مەلا مەزهەر خۆراسانی لەدیدی ئەبوبەکر کاروانی دا.. هیوا ئەمین

سیاسەتمەدار و نوسەری کورد بەڕێز کاك ئەبوبەکر عەلی ( کاروانی ) ، نوسینێکی بەناونیشانی ( لە مەلای گەورەوە بۆ مەلا مەزهەر دەربارەی ئافرەت و چەك و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە دا ) لە ڕۆژی ١٢.١.٢٠٢٦ دا لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاودەکاتەوە . لێرە دا دەمەوێت هەندێك باری سەرنجی خۆم بخەمە سەر هەندێك لایەنی نوسینەکەی بەڕێزیان ، هیوادارم بە سنگێکی فراوانەوە لێم وەربگرێت . ڕاستیەکەی نوسەر لە مەبەستی نوسینەکەی دا دەخوازێت ئەو تەمومژانە لەسەر ئیسلام بڕەوێنێتەوە ، کە کەسێكی وەك مەلا مەزهەر خۆراسانی خۆی دەکاتە ڕیشسپیی و خاوەنی ، بەتایبەت ، کە لەو چەند ڕۆژانە دا هێرشێکی ناشایستە و ناقۆڵای کردە سەر ئافرەتان بەگشتیی و شەڕڤانان ی ئافرەت لە ڕۆژئاوا بەتایبەتیی ، تاکو ڕادەی تەکفیری هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە و لایەنگریی و هاوسۆزیی بۆ حکومەتە ئینتیقالیەکەی ئەبو محەمەد جۆلانیی و سوڵتانەکانی عوسمانیی ؟! کاك ئەبوبەکر زیاتر لەسەر ئەو لایەنە دەدوێت کە تیای دا مەلا مەزهەر خۆراسانی سوکایەتی بە ئافرەتان دەکات تاکو ڕادەی کۆیلایەتیی و خزمەتکاریی ئافرەتان بۆ پیاوان ، بەبێ هیچ لێدوانێك لەسەر بیری تەکفیریی مەلای ناوبراو ، بەپاساوی هەستیاریی و ترسناکیی ئەو باسە . لەڕاستیی دا نوسینەکەی نوسەر زیاتر باسەکان تەمومژاوییتر دەکات و بە ئەنقەست بێت یان نائاگا سەر لە خوێنەر و تاکی کورد دەشێوێنێت . لە ناونیشانی نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلای گەورە دەکات بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی ڕون بە دنیابینیی و هزر یان بۆچونەکانی زاتێكی گەورەی وەکو مەلای گەورە سەبارەت بە ئەرک ، ماف و ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردی دا ، بدات . لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا نابەجێیانە و بەبێ هیچ هۆ و بۆنەیەك و بۆ دورخستنەوە و بەلاڕێدابردنی خوێنەر لە ئەسڵی دۆزەکە و داپۆشینی سوکایەتیەکانی مەلا مەزهەر بە کورد و کەسایەتیی کورد ، کە خۆی لە کوردانی ڕۆژئاوا و ژنانی شەڕڤان بەرجەستە دەکات ، دێت پەلاماری بیری فێمینیستیی دەدات و تاوانباریان دەکات : ( دژی ئەو ڕەوتە فێمینیستیە دژە خێزانییە توندڕەوەم ، کە بە چاوی سوك سەیری ڕۆڵی دایکایەتیی و هاوسەرێتیی و بنەڕەتبوونی ژن لە خێزاندا دەکات ، … تاد ) وەك بڵێیت ئەوەی لە دەرەوەی دیدگە و خولگەی ئایینی ئیسلام بیربکاتەوە ئەوا خاوەنی فەلسەفەیەکی ئەهریمەنیی و وێرانکاریانەیە ، کە ڕێز لە بەهاکان و حورمەتی خێزان و ڕۆڵی دایکایەتیی ناگرێت . من نامەوێت بچمە نێو وردەکاریەکانی دنیای فێمینیستیی ، بەڵام فەلسەفەی فێمینیستبوون لە بنچینە دا گەیاندنی جێگە و پێگەی ئافرەتانە بە پلەیەك ی باڵاتر لە مرۆڤبوون و بەهرەمەندبوونیان بە مافی یەکسانیی لە بەرامبەر پیاوان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر لە کۆمەڵگە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دەستەبەرکردنی مافی سیاسیی و ڕۆڵگێڕانی زیاتر و کاریگەرتر لە نێو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە دا تاکو ڕادەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پیاوسالاریی و نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزیی و قەدەخەکردنی بەکارهێنانی ئافرەتان وەکو کەرەستەیەكی سێکسیی بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆشیە ئاژەڵیەکانی پیاوان . کاك ئەبوبەکر لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلا مەزهەر خۆراسانی وەک مامۆستایەک دەکات و دەڵێت ئیسلام پێچەوانەی ڕاکانی ئەوە : ( ئەوەی مامۆستا مەلا مەزهەر خۆراسانی دەربارەی ئیسلام و ئافرەت دەیڵێت ، تەنها نوێنەرایەتی بۆچوون و ڕاو تێگەیشتنێکی تاکەکەسی سنورداری خۆی بۆ ئەم پرسە دەکات و هیچی تر ) بەڵام کڵۆڵ و بێئاگا لەوەی ، کە مەلا مەزهەر قسەکانی نەك دەربڕی ڕاو تێگەیشتنی تاکەکەسیی خۆی نیە بە تەنیا بەڵکو ئەو بە ئایەتێكی قورئان گشتاندن بۆ کۆی هزری نەتەوەیی و دنیای ئیسلام و ویژدانی موسوڵمانی کورد دەکات و دواجار ئایەتەکە دەکاتە بەڵگەیەکی ئەخلاقیی و ئیلاهیی بۆ سوکایەتییپێکردنەکانی بە کورد و ئافرەتانی شەڕڤان ، و دواجار نوسەر لەبەرامبەر ئەو ئایەتە دا دەستەپاچە و لاواز دەبێت : ( وقرن فی بیوتکن ولا تبرجن تبرج الجاهلیة الاولی الا‌‌‌حزاب : ٣٣ ) ، هەر بۆیە نابێت پێمان سەیر بێت کە کاتێك ئیخوان و سەلەفیەکان تەکبیر لێدەدەن و بارک اللە بك بۆ مەلا مەزهەر دەنێرن ، ئەوەش ئەو مەترسیەیە لەسەر تاك و کۆی کۆمەڵگەی کورد و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی کە کاک ئەبوبەکر لە زۆربەی نوسین و چاوپێکەوتنەکانی دا ئاماژەی پێ دەکات و بەڵام بەداخەوە نەیویستووە بە دێڕێکیش باسی لێوە بکات.
لایەنێك ی تری نوسینەکەی کاك ئەبوبەکر زیاتر لە نێو تەمومژی مێژو و ئایدۆلۆژیا دا ڕۆدەچێت و ڕاستیەکان لە خوێنەر دەشێوێنێت ، تاکو دەگات بە شوێنێك ، کە ئیتر جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ڕا و بۆچونەکانی ئەو و مەلا مەزهەر دا نامێنێتەوە : ( پێم وایە جەنگ لە بنەڕەت دا ئەرکێكی پیاوانەیە و ڕۆڵی ئافرەت لەو ڕوەوە تەواوکارییە ) ، ئیتر بەڕێزیان ڕونی ناکاتەوە ، کە داخۆ ئەو ڕۆڵی تەواوکارییە چیە ، کە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا دەبێت بیگێڕێت ؟! ئایا ڕۆڵەکەی تەنیا لە جیهادی نیکاح و کۆیلەبوون بۆ پیاو دا کورت دەکرێتەوە یان لە ئەرك و مەیدانێكی تری مرۆڤایەتیی دا ؟!! کە دەبوایە کاک ئەبوبەکر ئاماژەیەکی بوێرانە بەو باسە هەستیارە بدات . پەنابردنی نوسەر بۆ شەرع و بۆچونی فەقیهە ئیسلامیەکان لەپێناوی سەلماندنی ڕۆڵ و بایەخی ئافرەت لە دیدی ئیسلام دا کارێكی بێبەرهەم ، تاقەتپڕوکێن ، بێسود ، ئاڵۆز و گەیشتن بە کۆڵانێكی داخراوە تاکو گەیشتن بە دنیایەکی سادەی واقیعبینیانە ، کە باوەڕناکەم نوسەر لە زەین و هزری خۆیشی دا باوەڕی بەمجۆرە مێتۆدە نەریتخوازییە هەبێت ، چونکە ئیسلام وەك هەڵگری پەیامێکی ئیلاهیی نەیتوانیوە ڕۆڵێکی گرنگتر و چالاکتر بە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا بدات ، و نوسەر لەوبارەوە نەیتوانیوە بەڵگەیەکی باشتر لە شەرع و ڕای فەقیهەکان ، یان لە مەلا مەزهەر خۆراسانی بخاتەڕوو :
( بوونی نیمچە کۆدەنگیەك لە نێوان فەقیهەکان دا لەسەر ئەوەی ، کە هەرکاتێك پەلاماری وڵاتێکی موسوڵمانان درا و پیاوان بە تەنها نەیانتوانی ڕوبەڕوی داگیرکارییەکە ببنەوە ، ئەرکی ئافرەتانی موسوڵمانە ئەو بۆشایی و لاوازییە سەربازییە پڕبکەنەوە و بەشداریی جەنگەکە بکەن ) ، بەڵام کاك ئەبوبەکر لێرە دا هیچ ئاماژەیەکی کورتیش بێت بە سەرچاوە فەقیهەکان یان ئایەتێکی قورئان نەداوە ، و پێمان ناڵێت ، داخۆ شێواز و کرۆکی ئەو بەشداریە چی و چۆنە ؟! ئایا بەڕاستیی بەشداریەکە شەڕڤانانەیە یان تەنیا جیهادی نیکاح و تێرکردنی شەهوەتی پیاوانی سەحابە و موجاهیدانە لەکاتی جەنگ دا ؟! ئەگەرچی کاک ئەبوبەکر لە کۆتایی نوسینەکەی دا بۆچونەکانی مەلا مەزهەر ڕەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێت ، بەڵام لە دواجاردا پێکهاتەی بۆچونەکانی هەردولایان ، کە پاشخانێکی ئیسلامییە سەبارەت بە ڕۆڵی شەڕڤانیی ( سەربازیی ) ئافرەتی کورد حەرامکراو یان سنوردارکراوە .
کۆتایی




ئیسلامی سیاسیی کورد و شانۆی ( ژیانەوە ).. هیوا محەمەد ئەمین

… بیهێنەرە پێش چاوی خۆت ؛ کاتێك کە چمکێك لە مێژو یان بەسەرهاتێك لە تەراژیدیای نیشتیمانەکەت و لاپەڕەیەك لە نەهامەتیی گەلە ماندو و ستەمدیدەکەت دەکرێت بە سیناریۆی شانۆیەك ، و شانۆکەش دواتر دەسپێردرێت بەدەستی دەرهێنەر و چەند ئەکتەرێكی ئیسلامی سیاسیی ، ئایا تۆ دواتر نیشتیمان ، مێژو و ڕوداوەکان لە دید و دنیابینیی شانۆ و شانۆنامەیەکی لەوجۆرە دا چۆن دەبینیتەوە ، لە کۆتایی شانۆکە دا ئەو پرسیارە بهێنەرە بەر زیهن و تێڕامانی خۆت کە ، ئایا تۆ دواجار چ بەرهەمێكی مەعریفیی دەچنیتەوە ؟! ئایا دیمەنی کێشەکان ، گرفت و گرێکانی ناو کۆمەڵگە بەرەو چ ئاقار و ئاراستەیەكی چارەسەر دەئاژوێنرێن ؟! پرسیار بکە و بڵێ ئایا بوونی من و هەر تاکێكی کۆمەڵگەکەی من دەکەوێتە کوێی ئەو جیهانە بەشانۆکراوەوە ؟ وەڵامدانەوە بەم جۆرە پرسیارانە سەبارەت بە پێشبینییکردن بۆ وەها دنیا و دیمەنگەلێك لەوانەیە بۆ هەندێك کەس کە خاوەنی پرسیار، ڕامان و گومان نین ، بۆ کەسانێك کە لە نێو تاریکایی بیابانێكی بێکۆتا و هەروەها لە زۆنگاوی بێمەعریفە و مێژویەك ی هەزاروچوارسەدساڵە دا چەقیون و بەدوای وەهم و دنیایەکی ناشاعیرانە دا وێڵن و خۆیان دووبارە دەکەنەوە ، گران و ئەستەم بێت ، بەڵام بۆ کەسانێك ، کە بە چاوی عەقڵ و لۆژیك یان لە ڕۆژنەی دنیا ی زانست و مەعریفەوە بۆ ڕوداو و دەرئەنجامەکانی نێو شانۆیەکی لەوجۆرە دەڕوانن ، بە ئاسانیی دەگەنە ئەو باوەڕ و ئەنجامەی کە ئەم شانۆ پڕمەلەل و لەشداهێزەرە نەك توانایی مامەڵەکردنی لەگەڵ دنیا ی واقیع و پەیبردن بە دیالێکتی ژیان نابێت بەڵکو دەبێتە هۆکارێك بۆ پوکاندنەوە ی عەقڵ ، بکوژی ئازادیی ، دژبەری مەعریفە و ناشیرینکردنی فەلسەفەی جوانناسیی ، بێبایەخکردنی فەلسەفەی ڕەوشت ، بێبەهاکردنی هونەر و پەراوێزخستنی هەرتاکێکی کۆمەڵگەیشە لەنێو پەراوێز و زبڵدانی مێژویەکی پڕلە وەهم ، خورافیات ، و بارگاوییبوو بە دنیا ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، تاڵانکاریی و توندوتیژیی ؟! دواجار جگە لە بەرهەمهێنانی مێژویەکی چەقبەستوو، و بەرجەستەکردنی کەسایەتییەکی ڕۆ‌ح زەبوون ، بێئیرادە ، کۆیلە و تەسلیمبوو بە دنیای قەزا و قەدەر لەسەر تەختی ئەم جۆرە شانۆ بێبەهرە و ناداهێنەرانە هیچی تر نابینێت ، بابزانین چۆن ؟!
( هونەرگەها وەلات ) ؛ کە تیپێکی هونەریی شانۆ و گۆرانیین لە ڕۆژئاوای کوردستان ، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر شانۆگەریەك لە سلێمانی پێشکەش دەکەن بەناوی ( ژیانەوە ) ، بەڵام شانۆگەریەك زۆر سادە و کورت ، دوور لە دنیا ی دروشم ، هوریا و هاواری زمان و پێنوسێك بۆ سیناریۆنووسین ، واتا شانۆگەرییەك کە تیای دا کەرەستەکان ی زمانی جەستە (سەما ) و مۆسیقا دەبنە بزوێنەر و ڕیتمێك بۆ شانۆی ژیانەوە .
ناوەندی ڕوداو لەم شانۆگەرییە دا بریتیە لە گێڕانەوە و بەبیرهێنانەوەی چیرۆکێكی پڕ لە کڵۆڵیی و تەراژیدیایی چەند ئافرەتێكی کورد کە دەبنە کۆیلە و دەسکەوتی بیری جیهادیی و تاڵانچێتیی دەستی { دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ( داعش ) } و دواتر ئازادبوونیان . شانۆگەریەکە لە بازنەی گێڕانەوە و وردەکاریی مێژویی دەردەچێت و دەبێتە هەڵگری حەقیقەت و پەیامێك ، پەیامێك بۆ نەتەوەکەی خۆی و دواتر بۆ کۆی مرۆڤایەتیی . ناوەند و کرۆكی ئەم پەیامەش شۆڕبوونەوەیە بۆ بەدیهێنانی دوو ئامانج ی گرنگ کە فەلسەفەی ژیانەوە و ئازادییە ! ژیانەوە بەمانای بەردەوامیی ژیان ، ژیانەوەیەك بەڵام پڕمانا و ناوەڕۆك ، ئارام و هێدی ، دوور لە ژاوەژاوی دروشم ، وەهم و خەیاڵ .
فەلسەفەی ژیانەوە لەم تابلۆ کورتە شانۆییە دا گەڕاندنەوەی ئیعتیبار و حورمەتە بۆ کەسایەتیی ئافرەتی کورد ، بنیاتنانەوەی خەون و فەلسەفەی ژیان ی مرۆڤی کوردە لەسەر بنەمای ئومێد ، ئینتیما ، مرۆڤدۆستیی و بەگژداچوونەوەی فەلسەفەی مەرگ ، ئازادییش بەمانای گەیاندنی مرۆڤ بە پلەیەك ی باڵاتر لە هەستی لێپرسراوێتیی و بەرپرسیارێتیی بەرامبەر مرۆڤ و کۆمەڵگە ، و دواجاریش پلەیەکی باڵاتر لە ڕەوشت و ویژدان ، بەواقیعکردن یان پراکتیزەکردنی ئەم فەلسەفەی ئازادییەش لەنێو کۆمەڵگە و ڕۆحی هەر تاکێك ی کورد دا نەك پێویستی تەنیا بە قوربانیدانە ، بەڵکو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویست بە جۆرێك لە هوشیاریی و تێگەیشتن لە واقیعی مێژو و کۆمەڵگە هەیە ، واتا لە سادەترین دەربڕین دا : کاتێك تاكی کۆمەڵگە لە مێژو و ڕوداوەکانی دەوروبەری خۆی بێئاگا بێت و خوێندنەوەیانی بۆنەبێت ، ئەوا ناتوانێت لە مەفهومی ئازادیی تێبگات و دەستی لە ئازادیی گیرببێت .هەربۆیە ئەم شانۆگەرییە هەوڵێکە بۆ هوشیاریی ، خستنەڕووی ڕوداو ، پێشاندانی ئازارەکانی ئافرەتی کورد و ئەو ڕێگایانەی کە مرۆڤی کورد دەگەێنێتە ئازادیی ، دواجاریش هەموو مرۆڤێك ی کورد مافی ئەوەی هەیە ، کە ئازار ، خەم و خەونەکانی لە چوارچێوە ی هەر شێوازێك ی ئەدەبیی و هونەریی دا بەیان بکات . کاردانەوەکان لە بەرامبەر بەرهەمێك ی هونەریی وەها دا دەبێت ئاوەزدارانە (عەقڵانیی ) و لە چوارچێوەی فەلسەفەی جوانناسیی ( ئێستاتیکا ) دا خۆی دەرببڕێت !! بەڵام بابزانین کاردانەوەکانی ئیسلامیی سیاسیی کورد بەرامبەر بەم بەرهەمە شانۆییە چی و چۆن بوو ؟!
ئەوەی ئاشکرایە لەو دەمەوەی ، کە ئیسلامیی سیاسیی لە کوردستان دا سەریهەڵداوە ، تاکو ئێستا نەیانتوانیوە زمانی گفتوگۆ ، زانست و مەعریفە بکەنە شێواز و بنەمایەك بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان ؟! بەپێچەوانەوە ؛ تاکو بۆیان کراوە و لواوە لێشاوێك لە زمانی نالۆژیکیی ، ناعەقڵانیی ، زبر ، توندوتیژیی و ناتەباییان هێناوەتە نێو کۆمەڵگەی کوردیەوە ، کە پێشتر بوونیان نەبووە یان زۆر دەگمەن بوون . ئیسلامی سیاسیی کورد تاکو ئێستا نەبووەتە خاوەنی کولتور و ئاستێك ی باڵا لە تێگەیشتن لە ستاتیکای هونەر و ئەدەبییات ، نەیانتوانیوە بە زمانی هونەر ئاشنا بن و لە کردار دا مامەڵەی لەگەڵ دا بکەن ، نەیانتوانیوە و نەیانویستووە کولتورێك لە دنیا ی میهرەبانیی ، بەخشندەیی و قبوڵکردنی ئەوانی دی بنیاتبنێن و بیکەنە بنەمایەکی ئەخلاقیی و پەروەردەیی بۆ بنیاتنانی تاك و کۆمەڵگەیەکی تەندروست ؟! بەپێچەوانەوە ئەوەی ئێمە دەیبینین و دەیبیستین تەنیا برەودان و شەرعەنەکردن ی زمانی تەشهیر ، گاڵتەپێکردن ، سوکایەتییپێکردن ، توهمە و بوختان بەخشینەوە و تەکفیرکردن وەك تەنیا کەرەستەیەك بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێو کۆمەڵگە دا ؟! دژایەتیکردنی عەلمانیەت ، بیری نەتەوەیی ، ئازادیخوازیی ، لیبرالیەت ، و شان بە شانیش دژایەتیی هونەر و گاڵتەکردن بە هونەرمەندان و نوسەران …. تاد بوەتە باوی ڕۆژگاری ئیسلامی سیاسیی و بانگخوازی ئیسلامیی کورد .
هەر بۆیە نابێت بەلامانەوە سەیر بێت و حەپەساو بین لەو زمان و کاردانەوانەی کە ئیسلامییەکان بەرامبەر بە شانۆی ( ژیانەوە ) پێشانیان دا ؟! زمان و کاردانەوەیەك کە سنوری هەموو ڕەوشت ، ئیمان ، نەریتی کۆمەڵایەتیی ، بەهایەکی مرۆڤایەتیی و ئەتێکێتی ڕەخنە و زمانیان بەزاند ؟! کاتێك شانۆکارانی کچ لەسەر تەختی شانۆ حیجاب ، عەبا و نیقاب وەك کاردانەوەیەك بەرامبەر بە تاوانەکانی داعش و بەکۆیلەکردنی ئافرەتی کورد فڕێدەدەن ، ئیتر هەموو ئیسلامیی سیاسیی و بانگخوازە ئیسلامییەکان وەك بڵێیت کۆڵەکەی ئیمان و ئەخلاق لەسەر پارچەیەك پەڕۆ بنیاتنرابێت ، خۆیان کردە خاوەنی ڕەوشت و ئیسلام و کەوتنە سکاڵا تۆمارکردن لە دادگە و بەکارهێنانی ناقۆڵاترین و ناپەسەندترین زمان بەرامبەر بە هونەری شانۆ و هونەرمەندان و تەنانەت هیرشکردنە سەر فەلسەفەی دیموکراتیی ، و تاکو ڕادەی ئاواتخواستن بە فەرمانڕەواێتیی و زیندوکردنەوەی حوکم و شەرعی قامچیی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب وەك بەرپەرچدانەوەیەك بەرامبەر بە شکۆی فەلسەفەی ئازادیی و ژیانەوە لە شانۆکە دا و لە هەمان کات دا ڕەوایەتیدان بە ئەنجامدانی کوشتنی بەکۆمەڵ و نیشاندانی چێژێك کە ئیسلامی سیاسیی لەبەرامبەر ئەتککردن و بەکۆیلەکردنی ئافرەتی کوردانی ئێزدیی وەك کافر و شەیتانپەرستناێك ، لەلایەن داعشەوە دەیبینێت .

شانۆی ژیانەوە شێوازێکی هونەریی ؛ هونەری بەرەنگاربوونەوەیە بەرامبەر بە ناعەدالەتیی ، چەوساندنەوە و بەکۆیلەکردنی ئافرەتانی کورد لەلایەن داعشەوە ، بانگەوازی ئازادیی و بچڕاندنی زنجیری کۆیلەیی و ژێردەستییە . ئەوەی شانۆی ژیانەوە توانی بە سەمایەك و پارچە مۆسیقایەك هاوار و ئازاری ئافرەتانی کورد بهێنێتە سەر تەختی شانۆ ، ئیسلامیەکان نەك هەرگیز نەیانتوانیوە هەڵگری وەها ڕۆحیەتێکی مرۆڤایەتیی و توخمێکی بەرەنگاربوونەوە بن بۆ وەستاندنەوە بەرامبەر بە زوڵم و نادادیی ، بەڵکو کار و ئەرکیان وەك کەسانێك کە چێژ لە خۆبچوککردنەوە وەربگرن بریتی بووە لە ناردنی پەیامی پیرۆزباییکردن لە هاتنەسەرکاری دەستەڵاتدارانێکی وەکو محمەد جۆلانیی و دەستخۆشیکردن و شەرعیەتدان بە کۆمەڵکوژیی ، ئەتککردن و بەکۆیلەکردن ی ئافرەتانی کوردی ئێزدیی لەلایەن داعشەوە .

هیوا محەمەد ئەمین
11.14. 2025




یادێك لە تێرۆرکردنی ڕەئوف زوهدی.. هیوا محەمەد ئەمین

.. نوسەر ی ناوداری کورد مامۆستا ( ڕەئوف زوهدی ) ١٩٢٢ – ١٩٩٠ سی و چوار ساڵ لەمەوبەر ؛ لەسەر یەکێك لە شەقامە ئاپۆڕەکانی شار ی سلێمانی – مەولەوی بە دەمانچەیەك ی بێدەنگ تێرۆرکرا و جەستەی لە نێو خوێنی خۆی دا شەڵاڵ کرا . ئاهەنگ ی پرسە و ڕۆژی ماتەمینیی ئەو لە کەشێك ی پڕ ترس ، دڵەڕاوکێ و دوودڵیی دا بەڕێخرا ، و ڕۆژێك دواتر لە ( گردی سەیوان ) ی شار ی سلێمانی بەخاكسپێردرا . چرا ی ژیان ی نوسەر ، ڕوناکبیر و نیشتیمانپەروەرێكی کورد هەروا بە سانایی خامۆشکرا ، و لە مێژو ی کوردیش دا چووە گۆشە ی بێدەنگیی و لەیادچوونەوە ، دواجار نە کەسێك بۆی هاتە وەڵام نە زەنگی مەترسیی تێرۆریش لە هێچ شوێنێك دا هاتە زرنگدانەوە ؟! تێرۆریستان بە دڵێك ی شاد و ئاسودەوە ئەم کردەوە تێرۆریستانەیان کردە ڕاپۆرتێك ی مژدانەبەخش ، و مژدەی بەڕێکردنی پیرێك ی کوردپەروەر ، هوشیار ، ماندونەناس و ڕوناکبیرێكی کوردیان بۆ دۆزەخی ئاسمان ، بە لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکەیان ، ڕاگەیاند .
مامۆستا ڕەئوف زوهدی بەپێی نەخشیەك ی ژێربەژێر و پێشترداڕێژراو ، لە دادگەیەكی داخراو و نهێنیی گروپێك ی ئیسلامیی سیاسیی دا ، سزای مەرگ ی بەسەردادرا . پێشتریش لەلایەن کەسانی ناو ئەم گروپە تێرۆرخوازانەوە ، نوسەری ناودار ( عومەر تۆفیق ) ، ڕۆژنامەگەر ، نوسەر و شاعیر ( کاکەی فەلاح ) لەبەردەم یان نزیك ماڵی خۆیان تێرۆر کردن . هەروەها خاوەن کتێبخانە ( خولە خاکیی ) و نوسەر ( ئەنوەر برزو ) شیان لە خوێنی خۆیان دا گەوزاند ، و دواتریش چەند هەوڵێكی تری بێئاکامیان دا بۆ پاکتاوکردنی چەند کەسایەتیەكی تر ی نوسەران و هونەرمەندان ی کورد ، لەوانە نوسەر ( کەریم زەند ) ، ساماندار ( عەلی بۆسکانی ) ، ( ئەحمەد سالار ) و ( سەعدون یونس ) . ئەم زنجیرە ڕوداوی تێرۆر و پاكتاوکردنە خوێناویانە ی ڕوناکبیرانی کورد لەسەردەمانێك دا ئەنجامدران ، کە باری سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی و چارەنوسی کورد لە باشوری کوردستان لەوپەڕی لێژیی و مەترسیدا بوو ، ڕۆژگارێك کە حکومەتی بەعس ی عێراق لە لوتکە ی دەستەڵاتی سیاسیی و سەربازیی خۆی دا نەخشەی کیمیاویی و هێرشەکانی ئەنفال ی بۆ قڕکردنی کوردان و وێرانکردنی کوردستان سازدەدا ، ڕۆژگارێك کە دنیا ی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتی کورد لە هەر کاتێك ی دی زیاتر پێویستی بە بوونی ئەو نوسەر و ڕناکبیرانە هەبوو ؟ !
لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و دواتر ئازادبوونی کوردستان ، ئیسلامی سیاسیی کورد لە باشوری کوردستان خۆیان وەك هێزێك ی سیاسیی ئایینیی ڕاگەیاند ٠ تێرۆری ئیسلامیی لەو قۆناخە پر گۆڕانکارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیانە دا ، وەك جاران و بەشێوازێك ی نوێتر درێژەی پێدرایەوە و کەوتنە بەکارهێنانی شێوازی هەڕەشە و سوکایەتییکردن بە نوسەران و بیری سەردەمخوازیی ، و تاوانبارکردنیان بە لادەر و پڕوپاگەندەکردن بۆ کوفر ، ئیلحاد و سوکایەتییکردن بە ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام ، کەوتنە سوتاندنی کتێبخانە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانیی ، و دواجار خۆچەکدارکردن ، بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەی کورد و دژایەتیکردنی ئافرەتان و بەکارهێنانی شێوازی پەروەردەی ئیسلامییانە لە قوتابخانەکان . بەداخەوە پاکتاوکردن و تێرۆری بیرمەندان ، ڕۆژنامەنوسان و ڕوناکبیران لە مێژوی جیهانی ئیسلامیی و لە باشوری کوردستان مێژویەکی خۆی هەیە ، هەر لە ئەبو مەنسوری حەلاج ، سەهرەوەردیی بگرە تاکو دەگاتە تێرۆری ڕوناکبیر و تێکۆشەری کورد جەمال عیرفان ، عەبدولخالق مەعروف ، ڕۆژنامەنوسان سۆرانی مامەحەمە ، کاوە گەرمیانیی ، شاعیری لاو بەکر عەلی و …تاد
ڕەئوف زوهدی کێیە ؟
ساڵی ١٩٢٢ لە شار ی سلێمانی لەدایکبووە ! خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە . ساڵی ١٩٤٦ خانەی مامۆستایان ( دارالمعلمین ) ی لە شار ی بەغداد تەواوکردووە . لە ساڵی ١٩٤٨ بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراقیی ، لە ساڵەکانی ١٩٤٩- ١٩٥٠ لەسەر چالاکیی سیاسیی زیندانی دەکرێت ، پاشان لە سلێمانی دەبێتە مامۆستا ، لە ساڵی ١٩٦٣ بەدەستی بەعسیەکان دەگیرێت و زیندانیی دەکرێت ، و بۆ ماوەی ساڵێك تیای دا دەمێنێتەوە . لە ساڵی١٩٦٥ تاکو ساڵی ١٩٦٨ بەهۆکاری چالاکیی و کاری سیاسیی لە وەزیفەی حکومیی دووردەخرێتەوە ، و دواجار لەساڵی١٩٧٨ دا خانەنشین دەکرێت .
بەرهەمە چاپکراوەکانی
١- لە هەقە بۆ کەوتنە تەقە
٢- رسالة مفتوحة الی پاپا / بە زمانی عەرەبیی
٣- چاوپیاخشاندنێك بە مێژوی جیهان دا – نەهرۆ / وەرگێڕان بۆ کوردیی – دوو بەرگ

٤- قصة الإنسان / جورج حنا / وەرگێڕان بۆ کوردیی
٥- تأریخ سری للبترول / وەرگێڕان لە عەرەبیەوە بۆ کوردیی
٦- گوڵەبەڕۆژە فرۆش / چیرۆك – ١٩٨٥
لەگەڵ چەندین نوسراوی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی .
لە ڕێکەوتی ٢٥ . ٢ . ١٩٩٠ دا و لە تەمەنی ٦٨ ساڵیی دا لە شەقامی مەولەوی لە شار ی سلێمانی بە دەمانچەیەك ی بێدەنگ و بەدەستی تێرۆریستانی ئیسلامیی کورد گیانی بەخشی بە ئەدەبیاتی کوردیی و کورد و کوردستان.

کۆتایی
٢٨/ ٤ / ٢٠٢٤
هیوا محەمەد ئەمین




شکۆی ئافرەت لەنێوان تاجی زێڕین و دووڕوێتیی خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی دا.. هیوا محەمەد ئەمین

.. لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ؛ هەردوو ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان و خوشکانی یەکگرتووی کوردستان ، کە دوو ڕێکخراوی سەربە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانن ، و هەرساڵەی لە پارێزگەیەكی کوردستان ڤیستیڤاڵی حیجاب و باڵاپۆشیی بەڕێدەخەن بەناوی ( ڤیستیڤاڵی تاجی زێڕین ) ڤیستیڤاڵی ئەمساڵ لە شاری هەولێر دەهەمین ساڵی خۆی بەڕێکرد . ئەگەر لەم ڤیستیڤاڵە ی ئەمساڵ ی هەولێر وردببینەوە ؛ دوو وێنە یان دوو دیمەن ی جیاواز بەڵام تەواوکەربەیەك ، دەبینین . وێنەیەکیان ، هۆڵێك ی گەورە ، کە سەدان کچ ی منداڵکار ی تەمەن پانزدە تاکوهەژدە ساڵ ، بە حیجاب و جل و بەرگی یەکشێوازیی و یەکڕەنگیی ، بێدەنگ و بێجوڵە دانییشتوون ، و لەسەر تەختی شانۆی هۆڵەکەشەوە لەلایەن چەند کچێك ی ئاهەنگێڕ و وتاردەرانێکەوە کچانی دانیشتووی نێو ڤیستیڤاڵەکە وەك سەربازانێك ی گوێڕایەڵ و بەدیسپیلینکراو ئاراستەدەکەن . دیمەنی دووهەم ناوەڕۆك و ئامانجی ئەو وتار و دروشمانەن کە لە ڤیستیڤاڵەکە دا پێشکەش دەکرێن . کۆی ئەم دوو دیمەنە دەمانگەێنێتە ئەو باوەڕەی ، کە ئامانجی ئەم ڤیستیڤاڵە نەك تەنیا پڕۆژەیەكی ئیمانداریی ، یەزدانناسیی و گەشەپێدانی زانستیی و کۆمەڵایەتیی نەبوو بۆ دژایەتییکردن ی گەندەڵیی ، نادادپەروەریی ، بێبەهاکردن ی زانست و مەعریفە ، بێموچەیی ، بازرگانییکردن بە مادەی هۆشبەر و گەڕانەوەی ئیعتیبار بۆ کەس و تاك ی کورد ، بەڵکو تەنیا پڕۆژەیەكی سیاسیی و نمایشێك ی ئیسلامی سیاسیی بوو بەئامانجی دروستکردن ی نەوەیەکی نوێ لەسەر مۆدێلێك ی ئیسلامیی و ئیخوانیی بۆ داهاتوی کوردستان ، و هەروەها بەئیسلامیکردنی مێژو ، کولتور ، خونەریت ، بیرکردنەوەی تاك ی کورد و کۆی کایە ژیارییەکان ی کۆمەڵگە ی باشوری کوردستان لەسەر پایە و بنیاتنانی بیرێك ی فاشیستییانە ؟! وتارەکان ئاوس بوون بە فیکری خۆبەزلزانیی و دەربڕینێك ی هیستیریایی و برەودان بە پراکتیزەکردنی بیری جیاخوازیی ، هەڵاواردنی کۆمەڵایەتیی ، قبوڵنەکردنی جیاوازییەکان و بوغزاندن لە نێو توێژ و ئاراستە جیاوازەکان ی کۆمەڵگە دا . هێزە ئیسلامیی و بانگخوازە ئیسلامییەکان ، کە هەرگیز خۆشییان لە هونەر ، مۆسیقا ، ڕەنگ ، شادیی ، گۆرانیی و شیعر نایەت ، سەرەتای ڤیستیڤاڵەکەیان بە هێرشکردن و سوکایەتییپێکردنی ناڕاستەوخۆ بە شاعیری نەتەوەیی کورد فایەق بێکەس دەستپێکرد و کەوتنە شێواندنی شیعرە ناسك و بەناوبانگەکەی بەناوی ( نەسرین ) . بێکەس لەو شیعرە دا خەیاڵناسکانە و واقیعبینانە خۆی لەبەردەم ئەركێكی نەتەوەیی ، نیشتیمانیی و بەرپرسیارێتیەك ی ئەخلاقیی بەرامبەر بە نەهامەتیی و کڵۆڵیەکانی هەموو نەسرینەکان ی کورد دەبینێتەوە . ئەو وەك ڕۆشنبیر ی سەردەمەکەی خۆی ، زۆرباش لەوە تێگەیشتبوو کە دەردی کڵۆڵیی و ڕەنجەڕۆیی ئافرەتی کورد لە نەخوێندەواریی ، بیری پیاوسالارێتیی کۆمەڵگە ، قەتیسبوون لە نێو خونەریت ی کۆمەڵایەتیی داخراو و ئافاتی ئایین دایە ، بۆیە ڕوو لە نەسرین ناوێك ، وەك ئاماژە و سیمبۆلێك بۆ هەموو ئافرەتێكی شکۆشکێنراو ، چەوساوە و ژێردەستەی کورد لە سەدەی بیستهەم دا دەکات و دەڵێت :
نەسرین دەمێکە ، داخت لە دڵمە
گیرۆدەی بەندی ، ژیانت زوڵمە
وا من پێت ئەڵێم ، چونکە لەسەرمە
هەستە تێکۆشە ، تا خوێنت گەرمە
سەرپۆش فڕێدە ، چ وادەی شەرمە
دروشمەکانی ڤیستیڤاڵ بەم ئامانجە سیاسییە شیعرەکە چرچ و لۆچ و بەئیسلامیی دەکەن : { ئێستا ئیسلام دینی نەسرین ی شیرینپۆشی باڵاپۆش و پڕهەستە ، ئێستا سەرپۆش ڕەمزی مەعریفە و زانستە ، ئیتر نەما باوی بەستە } :
نەسرین داخەکەت سەختە لەسەر دڵ١
هیوای ئەویشت وابردە ژێر گڵ
هەستای تێکۆشای تا خوێنت گەرمە
سەرپۆشت عیلم و مەعریفە و شەرمە
ئەم جۆرە هیستریا ئیسلامیانەیە کە ئامانج تیای دا برەودانە بە بیری دەمارگیریی ، و هەروەها بیری جیاکاریی و دابەشکردن ی کۆمەڵگە و دابڕینی ئەندامانی کۆمەڵگە لەیەکتری . لە دیدی خوشکانی ئیسلامیی یەکگرتوو دا ، ئافرەت تاکو شەرمن ، داپۆشراو ، گوێڕایەڵ و ملکەچی پیاو و مێرد بێت ، ئەوا خاوەنی کەسایەتییەکی جوان و سەرکەوتووە ، ئەگەر حیجابدار و باڵاپۆشیش بێت ئەوا خاوەنی لوتکە ی ڕەوشت ، حەیا و حورمەت ، عیززەت و مەعریفەیە . دروشمی حەماسییانە و زێدەڕۆییکردن لە پیاهەڵدانی حیجاب و باڵاپۆشیی لە ڤیستیڤاڵەکە دا بەرگێك ی تەواو پیرۆز و یەزدانیی پێدەبەخشرێت ، کە لەگەڵ بنەمای فەلسەفەی ڕەوشت ، ئیمان و دنیا ی یەزدانناسیی دا یەکناگرنەوە . بەڕێز خاتون ناسك تۆفیق نوێنەری سەرۆکی یەکگرتوو لە ڤیستیڤاڵەکە دا وتارێك دەدات و : { ئێوە ئایەتێك ی زیندوی خوای گەورەن ، کە بەسەر زەوی دا دێن و دەچن . } . خاتونێكی ئاهەنگێڕیش لەسەرەتای ڤیستیڤاڵەکە دا ڕوو لە کچانی ئامادەبووان دەکات و : { تاجی عیززەت بەشانازیەوە بپۆشە ، تۆ خەلیفەی خوای گەورەیت لێرە . } . ئەم جۆرە پیاهەڵدانانە نەك تەنیا دزێو ، نالۆژیك ، هیستریایی و دەمارگیرییەکی ئایینیانەیە ، بەڵکو خۆشکردنی زەمینەیەکیشە بۆ بنیاتنان و سەرهەڵدانی بیری فاشیستیی و ئاژۆتنی تاك و کۆی کۆمەڵگەی کورد بەرەو نائارامیی ، و دروستبوون ی بیری توندڕەویی ، توندوتیژیی ، جیاکاریی ، ڕەتکردنەوە و تەحقیرکردنی ئەوانی دی . دابەزاندنی ئاستی یەزدان تاکو ڕادەی بازرگانێك ی ساماندار کە تاجی زێڕین دەکاتە دیاریی کچانی منداڵکار و ناکامڵ ، یان بۆ ئاست ی شێخێك ی نەزان و گێل کە خاوەنی تەکیە ، خەلیفە و دەروێشە ، نەك تەنیا دروستکردنی هاوبەشە بۆ یەزدان ، بەڵکو ئەوپەڕی سوکایەتیی و بێحورمەتییکردنە بە بەها و سیفەتە سروشتیی ، گەردونیی و ڕوناکاییەکە ی یەزدان ؟ ! پرسیار لێرە دا ئەوەیە کە ، ئایا حیجاب و باڵاپۆشیی چ پەیوەندیەکیان بە ئیمان ، یەزدان و مەعریفەوە هەیە ؟ ئایا حیجاب و باڵاپۆشیی هێز و کاریگەریی ئەوەی هەیە کە ئافرەتی موسوڵمانی کورد ئاودیوی دنیا ی ئاژەڵیی بکات و ڕۆح و ویژدانی ئەو بگەێنێتە باڵاترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕەوشتپەروەریی (فەزیڵەتیی ئەخلاقیی ) و ئاوێتەکردنی بە جیهانی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) ەوە ؟ . من نامەوێت بچمە نێو ئەم وردەکاریانەوە ، بەڵام ڕاستییەك هەیە کە یارمەتیمان دەدات لە مانا ی یەزدان و پەیوەندیی ئەو بە ڕۆحی مرۆڤەوە تێبگەین : لە زاتی یەزدان ، لە دنیا ی یەزدان و یەزدانناسیی دا فەلسەفەی حیجاب و باڵاپۆشیی نەك دیاردەیەك ی نامۆیە و توانای خۆبەرجەستەکردنی لە ڕەوشت ، فەزیڵەت ، پەیام وخواستێك ی یەزدانیی دا نیە ، بەڵکو ئەوە ئایین ، شەرع و فتوا ی پیاوانی ئایینیە کە مانایەك بە حیجاب و باڵاپۆشیی دەدەن ، و دواجار دەیکەنە یاسایەك و دەیسەپێنن بەسەر کۆمەڵگە و ئافرەتان دا . خاتون ناسك لە وتارەکەی دا ئەمە ناشارێتەوە و دەڵێت : { ئەبێ تۆ لەم زەمەنی ڕوکەشگەراییە ، لەم زەمەنی ئیهتیمامدان ی ماددەگەراییە دا دەبێت تۆ جیاواز بیت لە خەڵکیی ، تۆ هەمیشە ڕێکپۆش بیت ، جوانپۆش بیت لە سنوری شەرعا … } . پرسیارێك کە پێویستە لێرە دا خۆی بەرجەستە بکات ئەوەیە کە ، ئایا هەربەڕاستیی حیجاب و باڵاپۆشیی شکۆ بۆ ئافرەتان دەستەبەردەکات ؟ خاتون ناسك لە وتارەکەی دا : { تاجەکان بخەنە سەرسەرتان ، تاجەکە تاجی شکۆ ، تاجی ڕێز ، تاجی سەربەرزییە ، و چەپڵەیەك ی قایم بۆخۆتان لێبدەن !! } . پێشکەشکاری ڤیستیڤاڵەکەش : { کاتێك باڵاپۆشیت هەستدەکەیت جلەکەشت تەسبیح و زیکری خوا دەکەن ، هەست دەکەیت حیجابەکەشت أللە أکبر هاوار دەکات و ئەڵێ حی علی الفلاح } . باڵیۆزی حیجاب خاتو ئیمان محمدیش : { حیجاب لوتکەی عبودیەتە بۆ أللە . } . ئەم جۆرە موخاتەبە لاواز و پیاهەڵدانە پڕهیستریا ، دروشمبازیی و دەمارگیرییە ئایینیە کوێرانەیە بەرامبەر بە باڵاپۆشانێك کە سەرەتای تەمەنی ژیانیانە دەربڕی جۆرێك لە متمانەبەخۆنەبوون و کۆڵەوارییە لە تێگەیشتن لە دنیای ڕێز ، ڕەوشت و شکۆی مرۆڤایەتیی ، نەك ناتوانێت ئەو کچە منداڵکارانە هەنگاوێك لە زانست ی یەزدانناسیی ، فەزیڵەتی یەزدانیی و بەدەستهێنانی ڕوناکایی یەزدان و ناسین ی سروشتی گەردونیی ئەو ، نزیك بکاتەوە ، بەڵکو توانای ئەوەیشی نیە ، کە ئەوان بگەێنێتە ئاستی هوشیاریەك ی باڵا بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێكی ئەخلاقیی و بەدەستهێنانی شکۆیەك بۆیان . شکۆبەخشین و بەدەستهێنانی شکۆ بۆ تاك و هەر کۆمەڵگەیەك ی مرۆڤایەتیی لەڕێگەی شەرع ، وەعز ، حیجاب و باڵاپۆشییەوە بەدەستنایەن ، بەڵکو لەڕێگە ی ئەو یاسا دنیایانەوە دەستەبەردەبن کە توانای بەرهەمهێنانی عەقڵ و ئیرادەیەك ی ئازاد و سەربەخۆیان بۆ هەر تاکێك ی کورد هەبێت ، عەقڵێك کە توانای هەبێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و دوور لە نێوەندگیریی ئایین ، یاسای شەرع و وەعز و ئامۆژگاریەکانی پیاوانی ئایینیی ، مرۆڤ ئاودیوی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی بکات و بیکاتە مرۆڤێك ی ڕاستەقینە ، چاکەخواز ، ئازاد و خاوەن ئیرادە و عەقڵێك ی سەربەخۆ و ئازاد ، بەڵام عەقڵێك ی وەها دەبێت خولقێنەری ڕێنیسانس یان بیری ڕۆشنگەریی بێت ، تاکو بەهۆیەوە لەلایەك زیندوێتیی و بەردەوامیی ژیان بپارێزێت ، و لەلایەك ی دیەوە توانایی ئەوە بە ئیرادە و ویژدانی مرۆڤ ببەخشێت ، کە ئەو وەك تاکێكی کۆمەڵگە ئەرکدار یان بەرپرسیار و لێپرسراو بکات بەرامبەر بە ئەرکێك ی ئەخلاقیی بەمەبەستی ئەنجامدان و بەرجەستەکردنی کاری چاکە ، چاکەخوازیی ، دادپەروەریی و یەکسانیی بەرامبەر بە کۆمەڵگە . پرسیار دەکەم کە ، ئایا لۆژیکییە ، حیجاب و باڵاپۆشیی ببێتە ناسنامەی تاك ، عەقیدە و ڕەوشتی هەر ئافرەتێك ؟ بێگومان نەخێر ، پێشتریش بەکورتی ئاماژەم بەوە دا کە ناڕەوایە ڕەوشت و فەزیڵەتی ئەخلاقیی تەنیا لە ئایین ، شەرع و سیمبۆلەکانی دا قەتیس بکرێن ، کانت : ( ڕەوشت سەربەخۆ و دابڕە لە ئایین ) ، واتا لەدەرەوەی ئایین ، شەرع و قورئان دا هەر مرۆڤێك لەڕێگەی عەقڵ و ئیرادەیەكی ئازاد و سەربەخۆوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی باڵاترین ڕەوشت و ویژدان ، ببێتە کاراکتەرێكی چاکەکار ، و بەسود و بەرهەمهێن بۆ کۆمەڵگەکەی ، چونکە لە دواجار دا هەموو کۆمەڵگەیەك ی مرۆڤایەتیی پێویستی بە کار ، یاسا و بەرنامەیەك ی ئەخلاقیی هەیە ، کە بتوانێت دادپەروەریی ، ئازادیی و یەکسانیی لەنێو کۆمەڵگە دا بکاتە بنەما و ناسنامەی هەر تاك و کۆمەڵگەیەك ی ئازاد . کانت ی فەیلەسوفی ئەخلاق دەڵێت : ( بەبێ مرۆڤ و ئەنجامدانی کاری ئەخلاقیی ، ژیان و واقیع ی کۆمەڵگە دەبێتە دارستانێك ، کە چیتر ناتوانێت خاوەنی ئامانجێكی مرۆڤایەتیی بێت ) . ناسنامەی کەسایەتیی و ئیمانیی ئافرەت ی کورد حیجاب و باڵاپۆشیی نیە ، بەڵکو ئەوانە تەنیا دیوە ڕوکەشەکە ی ژیانی هەر ئافرەتێك ی موسوڵمان ی کوردە ، و دواجاریش ئامانج تەنیا کاکڵە نەك توێکڵ . بەڕێز خاتون ناسك { ئێمە بۆئەوە باڵاپۆشیی دەکەین ، کە شوناس ناسنامەمان دیاربێ ، شوناسی ئیمانیمان دیاربێت …} . ئیمان بەدوور لە نێوەندگیریی ئایین و شەرع ، تەنیا ڕێگەیەکە کە مرۆڤ ئازادانە و تەندروستانە دەگەێنێت بە یەزدان ، واتا بە باڵاترین عەقڵ و دانایی ، بە بەرزترین ویژدان و ڕەوشت . یەزدان دواجار و بۆخۆی دنیایەكی بەرفراوان ، بێکۆتا و بێسنورە کە لە زاتی خۆی دا هەڵگری سیفاتێك ی سروشتیی و گەردونییە ، و تیای دا ناسنامە هیچ ڕۆڵێك ی واقیعیی ، ڕۆحیی و ئەخلاقیی گرنگ ناگێڕێت !! کاتێك ئایینێك هەڵوەدای بەدەستهێنانی ناسنامەیەك بۆ عەقیدەکەی دەبێت ، ئەوا خۆبەخۆ لەلایەك دەکەوێتە دژبەریەكی کوێرانە و گەمژانە بەرامبەر بە یەزدان ، و لەلایەك ی ترەوە دەبێتە هەڵگری بیر و پەیامێك ی فاشیستییانە و ئاکارێك ی چەوسێنەرانە بەرامبەر بە کۆی تاك و کۆمەڵگەکەی ، واتا ئا لەوێدایە کە کۆمەڵگە ئیدی لە یەکەیەکی یەکگرتوو و هاوبەشی دەستەجەمعییەوە دەبێتە کۆمەڵگەیەك ی نالۆژیك ی لەیەکترازاو و دابەشبوو بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی بەشکۆ و بێشکۆ ، باوەڕدار و بێباوەڕ یان ڕەوشتدار و بێڕەوشت . لەم ڕۆژگاری قەیران ، برسیەتیی ، بێکاریی ، گەندەڵیی و نادادپەروەرییە ی کە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان پیای دا تێپەڕدەبێت ، خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی سەرقاڵی ڕازاندنەوەی ساڵۆنەکانی ڤیستیڤاڵی تاجی زێڕین و باڵاپۆشکردنی کچانی هەژار و نەدارانی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوەن ؟ ! خاتون ناسك : { لە یادی جیهانیی باڵاپۆشان تەواوی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکان و گەشەپێدان ، سەرقاڵی تەوعیەن لەسەر باڵاپۆشیی . } ، بەڵام ئەو ڕاستییە فەرامۆش دەکەن ، کە شەرع ، پیاوانی ئایینیی و بانگخوازە ئیسلامییە سەلەفیی ، ئیخوانیی ، جیهادیی ، تەکفیریی و داعشیەکان بوونەتە مایەی کڵۆڵیی و سەرچاوەی فەساد ، بێبەهاکردن و شکاندنی شکۆی ئافرەت و هەر تاکێك ی کورد دوکتۆر عبدالواحد بەم جۆرە گاڵتەجاڕیەوە تاجی شکۆ دەنێتە سەر سەری ئافرەت ی موسوڵمانی کورد : { جامعة مؤنثە و جامعیش کە مزگەوت دەکات و نێرینەیە ، کەواتە دائیمەن نێرینەش هەیەتی بەسەر مێینە دا } یان دەڵێت : { هیچ یاسا و شەرعێك یان بەڵگەیەکی زانستیی نیە کە بیسەلمێنێت و ببێتە ڕێگر لەبەردم شوکردنی کچێكی نۆ ساڵان بە پیاوێك ی ٥٨ ساڵان . } . ئەگەر ئامانجی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی یەکگرتوو بریتیە لە نیشتیمانسازیی ، گەشەپێدانی هوشیاریی و دژایەتیکردن ی بێبەهاکردنی مەعریفە و تاك ی کۆمەڵگە ی کوردیی ، ئەوا دەبێت وەك ئەرکێك ی ئەخلاقیی و و نیشتیمانیی دژی ئەو بۆچوون و ئەحکامانەش بووەستن کە شکۆی ئافرەتان دەشکێنن و: { النساء ناقصات عقل و دین } . خوشکانی یەکگرتووش وەك بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی دەبێت هەڵگری چاکسازیی بن لەو یاسا و ڕێسایانەی ، کە ماف بە پیاوان دەدەن لە ژنان بدەن : { الرجال قوامون علی النساء …. والاتي تخافون نشوزهن فعظوهن واهجروهن فی المضاجع واضربوهن فإن أطعنکم فلا تبغوا علیهن سبیلا .. } . ئافرەتی حیجابدار و باڵاپۆشان ی موسوڵمان دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن کە شایستەی ئەوە نین چیدی ئەوان بە سەگی ڕەش و گوێدرێژ بچوێندرێن : { یقطع الصلاة المرأة والحمار والکلب الأسود } . خاتون ناسك لە وتارەکەی دا بە دوو مۆڕاڵی جیاواز و دژبەیەك ڕوبەڕوی سەدان کچی منداڵکار و کامڵ نەبووی جەستە و عەقڵ وەها دەڵێت : { هەرگیز خۆتان بە پلە دوو سەیر مەکەن وە ڕازیش نەبن هیچ کەسێ بە پلە دوو سەیرتان بکات } ، لەڕووی تیۆریەوە ئەو قسەیە جوان و مرۆڤدۆستانەیە ، بەڵام لەباری پراکتیك دا کە کاتێك دوو ئافرەت لە دادگە دا بە یەك شایەت دادەنرێن ، ئەوا ئیدی خاتون ناسك لەبەردەم ئەم ئایەتە دا { واستشهدوا شهیدین من رجالکم ، فإن لم یکونا رجلین فرجل و إمرأتان } دەستەپاچە دەبێت و بۆ دواجار بەم جۆرە کۆتایی بە ئەفسانەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو دەهێنێت : { کرمنا بنی آدم – ان اکرمکم عند اللە اتقاکم } . ئافرەتی باڵاپۆش دەبێت لەو ڕاستییە تێبگات ، کە دوو یان سێ و چوارژنەیی یاسایەکی ئایینیی و شەرعیی ناڕەوا و بێبەزەییانەیە کە تەنیا شکۆی ئافرەتان دەشکێنێت : { وإن خفتم ألا تقسطوا فی الیتامی فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنی و ثلاث و رباع …. } . کچانی حیجابدار و باڵاپۆش دەبێت ئەو پرسیارە بکەن و بڵێن ، ئایا بەڕاستیی ئافرەت لە پەراسویەك ی خواروخێچ دروستبووە ؟ : { إستوصوا بالنساء خیرا فانهن خلقن من ضلع وإن أعوج … } . ئەرکێکی ئەخلاقیی خوشکانی یەکگرتوو و ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئیسلامییە ، کە لە هەموو ڤیستیڤاڵەکانی تاجی زێڕینیان دا چیرۆك ی قوربانیانی خوشك و برایانی ئێزدیمان بەیادی کچان ی باڵاپۆش دا بهێننەوە ، کە چۆن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ( داعش ) بێبەزەییانە و دڕندانە کۆمەڵکوژییان دەکەن و خوشکانی ئێزدیشمان دەکەنە کۆیلە و سەبایا و لە بازاڕەکانی نوخاسەی موسڵ و ڕەقەی سوریا دا دەفرۆشرێن ، دەکڕدرێن ، سوکایەتیی و ئیغتیصاب دەکرێن بەناوی ئیسلام و شەرعەوە ، بەڵام بەداخەوە ئێوە لەئاست ئەم بەربەریەت و دڕندەێتییە دا بێدەنگ بوون و کەمتەرخەمن ، ئەوەندەی ئێوە لە خەمی غەززە دا بوون ، بۆ ساتێکیش دڵتان بۆ قوربانیان و غەدرلێکراوان ی ئێزدیەکان لێی نەدا ؟ ! کەناڵی العربیە لەم چەند ڕۆژانە دا بەشی دووهەمی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کچانی ڕفێندراوی ئێزدیی بڵاوکردەوە و ئەو ڕاستیانەیان خستە بەردەم ڕای گشتیی جیهان و دەنگێكی زۆری دایەوە ، بەڵام ئێوە پارتی و یەکێتی ئاسا بێباکتر بوون ، و لەئاست ئەو تاوانانە دا بێدەنگیتان هەڵبژارد . ئەوەی داعش لەسایەی شەرع و ئیسلام دا بە خوشکانی ئێزدیی ئەنجامیانداوە نیشاندەری ئەوپەڕی دڕندەیی و بەربەرێتیی و ناشارستانێتیی ئیسلام پێشاندەدات . کچانی نۆ – یانزدە ساڵانی ئێزدیی بەسەبایاکراون و هەریەکەیان بەدەیان جار فرۆشراون و دەستدرێژیی ناموس کراوەتەسەریان . خوشکانمان بەچاوی پڕفرمێسك و هەنسکی گریانەوە دەیگێڕنەوە کە لەژێر سایە و حوکم و شەرعی ئیسلامی داعشیی دا چۆن شکۆیان شکێنراوە ، دەیگێڕنەوە کە هێندەی ژنانی حیجاب و باڵاپۆشانی داعش دڕندە ، بێبەزەیی و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کردوون ، پیاوانی داعش بەوجۆرە نەبوون ؟ ! کچانی بەسەبایاکراوی ئێزدیەکان دەیگێڕنەوە کە چۆن ژنانی حیجابدار و باڵاپۆشانی ئەمیرە ئیسلامییەکان کچانی نۆ ساڵان تاکو شانزدە ساڵانیان بەجوانترین شێوە و بەبۆنی خۆشەوە ڕازاندووتەوە و پێشکەشی مێردەکانیان کردوون . خوشکان و خانمانی ئیسلامیی و هەموو ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی کوردستان ، بانگخواز و بەشێك ی زۆری مەلاکانی کوردستان کە خۆیان بە پارێزەری ڕەوشت و دادپەروەریی دەزانن ، بەداخەوە چاو و گوێیان و ویژدانیان دەرهەق بەو هەموو چەوساندندنەوە و نادادپەروەریی و بێویژدانییانە خەواندووە و وەك بڵێیت هیچ ڕووی نەدابێت ؟ ! کار و بیرکردنەوەی ئێستای ئیسلامیی سیاسیی ، مەلای دەربار ، ئەمیر ، باڵاپۆشانی ئیسلامیی و هەموو بانگخوازە ئیسلامییەکان تەنیا بووەتە باس و خواستی سێکس ، چوارژنەیی ، جیهادی نیکاح ، زەواج ی موتعە و میسیار ؟ ! هەروەك چۆن پارتی و یەکێتی کۆمەڵگەی کوردیان برسیی و تووشی نەهامەتیی ، گەندەڵیی و بێڕەوشتیی کردووە ، بەهەمان شێوەش ئیسلامیی سیاسیی و ڕێکخراوەکانیان ، مەلا و بانگخوازەکان کۆمەڵگەی کوردیان بەرەو کولتوری توندڕەویی و تەکفیر ، لاڕێیی ، دزیی و جەردەیی بەناوی زەکات عەمرە ، حەج و …تاد بردووە . ئەوانە بەڕاستیی کۆمەڵگەی ئێمەیان بەرەو جەهل و خورافات بردووە ، ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە دا برەوی نیە زانست و مەعریفەیە ؟ ! فایەق بێکەسی ڕەحمەتیی لە ڕۆژگار ی خۆی دا هەمان ئەم دیمەن و کاراکتەرانەی بینی ، بۆیە لە بێهیوایی و نائومێدیی دا لۆمەی خۆی دەکات و دەڵێت :
تف لە عیلم و سەنعەت سەد کارەبا
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا
توشی لافاوی عیلم بووم بەڵام زوو دەرپەڕیم
سواری پاپۆڕی جەهل بووم و بەناویا تێپەڕیم
سەد شوکور ئۆخەی نەجاتم بوو لەباسی عیلم و فەن
نامگرن جارێكی تر بۆیە لەکەیفا هەڵپەڕیم
خوێنەواریی شێتیو هەر جەهلە ئینسان سەرئەخا
گەر ئەمجارە باسی عیلمم کرد بزانن سەرسەریم

کۆتایی
هیوا محەمەد ئەمین
١ی نیسانی ٢٠٢٤
١- شیعری شاعیری ئیسلامیی ( گۆران عەباس )




خوشکانی ئیسلامیی چۆن پێشوازیان.. لە شیلان عوسمان کرد ؟!.. هیوا محەمەد ئەمین

.. لایەنێك ی جوان و ڕوناك لە ژیانی مرۆڤ دا ؛ بەدەر لە ڕەنگدانەوە و ئەزمونکردنی دنیا ی چاکە و خراپە لە ناخی بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆڤ دا ، ئازادییە! ئازادیی فەلسەفەیەکە ، کە مرۆڤێك دەڕسکێنێت بۆ گەیشتن بە کەماڵ ی عەقڵ و مەعریفە و ویژدان ، دواجار ئازادیی هەم فەلسەفەی ڕەوشتە هەمیش هێزێك ی ناوەکیی و عەقڵیی ، کە هەلێك بۆ هێز ی توانایی و داهێنان ی مرۆڤ دەڕەخسێنێت . کاتێك مرۆڤێك ناخوازێت ئەزمونی فەلسەفەیەك ی لەم جۆرە لە عەقڵ و ئیرادەی خۆی دا پیادەبکات ، ئەوا بەسانایی دەبێتە ڕۆبۆتێك ی پڕۆگرامکراو ، کە ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئیرادە ، بیرکردنەوە و داهێنانی خۆی . ماوەیەك لەمەوبەر گۆرانیبێژ ی کورد خاتون ( شیلان عوسمان ) ، لەڕێگە ی دەزگاکان ی ڕاگەیاندنەوە بڵاویکردەوە ، کە بووە باڵاپۆش و کۆتایی بە گۆرانیگووتن هێنا ! تاکو ئێرە لەوانەیە کارەکە ئاسایی یان وەك ئازادیی و ماف ی تاکەکەسیی بێتەپێشچاو ، بەڵام ئەم باسە تەنیا بەوەندە کۆتایی نایەت ، چونکە لەلایەك نە لە کۆمەڵگە ی کوردیی و ئیسلامییەکان دا شتێك بوونی هەیە بەناوی مافی تاکەکەسی، نە ئیسلامییەکانیش بە تەنیا ڕاگەیاندنێك ی لەوجۆرە ی خاتون شیلان دڵیان دادەسەکنێت! بەڵکو ئامانج لێرە دا گشتاندن یان چڕکردنەوە و توانەوەی کەس ی تاکی ( تۆ ) یە لەنێو کۆمەڵگەیەك دا کە بە فەلسەفەی ڕەوشت و ئازادیی نامۆیە . بابزانین ئەو هۆکارانەی ، کە بەڕێز خاتون شیلان عوسمان ی بەرەو دنیای باڵاپۆشیی برد چین؟! شڕۆڤە و لێکدانەوەکەی من، حوکومدان نیە کە ئاخۆ کارێك ی باشە یاخود خراپ ، بەڵکو خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو هۆکارانە ی کە پاڵ بە کەسێك ی وەك بەڕێز شیلان عوسمانەوە دەنێت کە بەرەو دنیا ی خۆداپۆشین بڕوات! هۆکاری باڵاپۆشیی ئەو تەنیا، کاردانەوەیەك ی فیزیکیی، ئیحساساتیی و هەروەها جۆرێك لە گرێی هەست بە گوناه و ترسە لە یەزدان، ترسێك کە ماڵئاوایی لە ڕوناکیی ژیان و دەڤەرە کۆمەڵایەتییەکەی دەکات، نەك دەرکەوتنی قۆناخێكی فیکریی و مەعریفیی بە ئامانج ی گەیشتن بە یەزدانناسیی و فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی و ئیلاهیی ، لە ژیانی ئەو خاتونە دا: { عەمەلیاتێك ی قورسم هەبوو ، ووتم ئەگەر سەرکەوتو بووم وەعدم بە خوا دا ، کە ببمە باڵاپۆش }. باڵاپۆشبوونی بەڕێز شیلان دەشێت کاردانەوەیەك ی دەرونییش بێت لەبەرامبەر فەرامۆشبوونی ئەو لەنێو ژینگەیەك ی هونەریی لە نێو کۆمەڵگەکەی دا. ئەو هونەری ئەمڕۆ بە بێمانا وەسف دەکات: { من دەمێکە لە بواری گۆرانیی ماندوم، هونەری ئێستا بێمانایە }. کاتێك ئەو دەبینێت کە ئافرەتانێك ی گۆرانیبێژ لەمڕۆ دا هەن ، کە بەشێوەی نیمچەڕووت لە تی ڤی و ڕاگەیاندنەکان دا دەردەکەون و ژیانیان لەسایەی ڕووتبوونەوە دا زامنە ، ئەو ئیتر نائومێدانە دەخوازێت هێڵێك ی جیاکەرەوە ، بەڵام بە کەرەستە ی جل وبەرگی ئیسلامیی لەنێوان خۆی و ئەوانە دا بکێشێت و خۆی وەك ئافرەتێكی جیاوازتر و ئازادتر پێشان بدات: { من لە ٩٥ەوە کاری هونەرییم کردووە ، ئێستام باشترە وەك لە کاتی پێشوو }.
لەوانەیە تاکو ئێرە بۆ ئافرەتێك ی سادە و ساکاری وەك بەڕێز خاتون شیلان کارێك ی ناشایستە ، ناسروشتیی و کارەساتبار نەبێت بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی ، دواجار ؛ ناڕەوا و بێئەدەبییش نابێت ، ئەگەر بگەینە ئەو باوەڕەی ، کە باڵاپۆشیی و عەمرەکردنی ئەو لە دنیا ی بیرکردنەوەی خۆی دا تەنیا دەشێت دنیای و دیدگەیەکی تاکەکەسیی بێت ، کە هیچ سود یان بەرهەمێكی بۆ مەعریفە و باڵابردنی ڕەوشتی کۆمەڵگەی کوردیی نابێت ! دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم ، کە ئیمانداریی و نزیکبوونەوە لە فەلسەفەی یەزدانیی دەشێت تەنیا لە کەشێك ی مەعنەویی و زاتیی ئارام و خۆشۆڕکردنەوە بە ناخ دا ئەنجام بدرێت ، بەڵام دیوی ناسروشتیی مانیفێستەکەی خاتون شیلان ئەوەیە کە لەنێو کەشێکی پڕ ژاوەژاوی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئەنجام دەدرێت ، کە لە دواجاردا خاتون شیلان دەبێتە قوربانیی و نێچیری خوشکانی ئیسلامیی ، دواجاریش و لە بنچینەدا باڵاپۆشیی هیچ پەیوەندیەكی بە ئیمان و یەزدانەوە نیە و یەزدانیش لە هیچ شوێنێك ی دەق ی قورئان دا فەرمانی بە باڵاپۆشیی و سەرداپۆشین نەکردووە ؟! ئیسلامییەکان وەکو هەنگوینیان لەنێو کلۆرەدار دا دۆزیبێتەوە ، هەر زوو ئەم باسەی شیلان عوسمانیان قواستەوە و کردیان بە مانۆرێكی سیاسیی و فیکری ئیخوانیی و بەستنی کۆڕ و کۆمەڵ ، و سازدانی ڤیستیڤاڵ ی ( تاجی شکۆ ). ئەم ڤیستیڤاڵە ، کە لەلایەن ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامییەوە ڕێکخرابوو ، نەك تەنیا مامەڵەی کەسێك ی تاوانبار و تەوبەکاریان لەگەڵ شیلان دا کرد ، بەڵکو سوکایەتیان بە کەسایەتیی خۆی و هونەرە بیست و هەشتساڵەکەی و هەموو ئافرەتێكی ناباڵاپۆش ( سفور ) کرد ، سەرەتا بەم جۆرە شیلان عوسمانیان بە بەشداربووانی ڤیستیڤاڵەکە ناساند: { خاتو شیلان عوسمان کە لە هونەرمەندیەوە گەیشتەوە بە باڵاپۆشیی …. }. بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیی ( خاتون ) * لە ڤیستیڤاڵەکە دا ئامادەیە و خاتونی بێژەر بەمجۆرە تاجی زێڕین دەخاتە سەر گۆرانیبێژ شیلان عوسمان: { خوا هیدایەتی شیلان عوسمانی داو کردی بە باڵاپۆش . ماشەڵا ئەو باڵاپۆشیەت لێهاتووە و دەڵێی گوڵیت }. شیلان عوسمان ی کڵۆڵ بەبێ ئەوەی لە مەغزا و قوڵایی قسەکانی بێژەرە ئیسلامییەکە تێبگات ، بەبێ ئەوەی تێبگات کە دنیا و مانای فەلسەفەی جوانیی و گوڵبوون بۆ ئافرەتێكی کورد لە دید ، بیر و جیهانبینیی ئیسلامیی سەلەفیی، ئیخوانیی و داعشیەکانی کوردستان دا هەڵگری وەسفە ناسکەکەی گۆران ی شاعیر بۆ ئافرەت وگوڵ نیە ** ، بەڵکو تۆ وەك ئافرەتێك کاتێك شایستەیی ڕێز و بوون بە گوڵت پێدەبەخشرێت ، کە عەورەتی ئافرەتانەت داپۆشراو بێت ، وەك بڵێیت تۆ وەك ئافرەتێك تاکو ئەوکاتەی باڵاپۆش نیت ، هەموو جەستەت عەورەت و سیمبۆل ی شەیتان و هەڵگیرسێنەری فیتنە و ئاگری بزواندنی شەهوەتی پیاویت؟! شیلانی داماو و دەستەپاچە لە سادەیی خۆی دا لە مەبەستی بێژەرەکەی بەرنامەی خاتون تێناگات، کە ناڕاستەوخۆ ئەو وەك کەسێك ی تەوبەکار و خاوەن ڕابوردویەك ی ناشایستە و دزێوی دنیا ی مۆسیقا و گۆرانیی مامەڵە دەکات.
شیلان عوسمان لەوێ دا ، نەك لە ڕابوردوی هونەریی و ڕەوشتی خۆی و هەموو دنیا ی جوانیی و سەرنجڕاکێشیی گۆرانیی پەشێمانە ، بەڵکو دەگاتە ئەو باوەڕەی کە : { داوا لە ئافرەتان دەکەم کە ببنە باڵاپۆش ، ئافرەتی باڵاپۆش جوانتر و بەشەخصیەتترە لە ئافرەتی سەرڕووت . } . ڕادەی سوکایەتییپێکردنی خاتون شیلان لەلایەن خاتون ی بێژەرەوە دەگاتە ئەو ئاست و ڕادەیە ی کە ناڕاستەوخۆ تێیبگەێنێت کە: باڵاپۆشیی تۆ نەك تەنیا ناتوانێت دڵی خوا ڕازیی بکات و لە گوناهەکانت خۆشببێت ، بەڵکو بۆ دەرکردنی پیسیی ( نجس ) ، سپیکردنەوەی ڕووی خۆت لەلای خوا و پاکبوونەوەت لە گوناهی ڕشتنی ئاوی فەسادی هونەری مۆسیقا و گۆرانیەکانت ، دەبێت زیارەتی ماڵی خواش بکەیت ، بۆئەمەش بێژەرەکە مژدەی بەخشینی دیاریی عەمرەی پێدەدات لەلایەن کەسێك ی موسوڵمان یان ڕێکخراوێكی ئیسلامییەوە . ئەستێرە و ڕوناکیی خۆری خاتون شیلان لەوێ دا ئیدی ئاوا دەبێت کە وەك ڕۆبۆتێكی پڕۆگرامکراوی خوشکانی ئیسلامیی: { حیجاب تاجی زێڕینە دەنرێتە سەرت ، داوا لەو کچانە دەکەم کە موحەجەبە نین و ببنە موحەجەبە}.
کۆتایی

————————————

  • ئاماژەیەکە بۆ شیعری ( ئۆپەرێتی گوڵی خوێناویی ) گۆران ی شاعیر .
    ** ئەم بەرنامە تەلەڤیزیۆنیە لەوەتەی هەیە بۆ جارێکیش نەبووە کە تاوانەکانی داعش و ابو بکر البغدادی بکاتە بابەتێك و تیای دا باسی ئەو تاوانانە بکات کە بەرامبەر کچانی کوردی ئێزدیی کراوە . هێندەی ڕاگەیاندنە ئەوروپیی و عەرەبیەکان لەو تاوانانە دواون ، خۆشکان و باڵاپۆشانی ئیسلامیی کورد هێندەی گەردێکیش ویژدانیان بۆ ئەو کچە ئێزدیانەی کە بوونە سەبایا و کۆیلەی موجاهیدە ئیسلامە فاشیستەکان نەبزوا ، ئەو فاشیستە ئیسلامیانەی کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردن و لە بازاڕەکانی نوخاسەی موسڵ و ڕەققە ی سوریا دا ساخیان کرنەوە . لە دانپێدانەکانی ژنی سێهەمی ابو بکر البغدادی ( نور ابراهیم ) لە کەناڵ ی العربیە دا هاتووە : { ١٠ سەبایا ی کچانی ئێزدیی لە ماڵەکەیان دا هەبووە } . یەکێك لەو سەبایانە خاتو ( سیپان خەلیل ) ی کچە کورد ی چواردە ساڵی ئێزدیە و دەڵێت : { ابوبکر البغدادی دەیان جار دەستدرێژیی ناموسی کردووەتەوەسەر }

هیوا محەمەد ئەمین
٣ ی ئازار ی ٢٠٢٤
.




غەززە * زبڵدانێکە بۆ بە فاشیستبوونی بانگخواز و ئیسلام ی سیاسیی کورد.. هیوا محەمەد ئەمین

لە ڕێکەوتی ١٢. ١٠. ٢٠٢٣ دا بەڕێز عەلی باپیر ، ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی نوسینێكی لەژێر ناونیشانێكی دورودرێژ ١ لە ماڵپەڕی ( ڕاچڵەکین ) دا بڵاودەکاتەوە٠ نوسینەکە بەشێوەی گشتیی خۆی بە دوو ئاقار و ئامانج دا ئاراستە دەکات، یەکێکیان گلەیی، سەرکۆنە و هێرشە بەرامبەر کەسانێك ، کە نەیخواستووە نە ناویان بهێنێت و نە ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر ئەو بابەتە بدات٠ ئەوی تریان سەبارەت بە جەنگ ی غەززە – ئیسرائیل و دۆز ی فەلەستینیەکانە ! ئەگەر خوێنەر کەمێك بەسەرنجدانەوە لەو نوسین و ناونیشانە دورودرێژە وردببێتەوە ، تێدەگات و دەگاتە ئەو بڕوایەی ، کە ئەم نوسینە چەندێك بە پەلە ، شپرزانە ، لە دنیابینیەك ی تەسك ، هەناسە سواریی ، دیدێك ی فاشیستانە و ئاقارێك ی نامرۆڤانە نووسراوە؟!
من لێرە دا سۆمایی دیدە و نیگا ی تێڕوانینی خۆم بەدوور لە هەر دەمارگیریی، بارگرژیی یان خوانەکردە بێڕێزیەك بەرامبەر هیچ کەسێك ، بەسادەیی دەخەمە سەر شەڕی غەززە و بۆچونەکانی عەلی باپیر گومان ی تێ دا نیە کە ئەوەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت، دۆزەخێکە، کڵپە و نێڵە ی ئاگرەکەی مرۆڤی فەلەستینیی و شار ی غەززە دەسوتێنێت، کە لەڕووی ویژدانیی، مرۆڤایەتیی و ڕەوشتپەروەریی ( ئەخلاقیی ) ەوە ناشێت و ناکرێت شایی و لۆغانی بۆبگێڕدرێت٠ بەڵام ئەم دیمەنە تەنیا دیوێك ی شانۆ ی کارەساتباری شەڕ ی غەززە – ئیسرائیلە، لە دیوەکە ی تری شانۆکە دا ، دیمەنێك ی ترهەیە کە تەراژیدیا ی ئیسرائیل و گەل ی جووە ، کە تێیدا سەدان کەس دەبنە قوربانیی ئەو دۆزەخ و کوشتارگەیە ی کە فەلەستینیەکان یان چاکترە بڵێم حەماسیەکان خافڵگیرانە بۆ گەل ی جوویان ساز دابوو ، ئەمەش دیسان نامرۆڤانە دەکەوێتەوە ، ئەگەر چۆپیی و هەلهەلە لەسەر جەستە ی قوربانیان ی مرۆڤ ی جووش بکێشین٠
بەڕێز ئەمیر لە سەرەتا ی نوسینەکەی دا باس لە دوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراو دەکات ! ئەم دەربڕین و شێوازبەخشینە بە دنیا ی نادادپەروەریی ، ڕاستە و پێچەوانە ی حەقیقەت نیە ، لەوەتەی ژیانیش هەیە هەردوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراویش هەبووە! بەڵام کاتێك نوسەر دێتە نێو هۆڵ ی دادگە و بینینی شانۆ ی ڕوداوەکان ، و هەروەها شێواز ی دەربڕین ی زمان و تێگەیشتنی ئەو بۆ کێشەکان ، ئیدی دیمەن و جیهانە دابەشکارییەکە ی جەنابی ئەمیر بۆ ژیان و مرۆڤایەتیی لە نێوان ستەمکار و ستەملێکراو دا تەم ی بەسەر دا دێت و لەسەر تەختی شانۆکە دا دیارنامێنێت ، و لە دواجار دا جەناب ی ئەمیر لە دادوەرییەکەی دا دەبێتە بەشێك لە لایەنگر و هەڵگر ی دنیا ی ئایدۆلۆژیایەك ی لایەنگیریی و پابەندبوو بە پاشخان و کولتورێك ی ئیسلامییانە و هەر لەو دیدەشەوە دواجار ئەو دادگایی شەری غەززە دەکات و دواجار دەبێتە بەشێك لە دنیای ستەمکاریی ، ئەم واقیعە تاکو ئێرە نائاسایی ، ناسروشتیی و خەوشێك نیە! بەڵام بەڕەی کێشەکە لێرە دا خۆی ڕادەخات : { مسوڵمانانی فیداکاری غەززە زەبرێکی گورچکبڕیان لەو قەوارە ناڕەوایە وەشاند و بەتوندیی هەژاندیان ، بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو } . ئەمە باوەڕی جەناب ی ئەمیری موسوڵمانانی کوردستانە ، کە لە نوسینەکەی دا ئاماژە ی پێدەدات! ئەم جۆرە نەفەس و مێتۆدە ئەخلاقیی و ئایدۆلۆژییە ، کە بەڕێز ئەمیر بەکاریدەهێنێت بۆ دادوەرییکردن لەنێوان دنیا ی هەق و ناهەق یان ستەمکار و ستەملێکراویی دا ، مێتۆدێك ی تەواو ناڕەوا ، نادادپەروەر ، نامرۆڤانە ، فاشیستانە و سادیستانەیە ، مێتۆدێکە کە لە ڕووی مێژویی و ڕەوشتپەروەرییەوە سەرچاوە ی خۆی لە هەمان ئەو مێتۆدە قورئانییە وەردەگرێت، کە لە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر و سەرهەڵدانی سورەتی ئەنفال دا برەوی هەبوو : { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مؤمنین }؟! بەڵام ئەم ڕۆژگارە ی کە گەل ی جوو و فەلەستین ی پێداتێدەپەڕێت قۆناخێکە ، لەلایەك ناژیرانە و نالۆژیکیانە دەبێت ، ئەگەر بە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر بچوێنرێت و بپێودرێت ، لەلایەکی دیەوە هەم ستەم و تاوانێکە بەرامبەر بە گەلان ی جوو و فەلەستین ٠ ئەم دید ، تێڕوانین و جیهانبینییە جگە لە زیندوڕاگرتن ، سەرهەڵدان، دروستکردن و ئەزمونکردن ی هەستی ڕق، کینە، بوغز تۆڵە و بەردەوامییدان بە ڕۆحی دوژمنکارانە لە نێوان ئەو دوو گەلە دا ، نەك هەر هیچ سود و بەرهەمێك ی نەبووە ، بەڵکو ڕێژە و ئاست ی قوربانیەکان ی هەردوو گەل ی جوو و فەلەستینیی گەیاندە دواهەمین لوتکە ی بێمۆڕالیی و بەربەرێتیی٠
چەندین ساڵە ناسیۆنالیزم ی عەرەبیی بە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا ی ئیسلامیی – ئیخوانیی و بەکارهێنانی دروشم ی نەتەوەپەرستیی ، ئیسلامیی و بەکارهێنانی چەمكی الصهیونیة ( زایۆنیزم ) ، کار لەسەر دۆز و کێشە ی فەلەستینیەکان دەکەن ، بەبێ ئەوەی توانیبێتیان ، کە چارەسەرێك ی واقیعیی و ڕیشەیی نە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و نە دۆز ی فەلەستینیش بگەێننە کەنار ی ئاشتیی و ئارامیی٠
کاتێك یاسر عەرەفات پەیماننامە ی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان واژۆ کرد ، هەر زوو فاشیستە ئیخوانیی و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان کردیانە هەڵای تاوانبارکردنی عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بە ناپاك و خۆفرۆش ، و دواییش جووە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان ئیسحاق ڕابین ی سەرۆک وەزیرانیان تێرۆر کرد ٠ ڕاستە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕین ی ڕا و ویژدانی خۆی ، بەڵام ئەمە جێگە ی باس و گرنگییپێدانی سەرەکیی من نیە لێرە دا ؛ بە ئەندازە ی ئەوەی ، کە پێم گرنگە چۆن تاك ی کورد بتوانێت خۆی لە دنیا ی جەهل ، خورافات ، ڕق ، کینە ، بوغز تۆڵە ، ڕەتکردنەوە ، قبوڵنەکردن ی بەرامبەر و … تاد بەدووربگرێت ! ئەو پاشخانە کولتوریی و فەلسەفییە ئیسلامیی – سیاسییە ی کە بۆ جەناب ی ئەمیر بووەتە ڕۆژنە ، دیدگە ، دنیابینیی و بیرکردنەوەیەك ی نەگۆڕ و موتڵەق ، پاشخانێكی تەواو فاشیستیی و بێبەزەییانەیە ، کە نەك هەر دوورە لە هەموو بەهایەك ی مرۆڤایەتیی ، ڕەوشتپەروەریی و ئیمانداریی ، بەڵکو تەنیا مرۆڤ ی دەروننەخۆش بەرهەم دەهێنێت ٠ ئەگەر سەرنج لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر بدەین ، دەبینین هەمان شێواز ی زمانی کینلەدڵیی ، ڕقئەستوریی ، هێرشبەرانە ، دروشمبازییانە ی ڕەگەزپەرست و شۆڤینیە عەرەبەکان ی بەکارهێناوە : { ستەملێکراویی گەلی فەلەستین و ستەمکاریی جوولەکە زایۆنییەکان … } یان { هەرکەس لەم ڕۆژگارە دا پشتیوانیی لە مسوڵمانانی ستەملێکراوی فەلەستین نەکات ، لە بەرامبەر ستەمی جوولەکە زایۆنییەکاندا ، نیشانەی پرسیاری زەقی دەکەوێتە سەر لە ڕووی : مسوڵمانەتیی و کوردایەتیی و مرۆڤایەتییشەوە ! }٠
دەربڕین ی ئەم جۆرە چەمك و دەربڕینە تیژپەڕ ( تطرف ) و ساڕێژبووە بە ڕق ، کینە و بوغزبەرامبەر بە گەل ی جوو ، نەك هەر ناتوانێت حەقیقەت و هۆکاری سەرهەڵدان ی ئەم جەنگ و خوێنڕێژییانە بنرخێنێت ، بەڵکو بە هەمان شێوەش ناتوانێت هەتوانێك بخاتە سەر برین و ژان ی دایكێك ی دڵسوتاو و سکسوتاو ی فەلەستینیی و جوویەك ، بەڵکو بارەکە ی بۆ هەردوو گەل ی ناوبراو بە گوزەرێك ی تەراژیدیاش دا برد ٠ هەر لە سەرەتا ی جەنگەکە دا زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز ، کەسایەتیی و پارتە ئیسلامییە کوردەکان زۆر گێلانە ، نەفامانە و ناواقیعیانە کەوتنە وتارخوێندن ، بەڕێکردنی ئاهەنگ ی شیوەن و گریانی ساختە و درۆزنانە لە مزگەوتەکان و دەرکردنی بەیاننامە و هاندان ی سۆزداریانە ی سۆز ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد بە گیان ی ڕق ، کینە ، تۆڵە و پیرۆزیی قودس ، بۆ جەنگ و غەزاکردن دژی جوو و وڵاتی ئیسرائیل ، وەك بڵێیت کورد و جوو دوژمن ی باوەکوشتەی یەکتری بووبێتن ؟ ! ئەمیری موسوڵمانان لە ڕوداوەکان دا بەدەستوبردە بۆ هەڵوێستوەرگرتن ، بۆیە هەرزوو کەوتە بانگەواز ، بەیان دەرکردن و هاندانی گەنج ی کورد بەرەو غەزاکردن ، هەروەك ساڵێك لەمەوبەر زۆر نادادپەروەرانە و بە دیدێك ی ئیسلامیانە ی تەنگ و ستەمکارانەوە هاوشان ی مەلا و مۆدێلی نوێی فاشیستانە ی بانگخوازە کوردەکان ی وەك دوکتۆر عەبدولواحیدەکان ، بەیاننامەیەكی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئانیی دژی ئێزدییەکان دەرکرد و هەڵوێستی خۆی و پارتەکەی دژ بە ڕوداوەکەی ساڵ ی پاری ئێزدیەکان لە شارۆچکەی شنگال ڕاگەیاند٠
ئۆقرەئارامیی، ئاسودەیی و دڵخۆشبوونی جەناب ی ئەمیر بە کوشتار ی جووەکان و تۆڵە سەندنەوەی فەلەستینییەکان لە جووەکان ، بە جۆرێك لە ناخ و ویژدانی دا قوڵپ دەدات ، دەکەوێتە هەڵە ، بوختان ، هۆنینەوە ی بێبنەما و بێبەڵگە ، و بەلاڕێدان ی ڕاستیی سەبارەت بە هەڵوێست و کاردانەوە ی مرۆڤ ی کورد لەهەمبەر دڵخۆشیی و شادییدەربڕینیان بەرامبەر بە کوشتار ی جووەکان لەلایەن فەلەستینیەکانەوە : { بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو ، لەنێویشیاندا خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکانیدا : باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ..تاد } ٠ ئەم جۆرە قەتیسبوون و خۆچڕکردنەوەیە لەنێو زۆنگاو ی بیر ی فاشیستیبوون ، ڕق ، کینە ، بوغز ، تۆڵە ، ڕەتکردنەوەی ئەوان ی دی و هەروەها بازنە ی داخراو ی ئایین ، دەقی قورئانیی ، کۆڵان ی داخراو ی فەرمودە و یاساکانی شەرع دا ، مرۆڤ بەرەو دنیا ی پوچیی ، دڕندەیی ، بێئومێدیی ، گەشاندنەوەی پشکۆی دنیا ی ئاژەڵیی دەبات ، بەرەو ئاوابوونی خۆری دادپەروەریی ، هەستی مرۆڤایەتیی و کوژاندنەوە ی ڕوناکایی ئیمان و مردن ی یەزدان دەبات ، مردنی یەزدانیش سەرەتا ی سەرهەڵدان و ڕەوایەتیدانە بە ستەم، نادادپەروەریی، نایەکسانیی و زەقکردنەوە و چریسکانەوەی شمشێر ی ڕق و کینە بۆ ملپەڕاندن و کەوڵکردنی پێستی ئەوانیدی٠
گەلۆ ڕۆڵی ئیمان و یەزدان لەم نێوە دا چیە ؟ ئیمان هێز یان مەملەکەتێك ی دەستڕۆیشتوو ی دەستەڵات ی پاشایی نیە ، کە بوون ، چەمك و ماناکانی خۆی لە ئەودیوی سروشتەوە حەشاردابێت ، مەقەڕ ، مزگەوت ، تەکیە و خانەقا نیە کە ئامانج تیای دا بەرهەمهێنان ی مرۆڤی مێگەلیی بێت ، هەروەها لەقاڵبدانی دەق ، باوەڕ ، عەقیدە ، مەزهەب و ئایینێكیش نیە کە پیرۆزبکرێت و بپەرسترێت ، بەڵکو هێزی سروش ( وحي ) و ئیلهامێك ی بێکۆتایە لە هەر سەردەم و ڕۆژگارێك دا، کە پەیام و ئامانجەکەی گەیاندنی مرۆڤە بە پلەیەکی باڵاتر لە فەزیڵەتی ڕەوشتپەروەریی ، دواجار گەیاندنی مرۆڤە بە ڕوناکایی و بەرجەستەبوون ی سیفاتی یەزدانیی لە ئەو ، واتا مرۆڤ دا، واتا کار و پڕۆژەی ئیمان دروستکردن و بەرهەمهێنانی مرۆڤی یەزدانییە ، بەجۆرێك ی دی سەرهەڵدانی مرۆڤ ی ڕیالیستیی و ئیماندارە ٠ ئاراستە و ئامانجەکان ی ئیمان و ئایین زۆر لێکجیاوازن:
ئایین؛ توێکڵ و دیوە دنیایی و ڕوکەشەکە ی ژیانە ، بەجۆرێك ی دی نێوەندگیریەکە لەنێوان دنیا ی ئاژەڵیی و ئەفسانەکان ی گەیشتن بە دنیا ی بەهەشت و دۆزەخ ! پایە و جێگە ی مرۆڤیش لەو نێوەندە دا لە سەنتەربوون و سیفاتی گەردونییەوە بەرەو پەراوێز و گیرخواردن لە چوارچێوە ی ناوچەیبوون ( لۆکاڵییبوون ) و ئەحکام ی پابەندبوون بە دنیا ی ئایین دەبات٠ بەڵام ئیمان ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو ئەو کۆت و بەندانە ی ئەفسانە ، ئایین و پیاوانی ئایینیی ، ئاراستەکردنی مرۆڤە لە دنیا ی ئەفسانەیی بەرەو دنیا ی ڕیالیستیی و هۆشمەندیی ، و هەروەها ئازادکردنیەتی لە دنیا ی ئاژەڵییەوە بەرەو فەلسەفە ی مرۆڤبوون ، واتا ئیمان گەیاندن ی مرۆڤە بە بەرزترین و باڵاترین ڕەوشت ٠ سیفاتێك ی تر ی ئیمان دەرهاویشتن ی مرۆڤە لە دنیا ی قەتیسبوون ، پەنگخواردنەوە ، خولخواردنەوە و ناوچەییبوون ، بەرەو بەجیهانیبوون و هەڵگرتنی سیفاتێك ی گەردونیی لە ناخ ، ویژدان ، بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆڤ دا ٠ لەم دنیا سیفات گەردونیە دا ، کە سیفاتێك ی بەرز و باڵای بەرجەستەبووە لە بوون ی یەزدان دا ، کۆی مرۆڤایەتیی ، بە هەموو ڕەنگ ، زمان ، نەتەوە و ڕەگەزێكەوە لەوێ دا جێگە ی دەبێتەوە ، واتا چ جوویەك یاخود فەلەستینییەك بێت ٠ بەڵام ئەوە ئایین و کەرەستەکان ی ئایینە کە لەلایەك دابڕین دروستدەکەن لە نێوان یەزدان و مرۆڤ دا ، واتا لە نێوان حەقیقەت و فەلسەفەی مرۆڤبوون دا ، و لەلایەکی دیەوە خوڵقاندن ی کێشە و قوڵترکردنەوەی بەربەست و ئاڵنگاریەکانی نێوان مرۆڤە تاکو ڕادەی دروستکردن و حەقانیەتبەخشین بە دنیای ستەم ، تاوان ، غەدر، خیانەت ، ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لەنێو کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی بەگشتیی و موسوڵمانان بەتایبەتیی : { لاتقوم الساعة حتی یقاتل المسلمون الیهود ، فیقتلهم المسلمون ، حتی یختبئ الیهودي من وراء الحجر والشجر ، فیقول الحجر و الشجر : یامسلم یا عبد اللە هذا یهودي خلفی فتعال فاقتلە ….. تاد } . لەم باس و خواستانە دا هەڵبەتە مەولانای ڕۆمیی ستەم و ناهەقیی نەنواندووە کاتێك کە دەڵێت :
من لەبەرئەوە بێئایین و دینم
تاکو نەڕێژم خوێنی هاوشێوەم

لە ڕوانگە ی ئیمانەوە ؛ پێم پێویستە ئاماژەیەك بۆ بەشێك ی تر لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر بدەم کە : { هەروەها مزگەوتی ئەقصا و قودسیش خاڵی هاوبەشی نێوان تێکڕای مسوڵمانانە چونکە یەکەمین ڕووگە و سێیەمین حەڕەمیان و ، شوێنی سەفەری شەوڕۆ و میعراجی پێغەمبەرەکەیانە : سبحان الذی أسرى بعبدە لیلا …. تاد } ٠قەتیسکردنی دنیا ی ئیمان و سروشت ی یەزدان و سیفاتی یەزدانیی لە ناوچەیەك ی جوگرافیایی دیاریکراو دا ، یەزدان دادەبەزێنێتە ئاست ی پاشایەك ی ستەمکار و دادوەرێك ی نادادپەروەر و دڕندە کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە دەستەڵاتدارێتیی و فەرمانڕەوایی ئەو بەشە جوگرافیایە ورگی یەکتر هەڵدەدڕن ؟ ! تاکو ئێرە ؛ لەوانیە بارەکە زۆر تەراژیدیی و بێچارەسەر نەبێت ، بەڵام کێشە قوڵ و مەترسیدارەکە لەوێ دا سەرهەڵدەدات ، کە ئایین وەك ڕۆڵ ی نێوەنجیەك دێتە نێو ئەم کایە و یاریەوە ، واتا دێت و شەرعیەت بە لایەك دەدات بۆ حەڵاڵکردن ی ڕشتنی خوێنی ئەوی دی ! ! بە بۆچوونی من خاڵ ی هاوبەشی نێوان مرۆڤایەتیی بەگشتیی و کۆمەڵگە ی موسوڵمانان بەتایبەتی ، شاری قودس نیە ، بەڵکو ئەو بەها و پرنسیپە مرۆڤایەتییانەن کە دان بە بوونی ئەوانی دی و ڕێز لە مافەکان ی ئەوانی تر دەگرێت ، ئەو پێوانانەن کە پێناسە و جیاکاریی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای فەلسەفەی مرۆڤبوون دادەڕێژن ، واتا ئەو پێوانانە ی زەردەشت ئاسا ، کە بیر ی چاک ، گوتار ی چاك ، کردار ی چاك دەکاتە بنەمای پێناسە و ناسنامەیەك ی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤی ڕاستەقینە نەك ڕەگەز و ئایینێك ی دیاریکراو ٠
بەپێی ئەم پێناسەیە ؛ ناسنامە و ناسینەوەی ڕۆح و ڕوخسار ی قودس ، لە پیرۆزبوونی ئەو دا نیە ، بەڵکو لە بەرجەستەبوون ی ڕۆح ی خۆشەویستیی ، میهرەبانیی ، لێبوردەیی ، پێکەوەژیان و قبوڵکردنی یەکتریدایە ، لە نێوان هەردوو گەل و هەر تاکێك ی جوو و فەلەستینییدایە . بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر لەم بارەیەوە وەها دەنووسێت : { چونکە مرۆڤ ئەگەر مسوڵمان بێ دەبێ پشتی مسوڵمان بگرێ ، بەتایبەت ئەگەر وەك فەلەستینییەکان مەزڵومیش بن …. تاد } ئەم جۆرە دید و تێڕوانینە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ، و پێناسەکردنی مەزڵومیەت لەسەر بنچینە ی ئایین ، باوەڕ و پیرۆزکردن ی پارچەیەك ی جوگرافیایی، نەك تەنیا ئایدۆلۆژیایەكی ئەفسانەئامێزاوییە ، بەڵکو هاندان و برەودانە بە بیری توندوتیژیی و سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای فاشیزم ی ئیخوانیی و داعشیزم ی ئیسلامیی لەنێو کۆمەڵگە دا . لەم ڕۆژنە و دیدەوە ؛ نابێت پێمان سەیربێت ، کاتێك بەڕێز دوکتۆر مثنی أمین لە چاوپێکەوتنێك ی تەلەڤیزیۆنیی کەناڵی ( میحراب ) ، بەم جۆرە دید و بیرە فاشیستییە ئیسلامییەوە پێناسە ی گەل ی جوو دەکات:
{ جوولەکە خوێڕین ، ترسنۆکن ، زاڵمن ، بێکارن ، مشەخۆر و …. تاد }، بەڵام بەمجۆرە پێناسە ی حەماس دەکات:
{ حەماس موعجیزەیەك ی خوایە، حەماس بۆ شەهیدبوون و مەرگ هاتووە ، جیهاد ئەکەن، سەری ئیسلامیان بەرزکردەوە، لەپێناوی خوا شەهید دەبن، خوا ڕێز لە شەهیدەکانی دەگرێت ؛ ئەو شەهیدانە لای خوا شفاعەت بۆ خەڵکی تر دەکەن، حەماس مەفخەرەیە بۆ موسوڵمانان و بۆ ئەحراری عالەم نەك تەنیا بۆ موسوڵمانان ، حەماس جوانترین نمونەی ئەخلاقیاتی پێشان دا، حەماس خاوەن رسالة ە …. تاد }
بەیادهێنانەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستانە ی ئیخوان ی ئۆردوغانیی لەهەمبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ، باکور و باشوری کوردستان ئەوەمان بۆدەسەلمێنێت ، کە فەلسەفە و سیفات ی بەرزیی و باڵا ی موسوڵمانبوون فەلسەفەیەك ی هەڵخەڵەتێنەرانە و پوچگەرایانە ی عەبەسیانەیە ، کە توانا ی پاراستنی کەرامەت و زامنکردن ماف ی تاك یان دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنوسی هیچ گەلێك ی موسوڵمان یان ناموسوڵمانی نیە ، ئەوەی لە مێژودا موسوڵمان بە موسوڵمانی کردووە لە دڕندەیی ، چەوساندنەوە ، تیرۆر ، کوشتار و ئەشکەنجەدان دا ، وێنە ی نەبووە ٠بۆیە کارێك ی ناڕەوا و ناپەسەندە ، ئەگەر ئێمە دیمەنەکانی گشت ئەو مێژوە خوێناویی و پڕ لە نادادپەروەریە ی کە ئاماژەم پێی دا بشێوێنین و تەنیا لە چەمكێك ی بچوك ی وەك زایۆنیزم و یەهودیەت ، یان پیرۆزیی قودس و شەری وێرانکاریانە ی غەززە – ئیسرائیل دا بچوك و بەتاڵ بکەینەوە ؟ ! پیرەمێرد ی شاعیر لە شیعرێکی دا دەیخاتەوەبیرمان کە:
ئەو قەومەی کە خوا دەربارەی ئەوان ٢
فەرمووی یەك بە دەن بۆ ڕۆژی مەیدان
چۆن لە ڕاستیی جوو ڕوو وەرئەگێڕن
لە خەیبەرەوە بەوانە فێرن

هیوادارم ئەم جەنگە نەبێتە کەرەستەیەك بۆ خۆشکردن ی ئاگری ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لە نێوان مرۆڤ ی جوو و فەلەستینیی ! ! با هەوڵ و بیرکردنەوەکان بەو ئاراستەیە بێت ، کە ڕۆحی میهرەبانیی ، بەخشندەیی خۆشەویستیی و قبوڵکردنی یەکتری لە نێوانیان دا بەرپا ببێت ٠هیوادارم نمونەکانی عەلی باپیر ، دوکتۆر مثنی أمین و دوکتۆر عەبدولواحیدەکان نەبنە مایە ی فیتنە ، عاقیبەتشەڕیی و دروستکردنی زبڵدانی کولتور ی غەزا ، جیهاد ، چاندنی تۆو ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، شەڕی پیرۆز لەنێو دڵ ، دەرون ، ڕەوشت و ویژدان ی تاك ی مرۆڤ ی کورد و موسوڵمان دا ! دواجار دەڵێم با کورد نەبێتە لەیستۆك و نەچێتە جەنگێکەوە ، کە شەڕی ئەو نیە ، ئێمە ی کورد گیرۆدەی مەزڵومیەت و ستەملێکراویین ، گیرۆدە ی کیمیاویی ، ئەنفال ، تعریب ، ڕەشەکوژیی و جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ، فەیلیی و بارزانییەکانین ، گیرۆدە ی ڕەگەزپەرستیی ، نکۆڵیی نەتەوەیی ، بیری دژەکورد و ئیخوانی ئۆردوگانیی ی تورکیین ، گیرۆدە و ستەملێکراویی سیستەم و بیری نەتەوە – مەزهەبیی و حوکمەکانی لەسێدارەدان ی مرۆڤی کوردین لە جمهوریی ئیسلامیی ئێران دا ؟ ! کاراکتەری چەوسێنەر و ستەمکار لێرە دا گەل ی جوو نیە ، بەڵکو خێڵ ی موسوڵمانانن کە بەدرێژایی سەدان ساڵە دەمانچەوسێننەوە و ئازارمان دەدەن.

کۆتایی

———————————————

پەراوێزەکان
١- لە نێوان جوولەکە زایۆنییە داگیرکار و فەلەستینییە وڵات زەوتکراوەکاندا
٢- ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئایەتە قورئانیە ی ، کە : { یا ایها النبی صرخ المؤمنین علی القتال إن یکن منکم عشرون صابرون یغلبون مائتین و ان یکن منکم مائة یغلبوا الفا من الذین کفروا بأنهم قوم لایفقهون }
*- ئەم نوسینەم چەند ڕۆژێك لەمەوپێش لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکردەوە ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵەیەکەوە کە لە خۆمەوە ڕوی دابوو ، بە ڕێکەوت نوسخەی ڕەشنوسەکەم بۆ ڕۆژنامە ی ناوبراو ناردبوو . بەداوای لێبوردن لە سایتی دەنگەکان و ئاوێنە ، کە بەناچاریی بە پێویستم زانیی لە دوو ڕاگەیاندن و سەکۆی جیاواز دا بڵاویبکەمەوە . سوپاس بۆ تێگەیشتنی دەنگەکان !

هیوا محەمەد ئەمین
14 .1 . 2024




خوێندنەوەیەك بۆ ( لەنێوان ئەفلاتون و فەیسەڵ قاسمدا ).. هیوا محەمەد ئەمین

.. لە ماڵپەڕی ڕاچڵەکین دا ؛ نوسەر ی بەتوانا و ژێهاتیی کاك ( پەیکار عوسمان )١ ، نوسینێکی بەناوی (( لەنێوان ئەفلاتون و فەیسەڵ قاسمدا ))٢ بڵاوکردووەتەوە ! لە بنچینە دا بۆنە و مەبەست ی نوسینەکە پەیوەست و گرێدراوە بە ڕوداوێك ، کە مرۆڤێك ی ڕاستڕەو و توندڕەو ی دانیمارکیی لە وڵات ی سوید و لە شوێنێك ی گشتیی دا ، پەڕتوکێك ی قورئان گڕتێبەردەدات . لێرە دا من نامەوێت بچمە نێو وردەکاریی ئەم جۆرە کار ، ڕوداو و کاردانەوانەوە ، و لە بنەڕەتیش دا من سوتاندن ی هەر پەڕتوکێك بە کارێك ی ناشایستە و ناژیرانە دەبینم . من تەنیا بینایی خۆم دەخەمە سەر هەندێك بڕگە و بابەت ، کە نوسەر ی هێژامان بە عەقڵێك ی ڕەخنەگرانە و شێوازێكیش لە دید ی ئەخلاقیانەوە ، کورتە شڕۆڤە و ڕاڤەیەك بۆ ئەو توخمە هاندەر و ئەو پاشخانە کولتورییانە دەکات کە دەبنە هۆکار و هێز ی پاڵپێوەنەر بۆ سەرهەڵدان ی بیر و هزرێك لە مێشكی مرۆڤ دا ، کە بەهۆیانەوە بڕیاری سوتاندنی پەڕتوکێك دەهێنێتە جێبەجێکردن ، بەهەمان شێوەش ئەو مەترسیی و جیهانە تاریکانەشمان لەچوارچێوەیەك ی زیهنیی دا بۆ وێنا دەکات ، کە لەناوی دا هەڵگری دوو جەمسەر ی جیاواز و لە هەمان کاتیش دا دوو جیهانی جیاوازی سیفەت پارازیتیی ، بەڵام تەواوکەر بەیەکترین ، کە بیر ی فاشیستێتیی ڕۆژئاوایی و ئیسلامیی ڕۆڵ ی کارا و کاریگەر لەبەرهەمهێنان ، برەودان و ئاڵۆگرکردنی دا دەگێڕن . دواجار کۆی ئەوهۆکارانە ؛ شوێنەوار و جێپەنجەیەك ی شێواو ، نادروست و ناباش لەسەر هەردوو کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی و ئیسلامیی یان باشتر بڵێم موسوڵمانان بەگشتیی و کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی بەتایبەتیی جێدەهێڵن . ئەم نوسینە لەڕاستیی دا سەرنجڕاکێش و لەهەمان کاتیش دا شایانی هەڵوەستەلەسەرکردنە . نوسەر لە ڕۆژنە ی جیهان ی سیمبۆل یان هێما (( ڕەمز )) کانەوە دەچێتە نێو دنیا ی مێژو و واقیع ی ڕوداوەکانەوە . هەڵبەتە لە پشت هەر ڕوداو و دیاردەیەک ی مێژویی ، کۆمەڵایەتیی ، ئایینی و هزریی دا کۆمەڵێك هێما و ڕەگەز ی مرۆڤایەتیی و میتۆلۆژیی ئامادەییان هەیە کە لەلایەك ڕۆڵ ی گرنگ لە شێواز ی دەربڕین ی ڕاستیی و خوێندنەوە و تێگەیشتن لە دیاردە کۆمەڵایەتیی و پێداویستییە مرۆڤایەتییەکان دەگێڕن ، لەلایەك ی دیەوە قوڵترکردنەوە و فراوانترکردنی هزر و بیرکرنەوەی مرۆڤ ، و لە دواجار دا ڕۆڵ لە پێکهێنان و بنیاتنانی ناسنامە (( شوناس )) ی تاك و کۆمەڵگە دا دەگێڕن . نوسەر ڕێك کار لەسەر ئەو هێما و ناسنامانە دەکات و بەهۆکاری سەرەکیی بنیاتنان ، گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕی دنیا ی دەرەوە و ناوەوە ی کۆمەڵگە و تاکەکانی دەخەمڵێنێت . نوسەر لەم ڕێگایانەوە دەخوازێت ؛ مرۆڤ هەم لە ترسناکیی و مەترسیەکان ی خستنەوەی بیر و ئایدۆلۆژیا ی فاشیستیی بەئاگابهێنێتەوە ، هەمیش کێشی بکاتە نێو دنیایەك ، کە توانایی ئەوەی هەبێت ببێتە خاوەنی ئەزمونکردنی بیرکردنەوە و پڕۆژەی مەعریفە ی خۆی ، تاکو لەو ڕێگەیەوە فەلسەفە و حیکمەت ی مرۆڤبوون لە ناخ ، دەرون و ویژدانی خۆی دا پەیدۆز بکات و دواجار بیکاتە بنەمایەك بۆ دروستکردن و بنیاتنانی بەرزترین باڵاخانەی فەلسەفەی ڕەوشت لەنێو زاتی مرۆڤ خۆی دا ، بەڵام کاتێك مرۆڤ ویست ، توانا و خواست ی بنیاتنان و بەدەستهێنانی ئەو فەلسەفەیە لە بوون ، ئاکار و ویژدانی خۆی دا نابینێت و نایکاتە پێوانە ، نمونەی باڵا و پرنسیپێكی ڕەوشتپەروەریی ( ئەخلاقیی ) گرنگ لە ژیان ی ڕۆژانە و کەسایەتیی خۆی دا ، ئەوا ئەنجام ی کار ، بە خوڵقاندن ی مرۆڤی مێگەلیی و بێئیرادە کۆتایی دێت یان بە کۆڵانێك ی داخراوی فاشیستێتیی دەگات . نوسەر بۆئەوەی فەلسەفەی مرۆڤبوون و هێزی چاکەخوازیی و خۆنەویستیی لە زاتی مرۆڤ دا بەرجەستە بکات ، نمونە ی مێرویەك ی وەك هەنگ دەکاتە سیمبۆل و پێوانەیەك ی دروست بۆ سەرهەڵدان و پێناسەکردنی مرۆڤ ی نوێ و نمونەیی ، تاکو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت سیفاتی هەنگیی کە بریتیە لە پرنسیپ ی کارکردن ، چاکەکاریی ، ماندونەناسیی ، پاکێتیی ، سودبەخشیی ، بەخشندەیی ، خۆنەویستیی ، بەرهەمهێنیی ، ئاشتیەتیی و …. ، لە نێو زاتی مرۆڤ دا بەرجەستە بکات !! ئەو دەخوازێت زەردەشت ئاسا و لەڕێگە ی چواندن ( شوبهاندن ) و پەیوەستکردن ی هێما سروشتیەکان بە ژیان ی مرۆڤەوە تێمانبگەێنێت ، کە تاکو هزر ، ڕەوشت و ویژدان ی مرۆڤ لە سروشت ی هەنگ و کۆی سیستەم ی سروشت و دنیای گەردونییەوە نزیکتر بێت ، ئەوا توانا و وزە ی ئەوە بەدەستدەهێنێت ، کە لەلایەك کانت ئاسایی ، هەم بونەوەرێك ی ئەخلاقیی بێت ، و لەلایەکی ترەوە سپینۆزا ئاسایی ، هەمیش بەرجەستەکەری سیفاتگەلێك ی یەزدانیی بێت لە نێو زاتی مرۆڤ خۆی دا . لەبەرامبەر نمونە و سیمبول ی هەنگێك دا ، دەشێت نمونە ی درەختێك ی بەرداریش هەڵگری هەمان خەسڵەت و سیفاتی هەنگیی بێت ، کە لێوانلێوە لە خاکێتیی ( تەوازوع ) ، نەرمیی ، خۆنەویستیی ، دلۆڤانیی ، پشودرێژیی ، ئارامیی . (( لەنێوان ئەفلاتون و فەیسەڵ قاسمدا )) وێنە ی جیهانێكی دووجەمسەرە ، یان دوو دنیا ی جیاواز ، بەڵام هاوتەریب و تاکو ڕادەیەك تەبابەیەکتریی لە دید و زەینی ئێمە دا وێنا دەکات ، ئەویش دوو چەمكی (( حەق )) و (( شوناس )) ن . نوسەر ئەم جیهانە دوو جەمسەریی ، جیاواز ، یەکتربڕ و تەواوکەربەیەکترییە لە وێنە ی خانویەك دا دەخاتەڕوو ، کە خاوەنی سەربان (( سەقف )) و ژێربانی خۆیەتی . دنیا ی حەق لێرە و لە دید ی نوسەر دا پایە و شوێنی شیاو و گرنگی خۆی لەنێو دنیا ی سەربان ، و شوناسیش لە بەشی خوارەوەی ئەو سەربانە ( ژێر سەقف ) دا دەبینێتەوە . تایبەتمەندیی و سیفات ی باڵا و بەرجەستە ی سەربان لە دید و باوەڕی نوسەر دا لە ڕەنگڕێژنەکردن یان لە (( بێڕەنگ )) بوونی ئەودایە ، بەجۆر و دەربڕینێك ی دی ، لەو شوێنەدایە ، کە نابێت لە ژێر هیچ هەلومەرجێك دا دەستی ی خواست و ویستی مرۆڤایەتیی ، واتا غەریزە و سیفات ی دنیایی و ئاژەڵیی مرۆڤ پێیبگات ، بەڵکو گەرەك ببێتە هێز و تاودانەوەیەک ی جەوهەریی و چالاك بۆ بنیاتنان و دروستکردنی دنیایەکی کرۆکدار بە ڕەوشتپەروەریی و دادپەروەریی . بەڵام بەپێچەوانەوە ؛ هێزی سەقامگیریی و پتەویی پێکهاتە و تایبەتمەندیی تابلۆی کولتور و ناسنامە (( شوناس )) ، لە ڕەنگڕێژکردن ، هەمەڕەنگیی و ڕەنگاوڕەنگیی ئەودایە ، واتا لەو شوێنەدایە کە خواست ی کۆمەڵایەتیی ، ئیرادەی تاك ، هزر و پێداویستییە ڕۆحیی و ماتریالیەکان ی مرۆڤ ، ڕۆڵ ی گرنگ و کارای تێدا دەگێڕن . بیرۆکەی نەخشاندن ی تەلارسازیەكی لەوجۆرە لەپێناو سازکردن و دروستکردن ی خانویەك کە توانا ی هەبێت کۆی کۆمەڵگەیەك ی دیاریکراو لەژێر یەك بنمیچ و لە دەوری یەك ئامانجی هاوبەش ی مرۆڤایەتیی کۆبکاتەوە ، نوسەر زۆر بەجوانیی نەخشەیەك ی ئەندازیاریانە ی بۆکێشاوە ! بەڵام ئێمە لێرە دا ؛ لەڕووی بەسیمبۆلکردن ، پراکتیزەکردن ی بیرکردنەوە و مەعریفەیەك ی لەو جۆرە دا ، ڕوبەڕوی دوو کێشە و گرفتی مێژویی و ڕەوشتپەروەریی ، و هەروەها زمانەوانییش دەبینەوە ؟! لە زمان ی کوردی و بەتایبەتی لەڕووی زمانەوانیی و لۆژیك ی ماناوە ، وشە ی حەق ڕاڤە و لێکدانەوەی زۆر و بوعد ی جیاواز هەڵدەگرن ، وەك ( بەش ، ماف ، ڕەوا ، کرێ و هەقدەستی کەسێك لەبەرامبەر کارێك دا ، ڕاستیی و دروستیی ڕوداو یان چیرۆکێك ، هەڵکۆڵین )٣ لە زمانی ڕۆژانەش دا مانای شایستە و خۆتێهەڵقورتاندن ، و لە دنیا ی ئەدەبیاتی فەلسەفە و ئایینیش دا مانای حەقیقەت ، موتڵەق ، یەزدان … تاد هەڵدەگرێت ! من نامەوێت کارەکە لە خوێنەر ئاڵۆز بکەم ، بەڵام من بۆکورتکردنەوە ی ڕێگەکەمان و بە مەبەست ی گەیشتن بە خواست و باس ی مەبەستەکەم ، دنیا ی حەق – سەقف بە ( فەلسەفە ی ڕەوشت ) و ژێرسەقف – شوناسیش بە ( ڕەوشت – مۆڕال ) ناودەهێنم . بەبۆچوونی من کێشە و ئاڵنگاریەکان ی ئەمڕۆی ئیسلام وەك ئایینی کۆمەڵگەی موسوڵمانان لەوەدایە ، کە جیهان ی سەقفەکانی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە تاکو دنیا ی ئەمڕۆ بە بەردەوامیی و لە ڕەگ و ڕیشەوە و بەخەستیی ڕەنگڕێژکراون و دەکرێن ، واتا ئەم دیاردەیە ئیسلام ی لە دنیا و پانتایی ئیمانەوە کردووە بە ئایدۆلۆژیایەك کە خاوەنی هیچ بۆن و بەرامە یان کاکڵ و ڕوخسارێك لەدنیای ڕۆحپەرۆشیی ( ڕۆحانیەت ) نەبێت ؟! ڕەنگڕێژکردن ی دنیا ی فەلسەفەی ڕەوشت بەم شێوە ڕادیکاڵ و بەربەرێتییە زەمینەیەك ی ڕەخساندووە ، کە بەهۆیەوە گشت ئەو کۆمەڵگە موسوڵمانانە بکاتە دنیایەك لە بەرهەمهێنانی سەرەنوێلکی فاشیزم ، توندوتیژیی ، نادادپەروەریی ، و پیادەکردنی ستەم و برەودان بە دنیای ئاژەڵیی ، چاندنی وەهم و خەیاڵ ، بنیاتنان و نوسینەوەی شەریعەتێك ی وشك و ڕەقهەڵهاتوو کە شوێن ، دەرفەت ، ڕوبەر و پانتاییەك ی تیا دا نەماوەتەوە کە ئەو حەقە ی ، کە نوسەر باسی لێدەکات ، تابلۆیەك ی بێڕەنگی تێ دا بنەخشێنرێت ؟ ! لەم نێوە دا نوسەر بۆ ڕوونتکردنەوەی وێنە و ناوەڕۆك ی دنیا ی حەق ئاماژە بە ڕۆڵ و ئەرك ی ئەخلاقیانە ی کەسایەتیی محمد وەك پەیامبەرێك دەکات ، کە هەوڵیداوە خەسڵەت ، سیفەت یان ناوەڕۆکێك ی سروشتیی و گەردونیی ، یاخود نوسەر گوتەنیی ، تایبەتمەندیی (( هەنگیی )) یان درەختیی لەنێو دنیا ی ئێمە دا پەیدۆز یان پێناسە بکات ! بەڵام ئەم بۆچوون و شاهیدیدانە ؛ ئاگایانە یان نائاگایانە ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ، لەلایەك سەربانی دنیای ئێمە ڕەنگڕێژتر دەکات و لەلایەك ی ترەوە و لەدیدگە ی مێژو دا هەم نادادپەروەرییە بەرامبەر بە مێژو خۆی ، واتا ناچێتە خانەی بەڵگە و سەلماندن ، و هەمیش لە باشترین حاڵەت دا خانە و قۆناخی ڕێنیسانسی هزر و ڕەوشتەوە ، چۆن ؟ بۆ زیاتر ڕۆشنکردنەوەی مەبەستەکەم ، بەپێویست ئاماژە بە بڕگەیەك لە نوسینەکەی کاك پەیکار دەدەم ، کە باس لە دوو (( حیکمەت )) ی ناو دەقی قورئان دەکات ، کە لە دیدی ئەو دا ئاماژە و دەربڕن لە دوو جیهان ی سەقف و شوناس یان بەجۆرێك ی دی دوو دنیا ی دادپەروەریی و حەقیقەت لەلایەك ، و فەزیڵەت ی ئەخلاقیی لەلایەکی دیەوە : { یاایها الناس انا خلقناکم من ذکر و أنثی و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا … } . لێرە دا من ناخوازم بچمە نێو کێشە ی تەفسیرات و تەئویلات ی دنیا ی دەق ی قورئانییەوە ، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەو پرسیارە بدەم ، کە ئایا چۆن کەسایەتیی محمد وەك دواهەمین پەیامبەرێك بۆ مرۆڤایەتیی نەیتوانیوە فەلسەفەی (( تەعاروفەکان )) لە نێو (( قەبائیل )) و (( شعوب ))٤ ە کان دا بەهەرچی هۆ و هۆکارێك بووبێت ، لە پەیامێكی ڕەوشتپەروەریی و زارەکیی – ئیلاهیەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستێك ی باڵاتر لە دنیا ی پراکتیزەکردن ، واتا ئاژۆتن و گەیاندنی خێڵە عەرەبەکان بە دنیا ی چاکە ، گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانێتیی ) ، فەلسەفەی ڕەوشت و فەزیڵەتی ئەخلاقیی ؟! بەواتایەكی دی نەیتوانی دنیا و سروشتی هەنگەکان لە نێو دنیا ی حەق و ناسنامەی خێڵە بیابانییەکان ی عەرەب دا بەرجەستە بکات ، لە فراوانترین و قوڵترین دۆخ و مانا ی خۆیشی دا ، نەیتوانی ببێتە پەیامێك ی مرۆڤایەتیی و گەردونیی ؟! لەڕاستیی دا ئەم ئایەتە هەڵگری پەیامێك ی فەلسەفیی ، ئیمانداریی و ئەخلاقیی نەبوو ، بە ئەندازەی ئەوەی کە بانگەوازێكی فیزیکیی و گرێدراو بە کات ، شوێن و ڕۆژگارێك ی دیاریکراو بوو ، کە خواست و ئامانج تیای دا ئەوە بوو ، کە جەستەی ئەندامە بڕاو ، لێکدابڕاو و لێکترازاوەکان ی جەستەی قەبائیل و شعوبە عەرەبییە بیابانیە پەرشوبڵاوەکان لە چوارچێوە ی فیدراسیۆنێكی خێڵەکیی بەهێز و تۆکمە ی ئاوێتەبوو بە توخم و ڕەگەز ی دنیا ی فاشیستێتیی دا کۆبکاتەوە ، تاکو توانا ی ئەوە بەدەستبهێنێت کە بەسەر شعوب و قەبائیلەکان ی تر دا زاڵ و باڵادەستبن ، نەك پەیڕەوکردن و چەسپاندنی فەلسەفە و یاساکان ی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە (( کولتور)) و (( شوناس )) ی ئەوانی دی . سەرهەڵدانی ئەم کۆمەڵگە ئاژەڵیی ، بێپرنسیپ و پێکهاتە نوێیە ، دواجار بە مانیفێستێك ی نوێ بوونی خۆی بەیان و ئاشکرا دەکات و : {فإذا لقیتم الذین کفروا فضرب الرقاب حتی إذا أثخنتموهم فشدوا الوثاق فإما منا بعدو و إما فداء حتی …} یان : { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم ویخزهم وینصرکم علیهم ویشف صدور قوم مؤمنین … } . لێرەبەدواوە ئیدی شعوب و قەبائیلە عەرەبەکان یان کۆمەڵگەی نوێی تازەپێکەوتووی عەرەبیی – ئیسلامیی ، ئامانجەکانی خۆیان لەلایەك ڕووە و ڕۆچوون لە دنیا ی وەحی ، وەهم و تاریکایی هاوشێوەی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون ئاژۆت ، و لەلایەکی دیەوە ڕووەو ڕەنگڕێژکردنێك ی زیاتر ی جیهانی سەقفەکان هەنگاوی نا ، واتا ڕووە و ئەو زبڵدانە ڕۆیشت و خۆی ئاژۆت کە تیایدا تەنیا نەفسێكی شەهوانیی و ڕۆحێك ی ئاژەڵیی لەخۆبگرێت یان خوڵقاندنی جیهانێك ، کە توانایی تێدا هەبێت تەنیا کرمێكی فاشیستیی بەرهەمبهێنێت ! سەرهەڵدانی ئەم قۆناخە دنیایی ، سازدانی ئەم دۆخە ترسناكە نوێیە و برەودان بەم ڕۆحی ئەهریمەنیی و ئاژەڵییە لەپێناوی ڕەوایەتیدان بە کۆیلایەتیی ، ڕاوڕوت ، تاڵانیی و زەوتکردنی ماڵ و ژن ، کوشتن ی مرۆڤ ، بەرپاکردن ی جەنگ ، خوێنڕێژیی و…تاد بوو لە کۆمەڵگە ی ئەوکات و تازەپێکەوتووی ئیسلامیی ، واتا شعوب و قەبائیلە عەرەبەکان دا ، جەنگ ی بەدر و سورەت ی ألأنفال { یسألونك عن الأنفال قل الأنفال لللە و الرسول … } ی لێبەرهەمهات ، کە پاشان بووە بەشێك لە دنیا ی بیرکردنەوە ، گوتار ، کردار ، دروشم و پاشخانێك ی نوێ ی گرنگ بۆ بنیاتنان و ئەزمونکردن ی نەریت ، کولتور و ناسنامەیەک ی نوێی فاشیستیی ئاوس و بەرجەستەبوو بە دنیا ی ڕەتکردنەوە ، قبوڵنەکردن ، ڕێزنەگرتن و داننەنان بە ئەوانی دی لە نێو کۆمەڵگە ی نوێی ئیسلامیی و موسوڵمانێتیی دا . پێکهاتە ی ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتیی – خێڵەکییە دەبینین هێشتا و دوای تێپەڕبوون ی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ شوێنپەنجە و کاریگەریی نەرێنیی خۆی لەنێو دنیا ی ڕەوشت ، ویژدان ، بیرکردنەوە ، ڕامان ، تێگەیشتن و هزری موسوڵمانان دا جێهێشتووە ، و بەردەوامیش نوسەر گوتەنیی ئەو (( مێش )) انە بەرهەمدەهێنێتەوە کە لە ڕۆژگار ی ئەمڕۆ ی ئێمە دا لە شێواز ی گوتار و چەمك ی ئیسلامی ئیخوانیی ، سەلەفیی ، دادگەریی ، ئەنسارولئیسلامیی ، حیزب اللەیی ، بزوتنەوەیی ، بانگخوازیی ، مۆدێل ی نوێی فاشیستانە ی دوکتۆر عبدالواحد ، فەیسەڵ قاسمیی و دواجار داعشییەکان دا ، بەرجەستە دەبن . نەك هەرئەوەندە ، بەڵکو ئەم ناسنامە ی فاشیستێتیی یان دژەسەقفیە ، نەك هەر توانای نەبوو کە دنیایەك ی دادپەروەر و یەکگرتنێك ی گەردونیی ، ڕۆحیی ، ویژدانیی و ڕەوشتێك ی باڵا لەنێو قەبائیلە عەرەبە پەیامدارەکان دا پێکبهێنێت ، بەڵکو زەمینە ی خۆشکرد کە تۆو ی ڕق ، کینە ، بوغز ، ڕەتکردنەوە ، خۆسەپێنیی و پیادەکردنی فەلسەفە ی (( یەع )) ی ئەوان ی دی لە ناخ ی مرۆڤەکان دا بچێنێت : { و قل هل أنبئکم بشر من ذالك مثوبة عنداللە من لعنە اللە و غضب علیە و جعل منهم القردة و الخنازیر … } . لایەنێك ی دی ئەو پەیامە ی کە کەسایەتیی محمد نەیتوانی بوعد یان شەقڵێك ی کاریگەر ی ئەخلاقیی ، ویژدانیی و فەلسەفە ی مرۆڤبوون بە ئەو فیدراسیۆنە خێڵەکییە بەناو تازە موسوڵمانێتیی دا ببەخشێت ، ئەو ئایەتە قورئانیەیە کە نوسەر ئاماژەی پێدەدات : { من قتل نفسا بغیر نفس أو فساد فی الأرض فکأنما قتل الناس جمیعا …. } نوسەر باوەڕی وایە ، کە ئەم ئایەتە بەرجەستەبوو ی پەیامێك ی مرۆڤایەتیی و سەرخستنی پەیام ی (( حەق )) و (( خودی حەق )) ە لەنێو کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا ، بەبێ ئەوەی نوسەر وشە ی حەق لە دنیا ی مانا و مەعریفەناسیی دا بۆ خوێنەر ڕۆشن و ڕاڤە بکات ؟ ! لەڕاستیی دا ئەم ئایەتە لە ئەدەبیات ی ئیسلامیی و لەلایەن ڕاڤەکارە ناودارە ئیسلامییەکانەوە ڕاڤە ، لێکۆڵینەوە ، لێکدانەوە و بۆچوونی جیاواز و هەندێکجاریش دژبەیەكی لەبارەوە کراوە . لە بنچینە دا ئەو ئایەتە ، کە سەرچاوەی ئاوی خۆی لە کانیاوی ئایینەکان ی پێشتر لە خۆی هەڵگۆزیوە ، لە ڕوبەر و پانتاییەك ی تەسك ی لۆکاڵیی و ئەفسانەئامێزیی دا قەتیس دەمێنێتەوە و ئاودیوی دنیا ی ئیمان ، ژیریی ، لۆژیك و بەجیهانیبوون نابێت ، دواجار : هێزی کێشکردنی ئەوەی نەبوو ، کە ببێتە جەمسەر و پەیامێك ی باڵای ئەخلاقیی ، ویژدانیی و ئیمانیی گرنگ بۆ حەرامکردن ، بنبڕکردن و یەکلاییکردنەوەی تەواو ی دۆزی کوشتن بە هەموو ڕوخسار و جۆرەکانیەوە لەنێو عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای خێلە فیدراسیۆنە عەرەبییەکان دا ، بەڵکو کوشتن بە ڕوپۆش و لە ڕوخسار ی جیهاد و جەنگ ی پیرۆز و ئیلاهیی دا هێشتا ڕێگەپێدراو ، ڕەوا و حەقە تاکو ئەو شوێنەی کە ئایەتەکان ی تر ی قورئان لە کات و شوێن ی جیاواز دا یاسا و ڕێوشوێن ی شەرع و شەرعاندنی بۆ ئەنجامدانی دادەنێت { فاقتلوا المشرکین حیث وجدتموهم و خذوهم واحصروهم واقعدوا لهم کل مرصد فإن تابوا و اقموا الصلاة … ؟ ! لەو شوێنە دا بەڵام فەرمان و ڕەوایەتیدان بە کوشتن بەتوندیی حەرام و قەدەخەکراوە ، کە تیای دا موسوڵمانێك موسوڵمانێك ی دی دەکوژێت : { من یقتل مؤمنا متعمدا فجزاؤە جهنم خالدا فیها … } نەك هێما و سیمبۆلێك ی ئەخلاقیی و گشتگیر بۆ کوشتن ی کۆی مرۆڤایەتیی ، هەروەك نوسەر باوەڕی پێیەتی ؟! ئەمەش سەرهەڵدانی بیر و ئایدۆلۆژیایەکە کە لەم ڕۆژگارە دا پێیدەگوترێت فاشیزم ، کە دواتر ئەم هێزی ئایدۆلۆژیایە دەبێتە پاشخان و بنەمایەکی سیاسیی ، کولتوریی و فیکریی لەنێو زیهن ، ئاگایی و نائاگایی فیدراسیۆنی خێڵە عەرەب و کۆمەڵگەکان ی ئەمڕۆی موسوڵمانان دا بۆ زیاتر شەرعیەتدان بە بیری بەدەستهێنانی دەستەڵات ی موتڵەق ، تاکڕەو و برەودان بە بیری فراوانخوازیی ئیسلامیی و بەهێزبوونی ڕۆحی خۆسەپێنیی ، و دواجار نکۆڵیکرن و داننەنان بەبوون و (( شوناس )) ی ئەوانی دی . نمونە ی سەرهەڵدان ی داعش بەو شێوە بەرچاوە لەم ڕۆژگارە ی ئەمڕۆ دا ، دەشێت تاودانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو پاشخانە کولتوریی و دنیا (( ڕەمز )) یانە بێت کە لە یاداوەریی و نەستیی تاك ی موسوڵمان و کۆمەڵگە ئیسلامییەکان دا هێشتا کاریگەریی ، مانا ، مەغزا و بوعدی خۆیان هەیە . سەرکردایەتیکردن ، بەڕێکردن و بەشداریکردن ی مەیدانیی ٢٦ بۆ ٢٨ جەنگ و غەزا لە سەردەم ی محمد خۆی وەك پەیامبەرێك ، کە هەڵگر، بەرپرس و لێپرسراوی پەیامێك ی ئەخلاقیی و یەزدانیی بۆ کۆی مرۆڤایەتیی بوو ، لەڕاستیی دا هەڵگری شوناس ، ڕەمز ، کولتورێكی فاشیستانە ، توندڕەوانە ، بەربەریی ، پاوانخوازیی ، هەڵاواردن و توندوتیژیی بووە کە تەواوی ئەو دنیا ی حەقە ی کاك پەیکار دەخاتە ژێر پرسیارەوە . لێرە دا بەڵام نابێت چاکەی نوسەر لەبەرچاو نەگرین ، کە نەك تەنیا ڕەوایەتیی بەو نادادپەروەریی ، ڕۆح ی شەڕەنگێزیی ، توندوتیژیی ، جەنگ و خوێنڕێژییانە نەداوە ، بەڵکو ئاگرێك ی ئەخلاقیی ، فیکریی و عەقلانییش لە قورئان و هەموو ئەو لێکدانەوە و تێگەیشتنە مێشییانە بەردەدات کە لە توانایان دا هەیە تەنیا بیر و کردەیەکی فاشیستییانە بەرهەمبهێنن .

کۆتایی

پەراوێز
١- ئەو وشانە ی لەنێو تاك کەوانە ( ) ە کان دا خزێنراون دەربڕی بەندە ، واتا نوسەری ئەم چەند دێڕە ی بەردەم خوێنەرە .
٢- وشەکان ی نێو جووت کەوانە (( )) ە کان وشە دەربڕاوەکان ی نوسەری
( لەنێوان ئەفلاتون و فەیسەڵ قاسم دا ) ن .
٣- هەنبانە بۆرینە ، فەرهەنگی کوردی – فارسی | مامۆستا هەژار موکریانی .
٤- بەپێی زۆرێك لە ڕاڤەکاران ی ئیسلام ، وشەی شعوب بەمانای وشە ی ( گەلان ) ی کوردی نایەت .

هیوا محەمەد ئەمین
26.12.2023




ئێزدیەکان لەنێوان مەنگەنەی مۆدێل و ڕەوشتلێژیی دوکتۆر عبدالواحدەکان دا.. هیوا محەمەد ئەمین

لە دونیا و ئەدەبیاتی فەلسەفە دا ، دوو دیاردە ، خەسڵەت و تایبەتمەندیی ، دوو بنەما و کۆڵەکە ی بنچینەیی هەن ، کە ڕۆڵێك ی گرنگ لە فراوانکردن و قوڵکردنەوە ی دنیا ی مەعریفە ، ڕاستیی ( حەقیقەت ) ، دیدگە ، بیرکردنەوە ، تێڕامان و جیهانبینیی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دەگێڕن ، ئەویش دیاردە ی گومان و پرسیارە ! گومان فەلسەفە ی بەردەوامیدان بە ژیان و گەیشتن بە ڕاستییە ، مرۆڤ تاکو خاوەن ی گومان نەبێت ، ناتوانێت ڕابپسکێت و لە بەستەڵکبوون ی بیرکردنەوە ڕزگاری ببێت ، دواجار ئەوە گومانە کە هێزێك بە مرۆڤ دەبەخشێت کە بتوانێت بەهۆیەوە دەستی بە ڕاستییەکان بگات . پرسیار بەڵام ڕەنگدانەوە ی جۆرێك لە هۆشمەندیی و پێداویستیی فیکریی ، زیهنیی و هەرقۆناخێك ی ژیان ی مرۆڤایەتییە ، قوڵترکردنەوە و فراوانترکردن ی دنیا ی گومانە . لەم ڕۆژنە و دەروازەیەوە ، دەمەوێت بچمە نێو ڕوداو ی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان ی 27 . 4 . 2023 ی شار ی ( شنگال ) ەوە ، بەڵام پێش ئەوەی پەیڤێك لەوبارەیەوە بدەم ، پێم باش و پێویستە کە لە ڕۆشنایی دنیا ی ئیمان ، گومان و پرسیارەوە تیرۆژە تیشكێک بخەمە سەر ئەو ڕوداو و پرسیارانە ی کە پەیوەستن بەم بابەتە ، تاکو وێنەیەك ی گەشتر و ڕوناکتر بدەین بەو دیمەنانە ی کە زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز و ئیسلامیستەکان هەوڵ ی شێواندن ی دەدەن .
کەسێك دەشێت ئاییندار بێت ! بەڵام مەرج نیە ئیماندار بێت ، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە . جیهان ی ئیمان و ئایین لە زۆر ئاست و ڕوبەر دا دوو دنیا ی ئاراستە و ئاقارجیاوازن ، کە هەریەکەیان بەشێوازێك ی جیاواز کاریگەریی دەنوێنن و مرۆڤ دەگەێننە دوو ئامانج ی جیاواز . ئیمان لە پانتایی ئامانج ، چەمك ، مانا و دنیابینیی خۆی دا بۆ بوون ، ڕەوشت ، نرخ ، شکۆ و پایە ی مرۆڤ ، بەرفراوان و بێکۆتایە کە سیفاتێك ی سروشتیی وگەردونیی تێدا بەرجەستەدارە کە لەوێدا دۆزی مرۆڤ و زاتی مرۆڤ دەبێتە ناوەند ، چەق ( سەنتەر ) ێك ی گرنگ و مانادار بۆ ژیان ، بۆبوون و کۆی دۆز و فەلسەفە مرۆڤایەتییەکان ، لەوێدایە ، کە مرۆڤ لە ڕامان ، تێڕامان و بوونێك ی ناوچەییەوە دەبێتە بونەوەرێك ی گەردونیی و پاشان ئاودیو ی پڕۆسە ی بەدنیابوون دەبێت ، واتا گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆی کە فەلسەفە ی مرۆڤبوونە . ڕێگە ی ئیمان ڕێگەیەکی دورودرێژ ی پڕ لە گومان ، دڕدۆنگیی ، پرسیار ، سەختیی ، دژواریی و هەڵدێرانە ، هەروەها ڕێگەیەکی پڕلە ئازار ، ڕەنج و ماندوبوونێك ی زۆرە کە مرۆڤ لەپێناو ی بەدەستهێنان ی حەقیقەت ، ڕەوشت و ویژدانێكی باڵاتر، ژیانێك ی ڕوناکتر و ڕامانێك ی باشتر دا بەپێویست ئازار دەکێشێت و دەچێژێت ، واتا ئیمان لەڕێگەی ئەزمونکردن ی عەقڵ و گۆشکردنی دنیای گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانیی ) ە وە دەگاتە دوالوتکە ی بەرزترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕاستیی و دواجار بوون بە بەشێكە لە کۆی سروشت و سیستەمێك ی گەردونیی ، واتا لەوێ دایە کە مرۆڤ ئاودیو ی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی دەبێت و لە دواهەمین وێستەگە دا فەلسەفە ی مرۆڤبوون لە ناخ و زات ی مرۆڤ خۆی دا ئەزمون ی مرۆڤایەتیی خۆی دەکات . کۆی ئەو ڕەگەزە گرنگ و بابەتییانە ی کە ئاماژەم پێیان دا ، دنیا ی بوون و وێنا ی خۆیان لەسەر پەیژەیەك ی شەقوشڕ ی دنیایی و غەریزەی ئاژەڵیی بەرجەستە یان بینا کردووە . مرۆڤ بە مەبەستی گەیشتن بە دنیا ی ئیمان و ئامانجێك ی باڵاتر لە فەلسەفەی ڕەوشت ” ئێتیك ” ، هەست ی مرۆڤایەتیی وفەلسەفە ی مرۆڤبوون ، لێبڕاوانە ولەژێر سێبەرو پەیڕەویی ژیریی ( عەقڵ ) و ئیرادەیەك ی ئازادانە دا ئەو پلانە دەبڕێت و لە دواهەمین پلە دا ئاودیو ی دنیایەك ی نوێتر دەبێت ، دنیایەك کە تیای دا دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، جوانترین و باڵاترین ڕەوشت و ویژدان گیردەبێت ، واتا پڕۆژە ی ئیمان پڕۆژەیەکە بۆ باڵابردن ی هۆش ، بیر ، ڕەوشت و ویژدانی مرۆڤ ، کە لەدواجاردا کار بە دۆزینەوە ی یەزدان و دروستکردنی مرۆڤ ی یەزدانیی کۆتایی دەهێنێت ٠ لەدواجار دا ئیمان پرۆسەیەك ی درێژخایان ی تاکەکەسیی و جۆرێك لە دیاردە ی هوشیاریی و خواست ی بنیاتنان ی ئیرادە ی باڵا و ئازادە لە مرۆڤ دا ، سەرئەنجام ئیمان هێزێك ی ڕوناکییبەخش و توانابەخشە کە تەکانێك بە مرۆڤ دەدات تاکو ئاودیوی دنیایەك ی فراوانتر ، ڕوناکتر ، نوێتر ببێت ! لەم بازدان و ئاودیوبوونە دایە کە سەرەتا ی چیرۆك ی فەلسەفە ی مرۆڤبوون و مرۆڤ ی ڕاستەقینە سەرهەڵدەدات و دەستپێدەکات . لەم دەستپێکەوە ، واتا لە دەروازە ی گەیشتن بە فەزیڵەت ی ئەخلاقیی و ویژدان و ڕەوشت ی بەرز و باڵاوە کە تەنیا پێناسەیەکە بۆ جیاکردنەوە ی مرۆڤ ی باش یان خراپ ، دەخوازم چەند وشەیەك سەبارەت بە ڕوداوەکە ی شار ی شنگال بنووسم .
شاراوە نیە ، کە لە سەردەم ی دروستبوون و سەرهەڵدان ی یەکەمین فەرمانڕەوایی خەلافەت لە ئیسلام ، واتا سەردەم ی خەلیفەکانی ڕاشیدین ، و بەتایبەت و بەدیاریکراویی لە سەدەی ١٧ ی کۆچیی ، واتا لەسەردەم ی خەلیفە عمر ابن خطاب دا یەکەمین کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان ئەنجامدراوە ، تاکو دەگاتە ڕۆژگاری دەوڵەت ی عوسمانیی و دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام ” داعش ” و ئیخوان ی ئۆردوگانیی و تەنانەت کوردان ی موسوڵمانیشەوە ، کوردان ی ( ئێزدیی ) ڕوبەڕوی ڕاستەوخۆ ی چەوساندنەوە ، ئازار ، سوکایەتیپێکردن ، ناهەقیی ، کۆچپێکردن ، کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە ، لەدواجار دا و لەسەردەم ی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ و ڕەققە ی سوریا ، کچان و ژنان ی ئێزدییەکان تاڵان کران و کرانە سەبایا و لە بازاڕەکان ی نوخاسە ی شارەکان ی موسڵ و ڕەققە دا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە ، کراونەتە کۆیلە و زنجیر ی ئاسنینان لە دەست و پێیان کراوە و دەستدرێژیی ناموسیان کراوەتەسەر. داعش لە ژمارە یەك ی گۆڤار ی ( دابق ) ی سەر بە ڕێکخراوەکەیان نوسینێك بەناوی { احیاء العبودیە قبل اوان الساعە } بڵاودەکاتەوە ، و تیای دا باس لەوە دەکات کە چۆن بەپێی ئەحکام ی شەرعی ئیسلام کۆیلەکردن ی کچان و ژنان ی ئێزدیی ڕەوایەتیی و شەرعیەت ی پێدەدرێت ، و پاشان چۆن پێشکەش و دابەشیان دەکەن بەسەر ئەمیران و موجاهیدانی سوریی ، عێراقیی ، چیچانیی ، سعودیی ، ئێرانیی ، تورکیی ، ئەفغانیی ، لیبیی ، میسریی و موسوڵمانان ی تری نیشتەجێ ی ئەوروپا ، ئەمریکا و …. تاد ی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەتاڵکردنەوەی نیکاح و هاوسەرگیرێتیی پێشویان وهاوجێییکردن لەگەڵیان دا بەبێ نیکاح و زەواج ؟ !! چەکدارێك ی داعش بەناوی ئەسعەد ئەڵمانیی لە فێسبوك ی خۆی دا وێنە ی کچێك ی هەژدە ساڵ ی ئێزدیی بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەم کچە بۆفرۆشتن ، نرخەکە ی هەشت هەزار دۆلارە } ، هەمان ئەم کەسە پاش چەند کاتژمێرێك وێنە ی کچێك ی تری ئێزدیی کە چاوەکان ی لەتاو گریان سورهەڵگەڕاون بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەمەش کچێك ی ترە بۆفرۆشتن ئەمیش نرخەکەی هەشت هەزار دۆلارە } ، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڤیدیۆییە بۆ کۆمپانیا ی فێسبوك بووە سکانداڵێك ی یاسایی و ئەخلاقیی و دوایی لە لاپەڕەی فێسبوك دا سڕایەوە . ئەو دەستدرێژیی ، بێویژدانیی و بێڕەوشتییە ی کە بە کوردان ی ئێزدیی کرا ، هۆلۆکۆستێك ی نوێی تربوو کە لەسەدە ی بیست و یەکەمین دا دەرهەق بە مرۆڤ ی کورد و مرۆڤایەتیی ئەنجام دراوە . ئەم بارە کارەساتبارە دنیا ی ویژدان و ئەخلاق ی جیهان ی ئیسلامیی ، رابطە ی ئیسلامیی لە مەککە ، جامیعە ی ئەزهەر، حەوزیە ی قوم ، کۆمەڵگە ی ئیسلامیی و نمونەکان ی محمد علی قەرەداخیی ، بانگخوازی وەکو دوکتۆر عبدالواحید ، مەلا و مینبەرەکانیان و ئیسلام ی سیاسیی کوردیی لە ئیخوان و سەلەفییەکان ی نەهەژاند ، بەڵام محمد علی قەرەداخیی بۆ سەرخستنی ئۆردوگان لە هەڵبژاردنەکان ی ئەم دواییە ی تورکیا دا ، بەئاشکرا و بێ شەرم بۆ پشتیوانیی ئەو کۆششی زۆر ی کرد ؟ !
ئایین ی ئێزدیی ئایینێك ی هەرەکۆن ی گەل ی کورد بووە کە سەدان ساڵ پێش زایین لەسەر خاك ی کوردستان سەریهەڵداوە ! باوەڕ ی ئێزدییەکان لەبنەچە دا لە فەلسەفەی (ئەزدایی ) ەوە سەرچاوەی گرتووە . ئەزداێتیی باوەڕ ی بە یەکتاپەرستیی یەزدان هەبووە ، زەردەشتیش سەرچاوە ی فەلسەفە و بیری خۆی لە ئەزداییەوە وەرگرتووە . ئەزدایی باوەڕی بە هێزی چاکە و خراپە هەبووە ، دژی درۆ ، فێڵ ، ناپاکیی و پەیمانشکێنیی بووە ، لە بنەڕەت دا ئەزداێتیی باوەڕبوونە بە مرۆڤدۆستیی ، خۆشەویستیی ، ڕێزگرتن لە خاك ، ژینگە و ڕێزگرتن لە ئافرەت و … فەلسەفە ی ئەزدایی خاوەن ی هیچ نێوەندگیر یان پەیامبەرێك نین ، و باوڕیان بەوەیە ، کە مرۆڤ لەڕێگە ی ئیرادەیەك ی ئازادانەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خۆی بە یەزدان دەبەستێت و سەرئەنجام توانایی ئەوە بەدەستدەهێنێت کە ڕوناکایی یەزدان بەدەستبهێنێت و دواجار ببێتە هەڵگر ی هێز ی چاکە . ئێزدایی خاوەن ی هیچ ڕوگە ( قیبلە ) یەك نیە ، لەکوێ دا ڕۆژ هەبێت ، بۆ نوێژکردن و ستایشکردن ی یەزدان ڕوودەکەنە خۆر ، خۆریش لەلایان جێگە ی ڕێز و ستایشە ، و شەقڵ ، دەرکەوتە و بەرجەستەیەکە لە مەزنیی و شکۆمەندیی یەزدان . لەو ڕۆژگارەوە ی کە ئیسلام وەك هێزێك دەرکەوت ، ئێزدییەکان جگەلەوەی کە چەوسێنراونەتەوە ، بەهەمانشێوەش سیاسەت ی بەزۆرکردنە ئیسلام ، بەئیسلامییکردن و عەرەباندن ی باوەڕ و ئیمان ی ئەزدایی ، بەعەرەبکردنی نەتەوەییان ، سەنداندن ی باج و جزیەش بەسەریان دا سەپێنراوە ، لەڕێگە ی سیاسەت ی چەواشەکاریی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، درۆ و بوختان ی وەك ئاگرپەرست ، شەیتانپەرست ، نەوەی جنۆکە و شەیتان ، نەوەی نەهەنگ و یەزید ی مەعاویە و … تاد دژایەتیی ئێزدیەکانیان کردوە و مێژو و فەلسەفە ی باوەڕ ی ئێزداێتیی ئەوان شێوێنراوە . پەیڕەوکردن ی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرست و فاشیستییە ی ئیسلام دەرهەق بە ئێزدییەکان ، بووەتە هۆکار و پاڵپێوەنەرێك ، کە لەڕێگە ی شەرعەوە ڕەوایەتیی بدرێت بە سوکایەتیی ، کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنیان ، ئەمەش تاکو ڕۆژگار ی ئەمڕۆ کە ڕۆژگار ی ئیسلام ی داعشیی ، سەلەفیی و ئیخوانییە بەردەوامە . قۆناخ ی دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام دواقۆناخ نیە لە کۆتاییهێنان بە سوکایەتیی ، غەدر ، ناهەقیی ، زوڵم ، چەوساندنەوە و پیادەکردن ی سیاسەت ی تەکفیرکردن ی ئێزدییەکان بەناو ی خوا ، عەدالەتی ئیلاهیی و شەریعەتی ئیسلامییەوە ، بەڵکو ئێستا قۆناخێك نوێی مەترسیدارتر بەڕێوەیە بۆ هەڵتەکاندن ، لەباربردن ، سڕینەوە ی تەواوەتیی باوەڕی ئەزدایی و بوون ی ئێزدیەکان لە کوردستان و مێژویش دا ، ئەویش قۆناخ ی بانگخوازی نوێ ی ئیسلامیی و ئیسلام ی سیاسیی کوردە لە باشور ی کوردستان دا . ئەم قۆناخە زۆر مەترسیدارترە لەوان ی پێشوتر ، کە پێویستە هەموو تاک و ڕوناکبیرێك ی کورد تێیڕابمێنێت و لێی ئاگاداربێت ، ئەم قۆناخە سەرەتا ی ترازاندن و جوقاندن ی هێلکە ی فاشیستێتیی ئیسلامیی کوردییە لەنێو کۆمەڵگە ی کوردستان دا ، قۆناخێك ی زۆر نامۆ، ترسناك و مەترسیدارە لە جێبەجێکردن و بەتەواوگەیاندن ی ئەو پەیامە ی کە سڕینەوە و قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیە . ئەوەی لە شار ی شنگال ڕووی دا دژایەتییکردن ی ئیسلام و سوتاندنی مزگەوت نەبوو ، بەڵکو قبوڵنەکردن و بەگژداچوونەوەیەك ی ئازایانە بوو بەڕووی سیاسەت ی تەعریب و سوکایەتییپێکردن ی کوردان ی ئێزدیی ، ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژیە ی ئێزدیەکان کە لەساڵ ی ٢٠١٤ دا لەلایەن ئەو عەرەبە فاشیست و شۆڤێنیە عێراقیانە ی ناو ڕیزەکان ی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ئەنجامدرا بوو ، ئەو ئیسلامیانە ی کە بەناوی اللە و عەدالەتی ئیلاهیەوە زیاتر لە سێ هەزار ئافرەت ی ئێزدیان کردە کەنیزەك ، سەبایا و بەناوی دەسکەوت ی جەنگ لە بازاڕەکان ی موسڵ دا مامەڵە ی ساخکردنەوە ، کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردبوون ؟! کوشتن ، بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردن ی شەش هەزار پیاو و کوڕ ی ئێزدیی . تاوان ی جینۆساید و پاکتاوکردن ی ڕەگەزیی و ئایینیی کوردان ی ئێزدیی لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەپشتیوانیی ئیخوانی تورکیی و ئۆردوگانیی ئێجگار زۆرن و لەئەژماردن نایەن ، بەڵام لێرە دا چەند نمونەیەك ی بچوك دەهێنینەوە تاکو ئیسلامیە سەلەفیی ، جیهادیی ، ئیخوانیی ، کرێکاریی ، عومەریی ، ئیسلامیستەکان ی دی و هەموو موسوڵمانێك ی کورد بزانن کە چ کارەساتێك بەسەر کوردان ی ئێزدیی دا هاتووە ؟ ! لەیەکەم هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە موسڵ ، ٢٨ تەرم لە گوند ی ( کۆچۆ) ی باشور ی شنگال دۆزرایەوە ، بەدوای دا حەفتاویەك گۆڕ ی تر ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان کە خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ ئەنجام ی دابوون دۆزرانەوە ، سیانزدە گۆڕیان لە دەوروبەر ی گوند ی کۆچۆ بوون و گەورەترین کۆمەڵکوژیش لە شار ی شنگال ئەنجامدراوە . بەگشتی نەوەد گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدیەکان هەیە ، لە عین الفتح پێنج گۆڕ ی بەکۆمەڵی ئێزدیەکان ی قوربانیان ی دەستی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ دۆزراونەتەوە ، و بەرگری شارستانیی شار ی شنگالیش دە تەرم ی ئێزدییانیان لە زێرابێك دا دەدۆزنەوە ، تاکو ئێستاش زیاتر لە هەزاروسێسەد ئافرەت ی ئێزدیی بێسەروشوێنن و نەگەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان . ئەگەرچی وتەبێژ ی سوپا ی عێراق لەبەردەم مێدیاکان دا وڕێك لەبەردەم مزگەوت ی ( رحمان ) لە شار ی شنگال و هەروەها فەرمانگە ی ئەوقاف ی شاری موسڵ بەئاشکرا دانیان بەوەدا نا کە هیچ دەستدرێژیی ، بێڕێزیی یان هێرشێك بۆسەر مزگەوت ی ناوبراو لە شار ی شنگال کرابێت ، بەڵام هەرزوو مەلا و بانگخوازە ئیسلامییەکان کانگای دڵ ی پڕ لە ڕق ، کینە بوغزیان بەرامبەر ئێزدیی و ئەزدایی ئۆقرەی نەگرت و لە مینبەرەکانیانەوە کەوتنە هەڕەشە ، هۆنینەوەی درۆ ، هێرشکردن و سوکایەتییکردن بە ئێزدییەکان . بێدەنگبوون و خەمساردیی مێدیا ی کوردیی لە ڕوماڵکردن و بەدواداچوون ی ڕاستییەکان ، هان ی زیاتری بانگخواز و ئیسلامییەکان ی کوردستان ی دا ، کە لە مینبەر ی مزگەوت و سۆشیال مێدیاکانیانەوە بکەونە هێرش ، سوکایەتییپێکردن و گاڵتەپێکردن ی باوەڕ ، ئایین و نەریت ی ئێزدییەکان . کۆمەڵ ی دادگەریی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئان کەوتە ناڕەزایی و هێرشکردنە سەر ئێزدیەکان ، مەلایەك لە دهۆك و لە مینبەر ی مزگەوتەکەیەوە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەك ی ساختە کەوتە بانگەشە ی درۆ ، هەڕەشە و هاندانی خەڵکیی دژی ئێزدیەکان . بانگخوازێك ی ڕەگەزپەرست و فاشیستێكی ئیسلامیی بەناوی دوکتۆر عەبدولواحد لە وتاردانێك ی زۆر توندئامێز ، توندئاژۆ و تەوسئامێزدا و لەبەردەم ی خەڵکان و گەنجانێك ی زۆر ی موسوڵمان کەوتە گاڵتەپێکردن و سوکایەتییکردن بە باوەڕ ، نەریت ، بنەچە و ئایین ی ئێزدیەکان ؟! ! ئەو بەئاشکرا هان ی گەنجان ی موسوڵمانانی دا بۆ ئەنجامدان ی توندوتیژیی ، تێکدان ی ئاسایش و شێواندن ی نەریت ی قبوڵکردن ، ڕێزگرتن و پێکەوژیان بەبێ ئەوە ی وەزارەت ی ئەوقاف یان داد بکەونە هەڵوێستوەرگرتن و گرتنەبەری ڕێوشوێن ی ئەخلاقیی ، یاسایی و فەرمیی بەرانبەریان ؟ ! بەڕاستی ئەوەی لە سۆشیال مێدیا ی ئیسلامیی و مینبەر ی مزگەوتەکانەوە دەگوزەرێت و ئەنجام دەدرێن ، دەربڕ و نیشانیەکن لە پڕکردن و ئاژواندنی ویژدان و ڕەوشتی مرۆڤ ی کورد و دەرونناسێتیی ( سایکۆلۆژیا ) ی مرۆڤ ی کورد بەرە و دنیا ی دڵڕەقیی ، بێبەزەیی و بەربەرێتیی ، سیخناخکردن ی دەرون و ویژدان ی مرۆڤ و تاك ی کورد لە گاڵتەجاڕیی ، توندوتیژیی ، درۆ ، دەمپیسیی ، ڕەتکردنەوەی ئەوانی دی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، خورافات ، ئەفسانەگەرێتیی ، شتنی مێشک و … تاد . مرۆڤ کاتێك ئەو کۆمێنتانە ی سەر ڕوپەڕی مێدیا ی ئیسلامییەکان ، بانگخوازەکان و مرۆڤی موسوڵمان ی کورد دەخوێنێتەوە هەست بەجۆرێك لە شەرم ، حەپەسان ، شەرمەزاریی و بێئومێدیی دەکات . نابێت بەلامانەوە سەیربێت لە هەل و مەرجێك ی وەها دا ، کە بانگخواز و ئیسلامیستەکان بەسەر کۆمەڵگە ی کوردی لە باشور ی کوردستان دا دەستڕۆیشتوون ، هەندێك مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد هەست بە جۆرێك لە دەرونئاسودەیی ، ویژانئاسودەیی ، دڵشادیی و دڵسەکنین بکات لە دیتنی تەرمی سەربڕاو، گوێبڕاو و چاودەرهێنراوی ئەو پێشمەرگانە ی کە لە گوند ی خێڵ ی حەمەی شارەزور بەدەستی چەکدارانی انصار الاسلام ئەنجامدران ! هەناسە ی شادیی و چێژبەخشیی هەڵدەمژێت ، کاتێك دەبینێت کوردان ی ئێزدیی کوشتوبڕ دەکرێن ، و کچان و ژنانیان دەکرێنە کۆیلە ، سەبایا و کەنیزەك و دەستدرێژیی ناموس دەکرێتەسەریان . سەرهەڵدانی مۆدێل ی نوێ ی موسوڵمانێتیی دوکتۆرعەبدولواحیدەکان لە کۆمەڵگە ی کوردی دا ، سەرەتا ی کارەسات و سەرهەڵدان ی کۆمەڵگەیەك ی هەستسارد ، بێڕەوشت ، بێبەزەیی ، دڕندە ، دەروننەخۆش و بەمێگەلکردنە ، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە بناغە ی شارستانێتیی و مرۆڤدۆستیی خۆی لەسەر بنچینە ی ڕق ، کینە ، کوشتن ، تۆڵە ، تەکفیر ، دژایەتیی ڕەنگ ، هونەر ، مۆسیقا و ڕەتکردنەوە بنیاتدەنێت ، شارستانێتییەك دوور لە هەموو بەها و نرخێك ی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیی ، دوور لە فەلسەفەی جوانناسییانە ی ئەو ئیمانە ی کە پێشتر ئاماژەم پێی دا ، کۆمەڵگەیەك کە بنچینە ی مەعریفە و بیرکردنەوەی خۆی لەسەر درۆ ، خورافات ، ئەفسانە ، شەریعەت ، نەقڵ و دەقێك ی چەقبەستوو دادەمەزرێنێت . سەردەم و مۆدێل ی عەبدولواحیدەکان سەردەمی بێڕەوشتیی ، پوچیی ، پوچگەرایی ، بێناوەڕۆکیی ، ڕەشبینیی ، تەسلیمبوون ی ڕۆح و ئیرادە ی ئازادە ، کوشتن ی گومان و هەموو ئەو پرسیارانەیە ، کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی هەنگاوێك لە حەقیقەت نزیك دەکاتەوە ، واتا سەردەمی مەرگ ی ئیمان و یەزدانە . دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانێكی دا سەبارەت بە ئێزدیەکان ؛ بەدیدێك ی ئیخوانیی و ڕۆحێك ی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستیانە ی ئیسلامیی و دوور لە هەموو بەها و مەعریفەیەك ی ئەخلاقیی ، مرۆڤایەتیی ، ئەتەکێت ، نەزاکەت ، ویژدان و فەلسەفەیەك ی ڕەوشتەوە بەمجۆرە باس و پێناسە ی ئێزدیەکان لای گەنجان ی کورد دەکات * :
یەزیدیی ( ئێزدیی ) کورد نین ، شەیتانپەرستن ، سەرلێشێواو داماو و جاهیلن ، تەوسکردن بە ڕەنگ ی شین و باڵندە ی تاوس ، ناڕۆشنبیر ، پیسوپۆخڵ ، خوای ئەوان عەد ی کوڕی سافیلە ، واتا موشریکن ، ئافرەت لایان نرخ ی نیە و وەکو سەیارە و گوێدرێژ دەیكڕن و دەیفرۆشن ، گاڵتەکردن بە ووشەی یەزدان و پیرۆزکردن ی وشەی ( اللە ) ، یەزیدیی ڕقی لە موسوڵمانە ، مرۆڤکوژن ، گاڵتەکردن بە پیت ی ( ش ) وەکو هێمایەك بۆ یەکەمین پیت ی شەیتان ، لە دواهەمین ڕستە دا مرۆڤ ی کورد فێری فێڵ ، درۆکردن و نادادپەروەریی دەکات و دەڵێت { ئەگەر یەزیدییەك لای تۆ ئیشی کرد ، و داوای هەقدەستی خۆی کرد ، و تۆش ویستت پارەی نەدەیتێ پێی بڵێ ئاه شەیتان بەرلەعنەت بێ ( وەڵاهی ) بیرم چوو پارە لەگەڵ خۆم بهێنم ، و بەدوای دا هاڕەپێکەنین ی ئامادەبووان } .
ئەم جۆرە لە پەیڤین و دیالۆگانە جگە لە سازکردنی زبڵدان و سەرەنوێلکێك ی بۆگەنبوو لە ناخ ، بیرکردنەوە ، ڕەوشت ، کردار ، ڕۆح و ویژدان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد و بنیاتنان ی ی پاشخانێك ی ڕەگەزپەرستیی ، فاشیستێتیی ، نامرۆڤانە و نا ئەخلاقیانە ی ئیسلامییانە هیچ ی دی سەوز ناکات ، و دواجار مرۆڤ و کۆمەڵگە ی کوردیی دەگەێنێتە چارەنوس و کەناری بێئارامیی ، لەنێوچوون ، داڕوخان و لێژبوونەوە بەرەو شیو و دۆڵ ی تاریکیی ، ڕەوشتلێژیی ، بێویژدانیی ، ناعادلیی ، نامیهرەبانیی و نابەخشندەیی ، دڵڕەقیی ، برەودان بە دنیا ی ئاژەڵیی و … . من لێرە دا بۆئەوەی دنیا ی گومان لە ژیان ی داخراو و چەقبەستووێتیی کۆمەڵگ ی ئێمە دا قوڵتر بکەمەوە ، دەخوازم ئەو پرسیارانە بهێنمە گۆڕێ ، تاکو لە ڕۆژنەیانەوە بتوانین کۆمەڵگەیەكی تەندروست و مرۆڤدۆست بەرهەمبهێنین : گەلۆ تاك و مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەکوێ و لە چ ئاستێك ی پلە و پایە ی دنیا ی ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دایە ؟ ئایا مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لە چ پلەیەك ی ئەو پەیژە ئیمانییە دا وەستاوە کە ئامانج تیای دا دەربازبوونە لە دنیا ی ئاژەڵیی و ئاودیوبوونێك ی ئەخلاقییانە و گەیشتنی مرۆڤ ی کوردە بە ڕەوشت ی بەرز یان یەزدان و ڕوناکایی ئەو ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد گەیشتووەتە ئاستێك لە بڕوابوون ، قبوڵکردن و ئامێزگرتنەوە بە فەلسەفە ی مرۆڤ بوون و ئەزمونکردن ی هەستی مرۆڤایەتیی ؟ ئایا دەتوانێت ببێتە بوونەوەرێك ی مرۆڤدۆست ، ئاشتیخواز ، دڵفراوان ، بەخشندە ، دلۆڤان ، ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆست ؟ ئایا هەربەڕاستیی کولتور ی تێکۆشانیی مەعنەویی و گۆشکردنی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) لای مرۆڤ و تاك ی کورد نزیكبوونەوە و گەیشتنە بە یەزدان ، ڕوناکیی ، حەقییقەت ، بەختەوەریی ، بەخشندەیی ، میهرەبانیی و خۆشەویستیی یان خۆقەتیسکردن وخۆسنوردارکردنە لە چوارچێوەی فەلسەفەیەك دا ، کە تەنیا مرۆڤی دەروننەخۆش بەرهەمدەهێنێت : { قاتلوهم یعذبهم اللە بایدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مومنین } ؟ ! ئایا بەڕاستیی ئامانج ی مەلا و بانگخواز ی ئیسلامیی ، گەیاندن و ئاشناکردن ی تاك ی مرۆڤ ی کوردە بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێك ی یەزدانپەروەریی ( ئیلاهیی ) ، ئەخلاقیی و ویژدانێك ی باڵاتر و زیندوتر ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد دەتوانێت بونەوەرێك ی ئەخلاقیی بێت ؟ گەلۆ مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەنێو سەوا و مامەڵە ی بازاڕ ی ئایین و ئایینچێتیی دا خۆی بەرجەستە دەکات یان ئیماندارێکە و دەخوازێت لەڕێگە ی ئیمان و عەشقێك یەزدانییەوە خۆی لە دنیا ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، درۆ ، تەکفیکردن و …. پاكبکاتەوە و دواجار ناخ و ویژدان ی خۆی لێوانلیو لە ڕێز ، داوێنپاکیی ، دەم و دەستپاکیی ، خۆشەویستیی ، پاکێتیی ، ڕاستگۆیی ، میهرەبانیی ، بەخشندەیی و وەفاداریی بکات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد خۆی ڕادەست ( تسلیم ) بە ئایین ی ئیسلام کردووە ، تاکو لێوەی فێر ی دادپەروەریی ، قبوڵکردن ی بەرامبەر ، ڕەتکردنەوە ی نادادیی و نادادپەروەریی …. بێت یاخود تەنیا گەیشتنە بە دنیا ی دامرکاندنەوە ی ئاڵۆشیی سێکس ، چوارژنەیی ، ڕووتکردنەوە و چێژوەرگرتن لە جووتبوون لەگەڵ حورالعین ، هەفتا حۆریی ، غیلمان المخلدین و کوڕی منداڵکاری جوان و ساف و بێمو؟ ئایا ئامانج ی موسوڵمان ی ئەمڕۆ ی کورد سوڕانەوە ی بەردەوام و بێسود ، و توانەوەیە لەنێو دنیا ی تاریکیی خورافات ، چیرۆك و ئەفسانە ، نەزانیی ، بێئاگایی ، وەهم و سێبەری نێو دنیا ی وەحیی ئەشکەوتەکان ؟ یان گەیشتن بەدنیا ی ڕوناکیی ، ژیریی ، مەعریفە ، زانست و لۆژیك ! پێویستە هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ، کە ئایا بۆچی کۆمەڵگە ی موسوڵمان ی کورد هێند شێواو ، توڕە ، دەمارگیر ، توندوتیژ ، نادادپەروەر ، دواکەوتوو ، دوڕوو ، گەندەڵ ، بێبەهرە ، ڕەق و وشکهەڵهاتوو ، تەسکبین و … تادە ؟ پرسیار و گومانەکان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد دەبێت بچێتە نێو هەموو وردەکاریەکان ی ژیان ی عەقیدەیی ، ئیمان ، ئایین ، نەریت ، بۆنەکان وتەنانەت دەقی قورئان و هەموو فەرمودەکان ی پێغەمبەریشەوە ! دەبێت لەڕێگە ی گومان و پرسیارەکانەوە بگەینە ئەو ڕاستییە ی کە هیچ کەس ، کەسایەتیی ، ئایین ، شەریعەت ، دەقێك لە ژیان دا پیرۆز نیە ! گەلۆ بەڕاستیی محەمەد هەڵگری پەیامێك ی یەزدانیی و دادپەروەریی بووە کە لەکاتێك دا : { من بدل دینە فاقتلوە } ئایا بەڕاستیی ئەو { وما ارسلناك إلا رحمة للعالمین } ێكە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی یان تەنیا بۆ موسوڵمان و نەتەوەیەك ی دیاریکراو یان دەستنیشانکراو{ انما المؤمنون اخوة } ؟ ئایا بەڕاستیی ژیرانە و لۆژیکییە ، کە کەسایەتیی عمر ابن خطاب بکەین بە مۆدێل ، نمونە و پێشڕەوی بەرجەستە و دیاری مرۆڤایەتیی بۆ ئەم ڕۆژگار و سەردەمە ، لەکاتێك دا بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆر عبدالواحد لە وتاردانەکەی دا وتەیەكی خەلیفە عومەردەهێنێتەوە وەکو بەڵگەیەك بۆ ناوزەدکردن ی ئێزدییەکان وەكو بێباوەڕ و کافر: { اللهم لاتجعل کافر علیە نعمة حتی لا احب } ؟ ئایا هەر بەڕاستیی ئایینی ئیسلام ئایین ی { المحبة والسلام } ە ؟ ! لەکاتێك دا دوکتۆر عبدالواحد بە ئاراستە و ڕۆحێك ی فاشیستیی ئیخوانییەوە ڕوودەکاتە کۆمەڵ ی گەنجان ی کورد و داوای دوعایان لێدەکات کە بڵێن : { ئەوەی موسوڵمانە خۆشمبوێت ، و ئەوەی موسوڵمان نیە لەدڵم دەریبکەیت }؟ ! موسوڵمان ی کورد دەبێت ئەو پرسیارە بکات کە ، ئایا بەڕاستیی کافر کێیە ، و بە چ پێوانەیەك ی یاسایی ، ویژدانیی و ئەخلاقیی ماف و مۆڵەت بەخۆمان دەدەین کە کەسێك بەناوی کافر وبەناو ی خوا بکوژین یان بیخەینە پەراوێز ی ژیان و کۆمەڵگەوە ؟ ! دەبێت پرسیار بکەین و بڵێین کە ، ئایا بەڕاستیی اللە حەز و خواستی لە کوشتن ی مرۆڤ { فاقتلوا المشرکین حیث وجدتموهم وخذوهم واحصروهم واقعدوا لهم کل مرصد فان تابوا و اقاموا الصلوة و ….. } هەیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام دەستی ڕێزوحورمەتی خستووەتە سەرئافرەت و پێگە ی ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە ی موسوڵمان و کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا ، یان دەبێت تاکو ماوین هەر باوەڕمان بەو پەیامە پەیامبەرییە هەبێت کە دەڵێت : ( المرأة عورة فإذا خرجت استشرفها الشیطان ) یان ( یقطع الصلاة ، المرأة والحمار ، والکلب ) ؟ دوور لە ئاداب و ئینساف نابێت ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان و ئایینەکەمان بکەین کە ، ئایا هەر بەڕاستیی ئیسلام دژی کۆیلایەتیی بووە { الحر بالحر والعبد بالعبد } ؟ پرسیارێك ی ناڕەوا و دزێو نابێت ، ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام ئایین ی ئاشتیی و پێکەوە ژیانە { قاتلوا الذین لایؤمنون باللە ولا بالیوم الاخر ولا یحرمون ماحرم اللە و رسولە …. } ؟ پێویستە و زۆر لەجێگە ی خۆیدایە ئەو پرسیارە لە ڕەوشت و ویژدانی خۆمان بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئێزدییەکان وەکو ئایین و باوەڕێك ی جیاواز ، شایان و شایستە ی ئەو هەموو سەنگەرگرتن ، سوکایەتیی ، گاڵتەپێکردن و دژایەتییکردنانەن کە بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆرعەبدولواحید و مەلا و ئیسلامگەراکان ڕوبەڕویان دەکەنەوە ؟ لەکاتێك دا قورئان پێیان دەڵێت : { یاأیها الذین آمنوا لایسخر قوم عسی أن یکون خیرا منهم ولا نساء من نساء عسی أن یکن خیرا منهن ، ولا تلمزوا أنفسکم ولاتنابزوا بالالقاب بئس الاسم فسوق بعد الایمان ، ومن لم یتب فأولئك هم الظالمون } ! ئایا هەر بەڕاستیی دوکتۆر عبدولواحد ئەو زاڵم و ڕۆحە ئەهریمەنیی و شەڕخوازە نیە کە ئەو ئایەتە ی سەرەوە لە کۆتایی دا ئاماژە ی پێدەدات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد قبوڵی ئەو کۆیلایەتیی و بێحورمەتییە دەکات ، کە عەبدولواحید ، مەلا ، بانگخواز ، ئیخوان ، سەلەفیست و ئیسلامگەراکان ی دی عەقڵ ، بیرکردنەوە و ئیرادە ی ئازاد ی ئەوان داگیربکەن و لەجیاتی ئەوان بپەیڤن و بیربکەنەوە ؟ ! ئایا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە موسوڵمان ی کورد چید ی لە بیرکردنەوە دا ئازاد بێت و گوێکانی خۆی قەرزار و قەرزاربار ی ئامۆژگاریی ، وتە پوچ و پڕ لە گاڵتەجاڕیی و درۆکانی عەبدولواحیدەکان نەکەن ، و بیر و عەقڵ ی خۆیان لەو مۆتەکەیە ئازاد بکەن ؟ ! مرۆڤ ی کورد نابێت ڕێگەبدات و ئەو مافە بە عەبدولواحیدەکان ببەخشێت کە خۆیان لە هەموو کاروبارێك ی یاسایی ، پەروەردەیی ، خێزانیی و ئەخلاقیی هەڵبقورتێنن ، پێویستە هەر تاک و موسوڵمانێك ی کورد لەڕێگە ی ئیمان ، بیرکردنەوە ، عەقڵ و دنیا ی گیانپەرۆشیی و دوور لە نێوەندگیریی و پابەندبوون بە هیچ دەقێك ی ئاسمانیی هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستیی ، یەزدان و ڕوناکایی ئەو بدات ! مرۆڤ ی کورد دەبێت خۆی لەو تەونە جاڵجاڵۆکەیی و شەیتانییە ی دوکتۆرعەبدولواحید ، مەلا ، بانگخوازە ئیسلامیی و چەرچیە سیاسیە ئیسلامیەکان ڕزگار بکات و بەدوا ی چاکسازیی و دۆزینەوە ی بەرزترین ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دا بگەڕێت ، لەدوای دۆزینەوە ی یەزدان وێڵ بێت ! ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ، بانگخواز ، ئیسلامگەرا و ئیسلامیستە سەلەفیی و ئیخوانییەکان ی کورد کێشەیان لەگەڵ ئەم سەردەمە ، عەلمانییەت ، لیبرالیزم ، مارکسیسزم ، فێمینیزم ، ئافرەت ، داروینیزم ، جەندەر ، مۆدێرنیزم ، ڕۆژئاوایی ، ئازادیی ، سەربەستیی ، جولەکە ، مەسیحێتیی ، کاکەیی ، ئێزدیی ، یارسانیی ، عەلەویی ، بەهائیی و …. چیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئیسلام چاکترین ی هەمو ڕێباز و ئایینەکان ی ترە ؟ { ان الدین عند اللە الاسلام } ! ! موسولمان ی کورد پێویستە ئەو پرسیارە لە دوکتۆرعبدالواحد بکات ، کە ئایا هەر بەڕاستیی ئێزدیەکان نەفرەتلێکراو ، ئەهریمەنیی ، شەڕخواز، پیس و بۆگەنن ؟ لەکاتێك دا لە دەق ی قورئان دا : { ولقد کرمنا بنی آدم …. } ؟ پرسیارێك ی ناشایستە نیە کە ، ئەگەر موسوڵمان پرسیار بکات و بڵێت کە ، ئایا بەڕاستی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی لە ئایین ی ئیسلام دا جێگە ی شایستە و ڕێزە : { قل هل انبئکم بشر من مثوبە عند اللە من لعنە اللە و غضب علیە و جعل منهم القردة و الخنازیر…. ؟ ! دوا پرسیار ئەوەیە کە ، ئایا بۆچی ئێمە ی موسوڵمان ناتوانین ئاسۆیەك ی فراوانتر لە ژیان و دنیا ی بیرکردنەوە ، گوتار ، کردار ، بەڕووی خۆمان دا بکەینەوە ، ئایا بەڕاستی هێشتا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە واز لە بەپیرۆزکردن ی کەسایەتییە ئیسلامیی و بانگخوازەکان بهێنین ، واز لە توندوتیژیی ، دەمارگیریی ، لوتبەرزیی ئایینیی بهێنین و ڕوو لە ئاشتیی ، دادپەروەریی ، قبوڵکردن و ڕێزگرتنی ئایین و باوەڕەکان ی دی بکەین ؟ ئێمە ی موسوڵمان ی کورد هیچ هەڵبژاردە ، چارە و ڕێگەیەك ی دی لەبەردەممان دا نیە و نەماوە ، جگەلەوەی ، کە پێویستە بەرامبەر یەکدی میهرەبان ، بەخشندە ، لێبوردە بین ، هێز و وزەی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ پتەوکردن ی گیان ی تەبایی ، مرۆڤدۆستیی ، ژیاندۆستیی ، یەزدانپەروەریی لەنێو دڵ ی منداڵ و ویژدان ی هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد دا . دەبێت دەستبەردار و ڕێگری ئەوە بین ، کە چیتر نمونە ی دوکتۆر عبدالواحدەکان ببنە پێشرەو و نمونە ی باڵا بۆ کۆمەڵگە ی ئێمە ! دەبێت موسوڵمان ی کورد ئیدی بیر لەوە بکاتەوە و بگاتە ئەو باوەڕە ی کە جێبەجێکردن ی فەریزە ئیسلامییەکان ، دروستکردن ی مزگەوت و دانانی کابینە ی مزگەوت لە قوتابخانەکان ، سەنگ ی مەحەك نین بۆ ڕاستیی ، پاکیی و ڕەوشتبەرزیی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد ! باڵاپۆشیی ، نیقاب و حیجاب نیشانە و سیمبول ی ڕاستەقینە نین بۆڕەوشت ی باڵا ، داوێنپاکیی و ئافرەت ی نمونەیی ! لەبەرکردنی تەواوی قورئان مانای ئیعجاز ، داهێنان ، کامڵیی مرۆڤ وناسینی فەلسەفەی جوانناسیی نیە ! دەبێت مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد خۆی لەو باوەڕە هەڵەیە بەدوربگرێت کە تەنیا خۆی و ئایینەکە ی خۆی دەتوانن ببنە جوانترین و شایستەترین ئایین ، باڵاترین ڕەوشت ، ڕاستترین مرۆڤ و باشترین پیشرەوایەتیی بۆ جیهان و مرۆڤایەتیی ، بەڵکو مرۆڤ ی مولحید ، موشریك ، کافر ، عەلمانی و ناموسوڵمان و هەموو ئایینێك ی دیش دەتوانن ببنە پێشڕەو ، مرۆڤ ی ئەخلاقیی و کەسایەتیی بەسود بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی ! نمونە ی عبدالواحدەکان ناتوانن ببنە پێناسە ، سەنگ ی مەحەك ومرۆڤ ی بەرجەستەبوو بە ڕەوشتی بەرز و فەزیڵەتی ئەخلاقیی و مرۆڤ ی ئیماندار ، بەڵکوئەوە ڕەوشتی باڵا و فەلسەفە ی بیر ی چاك ، گوتاری چاك ، کردار ی چاكە کە دەبێتە پێوانە بۆ چاکترین مرۆڤ و بەرزیی باڵا ی ڕەوشت لە هەر مرۆڤێك دا ، واتا ئەو ڕەوشتە ی کە فەیلەسوف ی مرۆڤایەتیی ئێمانۆئیێل کانت باسی لێکردووە ، باشترین پێوانەیە بۆ گەیشتن بەو ڕێگەیە ی کە تیای دا مرۆڤ و هەر تاکێك ی کۆمەڵایەتیی توانای ئەوە بەدەستدەهێنێت ، کە بتوانێت دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، یەزدانپەروەریی ، دادپەروەریی و فەلسەفەی مرۆڤبوون گیربکات .

هیوا محەمەد ئەمین
17 . 6 . 2023
*
بۆوەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەبارەی وتاردانەکەی دوکتۆر عبدالواحد ، فەرمون ئەم لینکە ببینن !




ڕەوشتلێژیی لە دنیا ی عەبدولواحیدەکان دا.. هیوا محەمەد ئەمین

لە دنیا و ئەدەبیات ی فەلسەفە دا ، دوو خەسڵەت و تایبەتمەندیی ، دوو بنەما و کۆڵەکە ی بنچینەیی هەن ، کە ڕۆڵێك ی گرنگ لە فراوانکردن و قوڵکردنەوە ی دنیا ی مەعریفە ، ڕاستیی ( حەقیقەت ) ، دیدگە ، بیرکردنەوە ، تێڕامان و جیهانبینیی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دەگێڕن ، ئەویش دیاردە ی گومان و پرسیارە ! گومان فەلسەفە ی بەردەوامیدان بە ژیان و گەیشتن بە ڕاستییە ، مرۆڤ تاکو خاوەن ی گومان نەبێت ، ناتوانێت ڕابپسکێت و لە بەستەڵکبوون ی بیرکردنەوە ڕزگاری بێت ، دواجار ئەوە گومانە کە هێزێك بە مرۆڤ دەبەخشێت کە بتوانێت بەهۆیەوە دەستی بگاتە ڕاستییەکان . پرسیار بەڵام قوڵترکردنەوە و فراوانترکردن ی دنیا ی گومانە . لەم ڕۆژنە و دەروازەیەوە ، دەمەوێت بچمە نێو ڕوداو ی خۆپێشاندانەکان ی 27 . 4 . 2023 ی شار ی ( شنگال ) ەوە ، بەڵام پێش ئەوەی پەیڤێك لەوبارەیەوە بدەم ، پێم باش و پێویستە کە لە ڕۆشنایی دنیا ی گومان ، پرسیار و ئیمانەوە تیرۆژە تیشكێک بخەمە سەر ئەو ڕوداو و پرسیارانە ی کە پەیوەستن بەم بابەتە ، تاکو وێنەیەك ی گەشتر و ڕوناکتر بدەین بەو دیمەنانە ی کە زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز و ئیسلامیستەکان هەوڵ ی شێواندن ی دەدەن .
کەسێك دەشێت ئاییندار بێت ! بەڵام مەرج نیە ئیماندار بێت ، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە . جیهان ی ئیمان و ئایین لە زۆر ئاست و ڕوبەر دا دوو دنیا ی ئاراستە و ئاقارجیاوازن ، کە هەریەکەیان بەشێوازێك ی جیاواز کاریگەریی دەنوێنن و مرۆڤ دەگەێننە دوو ئامانج ی جیاواز . ئیمان لە پانتایی چەمك ، مانا و دنیابینیی خۆی دا بۆ بوون ، ڕەوشت ، نرخ ، شکۆ و پایە ی مرۆڤ بەرفراوان و بێکۆتایە کە سیفاتێك ی سروشتیی وگەردونیی هەیە ، لەوێدا ، دۆزی مرۆڤ و زاتی مرۆڤ خۆی دەبێتە ناوەند ، چەق و ( سەنتەر ) ێك ی گرنگ و مانادار بۆ ژیان ، بوون و کۆی دۆز و فەلسەفە مرۆڤایەتییەکان ، لەوێدایە ، کە مرۆڤ لە ڕامان ، تێڕامان و بوونێك ی ناوچەییەوە دەبێتە بونەوەرێك ی گەردونیی و پاشان ئاودیو ی پڕۆسە ی بەدنیابوون دەبێت ، واتا گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆی کە فەلسەفە ی مرۆڤبوونە . ڕێگە ی ئیمان ڕێگەیەکی دورودرێژ ی پڕ لە گومان ، دڕدۆنگیی ، پرسیار ، سەختیی ، دژواریی و هەڵدێرانە ، هەروەها ڕێگەیەکی پڕلە ئازار ، ڕەنج و ماندوبوونێك ی زۆرە کە مرۆڤ لەپێناو ی بەدەستهێنانی حەقیقەت ، ڕەوشت و ویژدانێك ی بەرزتر و باڵاتر، ژیانێك ی ڕوناکتر و ڕامانێك ی باشتر دا ، بەپێویست ئازار دەکێشێت و دەچێژێت ، واتا ئیمان لەڕێگە ی پڕۆسە ی

ئەزمونکردن ی عەقڵ و گۆشکردن ی دنیا ی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانیەت ) ە وە دەگاتە دوالوتکە ی بەرزترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕاستیی و دواجار بوونە بە بەشێك لە کۆی سروشت و سیستەمێك ی گەردونیی ، واتا لەوێ دایە کە مرۆڤ ئاودیو ی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی دەبێت و لە دواهەمین وێستەگە دا فەلسەفە ی مرۆڤبوون لە ناخ و زات ی مرۆڤ خۆی دا ئەزمون ی مرۆڤایەتیی خۆی دەکات . کۆی ئەو ڕەگەزە گرنگ و بابەتییانە ی کە ئاماژەم پێیان دا ، دنیا ی بوون و وێنا ی خۆیان لەسەر پەیژەیەك ی شەقوشڕ ی دنیایی و غەریزەی ئاژەڵیی بەرجەستە یان بینا کردووە . مرۆڤ بە مەبەستی ، گەیشتن بە دنیا ی ئیمان و ئامانجێك ی باڵاتر لە فەلسەفەی ڕەوشت ” ئێتیك ” ، هەست ی مرۆڤایەتیی وفەلسەفە ی مرۆڤبوون ، لێبڕاوانە ولەژێر سێبەر و پەیڕەویی ژیریی ( عەقڵ ) و ئیرادەیەك ی ئازادانە دا ئەو پلانە دەبڕێت و لە دواهەمین پلە دا ئاودیو ی دنیایەك ی نوێتر دەبێت ، دنیایەك کە تیای دا دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، جوانترین و باڵاترین ڕەوشت و ویژدان گیردەبێت ، واتا پڕۆژە ی ئیمان لەدواجاردا کار بە دۆزینەوە ی یەزدان و دروستکردنی مرۆڤ ی یەزدانیی کۆتایی دەهێنێت ٠ لەدواجار دا ئیمان پرۆسەیەك ی درێژخایان ی تاکەکەسیی و جۆرێك لە دیاردە ی هوشیاریی و خواست ی بنیاتنان ی ئیرادە ی باڵا و ئازادە لە مرۆڤ دا ، سەرئەنجام ئیمان هێزێك ی ڕوناکییبەخش و توانابەخشە کە تەکانێك بە مرۆڤ دەدات تاکو ئاودیوی دنیایەك ی فراوانتر ، ڕوناکتر ، نوێتر ببێت ! لەم بازدان و ئاودیوبوونە دایە کە سەرەتا ی چیرۆك ی فەلسەفە ی مرۆڤبوون و مرۆڤی ڕاستەقینە سەرهەڵدەدات و دەستپێدەکات . لەم دەستپێکەوە ، واتا لە دەروازە ی گەیشتن بە فەزیڵەت ی ئەخلاقیی و ویژدان و ڕەوشت ی بەرز و باڵاوە کە تەنیا پێناسەیەکە بۆ جیاکردنەوە ی مرۆڤ ی باش یان خراپ ، دەخوازم چەند وشەیەك سەبارەت بە ڕوداوەکە ی شار ی شنگال بنووسم .
شاراوە نیە ، کە لە سەردەم ی دروستبوون و سەرهەڵدان ی یەکەمین فەرمانڕەوایی خەلافەت لە ئیسلام ، واتا سەردەم ی خەلیفەکان ی ی ڕاشیدین ، و بەتایبەت و بەدیاریکراویی لە سەدەی ١٧ ی کۆچیی ، واتا لەسەردەم ی خەلیفە عمر ابن خطاب دا یەکەمین کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان ئەنجامدراوە ، تاکو دەگاتە دەوڵەتی عوسمانیی و دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام ” داعش ” و ئیخوان ی ئۆردوگانیی و تەنانەت کوردان ی موسوڵمانیشەوە ، کوردان ی ( ئێزدیی ) ڕوبەڕوی ڕاستەوخۆ ی چەوساندنەوە ، ئازار ، سوکایەتیپێکردن ، ناهەقیی ، کۆچپێکردن ، کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە ، لەدوجار دا و لەسەردەم ی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ و ڕەققە ی سوریا ، کچان و ژنانی ئێزدییەکان تاڵان کران و کرانە سەبایا و لە بازاڕەکان ی نوخاسە ی شارەکان ی موسڵ و ڕەققە دا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە ، کراونەتە کۆیلە و زنجیر ی ئاسنیان لە دەست و پێیان کراوە و دەستدرێژیی ناموسیان کراوەتەسەر. داعش لە ژمارە یەك ی گۆڤار ی ( دابق ) ی سەر بە ڕێکخراوەکەیان نوسینێك بڵاودەکاتەوە بەناوی { احیاء العبودیە قبل اوان الساعە } تیای دا باس لەوە دەکات کە چۆن بەپێی ئەحکام ی شەرع ی ئیسلام کۆیلەکردن ی کچان و ژنان ی ئێزدیی ڕەوایەتیی و شەرعیەت ی پێدەدرێت ، و پاشان چۆن پێشکەش و دابەشیان دەکەن بەسەر ئەمیران و موجاهیدانی سوریی ، عێراقیی ، چیچانیی ، سعودیی ، ئێرانیی ، تورکیی ، ئەفغانیی ، لیبیی ، میسریی و موسوڵمانان ی تری نیشتەجێ ی ئەوروپا ، ئەمریکا و …. تاد ی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەتاڵکردنەوەی نیکاح و هاوسەرگیرێتیی پێشویان وهاوجێییکردن لەگەڵیان دا بەبێ نیکاح و زەواج ؟ !! چەکدارێك ی داعش بەناوی ئەسعەد ئەڵمانیی لە فێسبوك ی خۆی دا وێنە ی کچێك ی هەژدە ساڵ ی ئێزدیی بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەم کچە بۆفرۆشتن ، نرخەکە ی هەشت هەزار دۆلارە } ، هەمان ئەم کەسە پاش چەند کاتژمێرێك وێنە ی کچێك ی تری ئێزدیی کە چاوەکان ی لەتاو گریان سورهەڵگەڕاون بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەمەش کچێك ی ترە بۆفرۆشتن ئەمیش نرخەکەی هەشت هەزار دۆلارە } ، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڤیدیۆییە بۆ کۆمپانیا ی فێسبوك بووە سکانداڵێك ی یاسایی و ئەخلاقیی و دوایی لە لاپەڕەی فێسبوك دا سڕایەوە . ئەوەی بە کوردان ی ئێزدیی کراوە ، هۆلۆکۆستێك ی نوێی ترە کە لەسەدە ی بیست و یەکەمین دا دەرهەق بە مرۆڤ ی کورد و مرۆڤایەتیی ئەنجام دراوە . ئەم بارە کارەساتبارە دنیا ی ویژدان و ئەخلاق ی جیهان ی ئیسلامیی ، رابطە ی ئیسلامیی لە مەککە ، جامیعە ی ئەزهەر، حەوزیە ی قوم ، کۆمەڵگە ی ئیسلامیی و نمونەکان ی محمد علی قەرەداخیی ، بانگخوازی وەکو دوکتۆر عبدالواحید ، مەلا و مینبەرەکانیان و ئیسلام ی سیاسیی کوردیی لە ئیخوان و سەلەفییەکان ی نەهەژاند ، بەڵام محمد علی قەرەداخیی بۆ سەرخستنی ئۆردوگان لە هەڵبژاردنەکان ی ئەم دواییە ی تورکیا دا ، بەئاشکرا و بۆ پشتیوانیی ئەو کۆششی زۆر ی بۆکرد ؟ !
ئایین ی ئێزدیی ئایینێك ی هەرەکۆن ی گەل ی کورد بووە کە سەدان ساڵ پێش زایین لەسەر خاك ی کوردستان سەریهەڵداوە ! باوەڕ ی ئێزدییەکان لە فەلسەفە ی ( ئەزدایی ) ەوە سەرچاوەی گرتووە . ئەزداێتیی باوەڕ ی بە یەکتاپەرستیی یەزدان هەبووە ، زەردەشتیش سەرچاوە ی فەلسەفە و بیری خۆی لە ئەزداییەوە وەرگرتووە . ئەزدایی باوەڕی بە هێزی چاکە و خراپە هەبووە ، دژی درۆ ، فێڵ ، ناپاکیی و پەیمانشکێنیی بووە ، لە بنەڕەت دا ئەزداێتیی باوەڕبوونە بە مرۆڤدۆستیی ، خۆشەویستیی ، ڕێزگرتن لە خاك ، ژینگە و ڕێزگرتن لە ئافرەت و … فەلسەفە ی ئەزدایی خاوەن ی هیچ نێوەندگیر یان پەیامبەرێك نین ، و باوڕیان بەوەیە ، کە مرۆڤ لەڕێگە ی ئیرادەیەك ی ئازادانەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خۆی بە یەزدان دەبەستێت و سەرئەنجام توانایی ئەوە بەدەستدەهێنێت کە ڕوناکایی یەزدان بەدەستبهێنێت و دواجار ببێتە هەڵگر ی هێز ی چاکە . ئێزدایی خاوەن ی هیچ ڕوگە ( قیبلە ) یەك نیە ، لەکوێ دا ڕۆژ هەبێت ، بۆ نوێژکردن و ستایشکردن ی یەزدان ڕوودەکەنە خۆر ، خۆریش لەلایان جێگە ی ڕێز و ستایشە ، و شەقڵ ودەرکەوتە و بەرجەستەیەکە لە مەزنیی و شکۆمەندیی یەزدان . لەو ڕۆژگارەوە ی کە ئیسلام وەك و هێزێك دەرکەوت ، ئێزدییەکان جگەلەوەی کە چەوساونەتەوە ، بەهەمانشێوەش سیاسەت ی بەزۆرکردنە ئیسلام ، بەئیسلامییکردن و عەرەباندن ی باوەڕ و ئیمان ی ئەزدایی ، بەعەرەبکردنی نەتەوەییان ، سەنداندن ی باج و جزیەش بەسەریان دا سەپێنراوە ، لەڕێگە ی سیاسەت ی چەواشەکاریی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، درۆ و بوختان ی وەك ئاگرپەرست ، شەیتانپەرست ، نەوەی جنۆکە و شەیتان ، نەوەی نەهەنگ و یەزید ی مەعاویە و … تاد دژایەتیی ئێزدیەکانیان کردوە و مێژو و فەلسەفە ی باوەڕ ی ئێزداێتیی ئەوان شێوێنراوە . پەیڕەوکردن ی ئەم سیاسەتە فاشیستییە ی ئیسلام دەرهەق بە ئێزدییەکان ، بووەتە هۆکار و پاڵپێوەنەرێك ، کە لەڕێگە ی شەرعەوە ڕەوایەتیی بدرێت بە سوکایەتیی ، کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنیان تاکو ڕۆژگار ی ئەمڕۆ کە ڕۆژگار ی ئیسلام ی داعشیی ، سەلەفیی و ئیخوانییە . قۆناخ ی دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام دواقۆناخ نیە لە کۆتاییهێنان بە سوکایەتیی ، غەدر ، ناهەقیی ، زوڵم ، چەوساندنەوە و پیادەکردن ی سیاسەت ی تەکفیرکردن ی ئێزدییەکان بەناو ی خوا ، عەدالەتی ئیلاهیی و شەریعەتی ئیسلامییەوە ، بەڵکو ئێستا قۆناخێك نوێی مەترسیدارتر بەڕێوەیە بۆ هەڵتەکاندن ، لەباربردن ، سڕینەوە ی تەواوەتیی باوەڕی ئەزدایی و بوون ی ئێزدیەکان لە کوردستان و مێژویش دا ، ئەویش قۆناخ ی بانگخوازی نوێ ی ئیسلامیی و ئیسلام ی سیاسیی کوردە لە باشور ی کوردستان دا . ئەم قۆناخە زۆر مەترسیدارترە لەوان ی پێشوتر ، کە پێویستە هەموو تاک و ڕوناکبیرێك ی کورد تێیڕابمێنێت و لێی ئاگاداربێت ، ئەم قۆناخە سەرەتا ی ترازاندن و جوقاندن ی هێلکە ی فاشیستێتیی ئیسلامیی کوردیە ، قۆناخێك ی زۆر نامۆ، ترسناك و مەترسیدارە لە جێبەجێکردن و بەتەواوگەیاندن ی ئەو پەیامە ی کە سڕینەوە و قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیە . ئەوەی لە شار ی شنگال ڕووی دا دژایەتییکردن ی ئیسلام و سوتاندنی مزگەوت نەبوو ، بەڵکو قبوڵنەکردن و بەگژداچوونەوەیەك ی ئازایانە بوو بەڕووی سیاسەت ی تەعریب و سوکایەتییپێکردن ی ئێزدیەکان ، ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیە ی ئێزدیەکان کە لەساڵ ی ٢٠١٤ دا لەلایەن ئەو عەرەبە فاشیست و شۆڤێنیە عێراقیانە ی ناو ڕیزەکان ی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ئەنجامدرا بوو ، ئەو ئیسلامیانە ی کە بەناوی اللە و عەدالەتی ئیلاهیەوە زیاتر لە سێ هەزار ئافرەت ی ئێزدیان کردە کەنیزەك ، سەبایا و بەناوی دەسکەوت ی جەنگ لە بازاڕەکان ی موسڵ دا مامەڵە ی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردبوون ؟! کوشتن ، بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردن ی شەش هەزار پیاو ی ئێزدیی . تاوان ی جینۆساید و پاکتاوکردن ی ڕەگەزیی و ئایینیی کوردان ی ئێزدیی لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەپشتیوانیی ئیخوانی تورکیی و ئۆردوگانیی ئێجگار زۆرن و لەئەژماردن نایەن ، بەڵام لێرە دا چەند نمونەیەك ی بچوك دەهێنینەوە تاکو ئیسلامیە سەلەفیی ، جیهادیی ، ئیخوانیی ، کرێکاریی ، عومەریی ، ئیسلامیستەکان ی دی و هەموو موسوڵمانێك ی کورد بزانێت کە چ کارەساتێك بەسەر کوردان ی ئێزدیی دا هاتووە ؟ ! لەیەکەم هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە موسڵ ، ٢٨ تەرم لە گوند ی ( کۆچۆ) ی باشور ی شنگال دۆزرایەوە ، بەدوای دا حەفتاویەك گۆڕ ی تر ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان کە خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ ئەنجام ی دابوون دۆزرانەوە ، سیانزدە گۆڕیان لە دەوروبەر ی گوند ی کۆچۆ بوون و گەورەترین کۆمەڵکوژیش لە شار ی شنگال ئەنجامدراوە . بەگشتی نەوەد گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدیەکان هەیە ، لە عین الفتح پێنج گۆڕ ی بەکۆمەڵی ئێزدیەکان ی قوربانیان ی دەستی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ دۆزراونەتەوە ، و بەرگری شارستانیی شار ی شنگال دە تەرم ی ئێزدییانیان لە زێرابێك دا دەدۆزنەوە ، تاکو ئێستاش زیاتر لە هەزاروسێسەد ئافرەت ی ئێزدیی بێسەروشوێنن و نەگەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان . ئەگەرچی وتەبێژ ی سوپا ی عێراق لەبەردەم مێدیاکان دا وڕێك لەبەردەم مزگەوت ی ( رحمان ) لە شار ی شنگال و هەروەها فەرمانگە ی ئەوقاف ی شاری موسڵ بەئاشکرا دانیان بەوەدا نا کە هیچ دەستدرێژیی ، بێڕێزیی یان هێرشێك بۆسەر مزگەوت ی ناوبراو لە شار ی شنگال کرابێت ، بەڵام هەرزوو مەلا و بانگخوازە ئیسلامییەکان کانگای دڵ ی پڕ لە ڕق ، کینە بوغزیان بەرامبەر ئێزدیی و ئەزدایی ئۆقرەی نەگرت و لە مینبەرەکانیانەوە کەوتنە هەڕەشە ، هۆنینەوەی درۆ ، هێرشکردن و سوکایەتییکردن بە ئێزدییەکان . بێدەنگبوون و خەمساردیی مێدیا ی کوردیی لە ڕوماڵکردن و بەدواداچوون ی ڕاستییەکان ، هان ی زیاتری بانگخواز و ئیسلامییەکان ی کوردستان ی دا ، کە لە مینبەر ی مزگەوت و سۆشیال مێدیاکانیانەوە بکەونە هێرش ، سوکایەتییپێکردن و گاڵتەپێکردن ی باوەڕ ، ئایین و نەریت ی ئێزدییەکان . کۆمەڵ ی دادگەریی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئان کەوتە ناڕەزایی و هێرشکردنە سەر ئێزدیەکان ، مەلایەك لە دهۆك و لە مینبەر ی مزگەوتەکەیەوە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەك ی ساختە کەوتە بانگەشە ی درۆ ، هەڕەشە و هاندانی خەڵکیی دژی ئێزدیەکان . بانگخوازێك ی ڕەگەزپەرست و فاشیستێكی ئیسلامیی بەناوی دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانێك ی زۆر توندئامێز ، توندئاژۆ و تەوسئامێزدا و لەبەردەم ی خەڵکان و گەنجانێك ی زۆر ی موسوڵمان کەوتە گاڵتەپێکردن و سوکایەتییکردن بە باوەڕ ، نەریت ، بنەچە و ئایین ی ئێزدیەکان ؟! ! ئەو بەئاشکرا هان ی گەنجان ی موسوڵمانانی دا بۆ ئەنجامدان ی توندوتیژیی ، تێکدان ی ئاسایش و شێواندن ی نەریت ی قبوڵکردن ، ڕێزگرتن و پێکەوژیان بەبێ ئەوە ی وەزارەت ی ئەوقاف یان داد بکەونە هەڵوێستوەرگرتن و گرتنەبەری ڕێوشوێن ی ئەخلاقیی ، یاسایی و فەرمیی بەرانبەریان ؟ ! بەڕاستی ئەوەی لە سۆشیال مێدیا ی ئیسلامیی و مینبەر ی مزگەوتەکانەوە دەگوزەرێت و ئەنجام دەدرێن دەربڕ و نیشانیەکن لە پڕکردن و ئاژواندن ی ویژدان و ڕەوشتی مرۆڤ ی کورد و دەرونناسێتیی ( سایکۆلۆژیا ) ی مرۆڤ ی کوردە بەرە و دنیا ی دڵڕەقیی ، بێبەزەیی و بەربەرێتیی ، سیخناخکردن ی دەرون و ویژدان ی مرۆڤ و تاك ی کورد لە گاڵتەجاڕیی ، توندوتیژیی ، درۆ ، دەمپیسیی ، ڕەتکردنەوەی ئەوانی دی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، خورافات ، ئەفسانەگەرێتیی ، شتنی مێشک و … تاد . مرۆڤ کاتێك ئەو کۆمێنتانە ی سەر ڕوپەڕی مێدیا ی ئیسلامییەکان و بانگخوازەکان دەخوێنێتەوە هەست بەجۆرێك لە شەرم ، شەرمەزاریی و بێئومێدیی دەکات . نابێت بەلامانەوە سەیربێت لە هەل و مەرجێك ی وەها دا ، کە بانگخواز و ئیسلامیستەکان بەسەر کۆمەڵگە ی کوردی لە باشور ی کوردستان دا دەستڕۆیشتوون ، مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد هەست بە جۆرێك لە دەرونئاسودەیی ، ویژانئاسودەیی ، دڵشادیی و دڵسەکنین ، لە دیتنی تەرمی سەربڕاو، گوێبڕاو و چاودەرهێنراوی ئەو پێشمەرگانە ی کە لە گوند ی خێڵ ی حەمەی شارەزور بەدەستی چەکدارانی انصار الاسلام ئەنجامدران ، دەکات ! هەناسە ی شادیی و چێژبەخشیی هەڵدەمژێت ، کاتێك دەبینێت کوردان ی ئێزدیی کوشت وبڕ دەکرێن و کچان و ژنانیان دەکرێنە کۆیلە ، سەبایا و کەنیزەك و دەستدرێژیی ناموس دەکرێتەسەریان . سەرهەڵدانی مۆدێل ی نوێ ی موسوڵمانێتیی دوکتۆرعەبدولواحیدەکان لە کۆمەڵگە ی کوردی دا ، سەرەتا ی کارەسات و سەرهەڵدان ی کۆمەڵگەیەك ی هەستسارد ، بێڕەوشت ، بێبەزەیی ، دڕندە ، دەروننەخۆش و بەمێگەلکردنە ، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە بناغە ی شارستانێتیی و مرۆڤدۆستیی خۆی لەسەر بنچینە ی ڕق ، کینە ، کوشتن ، تۆڵە ، تەکفیر ، دژایەتیی ڕەنگ ، هونەر ، مۆسیقا و ڕەتکردنەوە بنیاتدەنێت ، شارستانێتییەك دوور لە هەموو بەها و نرخێك ی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیی ، دوور لە فەلسەفەی جوانناسییانە ی ئەو ئیمانە ی کە پێشتر ئاماژەم پێی دا ، کۆمەڵگەیەك کە بنچینە ی مەعریفە و بیرکردنەوەی خۆی لەسەر درۆ ، خورافات ، ئەفسانە ، شەریعەت ، نەقڵ و دەقێك ی چەقبەستوو دادەمەزرێنێت . سەردەم و مۆدێل ی عەبدولواحیدەکان سەردەم ی پوچیی ، پوچگەرایی ، بێناوەڕۆکیی ، ڕەشبینیی ، تەسلیمبوون ی ڕۆح و ئیرادە ی ئازادە ، کوشتن ی گومان و هەموو ئەو پرسیارانەیە ، کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی هەنگاوێك لە حەقیقەت نزیك دەکاتەوە ، واتا سەردەمی مەرگ ی ئیمان و یەزدانە . دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانێكی دا سەبارەت بە ئێزدیەکان ؛ بەدیدێك ی ئیخوانیی و ڕۆحێك ی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستیانە ی ئیسلامیی و دوور لە هەموو بەها و مەعریفەیەك ی ئەخلاقیی ، مرۆڤایەتیی ، ئەتەکێت ، نەزاکەت ، ویژدان و فەلسەفەیەك ی ڕەوشتەوە بەمجۆرە باس و پێناسە ی ئێزدیەکان لای گەنج ی کورد دەکات :
1- یەزیدیی ( ئێزدیی ) کورد نین ، شەیتانپەرستن ، سەرلێشێواو داماو و جاهیلن ، تەوسکردن بە ڕەنگی شین و باڵندە ی تاوس ، ناڕۆشنبیر ، پیسوپۆخڵ ، خوای ئەوان عەد ی کوڕی سافیلە ، موشریکن ، ئافرەت لایان نرخ ی نیە و وەکو سەیارە و گوێدرێژ دەیكڕن و دەیفرۆشن ، گاڵتەکردن بە ووشەی یەزدان و پیرۆزکردن ی وشەی ( اللە ) ، یەزیدیی ڕقی لە موسوڵمانە ، مرۆڤکوژن ، گاڵتەکردن بە پیت ی ( ش ) وەکو هێمایەك بۆ یەکەمین پیت ی شەیتان ، لە دواهەمین ڕستە دا مرۆڤ ی کورد فێری درۆکردن و نادادپەروەریی دەکات و دەڵێت { ئەگەر یەزیدییەك لای تۆ ئیشی کرد ، و داوای هەقدەستی خۆی کرد ، و تۆش ویستت پارەی نەدەیتێ پێی بڵێ ئاه شەیتان بەرلەعنەت بێ ( وەڵاهی ) بیرم چوو و بەدوای دا هاڕەپێکەنین ی ئامادەبووان }* . ئەم جۆرە لە پەیڤین و دیالۆگانە جگە لە سازکردنی زبڵدانێك لە ناخ ، ڕۆح و ویژدان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد و بنیاتنان ی پاشخانێك ی ڕەگەزپەرستیی ، فاشیستێتیی ، نامرۆڤانە و نا ئەخلاقیانە ی ئیسلامییانە هیچ ی دی سەوز ناکات ، و دواجار مرۆڤ و کۆمەڵگە ی کوردیی دەگەێنێتە چارەنوس و کەنار ی لەنێوچوون ، داڕوخان و لێژبوونەوە بەرەو شیو و دۆڵ ی تاریکیی ، ڕەوشتلێژیی ، بێویژدانیی ، دڵڕەقیی و برەودان بە دنیا ی ئاژەڵیی . من لێرە دا بۆئەوەی دنیا ی گومان لە ژیان ی داخراو و چەقبەستووێتیی کۆمەڵگ ی ئێمە دا قوڵتر بکەمەوە ، دەخوازم ئەو پرسیارانە بهێنمە گۆڕێ کە ، گەلۆ تاك و مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەکوێی دنیا ی ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دایە ؟ ئایا مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لە چ پلەیەك ی ئەو پەیژە ئیمانییە دا وەستاوە کە ئامانج تیای دا دەربازبوونە لە دنیا ی ئاژەڵیی و ئاودیوبوونێك ی ئەخلاقییانە و گەیشتنی مرۆڤ ی کوردە بە ڕەوشت ی بەرز یان یەزدان و ڕوناکایی ئەو ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد گەیشتووەتە ئاستێك لە قبوڵکردن و ئامێزگرتنەوە بە فەلسەفە ی مرۆڤ بوون و ئەزمونکردن ی هەستی مرۆڤایەتیی ؟ ئایا دەتوانێت ببێتە بوونەوەرێك ی مرۆڤدۆست ، ئاشتیخواز ، دڵفراوان ، بەخشندە ، دلۆڤان ، ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆست ؟ ئایا هەربەڕاستیی کولتور ی تێکۆشانیی مەعنەویی و گۆشکردن ی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) لای مرۆڤ و تاك ی کورد نزیكبوونەوە و گەیشتنە بە یەزدان ، ڕوناکیی ، حەقییقەت ، بەختەوەریی ، بەخشندەیی ، میهرەبانیی و خۆشەویستیی یان خۆقەتیسکردن و خۆسنوردارکردن لە چوارچێوەی { قاتلوهم یعذبهم اللە بایدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مومنین } ؟ ! ئایا بەڕاستیی ئامانج ی مەلا و بانگخواز ی ئیسلامیی گەیاندن و ئاشناکردن ی تاك ی مرۆڤ ی کوردە بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێك ی یەزدانپەروەریی ( ئیلاهیی ) ، ئەخلاقیی و ویژدانێك ی باڵاتر و زیندوتر ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد دەتوانێت بونەوەرێك ی ئەخلاقیی بێت ؟ گەلۆ مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەنێو سەوا و مامەڵە ی بازاڕ ی ئایین و ئایینچێتیی دا خۆی بەرجەستە دەکات یان ئیماندارێکە و دەخوازێت لەڕێگە ی ئیمان و عەشقێك ی یەزدانییەوە خۆی لە دنیا ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، درۆ ، تەکفیکردن و …. پاكبکاتەوە و دواجار ناخ و ویژدان ی خۆی لێوانلیو لە ڕێز ، داوێنپاکیی ، دەم و دەستپاکیی ، خۆشەویستیی ، پاکێتیی ، ڕاستگۆیی ، میهرەبانیی ، بەخشندەیی و وەفاداریی بکات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد خۆی ڕادەست ( تسلیم ) بە ئایین ی ئیسلام کردووە ، تاکو لێوەی فێر ی دادپەروەریی ، قبوڵکردن ی بەرامبەر ، ڕەتکردنەوە ی نادادیی و نادادپەروەریی …. بێت یاخود تەنیا گەیشتنە بە دنیا ی دامرکاندنەوە ی ئاڵۆشیی ئاژەڵیی ، چوارژنەیی ، ڕووتکردنەوە و چێژوەرگرتن لە جووتبوون لەگەڵ حورالعین ، هەفتا حۆریی ، غیلمان المخلدین و کوڕی جوان و ساف و بێمو؟ ئایا ئامانج ی موسوڵمان ی ئەمڕۆ ی کورد سوڕانەوە ی بەردەوام و بێسود ، و توانەوەیە لەنێو دنیا ی تاریکیی خورافات ، چیرۆك و ئەفسانە ، نەزانیی ، بێئاگایی ، وەهم و سێبەری نێو دنیا ی وەحیی ئەشکەوتەکان ؟ یان گەیشتن بەدنیا ی ڕوناکیی ، ژیریی ، مەعریفە ، زانست و لۆژیك ! پێویستە هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ، کە ئایا بۆچی کۆمەڵگە ی موسوڵمان ی کورد هێند شێواو ، توڕە ، دەمارگیر ، توندوتیژ ، نادادپەروەر ، دواکەوتوو ، دوڕوو ، گەندەڵ ، بێبەهرە ، ڕەق و وشکهەڵهاتوو ، تەسکبین و …ە ؟ پرسیار و گومانەکان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد دەبێت بچێتە نێو هەموو وردەکاریەکان ی ژیان ی عەقیدەیی ، ئیمان ، ئایین ، نەریت ، بۆنەکان وتەنانەت دەقی قورئان و هەموو فەرمودەکان ی پێغەمبەریشەوە ! ! دەبێت لەڕێگە ی پرسیارەکانەوە بگەینە ئەو ڕاستییە ی کە ، گەلۆ بەڕاستیی محەمەد هەڵگری پەیامێكی یەزدانیی و دادپەروەریی بووە کە لەکاتێك دا : { من بدل دینە فاقتلوە } ئایا بەڕاستیی ئەو { وما ارسلناك إلا رحمة للعالمین } ێكە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی یان تەنیا بۆ موسوڵمان و نەتەوەیەك ی دیاریکراو یان دەستنیشانکراو{ انما المؤمنون اخوة } ؟ ئایا بەڕاستیی ژیرانە و لۆژیکییە ، کە کەسایەتیی عمر ابن خطاب بکەین بە مۆدێل ، نمونە و پێشڕەوی بەرجەستە و دیاری مرۆڤایەتیی بۆ ئەم ڕۆژگار و سەردەمە ، لەکاتێك دا بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانەکەی دا وتەیەك ی خەلیفە عومەر دەهێنێتەوە وەکو بەڵگەیەك بۆ ناوزەدکردن ی ئێزدییەکان وەك و بێباوەڕ و کافر: { اللهم لاتجعل کافر علیە نعمة حتی لا احب } ؟ ئایا هەر بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام ئایین ی { المحبة والسلام } ە ؟ ! لەکاتێك دا دوکتۆر عەبدولواحید ڕوودەکاتە کۆمەڵ ی گەنجان ی کورد و داوای دوعایان لێدەکات کە بڵێن : { ئەوەی موسوڵمانە خۆشمبوێت ، و ئەوەی موسوڵمان نیە لەدڵم دەریبکەیت }؟ ! موسوڵمان ی کورد دەبێت ئەو پرسیارە بکات کە ، ئایا بەڕاستیی کافر کێیە ، و بە چ پێوانەیەك ی یاسایی ، ویژدانیی و ئەخلاقیی ماف و مۆڵەت بەخۆمان دەدەین کە کەسێك بەناوی کافر وبەناو ی خوا بکوژین ؟ ! دەبێت پرسیار بکەین و بڵێین کە ، ئایا بەڕاستیی اللە حەز و خواستی لە کوشتن ی مرۆڤ { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مؤمنین } هەیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام دەستی ڕێزوحورمەتی خستووەتە سەرئافرەت و پێگە ی ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە ی موسوڵمان و کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا ، یان دەبێت هەر باوەڕمان بەو پەیامە پەیامبەرییە هەبێت کە دەڵێت : ( المرأة عورة فإذا خرجت استشرفها الشیطان ) یان ( یقطع الصلاة ، المرأة والحمار ، والکلب ) ؟ دوور لە ئاداب و ئینساف نابێت ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان و ئایینەکەمان بکەین کە ، ئایا هەر بەڕاستیی ئیسلام دژی کۆیلایەتیی بووە { الحر بالحر والعبد بالعبد } ؟ پرسیارێك ی ناڕەوا و دزێو نابێت ، ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام ئایین ی ئاشتیی و پێکەوە ژیانە { قاتلوا الذین لایؤمنون باللە ولا بالیوم الاخر ولا یحرمون ماحرم اللە و رسولە …. } ؟
پێویستە و زۆر لەجێگە ی خۆیدایە ئەو پرسیارە لە ڕەوشت و ویژدانی خۆمان بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئێزدییەکان وەکو ئایین و باوەڕێك ی جیاواز ، شایان و شایستە ی ئەو هەموو سوکایەتیی ، گاڵتەپێکردن و دژایەتییکردنانەن کە بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆرعەبدولواحید و مەلا و ئیسلامگەراکان ڕوبەڕویان دەکەنەوە ؟ لەکاتێك دا قورئان پێیان دەڵێن : { یاأیها الذین آمنوا لایسخر قوم عسی أن یکون خیرا منهم ولا نساء من نساء عسی أن یکن خیرا منهن ، ولا تلمزوا أنفسکم ولاتنابزوا بالالقاب بئس الاسم فسوق بعد الایمان ، ومن لم یتب فأولئك هم الظالمون } ! ئایا هەر بەڕاستیی دوکتۆر عبدولواحد ئەو ظالم و ڕۆحە ئەهریمەنیی و شەڕخوازە نیە کە ئەو ئایەتە ی سەرەوە لە کۆتایی دا ئاماژە ی پێدەدات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد قبوڵ ی ئەو کۆیلایەتیی و بێحورمەتییە دەکات ، کە عەبدولواحید ، مەلا ، بانگخواز ، سەلەفیستەکان و ئیسلامگەراکان ی دی عەقڵ ، بیرکردنەوە و ئیرادە ی ئازاد ی ئەوان داگیربکەن و لەجیاتی ئەوان بیربکەنەوە ؟ ! ئایا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە موسوڵمان ی کورد چید ی لە بیرکردنەوە دا ئازاد بێت و گوێکانی خۆی قەرزار و قەرزاربار ی ئامۆژگاریی ، وتە پوچ و پڕ لە گاڵتەجاڕیی و درۆکانی عەبدولواحیدەکان نەکەن ، و بیر و عەقڵ ی خۆیان لەو مۆتەکەیە ئازاد بکەن ؟ ! مرۆڤ ی کورد نابێت ڕێگەبدات و ئەو مافە بە عەبدولواحیدەکان ببەخشێت کە خۆیان لە هەموو کاروبارێك ی یاسایی ، پەروەردەیی ، خێزانیی و ئەخلاقیی هەڵبقورتێنن ، پێویستە هەر تاک و موسوڵمانێك ی کورد لەڕێگە ی ئیمان ، بیرکردنەوە ، عەقڵ و دنیا ی گیانپەرۆشیی و دوور لە نێوەندگیریی و پابەندبوون بە هیچ دەقێك ی ئاسمانیی هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستیی ، یەزدان و ڕوناکایی ئەو بدات ! مرۆڤ ی کورد دەبێت خۆی لەو تەونە جاڵجاڵۆکەیی و شەیتانییە ی دوکتۆرعەبدولواحید ، مەلا ، بانگخوازە ئیسلامیی و چەرچیە سیاسیە ئیسلامیەکان ڕزگار بکات و بەدوا ی چاکسازیی و دۆزینەوە ی بەرزترین ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دا بگەڕێت ، لەدوای دۆزینەوە ی یەزدان وێڵ بێت ! ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ، بانگخواز ، ئیسلامگەرا و ئیسلامیستە سەلەفیی و ئیخوانییەکان ی کورد کێشەیان لەگەڵ ئەم سەردەمە ، عەلمانییەت ، لیبرالیزم ، مارکسیسزم ، فێمینیزم ، ئافرەت ، داروینیزم ، جەندەر ، مۆدێرنیزم ، ڕۆژئاوایی ، ئازادیی ، سەربەستیی ، جولەکە ، مەسیحێتیی ، کاکەیی ، ئێزدیی ، یارسانیی ، عەلەویی ، وەهابیی ، بەهائیی و …. چیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئیسلام چاکترین ی هەمو ڕێباز و ئایینەکان ی ترە ؟ { ان الدین عند اللە الاسلام } ! ! موسولمان ی کورد پێویستە ئەو پرسیارە لە دوکتۆرعبدالواحد بکات کە هەر بەڕاستیی ئێزدیەکان پیس و بۆگەنن ، لەکاتێك دا لە دەق ی قورئان دا : { ولقد کرمنا بنی آدم …. } ؟ پرسیارێك ی ناشایستە نیە کە ، ئەگەر موسوڵمان پرسیار بکات و بڵێت کە ، ئایا بەڕاستی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی لە ئایین ی ئیسلام دا جێگە ی شایستە و ڕێزە : { قل هل انبئکم بشر من مثوبەعند اللە من لعنە اللە و غضب علیە و جعل منهم القردة و الخنازیر…. ؟ ؟ دوا پرسیار ئەوەیە کە ، ئایا بۆچی ئێمە ی موسوڵمان ناتوانین ئاسۆیەك ی فراوانتر لە ژیان و دنیا ی بیرکردنەوە ، گوتار ، کردار ، بەڕووی خۆمان دا بکەینەوە ، ئایا بەڕاستی هێشتا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە واز لە بەپیرۆزکردن ی کەسایەتییە ئیسلامیی و بانگخوازەکان بهێنین ، واز لە توندوتیژیی ، دەمارگیریی ، لوتبەرزیی ئایینیی بهێنین و ڕوو لە ئاشتیی ، دادپەروەریی ، قبوڵکردن و ڕێزگرتنی ئایین و باوەڕەکان ی دی بکەین ؟ ؟ ئێمە ی موسوڵمان ی کورد هیچ هەڵبژاردە ، چارە و ڕێگەیەك ی دی لەبەردەممان دا نیە و نەماوە ، جگەلەوەی ، کە پێویستە بەرامبەر یەکدی میهرەبان ، بەخشندە ، لێبوردە بین ، هێز و وزەی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ پتەوکردن ی گیان ی تەبایی ، مرۆڤدۆستیی ، ژیاندۆستیی ، یەزدانپەروەریی لەنێو دڵ ی منداڵ و ویژدان ی هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد دا . دەبێت دەستبەردار و ڕێگری ئەوە بین ، کە چیتر نمونە ی دوکتۆر عەبدولواحیدەکان ببنە پێشرەو و نمونە ی باڵا بۆ کۆمەڵگە ی ئێمە ! ! دەبێت موسوڵمان ی کورد ئیدی بیر لەوە بکاتەوە و بگاتە ئەو باوەڕە ی کە جێبەجێکردن ی فەریزە ئیسلامییەکان ، دروستکردن ی مزگەوت و دانانی کابینە ی مزگەوت لە قوتابخانەکان سەنگ ی مەحەك نین بۆ ڕاستیی ، پاکیی و ڕەوشتبەرزیی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد ، باڵاپۆشیی ، نیقاب و حیجاب نیشانە و سیمبول ی ڕاستەقینە نین بۆ ئافرەت ی نمونەیی ، ڕەوشتی بەرز وداوێنپاکیی ! دەبێت مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد خۆی لەو باوەڕە هەڵەیە بەدووربگرێت کە تەنیا خۆی و ئایینەکە ی خۆی دەتوانن ببنە جوانترین و شایستەترین ئایین ، ڕاستترین مرۆڤ و باشترین پیشرەوایەتیی بۆ جیهان و مرۆڤایەتیی ، بەڵکو مرۆڤ ی مولحید ، موشریك ، کافر ، عەلمانی و ناموسوڵمان و هەموو ئایینێك ی دیش دەتوانن ببنە پێشرەو ، مرۆڤ ی ئەخلاقیی و کەسایەتیی بەسود بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی ! نمونە ی عەبدولواحیدەکان ناتوانن ببنە سەنگ ی مەحەك ومرۆڤ ی بەرجەستەبوو بە ڕەوشتی بەرز و فەزیڵەتی ئەخلاقیی و مرۆڤ ی ئیماندار ! بەڵکوئەوە فەلسەفە ی بیر ی چاك ، گوتاری چاك ، کردار ی چاكە کە دەبێتە پێوانە بۆ بەرزیی باڵا ی ڕەوشت لە هەر مرۆڤێك دا ، واتا ئەو ڕەوشتە ی کە فەیلەسوف ی مرۆڤایەتیی ئێمانۆئیێل کانت باسی لێکردووە ، باشترین پێوانەیە بۆ گەیشتن بەو ڕێگەیە ی کە تیای دا مرۆڤ و هەر تاکێك ی کۆمەڵایەتیی توانای ئەوە بەدەستدەهێنێت ، کە بتوانێت دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، یەزدانپەروەریی ، دادپەروەریی و فەلسەفەی مرۆڤبوون گیربکات !

هیوا محەمەد ئەمین
٢٩٠٥٠٢٠٢٣
کۆتایی




فەلسەفەی ئازادیی و ئاودیوبوون لە ئەدەبی دۆستۆیڤسکی دا.. نووسینی: هیوا محەمەد ئەمین

ئەگەر جیهان ی ئەدەب ؛ بریتیبێت لە سێ کوچکە ی شێوەهەڕەمیی ، ئەوا بێ هیچ گومان ونووسی هەڵوێستەیەك ، ئەدەبی ( دۆستۆیڤسکی )گۆشەیەك ی پتەو وبنەڕەتیی ئەو جیهانەیە ، کە دەشێت زۆرێك لە کێشە و دۆزە مرۆڤایەتییەکان لەوێ دا بەرجەستە بووبێتن ٠ ئەدەب ی دۆستۆیڤسکی قوتابخانە ، ڕەوت و شێوازێك ی ئەدەبیی دەگمەن ، دانسقە و بێوێنەیە ، کە هەم خاوەن ی فەلسەفە و تایبەتمەندێتیی خۆیەتی هەمیش هەڵگری ڕەگەز و هێز ی کارلێك و کاریگەریی ٠ جیهان ی فەلسەفە ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی ، لە هەر دەروازە ، گۆشەنیگا و دیدێکەوە بۆیبڕوانیت دەگەیتە ئەو باوەڕ و ڕاستیە ی کە نەك تەنیا هەڵگر ی دۆزێك ی مرۆڤایەتییە ، بەڵکو دەربڕ ی پەیامێك ی مرۆڤایەتییشە کە پێویستە بە ڕۆچوونێك ی قوڵ ، بیرێك ی وردبینانە و هەستیارانەوە هەم مامەڵە ی لەگەڵ بکەیت هەمیش تێیڕابمێنیت . ئەم تایبەتمەندییە لە شێواز و فەلسەفەی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی دا ، بەجۆرێك ڕەنگدانەوە و کاریگەریی لەسەر دەرون ( سایکۆلۆژیی ) و ویژدان ی خوێنەر دروستدەکات کە بخوازێت یان نا ، حەز بکات یان نا ، یەکانگیریی ئەو جیهانە بێت یان نا ، کێش دەکرێتە نێو ئەو جیهانە و سەرئەنجام هەست ی لێپرسراوێتیی ، بەرپرسیارێتیی و خەمخۆرێتیی تیای دا دروست یان زیندو دەکاتەوە ٠ ئاکار ی ئاقار و ئاراستە ی فەلسەفە ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی ، کێشکردنی مرۆڤە بەرەو گەیشتن بە ئامانجی جیهانێك کە ( حەقیقەت ) ە ، حەقیقەتێك کە مرۆڤ تیای دا بە ئازادیی تەواو دەگات ، ئازادییەك کە دواجار ڕوناکایی یەزدان لە ڕوخسار و ناخی دا دەدرەوشێتەوە ٠مرۆڤ لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجێك ی وەها دا ، ئازارێك ی ڕۆحیی و مەعنەویی زۆر دەچێژێت ، کە بە باوەڕ ی دۆستۆیڤسکی پێویستە مرۆڤ لەو پێناوە دا ، بە ئیمانێك ی پتەو ، و ئارامیی و سەبرێك ی تەواوەوە پێشوازیی لێبکات ٠
سیفات و تایبەتمەندیی ئەم جیهانە دەبێت لە چی و کوێ دا بێت کە فەرمان دەکات بە پێویستبوون لەسەر مرۆڤەکان کە لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجێك ی وەها دا هێند لێبڕاوانە و شێلگیرانە ئازارێك ی وەها سەخت و ئاڵۆز لە ئەستۆ بگرن ؟ ! من لێرە دا ، و بەبێ لایەنگیرییم لە هیچ فەلسەفە و ئایدیایەك دەخوازم بەنێو ئەم جیهانە دا شۆڕببمەوە و خوێنەر بە جیهانێك ی ئەدەبیی ئاشنا بکەم ، کە کەمتر لە ئەدەبیات ی کوردی دا ئاماژەی پێکراوە ؟! پێویستە ئاماژەیەکیش بەوە بدەم کە ، ئەگەر لە ڕەوت ی نوسین و شڕۆڤەکانم دا باس لە دوو جیهان ی ئایدیالیستیی و ماتریالیستیی دەکرێت ، ئەوە دەربڕ و باوەڕی من نیە ، بەڵکو ئەوە خولیا و باوەڕ ی فەلسەفە ی نوسەر ، واتا دۆستۆیڤسکیە کە پێویستە خوێنەر هێندە بزانێت ، کە ڕوبەڕوی فەلسەفەیەکی ئەدەبییە و هیچیتر ٠جیهانی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی جیهانێك ی پڕ سەیر و سەرسوڕهێنەرەن ، جیهانێک کە ڕوخسار و ڕۆح ی خەماویی ، کاراکتەر ی ناقۆڵا و ناوبازاڕیی ، جیهانێك کە دانیشتوانەکە ی هەژار و کڵۆڵن ، واتا ئەو کەسانە ی کە دۆستۆیڤسکی بەرەو خۆیان و ئەو جیهانە کێش دەکەن ، و دواجار هەرخۆیشیان دەبنە ڕێنیشاندەری ئەو ، جیهانێك کە کچۆڵەیەکی زۆر هەژار و کزۆڵە خۆی بە خاتو شازادەیەك ناگۆڕێتەوە ، جیهانێك کە دەرۆزەکەر ، سەرمەست ، ژنان و پیاوانی دەروننەخۆش تیای دا دەژین ٠ ئەم جۆرە جیهانە ، جیهانێکە کە بە تاوان و کار ی ناپەسەند تەنراوە ، کە لە هەرساتێك لە ساتەکان دا چاوەڕوانی کەوتنەوەی کارەسات ی مەترسیدار و خەماویی لێبکرێت ٠ دۆستۆیڤسکی پەپولە ی دەور ی ئەو گۆشە تاریکانە ی نێو کۆمەڵە ، کە تیای دا کەسایەتییەکان ی هەژار ، دڵپاك و سادەن ، واتا کەسانێك کە خاوەنی ویژدانێك ی پاك و بێگەردن و بەوپەڕی لەخۆبوردەیی و میهرەبانییەوە فرمان و فەرمان ی لێپرسراو وکوێخاکانیان جێبەجێ دەکەن ٠
نوسەر (( دۆستۆیڤسکی )) لە خولیا ی گەڕان بەدوا ی ئەو حەقیقەت و ڕوناکاییانە ی یەزدان دا ، پێویستی بە کات و شوێنێك ی گونجاو و لەبار هەبوو کە بتوانێت هەم لێیان تێبگات و هەمیش بەدەستیانبهێبێت ٠ زیندان لەبارترین ئەو شوێنە بوو کە نوسەر توانا ی گەیشتن بەو جیهان و ئامانجانەی هەبوو ٠ دۆستۆیڤسکی لە هەلومەرجێك ی نائارام و ناجێگیریی سیاسی دا دەستگیردەکرێت و بۆ چەندین ساڵ ژیانی بە دەستبەسەریی و مەحکومکراویی لەژێربار ی سەخت و دژوار ی کارکردنی زۆرەملێ ی زیندانەکان ی سیبریا دا تێدەپەڕێنێت ٠ زیندان چاکترین و لەبارترین ئەو شوێنە بوو کە دۆستۆیڤسکی بتوانێت ئەو جیهانە سەیر و پڕ تەراژیدییە بناسێت و ئەزمونی بکات ٠ ئەو لە زیندان دا توانی بەرزترین ڕەوشت ، دەگمەنترین و بەویژدانترین مرۆڤ ، واتا مرۆڤ ی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە ، کەسانێك کە نە دەستەبژێرێك ی کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرن نە کەسانێك ی زانا و خوێندەوار ، بەڵکو کەسانێکن کە بەدەستی خۆیان کاردەکەن و بەڵام بیر ناکەنەوە ، ئەو جۆرە کەسایەتییانەش هەم لەلایەك ئەو ، واتا نوسەر بەرەوخۆیان کێش دەکەن و هەمیش ئازاری دەدەن ٠ دۆستۆیڤسکی باوەڕی وابوو کە نزیکبوونەوە لە خەڵك ی وەها سادە و ڕەشۆکیی ، نزیکبوونەوە بوو لە یەزدان ، چەمک ی یەزدانیش بەرزترین و پەسەندترین ئەو ئامانجە بوو کە نوسەر دەیویست خۆی و گشت مرۆڤایەتیی پێیبگات ٠ زیندان سەرەڕای ئەوەی کە زۆر توانا و بەهرە ی لەو دا کوشت بەڵام لەهەمان کاتیش دا گرنگترین ، هەستیارترین و گەشاوەترین قۆناخێك بوو لە ژیان ی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی دۆستۆیڤسکی دا کە توانی تیرۆژێك لە حەقیقەت ی یەزدانیی بەدەستبهێنێت ٠ ئەو لە سەرەتای ژیان ی زیندانێتیی خۆی دا ڕووی لە ئایین کرد و بووە قوتابیەکی گوێڕایەڵی قوتابخانە ی مەسیح کە بەهۆی پەڕتوکی پیرۆز ( ئینجیل ) فێری ڕەوشت و فەلسەفە ی مەسیح دەبوو ٠
ئینجیل بۆ ئەو سەرکەوتنی دڵ بوو بەسەر هوشیاریی و ژیان دا ، ئەو دەیویست هەمیشە ئەو جۆرە سەرکەوتنانە بەدەستبهێنێت ، واتا ببێتە خاوەن ی فەلسەفە و ویژدانێك ی تۆکمە و پایەدار کە دووربێت لە جۆر ی ژیان ی ڕۆتین و ماتریالیستیی ، کە دواجار ئەو بەپشتیوانی باوەڕێك ی وەها سەرجەم ژیانی خۆی کردە دژایەتیکردن ی فەلسەفەی ماتریالیزم ٠ ئەو باوەڕی وابوو کە ئەم جۆرە فەلسەفەیە ، فەلسەفەیەکی وێرانکاریی و ئەهریمەنییە کە گیانی مرۆڤبوون لە مرۆڤ دا دەپوکێنێتەوە ؟ ! دۆستۆیڤسکیی دەروێش ی ڕێگە ی بەدەستهێنان ی حەقیقەتێك بوو کە پەیکەر و دیوی دەرەوەی مرۆڤی ڕەت دەکردەوە ، ئەو بەجۆرێك پێی لەم باوەڕ و بیرکردنەوەیە ڕۆدەچێت کە بگاتە ئەو ڕایە ی کە گشت بیر ، بیردۆز و یاسا زانستییەکان پوچ و بێمانان ٠ نوسەر باوەڕی وابوو کە تەنیا لەودیو جیهانی ماتریالیزم { جیهان ی ئەودیو سروشت } ەوە مرۆڤ توانا ی بەدەستهێنانی چەمکی مرۆڤایەتیی و فەلسەفەی مرۆڤبوونی هەیە ٠ ئەو تاکو بڕ و ئەندازەیەکی زۆر لە نامومکین بوون دا دەژیا ، ئەو باوەڕی وابوو کە نزیکبوونەوە و باوەڕبوون بە زانست وەکو بنەمایەك بۆ داڕشتنی فەلسەفە ی ژیان ، ئەوا مرۆڤ بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت ، دیوارێك ی پتەوی لەبەردەم ژیانی دا هەڵدەچنێت , کە ئاسۆ و مەودا ی بیرکرنەوە ی ئەو ، واتا مرۆڤ دیاری دەکات ، لەچوارچێوەی ئەم دیوارانەش دا زانست زیندانێك ی دروستکردووە کە مرۆڤەکان جگە لە کار و ژیان بیر لە هیچی دی ناکەنەوە ، ئەوانەیشی کە بیردەکەنەوە هەمیشە لەژێر بارێكی سەخت و دژوار ی دەرونیی دا دەژین ؟ ! دۆستۆیڤسکی لەڕاستیی دا چێژ لەو سەختیی و دژوارییانە وەردەگرێت ! ئەو ، ئەو دژواریی ، سەختیی و ئازارانە لەشێوە ی دیوارێك دا وێنا و بەرجەستە دەکات کە زۆر بە گران توانا ی بینینی ئەودیویان دەبێت ٠ ئەو حەزدەکات ( ئاودیو ) ی ئەو دیوارانە ببێت ، کە چیترلەودیویانەوە شوێنپێیەك لە دنیا ی ماتریالیزم و یاساکانی سروشت نابینرێن ٠ جیهان ی ماتریالیزم لای دۆستۆیڤسکی مۆتەکەیەکە کە لەسەر سنگی مرۆڤایەتیی دەنیشێت و بڕستی لێدەبڕێت ، نوسەر دەخوازێت ڕێك ئێمە بەرەو ئەو مۆتەکەیە بانگ بکات ٠ ناوبراو لە ناخی خۆی دا هەست بە واتای تەواو ی ئازادیی لەو مۆتەکەیە دا دەکات ، و باڵادەستیی نرخ و کاریگەریی ئەو ئازادییەش زیاتر دەدات بەسەر جیهان ی ماتریالیزم و خۆشیی دنیایی دا ٠ دۆستۆیڤسکی لە { بیرەوەریەکانی پیاوێك ی ژێرزەمینیی } دا دەڵێت : ( مرۆڤ تەنیا پێویستی بە ئیرادە ی ئازادە ، ئەگەر بەهەرچی نرخێك لەسەریبکەوێت یان بیکوژن ، لەوباوەڕەدام مرۆڤ هەرگیز ئازاری ڕاستەقینە ، واتا گەیشتن بەو مۆتەکەیە لەبیرناکات )) ٠لەڕێگە ی ناسین ، ئەزمونکردن و پەیڕەوکردن ی ئازار و سزایەك ی لەوجۆرەشە ، کە مرۆڤ توانای نزیکبوونەوە و باوەڕهێنانی بە غەیبیات ، موعجیزەکان و شتە هەستپێنەکراوەکان بەدەستدەهێنێت ، هەر لەم ڕێگەیەشەوەیە کە دەتوانێت هەست بە جیهان ی ئەودیو بوونی خۆی بکات ٠ ڕێگە ی ئازار و ئازادیی ، کار یان بە دۆزینەوە ی یەزدان کۆتایی دەهێنێت یان دروستکردن ی مرۆڤی یەزدانیی ! لە دید و جیهانبینیی دۆستۆیڤسکی دا باوەڕێك خۆی بەرجەستە و ڕادەگەێنێت ، کە کاتێك تەبایی لە نێوان مرۆڤ و یەزدان دا دروستدەبێت ، ئیدی نە یەزدان مرۆڤ هەڵدەلووشێت ، و نە مرۆڤیش لە یەزدان دا موستەحیل و نامومکین دەبێت )) ، واتا هەم یەزدان هەیە و هەمیش مرۆڤ ٠ بۆ ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگیەش نێوبژیکەر یان نێوەندگیرێك ی چاکەخواز ی وەکو مەسیح پێویستە ، لەم نێوەندە دا مەسیح هەم ڕێنیشاندەر و شفابەخشە هەمیش کەرەستە و قوتابخانەیەکی ڕۆحیی ، کە مرۆڤ بەرەو ئامانج ی حەقیقەتێك دەگەێنێت کە ڕوناکایی یەزدان تیای دا درەوشاوەیە ٠ مەسیح لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دا لە دوو جیهان ی جیاواز دا ڕۆڵ ی چاکەخوزانە دەبینێت ، یەکێکیان جیهان ی ئەمدیو دیوارێکە کە زانست و لۆژیك ڕێنوێنیی دەکات ، ئەویدیان جیهانێکە کە دابڕ لە هەر کات و شوێنێکە و دەکەوێتە ئەودیو جیهان ی زانستەوە ، ئەو دیوارانەش بریتین لەو لەمپەر و بەربەستانە ی ، کە ڕێگە لە ئازادیی مرۆڤ دەگرن ٠ دیوارەکانی دۆستۆیڤسکی بەرجەستەبووی وێنە و بارێك ی دەرونیی و کۆمەڵایەتیین کە لەناواخنیان دا هەڵگری ئەو نەریت ، کولتور و یاسا دنیایی و ئەخلاقییانەن ، کە ناهێڵن و لەتوانای مرۆڤەکان دا نابن کە ئاودیویان ببن ؟ ! لێرە دا کردار و پڕۆسە ی گەیشتن بە ئاودیوبوون ، کارێك ی سانا و بێکێشە نیە ، بەڵکو ڕێگەیەک ی پڕکێشە و نشێوییە کە دەبێت لەپێناوی دا ڕەنج و تێکۆشانێك ی ڕۆحیی و مەعنەویی بەکارببرێت ، تێکۆشانێك دواجار لێوانلێو لە ئازار و ئەشکەنجە ی دەرونییە ، کە سەرئەنجام مرۆڤ بەهۆیەوە ئامانجێك ی زیندو ، مانادار و ناوەڕۆکدار یان وێرانکەرانە بەدەستدەهێنێت ، گەیشتن بە ئامانجێك ی لەوجۆرەش لە میان و ڕەوت ی تەنیا یەك قۆناخ ی دیاریکراو دا نایەتەدی ، بەڵکو لە ڕەوت ی چەند قۆناخێك ی شێوە پەیژەیی شەقوشڕ و لەقولۆق دا پێکدێت ، کە لە پلە ی یەکەم دا سەردەکەویت و لەدواپلە ش دا توانای بینینی جیهان ی ئەودیو دیوارەکان بەدەستدەهێنیت ، دیوێك کە تیای دا ئازادیی لە ناخ و قوڵایی دەرون ی مرۆڤەکان دا بەرقەرار ، و بیر و فیکریش ئارام و ئاسودە ٠کەسایەتیەکانی دۆستۆیڤسکی دەیانەوێت بەهەرچی نرخێك بێت ئاودیوی ئەو سنورە یاسایی ، کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییانە بن کە مرۆڤ بەهۆیانەوە پێخوست و بێئیرادە بوونە ، بۆئەمەش کارگەلێك ی وەها ئەنجام دەدەن کە نائاسایی و لەسەروی وزە ، کار ، ڕەوشت و هەڵسوکەوت ی مرۆڤی ئاساییەوەن کە سەرئەنجام کار بە دانپێدانان ( ئیعتیراف ) ، تاوان ، خۆکوژیی و دوورخستنەوە ی سیبریا کۆتایی دێت ؟ ! ئا لەوێدایە کە ئیدی مرۆڤەکان یان بە ڕوناکایی یەزدان دەگەن یان بە کۆتایی و لەناوچوونی خۆیان ٠ ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دەتوانین بیانکەینە دوو بەش ی سەرەکیی ، بەڵام بە دوو ئاراستە و ئاقار ی دوو جیهان ی جیاواز : یەکێکیان دنیا ی ڕۆتین و ڕۆژانەیەکە ، کە تیای دا پارەوپول ، تەماع ، چەپەڵیی ، دزیی ، گەندەڵیی ، ئێرەیی ، بێڕەوشتیی و بەرژەوەندیی تایبەت ڕۆڵ ی سەرەکیی دەگێڕن ٠ دنیا ی دووهەمیش ، دنیا ی دراما ڕاستەقینەکە ی مرۆڤە کە تیای دا مرۆڤەکان وێڵ و گەڕیدە ی دۆزینەوە ی یەزدان و هەوڵدانن بۆ بەرهەمهێنان و بەدەستهێنان ی مرۆڤ ی نوێ ٠ تەراژیدیا ی ڕاستەقینە لای دۆستۆیڤسکی نەبوون و ئاوابوون ی خۆر و دنیا ی مرۆڤبوون و ڕەوشتە ، ئامانجی ئەو لە نوسینەکانی دا پارە و پلە ی کۆمەڵایەتیی نیە ، شادیی و بەختەوەریی و سەرکەوتن ی مرۆڤ لە ژنهێنان و هەبوون ی سامان وگەنجینە دا نیە ، بەڵکو وێڵبوونە لەدوای یەزدان ؟ ! لە ڕۆمانەکانی ئەو دا پاڵەوانەکان عەوداڵ و هەڵوەدا ی هیچ سامان و پلەیەک ی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نین ، دواجار ئەوانن کە سنورێك لەنێوان واقیع و خەیاڵ دا ناناسن ، دیارترین و ڕونترین بەڵگە بۆ ئەم سیفات و دیاردانە ڕۆمانەکەی دۆستۆیڤسکی { تاوان و سزا } یە٠ لەم ڕۆمانە دا خوێندکارێك ی زانکۆ پیرەژنێك ی سوخۆر ، ڕژد و چاوچنۆك ی پارەدار لەپێناوی بەدەستهێنان ی پارە و سامانەکەی دا دەکوژێت ، بەوئامانجە ی کە بتوانێت بەهۆیەوە ژیان ی خۆی و دایك و خوشکە دەستکورتەکەی لە برسێتیی و کڵۆڵیی ڕزگار بکات و بەختەوەریان بکات ٠
( ڕاسکۆڵ نیکۆف ) ی پاڵەوان ی تاوان و سزا باوەڕی وەهایە کە ، ئایا بوونی پیرەژنێك ی لەوجۆرە لە ژیان دا ، چی لە تەرازوی ژیان دەگۆڕێت یان لاسەنگ دەکات ؟ ! داڕشتن ی ئەم بیرۆکەیە کە لەسەرەتا دا بەشێوەی لێکدانەوە ی ناوەوە و لۆژیکیانە خۆی دەنوێنێت ، بەڵام پاشان دەبێتە پلان و دواجار کردار ٠ درام ی واقیعیی مرۆڤەکە ، واتا ڕاسکۆف لەوێ دا دەستپێدەکات کە سزادان ی دەرونیی خۆیەتی ٠ پاڵەوان پاش تاوتوێکردن ی ئەم دۆز و پرسە لە ناخی خۆی دا ، بزوێنەر و هاندەر ی سەرەکیی تاوانەکە دەدۆزێتەوە ! ! ئەو سەرەتا لای سۆنیا ی کچە هاوڕێی دان بە تاوانەکەی دا دەنێت و پێی دەڵێت کە لەپێناوی بەختەوەریی کەسوکار و مرۆڤایەتیی دا ئەوی نەکوشتووە ، بەڵکو تەنیا لەبەرخۆی بووە و هەرگیزیش پێویستی بە پارە نەبووە ؟ ! ئەو لە ئەنجامدان ی تاوانێك ی وەها دا هۆ و هۆکارێک ی دی پاڵیپێوەدەنێت ، تاکو لە دەرونی خۆی دا بزانێت و بیچەسپێنێت کە ئەو ، واتا ڕاسکۆڵ نیکۆف ، ئایا مرۆڤە یاخود تەنیا جانەوەرێك ؟ ! ئەو دەخوازێت بزانێت کە ئایا دەتوانێت ئاودیوی دیوارە ئەخلاقیی و یاساییەکان ی ناو کۆمەڵگەکەی ببێت ؟ ! ئەو وەك پیاوی ژێرزەمینیی ، دڵی لەنێو چوارچێوە ی دیوارە نەریتیی ، یاسایی و ئەخلاقییەکان ی کۆمەڵگەکەی خۆی دا دەگوشرێت ، ئەو لە خەیاڵی خۆی دا وادەزانێت بەو کارەی دەتوانێت لە خەڵکان ی دەوروبەرەکە ی داببڕێت و ئەوەی کە ئەنجامیداوە رەوایەتیی پێبدات ، بەڵام ئەو دواجار دەگاتە ئەو ڕاوبۆچونە ی کە ، بە ئاودیوبوون ی دیوارەکان خۆی بەرەو چارەنوسێكی ترسناك کە بەدەستهێنان ی ئازادیی و ئازادبوون ی بیر و ویژدانە دەبات ٠ ڕاسکۆل بەلێکدانەوە و ئەنجامبەندیکردن ی بیرۆکەکانی خۆی دەگاتە ئەو باوەڕە ی کە ئەو ، واتا پیرەژن لەمپەر و بەربەستێکە لەبەردەم ڕوخاندن و ئاودیوبوون ی ئەو دیوارانە دا ، بەڵام ئەو لەمپەرێک ی گۆشت و ئێسقانە و ، دەبێت کەوڵ و وردوخاش بکرێت ، ئەو سەرئەنجام دەگاتە ئەو ڕاستییە ی ، کە مرۆڤێك ی بە تەنیا نەکوشتووە ، بەڵکو یاسایەک ی ئەخلاقییشی شکاندووە ! ! پاڵەوان ی ڕۆمانەکە ڕاسکۆڵ پاش ئەنجامدان ی تاوانێك ی لەوجۆرە ، دەخوازێت ڕاوبۆچونی خۆی دەربارە ی یەزدان بزانێت تاکو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت ئازادیی خۆی بەدەستبهێنێت ، بەڵام ئەو لەوکاتەوەی کە لە هەلومەرج ی مرۆڤایەتیی دووردەکەوێتەوە ، ناتوانێت کەسێك ی ئازاد بێت ٠ ئەو لە سەرەتا دا باوەڕی وەها بوو ، کە بەپەڕینەوە لە سنورەکان ی ڕەوشت و ئەنجامدان ی تاوان ی کوشتنێك ، ئازادیی بەدەستدەهێنێت ، بەڵام بەپێچەوانەوە ، ئەو خۆیدەخواتەوە و شەو و ڕۆژ لەبیرکردنەوە و خۆدادگاییکردندایە ، ئەو چیدی دووکەرت بووە و بووەتە مرۆڤ و ڕەگەزێك ی دووانە و نامۆ ، ڕاسکۆڵ نیکۆف بەوکارەی هەم خۆی دەپوکێنێتەوە هەمیش ڕوناکایی یەزدان دەکوژێنێتەوە ٠ ترسناکیی پاڵەوانەکە لەوێ دا دەردەکەوێت ، کە ئەو ، واتا پیرژنەکە بە ئەسپێیەك دەچوێنێت ، بەڵام هەرچی و چۆنێك بێت ئەو بوونەوەرێكی مرۆڤایەتییە و هیچ مرۆڤێك ی تر شایانی ئەوە نیە کە مرۆڤێك ی دی لەپێناوی کەسێك ی تر دا بکرێتە قوربانیی ، چونکە لەدواجار دا مرۆڤ بەرجەستە ، شەقڵ و وێنە ی سروشت و دەستەڵاتێکە لە بوونی یەزدان ٠ ئەو هێزە دەرونیی و مرۆڤایەتییە ی پاڵ بە ڕاسکۆڵەوە دەنێت کە تاوانێكی لەوجۆرە ئەنجام بدات ، دواجار ناپاکیی لەگەڵ دەکات و دەیکاتە مرۆڤێك ی نائاسایی و توشی گۆشەگیریی و تەنیایی دەکات ، ئەو ئازادییە ی ئەم لە ناخ و نائاگایی خۆی دا لەچاوەڕوانیی و بەدەستهێنانی دا بوو ئێستا توشی سەرلێشێواویی ، دەرونلاوازیی و نامۆیی بووە ، دواجار ویژدانی ئەوە کە ناتوانێت لە سایە ی تاوانێك ی لەوجۆرە دا ئاسودە و ئۆقرەگرتوو بێت ، کاردانەوەیەك ی لەو چەشنەیشە کە ئەو هاندەدات دان بە تاوانەکەی دا بنێت و خۆی ڕادەستی یاسا کۆمەڵایەتیی و دنیاییەکان بکات ٠
یەکێك لە تایبەتمەندییە هەرەدیارەکان ی فەلسەفەی دۆستۆیڤسکی دەربارەی مرۆڤ باوەڕبوونی بوو بە ( دووانەیی – ثنائیە ) سروشتی مرۆڤایەتیی ! لە سروشت ی مرۆڤایەتیی دا لەنێوان چاکە و خراپە ، ئارەزوی ئاژەڵیی و مرۆڤایەتیی ، هۆکاری یەزدانیی و ئەهریمەنیی دا ناکۆکیی و ململانێی هەمیشەیی و بێبڕانەوە هەیە ، دۆستۆیڤسکی ئەم ناکۆکیی و دژانە بە یەکێك لە سیفات و تایبەتمەندییەکان ی کرۆک و سروشتی مرۆڤایەتیی دەزانێت ٠ تایبەتمەندایەتییەك ی لەوجۆرە هانی دۆستۆیڤسکی دەدات کە باری دەرونیی کەسایەتیەکانی توێکاریی و شیکاریی بکات و پاشان ڕاپێچی ئەنجامدان ی کار ی نائاسایی ، بێڕەوشتیی یان چاکەخوازییان بکات ، ئەم کارانەش کە لە کەسایەتییەکانی ئەو ، واتا نوسەر دا ڕەنگدەدەنەوە و لە کردار دا ئەنجام دەدرێن پەیوەندییان بە جیهان ی واقیعیاتەوە نیە و هیچ کار وکاردانەوەیەك ی ئەوتۆیان لەسەر یەکتری نیە و پابەند بە هیچ سنور یان کات و شوێنێکەوە نین ، بەڵکو بەشێوەی لێکدانەوە ی ئاڵۆز ، شاراوە و دوور لە لۆژیك ئەنجام دەدرێن ، ئەم جۆرە کەسایەتییانەش بریتین لە : خەڵکی بێڕەوشت ، نەفسنزم ، هەڵخلیسکاو ، توڕە ، شەهوەتباز ، ئەڤیندار ، سۆزدار و …تاد ٠
ئەم جۆرە مرۆڤ و کەسایەتییانە لە جیهان و ژینگە ی مرۆڤایەتیی ئێمە بەدوور نین و بە جیهان ی ئێمە ئاشنان ، جیاوازیمان تەنیا لەوێ دا دەردەکەوێت کە ئەوەی ئێمە لە گۆشە ی تاریك و تەریککەوتووی نائاگایی و ویژدان ی خۆمان دا دەیشارینەوە ، ئەوان ڕاستەوخۆ دەیڵێن و لە کرداریش دا ئەنجامی دەدەن ، دۆستۆیڤسکی : { ئەوەی کە تۆ ناتوانیت ئەنجام ی بدەیت ، من تاکو ڕادەی ئێسقان بردم } ٠ داخۆکەسایەتیی نەخۆش و حاڵەتە نائاساییەکانی نوسەر دەبێت کێ و چی بن ؟ ! دیارە نەخۆشێك بۆئەوەی کارێك ئەنجام بدات دەبێت خاوەنی جەستەیەك بێت ، بەڵام تایبەتمەندیی کەسایەتییەکان ی نوسەر ڕێگەپێدراو نین کە خاوەنی لەش یان جەستەیەك بن ، بەڵکو زیاتر دەربڕێکن لە جیهان ی فیکر و خەیاڵ ی ئێمە ، بەڵام کاتێك کە هەڵسوکەوت ، بیرکردنەوە و کاردانەوە ی کەسایەتییەکان لە واقیع و جیهان ی فیزیکیی و دەرونیی ئێمەوە نزیك دەبن ، ئەوا دەشێت تەنیا دەربڕی جۆرێك لە دەستەڵات ی هونەر ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی بن ٠ بەڵام ئەوەی سەیر و جێگەی سەرسوڕمانە دەرنەکەوتنی ڕۆڵ ی کەسایەتیی ئافرەتە وەك کاراکتەرێك ی گرنگ و کاریگەر ، ئەم دیاردەیەش بەگشتیی لە سەرجەم ڕۆمانەکانی دا ڕەنگیداوەتەوە ٠ بەهەمان شێوەش دۆز و باس ی خۆشەویستیی و سێکسیش لە بیر و فەلسەفەی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دا تاکو ڕادەیەك شاراوە و ئاڵۆزن ٠ خۆشەویستیی لای ئەو نیشانەیەك لە ئارامیی و پایەداریی جەستە و گیان نیە ٠ لە دیدی دۆستۆیڤسکی دا ئافرەت وەك نێوەندکارێك دێتە گۆڕەپانی ڕوداوەکانەوە ، ژن لە جێگە و پلە و پایە ی خۆی دا دەخوازێت تەنیا دەرد و ئازار لە پیاو دا بەئاگابهێنێت و ئاودیوی سنورە ئەخلاقیی و یاسا دنیاییەکانی بکات ، و پاشان لاوازی بکات دواجار بەرزی بکاتەوە و بیخاتە نێو جیهانێك ی نوێ و ئازادەوە ٠ ژنان ی دۆستۆیڤسکی ڕۆڵ ی ئاناکارنینا ی تۆڵستۆی ، دایك ی مەکسیم گۆرگی و ژنان ی یەشار کەمال ناگێڕن ، ژن جێگە ی ئامانج و مەبەست نیە ، بەڵکو کەرەستەیەک ی بێبایەخە و دەبێتە هۆی دووکەرتبوون ی کەسایەتیی پیاو کە یەکێکیان ئەو بەرەو عەشقی شەهوانیی و ئەوی دیان عەشقی بەزەیی دەبات ٠لە ڕۆمانی ( گێلە ) دا ، کەسایەتیی ( گێلە ) عاشقی دوو ئافرەت دەبێت :یەکێکیان عەشق ی شەهوانێتیی (ئاگلای ) ڕایدەکێشێت ، ئەوی دیان ڕوخساری خەمگین و ئازاراویانە ی ( ناستازیا ) یە کە ئەو هەست بە سۆز و هاودەردیەکی لەڕادەبەدەر بەرامبەری دەکات ، واتا ئەوی وەكو عەشق خۆشناوێت ، بەڵکو لە سۆنگە ی بەزەییپێداهاتنەوە دا ئەو لەبەرچاودەگرێت ، ئاشکرایشە کە دوو عەشقی شەهوانیی و بەزەیی هیچیان دوو مرۆڤ پێکناگەێنن و هیچیشیان عەشقی ڕاستەقینە نین ٠ عەشق پێش هەرشتێك خۆفیداکردنە ! بەڵام بەزەیی ، سەلماندن و سەپاندن ی باڵادەستیی کەسێکە بەسەر کەسێك ی تر دا ٠ پێویستبوون ی تێرکردن ی غەریزە ی شەهوانیی و جینسیی ، دەربڕی جۆرێك لە دەرکەوتە ی دنیا ی خۆپەرستییە ، کاتێك هەرزەکارێك دوای دۆستیی و جووتگیریی دەکەوێت ، بێ لە بیانویەك بۆ چێژوەرگرتنی جینسیی هیچیدی ناگەێنێت . کەواتە شەهوەتبازیی کامڵترین دیاردە ی جۆرێك لە گۆشەگیریی و تەنیاییە ، کە لەوانەیە ڕوبەڕوی هەموو کەسێك ببێتەوە ، مرۆڤ لەم تەنیایی و گۆشەگیریە دا خۆی وون دەکات و دەبێتە دوو کەرتەوە ٠ ڤێرسیلۆڤ لە ڕۆمان ی ( هەرزە – المراهق ) دا : { دڵم پڕ لە قسەیە بەڵام ناتوانم بیهێنمە سەرزمان ، لەوەدەچێت بووبێتمە دوو کەرتەوە } ٠
ژنان لە تەمەن ی پڕچاوەڕوانیی خۆیان دا ؛ لەپێناوی گەیشتن بە مەرامی خۆیان و خۆدانەدەست پیاوان دا ، خاوەنی چەندین چیرۆك و بەسەرهاتی تفت و تاڵن ، بەڵام هەر کە بەدەستتهێنان سەرزەنشتت دەکەن ، هەندێكجار دڕندە و دڵڕەقن و هەندێکجاریش دلۆڤان ، ئەوان لەو دلۆڤانییە چێژوەردەگرن ، ژنان خاوەن شەرمێكی ناقۆڵا و پیس و شەهوەتێك ی بێگوناهن ، ئەوان درۆ لەگەڵ پیاوی خۆیان و یەزدان و تەنانەت خۆیشیان دەکەن ، ڕوبەڕوی ژیان نابنەوە بەڵکو وەك لەیستۆکێك یاری پێدەکەن ، ژیان لایان ئاوێنەیە و هەرجارەی بەشێوەیەك خۆیانی تێ دا دەنوێنن هەرجارەش شێوە و ڕەفتارێك ی جیاوازیان هەیە ، تاکو لەو ڕێگەیەوە هەست بە بوونی خۆیان بکەن ٠ بەڵام تایبەتمەندیی پیاو بریتیە لە سەقامگیریی و پایەداریی ! پیاو کاتێك هەست بە هێزی خۆی دەکات کە ئێستێك بەرامبەر گونا‌ح و هەڵە و چاکەکانی خۆی دەکات ، بەڵام ئافرەت هەست بە هێز و توانای خۆی ناکات ، مەگەر لە نائاگایی دا ، پەیوەندیبەستن لەگەڵ ئافرەتان چاوەڕوانیی گشت ڕوداو و کارەساتێك ی ناپەسەند و ناقۆڵای لێدەکرێت ، کە چاکترینە لەدەستی هەڵبێیت ٠ کورت و کرمانجیی ، دۆستۆیڤسکی باوەڕی وایە : کە عەشقێك یەزدانیی نەبێت عەشقێك ی لەرزۆك ، نەڕسکاو و ئازاربەخشە ٠ نوسەر هێز و توانا و بیر و کاریگەریی فەلسەفەی خۆی لە (مەسیح )و پەڕتوکی پیرۆز ( ئینجیل ) وەردەگرت ، کە بەهۆیانەوە دەیخواست بەئاودیوبوون ی سنورە ئەخلاقییەکان ئازادیی بەدەستبهێنێت ٠ ئەم جۆرە فەلسەفەیە لە دنیابینیی دۆستۆیڤسکی دا بەڕادەیەك ی قوڵ و بە بەرفراوانیش لە هەناو ی گەل ی ( ڕوس ) دا ڕیشە ی داکوتا بوو ٠ دۆستۆیڤسکی باوەڕی بەوە بوو کە ڕۆح و ویژدان ی گەل ی ڕوس خەڵوەتگەیەک ی ئارام و ئاسودەیە کە تیای دا گیان ی مەسیح شادە ، واتا مەسیح لەنێو دەرون ی هەر مرۆڤێك و هەر گۆشە و کەلێنێك ی کۆمەڵگە ی ڕوسیی دا دەژیا ٠ دۆستۆیڤسکی لەبەرامبەر ئەو دەرککردنە دا تاکو لەژیان دا بوو نەفرەتی لە کولتور ی ڕۆژئاوا دەکرد ، ئەو پێی وابوو ، سیستەمی ڕۆژئاوا ناکۆك و ناتەبایە لەگەڵ ڕۆحیەت و فەلسەفە ی مەسیح ، دۆستۆیڤسکی باوەڕی وابوو ، کە بەدەستهێنان ی ئازادیی بەبێ بوون ی یەزدان نایەتەدی ، بەجۆرێك کە هەر گەلێك باوەڕی پێچەوانە بێت لەنێودەچێت ، هەربۆیە نوسەر تاکو مردیش بەرگری لەو باوەڕ و شێوەڕێبازە کرد ، دەتوانین بڵێین ڕۆمان ی ( شەیتانەکان ) ی دۆستۆیڤسکی بەرجەستەیەکی تەواوی ئەو باوەڕ و هەلومەرجە بوو کە نوسەر پێشبینیی دەکرد ! ئەم ڕۆمانە چیرۆك ی نەتەوەیەکە کەوا هاوکێشە ی کۆمەڵایەتیی ناهاوسەنگ بووە ، کە لەشوێن ئەوەی خۆی ڕزگار بکات ، بەڵام لەنێودەچێت . دۆستۆیڤسکی دژی ئەو کەسانە بوو کە باوەڕیان بە گۆڕان ی کۆمەڵایەتیی هەبوو ، ئەو ترسی لەو گۆڕانانە هەبوو ، گۆڕانێك کە ئاکامەکەی بەباوەڕنەبوون بە یەزدان کۆتایی بێت . نوسەر کۆمانەوە و تلیساندنەوە لەژێر بار ی قورس و کار ی دژوار و زریان و سەرما ی سیبریای پێ چاکتر بوو لە دەوڵەتێك ی سۆسیالیستیی ٠
شۆڕشگێڕان ی سۆسیالیست و جیهان ی زانست و یاساکان لە دیدی دۆستۆیڤسکی دا کەسانێك ی دووڕو و هەلومەرجێك ی هەڵفڕیوێنەرن ، ئەوانە زیاد لەپێویست گرنگیی و قەبارە بە گەل و مرۆڤ دەدەن ، دەیانەوێت بەکوشتن و قوربانیی ، خەڵك بگەێننە ئازادیی ، هەروەها دەخوازن لەجێگەی باوەڕبوون بە یەزدان ، باوەڕی کوفر و بێباوەڕیی بە خەڵک بسازێنن ٠ ڕاسکۆڵ لە ڕۆمان ی ( تاوان و سزا ) دا کاتێك ڕادەپەڕێت و لەپێناوی بەدەستهێنان ی ئازادیی خۆی دا دەستدەداتە ئەنجامدان ی تاوانێك ، ئەو ئیدی ئازادیی خۆی لەدەستدەدات و سەرئەنجام دەبێتە کۆیلە ی بیرێك ی سەلماو ؟ ! بەوپێ و پێوانەیە و لەو ڕوانگەیەوە ، کاتێك گەلێك لەپێناوی دامەزراندنی سۆسیالیستیی و سیستەمێك ی نوێی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەپەڕێت ، بێ لە بەدەستهێنان ی کۆیلەیی و شێواویی و نائارامیی هیچی دی بەدەستناهێنێت ٠ ئەم دوو جۆرە ڕەهاگەرایی ( موباحیەت ) ە ی جیهان ی ئایدیا و واقیع لای دۆستۆیڤسکی لەوانەیە بوعد و لایەنێك ی مێژویی ، کۆمەڵایەتیی ، سایکۆلۆژیی و یاسایی خۆیان هەبێت ، ئەم دوو تاقیکردنەوەیە هاوشان ی یەك هەنگاو دەنێن و لەدواجاریش دا هەریەکەیان تووشی جۆرێك لە تێکشان دەبن ٠

سۆسیالیزم پێش هەرشتێك دۆزێك ی مەزهەبییە کە سەرچاوە ، کرۆك ، بنەما و ئاراستەی فەلسەفە ی خۆی لە جیهان و دنیابینییەك ی ئایدیالیستانەوە هەڵدەگۆزێت ، هەربۆیە سۆسیالیزم ناتوانێت بەتەنیا چاککەر ی ژیانی کرێکاران بێت بەڵکو چاککەر و ڕێکخەر ی جیهان ی مرۆڤایەتییشە ، سۆسیالیزم شانبەشان ی مەسیحێتیی ناڕوات بەڵکو جێنشینی ئەوە ٠ بەڵام خەوش و کەموکورتیەك کە دۆستۆیڤسکی تیای دا دەرکی پێکردبوو ئەوەبوو ، کە لەم قوتابخانەیە دا یەزدان بوونی نیە ، ئەبەدییەت شاراوەیە و زیندوبوونەوە و بەختەوەریی لە دواڕۆژ دا بوونی نیە ، واتا جگە لە بەختەوەریی سەرزەوی کە هەموو کەسێك توانای بەدەستهێنانی دەبێت ، ئەوا دنیایەك ی دی لەگۆڕێ دا نیە ، هەمووشتێك لەم جیهان ی سەرزەویە دا دەستپێدەکات و هەر لەم جیهانەیش دا کۆتایی دێت ، نرخ ی تاك ، کەس ، ژیان ی تایبەتیی ، هێز ی مەعنەویی و ئومێدە مەزن و نەمرەکان و … گشتیان لەم شیو و دۆڵ ی پوچ و تاریكی ژیان و نائاگاییە ی ئێمە دا لەنێودەچن ٠ سۆسیالیزم لێپرسراو ی پەیداکردن و دابینکردن ی ڕۆزیی و بژێویی خەڵکە ، بەڵام خواردن و خواردەمەنیی مانا ی ئازادیی نین ، بەڵکو مرۆڤ هەردەم برسیی و تینوی جیهان ی مەعنەویاتێکە کە مایە ی شادیی ، چێژبەخشیی و بەختەوەرییە بۆ مرۆڤ ، ئەمەش کارێکە کە نە بەئیشکردن دێتەدی نە بە گفتوگۆ و یاسا مرۆڤایەتییەکان ، لە دوابار دا خەوشی گشتیی سۆسیالیزم ئەوەیە ، کە نرخێك ی زیاد لە پێویست بە مرۆڤ دەدات ٠ شەیتانەکان پێشبینیەك ی ترسناك و بەخشینی شێوەیەك ی کاریکاتێریی بوو بە ڕۆژگار ی ئەوکاتە ، بەڵام هیچ کەسێك نەیدەزانی و سەرەدەرەی ئەوەی نەدەکرد ، کە دواتر و ڕۆژگارێك ئەو کاریکاتێرییە دەبێتە تابلۆیەک ی واقیعیی ؟ ! شۆڕش ی ئۆکتۆبر ی سۆسیالیستیی ئەو سەرئەنجامە شومە بوو کە شەیتانەکان باس ی لێوەدەکرد ٠ ئەوانەی خوازیاری ئەو شۆڕشە بوون لە گەل و پێداویستیەکانیان تێنەدەگەیشتن ، هەر ئەو باوەڕەیش بوو دۆستۆیڤسکی هاندا کە تاکو مردن دوژمنی سەرسەختی ئەوانە بێت ٠ ئەو باوەڕی بە ڕوسیایەك ی پێشکەوتوو هەبوو ، بەڵام دوور لە گیان ی ئەوروپاییبوون ، ڕوس ئەوەی لە توانا و بار دا هەیە کە خاوەنی مێژو و ئەزمون و ئامانج ی تایبەت بەخۆی بێت ٠ دۆستۆیڤسکی دوای ئەوەی سەردەمانێك تێکەڵ بە باس ، کۆڕوکۆبوونەوە و چالاکیەکان ی بەرهەڵستکارانی تەزار و حوکمڕانیی قەیسەر دەبێت پاشان دەکەوێتە نێو زیندانەکان ی دەوڵەتی تەزارەوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆدەردەچێت ٠ ئەو ؛ ئەو بڕیار و فەرمانە ی بەشیاو و شایان ی خۆی دەزانی ، کاتێکیش ئەو فەرمانی سزاکەی هەڵدەوەشێتەوە ، هەرگیز ئەو چاکەیەی تەزار ی ڕوسیا ی لەبیر نەکرد و لەوێ بەدوا ژیانی بەوەوە گرێدا ، هەرئەم وەفا و چاکەلەبەرچاوبوونەش بوو کە پاڵی بە دۆستۆیڤسکیەوە نا کە نرخ و بایەخ ی گەل ی ڕوس بە ئەرتەدۆکس و تەزاریزمەوە گرێبدات ، واتا ئەو هەم باوەڕی بە ئەرتەدۆکس ی مەسیحێتیی هەبوو هەم بە گەل ی ڕوس ، ئەم باوەڕە هەست ی نیشتیمانپەروەرێتیی لەناخی دۆستۆیڤسکی دا دادەکوتێت ، جەنگ ی نێوان ڕوس و عوسمانیەکان ئەم هەستە لە ئەو دا دەگەێنێتە دواپلە ی جۆش و هەژانی خۆی ! نوسەر باوەڕی وابوو کە جەنگێك ی وەها ڕۆح وگیانی گەل ی ڕوس دەگەشێنێتەوە و دواجار جەنگێك ی پیرۆز بوو لەخزمەت بە مەسیح و مەسیحێتیی دا ، ئەو بەجۆرێك لە بیر و باوەڕێك ی لەوجۆرە دا ڕۆدەچێت کە لە ساڵ ی ١٨٧٠ دا بنووسێت : ( ئەوەی بە زەبر ی شمشێر نەیەتەدی ، پایەدار نابێت ) ٠ بەڵام بۆ ئەوێك کە کاتێك لە تاوان و سزا دا بڵێت : { بونەوەرێك ی کۆمەڵایەتیی نەکوشتووە ، بەڵکو ڕێبازێك ی کوشتووە } ئەوا باوەڕێک ی وەها لەگەڵ فەلسەفەی جیهانگیربوون ، مرۆڤایەتیی ، ویژدان و بیر و هزری مەسیح دا یەک نەدەهاتەوە ؟ ! ! لە دید ی دۆستۆیڤسکی دا ، بۆگەیشتن بە بیری یەکگرتن ی جیهان لە مەسیحێتیی دا گشت هۆکار و کەرەستەیەك ی بەڕەوا دەزانیی ، لە ڕۆمان ی ( برایانی کارامازۆف ) دا دەڵێت : { ئەگەر خوایەك لەئارا دا نەبێت هەموو شتێک ڕێگەپێدراو ( موباح ) ە } ، بەڵام نوسەر خاوەنی یەزدان و مەسیح بوو ، هەربۆیە بیر و هەڵوێستێك ی وەها دژ و ناکۆك بوو کە بتوانێت جەنگێك ی وەها خوێنین بەڕێوەبەرێت ؟ ! مەسیح لەپێناوی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیی دا خوێنی خۆی ڕشت ، بەڵام دیار بوو ئەو خۆی لە بەرامبەر هەڵوێست و بۆچونێك ی وەها دا ناچار دەبینی کە ئێسقانەکان وردوخاش بکات ، ئەوەش بەڵام ئەو و ویژدانی ئەوی ئازار دەدا ، لەئەنجام دا ئەو نەفرەت لە شارستانییەتێك دەکات کە دەبێت لەپێناوی دا پێست ی خەڵك بگوریت ، دۆستۆیڤسکی بەم جۆرە لە وەڵامەکان ڕادەکات : ( ئەگەر بەشێوەی تیۆریی لێیبڕوانیت لەوانەیە کارێك ی نەشیاو و ناشایستە بێت ، بەڵام لە کردار دا هەرئەوەیە کە هەیە ٠ ) نوسەر لێرە دا بێئاگایە لەوەی کە دروستکردن ی نەتەوەی ڕوس وەك گەلێك ی سەردەست و باڵادەست لە جیهان دا ، چەندێك لە نرخ ، پایە و شوێنی مەسیح کەمدەکاتەوە ؟ ! گشت مرۆڤایەتیی کۆمەڵێك ی هەڵبژاردە ، باڵا و دەستکردی یەزدانە ، ئەمە مەسیح گووتی ! بەڵام هەرچی و چۆنێك بێت ئاقار ی بیری دۆستۆیڤسکی ڕووە و هەڵکردنی چرا ی مەسیح و بەرجەستەکردن ی سیفات ی یەزدان بوو لە مرۆڤ دا ٠
وەک ئاماژەم پێی دا ؛ دۆستۆیڤسکی باوەڕی بە گۆڕانی کۆمەڵایەتیی نەبوو ، بەڵکو بە پەرەسەندن و کامڵبوون ی شێوە پەیژەیی یان پلەپلەیی مرۆڤ هەبوو ٠ ئەو لە ڕەوت ی کامڵبوون ی مرۆڤ دا دوو جۆر دەستەڵاتی دەخستەڕوو ، یەکێکیان دەستەڵات ی مادیی و ئەوی دیان مەعنەویی ، ئەم دوو دەستەڵاتەش خۆبەخۆ مرۆڤ بەرەو جۆرێك لە ئارامیی یان پەشێویی دەگەێنێت ٠
ڕاسکۆف بە کوشتن ی یەکێك و گێلە بەشێتبوون ، و شەیتانەکانیش لە ڕەوتی شۆڕش دا وێڵ ی دەستەڵات بوون ، دەستەڵات دەشێت هۆکار یان کەرەستەیەك بێت کە توانا ی بەرجەستەکردن ی ئازادیی لەخۆی دا هەبێت ، ڕۆمان ی ( هەرزە ) چاکترین نمونەیە کە دەستەڵات و ئازادیی تیای دا بەرجەستە کراوە ! ! هەرزە لەوێ دا دەیەوێت ئازادیی بەدەستبهێنێت ، ئەو لەوباوەڕەدایە کە سامان دڵنیاترین و نزیکترین ڕێگەیە بۆگەیشتن بە هێز و دەستەڵات ٠ ئەو کەسێك ی زۆڵە و لەئەنجامی زۆرگیریی – اغتصاب کردنی دایکە کارەکەرەکەی لەلایەن کەسێک ی بەناو ڤێرسیلۆڤەوە هاتۆتە دنیاوە ٠ هەرزە نە دایك ی هەیە و نە باوك ، ئەو دوورە لە هەر بەسەرکردنەوەیەکی سۆز و خۆشەویستیی ٠ ئەو لەلایەن پیاوێك ی دڕندە و نەزان ی فەڕەنسیی بەناوی تۆچاردەوە دەچەوسێتەوە ، تۆچارد ئەتکی ڕۆحی دەکات ، دەیبوغزێنێت ، ئازاری دەدات ، ڕیسوای دەکات ، سوکایەتیی بە کەسایەتیی دەکات و بە نۆکەر و بێنرخی دەنرخێنێت ، بەڵام هەرزە بەپێچەوانەوە ڕێزی لێدەگرێت ، لێیدەپاڕێتەوە و تکاکار ی دەبێت ، بەڵام ئەوانە هەمووی بێسود دەبن ٠ لێرە دا پێویستە بگوترێت کە مرۆڤ چەندێك پوچ و بێنرخیش بێت ئەوا خاوەنی جۆرێك لە غرور و و هەست ی شانازییە ، ئەم نۆکەرە دەخوازێت لەیەك سات دا هەم نۆکەر و هەم گەورە و کوێخاش بێت ؟ ! ئەو کەسێك ی سوککراو و ڕیسواکراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا بیردەکاتەوە ، بەڵام ئاخۆ بیرکردنەوە چی لە ژیانی ئەو سەوز دەکات ؟ ! ئەو لەئەنجامی بیرکردنەوە دا خەڵك بە هیچ دەزانێت ، دەیەوێت تۆڵەی خۆی بکاتەوە و خەڵکیی ڕێزیبگرن ، ئەو دەیەوێت ئاودیوی دیوارە ئەخلاقییەکان بێت ، تاکو هەم ئیعتیبار بۆ کەسایەتیی خۆی بگەڕێنێتەوە هەم بەدەستهێنانی ئازادیی و دەستەڵات ٠ ئەو لە سەرەتا دا دەخوازێت بزانێت کە ، ئایا ڕۆڵ ی سامان لە ژیان ی کۆمەڵایەتیی دا چیە ؟ ! ئەو دەیەوێت بەهۆی پارە و زێڕەوە لەچوارچێوە ی ئەو دەوروبەرە شێواو ، ماندوکەر و ئازاربەخشە دا ڕابکات ٠ لێرە دا ڕاسکۆڵ و هەرزە بەرەو یەك مەبەست و ئامانج شۆڕدەبنەوە ، و یەك تێکشکانیش ڕوبەڕوی هەردووکیان دەبێتەوە ، واتا بەرەو ئەنجامدان ی کارێك کە لەسەروی توانای کاری مرۆڤێك ی ئاساییە ٠ لە ڕۆمان ی هەرزە دا ، کەسایەتیی هەرزە جولەکەیەك ی دەوڵەمەندی ساماندار بەبۆگەن و بێڕەوشت دەچوێنێت ، لە تاوان و سزایش دا پیرەژنێك بە مێرو یان جانەوەرێك ٠ بێگومان ئەم دوو پاڵەوانە لەو کارانە ی کە ئەنجامی دەدەن ، هیچ سود و بەرژەوەندییەك ی بەرزی مرۆڤایەتیی تێ دا ڕەچاو ناکرێت ، بەڵکو تەنیا هەڵوەدای دەستەڵاتن ! هەرزە دەڵێت : { من پێویستم بە پارە نیە } ، ئەو وێڵ و عەوداڵی دەستەڵات بوو ، دەستەڵاتێك کە لە سایەی دا دەتوانێت گشت ویست ، ئارەزو و داخوازێك ی خۆی بەدەستبهێنێت ٠ هەرزە دەیەوێت لەسەر شارایەك ئاڵتون خۆی لەناوبەرێت و بەئازادیی خۆی بگات ، ئەو دیمەن ی خەون و خەیاڵەکانی خۆی لە ساتێك لە ساتەکان و لە هزر و بیرکردنەوەی خۆی دا وەها دەهێنێتەپێشچاو ، کە ئەو ئیدی کەسێك ی ساماندار ی خاوەن دەستەڵاتە ، و بەهۆیەوە پارە دەبەشێنێتەوە ، لەوێ دا ئیدی ڕاستییەکانی ناخی ئەو دەردەکەون ، واتا لەوێ دایە کە پارە و سامان هیچ ڕۆڵێك لە ژیان ، هەڵسوکەوت و بار ی دەرونیی ئەو ناگۆڕێت ٠ هەرزە لە وێستگەیەك ی شەمەندەفەر دا : { ئەگەر ئەم جەنەڕاڵە بێئەدەبە بیزانیایە من کێم ، ئەسپ ی لە عەرەبانە دەبەست و لەسەرکەوتنم دا دەست ی دەگرتم } ٠ ڕاسکۆڵ لە دید و باوەڕی خۆی دا ، بەدەستهێنانی ئازادیی و دەستەڵات لە کوشتنی کەسێك ی بێتاوان و سزا و چەشتنی ئازار ی سیبریا دا بەدەستدەهێنێت ، بەڵام هەرزە بەپێچەوانەوە ، و لەشوێن ئەو کارە پارە کۆدەکاتەوە ! ئەو لە شوێنێك دا : { پارە تەنیا هۆیەکە کە بەسوکترین و بێنرخترین کەسان ڕێگەدەدات کە بە بەرزترین پلە بگەن } ، ئەو پول بە پول کۆدەکاتەوە ، بەڵام لەجێگە ی ئەوەی کەسێك ی ئارام و بەختەوەر بێت ، هەمیشە لە حاڵی بیرکردنەوەیەک ی قوڵ دایە ، کە سەرئەنجام توشی نۆچدان و تێکشکان دەبێت ؟ ! تێکشکانی هەرزە لە مردنی (( ڕێنۆچکا )) دایە ، ئەو منداڵێك ی هەتیو و بێکەسە و هەرزە دەیگرێتەخۆی ، هەرزە لەپێناو ی گەورەکردن و بەختەوەریی ئەو دا تەواوی سامانی خۆی دەبەخشێت ، ئەو لە سەرئەنجام دا پاشەکشە لە ئامانجێك دەکات کە دارونەداری لەپێناوی دا کردووەتە قوربانیی ٠ دواجار ئەو لەکاردانەوە ی ئەو تێکشکانە دەرونییە دا دەستدەداتە قوماربازیی ، بەرەڵایی و پەیوەندیبەستن لەگەڵ خەڵکان ی نەفسنزم و بێبەهرە دا ، واتا بارێك کە ئەو ڕوبەڕوی پوچیی و تەنیایی دەکاتەوە ٠
دۆستۆیڤسکی لەدواتەمەنەکان ی ژیانی خۆی دا دەبێت ! واتا ئەو ئیدی ڕووە و پیریی دەڕۆیشت ، زەبری گورچکبڕی چەندساڵە ی زیندان و دژواریی و سەختیی ژیان ، ئەو هێدی هێدی دەچەمێنێتەوە ، و ماندوێتیی لە ڕوخساری دا وەدەردەکەوێت ! بەڵام ئەو ئێستا خاوەن تاقیکردنەوە و ئەزمونێك ی قوڵە ، دەستەڵاتی ژیریی دەستی بەسەر توانایی هزر و بیری ئەو دا گرتووە ، ئەو ئیدی خاوەن پەیامێکە و دەخوازێت بیگەێنێت ٠ دۆستۆیڤسکی لە دواڕۆژەکان ی تەمەنی خۆی دا ، ناو و ناوبانگێك ی زۆر ی پەیداکرد ، ئەو لە بەشداریکردنی یاد و ئاهەنگ ی پەردە هێنانەخوارەوە لەسەر پەیکەر ی شاعیر ی ناودار ی ڕوس (( پۆشکین )) ، پلەوپایە ی گەیشتە فەیلەسوف و پەیامبەرێك ، پەیام ی ئەو بۆ گەل ی ڕوس و گشت مرۆڤایەتیی بوو ! ڕۆمان ی (( برایانی کارامازۆف )) کە ماوەی سێ ساڵ ی بۆ نووسینی خایاندووە ، ئەو دوا پەیامە بوو کە بە ئەمانەت و ڕاستگۆییەوە گەیاندی ، ئەو دوای تەواوکردن ی ئەم ڕۆمانە چاوەکانی بۆهەمیشە لێکنا و لە ساڵی ٣١. ٦ . ١٨٨١ دا دنیا ی پڕئازار و ئەشکەنجە ی جێهێشت ٠ لێرە دا بەگرنگی دەزانم کە چەند دێڕێکی کورت سەبارەت بە پەیام ی ئەو مەزنە ناودارە کە ڕۆمان ی ناوبراوە بنووسم ، چونکە ئەم ڕۆمانە دوابەشی زنجیرەژیان ی فیکریی و فەلسەفیی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکیە . هیوادارم خوێنەر ی هێژا بە حەوسەڵەی زیاترەوە لەخوێندنەوەی بەردەوام بێت ٠

برایانی کارامازۆف
خێزانی کارامازۆف لە شارۆچکەیەك دەژین ٠کارامازۆف پیرەمێردێكە کە سەرتاسەر ی تەمەن و ژیانی بە ڕەوشتنزمیی ، شەهوەتبازیی ، دڵڕەقیی و شاراوەیی بەسەربردووە ٠سێ ژنی هێناوە ؛ لە ژن ی یەکەمی کە هەمیشە دارکاریی کردووە کوڕێك ی لێیدەبێت بەناوی ( دیمیتری ) ، دیمیتریش کەسایەتیەکی هەرزە ، کاڵفام ، هەڵخلیسکاو و هەندێکجاریش دەم لە فەلسەفەی ئایدیالیستیی دەدات ٠ لە ژنی دووهەمیان ، کە کەسایەتییەکی شاتەشاتکەر و هاش و هوشکەر ی هەبووە ، کوڕێك ی لێیدەبێت بەناوی ( ئیڤان ) ، ئەمیش کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری ترسناکە و گیانێك ی ئاژاوەچیانە و وێرانکاریانەی هەیە ، ئەو دەشێت بگوترێت قارەمان ی باوەڕ و فەلسەفە ی (( ڕەتگۆیی – نهێلزم )) ە ٠ هەروەها لەهەمان ژن کوڕێك ی تری بەناوی ( ئەلێکس ئالیۆشا ) دەخاتەوە کە کەسێكی خێرخواز و چاکەکارە و لەجیهان ی یەزدانناسیی دا قوڵدەبێتەوە و کەسایەتیی خۆی پێوەی گرێدەدات ، کە دەتوانین بڵێین ناوەندی فەلسەفەی چاکە و خێرخوازییە لە ڕۆمان ی برایانی کارامازۆف دا ، ناوەندێك ی ڕوناك کە تەواوی کەسایەتیەکان ی تری ناو ڕۆمانەکە لە دەوری دەئاڵێن ٠ کەسێك ی دی لەنێو ئەم خێزانە دا دەژێت بەناوی ( سێمەرد یاکۆف ) ، ئەو پیاوێکە و بەرهەمی زۆرگیریی – اغتصاب ی کارامازۆف ی پیرە لە کچێك ی هەژار ی کەڕولاڵ ، ئەمیش کەسایەتییەكە ، کە تایبەتمەندیەكی پوچ ، بێئابڕو ، فێڵباز و هاشوشکەری هەیە و نۆکەر ی ماڵەکەیە ، ئەم مرۆڤە پەیوەندیی لەگەڵ ئیڤان ی زڕبرای خۆشە و ستایسی دەکات ٠ لەنێوان ئەم باوك و چوار کوڕە دا ، ژنێك بەناوی ( گرۆشینکا ) هەیە ، کە هەریەکەیان بۆبەدەستهێنانی ئەو دژی یەکتری دەجەنگن ٠
سێمەردیاکۆف بەو خەیاڵ و باوەڕەی کە گوایە داوایەکی ناوەکیی یاخود ناخ و دەرون ی ئەو واتا ئیڤان جێبەجێ دەکات ، کارامازۆف ی باوك دەکوژێت ، بەڵام لەشوێن ئەو دیمیتری بە تاوانبار دەناسرێت و و دادگە لەپای سزاکەی دا ڕەوانەی سیبریا ی دەکات ٠
دوو بیری سەرەکیی بەسەر جەستەی ڕۆمان ی برایانی کارامازۆف دا شۆڕدەبنەوە ، یەکێکیان عەشق و ئەوی دیان یەزدانە ، شیاو و گونجاویشە بگوترێت گرۆشینکا و مەسیح یاخود شەیتان و فریشتە ٠ ئێمە پێویستە ئەم ڕۆمانە وەك ڕوداوێك ی ڕۆژانەیی سەیرنەکەین ، بەڵکو وەك سیمبۆل ، نیشانە و ئاماژەیەك بۆ گەیاندنی فەلسەفە و بیرێك یان پەیامێك لێیبڕوانین ! ! لێرە دا هەریەکێك لە کەسایەتییەکان سیمبۆلن بۆ دیاردەیەکی مرۆڤایەتیی و قۆناخێك لە کامڵبوونی ڕەوشت و ویژدان ی مرۆڤ کە خاوەنی تایبەتمەندیی و پێناسی خۆیەتی : کارامازۆف ی پیر یاخود باوك ، کەسایەتیەکی سروشت ئاژەڵییە ، کە هەڵوەدای سێکس و بەدەستهێنانی دنیا ی شەهوانیەتە ! ! دیمیتری ، ئالیۆشا ، ئیڤان و سێمەردیاکۆف تێکڕا و پێکەوە سیمبۆلن بۆ قۆناخێك لە گۆڕانەکان ی کەس یان ، مرۆڤێك کە وردە وردە لە سیفەت ی ئاژەڵییەوە ڕووەو پاکبوونەوەی گیان و باڵابردنی ڕەوشت و ویژدانی مرۆڤ دەڕوات ، واتا دروستبوونی مرۆڤ ی نوێ ٠ ئالیۆشا لە شوێنێك دا بە دیمیتری برای دەڵێت : { پەیژە ی شەقوشڕ بۆ هەموومان یەك شتە ، گریمان تۆ لە پلەی سیانزە دا وەستاویت و منیش لە پلە ی یەکەم دا ، لای من هیچ جیاوازیەکیان نیە } لەسەر ئەم پەیژەیە و لە دواپلە ی سیانزە دا ژنێك هەیە واتا گرۆشینکا کە لەژێر دەستی بازرگابێك ی پیر ( کارامازۆف ) دایە ، کە ئەوی لە نەهامەتیی هەژاریی و نەبوونیی ڕزگارکردووە ٠ ئەم ژنە هەرکەسە لە دید ، تێڕوانین و بەرژەوەندیی خۆیەوە لێیدەڕوانێت و پێناسی دەکات ، خزمێكی ژنەکە : کچێك ی هەرزە و بەرەڵایە ، کارامازۆف : سۆزانیی ، هەندێك ی دی : ئاژەڵە ، کەسانێك ی تر : نەخێر فریشتەیە ، دیمیتری : ژنێك ی ئاگرئاسا و بێئامانە ، ئالیۆشا : کەسێك ی سادەیە ٠ لێرە دا دەتوانین بڵێین ئەم ئافرەتە هەموو ئەو سیفەتانەی تێ دا هەیە یان بەجۆرێك ی دی : ئافرەتێك ی گەنج ، سێکسیی ، بۆگەن ، سیفەت ئاژەڵیی ، سۆزدار ، ئازاربەخش ، سەرشێت و …تاد ە ٠ کارامازۆف ی پیر گشت سامان و موڵکی خۆی دەکاتە میراتەبەش و بەسەر منداڵەکانی دا دابەشی دەکات ، بەڵام ئەو بەشی دیمیتری کوڕی بە گرۆشینکا دەبەخشێت ٠ گرۆشینکا کەسایەتیەکە وەك ئاگر لەدوی پوش دەگەڕێت ، نەهەنگێکە و دەوروبەرەکەی خۆی هەڵدەلوشێت ، ئەو ئارەزوی ئاودیوبوون ناکات ، بەڵکو لەیستۆکێکە و یاری پێدەکرێت ، و لەبەرامبەر دا ئەویش یاری بەخەڵك دەکات ٠ کارامازۆف لە دیدی ئەم ئافرەتە دا کەسایەتیەکی سوك و بێنرخە ! ، ئەم پیرەمێردە گشت شەوێك لەپەرێز ی ڕاوکردنی ئەو دا دەبێت تاکو لەگەڵی دا سەرجێگەیی بکات ، بەڵام گرۆشینکا نەخۆی دەداتە دەست ئەو و نە کەسێك ی وەك دیمیتری کە شێت و شەیدای بووە ٠ ئەم ئافرەتە بەهەردووکیان ڕادەبوێرێت ، تاکو کار دەگاتە ئەو شوێنە ی ، کە ململانێی نێوان باوك و کوڕە دەگاتە مریشکەڕەشە یان ئەوپەڕی توندوتیژیی و کۆڵانێك ی داخراو ٠ کارامازۆف ی باوك بەجۆرێك شەیدای ئەو ژنە دەبێت کە گشت ئازادییەکی لێزەوت دەبێت و دەبێتە کۆیلە ی ئافرەتێك ، دیمیتریش لەلایەکی دیەوە بەجۆرێك شەیدا ی جوانیی و سەرنجڕاکێشیی گرۆشینکا دەبێت ، کە کەسایەتیی ئەو دیل و شەتەك دەکات ٠
ئارەزو و شەهوەتی دنیایی و بەدەستهێنان ی ژیان بەجۆڕێك لەو کەسایەتییانە دا قوڵدەبێتەوە کە دەیانکاتە ئاژەڵێك و بەئەنجامدان ی تاوان و کاری ناشایستە خۆیان ئاودیوی سنورە ئەخلاقییەکان دەکەن ، باوك دەڵێت : { ئەو وەکو قالۆنچەیەك پاندەکەمەوە } ، دیمیتری بەرامبەر بە باوکی : { نازانم لەوانەیە بیکوژم و لەوانەیشە نەء ، دەترسم کاتێك بێت و نەتوانم تەحەمولی چڕوچاوی بکەم …. } کار لەپێناوی بدەستهێنانی ئەم ژنە دا بەڕادەیەك دەگات ، کە دیمیتری لەنیوەشەو دا دەسکە هەمەوانەیەك بەسەری باوکی دا بکێشێت و ( بیبورێنێتەوە ) ، سێمەرد یاکۆف کە چاودێریکەر و خۆلەمەڵاسدەر ی ڕوداوەکە ی نێوانیان دەبێت ، دەڕوات و لە پشتەوە کار ی لێدانەکە دەگەێنێتە ئەنجام و کارامازۆف ی باوك (دەکوژێت ) ، دیمیتری لەدوای ئەو ڕوداوە هەڵدێت و ڕەدوی گرۆشینکا دەکەوێت ، سەرئەنجام بەڵام پۆلیس ئەو واتا دیمیتری لەکاتی لوتکە ی مەستیی ، شادیی ، عەشق و دڵداری دا دەستگیردەکەن و دواجاریش تاوان ی کوشتنەکە بەسەری دا ساخدەبێتەوە ، پاشان بۆ بەسەربردنی شوێنی سزاکەی ، بەسزای کار ی بەزۆر وگران ڕەوانەی سیبریا دەکرێت ، گرۆشینکاش لەلایەکەوە فریوی پارەی باوکە و لەلایەکی تریشەوە پەیمانی هاوسەرگیریی بە کوڕ واتا دیمیتری دەدات ٠
ئەو شادیی و سەرمەستیە ی دیمیتری و گرۆشینکا دەیچێژن و زۆرجاریش کە لە ژیان و دەوروبەر ی کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دا دێنەبەرچاو و وێناکردن ، نیشانە و ئاماژەیەکن بۆ هەستکردن و پێشبینیکردن ی ڕوداو یان کارەساتێك ؟ ! ئەم جۆرە شادیانە لای نوسەر مانا و مەغزا ی قوڵ دەبەخشن ، بەو واتایە ی کە هەر شادییەك مەعنەویی نەبێت شادیەک ی لەرزۆك ، کاتیی و تێکشکێنەرە کە ئەنجام بە لەناوچوون ی مرۆڤەکان کۆتایی دێت ٠دۆستۆیڤسکی هەروا بێ هۆ ، لەخۆڕا و بێبناغە کەسایەتیی و پاڵەوانەکانی خۆی بەسزا نەدەگەیاندن و لەنێوی نەدەبردن ، ئەو لەڕێگە ی سەلیقە و نەریت ی ئەدەبیی خۆیەوە بەجۆرێك زەمینەسازیی بۆ خوڵقاندن ی ڕوداوە پێشبینینەکراوەکان خۆشدەکرد کە ئاوس بێت بە کەرەستەی شادیی ، خۆشیی ، ڕابواردن ، مەستیی ، و عەشق ، واتا نوسەر لە لوتکە ی شادیی ، مەستیی ، عەشق ی سوتێنەر و چێژ ی دنیایی دا کەسایەتیەکانی خۆی دەگلاند بە ئەنجامدان ی تاوان ٠ دیمیتریش لەهەمان لوتکە ی ئەو شادییە دا بوو کە هەوڵی کوشتنی باوکی دابوو ، ئەو هەرچەندە لە دادگە دا بەرگریەکی زۆری لە بێتاوانیی خۆی دەکات ، بەڵام بێسود دەبێت ، و کەوتنەوەی ڕوداوەکان گشتی شایەتیی لە ئەنجامدەری تاوانەکە کە دیمیتریە دەدەن ، بەڵام لەڕاستی دا سێمەردیاکۆف ئەنجامدەری ڕاستەقینە ی تاوانەکەیە ! کەسایەتیی سێمەرد ڕۆڵێکی ترسناك و دۆزەخیی لە برایانی کارامازۆف دا دەگێڕێت ، ڕۆڵێك کە زۆر جێگە ی مەبەستی دۆستۆیڤسکیە ! ! هەر ئەو جێمەبەست و خواستلەسەربوونەیشە هانی نوسەر دەدات کە سێمەردیاکۆف بکاتە سیمبۆل و ناوەندی ڕوداوێك ی گرنگ ، کاریگەر و هەژێنەر٠ سێمەردیاکۆف بۆچی هێندە جێگە ی بایەخ و گرنگیپێدانی دۆستۆیڤسکیە ؟ ! سێمەرد دەربڕی چەشنێك لە جیهان ی ناوەوەی ئیڤان کارامازۆفە ، ئەو واتا سێمەردیاکۆف گیاندارێك ی بێزارکەر و نەفرەتلێکراوە ، ئەو ، ئەو بێزاریی و نەفرەتبەرکەوتنانە بەشایستەی خۆی دەزانێت و لەزۆر شوێنی ڕوداوەکان دا دان بەوە دا دەنێت ، لەڕاستیی دا ئەو حەزی لە نەفرەتبەرکەوتن و ڕیسوابوونە . ئەو بەهۆی بێبەشبوونی ئیڤان ی زڕبرای لە میراتی باوکی ، کارامازۆفی باوکیان دەکوژێت ، بەبێئەوەی ئیڤان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ داوای ئەو کارەی لێکردبێت ٠ ئەو کاتێك کە ئەم کارە ئەنجام دەدات ، لەدید و بۆچوونی خۆی دا وادەزانێت کە داوا ، تکا و ئارەزویەک ی گەورەکەی خۆی کە ئیڤانە بەجێهێناوە ، واتا ئەوەی لەدەریا ی دڵی ئیڤان دا بەشێوەیەکی زۆر ئاڵۆز و پێچاوپێچ مەلەی دەکرد ، لەواقیع دا ئەنجام درا ، ئیڤانیش بەوکارە توشی سەرلێشێواویی ، سەسوڕمان ، دۆشدامان و دەرونلاوازیی دەبێت ! دەتوانین بڵێین ، سێمەردیاکۆف سیمبۆل و خاڵ ی پێکگەیشتن ی ئایدیا و کردارە ، یان تەواوکەری کەسایەتیی ئیڤان ٠سێمەردیاکۆف نیشانە و هەڵگری مانا و بوعدێك ی زۆر قوڵ و پێچاوپێچ ی مرۆڤایەتییە واتا ئەوەی کە لە جیهان ی نائاگایی ( لاوعی ) ئێمە دا دەردەکەون ، نالێپرسراو ، جیا و سەربەخۆ لە کردار و ویژدانمان نین ، هەر لەو دید ، ڕوانگە و باوەڕەیشەوەیە کە سێمەرد لە شوێنێك دا بە ئیڤان ی برای دەڵێت : { تۆ زۆر حەزت لە کوشتنی باوکت بوو ، بەڵام تۆ نەتدەتوانی ئەو بکوژیت ، ئارەزومەند و خوازیار ی ئەوە بوویت کە کەسێك ی دی ئەو کارە ئەنجام بدات ٠ } ٠

ئیڤان لەناخی خۆی دا هەرگیز هەستی بەوە نەکردبوو کە ئارەزو یان خواستێك ی لەوجۆرە لە ناخ و ویژدانی دا چەکەرەی کردبووبێت ، بەڵام کاتێك ئەو ڕوبەڕوی واقیعێك ی لەوجۆرە دەبێتەوە ، دەشێوێت و لەدەرونی خۆی دا و پاش لێکدانەوە و تاوتوێکردن ، دەگاتە ڕاستییەك کە لە شوێنێك دا بڵێت : { بەڵێ ، من چاوەڕێ ی ئەو کارە بووم ، لەبەرئەوە ڕاستە من دەمخواست ئەو بکوژم } ٠ بەڵام ئەوەی کە سەری ئیڤان لەم هێنان و بردنانە دەسوڕمێنێت ئەوەیە کە : { ئایا من تاکو ئەو ڕادەیە حەزم لە مردن ی باوکم بوو ؟ ! } سێمەردیاکۆڤ لەوێ دا و ڕاستەوخۆ بە ئیڤان دەڵێت : { بەڵێ تۆ کووشتت ، پیاوکوژی ڕاستەقینە تۆیت ، من تەنیا یارمەتیدەرێكی تۆ بووم … } سێمەرد لە دادگاییکردنی ئیڤان و لە بیر و ویژدانی خۆی دا تەنیا یەك بەڵگە دەبینێتەوە ، ئەویش دەقی قسەیەکی ئیڤان خۆیەتی کە لەکاتیخۆی و لە میانە ی گفتوگۆیەکی لەگەڵ سێمەردیاکۆف دا بەگوێی دا دەدات و پێی دەڵێت { ئەگەر یەزدانێك نەبێت ، ئەوا هەمووشتێك ڕێگەپێدراو ( موباح ) ە } سێمەرد ڕێك لەسەر بنچینە و هێزی کاریگەریی ئەو قسەیە ی ئیڤان دەبێت کە تاوانێك ئەنجام دەدات ٠ ئیڤان لە ڕوانگە و دید ی یاسا ی مرۆڤایەتی و زانست دا کەسێكی بێتاوانە ، بەڵام لە دیدگە و دنیابینیی ئەخلاقیاتەوە هیچ دەرفەت و ڕێگەیەك نابەخشرێت ، کە ئیڤان بەدەر و دوور لە تاوانێك ی لەوجۆرە بێت ٠ سەرئەنجام ئیڤان لە شوێن و پاداشتی نکۆڵیکردنی لە یەزدان ، خۆی لەناو زبڵدان و زۆنگاوی بۆگەنبووی گیانی ئێمە ، واتا سێمەردیاکۆف دا دەبینێتەوە ، لەبەرامبەر گەیشتن بە دواپلە ی پەیژەیەک ی پتەو و تۆکمەدار لەپێناوی بەدەستهێنانی جیهانێك ی ڕوناك ، ڕەوشت و ویژدانێك ی باڵاتر ، خۆی لەنێو شیو و دۆڵێك ی تاریك دا دەبینێتەوە ، لەشوێن بەدەستهێنانی ئاوەزێك ی ڕۆشنتر و تەندروستتر ، دوچاری جۆرێك لە ناهاوسەنگیی دەرونیی و ویژدانیی دەبێت ٠ ئیڤان لە بیرکردنەوە ، ڕامان و ناسینی دەرون و ویژدانی خۆی دا ڕوبەڕوی ئازارێك ی قوڵ دەبێتەوە ، کاردانەوە و کاریگەریی ئەنجامبەندیی و گەیشتنی ئەو بەو ڕاستییە ی کە خۆیشی بەشێکی گرنگە لە تاوانەکە ، بەجۆرێك لەو دا ڕەنگدەدەنەوە ، کە هەست بە دووکەرتبوونی کەسایەتیی خۆی بکات و ڕوبەڕوی شەیتان ببێتەوە ، ئەو شەیتانەش خۆیەتی : { تۆ خۆمیت ، بەڵام بە ڕوخسارێك ی تر، تۆ ڕاگەیەنەری بیری تایبەتی منیت ، تۆ پڕوپوچتریین بیر و خەیاڵ هەڵدەبژێریت } ٠ زۆرێك لە بار ی ژیان و کاردانەوە دەرونییەکان ی کەسایەتیی و پاڵەوانەکان ی دۆستۆیڤسکی ڕەنگدانەوەی بار ی کەسایەتیی و بەسەرهات ی ژیان ی واقیعیی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە ڕۆژگارانێك لەگەڵیان دا ژیاوە ٠ لە ڕۆمان ی (( قومارباز )) دا هۆنینەوە و وەسفکردن ی بار ی دەرونیی پاڵەوانەکە ی ڕێك و کتومت وەسفی بیرکردنەوە و ژیان ی تایبەتیی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە سەردەمانێك کاتەکان ی ژیانی خۆی بە قومارکردن لە گازینۆکان ی نەمسا ، ئەڵمانیا ، ئیتاڵیا و سویسرا دا بەسەربردووە . لێرە دا دەتوانین بڵێین کەسایەتیی ئیڤان هەڵگر ی باری کەسایەتیی و فیکریی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە ماوەیەک ی زۆر بیر ی یەزدان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات ، واتا بیرێك کە سەرتاسەر و بۆهەمیشە ژیانی خستووەتە ئازارەوە ، نکۆڵیی ئیڤان لە یەزدان هەمان نکۆڵیی دۆستۆیڤسکی بووە لە یەزدان ، کە سەردەمانێك ی زۆر ئەویش ئاڵاهەڵگری دەبێت . لەدید و تێڕوانینی دۆستۆیڤسکی دا ئیڤان هەمان ڕۆڵ ی سێمەردیاکۆف دەبینێت ، واتا ئیڤان بەرجەستەیەکە لە ڕۆح و ویژدانی ئەو ، بەڵام ئەو مەودا دور و جیاوازیە ی کە لەنێوان ئیڤان و دۆستۆیڤسکی دا دروستدەبێت تەنیا ئەو بارە مەجازییەیە کە ئیڤان هان دەدات تاوانێك بە ناڕاستەوخۆ ئەنجام بدات ، دەنا نوسەر لە ژیان ی خۆی دا هەرگیز ئەنجامدەر و نەخشەداڕێژەر ی هیچ تاوانێك نەبووە ، واتا ئیڤان کەسایەتییەك ی دادگاییکراوی خەیاڵ و ویژدان ی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە و هیچی تر ٠
ئالیۆشا و قەشە زیسیم دوو ڕوخسار ی ڕوناك و نورانین لەبەرامبەر ئەو کەسە دەروننەخۆش و دووکەرتانە دا ٠ئالیۆشا قوتابی یان ئیماندارێك ی بیر و فەلسەفە ی مەسیحە لە خەڵوەتگەیەک ی ئارام دا ، ئەو نە ئەولیایە و نە سۆفی ، بەهەمان شێوەش نە کەسێك ی خەیاڵیی یان فریشتەییە ، بەڵکو مرۆڤ یان کەسێك ی ڕیالیستییە و ئاشنایی بەو دەوروبەرە بۆگەنبووەوە هەیە کە تیای دا هەست بە بەرپرسیارێتیی ، لێپرسراوێتیی و پابەندبوونێك ی ویژدانیی و ئەخلاقیی دەکات ، ئەو کەسێك ی مرۆڤدۆستە کە لە ڕۆژگاری خۆی زیاتر هەنگاوی بیروباوەڕ و ئاکار ی چاکەخوازیی و مرۆڤدۆستیی هەڵهێناوەتەوە ، بەڵام ڕاستییەك هەیە ، کە ئەو ، واتا ئالیۆشا ناتوانێت هەوەسبازیی و شەهوەتپەرستیی کەسایەتییەکان لە دنیا ی ماتریالیی دا خامۆش یان لەناوبەرێت ، ئەو کەسێکە کە لە جیهان ی واقیعیات دا گەورە بووە و باوەڕێك ی ساخ و دروستی بە بوون ی یەزدان و موعجیزات هەیە ، بەڵام موعجیزە بنچینە و کۆڵەکە ی بیر ، بیرکردنەوە و ڕەوشتی ئەو نیە ، بەڵکو هۆکار و هەوێنی پڕشانازیی بیروباوەڕی ئەوە ٠ موعجیزە باوەڕ دروست ناکات ، بەڵکو بەپێچەوانەوە ٠

ژیان لای دۆستۆیڤسکی بەهەشتێکە ، کە ئێمە لەناوی دا دەژین و بەڵام ناخوازین لە مانا ی ڕاستەقینەی ئەو ژیانە تێبگەین ، هەروەها هەریەکێك لە ئێمە لەم ژیانە دا گوناهبارین بەرامبەر گشت کەس و هەر ڕوداو یان دیاردەیەکی مرۆڤایەتیی کە ڕودەدەن ! ژیان ی مرۆڤ لەنێوان ئەم جیهان ی بەهەشت و هەستی گوناهبارییە دا دەکرێت بەدەربڕی جۆرێك لە جیهانیبوون ی ئازاری مرۆڤایەتیی وێنابکرێت ، کە دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانەکانی دا هەوڵی بەرجەستەکردنیان دەدات ٠ تاوان بەتەنیا پەیوەست نیە بە قوربانییەکەی و تەواو ، بەڵکو پەیوەستە بە گشت لایەنەکان ی کۆمەڵگە و هەر تاکێكی ئەو کۆمەڵگەیەشەوە ، کاتێك کەسێك کە لە خەیاڵ و هزری دا حەز یان ئارەزو ی تاوانێك دەکات ، ئەگەر لە کرداریش دا ئەنجامی نەدات هەر بە تاوان دەژمێردرێت ، بۆ نمونە : لەگەڵ چەتە یان گەندەڵکارێك کە هێشتا ڕوخساریمان نەبینیوە ، ئەوا چەتەیی یان گەندەڵییمان ئەنجامداوە ، لەگەڵ بابکوژێک کە بەهۆی خوێندنەوەمان لە ڕۆژنامەیەك دا ناسیومانە ، دیارە بابکوژییمان کردووە ، لەگەڵ شەهوەتبازێکیش دا زۆرگیرییمان کردووە …. تاد بەخشینی ئەم بوعدە یاسایی ، دەرونناسیی ، فەلسەفیی و ئەخلاقییە پێچاوپێچ و ئاڵۆزە بە کۆمەڵگە یان ئاکار و ویژدان ی هەر تاکێك ی کۆمەڵگە ، دەرخەر و بەڵگە ی ئەوەیە کە ئێمە ی مرۆڤ دابڕ و ناپەیوەست نین بەو تاوان و کارە ناپەسەندانەی کە لە کۆمەڵگە و دەوروبەر ی هەریەکێك لە ئێمە دا دەگوزەرێن ، واتا ئێمە ی مرۆڤایەتیی لێپرسراو و بەرپرسیار ی هەموو ئەو ڕوداو و کارانەین کە کۆمەڵگە بەرەو زۆنگاوی وێرانیی و نادادپەروەریی دەبەن ٠ دۆستۆیڤسکی دەخوازێت ئەو پەیامەمان پێبگەێنێت ، کە بۆ ڕزگاربوونمان لەو بار و هەلومەرجە سەخت ، دژوار و ئازاربەخشانە ، دەبێت خاوەن عەشقێك ی یەزدانیی بین ، عەشقێك کە بێکۆتا و بێسنورە ، عەشقێك کە گەردونییە ، و لە دیدی نوسەر دا تەنیا ڕێگە و دەرچەیەکە کە دەتوانێت هەم شفابەخش و ڕزگارکەر بێت هەمیش هێز ی ئەوەمان پێدەبەخشێت کە توانا ی خۆهاوسەنگکردنمان لەنێوان دنیا ی مادیی و مەعنەویی دا هەبێت ! ئالیۆشا وەك مۆمێك لەنێو تاریکایی دەرون ی مرۆڤ و جەنگەڵستان ی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا دەسوتێت ، ئەو بەڵام لە ڕوناکاییەكی پڕشادیی و بەختەوەریی دا دەژێت ، هەر ئەو ڕوناکییەشە کە هانی منداڵان ، ویژدانپاك ، هەژاران و زوڵملێکراوان دەدات کە لە دەوری ئەو بسوڕێنەوە ٠ بەڵام ئایا ئیڤان لەبەرامبەر بیری ئایینیی و یەزدانپەرستیی ئالیۆشا ی برای دا چ ڕێگەیەك ی دی دەگرێتەبەر ، و چۆن بیر لە دۆز ی یەزدان دەکاتەوە ؟ ئیڤان باوەڕی وایە کە ڕاڤەکردن و ڕونکردنەوەی دۆزە دنیایی و کێشە مرۆڤایەتییەکان لە دیدگە و دەروازەی خواوەندێتیی ( ئیلاهیات ) ەوە هەڵە و بەدوور لە لۆژیك دەزانێت ، ئەو باوەڕی وایە پاداشتی مرۆڤ لەودنیا دا دەشێت چ سود و مانایەك ی هەبێت ، لەکاتێك دا کە لەم دنیایە دا ئەو سەرتاپێی ژیانی بە بێچارەیی و ئازار و سزا بەسەربردووە ؟ ! چ چێژ و خۆشییەك لەوە دا دەبینرێت ، کە ئەم لە پەنجەرە ی بەهەشتەوە بۆ ئەو کەسانە بڕوانێت کە لە دۆزەخ دا دەسووتێن و ئازار دەچێژن ؟ ! ئایا ئیدی بوون ی یەزدان و یاساکان ی ئەو چ مانایەك دەبەخشن ، لەکاتێك دا ، کە ئەو ڕۆڵ ی میرغەزەب ( جللاد ) ێك دەگێڕێت ؟ ! لەڕاستیی دا ئیڤان دەخوازێت هیچ دۆزەخ و سزایەك لەئارا دا نەبێت و گشت جیهان و مرۆڤایەتیی ئاشت بکاتەوە ! ! ئیڤان لە گفتوگۆیەكی دا لەگەڵ ئالیۆشا دا : { من چۆن دەتوانم لە یەزدانێك تێبگەم کە لەسەرو ی تێگەیشتنی منەوەیە } . ئەم جۆرە بیرکردنەوانە ی کە لە مێشك و دنیابینیی ئیڤان دا دێن و دەچن ، دەربڕی واتایەکە کە ئەو یەزدان ڕەت ناکاتەوە ، بەڵکو لەبەرامبەری دا خۆی بەلاواز دەبینێت ٠

ئیڤان دژی کڵێسا و یاساکانیەتیی ، دژی خوای فەرمیی ، ئیداریات ، خێزانیی و دژی فەرمانڕەوایانە ، ئیڤان ناخوازێت هەرگیز یەزدانێك پەسەند بکات کە بەزۆر بەسەری دا بسەپێنن ، دواجار ئەو باوەڕی بە یەزدانێك نیە کە کەلەلایەن مرۆڤەوە دروستکراوبێت ، ئەم جۆرە یەزدانە ناتەبا و نەگونجاوە لەگەڵ بیرکردنەوە و ڕۆح ی مرۆڤ . ئیڤان بەو باوەڕ و ڕاستییە گەیشتووە ، کە بیر ی یەزدان لە نێو گیان و ویژدانی هەموومان دا دەژێت ، بەڵام لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی کە ، ئایا یەزدان مرۆڤ ی دروستکردووە یان بەپێچەوانەوە ، نایەوێت وەڵام ی ئەو پرسیارانە بداتەوە ، چونکە ئەو عاشقی مرۆڤە و عەشق ی یەزدانیی پشتگوێ دەخات ، ئەم جۆرە ئاقار و شەقڵەش لە فەلسەفە ی ئەدەبییی دۆستۆیڤسکی دا کار بە باوەڕهێنان بە شەیتان کۆتایی دەهێنێت ٠ ئیڤان لەوێ دا دەبێتە دەرکەوتە و بەرجەستەیەك لە شەیتان ، ئەو لەکات ی تالێهاتن وڕێنەکردن دا بەرکەوتن لەگەڵ شەیتان دا دەکات ، ئەو شەیتانەش ئیڤان خۆیەتیی و لە ناخ و دەرونی دا خۆی دەردەخات و دەکەوێتە گفتوگۆ و دیالۆگەوە لەگەڵی دا ٠ شەیتان یەزدان دەناسێت ، بەڵام نکۆڵیی لێدەکات ، ئەنجام ئیڤان لەسەربنچینەی چەند بۆچوون ، بیرکردنەوە و هەڵوێستێك ی شەیتانەوە بەڵگەی نەبوونیی یەزدان بەدەستدەهێنێت ٠ بەڵام ئەو وەنەبێت لەم بێباوەڕیی و نکۆڵییکردنە ی خۆی ئاسودە و دڵنیا بێت ، کاتێکیش شەیتان ڕوبەڕوی دەوەستێت توشی ڕاچڵەکاندن دەبێت و ڕادەکات ، چونکە سەخت ، دژوار و ناتەبایە کە کاتێك مرۆڤ هەست بەپێویستبوون ی شتێك لەنێو ناخ ، دەرون و ویژدانی خۆی دا بکات و نکۆڵیی لێبکات ٠ ئیڤان کەسێکە بەپێی خۆی دەچێتە دۆزەخەوە ، ئەو نەخۆشە ، واتا نەخۆشیی یەزدان ، ئالیۆشا لەئەنجام دا دێت و ناوچاوان ی ئیڤان ی برای ماچ دەکات ، ماچیش تەنیا وەڵامێك ی شیاو و تەندروستە کە مەسیحییەك دەتوانێت بە بێباوەڕێك ی بداتەوە ، چونکە لەبەرامبەر لۆژیك ، بەڵگە و سەلماندن دا دەتوانرێت تەنیا عەشق دەرببڕدرێت ٠ باوەڕ و ئیمان نە بەڕێگە ی لۆژیك بەیان دەکرێت نە بە فێڵ و ئیرادەش دروستدەبێت ، ئالیۆشا باوەڕی وایە کە سەرئەنجام هەر یەزدان سەردەکەوێت ، ئیڤانیش یان بە ڕوناکایی حەقیقەت و بەدەستهێنانی ژیانێك ی نوێ دەگات یان لەنێو بێباوەڕیی و نکۆڵیکردن دا لەنێودەچێت ، لەبەرامبەر ئەمەش دا ئالیۆشا نزا ی خێر و چاکە بۆ ئیڤان ی برای دەکات ٠

ئەم ڕۆمانە مەزنە دەربڕی شێوازێكە لە جیهان ی بیرکردنەوە و خاوەندارێتیی فەلسەفە ی ئازادیی و ئاودیوبوونی دۆستۆیڤسکی کە دەگاتە دوالوتکە ی کاکڵداریی و ماناداریی خۆی ٠ نوسەر بۆبەرجەستەکردن ی ویژدان ، ڕەوشت ، ڕۆحیەت ، بیرکردنەوە ، باوەڕ و کاردانەوەکان ی مرۆڤ دەبینین کەمتر گرنگیی بە ژیان ی ڕواڵەت و جیهان ی دەرەوە ی کەسایەتییەکانی دەدات ، کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی نە نان دەخۆن نە پیاسە و گەشت و گەڕان ٠ ئەو جیهانە ی کە نوسەر لە دیدگە ی خۆیەوە بۆیدەڕوانێت ، جیهانێكی جەنجاڵ و شێواوە کە هەرکەس دەخوازێت باوەڕ بەخۆی بهێنێت و بەئامانجە ڕوکەش و دنیاییەکانی خۆی بگات ، ئەم جیهانە شپڕێو و لەقولۆقەش بەشێوە ی هروژمەشەپۆلێك خۆی دەکوتێتە نێو قوڵایی بیر ، ویژدان و مەعریفە ی خوێنەرەوە و بەپێویست ڕایدەچڵەکێنێت ٠ ئەوەی ئازار ی کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی دەدات ترس لە پاشەڕۆژ یان نەخۆشیی نیە ، ترس لە پەیداکردنی ڕۆزیی و هەژاریی نیە ، بەڵکو تەنیا دۆز ی یەزدانە ، یەزدانیش لە دیدی ئەو دا ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە موتڵەقەیە کە تەواوی دۆزە سروشتیی ، مرۆڤایەتیی و گەردونییەکان لە بوونیی ئەو دا ڕەنگدەدەنەوە و سەرچاوەدەگرن ! دوورکەوتنەوە و نکۆڵیکردن لە یەزدان و سروشتی ئەو دەبێتە هۆکاری ناهاوسەنگبوون و لاسەنگبوون ی ژیان ی مرۆڤ ٠ئەو دراما واقیعییە ی کەئێمە ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکەم دا دەیبینین و لەناوی دا دەژین ، نیشانە و هێمای دوورکەوتنەوەی ئێمەیە لەو ڕاستیی و حەقیقەتەی کە هاوسەنگیی ئێمە ی ڕاگرتووە ، لەهەمان کاتیش دا ئێمە ئەو بونەوەر و دیاردە مرۆڤایەتییەین کە نوسەر دۆستۆیڤسکی وزەی بیرکردنەوە و هێز ی داهێنانی خۆی لە ناسینی دنیا ی دەرونناسیی و ناوەوەی ئێمە دا بەخشیوە ، بەڵام ئەم حاڵەتەش نابێت ئێمە بگەێنێتە ئەو باوەڕەی کە نوسەر کەسێك ی دەرونناس بووە و لەو دید و ڕۆژنەیەوە بۆ مرۆڤ وکەسایەتییەکانی ڕوانیوە ، هەروەك خۆیشی دەڵێت : { هەندێك کەس من بە کەسێك ی دەرونناس ناودەبەن ، بەڵام دوور لەڕاستییە ، من تەنیا کەسێك ی ڕیالیستییم لە بەرزترین ویژدان دا ، واتا من قوڵترین حاڵەتی ڕۆحیی مرۆڤ پێشان دەدەم ٠ } ئەوەی لای نوسەر جێگەی بایەخ و گرنگییپێدان بووە ، جیهانی ناوەوە و دنیا ی نائاگایی مرۆڤ بووە نەك جیهان ی دەرەوەی ئەو کە جیهانێکە وەك تێڕوانینێك ی شاراوە و نادیار وایە کە هەر سات و کاتە بەپێی واقیع ی جیهان ی ماتریالیی گۆڕانی بەسەر دا دێت ٠ ئەو دەخوازێت ، کە ئەوەی لە دەریا ی ویژدان و نائاگایی ئێمە دا مەلە دەکات بیخاتە نێو دنیا ی ئاگایی ئێمە ، و دواجار وێنە و دیمەنێك بەو جیهانە ببەخشێت کە ناوی دنیا ی ناوەوەی ئێمەیە ٠ کار و ئامانجی دۆستۆیڤسکی ئەوە نیە کە شتێكمان لەنێو دنیا ی واقیع و خەیاڵ دا بۆبەرجەستە بکات ، بەڵکو کاروانی ئامانج و فەلسەفە ی ئەو ڕووە و دوو جیهان ی جیاواز و دژبەیەك ڕێدەکات ، ئەو کۆتاجار دەخوازێت ئەو دوو جیهانە پێكبگەێنێت و ململانێ لەئاشتینەهاتووەکان لەگەڵ یەکدی تەبا و ئاشت بکاتەوە ٠
جیهان ی ئەم کەڵە نوسەرە ناودارە ی نێو دنیا ی ئەدەب جیهانێك ی سەیر ، سەرسوڕهێنەر و ئاڵۆزە کە خوێنەر و هۆگران ی بەپێویست دەبێت بەشێنەیی ، هەستیاریی ، هوشیاریی و تێگەیشتنەوە هەڵسوکەوت و مامەڵە ی لەگەڵ دا بکەن ٠ لەدواجار و دوا وشەم دا دەڵێم : ئەوکەسەی بتوانێت بەتێگەیشتنی تەواوەوە سەر لە کۆد ی نهێنیی ، بیرە شاراوە و دنیا ئاڵۆزەکەی دۆستۆیڤسکی دەربکات ، ئەوا دڵنیام دەرك بە مانا ی ئەو ئازادییەش دەکات کە نوسەر دەخوازێت بۆ هەر مرۆڤێك و گشت مرۆڤایەتیی بەرهەمیبهێنێت ، دواجار ئەوە خوێنەرە کە لە میانە ی ئاودیوبوون ی مرۆڤەکان دا دەتوانێت هەم یەزدان و هەمیش ڕوناکایی ئەو بەدەستبهێنێت ٠

کۆتایی

——————————————-
سەرچاوەکان
١- دۆستۆیڤسکی / لێکۆڵینەوە – فارسی
٢- ڕۆمانی برایانی کارامازۆف / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٣- ڕۆمانی تاوان و سزا / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٤- ڕۆمانی گێلە / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٥- ڕۆمانی قومارباز دۆستۆیڤسکی – فارسی
٦- یاداشتی خانەی مردوان / دۆستۆیڤسکی – فارسیP
٧- دربارەی ادب / فارسی
٨- دربارەی ادبیات / مەکسیم گۆرگی / فارسی
٩- گۆڤاری ڕوناکبیریی / سوید – کوردی
١٠-گۆڤاری یەکگرتن / دانیمارك – کوردی
١١- گۆڤاری پ م / ئەڵمانی ساڵی ١٩٩٨ ژمارە یەك لاپەڕەکانی ٨٢ ، ٨٣ ، ٨٤ ، ٨٥ ، ٨٦، ٨٧ و ٩٧
ئەڵمانی – James N. Frey / Wie man einen verdammt guten Roman schreibt -١٢




خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمان ی ( مەرگی تاقانەی دووەم ).. هیوا محەمەد ئەمین

دوو سەدە بەر لەو بەیانە تاریکە ی کە کوشتن ی (( ئەشرەف )) ی تێدا ئەنجام دەدرێت , (( ئەمیر شەرەفەدین )) لە گێژاو و زریانێك ی هەڵکردوو ی ناوەخت و دیمەنێك ی پڕ لە گەڵا ی زەرد دا ، بەدەستی پیاوانی سوڵتان دەکوژرێت ! ئەمیر شەرەفەدین کەسایەتییەك ی نەناسراو ، نادیار و شوێنپێ ونبووی نێو ڕوداوەکان ی مێژوە ، و بەهەمان شێوەش هۆکار ی کوشتنەکە ی ناڕون ، نادیار و ناسەلماو ٠ هۆکار ی کوشتن ی ئەمیر شەرەفەدین لە بەندوداوی دنیایەك ی داپۆشراو بە تەلیسم و فاڵ قەتیس دەمێنێت ، کە بەهۆیەوە توانا و هێز ی مێژو و لۆژیك بۆ لێکدانەوە ی گران یان سست و لاواز دەبێت . ئەوە ی لەوێ دا دێتە ئەنجامبەندیی ، بڕوا و بۆچوون ی ئەو فاڵچیانەن کە بڕوایان وایە ( خودا هەڵیکێشاوەتەوە بۆئاسمان ) ٠ ئالێرەدایە کە ئیدی پەت و ڕیشوە ی نێو جاد و تەلیسمەکان لە مێژو ی شەرەفەدینەوە بۆ ڕۆژگار ی ئەشرەف درێژدەبنەوە و دەبنە فەرمانڕەوا ٠ لە هەناو ی مێژو ی مردن ی ئەمیر شەرەفەدین دا سەرەتا ی مێژو ی ئەشرەف لەدایک دەبێت ، واتا ئەشرەف بەرئەنجام و دووبارەبوونەوە ی مێژو ی ئەمیر شەرەفەدینە بەڵام لە فۆڕم و پێکهاتەیەک ی تر دا . دەتوانین بڵێین ئەو بەرکوڵ و پێشەکیە کورتەی خستمانەڕو ، بنچینە و پێکهاتەی ڕۆمان ی (( مەرگی تاقانەی دووەم )) ە کەی نوسەر ی کورد کاک بەختیار عەلیە ٠ لێرەبەدواوە من تێدەکۆشم کە قەف ی تەلیسمەکان بپچڕێنم و ڕوناکیەك بخەمە سەر ئەو هۆ و هۆکارانە ی ، کە ئەمیر و ئەشرەفیان ڕاپێچ ی مەرگ کردووەتەوە
ئەگەر کوشتن ی ئەمیر شەرەفەدین لە کزەبایەک ی پایزە ی ئارام و بێدەنگ دا ئەنجام دەدرێت ، ئەوا کوشتن ی ئەشرەف هاوکاتە لەگەڵ هەڵکردن ی گەردەلولێك ی توند و بەهێز ، گەردەلولێك کە لەگەڵ کارەسات و ڕوداوەکان دا هەڵدەکەن و گشت شتێك لە هەموو کون و قوژبنێکەوە ڕادەماڵێت و دەیشێوێنێت . وەیشومە و بەرکەوتەکان ی ئەم گەردەلولە بەڵام پابەند بە هیچ یاسا و حیکمەتێك ی سروشت و یەزدانەوە نیە ، بەڵکو پەیوەست بەو یاسا و ڕێسا دنیاییانەوە هەیە ، کە لە جێگە و شوێنێك دا دێنەگۆڕێ و مرۆڤ بەرەو ئەنجامدانی کار ی چاك یان خراپ ڕادەپێچن . پێویستە بگوترێت کە لەم ڕۆمانە ی کاک بەختیار عەلی دا چیتر کات و شوێن ، کار و کاردانەوەکان ، بزاوتە فیزیکیی و وزە جەستەییەکان ، بەهەمان شێوەش خواست ، ئیرادە و ئارەزووە مرۆڤایەتییەکان کاریگەریی خۆیان لەدەستدەدەن و دەچنە دەرەوە ی تێگەیشتن ی لۆژیکییەوە ، واتا ئەم ڕۆمانە دەرئەنجام دەبێتە دەریایەك لە دەربڕین ی ئایدیا ، ئایدیایەك کە سەرئەنجام هۆ و هۆکارەکان ، ئاقار و کاریگەرییەکان ، وزە و توانا فیزیکیی و مەعنەوییەکان ، خواست ، ئارەزو ، ئیرادە و ئامانجە مرۆڤایەتییەکان ئاراستە دەکات ٠ ئەم دیاردەیە ئەگەرچی جۆرێك ناتەبایی ، ناهاوسەنگیی و شپرزەییەك لە سروشتی ڕوداو و کەسایەتییەکانی نێو م ت د پێکدەهێنن ، بەهەمان ئەندازەش زیان بە بنەما ، شێواز ی زمان ، پەیکەر ی هونەر ی ڕۆمان نووسین و پەیوەندیی دیالکتیکییانە ی ئەو بە مرۆڤ ، سروشت و دەوروبەرەوە ، دەگەێنێت ٠
من لێرە دا ناخوازم ئاقار ی کارەکەم بەرەو لێکۆڵینەوە لە جۆر ی تەکنیك و شێوازی هونەر ی ڕۆماننووسین یان شێواز ی بەکارهێنان ی ئەم یان ئەو زمان و پەیڤین و هەروەها ڕادە ی تێگەیشتن و ئەنجامبەندیانە بێت ، کە خوێنەر پێیدەگات ، ئاراستە بکەم ٠بەڵکو جەختکردن و هەوڵدانی من بۆ دۆزینەوە و پەیبردن بەو هێزە دەرەکیی ، ناوەکیی و دەرونییانەیە ، کە پەیوەستبوون ی ئێمە زیاتر بە واقیعەوە گرێدەدات . ئاستێك ی تری ئامانج ی کارەکەم دۆزینەوە ی ئەو ڕەگەزانەیە کە تواناییمان پێدەبەخشن کە لە ڕێگەیانەوە چێژێک ی جوانناسیی ( ستاتیکیی ) انە و لەهەمان کاتیش دا چێژێك ی ئاوەزداریی ( عەقڵیی ) و ویژدانیمان پێدەبەخش ٠
نوسەر لەم ڕۆمانە دا بەقوڵایی سێ ئامانج و تەوەر ، و لەسەر دوو ئاست ی دەرونیی و مرۆڤایەتیی دا شۆڕدەبێتەوە ، کە دەخوازێت بەهۆیانەوە لە بوون و ویژدانی ئێمە دا بەرجەستەیان بکات : { خەون ، مەرگ ، هەست ی لێپرسراوێتیی } . لەوانەیە لەنێو تاریکایی و تەپوتۆز ی وەیشومەی ئەو گەردەلولە بێبەزەیی و بێئامانە دا کە هەمووشتێك و هەرشتێك لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت ، کەمێك سەخت ، گران و دژوار بێت ، کە بتوانین ئەو ئامانج و ئاکامانە بەڕونیی دەستنیشان بکەین کە نوسەر دەخوازێت لەڕێگەیانەوە بە خوێنەر ی بگەێنێت ، بەڵام هەر هەوڵێکیش بۆ ئەو مەبەستە لەڕێگەی گومان ، گریمانە و لێکچواندن ( شوبهاندن ) ەوە توانا و توانایی ئەوەمان پێببەخشێت ، کە مشتێك حەقیقەت لەنێو ئەو جیهانە پڕئاڵۆز و شاراوانە دا بەدەستبهێنین ٠گەردەلولێكی لەوجۆرە ، و کاتێك کە لە هەلومەرجێك ی ترسناك ، گوماناویی ، شاراوە ، ئاڵۆز و نهێنیی دا هەڵدەکەن ، هەڵگری مانا و بوعدێکی جۆراوجۆرن کە دەشێت ئێمە وەك : دەنگێک ی نەبیستراو ، خامۆش و فەرامۆشکراو لێیبڕوانین کە زۆر تایبەتن و تەنیا دەرونی ئەو کەسانە دەیبیستن کە خاوەن ی ویژدان و هەست ی خەمخۆریین . بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ، ئایا کێن ئەوانە ی لە ڕۆمان ی م ت د دا خاوەن ویژدان ، ئاکار و هەستی خەمخۆریین ؟! کێن ئەوانە ی کە لە کۆمەڵگەیەکی ناعادل ، بێپرنسیپ ، شێواو ، پڕ لە ترس و تاساندن دا خاوەن ویژدانێك ی زیندو و ئاسودەن ؟!! ئەو کەسانە دەگونجێن و دەشێن تەنیا کەسانێك بن کە مرۆڤ ی زۆر سادە ، ساکار و خاوەن دڵێک ی پاک و بێگەرد بن ، کەسایەتییەکان ی وەک : ((کچان ی پاکیزە ، سەرمەستەکان ، شلێر ڕەفعەت ، حەیدەر ، باوك ، ئەڵقە دز ، لیرەدز و … تاد )) مشتێکن لە نمونە ی ئەو خەروارە ٠ ئەم کەسایەتییانە بەڵام لەژێر هەلومەرج و بارێك ی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی سەخت و دژوار ی ئاوسبوو بە هەژاریی ، نەبوونیی ، سزا و جەزرەبە دا دەژین و ئەنجام دەبنەکۆیلەئاسای سیستەم و هێزێك ی داپڵۆسێنەر و بێڕەحم ، کە توانا ی ئەوەیان نابێت وەک کاراکتەرێک ی چالاک و ڕۆڵبگێڕ ئاقار ی ڕوداوەکان ئاراستە بکەن ، بەڵام بوونیان لە شێوە ی تارماییەك یان سێبەرێك دا دێن و دەچن ، و لە گشت شوێنێك ئامادەییان هەیە ، ئەو ئامادەییانەش تاوانباران و بکوژان ی ئەشرەف دەخەنە نێو ترس ، گومان و دڵەڕاوکێوە . ئەم گەردەلولە دەشێتیش وەک پەتاو وەیشومە ی ئەو ڕۆحە ئەهریمەنییانە لێیبڕوانین کە تەواوی ژیانە سادە و ساکارەکان ی مرۆڤە ویژدانپاکەکان و تەنانەت کۆشك ی ئاسودە و یاسا ئەخلاقییەکان ی (( داپیرە )) ش ڕادەماڵن و ئاودیو ی جیهانێك ی خامۆش ، تێکشکاو و پڕ لە سوکایەتییپێکردنیان دەکات . ئەم ڕۆحە ئەهریمەنییانەش دەشێت وەک زۆنگاو و زبڵدان ی دڵ و دەرونی ئەو مرۆڤە پوچ ، نەخۆش ، نەفسنزم و بەرژەوەندپەرستانەش لێیبڕوانین ، کە لە کۆمەڵگەیەک ی وەک ئەشرەف دا بوون ی هەیە ؟! لە زبڵدا نی ڕۆحی ئەو مرۆڤانە ش دا تەنیا ئەو کەرەستانە دەتوانن جێگەی خۆیان بکەنەوە کە بێبایەخن و لە م ت د دا بە پارچەکاغەز ، نایلۆنەدڕاو ، زەرفەبەتاڵ و گەڵا ی زەرد وەسف کراون ٠
داپیرە ئەمڕۆکە تاکە بەیانێکە کە لە سات و کاتەکان ی خەوی خۆی دا بەئاگانەهاتۆتەوە ، بێدار ی ساتەوەخت ی وەیشومە ی ئەو گەردەلولە نەبووەتەوە ، کە لە دوێنێشەو ی ئەو بەیانە دا کوشتنی ئەشرەف ی تێ دا ئەنجامدراوە . ئەو ، واتا داپیرە باوەڕی وەهایە ، کە نووستن و بێدارنەبوونەوە دەخڵ ی بەو پلانە نەگریسەوە هەیە کە شەیتان لە کاتێک لە کاتە گرنگ و هەستیارەکان دا دایدەڕێژێت و کەتنی خۆی دەکات ! واتا پلانێك کە لە توانای دا دەبێت بەهۆیەوە دەنگی ویژدان ، حەقیقەت و تەنانەت هەست ی خەمخۆریش کپ و خامۆش بکات . لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئەو باوەڕە ی کە : دەنگ ی ویژدانێک ی بەرز و ئاسودە تەنیا کاتێك توانا و هێز ی واقیعبوونی خۆی لە نێو دەرونی مرۆڤ دا دەسەلمێنێت کە مرۆڤ لەوپەڕی حاڵی ئاگایی و هۆشیاریی دا بێت ٠ بەئاگانەهاتنەوەی داپیرە لەو بەیانە زووە دا ، دەرگە ی گرێیەک ی ئاڵۆز لە دەرون و ناخی ئەو دا دەکاتەوە ، گرێیەک کە سەرئەنجام ئەو لە ئازارێك ی سەخت ی دەرونیی و ویژدانیی دا دەتلێنێتەوە ، ئازارێك کە هێدی هێدی ئەو بەرەو وێرانیی و لەناوچوون دەکاتەوە ، ئازارێك بەجۆرێك خێرا و کتوپڕ خۆیدەخزێنێتە ناو ناخ و قوڵایی دەرونی کە سەرجەم ئەو کۆشك و دەستەڵانەیشی دەڕوخێنێت ، کە ساڵانێک ی دورودرێژ لە هەوڵی بنیاتنانی دا بووە ، ڕوخانێك چیدی هێز و کاریگەریی ئەو ڕوو لە خۆرئاوابوون دەبات ٠
دیارە لەپشت هەر پلان و نەخشەیەك دا ئامانجێك بوونی هەیە ! شەیتان بۆئەوەی هەمیشە خۆی زیندو ڕابگرێت ، درێژە بە بوونی خۆی بدات و مانایەك بەخۆی ببەخشێت ، ئەوا ئامانجەکانی خۆی لەدرێژەدانی مرۆڤ بۆ ژیانە ڕۆتین ، ڕۆژانەییەکان و تێرکردنی شەهوەت و هەڵپە ی مرۆڤ بۆ دەستکەوت و پلەوپایە ی زیاتر ، بەدیدەهێنێت ، واتا مرۆڤ چەندێك بوون و ئیرادەی خۆی بە ژیان ی مادیاتەوە گرێبدات ، هێندەش شەیتان تەون و پلانەکانی خۆی لەنێو دەرون و ویژدانی ئەو دا ئاڵۆزتر دەکات ٠ لەخۆڕا نیە کە مەحوی شاعیر دەفەرموێت
وەها پڕ فیتنە بووە عالەم کە ئیبلیسێك ی وەك ئیبلیس
نەماوە مەئمەنی غەیری کڵێشە و کەڵکەڵە ی مەخلوق
لە وەها ڕۆژگار و قۆناخێك دا مرۆڤ دەبێتە ئاوێتەیەك لە بڕو ئەندازەیەك ی گەورە لە پێکهاتە و ڕەگەزە شەیتانییەکان ، واتا ئەو ڕەگەزە ئەهریمەنییانە ی کە مرۆڤ بەرەو کاری خراپە دنە دەدەن . کەسێکیش ئەگەر ئامانجی خۆی لە پساندن و ڕاماڵینی ئەو تەونە شەیتانییانە دا بەرجەستە بکات ، ئەوا سەرئەنجام ڕوو بەڕوی لەناوچوون دەبێتەوە .
ئەشرەف و مەرگی ئەو دەرهاوێژ ی ئەو هاوکێشانەیە کە ئاماژەم پێیان دا ، هەروەها دەرئەنجام ی ئەو ئامانجانەیە کە ئەشرەف تیای دا ( خەون ) ێك لە ویژدانی خۆی دا لەئەستۆدەگرێت ، خەونێك کە هەرگیز گیایەک لە ژیانی ئەو دا سەوز ناکات و تەنانەت ئەشرەف بە چارەنوس و تام ی مەرگیش دەگەێنێت . بوون ی شەیتان ئەگەرچی لە مەرگ ی ئەشرەف دا کۆتایی دێت ، بەڵام ئەو گەرای خۆی لە نێو ناخ ، دەرون و ویژدانی هەر مرۆڤێك دا دادەنێت ، لەمیان دا لەنێودەچێت و لەویشیان دا لەدایکدەبێتەوە ٠ لە هەلومەرجێك ی وەها خنکێنەر و شەتەکدراو ی نێو م ت د دا کۆمەڵگە بەهیچ ئامانج ، حەقیقەت و ئەنجامێك ی گرنگ ناگات ، حەقیقەتەکان تەنیا لەنێو ناخ و دەرون دا پەنگدەخۆنەوە و توانا ی خۆسەلماندنیان نابێت ، لێرە دا بەڵام تەنیا کەسانێك ی دیاریکراو و دەستەبژێر حەقیقەتێك بەدەستدەهێنن ، بەڵام حەقیقەتێك ی لاواز ، دڕدۆنگ ، شێواو و بێمانا ، هەر ئەوانیشن کە دەستەڵات بەدەستدەهێنن و ئەوانی دی بەرەو زۆنگاو ی ئازار ، کۆیلایەتیی و نەهامەتیی ڕادەپێچن . تەنیا کەسێك کە بەدوور لەوانی دی بێت کەسایەتیەک ی وەک ئەشرەفە ، ئەوێك دەگاتە ئەو ڕاستیی و حەقیقەتە ی کە ئەو ڕۆژگار و هەلومەرجە ی کە خۆی و کۆمەڵگەکەی لەنێوی دا دەژین ، مۆتەکەیەکە و هیچی دی ! حەقیقەت و ڕاستییەکان دەشێن تەنیا لە بزاوتێك ی مێژویی و تێکۆشانێك ی مەعنەویی دا بەدەستبهێنڕێن کە خاوەن ئەزمون و ئاکار ( ئەخلاق ) بێت . کەسایەتییەکان ی م ت د لەنێو بزاوتێك ی وەها دا سست و لاوازن و توانا ی گۆڕانکاریی و بەدەستهێنانی هێزێك ی مەعنەوییان نابێت ، بەڵکو دەشێت بتوانن تەنیا شاهید ی ناو دادگە یان شیوەنگێڕێك ی پڕڕیا و شانۆکارانە ی پرسە ی ماتەمینیەك بن ٠ لێرە دا نابێت پێمان سەیر و سەرسوڕمان بێت کە ئەو کاتە ی ڕۆحی ئەشرەف دێتە قسە و لاشە ی خۆی و مەرگی خۆی لەنێوئاپۆڕە ی تازێباران و شیوەنگێڕان دا بەئازار و سوێتر دەبینێت . ئەنجام دەگەینە ئەو ڕاستییە ی کە تایبەتمەندیەك ی لەوجۆرە ی کەسایەتییەکان ی نێو ڕۆمان ی مەرگ ی تاقانە ی دووهەمن کە ڕێگە ی زیاتر بۆ کوشتنی ئەشرەف خۆشتر دەکەن
ڕەنگە خوێنەر بپرسێت ، کە بۆچی من هێندە باس لە کەسایەتییەکان دەکەم و دەیانخەمە بەردەم لێپرسراوێتیی و دادوەریەوە ؟! کەسایەتیی یاخود کاراکتەر لە دنیا ی ڕۆمان دا ڕۆڵ ی سەرەکیی و هەستیار لە گۆڕانکاریی و خستنەوە ی ڕوداوەکان دا دەگێڕن !! هەر لە ڕێگە ی کەسایەتییەوەیە کە دەتوانرێت شوێنپەنجەیەک لە وێستگە گرنگەکان ی نێو بەرهەمێک ی ئەدەبیی دا بدۆزرێتەوە ٠ لە سۆنگەیەک ی وەهاوە دەشێت بگوترێت کە کێشە ی ڕۆمان ی ( م ت د ) لەوەدایە ، کە خاوەن ی کەسایەتییەک ی ڕیالیستیی ( واقیعیی ) نیە کە هەڵگری سیفات و تایبەتمەندییەک ی بەرجەستەکراو یان خاوەنی ڕوداو و بەرکەوتەیەکی هەستپێکراو بێت کە توانا ی ئاراستەکردن ی ڕوداوەکان ی هەبێت . ئەوە ی لەم ڕۆمانە دا چالاک و باڵادەست و بڕیاردەرە ، ئەو ئایدیاو بۆچونانەن کە تەنیا دەشێت لە زەین ( زیهن ) ی نوسەر دا توانا ی خۆدەرخستن یان سەلماندنیان هەبێت . بیر و ئایدیا ی نوسەر چەندێک خۆی بەسەر ڕوداو و کەسایەتییەکان دا باڵادەستتر بکات ، هێندەش پێمان لەسەر زەوی زیاتر دادەبڕێت کە دوائەنجام ئێمە ی خوێنەر خۆمان لەنێو کەش و فەزایەك ی وشك ، بەرتەسك و سنوردارکراو دا دەبینینەوە . سەرەڕا ی فەزایەک ی لەوجۆرە ، بەڵام بوار و توانایی ئەوە هەیە ، کە بتوانم بەدوا ی ئەو هۆ ، هۆکار و ڕەگەزانە دا بگەڕێم کە پڕۆسە ی ( مەرگ ) ی ئەشرەف خێراتر دەکەن . مەرگی ئەشرەف ناوەند و خاڵ ی هەستیار و گرنگیپێدانی ڕۆمان ی ( م ت د ) ەکە ی نوسەر ی ناوبراومانە کە گشت ڕوداو و کەسایەتییەکان بەدەوەری دا دەسوڕێنەوە ، ئەم دۆزەش بۆخۆی دەشێت لایەنێك ی گەش و ڕوناک ی ڕۆمانەکەی م ت د بێت . لێرە دا بۆئەوەی پڕۆسە ی مەرگی ئەشرەف قوڵتر و لە وێنە ، دیمەن و کەشێك ی ڕونتر دا ببینین ، ناچار دەبم سەرەتا کەسایەتیی ( داپیرە ) بەئامانج بگرم چونکە ئەو پاڵپێوەنەرێكی ناڕاستەوخۆ و لەهەمان کات دا شاراوە و ئاڵۆزە لە بەمەرگگەیاندنی ئەو ، واتا ئەشرەف ؟
داپیرە ئایا کێیە ؟ ئەو کەسایەتییەك ی دەوڵەمەند و خاوەن سامان و موڵکێك ی زۆرە کە بەهۆیەوە دەستەڵاتێكی مەعنەویی و کۆمەڵایەتیی گرنگ بەدەستدەهێنێت ! داپیرە ئەگەرچی لە ڕابوردویەك ی شاراوە و ژیانێك ی ناشایستە و بێئابڕوێتیی دا ژیاوە ، بەڵام خاوەنی هێزێك ی ڕوناك و چاکەخوازیشە ، کە بەشێك ی زۆر ی کۆمەڵگە وکەسایەتییەکانی نێو م ت د لەدەوری دەئاڵێن ، وەکو بڵێیت لەدیدی نوسەر دا ، کە مرۆڤ چەندێك هەڵگری ڕەگەز ی خراپەکارییش بێت ، دەشێت بەهەمان ئەندازەش خاوەنی هێز و ڕەگەز ی چاکەکارییش بێت ! داپیرە خاوەنی کۆشك و سەرایەکە ، کە زۆرێك لە منداڵان ی بێلانە ، بێسەرپەرشت و لانەوازان داڵدە دەدات . ئەو لە کۆشك و سەرا ی خۆی دا خاوەنی یاسا و دابونەریتی خۆیەتی ، یاسایەک کە دەخوازێت هەم پارێزەر ی ئارامیی ، ئاسودەیی و ئاساییش ی دانیشتوانەکە ی بێت هەمیش بیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە ٠ یاساکانی داپیرە پابەند بەهیچ هەلومەرج و کات و شوێنێكەوە نین ، بەڵکو تەنیا لەنێو دەرون و چوارچێوەی داب و نەریتی نەریتخوازانە ی ئەو دا توانا ی خۆدەرخستن و خۆسەلماندنیان هەیە . ئەو دەخوازێت لە هەلومەرج و کەشێك ی وەها دا دانیشتوان ی ئەو کۆشکە بکاتە خوشك و برا ، و یاساکان ی پاکیزەیی بپارێزێت . داپیرە لە شوێنێك دا دەڵێت : (( چاکتر ، دیارە یەزدان بەوە شەرەف لە ماڵەکە ی من دا دەپارێزێت )) .
کاتێك ئەشرەف هەوڵی ئاودیوبوون ی دیوارە یاسایی و ئەخلاقییەکان ی داپیرە دەدات ، ئیتر لە دیدگە و شێوە ی تێڕوانینی ئەو واتا داپیرە دا ، دەبێتە کەسێكی نەفرەتلێکراو ؟!! کچێک ی پاکیزە دەڵێت : (( لە هەموو ئەو بەیانیانەشدا کە داپیرە وێنە ی کوڕەکانی دادەنا و دەیسەپاند بەسەرماندا ڕەجمیبکەین )) . پێوانە ی داپیرە بۆ پیاوان ی چاك لەوەدایە ، کە تاکو چ ڕادەیەك ئەوان ملکەچ ی یاسا و نەریتەکانی ئەم بن . لێرە دا تێکشکان ی داپیرە تەنیا لە مەرگ ی ئەشرەف ی کوڕی دا بەرجەستە نابێت ، بەڵکو لە گەندەڵبوون و هەرەسهێنان ی ئەو ڕەگەز و ئامانجانەش دایە ، کە ئەم خۆی لە پێناو ی ئەوان ی دی دا کردۆتە قوربانیی ! کەسایەتییەک ی دی : (( چونکە وەکو هەموو ئافرەتێکی تر پێیوابوو ئەو پیاوانە ی نزیکن لەخۆیەوە ، بەرجەستەترین نمونەی بێعەیبیی و تەواوترین جۆری مەخلوقاتن ، لە کەوتنی ئەو نمونانەش دا ، کەوتنی هەموو ئەو ڕەگەزانەی دەبینی کە وەک ژنێك هەموو ژیانی خۆی بۆ بەختیارییان تەرخانکردبوو )) . لە ڕۆمانی(( گێلە ))ەکە ی دۆستۆیڤسکییش دا کەوتن و تێکشکان ی کەسایەتیی گێلە لەمردن ی منداڵێك ی بێکەس ی وەك ( ڕێنۆچکا ) دایە ، کە ئەو دارونەداری لەپێناو ی بەختەوەریی و ژیانی ئەو دا بەخشیوە . کاتێك سەعید و ئەشرەف توانا ی هەڵگرتن ی بار ی گران ی یاسا و نەریتەکانی داپیرەیان نامێنێت ، هەریەکەیان بەجۆرێك لە کۆشک یاخیی دەبن ، و هەریەکەیشیان ڕوبەڕو ی چارەنوسێك ی جیاواز دەبنەوە ، ئەم یاخیبوونەش بۆدواجار داپیرە بۆ بار و هەلەمەرجێك ی دەرونیی سەخت و دژوار ڕادەکێشێت ٠ بەئاگانەهاتنەوەی داپیرەش لەنێو ئەو هەموو قریشکە ، زریکە و هاوارانە ی ساتەوەخت ی مەرگ ی ئەشرەف دا ، دەشێت بەرجەستەترین ئەو کاردانەوە شاراوە و دەرونییە ئاڵۆزانە بن کە داپیرە بەهۆیانەوە هەست و سۆزی خۆی لێدەخەوێنێت ، ئەم بارەش ڕێگە بۆ مردن ی ئەشرەف زیاتر خۆشتر دەکات . لەم نێوەند و ئەنجامگیرییە دا دەگەینە ئەو ڕاستییە ی ، کە ئەگەرچی ئەشرەف قوربانیی ڕاستەوخۆ ی هێزە ئەهریمەنییەکان ی دەرەوە ی کۆشک و سەرا ی داپیرەیە ، بەڵام داپیرەش بۆخۆی بەشێکە لەو هۆ و هۆکارانە ی کە ناڕاستەوخۆ ئەشرەف ڕاپێچ ی مەرگێك ی تەراژیدییانە دەکات ٠

کەسایەتیی داپیرە
داپیرە سەرەڕا ی تایبەتمەندیی سەربەخۆی خۆی لە یاسا و نەریتەکانیی دا ، مرۆڤێك ی سادە و دلۆڤانە کە وەك ڕوناکییەك زۆربە ی کەسان ی نێو کۆمەڵگە دڵخوازانە لەدەوری دەئاڵێن و هانا ی بۆدەبەن . ئەو لە ڕابوردو دا کەسێك ی هەڵخلیسکاو و شەهوەتبازێك ی بێپەروا بووە ، کە ئەمڕۆ دان بە گوناهەکانی دا دەنێت و دەخوازێت ئیدی لەلایەک ڕۆڵ ی دایکێك ی دڵسۆز ببینێت و لەلایەکی تریشەوە و لەو ڕێگەیەوە ئیعتیبارێك بۆ کەسایەتیی خۆی بگەڕێنێتەوە ، کۆمەڵگە بەڵام لەئاست خواست ، ئامانج و هەوڵەکانی ئەو دا سەرسەختیی ، دڵڕەقیی ، نامیهرەبانیی ، دژایەتیی و بێسۆزیی دەنوێنێت ، کە سەرئەنجام ئەو دەکەوێتە بەر مەترسیی کوشتن و لەناوچوونەوە ، غەریزە ی مرۆڤ بۆ ژیان بەڵام ئەو لەنێو دەریا ی نوقومبوون دا هان دەدات کە پەنا بۆ پوشێکیش ببات . داپیرە بۆ ڕزگارکردنی خۆی و پاراسستن ی موڵك و سامانەکەی ، بەناچاریی پەنا بۆ ئەو کەسانە دەبات کە خاوەن بڕیار و دەستەڵاتن ، دەستەڵاتێك کە یەکلایەنە ، گشتگیر ، زۆردار ، نادادپەروەر و بێبەزەییە . داپیرە ئەگەرچی لە گوناهەکانی خۆی خۆشدەبێت و ڕوو لە ( پاکیزەیی ) دەکاتەوە ، بەڵام نیەت و نیازێك ی وەها کە لە ژێر کاریگەریی جیهان ی ئیحساسات دا بێت ، هەرگیز داپیرە بە ئامانجیێك ی وەها ناگەێنێت ، واتا ئەو چیدی توانا ی ئەوە بەدەستناهێنێت کە بتوانێت ، ڕۆڵ ی دایکێک ی ڕاستەقینە بگێڕێت . دیاردە و ڕەنگدانەوەیەك ی لەمجۆرە ش لە کەسایەتیی داپیرە دا ، ئەو بەرەو مانەوەی لە پەیوەندییە ناشەرعیەکان دا کێش بکات و شانبەشانیش دەرگە ی چەندین پەیوەندیی نهێنی ، شاراوە و شەهوەتبازییی بەڕووی کەسایەتیەک ی وەکو (( سەرهەنگ بەدری )) دا بکاتەوە . ئەم پەیوەندیانەش بۆخۆیان کەشوهەوا ی ژیان ی پاکیزە ، بێکەس و بێلانەکان ی نێو کۆشك و سەرا ی داپیرە بۆگەن دەکەن و چارەنوس ی هەریەکێك لە سەعید و ئەشرەفیش ڕاپێچ ی تاوان و قوربانیی دەکەن . سەرهەنگ بەدری کەسایەتییەك ی دەستەڵاتدار ی دڵڕەق ، زۆردار و چەوسێنەرە ، کە لە مەرگی تاقانەی دووەم دا ڕۆڵ ی ناوەندێك فێڵباز ، بێڕەوشت ، زۆردار و نادادانە دەگێڕێت . پەیوەندیە شاراوە و ناشەرعییەکان ی داپیرە و سەرهەنگ بەدری دەروازەیەک ی گرنگ و چارەنوسدار لەبەردەم بەخت و چارەنوس ی سەعید دا دەکاتەوە ، کە بەتێپەڕبوون ی ڕۆژگار دەبنە هاوکار و هاوڕێ ی یەکتری . سەعید کوڕی پیاوێك ی دەوڵەمەندی پیر و دڵڕەقە بەناوی (( سوڵتان بەگ )) کە ئەو بەزەبری پارە و سامان داپیرە ی دایکی سەعید لەخۆی مارە دەکات و بۆماوەیەك ژنی دەبێت . داپیرە سەرئەنجام تەواوی سامان و گەنجینەکانی ئەو دەڕفێنێت و بۆ هەمیشە لێی دوردەکەوێتەوە . سەعید کەسێك ی بێباوكە و لە هەربەسەرکردنەوەیەکی سۆز و خۆشەویستیی بەدوورە ، سزا و یاسا قەدەغەکراوەکانی داپیرەش پێکڕا دەبنە پاڵپێوەنەرێك کە ژیانی ناو کۆشك ی داپیرە جێبهێڵێت ، سەعید : ( ئاخر دایە شەرابخۆرێكی وەکو من لەناو ئەو دوعا و تەهلیلەدرۆیانە دا چی بکات ؟ نا ، هەرگیز ناگەڕێمەوە … تاد ) ئەو (( تاقانە ی یەکەم )) ی داپیرەیە ، و لەدایکبوون ی ئەشرەف ی برای هەستێك ی تەواو نامۆ و پڕ سوکایەتییبوون ی لەلا دروستدەکات . ئەشرەف کەسێکە خاوەن دایکێك ی ڕاستەقینە و باوکێك ی نەزانرا و ، واتا ئەو بەرهەم ی پەیوەندیەك ی ناشەرعیی داپیرەیە لەگەڵ یەکێك لەو چەندین پیاوانە ی کە ڕۆژێك لە ڕۆژان دەبێتە هاوجێگەی ، و خەڵکیش لەڕووی سوکایەتیی و تەوسپێکردنەوە نازناوی (( تاقانە ی دووهەم )) ی لێدەنێن . بێگومان ئەم بار و ڕەوشە بۆ سەعید زۆر گران دەکەوێتەوە و گرێیەك ی دەرونیی قوڵ لە ناخ و ویژدانی ئەو دا بەجێدەهێڵێت . ئەو باوەڕی وایە ، کە ئەشرەف پەڵەیەك ی ڕەش ی ئابڕوبەرانەیە بە تەوێڵی ناوچاوانیەوە ؟! لە ڕوبەڕوبوونەوەیەك دا بە ئەشرەفی منداڵ دەڵێت : ( تۆ بەرهەمی ئابڕوچوونەکانی دایکمی ….. بەرهەمی شەوی گوناهەکانی ئەویت )
لەو سۆنگەو ڕوانینەوە ، سەعید چاوەڕێی دەرفەت ی ڕۆژگارێك دەبێت تاکو بەهۆیەوە ئەو پەڵەیە لە ژیانی خۆی دا بسڕێتەوە و ئیعتیبارێك بۆ کەسایەتیی و بار ی کۆمەڵایەتیی خۆی بگەڕێنێتەوە ، واتا خۆی وەکو هەر مرۆڤێكی تری ئاسایی بنرخێنێت . سەعید لەسەرەتا دا کەسێكی سست و بێدەستەڵاتە و توانا ی هیچ جۆرە کار یان کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەشرەف نابێت ، بەڵام پاشان ئەو دەگاتە ئەو باوەڕە ی ، کە دەستەڵات تەنیا کەرەستەیەکە کە بەهۆیەوە دەتوانێت ئەوەی لەدەریا ی دڵی دا دەسوڕێتەوە ، بەکردار ئەنجامی بدات ٠ دەستەڵات لەناو کۆمەڵگەیەك ی نادادپەروەر ، شێواو ، بێسەروبەرە و بێپرنسیپ دا دەرفەت ی ئەوە تەنانەت بە سوکترین و پڕوپوچترین کەسانێك دەدات کە ئەوەی پێیان خۆش و لە بەرژەوەندیی ئەواندایە ئەنجام ی بدەن ؟! سەعید لە زۆنگاو ی دەستەڵاتی گشتگیری سەرهەنگ بەدری دا ڕۆدەچێت و تایبەتمەندیەك ی ئاژەڵیی بەخۆوەدەگرێت ، ئەم تایبەتمەندیەش بەجۆرێك لەو دا قوڵدەبێتەوە کە ئەو بەلاشە دەکاتە (( تانژی )) ەك ی هار ، برسیی تینوبەخوێن ، و بەمێشکیش خەمساردترین ، دڵڕەقترین ، دڕندەترین ، بێویژدانترین و تەنیاترین مرۆڤ ٠ ئەو لە ژیانی دا ناخوازێت هەرگیز ڕوبەڕوی دۆز ی ویژدان ببێتەوە ٠ ویژدان بۆ ئەو مۆتەکەیەکە و هەناسەی لێدەبڕێت ، ئەو لەدەست ویژدان هەڵدێت و دەیەوێت هەرچۆنێك بێت لێی ڕزگار ببێت ٠ ئەو باوەڕی وایە ، کە لایەن ی چاکە و گرنگیی پەیوەندیی ئەو لەگەڵ کەسێك ی وەك سەرهەنگ بەدری لەوەدایە ، کە دۆز ی ویژدانی لەکۆڵ دەکاتەوە ؟! ئەو بەجۆرێك دەگاتە ئەو باوەڕە ی کە (( پێغەمبەرێکی مردو و دزێكی مردو وەکویەك وەهان )) ئەم باوەڕ و شێوە بۆچوونانە ئەو دەگەێنێتە ئەو ئەنجامە ی کە چیدی خوایەك لەئارا دا نیە ، نەبوون ی خوایەکیش لە ناخ و دەرونی ئەو دا ، ئەو بەرەو ئەنجامدان ی تاوانێك ، کە کوشتن ی ئەشرەفە ، ڕادەکێشێت . کوشتنی ئەشرەف ئەگەر لە سۆنگە ی هەرچی هۆ و هۆکارێکەوە بووبێت ، ئەوا لە جەوهەر و ناوەڕۆك دا بەشێک ی هەرەگرنگ لە خواست ، ئامانج و مەبەستێک ی دەرونیی سەعید ی تێدا بەرجەستە دەبێت . ئەم کوشتنە کە بەشێوەیەك ی زۆر دڕندانە و دڵڕەقانە ئەنجام دەدرێت ، دەبێتە کرۆك و ناوەندێك ی گرنگ بۆ تەوەر و دۆز ی ( مەرگ ) لە ڕۆمانی م ت د دا ، کە سەرئەنجام کۆ ی ڕوداو و کەسایەتییەکان پێکەوە گرێدەدات .
مەرگ ی ئەشرەف لە سۆنگە و ڕۆژنە ی مرۆڤایەتییەوە بەتەنیا قوربانیی ڕاستەوخۆ ی تۆڵە ، ئێرەیی و کێشە دەرونییەکانی سەعید ی برای نیە ، لەوەش زێدەتر و بەهەمان شێوە قوربانیی دەست ی سەرهەنگ ، دادوەر ، بەڕێوەبەران ی پۆلیس ، پۆست ، نەخۆشخانە و هاوڕێ ناپاکەکان ی ئەشرەف و تانژیەکان نیە ،بەڵکو بەشێوەیەک ی ناڕاستەوخۆش قوربانیی دەست ی داپیرە ، (( کچان ی پاکیزە ، سایەق لۆری ، حەسحەس ، سەرخۆشەکان ، خەڵك ی گەڕەك، خورشید ی جادوباز و کرێکارەکانیشە )) ، زێدەڕۆیی نیە و دەشێت لەوەش زیاتر ڕۆبچین و بڵێین ، کە ئەو قوربانیی دەست ی ئێمەشە ، ئێمەیەک کە خوێنەر ی ئەم ڕۆمانەین ، ئێمەیەك کە لە دادگە دا دادەنیشین و بینەر و بیستەر ی دادگاییکردنەکانین ، ئێمە ی نوسەر ، هونەرمەند ، ئێمە ی خوێنەران ی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و …تاد
نوسەر ئێمە ڕوبەڕوی هەمو ئەو مەرگ و نادادیانە دەکاتەوە کە بە بەرچاومان دا دێن و دەڕۆن ؟! ئەو دەخوازێت هەست ی لێپرسراوێتیی ، بەرپرسیارێتیی و خەمخۆریی لە ئێمە دا بەئاگابهێنێتەوە ، لێپرسراوێتیی و خەمخۆریی بەرامبەر هەموو کەس و هەموو شتێك ٠ ئەو دەخوازێت پێمان بڵێت ، کە هەر ڕوداوێك لە دەوروبەرەکەمان دا ڕودەدات جیا لە ئێمە نیە ، بەڵکو بەشێکیشە لە ئێمە ! واتا بوون ی ئەشرەف ئەگەر لایەنێك ی هوشیارانە و چاکەخوازانە ی مەرگی تاقانە ی دووهەم بێت ، ئەوا دەشێت مەرگ ی ئەو مەرگێك ی دراماتیکیانە ی هەریەکێك لە ئێمە بێت ٠ بەڵام کاتێك ئەم هەستە مرۆڤایەتییانە سست ، خامۆش بێتوانا ، کپ و ئاودیوی سنورەکان ی ویژدان دەبن ، ئەوا شەپۆل ی قوربانییەکان توندتر ، خێراتر ، و فراوانتر دەبن . کاتێك ویژدان لە سات ی مەرگ ی تاقانە ی دووهەم و لە بەرەبەیانێك ی گەردەلولاویی دا کپ و خامۆش دەبێت ، ئەوا هێزە ئەهریمەنییەکان بۆجارێك ی دی و بەچنگاڵ و قامچی سور ، بەفرمێسك ی تیمساحاویی ، بە جەخت و سوربوونەوە لەسەر لاشە ی قوربانیی ئامادەدەبنەوە مەبەستیانەمەرگ ی ترمان لەبەردەم دا بەڕێبکەنەوە . ڕۆح ی ئەشرەف لەبەردەم ئەو دیمەنانە دا دەشێوێت . ئەو لە ساتەکان ی مەرگ و ڕاخستن ی جەستەی خۆی لەنێو کۆڕ ی تازێباران دا بێزاردەبێت ، ئەو هەستێك ی نامۆیی ، تەنیایی و خەمبارانە سەرتاپا ی ڕۆح و ویژدانی دادەگرێت ، ئەو لە بوون ی ئەو هەموو حەشامات و جەنجاڵیە ی دەور ی جەستە ی خۆی وەڕز دەبێت ، ئەوانە کەسیان لە هەست ی خەماویی و تەنیایی ئەو کەم ناکەنەوە ، ئەو هەموو مەخلوقاتە کە بە ژن ، پیاو و منداڵەوە ڕژابوونە نێو کۆشك و سەرا ی داپیرەوە ، لە دەمەوبەیان و سات ی مەرگی ئەو دا پشتیتێدەکەن و لە خەون ی شادیی ، مەستیی و شەیتانیی دا ڕۆدەچن ، بەجۆرێك کە هەگیز گوێیان لە ناڵە و زریکە ی ئەشرەف نابێت ، وەك بڵێیت نوسەر بخوازێت بڵێت کە نوقومبوون و مەستبوون لە شادیی و خۆشیی دنیایی دا ، کارەسات و کڵۆڵیەك بەدوای خۆی دا دەهێنێت ؟!! ئەوانە تەنیا هەستێک ی ڕوکەشانە دەردەبڕن ، خۆشەویستیی ئەوکاتەئێوارەیە ی ئامادەبوانیش لەدەور ی تەرم ی ئەشرەف دەربڕی هەستێك ی کاتیی ، ڕێگوزەیی و بێمانان ، هەستێك کە لە سنور ی سۆز بەولاوە ئاودامان ی ویژدانێك ی زیندو و بەئاگاهاتوو نابن ٠ ئەو جۆرە هەستانە لە دیارترین پێناسیان دا : خەمسارد ، ترسێندراو ، خەسێندراو ، کڕاو و بوونەتە کۆیلەیەك کە بەچەندین داوەوە بە سەرهەنگ بەدری ، سەعید و تانژیەکانییەوە بەستراونەتەوە ٠ ئەشرەف لەو نێوە دا بێئۆقرە دەبێت ، لەبەردەم فرمێسك ی درۆ ، هەست ی دەغەڵکارانە و ئامادەبوونی سەعید ی برای دا خەمێك ی قوڵ دایدەگرێت ، ئەو چیدی ناخوازێت ڕۆح ی خۆی لەژێر ، چەپەڵیی و بۆگەنیی ڕۆحی ئەو و دوومۆڕالیی ( دوودەموچاویی ) کەسایەتیی ئەو ، واتا سەعید ی برای دا دا بپلیشێتەوە .
ڕۆحی ئەشرەف لە وەها سات و بارێك دا دێتەوە ئامادەبوون و ئاخاوتن ، ئەو ڕوبەڕو ی داپیرە دوەستێت و دەیدوێنێت ، واتا ویژدان ی ئەشرەف جارێك ی دی بەبەردەم ویژدان ی داپیرە و دانیشتوان ی کۆڕ ی ماتەمینیی خۆی دا گوزەردەکاتەوە ٠ ڕۆح ی ئەشرەف لەوێ دا دەبێتە دەنگ ی ویژدانێك ی زیندو ٠ ئەو هۆ و هۆکار ی مەرگی خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە ، ئەو ئامانج و مەبەستانەشمان بۆدەدرکێنێت کە زۆرجاران لەبەرامبەری دا بێئاگا و بەگومان بووین ٠ باس لە ڕۆژگارێكی تاریك ، نوتەک و پڕلە دڵەڕاوکێ دەکات ، ڕۆژگارێك کە چۆن کەسایەتییەك ی ئەفسوناویی و ئەفسانەیی وەکو (( خورشید ی جادوباز )) دەبێتە هاندەر و پشتیوانی !! سەرگوزەشتە ی ئەو هۆ ، هۆکار و چیرۆکە ئاڵۆز و شاروانەشمان بۆدەگێڕێتەوە کە ڕۆڵێك ی گرنگ لە بیر و ویژدان ی سەعید ی برای دا دەگێڕن بۆ ئەنجامدان ی تاوانێك ، تاوانێك کە تیای دا ئەشرەف بە مەرگێك ی دڵتەزێن و ناشایستە دەگەێنێت . ئەشرەف کەسێك ی کڵۆڵ ی چارەڕەشە ، کەسێك ی بێباوکە و دوورە لە هەربەسەرکردنەوەیەک ی سۆز ی باوکایەتیی ٠ پەیوەندییە گوماناویی و ژێربەژێرەکان ی داپیرەش لەگەڵ سەرهەنگ بەدری دا نابنە پاڵنەرێك کە ئەو ، واتا سەرهەنگ بەدری ڕۆڵ ی نمونە ی باوکێك بۆ ئەو بگێڕێت ! بەپێچەوانەوە تین و تاو ی ڕق و کینە ی ئەو بەرامبەر سەرهەنگ ڕپژبەڕۆژ زۆرتر و گەورەتر دەبێت ٠ سەرهەنگ بەدری دواجارلە بەردەم ژیانی ئەشرەف دا دەبێتە مۆتەکەیەک و هەناسە ی سواردەکات ، مۆتەکەیەك کە هەمیشە و لە گشت شوێن و قوژبنێك لەگەڵی دا دەژێت ٠ بوون ی سەرهەنگ بەدری لە ژیان ی کۆشك و سەرا ی داپیرە دا هەست ، غرور و شانازیی ئەو دەشکێنێت و لە سۆز ی دایکایەتیی داپیرە بێبەشی دەکات ٠
سەرهەنگ بەدری خاوەنی باڵاترین دەستەڵات ی ئەو شارەیە کە ئەشرەف ی تێ دا دەژێت ، دەستەڵاتێك ی گشتگیر ، بڕیاردەر ، بێبەزەیی ، پۆڵایین و بەزەبر کە سڵ لە هیچ کارێك ی خراپ و ناشایستە ناکاتەوە ٠ سەرهەنگ دەشێت بە هێما و نمونە ی بەرجەستەکراو ی ڕۆژگاری ئەشرەف بۆیبڕوانین ، ئەو لەمپەرێکە لەبەردەم خەون و ئارەزوەکان ی ئەشرەف دا ، ئەو مۆتەکانە ڕۆژبەڕۆژ لە خەیاڵ ، بیرکردنەوە و ویژدان ی ئەو دا مەودایەك ی فراوانتر و مانادارتر بەخۆیانەوە دەگرن ٠ ئەشرەف لە دوائەنجام دا دەرك بەو هاوکێشەیە دەکات کە سەرهەنگ بەدری نەك تەنیا لەمپەرێکە لەبەردەم خۆی دا ، بەڵکو سەرچاوە ی گشت ئەو مۆتەکە و مەینەتییانەشە لەبەردەم ژیان و چارەنوس ی خەڵك ی ئەو شارە دا ٠ هەڵکشان و بەرزبوونەوە ی ئاست ی زەبروزەنگ و بێئابڕوێتیەکانی سەرهەنگ بەدری ، دەرگە ی گشت ئومێدەکان لەڕوو ی ئەشرەف دا دادەخەن و بۆدواجار دەگاتە ئەو باوەڕە ی کە ئەو ، واتا سەرهەنگ بەدری ، دڕندەیەکە و دەبێت کەوڵ بکرێت . ئەشرەف لەدوای گەیشتن بە ئەنجامێك ی لەوجۆرە ، ئاقار ی مەبەست و ئامانجەکانی پڕماناتر ، فراوانتر و بەرجەستەتر دەبن ٠ ئەشرەف سەرەتا بەیاخیبوون و دوورکەوتنەوە ی لە کۆشك و سەرا ی داپیرە دەروازەیەك ی ڕۆشنتر ، گونجاوتر ، لەبارتر و فراوانتر بەڕووی خۆی دا دەکاتەوە ٠ ئەو بەو یاخیبوونانە ی دەخوازێت ئاودیوی ئەو دیوارانە بێت کە خۆی و گشت کەسێك ی لە ترس ، تەنیایی ، گۆشەگیریی و ئازار دا تلاندوەتەوە ، ئاودیوبوونێك کە دەخوازێت ئازادیی خۆی و کۆمەڵگەکە ی بەدەستبهێنێت ، بەڵام ئەو بە پەڕینەوە و ئاودیوبوون ی ئەو دیوارانە لەلایەك ئەو ڕوبەڕوی چارەنوسێك ی دژوار دەکاتەوە ، لەلایەکی ترەوە بەر نەفرەتی داپیرە دەکەوێت ، کە دواجار دەرگە ی کۆشك بەڕوو ی دا دادەخات و لەهەر سۆز و خۆشەویستییەك ی دایکانە بێبەشی دەکات ٠ ئەشرەف بۆگەیشتن بە خەون و ئامانجەکانی ، بەناچاریی پلانەکانی لە دەرەوە ی کۆشکی داپیرە دادەڕێژێت ، بەوەش دەکەوێتە کەش ، هەل ومەرج و جیهانێك ی نوێوە ، کە چیدی لە یاسا پاکیزەییەکانەوە بەدوورە ، جیهانێك کە بە چاوچنۆکیی ، بەرژەوەندپەرستیی ، ناپاکیی ، دووڕویی ، ترس و کۆیلەیی خولدراوە . ئەشرەف لەو دەوروبەرە نوێیە دا هەڵوەدا ی کەسێك دەبێت کە خاوەنی موعجیزە و جادو بێت ، کەسێك ئازا ، دڵسۆز ، پاك ڕاستگۆ و خاوەن ئەزمون و تاقیکردنەوەیەك بێت ، کە بتوانێت وەك هێزێك ی مەعنەویی و هوشیار پشتیوانی بێت . ئەشرەف دواجار و بەهەرچی ڕێگە و بەهۆی هەرکەسانێکەوە بووبێت ، ڕوبەڕو ی کەسایەتیەکی وەکو ( خورشیدی جادوباز ) دەبێتەوە ٠
خورشید کەسایەتیەکی بوێر ، دنیادیدە و خاوەن ئەزمون ی جۆراوجۆر ی ژیانە ، ئەو کەسێك ی شارەزایە و لە پەرێز ی ڕوداوەکان دا دەزانێت چۆن خۆی بپارێزێت ، لە تەپکە ی پلان و داو ی ناپاکییش دا دەزانێت چۆن خۆی دەرباز بکات . ئەو خەڵکی ناوچەیەک ی کوێستانییە کە هەمیشە لەگەڵ ئاژەڵە دڕندەکان دا دەستەویەخە بووە ، و زۆریشیان ی لێڕاوکردوون ، هەر بەوهۆیەشەوە دەبێت کە چاوێکی خۆی لەدەستدەدات ٠ ئەوەی سەبارەت بە پێشینە و ژینگە ی ئەزمونەکانی خورشیدە و لای ئێمە شاراوە و ناڕونن ، ئەو هۆ و هۆکارانەن ، کە خورشیدیان ڕاپێچ ی ناو ئاپۆڕە ی ژیان ی شار کردووە ! ئەو لە ژینگەیەك ی وەها دا سەربەژێر و بەشێوەیەك ی نیوە قاچاخ – ئازاد دەژێت ، ئەم کەسایەتییە لە م ت د دا زیاتر لە کەسێكی ئەفسانەییەوە نزیکە تاکو کەسێك ی ڕیالیستیی و هەستپێکراو ، سیفاتی کەسایەتیی ئەو دەربڕی ئایدیا ی خەون ، خەیاڵ و دنیایەك ی ناڕۆشن ، و بەڵام پڕفەنتازیایە کە لە بەشێك ی ئامانجەکانی ئەشرەف دا بەرجەستە دەبن ٠ خورشید لەڕاستیی دا کەسایەتیەك ی دروستکراو و گریمانەییە ، کە لە خەیاڵ ، بیر و ئایدیا ی نوسەر دا بەهێز و گوڕێك ی زۆرەوە ئامادەیی هەیە ، بەڵام تاودانەوە و ڕەنگدانەوە ی ڕەوشی کۆمەڵگە لەسەر کەسایەتیی ئەو نادیارە ٠ لەو سۆنگانەوە ؛ شیاو و گونجاوە بگەمە ئەو ئەنجامە ی ، کە خورشیدی جادوباز هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەکی گرنگ لە خەون و ئامانجە مرۆڤایەتییەکانی ئەشرەف دا ناگێڕن ، خورشید دواجار لاوازترین ئەڵقە ی پەیوەستبوونی ئەوە بە ڕوداو و کەسایەتییەکانی مەرگی تاقانە ی دووهەمەوە ٠ خواست ، ویست و ئامانج ی پەیبردن بە ڕابوردو هەروەها پێشبینیکردن و وێناکردن ی داهاتو لە دەریا ی دەرون ، هزر و بیری ئەشرەف دا ، ئەو دەخاتە نێو جەنجاڵیی و سەرقاڵیەک ی زۆرەوە . هێز و توانا ی ئەفسانەیی ئەو واتا خورشید ، ئەشرەف ناگەێنێتە هیچ ئەنجامێك ی دیاریکراو ؟! ئەشرەف بەڵام دواجار دەگاتە باوەڕێك ، کە لە هێز و توانا ی مرۆڤ دا نیە سنورەکان ی کات ببڕدرێت و بەهۆیەوە بتوانرێت داهاتوی پێوەببینرێت ، بەوێناکردنەوەی داهاتوش بەهەمانشێوە کارێك ی هەرگیز نەکردە و نەدیدەیە ٠ ئەشرەف لەو نێوەندە دا و وەک کەسێك ی کارکرد دەخوازێت ، ڕۆڵ و کاریگەریی زانست لەپەیبردن بە ڕابوردو و داهاتو دا بزانێت ، بەڵام لە گفتوگۆ ی شەوێك ی نێو ئەمبارێك ی تاریك دا ، خورشید بڕست و توانایی زانست لای ئەشرەف دەخاتەڕو : (( تۆ گەمژەیت ، زانست ڕزگارمان ناکات ، تەنیا ڕێگەیەك کە لە ئازادیمان نزیك دەکاتەوە جادوە )) ، ئەو گاڵتە ی بە ڕۆڵ و کاریگەریی زانست دێت لەهاتنەدی ئازادیی دا ، خورشید : (( زانست یاری منداڵانەیە ))
لەنێو جەنجاڵیی ، ئاڵۆزیی و پەشێویی بیرکردنەوە لە داهاتو و ڕابوردو ، ئەشرەف دەگاتە ئەو ئەنجام و باوەڕە ی کە ، ئەو لە ( ئێستا ) دا دەژێت ، ئێستاش دەشێت ئەو دیوارانە بن کە لەمپەرێکن لەبەردەم ئازادیی و ئاودیوبوونی ئەو بەرەو قۆناخێك ی نوێتر و باڵاتر ؟! ئەشرەف : (( کەواتە ئێمە کوشتەی ئێستاین ، کەواتە تا هەتاهەتایە لەئابڵوقەی ئەبەدی ئەم ساتە دا دەژین .. )) ئەم جەنجاڵیی ، ئاڵۆزیی و نائامادەیی ژیریی و ئاوەز وەکو هێزێك ی کاریگەر ، هوشیار ، فاکتەرێك ی گرنگ و ڕۆڵبگێڕ بۆ ڕێگەخۆشکردن و گەیاندنی ئەشرەف بە خەون و ئامانجەکانی ، ئەو بەرەو جیهان ی ( قەدەر ) ڕادەکێشێت ، قەدەرێك کە ئەشرەف بەرەو مەرگێكی و پوچ و بێمانا لول دەدات و خورشیدیش ڕووە و کوێستانە نادیارەکان دەگەڕێنێتەوە ٠ کاتێك ئەشرەف لە توانایی جادو و تەلیسمەکانی خورشید بێهیوا دەبێت ، ئیدی لەوێدایە کە ئەشرەف تف لە ساتێك دەکات ، کە خورشیدی تێ دا ناسیوە : (( تۆ هەردەبایە مریشکفرۆشێك ی مەلعون بوویتایە )) ٠
ئامانج ی نوسەر لە بەخولیاکردن و پابەندکردن ی ئەشرەف بەڕابوردو و داهاتووەوە هێندەیە کە ، ئایا کوشتن ی کەسێك ی وەك سەرهەنگ بەدری لە دیدی ئەشرەف دا ئاخۆ چ ڕۆڵێك لە داهاتو و مێژو ی کۆمەڵگەکە ی دەگێڕێت ؟! ئایا دەشێت ئازادیی کۆمەڵگەیەك لە کوشتن ی کەسێك دا بێتەدی ؟ یان دەشێت تەنیا پڕۆسیەك بێت کە مانا و کاریگەرییەکان ی لە هەناوی ڕابوردو و داهاتو دا حەشاردرابێت ؟! خوێنەر نابێت دۆز ی داهاتو و ڕابوردو وەك حەز و خولیایەك ی ڕێگوزەریی ئەشرەف بۆیبڕوانێت ، بەڵکو دەشێت وەك گومان ، دودڵیی ، دڵەڕاوکێی ئەو بۆ ڕۆژگارێك لێیڕابمێنین کە نە لە ڕابوردو ی بەئاگایە و نە لە داهاتوش دڵنیایە ٠ ئێستا ئەوەی کە هەنگاوێك ئەشرەف لە داهاتو نزیك دەکاتەوە کوشتن ی کەسێك ی وەك سەرهەنگ بەدریە ٠ ئەو سەرئەنجام سەرهەنگ و دەستوپێوەندەکانی لەسەر یەکێك لە شەقامە ئاپۆڕەکان ی شار بەر ڕێژنە ی گوللە دەدات ، بەڵام بەڕێکەوت سەرهەنگ لەهەوڵی ئەو کوشتنە ڕزگاری دەبێت ٠ ئەشرەف لە پاش ئەو ڕوداوە ، ئاوارە و تەرە ی نێو ئەمبار و دوکانەکان دەبێتەوە ، ڕوبەڕو ی کڵۆڵیی تاریکیی ، تەنیایی ، گۆشەگیریی و کۆژانیی دەبێتەوە . ئەشرەف لەدوا ی ئەو هەوڵە بێئاکامە دا دەکەوێتەوە داڕشتنی نەخشە و پلانێكی دی بۆ لەناوبردنی تەواویی سەرهەنگ بەدری ،بەڵام ئەو لەو کارەش دا و بەهۆی کارێک ی ناپاکییەوە لەلایەن دۆست و هاوڕێیەك ی دێرینی خۆی (( ئەحمەد ناڵگەورە )) ەوە ئاشکرا دەکرێت و بەدواهەمین وێستگە ی ژیانی خۆی کە مەرگە دەسپێردرێت ٠
لێرەبەدواوە دۆز ی مەرگی ئەشرەف دەبێتە ناوەند ی ڕۆمان ی م ت د ، بەهەمان شێوەش مەرگی ئەو مانایەك ی فراوانتروقوڵتر بەخۆیەوە دەگرێت ، مەرگێك کە کار لە هەموو کەسایەتیی و ژینگە ی ژیانی ئەوان دەکات ، مەرگێك کە نوسەر گشت هێز و توانا ی ویژدان ، باوەڕ، فەنتازیا و داهێنانی خۆی تێدا چڕدەکاتەوە ٠ کاك بەختیار عەلی لێرە دا دەخوازێت ئەوەمان تێبگەێنێت ، کە کوژاندنەوە ی ڕوناکایی ژیانی هەر مرۆڤێك لەلایەن هەر کەس و یاسایەکەوە بێت ، هەروا سانا و بێکاریگەر نیە ٠ ئەو لە م ت د دا هەوڵ دەدات مەرگ ی مرۆڤێك لە بیر و ویژدانمان دا وێنا بکات ، تاکو نەك تەنیا نابێت خەمسارد ، بێدەنگ و بێدەربەست بین ، بەڵکو لەوەش زیاتر دەخوازێت هەست ی خەمخۆریی و هاودەردیی لە ناخ ، بیر و ویژدانمان دا زیندو بکاتەوە ٠ فەلسەفە ی مەرگ لێرە دا چیتر پێشاندان ی جەستەیەك ی سارد و بێجوڵە ی فیزیکیی نیە ، بەڵکوڕاگەیاندنی مەرگ ی خەونێکە ، خەونێك کە ئامادەیە لەپێناوی ئازادیی و گەڕاندنەوە ی شکۆ ی مرۆڤایەتیی و کەسایەتیی ئەوانی دی دا ، خۆبکاتە قوربانیی ٠ خەونی ئەشرەف خەونێکە بۆ مرۆڤایەتیی ، خەونێك کە دەخوازێت ئەو دیوارانە بڕوخێنێت کە بوونەتە لەمپەر و بەربەستێك لەبەردەم ئاسودەیی و بەختەوەریی ئەوانی دی دا ٠ کەسایەتییەك لە م ت د دا : (( گەورەیی ئەشرەف لە خەونەکانی دا بوو )) کەسایەتییەک ی ئافرەت : (( من تاکو ئەو بەیانییەش نەمدەویست بڵێم خۆشمدەوێیت ، نا دڵنیاش نەبووم کە خۆشمدەوێت ، ئەوکاتەش کە زانیم خۆشمدەوێت ، ڕەنگە لە ترساندا خۆشمویستبێت ، لە بەزەییدا یان لەوانەیە ئەوە تەنها دەرفەتێکی کچانە بووبێت پێیبڵێم خۆشمدەوێیت ، بەتەنها دوای ئەوەی لە هەناسەدان کەوت و دواهەمین ناڵینیم گوێلێبوو ، ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو تەنها پیاوێك بوو دەشیا ببێتە مێردم ))
حاڵەتێك کە لە م ت د دا سەیر ، شاراوە و ئاڵۆز دێتە پێشچاو ، پێشاندان ی هەست ی هاودەردیی سەعید ی برایەتی کە بکوژی سەرەکیی ئەشرەفە ؟! کاتێك کە تەرمی ئەشرەف بەدەست یپیاوانی دەستەڵاتدار بە داپیرە ی دایکی ئەشرەف دەسپێردرێتەوە ، ئەوکات سەعید بەسەر تەرمی ئەشرەف دا دەکەوێت و دەیکاتە شیوەن و گریان ، شانبەشانیش بەڵێن بە داپیرە ی دایکی دەدات کە تۆڵەی ئەشرەفی برای دەکاتەوە ٠ لەوانەیە لە دەریا ی نهێنیی و شاراوە ی دڵ و ویژدانی ئەو ، واتا سەعید دا ئەشرەف بەشایستە ی ئەو مەرگە تەراژیدیایە نەزانرابێت یاخود هەست ی جۆرێك لە پەشێمانیی لە ناخ و ویژدانی خۆی دا چەکەرەی کردبووبێت !! لەوانەیشە بەو دیمەن و شانۆگەرییە خواستبێتی لەتەك لایەنە ئەهریمەنییەکانی دا ، لایەنە خێرخوازیی و مرۆڤایەتییەکەیشی بەرجەستە بکات ، وەک بڵێیت مرۆڤ چەندێك دڕندەش بێت ، ئەوا ڕوناکییەك لە قوڵایی ، ناخ ، دەرون و ویژدانی ئەو دا بوون ی هەیە و لەکاتێك لە کاتە نادیار و ڕێکەوتەکان دا دەردەکەونەوە و خۆیان دەنوێنن . بەڵام ئەم هەستە ساختەکار ، ئاڵۆز و شاراوانە هەرگیز نابنە پاڵنەرێك کە سەعید بەرەو ئاستێك ی باڵاتر کە داننان بە تاوان و دادگاییکردن ی ویژدان و ڕەوشتی خۆیەتی ببات ، ئەو بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵ و مەبەستی خۆی بەرەو سەلماندنی بێگوناهیی و ئەنجامنەدەریی تاوانەکە دەئاژوێت ؟! مامەڵەیەک ی لەم جۆرە بەڵام بڕست و توانایی ڕۆحیی و مەعنەویی سەعید لەبەرامبەر داپیرە ، ئامادەبوان و ماتەمگێڕان دا ، لەبەردەم ویژدان و تەرمەکەی ئەشرەف دا لاواز دەکات چونکە هەرچیەك بێت ئەو ، واتا سەعید لێپرسراو ی ڕاستەوخۆی مەرگی ئەشرەفە ، مەرگێك کە بە جەخت و سوربوونێك ی تەواوەوە ئەنجام دەدرێت ٠ سەعید لە ئاوێنە ی دەرونی خۆی دا وێنە و سەرگوزەشتەی مەرگی ئەشرەف دەبینێتەوە ، هەربۆیە لەچاوتروکانێك دا فرمێسکەکانی دەبنەوە زەردەخەنە ٠ ئەو پاستۆنە ی کە دەیخواست بەهۆیەوە تۆڵە ی ئەشرەف ی پێبکاتەوە لەناکاوێك دا دەبێتە قامچی سور ٠ لە ساتێك ی وەهادایە کەدەنگی ویژدان و مەزڵومانە ی ئەشرەف لە دەنگ و گەرو ی خورشیدی جادوباز دا دێتەوە بەرگوێ ، ئەو دەنگەش سەعید و تانژیەکانی دەپەشۆکێنێت ٠ سەعید لەوێ دا تەواو بێئۆقرە و نائارام دەردەکەوێت ، بەجۆرێك کە ئەو زیاتر بە قەلەباچکەیەکی نائارام دەچێت تاکو مرۆڤێك ی ئاسودە ٠ سەعید لە یەکەیەکە ی ئەو دەموچاوانە ورددەبێتەوە کە لە کۆڕی ماتەمینیی ئەشرەف دا نیگار ی ترس ، گومان و ڕامانیان تێ دا کێشرا بوو ٠ دەنگ ی بڵندی خورشید دەنگی ویژدان و خەونەکانی ئەشرەفە ، هەربۆیە سەعید لەو دەنگە دەسڵەمێتەوە و لە بینینی خورشیدی جادوباز ویژدانی ناحەسێتەوە ٠ ئەو لەدەنگ ی ئەو مریشکفرۆشە ی کە سەعید بە قابیل دەچوێنێت هاوسەنگیی تێکدەچێت ٠ قابیل کاتێک هابیلی برای خۆی دەکوژێت ، ئەوکات یەزدان لە تاوانەکە ی ئەو دەپرسێتەوە ، بەڵام ئەو لێیڕادەکات و پەردەپۆشی تاوانەکەی خۆی لەبەرامبەر یەزدان دا دەکات و بێئاگایی خۆی ڕادەگەێنێت ٠ بەڵام خوێنی هابیل لە هەموو شوێنێك دێتەزمان و پەیڤین ، ئەنجام قابیل لەبەرامبەر خوا و ویژدانی خۆی دا تووشی سەرلێشێواویی دەبێت ٠
سەعید دەرون و ناخ ی گشت ئەو خەڵکانە ی کە لە ماتەمینیی مەرگ ی ئەشرەف دا ئامادەییان هەیە ، لە دیدی خۆی دا دەخوێنێتەوە ٠ هەست ی هاودەردیی و هاوسۆزیی ئامادەبوان بۆ مەرگی ئەشرەف ، هەست ی ئێرەیی و ڕق و کینە لە ناخی سەعید دا دەهەژێنن ! ئەو ئەنجام نەفرەت لە هەمووی دەکات ، سەعید لەوێ دا ئیدی دەبێتە کەسێك ی بێزراو و نەفرەتلێکراو ، دایکیشی لەبەرامبەر ئەو هەستە شێواو و شپرزەییانە ی سەعید دا بۆ هەتاهەتا ئاوڕی لێناداتەوە و بۆ دواهەمینجاریش نەفرەتی لێدەکات ٠ سەعید لەنێو ئەو حەشامات و ئاپۆڕە ی خەڵکە دا دڵی دەگوشرێت و ئەنجام خۆی لێدەبێتە جانەوەرێك کە چیدی تەنیایە و بوونیشی بێمانا ٠ ئەو لەو نێوەندە دا توانای خۆڕاگرتنی بەرامبەر ئەشرەف نامێنێت ، کاتێکیش دەنگ ی بڕوخێ سەرکۆمار لەئاپۆڕەی خەڵکەکەوە بەرزدەبێتەوە ، ئەوکات ئەو زیاتر دەپەشۆکێت و ترس دایدەگرێت ، و خۆی لەبەردەم مەترسیی لەناوچوون دا دەبینێتەوە ، بۆیە بەپێویست کۆڕی ماتەمگێڕان جێدەهێڵێت و چیدی نایبینینەوە ٠ ئەگەر لە دیدی ئێمە دا سەعید بکەر ی ڕاستەوخۆی تاوانەکە بێت ، ئەوا سەرهەنگ بەدری پاڵنەر و هۆکارێك ی ناوەند ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی مەرگ ی ئەشرەفە ٠ سەرهەنگ بەدری دڕندەترین ، بەتواناترین و سەرەکیترین دەستەڵاتە لەو شارە دا ، دەستەڵاتێك کە خاوەن بڕیارە ٠ ئەو بەشێك ی زۆر ی تەمەنی خۆی لەو شارە دا تێدەپەڕێنێت ٠ لە سەرەتا ی هاتنی دا بۆ ئەو شارە ، ئەو کوڕێك ی گەنج و ڕوخسار سەرنجڕاکێش دەبێت ، ویقار ی ئەفسەرێك ی ئینگلیز ی هەبووە ، هەڵسوکەوت و مامەڵەیشی شێوازێك ی ڕۆژئاواییانەی بووە ٠
لەسۆنگە ی ئەوەی کە سەرهەنگ بەدری نەخشەداڕێژەر و بکەر ی بەکردار ی کوشتن ی ئەشرەف نەبووە ، کەمێك ئاڵۆز و گران دەردەکەوێت کە بتوانین لەو کار و کاردانەوانە تێبگەین کە سەرهەنگ ی پێدادەگوزەرێت ، بەڵام بەئاماژەکردن بۆ حاڵەتە ڕۆحیی و دەرونیەکانی ئەو لەپاش مەرگ ی ئەشرەف ، لەوانەیە توانایەک ی ئەوتۆمان پێببەخشێت کە بتوانین سەرەداوێك لە مەبەست ، نیاز و ئامانجەکانی ئەو بەرامبەر ڕوداوی پاش مەرگ ی ئەشرەف بەدەستبهێنین : ئەگەر لەدیدی ئەشرەف دا سەرهەنگ دڕندەیەکە و دەبێت کەوڵ بکرێت ، ئەوا لەدیدی ئەویش دا ئەشرەف تاوانبارێکە و دەبێت بەسزا ی مەرگی خۆی بگات ! لە نێوان ی ئەم کەوڵکردن و سزای مەرگە دا ، توانا ی ئەوە هەیە ، کە دەرك بە حاڵەتە مەعنەوییەکانی سەرهەنگ بەدری بکەین ، ئەو حاڵەتانە ی کە سەرهەنگ بە پوشکەبەقنگەیەک ی خەمگین دەچوێنن ، ئەو حاڵەتانە ی کە باری مەعنەوێتیی ئەو بەجۆرێ‌ لاواز و و پێخوستکراو پێشان دەدات کە لە ڕۆژان و دواساتەکان ی دەستەڵاتدارێتیی ئەو دا هەستیپێنەکراو بووە ٠ سەرهەنگ بەدری پاش مەرگی ئەشرەف ، تەواو لاواز ، پەشێوحاڵ و شپرزە دەردەکەوێت ، ئەو سەرەڕای ئەوەی خاوەن دەستەڵاتێك ی گشتگیر و بەرفراوانە ، بەڵام لەئێستا دا لە قالۆنچەیەکی خەمگین دەچێت ، کەسێك ی دڵتەنگە و لەو جیهانەش بێزارە کە ئەمی تێکەوتووە . سەرهەنگ لەکات و ساتێک ی وەهادایە کە کەسێکی منداڵکار ی بێئەزمون ڕادەکێشێتە نێو دۆزی کوشتنی ئەشرەفەوە ! ئەو منداڵکارە هیچ دەخڵ و پەیوەندیەکی دور یان نزیکی بە ڕوداوی کوشتنی ئەشرەفەوە نیە ، ئەو کەسێکە لە خیزانێك ی هەژار و نەدار ، کە ژیانی خۆی و خێزانەکەی بەکۆڵبەریی و کۆڵکێشیی سندوقە پیپسی دابین دەکات ٠ کوشتن ی ئەشرەف بەڕێکەوت لە شوێنێك دا ڕودەدات کە ئەو منداڵکارە تیای دا ئیش دەکات . ئەو منداڵکارە هەژارە ئەگەرچی هیچ پەیوەندیەک و دەستێکی لە کوشتن ی ئەشرەف دا نیە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا دەبێتە پردێك و گەلێك کەسان ی هەلپەرست و بەرژەوەندپەرستی وەك حاکم ی گشتی ، سەرۆک ی پۆلیس و بەڕێوەبەری نەخۆشخانە ی پێدادەپەڕنەوە ؟! سەرئەنجام جارەنوسی ئەو لەنێوان سەرهەنگ و حاکم ی گشتی دا بەمەرگ دەگات ، بەڵام مەرگێكی پوچ و بێمانا . لەم دادگەیەش دا گەلێك کەسان ی ناشایستە ، بێئاگا و ناحاڵیی دەبنە شایەتی ساختە و دروستکراو کە بەهۆیانەوە تاوان ی کوشتن ی ئەشرەف بەسەر کڵۆڵێک ی منداڵکار دا ساخدەبێتەوە ٠
پرسیارێك ی جیدی و گرنگ کە پێویستە لێرە دا بکرێت ئەوەیە ، ئایا هۆ و هۆکاری ترس ، دڵەڕاوکێ ، پەشۆکان و نائارامیی سەرهەنگ بەدری لەپاش مەرگ ی ئەشرەف چین و لەکوێوە سەرچاوەدەگرن ؟! ئایا ترسی ئەو لە دادگە و دادوەرانێکن کە لەمێژە دەستەمۆکراون ، یان هەست ی پەشێمانیەکە لە ناخی خۆی دا کە ناڕاستەوخۆ کاری کوشتنێك ی ئەنجام داوە ؟! وەڵامدانەوەی ئەو شێوە پرسیارانە کاری ئێمە بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەم سەخت و دژوارتر و هەمیش ڕێگەکەمان دورودرێژتر دەکاتەوە ٠ بۆ خۆدورگرتن لەو مێتۆدانە ی کە درێژدادڕیی بەدوایان دا دێن ، لاپەڕەکان ی پێشوترم بەبیر خوێنەر دەهێنمەوە کە تیای دا ئاماژەم بەوە کرد ، کە سەرهەنگ بەدری و دەستەڵاتەکانی هێما بوون بۆ ڕۆژگار و قۆناخێك لە ژیانی ئەشرەف ، ڕۆژگارێك کە گشت تاوانەکان بەبەرچاوی دادگە دا دەگوزەران ، دادگەیەك کە هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەك ی لە هاوسەنگکردنی دادی کۆمەڵایەتیی دا نەبووە ، واتا ڕۆژگارێك کە سەرهەنگ سەرۆك ی دادگە ی لەشێوەی کیسەڵێك ی بەستەزمان دا دەچواند ؟! ئەو هێما و نوێنەر ی دەوڵەتێکە کە لەسەر پایە و بنچینەی چەوساندنەوە ، نادادیی ، غەدر و تاوان بنیاتنراوە ٠ ڕونە کە ژیان و ژینگە ی کۆمەڵگەیەك لەژێرسێبەر ی سیستەمێك ی بەوجۆرە دا بەڕێوەبچێت ، دۆز ی داد و دەزگا ی دادوەریی توانای ڕێگەگرتن لە نانەوەی مەرگی نابێت ٠ لە ڕواڵەت دا و سەبارەت بە مامەڵە ی ئەدەبیی و بڕست و توانایی مامەڵە ی هونەریانە ی نوسەر لەگەڵ دۆز ی داد ، دادوەر و دادگەریی لە ڕۆمان ی م ت د دا ، بێسود و ناوەڕۆك ، داهێزەر ، سەربار و زێدەڕۆ دێتە بەر دیدگە و زەین ی خوێنەرەوە ، بەهەمان شێوەش ڕاکێشان ی مەرگ ی مێردمنداڵێك بۆ نێو بازنە ی تاوان ی کوشتنێك کە تەنانەت نوسەر لە ڕۆمانەکەی دا ناوێك ی پێرەوا نەبینیوە بێمانا و بێبنەما دەنرخێندرێت ٠ من لێرە دا و لە بارێك ی وەها دا بۆئەوەی مانایەك بەو حاڵەت و دیمەنانە بدەم ، ناچار دەبم بۆجارێك ی دی لەدەرگە ی مەرگ ی ئەشرەف بدەمەوە ٠
ئەشرەف لە م ت د دا ڕوبەڕوی دوو شێوازی مەرگ ی فیزیکیی و مەعنەویی دەبێتەوە ٠ سەعید ی برای لێرە دا ڕۆڵێكی گرنگ ، سەرەکیی و ڕاستەوخۆ لە بەئەنجامگەیاندن و بەڕێخستنی مەرگێكی وەها دا دەگێڕێت ، واتا مەرگێك کە ڕۆح لە نیشتیمان ی جەستە ی خۆی دادەبڕێت و سەرگەردانی بیابان و سەراب ی جیهانێك ی شێواو دەبێت ، کە لەدواجار دا ڕۆحیانەتی ئەو بەخەمگینیی و دڵێك ی شکاوەوە دەبێتەوە بینەر ی دراما ی مەرگی خۆی و لەسەر لاشەی خۆی ئامادەدەبێتەوە ٠ مەرگ ی دووهەمیان کە سەرهەنگ بەدری ئەنجامدانی لەئەستۆ دەگرێت ، لەڕاستیی دا و لە ڕواڵەت دا سادە و ئاسان دێتەپێشچاو ، بەڵام لە ناوەڕۆك دا سەختتر ، گرانتر ، ئاڵۆزتر و شاراوەتر ؟! لێرە دا ئەگەر سەعید پێستێك کەوڵ دەکات ، ئەوا سەرهەنگ بەدری ڕۆحێك دەکوژێت ! ئەگەر سەعید بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە و بێبەزەییانە ڕۆح و جەستەیەك لەیەکدی دادەبڕێنێت و بەهۆیەوە ڕق و کینە و گرێیەکی دەرونیی خۆی دادەمرکێنێتەوە ، ئەوا سەرهەنگ بەدری بەخەمساردیی و بێباکیەوە هەم ڕوناکییەك دەکوژێنێتەوە هەم خەونێك دەکوژێت ، کوشتنێك کە دەخوازێت لەڕووی یاسا و بەهۆی دادوەری گشتیەوە ڕەوایەتیی پێبدات ، ڕەوایەتییدان بەمەرگێك کە خاوەنی خەونێکە ! ئەمەش یەکێکە لە ناشیرینترین و مەترسیدارترین ئەو کارانەی کە سەرهەنگ ئەنجامی دەدات ٠ ئەو ، واتا سەرهەنگ کەسێك ی بەئەزمون و دنیادیدەیە ولەتوانای دا هەیە کە بتوانێت چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە ئەو خەونانە بکوژێت کە بەختەوەریی و پاراستن ی کەرامەت و غرور ی مرۆڤایەتیی لەکۆڵ دەگرن ٠
منداڵکارێك ی کۆڵبەر ئەگەرچی بێئاگایە لەئەنجامدان ی کوشتنی ئەشرەف ، بەڵام لەدیدی سەرهەنگ دا دەشێت لەلایەك کەرەستەیەك بێت کە توانا ی پەردەپۆشکردنی تاوانێك ی پێبکرێت ، لەلایەکی دیەوە کوشتن ی خەونێك بەئامانج دەگرێت ، خەونێك کە خەمێكی مرۆڤایەتیی لەکۆڵگرتووە ٠ سەرهەنگ نەك هەر هەوڵ دەدات تەنیا خەونێك بکوژێت ، بەڵکو دەشخوازێت بێبایەخ ، پوچ و بێمانایشی بکات ٠ کوژاندنەوەی مۆم ی ئەو خەونانەی کە چاکەی مرۆڤایەتییان دەوێت ، یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو کارانە ی کە سەرهەنگ بەدری کاری بۆدەکات ٠ شێوازی هەڵسوکەوتی سەرهەنگ بەدری لەگەڵ منداڵکارێك ی کۆڵبەر دا کاریگەرتر ، ئەهریمەنانەتر و دەغەڵکارانەتر دەردەکەوێت وەك لە دەستەڵاتدارانێكی تر کە پەنا بۆ شێوازی پاکتاوی جەستەیی و ئەشکەنجە و ترس و تۆقاندنی دەبەن ٠ شێواز ی مامەڵە ی سەرهەنگ ، سەرئەنجام ژیانی گەنجێك کە تەنیا خواستی بۆ ژیان هەیە ، بە کۆڵانێك ی داخراوی پڕ لە پڕوپوچیی و بێمانایی دەگەێنێت ٠
سەرهەنگ بەدری لەسەرەتا دا هەوڵدەدات کە سۆزی کۆڵبەر بۆلای خۆی ڕابکێشێت ٠ ئەو ؛ واتا سەرهەنگ هەر لەسەرەتا دا کۆڵبەر ی لاو وەك مردویەك دەچوێنێت ، بەڵام بەشێوازێك ی نەرم و نیان ، ئارام و بەسۆزەوە ڕەفتاری لەگەڵ دەکات ! ڕەفتاری سۆز و میهرەبانانە ی سەرهەنگ ، ئەگەرچی ڕوناکیەك ناگەڕێنێتەوە بۆ چارەنوس ی تاریکی ئەو منداڵکارە ، بەڵام بەهۆیەوە هۆگریەك ی قوڵ لەنێوانیان دا دروستدەبێت ٠ لە دید ی سەرهەنگ دا ژیان وەك (( قەحبەیەك کە وەفای بۆ کەس نیە )) وێنادەکرێت ! ئەو زۆر بێزاریی دەردەبڕێت و نەفرەت لە ژیان دەکات ، بەجۆرێك خۆی سەرگەردان ، کڵۆڵ و نائاسودە پێشان دەدات ، کە خۆزگە بە بە مەرگی ئەو گەنجە بخوازێت : (( کوڕم خۆش بە حاڵی خۆت کە سەرهەنگ نیت هەمووی چەند هەفتەیەکی دیکە نابات و ڕزگارت دەبێت )) ، ئەویش لەخوا دەپاڕێتەوە کە (( هەرچی زووتر بێت بەفریای سەرهەنگەوە و یارمەیبدات )) ٠ سەرهەنگ بەدری بۆ پەردەپۆشکردن و بەلاڕێدابردنی حەقیقەتی مەرگ ی گەنجێك ی کۆڵبەر ، دەست بۆ تاوان ی قەدەر ڕادەکێشێت ، ئەو حوکم ی قەدەر بە حوکمێك ی گڵاو دەزانێت کە هەرجارەی دەکەوێتە سەر گوڵێك و دەیژاکێنێت ؟! منداڵکارەکە کەسێکە کە هەست بەلێپرسراوێتیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی دەکات بەرامبەر بە کەسوکارەکەی ٠ ئەو کەسێكی ئەڤیندار ( عاشق ) ە و مەیلی بۆ مردن نیە ، نایەوێت هەروەها تاوانێك لەئەستۆ ی خۆی بگرێت ، کە لەڕاستیی دا ئەنجامدەر ی نەبووە ، سەرهەنگ بەڵام ئەو لەسەر ڕێگە ی ژیانەوە دەهێنێتەوە سەر ڕێگە ی مردن ، و مردنیش بەچاکترین ڕێگە ی ڕزگاربوونی ئەو دەزانێت ٠ منداڵکارەکە لەدواجار دا لەو هاوکێشە و ڕێگەچارانە ی سەرهەنگ تێدەگات ، ئەو ئەنجام دەگاتە ئەو باوەڕە ی کە ژیان پوچ و بێمانایە ، باوەڕی وایە کە باڵندەیەكی وەك فیسقەگولە دەشێت لە مرۆڤ بەختەوەرتر بێت ٠ منداڵکارەکە لەوێ دا خۆی بە بێکەس ، کڵۆڵ و بێبەخت دێتەپێشچاو ، کڵۆڵیەك لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕۆژێك لە ڕۆژان باوەڕی وابووە ، کە لە ژێر کار و ڕەنج ی قورس و گران ی کۆڵکێشکردن ی سندوقە پیپسی دا دەتوانێت بەختەوەر بێت ؟! بەڵام سوکرات گوتەنی : بەختەوەریی گوڵێکە تەنانەت لەسەر گڵکۆیەك ( قەبر ) یش دەڕوێت ٠ ئەو چیدی بەختەوەریی و ڕزگاربوونی خۆی لە دەرد و مەینەتی ژیان بەلەناوچوون ی خۆی دەبینێتەوە ، بەختەوەریەك بەڵام نەك لە مەرگێك ی ئارام ، هێمن سروشتیی و پڕمانا دا ، بەڵکو لە ژاوەژاو و پڕوپوچترین مانا ی مەرگ دا ٠ ئەو لەدوائەنجام دا ڕوودەکاتە سەرهەنگ و : (( بەڵام ئێستا جەنابی سەرهەنگ پێیان بڵی ، با ڕۆژێك زووتر ئەو دادگا باوەحیزە دابنێن ، ئێستا حەزدەکەم هەموو شتێك ڕۆژێك زووتر تەواو بێت )) ، سەرهەنگ پاشان ئەو دەباتە ژورەکان ی زیندان و ئیدی عەشق ، ئارەزو و ڕوناکایی ئەو بۆ ژیان لە بەخت و چارەنوسی دا بۆ هەتاهەتا کۆتایی دێت ٠
لێرە دا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئامانجی سەرهەنگ بەدری تەنیا بەڕێکردن ی مەرگ ی مرۆڤێك و خەونێك ی مرۆڤایەتیی نیە ، بەڵکو ڕووتکردنەوە و داماڵین ی مانا ی فەلسەفەیەکیشە کە خەونێك ی مرۆڤایەتیی ئاراستە دەکات ٠ کوشتن ی خەون و مەرگی فەلسەفە ی خەون ی مرۆڤایەتیی لە کۆمەڵگە ی ئێمە دا ئەو زەنگە مەترسیدارەیە کە نوسەر ی ئێمە کاك بەختیار عەلی دەخوازێت بەهۆیەوە بەئاگامان بهێنێتەوە ٠ ئەگەر مەرگی ئەمیر شرەفەدین مەرگی مێژویەك ی بەئاکام نەگەیشتوو بێت ، ئەوا مەرگ ی ئەشرەف مەرگی خەونێکە کە دەخوازێت مێژویەك بەئاکام بگەێنێت ٠

هیوا محەمەد ئەمین
٢٧. ١١. ٢٠٢٢




ئیمان و ئایین.. هیوا محەمەد ئەمین

ڕۆچوون و ڕامان بەنێو دوو دنیا ی ( ئیمان ) و ( ئایین ) ، بەپێویست دەگەینە بەردەم دوو شاڕێیان ی ئاراستە جیاواز و دوو ئاست ی جیاواز لە تێگەیشتن بۆ دوو چەمک و دوو جیهان ی دژبەیەک و ناتەبا لە دنیا ی وێنە ، ئامانج و ماهیەتەکان ی ئیمان و ئایین . پێویستە بگوترێت ، کە ئیمان و ئایین لە شێوە و ڕوکار ی دەرەوەیان دا وەک تەواوکەر و پێکهاتەیەک ی دانەبڕاو ی ئۆرگانیکیی ، و دیمەنێک لە یەکگرتویی دوو دنیا ی ڕۆ‌ح و جەستە خۆیان وێنا دەکەن ، بەڵام لە ڕوانگە ی ئیمان بۆ ڕەوشت و بەها ی مرۆڤ ، و لە دیدگە ی لۆژیک ( مەنتیق ) بۆ پەیوەندیی نێوان دیاردەکان ، و بە هەمان شێوەش باری ئاگایی مرۆڤ دا ، دەشێت دوو جیهان ی پێچەوانە و دژبەیەکیش بن .
لێرە دا خانەبەندیکردن و کێشان ی هێڵ ی جیاکەرەوە لە نێوان دوو دیاردە ی ئیمان و ئایین ، نابێت بمانگەێنێتە باوەڕێک کە ئەنجام و ئامانج لەم نوسینە ، هەوڵدانێک ی بێئینسافانە و ئاراستەکراوانەیە دژ بە بنەما نەریتیی و ئەخلاقییەکان ! بەڵکو لە سۆنگە ی باوەڕبوون بە ئازادیی تاکەکەسیی و دنیابینیی خۆمەوە ، ماف بەخۆم دەدەم ، کە هەم بە دنیا ی ئیمان ئاشنا ببم هەمیش لێکدانەوەیەک ی نۆژداریانە بکەم لەپێناوی جیاکردنەوە ی دوو جەستە ی پێکەوەلکێنراو ی جەستەیەک ی جمکدار ، کە هەم ئازار پێکەوە دەچێژن و هەمیش پێکەوە هەڵناکەن .
ئیمان لە پانتایی چەمک ، مانا و دنیابینیی خۆی دا بۆ بوون ، ڕەوشت ، نرخ و بەها ی مرۆڤ ، بێسنور و بێکۆتایە کە دەشێت بوعد ، شوێنپێ ، کارلێککردن و کاریگەرییەکانی ئەو لە نێو جیهانی بێکۆتا ی سروشت و دنیایەک ی گەردونیی دا پەیدۆز بکەین. دواجار بەڵام ، نە ئیمان بەبێ بوون ی مرۆڤ توانا ی ئەوەی دەبێت خۆی وەک جیهانێک ی سەربەخۆ و بەرفراوان بسەلمێنێت ، نە مرۆڤیش بەبێ ( ئیمان ) کە زادە ی سروشت ، تایبەتمەندیی و سیفاتێک ی گەردونییە دەتوانێت ئاودیو ی جیهانێک ی بەرزتر و باڵاتر لە دنیا ی ڕەوشت و فەزیڵەت ببێت ، دواجار لەکوێ دا مرۆڤ بوون و ئامادەیی هەبێت ، لەوێش دا ئیمان بوون ی هەیە . پرسیار لێرە دا ئەوەیە کە ، ئایا ئیمان خۆی چیە و هەڵگر ی چ خاسیەت یان تایبەتمەندییەکە ؟ لێرەبەدواوە هەوڵدەدەم ڕۆبچمە نێو دنیا ی ئیمان ، تاکو بەرچاوڕونیەک یان تواناییەک ببەخشم بە شێوەیەک لە پێناسەکردن ی ئیمان . لەڕاستیی دا ( ئیمان ) دیاردەیەک نیە کە لەدەرەوە یان ئەودیو ی سروشتەوە سەرچاوە ی گرتبێت ، هێزێک ی سروشیی ( وەحیی ) نیە ، کە توانایی خۆبەرجەستەکردن ی لە غەیبیات و ئاسمانەوە وەرگرتبێت، بەهەمانشێوەش نە عەقیدە و باوەڕە نە کار و پڕۆسەیەک ی داهێنان ی عەقڵانییش ، بەڵکو پێداویستیەک ی ڕۆحیی و بابەتێک ی سروشت _ مرۆڤایەتییە کە لەڕێگەیەوە وەڵامێک بە خواست ، ئارەزو ، خولیا ، پرسیار و گومانەکان ی مرۆڤ دەداتەوە . ئیمان هێزێک ی نادیار ، شاراوە و نامادییە ، کە سەرچاوە ی هێز ، توانایی و بوونی خۆی لە دنیا ی سروشت وەک کۆیەک ی گەردونیی ، بەدەستدەهێنێت . ئیمان لەڕێگە ی پابەندبوون بە ( ئایین ) ێک ی دیاریکراوەوە مەیسەر نیە ، بەڵکو پڕۆسەیەکی درێژخایان ی تاکەکەسیی و جۆرێک لە دیاردە ی هوشیاریی مرۆڤە ، کە لە ڕەوتی تێکۆشانێکی مەعنەویی دا بەدەستدێت ، دواجار ئیمان هێزێک ی ڕوناکییبەخش و توانابەخشە کە تەکانێک بە مرۆڤ دەدات بۆ ئاودیکردنی بەرەو دنیایەک ی فراوانتر و نوێتر ، دنیایەک کە وێنەیەک ی واقیعیی و ناوەڕۆکێک ی بەهادارتر بە بوون ی مرۆڤ دەبەخشێت . لەم دنیا نوێیە و لەم هەلومەرجە دا ئیمان دەبێتە ڕوگە ( قیبلە ) یەک ی شەقڵلێدراو بە ڕوناکیی و چرایەک کە لە سادەترین چەمک ، مانا و پێناسە ی خۆی دا گەیاندن ی مرۆڤە بە جۆرێک لە متمانە ، ئارامیی ئاسودەیی ، دڵنیایی ڕۆح و یەقینێک ی کرداریی ، دواجار ئامانجەکان هەرچیەک بن ، دەشێن بەڵام دیوێک ی گەش و ڕوناک بن لە جیهان و پڕۆژە بێکۆتا و نەبڕاوەکەی ئیمان . سوکرات بێ هۆ نەبوو کە لە دواساتەکانی ژیانی دا بە قوتابیەکانی دەگووت : بهێڵن با مەرگی خۆم لە ئارامیی و ئاسودەیی دا بەجێبگەێنم . لێرە دا بەڵام دوائامانج لە ئیمان دا ، تەنیا لە گەیشتن بە مەنزڵگە ی ئارامیی و ئاسودەیی ڕۆحی مرۆڤ نیە ، دوافرمان ، ئەرك و بڕیاریش لە ڕاپەڕاندن و فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خراپە نیە ، بەڵکو هۆکار و بزوێنەر ی هێز ی هاوسەنگکردن و گەڕاندنەوە ی سروشتی مرۆڤبوونە لە مرۆڤ دا . کەواتە لێرە دا ئیمان چیە ؟! لەڕاستیی دا ئیمان لە زات و سروشتی خۆی دا نە ئەرکە و نە ئەخلاق ، بەڵام کاتێك ئیمان مرۆڤ ئاودیوی جیهانێک ی ڕوناکتر ، کامڵتر و نوێتر دەکات ، ئەوکات مرۆڤ ڕوبەڕوی هەستی بەرپرسیاریی و لێپرسراوێتیەکی ئەخلاقیی بەرامبەر ئاکار و کردەوەکانی دەکاتەوە ، واتا کاتێک ئیمان هەست ، ئارەزو و غەریزە ی ئاژەڵیی مرۆڤ دەگەێنێتەئاستێک ی باڵاتر لە عەقڵ ، هۆش و ویژدان ، ئەوکات ئەرکی سەرشانی مرۆڤە کە کانت ئاسایی ، ئەخلاقییانە بژێت ، نیچەش لەخۆڕا نەیگوتووە ، کە مرۆڤ لە نێوان ی غەریزە ی مرۆڤایەتیی و ئاژەڵیی دا گیریخواردووە .
ئیمان بۆئەوەی کاریگەر و ڕوناکیبەخش بێت ، دەبێت خۆی لە پانتایی ژینگە و هەلومەرجێك ی ئازادتر ، فراوانتر و دوور لە تەون ی چەقبەستویی دا ببینێتەوە ، واتا پێویستە ئیمان نەک بەتەنیا وەڵامدەرەوە ی دنیا ی ڕۆحیی ، غەریزیی ، ویست ، خواست و ئارەزووە مرۆڤایەتییەکان بێت ، بەڵكو بەهەمان شێوەش و بەلایەنی کەمەوە وەڵامدەرەوەیەکی جیددی بۆ ئەو قۆرت ، بەربەست ، ئاڵۆزیی ، کێشە دەرونیی و کۆمەڵایەتییانەش بێت ، کە مرۆڤ لەگەڵیان دا دەستەویەخە دەژێت ، بەجۆرێک ی دی ، واتا ئیمان چەندێک پەیوەست و پابەند بە دنیا ی واقیع و دەوروبەرەوە هەبێت ، هێندەش وێنەکانی ئەو ، واتا ئیمان ڕونتر و گەشتر دەردەکەون . زێدەڕۆیی نابێت ئەگەر باوەڕمان بەوە هەبێت ، کە بۆئەوەی ئیمان لە ناخ ی مرۆڤ دا بە حەقیقەت ی ئەبەدیی و ڕادە و ڕێژە ی پێویست ی کامڵبوون ی خۆی بگات ، دەبێت چەشنێك نزیکیی و تێکەڵبوون ی لەگەڵ دنیاکان ی فیساگۆرس ، یەشار کەمال ، سپینۆزا ، ئاینشتاین ، کاڕل مارکس و …. تاد هەىیت ! ئەم جۆرە لە تێکەڵبوون ، نزیکیی و بەیەکداچونانە ، پرشنگیی ڕوناکایی و هێز ی ڕۆڵ و کاریگەریی ئیمان بەهێزتر و کاریگەرتر دەکات . لەم سۆنگە و تێڕوانینەوە بۆ ئیمان دەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئیمان و جیهان ی مادە لە ئاقار ، ڕوبەڕ و پانتایی خواست و ئامانجە مرۆڤایەتییەکان دا پێچەوانە ، ناکۆك و دژبەیەك نین ، بەڵام دەریایەک لە بەربەست و کێشە هەنە . بۆ ئازادکردن ی ئیمان لەو بەربەست و تەنگەژانە و ڕزگارکردن ی ئیمان لە پێخوستکردنی فراوانترکردن ی پانتایی جموجۆڵ ، چالاکیی ، زیندوێتیی ، وزە و کاریگەریەکانی ئەو ، پێویست دەکات جۆرێک هاوسەنگیی لەنێوان مرۆڤ و ئیمان دا بێتە کایەوە ! واتا لەلایەک ئیمان ڕوناکییبەخشە و لەلایەکی تریشەوە مرۆڤ بەهۆی ئەو ڕوناکییەوە دەبێت خۆی لە شیو و دۆڵ و دیو ی تاریك ی مادە و خۆویستیی بهێنێتەدەرەوە ، تاکو سەرئەجام مرۆڤ بتوانێت ببێتە بەشێك لەو هێز ی ڕوناکیی و سیستەمە ی ، کە جیهان ی سروشت و گەردون ی لەسەربنیاتنراوە .
ئیمان هێز یان مەملەکەتێک ی دەستڕۆیشتو ی دەستەڵات و فەرمانڕەوایی پاشایی نیە ، کە بوون ، چەمك و ماناکانی خۆی لە ئەودیوی سروشتەوە حەشاردابێت ، لەقاڵبدانی دەق ، باوەڕ ، عەقیدە و مەزهەبێکیش نیە کە پیرۆزبکرێت و بپەرسترێت ، بەڵکو هێز ی ئیلهامێك ی بێکۆتایە کە پەیام و ئامانجەکە ی گەیاندن ی مرۆڤە بە پلەیەکی باڵاتر لە فەزیڵەت و باڵابردن ی ڕەوشت ، کردار و ویژدانی ئەو تاکو پلە ی ڕسکان ( کەمال ) ، کە دواجار گەیاندن ی مرۆڤە بە یەزدان ؟! ئەرستۆ : ( لە هەمووشتێك دا بزوێنەرێك ی سەیر مرۆڤ بەرەو ئاقار ی کامڵبوون دەبات ) .ئەم شێوە و شێوازە لە ئیمانداریی و خۆبارگاوییکردن بە ڕوناکایی ، سیفەت و ئیلهام ی یەزدان ، خۆبەخۆ پەیوەندیی و هاوسەنگیەك ی نوێ لە سروشت ی پەیوەندیەکانی نێوان مرۆڤ و یەزدان بەرهەمدەهێنێت . ئالێرەدایە کە چیتر نە هۆش و ئاگایی مرۆڤ لە یەزدان دادەبڕێت نە بوونی یەزدان ، تایبەتمەندیی و سیفات ی ئەویش لە مرۆڤ دا موستەحیل دەبێت ، واتا کار و پڕۆژەکە ی ئیمان بە دروستبوون ی مرۆڤ ی یەزدانیی کۆتایی دێت . لە کەش و هەلومەرجێک ی وەهادایە ، کە هەڵبەتە مرۆڤ دەگاتە دواپلە ی ڕەوشت و فەزیڵەت ی هەرەباڵا ، واتا دواپلە ی مرۆڤبوون ، بەجۆرێک ی دی : دەبێتە مرۆڤ ی ئیماندار .
لێرە دا من بۆئەوەی ئاقار ی تێگەیشتن ، لێکدانەوە و شڕۆڤەکەم بەرەو بەشی دووهەم ی باسەکەم کە (ئایین ) ە بئاژووم ، بەپێویست ئەو پرسیارەش دێتەگۆڕێ ، کە ئایا ئایین چیە و چ ڕۆڵێك لەم نێوەندە دا دەگێڕێت ؟!! ئەگەر ئیمان بریتیبێت لە پەیوەندیەک ی ناوەکیی ، نامادیی ، ناهەستپێکراو وشێوە ناڕاستەوخۆ ی نێوان مرۆڤ و یەزدان ، ئەوا ڕۆڵ ی ئایین ، پەیوەستکردن و پابەندکردنی مرۆڤ و یەزدانە لەژیر هەلومەرجێك ی دیارییکراو و جیهانێك ی سنوردارکراو بەیەکتریی . ئەم شێواز و ڕوخسارە لە پەیوەندکردن و پابەندکردنانە ، دەبنە هۆکارێك ی بۆ وەرچەرخان و گۆڕانکاریەكی نوێ لەدروستکردن ی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و یەزدان ، تاکو ڕادە ی کردنەوە ی چەندین دەرگە و دەروازە ی کێشەدار و پڕئاڵۆزیی بەڕووی پەیوەندیەکان ی نێوان ئیمان و مرۆڤ دا ؟! ئایین چەندێك پەیوەندیەکان ی نێوان مرۆڤ و یەزدان لە دید ، تێڕوانین ، جیهان ی سنوردارێتیی ، سەپاندن ی مەرج و قەتیسکردنی لە چوارچێوە ی شوێن و کات دا پابەند بەیەکتر دەکات ، بەهەمانشێوەش مرۆڤ پابەند بەو یاسا و ڕێسایانەوە دەکات کە دەکەونە دەرەوە ی سروشت ی ڕاستەقینە ی مرۆڤ ، واتا دەرەوە ی بازنە ی ئیمان . ئایین بۆ مەیسەرکردن ، بەئیمکانکردن ، بەواقیعکردن و پاشان بە دیفاکتۆرکردن ( ئەمر ی واقیع ) ی ئەم پابەندکردن و پەیوەستکردنانە ، هەڵوەدا ی دەزگا و دامەزراوەیەك دەبێت کە لەسەربنچینە ی دەق ، نێوەنجگیر ، شەریعەت ، عەقیدە و مەزهەبێك ی دیاریکراوەوە بنیاتدەنرێت . دەق لێرە دا ڕوخسار ، تایبەتمەندیی و شێوازێک لە بەرگ ی ( پیرۆزیی ) بەخۆیەوەدەگرێت ، کە سەرچاوە ی هێز ، توانا و کاریگەرییەکانی خۆی لە دنیا ی وەهم ، خەیاڵ ، چیرۆك ، ئەفسانە و وێناکردنەکانەوە وەردەگرێت . شەریعەت بەهرە و بەشی خۆی لەشێوە ی شەبەنگێك دا لەو پیرۆزییانە بۆخۆی دادەبچڕێنێت و دواجار لە دید ، تێڕوانین ، جیهانبینیی و لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی جیاواز ، جۆراوجۆر و تاقەتپڕوکێنەوە بۆ دەقە بەپیرۆزکراوەکان ، سیستەمێک ی تەنگەبەر و چەقبەستو لە بەڕێوەبردن ی عەقڵ ، ئیرادە و خواست ی کۆمەڵگە دەهێنێتە نێوکۆی کایە گرنگ و هەستیارەکان ی کۆمەڵگەوە . ئەم جۆرە سیستەم ی بیرکردنەوە و جیهانبینییە بۆ دنیا ی ئیمان ، پێکهاتەیەك ی بنچینەیی و سەرەکییە لە دروستکردن و سەرهەڵدان ی دنیا ی ( ئایین ) . لەم کەش و هەوایە دا ، ئایین وەک کۆیەک لە سیستەم و پرنسیپە دنیاییەکان دەخڵێك ی بە ئیمان وەک هێزێک ی سەرەکیی و ڕۆڵبگێڕ ی مەعنەویی و گرنگ نابێت ، و دوور لە چەمك و جیهان ی ئیمان ، پەیوەندیەکان ی نێوان مرۆڤ و یەزدان ڕێچکەدار و ڕێکدەخات . ( شەریعەت ) لە کەش و هەلومەرجێك ی وەها و لە دید و تێڕوانینی خۆی دا وەك تاکە جێگرەوە ( بەدیل ) و سەرچاوە ی سەرەکیی بۆ یاسا و دەستورێكی گشتگیر و موتڵەق بۆ کۆی جومگە ژیارییەکان ی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی ، دەبێتە وەڵامدەرەوە ی کۆی بابەتە گشتیەکان . ئیمان لە هاوکێشەیەک ی وەها دا ، و وەك ڕایەڵەیەک لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و یەزدان گرنگیی ، کاریگەریی ، بایەخ و ناوەندبوون ( سەنتەربوون )ی خۆی لەدەستدەدات و مرۆڤیش وەک تاک ، بەها و نرخی خۆی لەدەستدەدات و پەراوێز دەخرێت ، سەرئەنجام کار بە مردن ی یەزدان کۆتایی دێت ، نیچەی ئەڵمانیش لە بێئاگاییەوە نەبوو کە دەیگووت : یەزدان مردووە ؟! و ئەو هۆکار ی مردنەکەیشی دەدایە پاڵ مرۆڤ خۆی ، واتا لە هەلومەرج و ڕۆژگارێک ی وەهادایە کە فرمان ی یەزدان و چرا ی ئەو هەم کۆتایی دێت و هەمیش خامۆش دەبێت . لەسۆنگە ی دید و دنیابینیی ئایین دایە ، کە چەمک و مانایەک ی نوێ لە یەزدان و مرۆڤبوون دێتەبەرهەم ، مرۆڤ لە هەڵگر ی سیفات ی یەزدانیی و دروستبوون ی مرۆڤ ی یەزدانییەوە دەکاتە نوێنەر ، جێنشین و جێگرەوەیەك بۆ یەزدان ؟! لێرە دا ئیدی یەزدان ئامانجێك ی پێکراو دەبێت نەک هۆکارێک . ئایین بۆ پاراستنی ئەم بەها و دنیا نوێیانە خۆی بە لێپرسراو و بەرپرسیار دەزانێت کە بیرۆکە ی هێز و پێکهێنان ی دەستەڵات بکاتە پێویستە و فریادڕەسێك ، مەرجێک ی سەلماو و بەڵگەنەویست بۆ درێژەدان و بەردەوامییدان بە پەیوەندیەکان ی نێوان مرۆڤ و یەزدان . بیرۆکە و ئامانجێك ی وەها ڕۆح و ئامانجی مرۆڤ لە ئاراستەکردن و گەیشتنی بە بیر ی چاک ، گوتار ی چاک ، کردار ی چاک ، ویژدانی باڵا ، فەزیڵەت و سیفاتی یەزدانییەوە دەکاتە دنیایەک ی سیخناخبوو بە سەرباز ، سەربازگە ، جەنگ ی پیرۆز ، جەنگ ی یەزدان ، تێکۆشان و خەبات لەپێناوی سەرکەوتنی یەزدان ، سوپای یەزدان ، ڕق و کینە ی تۆڵەسندن ، جیاکردنەوە ی مرۆڤایەتیی لە نێوان بێباوەڕ و باوەڕدار و …. تاد
ئاڵوگۆڕکردن و جێگۆڕکێکردن ی پایە و مەقام ی ئیمان بە ئاراستە ی ئایین و پیرۆزکردنی یاسا ، دەستور ، دنیا و دنیابینیی شەریعەتەکان ، مرۆڤایەتیی لە یەکەیەک ی یەکگرتوەوە دەکاتە دنیایەکی لێکترازاو و لێکدابڕاو ، دنیا ی قبوڵکردن ی شێوە و شێوازی ئیمان ، عەقیدە و بیروباوەڕەکان ی دی دەگۆڕدرێن بۆ ڕەتکردنەوە و سڕینەوە ی ئەوانی دی ، هەر گروپ و کۆمەڵێك ی کۆمەڵایەتیی لە دیدگە ، ڕۆژنە و دنیا ی یەزدان ی ڕاستەقینە ، عەدالەت و حەقیقەت ی ئیلاهیی خۆیەوە چەندین یەزدان ی جۆراوجۆر ، جیاواز بە دید و ئامانج ی جۆراوجۆرەوە دێنەگۆڕێ ؟! لەم تەراتێن و زۆرانبازیە دایە ،کە یەزدان لە تایبەتمەندیی و سیفات ی یەکگرتویی ، سروشتیی و گەردونییەوە دادەبەزێتە ئاستێك ی نزمتر لە بەمێژوبوون و ناوچەییبوون ( لۆکاڵییبوون ) ؟!! لە شێوازێکك ی دی دا : یەزدان دەبێتە پەیکەرێك ی داتاشراو ی شێوە نیوە ئاژەڵ و مرۆڤ ی دەستکرد ی مرۆڤ ، پەیکەرێک کە خواست ئارەزویەکی ئاژەڵیی و شەهوەت ی دنیایی مرۆڤ ی تێ دا بەرجەستە دەبێت . لە وەها دنیا ، دیمەن ، وێنە و بەرکەوتنێکدایە ، کە مرۆڤ هێز و دەستەڵاتێک ی گشتگیر لە بۆتە ی بەدەستهێنانی شەهوەتی دنیایی دا بەدەستدەهێنێت و ڕۆڵ ی یەزدان دەگێڕێت . ئەم جێگۆڕکێ و گۆڕین ی ئاراستانە لە نێوان مرۆڤ ، یەزدان و ئیمان ، ئەو ، واتا یەزدان لە سیفات ی سروشتیی ، گەردونیی ، بوونێك ی کامڵ، عەقڵ ی باڵا ، ڕەوشت ی باڵا و هێز ی داهێنەرەوە ، دەکاتە بوونێك ی نەڕسکاو ، کاڵفام ، تەمبەڵ ، بێبەرهەم ، بێڕەوشت و ناوچەیی ، مرۆڤیش لە دنیا ی گەڕان و وێڵبوون بەدوا ی حەقیقەت ی بێکۆتا ی بوون کە یەزدان و سیفات ی ڕوناکایی ئەوە ، دەگۆڕێت بۆبەدەستهێنان ی شەهوەت ی دنیایی و باوەشکردن بە دنیای ی هەبوون و تێرکردن ی غەریزە ی ئاژەڵیی ! فەزیڵەت لێرەدایە کە ئیدی پایە و شوێنی خۆی بۆ ڕەزالەت و ڕیسوایی چۆڵ دەکات ، تێکۆشان ی مەعنەویی تاکەکەسیی لەپێناو ی بەدەستهێنانی حەقیقەت ، بەختەوەریی و ڕوناکایی یەزدان ، دەبێتە هەڵپە و هانابردن بۆ جەهل و خورافات ، ڕۆڵ و کار ی یەزدان و ئیمان لە بەخشین ی ڕوناکایی و هاوسەنگکردن ی مرۆڤ لەنێوان دنیا ی فەزیڵەت و غەریزە ی ئاژەڵیی دا ، دەگۆڕێت بۆ پاشایەکی ستەمکار ی خاوەن تەخت و دامەزراوە ، کە کاری تەنیا سپاردن ی مرۆڤ و دروستکراوەکانیەتی بە بەهەشت و دۆزەخ ؟! شۆپنهاوەر لە هەلومەرجێک ی وەهادایە کە ناچار دەبێت بڵێت : ( ئەم جیهان وگەردونە ناشێت و ناکرێت دروستکراوی بوونێک ی میهرەبان بێت ، بەڵکو کاری شەیتانێکە کە لە ئازاردان و ئەشکەنجەدان ی دروستکراوەکانی خۆی چێژوەردەگرێت )) . ئایین ئا لێرەدایە کە سیفات ی سروشتیی و گەردونیی یەزدان دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنانی ستەم ، زۆرداریی و نادادیی ، ئەوانەش لە هەناوی خۆیان دا تاوان پێکدەهێنن ، لە پانتایی و بازنە ی تاوانیش دایە کە ئیدی چرا ی ڕوناکایی ئیمان دەکوژێتەوە و ڕۆحی یەزدانیش دەمرێت ، لە مردن ی ڕۆحی ئەویش دایە کە ئیدی هەموو ستەم ، تاوان و نادادییەك ڕەوایەتیی و شەرعیەتی پێدەدرێت ، دواجار ئەوە مرۆڤە کە لە شیو و دۆڵی تاریک و پڕنەهامەتیی ژیان ی ئەم سەرزەویە دا دوا هەناسەی خۆی دەدات و هەموو شتێک ئیتر لە بێبەختیی و کڵۆڵیی ئەو دا کۆتایی دێت . کاتێک ئایین مرۆڤ بەرەو جارەنوسێک ی وەها دەبات ، ئیدی یەزدان ناچار دەبێت پشت لە مرۆڤ بکات و پێی بڵێت : (* ئەو هەموو قوربانییە ی کە بۆ من ی دەکەن سودی چیە؟! من لەو مەڕ و ئاژەڵە قەڵەو و گۆشتنانە ی کە دەیکەنە قوربانیی تێربووم . ڕۆحی من لە جەژن و ئاهەنگەکانتان بێزارە ، ئەوانە بوونەتە هۆی دڵتەنگیی من ، ماندو بووم لە تەحەمولکردنی ئەوانە . کاتێکیش دەست ی پاڕانەوە بۆ من درێژدەکەن ، ئەوا چاوەکانم لە ئاستتان دا دادەخەم ، کاتێک نوێژ و نزا ی زۆر بۆ من دەکەن ، ئەوا گوێکان ی خۆم دەئاخنم . دەستەکانی ئێوە خوێناوین و بڕۆن بیانشۆن و پاکیان بکەنەوە )
مەولانا جەلالەدینی ڕۆمیی زیرەکانە دەرک ی بەو دنیا تاریک ، تەنگ ، وشک و بێکەڵکە ی ئایین کردووە و لەڕێگە ی ئەم شیعرەوەی توانیویەتی ئەزمونی ئەو ڕاستیانە بکا
ڕۆژێ کوڕێ لە باوکی پرسیار ی کرد**
کامەیە بابە چاکترین ئایین ؟
ووتی من کارم هیچ نیە بە دین
دینەکان لای من جێی متمانە نین
کە هێنامانە ڕێ هەر ئاینێک ی نوێ
زیاتر ناکۆکیی هێنایە گۆڕێ
دوژمنیی و کینە زۆرتر زۆر ی کرد
جەنگ ی مەزهەبیی چەندان جارە کرد
خوێن ی مرۆڤ ی لەبان عەرد ڕژان
لەژێر ناو ی دین بۆ هەتا هەتا
نە موسڵمانم و نە جوم نە دیان
حوکم ی ئاوەزە بۆی ، کەچ ئەکەم گەردن
ژیریی ئەڵێ هەس ، جێژ ی بێکۆتا
لەهاوژینییبوون وەل کەس ی دیا
دین بەڵام ئێژێ ، خوێن ی کافران
هات و بیڕێژیت ، پێت دەدرێ پاداش
باوەڕیاران ی دیش ، لێ خۆ مرۆڤن
بۆ دین گوتوویە خوێنیان بڕێژن
من بەو هۆیەوە بێئایین و دینم
تاکو نەڕێژم خوێن ی هاوشێوەم
ڕۆڵەکەم ئەتۆش تەنیا لە ئاوەز
پەیڕەویی بکە تا بچیە بەهەشت
لەگەڵ تەواو ی خەڵکی ڕوی زەوی
دۆستێنیی بکە ، چاکترین ئایین ئەوە

  • پەڕتوکی ( چێژەکان ی فەلسەفە _ لذات فلسفە) نووسینی وێڵ دۆڕانت بە فارسی
    ** هیوادارم لە وەرگێڕانی ئەم شیعرە دا هەڵەم نەبووبێت

هیوا محەمەد ئەمین
3 . 10 . 2022