گەنج و جوان … هیوا سەعید


“کچێک حه‌ز له‌ باوکی ده‌کات”

لە فیلمی گەنج و جواندا، کچێکی حەڤدە ساڵی، هەرچەندە خۆشەویستێکی کوڕی لە تەمەنی خۆی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی پێشتر دایکی مێردی بە پیاوێکی تر کردۆتەوە، توشی هەمان گرێی ئەلێکترای کچی ئاگامەمنون هاتوە. بە مانای ڕقی لە دایکی و سۆزی بۆ باوکە ڕاستەقینەکەی چوە و حەزی سێکسی بەو پیاوانەی له‌ پانتایی خەیاڵی جێی باوکی بۆ ده‌گرنه‌وه‌، تێر دەخوا.

لێرەوەیە کچەکە لەکاتی سەرجێی کوڕە خۆشەویستەکەی، بە چاوێکی منداڵانە سەیری کوڕەکە دەکات، کوڕەکەش لەم بچوک بینینە بە ئاگایە و دوچاری خەسان و ناچالاکی سێکسی بوه‌ له‌گه‌ڵیدا، بە مانای پیاوبونی کوڕەکە یەکسان بۆتەوە بە ژنبون و گەڕاوەنەوەیەک بۆ سەردەمی منداڵی و باوەشی دایکی. چونکه‌ کوڕەکە توانای ئەوەی نییە باڵادەستی بەسەردا بکا، وەکچۆن کچەکە باوکبونی لە کوڕەکە دەوێ، ئەویش دایکبونی لە کچەکە دەوێته‌وه‌. کاتێکیش کوڕەکە ناتوانێ ببێتە ئەم باوکە، ناچار بە پەسەندکردنی خەسانه‌که‌ وەک چارەسەر و چێژکردنێکی مازۆشی، لێدەگەڕێ کچەکە پەنجە بنێتە کۆمی.

لەبەرئەوەی به‌ لێکدانه‌وه‌ی فرۆید، منداڵی نێرینه‌ بە ساوایی، کاتێ دایکی شیری پێدەدا و ژێری پاک دەکاتەوە و لە باوەشی دەیلاوێنێ، ئەم چاودێری و خزمەتکردن و نازکێشانە، هەستێک لە ناخی منداڵەکە ده‌چێنێ، ئەم به‌ده‌موه‌چونه‌ به‌س بۆ ئەمە و ئەو ژنە هەرموڵکی خۆیەتی، ئەوکاتەشی به‌وه‌ دەزانێ دایکی ئه‌و خزمەت و نازهه‌ڵگرتنه‌ بە مێردەکەشی دەدا، بەم هاوبەشیکردنە هەستی بریندار ده‌بێ و باوکەکە بە ناحه‌زێک و بە ئاواتی له‌ناوچونییه‌تی. لە هەمان کات لە ژوری نوستنی دایک و باوکی، چاوی بەو دیمەنانەی لە سەرجێی ژن و پیاو ڕودەدا بکەوێ و هێشتا هیچ لە پەیوەندی ئەوان تێناگا، ئه‌وه‌نده‌یه‌ هەست بە توندوتیژییەک لە جوڵە و تاودانی باوکی بۆ دایکی دەکا و لە هه‌لێکیشدا ئەو جوڵە و تاودانه‌ی باوکی بۆ دایکی دوبارە بکاتەوە، دایکەکە تێیبگەیەنێ باوکی بیبێنی چوکی دەبڕێ، به‌م سەرکوتکردنە دەگاته‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی، کچەکان ئەندامی نێرینەیان نییە، باوکیان لێی بڕیون. لێره‌دا ئەو باڵادەستییەی باوکی بەسەر خۆیی و دایکی، دەبێتە مایەی هەڵگرتنی قینێکی شاراوە لە باوکی و سۆزێک بەلای دایکیدا، دواجار خۆیی و دایکی بە دو قوربانی لاواز و ملکەچ، لە بن باوکە دەسەڵاتدار و زەفتکەرەکەی دێته ‌به‌رچاو.

به‌ گوێره‌ی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌،‌ پیاوبون ئه‌و گرێیه‌یه‌، کوڕ به‌ منداڵی مه‌یلی بەلای دایکییەتی‌ و باوکی بە به‌ربه‌ستێک ده‌بینێ، له‌ داهاتودا ڕقی له‌ باوکی وه‌ک پیاوێک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م چه‌پاندنه‌ش‌ هۆکارێکە مێرد ڕۆڵی ژنبون (مێینه‌بون) له‌ باوه‌شی ژنه‌که‌ی وه‌ک دایکێک، بگێڕێته‌وه‌‌.

کەواتە لە کۆمەڵگاکانی پابەند بە ئەخلاقی هۆشەکی میتافیزیکی و ئەو سێکسەی نێوان ژن و پیاو بە چاک ده‌زانرێت، منداڵی لێبکەوێتەوە، هەروەها لەم کردەیەدا باڵادەستبونی مێرد بەسەر ژنەوە بە پێویست ده‌بینرێ و کاتێکیش مێردەکان توانای ئەم باڵادەستییەیان نابێ، بە منداڵبونەوە و چونەوە باوەشی ژن وه‌ک دایکێک، شەرمەزار و لەناوەوە تێکدەشکێن. بۆ خۆبەدەستهێنانەوە لەم شه‌رمه‌زاری و باڵادەستکردنەوە بەسەر ژنەکاندا، زۆرجار پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی دەرمان، که‌چی لە کاردانەوەی ئەم چارەسەرییە دور لە چێژ و خۆڕزگاردنە لەپێناو پیاوبوندا، بۆ چێژی ڕاستەقینە لە دەرەوەی پابەندییە ئەخلاقییە میتافیزیکییەکە و ئەم تێگەیشتنە هەمەکییە بۆ چاکە، لە چاکەی هەندەکی و ئەوەی بۆخۆیان چاکە دەگەڕێن. ئەوەش بۆخۆی جارێکی تر لە نێوان ژیانی ناوەکی و دەرەکی بە کەوتن و لادانی ئەخلاقی، مرۆڤی (بە ئەخلاقی بێئەخلاقی!) دوڕوی لێ به‌رهه‌م دێ. ئه‌م که‌وتن و لادانه‌ش سه‌ره‌تا لەسەرجێی ژن و مێردەکان بە خیانەت دەسپێدەکا و دواتر هه‌ڵسوکه‌وته‌ تێکشکاو و خیانه‌تکارانه‌که‌یان تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەتەنێتەوە.

بۆیه‌ کاتێک پیاوبون گرێ و داواکردنه‌وه‌ی دایکایه‌تی بێ له‌ ژن، به‌ تێگه‌یشتنی جاک لاکان، ژنبونیش گرێیه‌ و داواکردنه‌وه‌ی باوکه‌ له‌ پیاو و ئەم کچە لەم ژینگە کۆمەڵایەتییەش گەورە نەبوبێ، بەو مانایەی دایکی مێردی بە پیاوێکی تریش نەکردبێتەوە، دیسان ڕقی لە دایکێکە وەکخۆی ئه‌ویشی بە ژن و بە فالۆسی (ئەوەی نییەتی) بەرهەمهێناوەتەوە. هۆگربونی بە باوکی، تۆڵەیە لە دایکی و حه‌زه‌ سێکسییەکەی بەو پیاوانەی له‌ پانتایی خەیاڵی بۆشایی باوکی پڕده‌که‌نه‌وه‌، تێر دەبێ. ئه‌وه‌یه‌ کچەکە دوای گۆڕین و تاقیکردنەوەی چەندین جۆر ئەزمونی سێکسی (ئەم ئەزمونە سێکسییانە ئەوە ناگەیەنێ، چێژ لە گۆڕینی پیاوەکان دەکات، لەبەرئەوەیە لە منداڵییەوە لەناو پیاوەکاندا بەشوێن باوکێکدا دەگەڕێ، گرێیە دەرونییەکەی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌)، له‌ ئه‌نجامدا ته‌نیا چێژ لە پیاوێکی بەتەمەنی لەخۆی گەورەتر، کە گرێیە دەرونییەکەی پێ دەکرێتەوە، دەبینێت.

وه‌ک دیاره‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ وه‌ک کچه‌که‌، بۆ خۆشه‌ویسته‌ کوڕه‌که‌شی هاوشێوه‌یه‌، به‌وه‌ی هۆگربون و چالاکی سێکسی کچەکه‌ بەرانبەر پیاوە بە تەمەنەکە، لە فالۆسبونی سەرچاوە بگرێ، چالاکی پیاوە بە تەمەنەکە، که‌ لەبری هاوسەرە هاوتەمەنەکەی خۆی، حەزە سێکسییەکەی بەم کچە کەمتەمەنە تێر دەخوا و ئەوەندە چالاکە، بۆ ئەو چێژی باوکبون و باڵادەستییەی بەسەر کچەکەدا هەیەتی، دەگەڕێتەوە. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری په‌یدانه‌بونی ئەم پیاوه‌ گه‌وره‌ و باوکه‌ باڵاده‌سته‌، ئارەزوی کچەکە، چێژ لە سێکسی کچانی هاوتەمەنی خۆی دەبینێ، بۆ ئەوەی لە تۆڵەی ئەم فالۆس و ڕقکردنەوەی دایکی، ڕۆڵی باوکایه‌تییان بەسەردا بگێڕێ، یان سەرجێی ژنانی گه‌وره‌تر و هاوتەمەنی دایکی، هەتا چێژ لە فالۆسبونەکەی وەک خەساوێک وەرگرێ و ئەوەی ڕقی لێدەبێتەوە و لێی هەڵدێت، خۆشیدەوێ و بۆی دەچێتەوە. وه‌ک لە کۆتایی فیلمەکە، دوای مردنی‌ پیاوە بە تەمەنەکە، کچەکە، ئه‌م بۆشاییه‌ بە ژنەهاوسەرەکەی پڕدەکاتەوە.

هیوا سەعید

ئەم فیلمە لە دەرهێنانی فرانسوا ئۆزۆنە، له‌ ساڵی 2013 به‌رهه‌م هێنراوه‌.




نیچە و سالۆمی شەڕی نێوان مرۆڤی باڵا و مرۆڤی بچوک … هیوا سەعید

بەشێک لە عەشق، ئەو چێژە لە لاوازی و بەزەییەیە، ناوەوەی مرۆڤ لە شێوەی خۆی بەرهەم دێنێتەوە. بە پێچەوانەوە، مرۆڤی باڵا، بە کوشتنی خوا و هەڵوەشاندنەوەی بەها پیرۆزەکان و ویستی هێزەوە دەژی، بە مانای ئەو لاوازی و بەزەییەی لە رابردویەوە دێ، لە خۆیدا کوشتوە و مرۆڤێکی ئاسنینی بەهێزی لێ بەرهەم هاتوە.

لێرەوەیە سالۆمی لە بەرانبەر مرۆڤێکی باڵای وەک نیچە، نوێنەرایەتی خەڵکی بازاڕ وەردەگرێ، بە بەرهەمهێنانەوەی نیچەیەکی لاواز و بەزەییدار، بەڵکو لە باڵایی بکەوێ، ببێ بە هاوشانی ئەو مرۆڤە خۆنەناس و بێ ویستانەی بە دەرونێکی شێواوی دوفاقانەی نێوان چاکەی خواییانە و ئارەزوییان دەژین، بۆ ئەوەی لە جڵەوکردنی ئەم دەرونە سوپەرمانییە، چێژێکی باڵادەستانە بکات.

ئەلبێر کامۆ، لە یاداشتەکانی ئاماژە بەوە دەدا، نیچە لە دارستانەکەی نزیک ماڵیان بە دار قومەتە ئاگری گەورەی دەکردەوە، بە دیارییەوە ڕادەوەستا، هەتا دەکوژاوە. بەو مانایەی ئەو لاوازی و بەزەییەی سالۆمی بەهۆی عەشقەوە لەناوەوەی نیچە دروستی کردبو، بەشێوەی ڕەمزی و بە کردنەوەی ئاگرەکە و دامرکانەوەی، ئاگرەکەی ناوەوەی خۆی دادەمرکاندەوە، ئەم دامرکاندنەش سەرەتا بۆ سەرکوتکردنی سالۆمی، وەک نوێنەری لاوازی و بەزەییەکە، دواجار کوشتنەوەی خوا و نەبونی بە خەڵکی بازاڕ و تێکنەشکانی باڵاییەکەی.

هەروەها لەبەر ئەم سوتانەی بۆ سالۆمی، ئیلیزابێسی خوشکی نیچە، زۆر ڕقی لە سالۆمی دەبۆوە و بە ژنێکی بەدڕەوشت ناوی دەبرد. لەکاتێکدا پیشاندانی ئەم ڕقە، هەرچەند بۆ بەرگری و دورخستنەوەی نیچە لە لاوازی و کەوتن بێ، کەچی پاراستنێکی سوپەرمانانەی هاوشان بە نەریتی نیچەیی نییە، چونکە نامە هەڕەشەئامێزەکانی ئیلیزابێس لە سالۆمی و ئەم سوڕانەوەیە لە پشت کارەکتەرێکی خاوەن ویست، بەرپرسیارییەتی خۆی، بە شکۆ و دور لە بەزەیی و ناچاری هەڵبگرێ، ئەم پاراستنە ئاماژەی بەزەیی ئەوانیتر بە دەوری کەسایەتییە سوپەرمانییەکەی دەگەیەنێ، کە دیسان بۆ سالۆمی بە چێژوەرگرتنێکی باڵادەستانە بەسەر نیچە تەواو دەبێ. لەبەرئەوەی مرۆڤی باڵا وەک بکوژی باوک و بەزەیی و دوفاقی، گرێی ئۆدیبی هەڵوەشاندۆتەوە و چیتر منداڵێکی خەساوی یەکسان بە خەساوییەکەی دایکی نییە، ئیلیزابێس ڕۆڵی دایکایەتی بەسەردا بگێڕێ و سالۆمی بە عەشق (لاوازکردن و بەزەیی)، چێژ لە منداڵکردنەوە و خەساندنەوەی ببینێ، دژ بە مردنی خوا و زیندوکردنەوەی لە نیچەدا.

بۆیە ئەگەر سالۆمی لەبری پێکەوەژیانێکی لە نزیک و یەکسانی هاوسەرگیرانە، بە خۆدورگرتن، مەعشوقانە چێژ لە باڵادەستی و جڵەوکردنی دەرونێکی بەهێز و جیاواز لە خەڵکی بازاڕ، کە دەستەمۆکردنی قوڕسە بکات، لە هەمان کاتدا نیچە بەم دورییە ناڕەزامەندییە لە تێرکردنی ئارەزو و مامەڵەکردنی بەرجەستە بێبەش و ڕوبەڕوی تەنیاییەکی پڕ ئازار و بەزەیی عاشقانەی خەیاڵییانە ببێتەوە، هێشتا لەپێناو باڵایی، لاوازی و بەزەییە سالۆمییە خواییەکەی ناوەخۆی، بە شایانی کوشتن و ئازارەکەشی بە شکۆوە هەڵدەگرێ، ئەوەیە مرۆڤی باڵا.

ئەو ئازارەی نەیکوشتم، گەورەی کردم. “نیچە”

هیوا سەعید




لەکۆتاییدا قارەمانەکە نایەوێ بمرێت! …. هیوا سەعید

ئەو پوچگەراییەی مرۆڤ نەناسراوانە لەناویدا دەژی، بە ژیانی فەلسەفەکاری و گەڕان بەدوای ڕاستیدا، هەرچەندە پوچییەکە بناسێ و بە داهێنان هەوڵی ڕزگاربون لێی بدا، گشت جارێک بە کۆتاهاتنی ژیانە داهێنەرییەکە، دەکەوێتەوە ناو یەکێتی بونێک (پانتیزم)، وەک پوچییەکی تری کوشندە.

لە شانۆگەری هەبونەبودا، ڕەجەب مرۆڤێکی ئەوەندە تەوەزەڵ و بێئاگایە، لە بن دارهەنجیرێک لەسەر پشت بە دەمکراوەیی ڕاکشاوە، لە چاوەڕوانی هەنجیرێک بەربێتەوە ناودەمی. دواتر ئەم مرۆڤە تەوەزەڵە، بەهۆی گیرۆدەبونی بە خۆشەویستی ناسکە و لەدەستچونی وەک ستەمێک، بەسەر پایەکانی هۆشیاریدا دەکەوێ و دواجار فەلسەفەکارانە، بە زانین خۆشەویستەکەی دەدۆزێتەوە و یەکدەگرنەوە.

لێرەدا گریمانەکە ئەوەیە، ڕەجەبی فەیلەسوف جارێکی تر ناسکە بزر بکاتەوە، بە شوێنیدا قۆناغەکانی زانین ببڕێتەوە و ببێتەوە بە چی، لەکاتێکدا ئەزمونی فەلسەفەکاری بۆ ئەم زانراو و بەکۆتا هاتوە، یان دور لە بڕینەوەی ئەم قۆناغە ئەزمونکراوە، لە بن دارهەنجیرەکە وەک دەستبەردارییەک لە ژیان ڕابکشێتەوە!

لە کۆتایی ڕۆمانی هاوزێدا*، قارەمانەکە بە پێچەوانەی ئۆدیب، لەبری کوشتنی باوک، بە پاساوی دەستتێکەڵاوی لەگەڵ پیاوانی دەسەڵاتدا، بە بڕیاری شۆڕش دایکی خۆی دەکوژێ. بە مانای شۆڕش و کوشتنی دایک، بەرانبەربونەوەی لۆژیک دژ بە شیعرییەت و پەشیمانبونەوەیەکی ئۆدیبیە، بۆ ئەوەی کوڕەکان لە کوڕی دایکییانەوە ببنەوە بە کوڕی باوکیان. لەبەرئەوەی کاتێک ئۆدیب باوکی خۆی دەکوژێ و دایکی لەخۆی مارە دەکاتەوە، ئەم هەست و سۆزە دایکانەیە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەخلاق و لۆژیکی باوکانەی باڵادەست، هەڵگەڕانەوەیەکی شیعرییانەی دژەباوە. بۆ ئەوەشی ئۆدیب لەم هەست و سۆزە دایکانە و شیعرییەتە، ببێتەوە کوڕی لۆژیک و باوکەکان، پێویستە پەشیمان ببێتەوە، ئەویش بە خۆکوێرکردن پەشیمانییەکە دەردەبڕێت.

بە هەمان شێوە قارەمانەکەی هاوزێ، دوای کوشتنی دایکی، بۆ درێژکردنەوەی ئەم کوشتنە و گوێڕایەڵی لە لۆژیکی باوکە شۆڕشگێرەکان و ڕاگرتنی چەک بەڕوی شیعردا، بەشداری شۆڕش دەکات. کەچی لەوێ کوشتنی بە ناڕەوای دایکی بۆ ڕون دەبێتەوە، بەوەی ئەم دەستتێکەڵییەی دایکی و پیاوانی دەسەڵات، بە فەرمانی شۆڕش بوە. بۆیە ئەمجارە کوڕەکە، هەتا لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییەی پێیگەیشت، بە لۆژیکێکی تر دژ بە لۆژیکەکەی ئەوان نەوەستێتەوە، بە بێهودەیی دەڵێ: تازە من چ بکەم، گۆڕەکە (بە نیازی زیندوکردنەوەی مردوییەک) هەڵدەمەوە، یان خۆم بکوژم!

ئەم بێچارەییە لە نەگەڕانەوەی ڕابردو، سەرەڕای پەشیمانی لە کوڕایەتی باوکە شۆڕشگێرەکان، نایەوێ بە دژوەستانەوەشیان ببێتەوە کوڕی دایکی. بەڵکو بۆ هەڵاتن لە تەواونەبونی ئەم ناکۆکییەی تێز و ئەنتی تێز، خۆی بخاتە نێوان هەڵبژاردنی مانەوەیەکی بێئامانج لە ژیان و خۆکوشتندا، چونکە دوابڕیار یەکەمیان لەسەر بنەمای گەیشتن بە ڕاستەقینە هەڵدەبژێرێ و چەکەکەی فڕێدەدا.
بەو مانایەی شۆڕشگێڕێک لەبەر بێزاربون، چالاکی دوبارە ئەزمونکردنەوەی یەکجۆر خەباتی شۆڕشگێڕی تێدا نییە، ڕەجەبی فەیلەسوفیش لە ئەگەری لەدەستدانەوەی، ئیتر بەشوێن هەمان ناسکەدا ناگەڕێ. هەروەها ژیانی پاش ڕونبونەوەی ڕاستەقینەیەک، بێهەوڵ بۆ ئامانجێکی تر پوچ دەبێ، ئەم مانەوەیە بە پوچییەش سزای خۆنەکوشتنەکەیە، وەکئەوەی قارەمانەکە لە دوای فڕێدانی چەکەکەیی و بەجێهێشتنی شۆڕش، کە لە ڕێگا توشی کاروانێک دێ، فەردەپیازەکەی بەرەو لوتکەی چیاکە پێ باردەکەن، بە سزادانەوەیەکی سیزیفانەی، یەکسانکردنەوەی پانتیزم بە ئەبسێرد، لێی بار بکەن.

بەڵام ئەم تیکەڵبونەوەیە بە کاروان، وەک تێکهەڵکێشی دو ئەزمون (سێنتێز)، تێکەڵبونەوەی بەئاگایەکی ڕاستیناسە (ئەنتی تێز)، بە ژیانی بێئاگایی (تێز) و ڕاکشانەوەی ڕەجەبێکە ئەمجارە بە فەیلەسوفی لە بن دار هەنجیرەکە. لە بەردەوامی ژیانیشدا، دابڕان هەر بۆ ئەوە نییە، بە هەڵگری ناوەڕۆکێکی تر، بۆ دیسان باوەشکردن بەوەی لێی هەڵگەڕاینەوە. ناکۆکی و ململانێیەکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

کەواتە باری بە شانهەڵگرتنی ژیان، بەهیوای گەیشتنە لوتکەیەک، هەرجارێک بکەوێ و خلۆر ببێتەوە و سەرلەنوێ بار بکرێتەوە، ئەم پوچییەیان لە نائاگایی لوتکەیەکی نەبینراوە. پوچییەکەی تر، دوای گەیشتن بە لوتکەکە، بزانرێ لوتکەیەکی دیکە بۆ بینین و ناسینی ڕاستەقینەیەکی تر بونی نییە، بارەکە لەپێناو یەکسانبونەوەی پانتیزم بە ئەبسێرد، بۆ سەرخستن بە شاندا بدرێ. دەبێتە خۆکوشتن.

*ڕۆمانی هاوزێ، نوسینی دلاوەر ڕەحیمی، چاپی یەکەم ۲٠۱۸.




نەماندۆزییەوە …. هیوا سەعید

ئای دنیا..
لەم شەقامە چۆڵ و تەنگانەت
بوین بە چ شاعیرێکی دڵشکاو،
چ ئاوازێکی غەریبمان لێ دەرچو!
کەس نەیپرسی ئەم وێنە سەیرانە بۆچی دەکێشین،
کەس نەیزانی ئەم گۆرانییە غەمگینانە بۆ کێ دەڵێین..
لەناو هەر چیرۆکێک قارەمان قارەمان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

ئێستا کاتی ئاشکرابونی گەورەترین درۆیە
نە هیچ مرۆڤێکمان بە دڵ خۆشویست و
نە هیچ کەسیشمان بە هاوڕێ دانا!
لەناو دڵی هەر خۆشەویستێک و
سەری هەر هاوڕێیەک بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

لە هەر وڵاتێک شار شار
لە هەر شارێک گەڕەک گەڕەک
لە هەر گەڕەکێک ماڵ ماڵ بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

لە چایخانەکان لەسەر کورسییەکەی تەنیشتمان بەدوای گەڕاین،
لە چێشتخانەکان لەوبەری مێزەکەی بەردەممان بەدوای گەڕاین،
لە ئوتێلەکان لە قەڕەوێلەکەی تری ژورەکە بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

بوین بە چەپەڵترین بازرگانی قاچاغ
لە هەر دەریایەک بە کەشتی گوناهمان فرۆشت
لە هەر ئاسمانێک بە فڕۆکە خراپەمان کڕی
گیرفان گیرفان
قاسە قاسە
لەناو پارەی تلیاک و لەشفرۆشخانەکان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

بوین بە درۆزنترین ئاییندار
لە هەر ناوچەیەک چەندین ماڵمان بەناوی خوا کردەوە
مزگەوت مزگەوت
کڵێسا کڵێسا
لەناو باوەڕدارە ساویلکەکان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

وەک دڕندەترین پیاوی سیاسی
بە کوشتن تا ئەوپەڕی دەسەڵات چوین،
سنور سنورمان بە باروت و قەوان گڕدا،
خوێنی هەزاران کوژراومان کەوتە ئەستۆ
چ لەناو زیندوەکان
چ لەناو مردوەکان بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.

هێشتا بە کۆڵێک تاوانەوە
ڕۆژەکان بە گەشبینی ئەم ئومێدە بەڕێ دەکەین
شەوەکان لە دڵەڕاوکێی ئەم چاوەڕوانییە بەسەر دەبەین
هەندێک جار لە ئاودا دەیبینین و ناگیرێ
هەندێک جاریش لە ئاوێنەدا خۆی دەردەخا و نایەتەدەر
ئێمە بۆ دۆزینەوەی ئەم هاوشێوەیەی خۆمان چیمان نەکرد!
هەتا لێواری مردنیش بەدوای گەڕاین
نەماندۆزییەوە.




دەست لە کوشتنت هەڵناگرم! …. هیوا سەعید

(1)
ماندوبوم ئەوەندەی تۆ بکوژم،
تۆ نامری!

لە مەیخانەکان
بە سەرخۆشی تۆم کوشت
نەمردی.

لە باوەشی ساردی سۆزانییەکان
بە ڕوتی تۆم کوشت
نەمردی.

لە ماڵی خوا چومە دەرێ،
لاپەڕە پیرۆزەکانم سوتاند،
بە بێباوەڕی تۆم کوشت
نەمردی.

بە یاسای هەمو شەڕێک
دو کۆتایی هەیە: یان دۆڕان، یان بردنەوە.
ئەم شەڕە بە یاسایەکی ترە
کەوتومەتە نێوان دو دۆڕان
یان لەبەردەمت چۆک بدەم،
یان خۆم بکوژم
تۆ نامری!

(2)
شەڕی ئێمە لەسەر یەکلابونەوەیە
من بە بیانوی نەبونت، هەوڵی کوشتنی تۆ دەدەم
تۆ بە پاساوی هەبونت، خەریکی لەناوبردنی منی
لەم مەیدانە یەکێکمان چۆک نەدا
شەڕەکە دەبێتە هەقیقەت!

(3)
مادام چۆکدادان هەر خۆکوشتنە بە بچوکی
با شەڕەکە بەردەوام بێ..
ئەم شەڕە ژیانیشە!

(4)
ئێوە بە ناشیرینکردنی ئەم شەڕە
ژیانتان پیس کرد
کارێکتان ناوناوە دادوەری
جارێک ئەم چۆک دەدا، ئەو سواری پشتی دەبێ
جارێکی تر ئەو چۆک دەدا، ئەم سواری پشتی دەبێتەوە
ئەوە چ کەربازاڕییەکە،
حەزتان لەم سواربون و هاتنەخوارەوەیە!

(5)
کاتێک جگە لەم ژیانە پیسە و مردندا
هەڵبژاردنێکی تر نەماوە
من دەچم لە بەرزاییەکان بە ئازاری ئێوە دەمرم،
ئێوەش لە نزماییەکان بە شێتبونی من پێبکەنن..

(6)
ئەم خۆکوشتنەم ناوبنێن
هەڵبژاردنێکی تر بۆ ژیان!

هیوا سەعید




کورد له‌ سینه‌مای جیهانیدا …. هیوا سه‌عید

له‌ناو کورد هونەرمەندی گەورەی جیهانی ئەنتۆنی کوین به‌هۆی فیلمەکانی عومەر موختار و پەیامی ئیسلام بە تایبەتی له‌کن کورده‌ موسڵمانەکان یەکێکە لە کارەکتەرە پڕبەدڵ و زۆر خۆشەویستەکان. لە هەمان کات ئەو ئەکتەرە گەورە بە فیلمەکانی زۆربای یۆنانی و قەمبورەکەی نۆتردام (دوو ڕۆمانی بەناوبانگی نیکۆس کازانتزاکیس و ڤیکتۆر هۆگۆیە) وەک قارەمانی سەرەکی ئەو دوو فیلمە کارەکتەرێکی هەمیشە زیندوی ناو یاده‌وه‌ری خوێنەرانی کتێب و بینەرانی سینەمایە.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ کۆی ئه‌و فیلمانەی ئەو ئەکتەرە بەناوبانگە ڕۆڵی تێدا گێڕاوە دوجار کورد ئامادەیی هەیە، به‌ڵام هەردوجارەکە کورد بونێکی نێگەتیڤ و وەک خەڵکێکی دڕنده‌ و خراپه‌کار ده‌بینرێ‌.

سندبادی دەریایی کارەکتەرێکە لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە، دەرهێنەری ئەمریکی ڕیچارد واڵاس ساڵی ۱۹٤۷ بە فیلم بەرهەمی هێناوە، باس لە گەشتی هەشتەمی سندباد و گه‌ڕان به‌دوای گەنجینەی بزربوی ئەسکەندەری گەورە ده‌کات. سندباد لە گەشتەکەی ڕێگای دەکەوێتە بەسڕا، له‌ مه‌زادخانه‌یه‌ک به‌ ڕێکه‌وت توشی شیرین (کچەقارەمانی فیلمەکە و یەکێکە لە حەریمی ئەمیری بەسڕا) ده‌بێ، کاتێک خۆی بە سندباد دەناسێنێ و دەڵێ کچی عەلی کوردستانیم، سندباد بە سەرسوڕمانەوە پێی دەڵێ: یائەڵڵا ئەو سەربڕ و ڕێگرە باوکتە!

هەروەها تۆپەکانی ناڤارۆن ڕۆمانێکی ئاڵیستەر ماکڵینە دەربارەی جەنگی جیهانی دوەم، دەرهێنەری بەریتانی جۆن لی تۆمسۆن ساڵی ۱۹٦۱ کردویەتی بە فیلم. یەکەیەکی کۆماندۆی بەریتانی – ئەمریکی دەیانەوێ خۆیان بگەیەننە دورگەی ناڤارۆن بۆ تێکشکاندنی ئەو تۆپهاوێژە ئەڵمانه‌ نازییانه‌ی ڕێگری لە پەڕینەوەی کەشتییە جەنگییەکانی وڵاتانی ئیتیلاف لە دەریای ئیجە دەکەن. لەسەرڕێی چونیان بۆ دورگەکە بە هەڵە گومانیان لە پیاوێکی پاککەرەوەیە بەسەریانەوە سیخوڕ بێ، لەکاتی گرتن و لێپرسینەوەدا لەبەر تێنەگەیشتن لە زمانی پاککەرەوەکە ئەنتۆنی کوین وه‌ک ئه‌ندامێکی ناو یه‌که‌ کۆماندۆیه‌که‌ دەڵێ: تێیناگەم دەنگی بە کوردەکان دەچێت.

ئامانج له‌ ده‌ربڕینی ئه‌و قسه‌یه‌ بۆ ئەوەی ئاماژەیەک بگوازێتەوە بۆ گوێی بیسەران و تێگەیشتنێکی خراپی لێبکەوێتەوە، به‌و مانایه‌ی ئه‌و گومانلێکراوه‌ی به‌ تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیراوه‌ و نازانرێ کێیه‌ پێویستە ناسنامەی پێبدرێ، به‌ڵکو سیخوڕەکە وەکو دیمەنێکی هێزەکی لە خەیاڵدانی بینەراندا فۆرم وەربگرێ، هه‌تا سیخوڕ و ناسنامه‌که‌ (دەنگی بە کوردەکان دەچێت) بەیەکتر یەکسان ببنەوە و یەک تێگەیشتنی خراپ بدەن بەدەستەوە.

له‌ کتێبی هەزار و یەک شەوە (زیاتر بە نوسراوێکی عەرەبی دەزانرێت) ئاساییە تێگەیشتنێکی ترسناک و دڕندانە لەسەر کورد نوسرابێ، لەبەرئەوەی ژیانی سه‌ره‌تایی کورد لە شاخەکاندا بووە، ڕەنگە دانیشتوانی کەنار دەریا و بیابەنەکان له‌و مرۆڤە شاخاوییانه‌ ترسابن، ئەوەی ئاسایی نییە بۆچی زمان و دەنگی ئەو گومانلێکراوە بەدڵنیاییەوە بە تورکەکان و فارسەکان و عەرەبەکان ناچێ، بۆ بەنادڵنیاییەوە بە کوردەکان دەچێت!

ئایا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌‌ زمانی ئه‌وان ئاشنا و زانراوە بە گوێی دنیا و دەنگی کورد دەنگێکی نامۆ و نەبیستراوە؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ئاماژەکردنە بە ژێردەستەیی و نەبونی کورد، دەبێتە هۆکاری پرسیارێکی تر ئەو ژێردەستە و نەبوە بۆ که‌مینه‌یه‌کی تر نییە، بۆ له‌م ناوچه‌یه‌ بیریان هه‌ر بۆ کورد ده‌چێ، واتا بۆ ده‌بێ ته‌نیا کورد ئه‌و کەمینەیە بێ لە نزیک دورگەی ناڤارۆنی یۆنان سیخوڕی بەسەر وڵاتانی ئیتیلافەوە بکات؟

ئەو کەمەنەتەوانەی تری ناوچه‌که‌ دەنگیان ئاشنا و بیستراوە، یان دۆستی وڵاتانی ئیتیلافن و لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەکرێن و ناشێ گومانی خراپییان لێبکرێ، به‌س کورد وەک ژێردەستەیەکی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌کانی ناو ئومه‌تی ئیسلام (تورک و عەرەب و فارسه‌کان وه‌ک هاوسۆزانی ئەڵمانیای نازی) بە تایبه‌ت تورکه‌کان لەگەڵ ئەوەی خۆیان بە بێلایەن لە جەنگەکە (جه‌نگی جیهانی دوه‌م) ناساندوە، به‌ نهێنی کار بۆ سەرخستنی ئه‌ڵمانیا دژ به‌ وڵاتانی ئیتیلاف دەکەن و ئەرکی ئەو کارە نهێنییەش (سیخوڕی) به‌ ژێردەستەکەیان وه‌ک قۆچی قوربانییه‌ک به‌ کورد ده‌سپێرن، ئەگەرنا کورد بۆخۆی ئەو نەتەوە بەهێزە نییە بکەوێتە شەڕی ئەو زلهێزانە و سیخوڕی لەپێناو خۆی بەسەر ئەوانەوە بکات.

ئەوەی جێی سەرنجە دروستبونی ئەو تێگەیشتنە له‌کن ڕۆماننوسێکی بەریتانی وەک ئاڵیستەر ماکڵین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشینەیەی کورد لەناو خەلافەتی عوسمانی بەشدار بووە و ئەو خەلافەتە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لایەنگری ئەڵمانیای کردوه‌ دژ بە وڵاتانی ئیتیلاف، یان ئەوە فه‌نتازیای ڕۆماننوسێکه‌ و هیچ پەیوەندی بە سیاسەتی بەریتانیاوە نییە!

کەواتە دەکرێ لەسەر بنەمای هەمان تێگەیشتن ڕۆماننوسێکی کورد سایکس بیکۆ و دوباره‌ لێکدابڕاندنه‌وه‌ی جوگرافیای کوردستان، دواتر‌ له‌ په‌یمانی لۆزان له‌باربردنی ئۆتۆنۆمی کوردانی باکور و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی سیڤه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستهه‌ڵگرتنی ئه‌تاتورک له‌ ویلایه‌تی موسڵ، به‌ زۆرلکاندنی کوردانی باشور به‌ عێراق و هه‌ره‌سپێهێنانی شۆڕشه‌که‌ی شێخ مه‌حمود، نه‌پاراستنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌رته‌شی ئێرانی و له‌ناوچونی کۆماری مه‌هاباد، هه‌موو ئه‌و یاریپێکردن و به‌کارهێنانه‌ له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ بە باجی ئیسلامبون و تۆڵه‌یه‌ک له‌ کوردان تێبگات!

لێرەوەیە ئەو ئەدەب و هونەرەی شەڕی ئایینی و نەتەوەیی پێده‌کرێ و ده‌که‌وێته‌ خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیا لەبری پێکەوەژیان لە هەوڵی نانەنەوەی دوبەرەکی و بە دوژمنکردنی مرۆڤە بە یەکتر، بە مانای ئەوەی بێلایەنی خۆی لەدەست دەدا و دەبێ به‌ سیاسەت.




خیانەتم لێ بکە!… هیوا سەعید

لەو شاعیرە لاوازانە نیم
بڵێم خۆشەویستەکەم بێ وەفا بوو، بە تەنیا بەجێیهێشتم.

تۆ هیچ کات خۆشەویستم نەبوی،
خۆم بە قوربانت دەکرد، چێژم لەو بچوکییەی خۆم دەبینی!
نیەتم ئەوەبوو بەو ڕێیە داگیرت بکەم و
ئارەزوەکانم بەسەرتدا تاقیبکەمەوە.
سەیری ئەو دوڕوییەی من بکە
دەمویست بە نوشتانەوە بگەمە خۆشی
تەماشا عاشق و خواپەرست هەر یەک کەسن!

وەفا زیندانە،
بەو خیانەتە کەلەپچەی دەست و پێت کردەوە،
دەرونی خۆت واڵا کرد.
تەماشا مەعشوق و کۆیلە هەر یەک کەسن!
نە دەمەوێ بە چیرۆکی تەنیا مانەوەم
گەمە لەگەڵ سۆزی کەس بکەم،
نە ڕێ بە کەسیش دەدەم بەزەیی پێمدا بێتەوە.
ئەوە بە گەورەترین سوکایەتی بە خۆم و ئەو دەزانم.
تەماشا عاشق و سیاسی هەر یەک کەسن!

لەو شاعیرە بەهێزانەم
دەڵێم تۆ خۆشەویستم نەبوی، کەرەستەم بوی!
بێ وەفاییت نەکرد، خۆت ئازاد کرد.
کەسی من نەبوی هەتا بەجێمبێڵی
بە تەنیایی لەدایکبوم، بە تەنیایی دەمرم.




پێغه‌مبه‌رێکی منداڵ … هیوا سه‌عید

له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت له‌ پانتایی بچوک بچوکی ئایدیۆلۆژی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی ئێمه‌ی خستۆته‌ به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ک و لێکی دابڕیوین، بۆیه‌ یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانی هونه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ یه‌کترمان بکاته‌ دۆست و ئاشنامان بکاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ جوانه‌ بچێته‌ خانه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و جوانییه‌ ڕه‌وایه‌تی دانه‌ به‌ ناشیرینی، لێره‌وه‌یه‌ ئه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ی ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی نه‌دا به‌و ناشیریینییه‌ ئیش له‌سه‌ر خه‌یاڵه‌ جوانه‌که‌ ده‌کا، چونکه‌ له‌ دواجار ئه‌وه‌ی کێشه‌ی هه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌سه‌ر بکرێته‌وه‌ ته‌نیا مرۆڤه‌، ئینجا ئه‌و مرۆڤه‌ سه‌ر به‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ یان ژێرده‌سته‌ بێ.

له‌لای سینه‌ماکاره‌ گه‌وره‌کانی جیهان هونه‌ر چه‌کێک نییه‌ بۆ لێدان له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینێکی تر به‌ مه‌به‌ستی به‌رگری له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌کانی خۆیان، له‌ هیچ به‌رهه‌مێکی پییه‌ر پاۆلۆ پازۆلینی و ئه‌ندرێ تارکۆڤسکی کاری له‌م شێوه‌یه‌ نابینرێت. ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وان وه‌کو سینه‌ماکارێک له‌ جیهانیبون ده‌که‌ون و هونه‌ره‌که‌یان ده‌بێته‌ هونه‌رێکی لۆکاڵی.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌جید مه‌جیدی یه‌کێکه‌ له‌و سینه‌ماکارانه‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌کانیدا هونه‌ر ده‌خاته‌ خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیا و مه‌زهه‌بگه‌رییه‌وه‌، وه‌کو ئێرانییه‌کی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی فه‌قێ و شیعه‌ مه‌زهه‌بێک هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕی نه‌یاره‌کانیدایه‌، ئه‌و نه‌یاره‌ جارێک خۆی له‌ ئایدیۆلۆژیایه‌کی وه‌ک مارکسیزم ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌ فیلمی باران وێرانبونی ئه‌فغانستان ئه‌وه‌نده‌ی به‌ خه‌تای سوپای سۆڤییه‌ت ده‌زانێ به‌ خه‌تای تاڵیبانی نازانێ، یان له‌ دواترین به‌رهه‌می به‌ناوی )محه‌مه‌د په‌یامبه‌ری خوا( شه‌ڕی ئیسلامی سوننی ده‌کات.

له‌ فیلمه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی مسته‌فا عه‌قاد به‌ناونیشانی )په‌یامی ئیسلام( که‌ ئه‌و فیلمه‌یان جێگای ڕه‌زامه‌ندی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه‌، پێغه‌مبه‌ر له‌ سه‌روی ته‌مه‌نی چل ساڵیدایه‌ و به‌ شه‌ڕه‌کانی به‌در و ئوحد خه‌ریکی گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌یه‌تی، واتا له‌و فیلمه‌دا پێغه‌مبه‌رێکی شه‌ڕکه‌ر و په‌یامێکی توندوتیژت به‌رچاوده‌که‌وێ، که‌چی له‌و به‌رهه‌مه‌ی مه‌جیدی به‌س ژیانی منداڵی به‌ر له‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی محه‌مه‌د ده‌بینی، منداڵێکی نه‌رمونیانی فریشته‌ئاسا دوای ئه‌وه‌ی بێ باوک که‌وتوه‌ مامی له‌خۆی ده‌گرێ، ئه‌و مامه‌ش ئه‌بوله‌هه‌ب نییه‌، هه‌مزه‌ نییه‌، ئه‌بوتاڵیبه‌.

پڕکردنه‌وه‌ی ته‌واوی فیلمه‌که‌ به‌ ژیانی منداڵی پێغه‌مبه‌رله‌به‌ر گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌می منداڵی ئه‌و نییه‌، به‌ڵکو منداڵ ئاماژه‌یه‌ بۆ پاکی و به‌رائه‌ت، گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌جیدی له‌بری شه‌ڕانگێزی به‌در و ئوحد بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ له‌پێناو به‌فریشته‌کردن یان ڕاستر بۆ به‌عیساکردنی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌ده، هه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌و دنیابینییه‌ سۆفییانه‌ی ئێران بره‌وی پێده‌دا دژ به‌ مۆدێرنه‌ و شارستانییه‌تی خۆرئاوایی یه‌کبگرێته‌وه‌.

له‌ هه‌مان کات ئێران وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی جێگیری کستوکاڵی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شارستانییه‌ته‌که‌ی له‌ به‌رانبه‌ر بیابانشینه‌کانی دورگه‌ی عه‌ره‌بی و کلتوری هێرش و به‌تاڵانبردن که‌ دواتر له‌ ئیسلامدا له‌ فتوحات و غه‌زو ته‌رجه‌مه‌ ده‌بێته‌وه‌ خۆی دور بگرێ.

له‌ هه‌مووی گرنگتر بۆ ڕۆڵی ئه‌بوتاڵیبه‌ له‌ په‌نادان و له‌خۆگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ منداڵه‌، ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ نیشانبدا سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتنی په‌یامه‌که‌ی بۆ ئه‌بوتاڵیبی باوکی ئیمامی عه‌لی و باپیری حه‌سه‌ن و حوسێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و شیعه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ئێران ڕابه‌رایه‌تی ده‌کا، به‌ بیانوی ئیسلامبونه‌وه‌ نه‌که‌وێته‌ بن قه‌ڵمڕه‌وی عه‌ره‌ب و ئیسلامی سوننییه‌وه‌. به‌ مانای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بۆ خزمه‌تی شیعه‌گه‌رایی، له‌ کۆتایی مه‌زهه‌بی شیعه‌ وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ پاراستنی شوناسی ئێران.




من پیاوم … هیوا سەعید

من پیاوم
حەزم لێیە ماڵێکم هەبێ لە باخ
سێ جۆگەلە بەناویدا بڕوا
یەکێک شیر،
یەکێک هەنگوین،
یەکێک شەراب
هەمیشە تەڕ و شیرین و مەست بم!
بەهەشت وەکو خەیاڵی منە.

من پیاوم
حەزم لە ژنی زۆرە
ژنی جوان،
تازە بوک
هەموو شەوێک بە زاوا ببم!
بەهەشت وەکو خەیاڵی منە.

من پیاوم
حەزم لە ژیانێکی نەمرە
پیر نەبم،
نەخۆش نەکەوم،
هەر گەنج بم!
بەهەشت وەکو خەیاڵی منە.

من پیاوم
پەراسوی چەپم ئیرەییم پێ ببا
چەندین جۆری کوشتن هەیە
بە گوللە،
بە سێدارە،
سوتانی بە ئاگر لە هەموان کوشندەترە!
دۆزەخ وەکو خەیاڵی منە.

هیوا سەعید




نیشتیمان … هیوا سەعید

نيشتيمان چییە!
ئەو بازرگانە دزەیە
خۆراکی بەسەرچو دەفرۆشێ،
یان ئەو تەڕەفرۆشە فێڵبازەیە
تەرازوەکەی ناتەواوە،
یان ئەو نانەوا کەمتەرخەمەیە
نانی خاوم نەداتێ، هی سوتاوم دەداتێ؟

نیشتیمان چییە!
ئەو دراوسێیە بێباکەیە
لە ژورەکەم بمرم سەرێکم لێهەڵناکێشێ،
یان ئەو خزمە چەتەیە
کەسایەتی و
سامانم بە تاڵان تێدەگا؟

نیشتیمان چییە!
ئەو خاوەن خانوە چاوچنۆکەیە
لە نیوەی مانگەوە
تەنگی کرێیەکەم پێهەڵدەچنێ،
یان ئەو بەڕێوەبەرە بێهەستەیە
کاتژمێرێک لە کار دوابکەوم
هەموو ڕۆژەکەم بە نەهاتو دەژمێرێ؟

نیشتیمان چییە!
ئەو سیاسییە درۆزنەیە
بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی پێشوی بەجێنەهێناوە
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بەڵێنی دیکەم پێدەدا،
یان ئەو حیزبە خائینانەن
لە جەنگدا برایەکیان بە کوشتن داوم
براکەی ترم دەنێرن بۆ مفاوەزات؟

کەس پێم نەڵێ نیشتیمان خاکێکی بە پیتە
کەس پێم نەڵێ نیشتیمان ماڵە
کەس پێم نەڵێ نیشتیمان ئاساییشە

خاکی بەبێ هاوڕێ غوربەتە
ماڵی بەبێ خۆشەویست وێرانەیە

نیشتیمان کام ئاساییشە؟
ئەو هەزار گوێیەی
گفتوگۆی من و هاوڕێیەکەم دەبیستێ،
یان ئەو هەزار چاوەی
تەماشای ماچی من و خۆشەویستەکەم دەکا!




له‌باره‌ی سێکس و ئه‌خلاقه‌وه‌ … هیوا سه‌عید

کاتێک تێگەیشتنی سێکس لە تێگەیشتنی ئەخلاق دەبەسترێتەوە، لەگەڵ ناوهێنان و گۆکردنی وشەی سێکس یەکسەر کردەیەکی نائەخلاقی و دیمەنێکی نەشیاو و تێگەیشتنێکی نێگەتیڤمان بۆ دروست دەبێ. که‌چی سێکس په‌یوه‌ندی بە ئارەزو هەیە و ئەخلاق پەیوەندی بە ویست و ئیرادەوە هەیە و لە یەکتر جیاوازن. هه‌روه‌ها ئه‌م دووانه‌ ئاره‌زو و ویست له‌ به‌ریه‌ککه‌وتن و ململانێدان، هەندێک شت هەیە ئارەزو دەیەوێ و ویست دەبێتە ڕێگر لە بەردەمی و سەرکوتی دەکا، بە پێچەوانە زۆرجار ویست بەرگەی ئەو ململانێیە ناگرێ و دەکەوێتە بن دەسەڵاتی ئارەزوەوە. بۆیه‌ ده‌کرێ بڵێین سێکس چێژه‌ و ئه‌خلاقیش پابه‌ندبونه‌، یان پابه‌ندبونێکی ناوه‌کی و ده‌ره‌کییه‌.

لە زمانی ئینگلیزی هەردوو وشەی ئیتیک (Ethick) و مۆڕاڵ (Moral) کە بە مانای ئەخلاق دێن لە وەرگێڕانیان بۆ کوردی ئیتیک دەبێتە ڕەوشت و مۆڕاڵیش یانی ئاکار.
لەبەرئەوەی ڕەوشت ئەو جۆرە ئەخلاقەیە لە دەرەوە و لەلایەن ئەوانیتری وەک ئایین و کلتور و یاساکانی دەوڵەتەوە بەسەر مرۆڤ دەسەپێنرێ. به‌ مانای ئه‌وه‌ی هەندێک حەز و ئارەزو هەیە لە ترسی باج و سزادانی ئایینی و کلتوری و یاسایی مرۆڤ ناوێرێ مومارەسەیان بکا و پابەندبونی بە ڕەوشت پابەندبونێکە لە ترسان و ڕەوشتیش ئەخلاقێکی پیشەیی و هەڵبژاردنێکی ناچارییە.
لە بەرانبەردا ئاکار ئەخلاقێکە بێ هیچ ترس و سەپاندنێک لە ناوەوەی مرۆڤ دێتە دەرەوە و جگە لە گوێگرتن لە دەنگی ناوەخۆی پابەند نییە به‌و یاسا و ڕێسایانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بونی هه‌یه‌.

که‌واته‌ سێکس ئه‌وکاته‌ دەبێتە بێ ئەخلاقی ئەگەر هاتو ئارەزو لەپێناو تێرکردنی خۆی سڵی لە زۆرلێکردن و دەستدرێژی نەکردەوە و گوێی بەو دەنگە ناوه‌کییه‌ و به‌ ئاکار نەدا.
لێره‌دا نائەخلاقییەکە پەیوەست نییە بە وروژاندن و لێکخشاندنی جەستەیی، بەڵکو لەوەدایە بەرانبەرەکەی وەک کەرەستەی تێرکردن و لە خزمەت ئارەزوی خۆی بەکارهێناوە و ویست و ئیرادەی لێ زەوتکردوە. واتا بێ ئەخلاقییەکە لە زەوتکردنی ویست و ئیرادەکە دایە. ئه‌گه‌رنا کردەی سێکس بۆخۆی تەنیا چێژە و هیچی بەسەر بابەتی به‌ ئەخلاقی و بێ ئەخلاقییەوە نییە.




من مرۆڤێکی ئاسایی نیم … هیوا سه‌عید

تۆ دەبێ بیر لە من بکەیتەوە
هەمو کەس شایانی بیرلێکردنەوە نییە
من جیاوازم.

بە وردی بە باڵام هەڵگەڕێ
سەیری لەسەر پێ وەستانم بکە
سەیری بریسکەی چاوم بکە
سەیری دەستم و ئەو مشتانەی دەیانوەشێنم
پارچەیەکم لە هێز.

من بەرگەی تەنیایی دەگرم
تۆ هەمیشە خۆت بەوانیتر هەڵدەواسی
من بەهێزم
تۆ لاوازی
من خۆمم
تۆ ئەوانیتری
من لە ئێستا دەژیم
تۆ لە ڕابردو دەژی، لە داهاتو دەژی
من بەختەوەرم
تۆ دڵتەنگی
من بڕیار دەدەم
تۆ بڕیار دەدەیت و پەشیمان دەبیتەوە.

چبو..!
هەستت بەوەکرد خۆهەڵکێشم؟
هەستت بە هەڵەی دابردی
من خۆم دەناسم
تۆ خۆت ناناسی.

تێگەیشتی چیم وت!
وتم هەست هەڵەکارە
ئەم وشانەم بە دڵڕەقانە دەبیستی،
بە بێبەزەییم تێدەگەی،
لەو خۆبەگەورەزانییەم زویر دەبی،
زویر بە.
ئەدی نەمگۆ دەست دەوەشێنم!

من بەڵام!
ئەوەی توشم دەبێ، لێم نابێتەوە
هەرچەندە پیرۆزییەکانم شکاندی
هێشتا ناتوانی دەستبەردارم بی.
ئەدی نەمگۆ هەمو کەس شایانی بیرلێکردنەوە نییە!

لەنێوان خۆبەگەورزانی و چاکیم
لەنێوان دڵڕەقی و ڕاستگۆییم
لەنێوان بێبەزەیی و یەکڕوییم
سەرت لێم سوڕماوە.
ئەدی نەمگۆ من جیاوازم!

جیاکردنەوەی شەکر لە خوێ قورسە
ئەوەندە لێم وردبەوە هەتا دەبی بە مێرولە
من مەتەڵێکی ئاڵۆزم
ئاشکرام بکەی، وەک منت لێ دێ
وەک من گەورە.




مامۆستای من … هیوا سه‌عید

ئەفلاتونم خوێندەوە
بەڵام بە مامۆستای خۆم دانەنا
هیگڵیشم خوێندەوە
هەر بە مامۆستای خۆم دانەنا
نیچەشم خوێندەوە
ئەویشم بە مامۆستای خۆم دانەنا.

بە منداڵی
کچێک هەبوو
هەموو جارێ دایکم دەی وت
گەورە ببی بۆت دەخوازم
هەتا من گەورە بووم
کچەکە بزر بوو
مامۆستای من ئەو کچە بوو.

ئەگەر عەشقی ئەو نەبا
لە فۆرمە بەرزەکانی ئەفلاتون نەدەگەیشتم
نەمدەزانی لە میتافیزیکدا
فۆرم هێزە یان کردار
ئەو کچە فۆرمی ناو سەرم بوو.

ئەگەر عەشقی ئەو نەبا
لە دیالێکتیکی هیگڵ نەدەگەیشتم
نەمدەزانی هۆش چۆن دەبێتە دوو بەش
ئەو کچە هۆشمی لەخۆی دابڕی.

ئەگەر عەشقی ئەو نەبا
لە سوپەرمانەکەی نیچە نەدەگەیشتم
نەمدەزانی خوا چۆن دەمرێ،
یان خواش هەمان فۆرمه‌کانی ئه‌فلاتونه‌
ئەو کچە خوای من بوو.

ئەوەی فرمێسکی چاوی مەولانای تام نەکردبێ
کێ لە بۆدلێر دەگا که‌ ده‌ڵێ:
سەرەتا خۆشەویستەکەم ماچ دەکەم
ئینجا پێی دەڵێم خۆشمدەوێی.

ئەوەی بە منداڵی
دایکی خەونێکی لەسەر نەنابێ
وەکو حەللاج کوشتنم بە هەق دەزانێ بە کچێک دەڵێم خوا!
ئەوە وشەکانی دەمی دایکم بوو
منی کافر کرد.




من پیاوێکی سیاسیم … هیوا سەعید

من پیاوێکی سیاسیم
ناسینی کەسم لێ زیاد نییە
زانا و نەزان
مەلا و قەحپە
شاعیر و بازرگان
هەمووی بە دۆستی خۆم دەزانم
ئەوەی گوێی هەیە با تێبگا.

من پیاوێکی سیاسیم
لە پشتەوە دەوەستم بۆ ئەوەی بچمە پێشەوە
نۆرە دەگرم بۆ ئەوەی نۆرەبڕی بکەم
سڵاو لە هەموان دەکەم
بۆ ئەوەی وەڵامی کەس نەدەمەوە
لەگەڵ هەژارەکان دادەنیشم
بۆ ئەوەی بگەمە سەرمایەدارەکان
ئەوەی چاوی هەیە با ببینێ.

من پیاوێکی سیاسیم
لە پەنا لێبوردەیی گەورەییم دەوێ
کوێرێک لە شەقام دەپەڕێنمەوە
بۆ ئەوەی چاوساغەکان بە هەڵدێردا ببەم
قۆڵ دەخەمە بن باڵی شەلێک
بۆ ئەوەی ڕاوەستاوەکان بەردەمەوە
کە بۆ منداڵێک دەنوشتێمەوە و دەست لە ملی دەکەم
بۆ ئەوەیە گەورەکان
لە بەردەمم بکەونە سەرچۆک و
دەست بە پێمەوە بگرن
ئەوەی هۆشی هەیە با بیر بکاتەوە.




ژنیش هه‌ر پیاوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش … هیوا سه‌عید

لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا لەبەرئەوەی ژن بە بونەوەرێکی لاواز دەبینرێ منداڵیش به‌ گریان و فرمێسک ڕشتنی دایکی ده‌که‌وێته‌ دۆخی بەزەیی پێهاتنەوه‌‌، بە پێچەوانەوە پیاو بە کەسێکی بەهێز تەماشا دەکرێ و منداڵ بە شکستی باوک تێکدەشکێ.

فرۆید ده‌ڵێ گه‌لی به‌نی ئیسڕائیل له‌ ده‌ست و بازوو و هێزی موسادا وێنای خوایان ده‌کرد و له‌ خوا تێده‌گه‌یشتن. میشێل فوکۆش ده‌ڵێ سه‌ره‌تا وێنه‌ مرۆڤی به‌ هه‌ڵه‌دا بردووه‌ و بیروباوه‌ڕی ناڕاستی بۆ دروست کردووه‌.

له‌ میتۆلۆجیای یۆنانی لایۆس پاشای شارێکه‌ به‌ناوی تیبا، دوای چه‌ند ساڵ له‌ مه‌راقی بێ منداڵی له‌گه‌ڵ جۆکاستای هاوسه‌ری وتوێژی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن بچێته‌ شاری دێلفی لای کاهینه‌کانی ئه‌پۆڵۆ پێشبینی داهاتووی بۆ بکه‌ن. که‌ ده‌چێ یه‌کێک له‌ کاهینه‌کان پێی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر منداڵت ببێ ئه‌و منداڵه‌ تۆ ده‌کوژێ و دایکی خۆشی له‌ خۆی ماره‌ ده‌کاته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ لایۆسی پاشا نایه‌وێ ڕوبه‌ڕوی ئه‌و چاره‌نوسه‌ ببێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کوڕێکیان ده‌بێ به‌ناوی ئۆدیب. به‌ ناچاری یه‌کێک ڕاده‌سپێری ئه‌و منداڵه‌ ساوایه‌ ببا له‌ دووری ئاوه‌دانی فڕێیبدا و له‌ برسان بمرێ. چاره‌نوس به‌ دڵی ئه‌و ناکه‌وێته‌وه‌ شوانێک منداڵه‌که‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ و ده‌یبا بۆ شاری کۆرینت، له‌وێ ده‌یبه‌خشێ به‌ پاشای شاره‌که‌. پۆلیباس پاشای ئه‌و شاره‌ و ژنه‌که‌ی منداڵیان نابێ، ئۆدیب ده‌که‌ن به‌ کوڕی خۆیان.

ئۆدیب گه‌وره‌ ده‌بێ و ڕۆژێک سه‌رخۆشێک پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ ئه‌و کوڕی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و دایک و باوکه‌ نییه‌، هه‌رچه‌ند پاشا و ژنه‌که‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ به‌س ئه‌و هێشتا دڵنیا نییه‌، بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دا بچێته‌ شاری دێلفی لای کاهینه‌کانی ئه‌پۆلۆ هه‌تا له‌ ڕاست و دروستی ئه‌و قسه‌یه‌ بکۆڵێته‌وه‌. کاهینه‌که‌ دیسان ده‌ڵێ تۆ له‌ دواڕۆژ باوکی خۆت ده‌کوژی و دایکیشت له‌خۆت ماره‌ ده‌که‌یه‌وه‌. تا ڕێ له‌و پێشهاته‌ بگرێ ناگه‌ڕێته‌وه‌ کۆرێنت به‌ڵکو سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ڕوو له‌ شاری تیبا جێی له‌دایکبوون و شاری دایک و باوکه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆی ده‌کا. که‌‌ ده‌گاته‌ ده‌روازه‌ی شاره‌که‌ گالیسکه‌یه‌ک و چه‌ند سه‌ربازێک له‌ناو تیبا ڕادێن، له‌و‌ به‌یه‌کداچوون و لێکگیربوونه‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کامه‌یان تێپه‌ڕ ببن ده‌بێته‌ کێشه‌ و شه‌ڕیان، له‌ شه‌ڕه‌که‌دا ئۆدیب هه‌موویان ده‌کوژێ. دواتر به‌ره‌و ناو شار ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ڕێگا ڕێکه‌وتی خه‌ڵکانێک ده‌کا له‌ شاره‌که‌ بارده‌که‌ن، لێیان ده‌پرسێ بۆچی ده‌ڕۆن؟ پێی ده‌ڵێن له‌ چیاکانی ئێره‌ ده‌عبایه‌ک دێته‌ خواره‌وه‌ پرسیار له‌ خه‌ڵک ده‌کا ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ی نه‌زانێ ده‌یخوا.

ئۆدیبیش یه‌کسه‌ر ده‌چێته‌ ناو چیاکان ده‌عباکه‌ ده‌بینێته‌وه‌ و وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕاستی ده‌داته‌و، له‌ ترسی زیره‌کی ئۆدیب ده‌عبایه‌که‌ هه‌ڵدێ و خه‌ڵکه‌که‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌که‌یان. له‌بری ئه‌و چاکه‌یه‌دا‌ ئۆدیب به‌ پاشای تازه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و جۆکاستای ژنی پاشا کۆنه‌که‌ش که‌ کوژراوه‌ لێی ماره‌ ده‌که‌نه‌وه. له‌ سه‌رده‌می‌ پاشای تازه‌دا تاعونێک ڕوو له‌ شاری تیبا ده‌کا، که‌سێک ده‌نێرن بۆ دێلفی لای کاهینه‌کانی ئه‌پۆلۆ له‌ هۆکاری ئه‌و تاعونه‌ بکۆڵێته‌وه‌. که‌سه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ڵێ کاهینه‌کان وتیان چاره‌سه‌ری ئه‌م تاعونه‌ به‌وه‌ ده‌کرێ بکوژی پاشای پێشوو بدۆزرێته‌وه‌. له‌و ماوه‌ی ئۆدیبی پاشا خه‌ریکی گه‌ڕان و لێپێچینه‌وه‌ ده‌بێ به‌دوای بکوژی پاشا کۆنه‌که‌ هه‌موو ئه‌و نهێنییانه‌ی بۆ ئاشکرا ده‌بێ که‌ ئه‌و خۆی له‌ ده‌روازه‌ی شار لایۆسی پاشا (که‌ ده‌کاته‌ باوکی خۆی) کوشتو‌ییه‌تی و ژنه‌که‌شی (که‌ ده‌کاته‌ دایکی خۆی) له‌خۆی ماره‌ کردۆته‌وه‌. به‌ زانینی ئه‌و ڕاستییانه‌ وه‌ک شه‌رمه‌زارییه‌ک له‌و کرده‌وانه‌ی هه‌ردوو چاوی خۆی کوێر ده‌کات و له‌ شاری تیبا‌ ده‌ڕوا.

له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ فرۆید گرێی ئۆدیب ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ر له‌ فرۆیدیش دۆستۆیفسکی له‌ ڕۆمانه‌کانی‌ به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ی گرێی ئۆدیبی هه‌یه‌ کردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆمانی سوک و ڕسواکان به‌وه‌ی کوڕی پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌بێ دایکی و به‌ چه‌پێندراوی له‌ بن ده‌سه‌ڵاتی باوکێکی پاره‌دار گه‌وره‌ ده‌بێ. ئه‌وکاته‌شی به‌نیازی هاوسه‌رگیرییه‌ ده‌که‌وێته‌ پێش دوو هه‌ڵبژاردن له‌نێوان خۆشه‌ویستی کچێکی هه‌ژار و کچێکی ده‌وڵه‌مه‌نددا‌. باوکه‌که‌ کچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ به‌ هاوشانی خۆی ده‌بینێ و زۆر له‌ کوڕه‌که‌ی ده‌کا ئه‌ویان بخوازێ، کوڕه‌که‌ش‌ ویستی به‌لای کچه‌ هه‌ژاره‌که‌یه‌، مامه‌ڵه‌ی ئه‌و کچه‌ هه‌ژاره‌ له‌گه‌ڵێدا مامه‌ڵه‌یه‌که‌ نازی هه‌ڵده‌گرێ و به‌ده‌مییه‌وه‌ ده‌چێ و چاودێری ده‌کا به‌ کورتی مامه‌ڵه‌یه‌کی دایکانه‌یه‌‌. یان له‌ ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ دۆستۆیفسکی له‌ ڕێی سێ برای دایک مردوو (ئه‌لێکسی برا‌ گچکه‌ به‌دینه‌که)، (ئیڤان برا ناوه‌ندییه‌‌ بێدینه‌که‌) له‌گه‌ڵ (دیمیتری برا گه‌وره‌یان که‌ نه‌ به‌دینه‌ نه‌ بێدینه)‌. ده‌یه‌وێ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌ بخاته‌ڕوو، ئه‌وه‌شمان نیشان ده‌دا ئه‌و برا گه‌وره‌یه‌ (دیمیتری) چۆن پیرۆزییه‌کان ده‌شکێنێ و حه‌ز له‌ ده‌زگیرانه‌که‌ی باوکی ده‌کا به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ک ئۆدیب په‌شیمان ببێته‌وه‌ یان له‌ شه‌رمه‌زاری ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی‌ خۆی کوێر بکا.

فرۆید پێیوایە منداڵ بە ساوایی کاتێ دایکی شیری پێدەدا و ژێری پاک دەکاتەوە و لە باوەشی خۆی دەیلاوێنێ ئەو جۆرە چاودێری و خزمەتکردن و نازکێشانە هەستێک لە ناخی منداڵەکە ده‌چێنێ واتێدەگا ئەو شتانە تەنیا بۆ ئەوە و ئەو ژنە موڵکی خۆیەتی. کاتێکیش بۆ نموونه‌ منداڵی نێرینە دەزانێ دایکی ئه‌و خزمەت و نازهه‌ڵگرتنه‌ بە مێردەکەشی دەدا ئیدی بە پەیدابوونی ئەو هاوبەشە هەستی بریندار ده‌بێ و باوکەکە بە ناحه‌زێک دەبینێ و بە ئاواتی له‌ناوچونییه‌تی. یان لە ته‌مه‌نێکی گه‌وره‌تردا وەک ئەو ماڵە خانەدانانەی ڕێدەکەوێ ئەو ژن و مێردەی منداڵەکەیان لە ژوری نوستنی خۆیان دەنوێنن چاوی بەو دیمەنانەی لە سەرجێی ژن و پیاودا ڕودەدا بکەوێ. لەو تەمەنەیدا هیچ لە پەیوەندی ئەوان تێناگا هەرئەوەندە هەست بە توندوتیژییەک لە جوڵە و تاودانی باوکی بۆ دایکی دەکا. ئه‌گه‌ر لە فرسەتێکیشدا بیەوێ ئەو جوڵە و تاودانه‌ی باوکی بۆ دایکی دووبارە بکاتەوە، له‌وانه‌یه‌ دایکی پێی بڵێ باوکت بتبینێ چوکت دەبڕێ. ڕه‌نگه‌ منداڵه‌که‌ به‌و سەرکوتکردنە بگاته‌ ئه‌وه‌ی کچەکان بۆیه‌ ئەندامی نێرینەیان نییە باوکیان لێی بڕیون.

لێره‌دا ئەو باڵادەستییەی باوکی بەسەر خۆی و دایکی دەبێتە مایەی هەڵگرتنی قینێکی شاراوە لە باوکی و سۆزێک بەلای دایکیدا. دواجار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ خۆی و دایکی وەک دوو قوربانی لاواز و ملکەچ لە بن باوکە دەسەڵاتدار و زەفتکەرەکەی دێته ‌به‌رچاو له‌ هه‌مان کات دروستبوونی ئه‌م قینه‌ له‌ باوک و ئه‌م سۆزه‌ بۆ دایکی به‌رهه‌می بینین و بیستن یان وێنه‌ و وشه‌یه‌.

جاک لاکانیش له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا یەکەم نامۆبوون بۆ قۆناغی ئاوێنەیی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌و قۆناغه‌ی منداڵ خۆی نەناسیوە و نازانێ ئەو کەسەی ناو ئاوێنەکە خۆیەتی، منە بچوکەکەی به‌راورد به‌ وێنه‌ گەوره‌که‌ی ناو ئاوێنەکە تێکشکاوە و لە هەوڵی ئەوە دایە بەشێوەیەکی خەیاڵی ئەو تێکشکانە چاک بکاتەوە و ببێ بە کەسی ناو ئاوێنەکە.
لە قۆناغێکی گه‌وره‌تریشدا دایک و باوک بە وشە منداڵەکەیان ئاڕاستە دەکه‌ن و چوارچێوه‌ی بوونی بۆ داده‌نێن.

ئه‌و بۆچوونه‌ی فرۆید ئه‌وه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌ گرێی ئۆدیب ئه‌و گرێیه‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا له‌لایه‌ن کوڕه‌وه‌ مه‌یلی بۆ دایکی هه‌یه‌ و باوکی وه‌ک به‌ربه‌ستێک ده‌بینێ، له‌ ئه‌نجامدا ڕقی له‌ باوکی وه‌ک پیاوێک ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و چه‌پاندنه‌ش‌ له‌ داهاتوو مایه‌ی ئه‌وه‌یه‌ مه‌یلی به‌لای پیاودا بکه‌وێ. یانی جارێکی تر ڕۆڵی ژنبوون (مێیینه‌بوون)ی دایکی له‌ به‌رده‌م باوکیدا بگێڕێته‌وه‌‌.

هه‌روه‌ها جیا له‌ ئۆدیب، ئه‌لێکترا له‌ میتۆلۆجیای یۆناندا کچی ئاگامه‌منون پاشایه‌، له‌وکاته‌ی باوکی ده‌چێته‌ شه‌ڕی ته‌ڕواده‌ کلمنسترای دایکی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ پیاوێکی تر داده‌نێ و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مێرده‌که‌یدا به‌ پیلانێک به‌ده‌ستی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌یکوژێ و ده‌سه‌ڵات‌ ده‌گرنه‌ده‌ست. له‌ کاردانه‌وه‌ی ئه‌م خیانه‌ته‌ له‌ باوکیان ئه‌لێکترا و برایه‌که‌ی له‌ دایکیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، سزای ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ش به‌ گیرانی ئه‌لێکترا و هه‌ڵاتنی برایه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێ. دوایی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌لێکترا له‌ زیندان به‌رده‌بێ هێشتا له‌ یاخیبوونه‌که‌ی به‌رده‌وامه‌ و وه‌ک ناڕه‌زایه‌تییه‌ک له‌ دایکی پرچی خۆی ده‌بڕێ، ئه‌مجاره‌یان سزاکه‌ی ده‌بێته‌ نه‌فیکردن. له‌ ماوه‌ی نه‌فیبوونه‌که‌یدا به‌ یارمه‌تی برایه‌که‌ی پیلانێک داده‌نێن کلمنسترای دایکیان و خۆشه‌ویسته‌که‌ی بکوژن، هه‌رواش ده‌که‌ن و ئه‌لێکترا به‌ده‌ستی خۆی دایکی خۆی ده‌کوژێ.

گرێی ئه‌لێکتراش ئه‌و گرێیه‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵی له‌لایه‌ن کچه‌وه‌ مه‌یلی بۆ باوکی هه‌یه‌ و دایکی به‌ ڕێگر‌ تێده‌گا، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ دایکی وه‌ک ژنێک ببێته‌وه‌. دواتریش وه‌کو تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه‌ک له‌ دایکی که‌ بۆته‌ هۆی لێکردنی ئه‌و و باوکی حه‌ز له‌ ژن ده‌کا. به‌ مانای ئه‌وه‌ی جارێکی تر ڕۆڵی پیاوبوون (نێرینه‌بوون)ی باوکی بۆ دایکی ده‌گێڕی و به‌رجه‌سته‌ی ده‌کاته‌وه‌.

که‌چی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی لاکان ئه‌و مه‌یله‌ی کچ به‌لای باوک و نیگه‌رانی له‌ دایکی له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ دایکەکە خۆی فالۆسە (ئەوەی نییەتی) و ئەویشی بە فالۆسی هێناوه‌ته‌ بوون، ناچار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کچه‌که‌ لە باوکی نزیک دەبێتەوە. واتا بوونه‌ تێکشکاوه‌که‌ی له‌ پانتایی واقیعدا به‌شێوه‌یه‌کی خه‌یاڵی چاک ده‌کاته‌وه،‌ چونکه‌ حه‌ز له‌پێناو تێربوونیدا باز به‌سه‌ر واقیع ده‌دا و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ پانتایی خه‌یاڵی و پانتایی سیمبولی و جێگۆڕکێی ئه‌م به‌ویتر و سه‌رتریش ده‌ڕوا تا ئاژۆتن و ملکه‌چی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ سێکس جه‌سته‌ نییه‌، وێناکردن و خه‌یاڵه.‌

له‌ کۆتایی میشێل فوکۆ له‌وه‌ زیاتریش ده‌چێ و ده‌ڵێ ڕه‌گه‌زیش بوونی نییه‌، ئه‌م دابه‌شکارییه‌ وشه‌ دروستی کردووه. که‌واته‌ به‌ گۆڕینی مانای وشه‌کان کلتوریش ده‌گۆڕێ و ئه‌و جیاوازییه‌ ڕه‌گه‌زی و جۆره‌ وێناکردنه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.




لەشفرۆشی ڕۆژهەڵاتی … هیوا سەعید

دواجار كه بينيم
وتي جيابونەوه ئادابی خۆی هەيه
پێويسته نهێنييەكانيشمان بپارێزين
بەڵام من دەست بەو ئادابەوه ناگرم
نهێنییەکان ئاشكرا دەکەم
یەکەم جار ئەوم لە یانەیەکی شەوانە بینی
چیرۆکی خۆی بۆم گێڕاوە
وتی هەژاری ناچاری ئەو کارەی کردم
وتی باوکم پەککەوتەیە،
وتی لە خانوی کرێداین،
وتی برایەکانم بێکارن و ئێمەش برسیمانە
مژێکی قوڵی لە جگەرەکەی دا و هەناسەیەکی گەرمی دایەوە.
وتی چبکەم ناچارم!
ئەوشەوە ئەوم وەک لەشفرۆشێک ناسی.

ڕاستترە بڵێم لەشفرۆشیكم خۆشویست
پێش من هەر پیاوێک لەگەڵی نوستبوو پێیوتبو خۆشمدەوێی
من لێم پرسی کاممان پیسین
وتی من
وتم بە قسەی کێ عیسا لە مەریەمی مەجدەلی پاکترە!
هەستی بەوە کرد گێلەپیاوم.

ئەو لەشفرۆشی ناو شانۆگەرییە ڕۆمانسییەکان نەبوو
لە بری پارە
ئەوەندە بۆ ئەو بەس بێ
ڕەفتەکەی سەری دایکم بکەمە ملی و
ئیدی وەکو ژنێکی داوێن پاک سەیری بکەم.

ئەو لە ناوەوە پاکیزەیی لەدەستدابوو
لە نێوان قەڵەم و سوراو هەر خەریکی سوراو بوو
لە نێوان شیعر و جوانکاری هەر بەدوای جوانکاری بوو
لە نێوان کتێبخانە و ئارایشتگا هەر لە ئارایشتگا بوو.

جارێک وتم شاعیرێک دەڵێ
پیاوی ڕۆژهەڵاتی تەنیا لەسەرجێ ژن دەناسێ
وتی ژنی ڕۆژهەڵاتیش پیاو بەو شێوە نەبێ
بە پیاوی نازانێ!

ئەو نهێنییەی ئەو خەمی بوو
ئەوە نییە وەک لەشفرۆشێک باسی بکەم
لە دەمەدەمێکدا وتبوم تۆ ژن نیت کاڵای
لە قاقای پێکەنینیدا،
وتی دەنا من نوێنەری کیشوەرێکم
لێرە هیچ ژنێك نادۆزیتەوە
وەک من بیرنەکاتەوە!




له‌ نێوان سیاسی و فه‌یله‌سوفدا … هیوا سه‌عید

سیاسی‌: بۆچونێک هه‌یه‌ ده‌ڵێ ئەوەی بزانێ دیالێکتیک چییە فەیلەسوفە.
فه‌یه‌له‌سوف‌: له‌ دیالێکتیکی هیگڵ هۆش لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش، دواتر لە نێوان ئەو دوو بەشە ململانێ سه‌رهه‌ڵده‌دا، سه‌ره‌تا بەشێکیان دەبێ بە چاودێر بەسەر ئەویتر، بەشەکەی دیکەش دەبێ بە کەرەستە و بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم.

سیاسی‌: پێش سه‌رهه‌ڵدانی ململانێکه‌ ئەو دابڕانە لەناو هۆش چۆن ڕودەدا؟
فه‌یله‌سوف‌: سوکرات‌ دەڵێ خۆت بناسە، مەبەستی له‌ خۆناسین ئەوەیە خۆت فێری زانین بکە به‌ڵکو به‌ زانین هۆشت لەخۆی داببڕێ و ببێتە دوو بەش، بۆ ئەوەی بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆت بە ئاگا بی و هۆشیاریت لەبارەی خۆتەوە هەبێ.
که‌چی له‌ ڕوانگه‌ی سارتەر بەشی دووەمی هۆش لە ڕێی زانینەوە دروست نابێ، چونکە بەشی دووەم بە دابڕان لە بەشی یەکەمی هۆشەوە پەیدا دەبێ.

سیاسی‌: هێشتا وەڵامه‌که‌ ڕون نییە، دیسان ئایا هۆش چۆن لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش؟
فه‌یه‌له‌سوف‌: ئەلبێر کامۆ پێیوایه‌ مرۆڤ بەرلەوەی یاخی ببێ هەست بە چەوسانەوەیەک لەلایەن ئەوانیتر یان نامۆبوون و دابڕانێک لەوانیتر دەکا، ئیدی لەو دۆخه‌ هۆشیار ده‌بێته‌وه‌ و به‌ هه‌لو‌مه‌رجی خۆی ده‌زانێ. بەو مانایەی خۆی دەناسێ و لەخۆی بە ئاگا دەبێ. واتا هۆشی لێک داده‌بڕێ و ده‌بێ به‌ دوو به‌ش، بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆی دەکۆڵێتەوە و تێگەیشتنی لەسەر خۆی ده‌بێ.

سیاسی‌: هه‌تا هۆش له‌خۆی دانه‌بڕێ و نه‌بێته‌ دوو به‌ش ئه‌و هۆشه‌ زانین وه‌رناگرێ، بۆچی فه‌یله‌سوف ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی خۆی لای ئه‌و که‌سانه‌ی تێناگه‌ن به‌ خه‌سار ده‌دا؟
فه‌یله‌سوف: ڕه‌نجبه‌رێکی ماندوو به‌لای فه‌یله‌سوفێکدا تێده‌په‌ڕێ، ئه‌ویش داوای ئه‌وه‌ی لێ ده‌کا که‌مێک له‌کنی پشوو بدا. دوای ئەوەی ڕەنجبەرەکە دادەنیشێ فەیلەسوفەکە ده‌ڵێ بۆ ئەوەی لەو چەوسانەوەیە ڕزگارت ببێ گوێ بگرە لەو زانینەی فێرت دەکەم.
یه‌که‌م: پرسیارێک لە تۆ نەکرا لەخۆتەوە وەڵام مەدەوە، دووه‌م: شتێك لە تۆ داوانەکرابوو مەیدە.
ڕەنجبەرەکه‌ش به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ دەڵێ چاک نەبوو زانینەکەت بەخۆڕایی بوو ئەگەرنا پارەکه‌شم دەچوو.

سیاسی‌: فه‌یله‌سوفه‌که‌ به‌و گاڵته‌پێکردنه‌ هه‌ستی نه‌ڕوشا؟
فه‌یله‌سوف‌: به‌ تێگه‌یشتنی هایدگه‌ر ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه‌ بۆیه‌ بوونیشی له‌ناوخۆیتی و خۆی ده‌رنه‌خستووه‌. ئه‌و جۆره‌ بوونه‌ش بوونێکی ناڕه‌سه‌نه‌ و توانای تێگه‌یشتنی له‌ زمانی ئه‌و مرۆڤه‌ ڕه‌سه‌نه‌ نییه‌ که‌ بوونی خۆی ده‌رخستووه‌ و قسه‌کانی تێگه‌یشتن ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌. کاتێکیش فه‌یله‌سوفه‌که‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌زانێ و ئاستی زانینی ئه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێنی نه‌ک خه‌م له‌و سوکایه‌تییه‌ی ئه‌و به‌ زانینه‌که‌ی کرد ناخوا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جارێکی تر له‌ بازاڕ ڕێکه‌وتی ده‌کاته‌وه‌ ده‌بێنێ ڕه‌نجبه‌ره‌که‌ ده‌ستگیرکراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک ویستویه‌تی کاڵه‌ک بخوا ئه‌م له‌خۆیه‌وه‌ چه‌قۆی پێداوه‌. که‌سه‌که‌ش که‌ چاوی به‌ چه‌قۆیه‌که که‌وتووه‌‌ هاواری کردووه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ له‌ من دزراوه‌ ئه‌و دزه‌ بگرن. فه‌یله‌سوفه‌که‌ش له‌وه‌ به‌ ئاگایه‌ ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره‌ بوونێکی له‌ناوخۆ و ناڕه‌سه‌نی هه‌یه‌‌، زمانه‌ له‌کارکه‌وتووه‌که‌ی تێگه‌یشتن نادا به‌ده‌سته‌وه‌ و هی ئه‌وه‌ نییه‌ بتوانێ به‌رگری پێ له‌خۆی بکا، به‌ بن گوێیدا ده‌چرپێنێ:‌ کاتی خۆی فێرم کردی شتێک له‌ تۆ داوانه‌کرابوو مه‌یده‌ گوێت لێم نه‌گرت. ئه‌مجاره‌ جوان گوێبگره‌، بڵێ: نازانم ئه‌و چه‌قۆیه‌ هی کێیه‌ و ده‌مێکه‌ به‌دوای خاوه‌نه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێم له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌و چه‌قۆیه‌ باوکم کوژراوه‌.

سیاسی‌: فه‌یله‌سوفه‌که‌ پێشتر له‌ فێرکردنی ڕه‌نجبه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون کردبوو زانین به‌ زانین دروست نابێ و ده‌بێ هۆش له‌خۆی داببڕێ ئینجا زانین وه‌رده‌گرێ.
فه‌یله‌سوف‌: فه‌یله‌سوفیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر فێر ده‌بێ.

سیاسی‌: دووباره‌ به‌ هانای ڕه‌نجبه‌ره‌که‌وه‌ چوو ویستی چی فێر بکا؟
فه‌یله‌سوف: زانین چاکه‌یه‌.

سیاسیی: ئه‌و هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه، فێرنابێ‌.
فه‌یله‌سوف‌: ڕه‌نگه‌ دوای ئه‌و ڕوداوه‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی خۆی بکا و ئه‌و هه‌سته‌ش ببێته‌ هۆکارێک هۆشی لێک داببڕێ و به‌خۆییدا بچێته‌وه‌.

سیاسی‌: که‌واته‌ ده‌بێته‌‌ فه‌یله‌سوف.
فه‌یله‌سوف‌: ئەو هۆشه‌ی له‌خۆی داده‌بڕێ و ده‌بێته‌ دوو به‌ش ڕاسته‌ له‌مه‌ودوا ئاماده‌یی تێگه‌یشتنی هه‌یه، پێویسته‌ زانینیشی تێبکرێ.

سیاسی‌: بۆ تێگه‌یشتن و زانین یه‌ک شت نین؟
فه‌یله‌سوف‌: ژماره‌حیسابی توانای لێکدانه‌وه‌ی سه‌دان و هه‌زاران ژماره‌ی هه‌یه‌ یانی باش تێده‌گا، به‌ڵام تا ژماره‌ی پێنه‌ده‌ی هیچی پێ لێکنادرێته‌وه‌، به‌ مانای ئه‌وه‌ی تا زانینی پێنه‌ده‌ی توانای تێگه‌یشتنی نییه‌.

سیاسی‌: مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌ فه‌یله‌سوف جگه‌ له‌ تێگه‌یشتن ده‌بێ زانینیشی هه‌بێ؟
فه‌یله‌سوف‌: ئه‌وانه‌ی به‌بێ زانینی هۆشه‌کی تێگه‌یشتنیان هه‌یه که‌ره‌سته‌ی زانینیان زۆر نییه‌‌‌ و هه‌ر ئه‌و به‌شه‌ هۆشه‌ی بۆته‌ بابه‌ت بۆیان و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی له‌ ڕێی هه‌سه‌ته‌وه‌ پێیانده‌گا له‌به‌رده‌ستیانه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پانتاییه‌کی که‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێیبکۆڵێنه‌وه‌، دواجار ئه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ زانین ده‌بێته‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌‌.

سیاسی‌: بۆ؟
فه‌یه‌له‌سوف‌: ئه‌وان هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه‌ ده‌زانن که‌ له‌ ده‌وربه‌ریان ئاماده‌یی هه‌یه‌ و له‌ ڕێی هه‌سه‌ته‌وه‌ پێیده‌گه‌ن، ئه‌وه‌ش واده‌کا ئه‌و زانینه‌ی هه‌یانه‌ له‌پێناو چاکه‌ی خۆیان و ئه‌وانه‌ی خۆیان بڕوایان پێی هه‌یه‌ به‌کاری بێنن.

سیاسی‌: چبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زانینه‌که‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێ؟
فه‌یله‌سوف: ده‌بێ به‌هۆی هۆشه‌وه‌ شته‌ هه‌مه‌کییه‌کان بناسن و له‌ چه‌مکه‌کان تێبگه‌ن، بۆ نموونه‌ بزانن چاکه‌ مانای چییه‌ یان ئه‌خلاق چی ده‌گه‌یه‌نێ.

سیاسی‌: به‌ فێربوونی ئه‌و شته‌ هه‌مه‌کییانه‌ و تێگه‌یشتنی چه‌مکه‌کان‌ چی ده‌گۆڕێ؟
فه‌یله‌سوف‌: کاتێک زانیان ئه‌خلاق چییه‌، ئه‌وکاته‌ ئه‌خلاق زانینه‌که‌یان پابه‌ند ده‌کا له‌پێناو چاکه‌ی هه‌موان بێ نه‌ک هه‌ر خۆیان و ئه‌و هه‌نده‌که‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێ.

سیاسی‌: ئێستا تێگه‌یشتم بۆ ئه‌فلاتون له‌ کۆماره‌که‌ی فه‌یله‌سوف ده‌کا به‌ سه‌رۆک.
فه‌یله‌سوف‌: فه‌یله‌سوف ده‌زانێ ئه‌خلاق چییه‌، ئه‌خلاقیش زانینه‌که‌ی ناچار ده‌کا به‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ خزمه‌ت خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌کانی ئاڕاسته‌ نه‌کا، ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌شیان بکا ده‌بێ له‌به‌ر خاتری چاکه‌ی ئه‌وان بێ نه‌ک خۆی.




خەونی ترسنۆکان …. هیوا سەعید

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە خوا هەیە
بەڵام درۆ دەکەن
ئیشتان پێی هەیە.

لە هەژاری دەترسن
خەون بە دەوڵەمەندییەوە دەبینن.
لە نەخۆشی دەترسن
خەون بە لەشساغی دەبینن.

بە چارەنوسی خۆتان ڕازی نین
ژیانێکی چاکترتان دەوێ
ئێوە بەس دەتانەوێ
خۆتان ناخەنە ژێر هیچ بەرپرسیارێتییەک.

ئەگەر خوا نەیدا
پەنا دەبەنە بەر مەزاری ئەو مردووەی
ئێوە پێی دەڵێن پیاوچاک،
ئەگەر ئەویش وەڵامی نەبوو
دەچنە لای ئەو ساختەچییە ڕیشنەی
ئێوە پێی دەڵێن شێخ،
ئەگەر ئەویش هیچی پێنەکرا
پیرێژنێکی جادوگەر دەدۆزنەوە،
یان بەدوای قەرەجێکی فاڵگرەوە دەگەڕێن،
یان خەوننامەیەک دەکڕن،
یان کەلوی بەخت دەخوێننەوە،
ئەگەر هەرنا قاوەیەک دەگرنەوە.
ئێوە خواتان نییە، خەونتان هەیە.

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە پێغەمبەر هەیە
بەڵام درۆ دەکەن
پێغەمبەر وتی چومە ئاسمان
ئێوە کە فڕینی سوپەرمانتان بینی
پێتان سەیر بوو.

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە ئایین هەیە
بەڵام درۆ دەکەن
هەموو ئایینێک خوایەک و پێغەمبەرێکی هەیە
ئێوە تەنیا خەونتان هەیە.

خەون واتا ئومێد.
ئومێد واتا چاوەڕوانی.
چاوەڕوانی واتا دڵەڕاوکێ.

هەی قەزەمی قەمبورینە
دەبێ لەناو ئەو بازنەیە
هەر بە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێوە بخولێنەوە.

قەزەم واتا بچوک.
قەمبور واتا ملکەچ.
خولانەوە لەناو بازنە واتا ژیانی دووبارە.




مرۆڤی نامۆ … هیوا سه‌عید

زۆر سەیرە مرۆڤ نامەی مردنی دایکی پێ بگا کەچی دوای خوێندنەوەی بێ هیچ شڵەژان و نیگەرانییەک بە کەمتەرخەمییه‌وه‌ بڵێ کێ ناڵێ دوێنێ یان پێرێ مردووە، خوا دەزانێ!
یان لەکاتی ناشتنی تەرمی دایکی دەوروبەرەکەی هەمووی خەریکی شین و گریان بن ئەویش لەودەمە بەشوێن لەزەتی خۆی بێ و بیرلەوە بکاتەوە لەکوێ قاوەیەکی دەستبکەوێ و سیگارێکی لەگەڵ داگیرسینێ!
یان لە نێوان دوو کەسی بەشەڕهاتودا بێئەوەی کێشەکە پەیوەندییەکی بە ئەوەوە هەبێ لەخۆیەوە یەکێکیان بداتە بەرگوللە و بیکوژێ!
یان لە هۆڵی دادگاییدا دادوەر لێی بپرسێ بۆچی ئەو مرۆڤەت کوشت، بڵێ له‌به‌رئه‌وه‌ی تیشکی خۆرەکە لە چاومی دا!
یان بە تۆمەتی کوشتن لە زیندان بێ و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبێ و سبەی وادەی لە سیدارەدانەکه‌ی بێ، بەر لە مردن قەشە لێی بپرسێ باوەڕت بەخوا هەیە، لەو دۆخە لاوازەش هێشتا بڵێ ئەو پرسیارە جێی بایەخی من نییە!

لێرەدا ئەوەی دەبێتە شایانی تێرامان، ئایا بەڕاستی ئەو جۆرە بونەوەرە نامۆ و بێهەست و خوێنسارد و لەمرۆڤکەوتوە بونی هەیە یان هەر کارەکتەرێکی ناو چیرۆک و ڕۆمانەکانە و بەرهەمی خەیاڵ و فەنتازیای هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌رێکی وه‌ک کامۆیه‌ به‌ ته‌نیا‌؟
چاڕلی چاپڵن لە شاکاره‌ جوانه‌که‌ی به‌ناوی سەردەمی مۆدێرن که‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی چاپڵن وه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ مۆدێرنه‌ ته‌ماشا ده‌کرێ به‌ تایبه‌ت له‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و ماشێن. لە دیمەنێک ڕۆڵی کرێکارێک نمایش دەکا ڕۆژانە لەسەریەک و بە چه‌ندباره‌یی سەرقاڵی بەستنی بورغییە لە کارگەکەی. بەهۆی ئەو کارەوە ئاگای لە هیچی دەوری خۆی نییە و هه‌موو هه‌ست و سەرنجی لەسەر ئەو ماشێنەیە بورغییەکانی تێدا ده‌به‌ستێ. لە کۆتایی دیمەنەکە بەوە تەواو دەبێ کرێکارەکە دەکەوێتە ناو ماشێنەکە و وەکئەوەی ئەویش ببێ بە بورغییەک یان بە پارچەیەک لە ماشێنەکە.
دیارە کۆی ئەو دیمەنە دەیەوێ ئەوەمان پێ بڵێ مرۆڤ لەناو ژیانی هەمیشە وەکیەک و دوبارەییەکی بێزارکەردا نامۆ دەبێ و دەبێتە ئاسن. بۆ ئەوەشی مرۆڤ لە نامۆیی ڕزگاری ببێ پێویستە لەناو یەکجۆرە ژیان نەخولێتەوە، به‌ڵکو ژیان بکاتە پڕۆژەیەک و دەستکاری و داهێنانی تێدا بکا، واتا هونەرمەندانە بژی. ژیانی هونه‌رمه‌ندانه‌ش به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و هونه‌ره‌ نییه‌ لەناو کارگە و قالبەکانەوە کلتوری بازاڕی دروست ده‌کا و جارێکی تر وەکیەکی بەرهەم دێنێتەوە. ژیانی هونه‌رمه‌ندانه‌ ئەوەیە لە بەرهەمهێنانی ئێستای نوێ نه‌که‌وێ. وه‌ک چۆن شیعر له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئێستای نوێ ناکه‌وێ.
که‌واته‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ژیانه‌ پڕ له‌ ئێستای نوێیه‌ ده‌بێ شیعر وه‌ک هونه‌رێک کۆمه‌کمان بکات، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین شیعر چییە، مەبەست لەوەیە شیعر وێنەیه‌یه‌که‌ له‌ خەیاڵه‌وه‌ یان هه‌ر وشەیە، یان ئه‌گه‌ر شیعر وێنە بێ ئەو وێنەیە بۆ، یان ئەگەرهاتوو وشە بێ ئەوکاتە ئیشی شیعر دەبێتە چی؟

لە کن هیندۆئەوروپییەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دانانی کاریگەری لەسەر هەستی مرۆڤ چاو ئەو پردە سەرەکییەیە پەیامەکانی دەرەوەی لێوە دەپەڕێتەوە بۆ ناوەوە. وەک نمونەی پەیکەری بودا و وێنەی خوایەکانی هیندۆسی. به‌مانای ئه‌وه‌ی کاردانانه‌که‌ به‌ ڕێگای دیمەن و چاویش وه‌ک سه‌نته‌رێکی سه‌ره‌کی په‌یام و کاریگه‌رییه‌کانی پێ ده‌گوازرێته‌وه‌. بە پێچەوانەوە بە نەریتی گەلانی سامی بە دیاریکراوی لە ئایینەکانی ئەو گەلانە پەیکەر و وێنە جۆرێکە لە حەرام (هەرچەندە لە ئایینزای شیعە ڕێگەدان بە وێنەی ئیمامی عەلی لەپێناو پاراستنی شوناس و هەڵگەڕانەوەیە لە مەزهەبی سەردەستە، یان پەیکەری لە خاچدانی مەسیح و تابلۆی مریەمی پاکیزە بۆ دروستکردنی جیاوازی و خۆجیاکردنەوەیە لە ئایینی جولەکە)، لەبری چاو گوێ ئەو هێڵی گواستنەوەیەیە بۆ ئه‌و په‌یامانه‌ی لە دەرەوە دێن و بە دەنگ و بە ڕێی گوێ به‌ ناوەوە ده‌گه‌ن. وەک نمونەی خوێندنەوە و تیلاوەی قورئان لە ئایینی ئیسلام.

هەر لەو ڕوانگەیەوە مامەڵه‌یان لەگەڵ شیعر مامەڵەیەکە شیعر به‌س وەک وشە دەبینێ و پێیوایە شیعر قسەیه‌که‌ و ده‌بێ ئەو قسەیە کاری پێ بکرێت ئەگەرنا دەبێتە قسەیەکی پوچ و درۆ. بێئاگا له‌وه‌ی کاتێک شیعر دەبێتە کردەوە و کاری پێ دەکرێ جگە لەوەی دەق و کەس تێکەڵ دەبێ و دەبن بە یەک دواجار شیعریش شیعربوونی خۆی له‌ده‌ست ده‌دا و دەبێتە هوتاف و دروشم، ده‌بێته‌ هەڵوێست.
کاتێکیش شیعر ده‌بێته‌ کێشانی وێنە بە وشە و کاری وشه‌ش ده‌بێته‌ هۆکارێک بۆ گواستنەوەی خەیاڵ ئەوکاتە چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ له‌ شاعیر وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک ناکرێ قسە بگۆڕێ و بیکا بە کردار چونکە ئەو به‌رله‌وه‌ بانگەشەی شتێکی دیکە دەکا و هەوڵی داهێنانی دیمەنێکی تر بە خەیاڵ لەپاڵ دیمەنە وەکیەک و دوبارەکانی واقیع دەدا، ئەوەش له‌پێناو هونه‌ر وه‌ک ته‌کنیک و فه‌نتازیا له‌ هه‌مان کات بۆ چێژ و ڕەواندنەوەی بێزاری و بەخشینی مانایە بە ژیان. لێره‌وه‌یه‌ شیعر ئه‌مجاره‌یان لەباتی هەڵوێست دەبێتە داهێنان.




نێرەموکینه‌ … هیوا سەعید

نێرەموکینە
دەزانن بۆ نە ژنەکان لە باوەشتان دەگرن،
نە پیاوەکان چارەی ئێوەیان دەوێ؟
ئۆدیب نەمردووە ئۆدیب.

ئۆدیب دەعبایەکی یەکچاوە
ژیان بە یەک ڕەنگ دەبینێ
ئێوە دوو ڕەنگن
هەتا لە ژێر چاودێری ئەو دەعبایە بن
دەبێ خەون بە باوەشی ژنەوە ببینن،
دەبێ بە خەیاڵ ماچی پیاو بکەن.

بەڵام پەندێک هەیە دەڵێ:
تامی سێو بە خەیاڵ ناکرێ.
به‌لکو بەڕاستی گاز له‌و سێوه‌ بگرن
سەرەتا دەبێ بوێرن ئۆدیب، ئەو پاسەوانە بکوژن.

ئەگەرنا لە بێ دەسەڵاتی بڕوا بەوە دێنن لە دەرەوەی خەیاڵتان هیچ سێوێک بونی نییە
یان ئەگەر هەشبێ لەلاتان گرنگ نییە لەبەرئەوەی دەترسن دەستی بۆ ببەن
یانیش دەگەنە ئەو باوەڕەی سێوی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ئەم دنیایەیە
کەواتە تا دەمرن دەبێ بە خەیاڵ بژین.

بۆ ئەوەی لەو زیندانەی خەیاڵتان ئازاد بن
وەرن فێرتان بکەم
ئۆدیب چۆن دەکوژرێت

هەموو کەسێک دۆست و دوژمنی هەیە
ئەویش دۆستەکانی ئەو ژیرانەن
خەیاڵتان بە تامی ڕاستی دەرخوارد دەدەن
دوژمنەکانی ئەو شێتانەن
دەڵێن چێژی خەیاڵ سەرکوتبوونە
نێرەموکینە ببنە دۆستی دوژمنەکانی ئۆدیب
وەها دەمرێ.




چۆن … هیوا سه‌عید

ئەگەر بڵێم:
لە شیعرێک گوڵێک بووە ئەستێرە
دەڵێن ئەوە کەی شیعرە، درۆیە.
گوڵ چۆن دەبێتە ئەستێرە!

ئەگەر بڵێم:
لە چیرۆکێک پیاوێک بووە قالۆنچە
دەڵێن ئەوە کەی چیرۆکە، درۆیە.
پیاو چۆن دەبێتە قالۆنچە!

ئەگەر بڵێم:
لە فیلمێک پزیشکێک لە لابورەکەی مرۆڤی دروست دەکرد
دەڵێن ئەوەی کەی فیلمە، درۆیە.
پزیشک چۆن مرۆڤی پێ دروست دەکرێ!

ئەگەر ڕاستیتان دەوێ
ئێوە پێم بڵێن ئەدی دار چۆن دەبێتە مار؟
درەخت چۆن بەبێ ئۆکسجین دەڕوێ؟
منداڵ چۆن لەدایک دەبێ بەبێ باوک؟
مردوو چۆن لە گۆڕ هەڵدەستێتەوە؟
مەنجەڵێک شیو چۆن بەشی شارێک دەکا؟
وشترێک چۆن دەتوانێ شیری نەتەوەیەک بدا؟
دەریا چۆن بە مشتێک دەبێتە دوولەت؟
مەودای نێو دوو وڵات چۆن بە چاوچوقانێك دەبڕدرێت؟
مرۆڤ چۆن بەپێ دەچێتە ئاسمان؟
ئەگەر قەبارەی خۆر گەورەترە لە زەوی، چۆن ماوەی دروستکردنی زەوی زۆرترە لە خۆر؟

ئەوە شیعرە!
ئەوە چیرۆکە!
ئەوە فیلمە!




ڕێگایه‌ک به‌ره‌و زیندان … هیوا سه‌عید

فیلمی ڕێگا یه‌کێکه‌ له‌ باشترین به‌رهه‌مه‌کانی یه‌ڵماز گونه‌ی، براوه‌ی چڵه‌خورمای زێڕینه‌ له‌ فیستیڤاڵی کان،‌ که‌ ئه‌وکات یه‌که‌م فیلم بووه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و خه‌ڵاته‌ی پێدراوه‌. ئه‌و فیلمه‌ به‌ دایه‌لۆگێکی که‌م زیاتر به‌ زومی کامێرا باس له‌ پێنج زیندانی ده‌کا‌ به مۆڵه‌تی کاتی بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک له‌ زیندان به‌رده‌درێن.
زیندانییه‌کیان هه‌ر ڕۆژی به‌ربونه‌که‌ی به‌هۆی ونکردنی کارتی مۆڵه‌تییه‌وه‌ له‌ ڕێگا له‌ بازگه‌ی پشکنین ده‌گیرێته‌وه‌. زیندانییه‌کی تر ئه‌و هه‌فته‌مۆڵه‌ته‌ ده‌کاته‌ هه‌لێک بۆ ئه‌وه‌ی ژنێکی تێدا به‌ڕادان بدا و دوای زیندان بیگوازێته‌وه‌. له‌ کن ئه‌و زیندانییه‌ ژن جگه‌ له‌ کاڵایه‌ک بۆ تێرکردنی ئاره‌زوی پیاو هیچی تر نییه‌. له‌ داخوازی کچێکدا پێی ده‌ڵێ:
که‌ به‌ربووم یه‌کسه‌ر ده‌تگوازمه‌وه‌.
وه‌ک سه‌رۆکی خێزان هه‌موو قسه‌یه‌کم ڕاسته‌، ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌ قسه‌م بکه‌ی.
که‌ وتم ماست ڕه‌شه‌، ڕه‌شه‌.
نابێت له‌گه‌ڵ پیاوان بدوێی یان پێبکه‌نیت. زۆر توڕه‌ ده‌بم.
له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێک قسه‌ ناکه‌ی ته‌نیا برا و خزمی نزیکت نه‌بێ.
چیم وت ده‌بێ بیکه‌یت، به‌رپه‌رچی قسه‌کانم ناده‌یته‌وه‌.
نابێ بڵێی ئه‌مه‌م ده‌وێ و ئه‌وه‌م ده‌وێت. ئه‌گینا زۆڕ توڕه‌ ده‌بم زۆر.
من پێت ده‌ڵێم چ بکه‌ی و چی له‌به‌ر بکه‌یت. تێگه‌یشتی؟
له‌ وه‌ڵامدا کچه‌که‌ ده‌ڵێ: باش، چه‌ند به‌ جوانی قسه‌ت کرد ئه‌وه‌ له‌ زیندان فێربووی؟‌ مه‌به‌ستی له‌و شێوه‌ده‌ربڕین و پرسیارکردنه‌ دیوه‌ پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، واتا دیاره‌ ده‌ته‌وێ زیندانیم بکه‌ی!

له‌ کۆمه‌ڵگا لێک به‌ستراوه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ڕه‌فتاری خوشک له‌سه‌ر برا و هی کوڕ له‌سه‌ر باوک و هی ژن له‌سه‌ر مێرد و به‌ کورتی ڕه‌فتاری هه‌ر یه‌کێک له‌و ئه‌دامانه‌ی بنه‌ماڵه‌ ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی یه‌کتر. به‌و مانایه‌ی مرۆڤ له‌ دۆخێکی وا به‌س خاوه‌نی کرده‌وه‌کانی خۆی نییه‌، که‌س و کاره‌که‌یشی پشکیان له‌ هه‌ڵه‌ و ڕاستییه‌کانیدا به‌رده‌که‌وێت. ئه‌و برایه‌ی به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ باخێکدا له‌گه‌ڵ کوڕێک بینراوه‌ ‌خوشکه‌که‌ی خۆی ده‌کوژێ. ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ پاڵنه‌ر بۆ کوشتن ژوانه‌که‌ نییه، به‌ڵکو پێزانینی خه‌ڵکییه‌ به‌ ژوانه‌که‌یان. ئه‌وه‌ش سزای کۆمه‌ڵگای لێک به‌ستراوه‌یه‌ واده‌کا پێزانینی خه‌ڵکی ببێته‌ ئه‌و فشاره‌ به‌هێزه‌ شه‌رمه‌زاری بنه‌ماڵه‌که‌ی لێبکه‌وێته‌وه‌ و شکۆی ته‌واوی ئه‌ندامه‌کانی پێوه‌ بشکێ. لێره‌دا چۆن خوشکه‌که‌ ده‌بێته‌ قوربانی ئه‌و کۆمه‌ڵگا لێک به‌ستراوه‌ و ناتوانێ موماره‌سه‌ی ئازادییه‌کانی تێدا بکا، دیسان باوک و برایه‌که‌یشی یان لۆمه‌که‌ره‌کانیش که‌ خه‌ڵکن ئه‌وانیش قوربانییه‌کی ترن. چاره‌سه‌ریش به‌ گیرانی بکوژ و خه‌تابارکردنی ئه‌و لۆمه‌که‌رانه‌ ناکرێ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان بونه‌ته‌ هۆکاری ئه‌م تاوانه‌. چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ پێناسه‌ی ئه‌خلاق و ژیانی کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌ک دابڕێژرێته‌وه‌ چاکه‌ و خراپه‌کانی مرۆڤ وه‌کو تاکێک هه‌رخۆی لێی به‌رپرسیار بێ. بۆ دروستکردنی ئه‌و جۆره‌ کۆمه‌ڵگایه‌ش ده‌بێ سه‌ره‌تا کلتوری کۆمه‌ڵگاکه‌ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌. بۆ تیشک خستنه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌‌ زیندانییه‌کی تریان چونکه‌ له‌مێژه‌ گیراوه‌ و له‌و ماوه‌یه‌ش هاوسه‌ره‌که‌ی به‌رگه‌ی ته‌نیایی و بێ پاره‌یی نه‌گرتوه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر له‌شفرۆشی، ئه‌ویش وه‌ک مێردێکی خیانه‌تلێکراو له‌ نێوان لێبورده‌یی و ویستی ده‌وروبه‌ر که‌ بڕیاری ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنن پێویسته‌ ئه‌و له‌که‌ ڕه‌شه‌ له‌ ڕوی لاببا و شه‌ڕه‌فی خۆی و ئه‌وان بکڕێته‌وه‌. ئه‌و یه‌که‌میان هه‌ڵده‌بژێری و ده‌ستی ناچێته‌ خوێنی و هێشتا خۆشیده‌وێ‌.

کاتێک له‌ناو پاس و میتڕۆکانی تورکیا دڵداره‌کان گه‌مه‌ و ده‌ستله‌ملانێیانه‌ ئه‌وه‌ پێشکه‌وتوخوازی وه‌ک گونه‌ی شه‌ڕی له‌پێناو کردووه‌. له‌ دیمه‌نێکدا زیندانییه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مێکه‌ له‌ جه‌سته‌ی ژن به‌ دووره‌ که‌ ده‌گاته‌ ژنه‌که‌ی هه‌ر له‌ ڕێگا و له‌ ئاوده‌ستی شه‌مه‌نده‌فه‌ردا ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ ده‌کا. ئایا له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتوو خه‌ڵک به‌سه‌ر دیمه‌نێکی له‌و جۆره‌ دابچن چ کاردانه‌وه‌یه‌کیان ده‌بێ؟
دوای ئه‌وه‌ی لێیان له‌ هه‌ڵڵا ده‌ده‌ن و سوکایه‌تییه‌کی زۆریان پێ ده‌که‌ن، ئه‌فسه‌ری لێپێچینه‌وه‌ به‌ پیاوه‌که‌ ده‌ڵێ: شه‌رمت به‌خۆت نییه‌؟
ئه‌ویش ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی لای تۆ شه‌رمه‌، بۆ من وه‌ک پێویستییه‌که‌.
دواتر ئه‌و زیندانییه‌ش له تۆڵه‌ی خوێن و دوژمنداری ده‌کوژرێته‌وه‌.

زیندانییه‌که‌ی تریش خه‌ڵکی گونده‌کانی سنووری نێوان تورکیا و سوریایه‌، به‌ بیانوی کاری قاچاخی ناوچه‌که‌یان مینڕێژکراوه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌و مینڕێژییه‌ له‌به‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورده‌کانه‌ و حکومه‌ت هه‌ر به‌ چاندنی مین نه‌وه‌ستاوه‌ له‌ پاڵ ئه‌مه‌ به‌ ڕۆژ خه‌ریکی ڕه‌شبگیری و به‌ شه‌و خه‌ریکی ته‌قه‌کردن و کوشتنه‌ له‌و سنووره‌. براگه‌وره‌ به‌رمینکه‌وتوه‌که‌ی ئه‌و زیندانییه‌ ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی حاڵی له‌ قاچاخچیان خراپتره‌ کورده‌کانن.

له‌ کۆتایی په‌یامی فیلمه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌موومان زیندانین. زیندانین له‌ناو عه‌سکه‌رتارییه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان که‌ ژیانیان له‌ هاوڵاتییان کردووه‌ به‌ سه‌ربازگه‌، زیندانین به‌ده‌ست ڕێساکانی ئایین، زیندانین به‌ داب و نه‌ریت و بیرکردنه‌وه‌ی خێڵه‌کییانه‌، یان وه‌ک که‌مینه‌ زیندانین به‌ شۆڤێنییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه‌ و سه‌رده‌سته‌. که‌واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌کانی ده‌وڵه‌تیش هه‌ریه‌که‌مان له‌ سوچێک له‌ زیندانێکی تر داین.




پارانۆیا و مرۆڤی بێ خودا … هیوا سه‌عید

زانستی ده‌رونناسی دابڕان به‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی پارانۆیا داده‌نێ. ئینجا ئه‌و دابڕانه‌ له‌ده‌ستدانی کار، تێکچوونی هاوڕێیه‌تی، خیانه‌ت و ئازاری خۆشه‌ویستی و زۆر جۆره‌ دابڕانی تری وه‌ک به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر که‌ ئه‌ویش جۆرێکه‌ له‌ دابڕان، ده‌گرێته‌وه‌. له‌و دۆخه‌ مرۆڤ باوه‌ڕێکی وای له‌لا دروست ده‌بێ که‌ ئه‌م جیهانه‌ جێگایه‌کی ئه‌مین نییه‌ بۆ ژیان، گومان له‌ نییه‌تی کرده‌وه‌کانی خه‌ڵک ده‌کا و هه‌موو کارێکیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ لێکده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ تێکه‌ڵبوونی ئه‌وانیتر ده‌ترسێ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌رخۆی ده‌یانبینێ. لێره‌وه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ نه‌خۆش و توشبوو به‌ وه‌همه‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ ده‌کا و گومانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ که‌سانی خراپه‌کارن و لێی له‌ که‌مینن. بۆ نموونه‌ شێوه‌ته‌ماشاکردنێکی به‌ ته‌رکیز یان پسته‌پستی نێوان دوو که‌س ئه‌گه‌ر هۆکارێکی ئاشکرای لێ دیار نه‌بێ بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره‌یان ئه‌وا به‌خۆی و باسکردن له‌سه‌رخۆی تێده‌گا. گریمان ئه‌و ڕقی له‌ ڕه‌نگی شین بێ، له‌ کافێیه‌ک له‌ فنجانێکی شین قاوه‌ی بۆ بێنن یه‌کسه‌ر چاوده‌بڕێته‌ سه‌رمێزی کڕیاره‌کانی تر بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ فنجانی ئه‌وانیش شینه‌ یان نا. وه‌ها ڕێکه‌وت ڕه‌نگی فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تر سوور و سپی یان زه‌ردبوو به‌ ته‌نیا هی ئه‌و شین بوو و هۆکارێکی ڕوونیشی بۆ ئه‌م ڕێکه‌وته‌‌ نه‌دۆزییه‌وه‌ گومانی ئه‌وه‌ ده‌با ئه‌م کاره‌ به‌ده‌ستئه‌نقه‌ست بۆ ئازاردانی ده‌رونی ئه‌و کراوه‌، نه‌ک هه‌رئه‌وه‌نده‌ به‌ڵکو گومانی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ئه‌وان له‌ ناخی به‌ ئاگان و ده‌زانن ڕقی له‌ چی ده‌بێته‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌کانی به‌ گوێره‌ی لۆژیکه‌ هیچ ڕێکه‌وتێک په‌سه‌ند ناکا، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تریش شین با ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی هیچ ئازاردانێکی ده‌رونی به‌ مه‌به‌ست بۆ ئه‌و له‌ گۆڕێ نییه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌پێی ئه‌و لۆژیکه‌ی مادام ئه‌وان ده‌زانن ئه‌و ڕقی له‌ چ ڕه‌نگێکه‌ که‌واته‌ ئه‌و که‌سێکه‌ له‌ ژێر چاودێری ئه‌وانیتره‌. دیسان که‌واته‌ ئه‌و که‌سێکی گه‌وره‌یه‌ ئه‌گه‌رنا بۆ چاودێری ده‌کرێ. له‌ دواجار له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ندین وه‌همی یه‌ک له‌دوای یه‌ک هه‌ڵچنراو پێناسه‌یه‌ک بۆخۆی ده‌کا که‌ ئه‌و مرۆڤێکی گه‌وره‌یه‌ و جێی سه‌رنجی ئه‌وانیتره‌ و خه‌ڵک هه‌میشه‌ چاودێرن به‌سه‌رییه‌وه‌. ئه‌نجامی ئه‌و وه‌همه‌ش ئه‌و ده‌کاته‌ که‌سێکی خۆبه‌گه‌وره‌زان و دووره‌په‌رێز و ڕقاوی. دووره‌په‌رێزییه‌که‌ی وه‌ک خۆپاراستنێک له‌ فێڵ و ڕقئه‌ستورییه‌که‌ی تۆڵه‌یه‌که‌ له‌ ویسته‌ خراپه‌کانی ئه‌وانیتر.

به‌ڵام مرۆڤی گه‌وره‌ و دوور له‌ بازاڕ له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و وه‌همه‌ دروست نه‌بووه‌، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر خودا وه‌کو وه‌همێک یان هێزێکی بانزه‌مینی و ویستێکی ڕه‌ها و باڵاده‌ست به‌سه‌ر ویستی هه‌نده‌کی مرۆڤ، مرۆڤه‌کان ئاڕاسته‌ بکا، ئه‌وا مرۆڤی باڵا مرۆڤێکی بێ ئاسمانه‌ و ملکه‌چی هیچ ویستێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی نییه‌ و ئه‌و وه‌همه‌ی له‌ناوخۆی کوشتووه‌ و بێ خودا ده‌ژی.

هه‌روه‌ها ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌ ته‌واوزه‌مینییه‌ به‌هایه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ و پابه‌ند نییه‌ به‌ ئیتیک یان ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ری کۆکن، ئه‌و که‌سێکی دژه‌باو و دووره‌ له‌ مێگه‌ڵ.
فریدریک نیچه‌ له وه‌های گوت زه‌رده‌شت له‌باره‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ڵێ:
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! فێربه‌، خه‌ڵکی نێو بازاڕ
باوه‌ڕیان به‌ مرۆڤی به‌رز نییه‌.
بۆ ئه‌وان ئێمه‌، هه‌موو به‌رابه‌ر و یه‌کسانین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! به‌ دیدی ئه‌وان مرۆڤی به‌رز نییه‌،
له‌به‌رده‌م خوادا هه‌موومان یه‌کسانین.
به‌ڵام خوا مردووه‌،
ئێمه‌ به‌رابه‌ر و یه‌کسان نین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! له‌ بازاڕ دوورکه‌وه‌.

واتا بوونی خودا یان هه‌موو به‌ها و پیرۆزییه‌کان که‌ له‌سه‌ر بوونی ئه‌و بنیاتنراوه‌ و خه‌ڵکی بازاڕ پابه‌ندن پێیه‌وه‌ و ڕێگرن له‌ به‌رده‌م پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌. لێره‌وه‌یه‌ ئامانج له‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵکی بازاڕ و‌ تێکشکاندنی پیرۆزی و به‌هاکان.




له‌دایکبونی شاعیرێک … هیوا سه‌عید

پیاوی گه‌وره‌
باوکی خۆی ده‌کوژێ، ده‌چێته‌ زگ دایکی
ئه‌و منداڵه‌ی له‌و سه‌رجێیه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌
ده‌بێته‌ شاعیر.

ئه‌و شاعیره‌ منداڵێکی ده‌مڕوته‌
سیاسییه‌کان ڕقیان لێ ده‌بێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو قسه‌یه‌ک ده‌کا.

که‌س ناوێرێ ببێته‌ دۆستی
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ویش وه‌کو خوا
نه‌ریت و ڕێسا ناناسێ،
هه‌موو هێڵێک ده‌به‌زێنێ و له‌ هیچیش په‌شیمان نییه‌.

دراوسێکان ڕقیان لێ ده‌بێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ په‌نجه‌ره‌ خۆی فڕێ ده‌دا،
به‌سه‌ر دیوار ئاودیو ده‌بێ
هیچ سنورێکی بۆ ماڵ نییه‌.

بازرگانه‌کان ڕقیان لێ ده‌بێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێ:
ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان له‌ ترسان ئاشتیخوازن.

دادوه‌ره‌کان ڕقیان لێ ده‌بێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێ:
یاسا به‌ ویژدان هیچی پێ ناسه‌لمێ.

پیاوانی ئایین ڕقیان لێ ده‌بێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێ:
یه‌ک هه‌قیقه‌ت بوونی نییه‌،
ئه‌گه‌ر هه‌شبێ چه‌ندین ڕووی هه‌یه‌.

زاناکان ڕقیان لێ ده‌بێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێ:
خه‌یاڵ پێویستتره‌ له‌ مێشک.

مامۆستاکان ڕقیان لێ ده‌بێته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێ:
زانین بنی نییه‌، هه‌موومان قوتابین.

ئه‌و شاعیره‌ بیژییه‌
ده‌ڵێی شه‌یتانه‌ که‌س به‌ گه‌وره‌ی خۆی دانانێ،
له‌ پشتی که‌س ناڕوا،
به‌ هیچ سه‌رۆکێک ناڵێ بژی،
له‌به‌ر هیچ ئاغایه‌ک هه‌ڵناستێته‌وه‌،
ده‌ستی هیچ شێخێک ماچ ناکا.
له‌ شه‌قامه‌کان
خه‌ڵک هۆیهای لێ ده‌که‌ن
هه‌ندێک پێی ده‌ڵێن شێته‌،
هه‌ندێک ده‌ڵێن بێ ڕه‌وشته‌.

که‌ شیعر ده‌خوێنێته‌وه‌
ئه‌ویش وه‌کو موسا
دار
ده‌کا به‌ مار.
به‌ڵام ئه‌و ناڵێ ئه‌وه‌ ڕاستییه‌
ده‌ڵێ ئه‌وه‌ شیعره‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و کوڕی ئۆدیبه‌
نه‌ک نه‌وه‌ی ئیبراهیم.




کێ شارم نیشانده‌دا! … هیوا سه‌عید

کێ شارم نیشاندەدا، ئەوە پرسیارە گەورەکەی ڕەجەبە لە فیلمی هەبوو نەبوو. بەو مانایەی من کەسێکم بزربووم کێ دەستم دەگرێ و دەبێتە بینین بۆ چاوم و ده‌بێته‌ بیستن بۆ گوێم. ئەو کێیە هیچ کەسێکی تر نییە جگە لە زانین کە جه‌سته‌یه‌کی بزربوو دەدۆزێتەوە.
لەو فیلمەدا ڕەجەب وه‌کو که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌رده‌ست ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ ناچالاک و جێی گاڵتەی ئەوانی تر و مرۆڤە تەوەزەڵەیە کە توانای لێکردنەوەی قلە هەنجیریکی لە دارێک نییە، ئەو هەر دەتوانێ لە بن دارهەنجیرەکە دەمی لێک بکاتەوە بۆئەوەی هەنجیرەکە بەخۆی بکەوێتە ناو ده‌مییه‌وه‌. هەموو ئەوەش بەرهەمی ئەوەیە کە ئەو مرۆڤێک یان مادەیەکە هیچ ئاگاییەکی لە پشتەوە نییە و جەستەیەکە بەبێ عەقڵ، ئه‌گه‌رنا چۆن ئه‌وه‌نده‌ بێ ئیرادەیە و ئەوانی تر ده‌توانن وەکو کەرەستە بەکاری بێنن.
لە شانۆگەری فاوستی گۆتە دکتۆر فاوست لە نوێنەرەکەی شەیتان دەپرسێ سەرەتا وشە هەبوو یان کردار؟ ئەو فیلمەش جارێکی تر ئەو پرسە بەسەر دەکاتەوە و لە یەکەم مەشهەدی کارەکتەرێک دەڵێ سەرەتا هه‌ر وشە هەبوو واتا به‌س ئاگایی هەبوو.
بە بۆچونی هیگڵ سەرەتا مەعریفە و ئاگایی هەیە، ئەوە ئاگاییە مادە دروست دەکا. بە مانای عەقڵ وەکو ئاگایی لەخۆی دەکۆڵێتەوە یان ڕونتر کە بەشێکی عەقڵ لە بەشێکی تری خۆی دەکۆڵێتەوە بۆ نموونە لەخۆی دەپرسی ئەوە منم. لێرەوە ئەو بەشەی بۆتە بابەتی لێکۆلینەوە له‌لایه‌ن بەشەکەی تر وەکو کەرەستەیەک بەکارهێنراوە و نەفیبووه‌، له‌ دواجار دوچاری نامۆبوون دێ. بەڵام کاتێ ئەو بەشەی عەقڵ هۆشیاری بەوە پەیدا دەکا بۆتە کەرەستە و بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ بەشەکەی تری، چیدی ئەو جۆرە بوونە قەبوڵ ناکا و هەڵدەگەڕێتەوە، واتا ئەمجارە ئەم بەشە بەشەکەی تری عەقڵ نەفی دەکا. بە هەمان شێوە مرۆڤ وەکو سۆبێکتێک لە بەردەم ئۆبێکت یان کۆمەڵگا و دەوروبەرەکەی کە وەکو هۆکارێک بەکاردەهێنرێ یان وەکو کەرەستەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ له‌خۆی نامۆ دەبێ، پاشان کە هۆشیاری بەو دۆخە پەیدا دەکا لەلایەن ئەوانیترەوە وەکو کەرەستە بەکارهاتووە و نەفیکراوە، ئەمجارە ئه‌م ئەوانیتر نەفی دەکا بەوەی لێیان هەڵدەگەڕێتەوە و یاخی دەبێ.
بەڵام ئەو پرسیارەی لێرە سه‌رهه‌ڵده‌دا ئەگەر مادەیەک هیچ مەعریفەیەکی لە پشتەوە نەبێ یان جەستەیەک عەقڵی تێدا نەبێ ئەو هۆشیارییە لە چییەوە پەیدا دەبێ؟ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ مارکس نموونە به‌و کرێکارە دێنێتەوە کە بەهۆی زۆرکارکردن و کاری زیادەوە دەبێتە مایەی ئەوەی خاوەنکارەکە سەرمایە لەسەریەک کەڵەکە بکا، بەڵام کرێکارەکە له‌به‌ر که‌می ده‌ستهه‌قه‌که‌ی هیچی پێ پاشکەوت ناکرێ، ئیتر هەست بە چەوسانەوەیەک دەکا لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە لێیده‌کرێ و پێیوایه‌ وه‌کو ئامێرێک نه‌ک وه‌کو مرۆڤێک به‌کاردێ و نامۆبووه‌. ئینجا لەو هەستکردن بە چەوسانەوەیه‌وه‌ هۆشیاری بە جیاوازی چینایەتی نێوان خۆی و خاوەنکارەکەی پەیدا دەکا. که‌واته‌ هەستکردن بە چەوسانەوەیە وادەکا مادەیەک بێ هەبوونی لە پێشینەی مەعریفە یان جەستەیەکی بێ عەقڵ هۆشیاری تێدا دروست ببێ.
بۆ تاقیکردنەوی ئەو ئەزمونە پاشای وڵاتەکەی ڕەجەب ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم کچەکەی کە ئایا ژیری گرنگترە یان سامان، مه‌به‌ست لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ عەقڵ گرنگترە یان جەستە. سەرەڕای ئەوەش ئەگەر هاتوو لە نێوان پیاو و ژندا ئەو ژیرییە وەکو یەکبوو پێویستە کامیان لیده‌ر بێ و ماڵ به‌ڕێوه‌ ببات؟ کچەکەی پاشا دەڵێ ژیری گرنگترە، له‌ هه‌مان کات ئەگەر ئەو ژیرییە لە نێوان پیاو و ژن یەکسان بوو ئەوکاتە پێویستە ماڵەکە بە هاوبەش و ڕاوێژ به‌ڕێوه‌ببرێت.
پاشای باوک چونکە بڕوای بە موتڵەقیەت و نه‌گۆڕی هەیە و لە ڕێژەیی تێناگا، جەستەی پیاو بە شیاوتر دەزانێ بۆ بەڕێوەبردن. له‌لای ئه‌و با ژن ژیریش بێ هێشتا جەستە ناسک و لاوازەکەی بۆ ئەوە ناشێ بەڕێوەبەرایەتی پێ بسپێردرێ، ئەو واده‌زانێ شتەکان ناگۆڕێن. که‌چی ناسکه نایەوێ بۆ ڕاگرتنی دڵی باوکی بڕوا به‌و بۆچوونه‌ی بکا و وەکو کەرەستەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و لەخۆی نامۆ ببێ، دەڵێ شتەکان ڕێژەیین، به‌ مانای ئه‌وه‌ی مەرج نییە ئەو جەستەی ئێستا توندوتۆڵە هەروەکو خۆی بمێنیتەوە یان بە پێچەوانەوە ئەو عەقڵەی لاوازە گۆڕانی بەسەر دانێ.
لە کۆتایی ئەو ململانێیەی نێوان پاشا و کچه‌که‌ی بەوە تەواو دەبێ وەک سزایەک بۆ کچەکە کە لە بەردەم باوکی هەڵگەڕاوەتەوە پێویستە لە ڕەجەبی بێ عەقڵ مارە بکرێ، یانی ژنێکی ژیر بە جەستەیەکی لاوازەوە لەگەڵ پیاوێک کە تەنیا جەستەی هەیە و دوورە لە ئاگایی پێکه‌وه‌ بژین. له‌لایه‌کی تر له‌به‌رئه‌وه‌ی ناسکه‌ کچی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدارێک بووه‌ و‌ له‌ ژیانی هه‌میشه‌ وه‌کیه‌ک و دووباره‌ی ماڵی باوکی بێ هیچ کارکردنێک هه‌ر خه‌ریکی خواردن و خواردنه‌وه‌ و نوستن بووه‌، ئه‌م جۆره‌ ژیانه‌ش ئه‌وی بێزار کردووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ که‌ له‌ناو ژیانێکی دووباره‌دا ده‌خولێته‌وه‌ هه‌ست به‌بوونی کات ناکا و بوونی خۆی له‌ده‌ستده‌دا. بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی بوونیشی پێویسته‌ ژیان بکاته‌ پڕۆژه‌ و کار و داهێنانی تێدا بکا. کچه‌که‌ی پاشاش ده‌مێکه‌ خه‌ون به‌ تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌زمونێکی تر له‌ ژیان و له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی شوێنێکی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماڵه‌ ڕزگاری ببێ، به‌و بڕیاره‌ی باوکی ڕازی ده‌بێ و وه‌کو ژنێکی جه‌سته‌ لاواز به‌ڵام ژیر له‌ که‌لاوه‌که‌ی هۆمه‌ری چاوچنۆک له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌بی جه‌سته‌ توند به‌ڵام بێئاگا ده‌ست ده‌کا به‌ چنینی مافور و ژیرییه‌که‌ی خۆی بۆ هونه‌ر و داهێنان به‌کاردێنێ، به‌وکاره‌ی جگه‌ له‌وه‌ی بێزارییه‌که‌ی ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و بوونی خۆی به‌ده‌ست دێنێته‌وه،‌ ڕه‌جه‌بیش وه‌کو هاوبه‌شێک به‌شدار پێده‌کا یان ڕاستتر سود له‌ جه‌سته‌ی ڕه‌جه‌بیش وه‌کو ماده‌یه‌ک بۆ کڕینی پێداویستی وه‌رده‌گرێ‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌کارهێنانه‌ی جه‌سته‌ی ڕه‌جه‌ب وه‌کو که‌ره‌سته‌یه‌ک له‌لایه‌ن ناسکه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌پێناو چاکه‌ی ڕه‌جه‌بیش بێ دیسان بۆ ڕه‌جه‌ب هه‌ر نامۆبوونه‌ و بۆ ناسکه‌ی خاوه‌ن مه‌عریفه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌ تا ئه‌وکاته‌ی هۆمه‌ری چاوچنۆک ته‌ماع له‌ ناسکه‌ ده‌کا و له‌ ڕه‌جه‌بی ده‌دزێ.
ئێستا ڕه‌جه‌ب به‌بێ ناسکه‌ توشی حیرمان و له‌ده‌ستدان هاتووه‌ و که‌سێکی گۆشه‌گیر و به‌جێماو و ته‌نیاکه‌وتووه‌. هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ و ناهه‌قییه‌ک ده‌کا به‌رانبه‌ری کراوه‌. مرۆڤ له‌ ژیانی گۆشه‌گیری و چونه‌وه‌ناوخۆش هۆشیاری به‌و دۆخه‌ی خۆی په‌یدا ده‌کا و هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و ڕه‌جه‌به‌ی که‌ جاران ده‌یپرسی کێ شارم نیشانده‌دا چیتر ئه‌و جه‌سته‌ بێ عه‌قڵه‌ نییه‌، ئیدی ئه‌و جه‌سته‌یه‌کی چالاک و یاخی و خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ڵام بۆ چاکه‌یه‌ نه‌ک خراپه‌، بۆیه‌ خۆبه‌خشانه‌ وه‌ک پیری زانا به‌ناو شاردا زانین ده‌به‌خشێته‌وه‌ و ده‌ڵێ وه‌ره‌ ئێره‌، وه‌ره‌ ئێره‌.. ئه‌وه‌ مام زانایه‌ لێره‌.