چ رۆژگارێکە تێی کەوتووین!.. د.حیکمەت نامیق

ئامانجی ئەم وتارە کورتە بەم تایتڵە مەبەست لێی ئەوەیە کە ڕۆژگارێکی یەکجار ناخۆشە مرۆڤ لەم سەردەمەی سەرمایەداریدا تێی کەوتووە تێیدا مرۆڤ ڕۆژانە لەنێو قەیراندا گوزەر دەکات، بۆیە کارکردن لەسەر ڕۆڵی کایەی سیاسی و دەسەڵات لەسەر گۆڕانە کۆمەڵایەتی وئابوورییەکانی تاک یەک جار گرنگە، چونکە دەسەڵات بەرپرسی یەکەم و کۆتای کۆمەڵگەیە. قسەیەک هەیە دەڵێ{ دەسەڵات هێزی ئەوەی هەیە ژیان لەیەککاتدا هەم بکاتە دۆزەخ هەم بکاتە بەهەشت} ڕەنگە ئەم گوتەیە تائەندازەیەکی تەواو دروست بێت، چونکە ئەوە دەسەڵاتە خاوەن ئابوریی و بازرگانی و بڕیاری سیاسی و دامەزراوە فەرمییەکانە. هەروەها هەر خودی دەسەڵاتی سیاسیش جڵەوی کۆمەڵگە دەکات هەرکات بیەوێ هەڵیدەسوڕێنێت وبەکارێ دێنێت بۆ ئەوەی هەمیشە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بمینێتەوە. لێرەوە ژیانی مرۆڤەکان بەشێوەی سەرەکی لەژێر هەژموونی دەسەڵاتە جیاوازەکانە، هەرچەند ئەم بۆچوونە ڕەنگبێ پێچەوانەی ئەو سۆسیۆلۆژست و توێژەرانە بێت کەوا نوێنەرایەتی قوتابخانەی سترەکتوری کۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام بەواقیعی دەرکەوت لەکوردساندا خۆشی و ناخۆشییەکانی مرۆڤ لەژێژ هەژموونی دەسەڵاتداران وسیاسییەکانە هەرکاتێ بیانەوێ ئەوا بەیەک بڕیارو گوتار ژیانی کۆمەڵگە دەکەنە بەهەشت تێیدا مرۆڤ لەژێر سێبەری ئەم حکومە ئاسودە دەبێت. هەرکاتێکیش ئارەزوویان لێبێت دەیکەنە دۆزەخ دۆخێک دروستدەکەن تێیدا مرۆڤ بێز لەمرۆڤبوونی خۆی بکاتەوە هەمیشە وەک کەسێکی تووڕە و هەڵچوو دەرکەوێت. ئەگەرچی پەروەردەو سترەکتۆری کۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی مرۆڤەکان بەشێکی گەورەی ئازارو خۆشییەکانی کۆمەڵگا پێدەهێنێت نکۆڵی ئەم کایە گرنگەی کۆمەڵگا ناکرێ. بەڵام ئەوەی هەیە پێچەوانەکەی بەرجەستەیە فاکتەری دەسەڵات بە چەمکە کلاسیکی و نوێگەریی مارکسییەکان دەیسەلمێنێ کەوا تەنیا دەسەڵاتی سیاسی ڕەنگدانەوەی ئەرێنێ و نەرێنی هەیە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان. لەمێژە ئەم بۆچوونە گرەو لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکاتەوە بۆنموونە دەسەڵاتی سیاسی بە چاکسازییە ئابوریی و داراییەکانی دەتوانێ فۆکسی تەواویش بخاتە سەر گەشە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەرەنجامەکەشی ئەگەر ئەنجامی بدات هەم گەشەی ئابووری تاکەکەس و هەم گەشەی مێنتالیتی وعەقڵیەتی مرۆڤەکانی لێدەکەوێتەوە. ئەفسوس هەموو کردەوەو هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵات دژە لەگەڵ خواست و ئارەزووەکانی مرۆڤ. وای لێهاتووە مرۆڤ هەمیشە بەنیگەرانی قەلەقییەوە ژیان بگوزەرێنێ وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە. دەسەڵات لەبری ئەوەی خۆشگوزەرانی و خۆشی نیشانی هاوڵاتییانی بدات، کەچی هەر ڕۆژەو بارگرانی و قەیرانێکی دیکە دەخاتە سەر هەموو ئەو ناخۆشی و ناعەدالەتییانەی کەوا دەمێکە بوونی هەیە لەکوردستاندا. بەبۆچوونی من دەسەڵات ئەگەر خواستی لەسەر بێت هەم دەتوانێ ژیانی کۆمەڵگە بکاتە بەهەشت هەم بیکاتە دۆزەخ بەمانایەکی دیکە دەسەڵات میللەت دڵخۆش دەکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوریی و دەستکەوتی تاک بەپێچەوانەوەش هەر ڕاستە توڕەو بێتاقەتی دەکات بە دروستکردنی قەیران و ناعەدالەتی زیاتر.

د.حیکمەت نامیق




لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر دۆخی خەڵک لەهەرێمی کوردستاندا!.. د. حیکمەت نامیق

ئەو جەنگەی کەوا بەرپابووە دیار نییە کەی کۆتایی پێدێت. ئەوەی کە زۆر جێگای تێڕامان وشۆکە بۆ خەڵک گرانبوونی نرخی سوتەمنی وخۆراک و کەلوپەل و شتومەکە دەسەڵاتیش نەبای دێ نەباران ئەو حکومەتەی کە دەمێکە لەخەمە قووڵەکانی خەڵک دوورکەوتۆتەوە. لێکەوتەو کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگای کوردی بەجۆرێکە هیچ کەسێک چارەسەرێکی ڕیشەیی نییە بۆ دۆخەکە.
کۆمەڵگا لە دۆخێکی ناخۆشی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی و دەروونی دەژیت، بەتایبەتی لەکاتی کێشەو قەیرانەکاندا ئازاری مرۆڤەکان دەردەکەوێت. لەوەتەی ئەم شەڕەی ئەمریکاو ئێران دەستی پێکردووە میللەت ڕۆژانە لە چاوەڕوانی کوژانەوەی جەنگەکە ژیان بەڕێدەکەن. چونکە بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی خراپی ئابوریدان شەڕەکەش دۆخە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکەی سەختترو قووڵتر کردۆتەوە، چونکە فشارە دەروونییەکان لەسەر تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییە هەژارو پەراوێزخراوەکان زیاتر بوون. دەشێ بوترێت کەوا لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئازاردانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بوونەتە دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەمانایەکی دیکە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی کەوا هیچ سیستەم ودامەزراوەیەکی مەدەنی نییە تێیدا ئازارو چەپاندنی مرۆڤەکان بوونەتە کولتوور لەنەوەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە.لەسەروبەندی کێشمەکێش و شەڕەکاندا بازرگان و سەرمایەدارە تەماعکارەکان دۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ گرانکردنی زیاتری نرخی کەل و پەل و سوتەمەنی و شتومەکەکان.
لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی لەژێر بارێکی قورسی ئابوریدا دەگوزەرێ بەهۆی ئەم شەڕەی کەوا هیچ وادەیەکی نییە بۆ کۆتاییهاتن. ئێمە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری نین تاوەکو دەستەبەری تەندروستی وکۆمەڵایەتی و ئابوریی و سۆشیاڵمان هەبێت، بەڵکو کۆمەڵگایەکی ڕاگوزەرین لەقۆناغێکی کۆمەڵایەتی وئابوریی سادەی پێش مۆدێرنەداین بەدەست چەندین گرفت و کێشەی قووڵەوە دەناڵێنین لەهەموو ڕەهەندەکانەوە. ئاشکرایە شەڕ هەرچۆنێک بێت ئایدۆلۆژستەکان چۆن تەفسیری دەکەن، بەڵام هیچ شرۆڤەیەک بەئەندازەی ئەوە نییە ماڵوێرانی و قاتوقڕی و بەدبەختی و گرانی لەگەڵ خۆی دینێت بۆ کۆمەڵ و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی شەڕ دەبێتە بەڵاو کێشە بۆ چینی هەژارو بەشخوراوان. هەرچەندە زۆر بەکەمی نەبێت ئەگینا هیچ شەڕێک بەدرێژایی مێژوو ئاشتی و خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی لەگەڵ خۆی نەهێناوە بۆ کۆمەڵگا. پرسیار ئەوەیە لەئەگەری درێژەدانی ئەم شەڕە پلانی دەسەڵات چیە بۆ کۆمەڵگا؟ ئەگەر کوردستان تێوەبگلێت لەم شەڕەدا دیسان جێگرەوە چیە؟ تاکەی کۆمەڵگا بەرگەی ئەم گرانییە دەگرێ؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێویستی بەوەڵامی ورد هەیە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکرد ڕێژەی هەژاری لەکوردستاندا لە لوتکەدایە بێکاری تەنگی بەگەنجان هەڵچنیوە، کەچی گرانی نرخی کەلوپەل وکاڵاکان و سوتەمەنیشی هاتە سەر. ئەگەرچی خۆ بەدوورگرتنی بڕیار بەدەستان ئەوپەڕی ئەقڵانییە، چونکە شەڕی پڕۆکسی هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت. پرسیارو تێبینی خەڵک دۆخی دارایی و ئابورییە نەوەک شتی تر. کەواتە گرانی بازاڕ کاریگەری نەرێنی زۆری کردۆتە سەر دۆخ و گوزەرانی خەڵک. لەهەموو دنیا کاتێ ئەزمە سەرهەڵدەدات حکومەت قسەو هەڵوێست و ئەلتەرناتیڤی دەبێت بۆ دۆخە سەختەکان، کەچی لێرە ڕۆژانە نرخی شتومەکەکان گران دەبن و بازرگانە چاوچنۆکەکان بەئاشکرا سوتەمەنییەکانی وەک غازو بەنزین و نەوت بەبازرگانی دەکەن. ئەم دۆخە وابەردەوام بێت نرخی سوتەمەنی وشتومەک و کاڵاکان بۆ چەند هێندە بەرزدەبنەوە. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان. پێویستە خەمخۆران وبڕیار بەدەستان زوو بێنە دەنگ لەسەر بارگرانی خەڵک و گرانبوونی نرخی کاڵاوسوتەمەنییەکان بڕیارێک بدەن لایەنی کەم بارگرانی خەڵکی ماندووی کوردستان کەم بکەنەوە.




بۆچی ڕانکی زانکۆکانی کوردستان لەپاشەکشێدان؟.. د.حیکمەت نامیق

زانکۆ تا ئەو جێگەیە پڕبایەخە کاری توێژینەوەو سەربەخۆیی بێت، کە دەڵێم سەربەخۆیی واتە دووربێت لە دەستتێوەردانی حیزبی و سیاسەتکردن و عەقڵیەتی بازرگانی و کاری بزنس و نمایشکردن. زانکۆ لەهەموو شوێنێکدا کاری بەرەوپێشبردنی زانست وئەکادیمایە لەپاڵ ئەمەش ئەرکی مامۆستاو قوتابیانە هەوڵبدەن ڕۆڵی ڕۆشنبیر و گۆڕینی کۆمەڵگا بدەن لەقۆناغێکی مێژوویی پاسیف بەرەو قۆناغێکی گەشەکردووی هۆشیار. لێرەوە ئەزموونی زانکۆ ئەرکی بەتەنیا ئەکادیمیاو دیسپلین و وەرگرتنی بڕوانامەی ڕووت نییە بەئەندازەی ئەوەی داهێنان و کرانەوە و ئازادی و گۆڕانکارییە لەهەموو ڕووەکانی ژیانی مرۆڤدا. پرسیار ئەوەیە چەندین زانکۆ لەکوردستانداهەن، کەچی کۆمەڵگاو مێنتاڵیتی کۆمەڵگا هەروەک خۆیەتی نە زانایەک نە داهێنانێکی تازەی زانستی ڕووی نەداوە لەهەردوو کایەی زانستە پەتی و مرۆڤایەتییەکاندا، هەروەها کۆمەڵگا بازی نەداوە بەهۆی ئەنجامگیرییەکانی زانکۆ لەقۆناغێکی ڕاگوزەرییەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ئەوەی لەزانکۆکانی کوردستاندا دەگوزەرێن تەنیا نمایشێکی بەتاڵە، چونکە کار لەسەر ئەو بنچینانەی کە دەبنە هۆی گەشەکردن و پێگەیاندنی قوتابیان و مامۆستایان ناکەن. هەروەها لێرە ئیدارەدانی زانکۆکان لەسەر لێهاتوویی و کارامەیی و توانستی کەسەکان نییە بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای حیزبی و سیاسەت و کوتلەو کوتلەکارییە. هەروەها زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان هاندەری مادی مامۆستا نین تاوەکوو توێژینەوە بکەن، بەڵکو چەندین ساڵە زانکۆکان تووشی قەیرانی مادیی قووڵ بوون خاوەن سەربەخۆیی دارایی نین تاوەکوو مامۆستا توێژینەوە لە گۆڤارە پێشکەوتووەکان بڵاو بکاتەوە. کاتێ زانکۆ سەربەخۆیی ئابووری نەبوو چاوەڕێی چی لە داهێنانی ئەکادیمستەکان دەکەن، هەرچەندە قەیرانی دارایی گشتگیرە تەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵی گرتۆتەوە، بەڵام زانکۆ دامەزراوەیەکی یەکجار گرنگە بۆ داهێنان و دۆزینەوەو کەشفکردن و پێشبینیکردنی دیاردەکان. ئەرکی ئەکادیمستەکان کارکردنە لەسەر پێگەیاندنی قوتابی و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەو چەندین ئەرکی تر، بەڵام کاتێ مافی ئەکادیمستەکان فەراهەم نەبوو ئەوا ئەرکیان بەرەو سستی وناچالاکی هەنگاو دەنێت. هەروەها زۆرێک لە بەرپرسەکانی زانکۆ و کۆلێژەکان لەسەر بنەمای ئەکادیمی و توانستی زانستی دانەنراون، بەڵکو وەک ئاماژەمان بۆکرد لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی و ئینتیمای سیاسی و کوتلەو گرووپە بەرژەوەندخوازەکان دیاریکراون ئەوەش هۆکارە بۆ پاشەکشەی ئاستی زانستی زانکۆکان. خاڵێکی دیکە پەیوەندی بەهەژموونی بازرگانی و بزنسسەوە هەیە، بەتایبەتی لەنێو زانکۆ ئەهلییەکاندا ئەمەش گەورەترین لێدانە لە ئەکادیمیا، چونکە ئەم جۆرە سەرمایەدارییە بڕوانامە دەکاتە وەرەقەیەکی بێ کەڵک و ئاستی زانستی دادەبەزێنێت بۆ دامەزراوەیەکی سەرمایەداری تەماعکارو مەکینەی وەبەرهێنان وبەرخۆری و دابەشکردنی بڕوانامە. لێرەوە ئەرکی زانکۆ دەگۆڕێت لە دەزگایەکی مەعریفی بەرهەمێنانەوە بۆ دامەزراوەیەکی بەرخۆری مادی ڕووت. بۆئەوەی زانکۆ گەشە بکات کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ببات دەبێ داماڵرێی لە دەستێوەردانی حیزبی و کاری بزنس و بازرگانی، هەروەها بەرزکردنەوەی کواڵێتی و ڕانکی زانکۆکان پێویستە گرنگی زیاتر بە کەسانی ئەکادیمست بدرێت لەسەربنەمای خودی زانست و لێهاتوویی و کارامەیی کەسەکە نەوەک شتی تر. لەگەڵ سەربەخۆیی دارایی و فەراهەم کردنی هەموو پێداویستییە مادیی و فیزیکییەکان، هەروەها ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار لەڕووی باڵەخانەو کەمپسەکان. دەبێ ئەزموونی زانکۆ بۆ قوتابی بکرێتە ئەزموونی فێربوون و داهێنان و دروستکردنی پرسیاری قووڵی زانستی.

د.حیکمەت نامیق




واقعی ئێستای حکومداری بە کورتی!.. د.حیکمەت نامیق

ئەگەرچی ئەنترۆپۆلۆژیا ئەوەی ڕوونکردۆتەوە فۆرمی حکومداری لە کۆمەڵگا سەرەتایەکاندا ئێجگار سەرەتایی وخێڵەکیە لەڕووی سیاسی و ئابوری یاسایی وپێکهاتەی کۆمەڵایەتی وفۆڕمی کارکردن و ڕەفتارو کەسایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی وکەسیەکانەوە، بەڵام ئایا کۆمەڵگای کوردی لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە هێشتا سەرەتاییە؟ ئەوە شوێنی توێژینەوەی زانستی و کارکردنی توێژەرانە ڕەنگە کاتی زۆری پێویست بێ بۆ تەواوکردنی ئەوجۆرە توێژینەوانە.
ئەوەی کە دەمەوێ لەم وتارە کورتە بیخەمەڕوو سەرنجی ئێمە وزۆرێک لە خەمخۆرانە لەسەر واقعی ئێستای حوکمداری لە کوردستان و ناوچەکەدا، هەرچەندە لەسەدەی نیو لیبرالیزم و دنیای تەکنەلۆژی و مۆدێرنە دەژین، کەچی واقعی حوکمداری کوردستان هیچ پێوەرێکی زانستی لەخۆناگرێ بەمانایەکی دیکە دەسەڵاتە یەکدوایەکەکان قۆناغەکانی گەشەکردنی مێژووی کۆمەڵگای کوردی بەرەو دواوە ئاراستە دەکەن.
فۆرمی حوکمداری لەئێستاد ئەوەیە، کە تاچەند خەڵک زیاتر بچەوسێنێتەوە چۆن ستەمی زیاتر لە میللەت بکرێ چ ڕێگاو شێوازێکی تر هەیە لەدەرەوەی مێژوو بدۆزنەوە بۆ زیاتر خنکاندنی کۆمەڵگاو بەندکردنی، ئیشی دەسەڵات ئەوەیە باشترین ڕێگا بەکاربهێنێت بۆ سزادانی زیاتری کۆمەڵ، سزای ئابوری و کۆمەڵایەتی وەک ئەوەی تاوانی مەزنی کردبێ کۆمەڵ دەیەوێ بژی دەسەڵات نایەوێ ئەو میللەتە بژیت و ئاسودە بێت.
فۆرمی حوکمداری ئەوەیە لەهیچ سڵ نەکاتەوە بۆ شکاندنی نەفسیەتی خەڵک و شێتکردنی، ئیشی دەسەڵاتدارانی ئێستا ئەوەیە چ پلانێکی دیکە داڕێژن بۆ زیاتر لەکەدارکردن و بێ نرخکردنی مرۆڤ، دەسەڵات دەیەوێ خەڵک زیاتر نائومێدو سەرگەردان بێت، لەئێستادا نەخۆشیە دەورنییەکان، ڕێژەی جیابونەوە، کۆچی زیاتری گەنجان، پاشەکشەی هاوسەرگیری،ڕاهاتن بە مادە هۆشبەرەکان، قومارکردن، دەرمان خۆرو چەندان کێشەو نەگبەتی تر بەڕۆکی ئەومیللەتەی گرتوە.
بڕیاربەدەستان دەیانەوێ پێمانبڵێن ئەوەی، کە ئێمە دەیکەن نابێ لەهیچ بچێ ولەهیچ شوێنێکی دنیا بوونی هەبێت، چونکە ئیشمان ئەوەیە ڕق وکینە بەسەر خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت هەڵڕێژین و زەلیلیان بکەین وکەسایەتی کورد بۆ ئەبەد تێک بشکێنین، حکومەتی ئێستاد لە خەمی ئەوە نیە ڕێژەی هەژاری وبێکاری چەندە، جیاوازی چینایەتی لە چ ئاستێکی ترسناکدایە دەسەڵات باکی بە دامەزراوەکانی زانکۆ و قوتابخانەو پەروەردەو بونیادی کۆمەلایەتی نیە، کە خەریکە بەتەواوی وێران دەبن، بە پێچەوانەوە گەورەترین ئەرک و خەمی ئەوەیە چۆن پارەکۆبکاتەوە و خێرو بێرەکە بۆخۆی ببات و بەیەکجاری ئەوەی ماوە دایدۆشێ، دەسەڵات لە خەمی ئەوەنیە کابرای کرێچی لەبەر نەداریی ونەبوونی خۆی دەکوژێت یان فەرمانبەر و مامۆستا بەهۆی پێنەدانی مووچە توشی نەخۆشی و شکستی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، ئەوانەی دەسەڵاتی سیاسی وئابوریان بەدەستە لە خەمی گەنجان نین کاتێ وڵات بەجێدێڵن، دەسەڵات نایەوێ لەوە تێبگات لێکەوتەکانی برسیکردنی خەڵک چ ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی دروستدەکات لەسەر دروستی دەروونی تاک، بەڵکو ئەوان تەنیا خەمیان ئەوەیە چۆن پارە کۆبکەنەوە بۆ خۆیان ونەوەکانیان. چۆن باڵەخانەکان بەرزکەنەوە بۆ قازانجی کەسی وخێزانی خۆیان، خەمی هەرەگەورەی ئەوان بە کۆمپانیاکردنی دارو بەردی ئەو هەرێمەیە، کاری ئەوان بەگەندەڵکردنی هەمووشتێکی ئەو کوردستانەیە پرسیار ئەوەیە بۆچی دەبێ حکومەتی خۆماڵی ئەوفۆرمە پیادەبکات و ڕق ئەستوربێت بەرانبەر بە میللەتەکەی ئەوە ئەو پرسیارەیە پێویستە هەموو تاکێکی بەئاگا لەخۆی بکات.




چۆن گه‌نده‌ڵی ڕیشه‌كێش ده‌كرێ؟.. د.حیكمه‌ت نامیق

ئه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ خه‌یاڵی كه‌سانی خه‌مخۆرو دڵسۆزی داگیركردوه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ كایه‌ جیاوازه‌كان ڕاستگۆیانه‌ كاره‌كانیان ڕاده‌په‌ڕێنن، كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌كرێ یه‌كسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تاوانبارده‌كرێ، به‌مانایه‌كی دیكه‌ گه‌نده‌ڵی زیاتر په‌یوه‌ستده‌كرێ به‌ كایه‌ی سیاسه‌ت و حكومه‌ت و داموده‌گاكانی میریه‌وه‌، به‌ڵام سۆسیۆلۆژیاو لقه‌كانی پێمانده‌ڵێن كه‌ په‌روه‌رده‌و ستره‌كتوری كۆمه‌ڵگا مرۆڤی نابه‌رپرس و گه‌نده‌ڵ به‌رهه‌مدێنێ هه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌چێته‌ نێوداموده‌زگا هه‌ستیاره‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستده‌كات به‌ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه‌ ده‌مێكه‌ گرێدراوه‌ به‌ تۆڕێكی دیكه‌ی به‌رزتره‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئیختیلاس و به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت ده‌ده‌ن، پرسیار لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا حكومه‌ت ڕێگاكه‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی یان ئه‌وه‌تا مرۆڤه‌ بووده‌ڵه‌كان له‌بنه‌مادا خۆیان له‌سه‌ر ده‌ستپیسی په‌روه‌رده‌كراون له‌ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی دزه‌ بكه‌نه‌ نێو تۆڕه‌كه‌.
گه‌نده‌ڵی به‌ره‌نجامی ستراكتۆری كۆمه‌ڵگایه‌ به‌گشتی به‌ پێی ئه‌نجامگیریه‌ كۆمه‌ڵناسیه‌كان له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ قوتابخانه‌ وه‌زیفی و ستراكچه‌ره‌كان، چونكه‌ كاتێك پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی توشی شه‌له‌ل بوو یان له‌ ده‌ست ده‌رچوو ئیدی ئه‌وه‌ی شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ مرۆڤ له‌ ڕه‌وشت و ڕه‌فتاری ئه‌قلانی دورده‌خاته‌وه‌ به‌دوای سودی كه‌سی و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن ده‌گه‌ڕێ به‌ شێوه‌ی ناشه‌رعی و هه‌روه‌ها وه‌ك په‌روه‌رده‌كراوێكی دارستان ئیش له‌سه‌ر غه‌ریزه‌ كپكراوه‌كانی ده‌كات ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌كار دێنێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌شێوه‌ی نایاسایی و ئه‌خلاقی لێره‌دا هه‌م پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م هێزو ده‌سه‌ڵاتی خه‌م خه‌مخۆر ئه‌گه‌ر هه‌بێت ده‌سته‌ وه‌ستان ده‌بن له‌ چاره‌كردنی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی، چونكه‌ ده‌بێته‌ خوویه‌كی خراپ تا ماوه‌یه‌كی دوو مه‌ودا درێژه‌ ده‌كێشێ
له‌كوردستاندا گه‌نده‌ڵی له‌وه‌تێپه‌ڕیوه‌ ته‌نیا به‌رمه‌بنای سیستمی سیاسی و ئیداری بێت، به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ نێو ڕه‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی له‌ ئێستادا له‌نێو هه‌مو سێكته‌ره‌كانی ژیان بوونی هه‌یه‌ ، چه‌مكێكی وه‌ك خزمخزمێنه‌ یان واسته‌ یان ئه‌وه‌تا په‌یوه‌ندی كه‌سی و حیزبی و چه‌ندین په‌یوه‌ندی دیكه‌ له‌ نێو داموده‌زگا ئیداریه‌كاندا ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ بره‌وسه‌ندنی ئه‌و دیارده‌ هه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی به‌ چه‌ندین فۆڕمی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێ گه‌وره‌ترینیان ته‌خشان و په‌خشانكردنی داهاتی ئه‌و هه‌رێمه‌ یه‌ بۆ بووده‌ڵه‌كان، ڕاسته‌ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه‌ هاوته‌ریب نیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كایه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ. چه‌ندین گرووپ و توێژ هه‌ن له‌نێو كۆمه‌ڵ نه‌باوه‌ڕی پێیه‌تی نه‌ موماره‌سه‌ی ده‌كات یا به‌مانایه‌كی تر ئه‌و دیارده‌یه‌ نه‌بووه‌ته‌ كۆ ڕه‌فتار.
.
چۆن ڕیشكێش ده‌كرێ ئه‌و په‌تایه‌؟ ئه‌و په‌تایه‌ ته‌نیا به‌ په‌روه‌رده‌كردنی جیلێكی تازه‌ كه‌ گۆشكرابێت به‌یاساو بیرۆكه‌ی مافی مرۆڤ و لێكبوردن و ئه‌خلاقی به‌رز لێره‌دا سۆشیالیزه‌یشن یان به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوون ڕۆلێكی ئێجگار گه‌روه‌ ده‌گێڕێت بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌ مه‌ترسیداره‌، كاتێك مرۆڤ په‌روه‌رده‌كرا له‌سه‌ر ده‌ستپاكی و نه‌ریتی جوان ئه‌وا هێواش هێواش ئه‌و دیادره‌ نێگه‌تیفه‌ كۆتایی دێت هه‌روه‌ها نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی به‌ دابه‌شكردنی سامانی نه‌ته‌وه‌ به‌یه‌كسانی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ باشترین بژارده‌ی نه‌مانی گه‌نده‌ڵی هه‌ژمار ده‌كرێت، لێره‌دا پڕۆسه‌كه‌ هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ سیستمی سیاسی و ئیداری ناوچه‌كه‌، چونكه‌ وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆكرد ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و په‌تایه‌ هه‌م كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ هه‌م ئیداریه‌ كه‌واته‌ بۆكۆتاییهاتنی ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی پێویسته‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌كه‌یی و دواتر ڕیشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی له‌ڕه‌گه‌وه‌.




به‌ره‌و نه‌مانی خۆشه‌ویستی… د. حیكمه‌ت نامیق

ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌سه‌ربكه‌م توانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیه‌ له‌سه‌ر ده‌می به‌جیهانیكردن و به‌ سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمه‌ڵگا، ڕه‌ه‌نگه‌ فۆڕم و جۆره‌كانی خۆشه‌ویستی له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌شه‌كردوی ئه‌قڵی تاڕاده‌یه‌ك جیاواز بێت له‌هه‌ندێ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌دیدا، به‌ڵام به‌گشتی به‌پێی توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسه‌كان خۆشه‌ویستی سۆزداری نێوان ژن و پیاو تواوه‌ته‌وه‌ یان ته‌واو وون بوه‌ له‌به‌رچه‌ندین هۆكار، ڕه‌نگه‌ به‌ سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمه‌ڵگا پشكی شێری به‌ركه‌وێت، چونكه‌ كاتێك خۆشه‌ویستی له‌هه‌موو شوێنێكی كۆمه‌ڵگا به‌رده‌ست بوو هه‌ركاتێك ویستت به‌ده‌ستی بێنیت ئه‌وا ده‌بێته‌ شتێكی هه‌رزان ده‌گۆڕێت بۆ كاڵاو مه‌ودا كورت ده‌بێت ئامانج و وه‌زیفه‌ی له‌ده‌ستده‌دات.

له‌مێژه‌ سۆسیۆلۆژیسته‌كان ئه‌وه‌یان به‌گوێی خوێنه‌ر داوه‌ كه‌وا خۆشه‌ویستی له‌سه‌رده‌می ئێستادا كۆتایی پێهاتوه‌ ، سێكس و ڕابواردن و چێژ وه‌ر گرتن شوێنی گرتۆته‌وه‌ بۆنموونه‌ كۆمه‌ڵناسێكی وه‌ك( باومان) له‌كتێبی( خۆشه‌ویستی شل) پێی وایه‌ كه‌ سێكس له‌سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنه‌دا شوێنی به‌های خۆشه‌ویستی گرتۆته‌وه‌، ژنه‌ كۆمه‌ڵناسی فه‌ڕه‌نسی به‌ڕه‌گه‌ز مه‌غریبی (ئیڤا لۆز) له‌كتێبی (نه‌مانی خۆشه‌ویستی) ده‌لێ ئه‌وانه‌ی پێشتر یه‌كتریان خۆشده‌ویست ئیًستا یه‌كتر به‌جێده‌هێڵن ئه‌و له‌توێژینه‌وه‌كه‌یدا به‌تێرو ته‌سه‌لی ئاماژه‌ به‌ نه‌مانی چیرۆكی خۆشه‌ویستی ده‌كات و دان به‌وه‌ داده‌نێت كه‌ ژیانی خێزان و په‌یوه‌ندی رٍه‌گه‌زه‌كان پڕیه‌تی له‌ نائارامی و نا هۆگربوون له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیه‌كان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ توشی شۆك ده‌كات، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ هۆگریه‌ی نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز یان به‌ومانایه‌كی دیكه‌ ئه‌و ئازادیه‌ خودیه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌یكی ڕه‌سمی و كۆنتراكت گرێدراوه‌ تێیدا یه‌كانگیری خێزان ده‌كه‌نه‌ وه‌زیفه‌ی یه‌كتر هه‌روه‌ها له‌پێناو خێزانێكی ته‌ندروست كۆشش ده‌كه‌ن، به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی له‌پێشودا پابه‌ندبونی ئه‌خلاقی نێوان دوو ڕاگه‌ز بوو بێت به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر ئه‌وا ئێستا به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ ئه‌خلاقیه‌ بزر ده‌بێ له‌نێودنیای سۆشیاڵ میدیا و به‌رخۆریزم و سه‌رمایه‌داری و ڕیكلامدا. كوردستان له‌سه‌رده‌می جیهانگیری ناژیت به‌ومانایه‌ی قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و خێڵایه‌تی و سه‌رمایه‌داری به‌ سروشتی تێپه‌ڕاندبێت ، به‌ڵام شه‌پۆلی ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ كه‌به‌رهه‌می سیستمی سه‌رمایه‌داری و پڕۆژی به‌ جیهانگیریكردنی نیو لێبڕالیزمه‌ یه‌كسه‌ر به‌ بێ سێ و دوو به‌ بێ پشكنین و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر خێزان وكۆمه‌ڵگا هاته‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، خۆشه‌ویستی كرده‌ ماده‌یه‌كی لاستیكی شل خه‌ریكه‌ ئه‌و به‌ها جێگیره‌ی كه‌ هه‌بوو به‌ته‌واوی له‌ناوی ده‌بات، له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی كۆتایی تۆكمه‌و یه‌كانگیره‌وه‌ گۆڕی بۆ ماده‌یه‌كی شل هه‌ركاتێك بیه‌وێت ئه‌و وه‌زیفه‌ به‌هاییه‌ به‌یه‌كجاری پێدێنێت.به‌بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئه‌لته‌رناتیفێكی ماقووڵ بۆ ژیانكردن و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز.




مودێله‌كان وه‌ك دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی .. دكتۆر حیكمت نامیق

مۆدێلی جل و به‌رگ ،نمایشی جه‌سته‌ ، جوانی روخسارو باڵا ،یا هه‌ر جۆرێكی تر ،بۆته‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێكی زۆری مرۆڤ موماره‌سه‌ی ده‌كات به‌تایبه‌تی ڕه‌گه‌زی مێ ،له‌دونیای ده‌ره‌وه‌ یا ڕاستر له‌ كه‌لتوری ئه‌وروپادا به‌ شێوه‌یه‌كی ترمۆدێله‌ ژنه‌كان كارده‌كه‌ن كه‌ڕه‌نگه‌هیچ په‌یوه‌ندی به‌مۆدێله‌كانی كورده‌وه‌ نه‌بێت . ئامانجی مۆدێله‌كان به‌گشتی په‌یداكردنی سامان و ناوبانگیه‌ ،كه‌ڕه‌نگه‌ ئه‌و ناوبانگیه‌ له‌داهاتودا بیكاته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی سینه‌مایی یا ڕاگه‌یاندكارێك یا ئه‌وه‌تا سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی.تیایدا كۆمه‌ڵێك ئامرازو میكانیزم به‌كاردێنن بۆ گه‌یشتن به‌و پێگه‌ مادی و سه‌رمایه‌ ڕه‌مزیه‌ له‌كۆمه‌ڵگادا.له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ سۆشیاڵ میدیا ،كه‌به‌ درێژایی ئه‌وچه‌ندین ساڵه‌ ی ڕابردوو له‌كوردستان ڕۆڵی ئێجگار نێگه‌تیفی گێڕاوه‌ به‌جۆرێك هیچ سانسۆرێك نیه‌ بۆ به‌رگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ .

سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌بكه‌ین هه‌موو ئه‌و مۆدێلانه‌ یا فاشنانه‌ به‌هه‌موو لق و جۆره‌كانیه‌وه‌ به‌رهه‌می دونیا ی مۆدێرنه‌و گلۆباڵ و سه‌رمایه‌داریه‌ چونكه‌ هه‌میشه‌ سه‌رمایه‌داری ئیش له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ تایپانه‌ ده‌كات بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دوباره‌ كه‌لتوری كۆمه‌ڵگا به‌شێوازێك كه‌یه‌كانگیر بێت له‌گه‌ڵ خواستی ئایدۆلۆژیای ئه‌و ، كه‌ دواجار ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان جێبیڵێ له‌نێو كایه‌كانی كه‌له‌توردا .ئه‌و جۆره‌ دیارده‌یه‌ بۆیه‌كه‌م جار له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكاو فه‌ره‌نسا سه‌ریانهه‌ڵدا له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست له‌شێوه‌ی كاركردنی ئافره‌تان له‌بواری دیزاین دواتر بۆ فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی بازرگانی و ڕیكلام و كاری بازرگانی و ڕیكلام كردن له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ئابور ی و ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكان .مۆدێلی فاشن لای كۆمه‌ڵناسان زیاتر خۆی له‌ پۆشینی ستایلی تازه‌ ده‌بینیه‌وه‌ لای چینی باڵا دواتر ئه‌و جل و به‌گ پۆشینه‌ ڕه‌نگی دایه‌وه‌ له‌ نێو چینه‌كانی تریش چونكه‌ جۆرێك له‌ دژایه‌تی دروستكرد له‌سه‌ره‌تاوه‌ .تا شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو مۆدێل و فاشنی پۆشینی جل وبه‌رگ له‌ چینی باڵاوه‌ هاته‌نیۆ چینی خوارو به‌تایبه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌نجان له‌وباره‌یه‌وه‌ .ئه‌و جۆره‌ فۆرمه‌ی پۆشین بوه‌ نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هاته‌ نێو كۆمه‌ڵگا ،بوه‌ ورده‌ كه‌لتور له‌لایه‌ن توێژی گه‌نجانه‌وه‌ موماره‌سه‌ ده‌كرێ به‌شێوه‌ی جیاجیا به‌به‌كارهێنانی سۆشیاڵ میدیاو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان .

مۆدێله‌كان و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی : یه‌كێ له‌و میكانیزمانه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ بره‌وسه‌ندنی ئه‌و دیارده‌یه‌ بریتیه‌ له‌ خۆنمایشكردنی جه‌سته‌ له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا به‌پۆشینی جۆره‌ها فاشۆنی جلوبه‌رگ بۆئه‌وه‌ی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان په‌یدا بكات .كه‌ دواجاده‌بێته‌ سه‌رنجڕاكێشانی هه‌وادارانی و په‌یداكردنی كڕیار ،ئه‌وه‌ی كه‌جێگای سه‌رنجه‌ خوێندنه‌وه‌ی پشتی په‌رده‌ی كاری مۆدێله‌كانه‌ تیایدا كۆمه‌ڵێك گه‌مه‌كه‌ر ڕۆڵی تیادا ده‌گێرن كه‌ هه‌میشه‌ به‌شێوه‌ی نهێنی كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن ،به‌شێكی ده‌سه‌ڵات ئه‌وگه‌مه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌بینێت ئامانج لێی كه‌به‌تێگه‌یشتنی خۆی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڕوی دونیادا به‌ڵام له‌وه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ ئازادی وكرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، پڕۆسه‌یه‌كی مێژوو كردی دورو درێژه‌ په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری خودی و بابه‌تی هه‌یه‌،ئه‌و جۆره‌ كرانه‌وه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی كه‌ میراتگری پرۆسه‌ی نێگه‌تیفی حیهانگیرو سه‌رمایه‌داریه‌ له‌ ئێستادا ئه‌زمونێكی ترسناكه‌ بۆ خه‌ڵك كه‌ گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵیك كێشه‌ی ئابوری وسایكۆلۆژی وكه‌لتوریه‌وه‌ بوه‌. به‌گشتی ئه‌و جۆره‌ له‌ نمایشكردنه‌ ناچێته‌ نێو, كۆنتێكستی گۆڕانكاریه‌وه‌ ، هه‌روه‌هائامرازێك نیه‌ بۆكاری جوانی و ئیستاتیكا ،گۆڕانكاری به‌كارهێنانی مۆدێل نیه‌ بۆله‌شفرۆشی وبزنس ، هه‌روه‌ك ئامانجێكی تریان ئه‌وه‌یه‌ گه‌نجان سه‌رقاڵ بكه‌ن ،كه‌ئه‌وه‌ش لای خۆیه‌وه‌ جۆرێك له‌دژبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو گه‌نجان دروستده‌كات ، تووشی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ده‌رونی وكۆمه‌ڵایه‌تی دۆخی نا ئارمی و ناهه‌موار ده‌كات ،به‌جۆرێك خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی به‌ره‌و ئاقارێك ده‌بات كه‌ كار له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری ده‌كات . دۆخێك دروستده‌كات لای گه‌نج كه‌ بیر له‌ تێركردنی حه‌زه‌ سێكسیه‌كانی بكاته‌وه‌ ،پركردنه‌وه‌ی كاتی به‌تاڵیان تیا به‌سه‌رده‌به‌ن كه‌ له‌ئێستادا بێكاری گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ بیر له‌رێگایه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌، ڕوو له‌و شۆینانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تیایدا ئه‌ومۆدێلانه‌ كارده‌كه‌ن یا ڕۆژانه‌ سه‌ردانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن دواجار ده‌بنه‌ ماشێنێك به‌ده‌ستی ئه‌و مۆدێلانه‌ ، به‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر لایه‌نی سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی توێژی گه‌نجان به‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێته‌هۆی تێك چونی به‌رزه‌فتی كۆمه‌ڵایه‌تی و شله‌ژانی هاوسه‌نگی خێزان وچه‌ندین كێشه‌و گرفتی تر .

ئه‌و ده‌زگاو كه‌ناڵانه‌،كچه‌مۆدێله‌كان ده‌كه‌نه‌ كاڵایه‌ك بۆ بازرگانی سێكسیی، كه‌ بێگومان خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌خۆ به‌شدارن له‌وپڕۆسه‌یه‌ ،به‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كاری بازرگانی وبزنس دواتر به‌كاری دێنێت تا ئه‌و كاته‌ ئاره‌زوه‌ مادی وشه‌هوانیه‌كانی تێرده‌كات. سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ومۆدێلانه‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستده‌هێنن له‌كه‌سێكی شكستخواردوی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ كه‌ڕه‌نگه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌شكستی ئه‌زمونی ژیانی كه‌سی ئه‌و مۆدێلانه‌ بێت قه‌ره‌بوی به‌مه‌ده‌كاته‌وه‌ ، ده‌یكاته‌ كه‌سێكی ئه‌كتیڤ له‌نێوداوده‌زگابیرۆكراسه‌كان حكومه‌ت ،هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی پێده‌به‌خشێ ، له‌نێو كۆمه‌ڵگا ناوبانگ و پرستیژ ده‌بێت ده‌بنه‌ خاوه‌نی پێگه‌ و سه‌رمایه‌ی مادی و ڕه‌مزی ، ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستده‌هێنن .بۆنمونه‌ زۆرجار هه‌رپڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی و ئابوری و ته‌نانه‌ت سێكته‌ره‌كانی تر به‌خانمه‌ مۆدێله‌كان ده‌سپێرن هه‌م بۆ په‌یداكردنی كلێنت و كڕیار هه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكان .ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت سنوری هه‌موو ڕه‌وشت و به‌هایه‌كی تێپه‌ڕاندوه‌ . ئه‌گه‌رچی خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و كاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری كه‌لتوری و خه‌فه‌كردنی تاكی كوردیشه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ناكرێ نادیده‌ بگیرێت چونكه‌ ئه‌و كه‌لتوره‌ هه‌میشه‌ ئه‌و دیاردانه‌ی به‌رهه‌م هێناوه‌ . مۆدێل له‌دونیای ده‌ره‌وه‌ كه‌ رێساو سیسته‌م هه‌یه‌ به‌كارناهێنرێت له‌ژێر په‌رده‌ بۆ كاری له‌شفرۆشی به‌ڵكوئه‌وپاره‌یه‌ی كه‌ په‌یدای ده‌كات ،به‌ره‌نجامی كاره‌كانی خۆیه‌تی دواتر به‌شێكی ده‌كاته‌ پڕۆژه‌ بۆ كاری خێر خوازی و هاریكاری بۆ ئه‌وكێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌بێته‌وه‌ دواتر خه‌ونه‌كانی تری ده‌هێنێته‌دی به‌رێگایه‌كی ماقوڵ .له‌شفرۆشی و مۆدێل و فاشن دوو كاری زۆر جیاوازن ،به‌ درێژایی مێژوو له‌شفرۆشی هه‌بوه‌ وه‌ك كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی چونكه‌ دواجار ئه‌و دیارده‌یه‌ لاده‌ره‌، پێگه‌یه‌كی نزمی هه‌یه‌ له‌نێوستره‌كتوری كۆمه‌ڵایه‌تیدا لێره‌ هه‌ردوو پیشه‌كه‌ ئاوێته‌ی یه‌ك بوون ، به‌ڵام كاری مۆدێل ته‌واو پیشه‌یه‌كی جیاوازتره‌ .




كۆمه‌ڵناسی كۆڕۆنا … *حیكمه‌ت نامیق

مرۆڤ كاتێ مه‌رگی ئه‌وانی تر ده‌بینێ ویژدانی ته‌واو ئازار ده‌كێشێ ئه‌وه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه‌، كه‌ ئێستا هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێیدا تێده‌په‌ڕێت كه‌له‌و په‌ڕی ترۆپكی نائومێیه‌وه‌ ژیان گوزه‌رده‌كات مرۆڤ وه‌ختێ ده‌گاته‌ نائومێدی ئیدی هیچ ده‌رچه‌یه‌ك نابینێ ته‌واو په‌رێشان و خه‌مناك ده‌بێ له‌ژیان نه‌ خوێندنه‌وه‌ی كتاب دادی ده‌دات نه‌ گوێگرتن له‌ مۆسیقا .نه‌ هیچ شتێك چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌ خه‌م و ئازاری ئه‌وانی تر ده‌ژیت ….مرۆڤ له‌ ئێستادا ڕوبه‌ڕوی دۆخێك بۆته‌وه‌ چه‌نده‌ پێشوتر بێزار بوه‌ له‌ حكومڕانی به‌رپرسه‌كانی ئه‌وا كوًڕۆنا به‌یه‌كجاری شه‌كه‌ت و ماندوی كردوه‌ ،سایكۆلۆژیه‌تی به‌جۆریك شێواندوه‌ هه‌ست ده‌كات ته‌نهاترین كه‌سه‌ له‌نێو ئه‌و جیهانه‌دا .
ئه‌و تارمایه‌ی ،كه‌ڕووی له‌ هه‌موو دونیا كردوه‌ سه‌یره‌ مرۆڤ له‌ ئاستی ده‌سته‌وه‌ستانه‌ ئه‌قل ناتوانێت په‌ی پی َببات وچاره‌ی دۆخه‌كه‌ بكات ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا به‌و هه‌موو بیریارو زانسخوازو گه‌شه‌سه‌ندنه‌ ئه‌قلی و مه‌عریفه‌ی خۆیه‌وه‌ نه‌توانێ ڤاكسینی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بدۆزێته‌وه‌ ئه‌واله‌به‌رامبه‌ردا ئه‌قڵی شه‌رقی و جیهانی ئیسلامی ده‌بێ چاوه‌ڕێی ڕه‌حمه‌تی ئه‌وروپا بكات له‌وباره‌یه‌وه‌ …زۆرێك له‌و گووتاره‌ فیكرو زانستیانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كانی دونیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆمرۆڤ به‌ دیاریكراوی له‌ شه‌مشه‌مه‌كۆره‌ bat هه‌روه‌ك هێندێكی تریان پێیان وایه‌ ده‌ستی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی سه‌رمایه‌داریه‌ هێندێكی تر پێیان وایه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆزیاتر چه‌سپین وزیاتر كۆنتڕوڵكردن ودووباره‌ هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ .
ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵناسی فێری ئه‌وه‌ی كردووین ،كه‌ دۆخی سه‌رمایه‌داری هۆكارێكه‌ بۆسه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ ترسناكه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ نه‌خۆشیه‌ كوشندانه‌ هه‌میشه‌ پێشبینی كراو بووه‌ له‌لای زایانی كۆمه‌ڵناسی به‌ڵام هه‌موو ئه‌و پاساوانه‌ لۆژیكی بن یا نا لۆژیكی هیچ بایه‌خێكی نیه‌ چونكه‌ دواجار مرۆڤ له‌هه‌موو شتێكی تر به‌ بایه‌ختر و به‌نرختره‌ …ده‌بێ زانست هه‌میشه‌ له‌خزمه‌ت مرۆڤایه‌تی بێت له‌ئاینده‌ ده‌كرێ وه‌ڵامی كۆمه‌ڵیك پرسیاری تایبه‌ت به‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بدرێته‌وه‌ …وه‌ك بۆچی تا ئێستا زانست به‌وهه‌موو ئامرازه‌ پێشكه‌وتنه‌وه‌ نه‌یتوانی كۆنتڕۆڵی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بكات؟بۆچی هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌توانرا به‌ری پێبگیرێ ؟به‌هه‌رحاڵ كۆمه‌ڵناسی وه‌ك بوارێك بۆشیكردنه‌وه‌ی دیارده‌و ڕووداوه‌گه‌وره‌كان قسه‌و لێكدانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌ .كۆمه‌ڵناسی هه‌میشه‌ له‌نێو هه‌ناوی كێشه‌و ڕوداوه‌ مێژوویه‌كان گه‌شه‌ی كردوه‌ سۆسێوڵوژیای پزیشكی وه‌ك به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵناسی تایبه‌ته‌ به‌و كێشانه‌ به‌وردی ده‌ڕوانێته‌ په‌یوندی نه‌خۆَشیه‌كان به‌ كۆمه‌ڵگاوبڵاوبونه‌وه‌یان .
زاناكان هه‌ر له‌دێرینه‌وه‌ باسی ئه‌و رٍوداوانه‌یان كردوه‌ بۆنمونه‌ دۆركایم باسی خۆكوشتنی و هاریكاری كۆمه‌ڵایه‌تی كردوه‌ كاتێك كۆمه‌ڵ ڕوبه‌روی كێشه‌و به‌ڵاو په‌تا ده‌بێتـه‌وه‌ هه‌روه‌ك ئۆلریش بێك له‌ كتێبی risk society به‌وردی باسی كاره‌ساتی كۆمپانیاكانی سه‌رمایه‌داری كردوه‌ له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی و پیس بونی ژینگه‌و شتی تر ،باومان یه‌كێكی تره‌ له‌و زانایانه‌ی كه‌ به‌ چڕی له‌ كتێبی مۆدێرنه‌ی شل و پۆست مۆدێرنه‌و جیهانگیری باسی كاره‌ساته‌كانی سه‌رمایه‌داری و كۆمه‌ڵگای دوای پیشه‌سازی و كێشه‌كان كردوه‌ كردوه‌كه‌ له‌داهاتودا به‌ڕۆكی مرۆڤ ده‌گرێ .
به‌ڕای من كۆڕۆنا گه‌وره‌ترین رٍووداو بوو تا ئێستا مرۆڤایه‌تی به‌خۆی نه‌بینیه‌وه‌ به‌جۆرێك مرۆڤ نه‌ك ته‌نها له‌ بێ متمانه‌یی ته‌واو له‌ ترسی ته‌واو ده‌ژی به‌ڵكو ڕق و كینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رامبه‌ر یه‌كتر بڵاو كردۆته‌وه‌ وای كردوه‌ ،كه‌ تۆ ڕقت له‌ویتر بێت ئه‌و ڕووداوه‌ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ،كه‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌وای لێك هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ شتێك نه‌ما به‌ناوی خۆشه‌ویستی ئه‌ویتر . له‌وباره‌یه‌وه‌ خۆشه‌ویستی ته‌واو غائیبه‌ ،ئه‌وڕوداوه‌ مرۆڤی تووشی هیستیریا كردوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك حه‌زده‌كات كه‌س نه‌بینێت دوركه‌وێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ خاڵی ئه‌رێنی ئه‌و ڕوداوه‌ بریتیبێت له‌وه‌ی دووباره‌ ژیانی خێزانی و لۆكاڵی په‌یوه‌ندیه‌كانی جارانی گه‌ڕانده‌وه‌ سه‌رده‌می زوو .كۆڕۆنا بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی به‌رامبه‌ر به‌ كۆی په‌یوه‌ندیه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و شته‌كان گۆڕی هه‌موو جیهان و سروشت و مرۆڤایه‌تی خسته‌ ژێرپرسیاری جدیه‌وه‌ هه‌رله‌ خێزانه‌وه‌ تا ده‌زگاو كایه‌كانی تری نێو كۆمه‌ڵ ،بیركردنه‌وه‌ی گۆڕا به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داری new لیبڕالێ ،مۆدێرنه‌ ، زاست ، تێور ، ئازادی .شار ،مرۆڤ ،سروشت به‌گشتی دووباره‌ پێناسه‌ی شته‌كان ده‌كاته‌وه‌.

قوتابی دواساڵی دكتۆرا له‌ زانكۆی باشوری فیدڕاڵی له‌ ڕوسیا*




له‌باره‌ی هاوڕێیه‌تیه‌وه‌ … حیكمه‌ت نامیق

ئایا هاوڕێ یه‌تی چیه‌و چۆن دروست ده‌بێت ؟ بنه‌ماكانی چین ؟ مه‌به‌ستم له‌ چه‌مكی هاوڕیه‌تیه‌ له‌ نێوان دوو كه‌س یازیاتر له‌نێو كۆمه‌ڵدا به‌گشتی . كۆمه‌ڵگا بریتیه‌ له‌ تۆڕێك په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ وه‌ك تاكێكی چالاك بژیت پێویستی به‌هاوڕێیه‌ له‌نێو ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی، كه‌ خۆی تیا ده‌دۆزیته‌وه‌ وه‌ك بكه‌رێك بۆنواندن ،چونكه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ كارلێك له‌گه‌ڵ تاكه‌كان ده‌كات ،به‌مانایه‌كی دیكه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر بژیت ده‌بێ دونیاك ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌جێبهێنی به‌وهۆیه‌وه‌ خۆی له‌ نێو ئه‌وانی دیكه‌ ده‌دۆزیته‌وه‌ ،كه‌ له‌بواری سۆسیۆلۆژیا به‌ كارلێكی هێمایی ده‌ناسریته‌وه‌ ،واته‌ هه‌ڵسه‌نگاندی خودو ئه‌وانی دیكه‌ بۆتۆ ،نرحاندنه‌كه‌ هه‌ندێ جار ئه‌رێنیه‌ هێندێ جار نه‌رێنیه‌ .ئه‌گه‌ر چی بابه‌تی هاوڕیه‌تی زۆر ئاڵۆزه‌ به‌گشتی چونكه‌ دواجار مرۆڤ به‌گشتی له‌په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ڕوڵ ده‌گێڕێت به‌پێی شوینگه‌و پله‌وپایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سه‌كه‌ نرخاندنی بۆده‌كرێ چی به‌شێوه‌ی فه‌رمی بێت چی به‌ نافه‌رمی بێت له‌لایه‌ن دواده‌زگاو كه‌سه‌كانه‌وه‌ .

زۆرجار دروستبونی هاورێتی له‌رێگه‌ی ئامرازه‌كانی پێگه‌یاندن و به‌ كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ وه‌ ده‌بێت socialization یا ئه‌وه‌ تا له‌ قوتابخانه‌ ڕه‌گی ئه‌و متمانه‌یه‌ دروست ده‌بێت یا له‌ زانكۆ یا ئه‌وه‌تا له‌ شوێنی ئیش كردن به‌گشتی .ئامانجی مرۆڤ بۆهاورێ گرتن یا هاورێیه‌تی زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ هێنانه‌دی كۆمه‌ڵێك حه‌زو ئاره‌زوی په‌نهان و ئاشكراوه‌ هه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ خواسته‌كه‌یان مه‌زنیش بێت ،كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵی بۆده‌ده‌ن هه‌ندێ جار ئامانجه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌خته‌وه‌ری بۆیه‌كتر یا ئه‌وه‌تا ده‌بێته‌ هۆی شكست و دابڕان و تێكچونی په‌یوه‌ندیه‌كان .
مرۆڤ بۆ پركردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌راغه‌ سایكۆلۆژیه‌ی ،كه‌ هه‌یه‌تی هه‌میشه‌ به‌دوای هاوڕێیه‌ك ده‌گه‌ڕێ تا وه‌ك پشت و په‌نایه‌ك ده‌رده‌ ڵ و كێشه‌كانی لاباسبكه‌ ،چونكه‌ متمانه‌یان ته‌واو لای یه‌ك دروستبوه‌.یه‌كتریان خۆشده‌وێت پابه‌ندن به‌و رێساو بنه‌ما گشتیانه‌ی كه‌ خۆیان هه‌ڵیانبژاردوه‌.

په‌یوه‌ندی هاوڕیه‌تی بریتیه‌ له‌ به‌خشنی متمانه‌ی دوو كه‌س یا زیاتر ،كه‌ ئاراسته‌و بیركردنه‌وه‌یان تاڕاده‌یه‌ك نزیكه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ڕه‌زامه‌ندی سایكۆلۆژی هه‌ردوو كه‌سی له‌سه‌ره‌ ئه‌وان هۆگری یه‌كن له‌ خۆشی و ناخۆشیه‌كانی ژیان هاوبه‌شی یه‌كترن یا قوربانی بۆیه‌كتر ده‌ده‌ن له‌ قۆناغه‌كانی ژیانی یه‌كتریاندا .

هاوڕێ یه‌تی له‌سه‌رده‌مێك بۆیه‌كێكی تر جیاوازی هه‌یه‌ واته‌ كات و شوێن ڕۆلێ گرنگی هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی هاورێ . له‌سه‌رده‌می پێش مۆدێرنه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیه‌كه‌ ڕوبه‌ڕوبوه‌ ئاستی تێگه‌یشتن به‌رابه‌ر یه‌كتر ئاسان بوه‌ متمانه‌ زیاتر بوه‌ ، په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان خزمایه‌تی و نه‌ریتی گوندنشینی و میراتگیری زاڵبوه‌ به‌سه‌رمرۆڤه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنی هاوڕێ ، دابه‌شكردنی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوه‌ زیاتر ده‌سته‌ جه‌معی بوه‌ هه‌روه‌ها ئاین و داب و نه‌ریته‌كان ڕۆلی خۆیان هه‌بوه‌، به‌ڵام دوای سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆشنگه‌ری و مودێرنه‌ چه‌مكی هاوڕێیه‌تیش گۆڕانی به‌سه‌رداهات به‌جۆرێك هاورێی هه‌میشه‌یی به‌ده‌گمه‌ن ده‌مێنێ یا ئه‌وه‌تا سه‌رقاڵی مرۆڤه‌كان و دوركه‌وتنه‌ویان له‌یه‌كتر زوو كۆتایی به‌ هاوڕیه‌تی ده‌هێنێت .
یا ئه‌وه‌تا نه‌گونجانی ئایدیاو ڕوانینیان بۆكێشه‌ كان كۆتایی به‌ هاورێیه‌تیان بهێنیت . ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌و سه‌رمایه‌داری و به‌ كۆمپانیاكردنی كۆمه‌ڵگا و نه‌مانی به‌هاكان به‌گشتی كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ له‌ كه‌مبونه‌وه‌ی هاورێی هه‌میشه‌یی .دونیای دوای مۆدێرنه‌ متمانه‌ی مرۆڤه‌كانی له‌نێو یه‌كتردا له‌ق كردوه‌ هاورێیه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و ره‌سمی ده‌بینرێت زیاتر .

ئه‌گه‌رله‌ ڕوانگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسی و فیكریه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ شه‌نوكه‌و بكه‌ین پێوستمان به‌ كۆمه‌كی هه‌ندێ بیرمه‌ندو سوسێولۆژیسته‌ ، زیگمۆن باومان پێی وایه‌ مرۆڤ له‌ئێستادا له‌دۆخێكی نائارامی ده‌ژیت ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ، كه‌ ژیانی ئێمه‌ دیاریده‌كات مه‌حكومه‌ به‌ لۆژیكی به‌رخۆری consumption هاوڕێیه‌تی لاوازبوه‌ هاوڕیێه‌تی لای باومان بریتیه‌ له‌دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی تازه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و جیاوازی، ئه‌ز مون، هاوڕێیه‌تی ته‌نها كۆمه‌ڵیك براده‌ری كاتی و پچڕپرنیه‌ له‌ كافیه‌ك یا باڕێك به‌ڵكو ده‌شێ هاوڕێیه‌تی به‌ شێوه‌ی گروپی بێت.
هاوڕیه‌تی لای باومان له‌سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنه‌ی شڵ پریه‌تی له‌ قه‌له‌قی و نائارامی له‌هه‌مان كاتدا پریه‌تی له‌ چالاكی و كاركردنی جیاجیا به‌یه‌كه‌وه‌ . ئه‌و هاورێِیه‌تی له‌لایه‌ك به‌ به‌شێك له‌ ڕوبه‌روبونه‌وه‌ و شێوه‌یه‌ك له‌ خستنه‌گه‌ری ئه‌زمونی یه‌كتر وێناده‌كات له‌لایه‌كی تر هاوڕێیه‌تی گرێده‌داته‌وه‌ به‌ خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندیه‌كی مۆڕاڵیه‌وه‌ .

ئه‌رستۆ پێی وایه‌ هاوڕێ یه‌تی چه‌ندین جۆری هه‌یه‌ له‌وانه‌ هاوڕی َیه‌تی به‌رژه‌وه‌ندخواز UTILITY هاورێ یه‌تی بۆچێژو كات به‌سه‌ربردن ، هاوڕێیه‌تی بۆچاكه‌و خێر .مرۆڤ مادام بونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌میشه‌ پێویستی به‌هاوڕیه‌ بۆژیانكردن ڕه‌نگه‌ مرۆڤ له‌ژیانیدا كۆمه‌لێك جۆری هاوڕێیه‌تی بۆدروست بێت كه‌ قه‌د چاوه‌رێی نه‌كردوه‌ پێشتر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ،كه‌ ئه‌رستۆ باسی كردوه‌ كاتیه‌و زوو ته‌واو ده‌بێت به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردولا ره‌نگه‌ ته‌مه‌نیان و شوێنیان و ته‌نانه‌ت زمان و كه‌لتوریشیان جیاوازبێت ،به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌ جۆری دوه‌می هاوڕیه‌تی به‌پێی بۆچونی ئه‌رستۆ هاوڕێیه‌تیه‌ له‌ پێناو چێژو به‌سه‌ربردنی كات PLEASURE كه‌ زیاتر ئه‌و به‌شه‌یان گه‌نجه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ گه‌نج به‌ گوته‌ی ئه‌و بیرمه‌نده‌ زیاتر بونه‌وه‌رێكی غه‌ریزاویه‌ هه‌ست و جوڵه‌كانی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستیه‌ ڕه‌مه‌كیه‌كانیه‌تی ره‌نگه‌ ئه‌و جۆره‌ هاوڕیه‌تیه‌ له‌گه‌ڵ گۆراِنكاری له‌ته‌مه‌نی گه‌نجی شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتی هاوڕیه‌تیه‌كه‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردابێت واته‌ ئه‌وه‌ش تاسه‌ر نیه‌و كاتیه‌ ،چونكه‌ زیاتر غه‌ریزه‌ ته‌حه‌كوم به‌ ڕه‌فتاری تاكه‌كان ده‌كات.
جۆری سێهه‌م GOODNESS ئه‌و جۆره‌یان ئه‌رستۆ به‌ پۆزه‌تیف ناوی بردوه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و به‌شه‌یان دو هاورێی نزیك له‌یه‌كترن یا به‌مانایه‌كی تر هه‌ڵسوكه‌وت و بیركردنه‌وه‌و ڕه‌فتاریان له‌یه‌كده‌چێت ..
وه‌ك باسمانكرد هاوڕێه‌تی چه‌ندین جۆرو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌،سۆسێولۆژیا پێمانده‌ڵێت هاوڕێه‌تی به‌ره‌نجامی به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بونی مرۆڤه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ،سروشتی هاوڕییه‌تی وایه‌ به‌پێی زه‌مه‌ن و شوێن كۆتایی دێت یان كاڵده‌بێته‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوڕێه‌تیه‌كه‌ ڕوحیش بێت .

چه‌مكی هاوڕێه‌تی له‌دوای پۆست مۆدێرنه‌و زاڵبونی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌یه‌كجاری گۆڕانی به‌سه‌رداهات به‌شێوه‌یه‌ك هیچ نۆڕمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوڵی تیا ناگێرێت ئه‌گه‌رچی هاورێیه‌تی زۆرجار بریاری كه‌سی تاكه‌كانه‌ واته‌ تاكایه‌تیه‌ ،دوو هاورێی فیكره‌و هه‌ڵسوكه‌وت و میزاجیان له‌یه‌كتر نزیكه‌ به‌ڵام جیاوازیه‌كان هاوڕیه‌تی جوانده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌گۆرینه‌وه‌ی ئایدیاو ماریفه‌ به‌كاری بهێنن وه‌ك بوارێك بۆ دیسكۆرسكرن ،له‌ئیستادا هاورێیه‌تی بوه‌ته‌ كاتی و سودی كه‌سی به‌تایبه‌تی له‌شوێنی كاردا workplace مرۆڤ له‌ شوێنی كاردا زوو ده‌بنه‌ هاوڕێ و زووش یه‌كتر به‌جێدێڵن ، له‌سه‌رده‌می دوای مۆدێرنه‌و تازه‌گه‌ری زۆرجار سێكس و سۆزداری شوێنی هاوڕیه‌تی جارانی گرتۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هۆگربوون و intimacy سۆزداری هه‌بێت له‌نێوان یه‌كتردا به‌هاورێ هه‌ژمارده‌كرێ ،به‌تایبه‌تی نیۆانی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز .یه‌كێك له‌تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی هاوڕێه‌تی پاراستنی نهێنی یه‌كدیه‌ به‌شێوه‌یه‌ك تامردن په‌یمان ده‌ده‌ن یه‌كتر نه‌شكێنن

ئاكاری هاورێیه‌تی بپارێزن به‌ڵام دوای كۆتایی هاتنی په‌یوه‌ندیه‌كه‌ زۆرجارنهێنی یه‌كتر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ واته‌ ئه‌وه‌ی ده‌مێنی ته‌نها خوده‌ و ته‌نهاییه‌ بۆیه‌ solitude په‌یوه‌ندی هاورێیه‌تی سروشتێكی ته‌مو مژاوی هه‌یه‌ به‌ تێپه‌ربونی كات كۆتایی دێت مرۆڤ ته‌نها ده‌گه‌رێته‌وه‌ لای خۆی سه‌رنج بده‌ هاورێیتی سیاسیه‌كان وه‌ك تایپێك له‌ هاورێیه‌تی ، وه‌ختی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا ده‌كه‌ویته‌ مه‌ترسی دواتر ده‌بنه‌وه‌ دوژمن و سه‌نگه‌ر له‌یه‌كتر ده‌گرن ره‌نگه‌ ته‌مه‌نێك له‌ په‌یوه‌ندی هاورێیه‌تیان به‌سه‌ر بردبێت به‌ڵام دواجار هه‌رچی ناشییرینیه‌ به‌یه‌كتر ده‌یكه‌ن .
یا بۆوێنه‌ دووهاورێی كه‌سی چه‌ندین ساڵه‌ دوای ته‌واوبونی په‌یوه‌ندیان ،ته‌نانه‌ت نكۆڵی له‌ یادگاریه‌كانی یه‌كتریش ده‌كه‌ن .
ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م ،كه‌ مه‌رج نیه‌ له‌نێو هاورێیه‌تی خێزاندا هاوڕێیه‌ تی هه‌بێت واته‌ ده‌كرێ ژن و مێردبن به‌ڵام هاورێ نه‌بن به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ،یان ده‌شێ دو برای یه‌كتر بن هاورێی یه‌كتر نه‌بن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر راسته‌ ، به‌ڵام به‌ ده‌ربرینی من ژن و مێرد ئه‌گه‌ر نه‌بنه‌ هاورێی هه‌میشه‌یی په‌یوه‌ندیه‌كی سه‌قه‌ت به‌یه‌كیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

هاورێیه‌تی و كێبڕكێكردن

ده‌كرێً هاورێشبن به‌ڵام كێبڕكێ بكه‌ن بۆ كاری باش وه‌ك خوێندنه‌وه‌ی كتێب داهێنان له‌بورای ماریفی و فیكری یا ئه‌وه‌تا دو پرۆژه‌ی جیاوازیان هه‌بێت بۆ پێشخستنی سێكته‌رێك له‌ سێكته‌ره‌كانی وڵات ئه‌و جۆره‌ تایپه‌ له‌وڵاته‌ گه‌شه‌كردوه‌كان هه‌یه‌ زۆر جار به‌گروپ ئه‌نجامی ده‌ده‌دن وه‌ك ململانێیه‌ك بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی په‌روه‌رده‌وه‌ سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ سودی لێوه‌رده‌گیرێت .

هاوڕیه‌تی و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان

له‌سه‌رده‌می ئێستا دا مرۆڤ به‌ته‌وای له‌رێگای هه‌موو فۆڕمی به‌رنامه‌كان سه‌رقاڵه‌ به‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ وه‌ك فه‌یسبوك و ئینستیگرا م و تویته‌ر و ئه‌وانی دیكه‌ .به‌شێوه‌ی ئه‌رێنی و نه‌رێنی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دونیایه‌ ده‌كات ،كه‌ مۆدێرنه‌ له‌گه‌ ڵ خۆی هێنای بۆ نیو په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌شێوه‌ك مرۆڤ بوه‌ كه‌سێكی لاوازو به‌رخۆر به‌دیوه‌ نێگه‌تیفه‌كه‌ی وه‌ك كه‌سێًكی واقعی ناژیت، سایكۆلۆژیه‌تی شێواوه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت و كرده‌وه‌كانی داناوه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ندین كاتژمێر ته‌رخانده‌كات بۆبینینی لایك و كۆمێنت و پۆستكردن و چات و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و گه‌ڕان به‌دوای هاورێ ،دروستكردنی هاوڕێ له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان زۆرجار كاتیه‌ و بۆ چێژو سوده‌ زوو به‌سه‌ر ده‌چێ به‌ده‌گمه‌ن ده‌بێته‌ هۆی دروستكرنی هاورێی goodness باش …

هاورێیه‌تی له‌نێو كورددا

پێش ئه‌وه‌ی باسی هاوڕێیه‌تی له‌ نێو كورد بكه‌م ،ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌ ڕۆلی ئابوری چینه‌كان بكه‌م له‌ گه‌شه‌كردن و كزبونی هاورێیه‌تی .به‌دێژایی مێژوو فاكته‌ری ئابوری یا چینه‌كان به‌گشتی زۆرجار په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دیاریده‌كه‌ن بو وێنه‌ چینی دوڵه‌مه‌ند به‌ سامانی ئابوری هه‌میشه‌ په‌یوندی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی هاورێی هاوشێوه‌ی خۆی هه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بۆ چینه‌كانی دیكه‌ش ڕاسته‌.
ئه‌گه‌رچی هاوڕیه‌تی وه‌ك باسمانكرد له‌پێش دونیای مۆدێرنه‌ pre modernity داوده‌زگاكانی به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بوون دیاریانده‌كرد ئێًمه‌ی كوردیش له‌و ڕێگایه‌وه‌ هاوڕێمان په‌یداده‌كرد بۆئێمه‌ مزگه‌وت و قوتابخانه‌و گه‌ڕه‌ك و زانكۆ باشترین شوێنی دروستكردنی هاورێ بوو ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ شوێنی كاركرن به‌گشتی و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیش ڕۆلێ هه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ ،پێشتر هاوڕێیه‌تی منداڵی له‌نێو گه‌ڕه‌كدا ده‌بوه‌ سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی هاورێ ئه‌و جۆره‌ له‌نێو كوردا تاڕاده‌یه‌ك به‌ پیرۆز وه‌سفده‌كرێ چونكه‌ یاده‌وه‌ری مناڵی هه‌میشه‌ لای مرۆڤی كوردی جێگای ستایش و ڕێزبوه‌، به‌ڵام ئه‌و تایپه‌ش به‌ تێپه‌ربونی زه‌مه‌ن كۆتایی هاتوه‌ ته‌نها وه‌ك سۆزێك جارجاره‌ بیری یاده‌وه‌ری ئه‌و ڕۆژانه‌ ده‌كه‌ی، كه‌ تیایدا كاتی مناڵیت تیا به‌سه‌ربردوه‌.

هاورێیه‌تی و یاده‌وه‌ری هه‌میشه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بونه‌ به‌ڵام دوای كۆتای هاتن ده‌كرێ ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌ ببێته‌ ئه‌زمونكردنی مرۆڤه‌كان و به‌كارخستنیان بۆ گه‌شه‌كردنی لایه‌نی دیكه‌ی ژیانی مرۆڤه‌كان .یه‌كێك له‌ پره‌نسیپه‌كانی هاوڕێه‌تی بریتیه‌ له‌ وه‌فاداری نێوان كه‌سه‌كان له‌سه‌رده‌می زوو یا به‌دیاریكراو ی وه‌ختێ به‌هاكان رولێان هه‌بوو له‌ ئاراسته‌و په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤه‌كان تاراده‌یه‌ك وه‌فا هه‌بوو له‌ نێو په‌یوه‌ندی هاورێیه‌تیدا به‌ڵام دواجار به‌ تێپه‌ربونی كات كاڵبویه‌وه‌ یا پوكایه‌وه‌.

جاران هاوڕێیه‌تی به‌ كۆمه‌ڵێك پێودانگ و پێوه‌ر دیاریده‌كرا ،وه‌ك هاوته‌مه‌نی ، هاوسێیه‌تی ،خزمایه‌تی ،باوان ،هاو عه‌شیره‌تی ، هاو حیزبی ، هه‌موو ئه‌و كه‌ناڵانه‌ وه‌ك سیستمێكی نافه‌ڕمی ڕۆڵی خۆیان هه‌بوو له‌ده‌ست نیشانكردنی هاوڕێ له‌نێو مرۆڤی كوردیدا ،نه‌وه‌ی كۆن previous generation وه‌ك چۆن بۆچون و پێرسپێكتیڤی خۆی ده‌سه‌پاند له‌ ئاراسته‌كردنی شێوه‌ ی ژیانی تۆبه‌گشتی هه‌رئه‌واش تۆی ئاراسته‌ ده‌كرد له‌دروستكردنی هاورێ ،له‌به‌ر كۆمه‌ڵیك هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژی ،پێشوتر و ئێستاش واباوه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ زۆربه‌ی كه‌لتورو كۆمه‌ڵگاكان بگرێته‌وه‌ بۆنمونه‌ له‌ بابه‌تی هاوته‌مه‌نی هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگاو خێزانه‌كان پێیان وایه‌ پێویسته‌ هاوشێوه‌ی ته‌مه‌نی خۆت بكه‌یته‌ هاوڕێ باشتره‌ بۆ نرخاندنی ئه‌رێنی كۆمه‌ڵگا له‌وباره‌یه‌وه‌ ،یان هاوسێیه‌تی باشتره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژینگه‌ی لۆكاڵی به‌وشێوه‌یه‌ ،جاران هاوڕێیه‌تی نه‌ریته‌ كلاسیكیه‌كانی خێڵایه‌تی زیاتر هه‌ژمونی به‌سه‌ر رێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی تاك هه‌بوه‌ بۆ دروستكردنی هاوڕێیه‌تی هه‌م وه‌ك نه‌ریتێًك هه‌م وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی ره‌مزی له‌نێو كومه‌ڵگا موماره‌سه‌ده‌كرا .
واته‌ نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌گشتی زاڵ بو به‌سه‌ر كه‌سه‌كان چونكه‌ كۆمه‌ڵگا پێی وایه‌ ئه‌و نۆرمانه‌ دواجار هاورێی خراپ و باش له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه‌ هاورێی خراپ دونیایه‌ك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی deviance به‌دوای خۆیدا جێدێلێ بۆیه‌ خێزان له‌ پێشودا هه‌میشه‌ ڕۆلی چاودێریكردن و monitoring سنوردانانی ته‌واوی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی هه‌بوو له‌ هه‌مبه‌ر په‌یداكردنی هاورێ .

چینی ناوه‌ندو هاورێیه‌تی
چینی ناوه‌ند middle class ڕوڵی هه‌یه‌ له‌ بونیاتنانی هاورێیه‌تی سۆسیۆلۆژیا پێمانده‌لێت زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی هاورێن له‌ چینی ناوه‌ندن چونكه‌ ئه‌وچینه‌ به‌ په‌یوه‌ندی ڕوبه‌روو ده‌ناسریته‌وه‌ face to face مرۆڤه‌كان له‌نێو شۆێنگه‌ گشتیه‌كان به‌یه‌كده‌گه‌ن هه‌روه‌ها له‌ نێو ڕوتینی ژیانی ڕۆژانه‌یان گوزه‌رده‌كه‌ن چونكه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی سۆلیدارێتی solidarity له‌نێو ئه‌و چینه‌ گرنگه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌ ،كه‌ ده‌شێ ئه‌و هاوڕێه‌تیه‌ ببێته‌ هۆی خۆشه‌ویستی نێوان مرۆڤه‌كان و به‌كارهێنانی بۆ یه‌كبون integrationو گۆڕانكاریكردن چالاكی گروپی له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا به‌را من نه‌بونی ئه‌و چینه‌ و لاوازی ئه‌و جۆه‌ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ نێو كورد هۆكارێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی چه‌قبه‌ستویی كۆمه‌ڵگاو نه‌گۆرانی .

دوای بڵاوبونه‌وه‌ی دونیای ته‌كنه‌ڵوژی و گۆڕانه‌ یه‌كدوای یه‌كه‌كان ئیدی وێناكردنی كۆمه‌ڵگا بۆ شته‌كان گۆڕانی به‌سه‌رداهات ،شوێنی كار بو به‌ سه‌رچاوه‌ی گه‌ڵاڵه‌كردنی هاورێ گرتن ، له‌ زانكۆ قوتابیان ده‌بنه‌ هاورێی یه‌كتر ره‌نگه‌ زۆر نزیكیش بن به‌ڵام دوایی ته‌واوبونی زانكۆ به‌ره‌به‌ره‌ كاڵده‌بێته‌وه‌ ته‌نانه‌ ده‌پوكێته‌وه‌ ، له‌ فه‌یس بووك ده‌بنه‌ وه‌ هاورێی جاران دواتر له‌سه‌ر پۆستێك له‌سه‌ر لایكێك ،كه‌ به‌ دڵی نه‌بوو بڵوكت ده‌كات ئه‌وه‌ ئه‌و په‌ری كۆتای هێنانی سه‌رده‌می هاورێیه‌تیه‌ به‌ گشتی له‌ فه‌رمانگه‌ تائه‌و كاته‌ هاورێته‌ كه‌ كارت له‌گه‌لی هه‌بو دواتر به‌هه‌مانشێوه‌ هاورێیه‌تیه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌سه‌رده‌می ئێستادا كه‌ به‌ دونیا دوای تازه‌گه‌ری ده‌ناسریته‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ زۆربه‌ی ئاسته‌كانی هاورێه‌تی به‌رو توانوه‌ ده‌چێت ؟ده‌كرێ وه‌ك research problem پێویستی به‌ لێكوڵینه‌وه‌یه‌كی جدی هه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ .

هاورێیه‌تی ونیفاقكردن hypocrisy
ئه‌و جۆره‌ دیارده‌یه‌ له‌نێو كوردا تاراده‌یه‌ك ی زۆر بوونی هه‌یه‌ ،كوردده‌مێكه‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ خراپه‌ دوباره‌ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ئه‌گه‌رچی فاكته‌ری زۆره‌ ره‌نگه‌ هێندێكیان په‌یوه‌ندی به‌ سروشتی كه‌سیایه‌تی تاكی كوردیه‌وه‌ هه‌ بێت له‌ ڕوی سایاكۆلۆژیه‌وه‌ ،كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ستی به‌كه‌می خۆی كردوه‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆی و ئه‌ویتردا یا به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی به‌ كۆمه‌ڵایه‌تیبونی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ ،كه‌ له‌ بنه‌چه‌دا مرۆڤی دو ڕوو و مزده‌وج دروستده‌كات له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاین و په‌روه‌دره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پشكی شێریان به‌ركه‌وتوه‌ .

ئه‌و جۆره‌ تایپه‌ له‌ هاورێه‌تی له‌ نیو هه‌موو سێكته‌ره‌كان بوونی هه‌یه‌ له‌ نێو ڕۆشنبیران له‌ نێو ڕِۆژنامه‌نوسان له‌ نێو مامۆستایان له‌ نێو گشت ئه‌ كایه‌و شۆینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه‌ مرۆڤی تیایه‌ .ئه‌و فۆرمه‌ له‌ هاورێتیه‌ ئه‌و په‌ری بێنرخكردن مرۆڤه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ئه‌و به‌شایان هه‌موو ئه‌دگاره‌ خراپه‌كانی هاورێه‌تی تیا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ په‌یوه‌ندیه‌كه‌ زوو ته‌واو ده‌بێ ،دوایی ته‌وابونیشی بكه‌ره‌كان قسه‌و قسه‌لۆكیان هه‌رده‌مێنی له‌سه‌ریه‌ك به‌غایبی هه‌ردوولا ، لای كه‌سانی دیكه‌ سلبیاتی یه‌كتر باسده‌كه‌ن و ئیش له‌سه‌ر شكانه‌وه‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی و سودی utility زۆری تیایه‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ هاورێیه‌تیه‌ تاسه‌رنابێ و زوو ده‌توێته‌وه‌ . له‌كۆتایدا پێم وایه‌ هاورێیه‌تی بریتیه‌ له‌ داماڵینی مرۆڤ له‌ خۆپه‌رستی و كاركردن له‌سه‌ر خۆنه‌ویستی ، ئه‌و جۆره‌ هاورێیه‌تی ده‌بێته‌ هه‌وێنی دروستبونی خۆشه‌ویستی نێوان مرۆڤه‌كان له‌گه‌ل یه‌كدی وكاركردن بۆ خێرو چاكه‌كاری و جوانی چه‌كه‌ره‌كردنی هاورێیه‌تی ڕوحی .

حیكمه‌ت نامیق

سه‌رچاوه‌كان
Steve Duck, human relationships
2- mark Vernon, the philosophy of friendship




ئایا گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ .؟ … حیكمه‌ت نامیق

دیاره‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌شێ ببێته‌ research problem كێشه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ر كه‌س و پسپۆرو لایه‌نێك ده‌یكات .كاتێ ئێمه‌ قسه‌له‌سه‌ر بوونی گه‌نده‌لێ ده‌كه‌ین وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی جیهانی یا گه‌ردونی به‌و مانایه‌ی به‌شێوه‌ی جیاجیا له‌نیۆ گشت جیهان و كۆمه‌ڵه‌كان بوونی هه‌یه‌.كاتێك دیسكۆرسی discuss ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین له‌ڕوانگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسی یه‌وه‌ یه‌كسه‌ر بیری دواوده‌زگاكان و كه‌لتورو سیستمی كۆمه‌ڵایی و به‌هاكان ده‌كه‌ین به‌گشتی له‌نێو كۆمه‌ڵگادا .یان به‌مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیمان بینی ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ سه‌یری شله‌ژانی ئه‌و وه‌زیفه‌ و ڕۆله‌ كۆمه‌لایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ین ،كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ تاكه‌كان تیادا ده‌یگێڕن .چونكه‌ گه‌نده‌ڵی وه‌ك باسمانكرد په‌یوه‌ندی به‌ داموده‌زگاو ڕۆڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌
The idea of corruption is tied to
institutions, roles

ده‌شێ وا پێناسه‌ی گه‌نده‌ڵی بكه‌ین به‌وه‌ی ,كه‌ ڕه‌فتاری گروپێكه‌ له‌ نێو داوده‌زگاكانی كۆمه‌ڵ، ئامانجی ئه‌و گروپه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتنی ئه‌و شوێنه‌یه‌ ,به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان واتا ده‌كرێ بلێین جۆری ڕه‌فتاری ئه‌و تاكانه‌ی، كه‌ به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ دزیكرن وێنای بكه‌ین .چونكه‌ گه‌نده‌لێ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ڕه‌فتاری تاكه‌كان ، یان ڕه‌نگه‌ ببَیته‌ كاراكته‌ری به‌شێك له‌ تاكه‌سه‌كان ئه‌وانه‌ی ,كه‌ له‌ ده‌زگایه‌كی میری كارده‌كه‌ن.وه‌ختێ ئه‌ركه‌كه‌ی خراپ به‌كارهێنا یا دووركه‌ته‌وه‌ له‌ورێساو ده‌ستوره‌ی كه‌ بۆی دانراوه‌ ئه‌وا ده‌بیته‌ كه‌سێكی گه‌نده‌ ڵ وده‌زگاكه‌ بۆ بۆسودی كه‌سی به‌كاردێنێ ,ره‌نگه‌ كه‌سه‌كه‌ به‌رپرسێك بێت یاتاكێكی ئاساییی بێت یا ئه‌وه‌تا له‌شوێنێك كارده‌كات كه‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت .

بابێنه‌ سه‌ر كرۆكی پرسیاره‌كه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی بریتی بێت له‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وا به‌پێی لۆژیكی دۆركایم و گروپه‌كه‌ی ئه‌وكات ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ نۆرم و كه‌لتور دواتر ده‌بێته‌ SOCISLIZATION یا به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بوون .. ئه‌گه‌رچی من پێم وایه‌ گه‌نده‌لێ سیستمی سیاسی یان حكومه‌ت به‌پله‌ی یه‌كه‌م دروستی ده‌كات نه‌ك به‌هاو نۆرمێك بیت مروڤ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌نانه‌ت دواكه‌وتوش موماره‌سه‌ی ناكات .چونكه‌ هه‌رگیز كۆمه‌ڵ ناخوازێ به‌رپرسه‌كه‌ی دز بێت ،راسته‌ گه‌نده‌لێ بوونێكی ڕاستی نێو كۆمه‌ڵه‌ به‌ڵام به‌پله‌ی یه‌ك ئه‌و بوونه‌ په‌یوه‌ندی زیاتری به‌ حكومه‌ت رێكخستنی بزنسس و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌هه‌یه‌ , له‌گه‌ڵ

ئه‌وه‌شدا تاك خاوه‌ندارێتی ده‌كات له‌نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا .كۆمه‌ڵناسی ئه‌مریكی دانێڵ لیتڵ DANEIL LITTLE پێی وایه‌ كه‌ گه‌نده‌لی پراكتیزه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و پشتگیریه‌كی كه‌لتوری هه‌یه‌ )له‌دونیابینی ئه‌و نوسه‌ره‌ گه‌نده‌ڵی ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری كۆمه‌ڵگا سه‌پۆرتی ده‌كات به‌ڵام چۆن و به‌ ج شێوازێك ئایا ئامرازی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵگاكان، تاكی گه‌نده‌ڵ به‌رهه‌م دێنێ ؟ئه‌وه‌ش ده‌شێ ببێته‌ كێشه‌ی توێژینه‌وه‌ .من پێم وایه‌ گه‌نده‌لێ خه‌سڵه‌تی چوارچێوه‌ی رێكخراوێكه‌ ORGANIZATION كه‌ شكستی هێناوه‌ له‌ خزمه‌ت و به‌رپرسیاری و پابه‌ندبوون به‌رَیساكان ،به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كرێ ئه‌و رێكخراوه‌ یا ده‌زگایه‌ ته‌به‌نی رێساكان بكات و مرۆڤ وكۆمه‌ڵه‌كه‌ی بپارێزێ له‌ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی وه‌ك دیارده‌ نه‌وه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌..ئه‌گه‌رچی من پێم وایه‌ گه‌نده‌ڵی به‌رمه‌بنای سیستمی سه‌رمایه‌داری و مۆدێرنه‌یه‌ به‌ومانایه‌ی كه‌وا هه‌موو شتێك به‌ پێوه‌ری پاره‌ وسامان ده‌پێورێت وه‌ك ماركس ده‌ڵی پاره‌ وه‌ك سۆزانی جیهانی وایه‌ ) money as the universal whore ئه‌وه‌ی ،كه‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی له‌وه‌تێپه‌ڕیوه‌ ته‌نها به‌رمه‌بنای سیستمی سیاسی و ئیداری بێت به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ نێو ڕه‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی له‌ ئێستادا له‌نێو هه‌مو سێكته‌ره‌كانی ژیان بوونی هه‌یه‌ ، چه‌مكێكی وه‌ك nepotismخزمحزمێنه‌ یا واسته‌ یا ئه‌وه‌تا په‌یوه‌ندی كه‌سی به‌گشتی ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ بره‌وسه‌ندنی ئه‌و دیارده‌ نێگه‌تیفه‌ .

له‌كۆتای ئه‌و ووتاره‌ كورته‌ دا ده‌كرێ به‌و ئه‌نجامه‌ بگه‌ین ،كه‌گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه‌ هاوته‌ریب نیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كایه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ. چه‌ندین گروپ و توێژ هه‌ن له‌نێو كۆمه‌ڵ نه‌باوه‌ڕی پێیه‌تی نه‌ موماره‌سه‌ی ده‌كات یا به‌مانایه‌كی تر ئه‌و دیارده‌یه‌ نه‌بۆته‌ سۆشڵه‌زه‌یشن.