ژنکوژیی وەک دیاردەیەک لە مەرگدۆستی کۆمەڵگەی مە … هێلین


‎دیاردەی ژنکوژیی لە کوردستانی مەدا دیاردەیەكی تازە نییە، بەڵکو کولتوورێکی لە پشتە، کە پەیوەندی بە کێشەی هێمای ژن بۆ شەرەف هەیە، کە پیاوانی خێڵ وەک بار تووشی ژنی کوردییان کردووە. بۆیە هەرکاتێک ژن لە هێشتنەوەی ئەو هێمای شەرەفە کەمتەرخەم بوو یان نەیتوانی بیپارێزێت، کوشتنی لەسەر ئەوە بۆتە کارێکی باو و رەوا.
‎بەمجۆرە رووداوی رۆژانەی ژنکوژیی، بۆتە رووداوێکی ئاسایی. بەش بە حاڵی خۆم، ئەگەر ڕۆژانە ئەم ڕووداوە نەبینم و نەبیستم، لام شتێكی نامۆ دەبێت. ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەی کوردستان ھەر لە دێر زەمانەوە لە کولتووری و كۆمەڵایەتی و ئاینیماندا ھەبووە، ئەوەی کە لە ئیستادا گۆڕاوە، گۆڕانێکی سەقەت و پەقەتە. ڕوونتر بێژین، كولتووری مۆدێرنی ئێمە، کولتوورێکی روواڵەتی بێ ناوەڕۆكی قەرزكراوە، لە رۆژگاری ئێستادا گوایە ئێمە قانوونمان هەیە، کە بەرگری لە مافی ژن دەکا و پیاوانی قانوون لەگەلمانن، تاکوو داوای مافی خۆمان بكەین و بێدەنگ لە سوچێكدا بەدەست ئازار نەنالێنین، بەڵام راستییەکی داواكردن و داوانەكردن ھەر وەك یەکن، واتە ژن کە مافی خۆی پەیڕەوکرد، بەشی ھەر كوشتنە.
‎لە ئەنجامی ئەمەشدا بێدەنگبوونمان وامان لێدەكا، چیتر بەرگەی ئازار نەگرین و خۆمان بسوتێنین. بێدەنگنەبوونیشمان بەھۆی پیاوانی قانوون، بە هۆی لەپێش چاو نەگرتن و بێباکییان لەبەرامبەر بێدەنگنەبوونمان، وامان لێدەکا دواجار بكوژرێن.

‎لای ھەموومان وەك ئاوی ڕوون دیارە، زۆربەی زۆرمان، بە جۆرێك لە جۆرەكان، لەرووی باری دەروونیەوە جێگیر نین، ئەمەش پەیوەندی بەچەند فاكتەرەوە ھەیە، یەكێك لەو فاكتەرانە نەبونی ئازادی و ژێردەستەی و..تاد، كە ئەم نووسینە گەڕەكی نییە بە قوڵی باس لەم ھۆكارانە بكات، لێ دەمەوێ بلێم، پیاوی كورد دەمارگیر و چەک لەدەستن، ئەگەر ئەم نەریتە دەمارگیرییەی پیاوی کورد وەك ڕۆژی رووناك ڵامان ڕوون بێت، کەواتە چۆن پیاوانی قانوون ئەمە لەبەر چاو ناگرن كاتێك ئێمەی ژن شكایەت دەكەین بۆ ئازادكردنی ژنێكی تر، پیاوانی قانوون بەچ حەقێق ماف بە خۆیان دەدەن لای تاوانبارەكە ناوی شکایەتکارەکە یبێنن؟(بۆ پیاوانیش بەھەمان شێوە، بەڵام لێرەادا بابەتەكەمان لەسەر ژنە).

‎وەک هەموو دەزانین، لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا، باوكێك كچی خۆی لەسەر شكایەت كوشتووە. هەرچەند ئەم نووسینە گەڕەكی نییە نارەزایی بەرانبەر بكوژەكە دەرببرێت، لێ دەیەوێ بەرپەچی مەركەزەكە بداتەوە كە بە چ حەقێق وا ئاسان ناوی كچەكە بە باوکی دەدەن و بۆ خەڵک ئاشکرای دەکەن؟ بەگوێرەی ئەم ڕەخنەیە، دەكرێ ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان ڕۆلێكی گرینگی ھەبێ لە دروست كردنی گوشاری زیاتر لەسەر حكومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی حاڵەتەكانی”ژنكوشتن” بەجدی وەربگرن و ستراتیژێك دابنێن بۆ كەم كردنەوەی ئەم دیاردەیە. ھەرچەندە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵی بەرزكردنەوەی ئاستی مافی ژنانی داوە، بەڵام نەبوونی چوارچێوەیەكی كارتێكەری ڕێكخراو، بەتایبەت بۆ پاراستنی ژنان كە ڕووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە، ھێشتا لە سیاسەتییاندا نییە. چونکە نەبوونی پەناگەی شیاو و پێویست و خزمەتگوزاری یاسایی و كۆمەڵایەتی كێشەیەكی دیكەیە كە پێویستی بە چارەسەرە. دەبێ ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ پاراستنی ئەم ژنانەی كە ڕووبەرووی توندوتیژی یان كێشەی خێزانی دەبنەوە دابین بكرێت.

حكومەت پابەندە بە دابینكردنی چارەسەر بۆ قوربانییەكانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز. بۆ نمونە، دەكرێ چارەسەریش ھاتنە پێشەوەی دادوەری و قەرەبوكردنەوەی زیان و گەرەنتی دووبارە نەكردنەوە و ڕێگە لێگرتن بگرێتەوە. سەرباری ئەمەش، دەبێ سیاسەتی ڕێگەگر لەڵایەن حكومەتەوە بگیرێتە بەر بۆ كەمكردنەوەی دیاردەكانی “ژنكوشتن”. دەسەڵاتی كوردیی، بەپێی یاسای خێزانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لە پشتگیری كردن لە مافی ژنان و ڕێگرتن لە پێشێلكاری، لێ ھەنگاوە لەسەرخۆكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە جەنگی دژی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕێگری سەرەكی دروست دەكات لە بەردەم كەم كردنەوەی دیاردەكانی “ژنكوشتن”. دەرئەنجام، حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەرنەكەوت لە گرتنەبەری پێوەری شیاو لە پیادەكردنی پابەندبونە یاساكان لە لێكۆلینەوە و كەمكردنەوەی ڕوودانی زۆری ئەم پراكتیزە زیانبەخشەی ڕەگەز.

كێشەیەكی دیكە كە مایەی دلەڕاوكێییە ئەوەیە كە دیاردەكانی”ژنكوشتن” بە خەبەر لێنەدراوی دەمێننەوە، بەتایبەتی لەم ناوچە لادێییانە كە بە زۆری ئەم دیاردانەی تیادا ڕوودەدەن. دەبێ حكومەتی ھەرێم دەسەڵاتەكانی خۆی بەھێز بكات لە ناوچە لادێییەكان كە یاساكانی خێلەكی و دابونەریتەكان تیایدا حوكم دەكەن. جگە لەمەش، دەبێ حكومەتی ھەرێم ھەوڵی لێكۆلینەوەی زیاتر لە دیادەكانی “ژنكوشتن” بدات و سیاسەتی وا بەكاربێنێ كە ئەم دیاردەیە لەناو كۆمەڵگەی كوردی كەم بكاتەوە.




ترسی دەسەلات لە رۆشنبیران … هێلین

كێشەی نێوان دەسەڵات و ڕۆشنبیر كێشەیەكی یەكجار كۆن و لەمێژینەیە. ھەر لە ئازار و دەردەسەریەكانی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری كۆیی و بێكەس و پیرەمێرد و گۆران..تاد، ھەریەكەیان بەشێوەیەك لە شێوەكان توشی ئازار و تۆقاندن و تیرۆر ھاتن.
جا ھۆی بنەرەتی ئەم كێشەیە لەوەدا خۆی بەرجەستە دەكات كە ڕۆشنبیرانی راستەقینە ھەموو كاتێك خۆیان بە دەمراستی بێدەسەڵاتان زانیوە لە بەرامبەر ستەم و زۆردارییەكانی دەسەڵاتداران كە دەرحەق بە چینی ژێرەوە و ناوەراستی كۆمەلگەی ئەنجام دەدەن.
ھەردەم دەسەڵاتدارەكانی ڕۆژھەڵات، ھەرچەندە لە ناوەوەی وەڵاتدا بە ھێزیش بووبن. بەڵام، بەرامبەر بە بێگانان كەسانی بێتوانا و بێ ھێز و دەست لەسەر سینە بوون. ئەوان بۆ مانەوەی خۆیان ھەموو جۆرە ئەرك و كارێكیان لە بێگانان پێ پەسەند بووە و ھەمیشە گوێرایەڵی فەرمانەكانی ئەوان بوون. بەڵام، لە بەرامبەر دەنگی كەسانی خۆ وەڵاتی ھەمیشە شمشێر بە دەست و ئامادە و لەسەرپێ بوون بۆ لەناوبردنی ھەر نوزەیەكی نارەزایی. ئەم دووفاتی و دووڕووییە لە كۆمەلگەی ڕۆژھەڵات بەگشتی و ھی كوردەواریی بەتایبەتی ھەر لەسەردەمی شاعیری پایەبەرزی كورد (ئەحمەدی خانی)یەوە، زۆر بە ئاشكرا ھەستپێكراوە. ھەر وەك لەم نموونە شیعریەی خوارەوە دیارە، خانی واتەنی:-

ئەمما ژ ئەزەل خودێ وەساكر
ئەڤ ڕۆم و عەجەم لەسەر مەراكر
تەبیعەتی وان ئەگەر چی عارە
ئەو عارە ل خەلقێ نامدارە
ناموسە ل حاكم و ئەمیران
تاوان چییە شاعیر و فەقیران

سەرچاوەی ئەم جۆرە كارانەش لە ئەنجامی ژێردەستەیی و گرێی خۆ بەكەمزانینەوە بووە بەرامبەر بە ھەموو شتێكی بێگانە كە بە درێژایی مێژوو بە گرانی باجەكەی دراوەتەوە و تا ڕۆژی ئەمرۆش ئەم باجە قورسە ھەر دەدرێتەوە.
لە كاتێكدا ڕۆشنبیران ھەمیشە قیبلەنومای ڕێگای ئازادی و سەرفرازی بوون بۆ میللەت و دەسەڵاتداران و ھەمیشە ویستویانە تۆوی ئازادی و سەربەخۆیی لە ناوەوەی وەڵات و مێشكی یەكە بە یەكەی نەوەكانی سەردەمی خۆیان و ھی دواڕۆژ بچێنن.
دەسەڵاتداران چونكە خۆیان بە ڕێبازی سەركردە-كۆیلە پەروەردەكراون، ھەمیشە ویستویانە لە ڕێگای خزم خزمێنە و پەیڕەوكردنی سیاسەتی”كێ باشتر نۆكەریم بكات ئەو دڵسۆزترین كەسمە” خەڵات و بەرتیل و پشت بەستن بە چینی بە كرێگیراوی گۆشكراو بە فیكری بێگانە پەرستییەوە دەرفەتە زێرینەكانی سەربەخۆبوون و پێشكەوتنی كۆمەلگەیان بەفیڕۆداوە. چونكە، ئەوان وایانكردووە كەسانی ناشایستە لە پلەی شایستەدا دابمەزرێنن. ئەمەش ئەو پەری نادادپەروەریە كۆمەڵایەتیان لە كۆمەڵگەدا بەرپاكردووە. ئەگەر مرۆڤ ئازادی و دیموكراسی بە ژێردەستەكانی خۆی نەدات، چۆن دەتوانێت داوای ئازادی و دیموكراسی لە دوژمنەكەی خۆی بكات؟

—————————————————–

بۆ ئەم بابەتە سودم لە سەرچاوەكانی:-
١-د. ئازاد حەمە شەریف(زنجیرەی شاكارنوسەكانی كورد لە سەدەی بیستەم).
٢-سەردار گەردی(ڕەخنەی ئەدەبی).




جیاوازیی مۆڕال و ئێتیك ”Ethos” … هێلین

ئەم نوسینە، گەرەكی نییە ڕوونكردنەوەیەكی ورد و درشت بۆ جیاوازی مۆڕال و ئێتیك بكات. چونكە، وتارێك توانایی تێنویەتی شكانی تەواوی مێژووی مۆڕال و ئێتیك نییە. كە مێژووەكەی بۆ یۆنانی كۆن دەگەرێتەوە، بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرستۆ. لەو كاتەی یۆنانیەكان بەدوای داھێنان دەگەڕان بۆ ئەوەی چاك و شكۆ و باڵا بژین، بەدوایی ئەوە دەگەڕان كە چ دەسەڵاتێك دەتوانێت كۆمەلگەیەكی چاك دروست بكات، ئێتیكێكی چاكیان ھەبێ. لەو كاتەوە دەستەواژەی «ئێتیك/ بەرپرسیارییەكی ھەلبژێردراو» و «مۆڕال/ئەخلاق» بەكارھێنرا.

کەچی لە زمان و زاری کوردییدا، بەدەگمەن نەبێت، بە هۆی هەژاری خوێندەواریی فەلسەفە و بەهێزی نەریتی باوی و ئەخلاقیی باو، کە ئەمەش پەیوەندی بە دۆخی خێلسالاریی و نەریتی بالادەستی دینییەوە هەیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، وشەی ئەخلاق هەمیشە لەسەر زارە، لە کاتێکدا ئەخلاق بە هۆی کالا و ماددەوە کالبۆتەوە و وشیاریی تاکەکسیش زۆر سنووردارە، بۆیە ئەو دوو چەمکە تێکڵاو دەکرێن.

ئێتیك”Ethos”، وشەیەكی گرێكییە، لە وشەی (ئێتۆس)ەوە ھاتووە. ئێتیك ھۆشیاریی ئەقلی مرۆڤە، شكۆمەند و پەخشندەیی و ئاكاری چاكەش دەگرێتەوە. ئێتیك تاكە كەسیە، واتە تێگەشتنی مرۆڤ خۆیی، كە خۆی فێری ئاكاری چاكە بكات، كە ئەمەش بە پەروەردە، زانین و ھۆشیاریی مرۆڤ دەبێت.

بەرزی ئێتیك لەوەدایە، كە مرۆڤ دەبێتە خۆی، دەبێتە خود لەناو كۆمەڵگەكەیدا. باڵایی خودیش لەوەدایە، كە ئاكارانە بژیی، مەبەست لە ئاكاریش لە ڕوانگەی ئەرستۆ، چاكە و ویستخوازییە.

ئانكو دێشێین بێژین، پیاوی چاك، ولێ نەك بەمانایی پیاوە ئاینەكان، كە مرۆڤی كۆیلە و ڵاواز و نەداریان ڵا پیاوچاكە. بەلكە، بەمانای نیتشەیانە، بەرزە مڕۆڤ بێت. بەرزە مڕۆڤیش، چەشنە مرۆڤێكی باڵاترە، مانای راستیی بە مێژووەكان دەبەخشێ.
نیتشە بۆ مڕۆڤە باڵاكان دەفەرمووێت “ئەم بۆ “ئەو”ە لە یاد بسڕنەوە، ئەی ئافڕێنەران! ئاكار باشی ئێوە خۆی داخوازی ئەوەیە كە ئێوە كارتان «بۆئەو»، «لەبەر» و «چونكە» نەدابێ. دەبێ گوێی خۆتان بۆ ئەم وشە بچووكە دڕۆیینانە ببەستن.”

بەڵام، مۆڕال/ ئەخلاق، كۆمەلگە دروستی دەكا، پەیوەندی بە دینەوە ھەیە، لە دەرەوەیی تاكەكەسیە. داب و نەریتێكی كۆمەلگەیە. هەروەک نیتشە کتێبێکی بەناوی “رەچەڵەکی مۆرال” نووسیوە. لەوێدا رەخنەی تووند لە مۆرالی مەسیحییەت و زانستکاران دەگرێت کە میراتگری قەشەکانن. بەواتایەكی تر، مۆڕال/ئەخلاق بریتییە لەوەی كۆمەلگە و تاكەكەسەكان چ كار و رەفتارێك بە ھەڵە و راست دەبینن، كە ئەمەش لە نێوان كۆی كۆمەلگەدا لەسەری پێكھاتوون، ھاوكاتیش دەكرێ تاكەكەسێك ھەلگری مۆڕال بێت. كەواتە مۆڕال مەرجێكە لە نائاگایی كۆی كۆمەلگەیەكدا، ھەروەك كۆمەلگەی كوردی، ئیشدەكا و بڕیاری راستی و ھەڵەیی بەسەر كار و رەفتارەكانی خەلكدا دەدا.

سەبارەت بەم دوو چەمكە، سوودم لە کتێبی دۆناودۆنی فەلسەفیی هەندرێن، سەرچاوەی جیاواز وەرگرتووە

ھێلین




مەترسە! … هێلین بەهمنی

بهێڵە بڕوات
بهێڵە ناوت نەبات
وای لێبکە سەیرت نەکات
پرچت بەردەوەو قەراغی لێوت بەو سوراوەی
کە حەزت لێیە تۆخی کەوە
بهێڵە لێوەکانت نوقمی زەردەخەنە بن
بۆ ناهێڵی دڵخۆشبی!
بۆ فێر نابی دڵخۆشبوون تەنها کەسێک نیە!
دڵێک نیە
ناوێک نیە
ئەشقێک نیە!
دڵخۆشبون تۆیت خانم
بهێڵە بژیت
بهێڵە با تەنها بن
خۆشبەختیت بچوک مەکەوە
مەڵێ وانیە
ئەوەنیە دەیبینم
دڵخۆشیت هێندە بچوک کردۆتەوە
لە دڵی ئەودا دات ناوە!
بە ناوی ئەودا لکاوە!
بە ڕێی ئەودا هەڵڕژاوە
کۆی کەوە
دڵت پێویستی پێتە
ئێمە دەبێ فێر بین
هەموومان
خۆشویستنێکی خۆمان قەرزارین
هەندێ هەست بە خۆت بکە
بزانە
تۆ ئەتوانی
ئەوەی نەت توانیوە ئەنجامی بدەیت!
بیرت نەچێ
خۆشویستنێکی خۆت قەرزاری .

هێلین بەهمنی




نووسین هەمیشە بە دوای شتە نادیارەکانە کە بەدیاریان بخات. … هێلین

لەم نووسینەدا، لە روانگەی هەست بە پرسیارییەوە، دەمەوێ وەک قوتابییەکی زانکۆ تێگەیشتنی خۆم لەسەر ئەو دۆخە گشتییەی کوردستان بە گشتیتی و بەتایبەتیش ئەو دیاردە دینییەی کە بە دژی ئازادیی مرۆڤ و ژنە، دەرببڕم.
راستییەکەی، بۆ من جێگەی دڵتەنگییە، کۆمەڵگەی کوردستانی باشوور، بۆچی دوای ئەو هەموو ئەزموون و رووداوە سیاسیی و دینییە دڵتەزێنانە بێهەڵوێست و بەرنامەیە بەرانبەر ئەو هەموو زلم و دیاردە دواکەتوو و بەسەرچووانەی کە لەیەنە دینیی و نەرتییەکان دەرخواردی کۆمەڵگەی دەدەن؟
کورد چەندین قوربانی داوە و دەدات؛ بۆ ئەوەی، کوردستان ئازاد بکات. لە هەمان کاتیشدا دژی کۆمەڵگە و بە تایبەتییش ئازادی ژنە، کە رەوتی داعشی بەناوی دین تا سەرئێسقان دژیەتی! هۆکاری بەدەست نەهێنانی ئازادی دەگەرێتەوە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگەخۆی. کورد زۆر قوربانی دژی داعشی دا کە هێزێکی توندڕۆی ئیسلامی بوو، ئێستا لە جیاتی ئەوەی ئەو توندڕۆییەی دین کەم بێتەوە، کەچی بەهۆی دیاردەیەک بەناوی ئازادیی بیر و راوە، کۆمەلێک مەلا و رەوتی نەریتی و بەناوی دینەوە لەمنبەر و تەلەفزیۆنەکانەوە رۆژانە پەیامی داعشیی بڵاودەکەنەوە، بۆ نموونە دژی خوێندن، ئازادیی ژن و کرانەوەی کۆمەڵگە لەبەرانبەریشدا حکومەت و رێکخراوەکانیش لێیان بێ دەنگن.

جێگەی سەرنجە لە کاتێکدا سیستەمی کار و سیاسەتی حکومەت وایکردووە ئیستا لە کوردستاندا بە هۆی ئەو گۆرانکارییە زۆرانەوە، هەموو کەس دەبی بخوێنێ، کەچی کۆمەلێک مەلا و پیاوە نەریتییەکان، هێرشێکی تووندیان دژی ئازادیی ژن، پێشکەوتنی کۆمەڵگە و خوێندن دەستپێکردووە، پرچ رووتی و خوێندن بە بێدینی و سووک پێناسە دەکەن، واتە دژی ئازادی و خوێندنی ژنن. ئەم توندرۆیانەش کاریگەریان لەسەر زۆربەی پیاوی کورد دروستکردووە، کە بە هەڵە لە ئازادی و ئازادی ژن تێبگەن. هەروا تێگەشتوون کە ئازادی ژنان واتە بەرەڵایی و لەشفرۆش و بێ ئەخلاق…تاد. کومەڵگەی ئێرە نەخوێندەوار و بێ ئاگایە، بۆیە وا بیردەکاتەوە. بەکورتی و کوردی، زۆربەی خەلک لە باشووری کوردستان وشیاریان لەسەر ژیان، ئازادی ژن، پرۆسەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و رووداوە مێژووییەکاننییە. تەنها شتێک کە کورد دەیکات، لاسایکردنەوەی دەرەوەیە بە سەقەتی. لێرە هەموو لاسایی شتی ئەوروپا دەکەنەوە وەک: مادە و سەیارە و مەکینە و تەکنەلۆژیی و …تاد ،واتە کاڵای ماددی ئەوروپا وەردەگردن و بەکاردێنن، کەچی بیر و هزری رۆژئاواش ڕەت دەکەنەوە، ئەمەش وایکردووە کورد ببێتە مەکینە و پارە، واتە تەنیا لە رووالەت نوێ بێت و لە ناوەرۆکیش دەبەنگ.

لەمەو پێش، باسم کرد و دووبارە دەلێمەوە، مرۆڤ کە لە دایک دەبێت، بە ئازادی لە دایک نابێ، یەکسەر نابێت بە تاکە کەس، بەلکو دوایی بە رێگەی فێربوون، ئەزموون و هەوڵدانی بەردەوام دەبێتبە خۆی، خۆی دەکات بە تاکە کەسێکی سەربەخۆ و جیاواز، بەمەش ئازاد دەبێت. بەمجۆرە کە بوو بە کەسێکی ئازاد، بەو زوڵم و ستەمەی لێدەکرێ و مافی زەوت دەکرێ رازی نەبێت، دژی بوەستێتەوە و داوای حەقی خۆی بکات. ئەو حەقەی کە لێت سەندراوەتەوە.
لە ئەوروپاش وەک ئێرە بوو. بەلام ئافرەتانی ئەوێ ئیرادەیان هەبوو بەوە رازی نەبوون کە هەیە. گۆوجیس ماریا ئۆلۆمپی یەکێکە لەو ئافرەتە بە دەگمەنانەی لەکاتی شۆڕشی فەڕەنسیدا هەوڵیداوە مافەکانی مرۆڤ، ئافرەتانیش بە دەست بێنێت. کە لە سالی ١٨٩١ لە بانگەوازی«مافی ئافرەتان»ی، بلاوکردەوە. لە بانگەوازەکەیدا داوای تەواوی هەمان مافی وەک پیاوانی ئافرەت دەکرد. مەبەستم لە ناسی ئەو ئافرەتە بە دەگمەنە، ئەوەیە کە ئازادی دەستپێشخەری و قوربانی دەوێ. بەکورتی شۆرەشێکی گەورەی دەوێ.

بۆیە دەڵێم، ئافرەتان بەسە گوێ مەدە بە دەمگۆی ئەو و ئەوان، پیاو و ئافرەت لە هەموو مافێک کە هەیە یەکسانن، جیاوازی نییە لە نێوانیان، تاکەی ئەو زوڵمەی لێتان دەکرێ قەبووڵی دەکەن؟ تا کەی قوربانی دەدەن؟ زۆربەی ژنان بەرووکەش لاسایی دەرەوە دەکەنەوە، بەڵام بە شاراوەیی، واتە خۆشەویستی دەکات بەبێ ئەوەی دایک و باوکی و… بیزانن، لێرە پرسیارێک بۆ پیاوانی نەریتی جێ دەهێلم، ئایە پیاوانی نەریتی پێت باشە، کچەکەت بە شاراوە، بەدوای حەزی خۆی بکەوێت؛ یا بە ئازادی؟
لە کۆتایی دبێژم، واز لە ژنان بێنن، بلا بچن ل خەونێت خۆ بگەڕن. «مرۆڤی کورد بە گشتی ئاژەلێکن لە پێستی مرۆڤ». کەواتە جاهیلترین کەس ئەوانەن کە نەزانن جاهیلن. ڕوونتر بێژم، جیاوازی مرۆڤ لەگەل ئاژەڵ ئەوەیە مرۆڤ بیر دەکاتەوە. بەلام بە هۆی ئەو گۆرانکارییە بێ بەرنامەی سیاسیی، لاوازی پلانی پەروەردە و … تاد، هاوکاتیش رەوتە دینییە تووندڕۆییەوە، لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستانم مرۆڤی کورد بە گشتی لە ئاستی بیرکردنەوە و هەستی لەو پەڕی لاوازی دایە.
مەبەستم لەو پەیڤانە، من و تۆ و ئەو و ئەوانە. چونکە منیش وەک ئافرەتێکی کورد دەژیم! لە کۆتاییدا ئەوەی دەتوانێت رێگە بەو دۆخە دژوارەی کوردستان و هێزە دژە ئازادییەی ژن و کرانەوەی کۆمەڵگەی بگرێت، بوونی هێزێکی وشیار و ئازادیخواز و بەرپرسیاری ژن و پیاوە، کە بتوانێت بە رێگەی رێخستن و چاڵاکی رۆشنبیریی و مەدەنییەوە خەڵک وشیار بکاتەوە. هەروەک لە پاڵ ئەو هێزەشدا، زانکۆ ئەرکێکی سەرەکی هەیە.