووتنەوەی دژی ھەژاری(پلاتفۆرم) “

“بەرنامەی کار” چییە؟ کێ داڕێژەریەتی؟ کامە بزووتنەوە؟ ئەگەر بزووتنەوەیەك ھەیە، بۆ بەخۆی بۆ خۆی بەرنامە داناڕێژێت؟ ئەی “پلاتفۆرم” چییە؟
ئەگەر بزووتنەوەیەك نییە و ڕێکخراوێك لەئارا نییە و خەریکن بۆ دروستکردنی بانگەوازدەکرێت، ئەدی بەرنامەی چی و کێ داڕیژەریەتی؟
کاتێك کە بزووتنەوەیەك نییە و خەریکن باگەوازیدەکەن، ئیدی چۆن بەناوی بزووتنەوە بانگەوازدەکەن؟
بزووتنەوە یان ڕێکخراو، ئایا بزووتنەوە قاڵب و بەرنامە وەردەگرێت؟
ئایا ئەوە لاساییکردنەوەی زەلیلانەی (نەوشیروانییەکان) نییە، کە ھەوڵیاندا (بزووتنەوەی گۆڕانخوازیی) ١٩٩٤-٢٠٠٦ لەنێو قاڵبی ڕێکخراوێكی ڕامیاریی (پارتییەك) دەستەمۆبکەن و تاکو ڕادەیەك توانیان و وەك دژەشۆڕشێك گەورەترین خزمەتیان بە فەرمانداریی بۆرجوازی کورد کرد؟
ئەی پەیوەندی بەرنامەی پێشتر داڕێژاو (کلێشەیی) و سەکۆ (پلاتفۆرم) چییە؟

بۆ من وەك خوێنەرێك کە لەو بارەوە چالاکی ھەوڵە ڕێکخراوەییەکانی ١٩٩٢-١٩٩٤ بووم و دواتر لە دەرەوە لەبواری پەنابەران بەشداری ئەو ھەوڵانە بووم، ھەر لە سەرەتاوە مەبەست و ئامانجی دەستەی ڕاگەیێنەر دەزانم و دەشزانم سەرەنجامەی ئەو ھەوڵە بە کوێ دەگات. ئەو ھەوڵە دەستبەجێ و ھاوکاتی نووسینی سەردێرەکەی، نەزۆك و مردووە. ئەوەی مەبەستی منە لە نووسینی ئەم سەرنجانە، تەنیا سەرنجڕاکێشانی بەشدارانی خۆشباوەڕی ئەو ھەوڵانەیە بۆ جۆرێکی دیکە لە بیرکردنەوە و ڕێکخستن و شێوازێکی دیکە لە چالاکی و بەرەنگاریکردن، تاکو کاتی نەھاتنەدی خەونەکەیان و چەند بارەکردنەوەی شکستەکان، لەجیاتی نائومێدی و ڕەدووکەوتنی بەرەی دەسەڵات، ئەم پرسیارانە سەرنجیان بۆ ئەزموونگەری دیکە ڕابکێشن.

بە یەك ڕستە و دەستەواژە، واتای ئەو سەردێڕە ئەوەیە، کە لەسەر بڕیاری سەرانی پارتییەك چەند ئەندامێکی پارتیی کۆبوونەتەوە و بەرنامەیەکیان بۆ ئاراستەکردنی خەڵك بەناوی “بزووتنەوەی ….” ئامادەکردووە، کە ھیچ نییە، بێجگە لە کۆپیکردنەوەی سەدان بەرنامەی کڵێشەیی دیکەی ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٢-٢٠١٧، کە بەرەنجامەکەیان قوتکردنەوەی چەند دەرزەن ڕێکخراوی بەناو “جەماوەری” و “سەربەخۆ” وەك پاشکۆی (حککع) و کچەکەی (حککک) بووە و سەرەنجامیشیان مەرەکەب-بوونی سەر کاخەز و لەبیرچوونەوە و نائومێدکردنی ناڕازییانی خۆشباوەڕ و کەم ئەزموون بووە .

” شێوازە گونجاوەکانی ڕێکخستنی بزووتنەوەکە …”

ئایا لەنێوان شێوازێك کە لەنێو ئەو بانگەوازە پارتییە ھاتووە و شێوازە شکستخواردووەکانی ١٩٩٢-٢٠١٧ ھیچ جیاوازییەك ھەیە؟
ئایا شکستخواردنی بەردەوام و ھەموو جارەکی ئەو شێوازە لە ماوەی بیست و شەش (٢٦) ساڵی ڕابوردوو، بۆ ئەوە بەس نییە، کە لە خۆمان بپرسین؛ بۆچی سەرەنجامی ھەوڵی ھەموو جارێك بە مردوویی لەدایکبوونی ڕێکخراوە بەناو “جەماوەری”یەکانە؟
ئایا خۆلادان لە ئاراستەکردنی ئەو پرسیارە و پەردەپۆشکردن و پاساودانی شکستەکان، دژەخوونیی نییە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان؟
ئایا تاوانباریی نییە، کە ھەموو جار بە چەندبارەکردنەوەی ھەڵەکان، بزووتنەوەکان بەرەو شکست و نائومێدی بەرین؟
ئایا بەرەو شکستبردنی بزووتنەوەکان و نائومێدکردنی خەڵكی ناڕازی لە ھەر گۆڕانێك و لە کارایی ھێزی یەکگرتووی خۆیان، ئەنجامدانی ئەرکی دژەشۆڕش نییە؟
ئەی شێوازە نەگونجاوەکانی دیکە کامانەن و لەتەك شێوازە قووچکەیی و نێوەندگەراکانی ١٩٩٢-٢٠١٧ پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” جیاوازییان چییە بە چ پێوەرێك نەگونجاون و بۆچی نەگونجاون؟
لە بیست و شەش (٢٦) ساڵی ڕابوردوو لەلایەن سەرانی ڕێکخراو و پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چەند شێوازی دیکەی جیاواز لە شێوازی سەدەیەك زیاتری (سۆشیا دێمۆکراسی، باڵی چەپ و ڕاستی) ئەزموونکراون؟

“١- ھەنگاوی یەکەمی سازدانی بزووتنەوەکە بریتی دەبێت لە ھەڵبژاردنی دەستەی باڵا و دروستکردنی چەندین لێژنەی تایبەت بۆسەرپەرشتی کاروباری بزووتنەوەکە لەناو کۆبوونەوەی گشتی بۆ سەرجەم ئەو کەس و ھەڵسوڕاوانەی کە ئامادەییان ھەیە بۆ کردن لەگەڵ پرۆژەکە. ”

پێش ھەموو شت سازدان/ سازکردن واتە دروستکردن . ئەوە لە کەی مێژووەوە “بزووتنەوە سازدەدرێت” ؛ بزووتنەوە ئافەرێندراوی ناڕەزایەتی خەڵکە یان سازدراوی بنکەی (پارتییەکان) ؟
دەستەی باڵا ” چییە و ئەرکی چییە؛ بڕیاردان یان جێبەجێکردن؟
“ھەڵسوڕاوان” کێن و ئەرک و ڕۆڵیان چییە؟

لەڕووی واتای واژەیی ئەو چەمکە “ھەڵسوڕاو”، واتا کەسێك کە لەلایەن گروپ، دەزگە، دەستەیەکی دیکەوە ھەڵسوڕێندراوبێت، واتە بووکەڵەی دەستی کەسانی دیکە. بەو واتایە بەکاربردنی دروستکەرانی ڕێکخراوە پاشکۆکان؛ چ پاشکۆکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، چ پاشکۆی پارتییە ئۆپۆزسیۆنە پارلەمانی و ناپارلەمانییەکان، ھەموویان ھەڵسوڕاون و ئەو واژەیە پڕپێستی ئەوانە. بەڵام ھەرگیز بە واتای چالاک/چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە ناقووچکەیی و نانێوەندییە سەربەخۆکان نایێت و بەتەواوی دژەواتای چالاکە و ڕۆڵ و ئەرکی کەسی ھەڵسوڕاو، ڕۆڵ و ئەرکێکی دژەشۆڕشانەیە و دەسکەلای دەوڵەت و پارتییە ڕامیارییەکانە بۆ لاوازکردن و کەوڵکردن و دەستەمۆکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

پێشینان گوتوویانە “کورد بدوێنە خۆی شەرحی خۆ دەکات” ؛ ھەڵبژاردنی دەستەی باڵا لەلایەن کێ، ھەڵبژێرەران کێن؛ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵێك ئەندامی (حککک)؟

بەدڵنیاییەوە، ئەوی لەتەك ئەندامان و لایەنگرانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ئەزموونی ھەبێت، دەستبەجێ دەزانێت، کە دروستکەری لێژنەکان کێیە و وەڵامی پرسیارەکەی پێشتر دەزانێت ( “دەستەی باڵا ” چییە و ئەرکی چییە؛ بڕیاردان یان جێبەجێکردن؟)، چونکە لە شێوازی ڕێکخستنی قووچکەییانە و نێوەندییانە دەستەکانی سەرەوە بڕیاردەرن و دروستکەری لێژنەکانی خوارەوەن و لەنێو ئاوا شێوازێکی ڕێکخستن، نێوەڕۆک پووچترین ئامراز “کۆبوونەوەی گشتی”یە، چونکە فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی “کۆبوونەوە گشتییەکان” لەنێو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و بزووتنەوەی کرێکاری لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابوردوو و بەتایبەت لەنێو مانگرتنەکانی پێش (ڕاپەڕینی کۆمونەی پاریس)، سەد و ھەشتا پلە پێچەوانەی شێوازی ڕێکخستنی قووچکەییانە و نێوەندییانەیە و بەتەواوی ڕەتکەرەوەی ڕۆڵی بڕیاردەرانەی (دەستەی باڵا،کۆمیتەی باڵا، شورای باڵا)یە و کۆکردنەوەی ئەو دوو چەمکە (بڕیاردانی دەستەی باڵا) و (کۆبوونەوەی گشتی) تەنیا بەکاربردنی دێوجامەییانەی (کۆبوونەوەی گشتی)یە بۆ فریودانی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ھەر ئاوا کۆکردنەوەی دوو چەمکی “پارتیی پێشڕەو” و “شۆڕش” دێوجامەیەکە بۆ فریودانی کەسانی سۆشیالیستخواز.

کاتێك لێژنە تایبەتە دروستکراوەکانی (دەستەی باڵا / ئەندامانی حککک) سەرپەرشتی کار و بارەکانی “بزووتنەوەکە” بکەن، ئەدی ڕۆڵی خودی بزووتنەوەکە چییە و چالاکانی خۆبەخۆ و پەروەردەبووی نێو خودی بزووتنەوەکە ئەرکیان چییە؟

ئەگەر بزووتنەوەیەك ھەیە، ئیدی بۆچی چەند ئەندامێکی (حککک) لەنێو بنکەی پارتییەکەیان “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتە سەرپەرشتیکەرەکان” بۆ ئەو دروستدەکەن؛ بزووتنەوەکە و چالاکەکانی ناتوانا و نەزان و ناھوشیار و گەوجن یان “بزووتنەوە”یەك لەئارا نییە و ئەندامانی “پارتیی پێشڕەو” خەریکی کڵاولەسەرنانی خەڵكن بەناوی “بزووتنەوە” و ئاوا دەزانن کە “لە ھەموو ھەورێك باران دەبارێت” و ئەو ھەڵە دووبارە دەبێتەوە، کە وەك (نەوشیروان موستەفا) و پاشڕەوانی سواری شەپۆلی بزووتنەووە کۆمەڵایەتییەکان ببن؟

ئەگەر “بزووتنەوە”یەك ھەبێت، بۆچی بەخۆی لەنێو شوێنەکانی کار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کۆبوونەوە گشتییەکانی خۆی بەرپاناکات و بۆچی لە بنکە و ھەواری ئەندامانی (حککک) کۆبوودەبێتەوە؟

ئەگەر بزووتنەوەیەكی کۆمەڵایەتی ھەیە، بۆچی کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی بەرپاناکات و لەنێو ئەوان بڕیار و پشڼیار بدات و بکات و بۆ ئەنجامدانی بڕیارەکان نوێنەرانی بنکەیی ھەڵنابژێرێت و لەنێو کۆبوونەوەی گشتی ھەڵبژێردراوانی ھەموو کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی کۆڵان و گەڕەکەکان و گوندەکان بڕیارەکان نادات و (دەستەی باڵا) و کۆمیتە/لێژنە تایبەتەکانی سەرپەرشتی ھەڵنابژێرێت؟

ئینجا با بگەڕێینەوە سەر گوتەکەی پێشینان و من لەجیاتی واژەی (کورد) واژەی (کەسی ڕامیار) دابنێم و جارێکی دیکە پاش ئەو پرسیارانە پەرەگرافە پڕ ناکۆکییەکە بخوێنینەوە “کەسی ڕامیار بدوێنە و خۆی وێنادەکات” ؛ ئێستا با بزانین ئایا ئەوەی بانگەوازەکەی بڵاوکردووەتەوە، خودی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیە یان کەسانێك بەناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکە؛ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە یان پڕۆژەی پارتیی؟

ئەگەر ئەوانەی لەوێ کۆبوونەتەوە، چالاکی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتین و کۆبوونەتەوە، تاکو وەك نوێنەری کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکان لەنێوان خۆیان دەستەیەکی باڵاتر لەسەر ئاستی ناوچەیەک/ شارێك/ ھەرێمێک ھەڵبژێرن و بەگوێرەی ئامادەیی و کات و توانا و شارەزایی و گونجان خۆیان لێژنە تایبەتەکانی سەرپەرشتیکردنی کار و بارەکانی بزووتنەوەکە دروستبکەن، ئیدی (پڕۆژەی) چی و کێ نووسەر و داڕێژەری (پڕۆژەیەکە) و پێداویستی خوێندنەوە و پەسەندکردنی ئاوا (پرۆژە)یەك چییە؟

” ٢- ھەوڵ بدرێ لە پێشڕەوان و ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی جەماوەری ناڕازی، دەستە و کۆمیتە و گروپەکانی کرێکاران و کارمەندان و لە ناوەندەکانی کار و فەرمانگەکان و خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان دروست بکرێ. ”

سەرنجدان لە داڕشتن و ڕێزمانی ئەو پەرەگرافە نادیدەدەگرم، ھیوادارم ” مامۆستایانی کرێکاران” جارێکی دیکە پێش بڕیاردان و بانگەوازکردن بۆ ڕیفۆرمی ژیانی کەسانی دیکە، زمانی ئاخاوتن و نووسینی خۆیان ڕیفۆرمبکەن، ئەوسا بۆ شوانەیی خەڵك “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتەکان” دروستبکەن.

ئەگەر ئەوانەی ئەو بانگەواز و پڕۆژە و بەرنامەیان داڕشتووە و لەوێ دانیشتوون، تاکو لەنێو ” کۆبوونەوەیەکی گشتی دەستەی باڵا و لێژنە تایبەت بۆ سەرپەرشتی کار و باری بزووتنەوەکە” دیاریبکەن، چالاکانی بزووتنەوەکەن، ئیدی دیاریکردنی ئەرکی “دروستکردنی دەستە و کۆمیتە و گروپەکانی کرێکاران و کارمەندان و لە ناوەندەکانی کار و فەرمانگەکان و خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان لەنێوان پێشڕەوان و ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی جەماوەری ناڕازی ” چییە و بۆچی؛ مەگەر ئەوانەی لەوێن بڕیارنییە خۆیان چالاك و نوێنەری ئەو چین و توێژانە بن؟

ئەگەر ئەوانەی بانگەواز و پڕۆژەکەیان ڕاگەیاندووە و لەوێ کۆبوونەتەوە، چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکان نین، ئەدی كێن و چ کارەن و پێویستی ڕۆڵی شوانەییانەی ئەوان بۆ بزووتنەوەکە چییە؟

مەبەست لە گروپەکان چییە؛ گروپی سەربەخۆی خۆجێی یان گروپی پاگەندەچی پارتییایەتی و بڵندگۆی ڕامیارییەکانی (حککک)؟
ئەی ڕۆڵی ئەو ھەموو دەرزەنە ڕێکخراوانەی کە لە ماوەی ١٩٩٢-٢٠١٧ لەلایەن ئەندامانی (حککع و حککک) ڕاگەیێندراون، چییە و لە کوێن و بۆچی بەخۆیان ئەو ئەرکە ئەنجامنادەن و بۆچی بەخۆیان لەنێو کۆبوونەوەی بانگەواز بۆ کراو ئامادەنین؟
ئەگەر بوونیان ھەیە، لە کوێن و کوا چالاکی و تێکۆشانی ڕۆژانەیان؟
ئەگەر نین، ئەی چییان بەسەرھات و چۆن ونبوون؛ پووکانەوە یان ھەڵوەشانەوە، لە بنەڕەتەوە ھەر بوونیان نەبوو، یان پڕۆژەی نەزۆک و مردووی “پارتیی پێشڕەو” بوون و تەنیا لەسەر کاخەز و لەنێو ڕاگەیاندنەکان بوونیان ھەبوو؟

” ٣- لەھەر جێگەیەك( ناوەندەکانی کارو فەرمانگەو خەستەخانەو خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان) ھەوڵ بدرێ کۆبونەوەی گشتی بەڕێ بخرێت و نوێنەرانی ڕاستەقینەو دڵسۆز ھەڵبژێرن و بەوجۆرە سەرەتای پایەکانی ڕێکخراوی جەماوەری خەباتکار لەبابەتی یەکێتی و سەندیکاو شورا و ئەنجومەنی جەماوەری دابمەزرێت”

دیسان لە سەرنجدانی داڕشتن و ڕێزمان و ڕێنووسی ئەم پەرەگرافەش خۆم لادەدەم. بەڵام ھەر کەسێك لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو بۆ تەنیا جارێك بانگەواز و بەیاننامە و پرسەنامە و وتاری سەرانی پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە زمانی کوردی خوێندبێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەزانێت، کە ئەم بانگەواز و پڕۆژە و بەرنامەیەش داڕشتن و نووسینی ئەوانە، کە بەھۆی دەقگرتنیان بە دەرخکردنی بەیاننامە و پڕۆژە و بانگەوازە فارسییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە شێوەی ڕێزمان و ڕێنووسی فارسی کەسانێكی کڵۆڵی فارسی زمان دەنووسن، کردار پاشگری کۆ وەرناگرێت و کرداری یەکگرتوو و ئامێتە بەسەر یەکەوە نانووسرێت و بکەر و بەرکار و کردار شوێنگۆڕکێ دەکەن و خاڵبەندیش پاشاگەردانییە.

کاتێك کە لەنێوندەکانی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکەکان کۆبوونەوە گشتییەکان نەکراون و لەنێو ئەو کۆبوونەوە گشتییانە بڕیار و پێشنیار و ھەڵبژاردن نەکراوە و نوێنەران بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان (بۆ نموونە بەرپاکردنی کۆبوونەوەی گشتی ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی شوێێنی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکەکان) دیارینەکراون، ئیدی بەگوێرەی کامە ماف و ڕەوایی کەسانێك لە شوێنێك کۆدەبنەوە و پڕۆژە و بەرنامەیەکی ئاوا دەنووسن و دواتر بەناوی بزووتنەوەیەکەوە کۆدەبنەوە و “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتەکان” دیاریدەکەن؟

ئەی پێوەری ڕاستەقینە-بوون و دڵسۆز-بوونی نوێنەرایەتی ئەوانەی ئەو پڕۆژە بە ئەوان ئاماژەدەدات و ئەوانەی دیکە کە ئەو پڕۆژە بە “ناڕاستەقینە-بوون و نادڵسۆز-بوون”ی ئەوان ئاماژەی ناڕاستەوخۆ دەدات، چییە؛ ئەندام-بوون و ئەندام-نەبوون لەنێو پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ؟

ئەگەر سەرانی (حککع و حککک) پاش بیست و شەش ساڵ، ئێستا ئەو ھەنگوینەیان لە کەلێنی ناڕەزایەتی خەڵکی ھەرێم دۆزیوەتەوە و کۆبوونەوەی گشتی بە پایەی “ڕێکخراوی جەماوەریی خەباتکاری وەك یەکێتی و سەندیکا و شورا و ئەنجومەنی جەماوەریی” دەزانن، ئەدی بۆچی بۆ یەک جاریش ئەو بوێرییە لەخۆیان نیشاننادەن و ڕەخنە لە ھەوڵە نێوەندییەکانی خۆیان لە سەرەوە ڕەخنەناگرن، کە بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو چەند دەرزەن ڕێکخراوی لەو جۆرەی مەرەکەبی سەر کاخەزیان دروستکردن و وەك پەشمەک توانەوە؟

ئەگەر ئەوان بەڕاستی وەك سەرەتا و بنەمای بیرکردنەوەی خۆیان بڕوایان بە پایەبوونی کۆبوونەوە گشتییەکان ھەیە، ئەدی بۆچی ھەوڵی کردەییکردنەوەی ئاوا بیرکردنەوە و ئەزموونکردنی ئاوا بۆچوونێك نادەن؛ یان ھەر لە بنەڕەتەوە کۆبوونەوەی گشتی بۆ ئەوان دێوجامەیەکە بۆ فریودانی خەڵك؟

“داواکارییەکان”

کامە داواکاری و داواکاری کێ و لە کوێ و کێ بەرزیکردووەتەوە؟

ئایا لەنێوان ڕێکخراوە پڕۆژەییەکانی (حککع و حککک) و ڕێکخراوە پڕۆژەییەکانی (حشع) و (پدک) و (ینک) و (پارتییە نیلییەکە) ھیچ جیاوازییەك ھەیە؟

” ١- ھەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی پاشەکەوتی زۆرەملێی موچە، گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و پیاچوونەوە بە یاسای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و کەسوکاری شەھید و ئەنفال و….تاد. لەسەر شێوازی یاساکانی حکومەتی ناوەندی کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ژیانی ھاوڵاتیانی ھەرێم.”

“ھاو ڵاتی” ھەڵەیە و (ھاووڵاتی) دروستە و واژە و چەمکی “ھاووڵاتی”بوون بۆ خۆی پەردەپۆشکردنی پێگەی نالەبار و سووکایەتیبەخشانەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە دێوجامەی “ھاووڵاتی”. ساڵانی سەرەتای دەھەی نەوەد، کە ھێشتا پاشکارایی شەپۆڵەکانی شۆڕشگێڕیی ڕاپەڕین بەتەواوی نەنیشتبوونەوە، ئەو کات سەران و نووسەرانی سێ ڕێکخراوە ڕامیارییەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە بەکاربردنی واژەی “ھاووڵاتی” ڕەخنەیان ھەبوو و بە ھەوڵی شاردنەوەی شوناسی (چینی کرێکار)یان دەزانی؛ ھەر ئاوا بەکاربردنی واژەی “شەھید” بە پێوەی کۆنەپەرستیی ئایینی دەزانرا، کەچی ئێستا خۆیان بوونەتە بڵندگۆی چرینی ئەو واژە کۆنەپەرست و دێوجامەییانە.

بێجگە لەوە، “پاشەکەوت” چییە؟ ئایا ھەر بەڕاستی سەرانی (حککع و حککک) بڕوایان بە دەخیلەکردنی فەرمانداریی ھەرێمە بۆ چین و توێژە کرێگرتەکانی ئەو ھەرێمە ھەیە؟

ئەی ناوی (چینی کرێکار) و (کرێکاران) چی بەسەرھات و بۆچی لەنێو ئەو ڕیزکردنەی سەرەوە ناوی (کرێکاران) نەھاتووە؛ ئایا ڕامیاریی و بەرنامەی “پاشەکەوت”کردنەکەی فەرمانداریی ھەرێم مووچەی کرێکارانی نەگرتووەتەوە، بۆچی؛ ئەی ئەو سازشە لەپێناو چی؟

ئایا دەکرێت ئاوا وێنابکەین، کە فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” فەرمانداریی خودی چینی کرێکار و کرێکارانە، لەبەرئەوەیە، کە ناوی ئەوان نەھاتووە و “پاشەکەوت”کردن مووچەی ئەوانی نەگرتووەتەوە؛ یان ئەوانیشی گرتووەتەوە و ناونەھێنانی کرێکاران خۆگونجاندنە لەتەك ڕەوتە زاڵەکانی کۆمەڵی ھەرێم؛ ناسیونالیزم و نیئۆلیبراڵیزم؟

بەرتەری یاسای مووچەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق بۆ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان (کرێگرتەکان) چییە، تاکو خەڵکی ھەرێم ئەو داخوازییە بەرزبکەنەوە؟
ئایا یاسای مووچەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەتەك بار و دۆخی ئێستای گوزەرانی خەڵکی نێوەند و باشووری عیراق گونجاوە؛ بەگوێرەی ھەڵاوسان و گرانی و نەبوونی دیاریکراوە؟
ئەی گونجان لەتەك بار و دۆخی ئێستای ژیانی “ھاوڵاتیانی ھەرێم” واتای چییە؛ ئایا (سێ چارەکە مووچە) گونجاندن نییە لەتەك باری گوزەرانی خەڵك؟
ئەگەر وەڵام (نەخێرە)، ئەدی دەستگرتنەوە و کەمکرنەوەی کرێ و مووچە واتە چی؛ مەگەر دابەزاندنی گوزەرانی خەڵك نییە بۆ دوا ئاستی ملدانی خەڵك بە نەھامەتی؟

گوزەرانی ئێستای ئەندامانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان (چین و توێژە کرێگرتەکان) چ لە نێوەڕاست و باشووری عیراق و چ لە ھەرێم خوارترین ئاستی کولەمەرگییە و گونجاوترین ئاستی مووچە لەتەك ژیان و گوزەرانی کولەمەرگییانە ھەر ئەو (سێ چارەکە مووچە)یە، کە پارلەمان و فەرمانداریی ھەرێم بڕیاریانداوە، ئیدی نازانم داڕێژەرانی ئەو پڕۆژە و بەرنامەیە خوازیاری چین، لە کاتێكدا کە پارلەمان و فەرمانداریی بۆرجوازی کورد بەبێ داخوازی سەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” و بەبێ پاڕانەوەی ڕامیارانەی ئەوان، داخوازییەکەی ئەنجامداوە؟

“ھەنگاوە کردەییەکان:”

“٢- دەستبردن بۆ دامەزراندنی سندوقی ھەرەوەزی لەپێناو دابینکردنی کاڵا سەرەکیەکانی ژیان و بژێوی ھاوڵاتی کەمدەرامەت لەداھاتی حکومەت و سەرمایەداران.”
جارێکی دیکە، لە باری ڕێزمانی و ڕێنووسی داڕشتنی ئەو خاڵە چاوپۆشیدەکەم، بەڵام ناتوانم لە نووسەران و داڕێژەرانی “ھەنگاوەکانی کارکردن بۆ ھێنانەدی ئامانجەکانی بزووتنەوەکە:” نەپرسم، ئەرێ بە کامە لۆجیك و ئاوەز، بە کامە واتا و پێشینەی مێژوویی و ئەزموون، (ھەرەوەزی) کۆمەڵایەتی نێوان و بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بە “داھاتی حکومەت و سەرمایەداران” دروستدەبێت و دابیندەکرێت و دەچێتە خانەی ھەرەوەزی؛ ھەرەوەزی واتای چییە؟

پێشینان دروستیان فەرمووە، کە “زۆربڵێی ناپێویست، بە پووچبێژی کۆتاییدێت”. ئێوە ڕابەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ئاوا چاوەڕوانییەکتان لە “فەرمانداری و سەرمایەداران” ھەیە، کە ھەرەوەزبن و لەتەك کەمدەرامەتانی کۆمەڵ ھەرەوەزیبکەن و بەشداری ھەرەوەزی کۆمەڵایەتیی بکەن، ئیدی بۆچی بەدرۆ دروشمی “بڕوخێ سەرمایەداری” بەرزدەکەنەوە؟

ئەی پڕۆژە ڕێکخراوەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لەتەك ڕێکخراوە بەناو “ناحکومییەکان” و ڕێکخراوە “خێرخوازییەکان”ی گروپە ئیسلامیەکان چ جیاوازییەکی ھەیە، کە تاکە ئەرکی ئەوان بزواندنی سۆز و بەزەیی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و کۆکردنەوەی زەکات و سەرفترەی دەوڵەتمەندانی موسوڵمانە بۆ کەمدەرامەتان؟

“حکومەت و سەرمایەداران”ێك کە ئامادەی پشتیوانی و چالاکی ھەرەوەزی و کۆمەککردن بن بە کەمدەرامەتانی کۆمەڵ، ئیدی لەتەك “دەوڵەت و حکومەتە کرێکاری”یەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ جیاوازییەکی ھەیە؟

ئەوە لە کەیەوە، لەنێوان ئەندامان و چینێك کە بنەمای مانەوە و سەرکەوتنیان کێبڕکێ و ڕکەبەری دەوڵەتمەندبوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیانە بە دزینی ڕەنجی کاری کەمدەرامەتانی کۆمەڵ و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵ، ھەروەزی بوونی ھەیە و پەیڕەودەکرێت؟

” ٣- لە دەرەوەی کوردستان ھەوڵ بدرێ پشتیوانی ڕێکخراوە چەپ و یەکسانیخواز و یەکێتی و سەندیکا کرێکاری و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکان بۆ بزووتنەوەکە و خواستەکانی بەدەست بھێنرێ و ببێتە فاکتەرێکی فشاری گەورە لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ملدان بە داخوازیەکانی خەڵك”

ئەگەر ھەموو بەیاننامە و بانگەواز و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە مەرەکەبییەکانی سەر کاخەزی سەراپای مێژووی “کۆمونیزمی کرێکاری” بخوێنینەوە، خاڵی سێیەم ھەموو کات ھەبووە و کلێشەییانە نووسراوە. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێـم کە ھەنگاوێکی پۆزەتیڤە، بەڵام لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو ھیچ کات سەران و پاگەندەکەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ ئەوانەی لەنێو دەرزەنە پارتییەکان و چ ئەوانەی لە دەرەوەی پارتییەکانن، چ کوردی-زمانەکان و چ فارسی-زمانەکان، بۆ تەنیا جارێکیش نەچوونەتە پەیوەندییەکی ھاوپشتییانەی دژەچینایەتی. ھەموو کات بەناوی کرێکاران و خەڵکی ھەرێم خوازیاری ” پشتیوانی ڕێکخراوە چەپ و یەکسانیخواز و یەکێتی و سەندیکا کرێکاری و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکان ” بوون و بەناوی ئەوانەوە لەو لایەنانەی ناویانھێنراوە کۆمەکیان کۆکردووەتەوە و کراوەتە خەرجی ویسکی-خواردنەوە و گەشتە بەردەوامەکانی “ڕابەران”، بەڵام ھیچ کات و لە ھیچ شوێنێك ئامادەی پشتیوانی ئاڵووێرانە یان یەکلایەنانە بەرانبەر کۆمەڵەکانی دیکە نەبوون و ھیچ کام لە ئەندامان و چالاکانی دەرزەنە پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە ئەرکی خۆیان نەزانیوە بەشداری تێکۆشان و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی پەنادەر و ڕێکخراوە پشتیوانیکەرەکانی ئەوان بکەن و ھەردەم وەك ناسیونالیستێكی کورد، عیراقی، ئێرانی ڕەفتاریانکردووە و مەلایانە بنەمای “ھا مەلا، ئێ وەڵا، بدە مەلا، ناوەڵا” بەکاربردووە و پەیڕەوکردووە .

ئەوان لە سەراپای بەرنامە و داخوازییەکانی پڕۆژە ڕێکخراوەکەیان بۆ تەنیا جارێکیش خوازیاری یەکسانی نەبوون و لەجیاتی یەکسانی، بەناوی “ھەروەزی” خوازیاری “زەکات و سەرفترەی حکومەت و سەرمایەداران”ن بۆ کەمدەرامەتان، کەچی خوازیاری پشتیوانی ڕێکخراوە یەکسانیخوازەکانی وڵاتانی دیکەن بۆ پڕۆژە ڕێکخراوی (خێر و سەدەقەی) فەرمانداران و سەرمایەداران.

“٤- لە کاتی پێویست و گونجاودا کۆنترۆڵکردنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن کرێکاران و کارمەنادانی ئەو شوێنانە بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خۆڕایی بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت و… .”

مەبەست لە کاتی پێویست و گونجاو چییە؛ ئایا ئێستا پێویست و گونجاو نییە، ئەی کەی پێویست و گونجاوە؟
بەبۆچوونی من، ئەگەر بڕیاربێت، ھوشیارترین تاك و بەشی چین و توێژە پرۆلیتیڕەکان ڕۆڵی پێشڕەویی (بە واتای دەستپیشخەری و وەستان لەڕیزی پێشەوە و یەکەمین بوون لە چالاککردن و تێكۆشانی ڕۆژانە و یەکەم بوون لەنێو زیندان و لەبەردەم ھەڕەشە و ئەشکەنجەدران) لە ئەستۆی ئەوان بێت، ئەوا ھەمیشە بەرزکردنەوەی ڕادەی زۆری داخوازییەکانی چین و توێژەکانیان جیاکەرەوەی ئەوانە لە ڕیفۆرمیستان و خێرخوازان و ناوبژیکارانی نێوان چەوساوان و چەوسێنەران، نەك ڕێزکردنی واژەی “ڕابەر” و “پێشڕەو” لە پێش و پاشی ناوی خۆیان. چونکە ئیسلامییەکان و ناسیونالیستە خێرخوازەکان و زۆرینەی ناھوشیار و خۆشباوەری کۆمەڵیش خوازیاری بزواندنی سۆز و بەزەیی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانن، ھەر ئاوا کە نووسەرانی ئەو پڕۆژە بەرنامەیە، خوازیاری سندووقی ھەرەوەزین بە پارە و کۆمەکی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران.

“دەستەی ئامادەکاری بزوتنەوەی دژی ھەژاری”

ئایا لە ھیچ سەردەمێك و ھیچ شوێنێك ڕویداوە، لەلایەن دەستەیەکەوە “بزووتنەوە” ئامادەبکرێت؛ بۆ بزووتنەوە چێشتی جەژن و ئێوارە خوانی “ڕابەرانە”، تاکو دەستەیەك بتوانن ئامادەیبکەن؟

پاشان، ئامانج لە دوورین و دروستکردنی ئاوا بزووتنەوەیەك؛ “بزووتنەوەی دژی ھەژاری” ھەمان ئامانجی خێرخوازانەی ئایینکاران نییە، کە بەدرێژایی مێژوو پەیڕەوانی ئایینەکان چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکانیان بە ئاوا پووچگەراییەك خۆشباوەڕکردووە و چاوەڕوانی ئاوا ڕۆژێكیان کردووە بە خەونی ستەمدیتووان؟

بێجگە لەوە، ھەژاری زادە و بەرەنجامە، نەك خودی سیستەم و دەسەڵات، تاکو بەبێ لەنێوبردنی بنەماکانی سیستەمەکە بتوانرێت لەنێو ببرێت. کاتێك کە “ڕابەرانی” چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان بە لەنێوبردنی ھەژاری و مانەوەی ھەمان سیستەمی سەروەریی و مشەخۆریی خۆشباوەڕبن و خەڵکی بۆ ھێنانەدی ئاوا ئامانجێك بانگەوازبکەن، ئیدی پێداویستی بەرزکردنەوەی دروشمی دێوجامەییانەی “بروخێ سەرمایەداری” چییە و لەپێناو چی، بێجگە لە فریودانی خەڵك؛ ئایا باشتر نییە، “پارتیی پێشڕەو” و “ڕابەران” دەست لەنێو دەستی ئایینکاران و ڕێفۆرمیستان و ناسیونالیستان خەریکی بزواندنی سۆز و بەزەیی سەروەران و سەرمایەداران بن، کە ئەگەری ھاتنەدی و ئاوەزپەسەندی ئاوا پووچییەك، لە ئەگەر و ئاوەزپەسەندیی “ئازادبوون و یەکسانبوون و دادپەروەری لە سایەی دەوڵەت و فەرماندارییەك بەناوی کرێکاران و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” زیاترە؟

بەکورتی، بە بۆچوونی من، (کۆبوونەوەی گشتی) بناخەی (دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ) و کاراترین میکانیزمی بەرگرتن لە سەرھەڵدانی گەرای بیرۆکراسی و دەستەگەری و ھەلپەرستی و نێوەندیگەری و پێکھاتەی قووچکەیییە لەنێو ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان. بەڵێ بۆ ھەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ناڕازی و تێکۆشەر دژی ڕەوتی سیستەمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ملھوڕیی و مشەخۆریی و گەندەڵی؛ بەڵێ بۆ خۆڕێکخراوبوونی سەربەخۆی گشت چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان؛ بەڵێ بۆ پێکھێنانی ھەرەوەزییەکان وەك بەردی بناخەی سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتی؛ بەڵێ بۆ ھەموو ھەوڵێکی ئازادیخوازانە و سەربەخۆی جەماوەری؛ بەڵێ بۆ داگیرکردن و سەندنەوەی* خانووبەرە کرێییەکان؛ بەڵێ بۆ داگیرکردن و دابەشکردنی ھەنبارەکانی خواردن؛ بەڵێ بۆ داگیرکردنی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەی تەواوەتی خەڵك: بەڵێ بۆ سەندنەوەی کارخانە و کێڵگە و زەمین و گرد و بیرە نەوتەکان و کەرتەکانی خزمەتگوزاری بۆ دارایی کۆمەڵ و کۆمەڵایەتیکردنەوەی دارایی و کار و بەرھەمھێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ.

بەڵام، نەخێر و ملیاردان جار نەخێر بۆ قوتکردنەوەی دەستە و ڕێکخراو و تۆڕ و بزووتنەوە پاشکۆ و قووچکەیی و نێوەندگەراکان بەناوی “پڕۆلیتاریا” و “کرێکاران” و “خەڵك”؛ نەخێر بۆ پاڕانەوە لە سەرمایەداران و فەرمانداران؛ نەخێر بۆ گۆڕینی ڕامیارێك بە ئەوی دیکە، دەسەڵاتدارێك بە ئەوی دیکە، سەرمایەدارێك بە ئەوی دیکە، مشەخۆرێك بە ئەوی دیکە، سەروەرێك بە ئەوی دیکە. چونکە لەنێوان ڕێکخراوە و بەرپرسانی ڕێکخراوە زەردەکانی فەرمانداری بۆرجوازیی ھەرێم و ڕێکخراوە پاشکۆییەکانی (پدک) و (ینک) و (پارتییە نیلییەکە) و (ئیسلامییەکان) و ڕێکخراوە و بەرپرسانی ڕێکخراوە پاشکۆکانی (حککع و حککک) نییە و ئەوی لەو بارەوە خۆشباوەڕیی ھەبێت، بەدڵنیاییەوە، تەمەنی بە سووڕانەوە لەنێو بازنەی بۆشی پارتییایەتی و “دەوڵەت و فەرمانداریی کرێکاران” بەفێڕۆدەدات، ھەر ئاوا کە دێوجامەبوونی ھەوڵەکانی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو، بەفیڕۆچوونی تەمەنی ئێمە چالاکانی خۆشباوەڕ و کەم ئەزموونی ئەو سەردەمەیان سەلماند.


١٩ی ئۆگوستی ٢٠١٧
ھەژێن




چارەنووسی نیئۆجەلالییەکانی سەر گردەکە و دەوروبەری بەرەو کوێ ملدەنێت؟ … ھەژێن

پێشەکی، بۆ من چ ساڵی ٢٠٠٦ و چ ئێستا لیست و پارتیی بەناو “گۆڕان” ھیچ جیاوازییەکی لەتەک پارتییەکانی دیکە و دەسەڵاتداران نەبووە و نابێت. چونکە یەکەم ئاراستەیەکی ڕامیارییە و پارتیی و ڕێکخستنێکی قووچکەییە، کە سەرەنجام ئامانجی دەسەڵاتداری دەبێت و دەسەڵاتیش لەپێناو دابینکردنی مشەخۆری و دارایی تایبەت دەبێت، دارایی تایبەتیش ئامرازی کۆیلەکردن و ناچارکردنی نەدارانە بە کرێگرتەبوون.

وەک لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابوردوو ئاماژەمداوە، جیابوونەوەی نەوشیروان تاکتیکی (ینک) بەدیاریکراوی تاڵەبانی و نەوشیروان بوو، بۆ ڕاوکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان، بەڵگەش بەخشینی گردی زەڕگەتە و (١٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو لەلایەن تاڵەبانی بە نەوشیروان و بە گوێرەی نووسینێکی خودی نەوشیروان. ھەر ئاوا کە پێشتر نووسیم؛ ئایا ھیچ دەسەڵاتدارێک ھەیە، کە گرد و پارە بە دژەکەی ببەخشێت، بۆ ئەوەی خۆی لەنێوبەرێت؟

من دژبوونی نەوشیروان و پارتییەکەی بەرانبەر (ینک) و تاڵەبانی و بەخشینی گرد و سامان لەلایەن تاڵەبانی بۆ لەنێوبردنی خۆی، وەک بەخشینی مۆڵەتی چالاکیکردن و مووچەی مانگانەی پارتیایەتییە بەتایبەت پارتییە کۆمونیستەکان لەلایەن دەوڵەت، کە بەڵگەی تەواوکەربوونی پارتییە کۆمونیستەکانە بۆ سیستەمی چینایەتی نەک لەنێوبەربوونی ئەوان بۆ سیستەمەکە.

وەک ئەزموونی مێژوویی نیشانیدەدات، بزووتنەوە و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان پاش مردنی کەسایەتییە پیرۆزکراوەکان بەرەو کەرتبوون دەڕۆن، بەتایبەت لە خۆرھەڵاتی نێوەڕاست، کە کۆمەڵەکانی بە کولتوورێکی دیکتاتۆری بارگاوین، لەوانەیە باشتر بێت، کە لەنێو ڕەوتە کۆمونیستەکان و پارتییە کۆمونیستەکانی ئەو ناوچەیە نموونە بھێنمەوە، کە “کۆمونیزمی کرێکاریی” دیارترینیانە و بە مردنی ڕابەرەکە ئایدیۆلۆجییەکەی (مەنسووری حیکمەت) پاش پازدە ساڵ ھێشتا وەک تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی و کەرتبوونی ناوکی گەردیلە بە بەردەوامی پارتییەکانی ئەو ڕەوتە کەرتدەبن و پارتییۆکەی دیکە دروستدەبن و ئەوانیش کەرتدەبن و پارتییۆکەی دیکە دروستدەبنەو … ..

بزووتنەوەی بەناو “گۆڕان”/ پارتییە نیلییەکەش بەرەو ئاوا چارەنووسێک دەڕوات، چونکە ئەویش بێجگە لە تایبەتمەندییە چینایەتی و گشتییەکەی وەک ڕێکخراوێکی ڕامیاریی و قووچکەیی و دەسەڵاتخواز، ھەڵگری ھەمان تایبەتمەندیی ڕێکخستن و پێکھاتەی دیکتاتۆریی و خێڵەکی خۆرھەڵاتی ناوینە، دەسەڵاتداربوون و دارابوونی ئەندامانی خێزان و خزمانی خودی نەوشیروان و ھاوسەرەکەی و بەدیاریکراوی منداڵەکانی باشترین بەڵگەن. ئەوەش مەترسی کەرتبوون و شیتەڵبوونەوەکە زیاتر دەکات.

ھەڵبەتە نابێت، ئەوەش لەبیربکەین، کە وێرای تاکتیکیبوونی “بزووتنەوە”ی پارتییە نیلییەکە و (ینک)ی-بوونی پێشینەی زۆربەی ئەندامانی نێوەندی و سەرکردایەتی و کەسە دیارەکانی گردەکە، بەدڵنیاییەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ تاکو ئێستا بە بەردەوامی (پدک) لەسەر کڕین و نزیکبوونەوە لە کەسانی دیاری سەر گردەکە بەردەوامە و ھەوڵدەدات، ھەر ئاوا کە باڵێکی (ینک) لەسەر کڕینی (کۆسرەت / ئەندامی سەرکردایەتی) و (نەجمەدین کەریم / پارێزگاری کەرکووک) لەلایەن (پدک) بەڵگە دەھێننەوە و دەیسەلمێنن، بەدڵنیاییەوە لەنێو گردەکە و دەوروبەری کەسانێک کڕدراون. ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە ڕامیاران لەپێناو دەسەڵات ھەوڵدەدەن و دەسەڵاتیش بۆ دارایی و مشەخۆرییە و لە ئێستادا مشەی دارایی و مشەخۆری لەژێر ڕکێفی (پدک)ە و خۆفرۆشی و سیخوڕیی ڕامیاران بەگشتی و ڕامیارانی کورد بەتایبەت پارتییەکانی بزووتنەوەی چەکداری کوردایەتی، کە وەک پەروەرندەی بەعسییەکان نیشانیدا ئەندامانی سەرکردایەتی لایەنەکان یان خودی ڕژێمی بەعس ناردوونی یان لە گفتوگۆکانی ١٩٧٠-١٩٧٤ و ١٩٨٣-١٩٨٤ و ١٩٩١ بەکرێی گرتوون، یان بەکرێگیراوی دەوڵەتی سوریە و تورکیە و ئێران بوون، بێجگە لەوەی بزووتنەوە چەکدارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٦١ تاکو ئێستا دەسکەلای دەوڵەتانی بریتانیا و ئەمەریکا بوون و ھەن و تەنانەت دەسکەلای دەسکەلاکانی ئەوانیش.

بە بۆچوونی من، بێجگە لەوەی کە جیابوونەوەی نەوشیروان و دروستکردنی لیست و پارتییەکی نیلی بە پارە و گردی تاڵەبانی تاکتیک بوو بۆ ڕۆژی تەنگانە، دوو ھۆکاری دیکەش ھەبوون:

یەکەم، زاڵبوونی (پدک) و کشت/ مات کردنی تاکتیکی لەنێو پارلەمان و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان و دەرکردنی پارلەمانتاران و شالیارانی پارتییە نیلییەکە بوون بە ھۆی خۆفریاکەوتنی (ینک) و (نیئۆجەلاییەکان)، ھەرچەندە سیناریۆیەکی ڕامیاریی بوو بۆ بەڕێکردنی ڕێکەوتننامەی نەوت لەتەک تورکیە، ھێنانی داعش، بازرگانی نەوت و گاز لەتەک داعش، بە جینۆسایددانی ئێزیییەکان، کڕینی چەکێکی زۆر لە کارخانەکانی چەکسازی و ساخکردنەوەی چەکە کۆنەکانی دەوڵەتانی بریتانیا و ئاڵمانیا و ئەمەریکا و ئیسرائیل و… قەرزارکردنی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان ھەتاھەتایە بە قەرزی سەپێندراو و مەرج قورسی بانکی جیھانی و بانکی نێوەندی ئەوروپا و سندوقی نێودەوڵەتی دراو. لە بارێکی ئاوا نەدەکرا ھەموو لایەنەکان خۆیان ڕازی نیشانبدەن و دەبوو بە سیناریۆ و گارەگاری پارتییایەتی و دابەشکردنی خەڵکی ناڕازی بەسەر سلێمانی و ھەولێر، خەڵک خەریکبکەن، تاکو ئەوان لە پشت پەردەوە بەبێ خەم و ئارامی ڕێکەوتننامەکان مۆربکەن، کە ھەڵوەشاندنەوەیان تەنیا بە ڕوخاندنی دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان مسۆگەر دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی ١٩٩١ کە نەوشیروان و سەرانی دیکەی گردەکە دەسەڵاتدار و (ینک)ی بوون، تاکو ئێستا بە پلان و ئاسانکاریی زلھێزەکان و دەزگە سیخوڕییەکان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان، زەمینە و ھۆکارەکانی ڕوخاندنی دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان ئەستەمدەکرێت، کە لە پێش ھەموویانەوە تایبەتکردنەوە و پارتییکردنی کەرتە ئابوورییەکان و دابەشکردنی ناوچەگەرییانەی خەڵکی ناڕازییە بە سیناریۆی ئۆپۆزسیۆنی باڵێکی دەسەڵات.

دووەم، وەک دەزانرا و دەزانین نەوشیروان موستەفا نەخۆشی شیرپەنجەی سییەکانی ھەبوو و ڕادەی زۆری تەمەنی مانی نەخۆشەکان لە پێنج ساڵ زیاتر نییە و گەڕانەوەی نەوشیروان و پێشوازی لەلایەن نێچیرەوان و لە فڕۆکەخانەی ھەولێر زەنگی کۆتایی تەمەنی ئەو بوو. ھەر لەبەرئەوەش بوو، ئەو زوو فریاکەوتوو و لەتەک (ینک) ڕێکەتننامەی کرد، تاکو پاش مردنی خۆی ئەگەری دوورکەوتنەوەی پارتییە نیلییەکە و گردەکە لە (ینک) و نزیکبوونەوەی لە (پدک) یان گۆڕینی ئاراستەی دووربخاتەوە و سەرانی گردەکە لەسەر بنەمای وەفاداری بە بڕیارەکانی ئەو بچنەوە نێو (ینک) یان پابەند بە ھاوپەیمانییەکی ستراتیجی (ینک) بمێننەوە.

ئێستا ئیدی گردەکە و پارتییە نیلییەکە کەوتوونەتە بەردەم دوو ئەگەر:

– کۆتاییھێنان بە سیناریۆی ئۆپۆزسیۆنبوون و لیست و پارتیی “گۆڕان” و گەڕانەوە بۆ باوان و بەھێزکردنەوەی (ینک)، کە جیابوونەوەکە بۆ پاراستنی خودی ئەو (ینک) بووە. ئێستا ئیدی پاش یازدە ساڵ دەستەمۆکردنەوەی گۆڕانخوازە خۆشباوەڕ و ناھوشیارەکان، زۆرینەی دەنگە ناڕازییەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و کەرکووک و تەنانەت ھەولێریش کە ساڵی ٢٠٠٦ خوازیاری ڕوخاندنی دەسەڵاتی مافیایی (ینک) و چەپاوڵگەرییەکانی (کۆمپانیای نۆکان و …تد) بوون، بە خۆشباوەڕیی و چاوەڕوانی “سەرۆکی باش و پارتیی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی باش و دەوڵەتی باش” تەواو بە سەروەریی کۆمەڵی چینایەتییەوە گرێدراون و نەک بە گەڕانەوە بۆ نێو (ینک) ملدەدەن، بەڵکو ئامادەن لەسەر بڕیاری گردەکە ببنە (پدک). بەڵام ئەگەری گەڕانەوە بۆ باوان زیاترە، چونکە سلێمانیچیەتی و دژایەتی بادینانی و ھەولێرییەکان ھاندەری یەکەمی سەران و لایەنگرانی گردەکەیە و ھەر دنەدانی ئەو قینەش بوو، کە وەک پەڕجوویەک لە ماوەی چەند ساڵێک (٢٠٠٦-٢٠٠٩) خەڵکی ناڕازی دژە گەندەڵی گۆڕی بە داخوازیکەرانی بەشە گەندەڵی، ناڕازیان لە ڕامیاریی و پارتییایەتی و فەرمانداریی گۆڕی بەلایەنگرانی دەسەڵات و دەنگدەری سوپاسگوزار و چاوەڕوانانی ھاتنی “جەلادی دڵسۆزی گەل”.

– بەڵام ئەگەر ئەو کەسانەی کە (پدک) لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابوردوو لەنێو گردەکە بەکرێیگرتوون، دەسەڵات و پلە و پێگەی بڕیاردانیان ھەبێت، زۆر ئاسایی دیواخانی گردەکە و پارتییە نیلییەکە دەبن بە دوو کەرت و کەرتێک بەرەو باوان (ینک)، کەرتێک بۆ چنینەوەی بەری ڕەنجی ڕامیارییکردن بە ئاڵای سپییەوە لە سەری ڕەش.

ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، ھەرچەندە بۆ (ینک) ئەگەری یەکەم گرنگ و چارەنووسسازە، بەڵام بۆ گشتێتی سیستەمەکە و ئایەندەی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار [نیئۆلیبرالیزم] لە ھەرێمی کوردستانو ناوچەکە، ئەوا کەرتبوون باشتر و چارەنووسسازترە، چونکە بە ھۆی کەرتبوون و چوونی کەمینەیەک بۆ لای (پدک)، زەمینەی گارەگاری ڕامیاریی و فریودانی خەڵکی خۆشباوەڕ بە دژەخوونی کۆمەڵێک لە “ڕابەری کوردایەتی” و پیرۆزییەکانی (گردە دزراوەکە) و لەبیربردنەوەی ھۆکاری جیابوونەوەی نەوشیروان و دروستکردنی لیست و پارتییە نیلییەکە، کە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گۆڕانخوازەکان و ناڕەزایەتییەکانی ١٩٩١- ٢٠٠٦ی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و کەرتکردنی ڕیزەکانی گۆڕانخوازان بوو بەسەر دوو ناوچە (زەرد) و (سەوز-نیلی) و ژاراویکردنی بزووتنەوەکە بە سلێمانی-چییەتی.

بەکورتی، دەھەی داھاتوو خەڵکی ناوچەی شارەزوور و سلێمانی و کەرکووک و گەرمیان بە گارەگاری دووبەرەکی ” وەفاداران و دڵسۆزانی نەوشیروان” و “خیانەتکاران لە ڕابەری کوردایەتی و گردەکە” خەریکدەکرێت و دەھەیەکی دیکە دەسەڵاتداریی مافیایی (ینک) و (پدک) مۆرکردنی ڕێکەوتنامە ئابوورییەکانی فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان لەتەک دەوڵەتان و بانکەکان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان مسۆگەر دەکرێن، ئەگەر نەمرین ئەو دیو گردەکە دەبینین و پشت سووتان و ھاوار و ناڵەی (مالەی سەر گردەکە)ش دەبیستین.

——————————————
تێبینی : ئەوە دوا نووسینی من لەبارەی جیابوونەوەی نەوشیروان و لیست و پارتیی بەناو “گۆڕان” دەبێت، چونکە وێرای ھەموو ئەو شتانە، ئەگەر بڕوام بە پارتییایەتی و خۆشباوەڕیشم بە گۆڕانخوازیی سەرانی گردەکە ھەبێت، ئەوا پەروەندەی گردەکەش تەواو، چونکە ھەر گروپ و بزووتنەوەیەک پابەندی ئایدیۆلۆجیا بێت و بە “ڕابەری باش و پارتیی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی و دەوڵەتی باش” پشتببەستێت، وەک ھەموو ڕەوتێکی ئایینگەرا سەرەنجامی لە دوو ئەگەر بەدەر نییە: گەڕانەوە بۆ باوان یان کەرتبوون و جیابوونەوە. بێجگە لەوەش، ناخوازم ڕەخنەم لە پارتیایەتی و جەنگ و فەرمانداریی و دەوڵەت و سەروەریی بچێتە خانەی دژایەتی کەسیی کۆچکردوو (نەوشیروان موستەفا). دیسان دەڵێمەوە، خۆزگە نەوشیروان و ھەموو ڕامیارێک وەک تاڵەبانی تەمەنی درێژ بووایە و درێژ بێت و بمێنێت، تاکو وەک تاڵەبانی لە گۆشەیەکی کۆشکی سەروەری و مشەخۆری کڕبکەوێت و فەرامۆشبکرێت. بەداخەوە کە (نەوشیروان موستەفا) زوو مرد و بەخت یاری بوو و پیرۆزکرا و کەوتە سەرووی ڕەخنە و سەرنج و پێداچوونەوەی خەڵک.

www.hejeen.wordpress.com
ھەژێن
٢٣ی ئایاری ٢٠١٧




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … نووسەر: هەژێن

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە.4

بەڕێز: هەژێن

دەنگەکان- سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

هەژێن : سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئێوە کە تەوەرەیەکتان بۆ هەرەوەزی و هەروەزییەکان تەرخانکردووە و بە دیاردەیەکی مێژوویی و کۆن و هەنووکەیی کۆمەڵی هەژێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین گرنگیتان داوە، دەستان خۆش بێت و ئومێدوارم سایت و ڕۆژنامە و کەناڵە میدیاییەکانی دیکەش لە ئێوە چاوبکەن و ئەم بابەتە بورووژێنن. هەر ئاوا سڵاو و ڕێز بۆ خوێنەرانی هێژای سایتی دەنگەکان، کە کاتی خۆیان بۆ خوێندنەوەی ئەم دیمانەیە تەرخاندەکەن.

من ناوم هەژێن و لە نێوەڕاستی دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو بەم ناوە دەنووسم و یەکەمین دەرکەوتنم لەنێو بڵاوکراوە و گۆڤارەکان بۆ ساڵی ١٩٨٩ دەگەڕێتەوە، ئەو کات لەنێو ئوردووگەکانی ئێران بۆ گۆڤاری سروە، بڵاوکراوەی ئاڵای شۆڕش و گۆڤاری ئاوێنە فرەتر لە بوار زمان بابەتم دەنووسی و هەرچەندە ئەگەر باش لەیادم مابێت، یەکەم جار ساڵی ١٩٨٦ بابەتێکم بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری نارد. ساڵی ١٩٩٢ تاکو ١٩٩٣ لە هەولێر هەواڵنێری بڵاوکراوەی (بۆپێشەوە) بووم و دواتر ساڵی ١٩٩٧ بە دواوە لەنێو هەر دوو گۆڤاری (ژیلەمۆ) و (دالیان) و پاش ئەوان لەنێو سایتە کوردییەکان نووسینەکانم بڵاودەکەمەوە. ئاراستەی بیرکردنەوەم لە ڕابوردوودا بەم ڕیزبەندییە بوووە، ساڵی ١٩٨٣- ١٩٨٦ وەك کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ساڵی ١٩٨٦ – ١٩٩١ وەك کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ساڵی ١٩٩١-١٩٩٣ وەك کۆمونیزمی کرێکاری و ساڵی ١٩٩٣-١٩٩٩ وەك کۆمونیستێكی شورایی و ساڵی ٢٠٠٠ تاکو ئێستا وەك ئەنارکیستێك بیردەکەمەوە، بەڵام هیچ کات لەو سەردەمانەدا کتومت وەك هەمووان بیرمنەکردووەتەوە و هەمیشە جیاوازی بۆچوون و دیتنی تایبەت بەخۆمم هەبووە و لە هەموو سەردەمەکاندا بە “ئەنارشیست/ فەوقەوی” ناوزەدکراوم و هەردەم لەتەك دیسپلین و گوێڕایەڵیی ڕێکخراوەیی و بڕیارە هیرارشیی و نێوەندییەکان گرفتم هەبووە و بەرەنگاربووم. ڕاستی لەلای ئەوان بوو، من بە سروشت ئەنارکیست بووم، بەڵام هوشیاریی ئەوەم نەبووە، کە ئەنارکیستبوونی خۆم ببینم و دەرکبکەم و تەنانەت زۆر جار دژی ئەو ناوزەدکردانە لە نائەنارکیستبوونی خۆم پێداگرییمکردووە.

لەبارەی چالاکی مەیدانی خۆم لە بواری تێکۆشانی جەماوەریی، دەتوانم هەر بۆ نێوەڕاستی دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو بگەرێمەوە، ئەو کات لەژێر کارایی ڕادیۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران بەردەوام بۆ یەکسانی ژن و پیاو پاگەندەم دەکرد. دواتر لەنێو ئوردووگەکانی ئێران لەتەك کۆمەڵێك هاوڕێی دیکە کەوتینە پاگەندە بۆ پێداویستی شورای پەنابەران لە بەرانبەر شورایەك کە دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە کەسانی ڕیش سپی و ئیسلامگەرا دروستیکردبوو. دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ تاکو ساڵی ١٩٩٥ ئەندام و چالاکی یەکێتی بێکاران و کۆمەڵەی ئاوارەکان لە هەوڵێر بووم. ساڵی ١٩٩٥ کاتێك کە گەییشتمە ئەوروپا سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ لەتەك شورای پەنابەرانی عیراقی چالاك بووم و پاش ئەوە هەوڵماندا ڕێکخراوێك وەك ئەڵتەرناتیڤ بۆ پەنابەران دروستبکەین، بەداخەوە ئەو هەوڵە لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی واوەتر نەچوو، هۆکارەکەش ئاراستەی ناسیونالیستی هەندێك کەس بوو، کە بەتەمابوون زمانی کوردی تاکو دەوڵەتی کوردی بکەنە ئەرکی ئاوا ڕێکخراوێك؛ ئێستاش پێشنووسی پەیڕە و پرۆگرامەکەی لەلای من پارێزراوە، کە ئامادەکردنی بە من سپێردرابوو.

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

هەژێن : بۆ منێك کە هەرەوەزی کۆمەڵایەتی بە بەردی بناخەی ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی مشەخۆریی و تاڵان و گەندەڵی و کرێگرتەکردنی مرۆڤ دەزانم، واتە خاڵی دەستپێکی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ بنەما سروشتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و مرۆییبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خاڵیبوونەوەمان لە ڕۆبۆتبوونی مرۆڤ بۆ سیستەمی ڕامیاریی، واتە دابڕانی مرۆڤ لە لەخۆنامۆییەك ، کە سیستەمی چینایەتی بە باڵای مرۆڤی بڕیوە.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

هەژێن : پێش ئەوەی لە تێڕوانینی خۆمەوە ڕیفۆرمیستبوون یان ئەڵتەرناتیڤبوون دیاریبکەم، لەوانەیە پێویست بێت، کە بە گوێرەی دیتنی خۆم لە چەمکی ڕیفۆرم بدوێم. بەدواخەوە لەنێوان دیتنی ئایدیۆلۆجیانەی چەپ و ڕاست چەمکی ڕیفۆرم لە خۆی خاڵیکراوەتەوە؛ ڕیفۆرم واتە داڕشتنەوەی بڕیار و ڕێکەوتنەکان، هەر داڕشتنەوەیەك دەکرێت نیگەتیڤ یان پۆزەتێڤ بێت و پۆزەتیڤبوون و نیگەتیڤبوون بە بەرژەوەندی و خواست و چاوەروانی و دیتنی چین و توێژە کۆمەـڵایەتییەکان و لەوانیش وردتر بە هوشیاریی هەر تاکەکەسێکەوە پەیوەندی هەیە. هەم باشترکردنی گوزەرانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان ڕیفۆرمە و هەم بڕینی خزمەتگوزارییەکان و مووچەی خەڵك ڕیفۆرمە؛ یەکەم لە بەرژەوەندی نەداران و بێدەسەڵاتانی کۆمەڵ و دووەم لە بەرژەوەندی داراکان و دەسەڵاتدارانی کۆمەڵ، هەر ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات [بڕینی مووچەی خەڵك، هەوڵی تایبەتییکردنەوەی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن] ڕیفۆرمە لە بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و دەسەڵاتداران.
بەڵام ئەوەی کە هەرەوەزییەکان ڕیفۆرمیستن یان ئەڵتەرناتیڤ، لێرەدا دەبێت ڕیفۆرم لەنێو تێڕوانینی چەپ بخوێنینەوە، کە هەرچی خەڵکی زەحمەتکێش بە توانا و تێکۆشانی ڕۆژانەی خۆی بەدەستیبهێنێت، لە مێژوودا چەپ بە ڕیفۆرم ناویبردووە و زۆر جاریش ڕەتکراوەتەوە، بەو بیانووەی کە تەمەنی سیستەمی چینایەتی درێژتردەکاتەوە، هەڵبەتە ئەو پاگەندەیەی دوایی زیاتر لە زگی تێری وردەبۆرجواییەوە دەردەچێت. بەڵام ئەوەی کە سەرەنجام بەدەسەڵاتگەییشتنی کۆمەڵێك جەنەڕاڵ، یان پارتییەك تەواوبووبێت، بە شۆڕش وێناکراوە .

بە دیتنی من ڕیفۆرمکردنەوە بۆ خۆی نیگەتیڤ نییە، بەڵکو ئەوە جۆری ڕیفۆرمکردنەکەیە کە نیگەتیڤبوونەکە دیاریدەکات. کەمکردنەوەی ماوەی کرێگرتەیی (ماوەی کار)، زیادکردنی بەشی بەکرێگریدراو لەنێو پرۆسێسی بەرهەمهێنان (کرێ و مووچە)، بە واتایەکی دیکە کەمکردنەوەی قازانج و سوودی مشەخۆران و سەرمایەداران و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بیمە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەر هەموویان چ لە ڕابوردوو و چ ئێستا تەنیا بە تێکۆشانی هەر ڕۆژەی جەماوەری و کۆمەڵایەتیی بەدەستهاتوون، ڕیفۆرمن و ڕیفۆرمی پۆزەتیڤ، هەر ئاوا هەنگاوێك لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی، شۆڕشێك کە لە کۆی هەنگاوە ورد و بنەڕەتییەکانەوە سەروەری و سیستەمی چینایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و ئەفسانەی هەمیشەییبوون و نەمربوون و پێداویستیبوونی ئاوا سیستەمێك کاڵ و پووچەڵدەکاتەوە.

لەبەرئەوە و لەسەر بنەمای ئەو دیتنانەی سەرەوە، من بزووتنەوەی هەرەوەزی بە ئەڵتەرناتیڤ دەزانم و بەبێ کولتووریبوونەوە و ڕەنگدانەوەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی لەنێو وردترین و سەرەتاییترین پەیوەندی و ژیان و بوونی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵ، هەر گۆڕانێکی پۆزەتیڤ ئەستەمە و هەر هەوڵێك چ بە پاگەندەی ڕیفۆرمیستی و چ بە پاگەندەی “شۆڕشگێڕیی” دەبێتە زەمینەیەکی لەبار و قۆزراوە بۆ جێکەوتەکردنی هەنگاوەکانی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار/ نیئۆلیبرالیزم.

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

هەژێن : پێشتر بە ڕیفۆرم و ئەڵتەرناتیڤبوون یان شۆڕشگێڕبوون ئاماژەمدا، ئەوە بوونە لە کەتواردا کە ڕیفۆرمیستبوون بە واتای خزمەتکردن بە سەروەری و سیستەمی چینایەتی یان شۆڕشگێڕبوون دیاریدەکات. لەو باوەرە پێویست بە لێکۆڵینەوە و گەڕانی زۆر لە دوای بەڵگە ناکات، سەردەمی پێش سیستەمی بۆرجوازی و تەنانەت تاکو سەدەی ڕابوردووش کە لە زۆربەی کۆمەڵە کەنارییەکان ئەوانەی کە ئەم ڕۆژانە لەنێو دەزگەکانی میدیای سەروەر و تەنانەت سەر زمانی زۆرێك لە چەپان بە “دواکەوتوو” و “ناپیشەسازیی” و “نامۆدێرن” ناودەبردرێن، هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی بەهێز و باو بوو، مشەخۆریی و سەرمایەداریی و گەندەڵی و تاڵانی و جیاوازی ئابوورییانە و کولتووریانەی چینایەتی زۆر کەم بوو، هەر بەو ڕادەی کە سیستەمی بۆرجوازی جێکەوتە بووە و توانیوویەتی کۆمەڵایەتیی ببێتەوە و ببێتە بەشێك لە کولتووری خەڵك، بە هەمان ڕادەش هەرەوەزی و خۆکۆمەكیی کۆمەڵایەتیی کاڵبووتەوە و ناکۆمەڵایەتیی بووەتەوە و بنەمای کولتووریبوونی خۆی لەدەستداوە. دیسانەوە بە گوێرەی هەمان هاوکێشە، کاڵبوونەوە و لەنێوچوونی ڕێکخستن و پەیوەندی و کولوتوور و بیرکردنەوە و ئاوەزی بۆرجوازی بە سەرهەڵدانەوە و هێزگرنەوە و کۆمەڵایەتییبوونەوە و کولتوورییبوونەوەی هەروەزی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی پەیوەستە.

دەنگەکان – کەسانێك ئاوای دەبینن، ئەم کارە هەرەوزییانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچینەدا کاری دەسەڵاتە و دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟

هەژێن : لەوانەیە لە یەکەمین تەماشاکردن بەبێ وردبوونەوە و گەڕانەوە بۆ مێژووی هەرەوەزی و خۆکۆمەکیی و خۆبەسێی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کە پێشینەی گشت کۆمەڵە مرۆییەکانە و بە سەرکەوتنی سیستەمی بۆرجوازی و جیهانگیریی ڕەوتی نوێی بازار پاشەکشێیکردووە و لەنێوبراوە، پرسەکە ئاوا دەربکەوێت؛ لەوانەیە تەنیا وەك چارەسەری نەدانی مووچە لە ئێستادا ئاوا دەربکەوێت، بەڵام چالاکیکردن و پەرەدان بە هەرەوەزییەکان بە ئامانجی زیندووکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئاسۆییەکان و ئاشتەوایی و تەبایی کۆمەڵایەتیی و گەڕانەوە بۆ سەر یاسا و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییە زادەکانی سروشتی هاوخەمیی و هاوپشتی نێوان-مرۆیی مرۆڤەکان، ئیتر هەروەزیییەکان وەك هاریکاری سیستەمە ڕامیارییەکە دەرناکەون و نابیندرێن و بە دیتنی من لە هیچ بارێکدا هەرەوەزییەکان ناکەونە خزمەت ڕەوتی نەزمی نوێی بازار. ئەگەر لە سەردەمی سەرمایەداریی دەوڵەتی دەوڵەتانی وەك جەزائیری پاش ڕاماڵینی داگیرکەران و یوگۆسلاڤیای سەردەمی (تیتۆ) تاکو ڕادەیەك توانرابێت لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی تاکپارتیی هەرەوەزییەکان بخرێنە خزمەت دەوڵەت، بەڵام لە ئەم سەردەمەی جیهانگیری ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) نە لە ئەمەریکا و ئەوروپا نە لە هەرێمی کوردستان وەك فەرماندارییەکی پاشکۆی ئەوان، هەرگیز و چیدیکە هەروەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ناکەوێتە خزمەتی سیستەمەکە و دەسەڵاتداران. بۆ کەسانێك کە سروشتی ڕەوتی پەرەسەندن و کارکردنی نەزمی نوێی بازار تێدەگەن، هۆکاری ئەوەش ئاشکرا و ئاسانە؛ جیهانگیریی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) تەنیا بەلاوازکردن و لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئاسۆییەکان و بنەما کولتوورییەکانی ئەو پەیوەندییانە و بە ئەفسانەکردنی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەنێو ئاوەزی تاکی سەرەتای هەزارەی سێیەم دەتوانێت پەلبهاوێت و سەرکەوتوو بمێنێتەوە و بوونی خۆسەپێنەرانەی خۆی بپارێزێت، چونکە هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتی واتە لێدان لە بنەماکانی بازار، لەنێوبردنی زەمینەکانی مشەخۆریی و گەندەڵی و چەپاوڵ و ملهوڕی ڕامیاریی، کە شوناس و کڕۆکی نیئۆلیبرالیزم پێکدەهێنن.

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببینین، ئەو گۆڕانە پۆزەتیڤانە چین، کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

هەژێن : بۆ ئەوەی بتوانین پۆزەتیڤبوونی هەروەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ببینین، پێویستە لە بەرانبەرکێی ئەوان لەتەك ڕەوتی جیهانگیری نەزمی نوێی بازار و ئەو ڕێگرییە ئابوورییی و کولتوورییانە سەنجبدەین، کە بوونی هەروەزەییەکان بۆ سیستەمەکە لەنێو هەر کۆمەڵێك دروستیدەکەن. وەك پێشتر ئاماژەمدا، هەرەوەزی و نەزمی نوێی بازار دوو لای هاوکێشەیەکی پێچەوانەن و بوونی یەکێکیان ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکەیانە. وەك گوتم هەرەوەزییەکان بڕوابەخۆبوون و ڕزگاربوونی تاکی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو لە لەخۆنامۆیی ڕزگاردەکەن، لە بنەماکانی بازار واتە کڕین و فرۆشتن دەدەن، زەمینەکانی گەندەڵی ئابووریی و ملهوڕیی و دەسەڵاتخوازیی ڕامیاران لەنێودەبەن، قەیرانە مۆڕاڵیی و کولوتوورییەکان چارەسەردەکەن، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و تەبایی جەماوەریی دەگێڕنەوە، کە گەڕانەوەی ئەو بوونە کۆمەڵایەتییانە، واتە پووچەڵکردنەوەی هەوڵ و پەلوپۆهاویشتنەکانی نەزمی نوێی بازار، واتە پووچەڵکردنەوەی پاگەندەی “جەنگی کولتوورەکان”، کە ڕۆڵ و نەخشی بیلدرۆزەرێك بۆ خۆشکردنی ڕێگەکانی کۆمەڵایەتییبوونەوە و کولتووریبوونەوەی نیئۆلیبرالیزم دەبینێت. وەك پێشتر گوتم بەو ڕادەی کە هەرەوەزی و خۆکۆمەکیی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی پەرەدەسێنێتەوە و دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە بە کولتووری تاکی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان، بە هەمان ڕادەش گۆڕانی کۆمەڵایەتیی پۆزەتیڤ لە بەرژەوەندی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان ڕوودەدات و بەو ڕادەیەش کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤ ڕووبدات، گۆڕانی کولتووریی پۆزەتیڤ ڕوودەدات و وەك دەزانین هەر گۆڕانێکی پۆزەتیڤی کولتووریی دەبێتە بەهێزکەری ڕەوتی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیربوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵ، ڕۆشنبیر بە واتای دەرخکردنی دەقی نووسینی ئەم و ئەو نا، بەڵکو بە واتای خۆبیرکردنەوە و وردکاری تاك لەنێو کایە هزرییەکان؛ بە خۆبیرکردنەوە. لێرەدا دەتوانم هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بە لۆکۆمۆتیڤی شەمەندەفەرێك، فارگۆنەکانی شەمەندەفەرەکە بە کولتوور، گەشت و ئامانجی سواربوونی گەشتکەرەکان بە ڕۆشنبیری بچوێنم، کە بە بەگەڕکەوتنی لۆکۆمۆتیڤەکە فارگۆنەکان لە سوێنی خۆیان دەجووڵێن و بە جوڵانی فارگۆنەکان لە جێی خۆیان سەرنشینەکان/ گەشتیارەکان لەو شوێنە نزیکدەبنەوە، کە ئامانجیانە؛ ڕۆشنبیری و خۆبوونەوە.

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

هەژێن : وەك گوتم، ئەگەر بڕیاربێت ئێمە ئامانجێکی پۆزەتیڤمان لەبەردەم خۆمان دانابێت و خوازیاری بەدیهاتنی بین و پێویست بێت چالاکی بۆ بکەین، ئەوا هەنگاوی یەکەم دروستکردنی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییە جەماوەرییە سەربەخۆکان دەبنە پێداویستی گەیشتن بەو ئامانجە. بێجگە لەوەش من بە گەڕانەوەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی و بە کولتووریبوونەوەی گەشبینم، چونکە ڕەگێکی زیندووی لەنێو قوڵایی کولتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە خۆرهەڵاتییەکان هەیە و هێشتا بە ڕادەی ئەمەریکای باکووریی و ئەوروپا نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) لەنێو کولتوور و کەسایەتی تاکەکان بە تەواوەتی ڕەگی خۆی دانەکوتاوە و هێشتا ئەزموون و یاداوەریی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی چەند دەهە و چەند ساڵی پێشووتر لەنێو هۆش و ئاوەزی خەڵك نەسڕدراوەتەوە و وەك ژیلەمۆی ژێر خۆشەمێش بە فوویەك دەگەشێتەوە و ئاگردانی بزووتنەوە و بەرەنگاریی کۆمەڵایەتیی بەرانبەر ملهوڕیی و چەپاوڵگەریی نەزمی نوێی بازار گەرمدکاتەوە و بڵێسە دەسێنیتەوە.

لەم بارەوە دەتوانم بڵێم، زیاتر لە هەرێمی کوردستان هێشتا هەروەزی وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی لەنێو کۆمەڵە گەورەکانی خۆرهەڵات لەوانە چاین و هیندوستان و پاکستان و بەنگلادیش و ئێران و وڵاتانی جیاوەبووی ڕوسیە و ئێران و تورکیە و لە هەموویان زیاتر لە سایەی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” بوونی هەیە و زۆر جار هوشیارانە ئاراستەدەکرێت و هێشتا بەشێکە لە بزووتنەوەی هوشیارانەی کۆمەڵایەتیی.

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

هەژێن : بەڵێ، بەوپەڕی خۆشی یاداوەرییەکان، سەردەمی منداڵیی و هەرزەکاریی من لەنێو شێوەیەك لە هەرەوەزی گوزەراوە، هەڵبەتە هەرەوەزیی سروشتییانە و تاکو ڕادەیەکیش ناچارییانە. بۆچی سروشتییانە و ناچارییانە؟
بە بۆچوونی من، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسۆیەکی ڕۆشنتر دەخاتە بەرچاوی ئێمە و ئەرك و شێوازی کار و ڕێکخستن و هەنگاونانی چالاکانی ئەو بزووتنەوە ڕۆشنتر دەکاتەوە. وەك دەزانین کۆمەڵە خۆرهەڵاتییەکان بە کۆمەڵی هەروەزی ناسراون و تاکو ئێستاش هەر ئاوا پێناسەدەکرێن و بەداخەوە زۆر جار لەلایەن بەناو دژانی ڕەوتی جیهانگیری نەزمی نوێی بازار ئەو هەرەوەزبوونە نیگەتیڤ وێنادەکرێت.

ئێمە زادەی کۆمەڵ و پەیوەندییە هەرەوەزییەکانین، هێشتا بەخشینەوەی بەروبوومە کشتکارییەکان و میوە لەنێو ئاوەزی گوندییانەی ئێمە، هێشتا (کاسە هاوسێ)ی کۆڵانەکانی شار لەنێو یاداوەریی منداڵیی ئێمە زیندوو ماوە. ڕاستە هەرەوەزی لەنێو کۆمەڵی ئێمە بنەمایەکی سروشتی هەیە، واتە جۆرێکە لە گەشەکردوویی ناچارییانەی خۆکۆمەکییە ئاژەڵییەکەی پێشینەمان و لە هەندێك ناوچەی خێڵەکی بوون و تایبەتمەندییەکی خێڵەکی لەخۆگرتووە، یان بەگشتی بوونێکی ئایینی و پیرۆزی ئایینی لەخۆگرتووە، کە ئەوەش ئاساییترین کاردانەوەی کولتووریی هەر کۆمەڵێکە بۆ پاراستنی نەریتەکانی، کە بۆ مانەوەیان پیرۆزیان دەکات و بەرگێکی ئایینی بە باڵایان دەبرێت.

بەڵام هاوکات وەك بیستوومانە لە دەهەکانی پێش و پاشی نێوڕاستی سەدەی ڕابوروودروو لە هەندێك ناوچەی هەرێمی کوردستانی ئێستا وەك ناوچەی دوکان، قەرەداخ و بازیان و گەرمیان بزووتنەوەی ئامانجدارانە و هوشیارانەی هەرەوەزی هەبوون و سەریانهەڵداوە. لێرەدا من ناوهێنان و لێدوان لەبارەی ئەو هەرەوەزییانە بۆ هاوڕێیانێك بەجێدەێڵم، کە زیاتر شارەزا و ئاگادار و تەنانەت لەو بارەوە یاداوەیی کەسیی خۆیان هەیە. بەڵام دەتوانم ئاماژە بە چەند نموونەیەکی دیکە بدەم .

کاتێك کە خەڵکی گوندەکانی ناوچەی هۆرامان ئەو گوندانەی کە هێشتا ڕانەگوێزرابوون و سەرەتای جەنگی عیراق-ئێران بووە هۆی کۆچکردن و ئاوارەبوون و پەنابەربوونی خەڵکەکەیان، زۆربەی خێزانەکان لە شار و شارۆچکە و ئوردووگەکانی نزیك ناوچەی هۆرامان نیشتەجێبوون. وەك دەزانین خەڵکی هۆرامان لەسەر سێ بنەمای ئابووریی ژیاون و دەژین، پیشەوەریی دەستی، باخداریی و کشتکاریی، کە بەداخەوە بەهۆی جەنگ و ئاوارەبوون دوو دانەی دواییان لەدەستچوون و ئەو لەدەستچوونە بوو بە هۆی هەژاریی و کەم دەرەتانی خەڵکی هۆرامان بەتایبەت لەنێو شار و شارۆچکەکان. وەك دەزانین لە عیراقی ئەو کات و ئێستاش بیمەی کۆمەڵایەتیی بوونی نییە، کۆمەك و دەسگیرۆیی بۆ کرێی سەرپەنا بوونی نەبووە و نییە. لە بارێکی ئاوادا خێزانە بێکار و بێدەرامەتەکان ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە خەڵکی گوندی تەوێڵە بە گەڕانەوە و درێژەدان بە کولتووری هەرەوەزیی هەر لە سەرەتای ئەو دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو واتە سەرەتای ئاوارەبوونەکە، کۆبوونەوە و بەخۆکەوتن و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە سندووقی کۆمەکی کۆمەڵایەتیی دروستبکەن و هەموو خێزانێك بەگوێرەی داهات و ئامادەیی و خۆبەخشانە ساڵانە بڕێك پارە بەو سندووقە بدات، تاکو هەر کات کەسێکی هەژار پێویستی بە دەرمان و نەشتەریکردن هەبوو، یان تووشی پرسە و لێقەومان بوو، لەو سندووقە فریای بکەون و کۆمەکیبکەن. تاکو ئێستا ئەو سندووقە کۆمەکییە ماوە و ئارەزوومەندانە کەسانێك بەشداریدەکەن و سەرپەڕستیکردنیشی هەر ئارەوومەندانە و بە ڕەزامەندی هەمووانە. ئەگەر سەرنجبدەین، وێرای ئاوارەیی و کرێچیبوونی زۆرینەی ئاوارەکان و بێکاربوون و نەبوونی سەرچاوەی مسۆگەریی داهات، تاکو ئێستا دیاردەی گەدایی و سێکسفرۆشی و دزی و .. لەنێو ئەو کەسانە نییە و بواری سەرهەڵدانی نەدراوە.

لەبارەی ئەزموونی خۆمەوە، بەڵێ بەخۆشم کۆتایی ١٩٩١ تاکو ١٩٩٥ لە سلێمانی و هەوڵێر لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوم، ڕاستە کۆبوونەوەی ئێمە کۆمەڵێك هاوڕێ لەنێو ئاوا هەرەوەزییەك ئامانج و ناچاریی ڕێکخراوەیی بوو. بەڵام هاوکات ئێمە پێکەوە هەموومان پەرتووکفرۆشیمان دەکرد و هەر ئاوا کار و باری نێو ماڵیشمان هەر بە هەرەوەزی بوو و تەنانەت پۆشاك و کەوش و شمەکەکانشیمان (هەڵبەتە پۆشاکی سەرەوە) هەر بەشێك بوون لە بوونە هەرەوەزییەکەمان. ئێمە کۆمەڵێك کەس بووین، زۆربەمان ئاوارەی کەرکووك بووین، پێشینەی کۆمەڵایەتیی و کولتووری و ئایینی و .. جیاوازمان هەبوو، بەڵام کۆمەڵێك گیان و خەون و ئارەزووی سۆشیالیستی بووین لەنێو جەستەیەکی هەرەوەزی و لە ئاپارتمانێکی هەژارانەی گەڕەکی تەیراوای تەنیشت (باخچەی کورد و عەرەب) دەژیاین. لەوە خۆشتر ئەوە بوو، هاوڕێیەکمان (هاوڕێ سیروان عەلی) یان ئێمەی بۆ ماڵی خۆیان میوانی دەکرد یان بەشە خواردنەکەی خۆی دەهێنا و لەتەك ئێمە بەشیدەکرد، چونکە داهاتی ئێمە زۆر کەم و مەمرەومەژی بوو و لەوانە لەو کاتەی ئابڵۆقەی ئابووریدا یەکێك لە هەژارترین خێزانەکانی ئەو گەڕەکە بووبین. بەڵام ئەگەر هەرەوەزی کارکردن و ژیانمان پێکەوە نەبووایە، لەوانە بوو، ئەو ئەو حەوت کەسە ژیانێکی زۆر سەختر و تەنانەت تووشی دەریسەری بوویانەیە.

دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

هەژێن : وەك دەزانین و بینومانە و بیستوومانە، هەرەوەزییەکان لە هەنگاوی یەکەمدا وەك سەرهەڵدانێکی سروشتی و پێشینەی ئاژەڵیانەی ئێمەی مرۆڤ خۆکۆمەکیی و فریاگوزاری و هاودەردی کۆمەڵایەتین، لە هەنگاوی دووەمدا پرۆژەی بەرهەمهێنەرانەی ئابووری و دوا جار ڕەوتێکی ئامانجدارانەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریین. تاکو ئەوێندەرێ کە من ئاگاداربم، نەك یەقین، لە سەردەمی مۆدێرنە و وەك کاردانەوەی هوشیارانە بۆ بەرگرتن بە ڕەوتی کۆمەڵایەتییبوونەوە و جیهانگیریی نەزمی بازار، پییەر جۆزیف پڕۆدۆن یەکێکە لە تیئۆریسییانی دیاری بزووتنەوەی هەرەوەزیی و سیستەمی ئاڵووێری بەرانبەرانەی کۆمەك و بانگەوازکەری هەرەوەزییە ئابوورییەکان.

ھەر ئاوا، لەم ڕۆژگارەدا چەندین ھەوڵی تیئۆریی لە بارەی ھەرەوەزی و بزووتنەوەی ھەرەوەزی ھەن و لێرە و لەوێی گۆشەکانی جیھان لەو بارەوە لێکۆڵینەوە و شیکاریی دەکرێت و دەنووسرێت. لەوانەیە خراپ نەبێت، ئەگەر لێرەدا سەرنجی خوێنەرانی کوردی-زمان بەهۆی زانینی زمانی عەرەبی و هەر ئاوا نزیکایەتی و لێکچوونی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی ناوین بۆ پەرتووکێك لە بارەی ھەرەوەزییەکان ڕابکێشم، کە نووسەرەکەی کەسێکی عەرەبی-زمانی میسرییە و لە ساڵانی پاش ڕاپەڕینی خەڵکی میسر یەکێك لەو بوارانەی کە لەسەریان کاریکردووە، بواری ھەرەوەزییەکانە وەك ئەڵتەرناتیڤ. التعاونیات أداة للتحرر والتقدم، تألیف : سامح سعید عبود*

بە بۆچوونی من، هەرەوەزییەکان و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی بناخەی ئابووریی سۆشیالیستیین و بەبێ پەرەدان بە پەیوەندی و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی، ئەستەمە بتواندرێت کەرتەکانی بەرهەمهێنان کۆمەڵایەتیی / سۆشیالیزە بکرێنەوە و ئەگەر بنەما و کولتووریی هوشیارانە و ڕۆشنبیریی هەرەوەزی نەبێت، سەرەنجام هەر هەوڵێك بۆ کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن سەری لە دەوڵەت و ڕێکخستنی ئابووری سەرمایەداریی دەوڵەتی دەردەجێتەوە.

بەڵێ، بەبێ سڵکردنەوە، دەتوانم بڵێم بەبێ ئەڵتەرناتیڤکردنی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بازار و سەروەریی مشەخۆری ئەستەمە و ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەم مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەریخواز نەماوەتەوە. لێرەدا پێویستە و دەخوازم ئاماژە بەوەش بدەم، پێداگریی من و ئاوا تێڕوانینێك کە لەنێو ئاوەزی من دروستبووە، بۆ دیتنەوەی لۆجیکی سروشتی گۆڕانی قۆناخەکانی کۆمەڵی چینایەتی دەگەڕێتەوە، کە هەموو گۆڕانەکان لە کۆمونەی سەرەتایی بۆ کۆیلایەتی و کۆیلایەتی بۆ فیئۆدالیزم و لەوێوە بۆ سەرمایەداریی، سەرەتا هەنگاو و گۆڕانێکی ئابووریی بووە، کە بووە بە کولتوور و کۆمەڵایەتیی بووەتەوە، ئینجا توانیویەتی سیستەمی ڕامیاریی خۆی جێگیربکات، هەر لەبەرئەوەیە کە گۆڕانی قۆناخەکانی سیستەمی چینایەتی یەك شەو و ڕۆژە نەبوون و ئەو گۆڕانە لە خاڵی سفر بۆ پێنج و پێنج بۆ دە و دە بۆ پازدە و ..تد ڕووینداواوە، بەڵکو بۆ نموونە قۆناخی کۆیلایەتی لە خاڵی پاش سفر (کۆمونە) بۆ خاڵی حەوت یان هەشت (فیئۆدالیزم) سەریهەڵداوە و درێژبووەتەوە، هەر ئاوا (فیئۆدالیزم) لە خاڵی شەش پاش خاڵی پێنج سەریهەڵنەداوە، بەڵکو لە خاڵی دوو یان سێی (سەردەمی کۆیلایەتی) سەریهەڵداوە و درێژبووەتەوە و بەو جۆرە بە ئەم قۆناخە گەشەکردووەی بۆرجوازی/ سەرمایەداری (واتە نیئۆلیبرالیزم) گەیشتووە. لەسەر هەمان بنەمای گەشە و پەرەسەندنی ئابووری و گۆڕانی کولتووریی هەر ئێستا و لەنێو جەرگەی سیستەمی سەروەریی چینایەتی، کۆمەڵی ناچینایەتی سەرهەڵدەدات و ئەوەش بە سەرهەڵدانی ئابوورییانە و کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵی داهاتوو [ئیتر ئێمە بە هەر ناوێك وێنایبکەین] لەنێو منداڵدانی ئەم کۆمەڵەی ئێستا و بە کولتووربوون و جێکەوتەبوونی دەتوانێت سیستەمی چینایەتی ئێستا بگۆڕدرێت، بە واتایەکی دیکە سەرەتا گۆڕانی ئابووریی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی پێویستە و بەردی بناخەن، ئەگەرنا بەبێ ئەوە هەر هەوڵێك سەری لە شکستی ڕاپەڕینەکانی کۆمونەی پاریس و ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕوسیە و ١٩٧٩ی ئێران و ١٩٩١ عێراق دەردەچێتەوە و بێجگە لە نائومیدی هیچی دیکە بەرهەمناهێنێت و هەر ئەو شکستانەن، کە ئەم ڕۆژگارە ئێمە باجیان دەدەین و بوونەتە هۆی نائومێدبوون و نامۆبوونی گشتی بەرهەمهێنەرانی ژیان لەسەر گۆی زەمین لە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی. بەڵێ لێرەوە من هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بە مۆتۆڕ و بەردی بناخەی ئەڵتەرناتیڤی سەروەری و مشەخۆری و دڕندایەتی سیستەمی ئەم ڕۆژگارە دەبینم. هەڵبەتە کاتێك کە ئامانجدارانە و هوشیارانە دەچینەوە نێو ژیان و بەرهەمهێنانی هەرەوەزی و ئاوا هەوڵێك بەبێ هەنگاوە کولتوورییەکانی ئەستەمە بتوانێت گشتگیر ببێت و ببێتە بەشێك لە ئاوەزی نەوەی ئەم سەردەمە تاریکە. بەواتایەکی دیکە پێویستە شان بە شانی پێکهێنانی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، لە مەیدان و بواری کولتوور هۆنراوە و شانۆیی گەڕۆك و چیرۆك و تەنز و پەند و گۆڕانی و سروودەکان دەنگهەڵبڕن.

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

هەژێن : بەڵێ، هەر لەو بارەوە، هەم لە هەرێمی کوردستان ئێستا نموونەی هەرەوەزییەکانی خانەقین و هەم لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، وەك پێشتر ئاماژەمدا لەنێو کۆمەڵەکانی دیکە هەرەوەزیی ئابووریی و کۆمەڵایەتی چ وەك کولتووری بۆماوە و هەم پرۆژەی ئامانجدارانەی کۆمەڵایەتیی بوونی هەیە؛ ئەوەی من ئاگاداربم و بیستبێتم لە هیندوستان و تورکیە جۆرێك بانکی ئاڵووێر و کۆمەك و قەرزی بەبێ سوود لەسەر بنەمای ( کۆمەکی ئاڵووێرانەی بەرانبەر Mutualism) هەن، سەدان هەرەوەزی و پرۆژەی هەروەزی کۆمەڵایەتیی و بەرهەمێنەرانە هەن، لە سایەی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”ش پرۆژە و هەوڵی هەرەوەزیی ئامانجدانە و ئەڵتەرناتیڤانە هەن، کە لە بوونە کولتووریی و پێشیینەییەکەی هەروەزی لە سوریە و بەشە کوردنشینەکەی واوەترن. دەکرێت ئێمە وەك پاگەندە و ڕۆشنگەریی ڕۆشنایی زیاتر بخەینە سەر ئەو بزووتنەوە و هەوڵانە. لەو بارەوە دەتوانن سەرنجی ئەو ھەرەوەزییە لە ئیستانبول (KOLEKTİF 26A)** بدەین، کە نموونەیەکی درەوشاوەیە لە سەدان و ھەزاران ھەرەوەزی لە تورکیە چ لە بەشە تورکنشین و چ لە بەشە کوردنشینەکەی (باکوور).
بە کورتی بە بۆچوونی من، ئەوەی دوو دەھە و نیوە بە “جەنگی کولتوورەکان” پاگەندەدەرکرێت، لە کڕۆکدا جەنگی نەزمی نوێی بازارە دژی نەزمی کۆمەڵایەتیی و کولتووریانەی هەرەوەزی، بە واتایەکی دیکە لەنێوبردنی بنەما هەرەوەزییەکانی هەر کولتوورێك، واتە جەنگی بازار دژی هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشاندنەوەی و لێکدانی ھەر کۆمەڵێك کە بنەمای ھەرەوەزی تێیدا پەرەبسێنێت وەك یوگۆسلاڤیا و ئەوانی دیکە هەر لەبەرئەوە و بۆ ئەوە بووە و دروستکردنی ھێزێکی دڕندەی وەك (داعش) لەنێو کەلاوەکانی جەنگی نێوخۆی سوریە بۆ لێدانی ئەو ھەرەوەزییانە بوو، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی خەڵکی سوریە چالاکانی وەك (عومەر عەزیز)ی گیانبەختکردوو*** دروستیانکردن و هەوڵیان بۆ دان و هەر ئاوا لە سەرووی هەموویەوە لەنێوبردنی بزووتنەوەی هەرەوەزیی و ئابووریی ژینگەپارێز لەنێو خۆبەرێوەبەریی “ڕۆژاوا” .
هەر ئاوا لە شارێك کە ئێستا من لەوێ دەژیم، سێ هەرەوەزی گەورە هەن، کە هەم خانووەکانیان سەندراوەی **** (کۆمەڵایەتیکراوی) پاش جەنگی جیهانی دووەم بەتایبەت دەهەی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابوروون و هەم بەخۆیان بە کاری هەروەزی پشتدەبەستن و ئەندامانیان شێوەیەك لە ژیانی نا-فەرماندارییانە و نا-باوکسالارانە و نا-مشەخۆرانە و نا-بەکاربەرانەی چاولێگەران و ناسەروەرانە و نا- قووچکەییانە دەژین و بوونەتە بنکەی کولتووری و ڕۆشنبیریی بۆ بەشەکانی دیکەی کۆمەڵ. هەر ئاوا لە سەرتاسەری ئەمەریکا و ئەوروپا لەم جۆرە هەرەوەزییانە زۆرن و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بوونیان هەیە.

دەنگەکان – چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

هەژێن : ڕاستی من ناتوانم لەم دوورەوە هیچ پێشنیارێك بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم، تەنیا شتێك کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، ئەگەر هەر کەس لەنێو یاداوەری خۆی و دایك و باوکی و داپیر و باپیرانی بگەڕێت، دەیان نموونەی جوانی خۆکۆمەکیی و هەرەوەزی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە و دەتوانێت هوشیارانە و ئامانجدانە لەنێو ئەم ساتەی ژیانی خۆی بیانژێنێتەوە و ئاراستەیان بکات و بیانکاتە بەردی بناخەی ژیانی خۆی بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتییەکانی نەزمی نوێی بازار / نیئۆلیبرالیزم و سەرەتایەك بۆ بەخۆبوونەوە و خۆڕزگارکردن لە لەخۆنامۆیی وەك نەخۆشییەکی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیی و ئاوەزیی تاکەکانی سەردەمی مۆدێرنە تاکو ئێستا.


دەنگەکان – دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

هەژێن : تەنیا شتێك کە لێرەدا دەخوازم و بە گرنگ و چارەنووسسازی دەبینم، دوورڕاگرتنی هەرەوەزییەکانە لە دوو هەوڵ و دیاردە، ….
یەکەم: بوارنەدان بە کەسانی ناوبانگخواز و هەڵپەکەر، کە هەموو شتێك دەخەنە خزمەت و بەرژەوەندی حەزە کەسییە ملهوڕییەکانی خۆیان؛ بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بە هەموو شێوەیەك هەرەوەزییەکان لە ڕێکخستنی باوی قووچکەیی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دوو ڕابگیردرێن و ئەو میکانیزم و شێوازانەی چالاکی و پەیوەندی و ڕێکخستن پەیڕەوبکەن، کە دەتوانن وەك فیلتەر و لەمپەرێکی ئازادیخوازانە لە خۆسەپاندن و کنەکردن و هەڵپەی کەسانی ناوبانگواز و مشەخۆر ڕێگرییبکەن.

دووەم : بە هیچ شێوەیەك بوارنەدەن هەرەوەزییەکان ببنە مەیدانی ڕامیاران بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ گەییشتن بە پارلەمان و هەر ئاوا بە هیچ شێوەیەك نابێت بواری دەسەڵاتدارانی سەرتاسەری و ناوچەیی بدەن، کە ئامانجدارانە دەخوازن لە ڕێگەی کۆمەککردنی پارەیی هەرەوەزییەکان دەستەمۆبکەن و ئاراستەبکەن و بیانکەن بە ئامرازێك بۆ سپیکردنەوەی سەرمایە ڕەشەکانیان، ئەوەی بە دانی بڕێك پارە، بە دزی و تاڵانی و مشەخۆریی خۆیان ڕەوایی ببەخشن و لەبەرانبەر بڕێك کۆمەك بە هەرەوەزییەکان خەڵکی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو شەرمن بکەن .

————————————————-
* بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی نووسەر لە بارەی ھەرەوەزییەکان، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن : http://www.ahewar.org/m.asp?i=12
مركز المحروسة للنشر والخدمات الصحفية والمعلومات
فريد زهران
قطعة رقم 7399 ش28 من ش 9 – المقطم – القاهرة
ت، ف : 25075917-02-002
e.mail : mahrosacenter@gmail.com

** http://kolektif26a.org/category/languages/page/2

*** https://www.facebook.com/note.php?note_id=143690742461532
https://tahriricn.wordpress.com/2013/08/23

**** بە پێچەوانەی وەرگێڕدراوی واژەی ” Occupy” دەستبەسەرداگرتن، ئامانجی ئەو بزووتنەوە سەندنەوەی دارایی و کەرتەکانی بەرھەمھێنانە لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران، بەو جۆرە بۆ وەرگێرانی کوردی ئەو واژەیە (سەندنەوە) گونجراوترینە.




ئەنارکیست و ئاژاوەچی …. هەژێن

– سڵاو قوربان

+ سڵاو سەرچاوان، دۆستی ئازیز. بمبوورە ناتناسم، مافی ئەوەم هەیە بزانم بەڕێزت کێی؟

– من کەسێکی ئەنارکیستم و مەسئولی کۆمەڵێک کەسم !

+ بەڕاستیتە یان شۆخیدەکەیت ؟

– نا، قوربان، مەگەر تاکو ئێستا لەنێوان من و تۆ گاڵتە هەبووە، تاکو گاڵتەبکەم ؟

+ نا، بەڵام ئاوا تێگەییشتم، کە شۆخیدەکەیت.

– بۆچی ئاوا دەزانیت کە من گاڵتەدەکەم؟

+ بڵێم چی، بەڵام هەر بەڕاست تۆ کەسێکی ئەنارکیستیت و بەرپرسی کۆمەڵێك کەسی دیکەی ئەنارکیستیت ؟

– بەڵێ، هەم من ئەنارکیستم و هەم ئەوانیش!

+ هەر بەڕاست تۆ لە ئەنارکیستبوونی هەر دوو لاتان دڵنیاییت ؟

– بەڵێ، بۆچی نا. هەستدەکەم تۆ گاڵتەدەکەیت، مەگەر شتی ئاوات نەبیستووە ؟

+ نەخێر، ناتوانم بە گوێیەکانی خۆم بڕوابکەم، کە من هەر ئێستا بیسەری ئەو وەڵامانەم.

– بۆچی، مەگەر تۆش ئەنارکسیتیت؟

+ نەخێر، چونکە من نە دەتوانم بەرپرسی کەسانی دیکە بم و نە دەتوانم بە بەرپرسبوونی کەسانی دیکە ملبدەم.

– ئەی تۆ چیت؟

+ من “ئاژاوەچیم” …

– مەبەستت ئەوەیە کە تۆش ئەنارکیستیت ؟

+ نەخێر بەڕێزم، من “ئا-ژا-وە-چی-م” !

– ئامانجی تۆ وەك ئاژاوەچییەك چییە ؟

+ لەنێوبردنی پەیوەندی مەڕ و شوان.

– دەی کەواتە تۆش ئەنارکیستیت، ئیتر بۆچی خۆت بە ئاژاوەچی ناودەبەیت ؟

+ لەبەرئەوەی ناتوانم ئەنارکیست بم، هەڵبەتە ئەنارکیست بەو جۆرەی تۆ باسیدەکەیت.

– سەرباری ئەوەش هێشتا تۆ وەك ئەنارکیستێك قسەدەکەیت، بۆچی ئاژاوەچی، ئاژاوە لەپێناو چی ؟

+ بۆ ئەوەی ئەنارکیستە بەرپرسدارەکان وەرگۆڕم بە ئاژاوەچی و چیدی پێویستیان بە بەرپرس نەبێت !

– نا قوربان، مەبەستی من لە مەسئول ئەوە نییە، تۆ تێدەگەیت، مەبەستم ئەوەیە کە من سەرپەرشتی ئەوان دەکەم.

+ مەبەستت ئەوەیە، کە ئەوان بەخۆیان گرفتی هۆشییان هەیە و ناتوانن بیربکەنەوە ؟

– نا، نەخێر، ئەوانیش وەك من و تۆ دەتوانن بیربکەنەوە؟

+ باشە، ئەگەر ئەوانی دیکە گرفتی هۆشیان نییە و بەخۆیان توانای بیرکردنەوەیان هەیە، بۆچی بەخۆیان سەرپەرشتی خۆیان ناکەن و چ پێویستییەکیان بە تۆ هەیە ؟

– نا، کاکە گیان، بەقوربان، تۆ بۆ ئەوەندە پێچەوانە و ئاڵۆز بیردەکەیتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان ئاستی هوشیارییان بەرز نییە و شارەزا نین؟

+ ئەی باشە بۆ هەوڵنادەن ئاستی هوشیاریی خۆیان بەرزبکەنەوە و شارەزایی پەیدابکەن، ئەی ئاستی تۆ چۆن بەرزبووەوە و شارەزابوویت، بڕواناکم تۆ هەر بەو جۆرە لەدایکبووبیت ؟

– من ئاستی خوێندم بەرزە و بەخۆشم زیرەکم !

+ کەواتە هەر کەس ئاستی خوێندنی بەرزنەبێت و زیرەك نەبێت، ناتوانێت ببێتە ئەنارکیست؟

– نا، مەبەستی من ئەوە نییە، دەتوانن ببن بە ئەنارکیست، بەڵام …

+ کەواتە دەتەوێت بڵێیت هەموو کەسێك توانانی تێگەیشتنی لە هزری ئەنارکیستی نییە و تەنیا کەسانی ئەکادیمیست و زیرەك دەتوانن لەو هزرە تێبگەن .

– نا، بەو جۆرە گاڵتەکەرانەی تۆ نا، بەڵام هەمووان وەك یەك نا .

+ ئەی چارە ؟

– پێویستە کەسانی وەك من کاتی خۆیان بۆ ئەو کارە تەرخانبکەن.

+ ئەی ئەگەر کەسانی وەك تۆ پەیدانەبن، ئیدی کەسەکانی دیکە چی بکەن و چی دەکەن؟

– کەسانی وەك من هەر پەیدادەبن، شتی ئاوا نابێت.

+ باشە، هزرێك کە هەموو کەس نەتوانیت لە ئەو تێبگات، بەکەڵکی چی دێت؟

– چۆن بەکەڵکی ڕزگاری بەشەرییەت دێت.

+ ئێ، مرۆڤایەتییەك کە زۆرینەی توانای تیگەییشتنی ئەو هزرەی نەبێت، چی بکات؟

– کاکە، بە قوربان، تۆ خەریکی بە ئەنارکیزم گاڵتەدەکەیت .

+ نا ئەزیزم، بەپێچەوانەوە من خەریکم ئەنارکیزم لە گاڵتەجاریی کەسانی خۆبەڕابەرزان و ئەکادیمیستانی لوتبەرز و ڕامیارانی زیرەك ڕزگاردەکەم. کاکی خۆم، ئەوە تۆ خۆتی کە هەم بە من و هەم بەوانەی بە قسەکانت خۆشباوەڕن و هەم بە ئەنارکیزم گاڵتەدەکەیت. تۆ بەخۆت دڵنیایت، کە دروست لە ئەنارکیزم تێگەییشوویت؟

– ئەو قسانە چین، من ڕێگە بە کەس نادەم ئاوا لەتەك من قسەبکات و ئاوا بڵێت. ئەنارکیزم واتە ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارتایەتی و سەرۆك.

+ کەواتە بە قسەی تۆ هەموو مافیایەك کە دژی دەوڵەت بێت، ئەنارکیستە و هەموو کەسێك کە پارتایەتی نەکات و دەست بە کڵاوەکەیەوە بگرێت، ئەنارکیستە.

– نا، بەڵام ئەوانە سەرچاوەی نەهامەتین.

+ باشە، ئەگەر ئەنارکیزم ڕەتکردنەوەی سەرۆکە، ئیدی چۆن تۆ بوویتە بەرپرسی کۆمەڵە کەسێكی دیکە؟

– نا کاکە، من سەرۆك نیم، نە مووچەم هەیە و نە کۆشك و نە پاسەوان.

+ باشە، ئەگەر سەرۆکی پارتییەکان و دەوڵەت و پارلەمانتاران مووچەیان نەبێت، کەواتە ئەوانیش دەبنە ئەنارکیست؟

– نا، برای من، تۆ شتەکان تێکەڵدەکەیت، ئەو کات دەبنە خزمەتکاری گەل.

+ کەواتە تۆ لەتەك سەروەریی چینایەتی و دەستەبژێرەکان گرفتت نییە؟

– ئەی سەرۆك و بەرپرسێك کە مووچە و کۆشك و پاسەوانی نەبێت، خراپی چییە؟

+ لەوانەیە بەخۆت باشتر بزانیت، بەڵام گرفت ئەوەیە، کە ئەنارکیزم سەراپای بیرکردنەوەی تۆ ڕەتدەکاتەوە . ئازیزم، ئەگەر بە گوێی من بکەیت و بڕۆیت ڕێگەیەکی دیکە بگریتەبەر، زۆر باشترە. چونکە بە گرتنەبەری ئەنارکیزم ناچاردەبێت لەو هەموو خەون و خەیاڵەی خۆت وازبهێنیت و بگەیتە ئاستی ئەو کەسانەی کە ئێستا خۆت کردووە بە بەرپرسیان. بنەڕەتیترین بنەمای ئەنارکیزم ڕەتکردنەوەی ئەوەیە کە تۆ بەرپرسی کەسانی دیکە بیت یان کەسانی دیکە ببنە بەرپرسی تۆ. ئەوەی تۆ دەڵێیت ڕەتکەرەوەی ئەنارکیزمە لەژێر دێوجامەی ئەنارکیزم.

٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦*
——————————————————–
* بەیادی بیست و چوار ساڵ لەمەوبەر، کە لەنێو ژووری زیندانی دەزگەی ئاساییشی هەولێر کوڕە ئاخایەك بە منی گوت:
– تۆ لە شیوعیەت تێنەگەییشتوویت، شیوعیەت واتە نەتەوەپەروەری .
(منیش تاکو توانام هەبوو قاقا پێکەنیم و گوتم )
+ ئەم گوتەیەت لە کێ وەرگرتووە، هیوادارم ئەو کەسە بەخۆی لەپێناو “سەروەریی نەتەوە” نەکوژرابێت.
– بۆچی؟
+ بۆ ئەوەی ئێستا بەچاوی خۆی بیبینێت، کە “دەسەڵاتی نەتەوە” دەستە دەستە لاوان دەخاتە زیندان و پێشلەشکریی جەندرمەی دەوڵەتی تورکیە دەکات.

* بەداخەوە بەهۆی گرفتاری ڕۆژگار، ئەم بابەتە کەوتووەتە پشتی کەنۆڵان.




خۆڕێکخستن [١] ئەلف و بای هەر تێکۆشانێکی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە … ھەژێن

ئەگەر ساڵی ١٩٩١ دەسبەجێ لەنێو ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕین و شکستی [٢] ڕاپەڕینی ١٩٩١ ھوشیاریی تاك و کۆمەڵ لە ئاستی ئێستا بووایە و دەستبەجێ بۆ پێکھێنانی گروپە خۆجییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان کۆششبکرایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا ھەم کۆمەڵ ئازاد دەبوو و ھەم لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵێکی خۆبەسێ و سەربەخۆ دەبوو و ھەم کارایی پۆزەتیڤی لەسەر کۆمەڵەکانی دەوروبەری دادەنا؛ بۆ نموونە، هەرچەندە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” ئەو نموونە باڵایە نییە، کە من لەبارەیەوە دەدوێم، بەڵام سەرباری ئەوەش کارایی پۆزەتیڤی لەسەر هەموو جیهان داناوە و زۆر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی پارلەمانیی هەرێمی کوردستان باشترە.[٣]

ئێستا کە ڕوداوەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو خۆشباوەڕیی ناسیونالیستیی بە “خۆییبوونی فەرمانداریی و پارلەمان و دەوڵەت” و پارتییەکان و ڕامیاران تاکو ڕادەکەی باش ڕەویوەتەوە و لە هەر کات زیاتر خەڵك لەسەر شەقامە و بەراورد بە دوو دەهە و نیوی ڕابوردوو جیاوازی نێوان ئامانج و بەرژەوەندی و خەونی چەوسێنەتان (دەسەڵاتداران) و چەوساوان (خەڵك) لەنێو هۆوشمەندیی گشتیی کۆمەڵ ئاشکراتر و بەرجەستەتر بووە و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی ناوێت، لە بارێکی ئاوادا خۆڕێکخستنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان لە هەر کاتێکی دیکە ئاسانتر و پێویستتر و چارەنووسازترە و هەنگاونەنان و گرنگینەدان بۆ دروستکردنی و جێخستنی، دەبێتە خۆکوژیی بەرەی چەوساوان و ڕەدووکەوتنەوەی دەسەڵاتخوازێکی دیکە و پارتییەکی دیکە و درێژبوونەوەی تەمەنی نەهامەتییەکان.

بە دیتنی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، هەر کات ئێمە وەك زۆرینەی کۆمەڵ بۆ خۆڕزگارکردن و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی هەنگاوبنێین، هەر دەبێت لەم خاڵە و بەم هەنگاوە دەستبەکاربین؛ واتە خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی. ئەگەرنا هەر کات، ئەگەر سەدەیەکی دیکەش بێت، هەر دەبێت بەم هەنگاوە دەستپێبکەین و بەبێ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربوون و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا وەك خەیاڵێکی ئەستەم دەمێننەوە و هەموو کۆششێکی خەڵك دەبێتە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ پارتیی و سەرکردەیەکەی دیکە، هەر ئاوا کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٦-٢٠١٣ بوونە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ لیستی نیئۆجەلالییەکانی دەوروبەری نەوشیروان موستەفا و گەییشتە پارلەمان و دەسەڵات و بە کردەوە دیتمان کە ئەوانیش لە دزین و دارابوونی نەوت و چیمەنتۆ و زەوی و گرد و کۆمپانییەوە لە پارتییەکان و دەسەڵاتدارەکانی دیکە خراپترن و کڵاویان لەسەری خەڵك کردووە.

ئەوەی تاکو ئێستا ئێمە ژێردەست و دەستەمۆ و ناکارا ماوینتەوە، بەرەنجامی ئەوە بووە، کە چاوەڕێبووین کەسێك بێت و ئێمە ڕێکبخات و بەخۆی ببێتە شوانەی ئێمە و وەك میگەڵ ئێمە بە بەربدات و بە ئێمە بڵێت چی باشە و چی خراپە و چی و چی ..تد. ئەوەش خۆشباوەڕییەکە کە ئایدیۆلۆجییەکان لەنێو هۆشی ئێمەی چەوساوان دروستیدەکەن و لە بڕوابوون بە خۆ و متمانە بە پەرجووی هێزی یەکگرتووی خۆمان خاڵێدەکەنەوە و هێزی چەوساوان دەخاتە خزمەت سەروەرمانەوەی پاوانگەران و چەپاوڵگەران.

لەبەرئەوە، کەی کۆمەڵ بوو بە خاوەنی ڕێکخستن و ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، بێکاران، خوێندکاران، پەککەوتان، کەمئەندامان و خانەنشینان و …تد، ئەوسا بڕیاردان و هەستان بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری دەبێتە کار و چالاکییەکی زۆر ئاسایی و ئاسانی بەرەی گەل و ئەو کات دەبینین، کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم و زلهێزە پشتیوانەکانیان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکان لەبەردەم داخوازییەکانی خەڵك بەچۆکدادێن و نەك هەر بە پێدانی مووچەی تەواو و دواخراوی خەڵكی ڕازیدەبن، بەڵکو ئامادەشدەبن مووچەکانمان لە جارانیش زیاتربکەن و داخوازی دیکەش جێبەجێبکەن، چونکە سەروەرمانەوە و ملهوڕیی ئەوان بە ناهوشیاریی و ناڕێکخراوبوون و خۆشباوەڕمانەوەی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵات بەندە و جێگیربووە.

ھەژێن*
٧ی دێسەمبەری ٢٠١٦

——————————————-
[١] خۆڕێکخستن، مەبەست لە ڕێکخستنی خۆبەخۆیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی ئاسۆیی و پەیڕەوکردنی دێمکۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵی ڕێکخراوەکان و تێکۆشان و چالاکی ڕاستەوخۆ.

[٢] بە بۆچوونی من، جێگرتنەوەی فەرمانداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی لەجێگەی فەرمانداریی بەعس بە بەرەنجامی شکستی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ و ئەوەی ئیستا ڕودەدات، درێژەی ئەو شکستەیە.

[٣] ڕەخنەی من لە خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” هەبوونی ڕۆڵی پەیەدە و شێوە فەرمانداریی/دەوڵەتییبوونی دەزگەکانە و کەمتر کۆمونەیی/ شوراییە و بەرنامەڕێژیی نێوەندیی بڕیادەرە.

* www.hejeen.wordpress.com ….. www.facebook.com/hejen.pze




نامەکانتان گەییشتوون [١] … هەژێن*

٠٤ی دێسەمبەری ٢٠١٦

ئەی ئەوانەی کۆشتاری شیوعیەکانی کانی ماسی ١٩٦٤ و پیاسەی تاڵەبانی لە بەکرەجۆ ١٩٦٦ و ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٤ بازرانی و بەرلەشکریی ١٩٧٩ قیادە موەقەتە لە سنە و مەریوان و دزلی و شاکارەکەی یەکی ئایاری ١٩٨٣ قڕناکا و پشتئاشانی نەوشیروان موستەفا و بردنی پاسدار بۆ باباگوڕگوڕ ساڵی ١٩٨٥ (ینک) و پێشلەشکریی بۆ سەر ھەڵەبجە ١٩٨٨ (بەرەی کوردستانی) و بە ئەنفالدانی سەدان ھەزار گوندنشینی قەرەداخ و گەرمیان و بادینان ١٩٨٨ و پێشکەشکردنی پێشمەرگەکانی (حشع) بە بەعس پاش ئەنفال لەلایەن پێشمەرگەکانی (ینک) و خولی سێییەمی جەنگی نێوخۆ ١٩٩٤-١٩٩٨ و گوللەبارانکردنی خۆنیشاندانی دژی شەڕ لە ھەولێر ١٩٩٤ و بێسەروشوێنکردنی گیراوانی جەنگی نێوخۆ لە ئاکرێ و ڕایات و قەڵاچوالان و ھێنانەوەی حەرەس جمھوری٣١ی ئاب و ھێنانی پاسدار بۆ کۆیەی ١٩٩٦ و ھێنانەوەی سەدان جارەی جەندرمە بۆ نێو ھەرێم و جیابوونەوەی نەشیروان بە دە (١٠) ملیۆن دۆلار و گردەکەی تاڵەبانی ٢٠٠٦ و ھێنانی داعش و پێشکەشکردنی زومار و بەعشیقە و شەنگال و مەخموور و بازرگانی نەوت و گاز و لەتەك داعش ٢٠١٤ و پیاسەکردنی داعش لە کەرکووك ٢٠١٦ و ھەوڵی تەقاندنەوە و ئاژاوەنانەوە لە “ڕۆژاوا” ٢٠١٢-٢٠١٦ و تیرۆرکردنی نەزیر عومەر ١٩٩٣و ڕەئوف کامیل ١٩٩٣ و ئەلی بۆسکانی ١٩٩٢ و حەمەحەلاج ١٩٩٤و بەکر عەلی ١٩٩٦ و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت و عەبدولستار تاھیر شەریف و کاوە گەرمیانی و ویدات حوسەین و ھەزاران و ملیۆنان تیرۆر و ڕاونان و شتی دیکە، ئەی ئەوانەی کە پاش چەند چرکە ئەو گشتەتان لەبیرچووەتەوە.

نامەکانتان بە سەری ڕەش و قەڵاچوالان گەییشتوون و ئەگەر دڵنیانین، وەرن لەنێو خاشاکی کۆشکەکان بگەرێن، ئیدی بەسە و چیدی نامانەوێت وڕێنە و دەبەنگیی ئێوە بخوێنینەوە؛ ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، مەگەر تێناگەن و دەبەنگن و نازانن، کە دەسەڵات لەپێناو مسۆگەرکردنی مشەخۆرییە و سیستەمی مشەخۆریی و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و ناتۆ و دەوڵەتانی زلهێز بواری بەدیھێنانی داخوازییەکانی ئێوە نادەن و ئێمە بە بارمتەگیراوین و ئەگەر مووچەی ئێوە نەبڕین و ئەگەر نرخی کاڵا و پێداویستییەکان چەند قات بەرزنەکەینەوە و ئەگەر ڕێکەوتننامەکان واژۆنەکەین، بە حەب و دەرزییەك، بە خواردنێك ئێمە ژاراوکوژدەکەن و ھەزار و یەك بەڵگەی پزیشکی دەکەنە پاساوی مردنمان؛ ئێوە چین و بۆچی تێناگەن، ئەوە داخوازی و مەرجی نەزمی نوێی بازارە (نیئۆلیبرالیزمە) و ڕاگرتنی جەنگیش تەنیا لە توانای کۆمپانییەکانی ئۆتۆمەبیلسازی و چەکسازی هەیە و تاکو کارخانە و بازارەکانی چەکسازی هەبن، جەنگەکان بەردەوام دەبن و تاکو سەروەری هەبێت، چەك پێویستە و تاکو ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر” و سەرانی “پارتییە پێشرەوەکان” لەسەر کڕینی نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمەبیل کێبڕکێبکەن، (داعش) و جەنگ پێویستدەبن و دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی هەرزان بێت، تاکو دەبەنگانی دونیا وەك ئێوە بتوانن زۆرترین بەنزین بکڕن و ئۆتۆمەبێلە پانوپۆڕەکانیان لێخوڕن. [٢]

نامەکانتان گەییشتوون، ئەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ی دەبەنگ، ئەی ئەوانەی کە لە واتای بێدەنگمانەوەی ئێمە تێناگەن و بە ھەزاران “ئەلف” تێناگەن، ئیدی لەوژە لەوژ بەسە، دەبەنگبێژی بەسە، تەرسەقولبێژی بەسە، نامەنووسین و پاڕانەوە بەسە و تێبگەن، ھەر ئاوا ئێوە لە ئاستی ئێمە بێدەسەڵاتن، ھەر ئاوا ئێمەش لە ئاستی مەرجی نێو ڕێکەوتننامەکانی دەوڵەتانی زلھێز و سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی بێدەسەڵاتین و بە فیکەیەکی ئەوان تەخت و تاراجمان نامێنێت.

نامەکانتان گەییشتوون و ئێوە ناخوازن لە وەڵامنەدانەوەی ئێمە بگەن، کە ئێمەش بێدەسەڵاتین و دەسەڵاتی ئێمە لە تیرۆرکردنی ناڕازییان و ڕاگرتنی جەماوەر و پاسەوانی بیرەنەوتەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان و کڕینی چەك و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکان و قەرزکردن، هیچی یدکە نییە و ژییان و منداڵ و ھاوسەرانمان بەبارمتەگیراون. ئێوە ناتانەوێت تێبگەن؛ ئەگەر ئێمە فزەبکەین، وەك (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) [٣] نیوەشەوێك دەماکوژن . گوێرادڕین دەبەنگینە، مەگەر سەری ئێوە تەپاڵەی تێدایە، ئاوا تێناگەن و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیشتان وەك خۆتان دەبەنگکردووە؛ تێناگەن کە ئێمە ناتوانین و مافی وەڵامدانەوەمان نییە و ئەگەر وەڵامبدەینەوە، لە دوو شت زیاتر نییە، یان هەر وەك ئێوە تەنیا دەتوانین خەڵك خۆشباوەڕتربکەین، یان فیشەکێك لەنێو دەمی ناڕازییانی سەرکێش بتەقێنینەوە. دەبەنگینە ئێوە بەو نامە دەبەنگانەی خۆتان تەنەکەی خۆڵی ئێمەتان پڕکردووە و ناهێڵن خەڵکی ناڕازای بەخۆی بیربکاتەوە و لەوە تێبگات، کە ئەگەر ئێمە ڕاستگۆیانە وەڵامی پرسیار و داخوازییەکانی خەڵك بدەینەوە، تەمەنمان چەند چرکەیەك زیاتر نابێت و بارمتەگیراوێکی دیکەی وەك ئێمە دەخەنە شوێنمان و باری خەڵکیش وەك ئێستا هەر “چل مەن” دەبێت. بەڵام ئەگەر خەڵکی بەخۆی خۆی ڕێکبخات و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆی بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ئێمە، هەم ئێمە لەم بارمتەبوونە ڕزگاردەبین و هەم سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و دەوڵەتانی زلهێز ناتوانن بارمتەگیراوێکی دیکە بخەنەوە شوێنی ئێمە. ئیدی بەسە و چیدیکە نامە ئاراستەی ئێمە مەکەن و بە دەبەنگی خۆتان خەڵك خۆشباوەڕ و چاوەڕوان مە‌هێڵنەوە، با چیدیکە خەڵکی چاوەڕوانی سۆزداریی ڕۆبۆتێکی وەك ئێمە نەکات و بە تەرسەقولبێژیی ئێوەش وڕ و گێژنەبێت؛ با خەڵکی بەخۆی بیربکاتەوە و لە بێوەڵامی ئێمە تێبگات، تکایە چیدیکە نامەی تەرسەقولاوی بۆ ئێمە مەنێرن!

بۆ دوا جار لێرەدا جارێکی دیکە هەزاربارەی دەکەینەوە، ئەی دەبەنگانی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، گشت نامە خۆشباوەڕکەرەکانتان گەییشتوون و ئەمەش دوا وەڵامە و ئیدی بەسە و تێبگەن، ئەی بێهۆشترین بوونەوەرانی سەر گۆی زەمین، ئەی چڵکاوخۆرانی بەردەم کۆشكی سەر ڕەش و قەڵاچوالان و پارلەمان و گردەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەبەنگی بەسە و کڕبکەون، تاکو خەڵك بەخۆی بیربکاتەوە و چارەنووسی خۆی دیاریبکات، ئەگەرنا هەمان چارەنووسی فلیپین و ئەرجەنتین و کۆڵۆنییەکانی ئەفریکا لە پێشتان دەبێت و کاتێك کە نەوت نەما، ئیدی تەنیا باجی لەشفرۆشییەکانی “نیشتمان” دەتوانێت “ئاڵای نەتەوە” بشەکێنێتەوە. [٤]

————————————————————
[١] وەڵامێك بۆ ئەو نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕۆناکبیر”انەی کە پاش چارەکە سەدەیەك تاڵانی و گەندەڵی و سەرکوتکاریی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، هێشتا دەبەنگانە نامە بۆ دەسەڵاتداران دەنووسن و خەریکی بزواندنی سۆزی ڕۆبۆتەکانی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ختووکەدانی خۆشباوەڕیی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات و چاوڕێهێشتنەوەی ناڕازیانن و بە نەتەوەگەرایی (ناسیونالیزم) هۆشی ناڕازییان بەنگدەکەن. لێرەدا مەبەستی من نووسەران و ڕۆژنامەگەران و “ڕوناکبیران”ی دەرباری دەسەڵات و پارتییەکان نییە، چونکە ئەوان لە خۆشباوەڕییەوە دەربارنین و ھوشیارانە لە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی دەسەڵاتداران داکۆکیدەکەن؛ مەبەستم نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ێکن، کە خۆشباوەڕانە بە “نەتەوە” و “وڵات” و “ھاووڵاتی” و “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش” و “پارلەمان و پارلەمانتاری باش” و “فەرمانداریی و دەوڵەتی باش” ھۆشی نەداران و بێدەسەڵاتانی ناڕازی ژاراویدەکەن و ڕۆژانە لەنێو کاناڵەکانی مێدیا نامە ئاراستەی دەسەلاتدارانی بۆرجوازی کورد دەکەن و خەریکی ئامۆژگاریکردنی دەسەڵاتدارانن، بۆ ئەوەی “سەرکوتگەرێکی دڵسۆز و بەسۆزی خەڵك” بن.

[٢]لەو کاتەوە کە (داعش) هاتووەتە نێو عیراق تاکو ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوا نرخی بەنزین و گازوایل و گاز هەرزان بووە.

[٣] (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) پاپای ڤاتیکان بوو، ٢٦ی ئۆگوست تاکو ٢٨ی سێپتەمبەری ١٩٧٨، ماوەی پایپبوونی تەنیا سی و سێ (٣٣) بوو و نیوەشەوێك ناڕۆشنانە مرد. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://en.wikipedia.org/wiki/Pope_John_Paul_I

[٤]ساڵی دوو هەزار، لە گەرمەی شانازیکردنی خۆشباوەڕان و دەسکەلاکانی دەسەڵات بە ئاڵای بۆرجوای کوردستان لەنێو ژوورەکانی پاڵتۆك بەدیاریکراوی لەنێو ژووری “ئازادیخوازان” کە ژووری چەپ و نەتەوەگەراکان بوو، گوتم “ڕۆژێك دێت، کە ئاڵای ئێوەش وەك ئاڵای فلیپین بە باجی لەشفرۆشییەکانی نیشتمان دەشەکێتەوە”.

* www.hejeen.wordpress.com ….. www.facebook.com/hejen.pze




گروپی خۆجێی؛ ڕێکخستن، شێوازی چالاکی و ئامانجەکانی … هەژێن

گروپی خۆجێی چییە ؟
گروپی خۆجێی (لۆکاڵ گروپ) ڕێکخستن و ڕێکخراوەی شوێنی ژییان و کارکردن و خوێندن و بوارەکانی دیکەی ژیانە، دەکرێت گروپێکی بەرھەڵستکاری دژ بە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بێت، ھەر ئاوا دەکرێت گروپێکی تایبەت بە ھاریکاری و کۆمەك، کاری خۆبەخشی، ئاڵووێری زانیاریی، خۆکۆمەکیی نەخۆشان، دایکان، باوکان، کەمئەندامان، ھاوڕەگەزبازان، شارەزایانی بواری ئایتی، خۆکۆمەکیی خوێندکاران، پاکژکردنەوەی ژینگە، پاراستنی ئاساییشی کۆڵان و گەڕەك و گوند، فریاگوزاریی، ڕێنوێنی و گشت بوارەکانی دیکە ژییان …تد

ئامانج لە پێکهێنانی گروپی خۆجێی
گروپی خۆجێی بەخۆی ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی حەز و داخوازییە کەسیی و گشتییەکان و بەرژەوەندی نێوکۆیی دانیشتوانی گەڕەکێك، کۆمەڵە کرێکار و فەرمانبەر و خوێندکارێك یان پێگە و سەکۆیەکە بۆ ئاڵووێرکردنی زانیاریی و کۆمەك و پێداویستییەکان لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێوەی بەردەوام کۆبوونەوەی گشتی ئەندامان یان بەشدارانی لەسەر پرسەکان و پێداویستییەکان و ئەرکەکان بڕیاردەدرێت.

هۆکاری پێداگریی و شەیدایی ئازادیخوازان بۆ گروپە خۆجێیەکان
وەك سەرەتا ئاماژەمدا، گروپە خۆجێیەکان بەخۆیان ئامانج نین، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکانن. بێجگە لەوەش هەر هەبوونی گروپە خۆجێیەکان بە تەنیا بۆ خۆی ناتوانێت وەڵام بە شەیدایی و پێداگریی ئازادیخوازان بداتەوە، بەڵکو ئەوە ئافەرێنەربوون و ڕادیکاڵبوونی مێکانیزمەکانن، کە ئازادیخوازان دەکەنە پێداگر و شەیدای پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان و بناخەیی لەبەرچاوگرتنیان لەنێو کۆڕی تێکۆشان و بەرەو پێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی؛ بە واتایەکی دیکە ئەوە کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و چالاکی ڕاستەوخۆن، کە وەك میکانیزمی ڕێگر لە پاشکۆبوون و پڕۆ-دەسەڵاتبوونی گروپە خۆجێییەکان و سەرھەڵدانی بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسیی ڕابەران، گروپە خۆجێییە شۆڕشگێرەکان لە گروپە خۆجێیە ڕیفۆرمیست و سازشکارەکان جیادەکەنەوە و هەر ئەو هۆکارانەشن، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئازادیخوازان گرنگی و پێداویستی گروپە خۆجێیەکان بناخەیی وەربگرن و بۆ هەموو بواریك هەوڵی پێکهێنانیان بدەن.

جۆرەکانی گروپی خۆجێی

بەپێچەوانەی دابەشکردنی پرسەکان و شتەکان و کۆمەڵ بەسەر ڕەش و سپی، ئەوە تەنیا تێکۆشان و بەرەنگاریکردنی دەسەڵاتداران نین، کە گروپی خۆجێی دەکەنە پێداویستی، بەڵکو ئەوە وەڵامدانەوە بە هەموو لایەنەکانی ژییانەی ڕۆژانەی خەڵکە، پێداویستی ئەوان دەکاتە ناچاریی. جۆرەکانی گروپی خۆجێی بریتین لە : گروپە داخوازییکارەکان و بەرھەڵستکارەکان، گروپەکانی ئاڵووێری زانیاریی و خۆبەخشکاریی و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتی، گروپەکانی پاراستنی ئاساییشی شوێنەکانی ژییان و کار و خوێندن، گروپەکانی پاراستنی ژینگە، گروپە تایبەتەکان بە پرسە تایبەتەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی وەك ئاڵووێری ئەزموون لەبارەی نەخۆشی، تەرککردنی سیگار و مەی و بەنگکەر و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

شێوەی ڕێکخستنی گروپی خۆجێی
هەر وەك ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئەوە ئامانجە کە شێوەی ڕێکخستنی گروپە خۆجێییەکان دیاریدەکات و ئاراستەی دەکات. کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێیەکان وابەستەکردنی خەڵك بێت بە پارتییەکان یان گوێڕایەڵکردنی خەڵك بێت بۆ بڕیارەکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەوا خۆبەخۆ گروپی خۆجێی شێوەی ڕێکخستنی نێوەندگەرا و قووچکەیی لەخۆدەگرێت و کەسانێکی دەسەڵاتخواز و هەلپەرست بۆ بەدەستهێنانی مشەخۆریی یا پلە و پایەی دەسەڵاتداریی و بەرتەری لە سەرووی گروپەکەوە جێدەگرن، لەو بارەوە دەتوانین وەك نموونە بە ئەنجومەنی گەڕەكەکان ئاماژەبدەین، کە ساڵی ١٩٩٢ (ینک) وەك ئەڵتەرناتیڤی (شورای گەڕەکەکان) دروستیکردن و بەسەر خەڵك سەپاندنی. هەر ئاوا (شورای گەڕەکەکان) کە بڕیاربوو ئامرازی خۆبەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی داخوازییەکانی خەڵك بن، هەر زوو لەلایەن ڕێکخراوە چەکانی ئەو کات لە سەرەوە پاوانکراون و کرانە بڵندگۆی ئایدیۆلۆجیی ڕێکخراوە چەپەکان. هەر ئاواش گروپە خۆجێیەکانی شوێنی کار و خوێندنی وەك (یەکێتی) و (سەندیکا) زەردەکان لەنێو کارگەکان و فێرگەکان وەك تۆڕی هەواڵگریی و ئەندامگیریی بۆ پارتییەکان بەکاربران.

بەپێچەوانەی ئەوەش، کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان بەدەستهێنانی داخوازی و یەکگرتنی دانیشتووان و کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران بێت، ئیدی ناچار میکانیزم و شێوازی گونجاو و خوازراوی خۆی دەدۆزێتەوە و دادەهێنێت؛ گروپێك کە ئامانجی سەپاندنی داخوازییەکانی خەڵك بێت بەسەر دەسەڵاتداران و هەڵخڕاندنی یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵایەتیی و بەرەوپێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بێت، ئیدی ناتوانێت لەتەك ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە و هەبوونی سەرۆك و وابەستەیی بە پارتییەکان و دەوڵەت بگونجێت و لە بەرانبەر ئەوانە کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و دەستەی سەرپەرشتیکردن و یەکسانی گشت ئەندامان لە ئەرك و بەرپرسیاریی و سەربەخۆیی لە هەر پارتیی و دەسەڵاتێك دەکاتە پێشمەرجی جەماوەرییبوون و سەربەخۆییبوونی خۆی؛ بە واتایەکی دیکە پێویستە ڕێکخستن و چالاکیکردن و میکانیزمەکانی تەواو دژ و پێچەوانەی ئەو گروپانە بن، کە لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجی دەستەبژێرێك، پارتییەك یان فەرمانداریی و دەوڵەت و کۆمپانی و ئایین و ئایدیۆلۆجییەك پێکھێنراون.

میکانیزمەکانی سەربەخۆیی گروپی خۆجێی

وەك پێشتر ئاماژەمدا، میکانیزمەکانی گروپی خۆجێی سەربەخۆ تەواو پێچەوانە و دژی میکانیزمە باوەکانی ڕێکخستنە نێوەندگەرا و قووچکەییە پاشکۆکانی پارتییەکان و سەندیکا زەردەکانی سەر بە دەسەڵات دەبن لەوانە:
– کۆبوونەوە گشتییەکان
کۆبوونەوە گشتییەکان یەکەمین ھەنگاوی دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ و مەیدانی بڕیاردان و دیاریکردنی کەسانی خۆبەخشن بۆ ئەنجامدان و فێرگەی گێڕانەوە و پەروەردەکردنی گیانی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵاتین؛ کۆبوونەوە گشتییەکان ھەم سەکۆی مشتومڕکردنی گشت ئەندامان/دانیشتووانن لەبارەی پرسە پەیوەستەکان بە ژییان و کاریی خۆیان، ھەم مەیدانی ھەڵخڕاندنی جەماوەرین و ھەم سەنگەری تێکۆشانن و ھەم فێرگەی ھوشیاربوونەوە و ئەزموونگیریی و یەکگرتن و ھاوپشتیی جەماوەرن، ھەم شوێنی بڕیاردانن و ھەم شوێنی ھەڵبژاردنی نوێنەران و زۆر شتی پۆزەتیڤی دیکە.

– ڕێکخستنی ئاسۆیی

ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕێگە لە سەرهەڵدان و کۆپیکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە دەگرێت، کە هەردەم ئەو دووانە [ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە] ئافەرێنەر و درێژەپێدەرەوەی پێکهاتەی چینایەتی سەر و خوارن، کە گروپ و ڕێکخراوەکان دەکەنە کۆمیتە و پاشکۆی پارتییەکان و بەشێك لە دەزگەکانی دەوڵەت؛ ڕێکخستنی ئاسۆیی واتە گشت ئەندامان ڕاستەوخۆ و پێکەوەیی یان زنجیرەیی یەکدەگرن و ھەمووان ڕابەری خۆیانن و کەس بەتەنیا ڕابەر و سەرکردەی ئەوانی دیکە نییە. ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕەتکەرەوەی ھەموو پێکھاتە و ڕێکخراوەیەکی نێوەندیی و قووچکەییە و ھیچ بوارێك بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی کەسانی دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و ھەڵپەکەر و ھەلپەرست ناھێڵێتەوە و لە بەرانبەر ئەوە گیانی خۆبەخشکاریی و ھەروەزیی و ھاریکاری و یەکسانی ئەرك و بەرپرسیاریی گەشەپێدەدات.

– سەرپەرشتی و ڕابەریی بەکۆمەڵ
سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و بەردەوام گۆڕاو لەنێوان کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێگریی لە بەرتەریدان بە کەسەکان و پلە و پایەبەخشین و دروستکردنی پەیوەندی شوانە و مێگەل دەگرێت و گیانی بەرپرسیاریی و بڕوابەخۆبوون و بەشدارییکردن لە بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان بۆ هەموو ئەندامان یان بەشدارانی کۆبوونەوە گشتییەکان دەگیڕێتەوە و ناهێڵێت گروپ و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ببنە ئامرازی دروستکردنی ئۆرۆستۆکرایی و مەشەخۆریی و ناوبانگخوازیی کەسانی هەڵپەرست و هەر ئاوا متانە بەخۆ و بە دەوروبەر بۆ نێو پەیوەندییەکانی کۆمەڵ دەگێڕێتەوە.

شێوازی چالاکی گروپە خۆجییەکان

چالاکی ڕاستەوخۆ یەکێکی دیکەیە لەو ئامرازانەی کە لە میانجیگەرایی و سازشکاریی کەسانی هەڵپەرست ڕێگەدەگرێت و ئەوە مسۆگەردەکات، کە هەموو ئەندامانی گروپەکان لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان لەسەر جۆر و ئەنجامدانی چالاکییەکان بڕیاربدەن و هەر بەخۆشیان ئەنجامدانی لە ئەستۆبگرن؛ ئەوەش دەبێتە ڕێگر لە دروستبوون و سەرهەڵدانی بیرۆکراسیی و ئاریستۆکراسیی ڕێکخراوەیی .

شێوازی یەکێتی و یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان
بۆ ئەوەی هەر ئاوا کە لەنێو خودی گروپە خۆجێییەکان کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی/ڕابەرییکردنی بەکۆمەڵ دەبنە ڕێگر لە سەرهەڵدانی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستی، هەر ئاواش لە یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان و چالاکی سەرتاسەیی گشت یان بەشێکی گروپەکان لە سەرهەڵدانەوە و زاڵبوونی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستیی کەس و گروپەکان ڕێگرییبکرێت، پێویستە شێوازی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و بڕیاردان و جێبەجێکردن هەر بەو جۆرە بێت، کە لەنێو گروپە یەکگرتووەکان هەیە و پەیڕەودەکرێت؛ واتە یەکگرتنی نانێوەندیی و ناقووچکەیی، کە ئەوەش تەنیا بە یەکگرتنەوەی گروپە خۆجێیەکان لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی و هەرێمی و سەرتاسەریی مەیسەردەبێت.

هەژێن
٢ی دێسەمبەری ٢٠١٦




دیکتاتۆریی ھەر دیکتاتۆرییە؛ بازارەکەی ئازاد بێت یان قۆرخکراو، داراییەکەی دەوڵەتی بێت یان تایبەتیی … ھەژێن

سەرنجێکی کورت لەسەر بابەتی ” ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن ” نووسینی زاھیر باھیر*

سەرەتا، بۆ ئەوەی خوێنەری ئاشنا و نائاشنا ئەوە بزانێت، لێرەدا وەك هەر سەرنج و ڕەخنە لە هەر کەسێکی دیکە، کەسایەتی نووسەر لە دەرەوەی بابەت ڕادەگرم و خەریکی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی بۆچوونەکەی دەبم، کە هەم دەکرێت لەم ساتەدا بۆچوونی سەدان هەزار کەس بێت و هەم بەدڵنیاییەوە پیشینەیەکی زۆر درێژتر لە تەمەنی هاوڕێ زاهیر و منی هەیە.
خوازراو یان نەخوازراو ھاوڕێ زاھیر بەو سەردێرە، ئێمەی خوێنەر دەخاتە دووڕیانی بەراوردکارییەك، کە سەرەنجامەکەی کۆیلەتی خوێنەرە بۆ گرتنەبەری ڕێگەیەکیان، ھەرچەندە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دواوە ھەیە و بەبۆچوونی من، باشترین ئەڵتەرناتیڤە و پێویستە بە نیشاندانی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان بازاری قۆرخکراو و بازار-ئازادی نیئۆلیبراڵ، دیکتاتۆریی چوار ساڵە و دیکتاتۆریی پەنجا ساڵە، خۆمان لە هۆگریی بۆ پۆزەتیڤبوونی دارایی دەوڵەتی “کەرتی نیشتمانی” بە بەراوردکردنی لەتەك دارایی کۆمپانییەکان “کارتی تایبەت” بپارێزین.
نووسەر دەنووسێت ” که‌متر باس له‌و ده‌ستکه‌وته‌ باشانه‌ ده‌که‌ن که‌ کاسترۆ بۆ کوبای کرد له‌ بواری ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ریی به‌لاش که‌ تا ئێستا ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ هیچ وڵاتیکدا نییه، خوێندنی به‌ڵاش ، درێژبوونه‌وه‌ی بڕی ته‌مه‌ندرێژی هاووڵاتیانی کوبا، یارمه‌تی و هاوکاریی زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی له‌ کێشه‌ی ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ر‌دا به‌ناردنی دکتۆرێكی زۆر ، هینانه‌ خواره‌وه‌ی بڕی مردنی ساوایان و دایکانی دووگیان به‌سه‌ر منداڵه‌کانیانه‌وه‌ ، پاراستنی ئابوریی وڵاته‌که‌ی له‌ دزی و تاڵانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپا ، باشی نیسبی ژیانی هاووڵاتیان له‌وێ …. گه‌لێکی دیکه‌.”
هەڵبەتە ئەوە بڵێم، منیش دابینکراویی بیمەی دەرمانی و خوێندن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژییان و گوزەرانی ڕۆژانە بە باشتر دەزانم، بەڵام لەتەك ئەوە ناکۆکم کە ئەوە چەپکەگوڵی دەستی ڤیدڵ کاسترۆ بێت بۆ خەڵك. بە بۆچوونی من، ئەوە بۆ پێداویستی مانەوەی سیستەمی سەرمایەداریی دەوڵەتی دەگەڕێتەوە، نەك بۆ خودی کاسترۆ. چونکە تاکو ئێستا مێژووی سیستەمی چینایەتی چ لە سەرۆکایەتی خێڵ و سیستەمی فیئۆداڵی و پاشایەتی و چ لە شێوەی دەوڵەت، ئەوەی نیشانداوە، کە هیچ سیستەمێك ناتوانێت هاوکات هەم دەمی خەڵك دابخات و هەم زگی خەڵك برسیبکات، لەوێ کە دەمی داخستبێت، ناچار بووە مل بە تێری زگەکان بدات [کەرتی دەوڵەتی] و لەوێ کە زگەکان برسیدەکات، ناچارە گلەییکردن و ناڕەزایەتی ئازادبکات [کەرتی تایبەت ].
بێجگە لەوە، ئەگەر ئێمە ئەو ڕێژە تێرییەی زگ بە ئامانج وەربگرین، خواستە یان ناخواستە خۆمان لەبەردەم ئەم پرسیارە دەبینینەوە؛ ئەی هەڵوێستی ئێمە بەرانبەر زیندان چۆن دەبێت، کە لەوێدا هەمووان یەك جۆر پۆشاك و پۆشتە و هەمووان یەك جۆر خۆراك و تێرن؟ ئایا لەنێوان سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی و دیکتاتۆرییە بەناو “سۆشیالیستییەکان” و سیستەمی زیندان هیچ جیاوازییەك هەیە؟ ئایا دەتوانین لە بەرواردکردنی نێوان بەڕێوەبەری زیندانێك و بەڕێوەبەری نووسینگەیەکی دەڵاڵی-کار بەو سەرەنجامە بگەین، لەبەرئەوەی کە لەنێو زیندان هەمووان یەك پۆشاك و هەمووان یەك خۆراکن، لە بەڕێوەبەری یان خاوەنی نووسینگەی دەڵاڵی کار باشترە، کە کرێی کرێکارەکانی جیاواز و ٨٠% داهاتی کاری کرێکارەکان بۆ خۆی دەدزێت؟
پاشان، ئایا بەو بەراوردکارییە لەنێوان فەرمانداریی تاكپارتیی و فەرمانداریی پارلەمانیی؛ لەنێوان سەرۆکی پەنجا ساڵە و سەرۆکی چوار ساڵە لە پۆزەتیڤبوونی سیستەمی پارتیی بەعس/ سەدام حوسەین نزیکنابینەوە، کە هەم وەك سیستەمەکەی کوبا خوێندن و دەرمان خۆڕایی و هەم نان هەزان و هەم سەرمایەدار و سەرمایەداری گەورە تەنیا دەوڵەت بوو؟
پاشان دەنووسێت ” هه‌ڵبه‌ته‌ من به‌رگریی له‌ ڕژێمه‌که‌ی کاسترۆ ناکه‌م و ته‌نها ڕاستی ده‌ڵێم، به‌ڵاو ئه‌وه‌ی که‌ من توڕه ‌و بێزار ده‌کات ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و که‌ناڵ و ڕۆژنامانه‌ ده‌ڵێن ” به‌ ته‌مه‌نترین دیکتاتۆری جیهان مرد”. باشه‌ منیش ده‌ڵێم کاسترۆ دیکتاتۆر بوو ، به‌ڵام ئایا سه‌ر‌کرده‌ی وڵاتێك هه‌یه‌ یا ڕژێمێك هه‌یه‌ که‌ دیکتاتۆر نه‌بێت؟ ”
بە بۆچوونی من، هیچ پێویست ناکات ئێمەی دژە-سەروەر لەو هەڵایە توڕەبین، چونکە ڕاستە لە دەمی دوژمنی چینایەتی ئێمە دەردەچێت، بەڵام ڕاستییەکی درەوشاوەی تێدایە، ئەویش ڕیکۆردی درێژیی تەمەنی دیکتاتۆرە، ئیدی ئەو دەربڕینە هەر کەس بیڵێت، هیچ لە نێوەڕۆکەکەی ناگۆڕێت. هەر ئاوا ڕاستە کە سەرۆکی هەموو دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەك و خێڵ و گروپێك دیکتاتۆرە ئەگەر بۆی بلوێت، بەڵام لە ئێستادا هەمووان وەك کاسترۆ و سیستەمەکەی ئەو دیکتاتۆر نین، یان بەلایەنی کەم سیستەمەکەیان سیستەمی تاک-دیکتاتۆریی نییە.
پاشان دەنووسێت “دیکتاتۆره‌کان 3 جۆرن: جۆرێکیان به‌ کوده‌تای سه‌ره‌بازی دێنه‌ سه‌ر حوکم، جۆری دووهه‌م به‌ کوده‌تای حیزبییانه‌ دێنه‌‌ سه‌ر حوکم، جۆری سێهه‌م: به‌ یاساییکردنی دیکتاتۆرییه‌ته‌ ( به‌ شه‌رعیکردن) که‌ ئه‌ویش له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌ دێنه‌ سه‌ر حوکم”
بە بۆچوونی لێرەدا نووسەر ڕێگەی چوار و پێنجەم و شەشەم لەبیردەکات، کە بە ڕێگەی بۆمانەوەی پاشایی و ڕاپەڕینی جەماوەریی و هەر ئاوا بە ڕێگەی کودەتای پارلەمانیی وەك ئاکپارتیی و ئەردۆگان دیکتاتۆرەکان بەرزدەبنەوە و بۆ جێکەوتەبوونی سیستەمەکەیان زەمینەسازیی دەکرێت. بێجگە لەوەش لەنێوان ئەو سێ جۆرە جیاوازی زۆر هەن، لەوانە شێوازی بەدەسەڵاتبوونی دیکتاتۆرییە، یەکەم بە هۆی هێز و سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ، دووەم بە پرۆسێسێکی درێژخایەنی دروستکردنی خۆشباوەڕیی ئەندامانی پارتیی بە “ڕابەری باش” و بەهۆی کارایی ئایدیۆلۆجیا و سێیەم بە پەیژەکردنی خۆشباوەڕیی خەڵكی دەنگدەر بە “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش ” و “فەرمانداریی باش” و “دەوڵەتی باش”. جیاوازی دووەمش بە هەمان شێوە دیکتاتۆریی یەکەم بەهۆی هێز و توندوتیژی و تاکەکەسییە، جۆری دووەم بەهۆی کارایی ڕاستەوخۆی سەرانی پارتییەکان لەسەر ئەندامان و ڕامکردنی ئایدیۆلۆجی و ئەویش وەك سێیەم بەهۆی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە و ملکەچی زۆرینەی ئەندامانی پارتیی بۆ سەرەوە و سێیەم جۆر بەهۆی دەنگدانی زۆرینە ڕەوایەتی وەردەگرێت، کە دەکاتە دیکتاتۆریی زۆرینە. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین، کە دیکتاتۆریی تاکەکەسیی و تاکپارتیی وەك کاسترۆ و پارتییەکەی ئەو، تەمەنی درێژە و تاکو ڕاپەڕینی خەڵك یان کارایی و ناچاریی فشاری ئابووریی نەبێت، وازهێهنان و کۆتابوونی ئەستەمە، جۆری دووەم، بەهۆی جیابوونەوە و دەنگدانی ئەندامانەوە ئەگەری گۆڕانی هەیە یان نەیارەکان دەتوانن بچنە دەرەوەی پارتییەکان و سەربەخۆ بمێنن یان جارێکی دیکە پارتییەکی دیکە دروستبکەن، بەڵام وەك سایەی دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ و ئەوانی دیکە لەسێدارەتنادەن و زیندانیت ناکەن یان لایەنی کەم توانای دەربازبوون لە ستەم و سزای ئەوان هەیە. جۆری سێیەمیش ئاشکرایە، ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران خوازیاری مانەوەی سەرۆکی دیکتاتۆرخواز نەبن، پاش چوار ساڵ هەر بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران لادەچێت. لەبەرئەوە ناکرێت و ناتوانین ئەو سێ یان پێنج جۆرە بخەینە چەکمەچەیەکەوە و دیکتاتۆریی نێو پارتییەك و پارلەمانێك ڕەوایەتی دیکتاتۆرییەکەی لە زۆرینەوەی دەنگەوە وەردەگرێت و هەر بە دەنگدانیش ئەگەری وەلانانیان هەیە. بەڵام لە سیستەم و دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ تەنانەت شێوەی دیکتاتۆریی پاشایەتی زاڵە و بیجگە لە کودەتا یان ڕاپەڕین هیچ ئەگەرێك بۆ وەڵانانی نییە.
پاشان دەنووسێت ” باشه‌ جۆرج بووش باوك و کوڕ ، ده‌یڤد کامرۆن، تۆنی بلایه‌ر دیکتاتۆر نه‌بوون که‌ بوو‌نه‌ هۆی کوژارانی سه‌ده‌ها هه‌زار که‌س له‌ عێراق و ئه‌فغانستان لیبیاو سوریا و یه‌مه‌ن و شوێنه‌کانی دیکه‌؟ باشه‌ دوو ملیۆن که‌س له‌ له‌نده‌ن له‌ ساڵی 2003 دژ به‌‌ شه‌ڕ و اگیرکردنی عێراق ‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام ‌ چونکه‌ ده‌یانزانی ئه‌مه‌ سه‌ره‌نجامه‌که‌یه‌تی ، تۆنی بلایه‌ر گوێی گرت بۆیان؟ باشه‌ ئه‌مه‌ریکا و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌که‌ی ده‌یه‌ها جار ویستیان کاسترۆ ئیختیال بکه‌ن ، ئه‌ی ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر دیکتاتۆرییه‌ت نه‌بێت ئه‌ی چییه‌ ؟ ”
بەڵێ ئەوە جۆرێکە لە دیکتاتۆریی، بەڵام ئەوە یەکەم دیکتاتۆریی کەسێك نییە و دیکتاتۆریی پارلەمانییە و دووەم پاڵپشتی ئەو دیکتاتۆرییە زۆرینەی دەنگدەرانن، کاتێك کە لە بریتانیا دوو ملیۆن کەس دژی هێرش بۆ سەر عیراق دێنە سەر شەقامەکان، هاوکات نزیکەی شەست (ملیۆن) کەس بە بێدەنگمانەوە ڕەوایەتی بە جەنگەکە دەدەن. لێرەدا پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەگەر لەجیاتی دوو ملیۆن کەس، پەنجا ملیۆن کەس لەسەر شەقامەکان بوونایە، ئایا فەرماندارییەکەی (تۆنی بلەیەر) هەر بەشداری جەنگەکەی دەکرد؟ بەڵام ئەگەر هەر پازدە ملیۆن کەسەکەی عیراق کاتی جەنگی عیراق-ئێران بهاتنایە سەر شەقامەکان، ئایا سەدام حوسەین دەستبەرداری جەنگ دەبوو؟ ئایا لە ماوەی دیکتاتۆریی کاسترۆ و ئێستاش براکەی ئەگەر هەموو خەڵکی کوبا خۆنیشانبکەن، کاسترۆ دەستبەردای بڕیارێکی خۆی دەبوو یان دەبێت، ئایا خۆنیشاندانێکی ئاوا دوو ملیۆنی دژی بڕیاری فەرمانداریی لە کوبا بەبێ خوێنڕشتن دەگوزەرێت؟
پاشان دەنووسێت “هێنری کیسه‌نجه‌ر و ڕۆڵه‌که‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکای لاتینی به‌ دروستکردنی تیمی بکوژ بۆ کوشتنی چالاکوان و نقابییان و کۆمۆ‌نیستان و سۆشیالیستان دیکتارۆییه‌ت نییه، ئه‌ی ‌ چییه‌؟ ڕۆلی ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆنگۆ ، له‌ شیلی ، له‌ ئێران ، له‌ عێراق سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم ، له‌ ئه‌نده‌نوسیا ئێوه‌ پێی ده‌ڵێن چی؟ ”
نا هاوڕێ گیان، ئەوەشیان ئاوا نییە، چونکە دیکتاتۆری شتێکە و تیرۆریزم شتێکە. کێسەنجەر هاندەری تیرۆریزم بووە بۆ پاراستنی سیستەمی دیکتاتۆریی چیلی و ئەرجەنتین و …تد، کە پێداویستی سیستەمە جیهانییەکەیە لە ئەمەرتکای لاتین و ئەفریکا و ئاسیا، وەك خۆت دەزانیت لەنێوان فاشیست و شۆڤێنیست و دیکتاتۆر و تیرۆریست جیاوازی هەیە، هەرچەندە هەموویان بۆ پاراستنی سیستەمی چیانیەتی تەواوکەری یەکدین. بەڵام ناکرێت ئێمە هەموویان بخەینە یەك چەکمەجە و جیاوازییەکان لەبەرچاونەگرین.
پاشان دەنووسێت “باشه‌ کێ‌ ده‌ستی له‌ کوشتنی خه‌ڵکیدا و وێرانکردنی وڵاتاندا و دروستکردنی تیرۆریستاندا زیاتره؟ا کاسترۆ یاخود ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشانمکردن ؟ ”
ئەگەر بڕیاربێت وەڵامی ئێمەی خوێنەر ژمارەکان و دەرکەوتنەکان بن، ئەوا بە ڕواڵەت بەراورد بە ئەوانی دیکە، کاسترۆ هەر هیچی نەکردووە. بەڵام ئەگەر کاسترۆ لەجێی ئەوان بووایە، ئایا هەر هەمان شتی نەدەکرد؟ ئایا دەتوانین ژمارە ئاشکراکان بکەینە پەردەپۆش و پاساو بۆ نەدیتنی ئەوانی دیکە؛ ئایا کاسترۆ و پارتییەکی پێش بەدەسەڵاتگەییشتن و پاش بەدەسەڵاتگەییشتن کۆمونیستانی بۆچوون جیاواز و ئەنارکیستان و لیبڕاڵان و پارلەمانخوازانی نەکوشتوون و زیندانینەکردوون؛ ئایا کاسترۆ بە کۆمەکی سەربازیی و دەرمانی و ئابووریی لە تیرۆرکارییەکانی سایەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و فەرماندارییە تاكپارتی و دیکتاتۆرییەکانی دیکەی ئەمەریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریکای نەکردووە؟ ئەی ئەوانەی ئەو هەر هەمان تاوان نین، کە کێسینجەر و ئەوانی دیکەی هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجامیانداون؟ ئەی ئاخۆ هەژماری شادراوەی ئەوانەی کە لە ماوەی پەنجا ساڵی دەسەڵاتداریی کاسترۆ و هەشت ساڵی ڕابوردووش کە هەر سێبەری دیکتاتۆریی ئەو زاڵبووە، گولەباران کراون، لەسێدارەدارون، زیندانیکراون، دوورخراونەتەوە و بێسەروشوێن کراون ، چەند بێت؟
لە کۆتاییدا نووسەر دەپرسێت “بۆچی ده‌بێت ئه‌و دیکتاتۆر بێت به‌ڵام ئه‌مان وه‌ته‌نی و پیاوی باش ؟ کاتێكیش که‌ هیچ سه‌رکرده‌یه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و بۆ گه‌له‌که‌ی ‌کردوه‌ به‌ مه‌ندێلاشه‌وه، نه‌یانکردووه‌‌ !! ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن. ”
منیش، هەم وەك وەڵام و هەم وەك کۆتایی سەرنجەکەم، دەڵێم خۆزگە نووسەر لەجیاتی ئەو هەمووە بەراوردکردنە، کە ئەوی ئەنارکیستی خستووەتە خانەی پاساودانی دیکتاتۆریی کاسترۆ بە هەبوونی نان و خۆڕاییبوونی خوێندن و دەرمان، تەنیا هەر ئەو پرسیارەی کۆتایی بنووسیایە، کە زۆر جوان و کەم و پوخت و بێلایەنانە هەڵوێست وەردەگرێت و خوێنەر دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە و وردبوونەوە. هەرچەندە بەداخەوە دێڕێك پاشتر جارێکی دیکە دەکەوێتە بەراوردێکی ڕواڵەتیی بازار و لەبەرچاونەگرتنی میکانیزمەکانی خۆپارێزیی هەر دوو سیستەمەکە؛ سەرمایەداریی دەوڵەتیی و سەرمایەداریی کۆمپانییەکان. لێرەدا جارێکی دیکە نووسەر هیچ گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە، کە کارەکانی کاسترۆ و پارتییەکەی، کە دیوەکەی دیکەیان شەش دەهە دەمکوتکردن و داپڵۆسینە، بە پۆزەتیڤ و خوازراو دەبێنێت. ئایا ئەوە پاساودان و پۆزەتیڤ-نیشاندانی ئەو “جەلادە دڵسۆز و خەمخۆرەی خەڵك” نییە، کە باکونین ئاماژەیدەدات؟
وەك سەرەتا گوتم و هەمیشەش دەێڵێمەوە، سەرنجدان و ڕەخنەگرتن خوێندنەوەی بۆچوونەکانە نەك دژایەتیکردنی کەسێتی نووسەر و بێژەری بۆچوونەکە، هیوادارم خوێنەران و (هاوڕێ زاهیر)یش بە هەمان جۆر خوێندنەوە بۆ سەرنجەکانی من بکەن و من بە پاساودەری بەرەی بەرانبەر نەبینن، چونکە بە بۆچوونی من، ئەرکی ئێمە بەراوردکردنی “باش و خراپی” جۆرەکانی دیکتاتۆریی نییە، بەڵکو دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی ئەوانن. ڕاستییەکەی دەمێكە، لەسەر داخوازی دۆستێك هەشت ساڵ لەمەروبەر بەتەمای نووسینێك بووم لەبارەی کوبا و ڤێنزەولا و گرفت و دەرگیری ڕۆژگار بوارینەدابووم، بەڵام کاتێك چەند خوێنەرێکی بابەتەکەی هاوڕێ زاهیر، کە ئەو بە کەسێكی ئەنارکیست ناسراوە و بەخۆیشی هەر لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت، لە من دەپرسن “بۆچوونی تۆ بەرانبەر ئەو نووسینە چییە؟ “، ئیدی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی یان ناڕۆشنی-دروستکەرەکانی نووسینەکەی هاوڕێ زاهیر دەکرێتە ئەرکێك و ناتوانم نادیدەی وەربگرم و خۆم بدزمەوە، هەرچەندە بەتەمانیم و هیچ کات ناتوانم خۆم لە ئەرکی سەرشانم بدزمەوە و سەرنج و ڕەخنەگرتنیش لە بۆچوونی خۆم و هاورێکانم بە پێویستتر و ئەرکتر دەزانم لە سەرنج و ڕەخنەگرتن لە بەرەی بەرانبەر.
* بۆ خوێننەوەی بابەتەکەی نووسەر، سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://www.facebook.com/sekoy.anarkistan/posts/554428878084793

٢٨ی نۆۋەمبەری
٢٠١٦